رۆڵی پـەروەردەیی و کولـتووریی گۆڤـارەکانی منـداڵان.. رەزا شـوان
گۆڤـارەکانی منـداڵان، ئـەو گۆڤـارە نووسـراو و چاپکـراوانەن، کە بەپێی قـۆناغەکانی تەمەن و گەشەکـردنی منـداڵان، لەلایـەن گەورەساڵانەوە بابـەتە هەمەڕەنگەکانیان بە تایبـەتی بۆ منـداڵان دەنووسرێـن و ئامادەدەکـرێـن و چاپ دەکـرێـن. دەکـرێت منـداڵان خـۆشـیان بـە هـەنـدێـک بابـەتی سـووک و ئاسان و کـورت، بەشـدارییان تێـدا بکەن.
گۆڤـارەکانی منـداڵان، یەکێکە لە هـۆکارە گرنگەکانی میـدیـای منداڵان. سەرچاوەیەکی گرنـگە لە سەرچـاوەکانی پەروەردەکـردن و رۆشـنبیریکـردنی منـداڵان. بەشـوازێـکی وێـژەیی و هـونەریی ناسک و جـوان، بە زمانێکی شیرین و ساکار و ئاسان و رەوان، کە لەلایـەن نووسـەران و هـونەرمەنـدانی و دیزایناسازانی شارەزا و بە ئەزمـوون لە بواری نووسین و هـونەری وێنەکێشانی گۆڤارەکانی منداڵانەوە، بابەتە هەمەجۆرەکانی ئامادە دەکـرێن و بە شێوەیەکی هـونەریی جـوان و سەرنجـڕاکـێش دەڕازێنرێنەوە و بۆ چێـژوەرگرتـن و سـوودبەخـشین، دەخـرێنە بەردەستی منـداڵانی هـۆگـری خوێنـدنەوە.
مێژووی سەرهەڵـدانی گۆڤارەکانی منداڵان، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، بۆ قۆناغێکی نـزیک دەگەڕێنەوە. بـۆ یەکەمـین جـار لە هەمـوو جیهانـدا، لە سەدەی هـەژدەمـدا، لە وڵاتی فەرەنسادا، یەکەم گۆڤـاری منـداڵان، بە ناوی (هـاوڕێی منـداڵان) ەوە دەرچـوو. ئـەم گـۆڤـارە لە ساڵی (١٧٤٧ـ تا ـ ١٧٩١) چەنـدیـن ژمـارەی لـێـدەرچـوو.
یەکەمـین گۆڤـاری منـداڵان لە کوردستان دا، کە بە زمـانی کـوردی دەرچـوو، گۆڤاری (گـڕوگـاڵی منـداڵانی کورد) ە، کە لە ساڵی (١٩٤٦) لە سەردەمی کۆماری کوردستان
لە شاری مەهـابـاد دەردەچـووە. تەنیـا (٣) ژمـارەی لێـدەرچـوو.
لە دوای گۆڤاری گـڕوگاڵی منداڵان، لە باشووری کوردستان دا، دووەم گۆڤـاری منداڵان بە زمانی پەتی و شیرینی کوردی. بە ناوی (ئەستێرە) ەوە لە شاری سلـێمانی دەرچوو. کە پاشکۆی گۆڤاری (رۆژی کوردستان) بوو. لە مانگی حوزەیرانی (١٩٧٢) دا یەکەم ژمارەی ئەستێرە دەرچـوو. سەرۆکی نووسـین، شەهـید (ساڵح یـوسـفی) بـوو، دەستەی نووسەرانیش، کۆمەڵێک لە مامۆستایانی خۆبەخشبوون (رزگار شەوقی، ئەحمەد عەلی بەرزنجی، عەبدولکەریم مەحمود شێخانی، سدیق مەحمود بەرزنجی). لەم پەرتووکەمدا (چاوخـشنانـێک بە مـێژووی ئـەدەبی منـداڵان: ٢٠١٥) بە درێـژی باسم لە گۆڤـارەکانی منـداڵان بە گـشتی و گـۆڤـاری گڕوگاڵی منـداڵانی کـورد و گـۆڤـاری ئەستـێرە بە تایبەتی کـردووە. زۆر بە کـورتی دێـیـنە سـەر کـرۆکی باسەکەمـان، رۆڵی گۆڤـارەکانی منـداڵان
لە پەروەردەکـردن و رۆشـنبیریکـردنی منـداڵان.
میدیای منداڵان، لەوانەش گۆڤارەکانی منداڵان، تەنیا لاپـەڕەی رەنگاوڕەنگ و وێنـەی جـوانی سەرنجڕاکـێش نین. بەڵکو یەکێکن لە دیارترین و کاریگەرترین ئامرازەکان بۆ داڕشتنی کەسایەتیی هـاوسەنگی منداڵان. گۆڤارە ئامانجـدارەکانی منـداڵان، ئامرازێکی گـرنـگی کـولـتووری و راگەیـانـدنـن. سوود و خۆشی بە منـداڵان دەبەخـشن. بەشدارن لە دروسـتکـردنی ناسـنامـەی رۆشـنـبـیریی منـداڵان دا. زۆرجـار لـە دوای پـەرتـووک، گۆڤـارەکانی منـداڵان، یەکەم شـتن کە منـداڵان دەیـانخـوێـنـنەوە. گـۆڤـارەکانی منـداڵان، لە گـرنگـتریـن ئامـرازەکانی پـەروەرەکـردنی ناڕاسـتەوخـۆی منـداڵانـن.
هەنـدێک کەس پێیان وایە، بە داهـێنان و بڵاوبـوونەوەی ئینـتەرنێـت و ئایپـاد مـۆبایـلە زیرەکەکان و شاشەکان و گۆڤارە دیجیتاڵییەکان، چیتر گۆڤار و پەرتووکە کاغەزییەکانی منـداڵان، باویان نەماوە. ئەم بۆچوونە راست نییە. خوێندکارانی منداڵان زیاتر لە جاران بەرکەوتەی دەقـەکان دەبـن. بەپێی تـوێـژینـەوەیەکی ڕۆژئـاوای ئوسـترالـیا، کە لە ساڵی (٢٠١٦) لەسەر خوێنـدنەوەی منـداڵان ئەنجـام دراوە، ساغی کـردووەتەوە کە زۆرێـک لـە منـداڵان دەقـی چـاپکـراویـان پێ بـاشـترە، لـە مـادە دیـجـیـتاڵـیـیەکان. تەنـانـەت ئـەو خـوێنـەرانـەش کە لە رێی ئامـێرە ئەلـیکـترۆنـییەکـانەوە، حـەز بە خـوێنـدنەوە دەکـەن، زۆرجـار زیـاتـر لە دەقـە دیجـیـتاڵـییەکانـدا، بابـەتی چـاپکـراو دەخـوێـننەوە.
منـداڵان پێویستیان بە پەرەپێـدانی شارەزایی لە خوێنـدنەوەی ئەم شـێوازە جیـاوازانەی نووسین هەیە. بۆ ئەوەی ببنە خوێنەر و نووسەری سەرکەوتوو و متمانە بەخۆبوو لە تەمـەنی گەورەییاندا. گۆڤارەکان هاندەری منداڵانن، بۆ خوێندنەوەی شێوازی نووسینی جـۆراوجـۆر. وەک: چـیرۆک، هـۆنراوە. پەخشان، شانۆنامە، مەتەڵ، زانیاری،.. هـتد.
ئەو خوێندکارانەی لە قۆناغی قوتابخانەی بنەڕەتی دان و بوونە بە هاوڕێی گۆڤارەکانی منـداڵان و بازنادەن بەسەر خوێنـدنەوەیـان، ئاستی ئەکادیـمی و رۆشـنبیری و زانستیی گـشتییان، بەرزتـرە، لەچاو خوێنـدکارە هـاوتەمـەنەکانیان، کە گۆڤـارەکان ناخـوێنـنەوە.
گۆڤـارەکانی کوردییەکان بۆ منـداڵان، سەربەخـۆیی نەتەوەیی و شوناسی کولـتووریمان بەهـێز دەکەن. ڕۆڵێکی کاریگەر دەگـێڕن لە ئاشناکردنی منداڵانی کوردمان بە مێژوو و جوگرافیای کوردستان و بە کولتوور و کەلەپوور و بە بەها و داب و نەریتی رەسەن و بە کەسایەتییە ناودارانی نەتەوەکەمان. گۆڤارەکانی منداڵان چـیرۆک و هـۆنراوە لەسەر پاڵەوان و هـێما نەتەوەییەکانـمان و جـوانی سروشتی کوردسـتان و هـیوا و خەونەکانی منـداڵانی کوردمان دەخەنەڕوو. بابـەتە هەمەجۆرەکانی گۆڤارەکان، بە زمانێکی کوردی شـیریـن و سادە و ساکار، تـیشک دەخـەنە سـەر دەستکەوتە نەتەوەیـیـە مـۆدێـرنەکان. گـۆڤـارە کـوردیـیەکان بـۆ منـداڵان، ناڕاسـتەوخـۆ سـۆز و خـۆشـەویـستی و دڵـسۆزی و هاوبەستەبوون، بۆ کورد و کوردستان و رۆحی خـۆشەویـستی و دلـۆڤـانی هـاوڕێـتی و هـاوکاری و ژینگـەدۆسـتی و بەخـشـین، لە منـداڵانی کوردمان دەڕوێـنن. ئەم ناوەڕۆکە ئامـانجـدارانە، یارمـەتی منـداڵانی کـوردمـان دەدەن پەیـوەنـدی سـۆزداری نەتـەوەیـیان بەرزتـر بێـتەوە و لە پێناوی هـێنادیی هـیوا و خـەونەکانیان و داهـاتـووی دڵخـوازیـان، کـۆشـش بـکەن و کـۆڵـنـەدەن. تا زیـاتر بخـوێـننەوە، زیـاتر وەردەگـرن و دەبەخـشـن.
گـۆڤـارە نمـوونەیی و کوالـیتـیـیە بەرزەکـانی منـداڵان، پێـویـستە بابـەتی پەروەردەیی و رۆشنبیری جۆراوجۆر لەخۆبگرن. بەشـدارن لە گەشەسەندنی رەوشتی و کولتووری و لە داهـێنان. بە کورتی گۆڤارەکانی منداڵان پێویستە ئەم بابەتە سەرەکییانە لەخۆبگرن:
بابەتی کولتووری (رۆشنبیری): بـریتین لە چـیرۆک، هـۆنراوە، پەخـشان، شانۆنامە، بابـەتی کولـتووری تـر. دەبێـت بابەتـەکان لە ناوەڕۆک و زمـانی داڕشـتنیانـدا، لەگەڵ ئاستی منـداڵانـدا بگـونجـێن، کاریـگەرییان لەسەر هـەست و ڕەفـتارەکانیـان هـەبێـت.
پێویـستە بابەتە رۆشنبیرییەکان، هـانی منـداڵان بـدەن بـۆ داهـێنان و بیرکـردنەوەی و رەخنەگـرتـن. هـانیان بـدەن، بـۆ چارەسەرکردنی کـێـشەکان، بە شێوەیـەکی بابەتیانە.
بابـەتی زانـستی: بریتین لە هەواڵ و زانیاریی پەیوەست بە دۆزینەوە و داهـێنانەکانی ئـەم دوایـیـە و پـێـشـکەوتـنـە تەکـنەلـۆژیـیـەکان و بـوارە جـۆراوجـۆرەکـانی زانـیـنی مـرۆڤ. پێـویـستە بابەتانە زانیارییەکان بـۆ منـداڵان گـونجاوبـن. زانیـاری و زانـستی گـشتیی منـداڵان بەرزبـکەنەوە، بتـوانـن پـەرە بە تـوانا دەروونییەکانیـان بـدەن.
بابەتەکانی چـێژ و خۆشی: ئەم بابەتانە چەنـدین شـێوەیان هـەیە و چەنـدین شـێواز و ستایـل بەکاردەهـێنن، وەک: مەتـەڵ، مەتەڵەکانی وشەی بـڕاو، جیـاوازییەکانی نێوان دوو وێنـەی لەیەکـچـوو، نـاوەڕۆکی گـاڵـتەجـاڕی و نـوکـتە و پـێکەنـین،… هـتـد.
بەشـداریکـردنی خوێنـەران لە سـتافی گۆڤـارەکان دا: تا ئـێـستا بەرچـاوم نەکـەوتـووە کـە منـداڵێک ناوی لە سـتافی گـۆڤـارە کوردی و عـەرەبییەکانـدا هـەبێـت. گەر منداڵان لە ستافی گۆڤارەکانـدا هـەبن، گەر هـێمایـش بـن. منـداڵانی خوێنـەر ئەو هەستەیان لا دروسـت دەبـێـت. کە بەشـێکـن لە گـۆڤـارەکـە.
وێنەی کـێشراوی رەنگاوڕەنگ یان فـۆتـۆگـرافی: وێنە ئامرازێکی گرنگی دەربڕینە و توخـمێکی تـەواوکەری نـاوەڕۆکی بابـەتـەکانی گـۆڤـارەکـانی منـداڵانـن و سـەرنجـیان رادەکـێشـن. زۆرجـار وێنـە جـوانەکان، کەموکوڕی و لاوازیی بابەتەکان پـڕدەکەنەوە. وێنە جوانەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر داڕشتنی هۆشیاری جوانکاری هەیە.
پـێـشنیارێک بۆ گۆڤـارەکانی منـداڵان: پـێشنیاری ئەوە دەکەم، لە گۆڤـارەکانی منداڵانـدا، گۆشەیەک هەبێـت بە ناوی “نـووسەرانی داهـاتـوو” هەرجـارەی نـووسینی منـداڵـێکی بەهـرەمەنـد: چـیرۆکنووس، هـۆنـراوەنووس، يا هـەر نـووسینێکی تـر بێـت. با سادە و سـووک و ئاسان و کورتیـش بن. جـوانـترە کە وێنەیەکی ئەو منـداڵە نووسەرە، لەگـەڵ بابەتـەکـەیـدا دابـنرێـت. ئەم گـۆشـەیە دەبێـت بە هـانـدان و بە ورووژانـدن بۆ منـداڵانی بەهـرمەنـدی نووسـینی چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخـشان. بۆ دەرخستـنی بەهـرەکانیان.
دوبـەی: ٢٠٢٦

