
ڕاگەیاندنی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
Closed
ئێمە وەک کۆمەڵێک لە پزیشک و کارمەندی تەندروستی و تەندروستکار وچالاکەوان لەسەر گوێ نەدانی حکومەتی هەرێم بە دۆخی مەترسی تەندروستی لە کوردستان و تاڵانکردنی کەرتی حکومی تەندروستی لەلایەن کۆمپانیا حزبی و سەرمایەدارەکانەوە ئەم تۆڕەمان پێک هێناوە. لەبەرئەوەی پێمان وایە کە تەنیا ڕێگاچارەی بۆ فریاکەوتنی تەندروستی گشتی هاوڵاتیانی کوردستان یەکگرتوبوونی کارمەندانی تەندروستی خۆیانن بە پشتیوانی خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی کوردستان.
ئێمە کارنامەی خۆمان بەم شێوەیە ڕادەگەیەنین؛
- تەندروستی گشتی مافی هەموو هاوڵاتیانە کە بە خۆڕایی و لە بودجەی گشتی کوردستان دەبێ دابین بکرێ.
- دژی فرۆشتن و بە تاڵانکردنی کەرتی تەندروستی حکومی دەبینەوە بە کۆمپانیا حزبی و سەرمایەدارەکان و خوازیاری مانەوەیان و دابینکردنی پێداویستی موچەی کارمەندان و خۆبەخشەکان وکەرەستەی پزیشکی نەخۆشخانە گشتیەکانین..چیترڕێگا نەدرێت کەرتی تایبەت لەسەر حسابی کەرتی گشتی بازرگانی بە تەندروستیمان بکات.
- داواکارین بودجەی کەرتی تەندروستی لە ئێستادا ١٥٪ دا کەمتر نەبێت، بە تایبەت لەم کاتی پەتای کۆرۆنا ڤایرۆسەدا(کۆڤی١٩)، تاکو پێویستیەکانی پاراستنی تەندروستی و موچەی تەواوی کارمەندان دابین بکرێ.
- پێویستە ئیدارەی نوێ بۆ ئەم نەخۆشخانە گشتیانە دابنرێ کە بریتی بێت لە بۆردی کارمەندانی تەندروستی و هەموو پۆستەکانی بەڕیوەبەر و بەڕیوەبەری گشتی و وەزارەتی تەندروستی بە هەڵبژاردن بێت.
- ئێمە بانگەوازی هەموو پزیشک و کارمەندی تەندروستی دەکەین کە ئەم بۆردانە پێک بێنن لە ناوەندەکانیاندا تا پێکەوە گفتوگۆ و ڕاوێژ و کاری هاوبەش ئەنجام بدەین. هەموو بۆردەکان لە تۆڕێکی سەرتاسەری کوردستاندا یەکگرتوو بن و سوود لە تۆڕە کۆمەڵایتیەکان وەرگرن بۆ ئەم مەبەستە.
- مانگرتن مافی هەموو تەندروستکارانە دژی نەبونی موچە و لە پێناو مافەکانیاندا و هەوڵ بدرێ لەناو ناوەندەکانی تەندروستی خۆی بکرێت و داوا لە هاوڵاووتیان بکرێت لەو کاتانە دا پشیوان و پشتگیری ئەم جۆرە ناڕەزایانەبن.
- لە ناوەندەکانی تەندروستیدا دەست دەبەین بۆ کاری هەرەوەزی و پشتیوانی کردنی کارمەندانی تەندروستی لەیەکتر، بۆنمونە سندوقی هەرەوەزی یا دابینکردنی پشکنینی بە خۆڕایی و هەر شێوازێکی تری گونجاو بۆ کۆمەکی تەندروستی گشتی هاوڵاتیان.
- بانگەوازی خەڵکی کوردستان دەکەین بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مەترسی دۆخی تەندروستی و سیاسەتی تاڵانکردنی کەرتی گشتی فشار بخەنە سەر حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی تەندروستی خەڵک. هاوکات بانگەوازی نێوندە نێو دەوڵەتیەکان و ڕیکخراوی جیهانی تەندروستی دەکەین بۆ هاوکاریکردنمان و فشار خستنە سەر حکومەتی هەرێم بۆ وەڵامدانەوەی دەست بەجێ بەم خواستانەمان.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی ١٥ ئابی ٢٠٢٠