Skip to Content

ئایا شەڕی ئێستای فەلەستین و ئیسڕائیل شەڕی خاکە یان ڕیشەیەکی دینیی مێژوویی هەیە لە نێوانی ئامۆزاکاندا؟.. نووسین و ئامادەکردنی: حەسەن ڕازانی

ئایا شەڕی ئێستای فەلەستین و ئیسڕائیل شەڕی خاکە یان ڕیشەیەکی دینیی مێژوویی هەیە لە نێوانی ئامۆزاکاندا؟.. نووسین و ئامادەکردنی: حەسەن ڕازانی

Closed
by تشرینی دووه‌م 11, 2023 General, Opinion, Slider

دڵم ژان دەکا و تەواو خەفەت دام دەگرێ کە منداڵێکی کورد دەکوژرێت، دەگیرێ، ئازاردەدرێ یان ماڵە کوردێک خاپور دەکرێ یان دەربەدەر دەکرێ یان گوندیکی کورد، شارێکی کورد بۆمبا باران دەکرێ و تەڕو پوش بەیەکەوە دەسووتێنرێت، هەرئاواش بۆ فەلەستینییەک و نەتەوەو ڕەگەزو کەسێکی سەر بە ئایینیکی جیاوازی تریش، بۆ نموونە جولەکەیەک، دڵم ژان دەکا. مێژوو سەلماندوویەتی کە شەڕ بەرژەوەندی چینێکی دیاریکراوی تێدایەو زۆرینەی خەڵک تێیدا زەرەرمەند دەبن. من دژی شەڕم جا لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایە هەبێ. پڕیشکی شەڕو کاریگەریەکانی شەڕئەگەر لە تۆرە بۆرەی ئەفغانستانیش بێت ئەوا، لە دنیای عەولەمەی ئەمڕۆدا، کاریگەریی خەراپی ئەو شەڕە درەنگ یان زوو دەگاتە هەرێ شوێنە دوورەکانی تریش. بۆیە دژی شەڕو کوشتارم و نەفرەت لە شەڕو خاپوورکردن، نەفرەت لە داگیرکاریی و فراوانخوازی و نەفرەت لە باڵادەستخوازی نەتەوەو ڕەگەزو ئاییینێک بەسەر ئەوانەی تردا!

چاوخشاندنێک بە ڕابردووی ئەو دوو ئامۆزایەدا،عەڕەب وجولەکە، کە دەگوترێت لە یەک بەرەبابن!

بەڵگەی مێژوویی، کە ڕای گشتی لەسەر بێ، نیە کە پشتڕاستی ئەوە بکاتەوە جولەکە بوونی نەبووبێت لە ئیسڕائیل و تەنها خەڵکی فەلستین، وەک بەشێک لە نەتەوەی عەڕەب، لەو خاکەدا بووبن. مێژووی ئەو دەڤەرە، بە تایبەتی فەلەستین، کە بووەتە لانکی هەرسێک ئایینەکەی خێزانی ئیبڕاهیم، چەندین نەتەوەو ئایین لەو ناوچەیەدا بوون و گەلی جولەکەش بەشێک بوون وەک عەڕەبەکانی فەلەستین لەو ناوچەیەدا ژیاوون و هەبوون. بۆ نموونە بە پێی ئاماری ئەو ناوچەیە لە ساڵی 1880ی زایینیدا 25 هەزارجولەکە لە ناو فەلەستیندا بوونی هەبووە.

چۆنیەتی زۆربوونی ژمارەی جولەکە لە ناو ئیسڕائیلدا

لە ساڵی 1880 ز دا 25 هەزار جولەکە هەبووە لە ناو فەلەستیندا، لە ساڵی 1882ز بۆ ساڵی 1914 ز نزیکەی 60 هەزار جولەکە لە ئەوروپاوە کۆچیان کرد بۆ ئیسڕائیل، لە ساڵی 1919 ز بۆ ساڵی 1931 ز نزیکەی 110 هەزار جولەکە کۆچیان کرد بۆ ئیسڕائیل، هەروەها لە ساڵی 1939 ز بۆ ساڵی 1948 ز نزیکەی 120 هەزار جولەکە کۆچیان کرد بۆ ئیسڕائیل، وە لە ساڵی 1948ز بۆ سڵی 1952 ز نزیکەی 700 هەزار جولەکە هاتە ناو ئیسڕائیلەوە، بەڵام نیوەی ئەو ژمارەیە لە وەڵاتە عەڕەبیەکان دەژیان ودوای ئەوەی دەست بەسەر ماڵ و سەروەت و سامانیاندا گیرا لەو وەڵاتانە دەرپەڕێنران و ئینجا ڕەوانەی ئیسڕائیل کران!

ئەو وەڵاتە عەڕەبی و ئیسلامیانەی کە جولەکەی نێو خۆیان دەرپەڕاندو بەرەو ئیسڕائیلیان بەڕێکردن ئەمانەی خوارەوە بەشێکیانن!
140 هەزار جولەکە لە جەزائیرەوە بەرەو فەرەنسا و 25 هەزاریش بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران، 75 هەزار جولەکە لە میسرەوە بەرەو ئیسڕائیل بەڵام مەرحەلە بە مەرحەلە بەڕێکران، 38 هەزار جولەکە لە لیبیاوە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران، 265 هەزار جولەکە لە مەغریبەوە بە مەرحەلە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران،100 هەزار جولەکش لە تونسەوە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران،60 هەزاری تریش لە جولەکە لە یەمەنەوە بەرەو ئیسڕائیل بەڕیکران و لە عێڕاقیشەوە 138 هەزار جولەکە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران و لە سوریاشەوە 30 هەزار جولەکەو لە تورکیاو ئیڕانیشەوە نزیکەی 60 هەزار جولەکە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران. ئایا ئەو هەموو ژمارەیە لە جولەکە کە دەگاتە نزیکەی 700 هەزار جولەکە لە وەڵاتانی عەڕەبی و ئیسلامییەوە بۆچی وا بە پەلە دەرپەڕێنران و بەرەو ئیسڕائیل نێرران؟ بۆچی لێیان نەگەڕان لە وەڵاتەکانی خۆیاندا بمیننەوە؟

ئایا دەبێ لۆمەی کێ بکرێت کە ژمارەی جولەکە لە ناو ئیسڕائیلدا بەرەو زۆربوون ڕۆیی؟

بە بڕوای من، وەڵاتە عەڕەبی و ئیسلامیەکان خودی خۆیان لەوبارەوە پشکی شێریان بەردەکەوێت. چونکە ئەگەر عەڕەبەکان جولەکەکانی نێو خۆیان دەرنەپەڕاندبایەو بەرەو ئیسڕائییان بەڕێ نەکردبانایە ئەوا بەوشێوەیە و بەو زووە ژمارەی جولەکە لە ناو ئیسڕائیلدا زیادی نەدەکردو بۆی هەبوو بارودۆخەکە بەشێوەیەکی تر دەرکەوتبایە. بە بڕوای من ئەو جولەکانە دەبوایە هەر لە شوێنی خۆیاندا بمانایەو لەو وەڵاتە عەڕەبی و ئیسلامیانە بژیانایە کە لە کۆنەوە لێیان بوون و ببوونە هاوڵاتی ئەوێ! ئەدی بۆچی ئەو کارەیان نەکرد؟ بە بڕوای من، وەڵامی ئەو پرسیارە لای وەڵاتە عەڕەبی و ئیسلامیەکان خۆیانە!
مێژووی کێشەو ملململانێی نێوان عەڕەب و جولەکە نە لەم ڕۆی حەماسەوە دەستی پێکردووەو نە لە ساڵی 1947یشەوە دەستی پێکردووە کە دەوڵەتی ئیسڕائیل بە فەڕمی لەو ناوچەیەدا ڕاگەیەنرا! بەڵک و بەڵگە مێژووییەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە مێژووی ئەو کێشەو شەڕو پێکدادانە زۆر لەوە واوەترەو تەنانەت دەەگەڕێتەوە بۆ هەرێ سەردەمی سەرەتای سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئایینی ئیسلام لە شاری یەسریبی نێو جزیرەی عەڕەبی کە بە شاری مەدینەی ئێستای سعودیە ناوی دەبرێت.
ئەوێ دەمێ سێ تا پێنج هۆزو قەبیلەی بەناوبانگی جولەکە لە شاری یەسریب و دەوروبەریدا دەژیان و ببوونە خەڵکی ئەو ناوچەیە وەک باقی عەڕەبەکانی تر، بەڵام جیاوازیەکەیان لەگەڵ عەڕەبەکانی ناوچەکەدا لەوەدا بوو کە جولەکەکان تەواوی زەوی و زارو باخە خورماکان و زەویە کشتوکاڵیەکانی ئەو دەڤەرەیان لەبەردەستدا بوو! لەبەرامبەردا عەڕەبەکانی ئەو دەڤەرە خەڵکی هەژارو نەدارو بێ مڵک و بێ باخی دارخورما بوون و هەمیشە بۆ بەڕێوەبردنی ژیانیان دەبوایە کاریان کردبایە بۆ جولەکەکان و ئەو کارەشیان لە شانان خۆش نەدەهات!
بە پێی گێڕانەوەی ئیسلامیی کە لە نێو مێژووی عەڕەب و ئیسلامدا بە شانازییەوە باسی لێوەدەکەن ئەوەیە کە کاتێک پێغەمبەری ئیسلام لە ساڵی 622ی میلادیەوە لە شارەکەی خۆیەوە کە مەکە بوو کۆچ دەکات بۆ شاری مەدینە چونکە لە مەکە تەنگی پێ هەڵچنراوەو لە ژێر هەڕەشەی کوشتندا بوە بۆیە پەنای بە هۆزە عەڕەب و جولەکەکانی نێو شاری مەدینە بردووە.
زۆری نەبرد کە لە مەدینەدا ئیسلام بووە خاوەن سووپاو توانای سەربازی و دارایی باش. بە پێی گێڕانەوەی مێژووی عەڕەب و ئیسلام گوایە هەندێک بەهانە سەریان هەڵداوە کە جولەکەی ئەو دەڤەرەو بە تایبەتی هۆزە دیارەکانی وەک بەنو نەزیرو بەنو قونەیقاعی جولەکە خەریکی پلان و کاری نابەجێ و دوژمنکاریی بوون لە دژی پێغەمبەرو ئایین و سوپای ئیسلام و دەستیان کردووە بە پەیمان شکێنی لە دژی پێغەمبەرو ئاینی ئیسلام . عەڕەبەکانی ئەو دەڤەرەش هەژاریی تینی پێ هەڵچنیبوون و لە فرسەتێک گەڕاون کە جولەکە دەرپەڕێنن و مڵک و ماڵ و سەروەتیان بەسەرخۆیاندا دابەش بکەن. بەهانەکە دەست دەکەوێت و شەڕی ئیسلام و جولەکە لەوێوەو لەو شوێنەوە دەستی پێکرد.
شەڕەکەی ئیسلام و جولەکە لە نێو مەدینەدا بە کوشتنی سەدان جولەکەو دەست بەسەراگرتنی سەروەت و سامانی تەواوی جولەکەی ئەو ناوچەیەو دەرپەڕاندنیان لە تەواوی نیوەدوورگەی عەڕەبیدا کۆتایی هات. ئێستا بە چراوشەدایان ئەگەربگەڕێی لە جولەکەیەک یان ماڵە جۆلەکەیەک یان شوێنێکی خوداپەرستنی جولەکە لە نێو نیوە دوورگەی عەڕەبیدا نایدۆزیتەوە! وە ئەگەر ماڵە جولەکەیەکیش یان تاکە جولەکەیەکیش مابێ و خۆی حەشاردابێ، ناتوانێت بڵێت من جولەکەم!
بە پێی مێژووی عەڕەب و جولەکە دەبێ ئەو دوانە لەیەک خێزانەوە گەشەیان کردبێ و باپیرەی هەردووکیان ئیبڕاهیمی پێغەمبەرەو گوایە ئەو دوو لایەنە ئامۆزای یەکترن! شەڕی ئامۆزاکان دەمێکەو مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. جا ئەگەر ڕاستەوخۆ بە یەکتری نەوێرابن ئەوا ئایینیان لە دژی یەکتر بەکار هێناوە. وە هەر کاتێکیش ئایین و خودایان تێکەڵاو بە کێشەکە کردبێ حەتمەن خەڵکی ترو ڕەگەزی ترو نەتەوەی ترو وەڵاتی تریشیان بەخۆوە کێش کردووەو ئەوانیشیان بە خۆوە گرفتار کردووە. وەک و کە ئێستا دەیبینین هەموو موسڵمانانی جیهان، کەمێکی لێ دەرچێت، دژە جولەکەیەو جولەکەی خۆش ناوێت. ئەمە لە کوێوەوە سەرچاوەی گرتووە؟ موسڵمانانی جیهان کە ژمارەیان لە سەروی ملیارێکەوەیە بە سەدان ملیۆن لەو ژمارەیە هەیە و ئامادەیە کە ئەگەر جولەکەی بۆ هەڵکەوێت و بزانێت تووشی گرتن و کێشە نابێت بۆی هەیە ئازارو زەرەری پێبگەێنێت.
هەندێک گێڕانەوەی ئیسلامی و حەدیسی پێغەمبەری ئیسلام هەن کە زۆر تووندو تیژن لەبەرامبەرجولەکەدا. جولەکە بە مەیمون و بەراز دەچوێنن ..تەنانەت حەدیس هەیە کە پێی وایە ڕۆژی قیامەتێ ئەو کاتە دێت کە هەموو موسڵمانێک شەڕی جولەکە دەکات و وای لێدێت کە بەردو داریش جولەکە وەخۆ ناگرێت و ئەگەر جولەکەیەک لە بن قەدی دارێک یان بن بەردێک خۆی لە ترسی موسڵمانێک حەشاردابێت ئەوا بەردەکە یان دارەکە هاوار دەکاو دەڵێت: وەرە ئەی موسڵمان ئەوە جولەکەیە لە بن من خۆی شاردۆتەوەو بیکوژە!
هەردووک ئامۆزا خۆیان بە گرنگ و لە پێشتر دەزانن بۆ خوداو لای خودا. جولەکە دەڵێ من گەلی هەڵبژێراوی خودام (شعب اللە المختار) وە هەروەها دەڵێت ئەو خاکە واتە خاکی ئیسڕائیل خاکی منەو خوا بەڵێنی بە من داوە کە داویەتی بە من! عەڕەبیش دەڵێت ئێمە باشترینین لە هەموان . ئەوەتە خوا دەفەرموێت : (کنتم خیر أمة أخرجت للناس تامرون بالمعروف و تنهون عن المنکرو تومنون باللە) ئالی عمران١١٠ واتە ئێوە چاکترین کۆمەڵن لە ناو مەردمی دنیادا سەرو هەڵدا، فەرمان بەچاکە دەکەن و ڕێ لە ناڕەوا دەبەستن و باوەڕیشتان بەخوا هەیە.(قورئانی پیرۆز.هەژار موکریانی)
ئەو فشارو تین بۆهاتنەی جولەکە لە لایەن موسڵمانانەوە لە سەرەتای سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئیسلام لە نیوە دورگەی عەڕەبیەوە و پاککردنەوەی تەواوی دەڤەرەکە لە جولەکە، هەروەها دەست بەسەرداگرتنی ماڵ و مڵک و سەروەت و سامان و تەنانەت هەندێک ڕیوایەت هەیە کە هۆزی بەنونەزیری جولەکە کچ و ژنەکانیشیان بە کەنیزە براون. لە لایەکی تریشەوە عەڕەب زۆر بە کەمی ڕێگەی بە بوونی نەک هەر جولەکە بەڵک و مەسیحیەکانیش داوە کە لە ژێرسایەی دەوڵەتەکەیاندا بە ئازادانە بژین بێ ئەوەی جزیە بدەن! جزیەدانەکەشیان دەبوایە بە شێوەیەک بدابایە کە ملکەچیی تێدا ببینرایە! بە بڕوای من، ئەمە وای لە جولەکە کرد کە بیر لە تۆڵە بکاتەوەو لە هەلێک بگەڕێت بۆ ئەوەی تۆڵە لە ئامۆزاکەی بکاتەوە!

موسڵمان و مەسیحی هەردوکیان دوژمنایەتیی جولەکەیان کردووە!

وەک کە مێژوو باس دەکاو بە پێی گێڕانەوە ئایینیەکانی نێو جولەکەش گەلی جولەکە لە سەردەمی فیڕعەونەوە بە دەستی فیڕعەونیەکانی میسڕ قەتڵ و عام کراوە، لە عێڕاق بەدەستی بابلیەکان قەتڵ و عام کراوە، لە نێو فەلەستینیش دا واتا لە نێوخاکی ئیسڕائیلدا بەدەستی ڕۆمانەکان قەتڵ و عام کراون و دەرپەڕێنراون لەو دەڤەرەدا. هەروەها لە سەدەی ١٤ش دا لە نێوانی 1347 بۆ 1352ی زاییندا لە ئەوروپا بە دەستی جیهانی مەسیحیەوە جولەکە قەتڵ و عام کرا بە بەهانەی ئەوەی کە ئەو تاعونەی کە لە 40% ی خەڵکی ئەوروپای کوشت و بە 25 ملیۆن کەس مەزندە دەکرا کە بەزۆری لە ئەوروپای رۆژئاوادا ڕوویدا، خەتاکەی خرایە ملی جولەکەکان. جولەکە ئەو کات کون نەبوو سەری تێهەڵکاو لە هەموولایەکەوە دەکوژرا. دیسان هەر لەو خاکەداو لە نێو ئیسڕائیلدا جارێکی تر لە لایەن ئامۆزاکەیانەوە لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانیداو بە سەرکردایەتی سەلاحدینی ئەیوبی جولەکە قەتڵ و عام کرایەوە. لە سەردەمی تازەشداو لە شەری دووەمی جیهانیدا بەدەستی نازیەکانی سەر بەهیتلەرو بە فەرمانی هیتلەر نزیکەی ٦ ملیۆن جولەکە لەناوبراو دەگوترێت کوورەی سوتاندنیان بۆ درووستکراوە.. بۆ نموونە ناوی چەند کامپیکی کۆکردنەوەی جولەکەکان کە بە کاپپی سوتاندن و کوشتن ناسرابوون، هەندێک لەوانە ئوشویتز، بێرکەناو، مەجدانێک، بێڵزێک و چەندین شوێنیتر بۆ کوشتنی جولەکەکان .
جولەکە وای لێهات وەک تۆوی نیسک بە جیهاندا بڵاوبوویەوە. شار نەما، وڵات نەما و نەتەوەش نەما بۆ جولەکە ببێتە شوێنی حەوانەوە و ژیان بە ئازادانە. بۆیە جولەکە کەوتە خۆ ، یەکتری گرت و بۆ خۆ پاراستن و لە پێناو مانەوەدا وەخۆکەوت و تینی دایە بەرخۆی و خۆی کردە هێز لە ڕێگەی ئابووریەوە، لە ڕێگەی سیاسییەوە، لە ڕێگەی زانست و تەکنۆلۆژیاوە توانی خۆی بکاتە ڕەقەمێکی قورس و دیار لە جیهاندا.

درووستبوونی دەوڵەتی فەڕمی ئیسڕائیل

پێش ساڵی 1947 جولەکە بە ژمارەیەکی دیار بوونی هەبوو لە ئیسڕائیلی ئێستاو لەگەڵ عەڕەبی موسڵمانی فەلەستینی و عەڕەبی مەسیحی فەلەستینی لە نزیک یەک و بە یەکەوە دەژیان بەڵام هەمیشە جار جارە لە یەکیان دەمڕاندو زەرەریشیان بەیەک دەگەیاند. بەڵام لەیەک مڕاندنەکە نەدەگەییشتە ئەو پلەیەی کە لە بەر یەکتر ڕابکەن و وەڵات لە ترسی یەکتر بەجێبهێڵن!
لە ساڵی 1921 وە کە ئیتر سەردەمی دەسەڵاتی بەرەی هاوپەیمانان بوو، بەرەی ئەڵمانیاو دەست و پێوەندو هاوپەیمانەکانی ئەڵمانیا لە شەری یەکەمی جیهانیدا دۆڕان و لە ئەنجامدا ئەودەوڵەتانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانیدا بوون هەر بە نەمانی خەلافەتی عوسمانی ئەوانیش سەربەخۆییان وەرگرت و کەوتنە ژێر ئینتیدابی دەوڵەتانی ئەوروپاوە بە تایبەتی فەرەنساو بەریتانیا.
فەلسستینش لەو هاوکێشەیە بەدەر نەبوو هەر بۆیە ئەویش کەوتە بەرئینتیدابی بەریتانیاوە! ئینجا لەلایەن بەریتانیاوە جولەکەو عەڕەبەکانی فەلەستین بەڕێوە دەبران. هەر ئەو کاتەو لەو زەمانەشدا جولەکەو عەڕەبی فەلەستینی بە یەکەوە هەڵیان نەدەکردو پێک هەڵدەپڕژان. بۆ نموونە کوشتارەکەی شاری خەلیل کە موسڵمانەکان لە ساڵی 1941دا 67 جولەکەیان کوشت، هەروەها نەک هەر لە فەلەستین بەڵک و لە عێڕاقیشدا عەڕەبەکان لە جولەکە بەربوون و لە ناو بەغدادا دەستیان کرد بە دەرپەڕاندنی جولەکەو تاڵانکردنی سەروەت و سامانیان و هەر ئەو کات وشەی فەرهود واتە فر یهود واتە یەهود ڕای کرد هاتە ناو فەرهەنگی عەڕەبیەوە! ئیتر وشەکە کورت کرایەوەو بووبە فەرهود کە ئێستاش بۆ تاڵان و برۆ بەکاردێت! بۆیە هەر ئەوکاتە بیر لە دەوڵەتێک بۆ هەردووک لا کرایەوە.

ئەوە بوو لە ساڵی 1947 دەوڵەتێک بۆ جولەکەو دەوڵەتێکیش بۆ عەڕەبەکانی فەلەستین پێک هات و هەموولایەکیش پێی ڕازی بوون . بەڵام ساڵێکی پێنەچوو کە دەوڵەتە عەڕەبیەکانی دەوروبەر هەستیان کرد گۆڵیان لێکراوەو نەیان دەویست دەوڵەتێکی جولەکە لە لایەن ئامۆزاکەیانەوە لە تەنیشتیان و لە ناوجەرگەی ئەواندا بوونی هەبێ، بۆیە کەوتنە ناڕەزایی و تا وای لێ هات شەڕیان لە دژی ئیسڕائیل دەست پێکرد لە ساڵی ١٩٤٨. لەو شەڕەشدا لەباتی قازانجی تێدا بکەن وەک ئەوە وابوو بۆ ڕیش چوبوون بەڵام سمێڵیشیان دانان.
لەو شەڕەی 1948دا کە عەڕەبەکان بە تێکڕاو گەلەکۆمی هێرشیان کردە سەر ئیسڕائیل و لە گەڵ ئەوەشدا کە ئاینی ئیسلامیان لەو شەڕەدا لە دژی جولەکە بەکارهینا، بەڵام نەک هەر نەیان توانی ئامۆزاکەیان دەرپەڕێنن بەڵک و هەندێک خاک و شاریشیان لەدەستدا بۆ نموونە غەزەو بانووی ڕۆژئاوا کە لە 1947 وە درابوو پێیان. ئیتر ئیسرائیل نەچووە دەر لەو شارانەو کردنی بە هی خۆی، چونکە وەک غەنیمەی جەنگ حسابی بۆکردن و لە ئەنجامی شەڕدا دەستی کەوتن.
لە ساڵی1967 جارێکی تر عەڕەبەکان هێرشی گەلەکۆمەکییان کردە سەر ئیسڕائیل و دیسان ئایین و مەسەلەی قودس و وەقفی موسڵمانانیان بەکار هێنا، بەڵام ئەو جارەش نەک هەر نەیان توانی هیچ دەستکەوتێکیان هەبێ، بەڵک و ئەو جارەش لە باتی دەستکەوت زەرەریان بە کێشەی عەڕەبەکانی فەلەستینیش گەیاندو ئەو جارەش نەک هەر نەیان توانی یەک بست لە خاک بۆ خۆیان لە بن دەستی جولەکە بێننەدەر بەڵک و دیسان وەک جارەکانی ترخاکیان لەدەستدا. بۆ نموونە بیابانی سینای میسڕو بەرزاییەکانی جۆلانی سوریاشیان لەدەست چوو. کە پێش شەڕەکە هی خۆیان بووبەڵام لە دواییدا ئیسڕائیل لە بەرامبەر ئەوەی دەوڵەتی میسر لە سەردەمی ساداتدا ئیعتیراف بە دەوڵەتی ئیسڕائیل بکا ئەوانیش بیابانی سینایان پێبدەنەوە واتە زەوی لە پێناو ئاشتیدا. ئەوەبوو میسر دانی نا بە دەوڵەتی ئیسڕائیلدا لەبەرامبەر ئەوەی کە ئیسڕائیل بیابانی سینا بداتەوە بە میسر. دیسان لە ساڵی 1973 دا بە هەمان شێوە عەڕەبەکان کردیان و ئەو جارەش سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناو ئیتر وازیان لەو شێوە گەلەکۆمەکیە هێناو دەرسیان وەرگرت، بەڵام تاک و تەراو یەک یەک و لە ڕێگەی گرووپ و ئەحزابی ئایینیی و جیهادییەوە وازیان هەر نەهێناو ئێستاش هەر بەردەوامن.

ئایا ئەوەی حەماس دەیەوێت و شیعارو ئامانجیەتی دەتوانرێت بهێنرێتە دی؟

حەماس دەوڵەتی فەلەستینی ناوێت بە تەنها، حەماس دەیەوێت تەواوی جولەکەی جیهان لەناوبەرێت، حەماس ئەو ئامانجەی خۆشی لە دەستوری خۆیدا جێگیرکردووە. حەماس هیچ کەس و هیچ دەوڵەتێکی عەڕەبی و هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی عەڕەبی نێو فەلەستین و دەرەوەی فەلەستینیش بە نوێنەری فەلەستینیەکان نازانێت بێجگە لە خۆی و خۆشی بست بە بستی خاکی فەلەستین و ئەوەی ئێستاش جولەکە تێیدایە دەیەوێتەوە و دەبێ جولەکە لەناو بچێت.

تۆ بڵێی فەلەستینیەکانیش هەر ئەوەیان بوێت؟
ئایا هەبوونی دوو دەوڵەتی جولەکەو عەڕەبی فەلەستینی بە تەنیشت یەکەوە کارێکی ژیرانەیە؟

هەندێک پێیان وایە بوونی دوو دەوڵەت یەکیان هی فەلەستینیەکان بێت بەڵام بەسەرپەرشتی حەماس و ئەوەی تریشیان هی جولەکە بێت بە تەنیشتی یەکەوە کارێکی کردە نیە. چونکە ئەو دوولایەنە مەحاڵە بگونجێن لەگەڵ یەکتری و مەحاڵە بە تەنیشتی یەکەوە وەک هاوسێی باش هەڵبکەن! حەماس داوای سڕینەوەی جولەکەو ئیسڕائیل دەکات و نایەوێت بوونیان هەبێ. ئەدی ئەگەر حەماس دەوڵەتی لە ژێردەستدا بێت و لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە دانی پێدا بنرێت و هێزی نێو دەوڵەتیی و هەرێمیی پەیدا بکات، دەبێ چی لە جولەکەو ئیسڕائیل بکات. جولەکەکان دەڵێن دواڕۆژمان باشتر نابێت لە هۆزەکانی ئەو کاتی ناو مەدینە لە سەردەمی سەرهەڵدانی ئیسلامدا.

ئەو شەڕەی ئێستای حەماس و ئیسڕائیل!

لە بەرەبەیانی زووی ئۆکتۆبەری ٧ی 2023 دا حەماس بە پلانێکی تۆکمەو لە پێشدا داڕێژراو ئیسڕایلی شۆک کردو بە هەزاران ساروخی لە ئیسڕائیل گرت و بە هەزاران چەکداری خۆکوژیشی ناردە ناو ئیسڕائیلەوەو بە سەدان کەسی لە جولەکە بە بارمتە هێنایە ناو شاری غەزەوەو بە هەزارانیشی لە جولەکە کوشت. ئەمەبۆ حەماس و فەلەستینیەکان سەرکەوتن بوو بەڵام بۆ دەوڵەتی ئیسڕائیل شکەست و بە 11ی سێپتەمبەری ئەمریکایان وێنا کرد.

حەماس بۆچی لەو سات و کاتەدا ئەو هێرشەی ئەنجامدا!

هەندێک لە لێکۆڵەرەوانی سیاسی و سەربازیی پێیان وایە حەماس کردەیەکی تیرۆریستی خۆکوژی وای لە دژی ئیسڕائیل ئەنجام داوە کە ئاخیرەکەی هەم زەرەرێکی زۆر بە کێشەی فەلەستین دەگەێنێت و هەم خەڵکێکی زۆری فەلەستینیشی تێدا دەچوێنێت و هەم شارەکەش بە یەکجاری بە وێرانکردن دەدات و هەم بۆ ئاخیری ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت ئەوا ئەم کردەیە سەری حەماسیش دەخوات!
بە پێی هەندیک لێدوانی هەندیک بەرپرسی سیاسی حەماس و بە پێی بۆچوونی هەندیک سیاسەتمەداری هەریمی و نێودەوڵەتی و بە پێی هەندێک ڕاگەیاندنی جیهانی و هەرێمی گوایە حەماس بە دەست لەپشتدانی بەرەی ڕووسیا ئەو کارەی ئەنجامداوە. بۆیەش ئەوکارەی ئەنجامداوە بە چەند مەبەستێکەوە:
یەکەم: بۆ ئەوەی ئەو فشارە سەربازیەی کە لە لایەن ناتۆوە لە سەر ڕوسیایە لە بەرەی ئوکڕانیاوە لەسەری کەم بکرێتەوە، ئەویش بە کردنەوەی بەرەیەکی تری شەر بۆ ناتۆ لە شوێنێکی تر. کە لە فەلەستین و کێشەی فەلەستینیان باشتر پێ شک نەهاتووە. ئێستا ئەمریکا کە سەری مارەکەیە بە لای بەرەی ڕوسیاوە ڕاستەوخۆ لەوشەڕەی نێوان حەماس و فەلەستین تێوەگلاوەو سەرقاڵیان کردووە!
دووەم : وەڵاتانی عەڕەبیش هەندێکیان دانیان بە دەوڵەتی ئیسڕائیلدا هێنابوو، سەفارەتی ئیسڕائیل لە نێویاندا بە ئازادانە دامەزرابوو، پەیوەندی سیاسی و بازرگانی لە نێوانیاندا بە ئاشکرا دەستی پێکردبوویەوە. هەر بۆ ئاسایی کردنەوەو دان نان بە ئیسڕائیلدا هەندیک دەوڵەتی عەڕەبی تریش لەسەرەدا بوون بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەن، لە نێویاندا سعودیە بوو. ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان جیهانی عەڕەبی و ئیسڕائیل بۆ ئێران وەک گورزێکی کوشندە بوو، بۆیە ئەوەی پێ هەرس نەدەکراو دەیزانی بە تەنیا دەمێنێتەوە لە ناوچەکەداو دوایی قوتدانی ئاسان دەبێت، بۆیە ئەم دۆخەیان قەوماند.

ئەم شەڕەی نێوان حەماس و ئیسڕائیل وای کرد کە وەڵاتانی عەڕەبی و جیهانی ئیسلامی یەک بگرن جا با بە ڕواڵەتیش بێت. بە هۆی ئەم شەڕەی نێوان حەماس و ئیسڕائیل، ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی نێوان ئیسڕائیل و وەڵاتانی عەڕەبی بە تایبەتی لەگەڵ سعودیە زۆر پاشەکشەی پیکرا، ئەمەش بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندی حەماس و ئێراندایە.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە من لایەنگری مافی هەردووک گەلی عەڕەبی فەلەستینی و گەلی جولەکەشم لەو ناوچەیەدا. من پێم وایە هەردووکیان لەو ناوچەو دەڤەرەدا بوونیان هەبووەو پێکەوە ژیاون و بە تەنیشتی یەکەوەبوون، هەردووکیان، وەک دەگوترێت، لە یەک بەرەبابن و تا ڕادەیەک ئامۆزای یەکتریشن، هەردووکیان خاوەنی ئایین و کتێبی ئاسمانین، هەردوکیان پێغەمبەری خۆیان هەیەو هەردوکیشیان مێژوویەکی دوروودرێژیان هەیە . کەواتە لەو ڕووەوە هەردووک دەبێ مافیان لێزەوت نەکرێت.
بە بڕوای من، دەرەوەی هەردووک گەلی جولەکەو عەڕەبی فەلەستینی کاری کردۆتە سەر کێشەکەیان و لە لایەن دەوڵەتانی عەڕەبیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتییەوە کێشەکەیان هەم بەلاڕێدا دەبرێ و هەم وایان ئاڵۆز کردوە کە چارەسەرکردنی زۆر وە زەحمەت کەوتووە.
چەندین گروپ و حیزبی جیهادی، ئیخوانی، سەلەفی، عیلمانی تاڕادەیەک ، هەروەها لیبڕالیش لە فەلەستیندا کاردەکەن و لەسەر هیچ شتێک ڕێک ناکەون! وەک چۆن دەوڵەتە عەڕەبیەکانیش هەر بەڕواڵەت و بۆڕاگەیاندنەکان یەکدیگیرییان پێوەدیارە، بەڵام هەر کە لە بەردەم کامێراکە دوورکەوتنەوە هەر دەوڵەتەی وەدوو بەرژەوەندی خۆی دەکەوێت . لەو نێوەدا بیری توندڕەویی و دژە جولەکەیی هەر بەرەو زیادبوون دەڕوا و لە ناو ئیسڕائیلیشدا بیری تونڕەویی و ڕاستڕەویی جولەکەو دژە فەلەستینی و دژە ئیسلامیی هەر بەرەو زۆربوون دەڕوا.
دەوڵەتە عەڕەبیەکان هەندێکیان زۆر دەستیان وەرداوەتە کێشەی فلەستینیەکان و زۆر وەزەحمەتیان خستووەو کێشەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردێنن نەک بۆ بەرژەوەندی فەلەستینیەکان. بۆیە هەندێکیان نایانەوێت ئەوکێشەیە چارەسەر ببێت و دەیانەوێت لەوناوچەیەدا ئەم شێوە کێشەیە هەر بمێنێت.
حەماس و هاوشێوەی حەماس داوای سڕینەوەی ئیسڕائیل و لەناوبردنی جولەکە دەکات. جولەکەی جیهان یەک بە یەک هەمووی ئەوە دەزانن. بۆیە جولەکە هەتا بۆی بکرێت و لە توانایدا بێت خۆی بۆ ئەوە تەیارو ئامادە دەکات کە ئامۆزا عەڕەبەکەی نەتوانێت ئەو ئامانجەی وەدی بهێنێت. هەر بۆیەش ئێستا جولەکە خاوەنی گەورترین چەک و تەکنەلۆژیایەو تەنانەت خاوەن تەرسانەی چەکی ئەتۆمیشە، لەبەرامبەردا فەلەستینیەکان و عەڕەبەکان بەگشتی و ئومەتی ئیسلامی بە شێوەیەکی گشتی بێجگە لە پاکستان ئەویش بۆیان درووست کرد تا لەبەرامبەر هیندوستاندا ڕای بگرن چەکی ئەتۆمی هەیە ئەوانەی تر نیانە.
چەندین جارعەڕەبەکان بە گەلەکۆمی خۆیان تاقی کردەوە کە جولەکە ئەو کات چەکی ئەتۆمیشی نەبوو، وەک ئێستاش خاوەن تەکنەلۆژیای بەهێزو پێشکەوتوو نەبوو، وەک و ئێستا خاوەنی ئابووری سەربەخۆی بەهێز نەبوو جا ئەو کات عەڕەبەکان نەیان توانیبێت ئیسڕائیل لە ناو بەرن، چۆن ئێستا کە ئیسرائیل خاوەنی ئەو هەموو پێشکەوتن و چەک و تەکنەلۆژیاو چەکی ئەتۆمی و سوپایەکی بەهێزی مەشقپیکراو هەروەها پشتیوانی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ناتۆ چۆن دەتوانرێت لە ناوببرێت. ئیسڕائیل 163 دەوڵەت دانی پێداناوەو وەک دەوڵەت ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆیە لە ناو ناچێت و ئامانج و شیعاری حەماس بۆ لە ناوبردنی ئیسڕائیل کاریکی کردە نیەو دوورخستنەوەی فەلەستینیەکانیشە لە چارەسەرکردنی کێشەی خاکیان!
بۆیە بە بڕوای من، باشترین چارە ئەوەیە هێزێکی عیلمانی سێکیولاری نا دینی نێو فەلەستین جڵەوی کارەکە بگرێتە دەست و کێشەکە چارە بکات، بەڵام گەندەڵێکی وەک یاسرعەڕەفات نەبێ کە ئێستا سەدان ملیۆن دۆلار لای ژنەکەیەتی کە وەختی خۆی لە کۆمەک و خێراتی ئەم لاو ئەولا کە بۆ خەڵکی فەلەستین هاتووە وەلای ناوەو ئێستا خەڵکی فەلەستین سفر بەدەستەوە ماون. حەماس و سەرکردەکانی حەماسیش لەو باشتر نابن و نین!

———————————

بۆ ئەو نووسینە سوودم لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگرتووە:

قورئانی پیرۆز وەرگێڕانی مامۆستا هەژار موکریانی
بەدواداچوونەکانی أخ رشید لە یوتیوب و ئەکاوەنتی تایبەتی خۆی لە سەر شەڕی حەماس و ئیسڕائیل!
The Israeli solution book by Caroline B. Glick
The covenant of the Hamas, main points at: https://irp.fas.org/world/para/docs/880818a.htm
https://encyclopedia.ushmm.org/content/en/article/the-farhud
https://momentmag.com/why-were-jews-blamed-for-the-black-death/

Previous
Next
Kurdish