مارف خەزنەدار: ئەوینێک سەرتاپێی هەبوونی ڕەنگڕێژ کردبوو؛ نەتەوە و نیشتمان.. فەرهاد شاکەلی

پێشتر لەوەیە بەرهەم و نووسینیم بەرچاو کەوتبێت، یا خوێندبێتەوە، بەاڵم باوەڕ ناکەم بە شێوەیەکی تایبەت سەرنجمی ڕاکێشابێت. دەزانم یەکەم کتێبی ئەو، کە دەستم کەوت و خوێندمەوە (بووکەشووشە) بوو. ئەمە نامیلکەیەکی بچکۆلە بوو، نازانم یەک چیرۆک بوو یا لە هەندێک کورتەچیرۆک پێک هاتبوو. تا ئەو کاتە خۆیم نەبینیبوو..

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن..




پارلەمانی کوردستان: زانست و ئاوەز یا کوێرەڕێ.. فەرهاد شاکەلی

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، هەواڵێک بڵاو کرایەوە کە پارلەمانی کوردستان پێشنیازێکی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و ڕۆژێک بۆ ڕۆژنامەگەریی کوردی دیاری بکرێت. ڕۆژەکەیش، وەک لە هەواڵەکەدا خوێندمەوە، گوایە ٢٢ی نیسان دەبێت. ڕاستییەکەی من ئاشنایەتییەکی ئەوتۆم لەگەڵ شێوەی کارکردنی پارلەمانی کوردستاندا نییە، بەڵام وای بۆ دەچم ئەویش، کەم تا زۆرێک، هەر هاوشێوەی پارلەمانەکانی دیکەی جیهان بێت.
لەم نووسینەدا، هەر بە کورتی، چیرۆکێک دەگێڕمەوە، کە شانزدە، حەڤدە ساڵ لەمەوپێش، لێکۆڵینەوەم لەبارەیەوە کردووە و گەیشتوومەتە ئەنجامی بنجبڕی وەها، کە هەر کەسێکی زانستخواز بیخوێنێتەوە، لەوە دەگات کە باسەکە بڕاوەتەوە و ئەوەی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەدا پێی گەیشتووم، ئیدی ناشێ و ناکرێ بخرێتە ژێر پرسیارەوە.
بەندە، ساڵانی دوورودرێژ، لە کۆنترین و گرنگترین زانستگە (زانکۆ)ی وڵاتی سوێددا، کە زانستگەی ئوپسالایە، مامۆستایەتیی زمان و ئەدەبی کوردیم کردووە و هاوکاتیش، هێندەی بۆم لوابێت، لێکۆڵینەوەی زانستیم ئەنجام داوە. لە پاڵ زمان و ئەدەبی کوردیدا، چەند ساڵێک وانەی مێژووی سیاسی و فەرهەنگیی کوردستانیشم کردبووە بەشێک لە بەرنامەی خوێندن، مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردییش بابەتێک بوو لە بەرنامەکە.

هەر لە سەرەتاوە، لەبارەی ڕۆژی بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەی (کوردستان)ی بەدرخانییەکانەوە گومانێکی وام لا پەیدا بوو، کە ئەو مێژووە هەڵەیە، بەڵام خۆمم ناچار کرد، کە ناکرێ بابەتێکی لەم جۆرە بە ئاسانی وەربگردرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت. دەبێ بخرێتە ژێر ڕووناکیی لێکۆڵینەوەی زانستی و لۆگیکییەوە و بە بەڵگەی زانستیی ئاوەزکارانە پشتگری بکرێت. هەر وایشم کرد. لە ماوەی نزیکەی ساڵ و نیوێکدا، دەستم کرد بە خوێندنەوەی، یا سەرلەنوێ خوێندنەوەی، ئەو سەرچاوە گرنگانەی دەمتوانی سوودیان لێ وەربگرم (١٤ سەرچاوە بە کوردی، ٢ بە عەرەبی و ٨ بە ئینگلیزی). ئەنجامەکەیش ئەوە بوو، کە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٦دا گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان، واتە یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە مێژوودا، ڕۆژی ٢١ی نیسانی ١٨٩٨ بڵاو کراوەتەوە. هەرچییەکی دیکە لەو ڕووەوە بگوترێ، هەڵەیە و نابێ پشتی پێ ببەسترێت.

ئەنجامی کارەکەمم لە لێکۆڵینەوەیەکدا داڕێشت، بەڵام دوودڵ بووم هەر یەکسەر بڵاوی بکەمەوە یا نە؟ بڕیارم دا پەلە نەکەم و هەڵیبگرم بۆ بەهاری ٢٠٠٧ و لە ڕۆژی ٢٢ی نیساندا بڵاوی بکەمەوە. ئەو دواخستنەیشم بۆ ئەوە بوو کە بە وردی بە هەموو زانیاری و سەرچاوە و ئەنجامگرییەکاندا بچمەوە، چاویان پێدا بگێڕمەوە و نووسینەکە کاتێک بڵاو بکەمەوە کە ١٠٠٪ دڵنیا بم و ئامادە بم بۆ وەڵامدانەوەی کەسانێک کە هێشتا گومانێکیان لا مابێت. لە ناوەڕاستی نیسانی ٢٠٠٧دا پێوەندیم کرد بە ڕۆژنامەی (ئاسۆ)وە و داوام کرد هەواڵەکە ڕۆژی ٢١ی نیسان و نووسینەکەیش ڕۆژی ٢٢ی نیسان بڵاو بکەنەوە. وتاری (ڕاستکردنەوەی هەڵەیەکی چلساڵە)، لەو ڕۆژەدا، لە ژمارە (٤١٣)ی ڕۆژنامەی ئاسۆدا بلاو کرایەوە. هەر دوا بە دوای ئەوەیش ناردم بۆ حەفتەنامەی (هەولێرپۆست) و لەوێیش بڵاو کرایەوە.

لەناو هاوڕێکانمدا، ئەوانەی شارەزای لێکۆڵینەوەی زانستین، هەبوون کە بۆچوونەکەمیان پێ ڕاست نەبوو. یەکێکیان، کە زیاتر ئاشنای کاری ئەکادێمی بوو، لە سەرەتادا دژی ئەنجامگرییەکەی من بوو. هەر ئەو برایە، چونکە باوەڕی بە کاری زانستی هەیە و لێی دەزانێت، یەک دوو مانگێک دواتر، ئاگاداری کردم، کە ئەویش لێی کۆڵیوەتەوە و گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە من باشی بۆ چووم. لەم دوو سێ ساڵەی ڕابوردوودا، خۆشبەختانە گەلێک ڕووناکبیر و مامۆستای دیکەی کوردەواریی خۆمان پشتگریی بۆچوونەکەیان کرد و دڵنیا بوون کە ئەنجامگرییەکەی من ڕاستە.

من نازانم لەناو ئەندامانی پارلەمانی کوردستاندا، یا لە لێژنەی ڕۆشنبیریدا، چەند کەسیان ئاگاداری ئەو بوارەن یا لێکۆڵینەوەیان تێدا کردووە، بەڵام پارلەمان بۆ بڕیارێکی وا کە جێگەی متمانە و باوەڕی خەڵک بێت، دەبێ پشت بە بەڵگەی زانستی و ئاوەزکارانە ببەستێت، دەبێ سوود لە کار و بەرهەمی کەسانی شارەزا وەربگرێت و ناکرێ هەر لەبەر ئەوەی لە سەرچاوەکانی مێژووی کورددا نووسراوە یەکەمین ژمارەی کوردستان ڕۆژی ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ بڵاو کراوەتەوە، ئیتر ئەم زانیارییە وەک تێکستێکی پیرۆز وەربگرن. بناغەیەکی یەکجار گرنگی کاری زانستی گومانکردنە، نەک وەرگرتنی زانیارییەکان بێ ئەوەی بخرێنە ژێر پرسیارەوە. لە مێژووی کوردستاندا هەندێک بابەت هەن، کە زۆربەی خەڵک، خوێندەوار و لێکۆڵەر و ڕووناکبیران، وەک ڕاستی وەریانگرتوون، یا لەبەر هەر هۆیەک بێت، نایانەوێ گومانی لێ بکەن.

لەم یەک دوو ساڵەی ڕابوردوودا لە بواری مێژووی سیاسی و فەرهەنگیی کوردستاندا خەریکی لێکۆڵینەوە بووم. لە هەندێ بابەتدا گەیشتوومەتە ئەنجامی وەها، کە بە تەواوی دژی ئەو زانیارییە باوەیە کە لەناو زۆربەی خوێنەرانی کورددا جێی گرتووە. ئێستا پەلەی ئەوەم نییە هیچ شتێک لەو ڕووەوە بدرکێنم، خوا یار بێت، کە کاتی هات، وەک ئەم هەڵەیەی ڕۆژنامەگەریی کوردی ئەوانەیش ڕاست دەکەمەوە. ڕەنگە هەندێک جار جیاوازی و ناکۆکیی زانستی و مێژوویی لەسەر یەک ڕۆژ بێت، وەک ئەم بابەتە. ڕەنگە هەبن بڵێن جا یەک ڕۆژ چییە؟ با ٢١ نەبێت، ٢٢ بێت، بەڵام زانست و ئاوەز وا ناڵێن. بۆ زانست و ئاوەز یا ٢١ ڕاستە یا ٢٢، ناکرێ هەردوویان ڕاست بن.
ئەم نووسینە بە هەل دەزانم لە چەند ڕستەی کورتدا، کرۆکی ئەنجامگریی ئەو لێکۆڵینەوەیەم دووبارە بکەمەوە: [یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممەی ٢٩ی زولقەعدەی ساڵی ١٣١٥ی کۆچی، ٩ی نیسانی ساڵی ١٣١٤ی ڕوومی و ٢١ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ی زایینی دەرچووە. ئەو باوەڕەی کە تا ئێستا لەو بوارەدا لە ئارادا بوو، لەگەڵ بنەماکانی لێکۆڵینەوەی زانستیدا ناکۆک و نەگونجاوە. ئەگەر تا ئێستا ڕۆژی ٢٢ی نیسان بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەزانرا، دەبێ لە ئەمڕۆ بە دواوە ٢١ی نیسان، بە شێوەیەکی ڕەسمی، ببێتە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی].

من هێندەم پێ دەکرێ ئەم پەیامەی خۆم بگەیێنمە بەرچاوی خوێنەر و توێژەر و ڕووناکبیری کورد، بەڵام پارلەمانی کوردستان دەکەوێتە بەردەم دووڕێیانێک: ڕێگەی ڕاستی زانست و ئاوەز دەگرێت یا کوێرەڕێ؟ هیوادارم بۆ هەڵبژاردنی ڕێگەی ڕاست هەرگیز دوودڵ نەبن.
ئوپسالا، سوێد ١٢-٤-٢٠٢١




سانسۆر: بەرهەمی بیرێکی فاشیستانەیە … فەرهاد شاکەلی

ئەو ئاگادارییەی لەم چەند ڕۆژەی دواییدا وەزارەتی (ڕۆشنبیری!)ی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی فاشیستانەیە. با جارێ ئەوە لەولاوە بوەستێت کە ئاگادارییەکە پڕە لە هەڵەی ڕێنووس و ڕێزمان و ئەو کۆلکەخوێندەوارەی دایڕێشتووە، کۆلکەخوێندەوارەکانی سەردەمی بەعسمان بیر دەخاتەوە، کە زمان دوایین شت بوو، تێی بگەن یا بایەخی پێ بدەن.
ئاگادارییەکە هەبوونی ژمارەی سپاردنی کردووەتە بیانوو بۆ زیندووکردنەوەی سانسۆر. ژمارەی سپاردن هیچ پێوەندییەکی بە نیشتمانپەروەری و بەهای باڵا و ڕەوشتەوە نییە، بەڵکە تەنیا کەرەستەیەکە بۆ ناسینەوەی کتێبێک و بۆ کۆکردنەوەی ئاماری فەرهەنگی و سەرژمێری ڕەسمیی وڵاتان. ژمارەی (سپاردن) لە هەموو جیهاندا یەک سیستەمی هەیە و بە جۆرێک داڕێژراوە کە هەر وڵاتێک ژمارەی تایبەتی خۆیشی هەبێت. ئەو سیستەمە دوو زنجیرە ژمارە بە کار دەهێنێت، یەکێک بۆ کتب و یەکێکیش بۆ گۆڤار و بڵاوکراوەی دیکەی هاوشێوە. ئەگەر وەزارەتی ڕۆشنبیری (!) دەیەوێ شتێک لەو ڕووەوە فێر ببێت با لە ڕێگەی گووگڵ یا ویکیپێدیاوە تەماشای ئەم دوو بابەتە بکات:

International Standard Book Number (ISBN)
International Standard Serial Number (ISSN)

هەبوونی ژمارەی سپاردن نە نرخ و ناوەڕۆک و بایەخی کتێب دەباتە سەرەوە، نە پێوەندییەکی بە ئەرک و لێپرسراوی و ڕۆشنبیری و ئەخلاقەوە هەیە. ئەوجا لە هیچ جێیەکی دنیا، بۆ وەرگرتنی ئەو ژمارەیە (ISBN) پەخشخانە یا نووسەر پێویستیان بەوە نییە پێشەکی ڕەشنووسی کتێب بنێرن بۆ هیچ دەستگایەک، بەڵکە دەتوانن لە کتێبخانەی نیشتمانی ساڵانە ٤٠، ١٠٠، ٥٠٠ ژمارە وەربگرن و بۆ کتێبەکانیان بە کاریان ببەن. ئیتر نە لێژنەی شارەزا و نە هیی ناشارەزا پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ کتێب ناکەن.
هیوادارم نووسەران و ڕووناکبیران، پەخشخانە و چاپخانەکانی کوردستان، دوور لە چوارچێوەی تەسکی ئیدیۆلۆگی و حیزبی و سیاسی، لە پێناوی فەرهەنگی کوردیدا، لە پێناوی وشەی کوردیدا، لە پێناوی بیری ئازاد و داهێنەرانەدا دژی ئەم بڕیارە و هەموو بڕیارێکی هاوشێوەی بوەستن و بە هیچ جۆرێک جێبەجێی نەکەن. سانسۆر بەرهەمی بیرێکی فاشیستانەیە. ئازادیخوازان، بیرئازادان و مرۆڤدۆستان دژی فاشیزم و بیری فاشیستانەن.

فەرهاد شاکەلی
زانکۆی ئوپسالا، سوێد ٢٨-٩-٢٠٢٠




خەڵاتی درۆ، ڕۆژاوای دووڕوو … فەرهاد شاکەلی

دوو سەعات لەمەوپێش، چاوم لە ڕاگەیاندنی ڕاستەوخۆی کۆمیتەی نۆبێل بوو، کە خەڵاتی ئاشتیی ساڵی ٢٠١٨ دەدرێتە (دێنیز موکوێگێ)ی خەڵکی کۆنگۆ و خاتوو (نادیا موراد)ی ”ئەندامی کەمینەی یەزیدی لە باکووری عیراق”. تا دوایین چرکەی ڕاگەیاندنەکەم بینی و گوێ لێ بوو، نە خەڵاتدەرەکان و نە ئەو هەموو ڕۆژنامەوان و میدیاکارانەی لەوێ ڕاوەستابوون بۆ ڕووماڵکردنی ڕووداوەکە و هەندێ پرسیاریشیان لە خانمی پێشکەشکار کرد، بە یەک تاکە وشەیش ناوی کوردبوونی نادیا مورادیان نەهێنا و نەیانگوت خەڵکی کوردستانە.
ئەم جۆرە هەڵوێستە بۆ من شتێکی تازە نییە و دەمێکە لە میکانیزمی ڕوواڵەتکارانە و چەواشەکارانەی ئەم ڕێزلێنان و خەڵاتکردنە درۆ و ساختەکارانە تێگەیشتووم. ئەم پاییزە دەبێتە چل ساڵی ڕێک کە من لە سوێد دەژیم. لەم چل ساڵەدا سیونۆ (٣٩) جار پێشکەشکردنی خەڵاتی ئەدەبییات و چل (٤٠) جاریش خەڵاتەکانی دیکەم بینیوە و تا ڕادەیەک ئاگاداری یارییەکانی پشت پەردەی بڕیارەکانی کۆمیتەی نۆبێلیش بوومە، کە لێرە و لەوێ لە ڕێگەی هەندێ ڕۆژنامەوان و میدیاکاری چوختی و بەلەسەوە ئاشکرا دەکرێن. بۆیە وتم (٣٩) جار خەڵاتی ئەدەبییات، چونکە ئەمساڵ خەڵاتی ئەدەبییات نادرێ. ئەکادیمیای سوێدی ئاوڕووی خۆیان و خەڵاتەکەیشیان برد، کاتێ ئەوە ئاشکرا کرا کە مێردی ئەندامێکی ئەکادیمیای سوێدی، پێوەندیی سێکسیی لەگەڵ ژنی بەشێک لە ئەندامانی ئەکادیمیادا هەبووە و ئەنجامی ئەم پێوەندییانە چی بووە.

من لە دڵەوە پێم خۆشە کە خاتوو (نادیا موراد) خەڵاتەکەی وەرگرت و پیرۆزبایی لێ دەکەم. نادیا و ئازارەکانی نادیا و سەدان و هەزارانی دیکەی وەک نادیا، شایانی ئەوەن دەیان و سەدان خەڵات وەربگرن و ڕێزیان بگیرێت و خەم و خەفەت و ئازارەکانیان بۆ خەڵکی ئەم دنیایە و بۆ مرۆڤایەتی تۆمار بکرێن. بەڵام دەبێ لای مرۆڤە هۆشیارەکان و ڕووناکبیران و بڕیاردەر و سیاسەتمەدار و خەڵکانی دیکەیش ئەوە ڕوون بێت، کە خەڵاتی نۆبێل، چ هیی ئاشتی و چ هیی ئەدەبییات، بە فیلتەری سیاسەتێکی دزێو و ناشیرین و گوماناویدا تێدەپەڕێت و هیچ پێوەندییەکی بە داهێنان، یا بە چەوسانەوە و بەدبەختییەوە نییە. باسی خەڵاتەکانی دیکەی نۆبێل، فیزیا و کیمیا و پزیشکی و ئابووری، ناکەم، چونکە وەک ئەم دووەی باسم کردن، ئاگاداری ئەوانە نیم.

کۆمیتەی نۆبێل بە نادیا موراد دەڵێ ”ئەندامی کەمینەی یەزیدی لە باکووری عیراق”. ئەوان لە من و تۆ چاکتر دەزانن و ئاگادارن کە نادیا کوردە و خەڵکی کوردستانە. ئەوان زۆر چاک ئاگادارن کە نادیا و سەدانی وەک نادیا بە هەوڵ و کۆششی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕزگار کراون. بەڵام بەرژەوەندیی ڕۆژاوا ئەوەیە هەمیشە جەختی یەزیدیبوون بکات، بە کوردستانیش بگوترێ باکووری عیراق. لەم بوارەدا دەبوو خزمانی یەزیدی خۆیان، بە زمانێکی ڕوون و ئاشکرا، بە هەموو ئەوانەی باسیان دەکەن، یا قسەیان لەگەڵ دەکەن یا ڕێزیان دەگرن، بڵێن: تۆ مافی ئەوەت نییە بڕیاری ناسنامەی ئێمە بدەیت. ئێمە کوردین، ئایینەکەمان یەزیدییە و ”وەلاتێ مە کوردستانە”. کۆمیتەی نۆبێل لە کورد و کوردستانیبوونی نادیا خان خۆی گێل دەکات، کەچی لەوەدا هیچ هەڵە ناکات کە لە جێی (شەنگال) بڵێ (سنجار)، چونکە ئەمەیان ئەو شێوەیەیە کە عیراقی عەرەبی پێی خۆشە و دەیەوێ بیسەپێنێت. (داعش) دەیویست بە زۆر و بە هەڕەشە و سووکایەتی نادیا خان و هەزاران نادیای دیکە واز لە دین و ئایینی خۆیان بهێنن، ڕۆژاوایش دەیانەوێ بە خەڵاتکردن و بە بەرتیل بەرگی جوانی کوردبوونیان لە بەر دابکەنن.

هەر لەم دەرفەتەدا دەبێ ئەوەیش ڕوون بکەمەوە کە میدیاکارانی کوردستان، زۆر جار خوێنەر و بیسەر و بینەر چەواشە دەکەن، ئەوانەی کە ئینگلیزی یا زمانەکانی دیکەی ئەورۆپا نازانن، و بە شێوەیەک قسە و لێدوانی ڕێبەر و سیاسەتمەدارانی ڕۆژاوا دەگوێزنەوە کە لەگەل ڕاستیدا ناگونجێت. دەیان جار گوێم لێ بووە و بینیومە، کە کابرای ڕۆژاوایی وتوویەتی (Northern Iraq)، کەچی ئەمان بە (کوردستان) تەرجەمەی دەکەن. تەنانەی بەرانبەر سیاسەتمەدار و بەرپرسانی عەرەبیش هەر ئاوا (شەرمن و سەلار)ن. کابرای عەرەب دەڵێ (الاقلیم)، بەڵام ئەمان کە تەرجەمەی دەکەن، دەڵێن (هەرێمی کوردستان).

ئێستا کە یەکەمین جارە لە مێژوودا کوردێک خەڵاتی نۆبێل وەردەگرێت، دەبێ کورد لەوە ژیرتر و وریاتر و ڕاستگۆتر بن، کە کڵاوی زەرد و سوور و کەسکی ڕۆژاوایان بکرێتە سەر. دەبێ ڕاستوڕەوان بە ڕۆژاوا بڵێن، یەزیدی کوردن و یەزیدیخان کوردستانە. نابێ لەوە بترسن و سڵ بکەنەوە کە ”دۆستەکانیان!” لێیان زویر ببن. ڕووناکبیرانیش دەبێ ئەو ڕاستییەیان لا ڕوون بێت کە خەڵاتی نۆبێل، لە ٣٠-٣٥ ساڵی ڕابوردوودا، زۆر جار، وەک ڕێگایەک و وەک کەرەستەیەک بۆ ناوزڕاندن و دژایەتیکردنی ئیسلام بە کار دەبرێت، نەک بۆ ڕێزگرتنی داهێنانی ئەدەبی یا خەبات لە پێناوی ئاشتیدا. زۆر جار بینیومانە کە مرۆڤکوژ خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی پێ بەخشراوە و کۆلکە نووسەر خەڵاتی ئەدەبییات. ڕۆژاوا ئەگەر شەڕی ئیسلام و موسڵمانان دەکات، با بچێت خۆی بیکات، نەک کورد بە کار بهێنێت و دواییش بە گورگانخواردی بدات. لە شەڕی (داعش)دا هەزاران تێکۆشەر و خەباتگێڕ و قارەمانی کورد کوژران و بریندار کران، بەڵام ڕۆژاوا پاداشتی کوردیان بەوە دایەوە کە دژی گشتپرسی ڕاوەستان و داگیرکردنی نیوەی خاکی کوردستانیان پێ ئاسایی بوو.

هەر ئەم ڕۆژاوایە و هەر ئەم کۆمیتەی نۆبێلە، ساڵی ١٩٨٨، کە هەڵەبجە ژارباران کرا و (ئەنفال)ی بەدناو ڕووی دا و هەزاران کچ و ژنی کورد دیل کران و هەرچی خراپە بەسەریان هێنرا، یەک وشەیان لە دەم دەرنەچوو، نەوەک سەددام حوسەینی دۆست و خۆشەویستیان زویر ببێت. نە ئەوسایش و نە ئێستایش نەیانهێشت ڕاستیی ئەو کارەساتانە ئاشکرا بکرێت، چونکە ئەودەم ئەوەیش ئاشکرا دەبوو کە خۆیان هاوبەش و هاوکرداری ئەو تاوانانە بوون.

نادیا خانمی بەڕێز و خۆشەویست! لە دڵەوە پیرۆزبایی لە تۆ و لە نەتەوەی کورد و لە کوردستانی نیشتمانی هەموومان دەکەم. تۆ زۆر لە خەڵاتی نۆبێل گەورەتریت و زۆر لە سیاسەتی ڕۆژاوا پیرۆزتریت. ئازارەکانی تۆ، ئازاری هەموو مرۆڤایەتین و بەشێکن لە مێژووی مەینەت و چەوسانەوە و ژێردەستیی مرۆڤ لە سەرانسەری مێژوودا. تکایشت لێ دەکەم: ئەو ئێوارەیەی کە خەڵاتەکە وەردەگریت و ئاخاوتن پێشکەش دەکەیت، بە کوردی قسە بکە و زۆر ڕوون و ئاشکرا بڵێ: ئەز کوردم و وەلاتێ من کوردستانە.
برینی نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەی، نە بە خەڵاتی نۆبێل و نە بە بەڵێن و دۆستایەتیی ڕۆژاوا ساڕێژ دەبێت. ئەم جارەیش، ئەم نووسینەم بە وتە جوانەکەی سۆکرات، فیلۆسۆفی گەورەی یۆنانی، دەبڕمەوە، کە فەرموویەتی: ”خۆت بناسە: Know Thyself!”.


فەرهاد شاکەلی
زانستگەی ئوپسالا
سوێد، ٥-١٠-٢٠١٨