Skip to Content

دەنگ دێ.. بەیادی ١٥٠ ساڵەی کۆمۆنەی پاریس.. شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

دەنگ دێ.. بەیادی ١٥٠ ساڵەی کۆمۆنەی پاریس.. شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by ئازار 21, 2021 General, Poems

لەو ڕۆژەوە چرپەی نەرم و هاواری بەرز لێکئاڵاوان
سەمای وەرینی گەڵاکان وخونچەی گوڵ ئاوێزانن
لەژێر هەوری خۆڵەمێشی ساڵی خۆشی و پێکەنیندا
دڵ ئومێدی تیادا دەزا و چاو ئەسرینی لێ دەباری
پاریس بوو بە دڵی فەرەنسا و ئەوروپا
لە سەدەیەک جارێ هات و وەکچۆن دڵی ئینسان دەقەی ٧٢ جاران لێدەدا
ئەویش ٧٢ ڕۆژ ترپەی هات و ئینجا ئیتر خامۆش بۆوە
سبەینان لەگەڵ قاوەی تاڵ دەیان بڕیاری ئینسانیی لە پەنجەرە و دەرگای ماڵەکانی دەدا
ڕۆژنامەکانی سینگیان کردبووە مەتەرێز ، وشەکانیشیان بە گوللە
سەنگەرەکان پڕ لە قاقا و لە خۆشی بوون
لویز میشێڵ کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕا و بە تفەنگێک لە یاخیبوون
مانیفیستی فیمینیستی دەنووسییەوە
گریگۆری ئەو ڕۆژانە پێڵاوەکانی فڕێدا و وانەی شیعری دەوتەوە
ئوژین پٶتییە ببووە دەنگی بەرزی خەمی چینایەتی نێو کۆمۆنە
کۆمۆنارە ڕەنگ سوورەکان زوو زوو دەچوون لەژێر تاقی ئازادیدا وێنەی خۆر و
بەهار و ئازادی و شیعر و ئومێدی دواڕۆژیان دەگرت
مۆسیقا ببووە خەرمانەی دەوری سەری ژن ومناڵ.


ئەو بەهارەی کۆمۆنە چاوی هەڵهێنا، ڕەنگی سروشت
تەنانەت ڕەنگی گوڵاڵە سوورەکانیش گەش و جوان بوون
ئاسمان دەتوت لەنێو شینیدا نووستووە
کزەباکان بەخۆبادانەوە دەچوون بن گەردن و
سینگی ئارەقاوی جەنگاوەرانیان فێنک دەکردەوە
پێکەنینی کۆمۆنارەکان پڕ لە مانا و پڕ ئومێد بوون
لەو دەلاقە زەمەنییەوە سێدارە بوو ئەفسانە
ئایین هەڵمی بێدەسەڵاتی لێ هەدەستا
گشت چاوەکان لەسەر ئایندەیەکی نوێ،
خەیکبوون بێدارییان دەخستە سەرشانی نەوەیەکی تازە‌هەڵچوو
ئاڵای سووری کۆمۆنەش بەسەر کەلاوەی ژیانی پاش جەنگ و کوشتن، دەشەکایەوە
ماچ لەژێر ئەو ئاڵا سوورە تامێکی پڕ چێژی هەبوو
خۆشەویستی لەژێر ئاڵای کۆمۆنەدا مانایەتی تری هەبوو
شیعر، هونەر، ژیان لەژێر ئەو ئاڵایە
پێناسەی جوانیان دەدا بە باڵندەکانی حەز و خۆزگە و هیوا و ئاوات و بوون


هەتا ئاڵا شەکاوە بوو هەتاو گەش و
شەوانیش پڕ لە درەوشانەوەی ئەستێرەی ڕەنگاورەنگ و
کۆڵانەکانی کۆمۆنە پڕ لە هەناسەی بەجۆش و
ئاسمانیش پڕ لەجریوە
هەتا ئاڵا سوورەکەی کۆمۆنە بەئاسمانی پاریس دەشەکایەوە
دڵ پڕاوپڕ لە ئومێد بوو
دوای کەوتنی ئەو ئاڵایە.. دەریایەک خوێن هاتە هەستان
شەقامەکانی پاریس بوون بە گۆڕی بەکۆمەڵی کۆمۆنار و شۆڕشگێران
سۆشیالیستەکان دەجەنگان
شەڕی سەرو ماڵیان دەکرد
بەڵام ئەفسووس دەستی ڕەشی مەرگ توانی خەندەکانی عەشق ببا
توانی بزەی سەرلێوانی مێژوویەک بسپێرێ بە خەم
قەڵای داهاتووی خەونێکی گەورەیان ڕووخان
دەیان هەزار بسکی زەردی هەناسەیان لەبن بڕی و
جارێکی تر پاریس لەنێو ڕەنگی ڕەش و خۆڵەمێشی بوو بەتابلۆ
تابلۆی خەون و ئومێدی بەرزی ئینسان و
گۆڕی ترپەی دڵی پڕ لە ئاواتی کۆمۆنارەکان.


گەرچی پاریس بوو بە پارچەیەک لە تەم و
بوو بە شاخێک لە پرسەی خۆشەویستان و
بوو بە دەریای خوێنی سەرجەم شۆڕشگێران
گەرچی دەنگی هاواری پڕ جۆش و خرۆشی سۆشیالیستەکان کپ بۆوە
بەڵام ئەو دەنگە قەت نەمرد
ئێستاش دەنگ دێ
دەنگی کۆمۆنارەکان دێ
دەنگی خەونی سۆشیالیستەکان دەگاتە گوێچکەی هەمووان
پاریس ئێستاش دوای ١٥٠ ساڵ لە کوشتن و بڕین هەستاوەتە پێ
بە سەدان هەزار کۆمۆناری هێلەک زەردی شۆڕشگێری هێناوەتە سەر شەقام و
هەموو هەمان گۆرانییەکەی ئۆژین پۆتیە دەڵێنەوە
ئەمڕۆ دەنگی کۆمۆنە سوورەکەی مێژوو
لە نێو کوچە و کۆڵانەکانی ڕۆژهەڵات
لەنێو دڵی ئەوروپادا
لە ئەمریکا و
لەودیو ئۆقیانووسەکان و کیشوەرەکانی ئەم جیهانە دەبیستین
بۆیە ئەمڕۆ هەموو بووینە بە سێلاوی هەمان ڕێڕەوی ئاوی ڕوون
ئەو سیڵاوەی بۆ بۆرژوازی مەرگ بەخشە و
بۆ ئێمەی کۆمۆناری نوێش ئارامهێنی دڵ و دەروون.

کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish