بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا.. 64.. شەماڵ بارەوانی
(٦٤)
گواستنەوەم بۆ سلێمانی
با بێینەوە سەر بەسەرهاتی فەقێ شەشڕووەکە!
گوتم فەقێیەکمان لەگەڵدابوو، هەرسەعاتە و خۆی بە ڕەنگێک دەگۆڕی، بە شێوازێک دەردەکەوت و بە زمانێک دەدوا!
ئەو فەقێیە ماوەیەک بەرلەئێستا لە مزگەوتێکی سنووری هەولێرمەلابوو. ئێستا نازانم لە کوێیە و چیدەکات. بیرمە ئەو فەقێیە ڕۆژێک ناسنامەی یەکێک لە حیزبەکانی تری لە بەڕکی دەرهێنا و پیشانمی دا، من شۆک بووم کە ئەوەم بینی!
ناسنامەکە هی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. من ئەوکات بە حوکمی ئەوەی فەریکە فەقێیەکی فێندمێنتالیست بووم، هەموو حیزبە کوردییە نائیسلامییەکانم بە عەلمانی و کافر و لادەر و گومڕا دەزانی. زۆرم پێ سەیربوو، فەقێ بێت و لە حوجرەی ئیسلامییەکان بێت و ناسنامەی حیزبێکی کافر و عەلمانی و گومڕای پێ بێت!
لە دڵی خۆمدا گوتم: وەی وەی لەو فەقێ دووڕووەی! تۆ سەیرکە، لە ڕووی مامۆستاکانمان(مەلاکان)خۆی وەکو یەکگرتوویەکی تەمام عەیار و ئیخوانییەکی دلسۆزی ڕێبازی حەسەن بەننا و دەروێشێکی سەلاحەددین بەهائەددین پیشان دەدات، کەچی لەژێرەوەش ناسنامەی حیزبێکی عەلمانی لە گیرفاندایە!
دەردت لە گیانم، خۆت بگرە، بەڵێن بێت لەنزیکترین کاتدا، ماسکی دووڕووییت بۆ هەمووان ئاشکرا بکەم و ڕیسوات بکەم.
کە ئەوەم بینی و فەقێیەکە خۆیشی دانی پێدانا و بە پێکەنینەوە گوتی: فەقێ شەماڵ، من لەگەڵ ئەو حیزبەدام.
لە حوجرە ڕۆیشتم و ڕێک بە دوو فەقێی ترم گوت.
ئەو دووفەقێیە ئێستا دانەیەکیان لە زانکۆ وانە دەڵێتەوە و ئەوەی دیکەشیان لە مزگەوتێک لە هەولێر مەلایه. ئەوان گوتیان ئێمەش شتمان لێ بینیوە. ڕێک هەرسێکمان ڕۆیشتین بۆ کارگێڕی قوتابخانە و بە بەڕێوەبەر و مەلاکانمان گوت.
حوجرەکەی ئێمە، وەک گوتم لەڕووی سیاسی و ئیدەلۆژییەوە یەکگرتووی ئیسلامی سەرپەرشتی دەکرد، لە ڕووی ئابووریشەوە، پیاوێکی تورکمان(حاجی.ج)سپۆنسەری دەکرد و ئازووقە و شتی بۆ دەهێناین.
ئەو فەقێ شەشڕووەش زۆر فێڵباز و لێزان بوو، بەینی لەگەڵ ئەو پیاوە زۆر خۆش کردبوو و موو بە بەینیان وەنەدەچوو و وەکو باوک و کوڕیان لێ هاتبوو.
دواتر کاتێک مەلا یەکگرتووەکان بە تاوانی سیخوڕی بۆ حیزبێکی عەلمانی(pdk) ئەو فەقێیەیان لە حوجرە دەرکرد، فەقێیەکە ڕۆیشتبوو هەواڵی دەرکردنی خۆی بە حاجی(ج-تورکمان)گوتبوو و خۆی وەک ستەملێکراوێک پیشان دابوو. گوتبووی، ئەوە هەموو لەژێر سەری فەقێ شەماڵییه.
حاجی(ج، تورکمان)ی لێ هار کردم و حاجی گوتی:
یان حوجرە دادەخەم یان فەقێ شەماڵ لەو حوجرەیه دەڕوات.
بەڕێوەبەرەکەمان(مەلا سەید سەعید) ئەوەی زۆر پێ ناخۆش بوو، کە من دەبێ لەو حوجرەیە نەمێنم و بڕۆمە سلێمانی، مەلاکانی تریش هەروا. بەڕێوەبەر بانگی کردم و گوتی: چارمان نییە، خۆت دەزانی سکاڵاتان لێ کراوە و دەسەڵاتمان نییە.
جا ئەو فەقێ شەشڕووە شکاتی لە دژی یەک دوو فەقێی تریش کردبوو. بە حاجی(ج. تورکمان)ی گوتبوو: ئەوانیش دژایەتییان کردووە.
بەو شێوەیە، لە حوجرە و قوتابخانەی ئایینی محەمەدییە، من و ئەو دوو فەقێیە و چوار فەقێی تریشیان لەگەڵ نەقڵ کردین بۆ سلێمانی. تا ئێمە هەست بە بێزاری نەکەین و ئەو نەقڵە لەسەرمان قورس نەبێت.
بەو شێوەیە، من و ئەو کۆمەڵە فەقێیە، ئیتر ڕۆیشتین بۆ شارە حەیاتەکە.