Skip to Content

لە کۆمەڵی کراوەوە بۆ توتالیتاریزمی نوێ.. ئەکرەم سەعید

لە کۆمەڵی کراوەوە بۆ توتالیتاریزمی نوێ.. ئەکرەم سەعید

Be First!
by ئەیلوول 15, 2026 General, Opinion, Slider
image_print


لە ڕوانگەی شیکاریی هاوچەرخەوە، وا دەردەکەوێت کە دیموکراسیی لیبڕاڵی ئێستا بەرەو وەرچەرخانێکی پێکهاتەیی دەچێت، لە ڕێگەی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ئامرازەکانی هەژموونی دەسەڵاتی توتالیتاری. ئەم دیاردەیە لە مەیلی پەرەسەندنی دەسەڵاتە ڕۆژئاواییەکان بۆ لاوازکردنی گەرەنتییە دەستوورییەکان و مافە کۆمەڵایەتییەکان ڕەنگدەداتەوە، کە لە ئەنجامی خەباتە مێژووییەکان بەدەستهاتوون، بە ئامانجی دامەزراوەییکردنی چاودێری و بەرتەسککردنەوەی فەزای ئازادی و یەکسانی گشتی. لەم چوارچێوەیەدا، لیبڕالیزمی نوێ دوورخستنەوەیەکی ئایدۆلۆژیی ڕێکخراو پەیڕەو دەکات، کە لەسەر بنەمای پۆلێنکردنی خۆکارانەی تێڕوانینە جیاوازەکان لە ژێر ناونیشانی ”دوژمنانی کۆمەڵی کراوە” بۆ شەرعیەتدان بە پەراوێزخستنیان وەستاوە؛ ئەمەش ستراتیژییەکە کە لە ڕووی پێکهاتەییەوە هاوشێوەی سیستمە ستەمکارەکانە کە لەسەر بنەمای شەیتانکردنی ئۆپۆزسیۆن و کورتکردنەوەی لە چوارچێوەی قاڵبە باوەکاندا بۆ پاساودانی گۆشەگیری و سزای سۆسیۆ-پۆلیتیکی (کۆمەڵایەتی-سیاسی). ئەم ئاڕاستەیە بە شێوەیەکی ئەزموونی لەو نزیکبوونەوە ئەمنییانەدا دەردەکەوێت کە دەوڵەت ڕووبەڕووی جووڵانەوە ناڕەزایەتییە گەورەکانی وەک ”هێلەک زەردەکان” و خۆپیشاندانی کرێکاران دژی هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی لە فەرەنسا بووەوە، لەگەڵ سنووردارکردنی جووڵانەوەکانی هاوسۆزیی دژ بە جەنگی سەر غەزە. ئەم گۆڕانکارییانە جەخت لەسەر پەیوەندیی مەرجداری توند لە نێوان قەیرانە پێکهاتەییەکانی سەرمایەداریی درەنگوەخت و گەڕانەوەی سیستمە بۆرژوازییەکان بەرەو بەسەربازیکردنی دەوڵەت و گرتنەبەری بژاردەی جەنگ دەکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕینی یۆتۆپیای کۆمەڵی کراوە بۆ واقیعی کۆمەڵە داخراوەکان کە لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی ئەمنیی گشتگیرخوازی دان لە قووڵایی ئەوروپای هاوچەرخدا.
هەڵوەشاندنەوەی چەمکی ”کۆمەڵی کراوە” لە واقیعی سیاسیی ئێستادا، لەو قەیرانە پێکهاتەییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕووبەڕووی بەهاکانی عەقڵانییەت و ئازادیی بۆرژوازی بووەتەوە؛ بەو پێیەی ئەم سیستمە کەوتووەتە ژێر پرۆسەیەکی بەردەوامی داڕمان لەلایەن ڕەوتە کۆنەپارێزەکان و دیاردە نوێیەکانی ڕەگەزپەرستییەوە. لە ژێر سایەی دۆخی جیھانیی ئێستادا کە بە شلۆق و ئاڵۆزی بێپێشینە دەناسرێتەوە. لەم ژینگەیەدا تاک بەخۆرسکی دەبێتە بەکاربەرێکی وتارە ئایدۆلۆژییە چەواشەکارییەکان کە لەلایەن نوخبە دەسەڵاتدارەکانەوە بە مەبەستی قۆرغکردنی ڕاستی بەرهەم دەهێنرێن، مەگەر ئەوەی پشت بە بیرکردنەوەی سۆسیالیستی ببەستێت وەک ئامرازێکی شیکاریی ڕەخنەیی، کە توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەم پێکهاتە گوتارییانەی هەیە. کێشە بنەڕەتییەکە لە ناتوانیی گێڕانەوە لێبڕاڵە بۆرژوازییەکاندا خۆی دەبینێتەوە لە پێشکەشکردنی تێڕوانینی زانستی بۆ ڕوونکردنەوەی قەیرانە پێکهاتەییەکانی ئێستا، کە لەم خاڵانەدا ڕەنگدەدەنەوە: قەیرانە ئابوورییەکان، سەرھەڵدانی شەپۆلی پۆپۆلیزمی ئایینی سیاسی و ڕەگەزپەرستی، ململانێ جیۆپۆلیتیكییەکان، و قووڵبوونەوەی جیاوازییە چینایەتییەکان و گەندەڵیی دامەزراوەیی ڕێکخراو.
ئەم وتارە پشت بە ئامرازەکانی شیکاریی ماتریالیزمی مێژوویی و تیۆریی ڕەخنەیی دەبەستێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی میکانیزمەکانی هەژموون لە سیستمی سەرمایەداری هاوچەرخدا. دەقەکە جەخت لەسەر ئاشکراکردنی ئەو دژایەتییە دەکاتەوە کە هەیە لە نێوان(ڕووکەشی ڕێکار یان کارکردنی دیموکراسی و جەوهەرە ئابوورییەکەی)کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوە دامەزراوە، بەتایبەت لە قۆناغی هاوچەرخی سەرمایەداری ئەمڕۆدا، کە تێیدا دەوڵەت دەستی لە دابینکردنی خزمەتە کۆمەڵایەتییەکان هەڵگرتووەو کەرتی تایبەت و بازاڕەکانی بە تەواوی ئازاد کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی زاڵبوونی کەڵەکەی سامان لەسەر حسابی مرۆڤ.
ڕۆشنبیرانی بۆرژوازی پێیان وایە کە ڕۆژئاوا هێشتا بە کۆمەڵگەیەکی کراوە ولووتکەی ئازادی ومافەکانی مرۆڤ دادەنرێت. لە ڕاستیدا ئەم بانگەشە گوتارییانە تەنها وەک ”پۆشەرێکی ئایدۆلۆژیین” کە میکانیزمەکانی سەرکوتکاریی پێکهاتەیی نادیار دەشارێتەوە؛ چونکە دیموکراسیی ڕۆژئاوایی کورتکراوەتەوە بۆ تەنها (میکانیزمێکی ڕێکار یان هەڵبژاردنی خولیی چوار ساڵ جارێک) بێ ئەوەی ناوەڕۆکێکی ڕاستەقینەی هەبێت. ئەم تێڕوانینە هاوتەریبە لەگەڵ بیرۆکەکانی کۆمەڵناسی فەرەنسی پیێر بۆردیۆ سەبارەت بە ”سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان”، بەو پێیەی هەڵبژاردنەکان پێکهاتەی چینایەتی سیاسەت و دەسەڵات ناگۆڕن، بەڵکو شەرعیەتێکی یاسایی نوێبووەوەی پێ دەبەخشن.
بۆیە ئەمڕۆکە هاوشێوەیی لە ناوەڕۆکدا لەنێوان (پارتە ڕاستڕەوەکان و چەپی چاکسازیخواز)دا لە وڵاتانی وەک فەرەنسا، بەریتانیا، و سوید،، هتد، دەبینین. ئیدی وەرچەرخانی مێژوویی پارتەکانی ”چەپی دیموکراتی کۆمەڵایەتی – سۆسیال دیموکراتەکان”، لە هێزگەلێکەوە کە دژە جەنگ بوون و هەوڵی پاراستنی خۆشگوزەرانی کرێکارانیان و مافی پەنابەرانیان دەدا، بۆ هێزگەلێ کە پەیڕەوی لە بەڕێوەبردنی سەرمایەداری دڕندە دەکەن، و لە کاتی قەیرانەکاندا سیاسەتی توندوتۆڵی ئابووری (پاشەکەوتکردن) دەگرنەبەر، وبوونەتە نوخبەی جەنگ دژی ڕووسیا، وسیاسەتی توندتوڵ دژی قبوڵکردن ودەرکردنی پەناهەندەکان پەیڕەو دەکەن. ئەم لێکچوون و هاوشێوەییە وادەکات ئەو بژاردە سیاسییانەی لەبەردەم هاوڵاتیاندا هەن، ببنە بژاردەی وەهمی و ناڕاستەقینە، چونکە هەم دەسەڵاتی فەرمانڕەواو هەم ئۆپۆزسیۆن لە ژێر سەقفی فەرمانەکانی بازاڕی ئازادا دەجووڵێنەوە. بۆیە دەبینین پارتە لیبڕاڵ و سۆسیال دیموکراتەکان، بەشێک لە ئەجێندا و سیاسەتەکانی ڕاستڕەوی توندڕەویان، بە تایبەتی لە پرسی پەنابەراندا، لە چوارچێوەی بەرنامەی سیاسیی خۆیاندا جێگیر کردووە؛ ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو شەپۆلە دڕندەیەی کۆمەڵگەی سەرمایەدارییە کە گشت کایەکان بەرەو ئاڕاستەیەکی ڕاستڕەوانە پاڵ پێوە دەنێت.
لەم ڕوانگە شیکارییە سۆسیالیستییەوە، گۆڕانی کۆمەڵ لە ڕێگەی گۆڕینی سەرخانی فۆڕماسیۆنەکەیەوە (یاساکان، دەستوور، و سندووقەکانی دەنگدان) نایەتە ئاراوە، بەڵکو بە گۆڕینی ژێرخانی (پێوەندییەکانی بەرهەمهێنان، خاوەندارێتی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان، و دابەشکردنی سامان) بەدی دێت. تا ئەو کاتەی ئابووری ژێرخانی کۆمەڵ بە سەرمایەداری بمێنێتەوە، ئیدی مەرجەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار بەهۆی هێزەکانی بازاڕەوە بەرەو داڕمانی بەردەوام دەچێ و ئازادی و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان زیاتر پێشێل دەکرێ، بەبێ گوێدانە ئەوەی کام پارت لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت.
هەڵوەشاندنەوەی ” کۆمەڵی کراوە ”ی پۆپەر
تێڕوانینی پۆپەر بۆ چەمکی کۆمەڵی کراوە لە بنەڕەتدا لەسەر زەمینەیەکی ئیپیستمۆلۆژی (مەعریفەناسی) دامەزراوە، ئەمەش غیابی پێکهاتە شیکارییە ماددییە بەرھەستەکان بۆ ئەم چەمکە لە ئەدەبیاتی ئەودا ڕووندەکاتەوە؛ بە جۆرێک کە جیاوازیی نێوان ئەم چەمکە و ستەمکاریی سۆڤیەتی وەک کۆمەڵگەیەکی داخراو، دەبێتە گرنگترین دەروازەی شیکاری بۆ تێگەیشتن لێی. بە گەڕانەوە بۆ دەقەکانی کتێبە سەرەکییەکەی “کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی”، دەکرێت ڕەهەندە پێکهاتەییەکانی ئەم تێڕوانینە فەلسەفییە دەستنیشان بکرێن. پۆپەر لەم چوارچێوەیەدا بڕیار دەدات و دەڵێت: « کۆمەڵگای جادویی یان خێڵەکی یان کۆگەرا، بە کۆمەڵگای داخراو ناوزەد دەکەین، و ئەو کۆمەڵگایەی کە تاکەکان تێیدا لەگەڵ بڕیاری تاکەکەسی بەرەوڕوون بە کۆمەڵگای کراوە ناو دەبەین.» (کارل پۆپەر، کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی – وەرگێڕانی ئیدریس شێخ شەرەفی، ب١، بەشی ١٠، ل ٣٨٧). هەروەها جەخت دەکاتەوە و دەڵێت: «گرنگترین تایبەتمەندی کۆمەڵگای کراوە رکەبەرایەتی ئەندامەکانیەتی بۆ بەدستهێنانی پێگە» – (هەمان سەرچاوە، ل ٣٨٩). کۆمەڵی کراوە چییە؟ کاڕل پۆپەر دەڵێ:( کۆمەڵێکە ئازادی بە تاکەکان دەدات ڕەخنە لە دەسەڵاتی حکومەت بگرن و تەنانەت بیگۆڕن.).
لە ڕووی ڕێکار، کۆمەڵگەی کراوە گەرەنتیی ئەو فەزا مافییە دەکات کە ڕێگە بە هاوڵاتیان دەدات ڕەخنەی پێکهاتەیی لە دەسەڵاتی فەرمانڕەوا بگرن و لە ڕێگەی ئاشتیانەوە سەرلەنوێ دایبڕێژنەوە؛ ئەمەش دەبێتە هۆی بەدیهاتنی سیستمێکی دیموکراتی کە خاوەنی کەناڵی دامەزراوەیی وایە کە توانای هێنانەکایەی گۆڕانکاری و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتی هەبێت، بەمەش لەمپەر دادەنێ لەبەردەم حەتمییەتی پێکدادانی شۆڕشگێڕانە و توندوتیژی و خوێن ڕشتندا.
تێڕوانینە بەرگرییکارانەکەی کارل پۆپەر بۆ دیموکراسیی لیبڕاڵ لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراوە کە سیستمە سەرمایەدارییە ڕۆژاواییەکان، سەرکەوتوو بوون لە دامەزراوەییکردنی دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتدا؛ ئەویش بە پشتبەستن بە هەڵبژاردنی خولیی وەک میکانیزمێکی ئەزموونی، کە ڕێگە بە هێنانەکایەی گۆڕانکارییە پێکهاتەیییەکان دەدات وەک جێگرەوەیەک بۆ توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە. لەم ڕوانگەیەوە، پۆپەر دووانییەکی بوونخوازیی یەکلاکەرەوە دادەڕێژێت و دەڵێت: « دەتوانین ڕێگای گەڕانەوە بۆ ئاژەڵەکان بگرینە بەر. بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە مرۆڤی بمێنینەوە، لە ڕێگاێک زیاترمان نییە و ئەویش ڕێگای چوونە ناو کۆمەڵگای کراوەیە و بەس. » – (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی، ب١، ل ٤٢٨). لە هزری سیاسیدا، ئەم پێشبینییەی پۆپەر لە پێکهاتە هۆشداریکەرەوەکەیدا، هاوشێوەی ئەو پارادایمە دووانییەیە کە ئەدەبیاتی مارکسیستیی کلاسیک پێشکەشی کردووەو لەم وتەیەدا کورتکراوەتەوە: «یان سۆسیالیزم یان بەربەرییەت». بەڵام دیدگای مارکسیستی ڕەگ و ڕیشەی ئەم هاوکێشەیە لە ڕووی پێکهاتەیییەوە قووڵ دەکاتەوە؛ بەو پێیەی پێی وایە غیابی پێشەنگی شۆڕشگێڕ کە توانای هەڵوەشاندنەوەی پێوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی هەبێت، پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکە بە دیلی قەیرانە توندەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایە و چەوساندنەوەی چینایەتیدا دەهێڵێتەوە. ئەم چەقبەستووییە پێکهاتەیییە، بە گوێرەی شیکاریی ماددی، مرۆڤایەتی بەرەو داڕمانی بەهایی و ماددی پاڵ پێوە دەنێت، کە بە حەتمی دەبێتە هۆی پاشەکشە و گەڕانەوە بەرەو قۆناغی بەربەرییەت.

فۆرمالیزمی هەڵبژاردن و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداریی هاوچەرخ

زۆرێک لە تیۆرییە هاوچەرخەکان هاوڕان لەسەر وەسفکردنی سیستمی نێودەوڵەتیی ئێستا بە “لیبڕالیزمی دڕندە”، وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ ئەوەی کە میکانیزمەکانی دیموکراسیی بۆرژوازی و باوەڕەکانی کە لەسەر بنەمای ”کۆمەڵی کراوە” و دەستاودەستکردنی ئاشتیانە و دیموکراتیانەی دەسەڵات، لە هەر چوار ساڵ جارێکدا وەستاوە، لە ڕووی پێکهاتەیییەوە دەستەوستانن لە جڵەوکردنی دڕندەیی سەرمایەداری. خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ مێژووی سیاسیی هاوچەرخ ئەوە ئاشكرا دەکات کە ئەم دەستاودەستکردنە جێبەجێکارییەی هەڵبژاردنەکان، مرۆڤایەتی لە کارەسات نەپاراستووە؛ بەو پێیەی گواستنەوەی خولیی دەسەڵات لە ناو سیستمە ڕۆژاواییەکاندا، چ لە نێوان هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری لە ئەمریکا، یان لە نێوان ڕاستڕەو و چەپی چاکسازیخوازدا وەک ئەوەی لە فەرەنسا، بەریتانیا، و سوید، یان هەر وڵاتێکی تری ئەوروپیدا دەبینرێت، تەنها سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی هەمان چینی فەرمانڕەوایە بە ناوی جیاوازەوە. لە ڕوانگەیەکی ماددییەوە، ئەم گۆڕانکارییە شێوەییە (فۆڕماڵیە) ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر واقیعی چینی کرێکار و توێژە ڕەنجدەرەکاندا نابێت، کە ڕووبەڕووی دابەزینی بەردەوامی بژێوی ژیانیان و قووڵبوونەوەی نەهامەتییە ڕۆژانەییەکانیان دەبنەوە. داتا و پێدراوەکانی ئێستا جەخت لەسەر بێدەسەڵاتیی بژاردە سیاسییە بۆرژوازییەکان (چ دەسەڵاتی فەرمانڕەوا و چ ئۆپۆزسیۆن) دەکەنەوە لە داڕشتنی چارەسەری ڕاستەقینە بۆ قەیرانە ئاڵۆزەکان، و پەنابردنیان لە جیاتی ئەوە بۆ سیاسەتەکانی توندوتۆڵی ئابووری (پاشەکەوتکردن) و پەراوێزخستن؛ ئەمەش جیهانی سەرمایەداریی ئەمرۆ دەخاتە ناو جەرگەی پشێوی و جەنگەکانەوە، و سندووقی دەنگدانیش تەنها دەکاتە ڕووکەشێکی جوانکاری بۆ سیستمێک کە لە ڕووی پێکهاتەیییەوە قەیران گرتووە.
کۆمەڵی کراوەو دیموکراسییەت کە پۆپەر پێشکەشی کردووە، دەکەوێتە ناو جەرگەی قەیرانی فەلسەفەی سیاسیی لێبڕاڵی هاوچەرخەوە، و ڕخنەگرتن لە بیرۆکەکانی پۆپەر دەست بۆ ئەو دژایەتییە جەوهەرییە دەبات کە لە نێوان تیۆریی لێبڕاڵ و واقیعی دامەزراوەیی دەوڵەتی مۆدێرندا هەیە. لە ڕوانگەیەکی ئەکادیمییەوە، بڕواو دڵنیایی پۆپەر لە کتێبەکەیدا ”کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی” لەسەر ئەو تێزە دامەزراوە کە گۆڕینی حکومەت بەبێ خوێن ڕشتن، پێوەرێکی سەرەکییە(یان تاکە پێوەرە) بۆ دیموکراسی بوون. بەڵام کاتێک گۆڕانی چەق و هێزی ڕاستەقینەی دەسەڵات کە لە پشت پەردەوە خاوەن بڕیارن-(کە خۆیان لە ئامرازە هەمیشەیی و هەڵنەبژێردراوەکاندا، ئەوەی پێی دەوترێت تۆڕی شاراوەو دەوڵەتی قووڵ Deep State دەزگا ئەمنییەکان و بیڕۆکراسییە سەربازییەکان و ڕاوێژکارە سەروەرییە جێگیرەکان، لۆبییە قۆرغکارەکان، و کاریگەریی ڕێکخراوی پارەی سیاسی دەبیننەوە.)- دەخرێنە ناو شیکارییەکی مێتۆدییەوە، ئیدی سنوورداریی مەعریفیی فەرزەکەی پۆپەر ئاشكرا دەبێت. هێنانەناوەوەی ئەم کاراکتەرە نادیارانە بۆ ناو هاوکێشەی ڕەخنەی سیاسی، ئەوە دەسەلمێنێت کە کۆمەڵگەی کراوەی پۆپەری تەنها کرانەوەیەکی شێوەیی و ڕووکەشییە کە بەسەر ڕووبەری سیاسییەوە سەرئاو کەوتووە. لە کاتێکدا سندووقەکانی دەنگدان وەک میکانیزمێکی جێبەجێکردن بۆ جەماوەر بەجێدەهێڵرێن، بەڵام دەسەڵاتی ڕاستەقینە و دروستکردنی بڕیاری ستراتیژی لە ناو ڕەهەندە پێکهاتەییەکاندا قەتیس دەبن، کە بە تەواوی لە چاودێریی گەل یان لێپرسینەوەی دیموکراتی دابڕاون. ئەم دابڕانە پێکهاتەییە، دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات دەگۆڕێت بۆ تەنها مۆدێلێکی خولیی دەستاودەستکردن لە نێوان نوخبەکاندا؛ بە جۆرێک کە دەموچاوە پارتە ڕکابەرەکان دەگۆڕێن، لە کاتێکدا بەرژەوەندیی کارتێلە فرەنەتەوەییەکان و ئامرازە سەروەرییە جێگیرەکان، وەک ئاڕاستەکەر و هێزی ڕاستەقینەی سیاسەتەکانی دەوڵەت دەمێننەوە، ئەمەش کۆمەڵگەی کراوە لە ناوەڕۆکەکەی خاڵی دەکاتەوەو دەیکاتە ئامرازێک بۆ شەرعیەتدان بە سەردەمی ستەمکاری و ناعەقڵانییەت.
ئەم پارادۆکس و دژایەتییە، لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی سەرلەنوێی فەلسەفەی پۆپەر و بەراوردکردنی بە واقیعی کۆنکرێتی بەدیار دەکەوێت. ئەو کەلێنە مێتۆدۆلۆژی بنەڕەتییەی کە لە هزری سیاسیی پۆپەردا هەیە، لەمەیلی توندڕەوانەی بۆ فۆرمالیزمی ئیجرایی سەرچاوە دەگرێت و ڕەنگدەداتەوە؛ بەو پێیەی شیکاریی ئەو بۆ چەمکی کۆمەڵگەی کراوە لەسەر بنەمای بەپیرۆزکردنی میکانیزمی گۆڕانکاری لە سندووقەکانی دەنگدان و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتدا دامەزراوە، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ فەرامۆشکردن و جیاکردنەوەی زۆرەملێی ”فەزا و پانتایی گۆڕانکاریی ڕاستەقینەی” لە ناو پێکهاتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا. بە لای پۆپەرەوە، کۆمەڵگەی کراوە لە ڕووی ئەزموونی، تەنها بە توانای تاکەکان بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و گۆڕینی نوخبەیەکی پارتی بە نوخبەیەکی تر (جێگرتنەوەی پارتی A لە جیاتی پارتی B) پێناسە دەکرێت، بێ ئەوەی وڵات تووشی ململانێی چەکداری یان جەنگی ناوخۆیی ببێت. ئەم جەختکردنەوەیە لەسەر ”پرۆسەی ئیجرایی” شێوەیی، و پشتگوێخستنی دژایەتییە پێکهاتەیییەکان، خاڵی لاوازیی جەوهەریی تێڕوانینەکەیەتی؛ چونکە دەستەوستانە لە ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە چۆن سەرمایە ”کارتێلە قۆرغکارەکان”، دەتوانن دیموکراسی بگۆڕن بۆ قۆزاخە و ڕووکەشێکی دەرەکی، و لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی ناعەقڵانییەت وهۆش وکولتووری پوچەڵ، بەم شێوەیە پێشوەختە کۆنترۆڵی بژاردەکانی دەنگدەران دەکەن، ئەمەش وا دەکات خودی دەستاودەستکردنی ئاشتیانە ببێتە ئامرازێک بۆ سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی هەمان سیستمی ستەمکار، بەڵام بە پۆشەرێکی لێبڕاڵی جوانکارییەوە. لە لایەکی ترەوە، شیکاریی پێکهاتەیی ئەوە ڕووندەکاتەوە کە کاتێک تۆ (A) بە (B) دەگۆڕیت، ئیدی تۆ تەنها ”ئیدارەی سیاسیی کاتیی” دەوڵەت دەگۆڕیت، لە کاتێکدا دامەزراوە بنەماییە گەورەکان(سیستمی سەرمایەداری، پابەندییە جیۆپۆلیتیكییەکان، پێکهاتەی دارایی، دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان) بە جێگیری دەمێننەوە، و لە لایەن دەزگا هەڵنەبژێردراوەکانەوە (دەوڵەتی قوڵ) دەپارێزرێن. بۆیە، ئازادیی گۆڕانکاری لێرەدا تەنها ئازادیی هەڵبژاردنە لە ژێر ئەو چەترەی کە ڕێگەی پێدراوە، نەک ئازادییەک بۆ گۆڕینی خودی چەترەکە. لەڕاستیدا ئەم کورتکردنەوەو سادەکردنەوەیەی پۆپەر بۆ کۆمەڵی کراوە لە (دەنگدان و گۆڕینی حکومەت بە ئاشتیانە)، جۆرێکە لە ”کوێریی پێکهاتەیی -( کوێریی پێکهاتەیی (Structural Blindness) مەبەست لەم دەستەواژەیە لێرەدا نەبوونی توانای پێویست بۆ بینین و ناسینەوەی کێشە، نوقسانی یان مەترسییەکانی نێو پێکهاتەکانە.)”؛ چونکە مامەڵە لەگەڵ سیستمی سیاسیدا دەکات وەک ئامێرێکی دابڕاو لە فەزادا، و ئەوە فەرامۆش دەکات کە ئازادیی دەنگدان هیچ بەهایەکی نییە ئەگەر ئەو ژینگەیەی کە هۆشیاریی دەنگدەری تێدا چەمکڕێژ دەکرێت، پێشوەختە لەلایەن هێزگەلێکی نادیموکراتەوە ئاڕاستەکرابێت و کۆنترۆڵکرابێت.
ئەم ڕەخنەیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئامرازەکانی تیۆریی ڕەخنەیی (قوتابخانەی فرانکفۆرت) یەکدەبڕێت، بە تایبەتی لەگەڵ بیرۆکەکانی ”تیۆدۆر ئەدۆرنۆ و ماکس هۆرکهایمەر” سەبارەت بە ”پیشەسازیی کولتوور”. تیۆریی ڕەخنەیی ئەوە ڕووندەکاتەوە کە کارتێلە سەرمایەدارییەکان پێویستییان بە ساختەکردن لە سندووقەکانی دەنگداندا نییە؛ بەڵکو ئەوان پرۆسەی ”ئەندازیاریی پێشوەختەی بژاردەکانی دەنگدەر” پەیڕەو دەکەن لە ڕێگەی دابینکردنی دارایی بۆ هۆکارەکانی ڕاگەیاندن، تا کار لەسەر پڕوپووچکردنی کولتووری و فەرهەنگی و ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی بکەن. لەم سۆنگەیەوە، خودی دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات دەگۆڕدرێت بۆ میکانیزمێکی کارایی(فەنکشناڵی)، بۆ خزمەتکردنی سیستمە ستەمکارەکە و نوێکردنەوەی شەرعییەتەکەی بە شێوەیەکی خۆبەخشانەو لە ڕێگەی دەنگی خودی قوربانییەکانەوە.
فەیلەسۆفی ئەڵمانی یورگن هابەرماس پرسی شێوەخوازیی (فۆرمالیزمی) هەڵبژاردنی لە ژێر ناونیشانی ”قەیرانی شەرعییەت” لە چوارچێوەی سەرمایەداریی درەنگوەختدا تیۆریزە کردووە. بەڕای هابەرماس سیستمی سەرمایەداری، بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی دژایەتییە چینایەتییەکان، پێویستی بە سندووقی دەنگدان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی کۆدەنگییەکی وەهمی، کە تێیدا هاوڵاتی هەست بکات شەریک و بەشدارە لە بڕیارەکاندا، لە کاتێکدا بڕیارە چارەنووسسازەکان (وەک جەنگەکان، سیاسەتەکانی توندوتۆڵی ئابووری، و تایبەتمەندکردن/ کەرتی تایبەت) لە داڵانەکانی کۆمپانیا و بانکە ناوەندییەکان و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکاندا دەدرێن، نەک لە ناو پەرلەمانەکاندا.

لویس ئاڵتوسەر دەربارەی زۆرەملێی و توندوتیژی بۆ گۆڕینی دەسەڵات، ئەوە ڕووندەکاتەوە کە دەوڵەت لە ڕێگەی دوو جۆر ئامرازەوە پارێزگاری لە خۆی دەکات: ئامرازە سەرکوتکارە هەمیشەیییەکانی دەوڵەت وەک سوپا، دەزگا سیخوڕییەکان، و ئێفبیئای (FBI)؛ کە لە کاتی پێویستدا بە شێوەیەکی ماددی بۆ پاراستنی سیستمەکە دەستوەردان دەکەن. ئامرازە ئایدۆلۆژییەکانی دەوڵەت: وەک قوتابخانەکان، ڕاگەیاندن، و پارتە تەقلیدییەکان؛ وەزیفەی ئەمانەش قەناعەتپێکردنی هاوڵاتیانە بەوەی کە ئەم “سەقفە دیاریکراوە” تەنها بژاردەی عەقڵانی و تاقە دەروازەیە بۆ پاراستنی سەقامگیری. لەسەر ئەم بنەمایە، کاتێک پۆپەر باسی غیابی توندوتیژی دەکات، توندوتیژییەکە ون نەبووە، بەڵکو لە لایەن ئامرازە سەرخانییەکانەوە دامەزراوەییکراوە و قۆرغکراوە، بۆ ئەوەی گەرەنتیی ئەوە بکرێت کە کۆمەڵگا لە بنەڕەتدا بیر لە تێپەڕاندنی نەکاتەوە. بۆیە لەم دۆخەدا سیستمەکە هیچ پێویستییەکی بە بەکارهێنانی تانک و کەرەستەی سەربازی نییە، تا ئەو کاتەی قوتابخانە و میدیا توانای ئەوەیان هەبێت تاک قەناعەت پێبکەن کە سیستمی باڵادەستی ئێستا، تەنها بژاردەی عەقڵانی و یەکلاکەرەوەیە.

هێربێرت مارکۆزە مشتومڕێکی ڕەخنەیی ڕاستەوخۆی دژ بە کارل پۆپەر ئەنجامدا، بە تایبەتی لە وتارەکەیدا کە لە ساڵی ١٩٥٩دا لە ژێر ناونیشانی ”کارل پۆپەر و کێشەی یاسا مێژووییەکان” بڵاوکرایەوە، کە دواتر خرایە ناو کتێبەکەیەوە ”مشتومڕەکان لە تیۆریی ڕەخنەییدا” (١٩٧٢) و پاشانیش لە ژێر ناونیشانی ” لە لۆتەرەوە بۆ پۆپەر” (From Luther to Popper) سەرلەنوێ چاپکرایەوە. مارکۆزە لەم دەقەدا ڕەخنەیەکی پێکهاتەیی ئاڕاستەی کتێبەکەی پۆپەر ”مەینەتیی مێژووخوازی” دەکات، و تێیدا ئەو کورتکردنەوە پۆزیتیڤیستییەی (پۆزەتیڤیزم) دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو شێواندنە ئایدۆلۆژییەی لیبڕالیزمی پلە بە پلە هەڵدەوەشێنێتەوە. مارکۆزە لە تێڕوانینە بەناوبانگەکەیدا سەبارەت بە ”لێبوردەیی سەرکوتکار” (Repressive Tolerance)، هێرش دەکاتە سەر ئەو بیرۆکەیەی پۆپەر کە پێی وایە ئازادیی گفتوگۆ و ئازادیی ڕادەربڕین لە کۆمەڵگەی کراوەدا، بە شێوەیەکی خۆکارانە بەرەو ڕاستی و گۆڕانکاریی ئاشتیانە دەچێت.
بەبڕوای مارکۆزە لەژێر سایەی سەرمایەداریی پێشکەوتوودا، هۆکارەکانی ڕاگەیاندن و کولتوور دەکرێنە کاڵا و دەگۆڕدرێن بۆ ئامرازێک لە دەستی چینی باڵادەستدا. کاتێک دەوڵەت ڕێگە بە “ئازادیی ڕادەربڕین بۆ هەمووان” دەدات، دەنگی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە (ڕادیکاڵ) ون دەبێت و لە ناو زەریایەکی فراوانی پڕوپاگەندەی سەرمایەداری و بەکاربەریدا قووت دەدرێت. ئەم لێبوردەیییە دەبێتە “سەرکوتکار”، چونکە شەرعیەتێکی ساختە بە سیستمەکە دەبەخشێت کە گوایە کۆمەڵگەیەکی کراوەیە، لە کاتێکدا لە واقیعدا گشت بیرکردنەوەیەکی گۆڕانکاریخوازی ڕاستەقینە بێلایەن دەکات و کاریگەرییەکەی لەباردەبات. توێژینەوە ئەکادیمییە هاوچەرخەکان لە بواری کۆمەڵناسیی سیاسیدا ئەوە نیشان دەدەن کە سیستمە دیموکراتییە ڕۆژاواییەکان جۆرە مۆدێلێکیان پەرەپێداوە کە بە ”ستەمکاریی نەرم” یان ”دیموکراسیی بەڕێوەبراو ” (Managed Democracy) دەناسرێت. لەم مۆدێلەدا کۆمەڵگا لە پرسە کۆمەڵایەتی، کولتووری، وناسنامەیییەکاندا ”وەک ئازادیی ڕادەربڕین، مافی کەمینەکان، و شێوازی ژیان” بە تەواوی بە کراوەیی بەجێدەهێڵرێت، بەڵام لە پرسە سەروەری و ئابوورییەکاندا(سیاسەتی دراو، کۆنترۆڵکردنی کۆمپانیاکان، و پڕچەککردن) بە توندی دادەخرێت. ئەم جیاکردنەوە زیرەکانەیە وادەکات هاوڵاتی هەست بە ئازادی بکات، چونکە حکومەتەکان دەگۆڕێت و لە ئازادیی کەسیی خۆی بەهرەمەندە، ئەمەش ئەگەری پەنابردنی بۆ توندوتیژی کەمدەکاتەوە، کە ئەمەش دەقیقەن ئەو ئامانجە بوو کە پۆپەر هیوای بۆ دەخواست، بەڵام ئەمە لەسەر حسابی جەوهەری گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بەدی دێت.
تەوژمێکی ڕاستڕەوی دونیای ئەمڕۆ دەبات بەرەو بەسەربازیکردنی فەزای کۆمەڵایەتی، و وەرچەرخانی ”دۆخی نائاسایی” بۆ پارادایمێکی فەرمانڕەوایی وەزیفیی (کارکردی) دەوڵەتی بۆرژوازیی هاوچەرخ. لە ساتەکانی دەرکەوتنی ئاشکرای دیوی دڕندەیی سەرمایەدارییەوە، کە خۆی لە قەیرانە ئابوورییە خنكێنەرەکان، جەنگەکان، و هەڕەشە جیۆپۆلیتیكییە بوونخوازییەکاندا دەبینێتەوە، ئیدی دەوڵەتی بۆرژوازیی شێوی سیاسەتی خۆی بۆ هەژموون بەسەر کۆمەڵ، گواستنەوەیەکی ناچاری دەکات لە میکانیزمەکانی هەژموونی نەرمەوە بەرەو ستراتیژە چڕەکانی “کۆنترۆڵی زۆرەملێ” (Coercive Control). کاتێک بۆرژوازی خواست و توانای پێکهاتەییی خۆی بۆ پاراستنی بەهاکانی ئازادی و پێشکەوتنی مرۆیی لەدەست دەدات، پەنا دەباتە بەر سەرلەنوێ داڕشتنەوەی فەزای کۆمەڵایەتی و گۆڕینی بۆ سەربازگەیەکی داخراو، ئەویش لە ژێر سێبەری دروشمە ئایدۆلۆژییەکانی وەک ”ئاسایشی نەتەوەیی یان دۆخی نائاسایی ئابووری”.

ئەم داینامیکە جێبەجێکارییە، ڕەگوڕیشەی فەلسەفیی خۆی لە تێڕوانینە سەرەکەییەکەی جۆرجیۆ ئاگامبێن دا سەبارەت بە «دۆخی نائاسایی»(State of Exception) دەدۆزێتەوە؛ کۆمەڵ وەک خێوەتگاێک – کەمپێکی گەورەی لێهاتووە؛ لێرەدا خێوەتگا-کەمپ وەک مۆدێلی سیاسی سەردەم دیزاین دەکرێ. بە بڕوای ئاگامبێن کەمپ شوێنی ڕەهای دۆخی نائاساییە. کەمپ ئەو شوێنەیە کە تێیدا دەسەڵات بە تەواوی کۆنترۆڵی جەستەی مرۆڤ دەکات. ئەمڕۆ پێکهاتەی کەمپ گواستراوەتەوە بۆ ناو کایە گشتییەکانیش (وەک فڕۆکەخانەکان و سیستەمەکانی چاودێری). واتە گۆڕانی دۆخی کاتی بۆ دۆخی هەمیشەیی. ئەگەر لە ڕابردوودا دۆخی نائاسایی تەنها بۆ کاتی شەڕ یان کارەساتی گەورە بووبێ، بەڵام ئێستا دەوڵەتەکان بە بەهانەی شەڕی دژە تیرۆر، قەیرانی ئابووری یان مەترسی نەخۆشییە گوازراوەکان و بڵاوبوونەوەیان درێژەی پێدەدەن. بەم سیاسەتە ئیدی دیموکراسییە مۆدێرنەکان لە ناوەڕۆکدا هاوشێوەی دەوڵەتە تۆتالیتارەکانیان لێهاتووە. بەو پێیەی ئاگامبێن ڕوونی دەکاتەوە کە یاسا نائاساییەکان، بەسەربازیکردنی دەزگا پۆلیسییەکان، و کاراکردنەوەی چاودێریی دیجیتاڵیی گشتگیر، چیتر تەنها ڕێوشوێنی کاتی نین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوێکی لەناکاو، بەڵکو گۆڕاون بۆ ”بنەڕەتی پێکهاتەیی و مۆدێلی پێوانەیی فەرمانڕەوایی”. ئەم یاسا نائاساییانە وەک ئامرازێکی سەروەری بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی کارتێلەکان و قۆرغکارییە فەرمانڕەواکان بەکاردەهێنرێن، و بۆ پاراستنیان لە دژی هەر تەقینەوەیەکی جەماوەری یان ڕاپەڕینێکی پرۆلیتاریی؛ کە بێگومان بەهۆی قەیرانەکانی سەرمایەوە، ناوبەناو بێئومێدی بەهۆی بێکاری، ناڕەزایەتی لە گرانی و بەرزبوونەوەی بەردەوامی تێچووی بژێوی، ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان دەتەقنەوە.

لە پەکخستنی دەستووری لیبڕاڵەوە بۆ شەرعیەتدان بە سیستمی ڕەگەزپەرستی و سەرکوتکاری
:

دیدگای ڕەخنەیی سۆسیالیستی دەست نیشانی وەرچەرخانێکی جەوهەری لە فەزای یاسایی ڕۆژاوادا دەکات کە هاوتەریبە لەگەڵ سەرھەڵدانی ڕەوتەکانی ڕاستڕەوی توندڕەودا؛ بەو پێیەی واقیعی هاوچەرخ شایەتی پەککەوتنێکی وەزیفی (Functional Paralysis) دەستوور و یاساییە لێبڕاڵەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەرەسەندنی ڕەگەزپەرستیدا. لە ژینگەی یاسایی تەقڵیدیی دیموکراسییە ڕۆژاواییەکاندا، یاسا بە توندی گوتاری ڕقوکینە و هەڕەشە کۆنترۆڵ و تاوانبار دەکات؛ بە جۆرێک کە هەر ڕەفتارێک سووکایەتی کردن بە ناسنامەی ئایینی، جێندەری، یان ڕەگەزیی تاکەکانی تێدابێت، یان هەڕەشەیەکی بەدۆکیومێنت کراو (چ لە ڕێگەی نووسین، میدیای دیجیتاڵی، یان شایەتحاڵی ڕاستەوخۆوە) لەخۆبگرێت، پێویستی بە ڕاوەدوونانی دادوەری هەیە، کە دەبێتە هۆی سزای تاوانکاریی و سلبکردنی ئازادی (زیندانیکردن) کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت. بەڵام ئێمە ساڵانێکە، واقیعی سیاسی دووڕوویی و جیاکارییەکی پێوەرخوازیی پێکهاتەیی ئاشکرا دەبینین؛ بەو پێیەی نوخبە و ڕەوتەکانی ڕاستڕەوی توندڕەو، چەندین ساڵە لە ڕێگەی سەکۆکانی ڕاگەیاندن و گوتاری گشتییەوە، پێشێلکاریی دژ بە ڕۆحی دەستوور پەیڕەو دەکەن، ئەویش لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنی سووکایەتی و هەڕشەی دەرکردنیان لە ئەڵەمانیا، لێنەپرسینەوە لە جۆرە هەڕەشێکی لەو چەشنە بۆ سەر توێژێکی بەرفراوان لە هاوڵاتیانی ئەوروپی (ئەوانەی بە یاسایی ڕەگەزنامەیان/ هاووڵاتیبوونیان بەدەستهێناوە – یان لەم وڵاتانەدا لەدایکبوون)، بێ ئەوەی هەڕەشەکەرەکان ڕووبەڕووی هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی ڕاستەقینە یان سزادانی دادوەری ببنەوە، ئەمە بەڵگەی پەکخستنی دەستوورو یاسایە بەقازانجی ڕەگەزپەرستەکان. ئەم داڕمانە دەستوورییە لە نوێترین ڕەنگدانەوەی ئێستایدا، لەو هەڕەشەنەدا دەردەکەوێت کە لەلایەن بەرپرسێکی باڵای پارتی “جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا” (AfD) دژ بە بەشێکی بەرفراوان لە هاوڵاتیانی ئەڵمانی ئاڕاستەکراون، ئەمەش بەڵگەیەکی زیندوو پێشکەش دەکات لەسەر گواستنەوەی دەوڵەتی ڕۆژاوایی لە قۆناغی “ئیفلیج بوونی یاسا لێبڕاڵەکان”ەوە بۆ قۆناغی دامەزراندنی ناڕاستەوخۆی سیستمێکی یاسایی و جێبەجێکردن کە لەسەر بنەمای جیاکاریی ڕەگەزی و سەرکوتی دامەزراوەیی وەستاوە.
ئەم وەرچەرخانە پێکهاتەیییانە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی (بەرجەستە) لە گوتاری سیاسیی هاوچەرخدا ڕەنگدەدەنەوە؛ بەو پێیەی بەرپرسانی پارتی “جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا” (AfD) و لە سەرووی هەموشیانەوە ڕێبەری پارتەکە “ئالیس ڤایدڵ” (Alice Weidel)، بەڵێنی گرتنەبەری ڕێوشوێنی نائاسایی، توند و بێپێشینەیان داوە دژ بە کۆچبەران و پەنابەران لە ئەگەری گەیشتنیان بە لوتکەی دەسەڵات. لە هەمان چوارچێوەی پەراوێزخستن و دوورخستنەوەدا، لێدوانەکانی بەرپرسی دیاری ئەم پارتە لە ویلایەتی ساکسۆنیا-ئەنھالت، “ئۆلریش سیگمۆند” (Ulrich Siegmund) دەرکەوتن-(لە سێپتەمبەری ٢٠٢٦دا و دوای سەرکەوتنی پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ویلایەتەکەدا)، کە تێیدا پەیوەندییەکی دلالەتی و مەترسیداری لە نێوان خێراکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانی چەک لە ناوخۆدا، لەگەڵ چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی دەرکردن و ڕاوەدوونانی زۆرەملێی کۆچبەراندا دروستکرد. ئەم مۆدێلە ئەڵمانییە دابڕاو نییە، بەڵکو بەشێکە لە دیاردەیەکی گشتگیر؛ بەو پێیەی دەکرێت سەدان مۆدێلی هاوشێوە لەم هەڕەشە بوونخوازی و گوتارە ڕەگەزپەرستییانە لە سەرانسەری نەخشەی سیاسیی ئەوروپادا دەستنیشان بکرێن. ڕووی ڕاستەقینەی دووڕوویی دەسەڵات لە وڵاتانی ئەوروپا بۆ پاڕاستنی مافی هاوڵاتییان و مرۆڤ لێرەدا لێرەدا لەوەدایە کە ئەم پێشێلکارییە ڕێکخراوانە بەبێ هیچ ڕاوەدوونانێکی دادوەری یان لێپرسینەوەیەکی یاسایی ڕاستەقینە تێپەڕ دەبن، ئەمەش بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر گواستنەوەی سیستمی یاسایی لێبڕاڵ لە قۆناغی ئیفلیجیی وەزیفییەوە بۆ قۆناغی هاوکاری و مەیلی سازشی پێکهاتەیی لەگەڵ سەرکوتکاری و جیاکاریدا.

دووڕوویی پێوەرخوازی لە پۆلێنکردنی توندوتیژیی سیاسیدا و داڕمانی بێلایەنیی دەوڵەت:


داڕمانە دامەزراوەیی و دەستوورییەکان تەنها لە فەزای گوتاری سیاسی و تیۆریی ڕووتدا ناوەستێتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی کۆنکرێتی لەو دووڕوویی پێوەرخوازییە پێکهاتەیییەدا (Structural Double Standards) ڕەنگدەداتەوە، کە دەزگا سەروەری و میدیایییەکانی ڕۆژاوا لە پۆلێنکردن و پێناسەکردنی “کردەوە تیرۆریستییەکانی دژ بە مەدەنییەکان” پەیڕەوی دەکەن. لە کاتێکدا مامەڵەیەکی دەستبەجێ و یەکلاکەرەوە لەگەڵ هەر کردەوەیەکی توندوتیژیدا دەکرێت، کە لەلایەن تاکێکی سەر بە کۆمەڵگەی پەنابەران یان کۆچبەرانەوە ئەنجامبدرێت و وەک “کردەوەیەکی تیرۆریستیی گشتگیر” وەسف دەکرێت، کە تێیدا تاکەکە و تەواوی پاشخانە کولتووری و ئاینییەکەی تاوانبار دەکرێن، کەچی لە بەرامبەردا، پێناسە یاسایی و ڕاگەیاندنەکان بۆ زۆرێک لە پرۆسە تیرۆریستییە گەورەکان کە ڕەوت و کەسایەتییەکانی سەر بە ڕاستڕەوی توندڕەو لە پشتیانەوە وەستاون، کەم دەکرێتەوە و لێڵ دەکرێت، و لە ناسنامە ئایدۆلۆژییە ڕێکخراوەکەیان دادەماڵرێن. مۆدێلی ئەم جیاکاری و لایەنگرییە پێکهاتەیییە لە ڕێگەی چەندین بەڵگەی مێژوویی و هاوچەرخی گەورەوە لە باکووری ئەوروپادا دەستنیشان دەکرێت: لە شانشینی نەرویجدا: ئەم پارادۆکسە لەو نزیکبوونەوە فەرمی و شیکارییەدا دەردەکەوێت کە بۆ کۆمەڵکوژییە مێژووییە تۆقێنەرەکەی “دوورگەی ئۆتۆیا” لە ساڵی ٢٠١١دا پەیڕەوکرا، کە لەلایەن توندڕەوی ڕاستڕەوی نەرویجی ئاندەرس بێرینگ برێڤیک (Anders Behring Breivik) جێبەجێکرا. سەرڕای ئەوەی پرۆسەکە لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە ڕەگەزپەرستی و مەسیحی سیاسی توندڕەوی ڕێکخرابوو، و بووە هۆی کوژرانی ٦٩ کەس لە دوورگەکەدا(کە زۆرینەی هەرە زۆریان گەنجان و مێردمنداڵانی سەر بە پارتی کرێکاران بوون)، لەگەڵ ٨ قوربانی تر لە تەقینەوەکەی ئۆسلۆی پایتەختدا، بەڵام گوتاری باڵادەست زیاتر بەرەو ئەوە چوو کە تاوانبارەکە وەک “حاڵەتێکی دەروونیی دابڕاو” یان گورگێکی تەنیا نیشان بدات، و خۆی لە دادگاییکردنی ئەو سیستمە فکرییەی ڕاستڕەوی توندڕەو لادا کە ئەم گەنجەی بەرهەمهێنابوو. لە شانشینی سویددا: ئەم ڕەفتارە دامەزراوەییە لە ڕووداوە هاوچەرخەکانیشدا دووبارە دەبێتەوە، وەک ئەوەی لە ڕووداوی تەقەکردنی بەکۆمەڵی خوێناویدا لە ڕێکەوتی ٤ی شوباتی ٢٠٢٥ لە قوتابخانەی (Campus Risbergska) بۆ فێربوونی گەوران لە شاری ئۆرێبرۆ (Örebro) ڕوویدا؛ کە تێیدا هێرشە ڕێکخراوەکە بووە هۆی کوژرانی ١١ کەس (بە هێرشبەرەکەشەوە) و برینداربوونی چەندانی تر. سەرڕای ئەو ڕەهەندە ڕەگەزپەرستی و پەراوێزخەرەی کە هاوتەریبە لەگەڵ بەئامانجگرتنی ئەم جۆرە ناوەندە پەروەردەیییانەی کە بۆ کۆچبەران یان توێژە لاوازەکان تەرخانکراون، بەڵام دەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت و سەکۆ میدیاییە باڵادەستەکان هەمیشە ڕەهەندە ئایدۆلۆژییەکان لێڵ دەکەن و خۆیان لە بەکارهێنانی وەسفی “تیرۆری ڕێکخراو” دەدزنەوە، کاتێک بکەری ڕووداوەکە بە مەرجەعەکانی ڕاستڕەوی فەرمانڕەوا یان توندڕەوەوە بەسترابێتەوە. ئەم نمونانە ئەوە دەسەلمێنن کە بەڵێنەکانی دەوڵەتی دیموکراسی لێبڕاڵ بۆ پاراستنی مافە یەکسانەکان و بێلایەنیی یاسا، دەستبەجێ لە کاتی بەریەککەوتنی لەگەڵ دژایەتییە ڕەگەزی و چینایەتییەکاندا هاڕە دەکەن و دەڕوخێن؛ بەو پێیەی یاسا وەک ئامرازێکی ئایدۆلۆژیی هەڵبژێردراو بۆ سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی هەژموون، و وەک هۆکارێک بۆ بەرهەمهێنانی ناعەقڵانییەت لە ڕێگەی یاریکردن بە پێناسەکانی ئاسایش و تاوانەوە بەکاردەهێنرێت، بە مەبەستی پاراستنی پێکهاتە سەرمایەدارییە باڵادەستەکە.
پارادۆکسی ڕەفتاری و شێوانی پێوەرخوازی لە گوتاری سیاسیی ڕۆژاوایی هاوچەرخدا، لەو هەڵوێستەدا بەدیار دەکەوێت کە ڕێبەری پارتی دیموکراتی مەسیحیی ئەڵمانیا (CDU)، “فریدریش مێرتس” (Friedrich Merz) دەری بڕی، کاتێک پارتی “جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا” (AfD)ی تۆمەتبار کرد بە بانگەشەکردن بۆ ”پاکتاوی ڕەگەزی” و پەراوێزخستنی تاکەکان لەسەر بنەمای ڕەچەڵەک یان ڕەنگ؛ (مێرتس وتی: «ئەو کەسانەی خاوەن پاشخانی کۆچبەرین، لەو پیشانەشدا کار دەکەن کە پێویستیان بە کارامەیی پسپۆڕانە هەیە… ئەگەر ئەوەی لێرەدا پێی دەوترێت (سەرلەنوێ کۆچپێکردنەوە – هاوتای پاکتاوی وەسف دەکرێت /Re-migration) ببێتە واقیعێکی بەرھەست، ئەوا تەنها هاوواتایەک دەبێت بۆ پاکتاوی ڕەگەزی کە لەسەر بنەمای ڕەچەڵەک و ڕەنگی پێست وەستاوە.») ـ سەرچاوە: ڕۆیتەرز، ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦.
ئەم هەڵوێستە کە سەرکۆنەی ڕەگەزپەرستەکان دەکات لە ئەڵەمانیادا جێگای دەستخۆشییە، بەڵام خاوەنی ئەم هەڵوێستە تەنها لەناوخۆی ئەڵەمانیادا دژی ڕەگەزپەرستی و پاکتاوی ڕەگەزییە. لە کاتێکدا گوتاری فەرمیی دەسەڵاتدار لە ناوخۆدا هەڵوێستی بڕیاردەرانە بۆ سەرکۆنەکردنی تێڕوانینە ڕەگەزپەرستییەکان دەگرێتەبەر، بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی ئیجرایی سیستمەکە، کەچی لە هەمان کاتدا لایەنگرییەکی پێکهاتەیی و سازشێکی ئاشکرا لە گۆڕەپانە دەرەکییەکاندا پیشان دەدات؛ ئەمەش لەو پشتگیرییە بێمەرجەدا ڕەنگدەداتەوە کە هەمان نوخبەی سیاسی، لەوانەش خودی مێرتس، پێشکەشیان بە ڕەفتارەکانی ئیسرائیل کردووە کۆکوژی منداڵان و پاکتاو خەڵکی غەززەدا، کە لە لایەن دەستە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە وەک ڕەفتارگەلێک وەسفکراون کە پاکتاوی ڕەگەزی و جینۆسایدیان (کۆمەڵکوژی) تێدایە. ئەم دووفاقییە ئەوە دەسەلمێنێت کە چەمکەکانی مافی مرۆڤ و دژایەتیکردنی جیاکاری وەک بەهای ئەخلاقیی ڕەها مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت، بەڵکو وەک “ئامرازی ئایدۆلۆژیی وەزیفی” (Instrumental Ideology) دەبینرێن کە بە شێوەیەکی سودخوازانە (پراگماتیستی) بەکاردەهێنرێن و لە چوارچێوەی ڕاستەقینەی خۆیان دادەماڵرێن؛ بە جۆرێک لە ناوخۆدا بۆ پاراستنی ڕووکەشە لێبڕاڵییە جوانکارییەکە دادەگیرسێنرێن، بەڵام لە دەرەوەدا دەستبەجێ لە کاتی بەریەککەوتنی لەگەڵ بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیكی و ئابوورییە بەجیهانیبووەکانی کارتێلەکانی دەسەڵاتدا، دەکوژێنرێنەوە. ئەمە “دووڕوویی پێکهاتەییی ڕێکخراو” (Structural Hypocrisy) نیشان دەدات کە تایبەتمەندیی فەزای سیاسیی هاوچەرخە. – (دووڕوویی پێکهاتەییی ڕێکخراو (Structural Hypocrisy) دۆخێکە کە تێیدا یاسا، ئامانج یان بەهای فەرمیی ڕێکخراوێک یان سیستەمێک، بە تەواوی پێچەوانەی گوتار و ڕەفتاری ناوخۆی خۆیەتی.).
لەکۆتاییدا بەم دەرئەنجامە دەگەین: سیستمی سەرمایەداریی نێودەوڵەتیی هاوچەرخ وەک گشتێکی یەکگرتوو قەیران لێدراوە؛ بۆیە چاکسازیکردنی ئەم سیستمە لە ناوخۆی خۆیەوە و لە ڕێگەی ئەو ئامرازانەی کە خۆی سازو ئامادەی کردوون (وەک فۆرمالیزمی هەڵبژاردنەکان) مەحاڵە. ئەمەش بەو پێیەی قەیرانەکە لە لێنەهاتوویی کارگێڕیی فەرمانڕەواکاندا کورت نابێتەوە، کە لە بنەڕەتدا وەک “بوکەڵەکانی سەرمایە گوزارشت دەکەن Capitalist Puppets”، بەڵکو قەیرانەکە لە خودی پێکهاتە و بنەما کڕۆکییەکانی سیستمی سەرمایەداریدایە؛ ئەو سیستمەی کە جەنگ و پشێویی کۆنکرێتی وەک میکانیزمێکی حەتمی بۆ ڕەوانەکردنی قەیرانەکانی و بەردەوامیدان بە پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایە بەرهەم دەهێنێتەوە. لەم سۆنگەیەوە، هێزە سۆسیالیستەکان هیچکام لە مۆدێلە دیموکراتی و بەها کۆمەڵایەتییەکانی ئەو دوو جەمسەرە باڵادەستە قبوڵ ناکەن؛ نە دیموکراسییەتی ستەمکارانەی ڕۆژهەڵات بەناوی دیموکراسیی پێکهاتەیی لەسەر بنەمای (هۆز، تائیفە، پێکهاتەی نەتەوەیی یان ئیتنیکی)، و نە دیموکراسییەتی پارتە کۆمپانیاییەکانی ڕۆژئاوا لە ژێر پۆشەری نیولیبڕالیزمدا، شیاوی قبوڵکردنن. لایەنی ڕەخنەیی ئەم گوتارە ڕەتکردنەوەی هاوکاتی بەها ئاینی، تائیفی و نەریتییە کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتە، لەپاڵ بەناو بەهاکانی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژئاوادا، کە لە ڕاستیدا ئامرازی جەوهەریین بۆ بەکۆیلەکردن و زۆمبیکردنی مرۆڤەکان لە خزمەت کاڵاکانی بازاڕی سەرمایەداریدا. بەرامبەر بەم ئاوێتەبوونی ستەمکارییە، سۆسیالیستەکان بڕوایان بە مۆدێلی کولتووریی چینی کرێکار هەیە؛ کولتوورێک کە یەک ناسنامەی مرۆیی گشتگیر بۆ هەموان دادەڕێژێت، کە ئەویش ناسنامەی “مرۆڤبوون”ە؛ کولتووری ژیانی ئازاد، یەکسانیی ڕادیکاڵی مرۆڤەکان، کاری هەرەوەزیی هاوبەش، و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانیی گشتی بۆ تەواوی کۆمەڵ.

——————————————-
پەراوێز:

هەر ئەو دەوڵەتە سەرمایەدارانەی ” کارەبا، فرۆکەخانە، مۆبیل تەلەفۆن، کۆمپیتەر و دەرمانیان بۆ هێناوی،، هتد ”، هەر ئەوانیشن بە جۆرەها چەک ئینسانەکان دەکوژن. هەر ئەو دەوڵەتە سەرمایەدارانەی باسی “ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ڕێکخراوبوون، دیموکراسییەت و هەڵبژاردن، و مافی ژنان” دەکەن، هەر ئەوانن کۆمەڵگەیان دابەشکرد بۆ تائیفە و بنەماڵەکان، تاقم و پارتی سەرکوتگەر، و ڕێکخراوی میلیشیای و کەسانی گەندەڵیان لە عێراق، لیبیا و سوریا،، هتد زاڵ کرد بەسەر دەسەڵاتدا، و کۆمەکی تیرۆریستانیان دەکرد،، هتد؛ بە کورتی یانی ئەوانەی باسی خۆشگوزەرانی و ئازادییان دەکرد، هەر ئەوان و هاوپەیمانەکانیان بوون کە برسیانکردی و سەرکوتیانکردی، ئەوانەی مەدەنییەتی سەرمایەیان هێنا لەتەکیدا کۆنەپەرستیان زاڵ کرد، ئەمە دیاردە ناکۆکەکان و دوو ڕوویی سەرمایەدارییە.

ئەم وتارە بە زمانی عەرەبی لە ماڵپەڕی(حیوار المتمدن) لە بەرواری ۱۳/ ۹ / ۲۰۲٦ بڵاوکراوەتەوە.

«بەشێک لە تەوەرەکانی ئەم توێژینەوەیە لە وتارێکی نووسەرەوە لەژێر ناونیشانی: “کۆمەڵگەی سەرمایەداری: لە لێبڕالیزمەوە بەرەو توتالیتاریزم” وەرگیراون، کە بە زمانی کوردی لە ڕێکەوتی ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٤ لە ماڵپەڕەکانی (هاوپشتی) و (دەنگەکان) بڵاوکراوەتەوە.».

هاوكات لەگەڵ نووسینی ئەم وتارەدا، ئاماژەیەکی ئومێدبەخش لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی گشتیی سویدەوە ڕاگەیەندرا کە لە ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو؛ بە جۆرێک پێدراوە سەرەتاییەکان پاشەکشەی پارتی ڕاستڕەوی توندڕەو [دیموکراتەکانی سوید – SD] نیشان دەدەن، و دەرەنجامەکان تا ئێستا دەریانخستووە کە بلۆکی ڕاستڕەو دەنگێکی کەمتری لە چەپەکان بەدەستهێناوە. هیوایش هەیە کە لە فەرەنساش پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو بە ڕێبەرایەتیی (لۆپێن) تووشی شکست ببێت. بەڵام وەک چوارچێوەی شیکاریی وتارەکە ڕوونی دەکاتەوە: ڕەوتی گشتیی سیستمی سەرمایەداری بەرەو ڕادیکاڵبوونی ڕاستڕەوانە وەرچەرخاوە، ئەمەش وا دەکات مافەکانی چینی کرێکارو پەنابەران زیاتر بکەونە ژێر پرۆسەی پێشێلکاریی پێکهاتەیییەوە. لە پرسی پەنابەرانیشدا، بەهۆی چوونەناوەوەی جیهان بۆ فۆڕماسیۆنی “پۆست-لیبڕالیزم” و قەیرانە بەردەوامەکانی جیهانگیریی سەرمایەداری، سنوورە نیشتمانییەکان بە توندی بەڕووی پەنابەراندا دادەخرێن؛ لێرەوە، پێویستە خوێندنەوەی مادی و ڕەخنەیی بۆ داینامیکەکانی جیهانی سەرمایەداری بکرێت. لە کۆتاییدا، ئومێدەکە لەسەر ئەوە وەستاوە کە بزووتنەوەی کرێکاری و هێزە سۆسیالیستەکان بگەنە ئاستێک لە جەمسەرگیریی بەهێز کە بتوانن کۆتایی بە نەهامەتی و چەوساندنەوەی چینایەتیی کرێکاران و مرۆڤە پەراوێزخراوەکانی ناو پرسی کۆچبەری بهێنن.

لە زانستە سیاسییەکاندا، بیرمەندان (وەک سەمۆئێل هێنتینگتۆن و جۆزێف شومپیتەر) جیاکاری لە نێوان دوو جۆر دیموکراسیدا دەکەن: دیموکراسیی جەوهەری؛ کە سەروەریی یاسا، جیاکردنەوەی ڕاستەقینەی دەسەڵاتەکان، و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات گەرەنتی دەکات. دیموکراسیی ئیجرایی/شێوەیی؛ کە تێیدا نوخبە فەرمانڕەواکان ڕووکەش و واجهەی دیموکراسی (هەڵبژاردن، پەرلەمان) وەک ئامرازێک بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتەکەیان لە بەردەم کۆمەڵگادا دەهێڵنەوە.

فەیلەسۆفی مارکسی فەرەنسی ئێتیان بالیبار Étienne Balibar، ڕوونکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەیەکی پێکهاتەییی ئێجگار گرنگ پێشکەش دەکات سەبارەت بە چۆنیەتیی گۆڕانی سیستمە دیموکراتییە ڕۆژاواییە هاوچەرخەکان بۆ مۆدێلگەلێکی خاڵیکراوە لە ناوەڕۆکی دەستور و یاسای سەروەریی خۆیان. بالیبار لە ئەدەبیاتە ئەکادیمییە بڵاوکراوەکانیدا لەم دەیان ساڵەی دواییدا، چەمکی ”نادیموکراتیزەکردنی ڕێکخراو” (Dedemocratization) یان ئەوەی لە ئەدەبیاتی ئەوروپیدا بە “پۆست-دیموکراسیی بەڕێوەبراو” دەناسرێت، داڕشتووە.

پێم باشترە وشەی(سەرمایەداری دڕندە بەکاربهێنرێت لە بری وشەی سەرمایەداری بەربەریزم). چونکە چەمکی“بەربەریزم”لەناو بیری کۆمەڵایەتی بە گشتی و تیۆری سۆسیالیستی بە تایبەتی ڕەچەڵەکی درێژ و ئاڵۆزی هەیە. وشەی یۆنانی(باربارۆس )لە بنەڕەتدا ئاماژەیە بۆ هەر کەسێک کە بە زمانی یۆنانی قسەی نەکردبێت. یۆنانیەکان وەک هەموو شارستانییەتە کۆنەکان خۆیان وەک ناوەندی جیهان حیساب کردووە، وە هەموو گەلانی دیکەیان بە وەحشی وەسفکردووە، چونکە ئەوانە لە پەراوێزێکی جوگرافی و کولتووریدا نیشتەجێن کە دوورە لە کەلتوورو جۆگرافیای یۆنان. یۆنانیەکان هەموو بەربەرییەکان وەک کەسێکی کەمتر لە ئینسان سەیر دەکرد. بەم پێیە بەڕای بۆ بیرمەندانی یۆنانی و لاتینی ئەوکات، جیاوازێکی بنەڕەتی هەیە لەنێوان گەلی خاوەن شارستانی باڵا لە ناوەندی جیهان کە یۆنانییەکانن و بەربەری خوارەوە کە لە پەراوێزدان. (پلاتۆن) عەقیدەی کۆیلایەتی سروشتی نووسی، کە تێیدا بە شتێکی ئاسایی زانی کە یۆنانیەکان ” یان بەربەرەکان بکوژن یان بیانکەنە کۆیلە ”، بیروباوەڕێکی لەم چەشنە لە جیهانی ئەمڕۆدا یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی دیدگای ڕاسیزمی نوێ.

هەر ئەو دەوڵەتە سەرمایەدارانەی ” کارەبا، فرۆکەخانە، مۆبیل تەلەفۆن، کۆمپیتەر و دەرمانیان بۆ هێناوی،، هتد ”، هەر ئەوانیشن بە جۆرەها چەک ئینسانەکان دەکوژن. هەر ئەو دەوڵەتە سەرمایەدارانەی باسی “ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ڕێکخراوبوون، دیموکراسییەت و هەڵبژاردن، و مافی ژنان” دەکەن، هەر ئەوانن کۆمەڵگەیان دابەشکرد بۆ تائیفە و بنەماڵەکان، تاقم و پارتی سەرکوتگەر، و ڕێکخراوی میلیشیای و کەسانی گەندەڵیان لە عێراق، لیبیا و سوریا،، هتد زاڵ کرد بەسەر دەسەڵاتدا، و کۆمەکی تیرۆریستانیان دەکرد،، هتد؛ بە کورتی یانی ئەوانەی باسی خۆشگوزەرانی و ئازادییان دەکرد، هەر ئەوان و هاوپەیمانەکانیان بوون کە برسیانکردی و سەرکوتیانکردی، ئەوانەی مەدەنییەتی سەرمایەیان هێنا لەتەکیدا کۆنەپەرستیان زاڵ کرد، ئەمە دیاردە ناکۆکەکان و دوو ڕوویی سەرمایەدارییە.

Previous
Next

Leave a Reply