لە ناوەڕاستی شەقامێ.. نەوزاد بەندی
وەک سەربازێ ، لە بەرەکانی جەنگ گەڕابێتەوە و ..
ماڵێ شک نەبا دەرگای بۆ بکاتەوە ..
کەسێ نەبێ باسی ئەو ساتانەی بۆ بکا
مەرگ نمایشی جل و بەرگی لە پێش چاویا ئەکرد ..و ئیغرای ئەکرد هەتا بیبا ..
وەک ئەو کرێکارە ئاوارەیەی لە تەقینەوەیەک،
قوتاری بووە و .. کەناڵەکانی ڕاگەیاندن پیرۆزبایی لێ دەکەن ، کە لە مردن ڕزگاری بووە و به ئاوارەیی وبرسێتی و بێکەسیی شادبۆتەوە ..
وەک ئەو منداڵەی لە هەتیوخانە چاو ئەکاتەوە و ..بەتانییەک ئەبێ بە باوکی و .. باڵیفێکیش بە دایکی …
لەناوەڕاستی شەقامێ ، ڕائەوەستم ،
بە لەشێکی تەندروستەوە پێشوازیی لە دنیایەک خەم و دڵتوندیی ئەکەم ..
ئاوڕ بەملاولادا نادەمەوە ، چونکە ئەزانم هیچ شتێ نابینم دڵم خۆش کا ..
ڕاوەستان ، ئینزارێکی زەردم بۆ دەردێنێ و
ئەبێ بڕۆم .. بەڵام بۆ کوێ ؟
لە دەفتەرەکەی بەر باخەڵما ، ناوی ئەو شوێنانەی تیایە ، بۆیان چووم و قۆڵیان بڕیم ..
ناوی ئەو کەسانەی تیایە ، تەوقەیان لەگەڵ کردم و نینۆکەکانیان هەڵکێشام ..
ناوی ئەو وەرزانەی تیایە ، بارانی ڕەشیان
باراند و ..
ڕاویان نام تا گەیشتمەوە ناو زیندانەکەم ..
پێخەفەکەم ، ئەوەی کە هەزاران جار بە خەونی ناخۆش گوللەباران کراوە ..
سەرینەکەم ، ئەوەی هەزاران جار بە فرمێسکی ناگەهان ، خنکاوە …
لەناوەڕاستی شەقامەکە ڕائەوەستم ..ئەمەوێ بە هەنگاوەکانم بڵێم : بە تەمان بچن بۆ کوێ ؟
ئەمەوێ بە خۆر بڵێم : بە تەمایت ئەمڕۆ چی ڕوناک کەیتەوە ؟ چی ووشک کەیتەوە ؟ ڕۆشنە پێکهاتن بە کام درەخت بکەی ؟
چاوم ئەڵێ : لەوە زیاتر چیت پیشان دەم ؟ دوکەڵ ئەڵێ : ئەگەر لەگەڵما دێی ، وەرە ..من دوو خولەکی تر ئەڕۆم …
بە تەمام بە خۆڵ بڵێم : ئەمڕۆ باوەش بۆ چ ماتۆڕ سوارێکی دێلیڤەری ئەکەیتەوە ؟ ئەمڕۆ پەنجەرەی چەند ماڵ سواغ ئەدەی ؟ چەند پیرەژن ، تەنگەنەفەس ئەکەیت و ئەیبەی بۆ قاوشی چاودێری وورد ؟
درەخت پێم ئەڵێ : بجوڵێ ، تۆیش ئیشەکەمان لێ مەدزە .. پێنج خولەکی تر ، خولێکی تازەی جەنگ دەست پێ ئەکا ..
سواڵکەرێ دێتە ڕێگام و بە گریانەوە پێم ئەڵێ : یەک لەسەر ملیۆنێکی خۆش بەختی خۆتم بدەرێ …نزای وات بۆ ئەکەم خوا ، گەڕەکێ دارخورمات لە بەهەشتا بۆ بڕوێنی ..
بە شاگرد مەتعەمێ ئەڵێم : لێرەوە تا مردن ، چەند نانخواردنی پێ ئەچێ ؟
سێ چوار تەکسی ، لە چواردەورم ڕائەوەستن ، لە نێوان خۆیاندا ، لەسەر من ، ئەبێ بە شەڕیان ..لەسەر ئەوەی کامەیان من هەڵگرن و بمبەنەوە بۆ موجەمەع دەوائیری مناڵیی ؟
مزرە سێوێ ، پێم ئەڵێ : بە قسەم بکە ، سەیارەکەت بە هەرچەنێ بێ بیفرۆشە و
وەرە لەگەڵ فەریکە نۆکێکا ئەڕۆین بۆ جێگایەک هێشتا فیشەک لێی نەداوە .. هێشتا کۆمپانیای حیزبەکان موساتەحە و ئیفرازیان نەکردووە ..هێشتا وشکە ساڵیی نەیپەرژاوە ئەشکەنجەی با ..هێشتا کوللە سەرخەوی تیا نەشکاندووە ..دوپشک چزووی تیا تاقی نەکردۆتەوە ..
بە کۆترە باریکەیەکی پێکراو ئەڵێم : بۆچی لێرە ئەنیشیتەوە لێت بدەن ؟ خۆ ئاسمان یەکێتی و پارتی و مەرزی باشماخ و خاپووری لێ نییە ..خۆ باڵ بە بەنزین ئیش ناکا .. خۆ ڕەگەز پەرستیی لە بەینی کۆترا نییە ..بۆچی تا هێزت تیایە هەڵنافڕی ، تا دۆرگەکانی کەناری ؟ تا ئەوپەڕی ملپێچی شینی زەریاکان ..کڵاوی سپی چیاکان ..؟ بۆ هەڵنافڕی ؟
کادیرێکم لێ پەیا ئەبێ و گیرفانم پڕ ئەکا لە ڕەسمی ئەو پیاوانەی ئەم بەهەشتەیان دروست کرد ..پڕیان ئەکا لەو سروودە درێژانەی ئێرەیان کرد بە دێراوی تۆلیپ و .. ئەو خەڵکەیان بەختەوەر کرد … گیرفانم پڕ ئەکا لە سویچی وەنەوشەی کیلۆمەتر سفر ..ئەو حۆرییانەم پیشان ئەدا لە قوتابخانەی شۆڕش دەرچوون و بوون بە ئارایشتی تیڤییەکان ..
بە کۆڵبەرێکی ئێرانیی ئەڵێم : گەلۆ ! ئێوە نەوەکانی کیسران ، ئەمە کەی ئیشی ئێوەیە ؟
کیسرا ئەمەی لەبەرچاو بێ ، بێ شەڕ تەسلیمی سوپاکەی عومەر ئەبێ .. گوڵسورخی بەمە بزانێ ، پێش گوللەبارانکردنی ، خۆی ئەکوژێ .. خەییام و سەعدی بزانن ، ڕوباعیات و گوڵستان گڕ تێ بەر ئەدەن ..
— ئەچی بۆ کوێ ؟
جێگایەکم بۆ دیاری کە تا بڕۆم بۆی ..
ڕێگایەکم بۆ دیاری کە ،
لەم ڕێیانەی لێرەیە ، نەچێ هات و چۆی ..
ــبۆ کوێ ئەچی ؟
دژە تیرۆرێ ئەو پرسیارەی لێ دووبارە ئەکردمەوە .. سوپایەکیش ئامادە باش ..سیلاح .. ڕاجیمە ..ئەمبوڵانس ..
سوپایەکیش پەیامنێر و مایک و کامێرا و
لۆگۆی هەموو ڕەنگەکان و لا ئیلاهە ئیلا ڵا و
چەکوش و داس ..
لە کۆترە باریکەیەکی تیرۆریست کۆبووبوونەوە ،
بە فیشەک کرا بوو بە بێژنگ .
هەتا دوایی …….
شیعری / نەوزاد بەندی …21/مایسی 2023