Skip to Content

فوئاد حسەین و مەدام ماریا مۆنتیسۆری

فوئاد حسەین و مەدام ماریا مۆنتیسۆری

Closed
by ئه‌یلول 26, 2018 General, Opinion

https://www.awene.com/2018/09/24/102532/

سەیری ئەخلاقی سیاسیی بکەن چەند قێزەون و دابەزیوە! لەسەر کاندیدکردنی فوئاد حسەین بۆ سەرۆکی کۆماری عێراق لە لایەن پارتیەوە، یەکێتی و شیعەکان هاواریان لێ هەستاوە لەسەر ئەوەی هاوسەری ئەم زاتە جولەکەیە، نابێت نا موسڵمان ببێت بە خانمی یەکەمی عێراق. ئەم جۆرە قسانە، ئەم شێوازە لە سیاسەتکردن ئەوەمان پێ دەڵێت کە عێراق و کوردستان نوقمی ڕەگەزپەرستی و ئایین و مەزەهەب پەرستییە، کاندیدکردنی کەسێک بۆ وەرگرتنی هەرچ پۆستێک بۆ دەبێت شوناسی ڕەگەزیی و ئایینی هاوسەر و کەسوکاریشی بۆ بکرێت بە پێوەر!. ئەمە لە فەشەلی سیاسیی لە عێراق و کوردستاندا زیاتر هیجی تر نییە.

پێوەری سەرۆکی کۆماری عێراق، ئەبێت لەسەر پێوەری تەکنۆکراتی و زمانزانی و شارەزایی و خاوەن مۆراڵ و پرنسیپی عەدالەتخوازی و یەکسانخوازی و دیموکراتخوازی و باوەڕەبوون بە پێکەوەژیانی عێراقیەکان بە بێ جیاوازی و دوور لە ڕەگەزپەرستی و ئایینپەرستی هەڵبژێردرێت، نەک لەسەر ئەوەی هاوسەرەکەی جولەکەیە یان مەسیحیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، بە هەمان پێوەرە سەقەتەکە و درۆکردنیش وەڵامی یەکێتی و شیعەکان لە ڕێگەی پەرلەمانتارێکی پێشوویەوە دەداتەوە!، ئەم پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت:”ژنی فوئاد حسەین جولەکە نییە، بەڵکو مەسیحیەکی هۆڵندیە و لە بنەماڵەی مەدام ماریا مۆنتیسۆریە!

چەند پاساوی یەکێتی و شیعەکان جێگەی گاڵتەجاڕیە، زۆر لەوە زیاتر بەرپەرچدانەوەکەی پارتی و پەرلەمانتارەکەیان جێگەی گاڵتەجاڕیی و پێکەنینە. پارتی و پەرەلەمانتارەکەیان هەر لەسەر پێوەری گەڕانەوە بۆ ڕابوردوو، گەڕانەوە بۆ بنەماڵەیی بەرگری لە فوئاد حسەین دەکەن و، بە هاوسەرەکەیدا هەڵدەدەن کە گوایە لە بنەماڵەی پەروەردە ناسێکی بە ناوبانگی ئەوروپیی وەک مارایا مۆنتیسۆریە.

مەدام ماریا مۆنتیسۆری لە ساڵی ١٨٧٠ هاتۆتە دنیاوە، کە ڕەنگە هاوسەری دکتۆر فوئاد ئەگەر لەو بنەماڵەیەش بێت ببێت بە کچە زا زا، یان کوڕە زا زای مەدام مۆنتیسۆری، ئاخر دەبێت ئەوە چ پەیەوەندییەکی بە کەسایەتی هاوسەری ئەم بەڕێزەوە هەبێت. عەقڵیەتی ئەمانە ئەوەیە کە”گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە” کە بە هیچ شێویەک ئەوە وانیە. لە خوارەوە کورتەیەک لەسەر مەدام ماریا مۆنتیسۆری دادەنێم

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

مەدام ماریا مۆنتیسۆری Maria Montessori، بەخێوکەر و ڕاهێنەر و فەیلەسووف و پزیشکێکی ئیتالیە، لە ١٨٧٠ هاتۆتە دنیاوە، ئەم ئەستێرە گەشە و زانا مەزنە یەکەم ژن بووە لە بواری پزیشکیدا لە وڵاتی خۆیدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێناوە. ئەم زانایە قوتابخانەیەکی تایبەتی کردووەتەوە بۆ ئەو منداڵانەی لە ڕووی عەقڵییەوە دواکەوتوو بوون، بە جۆرێک منداڵە شێت و دواکەوتووەکانی ڕاهێناوە و پەروەردەی کردوون، کە لە منداڵە ئاساییەکان پێشکەوتووتر بوون، ئەم زانایە دەڵێت: “لە کاتێکدا کە خەڵکی زۆر سەرسامن بە پەروەردەکردنەکەی من، کە چۆن منداڵە دواکەوتووەکانم پێش خستووە و توانیومە زاڵ بم بەسەر نەخۆشییە دەروونی و عەقڵییەکانیاندا، منیش پێم سەیرە. بۆچی هەمان ڕێگەی من ناگرنە بەر بۆ پەروەردەکردنی مندالە ئاساییەکان، کە زۆر پێشدەکەون و سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەهێن”. واتە پەروەدەکردنەکەی ئەم زانایە بۆ هەردوو حاڵەتی ئاسایی و نائاسایی لەبارە. بێرتراند ڕەسڵ وەک فەیلەسوو و زانایەکی پەروەردەیی زۆر ئاماژە بەم پەروەردەیەیی مەدام مۆنتیسۆری دەدات و سەرسامە پێی.

Previous
Next
Kurdish