Skip to Content

زانست و کۆمەڵکوژیی و ئەمڕۆژانەی کورد! … برایم فەرشی

زانست و کۆمەڵکوژیی و ئەمڕۆژانەی کورد! … برایم فەرشی

Closed
by ئازار 15, 2018 General, Opinion, Slider

نیل ئامسترانگ و هاوسەفەرەکانی لە ڕۆژئاوای ئامریکا لە شوێنێکی تایبەت خەریکی ڕاهێنان بوون. کەسێک پاشماوەی هۆزێکی قڕکراو، لێیان پەیدا دەبێ و سەرسام لە دیتنیان، دەپرسێ، لێرە چ دەکەن؟ ئەوانیش کە لە دیتنی ئەو کەسە سەریان سووڕمابو، وڵام دەدەنەوە، ئێمە ماوەیەکی دی بەرەو مانگ دەچیین و لێرە خەریکی خۆڕاهێنانیین.
کابرا بێدەنگ دەبێ و لە ناکاو دەپرسێ، دەتوانن خزمەتێکی گەورە بە من بکەن؟ بەڵێ، چ خزمەتێک؟ ” ڕووحی هۆزەکەی ئێمە، چۆتە مانگ، تکایە ئەو ڕستەیەی منی پێبگەیینن”. پاشان بە زمانی هۆزەکەی ڕستەیەک دەڵێ. داوای لێدەکەن بۆیان هەڵگەڕێنێتەوە. پێیان دەڵێت، ئەوە زمانێکی نهێنییە و تەنیا ڕووحی هۆزەکەی من لێیتێدەگات.

ڕستەکە بۆ موسافرانی مانگ دەبێتە مەتەڵ. سەرئەنجام وەرگێڕێک پەیدا دەکەن. وەرگێڕ بە بیستنی ڕستەکە دڵی لە خۆدەبێتەوە و دەبێژێ، ماناکەی ئەوەیە ” ئەوانەی هاتوون هەرچییان گوت باوەڕیان پێمەکەن، ئەوان هاتوون وڵاتەکەتان داگیر بکەن!”

ئەم چیرۆکە لە کتێبە مێژووییەکاندا هاتووە، چەندە ڕاست بێ یا نەبێ، گرنگ تێگەیشتن لە پەیامی کابرای سەرزەمین داگیرکراو و هۆزقڕ کراوە! نامه‌ی سه‌رۆکی سورپێسته‌کانی سياتل بۆ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مريکا له‌ ساڵی 1854 هەمیسان بەڵگەیە لە توواندنەوەی خەڵکان لە سەر سەرزەمینی خۆیان.
لە سەدەی پازدەی زاینیی بەولاوە، ئووروپییەکان کەوتنە داگیرکردنی ئامریکا، ئامریکای لاتین، مەکزیک، کانەدا، ئوسترالیا، نیوزلەند. خەلکی ئەو شوێنانەیان کردە کۆیلە یان لە ناویان بردن! لە کاریبیک کە ناوەکەی لە خەڵکی ڕەسەنی شوێنەکە وەرگیراوە و ئێستا بۆتە مەکۆی توریست، سەرجەم دانیشتووانەکەی لە ماوەی دەساڵدا بە یەکجاری لە سەر گۆی زەویی پاک کرانەوە. کۆمەڵکوژیی هاوچەشن لە مەکزیک، ئوسترالیا، نیوزلەند، ئەمریکا و ئەمریکای لاتین کراوە!

بوونی زمانی ئینگلیسی و سپانیایی لەو سەرزەمینانە و لە دەرەوەی بریتانیا و سپانیا، سەلماندنی پاکتاوکردنی دەیان ملیۆن هۆز و تایفە و گرووپە بە دەستی ئورووپییەکان! کلۆنیالیستەکان لە پاش مردنی کۆیلەکان لە ژێر تەوژمی کار، نەخۆشی و چەوساندنەوە، کۆیلەی نوێیان لە ئەفریقاوە بۆ ئەو شوێنانە گواستۆتەوە. بوونی ڕەنگیین پێستەکان لە ئامریکا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژووە!

داگیرکردن و قڕکردن بە بێ دەوری زانست و زانستکاران سەری نەگرتووە و سەرناگرێ. هەرچەند ئەسکەندەری مەقدوونی وەک بریتانی و سپانی و فەڕانسەویی و ئەوانی تر کلۆنیالیست نەبوو، بەڵام ئەویش کاتی هاتن بۆ سەرزەمینی ماد و پارس و میسر و هیندوستان فەیلەسووف و ئەستێرەناس و جوغرافیزان و زانای لە گەڵ بوون، بەڵام زاناکانی بریتانی و فەرانسەویی و سپانی بۆ پشکنیین، لێکۆلینەوە، توژینەوە و بەکارهێنانی زانست و زانیاری لە پێناو داگیرکاری و ڕاگرتنی کلۆنییەکان، ببوونە هاوقەتاری نیزامییەکان. نووسەری جێگای باوەڕی من چاڵڕز داروین کە ئەساسەن بیۆلۆگیست نەبوو، بەڵکوو تئۆلۆگ بوو، لە کاتی لاوی بەشداری سەفەرەکان بۆ داگیرکردنی سەرزەمینەکان بوو، کە دواتر ڕێگای خۆی لەوان جیا کردەوە. زانست و زانا و پسپۆڕەکان لە پێنجسەد ساڵی ڕابووردو کەرەسەی جیددی بە دەست حکوومەتەکانەوە و لە خزمەتی سیاسەت، ئابووری، شەڕ، وێرانی، چەوساندنەوە و ژێنۆسایدەکاندا بوون! ئەمرۆش هەمان دەور دەگێڕن!

ئەوەی کۆلۆنیالیست و زانستپیشەکانی بریتانی لە هیندوستان کردیان کەم وێنە بوو. ئەوان سەرجەم وڵاتەکەیان بە سرووشت و خەڵکەوە پشکنی، بست بە بستی وڵاتەکەیان پێوا، تەنانەت بەرزایی هیمالایا ئەوان دیاریان کرد. سەرجەم ئایینەکانی ناو ئەو وڵاتەیان لێکدایەوە، ئەوان زمان و بن زاراوەکانی خەڵکانی هیندوستان فێر بوون، سەرجەم ئەم زانیارییانە بوو بە هۆی ئەوەی بە سەر وڵاتەکەدا زاڵ بن و لە هەمان کات زۆرترین زانیاریی هەموو مێژوویی هیندوستانیان کۆ کردەوە، کە خوودی هیندییەکان بۆ ناسینەوەی خۆیان دەبێ پشت بەو زانیارییانە ببستن!

هەرچەند وڵاتی پارس نەبوو بە کۆلۆنی ئووروپییەکان، بەڵام تاقیکردنەوەی هیندوستانیان لە سەر ئێرانیش بە شێوەی جیاواز دووبارە کردەوە و لغاوی پاشاکانی ئێران کەوتە دەست بریتانییەکان. لە سەدەی شازدە چاویان بە خەتی بزماری لە پێرزەپۆلیس کەوت و دوو سەت ساڵ خۆیان لەگەڵ خەریک کرد، بۆیان ساخ نەبووە. لە سەدەی نۆزدە ئەفسەرێکی بریتانی ڕێگای کەوتە بەردەنووسەکانی بێستوون، خۆیان دەستیان بە نووسراوەکان نەگەیشت، کوردێکیان پەیدا کرد کە وەک بزن بە شاخەکەدا هەڵدەگەڕا و لە ڕێگای ئەو کەسەوە کۆپیان لە نووسراوەکان هەڵگرت و سەرئەنجام توانیان هەم زمانی بەردەنووسەکانی کرماشان بدۆزنەوە، هەم لەو ڕێگایەوە سەر لە خەتی بزماری دەربهێنن. ئێرانییەکان و کورد لە ڕێگای ئەوانەوە زانیان پێشنیانیان چیان کردووە و چیان گووتووە.

ئووروپییەکان، بۆرە خزمی کوردن، لە هەزارەکانی دوورەوە ڕێگایان کەوتۆتە کوردستان و کورد لە ڕێگای نووسین و بابەتەکانی ئەوانەوە زانیاری لە سەر خۆی پەیدا کردووە. ئەوەی کە لە کورد خۆی بەجێماوە هەموو زارەکی و خۆڕسک بووە، جگە لە چەند سەد ساڵەی ڕابووردو کە کەسانی وەک شەرەف خانی بدلیسی ئاوڕی لە دەوروبەری خۆی داوەتەوە، دەنا هەرچی هەیە، کۆمەڵێک کتێبی شیعر و چیرۆک و ئەفسانە و گێڕانەوەیە، بەڵام لێرەش ئەوە ئووروپییەکانن کە بە ناخی مێژووی کورددا کە هێشتا وەسەریەک نەخراوەتەوە ڕۆچوون. گرنگترین شتگەلێک جگە لە کۆنینەکان کە لە موزەخانەکانیان و موزەخانەکانی ئێران و عێراق و سوریا و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگیراون، کۆمەڵێک کۆکردنەوەی بەیت و باو و گۆرانی و داب و نەریت هەیە کە لە سەدەی شازدە بەدواوە کۆکراونەتەوە یان کۆمەڵێک کتێب و نەخشەی کوردستان کە بۆ مەبەستی سەربازی لە لایەن ڕووس و بریتانیا و فەڕانسە بەکار هێندراون.
سەرجەم زانیارییە گرنگەکان بۆ مەبەستی سیاسی، سەربازیی، ئابووریی کە لە سەدەی شازدە هەتا ئەمڕۆ لە سەر کورد کۆکراونەتەوە، بەدەگمەن کەوتۆتە بەر دەستی کورد خۆی. ئێستاش سەرجەم ئەو زانیارییانەی کە لە چارەکە سەدەی ڕابووردو لە سەر باشوور کۆکراوەتەوە، کورد خۆی دەستی پێڕاناگات. گەر بگوترێ کە وڵاتانی ئووروپی ڕۆژانە زانیاری لە سەر خەڵکی کورد و سەرجەم چالاکیان کۆدەکەنەوە، ڕاستییەکی ڕۆژانەیە و بۆ ئاگاداربوون ئەوەندە بەسە سەیری چارتی دەزگاکانی زانیاریی وڵاتانی ئووروپا بکرێ!
بریتانیا و فەڕانسە و دواتر ئەمریکا دەوری سەرەکیان لە کۆیلە هێشتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گێڕاوە. وڵاتانی ئاڵمان، ڕووسیە، تەنانەت چین و ژاپۆن سیاسەتیان گرێدراوی بەرژەوەندیان لە ناوچە و لە جیهان لە دژی بەرژەوەندی کورد سووڕاوە .

مرۆڤی سیاسی و بگرە نوخبەی کورد مێژووی ئێران و تورکیا و عێراق و سوریا و ناوچە و مێژووی کورد هەڵنادەنەوە، چ بگات بەوەی بزاندرێ مێژووی بریتانیا، فەڕانسە، سپانیا، ئامریکا، ئوتریش و ڕووس چۆن بووە، بۆ ئەوەی بزاندرێ بۆچی ژێنۆسایدی ئەفرین لە گەلە کۆمەکی جیهانی دەچێ؟
ئووروپا لە ڕێگای ژێنۆسایدی بەشێک لە خەڵکی جیهان گەیشتۆتە ئەمڕۆ، ئەمە دەبێ لای مرۆڤی کورد ڕوون بێت، کە بەرژەوەندی ئەوان نڕخی لە ژنۆسایدی شارێک، وڵاتێک، ناوچەیەک زۆرترە! ئەوانەی جڵەوی سیاسیان بە ناحەق کەوتۆتە دەست، گەر لەم مێژووە و لە سیاسەتی ڕۆژئاواییەکان و چواروڵاتی دەوروبەریان نەگەن، خۆیان بە زانیین و نەزانیین ڕێگا بۆ ژنۆسایدی ئێرە و ئەوێ خۆش دەکەن، وەک شەنگال، کەرکووک و ئێستا ئەفرین! سیاسەتی هەموو حزبەکانی کورد دژ بە ژنۆسایدکردنی کورد چییە؟

ڕۆژئاواییەکان لە هەر قوماشێک، سیاسەت، ئابووری، زانست، تەکنیک و ئەخلاقیان گرێدراوی بەرژەوەندیانە و دۆستی ئەو لایەن و وڵات و کەسانەنن، کە لە ڕێگای بەرژەوەندییاندا هەنگاو هەڵدەهێننەوە، کوردیش لەم بازنەیەدا سەیر دەکرێ، بەو جیاوازییەوە کە کورد نە وڵاتی دیارییکراوی هەیە، نە حکوومەتی هەیە، نە ئابووری خۆی هەیە، نە کیانی هەیە، نە لەشکری هەیە، نە زانستی هەیە، نە تەکنیکی هەیە و نە سەنعەتی هەیە، بەڵام وڵاتێکی پڕ لە کان و وزە و هێزی بەلاشی ئینسانی هەیە، کە هەر نەبێ دەکرێ وەک کۆیلەی سیاسی و وەک هێزی کار سوودی لێوەرگیرێ، کرا لە وڵاتەکەی خۆی، دەنا لە وڵاتی کلۆنیالیستەکان. گەر کەتە هەرێمێکیشیان بوو، ئەوە دەکرێ بکرێتە بازاڕی کاڵای مادی و مانەوەی ڕۆژئاوا، ڕێک وەک باشووری کوردستان، کە بۆتە ویترینی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی جیهان، کە ڕازێنەرەوەی ویترینەکان کوردەکان خۆیانن!

سیاسەتی حزبەکانی کورد لەو سەردەمەی کە تێیدا دەژی، سیاسەتی ڕزگارکردنی خۆی و وڵاتەکەی نییە. سیاسەتی هاوڕێیکردن لە گەڵ چواروڵاتەکەی دەوروبەریان و وڵاتانی ڕۆژئاوایە، کە کورد نەتەنیا تێیدا باڵا دەست نییە، بەڵکوو ژێردەستە. زیانی ئەم سیاسەتە بۆ سەرجەم کوردە و سوود و بەرژەوەندی بۆ چواروڵاتەکە و وڵاتانی ڕۆژئاوا. سیاسەتی بەرپەرچدانەوەی ئەم سیاسەتە قڕژەی کورد، لە ناو کورددا بەدی ناکرێ. پێداگرتن لە سەر ئەم سیاسەتە، داهاتووی دیاریی بەدواوە نییە!
کورد گەر مێژووی ئەم جیهان و مێژووی خۆی نەناسێ و بە پێی ویست و پێداویستییەکان و بەرژەوەندی خۆی سیاسەت نەکا و دام و دەزگای ئەمڕۆیی سیاسی- دیپلپماسی- نیزامی- ئیداریی- ئابووریی ساز نەکا و ستراتێژی دەربازبوون لە چوارچێوەی وڵاتانی داگیرکەریی خاک و خەڵک، دانەڕێژێ، لە جەغزیی تراژیک دەرناچێ!

کورد کێیە، کێ بوو و کێ دەبێ و داهاتووی کوێیە؟ ئایا خۆی لە کویلەتی ڕزگار دەکا و لە هەموو ئیمکانی ئەم سەدەیە بۆ پێکهێنانی کیانی خۆی کەڵک وەردەگرێ، یان چاوەڕێ دەمێنێ هەتا کەسێک پەیدا بێ، بۆ ناردنی پەیام بۆ ڕووحی نەتەوەکەی لە یەکێک لە ئەستێرەکانی نەناسراو؟!

برایم فەرشی
* لە زۆربەی کتێبە جیددییەکانی مێژوو، جێگای کورد پارس گرتوویەتەوە، یان عەڕەب و ترک!

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish