Skip to Content

ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری لە کورتە چیرۆکی “ئیمپراتۆریای ژن”ی دڵشاد کاوانی.. توێژەینەوە: هیڤی عمر یاسین

ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری لە کورتە چیرۆکی “ئیمپراتۆریای ژن”ی دڵشاد کاوانی.. توێژەینەوە: هیڤی عمر یاسین

Closed
by ئازار 1, 2023 General, Literature, Slider

بەشی یەکەمی توێژینەوەکە (تیۆری)

پێشەکی

ململانێ یەکێکە لەو پرسە گرینگانەی کە زانستە مرۆڤایەتییەکان و دەروونیەکان گرنگی پێدەدەن، بەشێکە لە ڕەفتاری مرۆڤ، مرۆڤ دوای لەدایکبوونی ڕووبەڕووی ململانێکانی ژیان دەبێتەوە. ململانێ تەنها لەنێو خودی دوو ڕەگەزی جیاوازدا نییە، بەڵکو تەنیا لەنێو خودی یەک ڕەگەزیشدا بوونی هەیە، بەڵام هۆکار و ئامانج و پاڵنەرەکانی ململانێ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، بەمەش ململانێکان جیاواز دەبن. ململانێ بۆئەوە دەکرێت، کەوا کێ باشترینە، نایابترینە، بەهێزترینە، زۆر جار بۆ ئەوەی کەسێک باشترین و نایابترین بێت، پێویستە ڕووبەڕووی هاوئاستەکەی ببێتەوە، کە وەکوو خۆی بەهێزە و لاوازی بکات، تاکو هەر خۆی ببێتە براوەی شانۆی ژیان. هەر بۆیەشە بۆ برەودان بە ململانێکانی ژیان مرۆڤ پەنای بۆ جۆرەها کەرستە و پێویستی بردووە، جا گەر پێویستییەکانی ململانێکان ماددیبن یان ئایدیالی، ئەمەش لە ئەدەبیش دا بە تۆخی ڕەنگی داوەتەوە، واتا دەکرێت ئەدەب وەک کەرستە و پێوستی بێت و هەمیش وێناکردن و دەڕبڕینی ململانێ بێت، بەمەش دیسان کاریگەری نەبووە. بەتایبەتی چیرۆک بە هۆی گێڕانەوە و خستنە ڕووی ڕووداوەکانی ململانێکان و ژیانی ڕاستەوخۆی مرۆڤە، بۆیە ململانێکان لە چیرۆکدا ڕوونتر و فراوانتر دەردەکەون. کۆمەڵە چیرۆکی (نۆبەرەی مەرگم دیت)ی دڵشاد کاوانی لە کۆی بیست و چوار چیرۆکدا پڕە لە ململانێی دەروونی و ڕەگەزی، بەتایبەتی، ئەم ململانێیە لە چیرۆکی ئیمپڕاتۆریای ژن، زۆرتر و قووڵتر دەردەکەوێت. بۆیە لە توێژینەوەکەمدا ئەم چیرۆکە بە نموونەی کۆی چیرۆکەکانی دیکەی چیرۆکنووس دەخەینە بەرباس و توێژنەوەکەمان لەسەر بونیاد دەنێین.

پرسی توێژیینەوەکە.

-هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کەوا پرسی کێشەی ڕەگەزی نێر و مێ بابەتێکی زیندووە لەهەر قۆناغ و سەردەمێکدا کێشەکان بە بەرگێکی نوێ خۆیان نوێ دەکەنەوە، بەمەش ململانێکان بەردەوام دەبن.

-گرینگی ئەم توێژینەوە لەوەدایە کەوا دەست دەخاتە سەرهۆکارەکانی ململانێی، ئەو گرێ دەروونیانە دەکاتەوە که له کورتە چیرۆکی ”ئیمپراتۆریای ژن” ڕەنگی داوەتەوە.

– کێشەی توێژینەوە و پرسیاری توێژینەوە خۆی لەناونیشانی توێژینەوە دەبینێتەوە، چونکە ناونیشانێکی گشتییە و جۆری ململانێکان دەست نیشان نەکراوە، کە ئایا کام جۆری ململانێیە لە نێوان ژنان و پیاواندا، چونکە ململانی لە ڕوانگەی زانستە مرۆڤی و دەرووناسی خۆی لە چەند جۆرێک دەبینێتە و بەمەش کێشەی توێژینەوە لە پرسیاری توێژینەوە خۆی لەم پرسیارانە دەبینێتەوە:

مەبەست لە زاراوەی ژنسالاری چییە ؟

مێژووی ژنسالاری چییە و چۆنە ؟

مەبەست لە زاراوەی پیاوسالاری چییە ؟

٤-مەبەست لە زاراوەی ململانێ چییە ؟

٥- یەکەمین جۆری ململانێ لە مێژوودا چی بوو؟

٦- جۆرەکانی ململانێ چین بەتایبەتی لە ڕوانگەی دەروونییەوە؟

پاڵنەرەکانی ململانێ چین؟

ململانێ وەک هونەرێک لە چیرۆکدا چۆنە؟

ململانێی پیاوسالاری ژنسالاری کە ململانێیەکی ڕەگەزییە، مەبەست لەو ململانێیە چییە؟ چۆن ڕەنگی داوەتەوە لە کۆرتە چیرۆکی ”ئیمپراتۆریای ژن” هەموو ئەو پرسیارانە و زیاتریش کێشەی ئەم توێژینەوەیەن، هەر ئەم فرەجۆرییەی پرسیار و فرە جۆری ململانێکان بە پێویستم نەزانی لە ڕوانگەی تیۆریستێکی دیاریکراوەوە توێژینەوەکەم کۆت و بەند بکەم، بۆیە بەپێی پێویستی ڕاو بۆچوونی نووسەر و فەیلەسووفانم لە توێژینەوەکەم بەکارهێناوە.

ئامانجی توێژینەوە

ئامانجی ئەم توێژینەوەیە هەوڵدانە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارگەلێکی توێژینەوەکەم، ئەگەر وەڵامێکی ڕەهاش بۆ کۆی پرسەکانی پرسیارەکانم نەدابێتەوە، ببێتە مایەی دروستبوونی پرسیاری تر و توێژینەوەی دیکە.

میتۆدی توێژینەوە

میتۆدی توێژینەوەکەم میتۆدی وەسفی و شیکارییە

سنووری توێژینەوە لە کۆمەڵە چیرۆکی ”نۆبەرەی مەرگم دێت” تەنها کورتە چیرۆکی ”ئیمپراتۆریای ژن” بە نموونە وەرگیراوە.

بەشی یەکەم

ڕاڤەی چەمکە تیۆرییەکان

– چەمکی ژنسالاری

بۆ چوونە نێو هەر باسێک گرینگە لە چەمکەکانەوە دەستپێبکەین، چونکە هەڵگری مەعریفەن و ناوەرۆکی باسەکە خۆی تیایدا مەڵاس داوە. چەمکەکان چەندین جۆرن، هەندێکیان شێوازی دەرهەستن تەنها نزیک دەبنەوە لەو واقعەی کە هەیە، یان تەنها وەڵامی پرسیاری چییەتی دەدەنەوە؟ لە ڕوانگەی هیۆدەوە چەمکەکان دوو لایەن دەگرنەوە، ئەوانیش یان تەنها دەتوانین بڵێین ئەوشتە چییە؟ یان ئەوشتە چۆنە؟ بەڵام دەتوانین بپرسین هەریەکە لە چەمک و زاراوەکانی دایکسالاری و ژنسالاری چییە یان چۆنە؟ (هیۆد،٢٠٠٧: ٣٥).

– زاراوەی دایکسالاری

زاراوەی دایکسالاری زۆرجار ژنسالاری بۆی بەکارهێنراوە، لە زمانی کوردیدا چەمکێکی لێکدراوە بە واتای دەسەڵاتی ژن یان دایک دەگەینێت. شێخ محەمەدی خاڵ لە فەرهەنگی خاڵدا وشەی (سالاری) بە واتای دەسەڵاتی و سەردارێتی ناساندووە، کە بە واتای سەرداری هۆز دێت (خال، ٢٠٠٥ : ٢٥٣). ئەگەر سالاری واتای دەسەڵاتی و سەردارێتی بێت، ئەوا دایکسالاری و ژنسالاری واتای دەسەڵاتی ژن دەگەینێت. لە زمانی ئینگلیزیدا زاراوەی دایکسالاری ماتریارکی (matriarchy) بۆ بەکارهێنراوە، کە لە ماتەری (matris, mater) یۆنانییەوە هاتووە، بە واتای دایک دێت. وشەی ئارکینیش) (arkhein بە واتای حوکمکردن دێت، پێکەوە واتای حوکمکردن دەگەینن. بەڵام ژنسالاری لە زمانی لاتینیدا (gynocratie) کە بە واتای دەسەڵاتی ژن یان فەرمانڕەوایی ژن دێت. (حەمید،٢٠١٧ : ٣١- ٣٢).

سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوەدەکەن ”زاراوەی دایک سالاری پاش چاپکردنی توێژینەوەی جی. جی. باکۆفن بەناوی DAS MUTTERRECHT واتە مافی دایکایەتی لە ساڵی ١٨١٦ دا بوو، کە برەوی پەیدا کرد و سەرنجی توێژەرانی ڕاکێشا”. (رێد، ٢٠٠٦ : ١٢٤) کومەڵگەی ژنسالاری یان دایکسالاری لە شارستانیەتە سەرەتاییەکاندا هەبووە، بەڵام لە دوای قۆناغە مێژووییەکان ئەم سالار بوونەی ژن نامێنێ ”مێژووی شارستانییەت مێژووی دۆڕاندن و ونبوونی ژنیشە”. (ئۆجەلان،٢٠٠٨: ٣١). لێردا خولیا دەبێت کەوا بەدرێژایی مێژوو ژن ئەو دەسەڵاتەی نامێنێت، کە لە کومەڵگەی سەرەتاییدا هەیبووە، لەو کاتەوە تا ئێستا ژن بە بوونەوەرێکی لاواز دەبینرێت.

لە کومەڵگەی ژنسالاریدا ژن گیرۆدەی هیچ کۆت و بەندێک نەبووە، هەروەک کەمال مەزهەر دەڵێت ”سەرەتا مرۆڤ ئاژەڵێکی بێ پەروابوو، گیرۆدەی هیچ کۆت و بەندێک نەبوو، ئەوکاتەش بەخێوکردنی منداڵ بەزۆری کەوتە سەر شانی دایک، ئەمەیان پێچەوانەی پیاوبوو کە دەبوو بەدوای خۆراک بگەرێت”. (مەزهەر،٢٠٠٨ :٥/٤٦). کەواتە لە کۆمەڵگەی ژنسالاریشدا بەخێوکردنی منداڵ لە ئەستۆی ژن بووە. هەر تەنها لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا ئەو مۆرکە بەژن نەبەخشراوە، کە ئەمەش سروشت بە ژنی بەخشیووە، ژن منداڵی دەبێت و شیریان پێدەدات، بۆیەشە یەکەم بەردی بناغەی شارستانیەتی مرۆڤ ژن دایدەنێت، کشتوکاڵ بەرهەمی بیری ژنە، هەروەها لەسەرەتای پەیدابوونی بتپەرستیدا ژن بە خواوەندی پیت و بەرەکەت دادەنرێت نەک پیاو. ئەمەش وای کرد کومەڵگەی ژنسالاری مۆرکی ژن وەربگرێت بە جۆرێک کە پیاو تێدا سڕاوەتەوە، بەڵام ئەگەر کۆمەڵگەی ژنسالاری دەسەڵاتی دایک تێیدا زاڵبووبێت واتای ئەوە ناگەینێت کەوا ژن تیایدا نە چەوسابیتەوە، بەڵام ئەو چەوساندنەوە بەرهەمی بیری ساکاری ئەوان بووە، کە ژنیان بەخواوەندی پیت و بەرەکەت دادەنا، بۆیە کاتێک بیریان لەوە دەکردەوە، کەوا قوڕبانی بۆ خواوەندەکان بدەن بۆ ئەوەی زەویەکانیان بە پیت بن. (هەمان سەرچاوەی پێشوو).

گرینگترین کارەکانی ژن جگە لە منداڵ خستنەوە و بە خێوکردنی منداڵ ئەمانەبوون:

١ – ژن سەرەتا گەنم و جۆی دۆزییەوە.

٢-دواتر فێری بەرهەمی کەتان و ترێش بوو، هەر ئەمانەش بووە هۆی ئەوەی کەوا ژن مۆرکی ڕستن و چنین وەربگرێت و ببێتە پیشەی ئەو.

گەلێک لێکوڵینەوە لەبارەی کۆمەڵگەی ژنسالاری و دایکسالاری کراون، لەوانە توێژینەوەکانی باشۆف و مۆرگان ئەوە خراوەتە ڕوو “سەرهەڵدانی سیستەمی کۆمەڵایەتی لەسەر ژنان هاوتەریبە لەگەڵ پێکهێنانی خاوەندارێتی تایبەت لە کۆمەڵگەدا، بوونی ململانێ و ناکۆکی لە بنەماڵەدا پەیوەستە بە مۆلکداری تایبەتەوە. کە پیاوان خاوەن مۆلکداری تایبەتن” (زنکین، ٢٠٠٨: ). کە ئەمەش چەند بۆچوونێک لەبارەی ئەو ناکۆکییە دەردەخات، لەوانە:

١- بوونی ناکۆکی و ململانێ پەیوەستە بە لایەنی بژێوی خاوەندارێتی تایبەت، بوونی بژێوی و بیرکردنەوە لێی هۆکارەکەی غەریزەکانی مرۆڤە. چونکە مرۆڤ هەوڵدەدات پێداویستییەکانی پڕبکاتەوە کە حەزی لێیەتی، ئەگەر لەلایەنی ئابوورییەوە سەیری بکەین، پیاوان خاوەن مۆلکداری تایبەتن، سەرچاوەکانیان لەرێگەی منداڵەکانیانەوە دەستەبەر دەکەن.

٢-ژن لەلایەن خێزانەکانییانەوە لە مۆلکایەتی تایبەت بێبەری دەکرێن، کە ئەمەش بۆچوونی ئەنگلس دووپات دەکاتەوە، کە ”یەکێک لە کۆنترین شێوازەکانی دەسەڵاتدارێتی لە پێشێلکاری مافە کۆنەکانی ژنان، لە بنەڕەتدا شاراوەویە، شتێك جگە لە ململانێی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا بەتایبەت چینە کۆمەڵایەتییەکان نییە، کە لە نێوانیاندا پیاو ڕۆڵی بۆرژوا دەگێڕێت، ژنیش ڕۆڵی کرێکار. چونکە کۆمەڵگەی بۆرژوازی ژیانی هاوژینی لەسەر بنەمای پارە و سەرمایەیە، نەک خواستە مەعنەوییەکانی هەردوولا.” (هەمان سەرچاوەی پێشوو(.

– چەمکی پیاو سالاری.

زاراوەی (سالار) کە سەرەتا ئاماژەمان پێدا بە واتای دەسەڵاتداری و سەرداری دەهات (خاڵ،٢٠٠٥: ٢٥٣)، بە هەمان شێوەی زاراوەی دایکسالاری زاراوەیەکی لێکدراوە، پیاو لەگەڵ سالار، واتای دەسەڵاتی پیاو دەگەێنن. باوکسالاریش بەهەمان شێوە واتای دەسەڵاتی باوک دەگەێنێت، کاتێک زاراوەی پیاوسالاری یاخود باوکسالاری و نێرسالاری بەر گوێمان دەکەوێت، ڕاستەوخۆ هزرمان بۆ چەوساندنەوە، ژن کوشتن و نادادپەروەری دەچێت. بەڵام کاتێک گوێمان لە زاراوەی ژنسالاری دەبێت، ئەگەر کەسێک شارەزای مێژوو نەبێت، کەم درک بە بوونی کومەڵگەی ژنسالاری دەکات. ئەگەر زانیاریشی لەبارەوە هەبێت ئەوا هزری بۆ کۆمەڵگەی سەرەتایی بەر لە شارستانییەت دەچێت؟ یان بیردەکاتەوە و پرسیار دەکات ئایا کۆمەڵگەی ژنسالاری بوونی هەیە؟

زۆرجار باوکسالاری و پیاوسالاری تێکەڵ بەیەک دەکرێن، بەڵام باوکسالاری واتاکەی تایبەتترە لە پیاو سالاری، چونکە پیاوسالاری گشتیترە، لەبەرامبەر ئەم زاراوانە، زاراوەی نێرسالاریش بۆ بەکاردێت. بەڵام نێرسالاریش گونجاو نییە، چونکە نێر بەو ڕەگەزە دەگوترێت، کە بە هۆی لایەنی بایۆلۆژیی جیا دەکرێتەوە لە ڕەگەزی مێ(١). ئەگەر نێرسالاری و پیاوسالاری و باوکسالاریش بگرێتەوە، ئەی سەبارەت بە جووت ڕەگەزی، بۆچی زاراوەی پیاوسالاری گونجاوترە ؟ چونکە ژن تەنها لەژێر دەستی باوکی ناچەوسێتەوە، بەڵکو لەژێردەستی برا و مامو خاڵ و شووبرا…. تد، دەچەوسێندرێنەوە. ئایا گونجاوە بگوترێت مام سالاری وخاڵساری و براسالاری، بۆیە پیاوسالاری گونجاوترە گوزارشت لە ئەقڵییەتی دەسەڵاتی پیاوسالاری دەکات، بەڵام باوکسالاری تایبەترە لە پیاوسالاری.

زاراوەی باوکسالاری لەچەند ڕوانگەیەکەوە لێکۆڵینەوە لەبارەی کراوە لەوانە (ئەنسرۆپۆلۆجی، فێمینیزم)ەوە، ئەم زاراوەیە بە عەرەبی (النظام الابوي) پێیدەوترێت. لە زمانی ئینگلیزی پاتریاکیpatriarchy پێ دەوترێت، ئەنتڕۆپۆلۆجیستەکان بەم شێوەیە دەی ناسێنن، باوکسالاری ئەو سیستەمە بووە، کە لە کۆندا پیاوێکی ڕیش سپی دەسەڵاتی بەسەر تەواوی ئەندامەکانی هۆزەکەدا هەیە. (ئەسەوەد،٢٠١١: ١٦)

جگەلە ئەنسرۆپۆڵۆجیستەکان فێمینیستەکانیش (٢) بەربڵاوتر بەکاریانهێناوە، لەڕوانگەی فێمینیستەکانەوە لە حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا، ئەم زاراوەیە لە بواری لێکۆڵینەوەی فێمینیستی، بەشێوەیەکی بەرفراوانتر بەکارهێندرا، دەسەڵاتی نێرینەی بەشێوەیەکی گشتی بە سەرچاوەی چەوساندنەوەی مێینە دەزانی. (هەمانسەرچاوەی پێشوو:١٦٨).

– چەمکی ململانێ.

زاراوەی ململانێی وەکوو زاراوەکانی تر لە پێناسەیەک و چەند واتایەکدا ناتوانین وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ململانێ چییە ؟ چۆنە ؟ بدەینەوە، یان لە ڕوانگەیەکدا کوت و بەندی بکەین. چونکە لەکاتی پرسیاری ئەوەی کەوا ململانێ چییە؟ ئەو پرسیارەش لەلا دروست دەبێت، کام جۆری ململانێ لەخۆ دەگرێت، وەکوو (ململانێی دەروونی، ململانێی کۆمەڵایەتی، ململانێی سیاسی…تد)

لە ڕووی زاراوەوە ململانێ ((conflict لە (confligere) ەوە هاتووە، کە بەواتای دۆخێکی گرفتاری دێت، بە هۆی بوونی چەند بۆچوونێکی بەیکدا ناکۆک یان بەرژەوەندی و ئامانجی دژبەیەک. ( ئەحمەد، ٢٠٠٧ : ٥). لە ڕوانگەی ئەم واتایە بۆمان دەرەکەوێت کەوا ململانێی ژنسالاری و پیاوسالاری بە هۆیی ئامانجی دژبەیەکە. بەڵام ئایا ئەمە لایەنی نەرێنی ململانێ نییە؟ یانیش ململانێ دیوێکی ئەرێنیشی هەیە؟ بۆ بەیان بوونی وەڵامی ئەو پرسیارانە پێویستە لە واتای ململانێ تێبگەین، کە چەند واتایەک لە خۆدەگرێت، لەوانە:

یەکەم: لە ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕ دێت، بەڵام لەڕووی جەستەییەوە نا، بەڵکو لەڕووی دەمەقاڵییەوە بە واتایەکی تر شەڕە قسە.

دووەم: بەیەکداکێشان و لێدان لەڕووی جەستەییەوە.

لە زمانی کوردیدا ململانێ بەمانای مشتوومڕ و ڕکابەری ناکۆکی دێت، لەنێوان دووکەس یان گرووپێک لەگەڵ گرووپێکی تر، بە گوێرەی ئەم واتایانە ململانێ دیوێکی نەرێنی هەیە، بەڵام ململانێ دەشێت لایەنی ئەرێنیشی هەبێت. ”کومەڵگەی مرۆڤایەتی بریتییە لە گۆڕەپانێکی بەرفراوانی فۆڕمی جیاجیای بەرژەوەندیەکان، تۆندووتیژی مۆرکێکی سەرەکی نییە لە ململانێ، چۆنکە ململانێ دەشێت ئاشتیخوازبێت بۆ دەستەبەرکردنی ئازادییەکان.” (ئەحمەد،٢٠٠٧ :٤). کە لێرەشدا دوو تێگەیشتن لەبارەی ئەو واتایانە ڕوون دەبێتەوە، لەوانە:

١- ئاشتی خوازی دیوێکی شاراوەی ململانێیە.

٢- نەبوونی ئازادی دەبێتە هۆیی ئەوەی کەوا مرۆڤ بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی ململانێ بکات.

ململانێ بەشێکە لە ڕەفتاری مرۆڤ، کە لە لایەن مرۆڤەوە ئە نجام دەدرێت، بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێک کە دەیەوێت پێی بگات بۆ ئەو مەبەستەش ململانێ دەکات. لەلایەنە باشەکانی ململانێ وەکوو بەهێزکردنی پەیوەندی، چارەسەرکردنی گرفت، گۆڕانکاری لە دیدو بۆچوون لە نێوان ئەو لایەنەی کە ململانێیان لە نێوانیاندا هەیە، (٣) لە هەموو سەردەمێکدا ململانێ بوونی هەیە، بۆ نموونە ململانێی نەوەی کۆن و نوێ (٤) بەڵام ئەگەر ململانێ بەشێوەیەکی تەندروست ئاراستە بکرێت، وەک پێویستییەک بۆ دۆخی گۆڕان و گەشەکردنی بە ڕێچکەیەکی ئاسایی بڕوات پڕۆسەیەکی گرینگ و پێویستە.

– جۆرەکانی ململانێ.

ململانێ کە چەمکێکی فراوانە دەشێت چەند جۆرێکی هەبێت، چونکە ململانێ لە کۆی بوار و کایەکانی کۆمەڵگە هەن. وەکوو ململانێ سیاسی، ململانێی ڕەگەزی، ململانێی ئایینی….تد. جگە لەوانەی باسمان کرد، چەند جۆرێکی تری ململانێ هەن کە بریتین لە:

١ – ململانێی ئاژەڵان، ئەم جۆرەیان نزمترین جۆری ململانێیە.

٢- جۆرێکی تری ململانێ کە بریتییە لە ململانێی بەرژەوەندییەکان و قازانجکردن، کە ئەم جۆرەیان لە نێوان مرۆڤەکاندایە. بۆ ئەو مەبەستەش پەنادەبەنە بەر فرت و فێڵ کردن، کە زیاتر لایەنی ئابووری و بازرگانی و بەرهەمهێنان دەگرێتەوە (٥).

٣- ململانێی ڕەگەزی جۆرێکی تری ململانێیە لەنێوان دوو ڕەگەزی جیاوازداهەیە.

٤- ململانێی دەروونی ئەو جۆرەیان پەیوەستە بە دەروونی مرۆڤەوە، مرۆڤ لەنێو دەروونی خۆیدا لە ململانێ دایە.

ئەوەی لێرەدا گرینگە و باسی ئێمەیە ململانێی ڕەگەزیی و دەروونییە، چونکە ململانێی ڕەگەزی یان پیاوسالاری و ژنسالاری کە جۆرە ململانێیەکە، لە نێوان دوو ڕەگەزدا، کۆمەلێک هۆکار و پاڵنەری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە پشتە.

– ململانێ لە مێژوودا.

ململانێ لە سەرتای بوونی مرۆڤایەتیدا هەبووە، بەڵام بەپێی تێپەربوونی کات و زەمەن ئاراستە و ئامانجی ململانێکانیش گوڕاون لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بۆ ئەوەی لەهەر پرسێک و بابەتێک تێبگەین پێویستە ئاورێک بۆ ڕابردوو بدەینەوە، لە ڕابردوودا بیناسین، تاکو بزانین ململانێیکان لە چ دیوێک بوونە گرینگترین پاڵنەری چی بوون، لە ڕوانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە لە سەرەتای درووستبوونی ئادەمەوە،(٦) کاتێک خودا فەرمانی بە فریشتەکان کرد کڕنۆش بۆ ئادەم ببەن، فریشتەکان سوژدەیان بۆ ئادەم برد جگە لە ئیبلیس نەبێت، چونکە ئیبلیس کە لە ئاگر دروستکرابوو، خۆی لە ئادەم پێ گەورەتر بوو، کە ئادەم لە قوڕ دروستکراوە. سوژدە نەبردنی ئیبلیس بووە هۆی ئەوەی بەر نەفرینی خوا بکەوێت، بۆیە بڕیاری دا تۆڵە لە ئادەم بسەنێتەوە تا ماوە هەوڵبدات مرۆڤەکان لە خشتە ببات، بەمەش یەکەمین کاری کە بە ئادەم و حەوای کرد، خواردنی بەرووبوومی دارە قەدەغەکراوەکە بوو. بەمەبستی ئەوەی کەوا خواردنی ئەو بەرووبوومە دەبێتە هۆیی نەمری ئەوان بۆ هەتا هەتایی دەژین، بەڵام ئەو کارەی بووە هۆیی ئەوەی کەوا لە بەهەشت دەربکرێن. یەکەمین ململانێ کە خۆی لە نێوان ئیبلیس و ئادەم و حەوا بینیەوە مەبەستی ئیبلیس تۆڵەسەندنەوە بوو، مەبەستی ئادەم و حەواش مانەوەی هەتا هەتایی و نەمری بوو. هەرئەمەش وایکردووە مرۆڤ هەمیشە بە دوای مانەوەی لە ژیانی خۆی، ململانێی بکات، هۆیی خواردنی سێوەکەش بۆ نەمری بوو. هەروەها یەکەمین جۆری ململانێ لە فۆرمی توندووتیژی خۆی یبینیوەتەوە ”ئەگەر کوشتنی هابیل لەلایەن قابیلەوە سەرەتای مێژوویەکی تازەبێت، ئەوا ململانێیەکی پڕ توندوتیژی بووە.” (ئەنوەر،٧٣:٢٠٢٠). فۆڕمی ململانێ لەوکاتەوە تاکۆ ئێستا خۆیی لەشێوەی جیاجیای بینیوەتەوە، ئەگەر یەکەمین جۆری ململانێی ململانێیەکی دەمارگیری و دەروونی بووبێت، کە بەدەرکردنی ئادەم و حەوا دەستی پێکرد، خواردنی بەرووبوومی دارە قەدەغەکراوەکەش ویستی مرۆڤ بێت بۆ نەمری. ئەوا لەسەر زەوی کۆمەڵگە سەرەتاییەکانەوە هیچ ململنێیەک بە هۆی جیاوازیی ڕەگەزی نەبووە، بەڵکو ململانێ بووە لەگەڵ سروشت، بۆ ژیانی خۆیان. (سالح،٢٠٠٧ : ١١-١٢). ململانێی مرۆڤی کۆمەڵگەی سەرەتایی ململانێیەکی سادە و ساکار بووە، بەڵگە مێژووییەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن ” کەوا هەر لەسەردەمی زووە بە هیچ کڵۆجێک جیاوازی لە نێوان مێینە و نێرینەدا نەبوو. ”ئافرەت بەر لە دروستبوونی خێزان تەنانەت ڕاویشی دەکرد.” (مەزهەر، ٢٠٠٨:٩|٤٦).

کەواتە ململانێکردنی ئەو کاتی ژن، بۆ ژیانی خۆی بێ جیاواز ی ڕەگەزی بووە، چونکە لە کۆمەڵگە شارستانییەتەکاندا ئەرک و ڕۆڵی ڕەگەز دیاریکراوبوو.

– جێندەر( ڕەگەز)

جێندەر لە زمانی کوردیدا کە بە واتای ڕەگەز دێت، هەرچەندە ڕەگەز لە زمانی کوردیدا بەواتای ڕەچەڵەکیش بەکاردێت، بەڵام لێرەدا مەبەستمان هەردوو ڕەگەزی نێر و مێیە، ڕەگەز لە فەرهەنگی خاڵدا بەواتایی ڕەچەڵەکیش بەکارهاتووە. (خاڵ،٢٠٠٥: ٢٢٥)

زاراوەی جێندەر بۆ یەکەم جار لەلایەن سیمۆن دو بۆڤوارەوە بەکارهێندرا لە کتێبە بەناوبانگەکەی ”ڕەگەزی دووەم” لە ١٩٤٩ لە شەپۆڵی دووەمی فێمینیزم(٧) دا. سیمۆن دو بۆڤوار خاوەن وتەیەکی بەناوبانگە و پێی وایە کە ”هیچ ژنێک بە ژنی لەدایک نابێت، بەڵکو بە ژن دەکرێت”. (ئەنوەر،٢٠٢١: ٢٥). سیمۆن دو بۆڤوار ئەوە ڕەتناکاتەوە کەوا سروشت لایەنی بایۆلۆژی مرۆڤ دیاری دەکات، بەڵام سروشت ئەرک و ڕۆڵ دیاری ناکات و بەها بۆ ئەم ئەرک و ڕۆڵە دابنێت، بەڵکۆ ئەوە لایەنی جێندەری کۆمەڵایەتییە جیاوازی ڕەگەزی دروست دەکات. ئەگەر ئەم وتەی دو بۆڤوار بۆ ڕەگەزی مێ ڕاستبێت ئەوا پیاویش بە پیاوی لەدایک نابێت، بەڵکو بە پیاو دەکرێت. (ڕەشید، ٢٧ : ٢٠١٧ ).

– پاڵنەرەکانی ململانێ.

بوونی ململانێ و جۆری ململانێکان کۆمەڵێک هۆکار و پاڵنەری هەیە کە ئەم پاڵنەرانە بە پێی جۆری ململانێکان دەگوڕێت و هەندێکجار تێکەڵ بەیەک دەبن. بە واتایەکی تر ئەگەر دەروون و هەڵچوونەکانی مرۆڤ هۆکاربن بۆ بوونی ململانێکان، ئەوا ژینگەش بەدەر نییە لەم هۆکار و پاڵنەرانە، ”ململانێ تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە ژینگەی دەروونی جۆری کەسایەتی تاکەکانی کۆمەڵگەوە هەیە، دەبن بە پاڵنەر و داینەمۆی دروستکردن و بەردەوامبوونی ململانێ.” (قەرەچەتانی، ٢٠٠٦: ٣٨٤). لێرەدا بۆمان دیار دەبێت کەوا کەسایەتی و پێگەی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا کاریگەری دەبێت لەسەر جۆری ململانێکان و ئاراستەکردنی ململانێ بە شێوەی تەندروست یاخود پێچەوانەوە. چونکە مرۆڤ لە تەمەنی منداڵیدا پەروەردە دەکرێت، بەمەش یەکەم پرۆگرامکردنی ئەقلی نائاگای (٨) مرۆڤ دەست پێ دەکات، ئامانجی مرۆڤ و نەبوونی ئازادی یان بوونی ڕکابەری کەوا کێ باشترین و سەرکەوتووترینە، ململانێ دێنێتە بوون، کەوا مرۆڤ بوونی خۆی بسەلمێنێت.

– جۆرەکانی ململانێی دەروونی.

لە ڕوانگەی دەروونییەوە، ململانێ جۆرێکە لە ململانێکان لە ناو ژینگەی مرۆڤدا، لەنێو ململانێی دەروونیدا چەندین جۆری تری ململانێ هەن، ئەوانیش بریتین لە ململانێی چوونە پێش، ململانێی پاشەکشە، ململانێی چوونە پێش و پاشەکشە. (٩)

– ململانیی دەروونی لە ڕوانگەی فرۆیدەوە.

ململانیی دەروونی لە ڕوانگەی فرۆیدەوە (١٠) کە خۆیی لە پێکهاتەی کەسایەتی مرۆڤدا دەبینێت، کەسایەتی مرۆڤیش دابەش دەکاتە سەر سێ پێکهاتە، ئەوانیش بریتین لە (ئەو-ed ، منی باڵا -super ego، من-o(eg، ئەو(بنیات) یەکێکە لە ئاستەکانی کەسایەتی مرۆڤ، حەز و ئارەزووەکانی مرۆڤ لە تەمەنی منداڵیدا دەگرێتەوە، ئەو بەرپرسە لە جێبەجێکردنی حەز و ئارەزووکانی مرۆڤ و چێژوەرگرتن لێیان، گرینگی بە ئەقڵ نادات (حوسێن،٢٠١٠: ٦٦٠). بنیاد کە کۆگای لەبیدۆیە، بنچینەی ژیانی ئەزەلی تێردەکات، فرۆیدبە بە بنەمای چێژ وەرگرتن باسی دەکات (.ئیمامی،٢٠١٨: ٢٥٠).

منی باڵا(super ego) ئاستێکی تری کەسایەتی مرۆڤە، بەرپرسە لە یاسا و بەها کۆمەڵایەتییەکان و ڕێگری لەخواستەکانی ئەو دەکات، بەڵام من (ego) ئەو ئاستە کە بە ئاستێکی بێلایەن ناسراوە، وەکوو تەرازوویەک وایە لە نێوان ئەو و منی باڵادا، ڕێگە نادات هیچ کامێکیان بەسەر ئەوی تردا زاڵ بێت، ئەم ئاستە بە ئاستی دانایی ناسراوە. (حوسێن،٢٠١٠: ٦٦٠).

لە ڕوانگەی فرۆیدەوە ئەم پێکهاتی کەسایەتی مرۆڤە لە ململانێدایە، هەروەها لە پێکهاتەی دەروونی مرۆڤدا دوو غەریزەی دژیەک هەن، ئەوانیش بریتین لە غەریزەی ژیان ( ئیرۆس) و غەریزەی مردن کە بە (ساناتۆس) ناسراوە، مرۆڤ بە سروشت حەزی لە ژیانە، بەڵام کاتێک مرۆڤ بە هۆی هەر هۆکارێک لەرۆی دەروونی چ بە ئاگایی چ بە نائاگایی بێزاربوولە ژیان، غەریزەی مردن دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ غەریزەی ژیان، ئەگەرغەریزەی ژیان زاڵ بوو ئەوا ئە و مر ۆڤە دوای هۆکاری مانەوە دەگەرێت،بەڵا، ئەگەر پێچەوانەوە بوو ئەوا بە دوای مردن دەگەرێت تاکو خۆی ڕزگاربکات لەو ژیانەی (سۆزان جەمال،٢٠٠٩: ٩٤).

خۆکوشتن لە ڕوانگەی فرۆیدەوە بۆ بوونی شەڕانگێزی لە ساناتۆسدا دەگەرێتەوە، چۆنکە ساناتۆز (غەریزەی مردن) غەریزەی وێرانکارییە سەرچاوەی شەڕانگێزییە (هەمان سەرچاوەی پێشوو: ٩٩).

٦ – ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری.

ژنان و پیاوان بە ئامانج و مەبەستی جیاجیا ململانێیان کردووە، پاڵنەر و هۆکاری جیاجیایان هەبووە بۆ ململانێکان، پیاوان دەتوانین دابەشی چەند بەرەیەک بکەین، کە بە مەبەستی جیاجیا ململانێیان کردووە، لەوانە:

بەرەی یەکەم: ئەو پیاوانەبوون ململانێیان بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان کردووە، لە نووسەران و فەیلەسووفان و پیاوانی ئایینی…تد، لەبەرهەمی گەلێک نووسەردا گرینگی بە کێشەی ژن نەدراوە، ژن تەنها ئامرازێکی جوانی بووە، لە ئەدەبییاتی کوردیدا (مەلای گەورەی کۆیەوە، حاجی قادری کۆیی، پیرەمیرد،…تد، (کە گرینگیان بەكێشەی نەخوێندەواری ژنان داوە (عەبدوڵا، ٢٠٠٧: ٨٢) لە یۆنانی کۆندا، ”ئەفلاتوون بەر لە نزیکەی ٢٣٠٠ ساڵ دەیگوت هیچ جیاوازییەک لە نێوان نێرینە و مێینەدا نییە، پێیوابوو کە ڕژێمی سەرکەوتوو، ئەو ڕژێمەیە کە بێ جیاوازی ڕەگەزی بەشداری هەردوو ڕەگەز دەبێت.” (کەمال مەزهەر،٢٠٠٨: ٣٤/٤٦)، هەر نووسەر و فەیلەسووفێک بەگوێرەی گوزەران و نەریتی کۆمەڵگەی خۆیان، حوکمیان لەسەر بار و گوزەرانی ژنان داوە، هەندێکیان بەشێوەی ئەرێنی وێنەی ژنیان کێشاوە و داوای یەکسانییان دەکرد. وەکوو لەسەرەتا ئاماژەمان پێدا، هەریەکە لە ئەفلاتوون لە یۆنان، ئیبن ڕوشد لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست، نووسەرانی کورد مەلای گەورە و حاجی قادری کۆیی. لە ئەدەبیاتی ئەوروپادا ئێرازمۆس، دانتی …تد (هەمان سەرچاوەی پێشوو).

بەرەی دووەم لە نووسەر و ڕ ۆشنبیر و فەیلەسووفەکانن، بەڵام پێچەوانەی بەرەی یەکەمن، ژن وەکوو پاشکۆیەک دەبینن بۆ پیاو، بیرکردنەوەی ئەوەی کەوا ژنان پاشکۆ و لاوازن وایان لەو نووسەر و فەیلەسووفانە کردووە، کە ململانێ بۆ تۆخکردنەوەی ئەم پرسە بکەن. بەمەش نائاگایانە لەوەی کە ژنان توانایان چییە و چۆنە، بە کەم سەیرکردنی ئەقڵی ژن وایکردووە پیاوان هەستی خۆبەگەورەزانینی لەلا دروستببێت، کە ئەمەش لەڕووی دەروونناسییەوە هەستێکی نەرێنییە، لەڕووی ئایینیشەوە بە هۆی هەستی خۆ بەزلزانین و دەمارگیری ئیبلیس بەر نەفرەتی خواکەوت، فەیلەسووفەکانیش ڕۆڵیان لە پفدانی ئەو هەستە بینییەوە. بەردەوام دووپات و ململانێیان بۆ ئەوە کردووە کەوا پیاو پێگەی ئەو باوەڕەی لەبەرامبەر ژن هەیە بەهێز بکات، دژی لەناوچوونی بوەستێت، هەروەک ئوگست کۆمت دەڵێت ”ژن پاشکۆیی پیاوە”، واتە پیاوی بەسەرووتر لە ژن زانیووە. (میل،١٧:٢٠١١)، ئەم بیر و باوەڕانە لایەنی نەرێنی پیاو لەهەمبەر ژن تۆکمەتر کردووە، کە ژن تەنها بە پاشکۆیی پیاو بزانرێت، ببێتە هۆی دروستبوونی دەمارگیری ڕەگەزی، ڕۆسو دەڵێت ”ژن پرچی درێژە بەڵام ئەقڵی کورتە”(١٢) هەموو ئەو بیرکردنەوانە ڕۆڵیان بینیووە، لە بە هێزکردنی بیروباوەڕی ئەوەی کەوا ژن بوونەوەرێکی لاوازە، ئەگەر ژن ئەقڵی کورت بێت پیاو و ئەقڵی درێژ بێت، ئایا بوونی کەسایەتی وەکوو ( ماری کوری، کیلۆپاترا، بەلقیس، زەنوبیای تەدمۆر، مادام ڕۆڵان، حەزرەتی خەدیجە (د.خ)، مێرکل….تد) ئەقڵیان کورتە، کەواتە بەو پێوەرەبێت کەسایەتی خوێنڕێژەکانی مێژوو لە ڕەگەزی نێر وەکوو: ستالین، مۆسۆلۆنی، هیتلەر، سەدام حوسێن، بە نموونە ئەقڵیان درێژە؟

بیر و باوڕی ئەوەی ژن هێمایە بۆ نیشتیمان و شەڕەف، وایان لەسەربازەکان کردووە لە کاتی جەنگەکان و ململانێکاندا هێڕش و دەسترێژی بۆسەر ژنی وڵاتی یەکتر ببەن، بە مەبستی لێدان لە پێگەی یەکتر کە ئەمەش هەمدیسان لۆژیک و ئەقڵی پیاو دەخەنە ژێر پرسیارەوە (حەمە سەعیید، ٢٠١٣).

بەرەی سێیەم:. پیاوی دەسەڵاتخواز و دیکتاتۆربوون بەوەی کە نەک تەنها ژن بەڵکو پیاویش لە ژێر دەستیان دەچەوسایەوە.

ژنانیش چەند بەرەیک بوون، ململانێیان بۆ ئامانجی جیاجیا دەکرد، بیر و باوڕی ئەوەی کەوا ژنان تەنها بۆ ئەوەن دەبێت ڕەگەزی نێر لە خۆیان ڕازی بکەن و ژنان دەبێ جوانبن، ئەم بەرەی ژنان بێ ئاگا بوون لەوەی کە چین و کێن؟ تەنها ئەوەیان دەزانی کە بۆیان باسکراوە، بۆیە هەستی خۆ بەکەم زانین لەلایەن ژنانەوە دروستببوو کە لاوازن و ژنان دەبێت شەرمن بن، هەروەک لەم پەندە کوردیەدا دیارە ”کچا شەرمن شارەکی تینیت” (١١) ئەگەرئەم شەرمنەییەی کچ ئەوندە بەبەهایە، بۆچی شارێک بهێنێت، چی دەبوو ئەگەر بەقەد ئیمپراتۆریایەکی ڕووسیای قەیسەری و ئیمپراتۆریای عوسمانی هێنابایە، لەڕووی دەروونییەوە شەرمنی هەستێکی نەرێنییت (١٢)، ژنان هەستی خۆ بەکەم زانین و گوناحیان لەلا دروستببوو لە نەستی ژندا هەستکردن بەوەی کەوا دەچەوسێندرێنەوە، بە چاوێکی سووک سەیر دەکرێن، بەمەش ژن خۆی لەلا بچووک دەبێتەوە. بۆیە بەرەیەکی تری ژنان ئەوانە بوون کە دەیانویست خۆیان بن، ”پشت بەخۆیان ببەستن، بکەربن نەک بەرکار”. (جەمال، ٢٠٠٩: ٧). بۆیە ململانێیان دەکرد. ژنان هەمیشە تاوانبار دەکران بەوەی کە لاوازن، ناتوانن بخوێنن و مافی خوێندیان نەبوو، ”هەرچەندە دوو خۆشکی ئیسپانی یەک لە سەدەی چواردەم هەردووکیان ئەوندە تینۆی خوێندن بوون، خۆیان بە بەرگ کردبووە کوڕ، کە بەو جۆرە گەیشتنە بەر دەروازەی زانکۆ پێیانوابوو جیهانیان پێ بەخشیون، بەڵام دوای ئاشکرابوونی دانەیەکیان بە هاهۆیی کۆڕەکان لە زانکۆ بەدەر کرا”. (ئەحمەد،٢٠٠٨: ١٨/٤٦). بۆیە ژنان ململانێیان بۆ ئەوە دەکرد کە وەکوو مرۆڤێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، لە کرێی کار و مافی خوێندن ناداد نەبن، لە پۆڵۆنیا زانکۆیەکی نهێنی گەرۆک بۆ ژنان دابمەزرێنێت، ڕۆژێکیان کەسایەتییەکی وەکوو ماری کۆری پڕ بەدەم هاواری کرد، شەرمە ژن لە مافی خوێندن بێبەری بکرێت، کە دواتر پیاوان بە شانازییەوە ١٩١١، لەسەر سنی زێر خەڵاتی نۆبڵیان پێشکەشکرد”. (هەمان سەرچاوەی پێشوو)، قسەی ئەفلاتوون دووپات دەکاتەوە کەوا بوونی زیرەکی مرۆڤ پەیوەندی بە ڕەگەزەوە نییە، بەڵكو لە هەر کام تۆخمێک دەکرێت لەشتێکا زیرەک بن یان یەکێک لەیەکێ زیرەکتر بێت.

کەواتە ململانێکان دەکرێت دیوێکی ئەرێنیان هەبێت، کە ببێتە هۆی بەرەوە پێشچوونی لایەنێک، بەڵام دیوە شاراوەکەی ململانێی پیاوان و ژنان لەوەدایە، کە لەشکستەکانیان ململانێ بۆ ئەوە دەکەن یەکتری تۆمەتبار بکەن. بۆ نموونە پیاوان لە کاتی سەرکەوتنەکانیان لە شەڕ و جەنگەکاندا ئازاکان پیاوانن، پیاوان خۆیان بەرزگارکەر دەزانن، دوایی ماڵ وێرانییەکی زۆر، ژنانیش دەڵین : ئەوە ئێمەین، ئێوەمان پەروەردە کردووە، بەڵام کاتێک دێینە سەر شکستەکانیان و لایەنە نەرێنییەکەی جەنگەکان، دەڵێن ئێوەی ژنان تۆمەتبارن بەوەی نەتان توانیوە نەوەیەک پەروەردە بکەن! (١٣).

بەمشێوەیە ململانێی ژنسالاری و پیاو سالاری لە فۆرمی جیاجیادا، لەشێوەی ئەرێنی و نەرێنی بەردوامن.

– ململانێ لە چیرۆکدا.

چیرۆک ئەو ژانرە ئەدەبییەی، گرینگییەکی زۆری لەنێو دونیایی ئەدەبدا بۆ تاک و کۆمەڵ هەیە، چونکە ڕۆڵی سەرەکی پەروەردە دەگێڕێت. بە هۆی ئەو ڕووداو و ئەزموونانەی لە گێڕانەوەکەدا بەدی دەکرێت، پڕە لە ڕووداوەکانی نێو ژیانی مرۆڤ، ململانێی بەشێک بووە لە ژیانی مرۆڤ، ئەویش وەکوو بوونێک لە ژیاندا، لە ژانری چیرۆکدا ڕەنگی داوەتەوە. هەروەک مەنتک دەڵێت ”چیرۆک واتە ململانێ و جووڵە”. (مەنتک،٨٥ ؛٢٠١٨). واتە کارەکتەرەکانی نێو دەقی گێڕانەوەکە دا ململانێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە و ویستەی کە خۆیان دەیانەوێت، ململانێ وەکوو ڕووداوێک لەنێوان کارەکتەرەکاندا لە چیرۆکدا دەرناکەوێت، بەڵکو هۆکارێکی گرینگە، بگرە هونەرێکە بۆ بوونی نەخشەی چیرۆک (گەڵاڵەی چیرۆک) (١٤) چونکە ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە بەهێزتر و بە پێزتر دەکات، ئەویش بەهۆی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەی کارەکتەرەکان لەگەڵ یەکتری یان لەگەڵ خودی خۆیان.

گرینگبوونی ململانێ لە چیرۆکدا وای لێهاتووە بە تۆخمێکی گرینگ دابنرێت، بۆ نەخشەی دروستبوونی چیرۆک، هەر لەبارەی گرینگی ململانێ وە دەڵێت ”لە دەقێکی ئەدەبیدا، دەبێت جۆرێک لە ململانێ هەبێت، ئەگەرنا چیرۆک بوونی نابێت، بوونی دژواری و جیاوازی یەکێکە لە ڕێگەی هەرە خێڕاکانی دروستبوونی ململانێ لە چیرۆکدا”. (هەمان سەرچاوەی پێشوو).

لە ڕوانگەی پۆکەوە چیرۆک بێ بوونی ململانێ پەیدا نابێت و سەختی و جیاوازی ڕێگە بە ململانێ دەدات، چیرۆک بێتەکایەوە، هەرچەندە لەسەرەتای وتەکەیدا گشتاندن هەیە، چونکە دەڵێت دەقی ئەدەبی، بەڵام دواتر تایبەتی دەکاتەوە بۆ ژانری چیرۆک. لەسەرەتاوە زۆر جەختمان لەسەر فرە جۆری ململانێ کردۆتەوە لە ژیاندا، ئەگەر بوونی مرۆڤ لەسەر ململانێ وەستابێت، کەواتە فراوان بوونی مرۆڤ لە گەردووندا هۆکارێکی ترە، وایکردووە فرە جۆری لە ململانێ بێتەکایەوە و دوستببێت لەوانە ( ململانێی دەروونی، زارەکی، جەستەیی، کۆمەڵایەتی، سروشت، ئابووری، سیاسی، مەزهەبی…تد). فرە جۆرەی ململانێ کە پەیوەستە بە ڕووداوەکانی ژیانی مرۆڤەکان لە چیرۆکدا ڕەنگی داوەتەوە، بگرە وەکوو هونەرێک سەیری ململانێ دەکرێت لە نێوان کارەکتەرەکان، لەنێو کۆی جۆرەکانی ململانێدا، ململانێی دەروونی بە جوانترین هونەر دادەنرێت و جوانییەک بە دەق دەبەخشێت، چونکە ململانێی دەروونی پاڵنەرە بۆ سەرهەڵدانی جۆرەکانی تری ململانێ. حەمە مەنتک لە بارەی ململانێی دەروونی لە چیرۆکدا دەڵێت ”ئەم جۆرەی ململانێ ئێستاتیکترین جۆری ململانێیە”. (هەمان سەرچاوەی پێشوو). ململانێی دەروونی بە بناغەی جۆری ململانێکانی تر دادەنرێت و زیندووێتی بە دەق دەبەخشێت. بەتایبەتی ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە لەنێوان کارەکتەرەکاندا بەزیندوویی دەهێڵێتەوە. (حوسێن، مەولود، ٢٠١٨ :٣٦٠).

.بەشی دووەم

ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری لە کورتە چیرۆکی “ئیمپراتۆریای ژن”

چیرۆکی ئیمپراتۆریای ژن لە نووسینی (دڵشاد کاوانی) (١٥) یە. ئەم چیرۆکە پڕ لە ڕووداو و گێڕانەوەی ململانێی ژنسالاری و پیاوسالاریی، ژنان و پیاوانی دەسەڵاتخواز لە ململانێدان، بە ئاراستەیەکی نەرێنی پڕ لە گرێی دەروونی و لە ڕووداوە یەک لە دوای یەکەکنی ناو چیرۆکە کە دا، بە دوای هەستی توڵەسەندنەوەن. تا دەگاتە ئاستی شۆڕش و ڕاپەرینەکانی ژن، چەندین جۆری ململانێ لەنێوان ژنان و پیاوان لە ” ئیمپراتۆریای ژندا” ڕەنگی داوەتەوە کە بریتین لە :

– ململانێی دەروونی و کۆمەڵایەتی”ئیمپراتۆریای ژن”

ململانێی دەروونی لە یەکەم گێڕانەوەی چیرۆکخوانی گێڕەوە چیرۆکەکە دەست پێ دەکات، لەسەر زاری کارەکتەرێک لەبەردەم کارەکتەرێکی نەناسراو و بریندار، لە ڕێگەی جێناوی تۆ، ڕووداوی پڕ لە تراژیدی و ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری دەگێڕێتەوە و دەڵێت “دوای ئە و چەند ڕۆژەی بە پرچە ئالۆزکاو و سگی برسی و لاشەی نیوە خوێنیاوییەکەت، بڕیارتدا دواین نوێژی پاکبوونەوەی ئابرووچوونەکەت لەبەردەم یەکێک لە ماکەوە چیایە حەبیسەکان بکەیت، کە بە قورمەی ڕاوچییەک وەکوو خۆت نیوە گیان لەژێر دەوەنەکەدا لە خوێن سوورکرابوو”. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٠). لێرە وەک دەستپێک کارەکتەرە بریندارەکە ڕووبەڕووی ململانێی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆتەوە، بەوەی کە باوەڕی بە ڕزگاربوونی خۆی نییە و ململانێی بۆ مانەوەی خۆیی لە ژیاندا ناکات، ئەمەش یەکەم دەرگەی ململانێی مانەوەی فەلسەفەی داروینیزمییە، دواتر دەبێتە بنەمایەک بۆ دەروونشیکاری غەریزەی سیگمۆند فرۆیدەوە. چونکە غەریزەی مردن بەسەر غەریزەی ژیاندا لە ململانێدایە، بە بەڵگەی ئەوەی کە کارەکتەرەکە داوای یارمەتی ناکات ڕزگاری بکەن و یاخود خواردنی پێ بدەن، ئەمەش هێمایێکە لای چیرۆکنووس بۆ خۆبەدەستەوەدانی ڕەگەزی و بێ ئومێد بوونە لە ژیان.

بکووژی کارەکتەرەکە، پەروەردە و ژینگەکەی وای لێکردووە کەوا بە نائاگایانە، ئەو وێنایەی بۆ ڕەگەزی مێ کێشراوە هەر بەو شێوەیە ببینێت، بۆیە ململانێی بۆ ڕازیکردنی کۆمەڵ کردووە بە کوشتنی ژنێک، کە ئەمەش دەرئەنجامی ململانێی کۆمەڵایەتییە لای جیرۆکنووس، بۆیە بە پێوەری دەروونزانی ئەمە دەستپێکێکی زێڕینە بۆ چوونە ناو ڕووداوەکانی چیرۆکەکە.

– ململانێی گێڕەرەوە لە”ئیمپراتۆریای ژن”

گێڕەرەوەی چیرۆکەکە خۆی لە ململانێی بەدەستهێنانی ژنێکدا بووە بە ناوی (هەفرسە)، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە لە خەونی بەدەستهێنانی هەفرسە بێ ئۆمێد دەبێت، بەمەش دەکەوێتە ململانێی خۆ دواندن وەک لەسەر زاری کارەکتەرەکە خۆیایە “منی نەزان و کڵوڵ پاش لە دەستدانی تەواوی خەونەکانی هەفرسە، بڕیاری خۆمداوە هەموو شتێک دەربارەی زانیاری و ڕاپەرینە مەزنەکانی ژن و یاخیبوونەکان لەبەردەم دادگا زۆرە ملێکانی پیاودا هەڵڕژم”. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٠)، دوای شکستهێنان لە خەونی بەدەستهێنانی هەفرسە، ململانێکردن لەگەڵ خۆی، ڕووبەڕووی ململانێیەکی تر دەبێتەوە بەوەی کەوا هەوڵبدات نهێنییە مەزنەکانی ژنان ئاشکرا بکات، بوونی ستەمی پیاو لە ژن وای کردووە ژنان یاخی ببن، لەم کورتە چیرۆکەدا ململانێکان زۆرن، بەڵام کارەکتەرە گێڕەرەوەکە ڕەگەزی دیار نییە ئاخۆ مێیە یان نێرە، تاکوو بریاری ئەوەی لەسەر بدەین لە بارەی ئەوەی کەوا ژنسالارە یان پیاوسالارە.

– ململانێی ژنسالاری لە “ئیمپراتۆریای ژن”

ژنان لە کورتە چیرۆکەکەدا بەسەر خۆیان سالارن بەوەی کە بە ئاگان لەوەی چیتر شایەنی ئەوەنین بچەوسێنرێنەوە، بۆیە خۆیان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، گێڕەرەوەکە لە چیرۆکەکەدا بەم شێوەیە بۆمان دەگێڕێتەوە و دەڵێت “چۆن ئێمەمانان شایەنی ئەوەین، بمان چەوسێننەوە، بکڕدرێین و بفرۆشرێین و بمان سوون….تد، چونکە هیچێک لە مانای ڕۆژگار حەسرەتە ماندووەکانی سەردەمی کۆن تێنەدەگەیشتین، لەبەردەم وەرزە ڕەنگینەکانی سروشتدا تێ دەپەڕین و تەنیا ئاوڕدانەوەیەکی خێراشمان بۆ دواوە نەدەدایەوە، لە حەقیقەتە تفتەکەنی ژین حاڵی نەدەبووین”. ( کاوانی، ٢٠٢١: ٦٠). ژنان دەیانەوێت لە خۆیان تێبگەن بۆچی دەچەوسێندرێنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕەخنە لە خۆیان دەگرن بەوەی کەوا بۆچی ڕۆژێک سەیری دواوەمان نەکردووە، لە ڕابردووی خۆمان تێبگەین و لە بوونیەتی خۆمان تێبگەین، لێرەدا هۆکاری چەوساندنەوەی خۆیان بۆ ناهوشیاری خۆیاندەگەرێنەوە، ململانێکردن بۆ ناسینی خود ململانێیەکی ئەرێنییە لای نووسەر.

– ململانێکردن بۆ ڕازیکردنی ڕەگەزی نێر لە “ئیمپراتۆریای ژن”

ژنانی نێو چیرۆکەکە ڕەخنە لە ڕابردووی خۆیان دەگرن بەوەی کەوا تەنها ململانێیان بۆ ڕازی کردنی ڕەگەزی نێر کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش دەیان گوت “هەمیشە بۆ تێرکردنی غەریزەکانی پیاو دەچەماینەوە و بۆیە خۆمان شیرینتر و خۆشمێ تر دەکرد”. ( کاوانی، ٢٠٢١: ٦١). خۆ شیرینکردن و خۆ جوانکردن نەک تەنها ململانێکردنە بۆ ڕازیکردنی ڕەگەزی نێر، بەڵکو ململانێ لە نێوان ژنانیش دێنێتە بوون بەوەی کە کێ جوانترین و ناسکترینە. ئەمەش چەوساندنەوەیەک بوو بەرامبەر بە خۆیان، چونکە ناز و مەکر تەنها بۆ ژن هەڵبەسترابوو، کە هیچ بەدیلێکیتریان نەبوو و خالی لاوازی پیاوان بوو بەرامبەر بە ژنان، بۆیە بەشێوەیەکی نەرێنی و درۆ وێنای مەکری ژنانکراوە.

– ململانێ بەرامبەر هەڵبەستراوەکان لە “ئیمپراتۆریای ژن”

ژنانی نێو چیرۆکەکە، بەرامبەر ئەو هەڵبەستراوانە دەوەستانەوە کە بۆیان دروستکرابوو، کە دەبێت جوان و ناسک بن. بۆیە هەفرسە یەکێکە لە کارەکتەرەکانی نێو چیرۆکەکە دژی ئەو هەڵبەستراوانە وەستایەوە کە ژن دەبێت جوان و ناسک بێت، ڕقی لە هەموو جوانی ناسکییەک و ئالتوون دەبوویەوە، لە چیرۆکەکەدا وێنایەکی نەرێنی بەرامبەر بە ژن کێشراوە کەوا ژنان درۆ و ناز دەکەن، هەفرسە “هەموو نهێنییەکانی ژنی لە درۆزەبەڵاحەکانی نازە بێ حەشوەتەکانی پەردەپۆش دەکردن”. (کاوانی،٢٠٢١:٦١).

ئەم وێنا نەرێنییە لە درۆکانی ژن و نازەکانی تۆخ کراونەتەوە بەوەی کە ژن وەک بوونەوەر گەلێک درۆزنن.

هەفرسە دایە حەوای تۆمەتبار دەکرد بەوەی کەوا خیانەتی لە ژنان کردووە، دڵشاد کاوانی دەنووسیت “نەدەبووایە کچەکانی بە قابیل و هابیل بفرۆشێت” (١٧)، هەرتەنها ژنان حەوا تۆمەتبار ناکەن، بەڵکو پیاوانیش حەوا تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە هۆکار بووە، ئادەم لە بەهەشت دەربکرێت، بەڵام هۆکاری سەرەکی ململانێ و مانەوە یئیبلیس بوو، بووە هۆی ئەوەی کە ڕاڕایی و دوو دڵی بخاتە نێوان دەروونی ئادەم تا لە بەرووبوومی قەدەخە کراوەکە بخوات (١٨).

– دژیەک لە چەند ڕووداوێکی ململانێی “ئیمپراتۆریای ژن”

لەکاتی ململانێکاندا ڕووبەرووی چەند دژییەکێک دەبینەوە، لەوانە:

١- دژییەک لە دەروونی هەفرسەدایە، کەوا ڕقی لە هەموو جوانی و ناسکییەک و کەرستەی ژنان دەبوویەوە، ململانێی بۆ ئەوەی دەکرد کەوا نووسەر ئێژێت” ژنان جوان و ناسک نین، ژن بوونەوەرێکی تووڕە و یاخییە، بەڵام قەدەر وایە پێیان دەڵێن ژن، دروستبوونی پیاوی بە فێڵ و تەڵەکەبازەکانی شەیتانی دەزانی”. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٠)، بەڵام تاکە پیاو کە توانی پەیوەندی تووند و تۆڵ لەگەڵ هەفرسەدا بگرێت، پیاوێک کە لاساییکەرەوەی ژنان بوو، لە کەرەستە جوانکارییەکان، قژی درێژ…. تد، کە ئەمەش دژی ویستە خەفەکراوەکانی هەفرسەیە، کە گیانی پڕبوو لە ڕق لە جوانی ناسکی ژن، بەڵام پیاوێکی ناسراو بە ئەحەی سەرژنانە بتوانێت جێی خۆی لە دڵی بکاتەوە بۆ ڕاپەراندنی کارەکانی
.

٢- هەڵبژاردنی سەرۆکێک لە ڕەگەزی مێ، کوشتنی ژن لەلایەن کەسی نەناسراوەوە، بوونی دژییەکێیکی ترە لە نێو ململانێی چیرۆکەکەدا، کارەکتەرە گێڕەرەوەکە دەڵێت ” هەموو بەیانییەک کە لەخەو هەڵدەستام وێنەی کچە کوژراوەکانم دەبینی، کە لەلایەن دەستێکی ون هەڵدەواسران، یاخوود بەیاننامەی تازە و بەرنامەکاری نوێ لە نۆژەندا دادەڕێژرایەوە و لە خوارووشیدا نێوی سەرۆکی ڕەگەز و پێشەوای ئایندە دەنووسرایەوە، بەروارەکەشی بە کات و ڕۆژی لەدایکبوونی مێینەیەکی تر دەستپێ دەکردەوە”. (کاوانی، ٢٠٢١:٦٤). دژیەکەکە لێرەدا بەدی دەکرێت، لەلایەک ژنان دەکوژرێن لەلایەکی تر بانگەشەی لەناوچوونی دەسەڵاتی نێرینە دەکەن، کە دەسەڵاتێکی بۆگەن و ماوە بەسەرچووە، ململانێ کانیشیان بووە هۆی لەناوچوونی، دەسەڵاتی نێرینە.

٣- سەرکوتکردنی هەر پیاوێک کە باسی لە گوزەرانی ژنانی کردبا، بەڵام لەچی و چۆن و بۆ؟ هۆکارەکەی نادیار بوو، ژنانێکی یاخی بەرامبەر بە هەموو هەڵبەستراوەکان و خۆیان بە شۆڕشێکی مەزن و کومەڵایەتی دادەنا، پیاوانی سەرکووت دەکردن، کە ئەمەش پارادوکسە، لە ڕوانینی نووسەر و جیهانبینی خۆی دا.

– ململانێی پیاوسالاری لە ئیمپڕاتۆریای ژن.

لەم چیرۆکە داپیاوان دابەشبووینە سەر دوو بەرە، بەرەیەک ململانێیان بۆ حەز و ویستی خۆیان دەکرد، تاکوو لە ژنان نزیک ببنەوە، وەکوو دڵشاد کاوانی لە بارەی کارکتەری ئەحەی سەرژنانە، دەپەیڤێت ” لە وڵاتەکەیدا لاساییکەرەوەیەکی سەرسەختی ژنان بووە تا لە هەفرسە نزیک بێتەوە، بۆ کاری بازرگانیش دەچووە ناوچەی هەرێمەکانی تری خواروو، لەوێ تێکەڵ بە ژنی تر دەبوو، هەر جارە و پیاوانی وەکوو ئەحە بە فرتوفێلێکەوە ململانێیان بۆ ئەوە دەکرد تاکوو لە ژنان نزیکببنەوە”. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٣، ٦٤). لێرە دڵشاد کاوانی لە چیرۆکی ئیمپڕتۆڕیای ژن، ڕەگەزی نێر دەخاتە نێوان دوو قۆناغ و دوو چین.

یەکەمیان: ئەو ڕیکخراوەکان و شۆڕش و خەباتی ژنانە دەخاتە بەر ڕەخنە کە پێشەنگایەتی چالاکییەکانیان دەکەن یاخود هێزی پشتی ئەم جۆرە ڕێکخاوانەن.

بەرەی دووەم:. دیکەی پیاوان ئەو پیاوانە بوون کە ململانێیان بۆ پاراستنی نەریت دەکردوو، ژنیان لەسەر هەڵەیەکی بچووک دەکوشت، هەر ڕۆژە و وێنەی ژنێکی کوژراو دەبینرا، هەروەک کارەکتەرە گێڕەرەوەکە دەڵێت ” هەموو بەیانییەک کە لە خەو هەڵدەستام، وێنەیەکی تری یەکێک لە کچە کوژراوەکانم دەبینی، کە لەلایەن دەستێکی ون هەڵدەواسران”. ( کاوانی، ٢٠٢١: ٦٤)، ئەم بەرەی پیاوانە قۆناخێکی درێژتری مێژوویان هەیە، لە پیاوانی سەرتایی و ئێستا و بەردەوام ململانێیان بۆ مانەوەی نەریتی ژن کوشتن دەکرد.

– ململانێی جەنگ لە “ئیمپراتۆریای ژن”

لە چیرۆکەکەدا ململانێکان درێژەی هەیە و کۆتایی نایەن، چونکە تا ئیمپراتۆریاکە لەژێر زۆڵم و ستەمی پیاوسالاری ڕزگاری کرا، خۆی لە ژێر ستەمی ژناندا بینییەوە، بەمەش ململانێکان زیاتر درێژەی کێشا، کاوانی ئیژێت ”هەڵبژاردنی سەرۆکێک لە ڕەگەزی مێ، پیاوانی چاویلکە لە چاو، پۆشتە و ڕووت و ڕەجال، زانا و نەزان، ڕۆشنبیر و کولەوار، دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵاتی تەنگی پێ هەڵچنیبوون، هەراسانببوون“. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٣).

هۆکاری ئەوەی کەوا پیاوان لە ئیمپراتۆریای ژن هەراسان ببوون، پیاوان لە باڵادەستبوونی ژنان دەترسان، ترس لە تۆڵەسەندنەوە، ترس لە کوشتنی پیاو لەسەر شەڕەف، سنووردارکردنی چوونە دەرەوەیان، سنووردارکردنی کاتی کارکردنیان، هەتکردنیان، بەکارهێنانیان وەکوو ئامرازێک لە دەقە ئەدەبییەکاندا بۆ لێدان لە پێگەیان،…تد، ئەم ترسەی پیاوسالاری ڕاستییەکانی ڕاکێشا، ململانێی ژن بۆ تۆڵەسەندنەوە بوو، بەمەش دەنووسێت “هەموو شەوێک لە بیابانەکاندا تەرمی پیاوێکی بێ ناسنامە دەدۆزرایەوە. کوشتنی پیاوان لە بازارەکان و شوێنە گشتییەکاندا ببووە شتێکی ئاسایی هەریەکەیان بەبیانوویەک دەکوژران، زۆربەیان بەتۆمەتی بێشەڕەفی دەکوژران “. ( کاوانی،٢٠٢١: ٦٣)، کوشتنی پیاوان لەسەر شەڕەف هەمان سیناریۆی دەسەڵاتی پیاوسالاری لە دەسەڵاتی ژنسالاریدا دووبارەکرایەوە، بەمەش جیرۆکنووس هەم ستەمکار و ستەملێکراو پێچەوانە دەکاتەوە، بازنەی خراپەکاری دەخاتە هەستۆی مرۆڤ نەوەک ڕەگەز، هەمیش بۆ درکردنی پیاوە بە ستەمکارییە مێژوویەکەیان کە بەرامبەر ژن کردوویەتی، وەک کودەتایەکی هەڵگەڕاوە نیشان دەدات، بەمەش ململانێکان بە شێوەیەکی نەرێنی بەردەوامبوون.

– ئیمپراتۆریای ژنسالاری.

وێنەی دەسەڵاتی ژن لە کورتە چیرۆکی ئیمپراتۆریای ژن، وێنەیەکی نەرێنییە، چونکە دەسەڵاتێکە پڕە لە ستەم و کۆت و بەندکردنی نێرینە، ئەم کۆت و بەندکردنەی نێرینەی بە هاوکاری نێرینە خۆیان بووە، بەتایبەتی ڕۆڵی ئەحەی سەرژنانە لە چیرۆکەکدا دیارە کە یارمەتی دەری سەرەکی هەفرسەیە.

پیاوان و گەنجە نێرینەکان لە ئێواران نەیان دەتوانی لەبەر هێڕشی کچەکان بێنە دەرەوە، هەر ڕۆژە و پیاوێک لە ئیمپراتۆریای ژن لەسەر بێشەڕەفی سەردەبڕدران، هەر ڕۆژە و پیاوێک دەستدرێژی دەکرایە سەر، ئەمەش پێچەوانەی شۆڕشی ژنان بوو، بەمەش “شۆڕش دروست نابێت، ئەگەرچەوساندنەوە هەر بەردەوام بێت”. (میسری، ٢٠٢٠: ١٢)، بە واتایەکی تر ئەگەر شۆڕشێک نەیتوانی دەسەڵاتی ستەم بگۆڕێت، ئەوا شۆڕش نییە، بەڵکو تەنها فۆڕم گۆڕدراوە، لە ژێر ستەمی پیاوان ژنان ستەمیان لێدەکرا، بۆیە ململانێکان، زۆر بە جوانی بە سێ شێواز لە جیرۆکەکە دەرکەوتن بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی پیاو:

١- بەشێوەی خۆپیشاندان.

هەفرسە پاڵەوانی جیرۆکەکە خۆی سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکانی دەکرد، دڵشاد کاوانی لە چیڕۆکەکەدا دەنووسێت “بە کۆمەڵ کچە تازەپێگەیشتووەکان و قەیرەترشاوەکانی لە دەوری خۆی کۆ دەکردەوە”. (کاوانی (٦٣ :٢٠٢١. ئەمەش باوەڕبوونە بە توانای ژن بۆ سەرکردایەتی شۆڕشی ژنان، کە خاڵێکی ئەرێنی و فراوانی بیرکردنەوەی نووسەر تێگیشتنیەتی لەدەرەوەی ڕەگەزی خۆی کە نێرە، لەکاتێک دا زۆرەبەی شۆڕشەکانی لە ژێر چەپۆکی پیاوان بوون و یان شۆڕشی ڕاستەوخۆی پیاوان ناسراوون.

٢- بەشێوەی نهێنی.

ململانێی شەڕ و پێکدادان بەشێوەی نهێنی لەکاتی چوونی ( ئەحەی سەرژنانە)، بۆ کاری بازرگانی لە هەرێمەکانی خواروو، کە بۆ پیلانگێران چبوو (کاوانی، ٢٠٢١: ٦٣)، یارمەتیدانی ئەحە بووە هۆی سەرکەوتنی پیلانەکانی ژنەیاخیبووەکان، لێرەش هەم دیسان نیشاندانی واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تواناداری نێر نیشان دەدات، کە هەر خۆیان ستەمکار و فریادڕەسی ژنن.

ململانێی لەناوبردنی نێرینە.

ململانێی ژنسالاری بۆ لە نەوابردنی نێرینە دەستی پێ کرد، ” ئەور ۆژەی هەراو هۆریا درێژە کێشا، ئێوارەی پایزێکی کوشتنی نێرینەکان بوو، هەرێمێک لە یەکەم ڕۆژی ئیمپراتۆریای مێینەوە دەستی پێ کرد، خاڵی لە پیاو، لە مێژوو ڕەشەکانی شارستانییەتی زۆرەملێی خۆبەزڵزانەکانی گۆڕدرا، لە یاساوڵ، سەرباز، سەرۆک، مامۆستا و قوتابی، سەراپای پایتەخت و شار و لادێکان، کوچە و کۆڵان و قەیسەری و بازار و دەرو دراوسێ، کۆگا و کارگەکان، مزگەوت، و کلێسا و نوێژخانەکان، لەسەر مینبەر دەگوترایەوە. شاعیر و ڕۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەندان لە شانۆکان و مانشێتی ڕۆژنامەکان،….. تد، مێژوونووسەکان لەسەر تاشە بەردی چاخێکی نوێ و تازەگەری هەڵیاندەکەند،… “. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٦). نووسەر لە ڕێگەی ئەم چیڕۆکە دەمانباتەوە بۆ مێژووی سەرەتایی مرۆڤایەتی، پێش شارستانییەتی مێژوو و سەدەی نیۆلۆتیک و سەدەی کشتووکاڵی، خواوەندەکانی دایک و سەردەمی شارستانییەتی سومەر و بابل، وەک خواوەندەکانی ژن وەکوو نین هۆسارک، تیامات، ئینینا، کە لەو سەردەمە دا، ژن سەردەستە بووە و پیاو ژێردەستە، ئەمەش بە ڕووێکی دیکە لە بیری نووسەر دا خاڵی گەڕانەوەیە بۆ جێندەر.

ئەنجام

لە کۆتایی توێژینەوەکەم دا دوای ڕوونکردنەوەی هەریەک لە چەمکەکانی (ژنسالاری، پیاوسالاری، ململانێ، جێندەر) و دەستنیشانکردنی لایەنی مێژووی کۆمەڵگەی ژنسالاریمو ململانێ، هەروەها جۆرەکانی ملمــلانێ و پاڵنەرەکانی، لە شیکردنەوەوەی ” ئیمپراتۆریای ژن “ی دڵشاد کاوانی بەو ئەنجامە گەیشتم؛

ژنانی نێو کورتە چیرۆکی ئیمۆراتۆریای ژن، خۆیان ڕەخنەدەکرد بەوەی کە ناهۆشیار و بێ ئاگان لە ڕابردووی خۆیان، بۆیە ململانێیان دەکرد کە چیتر نەچەوسێندرێنەوە.

ململانێ ژنسالارەکان پڕبوو لە گرێی دەروونی و هەستی تۆڵەسەندنەوە.
بوونی دژیەکێکی زۆر لە نێوان ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری، لە هاتنە سەر تەخت و هەڵبژاردن و ئیمپراتۆریا، گرێی دەروونی، شۆڕش و یاخیبوون….تد.

پیاوان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە چەوساندنەوەی ڕەگەزی خۆیان لەسەردەمی دەسەڵاتی ژندا، هەروەک چۆن ناهۆشیاری ژن ڕۆڵی بینی لە چەوساندنەوەی ژن لە دەسەڵاتی نێرسالاریدا لە ئیمپراتۆریای ژندا.
ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری لە ململانێی خۆپیشاندانەکانەوە باڵی بۆ ململانێی جەنگی کێشا.

وێنەیەکی نەرێنی بۆ دەسەڵاتی ژن کێشراوە لە ئیپراتۆریای ژن، کە تەنها ئەم درندەییە لە ژێر دەسەڵاتی پیاواندا بوونی هەبووە.
دواجار ژن و پیاو مرۆڤن، دەکرێتلە هەر سەردەمێکیان، یەکێکیان ببێت بە ستەمکار، لە ئیمپراتۆریای ژندا دەردەکەوێت، کەوا ئەگەر ژنیش بۆی بکرێت، ڕەگەزی نێر دەچەوسێندرێتەوە بەڵام لە ئاست دەسەڵات و سیاسەت هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی نییە، جگە لە گۆتەی گشتی نەبێت.
دەکرێت ڕەوتی مێژوویی لە بەرژەوەندی ژنان گۆڕانکاری بەسەر دابێت.
ترسی لەقبوونی پێگەی پیاوە لە هانتنی شەپۆڵی فێمێنستی.
– چیرۆکنووس خۆی لە ڕەگەزی نێرە، بەڵام توانیویەتی لە نووسینەکەی دا، باشە و خراپە بۆ هەردوو ڕەگەز بەیەکسانی ببینێت.

پەڕاویزەکان

١- لایەنی بایۆلۆژی مرۆڤ هۆکارنییە بۆ بەهێزی و لاوازی مرۆڤ، فرۆید ژن بەلاوازدەبینێت بە هۆی نەبوونی چوکەوە، کە لە نێرینەدا هەیە، لە مێینەدا نییە، بەڵکو لایەنی کۆمەڵایتییە کە بڕیاری لاوازی و بەهێزی لەسەر ڕەگەزەکان داوە.

٢-فێمینیزم یەکەمین بزوتنەوە بوو بەشێوەی ڕێکخراوەیی ململانێی بۆ یەکسانی ژن دەکرد.

٣- مەرگەیی، عمر مەرگەیی (،١٣-٨-٢٠٢١)، ململانێی یان دیوە شاراوەکەی واقع، خەندان https://www.xendan.org
،

٤- ڕزگار، محەمەد ڕزگار (١٦- ٢- ٢٠٢١)، ململانێی خێزانی،
زانیاریhttps://www.zaniary.com/blog

٥- ئەحمەد، ڕێزدار ئەحمەد(،١٦-٢-٢٠٢١(، ململانێی دەروونی و
جۆرەکانیhttps://zaniary.com/blog%

٦- عوسمان، دیدار عوسمان (١٨-٣-٢٠٢١)، ئادەم (عەلیە سەلام)، مێژووی کوردhttp://www.historyofkurd.com/

٧- شەپۆڵی دووەمی فێمینزم، لە ئەمریکا لەسالی ١٩٦٥، لە ڕۆژئاوا لە ١٠٦٦ دەستی پێ کرد، ئەم شەپۆڵە پەرەسەندنی زیاتری بەخۆوە بینی لەچاو شەپۆڵی یەکەم.

٨- ئەقڵی نائاگای مرۆڤ بەشێکی سەرەکی مێشکی مرۆڤە، کە بەرپرسە لە بەرێوەبردنی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، یارمەتی دەری ئەقڵی ئاگایە بۆ بیرکردنەوە، ئەقڵی نائاگای مرۆڤ ٪ ٩٥ ژیانی مرۆڤەکان بەرێوە دەبات، یەکەمین پرۆگرامکردنی ئەقڵی مرۆڤ لە تەمەنی منداڵییەوە دەست پێ دەکات، دواتر دەبێتە خۆیەک، بۆیە کاتێک ڕەگەزی نێر پێیان گوت تۆ ئازای بیرۆباوەڕی ئازایەتی لە نائاگای دەچەسپیت، بەڵام کە بە کچ دەڵین تۆ لاوازیت و دەبێت شەرمن بیت، ئەوا بیرۆ باوەڕی شەرمنی و لاوازی لە مێشکی دا دەچەسپێت. https://www.nogomi.ru/songF

٨- ململانێی دەروونی لە ڕووی سایکولوژییەوە چەند جۆرێک بوون، لەوانە ململانێی چوونەپێش کە ئەم جۆرەیان دەروونی مرۆڤ لەنێوان بژاردەی دوو هێزی باش دایە، کە ڕێگرە لەبەردەم هەڵبژاردنی شتەکە، کەچی ململانێی پاشەکشە ململانێیەکە لەنیوان دوو پاڵنەری خراب، کە مرۆڤ لەنێویاندا نازانێت کامییان هەڵبژێریت، چونکە هەردووکی زیانی بۆی هەیە.
http://kurdipost1.blogspot.com/g

١- https://darwnshikary.wordpress.com

١١- بە پێویستم زانی ڕوونکردنەوەی لەسەر پەندی ” کچا شەرمن شارەکی تینیت”، ئەو پەندە لە زمانی ڕۆژانەی خەڵک بە تایبەتی دەڤەری بادینان بەکاردەهێنرێت، لە هیچ کەسێکی بەتەمەنم پرسیار نەکردووە و بە پێویستیشم نەزانیوەی قسەی گشتی بە مۆلکی کەسێکدابنێم، چونکە ئەگەر لە کەسێکی بە تەمەنیش بپرسم ئەوا قسەی ئەویش نییە، چونکە ئەویش لە کەسێکی تر گوێی لێبووە، بۆیە پەندەکان مۆلکی گشتین، هەموو کەسێک دەتوانێت لە باسەکانیان بەکار بێنن.

١٢- شەرمنی حالەتێکی دەروونیە، وا لە مرۆڤ دەکات موتمانەی بە خۆی لاواز بێت، زۆرجای شەرمنی ڕێزگرتن تێکەڵ بەیەک دەکرێن، بەڵام ڕێزگرتن جیاوازە، کەسایەتی مرۆڤ بەهێز دەکات، بەڵام شەرمنی کەسایەتی مرۆڤ لاواز دەکات. نەجم، خەیال نەجم(،٢٩-٧-٢٠١٨)، ئایا شەرمنی چییە؟ https://www.sharazurnews.net

١٣- قسەیەکی گشتییە، لە هیچ سەرچاوەیەکم وەر نەگرووتەوە، بەڵکو ڕووداو بارودۆدەخەکانی نێو کۆمەڵگە و ژیانی ئێمە شاهید و سەرچاوەی ئەوەن کەوا ژنان پیاوان یەکتری تۆمەتبار دەکەن لە شکستەکانییان، کە ئەمەش سروشتی مرۆڤە و لەنێو یەک ڕەگەزیشدا بوونی هەیە، بۆ نموونە بە درێژایی مێژوو دوو لایەن هەبوون، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکە ئایینیەکەی کە یەکێکیان دایە حەوای تۆمەتبار دەکرد بەوەی کە ئادەمی هەلخەڵاتندووە، لایەنێکی تر باوکە ئادەمی تۆمەتبار دەکرد بەوەی کەوا لاواز بووە خۆی لەبەر حەوا نەگرتووە، ئەمە لەک اتێکدا خوا خۆی ویستی لەسەر بووە جێنیشینێک لەسەر زەوی دابنێت، ئەگەر ئەم ڕووداوەش ڕووی نەدەبوایە ئەی چون مرۆڤ دەبووە جێنیشن؟

قسە( زمان) مۆلکی گشتیە لەرێگەیەوە گوزارشت لە پرسەکان دەکرێن بۆیە مۆلکی گشتی دەکرێت لە دەیان سەرچاوەی تر بەکارهێنرابێت یان هاو هزری هەبووبێتن.

١٥ – گەڵالەی چیرۆک (پلۆت) بریتیە لەنەخشەی چیرۆک، ململانێی ئەو نەخشەیە دروست دەکات.

مەنتک، حەمە مەنتک (٢٠١٨) هونەرەکانی چیرۆک نووسین، چاپی یەکەم، چاپخانەی مێخەک.

https://kurdipedia.org/default.aspx?q=20210324200304393131&lng=11

http://www.muslimguide.se/Stories_of_Prophets/Adam3.ht ml
http://www.historyofkurd.com%

سەرچاوەی کتێبەکان:

ئەحمەد، کەمال مەزهەر (٢٠٠٨)، چاپی یەکەم و دووەم، بەغدا.
ئۆجەلان، عەبدوڵا (٢٠١٢)، ژنۆلۆژی، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی.
ئێگلتون، تێری (٢٠١٥)، بۆچی مارکس لەسەر حەق بوو، پێشرەو محەمەد، دەزگای ئایدیا، چاپخانەی دلێر.

ئەنوەر، پەیڕەو (٢٠٢١)، سەرەتایک بۆ جێندەرناسی، چاپی یەکەم، چاپخانەی هەولێر.

ئارێنت، هانا (،٢٠٢١)، شۆرش و ئازادی، بەکر علی، چاپی یەکەم، کورد ڕاوم.
– ئیمامی، نەسرۆلا ئیمامی (٢٠١٨) بنەما و میتۆدەکانی ڕەخنەی ئەدەنی، سەنگەر نازم و هیمداد حوسێن، چاپی یەکەم، هەولێر.

-ئەحمەد، شوان (٢٠٠٧)، چەمکی ململانێ، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی.

– د.ئیمام، عەبدوڵفەتاح (٢٠١٣)، ئەرستۆ و ژن، سەرکەوت جەلیل، چاپی یەکەم، چاپخانەی مۆکریانی، هەولێر.

– بیجۆم، د.حەسنە (٢٠٠٧)، ژن لە جیهانی سێدا، چروو سابیر، چاپخانەی ئازادی، سلێمانی.

جەمال، سۆزان (٢٠٠٩)، چاپی یەکەم، چاپخانی خانی، دهۆک.
– حیجازی، مۆستەفا (٢٠١٦)، دەروازەیەک بۆ سایکۆلۆژیای مرۆڤ، سەعدی کاکە وەیسی، چاپخانەی ڕۆژهەلات، هەولێر.

-حوسێن، هیمداد (٢٠١٠)، دەروازەیەک بۆ ڕەخنەی ئەدەبی نویی کوردی، چاپی دووەم، چاپخانەی باز، هەولێر.

حوسێن، حەمە سەعید (٢٠١٣)، مێ لە سایەی ستەمدا، چاپی یەکەم، چاپخانەی موکریانی، هەولێر.

حوسین، سەنگەر نازم، مەولۆد، ڕێزان ساڵح (،٢٠١٨)، چاپی یەکەم، چاپخانەی هەولێر.

عزیز، عیزەدین ئەحمەد ( ٢٠١٤)، بنەماکانی دەروونزانی گشتی، چاپی پێنجەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر.

قەرەچەتانی، د. کەریم شەریف (٢٠٠٦)، سایکۆلۆجیای گشتی، چاپی یەکەم، چاپخانی زانکۆی سەلاحەددین، هەولێر.

قادر، سەرۆ قادر(٢٠٠٩)، ئافرەت، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر.
کاوانی، دڵشاد کاوانی (٢٠٢١)، نۆبەرەی مەرگم دێت، چاپی یەکەم، ماڵی کتێب.
میل،جۆن ستیوارد میل ( ٢٠١١)، کۆیلەکردنی ژنان، ڕەسۆل سۆڵتانی، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەلات، هەولێر.

مەنتک، حەمە مەنتک (٢٠١٨)، هونەرەکانی کورتە چیرۆک، چاپی یەکەم، چاپخانەی مێخەک.

مەستوور، موستەفا مەستوور (٢٠١٤)، بنەماکانی کورتە چیرۆک، مەسعوود خۆرشید سابیر، چاپخانەی ڕۆژهەلات، هەولێر.

هیۆد، ئاندرۆ هیۆد (٢٠٠٧)، چاپی یەکەم، دەزگای ئاراس، هەولێر.

سەرچاوە فەرهەنگییەکان:

خاڵ، شێخ محەمەدی خاڵ (٢٠٠٥)، فەرهەنگی خال، چاپی دووم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر.

ئەسوەد، نەوزاد ئەحمەد ( ٢٠١١)، چاپخانەی بینایی، سلێمانی.
لێکۆڵینەوەکان:

ئەنگلس، کلارا زتکین، ئەلێکساندەر کۆلنتای، ئێڤێلێن ڕێد (،٢٠٠٨)، ژنان لە کۆمەڵگەدا، مەجید مارابی، چاپی یەکەم، چاپەمەنی گەنج، سلێمانی.
عەبدۆڵا، عەباس سالح (٢٠٠٧)، فێمینیزم لە شیعری کوردیدا.
کرمانجی خواروو، چاپی یەکەم، چاپخانەی بینایی، سلێمانی.
ماڵپەڕەکان:

– ئەحمەد، ڕێزدار ئەحمەد (،١٦-٢-٢٠٢١(، ململانێی دەروونی و جۆرەکانیhttps://zaniary.com/blog4

ڕزگار، محەمەد ڕزگار(١٦- ٢- ٢٠٢١(، ململانێی خێزانی، زانیاری https://www.zaniary.com/blog
عوسمان، دیدار عوسمان (١٨-٣-)، ئادەم (عەلیە سەلام)، مێژووی http://www.historyofkurd.com7
عەبدۆڵا، ئەردەلان (٢٠٠٩)، مەسەلەی ژنکوشتن و شەڕەف.
تێبینی:. سەرچاوەی ئافرەت لە مێژوودا لە نووسینی کەمال مەزهەر، بە شێوەی ئینتەرنێت، لە ٢٠٠٨، بڵاوکراوەتەوە، دوو چاپی هەیە، چاپی یەکەم لە ساڵی ١٩٨١، لە بەغدا چاپکراوە، بەڵام، چاپی دووەم،١٩٩٦ ئاماژە بە شوێنی چاپ نەکراوە. لە نووسینی لە لیستی سەرچاوە وەکوو کتێبی ئینتەر نیت ٢٠٠٨ مامەلەی لەگەڵ کردوو و، چونکە من بەشێوەی ئینتەرنیت سوودم لێبینی و نووسینی سێ ساڵ کێشەی لە ڕێکخستنی لیستی سەرچاوە بۆی درۆست دەکردم.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish