گەڕانەوە لە سەردەمی “بۆشایی”یەوە بۆ سەردەمی “ئۆدیسە”.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
مەبەست لەو نووسینە فیلمی “ئۆدیسە”ی دەرهێنەری ناودار كریستۆفەر نۆلان نییە، كە گەڕانێكی قووڵ بەدوای پرسیارە گەورەكانی مرۆڤایەتی لەبارەی كات، خۆشەویستی و مانەوە بەرجەستە دەكات… هەڵبەتە چیرۆكی فیمەكەی نۆلان و بابەتی ئەو كتێبەی كە لێرەدا هەوڵی خوێندنەوەی دەدەم، یەكێكە لەو شاكارە ئەدەبییە بەرزانەی كە لە كۆنەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ كاریگەریی بەسەر ئەدەبیاتی دنیاوە هەیە و زۆربەی تراژیدیا یۆنانییەكان لە ئۆدیسەوە هەڵێنجراون. چیرۆکی ئەو داستانە باسی گەشتە درێژخایەن و پڕ لە مەترسی و سەرکێشییەکەی ئۆدیسەی پاڵەوان دەکات، كە دوای تەواوبوونی جەنگی “تڕوادە” ۱۰ ساڵی پێدەچێ تا لە جەنگەکەوە بۆ نیشتمانەکەی خۆی (دوورگەی ئیساکا) بگەڕێتەوە، ئەو گەشتە لەڕووی فكرییەوە گوزارشت لە گەیشتن بە حەقیقەت یان گەڕانەوە بۆ جەوهەری خۆی دەكات، كە ئەو خوێندنەوەیە لەڕێگای كتێبی “ئۆدیسە و دەسەڵاتی بێسنوور”ی فەیلەسوفی فەرەنسی (ژیل لیپۆڤێتسکی) لەدایکبووی ١٩٤٤، مامۆستای فەلسەفە و کۆمەڵناسی لە زانکۆی گرێنۆبڵ، هەوڵی تاوتوێكردنی دەدات. لەو كتێبەدا مرۆڤ دەسەڵاتی بێسنووری خۆی بۆ گەیشتن بە ناوەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت! وەرگێری بە توانای میسری (دینا مەندور) خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە ئەدەبی “پۆست-ڕۆژهەڵاتناسی” زانکۆی پاریس-سۆربۆن، خوێندنەوە و شیکارییەكی فکریی لەبارەی ئەم کتێبە نوێیە لە گۆڤاری (المجلة- Al Majalla Magazin)ی ئەلیكترۆنی ژمارەی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ نووسیووە، کە تێیدا تیشکی خستۆتە سەر گرنگترین ئاوڕدانەوەكانی ژیل لیپۆڤێتسکی وەكـ دیاردەی تاکگەرایی (فەردانییەت) و کۆمەڵگای بەکاربەری سەرمایەداری و کەلتووری مۆدەی هاوچەرخ… بۆ بەدواداچوون و زێتر خستنەڕووی “سەردەمی بۆشایی” ئەو خوێندنەوەیەم لەسەر ئامادە كردووە.
نووسەر (دنیا مەندور) لە ناونیشانی (لە سەردەمی بۆشایییەوە بۆ سەردەمی ئۆدیسە) قسە لە داخستنی كەوانەی بۆشاییەكان دەكات، تا بە حەقیقەت بگات، چونكە ژیل لیپۆڤێتسکی لە كتێبەكەیدا چەمكی بۆشایی دۆخی بوونگەرایی “سووكی- سەبووك”ی دەخاتە بەرانبەر “سەنگینی دەروونی و دڵەڕاوکێ”وە. بەو مانایەش ژیانی ئەمڕۆی “سووک”، ڕووکەش، بەخێرایی تێدەپەڕێت و پێویستی بە بیرکردنەوەی قووڵ و سەنگین نییە. ئەو ژیانە سەبووكە لەسەر چێژ و بەکاربردن وەستاوە… هەموو ئەو وەرچەرخانە هاوچەرخانە، خەو لە چاوی (ژیل لیپۆڤێتسکی) دەزڕێنێ و دەیەوێ ڕێگایەكی سەنگینتر بۆ گەڕانەوەی جەوهەری مرۆڤایەتی، بە ڕووی مرۆڤ و ژیاندا بکاتەوە.
كەواتە ئەو فەیلەسوفە، تەنیا لە ڕوانگەی چاودێریکردنی دەروونی كۆمەڵگا و بەکاربردنی کاتییەوە نانووسێت، بەڵكە ڕوو لە شیکردنەوەی ئەو “دەسەڵاتە لەڕادەبەدەر”ەش دەکات کە تەكنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد بە مرۆڤی هاوچەرخی بەخشیوە و ژیانی ئێمەی بۆ “ئۆدیسە”یەکی تەکنیکی گۆڕیوە؛ لەو ژیانە تەكنیكییەدا مرۆڤ بوونی خۆی ئارەزوومەندانە خستۆتە بەر نەشتەری تاقیکردنەوە و مەترسیی زێدەییەكانەوە. ئەو كتێبە داوامان لێ دەکات بە جەوهەری گەشتە درێژەکەی (ئۆدیسە)ی شاعیری گریکییدا بچینەوە؛ پێش ئەوەی پرسەکانی “دەسەڵاتی بێسنوور”ی ژیریی دەستکرد داگیرمان بكات و بەردی بناغەی تێگەیشتنمان بۆ جیهانی هاوچەرخ دابڕێژێتەوە.
لەو كتێبەدا ژیل لیپۆڤێتسکی چەمكی “سەردەمی بۆشایی” و “پاشایەتیی کاتی” وەكـ چەمكی “تەقینەوەی گەورە”كە (Big Bang) بە گۆڕانكارییەكی ئۆنتۆلۆجی و مێژوویی دادەنێت، بەو مانایەی كە تەقینەوە گەورەكە نەخشەی شارستانییەتی مرۆڤایەتی سەرلەنوێ کێشاوەتەوە! واتە تەقینەوە گەورەكە لە لایەک ناوەندە پیرۆزەکان، ئایدۆلۆژیا قورسەکان، و ئەرکە مێژووییەکانی تەقاندەوە و تاکی لە دۆگمابوون ڕزگار کرد؛ لە لایەکی ترەوە، ساتی «ئێستا» و لۆژیکی «مۆدە»ی (کاتێتیی بەردەوام)ی کردە سەنتەری نوێی گەردوون. بەوەش شارستانییەتی مرۆڤایەتی لە فەزایەکەوە کە لەسەر سەنگینی ڕەگوڕیشەی داکوتابوو، لەسەر داهاتووی مێژوویی وەستابوو، بۆ گەردوونێکی شل و بێ-ناوەند گواستەوە. تەقیتنەوە گەورەكە جیهانێکی دروستكرد كە مانا تێیدا دەبێتە کاتیی و نەرم، هێزی تەكنەلۆژیا و ژیریی دەستکردیش بەرەو «دەسەڵاتێکی بێسنوور» و مەترسیدار پەرەدەسێنێت.
دیکتاتۆرییەتی پێکەنین
ئەمڕۆ لە ساتەوەختی وەرچەرخانێکی بوونگەراییدا دەژین کە پایەکانی زانست، تەكنەلۆژیا، ژینگە و تا ناسنامەی تاکەکەسیش دەلەرزێنێت. كتێبی “ئۆدیسە و دەسەڵاتی بێسنوور” هێڵە گشتییەکانی ئەم قۆناغە نوێیە نەخشاندووە و ناوی “شارستانییەتی دەسەڵاتی بێسنوور”ی لێدەنێت. واتە گەیشتنی مرۆڤ بە توانایەکی زەبەللاحی تەکنیکی کە تەواوی سنوورەکانی توانای مرۆڤ تێکدەشێنێت، هاوکات بوونی مرۆڤایەتیش بەرانبەر مەترسیی نادیار و بێئاسایشی بوونگەرایی دەكاتەوە. ژیل لیپۆڤێتسکی پێیوایە لەم دیمەنەدا سەرمایەداری بە ئەندازەیەكـ تەشەنە دەکات كە تهواوی گۆی زەوی دەگرێتەوە و سەرجەم ئارەزوو و خەونەکانی مرۆڤ دەکاتە کەلوپەل، شڵەژاوی و شۆڕبوونەوەی نوێ و بێ پێشینە و ئارەزووی دەستكرد… واتە بەهۆی هێرشەكانی تەكنۆلۆژیاوە هەموو توانا لەڕادەبەدەرەكانی مرۆڤ دەخاتە ناو قەیرانی ژینگەیەكی ئابڵوقەدراوی “دۆپامین” و بازاڕی بەكارهێنانی خیرای زێدە-ییەوە! بەو مانایەش ئێمە ئەمڕۆ تەنیا لەناو گۆڕینی نەریتەکاندا ناژین، بەڵكە لەناو «ڕیخۆڵە کوێرە»ی شارستانییەتێکی بێپێشینەدا دەژین، کە ناچارمان دەکات لە جیهانێکدا کە لێدانی دڵی ئەوەندە خێرا بووەتەوە تا سنووری هەناسەسواری بەدوای کلیلە نوێیەکانی داهاتووی دیکتاتۆرییەتی پێکەنین و سەردەمی “ئەرێنی”دا بگەڕێین! هەڵبەتە چەمكی «ڕیخۆڵە کوێرەی شارستانییەت» لە سیاقی فکرییدا ئاماژە بە دیاردە و قەیرانە لاوەکییەکانی سستمی چڕكردنەوەی مۆدێرنە دەكات، بەو مانایەی کە هیچ دەرچەیەكی بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی نەهێشتۆتەوە، بەو مانایەی کە سەرچاوەی هەوکردن و هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی شارستانییەت و تەواوی مرۆڤایەتی… بێ ئەوەی هیچ دەرفەتێ بە ڕامان و بیركردنەوەی جیدی بدات، بە خێرایی لە ڕادەبەدەرە و زێدە- زیرەكی میكانیكییەوە بەرەو گۆڕانكارییە تەكنەلۆژییەكان دەبێتەوە و بەڵێنی ڕزگاربوون لە ئەرکە قوڕس و سەرکوتکەرەکان بە مرۆڤ دەدات؛ بەڵام هەموو ئەو بەڵێنانە زۆردارییەکی نەرمن، کە بەسەر مرۆڤدا سەپاندوویەتی… هەر لەڕێگای ئەو بەڵێنانەشەوە لە ئەرکی سەرکوتکەرەوە بەرەو چێژی زۆەملێمان دەكاتەوە.
ئێمە ئەمڕۆ لەژێر سێبەری “دیکتاتۆرییەتی پێکەنین”دا دەژین و ڕامان و بیركردنەوە و بەخۆداچوونەوە بووەتە تۆمەت! قووڵیی بووەتە ڕێگر لەبەرانبەر بازاڕی نەرمی بەرهەمهێنان و زێدە- بەکاربردندا… لەم سەردەمە زێدەییەدا، تاکەکەس دەرفەتی نییە، لەبەرانبەر برینەکانی بوونیدا بوەستێ، لەبەر ئەوەی ئەو شادومانی و چێژە درۆزنانە لە دەست دەچێ كە زیرەكی میكانیكی و خێرایی تەكنەلۆژیا بەرهەمی هێناوە. ئەمڕۆ تەكنەلۆژیا ئێمەی لە ڕەقیی “ئەرک”ەوە بۆ ڕەقیی “چێژ”، لە چێژوەرگرتن لە سروشت و تێڕامان بۆ چێژوەرگرتن لە دۆپامین و خێرایی گواستۆتەوە، هەمیشە داوا لە مرۆڤی هاوچەرخ دەکرێت بە زۆرەملێ ئارەزوومەندانە دڵخۆش بێت… بەمجۆرە تەکنەلۆژیا بارودۆخێکی بۆ مرۆڤ دروست كردووە کە لە دەرەوەدا هاوشێوەی خوداوەندەکان خاوەنی دەسەڵاتێکی بێسنوورە، بەڵام لە ناوەوەدا منداڵێکی ناسک و شڵەژاوە و کە لەگەڵ یەکەم بەركەوتنی ڕاستەقینەی ژیاندا درز دەبات و دووبارە پەنا دەباتە بەر دەمامکە دیجیتاڵییەکانییەوە، ئهو دەمامکانەی لەپشت بەکاربردنەوە مرۆڤ و خۆیان حەشاردراوە. ئەوەش بە چەمكی بە «مێینەکردنی جیهان» ناو دەنرێت، كە بریتییە لەو فەلسەفە و کلتوورە نوێیەی کە تێیدا بڕیار لەسەر بایەخدان بە جوانی و نەرمی دەدرێت؛ جگە لەوە لەڕێگای بە «دیموکراتیزەکردنی مۆدە» ڕێگا بۆ هەموو تاکێک خۆش دەكرێت لەو بەها مۆدێرنانەی بازاڕدا بەشدار بێت، بەوەش هەموو شتێک بەرەو «شلی» و «کاتیبوون» پاڵ دەنێت، بۆیە گەڕانەوە بۆ جەوهەر و سووربوون لەسەر بوونێکی قووڵ و بێ-ماسک، چیتر بیرۆکەیەک نییە لە سەری مرۆڤەكاندا بخولێتەوە… لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا لە سەردەمی تەكنەلۆژیا و خێراییدا، تاک دەتوانێت بە تەواوی خۆی لەم نەرمی «شلییە» دەرباز بکات، دەتوانێت دوورگەیەکی بچووکی قووڵی (بۆ ژیانێكی نا- چڕ، بۆ خۆی و کەسە نزیکەکانی) دروست بکاتەوە؟!.
کاتێک هاوچەرخێتی دەبێتە شارستانییەتی جەستە
لە شیکاریی ئەو وەرچەرخانە “ئەنتۆلۆژییە”دا مێینەییی گەورەترین تاقێگەی بەهاکانی هاوچەرخێتی زێدە- بەكاربردنی بەردەكەوێت. پێگەی مێینە لە تێڕوانینی (لیپۆڤێتسکی)دا سێ قۆناغی بڕیوە: ئافرەتی یەکەم، سەردەمی قەدەر و باوکسالاری. ئافرەتی دووەم، سەردەمی ڕێنیسانس؛ لەو سەردەمەدا ئافرەت لە دەرەوەی کردارە کۆمەڵایەتییەكاندا وەک ئایکۆنێکی جوانی و وێنەیەکی نموونەیی لە هونەردا بەكار دەهێنرا. ئافرەتی سێیەم، سەردەمی هاوچەرخ و زێدە-بەکاربردن، واتە سەردەمی هەڵخەڵەتاندنی لۆژیکی بەکاربردنی بێبەزەییانەی كۆمەڵگای تەكنۆلۆژیا.
لەسەردەمی هەڵخەڵەتاندن، هەمیشە ژن- ئافرەت وەک پرۆسەیەکی نەرم و ئاڵۆز بە (جوانی/چێژ) و چڕییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێ، بێ ئەوەی هیچ زۆردارییەكـ لە ئارادا بێ، کەسەکە ئارەزوومەندانە خۆی دەخاتە ئەو تەڵەیەوە؛ تا ئەو شوێنەی چاودێریکردنی خۆ، جوانی و قۆزی، لە نەریتێکی کۆمەڵایەتیی چینایەتییەوە دەبێ بە “ئەرکی فەردی”ی ڕۆژانە! بەمجۆرە “ئافرەتی سێیەم” کە سەربەخۆیی خۆی وەك جەستە بەدەستهێناوە، جەستە وەک شوێنی حەشارگەی جوانی و چێژ دەخاتە بازاڕەوە… لەبەر ئەوەی ناتوانێ لە جەستەی خۆی دوور بکەوینەوە تا بێلایەنانە درک بە جوانی و چێژی جەستەی خۆی بکات؛ بۆیە جەستەی خۆی بۆ بازاڕ و ئەویدیكە دەنەخشێنێت و جوانکاریی بۆ دەکات (وەک ئەوەی جەستەی خۆی نەبێت، جەستەی ئەوی تر بێت).
ئەمڕۆ ئێمە بە جەستە دەژین، بەڵام ناتوانین جەستە بە تەواوی بخەینە ژێر چاودێریی هۆشیاریی و درککردن و ڕامانی قووڵەوە؛ ئەوە جیاوازیی نێوان ئەویدیی دەرەکی و ئەویدیی ناوەکییە، ئەوە جەنگی ڕاستەقینەی خۆبوون و زێدە-بەکاربردنی تەكنۆلۆژیایە!. كەواتە لەسەردەمی تەكنۆلۆژیادا ئێمە جەستەی خۆمان دەکەینە «تەنێک» لە دەرەوەی خۆمان، بە ئاوێنە یان بە چاوی ئەوانی تر سەیری دەکەین؛ ئیتر جەستە لە ساتی نمایش و ڕازاندنەوەدا چیدی «ناوخۆ» نییە، بەڵكە دەبێتە «پەند و تابلۆیەک» بۆ نمایشكردن… تا ئەو کاتەی دەمانەوێ بە هێواشی لە جەستە ورد بینەوە و تێیبگەین، ئیتر بە ئازارێک، بە برینێكـ و بە پیربوونەوە دەیبینینەوە، یان کاتێک نیشانەیەکی نەخۆشی، ترسێک، یان لێدانی دڵت لەناکاو دەگۆڕێت، ڕێک لەوێدا درک دەکەیت کە ئەم جەستەیە میوانخانەیەکە و تۆ تێیدا بێگانەیت… بۆیە ڕۆژێک دادێت بەبێ پرسی تۆ لە کار دەکەوێت! شارستانییەتی جەستە وای لێدەکات ببێتە «ئەویدیی دەستنەکەوتوو». لێرەوەیە (ژاک لاکان) دەڵێت: ئێمە هەرگیز جەستەی ڕاستەقینەی خۆمان نابینین، ئێمە تەنها ڕەنگدانەوە یان وێنەی جەستەمان دەبینین.
لە كۆمەڵگای زێدە- بەكاربردندا داوا لە جەستە دەکرێت هەمیشە سهركەوتوو و چالاک بێت، هەڵبەتە بەپێی پێوەرەکانی بازاڕێک کە لە خولانەوەی بەردەوام ناوەستێت، داوا لە جەستە دەکرێت هەمیشە “نەرم” و جوان خۆی بڕازێنێتەوە… بەمجۆرە جەستەی مێینە دەبێتە “سەرمایەیەکی جەمالی” کە دەبێت بەردەوام وەبەرهێنانی تێدا بكرێ، بەردەوام بنەخشێنرێ و لەگەڵ مۆدە نوێ بكرێتەوە.
لەو كتێبەدا جەخت لە سەردەمی ئافرەتی سێیەم دەكرێتەوە كە لەڕێگای مۆدێل و جوانی، سەبووك و ئاسان جەستە، یان بەها ڕۆحییەکانی بۆ «کالا و شتێک» گۆڕیوە کە بەپێی پێوەرەکانی بازاڕ، کڕین، فرۆشتن، و بەکاربردن نرخەکەی دیاری دەکرێت، ئەوەش دەبێتە بەشێک لە “ناسنامەی هەڵبژێردراو”ی شارستانییەتی جەستە و پرۆژەی کەسیی ئافرەتی سێیەم پێکدەهێنێ. كەواتە “پاشایەتیی کاتی” هەموو شتێکی کردە مۆدێلێکی تێپەڕ.
هەڵبەتە لە سەردەمی ئەرکی توندەوە قوربانیدان و پابەندبوونی بەکۆمەڵ بەپیرۆز دادەنرا، بەڵام ئەمڕۆ لە كۆمەڵگایەکی بێ بەها، كۆمەڵگایەکی لەدەستدەرچووی سەبووك کە یاسا و بەها ئەخلاقییەکان تێیدا بێ کاریگەرن و هیچ سنوورێک بۆ ڕەفتاری تاکەکان نەماوەتەوە! ناتوانین وەك مرۆڤێكی خاوەن سەنگ بژین، یان وەكـ مرۆڤێكی خاوەن شكۆ هاوسۆزیی لەگەڵ پرسە گەورە مرۆییەکاندا بکەین و خەمخۆری پرسەکانی ژینگە و مافی ئەوانی تر بین… چونكە كۆمەڵگای تەكنەلۆژی پێیوایە هەموو ئەوانە ڕێگری لە “چێژی کەسی” یان قوربانیدانی گەورەمان بەسەردا دەسەپێنێت و كات و ئازادیی کەسی کەلەپچە دەکات. بەڵام لیپۆڤێتسکی پێیوایە، دەشێ هاوسۆزی پرسە مرۆییەکان بکەین و ئەم هاوسۆزییە ڕێڕەومان بەرەو چێژی کەسی پەک نەخات! واتە ناشێ مرۆڤی هاوچەرخ، بەرپرسیارێتی مرۆڤایەتی فەرامۆش بكات، مرۆڤی هاوچەرخ پێویستە ڕۆژانە مانای مرۆڤبوونی خۆی هەتتا لەناو دنیای بە شتبوون و هەڵبژاردنەکانی سەردەمی مۆدێرنەشدا بدۆزێتەوە.
كۆمەڵگای زێدە-بەکاربردن
ژیل لیپۆڤێتسکی پێیوایە ئێمە لە بەکاربردنی “پێگە”وە (کە دەیانکڕی تا لەبەرانبەر ئەوانی تردا باشتر دەربکەوین) گواستراوینەتەوە بۆ “بەکاربردنی ئەزموونی سۆزداری” (کە دەیانکڕی تا هەست بە خۆمان بکەین). لەم سەردەمەدا، ئاستی کڕینی کەلوپەل، خزمەتگوزاری و چێژەکان بە شێوەیەکی بێ پێشینە زیادی کردووە، و بازاڕکردن بووەتە دەرمانێکی ڕۆژانە بۆ ڕاوەندنەوەی سەرئێشە و بێزاری… سەرەڕای هەموو ئەوەش، مرۆڤ نەیتوانیووە ڕووبەڕووی شڵەژاوی دەروونی بێتەوە!. لەکاتێکدا خاوەنی تەواوی ئامرازەکانی خۆشگوزەرانی و ئامرازەکانی حەسانەوەیە، كەچی بە چڕی ڕوو لە نۆرینگە دەروونییەكان دەکات، و بەدوای هاوسەنگی لەدەستچوودا دەگەڕێت یان لە خولەکانی “گەشەپێدانی کەسی”دا ئامادەیە… ئەگەرچی ئەمڕۆ كۆمەڵگای تەكنەلۆژی هەموو ئەوانەیشی كردۆتە کەلوپەلی بەکاربردن؟!
بۆچی لە سەردەمی زێدەییەكاندا نۆرینگە دەروونییەکان قەرەباڵغ دەبن؟! بۆچی زیادبوونی هەڵبژاردنەکان نەبووە هۆی زیادبوونی ڕازیبوون، بەڵكە بووەتە هۆی “دڵەڕاوکێی هەڵبژاردن”… ئەمڕۆ تەكنەلۆژیا بەردەوام هانت دەدات بڵێیت “دڵخۆش”، “گەنج”، و “سەرکەوتوو”م… شڵەژانی دەروونی و نائارامی یان دۆڕان پەیوەندی بە سەردەمی تەكنەلۆژیاوە نییە، بەڵكە “هەڵەیەکی کەسی”یە، هەڵەی كەسیش کەسەكە لێی بەرپرسیارە و لێخۆشبوونی بۆ نییە… ئا ئەمەیە ئەوەی لیپۆڤێتسکی ناوی دەنێت ڕووی تاریکی هاوچەرخێتی توند- کە ڕۆژێك لە ڕۆژان خەونمان پێوە دەبینی… كەچی ئەمڕۆ بۆتە “لۆدی دەروونی”. ئەمڕۆ مرۆڤ بە تەنیا خۆی لە بەرانبەر ئاوێنەکەیدا دەبینێتەوە، كە لەلایەن شاشەکانی ڕیکلامی ڕەنگاوڕەنگەوە ئابڵوقەدراوە و داواکراوە، بۆ ئەوەی “کەماڵییەکی” مەحاڵ بەدی بێنێت.
ئیتر مرۆڤ توانای ژیانی ناو بۆشایی نەماوە. چونكە جەوهەری مرۆڤ گەڕانە بەدوای “مانا”دا و لە بەکاربردنی کاتی تێدەپەڕێت، مرۆڤ لە ڕێگای ماناوە درک بە ئەویدی دەکات، تەنانەت ئەگەر بە ناچاری لەناو ئامرازەکانی بەکاربردنیشدا بێ، دەبێ بەدوای مانادا بگەڕێت!. ئەوە هەوڵێکی مرۆیی نەپچڕاوەیە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی بوون لە جیهانێکدا کە ئیتر لە گۆڕان ناوەستێت. بەدیوەكەی دیكە هەمیشە چێژ بەپێی یاسای هاوسەنگیی دەروونی کار دەکات، هەمیشە چێژ ئامانجی کەمکردنەوەی فشارە دەروونییەكانە تا مرۆڤ لە ئاسوودەییدا بژیت. بەو مانایە شڵەژانی دەروونی، تەواو ڕەتکردنەوەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو ڕاستییەی کە لە ناخدا هەیە و گەڕانەوەیە بۆ هونەری تێڕامان!.
لە کۆتاییدا پرسیارەكە ئەوەیە: چۆن دەکرێت مانایەکی “ڕەق” لە جیهانێکی “نەرم”دا بنیاد بنرێت، چۆن دەکرێت ئازادی پیادە بكرێت بێ کەوتنە تەڵەی دڵەڕاوکێیەک کە كۆمەڵگای فرە-بەکاربردن دایهێناوە؟!. لە كتێبەكەدا ئەگەرچی ژیل لیپۆڤێتسکی “مانیفیستۆی” ڕزگاربوونمان پێشکەش ناکات، بەڵام دڵسۆزانە بۆ ئەو واقیعە ئاڵۆزە توێکارییەکی سارد و ڕوون دەخاتەڕوو كە بەرپرسیارێتیی هۆشیاریی بە مەرجی سەردەم دەبینێ. كەواتە خوێندنەوەی هزری ئەو فەیلەسوفە دەعوەتێکە بۆ گەڕاندنەوەی سەنگی جوانی لە ژیانماندا، ئەوەش گەڕانەوە بۆ ڕابردوو نییە، بەڵكە تێگەیشتنێكی جەوهەری و قووڵە لە ئێستای تەكنەلۆژیادا.
هەولێر 1/8/2026

