مێرگێک لەژێر هەورێکی بێدەنگ … تۆماس مارێک
و. لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان
دیمەنێک لە دەربەندەکەوە
وا خەریکم هەڵدەزنێم
بە دژواری و
تا دێ بچووکتر دەبمەوە
لە بنکوبناری
ئەو
چیا بڵندەوە…
وا خەریکم هەڵدەزنێم
گەرچی هێشتایش هەر بچووکتر دەبمەوە…
خەڵکانی چاو-بێپێڵوو
لەم شارەدا
خەڵکی پێڵووی چاوی نییە.
ئەوان مەحکوومن بە تەماشا
تەنانەت لە خەونیشدا.
با فرمێسکەکانیان دەگوشێ،
بەو هۆیەوە وێنەکانی زەریا
دەبینن،
ئاژەڵێکی گەورە
کەف بە دەمیدا دێتە خوارەوە،
گژوگیای زەریا تف دەکاتەوە.
و ئەوان
جەستەی خۆیان
بۆ ئەو
دەکەنە قوربانی
لە دوایین ویست و ئارەزوودا و
تەماشا دەکەن کە چۆن شەپۆلەکان
لە سەر لمەکە
جێپێکان کاڵ دەکەنەوە.
کڵێسای مەزن
یەک فلسیشم پێ نەبوو بۆ بلیتی
پەرستگە.
سا دانیشتم لەبەر پێی
عیسای تۆقیودا،
چەقۆیەک و پارچەنانێکم دەرهێنا.
ئێمە تەماشای ئاهەنگە پڕ لە شادییەکانمان دەکرد
لە هاتنە دەرەوەی
کڵێسای مەزندا و
ئەو خەوی لێ کەوت
لە خوارەوەی چاوی تاوەرە بەژنبڵندەکەوە،
بەرز و بەهێز
بەتاڵ
شێوە جوان،
بەبێ خودا و
بەبێ ئیمانداران.
ئاکام
شانۆی
خاچەکە
تەواو بوو.
ئەشکەوتی دۆزەخ
لە بەردەم ئەشکەوتێک
پانوبەرین و تاریکوتار
دانیشتبووم،
وەکوو ئەشکەوتی دۆزەخ
تەماشای ناوەوەم دەکرد
پڕخەتەر نوشتابوومەوە
بەسەر چاڵی تەڕوتووشی دۆزەخدا
هەناسەم دەدا
لە هەوا و بۆنی فریودەری دۆزەخدا.
بەڵام من جوامێریی
ئینیاسم نەبوو.
[ئینیاس: جەنگاوەرێکی ئەفسانەی گریک و سەرکردەی بەرەی ترۆجان لە جەنگی ترۆجاندا]
قایلبوون
شەو بە کاوەخۆ نوقم دەبێ
پێش بەرەبەیان،
نیمچەهۆشیار
ئەمما هێشتا شنەشنیەتی،
گەشکەیەتی و
گێژە
بە زەبری تیژی و دڕیی
تۆفان.
چاوم بڕییە ئەم دیمەنە
بە حەزێکی ئێجگارەوە،
بۆنی خۆش هەڵدەمژم،
ئاڵۆشم گرتووە،
بە بۆنی بەیانیانی
دەریاچەی ئێر های.
کوڕیژگەی ناو تەم
بەیانییەکی خەرمانانە. باڵندەکان هێشتا خەون دەبینن
بە کێڵگەی گەنمەشامی و باخچەی پڕ لە مارومێرووەوە.
دووکەڵی پاییز لە هەوادا ئاوێزانە،
ئێستا تەقریبەن دنیا ئارامە، بەڵام جاروباریش شلۆق،
وەک حەسانەوەی ئاژەڵێک دوای ڕاکردن.
هیچ دەنگێک ڕازی بەیانی ناشکێنی.
تەم لە ڕووبارەکەوە دەڕژێ، دۆڵەکە پڕ دەکا،
دوورتر دەڕژێ، مێرگان بە هەورێکی بێدەنگ دادەپۆشێ
بە تامی قەوزەی قاوەییی دەریا و گەڵای داربەڕوو.
نەویتر دەنیشێ، دەوەن و گژوگیا دادەپۆشێ،
ئەمما کۆمەڵە نەونەمامێکی دارچنار
لە سەرووی زەریایەکی هەژیو و هەڵچووەوە ماون.
خۆر هەڵهاتووە، بە خێرایی هەڵدەزنێ،
ڕەنگی نامۆی بێتاوانی تووتڕک بزر دەکا
تا بگا بە ئاڵۆشی فرەی پرتەقاڵی گەییو.
کوڕیژگەیەک بە ڕێگەدا دەڕوا، بە لاقەکانی دڵگەرمی و جۆش شەتڵ دەکا
تەم دەیلێسێتەوە، بەملاولای قامکەکانی خونچەگوڵە ساردەکان دەلاوێنێ، لە خونچەی گوڵە نادیارەکانی
دوادواییەکانی هاوین چەند دڵۆپەشەونمێ دەبارێنێ. دڵۆپەکان دەبارێن
دەنگەدەنگێ دێننە ئارا کە دانیشتووانی
جیهانێکی بچووک بەخەبەر دێنن– ئەوان هێشتاکێ نەیانزانیوە،
تەنانەت هێشتا هەستیان نەکردووە،
کە گۆزەڵەی ناو کۆڵەپشتی کوڕیژگەکە
دەبێتە چارەنووسی هەندێک لەوان،
قەتاری وێرانکاریی مەخلووقە بچووکە زیندووەکان
گازی ئیسەر-پێدا-کراوە و بە دەرزی کون کراوە
لە ئاوشڤیتزێکی بچکۆلەی ژووری منداڵێکدا.
دڵڕەقی مل بە کوڕیژگەکە دەنێ،
کونجکۆڵی و مەراق،
ویستی دۆزەرەوەیەکی ڕێسای گەردوون…
———————————–
تۆماس مارێك سۆبییەرای (سۆبییەراژ) (لە ١ی جولای ١٩٦٤ لە لۆدز، پۆڵەند لە دایك بووە) شاعیر، نووسەر، ڕەخنەگری ئەدەبی و هونەری، وتارنووس، فۆتۆگرافەری دۆكیومێنتارییە. سۆبییەراژ لە زانكۆی لۆدز جوگرافیای خوێندووە و هەر لەو زانكۆیە ماستەری لە ئاوزانی (زانستی ئاو) و كەشزانیدا هێناوە و لە زانكۆی لیشبۆنەیش ماستەری لە ئامار و سیستمەكانی زانیاریدا هێناوە. هەتا ساڵی ١٩٩٩ وانەی جوگرافیای گوتووەتەوە و تایبەتمەند بووە لە دیمۆگرافیا و سیستمی زانیاریی جوگرافی. تۆماس هاوکات وەرگێڕە و شیعری شاعیرانێکی وەک: “حەسەن عەبدوڵڵا، ڕۆدان عەلی گەلیدی، لی بای، ستانلی ئێچ، باركان، هێلین بارلێڤ، ویلیام بلەیك، كۆنستانتین پی. كاڤافی، لیدیا چیارێلی، یوون هۆ چۆ، ڕیتا داڵ، دەیڤد دەی، شاڵاو حەبیبە (لە ئینگلیزییەوە بۆ پۆڵەندی)، نێڵس هاو، پیتەر تابیت جۆنس، لاوزی، میلاگرۆس لۆپێز، نیكانۆر پارا، ئیریك لا پرادی، كیۆنگ نیون كیم ڕیچاردس، سیركا توركا، ساندەر دی ڤان و بیل وۆلاك”ی کردووە بە پۆڵەندی و ناساندوونی.
———————————–
كتێبەكانی
• گەمە، شیعر – ٢٠٠٨
• جەنگی گوڵەكان، شیعر – ٢٠٠٩
• شوێنی هەمووشت دیار، كورتەچیرۆك، فۆتۆگرافی – ٢٠٠٩
• بیرۆكەی گشتیی پاییز، كورتیلەڕۆمان – ٢٠١٠
• شتە بێبایەخەكان، مۆنۆدراما، وتار، دووزمانە: پۆڵەندی و ئینگلیزی – ٢٠١١
• بەرگدروو، ڕۆمانەشیعر، دراما – ٢٠١٢
• لە پشت دەروازەكانی خاكی بەڵێنپێدراوەوە، فۆتۆگرافی – ٢٠١٣