Skip to Content

ڕوتاندنەوەی خەڵک بەناوی پشکنین و چارەسەری کۆرۆناوە ڕاگرن

ڕوتاندنەوەی خەڵک بەناوی پشکنین و چارەسەری کۆرۆناوە ڕاگرن

Closed
by ئه‌یلول 7, 2020 General

ڕاگەیاندراوێک لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتیەوە بۆ ڕای گشتی

جەماوەری ئازیزی کوردستان
بەداخەوە رۆژ لەدوای رۆژ قەیرانی پەتای کۆرۆنا قوڵتر و ئاڵۆزتر و کوشندەتر دەبێ. بە دیوێکدا، قەیرانەکە دەرئەنجامی ڕووداوێکی سروشتیە لە شێوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندە. بەڵام بەدیوەکەی تردا، بەشێکی زۆری قەیرانەکە دروستکراوی دەستی دەسەڵاتی سیاسی و بازرگانەکانی کەرتی تایبەتی تەندروستین.
کوردستانیانی زوڵملێکراو
لاتان ئاشکرا هیچ ماڵێک لە وڵاتە ئازیزەکەمان نەماوە ئەم پەتا کوشندەیە ڕوی تێنەکردبێ. بەهۆی کەمتەرخەمی و گوێنەدان و نەزانیی دەسەڵاتی تەندروستی و سیاسیەوە، پەتاکە رۆژ لەدوای رۆژ لە تەشەنەدایە. مەخابن ژمارەیەکی زۆری ئازیزان و خۆشەویستانمان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لەدەستدا کە دەکرا ڕێگری لە مردنیان کرابا. بەداخەوە دەسەڵات لە کاتێکدا شکستیهێنا لەوەی ڕێگری لە مردنیان بکا، لە پاش کۆچی دوایشیان دەیەوێ لەڕێی وەرگرتنی پارەی قەبرانە تەنانەت لە مردنی ئازیزانیشمان قازانج بکا.
ئەوانەیشی کە هێشتا زوڵم و ناحەقیەکانی دەسەڵات و کۆرۆنا نەیکوشتون، هەمیشە لە بەردەم هەڕەشەی تاڵانکردنن لە لایەن دەسەڵات و بازرگانەکانی تەندروستیەوە. دەسەڵاتی تەندروستی لە دەزگا فەرمیەکاندا کەوتوەتە وێزەی خەڵک و لەبەرامبەر پشکنینێکی کۆرۆنا دەیان هەزار دینار وەردەگرێ. هاوکات بواریشی بە بازرگانە چاوچنۆکەکانی تەندروستی داوە بە ئارەزوی خۆیان و گورگ ئاسا پەلاماری خەڵک بدەن و بەناوی پشکنین و چارەسەری کۆرۆناوە پارە لە خەڵک وەردەگرن.
نەخۆشە بێ نازەکان
هاوڵاتیانی مافخوراو
پەتای کۆرۆنا کارەسات و بەڵایەکی سروشتی سەختە. ئەم بەڵایە جیاوازییەکی ئەوتۆی نیە لەگەڵ کارەساتە سروشتیەکانی دیکەی وەکو بومەلەرەزە و لافاو…هتد. لەم کاتە ناخۆشانەدا کۆمەڵگا و دەسەڵاتە تەندروستەکان باوەشی پاڵپشتی بۆ یەک دەکەنەوە و بێبەرامبەر هاوکاری لێقەوماوان دەکەن. لەم ڕوداوە سەختانەدا ئەوەی بیری لێناکرێتەوە پارە کۆکردنەوە و قازانجی ماددیە. وەرگرتنی پارە لە بەرامبەر پشکنین یا چارەسەری کارەساتێکی سروشتی لە بابەتی کۆرۆنا کت و مت وەکو ئەوە وایە داوای پارە لە کەسێک بکەی کە بەهۆی بومەلەرەزەوە لەژێر خۆڵ و خاشاکدا بێ و ڕزگاری نەکەی تاوەکو بڕێک پارەت نەداتێ. ئەم رەفتارانەی دەسەڵات و بازرگانە تەندروستیەکان ئەوپەڕی نامۆڕالی و نابەرپرسیارێتیە و لە جیهاندا وێنەی نیە.
هاوڵاتیانی ئازیز
ئێوە وەکو هاونیشتیمانیەکی ئەم وڵاتە مافی خۆتانە بە بێ بەرامبەر و بە خۆڕایی دەستان بگاتە سەرجەم خزمەتە تەندروستیە سەرەتایی و سەرەکییەکان. پشکنین و چارەسەری درمێکی وەکو کۆرۆنا کە کارەساتێکی تەندروستی گشتیە بەشێکە لەو مافانەی ئێوە. ئەم مافانە لە هەمو یاسا و ڕێسا جیهانی و لۆکاڵییەکاندا چەسپاوە. بۆیە نابێ ڕێگە بدەین دەسەڵاتی سیاسی و تەندروستی و بازرگانەکانی بوارەکە ئەم خزمەتە سەرەتاییەش بکەنە سەرچاوەیەک بۆ ئەوەندەی تر دەوڵەمەندبونی خۆیان و هەژارخستنی ئێوە و خێزانە سەربەرزەکانتان.
تکاتان لێدەکەین لە بەرامبەر ئەم ناحەقی و دەستدرێژیە بێ شەرمە بێدەنگ مەبن. دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕن و داکۆکی لە مافە سەرەتاییەکانی خۆتان بکەن.
ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی پشت و پەنا و پشتیوانتان دەبین. بەڵێنتان پێدەدەین کە ئەوەی پێمان بکرێ درێغی نەکەین لە بەرگری لە ئێوەی بەشخوراو و زوڵملێکراو. دەنگی ئێوە دەگەینینە هەمو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تەندروستی و مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتوەکان.
هەروەها ئێمە پشتیوانیی لەو دکتۆر و کارمەندانەی تەندروستی دەکەین کە داوای خۆڕایی کردنی پشکنین و چارەسەری پەتای کۆرۆنایان کردوە و پێویستە هەمومان پێکەوە یەکگرتوبین بۆ سەپاندنی ئەم داخوازیە بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.
لە کۆتایشدا هیوای تەندروستیەکی باشتان بۆ دەخوازین.
سەربەرزی بۆ ئێوەی زوڵملێکراو.
سەرشۆڕی بۆ ئەوانەی کە مافە تەندروستیەکانی ئێوەیان زەوتکردوە و بە پارە پێتانی دەفرۆشنەوە.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢٠/٩/٧

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish