سەلیم بەرەکات لە بەرامبەر یەشار کەمالدا لە یەک چوون و لە یەک نەچوونەکانی یەشار کەمال و سەلیم بەرەکات لە دوو شتدایە. هەردووکیان بە رەجەلەک کوردن بەڵام ناتوانن بە زمانی دایکی خۆیان بنوسن؛ هەروەها هەوردوکیان لەو زمانە غەیرە دایکیانەی خۆیان کە پێی دەنوسن ئاستی فەرهەنگی وشە و نوسینیان ئێجگار بەرزە؛ گەر یەشار کەمال فەرهەنگی تورکی یەشار کەمالی بە ناوەوە کرابێ ئەوا سەلیم بەرەکات بە یەکێک لەو نوسەر و شاعیرانە داندەنرێت کە داهێنانیان کردووە لە مێژووی زمانی عەرەبیدا. لە یەک شتدا بە هیچ شێوەیەک لە یەک ناچن ئەوەیە کە سەلیم بەرەکات زۆربەی بەرهەمەکانی دەربارەی کورد و دۆزی کوردە. سەلیم بەرەکات دەلێ “لەوانەبوو خۆم فێری کوردی بکەم و بنوسم بەڵام چەندە خۆم فیربکردایە هەرگیز وەک عەرەبیەکە نەمدەتوانی گوزارشت لە ناسنامە و تایبەتەمدندێتی کەسێتی کوردبوونی خۆم بکەم.” (س٧) سەلیم بەرەکات (ساڵی ١٩٥١) لە دایک بووە و کوردێکی رۆژئاوای کوردستانە ئەو ولاتەی پێی دەلێن سوریا، لە هەمان زمان و هەمان چارەنوس و هەمان میللەتەوە هاتووە کە پێی دەلێن کورد، سەلیم بەرەکات ئەم بە عەرەبی دەنوسێ بەڵام بە عەقڵ و ویژدانێکی کوردانەوە بۆ کوردەکەی خۆی و کەمینەکانی تری دراوسێی. سەلیم بەرەکات بێدەنگی و بێ هەڵوێستی هەڵنەبژارد بەڵکو ویژدانی زیندووی چاونەترسیەکی پیدا کە داستانی ئێش و ئازارەکانی خەڵکەکەی خۆی بنوسێتەوە و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ چارەنوسی بێکەسی و نەهامەتیە مرۆیی و پرسە سیاسیەکانیاندا رێ بکا و هەر نرکە و ناڵەیەکیان بکات بە بەرهەمێک. رۆمانی “کەنیزکەکانی شەنگال” ساڵی ٢٠١٦ نوسیویەتی کە دەربارەی چەند کچێکی کوردانی ئێزیدین کاتێک بە دیلی دەگیرین لە لایەن داعشەوە. تازەیترین رۆمانی بە ناوی “دەربارەی خانم راحیل ی جوو؟” کە سەربوردەی کەمینە نەتەوەیی و ئاینیەکانی کۆمەڵەگەی کوردیە لە سوریا لە دەمانی رژێمی بەعسدا, وەک کەمینەی ئاینی جووە کوردەکان و مەسیحیەکان و کەمینەی نەتەوەیی ئەرمەن. ئەم بەرهەمانەی سەلیم بەرەکات راستەوخۆ باسی ئەو دڵۆپە خوێنانە دەکات کە لە مرۆڤی کورد و کەمینەکانی تری کە پێکەوە دەژین؛ باسی زەوتکردنی مافی خوێندن و نوسین دەکات بە زمانی دایکی غەیرە عەرەب. ئایا هیچ بەرهەمێکی یەشار کەمال راستەوخۆ باسی مرۆڤی کورد و دۆزەکەی دەکات؟ دڵنیام گەر وابوایە ئەوا بەر نەفرەتی خوێنەری تورک و دەوڵەتی تورکیا دەکەوت گەر بە تەواوی لە تورکیا دەربەدەر نەکرایە. دیارە هەرگیز وانەبووە بۆیە یەشار کەمال بە هەموو ژیانی پەلامارێک نەدرواوە وەک ئەحمەد قایە، گێچەڵی پێنەکراوە وەک ئیسماعێل بێشکچی، دەربەدەر نەدەبوو وەک ئەو سەربازە تورکانەی ویژدانیان جوڵا و خۆیان پێ نەگیرا و باسی تاوانەکانی خۆیان و دەولەتەکەیان کرد، یاخود جارەنوسی وەک موسا عەنتەر دەبوو. یەشار کەمال هەر وەک چۆن چ راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ هیچ بەرهەمێکی بەڵای کورد و دۆزەکەیدا نەچوو ئاوهاش بەلای کەمینە نەتەوەیی وئاینیەکانی تریشدا نەچوو کە بوون و ناسنامەیان لە تورکیادا تا رادەی سڕینەوە چووە وەک یۆنانی و نوستۆری و شەرکەس و ئەرمەنی و جوو. پرسیارێک لێرەدا دروست دەبێت باشە بۆچی بۆ سەلیم بەرەکات ئەو خەم و هەوڵی وەرگێڕان و سۆزداری و ستایشە نیە وەک بۆ یەشار کەمال هەیە، لە کاتێکدا، بەو پێودانگە سۆزداریە نەتەوەییە کوردییە بێت سەلیم بەرەکات لە پێشترە؟ گەر خۆشەویستی بۆ یەشار کەمال کورد بوون بێ خۆ سەلیم بەرەکاتیش کوردە. گەر بەرهەمەکانی یەشار کەمال بۆن و بەرامەی کوردەواری لێوەبێت خۆ بەرهەمەکانی سەلیم بەرەکات راستەوخۆ لەسەر کورد و دۆزی کورد و کۆمەڵگە رەنگاڵییەکەیەتی. ئەی بۆچی پرۆژەی ئاوها بۆ سەلیم بەرەکات بەڕێ ناخرێت؟ بۆچی ئەو هەست و سۆزە نەتەوەییە بۆ سەلیم بەرەکات هەڵناڕێژرێت؟ ئایا سەلیم بەرەکاتیش وەک یەشار کەمال نزیک نیە و دەست نایگاتێ؟ ئایا کەس دەتوانێ لە شان و شەوکەتی سەلیم بەرەکات کەمبکاتەوە گوایە ئەو لە یەشار کەمال کەمتر بێت یان نزمتر بێت؟ بێگومان، ئاستای نوسینی سەلیم بەرەکات لەهەر سێ ئاستەکەیدا وەک وێژە، زمان و بابەت لە ئاست یەشار کەمالدایە و بگرە گەر بێتە سەر مەسەلەی ئیلتیزام بوون بە ناسنامەی کوردبوونی و لە کۆڵ خەم هەڵگرتنی کورد و دۆزەکەی بێت ئەوا سەلیم بەرەکات زۆر باڵاترە لە یەشار کەمال. پرسیارێک کە دروست دەبێ ئەوەیە: بۆچی ئەوەی بۆ یەشار کەمال دەکرێ بۆچی بۆ سەلیم بەرەکات ناکرێ؟ وەلامی من لە ئارێشە رۆشنبیری کورددایە کە لێرەدا دەیخەمە روو لە پەیوەند بەم بابەتەوە.
ئارێشەی رۆشنبیری کورد لە پەیوەند بەم بابەتەوە دیارە ئارێشەت رۆشنبیری کوردی باسێکی فراوانترە و دەکرێ لە جێگەیەکی تر باس و خواسی جدی لەسەر بکرێ بەڵام بۆ ئەم بابەتە تەنها ئاماژەم بەم دوو سی خاڵە دەکەم لێرەدا. لەگەڵ ئەو هۆکارانەی لە بەشی ناسینی یەشار کەمال باسم کردووە، ئاماژە بە هەندێ شتی تر دەدەم کە تەواو ئەسەری خۆی داناوە لە نێو دونیای رۆشنبیران و خوێنەوارانی ئێمەدا لە باشور و رۆژهەڵات. دەستبردن بۆ یەشار کەمال و ئۆرهان پامۆک بەو یاستە گەرم و گوڕەی لە کوردستان هەیە لەو تەوژمە فەرهەنگیە عوسمانیەوە دێت کە تورکیا بە دواوەیەتی. تورکیا و سوریا دوو وڵاتن وەک ناو و شوێنەگی جوگرافییان بەڵام تورکیا قوتبێکە بۆخۆی کە پاوانخوازیە سیاسی و سەربازیەکانی و دەرکەوتە ئابوریەکەی لە ناوجەکە و جیهاندا ئەوەیان پێ بەخشیوە هەر بە تەنها وڵاتێک نەبێ وەک سوریا. پاوانخوازی و سیاسی و ئابوری لە ناوچەی بەڵکان و وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، پەلهاویشتنیێکی فروانی فەرهەنگی و کەلتوری و هونەری بەدوای خۆیدا هیناوە. وڵات نیە لەو ناوچانەی ئاماژەم پێدان بەر قۆشەنی زنجیرە تەمسیلی تورکیەکان نەکەوتبێ. ناوەندی رۆشنبیری نیە بە نوسین و رۆماننوسە زمان تورکەکان مەست نەکرابن. کاریگەریەکەی بە رادەیەکە هەر ئەوەندەی، بۆ نموونە ئۆرهان پامۆک، لە نوسنی رۆمانێک دەبێتەوە هێشتا خامەکەی دەستی دانەناوە وەردەگێدرێتە سەر زمانی کوردی. کتیبخانەکانی کوردستان پرن لە هەڵواسینی ویەی پامۆک. کەم خوێنەری کورد هەیە رۆمانێکی پامۆکی نەخوێندبێتەوە. یەشار کەمال لە مێژە ئەو بایەخەی پی دەدرێ و تازەترینیان ئەم پرۆژەی بە کوردی کردنی زمانی یەشار کەمالەیە. ئەم بایەخادانە بە بەرهەمی تورکی لەو پاوانخوازی و پەلهاویشتنەی تورکیاوەیە ئەگەرنا رۆمانەکانی سەلیم بەرەکات بۆ ئەو بایەخەی نیە لە کاتێکدا وەک وتم بە هەموو ماناکان و پێودانگەکانی ئەم لە پێشتر یەشار کەمالەوەیە گەر مەسەلەکە کوردبوون و سۆزی کوردبوون بێ. ئەو بێ بایەخیەی سوریا وەک وڵاتێک لە ناوجەکەدا هەیەتی کە بەهەموو شتێک لێ کەوتووە، بایەخ نەدان بە سلیم بەرەکات لەوێوە سەرچآوە دەگرێ نەک گوایە بەهێزی بەرهەمی تورکی و لاوازی ئەوانی دی. بۆیە لێرەدا ئەو هەستە نەتەوەییە کوردیە بە نابینا دەبینم کە بایەخ بە یەشار کەمال دەدات گوایە کوردە و نەیتوانیوە بە کوردی بنوسێ بەڵام سەلیم بەرەکات یاخو وردتر بڵێم سەلم بەرەکاتەکان وێڵ دەکرێن لە کاتێکدا دەست راگەیشتن پێیان زۆر ئاسان ترە لە یەشار کەمال و ئۆرهان پامۆک. دڵنیان گەر ئەو دەعوەتنامەیەی بۆ یەشار کەمال کرا لە ئاستێکی بەرز کە بیتە کوردستانی باشوور گەر بۆ سەلیم بەرەکات بکرایە ئەوا لەسەر ئەژنۆ دەهاتە کوردستان. بەڵام چونکە ئارێشە رۆشنبیریەکە لە هەمان ئارێشەی سیاسیەکەی وڵاتەوە سەرچاوەی گرتووە بۆیە دەبینین سەلیم بەرەکات و سەلیم بەرەکاتەکان وەلا دەنرێن و کتێبەکانیان بەو شەوق و زەوقەوە سەیر ناکرێت و بایەخی پێ نادرێت.
نوسینی: ئیدریس مستەفا رەشەمێ ی ٢٠٢٢
—————————————————
سەرچاوەکان س١: https://apnews.com/article/28b918d892014bf68e41d8a6bf56d766 One of Turkey’s best-known novelists, Yasar Kemal, dies س٢: بەکر شوانی لەسەر یەشار کەمال س٣: Taylor & Francis Group (2004). “KEMAL, Yashar”. In Elizabeth Sleeman (ed.). International Who’s Who of Authors and Writers. Routledge. p. 290. س٤: https://www.hawaii.edu/powerkills/SOD.CHAP5.HTM Statistics of Democide س٥: McDowall, David (2007). A Modern History of the Kurds. London: Tauris & Co. س٦: baran-4.pdf23.pdf (ideafoundation.co) یەشار کەمال لە سوڵتانی فیلدا.. ئازاد ئەحمەد عەلی س٧: https://daraj.com/35011/ سلیم برکات حولت اللغة العربیة الی هویة کردیة س٨: https://www.thoughtco.com/what-is-historical-context-185706 س٩: https://alarab.co.uk/%D9%8A%D8%B4%D8%A7%D8%B1-%D9%83%D9%85%D8%A7%D9%84-%D8%B1%D8%A7%D9%88%D9%8A-%D8%AB%D9%88%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%B4%D8%B9%D9%88%D8%A8-%D9%81%D9%8A-%D9%87%D8%B6%D8%A7%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%86%D8%A7%D8%B6%D 9%88%D9%84
رۆشنبیری کورد لە ناو دوکەڵ و ئاگردا.. ئیدریس مستەفا
نوسینێک لەسەر رۆمانی “کچانی دوکەڵ و ئاگر”ی ئاڤا هۆما
“زمان و شیوازی نوسین و ئاستی وێژەیی ئەو شتانەن کە ئارایشتی رۆمان دەکەن، بەڵام ئەو تێگەیشتن و چەمک و دەستەواژانەی لە سەر گرفت و کێشە و رووداوەکان دەردەبڕدرێن کرۆکی رۆمان پێکدەهێنن.”
ساڵی ٢٠٢٠، کاتێک رۆمانی “کچانی دوکەڵ و ئاگر”ی ئاڤا هۆما بڵاوبۆیەوە یەکسەر کڕیم و وەک هەر کوردێکی تر خۆشحاڵ بووم کە کجە کوردێک بە زمانی ئینگلیزی رۆمانێکی لەسەر کورد نووسیوە. دوای ئەوەی خوێندمەوە هەندێ تێبینی و رەخنەم لە لا دروست بوون. هەر ئەو دەم ویستم شتێکی لەسەر بنوسم بەڵام وازم لێهێنا و گوتم با پەلەی لێنەکەم و بە کاوەخۆ جارێکی تر دەیخوێنمەوە. دیارە لێرەدا بە هیچ شیوەیەک مەبەستم شکاندنی نوسەر یاخود رۆمانەکەی نیە بەڵکو وەک خوێنەرێک ئەوەی بەرچآوم کەوتووە و جیگەی رەخنەمە ئەوەم نوسیوە و بەس. ئەم رۆمانە دوای ماوەیەک وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی و لە نێو خوێنەران و چاپەمەنی کوردیدا پێشوازیەکی بێ ئەندازەی لێکرا کە تا ئیستاش ستایش کردنی بەردەوامە لە لایەن میدیا و نوسەرانی فەیسبوک و هەندێ کەسانی سیاسی و چەند قەڵەم بەدەستێکی ترەوە. هەر ئەو پێشوازی و ستایشە بێ وێنەیە وەهای لێکردم کە دەبێ جارێکی دیکە بیخوێنمەوە بەڵام ئەمجارە دەبێ بە کوردی کردنەکەی بخوێنمەوە ئینجا بە تەواوی قسەی خۆمی لەسەر بکەم. لێرەدا دەمەوێ زۆر سوپاسی کاک شەفیقی حاجی خدر وەرگێڕی کوردی رۆمانەکە بکەم کە توانیتی بە زوویی بیگەێنێتە دەستم چونکە بەهۆی دووریەوە زەحمەت بوو لەو ماوەیەدا بە دەست من بگات کە دەمویست.
پێشبار: دەمەوێ ئاماژە بەوەبدەم کە رۆمانەکە چونکە لەسەر رووداوێکی سیاسی و بابەگەلێکی سیاسی ترە بۆیە نوسینەکەی منیش زۆرتر سیاسی-ئەدەبیە وەک لەوەی بە تەنها ئەدەبی بێ وبەس. میدیا و چاپەمەنی و بەشێکی لە خوێنەران و رۆشنبیران پێشوازیەکی لەم رۆمانە کرد و ستایشێکی بێ وێنەیان پیاهەڵدا بەو رادەیەی کە بە شاکار و سەفیری ئەدەبی کوردی ناوبرا لە دەرەوەی وڵات. ئەمە بۆخۆی بەڵگەی نەبوونی هزرێکی رەخنەگرانەیە لە نیوەندی رۆشنبیری کوردیدا چونکە کاتێک بە وردی ئەو رۆمانە دەخوێنیتەوە تێدەگەی بیری نوسەری ئەو کتێبە قوڵ نیە و رووکەشیانە لەسەر چەندان بابەتی سیاسی و رۆژگاری رابردوو و ئیستە دەدوێ. تەنانەت کاتێک ناونیشانی رۆمانەکە و بەرگەکەی دەبینی و بە تەواوی لە خوێندنەوەی دەبیتەوە ئەو پرسیارەت لە لا دروست دەبێ ئایا ئەم رۆمانە شایەنی ئەو هەموو پیاهەڵدان و پێشوازیە بوو؟ بۆ من و بۆ زۆریک و بگرە بۆ ئەوانەشی کە ستایشیان کردووە ئەو پرسیارە دەبێ بکرێ ئایا ئەو رۆمانە گەر بە زمانی ئینگلیزی نەنوسرایە و نوسەرەکەی ژن نەبوایە ئایا ئەو بایەخەی پی دەدرا؟ هزری رەخنەگرانە نابێ گوێ بە جێندەری نوسەر یاخود لە ژیر ناوی فیمینیزم و دەرکەوتنی خامەی ژنانی نووسەر لە نیو ئەدەبیاتی کوردیدا ئەو خەوش و تێگەیشتنە رووکەشیانە نەبینێت کە لەو رۆماەندا هەیە. مەسەلەی فیمینیزم لەوەدا نیە ژن نوسەر بێ بەلکو لە بەرهەمەکەدایە، ئاخۆ ئەو بەرهەمە چەند و چۆن لە ژن و مەسەلەی ژن دەڕوانێ جا نوسەر مێ بێ یان نێر، هەر ئەمەش کرۆکی فیمینیزمە. بابەتەکەی نێوی ئەو رۆمانە رەنگ بێ بۆ خوێنەری رۆژئاوایی شتێکی نوێ بێت بەڵام بۆ خوێنەری کورد ئەوەندە هەناو سووتێن نیە نەک لەبەر ئەوەی رووداوەکانی ناوی گرنگ نین بەڵکو هەر یەک لە ئێمەی کورد یان لە ناو بابەتی ناخهەژێنتردا بووینە یاخود لەبەرچاومان روویداوە یان بەلایەنی کەمەوە بیستومانەوە و دەستوپەنجەمان لەگەڵدا نەرمکردووە. لە لایەکی ترەوە، ئەو رۆمانە رۆچووە لە هەندێ بابەتدا کە تەواوی بەرهەمەکە دەخاتە ژێر مەنگەنەی رەخنەگەلێکەوە کە ئەستەمە ئەو رۆمانە شایەنی ئەو لایەق پیدانە بێت.
“نەوەی میللەتانی سەرکوتکراو مۆراڵیان خراپ دەبێت.” ئیبن خەلدون ئێمەی کورد لە لایەنێکی زۆریدا دەکەوینە بەر ئەو تئیۆریە گرنگەی ئیبن خەلدونەوە. ئەو تیۆریانە دروستن کە یاخی بوون و راپەڕین و شؤڕش بە یەکێک لە تایبەتمەندێتیەکانی میللەتی ژێر دەست دادەنێن، بەڵام کاتێک ئەو یاخی بوون و شؤڕشە نەیانگەێنێت بە ئاسۆی خۆی بەهەر هۆیەکەوە بێت ئەوا ئەو میللەتە هەر بە ژێر دەستەیی دەمێنێتەوە. لەو پرۆسە دوودرێژە ژێردەستەییەدا ئیرادەەیەکی ئەوتۆی سەربەخۆی خۆی نامێنێ و بواری هەر داهێنانێکی خودی خۆی لە دەست دەدا و بۆ ئەوەی بگات بە ئاستێک بەوانی تر دەبێ وەک ئەوان بکات و چاوی لەو رێگایانە بێت ئەوان ئاویان پێدا رشتووە. پێی وایە میللەتی سەردەست لە خۆیان لە پێشترن گەر بیەوێ بە لای هەر داهێنان و عەقڵ و کارێکی بەرهەمهێنانەدا بەتایبەت فەرهەنگی و ئەدەبیدا بچێ ئەوا زۆرتر لاسایی میللەتی سەردەست دەکاتەوە. دیارە ئەمە بەو مانایە نیە کە نەوەی میللەتی ژێر دەست ئەوە چارەنوسەکەیەتی و ئیدی ئەوە حەتمیە، نا، بەڵکو داهێنان هەولدان و ماندووبوون و شەیدایی دەوێ و بەشێکی زۆر لە نەوە بن دەستەکان دەیانەوێ بگەن بە پلەیەک لە ناوبانگ دەرکردن وەک ئەوانی سەردەست و لەم راستایەشەوە لاسایی کردنەوە بەڵام بە چەندان شێوازی فێڵاوی و زۆرزانیانە جێگەی کاری داهێنانی خودی یان خۆماڵیانە دەگرێتەوە و ئەوەی لەو نێوەدا چانس بەم دەرکەوتوانە دەدات خوێنەری ئاست نزم و کەم ئەزمون و نارۆشنبیری میللەتە بن دەستەکەیە کە ئەوانیش وەک تینویەک بۆ قومێک ئاو حەز دەکەن نوسەرەکانیان ناوبانگ دەربکا و بەرهەمەکانیان وەربگێدرێتە سەر زمانانی تر و بە هەر نرخێک بێت دەستی پیوە دەگرن لەگەڵ ئەوەی هەندێکیان بشزانن ئەوانە زۆرتر نوسەری کۆپی و نەقڵن وەک لە داهێنان. کاتێک فارس و تورک و عەرەب لە ژیر کاریگەری فەرهەنگ و کەلتوری رۆژئاوادابن ئاخۆ کورد دەبێ لە ج دۆخێکی لاسایی کردنەوەدا بیت. لەم سۆنگەیەوە هەم نوسەر و هەم نێوەندەکەش مۆراڵیان تێکدەچێ و لاسایی کردنەوەی ئەوانی دی بە گرنگ و گەورە دەزانن. دیارە لێرەدا باس لە کاریگەری ناکەم چونکە کاریگەری داهینانەکان بەرهەم دەهێنێ؛ بەلکو باس لە لاسایی کردنەوە دەکەم ئەویش وەک وشەیەک و مانایەکی ئاسایی نا بەڵکو وەک چەمکێک کە داهێنان دەگۆڕدرێ بە نەقڵ، مۆراڵ و شتەکانی ئەوانی دی بە بەرز و گرنگ و خۆتیش بە نزم و کەم بایەخ تەماشا بکەی. لێرەدا داهێنان لە بواری ئەدەبیدا کەمتر بوونی دەبێ و کۆپی و نەقڵکردن دەبێتە خووی ئەدەبی. زۆربەی بەشەکانی ئەم نوسینەم لەبەر رەنگدانەوەی ئەم تئیۆرییەی ئیبن خەلدونە.
لە دواییدا، لەو رۆمانەدا چەندان چەمک و وشە و باس و خواسی ناسازی تێدایە کە باس زۆر هەڵدەگرن لەوانە چەمکی پێشمەرگە و رەهەندە مەرگدۆستی و دژە ژیاندۆستی و رەگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و حزبی و نەتەوەیی و چینایەتیەکانی کە نوسەر زۆر روکەشانە و کلاسکیانە و لەسەر بنەمای هەست و سۆزێکی نەتەوەییانە وو دوور لە عەقڵیەتێکی رەخنەگرانەوە باسی ئەو وشەیە و ئەو چەمکەکەی کردووە. ئەم باسە هی شوێنێکی تایبەتترە و بۆ ئەم رۆمانە هەر ئەوەندە نوسینە بەسە دەربارەی.