کتێب\ داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین.. ناڵە حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..

ناوی کتێب: داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین
بابەت: لێکۆڵینەوە
نووسەر: ناڵە حەسەن




یادەوەرییەکانی شاعیرێکی نوێخواز و ڕۆمانی خانەقای میرزای میران ئەبراهام..2.. ناڵە حەسەن

  • بەشی دووەم و کۆتایی

    _ کۆمۆنیزم و کۆمەڵگەی کوردەواری

    بۆ دەستپێکردنی نووسینی ئەو بەشە بە چەند پرسیارێکی گرینگ دەست پێدەکەم و دواتر هەوڵدەدەم ، وەک نووسەرێکی چەپ و مارکسیست لە ڕابردوودا بەپێی ئەزموونی خۆم کە لەو نێوەندەدا تەمەنێکم تیا بەسەر بردووە ، وەڵامی پرسیارەکان بدەمەوە .. کۆمەڵگەی کوردەواری بە سیاسی و غەیرە سیاسی و نوخبە و خوێندەوار و چینی کرێکار و زەحمەتکێش و تەواوی کۆمەڵگە چۆن لە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم گەیشتوون ؟ هۆکاری هەزم نەکردنی فیکرەی سۆشیالیستی و گەشەنەکردنی حیزبە چەپ و سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان بۆچی دەگەڕێتەوە .. ؟
    ئەگەر بە وردی ڕۆمانی ( خانەقای میرزا )ی میران ئەبراهام بخوێنینەوە ، وەڵامی ئەو پرسیارانەشمان هەر لەنێو خودی ڕۆمانەکە دەست دەکەوێت . هەروەک دەبینین حیزبی شیوعی عێراق لە سییەکانەوە لەسەر دەستی هاوڕێ فەهد و هاوڕێکانی ڕادەگەیەندرێ ، لە سەرەتای ڕۆمانەکە تا کۆتایی ئەم حیزبە دژایەتی دەکرێت چ لە لایەن دەسەڵاتەوە و چ لەلایەن خەڵکەکەشەوە ، تەنانەت لەلایەن خودی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێشیشەوە ، هەمیشە توومەتی ئەخلاقییان دەخەنە پاڵ ( گوایە شیوعییەکان لەگەڵ خوشک و دایکی خۆیان دەخەون ! ) ، یان ( شیوعییەکان کافرن دژی خودا و ئایینن ! ، ) ، ( یان شیوعییەکان بەکرێگیراوی دەوڵەتانن بەتایبەت ڕووسیا ! ) ، گەر لە دونیای واقیعیش سەیری بکەین دەبینین لە هەرێمی کوردستان ، حیزبی شیوعی دوای ئەم هەموو ساڵە لە خەبات و تێکۆشان ، دوای ئەم هەموو زیندانی و خەباتی شاخ و شار و شەهید و قوربانی ، دوای نزیکەی سەدەیەک لە خەبات و تێکۆشان لە پەرلەمانی کوردستان تەنها خاوەنی ( یەک کورسی ) پەرلەمانییە !! بە بڕوای من ئەو یەک کورسییەش نەبوونی لە هەبوونی گەڵێک باشتر بوو ! ئایا ئەم وەزعە بۆچی ؟ بەر لەوەی لە ڕوانگەی خۆمانەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە با گوێ لە گفتوگۆی یەکدوو کاراکتەری نێو ئەو ڕۆمانە بگرین و کە چۆن باس لە حیزبی شیوعی و شۆڕشی سۆشیالیستی دەکەن ، لە باسی سۆشیالیزم و ئامانج لە کۆمۆنیزم ئەوە دەڵێن ،، دیارە گفتوگۆکەیان کەمێک درێژە بەڵام ئێمە تەنها بەشێکیمان وەرگرتووە ،
    ( موکەرەم گوتی ، میرزا گیان سەردەمی خۆ بە زەلیل زانین و قوڕپێوان بەسەرچووە دارکەر جیاوازی لەگەڵ پارتی کۆمۆنیستی عێڕاق زۆرە ، ( دارکەر هەروەک لە ڕۆمانەکە هاتووە کۆمەڵە کرێکارێکی ئیتالین لە عێراق لە کۆمپانیای دروستکردنی خەڵووز ئیشیان کردووە دیارە مەبەستییان بووە حیزبێکی سۆشیالیستی ڕاگەیەنن ) ، بەرای من ئەگەر پەیڕەو و بەرنامەی حیزبێک دەقاودەق لە چینێک یان ڕوسێکەوە وەرگیرابێت چۆن بۆ ئەم میللەتەی ئێمە دەبێت ؟ ئەگەر هەر هیچ نەبێت وەکو پێویست دەستکاری نەکرێت و خۆماڵی نەکرێت ؟
    میرزا کەریم گوتی : دەی خوای دەکرد سیاسەتی قەرەجەکان ئەبوو ، گرینگ کورد باوەڕی پێ بێنێت و یەک بگرن .
    جەنابی میرزا کەریم ، پێویستە ئێمە بزانین باوەڕ بە چی دێنین ؟ ئێ کەواتە ئەویش وەک قورعانەکەی لێدێت ، کە میللەتی کورد تا هەزار ساڵیتر تێی ناگات ! بەڵام وەکی عەوام سەری بۆ دەلەقێنێ و کوێرانە دوای دەکەوێت بەڵام موکەرەم قسەکەی بە یونس بڕی ، هەرچەندە بیری کۆمۆنیستی لەگەڵ دیندا بەراورد ناکرێت بەڵام ئەوەتانێ لە سەرانسەری جیهاندا ، دەیان میللەتی جیاواز ئازادن و پەیڕەوی هەمان بیروباوەڕی ئیسلام یان مارکسییەت دەکەن ، تەنیا کوردە قوڕ بەسەرەکە نەبێت !
    من وا هەست دەکەم کارێکی زۆر ئەستەم دەبێت ئەگەر ئێمە ئەو بیروباوەرە مارکسیەتە یان یەکێک لەو دیانانەی تر .. ئیتر ئیسلام بێت یان مەسیحییەت باش تێینەگەین و خۆماڵیی نەکەین ، یونس وای گوت ، خۆ هەندێک جار بیر لەوە دەکەمەوە کە هیچ میللەتێک بە قەدەر میللەتی کورد پێویستی بە بیروباوەڕی سۆشیالیزم نییە ، چونکە میللەتی کورد بە سروشتی چەپگەرا و بەخشندەیە ، تا بتوانین زۆرداری و چەوساندنەوە بنەبڕ بکەین ،
    میرزا کەریم بە سرنجەوە گوێی لێ گرتبوون ، لەبەر خۆیەوە گوتی ، موکەڕەم بۆ ئەوەیان من و تۆ هاوڕاین ! ئێ خۆ ئەوە لوبی مەوزوعەکەمانە ! کەواتە هەموو ڕێگەکان دەچنەوە سەربانە ! ) . ئەمە گفتوگۆی سێ کەسی خوێندەوار و ڕۆشنبیری ئەوکاتە ، کە ئەندامی حیزبی شیوعی عێڕاقی بوون ، یونس دڵداری شاعیرە ، میرزا کەریمیش ماڵەکەی کتێبخانەی بیری نوێی تیا بوو ، بنکەی ڕۆشنبیری و سیاسەت و فیکرەی چەپگەرایی بوو . یەکێک بۆ خاڵە درەوشاوەکەی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە ، دەتوانین خوێندنەوەیەکی دروستمان دەست کەوێت نزیکەی بۆ نیو سەدەی کۆمەڵگاکەمان لە ڕووی سیاسی و ئەدەبی و وشیاری و کڵتووری و .. لە هەموو بارێکەوە . ئەگەر ئەم گفتوگۆیەی سەرەوە بخوێنینەوە و بپرسین ، کوێی ئەم گفتوگۆیە پەیوەندی بە خەباتی چینایەتی و ململانێی نێوان کێشەی کار و سەرمایە و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی کاری کرێ گرتەیی و نەمانی چینە جیاوازەکان و هەڵوەشاندنەوەی موڵکدارێتی تایبەتی و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی بێ چین و چەوسانەوە و یەکسان هەیە ؟! یان گۆڕینی سیستەمی وڵات لە دەرەبەگایەتیەوە بۆ سۆشیالیزم و دواتر کۆمۆنیزم یان لە سەرمایەدارییەوە بۆ کۆمۆنیزم ؟!. ئەوەی بینیمان و خوێندمانەوە بە شرو وڕی باسکردن بوو لە سۆشیالیزم بە هەستی نەتەوەیی ، یان بە هەستی ئاینپەروەری ! واتە ئەندامبوون لە حیزبێکی سۆشیالیستی بە مەبەستی ڕزگارکردنی میللەتەکەت لەژێر ستەمی میللی ! سەردەمی ئەو گفتوگۆیەی نێوان ( دڵداری شاعیر و موکەڕەم تالەبانی و میرزا کەریم ) ، کە هەرسێکیان ئەندامی حیزبی شیوعی بوون ، لەوکاتەدا ، پارتیش بە سەرۆکایەتی ( مەلا مستەفا بارزانی ) لە سلێمانی و لە هەموو کوردستان بوونی هەبووە ، ئایا جیاوازی بیرکردنەوەی ئەو کادیرە شیوعییانە لەگەڵ مامۆستا یاسین یان قادری کوڕی میرزا کەریم لە چی دابووە کە ئەو دووانە دوو کادیری ئەساسی و پێشکەوتووی پارتی بوون ؟ . یانی باسکردن لە سۆشیالیزم بە خەیاڵ و بە تامی نەتەوایەتیەوە ! بەبڕوای من ئەوە تەنها کێشەی کادیرەکانی خوارەوە نەبووە بەڵکو خودی سەرکردایەتی ئەو حیزبە هەمان ئەو کێشەیەی هەبووە ، بڕۆننێ لە شوێنێک هەر لەنێو ئەو ڕۆمانە و هەر ئەو حیزبی شیوعییە لە ساڵی ١٩٤٨ لەدوای شکستی عەرەب دژ بە ئیسرائیل ، ئیتر جووەکان برای شیوعییەکانن ، لەنێو ئیسلامییەکان و نەتەوە پەرستەکان بڵاوکرایەوە و ( ئیتر حیزبی شیوعی عێڕاقی ناوشیار بوو یان باشترە بڵێین لە لاوازی و نەزانینیاندا خۆیان بوو لە ناوهێنانی سەرکردە جووەکانی وەک یەهودا سدیق و ساسۆن دەلال و شائۆل تەویق و یاقووب کۆهین و هەروەها فێردا واقۆ بپارێزن ! ) لە کۆبوونەوەیەکی نهێنی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی لەماڵی یەهودا سدیق ، لە دەمی عەرەبەکان ئەوە دەبیسترا ، ( دەبێت ئێمە زمان و نووسین و گوتاری حیزبی شیوعی تەواو لە زایۆنیزمی جوو پاکبکەینەوە ، ! ) لەوێدا ساسۆن دەلال وەڵامیان دەداتەوە و دەڵێت ( ئێمە بۆ ئەوە ئەم پارتەمان هەڵبژاردووە و هەموومان چاڵاکانە کاری لە پێناودا دەکەین ، کە پەیوەندی بە ئایدیا و ڕووداوەکانی ئێستای عێڕاق و جیهانەوە هەیە ، تەشەنەکردنی زوڵم و زۆر و کێشەی چینایەتی و دژە سامی ، نەهێشتنی جیاکاری ئایینی و نەژادی و کۆمەڵایەتی و ئێمەی جوو بە شوێن ئەو ئایدیا گشتگیرەوەین ! ) ، ئەم کادیرە تا ئاستێکی باش لە سۆشیالیزم و شۆڕشی چینایەتی گەیشت بوو . بەڵام هەر ئەو ڕۆژە و لەو کۆبوونەوەیە بە یەکگرتنی سەرکردە کوردەکان و عەرەبەکان ، سەرکردە جووەکان پەراوێز دەخرێن و نەک هەرئەوەندە دواتر بەیاننامەیەک دەردەکەن و دەڵێن ، ( ئەندامە جووەکان خیانەتیان لە حیزبی شیوعی کرد بوو ، ساسۆن دەلال لە کۆتایی دەڵێت ( ئێوە هیچ لە بیری سۆشیالیزم نەگەیشتوون ، چونکە ئێوەی عەرەب سۆشیالیزم وەک ئایدیۆلۆژییەک بۆ خزمەتی پرسی نەتەوایەتی عەرەبی خۆتان بەکاری دەهێنن ، بەداخەوە کوردەکانیش کوێرانە دواتان کەوتوون !! ) ، یان لە شوێنێکیتر یاقووب کۆهین دەڵێت ،( هاوڕێیان بەو جۆرە سۆشیالیزم لە عێڕاق هیچ پاشە ڕۆژێکی نابێت ! ) ، دواجار سەرکردە جووەکان راستییان کرد و خوێندنەوە و پێشبینیەکانیان هاتەدی ، یەکێک لەو سەرکردە جووانەی دوورخرایەوە یان پەراوێز خران ناوی ( فێردا واقۆ ) بوو ، کە کچی یاقۆ یەهودای ملیۆنێر بوو ، کە لەگەڵ هاوڕێ فەهد یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی حیزبی شیوعی عێراقی ، فەرداش لەگەڵ فەهد هاوڕێ و دڵخوازی یەکتری بوون ، فەهد لە بەندیخانە بە یەعقووب دەڵێت ( من لە ڕێگەی هاوڕێ فێردا یاقۆ یەهوداوە سۆشیالیزمم ناسی ؟ ئەم کارەی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی بە دژی سەرکردە جووەکان شتێک نەبوو جگە لە سازشێک بۆ دەسەڵات و ڕژێمی پاشایەتی ئەوکات ، ویستی بەمە خۆی لە زوڵم و دژایەتی دەسەڵات بپارێزێ و دوای شکستەکانی دووبارە خۆی ڕێک بخاتەوە ، لەوەش خراتر سەرکردە جووەکانی هەمووی بەگرتن دابوون ! ئێ ئەمە حاڵ و ئەحواڵی سەرکردایەتی حیزبێکی بەناو شیوعی بێت ، ئەی دەبێت وەزعی کادیر و ئەندامەکانی خوارەوە چۆن بن ؟ بەبروای من کێشەکان لە چەند خاڵێک دەبینم ، کۆمەڵگەی کوردەواری چ ئەوکات و چ ئیستاش بە تایبەت ، چینی کرێکار و زەحمەت کیش بچووکترین وشیاری چینایەتیان نییە ، زێتر لەژێر کاریگەری تۆخی ئایین و خۆشباوەڕن بە ئەحزابی ناسیۆنالیستی ، وەک پێویست لە خەباتی چینایەتی شۆڕشی کۆمۆنیستی نەگەیشتوون ، کرێکاران و زەحمەتکێشان نەیان توانیوە لەڕێگەی داواکاریەکان و ناڕەزایەتییەکان لە دەوری حیزب و مافە ڕەواکانی خۆیان کۆببنەوە ، نەک تەنها چینی کرێکار و زەحمەتکێش بەڵکو ، تەواوی کۆمەڵگە بە هەموو چین و توێژەکانەوە تا ئێستا وەک پێویست ( مارکس ) یان نەخوێندۆتەوە ، مارکسیزم وەک ئایدیۆلۆژییەکی ڕووت مامەڵەی لەگەڵ کراوە ، لە بەرامبەر چەمکەکانی نەتەوە ئایین ڕۆشن نین . حیزبە شیوعی و چەپ و سۆشیالیستەکانیش بە تایبەت ، کادیرە سەرەکیەکانیان ، لەناو جەرگەی ناڕەزایەتییەکانی چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان نەهاتوونەتە دەرەوە ، واتە بە مانای وشە ڕابەری کراێکاران و زەحمەتکێشان نین . واتە تەنها بەدوای قەلەباڵەغی کەوتوون ، حیزبی شیوعی عێراق بەدوای هەراو زەنای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاقیش بەدوای هاتوهاوارەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کەرگەرانی ئێران و مەنسوور حیکمەت کەوتبوون ، هەر بۆیە قسە و پێشهاتەکانی ساسۆن دەلال و یاقووب کۆهین هاتەدی و کە ئەوان نە لە سۆشیالیزم گەیشتبوون وە نە حیزبی سۆشیالیستیش ئایندە و پاشەڕۆژێکی هەبوو ، لە کۆتایی ئەم بەشە دەمەوێت زۆر بە کورتی ئەوە بڵێم ، شۆڕشی سۆشیالیستی و چینایەتی ، هەوڵدانێکە بۆ نەمانی کاری کرێگرتەیی و موڵکدارێتی تایبەتی لەرێگەی بەسەرکەوتن گەیشتنی شۆڕشی سۆشیالیستی و ڕووخاندنی سیستەمی دەرەباگایەتی یان سەرمایەداری و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سوشیالیستی ، وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩١٧ بە ڕابەرایەتی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و لینین و هاوڕێکانی لە رووسیا ڕوویدا . بەڵام ئەم شۆڕشە سۆشیالیستییە دەبێت دواتر کارەکانی تەواو بکات و بەرەو کۆمۆنیزم بچێت ، واتە کیشەی زەوی و زار و کێشەی و کاروسەرمایە و کێشە ئایینی و نەتەوایەتییەکان و هەموو کێشەکان چارەسەر بکات ، کە گرنگترینیان نەمانی موڵکدارێتی تایبەتییە و گۆڕانی بۆ موڵکدارێتی گشتی ، چونکە دواجار هەروەک لینین لە کتێبی ( دەوڵەت ) دا دەڵێت ، مەفهومی دەوڵەت بەمانای دەسەڵاتی چینێک بەسەر چینێکی ترەوە ، بە دەوڵەتی سوشیالیستیشەوە بۆیە ، دەوڵەتی سوشیالیستیش دەبێت بەرەو کۆمۆنیزم هەنگاو بنێت و وەڵام بە هەموو کێشەکان بداتەوە . بگات بە قۆناغێک کە تیایدا ، چینەکان و جیاوازییەکان نەمابن ، چەوساندنەوە بە هەموو شێوازەکانیەوە بنەبڕ کرابێت ، گۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان بەرقەرار کرابێ ، کۆمەڵگە لەژێر سایەی سیستەمێکی مرۆیی بە دروشمی ( بە پێی توانا کار بکە بە پێی پێویست وەربگرە ! ) بەڕێوە بچێت . بەم شێوەیە و لەم قۆناغەدا ، سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم و دونیایەکی باشتر مانا پەیدا دەکەن ! .

    _ عەشق و تراژیدیایەکی خەمناک
    لەنێو ڕۆمانی ( خانەقای میرزا ) ، بەسەرهات و چیڕۆکی عەشقێک دەخوێنیتەوە کە ، بێئەندازە پانتایی جوانی نێو ڕۆمانەکەی بەرین و فراوانتر کردووە ، چیڕۆکی عەشقێکی پاک و بێگەرد لەنێوان دوو کەسی جوان و پڕاوپڕ لە مرۆڤدۆستی و ڕۆحێکی لێوانلێو لە بەرائەت ، ئەو دوو کەسەکەش ، یەکێکیان شاعیرێکی نوێخواز و ئەویتریش شۆخ و شەنگترین کچی گەرەک واتە ، جەلالی میرزا کەریم و بەهاری کچی غالیب عەربەت . عەشقەکە وەک ئەوەی بە زمانی فرمێسک نووسرابێتەوە ئاکامێکی مەرگاوی و پڕ لە حەسرەت و ژانی هەیە ، هەروەکو لە پێشدا گوتم دەکرێت ئەم ڕۆمانەی میران ئەبراهام چ وەک کتێبێکی یادەوەری یان کتێبێکی مێژوویی یان وەک ڕۆمانێک سەیری بکەین ، بە بڕوای من ئەگەر تەنها ئەم چیڕۆکی عەشقە بە شێوەیەکی درێژتر بنووسرابا من پێموایە نووسەر لە کارەکەی بەهەمانشێوە هەر سەرکەوتوو دەبوو ، هەرچەندە لایەنی یادەوەری و مێژوویەکەش چ وەک شێوازوو تەکنیکێکی جودا گرینگ و تایبەتمەندی خۆی هەیە و نووسەر بەم کارەی داهێنانێکی گەورەی پێشکەش کردووین . سەرەتای عەشقەکە لێرەوە دەست پێدەکات .. جەلالی میرزا بەدوای دایکی دەڕوات بۆ قوتابخانەی زەهرای کچان ، دایکی دەیەوێت ڕووناکی خوشکی لەو قوتابخانەیە ناونووس بکات ، لەوێدا جەلال پێویستی بە ئاودەست دەبێت ، مامۆستا تا شوێنی ئاودەستەکە دەیبات ، بەڵام لە بەدبەختی خۆی بەنەخوێن واتە دۆخینی شەرواڵەکەی بۆ ناکرێتەوە ،، دواتر کە سەربەرز دەکاتەوە کچێکی شۆخی باڵابەرز لەوێدا ئامادەبێت و جەلال لەودەمە هەست بە تەڕێتی شەرواڵەکەیی و ناوڕانی دەکات ، کچەکە یارمەتی دەدات بە ددانی بەنەخوێنەکەی بۆ دەکاتەوە ، کاتێک دەچێتە سەر ئاودەستەکە تاڕایی تیا نەمابوو ، کە هاتە دەرەوە کچەکە پێی گوت ، ( گوێ مەدێ خێرا بڕۆ بۆ ماڵەوە ، ئەوە نهێنی نێوان خۆم و خۆت دەبێت ! ، ) ، لەوکاتەیە کچێک بانگی کچە شۆخەکە دەکات و دەڵیت ( بەهار ، بەهار ) ، جەلال لەوەوە دەزانێت ئەو کچەی یارمەتیدا ناوی بەهار بوو ، ماوەک دوای ئەوکاتە ، لە نەورۆزی ئەو ساڵەدا واتە ساڵی ١٩٤٦ ، جەلال و مالیکی ئامۆزای لەسەر داوای میرزا کەریمی باوکی لەگەڵ غەفوور و عەزیزی برایی و چەند هاوڕییەکیان لەوانە کاکەی فەلاح ، بڕۆن بۆ باخەکەی فەرەج بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی نەورۆز . لەوێدا چەند کچۆڵەیەک یاپراخ بەسەر ئامادەبووان دابەش دەکەن ، لەنێویاندا یەکێکیان بەهار دەبێت ، کاتێک جەلال یەکدوو یاپراخ هەڵدەگرێت بە نیگایەکی تایبەت و سەیرەوە لە یەکتری دەڕوانن ، بەهار لە جەلال نزیک دەبێتەوە و بە چرپەوە پێی دەڵێت ، ( من و تۆ نهێنییەک لە نێوانماندا هەیە ! ) ، ئیدی لێرەوە سەرەتای عەشقێکی گەورە و ئەفسانەیی دەست پێدەکات . هەرچەندە بەهار دوو سێ ساڵێک لە جەلال گەورەتر دەبێت بەڵام ، بەشێوەیەک هۆگر و عاشقی یەکتری دەبن کە ئامادەی هەموو قوربانییەکن لە پێناوی یەکتریدا ، دووساڵێک دوای ئەمە کاتێک لە بەغدا جەلالی میرزا کەریم کامیرایەک بۆ جەلال دەکڕێت ، جەلالیش کە دەگەڕێتەوە یەکەمین وێنە ، وێنەی بەهاری دوڵبەری دەچرکێنێ ،، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ عەشقەکەیان پەرە دەسەنێت ، کاتێک نامەی غەفووری برایی و و بڵاوکراوەی حیزبی شیوعی بۆ ماڵانی گەرەک دەبات ، جەلال هەمیش یەکەمین ماڵ بۆ ماڵی بەهاری دەبات ، جارێکیان بەهار بۆ یەکەمینجار لەناو پەڕۆکێک حەوت دەنکە نوقڵی ڕەنگاوڕەنگی پێچاوەتەوە بە دیاری دەیدات بە جەلال ، چونکە دەزانێت جەلال زۆر حەزی لەو نوقڵانەیە ، ئیدی عەشقەکەیان بە ئەندازەیەک پەرە دەسەنێ و کاریگەری لەسەر جەلال دادەنێ تا ئەو ئەندازەیەی وردە وردە مەیلی بۆ خواردن کەمتر دەبێت و کێشی بەرەو دابەزین دەچێت . کاتێک جەلال لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا یەکەمین شیعری بۆ گۆڤاری گەڵاوێژی ئەوکات دەنێرێت ، دوای ئەوە لای بەهار باسی دەکات ، بەهاریش بەڵێنی ئەوەی پێدەدات گەر بڵاوبێتەوە ماچێک قەرزاری دەبێت ، جەلالیش لەخۆشی ئەوەدا زۆرترین شیعر بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دەنێرێت . عەشقەکەی بەهار هێندە گەورە و کاریگەری بەسەر جەلالەوە هەیە بۆیە لەپاڵ هەستە نەتەوەیی و چینایەتیەکان ، خۆشەویستی بۆ بەهار دەبێتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان بۆ نووسینی شیعرەکانی ، ئیدی عەشقەکەیان بە ئەندازەیەک پەرە دەسەنێت گەنج و لاوانی گەڕەک هەموو بە عەشقی جەلال و بەهار دەزانن . جارێک کەمالی حازم بەگ لەگەڵ کەسێک بە ناوی فەریدە ڕەش ، ڕێگە بە جەلال دەگرێت و پێی دەڵێت ( واز لە بەهاری غالب عەربەت بێنە ، بۆ خوا پێت دەڵێم تەنیا ئەوەندە و بەس ! ) ، هەر لەبەر ئەم عەشق کەمالی حازم بەگ ، جەلال و غەفووری برای بە گرتن دەدات و یەکسەر بۆ بەغدا دەیان گواستنەوە ، دوای بەربوونیاین جەلال بەهار دەبینێت ، بەڵام بەهار جیاوازە تەنانەت ناوێرێ ماچی بکات ، لێوەکانی دەلەرزن ، ئەوەی بۆ باس دەکات کە ، کەمالی حازم بەگ ئەوە بۆ چوار جارە دەنێرێ بۆ داخوازی و دەڵێ ( وابزانم ئەوجارەیان هەرەشەیان لە باوکم کردووە ! ) ، جەلال کە ئەمە دەزانێت زۆر دەڵتەنگ و پەرێشان دەبێت . داوا لە باوکی دەکات بڕۆن بۆ داخوازی بەهاری غالب عەربەت کە دڵخوازی یەکترین . میرزا کەریم ڕازی دەبێ و لەگەڵ مستەفای برای واتە مامی جەلال و جەلال خۆی دەڕۆن بۆ داخوازی بەهار . بەهار باوکی لەماڵ نابێت بەڵام ، بەجلێکی نیمچە ڕووت دێتەلایان ، جەلال و مامی و باوکی سەریان سووڕ دەمێنێ ، شێوازی قسەکردنیشی گۆڕیبوو ، ئەوانیش هەڵدەستن و ماڵی بەهار جێدەهێڵن ، لە ڕێگادا ، باوک و مستەفای مامی پێی دەڵێن ( ئەگەر ئەو کچە ببێتە خێزانت ئێمە کەسوکارت نین ! ) ، جەلال لەم خۆنواندن و ئەو کارەی بەهار سەری سووڕما بەڵام ، خوێنەر لە کۆتایی ئەوەی بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بەهار بۆیە ئەوکارەی کرد تا لەوکاتەدا گیانی ( جەلال و باوکی ) بپارێزێت چونکە لەلایەن کەمالی حازم بەگەوە هەڕەشەیان لێکرا بوو !. جەلالی میرزا کەریم وەک غەفووری برای هێندە دلسۆز و خەمخۆری بیروباوەڕ و هاونیشتیمانیان بوو ، بۆیە هەمیشە سجن ماڵی دووەمیان بوو ، لە ساڵی ١٩٦٣ جەلال لە سجنەوە نامەیەک بۆ مامۆستا یاسینی هاورێی دەنیرێت تا بیگەیەنێتە دەستی بەهار ، بەڵام مامۆستا یاسین لەوکاتەدا چاوی بڕیوەتە بەهار و لەلایەن خۆیەوە وەک زۆربەی کوڕانی گەڕەک خۆشی دەوێت ، هێندە سەرسام دەبێ بە نامەکە نایدات بە بەهار ، نامەکە وەک خۆی دەنووسیتەوە و ناوی خۆی لە ژێرەوە دەنووسێت ، بە هاوڕێکانی دەڵێ کە خۆی ئەو نامەیەی نووسیوە و بۆیان دەخوێنێتەوە ، بە تایبەت زۆر بەم چەند دێرە سەرسام بوو کە لە نامەکەدا دەڵێت ، ( ئەگەر ئەمجارە بێمەوە ، ژوورێکت لە شار ، لە دڵمدا بۆ چراخان دەکەم شەو و ڕۆژ ڕووناک بێت بەهار ، تا پێکەوە پیرو خەڕۆ ئەبین ، شیعرت بۆ ئەهۆنمەوە .. ) ، مامۆستا یاسین حەزی دەکرد خۆی ئەم چەند دێرە بۆ بەهار بخوینێتەوە ، بەڵام لە هەوڵەکانی سەرکەوتوو نابێت ، چونکە بەهار تەنها دڵی بە جەلالی میرزا کەریمەوەیە ، مامۆستا یاسین جارێک دەچێتە ماڵی بەهار دەفتەرە شیعرەکەی جەلال وەک ئەمانەتێک لایەتی و دەیگەیەنێتە دەستی بەهار ، بەر لە ڕۆیشتن ئەوەشی پێ دەڵێت کە جەلال نامەیەکی بۆ نووسیوە دەڵی ، بمبوورە کە بەدەستم نەگەیاندووی ، بەهاریش قسەکەی پێ دەبڕێت و دەڵێت ( هەموو شتێک دەزانم ، تۆ خۆت سەغلەت مەکە و ئاگات لە دڵی خۆت بێت ، هاوڕێکانت و دەیان کوڕی ئەو شارە هاوشێوەی ئەو نامەیان فڕێدابووە حەوشەکەمان ، هەموو نامەکان لەیەک ئەچوون ، زانیم ، چونکە پێشتر ئەو قسانەم لە جەلال بیستبوو ! ) . هەر لە پایزی ئەو ساڵە جەلال لە بەندیخانە ڕزگاری دەبێت و دەگاتەوە سلێمانی ، بەڵام چی دوو هەواڵی تراژیدی و ئێجگار خەمناک دەبیستێت ،، یەکەم مردنی حەلاوەخانی دایکی بوو ، دووەم خۆ سووتاندنی بەهار دەبێت . کە ڕۆژی مەنعەتە جەولەکە بەهار و حەلیمەی دایکی خۆیان دەسووتێنن ، دراوسێکان بەر لە خۆسووتانی بەهار و دایکی گوێیان لە دەنگی چەند پیاوێک دەبێت لە ماڵەکەیان ، هەرچەندە بەهار بە سووتاوی خۆی لە پەنجەرەوە ڕزگار دەکات و بە ژێرکراسەکەیەوە و ئەویش بەسەر جەستەیدا تواوەتەوە ، ماوەیەک لە نەخۆشخانەش دەمێنێتەوە و لەو کاتەدا جەلال سەردانی نەخۆشخانەش دەکات بەڵام ، بە شێوەیەک شێواوە کە ناناسریتەوە ، دکتۆرەکانیش لە مانەوەی لەنێو ژیان نائومێد دەبن ،، ئەو کارەساتە ژیان لەبەرچاوی جەلال تاریک دەکات و ناتوانێ لە سلێمانی درێژە بە ژیانی بدات و ئیتر ئەو شارە جێدەهێڵی و ڕوو دەکاتە بەغدا و چەند ساڵێک لەوێ دەژی . لە بەغدا خەریکی نووسینی شیعر و کاری میدیایی دەبێت ، بەڵام لەوێش وەک کەسایەتیەکی شیوعی لە هەڕەشە و چاودێری کردنی پۆلیس بێبەش نابێت ، تا دواجار لە ترسی گیران بەغداش جێدەهێڵێ و دەگەڕێتەوە سلێمانی ، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول ڕوودەکاتە شاخ و لەوێش وەک پێشمەرگەیەک و شاعیرێک و میدیاکارێک کاری خۆی دەکات ، دوای کۆتایی هاتنی شۆڕش ڕوودەکاتە هەندەران و لە ئەمریکا دەگیرسێتەوە . لە ئەمریکاش هەر خەریکی کاری نووسین و لەگەڵ بەهار و یادەوەرییەکانی دەژیت . شەوێک دەچیتە باڕیک و بەدەم خواردنەوەی وێسکی سەری گەرەم دادێ و چاو بە چواردەوریدا دەگێڕێ لەلای ڕاستییەوە کچێکی قژڕەشی پێست سپی دانیشتبوو ، جەلال بە سرنجەوە لێی دەروانی ، دواتر هەر بەدەم هەڵدانی پێکەکانی دەفتەرە بچووکەکەی گیرفانی دەردێنێ و بەیادی بەهار و ڕۆژانی ڕابردوو دەستدەکات بە نووسینی پەخشانە شیعرێک کە بەو شێوەیە دەست پێدەکات ، ( ئەمشەو دڵم نوقمی ئاخ و حەسرەتی لافاوێکە و نانیشێتەوە ، ئاودامانم شۆڕکراوەی تەنوورێکە و ناکوژێتەوە … لە کۆتاییش دەڵێت ، ئیتر هیواکانم دەبنە پۆلە مەل و بە ئاسمانی کوردستانی پڕ ئاشتیا بالدەگرن و هەر هەڵدەفڕن ،، هەڵدەفڕن و هەڵدەفڕن ! ) . دواتر دواقومی ویسکییەکەی هەڵدەدات و دووبارە لە کچەکە دەڕوانێتەوە ، کچەکە تەمەنی بیست ساڵێک دەبێت و لە بەرچاویدا ببوو بە بەهار ،، ئەوەی هاتە بەر گوێ کە هەموو جارێک لێی دەپرسی جەلال گیان چیت نووسیوە ؟ هەستاوە سەرپێ پاکەتە جگەرەکەی هەڵگرت و چوو لە شانی کچەکە وەستا و داوای لێکرد کە دەتوانێ لەلایەوە دابنیشێت ، کچەکەش گوتی فەرموو ، خۆیان بەیەکتری ناساند کچەکە گوتی من ( سپرینگ ) ! ئەی خودایە ئەوە چی دەبیستێت ، هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و لە دڵی خۆیدا گوتی ئەوە بەڕێکەوت نییە ، ئێ سپرینگ یانی بەهار ! ژنەکە هەست بە باری دەروونی و شپرزەیی جەلال دەکات ، لێی دەپرسێت ئەوە چیتە ، ئەویش دەڵێ ( ناوەکەت سەرنجڕاکیشە ! ) ، ئیتر دوای دەستخستنە نێو دەستی یەک هەردووکیان خۆشحاڵ دەبن و دواتر بەیەکەوە دەخۆنەوە و قسەدەکەن ، لێرەدا نووسەر زۆر وریایانە وەک چەند شوێنی تر بەریەککەوتنی زۆر نایاب و سەرسوڕهێنەری پڕ چێژی داهێناوە کە جوانکاری زێتری بە دیمەنەکان بەخشیوە ، زێتر لە سێ پێکیان خواردەوە ،، دوای هەندێک بێدەنگی دواتر کچەکە باسی ئەوەی کرد کە بەنیازی سەفەر و گەشتە بۆ چەند وڵاتێک دواتر گوتی بە نیازم بڕۆم بۆ بەغدا ، بەڵام جەلال گوتی ئێستا لە عێراق جەنگە و باشترە نەڕۆیت ، پرسیاری زێتر لە یەکتری دەکەن و کات درەنگ دادێ ، کچەکە بەرلەوەی بڕوات ژمارە تەلەفۆنی خۆی بۆ جەلال دەنووسێت و ڕوومەتی جەلال ماچ دەکات و باوەشی پیا دەکات و دەڕوات ، جەلالیش هیچ ناکات و تەنها لە دواوە سەیری دەکات و پاشان ئەویش دەرواتە دەرەوە ، لە ژێر ڕووناکی گلۆپەکان سەیری کلووە بەفرەکان دەکات ، لەناکاو لە پشتییەوە گوێی لە دەنگی ئوتومبێلێک دەبێت فریای ئاوڕدانەوەش ناکەوێت و دەکەوێتە ژێر ئوتومبێلەکە و بەسەر پشتیدا تێدەپەڕێت ، لەوکاتەدا گوێی لە تێکشکانی ئێسقانەکانی لەشی خۆی دەبێت ، لە هۆشخۆی دەچێت و دواتر لە نەخۆشخانە خۆی دەبینێتەوە ، دواتر بۆی دەردەکەوێت شوفێرەکە سپرینگ ئەو کچەی ئەو شەوە بوو بە هاوڕێی ، ئیتر لێرە بەدوات جەلال دەبێت بە کەسێکی تێکشکاو و نێوە مرۆڤ ،، ئەم شکانی پەراسووەکانی و ئازارەکانی پشتی تا کۆتایی ژیان بە دەستییە دەناڵێنێ و لە زۆر شت مەحروم و بێبەری دەکات ، یەکێک لەوانە کە ناتوانێ جارێکیتر کاری سەرجێیی بکات ، دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک و مانەوە لە غەریبی و دوای ڕوودانی ئەم کارەساتە ، بە ناچاری بۆ ڕزگاربوون لە دەست ئەم ئازار و تەنیاییە دەیەوێت داخوازی کەسێک بکات بە ناوی ( ڕووناکی کچی جەمال بەختیار ) ، کە هەم کچەکە و هەم باوکی بە خۆشحاڵییەوە ڕازین بەڵام ، جەلال لەبەر ئەو هۆکاری وەزعی جەستەی بێدەنگی لێدەکات و دواتر کچەکەش لە جەلال نائومێد دەبێت هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکیتر دەکات ، ئیتر جەلال لەگەڵ نووسینی شیعر و یادەوەریەکانی و عەشقە غەمگینەکەی لە غوربەت و دونیای تەنیایی ژیان بەسەر دەبات ، بەدەم خواردنەوە زۆرجاران بیر دەکاتەوە و دەکەوێتە نێو دونیای خەیاڵ ، زۆرجار لە خۆی دەپرسی ،، ( ئەگەر زوڵمیان لە بەهار نەکردایە و ئەوا مام زامن بۆ تاهەتایە ماڵئاوایی نەدەکرد و جلەوی ژیان ویژدانی مرۆڤەکان لەو شارەدا ڕەنگی سروشتی خۆیان دەنواند ، منیش بەوجۆرە لە ژیان نائومێد نەدەبووم و وڵاتم بە جێنەدەهێشت ! ) . چ کارەساتێکە ، شاعیرێکی داهێنەر و نوێخواز بەو هەستە ناسک و شاعیرانەی خۆیەوە تا کۆتایی ژیانی لەنێو ژیانی ڕەبەنی و تەنیاییدا بمێنێتەوە ، بە ئاهی عەشێکی ناموراد و خەمناک سەربنێتەوە . عەشقێک لەنێو کوورەی کارەساتەکان سەری هەڵدابی و بە توونێلی ئازارەکان ڕەتبوو بێ و لەدواجاریش بە پانتاییە ڕەشەکانی تراژیدیترین خاڵ گەیشتبێ .

    _ جەلالی میرزا کەریم و گرووپی ڕوانگە و وتوێژێک لەگەڵ شێرکۆ بێکەس
    لەم بەشەدا دەمانەوێت باسی سەرهەڵدانی گرووپی ڕوانگە بکەین ، هاوکات ڕۆل و کاریگەری جەلالی میرزا کەریم ، وەک کەسێکی سەرەکی و دامەزرێنەری ئەم ڕەوتە نوێیەی ئەدەب ، لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ چەند هاوڕییەکی لەوانە ( حسێن عارف ، شێرکۆ بێکەس ، کاکە مەم بۆتانی ، جەمال شارباژێری … ) گرووپی ڕوانگە وەک ڕەوتێکی نوێی ئەدەبی و شیعری ڕادەگەیەنن، تەنانەت بایاننامەی ڕوانگەش جەلالی میرزا کەریم خۆی دەینووسێت ، وە دوای ڕاگەیاندنی ڕوانگە گۆڤارێک بە ناوی ڕوانگە سێ ژمارەی لێدەردەکەن بۆ قەڵەمە نوێخوازەکان ، هەرخۆی سەرپەرشتی دەکات و سەرنووسەری دەبێت . بەڵام ئەوەی مێژوو و نووسەران و شاعیران باسی دەکەن ، زێتر شێرکۆ بێکەس وەک خاوەندارێتی ڕوانگە و کەسی سەرەکی ئەم گرووپە دەرکەوتووە ، مەبەستمە ئەوە بڵێم کاتێک ناوی ڕوانگە دەهێندرێ یەکسەر وێنەی شێرکۆ بێکەس دیت بە خەیاڵ و بیرکردنەوەی کەسەکان ، لە چەندین دیمانەش شێرکۆ بێکەس کە باسی ڕوانگەی کردووە بەم شێوە سەرەکی و داینەمۆییە باسی ڕۆلی جەلالی میرزا کەریمی نەکردووە ، ڕاستە ڕاناوی ئێمەی بەکارهێناوە بەڵام ، وەک پێویست ناوی جەلالی میرزا کەریم نەهاتووە وەک یەکێک لە خاوەندارێتیە سەرەکیەکانی گرووپی ڕوانگە . جەلالی میرزا کەریم هەم تەمەنی لە شێرکۆ گەورەترە هەم ئەزموونێکی زێتری هەبوو ، لەو سەردەمانە شێرکۆ شیعری خۆی پێشانی جەلالی میرزا کەریم داوە کە ڕەئی ئەوی بۆ گرینگ بووە ، کە ئەمەش شتێکی زۆر ئاساییە لە نێوان شاعیرەکان . جەلالی میرزا کەریم هەر لەسەرەتای شیعر نووسینیەوە خەونێکی گەورەی هەبووە بۆ داهێنان . کەسێکی بزیو و چاڵاک بووە . لە ساڵی ١٩٥٨ کاتێک دوور دەخرینەوە بۆ بەسرە لەوێندەرێ لە ڕیگەی خوێندنەوەی شیعر و کتێبەکانی ، بەدر شاکر سەیاب و نازیکە مەلائیکە و عەبدولوەهاب بەیاتی ، ئاسۆ و بیرکردنەوەی بۆ شیعر و نوێگەری فراوانتر دەبێت و دواتریش هەریەک لەو سێ شاعیرە نوێخوازە عێڕاقییە هەر یەکەو لە شوێن و کاتی جیاواز دەبینێت و دەبێت بە برادەریان ، بەتایبەت دیدارەکەی لەگەڵ بەدر شاکر سەیاب دا ، کە بەیەکەوە گفتوگۆ لەبارەی نوێخوازی و بەتایبەت ڕەخنە لە حیزبی شیوعی و واتە دەوری نێگەتیڤی ئایدیۆلۆژیا و حیزب بەسەر ئەدەب و شیعر تایبەتتریش قسەکردن لەبارەی شاعیر و ئازادی شیعر نووسین ، ئەم رەخنە و قسەوباسانە سەرنجی جەلالی میرزا کەریم ڕادەکیشن ، ئەوەش دەبێتە ( هەوێنی بیری بزووتنەوەی ئەدەبیی ڕوانگە ) . ئیدی لێرە بەدوا بیر لە بزووتنەوەیەکی نوێی ئەدەبی دەکاتەوە بە ستایل و زمان و ئاسۆیەکی نوێوە ،، بۆ ئەم مەبەستە لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت ، لەگەڵ زۆرێک ئەدیب و نووسەرەکان وتوێژ دەکات و دانیشتن و کۆبوونەوە ڕێک دەخات ، بۆ نموونە جارێک تایبەت دەچێت بۆ هەولێر هەروەک لەنێو یادەوەریەکانی هاتووە و دەڵێت ( مەبەستی چوونم بۆ هەولێر ، بێجگە لە میوانداری هاوڕیکانم بە تایبەت جەمیل رەنجبەر ، گۆڕینەوەی بیرورا بوو دەربارەی ڕوانگە ، کە تاوەکوو ئەو ڕۆژانە تەنیا خەیاڵ بوو ) ، یان لە شوێنێکی تر لەنێو ڕۆمانەکەدا جەلالی میرزا کەریم دەڵێت ( ئەو شەوە من و شوکر مستەفا عەبدوڵا و جەمیل ڕۆژبەیانی میوانی عەلائەدین سەجادی بووین ، باسی دامەزراندنی کۆڕی زانیاری کوردیان بۆ کردم ، داوایان لێکردم لەگەڵیاندا بەشدار بم و تەنانەت ببم بە ئەندامیش . منیش باسی بزووتنەوەی ڕوانگەم بۆ کردن ، عەلائەدین سەجادی گوتی ، ئەگەر ئەوە سەربگرێت ، خەونی هەموومان دێتە دی ! ) . ئیدی لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ، بەردەوام لە هەوڵدان دابووە بۆ بزووتنەوەیەک یان گرووپێکی نوێگەر دواتر هەوڵەکان سەردەگرن و گرووپەکە ڕادەگەینن . جەلالی میرزا کەریم ئەو کاتەی لە ئەمریکا دەژی بەر لە گەڕانەوەی بۆ کوردستان بە چەند ساڵێک ، چوارشەمەیەکی وەرزی هاوین تەلەفۆنێکی بۆ دێت لەلایەن ( جەمال بەختیار )ەوە پێی دەڵیت ، شێرکۆ بێکەس دێت بۆ ئەمریکا و برادەران پێیان خۆشە تۆش ئامادە بیت ، ئەویش ڕەزامەندی پێشان دەدات بۆ ئامادەبوون لەو ڕۆژەدا ، ئەو ڕۆژە لە شارەکەی خۆیان بلیتی فڕۆکەی بڕی بۆ واشنتۆن ،، ڕێگاکە بە فڕۆکە پێنج کاتژمێر بوو ، لە کتێبخانەی فڕۆکەخانە کتێبێکی ( ئێنگریت یۆنگەر ) ژنە شاعیرێکی ئەفریقای باشوور دەکڕێت ، وەک خۆی دەڵیت کە لە بەغدا تەنها ناوبانگی ئەو شاعیرەی بیستبوو ، هەر لە هۆڵی چاوەڕوانی ، ژیاننامەی ئێنگرێت دەخوێنێتەوە ، کە دەگاتە ناو فڕۆکەش دەست دەکات بەخوێندنەوەی کتێبەکە ، یەکەم شیعر بەوە دەست پێدەکات بەناوی ( ئەو منداڵەی سەربازێک لە نیانگا کوشتی ) شیعرێکی سەرنجڕاکێش و نایاب دەبێت ، هێندە کاریگەر دەبێت هەر ئەوکات دەیکات بەکوردی ، دواتر خەیاڵ دەیباتەوە و بیرۆکەی شیعرێکی بۆ دێت و هەر لەتەنیشت شیعرەکەی ئینگرێت یونگەرەوە دەنووسێت ..
    ئەو منداڵەی لە گەرمیان سەربازەکان کوشتیان
    ئەو منداڵە نەمردووە
    ئەو منداڵە مستی بۆ دایکی هەڵبڕیوە
    کوردستان هاوار دەکات ، بۆن هاوار دەکات
    بۆ ئازادی دەر و دەشت
    لە دڵی گەمارۆدراوی شارەکاندا
    ئەو منداڵە بووەتە سێبەری سەربازەکان
    پاسەوانە بە چەک و زریپۆش و دارەوە
    لە هەموو کۆبوونەوەیەکی یاساداناندا ئامادەیە
    لە پەنجەرەی ماڵەکانەوە لە دڵی دایکی ئەڕوانێت
    ویستی لەژێر خۆردا یاری بکات لە گەرمیان لە هەموو شوێنێک
    ئەو منداڵە گەورە بووە و بە هەموو کوردستاندا ئەگەڕیت
    ئەو منداڵە بووەتە خێوێک و تەواوی جیهان دەگەڕێت .
    ئیتر دوای ئەوە دەکەوێتە نێو خەیاڵی کارەساتەکانی هەڵەبجە و ئەنفال و هەستێکی نائومێدانە دایدەگرێت ، چەندجارێک دەگەڕێتەوە سەر ئەو شیعرە و دەیخوێنێتەوە ، دەگاتە فڕۆکە خانەی واشنتۆن ، لە دووری پێنج سەد مەترێک لە هوتێلێک بۆ ماوەی پێنج شەو ژوورێک دەگرێت ، لە ئیوارەوە تا یانزەی شەو دەخەوێت ، سەعات دوانزە لە فڕۆکەخانە ئامادە دەبێت ، خۆیی و دەسکە گوڵێکی سوور ، لەو ماوە چاوەڕوانییە ئازارێکی زۆری دەبێت ، نزیکەی دە کەسیتریش لە ژن و پیاو لەوێ ئامادەن بۆ پێشوازی ، سەعات سێی شەو شێرکۆ دەگات ، خەڵکەکە بە پیریەوە دەچن ، شێرکۆ کە دەیبینێت یەکسەر دەیناسێتەوە و باوەش بە یەکدا دەکەن و گوڵە سوورەکەی پێشکەش دەکات ، دواتر بە شێرکۆ دەڵێت ، زۆر هیڵاکم ئازارم زۆرە ، ئەوە کارتی هۆتێلەکەم سبەی دوو سبەی کەی کاتت هەبوو چاوەروانت دەبم ، ڕۆژی دواتر شێرکۆ بێکەس دەگاتە هۆتێلەکە ، کاتێک دەگات جەلال ویسکی و لیمۆی لەسەر مێزێک دانابوو پێش گەیشتنی شێرکۆ ئەم دەستی بە خواردنەوە کردبوو ، سەرەتا بە ڕووداوەکانی کوردستان دەست پێدەکەن و بە تایبەت هەڵەبجە و ئەنفال ، شێرکۆ بێکەس شیعری ( عومەری خاوەر )ی بۆ دەخوێنێتەوە . بەدەم خواردنەوە لە قسەوباسەکانیان بەردەوام دەبن ، بەیەکەوە بوتلێک وێسکی تەواو دەکەن و هەر بەردەوام دەبن . سەرەتا جەلال باسی کتێبی ( پەرینامەی ) جەمال شارباژێری دەکات ، کە لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە لەلایەن براکانی کچەکە سەروگوێلاگی جەماڵ یان شکاندووە ، بەشێرکۆ دەڵێ ، ئەوکاتیش تۆ و جەماڵ دانووتان بەیەکە نەدەکوڵا ، شێرکۆ دەڵێ لەگەڵ حوسێن عارفیش باسی ئەو بابەتەمان کردووە و من ئاگاداری نەبووم و بەڵکو زۆریشم پێناخۆش بوو ، دواتر بابەتەکە دەگۆڕێت ، کتێبەکەی مارگرێتی پێشان دەدات و هەندێک باسی شاعیرەکە و شیعرەکانی بۆ دەکات پێشنیاری بۆ دەکات کە بیخوێنێتەوە ، شێرکۆش بە پێکەنینەوە دەڵێ ، جا بە ئینگلیزییە مەگەر تۆ بۆمی بخوێنیتەوە ، ئیتر دوای تاوێک بێدەنگی ، جەلالی میرزا کەریم بە شێرکۆ دەڵێت ، ئێستا تەنها خۆم و خۆتین ، تەنها وەکو دەردە دڵ با باسی ئەو ڕۆژە بکەین کە وەک یادەورییەکی تاڵ لەنێو خەیاڵم ماوەتەوە ، دەیەوێت هەرچی لەدڵی دا هەیە بۆی باس بکات ، گلەیی و دەردەڵ ، دەبێ چ ناسۆر و خەمناک بێت ئەو دەمانەی شاعیرێکی بێبەش لەژیان و لە شیعر و لە نیشتیمان و لە عەشق و لە ساتە جوانەکانی ڕامووسانی ، شاعیرێکی نائومێد و جەستە تیشکاو و خەون و هیواکانی تێشکاو ، دەبێ چەند بەسۆ بێت هەڵڕشتنی دەردەدڵ و گلەیی لە شاعیرێکی هاوڕێ و هاوبیر لە گرووپێکی نوێخواز ، گلەیی لە شاعیرێک کە وەک چرایەک لەنێو شیعرەکانیدا بۆ میللەتەکەی دەسووتێت و ئێستا لە شوێنێکی بەرز و بڵندی داهێنان دایە ؟! جەلال ڕاست و ڕەوان دێتە سەر باسی یەکەمین میهرەجانی شیعری کوردی کە لە بەرواری ٢٢/٣/ ١٩٧٢ لە کەرکووک لە قوتابخانەی ئیمام قاسم بەسترا بوو ، پێی دەڵێت ، شێرکۆ گلەییم لێت هەیە کە تۆو عەبدوڵا پەشێو و هاوڕییانی تر ، بەو بڕیارانە ڕازی بوون کە لەسەر بیروڕای جیاواز و ڕەخنەگرتن ، ڕێگە بە من و جەمیل ڕەنجبەر و چەند شاعیرێکیتر نەدرا لەم میهرەجانە بەشدار بین ، ئێوە نەک هەر ڕازی بوون بەڵکو شانازیشتان پێوە دەکرد ، ئێوە لە ژوورەوە و ئێمەش لە حەوشەکە ، دەبوو هەڵوێستتان هەبا و بەم بڕیارانە ڕازی نەبن ، بە تایبەت تۆ کە ئەندامێکی کارای ڕوانگە بووی . واتە بە سیاسی کردنی میهرەجانەکە و کۆنتڕۆلکردنی لەلایەن کەسان و لایەنێکی دیاریکراوەوە . شێرکۆ بێکەسیش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت ، بڕوا بکە لە بڕیارەکان هیچ دەستی ئێمەی تیا نەبوو ، ( مارف خەزنەدار ) بەرپرسی میهرەجانەکە بوو بڕیارەکان بڕیاری ئەو بوون ، پاشان ( بیرکردنەوەی ئێوە تێگەیشتنی زۆرگران بوو ، هەروەها حیزبی شیوعیش لەبەرەی گەلدا نەبوون هاوپەیمانی بەعس بوون ، ئیتر تۆ و جەمیل و هاوڕێیانیتر باجەکەتان دا ، ئەمە لەساڵی ١٩٧٢ بوو ، کە هەموو کورد گۆرانی بە باڵای ( مستەفا بارزانی ) و حوکمی زاتیدا هەڵدەدا ! ، دەزانی کاتی خۆی لە شاخ جەمیل ڕەنجبەر هەمان گلەیی لێکردم ، ڕەخنەکەی جەلالی میرزا کەریم ، لە دەستەی بەڕێوەبەری میهرەجانەکە نەبوو ، زیاتر ڕووی لە شێرکۆ و یەکدوو شاعیری تر بوو ، چاوەڕێی دەکرد هەڵوێستیان هەبا و هاتبانە دەرەوە و بەشداریان نەکردبا یان ڕێگربان لە چوونە پێشی بڕیارێکی سیاسی لەم چەشنە ، چونکە هۆکاری بەشداری نەکردنی هەندێک لە شاعیرە بە تواناکان . هۆکاری ئەدەبی و شیعری و زمانەوانی ، یان ستایل و ناوەڕۆک نەبوو بەڵکو ، زێتر هۆکارەکە سیاسی بوو ، ئەمەش بۆ کەسێکی نوێخواز و داهێنەری وەک شێرکۆ نابێت قەبووڵکراو بێت ، جەلال لە شوێنێکدا دەڵێت ( لەو میللەتە نەگبەتتر نییە ، کە شاعیرەکانی وەک کەسانی سیاسی و بازرگان بیر دەکەنەوە ! ) ،لەپشتی ئەو دەربڕینە ئەوەمان پێدەڵێت کە ، جەلالی میرزا کەریم چەندە شاعیرێک بووە کە لەنێو ڕووبەری شیعر ئازاد بووە و نەکەوتۆتە ژێر هیچ هێزێکی دەرەکی بە ئایدیۆلۆژییە مارکسیسیەکەی خۆیشیەوە ، ئازادی نووسەر هۆکارێکە بۆ یاخیبوون و نوێگەری نووسەر ، کەسێک ئازاد نەبێ ناتوانێ یاخی بێت ، کەسێکیش یاخی نەبێت ناتوانێت داهێنەرێکی نوێخواز بێت . جەلال لە جانتاکەی فایلێکی زەرد دەردەهێنێ دەڵێت ،( ئەوە دەربارەی میهرەجانی شیعرییەکەی کەرکووکە بەناونیشانی : لە یەکەم میهرەجانی شیعری کوردی لە کەرکووک چی ڕوویدا ؟ بە نیازم بیکەم بە کتێبێک ! ) . وردە وردە بەیەکەوە سەیری لاپەڕەکانی فایلە زەردەکە دەکەن ، جەلال دێتە سەر شیعرەکەی جەمیل ڕەنجبەر بەناوی ( لکە زەیتون لە گێژاوی خوێنا ) ، ستایشی شیعرەکە دەکات و دواتر دەڵێت ، ئەوەش شیعرەکەی عەبدوڵا پەشێو من نامەوێت بەراوردیان بکەم ، بەس توخوا ئەو شیعرەی جەمیل ڕەنجبەر هی ئەوە بوو ، سانسۆر بکرێت و ڕێگەی پێنەدەن بڵاوبکرێتەوە ؟ شێرکۆ دەڵێت جەلال بە عەقلی ئێستام با بێگومان ڕازی نەدەبووم و بیرکردنەوەی ترم دەبوو لە هەمانکات دانبەوەش دادەنێت ، کە شیعرەکەی پەشێو ( هەندێک وانە بۆ منداڵان ) لە ژێر کاریگەری بیرۆکەی شیعرەکەی تۆ بەناوی ( نەمر ) کە ساڵی حەفتا لە ژمارە شەشی هاوکاری بڵاوت کردەوە ، دەبوو سەرچاوەکەی ئاماژە پێکردبا ، کاتی خۆی ئەو گلەییەم لە پەشێو هەبوو ، جەلال دەڵێت ئەی ، ناونیشانی ( شەونامەی دڵدارێکی تینوو ) ، لەگەڵ ( شەونامەی شاعیرێکی تێنوو .. ! ) ، دوای ئەوەش جەلال من پێشێلی بەیاننامەی ڕوانگەم نەکردووە ، تۆ ئەوەت بیرچووە هەموومان بەجۆرێک لە جۆرەکان لەژێر کاریگەری بیرکردنەوەی ئەو سەردەمەیا بووین ، ئەی لە گوتاری ڕوانگە نەهاتووە ( پیشەی شیعر نووسین کارگێڕیشە ، شۆڕشگێڕیشە و جەنگاوەریشە ! ) ، جەلالیش دەڵێت لەوەیا لەگەڵتام ، گوتاری ڕوانگە هێندەی ( بەلاغێکی نەتەوەیی و سەربازی بوو ، هێندە ئەدەبی و هونەری نەبوو ) ، بەردەوام دەبن لە سەیرکردنی لاپەرەکان ، شێرکۆ دەڵێت ، جەلال پێکێکی ترم بۆ تێکە ، ئێستا دێیتە سەر بەراوردکردنی شیعرەکەی خۆم و خۆیشت با خۆم ئامادەکەم . جەلالیش دەڵێت ، با ئەوەی خۆمان نهێنی بێت لەنێوان خۆم و خۆت ، ئەوەندەم بەسە کە توانیم وەک دوو هاوڕێ و دوو شاعیر ڕووبەروو ئەوەت پێبڵێم ، ( کە میللەتانی دونیا بۆیە خاوەنی زمان و فەرهەنگ و هونەری ڕەسەنی خۆیانن چونکە مرۆڤی خاوەن هەڵویستیان هەیە و تا سەر ئێسقان لەگەڵ یەک ڕاستگۆن ! ) . شێرکۆ تۆ زوو پشتت کردە ڕوانگە و دواتر هەر لێشی پەشیمان بوویتەوە ، شێرکۆ بێکەسیش گوتی ، جەلال نابێت ئەوەت لەبیر بچێت ( کە ئێمە باس لە شیعری بەرگری و شۆڕشی ئەیلوول و بە تایبەت بەیانی یازدەی ئازار دەکەین ) ، ئەوەش دەڵێت کە ئەویش بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول کردووە و ڕادیۆی شۆڕشی بەڕێوە بردووە و بۆ ڕۆژنامەی برایەتی نووسیوە ، جەلال دەبینێت شێرکۆ مەست بووە ، فایلە زەردەکەی لێوەر دەگرێت و پێی دەڵێت ، تۆ تازە بووی بە پێغەمبەری میللەتێک من شەڕی تۆم پێناکرێت ، تۆ خاوەنی شیعری ( سوتماک )یت ، هەرچەندە ڕەخنەی لەو شاکارەش دەگرێت و دەڵێت ، لایەنگر بوویت و شیعرت بۆ زۆرکەس نووسی و ناوی شۆڕشگێڕت خستنە پاڵ کە دەستیان هەبوو لە شەڕی براکوژیدا ! یان رەوایەتیدان بە وشەی شەهید لە شیعری کوردیدا . شێرکۆ بێکەس لە وەڵامدا دەڵێت ( جەلال تۆ پێش ئەوەی شاعیر بیت و شۆڕشگێڕ و کەسێکی چەپی بێوێنە بوویت ) ، لێرەدا شێرکۆ دان بە چەند راستییەک دا دەنێت و دەڵێت ( بە بیرت دێت کە یەکەمجار یەکتریمان بینی ، داوات لێکردم بخوێنمەوە ! ، هەموو ڕۆژێ بەدوام ئەگەڕایت و کتێبت بۆ ئەهێنام ! من ئەوسا نە شاعیر و نە سیاسەت هیچیانم لە خەیاڵدا نەبوو ، تۆ تووشی ئەم دەردە سەریەت کردم ! ڕوانگەش بیرۆکەی تۆ و عەبدولا عەباس بوو ، بەیاننامەکەش خۆت نووسیت ! ) ، لەوەش زێتر دەڕوات و دەڵێت ( بەڵێ ، من ئەوسا تەمەنم چواردە ساڵ بوو ، هەموومان بەخیلیمان بە تۆ دەبرد ، تۆ کەسێکی ئازا و چاو نەترس بوویت ، هەروەها ، بەهاری عەربەت ، جوانترین کچی شاری سلێمانی عاشقی تۆ بوو ! ) ، ئەوەش قەدەری تۆ بوو کە لە دووری نیشتیمان کەوتییە ژێر ئۆتۆمبێل و بەو ڕۆژە گەیشتیت ! . لێرەدا وتوێژەکەیان کۆتایی دێت ، ئیتر لێرەوە لە دەمی شێرکۆ خۆی ڕاستیەکانمان بۆ دەردەکەوێت ، کە جەلالی میرزا کەریم ڕۆلی کەسی یەکەم و سەرەکی هەبووە لە دامەزراندنی گرووپی ڕوانگە و خۆی بەیاننامەکەی نووسیوە ، ئەم شار و ئەو شار گەڕاوە خەڵکی بۆ پەیدا کردووە و هەر خۆیشی سەرنووسەر و بەڕێوەبەری گۆڤاری ڕوانگە بووە ، بۆیە لەم نووسینەم دروستبوونی گرووپی ڕوانگە و وتوێژەکەی نێوان جەلالی میرزا کەریم و شێرکۆ بێکەس تا ئاستێک ناوەڕۆکەکەییم وەک خۆی نووسیوەتەوە ، چونکە ویستوومە پێ لەسەر ئەوە دابگرم کە ، پێویستە مێژوو وەک خۆی بخوێندرێتەوە و ڕاستییەکانیش وەک خۆیان باس بکرێن .

    نۆڤەمبەری ٢٠٢٣

سەرچاوە : ڕۆمانی ( خانەقای میرزا ) .. نووسینی ( میران ئەبراهام ) .




نامەیەکى كراوه بۆ هاوڕێیەکی شاعیرم.. ناڵە حەسەن

سڵاو هاوڕێی شكۆمەند و بەڕێز: (سەباح ڕەنجدەر). بە هیوام ئاسوودە و تەندروست بیت.

بە سەلیقەیەکی پڕ هەستەوە زێتر لە جارێک، قەسیدەی (تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین)م خوێندەوە، چێژی زۆری پێبەخشیم، بە بڕوای من یەکێکە لە قەسیدە نایابەکانی تۆ، دەقەکە زێتر فۆرمێکی درامی هەیە، دەقێکی درێژ لەنێویدا کۆمەڵێک دەقی تری جودای لەخۆگرتبێت، وەک ئەوەی ڕۆمانێک چەند کاراکتەرێکی سەرەکی هەبێت و هەریەک لەو کاراکتەرانەش بە کۆمەڵێک ڕووداوەوە دەورەدرابن. لەم شێوە دەق و فۆرمانەدا کە زمان بە چڕی ئیشی لەسەر کرابێ و وشە و ڕستەکان لە پەیوەندییەکی توندوتۆڵدا بن، کردنەوەی کۆد و هێماکان بۆ بەرجەستەبوونی خوێندنەوەیەک و دیاریکردنی ناوەڕۆکێک ڕەنگە کارێکی سانا نەبێت، من نامەوێت لەم نامەیەدا باس لە پەیوەندی فۆرم و ناوەڕۆک بکەم، بەڵام هەر ئەوەندە دەڵێم لە هەموو دەقێکی شیعری (ناوەڕۆک) بوونێکی نادیاری هەیە، لەڕێگای خوێندنەوە ئەو بوونە دەردەکەوێت، دەرکەوتنەکانیش لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکی تر دەگۆڕێت، لە دەقی (تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین) خوێنەر لە ڕێگەی هەندێک لە وشە و ڕستە و دەستەواژە شیعرییەکانەوە، دوای ڕامان و قووڵبوونەوە دەتوانێ بڕێک لە کۆد و هێماکان بکاتەوە، (ڕەنگە) بە ناوەڕۆک و خوێندنەوەیەک بگات. من بەشبەحاڵی خۆم لەم دەقەدا زۆرێک لە ڕستە و دەستەواژەی شیعری جوانم خوێندەوە، کە هەم چێژبەخش بوون، هەم وەکو میتافۆر و هێما و وێنەی شیعری لە پشتیانەوە هەڵگری کۆمەڵێک گوتن و کێشمەکێش بوون، بەتایبەت کێشمەکێشی نێوان (ژیان و مردن). من لێرەدا (هەندێک) لەم ڕستە و دەستەواژە شیعرییانە دەنووسمەوە دواتر هێندەی بۆم بکرێت قسەیان لەبارەوە دەکەم.

  • لە شیعری (ڕوخسار و شوێن):
    دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی
    هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما
    گەڕاینەوە بەرسێبەری درەختی گۆڕستانەکان
    ***
    مرۆڤ شاراوە و نهێنی درۆی ژیرە
    نانی کردە تاشەبەرد
    ***
    گۆڕیان بەتاڵکردین و ئێسکیان کردە قۆپچە
    ***
    _ لە شیعری (جێناوەکان):
    با بگەڕێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو
    با بگەڕێینەوە دواوە باران خوێواوی لێدەچۆڕێ و
    دەیکاتە هەڵم و دەبێتە تانەی چاو
    ***
  • لە شیعری (گەشەی ڕەنگ):
    شۆڕش شەپڕە لێی داوە
    ناتوانێ مەلە بکا
    ***
    دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا
    هەڵیخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک
    ***
    _ لە شیعری (ئاوازی چاوپێکەوتن):
    سەرزەمین تەواو ماندووە
    پێویستی بە چاوپێکەوتنی دەنووک و باڵە
    ***
    _ لە شیعری (بلیتی ژمارە بیست و هەشت):
    هەناسە سواریت باڵندەیەکی هێلکە شکاوی هەڵکورماوە
    گوتم لە شاری شیعر دەژیم و هەناسەم نەرم و خۆشە
    بە ئارەزووی خۆم لە بەهەشت ناچمە دەرەوە
    ***
    _ لە شیعری (بێڕەنگ):
    ئەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بوو
    بێڕەنگ هەموو ڕەنگەکانی دابووە دنیا
    ***
    _ لە شیعری (کاتی تایبەتی ڕووبار):
    کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن
    بیخەینە گەنجینەی منداڵێک

زۆرنین ئەو دەقانەی بە چەند دێڕێکی شیعری دەتوانن تەعبیر لە تراژیدیایەکی گەورە، یان ژیانێکی پڕ لە ئازار و مەرگەسات بکەن، یان ڕەسمکردنی ئەو زەمەنەی مرۆڤەکان لەنێو شەوەزەنگێکی تاریک و لە گۆڕستانێکی گەورەدا هەناسە دەدەن، یان هەموو خەونە گەورەکان دەبن بە تۆزوغوباری دەم ڕەشەبا. شاعیر لەو دەقەدا ڕۆحێکی تووڕە و ماندووە، بێزار لە هەلومەرجێک کە دەتوانین بە هەلومەرجی مردنی خەونە جوانەکان ناوی ببەین، ڕۆژگارێکە کە دیکتاتۆر خاوەن هەموو دەسەڵات و هێزێکی گەورە و ڕەهایە، لەڕێگەی ئەم هێزەی دیکتاتۆرەوە هەموو پەیوەندییەکان و یاسا و ڕێساکان ناڕێک و ناتەندروست دەبن و جووڵە و ئاراستەکانی ژیان دەشێوێندرێ، کە هیچ بەها و حورمەتێک بۆ ئەوی تر و مرۆڤ و بەها مرۆییەکان نامێنێتەوە، نیشتیمان دەبێتە گۆڕستانێکی گەورە، شاعیر لە شیعری (ڕوخسار و شوێن)دا، وێنەی ئەم نەهامەتیانەمان لە دیمەنێکی شیعریی جوان و سەرکەوتوودا بۆ دەکێشێ و دەڵێ (دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما گەڕاینەوە بەرسێبەری درەختی گۆڕستانەکان)، دیکتاتۆر بێڕەحمانە بەسەر خوانەکان دەپژمێ و دەڕشێتەوە، خوانەکان پیس و ژەهراوی دەکات، دواتر هیچ نیشانەیەکی خواردن نامێنێ و سفرەکان بەتاڵ و خاڵیی دەبن، مرۆڤەکانیش بە سکی برسییەوە لەبەر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان ڕۆژەکانی تەمەنییان دەژمێرن، چونکە نان بۆتە (تاشە بەردێکی گەورە). شاعیر لە دێڕێکی تردا وێنەیەکی گەورەترمان بۆ دەکێشێ و دەڵێ (گۆڕیان بەتاڵ کردین و ئێسکیان کردە قۆپچە)، ئەمە دێڕە شیعرێکی تا بڵێی جوان و شیعرییە، پڕ لە جووڵە و پڕ لە قسەیە، واتە دیکتاتۆر لە ڕێگەی ئەو هێز و دەسەڵاتە ڕەهایەی هەیەتی، وەک بازرگانێکی بێڕەحم نەک بەروبوومەکانی سەرزەوی، بەڵکو چاوی بڕیوەتە ئەوانەی ژێرزەویش، ئەوەتا گۆڕەکان بەتاڵ دەکەن و ئێسکەکان دەکەنە قۆپچە، شاعیر لەم وەزعە ناڕازی و نائارامە، چونکە لە خەیاڵی ئەو، گۆڕستان شایستە بە مرۆڤ نییە، لە خەیاڵی ئەو (پەپوولەکان دەمدەخەنە نێو دەمی یەکتری و کەمانچەژەنەکانیش سەمفۆنیای گوڵ و نان دەژەنن!)، ئەو هەمیشە لەنێو خەیاڵە شیعرییەکانیدا، خەون بە دنیایەکی جوانتر و باشتر دەبینێ، لەنێو بیرکردنەوەکانی ئەودا، مرۆڤ پیرۆزترین بوونەوەرە و شایستە بە هەموو خۆشییەک و سەروەرییەکە. ئەوەتا ڕوون و ئاشکرا لە شیعری (بێڕەنگ)دا، پێمان دەڵێ (ئەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بوو بێڕەنگ هەموو ڕەنگەکانی دابووە دنیا!)، دەکرێت (بێڕەنگ) هێما بێت بۆ خالقێک، بەڵام خالقێکی نادیار، لێرەدا سەروەری و بەهای مرۆڤمان بۆ ڕەسم دەکات، شاعیر دەخوازێ ئەم ژیانە بگۆڕێت، سەرزەمین و بەرسێبەر و ماڵەکان نەبنە گۆڕستان (چونکە لای ئەو سەرزەمین تەواو ماندووە، پێویستییان بە چاوپێکەوتنی دەنووک و باڵە) (دەنووک و باڵ) هێمایە بۆ فڕین، واتە جێهێشتنی ئەو سەرزەمینەی کە ماندووە و بۆتە گۆڕستانێکی گەورە، واتە دەخوازێ ژیان بگەڕێتەوە باری ئاسایی و بەها و ڕێز و سەروەری بۆ مرۆڤەکان بگەڕێتەوە، بەڵام گۆڕان بەچی دەکرێت؟ ئەوە ئاشکرایە هەموو گۆڕانێک چ ڕۆشنبیری بێت، یان سیاسی، یان کۆمەڵایەتی، بێگومان بە ڕاسان و شۆڕش دەکرێت، بەڵام هەیهات لێرەدا (شۆڕش شەپڕە لێی داوە ناتوانێ مەلە بکات!)، چونکە (دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا هەڵیخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک!) واتە دیکتاتۆر ڕۆنی لەژێر پێی شۆڕشگێڕەکان ڕۆکردووە و هەموویان خلیسکاون و کەوتوون، بەمانای هەموویان، یان ئەوەتا لە خشتەبراون، یان ئەوەتا دەستەمۆبوون، ئێستا لەنێو نائومێدییەکی گەورە و لەنێو ڕووناکییەکی چرووک ڕاکشاون)، ئیتر گۆڕان چۆن ڕوودەدات؟ بۆیە شاعیر کە دڵنیا دەبێ لەوەی بەم هەموو کەوتن و نائومێدییە گەورانەوە ترووسکایی هیچ گۆڕانکارییەک نابیندرێ و بەم زووانە هیچ گۆڕانێک ڕوونادات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ناتوانێ بێدەنگ بێت، چونکە ئەو شاعیرە و (شیعریش فۆرمێکی بێدەنگ نییە) بۆیە دەخوازێ (کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن بیخەنە گەنجینەی منداڵێک) (گەنجینەی منداڵ) لێرەدا هێمایە بۆ دەستێکی پاک و ئەمین، شاعیر دەخوازێ گەنجینەکە بگوازرێتەوە بۆ دەستێکی ئەمین، تا چیتر مرۆڤەکان سفرەیان خاڵیی نەبێت و لەژێر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان ڕانەکشێن، بەڵام شاعیر لەوەش نائومێد دەبێت، واتە بە وەزعێکی ئیفلیج و تا چاوبڕکات هەر تاریکیی بێ، بۆیە هەر لەنێو نائومێدییەکانی خۆی دەمێنێتەوە و دەڵێ (با بگەڕێینەوە دواوە باران خوێواوی لێدەچۆڕێ دەیکاتە هەڵم و دەبێتە تانەی چاو)، ئیتر تەواو، کە باران خوێوای لێچۆڕا، درەخت و گیا و سەوزاییش دەمرن، وردە وردە مرۆڤەکانیش، بەمانای ئیتر (تەواو دواجار هەموومان لێرەوە دەڕۆین)، گوتمان شاعیر لەنێو نائومێدییەکی گەورەدایە، یاخی و بێزار و ماندوو و تووڕەیە، بە گومانێکی تۆخ و بە چاوی ڕەخنەوە لە هەموو گۆشەیەک دەڕوانێت، لە هیچ شوێنێک ئارام ناگرێ و ناحەسێتەوە، لەگەڵ ئەوەی هەموو یاساکان و هەموو دۆخەکان ناڕێک و شێوێندراون، ژیان هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە، شاعیر لەم گۆڕستان و لەم ژیانە مەرگەساتییە تەنها شوێنێک شک دەبات بتوانێ تیایدا هەناسە بدات و ئارام بێتەوە ئەویش (شاری شیعرە (وەک ماڵێکی ئارام).) ئەوەتا خۆی لە شیعری (بلیتی ژمارە بیست و هەشت)دا دەڵێ (گوتم لە شاری شیعر دەژیم و هەناسەم نەرم و خۆشە ئەها شیعرم لێدیارە و وەک کاتژمێری چوونە ژوان ڕێکی خستووم)، ئەو دەڵێ (شاری شیعر)، بەڵام شاریش هەر شوێنی ژیانە، بۆیە من دەڵێم ماڵ، واتە لەنێو ئەم هەموو نەهامەتی و نائومێدییە گەورانەدا شیعر تاکە هیوایە کە بۆی دەژی و لەنێو ئەم هەموو ناڕێکیانەدا (ماڵی شیعر) ژیانێکی ئارامی پێبەخشیوە وەک کاتژمێر جەستە و دەروونی ڕێکخستووە. هەر ئەوەندەش نا، دەڵێ (بە ئارەزووی خۆم لە بەهەشت ناچمە دەرەوە)، ئەو شاعیرێکی نوێخواز و داهێنەرە، لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێنان ناسنامەی شاعیربوونی بەدەستهێناوە، ئیتر کەسە داهێنەرەکانیش دەبن بە موڵکی مێژوو و مرۆڤایەتی بۆ تاهەتا لەنێو ئەبەدییەتدا دەمێننەوە، لێرە بەهەشت هێمایە بۆ مانەوە لەنێو ئەبەدییەتدا.
تا ئێرە بەشی یەکەمی نامەکەم بوو لە بەشی دووەمدا، دەمەوێت لە دەرگای بابەتێکی گرینگ بدەم ئەویش لە ڕێگەی دێڕە شیعرێکی نێو ئەم دەقە، لە شیعری (جێناوەکان)دا دەڵێت (با بگەڕێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو.)، لەم دێڕە شیعرەدا جوانییەکی بێوێنە بەرهەم هاتووە لە هەمانکات، بارگاوییە بە خەیاڵی زانستی و فەلسەفی، لەسەرەتا ئەو پرسیارە لەلای خوێنەر دروست دەبێ بۆ هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو؟! لەنێو قووڵایی بیرکردنەوەدا ڕاستەوخۆ بیرمان بۆ لای (نیوتن و هاوکێشەی کێشی زەوی) دەچێت، دواتر تێکەڵ بە ململانێی نێوان هێزەکانی مردن و ژیان دەبینەوە. لەم وێنەیەدا دیکتاتۆر زەوی کردۆتە گۆڕستانێکی گەورە، زەوی هێمایە بۆ مردن، ئاسمان لەسەرووی سێوەکەوە، ڕووناکی و خۆرەتاو و ئەستێرەکان و بەپێی بیرکردنەوە ئایینەکان خوداوەندەکانیش لەوێن، خوداوەندیش خاوەن هەموو دەسەڵات و هێزێکە، ئاسمان هێمایە بۆ ژیان، لەنێوان ململانێی (هێزی زەوی و هێزی ئاسمان) سێوەکە ململانێ و ئەنجامەکان یەکلایی دەکاتەوە، دەکرێ سێوەکەش هێما بێت بۆ (مرۆڤەکان و نیشتیمان و هەموو شتە جوانەکان.)، دواجار سێوەکە دەکەوێت.، هێزی مردن واتە (هێزی زەوی) زاڵدەبێت بەسەر (هێزی ئاسمان) واتە هێزی ژیان، بێگومان لەباروزروفێکی وا کە شۆڕش شەپڕە لێی دابێ و شۆڕشگێڕەکان هەڵبخلیسکێن و بکەون، هەروەها چاویان پڕبێ لە ڕووناکییەکی چرووک، ترووسکایی هیچ گۆڕانکارییەک نەبیندرێ و مرۆڤەکان بە سفرەی خاڵییەوە لەژێر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان پاڵکەوتبن بێگومان جووڵەکان بە ئاراستەی مردن دەڕۆن بۆیە شاعیر لەنێو ئەو نائومێدییە گەورەیەدا دەڵێت (تەواو بۆدواجار لێرەوە دەڕۆین)، ئەم دێڕە شیعرە ڕەهەند و ماناکانی، بۆ من جگە لە ئێستیتیکا و چێژ، گرینگی و مانایەکی گەورەتری هەبوو، من مانیفێستێکم نووسیوە لە (سێ بەش) پێکهاتووە، گۆشەنیگا و تێڕوانین و بیرکردنەوەکانی ئەزموونی خۆمم بۆ شیعر لەم مانیفێستە چڕ کردۆتەوە، کە بەشی یەکەمی بەناوی: (شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە) (بەشی دووەم شیعر عەشقێکی گەورەیە.) لەم بەشەدا واتە لە بەشی دووەم دەڵێم: (شیعر ئەو عەشقەیە پڕاوپڕە لە خەون و ئومێد و جووڵە، فۆرمێکی پڕ لە قسەیە و هاوتەریبە لەگەڵ ژیان و بەها مرۆییەکان، شاعیر بیرمەند نییە، بەڵام لە ڕێگەی بیرکردنەوەکانی دەتوانێ پرسیاری بیرمەندانە بەرهەمبهێنێ، شاعیر فەیلەسووف نییە، بەڵام لە ڕێگەی پاشخانە مەعریفییەکەیەوە دەتوانێ پرسیاری فەلسەفی بوروژێنێ، شاعیر گەڕیدەیەکی جوانناسە بۆ دۆزینەوەی جوانییەکان هەموو گەردوون لەبەردەمی دایە، ئاسمان و کیشوەرەکان و ئۆقیانووسەکان و تەنانەت وردە ئەستێرە دوور دوورەکانیش، دواجار شیعر عەشقێکی گەورەیە، ئەشقیش میلۆدییە بەردەوامەکەی ژیانە و ژیانیش دەقێکی شیعری ناوازەی پڕ لە جوانی و چێژە). ئەم دەقە ئەوەی پیشانداین کە شیعر (فۆرمێکی بێدەنگ نییە)، شاعیر دەتوانێ دەنگ و هاوارەکانی خۆی بەسەر هەموو ئەو هێز و هۆکارانە بەرز بکاتەوە کە دەیانەوێت ژیان ناشیرین بکەن و خەونە جوانەکانی مرۆڤ لەبارببەن، هەروەها شیعر لەتوانایدا هەیە، بارگاوی بێت بە خەیاڵی زانستی و فەلسەفی و لەنێو مەعریفەیەکی فرەڕەهەند ئیش بکات، دواجار پرسیاری زانستیی و فەلسەفیش بورووژێنێ، بۆیە دڵخۆش بووم بە خوێندنەوەی ئەم دەقە بۆ من وەک ئەوە وابوو بە قەڵەمی جوانیی نووسرابێتەوە، ئیتر هاوڕێی شیعرییم، دووبارە هیوای خۆشبەختی و بەختەوەرییت بۆ دەخوازم، بە ئومێدم لەنێو ڕووبەری شیعر و ڕووبەری داهێنان، قەڵەمەکەت هەر بە بڕشت بێ و سڵاو لە شیعری باڵا.

١٢/9/٢٠٢٠ کەنەدا

تێبینی: قەسیدەی (تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین) لە (دە) شیعری تر پێکهاتووە بەم ناوانە (ڕوخسار و شوێن، جێناوەکان، ڕێگاکانی دەوروبەر، گەشەی ڕەنگ، ئاوازی چاوپێکەوتن، بلیتی ژمارە بیست و هەشت، ئەمڕۆ گۆرانییەک دەگوترێ، بێڕەنگ، کاتی تایبەتی ڕووبار، ستایشێک بۆ جوودی).

• سەرچاوە: كتێبی(سەرزەمینی هەموو ناوەكان) سەباح ڕەنجدەر،2003.




هەڵاتن لە ڕووناکی.. ناڵە حەسەن

من لەوەتەی هەم
لە ئاسمان ڕادەکەم و لەنێو با خۆم دەشارمەوە
لە ئەستێرەکان ڕادەکەم و لەنێو ئاگر خۆم دەشارمەوە
ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت
من لە شەوێکی تاریک و بەدیار فانۆسێکی شووشە شکاوەوە
هاتوومەتە دونیا و
ختوکەی شەرمێکی ڕۆژهەڵاتیش لە جەستە و ناخم جیا نابێتەوە
ماندووم و لەنێو ئەشکەوتە تاریکەکانی شکستەکانەوە هاتووم
گوێم لە زریکە و هاواری هەموو زەمەنەکان و چەرخەکان و وەرزەکان و
باخچەکان بووە
لەنێو ڕەشماڵ و پەرستگە و خەڵوەتگەکانی عەشق
گوێم لە ڕازە ڕەونەقاوییە ڕووناکەکانی شاپەرییەکانیش بووە
کتێبە پیرۆزەکانیشم یەکبەیەک خوێندۆتەوە
دێربەدێری ئایەتەکان و پەڕپەڕی خەونی بەیاتریسەکانیشم شیکردوونەتەوە
هەر بەم دەنگ و ڕوخسارو شان و ملە تۆزاوییەوە
هاتم و سەدەیەک لە مەمکۆڵە سپییەکانی ڕووناکی و
ئۆقیانووسێک لە شەپۆلی بێدەنگی و
کیشوەرێک لە نیگای خەواڵووی لەخۆم نامورادتر بە کۆڵمەوەیە
چ زەمەنێکی دژوار و ڕۆژگارێکی سەخت بوو
نەمانتوانی / لەنێو بەلەمەکانی باران بمینینەوە
لەگەڵ سەمفۆنیا هێمنەکانی سپێدە سەمابکەین و وێنەکانی خۆمان
لەنێو ئەلبوومەکانی مردن بهێنینە دەرەوە
خەونە خرپنەکانی خۆمان لەباوەش بگرین و نەهێڵین لێمان دوورکەونەوە
هاتم و من ویستم ڕووناکی ببەمە نێو سبەینێم
بیرم نەبوو ئەمڕۆم پڕە لە تاریکی
من ویستم ڕووناکی بگەڕێنمەوە نێو دوێنێم
بیرم چووبوو ئەمڕۆم ناتەبایە لەگەڵ ڕووناکی
هاتم و لەسەر هەموو کانییەک قومە ئاوێکم خواردەوە و بە هەموو ڕەنگێک
نیگاری ئومێدەکانم ڕەنگ دەکرد
گەرووم وەک شمشاڵێک هەموو ئاوازە غەمگینەکانم پێ دەچڕی
لەژێر سێبەری هەموو سنەوبەرێک خەونی خوناویم دەبینی
وەکو بارانیش بە پێدەشتی هەموو بەهەشتێکدا دادەباریم
سەردەمانێک ڕووناکی ماڵ بەماڵ و کۆڵان بە کۆڵان بەدوامدا دەگەڕا
ئێستا من لێی ڕادەکەم و دوور دەکەومەوە
لێی ڕادەکەم و ژیانیش لەپێشمدایە و وەکو من ڕادەکات
سەوزایی لە کەنار ڕێگاکان دوور دەکەونەوە
هێلەکان و رەنگەکانی پەلکەزێڕینەش
لە ئاسمان یاخی دەبن و جیادەبنەوە
جیادەبنەوە و ئەوانیش دوور دەکەونەوە
منیش هەر دەڕۆم و دوور دەکەومەوە
خۆم و خەیاڵێکی ڕووت ڕووت
خۆم و خەونێکی گۆچان بەدەستی رووت
خۆم و پەنجەرەیەک لە تاریکی ڕووت
خۆم و ڕۆحێکی هەلا هەلا و هەستێکی فۆبیایی
خۆم و خەیاڵێکی نامۆ و دەست و پەنجەیەکی لەرزۆک
ئەم جیهانە چەند چڕ و تێکئاڵاو و سەراسیمە و ئاڵۆزە
ڕەگەکانی ڕەش و ئەستێرەکانی ڕەش و مەمکۆڵەکانی ڕەش
شەو و شەوگاریش هەر ڕەش
ناتوانین وشەکان و ڕستەکان و نیگاکانی بخوێنینەوە
سەیرکەن بەردیش لێمان دوور دەکەوێتەوە و
ڕووناکیش بوخچەیەکە پڕ لە نهێنی نەدرکاو
عەشق بازنەیەکی داخراوە و دەرگایەکی هەیە بۆ چوونە ژوورەوە
دەرگای هاتنە دەرەش لە گۆڕستان سەر دەردەکا
چیڕۆکەکانی پێکەوەبوون گەیشتنە خاڵی کۆتایی
دەستەکانمان توانای لێکردنەوەی هەنجیرە گەییوەکانییان نەماوە
مەوداکانی نێوانیشمان بە ئەندازەی مەودای
ڕووناکی نێو دڵی تۆ و تاریکی نێو چاوەکانی من لەیەکەوە دوورن
هەر بەو نیگا تاریکانەوە دەڕوانم
هەندێجار کە لە ئاوێنەوە سەیری خۆم دەکەم / ڕوخساری خۆم ناناسمەوە
چ هەستێکی تووڕەهات و پووچ و هێڵنجاوییە ئەم خەیاڵانەی من
ڕووناکی نێو گەردوون پڕاوپڕە لە شتی نامۆ
بۆیە منیش نامۆم بە ڕووناکی و بە هەموو هاوکێشەکانی ئەم گەردوونە
من بە شێوەیەک خۆم فڕێدایە نێو چاڵەکانی عەشق
نەمدەزانی ڕۆژێک لەنێو قووڵاییەکاندا دەگەمە خاڵی کۆتایی و لەوێدا دەوەستم
دەوەستم و قاچەکانم لە جووڵە دەکەون
جەستە و میشک و پەنجە و چاوەکانم سڕ دەبن
لەدوورەوە / تەنها یەک ڕووناکی و یەک پەنجەرە و یەک مەشخەڵی ئاگر دەبینم
بۆیە ژیانێک ژیام / بیرم چووبوو لە کۆتایی دەگەمە خاڵی وەستان و مردن
هەر ژیام و لە ڕووناکی و ئاگر نزیک دەبوومەوە
کەچی ئیستا هەموو ڕۆژێ مردن قسەم لەگەڵ دەکا و پێمدەڵێ
چیتر خۆت بە فەتارەت مەدە و لە ڕووناکی دوورکەرەوە
ئێستا من چرکە چرکە لە ڕووناکی دوور دەکەومەوە
ڕووناکی ترسناکە لە مردن نزیکم دەکاتەوە
من ئێستا گومان لە هەموو ئاوێنەکان دەکەم
وەکچۆن گومان لە بوون و بیرکردنەوەکانی خۆیشم دەکەم
گومان لەو تاریکییە دەکەم کە ماڵێک نەبێت بۆ ڕووناکی
گومان لەو ڕووناکییەش دەکەم گۆشەیەک لە گۆشەکانی
پەناگەیەک نەبێت بۆ تاریکی
هەموو ڕووناکی گەردوونم هێنایە نێو شیعرەکانم
نەمتوانی لە زەردەخەنە مۆنالیزاییەکەی منداڵیم تێبگەم
نەمتوانی گومانەکانی نێو خەون و خەیاڵەکانم بخوێنمەوە
نەمتوانی لە نیگەرانییەکانی نێو تریفەی شەوەکانم تێبگەم
هەموو ڕووناکییەکانی گەردوونم هێنایە نێو شیعرەکانم
نەمتوانی تاریکایی نێو تەنیایی خۆم و تاریکایی نێو تەنیایی خۆرەتاو و
تاریکایی نێو تەنیایی خودا بخوێنمەوە
ئەی ڕووناکی من ئێستا لەتۆ ڕادەکەم و لێت دوور دەکەومەوە
لێت ڕادەکەم خۆم و خەونێکی ڕووت و گومانێکی ڕووت
وەکچۆن / وەرزەکان لە زەمەن ڕادەکەن و گەردوون لەبوون و
ئەی ڕووناکی منیش لەتۆ
هەندێجار ژیان نوختەیەکی ڕەشە بە سەر گۆنای مانگەوە
یان تابلۆیەکە لەشێوەی ئەسپێکی بچکۆڵە لەنێو هەورە ڕەشەکانەوە
منیش ڕادەمێنم و دەکەومە نێو خەیاڵێکی قووڵ قووڵەوە و دەپرسم
دەبێ من لەکوێی نێو ئەم نوختە ڕەشەی سەر گۆنای مانگ لەنگەرم گرتبێ
یان گەر لەو ئەسپە بچکۆڵەیەی نێو هەور ڕەشەکانەوە نزیک ببمەوە
تۆ بڵێی ئەمیش وەک هەمیشە لێم دوور نەکەوێتەوە
نوختە ڕەشەکە و ئەسپە بچکۆڵانەکە بە ڕووناکی ئەستێرەکانەوە
دەورە دراون
ئەستێرەکان ماڵی تیشکە سوورە ڕووناکەکانن
تیشکە سوورە ڕووناکەکان و من سەدەیەک لە نیوانمان
تریفە زەردە ڕووناکەکانی مانگ و سەدەیەک لە هەڵوەرین
سەدەیەک لە هەڵوەرین و پایزێکی سەرمەدی لەنێوانمان
ڕووناکی لەنێو بوونی من سەرابێکە بە نزیکبوونەوە ون دەبێ
وەک تەنکە بەفرێکی بەهاری بەنیگایەکی خۆرەتاو ڕەش دەبێتەوە
بێئاگا لەخۆم / کاتژمێرێکم لەدەستە قایش ڕەش و میلەکانی ڕەش
چرکە چرکە کات و زەمەنی سەدە تاریکەکانم بۆ دەخوێنێتەوە
زەمەنی لێکدابرانەکان و مردنەکان و وەستانەکان و سڕبوونەکان
ئێستا من / هەر پەنجەیەکم لە بنارێک و هەر قاچێکم لە کیشوەرێک و
چاوەکانم و پارچەکانی تری جەستەم فڕێدراونەتە نێو دەریاچەکانەوە
سەدەیەکم پێویستە بۆ خۆکۆکردنەوە
سەدەیەکم پێویستە تا نیگاکانم بە جووڵە بێنەوە و ئەو ڕووناکییە ببەخشن
کە لەنێو گۆشەیەکی چاوەکانم و لەنێو ژوورێکی قەسیدەکانم هەڵم گرتوون
ئاخ چ زەمەنێکی پڕ ئازار و خەفەتاوییە کاتێک ئەم دیمەنەم بیردەکەوێتەوە
منداڵیم کۆڵارەیەک بوو بەرز دەبوویەوە لە ڕووناکی نزیک دەبوویەوە و ون دەبوو
باڵندەکان بەرزدەبوونەوە لە ڕووناکی دوور دەکەوتنەوەو ون دەبوون
هەور لە بازنەیەکی ناڕێک دەخولایە و شەپۆلەکان سروودەکانیان بیردەچوویەوە
با مانی دەگرت و گڤە گڤی نەدەهات
گۆپکەی درەختەکانیش خالیبوون لە بوخچە ڕەنگاوڕەنگەکانی خەون
ئەم گەردوونە پێویستی بە تەقینەوەیەک و بورکانێکی گەورەتر هەیە
تا ئێمەش نوختەیەکی ڕەش دابنێین و سەر لەنوێ دەست پێبکەینەوە
بەڵام / ئەمجارەیان لە ڕووناکی ڕانەکەین و ببین بە تابلۆیەک لە ئاگر

                                                    ڕێبەندانی ٢٠٢٤



( گەڕان ١٤ ).. شیعری ناڵە حەسەن

                                                  

( تابلۆ ، یادەوەری ، عەشق ، فڕین ، نائومێدی ، بوون ، خۆزگە ، ڕابردوو ، جوانی ، تەنیایی ، شیعر ، ئارەزوو ، ژیان ، چاوەروانی ، ئازادی ، پرسیار ، ڕووناکی ، دابڕان ، گومان ، گەڕانەوە ، جیاوازی … )
١
( ……….. )
سەردەمانێک پەنجەکانم
لەژێر ستیانەکەتدا دەخەوتن
لاولاوەی خەونەکانیشم
دەوروبەری کانی حەزەکانتی دادەپۆشی و
ڕەگەکانیان لەنێو ئاوە ڕوونەکەی ئارەزووت
دەمیان بۆ خۆرەتاوی ئومێد دەکردەوە
منیش لەو ڕۆژانە
لەنێو ڕووناکی چاوەکانت خۆم دەشاردەوە
٢
( …………. )
ناولەپی ئازارەکانم پڕە لە ئاگر
ئاگر چیڕۆکە درێژەکانی عەشقم بۆ دەنووسێتەوە
پەپوولەکانیش دڵتەنگ و خەیاڵ ماندوو
بێ مەبەست
لە دەوری گوڵەکان دەسووڕینەوە
لە دوورەوەش
لە شەپۆلە بێهودەکانی ڕووبارەوە
گۆرانییەکی غەمگین دێتە گوێ و دەڵێن
ئاسوودەیی ئێمە خۆرەتاوێکی ڕەنگ زەرد بوو
ئاوابوو ئیتر هەڵنایەتەوە
٣
( ……….. )
بێدەنگیم پڕە لە قسە
پڕە لە هاوار
پڕە لە شیعر
وەکچۆن تەنیاییم
پڕە لە ئاوەدانی و ژیان و مردن
ئەی خوێنەر …
گەر دەتەوێت زێتر
کۆدەکانی شیعر و نهێنیەکانمت بۆ بکرێنەوە
توند توند
دەست بە لچکە کراسی ژیانتەوە بگرە …!
٤
( ……….. )
پەنجەرەی دڵت بکەرەوە و
لە چاوەڕوانیم بە
تا دوا ساتەکان و
چرکە ڕەشەکانی کۆتایی کات
وەکچۆن منیش
بەر لە دایکبوونمەوە لە چاوەڕوانیت دام
من تەمەنێکە چرکە ڕەشەکانی
کۆتایی کاتم جیهێشتووە
لەلای من
زەمەن و ڕووناکی و ڕازە ڕەنگینەکان
دەمێکە کۆتاییان پێهاتووە
٥
( ……….. )
گەر شەو و ڕۆژێک
خۆر لە ماڵەکەی خۆی نەیەتەدەر و یاخی ببێ
چاوەکانی ئاسمان زەق زەق سوور هەڵدەگەڕێن
زەوی لە جووڵە دەکەوێ
کاتژمێرەکان ڕیتمی تکەتکیان بیردەچێتەوە
ڕەنگەکان بە تارایەکی ڕەش خۆیان دادەپۆشن
سیمای جوانی لەسەر ڕوخساری
تاوێر و تاڤگە و تەلارەکان دەرناکەون
منیش لەنێو ونبوونی خۆمدا ونتر و ونتر دەبم
٦
( ……….. )
ئایا لە دۆزەخدا مرۆڤەکان دەمرن
یان / بەر لە ئاگر دۆزەخ هەبوو
ئەی بەهەشت و دۆزەخ کەی هاتوونەتە بوون … ؟!
٧
( ……….. )
زۆر شەوان حەزدەکەم
مۆمێک لەسەر سینگی دەریا داگیرسێنم
تا تابلۆی ئەو چرکە ساتە بکێشم
کە باران لێوە تەڕەکانی ئاو ماچ دەکات
چەندە جوان بوو
گەر مرۆڤیش لەنێو ئاو بژیابا
نە ماڵی دەبوو نە شەقام و نە نیشتیمان
٨
( ……….. )
من خولیاکانتم پڕکرد لە خەون
خەونەکانیشت پڕ لە پەیکەری تۆ
تۆش لە نێو خەون و خولیاکانم
پەیکەرەکانی منت شکاند
٩
( ……….. )
گەر لە تاریکی نەمناسییەوە
چیت لێبکەم لە ڕووناکی
گەر ژیانی من تابلۆیەک بێت لە نائومێدی
خۆشی و سەفا و
بەزم و شادی و بەختەوەری بە من چی ..!
١٠
( ……….. )
جوانی هەورێکی سپییە
لەنێو ئاسمانە ڕەشەکەی دەقدا
بارانێکی شینی پڕ چێژ دادەکا
دەروونی خاک و گیا و باخچەکان
هێمن و ئارام دەکاتەوە … !
١١
( ……….. )
ئازادیش ڕووناکییەکی نارنجی نوورانییە
لەنێو ئاوێنە ئاوییەکەی بووندا
لەگەڵ دەرکەوتنی
جووڵە و ژیانی مرۆڤەکان
ئاکتیڤ و گەش و ڕۆشن دەکاتەوە …!

                                                ڕەشەمێی ٢٠٢٤



من تەنیاییم لێدەڕژێ.. ناڵە حەسەن

بۆ ئەوەی چاوەکانت هەر بە گەشی بمێننەوە
ڕووناکیم لە خۆرەتاو دەدزی
تا ڕێگاکانی بەردەمت ببینی و هەر بڕۆیت و نەکەویت
بۆ ئەوەی تابلۆی جەستە و نیگاری خەونەکانت
پڕ بکەم لە ڕەنگ
قەڵەمی لێوتم لە ئەستێرە مێینەکان و
سپیاوی گۆنات لە بەفر و
مەسکارام لە ژنە مەستەکانی نێو باڕەکان و
ئاوینە بچووکە بازنەییەکە لە سەراب و
کل و کلدانیش لەو کچە قەرەجانەی
ناو لەپمیان دەخوێندەوە و
ڕەنگە شینەکەی نینۆکیش لە هەور و
تۆقە زەردەکەی قژی خاویشتم لەمانگ قەرز دەکرد
بۆ مانەوەی بزە گەرمەکەی سەر ڕوخساریشت
هەوڵمدەدا
پەیکەری مەحاڵ بە چۆک دا بدەم
هەرگیز ئاوڕ لە دواوەم نەدەمەوە
هەندێجار وەک ئیبلیسێک گەردوونم پڕ دەکرد لە تاوان
هەندێجاریش دەبووم بە فریشتە و
دەستەکانم دەکرد بە هێلانە بۆ ساقە سۆرەی پەرەسێلکەکان و
بە هەناسەم گەرمم دەکردنەوە
بۆ سەما و خاوبوونەوەی هەستە ئیرۆسییەکانت
هاژەی هەموو ڕووبارەکانم دەهێنایە نێو ژوورەکەم
تریفەکانی تاریکیم لە نێو شەوەکانت دوور دەخستەوە
گوڵی ئارەزووەکانتم ئاو دەدا و
هەر لە ئیوارەوەش بخوورم
لە سوچەکانی نێو ماڵەکەت هەڵدەکرد
شیعرم بۆ پەپووڵە و کۆترە سپییەکان دەخوێندەوە
تا بەر پەنجەرەکەت جێنەهێڵن
بە زمانی سەوزایی قسەم بۆ درەختەکان دەکرد
تا لەگەڵ بادا سەمفۆنیایەکی سێرناداییت بۆ بژەنن
ئایەتە ئاوییەکانیشم بۆ ماسییە بچکۆڵەکان دەخوێند
تا لە نێو قووڵاییەکان و لەژێر بەردەکان خۆیان نەشارنەوە
دەوری چیمەنی بەردەم ماڵەکەشتانم بە ڕەشە رەیحانە
دادەپۆشت
سمۆرەکانیشم وا ڕاهێنابوون
نەرم نەرم بەسەر لقەکاندا بازبدەن
بە چاوە ڕەشەکانیان لێت بروانن
بە ددانە تیژەکانییان گوێزت بۆ بشکێنن
بە دەم پیاسە و ڕۆیشتنی نێو دارستانەکانیش
دەبووم بە کاتژمێری دەستت
چرکە چرکە ترپەی دڵ و هەناسەتم دەخوێندەوە
هەندێجاریش لە دواوەت دەڕۆیشتم
تا هەنگاوەکانت بژمێرم
لە کاتی پشوودانیش بەدەم خواردنەوەی چای عەسرانێک
حیکایەتی ( دەنکە هەنار )م بۆ کچە گوڵفرۆشەکان دەگێڕایەوە
تاکو دەمە و ڕۆژئاوابوون نەڕۆنەوە و هەر لەلات بمێننەوە
بۆ شەوە گەرمە ئیرۆسییەکانیشت
مۆمم لەنیو لەپی دەستەکانم دادەگیرساند و
بە ماچ و وشە ناسکۆڵەکانی شیعری
قسەم لەگەڵ دەمار بە دەماری هەست و سۆزت دەکرد
بۆ گەشبوونەوەی چرای مەراق و مەبەستەکانیشت
بەسەر پشتی شەپۆلەکانی ئاگر بازمدەدا و
پە پەیژەکانی بروسکە هەڵدەگەڕام
سەرشێتانە ڕێگام بە ڕەشەبا دەگرت
چاوەکانم ئایکۆنەکانی مردنی نەدەخوێندەوە
دەچوومە نێو گەرووی نەهەنگ و
خۆم و توورەگەیەک نان دەگەرامەوە
ئەلبوومی قەسیدەکانم پڕبوون لە وێنەکانی تۆ
ناوەکەشت هێمایەکی گەورەبوو
هەمیشە دووبارە و سێبارە دەبیندرایەوە
لەنێو دەفتەری یادەوەرییەکانت
قسەی ئەو ڕۆماننوس و بیرمەندانەم
بۆت دەنووسی
کە پێیانەوە سەرسام بووی
بیرمە جارێک نووسیبووم تۆلستۆی دەڵێت
( ژیان بەبێ عەشق ئاسانە
بەڵام / مانایەکی ئەوتۆی نییە .. )
تۆش دوای خوێندنەوە گوتت
ئای چ گەوهەرێک خۆی لە پشتی
ئەم قسانە حەشارداوە
ئەوە من بووم دەمەویست
وەکو شاعیرێکی ڕۆژهەڵاتی
بۆ تا ئەبەد لەنێو پەرستگە ڕووناکەکانی عەشق
بمێنمەوە
هێندە بەرزیش بفڕم
تا لەنێو تەمە سپییەکانی ئەودیو هەورەکانەوە
کەپرێک لە گەڵا و درەختە سپییەکان دروست بکەم و
تۆش هەر لە تەنیشتمەوە ڕاکشابیت
جەخار ئێستاش
بە هەورازەکانی نائومێدی هەڵدەگەڕێم
باوەڕناکەم میلۆدییە غەمگینەکانی نێو هەناسە و وڕێنەکانم
بە هیچ شمشاڵێک و کەمانجەیەک بژەندرێن
ئەوە منم بەنێو ناشوێن دا بە ئاراستەیەکی بازنەیی
ڕێدەکەم و ناگەم بە دوادێر و دوا وشەی بڕیارەکانم
ئێستاش خۆم و
چەند کتێبێکی چاو بەفرمێسک و قەڵەمێکی نارنجی
لە باکووری ڕۆژئاوابوونەکانی خەون
تەڕ تەڕم وەک باران و وەک خوداش تەنیاییم لێدەڕژێ

                                                 ڕێبەندانی ٢٠٢٤



دەقی تەمەن ٣٧.. ناڵە حەسەن

                                              

١
ئەگەر لەنێو قووڵایی دۆزەخیش بم
کاتێک تۆ لە تەنیشتمەوە ڕادەکشێی
منیش / گوێم لە میلۆدی هەناسە ساردەکەی
جەستە و لێوی تەزیوت دەبێ
ئیدی دەمودەست
دەگەڕێمەوە نێو سەهۆڵبەندانی وەرزی غوربەت و
کڵۆ کڵۆ بەفری نائومێدی
بەسەر خاکی خەونەکانم و
پێدەشتی ڕۆحە غەریبەکەم دا دەبارێ
٢
بە بێدەنگی لە باوەشی نائومێدییەوە
بە نائومێدی لە باوەشی غوربەتەوە
بە غەریبی لە باوەشی تەنیاییەوە
بە تەنیایی لە باوەشی مردنەوە
بە مردوویی لە باوەشی ژیانەوە / ڕاکشاوم
ڕەنگەکانی نێو تابلۆی ئەو قەدەرەی من
تۆخ و تەماوی و تاریکن
کۆد و هێماکان
بە چاوەکانی خۆرەتاو ناخوێندرێنەوە
من نازانم
هاتنی من بۆ نێو ژیان
چ حیکمەتێکی تیا بوو ئەی خودا !
٣
ئەستێرە ئاوسەکان لەنێو مندا
نەزیف دەبن
بارانی نائومێدییەکانیان
بەسەر کێڵگەی خەونەکانم دا دەبارێنن
لە دەرەوەی بازنەکانی حەقیقەت و
جۆزەردانی وەرزی جوانییەکان
بەخوێن باخچەی گوڵە بۆنخۆشەکان ئاودەدەن
مانگێش بە چاوی بە فرمێسکەوە لە دووری دوورەوە
بۆ چریکەی کچێنی پەپوولەکان دەچەمێتەوە
٤
ئەی پرشنگتر لە پڕیشکی
خۆرەتاوی خەمە گەورەکانم
کە هاتمەوە
لە ئێوارە ئاگرینە ئەسمەرییەکانی نیشتیمان
سەرمەست و دڵگەشمکە بە میلۆدییە ئەوینییەکان
با تەنیاییم ئاڵوودە بیتەوە
بە ئایکۆنەکانی ئاوەدانی و
ڕۆمانە درێژەکەی ئایندەشم
بە ئەندێشە ئەوینییە ئاوییەکان / بنووسرێتەوە
٥
من هەمیشە
لەسەر دیواری خەونەکانم
بە شیلەی شیعرە شینەکانم
هەستە ئیرۆسییەکانم دەنووسمەوە
پەرەسیلکە ماندووەکانی
بنار کەژو کێوەکانی عەشقیشم
بۆ هەرلایەک بفڕن
دواتر دێن و
لەسەر درەختەکانی
نێو مەمکۆڵەکانی تۆ دەنیشنەوە
٦
ئەی شۆخ
کە هاتمەوە
قژی خاوی تۆ دەکەم بە ڕەشماڵێک
با کور و کچە عاشقەکانی گەڕەکەکەمان
لە ژێریدا عەشق بکەن و
یەکتری بە وشە گەرمەکانی خۆشەویستی بلاوێننەوە
منیش / هەموو ڕۆژانی سێ شەمە و پێنج شەممان
کۆرسەکانی عەشق و ئەوین دەڵێمەوە
فێریان دەکەم ( شاعیرانە بژین )
شەوانان توند توند
لێوی یەکتری بمژن و
لە ئامێزی یەکتریدا ڕۆژ بکەنەوە
٧
من لەمەودوا خۆم ڕادێنم
لەگەڵ تاریکی نێو تەنیایی خۆم
ئەستێرە پرشنگەکانی نێو چاوەکانی تۆ ڕەسم دەکەم
گوێ لە گۆرانییە وێرانبووەکانی دڵی خۆم ڕاناگرم
بە میلۆدییە ناسکەکانی لەرینەوەی مەمکۆڵەکانی تۆ
لەژێر بارانە بەهارییەکان سەما دەکەم
هاوار و قیژە و فرمێسکەکان و
خەمی نانی ڕابردووم لەبیر خۆم دەبەمەوە
دێم و تابلۆکانی ئایندەم
بە ڕەنگە ئاجوغەکانی
گوڵە ڕەنگینەکانی نێو بەهەشتی تۆ ڕەنگ دەکەم
٨
من سەرمەستانە
هەموو تەمەنم بە عەشق بەخشی
باجی گەورەشم بۆیدا
ڕەنگە عەشق لەلای من مانایەکی تری هەبێ
لەدەرەوەی چەمکەکانی
زیندان و زنجیر و کۆیلەبوون
فڕینێکە بە ڕەهایی لەنێو ئاسمانی خۆشەویستی
بە ئازادی دەفڕم دەفڕم دەفڕم
لەهەر کوێدا گوڵێکی جوان ببینم
دەنیشمەوە و کەمێک لەلای دەمێنمەوە
من ئەو پەپوولەیەم / بە تەنیا
مولکی هیچ باخچەیەک و گوڵێک و ئاسمانێک نیم
٩
لەبیرمایە
ڕۆژگارێک دەمانگوت
ئێمە دوو دوورەختی خۆڕسکین
وەک بەفر و خاک / ماسی و ئاو
هەرگیز ناتوانین لە یەکتری جیاببینەوە
بەڵام دواجار هەروەک دایکم گوتەنی
( بنیادەم شیری خاوی خواردووە
هەموو شتێکی لێدەوەشێتەوە …! )
منیش شاعیرێکی سیحرباز نەبووم
تا بتوانم ئایندە دوورەکان بخوێنمەوە
١٠
تۆ ئەو فریشتە گەردوونییەی
دەتوانی گەرد گەرد
بە زەردەخەنە سیحراوییە سەرمەدییەکەت
گەڵا و درەختی هەموو وەرزەکانم بە سەما بهێنی
تۆ دەتوانی لەنێو تەمە سپییەکانی
سەرووی هەورە شینەکانەوە
کۆشکێکی ڕەنگینم بۆ دروست بکەی
لەگەڵ خەونە سەربڕاوەکانی منداڵیم و
دڵشکانە پڕ برینەکانی هەرزەییم و
تەنانەت / لەگەڵ مەحالیش ئاشتمکەیتەوە
١١
من پێشتر
هێندە لە تەنیایی خۆم دەترسام
تا ئەو ئەندازەیەی دەمەویست
هەموو ئەو ئاوێنانە بشکێنم
کە بە تەنیا لە نێویاندا دەردەکەوم
هەموو ئەو ئەلبوومانەش بسووتێنم
کە وێنە تەنیاکانمیان لەخۆ گرتووە
بەڵام / دواجار
تەنیایی بوو بە دوا ماڵ و
بەدوا وێستگە و چارەنووسم
١٢
گەر پێت بڵێم
من تۆم لەخۆم خۆشتر دەوێت
بڕوا مەکە
چونکە من / بۆ گەیشتن
بە هێشووە ترێی خەونەکانم
دەیەها ڕیگام تاقیکردۆتەوە
لەوانەیە لەکەنار یەکێک لەم ڕێگایانە
بە تۆ ئاشنا بوو بم
١٣
لەو ڕۆژەوەی
ئەستێرەکانی ڕووناکی و تریفەکانی عەشق
لەنێو شەوەکانم دەرناکەون
نەک تەنها خۆم
خەون و خەیاڵەکانیشم پڕبوون لە نائومێدی
هەمیشە تاریکیم لێدەڕژێ
هەستەکانی ناوەوەم دەمارەکانییان گرژ دەبن
وەک ڕێبوارێکی ون
نازانم لەکوێم و بەدوای چیدا دەگەڕێم
وا هەستدەکەم
بارێکی قوڕسم بەسەر ژیانەوە و
بە ناچاری
ژیان بەدوای خۆیدا ڕام دەکێشێ
١٤
ئەو / خۆیی و کەمانجەیەکی نارنجی
منیش / خۆم و چەند وشەیەکی چاو بە فرمێسک
ئەو / خۆیی و بزەیەکی گەرم گەرم
منیش / خۆم و قەڵەمێکی نیگا سپی
لەم باکووری غەریبیەدا
هەموو مانگی بەفرانبارێک پێشوازی لە مردن دەکەین
١٥
چەند پارچە سەهۆڵێک
دەخەمە نێو لەپی دەستەکانم
دەستەکانم توند توند
توند توند / دەستەکانم دادەخەم
تا پەنجەکانم و هەموو جەستەم سڕ دەبن
دەبم بە پەیکەرێک لە سەهۆڵ
تا هەموو یادەوەریە تاڵەکانم بیربچێتەوە
دواتر کە خۆرێکی نوێ هەڵدێ
دوای توانەوە و گەرمبوونەوە
ژیانێکی نوێ و قەسیدەیەکی نوێ دەست پێدەکەمەوە !

                                        سەرەتای  دیسەمبەری ٢٠٢٣



دەقی تەمەن ٣٨.. ناڵە حەسەن

١
هەموو ساڵێک
لە مانگی بەفرانباردا
بەفر کڵۆ کڵۆ
بەسەر جەستە و ڕۆحم دا
دەبارێ
خەونەکانم و درەختەکانی ناخم
سپی دەبنەوە
مانایەکی نوێ بە بوونم دەبەخشن
ژیان لای من
وەک ئاگری
نێو چیڕۆکی بەرئاگردانەکان
بە کڵپەوە
سەر لە نوێ دەست پێدەکاتەوە
٢
ئەستێرەکانی ئاسمان
لەدووری دوورەوە
دەتوانن هەموو شتێک ببینن
تەنانەت
زەردەخەنەی سەر ڕوخساری مێشوولەیەک
ئەستێرەکانی نێو چاوەکانی منیش
تەنها و تەنها
نیگای نەرم و
ڕوخسارە ڕۆندکاوییەکەی تۆ دەبینن
چ گۆڕستانێکی درەوشاوەی / ئەی عەشق
٣
کە تۆ
لەنێو خەونەکانم ون دەبیت و
شوێن هەنگاوەکانت
ڕەش دەبنەوە
ژیانیش لەنێو ئەشکەوتێکی تاریک
بە تەنیا جێمدەهێڵێ و
ڕوەو ڕووناکایی نێو چاوەکانی تۆ
ئۆغر دەکات و لێم دوور دەکەوێتەوە
٤
من میلۆدیەکی سروشتیم
پڕم لە دەنگی گەڵای وەریو و
لە هاژەی ڕووبارێکی غەمگین و
لە گڤە گڤی ( با )یەکی یاخی
من سروودێکی بەردەوامم
لە پشت هەر وشەیەک و ڕستەیەکم
دەریاچەیەک لەخوێن و
گۆڕستانێکی گەردوونی دەبیندرێ
من شاعیرێکی نێو مەملەکەتی غوربەتم
نەخشەی نیشتیمانێکی بێ شوناس
وەک تاتوو لەسەر دیوارەکانی دڵم هەڵکەندراوە و
خەمی مرۆڤبوونیشم وا خەریکە
دەمارەکانی جەستە و مێشکم هەنجن هەنجن و
چاوی ئومێدەکانیشم پڕ تێزاب دەکات
٥
کە هاتمەوە
لەگەڵ خۆمدا
ئاوێنەیەکی بچکۆڵانەت بۆ دەهێنمەوە
تا هەموو وێنە تەنیاکانمی تیا ببینیەوە
وێنەی هێڵکۆکەی خەونەکانیشم
ئەوانەیش
کە هێشتا لەنێو قەپێلک دان و نەتروکاون
کاتژمێرێکت بۆ دەهێنمەوە
کە هەموو چرکەکانی ڕابردوومت بۆ بخوێنێتەوە
تەنانەت / مەستبوون و ونبوون و
خەوتن و مردنەکانیشم
ئەو ڕۆمانەشت بۆ دەهێنمەوە
کە تۆرانی وەرزەکان لە یەکتری و سڕبوونی سەوزایی و
پیربوون و کۆتایی هاتنی شەپۆلەکان و
خۆشاردنەوەی خاڵخاڵۆکەکان و کوێربوونی ئەستێرەکان و
هەموو ڕووداوەکانی تری تەمەنمت بۆ بگێڕێتەوە
٦
من لەنێو هەستەکانی
پیربوونی خۆرەتاو و
نائومێدی پشکۆکانی ژێر مەشخەڵی ئاگر دا
ئاشنابووم بە تۆ
لەگەڵ بارانە بەهارییەکانیش
ڕژامە نێو بنار و پێدەشت و باخچە رەنگینەکانی تۆ
بۆ سێبەرت بووم بە درەختێکی چاو سەوز
لە وەرزی گەرم و وشکە ساڵیدا
شینبووم بە شیلەی حەزەکانی تۆ
وەکو شیعریش
لەنێو جووڵەیەکی بەردەوام دام
بۆ دۆزینەوەی کیشوەری نێو خەونەکانی تۆ
٧
تۆ مەیێ بۆ دۆزەخ
دۆزەخ ماڵی ئەو شاعیرانەیە
کە بە تەنیا دەژین و
بە تەنیاش دەمرن
بگەڕێوە
بۆ بەهەشتە ئەبەدییەکەی خۆت
من دەرگای دۆزەخ لە تۆ ناکەمەوە !
٨
من لەنێو تێنوێتی خۆمدا
گەرووی وشکی بیابان و
هەورە زەردەکانی
نێو چاوەکانی گوڵەگەنم ڕەسم دەکەم
لەنێو تەنیایی خۆمدا
تریفەی تاریکی و
ئەستێرە ڕەشەکانی
نێو ئاسمانی مردن ڕەسم دەکەم
لەنیو فرینەکانی خۆمدا
ڕەنگ و ڕووناکی و
جووڵەی وەرزەکانی دەرەوەی ژیان و
دەرەوەی گەردوون ڕەسم دەکەم
هەمیشەش
لەنێو بیرکردنەوە نوێیەکانم
دەمەوێت ئاگر لە پووش و قەسەری
وشە کۆنەکان بەربدەم
٩
لە نیشتیمانی من
( یاسا پیرەمێردێکی ماندووی گۆچان بەدەستە
گەڕەک بە گەڕەک و شەقام بە شەقام دەگەڕێ
کەس دەرگای لێناکاتەوە )
ئەلف و بێی ئارەزووەکانیشمان
لەنێو ئایەتەکانی کتێبەکانی ئەوین نابیندرێن
لە نیشتیمانی من
هەموو شتێک هەرەسی هێناوە
لە سەرووی هەموویانەوە مرۆڤبوون
ئازادیش ڕەوە باڵندەیەکی شینە
نەک بە تەنها وەرزی کۆچ
هەموو وەرزەکان هەر کۆچ دەکەن
لە نیشتیمانی من ڕاستی گوتن
ئاگرێکە
نەک تەنها سەری زمان و پەنجەکانت
بەڵکو هەموو جەستەت دەسووتێنێ
ژیانیش مشتێ تۆز و غوبارە بەدەم باوە
ئاخ چ وێرانەیەک و
زیندانێکی گەورەی ئەی نیشتیمان !
١٠
دوای ئەوەی
لەنێو هاوکێشە ناتەباکان
پەتی ئارامیم پچڕا
لاشەی خۆم بەسە شانم دادا و
فڕێمدایە سەر گوفەکێکی قەراغ شار
( بۆ ڕۆژی دوایی ڕۆژنامەنووسێک وێنەکەی
لە ڕۆژنامەیەک بڵاوکردبوویەوە و لەژێریدا نووسیبووی )
ئەو مرۆڤەی ژیان نەیتوانی بیگرێتە خۆی
هاودەم و هاوزمانەکانیشی
لە وشە و قسەکانی تێنەدەگەیشتن !
١١
من لەنێو شتە وردەکانەوە
سەیری تۆ دەکەم
لەنێو دڵۆپە بارانێکی سەر گۆنای گیا
لە درەنگە بەیانییەکیش
دەتبینم لە دەم ڕووبارێکەوە
لەسەر کورسییەک بە تەنیا دانیشتووی
دیوانە شیعرێک بە دەستتەوە و کوپە قاوەیەک بە تەنیشتتەوە
بە نیگایەکی گەرمەوەش هەر دەڕوانی
کاتی خۆی لەقەسیدەیەکدا بۆتم نووسیبوو
نیگایەکت بەسە بۆ مردن
ئێستاش / دڵنیام ڕۆژێک دادێ
ئەو نیگایە گەرمەی تۆ هەر دەمکوژێ
ببوورە / لەنێو جانتای یادەوەرییەکانم
لە کونجێکی تاریک بۆ ئەبەد زیندانیم کردووی
١٢
( مانگ مانی گرتووە ، بەهۆی شێرپەنجەوە
لە نێو کوخە هەورینەکەی نایەتە دەرەوە )
ئەمەم لە دەمی باڵندەکانەوە بیستووە !

دوێنێ شەو
مانگ لە شێوەی
کچێکی وردیلەی جوان هاتە خەونم
بە تاو خۆی هاویشتە نێو باوەشم
بە عەشقەوە / گۆنا و لێوەکانی ماچ دەکردم
ڕوخساری وەک شەونمی بەر هەتاو دەدرەوشایەوە
بە گڕ و زەردەخەنەیەکی گەرمەوە گوتی
شاعیرەکەی خۆم مژدەبێ لێت چاکبوومەوە !
١٣
لەنێو تەمتومانە ڕەشۆکییەکەی غوربەت دا
تەنیاییم وا خەریکە
مەرکانی ئومێدەکانم کون کون و
بەر چاوەکانم تاریک دەکا
لە بۆشاییەکی ئاڵوودە
بە خەیاڵە خەمۆکییە خەمناکەکان دەسوورێمەوە
وەرە بمبەرەوە
بۆ نێو ئەو زەمەنە زێڕێنییەی
ڕووبار پڕ بوو لە گۆرانی
خۆرەتاو پڕ لە حیکایەت و
سەوزایی پڕ لە زەردەخەنە و
عەشق هێمایەک بوو بۆ ژیان
نیشتیمانیش ماڵێکی گەورە بوو بۆ هەموومان
١٤
( یەک دوو سێ چوار پێنج )
یەک / یەک بەیەکی لاپەڕەی یادەوەریەکانت
پڕ دەکەمەوە بە وردە شیعرە ئیرۆسییەکانم
دوو / دوو بە دوو و جووت جووت هەموو شەوێ
لەگەڵ مێیینەی خەونەکانت جووت دەبم
سێ / سی ساڵە گوڵێکی سیس ئاو دەدەم
دواجار وشک داهات و گۆنای بە لێواری مەرکانەکە نووشتایەوە
چوار / چەندین جار سواری پشتی بروسکە دەبووی
خۆت لێم دەشاردەوە
دواجار هەرخۆت بۆ ماڵە تاریکەکەی نێو شیعرەکانم دەگەڕایتەوە
پێنج / پەرتبوونت لەنێو مندا ویستێکی خودایی بوو
مردنی منیش لەنێو تۆدا ئاکامی عەشقێکی ئەفسانەیی بوو
١٥
وەکچۆن هەمیشە
یادی ساتە جوانەکانی منداڵی و
ڕۆژگارە دڵنشینەکانم دەکەمەوە
بە دڵخۆشییەکی گەورەوە
یادی ڕۆژە خەفەتاوی و غەمگینەکانیش
دەکەمەوە
هەموو ڕۆژە غەمگینەکانی خۆم
بە تەنافی قەسیدەکانمەوە هەڵواسیوە
من هەرگیز مردنم بە ئاوات نەخواستووە و
بەرەو پیریەوە نەچووم
بەڵام کە مردنیش هات زەلیلانە ناکڕوزێمەوە
چونکە دواجار
حەقیقەتی بوونی من لەنێو شیعرەکانمە
نەک لە نێو
ساڵ و مانگ و وەرز و ڕۆژەکانی تەمەنمەوە …!

                                                    کۆتایی دیسەمبەری ٢٠٢٣

تێبینی :
قەسیدەی ( دەقی تەمەن ) ، دەقێکی کراوەو بەردەوامە لەگەڵ تەمەنی شاعیر دایە ، واتە مەرگی شاعیر دەبێتە دوا دێر و دوا نوختەی ئەم قەسیدەیە .




میمی پاشگر و منی پیاو.. ناڵە حەسەن

١
من نامەوێت
ڕوخسار و جەستەم بگۆڕم و
خۆم بکەم بە ژن
بەڵام حەزدەکەم
منی پیاو
بە خەیاڵ و مێشکی ژن
بیربکەمەوە و شیعر بنووسم
بە چاوەکانی ژن بڕوانم و
بە هەستەکانی ژنیش خەون ببینم
٢
کاتێک
لەسەر سەکۆیەکی بڵندەوە
بە دەنگێکی نێرینەی گڕەوە
لەنێو گوتارەکانم دا دەڵێم
( ژنەکەم ، ئۆتۆمبێلەکەم ، خانووەکەم ، دەمانچەکەم ،
قاسەکەم ، سامانەکەم
کورسییەکەم ، تاجەکەم ، دەسەڵاتەکەم ….. !)
منی پیاو
خۆم وەک کۆیلەیەک دێتە بەرچاو
کۆیلەی کاڵا و کۆیلەی زەوی و
کۆیلەی شتومەکە بێ گیانەکان
بۆیە ڕقم لە میمی پاشگر و
لە هەموو میمەکانیتر دەبێتەوە
٣
کاتێکیش
ئەم هەموو جەنگ و خوێن و
کوشتن و مردن و
تاریکی و تێنوێتی و
برسییەتی و کۆچکردنە دەبینم
منی پیاو
خۆم وەک دڕندەیەک دێتە بەرچاو
بۆیە ڕقم لە پیاوبوونی خۆم دەبێتەوە
٤
شەرمەزارم
کە نەمتوانی وەک مرۆڤ
عاشقانە بژیم و
لەگەڵ کوڕ و کچە دڵ پڕ ئومێدەکان
دەست بخەینە ناو دەستی یەکتری و
بەدەوری مەشخەڵی ئاگرێکی گەش
سەما دابەستین و
گۆرانییەکانی موحیبەت و
سروودەکانی ئازادی و
بەستەکانی خۆشەویستی بڵێینەوە
٥
چاو بەرەوژێرم
کە نەمتوانی وەک مرۆڤ بژیم
بە هەورازەکانی جوانی هەڵگەرێم و
هەر لەشوێن خۆم
لەنێو
گۆمە شینکە پڕ قەوزەکانی ناشیرینی مامەوە
بۆیە دەمەوێت
منی پیاو
لەنێو کیشوەری میمی پاشگر و
لەنێو نیشتیمانی پیاوەتی خۆم بڕۆمە دەرەوە !

                                                     ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ 



دەقی تەمەن / ٣٦.. ناڵە حەسەن

خۆم لەنێو ڕووناکییەکی چوارگۆشەیی شاردۆتەوە
تا ونبوونی پایز و ڕەشبینی کاتژمێرەکان
کەس نەمدۆزێتەوە
گەردەلوولی ناو خەیاڵم وەک چاوی ئەستێرەکان
پڕبووە لە گومان
برژانگەکانیشم لەگەڵ میلۆدییە ئیرۆسییەکان هەڵدەوەرن
چاوەڕوانی تیشکێکی شینی شەوانەم
کە لەنێو خۆرئاوابوونی شیعرەکانم بدرەوشێتەوە
زەمەنیش لەنێو مەمکۆڵەکانی ئاگر ڕاکشاوە و
هێدی هێدی بەدەم وڕێنەوە خەو دەیباتەوە !
٢
ڕەنگ و نەخشەی سەدەفی ڕێگا دوورەکانە
دەرەختەکانیش کش و مات خامۆش خامۆش دەڕوانن
ساقەسۆرەی هەوێردەکانم لەناو هەور جێهێشت
منیش هاتمەوە سەرزەوی
بەشە ڕووناکی خۆمم جیاکردەوە و
دەرگام لەسەرخۆم داخست و
وەکوجاران گەڕامەوە نێو خەون بینین
٣
با خۆڕسکانە هاتۆتە بوون
پەیوەندی بە زەمەن و مێژوو و وەرزەکانەوە
نییە
مۆم و فانۆسەکان ناچنەوە سەر ڕەگی ڕووناکی
گەردەلوول لەناو بێدەنگیدا
بەزمانێک قسە دەکات
خۆیشی وشەکانی خۆی و دەنگی خۆی ناناسێتەوە
٤
دیاری تۆ لەنێو نادیاری مندا
وەک تریفەی مانگ دەرکەوتووە
دوور مەکەوە و لە چاوەڕوانیم
گەڕانەوەت بە نەگەڕانەوەی من مەسپێرە
من لەنێو بوون و نەبوون دا
هاوکێشەیەکم هێشتا شیکاریم ڕوون نەکراوەتەوە
٥
هۆ ژنە
نیگا سپییە چاو ڕەشەکە
دەزانم ئێستا لێم یاخیت و
شیعرەکانم ناخوێنیتەوە
بەڵام / ڕۆژێک دادێ
دیوانەکانم لەباوەش دەگریت و
بەدەنگێکی نەرمی پڕ سۆز
دەمخوێنیتەوە
بەڵام بەداخەوە ئەوکاتە من لێرەنیم …!
٦
لەنێو بیابانی غوربەتدا چەقیوم
کۆڵارە سپییەکانی چارەنووسیشم
تا دێت بێهوودە لێم دوور دەکەونەوە
بازنەکانی شەو و ڕۆژ و وەرزەکانم
لەنێو ڕەنگەکانی تاریکیدا دەسووڕێنەوە
وەرە بمبە و با چیتر
پەپوولە غەمگینەکانی نائومێدیم
لەنێو گەردەلوولە ڕەشۆکییەکانی مەرگ
بێ ئاراستە و بێ مەبەست نەخولێنەوە
٧
گەر ئەمجارە
دەستم لە لچکە کراسی
نیشتیمانم گیربێتەوە
دڵۆپە بارانە مێینەکان و
شەونمی سەرلێوی گوڵە تەنیاکان و
کرمە خەمۆکییەکانی ناولەپی خاک
هەموویان ئاشت دەکەمەوە
یادەوەرییەکانم لەسەر سینگی بەفر و
لەسەر ڕووی ڕووبارەکان دەنووسمەوە
سێبەری ژێر هەر درەختێک
دەکەم بە ماڵی خۆم و ئیتر ناڕۆمەوە
٨
قەدەری من وایە
خۆرەتاو بەسەر پشتی
جەستەی نائومێدییەکانم تێدەپەڕێ
دەمارە سەوزە گیاییەکانی ناولەپیشم
دەبن بە تۆزوبا و لێم دوور دەکەونەوە
منیش لێرانەوە لە باکووری ئەم غەریبییەم
بە نیگایەکی خەواڵووی خۆڵەمێشییەوە
دەمم بۆ شەونمی سەرگەڵای
درەختێکی شەنگەبی کردۆتەوە و
تابلۆی ئومێدەکانم
بە قەڵەمەکانی لێو و
فلچە قەترانییەکەی برژانگ و
سۆرا و سپیاوی گۆنای کچێکی پایزی ڕەنگ دەکەم !
٩
ئاسۆ / گەڕانەوە بەرەو ماڵ
ژن / تاشەبەردێک بەسەرشانی ڕووناکییەوە
باران / پیرەمێردێکی ڕیش سپی و دونیادیتە و خاوەن ئەزموون
لەبەر سەرخۆشبوونی خەونە ورد و درشتەکانم
هێشتا نەپرژاومەتە سەر ئەوەی بیرەوەرییەکانم بنووسمەوە
تاریکیش هەمیشە بۆ جوانی پەلکە زێڕینە دەچەمێتەوە
١٠
تارایەکی شینم
بەسەر بوخچەی نهێنیەکانی
خۆم و ژنێکی شەرمن داداوە
پێش ئەوەی کەڕوو هەڵبێنن
جارجارە دەیاندەمە دەم باو
یان جێگۆڕکێ بە شوێنەکانیان دەکەم
لەخۆڕا نەبوو کاتێک گوتم
ژیان عەشقێکی شێتانەیە
بۆیە هەرجارێک لەبەر سەرقاڵیم
بۆ ماوەیەک لە ژووری نهێنیەکان دووردەکەومەوە
کاتێکیش لەپەنجەرەوە سەیریان دەکەم و دەبینم
تارا شینەکە ڕەش هەڵگەڕاوە / ڕەش ڕەش ڕەش
١١
پەرستگەی عەشقە ئیرۆسییەکان
پێویستییان بە پرستگە نییە
نەک تەنها ڕۆژانی یەکشەممە
هەر کاتێک
دێیت من لەوێم
لە ژوورێکی چراخانی
لەسەر چوارپایەی ئاگر
وەک موریدێکی هەڵوەدا و شێت
ڕووت ڕووت
شاگەشکە و حەپەساو .. چاوەڕێم
١٢
لەنێو ڕۆژگارە گرمۆڵە بووەکان و
بەدەم هەنگاوە هێواشە فۆبیاییەکانم
لەنێو خەیاڵە ماندووەکەم و
ناخە شەقار شەقاربووەکەی مەملەکەتی غوربەتم
سەرەداوەکان و پشکۆ چاوگەشەکانی
قەسیدەیەکی درێژم دۆزییەوە
بە پەڕەمووچەی باڵەکانی تاوسێکی یاخی و بەرزەفڕ
دێربەدێری ئەو قەسیدەیەم نووسیەوەو
ناویشمنا دەقی تەمەن …!
١٣
ڕۆژئاوای / جەستەم خوێنی لەبەر دەڕوا
باکوورم / لە هەورازە بڵندەکانی چیا سەرکەشەکان
سروودی ئازادی دەخوێنێ
ڕۆژ‌ەهەڵاتم / لە گەڵ ڕەشەبا و گەردەلوول
پەرتەوازە بووە بەنێو گەردووندا
باشوورم / بۆ لەتێک نان هاوار دەکات
چەند شەکەت و مانووە ئەو جەستەی من !
١٤
جوانی چاوەکانی ڕژان
تاریکی بوو بە قۆزاخەیەک
هەموومان چووینە نێویەوە
چیتر ماڵە شێدارەکەی قەدپاڵەکان و
کوخە کلۆرەکەی پیرەدارەکان
ئاهەنگی شادومانی ساز نادەن و
چیڕۆکە بەرئاگردانییەکانی بەهەشت ناگێڕنەوە
١٥
خۆم لەبۆنی خۆڵی پاش باران هەڵدەسووم
وردە ئەستێرەیەک لە تەنیایی خۆی بێزارە و
بەدوای خۆرەتاودا ڕادەکا
منیش بە تەباشیرێکی سوور
لەسەر دیواری قوتابخانەیەک دەنووسم
ڕووناکی ڕاستەقینە سەرچاوەکەی لە ئاگرە
ئاگر چەند جوان و دڵگیرە ئەی خودا

                                        ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣



چەمکەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) لە شیعرەکانی ( ئیمان یادەوەر ) دا.. بەشی سێیەم و کۆتایی.. ناڵە حەسەن

_ شیعری ( خۆم لەتۆ دادەکەنم )
ئەم شیعرە ( خۆم لە تۆ دادەکەنم ) یەکێکە لە شیعرە نایابەکانی ئیمان یادەوەر ، ناونیشانێکی شیعری بارگاوی بە ئیستاتیکایەکی پڕ چێژ ، لە پشتی ئەم دەربڕینەوە هەست بە بێزاری و یاخیبوونێکی گەورە دەکەین ، بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و لە هەمانکاتیش بە نائومێدییەکی گەورە ، ئەو ( تۆ ) یە کەسێکە چیتر جێگای ئومێد و سوارچاکی خەونەکانی شاعیر نییە ، کەسێکە بۆ ئەو هیچ جووڵەیەکی تیا نەماوە ، ئەوەتا هەر لە سەرەتای شیعرەکە بەم نائومێدییە دەست پێدەکات :
هەرێمێکیت هەناوت پڕە لە هەناسەی وشک
تێنووتە و ناتوانیت کانییەک بدۆزیتەوە
بەدیار تەنیاییتەوە خەیاڵەکانت ڕەنگ دەکەیت
نازانیت لە کوێ دەژیت !
من دەمەوێت ڕۆژێک بێم ئاڵۆزیت شانە بکەم
تۆش بە قووڵی بیربکەیتەوە
دەست بخەمە بینا قاقای هەموو خەیاڵەکانت و
وشەکانم وەک سووژن لە مۆخی مێشکتدا بچەقێنم !
نائومێدییەکەی شاعیر لێرەوەیە ، باس لە کەسێک دەکات ، کە هەناسەکانی وشک و کەسێکی تێنوو هێزی ئەوەی تیا نییە قومێ ئاو بدۆزێتەوە و تێنوێتی خۆی پێ بشکێنێت ، کەسێکی گۆشەگیر و ون ، ونە لەنێو تەنیایی و خەیاڵەکانی ، کەسێکی خەیاڵ پەرت و بڵاوە نازانێ لەکوێیە و بەرە و کێ دەڕوات ، شاعیر دەیەوێت بچێت ئاڵۆزییەکانی شانە بکات ، قسەی بۆ بکات لەم خەیاڵ پڵاوییە بەهۆش خۆی بێنێتەوە ، لە ڕێگای بیرکردنەوە بەئاگا بێتەوە و هەناسەی بێتەوە بەر ، هەرچەندە ئەگەر قسەکانیش وەک سووژن بەگیانیا بچن بەڵام هەر دەیەوێت ئەوە بکات ، چونکە بەهۆی ئاڵۆزی خەیاڵەکانی و ئەو بێدەربەستی و بێدەنگییەی ئەویش خۆی وەک مردوویەک دەبینێ و یان بێدەنگی ئەو بەدوای خۆیدا بەسەر ڕێگاکان ڕادەکێشێت ! ئەوەتا دەڵێت ،
منیش وەک تەرمی سەرشانی مردوو هەڵگرەکان خۆمم دێتە بەرچاو
بێدەنگیت بە دوای خۆمدا
بەسەر ڕێگاکەدا دەخشێنم
بە هەموو ئەو هەورانەی بە ژێریاندا تێدەپەڕم دەڵێم
خۆی نەهات ، بەڵام دڵی هات بە جێمبهێڵێ
شاعیر وەک عاشقێکی نائومێد و دڵشکاو بەنێو قووڵایی ئازارەکانی دەچێتە خوارەوە و دەڵێت ، دەگریم و (با) کان لەنێو فرمێسکەکانم سەما دەکەن ، هێندە نائومێدە لەو کەسە تا ئەو ئاستەی دەیەوێت پێی بڵێت :
بە پەرەسێلکەکانیش دەڵێم
هەرگیز لەژێر سەقفی خانووەکەتان هێلانە چێ نەکەن
بەو هەموو برینەوە هەنگاو دەنێم
ڕۆژەکانیش جگە لە هەسانێک هیچی تر نەبوون
بۆ تیژکردنی ئازارەکانم
شەممە ئازار ، دووشەممە ئازار ، سێشەممە ئازار
چوارشەممە هەروەتر
ئیتر هیچ بوارێک و ئومێدێک نامینێتەوە ، تروسکاییەک گەر لەدوورەوەش بێت بەدی ناکات ، بۆیە ناخوازێت نەک کەسێکی تر بەڵکو باڵندەیەکیش لەم یان لە خانووەکەی ئەو نزیک بێتەوە و هێلانە لەژێر بنمیچی ماڵەکەیان چێ بکەن ، با ئەوانیش تووشی ئەم دڵشکان و نائومێدییە گەورەیە نەبن ، ئیدی کە هیچ ئومیدێک و تروسکاییەک نامێنێ ئینجا ئەویش بڕیاری خۆی دەدات و لێی یاخی دەبێت دەڵێت :
نامەوێ بمێنمەوە
لە کاتی ڕاگرتنی پاسێکیش بیرت لێنەکەمەوە
تەنانەت هێندەی تەواوبوونی جگەرەیەکیش
دەمەوێت وەکو ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجەیان تێپەڕاند
ئاهەنگی دەرچوون لە تۆ بگێڕم
ئیتر دەست بە جێهێشتنی خۆم دەکەم لە تۆدا
ئەوە دەبینین ، تازە تەواو بە دوابڕیاری خۆی گەیشت ، بڕیاریدا چیتر بە دوای جەستەیەکی مردوو دانەنیشێت ، بڕیاری دا جێبهێڵێت و بڕوات و چیتر بیری لێنەکاتەوە ، تەنانەت بۆ چەند خولەک و چرکەیەکیش ، دڵخۆش و شادومانە بەو بڕیارەی ، وەک ئەو کەسانە دڵخۆشە کە شێرپەنجەیان تێپەڕاندووە ، دەیەوێت ئاهەنگ بگێڕێت ، ئاهەنگی ڕزگاربوون لە خەمەکان و لە بێدەنگی ئەو ، بە دێرێکی شیعری نایاب و پڕ لە جوانی دەڵێت ، ئیتر دەست بە جێهێشتنی خۆم دەکەم لە تۆدا ! ئیتر ئەو کەسێکی ترە ئێستا ، ئەو کەسەی گیرۆدە ببوو بەدەستی ئەو ئیتر جێی دەهێڵی لەناو ئەودا ، لەنێو خۆیشی کەسێکیتر لە دایک بووە خاوەن بڕیار و توانا ، ئیتر تەواو کەسە دڵشکاوەکە مرد و جێی دەهێڵێت ، یان زۆر بە بڕوا بە خۆبوونەوە دەڵێت :
وەک تووڕەیی تاڤگەیەک
بەسەر شانی تەنیاییدا دیمە خوارەوە و هەرگیز
نا
گە
ڕێ
مە
وە
بە شانەکانم دەڵێم
بە دیوارەکاندا خۆت هەڵبواسە
ڕەقی دڵ ، نەرمی بەرد
فێر دەبم
کراسی ڕەشی سێبەرەکشم دەسووتێنم
ڕەنگە بچمەوە سەر ڕەگەزی ئاو
ئیتر وەک تووڕەیی تاڤگە بە هەست و بیرکردنەوەیەکی یاخی بڕیاری خۆی دەدات و بەسەر شانی تەنیاییدا دێتەوە خوارەوە و جارێکیتر ناگەڕێتەوە بە لای ئەو کەسە و ئەو عەشقەی کە جگە لە برین و ئازار هیچی تری پێنەبەخشی ، بڕیار دەدا لەمەودوا دڵ نەرم نەبێت و ڕەق بێت وەکو بەرد ، بەڵام شاعیر وەک گەمەیەکی زمانەوانی و وەک پارادۆکسێک بۆ جوانکاری دەڵێت : ڕەقی دڵ و نەرمی بەرد فێر دەبم ، بە دیوێک مەبەستییەتی بڵێت ، لەمەودوا دڵنەرم نابم و وەک بەرد ڕەق و خۆڕاگر دەبم ، بە دیوێکیش دەیەوێت بڵێت هەموو شتێک دەکەم و دەست بۆ مەحاڵیش دەبەم کە نەگەڕێمەوە بۆلای تۆ مەحاڵ وەک نەرمی بەرد ! یان کراسی ڕەشی سێبەرەکەشی دەسووتێنێت . هەر بەم ورەو ئیرادەوە بەردەوام دەبێ و دەڵێت :
دەستەکانم فێردەکەم ئیتر بە چەپ تەوقە بکەن
ئەفسووس دەستمان بۆ هەر ڕاستییەک برد ، هەڵە دەرچوون
بەم هەستە یاخییەوە گومان لەهەموو شتێک دەکات ، چونکە هەموو ڕاستیەکانی تاقیکردەوە ، هەموو هەڵە دەرچوون ، بۆیە باوەڕی بە ڕاستی نەماوە ، دەخوازێ بە دەستی چەپی تەوقە بکات ڕاست بوونێکی گوماناوییە ! دەربڕینێکی قووڵ و پڕ لە ڕەهەندی جیاواز و پڕ لە کێشمەکێش ئیتر هەر بەم هەستە یاخی و نائومێدییەوە دەڵێت :
دەڕۆم بە شووشەی تۆزاوی
پەنجەرە شکاوەکانی خانووە ڕووخاوەکانی لادێکەشمان دەڵێم
واز لە چاوەڕوانی بێنن
ئەو خۆرە هەڵنایەت کە چاوەڕێی دەکەن !
ئیتر تەواو پڕاوپڕە لە نائومێدی و گومان ، دەڕواو ئاوڕ لە هیچ ناداتەوە تەنانەت دەخوازێت پەنجەرەکانیش چیتر لە چاوەڕوانی خۆر نەبن . بۆیە هەر دەڕوا و هەر دەڕوا …
بە قەرەباڵغی بازاڕەکاندا
بەناو ڕەنگی هەرچی دەموچاوی جیاوازدا تێدەپەڕم و
بیر لە شێوەی تۆ ناکەمەوە
ئەمە ترسناکترین گەیشتنی من دەبێت
بۆ یەکەمجارە کە خۆم بەجێدەهێڵم !
ناوەستم من حەوسەڵەم زۆرە بۆ ڕۆیشتن ..!
ئیدی بڕیاری خۆی داوەو پشت دەکاتە ئەو و جێی دەهێڵێ ، بەنێو شوێنە قەرەبالغەکاندا دڕوات و بەناو ڕەنگی هەموو دەموچاوەکاندا ڕەتدەبێ بەڵام ، بیر لە ڕەنگ و لە شێوەی ئەو ناکاتەوە ، چیتر بیر لە بوون و لە بێدەنگی ئەو ناکاتەوە ، چیتر بیر لە خەون و خەیاڵە پەرتبووەکانی ئەو ناکاتەوە ، ئەو ئێستا کەسێکی ترە وێنەی کەسە دڵنەرمییەکەی خۆی لەنێو ئەوا جێهێشتووە ، ئەوە یەکەمجارە خۆی جێدەهێڵێ ، دەڕواو وەک کەسێکی نائومێد و یاخی حەوسەڵەی ڕۆیشتنی زۆرە !
بە ترافیکەکان دەڵێم
ئیتر نە تۆ و
نە هیچ وەستانێکی چاوەڕوانی بێزارم ناکەن
ئای لەوێدا چەند هەست بە تەنیایی دەکەم
شەقامێکی پان پڕ لە ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر
خەڵکانێک هەرگیز نەمناسیبوون
دەست لە پاسەکە ڕادەگرم
سەرنشینەکان سەیرم دەکەن
حەزدەکەم بقیژێنم
سەیرم بکەن جگە لە جەستەیەکی خاڵی و ڕۆحێکی شکاو
چیتر دەبینن ؟
دەڕواو بە ترافیکەکانیش دەڵێ نە ئێوە و نە هیچ وەستانێکی چاوەڕوانی بێزارم ناکەن ، یان ناتوانن بم وەستێنن بۆ یەکجاری ، هەرچەندە شاعیر بۆ ترافیکەکان ( تۆ )ی بەکارهێناوە دەڵێ ( نە تۆ و نە هیچ وەستانێک ! ) بەڵام ، دەبێ لە جیاتی تۆ ( ئێوە ) بێت چونکە ترافیکەکان لە باری ( کۆ ) دان ، دەڕوا و هەست بە تەنیاییەکی گەورەش دەکان ، ئەم دڵشکان و گەیشتن بە خاڵی مردن و خۆجێهێشتنە سانا نییە ، ( داکەناندنی ئەو لە خۆی ) دیوێکی تری مردنە ، بە شەقامێکی پانوپۆڕ و قەرەبالغدا دەڕوات پڕ لە دەموچاوی نوێ ، خەڵکی نەناسراو ، سواری پاس دەبێت و سەرنشینەکان سەیری دەکەن ، ئەویش هێندە نائومێد و دڵشکاوە هەست دەکات بقیژێنێت ، بەڵام ئەو هەردەڕوات ، کاتێکی کەمی ماوە لەخۆی جیابێتەوە ، دوێنێ خۆی لەنێو ئەودا جێهێشت ، دەیەوێت لە ئێستای خۆیشی جیابێتەوە ! بۆیە دەڵێت :
لەلای من سەعات سفری دەوێت بۆ
م
ر
د
ن
بێزەحمەت پاسی ژیان دابەزین هەیە
لە وێستگەی گۆڕستانەکەی پێشم
سەرنشینەکەی تەنیشتم دێتە گۆ
بمبوورە
ژمارەی تەمەنم سووتا
ئیتر زەنگی هیچ وشەیەک هەڵناگرم
دەڕۆم و بە خودایش دەڵێم هیچ
لەمەیان بگەڕێ / بۆ قیامەت هەڵیدەگرم !
ئیتر لێرەوە لەناو ئاکامێکی نادیار کۆتایی دێت ، ( خۆم لە تۆ دادەکەنم ) شیعرێکە لەناوەڕۆکدا چیڕۆکی عەشقێکی تراژیدیمان بۆ دەگێڕێتەوە ، دابڕانێکی بە ناچاری ، دابڕانێک تەنها خواستی یەکێکیانە ، یەکێکیان ، بێدەنگ و گۆشەگیر ، خەیاڵ پەرت و ئاڵۆز ! ئەویتریش لە داخی ئەم لە کۆتایی لە پاسی ژیان دادەبەزێت ، ئەوە هێمایە بۆ دوا وێستگەی ژیان ، لە بەردەم گۆڕستانێک دادەبەزێت ، هێمایە بۆ مردن ، خۆیشی لە دەربڕینێکی زۆر جوانی شیعری دەڵێت : لای من سەعات سفری دەوێت بۆ مردن ! یانی مەودای ئەو و مردن سفرە .. یان گەیشتوون بەیەک !
بە شێوەیەکی گشتی ئیمان یادەوەر لەو شیعرە و لە شیعرەکانی تریشی جوانییەکی نایابی بەرجەستە کردووە ، زمانێکی شیعری و پێکهاتە و دەستەواژەی شیعری ، مانا و ناوەڕۆکێکی قووڵ ، شیعرەکانی پڕن لە گومان و نیگەرانی و پرسیار و پارادۆکس و هەستی یاخیبوون و هەستی مرۆیی و گەمەی زمانەوانی .. . ئەمانەش هەمووی بڕستی جوانی و چێژ و ئارامی بە دەروون و ناخی خوێنەر دەبەخشن ، هاوکات ئەم پێکهاتانە پێکهاتەی شیعری نوێگەر و مۆدێرنن !
لێرەدا بە پێویستی دەزانم باسی چەمکێکی تر بکەم ئەویش چەمکی داهێنانە ، داهێنان وەک چەمکێکی گەردوونی ، وەک چۆن ( فیساگۆرس )ی فەیلەسوف و بیرمەند پێیوایە جیهان پێکهاتووە لە چەند تابلۆیەک ، ناتوانین لە یەک تابلۆدا تەواوی ڕووبەری جیهان ببینین ..! ئەمەش بۆ چەمکە گەردوونیەکان ڕاستە ، ئێمە لە وتاری ( بۆچی شیعر پێناسە ناکرێت ) ئەوەمان گوتییە ،، گتومانە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە ناتوانین لە یەک گۆشەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین یان بیبینین ، بۆ گەیشتن و نزیکبوونەوە لە وێنە فراوانەکەی شیعر دەبێ لە چەندین گۆشەی جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین ، ئەمە بۆ چەمکی داهێنانیش هەروایە ، واتە ناتوانین دواخاڵ و یان خاڵی کۆتایی ڕووبەری داهێنان دیاری بکەین ، بۆیە ناکرێت بە فلان و فیسار شاعیر بڵێین گەیشتوونەتە ( لوتکە ) یان لە لوتکەی داهێنان دان ، داهێنان لوتکەی نییە ، گەیشتنە لوتکە لە داهێنان بوونی نییە چونکە مردن هەیە ، مردنیش وەستاندنی پڕۆژەکانی بوون و داهێنانە ! بەڵگەش بۆ ئەو قسەیەم گەر ( ناڵی و گۆران و شێرکۆ بێکەس ) لە ژیان مابان دڵنیام داهێنانی گەورەتریان پێشکەش دەکردین ، گەر ( شەیکسپیر و دەستۆفسکی و فروغ ) لە ژیان بەردەوام بان دڵنیام داهێنانی گەورەتریان دەکرد ، بۆیە نە ئەمانە و نەهیچ نووسەر و شاعیرێک ناتوانن بگەنە لوتکە ، دەتوانن داهێنانی گەورە بکەن ، لە بڵنداییەکەوە بەرەو بڵنداییەکیتر سەرکەون بەڵام ، ناگەن بە لوتکە ، چونکە لوتکە لە داهێنان بوونی نییە یان جگە لە وەهم شتێکی تر نییە ، دەبێ ئەوەشمان لەلا ڕۆشن بێت هیچ شاعیرێک بە نووسینی چەند دەقێکی جوان ، یان چەند کتێبێکی شیعری جوان ، یان بەسەرکردنەوەی لەلایەن لێکۆڵەر و ڕەخنەگرەکان ، یان وەرگرتنی خەڵات لە فلانە ڤیستیڤال و لە فلانە پێشبڕکێوە ، ئەمانە کەس ناگەیەنێتە لوتکە ، چونکە دوای گەیشتن بە لوتکە نۆرەی هاتنە خوارەوەیە ! بۆیە ئەو کەسانەی ئەم گەیشتنە لوتکەیە دەخەنە پاڵ نووسەر و شاعیرەکان من پێموایە ، ئەوە جگە لە هەژاری فیکری یان تێنەگەیشتن لە چەمکی داهێنان هیچ شتێکی تر نییە ! بە ئومێدم ئیمان یادەوەری شاعیر بەم بیرکردنەوە کراوەییە لە شیعر و داهێنانەکانی بڕوانێت ، هەوڵبدات ئاست و توانا مەعریفی و توانا شیعرییەکانی خۆی پەرە پێبدات و خەونی داهێنانی هەبێت ، کە من خۆم ئومێدی گەورەم پێی هەیە کە ئایندەیەکی ڕووناک و گەشی لەبەردەمی دایە ، گەر بەم هەناسەیە لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت ، دڵنیام ڕۆژێک دێت دەبێت بە ناوێکی گەورە لەنێو ئەتلەسی شیعری نوێی کوردیدا ، ئیتر سڵاو لە شیعر ، سڵاو لە جوانی ، سڵاو لە داهێنان …!

        کۆتایی                                            ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣ 



چەمکەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) لە شیعرەکانی ( ئیمان یادەوەر )دا-2-.. ناڵە حەسەن

_ بەشی دووەم

_ شیعری ( پڕم لە هیچ )
ئەم ناونیشانە گەر ڕووکەشانە سەیری بکەین ، ڕەنگە وای ببینین کە ئەم هیچە مانایەک بێت بۆ ڕەشبینی یان پووچگەرایی ( نەهیلیزم ) ، ئەو نەهیلیزمەی داداییەکان لەوپەڕی نائومێدیەوە وەک هاوارێک دژ بە شەڕ و هاوارێک دژ بە کوشتنی مرۆڤ و ژیان ئیشیان لەسەر دەکرد ، یان ئەو ڕەشبینیەی لای شوبنهاوەر ، یان ئەو پووچییەی لای ئەلبێرت کامۆ کە لە پشتییەوە و لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە مانایەک بە خۆکوشتن دەبەخشێت ، یان خۆکوشتن لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە تیۆریزە دەکات ! بەڵام ، لای من شیعری ( پڕم لە هیچ ) ئەو پووچییە و نەهیلیزمە ناگەیەنێت ، شاعیر دەڵێ : پڕم لە هیچ ! دەکرێت ئەم دەستەواژەیە وەک پارادۆکسێک ، یان ئاواهی بیبینین کە وەک پەرداخێک بێت کاتێک خالییە لە ئاو بەڵام ، لە ڕووی زانستییەوە بەتاڵ نییە پڕە لە هەوا ! ئەم پڕم لە هیچەش ئاوایە ، ئیمان یادەوەری شاعیر کاتێک دەڵێت پڕم لە هیچ ، یانی پڕم لە نیگەرانی و گومان و خەم و حەسرەتەکانی ژیان ، ئەو هیچە ئەو مەبەستە دەگەیەنێت ، یانی بە تاڵە لە خۆشبەختی و ئارامی و بەختەوەری ، لە پشتی ئەو هیچە پارادۆکسێک دەبینین ، چەندین چەمکی دژبەیەک ، وەک خۆشی و ناخۆشی یان ژیان و مردن .. بە دیوێکیتر ئەگەر پووچگەرایی مورادفەکەی ڕەشبینی بێت ، بەو مانایەی شاعیر هیچ ئومێدێکی بە ژیان نەمابێت و بوون و نەبوونی خۆی لەنێو ژیاندا وەکو یەک ببینێت ، لەوەش زێتر لای کەسە
ڕەشبینییەکان یان لەنێو بیرکردنەوەی ڕەشبینی دا ” خودی ژیان دەبێت بە کێشە ” بە مانایەک واتە کێشەی تۆ دەبێتە ئەوەی مانەوەت لەنێو ئەو کێشەیە کە ئەویش ژیانە !
ئێمە وای نابینین ، ئەو شاعیرەمان لەنێو شیعرەکانی ئیشی لەسەر ڕەشبینی و ( پووچی ) کردبێت ، پووچی بە مانا نەهیلیزمەکەی ، ئێمە گوتمان لە زۆرێک لە شیعرەکانی بە گومان و نیگەران و نائومێدە بەڵام ، نائومێدی بەمانای ڕەشبینی نایەت ! ئێمە لە وتارێک بە ناوی لە نێوان ( نائومێدی و ڕەشبینی ) دا جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو چەمکەمان باسکردووە و گتومانە ، نائومێدی بیرکردنەوەیەکی نێگەتیف نییە ، لە جۆرە ژیانێکی ئاواهی کە بەهای مرۆڤ و مرۆڤبوون کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە یان ژیان بەو پەڕی ڕووبەرەکانی ناشیرینی گەیشتووە ، ئاساییە مرۆڤ یان شاعیر نائومێد بێت ، بە دیوێکیتر ئەم شاعیرە بۆیە نائومێدە چونکە ئومێد و خەونی گەورەی هەیە و لە ئیستادا پێی نەگەیشتوون ، ئیمان یادەوەری شاعیر ڕاستە نائومێدە بەڵام کەسێکی ڕەشبین نییە ، واتە دەستی لە خەون و ئومێد و ژیان بەرنەداوە ، ئەوەتا هەر لە شیعری ( شانۆی مەرگ ) لە کۆتاییەکەی ئومێدێکی گەورە وێنا دەکات و دەخوازێت ڕۆژێک لەجیاتی خۆر ژیان هەڵبێت ..! یان لە پشتی نائومێدییەکانی هەست بە خەونی گەورە و ژیان دەکەیت . ئەوجا دوای ئەم خوێندنەوەیە بۆ تایتلی شیعرەکە ، شاعیر بەوە شیعرەکەی دەست پێدەکات و دەڵێت :
شەو نییە یەک دونیا مەراق لەگەڵ خۆمدا نەخەوێنم
پێمدەڵێن : بیرمەکەرەوە
کەچی بیر لەبیرنەکردنەوەش دەکەمەوە
هێندە پڕ بوومە لە هیچ
ئیتر پووچیش جێی منی تیا نابێتەوە
دەمەوێت لە بارەی بێکەسیەوە بدوێم
ڕوخسارێک نابینمەوە بێدەنگیم بشێوێنێت
هەموویان یەک پارچە
تابلۆی نیگەرانی و بێتاقەتیم پێشان دەدەن
پێنووسەکان لێرە بۆ مەرگ نووسینەوە دەژین
ئێمەش بۆ ژان
بە نیگەرانییەکی گەورەوە دەستپێدەکات ، شەونییە یەک دونیا مەراق لەگەڵ خۆیدا نەخەوێنێت ، ڕۆژەکان ڕەتدەبن و ئەو بە خەونەکانی ناگات ! یان خەونەکانی لێی دوور دەکەونەوە ، ژیانیش بە بێدەنگی تێدەپەڕێ کەچی پێێ دەڵێن بیرمەکەرەوە ! ئەو کەسێکی هێندە هەستیار و مرۆڤدۆست و ژیاندۆستە تەنانەت بیر لە بیرنەکردنەوەش دەکاتەوە ! ئەو ناتوانێ بیرنەکاتەوە ، چونکە لەوە بەئاگایە ، کە بیرکردنەوە سەرچاوەی شیعر و فەلسەفە و ژیان و هەموو شتێکە ، هەروەک سوقرات دەڵێت ، بۆ ئەوەی خۆت بدۆزیتەوە پێویستە بیربکەیتەوە ! ئەو بۆ خەون و ئومێدە گەورەکانی دەژیت ، لای ئەو شاعیرەشمان : ژیان ئەوە نەبوو کە بۆی هاتین ! ، ئیتر هێندە نائومێدە لەگەڵ ئەو مەراق و خۆزگانەی کە پووچیش ناتوانن لە خۆی بگرن ، ئیتر هەست بە تەنیاییەکی کوشندە دەکات چونکە ، دەوروبەر لە موعانات و ئازارەکانی تێناگەن ، هەموویان کاتێک قسەی بۆ دەکەن بێتاقەتتر و نیگەرانتر و تەنیاتری دەکەن ، کەس لەم شاعیرەمان تێناگات و جگە لە مەراق ئومێدێکی ناخەنە بەردەم تەنانەت ڕۆشنبیر و نووسەر و قەڵەم بەدەستەکانیش بۆیە ، بە بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی دەنووسێت و ڕەخنەیەکی جدی لە قەڵەمەکان دەگرێت و دەڵێت : پێنووسەکان لێرە بۆ مەرگ نووسینەوە دەژین ! ، ئێمەش بۆ ژان ، چ هەستێکی ناخۆش و مەرگ ئامێز و تراژیدیایە قەڵەمەکان لەجیاتی ژیان مەرگ بنووسنەوە ، لە جیاتی جوانیش مەراق و نائومێدیەکان یان ببن بە بەشێک لە ناشیرینیەکان ! ، ئێمەش لەجیاتی ئارامی و خۆشییەکان تەنها خەم و ژان و حەسرەت بنۆشین . لە پشت ئەم خەم و مەراق و نائومێدییەی شاعیر وشیاری و مەعریفەیەکی قووڵ هەست پێدەکەین .
ئێمە بەڵێنمان داوە بە کاڵکردنەوەی جوانیەکان ڕابگەین
ڕۆژ نییە گوڵێک بە دەستی پاسەوانەکانەوە سەرنەبڕدرێن
……………………..
پێم بڵێ ئەرێ چی دەزانین جگە لە
خوێکردن بە برینەکانی یەکتریدا
جگە لە کوژاندنەوەی چراکانی
سەر ڕێگەی یەکتر
نا تۆ پێم بڵێ : کەی بوو کۆتاجار پێکەنین
پێم وانییە بیرت بێت
ئیتر وای لێهاتووە هەموومان
شەڕ بە تەنهایی بفرۆشین و
دەوار لەناو باخچەکانی غروردا هەڵدەین
لە گومان و نیگەرانیەکانی بەردەوام دەبێ بە دیدێکی ڕەخنەیی قسان دەکات و دەڵێت ، ئێمە بەڵێنمان داوە بە کاڵکردنەوەی جوانییەکان ڕابگەین ، ڕۆژێکیش نییە گوڵێک بە دەستی پاسەوانەکان سەرنەبڕدرێن ،، بڕۆننێ چ تراژیدیایەکە ! هەمیشە لە هەوڵی کاڵکردنەوەی جوانی و سەربڕینی گوڵەکانین ! ئیدی شاعیر چۆن نائومێد و شەوانان بە مەراقەوە سەرنەنێتەوە ؟ چۆن گومان لە پاسەوانەکان و لە دەوروبەر و لە هەموو کەسێک نەکات ؟ ئیدی لەناو ئەم گومان و نائومێدییە پرسیار دەکات و دەڵێت ، پێمبڵێ ، ئێمە چێ دەزانین جگە لە خوێکردن بە برینەکانی یەکتریدا و کوژاندنەوەی چرای سەر ڕێگاکان ؟ لە پشتی ئەم پرسیارانە گەورەترین ئازار و خەمە قوڕسەکان هەست پێدەکەین ، کوشتنی ئەویتر و نا تەندروستی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو پەیوەندییەکانیتر ، یان دەڵێ ، پێم بڵێ کەی بوو دواجار کە پێکەنین ؟ لە پشتی ئەم پرسیارە شاعیر گەورەترین گومان بەرجەستە دەکات ، کە نازانێت کەی بوو دواجار کە پێکەنین ! لە کۆتایی ئەم کۆپلەش ڕەخنەیەکی جدی دەگرێت دەڵێت ، لەگەڵ ئەم ژیانە پڕ لە شەڕ و مەرگ و ئازاراوییە کەچی دەوار لە ناو باخچەکانی غروردا هەڵدەدەین ! چەند شوورەیی و بێ شکۆییە مرۆڤەهایەک لە نزمترین ئاستەکاندا ژیان بەسەر ببەن و لەولاوەش لەژێر دەوار و ساباتی غروری لێی ڕاکشابن و هەوڵی گۆڕین و باشترکردنی ئەم ژیانە مەرگئامێزە نەدەن ! یان دەڵێت :
لێم مەپرسە دەردت چییە ؟
تەنیایی و هەزار عەیب
دەردێک و هەزار دەرمانی ساختە
گۆرانییەک و کوڵانەوەی هەزار برین
خۆزگەیەک و هەزار چاوەڕوانی
هاوڕێیەک و هەزار دڵشکان
خەندەیەک و هەزار گریان
ژیانێک و سەدەیەک مردن ..!
لێرەدا هەوڵدەدات وێنەی ژیانێکی نائاسییمان بۆ بکێشیت ، بە هۆی پێشاندانی چەند چەمک و دوالیزمی هاودژ ، تەنیاییەکی بەردەوام ، دەردێک و هەزار دەرمانی ساختە ، لە پشتی ئەم دێرە شیعرییە ، وێنەی مرۆڤ و بەهای مرۆڤایەتیمان بۆ ڕەسم دەکات ، یان خۆزگەیەک و هەزار چاوەڕوانی ، ئەوەش نیگەرانی و نائومێدییەکی تۆخە ، کە لە کۆتاییش لە ڕێگەی پارادۆکسەوە ، چەمکە دژەکان بەیەکەوە دەلکێنێ و وێنەیەکی شیعری نایابمان بۆ دەکێشێ ، خەندەیەک و هەزارگریان ، ( خەندەو گریان ) دوالیزمێکی دژ و ناتەبان ئەو بەیەکەوە ڕستەیەکی شیعری نایابی لێدروست کردوون ، هەروەها ، ژیانێک و سەدەیەک مردن ! ئەمەش هەم پارادۆکسێک و هەم ڕستەیەکی شیعری پڕ ئیستاتیکا و پڕ لە شیعرییەتە . ئەوەی لەم دەقە زۆر سەرنج ڕاکێشە لەگەڵ پێکهاتە شیعرییەکانی وەک ، گومان و پرسیار و پارادۆکس ، چەند جارێک وشەی مەرگ یان مردن دووبارە و سێبارە دەکاتەوە ، تا ئەو ئەندازەیەی ژیان یەکسان دەکات بە مردن ، ئەوەتا لە دیمەنێکی شیعری و ناوازە دەڵێت :
تەمێک لەسەر شانی باوکتە
لەناو ئەم هەموو ئازارە
بۆنی مردنی لێدێت ..!
یان دەڵێت :
دەنگی مردن
هێڵێکی ڕەشی ناحەزی لاوێنە
وەک جادەیەکی ڕەشی تازە دروستکراوی قیڕی گەرم
دڵ و ڕۆحمان دەسووتێنێت
لەم دەقە شیعرییە ژیان تابلۆیەکە بە ڕەنگەکانی مردن ڕەنگکراوە ، یان جەستەیەکە کراسی مردنی کردۆتە بەر ، مردن لە هەموو زەمەنێک و لە هەموو شوێنێک ئامادەیە ، ژیانێک لەنێو ئامێز و باوەشی مەرگ ڕاکشاوە یان سەما لەگەڵ مردندا دەکات ، دەیەوێت بڵێت : ئێمە لەنێو ژیانێک دا دەژین کە بە شوناسی ، مردن هەمیشە مردن .. دەناسرێینەوە . ئیدی لەم ژیانە بێزار بووە و پەتی ئارامی دەپچڕێ و بە هەستێکی یاخیانەوە دەڵێت :
خۆزگە زەوی ڕۆژێک بە توندی دەپژمێ و
منی لە دەم و لوتیەوە هەڵدەدایە هەسارەیەکیتر
بۆچی نا ؟
خەریکە بۆنی کراسەکەی دایکیشمان بیر بچێتەوە
ڕەنگەکان ناناسینەوە
تەنانەت وەرزەکانیش بە ناڕێکی خول دەخۆنەوە
زەوی پیر بووە
خەریکە ژیان بە گۆچان دەڕوات
من دەمەوێت دوور بکەومەوە
هیچ کەس دەستی پێم نەگات
لێرەدا مەراق و نیگەرانی و نائومێدیەکانی دەگاتە ئاستێکی بڵندی بێزاربوون ، ئیدی ناتوانێت چیتر بەرگە بگرێت ، چونکە زەوی پیربووە و ژیانیش بە گۆچان دەڕوات ، بێ ئومێد دەبێت لە گۆڕان و گەیشتن بە ژیانێکی باشتر بۆیە ، لەم ژیانە یاخی دەبێت و دەخوازێت جێی بهێڵێت و لێی دوور کەوێتەوە یان بەهۆی پژمینی زەوییەوە بکەوێتە سەر هەسارەیەکی ترەوە ، هێندە دوور بکەوێتەوە هیچ کەس دەستی پێی ڕانەگات ، ئاخر چۆن یاخی نەبێ و دوور نەکەوێتەوە ؟ لە ژیانێک کە هەموو کایە و گۆشەکانی ناڕێکە ، مرۆڤەکان تەنانەت بۆنی کراسی دایکیان بیر دەچێتەوە و ڕەنگەکان ناناسنەوە یان وەرزەکان بە ناڕێکی دەسووڕێنەوە ، ئیتر هۆکارێک نەماوە بۆ مانەوە لەنێو ژیانێکی لەم جۆرە ، ژیان تەواو بەتاڵبووە و لە هەموو شتێک داماڵراوە ، بە هەمان هەناسەی بێزاری و یاخیبوونەوە لە کۆتایی ئەم دەقەیدا دەڵێت :
تاکە راستییەک ئەوەیە من هێشتا لێرەم
وەکو گرێیەکی ترسناک بە هەناوی ژیانەوە نووساوم
کێ دێت بە شمشێرەکەی دەستی بمرێت ؟
ئەفسوس .. ژیان زۆر درێژەی کێشا
هێشتا لە مەترسیدام
من
هەر لێرەم
هەر لێرەم
دوور لە چاوەکانی تۆ ..!
ئەو لەناو بێزاری پەنگ دەخواتەوە و خوازیاری ڕۆشتن و دوور کەوتنەوەیە ، بەڵام زەمەن دەڕوا و ئەو هەر لێرەیە ، وەک گرێیەکی ترسناک بە هەناوی ژیانەوە نووسابێت ، هەرگیز لێی جیانابێتەوە ، ئیتر نائومێدانە دەڵێت : ئەفسووس ژیان زۆر درێژەی کێشا ، ئەم دێرە شیعرە جوانکارییەکی بێئەندازەی تیا بەرجەستەکراوە ، وەک گەڵای لاولاوەیەک بە شەونمی شیعرییەت داپۆشراوە ، نائومێدییەک کە شیعرییەت ڕۆح و هەستی خوێنەر بە سەما دەهێنێ ، بە پێچەوانەی هەموو کەس کە ئامادەن سەر و ماڵیان ببەخشن بۆ بەدەستهێنانی شوناسێک و زێتر مانەوە لەنێو ژیان ! بەڵام ئەم شاعیرەمان لەگەڵ ئەوەی لە هەڕەتی تەمەنی لاویدایە و دەڵێ ، ئەفسووس ژیان زۆر درێژەی کێشا ..! زۆر شاعیرانە و بە وشیارییەوە دەیەوێت پووچی ژیان پێشان بدات نەک بیرکردنەوەی پووچی ! مانەوەی لەنێو ژیان بە مەترسی دادەنێ ، لە کۆتاییش مەسیجێکی خەمناک بۆ دڵدارەکەی دەنێرێت و دەڵێت ،
من هەر لێرەم بەڵام ئەفسووس دوور لە چاوەکانی تۆ ..!

_ شیعری ( جەستەی ژیان بە دەمی مەرگەوە )
بەر لەوەی باسی ناوەڕۆک و فۆرم و زمانی ئەم دەقە شیعرییە بکەین دەبینین ، تایتلی شیعرەکە پارادۆکسێکە و هەمدیسان دوالیزمێکی دژبەیەک ، ململانێیەک لەنێوان ژیان و مەرگ ، وەک ئەوەی هەموو دەقە شیعرییەکانی ئیمان بە قەڵەمی ئەم پارادۆکس و ئەم ململانێیەی نێوان ژیان و مەرگ نووسرابن . یان بە ئاگری ئەم پارادۆکسە گەش ببنەوە و جوانتر دەربکەون ، هەروەک و بینیمان لە زۆربەی شیعرەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس و هاوکات یاخیبوون )یش ، هاوتەریبن و بەشێکی سەرەکین لە پێکهاتەی شیعری ئەو شاعیرەمان . یادەوەر لە سەرەتای ئەم شیعرەی دا دەڵێت :
من دەزانم
ئەوان نازانن مرۆڤ بە سەرێکی سووکەوە
بارێکی قوڕسە بەسەر ژیانەوە
من کێشێکی کەم و کێشەیەکی زۆرم هەیە
کێشم هەرگیز کێشەی گەورەی من نەبووە
کێشەی من ئەوەیە بۆچی
ئارەزووی مرۆڤ لە گەدەی گەورەترە ؟!
لێرەدا گەمەیەکی زمانەوانی ناوازە دەبینین ، ئیشکردن لەسەر فۆنیم و دەنگی وشەکان ، ( کێش و کێشە ) ، یان دوالیزمی ( سووک و قوڕس ) ، بۆ پێکانی ئامانج و مەبەستێکی گەورە بەم پارادۆکسە دەست پێدەکات و دەڵێت ، من دەزانم ، مرۆڤ بە سەرێکی سووکەوە بارێکی قورسە بەسەر ژیانەوە ، لەم بەیەکەوە گرێدانی ئەم دوو چەمکە هاودژە دەیەوێت مەبەستێک و نائومێدییەکی گەورە بپێکێت ، دەیەوێت پێشان بدات ، لە دونیای مۆدێرن و شارستانیەتەکەی سەرمایەداری و گەشەی تەکنەلۆژیا مرۆڤ بۆتە بارێکی قوڕس بەسەر ژیانەوە..! دواتر گەمەیەکی جوان لەگەڵ فۆنیمی ( کێش و کێشە ) دەکات و دەڵێت : من کێشێکی کەم و کێشەیەکی زۆرم هەیە ، یان دەڵێت : کێشم هەرگیز کێشەی گەورەی من نەبووە ..! شاعیر لە پاشخانێکی مەعریفییەوە ئەمەی نووسیوە ، ئەو ( کچە مۆدێلێک ) یان لەو کەسانە نییە تەنها خەریکی کێش و جوانکاری جەستە بن ، یان هەموو کێشە و خەیاڵیان لای گۆڕینی دیکۆری جەستەیان بێت ..! ئەو شاعیرە کێشی خۆی هیچ کاتێک کێشە نەبووە بۆی ، ئەو کێشەی گەورەی لەگەڵ ژیاندا هەیە ، وەک شاعیرێک چۆن بتوانی ژیان جوانتر بکات ، بۆیە ڕووبەڕووی هەموو ئەو فاکتەر و هۆکارانە دەبێتەوە کە ژیان ناشیرین دەکەن ، لەنێو شیعرەکانیدا و لە ململانێی نیوان ژیان و مەرگ ئەوە دەخوێنینەوە کە ( شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە ! ) ، بۆیە دەیەوێت باس لە کێشە و دیوە نێگەتیفەکانی ژیان بکات ، تا کەسەکان بیربکەنەوە و چونکە بە گومانە لە خەڵکانی دەوروبەری و دەڵێت : من دەزانم .. وەڵێ ئەوان نازانن ! مرۆڤ بە سەرێکی سووکەوە بارێکی قورسە بەسەر ژیانەوە ! لێرەدا بە ڕوونی ئەو گومانەی خۆی دەخاتە ڕوو ، هەروەک سارتەریش دەڵێت : شیعر و ئەدەب ، ئازادی و خۆشبەختی بۆ مرۆڤەکان بەدەست ناهێنن بەڵکو وا لە مرۆڤەکان دەکەن بیر لە ئازادی و خۆشبەختی بکەنەوە ..! ئەم شاعیرەشمان هەروای کردووە . دواتر دەڵێت :
باوکم دەبینم بە دڵێکی ساف و نێودەستێکی زبرەوە
حەزدەکەم پێستم بدوورم بۆ دەستکێشی دەستەکانی
بۆ ئەوەی ژیان لەنیو قڵێشی دەستەکانی دا نەنێژرێت !
گەر دڕندەیی مرۆڤ نەبایە ژیان کوا هێندە ترسناک بوو ؟
دەبێت دڵت لە شوینێکی تردا بشاریتەوە
شوێنی دڵ ئاشکرایە
بۆیە ڕۆژ نییە نەیبەن و شەو نییە بە زووخاوەوە نەینێرنەوە ..!
ئەم کۆپلە شیعرە پڕە لە هەستێکی گەورەی مرۆیی هاوکات جوانکاریەکی شیعریش ، هەستی پاک و بێگەردی منداڵێک بۆ باوکی ، دەیەوێت پێستی خۆی بدوورێت و بیکات بە دەستکێشی دەستەکانی باوکی ، نەوەک ژیان لەنیو قڵێشی دەستەکانی بنێژرێت ، ناشتنی ژیان مانای مردنی ژیانە ، ئەوەش پارادۆکسێکی ترە لەنێوام مردن و ژیان ، لێتان ناشارمەوە ئەم هەستە جوان و مرۆڤدۆستییەی شاعیر لەم دیمەنە شیعرییەدا ، چەند دڵۆپە فرمێسکێکی پێ ڕشتم و منی گەڕاندەوە نێو ژیانی منداڵی و گەنجێتیم و ژیانی هەژاری خێزانیمان و بینینەوەی ماندووێتی باوکم و خەمە سپییەکانی دایکم ! بە بڕوای من یەکێک لەو هۆکارانەی کە وایکردووە قووڵاییەک و جوانکاری بە شیعرەکانی ئیمان یادەوەر ببەخشێ ئیشکردنیەتی لەسەر ژیان ، یان بەرز ڕاگرتنی بەها مرۆڤایەتییەکانە ، هەروەک دەڵێت ، کێشەی مرۆڤ ئەوەیە ئارەزوویەکی گەورەی هەیە بۆ ژیان ، ئارەزووەکانی مرۆڤ بێ سنوورن ، ژیانیش بەم خواروخێچی و پووچییەوە ناتوانێ تەریب بێتەوە لەگەڵ خەون خولیاکان و خۆزگەکانی مرۆڤ ! بەهۆی زبری و قڵێشەکانی ناو لەپی دەستەکانی باوکی وێنەی مرۆڤێکی زەحمەتکێش و ماندووی ئەم ڕۆژگارەمان بۆ ڕەسم دەکات ، کە زەمەن بێ ڕەحمانە بەسەر پشتی خەون و ئارەزووەکانییان ڕێدەکات ، ئەم خۆشەویستییەی بۆ باوک و مرۆڤەکان ، لەنێو قووڵایی تووڕەبوونێکی شاعیرانەوە دەڵێت : گەر دڕندەیی مرۆڤ نەبایە ژیان کوا هێندە ترسناک بوو ! لێرەدا شاعیر لەبەر هەڵچوونی باری دەروونی بیری چووە ، شیعر وەڵام ناداتەوە بەڵکو پرسیار دەوڕوژێنێ ، وەڵام دانەوە کاری شیعر نییە ، ئەوە ئایین و ئایدیۆلۆژیاکانن وەڵامی حازر بەدەست و ئامادەیان پێیە بۆ هەموو پرسیارێک ، گەورەترین هێزی زمانی شیعری لە وڕوژاندنی پرسیار دایە نەک وەڵامدانەوە ، دەبوا پڕسیار بکات و بڵێت : ئەم ژیانە بۆ هێندە ترسناکە ئەی زەمەن ؟ دەبوا ئەو وەڵامە بۆ خوێنەر جێبهێڵیت کە ترسناکی ژیان هۆکارەکەی نا وشیاری و دڕەندەیی و بێڕەحمی مۆڤە ..! دوای ئەم هاوارەی تووشی بێباوەڕی و گومانێکی گەورە دەبێت بەرامبەر مرۆڤەکانی دەوروبەری ، پێێ وایە شوێنی دڵ ئاشکرایە ، دەبێت دڵ لە شوێنێک بشاردرێتەوە ، شوێنێکی نهێنی و نادیار بێت چونکە ، ڕۆژ نییە نەیبەن و شەو بە زووخاوەوە نەیگەڕێننەوە ؟ گومان و خەمێکی گەورە و دەربڕینێکی شیعری جوان . بەو هەستە ئینسانییە لە شیعرەکەی بەردەوام دەبێت تا لە کۆتاییەکەی دەڵێت :
دایکە کراسە سەوزەکەت لەبەرکە ، با بەهاری ئێمە چوار وەرز بێت
با باوکم لە خەندەیەکتدا ماندووی ڕۆژگار بشارێتەوە
با من لەنێو دوو ڕووی مرۆڤەکان ، ڕووە و ڕووی تۆ
تا قیامەت دابنیشم ..!
بە هەمان خۆشەویستی و هەستی مرۆڤ دۆستییەوە داوا لە دایکی دەکات کراسە سەوزەکە لەبەرکات ، با بەهاری ئێمە جوار وەرز بێت ، کراسە سەوزەکە لەلایەک مایەی دڵخۆشی باوکییەتی لەلایەکیش هێمایە بۆ سەوزاییەکی هەمیشەیی و چوار وەرزی ، مرۆڤەکان هێندە هیلاک و ماندوون بەدەست ئەم ڕۆژگارە سەخت و کەمەرشکێنە دەخوازێ هەموو وەزەکانی ژیانییان بەهار بێت ، بەهۆی ئەو کراسە سەوزەی دایکیشی باوکی لە خەندەیەکدا ماندووی ڕۆژگار بشارێتەوە ، چەند دێرە شیعرێکی پڕ ئیستاتیکا و پڕ لە جوانییەکانی بەهای مرۆڤبوونە ؟! ئەو خۆشەویستییە بۆ باوک جوانکارییەکی بێوێنەی بە شیعرەکە بەخشیوە ، ئەو گومانە گەورەیەی لە بەرامبەر مرۆڤەکان لێرەدا ڕوون و ڕۆشنتر دەری دەبڕێت کە دەڵێت ، با من لەنێو دوو ڕووی مرۆڤەکان ، ڕووە رووی تۆ .. هەم گومانێکی گەورەی بەرجەستە کردووە هەم بە شێوە دەربڕینێکی شیعری نایاب ، دوو ڕوویی ، ڕووە و ڕووی تۆ ..! لێرەش ئیشی لەسەر فۆنیمی وشەکان کردووە ، واتە دەنگی وشەکان دواتر دەڵێت .. ڕووە و ڕووی تۆ تا قیامەت دابنیشم ! قیامەت وشەیەکە مانا و مەبەستێکی ئایینی لە پشتە بەڵام ، لێرەدا لەو مانا و مەبەستە داماڵراوە ، بە مانای بۆ تاهەتا ، گرینگە شاعیر لەنێو ڕووبەری نووسین ئازاد بێت و لەژێر کاریگەری هیچ ئایین و ئایدیۆلۆژییەک دا نەبێت ، واتە لەژێر کاریگەری هیچ هێزێکی دەرەکیدا نەبێت ، هەروەک د. محەمەد کەمال لە کتێبی ( بوون و داهێنان )دا باس لە ئازادی نووسەر دەکات لەنێو ڕووبەری نووسین ، بەمانای گەر نووسەر ئازاد نەبێت واتە هێزێکی دەرەکی لەجیاتی ئەو بڕیار لەسەر پڕۆژەکانی بوونی دەدات و ئاراستەی جووڵەکانی دیاری دەکات . ئەوەش مانای کۆیلەبوون و نامۆبوون دەگەیەنێت ، دەمەوێت ئەوەش بڵێم ، شاعیر لە ڕێگەی زمانەوە دەتوانێ دەست بۆ هەموو وشەیەک ببات و بەکاری بهێنێت ، بە مەرجێک لە شوێنی گونجاو و بەرگێکی شیعری بەبەردا بکات . بەڵام گرینگە خۆی لەنێو رووبەری شیعر و نووسینەکانی کەسێکی ئازاد بێت و لە ژێر کاریگەری ڕووبەری ناخودئاگایی و خەون و ئارەزووەکانی خۆیدا بێت و وەک دەڵێن ، تەنها خۆی بێت و بەس !

ماویەتی ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣




چەمکەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) لە شیعرەکانی ( ئیمان یادەوەر )دا-1-.. ناڵە حەسەن

_ بەشی یەکەم

بۆ قسەکردن لەو چەمکانە واتە ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) ، پێویست دەکات بگەڕێینەوە بۆ ئەفسانە و فەلسەفەی یۆنانی کۆن ، چونکە لەنێو شارستانیەتی ئەوسای گریک ئەفسانە ڕۆڵێکی سەرەکی و گرینگی هەبوو تەنانەت سەرچاوەو بنەمایەکیش بوو بۆ فەلسەفەی گریک ، لەنێو ئەفسانەکانیش دا ( ئیلیادە و ئۆدیسە )ی هۆمیرۆس . کە بە چڕی ئیشی لەسەر گومان و وڕوژاندنی پرسیار و دوالیزمی هاودژ دەکرد . چونکە قارەمانەکان تێکەڵاویەک بوون لە مرۆڤ و خوداوەند یان دونیای میتافیزیکی ڕۆحانی و دونیای مادی ، هەروەک لە کۆڕەکەی د. شاهۆ سەعید بە ناوی ( جوانناسی گریکی لە ئەفسانەوە بۆ فەلسەفە ) ، کە لەوێدا باس لەوە دەکات کە ( پرسیار و وتووێژ یەکێکن لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی ئەفسانە .. یان دەڵێ قارەمانەکانی نێو ئەفسانەی گریک هەمیشە کەسێکی نیگەران و پڕ گومان بوون ، نەک هەر لە حیوار دابوون لەگەڵ کاراکتەرەکانیتر بەڵکو ، لەگەڵ خوداش لە وتوێژ دابوون تەنانەت هەندێجار ڕەخنەیان لە بڕیارەکانی خودا دەگرت ..! ) ، بە مانایەک ئەوەش هێمایە بۆ حەقیقەتی( ڕێژەیی نەک حەقیقەتی ڕەها ) ، ئەفسانەی گریک هێندە کاریگەری هەبوو بەسەر بیرکردنەوە و بونیادی فەلسەفەی ئەوکات بە ئەندازەیەک گەورەترین پرسیاری لای فەیلەسوفەکان دروست کردووە ، بەشێک لە فەلسەفەی( سوقرات و ئەفلاتوون ) وەڵامدانەوە بووە بەو پرسیارانە . یان ئیشکردن لەسەر ئەو پارادۆکس و دوالیزمە هاودژانەی وەک خێر و شەڕ ، نێر و مێ ، ڕووناکی و تاریکی ، ڕۆح و جەستە و زۆریتر ، ئەو چەمکانە لە دەورانی پێش مۆدێرنە بە تایبەت لە شیعر و ئەدەبیاتی قوتابخانەکانی ( ڕۆمانسیزم و ڕیالیزم ) وەک پێویست کاریان لەسەر نەدەکرا ، هۆکارەکەش لەو دەورانە لەژێر کاریگەری ئایین و ئایدیۆلۆژیاکانەوە باوەڕیان بە تاکڕەوی و حەقیقەتی ڕەها هەبوو ، ئەمەش مانایەک بۆ گومان و پرسیار ناهێڵێتەوە ، لەلایەکیتر لە دەورانی ڕۆمانسیزم و ڕیالیزم زیاتر پەیوەندی نووسەرەکان بە دونیای دەرەوە بوو ، ئیشکردن لەسەر دونیای واقیع و سروشت و جیهانی دەرەوە ، کەمتر پەیوەندییەکان ڕووە و ناوەوە بوون . بۆیە داهێنان و ڕووبەری جوانی لەم قوتابخانانە دەگەنە ئاستێکی وەستان و چەقبەستوو ، بەمانایەک لە پەیوەندی نێوان ژیرخان و سەرخانی کۆمەڵگە ،، ئەدەب و هونەر وەک ڕەگەزێکی سەرەکی سەرخانی کۆمەڵگە دەگاتە ئاستێک بەتایبەت دوای شۆڕشی فەرەنسا و پێشکەوتنی شارستانییەت و دروستبوونی شار و گەشەی مانیفاکتۆرەکان و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان ، ئەدەب و شیعری ئەوکات لەچاو پێشکەوتنەکان لەدواوە دەبێت ، بۆیە ئەدەب و هونەری ئەوکات وەک بەشێک لەسەرخانی کۆمەڵگە لەبەرامبەر ئەم هەلومەرجە و ئەم ئالوگۆڕانە نەیتوانی وەڵامدەرەوە بێت هاوکات بەهۆی داهێنانەکانی( سیگمۆند فرۆید )یش بە تایبەت شیکردنەوەی خەونەکان ،، کاریگەری زۆی دانا لەسەر ئەوەی ئاراستە و پەیوەندییەکان ڕووە و ناوەوە بەرەو خەون و ڕووبەری ناخودئاگایی و گەشەدان بە زمانی شیعر و نووسین لە رێگای بەکارهێنانی هێما و وێنە و میتافۆرەوە . بۆ ئەوەی ئەدەب و هونەریش لەگەڵ ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان هاوتەریب بڕوات و دوانەکەوێت ، بە دیدگا و میتۆد و بیرکردنەوەی نوێ بۆ زمان و بەرجەستەکردنی جوانی لەئاستێکی بەرز .. لە سەدەی نۆزدەیەم لەژێر کاریگەری بیرکردنەکانی ڤیکتۆر هۆگۆ ڕێبازی ( هونەر بۆ هونەر ) دامەزرا ، پاشان قوتابخانەی پارناس ، دوای ئەوە بۆدلێر و هاورێکانی وەک ، مالارمی و ڤارلین قوتابخانەی ( سیمبولیزم ) یان دامەزراند ، دوای ئەوە هەر لە فەڕەنسا داداییەکان و سوریالیستەکان پەیدا بوون ، ئایندەییەکان لە ئیتالیا و فۆرمالیستەکانیش لە ڕووس . خاڵێکی هاوبەش لەنێو ئەو قوتابخانانەی دەورانی مۆدێرنە ئەوەبوو بەشێوەیەکی جڕتر ئیشیان لەسەر زمان دەکرد بە شێوەیەکی گەوهەری گرینگیان بە زانست و بونیادی زمان و جوانناسی دەدا ، هاوکات لە قوتابخانە ئەدەبیەکانی دەورانی مۆدێرنە بەجۆرێک لە جۆرەکان گەڕانەوەیەک بوو بۆ شارستانیەت و ئەفسانە و فەلسەفەی گریک ، بەتایبەت لە پەیوەند بە چەمکەکانی گومان و پرسیار و دوالیزمە دژەکان ( پارادۆکس ) و گونجاندنی ئەم دوالیزمانە بەیەکەوە ، دواتریش لە دەورانی پۆستمۆدێرن ئەم چەمکانە لەنێو شیعر و ئەدەبیات دا تۆختر ئیشیان لەسەر کرا و بە تایبەت ( گومان ) و بیرکردنەوەی ( ڕێژەیی ) گرینگی زێتری پێدرا ، بەتایبەت دوای ئەوەی بیردۆزی ڕێژەیی لای( ئانیشتایین ) داهێنرا ، چەمکەکانی گومان و پرسیار وڕوژاندن چوونە ئاستێکی باڵاتر لەنێو ڕووبەری زمان و بیرکردنەوەکان چوونە ئاستێکی سەرووتر ، بۆچیش لە پۆستمۆدێرنە ئەو چەمکانە گرینگی زێتریان پێدرا چونکە لە دەورانی مۆدێرنە چەمکەکانی گومان و پرسیار و بیرکردنەوەی ڕێژەیی پاشەکشەیان پێکرابوو ، واتە کەمتر پەیڕەو دەکران ، گوتاری تاکڕەوی شوێنی گوتاری فرە ڕەهەندی گرتبوویەوە ، لەژێر کاریگەری ئایین و ئایدیۆلۆژییەکان ، ( یەک قسەکەر و یەک چیڕۆک و یەک ئەفسانە ) باوی هەبوو ، بەمانایەک گەڕانەوە بۆ حەقیقەتی ڕەها ، هەربۆیە لەم دەورانە دوو جەنگی جیهانی هاتنە ئارا و چەندین دیکتاتۆر سەریان هەڵدا وەک ( هیتلەر و ناپلیۆن و مۆسۆلۆنی … ) ، ئەمانە لەژیر کاریگەری و بیرکردنەوەی تاکڕەوی و تۆتالیتاریستانە ئیشیان دەکرد ، بۆیە لە سەردەمی پۆستمۆدێرنە دووبارە گرینگی بە بیرکردنەوەی ڕێژەیی درایەوە و گومان لە ئاستێکی بەرین و بە چڕی ئیشی لەسەر کرا ، بەو مەبەستەی حەقیقەت لە یەککاتدا لای هیچ کەسێک و لای هیچ ئایین و ئایدیۆلۆژیایەک نییە ، ئیش لەسەر گوتار و ئارگومێنتی فرە ڕەهەندی کراو ( پێکەوە ژیان ) جێگەی سەرکوت و ڕەشکردنەوەی ئەویتری گرتەوە ، تا ئاستی ئەوەی چەمکەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) هاوکات لەگەڵ گەمە زمانەوانییەکان بوون بە پێکهاتە و سیمای شیعری پۆستمۆدێرنی . هەر لەوەی سوقرات دەڵێ ( مرۆڤ هیچ نازانێت پێویستە خۆی فێربکات ) ، یان ئەلبێرت کامۆ لە ( ئەفسانەی سیزێف ) لەشوێنێک دەڵێت ( ژیان خالییە لە مانا ..! ) ، ئەم ڕوانگە و تێڕوانینانە گەورەترین گومانن بۆ مرۆڤ و ژیان و دونیای دەرەوە . ئەم چەمکانەش پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ یەکدا هەیە ، چونکە هەموو پرسیارێک گومانێکی گەورەی لە پشتە هەموو گومانێکیش مەعریفە و وشیارییەکی گەورەی لە پشتە هاوکات ، پارادۆکسیش واتە گونجاندنی چەمکە دژەکان بەیەکەوە و دروستکردنی پەیوەندی و هارمۆنیایەک لە نیوانیان بۆ مەبەست و ئامانجی دیاریکراو ، ئەمەش لە مەعریفەیەک و گومانێکی قووڵ سەرچاوە دەگرێت ، چونکە لە ئەنجامی هەڵنەکردن و نەگونجانی هاودژەکان ژیان و پەیوەندییەکان دەچنە بارێکی نا تەندروست و توندوتیژی برەوەی پێدەدرێت ، هەروەک فرۆید لە داهێنانی چەمکەکانی ( ئیرۆس و ساناتۆس ) واتە ( ژیاندۆستی و مەرگدۆستی ) کە پێیوایە لە بیرکردنەوە و مێشکی مرۆڤ ئەم دوو چەمکە بە شێوەیەکی تەریب ئامادەییان هەیە و لە غیابی هەر یەکێکیان مرۆڤ تووشی ناڕێکی دەروونی دەبێت ، ئەم چەمکانەش لەنێو زمانی شیعریدا جوانیەکی بێوێنە بەرجەستە دەکەن ، لەپاڵ ئەم چەمکانە ( یاخیبوون )یش ڕۆلێکی گرینگ دەبینێت لەنێو داهێنان و نوێگەریدا ، چونکە هیچ نووسەر و شاعیرێک ناتوانن نوێگەر بن ئەگەر کەسێکی یاخی و بە گومانەوە لە ئەدەبی خۆیان و دەوروبەریان نەڕوانن ، وەکچۆن( یاخیبوون و نوێگەری ) دوو چەمکن هاوتەریب و ئاوێزانی یەکترین و چەمکەکانی ( گومان و یاخیبوون )یش بەهەمانشێوە ، وەکچۆن کامۆ لە کتێبی ( مرۆڤی یاخی )دا دەڵێت ( مرۆڤی پووجگەرا ، دواتر یاخی ، باوەڕی بە هیچ بڕوایەکی ڕەها یان بوونەوەر و یان مرۆڤێکی ڕەها نییە ، بەلای ئەوەوە حەقیقەتەکان ڕێژەیین نەک ڕەها..! ) هەروەک لە پێشتر باسمان لەوە کرد کە ڕوانین بە دیدی حەقیقەتی ڕێژەیی یانی ڕوانین بە دیدێکی گوماناوی ، بۆیە دەبینین چەمکی یاخیبوون و گومانیش هاوتەریب و ڕێکن بەیەکەوە ، ئینجا بەدوای ئەم دەستپێک و سەرەتایەمان لە بارەی چەمکەکانی باسمان کردن ، دێین خوێندنەوەیەک بۆ چەند شیعرێکی ( ئیمان یادەوەری ) شاعیر دەکەین ، هەوڵدەدەین لەنێو شیعرەکانی دیوە شاراوەکان و کاریگەری ئەم چەمکانە لەنێو زمانی شیعری ئەم شاعیرەمان بەدەربخەین . ئیمان یادەوەر شاعیرێکە ئەزموونێک و تەمەنێکی کورتی هەیە لەنێو دونیای شیعر ، نزیکەی( پێنج ) ساڵێکە دەنووسێت و شیعرەکانی لە سۆشیال میدیا و لە هەندێک لە ڕۆژنامە و سایتەکان بڵاودەکاتەوە ، شاعیرێکی لاوە و بەم تەمەنە کورتەی توانیویەتی چەندین دەقی شیعری ناوازە و جوانمان پێشکەش بکات ( لەوانە دەرد لەبەرد کەوتووە تۆش لەمن ، جەستەی ژیان بە دەمی مەرگەوە ، پڕم لە هیچ ، شانۆی مەرگ ، خۆم لەتۆ دادەکەنم ، بەم دواییەش زەوی شاعیرەکان و چەند دەقێکی تر ) ، ئیمان یادەوەر تا ئیستا دوو خەڵاتی وەرگرتووە ، لە ڤیستیڤالی ( شەن ) بە شیعری ( خۆم لەتۆ دادەکەنم ) خەڵاتی دووەمی وەرگرتووە ، لە ڤیستیڤالی ( مەلای جەباری ) بە شیعری ( زەوی شاعیرەکان ) بە هاوبەشی لەگەڵ دەقێکی تر خەڵاتی یەکەمیان وەرگرتووە . ئیمان یادەوەر بە شێوەیەکی بەرچاو ئیشی لەسەر چەمکەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) کردووە ، تا ئاستی ئەوەی سیمایەکی جوانییان بە شیعرەکانی بەخشیوە ، هاوکات وەک شاعیرێک و بوونێکی یاخیش دەردەکەوێت لەنێو دەقە شیعرییەکانی ، ئەمەش تا ئاستێکی باش جیای دەکاتەوە لە شاعیرانی هاوتەمەن و سەردەمی خۆی ، دەتوانم بڵێم بە دیدێک و فۆرمێکی جیاوازتر دەنووسێت ، شاعیرانەتر مامەڵە لەگەڵ زمان دەکات ، قووڵتر مەبەستەکانی دەردەبڕێت ، مەبەستمە ئەوە بڵێم ئەو شاعیرەمان بە سەرەتایەکی جوان دەستی پێکردووە توانایەکی شاراوەی شیعری نایابی تیا دەبیندرێت . هەوڵدەدەین لەم لێکۆڵینەوەمان خوێندنەوە بۆ چەند شیعرێکی بکەین .
_ شیعری ( دەرد لەبەرد کەوتووە تۆش لە من )
گەر لەم تایتلە بڕوانین ، دەستەواژە و دەربڕینێکی شیعری نایاب و جوان دەبینین ، شاعیر زیرەکانە دوو وێنەی نەخشاندووە ، وێنەیەک ( کەوتنی ئەو لەخۆی ) ، وێنەیەکیتر ( کەوتنی دەرد لەبەرد ) ، بە مەبەستیش جێگۆڕکێی بە شوێنی وێنەکان کردووە ، بەمانایەک وێنەی دووەمی بۆ ئەوە نەخشاندووە تا ناوەڕۆک و قووڵایی هێماکانی وێنەی یەکەم پێشان بدات ، مەبەستییەتی بڵێت / کەوتن و جیابوونەوەی تۆ لەمن وەک دەرد و ئازارەکانی بەرد وایە یان وەک کەوتنی دەرد لەبەرد وایە ، واتە کەوتنی تۆ لەمن هێندە ئازارێکی بەسۆیە بەردیش دێنێتە قسە و ئەسەف و غەمگینە بۆم ، لەتاو ئەم کەوتنەی تۆ دەرد و ئازاری لێدەکەوێت ، دێمەنێکی شیعری جوان دەربڕینێکی شیعری و ماناو مەبەستێکی قووڵ . ئیدی ئەم ئازار و وێنە شیعرییە پڕ لە ئیستاتیکایە دەروازەیەکە بۆ چوونە نێو دەقە شیعرییەکە ، لە سەرەتای دەقەکە دەڵێت :
گریانێک بە گەروومەوە لکاوە
نازانم لە دڵمەوە سەردەکەوێت بۆ سەرم
یاخود لە سەرمەوە دەیەوێت بگاتە دڵم
قوڕگی گرتووم دەمەوێت بڵێم من کێم .. ناتوانم
دەنگم لە ئەشکەوتی سەرمدا دەنگ دەداتەوە
لەسەر ئەم دیواری ونبوونە دەنووسم بمدۆزەرەوە
بەڵام ئەوەی ونی کردم نایخوێنێتەوە …!
کەوتنی ئەو لە خۆی ، ئازارێکی هێندە قووڵ بوو پڕی کردووە لە نیگەرانی و گومان ، هەموو شتێکی بیر بردۆتەوە تەنانەت ناوی خۆیی و شوناسی خۆیشی ، ( دەمەوێت بڵێم من کێم ، بەڵام ناتوانم ! ) ، چونکە هێندە نیگەران و نائومێدە هەموو شتێکی بیرچۆتەوە تەنانەت ، ئەو گومانەی بە گەرووی لکاوە نازانێ لە دڵییەوە سەردەکەوێت بۆ سەری یان لە سەریەوە دەگاتە دڵی ؟ ، هاوکات قوڕگی گرتووە و ناتوانێت هیچ بڵێت ، لەلایەکیترەوە دەنگی لە ئەشکەوتی سەری دەنگدەداتەوە ، سەدای دەنگ دانەوەکە وەک ئەوە وایە سەری لەنێو گێژاوی دەنگدانەوە وەک گێژەن لوول دەخوات ، لەناو نائومێدی و ئەم ونبوونە دەنووسێت / بمدۆزەرەوە ! بەڵام حەیف .. ئەوکەسەی لەو بەربۆتەوە ، ئەوەی ئەمی ونکردووە نایخوێنێتەوە ! شاعیر وردە وردە و قووڵتر ئەم نیگەرانی و ئازارەکانی کەوتنی ئەو لە خۆی پێشان دەدات و لە دیمەنی دوای ئەوە دەڵێت :
وشەکان لەسەر زارم بوونە بەرد
ئەم دیواری وشانە تا عەرش بەرز بوونەتەوە
نە ئەجەل دەیڕوخێنێت و نە هاودڵێک دەیکات بە کۆشک
دەنگێک بە پەردەی گوێیەکانمەوە نووساوە
با دونیا بیبیستێت من نایبیستم
ئەوەی بانگم دەکات با دڵی بنێرێت نەک دەنگی !
لە پشتی ئەم دیمەنە شیعرییەش گومانێکی گەورە هەست پێدەکرێت ، گومان لەوە دەکات ئەو کەسەی خۆشیویستووە ئاگاداری چیڕۆکی شەونخونی و بێداری و خەم و ئازاری ئەو بێت ، گومان دەکات چیڕۆکی ئەم عەشقەی ئەو بووبێتن بە بەشێک لە خەیاڵ و خەمەکانی ئەو ، وشەکانی ئەم عەشقەی ئەم باوەشیان بۆ ناکاتەوە و لە دەفتەری یادەوەری خۆی نایان نووسێتەوە ، بۆیە وشەکانی بستیک لێی دوورناکەونەوە هەر لەسەر زاری خۆی دەمێننەوە و دەبن بە بەرد ، دەبن بە بەرد و دیوارێک دروست دەکەن ، دیوارەکەش تا عەرش بەرز دەبێتەوە ، ئیتر ئەمیش نائومێدانە هەر دەبێ سەیری دیوارەکە و بوون بە بەردی وشەکانی بکات و ئەو خەمەش سەراپا جەستە و مێشکی داگیرکردووە ، کە نە ئەجەل دەیکوژێت و نە کەسیش دیوار و بەردی وشەکانی دەکا بە کۆشک ! دەنگێکیش بە پەردەی گوێیەکانی نووساوە ، ئەو بە گومانە لەوەی ئەو دەنگە هی ئەو بێت بۆیە گومانەکەی بەوە دەردەخات و دەڵێت : دونیا دەیبیستێت بەڵام من نایبیستم ، بە ئەسەفەوە دەڵێت : ئەوەی بانگم دەکات با دڵی بنێرێت نەک دەنگی ! ، ڕەنگە ئەو دەنگە تەنها گومانێک بێت و هیچیتر ، شاعیر لەنێو قووڵاییەکاندا زێتر بەنێو ململانێو کەوتنی ئەو لەخۆی دەچیتە خوارەوە و دەڵێت :
سێبەرێک هات و جێی هێشتم
ڕەنگی خوێنم تاریک بووە
بەو چەکوشەی دووری پیای کێشام
لە سەرمدا جگە لە دەنگدانەوەی دەنگی برینەکانم
هیچیتر نابیستم !
دیمەنێکی شیعری جوان و گومانێکی قووڵ .. لە دیمەنی پێشوو نیگەران و بە گومانە لەوەی وشەکانی بگەن بە ئەو و ببن بە بەشێک لە بیرەوەرییەکانی ئەو ، یان گومان لەو دەنگە دوورانە کە دەگاتە گوێی ئەو نایبیستێت ،، لێرە گومانەکانی تۆختر دەردەخات نیگەرانیەکانی قووڵتر دەبنەوە بەوەی ( ڕەنگە ئەوکەسە هەربوونی نەبێت ! یان کەسێکی خەیاڵی و وەهمی بێت ،، بە سێبەر وێنەی دەکات ، سێبەریش وێنەی خەیاڵی کەسەکانە دەکرێت وەهمێکی گەورە بێت ، دەڵێت : سێبەرێک هات و جێێ هێشتم ،، ئەم جێهێشتنە هێندە کاریلێکردووە ڕەنگی خوێنی تاریک کردووە ، لە سوورەوە گۆڕاوە بۆ ڕەش ، ئەوەش هێمایە بۆ ئازار و خەمێکی قووڵ ، کە وەک چەکوشێک بەر سەری کەوتووە ئێستا لەتاو ئەم خەم و ئازارە لەنێو سەر و مێشک و خەیاڵیا جگە لە دەنگدانەوەی دەنگی برینەکانی هیچیتر نابیستێت ..! ئیتر لەنێو ئەم گومان و نائومێدی و خەم و نیگەرانیانە دێت شاعیرانە پرسیارێک دەوڕوژێنێت ، دەیەوێت لە پشتی ئەو پرسیارەوە خەمە گەورەکانی کەوتنی ئەو لە خۆی وێنا بکات و دەڵێت :
دەزانی خەمی چیمە ئەی دۆست ؟
بمرم و مردووشۆریش نەیبینێت
ئەو خۆشەویستییەی وەک خۆرێکی زەرد
لە ڕوخساری ماتما هەڵهات
بۆ دواجار لەگەڵ خۆما ئاوابێت !
کاتێک پرسیارەکە دەکات و دەڵیت ئەی دۆست ، دەکرێت ئەو دۆستە هەرکەسێک بێت ، ئەوی وەهمی بێت ، ئەوی خوێنەر ، هەرکەسێک ، کەسەکە شوناس و بوونی نادیارە ، شاعیر دەیەوێ لە پشتی پرسیارەکەی ئەو خەمە قووڵە پێشان بدات کەوا ،، ئەو خۆشەویستییەی وەک خۆرێکی زەرد لە نێو ڕوخسار و چاوەکانی هەڵهات ، ئاوابێت و نەک هەموو خەڵک بەڵکو مردووشۆریش نەیبینێت ! دوای ئەوە بە هەمان هەناسەوە بەردەوام دەبێت و دەڵێت :
شیعرێک لە سکمایە لەخۆم باڵاتر
دەڵێی من منداڵی ئەوم و ئەویش منداڵی جیهان
دەزانم لە دایک ببێت من لە هەناویدا دەدۆزنەوە
دەبی ئەم هەموو برینە بەچی دابخەم ؟
پەنا بۆ کراسی کام گۆرانی ببەم ؟
بیکەم بە بەر ئازارەکانمەوە
خەمەکان منیان لەخۆ هەڵکێشاوە …!
خۆی ئەگەر لە ڕووی تەکنیکی و زمانەوانی سەیری بکەین ، وا دەزانین ناڕێکییەک یان هەڵەیەکی تەکنیکی و زمانەوانی هەیە ، چونکە شوێنی لە دایکبوونی شیعر مێشک و ڕووبەری خەیاڵە نەک سک .. بەڵام شاعیر وەک کچێک یان ئافرەتێک ، هەستی مێیینەی خۆی و کردەی مناڵبوون وێنا دەکات ، شیعر هێندە لێیەوە نزیکە وەک کۆرپە و جگەرگۆشەی خۆی خۆشی دەوێت و لێی دەڕوانێت ،، دەربڕینی ئەم هەستە مێینەیەش دواتر قسەی زێتری لەبارەوە دەکەین ، ئیدی کۆرپەیەکی شیعری لە سک و منداڵدانییەتی ، دەڵێی من منداڵی ئەوم و ئەویش منداڵی جیهان ،، لێرە دەیەوێت لە پشتی ئەم دەربڕینەوە باسی گەورەیی و بەرینی رووبەری شیعرمان بۆ بکات ، وەک ئەوەی ئێمە لە نووسینەکانمان هەمیشە تاکیدیمان لەوە کردۆتەوە کە شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە ، ئەویش دەیەوێت مەبەستێکی لەو شێوە بە تەعبیر و دەستەواژەکانی خۆی دەرببڕێت ، دەیەوێت پێمان بڵێت ،، لەگەڵ ئەوەی ئەو شیعرە لەنێو سکی مندایە ، بەڵام هێندە دڵ میهرەبان و گەورەیە ڕێگە دەدات من لەنێو ئەودا قسەکانم و خەم و ئازار و نیگەرانیەکانم دەربڕم و وەک ئەوەی من منداڵی ئەو بم و ئەویش منداڵی هەموو جیهان ، کە مەبەستی ئەو ڕووبەرە گەردوونییەی شیعرە . دواییش دەوێت ئەم بوونە گەردوونیە وەکو شاعیرێک بکات بە شوناسی خۆی و دەڵێت ، دەزانم گەر لەدایک بێت و من لە هەناویدا دەدۆزنەوە ! ، خۆی منداڵ بە دایک و باوکی دەناسرێتەوە ، کاتێک پێچەوانەکەی ڕاست دەبێت ئەوکاتە منداڵەکە داهێنانێکی گەورە بکات یان لەشوێنێکی بەرز و بڵند و دیار بێت ، ئێ ئەویش دەڵێت ، ئەو منداڵەی لە سکمایە و لە خۆم باڵاتر ، وەک ئەوەی من منداڵی ئەو بم و ئەویش منداڵی جیهان ، مادەم وەک منداڵی جیهان وایە کەواتە شوناسی ئەو منداڵە کە شیعرە لە ئاستێکی بەرز و وەک بوونێکی گەردوونی وایە . ئیتر دەیەوێت ئەو بوونە گەردوونە بکات بە شوناسی خۆی بەوەی کە دەڵێت ، من لە هەناویدا دەدۆزنەوە ،، ئێ بێگومان نیشتیمانی شاعیر هەناو و ماڵی شیعرە . دوای ئەوە دوو پرسیاری یەکبەدوای یەک دەکات و دەڵێت : دەمی ئەو هەموو برینە بە چی دابخەم ؟ پەنا بۆ کراسی کام گۆرانی ببەم ؟ ئێمە گوتمان هەموو پرسیارێکی گەورە گومانێکی گەورەی لە پشتە ، ئەوەتا لە پشتی ئەو پرسیارانە گەورەترین گومان و خەم و نائومێدی دەبینین .. ئاخر دۆشداماوە ! نازانێت دەمی ئەم هەموو برینانەی بەچی دابخات و بێدەنگیان کات ، یان پەنا بۆ کراسی کام گۆرانی بەرێت ؟ لێرە مۆسیقا و گۆرانی وەک هێما و هۆکارێک بۆ ئارامکردنەوەی ناخ و دەروون بەڵام ئەو خەمەکانی هێندە گەورەن نازانێت کام میلۆدی و گۆرانی ئارامی دەکاتەوە ، چونکە خەمەکانی هێندە گەورە و بەسۆن ، ئەو هیچی بۆ ناکرێت چونکە خەمەکان ئەویان لەخۆ هەڵکێشاوە ، واتە هیچ کراسێک ئەو ئارام ناکاتەوە چونکە خۆی بووە بە کراسی خەمەکانی ! شاعیر لە دیماهی شیعرەکەی لەناو هەمان گومان دەمێنیتەوە بەڵکو قووڵتر تەعبیری لێدەکات و دەڵێت :
دەزانم پێش پیر بوون
لۆچی هەزار و یەک خەیاڵت
وەک مشار پێستی ناوەوەم دەبڕێت
بەرلەوەی بمرم .. نا من نامرم
بیرکردنەوە لە تۆ دەمکوژێت
بەڵام ڕوون نییە من دەدۆڕێم
کێ ناڵێت ڕۆژێک ، ئێوارانێک
گۆرانی فیشەکێک
شین بە شایی هەموو خەیاڵەکانت ناگێڕێت ؟!
لە سەرەتای ئەم کۆپلەیە کە کۆتایی شیعرەکەیەتی ، بە دەربڕین و جوانیەکی شاعیرانە باس لە ئازارەکانی کەوتنی ئەو دەکات لە خۆیدا و دەڵێت : دەزانم پێش پیربوون ، لۆچی هەزار و یەک خەیاڵت ، وەک مشار پێستی ناوەوەم دەبڕێت ، دیمەنێک و دەربڕینێکی شیعری جوان ، هێندە بەنێو خەمەکانی ڕۆچووە وەک ئەوەی بەدەم ئازارەکانی وڕێنە بکات و دەیەوێت شتێک لە جەشنی نهێنییەک یان وەسیەتێک بکات و دەڵێت : ئەگەر مردم بەڵام لەم چرکە ساتە بە ئاگا دێتەوە و نهێنیەکە یان قسەکە تەواو ناکات و وەک هاوارێک دەڵێت : نا من نامرم .. بیرکردنەوە لەتۆ دەمکوژێت ،، واتە ئەو یەقینە لەوەی بە مردنی خۆیی و مردنێکی ئاسایی نامریت بەڵکو بیرکردنەوە لەو یان جیابوونەوە و کەوتنی ئەو لە خۆیدا دەیکوژێت ! دواتر ئەم شێوە مردنە لە وێنەیەکی گوماناوی پێشان دەدات و دەڵێت ؟ کێ ناڵێت ؟! ڕۆژێک ئێوارانێک ، گۆرانی فیشەکێک ، شین بە شایی هەموو خەیاڵەکانت ناگێڕێت ؟!ئیتر ئەم دیمەنەی دوایی کە هەم هەڵگری پرسیارێکی گەورە و گومانێکی گەورەیە لە هەمانکات ، لە پشتی ئەم پرسیار و گومانەش دیمەنێکی تراژیدی وێنا کردووە ، کە ئەگەری ئەوە هەیە ڕۆژێک ئێوارەیەک بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت و گۆرانی لێرە مەبەستی لە دەنگی فیشەکەکەیە بگات بەگوێی ئەو ، ئیدی شایی و هەستە خۆشییەکانی لێبکات بە شین .. لە هەمانکات لەنێو هەناوی ئەم دیمەنە تراژیدییە پارادۆکسێکی ناوازەی لەنێوان دوالیزمی هاودژی ( شین و شایی ) داهێناوە ، گونجان و ئاوێتەبوونیان لە یەک ڕستە و دەستەواژەی شیعری بۆ داهێنان و بەرجەستەکردنی ڕووبەرێکی گەورە لە جوانی .

_ شیعری ( شانۆی مەرگ )
هەروەک ئیمان یادەوەر خۆی دەڵێت ، لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە شیعر بڵاودەکاتەوە ، واتە نزیکەی پێنج ساڵێک دەبێت هەوڵەکانی لەم ڕووبەرە چڕبوونەتەوە ، وە یەکەمین شیعریش ئەم شیعرەی سەرەوە بووە بە ناوی ( شانۆی مەرگ ) کە بۆ ئازار و موعانەتەکانی خۆیی و تەواوی کچان و ژنان نووسیویەتی ، وە لەم دواییەش لە گۆڤارێکی ئەلیکترۆنی بە ناوی ( ئایندەسازی ) بڵاویکردۆتەوە هاوکات لە ئەکاونتەکەی خۆیشی لە ( فەیسبووک ) ، سەرەتا شیعرەکە بەوە دەست پێدەکات و دەڵێت :
من ماڵی خاتوونێک دەزانم
لەوبەر کۆڵانەکەوە ئازارەکانیت پێدەگات
ڕۆژانە لای بەقاڵەکە
بە کیلۆ خەم دەکڕێ و دەیخوات
ئەو بە فرمێسک ، فەرش و قاپەکان دەشوات
بە پەڕۆی خۆزگە خەونەکانی
گەردوو تۆزی شووشەی پەنجەرەکە لا دەبات
بە کڵپەی ئاگری ناخی خواردن لێدەنێت
کەلوپەلی نێو کەوەنتەرەکەشی ماتن
کە ڕۆژانە .. گوێیان لە ئاهوو داخی دەبێت
دیوارەکان نەفرەت لە خۆیان دەکەن
کە دەبینن
وەستاون لە جێی خۆیان هیچیان بۆ ناکرێت ..!
بەر لەوەی باس لە ناوەڕۆک و مەبەست و زمان و دەستەواژە شیعریەکانی ئەم دەقە بکەین ، بە پێویستی دەزانم بۆ وە بیرهێنانەوەی خوێنەر باسی بابەتێکی گرینگ بکەم ئەویش ، بابەتی ( شیعر و گێندەر .. ڕەگەز ) واتە پەیوەندی شیعر و ڕەگەز یان ( ئەدەبی ژنانە و ئەدەبی پیاوانە ) ، ئێمە لە زۆر شوێن لە نیو کتێب و وتار و دیمانەکانمان ، ئەم پۆلینکردنەی شیعرمان بە ناوی شیعری ژنانە و شیعری پیاوانە ، یان پۆلینکردنی شیعر لەژێر هەر کاریگەریەکیتر بێت بۆ نموونە ( ئەدەبی کرێکاری ) یان ( ئەدەبی نەتەوەیی ) یان ( ئەدەبی ئیسلامی ) هەتادوایی ، هەموو ئەم پۆلین کردنانەمان ڕەت کردۆتەوە ، بە هۆکاری کە ئەدەب و شیعر بوونێکی گەردوونییان هەیە و هاوتەریبن لەگەڵ ژیان و بەها مرۆیی و مرۆڤایەتیدا ، ناتوانین بەهیچ هۆکارێکی رەگەزی یان ئایینی یان ئایدیۆلۆژی ، ڕووبەرە گەردوونیەکەی بچووک بکەینەوە و چوارچێوەو بازنەیەکی بە دەوردا بکێشین . بۆ نموونە شاعیرێکی ئافرەت وەک دەنگێکی مێ دەتوانێت هەست و خەون و خەمەکان و خۆزگەکانی خۆی بە زمانی شیعری بەرجەستە بکات بەبێ ئەوەی بڵێین ژنە شاعیر یان ئەدەبی ژنانە بۆ شاعیرێکی پیاویش بە هەمانشێوە ، ئەوەتا ئەم شیعرەی خاتوو ئیمان نموونەیەکی زیندووە بۆ ئەو قسەو بیرکردنەوانەی ئێمە ، کە بە زمانێکی شیعری نایاب و پڕ چێژ و ئیستاتیکا ، خەمە کچانەییەکان و مێیینەیی خۆی دەربڕیوە ، مامەڵەی لەگەڵ خەم و خەون و خۆزگە سەربڕاوەکانی خاتوونێک کردووە ، کە لە چوار چێوەی چواردیواردا ڕۆژانە ئازار و خەمەکانی خۆی دەنووسێتەوە ، مامەڵە لەگەڵ کەلوپەلەکانی چێشتخانە و کارەکانی چێشت لێنان و پاککردنەوە و حاجات شۆردن و ئەوکارە ڕۆژانەییانەی کە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان تەنها بەکاری ئافرەت داندراون و ناوبراون ، بە زمانێکی چەند شاعیرانە و بە ئیستاتیکایەکی چەند نایاب دەڵێت : بە پەڕۆی خۆزگە و خەونەکانی گەردوو تۆزی شووشەی پەنجەرەکە لادەبات ، یان بە کڵپەی ئاگری ناخی خواردن لێدەنێت ..! بەڕاستی جوانکاری و داهێنانی گەورە لە پشتی ئەم دەستەواژە و ڕستە شیعرییانە دەبیندرێن ، خەم و هەستێکی ژنانە ، بەکارهێنانی وشەکان لەشوێنی گونجاو و واتادار ، ئیدی گەر بەم شیعرە بڵێین شیعری ژنانە ،، ئایا بچووک کردنەوەی ڕووبەری شیعر نییە ؟ ئایا دابڕانی شیعر نییە لە ڕووبەرە گەردوونیەکەی ؟ ئیدی لە کۆتایی ئەم کۆپلەیە خەمەکان و نائومێدییەکان قووڵتر پێشان دەدات بەوەی : دیوارەکان نەفرەت لە خۆیان دەکەن کە تەنها سەیرکەرن و هیچیتر ، واتە بەهۆی ئەم ستەم و چەوساندنەوەیەی سەر ژنان و ئەم ناهەقی و نابەرابەرییە دیوارەکانیش خەمبار و نائومێدن ..! هەر لە درێژەی گێڕانەوەی ئەم چیڕۆکە تراژیدییە لە شوێنێکی تر دەڵێت :
تەنیایی بە تاڵەکانی پرچیا هەڵواسیوە و
بێتاقەتی دەهۆنێتەوە
گۆڕستانێک لە چاوەکانیەتی و بە سەدەیەک بەهار
دیارە ئەم خاتوونە هەر پارچەیەک لە جەستەی یان هەر ئەندامێک لە لەشی هێما و دەربڕی خەمێکی گەورەن ، خودی ئەم خاتوونەش هێمایە بۆ ژن یان جنسی مێینە ، ئەوەتا تەنیایی بە تاڵەکانی قژی هەڵواسیوە و چاوکانیشی گۆڕستانێکن بە سەدەیەک بەهارەوە ، لێرەدا پارادۆکسێکی ناوازەی لەنێوان دوو چەمکی هاودژ و داهێناوە ، دوو چەمکی ناتەبای پێکە لکاندووە لە وێنەیەکی شیعری جوان بۆ مەبەستێکی تایبەت ،، گۆڕستان و بەهار ، نائومێدی و ئومێد ، مردن و لەدایکبوونەوە ! .. گۆڕستانێک لە چاوەکانیەتی و بە سەدەیەک بەهار ! دەربڕینێک و ڕستە و دەستەواژەیەکی شیعری جوان پڕ هارمانیا و پڕ مانا و مەبەستی گەورە . شاعیر بە هەستێکی مرۆییانە خەمەکان بە ڕەهەندی جیاواز لە ئاستێکی بەرین باس دەکات لە دەرگای زۆرێک لە خەمەکان دەدات بە هەوراز و نشێوەکان دەڕوات تا لە کۆتایی دەقەکە دەڵێت :
هەرخۆی شانۆکار و سیناریست و دەرهێنەر
ڕۆڵی بوون و نەبوون دەگێڕێت
ئومێدێک لە پشتی ڕەشی چاوەکانیەوە پرشنگ دەدات
بەو هیوایەی ڕۆژێک لە جێی خۆر
ژیان هەڵبێت ..!
لە دیماهی ئەو شیعرە ، ڕۆڵی ئافرەت و جنسی مێیینەمان لەنێو ژیان و گەردوون بۆ ڕەسم دەکات ، کە ئافرەت سەرچاوەی ژیان و بوونە ! هەر خۆی خوڵقێنەر و بکەر و بزوێنەری ژیانە ،، نەک هەر ژیان بەڵکو مردنیش ، واتە ( بوون و نەبوون ) هەرخۆی هەموو شتێکە بە مردنیشەوە ، لێرەش پارادۆکسێکی نایاب لە نێوان بوون نەبوون یان مردن و ژیان وێنا کراوە ، کۆتاییەکەش بە ئومێدێکی گەورە کۆتایی پێدەهێنێت ، بەو هیوایەی ڕۆژێک لە جیاتی خۆت ژیان هەڵبێت ..! ئەم ئومێد و هیوایەش هێمایە بۆ بەردەوامبوونی ژیان . جوانی ئەم دەقە لەوەدایە بە هەستێکی مێیینە داپۆشراو و بە هەستێکی گەورەی مرۆیی نووسراوە ، بە زمانێکی شیعری و ئیشکردنێکی تۆخ لەسەر پارادۆکس و چەمکە دژەکان ، خودی جەستەی دەقەکە پارادۆکسێکی گەورەی تیایە ئەویش ئەوەیە ، هەموو دەقەکە لەسەر نائومێدی ئیش دەکات بەڵام لە کۆتایی ئومێدێک و خۆزگەیەکی گەشمان دەخاتە بەردەم هیوا دەخوازی ڕۆژێک لە جیاتی خۆر ژیان هەڵبێت …!

                                                    ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣

                            ماویەتی



عەشق لە گەردوونێکی ترە.. ناڵە حەسەن

١
من لەمەودوا لەنێو بەهاری ژنەکان دێمە دەرێ
خۆم بە پایزی پەپوولەکان دەسپێرم
چیتر نابم بە ستیانە سوورەکەی ئەستێرەکان و
بە چارۆگە ڕەشەکەی هەور و
بە ژێرکراسە شینەکەی دەریا
موخابن / کە ناتوانم
نیگارە نەخشینەکانی عەشق بخوێنمەوە
کتێبە پیرۆزەکەی عەشقیش
لە نێو دەلاقە زێڕینیەکەی زەمەنێکی تر و
ژیانێکی تر و گەردوونێکی ترە
٢
کاتژمێر چەندی مردنە ئەی مرۆڤ
تۆ لە کوێی هاوکێشە خوێناوییەکانی
جەنگەکان و زیندانەکان و شێتبوونەکان / وەستاوی
لەنێو کام جەنگڵستانە تاریکەکانی
ئاینەکان و ئایدیۆلۆژییەکان و
ئەفسانەی خوداکان خۆت حەشارداوە
بەکام میلۆدی سێرنادایی خۆت فێرە سەما کردووە
بە شەڕابی شیلەی کام گوڵ خۆت مەست کردووە
تێنوێتی خۆتت بەکام کانی عەشق شکاندووە
چ بوونەوەرێکی سەیر و سەمەرە و
چ پەیکەرێکی لە تۆز و غوبار و
چ ڕەشەبایەکی رەش ڕەشی ئەی مرۆڤ
جگە لە قامچی دەستی جەڵادەکان و
فانۆسە شووشە شکاوەکەی نێو زیندانەکان هیچی تر نیت
نەفرەت لەخۆت و
لەو تابلۆیە ئەبستراکتییە بێ رەنگەی بۆ عەشقت کێشاوە
موخابن لەم گەردوونە عەشق بۆتە چیڕۆکێکی
پڕ لە درۆی شاخدار و وەهمێکی گەورە و خۆرەتاوێکی هەڵنەهاتوو
٣
من لەسەر پشتی خاڵخاڵۆکەیەکی دڵشکاو ڕاکشاوم
تا دێ خەونەکانم بچووک و بچووکتر دەبنەوە و
لە نێو ئومێدە ئاتەشییە ئەسمەرییەکانیش وندەبم
وندەبم و لەنیو خەیاڵ و لەنێو بینینەکانی
باڵندەکان و درەختەکان و باخچەکان ڕەشدەبمەوە
ئێستا / من بوومەتە ئایەتێک لە خۆرئاوابوون
ئێوارەیەک پڕ لە جۆڵەوانی و
هەمبانەیەک پڕ لە هیوای هەناسەساردی و
نەوڕەسێکی نامۆی ناموراد و نیگارێک پڕ لە نائومێدیی
ئەی خاڵخاڵۆکە خومارییە خەیاڵ خامۆشەکە
خۆم بەڕازە ڕەنگینەکانی تۆ سپاردووە
تا بۆت دەکرێ
هەر بڕۆ و هەر بڕۆ و هەر بڕۆ
لەم گەردوونە گرمۆڵە گوماناوییە
بڕۆ دەرەوە
نامەوێت ببم بە ڕووناکی و خۆم بخزێنمە
نێو کۆڵانە تاریکەکانی چاوەکان و نیگاکان
یان ببم بە مانگە شەوێکی فێنک و
عاشقەکان بەسەر سینگما هاتوچۆ بکەن
خواپێداوەکانیش بمکەن بە پاسەوانی بەردەرگای
کۆشک و سەرا و مەیگێڕی نێو شەوە سوورە سۆزانییەکانیان
یان ببم بە نەرمە بارانێکی ڕووت ڕووت
بەنێو مەمکۆڵەکانی خاکدا بچمە خوارەوە
ئەی خاڵخاڵۆکە چاو بە فرمێسک و نیگا خوێناوییەکە
تا خەیاڵ بڕ دەکا هەر بڕۆ
هەر بڕۆ و هەر بڕۆ و هەر بڕۆ
دوورم خەرەوە
دوور دوور دوور دوور دوور
موخابن / لەم گەردوونە گرمۆڵە گوماناوییە
عەشق مەلۆتکەیەک بوو بە مردوویی لە دایک بوو …!

                                                  ئابی ٢٠٢٣



دەقی تەمەن / ٣٥.. ناڵە حەسەن

                                                       

١
من ئەو شاعیرەم
گۆچانەکەی دەستم لە تریفە و
چاویلکەکەم لە گیا و
قەڵەمەکەم لە ئاگرە
پایز ماڵە خنجیلانەکەم و
دۆزەخیش نیشتیمانی ئەبەدیمە
من نامۆم بە گەردوون و
ژیانیش ناتەبا بە من
کە دەشڕۆم
چەند کتێبێکی چاو بە فرمێسک و
نیگایەک لە نائومێدی و
میلۆدییەک لە خۆشەویستی
لە دوای خۆمدا جێدەهێڵم
٢
سەردەمانێک
خەونی فۆبیایی و ناخۆشم دەبینی
زۆرجاران
لەنێو خەونەکانم دا دەمردم
بەڵام دواجار
مردن وەک بوونێکی ڕەها
هاتە نێو ژیانم و
وەک گەردەلوولێکی ڕەشباو
هەموو ڕۆژێ لەنێو خۆیدا / لوولمدەدا
٣
من لە باوەشی
ئەو خێزانە چاوم هەڵێناوەو گەورەبووم
کە / تێگەیشتن و تەفسیرکردنی دونیا
تەنانەت گۆڕینیشی
یان / خەمی نان و ململانێیە چینایەتییەکان
بەر لە مارکس
لەنێو خەمە سپییەکانی سەر ڕوخساری دایکم و
لەنێو تۆزی سەرشان و ئارەقەی نێوچاوانی باوکمەوە
فێری بووم
٤
تۆ ئەو وەهمە گەورەی
هەموو تاسە و
بیرکردنەوەت لەبیر بردوومەتەوە
خەونەکانمت کردوون بە خەیاڵ
عەشقیش وەک عەنکەبووتێکی عێفریت
جەستە و دڵ و مێشکمی کلۆر کردووە
٥
من لە ڕۆژانی یەکەمی لە دایکبوونم
وەک ئیبلیسێک
ناویان خستمە نێو لەوحەی ڕەشەوە
بە ڕەشترین کاتژمێریش
چرکەکانی تەمەنم خوێندرانەوە
تابلۆی خەونەکانیشم
بە ڕەنگە ڕەشەکانی نائومێدی ڕەنگ کران
بەڵام سەیرەکە لەوەدایە
کە گەورە بووم / بووم بە شاعیرێک
شیعرەکانیشم
لەنێو باخچە سەوزەکانی ژیان
پشکۆ سپییەکانی عەشق دەردەکەن
٦
سەردەمانێک
بۆ وردە ماسییەکانی نێو خەونەکانی تۆ
ڕووبارێک بووم پڕ لە ئاوی ڕوون ڕوون
لەنێو نیگای کۆترە شینکەکانی عەشق و ئەوینیشت
هێڵانەیەک بووم بۆ حەوانەوە
کەچی ئێستا / ڕەشەبای قەدەر وەپێشخۆی داوم و
نازانم لەبەردەم کام ئەشکەوتی نائومێدی و
کام جەنگڵستانە تاریکەکەی دۆزەخ و
کام بیابانە بێ مروەتەکەی ژیان / دەگیرسێمەوە
٧
لەوبەر پردە شینەکە
چیتر چاوەڕێم مەکە
من هەموودەم رێگاکەم دەگۆڕم
لەدوای جەنگەکانیش
لەنێو تەرمەکاندا
بەدوای مندا مەگەرێ
من لەنێو ونبوون و ناشوێندا
بووم بە چیڕۆکێک لە وەهم
٨
وەکچۆن لە عەشق
هەمیشە ڕێگایەک هەیە
بمانباتەوە نێو
دۆزەخی سووتان و مەستبوون
بۆیە من
گەر لەدەرەوەی ژیانیش بم
هەمیشە دوای نیوەڕۆیەک دەبێ
بێم و وەک سواڵکەرێکی دێوانە و شەیدا
لە دەرگای ماڵەکەت بدەم و
داوای تیلە نانێک و
چەند وردە ماچێکت لێبکەم
٩
من ئەو کەسەم
لەوەتەی هەم
لەگەڵ ژیان لە ململانێ دام
ماندووم ماندووم ماندووم
هێندە ماندوو
هەندێجار هەر بە مەبەست
دەست لە بیرکردنەوە و نووسینەکانم
هەڵدەگرم
هەر لەسەر قەنەفەکە کەمێک ڕادەکشێم
بەڵام / خەمەکانی تۆ و
برینەکانی نیشتیمان و
وەسوەسەی تەنیاییم
لەنێو پشیە خەوەکانیشم
لێناگەڕێن پشوو بدەم
١٠
ئازادی لە کوێ بێت / من لەوێـم
شکۆمەندی لە کوێ بێت / من لەوێم
پایز و فڕین و خێلی هەژاران لە کوێ بن / من لەوێم
بەڵام / هەڕاجکردنی نیشتیمان و
کوشتنی ئەویتر و
کۆیلەبوون و
چەمانەوە و بێدەنگی لە کوێ بن / من لەوێ نیم
١١
نە درەخت سێبەری خۆی جێدەهێڵێ
نە دەریا لە شەپۆلەکانی یاخی دەبێ
نە ئاسمانیش ئەستێرەکانی خۆی
دەکوژێنێتەوە
بەڵام تۆ
لەنێو تاریکستانی تاریکی
لێم یاخی بوویت و
منت لەنێو خۆتدا کوژاندەوە و
بە جێتهێشتم ..!
١٢
من ئەو گەریدەیەم
دەمەوێت بە زمانی گوڵ
گۆرانییە گەردونییەکانم بڵێمەوە
بە زمانی هەتاو
هەرچی تاتووی سەر جەستەی خاک هەیە
بیسڕمەوە
بە زمانی شیعریش
مرۆڤ و دۆزەخ
ماسی و وشکایی
خۆرەتاو و شەو
لەگەڵ یەکدا ئاشت کەمەوە
١٣
لە دووری دوورەوە هاتووم
بە پێخاوسی
بەسەر ڕێگا بزمارڕێژەکاندا ڕێم کردووە
شوێن پێیەکانم سەوز دەچنەوە
بووم بە سەوڵی بەلەمی نائومێدان
لەنێو نیگای نەوڕەسەکانیش ئەوەم خوێندەوە
ڕۆژ بە ڕۆژ فڕین سەختتر و
ئاسمانیش بچووکتر دەبێتەوە
١٤
هیچ شتێک هێندەی
سەمای گەڵاکان و
ڕووتبوونەوەی گیا و
گۆرانییەکانی ڕووبار
مانگ و ئەستێرەکان و هەور
بە سەما ناهێنن
عەشقی تۆش بۆمن
شێتبوونێکە لەنێو لە مردن و لە دایکبوونەوە
ناو لەپ و دەمارەکانی عاتیفەم پڕ دەکەن لە ئارامی و
چاوەکان و نیگاکان و ڕوخساریشم پڕ لە خەندە و ڕووناکی
١٥
من لەنێو نەبوونەوە بەدوای تۆدا دەگەڕام
تا بەهۆی بوونی تۆوە
مانایەکیش بە بوونی خۆم ببەخشم
من لەنێو گەڕەکە تاریکەکانی ڕۆژهەڵاتەوە هاتووم
ترس و شەرم
مۆتەکەی ژێر لێفە شڕەکەی شەوەکانم بوون
ترس لە دۆزەخ و لە پرسیارە گەورەکان
شەرمیش لە خەونەکانم و
لە حەزەکانم و لە هەستە شاراوەکانم
وەک باڵندەیەکی باڵشکاو و
ڕێبوارێکی ونی ڕەنگ هەڵبزرکاو
ڕۆژەکانی تەمەنم بەڕێدەکرد
تا دواجار / قەدەر دەرگای ماڵی شیعری
بە ڕوومدا کردەوە
شیعر بوو بەو هێزە ئەفسووناوییە و بەو فریادڕەسەی
قوفلە داخراوە ژەنگاوییەکانی
زمانم و خەونەکانم و هەستەکانمی بۆم کردەوە …!

                                               تەموزی ٢٠٢٣



ڕۆد ماکوین و قەسیدەی ( گوێگرتن لە گەرمایی ).. لە ئینگلیزییەوە: ناڵە حەسەن

  • چەند بەشێک لە قەسیدەی ( گوێگرتن لە گەرمایی )
  • پێنجەم
    بۆ ماوەیەکی درێژ لەکەنار دەریا ماویتەوە
    تامی تۆ ڕێک وەک خۆرەتاو وایە
    بەڵام خۆرەتاو زۆر گەرمترە
    تەنانەت لە خۆشەویستیش

دەمەوێت بڵێم تۆم دەوێت
بەڵام شەو تەنها ئینجێک دوورە
منیش ناتوانم چاوەڕێ بم

لەو کاتانەی کە لە حەوشە
سەیری پەپووڵە دەکەی
کە سەرمەستانە سەما
بۆ گوڵە بەرزەکە دەکات
تۆش هەمیشە ئەوەت لەبیر بێ
کە خۆر بەرەو ئاوابوون دەچێ ..!

  • یانزە
    سێبەرەکانی دوای نیوەڕۆ
    کۆبوونەتەوە ، وەک ئەوڕۆژانەی
    دەیانەوێت بڕۆنە ماڵەوە
    پێش ئەوەی شەویان بەسەردابێ

لە سەرووی بەندەرێکی خۆڵەمێشییەوە
شارێک لە سەر خانوویەکی سپی دانیشتووە
چاوەرێ ڕووداوێک دەکات
هەموو بەلەمەکانیش لە نێویانەوە

بایەک هەڵدەکات
ئێمەش بەیەکەوە لە ماڵەوە گەرم دادێین
ناتوانم سەیری تۆ بکەم
بۆ ماوەیەکی درێژخایەن
لە دەرکەوتنت لە نیو شووشەکانی
پشت بارەکەوە

من دەمەوێت بە تەنیا لەگەڵ تۆ بم
ئەودەمەی
ڕانەکانم بە نەرمی ناوت دێنن
تەنها تۆ گوێت لێیان دەبێ

ئەو شوێنە بۆ ئەوە دروستکراوە
بۆ ئەوانەی چاوشارکێیان تیا دەکرد
ئێمە لە ماڵەوە ئازادین

  • پانزە
    من لە زۆر ڕوەوە تۆم خۆشدەوێت
    لە قەرەباڵغی و لە تەنیایی
    ئەو دەمانەی لە تەنیشتمەوە دەخەوتی
    کاتێک دوور بووی
    من خەیاڵی ئەوەم دەکرد
    کەسانیتر لە شەقامەکە سەیری تۆ دەکەن
    لەوەش خراپتر ، تۆ لە باوەشی کەسانیتردا بیت
    باڵندەکانی مانگی مارسی کەنار دەریام بینیوەو خۆشمویستووی
    خۆم بە هاوین بەخشیوە و خۆشمویستووی
    بینینی درەختە رووتەکان و
    وەشاندنی گۆچانەکەم بەنێو بادا
    لەگەڵ ژماردنی هەموو خولەک و کاتژمێرەکان
    من هەرتۆم خۆشویست
    ئەو پرسیارانەی هەرگیز نەکراون
    وەڵامەکانیش لە خۆشەویستییەوە فێربووین
    بەڵێنم بە خۆمداوە
    هەرگیز نەپرسم ئەمشەو لە کوێبووی
    تەنها بە ئومێدانەوە سڵاوێک دەکەم
  • سیی و پێنج
    ڕۆژێک دێت بە دوای
    ئەو باڵندانە ڕادەکەم
    کە لەنێو باراندا ون دەبن
    بە پەلە ڕۆیشتن بەدوای
    ئەوانەی کە ڕۆیشتوون
    دڵخۆشم بەوەی کە جارێکیتر دەفڕم
    بەڵام دڵنیا نیم لە ڕاکردنم

هەندێ برین هەن
کە من هەرگیز
قسەم لە بارەیانەوە نەکردوون
شتگەلێکیش هەن
وشەکانی کاری وایان بەسەرما هێناون
کە هەرگیز ناتوانی ئەوە بزانی

دوێنێ دونیا گۆرانی دەگوت
دۆزەخیش بە هەزار میلەوە لێمەوە دوور بوو
بەڵام دوای ماوەیەک گۆرانی گوتنەکە وەستا

هەر ئەستیرەیەک دەکەوێتە سەرزەوی
لە شوێنیدا ئەستێرەیەکی تر دەدرەوشێتەوە
هەر خەونێک کاڵ دەبێتەوە
لە شوێنیدا خەونێکیتر گەشدەبێتەوە
کاتێک شتەکان بە جۆرێکیتر دەبیندرێن
تۆ بەردەوام شوێنپێی خەونەکانی خۆت هەڵبگرە

  • سیی و شەش
    من بە تەنیا دەژیم
    هەمیشەش بەو شێوەیە نیم
    خۆشە جار جارە
    کەمێ دڵی خۆت بکەیتەوە
    تا هەندێ ئازار بچێتە نێویەوە
    ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە
    کە هێشتا تۆ دەژیت
    من نازانم مەبەستم چییە
    بۆچی ناتوانین لەنێو بیرکردنەوەکانمان
    ئەو عەشقە کۆنەی
    لەنێو یادەوەرییەکانمان بوونیان هەیە
    بیهەژێنینەوە
    تا گەورەتر دەرکەون لەوەی کە هەبوون
    ئەمەش ئامێرێکی سەلامەتە
    بۆ داخستنی دیوارەکان
    من لەبیرمە
    تاکە بارودۆخێکی تەمومژاوی
    بەوەی هەندێجار
    لە کوێ و چۆن
    یان بۆچی دەیزانم

ئەوانە ڕوودەدەن چونکە دەمانەوێن
یان بتەوێت و ئەوەیش دەیخوازی
خۆشەویستی لێرەبێت یان نا
تا / لەنێو تاریکی ڕابکشێین و
گوێ لە گەرمایی بگرین …!

  • کورتەیەک لەبارەی قەسیدەی ( گوێگرتن لە گەرمایی )
    قەسیدەی ( گوێگرتن لە گەرمایی ) قەسیدەیەکی درێژە ، پێکهاتووە لە ( سیی و شەش ) کورتە شیعر . ناوەڕۆکێکی پڕ چێژ و ڕۆمانسییانەی هەیە ، وشە و دەستەواژەکان ناسک و گەمە لەگەڵ دەروون و هەستەکانی مرۆڤ دەکەن . دەستەواژە شیعرییەکان وەک درەخت و گەڵا ، شەونمی شیعرییەت و چێژییان لێدەتکێ . شاعیر لەم دەقەدا کەمتر ئیش لەبارەی ناوەوەی خۆی دەکات بەتایبەت شۆڕبوونەوە بۆ ڕووبەری ناخودئاگایی ، زێتر لە ڕێگەی وەسفکردنەوە ئیش لەسەر دەرەوەی خود دەکات ، وەسفی ئەو دیمەن و شتانە دەکات کە دەیانبینێت ، وەک ( کەنار دەریا و باڵندە و درەخت و سێبەر و ئاسمان و مانگ و ژووری نووستن و دوڵبەرەکانی و هەتا دوایی .. . ) ، هۆکارەکەش ئەوەیە ڕۆد ماکوین یەکێکە سەر بە قوتابخانەی ڕۆمانسیزمی ئەمریکی ، بۆ شاعیرانی سەر بەو قوتابخانە ئەدەبییەش ئەم شێوازە لە نووسین کارێکی ئاساییە ، قەسیدەی ( گوێگرتن لە گەرمایی ) ، لە ڕووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە هاوکات لە ڕووی زمان و شیعرییەتەوە ، یەکێکە لە ناوازەترین قەسیدەی ڕۆد ماکوین .. هەر بۆیە ئەو قەسیدەیە و چەند شیعرێکی تری لە کتێبێک بڵاوکردۆتەوە ، کتێبەکەشی بەناوی ئەو قەسیدەیە ناو ناوە واتە ( گوێگرتن لە گەرمایی ) .

  • کورتەیەک لە ژیان و بەرهەمەکانی ( ڕۆد ماکوین )
    ڕۆد ماکوین ، لە ٢٩ی ئەپریلی ١٩٣٣ لە شاری ئۆکرلاندی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا لە دایک بووە . ماکوین شاعیر و ئاوازدانەر و گۆرانیبێژیش بووە . لەدەیەی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو ڕۆلێکی گرینگ و بەرچاوی هەبوو لە بوژاندنەوەی شیعری تەقلیدی لە ئەمریکا . لە تەمەنی یانزە ساڵیدا لەدەست باوکە مەشروب خۆرەکەی هەڵاتووە و ماڵەوەی جێهێشتووە . لەو تەمەنە بۆ بژێوی ژیانی خۆی دەستی بەکارکردن کردووە . کاری قوڕسی وەک ، کرێکاری داربڕینەوەو هێڵی ئاسن و زۆر جۆریتر لە کارکردن . ماکوین لە ساڵانی ١٩٥٠ سەرەتای دەرکەوتنی بوو لە نێوەندی ئەدەبی و ئاشنابوونی خوێنەران بە شیعر و بەرهەمەکانی .لەگەڵ شاعیرانی ناسراوی وەک ( جاک کیرۆک و ئاڵن گیسنبێرگ ) دەرکەوت . لەو سەردەمانە هەندێجار بەناوی خوازراوی ( دۆر ) دەینووسی . ماکوین لە ساڵی ١٩٥٩ ڕووی لە شاری نیۆرک کرد ، بۆ ئەوەی کاری بەڕیوەبردن و کاری ئاوازدانان بکات بۆ بەرنامەیەک
    بەناوی ( THE CIBC WORK SHOP ) ، لە شەستەکان یەکێک بووە لە شاعیرە بەناوبانگ و ناسراوەکانی ئەمریکا . هەر لەو سەردەمانە سەفەری فەڕەنسای کردووە بۆ ماوەیەک لەوێ ژیاوە ، وەک پڕۆژەیەک دەستی کردووە ، بە وەرگێڕانی شیعرە لیریکییەکانی گۆرانی بێژی ئەفسانەیی ( جاک بریل ) بۆ سەر زمانی ئینگلیزی . سەرکەوتنی ماکوین وەک شاعیرێکی مۆدێرن بێهاوتایە .. بەرهەمە شیعرییەکانی بۆ دەیان زمان وەرگێڕدراون هاوکات ، بەهۆی گێرانی کۆنسێرتەکانی لە هۆڵە ناودارەکانی نیۆرک هێندەی تر ناو و دەنگ و شوهرەتی بێ بەخشیبوو .( ئیدوارد حەبیب ) لە خوێندنەوەیەک بۆ ماکوین لەبارەی کۆنسێرت و کتێبە شیعرییەکانی دەڵێت ( یەکێک لەو شاعیرانەی بەرفراوانترین شاعیرە لە هەموو سەدەکاندا ) .ئەوەش بەهۆی پڕ فرۆشترین تیراژی کتێبەکانی و بوونی خوێنەرانێک لە ئاستێکی بەرین و فراواندا .. ماکوین وەک چۆن شاعیرێکی ناسراو و بەناوبانگ بوو لە هەمانکات گۆرانیبێژێکی بەناوبانگ و ناسراویش بوو . جگە لە کۆنسێرت و سیدییەکانی ، لە ساڵی ١٩٦١ گۆرانییەکی بەناوبانگی هەیە بەناوی ( ئۆلیڤەر تویست ) بەو گۆرانییە ناوبانگی چووە ئاستێکی زۆر بڵند . ماکوین کەسێکی چاڵاک و پڕ بەرهەم بوو ، زێتر لە ١٥٠٠ گۆرانی نووسیوە .هاوکاری لەگەڵ چەندین ئاوازدانەری نێو دەوڵەتی کردووە . بە درێژایی ژیانی ئەدەبی و هونەری چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە . ماکوین هەوڵە هونەریی و ئەدەبیەکانی هاوتەریب بوون لەگەڵ چاکسازی کۆمەڵایەتی . پێش گەشتێکی بۆ ئەفەریقیای باشوور لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو ، ماکوین داوای ( دانیشتنێکی تێکەڵاوی ) لەنیوان بینەرانی ڕەش پێست و سپی پێست دا کرد . ئەمەش دەرگاکانی بۆ گەشتە سەرکەتووەکانی کردەوە . هاوکات بۆ هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری خەڵکان بەرامبەر نەخۆشی ( ئایدز ) . هەروەها هەوڵدان بۆ یارمەتیدانی ڕێکخراوەکانی منداڵان و کەسە بە ساڵاچووەکان .ماکوین لە ٢٩ی جانیوەری ٢٠١٥ دا ، لە تەمەنی هەشتاو دوو ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە . ماکوێن لە ئەزموونی شیعردا خاوەن ١٠ کتێبی شیعرییە ، ( گوێگرتن لە گەرمایی ، بە بێدەبگی وەرە لام ، لەگەڵ خۆشەویستی ، تەنیایی ، لەنێو سێبەری کەسێکیتردا ، ) ، ئەوانە ناوی هەندێک لە کتابە شیعرییەکانیەتی .. لەبارەی کتێبی ( تەنیایی ) ، کۆمەڵەی وشە و نێوەندی شیعر و داهێنان ، دەنووسێت / ماکوین ئەو پیاوەی لە هەموو شاعیر و نووسەرێکی هاوچەرخ ڕۆشنتر مانای پێناسەی تەنیایی کردووە ، ناسک و نەرمو نیان ، زیرەک و هەستیارانە تەعبیری لێکردووە . ئەو مانایەی بۆ تەنیایی ، لەنێو شیعرەکانی ماکوین ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بۆچی ماکوین یەکێکە لە پڕ فرۆشترین شاعیری ئەو سەردەمە . بەفرانباری ٢٠٢٣

سەرچاوە :

  • کتێبی Listen to the Warm
    ROD McKUEN
  • ئەنتەرنێت سایتی : celebrating black history
    Discover new books by black uthors
    Rod Mckuen books



ڕۆبێرت دیسنۆس، یه‌کێک له‌ شاعیره‌ پێشه‌نگه‌کانی سوریالیزم.. له‌ ئینگلیزیه‌وه‌ : ناڵە حەسەن

  • کورته‌یه‌ک له‌ ژیاننامه‌ی ڕۆبێرت دیسنۆس

ڕۆبیرت دیسنۆس ، کوڕی کابرایه‌کی خاوه‌ن قاوه‌خانه‌ بوو ، له ٤ی ته‌مووزی ١٩٠٠ له‌ پاریس له‌ دایک بووه‌ . سه‌ره‌تا ده‌چێته په‌یمانگای بازرگانی ، پاشان به‌رله‌وه‌ی ببێته‌ گۆشه‌نووسی ئه‌ده‌بی له‌ ڕۆژنامه‌ی پاریس سۆییر ، له‌ ساڵی ١٩١٩ شیعره‌ به‌راییه‌کانی له‌ گۆڤاری ( ئه‌ده‌ب )ی داداییه‌کان بڵاوده‌کرده‌وه‌ . پاشان له‌ ساڵی ١٩٢٢ یه‌که‌مین دیوانه‌ شیعری خۆی به‌ چاپ ده‌گه‌یه‌نێت . ئه‌م هه‌ڵبژارده‌ شیعریه‌ی ده‌بێته‌ بنه‌ما و ده‌رکه‌وته‌یه‌کی باش بۆ سوریالیزم . بۆ خزمه‌تکردنی سه‌ربازی ده‌چێته‌ ڕیزی سوپای فه‌ڕه‌نسی . به‌ناچاری بۆماوه‌ی دوو ساڵ ده‌بێ بچێته‌ مۆراکۆ له‌وکاتانه‌دا ده‌بێته‌ براده‌ری ” ئه‌ندێری بریتۆن ” که ‌له‌گه‌ڵ ” لویس ئه‌راگۆن ” و ” پۆل ئیلوار ” به‌یه‌که‌وه‌ ده‌بن ، بریتۆن و دیسنۆس ده‌بنه‌ دوو سیمای دیار و پێشڕه‌وانه‌ی سوریالیزم ، دیسنۆس له‌ به‌رئه‌نجامی پراکتیزه‌کردنی تەکنیک و فۆرم و شێوازێکی ناوازە به‌ داهێنانی گه‌وره‌ گه‌یشتبوو ، ” بریتۆن ” له‌ مانیفێستی سوریالیزمی ساڵی ١٩٢٤ ستایشی ئه‌م پراکتیزه‌ و داهێنانه ده‌کات . ئه‌مجۆره‌ ستایل و ته‌کنیکه‌ ده‌بێته‌ هۆی ده‌رهاویشته‌ی ئه‌فراندن و بازدان به‌نێو ڕووبه‌ره‌کانی هه‌سته‌ نه‌ستیه‌کاندا واتە ڕووبەرە ناخودئاگاییەکان . له‌نێو شیعره‌کانی دیسنۆس ئه‌وکاتانه‌ یاریکردن به‌ وشه‌ و به‌کارهێنانی وشه‌ی هاوشێوه‌ و دووباره‌کردنه‌وه‌ی وشه‌کان ‌هه‌روه‌ها ، جدیه‌ت و زمانێکی شه‌هوانی و ئیرۆسی ده‌بیندرا . ساڵی ١٩٢٠ تا ساڵی ١٩٣٠ ئه‌م ماوه‌یه‌ دره‌وشاوه‌ترین قۆناغ بووه بۆ داهێنانه‌ قووڵه‌کانی له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا زیاتر له‌ هه‌شت کتێبی به‌ چاپگه‌یاندووه‌ . له‌ ساڵی ١٩٣٠ دیسنۆس که‌مێک سارد ده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ سوریالیزم و هاوشانه‌کانی ، بریتۆن له‌ مانیفێستی سوریالیزمی ١٩٣٠ ڕه‌خنه‌ له‌ دیسنۆس ده‌گرێت ده‌رباره‌ی گومڕابوون و خۆ دوورخستنه‌وه‌ی له‌ بزووتنه‌وه‌که‌ و له‌ کاره‌ ڕۆژنامه‌نووسیه‌کانی . دیسنۆس به‌ خێرایی گه‌شه‌ی ده‌کرد و هه‌وڵی ده‌دا به‌رگری له‌‌ داهێنانه‌کانی بکات و‌ ده‌ستیان پێوه‌‌ بگرێت ،‌ هاوکات به‌ ژیانی تایبه‌تی و تاکه‌که‌سیشی ڕابگات . له‌وکاته‌دا زه‌ماوه‌ند له‌گه‌ڵ ( Youki Foujita ( ده‌کات ، ژیانی تازه‌یان وا ده‌خوازێت که‌ به ‌نووسینه‌کانی زیاتر گرنگی به‌لایه‌نی بازرگانیش بدات له‌ ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌کان و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی فه‌ڕه‌نساویدا . شیعره‌کانی دیسنۆس به‌تایبه‌ت ستایله‌کانی به‌رایی زیاتر مۆسیقی بوون . دیسنۆس له‌ شیعر نووسین به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ساڵی ١٩٣٦ له‌وده‌مه‌دا ده‌ ساڵ زێتره‌ خه‌ریکی شیعر نووسینه‌ وه‌ هه‌ر له‌و ساڵه‌دا وەک ئەزموونێکی نوێ ، ( بۆ ماوه‌ی یه‌ک ساڵ هه‌ر ڕۆژه‌ی شیعرێک ده‌نووسێت ) له‌وکاته‌دا به‌رهه‌مه‌کانی به‌چاپ دەگه‌یه‌نێت ، له‌ ساڵی ١٩٣٩ له‌گه‌ڵ ده‌سپێکی جه‌نگی جیهانی دووه‌م دیسنۆس دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ سه‌رباز له‌ڕیزی سوپای فه‌ڕه‌نسادا . له‌کاتی زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ڵمانیا له‌ژێر ناوێکی خوازراو وه‌ک لۆسین گالۆیس ، پێری ئه‌ندییر دەنووسێت ، دیسنۆس له‌وده‌مه‌دا کۆمه‌ڵه‌ وتارێک ده‌نووسێت تیایدا گاڵته‌ به‌ بلیمه‌تی نازیزم ده‌کات . ئه‌م وتارانه‌ و له‌گه‌ڵ ئیشه‌کانی تری که‌ به‌هۆیانه‌وه‌ به‌رگری له‌ فه‌ڕه‌نسا ده‌کرد ده‌سگیرده‌کرێت و ده‌گیرێت . دیسنۆس یه‌که‌مجار بۆ Auschwitz ده‌نێردرێت پاشان ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ که‌مپی Czechoslovakia له‌ ساڵی ١٩٤٥ له‌و که‌مپه‌ ئازاد ده‌کرێت ، دواتر تووشی گرانه‌تا ده‌بێت ، وه‌ لە ‌٨ی مایسی ١٩٤٥ کۆچی دوایی ده‌کات و کۆتایی بە ژیانی دێت .

  • هه‌ڵبژارده‌یه‌ک‌ له‌ شیعرەکانی ڕۆبێرت دیسنۆس
  • گۆرانی ئاسمان

گوڵێکی سه‌ر چیایه‌ به‌رزه‌کان به‌ سه‌ده‌فی گوت ” تۆ ده‌دره‌وشێیته‌وه‌ “
سه‌ده‌ف به‌ ڕووباری گوت ” تۆ زایه‌ڵه‌ی “
ڕووبار به‌ به‌له‌می گوت ” تۆ ده‌له‌رزیت “
به‌له‌م به‌ ئاگری گوت ” تۆ پرشنگانه‌ کڵپه‌ ده‌که‌یت “
ئاگر به‌ منی گوت ” من که‌متر کڵپه‌ ده‌که‌م له‌ پرشنگی چاوه‌کانی ئه‌و “
به‌له‌م به‌ منی گوت ” من که‌متر له‌ دڵی تۆ ده‌له‌رزم کاتێک که‌ ئه‌و ده‌رده‌که‌وێت “
ڕووبار به‌ منی گوت ” زایه‌ڵه‌ی من که‌متره‌ له‌ ناوی ئه‌و له‌نێو عه‌شقی تۆدا “
سه‌ده‌ف به‌ منی گوت ” دره‌وشانه‌وه‌ی من که‌متره‌ له‌ بریسکانه‌وه‌
فسفۆریه‌کانی شه‌یداییت له‌ نێو ڕووبه‌ری خه‌ونی تۆدا “
گوڵێکی سه‌ر چیایه‌ به‌رزه‌کانیش به‌ منی گوت ” ئه‌و جوانه‌ “
منیش گوتم ” ئه‌و جوانه‌ ” ، ” زۆریش جوانه‌ ” ئه‌و دەم بزوێنێ

  • ڕۆژباش ئێواره‌ باش

شه‌وێک‌ گڕی گرتووه‌ وه‌ک ژیله‌مۆ
هه‌وره‌کانیش سوور ده‌چنه‌وه‌
ڕۆژباش به‌ڕێزم ئێواره‌باش خانم
تۆ هه‌رگیز بیر له‌ ته‌مه‌نی خۆت مه‌که‌ره‌وه‌
چ ده‌بێت ئه‌گه‌ر له‌ شه‌رمان ده‌موچاوت سوور هه‌ڵگه‌ڕێت
جمکه‌ ئەستێره‌یه‌ک دروست بکه‌ خوێنیان له‌به‌ر بڕوا
چ ده‌بوو ئاگه‌ر ڕووخساری تۆ ڕه‌نگ کرابا
ئه‌گه‌ر کڕێوه‌ سپیه‌کانیش بدره‌وشابانه‌وه‌ له‌سه‌ر لقه‌کان
ته‌مه‌نی تۆ ده‌رکه‌وتایه‌
له‌سه‌ر تاشه‌به‌ردێکی خۆڵه‌مێشی یان کریستالی
سێبه‌ری داره‌ گه‌وره‌کانیش
به‌سه‌ر گۆڕت بڕۆیشتبا .

  • ئه‌دگاره‌کانی ئاسمان

ئه‌و ئاگره‌ی سه‌ما ده‌کات
ئه‌و چۆڵه‌که‌یه‌ی گۆرانی ده‌ڵێت
ئه‌و بایه‌ی ده‌مرێت
شه‌پۆله‌ به‌فریکینیەکانیش
وه‌ک زایه‌ڵه‌ باو‌ه‌کان
له‌ نێو گوێدا ،
ڕووبه‌رێکی خه‌مناک و حه‌سره‌ت
له‌و ڕۆژه‌ی که‌ تێده‌په‌ڕێ
هه‌موو به‌رگی گڕیان پۆشیوه‌
ده‌نگی گه‌شتیارێک
تۆز و غوبارەکانی ئاسمان
هه‌موو گرده‌کانی سه‌ر زه‌وی
ئه‌و چاوه‌ی به‌ده‌م ڕێگاوه‌ ده‌ڕوانێ و
هه‌نگاوه‌کان ده‌نووسێته‌وه‌
ئه‌و ژماره‌ لوولنه‌کراوانه‌ی
بۆ ناوه‌کان به‌ جێماون
له‌نێو گرمۆڵەبوونی هه‌وره‌کان
ڕووگه‌یه‌کی نه‌ناسراوه‌
بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ده‌ڕوانێ و ئه‌وه‌یش هێشتا نه‌هاتووه‌ .

  • له‌ژێر به‌رگی شه‌ودا

بۆ خه‌وتن له‌نێو سێبه‌ری تۆ
له‌ژێر به‌رگی شه‌ودا
بۆ هه‌ڵگرتنی شوێن پێیه‌کانی تۆ ، تارمایی تۆ له‌ په‌نجه‌ره‌که‌دا
ئه‌وە تارمایی تۆیە لە پەنجەرەکەوە نه‌ک هی که‌سێکی تر
ئه‌وه‌ تۆی ،
ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ مه‌که‌ره‌وه‌ ، له‌ پشت په‌رده‌کانی کێ ده‌جولایته‌وه‌
چاوه‌کانت دامەخه‌
من حه‌زده‌که‌م به‌ لێوه‌کانم دایان بخه‌م
به‌ڵام په‌نجه‌ره‌که‌‌ ده‌کرێته‌وه‌ و سروه‌ی با
ئه‌و سروه‌یه‌ی به‌هێزه‌وه‌ شێوه‌ی گڕوو ئاڵای چوارده‌وری
ڕاکردنه‌کانم ڕاده‌گرێ
له‌گه‌ڵ تێپەڕینی کات
په‌نجه‌ره‌که‌ دەکرێتەوە‌ و ئه‌وه‌ تۆنیت
من دەمێکە ئه‌وه‌م ده‌زانی .

  • من زۆر خه‌ون به‌ تۆوه‌ ده‌بینم

من زۆر خه‌ون به‌ تۆوه‌ ده‌بینم که‌ تۆ ئیتر ڕاسته‌قینه‌ نیت
ئایا له‌وێدا هێشتا کات بۆ من ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی
به‌ جه‌سته‌ زیندووه‌که‌ی تۆ بگه‌م ، هه‌تا نێوده‌مت ماچ بکه‌م و
ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌که‌ت وا لێبکه‌م هەر هاژەی بێ
من زۆر خه‌ون به‌ تۆوه‌ ده‌بینم که‌ قۆڵ و باسکه‌کانم له‌وه‌ته‌ی پێگه‌ییون
وا ڕاهاتوون به‌ ده‌وری سینگما بیان ئاڵێنم
وه‌ک ئەوه‌ی سێبه‌ری تۆم له‌ باوه‌ش گرتبێ ، که‌ بێگومان
بچه‌مێنه‌وه‌ بۆ شێوه‌ و قه‌د و باڵای تۆ
بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ شێوه‌ ڕاسته‌قینه‌که‌ی تۆ
که‌ چۆن ڕاوی کردووم و به‌ڕێوه‌ی بردووم
بۆ چه‌ندین ڕۆژ و چه‌ندین ساڵ
من به‌ دڵنیایه‌وه‌ بووم به‌ سێبه‌ر
ئۆف پێوه‌ری هه‌سته‌کان
من زۆر خه‌ون به‌ تۆوه‌ ده‌بینم که‌ دڵنیام له‌وێدا
کات بۆ من نه‌ماوه‌ته‌وه‌ تا به‌ ئاگابێمه‌وه‌
من له‌سه‌ر پێیه‌کانم خه‌وتووم ، نوێژ بۆ هه‌موو شێوازه‌کانی
ژیان و عه‌شق ده‌که‌م ، ‌هه‌روه‌ها بۆ تۆش
که‌ ته‌نها که‌سێک گرینگی بە ئەمڕۆم دەدات ، که‌ چیتر من ناتوانم
ده‌ست له‌ ڕوخسار و لێوه‌کانت بده‌م وه‌ک ده‌ستلێدانی
ڕوخسار و لێوه‌کانی ڕێبوارانی تر
من زۆر خه‌ون به‌تۆوه‌ ده‌بینم ، زۆر پیاسه‌ ده‌که‌م
قسان زۆر ده‌که‌م ، زۆریش ده‌خه‌وم له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌ و وه‌همه‌کانی تۆ
به‌ دڵنیا‌یه‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ ته‌نها شتێکه‌ بۆمن مابێته‌وه‌
که‌ ببێته‌ ئه‌ندێشه‌ و وه‌هم ، له‌نێو ئه‌ندێشه‌ و وه‌همه‌کاندا ، سێبه‌رێک
سه‌د هینده‌ی سێبه‌ر ، به‌ ده‌وری سێبه‌رێکی تر بخولێته‌وه‌ و
بڕواته‌ نێو خولانه‌وه‌ ، بدره‌وشێته‌وه‌ بە دەوری
سێبه‌رەکانی نێو ژیانی تۆ .

  • سه‌رچاوه‌کان : له‌ ئینته‌رنێته‌وه‌

1- Robert Desnos – poems, Biography , Quotes
2- A sampling of French surrealist poetry




پیاوەتیم دەڕژێتە نێو سێبەرتەوە.. ناڵە حەسەن

١
زەمەن دەڕواو
پیاوەتیم دەڕژێتە نێو سێبەرتەوە
دیوارێک لەنیوانمان قسە دەکات
جەنگاوەرێک
لەنێو سەنگەرەکانی مردنەوە
فیشەک بە ئاگرەوە دەنێ
٢
زەمەن دەڕواو
خۆرەتاوی خەونەکانم
دەڕژێتە نێو چاوەکانتەوە
کیشوەرێک لەنیوانمان قسە دەکات
شاعیرێک
لەنێو ماڵی تەنیاییەوە
بە ڕێنووسەکانی تاریکی
قەسیدە درێژەکانی عەشق دەنووسێتەوە
٣
چیتر لە دوورەوە سەیرم مەکە
وەرە
جلە شینەکانی مردنم لەبەر داکەنە
لەژێر بارانی خۆشەویستی
سەمایەکی سێرناداییم لەگەڵ دابەستە
بە تەنها جارێکیش بیت
بە زمانی عەشق بم لاوینەوە
٤
عەشق / پەنجەرەیەک لە مندایە
خەون / قاچەکانم لە سروود گوتن نەکەوتوون
مانگێکی سپی لەنیو شەوەکانم دەردەکەوێ
ئەستێرە مییەنەکانیش بە کۆمەڵ بەدوامەوە نوێژ دەکەن
تۆش دەستم بگرە و پڕمکە لە خۆت
٥
سەفەر / توورەگەیەک لە نائومێدی
پایز / ماڵێک بۆ ئاشتبوونەوە
شکانی ئاوینەکانی ئومێد
هەور پڕبووە لە چیڕۆکەکانی چاوەڕوانی
ڕەشەبا / ڕەش ڕەش تابلۆکانی تەمەنمان ڕەنگ دەکات
تۆش لەنێو جانتای خەونەکانت بۆ ئەبەد زیندانیم کە
لێمگەڕی با وەک هەمیشە بڕژێمە نێو جۆگەلەی کچێنیتەوە

                                                          ئایاری ٢٠٢٣



کتێب/ خەونی من.. ناڵە حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن…




سەباح ڕەنجدەر و ( سەرزەمینی هەموو ناوەکان ).. ناڵە حەسەن

سەرزەمینی هەموو ناوەکان ، کتێبێکی شیعری سەباح ڕەنجدەری شاعیرە ماوەیەک لەمەوبەر بڵاوبۆتەوە ، ئەم کتێبە شیعرییە ١٠ دەقی شیعری ناوازەی لەخۆگرتووە بەم ناوانە ،( تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین ، دەرکەوتنی سەر لەنوێ دەستنووسێکی چوارینەکانی بابا تاهیری هەمەدانی ، دەنگ ، ناونیشان بۆ گۆڕەپانی جەنگەکان ، خاڵبەندی ، وەسیەت ، سیما و ساڵەکان لە پێ پیرۆزەوە ، سپی بەرەو ڕەش ، دیوانی مات ، مردووان گۆرانی زەوی دووەمیان دەڵێن ..) لە کۆتاییش ئاماژەیەکی کورتی ژیان و بەرهەمەکانی نووسیوەتەوە . بە شێوەیەکی گشتی شیعرەکان بە زمانێکی چڕی تۆکمە و بە ناوەڕۆکێکی قووڵی پڕ کێشمەکێش نووسراون . ئەوەی مایەی دڵخۆشییە و خاڵێکی درەوشاوەیە لە ئەزموونی شیعری( سەباح ڕەنجدەر ) ئەوەیە ، بە چڕی ئیش لەسەر زمان دەکات ، بە زمانێکی جیاواز دەنووسێت ، زمانێکی شیعری ئەوتۆ بە خودی خۆی دەناسرێتەوە ، شاعیرێکە لە ( زێوانە )ەوە کە هەوڵی یەکەمییەتی لەگەڵ شیعر ، لەنێو ڕووباری شیعر چاوەی هەڵێناوە و تا ئێستا لە هەورازەکانی ئەم ڕووبەرە ماوەتەوە و هەنگاو هەنگاو بەرەو بڵنداییەکانی دەڕوات .
ئەو شاعیرەمان دەتوانم وا باسی بکەم کە ( شاعیرێکی داهێنەری نوێگەرە ) ، چونگە دەبێ ئەوەمان لەلا ڕۆشن بێت کە / هەموو داهێنانێک نوێگەر نییە بەڵام هەموو نوێگەرییەک داهێنانە . زۆر شاعیرمان هەن داهێنەرن بەڵام داهێنانەکانییان نوێ نین .. واتە ( لەوەی کە هەیە ) داهێنان دەکەن و دەقە شیعرییەکانییان تا ئاستێکی بەرز جوانی بەرجەستە دەکەن ، بەڵام نوێگەر نین و لەکاروان دانەبڕاون و بە تەنیا بەڕێگادا ناڕۆن ، ڕەنگە لە ڕیزی پێشەوەی کاروانەکە بن بەڵام تاق و تەنیا نین ..! بەڵام سەباح ڕەنجدەر هەم داهێنەرە هەم نوێگەر ، چونکە سیمایەکی گەش و تایبەتمەندییەکی نوێگەری ( جیاوازبوونە ) . هەرشاعیرێک جیاوازبوو ( لەوەی کە هەیە ) واتە نوێگەرە ، جیاوازبوون ڕوخسار و سیمای ئەم شاعیرەمانە ، هەم لە ڕووی زمان و تەنانەت فۆرمی شیعریش . هەربۆیە شاعیرێکە زۆرترین خوێندنەوە بۆ شیعرەکانی کراوە و دەکرێت . بەمانایەک ناوەندی ئەدەبی بەخۆی سەرقاڵ کردووە . تا ئێرە سەرەتایەکە بۆ ئەو کورتە خوێندنەوەیەم بۆ کتێبی ( سەرزەمینی هەموو ناوەکان ) ، ئەم خوێندنەوەیەم بۆ دوو مەبەستە ، یەکەم ناساندنی کتێبەکە وەک کتێبێکی نوێی شیعری ، دووەم قسەکردن لەسەر شتگەلێکی نوێ کە شاعیر لە چوارچێوەی ئەم دەقە شیعرییانی ئیشی لەسەرکردوون لەهەمانکات ، ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەر بۆ ئەم شتە نوێیانە . بۆیە هێندەی بۆمان بکرێت هەڵوێستە لەسەر بەشێک لە دەقە شیعرییەکان دەکەین و سیما و ڕووگە نوێکانیش دەخەینەڕوو . دەقی ( تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین ) ، ئەم قەسیدەیە یەکێکە لە دەقە نایابەکانی نێو ئەم کتێبە ، ناونیشانەکە وەک ڕووناکییەکی گەورە تیشکەکانی خۆی بەسەر دەقەکانیتر پەخش دەکات چونکە ئەم قەسیدەیە پێکهاتووە لە دە شیعریتر بە تایتل و ناوی جیاواز و سەربەخۆ ، بۆ نموونە ( ڕوخسار و شوێن ، جێناوەکان ، ڕێگاکانی دەوروبەر گەشەی ڕەنگ و ئاوازی چاوپێکەوتن و .. پێنج شیعری تریش .. ) ، شیعرەکان ناوەڕۆکێکی قووڵی پڕ هەوراز و نشێویان هەیە ، خەم و خەونەکان هاوتەریبن لەگەڵ ژیان ، لە پشتی نائومێدییەکان پەنجەرەو گورزە تیشکی خۆرەتاوێکی خەملیو دەبیندرێن . ئێمە کاتی خۆی لەڕێگای نامەیەکەوە بەناوی ( نامەیەک بۆ هاوڕییەکی شاعیرم ) خوێندنەوەیەکمان بۆ هەندێک لە دەستەواژە شیعرییەکانی ئەم دەقە کردووە ، ئیتر هێندەی بۆمان کرابێت بۆ نێو قووڵاییەکان چووینەتە خوارەوە و بەشێک لە دیوە شاراوەکانی پشت کۆد و هێما و وشە و چەمکاکانمان خستبووە ڕوو ، باسمان لەوەش کردبوو کە شاعیر وەک گەریدەیەکی جوانناس لەنێو ڕووبەری گەردوونی شیعر بە هەستێکی مرۆییانە خەمە ڕۆژانەییەکان و ئێش و ژانەکان و خەونە گەورەکان دەخاتە ڕوو ، پەنجە لەسەر برینەکان دادەنێت و لەم ڕێگایەوە هەم هێز و توانای زمانی شیعریمان پێشان دەدات هەم لەنێو ڕووبەری جوانکاریدا دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت کە ( شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە …! ) ، شیعر هاوتەریبە لەگەڵ ژیان و لەگەڵ پیرۆزی مرۆڤ و بەها مرۆییەکان . هاوکات ، هەر لەچوار چێوەی ئەو نامەیەمان باسمان لەوەش کردبوو کە لەنێو ئەم دەقە شیعرییەدا بە ڕوونی هەست بەوە دەکەین کە / شیعر فەلسەفە نییە بەڵام ، دەتوانێ سوود لە فەلسەفە ببینێت ، شیعر زانست نییە بەڵام ، دەتوانێ سوود لە زانست ببینێت ، شیعر بەهۆی ڕووبەرە فراوان و گەردوونیەکەیەوە دەتوانێ سوود لەهەر شتیک ببینێت کە شاعیر مەبەستی بێت دەستی بۆبەرێت و بیخاتە ژێر ڕکێفی خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی ، چونکە دواجار شیعر عەشقێکی گەورەیە ..! ئیتر بۆ زێتر تێگەیشتن لە ناوەڕۆک و دیوە شاراوەکان و مامەڵە سیحراوییەکەی شاعیر لەگەڵ چەمک و وشە و دەستەوازە شیعرییەکان سەرنجی خوێنەر بۆ خوێندنەوەی لێکۆڵینەوەکەم ڕادەکێشم ، چونکە لێرەدا نامانەوێت تەواوی قسە و بۆچوون و لێکدانەوەکانمان دووبارە بکەینەوە تەنها ، بەشێوەیەکی ڕاگوزەر و بەخێرایی هەندی ئاماژە بە دووسێ دەستەواژەی شیعری دەدەینەوە ، لە شیعری ( ڕوخسار و شوێن ) دا دەڵێت :
دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی
هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما
گەڕاینەوە بەر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان ..!
بەر لەهەر شتێک / بەس وردبوونەوە لە تایتلەکە زۆرشت دەخوێنییەوە ، یان نائومێدییەکی گەورە هەست پێدەکەین ، شاعیر زۆر بە ئاگاهانەو شارەزایانە ئەم تایتلەی بەکارهێناوە ، دەکرێت شوێن نیشتیمانە بریندارەکەی خۆمان بێت ، ڕوخسارەکانیش ، ئەو مرۆڤە دابەستی و مشەخۆرە بازرگانە زاڵمانەی دەسەڵات بن .. ئەوەتانێ لە کۆپلە شیعرەکە باس لە هەژاری نەداری و سفرەی خاڵی ماڵەکان دەکات ، کە بەشی زۆریان ماڵەکانییان تا ئاستی گۆڕستان بەتاڵ و تاریکە .. هەر لەو شیعرەدا لە شوێنێکی تر دەڵێت :
گۆڕیان بە تاڵ کردین و ئیسکیان کردە قۆپچە
ڕەنگە بۆ من ئەم دەستەواژە شیعرییە یەکێک بێت لەو دەربڕینە شیعرییانەی کە زۆرترین جووڵەی ئیستاتیکی لەخۆ گرتبێت ، مەبەستییەتی بڵێت / بەدەرلەوەی دیکتاتۆر و دارودەستەکانی کە ژیانی ئێمەیان بە مەرگ سپاردووە گۆڕستانییان کردووە بە ماڵی هەمیشەیی ئێمە ، سەرباری ئەوەش گۆڕەکانمان بەتاڵ دەکەن و ئێسکەکانمان دەکەنە قۆپچە ،، واتە سامانی سەرزەوی و ژێر زەویشمان دەدزن و بەتاڵان دەبەن . ئیتر بۆ گۆڕانی ئەم وەزعە و بیرکردنەوە لە گۆڕانکاری بەرەو ژیانێکی باشتر شاعیر نائومێد دەبێت و هیچ تروسکاییەک نابینێت و دەڵێ :
شۆڕش شەپڕە لێی داوە
ناتوانێ مەلە بکا
یان دەڵێت :
دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا
هەڵخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک
هەر بە وردبوونەوە و ڕامانێکی خێرا لەو دوو دەستەوازە شیعرییەی سەرەوە لە نائومێدییەکانی شاعیر تێدەگەین و چەند ڕاسگۆیانە و واقیع بینانە باس لە دۆخەکە دەکات و تاریکایی و گۆڕستانی نێو ژیان دەخاتە روو هاوکات هیچ تروسکاییەکیش نابینێت ، کە لە کورتماوەدا گۆڕانکاری بیتە ئارا و ژیان بەرەو باشتر گوزەر بکات ، چونکە شۆڕش شەپڕە لێیداوەو شەلەل و ئیفلیج بووە شۆڕشگێرەکان و ئەوانەی جێگای ئومێدن بۆ گۆرانکاری و کۆتایی هێنان بە نەهامەتییەکان ، ڕۆنییان لەژێر پێدا ڕژاوەو هەڵخلیسکاون و بەرەو ڕوناکییەکی چرووک کە ناڕۆشن و بەرچاوتاریکن و لە خشتەبراون . ئیتر لەناو ئەم ناهامەتی و ژیانە مەرگئامێزە یان ئەم ژیانە پڕ لە هەڵاواردن و نابەرابەرییەی پێ قەبووڵ ناکرێ و دێتە دەنگ و دەڵێت :
کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن
بیخەینە گەنجینەی منداڵێک ..!
چەند جوان و شاعیرانەیە ئەم پارادۆکسە ! ( دیکتاتۆر و منداڵ ) ، دیکتاتۆر هێمایە بۆ / دەسەڵات ، دزی ، تاڵان ، تاریکی و مردن ، لەبەرامبەردا منداڵ هێمایە بۆ / پاکی و بەرائەت و جوانی و ئاسوودەیی و ئارامی و خۆشبەختی ..! کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن و بیخەینە گەنجیی منداڵێک وعتە بیخەینە دەستێکی ئەمین و پاک و بێگەرد ..! ئیتر شاعیر لە کێشمەکێش و ململانەکان بەردەوام دەبێت و تا بەوە دەگات ، لە شیعری ( جێناوەکان ) دا دەڵێت :
با بگەرێینەوە دواوە هێز توورەیە لە سێوی کەوتوو
ئەم دێرە شیعرەش ، یەکێکە لە دێرە شیعرە ناوازەکان کە بە جوانکارییەکی تۆخ دەورە دراوە ، ئەم شیعرە لەسەرەتاوە تا کۆتایی ململانێیە لە نێوان ( ژیان و مردن ) یان هێزەکان ( هێزی زەوی و هێزی ئاسمان ) ، دواجار ژیان تەسلیم بە مردن دەبێت و هێزی زەوەی کە هێمایە بۆ گۆڕستان دەیباتەوە و شاعیر دەڵێ / با بگەرێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو ، کێشی زەوی واتە کێشی گۆڕستان و مردن بەهێزترن لە کێشی ئاسمان و کێشی ژیان ، سێوەکە دەکەوێتە سەرزەوی و لە ئامێزی گۆڕستان دەگیرسێتەوە , ئیتر بەناچاری ژیان و ڕێبوارەکان دەگەڕێنەوە دواوە و شاعیر بە نائومێدییەکی گەورەوە دەڵێت / ئیتر تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین …!
ئیدی هەروەک لەسەرەوە گوتمان لەم خوێندنەوەیەمان هێندەی مەبەستمانە قسە لە بارەی ئەو دیاردە و شتە نوێیانە بکەین کە شاعیر لەم کتێبە و لە چوارچێوەی دەقە شیعرییەکانی دەستی بۆ بردوون ، هێندە مەبەستمان نییە خوێندنەوە بۆ کۆپلە شیعرییەکان و بۆ نێو قووڵایی ناوەڕۆکدا شۆڕبینەوە ، لەو شیعرەی سەرەوە تا ئاستێک گەر بە کورتیش بێت ئەوەمان کرد و کەمێک خۆمان لە کەناری مانا و خوێندنەوەو بۆ ئامانج و مەبەستەکانی شاعیردا ، دەکرێ ئەمە پێشاندانی روویەکی گشتگیر بێت بۆ شێوازی شیعر نووسین و ئەزموونی شاعیر و مامەڵەکردن لەگەڵ زمان و وشە و هێما و میتافۆر و دەستەواژە و پێکهاتە شیعرییەکان . لێرەدا هەوڵدەدەین سەرنجی خوێنەر بۆچەند حالەتێک و کار و دیاردەیەکی نوێ ڕابکێشین کە شاعیر ئیشی لەسەرکردوون ، بۆ نموونە لە قەسیدەی ( دەرکەوتنەوەی سەر لە نوێی دەستنووسێکی چوارینەکانی بابا تاهیری هەمەدانی ) ، لەم دەقە شیعرییە وەک شتێکی نوێ کاری لەسەر فۆرمی چوارخشتەکی کردووە ، هەروەکو دەزانین ئەم فۆرمەش ئیش لەسەر وەزن و قافییە دەکات ، بۆیە ناوی باباتاهیری هەمەدانی هێناوە دەیەوێت ئەوە پێشان بدات کە لە سەردەمی ئەو شاعیرەمان لە دێرزەمانەوە تا ئێستاکە چوارخشتەکی یان چوارینە بەیەک فۆرم نووسراوە بە شێوازی وەزن و قافییەوە و هیچ گۆڕانکارییەکی تیانەکراوە بەڵام ( سەباح ڕەنجدەر ) دێت گۆڕان لەو فۆرمە دەکات و بەشێواز و فۆرمەکی نوێ ( شیعری چوارینە )یی دەنووسێت ، ئەویش بە فۆڕمی ( پەخشانە شیعر ) یان شێوازی سەربەخۆ ، واتە ڕەچاونەکردنی وەزن و قافییە ، واتە تێشکاندنی فۆرمی کۆن و لەبەرامبەردا دەستبردن بۆ فۆرمێکی نوێ بۆ شیعری چوارینەیی یان چوار خشتەکی ،، ئەوەش یەکەمجارە لە مێژووی شیعری کوردی شیعری چوارینەیی بە فۆرمی سەربەخۆ بنووسرێت ، وا لە خوارەوە یەکدوو کۆپلە لەو چوارینە شیعرانەتان بۆ دەخەمەڕوو . ئەم دەقە شیعرەش واتە / دەرکەوتنەوەی سەر لەنوێی دەستنووسێکی چوارینەکانی بابا تاهیری هەمەدانی .. لە ( دە ) چوارینە پێکهاتووە هەریەکە و تایتلی تایبەت بە خۆیان هەیە ، بۆ نموونە لە لە چوارینەی ( دوا هێڵی ڕۆژی شەشەم ) دا دەڵێت :
تابلۆی زەوی هێشتان هەموو هێڵەکانی نەکێشراون
باڵندە لەسەر لکە پڕەکان تووشی حەپەسان هاتوون
لە ڕێگادام چەند جارێک ویستوومە پێی ڕابگەیەنم هێڵەکان تەواو
دەکەم
لە زەردەی ئێوارەیەکدا لوورەی ئاگر دەترسێنم و فرمێسکی نابەچێ
ناڕژێ

یان لە چوارنەیەکیتر بە ناوی ( بزربوونی ناونیشانی حەوا ) دا دەڵێت :
ئادەم بۆنی ددانی ڕزیو لە دەمی دێ
حەوا خۆی لە تەنیایی مارە کرد و ناونیشانی بزرکرد
کەس تەماشای ئاشنای خۆی نەکرد و ناسین تەفرەی داین
ئەو درەختانە ئاشنامان بوون ڕەگیان گەیشتبووە ناو ڕووبارە نزیکەکان

لە قەسیدەی ( دەنگ ) ، بە سەلیقەیەکی وردی زمانەوانییەوە ، چەند وشە و چەمکێکی زۆر لە یەکتر نزیکی دۆزیوەتەوە کە بەهۆی دەنگی پیتێکەوە ماناکەی تەواو دەگۆڕێ ، هاتووە ( دە ) دوو وشەی وەک دووانە هێناوە و لەلایەک پێشانی داوە کە کە لە ڕێی دەنگی پیتی ڕاوە .. وەک لە زمانەوانی و لە ڕێزمان پێی دەڵێن ڕای قەڵەو و رای لاواز ،، بەهۆی جیاوازی دەنگی ئەم پیتە چۆن گۆڕانکاری لە وشەکان بەدیدێت دە جووت وشەکانیش ئەمانەن ( برین و بڕین ، بۆر و بۆڕ ، گۆران و گۆڕان ، بر و بڕ ، کەر و کەڕ ، وەرین و وەڕین ، هەڵکران و هەڵکڕان ، باراندن و باڕاندن ، فریو فڕیو ، سوور و سووڕ ، ) دەمەوێت هەر هێندە بڵێم ، ڕەنگە مەبەستی شاعیر بێشاندانی ئەم دووانە وەک کارێکی زمانەوانی لەنیو ڕووبەری شیعر و وەک کارێکی نوێ بێت بەڵام ، بە دیوێکیتر ڕەنگە پێداگرتن بێت و لەوەی کە پێشاندنی کاریگەری و ڕۆلی دەنگ ، واتە ژیان پێویستی بە دەنگە ، دەنگ هەڵبرین گرینگە بۆ گۆڕانکارییەکان ، وەک چۆن ژیان پڕیەتی لە جووڵە دەبێ پڕیش بێت لە دەنگ . لەگەڵ ئەمانەش هەریەک لەم دووانەییانە وردە شیعری سەربەخۆی لێدروست کردوون هەروەک لە ( برین و بڕین ) دەڵێت :
برین دەڵێی مانگی پڕە بەسەر ڕێگای نیوە چۆڵ کراوەتەوە
دەست بەسەر دژوارییەکان دادەهێنێ و پەنجەی گەرم دەبێ
گەرمایی پەنجە گۆرانیی هێمنی و بیرەوەری زەوییە
بە سوپای دۆڕاو شەڕ ناکات


برین بەسەر زەوییەکی پڕ مردوو بە دواتدا دێ
بڕوای بە ڕۆیشتن نامێنێ و دەرگات لە دوا دادەخات
چرای سێبووریت دەکوژێنێتەوە
بە دەنگێکی برووسکەدار دەتخاتە چاوەڕوانییەکی ساردەوە

یان لە دەقی ( ناونیشان بۆ گۆڕەپانی جەنگەکان ) دا .. هاتووە وەک فۆرمێکی نوێ ، ( دە ) دەقی شیعری نووسیوە ، دەقە شیعرییەکان تەنها ،، ناونیشانن و هیچیتر . وەک شیعری تاکدێری و ناونیشانەکانیشی لە ناوەڕاستی لاپەڕەدا نووسیوە ، بۆنموونە ( لە کاتی خۆیدا لە قووڵاییدا هەڵدەلەرزم ، گرەو لەگەڵ کلیلسازی گەنجینەی پاشا و داهاتووی پێشبینیکراو ، پێم بوونەتە ڕووبار و خۆم بۆ شەڕی دونیا ناونووس کردووە ، هەتا دوایی …. ) وەک گوتمان دە ناونیشانە شیعرە ، بە بڕوای من ئەم هەوڵەی سەباح ڕەنجدەر لە دوو ئاست دا دەتوانین قسەی لەبارەیەوە بکەین ، یەکەم / وەک هەوڵێکی نوێ ویستوویەکی ئەم دەقەی بە فۆرمێکی نوێ بنووسێت ، واتە شیعرێک تەنها پێکهاتبێ لە ( ناونیشان ) و بەس .. کە ئەمەش هەوڵێکی نوێیە لە شیعری کوردی ، وەکچۆن کاتی خۆی ( فەریدا زامدار ) دیوانێک شیعری بێ ناونیشانی نووسی کە هەوڵێکی نوێ بوو بۆ ئەوکات ، ئەم هەوڵەی ئەو شاعیرەشمان بە پێچەوانەوە تەنها ناونیشانی نووسیوە و هیچیتر ، دووەم / ئامانج لەم شیواز و فۆرمە بە بڕوای من ،، پەیوەندی بە باری دەروونی شاعیرەوە هەیە ، لەلایەک مەیدانی شیعر وەک مەیدانێکی گەورەی جەنگ دەبینێت لەنێوان زۆرانبازی و ململانێی نێوان ( جوانی و ناشیرینی ) یان بەمانا ( فرۆید )یەکەی ململانێی نێوان ( ئیرۆس و ساناتۆس ) واتە ( ژیاندۆستی و مەرگدۆستی ) کە شیعر لە سەنگەری جوانی و ژیاندۆستییە ، بۆیەش دەڵێین ئامانجی شیعر گەڕانە بەدوای جوانی لەنێو رووبەری زمان دا . لەلایەکی تر / چەمکی ناونیشان و کاریگەری ئەم چەمکە بەسەر دەروونی شاعیرەوە کە کوڕی کۆمەڵگەیەکی بێ شوناس و بێ ناو و نیشتیمانە .. ئەم دەقە گەڕانێکە بە دوای شوناس چ وەک تاک چ وەک کۆمەڵگە . واتە هاوار و ململانێ و جەنگێکە بۆ بە دەستهێنانی شوناس .
شیعرێکیتر بەناوی ( خاڵبەندی ) ، سەباح ڕەنجدەر لە ئەزموونی سەرەتایی دا ، واتە بەدوای ( زێوان )ەوە ، بەهۆی ئەو زمانە شیعرییە تایبەت و جیاوازەی ، کەوتە بەر هێرش و دژایەتییەکی زۆر ، لەوەی کە ، سیستەمی زمان و سیستەمی ڕێزمانی تێکداوەو ڕەچاوی خاڵبەندی ناکات و ئەم ڕەخنە بێ بنەمایانە ، بە ئێساتاشەوە ئەم ڕەخنە و تێروانینانە لەبارەی زمانی شیعری ئەم شاعیرەمان هەرماوە بەڵام ، بە شێوەیەکی تۆخ نییە وەک ڕابردوو ، شاعیریش بۆ وەڵامدانەوە بۆ ئەو ڕەخنە و تەوهینانە ، هاتووە ئەم دەقەی نووسیوە بەناوی ( خاڵبەندی ) کە هەموو یەکە و پێکهاتەکانی خاڵبەندی یەکبەدوایەک ڕیزکردووە و شیعری لێ دروست کردوون ، دەیەوێت پێشانی بدات کە زۆرباش شارەزایی هەیە لە خاڵبەندی کە لە زمانی شیعری ڕەچاوی ناکات مانای ئەوە نییە کە ئاشنا نییە یان بێئاگایە بە یەکە و پێکهاتەکان و ڕۆڵی خاڵبەندی لەنێو رووبەری ڕێزمان و زماندا بەڵام ، بە بڕوای من شاعیر پێی وایە ، زمانی شیعری دەبێت سەربەخۆ و ئازاد بێت ، خۆی نەبەستێتەوە بە هیچ سیستەمێکەوە بە سیستەمی ڕێزمانیشەوە چونکە شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە هاوکات ، شیعر جووڵەیەکی بەردەوامە لە نێو رووبەری ئیستاتیکادا ، بۆیە بوونێکی کراوەی هەیە بە تایبەت لە کۆتایی دەقە شیعرییەکان دا هیچ دەقێک پێویستی بە نوختە دانان نییە ، پیکهاتە خاڵبەندییەکانیش ئەمانەی بەدوای یەک ڕیزکردوون ( خاڵ ، دووخاڵ ، سێ خاڵ ، کەوانە ، هێڵی لار ، تەقەڵ ، وێرگوڵ ، ئەستێرە ، نیشانەی پرسیار ، نیشانەی سەرسووڕمان ، ) هەریەکێک لەمانەش شیعرێکی سەربەخۆی بۆ دروست کردوون وەک لەسەرەتا بە ( خاڵ ) دەستی پێکردووە و دەڵێت :
خاڵ لە شەرمێکی گەمژانەی ڕستە ڕادەگرێت
زەمینیش دەخولێتەوە بە دوای خورپەیەکی بەهێزەوە
ئەدی بەخشندە بە کام دەست دەبەخشێ و بەکام دەست لێمان دەستێنێتەوە
دوای کەمێکی تر زەمین هەمووی تاریک دەبێت
بە دەنووکی سووری قەقنەس گۆڕێک هەڵدەکەنم
دڵ پێی ڕازی نییە و ئاهی شادمانی تێ نەگەڕاوە
گوڵەستێرە لەناوی نیشانە و ناوە
بە نیگایەکی ماندوو بیر و پڕۆژەی دیوارەکانی دەخوێنێتەوە
لەوێ پەیام ناگات
کەویش لە چیای ڵاڵن
هەروەها لەدەقی ( سیما و ساڵەکان لە پێ پیرۆزەوە ) ش لێرەدا شاعیر لە کەش و هەوایەکی ئارامی پڕ لە بیرکردنەوە و ڕامانی قووڵ ، دەڵێ
لەگەڵ ئەستێرە بیردەکاتەوە و لە مەیسوورەوە دێ
سەر لەنوێ سەیری بای پەنجەرە دەکەمەوە
لە کۆتایی ڕێگا دانیشتووم و سڵاو وەردەگرمەوە
چاوم ماندوو نییە بە زۆربینی ..
شاعیر لێرەدا ، بە شوێنێک گەیشتووە لەنێو ڕامان و بیرکدنەوەیەکی قووڵ ، ڕامان لە ڕابردوو و لە ئەزموونێکی دوورو درێژی لەگەڵ شیعر ، ئیتر هەر ڕێبوارە و دێت بەپیرییەوە و سڵاوی لێ دەکەن ئەمیش سڵاو وەردەگرێتەوە ، هەریەکێک لەو ڕێبوارانەش یەکێک لە کتێبە شیعرییەکانییەتی کۆی ڕێبوارەکان سێزدە ڕێبوارن ، ڕێبواری یەکەم ( زێوان )ە تا دەگاتە ڕێبواری سێزدەمین ( سەرزەمینی هەموو ناوەکان ) . لەگەڵ ئەوەی شاعیر دەڵێ ، لە کۆتایی ڕێگا دانیشتووم ، بەڵام هێشتا لەگەڵ ئەستێرەکان بیردەکاتەوە و سەر لەنوێ لە بای پەنجەرە دەڕوانێتەوە و چاویشی ماندوو نییە بۆ زۆربینی ،، ئەگەر لێرە مەبەستی لە بینینی ڕێبوارەکان بێت کە کتێبە شیعرییەکانییەتی ، دەیەوێت ئەو هێزە لەخۆی پێشان بدات کە هێشتا وزەی بینینی ڕێبواریتری تیایە و چاوەکانی ماندوو نابن واتە ، ئەو وزەیەی تیایە بۆ خوڵقاندنی ڕێبواریتر واتە هیشتا کەسێکی پڕ جووڵە و وزەیە لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێناندا . وەک هەوڵێکی پڕ جوانکاریش بۆ هەر ڕێبوارێک بە دێرە شیعرێک باسی کردووە بۆ نموونە :
_ ڕێبواری یەکەم زێوان
بوون تێیدا لە بەیانی خۆڵەمێشی و مانگی نیوەگیان نامێنێتەوە
_ ڕێبواری دووەم ڕووەکەکانی خوداوەند
دیکتاتۆر نەیهێشت گوریسی جۆلانە بە درەختی ناوچیا ببەستین
_ ڕێبواری سێیەم خەون وا خۆی گێڕایەوە
گوڵم لە بێئاگایی نەچنیوە و نهێنی گەشەکردنم درەوشاندەوە
ئیتر تا دەگاتە ڕێبواری سێزدەمین ( سەرزەمینی هەموو ناوەکان )ە ، کە دوا کتێبی شیعرییەتی ، شاعیر بە بڕواو شانازییەکی گەورەوە دڵخۆشە بەوەی کە توانیویەتی ئەو هەموو ڕێبوارەی بە ژیان بەخشیوەو کۆلەگەیان پڕە لە خەون و خۆزگەکانی مرۆڤبوون ئەمەش بۆ ئەو سەروەرییەکی گەورەیە ، واتە لەنێو هەستەکانی ئەو / شیعر دەبێ بە ڕێبوار و ڕێبوارەکان بۆ تائەبەد لەنێو ژیان دەمێننەوە و دەبن بە سەرزەمینی هەموو ناوەکان …! ، چونکە کتێبە شیعرییەکان و شیعر بۆ ئەو مانای ژیان و یانی سەروەری و هێزی مانەوەی پێ دەبەخشن. ئەگەر بە کورتی قسە لەبارەی ناساندنی ڕێبوارەکان بکەین بۆ نموونە ، ڕێبواری یەکەم کە ( زێوان )ە دەڵێت ، بوون تێیدا لەبەیانی خۆڵەمێشی و مانگی نیوەگیان نامێنێتەوە ،، دەکرێت لێرە خوێندنەوەیەکی ( هایدگەر)یانەی بۆبکەین بە تایبەت بۆ بوون کە پێیوایە ، مرۆڤ لەسەرەتاوە بوونێکی ناتەواوی هەیە لە رێگەی داهێنانەکانییەوە هەوڵدەدات بوونەکەی بەرەو کەمال بەرێت ، شاعیریش باس لەوە دەکات بوون تێیدا لە ( بەیانییەکی خۆڵەمێشی ) دەکرێت خوێندنەوەی بوونێکی ناتەواوی بۆ بکەین لە مانگی نیوەگیان نامێنێتەوە ، هەوڵدان ڕۆیشتن بەرەو کەمال لە ڕێگەی داهێنانەوە بێت ،، داهێنانەکانی شاعیریش سەرەتاکەی بە زێوان دەست پێدەکات . بۆ ڕێبواری دووەم کە ڕووەکەکانی خوداوەندە دەڵێت ، دیکتاتۆر نەیهێشت گوریسی جۆلانە بە درەختی ناو چیا ببەستین ، ئیتر لەم کتێبە زێتر قووڵ دەبێتەوە بەنێو کێشمەکێش و هەوراز و نشێوەکانی ژیان ، چ لەنێو داهێنانە شیعرییەکانی چ لەنێو واقیعی ژیانی خۆی ، کە ڕووبەڕووی سەختییەکان دەبێتەوە و دەسەڵاتدار و ستەمکاران ناهێڵن بە ئارامی بژی و خۆشییەکانی ژیانی بەرەو بڵنداییەکان بچن گوریسی جۆلانە کە هێمایە بۆ خۆشییەکان بە درەختی ناوچیا ببەستن . شیعر پێویستی بە چ توانایەک و سەلیقە و وزەیەک هەیە ، لەهەمانکاتیش دەکرێت وەڵامێک بێت بۆ هەموو ئەوانەی لەم نێوەدا ڕەخنەیان لێگرتووە و هێرشی ناڕەوایان کردۆتە سەر کە بە تێکدەری زمانیان لە قەڵەم داوە و ئەوەتا بە ڕوون و ئاشکرایی دەڵێت ، گوڵم لە بێئاگایی نەچنیوە و نهێنی گەشەکردنم دروشاندەوە ، بۆ کتێب و ڕێبوارەکانیتریش بەهەمان شێوە تا دەگاتە دواهەمین ڕێبوار و دواهەمین کتێبی کە ( سەرزەمینی هەموو ناوەکانە ) ، ئیتر بەشی دووەمی ئەم دەقە شیعرییەوە هەموو دەقەکانی تری نێو ئەو کتێبەی شایستە بە قسە لەبارەوە کردن و ئاوڕلێدانەوەن ، بۆ نموونە دەقەکانی ( وەسیەت و سپی بەرەو ڕەش و دیوانی مات و مردووان گۆرانی زەوی دووەمیان دەڵێن .. ) ، بەڵام من لێرەدا دێمە کۆتایی ئەو خوێندنەوەیەم ، بەهیوام ماڵی شیعری سەباح ڕەنجدەری شاعیر هەر ئاوەدان و ڕووناک و بۆ هەمیشەش پڕ کۆشش و داهێنان بێت ، هەروەها هەر لە شاری شیعر بمێنێتەوە چونکە وەک خۆی دەڵێت / لە شاری شیعر هەناسەم نەرم و خۆشە و بە ئارەزووی خۆی لە بەهەشت ناچمە دەرەوە .

                                                    سەرەتای نیسانی ٢٠٢٣ 

سەرچاوە : کتێبی شیعری ( سەرزەمینی هەموو ناوەکان ) .. سەباح ڕەنجدەر




گەڕان ١٠.. ناڵە حەسەن

( قەدەر ، تابلۆ ، سووتان ، خەون ، گەڕانەوە ، ژیان ، جیابوونەوە ، ونبوون ، دووری ، خەزان ، عەشق ، مردن ، ژووان ، گومان نائومێدی ، سووتان ، کوژانەوە … )

١
( ……… )
من دەمەوێت وێنەی تۆ
لەسەر گۆنای مانگ هەڵکۆڵم
تا شەوانان
ببیت بە سۆناتای تریفەیی بتهۆڤن و
چاوەکانیشت
هەموو گەردوون ڕووناک بکەنەوە
٢
( ………. )
من دڵتەنگییەکی فەنتازیایی قووڵم
لە عەشق بۆ ماوەتەوە
هەر دەڕۆم و
خۆم و ڕێگایەکی خەواڵوو
خۆم و خەیاڵێکی خەمناک
نازانم لە خۆم نزیک دەکەومەوە یان دوور
نازانم تۆ جێدەهێڵم یان بەرەو لات دێم
هێندە نەبێ
بە دووڕیانێک گەیشتووم
خۆیشم نازانم لە کوێم !
٣
( ……… )
ژیان هێشوە ترێیەکی ڕەشە
لە بنار بڵنداییەکانی
خەمە سپییەکاندا
هەڵوەریی گەڵاکانی پایزێکە
بەسەر
تەلاری تەمە تەنیاکاندا
تەمومژێکی ئاڵۆزە
لەنیو خەیاڵی مرۆڤە ونبووەکاندا
٤
( ……… )
تۆ / ئەی پرشنگی عەشقێکی شینی
نیگا شین و
برژانگ شین و
ئەنگوستیلە شین و
ستیان شین و
دەلینگ شین
منیش / لەم بیابانی غوربەتە شینەوە
لەم دەریا شینەی پڕ لە شەپۆلەکانی
نادیدەگی و خەمۆکییەوە
ئەم هێز و سەلیقە شینە لە کوێ بێنم
تا بە قەڵەمێکی ئاگرینی شین شین
قەسیدەیەکی شینت بۆ بنووسمەوە
ئەی گوڵە شین …!
٥
( ……… )
تۆ بروسکەی ئاسمانێکی تێکشکاوی
هاوارەکانت ناگات بە من
منیش تیشکە ڕیشالییەکانی تریفەیەکی تەنیام
کەچی شەوانان
ژێر کەپر و کەڵاوەکانی نێو خەونەکانی تۆ
هەر تاریک و تاریکتر دەبنەوە
٦
( ……… )
لەوەتەی هەم
خۆر بە دووچاوی خێلەوە
لەنێو خەونەکانم هەڵدێت
تۆش تازە بە تازە
پەڕی کتێبە شیعرییەکانم هەڵدەدەیتەوە و
لێم دەپرسی و دەڵێی
لەم دۆزەخی پڕ لە کڵپە و هەستانەوە
لەم گۆڕستانی کوژانەوەی ئەستێرەکانەوە
بۆچی هێندە بە زمانێکی غەمگین و
بە وشەی چاو بە فرمێسکەوە
شیعرەکانت دەنووسییەوە
٧
خۆم لەنێو تاریکییەکی گەورە دەبینمەوە
کە هیچی / لەو ڕووناکییە ناچێ
لەنێو چاوەکان و لەنێو
ئەو شەفەقەی کە دەمویست شتە جوانەکان و
پڕیشکی درەوشانەوەی وردە ئەستێرەکانی پێ ببینم
ئێستاش چەند پرسیارێک مێشکییان داگیر کردووم
ئەم تاریکییە بۆ بوو بە قەدەری من
ئەم تەنیاییە بۆ بوو بە بەشێک لە بوونی من
ئەم غوربەتە ئەبەدییەش بۆ بوو بە نیشتیمانی من
٨
( ……… )
ژنێکی بزە گەرم و نیگا نەرم
هەموو شتێکی منی خۆشدەوێت
شیعرەکانم
پێکەنینم
ڕەنگی پێستم
قژی خاوم
هاوار و فرمێسکەکانیشم
هەموو شتێکم / بەس خۆم نا
٩
( ……… )
ویستم لە نێو بیرکردنەوە و
خەونەکانم دەرتبێنم
ڕەشەبایەک هەڵیکرد
هەموو شتێکی ڕفاندم
کتێبەکەی دەستم
چاویلکەکەم
جلەکانم و ڕووت ڕووتی کردمەوە
ویستم نامەکان و
دەفتەری یادەوەرییەکانیشت بسووتێنم
باران شەپڕە لێیدا و بوو بەلافاو
هەرچی ئاگری نێو ماڵەکان و دارستانەکان و
تەنانەت / ئاگری نێو دۆزەخەکانیشی کوژاندەوە
ئیدی منیش لەسەر جێگاکەم ڕاکشام و
زەردەخەنەیەک هاتە سەر ڕوخسارم
لەودەمەدا / شەبەنگێک لە ڕووناکی هاتە نێو ژوورەکەم
دەنگێک لەنیو ڕووناکییەکە گوتی
ئەی شاعیرە ڕۆژهەڵاتییەکە ئایندەت باش …!

                                             مارسی ٢٠٢٣

تێبینی : خوێنەری خۆشەویست دەتوانن ناونیشانی ئەم وردە شیعرانە لەو وشانەی سەرەوە هەڵبژێرن ، هەندێکیان زێتر لە ناوێک لەخۆدەگرن . خۆتان ئازاد و سەرپشک بن لە دانانی ناونیشانەکان …!




ڕۆژ هەڵەبجەیی و زمانی شیعری.. ناڵە حەسەن

ڕۆژهەڵەبجەیی ساڵانێکە شیعر دەنووسێت ، من لەدوای دووهەزارەوە بە هۆی شیعرەکانییەوە بەم شاعیرەمان ئاشنام . بەدیاریکراویش ئەو ساڵانەی بەشداری کارای هەبوو لە ڤیستیڤالی گەڵاوێژ و خەڵاتی بەدەست دەهێنا ، دواتریش لە ڕێگەی گۆڤاری ( هەنار )ەوە هاورێیەتیمان وەک دوو شاعیر دەستی پێکرد .. چ لە رێگەی ئیمەیل یان مەسنجەرەوە چەندجارێک پەیوەندیمان بووە لەبارەی شیعر و نوێگەری و بابەتی گرینگ قسەمان کردووە ،، منیش هەر لەوسەردەمانە لێکۆڵینەوەیەکم بەناوی ( شیعر و هۆڵۆکۆست ) پێشکەش بە ڕۆژەی شاعیر کردووە . ڕۆژ هەڵەبجەیی تا ئێستا حەوت کتێبی شیعری بڵاوکردۆتەوە ، دواهەمین کتێبی بەناوی ( دێڕێک دارستان و تاڵێک چۆلەکە ) کە بە ( پدف ) وەک دیارییەک لەلایەن شاعیرەوە بەدەستم گەیشت . بە شێوەیەکی گشتی ڕۆژهەڵەبجەیی خاوەن ئەزموونێکی شیعری جوان و نایابە ، یەکێک لە هەوڵە دیار و جوانەکانی دەیەوێت بە زمانێکی شیعری جیاواز بنووسێت ، تا ئاستێکی باشیش لەم پێناو و ئامانجەی سەرکەوتوو بووە ، خاوەن ملوانکەیەک لە شیعر و وشە و دەستەواژەی شیعری جیاوازە . زۆرجار لە دەمی خۆییم بیستووە و دەڵێ ( من نامەوێت تەقلیدیانە بنووسم …! ) کە ئەمەش بنەمایەکی پۆزەتیفە بۆ جیاوازبوون یان هەنگاونان بەرەو نوێگەری .. من لە کتێبی ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ، لەبارەی ئەزموونی نوێخوازانەی ( فەرید زامدار )ی شاعیر قسە دەکەم . بە پشتبەستن بە فۆرم و ناوەڕۆکێکی جیاواز و زمانی شیعری جیاواز ، هاوکات پەیوەندی ( یاخیبوون و نوێگەری ) . فەرید زامدار دەیگوت ( من بەوەی کە هەیە ڕازی نیم ! ) واتە مەبەستی بوو شتێکی جیاواز بنووسێت ، ڕۆژەی شاعیریش دەیەوێت هەمان شت بڵێت بەڵام ، بە دەرربڕین و بە زمانی خۆی ، ئەو دەڵێ ( من نامەوێت تەقلیدیانە بنووسم ) ، واتە بەزمان و فۆرم و شێوازی کۆن ، ئەگەر لە تایتلی دواهەمین کتێبە شیعری بڕوانین ، ئەو ڕاستییە دەبینین کە ئەو شاعیرەمان دەیەوێت بە زمان و فۆڕمێکی جیاواز بنووسێت .کتێبی ( دێڕێک گۆڕستان و تاڵێک چۆلەکە ) . ئەم کتێبە پێکهاتووە لە سەدو هەشتاو دوو لاپەڕەو بە دیزاینێکی نایاب ، کۆمەڵە شیعرێکی لەخۆگرتووە کە بە فۆڕمی جۆراوجۆر نووسراون وەک ، هایکۆ و کورتە شیعر و شیعری درێژ و هەتادوایی . شیعرەکان بە زمانێکی شیعری جوانی ئیستاتیکی و ناوەرۆکێکی پڕ کێشمەکێش و پڕ لە دەستەوازی شیعری سەرنجڕاکێشن . بە شێوەیەکی گشتی شیعرەکان لە ڕووی شیعرییەتەوە سەرکەوتوو و لەرووی ناوەڕۆکەوەش زۆرێک لە شیعرەکان ناوەڕۆکێکی قووڵیان هەیە ،، ئەوەی زۆر سەرنجی منی ڕاکێشا هەستەکانی شاعیرە لەنێو دەقە شیعرییەکانی. ( هەستی ژنانە و هەستی نەتەوەیی و هەستی مرۆیی ) ، لە چوارچێوەی ئەم کتێبە شیعرییەدا ئەم هەستانەی شاعیر زۆر بە تۆخی هەستییان پێدەکرێع ، هاوکات لە زۆر شوێنیش یەکانگیر دەبیت لەگەڵ نائومێدی و ( هەستی نائومێدی ) . کە ئەم هەستی نائومێدییەش من بە حاڵەتێکی نێگەتیڤ نایبینم لەنێو ڕووبەری شیعردا . بەمانایەک کاتێک شاعیرێک ئیش لەسەر نائومێدی دەکات ، ئەوە بەو مانایە نییە ئەو شاعیرە ڕەشبینە و دەستی لە ژیان و خەونەکانی بەرداوە ، یان ( بوون و نەبوون )ی خۆی لەنیو ژیاندا وەکو یەک دەبینێت ،، دەکرێت شاعیرێک هەمیشە نائومێدییەکانی خۆی بنووسێتەوە و کەسێکی ڕەشبینیش نەبێت ، چونکە هەروەک پێشتر لە وتارێک باسمان کردووە ، ( ڕەشبینی و نائومێد )ی دوو چەمکی جیاوازن ، نائومێدییەکەی ئەو شاعیرە لەوەدایە ، کە لەبنەرەتدا ئومێدی گەورەی هەیە بەڵام ، لە ئێستادا بە ئومێدەکانی نەگەیشتووە ، پڕاوپڕە لە خەون و ئومێد بەڵام لەوساتەدا بۆیە نائومێدە چونکە ئومێدەکانی بەدینەهاتوون و لە هەوڵەکانیش بەردەوامە بۆ بە دیهاتن و گەیشتن پێیان . هەروەک لەشیعری ( با گەمژەیی نەنێین بە عیشقەوە ) ، لە سەرەتای دەقەکە تا کۆتایی ئیش لەسەر نائومێدییەکی گەورە دەکات ، نائومێد لەدەوروبەر ، کاتێک مرۆڤەکان ژیان بە ئاراستەی ناشیرینی دا دەبەن ئەوە خەتای عیشق نییە ، داوا دەکات با گەمژەیی نەنێن بە عیشقەوە ، دەیەوێت عیشق وەک خۆی جوان پێشان بدات ، ئەوەش ئامانجە سەرەکییەکەی شیعرە کە ئیش لەسەر جوانی بکات و نەهێڵێت جوانیەکانی ژیان بشێویندرێت . شاعیر لەم دەقە شیعرەی هەر نائومێد نییە لە دەوروبەر بەڵکو خۆیشی پڕیشکی ئەو نائومێدییەی بەردەکەوێت و جووڵەکانی بە ئاراستەی نائومێدی دەڕوات ، ئەوەتا بە ڕۆشنی دەڵێت :
دەستم لێ مەدەن ، پێم لە تاریکی هەڵخلیسکاوە
شوعلەی مۆمێک لە دوگمەی خەیاڵما
بزر بووە
لێرەدا تەعبیر لە نائومێدییەکی گەورە دەکات ، پێی لە تاریکی هەڵخلیسکاوە و لەنێو تاریکی ماوەتەوە ، شوعلەی مۆمێک لە دوگمەی خەیاڵیا بزربووە ، ڕووناکی نێو خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی بزربوون ئێستا خەیاڵ و ئاسۆ و بیرکردنەوەکان تاریکن . تابلۆکان ڕەش دەنوێنن ، ژیان لە جوانیەکان داشۆراوە ، یان لە شوێنێکی تری ئەم دەقە شیعرییە دەڵێت ،
من ئاوا خەون هەڵدەکۆڵم
لێ هێندە قۆپچەی برینتان نا بە سینگی عیشقەوە
عیشقم داکەند
هێندە چەخماخەی چۆڵەوانیتان نا بە ژیانەوە
تەنهاییم لەبەرکرد
لەم کۆپلە شیعرە جوان و نایابە ، ڕۆشنتر باس لە نائومێدییەکانی خۆی دەکات بەرامبەر بە عەشق ، تا ئاستی ئەوەی بەرگی عەشق دادەکەنێ ، خۆی خاڵی دەکاتەوە لە عەشق ، چونکە هێندە قۆپچەی برینیان ناوە بە سینگی عیشقەوە ، ئیتر عیشق بووە بە مانایەکیتر بۆ برین و ئازار و خەفەت ، هاوکات هێندە جەخماخەی چۆڵەوانیشیان ناوە بەژیان دواجار تەنیایی هەڵبژاردووە ، هاوکات ڕەخنە و گڵەییەکی جدیشە لە بەرامبەرەکەی ، لەگەڵ ئەوەش کۆڵنادات ، وەک دەڵێ ( هەموو هاوارەکانم لێکەوت ، لەپێ نەکەوتم ) هەر دەیەوێت عەشق وەک ڕووناکییەکی نێو ژیان جوان پێشان بدات و داوا دەکات و دەخوازێت / دەخیلتانم ، با گەمژەیی نەنێین بە عیشقەوە ..!
ڕۆژ هەڵبجەیی ئەم هەوڵ و هاوارەی لە خۆڕانییە ، ئەو شاعیرێکی ناسکە و شیعریش هاوتەریبە لەگەڵ جوانییەکانی ژیان یان هەروەک لە پێشتر گتومانە ( شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە ) ، لەگەڵ ئەوەی بەرگی عەشق دادەکەنێت و نائومێدییەکی گەورە بەرجەستە دەکات ، بەڵام نائومێدییەکەی ناگاتە ئاستی ڕەشبینی و هەر بە خەون و ئومێدەوە دەژیت و دەست لە ئومێدەکانی بەرنادات و دەڵێت :
هێواش ، هێواش ئومێدم خستە سەریەک
تا نائومێدی ڕاکات
یانی لەبنەرەتدا ، شاعیر کەسێکی گەشبینە، کەسێک بووە لە هەوڵی ڕەوینەوەی نائومێدی دا بووە ، هێواش هێواش ئیشی بۆ ئومێدەکانی کردووە ، هەوڵیداوە دەستی لە لچکە کراسی ژیان بەرنەدات و خۆی بۆ نائومێدی شل نەکات . ئەم کتێبە شیعرییەی ڕۆژەی شاعیر ، پڕیەتی لە دەقی ناوازە و جوان ، زمانی شیعری هونەرکاری نایابی تیاکراوە ، بڕشتی بە دەستەواژە و وشە و تەنانەت ناوەڕۆکی شیعرەکانیش بەخشیوە ، شیعرییەت لە ئاستێکی بەرز و بڵند دایە ، تەنانەت تایتلی کتێبە ، ڕستەیەکی شیعری جیاواز و نایاب و شیرییە ، بە چ مەبەستێک ئەم ناونیشانەی بۆ کتێبەکەی هەڵبژاردووە زۆر بەلامەوە گرینگ نییە بەڵام ، ئەوەم بۆ گرینگە کە ناونیشان و دەستەواژەیەکی شیعری نایابە ، لێرەدا.هەوڵدەدەین هەندێک قسە لەسەر دیوە شاراوەکانی بەشێک لە شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە بکەین . لە شیعری ( توحفەیەک لە دژەکان ) ، بە شێوەیەکی گشتی شیعرێکی ناسک و جوانە لە ڕووی زمانی شیعری و پێکهاتەی شیعری و ناوەڕۆکەوە ، بەڵام من ناونیشانی شیعرەکە لەگەڵ ناوەڕۆکەکە ناتەباو نەگونجاو دەبینم .. ڕۆژ هەڵەبجەیی لەم دەقە شیعرییەی دەیەوێت ئیش لەسەر حاڵەتە دژبەیەک و ناتەباکان بکات واتە ( پارادۆکس ) ، هەر خۆیشی دەڵێت ( توحفەیەک لە دژەکان ) ، بەڵام ئەگەر بە وردی شیعرەکە بخوێنینەوە ، ئەو دژایەتییە و ناتەباییە نابینین ، بەڵکو تەریبی و تەبایی دەبینین ، وا لە خوارەوە یەکدوو نموونە دەهێنینەوەو مەبەستەکان بە ڕوونی پێشان دەدەین . لە کۆپلەی یەکەم دەڵێت :
کە ( با ) قاچی لە جێ چوو
درەختەکان چەنەبازی فڕێ دەدەن
سەمای گوڵی کراسەکەم دەکەوێ !
وردە شیعرێکی جوانە ، وشە و دەستەواژەکە پڕە لە شیعرییەت ، بەڵام کردەکە هاودژ و ناتەبا نین ، دەیەوێت بڵێ ( کە با لە جووڵە دەکەوێت درەختەکان بێدەنگ دەبن و گوڵەکان لە سەما دەکەون ) ، لێرەدا هیچ هاودژیەک نابینین ، بەڵکو تەباییەکی سروشتیانە دەبینین ، ئەوە شێوەیەکی تەبا و سروشتییە کە با هەڵنەکات درەختەکان بێدنگ بن و گوڵەکانیش لە سەما بکەون ، بەڵام ئەوکاتە حالەتەکە دژ و ناتەبا دەبوو ئەگەر با هەڵبکات و دروختەکانیش بێدەنگ بوونایە و گوڵەکانیش لە سەما بکەوتبان ،، لێرەدا ناتەبایی و پارادۆکسەکە بە ڕۆشنی دەردەکەوت ، دوورنما و مەبەستەکانیش قووڵتر دەبوونەوە . لە کۆپلەی دووەمیش بە هەمانشێوە دەڵێ :
تاریکی زمانی دەچەقێ لە تەمومژ
کە چرا چەند چرکەیەک دەخاتە گیرفانی
لێرەدا ین دەتوانخوێندنەوەی جیاواز بکەیەن ، بەدیوێك دەتوانین دژ و پارادۆکسەکە ببینین ، بە دیوێکیتر تابایی و ئاوێزانبوون و تەریبوون ، ئەگەر تاریکی بۆ چەند چرکەیەک چرا بخاتە گیرفانی مەبەست کوژاندنەوەی چراکە بێت ، لەو وێنەیە ئاساییە تاریکی زمانی لە تەمومژ بچەقێ و ناڕۆشن و تاریک بمێنێتەوە ، بەم دیوە تەبایی دەبینین ، بەڵام ئەگەر خستنە گیرفانی چراکە مەبەست نزیکبوونەوە بێت لە چراکە ، ئەوا لەم حاڵەتە هاودژی و ناتەباییەکە دەبینین ، لێرەدا من خوێندنەوەکە بە کراوەیی و بۆ خوێنەر جێدێڵم .
لە شیعری ( وێنەکانی جەنگ ) ،، بە دەستەواژەی شیعری و وشەی شیعرییەوە لێکەوتە و کاوڵکاری و تراژیدیای جەنگ پێشان دەدات ، دەیەوێت ناشیرینترین وێنەکانی جەنگمان پێشان بدات ، هاوکات لە پشت وێنە شیعرییەکان ، هەستی مرۆڤبوونی شاعیر بە قووڵی دەبیندرێ ، بە کورتی دەیەوێت بڵێت ، کە جەنگ هەڵگیرسا هەموو شتێك وێران دەبێت هەموو جوانییەکان دەشێوێندرێن ، بەزمانێکی ئیستاتیکی نایاب ئەم مەبەستانەی دەپێکێ ، ئەوەتا دەڵێت :
پاشماوەی جەنگە
نونی بێوەژنەکان و
ناڵەی دارشەق و
سەرئێشەی نیشتیمان !
شێوە و دەربڕینێکی شیعری جوان ، دەرخستنی دیوە هەرە ناشیرنییەکەی جەنگ ، بەڵام لێرەدا تێبینیەکم هەیە ، من بە هیچ جۆرێک لەگەڵ بەکارهێنانی وشەی ( بێوەژن نیم ) دەبوو بڵێ ( نونی ژنەکان ) ، بەڵام لەدواجاردا شیعرێکی نایاب و پڕە لە جووڵەی ئیستاتیکی و شیعری .
لە شیعری ( ژن و ئەوان ) ڕۆژەی شاعیر بە هەستێکی ژنانەی قووڵەوە قسەمان بۆ دەکات و وینەکان دەکێشێ ، هەستی ژنانە و هەستی پیاوانە دوو چەمکی مرۆیی گرینگن پەیوەندی نییە بە ڕەگەزی شاعیرەکان و پۆلینکردنی شیعر یان بە شیعری پیاوانە و شیعری ژنانە .. ئەم هەستانە مەسەلەی گرینگن لەنێو شیعر ، شاعیرەکان پێویستە بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئەم هەستانە خۆیان بکەن ، هەروەک لە وتاری ( شیعر و گێندەر ) بە ڕۆشنی و بە درێژی قسەمان لەبارەی ئەم بابەتە کردووە ، مەبەستمە بڵێم / شاعیرێکی ئافرەت ئاساییە لەنیو شیعرەکانی هەستی ژنانەی خۆی و تەنانەت تەعبیر لە هەستی پیاوانەش بکات ، بۆ شاعیرێکی بە رەگەز پیاویش بە هەمانشێوە ، چونکێ شاعیر کاتێک دەگاتە نێو ڕووبەرە قووڵەکانی خەیاڵ لە واقیع دادەبڕی و دەگاتە نێو رووبەری تاریکی ناخودئاگایی ، لەوێدا هەم لە واقیعی مەوجود دادەبڕێ هەم لەواقیعی خودی خۆیشی ، بەرگی گێندەر و ڕەگەز فڕێ دەدات ، ( تەنها و تەنها ) وەک مرۆڤ لەوێدا خەونەکان و جوانیەکان و خەمەکانی خۆی دەنووسێتەوە ، وەک مرۆڤێک گەڕانەکانی خۆی دەکات ، پرسیار و نائومێدی و نیگەرانیەکانی خۆی لەبەرگێکی ئیستاتیکی و شیعری دا دەخاتە ڕوو ، ڕۆژە لەم دەقە شیعرییە نایابەی بە هەستێکی ژنانەی قووڵەوە وێنەی گرینگ و گەورەیی ژنانمان بۆ دەکێشێ ، سەرکەوتووانە هەستەکانی خۆی بۆ ژن دەردەبڕێ ، دەیەوێت بڵێت ، گەر ژن نەبێت ژیانیش نابێت و مانایەکی نابێت ، لەخوارەوە یەکدوو کۆپلە بەنموونە دەخەینە ڕوو .
شێوەکارێک هەموو
کورسییەکانی کوژانەوە
دواجار کورسییەک
لە هزریا هەڵنیشت ، کورسی
بووە پەپوولە ژنێک ..!
بەڕاستی ڕۆژەی شاعیر لەم وێنەیە بە قەڵەمێکی شیعری بە خەیاڵێکی ئیستاتیکی نایاب ئەم دیمەنەی کێشاوە ، هەستێکی قووڵ و ژنانە و لوولدراو بە گەورەیی مرۆڤ و بەها مرۆییەکان ، لە ژیان دەتوانین هەموو کورسییەکان بکوژێنینەوە بەڵام ، ناتوانین کاریگەری و جێگا و ڕۆلی ژن لەنیو ژیاندا بکوژێنینەوە ، تەواو .. ئیتر ژن ژیانە و ژیان بەبێ بوونی ژن مانایەکی نییە و نابێت ، یان دەڵێت :
ژەنیارێک لەژێر چەترێکا عاشق بوو
کە خۆری ژنێک باری
دڵۆپ دڵۆپ چەتر
بووە میلۆدیا ..!
عەشق گەورەترین ڕووناکی نێو ژیانە ، لای هەرکەسێک عەشق نەمێنێ خەون و هەموو شتە جوانەکان بەرەو پووکانەوەو بەرەو نەمان دەچن ، ژیان پڕ دەبێت لە نائومێدی و مەینەت ، باری دەروونەکان ناجێگیر و غەمگین دەبن ، عەشقیش ئەوکاتە دەبێ بە چەتر کاتێک خۆری ژنێک دەردەکەوێت و چەترەکەش دەبێ بە میلۆدییەک و ژیان جوانتر و ڕەنگینتر و سەرفرازتر دەکات ،
ئەم هەستە ژنانەییەی ڕۆژە لەزۆرێک لە شیعرەکانیتریش هەستی پێدەکرێت بۆ نموونە ، لە شیعری ( با نەچینەوە ڕستەی عیشقەوە ) یان شیعری ( خەمە خاکییەکانی کچێک ) و زۆرانیتر .
شیعری ( باجی کورد بوون ) ئەم شیعرە دووەم شیعری نێو کتێبی ( دێرێک دارستان و تاڵێک چۆلەکە ) یە . واتە لە سەرەتای کتێبەکەیە ، بەڵام من بە مەبەست ویستم خوێندنەوە بۆ ئەم دەقە شیعرە بخەمە کۆتایی خوێندنەوەکەم . ( ڕاست و ڕەوان و کورت و پوخت ! ) ، دەمەوێت بڵێم ، ئەم شیعرەی ڕۆژ هەڵەبجەیی نەک یەکێکە لە شیعرە ناوازەکانی ڕۆژە خۆی بەڵکو ، یەکێکە لە شیعرە نایابەکانی نێو شیعر و ئەدەبیاتی کوردی . هەستێکی نەتەوەیی قووڵ ، ئەوە دەخوێنینەوە کوردبوون چ ئازارێکە ، چ تراژیدیایەک لەنێو دڵی ئێمەدا و چ برینێک لەنێو جەستەی نیشتیمانی ئێمەدا بوونی هەیە ، بەزمانی شیعری دوور لە دروشمکاری تەعبیر کردن لە خەمە تراژیدییەکان و برینە گەورەکان کارێکی سانا نییە ، بە قەناعەتەوە دەڵیم ، هەموو ئەو شاعیرانەی بە شاعیری نەتەوەیی ناسراون ڕەنگە / هەستی نەتەوەیی خۆیان وەک ناوەڕۆک و هەستە قووڵەکەی نێو ئەم دەقە شیعرییە تەعبیر لێنەکرد بێت . لێرە ڕۆژە لەوە دڵنیامان دەکاتەوە ، کە شیعر لە رووبەرێکی هێندە فراوان و لەو رووبەرە گەردوونییە ئیش دەکات هاوکات ، زمانی شیعری ئەو هێزەی پێیە کە شاعیر بتوانێت قسە لەسەر هەر بابەتێک بکات ، تەنانەت گەورەترین و تراژیدیترین ڕووداو و بابەت ، لێرەدا شیعرەکە وەکو خۆی دەنووسینەوە و لە کۆتاییش هەندێ قسەیتری لەبارەیەوە دەکەین .

_ ( باجی کورد بوون )
(١)
بە هۆی ئەم باجەوە
بە بۆنی سێو خنکا
هەڵەبجە !
(٢)
بۆ ئەوەی ئەم باجە بداتەوە
نوچی دایە سێدارە نەک هەڵاتن
قازی محەمەد !
(٣)
لە باجی کوردبوندا
سپاردیانە سوڕەتی ئەنفال
گەرمیان !
(٤)
ئەم باجەی وەرگرتەوە
بە تەرم چیایەکی چێکرد
ئەتاتورک !
(٥)
کوردبوون خوشک و براکانمی
کردە یادگاری
کیمیاباران !
(٦)
لەم باجەدا دەستیان پڕ دووکەڵ و
چاویان لیزمەی باروت
ڕۆژئاڤا !
(٧)
لەم باجەدا
داروپەردووی بۆ مایەوە
کۆبانێ !
(٨)
لە باجی کوردبوونا
تفەنگی کردە هاوسەری
شەڕەڤان !
(٩)
لە قەرەبووی ئەم باجەدا
کچێنییان هەڕاج کرا
شەنگاڵ !
چەند گرینگە لە شیعرێکی ( نۆ ) کۆپلەیی توانیویەتی هەموو خەم و ئازارەکان و ( زۆرێک ) لە مێژووە خوێناوی و پڕ ترژیدییەکەی میللەتی کوردی خستۆتە ڕوو ، بە بروای من دەبا لە وێنەیەک ( کۆڕەوە ) چەند ملیۆنیەکەی ئاداری ١٩٩١ی باس کرد با ، هەستێکی نەتەوەیی سەرتاپایی ، ئازارەکان گشتگیر و جوگرافیا و شوێن نیشتیمانێکی گەورەی دابەشکراو . لەم دەقە شیعرییە مێژوویەکی خوێناوی قسە دەکات ، سێدارە و مردن قسە دەکەن کارەساتەکانی ئەنفال و کیمیاباران و هەلەبجە و گەرمیان شەنگاڵ قسە دەکەن ، لەبەرامبەردا بەرگری و فیداکاری و مقاوەمەتیش قسە دەکەن . چەند بە جوانی و شاعیرانە دەڵێت ( تفەنگی کردە هاوسەری .. شەرەڤان ! ) یان ( کچێنییان هەڕاج کرا .. شەنگاڵ ! ) ، یان دەرخستنی ڕووی ڕەش و فاشیزمی دیکتاتۆرە ئەتاتورکەکان . یان قوربانی و نەبەردییەکانی کۆبانێ و شەڕڤانان ، یان مردن و تراژیدیا جەرگبڕەکانی هەڵەبجە و ئەنفال .. وێنەی شیعری نایابی پڕ جووڵەی ئیستاتیکی خەمناک . لێرەدا من کۆتایی بە خوێندنەوەکەم دەهێنم ، بە دڵنییایەوە دەڵێم ئەم کتێبە شیعرییەی ڕۆژەی شاعیر ، خوێندنەوەی فراوانتر و هەمەلایەنەتر هەڵدەگرێت ، بە ئومێدم خوێنەری تر و قەڵەمی تر لە دید و گۆشەنیگای ترەوە ، خوێندنەوە بۆ ئەم کتێبە و دەقە شیعرییەکانی بکەن ، لە کۆتایی ئومێدی سەرکەوتن بۆ ئەم شاعیرە ئازیزەمان دەخوازم و بە هیوام هەمیشە لە شوێنە بڵندەکانی داهێنان بیبینم و قەڵەمەی هەر بارانی شیعر ببارێنێت .

                                                   ئاداری ٢٠٢٣

_ سەرچاوە
کتێبی شیعری ( دێرێک دارستان و تاڵێک چۆلەکە ) نووسینی / ڕۆژ هەڵەبجەیی .




شیزۆفرینیا و هونەر.. لە ئینگلیزییەوە: ناڵە حەسەن

شیزۆفرینیا شێوە و جۆری جیاواز دەگرێتە خۆ وەک ( بە شێوەیەکی کوشندە بێدەربەست و بێباك ، یان توندوتیژ و هەڵچوون و بە ڕووداشاخان ، یان بینینی شێوە و دەنگی نامۆ کە لە ڕاستیدا بنەمایەکیان نییە ..! ) هونەرمەندە شیزۆفرینیاییەکان ، لە نێو تابلۆکانیاندا ، ئەم خەیاڵە ئازاربەخشانەی خۆیان دەخەنەڕوو . لە دەرەوەی تواناکانی خۆیان و بێویستی خۆیان دەکەونە ژێر ڕکێفی خەیاڵ و فەنتازیایەکی سەیر و سەمەرە و ئاڵۆز ، بە شێوەیەکی توند و تیز هەڕەشە لە دونیای دەرەوەی خۆیان دەکەن ..! بەڵام ، بێئاگا لە خۆیان زۆر بە سادەییەوە دەکەونە ژێر کاریگەریەکانی دەرەوە . لەگەڵ خەونی ناخۆش و دونیای خەیاڵئامێزی ترسناک و ناڕێک و شێواو یەکانگیر دەبن . ئەم بارە دەروونیەیان ، ئاڵۆزییەک و شێواوییەک بە هونەرەکەیان دەبەخشێ .
کاتێک هونەرمەندێکی دەروون نەخۆش تابلۆکانی دەکێشێ ، هەوڵ دەدات سکێج و شێوازی نامۆ وەک شێوەی دێو و درنجەکان بکێشێ . ئەم خەیاڵە نامۆ و ترسناکانە تەواوی بیر و هۆشیان داگیر دەکات . بە شێوەیەکی چەپێندراوی لە ناوەوەیان دەمێنێتەوە . لە کاتی نیگارکێشاندا ، بە شێوەیەکی ئاڵۆز و شاراوە بە هێمای سەیر و جیاواز دەریان دەبڕن . یان بە ڕەنگی نامۆ و جیاواز ، هەندێکجاریش وێنەی دەنگەکان دەکێشن . کاتێک تابلۆکانیان تەواو دەبێت ، هەمیشە ئەو ترس و نیگەرانیانەشیان هەیە کە تابلۆکانیان تەواوی مەبەست و ئاکامەکانیان ناپێکێ ، بەڵام لە ڕاستیدا جوانترین و گەورەترین کاری هونەریان نەخشاندووە ..!
زۆرجاران ئەم خەیاڵانە بەوە دەردەبڕن کە شێواز و فیگەرەکانی نێو تابلۆکانیان دەشێوێنن ، یان شێوە و جەستەی مرۆڤ بە شێوەیەک دەکێشن وەک مرۆڤی سەرەتایی و مرۆڤی نێو ئەشکەوتەکان بە شێوەیەک سەرنجڕاکێش بەرچاویان دەخەن ، بۆ ئەوەی ئاڵۆزی و ترسناکی بە تابلۆکانیان ببەخشن . فرۆید لەم بارەیەوە دەڵێت ( هونەرمەندان دونیای خەیاڵ و فەنتازیا دادەهێنن ، بۆ دەربڕینی هەرا و ژاوەژاوێک کە لە ناوەوەیاندا هەیە ، بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانیان و وەڵامدانەوە بە ڕاستی دونیای دەرەوەی خۆیان . ) کاتێک دیواری زیندان و شێتخانە و نێوەندەکانی چارەسەرکردنی دەروونی بەمجۆرە تابلۆ و وێنانە دادەپۆشن ، تەنیا بۆ ئەوە نییە کە پزیشکە دەروونناسەکان وەک سەرچاوەیەک بۆ تێگەیشتن و خوێندنەوە و گرفتەکانی نەخۆشەکانیان و نزیکبوونەوە لێیان ، بەڵکو بە شێوەیەکی کاریگەرانە بارە دەروونیەکان و هەڵچوون و ڕوانینە نامۆکانی نەخۆشیە دەروونیەکان لە نێودا دەبیننەوە ..! کە ئەمەش کۆششێک و خزمەتێکی زۆر بە زانستی دەروونناسی دەکات و زۆر شتی تازە لێیانەوە فێر دەبن ..! هونەرمەندی دەروون نەخۆش زۆر ساکارانە دەکەونە ژێر کاریگەری هەستە چەپێنراوەکان و بارە نەستیەکانیان و ئەم وێنانە دەکێشن . ئەم ئاڵۆزیی و ترسناکییەی لە نێو تابلۆکانیان دەبیندرێن ، ئەوە ئەم خەیاڵە دێوزمانەیە لەنێو قووڵایی مێشکیاندا هەیە و مێشکیان بەمجۆرە خەیاڵانە دەورە دراوە ..!

_ هێماکانی نێو کەللەسەرێک
( هێرۆنیمس بۆسکس ) یەکێکە لە نیگارکێشە شیزۆفرینیاییەکان ، لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا تابلۆی کەللەسەرێک دەکێشێت کە بەهێمای جیاوازجیاواز دەینەخشێنێت . تەواوی ژیانی ڕابردووی و ترس و نیگەرانییەکانی خۆی ، بە هێمای سەیر و نامۆ لە نێو کەللەسەرەکە دەکێشێت . هونەرمەندێکی کەنەدیە ، ژیانی منداڵێتی زۆر سەخت و دژوار و ناخۆش بووە تا ئاستی دڕندەیی . ئەم ئێش و ئازارانەی ژیانی منداڵێتی و بە شێوەیەکی بەرچاو لەنێو خەیاڵە ترسناکەکانی ڕەنگ دەداتەوە . بۆ نموونە پێی وادەبێت ( گەر پارچە گۆشتێک لە باسکی خۆی بکاتەوە هەست و بیر و خەیاڵی دەگەڕێتەوە باری ئاسایی و چاک دەبێتەوە ..! ) لە ڕاستیدا وا دەکات . پارچەیەک گۆشت لە باسکی خۆی دەبڕێت و دەکەوێتە نەخۆشخانە . ئەوکاتە دان بەوەدادەنێ کە باری دەروونی تەواو نییە و پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە . لە نەخۆشخانەی دەروونی دەمێنێتەوە لەوێدا ، تابلۆیەک بەناوی ( Maze واتە ونبوون ) دەکێشێ . یەکێک لە گرفتەکانی ئەم هونەرمەندە ئەوەیە ناتوانێ ( بە ئاسانی قسە بکات و ئێش و ئازار و هەستەکانی خۆی دەرببڕێ ) کاتێک وێنە دەکێشێ ، لە نێو ڕەنگ و هێما و فیگەرەکاندا مەبەست و مانا و ئازارەکانی بە دەردەکەون ، بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا و بە جوانییەکی هونەری دەبیندرێن . هەر لە نێو تابڵۆی ( Maze ) وێنەی خۆی لە ناو کێڵگەیەک کێشاوە لە پاڵ ئەمەدا تەواوی یادگارییەکان و ڕابردووی خۆی وێنە کردووە . ئەم شتانەی کاریگەریان بە سەریەوە هەبووە لە ژیانی سەختی منداڵێتیەوە تا عەشق و خۆشەویستی و دەسەڵات و زوڵم و ستەم و هەموو شتێک ..! یەکبەیەک هێماکانی بۆ پزیشکەکەی شیدەکردەوە و ڕاڤەی دەکرد ..! پزیشکەکەی تێبینی زۆر ورد و پێویستی دەست کەوت بۆ چارەسەرکردن و تێگەیشتنی باری دەروونی سوودی زۆری لەم تابلۆیە بینی . ئەم هونەرمەندە بۆ ماوەیەک لەم نێوەندی چارەسەرکردنە دەمێنێتەوە ، پاشان ئاسایی دەبێتەوە و دێتە دەرەوە ژن دەهێنێ و تا ئێستاش لە نیگارکێشان بەردەوامە ، بەڵام ئێستا تابلۆکانی کەمتر ئاڵۆز و ترسناکن ..!

_ میزاجی شێتانە
هەندێک لە هونەرمەندو دەروون نەخۆشەکان ، شێوەی میزاجی نائاسایی وەردەگرن ، واتە دەمێک تا ئەوپەڕی دڵتەنگ و نیگەران و نامۆ و توندوتیژ ، دەمێکیش تا ئەوپەڕی ئاسایی و ئارام ، دڵخۆش و بەختەوەرن ..! ئەم شێوازانە بە بەراورد لەگەڵ شیزۆفرینیاوە هیچ پەیوەندیەک و کاریگەرییەکیان بە ڕاستی ژیانەوە نییە .. لە دونیایەکدا دەژین تەنها خۆیان لەم دونیایە تێدەگەن تەواو نقومی نێو خەیاڵی میزاجین ..! بە شێوەیەکی گشتی هونەرمەندە دەروون نەخۆشەکان ئاسانتر دەتوانن وێنە بکێشن لەوەی تا قسە بکەن ..! کاتێک تابلۆکانیان دەکێشن ، بە شێوەیەکی قووڵ تەعبیر لە بێئومێدی و ونبوون و ڕەتکردنەوە و هەستکردن بە تاوان و شەرم کردن دەکەن ، زۆرجاریش ڕەنگی تۆخ و تاریکەکان بەکاردەهێنن ، وەک ڕەش یان ڕەش و سووری تاریک . خۆیان لە نێو تابلۆکاندا ، بە مردوویی دەبینن ..! هێڵەکان بە شێوەی خەتخەتۆکەی ئاڵۆز و شێواو دەکێشن ، یان سەری کەسەکان بە ماسک دادەپۆشن کە هێمایە بۆ ( تێکشکانی و دڵتەنگی و نائومێدی ) . هەندێکجاریش ، تا ئەوپەڕی دڵخۆش و سەرفرازن . مەبەستەکانیان بە شێوەی شاراوە و جیا جیا دەردەبڕن . وەک ئەوە وایە کە توێکڵەکان هەڵدەیتەوە لە ژێرەوە پڕاوپڕ بێ لە هێما و مەبەستی جۆراوجۆر کە باری دەروونی و تووڕەیی و یاخیبوون و هەڵشاخان و هەستکردن بە تاوان و تەنیایی دەبیندرێ . ئەم جۆرە تابلۆیانە دەکرێ وەک پسپۆڕێکی دەروونناس سوودمەند بێت بۆ نیگارکێشەکان خۆیان و بۆ خەڵکانی تر ..! چونکە کاتێک مرۆڤەکان سەیری ئەم تابلۆیانە دەکەن بە ئاسانی دەتوانن ناخ و خەیاڵەکان و میزاجی خۆیان بخەنە ڕوو ..!

_ ڤانکوخ و تووڕەیی لە ئیشکردندا

بەگوێرەی کاریگەرێتی بەرگە نەگرتنی بەدەست شێواوی باری دەروونییەوە ، هونەرمەندی بەناوبانگی هۆلەندی ڤانکوخ بۆ براکەی دەنووسێت ( لێم گەڕێ با بە تەنیایی خەریکی کارەکانم بم ، ئەگەر بۆ تۆ ئەمە ، ئەوە دەگەیەنێ کەوا من شێتم ، بەلامەوە گرینگ نییە ..! )
ڤانکوخ لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا دەست بەکاری نیگارکێشان دەکات . لەوساوە تا کۆتایی ژیانی نزیکەی ١٠ ساڵێک خەریکی نیگارکێشی دەبێت . لەودەمەدا لە کەنار شارێکی گەورە لە ئاپارتمانێکی بچکۆڵانەدا دەژی . میزاجی بە بەردەوامی دەگۆڕێ ، لە بەرزترین لوتکەی نائومێدیەوە بۆ بەرزترین لوتکەی ئاسایی و باوەڕ بەخۆبوون و دڵخۆشبوونەوە . دەتوانین ناو لە ئیشەکانی بنێین ( تووڕەیی لە ئیشکردندا ) یان ( ترس و نیگەرانی و شێتی ) لەودەمەدا چەند ڕۆژێک یان هەفتەیەک دەبوو باری دەروونی ئاڵۆز ببوو ، شێت ببوو .. بە دەست نەخۆشی دەروونییەوە وەک دیل ئازاری دەبینی و بە دەستیەوە دەیناڵاند ..! لە نێوان ئەم کاتانەی دەگەڕایەوە باری ئاسایی ئیشەکانی زۆر ڕۆمانسیانە و ناسک بوون ..! بە گوێرەی تابلۆکانی و نامەکانی و ژیاننامەی ، ئەوە دەبیندرێ کەوا ڤانکوخ ، بە دەست نەخۆشی دەروونییەوە گیرۆدە و گرفتار بووە . بەڵام بە ڕۆشنیش هەموو شتێک نەزاندراوە . جارێکیان لە ناوەڕاستی گفتوگۆدا لەگەڵ هونەرمەندی فەڕەنسی ” پۆل گۆگان ” تووڕە دەبێت و بەرداخەکەی دەستی بە ڕوویدا دەهاوێ ، پۆل گۆگانیش دەیباتە ماڵەوە لەسەر جێگاکەی خۆی دایدەنێ . بۆ شەوی دواتر ڤانکوخ لە ژوورەکەی دێتە دەرەوە و گوێزانێکی بە دەستەوەیە و بەرەو ڕووی گۆگان دێت ، پاشان شەرمەزارانە دەگەڕێتەوە ژوورەکەی ، لەناو ئەم ڕەفتارانەی دا زۆر هەست بە شەرم و تاوان دەکات . لە ژوورەوە ( پارچەیەک لە گوێی خۆی دەبڕێت ) . ڤانکوخ لە کاتی سەرەمەرگیدا دەنووسێت ( من لە پێناو ئیشەکانمدا ژیانی خۆم خستە مەترسییەوە ، بەڵام لە ئاکامدا سەرنەکەوتم و تێک شکام ..! )

_ کۆتایی ڤانکوخ
ڤانکوخ لە کۆتایی ساڵەکانی ژیانیدا . هەوڵ دەدات خۆی بپارێزێ لە دەست شێتی و ئەم بارە دەروونیەیدا دەنووسێت ( ئیشەکانم مێشکمیان سەرسام کردووە و پێویستە من ئەم سەرسامیانەم هەبێت ..! ) بێگومان ڤانکوخ توانایەکی هونەری لە ڕادەبەدەری هەبوو ، هەوڵی دەدا خۆی بە ئیشەکانی سەرقاڵ بکات ، زۆرجاران بۆ ئەم مەبەستە وێنەکانی دەکێشا . ڤانکوخ ستایلێکی بێ هاوتای بەکاردەهێنا ، بێئەندازە توانای هونەری و بڵیمەتی خۆی پێشان دەدا ، شێواوی و ئاڵۆزی دەروونی تا ئاستی زێدەڕۆیی دەبیندرێ . لە هەمانکاتیشدا هەموو کەسێک دەتوانێ لە مەبەستەکانی تێبگات ، زۆرنین ئەم هونەرمەندە دەروون نەخۆشانەی بەم شێوەیە کاردەکەن و ئەم توانایەیان هەیە . هونەرمەندی ئیسپانی ( فڕانسیس گۆیا ) نموونەیەکی لەم بابەتەیە لە ماڵەوە دیوارەکانی ژوورەکەی خۆی بە وێنەکانی ( جنۆکە و ڤامپایەر و جادوگەر و دێو و درنج ) داپۆشیبوو ، ئەویش هەمیشە باری دەروونی دەگۆڕدرا . دەمێک ئاڵۆز و دەمێک ئاسایی ، گۆیا دەنووسێت ( بۆ ئەو مەبەستە دەخەوم کە پشو بدەم ، یان لە دەست ئەم بارە دەروونییەم ڕابکەم ، بەڵام لە خەویشدا خەون بە دێو و درنج و خەیاڵی ناخۆشەوە دەبینم ، وازم لێناهێنن و ماندوو ترم دەکەن ..! ) ڤانکوخیش هەمان هەست و ئازاری هەبوو بە دەست خەونەکانییەوە . مردن بە باشتر دەزانێت لە دەست ئەم جۆرە خەوتن و خەون بینینە ناخۆشانە ، بۆیە پاش تەواو بوونی تابلۆی ( کێڵگەی گەنم ) بە گوللەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت ..!

_ فریشتەی ڕەش لە نێو بێشکەمدا
ئیدوارد مەنچ ، هونەرمەندی نەرویجی دەنووسێت ( نەخۆشی و شێتی وەک فریشتەی ڕەش ، ببوونە پاسەوان لە نێو بێشکەمدا ) . ئیدوارد مەنج ، یەکێکە لە هونەرمەندە نیگارکێشە مۆدێرنیستە تەعبیریەکانی نەرویج . لە تەمەنی پێنج ساڵیدا دایکی بە دەست نەخۆشی سیلەوە دەناڵێنێ و هەر لەم کاتەدا تووشی خوێن بەربوون دەبێت و دەمرێت . دوای مردنی دایکی لەگەڵ باوکی دەمێنێتەوە . لە ژێر پەروەردەیەکی بێئەندازە توندوتیژ و کوشندە و هەڕەشاوی گەورە دەبێت . مەنج بە بیری دێتەوە و دەڵێ ( کاتێک باوکم ئازاری ئێمەی دەدا تا ئاستی شێتبوون توندوتیژ و ترسناکانە بوو ) ژیانی بەمجۆرە بەردەوام بوو تا تەمەنی چل و پێنچ ساڵی . لەم تەمەنەیدا سەرەتای بە دەرکەوتنی ناڕێکی و ئاڵۆزی باری دەروونی لە نێو تابلۆکانیدا بوو . هێما و ماناکانی نێو تابلۆکان ، دەربڕی خەیاڵ و ئەو ئازار و ئەژکەنجەیە بوو کە لە ڕابردوودا بینیبووی . جیاکاری و تایبەتمەندێتی شیزۆفرینیا لە تابلۆکانی ڕەنگی دەدایەوە وەک ( بەکارهێنانی هێڵی ڕاستی تەریبی ، یان هێڵی چەماوەیی و شەپۆڵاوی و بازنەیی بە دەوری پنتی ناوەڕاست ، یان شێواندنی جەستە و فیگەرەکان ..! ئەو هێڵانەی ئەو بەکاریت دەهێنا دەربڕی ترس و نیگەرانییەک بوون کە نوقمی نێو دەریای دڕندەیی و دوژمنکارانە بوون . نەخش و نیگاری ڕووی خۆڵەمێشی داری لە نێو تابلۆکانیدا بەکار دەهێنا . لە دوای تەمەنی چلوپێنج ساڵیدا تا کۆتایی ژیانی باری دەروونی بە ناتەواوی مایەوە ، هەمیشە دونیای تایبەتی نێو خەیاڵەکانی خۆی وێنە دەکرد . کە زۆر جیاواز بوو لەگەڵ دونیای دەرەوەدا . هەمیشە گۆشەگیر و بە تەنیا لەگەڵ تابلۆکانیدا دەژیا . دەیگوت ( تابلۆکانم چاوچنۆکن ئیرەییان هەیە ، نایانەوێ لەگەڵ تابلۆی هونەرمەندانی تر خۆیان نمایش بکەن ..! ) یان بە تابلۆکانی دەگوت ( ئەمانە کۆرپەی منن ..! ) یان ئەگەر لەگەڵ تابلۆیەکی زۆر دڵخۆش نەبووایە ، بە قامچی دارکاری دەکرد و لاسایی باوکی دەکردەوە و دەیگوت ( ئەمە وانەی ئەسپ فێرکردنە ، بەمجۆرە ڕەفتارانەی دیوی ڕاستەقینەی خۆیی و کەسایەتی و باری دەروونی خۆی دەخستە ڕوو ..!

سەرچاوە

The Mind
By : John Rowan Wilson
And the Editors of The Time – Life Books




دەقی تەمەن / ٣٤.. ناڵە حەسەن

١
لە شەوێکی خامۆش
خامۆش وەک خەوتنی
ژێر کەپرەکانی مردن
بە شازادەیەکی ڕووتی
نێو کۆشکە شووشەبەندەکانی شیعرم گوت / ئەی شازادە
تۆ دەتوانی لەسەر جەستەی خۆت لە خاچم دەی
ئەویش گوتی / ئەی شاعیرە ڕۆژهەڵاتییەکە
من دەمێکە لەسەر جەستەی خۆم لەخاچم داوی
بەڵام حەیف / کەتا ئێستا پێت نەزانیوە …!
٢
ئاوێنە تاریکەکانی شەوم شکاندن
چونکە وێنەکانی تۆیان تەلخ
پێشان دەدا
ئێستا من
لەناو ئاوێنەکانی خۆرەتاودا
سەیری تۆ دەکەم
لەوێدا
سەماو جوانییەکانی ڕوخسارت
کتومت وەک خۆیان دەردەکەون
٣
خاڵخاڵۆکە خاڵنەخشینەکەی خەونەکانم
لەنێو لەپی دەستەکانت خەوتووە
پەنجەرەکانی دڵت مەکەرەوە بۆ ڕەشەبا و
نینۆکەکانیشت
بە ڕەنگەکانی نیو تابلۆکانی مردن ڕەنگ مەکە
لێگەڕێ با
خاڵخاڵۆکەی خەونەکانم / خەون
بە دونیایەکیتر و
بە ژیانێکی تر و
بە زەمەنێکی زێڕینی ڕووناکەوە ببینێ
٤
من کەسێکم
بە چەندین هەوراز و نشێو تێپەڕیوم
بەسەرپشتی شەپۆلەکان بازمداوە و
بەنێو خەرەندە چڕەکانی ئایدیۆلۆژیاکاندا
چوومەتە خوارەوە
لەنێو چوارچێوەیەکی دیوار ئەستوور
بۆ زەمەنێکی دوور و درێژ ماومەتەوە
لەوێدا بێئاگا لە خۆم
بە قووڵایی سییەکانم
قومم لە جگەرەی دۆگمایی داوە
هەمیشەش / تابلۆی نائومێدییەکانم
بە درەختی تەنیشت ڕێگاگان هەڵواسیوە
جارجارەش خۆم داوەتە
بەر بارانی عەبەسییەت و وجودییەت
بەڵام بەوە دڵخۆش و دڵفرازم کە
بۆ تەنها جارێک و چرکەیەکیش
پەنجەکانم بە تەنییە ڕەشەکەی
دەورەی مەنجەڵە گەورەکەی
دانووی ڕەشبینی ڕەشنەکردووە
دەستم لە چارۆگەی خەونەکانم و
لە پشدێنی ژیان بەرنەداوە …!
٥
وەک گۆزەیەکی بەر باران
پڕم لە بێدەنگی
بێدەنگیم پڕە لە گەردەلوول
گەردەلوولی عەشقم
پڕە لە پشکۆ
پشکۆی خەونەکانیشم
ئاوسن بە تۆ …!

٦
چ خەیاڵێکی کوشندە و مەرگئامێزە
کاتێک لە نیشتیمانی من
فریشتەکان دەبن بە شەیتان و
شەیتانەکانیش بە فریشتە
منیش وەک شاعیرێکی نەفرەت لێکراو و
وەک ئادەمێکی لە بەهەشت دەرکراو
دەبێ تائەبەد
غوربەت بکەم بە ماڵی هەمیشەییم و
هەر لەوێشدا سەر بنێمەوە
٧
بۆ بینینی ڕووناکی لە درزێکەوە
تەمەنێک لە نێو
شەوەزەنگە تاریکەکان ماومەتەوە
بە گلۆرە و داوە ڕەنگاوڕەنگەکانی عەشق
دەیەها مافووری ڕەنگینم بۆت نەخشاندووە
تا بەنەرمی بەسەریا بڕۆیت و
ژیانیش لەگەڵ لەنجەو لارت
جوانتر و ئیرۆسیانەتر بدرەوشێتەوە
٨
وەتەرەکانی دڵم
هێندە گۆرانی
بۆ مرۆڤە بەشمەینەتیەکان و
عاشقە نامورادەکان پێ ژەنراوە
وەک دارتەلی کارەبای گەرەکەکەمان ماندووە
ماندوو ماندوو ماندوو
ناوە ناوەش بە شریخەیەکی شێتانەوە شۆت دەکات و
کەسێکیش نییە بیت چاکی بکاتەوە
هێندە نەبێ جاروبار
کۆڵارەی دەستی منداڵە پێخاوسەکان و
کۆترە شینکە کێوییەکان
بە ئارامی لەسەری دەنیشنەوە …!
٩
من ناتوانم لە هیچ شوێنێ ئۆقرە بگرم
هەر دەبێ / بڕۆم و برۆم و بڕۆم
چونکە / لە هەوڵەکانم بەو هاوکێشەیە گەیشتم
پڕم لەتۆ و بەتاڵبوومەوە لە خۆم … !
١٠
جوانیت لە چێژی ئەو دەقە شیعرییانە دەچێت
کە / سەرکەشانە و سەرچڵانە سەرمەستم دەکەن
شیرینی گوفت و ڕوخساریشت
لە هەنگوینەکەی لای خۆمان
ئەی شێتۆکە نیگا شەبەنگییەکەی نێو شەوەکانی خەیاڵم
١١
هێندە گوتم
تۆ لەنێو قووڵایی دڵم دای
تا / قافی قووڵایی و دالی دڵم
بوون بە دوو پیتە تۆخەکانی
ئەو مرۆڤە ( ق ە ل ە ن د ە ر )ە ی
ئێستا لەنێو قووڵاییەکانی
دۆزەخی عەشق دا دەسووتێ …!
١٢
غەریبی
وەک کاغەزێکیی گەچراو وایە
فڕێدرابێتە سەر گوفەکەکانی ژیان
من لەسەر ڕووی ئەم کاغەزە گەچراوانە
هەمیشە /
وێنە شێواوەکانی خۆم دەبینمەوە
١٣
هەرگیز بیرم لەوە نەکردۆتەوە
کە ڕۆژێک دێ
ژەنگی تیشکەکانی ڕووناکی
لەنیو چاوەکانم کۆدەبنەوە و
خۆڵەمێشی خەونە خەنەییەکانیشم
بیناییم لێڵ دەکەن
هەور هەموو جەستە وشکهەڵاتووەکەم دادەپۆشێ و
خۆرەتاویش لەودیو جەستەی ئەستێرە ڕەشەکانەوە
خۆی لێم دەشارێتەوە

١٤
ژیان هێندە ناشیرین بووە
من لە هێماکانی تاریکی
ڕۆشنتر تێدەگەم
ئەو شاعیرەشم ماوەیەکە
بە ڕێنووسە ڕەش ڕەشەکانی
تاریکی دەنووسم
بۆیە / هەرکاتێک منت لێ ونبوو
لەنیو تاریکایی هەورە ڕەشەکان و
لەنێو سێبەرەکانی خۆت دا
بەدوای مندا بگەرێ …!
١٥
لەنێو خەیاڵ و بیرکردنەوەکانم دا
بەدوای فۆرمێکی تردا دەگەڕێم بۆ عەشق
کە لە ژێر ڕۆشنایی مانیفێستێکی شین
بەختەوەری گالیسکەیەک بێت بۆ ژیان و
ژیانیش شکۆفەیەکی پرشنگی بێت بۆ جوانی
کات بە هێلێکی بازنەیی نەسووڕێتەوە و
خەونیش لەنێو دەفتەرێکی نارنجی
بە قەڵەمی ئاگر بنووسرێتەوە
مرۆڤەکان ( شاعیرانە بژین ) و
شیعریش
بۆ خۆرەتاو خۆی رووت بکاتەوە
گەردوونیش وەک زەردەخەنەی
سەر ڕوخساری گوڵەگەنم
سەمفۆنیایەکی نوێ بێت بۆ خۆشەویستی …!

                                                    بەفرانباری ٢٠٢٣



( پۆل ئیلوار ).. یه‌کێک له‌ شاعیره‌ پێشه‌نگه‌کانی سوریالیزم.. له‌ ئینگلیزیه‌وه: ناڵه‌ حه‌سه‌ن

_ چه‌پکێک له شیعره‌کانی ( پول ئیلوار )

( من نه‌مده‌توانی بیزانم )

من نه‌مده‌توانی بیزانم
باشتر له‌وه‌ی تۆ من بناسیت
چاوه‌کانت له‌ خه‌ودان
ئێمه‌ پێکه‌وه‌ بۆ دره‌وشانه‌وه‌ی
چاره‌نووسێکی باشترمان له‌ شه‌وه‌کانمان دروست کرد
چاوه‌کانت له‌ کام سه‌فه‌ری من
به‌ درێژایی ڕێگاکان ،
هێماکانی
مانایه‌ک به نامۆیی زه‌وی ده‌به‌خشێ
له‌نێو چاوه‌کانی تۆدا
کێ کۆتا‌یی ئه‌م ته‌نیاییه‌مان
بۆ ئاشکرا ده‌کات
که‌ خۆشیان
ئیتر نازانن چاره‌نووسیان به‌ کوێ ده‌گات
تۆش نه‌تده‌توانی بیزانی
باشتر له‌وه‌ی من تۆ بناسم … !

( کچی عه‌شق )

ئه‌و له‌سه‌ر پێڵووی چاوه‌کانم وه‌ستاوه‌
پرچی له‌نێو پرچی مندایه‌
ڕه‌نگی چاوه‌کانی منی گرتووه‌
شێوه‌ی ده‌ستەکانم …
ئه‌و له‌نێو سێبه‌ری من قووت ده‌درێت
وه‌کو به‌ردێک به‌ڕووی ئاسماندا

ئه‌و هه‌رگیز چاوه‌کانی داناخات
یان هه‌رگیز لێناگه‌ڕێت من بخه‌ووم
یان خه‌ونه‌کانی ئه‌و له‌ڕۆژێکی پرشنگی دا
واده‌کا خۆره‌تاو ون ببێ
منیش پێده‌که‌نم و ده‌گریێم
یان پێده‌که‌نم و قسه‌ده‌که‌م
ئه‌و کاتانه‌ی هیچ شتێکم پێ نییە بۆ گوتن !

( زه‌نگی ئێواران )

ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ ده‌رگاکان ئێشکگری کرابان
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ زیندانی بوونمان
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ ئه‌و شه‌قامانه‌ی له‌ ئێمه‌ قه‌ده‌غه‌ کرابوون
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ ئه‌و شاره‌ی که‌ خه‌وتبوو
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ ئه‌و ژنه‌ی برسی و تینوو کرابوو
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆخۆمان که‌بێ به‌رگری بووین
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ ئه‌و شه‌وه‌ی که‌ بێبایه‌خ کرابوو
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ خۆمان که‌ یه‌کتریمان خۆش ده‌ویست … ؟

( له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ )

هه‌میشه‌ من ئه‌و دڵنیاییه‌م نه‌بووه‌ ، ئه‌و ڕه‌شبینیه‌ی که‌ باشترین دڵنه‌واییه‌ له‌ نێوان ئێمه‌دا . له‌وێدا کاتی ئه‌وه‌بوو که‌ براده‌ره‌کانم به‌ من پێبکه‌نن . من زرینگ نه‌بووم بۆ وشه‌کانم ، دڵنیاییه‌کی جیاواز ، من هه‌میشه‌ نازانم که‌ ده‌مه‌وێت بڵێم چی ؟ به‌ڵام زۆرجاران که‌ هیچم نه‌بووه‌ تا بیڵێم‌ . گرینگی قسه‌کردن یان مه‌یلی ئه‌وه‌ی که‌ زۆر به‌ زه‌حمه‌ت نه‌بیت . ژیانی من ته‌نها به‌ داوه‌ ده‌زوویه‌ک هه‌ڵواسراوه‌ .
له‌وێدا کاتی ئه‌وه‌بوو ، ئه‌وکاته‌ی وا دیاربوو من له‌هیچ تێنه‌گه‌یشتبووم . زنجیره‌کانی من سه‌ر ئاو که‌وتبوون . هه‌موو حه‌زه‌کانم له‌نێو خه‌ونه‌کانم له‌دایک ده‌بن . من به‌ وشه‌کانم عه‌شقی خۆم ده‌سه‌لمێنم . بۆ چ مه‌خلوقه‌هایه‌کی نایاب من متمانه‌م به‌خۆم کرد . له‌ چی دڵته‌نگیه‌کی ئازاربه‌خش و دنیایه‌کی ڕه‌نگین دا خه‌یاڵه‌کانم بازنه‌یان به‌ چوارده‌ورم کێشابوو . من دڵنیا بووم که‌ عاشق بووم له‌ زۆربه‌ی بواره‌ ترسناکه‌کانی خۆم . زمانی عه‌شقی من سه‌ر به‌ زمانی مرۆڤ نییه‌ ، جه‌سته‌ی مرۆیی من ده‌ست له‌ گۆشتی عه‌شقم نادات . خه‌یاڵه‌ ئیرۆسیه‌کانیشم هه‌میشه‌ و به‌ به‌رده‌وامی له‌ ئاستێکی به‌رزی گونجاو دا بوون ، که‌ ئه‌وه‌ش هه‌وڵدانێکی ئه‌وتۆ نییه‌ بۆ ڕازیکردنم له‌سه‌ر چه‌وتی … !

( ونبوون )

من قسه‌ت بۆ ده‌که‌م به‌ده‌م بڕینی شاره‌کانه‌وه‌
من قسه‌ت بۆ ده‌که‌م به‌ده‌م بڕینی ده‌شته‌کانه‌وه‌
ده‌مم له‌سه‌ر سه‌رینی تۆ دایه‌
ده‌نگم ده‌تدۆزێته‌وه‌
من قسه‌ت بۆ ده‌که‌م له‌ ئه‌به‌دیه‌ت دا
ئای شاره‌کان یاده‌وه‌ریه‌کانی شاران
شاره‌کان به‌ ئاره‌زووه‌کانی ئێمه‌ پێچراون
هه‌ندێک له‌ شاره‌کان زوو هاتوون هه‌ندێکیان تۆزێک له‌مه‌و پێش
هه‌ندێک له‌ شاره‌کان به‌هێزن هه‌ندێکیان په‌نهان
به‌تاڵان چوون بۆ مرۆڤە به‌ڕێزه‌کانیان
بۆ هه‌موو بیرمانده‌کانیان و بۆ هه‌موو دێو و خێوه‌کانیان !
کێڵگه‌کان شێوازێکن له‌ ئه‌ڵماس
ژیانێکی ڕه‌ونه‌قانه‌ ده‌ژیێن
وه‌رزی دروێنه‌ی ئاسمان له‌ودێو زه‌وییه‌کانی ئێمه‌وه‌یه‌
ده‌نگم تێرکه‌ن منیش ده‌گرییم و شیوه‌ن ده‌که‌م
من له‌نێو گڕ و بڵێسه‌دا خه‌ون ده‌بینم و پێده‌که‌نم
له‌نێو ‌هێشوه‌کانی خۆره‌تاو
یان جه‌سته‌ی تۆ بڵاوبۆته‌وه‌ به‌نێو جه‌سته‌ی مندا
وه‌ک چه‌رچه‌فی سه‌ر ئاوێنه‌ ڕوونه‌کان .

ڕاستیه‌کی ڕووت ( من باش ده‌یزانم )

نائومێدی هیچ باڵێکی نییه‌
عه‌شقی نییه‌
ڕوخساری نییه‌
قسه‌ش ناکات
من نایجوڵێنم
من نایگرمه‌ باوه‌ش
من قسه‌ی بۆ ناکه‌م
به‌ڵام به‌ئه‌ندازه‌ی ڕاستی
عه‌شقم پڕه‌ له‌ نائومێدی … !

_ کورته‌یه‌ک لە ژیان و بەرهەمەکانی ( پۆل ئیلوار )

پۆل ئیلوار له‌ ١٤ ی دیسه‌مبه‌ری ١٨٩٥ ، له‌ ” سه‌ینت دلێنیس ” سه‌ر به‌ شاری پاریس له‌ دایکبووه‌ ، خێزانه‌که‌یان سه‌ر به‌ چینێکی مامناوه‌ندی بوو ، باوکی فه‌رمانبه‌ر و دایکیشی ژنی ماڵه‌وه‌ بووه‌ و له‌ماڵه‌وه‌ ئیشی به‌رگدرووی کردووه‌ . پۆل ئیلوار له‌ سه‌رده‌می ڵاوێتیدا قوتابیه‌کی‌ زیرەک و چاڵاک بووە له‌به‌ر نه‌خۆشی و باری ته‌ندروستی جارجاره‌ له‌ خوێندن دابڕاوه‌ ، له‌ ته‌مه‌نی شازده‌ ساڵی به‌ هۆی نه‌خۆشی ( سیل ) ه‌وه‌ ده‌نێردرێت بۆ ” سویس سه‌نه‌تۆریه‌م ” . له‌و ته‌مه‌نه‌یدا بێئه‌ندازه‌ هۆگر و حه‌زی له‌ شیعر ده‌بێت .‌ ساڵ و نیوێک له‌و شوێنه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ ، کاتێک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پاریس یه‌کسه‌ر ده‌چێته‌ ڕیزی سوپا بۆ خزمه‌تکردنی سه‌ربازی . پاش ماوه‌یه‌ک بریندار ده‌بێت به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی غازی تۆکسیک . دوای ته‌واوبوونی ئه‌زموونی شه‌ڕ ، له‌ساڵی ١٩١٧ ماوه‌ی خزمه‌تکردنی سه‌ربازی ته‌واو ده‌بێت و ئازاد ده‌بێت ، هه‌ر له‌م ساڵه‌دا یه‌که‌م کۆمه‌ڵه‌ شیعری خۆئ به‌ ناوی ( Le Devior et ) بڵاو ده‌کاته‌وه‌ . ئیلوار خۆی وای هه‌ست ده‌کرد له‌ ” وات وێتمان ” ی شاعیری ناوداری ئه‌مریکی زۆر نزیکه‌ ، وات وێتمان نووسه‌ری دیوانه‌ شیعری ( گه‌ڵاکانی گیا ) ئێلوار ئه‌م دیوانه‌ شیعره‌ی زۆر ده‌خوێنده‌وه‌ . هەروەها به‌شداری له‌ بزووتنه‌وه‌ی داداییه‌کانیش کردووه‌ ، له‌گه‌ڵ ” تریستان تزارا و ئه‌ندری بریتۆن و لویس ئه‌راگۆن و فلیپ سۆپات و زۆرێک له‌و نووسه‌ر گه‌نجانه‌ یه‌کتریان ده‌دیت و له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا کۆده‌بوونه‌وه‌ . پاشان له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیرێکی تر وه‌کو سو‌ریالیسته‌کان خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن . پۆل ئیلوار یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ ده‌بێت که‌ مانیفێستی سوریالیزم ئیمزا ده‌کات . ئیلوار له‌ساڵی ١٩١٢ ژنی هێناوه‌ و کچێکی له‌و ژنه‌ی هه‌یه‌ به‌ ناوی ” سیسه‌یل ” ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه‌ی به‌یه‌که‌وه‌ زۆر به‌خته‌وه‌ر نابن بۆیه‌ له‌ ئاکامدا له‌یه‌کتری جیا ده‌بنه‌وه‌ . ئیلوار له‌ ساڵی ١٩٢٤ بۆ ماوه‌یه‌ک ون ده‌بێت ، ده‌نگ و باس وا بڵاو ده‌بێته‌وه‌ گوایه‌ مردووه‌ به‌ڵام ، دوای حه‌وت مانگ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ پاریس ، وا ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌وا‌ له‌ سه‌فه‌رێکی دوور و درێژ دا بووه‌ ، له‌ مارسلیس ه‌وه‌ بۆ تاهیتی ، ئه‌نده‌نووسیا ، سیلان ، ئوسترالیا ، چه‌ند شوێنێکی تر . پاش ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی سوریالیزم درێژه‌ به‌ هه‌وڵه‌کانی ده‌داته‌وه‌ . هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا بۆی ده‌رده‌که‌وێت که‌ گاڵه‌ی خێزانی پێشووی له‌گه‌ڵ ( سلفادر دالی ) په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ ! ئیلوار له‌ساڵی ١٩٢٦ به‌هۆی چاپکردنی دیوانه‌ شیعری (Capital de la Doluer ) ناوده‌نگێکی شیعری باش په‌یدا ده‌کات . له‌ ده‌وروبه‌ری ساڵی ١٩٣١ له‌گه‌ڵ ( Nusch ) ه‌ی هونەرمەندی شێوەکاری سوریالیست یه‌کتریان خۆشده‌وێت ، که‌ یه‌کێکه‌ له‌و خوێنه‌رانه‌ی ئیلهام له‌ شیعره‌کانی وه‌رده‌گرێت ! هه‌ر له‌وکاتانه‌ زه‌ماوه‌ند ده‌که‌ن و ده‌بن به‌ هاوسه‌ری یه‌کتری و له‌گه‌ڵ یه‌کدا زۆر به‌خته‌وه‌ر ده‌بن ، بۆیه‌ هه‌تا دواچرکه‌کانی ته‌مه‌نی بەیەکەوە دەژین ، واته‌ تا ساڵی ١٩٤٦ چونکه‌ له‌وساڵه‌دا ژنه‌که‌ی ده‌مرێت . ئیلوار له‌ساڵی ١٩٣٩ جارێکی تر بۆ خزمه‌تکردنی سه‌ربازی بانگ ده‌کرێته‌وه‌ ، له‌سه‌رده‌مانی ده‌ست ڕۆیشتوویی ئه‌ڵمانیا به‌سه‌ر فه‌ڕه‌نسا ئه‌و ڕیزه‌کانی سوپای جێهێشتووه‌ و به‌نهێنی خه‌ریکی کاری ئه‌ده‌بی و خه‌ریکی ئیشکردنه‌ به‌ دژی شه‌ڕ و دوژمنکاریه‌کانی ئه‌ڵمانیا ، له‌ ساڵی ١٩٤٢ ده‌چێته‌ ڕیزی پارتی کۆمۆنیستی فه‌ڕه‌نسی . به‌شێوه‌ی نهێنی چاڵاکی و کاره‌ سیاسیه‌کانی ئه‌نجام ده‌دات . له‌و سه‌رده‌مانه‌ ئیلوار سه‌فه‌ر بۆ زۆرێک له‌ وڵاتانی دونیا ده‌کات له‌وانه‌ ( به‌ریتانیا ، بیلگیه‌م ، چیکیسلۆفاکیا ، مه‌کسیکۆ ، ڕوسیا … ) به‌ڵام له‌ وڵاته‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ڕێگه‌ی پێناده‌ن و ڤیزه‌که‌ی ڕه‌تده‌که‌نه‌وه‌ به‌ پاساوی کۆمۆنیست بوونی ! له‌ نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٤٦ له‌ومانگه‌ی” نووچه‌”ی خێزانی ده‌مرێت دیوانه‌ شیعرێک به‌ناوی ( Le Dur Desir de durer ) به‌چاپ ده‌گه‌یه‌نێت ، که‌ له‌ پێنج قه‌سیده‌ پێکهاتووه‌ . پۆل ئیلوار وا بیری ده‌کرده‌وه‌ و پێیوابوو ، په‌یامی شیعر ئه‌وه‌یه‌( ده‌بێ داهێنان له‌ زمان بکات و زمان نوێ بکاته‌وه‌ ) ، بۆ مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی ئاڵوگۆڕی ڕادیکاڵانه‌ له‌ ژیان و ڕووبه‌ری بووندا ! وه‌ پێی وابوو شیعر هۆکارێکه‌ ده‌توانێت خوێنه‌ران هۆشیار بکاته‌وه‌ و گه‌شه‌یان پێ بدات ! له‌م ڕاستایه‌دا له‌پاڵ داهێنانه‌ ئه‌ده‌بیه‌کان و به‌رز ڕاگرتنی ناسنامه‌ سیاسیه‌که‌ی ، هه‌وڵیده‌دا بۆ گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ ده‌ستهێنانی ئازادییه‌کانی تاک هاوکات ئازادی سێکسیش . ئیلوار له‌ ماوه‌ی هه‌موو ژیانیدا زیاتر له‌ حه‌فتا کتێبی جۆراوجۆری ده‌رباره‌ی شیعر و بابه‌تی ئه‌ده‌بی و گۆشه‌نیگای سیاسیه‌وه‌ بڵاوکردۆته‌وه‌ . وه‌ له‌ ساڵی ١٩٥٢ له‌ ته‌مه‌نی پەنجا و شه‌ش ساڵیدا ده‌مرێت ، ئه‌وکاته‌ له‌گه‌ڵ ژنی سێیه‌می دا بووه‌ .

_ سه‌رچاوه :‌ ئه‌نته‌رنێت

  • Poets.org- poetry,poems- Bios&more
  • Pual Eluard- poems.Biography,Quotes



خوێندنەوەیەک بۆ چیڕۆکی ( خەونی پیاوێکی گەلحۆ )ی دەستۆفسکی.. ناڵە حەسەن

Notes From Ander Ground ) ( کتێبێکی دەستۆفسکی یە ، ئەم کتێبە چەند چیڕۆکێکی لە خۆ گرتووە ، یەکێک لەوانە ( خەونی پیاوێکی گەلحۆ )یە . یان خەونی پیاوێکی گاڵتەجاڕ . چونکە وشەی ( Ridiculous ) بە مانای گەلحۆ دێت و بە مانای گاڵتەجاریش دێت بەڵام ، من بۆ ناونیشانی ئەم چیڕۆکە گەلحۆ بە شیاوتر دەزانم . کاتێک لە خوێندنەوەی چیڕۆکەکان بوومەوە ، چیڕۆکی خەونی پیاوێکی گەلحۆ لە هەموو چیڕۆکەکانی تر زیاتر سەرنجی ڕاکێشام و تووشی ڕامانێکی قووڵی کردم . دیارە دەستۆفسکی بە ڕۆمانەکانی ( برایانی کارامازۆف و تاوان و سزا ) وە ناوبانگی دەرکردووە و یەکێکە لەو نووسەرە زیندووانەی کەوا ، مێژوو بۆ هەمیشە بە زیندوویی باسی دەکات . لەگەڵ ئەوەش هەر یەکێک لەم چیڕۆکانە لە ئاستی ڕۆمانەکانی ( برایانی کارامازۆف و تاوان و سزا ) دان . دیارە من بۆخۆم لە سەرەتای هەشتاکانەوە لە ڕێگەی ڕۆمانی ( شەوە سپیەکان ) ەوە ، بە دونیای دەستۆفسکی ئاشنابووم و پێی سەرسام بووم . لە شەوە سپیەکانەوە فێربووم ، لە پاڵ شیعر و چیڕۆک ، ڕۆمانیشم خۆش بوێ ..! ( خەونی پیاوێکی گەلحۆ ) بە بڕوای من ، چ ناونیشانەکەی چ ناوەڕۆکەکەی چەندین خوێندنەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێ . چونکە مەدلوولەکان هێندە قووڵ و پڕ واتان ، هەر لە دەسپێکی چیڕۆکەکە تا کۆتاییەکەی خوێنەر حەپەساو دەکات . بەرلەوەی بچمە نێو خوێندنەوە و ڕۆچوون بە نێو ڕەگ و ڕیشە و کۆڵانە پێچاوپێجەکانی چیڕۆکەکە ، دەمەوێت ئەوە بڵێم کەوا ، ئەگەر ( چارلز دیکنز ) لە ڕۆمانی ( دێڤد کۆپەرفێلد ) دا ، وێنەی منداڵی خۆی کێشابێ و ژیانی پڕ مەینەت و ناسۆریەکانی خۆی لەم ڕۆماندا بەرجەستەکرد بێ ، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین ، کەوا دەستۆفسکی ش لەم چیڕۆکەیدا ، وێنەی خۆی و بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانی خۆی زۆر بلیمەتانە لە دەقێکی هاڕمۆنی و جواندا خستۆتە ڕوو . من بۆخۆم لە سەرەتای چیڕۆکەکە تا کۆتاییەکەی هەستم دەکرد ، لەگەڵ پیاوێکی گەورەدام یان لەگەڵ فەیلەسوف و بیرمەندێکی گەورەدام ..! وام هەست دەکرد ، لەگەڵ کەسێک دام دەکرێ شەرم لە تواناکانی بکەی .. موعجیزەیەکی سەیر و سەمەرە ، خاوەن دونیایەکی پڕاوپڕ لە نهێنی و پڕاوپڕ لە گۆشە و کەلێن و قوژبنی تاریک ..! بەمانایەک ، ئەگەر بمانەوێت بەدوای خۆشی و لەزەتەکانی ژیاندا بگەڕێین لە هەمانکاتدا ، مانایەکمان دەست بکەوێت بۆ بوون و بەهاکانی جوانی ، پێویستمان بەوەیە ( ئەو گۆشە و کەڵێن و قوژبنە تاریکانەی نێو دونیای نووسینەکانی دەستۆفسکی ڕووناک بکەینەوە و لێیان بڕوانین ..! ) . ( خەونی پیاوێکی گەلحۆ ) .. هەر لەسەرەتاوە گەورەترین پرسیار لە پشت زاراوەی گەلحۆ لەلای خوێنەر دەوڕوژێنێ . لە پشت ئەم زاراوەیە ، کێشە و تەنگژەکان خۆیان ڕووت دەکەنەوە ، ئەم حالەتە وا لە خوێنەر دەکات بە چەشەیەکی زیاتر و بە تامەزرۆییەکی زیاترەوە ، بەنێو ناواخنی چیڕۆکەکە ڕۆبچێ ، هەر بەم شاگەشکەییەوە خوێنەر واز لە مانا ڕووتەکەی گەلحۆ دێنێت و بەدوای مانا شاراوەکانیدا دەگەڕێت بەڵام ، دەستۆفسکی زۆر لێزانانە ئەم زاراوەیەی هەڵبژاردووە بۆ ناونیشانی چیڕۆکەکەی . مەبەستیەتی ، لە پشت ماناکانی گەلحۆوە بە خوێنەر بڵێ / ژیانێک پڕاوپڕ بێت لە جیاوازی و هیچ بەها و پیرۆزیەک و ڕێزێک بۆ مرۆڤەکان بە ڕەوا نەبیندرێ ، مرۆڤەکان بۆ هەمیشە کۆیلە و زەلیل بن ، ئیدی ئەمجۆرە ژیانە لە گەلحۆیی زێتر هیچی تر نییە ..! ئاخر مرۆڤ بۆ ئەوە دروست نەبووە کە تەنها بۆ پەیداکردنی پارووە نانێک ئامادەبێت هەموو کۆششەکان و تەنانەت مەرگی خۆشی ببەخشێت ..! یان لە هەموو ئەوشتانە بێبەش بێت کە بزە دەهێننە سەر لێوان و فەرامۆشی بە ڕۆح و جوانیەکانی سروشت دەبەخشن ..! ئاخر گەر مرۆڤ لە گەرمەی خۆشیەکانیدا نەتوانێت بە ئازادی گۆرانیەکانی بچڕێ ، بۆ ڕەواندنەوەی ناسۆریەکان و بەتاڵکردنەوەی خود ، دەبێتە کائینێکی بێبەها و مردوو ..! شتێکی ڕوون و ئاشکرایە ، لەو کۆمەڵگە چینایەتیە پڕ چەوساندنەوەی کە دەستۆفسکی لەم چیڕۆکەیدا وێنەی کێشاوە ، مرۆڤەکانی خوارووی چینی خواپێداوەکان دەبێ بۆ هەتاهەتایە هەر قەشمەر و گەلحۆ و زەلیل بن ..! نابێت هیچ ناسنامەیەکی مرۆڤانەیان هەبێت . شایستە بەوەن هەتا مردن سەرگەردان و داماو لەسەر شۆستەکاندا بخەون ، سواڵ بکەن ، لەنێو جەنجالیەتی هەراوزەنای ئاوازە ناشازەکانی مەرگی شێنەییدا بە ونبوویی بمێننەوە . وەک چۆن ” بەرتۆلد برێخت ” لە شانۆگەریەکانیدا ،هەوڵی ئەوە دەدا ، برین و ژان و کێشە کۆمەڵایەتیەکان و مەینەتیەکانی مرۆڤ بخاتە بەردەم بینەر و لەهەمانکاتدا ، ئەوە لە مێشکی بینەر بەجێبهێڵێ ( گەر مرۆڤ لە هەوڵ و کۆششەکانی بەردەوام بێت ، دەتوانێت وەڵام بە کێشەکانی بداتەوە و چارەسەریان بکات ..! ) هەر بۆیە لە شێوازی برێختی دا ، دیواری چوارەم لە نێوان ئەکتەر و بینەر نامینێت . وەک ئەوەی بینەریش بەشدار بێت لە نمایشەکاندا ..! ) .
دەستۆفسکی لەم چیڕۆکەیدا ، سەخافەتەکانی دونیای سەرمایەداریمان بۆ ڕەسم دەکات . دونیایەکی تەواو جیاواز ، دونیایەک کە تیایدا هیچ خۆشەویستیەک لە نێوان مرۆڤەکاندا نییە ، مرۆڤەکان تەریک و دابڕاوانە ، لە کونجی ژوورە تاریکەکان لە گۆشە تەنهاییەکاندا بێئاگا لە یەکتری دەژین و دەمرن ..! بە مانایەک دونیایەکی بێ ڕۆح ، بێ هەست ، بێ هەناسە ، دونیایەکی نەخشێندراو بە کۆمێدیایەکی تووڕەهات و پڕوپووچ ، بێبەها و بێ ناوەڕۆک ..! لەلایەکی ترەوە ، وەسفی دونیایەکی ترمان بۆ دەکات دونیایەک کە تیایدا ، مرۆڤەکان لە نێو کەرنەڤالی خۆشەویستی هەناسە دەدەن و دەژین . پڕاوپڕ بە مانای خۆشەویستی هەموو یەکتریان خۆشدەوێ .. خۆشەویستی و پێکەوەیی ، سیماو شوناسی ئەم کۆمەڵگایەیە . بەیەکەوە گۆرانیە بەسۆزەکانی ژیان دەڵێنەوە ، بە یەکەوە پێکی شەڕابی ئازادی و ڕەهایی هەڵدەدەن ..! دەستۆفسکی لەم ژیانە ئارام و هێمن و سەرفرازییە ناو دەبات بە بەهەشت . بەڵام بەهەشتێکی واقیعی ، بەهەشتێک لە سەر زەمین و باوەشێنکراو بە هەناسەکانی مرۆڤ ..! ئەم بەهەشتە لەسەر ئەستێرەیەکی تری ئەو کەونەیە ، کابرای گەلحۆ ڕۆچووە بەنێو خەونێکی خۆشەوە دەیەوێ پەی بە نهێنیە پڕ ترسەکانی مردن ببات .. دەیەوێ وەرزەکانی مردنیش تاقی بکاتەوە و لە دەرگای ئەو تاسە و خۆزگانەش بدات ، کە برینە حەسترەتیەکانی مرۆڤ ساڕێژ دەکەن . بە هۆی سەفەری خەونەوە لە جێگە و ڕێگە و هاومەملەکەتیەکانی خۆی دوور دەکەوێتەوە ، لەوێندەرێش هەر مرۆڤێکی ماندووە ، هەر سادە و ساکار و دڵ پڕ بەزەییە ، هەمیشە دڵی بۆ مرۆڤەکانی لای خۆیان لێدەدا و بیریان دەکات . ئارەزووی ئەوە دەکات بگەڕێتەوە لایان ، کە بەرەو بەهەشت دەڕٶن بەهەشتەکە دوورە و لەسەر ئەستێرەیەکی ترە .. لە ڕێگادا کۆمەڵە ئەستێرەیەک دەبیندرێن و دەدرەوشێنەوە ..! بە بڕوای من ئەو وێنانە ئەوە دەگەیەنن ( گۆڕینی دونیا و گەیشتن بە ژیانێکی باشتر ) کارێکی هێندە ئاسان نییە .. پێویستی بە هەوڵ و تێکۆشانی زۆر و قوربانیدان هەیە ، دالەکانی ( دووری ، مردن ، ئەستێرە ، خەون ) ئەم مەبەستانە دەپێکن کە باسم کردوون . بەمانایەک ، هیچ شتێک مەحاڵ نیە لەبەردەم تێکۆشانەکانی مرۆڤ ، هەرچەندە قوربانیەکان گەورەش بن ..! لە ئاکامدا ئاسۆیەکی گەش و ڕوون دەخاتە بەردەم مرۆڤەکان . دەکرێ وێنەی درەوشانەوەی ئەستێرەکان نیشاندەر و موژدەبەخشی گەیشتن بەم دونیایە جوانە بێت .. چەند شکۆمەندیە بۆ نووسەر بەم مەبەستە پیرۆزەوە بنووسێ و قەڵەمەکەی ببێت بە گەشترین مۆم بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگا تاریکەکانی بەردەم ئامانجە گەورەکان ..! ” مەکسیم گۆڕکێ ) لە کتێبی ( هەدەفی ئەدەبیات ) باس لە جێگە و ڕێگەی نووسەر و ئامانجی نووسین دەکات . نووسەران لە ئاستێکی زۆر بەرز دەبینێت ، بەرز تا ئاستی پەیامبەر ..! واتە نووسەر و پەیامبەر دوو مرۆڤن بۆ کۆمەڵگە دەئاخڤن .. ڕۆژانە خەڵک چاوەڕوانی پەیامەکانیان دەکات . هەوڵدەدەن لەڕێگەی پەیامەکانیان مرۆڤ بەرەو ڕزگاری و بەرەو ئامانج و ئومێدەکانیان ببەن . جیاوازی نووسەر و پەیامبەرەکان لەسەرچاوەی وەحی و ئیلهامەکانیانە ، سەرچاوەی وەحی و ئیلهامی پەیامبەرەکان لە سەرچاوەیەکی ون و خالقێکی نادیارەوەیە . بەڵام ، وەحی و ئیلهامی نووسەران لەنێو ئێش و ئازار و مەینەت و خولیا بەرزەکانی مرۆڤایەتیەوەیە ..! واتە سەرچاوەیەکی واقعی و دیار و هەستپێکراو ..! ئەم دونیا جوانەی دەستۆفسکی وێنەی کێشاوە ، ئەلتەرناتیڤی ئەو دونیا واقیعیە پڕاوپڕ لە کێشەو ڕق و قینە و گۆشەگیرییەی سەردەمە ، کە مرۆڤەکان لەبەر ئەنجامی ناسۆری مەینەتیەکانیان لە نێو خەون و خۆزگەکانیان وێنەی ئەلتەرناتیڤەکەیان کێشاوە و ئەویش دونیایەکی باشتری بێ چین و چەوساندنەوەیە . بە مانایەک ، ئەو بەهەشتەی دەستۆفسکی لە چیڕۆکەکەی وێنەی کێشاوە . ئەم خەونە بۆتە بەشێک لە بیرکردنەوە و ئومێد و لەنێو ڕووبەری نەستیان شوێنێکی فراوانی داگیر کردووە . زێدەڕۆیی نیە ئەگەر بڵێم ، ” مارکس و ئەنجلس ” بە نووسینی هەموو بەرگەکانی کاپیتال و نووسینەکانی تریان ، وەک ڕەخنە لە هیگل و فیورباخ و سۆشیالیستە تۆباویەکان و ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتە و ئایدیۆلۆژی ئەلمانی و .. بەم هەموو کارە گەورانەوە هەر ئەو مەبەستەیان پێکاوە کە دەستۆفسکی لەم چیڕۆکەیدا پێکاویەتی ..! دیارە مەبەستم ئەوە نییە لە بەهای ئیشەکانی مارکس و ئەنجلس کەم بکەمەوە بەڵام ، مەبەستمە ئەوکارەی دەستۆفسکی بەرز بنرخێنم . لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیام نووسینەکانی مارکس و ئەنجلس یارمەتیدەر و سەرچاوەیەکی گەڵێک بەسوود بوونە بۆ بەرهەمهێنانی ئەم چیڕۆکەی دەستۆفسکی ..!
دەستۆفسکی لەم چیڕۆکەیدا ، خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان ، بە بنەڕەتیترین بگرە هۆکارێکی پێشمەرج بۆ خۆشی و حەزوئارەزووەکانی هەر کۆمەڵگەیەکی ئارام و خۆشبەخت داناوە . بەمانایەک ژیان بەبێ خۆشەویستی ( گەلحۆیی و مردنە ) مرۆڤ پەنا بۆ کوشتنی خۆی ببات گەلێک باشترە ..! بەمانای لە کۆمەڵگەیەکی بێ خۆشەویستی ، مردن سەرفرازترە لە بوون ..! ئەوەتا لە شوێنێک پێمان دەڵێت ( خەڵکت خۆش بوێت وەک ئەوەی چۆن خۆت خۆش دەوێ ..! ) لە سیاقی مانای ئەو ڕستەیە و ناونیشانی چیڕۆکەکە ، هەست بە وێنەیەکی پرادۆکسی دەکەین بەمانایەک ، دوو حالەتی دژ بەیەک لە چوارچێوەی یەک ڕستەدا یان دەقێکدا ، ئاخر گەلحۆیەک کە هەموو کۆمەڵگە ڕێز و حوڕمەتێکیان بۆ قایل نیە و هەمیشە بە گاڵتەجار و گەلحۆ سەیری دەکەن ، پێی پێدەکەنن ، لە ئەنجامی توورەهاتترین و نزمترین ئاستی ژیانی خۆیدا ، لەپەڕی گۆشەگیری و تەنیاییدا ، تا ئاستی ئەوەی مەرگ بە ئاوات بخوازێت یان لە هەوڵی کوشتنی خۆی دا بێت . کەچی ،خەونەکانی ئەم گەلحۆیە دونیایەکی تەواو پێچەوانەی ئەم پێناسەیەی سەرەوەیە ..! وەک مرۆڤێکی ڕزگاربەخش هەوڵ دەدات ، لە موسیبەتەکان ڕزگارمان بکات و دونیایەکی نەخشێندراو بە ئومێد و ئارەزووەکانمانەوە . دونیایەکی هەوتەریب لەگەل خەونە جوانەکان و پیرۆزی مرۆڤایەتی دەخاتە بەردەممان . هەر لێرەوە پرسیار و گرێی وێنە پارادۆکسیەکەمان مانا پەیدا دەکەن . یان دیمەنێکی تر کە مرۆڤ تووشی سەرسامی دەکات ئەوەیە ، کە مرۆڤ تا ئەوپەڕی بێسنووری لەنێو خەیاڵ و ئەندێشە و بیرکردنەوەکانی کابرای گەلحۆ پیرۆزە و کائینێکی پڕ بەهایە . بۆیە لە کاتی دوورکەوتنەوە دڵی بۆیان لێدەدا و ئومێدی ژیانێکی باشتریان بۆ دەخوازێ و هەموویانی خۆشدەوێ ، بە ئەوانەشەوە کە گاڵتەیان پێدەکرد و پێی پێدەکەنین ..! ئەمەش ڕێک هەمان ئەو وێنەیەیە کە ” لیڤ تۆلستۆی ” لە چیڕۆکی ( کۆچی هەتا هەتایی ) دا وێنەی کێشاوە . لە هەردوو چیڕۆکەکە وا هەست دەکەی ، مرۆڤ شایستە بە هەموو پیرۆزیەک و ڕێز و خۆشەویستیەکە ، ئەم ڕەسەنەیەتی و بنەڕەتی بوونە بۆ مرۆڤ دەگەڕیتەوە . هەر لەم چیڕۆکەدا ، واتە لە ( خەونی پیاوێکی گەلحۆ ) دا ، دووجۆر پێکەنین دەبیندرێ یەکێکیان ، لە پشت مەدلوولەکانی زاراوەی گەلحۆوە کە لەنێو کۆشکە ڕازاوەکانی خواپێداوەکان دەبیسترێ ..! پێکەنینێکی بێمانا ، مردوو ، نامۆ بە پیرۆزی و بەهاکانی مرۆڤ ، نامۆ بە جوانیەکانی سروشت و ڕوخسارە ئیرۆسیەکەی خۆشەویستی ، نامۆ بە خەون و خەیاڵە پەمەییەکانی مرۆڤ ..! پێکەنینێکی تر ، لە پشت مەدلوولەکانی خۆشەویستیەوە دەبیندرێ ، کە لەژێر کەپر و دەوارە شڕەکانی ئەو خێڵانەوە دەبیسترێ ، کە لەم دونیایە نایەکسانەدا فڕێدراونەتە کەنارەوە و خواپێداوەکان پێیان دەڵێن گەلحۆ ..! پێکەنینێک کە لەناخی ناخەوەی ڕاستی و پاکی و بەرائەت و سۆزی مرۆڤەکان هەلقوڵابێ ، پێکەنینێک هاوجووت لەگەڵ جوانیەکانی گوڵ و گۆرانیەکانی ڕووبار و تریفە ئومێدبەخشەکانی باران ..! شتێکی تر لەم چیڕۆکەدا دەکرێ باسی بکەین ، ئەویش ( خەون ) ە .. کە وەک کردارێکی ئامانجدار ، بۆ گەیشتن بە ترۆپکی مەبەستەکان بەکارهاتووە . بە مانا فرۆیدیەکەی ، دەستۆفسکی لە ڕێگەی کرداری خەونەوە توانیویەتی بۆ نێو ڕووبەرە نەستیەکان ڕۆبچێ و لاپەڕەی غەریزە چەپێندراوەکان هەڵبداتەوە و لەوێدا ، ئاوات و هێڤیە تۆز لەسەر نیشتووەکانی مرۆڤەکان ببینێ . تاسەکانیان ، ڕازەکانیان ، عەشقەکانیان ، خەون بە داهاتوویان ، هەموو ئەمانە ببینێت . لە ڕاستیدا ئەم جوانکاری و ئەفراندنە لە بواری دەروونی و دەرخستنی ڕاستیە شاراوەکانی نێو ناخی مرۆڤ و شیتەڵکردن و خوێندنەوەی دەمار بە دەماری حەزوو ئارەزووەکان ، من پێموایە ئەوە داهێنانێکی گەورەیە ، هەر ئەوەیە وایکردووە ، کە ئەم دەقە بۆ هەتاهەتایە بە زیندوویی بمێنێتەوە .. لە کۆتایی چیڕۆکەکەش دەستۆفسکی ئەم مەبەستەشمان پێدەڵێ / کە ئەو دونیایە باشترەی بە بەهەشت ناوی بردووە دەکرێ مرۆڤەکان پێی بگەن .. بەڵام مەرج نیە وەک شتێکی ئەزەلی و ئەبەدی بمێنێتەوە ..! دەکرێ تەنگژەکان ، کێشەکان ، مردنەکان ، شەڕەکان ، گەلحۆییەکان ،.. دووبارە دەست پێبکەنەوە و دیسان بە ڕەنگێکی تر و لە بەرگێکی تردا دووبارە ببنەوە ..!
کە ئەمەش فاکتێکە بۆ بەردەوامبوونی ژیان و مرۆڤ ..!

سەرچاوە :
Dostoyevsky
Notes From Under Ground
Anew Transistion with Afterword
By Andrew R.Macandrew




هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی ( جیویل کێلچێر ).. نووسین و وەرگێرانی: ناڵە حەسەن

  • ( ڕزگاربوون لە خۆم )
    چەندجار بە بێدەنگی گریاوم
    کە دەبێ لەخۆم ڕزگارم بێ
    لە ناوەڕاستی شەودا
    جووڵەکردن
    بێحەد ترسناکە
    وەڵامە تۆقێنەرەکەش
    لەوانەیە
    لەدەرەوەی تواناکانی من بێ
    کە هەردوو دەستم
    زۆر بچووکن
    کەس نابێت بە تەنیا هەست بەوە بکات ..!
  • ( دەی تەنها ماچم بکە )
    دەی تەنها ماچم بکە
    لێگەڕێ با قژی شێواوم
    بەنێو پەنجەکانتا بڵاوبێتەوە

پێم بڵێ هیچ شتێک پێویست بە تەواوبوون ناکات و
هیچ کاتژمێرێکیش پێویستی بە گەڕانەوە نییە

تۆ کە دەنگی منت هەیە
هیچ زەنگێک بێدەنگ نییە
لە جیاتی ئەوە با باوەش بە تۆدا بکەم و
لەوێشدا بمێنمەوە

پیاوێک داوام لێناکات ببم بەکەسێک
کە ئەو دەیەوێت
بەڵام ڕێگەم دەدات کە خۆم بم
وەک ئەوەی کە هەم

گڕێکی زەردی هەوەس
لە جەستەیەکی باریک ئاڵاوە
ئیدی دەچێتە نێو باوەشی
وەک سەلامەتترین بەندەر
بۆ چاودێری و دڵنیایی ..!

  • ( شیعری خۆشەویستی )
    دوێنێ شەو عەشقمان کرد
    لەژێر ئەستێرەکاندا
    مانگیش ڕووەو خوارەوە
    چاوەکانی دەتروکاندن و دەیبینین
    بە جەستەی رووتەوە لەنیو تاریکیدا
    ڕاکشابووین
    وەک ڕەگە رووتەکانیش
    بەنێو قەد و ئەنیشکی ڕووەکە گەییوەکان
    چوبووینە خوارەوە
    ببووین بە قەستانەی زستانە بریقەدارەکان
    جەستەی ئەو پیاوەی من خۆشمدەوێ
    بە دەم داخراوەیی و لێو لەسەروەک دانان
    زمانی گوڵەکان پڕ دەکات لە شاگەشکەیی
    بە تامەزرۆیی و بەبێ وچان
    دەمتوانی
    وێڵی نێو کیشوەری
    دۆڵە زێڕیینیەکانت بم
    تا ڕۆژگارە دڵگەشەکان
    بەیانییەکی نوێ
    بە هەڵکشان بە نێو قووڵاییەکانی
    نهێنییەکانی بوونت / بدۆزێتەوە …!
  • ( لەبیرکردن )
    ئەو بە پێستی بەردەوە دەڕوا
    بۆ ئەوەی خوێنی لێنەڕژێ و
    سەر شۆستەکان پیس نەکا

بە مەبەست چاوەکانی دادەخا و
هەوڵدەدا
شتەکانی بیرکەوێتەوە

خوێنبەرەکانی پشت چاوی
بە نەخشە ڕێگایەکی شین
وەک هەر کەسێکی تر
بەرەو دەریای دەبەن …!

  • ( هەست گۆڕینەوە )
    کە زمان بە جەستەمدا
    دەهێنی
    دڵم لەنێو ئارەزووەکانت دەتوێتەوە

گوێچکەکانم دەبن بە با
ڕەگی دەمارەکانم دەگۆڕێن
جەستەم دەتوێتەوەو
گەدەم دەبێت بە دووانەیەک
لەگەڵ مانگدا

تەڕمکە تا ئەو دەمەی
ون دەبم لەنێو تیشکێک
وەک ڕیشاڵی سەر بەردە بچووکەکان
بە باڵی زۆرەوە
هێلانە دەکەن لەنێو دەستەکانی تۆدا …!

  • ( ونبوون )
    ونبوون
    مەتەڵێکی ئەستێرەییە
    کە وەک ئاو
    هەناسە دەدات و
    وەکو بەردیش دەهاڕدرێ …!
  • ( خۆت کۆکەرەوە )
    لە کەنار دەریایەک خۆت کۆکەرەوە
    منیش دێم و لەوێدا خۆشمدەوێی
    خۆت کۆکەرەوە لەگەڵ شتە کێوییەکان دا
    لەگەڵ گۆرانییەکانی چۆڵەکە و کەفی دەریا
    لێگەڕی با جوانییەکی شێتانەش خۆی کۆبکاتەوە
    لەنێو چاوەکانت بدرەوشێتەوە و بانگم بکا
    چونکە من ئارەزووی پیاوێک دەکەم
    لەنێو قژیدا بۆ شتە کێوییەکان هێڵانە چێبکا
    ئەو پیاوەی گڕو بڵێسە ماچ دەکا …!

_ کورتەیەک لە ژیان و بەرهەمەکانی ( جیول کێلچێر ) :
جیول کێلچێر یەکێکە لە شاعیرە مۆدێرنەکانی ئەمریکا ،، بە فۆرم و ڕوئیایەکی نوێوە شیعر دەنووسێت ، لە لە ٢٣ی مەی ساڵی ١٩٧٤ لە ( پەیسۆن ) لە دایک دەبێ و لە ( ئەلیسکا ) ژیان بەسەر دەبات . لە تەمەنی شەش ساڵیدا ئەوەی لەخۆی هەستپێکردووە کە حەزێکی تایبەتی بە شیعر و گۆرانی و مۆسیقا هەیە .. هەر لە تەمەنی گەنجێتییەوە بە وشیارییەوە هەنگاوی بەرەو گەیشتن بە خەونەکانی ناوە ،، لەم نێوەندەشدا دایک و باوکی پاڵپشت و هاوکاری بوون . جیول خاوەن بەهرەیەکی فرەڕەهەند بووە .. لەپاڵ شیعر نووسین ، خولیای مۆسیقا و گۆرانی گوتن و کاری ڕۆژنامەگەری و هاوکات تێکستی بۆ گۆرانیش نووسیوە و کاری نواندنیشی کردووە . جیول لە ساڵی ١٩٩٨ یەکەم کۆمەڵە شیعری خۆی بەناوی ( شەوێک بەبێ زریپۆش ) بڵاودەکاتەوە .. ئەم کتێبەی دەنگدانەوەیەکی زۆرباشی دەبێت بە پێی سەرچاوەکان دەبێت لە یەکێک پڕفرۆشترین کتێبی ئەوساڵەی ( نیۆرک تایمز ) لە ( کالیفۆرنیا ) شیعرەکانی ( شەوێک بەبێ زریپۆش ) .. شیعری ناسک و پڕ چێژن ، لەڕووی زمان و وشە و دەستەواژەی شیعریەوە لە ئاستێکی بەرزی جوانکاریدان .. لەنیو شیعرەکانی ، بە قووڵی تەعبیری لە هەستەکانی خۆی کردووە .. پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ناوەوەی خۆی و دەرەوەی خۆی رەسم کردووە .. جیول بۆ پێشەکی کتێبە شیعرییەکەی دەنووسێت ( من بۆ تەقاندنەوەی ئەو بێدەنگییەی ناوەوەی خۆم دەنووسم ، بۆ کردنەوەو دۆزینەوەی کایەکانی ڕۆح و ئاشکراکردنی هەستەکانی بینین و گەیشتن بە ئاشتی و ئارامی ، هاوکات بە چڕی هەستەکانی یەکەمین ئەزموونی خۆشەویستی خۆی و وانەکانی ڕاستی و متمانە و وانەکانی خیانەت و ساڕێژبوونەوەی برینەکان باسدەکات . هەر لەو پێشەکییەی ( شەوەکانی بێ زریپۆش )دا لە پەرەگرافێکیتر ،، پێ لەسەر قسەکانی ( دیلان تۆماس ) ی شاعیر دادەگرێ و دەڵیت / شیعری جوان لەنێو واقیعەوە هەڵدەقووڵی دونیا هەرگیز وەکو خۆی نامێنیتەوە ، شیعری جوان لە هەوڵی مانەوەی جوانیەکان دا دەبێت . یان شیعری باش یارمەتی ئەوە دەدات کە گەردوون بە ناوازەترین شێوە دەرکەوێت ، یان یارمەتیدەری هەرکەسێک دەبێت بۆ فراوانکردنی مەودای مەعریفە و زانین لەنێو ئەو رووبەرەی کە دەورەیداوە .) .. وەکو گوتمان جیول کەسێکی پڕ وزە و خاوەن توانا و بەهرەیەکی فرە ڕەهەند بوو .. لە شەش ساڵییەوە دەستی بە گۆرانی گووتن کردووە . لەگەڵ دایک و باوکی لە ( قاوەخانەیەکی ساندیاگۆ ) بەردەوام مۆسیقا و گۆرانییان پێشکەس کردووە ، لە تەمەنی پانزە ساڵی یەکەمین ئەلبوومی گۆرانی لە ساڵی ١٩٩٥ بەناوی ( pieces of you ) بڵاوکردۆتەوە . ئەم ئەلبوومەی ڕیکۆردێکی باشی شکاند زێتر لە سیی ملیۆن دانەی لێ فرۆشرا .. لەدوای ئەوە چەندین ئەلبوومی تری بەرهەم هێناوە ،، جیول کاری نواندن و ئەکتەریشی کردوە لە ساڵی لە ساڵی ١٩٩٩ وەک کارەکتەری سەرەکی بەشداری لە فیلمی ( Rides with the devil ) کردووە ، کە بەم کارەی لە ئاستێکی بەرین دەناسرێ و دوای ئەوەش لە چەند کارێکی تری نواندن بەشداری دەکات .. جیول لە ساڵەکانی دوای دوو هەزار بە تایبەت لە دەوروبەری ساڵەکانی دووهەزار و چوار و دووهەرار و شەش ، لەو دەورانە بە چڕی ئیش لە سەر مۆسیقا دەکات و چەندین ئاواز یان مۆسیقای سەما بەرهەم دەهێنێ .. جیول لەبواری مەدەنی و مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی تاک ئاکتیڤیست و چالاکوانێکی پڕ وزە بووە .. لەبارەی ژیانی تایبەتیش / جیول لە مانگی ئابی ٢٠٠٨ لە ( باهاماس ) هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستە دێرینەکەی دەکات ، کە پاڵەوانی ( ڕۆدیۆ تای مۆرایە ) ، لە تەموزی ٢٠١١ بە لەدایکبوونی کوڕەکەی ( کاسێ ) جیول دەبێ بە دایک ، دوای ئەوە لە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ هاوسەرەکەی پلانی جیابوونەوە دادەنین .. ئەوەی شایانی باسە جیول هێشتا لە ژیان بەردەوامە .

                                                          جانیوەری ٢٠٠٣



( شیعر و خەون ) وەک دووانەیەکی لێکدانەبڕاو.. ناڵە حەسەن

” خوێندنەوەیەکە بۆ دەقی ( تەنگە بە پێی خەونەکانمان شار ) ی سومەیا جەلال “

( تەنگە بەپێی خەونەکانمان شار )
دارمێوێکمان
بە هەورەوە هەڵواسی
پیایدا هەڵدەگەڕێین بەرەو ماڵە خەیاڵییەکەمان
ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕن
سەبەتەکەیان پڕ دەکەن
لە ترێ
شەرابی نەمری لێ دروست دەکەن و
تۆوەکەی بە دوعا دەچێنن
هاکە ئەوانیش
ماڵێکی ڕاستەقینەییان هەبێت و
ڕۆحیان بێتەوە بەر.
کە سەرمامان دەبێت بە وشە خۆمان گەرم دەکەینەوە
برسێتیمان لەسەر سفرەی شاعیرێک دەشکێنین.
دەچین بەرەو کۆشکی خەیاڵ و
کەلاوەی ژیان بە جێ دەهێڵین.

بە پێی خەونەکانمان تەنگە شار
لەناو تەمدا بزر دەبین و
هەر خۆمان دەبینین بە کۆڵەکەی خەونەکانمان.

یەک ڕەنگمان هەیە گشت ڕەنگەکانی لێ دێتە بوون “ڕەش”
یەک خودا کە ئێوە هەزار و یەکتان لێ دروست کرد

سەری ئێوە بە هەسارەیەکدا دەگەڕێت
هەسارەیەک لە سەری ئێمەدا.
کە بە دەڕنەفیزێکەوە دێن
بووڕغوەکانی سەرمان شل بکەنەوە و
چاوی خەونەکانمان هەڵکۆڵن
هەڵدێین…
کە لەبارەیان دەپرسن هیچتان بۆ ناگێڕینەوە
دەترسین تاڵانیان بکەن و
ئەنفالێکی دی بنووسنەوە لە دەفتەری بیرەوەرییەکانمان.
میکرۆبەکانتان ڕۆبکەنە نێویان و تاڵانیان بکەن
وەک لادێیەکی خاپوورکراو
کە دەنگی ژیان تیا نەبیسترێ.
بۆیە هەڵدێین و ئێمە هەڵهاتوویەکی هەمیشەیین

بۆ چنگخستنی مشتێ ژیان و
ڕەتکردنەوەی قومێک مردن نا
ژیانمان لێ دەڕژێ و
دەیان جار پێکی مردنمان هەڵداوە.

بەڵام ئێمە دارمێوێکمان هەیە
پیایدا هەڵدەگەڕێین بەرەو ماڵی خەیاڵیمان و
پاسەوانی جوانی دەکەین.
تۆش سەبەتەکەت پڕکە…
پڕیکە لە ترێ
شەرابی نەمری لێ دروست بکە و
تۆوەکەی بچێنە
تا ماڵێکی ڕاستەقینەیت هەبێ …!
ژیان وەک چەمکێکی گەردوونی دەکرێت ( یەکێک ) لە ماناکانی لە نێو خەون بەرجەستە بێت ، واتە دەتوانین بڵێین ( ژیان یانی خەون ) . واتە خەون مانایەکی تری ژیانە . چونکە نەک تەنها ژیان بەڵکو بوونیش بەهەمان شێوە هەمان بەرکەوتە و ئاوێتەبوونی لەگەڵ خەوندا هەیە .. واتە ( بوون و خەون ) بەئاراستەیەکی تەریب دا دەڕۆن ، پێکەوە و یەکانگیر . بەدیوێکی تر ، چەمکەکانی ( شیعر و خەون ) هەمان مانا و هەمان پەیوەندی و هەمان ئاوێتەبوونیان هەیە ، چونکە شیعر بە چڕی ئیش لەسەر ژیان دەکات و هەوڵدەدات جوانییەکان لە ڕووبەرە نادیار و تاریکەکان کەشف کات و بیان خاتە ڕوو . واتە شیعر ئیش لەسەر جوانی و جوان پێشاندانی ژیان دەکات .. لەم نێوەدا خەونیش ئەو وزە و هێزەیە کە وا لە شیعر و شاعیر دەکات هەمیشە بە ژیانەوە پەیوەست بن . چونکە ئەو شاعیرانەی دوور دەکەونەوە لە خەون و لە خەون خاڵی دەبنەوە ،، ئەوکەسانەن دەگەنە دوانوختەی ڕەشبینی ، بوون و نەبوونی خۆیان لەنێو ژیاندا وەکو یەک دەبینن و دواجار زۆربەیان پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن . ( سومەیا جەلال )ی شاعیر لەم دەقە شیعرییەی ( تەنگە بە پێی خەونەکانمان شار ) ، بە چڕی ئیشی لەسەر چەمکی خەون کردووە ، هەر ئەمەشە وای کردووە ئەم دەقە شیعرییەی لە ئاستێکی بەرزی جوانیدا دەربکەوێت . چونکە وەکو گوتمان خەون ئەو چەمکەیە کە وزە و جووڵەی بەردەوام بە شاعیر دەبەخشێت کە لەنێو ڕووبەرە تاریکەکان بەرزترین ئاستی جوانی بەرهەمبهێنێ . ئەم شیعرەی سومەیا لە ڕووی زمان و وشە و دەستەواژە و وێنە و خەیاڵی شیعری .. دەقێکی نایاب و پڕە لە چێژ و شیعرییەت . تایتلی شیعرەکەش تا ئاستێکی بڵند بە جوانی دەورەدراوە ،، ( تەنگە بەپێی خەونەکانمان شار ) ئەو ڕستە شیعرییە و ئەو ناونیشانە شیعرییەیە کە بەئەندازەی دەقێک چێژ بەخوێنەر دەبەخشێت . دواجار جوانیش ڕاستەوخۆ کاریگەری و پەیوەندی بە ئارامبوونەوەی دەروون و ڕۆحی خوێنەرەوە هەیە . لە پشتی ناونیشانی دەقەکە و زۆرێک لە وێنە و دەستەواژەکانی شیعرەکە ،، وێنەی شاعیرێک یان کەسێکی یاخی دەبینین ، کە لێوانلێوە لە خەون و لیوانلێوە لە وزە و جووڵە و خەونی گەیشتن بە ئومێدە گەورەکان ، خەون بە ژیان و دونیایەکی باشتر ، یان خەونی ئەوەی هەوڵدان لە ڕیگەی داهێنانەوە بۆ بە کەمال گەیاندنی بوون ،، هەموو ئەمانە لەنێو دەقێکی شیعری شاعیرێکی لاو دەبیندرێن کە لەسەرەتای ئەزموونی شیعر نووسینیەتی ، بە عەشقەوەش هەنگاو دەنێ بۆ گەیشتن بە ڕووبەری شیعر و بەدەستهێنانی شوناسی شاعیربوون ،، ئەوکەسەش سومەیا جەلالی شاعیرە ،، بەبڕوای من جوانییەکانی نیو ئەو دەقە هێزی ئەوەیان پێیە بگەنە نێو ڕووبەری شیعر و لەنێویدا بمێننەوە .. تا ئێرە وەک دەروازەیەک بۆ چوونە نێو خوێندنەوەو مەبەستەکانمان و پێشاندانی دیوە شاراوە و نادیارەکانی دەقەکە تیشکخستنە سەر هەندێک لە گۆشە و کەلێنەکانی ،
شاعیر لەسەرەتای دەقەکەی دەڵێت :
دارمێوێکمان
بە هەورەوە هەڵواسی
پیایدا هەڵدەگەڕێین بەرەو ماڵە خەیاڵییەکەمان
ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕن
سەبەتەکەیان پڕ دەکەن
لە ترێ
شەرابی نەمری لێ دروست دەکەن
ئەمەی سەرەوە ، کۆپلە شیعرێکی نایابە ، وێنەیەکی جوانی شیعرییە ، پڕە لە هەستی بەرزی مرۆیی و خۆشەویستی بۆ ژیان ، گوتمان شاعیر لەودەقە شیعرییەی پڕە لە خەون ، شاعیر کەسێکی بزێو و پڕ جووڵەیە ، ناتوانێ لەنیو ژیانێک بمێنێتەوە ، کە ( شار پەپێی خەونەکانی ئەو تەنگ ) بێ .. بەدوای رووبەرێکی فراوانتر و لەبارتر دەگەرێت کە لەوێدا ژیان لە هەموو جوانیەکان و مرۆڤەکانیش لە هەموو خۆشییەکان بەهرەمەن بن ، خۆیشی دەستلەملانی خەونە گەورەکانی بێت ، بۆیە ( دارمێوێک بە هەورەوە هەڵدەواسێ و لەگەڵ ڕێبواران و عاشقانی ڕێگای ژیان .. پیایا هەڵدەگەڕین بەرەو ماڵە خەیاڵیەکەیان ) ، ئەو ماڵەی لەنێو خەونەکانیان نەخشەیان بۆ کێشاوە ، ماڵێک پڕ لە کتێبەکانی ئومێد ، ماڵێک پڕ لە ئارامی و ئاسوودەیی ،، جیا لەو کەڵاوەیەی نێو ئەو شارەی کە بەپێی خەونەکانی مرۆڤەکان تەنگە ، ئەو شارەی کە دۆزەخێکە بۆ خۆی ، ئەو شارەی هەموو شتێکی لێیە جگە لە ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ نەبێ .. دار مێوەکە بەهەورەوە هەڵدەواسێ و ئەوانەی بەوێشدا تێدەپەڕن سەبەتەکەیان پڕ دەکەن لە ترێ .. ترێ وەک هێماو فیگەرێک دەتوانێ دەلالەت بێ بۆ چەندین مانای جیاواز .. دەکرێ هێما بێ بۆ بەروبووم و خۆشی و جوانیەکانی ژیان ، دەکرێ هێما بێ بۆ گەیشتن بە خەونەکان و زۆر شتیتر . مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی سەبەتەکانیان پڕ دەکەن لە ترێ .. شاعیر بە هەستێکی بەرزی مرۆیی ئەم وێنە شیعرییەی کێشاوە .. وێنەی ژیانێکمان بۆ دەکێشی کە تیادا پراوپڕە لە بەهای جوانییەکان و بەها مرۆییەکان .. ژیانێک وەک ژیانی سەرەتای مرۆڤایەتی کە ئەو سەردەم لە مێژوودا بە ( کۆمۆنەی سەرەتایی ) ناوبراوە کە لەوێدا موڵکدارێتی ( گشتیی بووە نەک تاک ) .. لەوێدا خێروبێر و خۆشییەکان بۆ هەمووان بوو ، ژیان و پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای هەرەوەزی و پێکەوە ژیان و خۆشەویستی بنیاد نرابوو نەک رەتکردنەوە و کوشتنی ئەویتر ،، لەم وێنە شیعرییە نایابە شاعیر پڕمان دەکات لە خەیاڵی جوان و وێنەی ژیانێکی پڕ لەسەروەریمان بۆ دەکێشیت . ( سەبەتەکان پڕدەکەن لە ترێ و شەڕابی نەمری لێدروست دەکەن ) بێگومان لە شێوە ژیانێکی لەم جۆرە ، مرۆڤەکان دەگەنە ئەوپەری مەوداکانی شکۆمەندی و ژیانیش دەگاتە ئەوپەڕی مەوداکانی جوانی . شاعیر لە دیمەنێکیتر دەڵێ :
کە سەرمامان دەبێت بە وشە خۆمان گەرم دەکەینەوە
برسێتیمان لەسەر سفرەی شاعیرێک دەشکێنین.
دەچین بەرەو کۆشکی خەیاڵ و
کەلاوەی ژیان بە جێ دەهێڵین
لەم وێنە شیعرییە ، ( سومەیا جەلال ) دیدێکی ڕۆشن بۆ پەیوەندییەکانی( شیعر و ژیان ) و ( یاخیبوون و خەون ) دەخاتە ڕوو .. ( کە سەرمامان دەبێت بە وشە خۆمان گەرم دەکەینەوە ، سەرما وەک هێمایەک بۆ هەموو میحنەتیەکان و هەموو موعانات و ئازارەکان .. کاتێک ژیان دەگاتە ئەوپەڕی ناخۆشی و بێزاربوون ،، مرۆڤەکان دەکرێ تەوقی بێدەنگی بشکێنن و بێنە قسە ،، وشە دەکرێ هێما بێ بۆ قسەکردن ، ( برسێتیمان لەسەر سفرەی شاعێرێک دەشکێنین ..! ) ، شاعیر وەک پەیامبەرێک لەنێو شیعرەکانی قسە دەکات ، دەتوانێ لە ڕێگەی زمانەوە سەرمابوون و برسییەتی و خەون و هاوارەکان بنووسێتەوە ، شیعر دەتوانێ تەواوی ژیان بنووسێتەوە ، لێرە ، شیعر هاوتا دەبێت بە ژیان ،، سفرەی شاعیریش هاوتا دەبێ بە گەردوون ، بەڵام دەبێ ئەوەمان بیر نەچێت ، شیعر ناتوانێ نان و ئازادی و خەون و خۆشییەکان بۆ مرۆڤەکان دەستەبەر بکات ، بەڵام شیعر یان ئەدەب دەتوانن وا لە مرۆڤەکان بکەن ،، بیر لە نان و ئازادی و بیر لە خەونەکان و ئایندە و ژیانێکی باشتر بکەنەوە ، بۆیە شاعیر کاتێک سەرمای دەبێت بە وشە خۆی گەرمدەکاتەوە ، دەکرێ لە ڕێگەی وشەوە بیر لە ڕزگاربوون لە هەموو نەهامەتییەکان و هەموو سڕبوون و سەرمابوونەکان بکاتەوە .. شاعیر بە هەمان گڕوو تینەوە لەنێو خەیاڵە شیعرییەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵی ،( دەچین بەرەو کۆشکی خەیاڵ و کەلاوەی ژیان بە جێدەهێڵین ) ، بێگومان شاعیر بەم هەست و خەیاڵێکی مرۆییەوە ، بەو هەموو جووڵە و وزەوە بۆ گەیشتن بە بڵندترین هەورازەکانی خەون .. کەلاوەکانی ژیان جێدەهێڵێ و دەڕوا بەرەو کۆشکەکانی خەون .. لێرە وەک ( شاعیرێکی یاخی ) ئەو شارەی بەپێی خەونەکانی ئەو تەنگە ڕەت دەکاتەوە ،، کەلاوەکانی ژیانی ئەوشارە جێدەهێڵی بەرەو کۆشکەکانی خەیاڵ بەئاراستەی خەونەکانی ڕێدەکات ، کەسێکی یاخییە نەفرەت لە هەموو ئەو ڕێگریانە دەکات و شەڕ لەگەڵ هەموو ئەو بەربەستانە دەکات کە رێگرن لەبەردەم خەونەکانی .. شاعیر لەنێو هەستە یاخییەکانی کە کەلاوەکانی ژیان جێدێڵی و بەرەو کۆشکەکانی خەیاڵ دەروا ئەوجا بە زمانێکی شیرینی شیعری و لێوانلیو لە جوانی دەڵێ :
بە پێی خەونەکانمان تەنگە شار
لەناو تەمدا بزر دەبین و
هەر خۆمان دەبین بە کۆڵەکەی خەونەکانمان
لێرەدا شاعیر دوای هەنگاوی جێهێشتنی کەلاوەکانی ژیان و گەیشتن بە کۆشکی خەیاڵ ، دەیەوێت بڵێت / ئاخر لەوێدا بەپێی خەونەکانمان تەنگ بوو شار..! ئێمە خەونی گەرەترمان هەبوو ، پێویستمان بە ڕووبەرێکی فراوانتر و دونیایەک بوو کە جوانتر بێت لە هەمیشە . بۆیە لە قۆناغی سەرەتا دارمێوێک بەهەورەوە هەڵدەواسن و دواتر بۆ گەیشتن بە خەونەکان بڵنتر دەبنەوە و هەورەکانیش جێدەهێڵن و دەگەنە نێو تەمە سپییەکانی خەیاڵ چونکە ، دەزانن ڕووناکییە گەورەکە و سفرە ڕازاوەکە و کۆشکە گەرمەکەی ئارامی لەوێندەرێیە ..! بۆیە لەناو تەمدا بزر دەبن و هەرخۆیشیان دەبن بە کۆڵەگەی کۆشکی خەونەکانیان .. بەڵێ مرۆڤ بۆ گەیشتن بە خواست و خەونەکان و ژیانێکی باشتر دەبێ بەسەر هەورازە بەرزەکان سەرکەوێ ، بڵند ببنەوە و بزر ببن لە نێو تەم و هەرخۆیشیان ببن بە کۆڵەگە و بە ستوونی کۆشکە ڕازاوەکانی خەونەکان و ئومێدە جوانەکانیان .لەدوای ئەوە شاعیر دەیهەوێ هۆکاری ئەو یاخیبوون و ئەو جێهێشتنی کەڵاوەی ژیان ڕوون بکاتەوە ئەوەتا ڕاست و ڕەوان دەڵێت :
یەک ڕەنگمان هەیە گشت ڕەنگەکانی لێ دێتە بوون “ڕەش”
یەک خودا کە ئێوە هەزار و یەکتان لێ دروست کرد
دەیەوێت باسی ئەو ژیانە ناهەموارە بکات کە بەهاکانی جوانی و بەهاکانی مرۆڤ لەچ ئاستێکی نزمدا بوون ، ژیان پارچەیەک بوو لە نائومێدی ،، هەموو ڕەنگەکان لە ڕەشەوە دەهاتنە بوون ، ڕەش سەرچاوەی هەموو ڕەنگەکان بوو ، ژیان تابلۆیەکی ڕەشبوو ، ژیان لەناو مردن ڕاکشابوو ، ئاسۆ و ئومێدەکان ڕەش .. خەون و ئایندەکان ڕەش ، هەر ڕەش و هەر ڕەش و هەر ڕەش .. یەک خودا ئێوە هەزار و یەکتان لێدروست کرد .. ژیانێکی ڕەش و مرۆڤەهایەکی سەرگەردان و شێواو ،، جەنگەڵستانێک پڕ لە خودای جۆراوجۆر ، پڕ لە ماری حەوت سەر و پڕ لە ئەژدیهای هار و برسی ، لێرەدا باسی هەموو ئەو هەوڵە نابەجێ و و هەموو ئەو دەستە ڕەشانە دەکات کە ژیان ناشیرین و نابووت دەکەن .. باسی ئەو مرۆڤ و ئەژدیها چاوچنۆکە برسیانە دەکات کە بەخوێنی ئەوانیتر نەبێ تێر ناخۆن و ژیان لە ئەوانیتر دەکەنە دۆزەخێکی پان و بەرین .
ئەگەر بە وردی لەم دەقە شیعرەی سومەیا جەلال ورد بینەوە ، بەو ئاکامە دەگەین هەر خودی ناونیشانی شیعرەکە ( تەنگە بەپێی خەونەکانمان شار ) لەگەڵ ئەوەی دەستەواژەیەکی شیعری جوان و پڕ چێژە لەهەمان کات کارەساتێکی گەورەشە کە / ناوەرۆکی دەقە شیعرییەکەی لێوانلێوە لە وێنەی تراژیدی و گێڕانەوەی کارەساتە گەورەکان .. کە لە پشتی چیڕۆکە تراژیدییەکان ، هاوکێشەکانی( مردن هەمیشە مردن ) و (کەوتن هەمیشە کەوتن ) ببیندرێ لەنێو ئەودەقە شیعرییەی ئەم شاعیرە گەنجەمان بوونی مرۆڤ و شکۆمەندی مرۆڤ لەژێر پرسیاردایە ،، کە ژیان هێندە بەئاراستەیەکی ناشیرین دا دەڕوات .. مرۆڤ ناچار بە هەڵاتن و ناچار بە پشتکردن دەبێت لە ژیان ، ئەوەتا بە ئاشکرا باس لە کارەساتی ئەنفال و کۆڕەو دەکات .. باس لە مردنی بە کۆمەڵ دەکات ، ئەم کارەساتە تراژیدیانە نیشاندەری لوتکەی هەرەس و لوتکەی بێ بەهابوونی مرۆڤ و هەموو جوانیەکانی ژیانە ، یان بە دیوێکی تر وەک ( ئەلبێرت ئەنیشیایین ) ، دەیەوێت بڵێ ( ئەم جیهانە شوێنێکی ترسناکە کە تیایدا دەژین نەک لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان خراپن ، بەڵکو لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان بە گشتی هیچ جووڵەیەک لە خۆیان نیشان نادەن ) شاعیر لەنێو ئەم دەقەدا بەو دونیایە ڕازی نییە و لێی ڕادەکات و بەدوای دونیایەکی تر دا دەگەڕێت چونکە ئەم دونیایە دونیاییەکی شەیتانییە و جێگای فریشتە و مرۆڤە ڕۆح پەپووڵەییەکانی تیا نابێتەوە …! بڕوانن چەند جوان و شاعیرانە دەڵێ :
هەڵدێین..
دەترسین تاڵانیان بکەن و
ئەنفالێکی دی بنووسنەوە لە دەفتەری بیرەوەرییەکانمان
میکرۆبەکانتان ڕۆبکەنە نێویان و تاڵانیان بکەن
وەک لادێیەکی خاپوورکراو
کە دەنگی ژیان تیا نەبیسترێ
بۆیە هەڵدێین و ئێمە هەڵهاتوویەکی هەمیشەیین
چەند کارەساتە لە نیشتیمانێک بژیت وەک لادێیەکی خاپوورکراو بێ ،، وەک دۆزەخێکی هەمیشەییش کە دەنگی ژیانی تیا نەبیسترێ ،، هەر هەڵبێین و ئێمە مرۆڤەهایەکی هەڵاتووی هەمیشەیی بین ، شاعیر وێنەی ژیان و نیشتیمانێکمان بۆ دەکێشی ،، تابلۆکان بە ڕەنگەکانی مردن ڕەنگکراون ، ژیان وەک درەختێک شیلەی مردنی لێدەچۆڕێ .. ڕۆژێ ئەنفال و گۆڕی بە کۆمەڵ ، ڕٶژێ کۆڕەوی چەند ملیۆنی و هەڵاتنە سەر سنوورەکان و ڕەقبوونەوە لەنێو بەفر و سەرماو سۆڵەدا ، ئێمە هەردەبێ هەڵبێین ، چونکە قەدەرمان وایە و هەر لەئەزەڵەوە بۆ هەڵاتنی هەمیشەیی دروست بووین .. ( سومەیا جەلال ) بە هەستێکی شاعیرانە باس لە مێژووی میللەتێکی هەمیشە تێشکاو و بێ شوناس دەکات ، باس لە کەوتن و نسکۆی هەمیشەیی میللەتێک دەکات کە هەزاران ساڵە لە نێو هاوکێشەی ( مردن هەمیشە مردن ) درێژە بە ژیان و تەمەنی خۆی دەدات ، شاعیر لە وێنەیەکیتر لە نیو نیشتیمانی دووکەڵ و خوێندا ڕۆشنتر دێت باس لە ململانێ و پەیوەندییەکانی نێوان ( مردن و ژیان ) دەکات و دەڵێ :

بۆ چنگخستنی مشتێ ژیان و
ژیانمان لێ دەڕژێ و
دەیان جار پێکی مردنمان هەڵداوە
هەر وەک لەو دیمەنە شیعرییە جوان و نایابە دەڵێ ( بۆ چنگخستنی مشتێ ژیان .. دەیانجار پێکی مردنمان هەڵداوە ،، دەیەوێت بڵێ ، ( بۆ سەیرکردنی ڕووناکی لەدرزێکەوە .. دەیان ساڵ لەنێو شەوەزەنگە تاریکەکان ماوینەتەوە ..! ) .. کەچی ئێمەش مرۆڤەهایەکین ژیانمان لێدەرژێ و پڕاوپڕین لە خەون بەڵام / قەدەر ئێمەی لە ڕووبەرێک هێناوەتە بوون کە بەپێی خەونەکانمان تەنگە شار …! بۆ چنگخستنی مشتێ ژیان دەبێ هەمیشە پێکی پردن هەڵبدەین ، یان دەبێ گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بیابانەکان بکەین بە ماڵی هەمیشەییمان ، یان ببین بە ڕۆبۆتیکی هەمیشە هەڵاتوو . ئەگەر لەم دەقە وردبینەوە ، ئەوڕاستییە دەبینین کە پێشتر گتوومانە ( شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە …! ) شاعیریش بوونەوەرێکی گەردوونییە ! بەو مانایەی شیعر بە هۆی بوونە گەردوونییەکەی لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکات ، زمانی شیعریش خاوەن ئەو هێزە سیحراوییەیە کە شاعیر بەهۆیەوە دەتونێ وێنەی هەر شتێک بکێشێت کە بیەوێت ، لە جووڵەی مێروولەیەک و فرمێسکی سەر گۆنای پەپووڵەیەک و فڕینی باڵندەیەک و تا دەگاتە گەورەترین ڕووداوە تراژیدییەکان ،، لە شێوەی جەنگەکان و کارەساتەکانی ئەنفال و هۆڵۆکۆست و کۆڕە و مردنی بە کۆمەڵ و هەتا دوایی .. چونکە شیعر دابڕاو نییە لە ڕابردوو و لە ئیستاش تەنانەت لە ڕیگەی خەونەکانەوە دەتوانێ ئیش لەسەر ئایندەش بکات ،، مامۆستا ( عەلائەدین سەجادی ) لە سەرەتای ( مێژووی ئەدەبی کوردی ) دەڵێت ( هەر میڵەتێک ئەدەبی نەبوو واتە مێژووی نییە ..! ) ، شیعریش وەک بەشێکی سەرەکی ئەدەب یەکانگیر دێتەوە لەگەڵ مێژوو ، یان بەپێی بیرکردنەوەی ( مارتن هایدگەر ) شیعر دەتوانێ تەعبیر لە حەقیقەتی بوون بکات . ئەم قسەو بیرکردنەوانە هەمووی دەسەڵات و هێزی زمانی شیعری و ڕووبەرە فراوانەکەی شیعرمان پێشان دەدات ،، ئەگەر لەم دەقە شیعرییەی سومەیا جەلال بڕوانین .. دەبینین / لە خەونەکانی خۆی دەست پێدەکات .. لەم نێوەشدا وێنەی دوو دونیای جیاواز و دوو هەسارەی جیاوازمان پێشان دەدات .. دونیایەک کە ژیان پڕاوپڕە لە جوانی و مرۆڤەکانیش بەختەوەر و دڵخۆش و ئارام و شادومان ، هاوکات بەیەکەوە دەژین و بەیەکەوە لە جوانیەکان و بەروبوومەکان بەهرەمەندن .. ئەم دونیایەش دونیا جوانەکەی خەون و خەیاڵە وەک ماڵێکی ئارامی شایستە بە مرۆڤ .. هێما و ئاماژەش بۆ ئەو دونیا جوان و رەنگینە .. هەڵواسینی دارمێوێکە بە هەورەوە مرۆڤەکانیش سەبەتەکانییان پڕدەکەن لە ترێ ..! لەبەرامبەر دونیایەکی تر کە ( بەپێی خەونەکانمان تەنگە شار ) ،، لەوێدا هەموو رەنگەکان لە ڕەشەوە دێنەبوون و بۆ مشتێ ژیان دەبێ پێکی مردن هەڵبدرێ و مرۆڤەکانیش هەڵاتووی هەمیشەیین و ئەنفال دەکرێن و بەکۆمەڵ دەمرن .. دەتوانین ئەم ململانێی نێوان ( ژیان و خەون یان ژیان و مردن ) وێنەیەک و هاوکێشەیەک بێت بۆ هەموو گەردوون . بەڵام لەگەڵ تەنگ بوونی شار و ملمانێی نێوان ژیان و مردن و پێشاندانی کارەساتە جەرگبڕەکان ، هەروەها هەستە نائومێدی و خەمۆکییەکان . بەڵام ، شاعیر وەک مرۆڤێکی لێوانلێو لەخەون خاوەن ئیرادە و توانایەکی بەهێز ، ورەبەرزە دەست لە خەون و ئومێدەکانی بەرنادات ، وەک چۆن ( فرێدریک نێتجە ) پێی وایە ( هێز مرۆڤەکان بە ژیان پەیوەست دەکات ) ، ئەوشاعیرەشمان دەیەوێت پێمان بڵیت ، ( خەون مرۆڤەکان پەیوەست دەکاتەوە بە ژیان ) بۆیە داوا دەکات ، دەست لەخەونەکانمان بەرنەدەین تا دەگەینە نێو ماڵە راستەقینەکەی خەیاڵ و دونیایەکی باشتر و جوانتر دەخوڵقێنین ، ئەوەتا لە دیماهی شیعرەکەی دەڵێ :
بەڵام ئێمە دارمێوێکمان هەیە
پیایدا هەڵدەگەڕێین بەرەو ماڵی خەیاڵیمان و
پاسەوانی جوانی دەکەین
تۆش سەبەتەکەت پڕکە
پڕیکە لە ترێ
شەڕابی نەمری لێ دروست بکە و
تۆوەکەی بچێنە
تا ماڵێکی ڕاستەقینەیت هەبێ …!
وا پێویست دەکات ، .بۆ گەیشتن بەو ماڵە جوان و ئەفسووناوییەی خەیاڵ بێ ئومێد نەبین ،، چونکە ئێمە دارمیوێکمان هەیە پیایا هەڵدەگەریین .. کۆڵنادەین بەسەر هەوراز و بڵنداییەکان هەڵدەگەرێین و پاسەوانی جوانی دەکەین .. واتە هەموو بەهاکانی جوانی دەپارێزین چونکە مرۆڤ پیرۆزترین بوونەوەرە و شایستە بە هەموو جوانییەک و شایستە بە هەموو خۆشییەکە ، بەدار مێوەکە هەڵدەگەرێین ، شاعیر لە شوێنێکی بڵند وەستاوە ( وەک زەردەشتی نێو کتێبەکەی نێچە ) قسە بۆخەڵک دەکات و دەڵێت ( تۆش سەبەتەکەت پڕکە لە ترێ ، شەڕابی نەمری لێ دروست بکە و تۆوەکەی بچێنە تا ماڵێکی ڕاستەقینەیت هەبێت ..! ) چاندنی تۆوەکە هێمایە بۆ ( بەردەوامبوون و کۆڵنەدان ) بۆ گەیشتن بە دونیایەک کە کە شایستە بێت بە شکۆمەندی مرۆڤ و لەوێدا ( بە پێی خەونەکانمان ( تەنگ نەبێت ) شار …!
دەمەوێت لە کۆتایی ئەم خوێندنەوەیەم بۆ ئەم دەقە شیعرییە تاکید لەوە بکەمەوە و ئەوە بڵێم ، کە دەقی ( بە پێی خەونەکانمان تەنگە شار ) .. دەقێکی شیعری نایابە ، پڕە لە هێما و وێنە و کۆد و میتافۆری شیعری ، لە پشت هەر هێما و وێنەیەک هەستێکی قووڵی مرۆیی دەبیندرێ ، دەقێکە پڕە لە چێژ و جووڵەی ئیستاتیکی .. وەک هێشوە ترێیە گەییوەکان شیلەی شیعرییەتیان لێدەڕژێ .. بە چاوەڕوانم سومەیا جەلال ئەم ( دەقە شیعرییە و هەندێک لە دەقە شیعرییەکانیتری وەک ( دەمەوێت لە تۆدا بزر بم ) و ( ئازار بە بۆیەی شاعیرێک ڕەنگی کردووم ) بکاتە خاڵی هەنگاو هەڵگرتن بۆ چوونە پێشەوە و یان سەرکەوتن بەسەر پەیژەکانی داهێنان و نوێگەری . بە ئومێدم لە داهاتوویەکی نزیک بەرزاییەکانی داهێنان بکات بە ماڵی هەمیشەیی خۆی ، هاوکات لەناخی دڵەوە ئومێدی ئەوەش دەخوازم کە ئەو شاعیرەمان لەگەڵ نووسەر و شاعیرە پڕجۆش و لاوە خوێن گەرمەکانی شاری کەرکووکی خۆشەویست جووڵەیەکی هیوابەخش وەک دەیەی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان بەڕێخەنەوە ، جێی پەنجە و قەڵەمەکانییان بە تۆخی دەرکەوێت و سایە بکەن بەسەر شیعر و ئەدەبیاتی کوردی دا …!

                                                         جانیوەری ٢٠٢٣

سەرچاوە :

  • شیعری ( تەنگە بە پێی خەونەکانمان شار ) نووسینی .. سومەیا جەلال
    تێبینی :
    ئەم دەقە شیعرییەی ( سومەیا جەلال ) ، لە پێشبڕکێی ( کامەران موکری ) خەڵاتی یەکەمی وەرگرت ، کە لەلایەن یەکێتی نووسەرانی سلێمانی سازدرابوو ، لەم چاڵاکییەدا چەند لاوێک دەقە شیعرییەکانیان خوێندەوە .



نامەیەک بۆ هاوڕێیەکی شاعیرم سەباح ڕەنجدەر.. ناڵه‌ حه‌سه‌ن

سڵاو هاوڕێی خۆشەویستم (سەباح ڕەنجدەر). بە هیوام ئاسوودە و تەندروست بیت.

بە سەلیقەیەکی پڕ هەستەوە زێتر لە جارێک، قەسیدەی (تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین)م خوێندەوە، چێژی زۆری پێبەخشیم، بە بڕوای من یەکێکە لە قەسیدە نایابەکانی تۆ، دەقەکە زێتر فۆرمێکی درامی هەیە، دەقێکی درێژ لەنێویدا کۆمەڵێک دەقی تری جودای لەخۆگرتبێت، وەک ئەوەی ڕۆمانێک چەند کاراکتەرێکی سەرەکی هەبێت و هەریەک لەو کاراکتەرانەش بە کۆمەڵێک ڕووداوەوە دەورەدرابن. لەم شێوە دەق و فۆرمانەدا کە زمان بە چڕی ئیشی لەسەر کرابێ و وشە و ڕستەکان لە پەیوەندییەکی توندوتۆڵدا بن، کردنەوەی کۆد و هێماکان بۆ بەرجەستەبوونی خوێندنەوەیەک و دیاریکردنی ناوەڕۆکێک ڕەنگە کارێکی سانا نەبێت، من نامەوێت لەم نامەیەدا باس لە پەیوەندی فۆرم و ناوەڕۆک بکەم، بەڵام هەر ئەوەندە دەڵێم لە هەموو دەقێکی شیعری (ناوەڕۆک) بوونێکی نادیاری هەیە، لەڕێگای خوێندنەوە ئەو بوونە دەردەکەوێت، دەرکەوتنەکانیش لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکی تر دەگۆڕێت، لە دەقی (تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین) خوێنەر لە ڕێگەی هەندێک لە وشە و ڕستە و دەستەواژە شیعرییەکانەوە، دوای ڕامان و قووڵبوونەوە دەتوانێ بڕێک لە کۆد و هێماکان بکاتەوە، (ڕەنگە) بە ناوەڕۆک و خوێندنەوەیەک بگات. من بەشبەحاڵی خۆم لەم دەقەدا زۆرێک لە ڕستە و دەستەواژەی شیعری جوانم خوێندەوە، کە هەم چێژبەخش بوون، هەم وەکو میتافۆر و هێما و وێنەی شیعری لە پشتیانەوە هەڵگری کۆمەڵێک گوتن و کێشمەکێش بوون، بەتایبەت کێشمەکێشی نێوان (ژیان و مردن). من لێرەدا (هەندێک) لەم ڕستە و دەستەواژە شیعرییانە دەنووسمەوە دواتر هێندەی بۆم بکرێت قسەیان لەبارەوە دەکەم.
_ لە شیعری (ڕوخسار و شوێن):
دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی
هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما
گەڕاینەوە بەرسێبەری درەختی گۆڕستانەکان


مرۆڤ شاراوە و نهێنی درۆی ژیرە
نانی کردە تاشەبەرد


گۆڕیان بەتاڵکردین و ئێسکیان کردە قۆپچە


_ لە شیعری (جێناوەکان):
با بگەڕێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو
با بگەڕێینەوە دواوە باران خوێواوی لێدەچۆڕێ و
دەیکاتە هەڵم و دەبێتە تانەی چاوە


  • لە شیعری (گەشەی ڕەنگ):
    شۆڕش شەپڕە لێی داوە
    ناتوانێ مەلە بکا

دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا
هەڵيخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک


_ لە شیعری (ئاوازی چاوپێکەوتن):
سەرزەمین تەواو ماندووە
پێویستی بە چاوپێکەوتنی دەنووک و باڵە


_ لە شیعری (بلیتی ژمارە بیست و هەشت)
هەناسە سواریت باڵندەیەکی هێلکە شکاوی هەڵکورماوە
گوتم لە شاری شیعر دەژیم و هەناسەم نەرم و خۆشە
بە ئارەزووی خۆم لە بەهەشت ناچمە دەرەوە


_ لە شیعری (بێڕەنگ):
ئەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بوو
بێڕەنگ هەموو ڕەنگەکانی دابووە دنیا


_ لە شیعری (کاتی تایبەتی ڕووبار)
کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن
بیخەینە گەنجینەی منداڵێک
زۆرنین ئەو دەقانەی بە چەند دێڕێکی شیعری دەتوانن تەعبیر لە تراژیدیایەکی گەورە، یان ژیانێکی پڕ لە ئازار و مەرگەسات بکەن، یان ڕەسمکردنی ئەو زەمەنەی مرۆڤەکان لەنێو شەوەزەنگێکی تاریک و لە گۆڕستانێکی گەورەدا هەناسە دەدەن، یان هەموو خەونە گەورەکان دەبن بە تۆزوغوباری دەم ڕەشەبا. شاعیر لەو دەقەدا ڕۆحێکی تووڕە و ماندووە، بێزار لە هەلومەرجێک کە دەتوانین بە هەلومەرجی مردنی خەونە جوانەکان ناوی ببەین، ڕۆژگارێکە کە دیکتاتۆر خاوەن هەموو دەسەڵات و هێزێکی گەورە و ڕەهایە، لەڕێگەی ئەم هێزەی دیکتاتۆرەوە هەموو پەیوەندییەکان و یاسا و ڕێساکان ناڕێک و ناتەندروست دەبن و جووڵە و ئاراستەکانی ژیان دەشێوێندرێ، کە هیچ بەها و حورمەتێک بۆ ئەوی تر و مرۆڤ و بەها مرۆییەکان نامێنێتەوە، نیشتیمان دەبێتە گۆڕستانێکی گەورە، شاعیر لە شیعری (ڕوخسار و شوێن)دا، وێنەی ئەم نەهامەتیانەمان لە دیمەنێکی شیعریی جوان و سەرکەوتوودا بۆ دەکێشێ و دەڵێ (دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما گەڕاینەوە بەرسێبەری درەختی گۆڕستانەکان)، دیکتاتۆر بێڕەحمانە بەسەر خوانەکان دەپژمێ و دەڕشێتەوە، خوانەکان پیس و ژەهراوی دەکات، دواتر هیچ نیشانەیەکی خواردن نامێنێ و سفرەکان بەتاڵ و خاڵیی دەبن، مرۆڤەکانیش بە سکی برسییەوە لەبەر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان ڕۆژەکانی تەمەنییان دەژمێرن، چونکە نان بۆتە (تاشە بەردێکی گەورە!). شاعیر لە دێڕێکی تردا وێنەیەکی گەورەترمان بۆ دەکێشێ و دەڵێ (گۆڕیان بەتاڵ کردین و ئێسکیان کردە قۆپچە)، ئەمە دێڕە شیعرێکی تا بڵێی جوان و شیعرییە، پڕ لە جووڵە و پڕ لە قسەیە، واتە دیکتاتۆر لە ڕێگەی ئەو هێز و دەسەڵاتە ڕەهایەی هەیەتی، وەک بازرگانێکی بێڕەحم نەک بەروبوومەکانی سەرزەوی، بەڵکو چاوی بڕیوەتە ئەوانەی ژێرزەویش، ئەوەتا گۆڕەکان بەتاڵ دەکەن و ئێسکەکان دەکەنە قۆپچە، شاعیر لەم وەزعە ناڕازی و نائارامە، چونکە لە خەیاڵی ئەو، گۆڕستان شایستە بە مرۆڤ نییە، لە خەیاڵی ئەو (پەپوولەکان دەمدەخەنە نێو دەمی یەکتری و کەمانچەژەنەکانیش سەمفۆنیای گوڵ و نان دەژەنن!)، ئەو هەمیشە لەنێو خەیاڵە شیعرییەکانیدا، خەون بە دنیایەکی جوانتر و باشتر دەبینێ، لەنێو بیرکردنەوەکانی ئەودا، مرۆڤ پیرۆزترین بوونەوەرە و شایستە بە هەموو خۆشییەک و سەروەرییەکە. ئەوەتا ڕوون و ئاشکرا لە شیعری (بێڕەنگ)دا، پێمان دەڵێ (ئەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بوو بێڕەنگ هەموو ڕەنگەکانی دابووە دنیا!)، دەکرێت (بێڕەنگ) هێما بێت بۆ خالقێک، بەڵام خالقێکی نادیار، لێرەدا سەروەری و بەهای مرۆڤمان بۆ ڕەسم دەکات، شاعیر دەخوازێ ئەم ژیانە بگۆڕێت، سەرزەمین و بەرسێبەر و ماڵەکان نەبنە گۆڕستان (چونکە لای ئەو سەرزەمین تەواو ماندووە، پێویستییان بە چاوپێکەوتنی دەنووک و باڵە) (دەنووک و باڵ) هێمایە بۆ فڕین، واتە جێهێشتنی ئەو سەرزەمینەی کە ماندووە و بۆتە گۆڕستانێکی گەورە، واتە دەخوازێ ژیان بگەڕێتەوە باری ئاسایی و بەها و ڕێز و سەروەری بۆ مرۆڤەکان بگەڕێتەوە، بەڵام گۆڕان بەچی دەکرێت؟ ئەوە ئاشکرایە هەموو گۆڕانێک چ ڕۆشنبیری بێت، یان سیاسی، یان کۆمەڵایەتی، بێگومان بە ڕاسان و شۆڕش دەکرێت، بەڵام هەیهات لێرەدا (شۆڕش شەپڕە لێی داوە ناتوانێ مەلە بکات!)، چونکە (دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا هەڵیخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک!) واتە دیکتاتۆر ڕۆنی لەژێر پێی شۆڕشگێڕەکان ڕۆکردووە و هەموویان خلیسکاون و کەوتوون، بەمانای هەموویان، یان ئەوەتا لە خشتەبراون، یان ئەوەتا دەستەمۆبوون، ئێستا لەنێو نائومێدییەکی گەورە و لەنێو ڕووناکییەکی چرووک ڕاکشاون)، ئیتر گۆڕان چۆن ڕوودەدات؟ بۆیە شاعیر کە دڵنیا دەبێ لەوەی بەم هەموو کەوتن و نائومێدییە گەورانەوە ترووسکایی هیچ گۆڕانکارییەک نابیندرێ و بەم زووانە هیچ گۆڕانێک ڕوونادات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ناتوانێ بێدەنگ بێت، چونکە ئەو شاعیرە و (شیعریش فۆرمێکی بێدەنگ نییە) بۆیە دەخوازێ (کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن بیخەنە گەنجینەی منداڵێک) (گەنجینەی منداڵ) لێرەدا هێمایە بۆ دەستێکی پاک و ئەمین، شاعیر دەخوازێ گەنجینەکە بگوازرێتەوە بۆ دەستێکی ئەمین، تا چیتر مرۆڤەکان سفرەیان خاڵیی نەبێت و لەژێر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان ڕانەکشێن، بەڵام شاعیر لەوەش نائومێد دەبێت، واتە بە وەزعێکی ئیفلیج و تا چاوبڕکات هەر تاریکیی بێ، بۆیە هەر لەنێو نائومێدییەکانی خۆی دەمێنێتەوە و دەڵێ (با بگەڕێینەوە دواوە باران خوێواوی لێدەچۆڕێ دەیکاتە هەڵم و دەبێتە تانەی چاو)، ئیتر تەواو، کە باران خوێوای لێچۆڕا، درەخت و گیا و سەوزاییش دەمرن، وردە وردە مرۆڤەکانیش، بەمانای ئیتر (تەواو دواجار هەموومان لێرەوە دەڕۆین)، گوتمان شاعیر لەنێو نائومێدییەکی گەورەدایە، یاخی و بێزار و ماندوو و تووڕەیە، بە گومانێکی تۆخ و بە چاوی ڕەخنەوە لە هەموو گۆشەیەک دەڕوانێت، لە هیچ شوێنێک ئارام ناگرێ و ناحەسێتەوە، لەگەڵ ئەوەی هەموو یاساکان و هەموو دۆخەکان ناڕێک و شێوێندراون، ژیان هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە، شاعیر لەم گۆڕستان و لەم ژیانە مەرگەساتییە تەنها شوێنێک شک دەبات بتوانێ تیایدا هەناسە بدات و ئارام بێتەوە ئەویش (شاری شیعرە (وەک ماڵێکی ئارام).) ئەوەتا خۆی لە شیعری (بلیتی ژمارە بیست و هەشت)دا دەڵێ (گوتم لە شاری شیعر دەژیم و هەناسەم نەرم و خۆشە ئەها شیعرم لێدیارە و وەک کاتژمێری چوونە ژوان ڕێکی خستووم)، ئەو دەڵێ (شاری شیعر)، بەڵام شاریش هەر شوێنی ژیانە، بۆیە من دەڵێم ماڵ، واتە لەنێو ئەم هەموو نەهامەتی و نائومێدییە گەورانەدا شیعر تاکە هیوایە کە بۆی دەژی و لەنێو ئەم هەموو ناڕێکیانەدا (ماڵی شیعر) ژیانێکی ئارامی پێبەخشیوە وەک کاتژمێر جەستە و دەروونی ڕێکخستووە. هەر ئەوەندەش نا، دەڵێ (بە ئارەزووی خۆم لە بەهەشت ناچمە دەرەوە)، ئەو شاعیرێکی نوێخواز و داهێنەرە، لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێنان ناسنامەی شاعیربوونی بەدەستهێناوە، ئیتر کەسە داهێنەرەکانیش دەبن بە موڵکی مێژوو و مرۆڤایەتی بۆ تاهەتا لەنێو ئەبەدییەتدا دەمێننەوە، لێرە بەهەشت هێمایە بۆ مانەوە لەنێو ئەبەدییەتدا.
تا ئێرە بەشی یەکەمی نامەکەم بوو لە بەشی دووەمدا، دەمەوێت لە دەرگای بابەتێکی گرینگ بدەم ئەویش لە ڕێگەی دێڕە شیعرێکی نێو ئەم دەقە، لە شیعری (جێناوەکان)دا دەڵێت (با بگەڕێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو.)، لەم دێڕە شیعرەدا جوانییەکی بێوێنە بەرهەم هاتووە لە هەمانکات، بارگاوییە بە خەیاڵی زانستی و فەلسەفی، لە سەرەتا ئەو پرسیارە لەلای خوێنەر دروست دەبێ بۆ هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو…؟! لەنێو قووڵایی بیرکردنەوەدا ڕاستەوخۆ بیرمان بۆ لای (نیوتن و هاوکێشەی کێشی زەوی) دەچێت، دواتر تێکەڵ بە ململانێی نێوان هێزەکانی مردن و ژیان دەبینەوە. لەم وێنەیەدا دیکتاتۆر زەوی کردۆتە گۆڕستانێکی گەورە، زەوی هێمایە بۆ مردن، ئاسمان لە سەرووی سێوەکەوە، ڕووناکی و خۆرەتاو و ئەستێرەکان و بەپێی بیرکردنەوە ئایینەکان خوداوەندەکانیش لەوێن، خوداوەندیش خاوەن هەموو دەسەڵات و هێزێکە، ئاسمان هێمایە بۆ ژیان، لەنێوان ململانێی (هێزی زەوی و هێزی ئاسمان) سێوەکە ململانێ و ئەنجامەکان یەکلایی دەکاتەوە، دەکرێ سێوەکەش هێما بێت بۆ (مرۆڤەکان و نیشتیمان و هەموو شتە جوانەکان.)، دواجار سێوەکە دەکەوێت.، هێزی مردن واتە (هێزی زەوی) زاڵدەبێت بەسەر (هێزی ئاسمان) واتە هێزی ژیان، بێگومان لەباروزروفێکی وا کە شۆڕش شەپڕە لێی دابێ و شۆڕشگێڕەکان هەڵبخلیسکێن و بکەون، هەروەها چاویان پڕبێ لە ڕووناکییەکی چرووک، ترووسکایی هیچ گۆڕانکارییەک نەبیندرێ و مرۆڤەکان بە سفرەی خاڵییەوە لەژێر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان پاڵکەوتبن بێگومان جووڵەکان بە ئاراستەی مردن دەڕۆن بۆیە شاعیر لەنێو ئەو نائومێدییە گەورەیەدا دەڵێت (تەواو بۆدواجار لێرەوە دەڕۆین)، ئەم دێڕە شیعرە ڕەهەند و ماناکانی، بۆ من جگە لە ئێستیتیکا و چێژ، گرینگی و مانایەکی گەورەتری هەبوو، من مانیفێستێکم نووسیوە لە (سێ بەش) پێکهاتووە، گۆشەنیگا و تێڕوانین و بیرکردنەوەکانی ئەزموونی خۆمم بۆ شیعر لەم مانیفێستە چڕ کردۆتەوە، کە بەشی یەکەمی بەناوی (شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە) (بەشی دووەم شیعر عەشقێکی گەورەیە.) لەم بەشەدا واتە لە بەشی دووەم دەڵێم (شیعر ئەو عەشقەیە پڕاوپڕە لە خەون و ئومێد و جووڵە، فۆرمێکی پڕ لە قسەیە و هاوتەریبە لەگەڵ ژیان و بەها مرۆییەکان، شاعیر بیرمەند نییە، بەڵام لە ڕێگەی بیرکردنەوەکانی دەتوانێ پرسیاری بیرمەندانە بەرهەمبهێنێ، شاعیر فەیلەسووف نییە، بەڵام لە ڕێگەی پاشخانە مەعریفییەکەیەوە دەتوانێ پرسیاری فەلسەفی بوروژێنێ، شاعیر گەڕیدەیەکی جوانناسە بۆ دۆزینەوەی جوانییەکان هەموو گەردوون لەبەردەمی دایە، ئاسمان و کیشوەرەکان و ئۆقیانووسەکان و تەنانەت وردە ئەستێرە دوور دوورەکانیش، دواجار شیعر عەشقێکی گەورەیە، ئەشقیش میلۆدییە بەردەوامەکەی ژیانە و ژیانیش دەقێکی شیعری ناوازەی پڕ لە جوانی و چێژە). ئەم دەقە ئەوەی پیشانداین کە شیعر (فۆرمێکی بێدەنگ نییە)، شاعیر دەتوانێ دەنگ و هاوارەکانی خۆی بەسەر هەموو ئەو هێز و هۆکارانە بەرز بکاتەوە کە دەیانەوێت ژیان ناشیرین بکەن و خەونە جوانەکانی مرۆڤ لەبارببەن، هەروەها شیعر لەتوانایدا هەیە، بارگاوی بێت بە خەیاڵی زانستی و فەلسەفی و لەنێو مەعریفەیەکی فرەڕەهەند ئیش بکات، دواجار پرسیاری زانستیی و فەلسەفیش بورووژێنێ، بۆیە دڵخۆش بووم بە خوێندنەوەی ئەم دەقە بۆ من وەک ئەوە وابوو بە قەڵەمی جوانیی نووسرابێتەوە، ئیتر هاوڕێی شیعرییم، دووبارە هیوای خۆشبەختی و بەختەوەرییت بۆ دەخوازم، بە ئومێدم لەنێو ڕووبەری شیعر و ڕووبەری داهێنان، قەڵەمەکەت هەر بە بڕشت بێ و سڵاو لە شیعری باڵا.

١٢/ ٩ ٢٠٢٠ – کەنەدا

تێبینی قەسیدەی (تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین) لە (دە) شیعری تر پێکهاتووە بەم ناوانە (ڕوخسار و شوێن, جێناوەکان, ڕێگاکانی دەوروبەر, گەشەی ڕەنگ, ئاوازی چاوپێکەوتن, بلیتی ژمارە بیست و هەشت, ئەمڕۆ گۆرانییەک دەگوترێ, بێڕەنگ, کاتی تایبەتی ڕووبار, ستایشێک بۆ جوودی).




گەڕان ٨.. ناڵە حەسەن

( باران ، میهر ، ڕەشبوونەوە ، تابلۆ ، وەهم ، دۆزەخ ، ئومێد ، سروشت ، ونبوون ، کۆڵنەدان ، مردن ، بەرائەت ، ئەبەدی ، یادەوەری ، عەشق ، نائومێدی ، ئەشقیا ، دابڕان ، ناتەبا ، هاوڕێ ، کەوتن … )
١
( ……….. )

ژیانمان / دۆزەخ
مێژوومان / دۆزەخ
ئایندەمان / دۆزەخ
لەنێو ئەم نائومێدی و مردنە کوشندەیە
ئیدی گەلۆ /
بەهەشت چ درۆیەکی گەورەیە …!
٢
( ……….. )
تۆ لە هەڵمی
نێو کەفوکوڵی
سەر مەنجەڵە شیرێکی کوڵاو دەچیت
لە چاوتروکانێکدا ون دەبیت
تۆ تەنها / لەنێو رووبەرە نادیارەکان و
ونبوون بوونت هەیە / ئەی شۆخ …!
٣
( ……….. )
تۆ یەکێک لە پەرییەکانی خودا و
ڤینۆسە سەوداسەر و سەرمەستەکانی منیت
لەنێو پەرستگە ڕووناکەکانی
نێو خەون و شیعرەکانم دەژیت …!
٤
( ……… )
تۆ لەو دڵۆپە بارانە دەچیت
کە هەمیشە
لێوی پنجە گیاکان تەڕدەکەیتەوە
سەوزایی بە سروشت و
هەناسەش بە قەڵەمەکەی من دەبەخشیت …!
٥
من لەمەودوا
یەکێک
لە کتێبە شیعرییەکانم ناو دەنێم
تۆی / خەونی من …!
٦
( ……….. )
لەنێو چاوەکانت مردنی خۆم و
لەنێو نیگاکانت جەستەی شیعرەکانم و
لەنێو دڵۆپە فرمێسکەکانیشت
گۆڕستانی خەونەکانم دەبینم
لەگەڵ ئەوەش
من پڕم لە جوانییەکانی تۆ
بەڵام هەموو ڕۆژێ
لە بناری مەمکۆڵەکانت
نائومێدییە گەورەکانی خۆم دەنووسمەوە
٧
( ……….. )
تۆ دڵت هی خۆتە
بەڵام من نا
منیش خەونەکانم هی خۆ من
بەڵام تۆ نا
جیاوازییەکانی ئەو دونیاشمان
دۆزەخ بۆ من و
بەهەشتیش بۆ تۆ …!
٨
( ………… )
١/ ( بۆت نووسیبووم
وا لەنێو دەریای ماڵئاوایی
بلق بلق دەخنکێم … ! )
٢/ چیت بۆ بنووسم ئازیز
هەموومان دەمێکە
لەنێو ڕووبارە لیخنەکانی نائومێدی
خنکاوین
هەر دەڕۆین و
پەنجەرەیەک نادۆزینەوە بۆ ڕوانین
ڕووناکییەک نابینین بۆ ئارامبوونەوە
هاوڕێ / دەمێکە دەمێک
بە دەستاڕی دڕندەیی یەکتری دەهاڕین
کاتژمێری خەونەکانیشمان
چک چک چک
جار جار دەوەستێ و
جارجاریش
بە لینگە قووچی دەسووڕێتەوە
٩
( ……….. )
منداڵیم لە نێو مندا
نەک هەر نیشتیمانم
هەموو گەردوونی داپۆشیوم
هەربۆیە ئێستاش
بە خەیاڵەکانی منداڵیم / خەون دەبینم
لەنێو شیعرەکانیشم
بە زمانی منداڵیم قسە دەکەم و
بە دەستە پاستیلێکیش
لەسەر دەفتەر ڕەسمەکەم
خەتخەتۆکەی ڕەنگاوڕەنگ دەکێشم …!

تێبینی : خوێنەری خۆشەویست ناونیشانی ئەم وردە شیعرانە لەو وشانەی سەرەوە هەڵبژێرن ، هەندێکیان زێتر لە ناوێک لەخۆدەگرن . خۆتان ئازاد و سەرپشک بن لە دانانی ناونیشانەکان …!

                                                دیسەمبەری ٢٠٢١  



میری بەهەشت.. ناڵە حەسەن

شازادەیەکی شەوگەڕ
چاوێکی پڕ لە ئاگر و
چاوەکەیتر پڕ لە دوکەڵ
گیرفانێکی پڕ لە بارووت و
گیرفانەکەیتر پڕ لە حەشیش
شازادە
جارجارە لەنێو ئەشکەوتێکی تاریک
لەگەڵ ئەسحابەکان دەچیتە خەڵوەت و
دواتر خەوێکی قووڵ قووڵ
زۆرجارانیش
بەدەم خەوەوە ڕێدەکات
بەدەم خەوەوە قسان دەکات
بەدەم خەوەوەش دەفڕیت
شازادەیەکی شێواو / شێواوێکی شەڕانگێز
هەر بەدەم خەوەوە
شیرە دووسەرییەکەی لە قەڵغان دەردەهێنێ
بەرەو بەهەشتی خەونە دۆزەخییەکانی دەڕوا
دەڕواو دەڕواو دەڕوا
دەڕوا و ئاوڕ ناداتەوە
هەرچییەکیش بێتە بەردەمی
ڕووناکی
با
باڵندە
مێروولە
تەنانەت خاڵخاڵۆکەکانیش / خەڵتانی خوێن دەکا
هەندێکجاریش / لەسەر بەرماڵێکی ڕەشی ئاوریشمین
بەرماڵێکی ڕەش ڕەش
بەدەم دوعا و نزاوە
کڕنۆش بۆ دێو و داینەسۆرەکان دەبات
شازادە
خۆی و جانتایەک پڕ لە وەهم
خۆی و بوخچەیەک پڕ لە خەون
خۆی و گۆزەیەک پڕ لە شەڕاب
لەسەر پشتی ئەسپی گەردەلوول
بەسەر پردی سیراتەوە
پردێکی سەرابی سەما دەکات
لەنێو بەهەشتیش
دەرگای ژوورەکان بەسەر تەنیایی خۆی دادەخات
پەنجەرەکانیش
بە پەردەیەکی ئەستوور دادەپۆشێ
فەرمان بە حۆرییەکانیش دەدات
تیر بگرنە / شەپۆلەکان و خۆرەتاو و جەستەی سەوزایی
بڕیار دەدات
جگە لە گوڵە حاجیلەکان / هەموو گوڵەکانیتر دەبێ بمرن
جگە لە پایز / هەموو وەرزەکانیتر دەبێ بمرن
جگە لە مانگ / هەموو ئەستێرەکان دەبێ بمرن
کاتژمێری دەستی شازادە زەمەن ناخوێنێتەوە و
شەو و ڕۆژ لەیەک جیا ناکاتەوە
چاوەکانی
جگە لە پەیکەرە بەردینەکەی خۆی
هیچ زیندەوەرێک و بوونەوەرێکیتر نابینن
هەر خۆیی و هەر خۆیی و هەرخۆی
دواجار بڕیار دەدات
هەرخۆیشی ببێتە میری بەهەشت …!

                                           تەموزی ٢٠٢٠



شیعر و گێندەر.. ناڵە حەسەن

بۆ نووسینی ئەو بابەتەم ، یان دیاریکردنی پەیوەندییەکانی ( شیعر و شاعیر و گێندەر _ ڕەگەز ) بەوەوە دەست پێدەکەم ، زۆرجاران لە دیمانەکان یان قسەکردن لەبارەی شیعر و شاعیران دەڵێن ، ژنە شاعیر ( کەژاڵ ئەحمەد ) یان خانمە شاعیر ( ئاوێزان نووری یان هێرۆ کوردە ) یان هەر کەسایەتییەکی ژن یان کچ ، ئەوانەی کە شاعیرن . بەڵام / هەرگیز نەمان بیستووە و نەمان بینیوە بڵێن / پیاوە شاعیر ( سەباح ڕەنجدەر یان کەریم دەشتی ) ، زێتر دەڵێن / ( سەباح رەنجدەر )ی شاعیر یان ( کەریم دەشتی ) شاعیر ، بۆ شاعیرەکانیتریش بە هەمان شێوە .. ئێمە لەنێو ڕووبەری ئەم باسەمان کە ڕاناوی کەسی دووەم بۆ شاعیرەکە بەکاردەهێنین ، مەبەستمان خودی کەسەکە یان کەسایەتییەکە نییە هێندەی / مەبەستمان ( ئەوی شاعیرە ) ، بۆ ڕاناوی کەسی یەکەمیش ( مەبەستم خۆم نییە ، بەڵکو مەبەستم ( منی شاعیرە ) . بۆیە / کە باس لە ( کەژاڵ ئەحمەد ) دەکەین / مەبەستمان لە ( کەژاڵ ئەحمەد سەعید ) نییە بەڵکو ، مەبەستمان لە ( کەژاڵ ئەحمەد )ی شاعیرە ، واتە ( ئەوی شاعیر ) ، یان بۆ ( سەباح ڕەنجدەر ) مەبەستمان لە ، ( سەباح سابیر حەسەن ) نییە بەڵکو ، مەبەستمان لە ( سەباح ڕەنجدەر )ی شاعیرە . لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری دەکەین ، ئایا دەکرێت بڵێین / ( ژنە شاعیر تەرزە جاف یان پیاوە شاعیر شێرکۆ بێکەس ..؟ ) . یان ( خانمە شاعیرەکان و پیاوە شاعیرەکان …! ) ، لێرەدا وەڵامی ئەم پرسیارە نادەینەوە ، دواتر لە سیاقی قسە لەبارە کردن و ڕوونکردنەوە و باسکردن لە نموونە و فاکتەکان ، وەڵامەکە بەشێوەیەکی ڕۆشن و ڕوون خۆی دەدات بە دەستەوە و منیش وەک نووسەری ئەم بابەتە / وەڵامی کۆنکرێتی خۆم دەخەمەڕوو ، هێندە هەیە لێرەدا تەنها ئەو تێبینیە دەخەمە ڕوو یان بیرتان دەهێنمەوە کاتێک دەڵێن / خانمە شاعیرەکان ، یان پیاوە شاعیرەکان ئەوە باس لە کەسایەتییەکان دەکەن ، نەک ئەوانی شاعیر ..! چونکە بەبڕوای ئێمە خودی کەسەکان و کاراکتەرەکانییان جیاوازە لەگەڵ ئەوانی شاعیر ، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە و بۆ شۆڕبوونەوە بۆ نێو قووڵایی مەبەستەکانم ، لێرەدا لە ئەزموونی شیعر و ( منی شاعیر ) دەستپێدەکەم و چەند نموونەیەک لە شیعرەکانم دەهێنمەوەو باسیان دەکەم . لە کۆپلەی یەکەمی ( سروودی بەرەو یەکسانی ) دا دەڵێم ..
لەو ڕۆژەوەی نرخی مرۆڤ بۆتە کاڵا
پشتم لەژێر قوڕسایی کار کۆم بۆتەوە
مۆری زەعیفە و کۆیلەتی بەناو چاوم لکێندراوە
هەوری ڕەشی پیاو سالاری
بە قووڵایی ڕۆحی گەشم شۆڕبۆتەوە …!
ئەم شیعرە لە ناوەڕاستی نەوەدەکان نووسیومە ، کراوەتە سروود و لەلایەن مۆسیقاژەن ( پایەدار بەرزنجی ) ئاوازی بۆ دانراوە ، دوو سێ ساڵ لە مەراسیمی( هەشتی مارس ) لە هەولێر بە کۆرس گوتراوەتەوە ، کە ناوەڕۆکەکەی باس لە جێگەو ڕێگەی ژنان و ئازار و ستەمێک لەسەر ژنان دەکات ، لەنێو دەقەکەدا . ژنێک باس لەخۆی دەکات و دەڵێت ،( لەو ڕۆژەوەی نرخی مرۆڤ بۆتە کاڵا ، واتە لەو ڕۆژەوەی موڵکدارێتی لە ( گشتییەوە گۆڕاوە بۆ تاک و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کەوتونەتە دەست پیاوان ) ، لەو کاتەوە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە دەستی پێکردووە و چینەکان دروست بوونە و یەکەمین قوربانییانی ئەم چەوساندنەوەیەش ژنان بووینە ، لە قۆناغی بێ ڕەحمی سەرمایەداری و لەژێر سایەی سیستەمی پیاوسالاریش ژان و ئازارەکانی ژنان بەوپەڕی گەیشتوون ، بۆیە دەڵێ ( هەوری ڕەشی پیاو سالاری بە قووڵایی ڕۆحی گەشم شۆڕبۆتەوە ..! ) ، ئەگەر لەم کۆپلە شیعرە و لە ناوەڕۆکەکەی ورد بینەوە دەبینین ، ئەوە ژنێکە قسە دەکات و باس لە ئازارەکانی خۆی دەکات ، بەڵام ( منی شاعیر ) ئەم شیعرەی نووسیوە ، واتە دەنگێکی مێییینە لەنێو منی شاعیردا هاتۆتە قسە ، ( منی شاعیر ) لەنێو ئەم دەقە شیعرییە کەسێکی مێینەم یان دەنگێکی مێینەم لە خۆمدا بەرجەستە کردووە ، بەدەر لەوەی خۆم وەک کەسایەتی چیم و چ گێندەرێکم هەیە ، من باس لە ( منی شاعیر ) دەکەم لەنیو ئەو دەقەدا .. لە شیعرێکی ترم بەناوی ( شەباهەنگی بەفر ) ، لە شوێنێکی شیعرەکەدا دەڵێم ،
خۆم دەخزێنمە نێو باوەشی هەڵمی ڕووبارە شەرمنەکان
لەگەڵ کازێوەی عەشق پێکەوە سەفەر دەکەین
دەمەوێ لە ئاهەنگی لە دایکبوونی خۆر سەما بکەم
تا لە بەهەشتی خەونە سک پڕەکانی بەهار
دەسکە گوڵێک بۆ تەمەنی کچێنی خۆم و بۆ گەڵا پایزییەکانی
ئەم دەڤەرە بە دیاری بهێنم …!
ئەم شیعرە بەروارەکەی لە ( ئازاری ١٩٩٦ ) نووسراوە و دواتر لە ساڵی ( ١٩٩٩ ) لەگەڵ کۆمەڵە شیعرێکی تر لە کتێبی ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) بڵاوبۆتەوە ، شیعرێکە باس لە عەشق و نائومێدییەکی گەورە دەکات ، لەبارەی خەمی کچێنی و خەمی گەورە کچان دەدوێت ، لە شوێنێک بە ڕۆشنی دەڵێت ،( ئەمشەو هەردوو مەمکی تەمەنی کچێنی عەشق بەسەر شانم شۆڕبۆتەوە ، لە قووڵایی دڵە خەمناکەکانییان ، تف لە ئاوێزانبوونی هەوری ئافات و خەونە کابووسییەکانی قەدەر دەکەن ..! ) لێرەدا مەبەستمان نییە خوێندنەوەیەک بۆ دەق و ناوەڕۆکی ( شەباهەنگی بەفر ) بخەینەڕوو ، هێندەی مەبەستمان ئەو کۆپلە شیعرەی سەرەوەیە کە شاعیر / باس لە کچێنی خۆی دەکات و دەڵێ ( دەمەوێت ، دەسکە گوڵێک بۆ تەمەنی ( کچێنی خۆم ) و بۆ گەڵا پاییزییەکانی ئەم دەڤەرە بە دیاری بهێنم …! ) ئیتر چی لەمە ڕۆشنتر و ڕوونتر هەیە کە شاعیر ، لەنێو ئەم دەقە شیعرییە باس لە کچێنی خۆی و خەمێکی قووڵی کچانە دەکات ، واتە دەنگێکی مێینەی لەنێو خۆیدا بەرجەستە کردووە و کچێک یان گەورە کچێک لەنێو ئەودا هاتۆتە قسە ..! یان لە قەسیدەی ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) کە قەسیدەیەکی درێژە ، لەساڵی ( ١٩٩٥ ) نووسراوە ، لەشوێنێکی ئەم قەسیدەیە دەڵێم ،
ئێستا
ڕووباری نێوان مەمکەکانم ئاوێکی شێلووی
پێدا دەڕوات ..!
ئێستا من لەناو گێژاوی سەرگەردانی ، هاژەی
تاڤگەیەکی دڵ تەنگم ….
دەی گوڵە گیان دەی ،
دەوەرە / لەسەر نینۆکەکانم
لەسەر پشتی هەردوو دەستم
لەسەر پەڕەکانی لێوم بڕوێ
تا بەتۆوە بئاخڤم و بە تۆوەش هەناسە بدەم
تا بە تۆوە بمناسنەوە و لەم غەریبییەدا
ڕەنگی ڕۆیشتووم بێتەوەبەر
دەی گوڵەگیان
دەماچم کە
دەبم گوشە
دەبۆنم کە
دەی گوڵەکەی خۆم دەی ..!
دەقی ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) قەسیدەیەکی درێژە ، یەکێکە لە ئەزموونە سەرەتاییەکانی من لەگەڵ هەناسە درێژیم لەنێو دەقی شیعریدا ، قەسیدەیەکە ناوەڕۆکێکی پڕ لە بەرز و نزمی و پڕ کێشمەکێشی هەیە ، بەزمانێکی تەڕ و ناسکی شیعری .. ئێمە مەبەستمان ئەو کۆپلەیە کە شاعیر باس لە (مەمکەکانی ) خۆی دەکات ، وەک کەسایەتی و دەنگێکی مێیینە دەردەکەوێ ، ئەگەر ناوی شاعیری بەسەرەوە نەبێت ، خوێنەران وا دەزانن خانمێک ئەم شیعرەی نووسیوە ، لەنێو شیعرەکانم نموونەیتری لەم بابەتە بەرچاو دەکەون ، با دیوێکیتر و چەند وێنەیەکی تری شیعری بخەمە ڕوو کە لەوێدا / شاعیر ئەمجارەیان وەک دەنگێکی نێرینە دەردەکەوێت ، بۆ نموونە لە شیعری ( بۆ چاوە گەشەکانی ڕەها ) ئەو شیعرەش شیعرێکی درێژە بەڵام تەنها یەکدوو کۆپلەی دەخەینەڕوو ،
_ کچم ڕەها
چەند ڕۆژێکە هاتییە دنیا
چەند بە جوانی و چەند بە نەرمی
لە ناخەوە پێدەکەنی …!
_ کچم ڕەها
کە گەورە بووی بیرت نەچێت
لە ڕۆژانی کۆچەریما هاتییە دنیا
………………….
ڕۆحی بابەی
ڕۆڵە نەکەی کە گەورە بووی
خوێنی ناو دەمارەکانی
پەنجە ناسکە شووشەییەکەت شەختە بکا
گوڵە هێرۆی بەرسێبەری
چاوی گەشی ئەفسووناویت ئازار بدا
لەژێر کەپری مەزارەکان چۆک دابدەی
لەپی دەستت سەیری ئەستێرە و مانگ بکا …!
ئەم شیعرە لە سەرەتای مانگەکانی ساڵی ١٩٩٤ نووسراوە و دواتر لە کتێبی ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) بڵاوبۆتەوە ، ئەوکاتە ڕەهای کچم تەمەنی سێ چوار مانگ بوو .. لەبار و زروفێکی سەخت و وەزع و گوزەرانێکی دژوار .. بێ خانەو لانەیی و هەرجارەی لە کونج و کۆڵانێک ژوورێکمان بە کرێ دەگرت .. ڕۆژێک لەسەر سیسەمەکە ڕەها لەسەر پشت ڕاکشابوو منیش یاریم لەگەڵدا دەکرد ، ڕەهاش بەشێوەیەک پێدەکەنی ، منیش لە هەموو ژیانم ئەو پێکەنینە ئەفسوناوییەم لەمنداڵێکی ئەو تەمەنە نەبینیبوو ، دوای یاریکردن خەواندم . ئیتر پێکەنینەکەی لە خەیاڵما مایەوەو بوو بەسەرەتای شیعرێکی درێژ و نووسیم ، ( کچم ڕەها چەند ڕۆژێکە هاتییە دنیا دە پێمبڵێ ئارەزووی ئەم هەموو پێکەنینەت لە کوێ هێنا ..؟ ! ) ئیتر ئەم خەیاڵە تێکەڵ بە ژیان و گوزەران و ئاسۆ و ئومێد و خەونەکان و زۆرشتیتر بوو .. وەکو باوکێکی دڵسۆز ئومێد خواستن بۆ ڕەها کە لە داهاتوو چۆن مرۆڤێک و کەسایەتییەک بێت یان ژیانی چۆن بێت و بە چ ئاراستەیەک دا بڕوات ، زۆر بە ڕۆشنی هاتووە کە دەڵێ / ( کاتێک پەنجە ناسکە شووشەییەکەت شەختە دەکات ، گوڵە هێرۆی بەر سێبەری چاوی گەشی ئەفسووناویت ئازار دەدات ..! ) واتە دەخوازێ کە کەسێکی بەهێز و بەتوانا بێت لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێت ، لە کاتە ناخۆشەکان و ڕووبەڕوو بە کێشە و میحنەتەکان ، نەچێت لەژێر کەپری مەزارەکان چۆک دا بدات و لەپی دەستەکانی سەیری ئەستێرە و مانگ بکەن ، واتە دەست پان نەکاتەوە لەبەر هیچ کەسێک و تەنانەت هێزە ئاسمانییەکانیش …! لێرەدا دەبینین شاعیر وەک باوکێک قسە بۆ کچەکەی دەکات واتە ، دەنگێکی نێرینەی لەخۆی بەرجەستە کردووە …! نموونەیەکیتر . لە قەسیدەی ( من ) کە وەکو ئەزموونێکی نوێ ناومان ناوە ( دەقی تەمەن ) لە بەشی یەکەم لە کۆپلەی پێنجەم دا دەڵێم ..
لەنێو خەڵوەتگەی ژینی من
ژنێک سەرسامە بە پەنجەکانم
ژنێک سەرسامە بە قژی خاوم
ژنێک سەرسامە بە سمێڵی سوورم
ژنێک سەرسامە بە نیگاکانم
ژنێک سەرسامە بە شیعرەکانم
سەیرەکە لەوە دایە
لەنێو ئەو هەموو ژنە سەرسامانەم
منیش سەرسامم بەخۆم
هەرخۆم و هەرخۆم و هەرخۆم
خۆمی تاک و تەنیا
خۆم تا ئەبەد خۆم …!
دەبینین لەم کۆپلە شیعرەش / شاعیر لەنێو نەرجسیەتێکی تۆخ دایە ، خۆشەویستی بۆ خود لە ئاستێکی زۆر بڵند دایە ، بە دیدێگی (نێچە)ییانە و لە ئاستی باڵا لە من و بوونی خۆی دەڕوانێت کە / ئەو بیرکردنەوەیە بۆخود بیرکردنەوەیەکە لە تەواوی ( دەقی تەمەن ) ئیشی لەسەر کراوە ، بەڵام ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە ، ئەو دێرەیە کە دەڵێت ( ژنێک سەرسامە بە سمێڵی سوورم …! ) ، سمێڵ هێمایە بۆ پیاو ، واتە لێرەشدا شاعیر دەنگێکی نێرینەیە .. لەم نموونانە بینیمان منی شاعیر لەیەککاتدا لەنێو ڕووبەری شیعرەکاندا ، هەم دەنگی مێیینە و هەم دەنگی نێرینەی لەخۆیدا بەرجەستە کردووە ، هۆکارەکەش ئەوە بووە / هەر لەسەرەتای ئەزموونی نووسینی شیعریم ، ویستوومە جیاواز بیربکەمەوە و جیاواز بنووسم ، چونکە ئەوە بیرکردنەوەی جیاوازە فۆرم و ناوەڕۆکی جیاواز بەدوای خۆیدا دەهێنێت ، نوێخوازیش هەر لەنێو ئەم هاوکێشەدا مانا پەیدا دەکات ..! تا ئێرە چەند دیمەنێکمان پێشان داوە ، هێشتا هۆکار و وەڵامی پرسیارە جەوهەرییەکەمان نەداوەتەوە و بەڵام زۆرباشم لەبیرە / لەناوەڕاستی ساڵی نەوەدەکان ، ئەوکات بە ئێمەیان دەگوت ( شاعیرە لاوەکان ) ، لە گازینۆی ( مەچکۆ ) ڕۆژنامەنووسێکی برادەرم پرسیارێکی لێکردم و گوتی / ( ناڵە حەسەن ) تۆ لەنێو شیعرەکانتدا زۆر باسی ( مەمک ) دەکەیت و وەکو ( کچێک ) دەردەکەویت ، ئەگەر ناوت لەسەر شیعرەکانت نەبێت و یان وێنەت لەگەڵیان نەبێت کەس نازانێت تۆ کوڕیت یان پیاویت ..؟! منیش لەناخی ناخەوەم پرسیارەکەم زۆر پێخۆش بوو ، لە وەڵامدا گوتم / ئاخر من کە دەچمە نێو جەوی شیعری و بەنێو دنیای خەیاڵ ڕۆدەچم و قووڵ دەبمەوە لەوێدا ، لە واقیع و لەخۆم دادەبڕێم ، لەوێدا من نازانم نێرم یان مێ ، منداڵم یان پیر ، تەنها مرۆڤێکم هیچیتر ..! برادەرەکەشم سەرسام بوو بەوەڵامەکەم و قەناعەتی بە قسەکانم هات .
ئیتر لەمبارەوە ، ( نوکتە و سەرگوزشتە و باسی خۆش خۆشیش هەن …! ) . ئیتر ئەم حاڵەتە لە نێو خەیاڵ و باری دەروونیم مایەوە ، تا ئەزموونم بەرەو سەرووتر دەچوو کاریگەری ئەم بارە دەروونییەم لەنێو ڕووبەری شیعر و خەیاڵە شیعرییەکانم تۆختر دەبوو ، بەڵام نەمدەتوانی بەشێوەیەکی گونجاو تەعبیری لێبکەم و یان لەنێو پانتیایی لێکۆڵینەوەیەک تیۆریزەی بکەم . زەمەن هات و ڕۆیشت ، چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ( یوتوب ) گوێم لە دیمانەیەکی( ئەدۆنیس ) ی شاعیر ڕاگرت ، زۆر جەریئانە لە وەڵامی پرسیارێک کە باسی خۆی دەکرد گوتی ، ( کەسایەتییەکی مێینە ، یان دەنگێکی مێینە لەنێو منی شاعیردا هەیە ..! ) ، دڵخۆش بووم بەو قسەیەی ( ئەدۆنیس ) ، شیعرەکانی خۆم و پرسیارەکەی ئەو ڕۆژنامەنووسە و وەڵامەکەی خۆمم بیر کەوتەوە ، گوتم نا من هەڵەنیم ، شاعیر ( بەدەر لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکەی خۆی ) ، دەتوانێ هەم دەنگی مێینە و هەستەکانی مێینە و / هەم دەنگی نێرینە و هەستەکانی نێرینە لە خۆیدا بەرجەستە بکات ، چونکە لە دواجاردا شاعیر مرۆڤێکە بە هەموو هەستە جیاوازەکانەوە ..! لێرەدا بینیمان / شاعیر لەنێو ڕووبەری شیعر دەتوانێ دەنگی مێینە و دەنگی نێرینە لە شیعر و دیمەنە جیاوازەکان لە خۆیدا بەرجەستە بکات ، ئێستا باس لە دەقی ( بەیان ) دەکەین کە یەکێکە لە قەسیدەکانی ( شیرکۆ بێکەس )ی شاعیر ، پوختە و ناوەڕۆکی دەقی ( بەیان ) بەو شێوەیەیە ، بەیان کچی دێیەکە سەر بە ناوچەی مەریوان ، کچێکە لەگەڵ موعاناتی خۆی و کۆمەڵگە چەوساوەکەی دەژی ، ئەم ژیانە نابەرابەرەی بۆ قەبووڵ ناکرێک ، چ وەک کچێک چ وەک کەسایەتییەکی کوردی ژێردەستە ، شەوانان تا درەنگی شەو سەدان پرسیار بەخەیاڵی دادێت ، ( شێرکۆ بێکەس ) لە بەشێکی قەسیدەکەی دەڵێت ،
ئێستا کەنیشکی ئەم دێیە
دێت و ئەڕوا و قسەی پێیە
قسەکانی لەلای هەندێ
وەک شەمامە هەڵئەگیرێ ….
ئەم کیژەمان وەکوو
چاوی بیری زیت بوو
گشت شەوگارێ
لەژێر لێفەی کون کونەوە
بە قەد ژمارەی ئەستێرەی
شەوی هاوینانی ناودێ
هەنگی پرسیار لەناو سەریا
ئەو ڕۆژان و
تا بەربەیان
نەیان ئەهێشت چاو لێک بنێ
ئەم بۆ ئەژی ؟ ئەو بۆ ئەمرێ
ڕەنج بۆ ئەخورێ ؟
ئەم بۆ دیلە ؟ چۆن ڕاپەڕێ ؟
بەیان / هۆشیارییەکەی دەگاتە ئەو ئاستە بڕیار دەدات چەک هەڵگرێ و ببێ بە پێشمەرگە . ئەم بڕیارەی لەلای پیاوانی ئایینی و هەندێ لە کەسەکانی دێکەی دەبێتە مایەی ڕەخنە و توانج بەڵام ، بۆ کیژۆڵان و زۆرێک لە کەسانی هاودەمی خۆی مایەی دەستخۆشانە دەبێت ، بەیان پێشمەرگەیەکی ئازا و چالاک دەبێت ، دەبێتە سەردەستەی گرووپەکەیان ، دوای ماوەیەک نامەیەک بۆ ماڵەوەیان دەنێرێ ، چونکە بەیان ئێستا هێندە کەسایەتییەکی خۆشەویستە نامەکە ئەودەست و ئەو دەست دەکات ، لەماوەی یەکدووڕۆژا نامەکە گەچراو و کۆن دەردەکەوێ ، لە ترسی دڕان و لەناوچوون دەیبەن لەمزگەوت بە مەکەبەرە دەیخوێننەوە ..! دواتر بەیان شەهید دەبێ ، شاعیر لە کۆتایی قەسیدەکە ، دەڵێت ،
بەیان بەیان بەیان
ئیتر بەیان هەر بە تەنها
دار گێلاسی مەریوان و ئێران نییە
کانی سنە و بۆکان نییە
ئەمڕۆ و سبەینێ و داهاتووش
ئیتر بەیان کیژۆڵەکەی دایە گەورەی کوردستانە
ئیتر بەیان لە ئێستەوە
ئەستێرە سوورە گەشەکەی هەژارانی گشت جیهانە ..!
تا ئێرە وەکو بەبیر هێنانەوەیەک پوختەیەکی کورتمان لە ناوەڕۆکی دەقەکە باسکرد ، بەڵام مەبەستی ئێمە لە باسکردنی ئەم دەقە ئەوەیە کە شاعیر ، لە شوێنێکی دەقەکە ، ڕوو لە ژنان دەکات و وەک پەیامبەرێک ، پەیامبەر بە مانا ئایینیەکە نا ، بەمانای وەکو مرۆڤێک پەیامی پێیە ، یان وەکو قسەکەرێک قسەی پێیە ، چونکە دواجار شاعیر لەنێو شیعرەکانیدا قسەکانی خۆی دەکات .. جا ئەو شاعیرە یان ئەو پەیامبەرە دەکرێ کەسایەتییەکی مێینە بێت ، چونکە لەسەر سەکۆیەک رووی دەمی لە ژنانە و قسە بۆ ژنان دەکات و دەڵێت ،
ئەی ژنانی وڵاتە قژ سووتاوەکەم
بەیان زەنگە
گوێی لێبگرن !
دەستڕێژی ئازادیی
ناو ئێوەیە
سەر هەڵبڕن
بەیان دەمی ئەو پاچەیە
شەوە زەنگتان ئەڕوخێنێ
دەنگ هەڵبڕن
بەیان ئەو دارو خشتەیە
دنیای تازە پێکدەهێنێ
چاو هەڵبڕن
بەیان لوولەی ئەو چەکەیە
مەرگ ئەمرێنێ
کوان ؟ ! ڕاپەڕن ..!
لە وردبوونەوە لەم دیمەنە شیعرییە ، هاوکات دەکرێ خوێندنەوەی ئەوەشی بۆ بکەین کە شاعیر ، دەنگێکی مێینە نەبێت ، دەکرێت دەنگێکی نێرینەی ئازادیخواز بێت ، واتە پیاوێکی ئازادیخواز بێت ، هیچ لەناوەڕۆکی قسەکان و پەیامەکە ناگۆڕێت ، واتە لەنێو ئەو پەیامە شیعرییەی ( شێرکۆ بێکەس ) ئەو هاوکێشەیە دەبینین کە / ( ئەوی شاعیر ) لە یەککاتدا ، توانیویەتی هەم مێ بێت یان نێر ، دواجار مرۆڤێکە لە قووڵایی هەستێکی ئینسانی باسی لە نابەرابەری و جەور و ستەمی سەر کۆمەڵگایەکی ژێردەستە کردووە ، واتە( ئەوی شاعیر ) بەدەر لەوەی لە گێندەرەکەی هەرچییەکە ، وەکو مرۆڤێک هەستەکانی خۆی لە ڕوانگەی مرۆڤبوونەوە ، بەرامبەر بە کەسێک و کێشەیەک خستۆتە ڕوو . لێرەدا دەمانەوێت باس لە دیمەنێکیتر ، یان دیوێکیتری ئەم باسەمان بکەین و چەند نموونە و فاکتێک بخەیەڕوو ئەویش ، ( ژن و مەسەلەی ژنان )ە یان کێشەی ژنان لەنێو ڕووبەری شیعری دا ، لە کۆمەڵگەی تەقلیدی و دواکەوتووەکان ، ( ژن بوون ) کێشەیەکە و ژنان هەمیشە ڕووبەرووی ستەم و چەوسانەدنەوە دەبنەوە ، بۆیە هەوڵدان و خەباتکردن بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکان ، هەم لەلایەن ژنانی وشیار و بەشێک لە پیاوانی ئازادیخوازیش ئامادەیی هەیە ، بۆیە دەبینین زۆرێک لە ژنان ، ئەوانەی شیعر دەنووسن و شاعیرن ، لەنێو ڕووبەری شیعرەکانییان باس لە هەستی ژنانەی خۆیان دەکەن و وەک دەنگێکی مێینە دەنگ هەڵدەبڕن ، تا ئەو ئاستەی شانازی بە ژنبوونی خۆیان دەکەن ، کە ئەمەش خاڵێکی پۆزەتیف و شکۆدارە ، یان لە پەنا ئەو دەنگهەڵبڕینە و دەربڕینەی هەستە مێینەییەی خۆیان باس لە کێشەکان و پەیوەندییەکان و خەمە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کلتوورییەکان دەکەن ، بەڵام با بزانین دەربڕینی ئەم دەنگە مێینە و هەستە ژنانەییە ، دەبێتە هۆی ئەوەی کە / چەمکی گێندەر ئەو کاریگەرییەی هەبێت لەنێو ڕووبەری دەق و تا ئەو ئاستەی مۆری گێندەری پێوە دیار بێت ..! لێرەدا باس لە شیعرێکی ( کەژاڵ ئەحمەد )ی شاعیر دەکەین ، بەناوی ( باخەوان ماندووترە لە ئاو ) ، شاعیر لە سەرەتای شیعرەکە دەڵێت ،
پێت سەیرە نانووشتێمەوە
بە تەنیا بۆ
بۆنکردنی گوڵێک نەبێت
یان بۆ ماچکردنی ڕوومەتی منداڵێک
سینگ و بەرۆک ناکەمەوە
بۆ شیردان بە شیعرێک نەبێت
یان ئەوینی لەبیرکراوی شەماڵێک ..
( کەژاڵ ئەحمەد ) لە بەشێکیتری شیعرەکەیدا دەڵێت ،
پێناکەنم بەدەم کەڕووی
جەستەی نیشتیمانێکەوە
بۆگەنی کردووە
ناشگریم لەبەردەم قەوزەیەکدا بەهۆیەوە
حەوزی ژیانی ئەم خەڵکە لیقبووە !!
دیوارێک باشتر گوێ دەگرێت
بەردێک باشتر هەست دەکات
باڵندەیەک سەیر لەبەر من
خەمبار دەبێت و
سبەی دەمکات بە جریوەی چیڕۆکێک …!
بەشێوەیەکی گشتی / شیعرەکە لە ڕووی زمان و شیعرییەتەوە ، شیعرێکی جوان و نایابە ، ناوەڕۆکێکی قووڵی هەیە ، بەخێرایی لە دەرگای زۆر کێشە و ململانێی داوە ، هەستێکی ژنانەی ڕۆشنی دەربڕیوە بەتایبەت بەرامبەر بەوەی کە ، پێیان وایە ژنام زەعیفە و لاواز و بێهێزن ، ، یان خەمەکانی نیشتیمان و کێشەکانی ڕۆژ و زۆر شتیتر ، وە رەخنەیەکی تۆخ لە ئەوی بەرامبەری دەگرێت جا هەرکەسێ بێت ، لێرەدا نامانەوێت بە قووڵی باس لە ناوەڕۆکی دەقەکە بکەین ، بەڵام هەر بە خوێندنەوەیەکی خێرا ، دوو شت دەبینین / شاعیر دەیەوێت کەسایەتیەکی بەهێز و متمانە بەخۆبوو بەمانای کەسایەتییەکی ئازا بەرجەستە بکات ، کە بە بەرامبەرەکەی دەڵێت / پێت سەیرە نانووشتێمەوە ..! یان دەڵێ / پێناکەنم بەدەم کەڕووی جەستەی نیشتیمانێکەوە ، یان / ناشگریم لەبەردەم قەوزەیەکدا ..! ئەمانە هەمووی هێما و نیشانەی بەرجەستەکردنی کەسایەتییەکی بەهێزن ، هاوکات باس لەهەندێ شت دەکات کەلای ئەو گەورەو پیرۆزن ، بۆ نموونە / نانووشتێتەوە بە تەنیا بۆ بۆنکردنی گوڵێک یان ماچکردنی ڕوومەتی منداڵێک نەبێت ، یان سینگ و بەرۆکی خۆی ناکاتەوە بۆ شیردانی شیعر نەبێت ، دیارە شیردان لە ڕێی مەمکەوە هێمایە بۆ ڕەگەزی مێینە ، بەڵام ئەو لەو هەستە ژنانەیەوە دەیەوێت ( گەورەیی و گەردوونیەتی شیعر )مان پێشان بدات ..! کە ئەوەش چ لە نەنووشتانەوەکەی بە تەنیا بۆ بۆنکردنی گوڵێک و ماچکردنی منداڵێک / یان سینگ و بەرۆک نەکردنەوە بۆ شیردان بە شیعر نەبێت ..! لێرەدا دیمەنێکی ناوازەی پڕ لە شیعرییەت و جوانکاری نەخشاندووە ، ئەگەر زێتر ورد بینەوە و بپرسین ، ئایا چەند کاریگەری گێندەر لە پشتی هەستەکانی نێو ئەم دەقە دەبینین ..! شاعیر لە پشتی هەست و خەیاڵەکانی خۆی باسی کەسایەتییەکی بەهێزمان بۆ دەکات ، باسی پیرۆزی گوڵ و منداڵ و گەورەیی شیعرمان بۆ دەکات ، باسی خەمەکانی نیشتیمان و ئەزمەکانی ڕۆژ دەکات ..! کاریگەری گێندەر لەکوێی ناوەڕۆک و هاوکێشەکانی ئەم دەقە دایە ..؟ ئایا ئەگەر ئەم دەقە لە جیاتی ناوی کەژاڵ ئەحمەد ، ناوی ( سەباح ڕەنجدەر )ی بە سەرەوە با یان هەر شاعیرێکی تر ، چی لە ناوەڕۆک و مانا و هاوکێشەکان دەگۆڕی ..؟! دواجار هەستی ژنانەش هەستێکی مرۆڤانەیە و پەیوەندی بەوەوە نییە شاعیرەکە چ جۆرە رەگەز و گێندەرێکی هەیە ، مەبەستمان ( ئەوی شاعیر )ە نەک کەسەکە خۆی ، بینیمان تەنانەت دەربڕینی هەستی ژنانە و دەنگی مێینەییش لەنێو ڕووبەری دەقی شیعریدا ، گێندەری نووسەرەکە گرینگییەک و کاریگەرییەکی ئەوتۆی بەسەر دەقەکەدا نابێت ، هاوکات / بۆ مەسەلەی کێشەی ژنان و ڕزگاربوون لەم کێشەیە ئەمە کاری شیعر و ئەدەب نییە ، دەکرێ شیعر و ئەدەب یارمەتیدەر بن بەڵام ، وا پێویست دەکات لە رێگای هۆشیاری کۆمەڵگا و لە ڕوانگەیەکی ئینسانی و لە چوارچێوەی یاساو دەستوورێکی مۆدێرن ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن ..! لەم بارەیەوە ، باس لە شاعیرێکی تر و شیعرێکیتر دەکەین ، ئەویش ( تەرزە جاف )ی شاعیرە ، ( تەرزە جاف ) شاعیرێکە لەنێو شیعرەکانی بە زمانی شیعری و بە ڕۆشنی باس لە خۆیی و هەستەکانی و هاوکات / پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆیی و دەوروبەری دەکات ، ڕاستگۆیانە و ڕاشکاوانە تەعبیر لە خۆی دەکات و خۆی دەنووسێتەوە ، واتە ( تەرزە جاف ) هەوڵ دەدات لەنێو شیعرەکانی خۆی بێت و شاعیرێکە لەنێو ڕووبەری داهێنان و شیعر هەوڵی جوانی هەیە ، شیعرێکی ئەم شاعیرەمان بەناوی ( جوانترین ) دەخەینە ڕوو ، شاعیر لە شیعرەکەیدا دەڵێت ،
تۆ چەند جوانی
کاتێک لە باڵا و سینە و
نیگای کچێکەوە
شیعرێک دەخوڵقێنی !
تۆ چەند زانای
ئەو کاتانەی لە کۆڕێکدا
یان بەرامبەر ژنێکی جوان
باس لە مافی ئافرەت و
مافی ئازادی ئاو دەکەی !
تۆ چەند بەرزی
ئەو کاتانەی لە ڤیستیڤاڵێک
یان لە سەنتەرێکی گەنجان
بەسەر ئازادیی دەربڕین و
سەربەخۆییدا هەڵدەدەی!
تۆ چەنێک جوانیت ،
چەنێک زانا ،
چەنێک بەرز !
کەچی ئەو ڕۆژەی کچۆڵەکەت دەکەوێتە عەشقەوە:
تۆ
چەند درۆزنیت
چەنێکیش گوناح …!
ناوەڕۆکی شیعرەکە زۆر ڕۆشنە .. باسی دوو ڕوویی و درۆزنی کەسێک یان کەسەکان دەکات ، ئەوانەی لە پشتی میکرۆفۆنەکانەوە ، لە کۆڕ و ڤیستیڤاڵ و گۆڕەپانەکان و شوێنە گشتییەکان ، باس لە ئازادی و مافی ئافرەت و ئازادی تاک دەکەن و لەماڵەوەش بۆ کچۆڵەکەی خۆیان زیدانێکیان خوڵقاندووە یان ناتوانن بەرگەی ئەوە بگرن کە کچۆڵەکەیان عاشق بێ ، ئەوکات ئەوەی باوەڕیان پێی نەبێت ، قسە بریقەدار و بێناوەڕۆکەکانی خۆیانە …! یان شاعێرێک کاتێک لە ڕوانینی قەد و باڵا و نیگای کچێکی شۆخەوە ، شیعرێک دەخولقێنێ .. . دیارە دەقەکە ناوەڕۆکێکی جوانی هەیە ، شاعیر ڕاستگۆیانە باسی لە زۆربەی ( کەسەکانی ) دەوروبەر و کۆمەڵگاکەی کردووە بەڵام ، ئێمە مەبەستمان لە کاریگەری ( گێندەر و پەیوەندی گێندەرە لەنێو شیعرەکە و خودی گێندەری شاعیرەکەش ) ، با بزانین لەنێو شیعرەکەدا ئەو ( تۆ )یە کێیە ؟ کە دەڵێت ( تۆ چەند جوانی ، کاتێک لە باڵا و سینەی ، نیگای کچێکەوە ، شیعرێک دەخوڵقێنی ! ) ، ئەو ( تۆ )یەی نێو ئەو وێنە شیعرییە لە ڕووی رەگەزەوە (تۆ)یەکی نادیارە چونکە دەکرێت / پیاوێک بێت لە قەد و باڵا و نیگای کچێکەوە ، شیعرێک بنووسێت ، یان دەکرێت ژنێکی لەزبیان بێت ، یان هەر ژنێک ، بەهەمان شێوە ، لە قەد و باڵا و نیگای کچێکەوە شیعرێک بنووسێت و جوانی ژنێک ببێتە ئیلهام بۆ نووسینی شیعرێک ..! بۆیە ( تۆ )یەکە گێندەری نادیارە لە هەمانکات ، دیاربوونیشی گرینگییەکی ئەوتۆی نییە ، چونکە کەسی لەو بابەتە زۆرن لە نێو هەردوو ڕەگەزەکە ، دەکرێت ژنێک بێت چالاکوانی نێو مەیدانی مافەکانی ژنان بێت و باس لە ئازادی ژنان و ماف و ئازادی تاک بکات بەڵام ، لەماڵەوە پێچەوانەی ئەو قسانەی خۆی ڕەفتار بکات و بەتایبەت ئەو ڕۆژەی کە کچۆڵەکەی دەکەوێتە عەشقەوە ، لە نێو کۆمەڵگە دواکەوتووەکان بە هەزاران ژن و پیاوی لەمجۆرە هەن ، بۆیە لە سەرتاپای شیعرەکە / هەموو ( تۆ )یەکان گێندەرو ڕەگەزیان نادیارە و دەکرێ مێ بن یان نێر ..! هاوکات گێندەری شاعیریش هیچ لە ناوەڕۆک و بەهای شیعرەکە ناگۆڕێت ، با ناوی ( تەرزە جاف )ی شاعیری بەسەرەوە نەبێت یان ناوی هەر شاعیرێکی تر بێت ، هیچ لە بابەتەکە و لە ناوەڕۆکی شیعرەکە ناگۆڕێت …! تا ئێرە زێتر فۆکەسمان لەسەر گێندەری شاعیر بوو ، ئێستا چەند کورتە شیعرێکی تر بە نموونە دەهێنینەوە کە فۆکەس دەخەینە سەر ناوەڕۆکی دەقەکان و گاریگەری گێندەر لەنێو دەقەکاندا .. هاوکات مەبەستمان لە گێندەری شاعیرەکە و ئەو کەسایەتی و کاراکتەرانەش کە لەنێو دەقەکان ئاماژەیان پێدەکرێت . ( سەباح ڕەنجدەری ) شاعیر ، لە کتێبی ( حەزدەکەم ئەوەندە بژیم ) لە شیعری ( باوک و دایکم ) لە دوا کۆپلەدا دەڵێت ،
خونچە ئیسماعیل عومەر لە ٦/١٢/١٩٥٦ دا
بە جلی ڕەشەوە چووە پەردەی بووکێنی و ئاهەنگی خامۆشەییەوە
جلی ڕەش
جلی ڕەش
جلی ڕەش
جلی ڕەش
جلی ڕەش
جلی ڕەش
جلی ڕەش
جلی ڕەش
ئێمە کاتی خۆی خوێندنەوەیەکمان بۆ ئەم کتێبەی ( سەباح ڕەنجدەر ) کردووە بە ناوی ، ( شیعر و چەمکەکانی / ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ، لەنێو خوێندنەوەکەمان ئەوکاتیش باسی ئەم کۆپلە شیعرەمان کردووە ، بەڵام ئێستا بۆ مەبەستێکیتر خوێندنەوەی بۆ دەکەین ، بەر لەهەر شتێک لەنێو ئەم وێنە شیعرییە پارادۆکسێکی ناوازە دەبینین ، لەنێوان ( جلی ڕەش و پەردەی بووکێنی ) کە بڕشتێکی جوانی بە شیعرەکە بەخشیوە . ( خونجە ئیسماعیل ) واتە دایکی شاعیر ، بە جلی ڕەشەوە چۆتە پەردەی بووکێنی و لە ئاهەنگێکی خامۆشدا ، لە پشتی جلی ڕەشەوە وێنەی هەموو زەحمەتی و مەینەتی و ژیانی قوڕسی ژنانی کوردەواریمان بۆ ڕەسم دەکات ، ( جلێکی ڕەش ڕەش ڕەش ڕەش ڕەش …! ) ، هێمایە بۆ ژیانێکی ئێجگار سەخت و نالەبار ، خەمێکی ئێجگار گەورە ، دیمەنێک تا ئاستی تراژیدیا غەمگین ، کێشەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە ، ئاستی فەرهەنگی و کلتووری کۆمەڵگایەک دەردەخات ، ئەمانە هەمووی لە دوو دێری شیعری تەعبیری لێکراوە ، هاوکات ئەلبوومێکی پڕ لە وێنە و یادەوەریش ، هەستێکی مرۆیی گەورە ..! ڕاستە( خونچە ئیسماعیل ) ژنێکە و دایکی شاعیرە ، بەڵام خوێنەر لەبەردەم ناوەڕۆکێکی گەورە و پارادۆکسێکی گەورە دایە ، خوێنەر لەبەردەم دیمەنێکی هێندە خەمناک دایە تا ئاستی کارەسات ، بۆیە ئەوەی بیر دەچێتەوە ( خونچە ) کێیە ، گێندەر و ڕەگەزی چییە ، گرینگ ئەوەیە کەسێکی زەحمەتکێش بووە ، بە جلێکی ڕەشەوە گرینگترین شەوی ژیانی خۆی بەڕێکردووە ، گێندەری کەسەکە هیچ گاریگەرییەکی لەئاست گەورەیی و کاریگەری ناوەڕۆکەدا نییە . تەنانەت گێندەری شاعیرەکەش ، ئەگەر هەر شاعیرێکی تر / ئەو دوو دێرەی نووسیبا هەمان ناوەڕۆک و هەمان کێشە و تراژیدیای بەرجەستە دەکرد …! واتە لەم دیمەنە شیعرییە ، ناوەڕۆکەکە ڕەنگەکانی گێندەری هێندە کاڵ کردۆتەوە تا ئاستی نادیار یان ڕەشبوونەوە . نموونەیەکی تر / ( جوول کێلچێر ) شاعیرێکی ئەمریکییە ، کەسایەتییەکی ژنە ، لەهەمانکات گۆرانی دەڵێ و شیعری لیریکیش دەنووسێ ، لە کتێبێکی شیعری بەناوی ( شەوێک بەبێ زریپۆش ) ، لە شیعرێکی نێو کتێبەکە بە ناوی ( خۆت کۆکەرەوە ) ، هەرخۆم شیعرەکەم کردووە بە کوردی و وا لەخوارەوە دەینووسمەوە و قسەی لەسەر دەکەین ، ( جوول ) لەم شیعرەدا دەڵێت ،
لە کەنار دەریا خۆت کۆکەرەوە
منیش دێم و لەوێدا خۆشم دەوێی
خۆت کۆکەرەوە لەگەڵ شتە کوێیەکاندا
لەگەڵ گۆرانییەکانی چۆڵەکە و کەفی دەریا
لێگەڕێ / با جوانییەکی شێتانەش خۆی کۆبکاتەوە
لەنێو چاوەکانت بدرەوشێتەوە و بانگم بکا
چونکە من ئارەزووی پیاوێک دەکەم
لەنێو قژیدا بۆ شتە کێوییەکان هێلانە چێبکا
ئەو پیاوەی بڵێسە و گڕ ماچ دەکا …!
شیعرێکی ناسک و جوان ، ناوەڕۆکێکی قووڵ و پڕ مانا ، ئەوە دەبینین / ژنێک واتە دەنگێکی مێ داوایەک لە پیاوێک دەکات ، کە خۆی کۆبکاتەوە ، لە سەرەتا هەردوو ڕەگەزی ( نێر و مێ ) دیارن ، ژنەکە بەردەوام دەبێ لەداواکەی کە پیاوەکە خۆی کۆبکاتەوە ، تاکو ئەویش خۆشی بوێت ، لێرەدا خۆ کۆکردنەوە ، وەک هێمایەک زۆر شتی لە پشتە ، وا دیارە پیاوەکە کەسێکی هێندە نائومێدە تا ئاستی ڕەشبینی ، دەستی لە خۆیی و ژیان و ئومێدەکانی بەرداوە ، ژنەکە داوای لێدەکات خۆی کۆبکاتەوە و بگەڕێتەوە نێو ژیان و دەست بە ئومێدەکانیی بگرێتەوە ، خۆی کۆکاتەوە / لەگەڵ شتە کێوییەکان ، دەکرێ شتە کێوییەکان هێما بێت بۆ شتە یاخییەکان ، گورانییەکانی چۆڵەکە هێمابێ بۆ شتە جوانەکان ، کەفی دەریاش هێمابێ بۆ جووڵە و هەوڵدان ، کەواتە دەخوازێ پیاوەکە لەم نائومێدییە گەورەیە خۆی ڕزگار بکات و بگەڕێتەوە نیو ژیان و لەگەڵ شتەجوانەکان بژی ، بەم شێوەیە دەبێتەوە بەو کەسەی کە ئەویش خۆشی بوێت ، تا ئێرە ئاساییە ، ناوەڕۆکێکی جوان و پڕ مانا و گێندەرەکانیش دەبینرێن بەڵام ، کاتێک دەگەینە دوادێری شیعرەکە ، کە دەڵێت ،( ئەو پیاوەی گڕ و بڵێسە ماچ دەکا …! ) ، ئەم دێرە هێندە پڕ ماناو هێندە دێرە شیعرێکی ناسک و ناوازەیە ، ناوەڕۆکەکە قووڵتر پێشان دەدات ، ژیان و عەشق جوانتر پێشان دەدات ، لە بەرامبەریشدا / نائومێدی و پەرتبوونەکان گەورەتر دەردەکەون ، خوێنەر لەبەرامبەر ناوەڕۆکێکی قووڵ قەرار دەگرێت ، گێندەرەکانی بیردەچێتەوە و دەکەوێتە نێو بیرکردنەوەیەکی قووڵ ، کەسێک گڕو بڵێسە ماچ بکات دەبێ / کەسێک لێونلێو بێت لە خەونی جوان لە هیواو ئومێدی جوان ، نەک کەسێکی پەرت و لاکەوتە و نائومێد ، بۆیە لەژێر کاریگەری ناوەڕۆکێکی پڕ لە جووڵەی ئیستاتیکی ، گێندەرەکان لە مێشکی خوێنەر وندەبن کاریگەرییان نامێنێ ، تەنانەت خودی شاعیرەکەش گەر ( جوول ) نەبێت هەر کەسێکیتر بێت هیچ لە مانا و ناوەڕۆکی شیعرەکە ناگۆڕێت …! نموونەیەکی تر / شیعرێکی ( خولیا حسێن )ی شاعیر ، بەناوی ( دایکم و دەریا لەیەکدەچن ) ، ماوەیەک لەمەوبەر خوێندنەوەیەکیشمان بۆ ئەم شیعرە کردووە ، بەناوی ( شیعر و دایک و میهرەبانی ) ، بەڵام ، لێرەدا بۆ ئەم وتارەمان دیسان قسە لەسەر دیوێکی تری ئەم شیعرە دەکەینەوە ، خولیا لە سەرەتای شیعرەکەیدا دەڵێت ،
دەریا و دایکم لە یەک دەچن
کە غەریبیی دایکم دەکەم
دەچمە کەنارێکی دەریا
نیگاکانم نوقمی قووڵاییەکەی دەکەم
لە جوانی و
لە فراوانی و
لە هێمنی دەریادا
جوانی و
هێمنی و
دڵ گەورەیی دایکم دەبینم
یان لە شوێنێکی تری شیعرەکەدا دەڵێت ،
هێندە دڵخۆش و هێندە ئارام و
منداڵ دەبمەوە
وادەزانم لە ژێر ئاسمانی چارۆکە شینە
ئەفسووناویەکەی دایکم
خۆم شاردۆتەوە
نە عەشق دەمسووتێنێ
نە خۆشەویستی ئازارم دەدا
نە خەم زەفەرم پێ دەبا
نە شەکەتی پێم دەزانێ
نە تەمەن لەگەڵ خۆی دەمبا
نە دۆڕان تێکم دەشکێنێ
نە غوربەتیش دەمگریێنێ ..!
ناوەڕۆکی شیعرەکە باسکردنە لە ڕۆڵی دایک و گەورەیی و میهرەبانی دایک ، وەک کەسێکی ئازیز و پیرۆزترین و خۆشەویسترین کەس ، باوەشی دایک ئارامیترین کونج و جێگایە بۆ منداڵەکانی ، پەناگەیەکە پڕ لە میهر و خۆشەویستیی .. لێکچوواندنی دایک لەگەڵ دەریا هاوکێشەیەکی شیعری پڕ لە جوانکاری نەخشاندووە ، لە هەمانکات ، وێنەیەکی قووڵی پڕ لە مانا ..! لێرەدا مەبەستمان نییە دووبارە لەسەر ناوەڕۆکی شیعرەکە قسە بکەینەوە بەڵام ، ئایا لەم دەقە شیعرییە خوێنەر لەبەرامبەر ناوەڕۆکێکی بەرز و گەورەی ئینسانییە یان گێندەر ؟ خۆ ئەگەر خولیا بیگوتبا / باوکم و دەریا لەیەکدەچن ، خوێنەر لەبەرامبەر هەمان مانا و هەمان ناوەڕۆک قەراری دەگرت ، چونکە باوکیش هەمان ئەو کەسە گرینگە و گەورەیەیە بۆ منداڵەکانی ، هەمان پاڵپشت و باوەشی باوکیش هەمان ئەوکەنارە ئارامە و هەمان ئەو کونجەیە کە پڕاوپرە لە میهر و خۆشەویستی ، بۆیە لەم دەقە شیعرییەش گێندەر ئەو ڕووبەرە فراوانەی نییە ، چونکە لەوکاتەدا مێشکی خوێنەر سەرقاڵە بە بیرکردنەوە لە میهرەبانی و گەورەیی کەسێک ئەو کەسەش ( دایک )ە ، خۆ لەجیاتی خولیا گەر هەر شاعیرێکی تر ئەم دەقە شیعرییەی نووسیبا هەمان ناوەڕۆک و مانای دەبوو ، چونکە گێندەری شاعیریش هیچ کاریگەری بەسەر دەق و ناوەڕۆکەکەدا نییە و نابیندرێ .
ئێستا دوای ئەم هەموو نموونە و فاکتانە ، دەمانەوێت باس لە هۆکارەکان بکەین / بۆچی گێندەری شاعیرەکان لەنێو ڕووبەری دەق ئەو کاریگەرییەیان نییە ، یان شاعیرێک بەدەر لە کەسایەتی خۆی و گێندەری خۆی ، دەتوانێت وەک ( ئەوی شاعیر ) گێندەری ( مێینە و نێرینە ) لەخۆی بەرجەستە بکات و یان کەسێک بێت ڕەگەزی نادیار بێت و تەنها وەکو مرۆڤێک دەرکەوێت . یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە / شاعیر لەنێو رووبەری دەق ، بەهۆی زمانەوە دەتوانێت توخمەکانی سروشت وەک ( با ، درەخت ، ئاو ، ئاگر ، هەور ، ئەستێرە ، مانگ ، بەرد ، ڕووناکی ، هەتادوایی .. ) ، بەکاراکتەر بکات و بەقسەیان بهێنێت ، کاتێک دەڵێت / من ڕەشەبام کە هەڵدەکەم ….. . ئیتر لێرەدا شاعیر ڕەشەبا وەقسە دەهێنێت ، گێندەر هیچ ڕۆلێکی نابێت ، گێندەری شاعیرەکە خۆی لە پەیوەند بە توخمەکان ( چ مێ بێت یان نێر ) هیچ لە بابەت و ناوەڕۆکی دەقەکە ناگۆڕێت ، خاڵێکی تر / شاعیر دوای بیرکردنەوە دەچێتە نێو قووڵایی خەیاڵ ، هێندە قووڵ دەبێتەوە تا گەیشتن بە ڕووبەری ناخودئاگایی .. ڕووبەری ناخودئاگاییش بەمانای ( دابڕان لە ئاگایی و هۆشمەدی خود ، هاوکات دابڕان لە واقیعی مەوجودیش واتە واقیعی هەبوو ) هەروەها لە واقیعی خۆیشی دادەبڕیت …! ، بۆیە لێرەدا ئەگەر باسی کردەی ( کوشتنی باوک ) بکەین لەلای ( فرۆید ) و لەو سەرچاوانەش بکۆڵینەوە کە هاوکاری بوون بۆ نووسینەوەی ئەم تیۆرە ، دەبینین چ لە ( ئۆدیبی ( سۆفۆکلیس ) و هاملێتی ( شکسپیر ) و برایانی کارامازۆفی ( دەستۆفسکی ) لەوێدا ، ئەوە دەخوێنینەوە کە / نووسەرەکان و پاڵەوانەکان لەوکاتەدا لەژێر کاریگەری پاڵنەرە ( ناخودئاگاییەکان ) بوون ، یان تەقاندنەوەی پاڵنەرێکی دەرەکی کە هەمیشە لەنێو رووبەری ناخودئاگاییان کاریگەرییەکی تۆخی هەبووە ، ئەم پاڵنەرە دەرەکییەش ( ململانێی سێکسی یە لەبارەی ڕەگەزی مێ وە ) ، لەوکاتەدا چونکە لەنیو رووبەری ( ناخودئاگایی )دا بوون ، دواتریش کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ باری ( خودئاگایی ) یان باری ئاسایی خۆیان ، ئەوکات پەشیمان دەبنەوە لێرەدا مەبەستم لە تاوانبار و توانبار نەبوونی کەسەکان و کردەکە نییە ، مەبەستمە باری ئەو ( دابڕانە )ە پێشان بدەم ، کاتێک دەڵێین کەسەکان لەباری ( ناخودئاگایی ) گەڕانەوە بۆ باری ( خودئاگایی ) و باری ئاسایی خۆیان واتە ( دابڕابوون ) لە واقیعی خۆیان و دەرەوەی خۆیان …! بۆیە بە دیوێکیتر دەتوانین بڵێین / شیعر نووسینەوەی چرکە ساتەکانی وڕێنەیە ، واتە چرکە ساتەکانی دابران لە هۆشمەندی و ئاگایی خود ..! چونکە شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە ، لێرەدا شاعیریش دەبێتە گەریدەیەکی گەردوونی …! کاری بەسەر ئەوەوە نییە خۆی لەدنیای واقیع چ ڕەگەز و گێندەرێکی هەیە ، شاعیر لەنێو ڕووبەری خەیاڵ و لەنێو پانتایی زمان بوونێکی جیاوازی هەیە واتە تەنها مرۆڤە و هیچی تر …! ، بۆیە گەر لێرەدا باسی ( شیعری ژنانە و ئەدەبی ژنانە ) بکەینەوە ئێمە زۆرجاران ئەم پۆلینکردنەمان بەناوی ئەدەبی ( ژنانە و پیاوانە ) و یان ( شیعری ژنانە و پیاوانە ) ڕەتکردۆتەوە ، لە کتێبی ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا )ش بە ڕۆشنی قسەمان لەسەر پۆلینکردنی شیعر و ئەدەب کردووە و ڕەتمان کردۆتەوە بەو هۆکارەی ، کە ئەدەب یان شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە و لەنێو کایەی ( مرۆڤ و بەها مرۆییەکان ) ئیش دەکات ، بە هەر هۆکارێک بێ / ناتوانین ئەدەب یان شیعر پۆلین بکەین و ڕووبەرە فروانەکەی بچووک و بەرتەسک بکەینەوە ، بەڵام لێرەدا ئەو خاڵەش زیاد دەکەین کە / ئەگەر بڵێین ئەدەبی ژنانە یان شیعری ژنانە بەمانای ، ( ئەوی شاعیر ) لەنێو رووبەری بیرکردنەوە و خەیاڵ هێندە قووڵ نەبۆتەوە تا لە واقیعی دەرەوە و لە واقیعی خۆی داببڕێت ، یان نەگەیشتۆتە ڕووبەری ناخودئاگایی و سنووری دابڕان ، واتە هەر ( خۆیەتی ) نەک ( ئەوی شاعیر ) ، ئیمە لەسەرەتای ئەو باسە گوتمان / ئێمە لەم وتارەمان مەبەستمان خودی کەسەکە نییە بەڵکو ، مەبەستمان ئەوی شاعیرە ، بۆیە هەڵەیەکی گەورە دەکەین گەر بڵێین ( ئەدەبی ژنانە یان شیعری ژنانە ) ، چونکە من بیستوومە هەندێک لە خانمەکان ، ئەوانەی شاعیرن و شیعر دەنووسن ، لە دیمانەکان دەڵێن / بۆیە باوەڕمان بە ( شیعری ژنانە یان ئەدەبی ژنانە ) هەیە چونکە ، شاعیرەکە ( خۆی ) ژنە و لەنێو شیعرەکەیدا هەستی ژنانەی خۆی دەردەبڕیت ، یان لەنێو ئەدەبەکەیدا دەیەوێت بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی خۆی بکات …! ئێمەش بە دیاریکراوی / ڕێک مەبەستمانە ئەوە ڕەت کەینەوە ، چونکە شاعیر بەدەر لەوەی چ گێندەرێکی هەیە دەتوانێت هەردوو هەستەکان ( چ ژنانە یان پیاوانە ) لەنێو رووبەری دەق بەرجەستە بکات و بەرگریش لە ماف و ئازادییەکانی تاک بکات …! ، چونکە دواجار ( هەستی ژنانە یان پیاوانە ) هەستەکانی مرۆڤن ، ئامانجی شیعریش بەرهەمهێنانی جوانی و ئیشکردنە لەسەر جوانی بۆیە / شاعیریش لەنێو ڕووبەری دەق بوونێکی ئیستەتیکی هەیە و ( مرۆڤێکە گێندەری نادیارە واتە تەنها مرۆڤە و بەس …! ) ، ئەو خاڵەش کە دەڵێن چونکە ( خۆیان ژنن ) ، واتە ئەو شاعیرانە باس لە ( خودی خۆیان دەکەن ) وەک ئەوەی کە هەن ، نەک وەک ئەوەی کە ( شاعیرن ) و بوونێکی ناجێگیری توخم ئامێزییان هەیە …! ، خاڵێکی تر لە پەیوەند بە ( شیعر و شاعیر و گێندەر ) / مرۆڤ چ ( نێر بێت یان مێ ) کە دێتە نێو ژیان ، لەسەرەتا بوونێکی ناتەواوی هەیە ، مرۆڤەکان لە ڕیگەی داهێنانەوە هەوڵ دەدەن بوونی خۆیان تەواو بکەن یان مانا و شوناسێک بە بوونی خۆیان ببەخشن ، جا ئەگەر شاعیر گێندەرەکەی هەر جۆرێک بێت ، هەوڵدەدات لە ڕێگەی داهێنانەوە بوونی خۆی تەواو بکات ، بۆیە شاعیر بۆ ئەوەی داهێنانی گەورە بکات ، دەبێت وەک شاعیرێک مامەڵە لەگەڵ خۆی بکات ، وەک مرۆڤێک بتوانێ لە یەککاتدا هەردوو گێندەر لەخۆی کۆبکاتەوە ، چونکە شاعیری داهێنەر دەبێ بوونەوەرێک یان گەریدەیەکی گەردوونی بێت ، مرۆڤێک بێت خاوەن بوونێکی باڵا بێت . هەر بۆیە دەبینین ( ئەلبێر کامۆ ) لە کتێبی ( ئەفسانەی سیزێف ) لە شوێنێکدا دەڵێت . ( داهێنان واتە دووجار ژیانکردن ..! ) ، ئەگەر لەو وتەیەی کامۆ ورد بینەوە لە پەیوەند بە شاعیر ، ئەو مەبەستی لە شاعیرێکی داهێنەرە ، شاعیرێک کە لەڕێگەی داهێنانە گەورەکانی بتوانی دووجار بژیی ، واتە ببێتە موڵکی مێژوو ، دوای مردنیش هەر بە زیندوویی بمێنێتەوە ، وەک ( شکسپیر و دانتی و بۆدلێر و ناڵی و سەدان گەورە شاعیری تر . ) بە مانای / شاعیرێک وەک مرۆڤێکی گەردوونی بتوانێ لەڕێگەی زمانەوە قسە لەبارەی هەموو شتێکەوە بکات ، بە دەربڕینی هەستی پیاوانە و ژنانەشەوە …! هەر خودی ( ئەلبێر کامۆ ) لە هەمان سەرچاوە لە پەیوەند بە داهێنانەوە قسەیەکی ( نێچە ) بە نموونە دەهێنێتەوە کە دەڵێت / ( هونەر بە تەنها هونەر ، ئێمە هونەر شک دەبەین ، تا حەقیقەت نەبێتە مایەی مردنمان …! ) ، ئەگەر لە ناوەڕۆکی ئەم قسەیەی ( نێچە ) ورد بینەوە یان لە پشتی دیوە نادیارەکەی ئەم قسەیە ، گرینگی داهێنانمان بۆ دەردەکەوێت بەرامبەر بە بوون و ژیان ، مەبەستییەتی بڵێت / ئەوکەسانەی داهێنانیان نییە ، حەقیقەتیان وەک نەبوو وایە واتە بوونێکی ( بێبەها و مردوو ) یان ( ناتەواو و بێ هێز ..! ) ئەوەی کە( مارتن هایدگەر ) بە بوونێکی ( نامۆ یان ناڕەسەن ) ناوی دەبات ، جا بۆیە ئەگەر لە خاڵی کۆتایی وەڵامی پرسیارە جەوهەرییەکەی سەرەتا بدەینە ، دەڵێین ( نەخیر ) من بە دروستی نابینم بڵێین ( ژنە شاعیر چنوور نامیق ) ، یان ( خانمە شاعیر ڤینۆس فایەق ) ، وا دروستترە بڵێین / ( چنوور نامیق )ی شاعیر ، یان ( ڤینۆس فایەق )ی شاعیر .. بە پێویستی دەزانم ئەوەش بڵێم کە من لە کتێبی / ( سارا تیسدەیل ژنە شاعیری ئەمریکی ) ، بێئاگا کەوتوومەتە نێو هەمان هەڵەوە ، بە دڵنیاییەوە گەر جارێکیتر ئەم کتێبە چاپ بکەمەوە هەڵەکەم راست دەکەمەوە و لە بەرگەکەی دەنووسم / ( سارا تیسدەیل شاعیرێکی ئەمریکی ) ، چونکە هەروەک گوتمان / شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە و شاعیریش ئەو بوونەوەرە گەردوونیەیە ، ئامانجی بەرز ڕاگرتنی مرۆڤ و بەها مرۆییەکانە و بۆیە دواجار شاعیر تەنها مرۆڤێکە و هیچیتر …!

                                                         ٢٠ی ئەپریلی ٢٠٢١

سەرچاوەکان :
_ کتێبی ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) .. ناڵە حەسەن
_ کتێبی ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) .. ناڵە حەسەن
_ کتێبی ( دەقی تەمەن ) .. ناڵە حەسەن
_ کتێبی ( حەز دەکەم ئەوەندە بژیم ) سەباح رەنجدەر
:_ کتێبی ( دیوانی شێرکۆ بێکەس ) .. بەرگی دووەم
_ کتێبی ( من هەبم یاخود نا .. ئەمەیە مەهزەلەکە ) .. تەرزە جاف
_ کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف ) .. ئەلبێر کامۆ .. و/ ئازاد بەرزنجی
_ کتێبی ( a night without armor ) .. Jewel Kilcher
_ شیعری ( باخەوان ماندووترە لە ئاو ) .. فەیسبووکی ( کەژاڵ ئەحمەد ) .
_ شیعری ( دایکم و دەریا لەیەک دەچن ) فەیسبووکی ( خولیا حسێن ) .




شیعر و ژیاندۆستیی..2.. ناڵە حەسەن

( خوێندنەوەیەک بۆ قەسیدەی ( یاداشتنامەی ماکەوێکی ڕەشپۆش ) ی شێرکۆ بێکەس )

بەشی دووەم /

وتیان گێژەڵووکەیەکی سپی غەمگین
ئەو یەکەمجار
هەواڵی تۆی گەیانبووە ماڵی چیا نشینەکان
هەواڵی تۆی بردبۆوە بۆلای بەفر و
بۆ لای مێرگ و
بۆلای گوڵە کێوییەکان
هەواڵی تۆی بردبۆوە
بۆلای کۆترەکانی مەقەڕ
بۆلای ژنە ماست فرۆش و
هۆبەی تازەی هەڵدراوی ڕەوەندەکان
وتیان : تێکڕا بەیەکەوە
لەگەڵ چنار و شۆڕەبی و
پیاوانی بەردەرکی مزگەوت
ژنانی سەرکوڵ و کانی
هەموو پێکەوە گریابوون
هۆبازەکەم پەلەت چی بوو ؟
مەرگ هەر ئەهات
ئەم سەفەرەت هەر لەبەر بوو …!

پڕووشکی پرسیارە قووڵەکە بەر بەشەکانی دوای خۆیشی کەوتووە ، کاریگەری ئەم پرسیارە درێژ دەبێتەوە بۆ کۆتایی دەقە ، بەمانایەک ئەم پرسیارە هەمیشە لەنێو دڵ و ناخی ماکەوە ڕەشپۆشەکە دووبارە دەبێتەوە . لەم بەشە دوڵبەری دڵشکاو باسی گەورەیی و بوونی ئەم خۆشەویستییە گەورەیەی بازەکەی خۆی دەکات ، لەنیو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی کە بە ( کۆترەکانی نێو مەقەڕ ) ناویان دەبات ، کاتێک لە ڕێگەی ( گێژەڵووکەیەکی سپی غەمگین ) خێڵی چیا نشینەکان هەواڵی ئەویان پێدەگات ، هەموو غەمگین دەبن و دەگرین . ( کۆترەکانی مەقەڕ و ژنە ماستفرۆشەکان و ڕەوەندەکانی نێو هۆبەی تازە هەڵدراوەکان و پیاوانی بەردەرکی مزگەوت و ژنانی سەرکوڵ و کانی ) .. هەموو پێکەوە گریابوون . بەڵام ئازارە ئاگراوییەکە لەناخی ئەودایە ، ڕەنگە بۆ ئەوانی تر ئەسەف خواردن و گریان ڕشتنی چەند دڵۆپە فرمێسکێک بەس بێت ، بۆ ئارامبوونەوەی کەف و کوڵ و هەستە خەمناکەکەی دەروونییان بەڵام ، بۆ ئەو ئەم شتانە و تەنانەت هیچ ڕەشەبایەک ناتوانێ ئاگری خەم و نائومێدییەکانی کپ بکاتەوە و یان بیکوژێنێتەوە ، چونکە ئەو دەزانێت / ئیتر لەمەودوا ژیانی بە چ ئاراستەیەک دا دەڕوات ؟! ، لەمەودوا زیندووەکی مردوو دەبێت ، ئیتر لە نێو قووڵایی نائومێدییەکانی دەڵێت ( هۆ بازەکەم پەلەت چی بوو ؟ مەرگ هەر ئەهات ، ئەم سەفەرەت هەر لەبەر بوو ..! ) .

بەڵام هێشتا ئەی بازی من
بۆ تۆ بەرەبەیانێکی زوو بوو
شیعرەکانت : هێشووی وشە زیوینەکانت
خەتی وەک زەنگیانە وردت
شێوەی ئیمزات ” کە لەسەری بولبول ئەچێ “
دار جگەرەیەک .. چەرخەکەت ..
چاکەتێکی کۆنی سەر قۆڵ پینەکراو ..
چاویلکەیەکی هەتاو و
تەزبێحێکی ئەبڵەق ، کڵاوێ ، پاندانێ
قەفەزێکی کەو .. لفکەیەک
شووشەیەک عەتری بەتاڵ و
هەگبەیەک و
ئاوێنەیەک
ئەی بازەکەم !
ئەمانە ئەو یادگار و شوێنەوار و میراتیانەی
بۆت جێهێشتووم ..!

ماکەوە ڕەشپۆشە غەمگینە دڵشکاوەکە ، لە باسکردن و وەسفکردنی بازەکەی بەردەوام دەبێ و ناتوانێ ئەو ماڵئاوایی و دابڕانە قەبووڵکات ، ئیتر لەمەودوا لەجیاتی خۆی دەبێ ژوان لەگەڵ کەلوپەل و ئەو شتانە بکات کە وەک میرات بۆی جێهێشتوون .. دەبێ لەمەودوا لەگەڵ ڕابردوو بژیت و ئایندە لەبیرکات ، یادی قسەکان و شیعرەکان و جووڵە و تەنانەت هەموو شتەکانی بکاتەوە ، ( شیعرەکان ، وشە زیوینەکان ، خەتی وەک زەنگیانە ورد ، تەنانەت شێوەی ئیمزای ” کە لەسەری بولبول دەچوو ..! ) ، تازە بازەکەی لەدەست دا ، چیتر لە شەوە تاریکەکان و ئەنگوستەچاوەکان لە چاوەڕوانی بازەکەی دا نابێت کە لەپڕێکا دەرکەوێت و بە تامەزرۆییەوە لەباوەشی بگرێت و شێتانە ئاوێزانی یەکتری بن و هەموو جەستەی ماچ بکات و شیلەی نێو دەمی بخواتەوە ، ئەم خەیاڵ و ڕۆژگارانە بەسەرچوون و بوون بە ڕابردوو ، تازە ئەوەی بۆی ماوەتەوە کۆمەڵێک یادگاری و کەلوپەلی سادە و بەڵام ژیانێکی سەروەری و پڕ شکۆ و مێژوویەکی پرشنگدار و بوونێکی ڕەسەن و شکۆمەند .. هەموو سەروەت و میراتی ئەم بازە گیانبازە ، ئەم شاعیر و خەباگێڕەی ڕێگای ئازادی بریتی بوون لە ، ( دار جگەرەیەک و چەرخێک ، چاکەتێکی کۆنی سەرقۆڵ پینەکراو ، چاویلکەیەکی هەتاو ، تەزبێحێکی ئەبلەق ، کڵاوێ ، پاندانێ ، قەفەزێکی کەو ، لفکەیەک ، شوشەیەک عەتری بەتاڵ ، هەگبەیەک و ئاوێنەیەک …! ) ئەگەر سەیری ئەو میراتەی بازە گیانبازەکە بکەین ، ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە ، شۆڕشی نوێ گەلەکەمان بە چ ڕۆح و بیروباوەڕێکی پۆڵایین درێژەی بە بوون و گەشەی خۆیدەدا ، خودان چ مرۆڤی ژیاندۆستی و خەباتکاری ڕێگای ئازادی بوون . کە گەیشتن سەربەخۆیی و ئازادی مرۆڤ گەورەترین ئامانج و سەروەت و میرات بووە بۆیان ، ئەوان خودان ویژدان و بیروباوەڕێک و ورەیەکی بەرزەفڕبوون ، نەک ژیانێکی شاهانە و میراتێکی میرانە و بەهەشتێکی خوداییانە ..!

ئەم شتانە .. گیانیان تیایە
ئەم شتانە قسە ئەکەن ڕازەکانییان ئەدرکێنن
ئەم شتانە .. ئەجوڵێن و دێنەلام و
لە باخەڵما ئەیاننوێنم
هەموو ڕۆژێ دەستیان بەسەردا ئەهێنم
بۆنیان ئەکەم ، بۆنی شووشە بەتاڵەکان
بۆنی هەگبە و بۆنی لفکە
چاکەتەکەت لەبەر ئەکەم
کڵاوەکەت لەسەر ئەکەم
عەینەگەکەت لەچاو ئەکەم
ئەچمە بەردەم ئاوێنەکە
بە پەندانەکەش لاسایی
خەت و ئیمزات ئەکەمەوە
بە تەزبێحیش دەنکە یادوو
دەنکە مەراقم ئەژمێرم
ئینجا ئەچم لە تەنیشت قەفەزەکەوە
هەڵئەتروشم
لەبەرچاوم وردە وردە قەفەزەکەت گەورە ئەبێ و
وا هەست دەکەم منیش پەڕوباڵ دەرئەکەم
ئیتر ئەبم بە ماکەوێکی ڕەشپۆشی خاڵ لەمل و
دەرکی قەفەز ئەکەمەوە و ئەچمە ناوی و
بە زایەڵە و فوغانەوە
بۆت ئەخوێنم ..!

وەکو گوتمان ئیتر ئەو تازە لەگەڵ ڕابردوو دەژیت ، لەگەڵ یادەوەری و شتەکانی ، لەگەڵ کەلوپەل و شیعرەکانی ، لەگەڵ پەیام و ئامانج و ئومێدەکانی ، هێندە بە تامەزرۆیی و لەناخەوە لەگەڵ یادەوەری و شتەکان دەژیت کە بۆئەو ئیتر لەمەودوا شتەکان گیانییان دێتە بەر و قسەدەکەن ، ڕازەکانییان دەدرکێنن ، لەگەڵیاندا دەخەوێت ، نازیان ڕادەگرێ و دەستییان بەسەردا دەهێنێ و دەیانلاوێنێتەوە .. شتەکان بۆن دەکات ، لیفکە و شوشەبەتاڵەکە و هەموویان بۆن دەکات ، بۆنی هەناسە و بۆنی جەستەی ئەویان لێدێت ، چاکەت و ئەینەگ و کڵاوەکەی لەسەردەکات و لەبەردەم ئاوێنە سەیری خۆی دەکات ، ئەو بە جەستە لە گەڵی نەماوە بەڵام ، هێشتا هەر لەگەڵیدا دەژیت ، بە پاندانەکەی لاسایی ئیمزا و دەست و خەتی ئەو دەکاتەوە ، بە تەزبێحەکەشی یەک یەک دەنکە یادەوەری و مەراق و خەون و ئومێدەکان دەژمێرێ ، یەک یەک ڕۆژە تەنیاکان و شەوە سەختەکان و ڕۆژە ڕەشەکانی عومری دەژمێرێت . ئیتر ژیان بەسەربردن لەگەڵ چەند کەلوپەلێکی سادەی بێهەست و گیان بەڵام ، لەخەیاڵی ئەو ڕۆحیان لەبەردایە و قسەی بۆ دەکەن .. لەدواجاردا وەک ماکەوێکی ڕەشپۆشی دڵشکاو ، دەرگای قەفەزەکە دەکاتەوە و پشت لەژیان دەکات و بە تاقی تەنێ لەنێو قەفەزەکە دەمێنێتەوە و یاخی دەبێت لەو ژیانە ، کە دواتر ڕوونتر قسەی لەبارەوە دەکەین ، ژیان هیچ بەهایەکی مرۆیی تیادا نامێنێتەوە ، ژیان بەتەنیایی و لەنێو قەفەزدا و ژیان لەگەڵ چەند کەلوپەلێکی سادە و سەرەتایی ، شکۆمەند و سەرفرازترە بۆ ئەو ، لەنێو قەفەزەکە دەمێنێتەوە و ( بە زایەڵە و فوغانەوە ، بۆت دەخوێنم ..! ) ئیتر تەواو دەستبەرداری ژیان دەبێت و بۆتاهەتا لەنێو قەفەزێکدا لەگەڵ یادەوەرییەکانی بازەکەی خۆی دەژی و بە زایەڵەی فوغانێکی خەمناکەوە بۆ تا ئەبەد بۆی دەخوێنێت ..!

لە شەوانی بەفرانباردا ، خۆشەویستیم سپی سپی ئەچێتەوە
لە شەوانی بەفرانباردا ، لەناو ماڵێکی سپیدا گوڵێکم ڕەش
لا دارستانێکی سپیدا ئاسکێکم ڕەش ، لە شەوانی بەفرانباردا
وەکو کولوو بەبێ خشپە دێیتە لام و دێیتە ژوورێ ..!

تازە ئەو لەناو قووڵایی وشیاری خۆیەوە بڕیاری ئەوەی داوە کە ، وەک کەسێکی یاخی دەست لەژیان و دەوروبەر بەربدات و تەنها و تەنها بە خەیاڵ لەگەڵ بازەکەی خۆی و ڕابردووە جوانەکەیان بژیت ، لەم پێناوەدا وەرزەکان و ساڵەکان و ڕۆژ و شەوەکان یەکبەداوایەک بەڕیدەکات ، لە شەوانی زستانی بەفرانباردا ، لەهاویندا ، لە بەهاردا ، لە پاییزدا ئەو هەر بەتەنیا لەگەڵ ئەودا دەژیت .. ئەمە دوابڕیارە و یاخیبوونێکی ئەبەدییە ، هەمیشەش هەستەکانی بۆ بازەکەی خۆی گەرم و گەرمتر دەبنەوە ، تەنیایی و سەختی ژیان و برسییەتی عەشقە گەورەکەی بۆ بازەکەی وەک هەمیشە هەر بە گەورەیی و زیندوویی دەمێنێتەوە ، ( لە شەوانی بەفرانباردا خۆشەویستیم سپی سپی دەچێتەوە ، لە شەوانی بەفرانباردا ، لەناو ماڵێکی سپی گوڵێکم ڕەش ، لە دارستانێکی سپیدا ئاسکێکم ڕەش … ! ) لەگەڵ ئەوەی ئەم دەقە چیڕۆکە شیعرە و دەکرێ لە ڕووبەرێکی فراوان کرانەوەی زمان تیا بەرجەستە بێت ، بەڵام ( شێرکۆ بێکەس ) بە توانایەکی شیعری بەهێز لەنێو ئەم دەقە شیعرییەش ڕەچاوی پێکهاتە شیعرییەکانی کردووە و لە ڕووی زمانەوە تا ئاستێکی باش لەنێو ڕووبەری شیعر ماوەتەوە ، زمانێکی شیعری و وشەی پاراو و ڕستە و دەستەواژەی شیعری جوان ،، ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە ، لەم دەقە پرسیار پێکهاتەیەکی بەرچاو و قووڵاییەکی بێئەندازەی بە دەقەکە بەخشیوە ، هاوکات لەم بەشەی سەرەوە و لە چەندین شوێنیتر ، پارادۆکسی ڕوون و دڵگیرمان پێشکەش دەکات ، ئەمەش بڕست و جوانییەکی زێتری بە دەقەکە بەخشیوە ، هەروەک لە دوو ڕستە شیعرییەی سەرەوە کە ( لەنێو ماڵێکی سپیدا ، گوڵێکم ڕەش .. لە دارستانێکی سپیشدا ئاسکێکم ڕەش ..! ) پارادۆکسێکی جوانی لەنێوان ڕەنگەکانی ( ڕەش و سپی ) پێکهێناوە ، ئەمەش جوانییەکی زێتری بە شیعرییەتی دەقەکە بەخشیوە .

هەر لەدوای تۆ لەدوای کۆچی سوور و خێرات بەچەند مانگێ
لەگەڵ وەعدەی ئەوەڵینی ماچ و موچی هەندێ گوڵی
زوو ڕسکاوی ، تازە مەمک کردووی
ئەم خاکەدا ، لەگەڵ وەعدەی یەکەم هەتاوی دەس گەرم و
ئەشق شکاوی سەرمادا
هەر لەدوای تۆ بە چەند مانگێ
گەورەترین بوومەلەرزەی ئاودامانی ئەم مێژووە
ئەم نەخشەیە .. هات و ڕوویدا
مەزنترین لافاوی خەڵک سێڵاوی سەر
سێڵاوی دەست و هاوار و گەردنی خەڵک
هات و ڕوویدا
بە سامترین ڕاپەڕینی خوێنی ئێمە
هات و ڕوویدا
ڕاپەڕینی چڕترین خەمی دیرۆکمان
ڕاپەڕینی بەرد بە بەرد و
داربەداری ئەم کێوانە
ڕاپەڕینی بازووەکانی جادەو گەڕەک
ژن و منداڵ
ڕاپەڕینی خۆشەویستی
لافاوی قاچ ، لێشاوی دەست ، سێڵاوی لەش
باهۆزی دەنگ
بوومە لەرزەی کۆت و زنجیر
هات و ڕوویدا
وەک تەلیسمێ وەک ئەفسانە
وەک خواوەندی ئازادی هات
بۆ یەکەمجار دەمی بەستراوی مێژوومان
کرایەوە و هەناسەی دا
ئاخ بازەکەم !
تۆ لە کوێ بووی …؟!

ئەم دەقە شیعرییە / لەگەڵ باسکردن لە عەشقێکی گەورە و باسی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتی و هاوکات لەنێو هەناوی خۆیدا بە زمانی شیعر مێژووشمان بۆ دەگێڕێتەوە . هەردوای چەند مانگێک دوای شەهیدبوونی بازەکە ، ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ دەست پێدەکات .. ( هەر لەدوای کۆچی سووری تۆ بە چەند مانگێ ..! ) ، ئیتر ( شێرکۆ بێکەس ) بەشێوەیەکی زۆر جوان و نایاب باس لە ڕاپەڕینە جەماوەرییە سەراسەرییەکەمان دەکات ، باسی کات و شێوەی گڕو بڵێسەی خەڵک لە هەموو ئاستەکان و بەشدارییەکی تێکڕایی و پێکەوەیی .. ڕاپەڕین و هەستانی گشت ، پێشاندانی تامەزرۆیی و تێنوێتی مرۆڤەکان بۆ ئازادی و سەربەستی .. دەستەواژە و ڕستە شیعرییەکان بە شێوەیەکی ئیستاتیکی و هونەری داڕێژراون .. ڕاپەڕین لەسەرەتای بەهار بوو ، ( شێرکۆ بێکەس ) دەڵێ ،( لەگەڵ وەعدەی ئەوەڵینی ماچ و موچی هەندێ گوڵی زوو ڕسکاوی ، تازە مەمک کردووی ئەم خاکەدا ، لەگەڵ وەعدەی یەکەم هەتاوی دەس گەرم و تەشق شکاوی سەرمادا …) ، باس لەو زەمەنە دەکات ، دوای تێپەڕینی وەرزی زستان و شکانی تەوقی سەرما و لەگەڵ بەڵێنی یەکەم هەتاوی گەرم و ماچوموچی گوڵەکان و بەرگی جیاوازی خاک .. لەم زەمەنە ( مەزنترین لافاوی خەڵک ،سێڵاوی دەست و هاوار و گەردنی خەڵک هات و ڕوویدا ، … ڕاپەڕینی چڕترین خەمی دیرۆکمان ، ڕاپەڕینی بەرد بەبەرد و داربەداری ئەم کێوانە ، .. بوومەلەرزەی کۆت و زنجیر هات و روویدا ..! ) ، لە کۆتایی ئەم کۆپلە شیعرە بە جوانترین دەستەوازەی شیعری باس لە ڕوودانی ڕاپەڕین و ڕاماڵینی ئیستبدادی و جەور و ستەم دەکات ، هەڵهاتنی ڕۆژێکی نوێ و خۆرەی ئازادی .. دەڵێت ( بۆ یەکەمجار دەمی بەستراوی مێژوومان کرایەوە و هەناسەی دا ..! ) بۆ یەکەمجار ، پڕ بە سییەکانمان شنەبای ئازادیمان هەڵمژی و دەمی بەستراوی مێژوو و خەون و ئاوات و ئومێدمان کرایەوە .. بۆ یەکەمجار گەیشتین بەو ڕۆژەی بە ئاکامی دڵ بتوانین قسە بکەین ، بنووسین ، هاوار بکەین ، تەنانەت بە ئاکامی دڵ بیربکەینەوە و خەون ببینین ..! بەڵام بۆ ژنە ماکەوە ڕەشپۆشەکە ، ئەگەر بەدیوێکدا ئەویش بەهرەمەند بێت لەم دەمکرانەوە و هەڵمژینی هەوای ئازادییە بەڵام لەهەمانکات تراژیدیاییەکی گەورەشە ، چونکە هەردوای چەند مانگێک بە لەدەستدانی بازەکەی ئەم ئاڵوگۆڕو ڕۆژگارە نوێیە هات و ڕاپەڕین ڕوویدا ، زەمەنێکی کورت تەنها چەند مانگێک و هیچیتر ، بۆیە لەنێو قووڵایی هەست و خەمەکانی ئەم پرسیارە دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت ( ئاخ بازەکەی من تۆ لەکوێ بووی ..!؟ ) . ڕاپەڕین ڕوویدا ، خەڵک تێکڕا هەوای ئازادییان هەڵمژی و زەمەنی دوای ستەمی بەعسییان بینی ، لەسەر قسەکردن لە چەمکی شۆڕش و ڕاپەڕین و ماناکانی دواتر لە سیاقی ئەم لێکۆڵینەوەمان هەڵوێستەی لەسەر دەکەین و قسەی زێترمان دەبێت
لە دوای پەراوێزی یاداشتەکاندا ماکەوە ڕەشپۆشەکە
بە خەتێکی درشت نووسیبووی :

( دوای ئازادیش ڕۆژ هات و ڕۆی ، پاک هات و
پیس هات و بەڵام پیس هەر نەڕۆی ، ڕوون هات و
لێڵ هات و بەڵام لێڵ هەر ڕوون نەبۆوە ، چەقۆ هات و
قوربانی هات و کەچی چەقۆ تیژتر بۆوە . بای سپی هات و
بای بۆر هات و بەڵام بای بۆر هەر گڤە گڤی بوو . ئاوی
سەوز هات و ئاوی رەش هات و کەچی ئاوی رەش
هەر نەڕۆشت و هەر پەنگی خواردەوە . ئاسمان هات و قەفەز
هات و کەسێ نەهات بەلامەوە و من و برسێتی و
تەنیایی و ئەم قەفەزە هەر ماینەوە )

لە نێو هەناوی ڕۆژگارێکی نوێ و دوای هەناسەدان و دەمکرانەوەی مێژوو و ڕۆژگاری ئازادی ، ماکەوە ڕەشپۆشەکە ، ژنە شەهیدێکی قارەمان و گیانباز ، بە خەتێکی شاش و گەورە ئەم یاداشتە دەنووسێتەوە ، کە وێنەی تراژیدیایەکی گەورە و خەمێکی قووڵمان بۆ رەسم دەکات .. لە پشتی دێر بە دێری یاداشتەکانی ، تراژیدیایەکی ڕەش دەبینین .. هاوکێشەکان بەم ئاراستە ڕۆیشتن / پاک هات و پیس هات و بەڵام پیس مایەوە و نەڕۆیشت ..! ڕوون هات و لێڵ هات و بەڵام لێڵ مایەوە و هەر ڕوون نەبۆیەوە ..! چەقۆ هات و قوربانی هات و کەچی چەقۆ تیژتر بۆیەوە ..! دواجار دەڵێت / ئاسمان هات و قەفەز هات و کەسێ نەهات بەلامەوە / من و برسێتی و تەنیایی و ئەم قەفەزە هەر ماینەوە ..! دەکرا هاوکێشەکان بە ئاراستەیەکی تردا بڕۆن ، دەکرا هەموو شتەکان پێچەوانە بووایە ، چ شەرمەزارییەکە ژنە شەهیدێکی قارەمان لە دوای ڕاپەڕین و ئازادی ئەم یاداشتە بنووسێتەوە ، ئەم یاداشتە تەنها یاداشتی کەسێک نییە بە تەنها ، یاداشت و موعاناتی هەزاران ژنە شەهید و پێشمەرگەی قارەمان و کەسوکاری ئەنفال و زیندانیانی سیاسییە .. موعاناتی هەزاران مرۆڤی ئازیخواز و تێکۆشەر و هەژار و نەدارانی ئەم کۆمەڵگە ستەمدیدەی ئێمەیە ، ( شێرکۆ بێکەس ) بەزمانی شیعری جوانترین یاداشتی نووسیوەتەوە کە تەعبیر لە موعاناتی میلەتێک دەکات .. دوای ڕاپەڕین و ئازادی ڕووبەری ناشیرنییەکان و پیسییەکان فراوانتر بوون ، چەقۆکان تیژتر بوونەوە و قەفەزەکان هەرمانەوە ، برسێتی زێتر بوو بە میوانی ماڵە هەژار و نەدار و مرۆڤە تەنیاکان . خۆشی و ڕەفاهیەتی خەڵک ڕوو لە دابەزین بوو .

ئێستە ڕۆحم قاقڕێکە و خۆڵی سووری تیا ئەبارێ . خۆڵێکی زەرد
کەتیرەیی ، بینین کوژ و بە هێواشی ئەنیشێتە سەر تەنیایی و
قەفەزەکەم ، سەر برسێتی و سکی خاڵیم ، ئەملکێنێ بە
غوربەتێکی تازەوە ، غوربەتی من لەنێو شایی ئازادیدا
غوربەتی خوێنی بازەکەم ، نامۆیی خوێنی بازەکەم بە هاوڕێ و
مەقەڕی خۆی ، غوربەتی مافێکی برسی و ماکەوێکی بێ
دان و ئاو ، ماکەوێکی بێوژنی تەنیا و ڕەشپۆش
ماکەوی ژنە بازێکی لەبیرکراو ..!
لەم کۆپلە شیعرەش ڕووبەری تراژیدیاکانی دوای ئازادی گەورەتر و گەورەتر دەردەکەون ، نەک تەنها برسێتی و فەرامۆشکردنی ژنە شەهیدێکی تەنیا ، بەڵکو فەرامۆشکردنی باز و شەهیدە قارەمانەکانیش .. بێبەهاکردنی خوێن و خەبات و گیانبازییەکانیان .. لەم کەشوهەوای ئازادییەدا ، برسییەتی وا لە مرۆڤەکان دەکات ، هەست بە غەریب و نامۆیی بکەن ، وا هەست دەکەن خوێن و لە دەستدانی بازەکانییان ، نامۆ بێت بەم دنیا نوێیەی ئازادی ، بەم کەسانەی نێو مەقەرەکان و نێو کۆشکەکانی دەسەڵات .. وەک ئەوە وایە هەموو شتێک لەبیرکرابێت .. هیچ شۆڕش و خەبات و خوێن ڕشتنێک رووی نەدابێت ، ئەم ڕۆژگارە نوێیە هەر لەخۆرا هاتبێت بوون . هیچ دایکێک جەرگی نەسووتابێ و هیچ گوند و لادێیەک خاپوور نەکرابێت ، قۆرتی بیابانەکان بە ئێسک و پرووسک و جەستەی مرۆڤە بێتاوانەکانی ئەم میلەتە ستەمدیدەمان پڕ نەکرابنەوە ..! ئەوە دەستکەوتی ڕاپەڕین و ڕۆژگاری دوای ئازادی و ئەوە قەدەری ئێمە بوو ..!
” ئاگادارییەک لە ماکەوە ڕەشپۆشەکەوە “
( ئەگەر لە ترسی گەڕانەوەی ئەرژەنگی دێو نەبوایە
ئەگەر لە ترسی گەڕانەوەی دۆڵپای تاعوونی بەغدا نەبوایە
ئێمەی ماکەوە ڕەشپۆشەکان برسیەکانی ئەم قەڵەم ڕەوە
هاوسەر و خوشک و دایکی و بازە پەڕوباڵ خوێناوییەکان
بە دەنووک بە دەنووک بە دەنووک
سەدان چاومان هەڵئەکۆڵی و ئەشمان خواردن ! )
ئیتر ڕۆشنە ، هەزاران گەنج و لاو و کچ و کوڕانی ئەم کوردستانە ، لەپێناو گەیشتن بە ڕزگاری و ئازادی خەباتیان کرد و گیانیان بەخشی .. بۆ ئەوە نەبوو ، ژنە شەهید و منداڵە شەهید و خانەوادەی پێشمەرگە و کەسوکاری کیمیاباران و ئەنفال ، برسی و ڕووت و ڕەجالانە بژین و کەسانێکیش خۆیان و ماڵ و منداڵ و خانەوادەکانییان شاهانە بژین .. خەبات بۆ ئەوە نەکرا ڕۆژ دوای ڕۆژ مەودای ئازادییەکان بەرتەسک بکرێنەوە و چەقۆکان تیژتر بکرێنەوە .. ئەگەر لەبەر گەڕانەوەی ئەژدیها هارەکەی بەغدا نەبا ، خەڵک بە چەپلە لێدان دەسەڵاتدارانیان شاربەدەر دەکرد و ماکەوە ڕەشپۆشە برسییەکان و کەسوکاری بازە پەڕوباڵ خوێناوییەکان ، هەر بە دەنووک سەدان چاویان هەڵدەکۆڵی .. شۆڕش و ڕاپەڕین بۆ ئەوە نەکرا ، جارێکیتر بچنەوە بەغدا و ئەملاو ئەولای دیکتاتۆر ماچ بکەنەوە و ئاستی ورەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک فەرامۆش بکەن و خەڵک نائومێد بکەنەوە . خەڵک هەر لەسەرەتاوە دەیزانی ئەم دەسەڵات و حکومەتی کوردییە لەسەر بنەمای دادپەروەری و دیموکراسییەکی ڕاستەقینە دانەمەزراوە ، بەڵام قەبووڵکردنی ئەم دەسەڵاتە بە عەیب و عار و بە هەموو خواروخێچییەکانییەوە ، تەنها مەبەستییان بوو دیکتاتۆری بەغدا نەگەڕیتەوە و جارێکیتر نەبنەوە بە مرۆڤی دەرەجە دوو و زیندووەکی مردوو بن ..!
ئەم دەرگای سەربرینانە
کێ لەم دەرگایانە ئەدات ؟!
ئەم هێلانەی بازو داڵانە چۆن تێکەڵ
بەیەکتر بوون ؟!
ئەترسم ئەترسم ئەترسم
لەم خۆڵە سوورە ئەترسم
ئەم چەقۆیانە چۆن هاتنە
ناو بەرۆکی سپیمەوە ؟!
ئەو گوڵکوژانە چۆن ئێستا
لەگەڵ گوڵدا هەڵ ئەپەڕن ؟!
ئەم دزانە بەکوێدا هاتنە ژوورەوە؟
چۆن گەیشتنە سەر چرپاکەم ؟
ئەو ئەسپانەیان چۆن خەساند ؟
ئەو کێوە زلە چۆن دزرا ؟
چۆن ؟ چۆن ؟ چۆن ؟

وەکو گوتمان خەڵک لەسەرەتاوە ، ئەم دەسەڵاتەی کوردی قەبووڵ بوو بە هەموو لاوازی و کەموکورتییەکانەوە ، دەسەڵاتی تازەی کوردی چ لەسەرەتاوە بەرەی کوردستانی ، نەهات ڕیز لەو هەستە و پێشوازییەی خەڵک بگرێت و دەستبکات بە گوڕانکاری و خزمەتگوزاری و بنیاتنانەوە ، لەبری ئەوە دەستی کرد بە دزین و تاڵانکردن و ئاودیوکردنی کەلوپەلەکانی سەدەی بێخمە هەموو شتەبەنرخەکان ، لە جیاتی بنیادنانەوە دەستیانکرد بە دووبارە وێرانکردنەوە ، دزی و تاڵان ، ( ئەم چۆقۆیانە چۆن هاتنە بەرۆکی سپیمەوە ..! ) ئەم دزی و تاڵانی و وەحشیگەرییەی دەسەڵاتدارانی کورد وەک چەقۆیەک بوو بدرێک لە سینگی هەر مرۆڤێکی بەویژدان و هەر تێکۆشەرێکی ڕێگای ئازادی و سەرفرازی .. بەمانایەک / سەرەتایەک بوو بۆ دووبارە لەگۆڕنانەوەی خەونەکان و کوشتنی ئازادی و مافە مرۆییەکان ! ( ئەم دزانە بە کوێدا هاتنە ژوورەوە ؟ چۆن گەیشتنە سەر چرپاکەم …! ) ، خەڵک چاوەڕێی ئەوەی لەم حیزبانە نەدەکرد کە بەم شێوە بەرفراوانە دەست بە دزی تاڵانی و وێرانکردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەمان بکەن ، چونکە لە سەردەمی شاخ دروشمە بریقەدارەکانییان پێچەوانەی ڕەفتار و بنەمای کاروکردەوەی ئێستایان بوو ، کەچی خەڵک بە شۆکبوونەوە دەیانپرسی / ئەم هەموو دزانە لەکوێوە هاتنە ژوورەوە ، یان چۆن ڕێگەیان پێدراوە و چۆن پاڵپشتی لەم کەسە دزو جەردەو هەڵپەرستانە دەکەن .. ( ئەم ئەسپانەیان چۆن خەساند ؟ ئەم کێوە زڵە چۆن دزرا ..؟! ) ئەم دوو دێرە شیعرە پڕن لە جوانکاری شیعری و مانا و واتاکانییان زۆر تۆکمە و قووڵ و پڕ بەهان . یەکێکن لە جوانترین دەستەواژەی شیعری نێو ئەم چیڕۆکە شیعرە / ئەم ئەسپانەیان چۆن خەساند ..! دوای ڕاپەڕین و ڕاماڵینی دەسەڵاتی دیکتاتۆری بەعس ، لە حکومەتی خۆجێیی کوردی ، پشت نەبەسترا بە کەسانی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر و کەسانی بە توانا و پسپۆڕ و شارەزا و خاوەن بڕوانامەی بەرز ، هەموو سەفەریان کردوو ئاوارەی هەندەران بوون …! ، کەچی هەموویان فەرامۆش کردن و پشتیان بە کەسانی بێ ئەزموون و ناشارەزا هیچنەزان بەستا .. ململانێ ی ناشەریفانەی حیزبی و نوێکردنەوەی کۆنە ڕقوقین و جیاوازی و دوژمندارییەکان و گرینگیدان بە بنەماڵە و دزی و تاڵانی دەسپێکی کار و کردەوەکانی ئەم دەسەڵاتە خۆجێیە بوو ، ( شێرکۆ بێکەس ) بە جوانترین شێوە وەسفی کردووە ، بە جوانترین دێری شیعری ( ئەم کێوە زڵە چۆن دزرا ..؟! ) ، بە مانای دزی و تاڵانی هێندە لە ئاستێکی بەرین و بەرچاو بوو ، تەنها کێو و چیاکانمان مابوو بیدزن و ئاوای ئەودیوی سنووری بکەن ..! یان ئەم ( هێلانەی بازو داڵانە چۆن تێکەڵ بە یەکتربوون ..! ) ، ئیتر دوای ڕاپەرین کەسە تاوانبار و خۆفرۆش و پیاوەکانی ڕژێمی بەعس لە جیاتی ئەوەی دادگایی بکرێن ، بە سزای خۆیانیان بگەیەنن کەچی ، لە ئاکامی ململانێی ناشەریفانەی حیزبی و بە دژی یەکتر ، دووبارە دەسەڵات و پلەوپایەیان پێبەخشینەوە ، بینیمان زۆر تاوانبار و سەرۆک جاشەکان ، لە پێشمەرگە دێرین و قارەمانەکان دەسەڵات و پلەوپایەیان بەهێزتر بوون . شێرکۆ بەچاوەکانی خۆی دەیبینی کە چۆن ( هێلانەی باز و داڵانەکان تێکەڵاوی یەکتری دەبوونەوە ..؟! ئیتر شاعیر ئەم کۆپلەیە بە گومانێکی گەورە کۆتایی پێ دەهێنێ کە ماکەوە ڕەشپۆشەکە نە خودی شاعیر نە هیچ خوێنەرێکی ئازیز لە هونەری ئەم هەڵگەڕانەوە و ئەم گۆڕینی ئاراستەی بیرکردنەوە و بەرنامە و کارکردی ئەم کەسە بەناو نیشتیمان پەرواوەرانە کە لە سەردەمی شاخ پڕووشکی ئاگر لە قسەکانییان هەڵدەستا و ئێستاش لە تاوانکاری و دزی و تاڵانی و خراپەکاری بوونەتە لێزان و پسپۆڕ ، کەس لەنهێنی ئەمە تێناگەن و هەموو بە شاگەشکەییەوە دەپرسن / چۆن ؟ چۆن ؟ چۆن ؟ .
من بازەکەم گوڵکۆیەکی دیارنییە
لە سینەم ئەم گوڵجاڕانە بەولاوە
کە مێرگی سوور
کە دەشتی سوور ئەنووسنەوە
من بازەکەم گوڵگۆیەکی دیاری نییە
هەتا منیش وەک ژنە هەوری ئەم شارە
هەوری ڕەشپۆش
هەموو ڕۆژانێکی هەینی
خەمەکانم کۆکەمەوە و
بچم بەسەریا ببارێم
من دار هەنارێکم هەیە تەنیا
تەنیا و تەریک
هەر خۆی و خۆی
وا لە باکووری ئەم شارە
هەموو ڕۆژانێکی شەمە
هەر خۆم و خۆم
ئەچم بۆلای منیش وەک ئەو
هەر بە پێوە ڕائەوەستم ، هەتا بوولێڵ
چاو ئەبڕمە قەدوباڵای ، ماچی ئەکەم
دەستی ساردم ئەخەمە سەر شانەکانی و
هەڵئەلەرزێم وەکو گەڵای
یەکەم جاربوو
ئەم دار هەنارە تەنیایە
ئەم هاوڕێ گوشەگیرە
لە شەمەیەکی زیوینی بەرباراندا
لەسەر قەدی لەسەر سینگی
لەسەر دەستی
شیعری یەکەمین ژوانی
من و بازەکەمی نووسی ..!
ئیتر لەم کۆپلە شیعرە ، کەسەکان و بیرکردنەوەکان دەگەنە ئەوپەڕی نائومێدی ، خۆرەتاوی ئومێدەکان بەرەو ئاوابوون و مۆمەکان بەرە و کزبوونە و کوژانەوە دەڕۆن .. هیچ ڕێزێک بۆ چەمکەکانی ، مرۆڤ و نیشتیمان و شۆڕش و قوربانیدان و تەنانەت خودی ئازادیش نامێنێتەوە ، ئومێدەکان بە بەرگی نائومێدی دادەپۆشرێن ، بازەکەی ئەو گوڵگۆیەکی دیار نییە ، گیانبازییەکەی لەپێناو ڕزگاری ئازادی مرۆڤەکان و نیشتیمان ، بوو بە گەڵایەکی هەڵوەریوی دەم با ، خەونە گەورەکان بوون بە تۆز و غوبار ..! نەک تەنها بازە گیانبازەکەی تەنانەت خۆیشی وەک ژنە هەورێکی ئەم شارە ژنە ڕەشپۆشێکی تەنیای فەرامۆشکراو ، برسی و بێکەس ، تەنها ئەوەی بۆ ماوەتەوە لەگەڵ خەمەکان و ئازارەکانی هاودەم بێت و هیچیتر ، هەموو ڕۆژانێکی هەینی خەمەکانی کۆکاتەوە و بچێت بۆ ژێر ئەو دارهەنارەی کە شوێنی یادەوەرییەکان و جێی ژوانی خۆی و بازەکەی بوو ، خەمەکان و فرمێسکەکانی بەسەردا ببارێنێت و باسی میحنەت و ژانی کوشندەیی تەنیایی خۆی بۆ بکات ..! ( تەنیا و تەریک ، هەر خۆیی و خۆی .. وا لەباکوری ئەم شارە ، هەموو ڕۆژانێکی شەمە دەچێ بۆلای ..! ) لەوێدا لەژێر ئەو دارهەنارەدا بازەکەی وەک پەیکەرێکی زیندوو دەردەکەوێتەوە ، ئەمیش هەر بە پێوە لە گەڵیا ڕائەوەستێ و هەتا بوولێڵ چاو ئەبڕتە قەدوباڵای ، ماچی ئەکات و دەست ئەخاتە سەرشانی ، تەنها و تەنها هەرخۆی و ئەو ، لەژێر ئەم دار هەنارەدا ، دوور لە چاوی هەموو شار و دەسەڵاتی گەندەل و مافیای کوردی ، لەگەڵ ئەودا بەخەیاڵ تێکدەئاڵێنەوە و هەموو جەستەی هەڵئەلەرزێ ، لەژێر ئەم دارهەنارە ، چیڕۆکی ژنە ماکەوێکی ڕەشپۆش و بازێکی گیانبازی ڕێگای ئازادی ، عەشقێکی گەورەی ئەم دوو مەعشوقە خۆی دەنووسێتەوە ، ئەم دارهەنارە تەنیایەی گۆشەگیر و تەنیا داماو وەک ئەوان . کە لە شەمەیەکی زیوینی بەرباراندا بازەکەی ئەو یەکەمین کۆپلە شیعری عاشقانەی خۆی لەم جێژوانە ، لەسەر قەدی ئەم دار هەنارە بۆ دوڵبەرەکەی خۆی نووسیوەتەوە ، ئیتر ئەم دار هەنارە بوو بە گلکۆو بوو بە ماڵی ئەبەدی عەشقی ماکەوێکی ڕەشپۆش و بازێکی گیانبازی ڕێگای ئازادی .
هەموو ڕۆژانێکی شەمە ئەچم بۆلای
منیش وەک ئەو هەر بە پێوە ڕائەوەستم
هەتا بوولێڵ
ئەوسا ئیتر وەک خەمێکی قژ درێژ
وەک ماکەوێکی ڕەش پۆش
تەنیاو بێزار
دائەگەڕێم و ئەچمەوە
بۆناو قەفەزی ژوورێکی
دامێنی شار …!
ئێستا ماکەوە ڕەشپۆشەکە هەر خۆیی و خۆی ، تاک و تەنیا و فەرامۆشکراو ، لەژوورێکی کەناری شار ، دوای گەورەترین نائومێدی و مردنی خەونەکان ، ئەوەی ماوە بۆی بژی ، یادەوەری بازی گیانبازەکەیەتی و هیچیتر ، دارهەنارێکی تەنیا و گۆشەگیر ، شوێنی ژوانی خۆی و بازەکەی ، هەموو رۆژانی شەمە خۆی و کۆڵێک خەم و ئازار ، خۆی و بوخچەیەک لە خەون و ئومێدی سەربڕاو ، دەچێ بۆ ئەو شوێنە ، هەتا بوولێڵ لەگەڵ پەیکەری بازەکەی و یادەوەریەکانی دەمێنێتەوە ، دواتر وەک ماکەوێکی ڕەشپۆش و تەنیا و بێزار ، دەچێتەوە نێو قەفەزی ژوورێکی دامێنی شار ..! هێندە تەنیایە ژوورەکەی وەک قەفەزێکە بۆ ئەو ، هەموو شەمەیەک تا تاریکی لەژێر دارهەنارەکە دەمێنێتەوە و دواتر دەگەرێتەوە نێو ژوورەکەی واتە ناو قەفەزەکەی . ئەم گەڕانەوە بۆ نێو قەفەزەکەی .. لە کەنار و دامێنی شار .. هێمایە بۆ دەرگا لەسەرخۆ داخستن و ڕەتکردنەوە و یاخیبوون ..! ڕەتکردنەوە و یاخیبوونێکی بە ئاگاهانە .. شاعیر زۆر بە وریایی و وشیارییەوە ، دیماهی بە چیڕۆکە شیعرەکەی هێناوە ، بیرمان نەچێ ، ئەم شیعرە لە ساڵی نەوەد و سێ نووسراوە ، لەوکاتە ( شێرکۆ بێکەس ) لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێم وەزیری ڕۆشنبیری بووە ، دەکرێ ئەم کۆتایی یاخیبوونەی ئەم دەقە شیعرییەی هاوکات بێت لەگەڵ یاخیبوونێک لەنێو خودی شاعیر بەرجەستە دەبێت و پلە و پایە و کورسی وەزارەتی دەسەڵات و حکومەتێکی نادادپەروەر و گەندەڵ ڕەتدەکاتەوە و وازدەهێنێ ، ماکەوە ڕەشپۆشەکەی نێو ئەم چیڕۆکە شیعرەش یاخی دەبێ لە ژیان و لە شار و دەسەڵات و لەهەموو کەس ، دەگەڕێتەوە نێو ژوورەکەیی و وەک ماکەوێکی ڕەشپۆش و تەنیا و بێزار لەنێو قەفەزەکەی دەمێنێتەوە ، دەرگا لەسەرخۆی دادەخات و پشت لە ژیان و شار و ئاوەدانی دەکات .

  • کۆتایی و بەرئەنجام
    ئەم چیڕۆکە شیعرە ، بە بڕوای من یەکێکە لە دەقە شیعرییە جوانەکانی ( شێرکۆ بێکەس ) ، کە ناوەڕۆکێکی پڕ لە جووڵەی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی هەیە ..! هێلێکی تەریب دەبینین لەنێوان شیعر و ژیان ، ئەو ڕاستییەش دەخوێنینەوە کە ڕەگی درەختی شیعر چۆن بەنێو قووڵایی خاکی ژیان و بەها مرۆییەکان چوونەتە خوارەوە ..! ، ئەم چیڕۆکە شیعرە .. مێژووی خەبات و تێکۆشانی ناو شاخ و تەمەنێک لە شۆڕشی کوردمان بۆ ڕەسم دەکات ، بە هەموو بەرزی و نزمیەکانییەوە ، دواتر ڕاپەڕین و دەسەڵات و حکومەتی خۆجێیی کوردی لە هەمانکاتیش ، ڕەخنەیەکی تۆخە لە دەسەڵات و سیستەمی ئەم حکومەتە خۆجێیە.. ڕاستگۆیانە و دووربین و بیرتیژانە هەموو شتێک دەنووسێتەوە ، هەروەک گتومانە ، ڕاستگۆیی لە نوووسین ڕووبەری جوانی بەرین و بەرینتر دەکات ، بۆیە لەم دەقە شیعرییە جوانییەکان خۆیان قسە دەکەن ، ئەوەش دەخوێنینەوە کە / نووسین چ ئەمانەتێکی ئەخلاقی و مرۆیی گەورەیە ، لە پشت وێنە و چەمک و دەستەواژە شیعرییەکان ، وێنەی قەڵەمێکی ڕاستگۆ و بوێر دەبینین ، هاوکات شاعیرێکی بیرتیژ و دووربین و هەست ناسک و ژیاندۆست .. بیرتیژی شاعیر لەوەدایە / لە خوێندنەوەی بۆ تەمەنێکی کورتی دەسەڵاتی کوردی ئەوکات ، لە ساڵی ( نەوەد و سێ ) ، واتە تەمەنی دەسەڵاتی کوردی بە بەرەی کوردستانی و کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمەوە تەنها ( دووساڵ یان سێ ساڵ ) بووە ، هەر لەو کاتە وەک ئەوە وایە ، ئێستای دەسەڵاتی حکومەتی کوردیمان بۆ بخوێنێتەوە .. کە ئێستا ئەم حکومەتە پێی ناوەتە ( سی ساڵ ) تەمەن ، لە بەرنامەی کاری حکومەت و لە کارو کردەوەکانییان ئەوەی لەلا ڕوون بووە کە ئەم حکومەتە ئایندەی چۆن دەبێ و بە کام ئاراستەدا دەڕوات . دیارە ئەوکات حکومەتێکی ساوا بوو بەڵام ، ئێستا حکومەتێکی خاوەن ئەزموون ، بێگومان خاوەن ئەزموون لە خراپی بەکارهێنانی دەسەڵات ، لە دزی و تاڵانی ، لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی نیشتیمان ، لە برسیکردنی خەڵک و بڕینی مووچە و بەرتەسک کردنەوەی رووبەری ئازادی و پێشێڵکردنی مافە ڕەواکانیان و چەمانەوە بۆ دەوڵەتانی ئیقلیم و لە دەستدانی سەدا پەنجای خاکی نیشتیمان و دواجار بە ئیفلاس گەیشتن لە هەموو بارێکەوە و زۆر شتیتر …! بە داخێکی زۆرە دەڵێین کە دەسەڵاتدارانی کورد لە ماوەی سی ساڵ لە حوکمڕانی بە هیچ شێوەیەک ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵ خۆیان و بەرنامە و بیرکردنەوە و دروشمە بریقەدارەکانی سەردەمی شۆڕش و شاخ .. کە هەموو شتێکیان بێبەهاکردووە ، شکۆی نیشتیمان و شکۆی تاکی کورد و هەموو شتێک ، ڕۆحی تاکی کوردییان وێران کردووە بە تایبەت توێژی گەنج و لاوان ، جگە لە نائومێدی هیچ شتێکی تریان بەرهەم نەهێناوە .. لێرەدا بە پێویستی دەزانین باس لە دوو چەمکی ( ڕاپەڕین و ) و ( شۆڕش ) بکەین .

    کە ئەم دوو چەمکە وەک دوو کردە بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری کاردەکەن یان ڕوودەدەن ، گوڕانکاری لە سیستەم و لە هەموو سێکتەرەکان .. بەمانایەک گۆران لە ژیانێکی خراپ بەرە و ژیانێکی باشتر و ئاسوودەتر .. دوای سی ساڵ لە حوکمرانی ئایا کام گۆڕان و کام ژیانێکی باشتر بۆ خەڵک بەدیهاتووە ؟ بۆیە هەموو چەمکەکان بێبەهابوون ، لە مانا بنەڕەتییەکانی خۆیان داشۆراون .. تا ئاستێک خەڵک نائومێد بووە لەم دەسەڵاتە کە ، خەریکە پەشیمان دەبنەوە لە شۆڕش و ڕاپەڕین ..! خەریکە پەشیمان دەبنەوە لەم هەموو گیانبازی وخوێنەی بەخشراوە لەپێناو ئازادی ڕزگاری ..! دوای سی ساڵ پەیوەندی نێوان ( دەسەڵات و تاک ) ، پەیوەندییەکی ناتەندروستە و تا دێت مەودای نێوانییان بەرین و بەرینتر دەبێتەوە ، بێ متمانەی لە ڕووبەرێکی فراوان ئیشدەکات ، دوای سی ساڵ / تا دێت سفرەکان خاڵیتر و زامەکان قووڵتر دەبنەوە ، تا دێت چەقۆکان تیژتر دەبنەوە بۆ کوشتنی ئازادی و سەربڕینی خەونە گەورەکان ، بیرتیژی و دووربینی شاعیر لەوەدایە ، هەر لەسەرەتاوە ئەوەی خوێندۆتەوە کە ڕێڕەوی ئەو دەسەڵاتە کوردییەی ئەوکات بە چ ئاقارێک دادەڕوات ، ئەمەش ئەو بیرکردنەوەیەی ( ئەرستۆ ) پشتڕاست دەکاتەوە کە / پێیوابوو شاعیر وەک مێژوونووس تەنها ئەو ڕووداوانە نانووسێتەوە کە ڕوویانداوە بەڵکو ، دەتوانی قسە لەسەر ئەو رووداوانەش بکات کە دەشی ڕووبدەن ..! بۆیە ئەم دەقە شیعرییە پڕە لە پرسیاری گەورە و گومانی گەورە ..! ( ئەم کێوە زلە چۆن دزرا …!؟ ) ، ئەمە گەورەترین پرسیار و گەورەترین گومان و خوێندنەوەی لە بەرهەمهێناوە ..! هەربۆیە ، ئەم دەقەی بە یاخیبوون کۆتایی پێدەهێنێت و خۆیشی وەک وەزیرێک ناتوانێ لەگەڵ نادادپەروەری و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتێکی لەم چەشنە بەردەوام بێت و وازدەهێنێت ، وازهێنانی ( شێرکۆ بێکەس ) لە کورسی وەزارەت ، شتێکی سەرسووڕمان عەجیب و غەریب نەبوو ، مەبەستمە بڵێم پێچەوانەکەی ڕاست بوو ، بەمانایەک گەر بەردەوامبووایە ئەوکات جێگای سەرسووڕمان بوو ، چونکە شاعیرێکی ڕاستگۆ و مرۆڤدۆست و داهێنەر بە هیچ پاساوێک لەنێو ڕووبەری ناشیرینی دەسەڵات و سیاسەت جێگای نابێتەوە و ناتوانێ بەردەوام بێت ..! چونکە شیعر مرۆڤ و بەهای مرۆڤی لەلا گرینگە ، ئازادی و بەختەوەری لەلا گرینگە نەک ،( دەسەڵات و پلە و پایە ) ، بۆیە خۆشبەختانە ( شێرکۆ بێکەس ) شاعیرێکی ڕاستگۆ بوو لەگەڵ خۆیی و بیرکردنەوەکانی و لەگەڵ شیعر ..! لێرەدا ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە گتومانە / ( شیعر فۆڕمێکی بێدەنگ نییە ..! ) ، شیعر وەک سەرچاوەی عەشقێکی گەورە بۆ ژیان و بوون لەگەڵ مرۆڤ و بەهای ڕاستییەکان هاوتەریبە ، شیعر لەگەڵ خەون و هیواو ئومێد دایە..! شیعر ناتوانێ بێدەنگ بێت ، لە هەموو ئەو شتانەی کە ژیان ناشیرین دەکەن ، شیعر هەمیشە قسە دەکات و بەدەنگ دێت .. لێرەدا جیاوازی ( شیعر و سیاسەت )مان بۆ دەردەکەوێت . یان ئەوەی لەشوێنیتر گتومانە / لەو شوێنەی سیاسەت لەنێو رووبەری جوانی دایە ، لەو شوێنە شیعر و سیاسەت بەدوو هێلی هاوتەریب دەڕۆن بەڵام ، لەو شوێنەی سیاسەت لە دەرەوەی ڕووبەری جوانی دایە ، واتە لەنێو رووبەری ناشیرینی دایە لەوێدا / شیعر و سیاسەت بە دوو ئاراستەی پێجەوانە ڕێدەکەن .. چونکە ، لە بنەڕەتدا شیعر ئامانجی جوانکردنی ژیان و بەرهەمهێنانی جوانییە . هەروەک لەم دەقە شیعرییەی ( شێرکۆ بێکەس ) بینیمان ، کە سیاسەت و دەسەڵات / لەنێو ڕووبەرێکی ناشیرین ئیش دەکەن واتە لە دەرەوەی ڕووبەری جوانیدان ، هاوکات / شیعریش وەک هاوارێکی یاخی بە دژیانەوە هاتۆتە دەنگ ، بەمانایەکیتر / لەم دەقەدا ئەوە دەبینین / کە شیعر و سیاسەت لە دوو سەنگەری جیاواز و بە دوو ئاراستەی جیاواز ڕێدەکەن . دواجار بەوە دەگەین کە / شیعر وەک بوونێکی گەردوونی و زمانی مرۆڤ هاوکات ، پەرچەمێکی شەکاوەی ژیان دۆستیشە …! .

سەرچاوە :

  • دیوانی ( شێرکۆ بێکەس ) .. بەرگی سێیەم مارسی ٢٠٢١



شیعر و ژیاندۆستیی-1- ناڵە حەسەن

( خوێندنەوەیەک بۆ قەسیدەی ( یاداشتنامەی ماکەوێکی ڕەشپۆش ) ی شێرکۆ بێکەس )

                                                              

بەشی یەکەم /

( شێرکۆ بێکەس ) لەنێو ڕووبەری شیعر خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە ، ئەزموونێک زێتر لەنیو سەدە بە بەردەوام لە داهێنان و نوێبوونەوەدا بووە . ئەزموونێکی فرەڕەهەند لە فۆڕم و ناوەڕۆک ، هەر لە پۆستەرە شیعر و چیڕۆکە شیعر و شانۆنامە شیعر و ڕۆمانە شیعر و تا دەگات بە فۆڕمێکی تایبەت بەخۆی کە ناویناوە ( دەقی ئاوەڵا ) ، لەم پێناوەدا بە هەزاران لاپەڕە شیعری پێشکەش کردووین ، دەتوانین ( شێرکۆ بێکەس ) بە شاعیری ( هەموو سەردەمەکان ) ناوبەرین ، بەو مانایەی / لەسەرەتای دەستپێکردنیەوە تا ئەوکاتەی ژیان جێدەهێڵێت ، لە هەموو قۆناغ و سەردەمەکان ئامادەیی بەرچاوی هەبووە لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێناندا ، لە هەمانکات شاعیرمان هەیە ، تەنها لەسەردەمێکی دیاریکراو داهێنانی بەرچاویکردووە و دواتر توانا و ئاراستەی داهێنانەکانی هاتۆتە خوارەوە ، بەمانایەک نەیتوانیوە بە یەک هەناسە لەنێو ڕووبەری داهێنان بەردەوام بێت . ( شێرکۆ بێکەس ) لە ڕووی زمانی شیعرییەوەش داهێنانی گەورەی کردووە ، خاوەن زمان و وشە و دەستەواژەی شیعری تایبەت بەخۆی بووە .. توانای ئەوەی هەبووە کە لەنێو ڕووبەری شیعر هەموو شتێک بە قسەبهێنێ . دار و بەرد و چیا و ئاسمان و مرۆڤ و ژیان و مردن و تەنانەت دۆزەخیش . ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین خوێندنەوەیەک بۆ قەسیدەی ( یاداشتنامەی ماکەوێکی ڕەشپۆش ) بکەین ، لە ڕاستیدا ئەم دەقە ( چیڕۆکە شیعرێکە ) ، باسی چیڕۆک و مێژوویەکی دیاریکراومان بۆ دەکات . ڕاستگۆیانە پەنجە لەسەربرینەکان دادەنێ و جوانی و ناشیرنییەکان دەنووسێتەوە . ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە لەم دەقە شیعرییە ، شاعیر بە ڕوئیا و بیرکردنەوەیەکی مرۆیی ئەم دەقەی نووسیوە و ( بیرتیژیی و دووربین )یەکی گەورە لە خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی دەبیندرێ .. لەنێو دەقەکەیدا ئەمڕۆی ئێمەی بینیوە و خوێندنەوەی بۆ کردووە ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دەقە نزیکەی ( سی ساڵ ) بەر لە ئێستا نووسراوە .. بۆیە ئێمە لەم دەقەدا زێتر قسە و ئیش لە بارەی ناوەڕۆکی دەقەکە دەکەین ، لە سیاقی خوێندنەوەمان بۆ دەقەکە پەردە لەسەر هەموو دیمەنەکان هەڵدەدەینەوە و بە هەناسەیەکی درێژەوە وەک دەقەکە / هەڵوێستە لەسەر ورد و درشتی دیمەنەکان دەکەین و مەبەست و ئامانج و ناوەڕۆکی دەقەکە بە ئەمانەتەوە دەگەیەنین . ئەوەی لەم دەقە بۆ من زۆر گرینگ و جێگای دڵخۆشیم بوو کە / ( شێرکۆ بێکەس ) زۆر بە ئاشکرا لەم دەقە پێمان دەڵێ کە / شیعر فۆڕمێکی بێدەنگ نییە و دەتوانین بە زمانی شیعری قسە لەسەر هەموو ئەو شتانە بکەین کە ، ژیان ناشیرین دەکەن و ئاستی شکۆ و بەها مرۆییەکان دادەبەزێنن بۆ ئاستە نزمەکان . بۆ منی شاعیر ئەمە پڕەنسیپ و مانیفێستێکە ساڵەهایە لەنێو ڕووبەری شیعر و نووسینەکانم ئیشی لەسەر دەکەم . ( شێرکۆ بێکەس ) لەسەرەتای دەقی ( یاداشنامەی ماکەوێکی ڕەشپۆش ) دا دەڵێت :

بەم بوولێڵە تەنیا ئەڕوا و ڕووی کردۆتە دامێنی شار
ئێستا ئاسمان مشتێ ڕەنگە و ئەویش خەمێکی مێیینەی
قەترانی وەک کراسەکەی
ئاڵۆز وەکوو کەزییەکانی
سیسیش وەکوو هەردوو گۆنای
ساردیش وەکوو دەستەکانی
تارماییەکی مێینەی لە مەراقدا نووقم بووە
پەنا و پاسێری گرتووە
شەپۆلێکی لەسەرخۆیە و هەنگاو ئەنێ
ئەستێرەیەکی نەخۆشە و
فرمێسکێکی شۆخ و شەنگە و
بەم بوولێلە تەنیا ئەڕوا و ڕوویکردۆتە باشووری شار

وەکو گوتمان / ئەم دەقە شیعرییە چیڕۆکە شیعرێکە و بوونێکی درامی هەیە ، ( شێرکۆ بێکەس ) یەکێک لە دیمەنە کۆتاییەکانی چیڕۆکەکەی کردۆتە دەسپێکی قەسیدەکەی بە زمانێکی شیعری ناسک و بە دەستەواژەی شیعری سەرنجڕاکێش بەنێو دیمەن و ڕووداوەکان دەچێتە خوارەوە ، ( بەم بوولێڵە تەنیا ئەڕواو و ڕووی کردۆتە دامێنی شار .. ) ، چیڕۆکی ژنێکمان بۆ دەگێڕیتەوە کە هاوسەرەکەی پێشمەرگە بووە ، پێشمەرگەیەکی ئازا و نەبەرد ، تا سەرئێسقان عاشق بە خاک و نیشتیمان و ئازادی .. پێشمەرگەیەک کە بەسەر پشتی مەرگ بازبازێن دەکات و لە هیچ شتێک سڵناکاتەوە ، سەرەنجام گیانی دەبەخشێ بە ڕزگاری کوردستان و دەچێتە ڕیزی گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی ، لەوکاتەی ئەم واتە ( ژنەکە ) بەم بوولێڵە تەنیا دەڕوا و ڕووی کردۆتە دامێنی شار ، لەو زەمەنەدا باشووری کوردستان ڕزگار بووە و شۆڕشگێڕانی سەردەمی شاخ ، هاوسەنگەری مێردەکەی گەیشتوونەتە دەسەڵات و لە هەوڵی بە دەستهێنانی کورسی و گەیشتن بە شوێنە بڵندەکانی دەسەڵات و خەریکی ژیانی شاهانەی خۆیانن .. ئەوەی بیری لێنەکەنەوە منداڵ و خێزانی شەهید و مرۆڤە گیانبەختکردووەکانە .. بۆیە ئێستا تەنیایی بۆتە ماڵی ئەبەدی ئەو ، برسییەتی و قوڕسایی ژیان ، خەمەکانی سەرشانی کردۆتە کێوێکی سەخت ، ئێستا لای ئەو ، ( ئاسمان مشتێ ڕەنگەو ئەویش خەمێکی مێینەی قەترانی وەک کراسەکەی سارد وەکو دەستەکانی .. ) ، گیان و دڵی دەتەزێنێ و هیواکانی دەکاتە گەڵا وەریوەکانی بەردەم ڕەشەبایەکی بێڕەحم .. ئێستا ئەو ( ئەستێرەیەکی نەخۆشە و فرمێسکێکی شۆخ و شەنگە و بەم بوولێڵە تەنیا ئەڕواو ڕوویکردۆتە باشووری شار ..) . ئەو ئێستا لەنێو خەم و هەناسە ساردەکانی جگە لە چەند دیمەنێکی یادەوەری هیچیتری بۆ نەماوەتەوە ژیان بۆ ئەو بۆتە زیندانێکی گەورەی تاریک و پڕ ئێش و ژان . بۆ ئەو تازە شیرینییەکان قاوەیەکی تاڵە و هەڵمی نائومێدی لێ هەڵدەستێ ..!

ئەو زامێکی قژدرێژە ، چاوەکانی بڕیوەتە ئەشکەنجەی خۆی
چاوەکانی بڕیوەتە ، مانگی خوێنی ئاوانەبووی ناو خەیاڵی
( سەری مێردە کوژراوەکەی ، ئەوێنی خۆی )
لە چراخانی ئازادی .. دابڕاوە
لە دارستانی تریقە و پێکەنینی
دەوروبەری دابڕاوە
بێ ئاگایە … لە هاواری ئاپۆڕەی خەڵک
بێ ئاگایە … لە زەماوەندی ڕووناکی
لە شایی گوڵ
لە لەنجە و لاری گۆرانی
تەنیا ئەڕوا و لەگەڵ ڕابردوو ئەدوێ ، لەگەڵ خۆیدا
لەگەڵ بازێکی شەهیدا لەگەڵ ( ئەو) دا ..

ئەم بەشەش قووڵبوونەوەیە بەنێو خەم و ئازار و زامە قووڵەکانی ، شەوە درێژە پڕ تەنیای و حەسرەتەکانی ، ئێستا ئەو زامێکی قژدرێژە و چاوەکانی بڕیوەتە ئەژکەنجەی خۆی ، چاوەکانی بڕیوەتە نائومێدی بەختی ڕەش و ژیان و ئایندە رەشەکەی خۆی ، مەمکەکانی بەسەر جەستەی خەمێکی گەورە شۆڕبوونەتەوە ، هەر خۆی و هەرخۆی و هەرخۆی ، لە دەوروبەر و لە ئاوەدانی تەنانەت لەژیانیش دابڕاوە ، کەسێکە فڕێدراوەتە کەنار ژیانەوە ، لە دەرەوەی ژیان لەسەر ئەستێرەی نائومێدەیدا دەژیت ، بێئاگایە لەهەموو شتێک ، ( لە هاواری خەڵک و لە زەماوەندی ڕووناکی ، لە لەنجە و لاری گۆرانی و لە سەمای ئاڵای سەوز و زەرد ..! ) . ئەو تەنیایە ، لەگەڵ ڕابردوو دەژی ، لەگەڵ خەون و خەیاڵەکانی دوێنێ و لەگەڵ ئەودا ، لەگەڵ بازە شەهیدەکەی خۆی ، ئێستا ژیان بۆ ئەو جگە لەزیدانێکی گەورە هیچیتر نییە ، دۆزەخێکی ڕەش و تاریک ، دوور لەهەموو ئومێد و خۆشیەکان و شتە جوانەکان و ڕۆژگارە گەرمەکانی ژیان . ئێستا تەنیایی بۆ ئەو ماڵی ئەبەدی بوونە ..!

بەم بوولێڵە تەنیا ئەڕواو ڕووی کردۆتە دامێنی شار
” هەبوو .. نەبوو ، ڕۆژانێ بوو
بازەکەی من بەناو بڵێسەدا ئەفڕی
لەبەر گۆپاڵەباران و تەرزەی شووم و چەخماخەی شەقژنی بوو
وەک فریشتە باڵدارەکان
بە دارستانی نێزەدا تێئەپەڕی
ڕۆژگارێ بوو ، بازەکەی من ، لەو بەرزەوە
ئا ئەم شارەی لەژێر باڵەکانیا ئەدی
یەکبەیەکی ئەم هەردانە ، ئەم لووتکانە
جێ ڕەوگەبوون ، بۆ ئەسپە شێکەی هەڵمەتێ
لە دۆزەخی کڵاوسوور و کڵاوڕەشدا
یەکبەیەکی ئەم کۆڵان و شەقامانە
( ئا ئەم سووچە و ، ئەم سیلەیە ، ئەم بن دارە
ئەو ژێر چەترە ، ئەو پەنا پایەی بازاڕە )
جێ نزرگەی ترسناکی کوت و پڕ بوون
بۆ بازڕەقەی خوێنی تووڕە و بۆ هێرشی
کێڵان و کیفی ئامادە کراوەبوون
بۆ دەرهێنانی دەمانچە و .. ڕیزی گوللە و
تەقینەوەی نارنجۆکی خێرای دەستی
وەک کزەبایش ، لەناکاودا ، ئەهاتەوە بۆ ماڵەوە
بەبێ خشپە ، تریفە بوو دەر ئەکەوت و
یان خەوێکی ئێجگار خۆش بوو ، لە پڕێکدا پەیدا ئەبوو

ژنە پێشمەرگەیەکی شەهید تەنیا و داماو جگە لە کۆمەڵێک یادەوەری خاوەنی هیچ شتێکی تر نییە ، لەم دیمەنەدا وێنەی قارەمانێتی و چاپووکی و زرینگی بازەکەی خۆیمان بۆ باسدەکات و دەڵێت ، ( بازەکەی من بەناو بڵێسەدا ئەفڕی ) ئەو دێرە شیعرە ، وێنەیەکی شیعری جوانمان بۆ دەکێشێ ، هەرچەندە من وشەی ( باز ) زۆر بە گونجاو نابینم ، ڕاستە باز باڵندەیەکی چاپووک و بەهێز و هێرشبەرە هەر بۆیەش وەکو هێمایەک بۆ پێشمەرگە بەکارهاتووە بەڵام ، باز باڵندەیەکی گۆشتخۆرە و بۆ پەیدا کردنی پارچەیەک گۆشت بەناهەق ژیانی باڵندەی تری بێگوناه کۆتایی پێدەهێنێت ، کە ئەم دیوەی لەگەڵ پێشمەرگە و خەبات و تێکۆشان لەپێناو ژیان و ئازادیدا تەبا و هاوتەریب نایەتەوە ، ئەوەتا دەڵێت ، ڕۆژگارێ بوو بازەکەی من ، لەوبەرزەوە ئا ئەم شارەی لەژێر باڵەکانیا ئەدی ، یەکبەیەکی ئەم هەردانە ئەم لووتکانە ، جێڕەوگەبوون ، بۆ ئەسپە شێکەی هەڵمەتێ .. هەڵمەتبردنی باز و پێشمەرگە ، لە ڕووی ئینسانییەوە لە یەکتری جیاوازن و بۆ ئامانج و مەبەستی جیاوازیشن .. بۆیە لەم دەقە شیعرییە وشەی پێشمەرگە گونجاو و شیاوتر بوو ، چونکە باز باڵندەیەکە لایەنی نێگەتیڤی هەیە ، زێتر لە جەڵادەوە نزیکە نەک قوربانی ، بەڵام پێشمەرگە مرۆڤێکی قوربانی ستەمدیدەیە .. لە چوارچێوەی شۆڕبوونەوە بۆ نێو یادەوەرییەکان وەسف و دێمەنێکی جوانی پێشمەرگەمان بۆ دەکات ، لە ڕووی ( ئازایەتی و قارەمانێتی و گیانفیدایی و هەموو سیفاتە جوانەکانیتر ..) . ئا ئەو سووچە ، ئەو سیلەیە ، ئەو بندارە ، ئەو ژێرچەترە ئەو پەنا پایەی بازاڕە ، جێنزرگەی ترسناکی کوت و پڕبوون بۆ بازڕەقەی خوێنی تووڕە و بۆ هێرشی کێلان و کیفی ئامادە و کراوەبوون ..! لەناو ئەم بازبازێنە بەسەر پشتی مردنە و لەنێو ئەم دۆزەخی هەڵمەت و ئاگربارانەدا ، جارجارە / وەک کزەبا ، لەناکاو ئەهاتەوە ماڵ ، بەبێ خشپە وەک ڕووناک و تریفە بوو دەرئەکەوت .. چەند دیمەنێکی جوان و پڕ شیعرییەتە ، هێزی عەشق و خۆشەویستیمان بۆ ڕەسم دەکات ، ڕەتبوون بەنێو کۆڵانەکانی مردن و گەڕانەوە بۆ ماڵ بۆلای دوڵبەر .. ڕەتبوون بەنێو کۆڵانەکانی ئاگر و گەڕانەوە بۆ نێو ماڵی عەشق . بۆ تەڕکردنەوەی زەوییە وشهەڵاتووەکەی ناخ و خۆدانە بەر ڕێژنە بارانی خۆشەویستی و توانەوە لەنیو چرکەسات و کاتژمێرە ئیرۆسییەکانی عەشق ..!

منیش وەک ئاسکی خەواڵوو ڕائەپەڕیم
هەموو لەشم ئەنیشتە سەر ئاوی ترس و
هەموو جەستەم ئەبوو بەچاو
بە هێواشی لە کەمەرەوە ئەیگرتم
( چەکیش هێشتا بەشانەوە )
باوەشێکی پڕاوپڕی گەرم و تینووی پیا ئەکردم
گەرمییانی ئارەزوومان
وەک بەردی بەر سوورە هەتاو
ئەوسا ئیتر چۆن لاولاوی
سەرپەنجەرەی ژوورەکەمان
تەواو پێمەوە ئەنووسا … تەواو … تەواو
مەمکەکانم لەناو چنگیا سپی سپی
وەک دوو تیترواسکی بچووک
شەوقی حەزیان لەسەرگۆوە دائەگیرسا

ڕاستە پێشمەرگە مرۆڤێگە لە جەنگدایە ، لەگەڵ کوشتن و مەرگ و خوێن ڕووبەڕووە ، لەگەڵ فیشەک و چەک هاودەمە ، بەڵام بێبەری نییە لە خەیاڵ و هەستە ئیرۆسییەکان ، لە عەشق و خەونە ڕۆمانسییەکان ، لەشەوانی پڕ ترس و مەرگاوی دوور لە چاوی شار و مرۆڤەکان بە نهێنی دەگەڕێنەوە ماڵەوە یان بۆ باوەشی دوڵبەرەکانیان ، ( منیش وەک ئاسکی خەواڵوو ڕائەپەڕیم ، هەموو لەشم ئەنیشتە سەر ئاوی ترس و هەموو جەستەم ئەبوو بەچاو ..! ) کاتێک دڵەکان وەک بورکان گڕ ئەگرن ، هەستەکان وەک ئاگر کڵپە ئەکەن ، ئیدی ترس مانایەکی نامێنێ ، عەشق ڕێیەکی دەچێتەوە سەر شێتی .. ( چەکیش هێشتا بەشانەوە …! ) .. هێندە تامەزرۆ و دڵسووتاو بوو ، دووری و تامەزرۆیی ئاگرێکی وەهای لە جەستە و هەناوی بەردابوو ، بەرلەوەی چەکەکەی لەشانبکاتەوە ، ( باوەشێکی پڕاوپڕی گەرم و تینووی پیا ئەکردم ، وەک بەردی بەر سوورە هەتاو تاوی ئەسەند ..! ) وێنە و دەستەواژەی شیعری جوان ، شیعرییەت لە وشەکان دەڕژێ ، بەردی بەر سوورە هەتاو ، وێنەیەکی جوان و لە شوێنێکی گونجاو بەکار هاتووە و بڕشتێکی جوانی بە دێمەنە شیعرییەکە بەخشیوە ، ( تەواو پێمەوە ئەنووسا .. تەواو .. تەواو ، مەمکەکانم لەنێو چنگیا سپی سپی ، وەک دوو تیترواسکی بچووک ، شەوقی حەزیان لەسەرگۆوە دائەگیرسا ..! ) ، هەستێکی ئیرۆسی و عەشقێکی باڵای مرۆیی ، دیمەنێکی ڕۆمانتیک .. ئاوێزانبوونێکی شێتانە . دوور لەچاوی ترس و مردن .

وەک خەمی قووڵی هەردووکمان ، ماچێکی قووڵ
بینێکی قووڵ ، لە دەمەوە ، مژینەکە ئەکەوتە ڕێ و
بەناو لەشا ، تەزووی درێژەی ئەکێشا
لە کەپرۆکەی ناو ڕیشیشیا
بۆنی کەوێڵ ، بۆنی ئەشکەوت ، بۆنی بارووت
بۆنی کووزەڵەی گوێ چەم و مۆردم ئەکرد
بۆنی گوڵە ئازادەکان
بۆنی مەقەڕێکی شێدار
بۆنی نایلۆن ، بۆنی بەتانییە سەوزەکان
لەناو تووکی سەرسینگیشیا
بۆنی تیژی ئازایەتی و
بۆنی ناو سەنگەرم ئەکرد
لە چاویشیا هەموو ڕێگا دوورەکانم ئەدی
تەمی نزمی گەوەکان و ڕاکردنی گوڵ ئەستێرە و تروسکایی
ئاگری شوانی سەر ڕەوەز و بریسکەی جۆگەی
بەرکاوی ئێواران و هەڵبەزینەوەی قەڵبەزە و
ماچی ئاڵی نێوان ئاسۆ و خۆرنشین و … هەر لە چاویا
ڕەنگی پەڕیوەی ژنانی ناو ئۆردوگام ئەبینیەوە
ڕیزە پیاو و ڕیزە زیل و ڕیزە چادر
سەروو سیمای دوا شەهیدمان
دارتەلی سەر ئیزگەکەمان

لەم دیمەنە شیعریەش بەنێو قووڵایی هەستە ڕۆمانسی و ئیرۆسییەکان شۆڕدەبێتەوە ، جووڵە و ئاوێزانبوون و توانەوە لەنیو هەستێکی کوشندەی لەزەتی و ڕۆحیدا ، ( وەک خەمی قووڵی هەردووکمان ..) دوو جەستەی تامەزرۆ .. دوو جەستەی شەکەت لەنێو شەوانی تەنیایی و چاوەڕوانی .. وێنەی چرکەکانی بەیەکگەیشتن و کردنەوەی لغاوی ئەسپی تامەزرۆیی و ئارەزووە چەپێندراوەکانی ڕۆح .. ( بینێکی قووڵ ، لە دەمەوە ، مژینەکە ئەکەوتە ڕێ و بەناو لەشا ، تەزووی درێژەی ئەکێشا …) لەسەرەتا بە مژینی جەستە و دەست و پەنجەکان و مەمکەکان دەستی پێئەکرد و تەزووی ئەم هەستە شێتانەییە هەموو جەستەی دادەگرت ، ئاگری ئارەزووە تینووەکان کڵپەیان دەدا و گڕیان دەگرت . ئیتر لەپاڵ ئەم چرکە ساتە ڕاموسانییە ، ( شێرکۆ بێکەس ) دەیەوێت وێنە و ژیانی پێشمەرگایەتیمان بۆ بکێشی و پێشانی بدات ، بەو دێرە دەست پێدەکات ( لە کەپرۆکەی ناو ڕیشیشیا .. بۆنی کەوێڵ ، بۆنی ئەشکەوت …) زۆر شاعیرانە دوو دیمەنی جیاوازی تێکەڵ بەیەک کردووە ، لەنێو چرکەساتی ڕامووسانییەکی گەرم ، لەڕێگەی هەستکردن بە بۆنەکان دیمەنێکیتر کە جوگرافیا و شێوە ژیانی پێشمەرگەمان بۆ ڕەسم دەکات . ئەم چیڕۆکە شیعرە سەرەتاکەی بە خەباتی شاخ دەست پێدەکات ، زەمەن زەمەنی دوای شۆڕشی ئەیلوولە ، ئەوەی لە مێژوودا بە شۆڕشی نوێی گەلەکەمان ناوبراوە ، سەرکەوتنی ئەم شیعرە و جوانی و وێنەکان و دیمەنەکان لەوەدایە کە / شاعیر خۆی بەشداری لەو شۆڕشەدا کردووە و شارەزاییەکی باشی لە جوگرافیا و شێوە ژیانی پێشمەرگە و کەلەپووری شۆڕشدا هەبووە ، ڕاستی ئەم گوتنەمان لە دێرە شیعر و دەستەواژە شیعرییەکان بە ڕۆشنی بۆ دەردەکەوێت ، ( بۆنی کەوێڵ ، بۆنی ئەشکەوت ، بۆنی بارووت .. بۆنی کووزەڵەی گوێی چەم و .. بۆنی گوڵە ئازادەکان ..) لەکاتی ماچ و ئاوێزانبوون و یەکتر بۆنکردن ، لە ڕیش و جەستەی دڵدارەکەی بۆنی هەموو ئەو شتانەی دەکردن کە لەسەرەوە نووسیومانە . بۆنی ئەشکەوت ، بۆنی بارووت ، بۆنی کووزەلەی گوێی چەم .. لەبۆنکردنی کەلوپەلی ژیانی سادەی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و دەڵێت ( بۆنی مەقەڕێکی شێدار ، بۆنی نایلۆن ، بۆنی بەتانییە سەوزەکان .. ! ) ، مەقەڕێکی شێدار و بۆنی نایلۆن و بەتانییە سەوزەکان ، ڕێک وێنەی مەقەڕی پێشمەرگەمان دێتە بەرچاو ، دیمەنێکی ڕۆشن .. وێنەیەکی شیعری جوان ، من پێموایە ئەگەر ( شێرکۆ بێکەس ) خۆی پێشمەرگە نەبا و لە نزیکەوە بەشێک نەبا لەو ژیانە ، ئاوا سەرکەوتووانە نەیدەتوانی ئەم دیمەن و وێنانەمان بۆ بکێشی .. ئیتر زێتر بەنێو وەسفکردنی کەسەکان و ئەم شێوە ژیانە شۆڕدەبێتەوە و درێژەی پێدەدات ( لەناو تووکی سەرسینگیشیا ، بۆنی تیژی ئازایەتی و بۆنی ناو سەنگەرم ئەکرد ، لە چاویشیا هەموو ڕێگا دوورەکانم ئەدی ..! ) ، لێرەشدا ، باسی ئازایەتی و نەبەردی پێشمەرگە و دڵسۆزی و وەفادارییان بۆ خاک و نیشتیمان و ئازادی .. هەروەها بیروباوەڕ بە ئومێدێکی گەورە بە خەبات و تێکۆشان و سەرکەوتن ، لە چاویشیا هەموو ڕێگا دوورەکانم ئەدی ، بێگومان لەبەردەم میللەتێکی ستەمدیدە ڕێگاکانی سەرکەوتن و ئازادی دەکرێ دوور و مەودا فراوان بن ، مافەکانی مرۆڤ و مافە مەدەنی و ئازادییەکان لە چنگی دیکتاتۆر و مرۆڤە دڕندەکان وا بەسانایی نایەتە دەرێ ..! ئیتر لەم چیڕۆکە شیعرە وێنەی هەموو زەمەنەکان و شوێنەکانمان بۆ دەکێشێ ، ( ڕەنگی پەڕیوی ژنانی ناو ئۆردوگا و ڕیزە پیاو و ڕیزە زیل و ڕیزە چادر ..! ) دوای ئەنفال و تێکدان و خاپوورکردنی گوندەکان ، پێشمەرگە دەڕۆنە سەرسنوورەکان و ئەودیو سنوورەکان و لە ئۆردووگاکان نیشتەجێ دەبن ، ئەم وێنانەمان یەکبەدوای یەک وەک فیلمێک بە زمانی شیعری و وێنەی شیعری پێشان دەدات ، تا دەگاتە ( سەروو سیمای دوا شەهیدمان ، دارتەلی سەر ئیزگەکەمان …! ) شاعیر زۆر وردبینانە دیمەن و وێنەکانی کێشاوە ، تەنانەت دارتەلی سەر ئیزگەکەیانی بیر نەچووە ، ئەو ئیزگەیەی پێشمەرگە و هەموو خەڵکی دەهێنایە جۆش و خرۆش .
لە چاوانیا چارەنووسێکی پایزە وەکوو گەڵا لەرەی ئەهات
لە چاوانیا مەرگی شیعرێکی نازدارم ئەخوێندەوە
خەمی باڵگرتووم ئەبینی
خوێنی ئەستێرەم ئەبینی
لە چاوانیا خۆرنشینی خۆم ئەبینی .. خەوم ئەدی
لەناو گەمیەی هەورێکدام و هەرچوار دەورم هەمووی گڕە
خۆم ئەبینی پەڕەسێلکەم تەنیا تەنیا ماومەتەوە
هەمووجارێ لە چاوانیا
چارەنووسێکم ئەبینی و لێی ئەترسام
لە ناوەڕاستی هۆدەدا بە چوارمشقی دائەنیشتین
هەرچوار ئەژنۆمان ئەنووسان بەیەکەوە
لە دوو گوڵدانی پڕ لەگوڵ ، پڕ لە خەم و پڕ لە خەون و
پڕ لە ئازاری سوور ئەچووین
لەم دیمەنەش / پارادۆکسێکی شیعری ناوازەمان بۆ دەنەخشێنێ ، لە چرکەساتی ئاوێزانبوون و تێکەڵاوبوون .. لەنێو قووڵایی خۆشییە ڕۆح بزوێنەکان لە هەستێکی دەروونی نادیارەوە مەسیجێکی خەمناکی دێتە گوێ ، وێنەیەکی تاریک دێتە پێشچاوی ، ئایندەیەکی خەفەتبار دەخوێنێتەوە ، ئەم هەموو پێشبینییە ترسناکەش لەنێو چاوەکانی بازەکەی خۆی دەبینێت ، ( لە چاوانیا چارەنووسێکی پایزە وەکو گەڵا لەرەی ئەهات ، لە چاوانیا مەرگی شیعرێکی نازدارم ئەخوێندەوە ، خەمی باڵگرتووم ئەبینی ، خوێنی ئەستێرەم ئەبینی …! ) وەک ئەوەی چاوەکانی قسەی بۆ بکەن و باسی ئایندەی بۆ بکەن ، چارەنووسێکی پایزە ، چ دەربڕینێکی شیعری و جوان و ناوازەیە ، خەمێکی پڕ لە ئیستاتیکای شیعری ، پڕ لە ئاوازێکی حەزین ، یان / خوێنی ئەستێرەم ئەبینی ، وێنەیەکی شیعری و دەستەواژەیەکی شیعری جوان و ناسک ، هەستە نادیارەکانی درێژە بە خوێندنەوەی پێشبینییەکان دەدەن تا ئەو ڕادەیەی بڵێت ، ( لەناو گەمیەی هەورێک دام و هەرچوار دەورم هەمووی گڕە ، خۆم ئەبینی پەڕەسێلکەی تەنیا تەنیا ماومەتەوە ..! ) ، لێرەدا ئەوە دەبینین کە شیعر و شاعیر هێزی ئەوەیان پێیە کە ئایندە بخوێننەوە ، ئیدی دوای هەستکردن بەم خەیاڵ و پێشبینیە خەمناک و ترسناکانە ، لەوساتەدا ماچ و مژین و تێکئاڵان دەبوو بە وردبوونەوە لەچاوانی یەکتری و داماو و حەپەساو ( لە ناوەڕاستی هۆدەدا بە چوارمشقی دائەنیشتین ، هەرچوار ئەژنۆمان ئەنووسان بەیەکەوە ، لە دوو گوڵدانی پڕ لە گوڵ ، پڕ لە خەون و پڕ لە خەون و پڕ لە ئازاری سوور ئەچووین ..! ) ئیتر لێرەدا خۆشەویستی بە وردە گەڵای ترس و خەم و ئازار دادەپۆشرا ، بارێکی دەروونی ناجێگیر ، خەونەکان پڕ لە تریفەی شێواو و بەهارێک پڕ لە سەوزاییەکی خەفەتبار ، تێڕامانە قووڵەکان لە چاوانی یەکتری ، ئاکامەکان دەبوون بە گوڵدانێک بەڵام گوڵدانێکی خەماوی و پڕ لە خوێنی ئەستێرەکان و پڕ لە گوڵ و پڕ لە خەون و خەفەت و خەمی سووری پاییزی ..!
قسەی ئەکرد
تۆ و کانی .. تۆو درەخت ..
تۆ و بەردم ، بە قەد یەک خۆش ئەوێ !
ئەمپرسی :
کاممان ، تۆزقاڵێ لە کاممان زیاتر .. گیانە ؟!
ڕائەما ، ئەیڕوانییە دارەڕای ژوورەکە
لەو ساتەدا دەم و چاوی
لە کوختێکی ناو تەم ئەچوو
-زیز مەبە ، بەرد زیاتر .. ئاو زیاتر .. دار زیاتر ؟!

  • ئۆه ، گیانە .. کە بەردمان لە دەست چوو .. ئێمە چین ؟!
    کە ئاومان فەوتی کرد .. ئێمە چین ؟!
    ئەوینێ بێ بەرد و بێ ئاو بێ درەخت کوا هەیە ؟!
    یەک چرکە ئازادی و دوای ئەوە بابمرم !
    لێڵ مەبە ! .. ئەوینی من و تۆیش
    لە ڕوونی ئاودایە !
    لە خورە و هاژەی سەربەستی ئاودایە
    تەماشا ! دیلێتی ناهێڵێ
    تێر سەیری یەک بکەین !
    ژێردەستی ناهێڵێ .. لە ماڵی خۆیشمان
    بۆ تاوێک بسرەوین !
    ئازادیی ئاسمانە .. بارانە و هەتاوە
    بێ ئاسمان .. کام خۆر و کام تیشک و کام باران ؟
    ئازادی خاکیشە
    ئازادی خەڵکیشە … مێژوویشە
    کە نەبوو چی هەیە ؟! ئەمە نانە ؟!
    یان ژەهر ؟
    ئیتر / دوای هێوربوونەوە لەنێو تێکەڵاوبوون و ڕاموسانی و ماچ و دەستبازی و ئارامبوونەوەی هەستە ئیرۆسییە گەرمەکان ، کاتی لەچاوانی یەکتر ڕوانین و نوێکرددنەوەی بەڵێنەکانە بۆ ئایندە و بەردەوامبوون ، گەیشتن بە وەرزێکی نوێی عەشق و ژیانێک لەژێر ساباتی ئازادیدا ، بێگومان گەیشتن بە کاروان سەرای ئازادی ، ڕێگاکان تەخت و نزیک و بێ قوربانی نین ..! بۆیە هەمیشە لەساتی ڕوانین و بیرکردنەوەکان ترس و گومان و پێشبینییە خەمناکەکان پشکۆکانییان دەردەکەون ، بەڵام ئەمان هەمیشە بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ عەشق و ژیان و بوون و بەهای مرۆڤ دەکەن . ( تۆو کانی .. تۆو درەخت .. تۆو بەردم ، بەقەد یەک خۆش دەوێ ..! ) بێگومان بۆ پێشمەرگەیەکی عاشق ، راستگۆ و مرۆڤپەروەر و ئازادیپەروەر ، خۆشەویستی لەخاک و نیشتیمان و جیاناکرێتەوە ، خاک و نیشتیمان و مرۆڤیش بەبێ ئازادی بەهاکانی خۆیان لەدەست دەدەن ، بۆیە لێرەدا عەشقێک دەبینین ، پڕ لە پیرۆزی بەها مرۆییەکان ، بەڵام ئەم بە نازێکی کچانەوە دەڵێ ( کاممان ، تۆزقاڵێ لە کاممان زیاتر .. گیانە ؟! ) ، پێشمەرگەیەکی وشیار ، دڵسۆز بۆ خاک و نیشتیمان ، تا سەرئێسقان عاشق بە چاوەکانی دوڵبەر ، بەڵام لای ئەو عەشق بەبێ ئازادبوونی بەرد و درەخت و ڕووباری نیشتیمان بوونی نییە ، عەشق بەبێ ئازادی بوونی نییە ، چونکە ئەو لەوە بە ئاگایە کە بوونی مرۆڤ بەبێ ئازادی بوونێکی نامۆ و ناکاملە ، بۆیە بەم وشیارییە قووڵەوە بە ڕاستگۆیانە پێی دەڵێت ( زیز مەبە ! بەرد زیاتر .. ئاو زیاتر .. دار زیاتر ..! ئۆه گیانە کە بەردمان لە دەستچوو ئێمە چین ! ، ئەوینی بێ بەرد و بێ ئاو و بێ درەخت کوا هەیە ..!؟ ) ، مرۆڤ کە ئازاد نەبوو نە بوونی نە ژیانی نە عەشق و خۆشەویستییەکەی تەنانەت هەموو پەیوەندییەکانی خاڵی دەبنەوە لە سەروەری بەهای مرۆیی ، بۆیە بە ڕاشکاوانە ئەم ناخەی خۆی لە قووڵایی مەعریفەوە بۆ ڕادەگەیەنێت و دەڵێت ، ( یەک چرکە ئازادی و دوای ئەوە با بمردم ..! ) ، لەم دێرەدا تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ بوون و مرۆڤ و بەها مرۆییەکان دەبینین تەنانەت بۆ عەشقیش ..! چونکە وەکو گوتمان هیچکام لەوانە / نەبوون نە مرۆڤبوون نە بەهای مرۆیی نە عەشق بەبێ ئازادی ناگەنە ئاستی سەروەری و ڕەسەنبوون ، ئیتر بۆیە دەڵێت ( لێڵ مەبە ، ئەوینی من و تۆیش لە ڕوونی ئاودایە ، لە هاژەی سەربەستی ئاودایە ، تەماشا ! دیلێتی ناهێڵێ ، تێر سەیری یەک بکەین ، ژێر دەستی ناهێڵێ بۆ تاوێک بسرەوین ، ئازادی ئاسمانە بارانە و هەتاوە …! ) ، ئیتر لەکۆتایی ئەوە دەردەخات کە هیچ شتێک بەبێ ئازادی بەهایەکی ئەوتۆی نییە ، دیلێتی ژێردەستەیی پەت دەخاتە گەردنی هەموو شتێک ، تەنانەت ناهێڵێ مرۆڤەکان بە ئارامی سەیری یەکتریش بکەن .. هەموو شتەکان مانا ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست دەدەن ، بۆیە ژیانێکی لەم شێوەیە بە هەڵدانی پیاڵە ژەهر دەزانێت ..!
    ( بازەکەی من شاعیریش بوو …
    هەموو جارێ دوا شیعری خۆی
    لەگەڵ دوا دووکەڵی مەزرا و
    لەگەڵ دوا زریکەی بەرد و
    لەگەڵ دوا گریانی باخدا بۆ ئەهێنام )
    بازەکەی من ئەو شیعرانەی کە ئەینووسی
    قووڵ بوون .. وەکو دەریاچەکان
    سادەیش بوون وەکو گوڵە کێوی
    بازەکەی من لە نوێخوازەکانی ژیان بوو
    ئەو نەئەچوە بەر ئاوێنە کۆنەکانی زمان
    لای ئەو وشە زیندەوەر بوو
    لای ئەو ڕستە مەرجدانەوەی مەراق و
    زەنگی مێشک و وەکو گڕکان
    ساتە وەختێکی خەتەر بوو
    دوو عاشقی سەرکێش ، پڕ لە ئەوین و مرڤبوون ، پڕ لە وشیاری بۆ ژیان و بوون ، بە ئازادی بەهاکانی جوانی ، بەشێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە دڵدار واتە پێشمەرگەکە ، بازەکەی نێو دەقەکە ، کەسایەتییەکی شاعیر بوو ، کەسایەتییەک کە لەپاڵ چەکەکەی شانی هەمیشە قەڵەمێک و دەفتەرێکی بچکۆڵەی لە گیرفانەکانی بوو ، بۆ نووسینەوەی هەستەکانی خۆی ، بە کردنی بیرکردنەوەو خەیاڵەگەرمەکانی و تامەزرۆیی و ماراقەکانی بە شیعر ، یان تێکەڵکردنی خەیاڵ و هەستەکانی بە تەوژموو جووڵەکانی جوانی .. بازەکەی ئەو شاعیر بوو ، بۆیە پڕ بوو لە هەستی مرۆیی و عەشقی مرۆیی و خەیاڵ و بیرکردنەوەی مرۆیی ، بە مانایەک / زێتر ڕۆچوون لەگەڵ خەیاڵەکان و بینینی هەستە شاراوەکان و گەرد و پێکهاتە وردەکانی خەون و بەهاکان ، چۆن شاعیرێک / شاعیرێکی نوێخواز و مۆدێرن .. نوێخواز بۆ دنیابینی شیعر و نووسین و زمان ، هەروەها مۆدێرن بۆ تێگەیشتن لە بوون و ژیان و مرۆڤ ، بۆ مێژوو و هەموو چەمکە گرینگەکان ( بازەکەی ئەو شاعیریش بوو ، هەموو جارێ دوا شیعری خۆی ، لەگەڵ دوا زریکەی بەرد و دواگریانی باخدا بۆ ئەهێنا ..! ) ، شاعیرێکی مرۆڤدۆس و ژیاندۆست ، هەمیشە لەپاڵ جوانییەکانی ژیان خەم و ئازار و ژانە قووڵەکانیش دەنووسێتەوە ، بەتایبەت شاعیرێک لەنێو جەرگەی خەبات و تێکۆشان لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و سەربەستیدا ، ئیتر دەبێ گڕوتینی وشەکانی ئەم شاعیرە عاشق و هەست ناسک و ژیاندۆستە چ ئاگرێکی پڕ کڵپە و هەڵجوون و شەپۆل ئاسابێت ..؟ ( بازەکەی من ئەو شیعرانەی کە ئەینووسی ، قووڵ بوون .. وەکو دەریاچەکان ، سادەیش بوون وەک گوڵە کێوی … ، لای ئەو وشە زیندەوەر بوو ، لای ئەو ڕستە مەوجدانەوەی مەراق و زەنگی مێشک و ساتە وەختێکی خەتەر بوو …! ) ، لای بازەکەی ئەو ، عەشق ژیان بوو ژیانیش عەشقێکی گەورە ، شیعریش نووسینەوەی جوانییەکانی عەشق و ژیان بوو ..!

    ( نموونەیەکی بچووک لە شیعرەکانی بازەکەی من )
    سەری من بەم ئاسمانە نەوییە بەم ئاسمانە زەلیلە
    ڕازی نابێ
    سەری من تۆپی ئاگر و گڵۆڵەخەمێکی یاخییە
    یان نارنجۆکێکی ناو دەستەکانی ئازادیی
    ئەبێ ئەم مێژووە تاریکانە .. ئەم بەهەشتە ڕەشانە
    لە خوێنەوە ڕووناکییان بۆ بەرین
    بەڵام ئەشبێ بە مردنێکی درێژدا تێپەڕین
    ئینجا بگەیتە …
    ( بازەکەی من ئەم شیعرەی
    بە ناتەواوی بۆ بەجێهێشتووم )
    لێرەدا نموونەیەک لە شیعری بازەکەی خۆیمان بۆ دەنووسێتەوە ، نموونە لە شیعرێکی تەواو نەکراو یان ناتەواو ، بەرلەوەی خوێندنەوەیەکی کورت بۆ ئەم کۆپلە شیعرەی شاعیرە عاشقەکە بکەین کە پێشمەرگەیە و لەسەنگەری خەبات و تێکۆشاندایە لەپێناو ڕزگاری نیشتیمان و بەدەستهێنانی ژیانێکی ئازاد .. ( بازەکەی من ئەم شیعرەی بە ناتەواوی بۆ بە جێهێشتووم ) ، وشەی ( ناتەواو ) ، وشەیەکە هێمای جوراو جۆر و خوێندنەوەی جیاواز لەخۆدەگرێت ، ئایا بۆ ئەو شیعرە بە ناتەواوی بۆی جێهێشتووە ، ئایا هەرخۆی شیعرەکەی تەواو نەکردووە ، یان شاعیرەکە لە کاتی نووسینی ئەو شیعرەدا ، کۆتایی بە ژیانی هاتووە و گەیشتۆتە لای هاوڕی گیانبەختکردووەکانی و ماڵئاوایی لە دوڵبەر و شیعر و ژیانکردووە ، لە سیاقی خوێندنەوەمان لە بەشەکانی کۆتایی وەڵامی ئەم پرسیارانەمان وەردەگرینەوە .. شاعیرێکی نوێخواز و مرۆڤدۆست ، نیشتیمانپەروەر و ژیاندۆست ، عاشق و ئازادیدۆست ، بێگومان شاعیرێکی لەمجۆرە هیچ گومانێکی تیانییە ، کەسێکی یاخی و سەرکەش دەبێ ، چونکە نوێخوازی ڕەگێکی دەچێتەوە سەر یاخیبوون ، یاخیبوونیش لە وشیارییەوە گەراکانی سەردەردێنن ، بەمانای بازەکەی ئەو ( شاعیرێکی نوێخواز و یاخی و وشیار بوو ..! ) ، بۆیە شیعرەکانی پڕبوون لە عەشق و شەیدابوون بۆ ئازادی و ڕزگاری نیشتیمان و مرۆڤ هاوکات هەستە گەرمەکانی یاخیبوون ، ئەوەتا بە ڕوونی دەڵیت ( سەری من بەم ئاسمانە نەوییە بەم ئاسمانە زەلیلە ڕازی نابێ ..! ) ، ژیانی ژێردەستەیی و ستەمدیدەیی ژیانێکە لە ئاستێکی نزم ، خاڵییە لە ئازادی و جوانی و بەها مرۆییەکان ، شاعیر ژیان لەئاستێکی نەوی و نزمی لەمجۆرە رەتدەکاتەوە ، هەمیشە بەرامبەر ستەم و زۆرداری دەڵێت ( نا ) ..! چونکە ئەو کەسێکی یاخی و بە جەربەزە و دلێر و ناڕازییە ، شاعیرێکی جوانبین و هەست ناسکە ، ناتوانێ عەشق و ژیانی بەبێ ئازادی قەبووڵ بکات ، ئەوەتا دەڵێت ( سەری من تۆپی ئاگر و گڵۆڵەخەمێکی یاخییە …! ) ، ئەو پێیوایە لە ئاکامی هەوڵدان و کۆشش و خەبات دەبێ شەوە تاریکەکان ڕووناکبکرێنەوە ، شوێن و کونجە تاریکەکان ڕووناکییان پێبگات ، ( ئەبێ ئەم مێژووە تاریکانە ، ئەم بەهەشتە ڕەشانە لە خوێنەوە ڕووناکییان بۆ بەرین …! ) ، دەکرێ بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە پیرۆزانە نەگەینە کۆتایی ڕێگا و سەرکەوتنەکان بەچاوی خۆمان نەبینین و خەونەکانمان لەگەڵ خۆمان ببەینە ژێرخاک واتە گیان و بوونمان بە ژیان ببەخشین..!( بەڵام ئەشبێ بە مردنێکی درێژدا تێپەڕین …! ) .

  • بازەکەی من ، وەک کزەبا چۆن لەناکاو پەیدا ئەبوو
    هەروایش لەپڕ : بەبێ خشپە ، وەک کشانەوەی تریفە
    وەک گەڕانەوەی تارمایی و سێبەر و خەو ، دیار نەئەما
    لە پڕێکدا ئاوا ئەبوو ، ئەچۆوە ناو ڕۆحی چیا
    ئەبۆوە بە ، گوڵی چوالە ، بەدار هەنار ، ئەبوو بە
    زنەو بە ڕەگ و بە سروودی دەم دار بەڕوو
    ئەچۆوە ناو تەمتوومانی ئەودیو کەژە بێدەنگەکان
    ئەچۆوە ناو جریوەی دوور ، ئەچۆوە ناو خەونی
    گوند و لە خۆڵەمێشدا ون ئەبوو
    ون ئەبۆوە .. ئەهاتەوە .. ون ئەبۆوە
    پێشمەرگە و ژیانی پێشمەرگایەتی / ژیانێکی نائارام و ناجێگیر بوو ، ژیانێکی کۆچەری ، وەک ڕەشەبا و زریان ، ژیانێک بوو لەنێو دیار و نادیار ، هەڵاتن و ئاوابوون ، یان ئاوابوونی ئەبەدی ..! ( بازەکەی من وەک کزەبا لەناکاو پەیدا ئەبوو ، هەروایش لە پڕ ، وەک گەڕانەوەی تارمایی و سێبەر و خەو دیار نەئەما ..! ) ، عەشقێک لەنێوان دوو مرۆڤی عاشق و شەیدا بۆ ژیان و ئازادی ، دڵی خۆیان و عەشقەکەیان هەمیشە لە چنگی مەرگ دابوو ، هەمیشە هەناسواری و نائارام ، ترس و نیگەران و خەمی دابران ، چاوەڕوانییەکی کوشندە ، گەمەیەک لەنێو بازنەی دەرکەوتن و ونبوونەوە ، هاتن و ڕۆیشتن ، گەڕانەوە بۆ ناو تەمتوومانی ئەودیو کەژە بێدەنگەکان ، چوونەوە ناو جریوە دوورەکان ، ونبوون لەناو خۆڵەمێشی مەرگ . مانەوە لەنیو بازنە هەمیشەییەکانی هەڵاتن و ئاوابوون ..!
    بازەکەی من بوومەلەرزەی ، لەبن دەستی
    دێوی سپی و دێوی ڕەشی ئەم شارەدا
    ئەچاند ئینجا ون ئەبۆوە
    لە سەفەری گردی ڕەشدا هەموو جارێ
    کەمەندی ئەو بێچووە درنجێکی ئەگرت
    هەموو جارێ لە چەقی ئەم جادانەدا
    بۆ داڵێکی ئەم مەڵبەندە
    بۆ ئەرژەنێ
    بۆ عەزیایەک
    دۆزەخێکی نوێی دائەخست
    بازەکەی من لە دوا ئێوارەی فڕیندا
    لە دوا ساتەوەختی نیوان گەشانەوە و هەڵوەریندا
    وەختێ لەگەڵ ڕەوتی خێرای
    جوانووە ژانێکی سپیدا لە شاخەوە
    بەرەو بنار دائەگەڕا و
    شۆڕ ئەبۆوە بەرەو ناوشار
    ئەو چرکانەی
    تراویلکەی لەرزیوی پێش هەردوو چاوی
    سیمای ئاونگاوی منی
    دوور و نزیک پێشان ئەدا
    مردن لە شێوەی داوێکدا
    ئەگاتە بەر هەردوو قاچی و
    دێتەوە یەک !
    باز ئەگیرێ و
    باڵەکانی شەتەک ئەدرێ و
    ئەخرێتە ناو زیندانێکی گەڕۆکەوە و
    دوور دوور ئەبرێ

    لەم بەشەدا / دەست و بازوو و هێزی پۆڵایینی پێشمەرگە ڕەسم دەکات ، ئەو ترس و تۆقان و سام و لەرزینەی لە دڵی ئەژدیها و دوژمنە دڕندەکان دروست کردبوو ، وا پێدەچێت ، پاڵەوانی ئەم چیڕۆکە شیعرە بازەکەی ئەو ، یەکێک لەو پێشمەرگە چاپووک و قارەمانانەی یان یەکێک بێت لە شانە و دەستەی پارتیزانەکان .. هەردەمێک لە شوێنێک زەبر وەشاندن لە دێو و ئەژدیهاکانی سەر بە ڕژێم و دەسەڵات ، لە گوند و لادێ و ڕێگاکان و جادە و ناو شارەکانیش .. بە تاکتیکی شۆڕشگێرانەی سەردەم و دەستڕاگەیشتن بە هەموو کەلێن و قوژبن و شوێنێک ، ( بازەکەی من بوومە لەرزەی لەبن دەستی دێوی سپی و دێوی ڕەشی ئەم شارەدا ئەچاند …! ) یان ( هەموو جارێ لە چەقی ئەم جادانەدا بۆ داڵێکی ئەم مەڵبەندە ، بۆ ئەرژەنێ ، بۆ عەزیایێ ، دۆزەخێکی نوێی دادەخست ..! ) ، هێزی پێشمەرگە بە تایبەت دەستەی پارتیزانە دلێر و قارەمان و گیان لەسەردەستەکان ، وەک دەڵێن ( قەیسەرییان لە دێو و دژدیهاکانی دەسەڵات کرد بوو بە کونە مشک ) ، تا ئاستی ئەژنۆ لەرزین لەنێو ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقین دابوون ، لە هەرکاتێک لەهەر شوێنێک ئاسایی بوو بکەونە ژێر هێرشی نەبەردانی پێشمەرگە و دۆزەخێکی واقیعی بە چاوی خۆیان ببینن .. بەڵام دواجار بازەکەی ئەو وەک بازە چاونەترس و گیان لەسەر دەستەکانی هاوڕێگای خۆی ، لە ئێوارەیەکی فڕیندا ( لەدوا ساتەوەختی گەشانەوە و هەڵوەریندا ..! ) ، دەکەوێتە نێو بۆسە و باڵەکانی دەبەسترێ و دەیخەنە نێو قەفەزی زیندانەوە ..! ( بازەکەی من ، وەختێ لەگەڵ ڕەوتی خێرای جوانووە ژانێکی سپیدا لە شاخەوە ، بەرەو بنار دا ئەگەڕاو شۆڕ ئەبۆوە بەرەو ناوشار ..! ) ئیتر ئەو چرکە ساتەی کە دڵی گەورەی ڕائەچڵەکێ و دەمارەکانی هەست بەلەرزین دەکەن ، پێشهاتێکی خەمناک ، دڵتەنگیی و خەمۆکییەک جەستەی دائەگرێ و ( لەو چرکانەی تراویلکەی لەرزیوی پێش هەردوو چاوی ، سیمای ئاونگی منی ، دوور و نزیک نیشان ئەدا ، مردن لەشێوەی داوێکدا ئەگاتە بەر هەردوو قاچی ..! ) ، چەند سەخت و ئەستەمە وەسفکردنی ئەم دیمەنە ، کێشانی وێنەی مەعشوقەکەت لەنێو بازنەی مەرگدا ، ئەو چرکەساتە دەروونە ڕەهیبەی کە ئەژنۆ ناتوانێ خۆی لەبەرامبەردا ڕابگرێ ، کوژانەوەی ڕووناکییەکانی خەونە گەورەکان ، ئاوابوونی خۆرەتاو و ئەستێرەکانی ئومێد ، چەند سەختە ئەوکاتانەی مردن لە شێوەی داوێکدا لە قاچەکانی دوڵبەرە مرۆڤدۆست و ژیاندۆستەکەت دەئاڵێ ، شانسی بینینەوەی بۆ تەنها جارێکیش نامێنێ و ئیدی دەگاتە نێو ڕووبەری ونبوون و وەکو ئەستێرەکی عاشقی ناموراد بۆ تاهەتایە ئاوادەبێت و دەرناکەوێتەوە ..! ( باز ئەگیرێ و باڵەکانی شەتەک ئەدرێ و ئەخرێتە نێو زیندانێکی گەڕۆکەوە و دوور دوور ئەبرێ ..! ) .

    ( بازەکەی من ، پەلەت چی بوو )
    بەم ئێوارە درەنگ وەختە
    بەو ئێوارە بەژن ڕەشە
    بەو ئێوارە نەفرەتییە
    بۆ کوێ ئەچوی ؟
    ئەتویست چریکە و شەقژنت بەریتە کوێ ؟!
    ئەتویست لە کام هەوار لادەی ؟!
    پەلەت چی بوو ؟!
    هەور لەسەرت ئەوەستا !
    زریان لەسەرت ئەوەستا !
    منیش لەسەرت ئەوەستام …!
    شۆڕش و گیانبازی لەپێناو خەبات و ئازادیدا ، لەوپەڕی شەپۆلدانیەتی ، ئاگر و گڕ و بڵێسەکان لەوپەڕی کڵپەکردنن ، ورە و باوەڕ و هەست و سۆزەکان لەوپەڕی بڵنداییەکان و بەرەو لوتکەدەڕۆن ، گیانی نیشتیمانبەروەری ئامادەیی بۆ شۆڕش گیانێکی پۆڵایین و لەوپەڕی هێزدایە ، بازە شاعیر و ئازاکە لەوکاتە دەکەوێتە نێو بۆسەی دوژمن و دەخرێتە نێو قەفەزی دیلییەتی و دواتر لەسێدارە دەدرێ و شەهید دەکرێت ، لەوکاتە دەگاتە کاروانی سەروەران و بەرە و رووبەری گیانبازان و هەمیشە زیندووان دەڕوات .. چاوەکانی لەسەریەک دادەنێ و بە جەستە سەنگەرەکانی خەبات و شۆڕش بەجێدەهێڵی بەڵام ، بە گیان و ڕۆح و بیرکردنەوە هەر لەنێو شۆڕش و لەگەڵ هاوڕێکانییەتی ، هەر لەنێو خەیاڵ و لە باوەشی دوڵبەرەکەیەتی ، بۆیە لێرەدا ماکەوە ڕەشپۆشەکە دوڵبەری بازە شەهیدەکە ، لەنێو قووڵایی هەستە خەمناکەکانی ، بە جەستەیەکی تەواو شەکەت و ئەژنۆیەکی شکاوەوە ، پرسیارێکی جەوهەری دەکات ، وشە وشەی پرسیارەکە ناخ هەژێن و دڵ بزوێن و کاریگەرە کە دەڵێت ، ( بازەکەی من ، پەلەت چی بوو ؟ ) .. ئەم پرسیارە هێندە کاریگەرە وەک ئەوەی دەیەها چیڕۆک و پێشهادی تراژیدیای لە پشتەوە بێت .. پرسیارێکە دەکرێت هەڵگری ناوەڕۆک و کۆتاییەکانی ئەم چیڕۆکە شیعرەی لەخۆگرتبێت ، ( شێرکۆ بێکەس ) لە قووڵایی وشیارییەوە ئەو پرسیارەی وڕوژاندووە ، وەک زۆرجاریتر گتومانە / پرسیاری قووڵ مەعریفە و گومانی قووڵی لە پشتە . شێرکۆ شاعیرێکی ڕاستگۆ و وریا و بیرتیژە ، دەزانێت ئاراستەکان بەرەو کوێ دەڕۆن ، بۆیە لە پشتی ئەم پرسیارەوە ، گەورەترین گومان و نائومێدی پەرجەستە کردووە ، هەربۆیە لەناخێکی کوژاوەی تاریکی ژنێکی ئومێدکوژرا و ناخ هەڵا هەڵای پڕ لەبرین ، بەدەم وڕینەیەکی پڕ لەژانەوە دەڵێت ، ( بەو ئێوارە درەنگ وەختە ….. بۆ کوێ دەچووی ، ئەتویست چریکە و شەقژنت بەریتە کوێ ؟! … پەلەت چی بوو ؟! هەور لەسەرت ئەوەستا ، منیش لەسەرت ئەوەستام ، پەلەت چی بوو …؟! ) . خۆ گوتمان شۆڕش لەوپەڕی شەپۆلدانی بوو ، سەنگەرەکان پڕبوون لە گەنج و لاوی تێکۆشەر و گیان لەسەردەست ، بەڵام ، لە پشتی ئەم پرسیارەوە ، ئەوە هەگبەی نائومێدییەکان و بوخچەی خەونە سەربڕاوەکانن قسە دەکەن ، سەرەتای ڕێگایەکی ئازار و ژان و تەنیاییەکی کوشندە دەست پێدەکات .

سەرچاوە :
دیوانی ( شێرکۆ بێکەس ) .. بەرگی سێیەم




من گەردە سەرەتاییەکانی گەردوونم.. ناڵە حەسەن

من شیعرم
بنەچەم دەچێتەوە سەر باران و
لەگەڵ گەردانە گەوهەرییەکان و
گەردە سەرەتاییەکانی گەردوون لەدایک بووم
لەوەتەی هەم / جیلوەی جوانی و
ژێ بە ژێ ژیڵەمۆ و ژانەکانی ژیان دەنووسمەوە
من شیعرم / عاشقی درەخت و سەوزاییم
گیا لەسەر سینگم دەڕوێ و
گوڵ لەسەر شان و ملم
خۆرەتاو لەناو لەپێکی دەستم هەڵدێ و
لەپی دەستەکەیترم مانگ
گیرفانێکم پڕییەتی لە وردە کتێبی ئاسمانی
گیرفانەکەیترم پڕ لە وشەی شینی مەعریفە
من جەستەیەکم لە هەور و
چاوەکانیشم پڕ لە ئەستێرەی ڕووناک
پەنجەکانم لە ئاگر و نینۆکەکانم لە ئەلماس
ڕۆحم پڕە لە تریفە و هەناسەم لە با

من شیعرم
لە شەوە تاریکە دۆزەخییەکان
دێم و خۆم دەخزێنمە نێو باوەشی خەونەکانتان
دێم و لە سووچێکی ماڵەکانتان دەمێنمەوە
تۆز لەسەر کتێبی نێو دەلاقەکانتان لادەدەم
شووشەی فانۆسەکانتان پاکدەکەمەوە
من لە هەموو شوێنێکم
لەگەڵ خۆر ئاوادەبم و
لەگەڵ مانگ دەردەکەومەوە
لەگەل بەفر دەتوێمەوە
لەگەڵ کوڵیکە سوورەکان سەردەردێنمەوە
من ڕۆژێک بە زمانی ئاو قسە دەکەم
ڕۆژێکیتر بە زمانی ئاگر
ڕۆژێک بەزمانی با قسە دەکەم
ڕۆژێکیتر بە زمانی باڵندە
ڕۆژێک بە زمانی مۆم قسە دەکەم
ڕۆژێکیتر بە زمانی ماسی
من ئاوازێکی ئەبەدیم /
لەنێو چاوی تاڤگەکان و ڕووبارەکان و ڕەشەباکانم
من کاتژمێرێکم /
لەنێو دڵی ساڵەکان و وەرزەکان و سەدەکانم
من شیعرم
لە دوورترین دوورییەکانی دووری
خەونەکانی خودا و زەردەخەنەکانی میشوولەیەک دەخوێنمەوە
هەموو شەوێک
گوێ لە گۆرانییە ئیرۆسییەکانی وردە ئەستێرەکان ڕادەگرم
لە نێو قووڵایی تاریکی ڕوخساری خۆرەتاوە بێئۆقرەکان ڕەسم دەکەم
لەسەر پشتی مردن
قەسیدەی دڵنشینە شادومانییەکانی ژیان دەنووسمەوە
لەنێو ئەبەدییەتی باخچە کەپرێک بۆخۆم دروست دەکەم
لەکاتی ماندووبووندا / لەنیو باوەشی شەپۆلەکان پشوو دەدەم
لەکاتی بیرکردنەوەش / بە بزنەڕێیەک بەرەو هەورازەکان سەردەکەوم
دەتوانم لەهەر چرکەیەک شێوەی جەستە و نیگا و ڕوخسارم بگۆڕم
دەمێک لەنێو ماڵی تەمە سپییەکان و دەمێک لەنێو قووڵایی دەریا
دەمێک لەنێو خەیاڵی فریشتەکانی دۆزەخ
دەمێکیتر لەسەر زاری ئەشقیایەکی یاخی
من لەهەموو شوێنێک و لەنێو هەموو زەمەنێکم
من شیعرم
مرۆڤ و ژیان و شەقام و کچۆڵە نامرادەکان
باخچە و ئاگر و ئەستێرە و گوڵ و گەڵا و درەخت و ماسی
پەپوولە و سنەوبەر و سەوزایی و عەشق و ئازادی و یاخیبوون
لەکوێبن من لەوێم
بەڵام /
جەڵاد و ستەمکار / بیابان و مردن / مرۆڤکوژ و ئازادیکوژ
کۆیلە و نامۆبوون … لەکوێبن من لەوێنیم
من / میلۆدییە پڕسۆزەکەی لەدایکبوونەوەم
بوونم / فۆڕمێکی بێدەنگ نییە
من کەمانجەیەکی پڕ قسە و گەردەلوولێکی پڕ جووڵەم
لەنێو مندا
بەرد و باران و بەفر / باڵندە و بلوور و بێژینگ
بەرسیلە و بۆق و بەرماڵ / بەندەر و بەیداغ و بڵێسە
هەر هەموویان قسە دەکەن
من دەمارەکانم پڕن لە شەونم
سییەکانم پڕ لە هاوار
من پەیکەرێکم لەجوانی و کەڕنەڤاڵێکم پڕ لە ڕەنگ
من شەمەندەفەرێکم لە ئاگر
فارغۆنێکی درێژ بەدوایخۆمەوە ڕادەکێشم
بەنێو سەدەکان و کیشوەرەکان و ئۆقیانووسەکان ڕەت دەبم
ژوورێکی فارغۆنەکەم / پڕاوپرە لە جوانییە ئەبەدییەکان
ژوورێکیتر / پڕاوپڕ لە لەچێژ و ختووکە ڕۆحییەکان
دواژووریش / پڕاوپڕە لە ئارامبوونەوەی دەمارە سترێسییەکان
من شیعرم / ڕۆمانێکی بێکۆتاییم
هاتووم دڵی گەردوون پڕ بکەم لە خۆشەویستی و
لەنێو جەستەی خۆمدا
وێنەی ئەو درەختە بکێشم
کە لقی ئەڤینداری و شکۆمەندی و
گەڵای / ئامانج و حەز و خەونە گەورەکانتان دەردەکات
هاتووم / بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە بڵندترین شوێن ڕابگرم
چونکە دواجار / من پەرچەمە شەکاوەکەی ژیاندۆستیم

                                                              بەفرانباری ٢٠٢١



دەقی تەمەن -22- ناڵە حەسەن

  • بەشی ( بیست و دوو )

١

قەسیدەیەکی درێژە
لەسەر دیوارە کۆنەکانی مێژوو
بە ڕێنووسە گیاییەکان / نووسراوەتەوە
منیش / هەموو شەوێک دەیخوێنمەوە
پڕاوپڕە
لە بەرائەت و جوانی و مرۆڤبوون
دڵم لەلاتە هەولێری من …!
٢
گوڵە گیانم
من لێرەوە
لەدووری دوورەوە دەبینم
کە خۆرەتاو لە ڕوخسارت دەدا
هەموو ڕەنگەکانت دەدرەوشێنەوە
ناخت / زەردێکی تۆخ
نیگاکانت / زەردێکی کاڵ
زەردەخەنەکانت / زەردێکی زێڕینی
هەر دەڵێی مانگ
ڕەنگەکانی خۆی لەتۆ دزیوە
شاجوانە ئیرۆسییە ڤینۆسییەکانیش
لەبەرامبەر ئەفسانەی جوانییەکانی تۆ
هەموو تێکڕا / نقەیان لەخۆیان بڕیوە
٣
تۆ
بە قژی خەنەیی و
نیگا ئاوییەکەتەوە
بە برژانگی قەترانی و
بە گۆنا سوورەکەتەوە
بە لێوی پەمەیی و
بە ددانە سپییەکەتەوە
بە ملوانکەی شین و
بە گەردنە گەنمییەکەتەوە
بە ستیانی زەرد و
بە ژێرکراسە سەوزەکەتەوە
بە بازنی بڕونزی و
بە نینۆکە نارنجییەکەتەوە
بە مۆبایلی بەرگ مۆر و
بە جانتا ڕەشە ڕەیحانیەکەتەوە
لە پەپوولەیەکی ڕەنگاڵەی ڕەنگین دەچیت
بەڵام داخەکەم
چاوەکانت پڕن
لە تاریکییەکی ڕووناک
کە کتێبە شیعرییەکانمی پڕکردووە
لە هەستەکانی بێهوودەیی و
لە وشە بریندارەکانی نائومێدی …!
٤
من ڕۆحی
گەردەلوولێکی سەرشێتم
کە هەڵدەکەم
لەتاو ئازارەکانی دووری تۆ
هەرچییەک بێتە بەردەمم
ڕایدەماڵم و
لەنێو خۆمدا لوولی دەدەم
یان لەتاو
نەزیفبوونی دەمارەکانی ئارامگرتنم
دوورمەبینە لە چاونوقانێکدا
بە تەکان و هاوارێکم
هەموو گەردوون ژێرەوژوورکەم …!
٥
لە نێوان خەونەکانی
من و تۆدا
قەسیدەیەکی درێژ هەیە
بە وشەی
چاوبەفرمێسک و خەمناک / نووسراوەتە
بە زمانەکانی هەموو دنیاش / دەخوێندرێتەوە
لە نێوان دڵی من و دڵی تۆدا
گوڵێکی سووری گەش هەیە
بە پایزی هەموو سەدەکان
نە سیس دەبێ و نەهەڵدەوەرێ و
نەکاڵ دەبێتەوە
٦
گوڵەباغی نێو دۆزەخی عەشق
بۆ ئەوەی
خەمەکانی تەنیایی خۆمم بیرچیتەوە
دەبێ تۆ لەیادکەم
بۆئەوەی
خەمی دوورییەکانی تۆشم بیرچیتەوە
دەبێ خۆم لەیادکەم
٧
تۆ ئەو شکۆفە شینە شلێرییەی
کە لەنێو باخچەکانی
خەون و خەیاڵەکانم بۆ ئەبەد / دەدرەوشێیەوە
یان ئەو کەسەی
هەمیشە / هێزی ئەوەم پێدەبەخشی
تابتوانم /
تەنیاییم لەگەڵ کچێنیت
تاریکی لەگەڵ ڕووناکی
تۆ لەگەڵ ژیان
دواجار /
شیعریش لەگەڵ نیشتیمان ئاشتکەمەوە
٨
بم خوێننەوە
بەزمانی باران و تریفە
مەرج نییە / وەکو من بیربکەنەوە و
بەو ڕێگایەدا بڕۆن کە من پیایا دەڕۆم
یان وەکو من
تەنیایی بکەنە پەرستگە و ماڵی خۆتان
هەر بەتەنیاش بمێننەوە
بەس بمخوێننەوە و هیچیتر
٩
هەموو ژیانم کۆکەیتەوە
جگە لە تۆ
هیچ شتێکیتری تیا نادۆزیتەوە
تۆش هەر لە ئەزەلەوە
لە قەسیدەیەکی درێژی خەمناک دەچووی
بۆیە منیش وا ( سی ) ساڵە بەبێدەنگی دەتنووسمەوە
١٠
ناوەڕاستی دیسەمبەرە و
پەنجەکانی غەریبیم سڕ و شینومۆر هەڵگەڕاون
گەڵاوەریوەکانی خەیاڵم بۆ کۆناکرێنەوە
دڵم لەلای ( مناڵە ورتکەی ) سەر شەقامەکانی نیشتیمانە
دەمەوێت بەڕووناکی چاوەکانی ئەوان
خۆرەتاوی ئومێدەکانم ڕەنگ بکەمەوە
بە کۆد و هێمای هاوارەکانی ئەوان
هاوکێشەی بوون و نەبوونم شیبکەمەوە
لەنێو خەونە گەورەکانی ئەوانیشدا
مانایەکی نوێ
بۆ ( شیعر و عەشق و ژیان ) دابڕێژمەوە
١١
وردە ئەستێرەکان
لەنێو دیوە ڕووناکەکەی خۆرەتاو و
لەنێو قیژەی تەمە سپییەکان و بروسکە لەدایکبوون
جارجارە دێن و دەبنە میوانی زەوی
لەنێو چاوە سپییەکەی تاریکی دەمێننەوە
منیش هەموو شەوێ
چیڕۆکە بەرئاگردانییەکانی عەشقییان بۆ دەخوێنمەوە
١٢
بەنێو زەمەنێکدا ڕەت دەبم
تیایدا کات مردووە
خەون بە نیشتیمانێکەوە دەبینم
هەموو ڕۆژێ بە نوێژی نیوەڕۆوە دەکوژرێ
لەنێو خاکی خەونەکانم
لەهەرکوێیەک قۆرتێک هەڵبکەنی
ئێسک و پرووسک دەردەکەوێ
نازانم چ مانایەک بەبوونم ببەخشم / ئەی خودا
١٣
من لە کۆڵانەکانی بێدەنگییەوە هاتووم
ئێستاش لە گەڕەکێکی دۆزەخ
بە قەڵەمی ڕەژوویی
لەنێو دەفتەری ئاگر
چیڕۆکە ترسناکەکانی تەنیایی خۆم دەنووسمەوە
١٤
چاوەکان و خەونەکانم
پڕبوون لە بەفر
خۆشم بووم بە پەیکەرێکی شەختەیی
چاوەروانم
کچێکی پاییزی لە جنسی ئاگر
لەنێو تیشکەکانی خۆرەتاوا دەربکەوێ و
بە هەناسە گەرمەکانی / بمتوێنێتەوە
قوفلە ژەنگاوییەکەی دەرگای دڵم بشکێنێ و
لەگەڵ عەشق ئاشتمکاتەوە
١٥
دەتوانن یەکبەیەک
نینۆکەکانم دەربهێنن
لەبەردەم قەڵا
ئاگر لە جەستەم بەربدەن
هەرچیم هەیە بیسووتێنن
بەس / کتێبەکان و شیعرەکانم نا
دوای مردنیش
کە هاتنە سەرگۆڕم
لە جامخانە بچکۆڵانەکەی پشت سەرم
کتێبێک دەربهێنن و بە دەنگێکی نەرم
شیعرێکم بۆ بخوێننەوە و هیچیتر …!

    هەولێر                                          
  دیسەمبەری ٢٠٢٠



شیعر و ( دایک و میهرەبانی ) .. ناڵە حەسەن

خوێندنەوەیەک بۆ شیعری ( دایکم و دەریا لەیەک دەچن ) نووسینی ( خولیا حسێن )

                                             

دایک / قەسیدەیەکی درێژی بەردەوامە ، هەمیشە جوانی و سۆز و خۆشەویستی لێدەڕژێ ، قەسیدەیەکی کراوەیە بە بوون و ناوەڕۆکێکی فراوانی گەردوونییەوە ، میهرەبانیش بەهەمان شێوە ، بوونێکی کراوەو ، مانایەک جگە لە جوانی و خۆشەویستی هەڵگری هیچ هێما و کۆدێکی تر نییە ، تەنها دایک بە خۆیی و بوونە گەردوونییەکەیەوە ، بەخۆیی و دڵە پڕ لە خۆشەویستی و پڕ سۆزەکەیەوە ، دەتوانێ لە گەڵ وشەی میهرەبانی هاوتەریب بێتەوە ، بە بڕوانی من چەمکی میهرەبانی جگە لەدایک ناتوانێ ببێتە هێما بۆ هیچ وشە و کاراکتەرێکی تر . دایک جگە لە زمانی خۆشەویستی هیچ زمانێکی تر نازانێت ، گریان و تووڕەبونەکان و گۆرانی و خەمەکانیش هەر بە زمانی خۆشەویستی دەردەبڕیت ، دایک ئەو دەقە شیعرییەیە کە ژیان لەنێویدا بە سەوز و رەنگاوڕەنگی دەبیندرێ ، هێمن و ئارام ، دوور لە هەموو توندوتیژی و مردنێک ، دڵێکی گەردوونی وەک ماڵیکی گەورە بۆ مرۆڤایەتی .. بۆیە ( شیعر و دایک و میهرەبانی ) دەبن بە هاوکێشەیەک و یان دەستەواژەیەک کە / هەموو جوانییەکانی دنیا لەنێویاندا کۆدەبێتەوە ، میهرەبانی لەگەڵ دایک بەو هێزە موگناتیسییەوە بەیەکەوە دەنووسێن وەک ئەوەی / لەبنەڕەتەوە بۆ یەکتری دروستبووبن . وەک ئەوەی میهرەبانی لەبنەڕەتەوە بوونێکی مێینەی هەبێت و جگە لەدایک لە هیچ چەمک و ناوێکیتر نزیک نەبێتەوە ، یان هیچ ناو و چەمکێکی تر بە نیوەکەی تری خۆی نەزانێت …! بەم دەستپێکە کورتەمان دەمانەوێت خوێندنەوە بۆ شیعرێکی ( خولیا حسێن ) بکەین بەناوی ( دایکم و دەریا لەیەک دەچن ) . لەسەرەتا دەمانەوێت هەڵوێستەیەک لەسەر ناونیشانەکە بکەین و لەهەمانکات / قسەش لەسەر پەیوەندی نێوان ( دایک و دەریا ..! ) بکەین . ناونیشانێک پڕ لە ئیستاتیکای شیعری و ناوەڕۆکێکی بەهێز .. یەکێک لەو ناونیشانە شیعرییانەیە کە ، ئەگەر هەموو دەقەکە بە تەنیا دێری ناونیشانەکەبووا ، هەرهەمان ئەوقسانەی لەسەرەوە کردوومە دیسان دەمکردنەوە …! ، ناونیشانێک کە ئەو هێزەی لەگەڵدایە کە هەموو دەقەکە بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە ، یان جوانییەکانی خۆی پەخش بکات بەسەر تەواوی ڕووبەری دەقەکەوە ، بەمانایەک لەسەرەتای دەستپێکردنەوە تاکۆتایی دەقەکە تەواو بیرکردنەوەی شاعیری داگیرکردووە ، یان شاعیر نەیتوانیوە تا کۆتایی دەقەکەی لە پەرێزی ئەم ناونیشانە دوورکەوێتەوە .. هێزی ئەم دەستەواژە شیعرییە لەوەدایە / لێکچوواندنی ( دایک و دەریا ) ..! خولیا بە تەواوی ئاگاییەوە ئەم کارەی کردووە ، وە لەم هەڵبژاردنەی واتە هاوتەریبکردنی ( دەریا و دایک ) سەرکەوتوو بووە . دەریا وەک دایک / بوونێکی فراوان و کراوە و گەردوونی هەیە ، دەریا وەک دایک پڕاوپرە لە ( جوانی و ئارامی ) کە چێژ بە ڕۆحی مرۆڤەکان دەبەخشێت ، دەریا یانی ئاو ، ئاو توخمێکی سەرەکییە بۆ ژیان و بوون .. یەکێکە لەو چوار توخمە سەرەکییەی کە فەیلەسوفی یۆنانی کۆن ( ئیپمادۆکلیس ) فەلسەفەکەی خۆی لەسەریان بنیاد ناوە ئەوانیش ( زەوی ، هەوا ، ئاو ، ئاگر ) وەکچۆن ئاو توخمێکی پێویست و سەرەکییە بۆ بەردەوامی ژیان دایکیش بەهەمانشیوە ، کەواتە هاوکێشەکەی سەرەوە ( شیعر ، دایک ، میهرەبانی ) ئێستا دەبێتە / ( شیعر ، دایک ، میهرەبانی ، دەریا ) کە هەرچوار چەمکەکە بوونێکی کراوەی گەردوونییان هەیە و هەرچوار چەمکەکە بە هێزێکی پتەو بە ژیانەوە پەیوەستن ، ئەو هێزەی کە ( فرێدریک نێتچە ) بانگەشەی بۆ دەکات و دەیکات بە بنەڕەتی ژیان و بوون . خولیا لەسەرەتای شیعرەکەیدا دەڵێت ،
دەریا و دایکم لە یەک دەچن
کە غەریبیی دایکم دەکەم
دەچمە کەنارێکی دەریا
نیگاکانم نوقمی قووڵاییەکەی دەکەم
لە جوانی و
لە فراوانی و
لە هێمنی دەریادا
جوانی و
هێمنی و
دڵ گەورەیی دایکم دەبینم
دایکم و دەریا لەیەک دەچن / ئەوە ناونیشانی شیعرەکەیە ، دەبینین چۆن پرشنگی خۆی پەخش کردووە بەسەر ڕووبەری دەقەکەدا ، ( خولیا حسێن ) لێرە هەندێک لە سیما و سیفاتە سەرەکییە هاوبەشەکانی نێوان ( دایک و دەریا ) دەخاتە ڕوو، ( جوانی ، فراوانی ، هێمنی ) ، لای ئەو دەریا وەک دایک / جوان و فراوان و هێمنە ، بۆیە هەرکاتێک غەریبی دایکی دەکات دەچێتە کەنار دەریایەک ، لەسەر رووی ئاوەکە ڕوخساری دایکی دەبینێت ، دڵگەورەیی دایکی و جوانی و هێمنی و هەمووشتێکی دایکی چونکە ، لای ئەو ( دایک و دەریا لەیەک دەچن ) . لەگەڵ جووڵەی شەپۆلەکانی دەنگی ئاوەکە گۆرانییەکان و قسەکانی دایکی بیر دەکەوێتەوە ، هەمان نەغمە و هەمان ئاوازی پڕ سۆز و ڕۆحێکی گەردوونی پڕ لە میهر و خۆشەویستی . دوای ئەوە دەڵێت /
بیرکردنەوە لە نهێنیەکانی دەریا
بیرکردنەوەیە لە نهێنیی
عەشقە ئەبەدییەکەی دایکم
بێگومان کە دەچێتە کەنار دەریا ، جوانی و فراوانی هێمنی دەریا دەبینێ ، لەو کاتەیە دایکی بیردەکەوێتەوە و بەنێو قووڵایی خەیاڵەکانی ڕۆدەچێت ، هەرچەند بەنێو خەیاڵەکانی قووڵتر دەبێتەوە و لە نهێنی و سیحری جوانییەکان و سەراسیمەیی دەریا ورد دەبێتەوە ، عەشقە ئەبەدییەکەی دایکی لەلا فراوانتر و سیحراویتر دەبێتەوە ، چونکە نهێنییە ئەفسوونییەکانی دەریا لە نهێنییە عەشقە ئەفسوونییەکەی دایک دەچێت . خولیا لە کەنار دەریا لە وێناکردنی لەگەڵ بیرەوەرییەکانی خۆیی و دایکی زێتر بەنێو خەیاڵەکانیدا ڕۆدەچێ و زێتر نهێنی و خاڵە هاوبەشەکانی نێوان دایک و دەریا وێنا دەکات و دەڵیت .
دەریا و دایکم
وەکوو یەکن
هەردووکیان
گوێ لەگمەی کوکوختی گلەییەکانم دەگرن
کۆشیان بۆ فرمێسکەکانم دەکەنەوە
خەمەکانم لە دڵی خۆیاندا هەڵدەگرن و
گرێی نهێنییەکانم لای کەس ناکەنەوە
کە گوێ لە دەریا ڕادەگرم
وادەزانم گوێم لە ( هۆدای ) خۆم گرتووە
لە گەڵ بیستنی دەنگی شەپۆلەکانی دەریا
قاقای پێکەنینە خۆشەکان
لایلایە بە سۆزەکان
نەغمەی مەقامە حەزینەکان
سۆزی سەردوولکە دڵ سووتێنەرەکانی دایکمم بیر دێتەوە
خۆشەویستی دایک و بیرکردنەوە لەدایک وایلێدەکات ، بیر لەهەموو شتێکی دەریا بکاتەوە ، لە شتە وردەکانیش بڕوانێت ، هێندە بە هەستیارییەوە لە ئاوەکە دەڕوانێ و هەموو جووڵەیەک واتادار دەبێ و یادێک یان شتێکی دایکی بیردەهێنێتەوە ، لەنێو قووڵایی ئەم بیرکردنەوەدا بە بەرینایی دەریا لەسەر ڕووی ئاوەکە سیمای دایکی دەبینێت ، هەموو ئەو شتە جوانانەی دایکی بیردێتەوە ، کە ئەوشتانە لە دەریاش بەدیدەکات ، بۆیە هیچ بوارێک بۆ گومان ناهێڵێتەوە بە یەقینێکی گەورەوە دەڵێت ، ( دایکم و دەریا وەکو یەکن ..! ) ئەمجارە ناڵێت لەیەکدەچن ، دەڵێت وەکو یەکن . دەڵێت / هەردووکیان گوێ لە گمەی کوکوختییەکانی خەمەکانم دەگرن ، کۆشیان بۆ فرمێسکەکانم دەکەنەوە ، گرێی نهێنییەکانم لای کەس ناکەنەوە ..! بۆ هەموولایەکمان ڕوونە کە دایک میهرەبانترین و دڵسۆزترین کەسە بۆ منداڵەکانی ، دڵی دایک شوێنی هەموو خەمێک و نهێنییەکی تیا دەبێتەوە ، دەریاش بەهەمان شێوە ، پڕاوپڕە لەنهێنی ، هەزاران مرۆڤی دڵشکاو بەدەم وڕینەوە خەمەکانی بۆ دەریا باس دەکەن ، هازاران عاشق لە کەنار دەریاکان نهێنی و ڕازی دڵی خۆیان باسدەکەن و هەمووشتێک هەرچییەک لە قووڵایی دڵیاندایە باسیدەکەن ، دڵی دەریاش وەک دڵی دایک جێگای هەموو نهێنییەک و زام و ئازارێک دەگرێت ، ئارامترین کەنارە بۆ مرۆڤە غەمبارەکان و نائومێدەکان و دڵشکاوەکان و تەنانەت بۆ کەسە کەیفساز و دڵخۆشەکانیش ، ئەوەتا بە ڕوون و ئاشکرا دەڵێت / کە گوێ لە دەریا ڕادەگرم ، وادەزانم گوێ لە هۆدای خۆم رادەگرم ، لەگەڵ بیستنی دەنگی شەپۆلەکانی دەریا ، قاقای پێکەنینە خۆشەکان ، لایلایە بەسۆزەکان ، نەغمە حەزینەکان ، سۆزی سەردوولکە سووتێنەرەکانی دایکمم بیردێتەوە ..! بە هێناوەوەی ئەم هەموو فاکتە لەیەکچووانە ئیتر بوارێک بۆ گومان نامێنیتەوە دەڵێت ( دایکم و دەریا ) تەواو وەکو یەکن ، ( هۆدا ) بە دیالێکتی هەولێری یانی ( دایە ) ، دیارە ئەو بیرۆکەیەش کە دایکم و دەریا وەکویەکن ، رەهەندێکی مەعریفی و زانستی لە پشتە ، چونکە بە پێی (تیۆری پەرەسەندن ) ئاو یان دەریا دایکی هەموو بوونەکانە ، ژیان لە ئاوەوە هاتووە . ئەم دەقە لێرەدا جگە لەلایەنی جوانکاری قووڵاییەکی مەعریفیشی هەیە . ئیتر لەسەر ئەم وەکویەکبوونە بەردەوام دەبێت ، تا بە وشیارییەوە بتوانێ ئەو یەقینە لای خوێنەریش دروستبکات بۆیە فاکتی گەورەتر و باسدەکات دەڵێت ،
دەریا وەکوو دایکمە
نە پیس دەبێت نە پیر دەبێت
تائەبەد
هەر بە جوانی
دەمێنێتەوە
باس لە بەرائەت و پاکی دایک دەکات ، کێ هەیە گومان لە پاکی دایک بکات ، یان مانەوەی دایک وەک بوونێکی ئەبەدی ، لێرە کە دەڵێت نەپیر دەبێت ، مەبەستی تەمەن و شێوەی جەستە نییە ، مەبەستی دایک وەک بوونێکی ئەبەدی و وەک بوونێکی گەردوونی تا ئەبەد لەنێو بوون و یادەوەرییەکان دەمێنێتەوە ، کەس هەیە دوای مردنیش خۆشەویستی بۆ دایکی یەک زەڕە کەمبکاتەوە ؟ یان بتوانێ کاریگەری دایکی لەنێو ژیان و یادەوەرییەکانی بسڕیتەوە ، ئێ کەوایە دایک بوونێکی ئەبەدی هەیە و پیرنابێت ، دەریاش وەک دایک وایە نەپیس دەبێت نە پیر دەبێت . من پێموایە خولیا لە باسکردنی سیما و ڕەفتار و ئەدگارەکانی دایک هاوکات بینینی ئەم سیما و ئەدگارانە لە دەریاشدا زۆر سەرکەوتوو بووە و قووڵایی و جوانکاری بێوێنەی بە شیعرەکەی بەخشیوە . لە خەیاڵەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت
دایکم و دەریا
هەردووکیان بینای چاو و
هەناسەی سییەکانممن
عەرشی دڵیان داگیر کردووم
بە ئارامی لە سەر فەرشی ڕۆحم نوستوون
هۆ دایە گیان
لە دووری تۆ
لە کەنارەکانی دەریای ئەم نیشتیمانە دڵتەڕە
ڕۆژەکانم بەسەر دەبەم
ئەم وڵاتە هیچ شتێکی لە نیشتمانەکەی خۆمان ناچێ
دەریا نەبێ ، وەک عەشقی تۆ و وەک جوانی تۆ قەت نامرێ !
ئیتر تا ئێرە هەوڵیداوە کتومت ئەوە پێشان بدات کە دایک و دەریا لەیەکدەچن یان وەکو یەکن .. ئینجا لێرەبەدوا لەنێو هەستی غەریبیدا و لە کەنار دەریایەک بەنێو قووڵایی خەیاڵە خەمناکەکانی خۆیدا ڕۆ دەچیت ، لە قووڵایی ناخییەوە هەستەکانی خۆی دێنێتە قسە و دەڵێ ( دایکم و دەریا هەردووکیان ، بینای چاو و هەناسەی سییەکانمن .. ) هاوکات وەک خۆشەویستی بۆ دایکی ئەو خۆشەویستییەش بۆ دەریا دەردەبڕێت ، تا ئەندازەی بینای چاو و هەناسەی سییەکان ، چونکە ( دەریا و دایک ) لای ئەو وەکویەکن ، بۆیە هەردووک عەرشی دڵیان داگیرکردووە و بە ئارامی لەسەر فەرشی ڕۆحی نووستوون ، شیعرێکی ناسک و دەستەواژە و وشەی شیعری چێژبەخش ، ناسک و جوان وەک ناسکی و جوانییەکانی دایک و دەریا .. یان لەنێو خەیاڵەکان و هەستەکانی قسە لەگەڵ دایکی دەکات و دەڵێت / هۆ دایە گیان ، لە دووری تۆ ، لە کەنارەکانی دەریای ئەم نیشتیمانە دڵتەڕە ، ڕۆژەکانم بەسەر دەبەم ، ئەم وڵاتە هیچ شتێکی لە نیشتیمانەکەی خۆمان ناچێ دەریا نەبێ / وەک عەشقی تۆ وەک جوانی تۆ قەت نامرێ ..! هەرچەندە شاعیر لە وڵاتێکی جوان و ڕەنگین دەژی و وڵاتێک کە هەموو شتەکانی جیاوازە لە نیشتیمانەکەی خۆی کە ، هیچ شتێکی لە نیشتیمانەکەی خۆی ناچێت ، سروشتێکی جیا و کلتوورێکی جیا و هەموو شتێکی جیا تەنها دەریا نەبێ ، چونکە دەریا و دایکی لەیەکدەچن یان وەکو یەکن ، دەریا وەکو عەشقی دایک هەمیشە جوانە و هەرگیزیش پیرنابێ . دوای ئەوە هەندێ وەسف و دیمەنی شیعری ناوازە و نایابمان بۆ وێنەدەکات و دەڵێت ..
کە تیشکی خۆر ئاوێزانی دەریا دەبێ
ئەوە تیشکی خەندەکانی دایکمە
لەنێو ڕۆحی ئەو و
لە نێو چاوەکانی مندا
دەشنێتەوە
لەو ساتەدا
دڵم هێشووی خەندە دەگرێ
ڕۆحم قاقا پێدەکەنێ
چاوەکانم هەرچی تیشکی دەریا هەیە دەیان مژێ
کە لە شینی ڕوخسارە ڕوونەکەی دەریا قووڵ دەبمەوە
بە هەستێکی شاعیرانە و بە چاوێکی وردبینەوە لە دەریا دەڕوانێ ، لەو دەمەی تیشکی خۆر ئاوێزانی دەریا دەبێ ، ئەو دیمەنە بەراورد دەکات بە درەوشانەوەی خەندەکانی دایکی کە لەنیو چاوەکانی دەردەکەون یان / تیشکی خۆرەتاوی خەندەکانی دایکی لەنێو چاوەکانی دەشنێنەوە ، لەوساتەدا هێندە دڵخۆش و کەیفساز دەبێ تا ئەندازەی ئەوەی ، دڵی هێشووی خەندە دەگرێت و ڕۆحی قاقا پێدەکەنێت ..! دیمەنێک جوان و هەستێکی پاکوبێگەرد ، ئیتر لەودەمەدا لەتاو درەوشانەوەی خۆری خەندەکانی دایکی ، چاوەکانی هەرچی تیشکی دەریا هەیە هەڵدەمژن و ئاوێزانی قووڵایی شینێتی ڕوخساری دەریا دەبن . لەکۆتایی ئەم شیعرە و لەگەڵ هەموو تەنگژەکانی غوربەت و دووری و تەنیایی و بیرکردنی دایک ، هەست بەئارامییەک دەکات وەک ئەوەی گەیشتبێتە کەناری ئارامی و بە دڵخۆشییەوە دەڵێت ،
هێندە دڵخۆش و هێندە ئارام و
منداڵ دەبمەوە
وادەزانم لە ژێر ئاسمانی چارۆکە شینە
ئەفسووناویەکەی دایکم
خۆم شاردۆتەوە
نە عەشق دەمسووتێنێ
نە خۆشەویستی ئازارم دەدا
نە خەم زەفەرم پێ دەبا
نە شەکەتی پێم دەزانێ
نە تەمەن لەگەڵ خۆی دەمبا
نە دۆڕان تێکم دەشکێنێ
نە غوربەتیش دەمگریێنێ ..!
دوای ئەوەی تێر لە بەرینایی دەریا و جوانییەکان و نهێنیەکان و دیمەنە دڵگەشەکان دەڕوانێ و هاوکات تێر لە ڕوخساری دایکی و بەسەرکردنەوەی یادەوەرییە شیرینەکان ، ئیتر دڵخۆشییەک جەستە و ڕۆح و خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی دادەپۆشی دەڵێت / هێندە دڵخۆش و هێندە ئارام و منداڵ دەبمەوە ، ( وا دەزانم لەژێر ئاسمانی چارۆگە شینە ، ئەفسووناوییەکەی دایکم . خۆم شاردۆتەوە ..! ) ، بە بڕوای من ئەو دێرە شیعرە یەکێکە لە هەرە دەستەواژە جوانەکان و قووڵەکانی ئەو دەقە شیعرییە ، کە جوانییەکی بێوێنەی بەرجەستە کردووە لە هێماکردنی ئاسمان بە چارۆگە شینەکەی دایکی ، تا بڵێی لێکچوواندنێکی شیعری و نایابە ، لە کەنار دەریا دانیشتووە لەژێر ئاسمانێکی شینی بێگەرد ، وا هەستدەکات لەژێر چارۆکە شینە ئەفسووناوییەکەی دایکییەتی ، بۆیە دڵخۆشە و وادەزاێت گەیشتۆتە کەناری ئارامی ، چونکە باوەشی دایک و خۆشاردنەوە لەژێر چارۆگەی دایک ئارامترین شوێن و پەناگەیە ، هەربۆیە لەو شوێنە ئارامە ( نە عەشق دەیسووتێنێ ، نە خۆشەویستی ئازاری دەدا ، نە خەم زەفەری پێدەبا ، نە شەکەتی پێیدەزانێ ، نە تەمەن لەگەڵ خۆیدا دەیبا ، نە دۆڕان تێکی دەشکێنێ ، وە نە غوربەتیش دەیگریێنێ ..! ) ، کۆتاییەک و نەخشادنی دیمەنێکی ئارام و پڕ ئیستاتیکا و چێژ . کە لەسەرەتای شیعرەکەوە تا کۆتایی / لە ئەنجامی بەرجەستەکردنی جوانی ، چێژ و ئارامی بە ڕۆحی خوێنەر دەبەخشێت . ئەوەی زۆرگرینگ و جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە لەم دەقەدا کە ، هاوکیشەیەک بەرجەستە دەکات لە نێوان چەمکەکانی ( شیعر / دایک / میهرەبانی / دەریا ) ، ئەم چوار چەمکە بە بوونێکی کراوەو گەردوونی تێکەڵاوبوون و ئاوێزانییەکی توندوتۆڵ لەنێوانیاندا دەنەخشێنێ ، وەک چوار توخمە سەرەکییەکەی ( ئیپمادۆکلیس )ی فەیلەسوف ، ئەوانیش ( زەوی / هەوا / ئاو / ئاگر ) . گرینگ و پێویستن بۆ ژیان و گەردوون . ( شیعر و دایک و میهرەبانی و دەریا ) دەبێتە هاوکێشەیەک کە لەو توخمە سەرەکییانە پێکهاتوون کە / ژیان و مرۆڤایەتی بەبێ ئەم چەمک و توخمانە تەنانەت گەردوونیش مانایەکی نابێت ، ئەمەش کاکڵە و ناوەڕۆکی ئەم شیعرەیە ، من دەستخۆشانەی گەرم لە خولیا دەکەم ، بە دڵنیاییەوە دەڵێم شیعری ( دایکم و دەریا لەیەک دەچن ) ، یەکێکە لەو شیعرە ناسک و نایابانەی کە بۆ ( گەورەیی و میهرەبانی و جوانی دایک ) نووسرابێت ، هێندە بڵێم کە ( خولیا حسێن ) شاعیرێکە خاوەن ئەزموونێکی دوور ودرێژە لەگەڵ شیعر بەڵام ، ئەزموونێکی ( پەرشوبڵاو ) ، وا پێویست دەکات ، خۆی کۆکاتەوە و گرینگی زێتر بە تواناکانی خۆی بدات بەرامبەر بە شیعر ، چونکە داهێنان پڕۆسەیەکی لەخۆڕا و عەفەوی نییە بەڵکو ، ئاگایی و وشیاری و مەعریفەیەکی قووڵی دەوێت .. لەکۆتایی دەڵێم / سڵاو لە میهرەبانی دایک ، سڵاو لە جوانی دەریا ، سڵاو لە شیعر و داهێنان …!

                                                                 دیسەمبەری ٢٠٢٠

سەرچاوە :
شیعری ( دایکم و دەریا لەیەک دەچن ) نووسینی / ( خولیا حسێن )




شیعر و ( مارتن هایدگەر ) .. ناڵە حەسەن

با لە چەمکی نیگەرانییەوە دەستپێبکەم ، زۆرجاران گتومانە شاعیر بوونێکی نیگەرانە لەنیو کایە مەعریفییەکاندا ، نیگەرانی شاعیریش لەوێوەیە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە داهێنانەوە هەیە ، واتە شاعیر لە هەوڵی ئەوەدایە کە / بتوانێت تا ئاستێکی بڵند داهێنان بەرهەمبهێنێت .. دیارە لێرەدا مەبەستمان لەو شاعیرانەیە کە خەونی گەورەیان هەیە بۆ داهێنان و نیگەرانییەکەشیان هەر لە ڕاستای ئەو خەونە سەرچاوەی گرتووە . ئێمە لە کتێبی ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ، بەجۆرێکی تر باسمان لەو شاعیرە داهێنەرانە کردووە و گتومان ( شاعیربوون شوێنەکەی لە هەورازێکە هەموو شیعرنووسێک ناتوانێ بیگاتێ ..! ) ، شیعرنووس / لەلای ئێمە ئەو کەسانەن کە شیعر دەنووسن و شیعرەکانییان لە دەرەوەی رووبەری شیعر دەمێننەوە ، هاوکات خۆشییان ئەو کەسانەن کە خەونی گەورەیان نییە بۆ داهێنان یان توانای داهێنانییان لە ئاستێکی دیار و بەرچاودا نابێت ، لای ئەمجۆرە شیعرنووسانە ( چەمکی نیگەرانی )ش بەو شێوە تۆخە خۆی دەرناخات ، تەنها وەک کەسێکی ئاسایی ڕێژەیەک لە نیگەرانییان لەلا دەردەکەوێت ئەویش / لەبەرئەوەیە کە نیگەرانی خەسلەتێکی بوونە و لە هەموو کەسێکدا هەیە . لەباری فەلسەفییەوەش ( چەمکی نیگەرانی ) لەسەر هاوکێشەیەک ئیشدەکات ، کە لێکدژی یان ( هاودژی ) ئاشکرای لەبوون دەردەکەوێت ، واتە هێزگەلیک لەناوەوە کە جڵەوی تاک بە دەستەوە دەگرن و جووڵەی ئاراستەکانییان دیاری دەکەن ، ئەم هێزە ناوخۆییانەش ( غەریزەکان و خەون و حەز و ئارەزووەکانی تاکە ) ، یان باری ( ناخودئاگایی ) ، هاوکات کاریگەری هێزگەڵێکی دەرەکیش وەک کاریگەری ( کلتووری ، ئایینی ، سیاسی ، ئایدیۆلۆژی ، قوتابخانە ، خێزان … هتد ) کە زۆربەی کات ئەم دوو هێزگەلە ئاراستەی پێچەوانە وەردەگرن ، واتە هێزە ناوەکییەکان و دەرەکییەکان زۆربەی کات و هەمیشە ئاراستەی هاودژیی و پێچەوانەیی وەردەگرن ، لە ئەنجامی ئەم هاودژی و پێچەوانەییە ، کاریگەرییەک دروست دەبێ ئەم کاریگەرییە باری نیگەرانی لای تاک دروست دەکات ، لەباری ( دەروونزانییەوە )ش لەلای ( سیگمۆند فرۆید )یش هەر بەوجۆرەیە بەڵام ، ئەو بەشێوەیەکیتر تەعبیری لێکردووە ، کە مێشکی مرۆڤی دابەشکردووە بۆ سێبەش ( ئیگۆ ، سوپەر ئیگۆ ، ئێد ) بەمانای ( من ، منی باڵا ، ئێد ) ، واتە ململانێی نێوان ( من و ئێد ) ، ( ئێد ) ئەو بەشەیە تەواو لەژێر هەژموونی ناخودئاگایی دایە و نوێنەرایەتی ( غەریزەکان و ئارەزووەکانی خود ) دەکات ، ( ئیگۆ یان من )یش تەواو لەژێر هەژموونی واقیع دایە نوێنەرایەتی ( هێزە دەرەکییان ) دەکات ، زۆرجاران ئەم دووبەشەی مێشک بە ئاراستەی پێچەوانە دەڕۆن و هەمیشە هاودژ و ناتەبان ، لەباری ( بوونگەراییەوە )ش ، بەو پێیەی لای مارتن هایدگەر ( بوون بنەڕەتی هەموو هەبووەکانە ) هاوکات / بوونی ئاگامەندانەی مرۆڤی بە ( دازاین ) ناوبردووە ، ( دکتۆر محمەمەد کەمال ) لە کتێبی( نیشتیمانی فەلسەفە ) بە ڕۆشنی باس لە چەمکی نیگەرانی دەکات ، وەک ئەوەی مرۆڤ هەمیشە لە جەنگێکی بەردەوام دابێت چونکە / هەروەک دەڵێت ( ئەگەر من ڕێگە بدەم کەسانی دیکە بڕیار لەسەر پڕۆژەیەکی بوونی من بدەن ئەوا لەو حالەتەدا خۆم ناڕەسەن دەکەم و بە نامۆیی دەژیم ، لە کاتێکیشدا نامەوێت واز لە حەز و هەڵبژاردەی خۆم بهێنم تووشی بەرەنگاری دەبمەوە و دەکەومە جەنگی ڕەسەنایەتی و نارەسەنایەتی ..! ) .
( مارتن هایدگەر )یش لە کتێبی ( بوون وکات ) دا لە بەشی شەشەم / نیگەرانی وەکو بوونی دازاین دا ، ئەو پێیوایە ( نیگەرانی شێوازی بوونە لە جیهاندا ..! ) ، نیگەرانیی / لێرەوەیە کە مرۆڤ لە هەوڵی بەخشینی مانا و ناوەڕۆکێکە بە بوون لە نێو جیهاندا ، ئەم ناوەڕۆک و مانایەی بوون لە رێگەی داهێنانەوە بەدەست دێت ، یان مرۆڤ لە ڕێگەی داهێنانەوە تاکو بوونی خۆی بەشێوەی کامڵتر دەربخات . هەر لەو بەشەدا ( هایدگەر ) پێیوایە ( دازاین ئەو هەبووەیە ، کە لە بوونیدا بوون بۆی بووە بە کێشە …! ) ، ئێمە لەسەرەتاوە گوتمان / بوونی مرۆڤ لە نەبوونەوە دێتە بوون یان بوونێکی بێناوەڕۆکی هەیە ، مرۆڤ هەمیشە لە هەوڵداندایە بۆ بەخشینی ناوەڕۆکێک بۆ بوونی خۆی لەنێو جیهاندا ، لەم هەوڵدانە هەمیشە تووشی کێشە و ململانێ دەبێتەوە ، بوون بۆ ( دازاین ) بووە بە کێشە ، کێشەیەک سەرچاوەی ( نیگەرانیی)ە ، ئەوەتا ( مارتن هایدگەر ) بە ڕوونی باری ئەم نیگەرانییەمان بۆ دەردەخات و دەڵێ ( لە دوودڵیدا بوونی سەربەستانەی خۆی ڕووە و توانایی بۆ بوون . ڕەسەنانە و ناڕەسەنانە لەگەڵ توخمە کۆنکریتییەکانیدا دەردەکەوێت .. ) . هەروەها دکتۆر محەمەد کەمال لە کتێبی ( فەلسەفەی بوون ) لە بابەتی ( شێوازی داهێنەرانەی بوونی مرۆڤ ) ، بە ڕۆشنی باس لە چەمکی نیگەرانی دەکات دەڵێت ( بۆ ئێمە دوودڵی یان نیگەرانی ) نەخۆشی دەروونی نییە و پەیوەندی بە بونیادی ئۆنتۆلۆجی مرۆڤەوە هەیە ، مادام مرۆڤ بوونێکی ناتەواوی هەیە و بۆ تەواوکردنی بوونی سەربەستانە ڕوو لە داهاتوو دەکات ، پێویستە دوودڵ بێت ..! ) .

ئەم ڕوو لەداهاتووە بۆ تەواوکردنی بوون لەڕیگەی داهێنانەوە بەدەست دێت ، واتە داهێنان مەرج و جەختکردنەوەیە لە ڕۆلی سەرەکی بوونی مرۆڤ لە مێژوودا ، یان داهێنان / ویست و مەیلە ناڕازییەکانی هەبوو دەستنیشان دەکات بۆ تەواوکردنی بوونێکی نوێ لە نەبوونەوە ، لەم راستایەش دوو کێشە دێتە بەردەم داهێنان کە لە هەمانکات / دەبنە سەرچاوەی نیگەرانی لە مرۆڤدا ئەوانیش ( مردن و نامۆبوون ) ، ( مردن ) کۆتایی هاتنە بە داهێنان و بە هەموو پڕۆژەکانی بوون ، واتە مرۆڤ هەر لەسەرەتای بوونیەوە لەگەڵ نیگەرانی ڕووبەڕووە چونکە / بۆ ماوەیەکی کاتی دێتە نێو ژیانەوە ، واتە لە هەر چرکەو ساتێک ئامادەیە ڕووبەڕووی مردن بێتەوە ، نامۆبوونیش / جڵەوشلکردنە بۆ هێزە دەرەکییەکان و ڕازیبوونە بە ناڕەسەنایەتی بوون . مرۆڤە نامۆکان وەک ئەوە وایە ( هەمیشە لە دۆزەخدا بژین چونکە ( دۆزەخ ) لە ئاکامی نا سەربەستی و نا ئازادبوونی مرۆڤ دروست دەبێت ) . ئیتر لێرەوە دێینە سەر / پەیوەندی ( شیعر و مارتن هایدگەر ) ، یان گرینگیدانی ( هایدگەر ) بە شیعر بۆ بنەما ( فەلسەفییە بوونگەراییەکەی ) ، هەروەک زۆرێک لە بیرمەند و فەیلەسوفانیتر کە گرینگیان بە شیعر داوە بۆ نموونە ( جولیا کریستیڤا )ش لە پێناو هەوڵەکانی بۆ ( شیکردنەوە سیمۆلۆجییەکەی ) گرنگی زۆری بە شیکردنەوەی دەروونی داوە ، بۆ ئەم مەبەستەش ئیشی زۆری لەسەر شیعرەکانی ( مالارمێ ) و چەند شاعیرێکی تر کردووە ، ئەمەش لە کتێبەکانی ( لە پێناو شۆڕشێک بۆ زمانی شیعری ) و ( خۆری ڕەش ) و حیکایەتەکانی خۆشەویستی ) و چەند کتێبێکی تری ، ( مارتن هایدگەر ) یش یەکێکە لەو فەیلەسووفانەی ، قسەی زۆری لەسەر شیعر کردووە و گرنگی زۆری بە شیعر داوە . بایەخدانی ( مارتن هایدگەر ) بە شیعر و چاولێکردنی شیعر لەم ئاستە بەرزەدا ، لە ڕوانگە و تێڕوانینە بوونگەراییەکەی بووە بۆ بوونی مرۆڤ . چونکە لای ( هایدگەر ) ، شیعر / تەنها لایەن و پێکهاتەیەکی ئەدەبی و هونەری نییە بەڵکو ، شیعر ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە بوونی مرۆڤەوە ئەمەش بۆ هایدگەر گرنگییەکی زۆری هەبووە ، شیعر هونەرێکە زێتر مامەڵە لەگەڵ بوون و ناوەوەی مرۆڤ دەکات ، ( هایدگەر ) بۆ پڕۆژە فەلسەفی و ئەنتۆلۆژییەکەی خۆی لە زۆر شوێن هانای بۆ شیعر بردووە بە تایبەت شیعرەکانی ( هۆڵدەرلین ) .. تا ئەو ئاستەی پێیوابووە کە شیعر دەتوانێ ( ڕاستی بوون دەربخات ) .

پڕۆژە ئۆنتۆلۆژییەکەی هایدگەریش هەروەک لە کتێبی ( هایدگەر و ئۆنتۆلۆجی شیعر ) دا هاتووە ، ( پڕۆژەی ئۆنتۆلۆژی بنەڕەتی ، گەورەترین پڕۆژەی فەلسەفی هایدگەر بووە ، لە پەرتووکی ( بوون و کات ) دا ، کە ( هایدگەر ) بەدرێژایی تەمەنی ئیشی لەسەر کردووە . ئەم پڕۆژەیە لە شیکردنەوەی بوونگەرانەی مرۆڤەوە بە میتۆدێکی فینۆمینۆلۆجیانەی هێرمینیۆتیک دەستپێدەکات ، تاکو لەوێوە لە تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤەوە بوون بە گشتی بگات ) ، شیعر ڕەنگدانەوەی یان ئاوێنەیەکە بۆ دەرخستنی ناوەوەی مرۆڤ .. شیعر لەنێو پانتایی خەیاڵی مرۆڤ لە ژێر کاریگەری غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکان دێتە بوون ، غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکانیش ، ڕەنگ و شێوەی مرۆڤ ڕەسم دەکەن ، مرۆڤێکی تێکشکاو یان بەرزەفڕ ، یان ڕووخاو ، واتە مرۆڤ خۆی لە چوارچێوەی زەمەنێکی دیاریکراو ، هەموو خەون و هەست و ئارەزووەکانی مرۆڤ ، پەیوەستن بە زەمەنێکی دیاریکراوەوە ، ئەم هاوکێشەیەش بۆ ( هایدگەر ) زۆر گرنگ بووە واتە ( دەرخستنی بوون لە زەمەنێکی دیاریکراوی تەمەن ..! ) ، واتە مرۆڤ ( خۆی لەنێو کات ) ، یان ( بوون و کات ) . بۆیە لای ( مارتن هایدگەر ) شیعر لە ڕیزبەندی هونەرەکاندا لە ئاستی هەرە سەرەوە بووە . چونکە لە توانای هەبووە ڕاستی بوون دەربخات .

بۆیە پێیوابووە ، شیعر وەک ( فەلسەفە بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانەیە ) چونکە ، هەموو بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی بەتایبەت بیرکردنەوە قووڵەکان ، لە نێوخۆیاندا شیعرین ، هەروەها بەرهەمە شیعرییەکانی پڕن لە داهێنان ، بەتایبەت ( سروودەکانی هۆڵدەرلین ) و شیعرەکانی ( دانتی و گۆتە ) و زۆرێک لە شاعیرانی تر ، خاوەنی ڕوانین و هزری بەرزن بەڵام فەلسەفە نین ..! هەموو ئەمانەش لە ڕێگەی زمانەوە دێنەبوون ، بۆیە هایدگەر دەیگوت ( زمان ماڵی بوونە ) . یان هەروەک لە کتێبی ( بوون و کات )دا هاتووە ( گوتار لە رێگەی گوتنەوە دەردەبرێت زمانە ، لەمحالەدا ، تێگەیشتن و ڕاڤەکردنەکە لەنیو خودی ئەوەدایە دەریدەبڕین ، تا ئەوەی دەڵێت (ئەمجۆرە وەکو زمان دەبێتە بە بابەتێکی دەرەکی ، بە پیجەوانەشەوە ، بوونی خەسلەتی دازاین هەڵدەگرێت ..! ) ، لێرەوە دەبینین کە زمان لە توانایدا هەیە تەعبیر لەبوون و یان خەسلەتی بوون دیاریبکات ، هەرچەندە لەسەردەمی مۆدێرنە و لە بەرئەنجامی گەشە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا ، مرۆڤ تووشی نامۆبوون دەبێت ، نامۆبوونێک تا ئاستی ئەوەی مرۆڤ ڕەسەنایەتی خۆی لەدەست بدات ، بۆ ئەم ( نامۆبوونەی مرۆڤ ) هایدگەر کۆپلە شیعرێکی هۆڵدەرلین دەهێنێتەوە کە دەڵێ ..
ئێمە هەموو هێمایەکی نەخوێندراوەین
لە خاڵێکی بێگانەدا
زمانەکەی خۆشمان بیرچۆتەوە

دیارە هەر لەسەدەمی تەکنەلۆژیاوە مرۆڤ لە بەرئەنجای ئەم نامۆییە تووشی قەیران دەبێت ، قەیرانی فکر و داهێنان و کوشتنی پرسیار .. لەگەڵ هەموو ئەم قەیران و نامۆبوونەش هایدگەر پێیوایە ( مرۆڤ شاعیرانە نیشتەجێ دەبێ ) ، ( هایدگەر ) لەگەڵ ئەوە دایە ، هەموو کەس شاعیرانە بژی ، چونکە شیعر چاوساغی و ڕۆشناییمان دەداتێ بۆ ناسینی غەریزەکان و خەونەکانی خود ئەمەش یارمەتیدانە بۆ ناسینی ڕاستی بوون ، هەروەها ژیانی شاعیرانە ، تێکەڵبوونە بە ڕووبەری گەردوونییەت و مانەوەیە بۆ تاهەتا ، چونکە ( شیعر و زمانی شیعری ) بوون و پێکهاتەیەکی گەردوونییان هەیە . هەربۆیە لای ( هایدگەر ) و لای زۆرێک لە کەسانی بیرمەند ( شاعیران لە ڕیزی فەیلەسوفەکان ) دانراون چونکە هەروەک گوتمان ، ( شیعر وەک فەلسەفە بیرکردنەوەی داهێنەرانەیە ) ، لەلایەک ئیشکردنێکی تۆخە لەسەر ( خود ) لەلایەکیتر / ئیشکردنە لەسەر ( پرسیار و وڕوژاندنی پرسیار ) ئەمەش لەوە نزیکمان دەکاتەوە کە شیعر ئیشکردنە لەسەر دەرخستنی ڕاستی بوون . یان شیعریش ( ناوەڕۆکی فەلسەفیانە )ی هەیە ، هەروەک لە وتاری ،( هایدگەر و ئۆنتۆلۆگی شیعر ) دا بە ڕۆشنی باس لەوە کراوە کە ، دەربارەی بیرکردنەوەی داهێنەرانە تا ئەو ئاستەی ( شیعر و فەلسەفە ) لە زۆرباردا لە یەکترییەوە نزیکن ، ئەویش بە پشتبەستن بە فەلسەفەی یۆنانی کۆن بە تایبەت سەدەی پێنجەمی پێشزایین فەیلەسوفانی وەک ( پارمەنیس و هیراکلیتس ) یان شیعرەکانی ( سۆفۆکلیس ) کە ناوەڕۆکێکی فەلسەفی قووڵیان هەبوو ، ئەم ناوەڕکە فەلسەفەییەش بۆ ( مارتن هایدگەر ) و بۆ ڕوانگە بوونگەراییەکەی هۆکارێک بوو بۆ دەرخستنی راستی بوون ، بێگومان هەموو شیعرێک ئەم ناوەڕۆکە فەلسەفییە لەخۆناگرێت ئێمە مەبەستمان لەو شیعرانەیە کە هەروەک لە پێشدا باسمان کردووە / ئەو شیعرانەی لە نێو رووبەری شیعر دان و ئاستێکی بەرزی داهێنانیان تیایە .

                                                                 نۆڤەمبەری ٢٠٢٠

سەرچاوەکان :

  • کتێبی ( بوون و کات ) .. ( مارتن هایدگەر ) / وەرگێڕانی ( د.محەمەد کەمال )
  • کتێبی ( فەلسەفەی بوون ) .. نووسینی ( د. محەمەد کەمال )
  • کتێبی ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) .. نووسینی ( ناڵە حەسەن )



شیعر و ( فرێدریک نێچە ) .. ناڵە حەسەن

                                    

پەیوەندی نێوان شیعر و ( فرێدریک نێچە ) پەیوەندییەکی توندوتۆڵە ، هەروەک لە پێشتر نووسیومانە / نێچەیان بە فەیلەسوفێکی شاعیر ناوبردووە، بەڵام بەرلەوەی باسی ( شیعر و نێجە ) بکەین هەوڵدەدەین زۆر بە کورتی باسی پەیوەندی نێوان ( گیرکەگۆر و نێچە ) بکەین ، هاوکات کە شیعر لەنێوان ئەو دوو بیرمەند و فەیلەسوفە چ جێگایەکی بڵندی هەیە ، هەروەک لە کتێبی ( چەند فەیلەسووفێکی بوونگەرا ) دا دەڵێت ( کاتێک کە ( کیرکەگۆر ) کۆچیدواییکرد هێشتا ( نێچە ) قوتابی قوتابخانەی سەرەتایی بوو ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری ( نێچە ) لەسەر بیری فەلسەفی لە کاریگەری ( کیرکەگۆر ) لە پێشتر بووە ، .. لە ڕاستیدا ( کیرکەگۆر ) هەر بەنادیار و لەبیرکراو مایەوە تا ئەوکاتەی ، کە بۆیەکەمجار وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئەڵمانی و پاشان زمانی فەڕەنسی … تا ئەوەبوو کە توانی ببێتە سەرچاوەی تەوژمێکی نوێی ئاشکراو ڕۆشن لە مێژووی هاوچەرخی بیری مرۆڤایەتیدا ..! ) ، هاوکات هەر لەم کتێبەدا باسی شێواز و پەیوەندییەکانی ئەم دوو بیرمەندە بلیمەتەمان بۆ دەکات و دەڵێ / ( لە ڕاستیدا لانادەین ئەگەر بڵێین ئەو ئایدیا سەرەکییانەی کە لە مێشکی هەر یەکەیاندا خولاوەتەوە یەک ئایدیا بووە ، تەنانەت ئەو شێوازەیش کە تایبەتمەندییەکەی بریتییە / لە لاقرتێ و گاڵتەجاڕی توند ، هەروەها شاعیرێتی و شاعیرگەرایی گەرموگوڕ ، زۆرجار کۆک و تەبایان دەکات و یەکیاندەخات ..! ) . دەبینین یەکێک لە خاڵە هاوبەش و درەخشانەکەی نێوان شێوازی ئەم دوو بیرمەندە ، ( شاعیرێتی و شاعیرگەرایی ) بووە ، واتە لەپاڵ چەمکەکانیتر شیعریش یەکێک لەم چەمکانە بووە کە ئەم دووانەی لە یەکتری نزیک کردۆتەوە ، چونکە هەردووک ژیانی خۆیان کردبوو بە سەرچاوەی بیرکردنەوە و فەلسەفەکەیان ، کە ئەمەش زێتر ڕێگە خۆشدەکات کە شاعیرانە بڕوانن و شاعیرانەش بیربکەنەوە . چونکە ژیان و شیعریش وەک بوونێکی ئاوێتە و تێکەڵاو و یەکجەستەیی وایە .

دیوێکیتری پەیوەندی نێوان ئەم دوو بیرمەندە ، ( فەلسەفەی هەریەکەیان دۆزینەوەیەکی هەمیشە و بەردەوامی خودەکانییان بوو ، تا ئەوئاستەی ( کیرکەگۆر ) وتەیەکی هەیە دەڵێت ( من کتێبەکانمم بە خوێنی خۆم نووسیوە …! ) ، ئێمە پێشتر لە وتارەکانی ترمان ئەمەمان نووسیوە یەکێک لە جیاوازییەکانی قوتابخانە ئەدەبییەکانی مۆدێرنە هەر ئیشکردن لەسەر زمان و فۆرم نەبووە بەڵکو ، خاڵێکیتری گرینگ ئەوەبوو کە ئیشییان لەسەر خود کردووە ، لە وتاری ( شیعر و ناخودئاگایی ) لەسەر پەیوەندی ( شاعیر و خود ) یان پەیوەندییەکنی نێوان ( خود و دەرەوە ) هەڵوێستەی زێترمان کردووە ، بە تایبەت ( نێچە ) سەبارەت بە ( بوونی مرۆیی و خودی تاک ) زێتر چڕ دەبێتەوە بۆ نموونە ، ( نێچە بەنگەشە بۆ ئیرادەی هێز دەکات کەوا لە مرۆڤ دەکات / جەخت لە بوونی خۆی بکات و وابەستەی ژیان بێت ..! ) ، ئەم گوتنەی ( کیرکەگۆر)یش بۆ شیعر و داهێنان یان ، بۆ شاعیرێکی داهێنەر کە خەونی داهێنانی هەبێت ڕاستە ، چونکە ئەو شاعیرانەی خەونی گەورەی داهێنانییان هەیە و لە هەوڵی ئەوەدان بەرینترین ڕووبەری جوانی بە ژیان ببەخشن و وەک پەیامبەرێکی ڕێگای ژیان ئامادەن هەموو شتە تایبەتییەکانی خۆیان ببەخشن و ( ژیانییان بۆ شیعر و داهێنان ) بوێت ئەم قسەیەی گیرکەگۆر بۆ ئەم جۆرە شاعیرانەش راستە و ئەوانیش کتێبە شیعری و لێکۆڵینەوەکانییان بە خوێنی خۆیان دەنووسن .

دوای ئەم دەروازە و پیشەکییە ، لێرەوە رێرەوی قسەکانمان دەبەینەوە سەر پەیوەندی نێوان ( شیعر و نێچە) بە پشتبەستن بە کتابی ( ڕووبەروو لەگەڵ شیعر ) بە تایبەت وتاری ، ( شیعر و فەلسەفە یان فەلسەفە و شیعر ) بە کەمێک دەستکاری و ئیزافاتی نوێوە ، پەیوەندی نێوان شیعر و بیرمەندی گەورە ( نێچە ) دەخەینە ڕوو ، ( نێچە ) پاراستنی زات بە خراپترین شێوەی ویست دەزانێ ، واتە کەسێکی کەنارگیر و نامۆ ، ئەم زیاتر خوازیاری مرۆڤی باڵا و سوپەرمانی و یاخی و خودان ویستی هێزە .. تەنانەت لە ڕوانگەی ( زەردەشت )یش ، ڕێگەی ژیان بەسەربردن لایەنگری لە چوارچێوەی مەنتیقی و ژیرانە و عەقل نییە ، بەڵکو کەسەکان ئازادن بۆ هەڵبژاردنی ڕێگەی ژیانی خۆیان ، لە ڕاستیدا / ئازادی بەشێکە لە بوونی مرۆڤ ، واتە لەدەرەوەی بوون و مومارەسەکردنی ئازادانە ، وشەی ئازادیش وەک چەمکەکانیتر بێبەها و هیچ بەهایەکی بۆ نامێنێتەوە ، ئەمەش بە مانایەک / هەڵوەشاندنەوەی پاوەرەکان و سنوورەکانی عەقل و سیستەماتیکە . ( شیعر و داهێنان ) پێویستییان بە کرانەوە و پچڕاندنی هەموو کۆت و زنجیرەکانی بەها و نەریتە میراتییەکانە ، بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر ، دەبێت خۆت بەها و نەریت و ڕەفتار بۆ خۆت بتاشی کە پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆت بن …! بەمانایەک بە هەموو پێوەرەکان ( هەرخۆت بیت و هیچیتر ..! ) هەروەها لەم وتارەمان وردتر باسی ئەم فاکتانە دەکەین کە ئەم بیرکردنەوەیە نا دروستانەی ئەفلاتوون ڕەتدەکەنەوە ، بۆ نموونە باس لەوە دەکەین کەوا ، شیعریش وەک فەلسەفە لەسەر بنەمای بیرکردنەوە ئیش دەکات و ڕەهەندی فیکری و مەعریفی لە پشتە . زۆرن ئەو فەیلەسوفانەی کاریگەرییان لەسەر شیعردا هەبووە ، یان قسەیان لەسەر شیعر کردووەو باسی گرنگی و پەیوەندییەکانی فەلسەفە و شیعریان کردووە ، یان زمانی شیعرییان بەکارهێناوە بۆ دەربڕینی فەلسەفەکانییان ، ئەم فەیلەسوفانەش بە ( فەیلەسوفی شاعیر ) ناوبراون . یەکێک لەوانە ( فرێدریک نێچە )یە . لە پەیوەند بە شیعرەوە ، تایبەتمەندی (نێچە ) جیاوازە لەگەڵ فەیلەسوفەکانیتر ، چونکە هەندێک لە فەیلەسوفەکان هەم شاعیریش بوون هەم فەیلەسوف ، واتە لەپاڵ فەلسەفە شیعریشیان نووسیوە یان سەرەتا بە شیعر دەستییان پێکردووە ، لەوانە ( مارکس ، جان جاک ڕۆسۆ ، سامویل تەیلۆر کۆلیریچ …. ) بەڵام ( نێچە ) ، لەگەڵ ئەوەی شیعریشی نووسیوە بەڵکو کتێبە فەلسەفییەکانیشی بە زمانی شیعر نووسیون ، بۆیە بە بڕوای هەندێک کەس ( نێچە لە زکماکەوە شاعیر بووە ..! ) واتە ، هەر بە شاعیری لە دایک بووە . شیعر گەورەترین بەشی نووسینەکانی و تەنانەت بوون و ناخ و فەلسەفەکەشی داگیرکردووە . نێچە زۆر بە ڕۆشنی درکی بە بەها و ڕۆلی زمانی کردووە کە ، زمان چ سیحرێک و هێزێکی تیایە بە تایبەت زمانی شیعری ، وەک سەرچاوەی ( چێژ ) چ کاریگەرییەک لەسەر بیرکردنەوە و خەیاڵی مرۆڤەکان جێدەهێڵێت ، بۆیە لە شوێنێک دەربارەی زمانی شیعری دەڵێ ، ( زمان گەمەیەکی گەمژانەیە ، بەهۆی زمانەوە مرۆڤ دەتوانێ سەما بەسەر هەموو شتێکەوە بکات ) ، نێچە فەیلەسوفێکە ، ئامانجی بەرهەمهێنانی ( مرۆڤی باڵا ) بووە لە ڕێگەی ئیرادە و ویستی هێزەوە ، بۆیە لە زۆر شوێن پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ و دەڵێ ، ( من هاتووم هەواڵی مرۆڤی باڵاتان پێڕابگەیەنم ، مرۆڤی باڵا ئەو کەسەیە لە نەریتی باو یاخی دەبێت و خودان ئیرادە و هێزی کارای خۆی دەبێ ..) ئەمە ڕۆشن بووە لای ( نێچە ) کەوا داهێنان بە کەسی لاواز و بێ ئیرادە ناکرێت ، کەسەکانی دیلی بەندی کلتوور و ئایین و دیلی مرۆڤەکانیتر بن ، ئەوکەسانەی لەژێر کاریگەری هێزە دەرەکییەکانن لە سەرووی خۆیان ئیرادەیتریان بەسەردا دەسەپێندرێ ، ئەو کەسانە کەسانی کۆیلە و نامۆن ناتوانن داهێنان بکەن..! لای ( نێچە ) بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر وا پێویست دەکات هەموو کۆت و زنجیرەکان بپچڕێنیت ، ببی بە خۆت و تەعبیر لە ویستی خۆت بکەی ، هەموو شتێکی میراتی تووڕ هەڵبدەی ، خۆت بەها و نەریت و ڕەفتار بۆ خۆت دیاری بکەی ، خۆت هێزی جووڵێنەری خۆت بی ، جووڵە ڕەفتارەکانی خۆت پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆت بن ، بەمانایەک هەروەک دروشمێکی هەبوو کەوا ، ( تەنها خۆت بیت و ئەویتر نەبیت …! ) چونکە / داهێنان وا دەخوازێ کە دنیاو جیهانێکی نوێ بخوڵقێنی . ( نێچە ) لە کتێبی ( ئا ئەمەیە مرۆڤ ) دا دەڵێ ، ( من لە هیچ شتێک لاسایی کەس ناکەمەوە ، گاڵتە بە هەموو ئەو مامۆستایانە دەکەم کە هێشتا فێرنەبوونە گاڵتە بە خۆیان بکەن ، لەسەر دەرگای ماڵەکەم ئەمە نووسراوە …! ) .

نێجە وەک ( شوبنهاوەر ) ، کاری بە ( فەلسەفەی ویست ) کردووە بە تایبەت ویستی هێز .. چونکە ( شوبنهاوەر ) کتێبێکی هەیە بە ناوی ، ( جیهان وەک ویست فیکرە ) ، لەم کتێبەیدا پوختەی فەلسەفەکەی خۆی تیا باسکردووە ، باوەڕی وایە / کە عەقل ئامرازێکە بە دەستی ویستەوە ، لای ئەو / بوون لەسەر بنەمای حیکمەت و ئەزموون و مەبەستێک وەستاوە …! ) ، بۆیە نێچەش پێ لەسەر ئەم بیرۆکەی ویستە دادەگرێ و ئامانجیەتی ، تاکەکان خودان هێز و ئیرادەی خۆیان بن ، کە ناوی ناون ( مرۆڤی سوپەرمانی ) یان ( مرۆڤی باڵا ) ، بۆیە پێیوابوە ، دەسپێک و سەرچاوەی ویست و هێز لەسەر ویژدان و فیکردا شتێکی بنەڕەتی و جەوهەری شتەکانە .. یان بە بڕوای ( نێچە ) ،( گرنکترین دەرکەوتەی ژیان ، لە تیۆری داڕشتن لە ڕێگەی هێزی عەقڵ نییە ، بەڵکو ( ویستە ) ، ناوەڕۆکی ژیان ویستە ، ئەم ویستەش ویستی هێزە …! ) ( نێچە ) پاراستنی زات ( خود ) بە خراپترین شێوەی ویست دەزانێ ، ئەو پێیوایە ، کەسێک بەدوای پاراستنی زات بێ ، خۆی لە قەرەی مەترسییەکان نادات و ژیانی پارێزگارانە هەڵدەبژێرێت ، مەبەستی ئەوەیە کە مرۆڤ دەبێ ئامادەیی قوربانیدانی تیا بێت لەپێناو خەونە گەورەکاندا ، بە مانایەک / ئەو کەسانەی کە ، ناتوانن زنجیری کۆت و بەندەکان بشکێنن و بەهاکانی ئایین و کلتوور و ئەو بەهایانەی بەزۆر سەپێندراون بەسەریاندا ڕابماڵن ، لە هەمانکاتیش ناتوانن وەک مرۆڤێکی باڵا خودان ویست و هێزی خۆیان بن …! بە کورتی پوختەی فەلسەفەکەی نێچە ئەوەیە کە ، ( فەلسەفەی عەقلێکی ئازادە ، فەلسەفەی ئاوەژووکردنەوەی بەها چەسپیوە کۆنەکانە ، ئازادکردنی مرۆڤە لە هەموو کۆتوبەند و ئەخلاق و ئایین و مەعریفەی دەستاودەست ، فەلسەفەی نێچە بە دەنگێکی بەرز بانگەوازی ڕزگاربوون دەکات …! ) ، ئەمانەشی هەمووی بە زمانی شیعر لە نێو شیعرەکان و کتێبە فەلسەفییەکانی دەربڕیوە ، بۆیە نێچە ( فەیلەسوفی شاعیران و شاعیری فەیلەسوفان بووە …! ) .

کتێبی ( وەهای گوت زەردەشت ) یەکێکە لە بەناوبانگترین کتێبی نێچەیە ، کە لە ساڵی ١٨٨٣ چاپکراوە ، کتێبێکە بە شێوەیەکی ئەدەبی ڕەخنەیی نووسراوە ، بە زمانێکی شیعری ناسک و پاراو ، لەم کتێبەدا چەندین بیرۆکەی گرنگی داڕشتووە ، کە وێنەی مرۆڤی باڵا و هەڵکشاوی کێشاوە ، ئەو مرۆڤەی لە دەستی کۆت و زنجیری کۆمەڵایەتی و کلتووری و ئەخلاقی ڕزگاری بووە ، کتێبێکە نێچەی پێدەناسرێتەوە ، ( نێچە ) لەم کتێبەیدا هەروەک سەرچاوەکان دەڵێن ، خۆی وەک شاعیرێکی مەزن دەبینێت نەک وەک فەیلەسوفێک ، دەربارەی کتێبی ( وەهای گوت زەردەشت ) ، ئەدیبی گەورەی ئەڵمانیا ( تۆماس مان ) دەڵێ ، ( ئەم کتێبە باشترین کتێبە کە بە زمانی ئەڵمانی نووسرابێت ) ، نەک تەنها کتێبەکانی بەڵکو شیعرەکانیشی پڕن لە بیرۆکەی فەلسەفی و ئاوێنەیەکن بۆ ڕەنگدانەوەی تێز و بیرکردنەوەکانی خۆی ، بەڵام شتێکی گرینگ هەیە ، نێچە پرسیارە فەلسەفییەکان و ئایدیا و بیرۆکە شیعرییەکانی ، لە قووڵایی و هەناوی ژیان دەردێنێت و پەیوەستییان دەکاتەوە بە مرۆڤ و خۆشبەختی و بەختەوەرییەکانییەوە . دیارە نەک هەر لەلای ( نێچە ) بەڵکو ، لای زۆربەی فەیلەسوفەکانی سەردەمی مۆدێرنە ، مرۆڤ دەبێتە ناوەندی گرنگیدان ، هەوڵدانێکە بۆ بە بەرهەمهێنانی سەربەخۆیی بیرکردنەوە و عەقلی مرۆڤ . دەرکێشانی لەژێر هەموو کاریگەرە دەرەکییەکان ، دەکرێ ئەمەش بە یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان شیعر و فەلسەفە حیساب بکەین ، لێرەدا چەند نموونەیەکی شیعری نێچە دەخەینە ڕوو و قسەی لەسەر دەکەین ، هەروەک لە کتێبی ( نێچە فەیلەسوفێکی بەرزەفڕ ) دا ، لە بەشی ( پێنجەم ) ، بە ناوی ( نێچە ، شاعیرێکی جیاواز )دا ، کە لە سەرەتا باسی شاعیربوونی ( نێچە ) و بیرکردنەوەکانی و دواتر چەند نموونەیەکی شیعری هێناوەتەوە ، ئێمە لێرەدا قسە لەسەر هەندێکییان دەکەین . هەر لەوێدا باسی ئەوە کراوە کە ، ( نێچە ) شاعیرێکی جیاواز بووە و بە ستایلێکی جیاواز نووسیویەتی ، هەروەک مێژوونووسی فەڕەنسی ( ئەلیکسیس ڤیلۆنینکۆ ) پێیوایە ، ( نێچە ئیستاتیکای ڕووکەشی دەقی واتە فۆرم )ی پێش وردیی مانا خستووە ، چونکە نێچە بەرلەوەی فەیلەسوف بێت ، بە پلەی یەکەم شاعیر بووە ، لە نێو نووسینە پەخشانی و شیعرییەکانی داهێنانی سوریالییانەی کردووە ، بە تایبەت لە کتێبی ( وەهای گوت زەردەشت ) هێندە دوور دەڕوات ئەستەمە تێی بگەیت …! ( نێچە ) کەسێک بووە زۆر قووڵ بیری کردۆتەوە ، هەمیشەش بە زمانی ڕەخنەیەکی توند نووسیویەتی ، تا ئاستی ئەوەی مەرگ بۆ خوداوەند دەخوازێ و ئەخلاق و ئایین و کلتوورە دواکەوتووەکان ڕەتدەکاتەوە ، تا مردن لە نووسین ناکەوێت ، ( نێچە ) بە درێژایی ژیانی هەمیشە ئەوەی دووبارە کردۆتەوە کەوا ( هێشتا پێویستە بژیم ، چونکە هێشتا گەرەکمە بیربکەمەوە …! ) ، نێچە بیری لە هەموو سەکۆ و گۆشە و کەلێنەکانی ژیان و مرۆڤ کردۆتەوە ، ئەوەی بە فەلسەفە دەرەقەتی نەهاتووە بە شیعر قسەی لەسەر کردوون ، بۆیە شیعر و فەلسەفەکەی بە یەک ئاراستە ڕۆیشتوون . ( نێچە ) لە شیعری ( مرۆڤە بەرزەکان ) دا دەڵێت .
ئەوەی ڕادەپەڕێ ، پێویستە پێیدا هەڵدەین !
وەڵێ ئەو لە بەرزاییەوە ئەمە پەسەند دەکات ،
تاکو لە سەرووی پەسەندگرەوە بژیت ،
ئەو لە بەرزی دایە ئەو لەسەر دەرگای ماڵی منە ،
ئەو لە ماڵی من نیشتەجێیە ،
هەرگیز بە دوای کەس نەکەوتووم
لە سەرووی ئەمانەش ، قۆشمەم بە هەموو مامۆستایەک کرد .
ئەم شیعرە تا بڵێی شیعرێکی ناسکە ، ( نێچە ) بە زمانێکی شیعری ناسک و پڕ لە هارمۆنیا و ئیستاتیکایەکی جوان ، کرۆک و ئامانجی بیرکردنەوە و فەلسەفەکەی خۆی دەخاتە روو واتە ئەم شیعرە بیرکردنەوەیەکی ئامانجداری لە پشتە ، لێرەدا ( نێچە ) باس لە ( مرۆڤی باڵا ) دەکا ، ئەوانەی خودان هێز و ئیرادەی خۆیانن ، دەیانەوێت ڕاپەڕین بکەن و زنجیری دیلیەتی و ستەم بپسێنن کەسانێکی ڕاستگۆ و ئازاد بن ، ئەو پێیوایە ئەوانە لە شوێنێکی بەرزی ژیان وەستاون ، ئەوانە هێندە بەرز و خۆشەویستن ، بەشێکن لە ڕۆحی ئەو لە ماڵەکەی ئەو نیشتەجێن . ئەمان ئەو مرۆڤە بەرزانەن کە / خودان هێز و سەربەخۆیی و بیرکردنەوەی خۆیانن ، کە دوای هیچ کەسێک ناکەون و پاشکۆی هێزەکانی سەرووی خۆیان نین ، بەس خۆیانن و هیچیتر ، ئەمان ئەوکەسانەن لە مامۆستاکانییان فێردەبن ، سنوور و تخوبەکان دەبەزێنن و لە ئاستێکی بەرز لە مرۆڤایەتی و ژیان دەڕوانن .
هەروەها لە شیعری ( جەسوور ) دا دەڵێ ..
لە هەر کوێیەک بیت ، قووڵ هەڵکۆڵە
بنەوان لە ژێرەوەیە ،
وازبێنە لە پیاوانی ڕەشبین با بچریکێنن
” دۆزەخ بەردەوام لە ژێرەوەیە ” …!
لێرەشدا وێنەی مرۆڤێکی جەسوور و خاوەن هێز و توانایەکی لەبن نەهاتوومان .بۆ دەکێشێ ، ئەو مرۆڤانەی لە پێناو ئامانجە پیرۆزەکان مرۆڤی تێکۆشەر و کۆڵنەدەرن ، ئەو مرۆڤانە لە شەوە ئەنگوستە چاوەکان فوو لە پشکۆکان دەکەن ، ئەوانەی هەمیشە بە ورەیەکی پۆڵایین و بە دید و بەرچاو ڕۆشنییەوە بەرەو لوتکەی ئاسۆ و ئامانجەکانییان دەکەونە ڕێ ، خودان خەونی گەورەن ، بێوچان و نەسرەوتن هەردەڕۆن و هەر دەڕۆن ، ( نێچە ) ڕقی لە مرۆڤی لاواز و ڕەشبینە ، ڕقی لەو کەسانەیە کە هەمیشە بۆ پاروە نانێک دەکڕوزێنەوە ، ( نێچە ) لە شوێنێکدا دەڵێ ، ( مرۆڤە لاوازەکان ، ئەوانەن بۆ مردن باشن ، شایستە بە ژیان نین ..! ) بۆیە لەم شیعرەشدا دەڵێ ( واز بێنە لە پیاوانی ڕەشبین با بچریکێنن ) . دۆزەخ بەردەوام لە ژێرەوەیە..! ، مەبەستییەتی گەیشتن بە لوتکە و ئامانج ڕەنج و قوربانی دەوێت ، ئاگر و ڕووناکییەکان ، لە بنی بنەوەن ، قووڵن دەبێ لە هەڵکۆڵین بەردەوام بین ، دیارە وشەی دۆزەخ لێرەدا میتافۆرێکە یان هێمایەکە بۆ ئاگر ، ئاگریش هەمیشە هێما بووە بۆ گەرمبوونەوە و درەوشانەوە و گۆڕان ، لە ئەفسانە و داستانەکانیش گەیشتن بە ئاگر هێمایە بۆ گەیشتن بە ئامانج و سەرکەوتن …!
( نێچە ) لە شیعری ( ئەوەیە مرۆڤ ) دا دەڵێ …
بەڵێ ، دەزانم لە چ بنەچەیەکم ،
وەک بڵێسە تێنووم ،
هەڵپە دەکەم و خامۆش دەبمەوە ،
هەرچییەک دەستی بۆ دەبەم دەبێتە نوور ،
هەرچییەک جێیدەهێڵم پشکۆیە
بێ یەکودوو من بڵێسەم …!
بێگومان ، لە نێو بیری ( نێچە ) مرۆڤەکان دەبێ مرۆڤی بەرز و دیار بن ، خودان بنەچە و شوهرەتێک و ناوێکی پایەدار و بەرزییان هەبێ ، ئەمەش ئەو مرۆڤانەن هەمیشە هەڵپەی ژیانێکی بەرز و پڕاوپڕ لە بەختەوەری و دەستگەیشتن بە خۆزگە و ئومێدەکانییانن ، کەسانێک بەرز لە ژیان و بەهای مرۆڤ بڕوانن ، ئەوکەسانەی / وەک بڵێسە تێنوون بۆ ئەم جۆرە ژیانە ، وەک عاشق شەیدای ژیانێکی شایستە بە مرۆڤن ، ئەو مرۆڤانەی کە لەم شوێنە بەرزە بۆ ژیان و ئومێدە گەشەکان و ئارەزووە جوانەکانییان دەڕوانن ، ئەوانە دەست بۆ هەر چییەک دەبن دەبێتە نوور ، هەرچییەک جێدەهێڵن دەبێتە پشکۆ ، ژیان و دەوروبەر دەدرەشێننەوە ، چونکە وەک بڵێسە خاوەن نیگا و ڕوانین و دیدگایەکی ڕۆشنن بۆ ژیان . لێرەدا ، لە نێو بەرهەمە شیعری و فەلسەفییەکانی نێچە ، هاوئاهەنگییەک و ئاوێزانبوونێکی گرنگی نێوان فەلسەفە و شیعر دەبینین ، کە هەردووك بە یەک ئاراستە تا ئەندازەی تێکەڵاوبوون ، فەلسەفە بە بەرگ و ڕوخساری شیعرییەوە ، شیعریش بە ناوەڕۆکی فەلسەفییەوە ، وەک ئەوەی گیانێک بن لە دوو جەستەدا . ( نێچە ) بەم هەوڵانەی توانی شیعر و فەلسەفە زێتر لێکنزیک بکاتەوە …!

نۆڤەمبەری ٢٠٢٠

سەرچاوەکان :

  • کتێبی ( چەند فەیلەسووفێکی بوونگەرا ) .. نووسینی ( فوئاد کامیل عەبدولعەزیز ) وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە / ( سامان عەلی حامید )
  • کتێبی ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) .. نووسینی ( ناڵە حەسەن ) .آ



چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین .. ناڵە حەسەن/ بەشی سێیەم

  • شیعر و ( نەرجسییەت )
  • شیعر و ( ناخودئاگایی )
  • شیعر و ( ئیرۆسییەت ) یان شیعر و ( ژایاندۆستی )
  • شیعر و ( نەرجسییەت )

    هەوڵدەدەین لەم وتارەمان بە کورتی پەیوەندی شیعر بە ( نەرجسییەت ) یان بیرکردنەوەی شاعیر بەم چەمکەوە ڕوونبکەینەوە ، نەرجسییەت مێژوویەکی کۆنی هەیە و لە ئەفسانەی یۆنانییەوە وەرگیراوە ، ماناکەی ( خۆشەویستی بۆ خود ) یان ( بەرز لەخۆ ڕوانین ) دێت ، هەروەک لە کتێبی ( نەرجسیەت )یش دا هاتووە ، بیرمەندی دەروونناس ( تیۆدۆر ئای ڕۆبین ) دەڵێت ، ( کەسی نەرجسی لە دنیای تایبەتی خۆیدا دەژی و پێیوایە هەموو دنیا هی ئەوە ..! ) ، پێویستە لەوەش ئاگادار بین کە نەرجسییەت پێنج جۆری هەیە ، تەنها دوو جۆری بە شێوەیەکی سروشتی لە کەسانی ئاسایی و لەکەسە داهێنەرەکان دا هەن ، ئەوانیش جۆرەکانی ( ئەدگاری نەرجسییەتی نێرایەتی ، ئەدگاری نەرجسییەتی ) ، بۆ ئەم وتارەمان ئەم دوو جۆرە جێگای مەبەستی ئێمەن ، بەڵام سێ جۆرەکانیتری نەرجسییەت ( کەسایەتی سنووردار ، کەسایەتی دەروون نەخۆش ، کەسایەتی گومانکردوو ) ئەم سێ جۆرە زێتر ڕۆچوون و سەرسامبوونێکە بەخۆد تا ئاستی سنووربەزاندن و توشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان ، ئێمە لێرەدا پیویستمان بەوە نییە زۆر هەڵوێستە لەسەر ئەم بەشەیان بکەین ، تەنها خاڵێک بە پێویستی دەزانم ئەویش ئەوەیە ، کەسە دیکتاتۆرەکان ئەوکەسانەن کە کەسی دەروون نەخۆشن نەرجسییەتەکەیان لە ئاستێکی سنووبەزاندندایە ، بۆیە دەبینین ئەوکەسانە زۆرترین تاوان ئەنجام دەدەن بەبێئەوەی پەشیمان ببنەوە و یان خۆیان بە تاوانبار بزانن …! لەبەرئەوەی ئەو کەسانە تەنها بە ئاراستەی مێشک یان بیرکردنەوەکانییان ئیشدەکەن و بڕیار دەدەن ، لووتبەرزی و سەرسامبوونییان بە خود هەست و سۆزییان دەکوژێت ، بۆیە تەنها بە مێشک بڕیار دەدەن نەک بەدڵ و هەست و سۆز ..! بەڵام شیعر لەگەڵ ئەمجۆرەی نەرجسییەت ناتەبا و دژ دێتەوە ، چونکە لە پڕۆسەی نووسینی شیعر فیکر و هەست پێکەوە ئیشدەکەن و هاوتەریب دەڕۆن . هاوکات خاڵێکیتر بە پێویستی دەزانم لەبەرامبەر ئەوبەشەی نەرجسییەت ئەویش ئەوەیە کە / ( هیستریا ) و ( نەرجسییەتی دەروون نەخۆش ) هەردووکیان باری نائاسایی و نەخۆشی دەروونین ، بەڵام خاڵێکی زۆر گرینگ هەیە کە سنووری ئەم دووانە لە یەکتری جیا دەکاتەوە ئەویش / کەسە هیستریکەکان کاتێک تاوانێک دەکەن بەدواید هەست بە گوناه و تاوان دەکەن و پەشیمان دەبنەوە بەڵام ، کەسە نەرجسییە دەروون نەخۆشەکان نە هەست بە تاوان دەکەن نە پەشیمانیش دەبنەوە …! جا لێرەوە دەگەڕێینەوە لای پەیوەندی نێوان شیعر و نەرجسییەت ، چەند پرسیارێک دەکەین / ئایا پێویستە شاعیر نەرجسییەتی هەبێت ؟ یان خۆشەویستییەکەی بۆ خود هێندە بێت ، بەرز لەخۆی بڕوانێت ؟ یان منی خۆی وەک منێکی باڵا وێنە بکات ..؟ من بۆ هەموو ئەمانە لە وەڵامدا دەڵێم ( بەڵێ ..! ) . ئەویش بە چەند هۆکارێک ، لە خوارەوە هەوڵدەدەین هۆکارەکان باسبکەین . بەڵی / شاعیر لەنێو ڕووبەری شیعرو داهێنان پێویست دەکات خۆشەویستی بۆخود هەبێت و بەرز لەخۆی بڕوانیت چونکە ، شیعر و داهێنان بەهایەکی گەورەیان هەیە ، شاعیر پێویست دەکات لەنێو شیعرەکانی ( منی خۆی ) وەک منێکی باڵا ببینێ ، کەسێکی خودان هێز و سوپەرمانی ، وەک ئەو کەسە باڵا و بەهێزەی ( نێتچە ) بانگەشەی بۆ دەکات ، وەک مرۆڤێکی داهێنەر خۆی لەو ئاستە بەرزە ببینێت کە ، نەچەمێتەوە بۆ هیچ دەسەڵات و میر و حاکمێک ، یان بە مانایەکیتر نەبێتە ( کەوچکی نێو پیاڵەی هیچ دەسەڵاتێک ..! ) ، ( تەنها و تەنها ) خۆی بێت و جووڵەکانی لەژێر کاریگەری ئارەزووەکانی خۆی ئاراستە وەربگرن . واتە کەسێکی ( کۆیلە و نامۆ ) نەبێت . ئێمە لە بەشەکانی پێشتری ئەم نووسینەمان گتومانە / کەسە ( نامۆکان ) ناتوانن داهێنان بکەن یان داهێنانەکانییان دەکەونە ژێر پرسیارەوە ..! بەڵێ کەسی شاعیر دەبێ هێندە خۆشەویستی بۆخۆی هەبێت و بەرز لەخۆی بڕوانێ کە ، لەوە تێبگات مرۆڤ هۆشمەندترین بوونەوەرە و ئاستی تێڕوانینی بۆ ( ژیان و مرۆڤ و داهێنان ) بەرز بێت ، دەبێ لەوە تێبگات مرۆڤ لە ڕێگەی داهێنانەکانی مانایەک بە بوونی خۆی دەبەخشێ و بەهای مرۆڤیش لە سەرووی هەموو بەهاکانەوەیە بەڵام ، دەبێت وریا بێت لەوەی نەرجسییەتەکەی نەگاتە ئاستی سنووربەزاندن و نێو رووبەری نەخۆشییە دەروونییەکان ، هاوکات لەوەش دڵنیا بێت نەرجسییەت و بەرز لەخۆڕوانین تێکەڵاوی ( لەخۆباییبوون ) نەکات ، چونکە ئەو شاعیرانەی لەخۆیانبایی دەبن بەتایبەت ( هەندێک ) لە شاعیرە خاوەن ئەزمونەکان ، خۆیان لەسەرووی خەڵکانی تروە دەبینن و پێیانوایە ئەوان باشترینن ، بەڵام ئەوان ئەوەیان بیرچۆتەوە کە شیعر ئیش لەسەر جوانی دەکات و جوانیش بوونێک یان چەمکێکی ( ڕیژەیی ) هەیە یان زۆرجار ، ئەمجۆرە شاعیرانە بەرگەی هیچ جۆرە تێبینی و ڕەخنەیەک ناگرن ، واتە مەبەستمە بڵێم لەنێو ڕووبەری ( شیعر و داهێنان ) باشترین بوونی نییە ، دەکرێ کەسە داهێنەرە گەورەکان ( یەکێک بن ) لە هەرە داهێنەرەکان ، یان هەرە باشەکان ، خاڵێکیتر کەسە لەخۆباییەکان هەمیشە پێیانوایە ئەوان گەیشتوونەتە لوتکە بەڵام ، بیئاگا لەوەی هەموو گەیشتنە لوتکەیەکیش هاتنەخوارەوەی بەدوادایە …! ئەمەش جۆرە بەدحاڵیبوونێکە بۆ ڕووبەری شیعر و داهێنان ، ئێمە لە کتێبی ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) بە ڕۆشنی باسمان لە ڕووبەری شیعر و داهێنان کردووە ، بەومانایەی نا ، کە مەبەستمان بێت بازنەیەک بەدەوری ڕووبەری شیعر بکێشین ، بۆیە هەر لەم کتێبە بە ڕۆشنی گتومانە / شیعر جووڵەیەکی بەردەوامی ئیستاتیکییە ..! مادام جووڵەیەکی بەردەوامە دەبێ لە نێو ڕووبەرێکی کراوەدا بێت ، واتە رووبەری شیعر و داهێنان ڕووبەرێکی بەرینی کراوەن ، بەمانایەک گەر بە دەریایەک وێنای بکەین دەڵێین / دەریایەکی بێبن و ئەوبەریشی کراوەو و نادیارە ، هیچ کام لە داهێنەرێکان تا ئێستا نەگەیشتوونەنەتە بنی بنەوەی قووڵاییەکان و یان ئەوبەری ڕووبەری دەریاکە ، لەبەرئەوەی هەموو مرۆڤەکان دەگەنە خاڵێک کە لەوێدا داهێنانەکانییان دەوەستێ ، ئەویش خاڵی مردنە ، چونکە مردن کۆتایی بە پڕۆژەکانی بوون دەهێنێت ، بۆیە تا ئێستا هیچکام لە داهێنەرەکان نەگەیشتوونەتە تەواوی ئاستی کەمال ، بە شەیکسپیر و دەستۆفسکی ) شەوە ، بۆیە لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێناندا / نە باشترین بوونی هەیە نە گەیشتن بە لوتکە ، لەبەر ئەم هۆیانەی باسمان کردن ، زۆر گرینگە بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندی نێوان چەمکەکانی ( شیعر و نەرجسییەت )دا بکەین و خۆشەویستی و تێڕوانینمان بۆ خود لە ئاستێکی بەرزدا بێت .

  • شیعر و ( ناخودئاگایی )
    ( سیگمۆند فرۆید ) لە تیۆری دەروونشیکاری خۆی بۆ کەسایەتی ، بەم شێوەیە باس لە ناخودئاگایی دەکات و پێیوایە کە ، ڕووبەرێکی تاریکە شوێنی هەستەکان و حەز و ئارەزووەکان و بیرکردنەوە و خەون و ئومێدەکان و یان یادەوەرییەکانی دەرەوەی ئاگایی مرۆڤە ، هەروەها فرۆید وایدەبینێ کە ئەم ڕووبەرە واتە ( ناخودئاگایی ) ، بە بەردەوامی کاریگەری هەیە بەسەر ڕەفتار و جووڵە و کار و کردەوە و بیرکردنەوەکانی مرۆڤ ، هاوکات باس لەوەش دەکات کە / ( خەون ) ئەویش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ناخودئاگاییەوە هەیە ، بۆیە ( فرۆید ) گرینگی بە خەونەکان داوە و ئیشی لەسەرکردوون و شیکردنەوەی بۆ کردوون ، چونکە باوەڕیوابوو / ئەو حەز و ئارەزوو و مەیلانەی لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ دەستەبەرنابن لە ڕووبەری ناخودئاگایی دەمێننەوە و لە کاتی نائاگایی لە خەونەکاندا دەردەکەون ، دەبینین کە ناخودئاگایی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کەسایەتی و بە خەونەکانی مرۆڤەوە هەیە ، پێویستە ئەوەش بزانین دەربارەی کەسێتی هەروەک لە کتێبی ( لەگەڵ سایکۆلۆژیادا هاتووە ) ، ( کە کەسێتی ، لە حەقیقەتدا مرۆڤ خۆی نییە ، بەڵکو ئەو ڕوخسارەیە کە لەبەردەم خەڵکدا خۆی پێیەوە نمایش دەکات و ڕەفتار دەنوێنێت ..) ، ( کەواتە کەسێتی دەمامکێکە دەیپۆشین ، ئەو ڕوخسارەیە ڕەفتارەکانمانی پێدەنوێنین و مامەڵەی پێدەکەین ..! ) ، بەمانایەکیتر / کەسێتی ئەوخودە کۆمەڵایەتییەیە یان ڕۆڵی تاکە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ، کەواتە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە / کەسایەتی حەقیقەتی بوون نییە ، چونکە بوونی مرۆڤ لەسەرەتاوە بێناوەڕۆک و بێمانەیە ، بەڵکو مرۆڤ لە ڕیگەی هەوڵ و داهێنانەکانی مانایەک بە بوونی خۆی دەبەخشێ ، دەتوانین بڵێین کەسایەتی / ئەو دەمامکەیە کە مرۆڤ بوونی خۆی پێ نمایشدەکات . لێرەدا دەبینین کە کەسایەتی مرۆڤ و خەون و بیرکردنەوەکانی ، هەمووی لەژێر کاریگەری باری دەروونی بەتایبەت ناخودئاگایی دان ، بۆیە بە پێویستی دەزانین کە پەیوەندی ئەم ڕووبەرەی ناخودئاگایی لەگەڵ شیعر باسبکەین و لایەنە گرینگەکانی بە دەربخەین . شاعیر لە پڕۆسەی نووسینی شیعر / لە ڕیگەی بیرکردنەوەکانی لە دەوروبەرو لە دنیای واقیع دادەبڕێ ، بۆ نێو ڕووبەری خەیاڵ دوور دوور دەڕوات ، لەنێو ئەو ڕووبەرە نادیار و تاریکەی خەیاڵدا ، بوخچەی ئارەزووەکانی دەکاتەوە / خەونەکانی ، مەیل و حەرەزووەکانی ، یادەوارەرییەکانی ، منداڵی و ڕۆژانی تێپەڕیو ، کە ئەمانە لەنێو رووبەری ناخودئاگایی خۆیدا هەڵیگرتوون ، لەنێو ئەو ڕووبەرە تاریکەی خەیاڵدا ڕووبەری ناخودئاگایی گرێی بوخچەکانی خۆی دەکاتەوە ، لەو چرکە ساتە ئەم ڕووبەرە تەواوی مێشکی شاعیر کۆنترۆڵ دەکات و هاوکات بیرکردنەوە و خەیاڵەکانیشی ، بۆیە ئەم رووبەرە ناخودئاگاییە تەعبیر لە بوون و شوناسی شاعیرەکە دەکەن . بۆیە دەتوانین بڵێین / شیعر لەو ساتەدا نووسینەوەی ئاوێزانبوونی ناخودئاگاییە لەنێو رووبەری خەیاڵ و گەڕانەکانی شاعیردا ، هاوکات ئیشکردن لەسەر قوڵاییەکانی خەیاڵ و قووڵاییەکانی ناوەوەی خودیش گرینگییەکی ناوازەی هەیە بۆ شیعر . هەروەک لە نووسینەکانیترمان باسمان لەوەکردووە کە / لە دوای ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم واتە ، لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی مۆدێرنە ، وەک قوتابخانەکانی ( هونەر بۆ هونەر ) و ( سومبولیزم ) و ( دادایی ) و ( سوریالیزم ) و ئەوانیتریش .. کە تەنها جیاوازییان لە ڕووی فۆرم و زمانەوە نەبوو لەگەڵ قوتابخانە ئەدەبییەکانی پێشخۆیان بە تایبەت ، ( ڕۆمانسیزم ) و ( ڕیالیزم ) بەڵکو ، جیاوازییەکیتری جەوهەری هەبوو ئەویش ، لە قوتابخانە ئەدەبییەکانی مۆدێرنە زێتر گرنگیدرا بە خود واتە لەنێو شیعر و ئەدەبەکانییان زێتر ئیشییان لەسەر خود و ناوەوەی خۆیان دەکرد ، گرینگی زۆریان بە خەون و هێماکان دەدا ، ئەم ئیشکردنە لەسەر ( خود ) و خەون و ناوەوەی خود لەلای سوریالیستەکان بە لوتکە گەیشت ، چونکە سوریالیستەکان بە فۆرمی ( ئۆتۆماتیزم ) ئیشییان دەکرد واتە ،( تەقاندنەوەی ناوەوەی خود یان باری ناخودئاگایی ) ، بۆیە لە نێو شیعر و تابلۆ و نیگارەکانییان بە چڕی ئیشییان لەسەر خەون دەکرد ، تا ئەو ئەندازەیەی ( سلفادۆر دالی ) وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت ،( ژیانی ڕاستەقینە یان حەقیقەتی ژیان لەنێو خەونەکان دایە ..! ) ، واتە ئەو واقیعەی تیایا دەژین ئەوە حەقییەتی ژیانی مرۆڤەکان و شایستە بە مرۆڤەکان نییە …! بۆیە دەبینین تابلۆکانی ( سلفادۆر دالی ) بە شێوەی سەیر و سەمەرە کێشراون چونکە وێنەی خەونەکانی خۆی ڕەسمکردوون . یان شاعیرەکان لەکاتی نووسینی شیعرەکانییان ، کاتێک دەکەوتنە نێو قووڵایی خەیاڵەکانییان ، لە چرکەساتی تەواوبوونی دەقەکانییان قەڵەمەکانییان دادەنا و چیتر دەستکارییان نەدەکردن ، چونکە باوەڕییان وابوو کە شیعر نووسینەوەی چرکەساتەکانی نێو رووبەری خەون و خەیاڵ و باری ناخودئاگاییەکانە ، تێکهەڵکێشییان نەدەکرد بە باری واقیع و ئاگایی خود ، هاوکات لەگەڵ ئەم بارە دەروونیانە و گرینگیدان بە زمان و ئیشکردن لە سەر دوالیزمەکان و چەمکە دژەکان و هیما و میتافۆرەکان و گومان و پرسیار و پێکهاتەکانیتری زمان ، هەموو ئەمانە قووڵایی و بڕستێکی بێوێنە بە دەقە شیعرییەکان دەبەخشن ، لێرەدا دەبینین باری دەروونی ناخودئاگایی چ کاریگەرییەک و ڕۆڵێک دەگێڕێ لە پرۆسەی نووسینی شیعر ، بۆیە هەموو ئەو دەقانەی لەنێو ڕووبەری خەیاڵ زێتر ڕۆدەچن ، دەبینین قووڵایی زیاتر بە ناوەڕۆک و بە پێکهاتەی دەقەکە دەبەخشن ، چونکە گەیشتن بە رووبەرە تاریکەکانی خەیاڵ گەیشتنە بە ڕووبەرە تاریکەکانی ناوەوەی خود و ڕووبەرە تاریکەکانی ناخودئاگایی . بۆیە زمانی شیعر زمانی چرکەساتەکانی وڕینەکردنە ، چونکە مرۆڤەکان لەکاتی وڕێنەکردندا بە قووڵی لەژێر باری دەروونی ناخودئاگاییدا دەبن ، دەتوانین بڵێین زۆرجاران / شیعر هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعی ڕۆژ نییە ، لەڕێگەی ئیشکردن لەسەر ناوەوەی خود و باری ناخودئاگایی و هەڵدانەوەی مەیل و ئارەزوو و خەونەکان و یادەوەرییەکان و ئومێدە کەڵەکەبووەکانەوە لەوێدا ، بەواقیع پەیوەست دەبێتەوە ، چونکە لە بنەڕەتدا / مەیل و ئارەزوو و خەون و یادەوەرییە لەسەریەک دانراوەکانی نێو ڕووبەری ناخودئاگایی کەسەکان ، بەرهەمی واقیعێکی ناتەبا و نەشیا و ناشایستەن بە مرۆڤ و بەها جوانەکانی مرۆڤبوون . لەبەرئەوەی لە کولتوور و کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو ، مرۆڤەکان خەون و ئارەزوو و مەیلەکانییان ، یان کێشە و ئومێدەکانییان لەیەکەوە نزیکن ، بۆیە زۆرجاران لەنێو دەقێکی شیعری یان دەقێکی ئەدەبی دەبینین بە سەدان یان هەزاران خوێنەر خۆی لەنیو دەقەکەدا دەبینێتەوە ، هۆکارەکەی زێتر ئەوەیە کە / شیعر یان دەقە ئەدەبییەکان ، بە تۆخی ئیش لەسەر ناوەوەی خود و باری ( ناخودئاگایی ) دەکەن .
  • شیعر و ( ئیرۆسییەت ) یان شیعر و ( ژیاندۆستی )
    ( ئیرۆس و ساناتۆس ) دووچەمکی ناتەباو دژبەیەکن ، ( فرۆید ) وا خوێندنەوەی بۆ کردوون کە ، ( ئیرۆس ) غەریزەیەکە مامەڵە دەکات لەگەڵ بنەما بنچینەییەکان و هاوکات ، پەیوەندی هەیە بە چێژ و هەستە ئیرۆتیکیەکان ، وەک هێزێکی بەرگریکارە لە مرۆڤ بۆ مانەوە و گەشەکردن ، دواجار بە غەریزەی ( ژیاندۆستی ) ناوی دەبات ، لە بەرامبەردا غەریزەی ( ساناتۆس ) هەیە ، کە وەک هێزێکی دژ و مەیلی کاوڵکاری و شەڕانگیزی هەیە ، ئەویشی بە غەریزەی ( ساناتۆس ) ناوبردووە ، واتە ( مەرگدۆستی ) ، ئێمە لێرەدا باس لە پەیوەندییەکانی ( شیعر و ئیرۆسییەت ) یان ( شیعر و ژیاندۆستی ) دەکەین . بەو پێیەی شیعر ئیش لەسەر جوانی دەکات و ئامانجی بەرهەمهێنانی جوانییە ، بۆیە تەریبە لەگەڵ ژیان و هاوکات لەگەڵ مرۆڤ و بەهامرۆییەکان . مەبەستمە بڵێم کاتێک شیعر و داهێنان چرۆی جوانییەکانیان دەردەکەوێت ، ئەوکاتەی کە لەنێو ناواخنی خۆیان یان بەو ئاراستەیە کاربکەن کە / بەهای مرۆڤ لەسەرووی هەموو بەهاکانەوە ببینن ، ژیانیش بەبێ بەرزڕاگرتنی بەهاکانی مرۆڤ هەموو جوانییەکانی خۆی لە دەست دەدات ، بێگومان دەرخستن و بەرهەمهێنانی ئەو جوانییەش لە شیعردا ، لە ڕێگەی هونەرکاریکردن لە زمانەوە دەبێت ، ئەگەر بە خێرایی چاوێک بە ڕابردوو و مێژوودا بخشێنین ، یەکێک لە هەڵە گەورەکانی مرۆڤ ئەوە بووە کە / تا ئێستا نەیتوانیوە چێژ یان سوود لە جوانییەکانی ژیان ببینێت ، یان بەو ڕێگایەدا بڕوات کە ژیان بگەیەنێت بە کەناری ئارامی ، هەمیشە ژیانی بە ئاقار و ڕێگا ناشرینییەکاندا بردووە ، هەمیشە ململانێکان و پەیوەندییەکان ناتەندروستبوون ، ئاکامی نەخوازراوییان لێکەوتۆتەوە ، هیچکاتێک بەو هاوکێشەیە کاریان نەکردووە کە / ( بەشێک ) لە حەقیقەتەکان لە لای منە نەک ( هەموو ) …! ، هەمیشە خۆیان وابینیوە کە خاوەن حەقیقەتی ڕەها و ئەوانیتریش ( هیچ ) ، واتە لە کێشمەکێشمی نێوان غەریزەکانی ( ئیرۆس ) و ( ساناتۆس ) دا ، هەمیشە هێزی ( ساناتۆس ) لەمرۆڤدا زاڵ بووە ، واتە مەیلی جەنگ و کاوڵکاری و لەناوبردن یان مەیلی خۆپەرستی و تاکڕەوی ئامادەیی هەبووە ، ئەوەش مێژوویەکی درێژی هەیە ، لە ڕۆژگارە هەرە سەرەتاییەکان کە بە ڕۆژگاری ( کۆمۆنەی سەرەتایی ) ناوبراوە لە مێژوودا ، لە دوا ڕۆژەکانی ئەو قۆناغە سەرەتاییە کاتێک / ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە ( ملکدارێتی گشتییەوە ) دەگۆڕیت بۆ ( ملکدارێتی تایبەت ) ، لەوێوە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە دەستپێدەکات و جەنگ و کوشتن و کاوڵکارییەکان ، لەوێوە درێژەیان دەبێت ، قۆناغە یەکبەدوای یەکەکانی مێژووش وەک ( کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری ) بەدوای خۆیدا دەهێنێت ، ئەم قۆناغانەی مێژوو و پەیوەندییەکانی تاکەکان ، لە ئەدەبیاتی ( مارکس ) بە ڕۆشنی باسکراوە ، واتە ئەوە مرۆڤ خۆیەتی ژیان ناشیرین دەکات یان ڕیزبەندی و چینەکان لە کۆمەڵدا دروست دەکات ، نەک ئەوەی چینەکان و ڕیزبەندییەکانی تاک ، یان ئەوەی کە ناشیرینیەکان لەنێو ژیاندا پێشوەخەتە ئامادەییان هەبووبێت . شیعریش وەک بەرهەمی بیری مرۆڤ ، وەک جووڵە و پێکهاتەیەکی ئیستاتیکی ، لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی جوانی دەبێتە سەرچاوەی ئارامبوونەوە و چێژبەخشین ، بۆیە غەریزەی ( ئیرۆس ) هەمیشە لەنێو شیعر ئامادەیی هەیە ، چونکە شیعر لە سەنگەری ژیان دایە بەڵام ، ئەوە بەو مانایە نایە کە شیعر بکرێتە هۆکار و بۆ مەبەستی تایبەت بەکاربهێندرێت ، جا ئەو مەبەستە هەرچییەک بێت ..! لەڕیگەی شیعر مرۆڤ دەتوانێ بیر لەخەون و ئومێدە جوانەکانی بکاتەوە ، ئەدەب دەتوانێ وا لە مرۆڤ بکات کە بیر لە ئازادی و ڕزگاری و جوانییەکانی ژیان بکاتەوە . دەمێکیشە گتومانە ( شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە …! ) ، بەمانای شیعر لەگەڵ ژیان و بوونی مرڤ دایە ، لێرەدا / دەمەوێت قسە لەبارەی ئەوە بکەم کە ، هەرچەندە شاعیر لەنێو شیعرەکانی باس لەنائومێدیش بکات ، بەڵام مەبەستی رەشبینی و گەیشتن بە خاڵیی ( پووچی ) ، واتە ( ئەبسێرد و نەهیلیزم ) نییە ، چونکە گەیشتن بە خاڵی ( پووچی ) واتە گەیشتن بەو ڕەشبینیی و نائومێدییەی یان بەو دەرئەنجامەی کە / ژیان ئەوە ناهێنێ یان ئەو بەهایەی تیا نەماوە کە بۆی بژیت ، بۆیە ئەو مرۆڤانەی بەو ئەنجامە دەگەن زۆربەیان پەنا بۆ خۆکوشتن و کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆیان دەهێنن ، یان کەنارگیر وەک جەستەیەکی مردوو و وەک ڕۆحێکی وشک و خاڵی لە هەموو ئومێدێک و هیوایەک دەمێننەوە ، بەڵام شیعر لەگەڵ خۆکوشتن و ڕەشبینی دا نییە ، چونکە مردن کۆتایی هێنانە بە هەموو پڕۆژەکانی بوون بە شیعریشەوە …! . ئێمە بە دژی ئازادی هیچ کەسێک ناوەستینەوە چونکە ، ئازادی ئەوکاتە مانای هەیە کاتێک مرۆڤەکان مومارەسەی بکەن ، چونکە لە دەرەوەی مومارەسەکردن ( ئازیدی )ش وشەیەکە تەنها لە چەند پیتێک پێکهاتووە و هیچیتر ، بۆیە کەسەکان ئازادن چۆن بیردەکەنەوە یان چۆن مامەڵە لەگەڵ جەستەی خۆیان و ژیانی خۆیان دەکەن . بەڵام ئێمە باس لە ( شیعر و ئامانجی شیعر ) دەکەین ، نەک لە بیرکردنەوەی شاعیرێکی دیاریکراو یان نەک شاعیرێکی ( ڕەشبین و بێ هیوا ) . ( ئەلبێر کامۆ ) لە کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف )دا دەڵێ / ( پووچی لەناو مرۆڤدا نییە ، لە جیهانیش دا نییە ، بەڵکو لە سای بوونی هەردووکیان هەیە ، پووچی ئەو پەیوەندییەیە کە ئەم دووانە پێکەوە دەبەستێتەوە ..! ) ، ئێمە گوتمان ژیان لە بنەڕەتدا ڕەنگڕێژ نییە بە ناشیرینییەکان هاوکات مرۆڤیش ، بەمانای پووچی و هەموو دیاردە دزێو و ناشیرینیەکان لە ئەنجامی بەیەکەوەبوون یان پەیوەندی نێوان ( ژیان و مرۆڤ ) یان پەیوەندی ( مرۆڤ و جیهان ) هاتوونەتە بوون ، پووچی یان دیاردە نێگەتیڤەکان بەرئەنجامی جووڵە و پەیوەندییە ناڕێک و نادروستەکانی مرۆڤە ، باوەڕهێنان بە ( پووچی ) ئیشکردنە بە ئاراستەی مردن ، شیعر بە پێچەوانەی ئەم ئاراستەیە کاردەکات ، وەکچۆن لە دەستپێک گوتمان ، ( ئیرۆس و ساناتۆس ) دوو چەمکی دژ و پێچەوانەن ، هاوکات ( شیعر و مردنیش ) بەهەمانشیوە ، یان ( شیعر و ساناتۆس )یش بەهەمانشیوە ، بۆیە لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە / شیعر بەئاراستەی ئیرۆسییەت ئیشدەکات و دواجاریش دەڵێین / ( شیعر پەرچەمی ژیاندۆستییە …! ) . نۆڤومبەری ٢٠٢٠

تێبینی :
بۆ نووسینی ئەو بەشەش سوودمان لەو کتێبانە بینیوە .

  • کتێبی ( نەرسیسیزم ) .. نووسینی( ئەلیکساندەر لۆوین ) .. و / ناڵە حەسەن
  • کتێبی ( لەگەڵ سایکۆلۆژیادا ) .. نووسینی ( سۆزان جەمال ) .
  • کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف ) .. نووسینی ( ئەلبێرت کامۆ ) .. و/ ئازاد بەرزنجی

بەشی سێیەم :-

  • شیعر و ( نەرجسییەت )
  • شیعر و ( ناخودئاگایی )
  • شیعر و ( ئیرۆسییەت ) یان شیعر و ( ژایاندۆستی )
  • شیعر و ( نەرجسییەت )
    هەوڵدەدەین لەم وتارەمان بە کورتی پەیوەندی شیعر بە ( نەرجسییەت ) یان بیرکردنەوەی شاعیر بەم چەمکەوە ڕوونبکەینەوە ، نەرجسییەت مێژوویەکی کۆنی هەیە و لە ئەفسانەی یۆنانییەوە وەرگیراوە ، ماناکەی ( خۆشەویستی بۆ خود ) یان ( بەرز لەخۆ ڕوانین ) دێت ، هەروەک لە کتێبی ( نەرجسیەت )یش دا هاتووە ، بیرمەندی دەروونناس ( تیۆدۆر ئای ڕۆبین ) دەڵێت ، ( کەسی نەرجسی لە دنیای تایبەتی خۆیدا دەژی و پێیوایە هەموو دنیا هی ئەوە ..! ) ، پێویستە لەوەش ئاگادار بین کە نەرجسییەت پێنج جۆری هەیە ، تەنها دوو جۆری بە شێوەیەکی سروشتی لە کەسانی ئاسایی و لەکەسە داهێنەرەکان دا هەن ، ئەوانیش جۆرەکانی ( ئەدگاری نەرجسییەتی نێرایەتی ، ئەدگاری نەرجسییەتی ) ، بۆ ئەم وتارەمان ئەم دوو جۆرە جێگای مەبەستی ئێمەن ، بەڵام سێ جۆرەکانیتری نەرجسییەت ( کەسایەتی سنووردار ، کەسایەتی دەروون نەخۆش ، کەسایەتی گومانکردوو ) ئەم سێ جۆرە زێتر ڕۆچوون و سەرسامبوونێکە بەخۆد تا ئاستی سنووربەزاندن و توشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان ، ئێمە لێرەدا پیویستمان بەوە نییە زۆر هەڵوێستە لەسەر ئەم بەشەیان بکەین ، تەنها خاڵێک بە پێویستی دەزانم ئەویش ئەوەیە ، کەسە دیکتاتۆرەکان ئەوکەسانەن کە کەسی دەروون نەخۆشن نەرجسییەتەکەیان لە ئاستێکی سنووبەزاندندایە ، بۆیە دەبینین ئەوکەسانە زۆرترین تاوان ئەنجام دەدەن بەبێئەوەی پەشیمان ببنەوە و یان خۆیان بە تاوانبار بزانن …! لەبەرئەوەی ئەو کەسانە تەنها بە ئاراستەی مێشک یان بیرکردنەوەکانییان ئیشدەکەن و بڕیار دەدەن ، لووتبەرزی و سەرسامبوونییان بە خود هەست و سۆزییان دەکوژێت ، بۆیە تەنها بە مێشک بڕیار دەدەن نەک بەدڵ و هەست و سۆز ..! بەڵام شیعر لەگەڵ ئەمجۆرەی نەرجسییەت ناتەبا و دژ دێتەوە ، چونکە لە پڕۆسەی نووسینی شیعر فیکر و هەست پێکەوە ئیشدەکەن و هاوتەریب دەڕۆن .
    هاوکات خاڵێکیتر بە پێویستی دەزانم لەبەرامبەر ئەوبەشەی نەرجسییەت ئەویش ئەوەیە کە / ( هیستریا ) و ( نەرجسییەتی دەروون نەخۆش ) هەردووکیان باری نائاسایی و نەخۆشی دەروونین ، بەڵام خاڵێکی زۆر گرینگ هەیە کە سنووری ئەم دووانە لە یەکتری جیا دەکاتەوە ئەویش / کەسە هیستریکەکان کاتێک تاوانێک دەکەن بەدواید هەست بە گوناه و تاوان دەکەن و پەشیمان دەبنەوە بەڵام ، کەسە نەرجسییە دەروون نەخۆشەکان نە هەست بە تاوان دەکەن نە پەشیمانیش دەبنەوە …! جا لێرەوە دەگەڕێینەوە لای پەیوەندی نێوان شیعر و نەرجسییەت ، چەند پرسیارێک دەکەین / ئایا پێویستە شاعیر نەرجسییەتی هەبێت ؟ یان خۆشەویستییەکەی بۆ خود هێندە بێت ، بەرز لەخۆی بڕوانێت ؟ یان منی خۆی وەک منێکی باڵا وێنە بکات ..؟ من بۆ هەموو ئەمانە لە وەڵامدا دەڵێم ( بەڵێ ..! ) . ئەویش بە چەند هۆکارێک ، لە خوارەوە هەوڵدەدەین هۆکارەکان باسبکەین . بەڵی / شاعیر لەنێو ڕووبەری شیعرو داهێنان پێویست دەکات خۆشەویستی بۆخود هەبێت و بەرز لەخۆی بڕوانیت چونکە ، شیعر و داهێنان بەهایەکی گەورەیان هەیە ، شاعیر پێویست دەکات لەنێو شیعرەکانی ( منی خۆی ) وەک منێکی باڵا ببینێ ، کەسێکی خودان هێز و سوپەرمانی ، وەک ئەو کەسە باڵا و بەهێزەی ( نێتچە ) بانگەشەی بۆ دەکات ، وەک مرۆڤێکی داهێنەر خۆی لەو ئاستە بەرزە ببینێت کە ، نەچەمێتەوە بۆ هیچ دەسەڵات و میر و حاکمێک ، یان بە مانایەکیتر نەبێتە ( کەوچکی نێو پیاڵەی هیچ دەسەڵاتێک ..! ) ، ( تەنها و تەنها ) خۆی بێت و جووڵەکانی لەژێر کاریگەری ئارەزووەکانی خۆی ئاراستە وەربگرن . واتە کەسێکی ( کۆیلە و نامۆ ) نەبێت . ئێمە لە بەشەکانی پێشتری ئەم نووسینەمان گتومانە / کەسە ( نامۆکان ) ناتوانن داهێنان بکەن یان داهێنانەکانییان دەکەونە ژێر پرسیارەوە ..! بەڵێ کەسی شاعیر دەبێ هێندە خۆشەویستی بۆخۆی هەبێت و بەرز لەخۆی بڕوانێ کە ، لەوە تێبگات مرۆڤ هۆشمەندترین بوونەوەرە و ئاستی تێڕوانینی بۆ ( ژیان و مرۆڤ و داهێنان ) بەرز بێت ، دەبێ لەوە تێبگات مرۆڤ لە ڕێگەی داهێنانەکانی مانایەک بە بوونی خۆی دەبەخشێ و بەهای مرۆڤیش لە سەرووی هەموو بەهاکانەوەیە بەڵام ، دەبێت وریا بێت لەوەی نەرجسییەتەکەی نەگاتە ئاستی سنووربەزاندن و نێو رووبەری نەخۆشییە دەروونییەکان ، هاوکات لەوەش دڵنیا بێت نەرجسییەت و بەرز لەخۆڕوانین تێکەڵاوی ( لەخۆباییبوون ) نەکات ، چونکە ئەو شاعیرانەی لەخۆیانبایی دەبن بەتایبەت ( هەندێک ) لە شاعیرە خاوەن ئەزمونەکان ، خۆیان لەسەرووی خەڵکانی تروە دەبینن و پێیانوایە ئەوان باشترینن ، بەڵام ئەوان ئەوەیان بیرچۆتەوە کە شیعر ئیش لەسەر جوانی دەکات و جوانیش بوونێک یان چەمکێکی ( ڕیژەیی ) هەیە یان زۆرجار ، ئەمجۆرە شاعیرانە بەرگەی هیچ جۆرە تێبینی و ڕەخنەیەک ناگرن ، واتە مەبەستمە بڵێم لەنێو ڕووبەری ( شیعر و داهێنان ) باشترین بوونی نییە ، دەکرێ کەسە داهێنەرە گەورەکان ( یەکێک بن ) لە هەرە داهێنەرەکان ، یان هەرە باشەکان ، خاڵێکیتر کەسە لەخۆباییەکان هەمیشە پێیانوایە ئەوان گەیشتوونەتە لوتکە بەڵام ، بیئاگا لەوەی هەموو گەیشتنە لوتکەیەکیش هاتنەخوارەوەی بەدوادایە …! ئەمەش جۆرە بەدحاڵیبوونێکە بۆ ڕووبەری شیعر و داهێنان ، ئێمە لە کتێبی ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) بە ڕۆشنی باسمان لە ڕووبەری شیعر و داهێنان کردووە ، بەومانایەی نا ، کە مەبەستمان بێت بازنەیەک بەدەوری ڕووبەری شیعر بکێشین ، بۆیە هەر لەم کتێبە بە ڕۆشنی گتومانە / شیعر جووڵەیەکی بەردەوامی ئیستاتیکییە ..! مادام جووڵەیەکی بەردەوامە دەبێ لە نێو ڕووبەرێکی کراوەدا بێت ، واتە رووبەری شیعر و داهێنان ڕووبەرێکی بەرینی کراوەن ، بەمانایەک گەر بە دەریایەک وێنای بکەین دەڵێین / دەریایەکی بێبن و ئەوبەریشی کراوەو و نادیارە ، هیچ کام لە داهێنەرێکان تا ئێستا نەگەیشتوونەنەتە بنی بنەوەی قووڵاییەکان و یان ئەوبەری ڕووبەری دەریاکە ، لەبەرئەوەی هەموو مرۆڤەکان دەگەنە خاڵێک کە لەوێدا داهێنانەکانییان دەوەستێ ، ئەویش خاڵی مردنە ، چونکە مردن کۆتایی بە پڕۆژەکانی بوون دەهێنێت ، بۆیە تا ئێستا هیچکام لە داهێنەرەکان نەگەیشتوونەتە تەواوی ئاستی کەمال ، بە شەیکسپیر و دەستۆفسکی ) شەوە ، بۆیە لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێناندا / نە باشترین بوونی هەیە نە گەیشتن بە لوتکە ، لەبەر ئەم هۆیانەی باسمان کردن ، زۆر گرینگە بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندی نێوان چەمکەکانی ( شیعر و نەرجسییەت )دا بکەین و خۆشەویستی و تێڕوانینمان بۆ خود لە ئاستێکی بەرزدا بێت .
  • شیعر و ( ناخودئاگایی )
    ( سیگمۆند فرۆید ) لە تیۆری دەروونشیکاری خۆی بۆ کەسایەتی ، بەم شێوەیە باس لە ناخودئاگایی دەکات و پێیوایە کە ، ڕووبەرێکی تاریکە شوێنی هەستەکان و حەز و ئارەزووەکان و بیرکردنەوە و خەون و ئومێدەکان و یان یادەوەرییەکانی دەرەوەی ئاگایی مرۆڤە ، هەروەها فرۆید وایدەبینێ کە ئەم ڕووبەرە واتە ( ناخودئاگایی ) ، بە بەردەوامی کاریگەری هەیە بەسەر ڕەفتار و جووڵە و کار و کردەوە و بیرکردنەوەکانی مرۆڤ ، هاوکات باس لەوەش دەکات کە / ( خەون ) ئەویش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ناخودئاگاییەوە هەیە ، بۆیە ( فرۆید ) گرینگی بە خەونەکان داوە و ئیشی لەسەرکردوون و شیکردنەوەی بۆ کردوون ، چونکە باوەڕیوابوو / ئەو حەز و ئارەزوو و مەیلانەی لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ دەستەبەرنابن لە ڕووبەری ناخودئاگایی دەمێننەوە و لە کاتی نائاگایی لە خەونەکاندا دەردەکەون ، دەبینین کە ناخودئاگایی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کەسایەتی و بە خەونەکانی مرۆڤەوە هەیە ، پێویستە ئەوەش بزانین دەربارەی کەسێتی هەروەک لە کتێبی ( لەگەڵ سایکۆلۆژیادا هاتووە ) ، ( کە کەسێتی ، لە حەقیقەتدا مرۆڤ خۆی نییە ، بەڵکو ئەو ڕوخسارەیە کە لەبەردەم خەڵکدا خۆی پێیەوە نمایش دەکات و ڕەفتار دەنوێنێت ..) ، ( کەواتە کەسێتی دەمامکێکە دەیپۆشین ، ئەو ڕوخسارەیە ڕەفتارەکانمانی پێدەنوێنین و مامەڵەی پێدەکەین ..! ) ، بەمانایەکیتر / کەسێتی ئەوخودە کۆمەڵایەتییەیە یان ڕۆڵی تاکە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ، کەواتە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە / کەسایەتی حەقیقەتی بوون نییە ، چونکە بوونی مرۆڤ لەسەرەتاوە بێناوەڕۆک و بێمانەیە ، بەڵکو مرۆڤ لە ڕیگەی هەوڵ و داهێنانەکانی مانایەک بە بوونی خۆی دەبەخشێ ، دەتوانین بڵێین کەسایەتی / ئەو دەمامکەیە کە مرۆڤ بوونی خۆی پێ نمایشدەکات . لێرەدا دەبینین کە کەسایەتی مرۆڤ و خەون و بیرکردنەوەکانی ، هەمووی لەژێر کاریگەری باری دەروونی بەتایبەت ناخودئاگایی دان ، بۆیە بە پێویستی دەزانین کە پەیوەندی ئەم ڕووبەرەی ناخودئاگایی لەگەڵ شیعر باسبکەین و لایەنە گرینگەکانی بە دەربخەین . شاعیر لە پڕۆسەی نووسینی شیعر / لە ڕیگەی بیرکردنەوەکانی لە دەوروبەرو لە دنیای واقیع دادەبڕێ ، بۆ نێو ڕووبەری خەیاڵ دوور دوور دەڕوات ، لەنێو ئەو ڕووبەرە نادیار و تاریکەی خەیاڵدا ، بوخچەی ئارەزووەکانی دەکاتەوە / خەونەکانی ، مەیل و حەرەزووەکانی ، یادەوارەرییەکانی ، منداڵی و ڕۆژانی تێپەڕیو ، کە ئەمانە لەنێو رووبەری ناخودئاگایی خۆیدا هەڵیگرتوون ، لەنێو ئەو ڕووبەرە تاریکەی خەیاڵدا ڕووبەری ناخودئاگایی گرێی بوخچەکانی خۆی دەکاتەوە ، لەو چرکە ساتە ئەم ڕووبەرە تەواوی مێشکی شاعیر کۆنترۆڵ دەکات و هاوکات بیرکردنەوە و خەیاڵەکانیشی ، بۆیە ئەم رووبەرە ناخودئاگاییە تەعبیر لە بوون و شوناسی شاعیرەکە دەکەن .
    بۆیە دەتوانین بڵێین / شیعر لەو ساتەدا نووسینەوەی ئاوێزانبوونی ناخودئاگاییە لەنێو رووبەری خەیاڵ و گەڕانەکانی شاعیردا ، هاوکات ئیشکردن لەسەر قوڵاییەکانی خەیاڵ و قووڵاییەکانی ناوەوەی خودیش گرینگییەکی ناوازەی هەیە بۆ شیعر . هەروەک لە نووسینەکانیترمان باسمان لەوەکردووە کە / لە دوای ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم واتە ، لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی مۆدێرنە ، وەک قوتابخانەکانی ( هونەر بۆ هونەر ) و ( سومبولیزم ) و ( دادایی ) و ( سوریالیزم ) و ئەوانیتریش .. کە تەنها جیاوازییان لە ڕووی فۆرم و زمانەوە نەبوو لەگەڵ قوتابخانە ئەدەبییەکانی پێشخۆیان بە تایبەت ، ( ڕۆمانسیزم ) و ( ڕیالیزم ) بەڵکو ، جیاوازییەکیتری جەوهەری هەبوو ئەویش ، لە قوتابخانە ئەدەبییەکانی مۆدێرنە زێتر گرنگیدرا بە خود واتە لەنێو شیعر و ئەدەبەکانییان زێتر ئیشییان لەسەر خود و ناوەوەی خۆیان دەکرد ، گرینگی زۆریان بە خەون و هێماکان دەدا ، ئەم ئیشکردنە لەسەر ( خود ) و خەون و ناوەوەی خود لەلای سوریالیستەکان بە لوتکە گەیشت ، چونکە سوریالیستەکان بە فۆرمی ( ئۆتۆماتیزم ) ئیشییان دەکرد واتە ،( تەقاندنەوەی ناوەوەی خود یان باری ناخودئاگایی ) ، بۆیە لە نێو شیعر و تابلۆ و نیگارەکانییان بە چڕی ئیشییان لەسەر خەون دەکرد ، تا ئەو ئەندازەیەی ( سلفادۆر دالی ) وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت ،( ژیانی ڕاستەقینە یان حەقیقەتی ژیان لەنێو خەونەکان دایە ..! ) ، واتە ئەو واقیعەی تیایا دەژین ئەوە حەقییەتی ژیانی مرۆڤەکان و شایستە بە مرۆڤەکان نییە …! بۆیە دەبینین تابلۆکانی ( سلفادۆر دالی ) بە شێوەی سەیر و سەمەرە کێشراون چونکە وێنەی خەونەکانی خۆی ڕەسمکردوون . یان شاعیرەکان لەکاتی نووسینی شیعرەکانییان ، کاتێک دەکەوتنە نێو قووڵایی خەیاڵەکانییان ، لە چرکەساتی تەواوبوونی دەقەکانییان قەڵەمەکانییان دادەنا و چیتر دەستکارییان نەدەکردن ، چونکە باوەڕییان وابوو کە شیعر نووسینەوەی چرکەساتەکانی نێو رووبەری خەون و خەیاڵ و باری ناخودئاگاییەکانە ، تێکهەڵکێشییان نەدەکرد بە باری واقیع و ئاگایی خود ، هاوکات لەگەڵ ئەم بارە دەروونیانە و گرینگیدان بە زمان و ئیشکردن لە سەر دوالیزمەکان و چەمکە دژەکان و هیما و میتافۆرەکان و گومان و پرسیار و پێکهاتەکانیتری زمان ، هەموو ئەمانە قووڵایی و بڕستێکی بێوێنە بە دەقە شیعرییەکان دەبەخشن ، لێرەدا دەبینین باری دەروونی ناخودئاگایی چ کاریگەرییەک و ڕۆڵێک دەگێڕێ لە پرۆسەی نووسینی شیعر ، بۆیە هەموو ئەو دەقانەی لەنێو ڕووبەری خەیاڵ زێتر ڕۆدەچن ، دەبینین قووڵایی زیاتر بە ناوەڕۆک و بە پێکهاتەی دەقەکە دەبەخشن ، چونکە گەیشتن بە رووبەرە تاریکەکانی خەیاڵ گەیشتنە بە ڕووبەرە تاریکەکانی ناوەوەی خود و ڕووبەرە تاریکەکانی ناخودئاگایی . بۆیە زمانی شیعر زمانی چرکەساتەکانی وڕینەکردنە ، چونکە مرۆڤەکان لەکاتی وڕێنەکردندا بە قووڵی لەژێر باری دەروونی ناخودئاگاییدا دەبن ، دەتوانین بڵێین زۆرجاران / شیعر هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعی ڕۆژ نییە ، لەڕێگەی ئیشکردن لەسەر ناوەوەی خود و باری ناخودئاگایی و هەڵدانەوەی مەیل و ئارەزوو و خەونەکان و یادەوەرییەکان و ئومێدە کەڵەکەبووەکانەوە لەوێدا ، بەواقیع پەیوەست دەبێتەوە ، چونکە لە بنەڕەتدا / مەیل و ئارەزوو و خەون و یادەوەرییە لەسەریەک دانراوەکانی نێو ڕووبەری ناخودئاگایی کەسەکان ، بەرهەمی واقیعێکی ناتەبا و نەشیا و ناشایستەن بە مرۆڤ و بەها جوانەکانی مرۆڤبوون . لەبەرئەوەی لە کولتوور و کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو ، مرۆڤەکان خەون و ئارەزوو و مەیلەکانییان ، یان کێشە و ئومێدەکانییان لەیەکەوە نزیکن ، بۆیە زۆرجاران لەنێو دەقێکی شیعری یان دەقێکی ئەدەبی دەبینین بە سەدان یان هەزاران خوێنەر خۆی لەنیو دەقەکەدا دەبینێتەوە ، هۆکارەکەی زێتر ئەوەیە کە / شیعر یان دەقە ئەدەبییەکان ، بە تۆخی ئیش لەسەر ناوەوەی خود و باری ( ناخودئاگایی ) دەکەن .
  • شیعر و ( ئیرۆسییەت ) یان شیعر و ( ژیاندۆستی )
    ( ئیرۆس و ساناتۆس ) دووچەمکی ناتەباو دژبەیەکن ، ( فرۆید ) وا خوێندنەوەی بۆ کردوون کە ، ( ئیرۆس ) غەریزەیەکە مامەڵە دەکات لەگەڵ بنەما بنچینەییەکان و هاوکات ، پەیوەندی هەیە بە چێژ و هەستە ئیرۆتیکیەکان ، وەک هێزێکی بەرگریکارە لە مرۆڤ بۆ مانەوە و گەشەکردن ، دواجار بە غەریزەی ( ژیاندۆستی ) ناوی دەبات ، لە بەرامبەردا غەریزەی ( ساناتۆس ) هەیە ، کە وەک هێزێکی دژ و مەیلی کاوڵکاری و شەڕانگیزی هەیە ، ئەویشی بە غەریزەی ( ساناتۆس ) ناوبردووە ، واتە ( مەرگدۆستی ) ، ئێمە لێرەدا باس لە پەیوەندییەکانی ( شیعر و ئیرۆسییەت ) یان ( شیعر و ژیاندۆستی ) دەکەین . بەو پێیەی شیعر ئیش لەسەر جوانی دەکات و ئامانجی بەرهەمهێنانی جوانییە ، بۆیە تەریبە لەگەڵ ژیان و هاوکات لەگەڵ مرۆڤ و بەهامرۆییەکان . مەبەستمە بڵێم کاتێک شیعر و داهێنان چرۆی جوانییەکانیان دەردەکەوێت ، ئەوکاتەی کە لەنێو ناواخنی خۆیان یان بەو ئاراستەیە کاربکەن کە / بەهای مرۆڤ لەسەرووی هەموو بەهاکانەوە ببینن ، ژیانیش بەبێ بەرزڕاگرتنی بەهاکانی مرۆڤ هەموو جوانییەکانی خۆی لە دەست دەدات ، بێگومان دەرخستن و بەرهەمهێنانی ئەو جوانییەش لە شیعردا ، لە ڕێگەی هونەرکاریکردن لە زمانەوە دەبێت ، ئەگەر بە خێرایی چاوێک بە ڕابردوو و مێژوودا بخشێنین ، یەکێک لە هەڵە گەورەکانی مرۆڤ ئەوە بووە کە / تا ئێستا نەیتوانیوە چێژ یان سوود لە جوانییەکانی ژیان ببینێت ، یان بەو ڕێگایەدا بڕوات کە ژیان بگەیەنێت بە کەناری ئارامی ، هەمیشە ژیانی بە ئاقار و ڕێگا ناشرینییەکاندا بردووە ، هەمیشە ململانێکان و پەیوەندییەکان ناتەندروستبوون ، ئاکامی نەخوازراوییان لێکەوتۆتەوە ، هیچکاتێک بەو هاوکێشەیە کاریان نەکردووە کە / ( بەشێک ) لە حەقیقەتەکان لە لای منە نەک ( هەموو ) …! ، هەمیشە خۆیان وابینیوە کە خاوەن حەقیقەتی ڕەها و ئەوانیتریش ( هیچ ) ، واتە لە کێشمەکێشمی نێوان غەریزەکانی ( ئیرۆس ) و ( ساناتۆس ) دا ، هەمیشە هێزی ( ساناتۆس ) لەمرۆڤدا زاڵ بووە ، واتە مەیلی جەنگ و کاوڵکاری و لەناوبردن یان مەیلی خۆپەرستی و تاکڕەوی ئامادەیی هەبووە ، ئەوەش مێژوویەکی درێژی هەیە ، لە ڕۆژگارە هەرە سەرەتاییەکان کە بە ڕۆژگاری ( کۆمۆنەی سەرەتایی ) ناوبراوە لە مێژوودا ، لە دوا ڕۆژەکانی ئەو قۆناغە سەرەتاییە کاتێک / ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە ( ملکدارێتی گشتییەوە ) دەگۆڕیت بۆ ( ملکدارێتی تایبەت ) ، لەوێوە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە دەستپێدەکات و جەنگ و کوشتن و کاوڵکارییەکان ، لەوێوە درێژەیان دەبێت ، قۆناغە یەکبەدوای یەکەکانی مێژووش وەک ( کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری ) بەدوای خۆیدا دەهێنێت ، ئەم قۆناغانەی مێژوو و پەیوەندییەکانی تاکەکان ، لە ئەدەبیاتی ( مارکس ) بە ڕۆشنی باسکراوە ، واتە ئەوە مرۆڤ خۆیەتی ژیان ناشیرین دەکات یان ڕیزبەندی و چینەکان لە کۆمەڵدا دروست دەکات ، نەک ئەوەی چینەکان و ڕیزبەندییەکانی تاک ، یان ئەوەی کە ناشیرینیەکان لەنێو ژیاندا پێشوەخەتە ئامادەییان هەبووبێت . شیعریش وەک بەرهەمی بیری مرۆڤ ، وەک جووڵە و پێکهاتەیەکی ئیستاتیکی ، لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی جوانی دەبێتە سەرچاوەی ئارامبوونەوە و چێژبەخشین ، بۆیە غەریزەی ( ئیرۆس ) هەمیشە لەنێو شیعر ئامادەیی هەیە ، چونکە شیعر لە سەنگەری ژیان دایە بەڵام ، ئەوە بەو مانایە نایە کە شیعر بکرێتە هۆکار و بۆ مەبەستی تایبەت بەکاربهێندرێت ، جا ئەو مەبەستە هەرچییەک بێت ..! لەڕیگەی شیعر مرۆڤ دەتوانێ بیر لەخەون و ئومێدە جوانەکانی بکاتەوە ، ئەدەب دەتوانێ وا لە مرۆڤ بکات کە بیر لە ئازادی و ڕزگاری و جوانییەکانی ژیان بکاتەوە .
    دەمێکیشە گتومانە ( شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە …! ) ، بەمانای شیعر لەگەڵ ژیان و بوونی مرڤ دایە ، لێرەدا / دەمەوێت قسە لەبارەی ئەوە بکەم کە ، هەرچەندە شاعیر لەنێو شیعرەکانی باس لەنائومێدیش بکات ، بەڵام مەبەستی رەشبینی و گەیشتن بە خاڵیی ( پووچی ) ، واتە ( ئەبسێرد و نەهیلیزم ) نییە ، چونکە گەیشتن بە خاڵی ( پووچی ) واتە گەیشتن بەو ڕەشبینیی و نائومێدییەی یان بەو دەرئەنجامەی کە / ژیان ئەوە ناهێنێ یان ئەو بەهایەی تیا نەماوە کە بۆی بژیت ، بۆیە ئەو مرۆڤانەی بەو ئەنجامە دەگەن زۆربەیان پەنا بۆ خۆکوشتن و کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆیان دەهێنن ، یان کەنارگیر وەک جەستەیەکی مردوو و وەک ڕۆحێکی وشک و خاڵی لە هەموو ئومێدێک و هیوایەک دەمێننەوە ، بەڵام شیعر لەگەڵ خۆکوشتن و ڕەشبینی دا نییە ، چونکە مردن کۆتایی هێنانە بە هەموو پڕۆژەکانی بوون بە شیعریشەوە …! . ئێمە بە دژی ئازادی هیچ کەسێک ناوەستینەوە چونکە ، ئازادی ئەوکاتە مانای هەیە کاتێک مرۆڤەکان مومارەسەی بکەن ، چونکە لە دەرەوەی مومارەسەکردن ( ئازیدی )ش وشەیەکە تەنها لە چەند پیتێک پێکهاتووە و هیچیتر ، بۆیە کەسەکان ئازادن چۆن بیردەکەنەوە یان چۆن مامەڵە لەگەڵ جەستەی خۆیان و ژیانی خۆیان دەکەن . بەڵام ئێمە باس لە ( شیعر و ئامانجی شیعر ) دەکەین ، نەک لە بیرکردنەوەی شاعیرێکی دیاریکراو یان نەک شاعیرێکی ( ڕەشبین و بێ هیوا ) . ( ئەلبێر کامۆ ) لە کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف )دا دەڵێ / ( پووچی لەناو مرۆڤدا نییە ، لە جیهانیش دا نییە ، بەڵکو لە سای بوونی هەردووکیان هەیە ، پووچی ئەو پەیوەندییەیە کە ئەم دووانە پێکەوە دەبەستێتەوە ..! ) ، ئێمە گوتمان ژیان لە بنەڕەتدا ڕەنگڕێژ نییە بە ناشیرینییەکان هاوکات مرۆڤیش ، بەمانای پووچی و هەموو دیاردە دزێو و ناشیرینیەکان لە ئەنجامی بەیەکەوەبوون یان پەیوەندی نێوان ( ژیان و مرۆڤ ) یان پەیوەندی ( مرۆڤ و جیهان ) هاتوونەتە بوون ، پووچی یان دیاردە نێگەتیڤەکان بەرئەنجامی جووڵە و پەیوەندییە ناڕێک و نادروستەکانی مرۆڤە ، باوەڕهێنان بە ( پووچی ) ئیشکردنە بە ئاراستەی مردن ، شیعر بە پێچەوانەی ئەم ئاراستەیە کاردەکات ، وەکچۆن لە دەستپێک گوتمان ، ( ئیرۆس و ساناتۆس ) دوو چەمکی دژ و پێچەوانەن ، هاوکات ( شیعر و مردنیش ) بەهەمانشیوە ، یان ( شیعر و ساناتۆس )یش بەهەمانشیوە ، بۆیە لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە / شیعر بەئاراستەی ئیرۆسییەت ئیشدەکات و دواجاریش دەڵێین / ( شیعر پەرچەمی ژیاندۆستییە …! ) .

    ناڵە حەسەن/ بەشی سێیەم
    نۆڤومبەری ٢٠٢٠

تێبینی :
بۆ نووسینی ئەو بەشەش سوودمان لەو کتێبانە بینیوە .

  • کتێبی ( نەرسیسیزم ) .. نووسینی( ئەلیکساندەر لۆوین ) .. و / ناڵە حەسەن
  • کتێبی ( لەگەڵ سایکۆلۆژیادا ) .. نووسینی ( سۆزان جەمال ) .
  • کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف ) .. نووسینی ( ئەلبێرت کامۆ ) .. و/ ئازاد بەرزنجی



بەشێک لە وتاری ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا و فاشیزم ) … شیعری: ( یەکەمجار کە هاتن ) ناڵە حەسەن

شیعری ( یەکەمجار کە هاتن )

یەکەمجار بۆ کۆمۆنیستەکان هاتن
من هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من کۆمۆنیست نەبووم
دواتر بۆ سۆشیالیستەکان هاتن
من هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من سۆشیالیست نەبووم
پاشان بۆ کرێکارەکان هاتن
من هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من کرێکار نەبووم
پاشان بۆ جولەکەکان هاتن
من هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من جولەکە نەبووم
دواجار بۆ منیش هاتن
بینیم هیچ کەسێک لەوێدا نەماوە
تا قسەیەک بۆ من بکات …!

مارتن نیمۆلەر
                            

_ تێگەیشتنێک بۆ فاشیزم :
فاشیزم ئایدیۆلۆژییەکی ئالۆز و فرە ڕەهەندە ، فۆرمێکە بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات ، ڕەگی فاشیزم لە نێو ئایدیۆلۆژییاکان بەتایبەت ، ناسیۆنالیزم و نەتەوەپەرستیی چەکەرە دەکات ، هەر ئایدیۆلۆژیایەک کاتێک دەگاتە ئاستی دۆگمایی فاشیزم بەرهەم دەهێنێ ، بەمانای ( ئایدیۆلۆژیا / دۆگما / فاشیزم ) . دەسەڵاتی فاشیزم دەسەڵاتێکی عەسکەرتاری تاکڕەوانەیە ، باوەڕیان بە یەکسانی و دادپەروەری نییە . لە ڕێگەی توندوتیژییەوە مامەڵە لەگەڵ نەیارەکانییان دەکەن و تاکەکانی کۆمەڵگە سەرکوت دەکەن ، فاشیزم زۆرجاران بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان ( شەڕ ) بە باشترین ئۆپشن و چارەڕێگە دەزانن ، کاریان بەوە نییە لە ئاکامدا چ کاولکارییەک و قەسابخانەیەکی لێدەکەوێتەوە لەمبارەوەش / کەمنین نموونەی کاولکارییەکان و کۆمەڵکوژییەکان ، ( هۆلۆکۆست و جینۆساید ) لە مێژووی فاشیزم هەمیشە دووبارە دەبنەوە ، لە سەرەتا لە ساڵی ( ١٩٢٢ _ ١٩٤٥ ) فاشیزم لە ئیالیا بە ڕابەرایەتی مۆسۆلینی سەریهەڵدا ، پارتی فاشیستی نەتەوەیی پێکهێنا ، دواتریش لە ئەلمانیا ، بە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی ، لە ٥ی جانیوەری ( پارتی کرێکارانی ئەلمانیا ) دادەمەزرێ ، هیتلەر لە ١٦ی سیپتەمبەر دەبێتە ئەندامی ئەم حیزبە ، لە ٢٤ی فێبروەری ئەم حیزبە لە پلاتفۆرمێک ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ ( پارتی کرێکارانی ناسیۆنال سۆسیالیستی ئەلمانیا ) ، دواتر دەبێت بە ( حیزبی نازی ) ( ١٩٣٠ _ ١٤٣٥ ) . هیتلەر لە ساڵی ١٩٢١ دەبێتە سەرۆکی ئەم حیزبە ، بە شێوەیەکی ئاسایی هەموو فاشیستێک دیکتاتۆرە بەڵام ، مەرج نییە هەموو دیکتاتۆرێک فاشیست بێت . لە سەرەتا فاشیست بوون ناوێک و شوناسێکی ئاسایی بوو بەڵام ، دوای کارەساتی ( هۆلۆکۆستی جولەکەکان ) کە ، شەش ملیۆن مرۆڤ تیابوونە قوربانی ، دوای ئەوە بوو بە شوناسێکی شووم ، بەدوای ئیتالیا و ئەلمانیا ، فاشیزم پەڕییەوە بۆ هەندێک .لە وڵاتانیتر وەک ئیسپانیا ، ئەرجەنتین و زۆریک لە وڵاتی تریش ، فاشیزم تاکو ئەمرۆش بە ماسکی جۆراوجۆر درێژەی هەیە .

_ ئەدەب و فاشیزم
پێشتر لە وتارەکانیترمان / بە درێژی باسی پەیوەندییەکانی ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) مان کردووە ، لەم بەشە زێتر باسی پەیوەندییەکانی نێوان ( ئەدەب و فاشیزم ) دەکەین ، گوتاری ئەدەبی و گوتاری فاشیستی بە دوو ئاراستەی پێچەوانە ڕێدەکەن ، هەروەکو گوتمان ، فاشیزم لەسەر توندوتیژی و سەرکوتکردن و کوشتن و تۆقاندن ، درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات ، پەیوەندییەکان لە فاشیزم ناڕێک و نا تەندروستن ، چ پەیوەندی نێوان تاکەکان یان پەیوەندی نێوان دەسەڵات و تاک ، هەروەها بە تێزی حەقیقەتی ڕەها ئیشدەکەن ، واتە هیچ نرخێک بۆ باوەڕی ئەوانیتر دانانێن ، هەروەک ئەوەی کە دەڵێن ( گەر لەگەڵم نەبیت _ دوژمنی منیت ..! ) ئەمە بیرکردنەوە و ئاراستەیەکی فاشیانەی لە پشتە .. بەڵام ئەدەب ڕێک پێجەوانەی فاشیزمە ، ئەدەب ئامانجی گەیشتنە بە جوانی و هەوڵدانە بۆ گەیشتنی ژیان بە کەناری ئارامی، هەروەها گەڕاندنەوەی هەموو سەروەرییەک بۆ مرۆڤ ، لە نێو ئەدەب چ پەیوەندی تاکەکان یان پەیوەندی نێوان دەسەڵات و تاک پەیوەندییەکی تەندروستن ، حەقیقەتی ڕەها بوونی نییە ، بەڵام لە فاشیزم بوارێک بۆ کەناری ئارامی و پێکەوە ژیان نامێنیتەوە ، لە جیاتی پێکەوە ژیان / ملکەچبوون و دەستەمۆیی ڕەواجیان هەیە . هەر نووسەرو شاعیرێک گەر بە ئاگاهانە بەرگری لە فاشیزم بکات ، ئەوا بەبێ هیچ گومانێک ( ئەدەب و شیعر ) و داهێنانەکانی دەکەونە ژێر پرسیارەوە ، تەنانەت گەر لەنێو ئەدەبەکەشی بەم ئاراستە کاریی نەکردبێت .. دەکرێ لەم ڕاستایە باسی ( ئەزرا پاوەند ) بکەین ، کە نووسەر و شاعیرێکە لاینگر و بەرگری لە فاشیزمی ئیتالیا کردووە ، پاوەند قسەیەکی هەیە دەڵیت ( ئەگەر کەسێک ئامادەیی موجازەفەکردنی نەبێت لەنێو بیرکردنەوەکانیدا ، ئەوا ئەوکەسە یان بیرکردنەوەکانی نرخێکی ئەوتۆیان نییە یان خۆی ) ، ئەمجۆرە بیرکردنەوانە لە بنەڕەتدا بیرۆکەی فاشیزمی بەرهەم دەهێنن ، هەرچەندە ( ئەزرا پاوەند ) شاعیرێکی نوێخواز و داهێنەر بووە ، کاریگەری بەرچاوی هەبووە لە نێو ئەدەبی ئەمریکی و پێگەیاندنی زۆرێک لە نووسەرانی سەردەمی خۆی و داهێنانی قوتابخانەی ( وێنەیی ) و .. . لای خۆشمان کەمنەبوون ئەو نووسەر و شاعیرانەی بەباڵای ( سەدام حوسەین ) یان دا هەڵدەدا و هانیاندەدا ، لە کۆمەڵکوژی و توندوتیزییەکانی بەردەوام بێت ، یان ئەو نووسەر و پیاوە ئایینیانەی لە مینبەرەکان بە گوتارەکانییان پاڵپشتییان لە ( ئۆردوگانی فاشیست ) دەکرد ، بۆ کۆمەڵکوژییەکانی کوردانی باکوور و ڕۆژئاوا . ئەوانە پێبزانن یان نا ، بە ئەدەب و گوتارەکانییان خزمەتییان بە فاشیزم کردووە . ڕەنگە ئەو شیعرەی ( مارتن نیمۆلەر ) ، کە لە دەسپێکی ئەم وتارە نووسیومانە ، ئەم ( ڕەشبگیرییە ) و ( کۆمەڵکوژییە ) ، باشترین وێنە بێت ، کە سیمای فاشیزمی بە ڕۆشنی تیا بخوێنینەوە .




کەڕنەڤاڵی ماسک … ناڵە حەسەن

١ م / مرۆڤەکان وەک ئەوەی لەسەر تەختەی شانۆ بن
بە سیمای ڕەنگاوڕەنگەوە دەردەکەون
ر / ڕازە ڕەنگینەکانمان وا خەریکە دەبنە تۆز و غوبار
بێمەبەست لەگەڵ با دا دەڕۆن
د / دوای دووسێ ڕۆژ ( دیداری من و مردن کۆتایی هات )
ن / نیشتیمان بۆتە سەبەتە سێوێکی ڕزیو
شیلەی تفتوتاڵی لێدەچۆڕێ

٢
لە دووری دوورەوە
لاوکێکی هێمنی مردووەکانم دێتە گوێ
زایەڵەی زەمەنێکی زەندەقچووش
لەنیو کەڕنەڤاڵی ماسکەوە دەبیسترێ
ماسکی ( سوور و رەش و شین و سپی و پەمەیی و
ماسکی ڕەنگاوڕەنگ )
چ ڕۆژگارێکی نەفرەتییە
مرۆڤەکان وەک گەڵاکان هەڵدەوەرن
وەکو بەفر دەتوێنەوە
وەک ئەستێرەکانیش ئاوا دەبن
بەڵام / ئاوابوونێکی ئەبەدی
چ ڕۆژگارێکی ئافاتی و فۆبیاییە
نەک هەر خۆمان
خاڵخاڵۆکەی نێو خەون و خەیاڵەکانیشمان ماسک دەپۆشن
جەڵاد و قوربانی / فریشتەو شەیتان / هەموویان ماسک دەبەستن
چەند ڕۆژێکە لەسەر مافووری مردن ڕاکشاوم
کشومات ، بێدەنگ بێدەنگ هەر دەڕوانم
دەڕوانم و دەڕوانم و دەڕوانم
جگە لە تارماییەکانی مردن هیچیتر نابینم
بوومەتە پەیکەرێک لە خەیاڵ
بیرم / لە مرۆڤەکان و یادگارییە جوانەکان دەکردەوە
یان ئەو مەودا و دوورییەی نێوان من و ژیان
بیرم لەو ڕۆژانە دەکردەوە لەنێو شیعرەکانمدا دەمنووسی
( ماسکەکەت فڕێدە ئەوی شۆخ
من دەمەوێت جوانییەکانی ڕوخسارت ببینم ،،، ! )
بەڵام ئێستا
دەڵێم نا / ماسکەکەت فڕێمەدە ئەی شۆخ
من نامەوێت
ڕەنگە ڕەشەکانی مردن
لەسەر برژانگ و لێوەکان و نینۆنەکانت ببینم
نا / ماسکەکەت فڕێمەدە ئەی شۆخ
دەرگای کۆشک و قەڵای خەونەکانت بکەرەوە
با هەر کراوەبن دەرگاکان و ڕیگاکان
منیش بەڵێن دەدەم
دوای چەند ڕۆژێکیتر
لە بەیانییەکی ڕووناک و ئارام
وەک خۆرەتاو دەردەکەومەوە و دەگەڕێمەوە …!

                                                        کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠



ناوی کتێب : ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا … نووسەر : ناڵە حەسەن

بابەت : لێكۆڵینەوەی فیكری
نووسەر : ناڵە حەسەن
پیتچنین و هەڵەچنی : نووسەر
نەخشەسازی ناوەرۆك : شیالن حەمید مەجید
بەرگ : شاخەوان جەعفەر
تیراژ : 500 دانە
چاپ : چاپی یەکەم – چاپخانەی ڕۆشنبیری- هەولێر/ 2020

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە … ناڵە حەسەن

خوێندنەوەیەک بۆ دەقی ( وەرە بەیەکەوە بژین ) ی کەژاڵ ئەحمەد

                                                              

ماوەیەک لەمەوبەر لە نامەیەکدا ، خوێندنەوەیەکمان بۆ چەند دەستەواژەیەکی دەقێکی شیعری (سەباح ڕەنجدەر ) ی شاعیر کرد هاوکاتیش ، باسم لە مانیفێستێکی خۆم کردبوو ، کە پێکهاتووە لە سێبەش ، لەوێدا دووبەشی مانیفێستەکەمان باسکردبوو ئەوانیش لەژێر ناوی ( شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە..! ) و ( شیعر عەشقێکی گەورەیە ..! ) ، هەروەها ڕەهەندەکانی پشت ئەو گوتنانە و لەچوارچێوەی خوێندنەوە بۆ هەندێک لە چەمک و هێما و کۆدەکانی نێو دەقەکە باسکردبوو . وا لێرەشدا بەشی سێیەمی مانیفێستەکە لەژێرناوی ( شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە ) باسدەکەین و ( بەریەککەوتن و هاوتەریببوونی ) ناوەڕۆک و ئامانجەکانی ئەوبەشەش لە سیاقی خوێندنەوەمان بۆ ئەو دەقە بەدەردەخەین ، هەروەها دەیکەین بە ( میتۆدێک ) بۆ خوێندنەوەی دەقی ( وەرە بەیەکەوە بژین ) ، کە یەکێک لە شیعرەکانی( کەژاڵ ئەحمەد ) ی شاعیرە ، هەوڵدەدەین هێندەی بۆمان بکرێت لە دەرگای چەند بابەتێکی پێویست و گرنگ بدەین . لە سەرەتاوە شیعرەکە چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە یان لە ڕووی زمانەوانی و فۆرمەوە ، تا ئاستێکی بەرز جوانی بەرجەستەکردووە ، بە زمانێکی شیرین و پڕ هەست و سۆز ، دەقەکە نووسراوە ، وشە و میلۆدییەکانی ئەم دەقە ، گەمە لەگەڵ دەمارە عاتیفەییەکانی خوێنەر دەکەن و چێژێکی بێوێنەی پێ دەبەخشن ، هەروەها لەم دەقەدا بە توانایەک و هەست و خەیاڵی شاعیرانەوە عەشقێکی گەورە نمایشکراوە ، یان باشترە بڵێم / چیڕۆکی عەشقێکی گەورە دەگێڕێتەوە ، وەک ئەو چیڕۆکانەی لەنێو کتێبی ئەفسانەکانەوە باسدەکرێن . لە پشتی ئەو خەیاڵە ڕۆمانسییانەوە لە دەرگای کۆمەڵێک بابەت و مەسائیلی گرینگ دەدات کە / پەیوەندییان بە ژیان و چارەنووسی مرۆڤەکان و هاوکات پەیوەندییان بە شیعر و مەعریفەی شیعرییەوە هەیە ، لە سەرەتاوە شیعرەکە بەمشێوەیە دەست پێدەکات .
سبەینێ واز
له‌ماڵه‌باجێنه‌ى ته‌نیایى ئه‌هێنم
تۆش واز له‌ دارلاستیکى سه‌رکێشى بهێنه‌
لەم کۆپلەیە / هەست بە سەرەتای نەخشە و پلانێک دەکرێ ، وەک خۆئامادەکردنێک یان وەک سەرەتایەک بۆ چوونە نێو ئەو دنیایەکی جیاوازەوە / ئەویش دنیای عەشقێکی نوێیە ، لەسەرەتاوە بە بڕیارێک دەست پێدەکات ، شاعیر لەنێو شیعرەکەیدا / دەگاتە ئەو باوەڕەی کە هەر لە سبەینێوە واز لە ( ماڵەباجێنەی تەنیایی ) بهێنێ و دەخوازێ دڵدارەکەشی واز لە ( دارلاستیکی سەرکێشی ) بهێنێ . وادیارە ( ئەو ) واتە دڵدارەکەی هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو بڕیارە و بەتەواوی یەکلانەبۆتەوە ، بۆیە لە سەرکێشییەکانی بەردەوامە ، بەڵام ئەگەر ، لەڕووی زمانەوە سەیری ئەم دەستەواژە و ڕستە شیعرییانە بکەین ، دەبینی پەیوەندییەکی بەهێز و ناوازەی لەنێوان وشەکانی ( دارلاستیک و سەرکێشی ) یان ( ماڵەباجێنە و تەنیایی ) دروستکردووە ، هونەرکارییەکی شاعیرانەی تیاکردووە ، هەردوو وشەکەی لەمانا بنەڕەتییەکە داماڵیوە بەتایبەت ( دارلاستیک و سەرکێشی ) ، لە پەیوەندییەکی نوێدا مانایتری پێبەخشیون ، وشەی ( دارلاستیک ) ، پەیوەندی بە تەمەنی منداڵییەوە هەیە ، زێتر منداڵ دارلاستیک بەکار دەهێنن بەتایبەت کوڕان وەکچۆن ( ماڵەباجێنەش ) یاری کچانەیە ، سەرەمانێک دیارە مەبەستمان لایەنی کەم بیست ساڵێک لەمەوبەرە ، کە ئەوکات / ئەتاری و پلەیستەیشن و کۆمپیتەر و ئەنتەرنێت نەبوون ، منداڵ دوای قوتابخانە زۆربەی کاتەکانی لە کۆڵان و لەگەڵ منداڵانیتر بەسەردەبرد ، دارلاستێک بۆ شەڕی نێوان کۆڵانەکان و گەڕەکەکان بەکاردەهات و یان بەردگرتنە چۆڵەکە و باڵندەکان ، واتە دارلاستیک لایەنێکی ( نیگەتیڤ )یشی هەبوو ، هاوکات سەرکێشیش دیوێکی نێگەتیڤی هەیە ، بەڵام / لێرەدا دارلاستیک هێمایە بۆ منداڵی ، واتە وشەیەکە بەرائەتێکی جوانی پێبەخشیوە ، سەرکێشیش دیوە نێگەتیڤەکەی لێ داماڵیوە ، چونکە ئەم دوو وشەیە لەپەیوەندییە نوێیەکەیان دەتوانین وا خوێندنەوەی بۆ بکەین ( سەرکێشییەکی منداڵانە ) ، واتە دەخوازێ / دڵدارەکەی واز لە کێشییە منداڵانەییەکەی بهێنێ ، هەروەکچۆن خۆی واز لە ماڵەباجێنەی تەنیایی دەهێنێت …! پێشتریش لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کردووە و گتومانە / لە نێو زمانی شیعری داماڵینی وشە و چەمک و هێماکان لە مانا پێشوەختەکان و مانا فەرهەنگییەکان ، ئەوە پڕۆسەیەکی داهێنەرانەیە ، هەروەها د. محەمەد کەمال لە کتێبی ( فەلسەفەی بوون ) ، لە ڕووی بوونگەراییەوە باس لەم پڕۆسەیە دەکات و ئەو بە ( هەڵوەشاندنەوە و دامەزراندن ) ناوی دەبات و دەڵێت (پەیوەندی نێوان ئەم دوو خەسڵەتە گرنگە و ناتوانین لە یەکدییان جیا بکەینەوە ، ( هەڵوەشاندنەوە ) بەبێ مەبەستی دامەزراندن و لە پێناو هەڵوەشاندنەوە دەبێتە ( وێرانکردن ) بەڵام ، بۆ ئێمە هەڵوەشاندنەوە لە وێرانکردنەوە جیاوازە ، چونکە دەمانەوێت لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوە بیرۆکەی نوێ دابمەزرێنین و بە ئاکامێکی دیکە بگەین …! ) ، هەروەها هەر لە پەیوەند بەم بابەتە ئەوەش دەڵێت کە / ئەگەر هەڵوەشاندنەوە دامەزراندنی بەدوادابێت ، ئەوا هەڵوەشاندنەوەکە دەبێتە ( پڕۆژە ) ، واتە پڕۆژەیەک ڕوو لە داهاتوو …! هەروەکو ئەوەی لەو پەیوەندییەی نێوان وشەکانی ( دارلاستیک و سەرکێشی ) ، هەڵوەشاندنەوەمان بینی ، وشەکان لە مانا پێشوەختی و مانا فەرهەنگییەکانییان داماڵرابوون ، لە پەیوەدییەکی نوێ بنیادنرابوونەوە ، واتە دامەزرابوونەوە ، ئەم هونەرکارییە لە زمان تا ئاستێکی باش قووڵی و جوانکاری بە دەستەواژە و ناوەڕۆکەکە بەخشیوە . کەژاڵ ئەحمەد لە بەشێکیتری شیعرەکەیدا دەڵێت /
من رێگه‌ى هه‌موو رۆژێک و
ئه‌درێسى ژیانم ئه‌گۆڕم
به‌کۆدێکى زۆر نهێنى
که‌ دڵته‌
تا هیچ که‌سێ نه‌توانێ بمدۆزێته‌وه‌
کلیلى دڵم ئه‌شکێنم.
شاعیر لەپێناو بەدیهاتنی خەونێکی گەورە و گەیشتن بەدواڕۆژێکی پڕ لەخۆشەویستی لەگەڵ کەسیک کە ، سوارچاکی نێو خەون و خەیاڵەکانییەتی ، ئامادەی هەموو بڕیارێک و هەموو گۆڕانێکە لە ژیان و لە خۆیدا بۆیە ، لە سەرەتاوە بڕیاردەدا واز لەماڵەباجێنەی تەنیایی بهێنێت ، ئەمیش واز لە دارلاستیکی سەرکێشیی بهێنێت ، ئێستا / بڕیاریتر دەدات کە ، ڕێگاکانی هەموو ڕۆژە و ئەدرێسی ژیانی بگۆڕێت ، خۆی ون بکات و لەچاوی ئاوەدانی خۆی بشارێتەوە ، تەنها بە کۆدێک بدۆزرێتەوە ئەویش دڵی دڵدارەکەیەتی ، واتە وەک ئەشقیایەکی شەیدا ، لەو زێتر کەسێکیتر ناتوانێ بیدۆزێتەوە . لە دیمەنێکیتری شیعرەکەیدا دەڵێت ،
وه‌ره‌ به‌یه‌که‌وه‌ بژین…
له‌ناو ئینجانه‌یه‌کى زۆر بچکۆڵه‌دا
که‌ عاشقێکى خوێنشیرین
له‌ حه‌وشه‌ى خوێندنگه‌یه‌کى تێکه‌ڵاوا
دایبنێت و
مامۆستایه‌ک به‌تاسه‌وه‌ بۆنى بکا.
بەپێی ئەم دیمەنە شیعرییە ، عەشقەکەیان گەیشتۆتە ئاستێک ، کە مانەوەیان لەدووری یەک و لە نێو کونجەکانی تەنیاییدا ، سووتان و ئازارێکی گەورەیە ، ئازارەکەی هێندە کاریگەر و بەسۆیە کە بەرگەگرتنی کارێکی سانا نییە ، بۆیە دڵبەر بە دڵدارەکەی دەڵێت / وەرە بەیەکەوە بژین ، بەڵام شاعیر ئەم داوایە لە نێو وێنەیەکی شیعری زۆر نایاب و ناسکۆڵە دەردەدبڕی و دەڵێت ، وەرە بەیەکەوە بژین / لەناو ئینجانەیەکی زۆر بچکۆڵانەدا ، ئەم دوو عاشقە هێندە تامەزرۆی یەکتری و گەیشتن بەیەکن ، هەرشوێنێک بێت ، تەنانەت / نێو ئینجانەیەکی بچکۆڵانەش بێت قەبوڵیانە ، دەبن بە دوو گوڵی بۆنخۆش و دەچنە نێویەوە ، دەخوازن عاشقێکی خوێنشیرین لە حەوشەی ( خوێندنگەیەکی تێکەڵاوا ) دایانبنێت و لەوێدا مامۆستایەک یان قوتابییەک بەتاسەوە بۆنییان بکات . دیمەنێکی تابڵێی ڕۆمانسی و پڕ لە هەستی شاعیرانەو بە زمانێکی شیرینی شیعری ، بەکارهێنانی ( خوێندنگەیەکی تێکەڵاو ) زۆر لەشوێنخۆیەتی و مەودای بیرکردنەوە و ناوەڕۆکی وێنە شیعرییەکەی قووڵتر کردووە ، کە لە بەشەکانیتری ئەم دەقە هەڵوێستەی زێتری لەسەر دەکەین . شاعیر بە هەمان وزە و خەیاڵە دۆزەخییەکانی لەنێو دەقەکەی بەردەوام دەبێ و دەڵێت
من و تۆ به‌یه‌که‌وه‌ بین
هێڵى ته‌له‌فۆنه‌کانى شار
بیست و چوار سه‌عات سه‌رقاڵى گوێگرتن له‌ ئه‌وین نابن
من و تۆ به‌یه‌که‌وه‌بین
ئیتر کاره‌با نابڕێت و
هه‌موو رۆژێ ئاو دێته‌وه‌
‏Googleیش رزگارى ئه‌بێ له‌گه‌ڕانمان به‌دواى یه‌کدا و
کچان بۆ تۆ و
کوڕان بۆ من ناتوێنه‌وه‌
خۆی لە بنەڕەتدا شاعیر باسی عەشقێکی گەورەمان بۆ دەکات ، ئەو عەشقەی دەتوانن مەوداکان ببڕن و لەنێو زەمەندا بمێننەوە ، ئەو عەشقەی نەک هەر شایستە بەوەیە شێوەی ژیان و یان خووە هەمیشەییەکانی بۆی بگۆڕی بەڵکو ، شایستە بە هەموو قوربانیدانێکیشە . لەنیو کورەی خەیاڵەکانی دوور دوور دەڕوات ، تەنانەت بۆ ئەودیو سنوورەکانی خەیاڵ ، وایدەبینێ / بەیەکگەیشتنی ئەوان و بەیەکەوە ژیانی ئەوان وەک ( موعجیزەیەکی گەورە ) ، یان دەبێتە کلیلێکی سیحری گرێکوێرەی هەموو کێشەکان دەکاتەوە و چارەسەریان دەکات …! ژیان دەگاتە ئەوپەڕی کەناری ئارامی ..! بڕۆننێ لەنێو رووبەری خەیاڵ چ فەنتازیایەکی خوڵقاندووە ..! یان دەڵێت ( من و تۆ بەیەکەوە بین / هێڵی تەلەفۆنەکانی شار ، بیست و چوار سەعات سەرقاڵی گوێگرتن لە ئەوین نابن ..! ) بەمانای هەموو هێڵی تەلەفۆنەکانی شار و هەموو خەڵکی ئەم شارە بەعەشقی ئەوانەوە سەرقاڵن ..! تەنها باسی ئەوانە و هیچیتر ، گەر ئەوان بەیەکبگەن و بەیەکەوە بژین / ئیتر چیتر تەلەفۆنەکان سەرقاڵ نابن بە گوێگرتن لە چیڕۆکی ئەم دوو ئەویندارەوە . یان دەڵێت / ( من و تۆ بەیەکەوە بین ، ئیتر کارەبا نابڕێت و هەموو ڕۆژێ ئاو دێتەوە …! ) ، بەیەک دێرە شیعر باسی ( دوو ) گەورەترین کێشەی خەڵکی کردووە ( کێشەی ئاو و کارەبا ..! ) بەدیوێک ( گەورەیی و ئەفسونی عەشقەکەمان پێشان دەدات ، کە بەیەکەوەبوونی ئەوان ئیتر کارەبا نابڕێت و ئاویش دێتەوە ..! ) ، بە دیوێکیتر پێمان دەڵێت ( کە ئێمە لە نیشتیمانێک دا دەژین خەڵکەکەی ( کێشەی ئاو و کارەبایان هەیە ..! ) بەیەکەوەبوونی ئەوان ئەم کێشانە چارەسەر دەبن ..! بەبڕوای من ناوەڕۆکی ئەم جۆرە دەقانە بە ئەندازەی ئەو عەشقە ئەفسوناوییەی باسمانکردووە گەورەن ، یان دەڵێ ( گوگلیش ڕزگاری دەبێ لە گەڕانمان بەدوای یەکدا و کچان بۆتۆ و کوڕان بۆ من ناتوێنەوە ..! ) ، لێرەش شاعیرانە ئەو تامەزرۆیی و چەپاندنە کوشندەیەی ( کوڕان و کچانی ) کۆمەڵگەکەمان باسدەکات ، کەژاڵ لێرەدا توانا شیعری خۆی لە ئاستێکی بڵند دەرخستووە ، لە دوو وێنەی جوانی ( هونەری و شیعری ) باسی لە چەندین کێشەی گەورە و بابەتی زۆر گرنگ کردووە وەک ،( قوتابخانەی تێکەڵاو ، هێڵی تەلەفۆن ، کێشەی ئاو و کارەبا ، سایتی گوگل ، باری دەروونی کوڕان و کچان..! ) بە زمانێکی شیعری پڕ چێژ و سەرنجڕاکێش ..! شاعیر بەهەمان کڵپە ڕۆمانسییەکانی نێو دەمارەکانی عاتیفە و خەیاڵە تامەزرۆ و ئیرۆسییەکانی دەڵێت ،
هه‌ر ئێستا وه‌ره‌ ماره‌مکه‌
به‌پێشه‌کى خه‌نده‌یه‌ک و
به‌پاشه‌کى نیگایه‌کت قایل ئه‌بم
تۆ (بمهێنه‌) بۆ ناو قسه‌یه‌کى خۆش و
منیش بۆ ناو شیعرێکى کچانه‌ ( ئه‌تهێنم !)
هه‌ر ئه‌مڕۆ ماره‌مکه‌
به‌پێشه‌کى چه‌پکێ گوڵ و
به‌پاشه‌کى ماچێکى دۆستانه‌
یان به‌سێ جار وتنى وشه‌ى ( گیانه‌که‌م )
ته‌ڵاقمده‌ و ته‌ڵاقته‌ده‌م !
شاعیر دەیەوێت کۆڵنەدات / عەشقەکەی بەئاکام بگات و دەستبەرداری ئەو خەونە گەورەیە نەبێت ، دەیەوێت ئاکامێکی هەبێت ، بۆیە لەسەرەتا داوا دەکات و بانگی دەکات ، یان پێی دەڵێت ( وەرە بەیەکەوە بژین ) ، بەڵام ، هێندە نیگەران و دڵبەسۆیە دەیەوێت ڕەسمیەتێک بەو بەیەکەوەبوونە بدات و بەپێچەوانەی زۆرێک لە کچانی نیشتیمانەکەی هەمیشە خۆی دەستپێشخەر دەبێ ، بۆیە بڕیار دەدەت و دەڵێت ( هەر ئێستا وەرە مارەمکە ..! ) ، بە ( دیوێکدا ..! ) بەشێوەیەکی زۆرجوان و بە بیرکردنەوەیەکی هاوچەرخانە ئەو داوایەی خۆی بۆ مارەکردنەکە دەخاتەڕوو و دەڵێت ( بە پێشکی خەندەیەک و بە پاشەکی نیگایەکت قایل دەبم ..! ) ، یان دیسان گەرمتر و بەتاسەتر پێدادەگرێ و دەڵێت ( هەر ئەمڕۆ مارەمکە / بە پێشەکی چەپکێ گوڵ و بە پاشەکی ماچێکی دۆستانە ..! ) ، بۆ ( جیابوونەوەش وشەی ( گیانەکەم ) بەسەو زێتر هیچیترنا ..! ) ، وەک شاعیرێکی هەستناسک ، بەزمانێکی شیرین و بەسۆز ، باس لەم بابەتە کۆمەڵایەتییە گرنگانە دەکات / بابەتەکانی وەک ( هاوسەرگیری و مارەیی و جیابوونەوە ) لێرەدا ئەوەش دەبینین کە عەشق چ بەهایەکی گەورەی هەیە ، ماڵی دنیا و ( هیچ شتێک ) لەسەرووی بەهاکانی عەشقەوە نابینێت ، بۆیە ( بۆ بەیەکەوەبوون و مارەیی / تەنها چەپکێ گوڵ و ماچێکی دۆستانە و دەخوازێت ..! ) ، بەودیوە داهێنانێکی گەورەی کردووە ، چ لەڕووی زمانی شیعری و چ لەڕووی بیرکردنەوە و ناوەڕۆک و بیرکردنەوە هاوچەرخەکانی ، بەڵام بە دیوێکی تر / بۆ بەکەوەژیان ( فۆرمی مارەیی و ئیمزاکردنی پارچە کاغەزێک لەبەردەم دادوەر ) تاقە فۆرم و تاقە ڕێگە نییە ، کەژاڵ ئەحمەد فۆرمی دووەمی بۆ ( بەیەکەوەبوون ) ( نادیدە ) گرتووە ، فۆرمی دووەمیش / بریتییە لە بەیەکەوەبوون و بەیەکەوەژیان بەبێ ئیمزاکردنی هیچ پارچەکاغەزێک و ئەگریمەنت و بەڵگەنامەیەک یان بەبێ چوونە دادگا و هیچ شوێنێک ، تەنها بوونی عەشق و خۆشەویستییەک و ڕەزامەندی هەردووکیان ، ئەوەندە بەسە بۆ بەیەکەوەبوونیان ئییتر هیچ شتێکیترنا ..! لە وڵاتە پێشکەوتووەکان ئەم فۆرمە بۆ بەیەکەوەژیان وەک فۆرمەکەیتر لە ئاستێکی بەرین پیادەدەکرێت ، وەک خێزانێک چاویان لێدەکرێت و منداڵیش دروست دەکەن و لەڕووی یاساییەوە هەموو مافێکی خێزانی و یاساییان هەیە ، بەمانای تەنها ( کچبرادەر و کوڕبرادەر )ن واتە ( گێرل فرێند و بۆیفرێند ) ، هەرکاتێکیش بەیەکەوە نەگونجێن جیادەبنەوە ، دیارە لە هەردوو باردا ، ئەو پارچە کاغەزە ئیمزا بکرێت یان نا ، کاتێک خۆشەویستی نەما ئیتر تەواو ، ئەو پەیوەندییە کۆتایی دێت ، جا بەیەکەوە بمێنن یان جیاببنەوە ..! کەژاڵ وەک شاعیرێکی ( دژەباو ) ، کە سەردەمانێک بەو ئاراستە کاریکردووە ، دەبوا فۆرمی دووەمی نادیدە نەگرتبا ، یان ئەوەتا هەرباسی مارەیی نەکردبا ، بۆ نموونە ( هەر پێی لەسەر ئەوە داگرتبا ( وەرە با بەیەکەوە بژین ..! ) ، یان دەیتوانی بەشێوەیەک باسی کردبا کە بوارێک بۆ فۆرمی دووەم بهێڵیتەوە ، یان لایەنیکەم ناڕاستەخۆ دەریبڕیبا بۆ نموونە بیگوتبا ( وەرە بەیەکەوە بژین ( گەر مارەم بکەی یان نا ) ، من خۆم و دەسکە گوڵێک هەر لە چاوەڕوانیت دا دەبم ..! ) ، لێرەدا باس لە هەردوو فۆرمەکە دەکرێت ، وەک کەسێکی هاوچەرخ و دژەباو هەردوو فۆرمەکەی قەبوڵ دەکرد ، چونکە لای ئەو عەشق و بەیەکەوەبوونەکەیان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە ، چونکە کەژاڵ ئەحمەد لە سەرەتاوە ، بە دوای کتێبەکانی ( بەندەری بەرمۆدا و وتەکانی وتن )ەوە ، بە ئاراستەی دژەباوی کاریکردووە ، بە دەرەجاتێک لەم کتێبانەش بەڵام بەتایبەتتر لە کتێبەکانی ( قاوەیەک لەگەڵ ئەودا ) یان ( ئاوێنەم شکاند ) ، لەوێدا ( کەژاڵێکی جیاواز ) دەبینین بەتایبەتیش / لە کتێبی چوارەمی ( ئاوێنەم شکاند ) ئەم دژەباوییە و هاوچەرخییە بە ڕۆشنی ڕەنگدەداتەوە ، خۆشی لە زۆرێک لە شیعرەکانی بەم دیدەوە نووسیویەتی بۆ نموونە ، شیعرەکانی ( ئاوێنەم شکاند ، کەژاڵێکی جودا ، سەدساڵ غەریبیت دەکەم ، نازانم بەبێ تۆ بژیم ، بە تەنوورەیەکی کورتی سوورەوە و زۆرێک لە شیعرەکانی ئەو سەردەمانەی ..! ) ، چونکە بەبڕوای من / مرۆڤ دەبێ ڕاستگۆ بێت لەگەڵ ناخ و بیروباوەڕەکانی خۆیدا ، ئەوەتا / ( ئەلبێر کامۆ ، لە ( ئەفسانەی سیزیف ) ، ڕەخنە لە ( گالیلۆ ) دەگرێ و دەڵێت (بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو ڕاستییە زانستییە بووە وەختێ بووە مایەی هەڕەشە لەسەر ژیانی ، .. گەرچی یەکێک بوو لە گرنگترین ڕاستییە زانستییەکان ..! ) ، یان هەر لەوکتێبەدا لەبارەی ( شوبنهاوەر )ەوە دەڵێت ( وەک بابەتێکی پێکەنین باسی شوبنهاوەر دەکرێ کە چۆن خۆی لەسەر سفرەیەکی ڕازاوە دانیشتووە و کەچی ستایشی خۆکوشتن دەکات …! ) ، بۆ ڕەخنەگرتن لەم بیرمەندانەش پشتی بە وتەیەکی ( نێچە ) بەستووە کە دەڵێت ، ( فەیلەسووف بۆ ئەوەی شایانی ڕێزگرتن بێت پێویستە خۆی نموونەی ئەو شتانە بێت کە دەیانڵێت ..! ) ئەو قسەیەی ( نێچە ) بۆ هەرکەسێک و شاعیرێک و نووسەرێکیش هەر ڕاستە ، بۆیە ئەو چاوەڕوانییەمان لەو شاعیرە ئازیزەمان ئەوەیە کە ، بەو ئاراستە دژەباوییەی خۆی سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە و ( ڕۆحی فڕوغ و ڕوئیاکانی کەژاڵێکی جودا ) لەنێو بیرکردنەوەکانی ئێستای زیندوو و چاڵاک بکاتەوە…!
شاعیر لەنێو دەقەکەی / بەهەمان هەست و سۆز و زمانێکی شیعری پڕ لە خرۆشان و چێژ بەردەوام دەبێت و دەڵێت ،
سبه‌ینێ واز
له‌خووى خراپى زۆر نووستن ئه‌هێنم
مۆڵه‌ت له‌ شیعر و خه‌ڵک و خوا وه‌رئه‌گرم و
له‌ناو کلۆره‌ دارێکى پووره‌ى هه‌نگا
مانگى هه‌نگوینى له‌گه‌ڵ تۆ به‌سه‌رئه‌به‌م
فێرى وتنى شیرین و
خستنه‌وه‌ى وه‌چه‌ى شیرین و
ئاشتییه‌کى شیرین ئه‌بم
کەژاڵ ئەحمەد لەو دەقەیدا ، وەک ئەوە وایە چیڕۆکی عەشقێکمان بۆ بگێڕێتەوە ، لەسەرەتا عەشق دواتر ( بەیەکەوە ژیان ) ، دواتر مارەیی و هاوسەرگیری ..! ) ، لەم کۆپلە شیعرەی سەرەوەش ، لە سەرەتا باس لەگۆڕینی هەندێک خووی خراپ دەکات ، بەمانایەک خۆی ئامادە دەکات بۆ ئاهەنگی گواستنەوە و ڕۆیشتن بۆ مانگی هەنگوینی ، بەڵام بۆ مانگی هەنگوێنییەکە ( شوێنێکی جودا لە وێنەیەکی بێئەندازەی جوانی شیعریدا ) باسدەکات و دەڵێ ( مۆڵەت لە شیعر و خەڵک و خوا وەرئەگرم و / لەناو کلۆرەدارێکی پوورەی هەنگا / مانگی هەنگوینی لەگەڵ تۆ بەسەر ئەبەم …! ) دیارە شاعیر بەم دیدەوە دەڕوانێ کە ( ژیان و عەشق و مرۆڤ ) بەهای گەورە و پیرۆزییان هەیە ، بۆیە دەبینین لە مارەیەکەش داواکەی تەنها ( چەپکێ گوڵ و ماچێکی دۆستانە ) بوو ، بۆ مانگی هەنگوینییەکەش ، داوای هوتێلێکی گەورەی ( پاریس و نیۆرک ) ناکات ، هەرکوێیەک بێت تەنانەت ( ناو کلۆرەدارێکی پوورەی هەنگیش بێت …! ، بەڕاستی خەیاڵێکی ناسک و جوان و شاعیرانەیە ، جوانکارییەکی بێوێنەی بەو کلۆرەدارەی پوورەی هەنگ بەخشیوە ، لەو وێنە شیعرییە جوانی وەقسە هاتووە ، لێرەدا چێژێکی گەورە بە خوێنەر دەبەخشێ ، لەسەر چیڕۆکەکەی بەردوام دەبێت و دوای مانگی هەنگوینیش ( باسی وەچەنانەوە و بەیەکەوە ژیانێکی ئارام دەکات ..! ) ، ئیتر هەوڵدەدا لەم کونجی ئاراماییە لەگەڵ ئەودا تابۆی بکرێت بۆ درێژماوە بمێنێتەوە ، بۆیە هەوڵدەدات زێتر کار لەسەر خۆی بکات و ئەوشتانەی یان ، ( واز لە خووە خراپەکانی بهێنێت ) و وەک دەڵێت (هه‌ر ئه‌مڕۆ واز / له‌م تووتڕکى تووڕه‌بوونانه‌م ئه‌هێنم / که‌ له‌دڕکى په‌ستبوونى تۆ ئه‌چێ بۆ له‌مه‌ودوا / گوڵ ئه‌گریت و گوڵ ئه‌گرم…! ) ئیتر لێرەوە بەرەو کۆتایی چیڕۆکەکە دەڕوات و بەڵام دواجار وێنەی گومانێکی گەورەمان بۆ دەکیشی و دەڵێت ،
ئه‌گه‌ر دڵت هێنده‌ى دڵم گه‌وره‌نییه‌
بڕۆ وازم لێبهێنه‌ با هه‌روه‌کو جاران بژیم
بەمانایەک / لەوە دڵنیا نییە کە دڵی ( ئەویش ) جێگای ئەو عەشقە گەورەیەی تیادەبێتەوە ، یان دەتوانێ قەبوڵی ئەو کرانەوە و هاوچەرخییەی بیرکردنەوەکانی ئەو بکات ..! لەڕاستیدا لەوە دڵنیا نییە و نازانێ ، بۆیە بە ( ئەگەرەوە ) قسە دەکات …! ، مرۆڤی هاوچەرخ و مۆدێرن هەرگیز بە باوەڕی موتلەقی ڕەها لە شتەکان و بابەتەکان ناڕوانن ، ئەگەر بە ئاستێکی کەمیش بێت بوارێک بۆ گومانەکان دەهێڵنەوە ، لێرەدا کەژاڵ ئەحمەدیش هەروای کردووە .
لەم دەقەدا / زمانی شیعری لەسەرەتاوە تا کۆتایی شەونمی چیژ دەردەکات و تەڕو پاراوە ، فۆرم و ناوەڕۆکیش / لەنێو رووبەی جوانیدا تەریبن بەیەکەوە .. لێرەدا بە پێویستی دەزانم هەندێک قسە لەسەر چەمکی جوانی بکەین ، ئەو ( چەمکانە )ش کە پەیوەندییان بە جوانییەوە هەیە و ماناکانی جوانی تۆختر دەکەنەوە و مەوداکانی جوانیش بەرینتر دەکەن ، هەندێک نموونە و لایەنی جوانکاری ئەم دەقەش بخەینەڕوو . هەروەک لە کتێبی ( ئیستاتیکا ، Aestheticism ) ، کە لە نووسینی ( ئار ڤی جۆنسن ) ە ، لە بەشی ( شیعر و جوانی ) دا هاتووە و ، دەڵێت ( کرۆکی جوانی لەنیو ئەدەبدا / لە شیعردا بە ڕۆشنی دەردەکەویت ..! ) ، بە مانای شیعر / لە هەموو ژانرەکانیتر زێتر ئیش لەسەر جوانی دەکات ، هەر لەو بەشەدا باس لە شاعیر و نووسەر ( ئەدگار ئالان پۆ ) دەکات ، بەتایبەت لە مامەڵەکردن و روئیاکانی ئەو لەگەڵ هەستی ڕاستی و چەمکی ڕاستی لەنیو دەق و نووسینەکانیدا ، بە بڕوای ئێمەش / چەمکی جوانی پەیوەندییەکی نزیک و بەهێزی هەیە لەگەڵ چەمکی ڕاستی یان ڕاستی گوتن ، لەنێو گوتارە شیعری و ئەدەبییەکاندا ڕاستی گوتن ، ڕەنگەکانی جوانی تۆخ دەکات و ڕووبەری جوانیش بەرینتر پێشان دەدات ، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو ڕەوایەتیش بە داهێنان دەدات ، چونکە ڕاستی گوتن هەر ئەوە نییە ، پەیوەندی بە جوانییەوە هەبێت بەڵکو / پەیوەندی بە ئازادبوونی نووسەرەکەش هەیە ، واتە کاتێک شاعیرێک یان نووسەرێک / لەنیو دەقەکانییان بە زمانی شیعری ڕاستی بەرجەستە دەکەن ، ئەوا ئەو کەسە لەنیو رووبەری دەقەکەی کەسێکی ئازادە و لەژێر کاریگەری هیچ هێزێکی دەرەکیدا نییە ، چونکە هەروەک چەند جاریتریش گتومانە / ئەوکەسانەی لەژێر کاریگەری هێزە دەرەکییەکانن کەسی ئازاد نین واتە ( کەسی نامۆ )ن ، کەسانی نامۆش ناتوانن داهێنان بکەن ، چونکە ئاراستەی جووڵەکانی لەژێر کاریگەری هێزە دەرەکییەکان دایە ، جا ئەگەر لەم دید و ڕوانگەوە قسە لەسەر ئەم دەقە شیعرییەی کەژاڵ بکەین دەبینین / زۆر ڕاشکاوانە و ڕاسگۆیانە خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی خۆی دەربڕیوە ، لەژێر کاریگەری هیچ هێزێکی دەرەکیدا نییە ، ئەوەی ئاراستەی جووڵەکانی دیاری دەکات ، ئەوە ( تەنها ) هەست و حەز و خۆزگە و خەونەکانی خۆیەتی ، بێگومان بە توانا و هێزێکی شیعرییەوە ، بۆیە کەسێکی ئازادە لەنیو رووبەری دەقەکەی بەمانایەکیتر / تەعبیری لە بیرکردنەوەکانی خۆی ( کەژاڵ ئەحمەد ) کردووە ، بۆیە لە ئاستێکی بەرز داهێنانی کردووە ، جوانییەکی مەودا فراوانی بەرهەمهێناوە ، بۆ نموونە دەڵێت / (من و تۆ به‌یه‌که‌وه‌بین ، ئیتر کاره‌با نابڕێت و هه‌موو رۆژێ ئاو دێته‌وه‌ …! ) چەند راستگۆیانە و شاعیرانە و بە زمانی شیعری ، کێشەی ئاو و کارەبا دەخاتە ڕوو . ئایا ئەم راستگۆییە پانتاییەکی قووڵتر و بەریناییەکی زێتری بە رووبەری جوانی نەبەخشێوە ..؟ ئەی ئەگەر بیگوتبا ( من و تۆ بەیەکەوە بین ، کارەبا ” هەمیشە ” درەوشاوەکانی سەرشەقام و نێو ماڵەکان زێتر دەدرەوشێنەوە و ئاویش وەک ” هەمیشە ” . لە گۆرانی گوتن بەردەوام دەبێ ..! ) ، ئەوەی منیش نووسیومە بە دەربڕینێکی شیعری و بە زمانێکی شیعرییە بەڵام / هیچ جوانکارییەکی تیا نابینین ، چونکە ڕاستیم تیا نەگوتووە ، چونکە لە نیشتیمانی ئێمە ( ئاو و کارەبا ) وەک زۆرێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانیتر خەڵک بەردەوام و ( هەمیشە ) لێیانەوە بەهرەمەند نین ..! کەژاڵ ئەحمەد گەر دەربڕینەکانی خۆی بەمشێوەیەی من گوتبا / هیچ ئازادییەک و ڕاستگۆییەک و هاوکات ئەو رووبەرە بەرینەی جوانیشمان لەنیو دەقەکەیدا نەدەبینی ..! جا لێرەدا هەوڵدەدەین / بەرەو کۆتایی ئەم نووسینەمان بڕۆین و بنەڕەتی مەبەستەکانمان بە چڕی بخەینەروو ، هەروەک پێشتر گتومانە کە زمانی شیعری دەتوانێ یان هێزی ئەوەی هەیە کە / قسە لەسەر هەموو بابەتێک بکات و مرۆڤ گەر توانای شیعری هەبێت دەتوانێ تەعبیر لە هەست و خەونەکانی خۆی بکات ، یان زمانی شیعری دەتوانێ سوود لە هەر ( وشەیەک و چەمکێک ) ببینێ و شاعیرانە لە پەیوەندییەکی نوێ بەکارییان بهێنێ / بوونی ئەم هێزە ڕشت و گەورەیەی زمانی شیعری ، ئەوە ( دیوێکی گەردوونییەتی ) شیعرمان پێشان دەدات ، کەژاڵ ئەحمەدیش لە چوارچێوەی دەقە شیعرییەکەی ئەم هێزە گەورەیەی زمانی شیعری پێشانمان داوە و بەرجەستەی کردووە ، کە بە زمانی شیعری و لە چوارچێوەی وێنەی شیعری جوان بابەتی زۆر گرنگ و گەورەی باسکردووە ، لە سەرەوە باسمان لە زۆربەیان کردووە ، وەک ( کێشەی ئاو و کارەبا ، هێڵی تەلەفۆنەکان و سایتی گوگل و قوتابخانەی تێکەڵاو و مارەیی و هاوسەرگیری و تەڵاق و باری دەروونی کوران و کچان و … زۆرانیتر ) ، باسکردن لەم هەموو بابەتە جودا و گرنگ و هەمەجۆرانە لەچوارچێوەی دەقێکی شیعری ، ئەوە ئەو هێزە گەورەیەی زمانی شیعریمان پێشان دەدات لە هەمانکات / ڕەوایەتی بە ئیمەش دەدات کە بڵێین / بوونی ئەو هێزە گەورەیەی زمانی شیعری و بوونی مەودا فراواناکانی ڕووبەری شیعر ، ( ئەوە دیوێکی گەردوونیەتی شیعرە … ! ) ، هەروەها ( دیوەکەی تری ) گەردوونییەتی شیعر لەوەدایە کە / شیعر ( خۆی ) لەنێو گەردووندا بوون و ئامادەییەکی بەردەوامی ( هەبووە و هەیە ) ، بۆ نموونە / خەونەکانی مرۆڤ پڕیەتی لە شیعر بەمانایەک کاتێک / مرۆڤ هەستەکانی ناوەوە و خەونە جوانەکانی خۆی باسدەکات لەوێدا ، شیعرییەت دەبینین یان ، لەنێو هاژەی تاڤگەکان شیعرییەت هەستپێدەکەین ، لەنێو گڤەگڤی ( با ) شیعرییەت هەست پێدەکەین ، لەنیو میلۆدییەکانی بولبول و چیکەچیکی چۆڵەکە و باڵندەکان شیعرییەت هەست پێدەکەین ، لەنێو ورشە ورشی درەخت و دەنگی رووبارەکان شیعرییەت هەست پێدەکەین ، تەنانەت ئەگەر بە هەستەوە ( گوێ لە بێدەنگی بەردیش ) بگرین شیعرییەت هەست پێدەکەین ، بەهۆی ئەم بیرکردنەوەمان و خستنەڕووی ئەم هەموو فاکتانە دەتوانین بە خەتێکی درشت و گەورە بنووسین ( بەڵێ / شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە ..! ) ، هەروەها دەخوازم ماڵە چراخانییەکەی شیعری ( کەژاڵ ئەحمەد )یش هەرئاوەدان و درەوشاوە بێت ، سڵاو لە داهێنان .

                                                           ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠

سەرچاوەکان :

  • کتێبی ( من دەبێ خۆم بسمیل بکەم ) کەژاڵ ئەحمەد
  • کتێبی ( فەلسەفەی بوون ) محەمەد کەمال
  • کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف ) ئەلبێر کامۆ .. و/ ئازاد بەرزنجی
  • کتێبی ( Aestheticism ) R.V.Johnson



چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین … بەشی دووەم :- ناڵە حەسەن

( )

  • شیعر و ( یاخیبوون )
  • شیعر لە نێوان ( فۆرم و ناوەڕۆک ) دا
  • شیعر و ( یاخیبوون )

ئەگەر بمانەوێت بە کورتی قسە لەسەر یاخیبوون یان ( یاخیبوون و شیعر ) دا بەکەین ، دەتوانین بڵێین ، زۆربەی زۆری یاخیبوونەکان چ لە نێو ڕووبەری شیعر یان لەنێو ڕووبەرەکانیتری ژیان ، هەست و کردەیەکە لە هۆشمەندییەوە یان لە پاشخانێکی مەعریفییەوە سەرچاوە دەگرێت . چونکە دواجار / یاخیبوون هەوڵێکە بۆ گوتنی ( نا )یەک بە ڕووی ئێستا و بەڕووی هەموو ئەو هێز و دەسەڵاتانەی کە دەیانەوێت ژیان ناشیرین بکەن و بوون و بەهای مرۆڤبوون بخەنە ژێر پرسیارەوە …! ، هەروەها ژیان ئەوە دەخوازێ کە مرۆڤەکان هەمیشە بوونێکی یاخی بن ، چونکە لە یاخیبووندا / مرۆڤ دژی هەموو هێزێکی دەرەکی ڕادەوەستێت ، نایەوێت بوونی داگیربکرێت و بوون و ڕۆڵی مێژووی خۆی لەدەست بدات و ببێتە کۆیلەیەکی ناکارا. بۆ بەردەوامبوونی ژیان و بوون یان بۆ ئەوەی مرۆڤ ناوەڕۆکێک بە ژیان و بوونی خۆی ببەخشێ پێویستی بە هەوڵدان و داهێنانە ، چونکە داهێنان جەخت لەسەر ڕۆڵی سەرەکی بوونی مرۆڤ دەکاتەوە لەنێو ڕووبەر و ڕەوتی مێژوودا . واتە مرۆڤ بەبێ داهێنان ناتوانێ ناوەڕۆکێک بۆخۆی پەیدا بکات و شوناسێک بەدەستبهێنێ و ببێت بەوەی کە خۆی دەیخوازێت ، تا ئێرە مانایەک بوو بۆ یاخیبوون بە شێوەیەکی گشتی ، بەڵام لە پەیوەند بە شیعر و یاخیبوون / دەتوانین بڵێین ، شاعیری داهێنەر هەمیشە جەخت لە ناڕازیبوون دەکاتەوە و ( نەویستی هەبوو ) دەستنیشان دەکات ، مەبەستییەتی لە نەبوونەوە فۆرم و بوونێکی نوێ بهێنێتە بوون ، دەتوانین بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکەمان ( فەرید زامداری ) شاعیر بەنموونە بهێنینەوە ، کە لە کتێبی ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) بەدوورودرێژی باسمان لە یاخیبوونەکەیی و ئەزموونە جوودا و نوێخوازییەکەیان کردووە ، ( فەرید زامدار ) لە سەرەتای شیعرێکی بە ناوی ( دان پیانان ) دا دەڵێت ،( ژیان هەمیشە وتوویەتی ” نا ” …! ) ، یان لەسەرەتای کتێبێکی بەناوی ( ئەنیما مۆندی ) لە وتارێکدا دەڵێ ، ( من بەوەی کە هەیە ڕازینیم و بەدوای لەدەرەوەی ئەوەی ” کە هەیە ” دەگەڕێم …! ) ، واتە بەڕۆشنی ( نەویستنی هەبوو ) ی مەبەستە ، واتە ( ڕەتکردنەوەی هەبوو ) یان ( ئەوەی کە هەیە …! ) ، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی فۆرم و دەقێکی نوێ ، جیاواز لەوەی کە هەیە …! ئەو دوو دەربڕینەی ( فەرید زامدار ) ، کڕۆکی یاخیبوون و نوێخوازیمان پێشان دەدات . چونکە هەموو شاعیرێکی نوێخواز و جودا لەهەمانکات شاعیر و بوونێکی یاخین ، چونکە گەر ناڕازی نەبن بەوەی کە هەیە ، ناتوانن جیاواز بنووسن و ناتوانن لەنەبوونەوە بوونێکی تر بەرهەمبێنن ، چونکە گەر بەردەوام بن لەسەر ئەوەی کە هەیە ، بە هەمان زمان و فۆرمەوە ، ئیتر بەشیوەیەک لە شێوەکان دەبێتە ( لاساییکردنەوە نەک داهێنان …! ) ، لاساییکرنەوەش / مانای ئەوەیە کە تاکەکان دەسەڵات و توانا و بەهرەی خۆیان خەفە دەکەن و لە چاو و دیدگای کەسانیترەوە دەڕوانن و دەبینن …! ونکردنی توانا و بڕستی خود بەمانای خۆشڵکردنە یان ڕێگەدانە بەوەی کەسانیتر بوونی کۆنترۆل بکەن ، ئەمەش نامۆبوونە و لە بەشی ( شیعر و نامۆبوون ) دا قسەمان لەبارەیەوە کردووە . چونکە لەم باروزروفانەدا مرۆڤ ئازادی و سەربەستی خۆی لەدەست دەدات . وە ئەوەش ڕوونە کە تاکو مرۆڤ ئازاد و سەربەست نەبێت ، توانای زاڵبوونی بەسەر حەز و خەون و ئارەزووەکانیدا نابێت . دەمەوێت پێ لەسەرئەوە دابگرم کە ڕەتکردنەوەی هەبوو ، ئەگەر لاسایکردنەوەش نەبێت ، ( دووبارەکردنەوەی خودە ) ، واتە بەردەوامبوون لەسەر یەک فۆرم و شێوە زمان و یەک شیواز . تەنانەت ئەگەر داهێنانیش لە دەقەکاندا هەبێت بەڵام ، ناچێتە ڕووبەری نوێخوازییەوە ، چونکە دەتوانین بڵێین ( هەموو نوێخوازییەک داهێنانە بەڵام هەموو داهێنانێک مەرچ نییە نوێ بێت ..! ) لەسەر ئاستی ئەدەبی جیهانیش زۆرن ئەوکەسانەی کە جێ پەنجەیان دیارە لە مێژووی شیعر و ئەدەب دا و ڕۆڵیان هەبووە لە بنیاتنان و بەرهەمهێنانی بیرکردنەوە و قۆناغێکی نوێ ، ئەوانەش وەک کەسانی یاخی و ناڕازی و نەویستی هەبوو ، لەوانە ( بۆدلێر ، مالارمێ ، ڕامبۆ ، ئازرا پاوەند ، ئەدۆنیس و زۆرانیتر ..) بۆ نموونە ( ستیڤان مالارمێ ) لە نێو هەوڵ و داهێنانەکانیدا ، ئامانجی ئەوەبوو کە شیعر لە کۆتوبەندی هەموو ئەو ستایل و دەربڕینە تەقلیدییانەی کە شاعیرانە نین ئازاد بکات ، یان گوێی بە فۆڕمی شیعری ئاسایی نەدەدا ..! ئەو زێتر گرینگی بە وشە دەدا ، هەوڵی دەدا وشەی نوێ و ئەفسونئامێز بەکار بهێنێ و جیاواز بنووسێت ، یان ئەدۆنیس ، هەمیشە لەنێو نووسین و دیمانە و داهێنانەکانیدا لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە ڕەخنە لە ( هەبوو ) بگرێت و ئاسۆکانی بیرکردنەوە بۆ شیعر و نووسین و داهێنان بگۆڕێت ..! لێرەدا ئەوە دەبینین کە لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێناندا ڕەتکردنەوە و ناڕازیبوون بەوەی کە هەیە واتە ( یاخیبوون ) / پێشمەرجی نوێخوازی و داهێنانە ..!

  • شیعر لە نێوان ( فۆرم و ناوەڕۆک ) دا
    هەموو دەقیکی شیعری وەک هەر هەبوویەکیتر لە فۆرم و ناوەڕۆک پێک دێت ، ئەگەر لەڕووی بوونگەرییەوە سەیری بکەین دەتوانین بڵێین / فۆرم بوونێکی دیاری هەیە و ناوەڕۆکیش بوونێکی نادیار ، ناوەڕۆک ئەو بوونە نادیارەیە لە ئەنجامی خوێندنەوە دەردەکەوێت . دەرکەوتنەکەش ( زۆربەیکات ) لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکی تر جیاواز دەبێ . یان ڕەنگە لای هەندێک خوێنەر هەر دەرنەکەوێت و بە نادیاری بمێنێتەوە . چونکە لە بنەڕەتدا دەقی شیعری لەنێو ڕووبەرێکی نادیار و تاریک دێتە بوون ، شاعیری نوێگەر ( بۆ ڕووناککردنەوەی ئەو تاریکییە ، دێت هەموو تاریکییەکە دەگوازێتەوە بۆ نێو دەقەکەی ..! ) ، ئەوە خوێنەرە لە ڕێگای مەعریفە و تواناکانی خۆیەوە ، لەڕێگای خوێندنەوە و قووڵبوونەوە تیشک دەخاتە سەر ئەو رووبەرە تاریکە و هەوڵی دەرکەوتنی دەدات . چونکە شاعیر / لەنێو ئەم ڕووبەرە نادیار و تاریکە زمان دەخاتە گەڕ بۆ گواستنەوەی مەعریفە و گوتنەکانی نێو ئەو تاریکییە بۆنێو دەق ، خوێنەریش لەسەریەتی مەعریفە و تواناکانی خوی بخاتە گەڕ بۆ ڕوونککردنەوەی ئەو ڕووبەرە ، چونکە شیعر جووڵەیەکی بەردەوامە لەنێو پڕۆسەیەکی ئیستاتیکایی ، بۆیە / ناتوانێ ناوەڕۆکێکی دیار و نەگۆڕی هەبێت . دەکرێ لای هەندێک خوێنەر ناوەڕۆک هەر بە نادیاری و تاریکی بمێنێتەوە ، چونکە هیچ دەقێک وەک بوونێکی سەربەخۆ ، هەڵگری ناوەڕۆکێکی دیار و پێشوەختە نییە ، ئەگەر ژیان وەک دەقێکی شیعری وەربگرین ، لە بنەڕەتەوە ( خاڵییە لە مانا ) و ناوەڕۆک ، ئەوە مرۆڤەکانن لە ڕێگەی بیرکردنەوە و داهێنانەکانییان ، ماناو ناوەڕۆکێک بە ژیان دەبەخشن دیارە بۆ ( جیهان و گەردوونیش ) بە هەمانشێوە ، نەک هەر ئەوەندە / شاعیر بۆ بەرهەمهێنانی دەقێک هەموو وشە و چەمک و دەستەواژە و هێماکان خاڵی دەکاتەوە لە مانا پێشوەختەکان و لە مانا فەرهەنگییەکان . لە پڕۆسەیەکی داهێنەرانە چەمک و وشەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و دووبارە بنیادییان دەنێتەوە لە پەیوەندییەکی نوێ و بە ناوەڕۆکێکی نوێوە ، بۆیە دەڵێین / لەوانەیە بەسانایی ناوەڕۆکی دەقەکان دەرنەکەون ، کۆد و هێماکان بە سانایی نەکرێنەوە ، یان دەرکەوتن و ناوەڕۆکەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جودا دەردەکەوێ ، تەنانەت / جیاواز لە گەڵ دەرکەوتن لەلای خودی نووسەری دەقەکەش ، چونکە نووسەری دەق لە کاتی نووسینی دەقەکە ( ئەوی شاعیرە ) ، لە چرکەی دوای تەواوبوونی دەقەکە دەبێتە ( ئەوی خوێنەر ) ، وەک هەر خوێنەرێکی دی هەوڵ دەدات ناوەڕۆکی دەقەکە بەدیار بخات و خوێندنەوەیەکی بۆ دەقەکە هەبێت ..! پەیوەندی فۆرم و ناوەڕۆک پەیوەندییەکی هاوتەریب و دانەبڕاوە ، هەروەک لای فۆرمالیستەکان ( ئەم دووانەیان واتە ” شێوە و ناوەڕۆک ” یان لە بەرزترین ئاستدا ڕاگرتووە ، بە بڕوای ئەوان ( ناوەڕۆک بە تەواوی بزوێنەری شێوەیە …! ) ، بەبڕوای من دەیانەوێت بڵێن / هەموو ئەو فۆڕمانەی ئاستێکی بەرزی جوانییان بەرجەستە کردووە ، ناوەڕۆکێکی جوانیش بەرجەستە دەکەن هەرچەندە ناوەڕۆکەکە نادیاریش بێت ، کەواتە / هیچ فۆرمێکی جوان نییە ناوەڕۆکێکی جوانیشی نەبێت …! واتە / ناوەڕۆک بە نادیاری بزواندن و کردە و کاریخۆی دەکات ، لە گریمانەیەکدا / ئەگەر دەقێک فۆرمێکی جوانی هەبوو بەڵام ، ناوەڕۆکەکەی بە توانا مەعریفیی و سەلیقە شیعرییەکەی خوێنەرێک دەرنەکەوت و بە نادیاری مایەوە ، ڕەنگە ( ئەو خوێنەرە یان هەندێک لە خوێنەرەکان بڵێن / ئەم دەقە تەمومژاییەوە و هیچ مانا و ناوەڕۆکێکی نییە …! ) ، هەروەکو گوتمان / هیچ دەقێک بێناوەڕۆک نییە بەڵام ، ناوەڕۆک بوونێکی نادیاری هەیە ، ئەگەر لای کەسێک وا دەرکەوت ئەو دەقە بێناوەڕۆک و بێمانایە ، دەکرێ (یەکێک ) لە مانا و ناوەڕۆکەکەی ئەوەبێت کە ( ئەم دەقە بێمانا و بێناوەڕۆکە …! ) ، چونکە ئەوە ( خوێندنەوەی کەسێکە ) یان خوێنەرێکە بۆ ئەو دەقە ..! دەکرێ ئەوەش یەکێک بێت لە خوێندنەوەکان …! یان یەکێک لە مانا و ناوەڕۆکەکەی ئەوە بێت ..! دەکرێ ئاسایی بێ کە نەتوانین تیشک بخەینە سەر تاریکایی دەقێک و ناوەڕۆکەکەی دەربخەین ، بەڵام ئەوە ئاسایی نییە ، کە بڵێین / ئەو دەقە دەقێکی بێمانا و بێ ناوەڕۆکە چونکە تەمومژاوییە ، یان شاعیر ڕەچاوی سیستەمی ڕیزمانی و خاڵبەندی نەکردووە ، بە بڕوای من / بەر لەهەر شتێک دەستەواژەی ( تەمومژ ) ، بۆ دەقی شیعری دەستەواژەیەکی نادروستە ، من دەمێکە لە دیمانەکان و نووسینەکانم زێتر لە جارێک ئەم دەستەواژەم ڕەتکردۆتەوە ، چونکە / هۆکارەکەش ئەوەبووە کە / هیچ دەقێک تەمومژاوەی نییە ، ئەوە ( چڕبوونەوەی زمانە ) لە ئاستێکی بەرزدا نەک تەمومژ …! ، یان ئەوە توندوتۆڵی پەیوەندییەکانی نێوان وشە و چەمک و هێماکانە نەک تەمومژ … ! واتە / داهێنەرانە هونەرکاریکردنە لە زمان ..! دەبێ ئەوەمان لەبیر بێت کە / شیعر لەبنەڕەتدا ئیشکردنە لەسەر زمان و بایەخدانە بە بنیادەکانی زمان بەڵام ، لەچوارچێوەی زمانی شیعری و ڕووبەری شیعردا . هەروەها شاعیر بۆ بەرهەمهێنانی دەقێکی نوێ یان هەردەقێک / تەواو سەربەست و ئازادە لە بەرامبەر زمان ، دەتوانێ پابەند نەبێت بە سیستەمی ڕێزمانی و خاڵبەندی و بە هیچ جۆرە سیستەمێک ، بۆئەوەی تەواو دەست ئاوەڵاو کراوە بێت .. ! وەک چۆن / شاعیر پێویستە ئازاد و سەربەست بێت لە بەرامبەر بەکارهێنانی زمان و یان بوونێکی ئازاد بێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەری هیچ دەسەڵات و هێز و بوونێکی دەرەکی ، بەهەمانشێوە / زمانیش بە هەموو وشە و چەمک و دەستەواژە شیعرییەکانەوە دەبێ ئازاد بن و ڕووتببنەوە لە هەموو مانا پێشوەختەکان و مانا فەرهەنگییەکان ، دەمەوێت ئەوە بڵێم / وەکچۆن کۆرپە لە چرکەساتی لەدایکبوون ڕووتوقووت هەڵگری هیچ ناوەڕۆک و شوناسێک نییە ، وشە و چەمکە شیعرییەکانیش لەنێو زمانی شیعریدا بەهەمانشێوە …! چونکە ( ناشێت ناوەڕۆک بە ئاسانی بچەسپێندرێ ، هەروەک ناشێت هەرگیز مانا ئامادەبوونێکی تەواوی هەبێت لە هیچ تاکە ئاماژەیەکدا بەڵکو مانا یان ناوەڕۆک زێتر جۆرێکە لە جووڵە و پڕیشکدانەوەی بەردەوامی نێوان ئامادەبوون و نائامادەبوون …! ) ، هەروەها شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە و شاعیر لە ڕێگەی زمانی شیعرییەوە دەتوانێ قسە لەسەر هەر شتێک بکات و هەر وشەیەک بەکاربهێنێ ، هەڵەیەکی گەورە دەکەین گەر وابزانین هەندێک لە وشەکان شیعری نین ، وا پێویست دەکات شاعیر خۆی لە بەکارهێنانی ئەو وشانە بە دووربگرێ ..! یان بەهۆی مانا فەرهەنگی و ناوەڕۆکە پێشوەختەکان خوێندنەوە بۆ وشە و چەمکەکان بکەین . مەبەستمە ئەوە بڵێم / کاتێک لە دەقێکدا وشەی ( حۆری ) ببینین خەیاڵمان بۆ ( بەهەشت ) و وشەی ( جەلاد )یش خەیاڵمان بۆ ( زیندان ) بڕوات …! ئێمە گوتمان / بۆ نووسینی دەقێکی نوێ دەبێت وشەکان لە ناوەڕۆکە کۆنەکان بەتاڵبکەینەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی تازە لەنێو وشە و چەمکەکان و دەستەواژەکان دابمەزرێنین …! جا ئەگەر بێت و دەقێک ڕەتکەینەوە بە دەلیلی تەمومژاوی و نادیاری و دەرنەکەوتنی ناوەڕۆك / ئەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئێمە لەبەرامبەر ڕەخنەیەکی جدی و ( لە بەرامبەر شەڕێکی فکریدا نین …! ) ، چونکە هەموو تێکستێک بریتییە لە / بونیادێکی ئیستاتیکی نێو ڕووبەر و قەوارەیەکی زمانەوانی ، هەروەک لە کتێبی ( تیۆری ئەدەبی ) تێری ئیگڵتن دا هاتووە ، ( مانای ڕستەیەک بەردەوام شتێکە لە چاوەڕوانی هاتن دایە ، واتە شتێکی دواخراو یان هێشتا چاوەڕێکراو ، ( دالێک ) واتە وشەیەک من دەداتە دەستی دالێکی تر ، ئەویش بە دالێکی ترم دەسپێرێ ، مانا پێشترەکان لەلایەن ماناکانی دواترەوە ( هەموار ) دەکرێنەوە ، سەرباری ئەوەش / کە ڕستەیەک کۆتایی دێت ، بەڵام زمان خۆی کۆتایی نایەت ، هەمیشە مانای زێتر هەیە کە مانای یەکەمی لێیەوە هاتووە…! ) ، بۆ نموونە ئەگەر بڵێین ( شادی ) مانای چییە ؟ دەکرێ بڵێین ( دڵخۆشی ) دەکرێ دڵخۆشی مانایەک بێت بۆ شادی بەڵام ، دڵخۆشیش خۆی وشەیەکە بەدوای مانایتردا دەگەڕێت ، بۆیە لەسەرەوە هاتووە ( دالێک من دەداتە دەستی دالێکی تر و ئەویش بە دالێکیترم دەسپێری …! ) ، چونکە لە بنەڕەتدا ناوەڕۆک و ماناکان کۆتاییان پێنایە ، هەروەها باکڕاوند و مەعریفەی شاعیر دەبێتە چوارچێوەیەکی تیۆریزەکراوی فیکری و فەلسەفی لەنێو ڕووبەری نادیاری دەقدا ، چونکە شاعیر لەنێو پڕۆسەیەکی داهێنان و نوێگەردا لەنێو بونیادی دەق جیهانێکی تازە و جیهانێکی تایبەت بە خۆیمان پێشکەش دەکات . دواجاریش / ئەوە خوێنەرە دەتوانێ ئەو جیهانە نوێیە و نادیارە کەشف بکات . هەروەها هەر دەقێکی شیعریش لەنێو ڕووبەرێکی نادیاردا بوونێکی کراوەو بەردەوامی هەیە .
    ——————————–

تێبینی :- بۆ نووسینی ئەم بەشەش سوودمان لەم سەرچاوانەی خوارەوە بینیوە

  • کتێبی ( بوون و داهێنان ) نووسینی / د.محەمەد کەمال
  • کتێبی ( تیۆری ئەدەبی ) نووسینی / تێری ئیگڵتن ، و / عەتا قەرەداغی
  • کتێبی ( لە دیارەوە بۆ نادیار ) نووسینی / بەختیار عەلی
  • کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف ) نووسینی / ئەلبێر کامۆ ، و / ئازاد بەرزنجی سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠



کتێب/ گەیشتن بە ڕووبەری شیعر … ناڵە حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین …بەشی یەکەم :- ناڵە حەسەن

  • ڕووبەری شیعر و ( شاعیر و شیعرنووس )
  • شیعر لە نێوان ( نائومێدی و ڕەشبینی ) دا
  • شیعر و ( نامۆبوون )

_ ڕووبەری شیعر و ( شاعیر و شیعرنووس )
ڕووبەری ڕاستەقینەی شیعر ئەو شوێنەیە کە / هەموو شیعرێک ناتونێ بیگاتێ و لە نێویدا بمێنێتەوە تەنها ئەو شیعرانە نەبێ کە ، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی جوانی نووسراون ، لەوێدا شیعر دەبێتە جووڵەیەکی بەردەوامی ئیستاتیکی و لە ئاستێکی بەرزی داهێناندا دەبێ ، چ لەڕووی زمانەوە یان لە ڕووی فۆرمەوە .. بە مانای ، شیعر وەکو ژیان دەبێتە پڕۆژەیەکی بەردەوام و تەواو نەبوو . لەنێو ئەم رووبەرە / شاعیر لەنێو بیرکردنەوە شیعرییەکانی لەژێر هیچ کاریگەرییەکی دەرەکی و کاریگەرە کەلتووری ئایدیۆلۆژییەکاندا نابێت ، هەر خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکە دەبێتە کرانەوەیەک بە ڕووی ژیان و گەردووندا ، کەواتە شیعرەکانی نێو ( ڕووبەری شیعر ) داهێنانەکانییان لە ئاستێکدایە و دەبنە بەشێک ، ( لە پڕۆسەیەکی بەردەوامی لە نەبوونەوە بەرەو بوون ، لەپێناو خۆ تەواوکردنەوە دەکەونە گەڕ …) بە مانایەکیتر / هاوتەریب دەبن لەگەڵ ژیان و بەها مرۆییەکان و چەمک و پێکهاتە گەردوونییەکان . ئازادی بوون توخمێکی سەرەکی نێو ڕووبەری شیعرە ، شاعیر دەبێ تەواو بیرکردنەوە و بوونێکی ئازاد بێت ، پڕ بێت لە خەون و جووڵە و نیگەرانی ، لەنێو رووبەری شیعر پەیوەندییەکان خۆڕسک و توندوتۆڵن ، تەنانەت پەیوەندی نێوان ( سیاسەت و شیعر )یش ، پەیوەندییەکی نزیک و لێکدانەبڕاوە چونکە ، شیعر لەنێو ڕووبەری زمان دەتوانێ قسە لەسەر هەموو شتێک بکات ، مەبەستمە بڵێم / لەنێو پانتایی جوانی ( شیعر و سیاسەت ) تەبا دێنەوە بەڵام ، بە دیوەکەی تر هاودژ و پێچەوانەن ( مەبەستمان ئەو دیوەیە کە سیاسەت و گوتاری سیاسی لە جوانی دوور دەکەونەوە ..! ) ، هەروەها زۆرێک لە قسەکانی نیو شیعر وەک قسەکردن لە خەون ، عەشق ، بوون ، .. بەشێکی دانەبراون لە سیاسەت ، بە مەبەستی بیناکردن و داهێنان یان گۆڕینی ئاسۆکانی نووسین بەڵام ، لەو شوێنەی شیعر دەبێتە هۆکار لەپێناو سیاسەت و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو لەوێدا ، شیعر ئامانجە سەرەکییەکەی خۆی لەدەست دەدات و دەچێتە دەرەوەی ڕووبەری شیعر . چونکە لە دواجاردا / زۆرێک لە شیعرە ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکان لە دەرەوەی ڕووبەری شیعر وەک ، ( مەلەف و بەڵگەنامەیەکی سیاسی و مێژوویی ) دەمێننەوە . دەقە زیندووەکانی نێو ڕووبەری شعر شێلگیرانە و بەردەوام لە هەوڵی بەرهەمهێنانی پرسیاری نوێدا دەبن ، ئیش لەسەر سڕینەوەی مانا پێشوەختەکان دەکەن . کەواتە شیعر گەڕانێکی بەردەوامە لەنێو پانتایی مانادا .. ئەو شیعرانەی لەئاستێکی بەرزی داهێناندان بە تۆخی ئیش لەسەر زمان و پێکهاتە شیعرییەکانی وەک ، ( هێما و میتافۆر و وێنە و پارادۆکس و جێگۆڕکی و دووبارەبوونەوە و گومان و پرسیار و گەمە کردن بە وشە ) دەکەن .. چونکە لەم ڕووبەرە شیعرییە باوەڕمان بەوە دەبێ کە / هەموو دەقێکی گەورە ڕوئیایەکی فەلسەفی گەورە و گومان و پرسیارێکی گەورە لەگەڵدا دەبێت .. چونکە قووڵایی بەهرە و توانا مەعریفییەکانی مرۆڤ لە وەڵامدانەوە نییە بەڵکو ، لە پرسیارکردن دایە ، ئەوە ئایین و ئایدیۆلۆژییەکانن کە هەمیشە وەڵامێکی جێگیر و نەگۆڕییان پێیە ، هەر لێرەوەیە شیعر ڕەنگ و ڕووبەر و سیمای خۆی لە ئایین و ئیدیۆلۆژیاکان جیا دەکاتەوە . لێرەدا دەمانەوێت ، ( شاعیر لە شیعرنووس ) جیابکەینەوە . واتە هەموو ئەو شیعرانەی لە ئاستێکی بەرزی داهێناندان و لەنێو ڕووبەری شیعر دەمیننەوە ، ئەوانە نووسەرەکانییان ( شاعیرن ) ، ئەو شیعرە سادانەی دەرەوەی ڕووبەری شیعریش نووسەرەکانییان شاعیر نین بەڵکو تەنها ( شیعرنووسن ) ، چونکە ( شاعیربوون ) جێگاکەی لە هەورازێکە هەموو شیعرنووسێک ناتوانێ بیگاتێ …! مەبەستمانە خۆمان لە هەندێ دەستەواژەی نائەدەبی ڕزگاربکەین وەک ( شیعری دەرەجە یەک و دوو و دەرەجە سێ و هتد ، یان شیعری باش و خراپ ، یان ئەو دەربڕینە نائەدەبییەی کە دەڵێن ( میللەتی کورد هەمووی شاعیرن ..! ) ، ئەو ڕوانگە و بیرکردنەوانە ، ڕوانگەی ئەو کەسانەن کە خاوەن ئەو مەعریفە شیعرییە نین کە هێزی ئەوەیان پێ بێت ،( شیعری نێو ڕووبەری شیعر و شیعرەکانی دەرەوەی ڕووبەری شیعر ) لە یەکتری جیابکەنەوە ، یان ناتوانن ئاستەکانی جوانی و هونەری لەنێو دەقەکان ببینن . یان بە دیوێکی تر ، هەموو وشە ڕیزکردنێک بە شیعر دەزانن ، بۆیە تاکو ئێستا ( شاعیر و شیعرنووسیش ) لە یەکتری جیانەکراونەتەوە .
تێبینی / ئەم کورتە وتارە لە کتێبی ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) وەرگیراوە کە ئێستا لەژێر چاپدایە ، کەمێک بە دەستکارییەوە .

  • شیعر لە نێوان ( نائومێدی و رەشبینی ) دا
    من ئێستا لە گەڕەکی نائومێدیدا دەژیم
    بە کەلوپەلەکانی عەشق ماڵێکم پێکهێناوە
    لە ژوورێکدا تابلۆی دۆڕانەکانی خۆمم هەڵواسیوە
    لە ژوورێکیتر / تابلۆی ترس و نیگەرانییەکانم
    لە ژوورێکیتر / تابلۆکانی مردنم
    لەژوورێکیتر / تابلۆکانی تەنیاییم
    لە دواهەمین ژووریش وا خەریکم
    هێدی هێدی /
    تابلۆکانی خۆکوشتنم هەڵدەواسم …!
    لەو شیعرەی سەرەوەو لە شیعری تریش کاتێک ، نائومێدییەکانی خۆمم دەربڕیوە و لە شیعرێکدا بەرجەستەم کردوون ، جاریوابووە ، پرسیاری ئەوەم لێکراوە کەوا ، بۆچی لەم شیعرەم هێندە ڕەشبینم ؟ ، منیش لە وەڵامدا گتومە / من نائومێدم نەک ڕەشبین ..! کەواتە بەپێی ئەو وەڵامەم دەبێ ( نائومێدی و ڕەشبینی ) ، دوو چەمکی جیاواز بن ، ڕەنگە لە هەندێ ڕووەوە نزیکایەتییان هەبێت بەڵام ، دوو وشەی تەواو جیاوازن .. هەوڵدەدەین لەم نووسینە زۆر بە کورتی ماناکان و جیاوازییەکانییان بخەینە ڕوو .. بە بروای من زۆر ئاساییە شاعیرێک یان نووسەرێک لەنێو شیعر و نووسینەکانییان ڕاستگۆیانە ( نائومێدییەکانی ) خۆیان دەرببڕن ، ئەوە هیچ بەمانای ئەوە نایە ، ئەو شاعیر و نووسەرانە کەسی ڕەشبینن ، یان ( نائومێدی ) چەمکێک و بارێکی نێگەتیڤ نییە ، کە دەڵێین نێگەتیڤ نییە ، مانای ئەوە نییە بڵێین پۆزەتیڤە ، بەڵکو دەتوانین بڵێین بارێکی ئاساییە ، کاتێک شاعیرێک نائومێدی دەردەبڕێت ئەوە مانای ئەوەیە ، ئەوکەسە ئومێد و خەونی گەورەی هەیە بەڵام لە ئێستادا پێی نەگەیشتوون ، واتە لەو چرکەساتەی شیعرەکەی نووسیوە کەسێکی نائومێدە و راستگۆیانەش ئەم نائومیدییەی خۆی دەربڕیوە ، بۆ یە دەڵێین / بارێکی نێگەتیڤ نییە ، چونکە هێشتا لە لەگەڵ خەونە و ئومێدەکانیی دەژی بە ئومێدی ئەوەیە یان لە هەوڵی ئەوەیە ڕۆژێکدا بێت پێی بگات . بەمانای ئەگەرچی بە ئومێدەکانیی نەگەیشتووە و لە ئێستادا کەسێکی نائومێدە بەڵام ، دەستی لە خەون و ئومیدەکانیی بەرنەداوە یان هەڵنەگرتووە . بەڵام / ( ڕەشبینی ) چەمک و بارێکی نێگەتیڤە . کەسی ڕەشبین هیچ ئومێدێکی بەژیان نەماوە ، ( بوون و نەبوونی ) خۆی لە نیو ژیاندا وەکیەک چاولێدەکات ، ژیان هیچ بەهایەکی تیا نەماوە تا بۆی بژی ، پڕبووە لە هەستەکانی پووچی ، بەمانای بەو پۆینتە گەیشتووە کە ژیان ئەوە ناهێنێ کە بۆی بژی ، زۆرێک لەو کەسانە پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن . ئەوکەسانە لەهەمانکاتیش لەبارێکی دەروونی ناهەمواردا دەژین تووشی نەخۆشی خەمۆکی و زۆرێک لە نەخۆشیتری دەروونی دەبن . لە لێکۆڵینەوەکمان لەبارەی ( شیعر و خۆکوشتن ) ئەوەمان خستبووەڕوو کە زۆربەی ئەو شاعیر و نووسەرانەی پەنایان بۆ خۆکوشتن بردووە ، ئەو کەسانە بوون کە دەرگیری نەخۆشی خەمکی ببوون و ئەوکەسە ( ڕەشبینانە )بوون کە هیچ باوەڕ و ئومێدێکیان بە ژیان نەمابوو ، حەز دەکەم دواقسەم لەمبارەوە ئەوە بێت کە / ڕاستە من لە هەندێک لە شیعرەکانم نائومێدی یان نائومێدییەکی گەورەشم بەرجەستە کردووە بەڵام / بۆ یەک چرکەش لە ژیانم ڕەشبین نەبووم .
  • شیعر و ( نامۆبوون )
    نامۆبوون چەمکێکی فرەمانا و فرە ڕەهەندە ، چ لەلای خەڵکی ئاسایی و چ لەلای نووسەر و بیرمەند و فەیلەسوفەکانەوە ، مانا و خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆکراوە ، ئێمە لەو کورتە نووسینەمان هەوڵدەدەین هەندێک لە خوێندنەوە و مانا جیاوازەکان بخەینە ڕوو ، وە هەروەها هەڵوێستە لەسەر ئەو خوێندنەوەیە بکەین کە / پەیوەندی بە شیعر و داهێنانەوە هەیە
    _ نامۆبوون لەلای ( هیگل ) / پەیوەندی بە ( دابڕان )ەوە هەیە ، یان هەر بەمانای ( دابڕان ) دێت ، وەکچۆن لە کاتی لەدایکبوون منداڵ لە دایک دادەبڕێ و دێتە نێو ڕووبەرو دنیایەکی نوێوە و تووشی حاڵەتی نامۆبوون دەبێت ، هەروەک لە کتێبی ( بوون و داهێنان )ی د. محەمەد کەمال دا هاتووە / لەلای هیگل پڕۆسەی داهێنانیش بە نامۆبوون دادەنرێت چونکە ، لە ڕێگەی داهێنانەوە
    بیرۆکەکان لە نووسەرەکان دادەبڕێن

_ نامۆبوون لەلای ( مارکس ) / پەیوەندی بەکاڵا و بەرهەمهێناوە هەیە / بەمانای کاتێک ( کرێکاران ) کاڵاکان بەرهەمدەهێنن و خۆشیان لێی بێبەشدەبن ، خێروبێری ئەوکاڵاو بەرهەمانەش دەچێتە گیرفانی سەرمایەدار و خاوەن کارەکانەوە ، لێرەدا کرێکاران بەرامبەر ئەو کاڵا و تەنانەت ئەو دنیایەش کە بەرهەمی دەست خۆیانە نامۆدەبن ، هەر لەسەر ئەو بنەمایە مارکس ڕەخنەی لە هیگل هەبوو کە داهێنانی بە پڕۆسەیەکی نامۆبوون دادەنا ، مارکس پێی وابوو ئەو جۆرە دابرانە نامۆبوون بەرهەم ناهێنن ، بەلای مارکس ئەوکاتە داهێنان نامۆبوونی لێدەکەوتەوە کاتێک بیرۆکەکان لە نووسەرەکان دادەبڕێن و لەلایەن کەسانیترەوە داگیربکرێن و خاوەنەکانی پێ بچەوسێننەوە ، وەک ئەو پەیوەندییەی لە نێوان ( کرێکاران و بەرهەمهێنانی کاڵاکان )

_ نامۆبوون لای ( مارتن هایدگەر ) / مرۆڤی دەستەمۆ کاتێک دەکەوێتە ژێرکاریگەرییە دەرەکییەکان واتە هێزە دەرەکییەکان ئاراستەی جووڵەکانییان کۆنتڕۆل دەکەن ئەوکەسانە کەسانی نامۆن . چونکە هەمووشتێکن بەس خۆیان نین . وە خاوەن بوونێکی دەستەمۆ و ناڕەسەنن . ناتوانن تەعبیر لە خواست و ئارەزووەکانی خۆیان بکەن . ئێمە لە پەیوەند بە شیعر و داهێنان هەڵوێستە لەسەر ئەو ڕایەی ( هایدگەر ) دەکەین و دەیکەینە سەرچاوەو بنەمای بیرکردنەوەکانمانە . هەروەک لە کتێبی ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) پێداگریمان لەسەر ئەم خوێندنەوەیەی هایدگەر کردبوو لە وتاری ( بوون و ئەدەب ) ، لە پەیوەند بە بوون و ئازادی نووسەرەرەوە . چونکە خودی داهێنان ( بە پێشمەرجی ئەنتۆلۆجی بوونی مرۆڤ ) دادەنرێت ، ( داهێنان و نامۆبوون )یش لەگەڵ یەکتریدا پەیوەندییەکی ناکۆکییان هەیە ، بۆیە کەسێکی نامۆ بە داهێنەر دانانرێت چونکە ( ناتوانێت خۆی بڕیار لەسەر پڕۆژەکانی بوونی خۆی بدات …! ) ، هەموو بڕیار و پڕۆژەکانی لەژێر کاریگەری دەسەڵات و هێزە دەرەکییەکان دەبێت ، بۆیە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە کەسی داهێنەر نامۆنییە و یان کەسی نامۆ ناتوانێ داهێنان بکات …!

تێبینی / بۆ نووسینی ئەم کورتە وتارەمان سوودمان لە کتێبی ( بوون و داهێنان ) ی د محەمەد کەمال وەرگرتووە .

                            _ درێژەی هەیە 



نامەیەک بۆ هاوڕێی شاعیرم ( سەباح ڕەنجدەر ) … ناڵە حەسەن

سڵاو هاورێی ئازیز بە هیوام ئاسوودە و تەندروست بیت .
بەسەلیقەیەکی پڕ هەستەوە زێتر لەجارێک ، قەسیدەی ( تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین ) م خوێندەوە ، چێژی زۆری پێبەخشیم ، بە بڕوای من یەکێکە لە قەسیدە نایابەکانی تۆ ، دەقەکە زێتر فۆرمێکی درامی هەیە ، دەقێکی درێژ لەنێویدا کۆمەڵێک دەقیتری جودای لەخۆ گرتبێت ، وەک ئەوەی ڕۆمانێک چەند کاراکتەرێکی سەرەکی هەبێت و هەریەک لەو کاراکتەرانەش بە کۆمەڵێک ڕووداو دەورەدرابن .. لەم شێوە دەق و فۆرمانەدا کە زمان بە چڕی ئیشی لەسەر کرابێ و وشە و ڕستەکان لە پەیوەندییەکی توندوتۆڵدا بن ، کردنەوەی کۆد و هێماکان بۆ بەرجەستەبوونی خوێندنەوەیەک و دیاریکردنی ناوەڕۆکێک ڕەنگە کارێکی سانا نەبێت ، من نامەوێت لێرەدا باس لە پەیوەندی فۆرم و ناوەڕۆک بکەم بەڵام ، هەر ئەوەندە دەڵێم / لە هەموو دەقێکی شیعری ( ناوەڕۆک ) بوونێکی نادیاری هەیە ، لەڕێگای خوێندنەوە ئەو بوونە دەردەکەوێت ، دەرکەوتنەکانیش لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکیتر دەگۆڕێت ، لە دەقی ( تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین ) خوێنەر لە ڕێگەی هەندێک لە وشە و ڕستە و دەستەواژە شیعرییەکانەوە ، دوای ڕامان و قووڵبوونەوە دەتوانێ بڕێک لە کۆد و هێماکان بکاتەوە و ( ڕەنگە ) بە ناوەڕۆک و خویندنەوەیەک بگات . من بەشبەحاڵی خۆم / لەم دەقەدا زۆرێک لە ڕستە و دەستەواژەی شیعری جوانم خوێندەوە ، کە هەم چێژبەخش بوون هەم وەک و میتافۆر و هێما و وێنەی شیعری لە پشتیانەوە هەڵگری کۆمەڵێک گوتن و کێشمەکێش بوون ، بە تایبەت کێشمەکێشی نێوان ( ژیان و مردن ) . من لێرەدا ( هەندێک ) لەم ڕستە و دەستەواژە شیعرییانە دەنووسمەوە دواتر هێندەی بۆم بکرێت قسەیان لەسەر دەکەم .
_ لە شیعری ( ڕوخسار و شوێن )
دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی
هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما
گەڕاینەوە بەرسێبەری درەختی گۆڕستانەکان
_ مرۆڤ شاراوەو نهێنی درۆی ژیرە
نانی کردە تاشەبەرد
_ گۆڕیان بەتاڵکردین و ئێسکیان کردە قۆپچە
_ لە شیعری ( جێناوەکان ) :-
با بگەڕێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو
با بگەڕێینەوە دواوە باران خوێواوی لێدەچۆڕێ و
دەیکاتە هەڵم و دەبێتە تانەی چاوە
لە شیعری ( گەشەی ڕەنگ )
_ شۆڕش شەپڕە لێی داوە
ناتوانێ مەلە بکا
_ دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا
هەڵخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک
_ لە شیعری ( ئاوازی چاوپێکەوتن )
سەرزەمین تەواو ماندووە
پێویستی بە چاوپێکەوتنی دەنووک و باڵە
_ لە شیعری ( بلیتی ژمارە بیست و هەشت )
هەناسە سواریت باڵندەیەکی هێڵکە شکاوی هەڵکورماوە
گوتم لە شاری شیعر دەژیم و هەناسەم نەرم و خۆشە
بە ئارەزووی خۆم لە بەهەشت ناچمە دەرە
_ لە شیعری ( بێڕەنگ )
ئەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بوو
بێڕەنگ هەموو رەنگەکانی دابووە دنیا
_ لە شیعری ( کاتی تایبەتی ڕووبار )
کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن
بیخەینە گەنجینەی منداڵێک …!
زۆرنین ئەو دەقانەی کە / بەچەند دێرێکی شیعری دەتوانن تەعبیر لە تراژیدیایەکی گەورە یان ژیانێکی پڕ لە ئازار و مەرگەسات بکەن .. یان ڕەسمکردنی ئەو زەمەنەی مرۆڤەکان لەنێو شەوەزەنگێکی تاریک و لە گۆڕستانێکی گەورەدا هەناسە دەدەن . یان هەموو خەونە گەورەکان دەبن بە تۆزوغوباری دەم ڕەشەبا …! شاعیر لەو دەقەدا ڕۆحێکی تووڕە و ماندووە ، بێزار لە هەلومەرجێک کە دەتوانین بە بە هەلومەرجی مردنی خەونە جوانەکان ناوی ببەین ، ڕۆژگارێکە کە دیکتاتۆر خاوەن هەموو دەسەڵات و هێزێکی گەورە و ڕەهایە ، لەڕیگەی ئەم هێزەی دیکتاتۆرەوە هەموو پەیوەندییەکان و یاسا و ڕێساکان ناڕێک و ناتەندروست دەبن و جووڵە و ئاراستەکانی ژیان دەشێوێندرێ …! ، کە هیچ بەهاو حوڕمەتێک بۆ ئەویتر و مرۆڤ و بەها مرۆییەکان نامینێتەوە ، نیشتیمان دەبێتە گۆڕستانێکی گەورە ، شاعیر لە شیعری ( ڕوخسار و شوێن ) دا ، وێنەی ئەم نەهامەتیانەمان لە وێنەیەکی شیعری جوان و سەرکەوتوودا بۆ دەکێشێ و دەڵێ ، ( دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی / هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما / گەڕاینەوە بەرسێبەری درەختی گۆڕستانەکان ) ، دیکتاتۆر بێرەحمانە بەسەر خوانەکان دەپژمێ و دەڕشێتەوە ، خوانەکان پیس و ژەهراوی دەکات ، دواتر هیچ نیشانەیەکی خواردن نامێنێ و سفرەکان بەتاڵ و خاڵی دەبن ، مرۆڤەکانیش بە سکی برسییەوە لەبەر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان ڕۆژەکانی تەمەنییان دەژمێرن ، چونکە نان بۆتە ( تاشە بەردێکی گەورە …! ) . شاعیر لە دێرێکی تردا وێنەیەکی گەورەترمان بۆ دەکێشێ و دەڵێ ، ( گۆڕیان بە تاڵ کردین و ئێسکیان کردە قۆپچە .. ) ، ئەمە دێرە شیعرێکی تا بڵێی جوان و شیعرییە ، پڕ لە جووڵە و پڕ لە قسەیە ، واتە دیکتاتۆر لە ڕێگەی ئەو هێز و دەسەڵاتە ڕەهایەی کە هەیەتی ، وەک بازرگانێکی بێڕەحم نەک بەروبوومەکانی سەرزەوی بەڵکو چاوی بڕیوەتە ئەوانەی ژێر زەویش ، ئەوەتا گۆڕەکان بەتاڵ دەکەن و ئێسکەکان دەکەنە قۆپچە ، شاعیر لەم وەزعە ناڕازی و نائارامە ، چونکە لە خەیاڵی ئەو ، گۆرستان شایستە بە مرۆڤ نییە ، لە خەیاڵی ئەو ( پەپوولەکان دەمدەخەنە نێو دەمی یەکتری و کەمانجەژەنەکانیش سەمفۆنیای گوڵ و نان دەژەنن …! ) ، ئەو هەمیشە لە نێو خەیاڵە شیعرییەکانیدا ، خەون بە دنیایەکی جوانتر و باشتر دەبینێ ، لە نێو بیرکردنەوەکانی ئەودا ، مرۆڤ پیرۆزترین بوونەوەرە و شایستە بە هەموو خۆشییەک و سەروەرییەکە . ئەوەتا ڕوون و ئاشکرا لە شیعری ( بێڕەنگ ) دا ، پێمان دەڵێ / ( ئەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بوو / بێرەنگ هەموو ڕەنگەکانی دابووە دنیا ..! ) ، دەکرێت ( بێرەنگ ) هێما بێت بۆ خالقێک بەڵام ، خالقێکی نادیار ، لێرەدا سەروەری و بەهای مرۆڤمان بۆ ڕەسم دەکات ، شاعیر دەخوازێ ئەم ژیانە بگۆڕێت سەرزەمین و بەرسیبەر و ماڵەکان نەبنە گۆڕستان ، ( چونکە لای ئەو سەرزەمین تەواو ماندووە ، پێویستییان بە چاوپێکەوتنی دەنووک و باڵە ) ، ( دەنووک و باڵ ) هێمایە بۆ فڕین ، واتە جێهێشتنی ئەو سەرزەمینەی کە ماندووە و بۆتە گۆڕستانێکی گەورە ، واتە دەخوازێ ژیان بگەڕێتەوە باری ئاسایی و بەها و ڕێز و سەروەری بۆ مرۆڤەکان بگەڕیتەوە ، بەڵام گۆڕان بەچی دەکرێت ؟ ئەوە ئاشکرایە کە / هەموو گۆڕانێک چ ڕۆشنبیری بێت یان سیاسی یا کۆمەڵایەتی بێگومان بە ڕاسان و شۆڕش دەکرێت ، بەڵام هەیهات لێرەدا ( شۆڕش شەپڕە لێی داوە / ناتوانێ مەلە بکات …! ) ، چونکە ( دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا / هەڵخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک …! ) واتە دیکتاتۆر ڕۆنی لەژێر پێی شۆڕشگێرەکان ڕۆکردووە و هەموویان خلیسکاون و کەوتوون ، بەمانای هەموویان / یان ئەوەتا لە خشتەبراون یان ئەوەتا دەستەمۆبوون ، ئێستا لەنێو نائومێدییەکی گەورە و لەنێو ڕووناکییەکی چرووک ڕاکشاون ..! ) ، ئیتر گۆڕان چۆن ڕوودەدات ..!؟ بۆیە شاعیر کە دڵنیا دەبێ لەوەی بەم هەموو کەوتن و نائومێدییە گەورانەوە تروسکایی هیچ گۆرانکارییەک نابیندرێ و بەم زووانە هیچ گۆرانێک ڕوونادات ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ناتوانێ بێدەنگ بێت چونکە ئەو شاعیرە و ( شیعریش فۆرمێکی بێدەنگ نییە …! ) بۆیە دەخوازێ ، ( کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن / بیخەنە گەنجینەی منداڵێک …! ) ، ( گەنجینەی منداڵ ) لێرەدا هێمایە بۆ دەستێکی پاک و ئەمین ، شاعیر دەخوازێ گەنجینەکە بگوازرێتەوە بۆ دەستێکی ئەمین ، تا چیتر مرۆڤەکان سفرەیان خاڵی نەبێت و لەژێر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان ڕانەکشێن ..! بەڵام شاعیر لەوەش نائومێد دەبێت ، واتە بە وەزعێکی ئیفلیج و تا چابڕکات هەر تاریکییی بێ …! بۆیە هەر لەنێو نائومێدییەکانی خۆی دەمێنێتەوە و دەڵێ ( با بگەڕیینەوە دواوە باران خوێواوی لێدەچۆڕێ / دەیکاتە هەڵم و دەبێتە تانەی چاو …! ) ، ئیتر تەواو ، کە باران خوێوای لێچۆڕا ، درەخت و گیا و سەوزاییش دمرن ، وردە وردە مرۆڤەکانیش ، بەمانای / ئیتر ( تەواو دواجار هەموومان لێرەوە دەڕۆین …! ) ، گوتمان شاعیر لەنێو نائومیدییەکی گەورەدایە ، یاخی و بێزار و ماندوو و توورەیە ، بە گومانێکی تۆخ و بە چاوی ڕەخنەوە لە هەموو گۆشەیەک دەڕوانێت ، لەهیچ شوێنێک ئارام ناگرێ و ناحەسێتەوە ، لەگەڵ ئەوەی هەموو یاساکان و هەموو دۆخەکان ناڕێک و شێوێندراون ، ژیان هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە ، شاعیر لەم گۆڕستان و لەم ژیانە مەرگەساتییە تەنها شوێنێک شک دەبات کە بتوانێ تیایدا هەناسە بدات و ئارام بێتەوە ئەویش ( شاری شیعرە ( وەک ماڵێکی ئارام ) ..! ) ئەوەتا خۆی لە شیعری ( بلیتی ژمارە بیست و هەشت ) دا دەڵێ ، ( گوتم / لە شاری شیعر دەژیم و هەناسەم نەرم و خۆشە / ئەها شیعرم لێدیارە و وەک کاتژمێری چوونە ژوان ڕێکی خستووم ،،! ) ، ئەو دەڵێ ( شاری شیعر ) بەڵام شاریش هەر شوێنی ژیانە بۆیە من دەڵێم ماڵ ، واتە لەنێو ئەم هەموو نەهامەتی و نائومێدییە گەورانەدا شیعر تاکە هیوایە کە بۆی دەژی و لەنێو ئەم هەموو ناڕێکیانەدا / ( ماڵی شیعر ) ژیانێکی ئارامی پێبەخشیوە وەک کاتژمێر جەستە و دەروونی ڕێکخستووە . هەر ئەوەندەش نا ، دەڵێ ( بە ئارەزووی خۆم لە بەهەشت ناچمە دەرەوە …! ) ، ئەو شاعیرێکی نوێخواز و داهێنەرە ، لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێنان شوناسی شاعیربوونی بەدەستهێناوە ، ئیتر کەسە داهێنەرەکانیش دەبن بە موڵکی مێژوو و مرۆڤایەتی بۆتاهەتا لەنێو ئەبەدییەتدا دەمێننەوە ، لێرە بەهەشت هێمایە بۆ مانەوە لەنێو ئەبەدییەتدا ..!
تا ئێرە بەشی یەکەمی نامەکەم بوو / لە بەشی دووەمدا ، دەمەوێت لە دەرگای بابەتێکی گرینگ بدەم ئەویش لە ڕێگەی دێرە شیعرێکی نێو ئەم دەقە ، لە شیعری ( جێناوەکان ) دا دەڵێت ، ( با بگەڕێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو ..! ) ، لەم دێرە شیعرەدا جوانییەکی بێوێنە بەرهەم هاتووە لە هەمان کات ، بارگاوییە بە خەیاڵی زانستی و فەلسەفی ، لە سەرەتا ئەو پرسیارە لەلای خوێنەر دروست دەبێ / بۆ هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو …؟! لەنێو قووڵایی بیرکردنەوەدا ڕاستەوخۆ بیرمان بۆلای ( نیوتن و هاوکێشەی کێشی زەوی ) دەچێت ، دواتر تێکەڵ بە ململانێی نێوان هێزەکانی مردن و ژیان دەبینەوە .. لەم وێنەیەدا / دیکتاتۆر زەوی کردۆتە گۆڕستانێکی گەورە ، زەوی هێمایە بۆ مردن ، ئاسمان لە سەرووی سێوەکەوە ، ڕووناکی و خۆرەتاو و ئەستێرەکان و بەپێی بیرکردنەوە ئایینەکان خوداوەندەکانیش لەوێن ، خوداوەندیش خاوەن هەموو دەسەڵات و هێزێکە ، ئاسمان هێمایە بۆ ژیان ، لەنێوان ململانێی ( هێزی زەوی و هێزی ئاسمان ) سێوەکە ململانێ و ئەنجامەکان یەکلایی دەکاتەوە ، دەکرێ سێوەکەش هێما بێت بۆ ( مرۆڤەکان و نیشتیمان و هەموو شتە جوانەکان ..! ) ، دواجار / سێوەکە دەکەوێت ..! ، هێزی مردن واتە ( هێزی زەوی ) زاڵ دەبێت بەسەر ( هێزی ئاسمان ) واتە هێزی ژیان ، بێگومان لەباروزروفێکی وا کە / شۆڕش شەپڕە لێی دابێ و شۆڕشگێڕەکان هەڵبخلیسکێن و بکەون ، هەروەها چاویان پڕبێر لە ڕووناکییەکی چرووک ، تروسکایی هیچ گۆڕانکاریەک نەبیندرێ و مرۆڤەکان بە سفرەی خالییەوە لە ژێر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان پاڵکەوتبن بێگومان جووڵەکان بە ئاراستەی مردن دەڕۆن …! بۆیە شاعیر لەنێو ئەو نائومێدیە گەورەیەدا دەڵێت ( تەواو بۆدواجار لێرەوە دەڕۆین …! ) ، ئەم دێرە شیعرە ڕەهەند و ماناکانی ، بۆ من جگە لە ئیستاتیکا و چێژ گرینگی و مانایەکی گەورەتری هەبوو ، من مانیفێستێکم نووسیوە کە لە ( سێ بەش ) پێکهاتووە ، گۆشە نیگا و تێڕوانین و بیرکردنەوەکانی ئەزموونی خۆمم بۆ شیعر لەم مانیسفێستە چڕ کردۆتەوە ، کە بەشی یەکەمی بە ناوی ( شیعر فۆڕمێکی بێدەنگ نییە ) ، ( بەشی دووەم / شیعر عەشقێکی گەورەیە ..! ) لەم بەشەدا واتە لە بەشی دووەم دەڵێم / ( شیعر ئەو عەشقەیە / پڕاوپڕە لە خەون و ئومێد و جووڵە ، فۆرمێکی پڕ لە قسەیە و هاوتەریبە لەگەڵ ژیان و بەها مرۆییەکان ، شاعیر بیرمەند نییە بەڵام ، لە ڕێگەی بیرکردنەوەکانی دەتوانێ پرسیاری بیرمەندانە بەرهەمبهێنێ ، شاعیر فەیلەسوف نییە بەڵام لەریگەی پاشخانە مەعریفییەکەیەوە دەتوانێ پرسیاری فەلسەفی بوروژێنێ ، شاعیر گەریدەیەکی جوانناسە بۆ دۆزینەوەی جوانییەکان هەموو گەردوون لەبەردەمی دایە ، ئاسمان و کیشوەرەکان و ئۆقیانووسەکان و تەنانەت وردە ئەستێرە دوور دوورەکانیش ، دواجار / شیعر عەشقێکی گەورەیە ، ئەشقیش میلۆدییە بەردەوامەکەی ژیانە و ژیانیش دەقێکی شیعری ناوازەی پڕ لە جوانی و چێژە …! ) . ئەم دەقە ئەوەی پێشانداین کە شیعر ( فۆرمێکی بێدەنگ نییە ) و شاعیر دەتوانێ دەنگ و هاوارەکانی خۆی بەسەر هەموو ئەو هێز و هۆکارانە بەرز بکاتەوە کە ، دەیانەوێت ژیان ناشیرین بکەن و خەونە جوانەکانی مرۆڤ لەبارببەن ، هەروەها شیعر لەتوانایدا هەیە ، بارگاوی بێت بە خەیاڵی زانستی و فەلسەفی و لەنێو مەعریفەیەکی فرەڕەهەند ئیش بکات ، دواجار پرسیاری زانستی و فەلسەفیش بوڕوژێنێ ، بۆیە دڵخۆش بووم بە خوێندنەوەی ئەم دەقە بۆ من وەک ئەوە وابوو بە قەڵەمی جوانی نووسرابێتەوە ،
ئیتر هاورێ گیان / دووبارە هیوای خۆشبەختی و بەختەوەریت بۆ دەخوازم ، بە ئومێدم لەنیو ڕووبەری شیعر و رووبەری داهێنان ، قەڵەمەکەت هەر بە بڕشت بێ و سڵاو لە شیعر …!

 ناڵە حەسەن / کەنەدا 
    ١٢/ /٩ ٢٠٢٠ 

تێبینی / قەسیدەی ( تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین ) لە دە شیعریتر پێکهاتووە بەم ناوانە ( ڕوخسار و شوێن / جێناوەکان / ڕێگاکانی دەوروبەر / گەشەی ڕەنگ / ئاوازی چاوپێکەوتن / بلیتی ژمارە بیست و هەشت / ئەمڕۆ گۆرانییەک دەگوترێ / بێڕەنگ / کاتی تایبەتی ڕووبار / ستایشێک بۆ جوودی ) .




تۆ بووی بە قەدەری من … ناڵە حەسەن

لەو ڕۆژەوەی وێنەی تۆم
لەسەر دیواری دڵم هەڵکۆڵیوە
چاوەکانم پڕبوون لە ڕووناکی و
هەناسە و هەستەکانیشم پڕ لە ئارامی
لەسەر سێبەری خۆشم
بە پێنووسێکی پرتەقاڵی
وردە شیعرێکی وام بۆ نووسیوی
هەموو بەیانییان کە خۆر هەڵدێ
وشەکانی گەش گەش دەبریسکێنەوە
ڕێبوارە ڕەوەندییەکان و
کچۆڵە کۆچەرییەکان و
هەوێردە هێمنەکان و
درەختە دڵخۆشەوکان و
سنەوبەرە سەرمەدییەکان و
باڵندە بێلانەکان و
ئەستێرە ئاوییەکانیش
هەموو هەموو / دەیخوێننەوە
هەرخۆم نا
ئێستا / شیعرەکانم و بوونەوەرەکان و
هەموو سروشت تۆیان خۆشدەوێ
تۆ بووی بە کتێبێکی ئاسمانی
نێو ئەفسانەکانی عەشق
پڕاوپڕی لە ئایەتەکانی ئیرۆسی
هەموو بەتۆ ئاشنان و بۆت دەچەمێنەوە
بۆیە لە جیاتی من
هاوینان / با
زستانان / هەور
پاییزان / گەڵا
بەهاران / باخچە
شەوانانیش / مانگ قسەت لەگەڵدا دەکا
تۆش وەک تەونێک
خانە خانە و
دەمار بە دەماری عاتیفەمت داپۆشیوە
وەک لاولاوەیەکی ڕەنگ لێمۆییش
لە سەرتاپای جەستەم ئاڵاوی
ئیدی / تازە تۆ بووی بە قەدەری من
بووی /
بە خاڵخاڵۆکەیەکی خرپنی نێو خەیاڵ و خەونەکانم
بۆ هەرکوێیەک دەڕۆی بڕۆ
لە هەر بنارێک
بارگە و ڕەشماڵی خۆت هەڵدەدەی
تا ئەوپەڕی سنوورەکانی ئازادی / ئازاد بە
من ئەوەی دەمویست پێی گەیشتم
نەک لە مەوداکانی دووری
تەنانەت / لە مەرگ و مردنی خۆشم ناترسم …!

                                             سیپتەمبەری / ٢٠٢٠



شەڕابێک لە رەنگی خۆرەتاو … ناڵە حەسەن

ئەم شەڕابە چیتر مەستمان ناکات
نامانگەڕێنێتەوە نێو
بنار هەوارگە سەوداسەریەکانی سەوزایی
یان / کۆڵانەکانی ئاگر
شەقامەکانی بروسکە
پێدەشتەکانی رەشەبا
من ئارەزووی شەڕابێکی تر دەکەم
بۆنی ڕەیحانەی لێ بێت و
شین شین / وەک گۆنا خرپنەکانی خودا
زەرد زەرد / وەک سیما فریشتەییەکانی مانگ
شەرابێک لە رەنگی خۆرەتا و
سوور سوور / وەک مەمکەکانی هەنار
شەڕابێک لە نێو ڕووبەری ونبوون
دڵفرازم بکا
تۆز و غوباری غەریبیم لێ دا تەکێنێ و
دڵ پڕ لەڕازم بکا

شەڕابێک
سەوز سەوز / وەک پەیکەرە ڕەنگینەکەی گیا
شەڕابێک بە نێو
بەهەشت و ئۆقیانوسەکان و
کەلاوەکانی شەونم و
مەملەکەتی ئەستێران دا بمگێڕێ
شەڕابێک
پشکۆی ئارەزووەکانم گەش بکاتەوە و
ئاشتم بکاتەوە لەگەڵ کچە دراوسێکانم
من چیتر
ئەم شەڕابە ناخۆمەوە
ئارەزووی شەڕابێکی تر دەکەم
شەڕابێک
ماڵە تاریکەکانی تەنیاییم
پڕ بکات لە نوور و
باڵندە و
مرۆڤە نامورادەکانیش بە سەما بهێنێ …!

شەڕابێک
شیرین شیرین
وەک لیکی نێو دەمی
حۆری و
فریشتە و
شاژنە باڵا زڕاڤەکانی بەهەشت
شەڕابێک هێندە مەستم بکات
مەست مەست مەست
هێندە مەست
دەمارەکانی عاتیفە و
بوخچەی ئارەزووە ئیرۆسییەکانم
بخاتە سەر پشکۆکانی ئاگر
هێندە مەست
پڕمکا لە شیلەی شادومانی
بۆ جێژووانی
دڵبەرە بریندارەکەی غوربەتم
کەپرێک لە وشە ڕۆمانسییە چاو بە فرمێسکەکان
دروست بکەم و
ئۆقیانووسێک لە شیعریش
بڕژێنمە نێو کێڵکە تێنووەکانی ژیان …!

                                                          ئایاری ٢٠١٤



کتێب: لە دەرەوەی ژیان دەژیم … نووسەر: ناڵە حەسەن

بابەت: شیعر
دیزاینى بەرگ و ناوەرۆک: شۆڕش غەفووری
چاپ: یەکەم
شێوازى چاپ: ئەلیکترۆنى
ساڵى بڵاوکردنەوە: ٢٠٢٠ى زایینى

بۆخويندنەوەی ئەم کتيبە کلیکی ئێرە بکەن ….




قەسیدەی ( ماسکەکەت فڕێدە ئەی شۆخ ) … ناڵە حەسەن

              

ماسکەکەت فڕێدە ئەی شۆخ
با ڕووناکی چاوەکانت
تێکەڵ بە شەوەکانی عومرم بێ
با خۆرەتاوی خەمەکانت
بڕژێتە نێو خۆرئاوابوونەکانی خەیاڵم
با جوانیەکانی ڕوخسارت
تێکەڵ بە سروشتی هەناسەم بێت
با شەونمی سەر پەڕەی لێوەکانت
نیشتیمانی نێو خەونەکانم تەڕ بکات

ماسکەکەت فڕێدە ئەی شۆخ
من دەمەوێ حەقیقەتی ڕوخسارت ببینم
ڕووت ڕووت وەکو با
ڕووت ڕووت وەکو بەفر
ڕووت ڕووت وەکو ئاو
هەر بەم باڵا ڕووتە ڕێواسییەوە
لەنێو منداڵدانی عەشقەوە
وەرە نێو ماڵە ڕەنگینەکەی شیعر
هەر بەم ئەدگارە ڕووتە ئاتەشیەوە
لە نێو منداڵدانی شیعرەوە
وەرە نێو ماڵە ڕەنگینەکەی ژیان
ماسکەکەت فڕێدە ئەی شۆخ
وەک کچە کۆچەریەکانی نێو نیشتیمانی خەون
سادە و ساکار
لە نێو گەرمیانی ئارەزوومەوە
وەرە نێو کوێستانی ڕۆحم
لە نێو پەرستگەکانی دڵی من
ڕووت ڕووت بەرەوە /
ڕووت ڕووت وەکو عەشق
ڕووت ڕووت وەکو شیعر
ڕووت ڕووت وەکو ژیان

چیت لێبشارمەوە ئەی شۆخ ..؟!
من ماڵم لە هیچ شوێنێک نەبوو
هیچ شوێنێک ماڵی منی لێ نەبوو
نیشتیمانی من لە هیچ کیشوەرێک نەبوو
هیچ کیشوەرێک نیشتیمانی منی لێ نەبوو
ئێستا /
من نیشتیمانم بە کۆڵ خۆم داداوە
لە نێو کیشوەرەکانی باران
لە ژێر ڕەشماڵێکی ڕەش ڕەش
ڕەش ڕەش وەکو بەفر
لەنێو خەیاڵێکی سپی سپی
سپی سپی وەکو سێبەر
لە چاوەڕوانیت دام
لێرە / سروشت و خواو
هەموو زیندەوەرەکان
لە چاوەڕوانیت دان
تۆش ماسکەکەت فڕێدە و وەرە ..!

کە هاتی
ئەو دەفتەرەی
یادەوەریەکانی خۆمم تیا نووسیبوو
لەگەڵ خۆت دا بۆم بهێنە
بیرت نەچێت
تۆش هەموو شتێکم بۆ بنووسە
ئەو ڕۆژەی کە گوتت
من لە پەنجەرەکانی مردنەوە دەڕوانم
یان کە گوتت
من لەنێو مردنەوە خەون دەبینم
یان کە گوتت
ژیان تەنها ئەو وەرزانەی خۆش بوو
کە عاشق بووم
تکایە ئەی شۆخ
هەموو شتێکم بۆ بنووسە ، هەموو شتێک
باسی ئەو
شەوە سوور سوورە سەوداسەریەشم بۆ بکە
کە مەست مەست
باسی مردن و ماسکت بۆ دەکردم
مەست مەست وەکو مۆم
لە نێو میلۆدیەکانی مردن دەتوایەوە
مەست مەست
باسی وەرزە وەنەوشەییەکانی کچێنی خۆتت
بۆم دەکرد
مەست مەست باسی ئەو ئێوارە ئەرخەوانیەی
کە لە ژیان یاخی بوویت
خۆتدایە دەست گەردەلوولی مەملەکەتی مردن
ئەی شۆخ
من لەنێو نیشتیمانی باران
لە ژێر ڕەشماڵێکی ڕەش
ڕەش ڕەش
وەک بەیانیە کازێوەییەکانی عەشق
لەنێو خەیاڵێکی شین
شین شین
وەک ئێوارە لێو بە خەندەکانی شیعر
لە چاوەڕوانیت دام
تۆش / تەنها ماسکەکەت فڕێدە و وەرە
ئەی شۆخ
بیرت نەچێت / بەر لەوەی بێیت
باسی هەڵوەرینی ئەو گەڵایانەم بۆ بکە
کە لە وەرزە بێ مەیلەکان دەتۆرێن
باسی ئەو شەقامانەم بۆ بکە
کە چیتر دڵیان بە پیاسەی عاشقەکان ناکرێتەوە
باسی ئەو ڕووبارانەم بۆ بکە
کە لە شەوە خامۆشەکاندا گۆرانی بۆ هەور ناڵێن
باسی بێهوودەیی عەشقم بۆ بکە لە نێو مردنی ژیاندا
باسی ڕەشبوونی سێوەکانم بۆ بکە
لە نێو عەبەسیەتی سەوزایی درەختەکاندا
باسی تەڵخبوونی ئاوێنەکانم بۆ بکە
لە سەردەمی خۆکوشتنی کات دا
باسی بە خۆڵەمێشبوونی کتێبە پیرۆزەکانم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی سەربازێکی تێکشکاوی سەردەمی جەنگەکاندا

ئەی شۆخ بیرت نەچێت
باسی ڕووتبوونەوەی بەهارم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی پاییزدا
باسی ڕووتبوونەوەی پەپوولەم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی گوڵە سپیەکان دا
باسی ڕووتبوونەوەی خۆرەتاوم بۆ بکە
لەنێو خەیاڵی کازیوەدا
باسی ڕووتبوونەوەی ئەستێرەکانم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی ئاسمان دا
باسی ڕووتبوونەوەی تریفەم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی تاڤگەکاندا
باسی ڕووتبوونەوەی خاکم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی نیشتیماندا

ئەی شۆخ
کە هاتی /
من لە نێو دڵۆپە بارانێک
ڕووت ڕووت
لەژێر ڕەشماڵێکی پەمەییدا
ڕووت ڕووت
لە نێو خەیاڵێکی نازنجی دا
لە چاوەڕوانیت دام
کە هاتی / بیرت نە چێت
هەموو شتێکم بۆ باس بکە ، هەموو شتێک
تۆش / دە بەڕێکەوە دەی
تەنها / ماسکەکەت فڕێدە و وەرە

ئەی شۆخ
لە نێو کیشوەری باراندا
پێویستیت بە ماسک نیە
لێرە پێویستیت بە پەنجەرە نیە بۆ ڕوانین
لێرە هەموو شتەکان ڕووتن وەکو ئاو
لێرە هەموو شتەکان دەبریسکێنەوە
وەک تراویلکە هەنارییەکانی ئێواران
لێرە نیشتیمانمان وەک بەرماڵێک
لەژێر ڕەشماڵێک ڕاخستووە
نوێژە عەشقی لەسەر دەکەین
لێرە هەموو زیندەوەرەکان عاشقن
لێرە ژیان بە مانای عەشق
لێرە عەشقیش بە مانای ژیان
ئەی شۆخ من لێرانە
لەژێر ڕەشماڵێکی سوور سوور
لە سەر بەرماڵەکەی نیشتیمان
لە چاوەڕوانیت دام
لێرە سروشت و خوا و
هەموو زیندەوەرەکان / لە چاوەڕوانیت دان
تۆش تەنها ماسکەکەت فڕێدە و وەرە …!

                                                          سەرەتای ئەیلولی ٢٠١٠



بەشی نۆزدەیەم لە قەسیدەی ( دەقی تەمەن ) … ناڵە حەسەن

١ کاتێک بە پێخاوسی
بە ڕێگایەکدا دەڕۆیت و بەردەمیشت
بە وردە شووشە داپۆشراوە
لە چاوەڕوانی ئەوەدا مەبە
کەسێک بێت و شووشەکانت بۆ ڕاماڵێ
چونکە ئەویش پێشوەختە
ڕێگاکەی بەردەمی بزمارڕێژ کراوە
چاوەکانت دامەخە
دوور بڕوانە دوور
هێشتا کات ماوە بۆ خەون بینین

٢
شیعر فێری کردم و
هێزی ئەوەی پێبەخشیم
لەنێو نووسینەکانم خۆم بم و
ڕێگە بە هیچ هێزێکی دەرەکی نەدەم
بوونم داگیر بکات
بۆیە منیش دواجار گوتم
( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت )
بەڵام داخەکەم
دوای سی ساڵ لە شیعر نووسین و بیرکردنەوە
هێشتا / نەمتوانیوە وەک پێویست
خۆم بناسم و
بە وردی خۆم بخوێنمەوە

٣
لەنێو خەمەکانی دایک و باوکم
کتێبەکانی مرۆڤبوونم خوێندەوە
لەنێو خەونەکانی خۆشم
سروودە خوێناوییەکانی نیشتیمان

٤
منداڵی من
کۆلارەیەکی پەڕ ڕەنگین بوو
لە دارتەلی
گەڕەکێکی هەژارنشین گیربووە و
لێنابێتەوە
لە وەرزەکانی قاتوقڕی و گرانیدا
دەبێ بە کولێرەویەک و
منداڵە برسییەکان ژیر دەکاتەوە
لە شەوە درێژەکانی پایزانیش
وەک حیکایەتخوانێکی بە ئەزموون
بۆ کوڕ و کچانی گەڕەک
چیڕۆکی عەشق و ئازادی / دەگێڕێتەوە …!

٥
من زۆرجاران حەزم لە تەنیاییە
نامەوێت /
لە چاوەڕوانی کەسێکی تر بم
من بەوە ئارام و دڵفراز دەبم
کە هەموو چرکە و ساتەکانی تەمەنم
تەنها و تەنها / بە خۆم ببەخشم …!

٦
تۆ لەنێو
گەڕەکی چڵەنێرگزەکان دەژیت و
منیش لەنێو نیشتیمانی غوربەت
چی تۆی گەیاندە
نێو کیشوەرەکانی دڵی من
ئەی ئاگر و پەنگر / ئەی موسیبەت …!

٧
من / مەرکانەکانی تەنیایی خۆم
پڕ دەکەم لە گوڵ و
دڵە ماندووەکەی تۆش
پڕ لە خۆشەویستی
من / باخچەی شیعرەکانی خۆم
بە پەیکەری عەشق دەڕازێنمەوە
نیگا و چاوەکانی تۆش
بە تیشکە پرشنگییەکانی ڕووناکی
لەگەڵ ئەوەش لێمببوورە
گەر / بۆ تا ئەبەد نەتبینمەوە …!
٨
بیرت دەکەم
زێتر لەوەی
کە تۆ بیری لێدەکەیتەوە
بەرینتر لە ڕووبەرەکانی بیرکردنەوە
بیر بیر بیر بیر بیر
هێندەم بیر لێکردییەوە
تا هەموو
بیرکردنەوەکانی خۆم بیرچوویەوە
ئێستا من لەنێو تۆدام
هاتووم تا لەمەودوا
لەنێو یادەوەری و
لەنێو /
بێستانی بیرکردنەوەکانی تۆ
بۆ هەمیشە بمێنمەوە

٩
هەموو دەرگاکانی ژیانتان
بەڕوو داخستم
منیش ئێستا لە دووری دوورەوە
دوور دوور دوور
دوور لە ئێوە
لەسەر / ئەستێرە ئاورینگییە ئیرۆسییەکەی شیعر
لەژێر / ڕەشماڵێکی ڕەنگینی پڕ لە ڕاز
بەتاقی تەنێ و هەموو شەوێ
مێژووی مردنە ماسۆشییەکانی ئێوە و
چرۆی چیرۆکە چراخانییەکانی
لەدایکبوونی خۆم / دەنووسمەوە …!

١٠
تۆ پەیکەرێکی لە نوور
چاوەکان و نیگاکانیشت
پڕن لە ڕووناکی
گەر غەریبی
نیشتیمانی لەدایکبوونی خۆت دەکەی
وەرە بە تاو
بە پەیژەی پەراسووەکانم هەڵگەڕێ
تا بتگەینمەوە
نێو کۆڵانەکانی خۆرەتاو

١١
من وام
لەگەڵ ژیان شیعر
لەگەڵ شیعر بەفر
لەگەڵ بەفر ڕووناکی
لەگەڵ ڕووناکی با
لەگەڵ با ئاگر
لەگەڵ ئاگر خەون
لەگەڵ خەون تۆ
لەگەڵ تۆش / عەشق کۆمان دەکاتەوە

١٢
ئەی پەپوولە وردیلەکەی
نێو نیگا زەردباوەکانی مانگ و
نێو / خەون و خەیاڵە خەمڵیوەکانی خودا
تۆ لەنێو چاوەکانی من / وەک هەمیشە
لە هەموو ئۆقیانووسەکانی دونیا بەرینتری
لە هەموو چیا سەرکەشەکانی عەشق بەرزتری
تۆ / بە تەنیا تۆ
لە قەسیدە و شیعرەکانم ناسکتری
لە ترپەکانی دڵم زێتر / لە من نزیکتری

١٣
من ماڵم لەنێو مەمکۆڵەکانی گەردوونە
ئەستێرەکان هاورێمن
لەسەر پشتی شەپۆلەکانیش
سروودەکانی ڕووناکی دەنووسمەوە
خودایەک / لەنێو کتێبە شیعرییەکانم پێی گوتم
مژدەبێ لێت
تۆ بڵێسەی خۆرەتاوێکی ئەبەدیت
مردن ناتوانێ لێت نزیک بیتەوە

١٤
لەوەتەی بەبیرم دێت
لەنێو ئۆقیانووسەکانی ئاگر
ئایەتە ئیرۆسییە ئەوینییەکان / دەنووسمەوە
لەنیو نیگا نەرمەکانی نیشتیمانیش
کتێبێک / لە بارانە بڵێسەییە بریناوییەکان

١٥
تۆ تەمێکی سپیت
لەنێو خەیاڵە تەوراتییەکانی تەمەنی من
تۆ / شیعرێکی شەونماویت
لەنێو شەوە شلێرییەکانی شەونامەی من
بەڵام موخابن ئێستا
من و تۆ / ملوانکەیەکین بە گەردنی مردنەوە
وەکو کەمانجە ئاوییەکانی دەریا
میلۆدییەکی غەمگین بۆ ژیان دەژەنین …!

                                                         نۆڤەمبەری ٢٠١٩



کتێبە شیعری: دەقی تەمەن … ناڵە حەسەن

( کتێبی یەکەم )

بۆخوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




پێنج وردە شیعر بۆ ڕۆژئاوا … ناڵە حەسەن

   ناڵە حەسەن ....
( بۆ ئێمەی کورد ژیان لەنێو مردن دایە )١ 

گەر بۆ ئیسلامییە درۆزنەکان و چاوبرسییەکان
ژیان لەنێو بەهەشت و لەپاڵ حۆرییەکانی خودا دایە
بۆ ڕۆژئاوا و ئەمریکاش
ژیان لەنێو تەکنەلۆژیا و دیموکراسییە درۆینەکەیان دایە
بۆ ئێمەی کوردیش / ژیان لەنێو مردن دایە
بۆیە / نە پاڕانەوە و دوعا و نزا
جگە لە یەکبوون و لە بەرگری و بەرخودان
هیچ شتێکیتر دادمان نادا
هیچ هیچ هیچ هیچ / هیچ شتێکیتر نا …!

( شکۆی کوردبوون )٢/

هەڵۆ و هیوای نیشتیمانن ئێوە
باران و بەهاری ئایندەمانن ئێوە
خۆرەتاوی خەونی ڕزگاربوون
لەنێو چاوەکانتانەوە هەڵدێ
شادەماری ئازادی و شکۆی کوردبوونمانن ئێوە …!

( من ڕۆژئاوام )٣/

من ڕۆژئاوام
هانێ ئەوە دەستم
تاقە ڕێگای مانەوەمان بەس یەکبوونە
گەر ناسیۆنالیستێکی نیشتیمانپەروەری / دەستت بێنە
گەر کۆمۆنیستێکی مرۆڤپەروەری / دەستت بێنە
گەر ئایینزادەیەکی هەقپەروەری / دەستت بێنە
ئەگەر فەلەی یان زەردەشتی یان کاکەیی یان یەزیدی
لە باشوور بی یان لە باکوور یان ڕۆژهەڵات
لە هەر کوێیەکی ئەم دنیایەی / دەستت بێنە
من ڕۆژئاوام
جەستەم پڕ لە برین و
جەرگ و دڵیشم ڕووباری خوێنە
دەستت بێنە
تەنها تاوانم کوردبوونە و هیچیتر …!

( وەهم )٤/

خودا / دۆست / مرۆڤایەتی
چ درۆیەکی شاخدار و
چ وەهمێکی گەورەن
لەنێو زەڵکاوی ئەم ژیانە بێڕەحمەدا …!

٥/ ( هەموو خوداکان فاشیستن )

خوداکانی سەرزەمینیش
وەک خوداکانی ئاسمان
مرۆڤ دەسووتێنن
کەواتە /
هەموو خوداکان فاشیستن …!




عەشق / ترسناکترین وشەی دۆزەخی … ناڵە حەسەن

عەشق / لەنێو سێبەری مردن و
لەنێو بازنە شینەکانی شێتبوون دا
ترسناکترین وشەی دۆزەخی و
بێهوودەترین ڕەنگی لێوەکانی خۆرنشینە
کە / جۆگەلەی ئاگر بەژێر پیتەکانیدا دەڕوات
دارمێوێکە چوار وەرزی ساڵ
هێشوە ترێی تەنیایی دەگڕێ
لە نیوان بۆشایی پیتەکاندا
زیندانێکی گەورە هەیە
لە ناوەڕاستی یەکێک لە ژوورەکانیش
پەتێکی ئەستوور هەڵواسراوە
عەشق / خەونەکانی پڕ کردووم لە فۆبیا
چاوەکانم پڕ لە بەفر و
سییەکانیشم پڕ لە با
عەشق / هاواری شەپۆلەکانە
لەناو بێدەنگی سروشتدا
تاڤگەی زەردەخەنەیە
لە لێواری ڕووباری تووڕەبووندا
جەستە تێکشکاوەکەی وەهمە
لەنێو خەیاڵی جەلادێکی دڵ مردوودا
( ع .. ە .. ش .. ق )
ع / عەنکەبووتێکە یەکبەیەک دەمارەکانی عاتیفە
دەقرتێنێ
ە / ئەستێرەیەکە پڕ لە وردە گەڵای نائومێدی و
پڕ لە کولیکە سوورە و حاجیلۆکە قژ زەردەکانی
خۆکوشتن
ش / شەوێکی تەماوی و تاریکە
وەک شەوە ڕەشەکانی بەر لەدایکبوونی خۆرەتاو
ق / قوڕقوشمێکی ژەهراوییە
بەقوڕگی ژیان دەچێتە خوارەوە
عەشق / ژیان و مردنە لەنێو سەدەفی ڕووناکیدا
مردنی ڕووناکییە لەنێو سەدەفی ژیاندا
ڕووناکی ژیانە لەنێو سەدەفی مردندا
لەگەڵ ئەوەش / سیحراویترین و ئایرۆنیترین
پارادۆکسی ئەم وشەیە
لەوەدایە
گەر عەشق نەبێ
ڕووبارەکان و
درەختەکان و
کاتژمێرەکان / هەموویان دەمرن
شیعریش وەک کچۆڵە نامرادەکان
ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدا
گەر عەشق نەبێ
ئەستێرەکان و
باڵندەکان و
باخچەکان / هەموویان دەمرن
پەپوولەکانیش بێماڵئاوا گوڵەکان لەنێو مەرکانەکاندا
بە تەنیا جێدەهێڵن
گەر عەشق نەبێ
ئاگر و
ئاو و
ئەستێرەکان / هەموویان دەمرن
سپیدەش لە گۆڕستانی نێو دارستانێک دا
لە سەعات بیستوپێنجی مردنی کات
بەدیار مەرگێکی ناکام
هێدی هێدی / بەستە لاوژەییەکانی
دەست پێدەکاتەوە
گەر عەشق نەبێ
ژیان و سروشت و سەوزایی
قەڵەم و شیعر و خەون
دواجار …
ئێمەش / هەموومان بەیەکەوە دەمرین …!

   سیپتەمبەری ٢٠١٩
  ناڵە حەسەن



ماچی لێوەکانی تۆ … ناڵە حەسەن

پەیکەری جەستەی من
پڕاوپڕە لە پێکهاتەی دژبەیەک و ناتەبا
بۆ نموونە /
هەندێکجار کاتێک دەمەوێت بخەوم
چاوەکانم نایانەوێت پێڵووەکانییان لێک بنێن
یان کە دەمەوێت شیعرێک بنووسم
پەنجەکانم قەڵەمەکەم ناگرنە دەست
یان کە دەمەوێت بڕۆم بۆ شوێنێک
قاچەکانم بەدوامدا نایەن
یان زۆرجاران دەبینم
دەستێکم ناکۆکە لەگەڵ دەستەکەی ترم
دەمارەکانی ئارەزووم
هەریەکە و لە ئاوازێک دەخوێنن
ژوورەکانی دڵم
یەکێک ڕووناک ئەویتر تاریک
خوێنم هەردەمە و ڕەنگێکە
هەندێکجار
ڕەنگم زەرد و هەندێکجار شین و مۆر و
یان / سوور سوور هەڵدەگەڕێم
وەک ئەوەی / هەموو ڕەنگەکان و ناکۆکییەکانی
وەرزەکان و سروشت و گەردوون
لە مندا کۆبووبێتەوە
بەڵام ئەوکاتانەی
بیری ماچی لێوەکانی تۆ دەکەم
دەمەوێت بێم و لە قوژبنێکا تۆ ببینم
هەموو دەمارەکانی ئارەزووم و چاوەکانم و
پەنجەکانم و دەست و قاچەکانم
هەموو هەموو …
هەموو پێکڕا ڕیز دەبەستن
بە نیگایەکی گەرم و بە خەندەیەکی شیرینەوە
دەڵێن / دەی با بڕۆین …!

                                                      ئەیلوولی ٢٠١٩



لە سێشەمەی عەشقەوە بۆ پێنجشەمەی مردن … ناڵە حەسەن

( سێشەمەی عەشق )

سێشەمەیەک /
ژیان تیایدا
توێکلە بێتامە تفتەکانی نائومێدی
فڕێدەدات و
وەک پیفۆک سپی سپی دەردەکەوێت
سێشەمەیەک /
شەوەکان بە هەناسە و
بە تیشکە گەش گەشەکانی
نافوورە ( کەسک و سۆرەکان ) دەدرەوشێنەوە
تریفەی مانگیش لە ترۆکی تاوەرەکانەوە
مژدەی بەیانییەکی نوێ
بەیانییەکی
پڕ لە نان و پڕ لە گوڵ
بڵاودەکاتەوە
سێشەمەیەک /
هەموو دوای نیوەڕۆییەک
بەرائەت وەکو باران
دەڕژێتە نیو جۆگەڵەی کۆڵانەکان و
لەگەڵ ( جۆبڕکە) کاندا سەما دەکات
سێشەمەیەک /
هەموو
وەرز و کاتژمێرەکان
سوورەت و سەمفۆنیاکان
داستان و ئەفسانەکان
خەون و خۆرەتاوەکان
ئۆقیانووس و ئاسمانەکان
پڕدەبوون لە جوانییەکانی سێو
سێشەمەیەک /
مرۆڤ و ماسی و میلۆدییەکان
باڵندە و بەفر و بنارەکان
گەردانە و گەوهەر و گوڵەگەنمەکان
ڕووبار و ڕێڕەو و ڕێگاکان
نەسیم و نیشتیمان و نەوڕەسەکان
پڕدەبوون
لە تەرزە زێڕینییەکانی زەردەخە
سێشەمەیەک /
ڕووناکی ڕوون ڕوون
بە ڕوونی ئاوێنە
ئاوێنە ڕوون ڕوون
بە ڕوونی ئاو
ئاو ڕوون ڕوون
بە ڕوونی ڕووبار
ڕووبار ڕوون ڕوون
بە ڕوونی ڕەونەقی ئەستێرەکانەوە
سروشت و زەمەن و شەوەکانییان
دەڕازاندەوە
سێشەمەیەک /
ئاگر
لە پەرستگەی ئاتشگەدا
لە سرووتێکی پڕ لە زیکر و سەفادا
بە ڕێنووسە ڕەنگینەکانی ڕاز
قەسیدە درێژەکان و
ئایەتە ئیرۆسییەکان و
ئەفسانەکانی عەشق دەنووسێتەوە

من لەم سێشەمە سوورە سەرمەدییەدا بوو
کە تۆم ناسی ئەی گوڵەباخ

( پێنج شەمەی مردن )
پێنج شەمەیەک /
ژیان زمانی خۆشەویستی بیردەچێتەوە
خۆی لەنێو تاریکی لوول دەدات و
وەک نوختەیەکی ڕەش دەردەکەوێت
مرۆڤ دەبێتە مشتێ خۆڵەمێشی
نێو کاسەیەکی کریستاڵی
پەپوولە لە گوڵ
باران لە سەوزایی
گەڵا لە با / نامۆ دەبێ
پێنج شەمەیەک /
ڕووناکی لە سپیدە یاخی دەبێت
سپیدەش لە کات
پەنجەکانم لە من یاخی دەبن
منیش لە جەستە و بوونی خۆم
ئاو لە دەریا یاخی دەبێ و
لەنیو تێنوێتی خۆی
بێ جووڵە ڕادەکشێ
خەون دەبێتە تابلۆیەک پڕ لە وەهم
وەهمیش جەستەی پرسیارەکان و
کتێبە مەعریفییەکان دادەپۆشێ
پێنج شەمەیەک /
مانگ و مانگا و مارمیلکەکان
بێستان و ڕەز و چیاکان
وردە ئەستێرە دوور دوورەکان
گردۆڵکە و زورگ و بنارەکان
دارستان و درەخت و دەریاچەکان
هەر هەموویان دەبن بە تۆز و غوبار
لە شەوێکی ڕەش ڕەشی ڕەشەمێیی
ژنەکان و پشیلەکان
دەست و پەنجە بەخوێن
شاگەشکە و سەرگەردان
بە کۆڵانەکان دەسووڕێنەوە
لە مەکتەب و مزگەوت و کلێساکان
هەر کتێبی جەنگەکان دەخوێندرێ
کەمانجە ژەنەکانیش
سەمفۆنیای تاریکی دەژەنن
پێنج شەمەیەک /
لە ئادەمەوە تا حەوا
لە مۆسۆلۆنییەوە تا مارکس
لە هۆڵاکۆوە تا هیتلەر
نابینا و توند توند
توند توند و نابینایانە
بەڕێگاکاندا دەڕۆن
وەک گەردەلوول
بازنە بەدەوری یەکترییەوە دەکێشن
بازنەکانیش تادێت بچووک و بچووکتر دەبنەوە
شوێنپێکان و ڕێگاکانیش ڕەشدەبنەوە
چرا و مۆمەکانیش دەکوژێننەوە
پێنج شەمەیەک /
بەبێدەنگی ژیان بەبەردەمما تێدەپەڕێ
منیش هەر بەبێدەنگییەوە لێی دەڕوانم و هیچیتر
مرۆڤەکان / بەبێدەنگی لەدایکدەبن و دەمرن
عاشقەکان / بە بێدەنگی سەما دەکەن و وندەبن
شەپۆلەکان / بە بێدەنگی بەرەو قووڵاییەکان دەچنەخوارەوە
بێدەنگی / دەبێتە شوناسی
بورکانەکان و ڕەشەباکان و تاڤگەکان
بێدەنگی / دەبێتە تایتلی کتێبەکانی ئاگر
خەونەکانیش وەک خاڵخاڵۆکەیەکی مردوو
فڕێدەدرێنە نێو تەنەکەی خۆڵەکان
لەدوای ئەم هەموو بێدەنگییەش
شاعیرێکی ڕۆژهەڵاتی دێت
هەر بەبێدەنگی و
لەنێو کتێبی بێدەنگیدا
بە پێنووسە شینە خۆڵەمێشییەکان
ئەزموونی خۆی دەنووسێتەوە
پێنج شەمەیەک /
بەهار کراسی پایز لەبەر دەکات و
پایزیش ناخی پڕ دەبێت لە بەفر
کاتژمێرەکان دەوەستن
خۆرەتاو لە دووری دوورەوە
دەبێتە گۆمێکی شەختەبەندی شووشەیی
گەردوون دەچێتەوە ناویەک و گرمۆڵە دەبێتەوە
مرۆڤەکان بە ڕووتی لەبەردەم ئەشکەوتەکان
سەری ڕمەکانییان تیژ دەکەنەوە
ڕەنگی گوڵ / دەبێتە هێمایەک بۆ شێتبوون و
بۆنی سێویش / بۆ خنکان و مردن
پێنجشەمەیەک /
هەموو باڵندەکان لەسەر منارەکانی مردن دەنیشنەوە
ڕۆژ بەدەوری ئەستێرەکانی مردن دەسووڕیتەوە
خوداکان تەنها ئایەتەکانی مردن دەنێرنە خوارەوە
حیکایەتخوانەکانیش چیڕۆکەکانی مردن دەگێڕنەوە
ڕەوەندییەکان لە بنار کێوەکانی مردن ڕەشماڵەکانییان هەڵدەدەن
لە پێنج شەمەی هەموو
سەدەکان و ساڵەکان و مانگەکان و هەفتەکانیش دا
ژیان ئاوس دەبێتەوە بە مردن
مردنیش ئاوس دەبێت بە ئەبەدییەت

تۆش لەم پێنجشەمە پەمەییەی مردندا
بۆ تاهەتا بەجێتهێشتم
ئەی مرۆڤە نامرادەکەم / فریشتە خانم … !

   ئۆگستی ٢٠١٩



ڕۆژژمێری من و تۆ … ناڵە حەسەن

( )

     ١

دەمێک لەنێو مەمکۆلە نەرمەکانی مانگ و
دەمێکیش لەبنار کێوە سەختە سەوزەکانی هەور
دەمێک لە پاڵ تەرمە پڕ برینەکانی نیشتیمان و
دەمێکیش لەنێو ئەشکەوتە شێدارەکانی دۆزەخ
دەمێک لەسەر شۆستە تاریکەکانی تەنیایی
دەمێکیش لەسەر پشتی شەپۆلە شینەکانی دەریا
دەمێک لەنێو ڕۆشنایی چاوە گەشەکانی ئەستێرە
دەمێکیش لەنێو خەیاڵە غەمگینییەکانی غوربەت
گوڵە گیانم /
هەردەڕۆم و ناگەم بەهیچ شوێن
هەر دەڕوانم و نازانم لە کوێم
بەڵام / ئەوە باشدەزانم و دڵنیام
هەموو ڕۆژەکانی تەمەنم
لەنێو گەرەکە هەژارنشینەکانی
نێو نیگا نەرمەکان و
خەونە خەماوییەکانی تۆم
من وا لەوێم
وەک موریدێکی ئەشقیای ون
بۆ تاهەتایە / لەوێدا نیشتەجێم

٢
هۆ پەپوولە پاییزییەکە
زەمەن دەڕوا
تەمەن دەڕوا
تۆش لە من دوورتر دەکەوییەوە
دوور دوور دوور
دوور / وەک مەوداکانی نێوان
ژیان و نیشتیمان …………..ی……. من
خۆرەتاو و خەونەکان ………..ی……. من
ئاگر و ئەوینەکان ……………….ی………من
باران و بەهارەکان…………..ی………من
شەونم و شەوەکان………….ی …….من
تا دێ منیش لە ڕۆحی تۆ نزیکتر دەبمەوە
نزیک نزیک نزیک
نزیک / وەک مەوداکانی نێوان
من و میلۆدییەکانی مردن
من و شەباهەنگەکانی شیعر
من و نیگا نەرم نەرمەکانی تۆ

٣
تۆ / نە ئاگری نە ئاگردان
نە پشکۆکانی خۆرەتاوی نە بورکان
نە کورەی نازییەکانی نە دۆزەخی خوداکان
کەچی / من لەوەتەی هەم لە نێو تۆدا دەسووتێم

٤
وا پێدەچێ
تۆ لە جنسی تریفە بیت
منیش / پێکهاتەیەک بم
لە تۆز و غوبارەکانی تاریکی
یان تۆ / شنەبایەکی فێنکی
نێو هەناسەکانی نیشتیمان بیت و
منیش / ڕەشەبایەکی سەرشێتی
نێو پێدەشتەکانی غەریبی
بۆیە چارەنووس
هێندەی دەکات ناتوانێ
لەژێر ساباتی
کەژوکێوەکانی عەشق
کۆمانبکاتەوە

٥
کاتژمێر چەندی بێدەنگی و
وەرزی چەندەمی نائومێدییە
سەوزایی جەستەی ژیانی بەسەرشانی داداوەو
بەرەو گۆڕستانی دەبات
دەریاش دەروازەی خۆی
بەسەر ڕووی شەپۆلەکان داخستووە
درەختەکان هەر بەچاو
چیرۆکە خەمناکەکان بۆ یەکتری دەگێڕنەوە
من و تۆش لەنێو کتێبەکانی تەنیایی
تاو تاو /
ڕۆژژمێری نەزیفبوونی
ئەم عەشقەمان دەنووسینەوە …!

     ناڵە حەسەن                                        
 تەموزی ٢٠١٩ 



من سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە … ناڵە حەسەن

                                                            

ڕۆژگارێک لەنێو
شەوەدرێژەکانی کەنار ترۆپکی باکووری غەریبی
شەوە ونبووەکانی نێو ڕێڕەوەکانی تاریکی
تاریکییە ونبووەکانی نێو کۆڵانە پێچاوپێچەکانی تەنیایی
کاتژمێرێکیش بەبێدەنگی
لەنێو بێدەنگی / شەوەکان و شەپۆلەکان و شەونمەکاندا
نێولەپی عەشقێک دەخوێنێتەوە
عەشقێک کە بەتاقی تەنیا
لەکەنار ترۆپکی باکووری غەریبی
لە ژوورێکی جۆلوهۆڵ
لە باوەشی بێئۆقرەیی ڕاکشاوەو
تنۆک تنۆک تەنیایی لێدەڕژێ
منیش لەنێو ئەو شەوە درێژەدا وا هەستدەکەم
قوڕسایی هەموو /
زەمەنەکان و کاتژمێرەکان و سەدە ڕۆیشتووەکان
بەسەرشانمەوەیە
وا هەستدەکەم / لەنێو فارغۆنێکی بەتاڵی نێو میترۆیەکدام
هەردەڕۆم و ناگەم بە هیچ
منیش / لەم سەهۆڵبەندانی ئەم مردنە هێواشەم
بەبێدەنگی وەکو بەرد بیر لەتۆ دەکەمەوە
تۆش وەرە / ئەی وردە خۆرەتاوی نێو چاوەکانی تاریکی
ئەی شنەبایە گەرمەکەی نێو هەناسە سپییەکانی بەفر
ئەی تریفە غەمگینەکانی نێو شەوە درێژەکانی
کەنار ترۆپکی باکووری مردن
من سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە

٢
وەرە خۆت و سەبەتەیەک پڕ لە ئەستێرە
خۆت و خەونێک پڕ لە بروسکە
لەسەر نێو لەپی خەیاڵەکانت
چیڕۆکی برینەکان و
ئایەتە دڵتەنگییەکانی خاکم بۆ بنووسەوە
پەنجەکانت لەنێولەپی مندا بخشێنە
با خەم و خەون و خۆزگەکانت
کۆپی بن لەنێو مندا
با ڕووناکی چاوەکانت بێنە نێو تریفەی تەنیایی من
زەردەخەنە نەرمەکانیشت
وەک لاولاوە لە جەستەم بئاڵێن
وەرە لێوت لەسەر لێوەکانم دابنێ
بە گەڵا ئەوینییەکانی خۆت دامپۆشە
وەرە بمبەرەوە
لەنێو ئاگردانی ئارەزووەکانت و
لەنێو خەونی خۆرەتاو و
لەنێو مەمکۆڵەکانی نیشتیمانم / لەخاچمدە
دەوەرە دەی
من سییەکانم پڕن لەبۆنی ڕەیحانە

٣
ئەی شازادەی شەوەکان و
شەباهەنگە شلێرییەکەی من / بگەڕێوە
با مەودا دوورەکانی نێوانمان
لەنێو دەفتەری چارەنووس و
لەسەر نەخشەکانی عەشق بسڕینەوە
بگەڕێوە و ڕووی خۆت بەرەو ڕووناکی وەرگێڕە
بێ سلەمینەوە لە سەردەمە سەرسەرییەکانی مردن
لە ڕۆژە ڕەشەکانی ڕابردوو
لە ئاگرە سۆزاینییەکانی دۆزەخ
بگەڕێوە و بازبدە
بەسەر پشتی تیشکە یاخییەکانی شەو
حیکایەتی نەهەنگە پیرەکان / لەبیرخۆت بەرەوە
بگەڕێوە / با چیتر
عەشق لەنێو کاتژمێرە بەسەرچووەکاندا / نەزیف نەبێ
با ژیان لەنێو خەونەکانی نیشتیمان و
نیشتیمان لەنێو خەونەکانی ژیان / چاوهەڵبێنێتەوە
بگەڕێوە منیش لە چاوەڕوانیت
وەک ئاگر لە زیکر و
وەک خاڵخاڵۆکە لە خەڵوەت و
وەک نەوڕەس لە فڕیندام
دەبگەڕێوە دەی
من سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە

٤
تۆش لە چاوەڕوانیمبە ئەی شۆخ
منیش بۆ ئەوینی تۆ دەگەڕێمەوە نێو ژیان
دێمەوە و وەک دڵۆپە شەونمێک
بەسەر پەنجەرەکانی نائومێدی دێمەخوارەوە
وەک دڵۆپە بارانێک
بەنێو قژی عەشق و بەنێو دڵی خاکدا
شل شل شۆڕدەبمەوە
دێمەوە بەنێو ڕابردووی ڕازەکان و
بەنێو ڕازە ڕابردووەکاندا ڕەتدەبم
مۆمی نێو
ئاوێنە ئەستێرەییەکانی ئایندە / دادەگیرسێنمەوە
وەک پنجە گیایەک
سەردەردێنمەوە
لەنێو پێدەشتەکانی پرسیار و گەردانەکانی گومان
لەژێر خیوەتەکانی خۆشەویستیش ڕادەکشێمەوە
تۆش نەرم نەرم
بە پەیژەی نهۆمی نائومێدییەکانم هەڵگەڕێ
لەنێو خەونە بێدارییەکانم بمێنەرەوە
بمێنەرەوە و دوور بڕوانە دوور دوور
بمێنەرەوە و بفڕە بەنێو / قوڵاییەکانی هەور و
قوڵاییەکانی مانگ و قوڵاییەکانی کات
بفڕە بەنێو /
گەردەلوولەکانی گومان و نەسیمە نائومێدییەکانی من
بفڕە بەنێو خەونە خاپوربووەکانی خۆشەویستیم
نزیکبەرەوە لێم / نزیک نزیک نزیک
وەک نزیکی /
من و تەنیایی
وەک نزیکی
من و مردن
وەک نزیکی
من و نیشتیمان
گوڵەگیانم نزیکبەرەوە لێم
نزیک نزیک نزیک
من سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە

٥
ئەی فریشتە پەڕوباڵسپییەکەی عەشق
من ماندووم
وەرە دوورم خەرەوە
لە تۆزوغوبارە غەمگینەکانی غوربەت و
لە شەپۆلە شینەکانی شێتبوون و
لە خەیاڵە خواروخێچەکانی خۆکوشتن
دوورم خەرەوە دوور
لە تەلبەندە تاریک تاریکەکانی تەنیایی
بمگەڕێنەوە نێو ئاوێنە ئەوینییەکەی خۆت
با لەوێندەرێ
منداڵان لەگەڵ پێکەنین و
عاشقەکان لەگەڵ سەما و
مرۆڤەکان لەگەڵ میهر / ئاشتکەینەوە
با مەوداکانی سەرەتا و کۆتاییەکانی خەون
لەیەکتری نزیک بکەینەوە
ژیان لەگەڵ ئازادی و ئازادی لەگەڵ ژیان
عەشق لەگەڵ شیعر و شیعر لەگەڵ عەشق
تەنیایی لەگەڵ ئومێد و ئومێد لەگەڵ تەنیایی / ئاشتکەینەوە
وەرە بمبە لەنێو ئاوێنە ئەوینییەکەی خۆت
بوونم بڕازێنەوە
بە ڕەنگە ڕووناکەکانی خۆت
بە هەستە هێڤیدارییەکانی خۆت
بە سۆزە سەرمەدییەکانی خۆت
وەرە و بمبە
بارانە بەرائەتییەکانی خۆت
ببارێنە بەسەر جەستەی خۆڵەمێشیم
بێدارمکەرەوە / لەنێو نائومێدییە نەرمەکانی نەبوون
بە ئەوینی نێو ئاوێنە ئەبەدییەکەی خۆت
بێدارمکەرەوە / لەنێو خەیاڵە خرپنەکانی وەهم
بە ئاگرە ئیرۆسییە ئەزەلییەکانی خۆت
بێدارمکەرەوە / لەنێو ئەشکەوتە تاریکەکانی مردن
دەوەرە دەی
من لەتاو تامەزرۆیی تۆ و
تاسە گەرمەکانی نیشتیمانم
سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە

٦
بە بێدەنگی
لەژێر میلی کاتژمێرەکانی تەمەن ڕاکشاوم
ڕۆژەکان و مانگەکان و ساڵەکانم
ڕەتدەبن
پایزیش جارجارە
بە زەردەخەنەیەکی خەمناکەوە
بزەیەکم بۆ دەکات و دەڵێت
هاوڕێم دیسان وەرزێکی ترە و هیچی تر
چ ئافاتێکی بێهوودەیە
کاتێک عەشق دەلاقەیەکی پێنەبێت
بۆ کتێبی خەونە سپییە ئیرۆسییەکانمان
ڕووبار سەمفۆنیایەکی پێنەبێت
بۆ ئارامبوونەوەی ڕۆحە بریندارە ماندووەکانمان
بەهار باخچەیەکی پێنەبێت
بۆ ڕەنگە ناسکە نائومێدییەکانمان
لەولاوەش مانگی بەفرانبار
لە یاداشتنامەکانی خۆی دەنووسێت و دەڵێت
هاوڕێم تەنها ساڵێکی ترە و هیچی تر
چ ئافاتێکی ئاگرینە
کاتێک ژیان بوخچەیەکی پێنەبێت
بۆ وردە ئومێدە پەمەییەکان
خۆرەتاو ئاراستەی تیشکەکانی خۆی
بەڕووی شەوەکانی نیشتیمانی من بگۆڕێ
ئاسمان ڕووبەرێکی نەبێت
بۆ فڕینی پەپوولە ونبووە بێ شووناسەکان
کازێوەش لەنێو فرمێسکەکانی خۆی
مەسیجێک جێبهێڵێ و بڵێت
هاوڕێم تەنها ڕۆژێکی ترەو هیچی تر
منیش لە کەناری ترۆپکی باکووری ئەم غەریبییەم
سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە
٧
با بە پێخاوسی بەسەر وردە شووشەکانی عەشقدا بڕۆین
با خوێنە ڕەشەکان
لە جەستەمان جیا ببنەوە
با بە پێخاوسی بەسەر بەفردا بڕۆین
تا لە خەونە گەرمەکانی خاک نزیک ببینەوە
با بە پێخاوسی بەنێو ئاگردا بڕۆین
تا پاکبینەوە و
بگەڕێینەوە نێو ئاوێنە ئەوینییە ئەبەدەییەکان
با لەنێو ئۆقیانووسی خەیاڵەکانمان
وێنەی بەهەشتێکی تر بکێشین
بەهەشتێک /
بڕبێت لە هەناسە
پڕبێت لە سەما
پڕ بێت لە ژیان
با قوفلی دەورەی بازنەکانی
پرسیارەکان و نیگاکان و خەونەکان و
هاوارەکان و ئارەزووەکانمان / بکەینەوە
با خۆرەتاو لەنێو ماڵەکانمانەوە هەڵبێ
با شیلەی شەرم و نائومێدییەکان
تک تک بڕژێنە نێو تاریکی
تا وشکبوونەوە و ڕووتبوونەوەی ڕۆح
با لەژێر نەرمە ڕێژنەی بارانی بەهارێکی تر
خۆمان تەڕ بکەینەوە
منیش / لە چاوەڕوانی ئەم کەڕنەڤاڵە ڕەنگینەدا
لە دووری دوورەوە
لە کەناری ترۆپکی باکووری غەریبی
لەنێو قووڵایی تەنیایی خۆم
دەرگا و پەنجەرەکانی
خەونە نەخشینەکانی
نێو / ئاوێنە ئەوینییەکانی ئەبەدیم
دەخەمە سەرگازەرەی پشت و
من سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە …!

                                                         تەمووزی ٢٠١٨



عەشق جوانترە لە مردن … سەباح ڕەنجدەر- ناڵە حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….

ناوی کتێب: عەشق جوانترە لە مردن
بابەت: شیعر
تایب: یاد سه‌باح ڕه‌نجده‌ر – ناڵه حه‌سه‌ن
دیزاین: جه‌وهه‌ر فه‌تاح
چاپ: چاپی ئه‌له‌كترۆنی 2




دەقی تەمەن … ناڵە حەسەن

_ بەشی هەژدەیەم

١
گەر ( تەنیایی زمانی با )
بۆ شیعرەکانم نا
بۆ من دەچەمایەوە
ئەگەر ( عەشق زمانی با )
بۆ من نا
بۆ شیعرەکانم دەچەمایەوە
گەر غەریبیش زمانی با
دەست لەسەرسینگ
بۆ من و بۆ شیعرەکانم دەچەمایەوە …!

٢
تە تە تە تە تە
تەمتومانێکە
بەنێو ئاگرە ئیرۆسییەکانی
ئارەزوودا ڕەتدەبێ
تە تە تە تە تە
تەورێکە تاوێرە بەستەڵەکییەکانی
تەنیایی دەڕووخێنێ
تە تە تە تە تە
تونێلێکە تنۆک تنۆک
لیکە لینجاوییەکانی لێدەچۆڕێ
تە تە تە تە تە
تابوتێکە تاریکی
نێو ئەشکەوتەکانی تیا دەنێژرێ …!

٣
من وام
لەگەڵ ژیان شیعر
لەگەڵ شیعر بەفر
لەگەڵ بەفر ڕووناکی
لەگەڵ ڕووناکی با
لەگەڵ با ئاگر
لەگەڵ ئاگر خەون
لەگەڵ خەون تۆ
لەگەڵ تۆش / عەشق کۆمان دەکاتەوە …!

٤
چەند بەخشندەن
دڵۆپە فرمێسکەکانی تۆ
کە دەبنە مەرەکەبی نووسینەوەی
یادەوەرییەکانی عەشق
چەندە گەورەن
زەردەخەنە نەرمەکانی تۆ
کە دەبنە پەنجەرەیەک
بۆ کۆشکە ڕازاوەکانی تەنیایی

٥
بەهۆی بارانە ئەفسانەییەکانەوە
ڕوخساری تۆ
لەسەر قەد و گەڵای
درەختەکانەوە دەردەکەوێ
یان بەهۆی /
زەردەخەنەی تیشکە سەرمەدییەکانەوە
ڕەنگی چاوەکانی تۆ
تێکەڵ بە سێبەرەکان دەبێ
بۆیە من لە منداڵییەوە
بە درەخت و سێبەر / ئارام دەبمەوە

٦
لەنێو خەیاڵە کوشندەکان / غوربەت
لەنێو غوربەتدا .. خەیاڵە کوشندەکان هەستپێدەکرێن
لەنێو عەشقە قووڵەکان / مردن
لەنێو مردندا .. عەشقە قووڵەکان دووبارە دەبنەوە
لەنێو چاوە سەوزەکان / پەرتبوون
لەنێو پەرتبووندا .. چاوە سەوزەکان وندەبن

٧
من لە نێو تەنیاییدا / ئاگر
لەنێو ئاگردا / دەریا
لە نێو دەریادا / ڕەشەبا
لە نێو ڕەشەبادا / خاک
لەنێو خاک دا / ڕەگێکی چڕ و تێکئاڵاوم
خوداوەندیش ناوی ناوم / ڕەگی شیعر

٨
چ کارەساتێکی خەفەتبارە
ئەوانەی خۆشیان دەوێی
دەیانەوێت عەشقت لەگە‌ڵدا بکەن و
لەگەڵ تۆدا بژین
وا هەستبکەی / ئەوانە دەمێکە مردوون

٩
تەمەنی منداڵی من
بەهەشتێک بوو
لەنێو دۆزەخێکی تاریکدا
هەرجارێک
لاپەڕەکانی ئەوڕۆژانەم هەڵدەدەمەوە
برینەکانم قووڵترو
خەونەکانیشم بەرین و بەرینتر دەبنەوە ..!

١٠
سۆز / ڕێژنەبارانی عەشقە
عەشقیش بەبێ سۆز
گۆڕینەوەی
هەستە ئیرۆسییەکانە و هیچی تر

١١
لەنێو خەونە سپییەکانم
چاوە ڕەشە قەترانییەکانی تۆ
دەبریسکێنەوە و ڕووناکیم پێ دەبەخشن
لەنێو شیعرە ئیرۆسییەکانیشم
سێبەری تۆ
وەک چارۆگەیەکی گوڵگوڵی
بەدوامەوە دەخشێ
هێز بە جەستەی شەکەت و
ئارامیش بە ڕۆحم دەبەخشێ

١٢

دوای مردنم
گوڵ مەهێنن بۆ سەر مەزارم
تا ئەوکاتەی لە ژیان دام
تەنها زەردەخەنەکانتانم
پێ ببەخشن و هیچیتر …!

١٣
لە تەنیشت منەوە
ژنێکیان بەردباران کرد
کە دڵەکەی لە لێدان کەوت
ئاوێنەیەکی بچکۆڵانەیان
لە جانتاکەی دەرهێنا
بە قەڵەمە سوورەکەی لێوی
بە وردی
لەسەری نووسیبوو
( ژیان جوانترە لە مردن …! )

١٤
تەنیا شیعر
من وەک ئەوەی هەم
دەمخوێنێتەوە
بۆیە لەنێو ماڵی مردن
هەمووجارێک
ژیانم پێدەخشێتەوە

١٥
ئێستا نا
س ا ڵ ێ ک ی ت ر
تەنها و تەنها
یەک ساڵیتر
بە مردنی خۆم بێ
یان خۆکوشتن
من بێباک دەبم لە مردن …!

                                                        فێبروەری ٢٠١٩



ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا – 2- … ناڵە حەسەن

بەشی دووەم

ئایدیۆلۆژیا و بوون
مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و لەنێو کۆمەڵدا لەگەڵ کەساینیتر ژیان بەسەر دەبات ، کێشە و ململانێکانیش هەر لێرەوە سەرچاوە دەگرن ، تەنانەت مرۆڤ بۆ ئەوەی هەست بەبوونی خۆی بکات و یان لە هەوڵی سەڵماندنی بوونی خۆی دابێت ، وا پێویست دەکات لە نێو ژیان و لەنێو کۆمەڵدا بێت ، لەگەڵ ئەویتردا بێت و لە کێشە و گرفتەکان بەشداری بکات ، ئەمەش بنەمایەکە لە داکۆکیکردن لە بوونێکی ئازاد و ژیانێکی تەندروست هەروەک لە کتێبی ( ئەنتۆلۆجی بنەرەتی و بوونی مرۆڤ ) دا کە لە نووسینی ( د. محەمەد کەمال )دا هاتووە ، ( بوون لەگەڵ کەسانی دیکەدا پێشمەرجی ئۆنتۆلۆجییە ، بۆ بوونی مرۆڤ کە دەمانگەیەنێتە سنووری ئەودیو گومانکارییەوە ، ڕەتی ئەو کێشەیە دەکاتەوە کە بوونی کەسانی دیکە لەسەر ئەم زەمینە ئەپسمۆلۆجییەکە دەکاتە گرفتێکی فەلسەفی دژوار ) .

نووسەریش وەک هەر کەسێکی دی لەنێو ئەم هاوکێشەییەی ژیاندا کاریگەری و بوونی هەیە ، لە ڕێگای ئەدەبەکەی هەوڵدەدات مانایەک بەبوونی ببەخشێت . چونکە بە پێی فەلسەفەی بوونگەرایی ( مرۆڤەکان یان بوون بە ناتەواوی هاتۆتە بوون ، دەبێت مرۆڤەکان لەنێو ژیاندا لە هەوڵی تەواوکردنی بوونی خۆیان دابن ..) نووسەرەکان ، نووسین و داهێنانەکانییان وەک پڕۆژەیەکە بۆ تەواوکردنی بوونییان ، لای ( نێچە )ی فەیلەسووف ( بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر ، بۆ ئەوەی ببی بە خۆت ، دەبێ هەموو شتە میراتییەکان تووڕ هەڵبدەی ، خۆت بەهاو نەریت و ڕەفتار بۆخۆت دابتاشی ..) یان نێچە لە نێو فەلسەفەکەی خۆیدا ، هەمیشە تەرکیزی کردۆتە سەر بەدیهاتنی مرۆڤی باڵا .. لای نێچە مرۆڤی باڵا ئەو کەسەیە ، کە خاوەن ئەو هێزە بیت کە خۆی بێت و ئەویتر نەبێت ..! هەر بۆیە بە نێچەیان گوتووە ( فەیلەسوفی هێز ) چونکە لەلای ئەو / مرۆڤ ئەوکاتانە دەگاتە پایەی ئەو هێزە ، کە وەک مرۆڤێکی یاخی هەموو بەهاکانی بۆی داتاشراوە فڕێداتە پشتەوە ، چونکە لەگەڵ هەر جووڵەیەکی یاخیبووندا جۆرێک لە ئاگایی و وشیاری سەرهەڵدەدا.

بەتایبەت بۆ نووسەر ، بەها مرۆییەکان لەسەرووی هەموو بەهاکانن ، ئەدەبیش لە ریگەی ئیشکردن لەسەر ئەم بەها مرۆییانە مانا بنەڕەتییەکەی بەدەستدەهێنێ . ( هێز و بوونێکی باڵا ) بنەمایەک بووە نێچە ئیشی لەسەر کردووە ، پێیوابووە کەسی ( لاواز و بێهێز ) زەلیلانە دەژی و ناتوانێ مانایەک بەبوونی خۆی بدات ، نووسەرانیش گەر بەهێز نەبن و خودان بوونێکی باڵا نەبن ناتوانن داهێنان بکەن ، چونکە کەسی لاواز قسەی ئەوانیتر دەکاتەوە ..! لەلای بوونگەراکانیش مرۆڤی باڵا و خاوەن هێز ، ئەوکەسانەن ڕێگەنادەن کەسانیتر بوونییان داگیر بکەن ، هەروەک ( د. محەمەد کەمال ) لە کتێبی ( نیشتیمانی فەلسەفە ) دا باسدەکات و دەڵێت ،( ڕەسەنی و نارەسەنی پەیوەندی بە خۆشگوزەرانییەوە نییە ، مرۆڤی ڕەسەن شێوازی بوونێکی سەربەستی هەیە و ڕێگەی بە ئەوان نەداوە بوونی داگیر بکەن یان ببن بە دۆزەخ بۆ ئەو .. ) دیارە لێرەدا دۆزەخ بەو مانایە دێت ، کە کەسانیتر بوونت داگیر بکەن و سەربەستیت لێ زەوت بکەن ، ئەگەر ئەدەب و نووسین پڕۆژەیەک بێت بۆ مانا بەخشین بە بوون یان تەواوبوونی بوون .

وا پێویست دەکات ، نووسەر خودان ئەو هێزە بێت بوونی خۆی بپارێزت و ڕێگە نەدات ، هیچ کەسێک یان لایەنێک و هێزێکی دەرەکی بوونی داگیر بکەن ، وا پێویست دەکات ، لەنێو نووسینەکانیدا ، خۆی بێت و حەز و ئارەزووەکانی خۆی بیجووڵێنێت ، نەک هیچ هێزێکی دەرەوەی خۆی . چونکە ئەوانەی دەستەمۆی هێزێکی دەرەکی دەبن جا ئەو هێزە دەسەڵات یان کەلتوور یان ئایین یان هەر ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو بێت ، ئەوا ئەو کەسە لە ئاست رووداوە گرینگ و چارەنووسسازەکانی ژیانی بێ دەسەڵاتە و ئەوەی ڕوودەدات بەسەریدا دەسەپێنن و ئەویش کەسێکی ملکەچ و دەستەمۆ دەبێ ..! نووسەرە ملکەچ و دەستەمۆکانیش ، قسەی نێو نووسینەکانیان قسەی خۆیان نین چونکە ، لە بنەڕەتدا هێزێکی دەرەکی دەیانجووڵێنن . هەموو ئەو نووسەرانەی خاوەن بوونی خۆیان نین کەسانی نامۆن ، لە هەمانکات ڕەشبینن ، چونکە کەسانی ( نامۆ و ڕەشبین ) ئەو کەسانەن / کە خاوەنی دەسەڵاتی خۆیان نین و ناتوانن مانایەک بەبوونی خۆیان ببەخشن . هێزە دەرەکییەکان بە تایبەت ئایدیۆلۆژیا ، یان باوەڕییتر ، ( بێگومان مرۆڤ لە هەڵبژاردنی بڕوا ئازادە ، بەڵام کاتێک دەبێ بە بڕواکەر سەربەستییەکەی لەناودەچێت ..! ) .

ئایدیۆلۆژیا وەک هێزێک لە سەرووی دەسەڵاتەکانی مرۆڤ خۆی بەسەر مرۆڤ و بەسەر بیرکردنەوە و بەسەر بوونی مرۆڤەکان دەسەپێنێت ، هەموو نووسەرە ئایدیۆلۆژیستەکان لە بنەڕەتدا کەسی نامۆ و رەشبینن ، چونکە لەنێو نووسین و بیرکردنەوەکانییان ، لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودایە و ناتوانن لەو بازنەیە دەرچن کە ، بەرنامە و ئایدیلۆژییەکەیان بۆیانی دیاریکردووە ، نووسەرانی ئایدیۆلۆژیست ئەو نووسەرانەن ، خاوەن بوونێکی لاواز و ناڕەسەنن ، لە نێو ژیان و نووسینەکانییان ناتوانن داهێنانی گەورە بکەن ، چونکە / کەسایەتییەک یان بوونێکی لاواز و دەستەمۆیان هەیە و لە چاوی کەسانیترەوە دەڕواننە ژیان و بە مێشکی ئەوانیتر بیر دەکەنەوە ..! ( دەبن بە کۆپییەک لەوان و خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆیان لەدەست دەدەن ..! ) دەبێ ئەوەش بزانین لاساییکردنەوە ئەوەیە کە پەنابردنە بەر ستایل و فۆڕم و زمانی کەسانیترەوە ، خەفەکردنی توانا و دەسەڵاتەکانی خودی خۆتە ، کاتێک خاوەنی بوونی خۆت نەبووی واتە ، ناڕەسەنی تواناکانی مرۆڤ کەمدەکاتەوە و کارتێکردنی نالەباری لەسەر تێگەیشتن و توانای بیرکردنەوە و مەعریفەی کەسەکان دەبێت ، ئەمجۆرە نووسەرانە نووسەری نامۆن و تایبەتمەندیەکانی خۆیان شێواندووە بەتایبەت / سەربەستی و ئازادی خۆیان لەدەست داوە ، مرۆڤی نامۆ و ڕەشبینیش بەدوای دۆزینەوەی ڕاستییەکان ناگەڕێن چونکە / چاوەڕێی کەسانیترن کە ڕاستییان پێ نیشان بدەن ..! وا پێویست دەکات ئەو ڕاستییەشمان لەبەرچاو بێت ، جا چ نووسەر بیت یان کەسی ئاسایی ، لە نێو ژیان یان لەنێو نووسین و ئەدەب ، ( ئازادی بەمانای بوونی مرۆڤ دێت ) هەرکاتێک / مرۆڤ ڕێگە بدات کەسانیتر یان هێزە دەرەکییەکان / ئازادی و بوونی داگیر بکەن ئەوا ، ئەو کەسە کەسێکە بە ژیانی کۆیلایەتی ڕازییە واتە ، بە خواستی خۆی ژیانی کۆیلایەتی هەڵبژاردووە چونکە ، ڕیگەی بەوەداوە لەنێو کۆمەڵدا بخریتە پەراوێزەوە و لە نێو بازنەکانی ئایدیۆلۆژیا و کەلتوورەکان بەها و نەریتێک بەسەریدا سەپێندراوە ، ئەم بەسەر سەپاندن و دەستەمۆکردنەش هۆکارێکە بۆ دەستبەسەراگرتنی ئازادی و ڕەسەنێتی بوونی ئەوتاکە ، ئێمە پێمانوایە / ئایدیۆلۆژیا لەبەرامبەر داگیرکردنی ئازادی بوونی کەسەکان ، ئەو ڕۆلە نێگەتیفە دەگێڕێ ، بەبڕوای نێچەش ( مەترسیدارترین وەهمی زاتی و گەورەترین خورافەی بۆ ماوەیی کە لەگەڵ واقیعدا تێکبگیرێ و لەگەڵ بابەتیبووندا پێکدا بپژێت ئەوە ( ئایینە ) .. ) ، لەلای نێچە ( ئایین ) یەکێک لە سەرچاوەکانی کزۆڵبوون و لاوازکردنی مرۆڤ ، ئەو لاوازییەی کە وا لە مرۆڤ دەکات تەسلیم بە وەهمێک بێت و ڕاستییە بابەتییەکان بۆ ژیان و بوون ونبکات ، دیارە ئەوانەی بوونی مرۆڤ داگیردەکەن ، چ لە ڕێگەی دەسەڵات بێت یان ئایین یان ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراوەوە ( هەر مرۆڤەکان خۆیانن دەیانەوێت بڕیار لەسەر پڕۆژەکانی بوونی ئەوانیتر بدەن ، دەیانەوێت ئەوانیتر وەک ئەو بیر بکەنەوە و شوێن باوەڕ و بەهاکانییان بکەون ، خاوەنی هەڵبژاردەی خۆیان نەبن ..! ) .

هەوڵی نووسەر لەنێو نووسین و ئەدەبەکەی ، کۆششێکی بەردەوام و داهێنەرانەیە بۆ گەیشتن بە دامەزراندنی پڕۆژەکان بە تایبەت پڕۆژەی مانابەخشین بەبوونی خۆی ، هەروەها نووسەر لەنێو ( نووسین و کتێبەکانی نەمری بە بیرکردنەوەکانی خۆی دەدات ) ، چونکە ئەدەب / جۆرێکە لە ئیشکردن بە ئاراستەی ( نەبوون بەرەو بوون ) بەڵام ( ئایین و ئایدیۆلۆژییاکان و هێز و بەها دەرەکییەکان ) جۆرە ئیشکردنێکە بە ئاراستەی ( بوون بەرەو نەبوون ) ڕێک بە پێچەوانەی ئەدەب و نووسین . چونکە ئایین و هەموو ئایدیۆلۆژییاکان لە پێناو ئامانجێکی دیاریکراودا سەروەری و بەهای پیرۆز بە مردن دەبەخشن . ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا لەبەرامبەر چەمکی مردن ، لەگەڵ یەکتریدا ناتەبا و دژ دێنەوە ، چونکە لەنێو ئەدەب و ژیاندا ، بوون لەگەڵ ئەوانیتر مانایەکی هەیە بەڵام ، لەنێو ئایدیۆلۆژییاکاندا ، مردن لە پێناو ئامانجە دیاریکراوەکان سەروەرییەکە و مانا و مانەوەیەکی ئەبەدی هەیە ، بە تایبەت بە لێکدانەوەی ئایینەکان / مانەوەی ئەبەدیی لەدوای مردنەوەیە ، بەڵام لە بنەڕەتدا ، مردن کۆتایی بە هەموو پڕۆژەکانی بوون دەهێنێت و داهاتوو دەکۆژێت ، واتە ( مردن دوا پڕۆژەی بوونە ..! ) مرۆڤ کاتێک دەمرێت لەنێو ئیستا و داهاتوو نامێنێت ، دەبێت بەشێک لە ڕابردوو ، بۆیە لەنێو ئەدەبدا بەهاو سەروەری مرۆڤ لەوەدایە بمێنێتەوەو بژی ( ژیانیش هەمیشە لە مردن جوانترە ..! ) ، واتە لەپێناو ژیاندا بژی نەک مردن ، چونکە مرۆڤ تابژی دەتوانێت داهێنان بکات ، دەتوانێ ژیان بگۆڕێت و سەروەری و بەها بەبوونی خۆی ببەخشێت ، مرۆڤ تا مردن بوونێکی نیگەرانە و لەسەر ئەگەرەکان ئیشدەکات ، هەڵبژاردنی ئەگەرەکانیش ئاراستە وەرگرتنێکە بۆ بەردەوامبوون بەرەو ئایندە ، بەتایبەت ئەو مرۆڤانەی خاوەن بوونی خۆیانن واتە لەژێر ئایدیۆلۆژیا و کاریگەرە دەرەکییەکان نین ، دەتوانن ئەگەرێک هەڵبژێرن و بیکەن بە بنەمایەک بۆ پڕۆژەکانیان ، لەدواجار ئاکامەکەش بەدەستبهێنن .

ئەو نووسەرە دەستەمۆیانەی ، ئەوانەی رێگەیان بە کەسانیتر داوە بوونییان داگیر بکەن لە ئەگەرەکان ڕادەکەن و تەنانەت ، واز لە پڕۆژەی تەواوکردنی بوونی خۆشیان دەهێنن . ئایدیۆلۆژییاکان ، هەموو ئەدەبێک و فەلسەفەیەک و بیرکردنەوەیەکی دەرەوەی بازنەی بیرکردنەوەکانی خۆیان ڕەتدەکەنەوە و بێبەها سەیرییان دەکەن ، بۆ نموونە ( سارتەر)ییان بە سیخوڕی ئیسرائیل و ( جۆرج لۆکاش)ییان بە سیخوڕی ئەمریکا و (هایدگەر )یان بە لایەنگر لە فاشییەکان ناودەنا ، یان فەلسەفەی بوونگەرایان بە فەلسەفەیەکی ڕەشبین و بێبنەما دادەنا ، چونکە / ئایین و ئایدیۆلۆژییاکان ئیش لەسەر بە ڕۆبۆتکردنی مرۆڤ دەکەن ، هەروەها ئایدیۆلۆژییاکان هەریەکە و پێویستییان بە حزبێکە ، حزبیش وەک سەرچاوەی هێز ، هێزێک لەسەرووی دەسەڵات و هێزی مرۆڤەکانەوە بێت ، کەسانێکیش لەسەرووی هەرەمی ئەم هێزەوە بە ناوی ( خودا ، سەرۆک ، پێشەوا ) دەبێت قسەکانییان بگوترێتەوە و فەرمانەکانییان جێبەجێبکرێن ، ئیتر بە پێی فەلسەفەی ئەم میکانیزمە چ بەهایەک و ڕەسەنایەتییەک بۆ بوونی کەسەکان و نووسەرەکان دەمێنێتەوە ، داهێنان جگە لەلاسایی کردنەوەو دووبارەکردنەوەی قسەی کەسانیتر چ مانایەکی دەبێت ؟ بە دیوێکیتر ، هەموو ئایدیۆلۆژییاکان ، چ ئایینی یان مارکسییستی یان ناسیۆنالیستیی ، کاتێک بە دەسەڵات دەگەن و دەوڵەتی خۆیان پێکدەهێنن ، جا دەوڵەتەکە ئیسلامی یان نەتەوەیی یان کۆمۆنیستی بێت ، بەمانای داگیرکردنی بوونی کەسانێک لەلایەن کەسانیترەوە دێت ، چونکە بەبڕوای ( لینین ) ، ( پێکهێنانی دەوڵەت بەمانای سەپاندنی دەسەڵاتی چینێک بەسەر چینێکی ترەوە دێت ..! ) بەمانای لە هەموو کۆمەڵێک و دەسەڵاتێکدا ، مرۆڤەکان بە دوو فۆرم ژیان بەسەر دەبەن ،

یەکەم / بڕواکردنە بە بوون و سەربەستی یەکتری و ڕێزگرتنە لە مافی یەکدی .
دووەم / داگیرکردنی بوون و سەربەستی یەکدی .. ! )
بە بروای ئێمەش ئەدەب لەسەر فۆرمی یەکەم ئیشدەکات و ئایدیۆلۆژیاکانیش لەسەر فۆرمی دووەم ..! کەواتە لەهەموو بارەکاندا ، ئایدیۆلۆژیاکان چ لە چوارچێوەی ئیشکردنییان بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتەکانییان و چ لە کاتی گەیشتن و پێکهێنانی دەوڵەتەکانییان ، لەسەر ئەوە ئیشدەکەن کە کەسەکان / دەستەمۆ بکەن و بوون و ئازادییان داگیر بکەن . بەڵام بە پێچەوانەی ئایدیۆلۆژیاکان ، ئەدەب ئامانجی جوانکردنی ژیان و ڕیگەدانی مرۆڤە کە / لەنێو نووسینەکان مومارەسەی ئازادی خۆی بکات و لە ڕێگەی داهێنانەکانی ، لە هەوڵی سەڵماندنی بوونی خۆیان بن و خاوەنی بوونی خۆیان بن ، واتە جووڵەکانییان لەژێر کاریگەری حەز و ئارەزوو و خەونەکانییان ئاراستە وەربگرن . چونکە تا مرۆڤەکان ئازاد و سەربەست نەبن و خاوەن بوونی خۆیان نەبن ، هێز و توانای زاڵبوونیان بەسەر حەز و ئارەزووەکانیاندا نابێت و دەبن بە دەستەمۆ و کۆیلەی ئەوانیتر .

ئایدیۆلۆژیا و گوتاری ئەدەبی

ئەدەب ئەو شوێنەیە کە نووسەر تیایدا خۆی دەنووسێتەوە و گوزارشت لە خەیاڵ و بیرکردنەوە و ئارەزووەکانی دەکات . یان بوخچەی خەم و خەون و هەست و حەزەکانی خۆی تیا دەکاتەوە . بینینەکانی خۆی بۆ ناوەوەی خۆی و بۆ دەرەوەی خۆی دەنووسێتەوە ، نووسین پردێکە لەنێوان خودی نووسەر بە دنیای دەرەوە ، لەهەمانکات / زمان دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ بینینی دیوە شاراوەکانی نووسەر ، چ لەباری دەروونی یان بیرکردنەوەکانی ، دواجار لەنێو هەر نووسینێکدا / قسەی جۆراوجۆر و گۆشەنیگا و وێنەی جۆراوجۆر دەبیستین و دەبینین . بەو مانایەی هەموو دەقێکی ئەدەبی گوتارێکی ئەدەبی لەخۆیدا گرتووە . گوتاری ئەدەبیش بەشێوەیەکی گشتی / خوڵانەوەیە بە دەوری مرۆڤ و بەها مرۆییەکان ، گوزارشتە لە چەمکەکانی عەشق و خۆشەویستی و ئارامی و پێکەوە ژیان . هەوڵدانە بۆ گەشکردنەوەی چرا خامۆشەکان و ڕووناک پێشاندانی کۆڵانە تاریکەکان . دواجار هەموو دیوە شاراوەکانی گوتاری ئەدەبی ، بە رەشبینی و گەشبینییەکانیەوە ، بە تاریکی ڕووناکییەکانیەوە ، بە نائومێدی و ئومێدەکانییەوە هەمووی لە پنتێک یەکدەگرنەوە ئەویش ، بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی بوونی مرۆڤە یان بۆ جوانکردن و سەوزڕاگرتنی باخچەکانی ژیانە .

لەنێو دەقە ناوازەکانی نووسەرە گەورەکاندا ، ئەو ڕاستییەی گوتاری ئەدەبی دەبینین و وەک مانگ دەدرەوشێنەوە . ئەگەر سەیرکەین ، ڕۆماننووسێکی وەک ( کاولۆ پۆلۆ ) لەنێو زۆربەی ڕۆمانەکانی بە تایبەت ، ( کیمیاگەر و یازدە خولەک و زاهید .. ) دەبینن ، ئیش لە سەر هێڵێکی ڕاست دەکات ئەویش ، ( هۆشیارکردنەوە و هاندانی مرۆڤەکانە بۆ گەیشتنییان بە خەون و ئومێدە گەورەکانیان ) واتە بە مرۆڤ دەڵێت ( دەست بە ژیانەوە بگرە و لە هەوڵەکانت بەردەوامبە ، دواجار بە ئومێد و خەونەکانت دەگەی ..! ) ، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی وشیارە ، نابێت لە ژیان کۆڵبدات و دەرگاو پەنجەرەکان بە ڕووی ئومێدەکانی دابخات ، یان گەورە نووسەرێکی وەک ( ئۆکتاڤیۆپاز ) لە چاوپێکەوتنێک ، لە بەرامبەر جەنگ و بیرکردنەوە و هەستی ئەم مرۆڤە ، بۆ خۆشەویستی و بەرزڕاگرتنی بوون و سەروەری مرۆڤ بە دوژمنەکانیشییەوە ، لێی دەپرسن .

ئایا ئەمە کاری لە تواناکانت کرد لە ڕقلێبوونەوە لە دوژمنەکانت . ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت ( بەڵێ من دەستمکرد بە بیرکردنەوە لەوەی کە ڕەنگە ئەم جەنگە شتکی قێزەوەن بێت بەڵام ، بە دڵنیاییەوە نەمدەتوانی ئەوە بەکەسانیتر بڵێم ڕەنگە وایان لێکبدایەتەوە من ناپاکم ، کە من لەو کاتەدا ئەوە تێنەدەگەیشتم ، دواتر لەوە تێگەیشتم لەوەی کە برایەتی ڕاستەقینە ئەوەیە کە دەبێت / ئەو ڕاستییە قەبوڵ بکەین کە دوژمنەکەشت مرۆڤە ..! ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت ، ببیتە هاوڕێی دوژمنەکەت .

نەخێر ، بەڵام بە جیاوازییەکانەوە ڕێی تێدەچێ پێکەوە بژین .. ! ) بەمانای ئەوانیتر و بە دوژمنەکانیشتەوە وەک مرۆڤ چاو لێبکەی ، ناوەڕۆکی ئەم قسەیە ، پەیامێکی مرۆڤدۆستی و خۆشەویستییەکی گەورەیە بۆ ئاشتەوایی و بۆ پێکەوە ژیان . یان لەنێو دەقە شیعرییەکانی ( شێرکۆ بێکەس ) بە تایبەت ، لە قەسیدەی ( گۆڕستانی چراکان ) ، کە هاوارێکە بە ڕووی ژیاندا ، لە سەر جەستەی مردن ئایکۆنەکانی ترس یان مانەوە و ئازادی دەنووسێتەوە …! بە دیوێکیتر ، لە پەیوەند بە ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ، کە بابەتی سەرەکی ئێمەیە ، هەموو ئایدیۆلۆژیستەکان ، بە ڕەنگ و مەیلە جۆراوجۆرەکانەوە ، لە هەموو هەلومەرجێک و قۆناغەکاندا ، هەوڵییانداوە مەوداکانی ئەدەب و ڕەوتی مێژوویی و واقیعیەتە کۆمەڵایەتییەکان لە یەکتری نزیکبکەنەوە ، بەمانای / پەیوەندی و پەیوەستبوونی ئەدەب بە ئایدیۆلۆژیا و ململانێیکان تۆختر بکەنەوە ، ( مارکس و ئەنجلس ) لە کتێبی ( ئایدیۆلۆژی ئەلمانی ) و لە زۆر شوێنیتر ، ئەوەیان دووپاتکردۆتەوە کە ( هەر دەسەڵاتێک و لایەنێک کە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بن لە هەمانکات ، خاوەنی ئامرازەکانی فکریش دەبن ..) هەروەها ( لیۆن ترۆسکی )ش لەسەر ڕۆشنایی بنەماکانی ئەم بیرکردنەوەیە لە کتێبی ( ئەدەب و شۆڕش ) ، گرینگی بە بەهای ئایدیۆلۆژیا و شۆڕش دەدات لە کاری ئەدەبی و هونەریدا ، ئەو پێیوایە ، مرۆڤ لە کۆمەڵی سەرەتاییەوە ، لەوکاتەوەی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە گشتییەوە گۆڕاوە بۆ تاک لەوێوە ، چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەک مرۆڤەکان دەستی پێکردووە و خاوندارێتی تایبەت و چینە جیاوازەکان دروستبوون ، بۆیە لە ئەدەب و شۆڕش دا دەڵێ ، ( لەهەر قوناغێکی مێژوویی ، هەر لە کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرمایەدارییەوە ، خواپێداوەکان و دەسەڵاتداران خاوەن ئەدەب و ڕۆشنبیری خۆیان بوون ، ئەدەب و ڕۆشنبیرییەک بەرگری لە مانەوە و دەسەڵاتی ئەوان بکات ، بۆیە پڕۆلیتاریاش دەبێ خاوەن ئەدەب و ڕۆشنبیری خۆی بێت . ) دیسانەوە لەسەرەتا و بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا دەڵێ ،( شۆڕشی بەلشەفیک لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ دا ، نەبووە هۆی ڕووخاندنی دەسەڵاتی حکومەتی ( کیرینسکی ) بە تەنیا بەڵکو ، بووە هۆی ڕووخاندنی هەموو سیستەمە کۆمەڵایەتییەکەی کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەت بنیادنرابوو ، بە ڕۆشنبیری و ئەدەبەکەشیەوە ، بەتایبەت ڕووخانی ئەدەبی بەر لە شۆڕش … ) لەم تێڕوانینانەی ترۆتسکی بە ئاشکرا وابەستەبوونی ئەدەب و ڕۆشنبیریی بە شۆڕش و چینەکان و دەسەڵاتەکان دەبیندرێ و هاوکات ، بەشداری کردنی ئەدەبە لە ململانێیە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا .

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و بیروڕاکانی بیرمەندانی ئەم ڕەوتە بە تایبەت ( لینین و ترۆتسکی ) ، زۆرێک لە فەیلەسوفەکان و نووسەرەکان و قوتابخانە ئەدەبییەکان ، کەوتنە ژێرکاریگەری بیری سۆشیالیستی بیرمەندەکانییەوە ، یەکێک لەوانە سوریالیستەکان ، ئەوەتا لە کتێبی ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) دا هاتووە ، ( لە ساڵی ١٩٣٨ کاتێک ترۆتسکی لە مەکسیک دەبێت ( ئەندرێ بریتۆن ) سەردانی دەکات و لەویدا لەگەڵ ئەو بە ئیمزای ( دیاگۆ ڕیڤێرا ) مانیفێستێک بە هاوبەشی دەنووسنەوە بەناوی ( بەرەو هونەری شۆڕشگێڕی ) لە روانگەی کۆمۆنیستییەوە بنەماکانی هونەری شۆڕشگێڕی دادەڕێژن ، لەم مانیفێستە هەوڵدەدەن بەڕوونی ئەوە بەرچاو بخەن کەوا ، لە دنیای پڕ کێشمەکێشی سەرمایەداریدا سروشتی حەز و ئارەزووەکانی ناوەوەی تاکی هونەرمەند ، ناکۆکە لەگەڵ سروشتی دەرەوەی واقیعی خود ..! ) ، ترۆتسکی لە بەشێکیتری کتێبی ( ئەدەب و شۆڕش ) دا ، باس لە گەورە شاعیری سومبولیستی ڕووسی ( ئەلیکساندەر بلۆک ) دەکات و ڕەخنە لە فۆڕم و زمان و ستایلی ئەم شاعیرە دەگرێت ، لەوەی کە / بەشداری شۆڕشی نەکردووە و بە توندی لەژیر کاریگەری تەسەوف دایە ، بە شاعیرێکی ڕەمزی و لیریکی و ڕۆمانتیکی ناوی دەبات و پێی وایە ئەدەبەکەی ئەلیکساندەر بلۆک لەدەرەوەی ژیاندایە …! دیارە ئەوە بەر لەهەرشتێک تێنەگەیشتنە بۆ ئەدەب و شیعر و بەهاکانی زمان ، دواجاریش بێبەهاکردنی نوێخوازییە لە ئەدەب و شیعردا .

ئێمە لەو ڕوانگەیەوە ڕەخنە لە ترۆتسکی و ئایدیۆلۆژیستەکان دەگرین کە ، لە ئەدەبدا گرینگیەکی ئەوتۆ بە زمان و ستایل و جوانی نادەن ، تەنها لایەنی ئایدیۆلۆژی و شۆڕشیان بۆ گرینگە ، وەک ئەوەی ئەدەب و هونەر ئۆرگانێکی حزبی بن ، بۆیە وەک هۆکارێک بەکاریان دەهێنن بەڵام ، پیویستە ئەدەب لەنێو کایە و ڕووبەرە مرۆییەکەی خۆی بمێنێتەوە و سەربەخۆیی و بەهاکانی خۆی لە دەست نەدات . بە دیوێکیتر ، ئایدیۆلۆژیا هەوڵی شێواندنی گوتاری ئەدەبی دەدات ، چونکە گوتاری ئایدیۆلۆژی بە پێچەوانەی ئەدەب لەنێو خۆیدا هەڵگری ( ترس و تۆقاندن و جەنگ و ویرانکردن )ە ، هەموو ئایدیۆلۆژیاکان لە هەوڵی بەدیهێنانی گۆڕانن لە کۆمەڵدا بە ئاراستەی بەرنامە و ئامانجە دیاریکراوەکەی خۆیان . لەم ڕیگەیەوە پەنایان بۆ ململانێ و شۆڕش و جەنگ و خوێن بردووە . ئایینەکان بۆ بڵاوبوونەوەی ئایین و بیربڕواکەیان و سایەکردن بەسەر تەواوی کۆمەڵدا ، دەستییان گرتووە بە چیڕۆکە خورافی و وەهمییەکانەوە ، بە دروستکردنی ( بەهەشت و دۆزەخێک ) لەو دنیا و بەخشینی هەموو دەسەڵاتێک بە خودا .

بەڵام ، دەسەڵاتێکی ترسناک و تۆقێنەر ، بەو مانایەی هەر بڕواکارێک کە پەیامەکانی خودا جێجەجێ نەکات ئیتر ، لەودنیا بە ئاگری دۆزەخ دەسووتێت ، کتێبە ئاسمانییەکان پڕن لەم گوتارە ترسناکانە ، کە یەکێکن لە سەرچاوە بنەڕەتییەکان کە ترس و توندوتیژی بەرهەمدەهێنن ، د. محەمەد کەمال لە کتێبی ( نیشتیمانی فەلسەفەدا ) باس لە ترسی منداڵی خۆی دەکات ، لە ( ئایین و خودا ) دا دەڵێ ( من لە منداڵییەوە گوێم لە سزادانی نێو گۆڕ و دۆزەخ دەگرت و ترسێکی گەورە لە خوا کەوتە نێو دڵمەوە . وەکو منداڵێک لە خوا دەترسام و نەمدەتوانی ، وەکو هێزێکی میهرەبان و پڕ بەزەیی بیناسم . ) لە شوێنێکیتری هەمان کتێب دەڵێت ،( من خوام لە ڕێگەی ئایینەکانەوە دەناسی و لێی دەترسام ، لە منداڵییەوە کێشەی خوا بۆ من کێشەیەکی گەورە بوو . بەردەوام وەک دەسەڵاتێکی هەڕەشەکەر دەهاتە پێشچاوم . ) ، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کەمنین شەڕو ململانێی / نێوان خێلەکان و ئایینەکان و نەتەوەکان و چینەکان ، مێژووی مرۆڤایەتی هەمیشە ڕووباری خوێنی پیا ڕۆشتووە ، هەمیشە ململانێکان بە جەنگ و توندوتیژی و بە کوشتنی ئەویتر یەکلایی بۆتەوە ،( مارکس و ئەنجلس ) لە کتێبی ( ئایدیۆلۆژی ئەلمانی ) دا ، ڕەخنە لە فەیلەسوفەکانی ئەو سەردەمە و لە هیگلییە لاوەکان دەگرن و دەڵێن ( لەوێوە کە بەگوێرەی خەیاڵاتی ( هیگلییە لاوەکان ) پەیوەندی ئینسانەکان و سەرجەم کارەکانییان ، کۆتوبەندەکان و ڕێگرییەکانی ئەوان ، بەرهەمی هەستی ئەوانە ، هەربۆیە ئەوان مەنتقیانە ئەم حوکمە ئەخلاقییە دەخەنە بەردەم ئینسانەکان کە هۆشیاری ئێستایان بە هۆشیارییەکی ئینسانی ، ڕەخنەگرانە یان خۆیەتی بگۆڕنەوە ، تا لەم ڕێگایەوە ڕێگرییەکانیان لابەرن ..) یان لە هەمان کتێب دەڵێن ( ئەم خواستی گۆڕینی وشیارییە بەمانای خواستی لێکدانەوەیەکی جیاوازە لەو دنیایەی کە هەیە ، واتە بە رەسمی ناسینی ئەم دنیاییە لە ڕێگای لێکدانەوەی جیاوازەوە …) ، بە کورتییەکەی ڕەخنەی مارکس و ئەنجلس لە هیگلییە لاوەکان ئەوەبوو / کە ئەوان لە دژی ئەم دنیا واقیعییەی کە هەیە ناجەنگن و دەیانەوێت لە ڕێگای تەفسیرکردن و لە رێگای پەرەدان بە وشیاری کۆمەڵگە گۆڕانگاری بەدەست بهێنن و بەربەست و ڕێگرییەکان لە بەردەمیان لابەرن ، کە بەبڕوای ئەوان ئەمجۆرە هەوڵ و بیرکردنەوانەش بەرگریکردنە لەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی کە هەیە . بۆیە مارکس پێیوایە / فەیلەسوفەکان هەر نابێت تەفسیری دنیا بکەن و بەڵکو دەبێت هەوڵی گۆڕینیشی بدەن .

بەلای مارکسیش گۆڕین دەبێ لە ڕێگای شۆڕشی پڕۆلیتاریاوە بێت و سیستەم و دەسەڵاتی مەوجود لاببرێ و لە جێگایدا سیستەمێکی نوێ دابمەزرێت کە ، لەسەر بنەمای وەڵامدانەوە بە کێشەی ( کار و سەرمایە ) و واتە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی گشتییەوە سەرچاوە بگرێت . ئیدی ئەم شۆڕشە جینایەتییەش دواجار دەستبردنە بۆ جەنگ ، جەنگیش زۆربەیکات ، جگە لە کاوڵکاری و بەرهەمهێنانی ترس و توندوتیژی هیچ مانایەکیتری نییە و هیچ بەرهەمێکیتری نابێت . دواجاریش / کێشە و ململانێ و جیاوازییەکانیش هەر لەشوێن خۆیان دەمێننەوە ، ئیتر بینیمان ، نە جەنگی نێوان تایفەکان و خێلەکان و نەتەوەکان و چینەکان ، یان نە جەنگە جیهانییەکان ، هیچکام لەم جەنگانە نەیانتوانی خۆشبەختی و ژیانێکی باشتر بۆ مرۆڤەکان بەرهەمبهێنن ، جگە لە ترس وێرانکردنی شارستانییەت و خوڵقاندنی حەمامی خوێن و کوشتنی ژیان ، هیچیتری لێوە بەرهەم نەهات . لە ڕاستای بیرکردنەوە لە جەنگ و گاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ( ئەلبێرت ئەنیشتاین ) لە ساڵی ١٩٣٢ دا ، نامەیەک بۆ( سیگمۆند فرۆید ) دەنووسێت ، دواتر نامەکەی ئەنیشتاین و وەڵامەکەی فرۆید لە کتێبێک چاپدەکرێ بە ناوی ( پاڵنەرەکانی جەنگ ) ، پوختەی پرسیارەکەی ئەنیشتاین ئەوەیە ( ئایا لە بەرامبەر کارەساتی شوومی شەڕدا ، ڕێگایەکی ڕزگاری هەیە بۆ مرۆڤایەتی ؟ ) هەرچەندە خۆی زۆر نائومێدە لە وەرگرتنەوەی وەڵامێکی ئیجابی بەڵام زێتر مەبەستیەتی لەوە تێبگات کەوا ، لەباری دەروونیەوە ، ئایا دەکرێت کار لە مرۆڤ بکرێت مەیلی بۆ جەنگ و وێرانکاری کەمبکرێتەوە..!؟ چونکە خۆی تا ئاستێک لەوە گەیشت بوو کە ، مرۆڤ لەباری دەروونییەوە مەیلێکی بۆ جەنگ و ویرانکردن هەیە ، یان لەنێو نامەکەیدا دەڵێ / ( هیچ شتێک ناتوانێت شەڕ لەناوبەرێت مەگەر ئەوەی مرۆڤەکان خۆیان نەڕۆنە بەرەکانی جەنگ ..! ) ، ( فرۆید )یش بەدرێژی وەڵامی ( ئەنیشتاین ) دەداتەوە و لە سەر زۆرێک بڕگە و لایەنی جیاوازی نامەکە قسە دەکات ، فرۆید لە وەڵامەکەی باسی جەنگ دەکات ، مێژووی جەنگ دەبەستێتەوە بە مێژووی دەسەڵات و سەرمایە ، کە پێیوایە ، دەسەڵات و سەرمایە ، شوێن بە هەر غەریزەو بیرکردنەوەیەکی ئینسانی چۆڵ دەکەن . جەنگ و وێنکاری هۆکارەکانییان هەرچییەک بن بەڵام ، بەدیوێکدا پەیوەندی بەباری دەروونی مرۆڤەکانەوە هەیە چونکە ، بە شێوەیەکی گشتی مرۆڤ لەژێر پاڵنەری ئەم دوو غەریزەیە ئیش دەکات ئەوانیش ،

یەکەم / مەیلی عەشق و خۆشەویستی ، کە پارێزگاری لە ژیان و لە نەفس و ئارەزووە ئیرۆتیکەکان دەکات ، ئەم غەریزەیەی بە ( ئیرۆس ) یان ( عەشقی ) ناوبردووە .

دووەم / ئەم غەریزانەی لەناوبردن و مردنیان دەوێت ، یان غەریزەی جەنگ و وێرانکردن ، دواتر بە( ساناتۆس ) یان بە غەریزەی ( مەرگ ) ناوی بردووە .
مێژووی ئەم دوو چەمکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەی یۆنانی ، کە لەوێدا ( ئیرۆس خوای خۆشەویستییە و کوڕی ئەفرۆدیتەیە ، کە ئەمیش خوای بەزم و ئارەزووە زایەندییەکان بووە .. ساناتۆسیش خودای مردنە ، لە نەوەی خوداوەندەکانی شەو بووە ) . فرۆید لە ئاکامی لێکۆڵینەوەی لە بارە ناڕێکەکانی پەیوەندییە ناتەندروستییەکانی نێوان مرۆڤەکان ، ئەم دوو چەمکەی بەکارهێناوە ، هەرەها هەر یەکێک لەم غەریزانەش ناتوانن بە تەنیا و بە بێ ئەویدی چاڵاکی بکات و هەریەکەیان تا ڕادەیەک هاوتەریب و لە هاوکێشەیەکی هاوسەنگدا دەبن ، چونکە لە بنەڕەتدا / مرۆڤ پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە بە شێوەیەکی خۆڕسک زۆرێک لە کار و ڕەفتارەکانی لە ژێر کاریگەری ئەم دوو غەریزەیە دەبێت ، واتە غەریزەی ( عەشق و وێرانگردن یان ژیان و مەرگ ) . فرۆید لە ئاکامی توێژینەوەکانی گەیشتۆتە ئەو ئاکامەی / غەریزەی جەنگ و وێرانکردن غەریزەیەکە لە ناخی هەر بوونەوەرێکی زیندوو ئیش دەکات ، تا ئاستی وێرانکردن و گەیاندنی بە توخمێکی بێگیان ، مرۆڤ کاتێک پەنا بۆ کوشتنی ئەویتر دەبات ، ئەگەر ئەم کرداری کوشتنە هەر هۆکار و ئامانجێکی لە پشت بێت بەڵام ، بەدیوێکیتر / هەوڵدانێکە بۆ تێربونی غەریزەکانی خودی مرۆڤ خۆی .

مەیلی جەنگ و شەڕانگێزی یان غەریزەی مەرگ ، ( کاتێک دەبێتە غەریزەیەکی وێرانکەر کە بەیارمەتی ئەندامێکی تایبەت لە بەرامبەر شتێکی دەرەکیدا کەڵکی لێوەردەگیرێت ) بە مانای / ئەم غەریزەی مردنە کاتێک مەترسیدار و ترسناکە ئەوکاتەی دەگوازرێتە دەرەوە بۆ نێو کایەی سیاسەت و ململانێکان . هەرچەندە فرۆید پێیوایە گەر مرۆڤ هەوڵدا دەتوانێت کایەی عەشق و خۆشەویستی بە هێزتر بکات لە کایەی جەنگ و وێرانکاری ، ئەویش بەوەی / سەرکەوتن بەسەر زۆری تاکەکەسیدا لە ڕێگەی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ کۆمەڵەیەکی گەورە ممکین دەبێت ، کۆمەڵگەیەک کە یەکگرتنی ئیحساسی ئەندامەکانی دەبێتە گرەنتی مانەوە و بەردەوامبوونی ، یاسای ئەم کۆمەڵەیە ئازادیی تاکەکەسیەکانە ، تا لەسەر ئەم بنەمایە پێکەوە ژیانی تاکەکان بە شێوەیەکی ئارام دابین و مسۆگەر بێت .. ) بەڵام فرۆید ئاسایشێکی لەم چەشنە بە شتێکی وەهمی دادەنێ و پێیوایە تەنها لە دنیای تیۆریدا وێنا دەکرێت . چونکە لە بنەڕەتەوە کۆمەڵگە خاوەن تاکگەڵێکە بە دەسەڵات و توانای جیاواز و نایەکسانیەوە ..! هەر بۆیە بیرۆکەی جەنگیش بە تەواو ڕەت ناکاتەوەو دەڵێ ، ( ناکرێت لە بنەرەتەوە هەموو شەڕەکان مەحکوم بکرێن تا ئەوکاتەی ئیمبراتۆریەتەکان و دەسەڵاتەکان و نەتەوەگەڵیک بوونیان هەیە کە بێبەزەییانە ئامادەی لەناوبردنی ئەوانیدیکەن ، ئەوانیدیش دەبێت خۆیان بۆ شەڕ پڕ چەک بکەن …! ) بەڵام لە هەمانکات باوەڕی وابووە کەوا / هەموو ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی پەیوەندی و لێکنزیکبوونەوەی هەستی نێوان مرۆڤەکان ، دەبێت لە ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ شەڕدا بەکار ببرێن ، بەمانای ئەوانیتریش وەک مرۆڤ سەیر بکرێن .

ئەم تێڕوانینە مرۆییەی فرۆید زێتر هاوتەریب دێتەوە لەگەڵ ئەدەب و گوتاری ئەدەبی ، لە ڕوانگەی ئەم بیرکردنەوانە ڕەخنەش لە بەلشەفیکەکان دەگرێت دەڵێت ( بەلشەفیکەکانیش هیوادارن لە ڕێگەی بە دەستهێنان و دابینکردن و زەمانەتکردنی پێویستییە مادییەکان و هەرەها دروستکردنی یەکسانی لە نێو ئەندامانی کۆمەڵگەدا ، شەڕەنگێزی لەنێو مرۆڤەکاندا لەناوبەرن بەبۆچوونی من هیوایەکی پووچ و خەیاڵێکی لاوازە . ) یان دەڵێت ( ئەوان لە ئێستا تا ڕادەیەکی باش چەکیان لەبەر دەستدایە و تەنانەت زەحمەتی نادەن بەخۆیان ، کە پەیڕەوانی خۆیان لە ڕقەبەرایەتی و نەفرەت ، بەرامبەر ئەوانیدی بگێڕنەوە ..) لێرەدا بەم ڕاستییە دەگەین کەوا قووڵایی و ناوەڕۆکی هەموو ئایدۆلۆژیایەک بریتییە لە / پاساو هێنانەوەیەکی لۆجیکییانە بۆ کوشتنی ئەویتر ، لەپێناو ئامانجێکدا کە لە ئایندەدا دیتە دی ..! بەلشەفیکەکان بەم هەموو بانگەشە و دروشمانەوە کە بۆ یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و بەها مرۆییەکانیان هەبوو کەچی ، کاتێک گەیشتن بە دەسەڵات نەک هەر نەیانتوانی کێشەکان چارەسەر بکەن و ئازادی و یەکسانی بۆ تاکەکان مسۆگەر بکەن بەڵکو ، گۆڕستان و قەسابخانەیان بۆ ڕکابەر و نەیارەکانیان خوڵقاند ، نەیانتوانی ڕق و نەفرەتەکانییان بەرامبەر ئەوانیدی کەمبکەنەوە ، ئەم سەرکوتکردن و مەیلی شەڕانگێزییەش لەپاش مەرگی ( لینین ) واتە ، لەسەردەمی ( ستالین ) گەیشتە لوتکە ، ئەوەتا ( ترۆتسکی ) بە ناچاری ڕوسیا جێدەێڵێ و ڕوو لە هەندەران دەکات ، لە غوربەتدا درێژە بە کاروچاڵاکییەکان و نووسینەکانی دەدات ، لەگەڵ ئەوەش ، ترۆتسکی یەکێک بووە لە بیرمەند و کەسایەتییە سەرەکییەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ، لێرەدا دووبارەی دەکەمەوە ، لەم وتارەمان مەبەستمان ئەوە نییە دژایەتی ئایدیۆلۆژییاکان بکەین ، بە تایبەت مارکسیزم ، چ وەک ئایدیۆلۆژیا چ وەک فەلسەفە ، من پێموایە / تا ململانێی چینەکان و چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤ و تا کێشەی کار و سەرمایە مابێت ، مرۆڤایەتی پێویستی بە مارکس و مارکسیزم دەبێت ، بە بڕوای من ئەوە مرۆڤەکانن نەیانتوانیوە مارکس وەکو خۆی بخوێننەوە ، یان لە کایەی ئابووری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بە شیوەیەکی دروست بەکاری بهێنن ، لە دواجاردا / ئەوەی مەبەستی ئێمەیە پەیوەندی ئایدیۆلۆژیا و ئەدەب و هەروەها گوتاری ئەدەبییە ، بەو مانایەی / ئەدەب نابێت ببێتە هۆکار بۆ هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو بە مارکسیزمیشەوە ، بۆیە دەبێ لەوە تێبگەین بۆ بەردەوامبوون و گەشە و پێشکەوتن ، ژیان پێویستی بە جیاوازییەکانە ، واتە جیاوازییەکان ببنە سەرچاوەی گەشە و خێرا خوڵاندنەوەی ڕەوتی ژیان ، نەک جەنگ و وێرانکردن ، ئێمە لە چوارچێوەی گوتاری ئەدەبی باسمان لەوە کرد کەوا / مرۆڤەکان بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە دەتوانن لەگەڵ یەکدا بژین .

بەڵام ئایدیۆلۆژیا و گوتاری ئایدیۆلۆژی ناتوانێ لەسەر ئەم مەیلە ژیاندۆستییە ئیشبکات و خۆشەویستی لەنێوان مرۆڤەکان بەرهەمبهێنێ . بەمانایەکیتر ، ئەویدی لەنێو گوتاری ئایدیۆلۆژی بوونێکی ئازاد و سەربەخۆی نییە ، چونکە ئایدیۆلۆژیا لە بنەرەتەوە ، بە ڕێگایەکدا دەڕوات لەدواجاردا ، ئامانجی گەیشتنە بە دەسەڵات . گەیشتن بە دەسەڵاتیش بەمانای ، بەرپاکردنی شۆڕش و جەنگ ، یانی / خوڵقاندنی ڕووباری خوێن و پەڕینەوە بەسەر لاشەی مرۆڤەکان ..! ئیتر گەر چاوێک بە مێژووی مرۆڤایەتی و بەتایبەت ئایدیۆلۆژییاکان بخشێنینەوە دەبینن ، ( کۆمۆنیزم ستالین و ، نەتەوەپەرستیش هیتلەر و مۆسۆلینی ، ئیسلامیش بنلادن و ئەبوبەکر بەغدادی ..! ) بەرهەمهێنا ، ئەدەبیش / شکسپیر و تۆلستۆ و دەستۆفسکی و هەمەنگوای و کامۆ و کافکا و نەجیب مەحفوز و ئەرزا پاوەند و نیرۆدا و ناڵی و … ، لە دواجاردا بەوە دەگەین کە گوتاری ئەدەبی / لەسەر غەریزەی ژیاندۆستی ئیش دەکات ، واتە پڕاوپڕە لە عەشق و خۆشەویستی و ئاشتەوایی و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادی تاکەکان . بەڵام ، گوتاری ئایدیۆلۆژی لەسەر غەریزەی مەرگ ئیشدەکات ، واتە جەنگ و وێرانکردن و پێشێلکردنی ماف و ئازادی و کوشتنی ئەوانیتر …! فێبروەری ٢٠١٩

بۆ ئەم بەشەش سوودمان لەم سەرچاوانە وەرگرتووە .

کتێبی ( ئەنتۆلۆژی بنەڕەتی و بوونی مرۆڤ ) .. نووسینی د. محەمەد کەمال

کتێبی ( نیشتیمانی فەلسەفە ) گەشتێک لەگەڵ دکتۆر محەمەد کەمالدا / هەرێم عوسمان

کتێبی ( نێچە فەیلەسوفێکی بەرزەفڕ ) .. وەرگێڕانی حەیدەر عەبدڵا

کتێبی ( ئایدیۆلۆژی ئەلمانی ) .. ( مارکس و ئەنجلس ) ، وەرگێڕانی ( سەلام مارف )

کتێبی ( ئەدەب و شۆڕش ) لیۆن ترۆتسکی

( Litreture and Revolution ) .. Leon Trotsky

کتێبی ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) .. ناڵە حەسەن

کتێبی ( پاڵنەرەکانی جەنگ ) .. ئەنیشتاین و فرۆید ، وەرگێڕانی مەریوان هەڵەبجەیی

چاوپێکەتن لەگەڵ نوسەر و شاعیری مەکسیک ( ئۆکتاڤیۆپاز ) ..
وەرگێڕانی سۆران محەمەد / ژمارە ٢٩٨ی ( ڕۆژنامەی هەولێر )




ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا …. ناڵە حەسەن

_ تێگەیشتنێک بۆ ئەدەب

بۆ تێگەیشتن لە ئەدەب دەکرێ ئەو قسەیەی ( تێری ئیگڵتن ) بە نموونە بهێنینەوە ، کە لە کتێبی ‘تیۆری ئەدەبیدا ‘ لە وەڵام بە پرسیاری ئەدەب چییە دا ؟ دەڵێ ( تۆ دەتوانی ئەدەب وەک نووسینی خەیاڵی لە تێگەیشتنی داستانەوە پێناسە بکەیت ، واتە نووسینێک کە دەقاودەق ڕاستی نییە بەڵام ، کورترین سەرنجدان لەوەی خەڵک بە گشتی دەیخەنە ژێر ناونیشانی ئەدەبەوە ، نیشانی دەدات ، ئەوە پێناسەیەکی تەواو نییە بۆ ئەدەب ..! ) . دروست وایە ، ئەوەی کە پێناسەکردنی ئەدەب کارێکی گونجاو نییە .

چونکە ئەدەب لە چوارچێوەی یەک مانادا جێگەی نابێتەوە ، زێتر لە گۆشە نیگا و مانایەک لەخۆ دەگرێت . چونکە بە یەک مانا و بەیەک بینین ، ناتوانین پەی بە ڕووبەرە فراوانەکەی ئەدەب ببەین . ئەدەبیش وەک شیعر و مۆسیقا و عەشق بوونێکی گەردوونی هەیە ، هەموو ئەو چەمکانەش کە بوونێکی گەردوونییان هەیە ، ناتوانین لە یەک ئاستدا بیانخوێنینەوە و مانایان بۆ دیاری بکەین . دەکرێ ئەدەب / هەوڵدانێک بێت بۆ بە سیستەماتیککردن و چڕکردنەوەی زمان تا ئاستی جیاکردنەوەی لە قسەی ڕۆژانە .. یان وەک لەلای فۆرمالیستەکان ،( ئەدەب بە شێوەیەکی گەوهەری بریتی بوو ، لە جێبەجێکردنی زانستی زمان لە توێژینەوە ئەدەبییەکاندا .. ، ) لەم گۆشەنیگایانەوە ئەو ڕاستییە دەبینین کە / ئەدەب هێندەی بایەخدانە بە بنیاد و ڕێکخستنی زمان ، هێندە بێشکە و هەڵگری هیچ بیروباوەڕێک و لەهەمانکات ئاوێنەی ململانێ و ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان نییە . چونکە لە بنەڕەتدا ئەدەب نووسینەوەی ژیانە یان دیوە نادیار و شاراوەکانی مرۆڤە بە تواناکانی خەیاڵ ، ئێمە لەم وتارەماندا خۆمان نابەستینەوە بەوەی کە ماناکانی ئەدەب چین ؟ بەڵام بۆمان گرینگە تێگەیشتنێکی دروستمان بۆ ئەدەب هەبێت . ئەدەب هەر مانایەکی هەبێت ، بە بڕوای من ( چەقی ئیشکردنی ئەدەب لەسەر مرۆڤ و بەها مرۆییەکانە …! ) ، واتە هەر ئەمە ئامانج و هێڵە سەرەکییەکانییەتی .

بۆیە مرۆڤ لە ڕێگەی ئەدەبەوە هەوڵدەدا ، تەعبیر لە ئارەزووەکان و خەونەکان و غەریزەو حەزەکانی خۆی بکات ، وێنەی / خولیا و ئومێد و خۆزگەکانی خۆی بکێشێ .. بیرەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە ، بەداوێک ڕابردوو و ئێستا و ئایندەی خۆی بەیەکەوە گرێبدات . دەتوانێ پەیوەندییەکانی خۆی / بە ناوەوە و دەرەوەی خۆی دیاری بکات و ڕێکییان بخات ، ئەدەب دەتوانێ قسە لەسەر هەموو ئەو چەمک و گۆشە و ڕووبەرانە بکات کە پەیوەندییان بە مرۆڤ و ژیانی مرۆڤەکانەوە هەیە ، مەبەستمە ئەوە بڵێم / ئەدەب لەو ڕووبەرە فراوانە ئیشدەکات کە بە ئەندازەی ژیان یان خەون و خەیاڵ بەرین و فراوانە ، کە هیچ سنووربەندی و چوارچێوەیەک ، ناتوانن بیگرنە خۆ . وە بۆ هیچ مەبەست و مەرامێکیش ناتوانین بازنەیەکی بەدەورەدا بکێشین و ڕووبەرە فراوانەکەی بچووک بکەینەوە .

_ ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا

دیارە هەموو ئایدیۆلۆژیایەک بەرنامەیەکی دیاریکراوی هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجێک ، هەموو ئایدیۆلۆژیایەک مەبەستییەتی کۆمەڵگە بەرەو ئەو ئاراستەیە بەرێت کە ئاسۆ و ڕێگاکانی لە بەرنامەکەیاندا نەخشەی بۆ کێشراوە . بۆ نموونە / ئایدیۆلۆژیای مارکسیزم ، مەبەستییەتی کۆمەڵگە بەرەو سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم بەرێت و لەم ڕێگایەوە هەوڵدەدەن دنیایەکی بێ چین و چەوسانەوە بهێننە ئاراوە ، دیارە ئیدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم و ئاینگەراکانیش هەر بەهامنشێوە . هەرئایدیۆلۆژیایەک پێویستی بە حیزبێک هەیە کە بیکەن بە ئامرازێک ، بۆ بڵاوبوونەوەی بەرنامەکەیان و گەیاندنی پەیام و نەخشە ڕێگاکانییان ، لەو سەرەوەش هەنگاونان بەرەو دوا خاڵی ئامانجییان کە گەیشتنە بە ترۆپکی دەسەڵات . لەم پێناوەدا سوود لە هەموو چاڵاکییە مرۆییەکان دەبینن . بۆ نموونە / ئەدەب ، هونەر ، شانۆ ، مۆسیقا ، وەرزش ، … . هەوڵدەدەن ئەم چاڵاکییە مرۆییانە لە ڕیگەی حیزب و ڕێکخراوەکانییان بەکاریان بهێنن .. بۆ بردنە پێشەوەی بەرنامە و بەرفراوانبوونی پێگەیان لەنێو جەماوەردا . لەوێوەش گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکەیان و پێکهێنانی دەوڵەتێک بەو شوناسەی لە چوارچێوەی بەرنامە دیاریکراوەکەی خۆیان . کەواتە ئەدەب وەک بەرهەمی بیری مرۆڤ ، ئایدیۆلۆژیا و ئایدیۆلۆژیستەکان وەکو هۆکارێک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن ، واتە لای ئەوان ئەدەب ( هۆکارە نەک ئامانج ) .

لێرەدا ، ئەدەب ناتەبا و دژ دێتەوە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیا . چونکە لە بنەرەتدا ، ئەدەب ( ئامانجە نەک هۆکار ) . ئەدەب ئامانجە بۆ گەیشتن بە ڕووبەری جوانی ، ئامانجە بۆ گەشەکردن و نوێبوونەوەی زمان ، ئامانجە بۆ ئارامبوونەوەی دەروونی مرۆڤ و پڕکردنی لە چێژ ، ئامانجە بۆ بەها مرۆییەکان و زۆر شتیتر …! بەڵام ئایدیۆلۆژیا هیچ بەهایەک بۆ ئەم ئامانجانەی ئەدەب دانانێت و وەک هۆکارێک بەکاری دەهێنێت . واتە ئەدەب لە هەموو بەها و ئامانجەکانی دادەشۆرێت .. تا ئەو ئاستەی ئەگەر ئەدەب بەو ئاراستە دیاریکراوەی ئایدیۆلۆژییەکان ئیش نەکات بە ئامرازێکی بێ کەڵک و بێ بەها چاولێدەکرێت . نووسەر و ئەدیبەکانیش مەحکوم دەبن بەلادان و دەیان ناو و ناتۆرەی دروستکراو..! بۆ نموونە مارکسیستەکان بە نووسەرەکانی دەرەوەی خۆیان دەڵێن ( نووسەری بۆرژوازی ، لیبراڵ ، ڕۆشنفیکر …. ) زۆر ناویتر ، هەرچەندە ڕۆشنفیکر بەمانای ڕووناکبیر دێت بەڵام ئەوان ، بە دیدێکی نێگەتیڤ بەکاری دەهێنن بە مانای ( کەسێکی لاتەریک و بێئاگا ، دوور لە سیاسەت و خەبات ، قەڵەم بەدەستێکی ناجەماوەری … ) ئیسلامییەکانیش نووسەرەکانی دەرەوەی خۆیان بەتایبەت ، نووسەرە سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان ، بە کافر و مولحید لە قەڵەم دەدەن و نوسینەکانیشییان بە شتێکی بێبەها چاولێدەکەن ، ناسیۆنالیست و نەتەوەپەرستەکانیش بەهەمانشێوە ، باس لە تابووری پێنج و خائین بەخاک و نیشتیمان و دەستی دەرەکی و زۆر توهمەت و ناو و ناتۆرەیتر . لێرەدا دەبینین ، هەموو ئایدیۆلۆژییەکان بەبێ جیاوازی هیچ بەهایەک بۆ ئەدەبی دەرەوەی بازنەکانی خۆیان دانانێن …! هەموویان ئەدەب وەک هۆکارێک و وەک دەزگایەک یان ڕێکخراوێکی حیزبی سەیر دەکەن ، نووسەر و ئەدیبەکانیش وەکو کەسانی وابەستە و کۆیلە و ملکەچ دەبینن . ئەوان نایانەوێت لەوە تێبگەن کەوا ئەدەب یان نووسین هەوڵێکی تاکە کەسییە ، نووسەرەکان لەنێو ئەدەبدا قسەی دڵی خۆیان دەکەن..! ئەوان نایانەوێت گوێبیستی ئەوەبن کەوا ئەدەب کردەیەکی زمانەوانییە و بارگاوییە بە مەعریفە ، ڕەنگە ئەو مەعریفەیە و ئەو ئاگاییە بۆ نووسین و داهێنان ، بۆ کەسایەتی و سەربەخۆیی تاک ، ڕیگە نەدات نووسەر قەڵەمەکەی کۆیلە و وابەستە بێت بۆ ئایدیۆلۆژیا و لایەنێکی دیاریکراو ..! بۆیە هەروەک لەسەرەتا باسمانکرد ، ئەدەب لە ڕووبەرێک ئیشدەکات کە بە ئەندازەی خەون و خەیاڵ بەرین و فراوانە ، بەهیچ دەلیل و هۆکار و ئایدیۆلۆژیاییەک ناتوانین ئەم ڕووبەرە فراوانە لە ئەدەب بەرتەسک بکەینەوە یان بازنەیەکی بەدەورەدا بکێشین .

لەماناو تێگەیشتنە مرۆییەکەی دووری خەینەوە و دایببڕێنین . ئەدەب ڕەگوڕیشە و قەدوباڵای خۆی بەهیچ ڕەنگێکی دیاریکراو ڕەنگ ناکات ، ناتوانێ هیچ ماسکێکی دایاریکراو بپۆشێ ..! ئەدەب بە بیانووی هیچ مەبەست و ئایدیۆلۆژیایەک پۆلین ناکرێ و ناتوانین ئیزمە ئایدیۆلۆژییەکانی بەبەردا بکەین . مەبەستمە ئەوە بڵێم ، لە نووسینێک یان ڕۆمانێک یان هەر دەقێکی ئەدەبی کاتێک ، ناوەڕۆکەکەی هاوتەریب و هاوڕا دێتەوە لەگەڵ بەرنامە و ئاسۆ و ئامانجەکانی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو ، ئەوە بەو مانایە نایەت کە ئەدەبەکەی بخاتە خزمەت و ژێر ڕکێفی ئەو ئایدیۆلۆژیایە ، ناوێک یان پاشگرێک بە ئەدەبەکەیە بلکێنێ .. بۆ نموونە ڕۆمانی ( دایک ) ی مەگسیم گۆڕکێ ، ڕاستە بە دیدگایەکی سۆشیالیستانە نووسراوە و بە پراکتیکی نەخشەی خەباتی چینی کرێکارانی ڕووس دەکێشێ ، بەڵام کرێکارانی ڕووس بەشێکن لە کرێکارانی دنیا ، دەکرێ ئەم شاکارە جیهانییە ئاوێنەیەک و سەرچاوەیەکی لەزەتبەخش بێت بۆ هەموو کرێکاران و خوێنەرانی دنیا ، دوای ئەوە ، هەموو کرێکاران و خوێنەرانی دنیاش سۆشیالیست نین ، بەبڕوای ئێمە وا پێویست دەکات ، ئەم شاکارانە لەنێو رووبەرە گەردوونییەکە بهێڵێنەوە پێویست بەوە ناکات بە ئەدەبی سۆشیالیستی ناویان بەرین و لە ماهییەتە گەردوونیەکەیان کەم بکەینەوە ، چونکە کرێکار هەر کرێکارە لە هەر کوێیەکی دنیا بێت ، یان سەر بە هەر ئایین و ئایدیۆلۆژیایەک بێت ، لە بەرامبەر کێشەی ( کار و سەرمایە ) دەرگیری هەمان کێشە و گرفتن ، وە دواجاریش / شاکارە گەردوونییەکان موڵکی هەموو مرۆڤایەتین نەک دەستە تاخمە و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو ، یان بۆ نموونە ئەدەبەکەی ( بەختیار عەلی ) لەنێو ڕۆمانەکانی لە زۆرشوێن ، باس لە ئەنفال و کۆڕەو و شۆڕشی کورد و جەور و ستەمی کورد بەدەست ڕژێمی بەعسەوە دەکات بەڵام ، ناتوانین ئەدەبەکەی بەختیار عەلی بە ئەدەبی ناسیۆنالیستی ناوبەرین ، چونکە ڕۆمانەکانی بەختیار لە بنەڕەتدا ، بە دیدگایەکی گەردوونی و بە خەیاڵێکی گەردوونییەوە نووسراون بۆیە ، دوورنمایەکی مرۆیی و گەردوونییان هەیە ، هەر لەنێو ئەم ڕووبەرە گەردوونییەش دەمێننەوە .

وەک چۆن ئەدەبەکەی ( ڤۆلتێر و ژانژاك ڕۆسۆ) ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە گۆڕانە سیاسی و ئابوورییەکانی فەڕەنسا تا ئاستی گۆڕینی سیستەمی دەرەبەگی و ئەریستۆکراتی ، لە پێناو ژیانێکی ئازاد و ڕەهادا ، داوای ڕزگاربوونییان دەکرد لەدەست دابونەریتە کۆنەپارێزەکەی ئەوکاتە و بۆ ئەم مەبەستە شەڕی خورافە و ئایین و کلێساکانییان دەکرد ، لەم پێناوەدا بە تایبەت ڤۆلتێر ڕووبەڕووی هەڕەشە و کوشتن و زیندان و مەنفا دەبوویەوە ، بەڵام ئەدەبەکەیان جگە لە ئەدەب و جگە لە شوناسی مرۆڤایەتی هیچ پاشگرێکی پێوە نەلکا ، دیارە بۆ ئەدەبی ( شکسپیر و تۆلستۆ و دەستۆفسکی و گابریل کارسیا مارکیز و … ) ، ئەدەبی هەموو گەورە نووسەرانی جیهانیش بەهەمانشێوە .

لێرەدا مەبەستمان ئەوە نییە هەرچی پاشگرێک و ناوێک بۆ ئەدەب ڕەتکەینەوە ، هەندێک پاشگر و ناو بەهۆی تایبەتمەندییانەوە بە ئەدەبەوە دەلکێن ئەوە ئاساییە چونکە ، هیچ سنووربەندییەک بۆ ئەدەب دانانێن و لە بەهاو ڕووبەرە فراوانەکەی کەم ناکەنەوە ، بۆ نموونە ( ئەدەبی منداڵ ) ، دیارە بەهۆی تایبەتمەندی منداڵان و باری تەمەن و دەروون و بیرکردنەوە و ئاستی وەرگرتنییان ، دەبێ بە شێواز و فۆڕمێکی تایبەت و گونجاو بە منداڵان بنووسرێت ، یان ( چیڕۆکی خۆشەویستی ) یان ( ئەدەبی لیریک ) ، ئەمانە بە فۆڕم و شێوە زمانێکی تایبەت دەنووسرێن و لەهەمانکات شوناسە مرۆیی و گەردوونییەکەیان لەدەست نادەن .

بەڵام ئەگەر بڵێین ئەدەبی ( ژنان و پیاوان ) ، ئەم جۆرە پۆلین و ناوبردنە لە تایبەتمەندی دەچێتە دەرەوە و دەچێتە خانەی سنووربەندی ، وەک چۆن ئیزمە ئایدیۆلۆژییەکانی وەک ( سۆشیالیزم و ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم و … هتد ) ئەم پاشگرانە دەچنە خانەی سنووربەندییەوە ، ئەدەب ناتەبا و دژ دێتەوە لەگەڵ ئەم ئیزمانە ، بەڵام ئیزم و پاشگری قوتابخانە ئەدەبییەکان وەک ( سومبولیزم ، داداییزم ، سوریالیزم ، فۆرمالیزم … هتد ) لێرەدا دەبینین ، ئەدەب هاوتەبا و ڕێک دێتەوە لەگەڵ ئەم ناو و ئیزمانە چونکە ، ئەم ناوانە بەهۆی تایبەتمەندی زمان و شێوازی جیا و داهێنانی نوێوە دێنە بوون ، ئەمانە ڕووبەری ئەدەب فراوانتر دەکەن و خشتێک دەخەنە سەردیواری ئەدەب و پەیکەرەی ئەدەب توندوتۆڵتر دەکەن . لەلایەکیترەوە ، ناتوانین ناتەبایی و شەڕ و ململانێی نێوان ئایدیۆلۆژییەکان بگوازینەوە نێو پانتایی ئەدەب ، بۆ نموونە / ( ئەدەبی سۆشیالیستی ) لەلایەن کەسانی ئاینپەروەر و نیشتیمانپەروەر ، داهێنان و جوانییەکانی ئەم ئەدەبە نابیندرێ ..! لە هەمانکات وەکو ئەوانیش چێژی لێنابینن ، چونکە لە بنەڕەتەوە خۆیان سەر بە ئایدیۆلۆژیایەکی جیاوازن و ئایدیۆلۆژییەکەشیان لە شەڕو ململانێیەکی ڕیشەیی و سەختدان ، ڕەنگە داهێنانەکانی یەکتر بێبەها چاولێبکەن .

یان ئەگەر بەهۆی پاساوی ڕزگاری نیشتیمانی و نەتەوە و ڕزگارکردنی چینیك بە دەستی چینێکیتر و یان ڕزگارکردنی ئاینێک بە دەستی ئاینێکی ترەوە … ، ( ئەدەب لە پێناو ئەدەب ) ڕەتکەینەوە و وەک چەکێکی شۆشگێڕانە ئەدەب بخەینە خزمەت مرۆڤ بۆ سەرکەوتن و بەدەستهێنانی ڕزگاری و ئازادی و ژیانێکی خۆشبەخت بەڵام ، دەبێ لەوە تێبگەین کەوا ، ئەدەب ئازادی و ڕزگاری بۆ مرۆڤەکان بە دەست ناهێنێ ، هەروەک ( سارتەر ) یش بڕوای وابووە کە ، ئەدەب دەتوانێ مرۆڤەکان والێبکات بیر لە ئازادی و ڕزگاری بکەنەوە . ئەدەب ناتوانێ کۆمەڵگەیەکی بێ چین و چەوسانەوە بەدەستبهێنێ ، بەڵام مرۆڤەکان دەتوانن لە ڕێگەی ئەدەبەوە ئەو وشیاری و مەعریفەیە بەدەستبهێنن کە بیر لە ژیانێکی خۆشبەخت و بیر لە ئازادی و لە کۆمەڵگەیەکی بێ چین و چاوسانەوە بکەنەوە .. لیرەوە بەوە دەگەین کەوا ئەدەب ملکەچ و وابەستەیی بۆ هیچ ئایدیۆلۆژیا و بەرنامەیەکی دیاریکراوی تایبەت نییە ، لە ئەدەبدا هیچ بیرکردنەوەیەک بە تەنها بوونێکی ڕەهای نییە ، ئەدەب لە ڕێگەی زمانەوە ئیش لەسەر وڕوژاندنی پرسیار و گومان و نامۆبوون دەکات ، لەبەرگێکی جوانکاری و بەمەبەستی بەرهەمهێنانی جوانی .. جوانیش هەم لە ئەدەب و لە هەموو شتەکانیتر بوونێکی ڕێژەیی هەیە . نامۆبوونیش دۆخێکە کە مرۆڤ لە جەوهەری ڕەسەنایەتی خۆی دادەبڕێنێ یان دووریدەخاتەوە . بۆ ئایدیۆلۆژیاش ( گومان و نامۆبوون ) دوو چەمکی توورەهات و بێمانان .

چونکە گومان و نامۆبوون تەنانەت پرسیاریش دۆخێکی ناجێگیر و شلۆق و ناتەبایان هەیە لە پێگەی ئایدیۆلۆژیادا ، مانەوە لە نێو گومان و ڕاڕایی لای مرۆڤە ئایدیۆلۆژیستەکان بە عەیبوعارێکی گەورە چاولێدەکرێت . چونکە لە ئایدیۆلۆژیادا لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیە دیاریکراوەدا ، وەڵامی پرسیارەکان دراونەتەوە و ڕێگاچارەکان بۆ گەیشتن بە ڕزگاری و خۆشبەختی دیرایکراون ، مرۆڤە ئایدیۆلۆژیستەکان دەبێ وابەستەی ئەم بەرنامەیە بن و لەسەری بڕۆن ، کەچی لە بنەڕەتدا ، ( ڕێگاچارە بۆ کێشەکان هەڵنابژێردرێ بەڵکو دادەهێندرێ ..! مرۆڤ خۆی دەتوانێ ڕێگاچارە بۆ کێشەو گرفتەکانی خۆی دابهێنێ ، نەک ڕێگایەکی پێشوەختە بە ئاسۆیەکی دیاریکراو بۆ ئامانجێکی دیاریکراو هەڵبژێرێ ) . ئەدەب بەم ماسک و بەم جەستە ڕێکخراوەییە و بەم قەڵەمە وابەستەییە ناتوانێ ئیش بکات و داهێنان بکات . نووسەر ناتوانێ بە پەنجەکان و قەڵەمەکەی خۆی ، سنوورێک یان بازنەیەک بە دەوری خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی خۆی بکێشێت .

ناتوانێ بوخچەی ئارەزووەکان و بارە دەروونییەکەی خۆی فەرامۆش بکات ، تۆ ناتوانی بەسەر دیوی ناوەی خۆت بازبدەیت و دیوی ناوەوەی ئەوانیتر بکێشیت ، وەکچۆن ، ناتوانی زنجیر لە دەست و پەنجەکانی خۆت بکەیت و لەهەوڵی پچڕاندنی زنجیری دەستی ئەوانیتر بیت . چونکە ئەدەب لە بنەڕەتدا / فڕینە لە نێو ڕووبەری زمان و خەیاڵ و بیرکردنەوە ، فڕینە لەنێو بۆشایی دەروون و حەزوئارەزووەکانی خود ، نووسینەوەی گومانەکان و نائومێدییەکان و دەروونە تێکشکاوەکانە . یان رەسمکردن و نووسینەوەی وڕێنەکانە ، نووسینەوەی ئەم جوولە و شەپۆلانەیە کە ناوەوەی مرۆڤ دەجوولێنێ و ئاراستەی ڕۆیشتنی دیاریدەکات . بەڵام بۆ ئایدیۆلۆژیا خۆشلکردن بۆ گرفت و موعاناتە تاکەکەسییەکان دۆخێکی نەخوازراو و بارێکی نێگەتیڤە .

چونکە لە بەها پیرۆزەکانی ئایدیۆلۆژیا و بەرنامەکە دووردەکەوییەوە . یان بە کەسێکی( لادەر ) ناوزەد دەکرێیت . هەروەک لە کتێبی ( تیۆری ئەدەبی ) دا هاتووە و دەڵێ ( ئەگەر مارکس سەیری دەرئەنجامەکانی پێداویستی ئێمە بۆ کارکردن بکات ، لە ڕوانگەی پەیوەستکردنییەوە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چینە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو شێوازانەی سیاسەتەوە کە بەدوایاندا دێت ، ئەوا فرۆید سەیری تێوەئاڵاندنی ئەو پێویستییە دەکات بە ژیانی دەروونییەوە ، ئەم ناتەبایی و پارادۆکسە کە کارەکەی ئەوی لەسەر دەوەستێت ، ئەوەیە کە نابین بەوەی کە هەین ..! ) . دەبینین ( فرۆید ) سەیری تێوەئاڵاندن و پەیوەندییەکان و پەیوەستییان دەکات بە باری دەروونیی و ململانێیە دەروونییەکانەوە ، دەکرێ ئەم بیرکردنەوەیەی فرۆید ببێتە بیرکردنەوەی نووسەرێک کە لەنێو دەقێکی شیعری یان لە نێو چیڕۆک و ڕۆمانێک ئیشی لەسەر بکات ، بەڵام بۆ ئایدیۆلۆژیا / ئیشکردن لەسەر ئەم بارە دەروونییە و کێشە دەروونییانەی خود کارێکی نەخوازراو و ناتەندروستە . چونکە ئایدیۆلۆژیا نووسەر و ئەدیبی گوشەگیر و یاخی ناوێت . باوەڕیان بە جیاوازی و ڕەتکردنەوە نییە ، بەڵام لە بنەڕەتدا / قسەکردن لەسەر سروشتی غەریزەکانی مرۆڤ و وەهم و نائومێدییەکانی خود ، بە بڕوای ئێمە ئەوە یەکێکە لە هێڵە سەرەکییەکانی ئەدەب . چونکە ئەدەب ئیش لەسەر دروستکردنەوەی مرۆڤ دەکات .. دواجار دەتوانین بلێین / کاریگەری ئایدیۆلۆژیا بەسەر ئەدەب بەمانای ، کوشتنی ئەدەب و بەرتەسککردنەوەی سنووری خەیاڵ و بیرکردنەوەکان و داشۆرینی بەهاکانی جوانی و نوێبوونەوە دێت .

_ ئایدیۆلۆژیا و ( زمان و ئازادی و ڕەخنە )

زمان سەرەکیترین بنیاد و پێکهاتەی ئەدەب و نووسینە ، لەدەرەوەی زمان هیچ ئەدەبێک بوونی نییە . لەنێو ئەدەبیشدا زمان دەیەوێت ڕۆلی خۆی ببینێت ، زمانی ئەدەبی لە ئاکامی گەشەی ڕەچەڵەکی مرۆڤ خۆیەوە هاتۆتەبوون و پەرەی سەندووە . لە ئاکامی ململانێکان لە پێناو مانەوەدا . ئەویش دەکرێ بڵێین ، مێژووی گەشەی مرۆڤ لە ئەنجامی بەریەککەوتنی ژیان و ئەو واقیعەی ڕووبەڕووی بۆتەوە ڕێکخستنیان لە پەیوەندییەکی زمانەوانیدا بووە . ( بە باوەڕی ( چۆمسکی ) یش نەک هەر زمانی ئەدەب / بەڵکو هەموو زمانە مرۆییەکان ڕەسەنن ، لەوەدا کە بەهۆیانەوە هەموو بیرەکانی مرۆڤ لەبارەی خۆیان و دەورو بەریانەوە دەگەنە مرۆڤی تر ، ڕەسەنایەتیش هەربەوە نایەت کە مرۆڤ یاساکانی زمانەکەی جێبەجێ بکات بەڵکو ، هەندێجار لە ڕێگەی بەزاندن و شکاندنی یاساکانەوە دروست دەبێ …! ) ، دەکرێ لەنێو ئەدەبدا بە شێوەیەکی ئەبستراکت ئیش لەسەر زمان بکرێت ، بێ گوێدانە هیچ یاسا و ڕێسایەک و هیچ سیستەمێکی ڕێزمانی و خاڵبەندی و هیچ سیستەمێکی تر .

ئەدیب دەتوانێت بەشێوەیەک ئیش لەسەر زمان بکات تا بەزاندن و لادان ، بۆ جیاکردنەوەی زمانی ئەدەبی لەگەڵ زمانی ئاسایی ڕۆژانە و بە شێوەیەکی چاڵاکانە ئیش لەسەر نوێبوونەوە دەکات . هەروەک لە کتێبی ( لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکان ) دا هاتووە و دەڵێ ( بە پێچەوانەی زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانە زمانی چیڕۆک و زمانی زانستەکان ، زمانی شیعر ، دیاردەیەکی تەواو ئاڵۆزە نە کات ( مێژوو ) ، نە شوێن ( جوگرافیا ) نە ڕێزمان ، نە یاساکانی واتا سازی ، نە ڕێنووس ، سنووری بۆ ناکێشن و لە دەسەڵاتی کەم ناکەنەوە ) ، چونکە ئەدەب زێتر بابەتێکی جوانناسییە ، نەک پیادەکردن و بەرجەستە کردنی کۆمەڵایەتییانە و بیروباوەڕی ئایینی یان ئایدیۆلۆژی .

چونکە دواجار ئومێد و ئارەزووەکانی مرۆڤ دەبنە سەرچاوەیەکی پڕ وزە بۆ جوولەی ئەدەب و شارستانێتی . بەمانایەک زمان لە ئەدەبدا ، ئەو ڕووبەرەیە کە بیر و مەعریفە و خەیاڵی مرۆڤ تێیدا گەشە دەکات ، دواجار نەک هەر لە ئەدەبدا بەڵکو زمان دەبێتە یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی بوونی مرۆڤ ، مرۆڤ بە گشتی بە هەموو ڕەنگ و ڕەگەز و نەتەوەو ئایینەکانەوە . وەکچۆن منداڵ لە ساڵەکانی سەرەتادا ، کاتێک مێشکی لەژێر کاریگەری ناخودئاگایی دایە ، هەر کەلوپەلێکی بکەوێتە دەست یاری پێدەکات و لەناخی ناخەوەی ئارام و دڵخۆش دەبێ ، نووسەریش / ( زمان و وشە ) ئەو کەلوپەلانەن یاری پێدەکات ڕۆحی پێیان ئارام دەبێتەوە و لەزەتییا لێ دەبینێت ، وەک قوڕی دەستکرد ، وشەی نوێ و ڕەنگی نوێیان لێ دروست دەکات ، وەقسەیان دەهێنێ دەنگی نوێیان لێ دەبیستێ ، زمان بۆ نووسەر ئاوێنەیەکە ، دەتوانێ هەموو نهێنی و دیوە شاراوەکانی خۆی تیا ببینێ ، نووسەر لە نێو ئەم ئاوێنەیەدا کۆلۆمبسێکە ، هەموو ئەو رووبەرە تاریکە نەبیندراوانە و هەموو کوچەو کۆڵانە نەدۆزراوەکان ، دەدۆزێتەوە و بەسەرییان دەکاتەوە .

بێ گوێدانە هێز و جوولە و کاریگەرییە دەرەکییەکان ، لەوکاتەدا تەنها هەرخۆیی و خەونەکانیەتی ، خۆی وەک بوونێکی رەسەن لەنیو ئەم ڕووبەرە کاردەکات .. ئازاد لە هەموو گاریگەرییە دەرەکییەکان ، لەم ڕووبەرە نووسەر بە تەواوی مانا ئازادە و مومارەسەی ئازادییەکانی خۆی دەکات ، وەک مرۆڤێکی یاخی خۆی بۆ هیچ بیروباوەڕ و کەلتوور و دەسەلاتێک شل ناکات ، ئەدەب و نووسین / ئەو شوێنانەن کە مرۆڤ دەتوانێ لەوێدا تەواو ئازاد بێ لە قسەکردن و لە ڕەفتار و لە دەربڕینی هەر شتێک کە بیەوێت ، ( نەک هەر ئەوە بەڵکو شاعیر یان ئەدیب بۆیان هەیە هەموو زمانە مرۆییەکان بە سەرچاوەی خۆیان دابنێن و فەرهەنگی ئەم هەموو فەرهەنگەکانی جیهانی بەهەر زمانێک بن و لە هەر سەردەمێکدا کۆکرابنەوە ) ، دواجار / ئازادیش ئەوکاتە مانایەکی هەیە کە مرۆڤ دەتوانێ مومارەسەی بکات ، هەروەها / ئازادی ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو بارەدۆخانەیە کە بوونی مرۆڤ دەشێوێنی و پڕی دەکات لە نامۆیی . بەڵام ئایدیۆلۆژیا ئەم ئازادییەی نووسەر لەنێو ڕووبەری ئەدەب و زمان بە یاخیبوون و لادەر لە قەڵەم دەدات ، ئایدیۆلۆژیا گەمەی زمانەوانی و ئیشکردن لەسەر میتافۆر و وێنە و پارادۆکس و پرسیار و گومان و پێکهاتە ڕەوانبێژییەکان .. و ئەمانە بۆ ئەو بەهایەکی ئەوتۆیان نییە ، هێندەی زمانێکی شەفاف و ڕوونی لە نووسەر دەوێت هەندێکجاریش زمانێکی دروشمئامێز ، بۆ گەیاندنی مەبەست و پەیامێکی دیاریکراو . چونکە بۆ ئایدیۆلۆژیا ئەدەب جگە لە هۆکارێک هیچی تر نییە ، ئامانج نە داهێنانە نە جوانکاری .

بە دیوێکی تریش ، ڕەنگە / زۆرێک لە نووسەران لە ڕێگەی ئەو عەشقەیان بۆ بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژییەکەیان ، بێ هیچ فشار و کاریگەرییەکی دەرەکی بکەونە ژێر ڕکێفی ئایدیۆلۆژییەکەیان و لەزەت لەوە ببینن کە ، بەم شێواز و ستایلە بنووسن کە هاوتەریب دێنەوە لەگەڵ مەبەست و ئامانجی ئایدیۆلۆژییەکەیان . بە مانایەک نووسەرانێک خۆیان زنجیری ئایدیۆلۆژی و کاریگەرییەکانی دەرەکی لە دەستی خۆیان دەکەن و ڕووبەری خەیاڵ و بیرکردنەوە و شێواز و ستایل و زمانەکەیان بەرتەسک دەکەنەوە ، بە بڕوای من / ئەم نووسەرانە کۆیلە و وابەستەن ..! چونکە دەبێ لەوە بەئاگابین ، ئایدیۆلۆژیا نەک هەر بەرامبەر بە گەمە زمانەوانییەکان و ستایل و جوانکارییەکان بەڵکو ، هەوڵدەدات ئازادی نووسەر سنووردار بکات ، چونکە ئایدیۆلۆژیا ناتوانێ لەوە تێبگات ( ئەدەب بە زمانی ئەندێشە و فەنتازیا دەنووسرێ ، ئەندێشە و فەنتازیاش سیفاتی دیالەکتیکییان هەیە …! ) ، نەک هەر ئەمە بەڵکو ، ئایدیۆلۆژیا بەرامبەر رەخنەش هەمان ڕۆڵ دەگێڕێت .

ڕەخنە بۆ ئایدیۆلۆژیا ، یەک مانای هەیە ، ئەویش / دەبێ رەخنە لە ئەویتر بگریت و داکۆکی سەرسەختانە لە بیروباوەرەکەی خۆت بکەیت . ڕۆڵی ڕەخنەگر هەرەسهێنان و تێشکانی لەشکری بەرامبەرە .. ! قسەیەکی تەقلیدیش هەیە بەرامبەر رەخنە بۆ هەموو ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەرەکان ڕاستە ، کە ئەویش / ئەگەر ڕەخنەکە هاوتەریب بوو لە گەڵ ئاسۆ ئامانجەکانی ئەو ، واتە گەر لەبەرژەوەندی ئەودا بوو ، ئەوا ڕەخنەیەکی ( بونیادنەرە ) ئەگەرنا دەبێتە ڕەخنەیەکی ( ڕووخێنەر ) ..! بەبێ هیچ لەبەرجاوگردتنی میتۆد و جدییەت و بنەمای مەعریفی و زانستی ڕەخنەکە .. گرینگ ئەوەیە ئەم ڕەخنەیە لەگەڵ تۆ دێتەوە یان نا ..! رۆژانە ئەوە دەبیستین لە ڕەخنەکانی بەرامبەر بە یەکتری بە ( ژەهر ) ناوزەد دەکەن ، پێیان وایە ڕەخنەکان و نووسینەکانی دژبەیەک ژەهرێکە بە دژی یەکتری بڵاوی دەکەنەوە ، لەولاوەش هەموولایەن و ئایدیۆلۆژییەکان بە ماسکێکی ناشیرین و ڕەزا قوڕسەوە / باس لە ئازادی و دیموکراسی و گرینگی ئەدەب و ڕەخنە و بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەکەن . ئەوەش بەو مانایە نایێت کە / دەستی سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا ببڕین لەنێو ئەدەبدا یان ئەدەب نەتوانێ قسە لە سیاسەت بکات . بەڵکو هەموو نووسەرێک ئازادە چۆن بیردەکاتەوە و یان هەڵگری چ بیروباوەڕیک و ئایدیۆلۆژیایەکە بەڵام ، گرینگە کە ئەدەبەکەی نەخاتە ژێر ڕکێفی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو ، واتە / ئەدەبەکەی نەبیتە هۆکار بۆ ئایدیلۆژیایەکی دیاریکراو . مەبەستی تایبەتیشمان تەنها ( پاراستنی ڕووبەرە گەردوونیەکەی ئەدەبە ) ، لێرەدا بە باشی دەزانین کەوا / نووسەر خاوەن ڕوئیاو بیرکردنەوە و جیهانبینی تایبەت بەخۆی بێت ، چونکە بە پێویستی دەزانم لێرەدا پێ لەسەر ئەم وتە گرینگەی ڤۆڵتێر دابگرم کە دەڵێ ، ( ڕەنگە لە بیر و بۆچووندا جیاواز بین ، بەڵام ئامادەم بمرم لە پێناو داکۆکیکردن لە بیروبۆچوونت ..! ) دواجار ئەدەب بەرهەمی بیری مرۆڤە و هاوتەریبە لەگەڵ مرۆڤ و بەها مرۆییەکان ، حەقیقەتیش ( بە تەنیا ) لەلای هیچ لایەنێک و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو نییە ..!

دیسەمبەری ٢٠١٨
———————————–
سەرچاوەکان :
بۆ نووسینی ئەو بابەتە سوود لەم سەرچاونە وەرگیراون .
١/ کتیبی ( تیۆری ئەدەبی )
نووسینی / ( تێری ئیگڵتن ) .. وەرگێڕانی ( عەتا قەرەداغی )
٢/ کتێبی ( ئەدەب چییە ) .. نووسینی ( ژان پۆڵ سارتەر )
وەرگێڕانی ( مستەفا غەفوور )
٣/ کتێبی ( نامەیەک لەبارەی لێبووردەییەوە )
نووسینی ( ڤۆڵتێر ) .. وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە ( عەبدولڕەزاق عەلی )
٤/ کتێبی ( لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکان ) .. نووسینی / ( پڕۆفیسۆر د.محەمەد مەعروف فەتاح )
کۆکردنەوە و ئامادەکردنەوەی / ( شێروان حسێن خۆشناو ) ، ( شێروان میرزا قادر )




شەونمە شینەکانی شەو … ناڵە حەسەن

تۆ دڵۆپە شەونمێکی
بەسەر لێوی گوڵێکی شینەوە
شین دەچییەوە
زەردەخەنەی باخچەکانیش
بە تیشکی سەر ڕوخساری تۆ دەبریسکێنەوە
هەندێجاریش / نەرم نەرم
بەسەر ڕووی پەنجەرەیەک دێیتە خوارێ
کە بە پەردەیەکی شین داپۆشراوە
لە دیوی ژوورەوەش
نەوڕەسە ژنێکی ناموراد
بە ژێرکراسێکی تەنکەوە
لەسەر سیسەمەکەی ڕاکشاوە
مۆمێکی داگیرساندووە و شیعر دەخوێنێتەوە
تۆ تریفەی مانگێکی شینی
لە نێو تاریکی شەو و
بەسەر تاشەبەردەکانی تەمەنم
دەدرەوشێیەوە
بە بوونی تۆ
هەموو / شەونمە شادومانییەکانی شەو
نیگای سنەوبەرەکان / شەپۆلی دەریاکان
ڕەشماڵی بنارەکان / شین دەچنەوە
تۆ /
کتێبی خەونەکانمت پڕ بارانی شین و
دەفتەری شیعرەکانم پڕ شیعری شین و
بوخچەی ئارەزووەکانیشمت
پڕ وردە کانیاوی شین کردووە
لە شەوێکی شین شینی پاییزیش
وەکو شیلە
شل شل
دەڕژێیتە نێو پێدەشتی
خەیاڵە شینەکانی من
شەونمی شین و شەوی شین
تاڤگەی شین و توانەوەی شین
عەشقی شین و شیعری شین
شین و شین و شین
شین وەک دەریا
شین وەک ئاگر
شین وەک خودا
تۆ تەونێکی لە شەوە شینەکاندا
ڕۆحی ئەستێرە دوورەکان و
شەونمە ئیرۆسییەکان و
پەپوولە یاخییەکان
بە ڕۆحی من دەبەستییەوە
تۆ قەڵەمێکی
هەوری نێو شەوە شینەکانت
لەخۆت لوولداوە
بە مەرەکەبی بارانە شینەکانیش
شیعری عاشقانە
لەسەر ڕووی ڕووبارەکان و دەریاکان
دەنووسییەوە
گوڵە گیانم
تۆ دڵۆپە شەونمێکی سەر گۆنای
خونچەیەکی شینی شەبەنگی
نێو تەمە سپییەکانیت
لەسەرەتای سەرەتاکانەوە هاتوویت
بەنێو کۆتایی کۆتاییەکانیش / تێپەڕیویت
کاتژمێرەکان بە هەناسەی تۆ بێدار دەبنەوە
زەمەنیش درێژە بە وەرز و سەدەکانی خۆیدەدات
تۆ سومبولێکی سەرمەدیت
دەبیت بە باران و تێکەڵ بەخاک دەبییەوە
دەبیت بەخاک و خۆت بۆ بەفر ڕووت دەکەیتەوە
هەموو بەرەبەیانێکیش
ئەوکاتانەی
پرشنگی خۆرەتاو
لێوی لە لێوە شینەکانت دەخشێنێ
وەرزە تاریکەکانی عەشق و
ئەشکەوتە تاریکەکانی تەنیایی و
بەهەشتە تاریکەکانی مردن
ڕووناک دەکەیتەوە
مەمکۆڵە گەرمەکانیشت
شەوە شینەکانی
نێو قەسیدە درێژەکانی غوربەتم
گەرم دەکەنەوە
وەک شلکە ڕێواسێکی ناسکیش
سەرگۆنای
زورگە وشکهەڵاتووەکانی خەیاڵم و
نێو دەمی
کێڵگەی ئارەزووەکانم / تەڕدەکەیتەوە …!

ئابی ٢٠١٨




کتێبی: سارا تیسدەیل ژنە شاعیری ئەمریکی … وەرگێڕانی: ناڵە حەسەن

بۆخوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….ناڵە حەسەن




سێگۆشەیەک … ناڵە حەسەن

من لەنێو سێگۆشەیەکی
ڕەنگ خۆڵەمێشی هاتمە دنیا
هەر لەنێو ئەم سێگۆشەیەدا
بۆ یەکەمینجار
چاوم بە ڕووناکییەکی تاریک کەوت
چاوم بە بنمیچێکی گزیری و
ژوورێکی پڕ دەلاقە و
تاقیسکەیەکی بڵند و
فانۆسێکی کز و
ئاوێنەیەکی درێژ و
چاوم بە سندوقێکی ڕەنگاوڕەنگ کەوت
هەر لەنێو ئەم سێگۆشەیەدا زمانم هاتە گۆ
فێری ئەوەبووم بڵێم ( نا )
لەنێو ئەم سێگۆشەیەدا
خەمی نان و ئازارەکانم
بوون بە یەکەمین مامۆستام
کتێبیش بوو بە نزیکترین هاوڕێم
ئازادیش منی بە شیعر ئاشناکرد
لە کتێبەکانمەوە فێری ئەوەبووم
هەمیشە خەون ببینم
مامۆستاکەشم فێریکردم
بەدوای خەونەکانمدا بڕۆم
لە قەڵەمەکەشم فێری ئەوە بووم
ببم بە خۆم و هەموودەم هەر خۆم بم
هەر خۆم بم و
ملکەچی هیچ هێزێکی ئاسمانی و
هیچ پاشا و گەدا و کوێخایەک نەبم
لەنێو ئەم سێگۆشەیەدا
عەشق فێری ئەوەی کردم
بەسەر پشتی مەرگ بازبدەم و نەکەوم
بەنێو کۆڵانە پێچاوپێچەکانی
گەردەلوول و ڕەشەبا و تۆفان
تێپەڕم و نەکەوم
بەنێو ئۆقیانووسی
نائومێدی و تەنیایی و عەبەسییەتدا
بپەڕمەوە و نەکەوم
لە کاتی دەرگا لەسەرخۆداخستن و
لەنێو خەیاڵە شوومەکانی خۆکوشتنیش
شیعر دەستم دەگرێت و
بە چرپەوە پێمدەڵێت
( ئەی شاعیرە ڕۆژهەڵاتییەکە
هەڵسەوە
خۆرەتاو فەرشی نارنجی بۆ ڕاخستوویت
بەردەوامبەوە / تۆ لەودیو سنوورەکانی مردنیت …! )
هەر لەنێو ئەم سێگۆشەیەدا
فێری ئەوە بووم
خۆم و خەونەکان و
مرۆڤ و ماسییەکان و
ئومێد و ئاوێنەکان و
پاییز و پەپوولەکان و
باران و باڵندەکان و
نەسیم و نێرگزەکان و
شەپۆل وشەوەکان و
بروسکە و باخچەکان و
ڕێواس و ڕووبارەکان و
سێو و سنەوبەرەکان و
هەموو شتەجوانەکانم خۆشبوێن
ئەم سێگۆشەیەی من
گۆشەیەکی بە نوونی نیشتیمان و
گۆشەیەکیتری بە میمی مرۆڤ و
دواهەمین گۆشەشی
بە ئای ئازادی / دەورەدراوە
نوون نوون نوون
میم میم میم
ئا ئا ئا
نیشتیمان / مرۆڤ / ئازادی
مرۆڤ / ئازادی / نیشتیمان
ئازادی / نیشتیمان / مرۆڤ
هەمیشە وا هەستدەکەم
من بۆ /
نیشتیمان و مرۆڤ و ئازادی
هاتوومەتە دنیا
هەربۆیە لەوەتەی هەم
عاشقی ئازادی و نیشتیمان و مرۆڤم
لەوەتەی هەم
هەر بۆ /
مرۆڤ و ئازادی و نیشتیمان
دەنووسم
چونکە هەر لە ئەزەڵەوە
من پێکهاتە و من هاوکێشە و
من شنەبای / ئامانجێکی سەرکەشم …!

حوزەیرانی ٢.١٧




ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ شیعر…. ناڵه‌ حه‌سه‌ن

● بابه‌ت:
● ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ شیعر
● ناڵه‌ حه‌سه‌ن
● پێداچوونه‌وه‌ی زمانه‌وانی:
● نه‌خشه‌سازی ناوه‌وه‌: ڕێدار جه‌عفه‌ر
● به‌رگ: هۆگر سدیق
● نرخ ()
● چاپی یه‌كه‌م: 2016
● تیراژ: (500) دانه‌
● چاپخانه‌ی: چاپخانه‌ی موكریانی (هه‌ولێر)
● له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كتێبخانه‌كان ژماره‌ی سپاردنی (….) ساڵی(…..)ی پێ دراوه‌.
زنجیره‌ی كتێب (…..)

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….ناڵە حەسەن




پەپوولەیەک لە ڕەنگی مانگ … ناڵە حەسەن

تۆ دەتوانی بە نێو
وەرزەکان و ساڵەکان و سەدەکان تێپەڕیت
بەبێئەوەی ئاوڕ لە خەمە سپییەکانی تەمەن بدەیتەوە
یان بە نێو کۆڵانەکانی ڕەشەبادا تێپەڕیت
بە بێئەوەی ئاوڕ لە ئایکۆنەکانی مردن بدەیتەوە
تۆ دەتوانی
بە نێو شەقامەکانی ئاگردا پیاسە بکەیت
یان لەنێو باخچەکانی بروسکە بمێنیتەوە
یان /
چاوەنەرمەکانی مانگ بکەیت بە ماڵی خۆت و
بە دارچروەکانی
حەوشەی پشتەوەی ماڵی خوداش
کەپرێک بۆخۆت دروست بکەیت
بە بێئەوەی
ئاوڕ لە باریکە ڕێیەکانی تەنیایی بدەیتەوە
تۆ دەتوانی بە نێو
دواینیوەڕۆیە تەماوییەکانی عەشقدا ڕەتبیت و ون نەبیت
یان بەنێو
خەرەندە قووڵ قووڵەکانی خەیاڵدا ڕەتبیت و ون نەبیت
یان بە ژێر
ڕێژنە تەرزەی نێو دیوانە شیعرییەکانی مندا ڕەتبیت و
ئاوڕێکیش لە نائومێدییەکانی من نەدەیتەوە

ئەی مەریەمیترین سەروەری من
تۆ دەتوانی
هەموو کیشوەرەکان و ئۆقیانووسەکان
بکەیت بەیەک
یان هەموو ئەستێرەکان لەیەک نزیکبکەیتەوە
یان ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە بگۆڕیت و
بارانیش بە جۆرێکیتر لێوی گژوگیا ماچ بکات
بە بێئەوەی کلۆبەفرەکانی بێهوودەیی
زەردەخەنە گەرمەکەی سەر گۆنا و
نیگا نەرمەکانی چاوەکانت بشێوێنن
تۆ دەتوانی
کراسی پایز لەبەرکەیت و
ڕوخساریشت وەک ڕوخساری مانگ / دەرکەوێت
کراسی بەفر لەبەرکەیت و
ڕوخساریشت وەک ڕوخساری خۆرەتاو / بمێنێتەوە
کراسی سپیدە لەبەرکەیت و
لێوەکانیشت وەک چرکە ساتەکانی غروب
سوور سوور بن
کراسی شەو لەبەرکەیت و
چاوەکانیشت
پەرستگایەک بن لە ڕووناکی
تۆ دەتوانی
ئاگر ئاوسکەی لە با
مردن ئاوسکەی لە عەشق
درەخت ئاوسکەی لە ئەستێرە
من ئاوسکەی لە جوانییەکانی خۆت
خۆشت ئاوسکەی لە خەونەکانی من

ئەی سەروەریترین سوڵتانەی من
تۆ پەیکەرێکی لە میهر
بە تەنیا لە نێو دڵی من جێگات نابێتەوە
دەبێ دڵەکانی هەموو دنیات بۆ قەرزکەم
گەر لەوێداش جێگات نەبوویەوە
بەبێ هیچ شک وگومانێک
دەبێ دڵی خوداکانت یەکبەدواییەک
بۆ ئاشتکەمەوە …!

ئەی خەونی من / تا ئەبەد خولیای من بە
ئەی مەستانەی من / تا ئەبەد مەستی من بە
ئەی شاگوڵی من / تا ئەبەد شەیدای من بە
ئەی پەریزادەی من / تا ئەبەد پەروانەم بە
( ئەی عەشقی من / تا ئەبەد عاشقم بە )
وەکچۆن من بۆ هەمیشە و تا ئەبەد
خولیا و مەست و شەیدا و پەروانە و عاشقی تۆم …!

کەنەدا
کۆتایی نۆڤەمبەری ٢٠١٤




منداڵانی کورد … ناڵە حەسەن

ئێوە کێن ..
تۆ بڵێی ئێوە لە نەوەی ئیبلیس بن و
ئادەمتان فریو دابێ
تۆ بڵێی ئێوە ڕۆژێک لە ڕۆژان
لەنێو حوجرەکەی خودادا
میزتان بە کتێبە پیرۆزەکاندا کردبێ
تۆ بڵێی ئێوە لە پاشماوەی بتە شکاوەکانی
سەدەکانی جاهیلییەت بن
تۆ بڵێی مەسیح بە بڕیاری ئێوە لە خاچ درابێ
دەپێم بڵێن ئێوە کێن و
چ گوناهێکی هێندە گەورەتان کردووە
تا بە هۆیەوە ئاوا بێڕەحمانە
لەبەهەشتی منداڵیتان وەدەرنرابن و
تا ئەبەد مەحکوم بە دۆزەخ بن
یان هەموو ژیانتان
هەر گریان و هەر فرمێسک و هەر خوێن بێ
هەر خوێن و هەر خوێن و هەر خوێن
لەبەرامبەر ئەم جینۆساید و کوردکوژییەدا
دەبێ ئەو هێزە ئاسمانییە لە کوێ بێ
کە ڕۆژانە ملیۆنەها مرۆڤ بۆی بە چۆکدادێن
ئەی ئەو ملپان و مشەخۆرانەی
کە ڕۆژانە بە دروشمە ڕەزاقوڕسەکانی
دیموکراسی و مافی مرۆڤ
لەسەر لاشەکانی ئێمە دەلەوەڕێن
چ درۆیەکی گەورە و
چ سەخافەتێکی گەورە و
چ شەرمەزارییەکی گەورەیە مرۆڤبوون …!

فێبروەری ٢٠١٨




عەفرین ئاڤێستایە … ناڵە حەسەن

١
( عەفرین )
ع / ڕەمزی عەدالەت و
ە / ڕەمزی ئاڤێستای دڵگەش و
ف / ڕەمزی فڕین و
ر / ڕەمزی ڕاز و
ی / ڕەمزی یەکسانی و
ن / ڕەمزی نەکەوتنە

٢
( ئاڤێستا )
ئ / ئەوینێک بڵندتر لە بەرزاییەکانی ئاسمان
ئاوێزان لەگەڵ ئازادی
ئاڵوودە لەگەڵ عەشق و خاک و ئەبەدییەت
ا / ئارام ئارام
ئاگری لە تخوبەکانی نێوان مردن و ژیان بەردا
لەنێو تابلۆیەکی پاییزی
سەمای لەگەڵ درەختە هەڵوەریوەکان و
باڵندە نامرادەکان دابەستا
ڤ / ڤژاندنی ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر و
دەستپێکردنەوەی سروودە نەرمەکانی باران
ێ / ئێشکگر و شەباهەنگی شکۆی نیشتیمان
پرژاندنی شیلەی گەشبوونەوە
بەسەر درەخت و پنجە گیا و سەوزایی باخچەکان
س/ سەوداسەر و سەرمەست و سەرمەدی
سولاڤێک نم نم
دەڕژێتە نێو ئەفسانە و کتێبە پیرۆزەکانی سەروەری
ت / تەمتوومانێکی سپی
تارایەکی سوور
تاڤگەیەکی ئاوس بە ژان و میلۆدییەکانی ئەڤینی
ا / ئاڤێستا و ئاڤێستا و ئاڤێستا
چڵە زەیتوونە چاوگەشەکەی عەفرینم
ئەی داستانی هێڵە شینەکانی نێوان ڕەشبوونەوە و درەوشانەوە
ئەی تۆفانی نەبەردبوون و پشکوتن و ژیانەوە

٣
عەفرین ئاڤێستایە
ئاڤێستاش ڕووناکییە و ڕاچڵەکینە و ڕێگایە
عەفرین / ماڵێک بۆ خۆشەویستی و پێکەوە ژیان
ئاڤێستاش / لوتکەیەک بۆ سەروەری و بەرخودان
سومبولێک بۆ بوون ، شەهێنێک بۆ شوناس
خورپەیەک بۆ خۆرەتاوی نێو خەونە خۆڕسکەکان
عەفرین ئاڤێستایە
ئاڤێستاش / ئاگردانێک پڕ لە پشکۆ
شەپۆلێک پڕ لە شکۆ / هێشوویەک پڕ لە هاوار
دەنگێکی دڵگوشاد پڕ لە داد و دلێری و دلۆڤان
ئاڤێستا و ئاڤێستا و ئاڤێستا
هێمایەک / بۆ هەرمان و ئایندە و نیشتیمان …!

تێبینی / ڤژاندن یانی بووژاندنەوە .

٢٩ی بەفرانباری ٢٠١٨




نیشتیمانم لە تەنیشت منەوە بنێژن … ناڵە حەسەن

نەوڕەسی من
ئەی هاودەم و هاودیدەکەی من
بەرلەوەی دوا قومی جگەرەی تەمەن و
دواپێکی شەڕابی ئومێدەکانم هەڵبدەم
بەرلەوەی
وەسییەتەکانی خۆم
لەنێو کتێبی دڵۆپە بارانێک بنووسمەوە
بە پەیژەکانی ئاسمان هەڵگەڕێ
بڕۆ / لەبنار کێوێکی سەخت و دوورەدەستی
نێو ناوجە شاخاوییەکانی خۆرەتاو
بۆ خۆم و خۆت
کەپرێک
یان کەلاوەیەک بدۆزەرەوە
با ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت
لە ژێر تەوژمی تاڤگەکانی
ئەم دڵەڕاوکێیە و نائومێدییەمان
دووربکەوینەوە
بڕۆ ئەی نەوڕەسی من بڕۆ
بەرلەوەی
دوادێری ئەم قەسیدەیەم بنووسمەوە
یان دوانوختە بۆ ( دەقی تەمەن ) م دابنێم
یان دواپیاسە بەنێو شەقامەکانی
مردنی خۆمدا بکەم
یان بۆ دواجار
گوێ لە گۆرانییە حەزینەکانی ڕەشەبا بگرم
یان هەڵوەرینی دواهەمین
پەرەمووچەی باڵەکانی پەرەسێلکە بێنازەکان و
هەڵوەرینی گەڵای دواهەمین
درەختی خەونە گەورەکانم ببینم
بە پەیژەکانی ئاسمان هەڵگەڕێ و
بڕۆ /
لەسەر دوورترین ئەستێرە
لەنێو دڵی کاتژمێر و سەوزاییە سەرمەستەکان
ئارامگەیەک بدۆزەرەوە
لەوێدا /
نیشتیمانم لە تەنیشت منەوە بنێژە
بەدیوی سەرەوەی جەستەی نیشتیمانم
لەنێو کتێبێکی بەرگ سپی
بە قەڵەمێکی ڕەشەوە / بنووسە
ئەوە نیشتیمانێک بوو
بەر لە سەدەکانی مێژوو
بەر لەسەدەکانی مەسیحەوە
هەر لە خاچ دەدرا
ئەوە نیشتیمانێک بوو
بستێک لە جەستەی نەمابوو برین نەبێ و
بە ئەندازەی هەموو ئۆقیانووسەکانی خودا
خوێن لە جەستەی دەچۆڕا
نەوڕەسەکەم
هەر لەنێو ئەم کتێبەدا / بنووسە
ئەوە نیشتیمانێک بوو
لەنێو مردندا هەناسەی دەدا و
هەر لەنێو مردنیش خەونی دەبینی
ئەوە نیشتیمانێک بوو
بۆ هەمیشەو هەمیشە و هەمیشە
لەسەر دەستی
پیاوە بچووکەکانی نێو دنیای سیاسەت
لەنێو بازارەکانی
عەرەب و تورک و عەجەم
هەڕاج دەکرا
نیشتیمانێکی بێ شوناس و بێ ئاڵا
نیشتیمانێک / بێ خودان و بێ پشتوپەنا
بڕۆ ئەی نەوڕەسی من زووکە بڕۆ
بەرلەوەی بەرەبەیانی ئەو تەنیاییەم
لەنێو شەوەکانمدا نەزیف ببێ و
ڕەنگە دڵگەشەکانی پاییز
لەنێو ئەلبووم و
نیگارەکانی سروشت کاڵببنەوە
یان / ژیان مۆمی بیست و دووهەمین
سەدەی مردنی خۆی هەڵبکا
یان بەرلەوەی
میلی کاتژمێری پەلکەزێڕینە غەمگینەکان
بگاتە سەر بیست و پێنجی خۆکوشتن
دەی نەوڕەسی من / دەزووکە دەی
بەرلەوەی شەپۆلەکانی یاخیبوون
لەسەر لوتکە و گردەکانی سەرسینگی ئاو
بەچۆک دابێن
یان تریفەی مانگ
بە زمانی تاریکی سروودەکانی بچڕێ
ڕووبارەکان میلۆدییەکانی عەشقییان بیربچێتەوە
گەردەلوول بە ئیفلیجی خول بخواتەوە و
خۆرەتاویش بەسەرخۆشی
نێولەپ و نێو نیگای خەونەکانمان بخوێنێتەوە
بڕۆ بڕۆ بڕۆ / نەوڕەسەکەم بڕۆ
بە پەیژەکانی ئاسمان هەڵگەڕێ
لەنێو پێدەشتی هەورە دوورەکان و
ئاقارە ئاوریشمییەکانی
نێو بروسکە و تەمە سپییەکاندا
لەوێدا /
لەنێو کیشوەرە ئاگراوییەکانی
دوورترین دۆزەخدا
ئارامگەیەک بدۆزەرەوە
نیشتیمانم لە تەنیشت منەوە بنێژە
لەسەر کێلەکەشی بنووسە
نیشتیمانی چلوپێنج ملیۆن مرۆڤی ونبوو
پێنچ هەزار ئەستێرەی ڕژاو
هەزاران هەزار باڵندەی سەربڕاو
سەدوهەشتاودوو هەزار پەپوولەی ئەنفال
نیشتیمانێکی بێ شوناس و بێ ئاڵا
نیشتیمانێک / بێ خودان و بێ پشتوپەنا
نیشتیمانێک لەنێو هەموو
سەدەکان و وەرزەکان و ساڵەکان و
مانگەکان و ڕۆژەکانیدا
کازێوەیەکی شەبەنگی
پرشنگی نەداو نەدرەوشایەوە
لەنێو شەوە سوور و سپی و شینەکانیدا
ناقوورەیەکی ئازادی
بەبنار مەمکۆڵەکانییەوە
فەوارەی نەداو نەبریسکایەوە
نیشتیمانێکی ماندوو
ماندوو ماندوو ماندوو
لێیگەڕێن
با چاوە گەشە پرشنگییەکانی لەسەریەک دابنێ و
بە بەرینایی جەستەی خۆی
لەنێو گۆڕەکەیدا ڕابکشێ و بحەسێتەوە
منیش هەرلەوێدا
لەنێو ئەم ئارامگە رووناکەدا
هەروەکجاران
لاوکەکانی تەنیایی و
لاوژەکانی هەرەس و
سەدای سووتماکی سووتانەکان و
نرکەوناڵە پڕ حەسرەتییەکان و
خەونە خاکییە خەزانییەکانی
خۆم و نیشتیمانم
لەنێو قەسیدەیەکی درێژدا
بۆ ئێوەی وەک من مردوو
بە ڕێنووسە /
نارنجییەکانی نائومێدی / دەنووسمەوە …!

بەفرانباری ٢٠١٨




( شیعر و فەلسەفە ) یان ( فەلسەفە و شیعر ) … ناڵە حەسەن

شیعر و فەلسەفە دوو چەمکن پەیوەندی بەهێز و توندوتۆلیان لەگەڵ یەکدا هەیە ، زۆرجاران وەک دوو هێڵی تەریب هەندێکجاریش پێجەوانە و دژ ، پەیوەندییەکە تا ئاستی ئەوەی ، هەندێکجار شاعیران بیرۆکەی فەلسەفی لە نێو شیعرەکانییان بەرجەستە دەکەن ، یان هەندێک لە فەیلەسوفەکان بە زمانی شیعر بابەت و فەلسەفەکانییان دەنووسنەوە ، هەندێک لە نووسەران و ڕەخنەگران هاوڕانین لەگەڵ ئەم پەیوەندییەدا و پێیانوایە ، شیعر و فەلسەفە لە دوو کایەی تەواو جیاواز ئیش دەکەن و نابێت تێکەڵاوی یەکترییان بکەین ، بە مانایەک ، لەگەڵ بە ( شیعرکردنی فەلسەفە ) و یان ( بە فەلسەفەکردنی شیعردا ) نین .
ئێمە لەم وتارەماندا ، هەوڵدەدەین لە ڕووبەرێکی فراوان باس لە شیعر و زمانی شیعر و پەیوەندییەکانی فەلسەفە و شیعردا بکەین ، لەم ڕاستایەش ، وەڵام بە زۆرێک لە پرسیار و ناڕۆشنییەکان بدەینەوە . بەر لەهەرشتێک ، شیعر مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە ، لە سەردەمی ( سۆمەرییەکان ) دا ، ( داستانی گلگامێش ) ، وەک دەقێکی زۆر کۆنی شیعری بە فۆڕمی ئیپیک نووسراوە ، دەگەڕیتەوە بۆ سەدەی سێیەمی پێش زایین ، بەڵام بە بڕوای من ، مێژووی شیعر لەم بەروارەش کۆنتر و دێرینترە ، مێژووی شیعر / دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی مرۆڤ ، پێش پەیدابوونی نووسین ، لەوکاتەی مرۆڤ توانای بیرکردنەوەی پەیدا کرد ، توانای ئەوەی پەیدا کرد ، لە ئاکامی بیرکردنەوە بە نێو خەیاڵدا ڕۆبچێ ، یان قسەبکات و گۆرانی بڵێ ، لەوکاتەدا شیعر پەیدا بووە .. بەڵام ، لەم وتارەماندا کاری ئێمە ساغکردنەوەی مێژووی شیعر نییە ، لێرەدا واز لەم مێژووە کۆنە دەهێنین و لە یۆنانی کۆنەوە دەست پێدەکەین .. لە سەردەمی یۆنانی کۆن ، شیعر دوو جۆر بووە ،

یەکەم / شیعری ئیپیک
دووەم / شیعری لیریک

ئەم دوو جۆرە شیعرەش ، دوو جۆر لە فۆرمی شیعرین ، ( ئیپیک ) فۆڕمێکە بەم جۆرە شیعرە درێژانە گوتراوە ، کە چیڕۆک و ئەفسانە و داستان و بەسەرهاتە تراژیدییاکان و مێژوویەکانی پێنووسراوەتەوە ، پێشەنگی ئەم فۆڕمە شیعرییەش ( هۆمیرۆس ) بووە ، کە لە سەردەمی ( سەرەتای سەدەی هەشتەم و تا ناوەڕاستی سەدەی نۆیەمی پێش زایین ژیاوە ) باشترین دوو دەقی هۆمیرۆس ( ئەلیادە و ئۆدیسە ) ن کە بە فۆڕمی ئیپیک نووسراون .. هەروەها ( لیریک ) / بەمجۆرە شیعرانە دەگوترێن ، کە مامەڵە لەگەڵ هەستەکان و غەریزەکانی مرۆڤ دەکەن . بۆ شێوازێکی ڕۆمانسییانە و بە زمانێکی سادە و لەزەتبەخش و ئیرۆسییانە ، بە هارمۆنی و مۆسیقایەکی هەست بزوێن .

پێشەنگی شیعری لیریکیش ( ئارکیلۆکەس و سافۆ و ئالکمان و ئالسییەس ) بوون ، ( سافۆ ) ژنە شاعیرێکی نێوداری شیعری لیریکە و لە مێژووی شیعردا ، بە یەکەمین شاعیری ( مێ ) دەژمێردرێ . دەتوانین بڵێین لەم سەردەمەی یۆنانی کۆن ، سەردەمی زێڕینی شیعر بووە . زمانی شیعر لەم سەردەمەدا ، زمانی فەلسەفە و مەعریفە و زمانی ئایین و بە کورتییەکەی / زمانی دەربڕین بووە .. لەم سەردەمەدا ، شانۆگەری بە هەردوو جۆرەکانییەوە ، واتە ( کۆمێدی و تراژیدییەوە ) لە هەناوی شیعردا پەیدا بوون .

ئەوەتا هەردوو فەیلەسوفی ناودار ( ئیپمادۆکلیس و پارمەنیدس ) ، لە سەدەی پێنجەمی پ ز ، بە شیعر بۆچوونە فەلسەفییەکانییان دەربڕیوە و کاریگەرییان لەسەر شاعیراندا هەبوو ، بەڵام هەردووکییان لە بنەڕەتدا ، فەیلەسوف بوون نەک شاعیر ، هەروەها دوو کەسایەتی دیاری نێو فەلسەفەی کۆنی یونانی بوون ، بۆ نموونە ، ( ئیپمادۆکلیس ) فەلسەفەکەی دەربارەی چوار پێکهاتەی سەرەکی گەردوونی بوون وەک / ( زەوی ، هەوا ، ئاو ، ئاگر ) لە هەمانکاتیش ، شیعرەکانی ( هۆمیرۆس و سۆفۆکلێس ) ناوەڕۆکی فەلسەفییانەیان هەبوو ، هەر لەم سەردەمەدا ، زۆرێک لە فەیلەسوفان قسەیان لەسەر شیعردا کردووە ، ( ئەفلاتوون ) لە ڕاستای بۆچوونە میتافیزیکی و ڕامیارییەکانیدا لە جەوهەر و چۆنییەتی هونەر و شیعری کۆڵیوەتەوە و قسەی لەسەر کردوون ، شیعری بەکردەیەکی لاساییکرنەوە پێناسە کردووە ، بە بڕوای ئەو / هەر هونەرێک مامەڵە لەگەڵ هەست و سۆزدا بکات ، مامەڵە لەگەڵ فیکر و عەقلدا نەکات ، بە هونەرێکی ئاست نزم پێناسەی دەکات ..! بەڵام ( ئەرستۆ ) بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانی بۆ شیعر جیاواز بوون ، هەروەک لە کتێبی شیعر باسی دەکات ، ئەرستۆ پێیوانییە کەوا شیعر ، لاساییکەرەوە و کتومت کۆپی جیهانی دەرەوە بێت ، ئەگەر نا هیچ جیاوازییەک لە نێوان شاعیران و مێژوونووسان نەدەبوو ، مێژوونووس ئەوانە دەنووسێتەوە کە ڕوویانداوە ، مامەڵە لەگەڵ ڕابردوودا دەکات ، بەڵام شاعیر ئەو شتانە دەنووسێتەوە کە هێشتا ڕوویان نەداوە یان دەکرێ ڕووبدەن ، بەمانای / ڕووداوەکانی شاعیر بیریان لێدەکاتەوە یان دەیەوێ قسەی لە بارەیان بکات ، پەیوەندی بە کات و شوێنەوە نییە ، ئەمەش جیاوازییەکی ترە لەگەڵ مێژوونووس ، دەربارەی ئەم تێڕوانینەی ( ئەفلاتوون ) کەوا ، شیعری لە ئاستێکی نزم بینیوە و بە کردەیەکی لاساییکردنەوەی داناوە ، بە جیا لەم جیاوازییانەی ( ئەرستۆ ) کە باسی کردوون ، شیعر بەم شێوەیە نییە کە ئەفلاتوون باسی کردووە ، ڕەخنەگرتن لەم جۆرە بیرکردنەوە ئەفلاتوونییە بۆ ژیان و شیعر ، دەمانخاتە بەردەم دوو ڕەهەندی جیاواز ، یەکێکییان / ڕەهەندی ( ئۆپۆلۆن ) ییە ، کە تەعبیرە لە خودای هێورکەرەوە و مەنتیقییەت و بە سیستەماتیککردنی شتەکان ، کە ئەفلاتوون و زۆرێک لە فەیلەسوفیتر ، لایەنگریان لەم ڕەهەندە کردووە ، ئەویترییان ڕەهەندی ( دایۆنسیزم ) ییە ، واتە خودای هونەر و لەزەت و خۆشی و بایەخنەدان بە عەقل ، ئەم ڕەهەندەش ( فرێدریک نێچە ) و زۆرێک لە فەیلەسووفانی دوای نێچە ، لایەنگریان لەم ڕەهەندە کردووە .

بۆ نموونە / نێچە پاراستنی زات بە خراپترین شێوەی ویست دەزانێ ، ئەم زیاتر خوازیاری مرۆڤی سوپەرمانی و یاخی و خودان ویستی هێزە .. تەنانەت لە ڕوانگەی ( زەردەشت ) یش ، ڕێگەی ژیان بەسەربردن لایەنگری لە چوارچێوەی مەنتیقی و ژیرانە و عەقل نییە ، بەڵکو کەسەکان ئازادن بۆ هەڵبژاردنی ڕێگەی ژیانی خۆیان ، ئەمەش بە مانایەک / هەڵوەشاندنەوەی پاوەرەکان و سنوورەکانی عەقل و سیستەماتیکە .

( شیعر و داهێنان ) پێویستییان بە کرانەوە و پچڕاندنی هەموو کۆت و زنجیرەکانی بەها و نەریتە میراتییەکانە ، بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر ، دەبێت خۆت بەها و نەریت و ڕەفتار بۆ خۆت بتاشی کە پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆت بن …! هەروەها لەم وتارەمان وردتر باسی ئەم فاکتانە دەکەین کە ئەم بیرکردنەوەیە نا دروستانەی ئەفلاتوون ڕەتدەکەنەوە ، بۆ نموونە باس لەوە دەکەین کەوا ، شیعریش وەک فەلسەفە لەسەر بنەمای بیرکردنەوە ئیش دەکات و ڕەهەندی فیکری و مەعریفی لە پشتە . زۆرن ئەو فەیلەسوفانەی کاریگەرییان لەسەر شیعردا هەبووە ، یان قسەیان لەسەر شیعر کردوەو باسی گرنگی و پەیوەندییەکانی فەلسەفە و شیعریان کردووە ، یان زمانی شیعرییان بەکارهێناوە بۆ دەربڕینی فەلسەفەکانییان ، ئەم فەیلەسوفانەش بە ( فەیلەسوفی شاعیر ) ناوبراون . یەکێک لەوانە ( فرێدریک نێچە ) یە . لە پەیوەند بە شیعرەوە ، تایبەتمەندی نێچە جیاوازە لەگەڵ فەیلەسوفەکانی تر ، چونکە هەندێک لە فەیلەسوفەکان هەم شاعیریش بوون هەم فەیلەسوف ، واتە لەپاڵ فەلسەفە شیعریشیان نووسیوە یان سەرەتا بە شیعر دەستییان پێکردووە ، لەوانە ( مارکس ، جان جاک ڕۆسۆ ، سامویل تەیلۆر کۆلیریچ …. ) بەڵام نێجە ، لەگەڵ ئەوەی شیعریشی نووسیوە بەڵکو کتێبە فەلسەفییەکانیشی بە زمانی شیعر نووسیون ، بۆیە بە بڕوای هەندێک کەس ( نێچە لە زکماکەوە شاعیر بووە ) واتە ، هەر بە شاعیری لە دایک بووە .

شیعر گەورەترین بەشی نووسینەکانی و تەنانەت فەلسەفەکەشی داگیرکردووە . نێچە زۆر بە ڕۆشنی درکی بەوە کردووە کە ، زمان چ سیعرێک و هێزێکی تیایە بە تایبەت زمانی شیعری ، بۆیە لە شوێنێک دەربارەی زمانی شیعری دەڵێ ، ( زمان گەمەیەکی گەمژانەیە ، بەهۆی زمانەوە مرۆڤ دەتوانێ سەما بەسەر هەموو شتێکەوە بکات ) نێچە فەیلەسوفێکە ، ئامانجی بەرهەمهێنانی مرۆڤی باڵا بووە لە ڕێگەی ئیرادە و ویستی هێزەوە ، بۆیە لە زۆر شوێن پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ و دەڵێ ، ( من هاتووم هەواڵی مرۆڤی باڵاتان پێڕابگەیەنم ، مرۆڤی باڵا ئەو کەسەیە لە نەریتی باو یاخی دەبێت و خودان ئیرادە و هێزی کارای خۆی دەبێ ..) ئەمە ڕۆشن بووە لای نێچە کەوا داهێنان بە کەسی لاواز و بێ ئیرادە ناکرێت ، کەسەکانی دیلی بەندی کەلتوور و ئایین و دیلی مرۆڤەکانی تر بن .. لای نێچە بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر وا پێویست دەکات هەموو کۆت و زنجیرەکان بپچڕێنیت ، ببی بە خۆت و تەعبیر لە ویستی خۆت بکەی ، هەموو شتێکی میراتی تووڕ هەڵبدەی ، خۆت بەها و نەریت و ڕەفتار بۆ خۆت دیاری بکەی ، خۆت هێزی جوولێنەری خۆت بی ، جوولە ڕەفتارەکانی خۆت پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆت بن ، بەمانایەک هەروەک دروشمێکی هەبوو کەوا ( تەنها خۆت بیت و ئەویتر نەبیت …! ) چونکە / داهێنان وا دەخوازێ کە دنیاو جیهانێکی نوێ بخولقێنی .

نێچە لە کتێبی ( ئا ئەمەیە مرۆڤ ) دا دەڵێ ، ( من لە هیچ شتێک لاسایی کەس ناکەمەوە ، گاڵتە بە هەموو ئەو مامۆستایانە دەکەم کە هێشتا فێرنەبوونە گاڵتە بە خۆیان بکەن ، لەسەر دەرگای ماڵەکەم ئەمە نووسراوە …! ) . نێجە وەک ( شوبنهاوەر ) ، کاری بە ( فەلسەفەی ویست ) کردووە بە تایبەت ویستی هێز .. چونکە ( شوبنهاوەر ) کتێبێکی هەیە بە ناوی ، ( جیهان وەک ویست فیکرە ) ، لەم کتێبەیدا پوختەی فەلسەفەکەی خۆی تیا باسکردووە ، باوەڕی وایە / کە عەقل ئامرازێکە بە دەستی ویستەوە ، لای ئەو / بوون لەسەر بنەمای حیکمەت و ئەزموون و مەبەستێک وەستاوە …! ) ، بۆیە نێچەش پێ لەسەر ئەم بیرۆکەی ویستە دادەگرێ و ئامانجیەتی ، تاکەکان خودان هێز و ئیرادەی خۆیان بن ، کە ناوی ناون ( مرۆڤی سوپەرمانی ) یان ( مرۆڤی باڵا ) ، بۆیە پێیوابوە ، دەسپێک و سەرچاوەی ویست و هێز لەسەر ویژدان و فیکردا شتێکی بنەڕەتی و جەوهەری شتەکانە .. یان بە بڕوای نێجە ( گرنکترین دەرکەوتەی ژیان ، لە تیۆری داڕشتن لە ڕێگەی هێزی عەقڵ نییە ، بەڵکو ( ویستە ) ، ناوەڕۆکی ژیان ویستە ، ئەم ویستەش ویستی هێزە …! ) نێجە پاراستنی زات بە خراپترین شێوەی ویست دەزانێ ، ئەو پێیوایە ، کەسێک بەدوای پاراستنی زات بێ ، خۆی لە قەرەی مەترسییەکان نادات و ژیانی پارێزگارانە هەڵدەبژێرێت ، بە مانایەک / ئەو کەسانەی کە ، ناتوانن زنجیری کۆت و بەندەکان تێکبشکێنن و بەهاکانی ئایین و کەلتوور و ئەو بەهایانەی بەزۆر سەپێندراون بەسەریاندا ڕابماڵن ، لە هەمانکاتیش ناتوانن وەک مرۆڤێکی باڵا خودان ویست و هێزی خۆیان بن …! بە کورتی پوختەی فەلسەفەکەی نێچە ئەوەیە کە ، ( فەلسەفەی عەقلێکی ئازادە ، فەلسەفەی ئاوەژووکردنەوەی بەهاکانە ، ئازادکردنی مرۆڤە لە هەموو کۆتوبەند و ئەخلاق و ئایین و مەعریفەی دەستاودەست ، فەلسەفەی نێجە بە دەنگێکی بەرز بانگەوازی ڕزگاربوون دەکات …! ) ، ئەمانەشی هەمووی بە زمانی شیعر لە نێو شیعرەکان و کتێبە فەلسەفییەکانی دەربڕیوە ، بۆیە نێچە ( فەیلەسوفی شاعیران و شاعیری فەیلەسوفان بووە …! ) .

کتێبی ( وەهای گوت زەردەشت ) یەکێکە لە بەناوبانگترین کتێبی نێچە ، کە لە ساڵی ١٨٨٣ چاپکراوە ، کتێبێکە بە شیوەیەکی ئەدەبی ڕەخنەیی نووسراوە ، بە زمانێکی شیعری ناسک و پاراو ، لەم کتێبەدا چەندین بیرۆکەی گرنگی داڕشتووە ، کە وێنەی مرۆڤی باڵا و هەڵکشاوی کێشاوە ، ئەو مرۆڤەی لە دەستی کۆت و زنجیری کۆمەڵایەتی و کەلتووری و ئەخلاقی ڕزگاری بووە ، کتێبێکە نێجەی پێ داناسرێتەوە ، نێجە لەم کتێبەیدا هەروەک سەرچاوەکان دەڵێن ، خۆی وەک شاعیرێکی مەزن دەبینێت نەک وەک فەیلەسوفێک ، دەربارەی کتێبی ( وەهای گوت زەردەشت ) ، ئەدیبی گەورەی ئەڵمانیا ( تۆماس مان ) دەڵێ ، ( ئەم کتێبە باشترین کتێبە کە بە زمانی ئەڵمانی نووسرابێت ) ، نەک تەنها کتێبەکانی بەڵکو شیعرەکانیشی پڕن لە بیرۆکەی فەلسەفی و ئاوێنەیەکن بۆ ڕەنگدانەوەی تێز و بیرکردنەوەکانی خۆی ، بەڵام شتێکی گرینگ هەیە ، نێچە پرسیارە فەلسەفییەکان و ئایدیا و بیرۆکە شیعرییەکانی ، لە قووڵایی و هەناوی ژیان دەردێنێت و پەیوەستیان دەکاتەوە بە مرۆڤ و خۆشبەختی و بەختەوەرییەکانییەوە . دیارە نەک هەر لەلای نێچە بەڵکو ، لای زۆربەی فەیلەسوفەکانی سەردەمی مۆدێرنە ، مرۆڤ دەبێتە ناوەندی گرنگیدان ، هەوڵدانێکە بۆ بە بەرهەمهێنانی سەربەخۆیی بیرکردنەوە و عەقلی مرۆڤ .

دەرکێشانی لەژێر هەموو کاریگەرە دەرەکییەکان ، دەکرێ ئەمەش بە یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان شیعر و فەلسەفە حیساب بکەین ، کە دوایی دێینە سەر خاڵە هاوبەش و جیاوازییەکان ، لێرەدا چەند نموونەیەکی شیعری نێجە دەخەینە ڕوو و قسەی لەسەر دەکەین ، هەروەک لە کتێبی ( نێچە فەیلەسوفێکی بەرزەفڕ ) دا ، لە بەشی ( پێنجەم ) ، بە ناوی ( نێتجە ، شاعیرێکی جیاواز دا ) .. کە لە سەرەتا باسی شاعیربوونی نێجە و دواتر چەند نموونەیەکی شیعری هێناوەتەوە و ئێمە لێرەدا قسە لەسەر هەندێکییان دەکەین . هەر لەوێدا باسی ئەوە کراوە کە ، نێجە شاعیرێکی جیاواز بووە و بە ستایلێکی جیاواز نووسیویەتی ، هەروەک مێژوونووسی فەڕەنسی ( ئەلیکسیس ڤیلۆنینکۆ ) پێیوایە ( نێچە ئیستاتیکای ڕووکەشی دەقی پێش وردیی مانا خستووە ، چونکە نێتجە بەرلەوەی فەیلەسوف بێت ، بە پلەی یەکەم شاعیر بووە ، لە نێو نووسینە پەخشانی و شیعرییەکانی داهێنانی سوریالییانەی کردووە ، بە تایبەت لە کتێبی ( وەهای گووت زەردەشت ) هێندە دوور دەڕوات ئەستەمە تێی بگەیت …! نێچە کەسێک بووە زۆر قووڵ بیری کردۆتەوە ، هەمیشەش بە زمانی ڕەخنەیەکی توند نووسیویەتی ، تا ئاستی ئەوەی مەرگ بۆ خوداوەند دەخوازێ و ئەخلاق و ئایین و کەلتوورە دواکەوتووەکان ڕەتدەکاتەوە ، تا مردن لە نووسین ناکەوێت ، نێچە بە درێژایی ژیانی هەمیشە ئەوەی دووبارە کردۆتەوە کەوا ( هێشتا پێویستە بژیم ، چونکە هێشتا گەرەکمە بیربکەمەوە …! ) ، نێچە بیری لە هەموو سەکۆ و گۆشە و کەلێنەکانی ژیان و مرۆڤ کردۆتەوە ، ئەوەی بە فەلسەفە دەرەقەتی نەهاتووە بە شیعر قسەی لەسەر کردوون ، بۆیە شیعر و فەلسەفەکەی بە یەک ئاراستە ڕۆیشتوون . نێچە لە شیعری ( مرۆڤە بەرزەکان ) دا دەڵێت .

ئەوەی ڕادەپەڕێ ، پێویستە پێیدا هەڵدەین !
وەڵێ ئەو لە بەرزاییەوە ئەمە پەسەند دەکات ،
تاکو لە سەرووی پەسەندگرەوە بژیت ،
ئەو لە بەرزی دایە ئەو لەسەر دەرگای ماڵی منە ،
ئەو لە ماڵی من نیشتەجێیە ،
هەرگیز بە دوای کەس نەکەوتووم
لە سەرووی ئەمانەش ، قۆشمەم بە هەموو مامۆستایەک کرد .

ئەم شیعرە تا بڵێی شیعرێکی ناسکە ، نێچە بە زمانێکی شیعری ناسک و پڕ لە هارمۆنیا و ئیستاتیکایەکی جوان ، کرۆک و ئامانجی بیرکردنەوە و فەلسەفەکەی خۆی دەخاتە روو ، لێرەدا نێچە باس لە مرۆڤی باڵا دەکا ، ئەوانەی خودان هێز و ئیرادەی خۆیانن ، دەیانەوێت ڕاپەڕین بکەن و زنجیری دیلیەتی و ستەم بپسێنن ، ئەو پێی وایە ئەوانە لە شوێنێکی بەرزی ژیان وەستاون ، ئەوانە هێندە بەرز و خۆشەویستن ، بەشێکن لە ڕۆحی ئەو لە ماڵەکەی ئەو نیشتەجێن . ئەمان ئەو مرۆڤە بەرز و خودان هێز و سەربەخۆیی و بیرکردنەوەی خۆیانن ، کە دوای هیچ کەسێک ناکەون و بەس خۆیانن و بەس ، ئەمان ئەوکەسانەن لە مامۆستاکانییان فێردەبن ، سنوور و تخوبەکان دەبەزێنن و لە ئاستێکی بەرز لە مرۆڤایەتی و ژیان دەڕوانن .

هەروەها لە شیعری ( جەسوور ) دا دەڵێ ..
لە هەر کوێیەک بیت ، قووڵ هەڵکۆڵە
بنەوان لە ژێرەوەیە ،
وازبێنە لە پیاوانی ڕەشبین با بچریکێنن
” دۆزەخ بەردەوام لە ژێرەوەیە ” …!
لێرەشدا وێنەی مرۆڤێکی جەسوور و خاوەن هێز و توانایەکی لەبن نەهاتوومان .بۆ دەکێشێ ، ئەو مرۆڤانەی لە پێناو ئامانجە پیرۆزەکان مرۆڤی تێکۆشەر و کۆڵنەدەرن ، ئەوانەی هەمیشە بە ورەیەکی پۆڵایین و بە دید و بەرچاو ڕۆشنییەوە بەرەو لوتکەی ئاسۆ و ئامانجەکانییان دەکەونە ڕێ ، بێوچان و نەسرەوتن ، نێچە ڕقی لە مرۆڤی لاواز و ڕەشبینە ، ڕقی لەو کەسانەیە کە هەمیشە بۆ پاروە نانێک دەکڕوزێنەوە ، نێچە لە شوێنێک دەڵێ ( مرۆڤە لاوازەکان ، ئەوانەن بۆ مردن باشن ، شایستە بە ژیان نین ) بۆیە لەم شیعرەشدا دەڵێ ( واز بێنە لە پیاوانی ڕەشبین با بچریکێنن ) . دۆزەخ بەردەوام لە ژێرەوەیە ، مەبەستییەتی گەیشتن بە لوتکە و ئامانج ڕەنج و قوربانی دەوێت ، ئاگر و ڕووناکییەکان ، لە بنی بنەوەن ، قووڵن دەبێ لە هەڵکۆڵین بەردەوام بین ، دیارە وشەی دۆزەخ لێرەدا میتافۆرێکە یان هێمایەکە بۆ ئاگر ، لە ئەفسانە و داستانەکانیش گەیشتن بە ئاگر هێمایە بۆ گەیشتن بە ئامانج و سەرکەوتن …!

نێچە لە شیعری ( ئەوەیە مرۆڤ ) دا دەڵێ …
بەڵێ ، دەزانم لە چ بنەچەیەکم ،
وەک بڵێسە تێنووم ،
هەڵپە دەکەم و خامۆش دەبمەوە ،
هەرچییەک دەستی بۆ دەبەم دەبێتە نوور ،
هەرچییەک جێی دەهێڵم پشکۆیە :
بێ یەکودوو من بڵێسەم …!

بێگومان ، لە نێو بیری نێچە مرۆڤەکان دەبێ مرۆڤی بەرز و دیار بن ، خودان بنەچە و شوهرەتێک و ناوێکی پایەدار و بەرزییان هەبێ ، ئەمەش ئەو مرۆڤانەن هەمیشە هەڵپەی ژیانێکی بەرز و پڕاوپڕ لە بەختەوەری و دەستگەیشتن بە خۆزگە و ئومێدەکانییانن ، وەک بڵێسە تێنوون بۆ ئەم جۆرە ژیانە ، وەک عاشق شەیدای ژیانێکی شایستە بە مرۆڤن ، ئەو مرۆڤانەی کە لەم شوێنە بەرزە بۆ ژیان و ئومێدە گەشەکان و ئارەزووە جوانەکانییان دەڕوانن ، ئەوانە دەست بۆ هەر چییەک دەبن دەبێتە نوور ، هەرچییەک جێدەهێڵن دەبێتە پشکۆ ، ژیان و دەوروبەر دەدرەشێننەوە ، چونکە وەک بڵێسە خاوەن نیگا و ڕوانین و دیدگایەکی ڕۆشنن بۆ ژیان . لێرەدا ، لە نێو بەرهەمە شیعری و فەلسەفییەکانی نێچە ، هاوئاهەنگییەک و ئاوێزانبوونێکی گرنگی نێوان فەلسەفە و شیعر دەبینین ، کە هەردووك بە یەک ئاراستە تا ئەندازەی تێکەڵاوبوون ، فەلسەفە بە بەرگ و ڕوخساری شیعرییەوە ، شیعریش بە ناوەڕۆکی فەلسەفییەوە ، وەک ئەوەی گیانێک بن لە دوو جەستەدا . نێچە بەم هەوڵانەی توانی شیعر و فەلسەفە زێتر لێک نزیک بکاتەوە .

( مارتن هایدگەر ) یش یەکێکە لەو فەیلەسووفانەی ، قسەی زۆری لەسەر شیعر کردووە و گرنگی زۆری بە شیعر داوە . بایەخدانی ( مارتن هایدگەر ) بە شیعر و چاولێکردنی شیعر لەم ئاستە بەرزەدا ، لە ڕوانگە و تێڕوانینە بوونگەراییەکەی بووە بۆ بوونی مرۆڤ . چونکە لای ( هایدگەر ) ، شیعر / تەنها لایەن و پێکهاتەیەکی ئەدەبی و هونەری نییە بەڵکو ، شیعر ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە بوونی مرۆڤەوە . ئەمەش بۆ هایدگەر گرینگییەکی زۆری هەبووە ، شیعر هونەرێکە زێتر مامەڵە لەگەڵ بوون و ناوەوەی مرۆڤ دەکات ، هایدگەر بۆ پڕۆژە فەلسەفی و ئەنتۆلۆژییەکەی خۆی لە زۆر شوێن هانای بۆ شیعر بردووە بە تایبەت شیعرەکانی ( هۆڵدەرلین ) .. تا ئەو ئاستەی پێیوابووە کە شیعر دەتوانێ ڕاستی بوون دەربخات . پڕۆژە ئۆنتۆلۆژییەکەی هایدگەریش هەروەک د. محەمەد کەمال لە کتێبی ( هایدگەر و ئۆنتۆلۆجی شیعر ) دا دەڵێ ( پڕۆژەی ئۆنتۆلۆژی بنەڕەتی ، گەورەترین پڕۆژەی فەلسەفی هایدگەرە ، لە پەرتووکی ( بوون و کات ) دا ، کە بەدرێژایی تەمەنی ئیشی لەسەر کردووە . ئەم پڕۆژەیە لە شیکردنەوەی بوونگەرانەی مرۆڤەوە بە میتۆدێکی فینۆمینۆلۆجیانەی هێرمینیۆتیک دەستپێدەکات ، تاکو لەوێوە لە تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤەوە ( بوون ) بە گشتی بگات .
شیعر ڕەنگدانەوەی یان ئاوێنەیەکە بۆ دەرخستنی ناوەوەی مرۆڤ .. شیعر لەنێو پانتایی خەیاڵی مرۆڤ لە ژێر کاریگەری غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکان دێتە بوون ، غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکانیش ، ڕەنگ و شێوەی مرۆڤ ڕەسم دەکەن ، مرۆڤێکی تێکشکاو یان بەرزەفڕ ، یان ڕووخاو ، واتە مرۆڤ خۆی لە چوارچێوەی زەمەنێکی دیاریکراو ، هەموو خەون و هەست و ئارەزووەکانی مرۆڤ ، پەیوەستن بە زەمەنێکی دیاریکراوەوە ، ئەم هاوکێشەیەش بۆ هایدگەر زۆر گرنگ بووە ، واتە مرۆڤ خۆی لەگەڵ کات ، یان بوون و کات . بۆیە لای هایدگەر شیعر لە ڕیزبەندی هونەرەکان دا لە ئاستی هەرە سەرەوە بووە . چونکە لە توانای هەبووە ڕاستی بوون دەربخات . بۆیە پێیوابووە ، شیعر وەک فەلسەفە بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانەیە چونکە ، هەموو بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی بەتایبەت بیرکردنەوە قووڵەکان ، لە نێوخۆیاندا شیعرین ، هەروەها بەرهەمە شیعرییەکانی پڕن لە داهێنان ، بەتایبەت سروودەکانی هۆڵدەرلین و شیعرەکانی دانتی و گۆتە و زۆرێک لە شاعیرانی تر ، خاوەنی ڕوانین و هزری بەرزن بەڵام فەلسەفە نین . هەموو ئەمانەش لە ڕێگەی زمانەوە دێنە بوون ، بۆیە هایدگەر دەیگوت ( زمان ماڵی بوونە ) .هەرچەندە لەسەردەمی مۆدێرنە و لە بەرئەنجامی گەشە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا ، مرۆڤ تووشی نامۆبوون دەبێت ، نامۆبوونێک تا ئاستی ئەوەی مرۆڤ ڕەسەنایەتی خۆی لەدەست بدات ، بۆ ئەم نامۆبوونەی مرۆڤ هایدگەر کۆپلە شیعرێکی هۆڵدەرلین دەهێنێتەوە کە دەڵێ ..

ئێمە هەموو هێمایەکی نەخوێندراوەین
لە خاڵێکی بێگانەدا
زمانەکەی خۆشمان بیرچۆتەوە

دیارە هەر لەسەدەمی تەکنەلۆژیاوە مرۆڤ لە بەرئەنجای ئەم نامۆییە تووشی قەیران دەبێت ، قەیرانی فکر و داهێنان و کوشتنی پرسیار .. لەگەڵ هەموو ئەم قەیران و نامۆبوونەش هایدگەر پێیوایە ( مرۆڤ شاعیرانە نیشتە جێ دەبێ ) ، هایدگەر لەگەڵ ئەوە دایە ، هەموو کەس شاعیرانە بژی ، چونکە شیعر چاوساغی و ڕۆشناییمان دەداتێ بۆ ناسین و ڕاستی بوون ، هەروەها ژیانی شاعیرانە ، تێکەڵبوونە بە ڕووبەری گەردوونییەت و مانەوەیە بۆ تاهەتا ، چونکە زمانی شیعر هێزی ئەوەی تیایە بۆ ناسینی بوون و سروشتی مرۆڤ . هەربۆیە لای هایدگەر و لای زۆرێک لە کەسانی بیرمەند شاعیران وەک مرۆڤی گەورە یان وەک خوداوەندێک دەیان بینن ، بەڵام خودایەک لەسەر زەوی کە بیردەکەنەوە و بوونیان هەیە .

کاتێک هایدگەر پێیوابووە کە ، شیعر بەرهەمی بیرکردنەوەی داهێنەرانەیە دیارە ئەمە لەخۆڕانەبووە ، شیعر زمانی خواداکان و پەیامبەرەکانیش بووە ، زۆربەی کتێبە ئاسمانییەکان بە زمانی شیعر نووسراون ، یان زۆرێک لە حەدیس و وتەی بیرمەندەکان شیعری بوون . هەر لە پەیوەند نزیکایەتی شیعر و فەلسەفەوە ، شیعر پێکهاتەیەکە لە هەست و سۆز ، هەست و سۆزیش ڕەهەندێکی دەروونییان هەیە ، بۆیە دەروونزانی چی وەک فەلسەفە یان زانست ، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ شیعردا هەیە ، ئەدەب و شیعر لای ( سیگمۆند فرۆیید ) بەرهەمی هەستی بێئاگایین . بۆیە لای وا بووە / شاعیران وەک منداڵ وان چونکە ، بەشە گرنگەکەی مێشکیان لەژێر کاریگەری نائاگاییدایە ، ( فرۆیید ) مێشکی مرۆڤی دابەشکردووە بۆ سێ بەش ( من ، منی باڵا ، ئێد ) ، ( ئێد ) ئەو بەشەیە ، تەواو لە ژێر کاریگەری بێئاگاییدایە ، جلەو بۆ ئارەزوو و غەریزەکانی شل دەکات ، بە بێ گوێدانە زروف و باری مەوزوعی و دەرەوە ، لەگەڵ خەون و ئارەزووەکان و دنیای خۆیدا ڕووبەڕووە ، مێشکی منداڵیش تەواو لەژێر کاریگەری ئەو بەشەدایە ، شاعیرانیش بەهۆی گرنگیدان و ئیشکردنیان لەسەر هەست و غەریزەکانیان تەواوی دەکەونە ژێر کەریگەری ئەو بەشەی مێشک ، لە کاتی نووسینی هەر دەقێک ، باری دەروونی نووسەر ، لە ڕێگەی زمان و هێما و میتافۆرەکاندا ، سایە دەکێشێ بەسەر ڕووبەری دەقەکەدا ، بۆ خوێندنەوەی هەر دەقێک سایکۆلۆژییەتی دەق پێکهاتەیەکی گرینگە ، هاوکات سایکۆلۆژییەتی خوێنەریش لەم نێوەدا گاریگەری دەبێت ، بە مانای / هەر دەقێک دەبێتە پردێک لە نێوان ساکۆلۆژییەتی نووسەر و سایکۆلۆژییەتی وەرگر ، بۆیە هەندێک لە دەقەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر لای خوێنەران دەمێننەوە و ئارامی و لەزەت و چەشەیەکی تایبەتییان پێدەبەخشن ، هەندێجاریش پڕیان دەکەن لە گومان و نیگەرانی و پرسیار .

هەروەها ( جولیا کریستیڤا ) ش لە پێناو هەوڵەکانی بۆ ( شیکردنەوە سیمۆلۆجییەکەی ) گرنگی زۆری بە شیکردنەوەی دەروونی داوە ، بۆ ئەم مەبەستەش ئیشی زۆری لەسەر شیعرەکانی ( مالارمێ ) و چەند شاعیرێکی تر کردووە ، ئەمەش لە کتێبەکانی ( لە پێناو شۆڕشێک بۆ زمانی شیعری ) و ( خۆری ڕەش و ) و حیکایەتەکانی خۆشەویستی ) و چەند کتێبێکی تری ، بە ئاشکرا و بە ڕوونی دەبیندرێن . لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە ، شیعر و فەلسەفە چەند لە یەکەوە نزیکن ، وەک دوو توخمی هاوتەبا لەگەڵدا یەکدا زۆربەی کات تەریب دەڕۆن ، دوای پێشاندانی ئەم ڕووبەرە نزیکایەتییە هەوڵدەدەین ، لێرە بەدوا ڕاستەوخۆ قسە لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوانییان بکەین لە هەمانکات ، خاڵە دژ و ناتەباکانیش .. بۆ نموونە / چی شیعر چی فەلسەفە ، هەردووک بوونێکی گەردوونییان هەیە و ناتوانین پێناسەیان بکەین . ناتوانین بازنەیان بە دەوردا بکێشین و لە چوارچێوەیان بدەین . هۆکارەکەش ئەوەیە ، هەردووکیان لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکەن ، ناتوانین لە یەک گۆشەوە بیان بینین و خوێندنەوەیان بۆ بکەین .

هەروەک لە کتێبی ( سەرەتاکانی فەلسەفەی هاوچەرخ ) دا هاتووە و دەڵێ .. ( ناتوانین فەلسەفە پێناسە بکەین ، ئەمەش هێمای بە کەمال گەیشتنی فەلسەفەیە ، یان دەڵێ / دیاریکردنی پێناسەیەک بۆ فەلسەفە ، ئەمە سنووردارکردنی فەلسەفە دەگەیەنێت …! ) . ئەم قسانە بۆ شیعر و بۆ مۆسیقا و بۆ عەشق و بۆ هەموو چەمکە گەردوونییەکان هەر ڕاستە و لە ڕووی پێکهاتەییەوە هەمان بنیاد و بوونییان هەیە . خاڵێکی تر ، دەبینین زمان ئەو توخمە هاوبەشەی نێوان شیعر و فەلسەفەیە . زمان ئەو ڕووبەرە بەرین و فراوانەیە کە تیایدا ، شیعر و فەلسەفە یان مەعریفە و ئەدەب بە گشتی تیایدا گەشە دەکەن ، لە نێو ئەم رووبەرە ئەفسووناوییە ، گەڕانەکان و داهێنانەکان و گەمە زمانەوانییەکان و پرسیارەکان دێنە بوون و گەشە دەکەن . زمان ئەم بنیادە بنەڕەتییەیە ، کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە بۆ مەعریفە و کلتووری هەر نەتەوە و کۆمەڵگایەک .

دەتوانین ئاستی وشیاری و پێشکەوتنی هەر نەتەوە و کۆمەڵگایەک لە زمانەکەیەوە ببینین . زمان توخمێکی سەرەکییە بۆ دەرخستن و کرانەوەی دیوە شاراوەکان و پێکهاتە ئاڵۆزەکانی مرۆڤ ، هەروەها پردێکە بۆ پەیوەندی غەریزە و بارە دەروونییەکانی ناوەوەی مرۆڤ بە جیهانی دەرەوەی خۆی ، یان ناوەوەی دەق بە دنیای دەرەوە . لێرەدا دەبینین ، شیعریش وەک فەلسەفە ئیش لەسەر مرۆڤ دەکات ، یان پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە شتەکان و هەبووەکانی دەرەوە وەک ، خودا ، سروشت ، کۆمەڵگە ، کەلتوور ، ئایین ، هەتادوایی .. ! خاڵێکی تر / پرسیار توخمێکی تری هەوبەشی نێوان شیعر و فەلسەفەیە . شیعر یەکێک لە ئامانجەکانی دروستکردنی گومان و پرسیارە لای خوێنەر ، یان زۆرجاران ، لە ڕێگای پرسیارەوە مەبەست و ئامانجەکانی خۆی قووڵتر پێشان دەدات .

فەلسەفەش بە هەمان شێوە ، ئیش لەسەر پرسیار دەکات . هەر لە هەمان کتێب لە( سەرەتاکانی فەلسەفەدا ) هاتووە و دەڵێ ( فەلسەفە مانای بەردەوامبوون لە پرسیار دایە .. ، فەلسەفە لە بنەرەتەوە لە ڕێگای پرسیارەوە دەبێ بە فەلسەفە ، یان لە شوێنێکی تردا دەڵێ / فەلسەفە بیرکردنەوەیە و بیرکردنەوەش وڕوژاندنی پرسیارە … ، کەواتە فەلسەفە پرسی مرۆڤەکانە لەسەر بابەت یان دۆخێک تەنانەت رووداوێکیش …! ) . هەروەک فەلسەفە ، پرسیار لە نێو ڕووبەری دەق و زمانی شیعردا ، جێگا و شوێنێکی گرنگی هەیە بە تایبەت ، لای قوتابخانە ئەدەبییەکانی سەردەمی مۆدێرنەتە ، بۆ نموونە / لە ستایلی شیعری پۆستمۆدێرنی ، پرسیار پێکهاتەیەکی گرینگە لە پاڵ / پارادۆکس و گەمەکردن بە وشە و تەواوی پێکهاتە و تەکنیکە شیعرییەکانی تر ، هەروەها لە شیعر و فەلسەفە دا ، مرۆڤ چەقی ئیشکردن و ناوەندی ئامانجە ، چی شیعر چی فەلسەفە ، لە پێناو مرۆڤ هاتوونەتە بوون .

لەگەڵ هەموو ئەم خاڵە نزیک و هاوبەشییانەدا ، دەبینین لە هەندێ شوێن / فەلسەفە و شیعر ، دژ و ناتەبا دێنەوە ، یان بە دوو ڕێگای جیاوازدا دەڕٶن . بۆ نموونە شیعر ئاماژە بە بوون دەکات بەڵام ، شڕۆڤەی ناکات ..! یان لە توانایدا نییە شڕۆڤەی بکات . شیعر وەک فەلسەفە ناتوانێ لە بوون بکۆڵێتەوە و قسە لەسەر دیوە شاراوەکانی بکات . هەروەک بە پێی بیرکردنەوەکانی ( مارتن هایدگەر ) شیعر وەکو فەلسەفە بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانەیە ، شیعر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە زمانەوە هەیە ، کە شێوازێکی سەرەکی و گرنگە بۆ دەربڕینی ڕاستی بوون ، لێرەدا زێتر ئەوە دەبینین کە شیعر تەنها ئاماژە بە بوون دەکات ، بەدوای شڕۆڤە و سەلماندنی ڕاستییەکاندا ناگەڕێت ، زێتر ئەمە کاری فەلسەفە و زانستەکانن .. ئێمە گوتمان زمان ڕووبەر و توخمێکی هاوبەشە لە نێوان شیعر و فەلسەفەدا ، لە هەمانکات / ناوەندی دەربڕێن و داهێنانەکانە . بەڵام ڕوونکرنەوە و شڕۆڤە کردن و دەربڕینی ڕاستییەکان لە فەلسەفەدا ڕاستەوخۆیە ، واتە فەلسەفە دوور لە کۆد و هێماکان بە زمانێکی ڕووت و ڕەوان لە شتەکان دەدوێت ، بەڵام شیعر لەسەر میتافۆر و ئاماژە و هێماکان ئیش دەکات ، بە دیوێکی تر / دەتوانین بڵێین لە شیعردا دەربڕینی مەبەست و ئامانجەکان ناڕاستەوخۆن . ئەمە یەکێکە لەو جیاوازییە سەرەکییانەی نێوان شیعر و فەلسەفە ، بۆیە ناتوانین هەردووک بکەین بە خاوەنی یەک شوناس . پرسیاریش ئەم توخمەیە جگە لە بوونی خاڵی هاوبەش لەنێوانیاندا بەڵام ، بەدیوێکدا دەتوانین هەر لەنێو ڕووبەری پرسیاردا ، جیاوازی لە نێوان شیعر و فەلسەفەدا ببینین چونکە ، شیعر وەکو فەلسەفە لەسەر پرسیار ئیش دەکات و پرسیار دەوڕوژێنێ ، بەڵام / بە دوای وەڵام بۆ پرسیارەکاندا ناگەڕێت …!

تەمووزی ٢٠١٧

——————–
_ سەرچاوەکان :

١/ کتێبی ( سەرەتاکانی فەلسەفەی هاوچەرخ )
نووسینی / پرۆفیسۆر مەحمود خاتەمی .. وەرگێڕانی / سەعید کاکی
٢/ کتێبی ( نێچە فەیلەسووفێکی بەرزەفڕ )
نووسینی / حەیدەر عەبدوڵا
٣/ کتێبی ( شیعر و ئەرستۆ ) .. وەرگێڕانی / د. محەمەد کەمال
٤/ وتاری ( هایدگەر و ئەنتۆلۆگی شیعر ) .. د. محەمەد کەمال
گۆڤاری شیعر ژمارە ١ ساڵی ٢٠١٦
٥/ دیمانەی ڕۆژنامەی ( هاوڵاتی ) لەگەڵ د. محەمەد کەمال / بەشی پێنجەم
٦/ کتێبی ( philosophical classics ) Editor By: James M. Russell
٧/ کتێبی ( prominent Greeks of Antquity their Live and works )
٨/ کتێبی ( Greek mythology and Religion )
٩ / چەند سەرچاوەیەکیتری ئەنتەرنێت دەربارەی شیعر و فەلسەفە .




هەمیشە ئاشبەتاڵ … ناڵە حەسەن

وا پێدەچێ
قەدەری ئێمە وابووبێ
لەنێو منداڵدانی مردنەوە
لەدایکبووبین
بۆیە فرچکمان بەوە گرتووە
بۆ تا ئەبەد
لەنێو مردندا بژین
لەنێو مردندا عەشق بکەین
لەنێو مردندا سروود بڵێین
لەنێو مردندا سەما بکەین
هەر لەنێو مردنیشدا بمرین
وا پێدەچێ
قەدەری ئێمە وابووبێ
کە لەنێو تەڵبەندە تاریکەکانی مردنەوە
بۆ یەکەمینجار
دەرگای ژیانمان لێکرابێتەوە
بۆیە فرچکمان بەوە گرتووە
بۆ تا ئەبەد
ڕووناکی مردن لەنێو چاومان بێ
خۆرەتاوی مردن لەنێو خەونەکانمان بێ
کە دەشفڕین
درەختێک نەبێ لەسەری بنیشینەوە
کە لەنێو شەوە ئەنگوستەچاوەکانیش وندەبین
دەرگایەک نەبێ لێی بێینە دەرەوە
لەسەر یەکبەیەکی ئەستێرەکاندا
لەسەر زەوی و
لەنێو بۆشایی ئاسماندا
بستەخاکێک نەبێ
بیکەین بە نیشتیمان و ماڵ
هەر / ئاشبەتاڵ و هەمیشە ئاشبەتاڵ …!

١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧




شیعر و چەمکەکانی ئیرۆس وساناتۆس و ئەبەدییەت …. ناڵە حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …. ناڵە حەسەن




شیعر و هۆلۆکۆست … ناڵە حەسەن

هۆلۆکۆست بە مانای کوشتنی بە کۆمەڵ دێت یان هەوڵدان بۆ سڕینەوە و لەناوبردنی کۆمەڵگەیەک یان کەسانێک بەهۆی / جیاوازی ڕەگەز ، ئایین ، پێست ….یان هەر جیاوازییەکی تر . هۆلۆکۆست و گینۆساید ، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە زۆر شوێن و سەردەمدا ڕوویانداوە. هەروەک هۆلۆکۆستی جولەکەکان لەلایەن هیتلەر و ئەلمانیای نازی ، لە ساڵی ١٩٣٩ تا ساڵی ١٩٤٥ بەردەوامبوو ، ئاکامەکەش شەش ملیۆن مرۆڤی جولەکە بوونە قوربانی ، هۆکارەکەش بە پێی لێکدانەوە و بۆچوونی هیتلەر و نازییەکان ، گوایە یەکێک لە هۆکاری دۆڕانییان لە جەنگی یەکەمی جیهانی ، جولەکەکان بوون کەوا ، یارمەتی دوژمنییان داوە و لە پشتڕا خەنجەری ژەهراوییان لێداون . هەربۆیە هەوڵدەدەن تۆڵەیان لێ بسەنەوە ، ئەنجامەکەش بە هۆلۆکۆست کۆتایی هات .. لێرەدا مەبەستمانە بەدواداچوونێک بۆ شیعر و هۆلۆکۆست بکەین ، دەمانەوێ هەڵوێستە لەسەر ئەوە بکەین ، کەوا شیعر لە توانای دا هەیە ئەم جۆرە ڕووداو و کارەساتە مێژوویانە بنووسێتەوە ؟ یان لە نووسینەوەی کارەساتێکی تراژیدیای جەرگبڕی وەک هۆلۆکۆست یان ئەنفال ، کە هەزارەها یان ملیۆنەها مرۆڤ دەبنە قوربانی . ئایا زمانی شیعر چۆن ئیش دەکات ؟ یان لەم جۆرە دەقە شیعرییانە چۆن مامەڵە لەگەڵ زمان دەکرێت ؟ هەروەک دەزانین زمانی شیعر و ئەدەبیات وا پێویست دەکات زمانێکی جیاواز بێت لە زمانی قسە کردن بەمانای ، زمانێک بێت لادانی تیابێت و جیاواز بێ ، هەروەها ئیش لەسەر داهێنان بکات بەمەبەستی بەرهەمهێنانی جوانی .
یان لەمجۆرە دەقە شیعرییانەی کە ڕوودا و کارەساتە گەورە مێژووییەکان دەنووسنەوە ، چۆن ئیش لەسەر کۆد و هێماکان دەکرێت ؟ یان زمان لە نێو رووبەری مەرگ بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ وشە و سیستەمە ڕێزمانییەکان دەکات ؟ یان خودی کەسەکان و شاعیرەکان ، ئەوانەی لە نێو ڕووداوەکان بوون و دواتر ڕزگارییان بووە ، جیاوازی زمان و ئاستی داهێنانی دەقە شیعرییەکانییان ، لەگەڵ ئەو کەس و شاعیرانەی کە لە دەرەوەی ڕووداوەکان بوون چۆنە ..؟ نازییەکان ئەو هێزە فاشیستە بوون پێش کوشتنی مرۆڤەکان ، کتێبەکانیان سووتاند ، ئاگرییان لە فەلسەفە و ئەدەب و زانست و مەعریفە بەردا .. هۆلۆکۆست کارەساتێک بوو ، ژیانی لە ملیۆنەها مرۆڤ سەندەوە ، خەون و ئومێدی ملیۆنەهای خنکاند ، مردنی بەوکەسانەش بەخشی کە لە ژیان مانەوە ، هەندێ کەس لە هۆلۆکۆست ڕزگارییان بوو بەڵام ، تا مردن لە گەڵ خەیاڵ و بیرکردنەوە ڕەشەکان و لەگەڵ یادگارییە تاڵەکان ژیانییان بەسەر برد .

ئەوانەی لە هۆلۆکۆست بەشدار بوون ، ڕۆژانە لەگەڵ برسییەتی و ترس و تۆقاندن و کاری قوڕس ڕووبەڕوو بوون ، کوشتن و سووتاندنی کەسە نزیکەکان و هاوڕیکانییان بە بەرچاویانەوە ، زۆرێک لە شاعیر و ڕۆماننووسەکان ، ئەوانەی شیعر و ڕۆمانەکانییان بۆ هۆلۆکۆست نووسیوە ، زێتر مەبەستییان خۆ بەتاڵکردنەوە بوو ، لەدەست بیرۆکە ڕەشەکان و خەون و خەیاڵە مەرگئامێزەکان ، هۆلۆکۆست بە مانای درێژبوونەوەی مەرگ بۆ نێو ژیان . هەروەک ( ماریان کامپینسکی ) شاعیر و نووسەری پۆلەندی ، یەکێک لە ڕزگاربووانی هۆلۆکۆست ، لە کتێبکدا بە ناوی ( منتان لە بیر بێ ) ، باسی ئەو ئازار و موعاناتەی خۆی دەکات ..
کتێبەکە باس لە بە هۆلۆکۆست بوونی خۆیی و کەسە پۆلەندییەکانی شارەکەی خۆی دەکات ، لە کاتی هاتنی نازییەکان و گواستنەوەیان بۆ کەمپەکان و تا ئازادبوون و ڕزگاربوونییان ، چیڕۆکی ژیانی نێو هۆلۆکۆست و دوای هۆلۆکۆستیش دەگێڕێتەوە . هەر لەم کتێبەدا باسی ئەو ئازار و خەیاڵە مەرگئامێزەی کە شەوانان ناهێڵی بخەون ، خەیاڵە ناخۆشەکان هەراسانی کردوون و بارێکی دەروونی شێواوی بۆ دروست کردوون . بۆ خۆ بەتاڵکردنەوە لەم خەیاڵە مەرگئامێزانە ، شەوانان لە تاو ئازار و فرمێسک دەستی دەدایە قەڵەم و هەست و ناخ و خۆی دەنووسییەوە ، لە سەرەتای کتێبەکە باس لەم ژان و میحنەتانەی خۆی دەکات ، هەر لەوکاتانە شیعری ( ناتوانین لەبیری کەین ) ی نووسیوە .

ئەم شیعرە و زۆرێک لە شیعرەکانی تری زادەی ئەم بیرکردنەوانە و ئەم چرکەساتانەن ، بۆ نموونە شیعرەکانی ( بەرائەت ، من کێم ، گەنجینەی ژیان و چەندانی تر …) ، نەک تەنها شیعری ئەم خانمە زۆربەی ئەو شاعیرانەی ، شیعرییان بۆ هۆلۆکۆست نووسیوە لە شیعرەکانیاندا ، باس لە مردنی بە کۆمەڵ و ئێشوئازارێکی بێوێنە و یادگارییە ڕەش و تاڵەکان دەکەن ، یان باس لە فاشییەت و مامەڵەی نامرۆییانەی نازییەکان دەکەن . شاعیرێکی تر بە ناوی ( مارتین نیمۆلەر ) لە شیعرێکدا بە ناوی ( یەکەمینجار کە هاتن ) .. ناوەڕۆکی شیعرەکە باس لە هاتنی نازییەکان دەکات ، یەکەمینجار کە دێن ، چۆن وەک رەشبگیرییەکی سەرتاپایی هەموو کەسێک دەبەن ، داواتر هەرخۆی بە تەنیا دەمێنێتەوە ، پاشان خۆشی دەبەن ، ڕەشبگیرییەک / لە کەس نابوورن و دەست لەکەس ناپارێزن ، زانا ، دانا ، شاعیر ، ڕۆماننووس ، فەیلەسوف ، کاسبکار ، هەرکەسێک تەنها جوولەکە بێت و بەس ، یان خانمە شاعیرێکی تر بە ناوی ( بەربارە سینۆک ) لە شیعرێکدا بە ناوی ( لە دێر زەمانەوە ) باس لە کارەساتی هۆلۆکۆست دەکات ، بە زمانێکی شیرین و جوان ، باس لە سادەیی خەڵک دەکات ، کە چۆن هەموویان لە ئامێزی خۆشەویستی بۆ یەکتری ، لە ئامێزی خەون و ئومێدەکانییان دەژیان ، بەڵام لە پڕێکا هۆلۆکۆست وەک ڕەشەبایەک دێت زۆر نامرۆڤانە و دڕندا ژیانی ملیۆنەها کەس کۆتایی پێ دەهێنێت . سەرەتای شیعرەکە وا دەست پێدەکات ( ئێمە یاریمان دەکرد و پێدەکەنین و خۆشەویست بووین ، لە باوەشی دایک و باوکمان دەریانهێناین و فڕێدراینە نێو ئاگر ، ئێمە تەنها منداڵ بووین و هیچیتر …. . ) ئەگەر سەیری شیعرەکانی هۆلۆکۆست بکەین دەبینین ، هەموویان لە ڕووی فۆرم و مانا و تەنانەت پێکهاتەی شیعریەوە لە یەکترییەوە نزیکن ، هەموویان زێتر مامەلە لەگەڵ مردن دەکەن ، مردن ڕووبەرێکی فراوانی داگیر کردووە ، هەموو باس لە بەرائەتی مرۆڤەکان دەکەن ، ئەوانەی بە بێ هۆ لە ژیان دوور خرانەوە و لە هەموو خۆشییەکان و جوانییەکان بێبەش کران ، هەر لەبەرئەوەی تەنها جولەکە بوون ، هەموو باسی دڕندەیی و ڕەفتارە نامرۆییەکانی نازییە فاشیستەکان دەکەن .. بەمانایەکی تر ، شیعری هۆلۆکۆست ، هێندەی مامەڵەکردنە لەگەڵ مردن و برسییەتی و ئێش و ئازار یان خەون و خەیاڵە ترسناکەکان ، هێندە مامەڵەکردن نییە لەگەڵ زمان و وشە و هێما و بنەما شیعرییەکان .. یاخود هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی فۆڕمی نوێ و جیاواز ، زیاتر ئیشییان لەسەر ناوەڕۆک و مانای شیعرەکان دەکرد .

ئەوەش بەمانای ئەوەی نییە کە شیعرییەت لە شیعرەکانی هۆلۆکۆست دا نییە ، بە شێوەیەکی گشتی لە شیعردا ، پەیوەندی نێوان فۆڕم و ناوەڕۆک پەیوەندییەکی هاوتەریب و توندوتۆڵ و لێکنەپچڕاوە ، هەریەکە و بە جۆرێک جوانی بەرهەمدەهێنن و پەخشی دەکەن بە نێو ڕووبەری دەقەکەدا ، لە هەندێ شیعر ، فۆڕمەکان زاڵ دەبن و زێتر لە نێو ڕووبەری جوانی دەق دەردەکەون ، لە هەندێکییان ناوەڕۆکەکە ، لە هەندێکییان هەردووک پێکەوە . لە شیعرەکانی هۆلۆکۆست زێتر ناوەڕۆکەکان دەبنە پنتی بەخشینی ئارامی و چێژ و جوانی ، یان دەبن بە سەرچاوەیەک بۆ وەبەرهەمهێنانی جوانی و چێژ . ئەویش بە هۆی دەستەبەربوونی ئەم مانا قووڵ و ئەم هەستە مرۆییانەی کە لە نێو شیعرەکان دەخرێنە ڕوو .. ئاخر ئاسان نییە ، مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوێک یان کارەساتێکی گەورە و جەرگبڕی وەک هۆلۆکۆست ، دیارە باوەڕمان بەوە هەیە کە شیعر ، دەتوانێ تەواوی ژیان بنووسێتەوە بە هۆلۆکۆستیشەوە ، یان بە هەموو کارەسات و دیاردەکان و بە هەموو رووبەرەکانییەوە .

لە نووسینەوەی هۆلۆکۆست و ڕووداوە تراژیدییەکان ، زۆرجاران شیعر دەبێتە هۆکار تا ئەوەی ئامانج بێت ، زۆربەی ئەو شاعیرانەی شیعرییان بۆ هۆلۆکۆست نووسیوە ، بەتایبەت ئەوانەی لە کارەساتەکە بەشدار بوون ، بە مانای ئەو کەسانەو تا کۆتایی ، لە نێو مردن و برسییەتی و ئازارەکاندا مابوونەوە ، دوای ڕزگاربوونیش ، مردن و خەون و خەیاڵە ناخۆش و تاڵەکان ، بەشێک بوون لە ژیان و بیرکردنەوەکانییان ، ئەوانە بۆ دوو مەبەست شیعرەکانییان دەنووسی ، یەکەم / بۆ خۆبەتاڵکردنەوە ، دووەم / بۆ گەیاندنی کارەساتی هۆلۆکۆست وەکو خۆی . ئەم ( خۆبەتاڵکردنەوە و گەیاندنە ) سێبەری کردبوو بەسەر هەموو شیعرەکاندا ، وایکردبوو هەموو شیعرەکان هۆکارێک بن بۆ ئەم دوو مەبەستە ، ئەوەتا ( ماریان کامپینسکی ) بە ڕوون و ئاشکرا لە شوێنێکی کتێبەکەی باسیکردووە کەوا ، هیچ شەوێک نەیتوانیوە بەئاسایی بخەوێ ، درەنگە شەوان ، گەورەترین ئازاری دەبینی بەدەست خەیاڵە ناخۆشەکان ، شەوانان لە جیاتی خەو کاری فرمێسک ڕشتن و گریان و ئازار چەشتن بووە ، گریان بۆ شەش ملیۆن قوربانی ، گریان بۆ ناسکترین و جوانترین تەمەنی لەدەستچووی ، چونکە کاتێک نازییەکان دەگەنە پۆلەند دوای سێ مانگ ( ماریان ) تەمەنی دەبێتە چواردە ساڵ ، واتە مێردمنداڵی و سەرەتای گەنجێتی ، کاتێک ڕزگارییان دەبێ و هۆلۆکۆست کۆتایی دێت ، ئەم تەمەنی دەبێتە نۆزدە ساڵ ، لە ڕاستیدا ڕزگاربوونییان هەرئەوەندە بوو ، لە کەمپەکان و لە دەست برسییەتی ڕزگارییان دەبێ ، ئازاد دەبن و دەگەڕێنەوە نێو ئاوەدانی ، ئەگینا ، مەرگ هەر لە گەڵیاندا دەمێنێتەوە و دەبێتە بەشێک لە بوون و ئایندەیان ..! بۆیە هەموو شەوێک خەیاڵە ناخۆشەکان و بیرکردنەوەکان ، بە جۆرێک فشاری ڕۆحی و دەروونییان بۆ دەهێنا ، تا ئاستی ئەوەی هەندێجار جەستەی ڕەق دەبوو وەک سەهۆڵ ، ناچار دەبوو ئەم هەستە خەمناك و مەرگاوییەی ، لە نووسین و شیعرەکانی خۆی دەرببڕێ و خۆی بەتاڵدەکردەوە ..! لەلایەکیتریش مەبەستییان بوو ، ئەم کارەساتە تراژییدیا و گەورەیەی هۆلۆکۆست وەکو خۆی بگەیەنن ، چ بۆ دنیا و چ بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئەگەر لێرەوە لە ( گۆڕستانی چراکان ) ی شێرکۆ بێکەس ورد بینەوە ، کە وەک دەقێکی درێژ بۆ ( ئەنفال ) نووسراوە ، بە بەراورد لەگەڵ ئەو شیعرانەی بۆ هۆلۆکۆست ، دەبینین لایەنی زمانەوانی و ئیستاتیکا و شیعرییەت و داهێنان لە ئاستێکی بەرزدایە ، زێتر ئیش لەسەر تەکنیک و هونەری زمان کرایە لە هەمانکاتیش ناوەڕۆکێکی قووڵ و پڕ مانا و بەرزی هەیە .. پێکهاتە زمانییەکەی دەق بە تایبەت ، میتافۆر و ئاماژە و هیما و وشە و دەستەواژەکان زۆر سەرنجڕاکێش و پڕن لە ئیستاتیکای شیعری .

دیارە لەلایەک ، ئەوە پەیوەندی بە توانا و ئەزموونی شاعیرەکەوە هەیە ، لەلایەکیتر / پەیوەندی بە خاڵێکی جەوهەری هەیە ئەویش ، لە ( گۆڕستانی چراکان ) دا / شیعر ئامانجە نەک هۆکار ، ( شێرکۆ بێکەس ) تەنها مەبەستی خۆبەتاڵکردنەوە و گەیاندن نەبووە ، ( شێرکۆ بێکەس ) مەبەستی بووە ( ئەنفال ) بکات بە شیعر ، بە مانایەکیتر بە زمانی شیعر ئەنفال بنووسێتەوە ، یان بەرگی شیعر بکاتە بەر ئەنفال ، بۆیە دەبینین لە نێو دەقەکەدا ، لەسەر زۆر ڕەهەند و چەمکی جیاواز ئیش دەکات وەک ( سەفەر ، عەشق ، مقاوەمەت ، مەرگ ، یادەوەری ، هەستی نەتەوەیی … زۆر چەمک و رەهەندی تر ) گۆڕستانی چراکان چ وەک ناونیشان چ وەک دەق پڕاوپڕە لە داهێنان و جوانکاری شیعری ، ئەم قەسیدەیە بە سەلیقە و توانا و هەناسەیەکی درێژەوە نووسراوە ، هەرچەندە لە زۆر شوێن گێڕانەوەیەکی ڕووت سایە دەکات بە سەر دەقەکە و زمانی شیعر لە زمانی چیڕۆک نزیک دەبێتەوە ، ئەمەش شاعیر بە مەبەستەوە ئەوەی کردووە ، هەر بۆیە دەقە درێژەکانی ناوناون ( دەقی ئاوەڵا ) ، شێرکۆ بێکەس بە دەربڕینێکی پڕ لە ئیستاتیکای شیعری لە ( گۆڕستانی چراکان ) دەڵێ ، (سەفەرێ بە سواری تراویلکە و بە سواری هەواڵی ناوەخت .. / سەفەرە بۆ مەملەکەتێ لە شارەکانی خۆڵەمێش … / یان سەفەرێک پڕ لە ئێسک و پروسکی هەتاو …! ) ئەم دەربڕینە شیعرییانە گۆتە و دەربڕینی جوان و ناسک و شیعریین ، تا ئاستێکی بەرز چێژ و ئارامیی بە ڕۆحی خوێنەرەکان دەبەخشن…! ، ( سەفەرێک پڕ لە ئێسک و پروسکی هەتاو ) بە مانای ، سەفەرێک پڕ لە مەرگی هەتاو ، یانی سەفەری مەرگ و نەگەڕانەوە / یانی ئەنفال …! ئێسک و پروسک ، ئاماژەیە بۆ مەرگ ، مەرگ دوا پنتی سەفەرەکەیە ، مەرگ مانایەک یان شوناسێک بە سەفەرەکە دەبەخشێ و دەبێتە ( سەفەری مەرگ ) .

ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەنفال ، ئیشکردن لەسەر وشەکان و ئاماژە و میتافۆرەکان و یان ئەمشێوە مامەڵەکردنە لەگەڵ زمان ، بڕستێکی قووڵی بە قەسیدەکە داوە ، دەبینین لە ( گۆڕستانی چراکان ) مەرگ تاکە چەمک و تاکە ڕووبەر نییە کە شیرکۆ بێکەس ئیشی لەسەر کردبێ ، ڕەنگە ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە ، شێرکۆ بێکەس ، یەکێک نەبووە لە ئەنفالبووەکان ، کەسێک نەبووە لە نێو بیابانەکان و لە نێو چاڵەکان ڕاکشابێ ، لە نێو قیژە و هاوارەکان ، مردنی بە چاوەکانی خۆی بینی بێ ، بە مانای شێرکۆ بێکەس لە دەرەوەی ڕووداوەکە شتەکانی بینیوە ، جیاوازە لەگەڵ بینینی کەسێک کە خۆی لە ناو ڕووداوەکە و یان بەشێک بێت لە ڕووداوەکە ، وەک ئەو شاعیرانەی شیعرییان بۆ هۆلۆکۆست نووسیوە ، کە زۆربەیان لە گیراوەکان بوون و لە نێو کەرەساتەکە و لە نێو ڕووداوەکان بوون ، هەموویان لە نێو کەمپەکانی مردن لە گەڵ مردندا دەژیان .

مەبەستمە ئەوە بڵێم ، ئەوانەی لە دەرەوە سەیری ڕووداوەکان دەکەن ، وەک ئەوانەی خۆیان لە ناو ڕووداوەکانن وەکو یەک / ڕەنگەکان و کاریگەرییەکان و ئازارەکان و مردنەکان نابینن ..! ئەو مردنەی لە نێو شەوەکان و لە نێو چاڵە بە کۆمەڵەکانی ئەنفال هەبوو ، هەرگیز شێرکۆ بێکەس یان هەر کەسێکی دەرەوەی ڕووداوەکە ناتوانێ وەکو خۆی بیبینێت . بەمانایەکی تر ، ئەوانەی لە دەرەوەن ، بە چاوی خەیاڵ سەیری کارلێک و پێکهاتە و کاریگەرییەکانی ڕووداوەکان دەکەن ، وە شتێکی ئاشکرا و دیاریشە لە نێوان چاوی خەیاڵ و چاوی واقیع ، زۆر پێکهاتە و ڕەهەند و کارلێک و هاوکێشەی جیاواز هەن ، شاعیرانی هۆلۆکۆست ئەوانەی لە کەمپەکانی مردن بەشداربوون ، مردنییان بە ڕووتی دەبینی ، بۆیە لە نێو شیعر و نووسینەکانییان باسییان لە مردنێکی ڕووت کردووە ، دەبینین / چ لە شیعر و نووسینەکانییان ، چ لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان خۆ بە دوورگرتن و لە بیرکردنی ئەم مردنە ، کارێکی نەکردە و ئەستەم بووە . بۆیە هەموو شاعیرەکان لە نێو ئەم ڕووبەرە ئیشییان کردووە ، یان هەریەکە و بە جۆرێک ئیشییان لەسەر دیوێکی مردن کردووە ، یان چەمکی هۆلۆکۆست بە گشتی ، خۆی لە مردن و قڕکردن و سڕینەوە دەبینێتەوە یان سەفەری مردنی بە کۆمەڵ …! وا لە خوارەوە چەند نموونەیەکی شیعری هۆلۆکۆستی دەخەینەڕوو .

– چەند شیعرێکی هۆلۆکۆستی

١ / ( یەکەمینجار کە هاتن )

شیعری / مارتین نیمۆلەر

یەکەمینجار بۆ کۆمۆنیستەکان هاتن
من هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من کۆمۆنیست نەبووم
دواتر بۆ سوشیالیستەکان هاتن
من هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من سۆشیالیست نەبووم
پاشان بۆ کرێکارەکان هاتن
من هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من کرێکار نەبووم
پاشان بۆ جولەکەکان هاتن
منیش هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من جولەکە نەبووم
دواتر بۆ منیش هاتن
بینیم هیچ کەسێک لەوێدا نەماوە
تا قسەیەک بۆ من بکات …!

——————————
٢ / ( لە دێر زەمانەوە )

شیعری / بەربارا سۆنیک

یاریمان دەکرد و پێدەکەنین
بەختەوەر و خۆشەویست بووین
لە نێو باوەشی دایک و باوکمان دەریان هێناین
فڕێدراینە نێو ئاگرەوە
تەنها منداڵ بووین و هیچیتر
ئێمەش ئایندەمان هەبوو ،
دەبووین بە پارێزەر ، خێزانمان پێکدەهێنا ،
دەبووین بە دایک ، بە مامۆستا
خەونی جوانمان هەبوو
دواتر ئومێدەکانمان درانە دەم با
لە پڕێکدا ،
دوور خراینەوە لە شەوێکی مردوودا
وەک شتە بێبەهاکان
فڕێیانداینە نێو ئوتومبێلەکان
تەنگ و تاریک ، نیگەران و هەناسەسوار
گریان ، برسییەتی ، مردن
لە ئاوەدانی لە دنیا دوورخراینەوە ، سڕاینەوە
بە ڕۆحیکی خۆڵەمێشییەوە هاوارمان دەکرد
با ئەمە بەسەر مرۆڤەکان دووبارە نەبێتەوە
ئێمەتان لە بیر بێ
ئێمە ئەو منداڵانە بووین
کە خەون و ژیانیان دزین و دوورخراینەوە …!

————————————-

٣ / ( من ناتوانم لە بیری کەم )

شیعری / ئەلیکساندەر کیمێل

ئایا من دەمەوێت بیرم بێتەوە ؟
ئارامی گێتۆ بەر لە داگیرکردنی
لەرزینی منداڵان وەک گەڵا لە نێو بادا
گەڕانی دایکان بۆ لەتە نانێک
تارمایی ئاوسانی ڕانەکان و جولانەوەیان لەگەڵ ترس
نا ، من نامەوێ بیرم بێتەوە ، بەڵام چۆن بتوانم لە بیری کەم ؟
ئایا من دەمەوێ بیرم بێتەوە ، دروستکردنەوەی دۆزەخ ؟
سەدای داگیرکارەکان و کەیف و سەفای ڕاوکردنییان
ناڵەی بریندارەکان و نزاکانییان بۆ ژیان
سیمای دایکەکان وەک پەیکەرێک پڕ ببێ لە ئازار
ڕژانی ترس لە نێو خەیاڵدانی ونبوونی منداڵەکان
نا ، من نامەوێ بیرم بێتەوە ، بەڵام چۆن بتوانم لە بیری کەم ؟
ئایا من دەمەوێت بیرم بێتەوە ، گەڕانەوەی ساتە تۆقێنەرەکان ؟
دیارنەمانی خێزانەکان بە ڕۆژی ڕووناک
هەستانی هەڵمی خوێناوی لە گۆرە بەکۆمەڵەکان
بێهوودەیی گەڕانی دایکان بۆ منداڵەکان
ئازارەکانی گێتۆ کە جەرگبڕبوون وەک چەقۆ
نا ، من نامەوێت بیرم بێتەوە ، بەڵام چۆن بتوانم لە بیری کەم ؟
ئایا من دەمەوێت بیرم بێتەوە ، هاوارەکانی شەوانم
کرانەوەی بە ئاستەمی دەرگاکان و بڵاوبوونەوەی پەرەموجەکان لە بادا
بۆنی خوێنی بەفرە تواوەکان لە شەودا
هاوسۆزی مانگ بەدەم ڕۆشنکردنەوەی ڕێگا و شوێنەکاندا
شێوانی ڕوخسار و بێبەهایی بوون ، بەبێ کەسەکانی خێزاندا
نا ، من نامەوێ بیرم بێتەوە ، بەڵام چۆن بتوانم لە بیری کەم ؟
ئایا من دەمەوێت بیرم بێتەوە ؟
کاتێک ئەوانەی ڕۆیشتوون خوداوەند مردنێکی کتوپری پێبەخشین
ئەوانەیش کە ماونەتەوە لەگەڵ ئازار و میحنەت دەتلێنەوە
گواستنەوە بۆ شوێنە نامۆ و نادیارەکان
گۆڕینی جەستە و ڕۆحەکان بۆ گاز و خۆڵەمێش
نا ، من دەبێ بە بیرم بێتەوە و هەرگیز نەهێڵم بیرم بچێتەوە … !

———————–
سەرچاوەکان :-
١/ کتێبی ( Fascism )
By Roger Eatwell
٢/ کتێبی ( Remember me )
A Holocaust SurvivorS Story
Marian Kampinski
٢/ چەند سایتێکی ئەنتەرنێت لەوانە ،
– Holocaust Poetry
– Poems For Holocaust , Poem Hunter




( ٢٠١٦ ) … ناڵە حەسەن

ئەی تەمەن لێرەدا بوەستە
چ بەدبەختییەکی گەورە بوو
لە کاتێکی ناوەخت هاتینە دنیا
لەوەش بەدبەخت تر
بە نێو شەوەکان و
بە هەورازە سەختەکانی
ئەم ساڵە شوومەدا دا تێپەڕین
بە نێو کۆڵان بە کۆڵان و ژوور بە ژووری
ئەم ساڵە تاریکەدا تێپەڕین
بە نێو هەموو ڕۆژ و مانگ و وەرزەکانی
ئەم ساڵە بێ سەمەرەدا تێپەڕی
ساڵێکی پڕ لە ئافات و پڕ لە جەنگ و پڕ لە مردن
ساڵێک / پڕ لە خنکاندنی خەونەکان
ساڵێک / پڕ لە ڕژاندنی چاوی ڕازەکان
ساڵێک / پڕ لە مردنی مرازەکان
ساڵێکی خوێناوی و سوور سوور
ساڵێکی ڕەشی شووم شووم
ئەی تەمەن لێرەدا بوەستە
بەم هەموو برین و زامەوە
چۆن دەڕۆی بۆ نێو ساڵێکی تر
بەم هەموو فرمێسک و گریانەوە
چۆن دەڕۆی بۆ نێو ڕووبارێکی تر
بەم هەموو خۆڵەمێش و خوێنەوە
چۆن دەڕۆی بۆ نێو تابلۆیەکی تر
ئەی تەمەن لێرەدا بوەستە
ئارەقەی شەرمەزاری بڕێژە
کە بەهاکانی /
هەموو ژیان و بوون و
بەهاکانی /
هەموو شتە جوانەکانت
بڕۆ لەسەر شۆستەکان و
لە نێو تونێل و زێرابەکان دا کۆکەرەوە
ئەی تەمەن لێرەدا بوەستە
ئەی مرۆڤ / لێرەدا بوەستە و
پەتێک هەڵواسە بۆ خۆت
بەم هەموو برسییەتی و ناڵەناڵەوە
بەم هەموو جەنگ و مردنەوە
بەم هەموو خوێن و خنکانەوە
بەم هەموو خەمۆکی و شێتبوونەوە
بەم هەموو دۆڕان و تێشکانەوە
چۆن دەڕۆی بۆ نێو ساڵێکی تر
چۆن دەڕۆی بۆ نێو گۆڕستانێکی تر
چۆن دەڕۆی بۆ نێو دۆزەخێکی تر
ئەی تەمەن
تکایە لێرەدا بوەستە
هەموو کاتژمێرەکان و
هەموو وەرزەکان و
هەموو ساڵەکانی
عەشق و موحیبەت تێپەڕین
لێرەدا بوەستە ئەی تەمەن
مەڕۆ بۆ نێو ساڵێکی تر و
دۆزەخێکی تر و مردنێکی تر
ئەی تەمەن / لەو نوختە ڕەشە بوەستە زێتر مەڕۆ
لە نێو ئەم گۆماوە ڕەشە پڕ خوێنە بوەستە / زێتر مەڕۆ
لە نێو ئەم وەرزە ڕەشە وشکەڵانییە بێ گوڵەگەنمە بوەستە / زێتر مەڕۆ
لە نێو ئەم مۆڵگە و مەزرا و مەرزە ڕەشانەی مردن بوەستە / زێتر مەڕۆ
بوەستە ئەی تەمەن
بەم هەموو بەرگە ڕەشەوە
بەم هەموو جەستە ڕەشەوە
بەم هەموو دڵە ڕەشەوە
بەم هەموو خەونە ڕەشەوە
بەم هەموو مێژووە رەشەوە / بۆ کوێ دەڕۆی
ساڵێکی شووم شووم شووم
ساڵێکی ڕەش ڕەش ڕەش
لێرەدا بوەستە ئەی تەمەن
تا هەموو /
خنکان و مردن و کۆچ و برسییەتی و ئافاتەکانت
دەبن بە بیرەوەری
لێرەدا بوەستە ئەی تەمەن
تا دەبیت /
بە باخچەیەک لە ڕووناکی
بە تاڤگەیەک لە ئارامی
بە گوڵدانێک لە خەندەی سپی
لێرەدا بوەستە ئەی تەمەن
تکایە مەڕۆ
بۆ نێو ساڵێکی تر و
بۆ نێو گۆڕستانێکی تر و
بۆ نێو دۆزەخێکی تر
تکایە مەڕۆ ئەی تەمەن
مەڕۆ تکایە …!

٣١/ ١٢ / ٢٠١٦




بۆچی شیعر پێناسە ناکرێ ؟ … ناڵە حەسەن

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری ( بۆچی شیعر پێناسە ناکرێ … ؟ ) یان ( بۆ ناتوانین شیعر پێناسە بکەین …؟ ) ، هەروەها قسەکردن لە هۆکارەکان ، وا پێویست دەکات تێگەیشتنێکی ڕۆشن و دروستمان لەسەر شیعر هەبێت . شیعر دەتوانێ لەسەر هەموو بابەتێک بنووسێ ، یان قسە لەسەر هەموو بابەتێک بکات . هۆکارەکەش ئەوەیە ، شیعر لە نێو ڕووبەری خەیاڵ دێتە بوون . ڕووبەری خەیاڵیش ، ڕووبەرێکی فراوان و بێ سنوورە . پڕۆسەی نووسینی شیعر بەم شێوەیەیە ، شاعیر لەسەرەتاوە بیر دەکاتەوە ، دواتر لە نێو بیرکردنەوەکانی قووڵ دەبێتەوە ، دەگاتە ئاستی ( ئەندێشە ) واتە خەیاڵ .
لەوێوە شاعیر لە ڕێگەی زمانەوە گەڕان و داهێنانەکانی خۆی دەکات . یان لە پڕێکا بیرۆکەیەک یان خەیاڵێکی شیعریت بۆ دێت دواتر ، لە ڕێگەی بیرکردنەوە بەنێو خەیاڵەکەت قووڵ دەبییەوە و دەست بە گەڕانەکانت دەکەی ، واتە شیعر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە بیرکردنەوە و فیکرەوە هەیە . بە مانای ، بیرکردنەوە پردێکە شاعیر بەهۆیەوە دەگاتە ڕووبەری ئەندێشە و خەیاڵ . دەتوانین خەیاڵ بە نیشتیمانی شیعر ناوبەرین . ئەو شوێنەی شیعر تیایدا لە دایک دەبێت . شاعیر لە نێو خەیاڵدا بەهای مرۆڤایەتی و بەهای بوون و بەهای جوانییەکان و خەونەکان دەنووسێتەوە . لە نێو

خەون و نهێنییەکانی بوون ، نهێنییەکانی ژیان و گەردوون کەشف دەکات و قسەیان لەسەر دەکات . گومان و پرسیارەکان دەهێنێتە بوون ، دەچێتە نێو جەنگە دەروونییەکان و شەڕ لەگەڵ بیرە دواکەوتووەکانی نێو کەلتوورە تەقلیدییەکان دەکات ، ئەوانەی دەیانەوێت سنوورێک بۆ ئازادی ژیان و تەنانەت سنوور بۆ جوانی و خەون و بیرکردنەوەکانیش دابنێن . تاکە چەکێکیش بە دەستی شاعیرەوە بۆ ئەم جەنگە ، فیکر و زمان و مەعریفەیە . چونکە شیعر لە بنەرەتەوە بە هۆی بیرکردنەوە دێتە بوون ، واتە فیکر و مەعریفە سەرچاوەی بوون و پێکهاتەی شیعرن . بیرکردنەوەش سەرچاوەی مەعریفەی مرۆڤە ، تەنانەت لە نێو ڕووبەری خەیاڵیش فیکر لە ڕێگەی زمانەوە بەردەوام کاری خۆی دەکات ، وەک سەرچاوەکی جوولێنەر یان بزوێنەر بۆ بنیاد و پێکهاتەی دەق . ئەگەر زمان بە دیوە بنەڕەتییەکەی ، هۆکارێک بێت بۆ تێگەیشتن یان سیستەمێکی ڕێزمانی یان سیستەمێکی ئاماژەیی بێت ، یان هەر مانایەکیتری هەبێت . بەڵام ، لە بنەڕەتدا بەشێکە لە مەعریفە و پێکهاتەی مرۆڤ ، بەرهەمی بیر و مەعریفەی مرۆڤە . لە هەمانکاتیش ، پێکهاتەیەکی بنچینەییە بۆ بەرهەمهێنانی دەقی شیعری . یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی زمان بەرهەمهێنانی جوانییە لە نێو رووبەری دەقدا .
شاعیر لە ڕێگەی زمانەوە دەتوانێ قسە لەسەر بابەتەکان بکات یان ناوەوەی خۆی بخوێنێتەوە و کار لەسەر ئارەزووەکان و غەریزەکانی خۆی بکات ، پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆیی و لەگەڵ دەرەوەی خۆی ڕەسم بکات . هەروەها بیرەوەرییەکان و ڕابردووی خۆی بنووسێتەوە . تەنانەت ، خەون و پێشبینییەکانیش . شیعر لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکات ، هیچ سنوور و بەربەستێک ناتوانێت بەر بە هێزی خەیاڵ بگرێت . ناتوانین هیچ سنوورێک و بازنەیەک بە دەوری خەیاڵ بکێشین ، یان خەیاڵ لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو بەند بکەین . شیعریش زادە و بەرهەمی ئەم ڕووبەرە بێ سنوور و فراوانەیە . ئەگەر بڵێین ، ئایا شیعر نووسینەوەی ڕابردوو و بیرەوەرییەکانی شاعیرە …؟ یان ئایا شیعر نووسینەوەی خەونەکان و غەریزە و ئارەزووەکانی شاعیرە …؟ ئایا شیعر زمانی ناوەوەی مرۆڤە …؟ ئایا شیعر گەڕانە بە دوای حەقیقەتی جوانی …؟ ئەمانە و دەیان پرسیاریتر …! ڕەنگە بۆ هەر یەکێک لەم پرسیارانە وەڵامەکە ( بەڵێ ) بێت . بەڵام ، هیچ کام لەم وەڵام و ( بەڵێ ) یانە بە ( تەنها ) ، ناتوانن مانایەکی دروست و گشتگیر بۆ شیعر بدەن بە دەستەوە . دەتوانین بڵێین ( لە یەککاتدا / شیعر هیچ کام لەم وەڵامانە نییە لە هەمانکاتیش هەر هەموویانە …! ) .
بە مانایەکیتر ، دەتوانین بڵێین ( کۆی هەموو ئەم وەڵامانە ڕەنگە مانایەک بۆ شیعر بدەن بە دەستەوە یان نزیکمان بکەنەوە لە مانای شیعر …! ) . بەو مانایەی وەک گوتمان ، شیعر لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکات ناتوانین تەنها لە گۆشەیەکەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین . یان لە یەک دیودا بیبینین . بۆیە هەر کەسەو بە پێی تێگەیشتن ، ئاستی وشیاری و مەعریفە و بینین و بە پێی باری دەروونی خۆی خوێندنەوە بۆ شیعر دەکات و قسەی لەسەر دەکات . هەموو ئەم قسە و گۆشەنیگا جیاوازانەش مانایەک نین بۆ شیعر ، چونکە شیعر بوونێکی چەسپاو و نەگۆڕی نییە ، لە چرکەیەکەوە بۆ چرکەیەکیتر ، لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکیتر گۆشەنیگا و قسە و خوێندنەوەی جودا لە خۆ دەگرێت ، یان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر تەنانەت ، لە خودی کەسێکەوە بەڵام لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر ، تێڕوانینییان بۆ شیعر دەگۆڕێت ، یان بە پێی هەست و باری دەروونی ئەوکاتەی قسە لەسەر شیعر دەکات .
بە بڕوای من / ئەم قسەکردنانەش لەسەر شیعر لە چرکەساتێکی دیاریکراو ، ئەوە مانایەک نین بۆ شیعر بەڵکو ئەوە ، دەربڕینی هەست و باری دەروونی ئەوکەسەیە بەرامبەر بە شیعر بەمانای ، کەسەکە لەو کاتەدا باس لە هەستی خۆی یان باس لە باری دەروونی خۆی دەکات لە پەیوەند بە شیعرەوە . کەسەکان سەر بە هەر زمان و کەلتوور و نیشتیمان و ڕەگەزێک بن ، شیعر هەر بە شێوەی ناچەسپاو و ناجێگیرییە دەبیندرێ و دەخوێندرێتەوە . چونکە شیعر لە بنەڕەتدا بوونێکی گەردوونی هەیە . بۆ هێشتنەوەی شیعر لەم ئاستە فروانییە ، زۆرێک لە شاعیران مانای شیعرییان هاوتا کرد بە مانای ژیان . واتە شیعر تەریبە لەگەڵ ژیان . هەرچەندە شاعیر وەک مرۆڤێک / ئازادی و مافی ئەوەی هەیە لە ژیان دوور بکەوێتەوە و بچێتە دەرەوەی ژیان ، بەڵام شیعر / بۆ هەمیشە لە نێو ژیان دایە و هەر لە نێو ژیان دەمێنێتەوە . بەمانایەک ، ژیان لە کوێ بێت شیعریش لەوێدا دەبێت .
شاعیر دەتوانێ بێدەنگی هەڵبژێرێت و بە بێدەنگی قسەکانی خۆی بکات بەڵام ، شیعر ناتوانێ بەرامبەر هەموو ئە شتانە بێدەنگ بێت کە ژیان ناشیرین دەکەن . بە مانایەکیتر / شیعر فۆڕمێکی بێدەنگ نییە ..! بەڵام ، لێرەدا ئیشکالییەتێکی تر دێتە پێشەوە ، ئەویش ئەوەیە / گەر شیعر هێندە نزیک و تەریب بێت بە ژیان ، دەتوانین بپرسین ، ئەی ژیان مانای چییە … ؟! ئایا ژیان مانای لە دایکبوون و هەناسەدانە ؟ ئایا ژیان مانای عەشق و خۆشەویستی و پێکەوەییە ؟ ئایا ژیان مانای مردنە …؟ لێرەدا ژیانیش وەکو شیعر چەمکێکی گەردوونی و بوونێکی گەردوونی هەیە . دەقی شیعری لە بنەڕەتدا ڕووبەرێکی نادیار و تاریک دەردەکەوێت ، وەکچۆن مرۆڤ پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە و پڕاوپڕە لە نهێنی شیعریش بەهەمانشێوە . مانگەشەوی دەقی شیعری لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەردەوام و قووڵبوونەوە دەردەکەوێت ، بە خوێندنەوەی جیاواز و بەردەوام ، دەقەکە بە گشتی و ئەو ڕووبەرە تاریکەی پشتی ئاماژەکان و کۆدەکانیش بە تایبەتی ، ڕۆشنتر دەردەکەون . لێرەدا دەتوانین بەم ئەنجامە بگەین و مەبەستەکانمان لەو چەند خاڵانەی خوارەوە چڕ بکەینەوە .
١ / هەموو ئەم چەمکانەی بوونێکی گەردوونییان هەیە وەک ( شیعر ، عەشق ، مۆسیقا ، ژیان … ) پێناسە ناکرێن ، چونکە ناتوانین لە یەک گۆشەوە بیانبینین و خوێندنەوەیان بۆ بکەین .

٢/ هەموو ئەم چەمکانەی لە ڕووبەری ئەندێشە واتە خەیاڵ لە دایک دەبن ( بەتایبەت شیعر ) ، پێناسە ناکرێن ، چونکە خەیاڵ بەپێی شوێن و کات دەگۆڕێ و هەمیشە بە جۆرێکی تر دەردەکەوێت .

٣/ هەموو ئەم چەمکانەی لە سەر جوانی ئیش دەکەن یان جوانی بەشیکە لە بنیاد و پێکهاتەیان ، یان ئامانجییان بەرهەمهێنانی جوانییە ، یان لە ڕێگەی جوانییەوە لەزەت بە مرۆڤ دەبەخشن ، وەک ( شیعر مۆسیقا ، تابلۆ ، سروشت ) پێناسە ناکرێن . چونکە جوانی خۆی بوونێکی ڕێژەیی هەیە ، ناتواندرێ بە شێوەیەکی گشتگیر و ڕەها ببیندرێ .

٤/ شیعر وەک مرۆڤ چەمکێکی ئاڵۆزە واتە ، بوونێکی نادیار و شێواوی هەیە و پڕاوپڕە لە نهێنی ، نهێنییەکان و دیوە شاراوەکانیش کۆتاییان نایە و هەوڵەکانیش لە شیعردا هەرگیز ناگەنە خاڵی کۆتایی ، قوڕسایی زمان لە ئاماژە و کۆدەکان چڕ دەبێتەوە . ئاماژە و کۆدەکانیش بوونێکی ئایرۆنییان هەیە ، بە داخراوی و ڕوخسار و ڕەنگی جیاواز دەردەکەون ، بۆیە هەمیشە پێویستییان بە کرانەوە و خوێندنەوەی نوێ هەیە .

نیسانی ٢٠١٦