Skip to Content

دژ.. فەرەیدوون سامان

دژ.. فەرەیدوون سامان

Closed
by ئایار 25, 2021 General, Poems

سەرەتامان
کۆتایی بوو
کۆتاییەکانیش، سەرەتای دیکەن
پەڕینەوە
گەشتی مەحاڵە،
خۆڵەمێشە
خەونەکانی بە یەک گەیشتن،
نێوانمان دەریایەکی قووڵی حەسرەت
پردێکی ئاگرین.

منم بارستەیەک خوێن
تۆپەڵێک خۆڵەمێش
تەرمێکی بێ سەرو شوێن،

من لە بەرەکانی جەنگیشدا نیم
رۆژانە سات بە ساتی ژینی پڕ ئازارم
دەکوژرێم،
بۆ مەرگێکی دیکە زیندوو دەبمەوە
لە نێو کوانووی ئاگڕیشدا نیم
دەسووتێم
دەبمە تۆپەڵێک خۆڵەمێش
بۆ ئازاری شەوانێکی دی دادەیسێمەوە،
بە پەتی سێدارەش ھەڵنەواسراوم
دەخنکێم
زیندە بەچاڵ دەبم
وێنەی تەرمێکی بێ سەرو شوێن.

من لە ژێر چەتری کاغەزی شیعرەکانمدا
لەبەر ورووژمی تۆفانی نائومێدی
گەردەلوولی خۆڵاوی نامۆیی..
ماڵۆچکەیەکم بنیات ناوە
رازی گوڵێکی سوورم
لە نێو خانەکانی جەستەم حەشارداوە..
تۆش لە خەیاڵی تەلاری ئاڵتون
باخی گوڵێک، پەڕەی ئەڵماس روبارێک ھەنگوین..
لە دوورەوەش بۆ ئەستێرە ماتەکانی بەختم دەڕوانی
داخۆ کێھە ھاوزای ئەوین و
مەرگی منە..

ئەوەی لە یادەوەریەکانم جێماون
دەفتەرێکە، ئەدەرەسی ئەو هاوڕێیانەی
(کوژران، شێت بوون، ئاوارە و شونبزر)،
جادەیەکی چۆڵ
کۆڵانێکی بنبەست..
ئاخ نیشتمانیش دەمامکێکە
بە دوکەڵی رەشی چڵکن
خۆی پۆشیوە…
ئیدی چۆن ئەو دڵە شێتەم
بەو درەختانە خۆش بێ
کە گەڵاکانی، تەرم ئاسا
بە سەریەکدا کەوتوون
ئیدی سێبەری سەبووریم
پێ نابەخشن.

من ھەمیشە لەخەیاڵی سەفەر بووم
گەشتێک بەرەو روئیا
رێیەک ئیدی گەڕانەوەی بۆ نەبێ
ھەوارێک،
کەسێک رەنگم، دەنگم
نەناسێتەوە،
ئەڤین، ھەناسەم ھەڵدەمژێ
تراویلکە، تینوویەتیم..

مەتەڵی بوون و نەبوون بوو
یان رێیەکی پێچەوانە
بە یەک نەگەیشتین
مینا جەمسەرەکانی موگناتیس
لە یەک دوور بووین..
دوو زمانی
دوو سەردەمی جیاواز بووین
ھەرگیز لە یەک نەگەیشتین..

لە نێو ھەزاران شەپۆلی دەنگدا
ناکۆکیمان تەباییە
کە سەرەتامان کۆتایی بێ
کۆتاییەکانیش سەرەتا
ئاخر چی ئەفسانەیەکە
بە ھەشت بۆ تۆ
دۆزەخ بۆ من..

فەرەیدوون سامان
1995
Fereydun Saman
*لە کۆشیعری (پڕم لەعیشقی تۆ)دا
چاپی دەزگای ئاراس ـ 1996

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish