مەلا مەزهەر خۆراسانی لەدیدی ئەبوبەکر کاروانی دا.. هیوا ئەمین
سیاسەتمەدار و نوسەری کورد بەڕێز کاك ئەبوبەکر عەلی ( کاروانی ) ، نوسینێکی بەناونیشانی ( لە مەلای گەورەوە بۆ مەلا مەزهەر دەربارەی ئافرەت و چەك و ڕۆڵی لە کۆمەڵگە دا ) لە ڕۆژی ١٢.١.٢٠٢٦ دا لە ڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاودەکاتەوە . لێرە دا دەمەوێت هەندێك باری سەرنجی خۆم بخەمە سەر هەندێك لایەنی نوسینەکەی بەڕێزیان ، هیوادارم بە سنگێکی فراوانەوە لێم وەربگرێت . ڕاستیەکەی نوسەر لە مەبەستی نوسینەکەی دا دەخوازێت ئەو تەمومژانە لەسەر ئیسلام بڕەوێنێتەوە ، کە کەسێكی وەك مەلا مەزهەر خۆراسانی خۆی دەکاتە ڕیشسپیی و خاوەنی ، بەتایبەت ، کە لەو چەند ڕۆژانە دا هێرشێکی ناشایستە و ناقۆڵای کردە سەر ئافرەتان بەگشتیی و شەڕڤانان ی ئافرەت لە ڕۆژئاوا بەتایبەتیی ، تاکو ڕادەی تەکفیری هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە و لایەنگریی و هاوسۆزیی بۆ حکومەتە ئینتیقالیەکەی ئەبو محەمەد جۆلانیی و سوڵتانەکانی عوسمانیی ؟! کاك ئەبوبەکر زیاتر لەسەر ئەو لایەنە دەدوێت کە تیای دا مەلا مەزهەر خۆراسانی سوکایەتی بە ئافرەتان دەکات تاکو ڕادەی کۆیلایەتیی و خزمەتکاریی ئافرەتان بۆ پیاوان ، بەبێ هیچ لێدوانێك لەسەر بیری تەکفیریی مەلای ناوبراو ، بەپاساوی هەستیاریی و ترسناکیی ئەو باسە . لەڕاستیی دا نوسینەکەی نوسەر زیاتر باسەکان تەمومژاوییتر دەکات و بە ئەنقەست بێت یان نائاگا سەر لە خوێنەر و تاکی کورد دەشێوێنێت . لە ناونیشانی نوسینەکەی دا ئاماژە بە مەلای گەورە دەکات بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەکی ڕون بە دنیابینیی و هزر یان بۆچونەکانی زاتێكی گەورەی وەکو مەلای گەورە سەبارەت بە ئەرک ، ماف و ڕۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردی دا ، بدات . لە بەشێکی تری نوسینەکەی دا نابەجێیانە و بەبێ هیچ هۆ و بۆنەیەك و بۆ دورخستنەوە و بەلاڕێدابردنی خوێنەر لە ئەسڵی دۆزەکە و داپۆشینی سوکایەتیەکانی مەلا مەزهەر بە کورد و کەسایەتیی کورد ، کە خۆی لە کوردانی ڕۆژئاوا و ژنانی شەڕڤان بەرجەستە دەکات ، دێت پەلاماری بیری فێمینیستیی دەدات و تاوانباریان دەکات : ( دژی ئەو ڕەوتە فێمینیستیە دژە خێزانییە توندڕەوەم ، کە بە چاوی سوك سەیری ڕۆڵی دایکایەتیی و هاوسەرێتیی و بنەڕەتبوونی ژن لە خێزاندا دەکات ، … تاد ) وەك بڵێیت ئەوەی لە دەرەوەی دیدگە و خولگەی ئایینی ئیسلام بیربکاتەوە ئەوا خاوەنی فەلسەفەیەکی ئەهریمەنیی و وێرانکاریانەیە ، کە ڕێز لە بەهاکان و حورمەتی خێزان و ڕۆڵی دایکایەتیی ناگرێت . من نامەوێت بچمە نێو وردەکاریەکانی دنیای فێمینیستیی ، بەڵام فەلسەفەی فێمینیستبوون لە بنچینە دا گەیاندنی جێگە و پێگەی ئافرەتانە بە پلەیەك ی باڵاتر لە مرۆڤبوون و بەهرەمەندبوونیان بە مافی یەکسانیی لە بەرامبەر پیاوان و بەدەستهێنانی مافی زیاتر لە کۆمەڵگە و چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و دەستەبەرکردنی مافی سیاسیی و ڕۆڵگێڕانی زیاتر و کاریگەرتر لە نێو هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە دا تاکو ڕادەی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پیاوسالاریی و نەهێشتنی جیاکاریی ڕەگەزیی و قەدەخەکردنی بەکارهێنانی ئافرەتان وەکو کەرەستەیەكی سێکسیی بۆ دامرکاندنەوەی ئاڵۆشیە ئاژەڵیەکانی پیاوان . کاك ئەبوبەکر لە بەشێکی تری نوسینەکەی دا ئاماژە بە مەلا مەزهەر خۆراسانی وەک مامۆستایەک دەکات و دەڵێت ئیسلام پێچەوانەی ڕاکانی ئەوە : ( ئەوەی مامۆستا مەلا مەزهەر خۆراسانی دەربارەی ئیسلام و ئافرەت دەیڵێت ، تەنها نوێنەرایەتی بۆچوون و ڕاو تێگەیشتنێکی تاکەکەسی سنورداری خۆی بۆ ئەم پرسە دەکات و هیچی تر ) بەڵام کڵۆڵ و بێئاگا لەوەی ، کە مەلا مەزهەر قسەکانی نەك دەربڕی ڕاو تێگەیشتنی تاکەکەسیی خۆی نیە بە تەنیا بەڵکو ئەو بە ئایەتێكی قورئان گشتاندن بۆ کۆی هزری نەتەوەیی و دنیای ئیسلام و ویژدانی موسوڵمانی کورد دەکات و دواجار ئایەتەکە دەکاتە بەڵگەیەکی ئەخلاقیی و ئیلاهیی بۆ سوکایەتییپێکردنەکانی بە کورد و ئافرەتانی شەڕڤان ، و دواجار نوسەر لەبەرامبەر ئەو ئایەتە دا دەستەپاچە و لاواز دەبێت : ( وقرن فی بیوتکن ولا تبرجن تبرج الجاهلیة الاولی الاحزاب : ٣٣ ) ، هەر بۆیە نابێت پێمان سەیر بێت کە کاتێك ئیخوان و سەلەفیەکان تەکبیر لێدەدەن و بارک اللە بك بۆ مەلا مەزهەر دەنێرن ، ئەوەش ئەو مەترسیەیە لەسەر تاك و کۆی کۆمەڵگەی کورد و بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردی کە کاک ئەبوبەکر لە زۆربەی نوسین و چاوپێکەوتنەکانی دا ئاماژەی پێ دەکات و بەڵام بەداخەوە نەیویستووە بە دێڕێکیش باسی لێوە بکات.
لایەنێك ی تری نوسینەکەی کاك ئەبوبەکر زیاتر لە نێو تەمومژی مێژو و ئایدۆلۆژیا دا ڕۆدەچێت و ڕاستیەکان لە خوێنەر دەشێوێنێت ، تاکو دەگات بە شوێنێك ، کە ئیتر جیاوازیەکی ئەوتۆ لە نێوان ڕا و بۆچونەکانی ئەو و مەلا مەزهەر دا نامێنێتەوە : ( پێم وایە جەنگ لە بنەڕەت دا ئەرکێكی پیاوانەیە و ڕۆڵی ئافرەت لەو ڕوەوە تەواوکارییە ) ، ئیتر بەڕێزیان ڕونی ناکاتەوە ، کە داخۆ ئەو ڕۆڵی تەواوکارییە چیە ، کە ئافرەت لەنێو کۆمەڵگە دا دەبێت بیگێڕێت ؟! ئایا ڕۆڵەکەی تەنیا لە جیهادی نیکاح و کۆیلەبوون بۆ پیاو دا کورت دەکرێتەوە یان لە ئەرك و مەیدانێكی تری مرۆڤایەتیی دا ؟!! کە دەبوایە کاک ئەبوبەکر ئاماژەیەکی بوێرانە بەو باسە هەستیارە بدات . پەنابردنی نوسەر بۆ شەرع و بۆچونی فەقیهە ئیسلامیەکان لەپێناوی سەلماندنی ڕۆڵ و بایەخی ئافرەت لە دیدی ئیسلام دا کارێكی بێبەرهەم ، تاقەتپڕوکێن ، بێسود ، ئاڵۆز و گەیشتن بە کۆڵانێكی داخراوە تاکو گەیشتن بە دنیایەکی سادەی واقیعبینیانە ، کە باوەڕناکەم نوسەر لە زەین و هزری خۆیشی دا باوەڕی بەمجۆرە مێتۆدە نەریتخوازییە هەبێت ، چونکە ئیسلام وەك هەڵگری پەیامێکی ئیلاهیی نەیتوانیوە ڕۆڵێکی گرنگتر و چالاکتر بە ئافرەت لەنێو کۆمەڵگە دا بدات ، و نوسەر لەوبارەوە نەیتوانیوە بەڵگەیەکی باشتر لە شەرع و ڕای فەقیهەکان ، یان لە مەلا مەزهەر خۆراسانی بخاتەڕوو :
( بوونی نیمچە کۆدەنگیەك لە نێوان فەقیهەکان دا لەسەر ئەوەی ، کە هەرکاتێك پەلاماری وڵاتێکی موسوڵمانان درا و پیاوان بە تەنها نەیانتوانی ڕوبەڕوی داگیرکارییەکە ببنەوە ، ئەرکی ئافرەتانی موسوڵمانە ئەو بۆشایی و لاوازییە سەربازییە پڕبکەنەوە و بەشداریی جەنگەکە بکەن ) ، بەڵام کاك ئەبوبەکر لێرە دا هیچ ئاماژەیەکی کورتیش بێت بە سەرچاوە فەقیهەکان یان ئایەتێکی قورئان نەداوە ، و پێمان ناڵێت ، داخۆ شێواز و کرۆکی ئەو بەشداریە چی و چۆنە ؟! ئایا بەڕاستیی بەشداریەکە شەڕڤانانەیە یان تەنیا جیهادی نیکاح و تێرکردنی شەهوەتی پیاوانی سەحابە و موجاهیدانە لەکاتی جەنگ دا ؟! ئەگەرچی کاک ئەبوبەکر لە کۆتایی نوسینەکەی دا بۆچونەکانی مەلا مەزهەر ڕەت دەکاتەوە و بە ناڕاستیان دەزانێت ، بەڵام لە دواجاردا پێکهاتەی بۆچونەکانی هەردولایان ، کە پاشخانێکی ئیسلامییە سەبارەت بە ڕۆڵی شەڕڤانیی ( سەربازیی ) ئافرەتی کورد حەرامکراو یان سنوردارکراوە .
کۆتایی
