Skip to Content

پاڵ مەنێن خۆم دەڕۆم، بەرەو تۆڕی سەرمایەداری جیهانی!.. عبدالرحمن محمد (مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)

پاڵ مەنێن خۆم دەڕۆم، بەرەو تۆڕی سەرمایەداری جیهانی!.. عبدالرحمن محمد (مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)

Closed
by شوبات 11, 2021 General

کاتێک، کێشمەکێش و بەربەرەکانیەکان ڕوو لە هەڵکێشان دەبن، کاتێک ناتوانین پێناسەی شوێنی خۆمان لە کۆمەڵگادا بکەین، کاتێک کەسمان لە کەسمان تێناگەین، هەریەکەمان، تۆپەکە فڕێ دەدەینە مەیدانی ئەوی ترەووە و تاوانباری دەکەین، دەیان دابەشبوون و هێڵ و گرایش و گروپمان لێ دروست دەبێت!، لە کاتێکدا، هەموومان هەمان دەرد و نەخۆشی و کێشەمان هەیە، هەمان ئامانج و هیوامان هەیە، با بزانین ئەو داوی جاڵجاڵۆکەیە کە بۆمان چنراووە و خەریکن زیاتر داووەکانی بە هێز دەکەن لە لایەن خاوەن بانق و سندوقی سندوقی دراویی جیهانی و سەرمایەدارە ناوخۆیەکان، چونکە پێووەی بووینە، بەڵام جار جارێک، خەریکە خۆمانی لێ ڕزگار دەکەین و هەر لە هەوڵداین، نموونەش ئەو ڕێپێوان و مانگرتنانەیی کە سەرتاپایی عێراقی گرتۆتەووە بە کوردستانیشەووە. زۆر جار لە سەر جادەین، دەزانین شتێک، کارێک، ئێمەی هێناووەتە سەر شەقامەکان، بەڵام زۆر شارەزایی سەرچاوەی کێشەکە نین و نازانین کێیە و چۆنە و دەبێت چی بکرێت؟
نامەوێت زۆر پێشەکی دوور و درێژ دانێم، چونکە مرۆڤی ئەم سەردەمە، حەزی لە کورت و پوختە! بۆیە پێویستیشە لە هەمان کاتدا، بزانین چی دەگوزەرێت لە دەوروو بەرمان، کەمێک بە داتا و ژمارە ، چونکە ئەو کاتە بەرچاو ڕۆشنییەکی زیاترمان پێ دەبەخشێت و پرۆژە و کارەکانی داهاتوومان بە بەرنامەتر دەبێت، هیوادارم هاوڕێ و ئازیزانم کەڵکی لێ وەربگرن
تا ئێستاش، لە عێراقدا کۆمەڵێک یاسا و پشتگیری لە چەشنی پسوولەی خۆراک و دیاریکردنی نرخی شتومەک لە بازاڕدا بووونی هەیە، کە ئەمەش تا ڕادەیەک شیرازەی کۆمەڵگای ڕاگرتووە، بە تایبەتی چین و تووێژە دەست کوورت و هەژارەکانی خوارەووەی کۆمەڵگا، کە لایەنی کەمی فرسەتی مانەووەیانی بە زیندوێتی لە ژیاندا پاراستووە، سەرباری بەدخۆراکی و کۆمەڵێک نەخۆشی بە هۆی جێگەی نیشتەجێبوونی نەگونجاوەووە، بۆیە ئەم پشتگیری و یارمەتییانە، بۆ تایکۆنەکانی یا ملیاردێر و خاوەن بانقەکان نامۆیە بە ناوچەکە و دەبێت، ئەوانیش بێنە ژێر بار و یاسای نیولیبریالیزمی یا بازاڕی ئازادی ئابووری جیهانەووە.
بە پێی ئامارەکان کە لایەن کۆمەڵیک ئابووریناسی عێراقیەووە ئامادەکراون، پێمان دەڵین، چی دەگوزەرێت! قەرزەکانی سەر عێراق تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ ،١٠٠ سەد تریلیۆن دینار بووە(١ یەک تریلیۆن=ملیۆن*ملیۆن)، ئەم قەرزانەش ٦٦ شەستو شەش تریلیۆن قەرزی ناوخۆ و ٣٤ سی و چوار تریلیۆن قەرزی دەرەکی بووە، وە هەروەها پێشبینی دەکرێت کە ئەم قەرزانە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ بگاتە ١٤٠ سەد و چل تریلیۆن دینار، کە ئەمە بە شێوەیەکی تر ئەم قەرزانە دەکاتە، ٪٦٥ کۆی بەرهەمهێنانی ناوخۆ!( مانای ئەوەیە، کە ٪٦٥ داهاتەکەت دەچێت بۆ ئەو قەرزانە، تۆ ٪٣٥ لەم داهەتەی ناوخۆت بۆ مایەووە) کە ئەم ڕێژەیە زۆر مەترسیدارە لە ئابووریدا، بۆیە سەدان کێشە بە دوایی خۆیدا دێنێت.
ئەو ڕێژەی سەرەووە، کە ٪٦٥ بوو، مانای ئەوەیە کە لە بووجەی گشتی یا نیشتمانی، ئابووری عێراق کورتی هێناوە و دەبێت پڕ بکرێتەوە بە قەرز، کەواتە کەوتیووینەتە نێوو ئۆقیانووسێک لە قەرز، وەک لە سەرەووە باسمان کرد قەرزەکان ، ناوخۆیی و دەرەکی هەیە، لە کاتێکدا، ٥ پێنج تریلیۆن دیناری قەرزی سندوقی دراوی جیهانیە.
لە سەروووی ئەمانەشەووە نەوەستاووە، وەزارەتی دارایی عێراقی، لە پەیوەندیدان لە گەڵ سندوقی دراووی نێودەوڵەتی بۆ قەرزێکی خێرای ٦ شەش ملیار دۆلاری(قەرزی خێرا، ئەو نرخەی یا ئەو سووەیی کە لە سەری دەدرێت لە قەرزی درێژخایەن زیاترە!)، بە پێی یاسا، وەزارەتی دارایی ڕێگەپێدراو نیە لە قەرزکردن، دەبێت لە پێویستیەکانی بووجەی نیشتمانیدا داوابکرێت، بۆیە دەبێت لە پەرلەمانی عێراقی پەسەند بکرێت.
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەووە؛ هۆکارەکانی پشت پلانەکانی وەزارەتی دارایی بۆ دەست بردن بۆ قەرز کردن؟ زۆر جار بە کارێکی بە ئەنقەست دەردەکەوێت لە پێناو ئەوەی عێراق پەلکێشکا یا بە زۆر پەیوەستی بکات بە سندوقی دراویی جیهانیەووە، بۆ ئازادکردنی بازاڕ و بە تایبەتی کردنی ئەو پرۆژانەی کە تا ئێستاس گشتین و لە ژێر دەستی دەوڵەتدایە، ئەمەش ڕێگا خۆش دەکات بۆ کۆمپانیا جیهانیەکان کە سەرمایەکانیان لە عێراقدا وەگەڕ بخەن و شتێک نەمێنێت بە ناوی پسولەی خۆراک و دیاری کردنی نرخ، ئەمەش بە مانایەکی تر دەکاتە، بەستنەوەی عێراق بە تۆڕی سەرمایەداری جیهانیەووە
ڕوون و ئاشکرایە، کە ئەم قەرزانە، لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتیەوە، بانقە ئەوروپیەکان، بانقی نێودەوڵەتییەووە، کۆمەڵێک سەرمایەداری ناوخۆووە وەرگیراوون، ئەم خاوەن قەرزانە، گروپ و کۆمەڵەی زۆر بە هێزن، بگرە خاوەن چەکی قورس و فڕۆکەن تا دەگاتە چەکی ئەتۆم، بۆیە، دەبێت لە کاتی خۆیدا و بڕیی داواکراوی پێ بدرێتەووە، بۆیە پەیوەندی نێوان ئەم دەزگا داراییە زەبەلاحانە و دەسەڵاتە ئەقلیمی و ناوچەیەکان هاوسەنگ نین، بەڵکوو زۆر جار ئەم دەسەڵاتانە لەم ناوەندە دارایی و ئابووریە نێودەوڵەتیانەووە ئاڕاستە دەکرێن و ڕەوتی کار و چالاکیەکانیان و بگرە ئایدۆلۆجی دەسەڵاتەکانیشیان دیاری دەکرێن.
دڕک وچڕنوووکی ئەم دەزگایانە، لە گیانی خەڵکی بەشمەینەت گیر بووە، بۆیە دەنگە ناڕازیەکان و هاوارە تاساوەکان، ڕۆژ لە دوایی ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدان، ئێمەی عێراقی ئێستا بە کردەووە، لە نێو ئەو جەهەنەمەدا دەژێین، کە بەرئەنجامی قەرز و گەندەڵیە، بۆ ئەو هەموو جەنگەی کە کراوە لە جەنگی عێراق_ئێران و جەنگی کوەیت و جەنگە ناوخۆیەکان، جەنگی سەدەیەک دژ بە کورد و شەڕی داعش! جەنگی کورد بە کورد.

azzady22@gmail.com 10/02/2021

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish