Skip to Content

پیاوە تەریبەکان … كەژاڵ عەلی

پیاوە تەریبەکان … كەژاڵ عەلی

Closed
by ئه‌یلول 6, 2018 General, Poems

وەك باران پیاوەكان
دەچن بە ناو یەكدا،
وەک باڕەش دەلرفێنن،
تێک هەلداوێن ؛وەك ڕەشەبا.

بێ ئەوەی دلیان بە خوێن بێ
بێ ئەوەی ختوورە بكەن،
فتیلەی جەنگەكانی
یەكەم و دووەم و…ھتد
بە چەرخەكانی غەریزە ؛
ئاگر دەدەن .

بە ئەمانەتەوە؛
پیاوە تەریبەكان
دۆزەخ فەتح دەکەن،
بەیعەت دەدەن
بە گرێ كوێرەی با،
بە عیشقەوە
فتوای لە سێدارەدانی شنەو
تریفە دەردەكەن.

لە ئەزەلەوە وا ھاتوون
پیاوە لابەلاكان،
گڕوگاڵ و گزنگ و ڕەنگ
كانی و بەھار
بەیەكەوە كوێر كەنەوە.

پیاوە ھاوجێیەکان ھەروان
پیاوەكانی جەغار،
براكانی باخ دەكوژن،
یوسفەكانی مەزەندە دەخەنە بیر،

چاڵ هەڵدەکەنن بۆ تیشک،
دەچنە زگ جگەرگۆشەکانی کۆتر؛
بەخشەخش،

توخنی گۆرانی و جریوە و بەرەبەیان
بە هەوەنتەیی دەکەون .

بە دل
بە گیان
پیاوە سواوەکان،
دەبن بە قاچاخچی ،
بە جەڵاد ،
بە مافیا،
بە سەربڕ،
گوڵ كەمئەندام ؛
مندال و خەون و خرینگە
ھەتیو دەكەن،

بە چوارلادا
پیاوە ئاسۆییەكان،
شمشێر و باروود و مەرگ
دەبەشنەوە ،
ھاوپەیمانی
لەگەل دووكەڵ دەبەستن،
خیانەت لە كونەپەپوو ،
لە كەناری ،
لە كوكوختی دەكەن.

دەست درێژی دەكەنە سەر
سنووری با؛
لاقەی درەخت و نێرگز و
ئەستێرە و باران دەكەون،
پیاوە شاقووڵیەكان.

سەرپێی
لەگەل ھەڵكێشانی
پاژنەی سپێدەیەك،
لەگەڵ یەكەم مژ
لە سیگارێكی كانت،
گرێبەستی ئەتۆم
ڕێكەوتنێك؛ وێرانكاری
لەگەل قاقا واژۆ دەكەن .

ژنە مێلاقەكانیش،
بارێزە ژنەكان
لاسكەژنە مێخۆشەكان،
بە عەشقەوە،
گوڵ و عەتر
وەچە و مێژوو،
دڵنیایی
دەخەنەوە.

پیاوە كۆلكەییەكان
بە شانازی نەشاز،
تاوان دەژەنن
ژەهر لێدەدەن
بۆمب دەچڕن،

ژنەكان بە دیەی ناسۆر
بە كامی تریفە
بە حەسرەتی گژنیژ،

بەرەكانی پێشەوەی عەشق
پاكژ دەكەنەوە،
تیماری باسكی شكاوی
مێژوو دەكەن ،
دڵی برینداری زەوی
دەدەنەوە.

پیاوەكان ژنەكان دەكێڵن ،
لە بەرزایی یەكانی خۆیانەوە
ھەلیان دەدێرن،

ژنەكان پیاوەكان دەگرنە خەون،
دەیانخەنە ھەناو،
دەیانكەن بە سوڵتان
بە عاشق
بە گەردوون.

كەژاڵ عەلی
بەفرانباری ٢٠١٨
سویسرا

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish