مـنـداڵ و جــیــابـــوونـــەوە.. محەمەد بەرزی
منداڵ دیارییەکی زۆر جوان و ناوازەی یەزدانی مەزنە ، خێزانیش باوەشێکی گەرمووگوڕی گرنگە بۆ گەشەکردنیان . بێگومان جیابوونەوەی دایک و باوکیش ڕووداوێکی سەخت و گرانە ، فشارێکی دەروونی بێ ئەندازە لەسەر هەموو ئەندامەکانی خێزان دروستدەکات ، بە تایبەتیش کاریگەری زۆر خراپیان لەسەر منداڵان هەیە و خۆیان لە دۆخێکی لاواز و ناجێگیردا دەبیننەوە . چونکە منداڵ بە تەواوی وابەستەی دایـک و باوکیانن ، تەنانەت دوای ئەوەی دەگەنە تەمەنی گەورەییش . بە پێی ئەو توێژینانەوەی لە ئەمریکادا کراون ، ڕووداوی جیابوونەوە بە تەواوی پڕۆسەی پەروەردەکردنی منداڵ دەشێوێنێت ، چونکە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئــەواندایە . لێرەدا بە کورتی ئاماژە بۆ کاریگەریی و چەند لایەنێکی خراپی جیابوونەوە دەکەین :
١- ئەو منداڵانەی ، کە دایک و باوکیان جیابوونەتەوە ، کاریگەرییان لەسەرە تووشی چەندین نەخۆشی دەروونی جیاوازبن . وەک : تێکچوونی ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان . خراپی ئاستی خوێندنیان . ترس و دڵەڕاوکێ . جگەرەکێشان و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و هەوڵی خۆکوشتن .
٢ – کاتێک ژن و پیاوێک هاوسەرگیریی دەکەن ، تەنها پێویستییان بە یەک ماڵە ، کە هەموو کەل و پەل و پێویستییەکانی ژیانی تێدایە . بەڵام کاتێک ژن و مێردێک جیادەبنەوە ، پێویستییان بە دوو ماڵی جیاوازە . لەم دۆخەدا داهاتی هەردوولایان کەمدەبێتەوە ، کە پێش جیابوونەوە هەیانبووە . ئەمەش توانای دایک و باوک بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی ژیان کەمدەکاتەوە . هەر بۆیە لە ناچاریدا دایکەکە ، یان باوکەکە ، کە منداڵیان گرتۆتە خۆیان ڕوو لە گەڕەکە هەژارەکان دەکەن ، کە ئاستی کریێ و ژیان بە شێوەیەکی بەرچاو تیایاندا نزمن . زۆر جاریش کەمبوونەوەی داهات کارێک دەکات ، باوکەکە ، یان دایکەکە زیاتر کاربکەن . تا بتوانن داهاتی زیاتر بۆ ژیانێکی ئاسایی بەدەست بهێنن . بەمەش کاتی زیاتر لە منداڵەکانییان دووردەکەونەوە ، سەرباری ئەوەی پەروەردەکردن لە لایەن تاکە کەسێکەوە زۆر گران و ئەستەمە ، دەبێتە هۆی دەردەسەری و ماندووبوون و زیادبوونی بەرپرسیارییەتی ، سەرباری شێواندنی پڕۆسەی پەروەردەکردنیش .
٣ – منداڵانی بچووک ، کە تەمەنیان لە نێوان ( ٣ بۆ ٨ ) ساڵدایە دەست و پیێ سپیین ، ڕەنگە بە تەواوی تێنەگەن بۆچی ژیان لە دەورووبەریاندا گۆڕاوە . بۆچیش لە نێوان دوو ماڵی جیاوازدا دەگوێزرێنەوە . جا چونک لە منداڵی بچووکدا مێشک بە تەواوی گەشەی نەکردووە ، زۆرجار منداڵ کیشەی تێگەیشتنیان لە هۆکارە ئاڵۆزەکانی جیابوونەوەدا هەیە . هەر بۆیە لەوانەیە بترسن و تووشی سەرلێشێواوی بن .
٤ – زۆرێک لەو منداڵانەی دایک و باوکیان جیابوونەتەوە ، تووشی دڵتەنگی و تووڕەبوون دەبن . لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە کاریگەرییان بۆ دروست دەبێت ، لەگەڵ کەسانی تردا هەڵناکەن و تــووشـی کێشەی زۆر دەبن . زۆر جاریش پەیوەندی کۆمەڵایەتییان لاواز دەبێت . تووشی سەرگەردانی و ترس و بێزاری دەبن و وادەزانن ، کە تەنها خێزانەکەی ئەوانە جیابوونەتەوە . لە هەندێک حاڵەتیشدا کاتێک منداڵ هەست بە ئازارەکانی جیابوونەوە دەکەن ، ناتوانن بڕیاربدەن چۆن وەڵامی کاریگەرییەکانی جیابوونەوەکە بدەنەوە . لە ئەنجامدا لەوانەیە لە دایک و باوک و هاوڕیێ و کەسانی تر تووڕەبن و ئەنجامی خراپ بە دوای خۆیدا بهێنێت .
٥ – زۆرجار منداڵ پرسیار دەکات ، بۆچی دایک و باوکیان جیابوونەتەوە ، بە دوای هۆکارەکاندا دەگەڕێن . پرسیاردەکەن : ئایا دایک و باوکیان وازیان لە خۆشەویستی خۆیان هێناوە ؟ . یان کاری هەڵەیانکردووە . یان خۆیان تاوانبار دەکەن وا دەزانن ڕەفتارەکانیان بەشداربووە لە جیابوونەوەی دایک و باوکیاندا . ئەمانەش دەبنە هۆکاری بەرزبوونەوەی فشاری دەروونی و خەمۆکێ و جگەرەکێشان و خراپی ئاستی خوێندن و کێشەی تەندروستی بۆیان . بۆیە زۆر پێویستە ژیرانە هۆکارەکانی جیابوونەوەکە بۆ منداڵ باسبکرێت . تا بە تەواوی تێبگەن و هەستە خراپەکانییان کەمبکرێتەوە . چونکە ناکۆکی چارەسەرنەکراو ، دەردێکی گرانە و دەتوانێت ببێتە هۆی یاخی بوون و تاوان ، لە داهاتووشدا زیانی گەورە بە دوای خۆیدا بهێنێ .
٦ – لێکوڵینەوەکان دەریانخستووە : ئەو منداڵانەی دایک و باوکیان جیابوونەتەوە ، کاتێک گەورەدەبن و دەچنە ناو پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە ، ئەگەری جیابوونەوەیان زیاترە بەراورد بەو منداڵانەی دایک و باوکیان جیانەبوونەتەوە .
٧ – لە هەندێک حاڵەتدا کاتێک منداڵان هەست بە فشار و زەبری زۆر دەکەن و ناتوانن چۆن وەڵامی کاریگەرییەکانی جیابوونەوەکە بدەنەوە ، لەوانەیە لە دایک و باوک و هاوڕێکانییان تووڕەبن ، لە ئەنجامیشدا ئەو تووڕەبوونە خراپ بەکاربهێنن . هەرچەندە ئەم تووڕەبوونە بۆ زۆرێک لە منداڵان زوو کاڵ دەبێتەوە ، بەڵام ئەگەر بەردەوام بوو ، گرنگە بزانرێت جیابوونەوەکە کاریگەرییەکی خراپ و درێژ خایەنی بۆ دروستکردوون .
٨ – بەگشتی جیابوونەوەی دایک و باوک ، کاریگەریی لەسەر منداڵانی هەموو تەمەنەکان هەیە ، بە تایبەتیش بۆ منداڵانی تەمەنی سەرەتایی زۆر ئەستەم و قورس و گرانە .
٩ – ڕەنگە بۆ هەندێک کەس جێگای سەرسوڕمان بێت ، کە تەنانەت منداڵی ساواش کاریگەریی تەڵاقیان لەسەرە . بە تایبەتی ئەگەر ناکۆکی نێوان دایک و باوکیان ببێتە هۆی قاو و قیژ و هاتوهاوار و شەڕ و گرژی لە ناو ماڵدا . چونکە ئەگەرچیش کۆرپە لە هۆکارەکانی ناکۆکییەکان تێناگات ، بەڵام هەست بە گرژیی دەورووبەرەکەی خۆی دەکات . لە ئەنجامدا سەرلێشێواوی و فشاری بەدواوەیە و دەبێتە هۆی گریان و تێکچوونی شێوازی خەوتن و ترس و دڵەڕاوکێ و تەڕکردنی جێگایان . سەرباری ئەوەی کاریگەریی خراپییان بۆ گەشەکردنیان دەبێت .
١٠ – ڕەنگە هەندێک لە هەرزەکاران ، بە یەکجاری خۆیان لە ئەندامانی خێزانەکانیان دووربکەونەوە و بەشداری ڕەفتاری مەترسیدار بکەن وەک : بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و شەڕ و ئاژاوە وازهێنان لە خوێندن ، کە بەگران لەسەریان دەکەوێتەوە .
١١ – ئەو منداڵانەی تووشی جیابوونەوە دەبن ، زۆرجار زیاتر تووشی نەخۆشی دەبن . وەک : سەرئیشە و ئازاری گەدە ، ڕەنگە ئەمانەش بەهۆی کۆمەڵێک کاریگرییەوەیە بیت ، وەک کەم خەوی ، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ ، یان فشاری دەروونییەوە ، کە بەرگری لەش لاواز دەکەن .
١٢ – تا کاریگەریی جیابوونەوەی دایک و باوک لەسەر منداڵ زیاتر و قووڵتر بێت ، توانای سەرنجیان لەسەر ئەرک و وانەکانی قوتابخانەیان کەمتر دەبێ ، وەک : کەمتەرخەمی لە تەواوکردنی ئەرکەکانیان ، درۆکردن ، گویێ نەگرتن و خەوتن لە ناو پۆلدا ، گۆشەگیری و سەرنەکەوتن لە تاقییکردنەوەکاندا و … هتد .
لە دواجاردا باشترین ڕێگا بۆ پاراستنی پەیوەندییەکی باشی منداڵ لەگەڵ دایک و باوکیاندا و کەمکردنەوەی زیانەکانی کیشەی سۆزداریان ، کە منداڵ لە ئەنجامی جیابوونەوەدا تووشی دەبن ، تا پاشەڕۆژیشیان پاشەڕۆژێکی خۆشی بێ کێشەبێت و لە خەم و ئازاردا نەژین ، پێویستە دایک و باوک ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکەن :
١ – ئەرکی دایک و باوکە لە جیاتی ئەوەی بکەونە گیانی یەکتری و تیر و شیر لەیەک بسوون ، ئەقڵ و دڵیان بکەن بە یەک . بە ڕێکوپێکی سەردانی منداڵەکانییان بکەن ، تا هەست بە ئارامی و ئاسایش بکەن و بە شێوەیەکی باشیش گەشەبکەن . پاشان یارمەتییان بدەن پەیوەندی باش لەگەڵ دایک و باوکیاندا دروستبکەن . ئەمەش کارێک دەکات کەمتر تووشی خەم و پەژارە و سەرگەردانی بن ، کەمتریش هەست بە ناکۆکییەکانی نێوان دایک و باوکیان بکەن ، دایک و باوکەکەش سەریان سووک و ئاسودە دەبێ و کەمتر تووشی خـەم و خـەفـەت و ئازار دەبن .
٢ – پێویستە دایک و باوک لە بڕیارە گرنگەکاندا یەکگرتووبن وەک : بواری پەروەردە ، چاودێری تەندروستی و ئامۆژگاری و لێپرسینەوە . بێگومان ئەم یەک دەنگییە یارمەتی منداڵ دەدات هەست بە ئاسایش و سەقامگیری بـکـات .
٣ – گرنگیدان بە دابینکردنی پێویستییەکانی منداڵەکانیان . هەروەها چاودێریکردنی هەر نیشانەیەکی دڵەڕاوکێ و غەمباری و زویریان .
٤ – پێویستە دایک و باوک بە بەردەوامی بەشداری لە بۆنە و چالاکییەکانی قوتابخانەدا بکەن . تا بۆیان بسەلمێنن ، کە هەردوو دایک و باوکەکە هێشتا چالاکانە بەشدارن لە ژیانیاندا ، لەوەش دڵنیابن ، کە جیابوونەکە خەتای ئەوانی تێدا نییە و هەردوو دایک و باکەکەش بەردەوامن لە خۆشەویستی و کۆمەک و پشتگیرییاندا .. خۆ ئەگەر نەیانتوانی بە تەنیا ڕووبەڕووی کیشەکانیان ببنەوە ، ئەوا پێویستە داوای یارمەتی لە کەسانی شارەزای بواری منداڵان بکەن . پاشان زۆر گرنگیشە ئەو ڕاستییەش باش بزانن ، کە شەڕی جیابوونەوە لە دادگاکاندا ، زۆر سەخت و درێژ خایەنە و زیاتر لە ساڵێک دەخاێنێت و پارەیەکی زۆریشی تێدەچێت ، لە ڕووی داراییشەوە بارگرانی دروست دەکات . هەربۆیە نێوەندگیری لە لایەن خزم و هاوڕیێ و ناوبژیوانانی دڵسۆزەوە ، زۆر لە دادگا باشترە . چونکە ناوبژیوان ترسەکان گەورەناکەن و وەک کەسانی دڵسۆزی بێ لایەن کاردەکەن . پاشان ئەگەرچی جیابوونەوە کارێکی خراپی نەخوازراوە ، بەڵام بۆ ئەو ژن و پیاوانەی ، کە ژیانی هاوسەرگیرییان بۆتە دۆزەخێکی ناخۆشی پڕ کێشە و خەم و پەژارە ، کارێکی تابڵێی باش و تەندروستە .
تێبینی : بۆ ئەم باسە سوود لە چەند سایتێکی ئینگلیزی وەرگیراوە .

