Skip to Content

گوڵی ڕەعنا.. شیعری سارا فەقێ خدر

گوڵی ڕەعنا.. شیعری سارا فەقێ خدر

Be First!
by ئەیلوول 15, 2026 General, Poems
image_print

قەدەری ژیانت وابوو
نەچوویتە نێو ماڵی مێژوو
چەندە خۆش بوون
بەیانیانی قاپشوشتنی بەرحەوزەکەی ماڵی خۆمان
بەدەم دەنگی زیرەکەوە
لەگەڵ کیژان، دەڕۆیشتی بۆ نێو مێرگۆڵان ١
وەیان بەدەنگی شوکروڵا ٢، بەناو (هەواری دڵان) دا
دەچوویتە تاقی ئاسمان!

دڵگیر بوون ئەو ئێوارانەی
ئاخیر سەوتت دەدایە ڕادیۆ سوورەکە
بەئاوازی سەڵاح داودە وماملێ و مەزهەر
لەگەڵ سەمای ، گوڵ و ڕەیحانەی حەوشەدا
بەکراسی تەنکی نازناز و بەهێلەگی ( لەیالی)٣پەمەییەوە
بەلەنجەو لار، کارەکانت ڕادەپەڕاند
کاتژمێرێکی نەدەخایاند، جادەو چیمەن پاکوخاوێن
فەرشی لاکێش ئەمبەر ئەوبەر
سەماوەری گەورەی نەوت ، گیزەی دەهات
دۆشەگ و سەرین و بەرماڵ،
چاوەڕێی بابی ماندوو بوون
بۆنی چێشتی مەنجەڵی مس
لەسەر ئاگردانی هەیوان
دایک وەکو کۆترێکی کەوگیر بەدەست
لەدەوری دەهات و دەچوو!

چەند ئارام بوون ئەو شەوانەی
بەدیار کتێبێکی خوازراوی کتێبفرۆشییەکەی
قادری حاجی عەوڵاوە
(کەدەتناردین، بە پێنج فلس بۆمان دەهێنای)
لەکاری ناوماڵ دادەبڕای
لەدەفتەرێکی سەدپەڕی بەرگسوور دا
شیعرە دڵخوازەکانی خۆت
لەبەر دیوانی وەفایی و نالی و گۆران،
یەک بەیەک دەنووسینەوە.
چواردەوری لاپەڕەکانت بە(زەخرەفە) وگوڵ دەنەخشاند

دایکم دەیگوت:
ڕەعنای کچ و گوڵی ڕەعنا
زەحمەت لێک جیادەکرانەوە
بەبەردەرگا و بەکۆڵاندا
بۆن عەترەکەی بڵاودەبۆوە
کوڕم دەویست ،
بەو گوزەرەدا تێپەڕێ و ئێستێک نەکا
بەڵکو لەدرزی دەرگاوە
پڕیشکێک لە دزەنیگا ، لەرەیەک لەدەنگی ناسک
ئاودیو ببێ
دایکت نەژی،
نەیاندەهێشت، دەرگاکە بخرێتە سەرپشت!


سارا فەقێ خدر
٢٠٢٣

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next

Leave a Reply