
پەروەردەکردنی منداڵان لە سایەی تەکـنەلـۆژیادا.. رەزا شـوان
مەبەسـت لە پەروەردە. وەک ئـەوەی کە پەروەردەکـاران پێـناسەی دەکـەن، شـێوازێکی ئایـدیاڵە بۆ مامەڵکـردن لەگەڵ سروشتی مـرۆڤ و ئاراستەکردنی راستەوخـۆ بە وشە و ناڕاستەوخـۆ بە کـرداری نموونەیی. بەپـێی رێبـازێکی تایبـەت و ئامـرازێکی تایبـەت بۆ هـێنانەدیی گۆڕانکارییەک لە مرۆڤـدا بۆ باشتر. بە واتایەکی تر پەروەردە پەیوەنـدی بە ئامـادەکـردنی مـرۆڤـەوە هـەیە، بە شـێوەیەک کە هـەمـوو لایـەنـەکانی ژیـانی رۆحـی و دەروونی و جەستەیی و ژیـانی ئەمـڕۆ و داهـاتـووی دەگـرێتەوە.
پەروەردەکردنی منـداڵان هـونەر و زانستە، پێویستی بە شێوازێکی راست و دروست و هاوسەنگ هەیە، کارێکی ئاسان نییە. شارەزایی و هـۆشیاری و ماندووبوونی دەوێـت. پەروەردەکـردنی منـداڵان، پیـرۆزتـریـن ئـەرکە. بەرپـرسـیارێـتـیـیەکی زۆر هـەستـیار و چـارەنـووسسازە. چـونـکە داهـاتـووی هـەر گـەل و نـیشـتـمانـێک، لە دەستی منـداڵانی ئەمـڕۆیـان دایـە. کـەواتـە گـرنگـیـدان بـە منـداڵانی ئەمـڕو، گـرنـگـیـدانە بـە داهـاتـوو. هـێـنانەدیی داهـاتـوویەکی گەشـتر و شیاوتـریـش، لە سایەی پەروەردەکـردنی دروستی منداڵانی ئەمڕۆدا دێتە. چونکە منداڵانی ئەمڕۆن، کە کاروباری داهـاتوو بەڕێوەدەبەن.
(ئەفـلاتـوون) دەڵـێـت:”هـونـەرێـکی تـر بـوونی نـیـیە، کـە لـە پـەروەردە بـەرزتـر و پیـرۆزتـربێـت”. (جـۆن دێـوی) یش دەڵـێت:”منـداڵ ئـەو خـۆرەیـە، کە هەمـوو دەزگا پەروەردەییـەکان بە دەوریـدا دەسـۆڕێنـەوە”.
پەروەردەکـردنی منـداڵان، لـە جـیهـانی ئەمـڕۆی مـۆدێـرنـدا، کە سـەردەمی شـۆڕشی تەکنەلـۆژیـا و گۆڕانکاری و داهـێـنانی زیـرەکیی دەستکـردا. سەردەمی گـڵـۆبالـیزم و کرانەوەیە. جیهـان بووە بە گونـدێکی بچووک. سنوور و سانسۆر لەسەر کولـتوور و گواستنەوەی زانیارییەکان نییە. هۆکارەکانی پەیوەندیکرد و وەرگرتن و گەیاندن، زۆر ئاسان بوونە. سەردەمی داهـێنانی ئامـێری نـوێ و شتی سەیر و سەمەرەیە. گۆڕان و پێـشکەوتـن هەمـوو بـوارەکانی گـرتـووەتـەوە، بە بـواری پەروەردەی منـداڵانـیشەوە. بۆیە پەروەردەی نوێی منداڵان، جیاوازە لەگەڵ پەروەردەکردنی سەردەمەکانی پێشتردا. نەوەی ئەمڕۆ نەوەی تەلەفزیۆنی رەنگاوڕەنگ و ئینتەرنێت و ئایپاد و ئایفۆنی زیرەک و یارییە ئەلیکـترۆنییەکان و گۆڤـاری رەنگاوڕەنگی منداڵان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فـەیسبووک و بە دەیان ئامێر و شتی سەیـر و سەمەرەی ترن. بمانەوێت و نەمانەوێت، ئەم ئامێرانە بوونەتە پێویستی هەموو ماڵێک و هەموو کەسێک. بوونە بە پێویستییەکی پێویست لە ژیـانی رۆژانەمانـدا. گەورە و بچووکمانی سەرقـاڵ و ئالوودە کردوون. بۆیە
ناتوانین رێگری لە منـداڵەکانمان بکەیـن، لە بەکارهـێنانی ئەم ئامێرانە. قەدەغـەکردنی منـداڵان لە بەکارهـێنانی داهـێنراوە نـوێیـەکانی تەکـنەلـۆژیا، دەبێـتە هـۆێ بـۆشایـیەک لەنێوان منداڵان و سەردەمی نوێـدا. زاناکان و پەروەردەکاران پێیانـوایە، نابێت منداڵان بە یەکجاری لە ئامـێرە ئەلـیکترۆنییەکان داببڕێـن. لە ئەمـڕۆدا فـێرکردن و پەروەردەی قوتابخانەیی سوودێکی زۆریان لە بەکارهـێنانی ئامێرە ئەلێکـترۆنییەکان وەرگـرتوون و بوونە بە پێویستی قوتابخانەکان و پێویستییەکی گرنگی وانەکـان. بە بەشـێک لە ژیـانی رۆژانـەی قـوتابیان و مامۆستاکان. پـرۆسەی خوێنـدنیان زیاتر بەرەو پێشەوە بردوون.
وشەی (تەکنەلۆژیا) وشەیەکی یۆنانییە، وشەیەکی لێکدراوە، لە دوو بـڕگە پێکهاتووە. بـڕگەی یەکەم (تەکـنـۆ) بە واتـای هـونەر یا زیـرەکی یا چـالاکی دێـت. بـڕگەی دووەم (لۆگیا) واتە زانت یا لێکۆڵینەوە دێت. هەردوو بـڕگەکە بەیەکەوە، بە مانای دەربـڕینی زانـستی یان جـێـبەجـێکـردنی زانـستی دێـت.
راستە کە ئامێرەکانی تەکنەلـۆژیا چەکێکی دوو لـوولەن، سوودیان هـەیە و زیانیشیان هەیە، لایەنی ئەرێنی و نەرێنیشیان هـەیە. بەڵام سوودەکانیان زۆرترن لە زیانەکانیان. ئامـێرە تەکنەلـۆژییەکانیش، گیانـلەبەرن نـین، کە لە گـیانـلەبەرێکەوە لەدایک بـووبن. هەر هەموویان زادەی ئەنـدێـشەی داهـێنراو و دروستکراوی دەستی مرۆڤـن، لەلایەن مرۆڤـیشەوە بەرنامەڕێـژ کراون. جـڵەو و کـلیـل و کۆنترۆڵەکانیـشیان، هەر لە دەستی مـرۆڤ دایـە. زیـانـەکـانـیان لە ئەنجـامی بـە خـراپـی بەکـارهـێـنانیـان دایـە. رەنـگە لە سەرەتـاوە منـداڵان زیـانەکانیـان نـەزانـن. بەبـێ تـاوانی بەکاریـان بهـێـنـن.
بۆیە گۆڕانکاری لە پـرۆگـرامەکان و لە رێبـازی فـێرکـرن و خوێنـدن کـراوە. شێوازی پەروەردەکردنی نـوێی منـداڵانـیش، بەپـێی پێـداویـستـیـیەکانی منـداڵانی ئـەم سەردەمە گـۆڕاوە. تا گۆنجـاوبێـت لەگەڵ خـەون و هـیوا و لەگەڵ پێـداویستیـیەکانی ئەمـڕۆیانـدا. تا منـداڵان بتوانـن لەگەڵ رەوتی تـازەگـەری و پـێـشکەوتنـەکانـدا دەربـەرن. بـێگـومان پەروەردەکردنی نوێ، ئەقـلیەتێکی نوێ و تێگەیشتن و شارەزایی و هـۆشیاری دەوێت.
(گـۆسـتاف لـۆبـۆن) دەڵـێـت:”بـەلای نەتـەوەوە، هـەڵـبژاردنی رێـبـازەکانی پـەروەردە، لەپـێـشرە لە هەڵـبژاردنی پـێکهـاتەی حکـوومـەت”.
پەروەردەکردنی منداڵان، وەک پرۆسەیەک کە زۆر کەس بە گرنگترین شێوەی کارلێکی مـرۆڤی دەزانـن. بە دەیـان سـاڵە مشـتومـڕ لەسـەر تیـۆر و پـراکـتـیکی پەروەردەکردنی منداڵان کراوە و دەکرێـت، لـێکۆڵـینەوەی زانستـیی لەسـەری دەکرێـت. لەبەر ئەوەی کە هەموو منداڵێک جیاوازە و پێویستی و بەهـرە و کەسایەتیی ناوازەی هـەیە، بەم پێیەش هـیچ فـۆرمـۆلەیەکی گـشـتگـیر نیـیە، کە گەرەنـتی سـەرکەوتـنی پـەروەردە بکات.
شێواز و رێبازی مۆدێـرن لە پەروەرەکردنی منداڵانی تەندروست و دڵخۆش و داهـێنەر. بە پلەی یەکەم، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی زۆر گرنگی دایکان و باوکانە. پێویستی بە داڕشـتنی پـلانی تـۆکـمە و بە بەرنـامـەی دروسـتی پەروەردەیی و بە چـاودێـری هـەیە. لە رێگەی پەروەردەکردنی دروست و ئاراستەکردنی راستەوە، تاک دەتوانێت سوود بە نیشتمان و بە نەتەوەکەی بگەیەنێـت و ببێت بە پێشەنگ و بەسەرکردەی سەرکەوتوو. پەروەردەکـردنی منـداڵان، پێـویـستی بە کەشـوهـەوایەکی لەبار و ژیـنگەیەکی هـێمن و گونجـاو هـەیە. پەروەردەیـەک لەسەر بنەمـای، خـۆشەویستی و رێـزگرتـن و ئـازادی.
دایـکان و باوکـان و چـاودێـران، وەک مامـۆسـتای یەکـەم و نـمـوونە و سـەرمـەشـقی سەرەتای منداڵان، رۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان لە پەروەردەکردن و لە دروستکردنی کەسایەتیی و لە داڕشتنی بەهـا و لـێهاتـووەکانیان هـەیە. چونکە منداڵان لەم تەمەنەدا کاریگەرییەکی زۆری ژینگەیـان لەسەرە. رۆشـنـبری و زانیـاری خـێزانـیش، رۆڵـێکی گرنگ دەگـێڕێت، ئەوان باشتر لە شێـواز و رێبـازی پەروەردەکردنی منـداڵان تێـدەگەن.
دیارترین سوودەکانی پەروەردەی منداڵان لە سەردەمی تەکنەلـۆژیادا:
١ـ فـێربوونی کارامەیی نوێ: منداڵان دەتوانن لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە، فێری کارامەیی نـوێ ببن، وەک: کۆمپیوتـەر، ئینتەرنێـت، ئایپـاد، ئایفـۆن، بەرنـامـەسازی و داهـێـنان.
٢ـ گەیـشتن بە زانیـاری: تەکـنەلـۆژایا بـڕێک زانیـاری پەروەردەیی بـۆ منـداڵان دابـین دەکـات. لە ئەمـڕۆدا ئامـێرە تەکـنەلـۆژیـاییـەکان، گـرنگـتریـن سـەرچـاوەی زانیـاریـن.
٣ـ پەیـوەنـدی لەگەڵ کەسانی تر: منـداڵان لە رێگەی تەکنەلـۆژیاوە، دەتوانن پەیوەندی هاوڕێتی لە هەموو جیهاندا درووست بکەن. بە ئاسانی پەیوەندی بە یەکترییەوە بکەن.
٤ـ گوزارشتکـردن لە خۆیـان: تەکـنەلـۆژیـا رێگەی نـوێ بۆ منـداڵان دابیـن دەکات، بۆ گوزارشتکـردن لە خۆیـان و لە بەهـرە و لە داهـێنانەکانیان. کـنجکاویـیان بخـەنەروو.
٥ـ بەرزکردنەوەی ئاستی فـێربـوون: دەتوانـرێـت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی فـێربـوون، ئامێرە تەکنەلۆژیاییەکان بەکاربهـێنرێن. فێربوون سەرنجڕاکێشتر و کاریگەرتر دەکەن.
٦ـ فـێربوونی زمانی تر: زۆر لە منـداڵانی خوازیـاری فـێربـوونی زمـانی تر، لەرێگەی تەکنەلـۆژیـاوە، زیـاتر لە زمانێکی جیهـانی فـێربـوونە. بە تایبەتیش زمـانی ئینگـليزی. سـوودیـشیان لە کـولتـوور و لە پـێـشکەوتـنی گـەلانی پـێـشکەوتـوو وەردەگـرتـوون.
چەنـد رێنماییەکی گرنگ و بەسوود بۆ دایکان و باوکان:
دایکان و باوکانی بەڕێـز، دەزانیـن کە بەشـێکی زۆرتـان نـیگەرانـن، لە مەتـرسی و لە زیانەکانی، پەروەردکردنی منداڵەکانتان لە سایەی تەکنەلـۆژیا (ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان) لـێرەدا چەنـد ئامـۆژگاری و چەنـد رێنـماییەکی بەسـوود دەخـەینەروو، بـۆ چـاودێـری و کۆنترۆڵکردن و پاراستنی منداڵەکانتان لە زیانەکانی بە خراپ بەکارهـێنانی تەکنەلۆژیا:
١ـ لەگەڵ منداڵەکانتانـدا باسی تەکنەلـۆژیا بکەن: لەگەڵ منداڵەکانتاندا گـفـتوگـۆبکەن و باسی سوودەکان و زیـانەکانی بەکارهـێنانی تەکـنەلـۆژیـا بکەن، یـارمەتـییان بـدەن بۆ بیـرکـردنەوەی رەخـنەگـرانە، لەسەر ئەو زانیـارییانەی لە ئینتەرنێـتدا دەیـانـدۆزنەوە.
٢ـ بەکارهـێنانی کۆنتـرۆڵی دایک و باوک: بۆ سنووردارکردنی ئەو ناوەڕۆکانەی، کە منـداڵـەکانتان، دەتـوانـن بە شـێوەی ئـۆنـلایـن (ئـینـتەرنێـت) دەستـیان پـێـیان بـگات.
٣ـ لە جیهانی دیجیتاڵدا ئامادەبن: بزانن منداڵەکانتان چ ئەپ و ماڵپەڕێک بەکاردەهێنن.
٤ـ ئارامگربن: لەوانەیە ماوەیەک بخایەنێت، تا منداڵەکانتان فـێری ئەوە ببن، چۆن بە شێوەیەکی ئەرێنی و دروست و بەرپرسیارانە، ئامێرە تەکنەلـۆژیاییەکان بەکاردەهـێنن.
٥ـ دانانی ئامـانج: پێش ئەوەی هەر تەکنەلـۆژیایەک، بخەنە ناو ژیانی منداڵەکانتانەوە، گـرنـگە ئامـانجـەکانی روونـبـن. کاتـێک کە ئامـانجـەکانـتان دیـاریـکـراوبـن، دەتـوانـن تەکـنەلـۆژیـای گـونجـاو هـەڵـبژێـرن و پـلان دابـنێـن، بـۆ بەکـارهـێنانی کاریـگەرانە.
٦ـ بە هـێواشی دەست پێـبکەن: پێویست ناکات لە ماوەیەکی کەمـدا، منـداڵەکانتـان بە تەکنەلـۆژیـای زۆر سەرقـاڵ بکەن. هـەنگاو بە هـەنگاو لە ئاسانەوە فـێریـان بـکەن.
٧ـ هەڵـبژاردنی ئەپـلیکەیـشن و پـرۆگـرامە گونجـاوەکان: هـەمـوو ئەپـلـیکەیـشنێک و پـرۆگـرامێک بۆ منـداڵان گونجاونین. دڵنیابـن لە هەڵـبژاردنی ئەو ئەپ و پرۆگرامانەی کە پەروەردەیی و خۆشن و لەگەڵ تەمەن و پێـداویستیـیەکانی منـداڵەکانتان دەگونجێن.
٨ـ دانـانی یاسا: گرنگە یاسای روون بۆ بەکارهـێنانی تەکنەلـۆژیا لە ماڵـەوە دابنرێـت. ئەو کاتانە بۆ منداڵەکانتان دیاری بکەن، کە رێگە پێدراون بۆ بەکارهـێنانی تەکنەلۆژیا. لەگەڵ ناوەڕۆکەکان بۆ سەیرکردنی ئەو سایتانەی کە رێگەیان پێـدراوە کە پەیوەندییان پێـوەبکەن. واتە جـڵەوی کاتی بەکارهـێنان و کۆتایی کاتەکان، لە دەستی خۆتانـدا بێت.
٩ـ نموونەیەکی باشبن: لە بەکارهـێنانی تەکنەلۆژیادا، ببن بە نموونە و سەرمەشق بۆ منـداڵەکانتان، چونکە منداڵەکانتان زیاتـر سەیـری کارەکانتان دەکەن و کەمـتر گوێ لە قـسەکانتان دەگـرن. ئەگەر ئێـوە پابەنـدبـن بەکـاتەوە، ئەوانیـش چـاو لە ئێـوە دەکـەن.
١٠ـ هانـدانی چالاکییە جێگرەوەکان: گرنگە کە منداڵەکانتان هـانبدەن بۆ بەشداریکـردن لە چالاکییە جەستەیی و کۆمەڵایەتی و داهێنەرەکاندا، دوور لە شاشەوە. یا بۆ ماوەیەک پەرتووک و گۆڤار بخوێننەوە، وێنەبکێشن، یاری و وەرش لەگەڵ هاوڕێکانیاندا بکەن.
١١ـ لەبیرتان بێت کە ئێوە تەنیا نین: شەرم مەکەن لە داواکردنی یارمەتی لە مامۆستا و راوێـژکار یان هەر کەسێکی تری خاوەن ئەزموون کە بتوانێت ئامـۆژگاری و رێنماییتان بـداتێ لەسـەر چـۆنیەتی پەروەردەکـردنی منـداڵەکانتـان، لە سـەردەمی تەکـنەلـۆژیـادا.
هەندێک لە زیانەکانی ئالوودەبوون لە بەکارێنانی تەکنەلـۆژیا:
خووگرتـن و زیادەڕۆیی و بە خـراپی بەکـارهـێنانی تەکـنەلۆژیا لەلایـەن منـداڵانەوە:
١ـ مەترسیی ئالوودەبوون بە تەکنەلـۆژیا: ئالوودەبوونی منداڵان بە تەکنەلۆژیا، وەک سەیرکردنی شاشەکان بۆ ماوەیەکی زۆر، کاریگەرییەکی خـراپیان لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی منـداڵان دەبێـت. بە تایبەتیـش لەسەر مـێـشک و چـاویـان.
٢ـ کەمبوونەوەی چالاکـییە جەستەییەکان: بەسەربـردنی کاتـێکی زۆر بۆ سەیـرکردنی دەزگا ئەلیکـترۆنییەکان. دەبێتە هـۆی کەمبوونەوەی چـالاکییە جەستەییەکانی منداڵان. رەنگە ببێـتە هـۆی قـەڵـەوێ و کـەم جـووڵەیی و دابـڕان لە پێـویـستی یـاری.
٣ـ بەرکەوتـن بە نـاوەڕۆکی نەشـیاو: لەوانـەیە منـداڵان بـە بەکـارهـێنانی ئـۆنـلایـن، رووبەڕووی ناوەڕۆکی خراپ و نەشیاو ببنەوە. وەک: تونـدوتیژی یان پـۆرنـۆگرافی (هەوەسبازیی سێکـسی) ببـنەوە. کاریگەریی خـراپیان لەسەر گەشەکـردنیان دەبـێت.
٤ـ لەدەستدانی پەیوەدیکردنی کۆمەڵایەتی: زۆر پشتبەستن بە تەکنەلۆژیا دەبێتە هۆی گۆشەگـیری و لەدەستدانی توانای پەیـوەنـدیی کۆمەڵایەتی لە منداڵان. رەنگە ئەمەش ببێتە هـۆی ئەوەی پەیـوەنـدییان لەگەڵ هـاورێکانیان و کەسانی دیـکەدا لاواز بکات.
٥ـ مـووبـەکـردنی ئەلـیکـترۆنی: دەکـرێـت منـداڵان لـە رێـگەی سـۆشـیال میـدیـاوە، رووبەڕووی مووبەکردن (التنمر) و توندوتیژی و گێچەڵی سەر ئەلیکترۆنی ببنەوە، رەنگە کاریـگەریی خـراپیـان لەسـەر دەروونیـان هـەبێـت.
پـرۆسـەی پەروەردەکـردنی منـداڵان، لە شەو و رۆژێکـدا نایەتەدی. لەدایکـبوونەوە دەسـت پـێـدەکـات، تـا تەمـەنی گـەورەبـوون و متـمانە بەخۆبـوون و پـشتـبەسـتن بە توانـاکانی خۆیـان بەردەوام دەبێـت. پەوەردەکـردنی منـداڵان بە شـێوەیەکی دروسـت، کۆمـەڵـێک بنـەمـا و شـێواز و رێبـاز لەخـۆدەگرێـت. دەتـوانـرێـت ئـەم پـرەنـسـیـپ و شێوازانە، لە رێگەی پەرتووک و گۆڤـار و ئەدەبیاتی منـداڵان و هـونەری منـداڵان و فـێربـوونی تەکنەلـۆژیا و وەرزش و خوێنـدنی قـوتـابخانە و سـیمینار،… هـتد. فـێری منـداڵان بکـرێن. ژینگەیەکی لەبـار و شێوازێکی مۆدێـرن لە پەروەردەکردنی منداڵان، کە لەسەر بنەمـای، خۆشـەویستی و رێـز و لـێکـتێگەیـشـتن و دیـالـۆگ بنیات نـراوە.
گەر بە دروستی تەکنەلۆژیای سەردەم بقـۆزرێتەوە، دەرفەتی ناوازە بە پەروەردەکرنی منـداڵان دەبەخـشـێـت. کە لە بەردەستی نـەوەکـانی پـێـشوودا نەبـوون. بـە شـێوەیەکی داهـێنەرانەش پەرە بە تواناکانیان و بە فراوانکردنی رۆشنبیری و هۆشیارییان دەدات. هەموو ئەو پێشکەوتنانەی کە هاتوونەتەدی و بێنەدی لە سایەی داهێنای تەکنەلۆژیادا هاتوونەتەدی و دێنەدی. هەردەم پێچکەی رەوڕەوەی ژیان و داهـێنان و پێشکەوتن بۆ پـێـشەوە دەسـووڕێتـەوە و ناوەستێـت. ئـەوەی ئەمـڕۆ خەیـاڵە.. لە بەیـانیـدا کـردارە.
(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە چەندین سایتی ئینگلیزی و عەرەبی وەرگرتووە.
رەزا شـوان