نووسین لەپێناو وننەبوون دا!.. عادل عەبدوڵڵا
بەختیار عەلی یەکێکە لە نووسەرە ناوازەکانی دنیای ئەدەبی کوردی، یەکێکە لەو نووسەرانەی کورد دەبێ شانازی پێوەبکات. بەڵام من پێم وایە گەر بەختیار لە جێگایەک ڕاوەستان بە قەڵەمەکەی خۆی نەکات، دەبێتەوە قەڵەم بەدەستێکی ئاسایی ڕاگوزەر. بەختیار لە سەرەمەرگدایە و تەنیا ڕاگەیاندنی مردنی قەڵەمەکەی ماوە ئەم ڕاگەیاندنەش خەریکە ڕووبدات و لە ئان و ساتی خۆی دایە. نووسین بۆ بەختیار بۆتە ژەهر، نەنووسین لە نەنووس بۆی باشترە.
دوا ڕۆمانی بەختیار عەلی بە ناونیشانی( مردنی مامۆستا عینایەت)ە ئەم بەرهەمەی لە ڕێگای فەرمانبەرێکی ئاسایی پیر ڕۆدەچێت بە ناو قوڵایی چێژی مەرگ دۆستی و دژە ژیان لە کۆمەڵگایەکی سوننەتی دوو ڕوو، تاکی بوودەڵە و پیاوی سیاسی و ئایینی، چەک بەدەستی بێ مۆڕاڵ و هەلەکەسەما و سوپایەک لە گەمژەی ناو کۆمەڵگا. کۆمەڵگایەک لەبەرهەمهێنانی تاکی بێ کوالێت و مرۆڤ گەلانێکی مەڕئاسا لە تڕۆپدایە. کۆمەڵگایەک تاسەر ئێسقان مردن دۆست و چەپاندن هەڵدەبژێرێ. کۆمەڵگایەک وەک بوکەڵە لە ژێر دەستی پیاوانای سیاسی بەرژەوەندی خواز و پیاوانی حزبی و ئایینی خەسێنراوە. کۆمەڵگایەک ڕقی لەهەموو دەنگێک دەبێتەوە لە دەنگی خۆی نەچێ. سەرزەمینێک تاک نازانێ ماف و ژیانکردن و ئازادی چین، بۆچی تاک ئەوەندە قووڵ ڕۆدەچێتە ناو هێڵەکانی بوون و نەبوون و خوێنەر دەخەنە بەردەم پرسیارگەلێکی بۆچی مرۆڤ لە سێبەری مەرگ ئەوەندە سڵ دەکاتەوە، کۆمەڵگایەکی پۆپۆلیستی و تاک وەک سەماکارەکان بە میدیاکان سەمایان پێ دەکەن. کۆمەڵگایەک میدیای حزب و بازرگانەکان و چاوی پیاوانی ئایینی بەڕێوەی دەبەن.
من کارم لەسەر سێ ڕەگەز (تەکنیک، کارەکتەر، زمان) لەناو دەقەکەدا کردووە.
تەکنیکی گێڕانەوە
تەکنیکێکی سادەیە و خوێنەر لەگەڵ خۆی دەبات، بە (هەمووشتزان) و هەندێکجار (بە هەمانشتزان) بۆمان دەگێڕێتەوە ئەمەش باڵادەستی تەواو دەدات بە گێڕەوە بەدڵی خۆی ڕۆدەچێتە ناو ناخ و دڵی هەموو کارەکتەرێکی.
پێم وایە تەکنیکی ڕۆمانەکەی تا ئاستێکی باش سەرکەووتبووە و توانیتی دەرحەق بە تێکستەکەی بێ.
کارەکتەر
بەختیار لە دروستکردنی کارەکتەر لەم بەرهەمەی وێرانە وەک جەلادێک مامەڵە لەگەڵ کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکەی دەکا و هیچ کارەکتەرێک ئازاد نییە و خۆی نییە. بەختیار بوودەڵەیەک دەکاتە سووپەرمان و سووپەرمانێک دەکاتە بوودەڵە. زمانی سوقرات دەداتە پینەچی و زمانی جوتیارێک دەداتە ڕووناکبیرێک. بۆ نموونە کارەکتەری مامۆستا عینایەت لە فەرمانبەرێکی سادەی دادگا و فایل گواستنەوە ماوەی( سی و دوو) ساڵ کاری خۆی دەکات هیچ پاشخانێکی مەعریفی نییە لە پڕ شەوێک هەڵدەستێتەوە دەبێتە سپارتاکوس و دەڵێ من دەمەوێ دەستبەژیان بکەم و قسەی وا دەکات گۆتە و کانت و ساتەر نەیانکردووە ل (109 ) کاتێک هۆکاری نەمردنەکەی ڕووندەکاتەوە بۆ خەڵک بڕوا ناکەم هیچ ڕۆشەنبیرێکی کورد بیری بۆ قسە و خەیاڵی وا بچێ. کەسایەتی ژنی سەرۆک وەزیران لەناو دەقەکە تەنیا بۆ خزمەتکردنی بیری خۆیەتی و دەنگی خۆیەتی نەوەک کارەکتەری ئازاد و خاوەن بیر و قسەی خۆی.
زمان
زمانی بەختیار بەرەوپێشچونێکی زۆر باشی بە خۆی بینیوە توانیوویەتی کاری باش لەسەر ئاستی زمانی خۆی بکات لەناو دەقەکەی. بەڵام لە هەندێک جێگادا بەڕاستی جێگای بەزەییە و منداڵی دەساڵی قسەی وا ناڵێ نموونە لاپەرە15( کاتێک لە ڕۆژنامەکە چوەدەرەوە ڕۆژنامە ) بەختیار ڕۆژنامە بە ئۆفیس و بینا و دوکان تێگەیشتییە. لا 15 ( بە تیرێک دوو نیشانەی دەشکێنێ) نیشانە دە پێکرێ، ناشکێنرێ. لا 42 ( بە پێش دەست بە نەرمی کێشای بە نێو چەوانی). یە کێک پێمی بڵێ پێش دەست کوێیە؟؟. لا 51 ( هەموو نیشانە دێرینەکانی دەستکورتی لە ڕوخسار و جلوبەرگیدا بوو) ئەمە کوردی قسەکردنە؟ یەکێک ئەمەمان بۆ بکاتە وێنەی شیعری تکایە. لا 226 ( ژمارەیەکی زۆر سەرباز ڕژانە ناو دیلەکان) هاووڵاتی خۆت لەکاتی گرتن نابێتە( دیل) دەبێتە گیراو تەنیا لە شەڕ دیل لەگەڵ دوژمن.
بەربوونەوە بەسەر دەق
لەناو ڕۆمانەکەی هەڵەی گەورەی لۆژیکی زۆر کردووە و بەمەش من ناوم ناوە( بەربوونەوە بەسەر دەق) چونکە وای لە دەقەکە کردووە زۆر لاواز دەرکەوێ ئەمەش هەموو خوێنەرێک ئەم وردەکاریانە هەستپێناکات گەر بە وردی نەیخوێنێتەوە.د
یەکەم: بەختیار گێڕەوەی دەقەکەیە بە هەمووشتزان ناوی کەسایەتی کارەکتەری سەرەکی بە (عینایەت) دەستپێدەکات، دوای ڕۆیشتنی چەندین لاپەرە کارەکتەرێک دەڵێ مامۆستا عینایەت و خەڵک هەموو بە مامۆستا عینایەت بانگی دەکەن. کەچی بەختیاریش دەکەوێتە ژێر هەژموونی کارەکتەری خۆی و نازناوی کارەکتەرەکە دەگۆرێ بۆ مامۆستا عینایەت لەهەندێکجێگا گێڕەوە دەڵێ (مامۆستا عینایەت) ئەمەش کفری ئەدەبییە.
دووەم: کارەکتەر فەرمانبەرە کەچی ناونیشانەی ڕۆمانەکە بە مامۆستا عینایەت ناونراوە، خودی عینایەت پێش بەناوبانگ بوونی کەس نەی ناسیووە و پیشەی مامۆستاش نەبووە. تەنیا کارەکتەرێک دەڵێ مامۆستا عینایەت ئیتر تەواو بە گێڕەوەش دەیکەنە مامۆستا عینایەت.
سێییەم: عینایەت (32) ساڵ فەرمانبەرێک لە دادگا فایل ئەو ژوور بۆ ئەم ژوور دەبا و نە کتێب دەخوێنێتەوە نە لایەنی ڕۆشنبیریەکی وای هەیە. لە پڕ دەبێتە سونبولی ژیان و چۆنییەتی ژیانکردن و فەیلەسوفی ژیان ئەمە چۆن؟
چوارەم : لە لاپەرە 60 عینایەت دەڵێ( نابێ مرۆڤی بەدبەخت لەبری من بمرن). کەچی خۆی بیردەچێ لەچەند لاپەرەی دواتر عینایەت لەناو گۆڕستان ژنێک دەبینێ لەسەر گۆڕی مێردەکەی دەگری عینایەت دەڵێ بۆنایەی لەبری من بمری!.
پێنج: لە لاپەرە 173 دەڵێ( دە کەسێکیان بینی تابووتێکیان هەڵگرتووە). چەند دێرێک دەچێتە خوارتر لەبیری دەچێ چی گووتووە دەڵێ( چواریان لە پێش دارەمەیتەکەبوون و چواریان لە پشتەوە دەڕۆیشتن). ئەی (دوو) نەفەرەکەی تر وا؟
شەشەم: عینایەت لە نەخۆشخانە ڕووت و قووتی دەکەنەوە و دواتر جلەکانی لەبەردەکات و دواتر بۆ بەندیخانەی تاکەکەسی یان ژوورێک کەوا دەستبەسەر و هیچ کەسێک بۆی نییە بیبینێ و قسەی لەگەڵبکا کەچی لە لاپەرە 223 دەڵێ( دەستی کرد بە گیرفانیدا و پارەکانی ژمارد، کلیل و مۆبایلی پێبوو). لە کوێی دنیا گیراو کلیل و پارە و مۆبایلی پێیە لە کاتێکدا هەموو دەوڵەت چاوی لەسەرتبێ و داواکراوترین کەس بی!.
حەوتەم: کۆتایی ڕۆمانەکە هێندە گاڵتەجاریانە کۆتایی پێدێ زەردەخەنە دەتگرێ و خوێنەر ڕازیناکات لەوەی دەشێ ڕۆژێک شتی وا ڕووبدات یاخود ڕووی دابێ.د
پرسیاری سەرەکی من ئەوەیە ئایا هەر بەڕاستی بەختیار بیست ساڵیش دەبێ کتێبێکی خوێندۆتەوە؟ چونکە لە ماوەکانی ساڵی (2010_2020) ئەوا (19) کتێبی چاپکردوە لە فیکر، شیعر، ڕۆمان، شانۆ… نزیکەی( 6) مانگ جارێک کتێبێکی نووسیوە.
لە ماوەی ساڵی (2020_2026) بەختیار (21) کتێبی نووسیووە دەکات ( چوار) مانگ جارێک کتێبێکی نووسیووەد.
هەر بە ڕاستی بەختیار دەخوێنێتەوە؟ گەر دەخوێنێتەوە دەشنووسێ کەواتە دەق ئاوێزانی ئەوانەمان بۆ دەنووسێ کەوا دەیخوێنێتەوە دەنا ناکرێ نووسەر لە پڕۆسەی نووسین کتێب بخوێنێتەوە.
عادل عەبدوڵڵا 2026/02/16

