ئەدەبیاتی منداڵان/ کۆمەڵێک کورتە چیرۆک لەسەر‌هەوروو باران.. نووسینی / د. شفیق‌ مهدی.. وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە بەدەستکارییەوە/ فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

١. من و باران
ئاسمان پڕبوە لە هەورێکی زۆر، پێدەچێت باران ببارێت.
هەرکاتێک باران ببارێت، دەچمە ناو باخچەکە و لەژێر دڵۆپە بارانەکاندا بە خۆشی ڕادەکەم، چونکە من بارانم خۆش دەوێت!
بەڵام هێشتا باران نەباریوە؛ تەماشا دەکەم بارانەکە لەسەر شووشەی پەنجەرە داخراوەکە دەست پێدەکات. ئای، بارانەکە خەریکە بەخوڕ دەبێت! چی بکەم؟ باشترە بچمە ژوورەوە و لە پشتی پەنجەرەکەوە سەیری بارانەکە بکەم. بە تەنیشت دایکمەوە دادەنیشم و پێکەوە سەیری پەنجەرەکە دەکەین.
٢. سڵاوی هەورەکان
کاتێک هەورە بچکۆلەکە بەسەر باخچەکەدا تێپەڕی، چۆلەکە بچووکەکان سەرە بچکۆلەکانیان بەرەو ڕووی بەرز کردەوە. هەورە بچکۆلەکەش بە زەردەخەنەوە دڵۆپە بارانێکی سووکی بەسەر ئەو سەرانەدا باراند. چۆلەکەکان بە یەک دەنگ و بەجریوەی شادییەوە گوتیان : “سڵاو لە تۆ، سڵاو لە تۆ ئەی هەورە بچکۆلەکە ! بەخێر بێیت!”
( جوجو)ی بچوک کەلەهەموو چۆلەکەکان بچوکتربوو کاتێک ئەمەی بیست، سەری سوڕما و گوتی: “ئەمە سەیرە هاوڕێیان! کەی ئێمە فێری زمانی هەورەکان بووین؟!” چۆلەکەیەکی ژیر گوتی: “تۆ نازانیت؟ زمانی هەورەکان (بارانە)! کاتێک هەورە بچکۆلەکە ئاوی بەسەردا باراندین، وەک ئەوە بوو پێمان بڵێت: (سڵاوتان لێبێت). ئێمەش بە زمانی خۆمان وەڵاممان دایەوە، بۆیە ئەویش تێگەیشت کە بە زمانی هەورەکان سوپاسیمان کردووە!”
کاتێک چۆلەکە بچکۆلەکە ئەمەی بیست، ماچێکی دەستیی هەڵدا بۆ هەورە بچکۆلەکە، ئەویش بە گەرمی پێکەنی.
٣. دوو هاوڕێ
مارێکی دۆمەڵان لە ڕۆژێکی ساردی زستاندا لەسەر زەوی پاڵکەوتبووچێژی لە تیشکی گەرمی خۆر وەردەگرت. دوای ماوەیەکی کەم، هەورێکی سەرکێش و دڵخۆش بەوێدا تێپەڕی و بەری تیشکی خۆرەکەی لە مارەکە گرت.
مارەکە توڕە بوو و تەماشای هەورەکەی کرد و بە دەست ئاماژەی بۆ کرد: “ئەگەر بە خێرایی لەوێ دوور نەکەویتەوە، دێمە ئاسمان و نیشانت دەدەم!”
هەورەکە پێکەنی و گوتی: “خۆت ماندوو مەکە بە سەرکەوتنەوە، من خۆم دێمە خوارەوە بۆ لای تۆ!” پاشان ڕێژنەیەکی سووکی لە دڵۆپەکانی بەسەردا باراند. مارەکەش بە خێرایی ڕایکرد بۆ ئەوەی شوێنێک بدۆزێتەوە خۆیی تێیدا حەشار بدات، پاشان لەبەر خۆیەوە پێدەکەنی، چونکە دەیزانی ئەوان بوونەتە دوو هاوڕێی باش.
٤. دوو هەور
دوو هەوری گەورە لە ئاسماندا بە شێوەی دوو بەرانی گەورە یەکتریان بینی. خەریک بوو بە قۆچ لێکبدەن، چونکە مەڕەکان حەزدەکەن کێبڕکێ ویاری لەگەڵ یەکدی بکەن تەنانەت ئەگەرلەهەوریشبن!
لەوکااتەدا کزەبایەک هات و بە خێرایی بە دەوریاندا خولاویەوە و گۆڕینی بۆ دوو بەرخی بچووک و شوانێک کە لەسەر پشتی هەورەکان بە دڵخۆشی باز دەدەن و یاری دەکەن.
٥. خەونی دڵۆپە بارانێک
دڵۆپە بارانەکە چاوەکانی نوقاندبوو ،خەوتبوو. بە ترسێکی زۆرەوە کاتێک خۆی بینی لە دایکەهەورە شینە ناسکەکەی جیا دەبێتەوە و بەرەو زەوی دەکەوێت. خەونی بەوەوە دەبینی کە بووە بە هەورێکی گەورە و دڵۆپە بارانێکی زۆری هەڵگرتووە و بەرەو زەوی داباریوە، و لەوێدا گوڵە سوورەکان پێشوازییان لێکردووە و لە نێوان گەڵاکانیاندا بە میهرەبانی پاراستوویانە. کاتێک چاوەکانی کردەوە، بینی دایکی بە میهرەبانی دەستی بە سەریدا دەهێنێت و لە باوەشی گرتووە. زانی کە هێشتا لە باوەشی دایکیدایە و نەباریوە، بۆیە ترسەکەی ڕەوییەوە.
٦. هەورە بەڕێزەکە.
ئەمە یەکەمین جار بوو کە هەورە بچکۆلەکە بە تەنیا بۆ پیاسەکردن لە ئاسمانی شیندا دەچووە دەرەوە. کاتێک لە خۆر نزیک بووە کە دایکی زۆر بۆێ باس کردبو. بەشێکی بچووکی لە تیشکەکەی گرت کە دەست بەسەر زەویدا دەگرێت.
هەورەکە پێیگوت: “بمبوورە خۆری جوان ، کە بەشێک لە تیشکەکەت بەربەست دەکەم. ئێستا بە خێرایی دوور دەکەومەوە.” خۆرەکە بەو قسەیە زەردەخەنەی کرد وبەهەورە بچوکەکەی گوت :زۆر سوپاس بۆتۆی میهرەبان و بەڕێز .
٧. باران هاوڕێی منە.
چۆلەکە بچووکەکە بە ترسەوە بەرەو دایکی فڕی و گوتی: “دایە! دایە! ئاو لە ئاسمانەوە دەبارێت!”ئەمە یەکەمجار بوو کە باران ببینێت. دایکی بە میهرەبانییەوە لە باوەشیگرت و ئاماژەی بەو هەورانە کرد کە لە ئاسماندا بوون: “ئەوە بارانە ئازیزی من! لێی مەترسە.. تەماشا بکە!”
لەگەڵ دایکەکە لە هێلانەکە چوونە دەرەوە و لەسەر لقی دارێک نیشتنەوە. دڵۆپە بارانەکان بەسەریاندا بارین و چۆلەکە بچکۆلەکەش بە خۆشییەوە دەستی بە جریوەجریوکرد، کاتێک بینی دایکیشی هەمان شتدەکات، هەستی بە بەختەوەری کرد و سەیری هەورەکانی کرد و گوتی: “تۆ لەمڕۆوە هاوڕێی منی ئەی باران!”




چیرۆکی مناڵان\ بەهێواشی بڕۆن.. نوسینی /وجدان عبدالعباس.. وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە: فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

​دوو کەنغەرە بچووکەکە ئاوڕیان دایەوە دواوە و لە دوورەوە دەستیان بۆ ورچیلەی دراوسێکەیان، ڕادەوەشاند کە لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیدا وەستابوو؛ دەستەکانی خستبووە دەوری دەمی و بە دەنگی بەرز هاواری دەکرد:
​«لەکاتی ڕێگاکەتاندا وشیار بن.. بە خێرایی باز مەدەن!»
​کەنغەرەکان دەچوون بۆ ماڵی داپیرەیان لە باکووری دارستانەکە.. بەڵام بە هێواشییەکی نامۆ بازیان دەدا! زەڕافە تووشیان بوو و زۆر سەرسام بوو بە حاڵیان، داوای لێکردن خێرا بکەن لە ڕۆیشتندا بۆ ئەوەی تووشی مەترسی نەبن.
​پاشان (گا)کەی هاوڕێیان، ، لە دوورەوە بینینی و بە دەنگێکی توڕە هاواریکرد: «ئەوە چیتانە! بەم شێوەیە بە لەنجەو شانازییەوە دەڕۆن، دەی خێرا کەن!»
مەیموونیش کە لقی درەختێکی بەدەستی گرتبوو بە سەرسوڕمانەوە پرسیاریکرد: «کەنغەرەکان پێشتر لە بازدانیاندا کێبرکێی( با )یان دەکرد!.. چییان بەسەر هاتووە؟ و بۆچی؟ ئۆهـ… بەڕاستی ئەمە شتێکی نامۆو و سەیرە!» سمۆرەش گوێی لێبوو، ئاوڕی لێدانەوە و لێیڕوانین و دوایان کەوت.
​مەیموون، سمۆرە و ورچیلە شوێنیان کەوتن و لە دوورەوە لەدوایانەوە دەڕۆیشتن چونکە نیگەرانیان بوون. کەنغەرەکان هەر بە هێواشی دەڕۆیشتن، و بەهۆی ئەم هێواش ڕۆیشتنەوە زۆر ماندوو ببوون، هەنگاوەکانیان قورستر و قورستر دەبوو تا گەیشتنە ماڵی داپیرەیان.
​لەوێدا کەنغەرەکان لە گیرفانیان کێکێکی گەورە و دیارییەکیان بۆ داپیرەیان دەرهێنا (کە هۆکاری هێواش ڕۆیشتنەکەیان بوو بۆ ئەوەی تێک نەچێت).. هاوڕێکانیش سەریان ڕاوەشاند و پاشان دەستیان کرد بە پێکەنین..
ئەم چیرۆکە لەژمارە (٤۳۷۰) ی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۲۱ ـ ٨ ـ ۲۰۲٥ ی لاپەڕەی منداڵانی ڕۆژنامەی هەولێر بڵاوکراوەتەوە..




گرنگییەکانی هـۆنراوە لە گەشەکردنی زمانی منداڵان.. رەزا شـوان

هـۆنراوە فـۆرمێکی هونەریی جیهانییە، کە سنوورەکانی کولتوورەکان و ئەزموونەکان و هەستەکانی مـرۆڤ تێـدەپەڕێنێـت. رەگ و ریشەی قـووڵی لە زمان و وێـژەدا هـەیە.

هـۆنـراوەکانی منـداڵان. تەنیا سـەروا و ریتـم و وشـەکانی سـەر لاپەڕەکان نـین. بەڵکو دەنگی زینـدووی ژیـانن. هـۆنـراوەی منـداڵان ئـەو فـۆرمە وێـژەییە ئەفـسوونـاوییەیە، کە چـێژ و پێـگەیەکی گەورەیان لەلای منـداڵان هـەیە. رێگەیکی نایاب و ناوازەیـە، بۆ فـێرکـردن و بۆ دەوڵەمەنـدکردنی ژیانی منـداڵان، بۆ ورووژانـدنی کنجکاوی و خەیاڵی منداڵان، بۆ هـانـدنیان بۆ داهـێنان. بە تایبەتی گەر ئەو هـۆنـراوانە میلـۆدی و ریتمیان لەگەڵـدا بێـت. هـۆنـراوەی منـداڵان، گەنجـیـنەیەکی وشـەیە، فـەرهـەنگی وشـەسـازیی منـداڵان دەوڵەمەنـد دەکات. بە وشـە و دەستەواژە و بە چەمکی نوێ ئاشنایان دەکات. منـداڵان لـە رێـگەی سـەروا و ریـتـمەوە، بـە ئاسانی دەتـوانـن ئـەم وشانە بهـێـنـنەوە یادیان و لە قـسەکـردنی رۆژانەیـانـدا بەکاریـان بهـێـنن.

ئەو منداڵانەی بە بەردەوامی هۆگری هـۆنراوەن، توانایەکی باشتریان لە جیاکردنەوەی دەنگەکان و لەبەرکرنی هـۆنراوەکاندا هەیە. لە وشەسازی و زمان و داڕشتنی رستە و تێگەیـشتن و لە خوێنـدن و گۆزارشتکـردنـدا، لە هـاوتەمەنەکانیان سـەرکەوتـووتـرن.
هەندێک لە پسپۆران و پەروەردەکاران، جەختیان لەسەر گرنگی هۆنراوە کردووەتەوە، لە پـێکهـێنانی چێژی زمان و جوانی لەلای منداڵان. سادەیی وشەکان و شیرینی ریتم و تـۆنی سووک و سەرواکان، بەشـدارن لە فـراونکـردنی ئاسـۆی زمـانەوانی منـداڵان و لە بەرزکردنەوەی توانای دەربـڕینی هـەسـت و سـۆز و بیـرکردنەوەکانیان بە روونی.

منـداڵان بەبێ زمـانـێکی دیاریکـراو لەدایک دەبـن. بەڵام بە تێـپەڕبوونی کات، توانای فـێربوونی زمان بەدەستدەهـێنن. زمان ئامرازێکی زۆر گرنگە لە وێـژەی منـداڵان. بۆ هـاوبەشـکـردنی هـەسـت و سـۆز و خـەیـاڵی منـداڵان. هـۆنـراوەی منـداڵان، رۆڵـێکی گرنگ و کاریگەری لە گەشەکردن و لە پێشخستنی زمانی منداڵان هـەیە. بە تایبەتیش لە سەردەمی دیجـیتاڵـیدا، کە پەنجـەرەی کـراوەی زۆری هـەیە. ئەمـەش پێویـستی بە بەهـێزکردنی زمانی دایکی منـداڵان و بە پەروەردەکردنی شانازی بە خود و ناسنامەی خۆیـانەوە هـەیە.

بێگومان ئەو هـۆنـراوەنووسانەی هـۆنـراوە بۆ منـداڵان دەهـۆننەوە، هەوڵـدەدەن بە زمـانـێکی کـوردی پەتی و ئاسان و بە وشـەی جـوان و ناسک، بە ریـتـم و سـەروای شیرین، بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی، هـۆنراوەکانیان بهۆننەوە و بیانڕازێننەوە.
(دەبـلـیـو ئـێـچ ئـۆدن) دەڵـێـت:”هـۆنـراوەنـووس لـە سـەرووی هـەمـوو شـتـێکـەوە ئەوینـداری زمـانە”.
گرنگـییەکانی هـۆنـراوە لە گەشەکـردنی زمـانی منـداڵانـدا:
هـۆنراوەی منـداڵان، کاریگەرییەکی قـووڵی لەسەر گەشەکردن و پـێـشخـستنی زمانی زارەکی و نووسینی منـداڵان هـەیە. زۆرن ئەو ئامـانج و سـوودە زمـانیـیانەی، کە لە سایەی هـۆنـراوەی منـداڵانـدا دێنـەدی. ئەمانە بەشێکـن لەو ئامـانجە زمـانەوانییانە:
١ـ لە رێـگەی خـوێنـدنەوە و گـوێـگـرتـن و وتـنـەوەی هـۆنـراوەی منـداڵان، سامانی وشەسازیی منـداڵان، زۆر دەوڵـەمەنـتر و فـراوانـتر دەبێـت. بە وشەگەلـێکی نـوێ و دەستەواژەی نـاوازە و زمـانی ستایش و بە چەمکی نوێ ئاشـنادەبـن. زیـاتـریـش لە مانـای وشـەکان تێـدەگـەن. دەتـوانـن باشـتریـش گوزارشـت لە نـاخی خۆیـان بکەن.
٢ـ هـۆنراوە یارمەتیی منداڵان دەدات بۆ جیاکردنەوەی نەخشە و شێوازە دەنگییەکان. بەمەش هـۆشیاریی فـۆنۆلـۆژییان بەرزدەکاتەوە. یارمەتییان دەدات لە تێگەیـشتن لە دەنگ و لە تـۆن و ئـاواز.
٣ـ هـۆنـراوەکانی منداڵان، یارمەتیی منـداڵان دەدات لە داڕشتنی رستە. بە شێوەیەکی سەرنجـڕاکـێش و وردیـش پەیـڕەویی دەستوورەکانی رێـزمـان بکەن و لێیان تێبگەن.
٤ـ لێکـدانەوەی هـۆنراوە، هـانی منداڵان دەدات، بۆ گەڕان بە دوای بیـرۆکەی نـوێ و داهـێنانـدا. بۆ بیرکردنەوەی رەخـنەیی و وردتـر تـێگەیـشتن لە ماناکانی وشەکان و لە پەیـامەکانی هـۆنـراوەکان و لە تـەوەری قـووڵـتر. بۆ دەربـڕینی را و سەرەنجـەکانیان دەربـارەی هـۆنـراوەکان.
٥ـ هـۆنراوەی منداڵان، کنجکاوی منداڵان دەورووژێنێت و هانیان دەدات بۆ ئازادکرنی خەیـاڵـیان و بیـرکـردنەوەی داهـێـنەرانە و بـۆ گـەڕان بـە دوای بیـرۆکـەی نـوێـدا.
٦ـ ریتـم و سەروا، دوو توخـمی سەرەکین لە هـۆنـراوەی منـداڵاندا، رۆڵـێکی گرنگیان لە پەرەپێـدانی خوێندنەوە و نووسینی منداڵانی بچووک هەیە. سەرنجیان رادەکـێشن و مـێـشکـیان سەرقـاڵ دەکـەن.
٧ـ هـۆنـراوەی منـداڵان، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگـێڕێت لە پاڵـنانی خوێندکاران بۆ گەڕان بە دوای جـوانی و رەوانبـێژی و تـوانای زمانـیدا. نەک هـەر تواناکانی زمـانیان باشتر دەکەن، بەڵکو زیـرەکی سـۆزداریـشیان پەرەپێـدەدەن.
٨ـ خوێنـدنەوەی هـۆنـراوە بە دەنگـێکی بـەرز، متـمانە بەخـۆبـوون و ئـازایەتیـیەکی وێـژەیی بە منداڵان دەبەخـشێت. دەتوانن، بێ شەرمکـردن لە بەردەم خەڵکیدا، خۆیان دەربخەن و هـۆنـراوە بخوێننەوە و قـسەبکەن و گوزارشت لە بۆچـوونەکانیان بکەن.
٩ـ منداڵان لە رێگەی هۆنراوەوە، ئاسۆی خەیاڵیان بەرزتر دەبێت، سنووری جیهانیان فـراوانـتر دەکـەن. دیانـەوێـت زیـاتـر و زیـاتـر فـێربـن و وەربگـرن و بـزانـن.
لە کۆتاییـدا دەڵـێـین هـۆنـراوەی منـداڵان، ئامـرازێـکی کاریـگەرە بـۆ بەرزکـردنەوەی توانـای خوێنـدنەوە و نـووسـین. سـەکـۆیـەکی نـاوازەیە بـۆ گـەڕان بـە دوای زمـان و فـراوانکـردنی وشـەسـازی و بیـرکـردنەوەی داهـێـنەرانە و گەشـەکـردنی سـۆزداری.
لـە رێـگەی ئاشـناکـردنی منـداڵانی کوردمـان، بـە جـیهـانی ئەفـسوونـاویی هـۆنـراوە، دەتـوانین خۆشـەویـستیی زمانی شـیرینی کوردی لـە دەروونی منـداڵەکانمان بچـێنین.

با لەگـەڵ منـداڵانی ئارەزوومـەنـدی هـۆنـراوەدا، بچـیـنە نـاو جـیهـانی هـۆنـراوە بـۆ منـداڵان و دەرگـاکـانی جیهـانـێک لـە وشــە و سـۆزداری و تـوانـای بێ سـنووریـان لـێـبکەینـەوە. ئەو هـۆنـراوانەیان بـۆ هـەلـبژێـریـن، کە لەگـەڵ قـۆنـاغی تەمەنیانـدا دەگـونجـین و بە دڵـیانـن و لـێـیان تـێـدەگـەن.

دوبـەی: ٢٠٢٦




پەروەردەکـردنی منـداڵان بە گەشـبینی.. رەزا شـوان

گەشبینی بریتییە لە توانای مـرۆڤ، بۆ قبوڵکردنی هـەموو شتێک لە ژیانـدا، بە باش و خـراپییەوە. لە هەمان کاتـدا هەوڵـدانە بۆ گەیشـتن، بە خـەون و هـیوا و بە ئاواتەکانی. گەشبینی بە تـێڕوانینێکی ئەرێنی و هـیواخوازانە لە ژیانـدا پێناسە دەکرێت. کە مـرۆڤ چاوەڕێی ئەوە دەکات، کە لە هەلومەرجی جۆراوجۆردا، باشترین ئەنجام بەدەستبهێنێت. گەشبینی یەکـێکە لە چەمکە ئەرێنییە گرنگەکان لە دەروونناسـیدا. نـزیکە لە هـاوواتای بەخـتەوەری و متـمانە بەخۆبوون و سەرکەوتـن. گەشبینی بیـرکردنەوەیەکی ئەرێـنییە، توانای بـینینی دیـوی رووناک و گەشاوەی ژیـانە.
گەشبینی یارمەتیی هەموومان دەدات، بۆ ئەوەی بەسەر بەرۆکگیری و بەرهەڵستەکاندا سەربکەویـن و رووبـەڕووی سەخـتییەکانی ژیانمان ببیـنەوە. گەشـبینی کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسـەر تەنـدروستیی دەروونی و جەسـتەییمان هـەیە. بەشـدارە لە باشترکردنی کـوالـیتی ژیـانی گـشـتـیمان.
گەشبینی گۆڕینی تاریکـییە بۆ رووناکی. گەشبینەکان لە تاریکـیدا رووناکی دەدۆزنەوە.

گەشبینی کارامەییەکی فـێربـوونە، نـەک خەسڵەتـێکی بـۆماوەیی. توێژینەوەکانی دکتۆر (مارتـن سـێـلیگـمان) دەریدەخەن کە لە سەدا حەفتاو پێنجی خەڵکی توانای پەرەپێدانی بیرکردنەوەی گەشبینییان هـەیە. لە رێگەی راهـێنانی ستراکتۆرییەوە. بە بەکارهـێنانی مـۆدێـلی (ناخـۆشی، بـاوەڕ، دەرئەنجـام، ئارگـومـێـنـت، هـانـدان).
بە درێـژایی ساڵانی رابـردوو، بە چـەنـدیـن شـێوە، پـێـناسەی چەمکی گەشـبینی کـراوە. تارە هـاوبەشەکانی نێوان پـێناسە جـۆراجۆرەکانی گەشبینی، بریتـییە لە: بیرکـردنەوەی ئەرێنی سەبارەت بە داهاتوو. کە کاریگەرییان لەسەر بیروباوەڕ و رەفتارەکانمان هەیە.
گەشـبینی و هـیوا، پەیـوەنـدییەکی نـزیکـیان بەیەکـەوە هـەیە. لە جیهـانی ئەمـڕۆدا، کە بەرهەڵـست و بەرۆکگـیرییـەکان بێکـۆتایی دەردەکـەون. گەشـبینی و هـیواخـوازی، بۆ داهـاتـوویـەکی گەشـتر و ژیـانـێکی باشـتر و ئاسـوودەییـەکی زیـاتـر، زۆر پێـویـستـن.
چـۆن دەتـوانـن گەشبینی لە منـداڵەکانتانـدا بـڕوێـنن؟
منداڵانی ئەمڕۆمان، لە جیهانێکی پـڕ لە هەوراز و نشێۆ، لە بەرهەڵست و بەرۆکگـیری و کارەسات و گومانـدا دەژیـن. چانـدنی گەشبینی لە منـداڵەکانتانـدا، لە هەموو کاتەکانی رابـردوو، پێویستیـتر و گرنگـترە. دەروازەی داهاتوویەکی دڵخواز و گەشتر بکەنەوە و منـداڵەکانتان. فـێری هـونەری گەشبینی و هـیواخـوازییـان بکەن. ئەگەرچی منـداڵان بە سروشتی و بە رەمـەکی گەشـبینن. تا ئـێستاش دەروونناسان نازانـن، بـۆچی منـداڵان لە رادەبـەدەر گەشـبـینـن.
پـرۆفـیسۆر (لیـا واتەرز) دەڵـێت:”گەشبینی توخـمێکی سەرەکیی دەروونییە. دەتوانین لە منـداڵەکانمانـدا بیچـێـنین.. ئـەوە چـەکی نهـێـنی پەروەردەکـردنی منـداڵانە، لەسـەر بنـەمـای هــێز”.
لە جیهانێکدا، کە منـداڵان رۆژانە بەرکەوتی میدیای دیجـیتاڵی دەبن، پەروەردەکردن و هانـدانـدانی منـداڵان لە تەمەنێکی بچـووکەوە بە گەشبینی، دەتـوانن بە کارامەییەکانی ژیانی بنەڕەتی وەک: خۆڕاگری، کۆڵنەدان، متمانە بەخۆبوون، بیرکردنەوەی ئەرێنی، سـۆزداری، بـێـبگەن. گەشـبینی کاریـگەرییەکی قـووڵی، لەسـەر شـادی و دڵخـۆشی و بەختەوەری منداڵان هـەیە، توانایەکی زیاتری سەرکەوتنیان لە ژیاندا پێیاندەبەخشێت.
(دالای لاما) دەڵێت:” زۆر گرنگە یارمەتیی منـداڵان بدرێـت، سەرەڕای سەخـتییەکان، دەست بە هـیوا و گەشـبینییەوە بگـرن”.
گەشـبینی کـلـیلی سەرکەوتـنە. ئەو منـداڵانەی کە گەشـبینن، لە خوێنـدنی ئەکادیمیـدا سەرکەوتوون. بەڵام ئـەو منـداڵانەی کە دەبنە نێچـیری رەشـبینی، زۆرجار لە رووی ئەکادیـمـییەوە، خۆیـان لە دواوە دەبـینـنەوە. زیـاتریـش تـووشی شکـستی و کـێشەی تەنـدروستی دەروونی و ستـرێـسی دەبـن.
دکتۆر (مارتـن سێـلیگـمان) نووسەری پەرتـووکی بەناوبانگ (منـداڵی گەشـبین) کە پـڕفـرۆشترین پەرتـووکە لە (نیویـۆرک تایمـز)، دەڵـێت:”تـێگەیـشـتم کە فـێرکـردنی منـداڵان بە گەشـبینی، لەوە تێـدەپەڕێـت کە تەنهـا راستکـردنـەوەی رەشـبـینی بێـت. بەڵکو بریتییە لە بنیاتنانی هـێزێکی ئەرێنی و تێڕوانینێکی داهاتـووی گەشبینییانەی نەگۆڕ. دەکرێت بە درێـژایی ژیان جێبەجیبکرێـت. نەک تەنها بۆ بەرنگاربوونەوەی خـەمـۆکی و هـەڵـسانـەوە لـە شـکـستی. بەڵـکـو بـۆ ئـەوەی وەک بنـاغـەیـەک بـۆ سەرکەوتـن و چـالاکی بیـت”.
گەشبـینی لە ئەدەبیاتی منـداڵانـدا:
بەرهـەمە ئەدەبـییەکـانی منـداڵان، هـاوشـێوەی فـۆرمەکـانی تـری هـونەری منـداڵان، توانای دروستکـردنی کاریگەرییەکی سـۆزدارییان لەسەر خوێنەرانی منـداڵان هـەیە. نووسەرانی ئەدەبیاتی منداڵان، دەتوانن سروشتی گەشـبینیانەی کارەکـتەری خەیـاڵی
بە شێوازێکی جۆراوجۆر پیشان بـدەن. گەشبینی بابەتێکئ باوی ئەدەبیاتی منـداڵانە، دەکرێـت بە چەنـد رێگەیەک تـێبینی بـکەیـن:
١ـ کۆتاییەکی خۆش: زۆربەی پەرتـووکەکانی منـداڵان، بە تایبەتی ئەو چـیرۆکانەی بۆ منداڵان نووسراون. بە گەشبینی و ئەرێنی کۆتاییان هاتـووە. ئەم کۆتاییانەش هـەستی گەشبینی لە منـداڵانـدا دەچـێـنن.
٢ـ سەرکەوتن بەسەر ئاستەنگـییەکاندا: زۆرێک لە چـیرۆکەکانی منـداڵان، پاڵەوان و کارەکـتەرەکانیان، رووبـەڕووی بـەرهەڵـستی و سەخـتییەکان دەبنـەوە و بەسەریانـدا سەردەکـەون. منـداڵان لـێيانەوە فـێری ئـەوە دەبـن کە بە ئیـرادە، متمانە بەخـۆبوون، ئازایەتی و هـیوادارییەوە، دەتوانـن کـێشەکانیان چارەسەربکەن و بەسەریانـدا زاڵبن.
٣ـ پەیامی ئیلهـامبەخـش: بەشێکی زۆری چـیرۆک و هـۆنراوەکان بۆ منـداڵان پەیامی ئیلهـامبەخـشیان تێدایە. سەبارەت بە خۆشەویستی و هـاوڕێتی و میهـرەبانی و رۆحی یارمەتیدان و جوانی ژیان. ئەمانەش تێڕوانینێکی ئەرێنی لە منداڵان پەروەردە دەکەن.
٤ـ فـانتازیا و خەیـاڵ: بەکارهـێنانی فـانتازیا و خەیاڵ، لە ئەدەبیاتی منـداڵاندا، دەتوانن یارمەتیدەری گەشبینی بن. بەو پێیەی ئەم توخـمانە رێگە بە منداڵان دەدەن، باوەڕ بە ئەستەم نەکەن و ئاواتەخـوازی هـێنانەدی هـیوا و خـەونی گـەورەبـن.
٥ـ وانـەی رەوشـتی: زۆرێـک لە چـیرۆک و هـۆنـراوە و شانـۆکانی منـداڵان، وانـەی رەوشتییان لەخۆگرتوون کە هانـدەری گەشبینین. وەک: گرنگی میهرەبانی، دڵسۆزی، باوەڕ بەخـۆبـوون، هـاوکاری، خـۆڕاگـری، کـۆڵـنەدان، سەرکەوتـن،… هـتـد.
٦ـ هـێوا: بەشی هەرە زۆری چـیرۆک و رۆمـان و هـۆنـراوە و شانـۆکان بۆ منـداڵان، هەستی گەشبینی و هیوای هـێنانەدیی داهاتوویەکی باشتر بە منداڵان دەبەخشن. فێری ئەوەیان دەکەن، کە لە سەخترین بارودۆخەکانیشدا، گەشبین و هـیوادار و خۆڕاگربن.
٧ـ چارەسەرکردنی کـێشەکان: ئەو منـداڵانەی بە بیـرکـردنەوەی گەشـبینی پەروەردە دەکرێـن، توانایەکی باشتریان لە چارەسەرکردنی کێشەکانیاندا هـەیە. لە روانگەیەکی گەشـبینییانەوە، فـێردەبـن و پەنـد و وانە وەردەگـرن و خـۆڕاگـرییان بەرزدەبـێتـەوە. زیـاتـریش کـراوە دەبـن بەرامبـەر بە بەرۆکگـیرییەکان و ئەزمـوونە نـوێـیـەکان.
٨ـ سروشت و جـوانی: زۆر جار چیرۆک و هـۆنراوکان بۆ منداڵان، جـوانی جیهانی سروشت و چـێژە سادەکانی ژیـان وێنا دەکـەن. ئەمەش پەروەردەیەکی پـێزانیـنە بۆ ئەفـسوونـاوی جیهـانی دەوروبەرمـان و تـێڕوانـینـێکی گەشـبـینانەتـر.
٩ـ پەنـدی پـێـشیـنان: پەنـدی کوردی زۆرمـان هـەیە، کە هـانـدەرن بـۆ گـەشـبینی و خۆڕاگری و کـۆڵنەدان. دەکرێـت مەبەستەکانیان بۆ منداڵان روون بکـرێنەوە. وەک:
“لە دوای تەنگانە.. شـێنەیی دێـت”، “سەبـر تاڵە.. بەرەکەی شیرینە”، “شـیر بەرە بەرە.. دەبـێـتە کـەرە”، ” ئەگـەر سـەبـر بکەیـت.. لـە بەرسـیـلە حەلـوا دەکـەیـت”.
نەرویـج: ٢٠٢٦




چیرۆک\ ملـوانکە ناوازەکـەی داپیـرە گـوڵە.. رەزا شـوان

ماڵـمـان لە گـونـدێکی جـوانی باشـووری کوردسـتان بـوو. تەمـەنـم نـۆ سـاڵ بـوو. لە پـۆلی سێی قـوتـابخانەی بنـەڕەتیـدا بـووم.
پیرەژنـێکی تەمەن نـزیکی هەشـتا ساڵ، لە گونـدەکەمان بـوو، ناوی گـوڵە بـوو، هەر خۆی بوو، کەسی نەبوو. بە داپیـرە گـوڵە ناومان دەبـرد. لە کـونجـێکی کەمێک پەڕی خانووەکانی گونـدەکەمان دەژیا. کولانەیەکی مریـشکی هەبـوو. بە بەخـێوکردنی چوار پـێـنج قـەل و هـەشـت نـۆ مـریــشک و کـەڵـەشـێر، خـۆی سـەرقـاڵ دەکـرد. خـەڵـکی گـونـدەکەشـمان یارمـەتییان دەدا. لە نێـوان خانـووەکانی گونـدەکەمـان و کونجـەکەی داپیرە گوڵەدا، زەوییەکی چۆڵی تەخـت هەبوو. منـداڵانی گونـدەکەمان، بە زۆری لەو زەوییـەدا یاریـمان دەکـرد.
چێشتەنگاوی رۆژێکی بەهار، لە زەوییە تەختەکەدا، کوڕان یاریی تۆپی پێیان دەکـرد. ئێمەش هەشـت کچی هـاوتەمەن نـزیک بوویـن، یاریی ماڵەباجـێنەمان دەکرد. داپیـرە گوڵە لەبەردەم کونجەکەیـدا دانیشتبوو. سەیـرمانی دەکرد. ناوی هـەموومانی دەزانی.
داپیرە گوڵە: گۆران گیان برسیمە، دەچیت لە ماڵتان نانێک و کەمێک ماست بۆم دێنیت؟
گـۆران: نا ناچـم. دوو گـۆڵـێن دەکـەیـن و یارییـەکەمـان بەجـێـناهـێـڵـم.
کە گـوێـم لە وەڵامەکەی گـۆران بـوو! رامکـرد و چـووم بـۆ لای داپیـرە گـوڵـە.
ـ داپیـرە گـوڵە دڵگـران مەبـە، مـن دەچـم خـواردنـت بـۆ دەهـێـنم.
چووم بۆ ماڵەوە، دایکم تازە لە نانکردن ببووەوە، چـای لـێنابـوو، پـێیمـوت خواردن بـۆ داپیرە گوڵە ئامادەبکات. دایکـم بە خێرایی دوو کولـێرەی گەرم و چـینییەکی مامناوەندیی پـڕ لە ماست و پـڕ ژێرپیاڵەیەکی کەرە و کوپێک چای گەرمی خستنە سەر خوانچەیەکی بچـووک. هـەڵـمگـرت و بـردم لـە بـەردەم داپیـرە گـوڵـەدا دامـنا و فـەرمـووم لـێـیکـرد.
ـ داپیـرە گـوڵە، دایکـم دوای نیـوەڕۆ دێـت بە شـوێـنـتا، ئێـوارە لە مـاڵی ئـێـمەیـت.
چـوومەوە بـۆ لای هـاوڕێکانـم و درێـژەمـان بە یاریکـردن دا. دوای ماوەیەک داپیـرە گـوڵە بانگـمی کـرد.
داپیرە گوڵە: دلـۆڤـان گیان، تەواو تێرم خوارد. زۆر سوپاست دەکەم. تەمەنـدرێـژبیـت.
ـ داپیرە گوڵە گیان نۆشت بێت. سوپاسی ناوێت. هەر کاتێک لەم نزیکانەدا منت دیت و پێویـستـیـت بە شـتێک هـەبـوو، بانـگـم بـکە، دەچـم بـۆتی دەهـێـنـم.
خەریکبوو خوانچەکە هەڵـبگـرم، داپیرە گـوڵە وتی: راوەستە. چـووە ژوورەوە و دوای ماوەیەکی کەم هـاتە دەرەوە، ملـوانـکەیەکی زۆر جـوان و ناوازەم بە دەسـتییەوە بیـنی. دەنکەکانی لە دەنکی نـۆک گەورەتربوون. هـەر دەنکـێکی لە رەنگـێک بوو. لە بەردی گەوهـەری دەگـمەن دروسـت کـرابـوون، هـەمـوو دەنکەکانی دەبـریسکانەوە. هەرگـیز ملـوانکەی جـوانی وەهـام نەبینیبوو.
داپیرە گوڵە: دلۆڤان گیان، لە تەمەنی تۆدا بووم، دایکم ئەم ملوانکە نایابەی لە ملم کرد. بە درێـژایی کچـێنی و گەنجـیم لە ملـم دەکـرد. منـیش بە دیاری پێـشکەشی تـۆی دەکەم.
داپیـرە گـوڵە ملـوانکەکەی لە ملـم کـرد. باوەشی سـوپـازگـوزاریـم لـێـیـدا و مـاچـکـرد.
ـ زۆر سوپاس داپیرە گوڵە. ئەم ملوانکەیە، جـوانترین دیاری و یادگاریی ژیانـم دەبێت.
دوای نیوەڕۆ دایکم داپیرە گوڵەی هـاورد بۆ ماڵمان. ئاوی بۆ گەرم کرد و خۆی شۆری. دایکم دەستێک جلی تازەی دایی، لەبەریکـرد. باوکیشم ئێوارە کە هاتەوە زۆر بەگەرمی بەخـێرهـاتـنی داپیـرە گـوڵـەی کـرد. نـانی ئـێـوارەمـان پـێکـەوە خـوارد. لـە دوای چـای خـواردنـەوە، داپیـرە گـوڵە ویـستی هـەڵـبـسـێـت و بـڕوات.
باوکـم: دایە گوڵە گیان، مـن و نوخـشەی هـاوژینـم، دایکـمان نەماوە. داوات لێـدەکەین بمانکە بە کـوڕ و بە کـچی خـۆت. ببـە بە دایکـی خۆشـەویـستمان و لەگەڵـمانـدا بـژی.
ئەم داوایەی باوکم، بە لای داپیـرە گوڵەوە ناکاوی بـوو. بۆیـە دامـا و بیـری دەکردەوە.
داپیـرە گـوڵە: دڵخـۆشـم کە بە کـوڕ و کـچی خۆمتـان دەزانـم. بـەڵام چـۆن دەبـێـت ببـم بە بارگـرانی بـۆ ئێـوە؟
دایکـم: دایە گوڵە وا مەڵێ. گەر تـۆ رازبیت لەگەڵـمدا بژیـت، دەتخەینـە سەر چاومان.
داپیرە گـوڵە: دڵـم نایات داواکەتـان رەتـبکەمـەوە. داواکەتـان قـبووڵ دەکـەم.
ئەم وەڵامەی داپیـرە گـوڵە، ماڵەکەمانی پـڕ لە خـۆشی و شـادی کـرد. بـۆ بەیانیـیەکەی دایک و باوکـم ژورێکـیان لە خانـووەکەمـان بـۆ داپیـرە گـوڵە رازانـدەوە. لـەو رۆژەوە داپیرە گوڵە بوو بە یەکێک لە خێزانەکەمان. من و هەڵـۆی برامی کە لە من بچووکترە، زۆر خـۆشـمـانی دەویـت. زۆربـەی شـەوان، چـیرۆکی خـۆشـمان بـۆ دەگـێـڕێـتـەوە.
پـۆلی شەشم تەواوکـرد. لە قـوتابخانەی گونـدەکەمانـدا، تا پـۆلی شـەش هەبـوو. زۆر دڵتەنگ بـوم. دایک و باوکـیشم حەزیان ناکـرد لە خوێنـدن دابـڕێـم. باوکـم چی مەڕ و ماڵاتمان هەبوو هەموویانی فـرۆشت. لە شاردا خانوویەکی باشی کڕی. بارمانکرد بۆ شـار. لە خانـووەکـەی شاریـشـمان، ژورێـکی باشـمان بـۆ داپیـرە گـوڵە رێـکخـسـت. باوکـم دوکانـێکی کـوتاڵـفـرۆشتـنی کـردەوە. مـنـیش لە پـۆلی حەوت، لە قـوتابخانەی بنـەڕەتی گەڕەکەکـەمـان وەرگـیرام. درێـژەم بە خـوێنـدن دا.
لە رۆژی جلـوبەرگی کوردیـدا، دەستی جـلی کـوردیی جـوانـم لەبـەرکـرد. ملـوانـکە جـوانەکەشم لە ملـم کـرد. کە چـووم بۆ قوتابخانە. کچە قـوتابییەکان و مامۆستاکان دەوریان لێدام، زۆر سەرسامی جـوانی ملوانکەکەم بـوون. پرسییان: دلـۆڤـان خان
ئـەم ملـوانـکە دەگـمەن و ناوازەت لە کـوێ دەسـتکەوتـووە؟
بە رووخۆشی و بە خەندەوە، چیرۆکی داپیرە گوڵە و ملوانکەکەم بۆیان گـێڕایەوە.

دوبـەی: ٢٠٢٦




گرنگـییەکانی خەیـاڵ لە گەشەکـردنی منـداڵان.. رەزا شـوان

خەیـاڵ یان ئەنـدێـشە، گەورەتـرین سامانی مـرۆڤە. کـلـیلی داهـێنانەکانە. هەمـوو ئەو داهێنان و پـێـشکـەوتـن و شارستانی و شـتە سەیـر و سـەمەرە تەکـنەلـۆژیـانەی، کە مـرۆڤ دروستیانیکـردوون. هـەمـوو ئەو گـۆڕانکارییـانەش کە لە بـوارەکانی ژیـانـدا هاتـوونەتەدی. لە سایەی خەیاڵی مرۆڤـدا هاتـوونەتەدی. راستیە بەرجەستەبووەکانی ئەمڕۆمـان، خەیـاڵ و خەونەکانی دوێـنێـمانن. خەیـاڵ و خەونەکانی ئەمـڕۆشـمان، لە سبەینێدا دەبن بە راستی و دێنەدی. خەیاڵ رەگەزێکی سەرەکییە لە هەموو داهێنانێکی هـونـەری و زانستیدا. خەیـاڵ ئەو هـێزە ئەفـسووناوییە، کە مرۆڤی خستە سەر مانگ، لە سـاڵانـێکی نـزیکـی داهـاتـووشـدا، دەیخـاتە سـەر گـڕەهـەسـارە “مـەریـخ”. خەیـاڵ دەمانباتە هەر شوێـنێک کە بمانـەوێـت. نە بازگـەی لێ هـەیە و نە پاسـپۆرتی دەوێـت.

(تـایـلـۆر) دەڵـێـت:”ئـەوە هـێزی خـەیـاڵە، کـە کـارەبـای ئـەم شـارەی بەدیهـێـناوە”.

خەیاڵ چالاکـییەکی ئەقـڵـییە، بریتییە لە تـوانای دروستکردن و کۆنترۆڵکردنی وێنـە و سیناریۆ و بیرۆکەی دەروونی. یان دووبارە دروستکردنەوەی وێنە لە مێشکدا بۆ ئەو شـتانەی لە جیهـانی راستەقـینە و لـۆژیکـیدا بوونیان نییە. خەیاڵ جیهـانێکی فـانتازی دروست دەکات. خەیاڵ هـانی مـرۆڤ دەدات بۆ هـێنانەدیی خەون و ئامانجـەکانیان، لە میانەی خەیاڵکردن و هەستکردن بە خۆشیی هـێنانەدییان. ئەمـەش هـانیان دەدات بۆ کۆششکـردن و کارکردن بۆ ئەوەی بیانکەن بە راستی. زۆر جار خەیاڵ پەیوەستە بە داهـێـنان و توانـای بینینی جیهـان، لـە روانـگەیەکی نـوێ و پەرەپێـدانی داهـێنەرانە. خەیاڵ بەردی بناغەی داهـێنان و دۆزینەوەی چارەسەرکردنی کـێشەکانمانە. زاخاوی هـزر و خولـیا و ئارەزووەکانـمان دەدات، بۆ گۆڕانکارییەکی راستەقـینە لە جیهانـدا. خەیـاڵ پیـویستـیەکە لە پێویـستـییە گـرنگەکانی مـرۆڤ، لە هـەر تەمـەنـێکـدا بێـت.
(ئەلـبـێرت ئەنـیـشـتایـن) دەڵـێـت:”خەیـاڵ گـرنگـترە لـە زانـیـن. زانـیـن سـنووردارە، بەڵام خەیـاڵ هـەمـوو جـیهـان دەگـرێتـەوە. هـانی پێـشکەوتـن دەدات و بەشـداری لە گەشـەکـردنـدا دەکـات”.
خەیاڵی منـداڵان، بـریتییە لە توانـای منـداڵان بـۆ پێکهـێـنانی وێنـە و بیـرۆکە، کە لە راستیدا بوونیـان نییە. منـداڵان بە خەیـاڵ جیهـانێکی ناوازەی نمـوونەیی تایبـەت بە خۆیـان بنیـات دەنـێن. گەورەکان دەتـوانـن بە ئاسانی جیـاوازی لـە نێـوان راسـتی و خەیـاڵـدا بـکەن. بـەڵام زۆرجـار منـداڵانی بچـووک، خـەیـاڵ و راسـتی تـێکەڵ دەکـەن.
بە خەیـاڵ دارستانێکی جـوان دروسـت دەکـەن، پـڕە لە ئاژەڵی منـداڵـدۆسـت. دەتـوانـن لەگەڵ منداڵانـدا قـسە بکەن. یان دەبینین منداڵێک دەچـێتە ناو سندوقێکی کارتـۆنەوە و بە کەشتییەکی ئاسمانی دەزانێت، بە خەیاڵ گەشتی ئاسمان دەکات و دەچێتە سەر مانگ و هەسارەکان. ئەمـانە هەمـوویان لە جیهـانی خەیاڵـیی منـداڵانـدا ئاسایی و سـروشتین.
خەیاڵ تـوخمێکی چارەنووسسازە لە گەشەکردنی منداڵان. دەرگای جیهانێک لە زانستی و فـێربـوون گەشەکـردن و کارامـەیی و ئەگـەرە بێـسنوورەکـانیان لـێـدەکـاتەوە. ژیـانی منـداڵان بە خەیـاڵ دەستـپـێدەکات. دواتـر وردە وردە دەچـنە نـاو جیهـانی راسـتەقـینەی سەخـتەوە. جیـاوازی لە نیوان راسـتی و خەیـاڵـدا دەکـەن. لووتکەی خەیـاڵی منـداڵان، لە تەمـەنی سـێ تا شـەش ساڵـییە، واتـە قـۆنـاغی پـێـش قـوتـابخـانەی بنەڕەتـیـیە.
خەیـاڵ لە ئەمـڕۆ لە داهـاتـوودا، رۆڵێکی گرنگی لە ژیانی منـداڵان هـەیە. منـداڵان لە رێگەی خەیـاڵەوە، بەسەر بەربەسـتەکـانی کـات و شـوێـن و ئەسـتەمـدا، بـازدەدەن و سـنووری هـێزەکانی خۆیان تێـدەپەڕێـنن و دەستیان بۆ ئەو شتانە درێـژدەکـەن کە لە راسـتیـدا ناتـوانـن بەدەستـیان بهـێـنن. جیهـانێکی ئەفـسووناوی ناوازە و فـانتـازی و دڵخـوازی ناراستی دروسـت دەکـەن.
(س. ج. مبلـیرانـت) دەڵـێت:”واز لە منـداڵەکانتان بهـێـنن، با باڵـەکانیان تاقـیـبکەنەوە، لەوانەیە نەبـن بە هـەڵـۆ، بەڵام ئـەوە بـەو مانەیە نیـیە، کە نابێـت بە ئـازادی بفـڕن”.
خەیاڵ زۆر لەوە زیاتـرە، کە ئامرازێکی یارییەکی خەیاڵی “یارییەکی درامـی” منـداڵان بێـت، یان زینـدەخـەونێک بێـت. بەڵکو خەیـاڵ رەگەزێکی سەرەکی و ئـەو بناغـەیەیە، کە منـداڵان، تێگەیشتـنی خۆیان لەسەری بنیات دەنێن. پەرە بە گەشەکردنی زانستی و هـزری و سـۆزداری و کۆمـەڵایەتی منـداڵان دەدات. خەیـاڵ خۆدەرخستن و کـنجکاوی منـداڵان دەورووژێنێـت و چـرای داهـێـنان هـەڵـدەکـات.

گرنگـییەکانی خەیـاڵ لە گەشەکـردنی منـداڵان:
پەرەپێـدانی خەیاڵی منـداڵان، لە ساڵانی پێکهـێـنانیـدا، گـرنگـییەکی زۆریـان لە ڕووی هـزری و کۆمەڵایەتییەوە هـەیە. زۆر بە کورتی و بە چـڕی چەند سوودێکی سەرەکی خەیـاڵ، لە گەشـەکـردنی منـداڵان دەخـەینـەڕوو:
١ـ خەیـاڵ رۆڵـێکی گرنگی لە گەشەکـردن و بەرزکـردنەوەی زانستـیی منـداڵان هـەیە.
ئاسةتی زیـرەکی و هـۆشـیاری منـداڵان و کـارامـەییە جیـاوازەکـانیـان بەرزتـر دەکـات.
٢ـ خەیـاڵ متـمانە بەخـۆبـوون و گـەشـبینی و هـیوا و دەروون ئاسـوودەیی بە منـداڵان دەبەخـشێت. دەیانخاتە سەر ئەو باوەڕەی کە شتێک نییە ناوی ئەستەم بێت. لە میانەی خەیاڵکردن لە ژیـانی داهـاتوویەکی باشـتردا، لە سایەی ئیـرادە و بـڕیارێکی تۆکـمەدا، لە سایەی کوشش و کار و تاقـیکردنەوەدا، هەموو خەون و هـیواکانی مرۆڤ دێنەدی.
٣ـ خەیـاڵ پـەرە بـە تـوانی زمـانی زارەکـی و نـووسـراوی منـداڵان دەدات. منـداڵان لە کاتی یارییە خەیاڵـییە دراماییەکانیان. زۆر گـفـتوگۆ لەگەڵ یەکتریـدا دەکەن. یان لەبەر خۆیـانەوە قـسە لەگەڵ بابەتەکانی یارییەکـانیان دەکـەن. وشـەی نـوێ بەکاردەهـێـنن و وشەسازییان فـراوانـتر دەکـەن، پێکهـاتەی رستەکانیان باشتر دەبـن. توانای داڕشتنی رستەی ئاڵـۆزیان دەبێت. ئەمەش توانای زمـانیان بەهـێزتـر و بەرزتـر دەکات. توانای گـوزارشتکـردنی باشـتریان لـە بیـرۆکەکـانیـان دەبێـت. تـوانای پەیـوەنـدیکـردنیـشیان باشـتر دەبـێـت.
٤ـ منـداڵان لە رێگەی خەیاڵەوە، فـێری ئەوە دەبن کە چۆن پشـت بە تواناکانی خۆیان ببـەسـتن، لە چارەسـەرکـردنی ئـەو ئاسـتەنگی و کـێـشانەی رووبـەڕوویـان دەبنـەوە.
٥ـ خەیـاڵ ئـەو بناغـەیەیە، کە داهـێنانی لەسەر بنیات دەنرێـت. خەیـاڵ هـانی منـداڵان دەدات بـۆ داهـێنان و بـۆ گـۆڕینی جیهـانی دەوروبـەریـان. خەیـاڵ ئەگـەری بـێـسنوور دەکـاتەوە، هـانی منـداڵان دەدات بـۆ گـەڕان بـە دوای بیـرۆکە و چەمکە نـوێیـەکـانـدا. هەروەهـا دەرفـەت بـۆ کارلـێککـردن و بۆ دەربـڕین دەڕەخـسێنێت، ڕێگەیان پێـدەدات پـەرە بە دیـدگا ناوازەکـانیان بـدەن.
٦ـ خەیاڵ پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی منداڵان بەهـێزدەکات، فێری نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی دەبـن. دەبنە کەسانێکی زیاتر سۆزدار و میهـربان. باشتریش لە کەسانی تر تێـدەگەن. فـێری پەیـوەنـدیی هـاوڕێـتی و هـاوکـاری دەبـن.
٧ـ هـونەر و وێـژە، دوو ئامـرازی بەهـێزن بـۆ هانـدانی خەیاڵی منـداڵان. خوێندنەوەی پەرتووک و وێنەکـێشان و مـوزیک، دەتـوانن هەست و بیرکردنەوەی نوێ لە منداڵاندا بـورووژێـنن. پێویستە هـانی منداڵان بـدرێن بۆ بەشداریکردن لە چالاکـییە هـونەری و وێـژەییـەکانـدا. رێگەیـان پێبـدرێـت بە شـێوەیەکی داهـێـنەرانە بـیرۆکەکانیان دەربـڕن.
٨ـ هـيچ شـتێک لە خەیـاڵـێکی تەنـدروسـت گـرنگـتر نیـیە، بـۆ گەشـەکـردنی منـداڵان. ئازادیی ئەوەیان هـەیە، کە جیهانێکی دڵخـواز لە مێـشکـیاندا دروستبکەن. لە سایەی هـێزی خەیـاڵـدا، دەتـوانـن ببـن کەسـانـێکی تـر. فـێری سـەربەخـۆیی دەبـن.
٩ـ خەیـاڵ بەشـداری سـەرەکـیـیە، لە بنیاتنـایی کەسـایـەتی هـاوسـەنـگی منـداڵان.
١٠ـ خەیـاڵ کاردانـەوەی ئەرێـنـیی لەسـەر تەنـدروسـتی دەروونی منـداڵان هـەیە.
١١ـ خەیـاڵ پەرە بە تواناکانی بیـرکردنەوەی ڕەخـنەیی دەدات. سەکـۆیەک بۆ منـداڵان دابین دەکات، بۆ پراکـتیزەکردنی بیرکردنەوەی ڕەخـنەیی، لە ڕێگەی بەشداریکـردن لە سیناریۆی گریمانەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی داهێنەرانە. لە ڕێگەی تاقـیکردنەوە و هـەڵەکـردنەوە، منـداڵان دەتـوانـن کـێشە ئاڵـۆزەکانیان چارەسـەربکەن بەبـێ ئـەوەی دەرئەنجـامی نەرێـنییان لـێـبکەوێتـەوە.
١٢ـ زۆرجار یاریی خەیاڵی بریتییە (یاریی درامـایی) لە ڕۆڵگێڕان. ڕێگە بە منـداڵان دەدات کارەکـتەری جیـاواز وەربگـرن و پـەرە بـە هـاوسـۆزی بـدەن. ئـەم چـالاکـیـیانە یارمەتیدەرن بۆ پەرەپێدانی هـۆشیاری سۆزداری منـداڵان، بۆ خۆیان و کەسانی دیکە.
١٣ـ نوانـدنی جەستەیی و سـیناریـۆی خەیـاڵی، وەک یاریکـردنی “مـاڵە باجـێـنە” یان یاریی “گـورگ و شـوان و مـەڕەکـانی”… هـتـد. ئـەم یـارییـە خەیـاڵـیـیە جەستەییـانە، یارمەتیـدەرن بـۆ پـەرەپێـدان و بەرزکـردنەوەی تـوانـا جـوڵـەییەکـانی منـداڵان.
١٤ـ پەرەپێـدانی خەیاڵی منـداڵان، یارمـەتی بیرکـردنەوەی داهـێنەرانە دەدات. منـداڵان دەتـوانن بیرۆکەی نـوێ بخەنە ژیانیانەوە و جـیهـانی دڵخـوازی خۆیان دروست بکەن. بەشداری لە گەشەکـردنی توانا دەروونییەکان و فـراوانکردنی ئاسۆی هـزرییان بکەن. یارمەتییان دەدات بۆ گوزارشتکـردن و بۆ تێگەیـشتن لە هەستەکانی ناوەوەی خۆیـان.
١٥ـ خەیـاڵ بەشێکی گرنگە لە تەندروستیی دەروونی منداڵان. هـێمنی و ئاسوودەییان پێـدەبەخـشێـت، یارمەتیی منـداڵان دەدات، بـۆ زاڵـبوون بەسـەر دوودڵی و دڵـتەنـگی و سـتـرێـسی و بـێـزاریـدا.
بێگومان وێـژەی منـداڵان، دەروازەیەکە بـۆ جیهـانە بێـسنوورەکانی خەیـاڵی منـداڵان.
بـە سـەدان چـیرۆکی ئەفـسانەیی خەیـاڵـئامـێزی کلاسـیکی و مـۆدێـرن هـەن، کە بە تایبـەتی بـۆ منـداڵان نـووسـراون. کە پەیـامی پـەروەردەییـان لەخـۆگـرتــوون.
ئامـاژە بـەوەش دەدەیـن، کە لەژێـر کاریـگەریی چەنـدیـن هـۆکـاردا، گـرنگی و رۆڵی خەیـاڵ لە گەشـەکـردنی منـداڵان، لـە منـداڵـێکەوە بـۆ منـداڵـێکی تر جیـاوازی هـەیە. وەک: تەمـەن و ژیـنگە و هـانـدان و ئەزمـوونە کەسیـیەکان و کارلـێککـردن لەگەڵ کەسانی دیـکەدا.

دوبـەی: ٢٠٢٦




ران بۆسێـلیک کەڵەنـووسەری وێـژەی منداڵانی بولگاریا.. رەزا شـوان

(ران بـۆسـێـلـیک) ناوی خـوازراوی وێـژەیی، کـەڵـەنـووسـەری بەنـاوبـانگی وێـژەی منـداڵانی بولگاری و جیهـانییە. ناوی راستیی (گـێـنچـۆ سـتانچـێـڤ نـێـژێـنـتـسۆڤ) ە.
ران بۆسـێلـیک لە (٢٦/ سێپتەمبەر/ ١٨٨٦) لە شاری (گابـرۆڤـۆ) لە کۆمـاری گەلیی بولگاریا، لە خـێزانێکی هـەژار لەدایکـبووە. تەمەنی بـۆسێـلیک (٧) ساڵ بـوو، باوکی کۆچی دوایی کرد. ناچاربووە لە منداڵییەوە لەلای خـزم و ناسیاوەکانیانـدا کار بکات. تا بژێوی ژیـان و پارەی کـڕینی جـلوبەرگ و پێـداویستییەکانی قـوتابخانەی دابـین بکات.

ران بۆسێلیک، دوو برا و دوو خوشکی هەبوو. براکانی زۆر زیرەک و ئەکادیمی باڵا بوون. برا گەورەکەی دکتۆر (هـریستۆ نێژێنتسۆڤ: ١٨٨١ ـ ١٩٥٣) پرۆفـیسۆرێکی پێـداگـۆژی بـوو. برا بچـووکەکەشی دکتۆر (نـیکـۆلا نێـژێـنـتـسۆڤ: ١٨٨٨ ـ ١٩٤٣) زانـای فـیزیـا و کەشـناسی بـوو.
دایکی چـیرۆکخوانێکی زمان شـیرین بـوو. هـۆگـری فـۆلکـلۆر و هـۆنراوە و چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان بـوو. کاریـگەری لەسـەر ران بۆسێـلـیکی کوڕی هەبـوو. لە تەمەنێکی بچووکەوە، کوڕەکەی بە زارەکی، بە خۆشـەویستـیی فـۆلکلـۆر و هـۆنـراوە و چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان ئاشنا کـرد. کە دواتـر بۆ ران بۆسێلـیک بـوون بە ئـیلهـام بۆ داهـێنان و نووسینی بە دەیان چـیرۆکی ئەفـسانەیی بۆ منـداڵانی بولگاریـا، کە تا ئەمـڕۆش نەوەی نـوێی بـولگاری چـێژ و خـۆشی و سـوود لە چـرۆکەکـانی وەردەگـرن.
ران بـۆسـێـلـیک، لە ساڵی (١٩٠٤) دا، لە شاری گابـرۆڤـۆ، لە قـوتابخانەی ئامادەیی ئەپـریـلۆڤـسکا دەرچـوو. لە هـەمـان ئامادەییـدا، وەک مامۆستا لە (١٩٠٤ ـ ١٩٠٨) وانەی وتووەتەوە. لە ساڵی (١٩٠٨ ـ ١٩١٠ ) لە (زانکۆی سۆفیا) فیلۆژی و یاسای سلاڤی خوێنـدووە. لە ساڵی (١٩١٦) لە (زانکۆی برۆکـسل) لە بەلچـیکا، بـڕوانامەی دکـتۆرای لە یاسـادا وەرگـرتـووە. بـۆ ماوەیـەک وەک پارێـزەر کـاری کـردووە. بـەڵام خۆشـەویستـیی بێ ئەنـدازەی بـۆ منـداڵان و خـولـیای گـەورەی بـۆ نـووسینی وێـژەی منداڵان. وایان کرد، کە بە یەکجاری واز لە کاری یاسایی بـهـێنێـت. بە تەواوی رووی لە جیهـانی ئەفـسوونـاوی منـداڵان کـرد. زیـاتـر لە (٥٠) سـاڵی ژیـانی بـۆ نـووسـینی هـۆنـراوە و چـیرۆکی ئەفـسانەیی و پەخـشان بـۆ منـداڵانی بـولـگاریـا تەرخـان کـرد.

بـێگومان منـداڵان سەرەڕای پێویـستییان، بۆ هـەوای پاک و خـۆراک و خـواردنەوە و یـاری و دەرمـان و چـاودێـری جـەسـتەیی و دەروونی، پێـویـستیـشیان بە پـەروەردەی دروست و بە پەرەپێدانی کارامەیی و هـزریش هەیە. پێویستییان بە تێرکردنی ئەندێشە و بە جوانی خۆیان هەیە. کە تەنیا لە رێگەی وێـژەوە بەدەستیان دەهـێنن. بۆیە وێژەی منـداڵان پێویستییەکی گرانبەهـایە. شتێک نییە کە منـداڵانی لێ بێـبەش بکـرێـت. بەڵکو پێویستییەکی پێویستە بۆ بنیاتنان و گەشەکردنی کەسایەتییەکی دروست و هـاوسەنگی منداڵان. بۆیـە ران بۆسێلیک وێـژەی منـداڵان بە پێویستییەکی گرنگ دەزانێ. دەڵـێت: “وێـژە بۆ منـداڵان، وەکو شـیری دایک و هـەوای پاک وایـە، کە پێویـستە هـەبێـت”.
ران بۆسێلیک ساڵانێک وەک سەرنووسەر و بەڕێوەبەر، لە چەند گۆڤارێکی منداڵان و رۆژنامەدا کاری کـردووە. سەرەتا لە گۆڤاری (فـایەر فـلای) دەستی پێکـرد. لە هەمان کاتـدا لە رۆژنامەی (ڤـرابـچی) و لە گـۆڤـاری (دێـتـسکا رادۆسـت) کە یەکـێکە بوو لە بڵاوکـراوە بەنـاوبانگەکـانی منـداڵان لە بـولگاریـا، لەو کـاتـەدا. سەرنـووسەر گۆڤاری (خۆشی منـداڵان) بـوو، کە لە دەزگای (هـیمـۆس) بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە دەردەچـوو.
بـۆ مـاوەی (٢٥) سـاڵ لە ( ١٩٢٣ ـ ١٩٤٨) لـەم کـارەیـدا بەردەوام بـوو. گـۆڤـاری خۆشی منداڵان، لە دوای گۆڤاری فایەر فلای، دووەم درێـژترین گۆڤاری منداڵان بـوو.
بە دڵنیاییەوە دەتوانین بـڵێین (خۆشی منـداڵان) لە قۆناغی نێوان جەنگەکاندا، گۆڤاری ران بـۆسـێـلیک بـوو.
ران بـۆسێـلیک، بە نـووسینی هـۆنـراوە بۆ منـداڵان دەستی پێکـرد. یەکەم هـۆنـراوەی
بە ناوی (نا کۆشـیشکا) بۆ خوێنـدکارە منـداڵەکانی نووسی و لە ساڵی (١٩٠٦) دا، لە گۆڤاری (سـڤـێـتـۆلکا) دا بڵاوی کردەوە. کە خۆی جێگـری سەرنووسەری ئەم گۆڤارە بوو. تا ئەمـڕۆش ئەم هـۆنـراوەیەی بابەتێکە لە پەرتـووکی خوێندنەوەی بولگاری بۆ قوتابیانی بنەڕەتی. ران بۆسێـلیک بە دەیان چیرۆکی ئەفـسانەیی و هـۆنراوەی جوانی بۆ منداڵان بە زمانێکی ئاسان و شیرین و روون و رەوان، بە وێنەوە و بە دیزاینێکی جـوان، لە گۆڤـارەکـانی منـداڵان و لە پەرتـووکـدا بـڵاویـانی کـردوونـەتەوە، کە خـۆی سەرنووسەریان بوو. بە هـۆی کارەکانـییەوە، سەدان بەرهـەمی نووسەرانی منـداڵانی بولـگاری و بیـانی دەرکەوتـن و نـمایش کـران. بە تایبـەتـیش لە ساڵانی بـیـستەکان و سییەکانی سەدەی بـیستەمدا، کە بە (سەردەمی زێـڕینی وێـژەی منـداڵان) ناودەبرێـت.
ران بۆسـێـلیک، نـیشـتمانپەروەێکی دڵـسۆز بـوو. كـۆمەڵـێک هـۆنـراوەی نیـشـتـمانی نووسیون. کاتـێک کە لە بەلچـیکادا، خوێنـدکاری دکـتۆرا بـوو، تامەزرۆی بولگاریای نیشـتمانی و ئازیـزانی بوو. هـۆنـراوەی (یا کازی می، ئۆبلاجی لی، بیالـۆ)ی نووسی.
کە تا ئەمـڕۆش بـووە بە هـێـمایەک بۆ کـۆچـبەرانی بـولگاری.

ران بۆسێـلـیک هـۆزانـڤـانێکی گەشـبـین و دڵـشاد و دەم بە پـێکەنین و گـۆرانی بـوو. هـاوڕێی هەمیشەی منـداڵان بوو (یاری، دەی با یاری بکەیـن، خۆشی، سێ سامانـن). منـداڵان وەک هـاوڕێیـەکئ نـزیکـیان، لـێی تێـدەگەیـشـتـن و زۆر خـۆشـیان دەویـست.
ران بۆسێلیک لە ساڵی (١٩٠٨) دا. رادیۆی بەکارهـێناوە. شایانی باسیشە بۆسێلیک یاریـزانێکی لەشجـوانی بـوو. لە هـۆڵی وەرزشـیـدا، راهـێنانی دەکـرد.
ران بۆسێلیک بەهـرەیەکی ناوازەی هەبوو. لە سەردەمەکەیدا باشترین چیرۆکنووس و هـۆنـراوەنـووس وزامانـزان و وەرگـێڕ و داهـێـنەری بواری وێـژەی منـداڵان بـوو. بە بە پـێـشەنـگ و بە بەنـاوبـانگـتریـن نـووسـەری وێـژەی منـداڵانی بـولـگاریا ناسـراوە.
ران بۆسێلیک، لە ساڵی (١٩٢٨) یەکەمین سەرۆکی (کۆمەڵەی نووسەرانی منداڵان) بـوو. تا ساڵی (١٩٤٤) چەنـد جارێکی تر بە سەروکی ئەم کۆمەڵەیە هـەڵـبژێـرایەوە.
ئەنـدامێکی چالاکی (یەکـێتی نووسـەرانی بـۆلگاریا) بـوو. یەکـێکە لە دامەزرێنەرانی پەرتـووکی منداڵانی بولگاریا. کە بەشێوەیەکی هـونەریی نـۆێ دیـزاین و چاپکـراون.
ران بۆسێلیک، باشترین وەرگێڕی بولگاریا بوو. چەندین بەرهـەمی کلاسیکـی جیهانی بـۆ منـداڵان و نـەوجـەوانـان، لـە زمـانەکـانی تـرەوە وەریـانـیگـێـڕان بـۆ سـەر زمـانی بـولـگاری. وەک چـیرۆکەکانی: بـرایـانی گـریـم، مـارک تـویـن، پـۆشکـین، تـشیخـۆف، هـۆمـیرۆس، تـۆڵـستـۆی و ئەستریـد لـینـدگـریـن. سەرەڕای چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانی نەتەوە جیاوازەکان، کە چیرۆکێکی زۆری لێیان وەرگـێڕاون بۆ سەر زمانی بـولگاری.
بەشێوازێک وەریانیگێڕاون و دەستکاری کردوون و بەرگێکی بولگاری لەبەرکردوون. تا چـێژێکی خۆشتر بە منـداڵانی بولگاریا ببەخـشن. بۆسێلیک چـیرۆکە ئەفسانەییەکانی سکانـدیـناڤـیایی، رووسی، ژاپـۆنی، هـیـندی، بە زمـانی بـولـگاری لێکـداونەتـەوە. دوا پەرتووکی وەرگێڕانی، پەرتووکێکی نووسەری سویدی، خاتوو (ئەستریـد لینـدگرین) ە، بە ناوی (کارلسۆن لە سەربانە)، لە (١٩٥٥) دا وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی بولگاری.
ران بـۆسێـلـیک، چەنـد نـووسـەرێک و ێنـەکـێـشی بەنـاوبـانگی بـولگـاری هـانـدان بـۆ ئەوەی روو لە جیهـانی وێـژەی منداڵان بکەن و بۆ منداڵان بنووسن. لەوانە: ئـەنگـێل کرالـیچـیـف، کالـیـنا مالـیـنا، ئەلـیزا باگریانا، دۆرا گابی، گۆرگی ئەتاناشـۆڤـە،… هـتد.
ران بۆسێلیک، زیاتر لە (٦٠) پەرتووکی چيرۆک و هـۆنراوە و پەخـشانی سەرواداری بـۆ منـداڵان نووسـیون یان وەریـانی گـێڕاون بـۆ سـەر زمـانی بـولگاری. کە تا ئەمـڕۆ چەنـدیـن جـار بە دیـزاینی جـوانتر دووبـارە چاپکـراونەتەوە. بەشێکی زۆری چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانی، وەریانگـێڕاون بۆ سەر زمـانەکـانی: فـەرەنسی، ئنگـلیزی، رووسی، چـیکی، پـۆڵـەنـدی و عـەرەبی.
ران بۆسێـلیک، لە پەرتووکەکانیدا بۆ منـداڵان، چەنـد خەڵاتێکی بولگاری و نێودەوڵەتی بەدەستهـێنا، لەوانە: (خەڵاتی پەیمانگای وێـژە ـ بی ئەی ئێس). لە ساڵی (١٩٣٢) شدا، لە پـێشانگای دووەمی نێـودەوڵەتی بۆ پەرتـووک ـ لە بـرۆکـسل (خەڵاتی شـومـاخـەری) نێـودەوڵـەتی، لـە پەرتـووکی (پـاکـیزەیـەک هـێـشـتا لەدایـک نەبـووە) بـەدەستهـێـنا. کە چـیرۆکێکی ئەفـسانەییە بـۆ منـداڵان و مێـردمنـداڵان.
ران بۆسێلیک لە (٨/ ئۆکـتۆبەر/١٩٥٨) لە سـۆفـیای پایتەخـتی بولگاریا کـۆچی دوایی کرد. وەک رێزلێنانێک بۆ خزمەتی پیرۆز و ناوازەی ئەم کەڵەنووسەری وێژەی منداڵان، لە زێـدی لەدایکـبوونی، لە شاری گـابـرۆڤـۆ، مـۆنـۆمێـنـتـێکی شایستەی ران بۆسێلـیک دروستکراوە. قوتابخانەیەکی بنەڕەتیش بە ناوی قـوتابخانە (ران بۆسێلیک) ەوە نـراوە. شەقـامێکـی سەرەکـيش لە شاری سـۆفـیا بە نـاوی شەقـامی ران بـۆسـێلـیکەوە نـراوە.

ران بۆسێـلـیک لە هـۆنـراوەیـەکـیدا بـۆ منـداڵان، لەژێـر نـاوی (رۆدانـا سـترایـاهـا) دا، بەو خانووە بچکۆکەدا هەڵدەدات کە لەگەڵ خێزانەکەیەدا منداڵیی تێدا بەسەر بردووە و لە سایەی نـازی دایکـیدا ژیـاوە. لە بەردەمـیدا، لەگەڵ هـاوڕێکانیـدا یاریـیان کـردووە.
رۆدانـا سـتـرایـاهـا
خانوویەکی سپی بچکـۆلە و قەشەنگ
لە بـەردەمیـدا دوو داری لـیـمــۆ هـەن
یەکــەم یـادەوەریــــــم بـیـرهــــــاتـەوە
لـێرەدا دایکی مـیهـرەبانـم، نازی دامێ
لـێـرەدا لەژێـــر پـيــرە دار بـیـیــەکـان
زیـاتـر لـە جـارێـک یـاریـــم کـــردووە
لـێرە لەگـەڵ هــاوڕێ دڵخـۆشـــەکـانـم
بــازم دەدا و پـێــــــــــــــــــــدەکــەنـیـم
ماڵـێکی بچـووک لە رۆژانی زێــــریـن
گۆشەیەک لە جـوانی و لە میهـرەبانی
مــــن نـاتـــــــــــــــــــــــــــگــۆرمـەوە
بـە کـۆشــــــــکـی پـاشـــــــــــــایـەتـی

(*) بۆ ئـەم نووسـینەم، سـوودم لە چەنـدیـن سایتی ئینگـلـیزی وەرگـرتـووە.




گرنگـییەکانی سـەروا لە هـۆنـراوە بـۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

سەروا لە زمانی ئینگـلیزیدا (رایمە) و لە عەرەبیدا (قافـیە) لە زمانی کوردیدا، بێجگە لە سـەروا چەنـد ناوێـکی تـری هـەیە، وەک: بەشاوەنـد، بەشاڤـەنـد، پاشبەنـد، پاکـۆڵ، دواخـشـت، لەنـگەر. لە ئـێـستادا نووسـەرانی کوردمـان، هـەردوو وشـەی (سـەروا) و (قـافـیە) بەکـاردەهـێنن. شایەنی باسە بۆ یەکەم جار مامۆستا (عـەلادیـن سـەجـادی) لە پەرتووکی (ئەدەبی کوردی و لێکۆڵینەوە لە ئەدەبی کوردی ـ ١٩٦٧) وشەی سەروای لە بـریتیی وشەی قـافـیەی عـەرەبی بەکارهـێناوە. سەروا وشەیەکی رەسەنی کوردییە.
سەروا یەکـێکە لە رەگەزە سەرەکی و گـرنگەکانی بنەڕەتی، لە پێکهـاتەی هـونراوە دا. لە دوای کـێـش، دووەم رەگـەزی هـۆنـراوەیە. تـۆنـێکی مـوزیـکی نایـاب بـە هـۆنـراوە دەبـەخـشـێـت. رۆڵـێکی گـرنگی لە جـوانی و لە مـوزیکی وشەکانی هـۆنـراوەدا هـەیە. سەروا یەکـێکە لە لایەنە چـێژبەخـشەکانی هـۆنـراوە.
سـەروا بە درێـژایی هـەزاران سـاڵ، لە مـێژووی مـرۆڤـایەتیدا، رۆڵـیکی سەرەکـیی لە وێـژەدا هـەبـووە. سەرەتاتـریـن نمـوونەی ناسـراو، دەقـێکی چـینییە، کە لە دە سەدەی پێـش زایـنی نووسـراوە. سـەروا لە کـولـتوورە جیـاوازەکـانـدا، رۆڵی جـیاوازی هـەیە.
گەلی کوردمـان لە کـۆنەوە گـرنگـییەکی زۆری بە سـەروای هـۆنـراوە و گـۆرانی داوە، بە لایەنێکی بنەڕەتی کوالـیتی هـۆنـراوەی زانیـوە. چونکە بەشـدارە لە بەهـێزکـردن و شیرنکردنی هەستی هاوبەستەبوون لە نێوان دێڕەکاندا. سەرواش تەنیا لە هـۆنـراوەی کوردیدا نییە، بەڵکو دیاردەیەکی زمانی جیهانییە. رەگ و ریشەی لە لایـلایە و گۆرانی 
و بەیـت و هـۆنـراوەی زارەکـیی هـەمـوو گەلانـدا هـەیە.
پـێناسەی سـەروا:
سەروا ئامـرازێکی باوی وێـژەییـە. کە تایبەتمەندە بە دووبارەبوونەوەی هەمان دەنگ یان هاوشێوە، لە دوو وشە یان زیاتردا، لە کۆتایی نیوەدێڕەکانی هـۆنراوە یان گۆرانیدا. بە مەرجـێک کە ئـەو دەنـگانە بەشـێکـبن لە وشـەکـان و واتـای سەربەخـۆیان نەبێـت.
دێـڕە هـۆنراوە: لە دوو نیوەدێڕ پێکدێت. بە زۆری هەمان دەنگی هەردوو نیوە دێڕەکە سـەروای دێـڕەکە پـێک دەهـێـنن. مـەرج نیـیە، دێـڕەکـانی تـری هـۆنـراوەکـە، هـەمـان سەروایـان هـەبێـت.
بۆ نموونە کۆپـلەی یەکەم، لە هـۆنراوەی (بەفـر بارین ـ لەتیـف هەڵمەت) بۆ منداڵان:
ئـای لــەم بەفـــــرەی بـاریـــوە
زەوی یــەک پـارچـــــە زیـــوە 
نـە بــەرد دیـــارە نـە درەخــت
نە هـەورازی بەرز و سەخــت 
هـەمـــووی لـە بەفـــــرا کـــپـە 
بـێ ســــــــــروەیـە بــێ چـــپـە
سەروا ئەو رەگەزەیە لە رووی موزیکییەوە، دێڕەکانی هـۆنراوە و گۆرانی بە یەکەوە دەبەستێتەوە. ریتـمێکی رێکوپێک و ئاسان بە هـۆنراوەکە دەبەخـشێـێت، بۆ تێگەیشتن و لەبەرکـردنی. سـەرواش تەنیا دووبـارەکـردنەوەی دەنـگ نیـیە، بەڵکو سـیسـتەمێکی دەنگی وردە، کە ریـتـمێکی مـوزیکی نـاوازە بـە هـۆنـراوە دەبـەخـشێـت و بەشـدارە لە یەکگـرتـوویی جوانـیناسی و هـونـەردا.
تێگەیشتن لە سـەروا، تەنیا لە خوێنـدکارانی وێـژەدا سنووردار نییە. بەڵکو ئەزموونی هەمـوو خـوێنـەر و هـۆنراوەنـووسێک دەوڵەمەنـد دەکات. دەرگایەک بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر لە پێکهاتەی هـۆنـراوەی کلاسیکی و هـاوچەرخی کوردی دەکاتەوە. لە کاتێکدا وێنـەی هـۆنـراوە بـە درێـژایی سەردەمـەکـان دەگـۆڕێـت، بـەڵام سـەروا وەک هـێـمای داهـێنان و لیهـاتـوویی لە پیـشەی هـۆنـراوەییـدا دەمـێـنێـتەوە.
گرنگـییەکانی سەروا لە هـۆنـراوە بـۆ منـداڵان:
منداڵان بە سروشتی و بە زگماکی خولیای هـۆنراوە و ریتمن. پەیوەنـدیی منداڵان لەگەڵ هـۆنراوەدا، لە سکی دایکییانەوە دەست پێـدەکات، کاتێک کە ئاشنای لێدانی دڵی دایکیان دەبـن. منـداڵانی کـورپـە لەنـاو لانـکەوە، گـوێیـان بە ئـاوازی ناسکی لایـلایە و لـوری و گـورگـانە شـەوێ و گـۆرانـیـیەکـانی دایـکانیـان دەزریـنگـێـنەوە.
رۆڵــەم لایــلایـە کـۆرپـــەم لایـە لای
جگەرگۆشەکەم کۆرپـەکەم لایـە لای
رۆڵــە خـەوت بێ خـەوی نــازت بێ
سەحرا و سەرزەوی پایە نــازت بێ
دوو دێـڕی تـری لایـلایە:
لاوە لاوەکــەم ئــەرای تـۆ ئـوێــشــم
دیــان مــرواری کـاکــۆڵ ئـورێــشــم
لاوە لاوەکــەم کـوڕەکـــەم بـخـــەفـێ
هەر دەردێ دیری لە خوەم بـكــەفـێ
ئەو سەروایانەی کە لە هـۆنـراوە و گـۆرانی بۆ منـداڵان بەکاردەهـێنرێن، بەپێی زمـان و کولتوور و نەریتی هـۆنـراوەیی هـەر گەلـێک جیاوازیان هەیە. بە زۆری سەرواکانی هـۆنراوەکان بۆ منـداڵان، سادەن و ئاسانن. بۆ بیرهـێناوە و سەرنجـڕاکـێشانی منـداڵان. بە ئاسانییش لەبەریان دەکەن. ئاوازدانەرانیش دەتـوانن بە ئاسانی ئاوازیان بۆ دابنـین.
زۆر بە کـورتی چەنـد سـوودێـکی سـەروا، لە هـۆنـراوە بـۆ منـداڵان دەخەینـەڕوو:
١ـ سـەروا لە هـۆنـراوە بـۆ منـداڵان، تەنیا بـۆ چـێژ وەرگـرتـن نییە. بەڵکـو یارمـەتیی منـداڵان دەدات، کە پەرە بە تـواناکانی زمـانییان بـدەن. لە رێـگەی روونکردنەوەی کە چـۆن دەنگەکان پێـکەوە کـاردەکەن.
٢ـ سەروا بیـرەوەریی منـداڵان باشتر دەکات. ئەمەش وا دەکات وشە و دەستەواژەکان بە ئاسانی بێـتەوە یادیان و لە ئاخـاوتنی رۆژانەیانـدا بەکـاریان بهـێنن.
٣ـ ئەو منداڵانەی کە سەروا پراکتیزە دەکەن، زۆر جار توانای خوێندنەوە و نووسینیان باشتر دەکـەن. چونکە فـێردەبـن کە چـۆن دەنگەکان لە زمـانـدا، بەیەکـەوە ببەستـنەوە.
٤ـ منـداڵان فـێری ئـەوەش دەبـن، کـە هـۆنـراوە یارمـەتیـیان دەدات بـۆ ئـەوەی بـزانـن هـۆنراوە فۆرمێکە، لە سایەی سەرواوە هەموو کەسێک دەتوانێت چێژی لێوەربگرێت.
٥ـ سەروا بە تایبەتمەندییە خۆشەکانی و موزیکییەوە، سەرنجی منداڵان رادەکێشێت و هـانیان دەدات بـۆ بەشـداریکـردن لە چـالاکـییە وێـژەیی و هـونـەرییـەکان.
٦ـ کاتێک کە منـداڵان گـوێیان لە وشەی دەنگی هـاوشێوە دەبێـت، ئاگاداری بنەماڵەی وشەکان و لێکچوونە فـۆنێتیکییەکان دەبن. ئەم تێگەیشتنە بە هـۆشیاری فـۆنـۆلـۆژی ناسراوە، کارامەییەکی بنەڕەتیی پێـش خوێنـدنەوەیە. منـداڵان بە ناسینەوەی شێوازی سەروا، لە پێکهاتەی وشەکان تێدەگەن. ئەمەش ئاسانکاری بۆ کـۆنترۆڵکـردنی وشە نامـۆکان دەکـات. کاتێک کە بە شـێوەیەکی سەربەخـۆ دەخـوێننەوە.
٧ـ ئـەم پـرۆسە فـێربـوونە، لە رێگەی دەنگ و دووبارەکـردنەوە، یارمەتیی منـداڵان دەدات، بە شـێوەیەکی سـروشـتی وشەسازییان فـراوانـتر بـکەن.
٨ـ سـەروا ئامـرازێکی فـێرکاریی بەسـوودە، یارمـەتیی منـداڵان دەدات، کە دەنگەکان 
لە رسـتەدا بناسـنەوە. ئەمـەش یارمەتـیـدەرە بـۆ ئـەوەی دواتـر فـێری فـۆنـیک ببـن.
نووسینی هـۆنـراوەی سـەرواداری سـووک و ئاسـان و گونجـاو، بەپـێی قـۆناغـەکانی منـداڵی بۆ منـداڵان، لەلایـەن هـۆنـراوەنووسانەوە، کـارێکی ئاسان نییە، پێویـستی بە شارەزایی و بە هـونەری هەڵـبژاردنی سـەروا و دەنگەکان هـەیە. ناشبێـت. ناوەرۆک بکـریت بە قـوربـانیی سـەروا.
سەروای یەکگـرتـوو، کە هەنـدێ جار لە شێوەی کۆپـلەی چواردێڕی و پێنج دێـڕی و شەش دێڕی و حەوت دێڕی یان زیاتر نووسراون، کە سەروای هەر کـۆپلەیەک یەکە 
و لە لە کۆپـلەکانی تـر جیـاوازە. هەنـدێ جار دێـڕێک لە هەمـوو کۆپـلەکاندا دووبارە دەبێـتەوە. ئەمەش چـێژێکی مـوزیـکی خۆشـتر بـە منـداڵان دەبەخـشێـت.
بە زۆریش کێش و سەروا پێکەوە دێن. کـێش لە پێشەوەی سەروادا دێت، وەک دوو رەگەزی هـۆنـراوەی تەواکەری یەکترین، بەڵکو ریتـم و موزیکیش لەگەڵیاندا دێت و دەبنە چـوار رەگـەزی ئەفـسوونـاویی تەواوکـەری هـۆنـراوەی منـداڵان.
باسی جـۆرەکـانی سـەروا لە هـۆنـراوەی منداڵان، بۆ نووسینێکی تـرمان دوادەخەم.
هـۆنـراوەی ئازاد بـۆ منـداڵان، کە لە کـێش و سـەروا لایان داوە. منـداڵان چـێژێکی ئەوتـۆیان لـێنابـینن، وەک ئەو چـێژەی کـە لـه‌ هـۆنـراوەی کـێـشدار و سـه‌روادار و مـیوزیکـدار و ئاوازداردا وەری دەگرن. دەڵـێن: هـۆنراوەی ئازاد بۆ منـداڵان، وەک مـێـزی بێ تـۆڕی یاریی تـێـنسی ســه‌ر مێـز وایـه‌. 

ناڵێین، هـۆنراوەی ئازادی جـوانمان بۆ منداڵان نییە، بەڵام زۆر کەمن. لە ئەزمـوونی دوو سێ هـۆنـراوەنووس زیـاتر نییە، ئەوانیش جاروبار هـۆنراوەی ئازاد بۆ منـداڵان دەنووسن. لەوانەش (ڵەتیـف هەڵـمەت) کۆمەڵێک هـۆنـراوەیەکی ئـازادی جـوانی بـۆ منـداڵان نووسـیوە و سـەرکەوتـووە تێـیانـدا. هـەنـدێ هـۆنـراوەش، کـە لەژێـر نـاوی هـۆنراوەی ئازاد بۆ منـداڵان نووسراون، لە راستیدا هـیچ چـیژێکی هـۆنراوەییان تێدا نییە. بـریتین لە پەخـشانی نیوچـە هـونەریی سـادە، نەک هـۆنـراوە ئازاد بـۆ منـداڵان. هـۆنـراوەی ئازادیـش، مـەرج و پێـوەری خـۆی هـەیە. ئـەم بابـەتە بـۆ رەخـنەگـرانی شارەزایـانی بـواری هـۆنـراوەی ئـازاد بـۆ منـداڵان، بەجـێـدەهـێـڵـین.
دوبـەی: ٢٠٢٦




خەڵاتگـرانی خەڵاتی نـۆبـڵی منـداڵان لە ساڵی ٢٠٢٦.. رەزا شـوان

دوو ساڵ جارێک لە (کۆپنهـاگن) ی پایتەختی دانیمارک، یان لە پایتەختی وڵاتێکی تر. بـە بـۆنـەی یـادی رۆژی لـەدایـکـبوونی، کـەڵـە نـووسـەری بـواری وێـژەی منـداڵان (ھـانس کریستـیان ئەنـدەرسـین) کە بە (بـاوکی چـیرۆکی ئەفـسانـەیی بۆ منـداڵان) لە جیهـانـدا ناسراوە. دوو خەڵاتی بەنـرخ، کە بەرزتـرین خەڵاتی نێودەوڵەتیین لە بواری وێـژە و پەرتـووکی وێنەیی بۆ منداڵان. کە بە (خەڵاتی هانس کریستیان ئەنـدەرسـین) یان بە (خەڵاتی نـۆبـڵی منداڵان) یـن بـە (خەڵاتی نـۆبـڵی بچـووک) یـش نـاودەبـرێـت.

خەڵاتەکانیش بریتین لە (دوو مەدالیای زێـڕ ـ وێنەی هانس کریستیان ئەنـدەرسـین) یان بەسەرەوەیە، لەگـەڵ (دوو بـڕوانـامەی دپـلـۆم). لە ئاھـەنگـێکی شایستەدا، پـێـشکەش دەکرێـن، بە باشتریـن نووسەری نووسینی پەرتووک بۆ منداڵان لە جیهانـدا، کە لە دوو ساڵی پێشتردا، باشترین چـیرۆک یان رۆمـانی بۆ منـداڵان نووسـیوە و لە پەرتـووکێکی چاپکـراودا بڵاویکـرووەتـەوە. دەشـدرێـت بـە باشـتریـن ھـونـەرمـەنـدی وێـنـەکـێـش لە جیهـانـدا، کە باشـترین چـیرۆکی وێنـەیی یان رۆمـانی وێنـەیی، بە وێنەی روونکـرنەوە (بێ وشـە) بۆ منـداڵانی کـێشاوە. کە لە مـاوەی دوو ساڵی پێـشووتردا، لە پەرتـووکێکی چاپکـراودا بڵاوی کـرووەتەوە. لە هـەر شوێنێکی جیهـانـدابـن. پەرتووکەکانیان لەلایەن رێکخـراوی (فـیدراسیـۆنی نێـودەوڵـەتی بـۆ پەرتـووکی گـەنجـان) کە کـورتـکـراوەکـەی (ئی بی بی وای) یە، ئەوان لە نێـوان بە دەیـان پەرتـووکی تـازە چاپکـراو بـۆ منـداڵان، پەرتووکەکان هەڵـدەسەنگێنن و هەڵیانـدەبـژێـرن و لەوانەیە ماوەی ساڵـێکی پێـبچـێـت. سەرجەمیش کارەکانی نووسەران و هـونەرمەنـدە کانـدیدکراوەکان، بە درێژایی ژیانیان بۆ منـداڵان لەبەرچـاودەگـرن. تا شایەنی وەرگـرتنی ئـەو دوو خەڵاتە بـن. ئیـنجا بـڕیـار لەسەر بـراوەی هەردوو خەڵاتی هانس کریستیان ئەنـدەرسۆن دەدەن و ناوی براوەکان لە مانگی نیسانی، دوو ساڵ جارێـک رادەگەیەنـن.

لە ساڵی (٢٠٠٩) وە، خـەڵاتـەکـان بە سپۆنـسەری دامـەزراوەی هـونەر و پەروەردەی دورگەی نامی لە کۆریای باشوور دەدرێت. مەبەستیش لە پێشکەشکردنی ئەم خەڵاتانە، رێـزگـرتن و پـێـزانیـنە بـۆ ئـەو خـزمەتە زۆرەی، کە ھـانـس کـریـسـتیان ئەنـدەرسـین ـ دانـیمارکی، لە بـواری وێـژەی منـداڵانـدا پێشکەشی کـردووە. کە تا ئەمـڕۆش منـداڵان لە هـەمـوو جیهـانـدا، چـیژێکی زۆر لە خوێـنـدنەوەی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـانی هانـس وەردەگـرن. بەشێکـیش لە چـیرۆکەکانی بە فـیلمی کارتـون و ئەنیمەیـشن دەرهـێنراون.
(خەڵاتی هانس کریستیان ئەندەرسین) بەناوبانگـترین و بەرزترین خەڵاتی نێودەوڵەتییە
لە جیهانـدا، لە بواری وێـژە و و پەرتووکی وێنەیی بۆ منداڵان. بەڵام ئەم خەڵاتە پارەی لەگەڵـدا نییە. بۆ یەکـەم جار لە ساڵی (١٩٥٦) دا. لەلایـەن (ئەنجـوومەنی نێـودەوڵەتی بـۆ پەرتـووکی گەنجـان) لە سـویـسرا، پـێـشنارکـرا و بـڕیاریان لەسـەر بەخـشـینی ئـەم خـەڵاتە دا، بە باشـترین نووسەری پەرتـووکی منـداڵان. یەکەم نووسـەری بـراوەی ئەم خەڵاتـەش، خاتـوو (ئـیـلـیانـور فـارگـیون) ی بەریتـانیـیە، کە لە ساڵی (١٩٥٦) دا ئەم خەڵاتـەی بەدەستیهـێنا. هـەر لە لایـەن هەمـان ئەنجـوومەنەوە، لە ساڵی (١٩٦٦) وە، بـڕیـار لەسەر بەخـشینی ئەم خەڵاتە، بە باشترین هـونەرمەنـدی وێنەکـێشی پەرتووکی وێنـەیی بـۆ منـداڵان لە جیهـانـدا درا. یەکـەم هـونـەرمەنـد کـە ئـەم خـەڵاتـەی بـردەوە، وێنەکـێشی سویسری (ئەلـویـس کاریگـیـت)ە. لەو سـاڵانـەوە تا ئێـستا، هـەر دوو ساڵ جـارێـک، ئـەم دوو خـەڵاتە، لـە یـەک رۆژدا دەیـانبـەخـشـن، بە باشـتریـن نـووسـەری وێـژەی منـداڵان و بە باشـتـریـن وێنـەکـێـشی پەرتـووکی وێنەیی بـۆ منـداڵان، لە هـەر شـوێـنێکی جـیهـانـدابـن. چـونکە وێـنـە تـەواوکـەری تـێکـستی وێـژەی منـداڵانە. زۆر جاریـش وێنـە زیاتر لە تێکـسـت، سـەرنجی منـداڵان رادەکـێـشـێـت و ئاسانـتر پەیـام و ئامـانجی نووسـینەکە بە منـداڵان دەگـەیەنـێـت.
براوەی خەڵاتی ئەمساڵ (٢٠٢٦)ی هانس کریستیان ئەندەرسین، دەدرێن بە باشترین چیرۆنووسی چیرۆک بۆ منداڵان، چـیرۆکنووسی بەناوبانگی بەریتانی (مایکـل رۆزن) لە بواری وێـژەی منـداڵان و مێرمنـداڵان. خەڵاتی باشـترین وێنەکـێشی بـۆ پەرتـووکی وێنەیی بۆ منداڵان، دەدرێت بە هـونەرمەندی وێنەکێشی بەناوبانگی چینی ( کای گاو). کە لەلایەن لیژنەی شارەزا و تایبەتی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی بۆ پەرتـووکی گەنجان، هەڵبژێردران. کە دکتۆر (شیرین کرێـدی ـ پسپۆری وێژەی منداڵان ـ لبنان)ی سەرۆکی لـیژنەی دادوەری خەڵاتی هـانس کـریستیان ئەندەرسیـنە بۆ ساڵی (٢٠٢٦). لە رۆژی دووشەمە (١٣/ نیسان/ ٢٠٢٤٦) دا، لە کـاتی کـردنەوەی پـێـشانگای خولی (٦٣) ی پەرتووکی نێودەوڵەتی بۆ منداڵان لە شاری بۆڵۆنیا لە ئیتالیا. کە گەورەترین پێشانگای پەرتـووکی منـداڵانە، زیاتـریـش کاریـگەریی لەسـەر جیهـان هـەیە. ئەمساڵ (١٥٠٠) دەزگـای چـاپ و بـڵاوکـردنـەوەی پـەرتـووکی منـداڵان، لـە (٩٠) دەوڵـەتی جیهـانـەوە بەشدارییان لەم پێشانگایەدا کـردووە. لە کۆنگـرەیەکی رۆژنـامەوانیدا، ناوی هـەردوو بـراوەی خـەڵاتی هـانـس کـریـستـیان ئەنـدەرسـین بـۆ ساڵی (٢٠٢٦) رایگـەیـانـد. کە نووسەری بەریتانی دکتۆر ( مایکل رۆزن) و وێنەکێشی چـینی مامۆستا ( کای گـاو)ە.
شایەنی باسە (٧٨) نووسـەر و وێنەکـێشی لە (٤٤) دەوڵەتی جیهـانەوە، بۆ وەرگـرتنی ئەم خەڵاتە، کانـدیدکرابوون. (١٢) نـووسەر و وێنەکـێشیشی شـارەزای بـواری ئـەدەب و هـونەری منـداڵانیش، لە (١٢) دەوڵەتی جیهـان، وەک ئەنـدامی لیـژنەی دادوەری بۆ هـەڵسەنگانـدن و بڕیاردان لەسەر باشترین پەرتووکەکانی کاندیـدە هەڵـبژیـراوەکان، بە سەرۆکایـەتی دکتـۆر (شـیریـن کـرێـدی) سـەرۆکی دەسـتەی دادوەری، نـوێنـەرەکـانیان ئەندامانی ئەم لیژنەیەن. دوای لێکۆڵینەوەیەکی چـڕ، لە پەرتووکە کاندیدکراوەکان، بە زۆرینـەی دەنـگەکـانی ئـەم لـیژنەیە، لە لـیستـێکی کورتکـراوەدا (٦) نووسـەر و (٦) وێنەکـێشیان لەو (٧٨) نووسـەر و وێنەکـێـشانەیان هەڵـبژارد. لە دواییـدا لـەو لـیستە کورتکراوەدا، باشترین نووسەری پەرتووک و باشترین وێنەکێشی پەرتووکی وێنەیی
بۆ منـداڵانیان هەڵـبژارد، کە نووسەری بەریتـانی (مایکل رۆزن) و وێنەکـێشی چـینی خاتـوو (کـای گـاو)ە.
پێـوەرە ستانـداردەکانی هـەڵسەنگانـدن و هەڵـبژاردنی بەرهەمەکان، بۆ کانـدیکـردنی باشـترینی دوو پەرتـووک، بـریتـین لە:”کـوالـیـتی جـوانـکاریی هـونـەری و وێـژەیی، لەبـەرچـاوگـرتـنی کـاری تـازەگـەری و نـاوازە و داهـێـنەرانـەی هـەر پـاڵـێـوراوێـک، توانای بـیـنـینی دیـدگای منـداڵان و فـراوانکـردنی کـنجکاوییەکانیانی هـەبێـت. گرنگی بەردەوامی کارکـردنی بـۆ منـداڵان و بـۆ گەنجـان هـەبێـت. بەخـشینی خەڵاتەکە بەنـدە
بە تـەواوی کارەکانی ئـەو نـووسـەرە و ئەو وێنـەکـێـشەوە لە مـاوەی ژیـانیـانـدا، کە خەڵاتەکان دەبـنەوە”.
حەزدەکەیـن کە ئەوەش بزانـن، کە رێـکخراوی نێودەوڵەتی بۆ پەرتووکی گەنجان، لە ساڵی (١٩٥٣) دا دامـەزرا، کـورتـەی نـاوەکـەی (ئی بی بی وای) ە. رێـکـخـراوێـکی خۆبەخشی سوودنەویستە. ئەندامەکانی سەر بە زۆربەی وڵاتانی جیهانن. ئامانجی ئەم رێکخـراوە، لە بەخشینی خەڵاتی هـانس کریستیان ئەنـدەرسـین. پشتگـیری و هانـدانی نـووسـەران و وێنـەکـێـشـانی بـواری وێـژە و هـونـەری وێـنـەکـێـشانـی منـداڵانـە. بـۆ پـێـشکەوتـن و بـۆ داهـێنان لـەم دوو بـوارەدا، لـە هـەمـوو جـیهانـدا بەبـێ جیـاوازی.
خاتوو (شـیریـن کـرێـدی) سەرۆکی دەستەی دادوەری بـۆ بەخـشیـنی خەڵاتی هـانـس کریستیان ئەنـدەرسین، بۆ ساڵی ٢٠٢٦. لە میانەی کۆنگرەی ساڵانەی رۆژنامەوانی (فـیدراسیۆنی نێـودەوەڵاتی بـۆ پەرتـووکی گەنجـان). لە ڕۆژی (١٣/ نیسان/ ٢٠٢٦) لە پـێـشانگای پەرتـووکی منـداڵان لـە بـۆلـۆنـیا لە ئیتالـیا، ناوی هـەردوو خـەڵاتگـری باشـتریـن نـووسـەری پەرتـووک بۆ مـنداڵان (مایـکل رۆزن) ی بەریـتانی و باشتریـن هونەرمەنـی وێنەکێشی پەرتووکی وێنەیی بۆ منداڵان لە جیهانـدا، خاتوو (کای گاو) ی ئاشکـراکرد.
زۆر بە کورتی ئەم دوو خەڵاتگـرەتان پێـدەناسـێـنـین.
مایکل رۆزن ـ باشترین نووسەری پەرتـووک بۆ منـداڵان:
دکـتۆر مایکـل رۆزن، نووسـەر و هـۆزانڤـان و شانـۆنـووس و دەرهـێنەر و ئەکتەر و ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنـامەی تەلـفـزیـۆنی و رادیـۆیی و نووسـەری سـتوونی سیاسی، مامۆستا و چالاکوانێکی و ئەکادیمیی ئینگـلیزی. مامۆستای پسپۆری وێـژەی منداڵان، لە بەشی خوێندنی پەروەردەیی لە زانکـۆی گۆڵـدسمیتس لە لەندەن. زیاتر لە (٢٠٠) پەرتـووکی بـۆ منـداڵان و گەورەکـان نـووسـیوە. کە زۆربـەیان بـۆ منـداڵانـن.

مایکل رۆزن لە (٧/ ئایار/ ١٩٤٦) لە هـارۆ، میـدلیسیکس، ئنگـلتەرا، لەدایک بـووە.
لە پێشا لە کـۆلێژی پـزیشکی دەستی بە خوێنـدن کرد. دوایی وازی لە پـزیـشکی هـێنا. رووی لە خوێنـدنی وێـژەی ئینگـلیزی کرد. لە کۆلێژی وادهـام لە زانکۆی ئۆکسفـۆرد، لە ساڵی (١٩٦٩) دەرچوو و بڕوانەمەی بەکالۆریۆسی وەرگرت. لە ساڵی (١٩٩٤) دا بـڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی ریـدنگ وەرگرت. لە ساڵی (١٩٩٧) دا، دکتۆرای لە باکووری لەنـدەن بەدەستـهـنا. لە ساڵانی نەوەدەکان بە دواوە، لە زانکۆ جیاوازەکانـدا، وانەبێژی وێـژەی منـداڵان بوو. مایکل رۆزنی، لە ساڵانی (٢٠٠٠ ـ تا ـ ٢٠٠٧) وەک باڵیـۆزی بەریتانیا، بۆ وێـژەی منـداڵان کاری کـردووە.
رۆزن، لە حەفـتاکانی سەدەی رابـردووە دەستی بە چاپکردنی پەرتـووکەکانی کـردووە. لە ساڵی (١٩٧٤) دا، یەکەمین پەرتـووکی هـۆنـراوەی بـۆ منـداڵان چاپکـرد، بە ناوی (گرنگی بە کاروبای تایبەتی خـۆت بـدە). کۆمەڵێکیش هـۆنراوەی کۆمیدی بۆ منداڵان نووسی و چاپی کردوون. لەوانە: (بۆ حەزناکەیت بزانیت؟، تۆ پـێم بڵی، دەی با خـێرا لـێرە دەبچـین). رۆزنی هەردەم هەوڵی داهـێنان و تازەگەریی لە وێـژەی منداڵان داوە.
کـۆمەڵێ هـۆنـراوەی ئاسان و کـورتی بـۆ منـداڵانی زۆر بچـووک هـۆنیـوەتـەوە.
پەروەردەکار (مـۆراک ستایـلەر) دەڵێت:”رۆزنی یەکـێکە لە پێـشەنگەکانی ئەو نـەوە هـۆنـراوەنووسانەی کە ئیلهامیان لە ئەزمـوونەکانی منـداڵـیی خۆیان وەرگـرتـوون و راستییەکان وەک خۆیان دەگـێڕنەوە”.
دیارتریـن بەرهەمەکانی مایکل رۆزنی، بریتین لە (ئێمە بۆ گەشتێکی ڕاوکردنی ورچ دەڕۆیـن ـ ١٩٨٩) و (پەرتووکی خەمناک ـ ٢٠٠٤). (خەڵاتی پێن) ی ساڵی (٢٠٢٣) ی بەدەستهـێناوە، کە لەلایەن ڕێکخراوی پێـن ئینگـلیزییەوە پێشکەشیان دەکـرد، وەک ڕێـزلـێنانێک بۆ کارە بوێـرەکانی ژیانی سەرەتایی و پـەروەردە.
رۆزنی پەیـوەنـدی بە پـرۆگـرامی ڕاهـێنـانی دەرچـووانی بی بی سی کـرد. لـە سـاڵانی حەفـتاکـانـدا، ئامـادەکار و پـێـشکەشکـاری زنجـیرەیـەک بـوو لـە کەنـاڵی تەلەفـزیۆنی قوتابخانەکانی بی بی سی بە ناوی “والروس” (بنووسـە، فـێربـە، بخوێـنەوە، تـێـبگە، قـسەبکە).
مایـکل رۆزن، بە درێـژایی ژیانی چەنـدیـن خـەڵاتی بەدەستهـێـناوە، بەرزتـرینیان ئـەم خەڵاتەیە (خەڵاتی هـانس کـریـستیان ئەنـدەرسین ـ ٢٠٢٦) کە بـریتییە لە مەدالیایەکی زێـڕ و لە (بـڕوانـامەی دپـلـۆم) ی رێـزلـێنان، وەک باشـتریـن نـووسـەری پەرتـووکی منـداڵان لە جیهاندا کە لە ماوەی دوو ساڵی رابـردوودا چاپێکـردووە و بـۆ یەکەم جـار بڵاوکراوەتەوە. خەڵاتەکەش لەلایەن (ئەنجوومەنی نیودەوڵەتی بۆ پەرتووکی گەنجان) لە ئاهەنگێکی شایستەدا پێـشکەش دەکـرێـت.
کای گاو باشترین وێنەکێشی پەرتـووکی وێنەیی بۆ منـداڵان:
هونەرمەندی وێنەکێشی چینی خاتوو (کای گاو) وەک باشترین هـونەرمەندی وێنەکـێشی پەرتـووکی منـداڵان لە جیهانـدا، کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، باشترین پەرتووکی وێنەیی بۆ منـداڵانی وێنەکـێـشاوە و چاپیکـردووە و بڵاویکردووەتەوە؛ خەڵاتی ئەمساڵی (هـانـس کریـستیان ئەنـدەرسـین)ی بەدەستهـێـنا. کـای یەکـەم هـونەرمەنـدی چـینـییە و یەکـەم ژنی چـینیـشە، کە ئـەم خـەڵاتە بەناوبـانگە وەربگـرێـت.
هـونەرمەنـد کای گاو لە ساڵی (١٩٤٦) دا، لە شاری چانگـشا لەدایک بووە. لە ساڵانی حەفـتاکانی سەدەی رابـردووە، کـاری وێنەکـێشانی پەرتـووکی وێنەیی و چاپکـردنیان بۆ منـداڵان کـردوون. ئەندامی کۆمەڵەی هـونەرمەندانی چینیە. هەندێک لە هـونەرمەندانی چـین، کـای بـە “پـێـشڕەوی پەرتـووکی وێنـەیی رەسـەنی چـینی” ناودەبـەن. لە ساڵانی نەوەدەکانـدا، هـێشتا چەمکی “پەرتووکی وێنەیی” باو نەبوو. کاو یەکەم هـونەرمەنـدی وێنەکـێشی چـینییە کە بـۆ چـیرۆکی منـداڵان، پەرتـووکی وێنـەیی دروستکـرد. کارەکانی زیندوویی و شێوازی رەسەنی کولتووری چینی بەرجەستەدەکەن. لە ساڵی (١٩٨٠) دا، یەکـەم پەرتـووکی وێنـەیی بـە نـاوی (باخـچـە جـوانـەکەوە) چـاپکـرد و بـڵاویـکـردووە. پشتیوانـییەکی گـەرمی لـێکـرا. کـای لـە ساڵی (١٩٩٣) دا، خەڵاتی سـێوی زێـڕیـنی لە چواردەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی پەرتووکی منـداڵانی براتـیسلاڤـا، بە بەرهـەمێکی بـە ناوی “باو ئێـر”. ئەم خەڵاتەی بەدەستهـێنا. کای بووە یەکەم هـونەرمەنـدی چـینی، کە ئەم خـەڵاتە نێـودەوڵەتـییە بەدەستـبهـێنـێـت. لە دەیەکانی دواتردا دەیـان پەرتـووکی وێنەیی کلاسیکی دروستکـرد، لەوانە “چیرۆکی لەدایکبوون”، چیرۆکی ” شاری ئاگـر ١٩٣٨” و ” پەرتووکێکی کورت بۆ ” فـێربوون لـە شـکـسـتـەکـانی ئـەوانی دیـکە”، “زەوی گـوڵـی قـۆخ” یـەکـێکە لـە پەرتـووکە زۆر بەنـاوبـانگەکانی، کـە سێ سـاڵ بە وێنەکـێشانی ئـەم پەرتـووکەوە سەرقـاڵـبوو. ” چـیرۆکە جـوانـەکانی چـیـن”، ” بـاوە مانگ ـ ٢٠١٥” چەندین کاری تری، کە بەشێوازێکی لێهـاتووی نیـشتمانی رەسەنـدا کـێـشاونی. ئەم بەرهەمانەی کای گـاو ناوبـانگـێکی فـراوانی ناوخـۆیی و جیهـانـییان
بەدەسـتهـێناون.
کای بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە قوتابخانەی بنـەڕەتی گونـدێکـدا مامۆسـتا بـوو. دەبوو رۆژانە ئەرکەکانی ماڵەوە راست بکاتەوە و چاودێـریی منـداڵەکانی بکات، دواتر خۆی بە کاری جـۆراوجـۆری کـشتوکاڵـییەوە سەرقـاڵ بکات. تەنهـا رۆژانی یەکـشەمـووان، مەشقی وێنەکێشانی دەکرد. کای وەک هـونەرمەنـدێک هەرگیز نەچووەتە قـوتابخانەی هـونـەری. لەبەر ئـەوەی دەرفـەتی خـوێـنـدنی لە زانکـۆدا نـەبـووە. بـۆیـە خـوولـیای نیگارکـێشان بـووە.

کاو بۆ وێنەکـێشانی پەرتـووەکە وێنەییەکانی، ئیـلهـام لە ئەزمـوونەکانی منـداڵـێی خۆی و لە بەسەرهـات و یادەوەریـیە شیریـن و تاڵەکانی ژیـانی وەردەگـرێـت و بـۆ نەوەکانی داهاتوو دەیانگوازێتەوە. کای تا ئێستا بە قـووڵی پابەنـدە، بە پەرەپێدان بە وێنەکێشانی پەرتـووکی وێنـەیی منـداڵان لە چـین.
کای گای لە تەمەنی ٣٦ ساڵیدا، پەیـوەنـدیی بە دەزگای چاپ و بڵاوکـردنەوەی هـونەری منداڵانی شاری (هـۆنان) ەوە کرد. کای پێیوایە منداڵان توانای ئەوەیان هەیە، بە روونی جیـاوازی بکەن، لە نێـوان ئەو کەسانەی خۆشیان دەوێـت و ئەوانەی خۆشـیان ناوێـت.

کای گاو، زیاتر لە (٤٠) پەرتووکی وێنەکێشاون و چاپیکردوون و بڵاویکـردوونەتەوە. کای بـڕوایەکی تـەوای بە ژیـان و بە خـۆڕاگـری هـەیە.
بە کورتی، کارەکانی هـونەمەنـد کـای گـاو، کوالـیتییەکی هـونـەری نـاوازە و زمـانـێکی بـینراوی ناوازە و قـووڵی سۆزداری نیـشان دەدەن. کە ئاسۆی هـونـەری وێنەکـێشانی پەرتـووکی منـداڵان فـراوانـترن دەکـەن.
لە ئاهەنگێکی شایستە ـ هێشتا کات و شوێنی دیاری نەکراون ـ خەڵاتەکانیان وەردەگرن.

(*) بـۆ ئـەم نـووسینەم، چەنـدیـن سایتی ئینگـلـیزیـم بەسەرکـردووەتـەوە.
دوبـەی: ٢٠٢٦




وێـژەی منـداڵانی ئەمـازیـغ.. رەزا شـوان

ئەمازیـغـەکان کـێن؟

ئەمـازیغـەکان کـۆنـتریـن و رەسـەنـتریـن گـەلی باکـووری ئەفـریـقـان، مـێژوویـان بـۆ (٥٦٠٠) ساڵ بـەر لە ئێـستا دەگەڕێـتەوە. بـەر لە عـەرەب لەو شـوێنـەی نیـشـتمانی هـەزاران ساڵەی باوباپیرانیان دەژیـان. (ئەمـازیـغ) ناوی یەکـێک بوو لە باوباپیـرانی سەرەتـاییان. وشـەی ئەمـازیـغ، بە واتـای “مـرۆڤی ئـازا” یان ” گـەلی ئـازاد” دێـت. تێڕوانینێکی هـەڵەیە گەر بوتـرێـت، عەرەبەکان خەڵکی رەسەنی باکووری ئەفـریقان. ناوبـردنی ئەمـازیغـەکان بە ” بـەربـەری” واتە “دڕنـدە” یان “ناشارستانی” هەرگـیز لەلای ئەمـازیغـەکان قـبووڵکـراو نییە. چونکە ئەوان دڕنـدە نـین. گەلـێکن لە پێـناوی دانـنان بە ناسـنامـەی نەتـەوەیی و زمـان و کولتوورییـان، درێـژە بـە خـەبـات دەدەن.

نیشـتـمانی رەسەنی ئەمازیـغـەکان ناوچـەیـەکە، بە نـاوی ” تەمـازاغــا” کە: مەغـریـب، تونس، لیبیا، جەزائیر، بیابانی گەورەی رۆژئاوا، مۆریتانیا، دوورگەی کەناری، بەشێک لە میـسر، مـالی، نـیجەر، بـورکـینا فـاسۆ لەخـۆدەگرێـت. ئەمـازیـغـەکان ساڵەهـای ساڵە دووچاری سیاسەتی بە ئیسلامکـردن و بە عـەرەبکردن و سەرکوتکردن بوونەتەوە. لە کاتـێکـدا کە لە زۆر بـواردا. زۆر خـزمەتی عـەرەبیان کردووە. بۆ نمـوونە: (تاریـق بـن زیاد، عەباس کوڕی فرانس، ئیبن بەتووتە، زێنەدین زێـدان، کەریـم بـن زیـمە، بە دیان نـاوداری تـر) ئـەم کەسـایەتـیـیە ناسـراوانـە، بە رەسـەن ئەمـازیـغـیـن و عـەرەب نیـن.
ژمـارەی هەمـوو گـەلانی ئەمـازیـغ، لە سـەرانـسەری جیهـانـدا (١٠٥) ملـیـۆن کەسـە.
بەشێکی زۆریـان، روویـان لە وڵاتـانی ئەوروپـا و ئەمـریکا و ئوسترالیا و شوێنانی تر جیهـان کـرد. ئاینیـان (ئـیـسلام، مەسـیحی، جـوولـەکە، بەهـائی،… بـاوەڕی تـرن).
گەلی کوردمان و گەلی ئەمـازیغ، لە زۆر رووەوە لەیەک دەچـەن. هـەردوو گەل مـاف زەوتکـرا و نیشـتمان داگیرکراون. هەر ئەمەش پەیوەندی و دۆستایەتی خستۆتە نێوان کورد و ئەمـازیـغ. بـۆ نمـوونە: هـۆزانـڤـان و رۆمـاننوسی ناسراوی ئەمازیـغ، خاتـوو (مەلـیکە مەزان) داکۆکیکەرێکی سەرسەختی دۆزی کوردە. تەنانەت لە ناو ماڵەکەیـدا لە مەغـریـب ئـاڵای کوردسـتانی دانـاوە. سـەردانی باشـووری کوردســتانی کـرد. تا لە نزیکەوە بە گەلی کوردمان ئاشنابێـت و خۆشـەویستیی خـۆی بـۆ کورد و کوردستان و بۆ پێـشمەرگە دەربـڕێت. باجـێکی زۆری ئەم هـەڵـوێستە مەردانەی دا. کۆمەڵەیەکیش هـەیە، بە نـاوی “کـۆمـەڵەی دۆسـتایەتی کـورد و ئەمـازیغ”.
زمانی ئەمازیـغ بە (ئەمـازیغی) یان (تەمازیـغی) ناسـراوە، لە چەندین دیالێکت و شێوە زار پێکهاتووە. بەڵام زمانێکی ستانداردی یەکگرتـووی خوێندنەوە و نووسینیان هەیە. زیاتر لە (٥٠) ملیۆن قـسەی پێدەکەن. بە درێژایی مـێژووش خاوەنی ئەلفـوبێی خۆیان بوون، کە پێی دەوترێت (ئەلـفوبـێی ئەمازیغی) بە رێنووسی (تیـڤـیناغی) دەنووسرێـت. مێژووی بۆ دوو هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە. زمانەکەیان لە پێشکەوتن دایە.
ئەمازیغەکان خاوەنی ئـاڵای تایبەتی خۆیانن. کە لە ساڵی (١٩٩٦) دا، لە کۆنگـرەیەکی گشتیدا لە دوورگەی کەنـاری، بـڕیاریان لەسەر شـێوە و رەنگەکانی دا، ئەم رەنگانەن: (شـین: هـێمایە بـۆ دەریـای سـپـیی ناوەڕاسـت و بۆ زەریـای ئـەتـڵەسی و بۆ ئاسـمان).
(سەوز: هـێـمایە بـۆ شـاخە سـەوزەکـان و بـۆ دارســتانەکـان و بـۆ دەشـتاییـەکـانیـان).
(زەرد: هـێـمـایە بـۆ لـمی بیـابـانی گـەورە. کە بەشـێکە لە نـیـشـتـمانی ئەمـازیغـەکان).
(لە ناوەڕاستی ئاڵاکەدا، پیتی ـ ز ـ بە رەنگی سوور هـەیە. یەکـێکە لە پیتەکانی زمانی ئەمازیغی، بە رێنووسی تیـڤیناغ. (ز) هـێمایە بۆ مرۆڤی ئازاد، بە واتا گەلی ئەمـازیـغ. رەنـگی سـووریـش هـێـمای ژیـان و بەرگـری و گـیانبەخـشـینە). هـەر چـوار رەنـگە، گـوزارشـت لە لە وڵاتـی تامـازاغـا، وڵاتی ئەمـازیـغ، واتە باکـووری ئەفـریقـا دەکـەن.
پـێمخـۆشـبوو بەر لەوەی بێـمە سەر کرۆکی باسەکەم. بـەو کـورتە پـێـشەکـییە، گەلی ئەمـازیـغ بە خوێنـەرانی کوردمـان بناسـێـنـم.
وێـژەی منـداڵانی ئەمـازیـغ:
وێـژەی منـداڵانی ئەمـازیـغ دەوڵەمەنـدە، لەسەر بنەمـای زارەکی دامـەزراوە. بەڵام لەم ساڵانەی دواییـدا، بـۆ ئەوەی ئـەم وێـژە زارەکـییە لە لەناوچـوون بپارێـزن، لە کـۆتایی نەوەتەکانی سـەدەی رابـردوودا، زۆرێک لە نووسەرانی دڵسۆزی ئەمـازیغ بـۆ وێـژەی منداڵان، هەوڵیانـداوە بۆ ئەوەی لە فـۆرمی زارەکـییەوە بیگـۆڕن بۆ فـۆرمی نووسراو. بەردەوامیش هەوڵدەدرێت بۆ گۆڕینی دەقە وێژەییەکانی منداڵان، بۆ فۆرماڵی دیجیتاڵی.
بە دیجیتاڵیکردنی پەرتووکخانەی ئەمازیـغ، ئامانجی ئاسانکارییە بۆ دەستڕاگەیشتن بە دەقەکان و بۆ دڵنیابوون لە سادەیی زمانیان، بەو پێیەی کە ئاراستەی منـداڵان دەکرێن.

سەرەڕای ئەمەش هێشتا وێژەی منداڵانی ئەمازیغ پەراوێزخراوە. چونکە لەو وڵاتانەی کە لێی دەژیـن، قوتابخانەی تایبەتیان بۆ خوێنـدن بە زمانی ئەمـازیـغی نییە. بە زۆر بە زمانی عـەرەبی دەخـوێـنن. ناسیۆنالـیستە عـەرەبەکان، ئەوپـەڕی هـەوڵـیان دەدەن، بۆ شێوانـدنی ئەم میـراتە مـرۆییە. حکومەتە ناوەنـدییەکانیش پاڵـپشتی لە جـێبەجێکـردنی سیاسەتی بەعەربکـردنی زمـانی ئەمازیـغی دەکەن. بـۆ لەنـاوبـردنی هەمـوو شتێک کە پەیوەندیی بە زمانی ئەمازیغـەوە هەبێـت. بەڵام ئەمـازیـغی زمانێکی جـيڕ و خۆڕاگـرە.
وێـژەی منـداڵانی ئەمازیـغ، تەنها هـۆکارێـک نیـیە بـۆ خـۆشـیخـستـنە دڵی منداڵانەوە. بەڵکو ئامـرازێـکی گرنـگە، بـۆ پەروەردەکـردنی منـداڵان، بە ئەو بەهـا رۆشـنبیری و کـۆمـەڵاتییـانەی، کە رەگـیان لە ناسـنامـەی گـەلی ئەمـازغــدا هـەیە.
میـراتی زارەکی ئەمـازیغـەکان، لە حیکایەت و مەتـەڵ و نەزیـلە و ئەفـسانە و داستانە فـۆلکـۆرییەکانەوە، بەشــدارییان لە گەشەکـردنی زمانی منـداڵان کردووە. بەشـدارییان لە چەسپانـدنی بەهـا کۆمەڵایەتییەکان و لە بەهـێزکـردنی پەیـوەنـدییە کولـتوورییەکانی ناوخـۆیی کـردووە.
وێـژەی ئەمازیغی بۆ منداڵان، ئامرازێکی کاریگەرە بۆ بەرەوپێشبردنی فـرەچەشنەیی کولـتووری و بنیاتنانی نەوەیـەکی مەسـتبووی بەهـا مـرۆیییەکان و زمـانەوانییەکانی کۆمەڵگەکەیـان.
چـیرۆکی فۆلکلۆری ئەمازیـغی بۆ منـداڵان، لە رووی شێوە و ناوەڕۆکـدا ناوازەیە و تایبەتمەنـدییەکی جیاوازی هـەیە. لە بەشەکانی دیکەی جیهـان جیـای دەکاتەوە. ئەم جیـاوازیەش لە چەنـد تـوخـمێکـدا دیـارە:
١ـ کاتی گـێڕانـەوەی چـیرۆک: هـەمیشە بە شـەوان چـیرۆکەکانیان بۆ منـداڵەکانیان دەگـێڕنـەوە. بـەو پـێـیەی کـە رۆژ کـاتی کـارکـردنە و شـەویـش کـاتی پـشـوودانـە. ئەمـازیغـەکان ئەو ئەفـسانەیەیان دروست کردووە و بووەتـە نەرتێکی باوەڕپێکراو لەلایـان: گـوایە هـەرکەسـێک لە رۆژدا چـیرۆک بـگـێڕێتـەوە، کەچـەڵ دەبێـت. یان
گەر منـداڵان بـە رۆژ داوای گـێڕانـەوەی چـیرۆک بـکەن، قـژەکانیـان دەوەرێـت.
٢ـ ژنـان چـیرۆک دەگـێڕنەوە: لەنـاو ئەمـازیغـەکـانـدا بـاوە، کـە لە مـاڵـەوەدا ژنـان “چیرۆکخوانن ـ چیرۆکگێڕەوەن” هـۆکاری قورخکردنی ئەم ئەرکە لەلایەن ژنانەوە ئەویە، کە بەشێکە لە بەرپرسیارێتیەکی گەورەتر، کە پەروەردەکردنی منداڵانە. بەم شـێوە دایـکان، لـە رێـگەی ئـەو دەربـڕیـنە زمـانـیـیە جـوان و ســەرنـجـڕاکـێـشـە چێژبەخشانەی دەیڵێت، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ منداڵەکانیان و پەیوەنـدیان بە زمانی دایکییەوە بەهـێز دەکات. بەم شێوەیە چیرۆکەکان دەبنە بەرنامەیەکی ناڕاستەوخۆی زمانەوانی و پەروەردەیی. پیاوەکان لە چاخانە و قاوەخانەکانـدا چیرۆک دەگێڕنەوە.
٣ـ پایـەکانی چـیرۆک: وەک نەریتـەکـانی تـری گـێڕانـەوەی چـیرۆک لە جـیهـانـدا، چـیرۆکە فـۆلکـلـۆرییەکانی ئەمـازیـغی، سـەرەتـا و ناوەڕاسـت و کـۆتاییـان هـەیە.
سەرەتای گێڕانەوەی چیرۆک بەم پەرگرافە دەست پیدەکات “حا جـیتک ما جـیتک”.
سەبـارەت بە ناوەڕۆکی چـیرۆکەکانیش، تایبەتمەندییەکانی ئەقـڵی ئەمازیـغی روون دەکەنەوە. پەیوەستن بە سروشت و بە ئەو شتانەی کە خەڵک بەرهەمیان دەهـێنن.
بە ململانی تونـدی نێوان چاکە و خـراپە، قـارەمانێتی و تـرسنۆکی، ئاشکـرا دەکەن.
لە چـلەکانی سەدەی رابـردوودا، گـرانی رووی لە ناوچـەکە کرد، بە (ساڵی بـرسێـتی) ناودەبـرێـت، دایکان ئاگرایان لە چـێـشتخانەکانیاندا دەکـردەوە، بەڵام تەنها ئاویـان لە مەنجـەڵەکان دەکـرد و دیانخـسـتنە سـەر ئاگـرەکان. دەسـتـیان دەکـرد بـە گـێڕانـەوەی چـیرۆک بـۆ منـداڵـەکانیـان، تا سـەرقـاڵـیان بـکەن و بـە بـرسـێـتی بـیـانکەنە خـەو.
لەم بیست و پێنج ساڵەی ئەم سەدەیدا، چەند نووسەرێکی ئەمازیغی روویان لە جیهانی نووسین بۆ منـداڵان کـردوون، چەنـدین پەرتووکیان لە ژانـرەکانی وێـژەدا، بۆ منداڵانی ئەمازیـغ، بە زمانی ئەمازیغی نووسـیون و چاپیان کـردوون و بڵاویـان کـردوونـەتەوە.
بەکورتی باس لە یەکێک لەو پەرتـووکانە دەکەیـن کە لە ساڵی (٢٠٢٤) دا چاپکـراوە. نووسەری ناسراوی ئەمـازیغی (جەمـال بـنهـامۆ) تازەتـرین چـیرۆکـی بۆ منـداڵان. بە ناوی”زینـدووکردنەوەی چـیرۆکەکانی ئەمازیـغ ” بە زمـانی ئەمـازیـغی نووسیویەتی.
پەرتـووکەکەی بـنهـامـۆ، باس لە پێویـستی ناوەڕۆکی سەرنجـڕاکـێشتر بۆ خـوێنەرانی منداڵانی ئەمازیغ و بۆ خـێزانە ئەمازیغـەکان دەکات، بە تایبەتی، ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتـدا دەژیـن، بـۆ پـاراسـتـنی میـراتی کـولـتووری خۆیـان. ئـەم پـەرتـووکە ئامـانجی یارمەتیـدانی منـداڵانی ئەمـازیغـە، بـۆ پەیـوەنـدیکـردن بە ڕەگ و ڕیـشەی خۆیـانەوە. بـۆ چانـدنی هـەسـتی شانازیکـردن بە ناسـنامـەی نەتـەوەییـانەوە.
بنهامـۆ دەڵـێت:”پێویستە چیرۆکێک بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین، کە تێیدا خۆیان و کولـتوورەکەیان ببینن. بۆ ئەوان گرنـگە بـزانـن کە میـراتەکەیان مایـەی شـانازییە”.
ئەم پەرتـووکەی بنهـامـۆ، لە کاتـێکی گـرنگـدا دێـت، چـونـکە زۆرێـک لـە منـداڵانی ئەمـازیـغ لە ژینگەیەکـدا گەورە دەبن، کە تادێت کاریگەری کولـتوورەکانی دیکەیان لەسەرە. چیرۆکەکانی بنهامۆ ڕێگەیەک پێشکەش بەم منداڵانە دەکەن بۆ فێربوون و قەدرزانینی نەریتەکانیان. ئەمەش یارمەتیـدەرە بۆ پاراستنی زمـان و داب و نەریتی ئەمـازیـغـەکان.
پەرتووکەکەی جەمال بنهامۆ، بە ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەند و دەستڕاگەیشتن لە ڕووی کولتوورییەوە دادەنـرێـت، سەرچاوەیەکی بەنـرخە بۆ خـێزانەکانی ئەمازیغ. یارمەتی منداڵانی ئەمـازیـغ دەدات، کە لە رەسـەنـزادەیی خۆیـان تـێـبگەن و پەیـوەنـدییـان بە مێـژوو و بە بەهـاکانی کۆمـەڵگاکەیـانەوە بەهـێز بـکەن.
پەرتـووکەکە نوێیەکەی جەمال بنهامـۆ، زیاترە لە چـیرۆکـێک؛ ئەوە هەنگاوێکە بەرەو دڵنیابوون لەوەی کە منداڵانی ئەمازیغ بە هەستێکی بەهـێزی ناسنامە و میـرات گەورە دەبن. هەوڵـێکی دڵسۆزانەیە، بۆ پاراستنی کولتووری ئەمازیغ، بۆ نەوەکانی داهاتـوو.

(*) سـوودم لە چەنـد سایتێکی ئینگـلیزی وەرگـرتـووە.
دوبـەی: ٢٠٢٦




لە یادی رۆژی جیهانیی هـۆنـراوەدا.. رەزا شـوان

بـێجگە لە جەژنی نەورۆز، چوار بۆنەی دیکەی جیهانی و کوردستانی دەکەونە رۆژی (٢١/ ئادار) ی هەموو ساڵێکەوە، بەڵام نەورۆز لە هەموویان دێـرینتر و جیهانی ترە.
١ـ رۆژی جیهـانیی جەژنی نەورۆز: بێگومان جەژنی نەورۆز، کۆنترین و رەسەنترین جـەژنە لە هەموو جیهانـدا. خۆشتریـن و پیرۆزتـریـن جەژنی نەتەوەیی کوردە. یەکەم رۆژی سـەری ساڵی نـوێی کوردییـە، یەکەم رۆژی بەهـارە. زیـاتر لـە (٥٠٠) مـلیـۆن مـرۆڤ لـە كێـشـوەری ئاسـیادا لـەم یـادەدا ئـاهـەنـگ دەگـێڕن. بـەڵام کـەس ناتـوانێـت نکووڵی لەوە بـکات، کە جـەژنی نـەورۆز لە کوردســتانـدا سـەری هـەڵـداوە و رەگ و ریـشـە و رەسـەنایـەتی، بـۆ نەتـەوەی کـورد دەگـەڕێـتـەوە. مـۆرک و شـەقـڵ و داب و نەریتی کوردەواریی پێـوە دیـارە. بـۆنەکەشی پەیـوەنـدیی بە مێـژووی کوردەوە هـەیە. هـیچ نەتەوەیەکـیش، وەک نەتەوەی کورد، بەو گەرمـوگـوڕی و ئاهـەنـگ و رازاوە و خۆشییەوە، پێـشوازییان لە یادی رۆژی جەژنی نـەورۆز نەکـردوون و ناکەن. شایەنی باسیـشە کۆمـەڵەی نەتـەوە یەکگـرتـووەکان، لە ساڵی (٢٠١٠) دا، بە فـەرمی جەژنی نەورۆزی، وەک کـۆنتـریـن جـەژنی جـیهـان ناسانـد. رۆژی (٢١/ ئـاداری) ی هـەموو ساڵێکی وەک (رۆژی جیهانیی نەورۆز) دیاریکرد. ئەگەرچی ئەم رۆژە ساڵەهای ساڵە
و بـەر لـە مێـژووی زایـنیـش یـاد دەکـرایەوە. ئاگـرکـردنـەوەش کە سـیـمبـولی جەژنی نەورۆزە، لە ئێوارەی شەوی نەورۆزدا دەکرێتەوە. ئاگریش هـێمای رووناکی و ژیانە.
٢ـ رۆژی جیهـانیی نەهـێشتنی جیاکاریی رەگەزی: مەبەست جیاوازی کـردنە لە نێـوان تاکەکـانـدا کە لە چـوارچێـوەی وڵاتێکـدا دەژیـن. جیـاکاری لە رووی نەتـەوە و ئایـن و رەگـەز و رەنـگی پـێـسـتەوە. کـۆمـەڵەی گـشـتـیی نەتـەوە یەکـگـرتـووەکان، لە رۆژی (٢٦/ ئۆکتۆبەر/١٩٦٦) دا رۆژی (٢١/ ئادار)ی هەموو ساڵێکی وک (رۆژی جیهانیی نەهـێشتـنی جیـاکاریی رەگـەزی) دیاریکـرد. داوای لە کـۆمەڵـەی نێـودەوڵەتی کـرد، کە هـەوڵەکانیان دوو هـێنـدە بـکەن، بـۆ نەهـێـشتنی جـۆرە جیـاکارییەکارییەکانی رەگەزی. هـیچ نەتەوەیەکـیش، وەک نەتـەوەی کورد، ئـازارای جیـاکاریی رەگەزیی نەچەشـتووە.
٣ـ رۆژی جیهـانیی هـۆنـراوە: هـۆنـراوە فـۆرمـێکی هـونەری و بەرهـەمێکی وێـژەیی جیهـانییە. پـەیامـێکی مـرۆڤـایەتـییە و کاریگەرییـەکی نـاوازەی، لەسـەر مـرۆڤـایـەتی هـەیە. رێـخـراوی یـونـسکـۆ، لـە سـاڵی (١٩٩٩) دا، رۆژی (٢١/ ئـادار) ی هـەمـوو ساڵـێکی وک (رۆژئ جیهـانـیی هـۆنـراوە) ناسانـد.
٤ـ رۆژی جیهـانـیی دارسـتان: لەسـەر داوای (رێکـخـراوی فـاو) ی سـەر بە نەتـەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی (٢٠١٢) دا، رۆژی (٢١/ ئاداری) هەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیهـانیی دارسـتان دیاریکرد. لەم رۆژەدا، لە زۆربەی وڵاتانی جیهانـدا، دەست بە چانـدنی نەمام دەکرێت. تەنانەت دارستانەکانی کوردستان، لە ژینـۆساید و گـڕتێبەردان و بـڕینەوە و هـەڵکێـشان، لەلایـەن نەیـارانی کـورد و کوردسـتانـەوە رزگـاریـان نەبـوو. بـە سـەدان دۆنـم دارسـتانی کوردسـتانـیان سووتاند یان بڕییاننەوە یان هەڵیان کێشان. ئەمانەش دەچەنە ریزبەندیی تاوانەکانەوە.
٥ـ رۆژی کوردسـتانـیی کەرکـوک: لـە رۆژی نـەورۆزی (٢١/ ئـادار/١٩٩١) دا، بـۆ یەکەمین جـار، شاری کەرکـوکی کوردستانی، لە دەسـتەڵاتی رژێـمی بەعـسی عـەرەبی رەگـەزپـەرسـت رزگارکـرا. کەرکـوک تاجـی راپـەڕیـنی کوردسـتانی لەسەر کـرد. یـادی ئەم رۆژە خۆشی و گرنگییەکی نەتەوەیی و مێـژوویی لەلای هەموو کوردێك هـەیە. بۆ کورد خۆشەویستیی هەموو شارەکانی کوردستان وەک یەکـن. بەڵام کەرکوک ساڵەهای ساڵە، رووبـەڕووی سـتەمـێکی گـەورە و گـۆڕینی دیمـوگـرافی نەتـەوەیی بـۆتـەوە. تا ئەمـڕۆش سیاسەتی جیاکاری نەتـەوەیی و بە عـەرەبکردنی کەرکـوک درێـژەی هـەیە.
دێـینە سـەر کـرۆکی باسـەکەمـان، کە یـادی رۆژی جیهـانیی هـۆنـراوەیە. پێـمـوایە بە رێکەوت ئەم رۆژە لە رۆژی جەژنی نـەورۆزدا دیاری کـراوە. لەبـەر ئەوەی کە یادی نـەورۆز لە کوردسـتانـدا، گەورەتـرین و گرنگـتریـن و خـۆشـتریـن بۆنـەی نەتەوەیی کوردە. بـۆیـە کەمـتر رۆژی جیهـانیی هـۆنـراوە بەسـەر کـراوەتـەوە.
هـۆنـراوە چـیـیە؟

هـۆنـراوە فـۆرمێکی هـونەری و بەرهەمێکی ناوازەی وێـژەییە. هەمـوو هەستەکانمان دەورووژێـنـێـت. هـۆنـراوە رەنگـدانـەوەی زمـان و شـونـاسی کولـتوورییـە. هـۆنـراوە زمانـێکی جیهـانییە کە سـنوورەکان تێـدەپەڕێنێـت. لە رێـزلـێـنانی هـاوبەشی جـوانی و راسـتـیـدا، مـرۆڤـەکـان یەکـدەخـات. هـۆنـراوە هـێـزی ورووژانـدی هـەسـت و سـۆز و بـیرکردنەوە و دروستکردنی پەیـوەنـدیی لە نێـوان تاکـەکانـدا هـەیە. هـۆنـراوە زمـانی رۆحمانە، هـونەری تێکەڵکردنی چێژ و راستییە. هۆنراوەر پردێکە بۆ خۆشەویستی و بۆ ئاشتی لە نێوان گەلانی جیهاندا. هـۆنراوەر لە سیستەمی پەروەردەییـدا، پـێگەیەکی گرنگی هـەیە. هـۆنراوە شادەماری ژیـانە، شـۆڕشـە، یاخیبوونە، بەرزکەرەوەی ئاڵای هۆشیارییە. هـۆنراوە خوشکی گەورەی هەموو هـونەرەکانە، جوانترین و بەرزترین و بەهـێزتـرین شـێوەی دەربـڕینە. هـۆنراوەنـووسانیش کەسانێکـن کە هـۆگر و شەیـدای خەیـاڵی ناسک و سـەروای شـیریـن و وشـە جـوانـەکانی زمـانـن.

هـۆنراوە زادەی هـۆش و بیـر و ئەنـدێشەی مـرۆڤە. رۆڵـێکی گەورە و گرنگی هـەیە،
لە سەپانـدنی بنەماکانی ئـازادی و دیمـوکـراتی و نیـشتـمانی و نەتەوەیی و یەکسانی و دادپـەروەری و مافـەکانی مـرۆڤـدا. هـۆنـراوە گـوزارشــتە لە ناخـی هـۆنـراوەنـووس. پێناسـەیـەکی زۆر بـۆ چەمکی هـۆنـراوە کـراوە. لە یەک پـێناسەدا قـەتـیـس ناکـرێـت.
(تۆماس کارلـیل) دەڵـێـت:”ئەگـەر ئێـمە بە راستی و دروستی هـۆنـراوە بخـوێـنینەوە، ئـەوا هـەمـوومـان هـۆنـراوەنـووسـین”.
مێژووی سەرهـەڵـدانی هـۆنراوە بە نووسین، دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی سێیەمی پێـش زایـنی، بـۆ شارسـتانییەتی سـۆمەرییـەکان ـ سـۆمەرییـەکان بە رەچـەڵـەک کـوردن لە چیاکانی زاگرۆزی کوردستانەوە هەڵکشان بۆ دەشتاییەکانی میزۆپۆتامیا، وڵاتی نێوان دوو رووبـار ـ بۆ داستانی گـيـلگامێـش دەگەڕێتەوە. بەڵام بـەر لە داهـێنانی نووسـین، هـۆنـراوە و گـۆرانی و لایـلایە، لەگەڵ بوونی مـرۆڤـدا، بە زارەکی بوونیان هـەبـووە.
بە سـەدان لایـلایە و هـۆنـراوەی فـۆلکلـۆری هـەن، مێـژوویـان بـۆ بەر لە داهـێـنانی نووسـین دەگەڕێنـەوە. بۆ نمـوونە، لایـلایەکی کوردیـمـان، کە کۆنتـریـن لایـلایەیە لە هەمـوو جیهانـدا. مێـژووی بـۆ چـواردە هەزار ساڵ بەر لە ئەمـڕۆ دەگەڕێتەوە. دەقی
ئەو لایلایەیە لە پەرتووکی (چەپکێک لە لایلایەی دایکانی کورد) دا بڵاومکـردۆتەوە. ئـەم لایـلایەیە بـە زارەکی، نـەوە لە دوای نـەوە وتـوویانە، تا بە ئەمـڕۆ گەیـشـتووە.
لە ئەمـڕۆدا هـۆنـراوە، لە فـۆرم و لە ناوەڕۆکدا، گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. بەڵام ئامانـجە سەرەکییەکەی، تا ئەمـڕۆش خواستی هـۆنـراوەنـووسانە، بۆ گەڕان بە دوای باردۆخی مرۆڤـدا، لە رێگەی هـێزی وێنەسازی و میتافـۆرمەوە. لە ئێستادا هـۆنراوە کاریگەرییەکی بەرچـاوی لەسـەر وێـژە و زانـستی و سـیاسی هـەیە.
رۆژی جیهـانیی هـۆنـراوە چـیـیە؟
یـونسکـۆ (رێکخـراوی پەروەردەیی و زانـستی و رۆشـنـبـیری) ی سـەر بـە نەتـەوە یەکگرتـووەکان، ئامەژەی بەوە کـردووە، کە هـۆنراوە هـۆکارێکی گرنگە بۆ تـیـشک خستنە سەر مـرۆڤایەتی و بەهـا هـاوبەشەکانمان. هـۆنـراوە توانای ئەوەی هـەیە کە رۆڵـێکی کـۆمـەڵایەتی بگـێڕێـت و ببـێـتە پاڵـنەرێک، بـۆ هـۆشـیاری و رۆشـنگەری.
رێکخراوی یونسکۆ لە ساڵي (١٩٩٩) دا، لە سییەمین کۆنفرانسی گشتییدا لە شاری پاریـس ـ پایتەختی فەرەنـسا، بە کۆی دەنگەکان رۆژی (٢١/ ئـادار) ی وەک (رۆژێ جیهـانیی هـۆنـراوە) راگەیانـد. یـونسکـۆ ئەم رۆژەی خـستە ناو ساڵـنامەی خۆیەوە.
یونسکۆ داوای لە هەموو وڵاتـانی ئەنـدام و رێکخـراوە حکومی و ناحکـومییەکان و شارەوانییەکان و قـوتابخـانەکان و کۆمـەڵەکان و مـۆزەخانەکان و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکـردنەوە و ئەوانی دیکە کرد، کە پـلان و چالاکـییەکانیان بۆ ئاهەنگـگـێڕان بەم رۆژەوە جـێـبەجی بـکەن.
یـونـسکـۆ هـۆنـراوە وەک ئامـرازێک، بـۆ دەربـڕیـنی مـرۆڤـایـەتی هـاوبـەش و بـۆ ئاڵوگۆڕکردنی بەهاکانمان دەزانێـت. پێیوایە هـۆنـراوە رۆڵـێکی کۆمەڵایەتیی هـەیە،
وەک فاکتەرێکی ورووژێنەری هەست و سـۆز و هـۆشیاری و دەربـڕیـن کاردەکات.
ئەمساڵ یادی رۆژی جیهانیی هـۆنراوە دەکەوێتە رۆژی شەممە (٢١/ ئادار/٢٠٢٦). هـاوڕۆژە لەگەڵ یادی نـەورۆز و سەر ساڵی نوێی کوردی (١/ نەورۆز/٢٧٢٦) ک.
رۆژی جیهانیی هـۆنـراوە ئاهەنگێکی ساڵانەیە، بۆ بەرزڕاگرتنی پێگەی هـۆنراوە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانمان و گرنگی لە پێـشخـستنی کولتوور و پاراستنی زمان
و بیرکردنەوەی داهـێنەرانە هـەیە. بۆ هـانـدانی خەڵکی بۆ بەشداریکردن لەم یادەدا.

رۆژی جیهـانی هـۆنـراوە، دەرفـەتێکە بـۆ بـیرکردنەوە، لـەوەی کە هـۆنـراوە چـۆن بەشـداری دەکات، لە دروستکـردنی پـردی پەیـوەنـدی و لە پاراستنی زمانەکەمان و بڵاوکردنەوەی هـیوا و گەشبینی و بیرکردنەوە لە گۆڕانکاری و داهـێنان. ئەم رۆژە دەرفـەتێکـیش بۆ هـۆنـراوەنووسان و هـۆنـراوەدۆسـتان و مامۆسـتایان و قوتابیـان دەڕەخـسێنێـت، بۆ سازکردنی کۆڕ و سـیمینار، بۆ پێـشکەشکردنی هـۆنراوەی نوێ
و بـڵاوکردنەوەی یان خوێنـدنەوەی یان گـوێگـرتـن لە هـۆنـراوە.
ئەم یـادە دەرفـەتێکی باشـە بـۆ منـداڵان، بە تایبەتی هـانـدانی قـوتابیانی قـوتابخـانەی بنەڕەتی، بۆ فـێربـوون و بۆ نووسینی هـۆنراوە. پێویستە لەم رۆژەدا، قـوتابخانەکان
لە یـادی رۆژی جیهـانیی هـۆنـراوەدا، ئـاهـەنـگ و پـێـشـبـڕکـێی هـۆنـراوە لە نێـوان قوتابیانی هۆگر و هەوادارنی هـۆنراوەدا سازبکەن. دەشتوانن ئەو هـۆنراوەنووسانە بانگ بکەن، کە هـۆنـراوە بۆ منـداڵان دەنووسن. تازەتـرین هـۆنراوەیان بۆ قـوتابیان بخوێنـنەوە. گەر هـۆنـراوەنووسان بـۆیان نەکرا بێن، با مامۆسـتایانی وانـەی کوردی باسی ئەو هـۆنـراوەنـووسانەیان بۆ بکەن. بۆ ئەوەی هـانی قـوتابـییەکانیان بـدەن کە هـۆگر و ئاشنای هـۆنراوەی کوردی و هـۆنـراوەنووسانی منـداڵان ببـن. مامۆستایانی وانـەی کوردی، لەم رووەوە دەتوانـن رۆڵـیان هەبێـت. لە زۆربـەی قـوتابخانەکان لە وڵاتـانی جیهـاندا، یـادی ئـەم رۆژە بـەرز رادەگـرن و ئاهـەنـگی هـۆنـراوە پێـشکەش دەکەن. بە تایبەتی هۆنراوەی نوێ. تەلەڤـزیۆنەکانیش بانگی هۆنراوەنووسان دەکەن
و بەرنامەی تایبەتی دەربارەی هۆنراوە و رۆژی جیهانیی هـۆنراوە پێشکەش دەکەن.
گرنگـتریـن ئامانجەکانی رۆژی جیهـانیی هـۆنـراوە:

١ـ یادکـردنەوەی ئـەم رۆژە، جەخـتکـردنەوەیـە لەسـەر گـرنـگی رۆڵـی هـۆنـراوە لە جیهـانی هـاوچەرخـدا. بـۆ بـەرزنـرخانـدنی هـێزی نـاوازەی هـۆنـراوە، لە دەربـڕینی هـەسـت و سـۆز و ئەزمـوونەکانی مـرۆڤـدا.
٢ـ رۆژی جیهـانیی هـۆنـراوە بۆنەیەکە، بۆ پاڵپشتیکـردن و پێـزانین و رێـزگرتـن لە
هـۆنراوەنووسان، لە سەرانسەری جیهاندا. لەم رۆژەدا هـۆنراوەنووسە ناسراوەکان
و تـازەپـێگەیـشتووەکان خـەڵات دەکـرێـن.
٣ـ ئامـانجی سـەرەکـیی ئـەم رۆژە، پـشـتـیوانی کردنە، لە فـرەچـەشـنی زمـانەکان و پاراستـنیان. بە تایبـەتیـش ئەو زمانـانەی کە هـەڕەشـەی لەنـاوچـوونیـان لەسـەرە.
٤ـ ئامـانجـێکی تری یـادی ئـەم رۆژە، پەرەپـێـدانی دیـالـۆگـە لە نێـوان هـۆنـراوە و هـونەرەکانی دیکە، وەك: شانـۆ و مـوزیـک و سەما و هـەڵـپەڕکێ و نیگارکـێشان.
٥ـ ئەمانجی ئەم رۆژە، هـانـدانی خوێنـدنەوە و نووسین و بڵاوکردنەوە و وتنەوەی هـۆنـراوەیـە لە سەرانـسەری جیهـانـدا. وەک لـە دەقی جـاڕنـامـەکەی یـونـسکـۆدا هاتـووە: “دانپێـدانان و هـێزێکی زیـاتر بە بـزووتنەوەی هـۆنـراوەی نیـشتـمانی و ناوچـەیی و نێـودەوڵـەتییەکان دەبـەخـشـێـت”.
٦ـ ئامـانج لـە یادکـردنەوەی ئـەم رۆژە، تـیـشک خـستـنەسەر گـرنـگی هـۆنـراوەیە
وەک فۆرمێکی گوزارشتکردنی جیهانی و گەڕانەوەی هۆنراوە، بۆ پێگەی پێشووی
وەک یەکێک لە گرنگـترین و لە کاریگەرتـریـن فـۆرمەکانی هـونەر. دەرفـەتێکە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی، بە گرنگی و بە جوانیی ئەم فـۆرمە هـونەرییە دێرینە بدرێت.
٧ ـ زیندووکردنەوەی نەریتە زارەکییەکانە بە پێشکەشکردنی هۆنراوەی هەمەجۆرە.
٨ ـ ئامانجێکی تر لە رۆژی جیهانیی هـۆنراوەدا، تیشک دەخرێتە سەر فـرەچەشنەیی دەربـڕیـن و پاراستـنی شـوناسی زمـانـەوانی و کـولـتووری. دەرفـەتـێکی زیـاتـریـش دەڕەخسێنێت بۆ دەربڕین بەو زمانانەی مەترسیی کاڵبوونەوە و لەناوچوونیان هەیە.
لە سەردەمی دیجـیـتاڵی ئێـمەدا، بـڵاوکـردنەوەی هـۆنـراوە بە شـێوەی ئـۆنـلایـن، لە جـاران ئاسانـترە. رۆژی جیهـانیی هـۆنـراوە، دەرفـەتێکی گونجـاوە بۆ نمایـشکردنی دەنگی هـۆنراوە لە پلاتـفـۆرمە سۆشیال میـدیاکانـدا. چ وەک هـۆنراوە دڵخـوازەکانی خۆتـان بڵاوبـکەنەوە یان هـۆنـراوە تازەکانتـان بخـوێنـنەوە. ئۆنـلایـن کارئاسانییەکی زۆرمـان بـۆ دەکـات.
شایەنی ئاماژەپێـدانە، کە کوردستانی نیشتمانی جـوان و شیرینمان، لە کۆنەوە لانکەی سەرهـەڵـدانی هـۆنـراوە بـووە. بە دەیان کەڵە هـۆنـراوەنووسی بەناوبانگی جیهـانیمان هەیە، چ کلاسیکی و چ نوێ. هۆنراوەی نوێی کوردی شان بە شانی پێشکەوتنی زمانی کوردی، شـێوازی فـۆرمی نـوێ بەدی دەهـێنێت. چەندین هـۆنراوەنووسی نـوێخوازمان هـەیە، کە جـێـپەنجەیـان لە هـۆنـراوەیی نـوێـدا، لە ئاستی ناوچـەیی و جیهـانیـدا دیارە.
لە کۆتاییدا جوانتریـن پیـرۆزبایی، لە هـۆنـراوەنووسان و هـۆنـراوەدۆستانی کوردستان دەکەم. دەبا ئێـمەش هەمـوو ساڵـێک لە رۆژی جیهـانیی هـۆنـراوەدا، کۆڕ و سـمینار و پێـشبڕکێی هـۆنراوە بۆ هـۆنراوەنووسانی کوردمان، بە تایبەتیش بۆ هـۆنراوەنـووسـە لاوەکانمان سازبکەین. کۆمەڵـێک لە هـۆنـراوەنووسان خەڵات بکرێـن. دەکـرێت رۆژی بەر لە جەژنی نەورۆز، یادی رۆژی جیهانیی هـۆنراوە بکەینەوە. یەکـێتی نووسەرانی کورد، دەتوانێت دەستپێشخەری بکات و بانگهـێشتی كۆمەڵێک هـۆنراوەنووس بکات و سەرپەرشتیی ئاهـەنگ و بەرنامەی خوێندنەوەی هـۆنراوەکان بکات. خەڵاتی رێزلێنان بـە هـۆنـراوەنـووسـە بەشـداربـووەکان پـێـشکەش بـکات. گـەر خـەڵاتـەکـان قـەڵـغـانی رێـزلـێنانیش بن. بەڵای هـۆنراوەنووسەکانەوە، هـاندانـن و مایەی دڵخـۆشی و رێـزن.
بـە بـۆنـەی جـەژنی نـەورۆز و سـەری ساڵی نـوێـی کوردیـیـەوە (٢٧٢٦) جـوانتـریـن پیـرۆزباییتان لـێدەکەم. خۆشی و شادی و کامەرانیتان بـۆ دەخـوازم و چەپکە نـێرگـزی ئەم بەهـارە هاتەتان پێشکەش دەکەم. هـیوادارم ساڵی ئاشتی و ئاشتەوایی و یەکگـرتن و یەکڕیـزی و یەکهـەڵوێستی و سەرکەوتنی گەلی کوردمان بێت لە هەموو کوردستان.

(*) تا رادەیـەک سـوودم لە چەنـدیـن سایـتی ئـیـنگـلـیزی وەرگـرتـووە.
دوبـەی: ٢٠٢٦




چـیرۆک بۆ منداڵان .. پـردی هـەرەوەزی.. نووسینی: رەزا شـوان

گـونـدەکەی ئـێـمە لە سەد مـاڵ زیاتر بـوو، قـوتابخـانەیەکی دە پـۆلی تێـدا بـوو. بەڵام گـونـدەکەی ئەوبەرمـان، نـزیکەی سی مـاڵ بـوون. قـوتابخـانەی تێـدا نەبـوو، هـەژدە قـوتابییان هەبـوو. هـەشـتیان کـچ بـوون. رۆژانـە نزیکەی نیـوکاتـژمـێر بەپێ دەهـاتن بـۆ قـوتابخانەکەی گونـدەکەی ئێمە. لەنێـوان هەردوو گونـدەکەمانـدا، چەمێک هەبـوو، حەوت مەتـر پان بوو، ئاوی ناو چەمەکە دەگەیـشـتـە ئەژنـۆ. دەبوایـە ئەو قـوتابـییانە، لە هـاتـن و لە گەڕانەوەیانـدا، پـێـڵاوەکـانیـان دابکەنـدایـە و باش خـۆیان هەڵـبکردایە، بۆ ئەوەی لە پەڕینـەوەدا تەڕنەبـن. منداڵە گەورەکان لە پەڕینەوەدا منداڵانی لە خۆیان بچـووکـتریـان دەکـردنە کـۆڵـیان و دەیـانبـەڕانـدنـەوە. زۆر جـار پـێـیان لەسـەر بـەردە لـووسەکانی ژێـر ئاوەکەدا هـەڵـدەخـلـیسکان و دەکەوتنـە نـاو ئاوەکەوە، جـلەکـانیان و پەرتـووکەکـانیـان تەڕدەبـوون. جـلـوبـەرگـمان بـۆیـان دەهـێـنا. ئەگـەر بـارانـێکی زۆر بباریبـایە، چەمکە پـڕی ئاو دەبوو. قـوتابییەکانی گوندەکەی ئەوبەرمان، نەیاندەتـوانی بێـن بـۆ قـوتابخـانە.

رۆژێکی بەهـار، یەکـێک لە کچـەکان لە پەڕینەوەدا، کەوتبـووە ناو ئاوی چەمەکەوە. هـەمـوو جـلـەکـانی و پـەرتـووکـەکـانی تـەڕبـبـوون. لەسـەرمـا دەلـەرزی. دوو کـچی پۆلەکەمان بردیان و جلوبەرگی وشکیان لەبەریکرد. ئەو دیمەنە زۆر دڵتەنگی کـردم.
ئەو شەوە بیـرم لەوە دەکردەوە، کە چـۆنە تا ئێستا خەڵکی ئەم دو گوندە، پـردێکـیان لەسـەر چـەمـەکـەدا دروسـت نەکـردوە؟ تـۆ بـڵـێی بـە پێـویـستـیان نـەزانـیـبـێـت؟!
بـیرۆکەی پـرۆژەی دروسـتکـردنی پـردێـک لەسـەر چەمـەکەدا، خەیـاڵـمی داگـیرکـرد. پرۆژەکەم بۆ بەڕێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانەکەمان باسکرد. زۆریان پێخۆشبوو.

رۆژی دواتر بانگی ژنان و پیاوانی هـەردوو گوندەکە کران. لە هۆڵی قوتابخانەکەماندا، باسی پـرۆژەی دروستکـردنی پـردێـک، بە دار و بە چـیمـەنتـۆ لەسەر چەمەکەدا کـرا. خەڵکی هـەردوو گـونـدەکە زۆر پێیـان خـۆشـبوو. هـەر ماڵێک بەپـێی توانـای، بـڕێک پـارەیـان بـۆ جـێـبەجـێکـردنی دروسـتکـردنی پـردەکە دا. پـارەیـەکی بـاش کـۆبـووەوە.
زیاتر لە بیست لاویش ئامادەبـوون، خۆبەخشانە کار لە دروستکردنی پـردەکەدا بکەن.
نەخـشەی پـردەکە کـێشرا. دار و چیمەنتـۆ و تەخـتە و بـزمار و کەرەستەی پێـویستیان بۆ کڕی. دەست بە کارکردن کرا. لە ماوەی کەمتر مانگێک، پـردێکی جـوان و قایـمیان دروسـتکـرد. بـەرزیی سـێ مـەتـر و پـانی سێ مـەتـر و درێـژییـەکەی دە مـەتـر بـوو.
بـە زۆریـنـەی دەنـگەکـان، ناومـان لـێـنا ” پـردی هـەرەوەزی “.

رۆژی کردنەوەی پـردەکە خـۆشـتریـن رۆژی هـەردوو گونـدەکـە بـوو. بەم بـۆنەیەوە ئاهـەنگـێکی خۆش سازکـرا، ئـێمەی قـوتابیانـیش لە سەرەتای ئاهـەنگەکەدا، پێکەوە سـروودی “خـوایە وەتـەن ئاواکەی” مـان چـڕی. گـۆرانـیـمان وت و تـێر هـەڵپەڕیین.
کردنەوەی پـردەکە، هـاتوچـۆ و پەیوەنـدی و خۆشـەویستییەکی زیـاتری خـستە نیـوان خەڵکی هـەردوو گـونـدەکەوە. قـوتابیـیەکانی گـونـدەکەی ئەوبەرمان پاسکـیلـیان کڕی. لە جیـاتی نیـوکاتـژمـێر، بە پـاسکـیـل بە دە خـولـەک دەگـەیـشـتـنە قـوتـابخـانە.
قوتابخانەکەشمان لە ئاهەنگێکی تایبەتیدا، قەڵغـانی رێـزلێنانی (پـردی هـەروەزی) ی،
بە مـن و بە ئـەو لاوە خـۆبەخـشانـە پـێـشکەش کـرد.
گەورەبووم، لە زانکۆ وەرگیرام، لە کۆلێژی ئەندازیاریدا، بەشی ئەندازیاریی شارستانیم تەواوکرد. لە پارێزگادا دامەزرام. بوم بە بەڕێوەبەری رێگاوبان و پرد. لە یەکەم ساڵدا، پـرۆژەی قـیـرتـاوکـردنی رێـگـای پـێـنج گـونـد و دروسـتکـردنی دوو پــردم، بـە واژۆی پارێـزگاری پارێـزگاکەمان، خستە بواری جـێبەجێکـردنەوە. یەکێک لەو گونـدانە رێگای گـونـدەکەی خـۆمـان و دروستکردنی پـردێکی درێـژ و پان و قـایـم، بە چـیـمەنـتـۆ و بە شـیـش و بـە شـێـلـمان لەسـەر چەمـەکەدا، لە شـوێـنی پـردە داریـنـە کـۆنـەکەی نیـوان گوندەکەی ئێمە و گونـدەکەی ئەوبەرمـان. هـەر خـۆشـم سـەرپەرشـتـیی قـیرتاوکـردنی رێگای گـونـدەکەمان و دروستکـردنی پـردەکەم کرد. پـردەکە تەواوبـوو. بـە هـۆی ئەو پـردە تـازەیـەوە، هـەردوو گـونــدەکـە، بـوون بـە گـونــدێـک. لـە ئـێـسـتادا بـوونـە بـە شـارۆچکەیەکی جـوان و قـەشـەنـگ.

دوبـەی: ٢٠٢٥




چـیرۆک لە چارەسەری کـێشە دەروونییەکانی منـداڵان.. رەزا شـوان

چـیرۆکی منـداڵان، فـۆرمێکی هـونـەرییـە، لە فـۆرمەکانی ئـەدەبی منـداڵان. چەمکـێکی گـشتگیرە، بەربەستەکانی زمان تێدەپەڕێنێت و بە ئاسانی لەگەڵ کولتوورە جیاوازەکاندا دەگـونجـێت. چـیرۆک تەنهـا ئامـرازێـک نـیـیە بـۆ خـۆشی و چـێژوەرگـرتـن و بـۆ کات بەسەربـردنی منـداڵان. بەڵکـو چـیرۆک بە درێـژایی مێـژوو، ئامـرازێکی پـەروەردەیی بەهـێز بـووە. کاریگەرییەکی بەهـێز و قـووڵی لەسەر ژیانی ئەمـڕۆ و داهـاتـووی هەر منداڵـێک هـەیە. ئامـرازێـکی گـرنـگە بـۆ پەرەپـێـدانی تـوانـا جـۆراوجـۆرە دەروونی و جەسـتەییـەکانی منـداڵان. هـۆیـەکە بـۆ رۆشـنبیریکـردنیان. کاریگەریی راسـتەوخـۆی لەسەر گەشەکـردنی دەروونی و خەیـاڵی و سـۆزداریی منـداڵان هـەیە.

چیرۆکی منداڵان وەک میتۆدێکی ناڕاستەوخۆ، رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە دابینکردنی چـوارچێوەیەکی پـەروەردەیی و لە پەروەردەکـردنی خـۆتـێگەیـشـتـن و خـۆکـارایی و ئەزمـوونی تەنیـایی منـداڵان و مێـرمنـداڵان هـەیە. چـیرۆک زاخـاوی بـیـر و هـۆش و هـزریان دەدات. هاندەر و یارمەتیدەریانە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و زانستی گشتی و بۆ پەرەپێدانی خەیاڵ و داهـێـنان و بۆ پەروەردەکردنی رەفتارە کۆمەڵایەتییە جـوان و ئەرێـنیـیەکـانیـان.
پەروەردەکاران و دەروونناسان کـۆکـن لەسەر ئـەوەی، کە چـیرۆک هـۆیـەکی گـرنگە بۆ گەیـانـدنی ئـەو پەیـامە پەروەردەییانەی، کە دەمـانەوێـت بـە منـداڵانیان بگەیەنـین.
لە ئەمـڕۆدا ئێـمە لە جیهـانێکـدا دەژیـن، پـڕە لە داهـێـنان و لە گـڕانـکاریی ریـشەیی. بە تایبەت لەگەڵ بڵاوبـوونەوەی سۆشیال میـدیا و پـلاتـفـۆرم و مەکـۆ و تەکـنەلـۆژیا. بەکارهـێنانی ئـەم ئامـرازانە، کاریگەریی ئەرێـنی و نەرێـنییان لەسەر منـداڵان هـەیە. منـداڵان زیاتر لە جاران، رووبەڕووی ئاستەنگی و بەرۆکگـیری و کـێشەی دەروونی دەبنەوە. لەوانەش: دڵـتەنگی، دڵەڕاوکی، خەمـۆکی، تـووڕەیی، سـترێـسی، تا دەگاتە فـشارەکانی قـوتابخانە و ژیانی کۆمەڵایەتی و بێتوانایی لە پەیوەنـدیکردنی هـاوڕێـتی. چـیرۆکەکانی منداڵان، ئامرازێکی بەهـێزن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە دەروونییانە.
بۆ بەخـشیـنی هـیوا و گەشـبینی و ئاسـوودەیی و پارێـزبەنـدیی دەروونی بە مـنداڵان. ئەمەش متمانە بەخۆبوونیان پێدەبەخـشێت، کە خۆبەدەستەوە نەدەن. بتـوانن خۆیان لەگەڵیانـدا بگونجـێنن و رێگەی نـوێ بۆ دۆزینـەوەی رووبەڕووبوونەوەی کـێشە و ئاسـتەنگـییەکـانیان بـدۆزنـەوە.
بۆ نـمـوونە: کە منـداڵـێک دووچـاری دڵـەڕاوکی و ســترێـسی و وەسـواسی دەبـێـت. ئەگەر چـیرۆکـێکی لەسەر کارەکـتەرێکی هـاوشـێوەی خـۆی، بۆ بخـوێنـدرێتـەوە یان بۆی بگێڕدرێتەوە، کە بەسەر ئەو کێـشە دەروونییانەدا سەردەکەوێت. دەتوانێت چاو لـەو ئەکـتەرە خـۆڕاگـر و کـۆڵـنەدەرە بـکات. پـشـت بـە تـوانـای خـۆی ببـەستـێـت و هەستەکانی خۆی دیاری بکات و رووبـەڕووی کـێـشە و بەرهەڵـستییەکانی ببـێتەوە.
بێگـومان تەنـدروستی منـداڵان، کاریگەرییەکی راستەوخـۆی لەسەر کوالـیتی ژیانیان هـەیە. گەر منـداڵـێک تەنـدروسـتی دەروونی بـاش بـێـت، لە ئەنجـامی چـالاکـییەکانی رۆژانەیدا، رووبەڕووی هـیچ کـێشەیەک نابێتەوە. بە ئاسوودەیی ژیان بەسەردەبات.
تەنـدروسـتی دەروونی منـداڵان بـەو مانایـەیە، کە منـداڵان دەگـەنە قـۆنـاغـێک کە لە رووی سـۆزداری و گەشەکـردنـەوە، بە شێوەیەکی سـەربەخـۆ توانای بەدەستهـێنانی لـێهـاتـوویی کـۆمـەڵایـەتـیـیان دەبـێـت. ئـەو منـداڵانـە تـوانـای ئـەوەیـان دەبـێـت، کـە رووبـەڕووی ئەو بەرۆکگـیری و بەرهـەڵـستیانە ببنەوە، کە رووبـەڕوویان دەبنەوە.
تەندروستی دەروونی منداڵان، واتە چـێژوەرگـرتن لە دۆخی سەقـامگیری و ئاسوودەیی و هـەستکـردن بە ئاسایـش و تـوانـای پەیـوەنـدیکـردن بـە شـێوەیەکی کاریـگەر لەگـەڵ کەسانی دیکەدا. ئەمـەش لە رێگەی دروستکـردنی متـمانە بەخـۆبـوون و رێـزگـرتن لە لە یەکترەوە بەدەست دێت. جگە لە دابـینکردنی ژینگەیەکی خـێزانی هانـدەر و پاڵپشت.
چـیرۆکی منـداڵان بەوە ناسـراوە، کە کاریـگەرییەکی گـرنگی لەسـەر دەروونی منـداڵان هـەیە. بـەو پـێـیەی کـە چـیـرۆک بەشـدارە، لـە پـەرەپـێـدانی ئەنـدێـشەی منـداڵان و لە بەرزکردنەوەی توانـای هـزری و سـۆزدارییەکانیان. چـیرۆک یارمەتیی منـداڵان دەدات بۆ رزگاربـوونیان لە دڵـەڕاوکی و سـترێـسی و خـەمـۆکی و تـوڕەیی و گـۆشـەگـیـری و شـەڕانگـێـزی و مـووبـەکـردن و نـێـرگـزی و لە کەمخـەوی و بـێـزاری و بێ هـیـوایی.
چـارەسەری کـێـشە دەروونییەکانی منـداڵان، بە خـوێنـدنەوە یان گـێڕانەوەی چـیرۆک بۆ ئەو منـداڵانەی کە دووچاری گـرفـتی دەروونی بـوونە. یەکـێکە لە شـێوازە چارەسەرییە سـتراتیـژییە مـۆدێـرنەکان. ئامـرازێـکە یارمـەتیی ئـەو منـداڵە دووچاربـووە دەروونیانە دەدات. بۆ گۆڕینی شـێوازی بیـرکردنەوە و هـەست و ئەزمـوونە ئـازار بەخـشەکـانیـان. بۆ بینینی خۆیان لە پێگەی جیاوازدا و لە چەند گۆشەیەکەوە سەیری کێشەکانیان بکەن. بەمـەش ئـاسـوودەیی و ئـارامی دەروونی بەدەســت دەهـێـنـن و یـارمـەتیـان دەدات، بـۆ رزگاربـوون لـە فـشار و لە دڵـەڕاوکی و خـەمـۆکی و شەرمنی و لە تـرس و لـە کـێـشە دەروونی و سـۆزداری و کـۆمەڵایـەتییەکـانیان.

چـیرۆکی چارەسەر، یارمەتیی منداڵان دەدات بۆ بەرزکردنەوەی: توانای پەیوەندیکردن، پەرەپێـدانی ئەنـدێـشە و داهـێنان، باشـترکردنی سەرنجەکـانیان، وریـایی و هـشیارییـان، ئاسانکردنی فـێربوون و شارەزابـوونیان لە کەرامەیی کۆمـەڵایەتی. هەرەها شێوازێکە، یارمەتـیی منـداڵان دەدات، کە بە شـێوازێـکی کاریگەرتـر رووبـەڕووی کـێـشەکانیان و ئـەو بەرۆکگـیرییانە ببـنەوە کە دێنـە رێيـان. چـارەسـەری بنیاتـنەریان بـۆ بـدۆزنەوە.
بـۆ نمـوونـە، لـەوانـەیە منـداڵـێک هـەسـت بـە تـووڕەیی و گـرژی و دڵـتەنـگی بـکات، نەتوانێـت بە شێوازێکی کاریگەر دەریببڕێـت. دەکرێـت بە گێڕانەوەی یان خوێندنەوەی چـیرۆکـێکی مەبەستـدار دەربارەی کارەکـتەرێکی خەیـاڵی، کە هـەسـتێکی هـاوشـێوەی هەیە، ئەم چیرۆکە یارمەتیی منداڵەکە دەدات کە هەستەکانی بناسێتەوە و باسیان بکات.
بە کورتی چـیرۆکی چارەسەر یان (بـیـبلـۆتیـرابیا) شێوازێکە، کە چـیرۆک و نەزیـلە و حـیکایـەتی مەبـەستدار و گونجـاو، بۆ یارمـەتـیـدانی منـداڵان بۆ رووبەڕووبوونەوە و چـاکـبوونەوە، لە کـێـشە و گـرێ دەروونی و کـۆمـەڵایـەتـییەکانیـان بەکاردەهـێـنرێـت.
ئـەو چـیرۆکانەی کە دەربارەی، ئازایـەتی و خـۆڕاگـری و کـۆڵـنەدان و سـەرکەوتـن و گەشبینی و هـیوان، دەتـوانـن ئیـلهـامبەخـشبن بۆ منـداڵان و بۆ پەروەردەکـردنی خاڵە بەهـێزەکانیان، دەبنە هـاندەریان بۆ خایـاڵکـردن و داهـێنان و بۆ دۆزینەوەی شێوازی نـوێ، بـۆ رووبـەڕووبـوونەوە و زاڵـبـوون بەسـەر کـێـشە دەروونـییەکـانیان.
دکـتۆر (مـۆریـس رینـیک) لە پەنجـاکان و شەستەکانی سـەدەی بیـستەوە، چـیرۆکی چـارسـەری، بـۆ چـارەسـەرکـردنی کـێـشە دەروونیـیەکـانی منـداڵان بەکـارهـێـناوە و تەکـنیکەکـانی هـونەری گـێڕانـەوەی چـیرۆکی پـێـشکەش کـردووە.

دوبـەی: ٢٠٢٦




چـیرۆک بۆ منـداڵان .. ئـازادیخـوازێـک .. نووسیـنی: رەزا شـوان

سـروودێکی نیـشـتمانیم نووسی، بـۆ ئازادی و بۆ ئاشتی، دژی ستەمکاری و زۆرداری. لە وەرزی بەهـار، لەناو باخچەیەکی گـشتیی شار، کە پـڕبوو لە گـوڵ و لە پەپـوولە، لە بولـبوول و لە چـۆلەکە. لەسەرخـۆم، بە دەنگێکی بەرز سروودەکەم خوێـندەوە. هەموو گـوڵەکـان و پەپـوولەکـان و چـۆلەکەکـان و بولـبوولەکـان، گـوێیان لە سروودەکەم گرت. کە تەواوم کرد دەستخۆشییان لـێمکرد. داوای دووبارە کردنەوەیان کرد. بۆیانـم دووبارە کـردەوە. بـولـبوولـێکی زیـرەک، دەقـی سـروودەکـەمی لەبـەرکـرد. ئـاوازێـکی خـۆش و بەجۆشی بۆی دانا. بە دەنگە زوڵاڵەکەی بۆمانی چـڕی. چەپـڵەیەکی درێژمان بۆی لێدا.
سـروودەکەم لەسەر زاری ئەو بولبـوولەوە، کەوتە سـەر زاری بە سـەدان بـولـبوول و بە هەزاران چۆلەکە و کەو و باڵـندەی تر. کەوتە سەر زاری بە هەزاران منداڵ و لاو و گەورەساڵان. لە دەیان شار و شارۆچکە و گونـدا بڵاوبـووەوە. گەیـشتە ئەو شارەی کە پاشای ستەمکار و زۆرداری لـێبوو. لەوێش کەوتە سەر زاری هەموو خەڵکی شارەکە.
رۆژێـک پاشا و سەرۆکی وەزیـران و سـەرۆکی پاسەوانەکانی و تـیـپـێکی ئەسپسواری پاسەوانەکانی، بەنـاو شەقامەکانی شارەکەدا گەڕان. روویان لە هـەر شوێـنێک دەکـرد، گـوێیان لە سـروودەکەی مـن بـوو. پاشا بە تـووڕەییـەوە بەسـەر سـەرۆکی وەزیـرانـدا هـاواریکـرد.
پاشـا: جەنـابی سـەرۆکی وەزیـران. بـۆ هـێـشتان ئـەم سـروودە لە شاردا بـڵاوبـێـتەوە؟
سـەرۆکی وەزیـران: پاشـای گـەورەم، دەمی کێ بـگـریـن. منـداڵان و لاوان و گەورەی شارەکەمان، ئـەم سـروودە دەچـڕن.. چی بـولبـوول و چـۆلەکە و کـەو و باڵـندە هـەیە، ئـەم سـروودە دەچـڕن! دەمی کـێـیان بگـریـن؟
پاشا: دەبێت هەر ئەمـڕۆ، بە دوای نووسەری سروودەکە و ئاوازدانەرەکەیدا بگەڕێـن
و بیـان دۆزنـەوە و بیـانگـرن. بە دەست بەستراوی بیـانهـێـنن بـۆ کـۆشکەکـەم. خـۆم دەزانـم کە چـۆن فـەلاقـەیـان دەکـەم و چ سـزایـەکی قـورسـیان دەدەم.
سـەرۆک وەزیـران: پاشـای مـەزنـمـان، کـێ بگـریـن؟ دەڵـێـن بـولـبوولـێک ئـاوازی سـروودەکەی دانـاوە. لە ئـێـستادا بە سەدان بـولـبوول دەیچـڕن.. چـۆن بـزانـین کام بـولـبـوولە و لە کـوێ دایـە؟ چـۆن بـیگـریـن؟! دەشـڵـێـن ئـەو هـۆنـراوەنـووسەی کە ئەم سروودەی داناوە، نـاوی راستیی خـۆی نەنـووسیوە، تەنهـا لەژێـر سروودەکەیـدا نووسیوێتی (ئازادیخـوازێک) ئێمە چـۆن بـزانین ناوی راستیی دانەرەکـەی چـییە و لە کوێـدا دەژی؟ هەمـوو خەڵکی وڵاتەکەشـمان ئازادیخـوازن. کێ بگـرین؟ یان کێ ناڵـێت سـرووددانەرەکە، لە تـرسی گـرتـن و بەنـدکـردن، سەری خـۆی هـەڵـنەگـرتـووە و ئەم وڵاتـەی بەجـێـنەهـێـشـتووە؟
پاشـا: بێـدەنـگـبە و لـەمـە زیـاتـر مـەڕێــسە، ئـەم قـسانە بە گـوێـمـدا ناچـن. لە هـەر شـوێـنـێکی دنیـادا بـن، بیـانگـرن و بیـانهـێـنـن.. ئەگـیـنا سـزای قـورسـتان دەدەم.
لەو رۆژەوە تا ئەمـڕۆ، بە دوای منی سـرووددانەر و بە دوای بـولـبوولی ئاوازدانەری سـروودەکـەمـدا، دەگـەڕێـن و .. دەگـەڕێـن.. بـەڵام نامـانـدۆزنـەوە و.. نامـانـدۆزنـەوە.
دوبـەی: ٢٠٢٦




چـۆن منـداڵەکانتـان فـێری ئـازادی دەکەن.. رەزا شـوان

ئازادی مافـێکی پیـرۆز و بنەڕەتی هەموو مرۆڤـێکە بەبی جیاوازی. بە زگماکی لەگەڵ مرۆڤـدا لەدایک دەبێت و لێسەندنەوەی نییە. ئازادی بریتییە لە توانای مرۆڤ کە خۆی بـڕیار بـدات؛ بەبێ هـیچ دەسـتێوەردانـێکی دەرەکی یان سنووردارکـردنـێک کە لەلایەن کەسانێکی کەوە بسەپێنرێت. ” ئازادی واتە ژیان بە ئاشتی و رێـزگرتن لە هەمـووان”. گەر بە دروستی لە واتای ئازادی تێبگەین و بەکاری بهـێنین، دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێـت بـۆ گەیـشـتن بـە هـیواکانمـان و بـۆ بنـیـاتنـانی جیهـانـێکی باشـتر بـۆ هـەمـووان.
(یـۆهـان ڤـان گـۆتە) دەڵـێت:”هـیچ کەسێک لەو کەسانە کـۆیـلەتـر نـین.. کە بە هـەڵە لـەو بـاوەڕەدان کە ئـازادن”.
فەرهەنگی ئۆکسفـۆردی نوێی ئەمـریکی، بەم شێوەیە پێناسەی چەمکی ئازادی دەکات: “تـوانای مـافی مامەڵەکردن، قـسەکردن، یان بیرکردنەوەی مـرۆڤە بە ئارەزووی خۆی، بەبێ بەربەست و سنووردارکردن”. ئازادی یەکـێکە لەو مافە گـرنگانەی کە دەتـوانـین بیگـوێـزینەوە بـۆ نەوەکـانی داهـاتـوومان.
ئازادی چەمکـێکی گـرنگە، دەکـرێت بـۆ تـێگەیشتـنی لەلایەن منـداڵانەوە قـورس بێـت.
ئاسان نـییە کە منـداڵان بە ئاسانی لە چەمـکی ئازادی تـێبگەن، چونکە ئازادی شتێکی فـیزیکی نییە، کە دەست لێبدرێت یان بـۆن بکرێت یان ببینرێت. پێویستە بە شێوازێکی ئاسان و بە زمانێکی ساکار ئـازادی بۆ منـداڵان روونبکـرێتەوە. تا بتوانن لە واتا و لە گرنگی و لە سـوودەکانی ئازادی تـێبگەن و لە ژیـانی رۆژانەیـانـدا، پـراکـتـیکی بکەن.
یەکـێک لـە مـافـە دانـپـێــنراوەکـانی منـداڵان:”مـافی پاراسـتـن و چـاودێـری و ئـازادی رادەربـڕیـن و بـۆچـوونەکانیانە،…” کەواتە ئـازادی بۆ منـداڵان مافـێکی دانـپـێـنراوە، لەلایەن کۆمەڵەی نەتەوە یەکگـرتـووەکانەوە. هـەرەزۆری وڵاتـانی جیهـانیش واژۆی ئەم بـڕیارەیان کـردوون. یەکـێک لەو مافـانە، هەمـوو منـداڵـێک مـافی ئـەوەی هـەیە، بە ئازادی بیروڕای خۆی لەسەر هەموو بابەتەکانی تایبەت بە ژیانی خۆی دەربـڕێـت.
یەکەم شوێن بۆ ئەوەی منداڵان فـێری چەمکی ئازادی بکرێن، خـێزانەکان و ماڵەوەن. دایـکان و باوکان دەتـوانن بە پـراکـتـیزەکردن، چەمکی ئازادی و مـۆدێـل و نـموونەی ئـازادی فـێری منـداڵەکانیان بکەن. گەلـێک بـۆنـەی نـیشــتمانی و نەتەوەیـیـمان هەیە، گەلێک سـروودی نـیشـتمانی و هـۆنـراوە و چـیرۆکـمان بۆ منـداڵان هـەیە، کە باس لە ئازادی دەکەن، دەکرێـت دایکان و باواکان بیانـقـۆزنەوە و لە میانەیانەوە، بە زمانێکی ساکـار و شـيریـن و بـە شـێوازێـکی ئاسان، باسی ئـازادی بـۆ منـداڵەکـانیـان بـکەن.
پێدانی ئازادی بە منـداڵەکانـان، بۆ گەڕان بە دوای بیرکردنەوە وبـۆچـوونەکـانیـانـدا، بەشـێکی سـەرەکـییە بـۆ یارمەتیـدانی گەشەکـردنیـان.
چـەمـکی ئـازادی، لە خـێـزانێـکەوە بـۆ خـێـزانـێکی تـر، جیـاوازییەکی زۆری هـەیە.
خـێزانی وا هـەیە، کە هـەمـوو شـتـێکـیان لە منـداڵەکـانیـان کـردوون بـە “بـڤـە” یە.

چـانـدنی بنـەمـاکـانی ئـازادی، لە منـداڵانی بچـووکـدا، لەسەری رادێـن، لە ئەمـڕو لە داهـاتـووشـدا، دەقی پێـوە دەگـرن و کاردانەوەیەکی ئەرێـنی جـوان و باشیان دەبێـت.
گرنگە کە منداڵەکانتان فـێری ئەوە بکەن، کە ئازادی بریتییە لە توانای بیرکردنەوەی سەربەخـۆ. ئەمەش واتە توانای بیـرکـردنەوەی خـۆیان و بـڕیاردانە لەسـەر بنەمـای ئەوەی، کە پێـیان وایە، بڕیـاری دروستـیان داوە، کە زادەی هـۆش و بیـرکـردنەوەی خۆیـانە. نەک تەنهـا شـوێـنکەوتـنی ئـەوەی کەسانی تـر دەیـڵـێـن.
گەورە پەروەردەکاران و پـسـپۆرانی گەشـەپێـدانی منـداڵان، کـۆکـن لەسەر ئەوەی کە منـداڵان پێویستییان بە ئازادی و بە سەربەخۆیی هەیە. بۆ ئـەوەی بە دروستی گەشە بکەن. تا دەرفـەتی زیاتریان هەبێت بۆ بـڕیاردان و بۆ چارەسەرکردنی کـێشەکانیان و هـەڵگـرتنی بەرپـرسـیارێـتـییەکی زیـاتر، لـێهـاتـووتـر دەبـن و لە بـڕیـارەکانـیشـیانـدا متمانەیەکی زیاتریان بە تواناکانی خۆیان دەبێت، زیاتـریش پشت بە خۆیان دەبەستن.
لە سـوودەکانی ئازادی بـۆ منـداڵان:
١ـ ئـازادی بـۆ منـداڵان، دەرفـەت پـێـدانـیانە بـۆ گەڕان بـە جیهـانی دەوروبـەریـان و فـێربوون و گەشەکردن، لە رێگەی ئەزموون و پراکـتیکەوە، منداڵان خۆیان دەناسن
و لە جیهـان تێـدەگەن. رێگەی ئەوەیـان پێـدەدات بە شـۆیەکی جیهـانی بـیربکەنەوە.
٢ـ پـەرەپـێـدانی هـاوسـۆزی و لـێـبـووردن و رێـزگـرتـنـیان بـۆ ئـەوانی تـر دەبـێـت.
٣ـ ئاسـۆی بیـرکـردنەوە و ئەنـدێـشەی منـداڵان فـراوانـتر دەکـات.
٤ـ ئامادەکردنی منداڵان بۆ رووبەڕووبوونەوەی، ئاستەنگییەکانی ژیانی راستەقـینەیان.
٥ـ دەرگای گڤتوگۆی هۆشیاری شارستانی و بەشداریکرد لە کۆمەڵگادا بۆیان دەکاتەوە.
٦ـ هانیان دەدات بەرپرسیارێتی لە کردار و بیرکردنەوە و بڕیارەکانیان لە ئەستۆ بگرن.
٧ـ منـداڵان فـێری رەخـنەگـرتـن دەبـن و بـە ئـازادی را و تـێـبـیـنی و بـۆچـوونـەکـانیـان دەربارەی ئەوبابەتـانەی دەیانخـوێـنـنەوە یان گـوێیان لێـیان دەبێـت یان دەیـان بـینن. بۆ نمـوونە، کە هـۆنراوەیەک یان چـیرۆکـێک دەخـوێننەوە یا گوێیان لـێیان دەبێـت، یان کە فـیلـمێکی ئەنـیمەیـشن بۆ منـداڵان دەبـیـنن، لـێـیان بپـرسـن، بە ئـازادی بـاس لە لایەنی باش و خـراپـییـان بــکەن.
٨ـ باوەڕی متـمانە بەخـۆبـوون و توانای بیرکرنەوە و بڕیاردانی منداڵان بەرزدەکاتەوە.
٩ـ ئـازادی وا لـە منـداڵان دەکـات، پـەرە بـە خـولـیا و بەهـرە و تـوانـاکانیـان بـدەن، تا ببـن بە تـاکی سـەربـەخـۆی داهـێـنەر.
١٠ـ ئازادی کلیلی پەروەردەکردنی ئەو منداڵانەیە، خۆیان بیردەکەنەوە و بڕیاردەدەن.
١١ـ منـداڵان فـێری ئەوە دەبـن، پەنـد و وانە لە هـەڵەکانیان وربگـرن، فـێریش دەبن چـۆن راسـتـیان دەکەنەوە.
منداڵەکانتان فـێری ئەوە بکەن کە ئازادی بەشێکی گرنگە لە ژیانی رۆژانەیاندا، بەڵام لەگەڵ ئازادیدا بەرپرسیارتیـش دێـت. ئازادی رەهـا نییە و سنووریشی هـەیە. پێویستە ئەوەش بۆ منداڵەکانتان روون بکەنەوە، کە چـێژ وەرگـرتن لە ئازادی بەو مانایە نییە کە هـەرچـییەکـیان بوێـت، بەبێ رەچـاوکـردن و گـوێـدان بە یاسـاکانی ئـازادی بـیکەن. منـداڵان دەتـوانـن بە ئـازادی گوزارشـت لە بـۆچـوونەکـانیان و لە بـیرکـردنـەوەکـانیان بکەن. لە هەمان کاتـدا دڵنیابـن لەوەی کە سنووری ئازادییان نەبەزانـدوون و پێشێـلی ئازادی کەسانی تریان نەکردوون و ئـازاریای نەداون و هـەستیان بریندار نەکردوون و بێڕێـزیان پێنەکردوون. بۆ نموونە قوتابی لە پـۆل لە قوتابخانەدا، دەتـوانێت بە ئازادی گۆزاشتکردن لە بیر و بیرۆکەکانئ خۆی بکات. بەڵام پێویستە گوێش لە بۆچوونەکانی هاوڕێ هاوپۆلەکانیشی بگرێت و رێزیان لێبگرێت، تەنانەت ئەگەر روانین و بۆچوونی جیـاوازیـشیان هـەبێت. ئەمـەش ئـەوەی بـۆ دەردەخـات، کە ئـازادی هـاوسـەنگکـردنی مافـەکانی خـۆی لەگەڵ مافـەکانی ئەوانی تر دایە. پێویـستە منـداڵەکانتان فـێربکەن، کە جیـاوازی بـیروڕا بەو مانـایە نیـیە، کـە بەرانبـەرەکانتـان بە هـەڵـە بـزانـن، تەنیا لەبەر ئـەوەی کە هـاوڕاتـان نیـن، بەڵکو بـەو مانـایەیە، کە ئەوان دیـدگای جیـاوازیان هـەیە.
منـداڵانی ئـازادی پەروەر، پێـویـستە ئـازادی خـۆیـان بە شــێوەیەک بەکـاربهـێـنـن، کە رێـز لـە شکـۆداری خـۆیـان و لە شـکـۆداری ئـەوانی تـر بگـرن.
فـێرکردن و راهـێنانی منـداڵان لە تەمەنێکی بچـووکەوە، بۆ تێگەیـشتن و رێـزگـرتن لە ئازادی، ئامادەیـان دەکات بۆ ئەوەی ببـنە تاکـێکی متـمانە بەخـۆبـوون و بەرپـرسیار و میهـرەبان. هـەریەکە لە دایکان و باوکان و دادەکانی باخچـەی منـداڵان و مامۆسـتایانی قـوتابخەنە بنەڕەتییەکان، رۆڵـێکی گرنگ و کاریگەریان لە چانـدن و لە فـێرکردنی ئەم بەهـایەدا هـەیە. بە شێوەیەکی کـردەیی و گونجـاو لەگەڵ تەمەنـیان. چونکە منـداڵان بە کـنجکاوی لەدایک دەبـن. تامەزرۆی دەربـڕیـن و دۆزینەوە و خۆسەلـمانـدنن. ئازادـیش پشتگیری لەم ئارەزووە زگماکییەی ئەوان دەکات، بۆ فێربوون و بڕیاردان و پێکهـێنانی ناسـنامەی خـۆیـان. بـەڵام ئـازادی منـداڵان بەبێ رێـنـمایی و ئاراسـتەکـردن، دەتوانـێـت ببـێـتە هـۆی سەرلـێـشـێـوان یان رەفـتاری نائـازادی و ناپـارێـزراو. بۆیـە چـارەسەر لە فـێرکـردنی ئـازادیـدا، ئـەوەیە کە ئـازادی و بەرپـرسـیارێـتی شـان بە شـانی یەکـتـربـن.
گـرنگە ئـێـوەی دایـکان و بـاوکان،. لە رێـگەی نمـوونەی رۆژانـەوە، ئـەم چەمکەیـان فـێربکەن. ئەمـەش دوو نمـوونـەنی ساکـارن:
“تـۆ ئازادیـت لە هەڵـبژاردنی چـیرۆکی پێـش خەوتـنـت. بەڵام دەبێـت لە کاتێ خۆیـدا بخـەویـت”.
“دەتوانیت هاوڕێکانت بانگهـێـشت بکەیت، بەڵام دەبێت ژوورەکەت پاک بکەیتەوە”.
ئەمەش رووانگەیەکی ئەرێنی و راستەقینەیە، بۆ ئەوەی منداڵان فـێربن، کە ئازادی و بەرپرسیارێتی پـێکەوە دێـن. بەبێ ئـەوەی رێـسا و یاساکانی ئازادی پـشتگـۆی بخەن.
پێویستە دایکان و باوکان و دادەکان و مامۆستاکان، نموونە و پێشەنگ و سەرمەشقی ئـازادی بـن، تا منـداڵەکانیان و قـوتاببەکانیان لـێـیانەوە فـێربـن و چاویـان لـێـیانبـکەن.
تێـبـینی: لە (٦/ مـای/ ٢٠٢٤) دا، ئەم نووسینەم “گرنگییەکانی ئازادیی دەربـڕیـن بـۆ منـداڵان” لە چەند سایـتێکـدا بـڵاوکـراوەتەوە.
دوبـەی: ٢٠٢٦




هـۆنراوە بـۆ منـداڵان/ خـەونــــەکـانـم.. هـۆنـراوەی: رەزا شـوان

خـەونـەکـــــــانـم جـیـــــــاوازن
پـڕ لـە هـــــیـوا و لـە نـیــــازن

  • * *
    مـن دەبـــــم بـە کـەشـــــتـیـوان
    گەشـتـێـک دەکـەم بـۆ ئاسـمـان
  • * *
    بـۆ ســـەر گــڕەهـــــــــەســارە
    شـــــەوان گـەشــــە و دیــــارە
  • * *
    ئـــاڵای کوردســــــــــتـانـەکــەم
    لـە ســەریـدا هــەڵـــــــــدەکــەم
  • * *
    پـەیـــامی ئـاشــتی کـــــــوردان
    دەنـــێـرم بـۆ گــشــت گـــــەلان
  • * *
    بـەر لـە رووسـیـا و ئـەمــریـکـا
    کـوردێــک ئـەم گـەشـــتـە دەکـا

(*) گڕەهەسارە (بـارام): مەریـخ ـ مارس ـ هەسارەی سوور.

بۆ گۆڤـاری (خاڵخاڵـۆکە) م نارد لە ( ١/ ئۆکـتۆبـەر/ ٢٠٢٥) ئامانج شارباژێڕی.




شیعر بۆ منداڵان/ جەژنی بەفر.. زیاد ڕەشاد قادر

بەم زستانە
لەم کوێستانە
بە ئەسپایی
وا داباری
بەفری جوان بەدەم سەماوە
… … …
خاک سپیپۆش
بەزمێكی خۆش
جەژنی بەفرە
چێژ وەربگرە
قەت دونیا وا نەخەمڵاوە
… … …
وا هاوڕێیان
لە گۆڕەپان
کۆمەڵ کۆمەڵ
شەڕەتۆپەڵ
گەرم دەکەن بە هەراوە
… … …
دیە و کارین
وا دابارین
بەسەر یەکتر
شەڕە بەفر
نییە دۆڕاو و براوە
… … …
لە خوێندنگە
من و شەنگە
شیرین شیرین
ستران دەچڕین
لە خۆشیی بەفر و سەرماوە.

زیاد ڕەشاد قادر/ هەولێر




چـیرۆک بۆ منـداڵان.. گەردەلـوول و داربـەڕوو.. نووسـینی: رەزا شـوان

رۆژێـک گەردەلـوولـێکی تاریـک و رەش، لە بـیـابانەوە بەرەو کوردسـتان هـەڵـیکـرد. زیـانـێکی زۆری بەو شـوێـنانە گەیانـد کە لەسەر رێـگای بـوون. رەشـەبایەکە مـلی بە کـۆمـەڵـێک داربـەڕووەوە نـا. رووی دەمـی لـە پـیرە داربـەڕوویـەک کـرد و قـیژانـدی: ئـەوە بـۆ رێـتـان پـێـگـرتـووم؟
پیـرە داربـەڕووەکە: ئـێرە شـوێـن و خـاکی ئـێـمەیە، تـۆی نـامـۆ مـلـت پـێـوەنـاویـن و شـەڕمـان پـێـدەفـرۆشـیـت.
گەردەلـوولەکە، لە دوای مانـدووبـوونێکی زۆو، بەسەر پـیرە داربـەڕووەکەدا هـاواری کـرد: تـا زووە ریـگاکـەم بـۆ چـۆڵ بـکەن، ئەگەر نـا لە رەگـەوەوە هـەڵـتان دەتـەکـێـنم.
پـیرە داربـەڕووەکە بە دەنگـێکی دلـێرەوە: ئـێرە نیـشـتـمانی هـەزاران ساڵەی ئـێـمەیە. هـەرگـیز جـێی نـاهـێـڵـیـن. لـە هـەڕەشـەی تـۆی بـەدکـار و سـتەمـکـاریـش نـاتـرسیـن. گەردەلـوولی لە تۆ گەورەتـر و بەهـێزتـر و پـیستر ملـییان پێوەنایـن، بەڵام نەیانتـوانی هـەڵـمان کـەنـن.
گەردەلـوولەکە زۆر تـووڕە بـوو، بە هـەمـوو گـوڕ و تـوانـایەوە، دڵـڕەقـانە دەستیکـرد بە راوەشانـدنی داربەڕووەکان. بەڕووەکانیانی وەرانـد، گەڵای بە دارەکانەوە نەهـێشت، لـقـوپـۆپی زۆریـانی شکانـدەوە و رایـماڵـین. بـەڵام هـەرچەنـدی کـرد، نەیتـوانی قـەدی داربـەڕووەکان بە ئاستەمیـش بجـووڵـێـنـێـت. زۆر بێ بەزەیـیانە، هـێلانـەی بـە سەدان بـاڵـنـدەی رووخـانـد. باڵـنـدەکـان لانـەواز و سـەرگـەردان بـوون.
گەردەلـوولـەکە لەبـەردەم خـۆڕاگـریی داربـەڕووەکـانـدا، بـەزی و بەسەر شـۆڕی ئـەو
نـاوەی چـۆڵـکـرد. داربـەڕووەکـانیـش سـەربـەرزانـە، لـە جـێگـای خـۆیـانـدا مـانـەوە.
بەهـاتنی وەرزی بەهـار، داربـەڕووەکـان لـقی تـازەی ناسک و گـەڵایـان کـرد. بـەڕووە وەریـوەکـانیـش، لە شوێنەکانی خۆیانـدا شـینبوون و بـوون بە نەمامی ناسک و جـوان.
بە جـارێ ئـەو نـاوە بـوو بە بەڕووسـتان. بـاڵـندەکـانیـش گـەڕانـەوە. لەسـەر لـقەکـانی داربەڕووەکاندا، هـێلانەی جوانتریان دروستکـرد. ژیانێکی نـوێیان دەستپێکـرد.




چـیرۆک بـۆ منـداڵان/ سـەرکەوتـنی چـۆلەکەکـان.. نووسینی: رەزا شـوان

لە گوندێکی جـوان و قەشەنگ، لە نزیک شاری کەرکووک، لە باشووری کوردستان؛ کـۆمەڵێک چـۆلەکە دەژیـان. لەژێـر گـوێـسوانەی خانـووەکانـدا، هـێـلانەیـان کـردبـوو. بەیـانیـان زوو لە خـەو هـەڵـدەسـتان، لەگـەڵ مـریـشکەکەنـدا چـیـنەیـان دەکـرد و تـێر دانیـان دەخـوارد. لە کـانـیـیەکەی نێـو چـەمـەکەی نـزیـک گـونـدەکـەشـدا، تـێـر ئـاوی شـیریـن و ساردیـان دەخـواردەوە. بـە خـۆشی و بـە شـادی دەژیـان.
چەمەکە جـێژوانی رۆژانەی چـۆلەکەکان بوو. لەسەر لـقـوپـۆپی دارەکاندا دەنیـشتنەوە. یارییان دەکـرد و یەکـترییان راودەنـا. بە جـریـوەجـریـوی خـۆشیان، خۆشی و شادییان دەخـستە دڵی خـەڵـکی گـونـدەکەوە. خەڵـکی گونـدکەکەش، منـداڵان و گەورەساڵانـیان، چـۆلەکەیـان زۆر خـۆشـدەویسـت. بە تایبـەتی منـداڵانی گـونـدەکە، زۆر رقـیان لە فـاقە و لە داو و لە دارلاستـیک و لـە تـۆڕ دەبـووەوە.
رۆژێـک کـۆمـەڵـێک قـەلـەڕەشی نـامـۆ، کـە لـە بـیـابـانەوە هـاتـبـوون، دایـان بەسـەر چـەمـەکـەدا. ئـازاێـکی زۆری چـۆلـەکـەکـانـیـان دا و چـەمـەکـەشـیـان لــێـداگـیرکـردن.
چۆلەکەکان زۆر دڵتەنگ بوون. بە شەرمەزارییەوە ئاو و دانی گوندەکەیان دەخوارد.
دامـابـوون و بـیریـان لـە چەمـەکـەیــان دەەکـردەوە.
رۆژێـک گـەورەی چـۆلـەکـەکـان، بـانـگی هـەمـوو چـۆلـەکەکـانی کـرد و پـێـیـانی وت: خوشک و بـراکـانـم، بە خـەم و دڵـتەنگی، بە بێـدەنگی و تـرس، هـیچـمان پـێـناکـرێـت. بە هـەر نرخـێک بـێـت، دەبێـت چەمەکەمان لەو قـەلەڕەشە داگـیرکەرانە رزگاربکەیـن.
چـۆلـەکەیـەک: جـا ئـێـمە چـیـمـان پـێـدەکـرێـت؟
چـۆلەکەیـەکی تـر: قـەلـەڕەشـەکـان لە ئـێـمە گـەورەتـرن. خـاوەنی دەنـووکی گـەرە و چـڕنـووکی بەهــێـزن! ئـێـمە لـەهـەقـیان نـایـەیـن.
چـۆلەکەیەکی تـر: بەڵام ئەوان داگـیرکەرن و ئێـمە خاوەنی راسـتەقـینەی چەمەکەیـن. نابـێـت لـێـیـان بـتـرسیـن و بـێـدەنـگ دابـنـیـشـیـن و هـیچ نـەکـەیـن.
گەورەی چـۆلەکەکـان: دەمخـۆش، ئەگـەر بـترسـین، هـیچـمان پـێـناکـرێـت. راستە کە ئـەوان لە ئـێـمە گەورەتـر و بەهـێزترن، بەڵام گەر یەکـبـین، دەتـوانـین رووبەڕوویان بـبـیـنەوە و لە چەمەکەمـان دەریـان بکەیـن. ئـەوان پانـزە قـەلەڕەشـن. ئـێـمە سـەد و پەنجـا چـۆلـەکەیـن. دەبـین بە پانـزە گـرووپەوە، هـەر گـرووپـێکـمان لـە دە چـۆلـەکە پـێکـدەهـێـنـیـن. لـە بـەرەبـەیـانـدا هـێـڕش دەکـەیـنـە سـەریـان. هـەر گـرووپـێکـمـان، پەلامـاری قـەلـەڕەشـێک دەدەیـن.
چـۆلەکەیەک: مـن ئامادەم لە پـێـناوی رزگارکـردنی چەمەکەمانـدا، خـۆم بەخـت بکەم.
هـەمـوو چـۆلـەکەکـان، بـە یەکـدەنـگ: هـەمـوومـان ئامـادەیـن.
گەورەی چـۆلەکەکـان: هـەر بـژیـن. ئـەم یەکـدەنگی و یەکـهـەڵـوێـستـیـیەمـان مایـەی سـەرکەوتـنـمـان دەبـێـت.
لە بەرەبەیـانی ئـەو شـەودا، چـۆلەکەکـان بـەرەو چەمەکەیـان هـەڵـفـڕیـن.. لە هەمـوو لایەکـەوە هـێڕشـیان کـردە سەر قـەلەڕەشـەکـان.. تا قەلەڕەشێک دەنـووکێکی دەگـرت، چـۆلەکەکـان دە دەنـووکـیان لـێی دەگـرت. زۆری پـێـنەچـوو، قـەلـەڕەشـەکان بەزیـن و هـەڵـفـڕیـن. لە کـوێـوە هـاتـبوون، روویـان لەو شوێـنە کـردەوە. چـۆلەکەکان راوایـان نـان.. تا بە تـەواوی لـە سـنووری خـۆیـان دەریـان کـردن.
ئـیـنجا بە خۆشی و بە سەربەرزیـیەوە، گەڕانـەوە بـۆ چەمـەکەی نـیشـتـمانی خۆیـان و نـیـشـتـمانی هـەزاران ساڵەی باپـیران و داپـیرانیان. بە گەرمی پـیرۆزباییان لە یەکتری کـرد و ئـاهـەنـگی سـەرکـەوتـن و رزگـارییـان سـازکـرد.




سـیـمبـولـیزم لە چـیرۆکی منـداڵانـدا.. رەزا شـوان

هـێـماسازی”سـیمـبولـیزم” شـتـێکە گوزارشـت لە شـتـێکی تر دەکـات. شـتەکان، وێنـە، نـووسـراو، دەنگ یان هـێما و نیـشانەی تایبەتـن کە نـوێنـەرایەتی شـتـێکی تـر دەکـەن. وشەی سـیمبول، لە وشەی”سیـمبـۆلـۆن”ی یۆنانی کـۆنەوە وەرگیراوە ە. لە لە زمانی فەرەنـسیش “سیـمـبول” بەکـارهـێـنراوە. لە ساڵی (١٦٥٠) دا، بـە پـراکـتـیکی پـێـدانی شێوازی هـێمایی شتەکان سەریهـەڵدا. سیمبول واتای”هـێمـا، نـیـشانە، وشەی نهـێـنی، مـۆڵەت” دەگرێتەوە. هـێـما شتـێکە لە دەرەوەی واتـای خۆی واتایەکی تر دەگەیەنێـت.
لە ساڵی ” ١٨٩٢” دا، سـیمـبـولـیزم، وەک بـزووتـنەوەیـەکی وێـژەیی، لـە فـەرەنـسادا بڵاوبووەوە. لەو ساڵەوە “سیمبول، سیمبولیزم” بوون بە دوو وشەی وێـژەیی جیهانی.

لەوانەیە هەسـتی پـێنەکەیـن، کە لە ژیـانی رۆژانەمانـدا، نەک تەنها لە وێـژەدا، رۆژانە تـووشی سـەدان هــێمای جـۆراوجـۆر دەبـین. کە واتـەیـەکی تـریـان هـەیە. بـۆ نمـوونە وێنەی پیتی (پی) شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلە، پیتی (ڤی) واتای سەرکەوتـن دەگەیەنێـت. وێنەی (فـرۆکە) ی سەر تابـلـۆی شەقـامەکان، واتـای رێـگای فـڕۆکەخـانە دەگـەیەنێـت.
پـێناسەی سـیـمبـولـیزم لە وێـژەدا:

سـیمبـولـیزم وەک بەرزترین شێوەی خەیـاڵ، یەکێکە لەو میکانیـزمە هـونەرییانەی کە زۆرتـرین جـار، لە دەقـە وێـژەیـیە جـۆراوجـۆرەکـانـدا بەکـاردەهـێنـرێـت. سـیـمبـولـیزم
بـریـتییە لە ئـامـراز و لە شـێوازێکی وێـژەیی بەهـێز، کە تێـیدا هـێماکان بۆ نـیشانـدانی بیـرۆکەی قـووڵ و ستایـشە جیاوازەکان لە مانـای وشـەکانی خۆیـان بەکـاردەهـێنرێـن. لـەوانەیە مانـایەکی شـاراوە، لەنـاو ئـەم هـێـمایانەدا بـدۆزینـەوە.
هـێماکان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن، لە داڕشتنی بابەتەکان و گەشەپێدانی کارەکتەرەکان و شـوێـن و ئاشکـراکـردنی پـاڵـنەر و پەیـامە بنـەڕەتـیـیەکـان.

نووسـەران دەتـوانـن لە رێـگەی بەکـارهـێـنانی هـێـماکانەوە، بە پـوخـتی گـوزارشـت لە بیـرۆکەیەکی قـووڵتر و لە هـەست و لە تەوەرە ئاڵـۆزەکان و لە چەمکە ئەبـستراکتەکان بکەن. لە دەرەوەی مانای وشەکانی خۆیان. لە بـری ئەوەی، کە بە روونکـردنەوەیەکی درێـژ روونیـان بکەنـەوە. هـێما لـە کـولـتوورە نەریـتە وێـژەیـیە جـۆراجـۆرەکـانـدا، بـۆ دەربـڕیـنی بـیـرۆکەی ئاڵـۆزەکـان بەکـارهـێنراون. سـتراتـیژی هـێـماکـان دەتـوانێـت بـە چاوخـشانێک زۆر شت بگەیەنێـت و بەربەستەکانی زمـان تـێـپەڕێنێـت. تێگەیـشتن لە هـێـماسازی لـە وێـژەی منـداڵانـدا، زۆر گـرنـگە. پێـویـستی بـە قـووڵـبوونـەوە هـەیە.
گرنگـییەکانی هـێماسازی لە وێـژەی منـداڵانـدا:
سیمبولیزم لە وێـژەی منداڵانـدا، تەنیا بۆ کات بەسەربـردن نییە. سیمبولـیزم لە وێـژەی منـداڵان، سەرەڕای رووکەشبوونی بیـرکردنەوەی منـداڵان و ئاگادارنەبـوونیان لە واتا نیـشانەییەکان کە لە دەقەکانـدا هـەن. بەڵام خەیاڵیان سەرقـاڵ دەکەن بۆ بیرکـردنەوە و تێگەیشتن لە واتا شاراوەکانیان. ئەو منداڵانەی کە لە ژینگەیەکی خوێندنەوەدا پێبگەن و لەلایـەن دایـکان و بـاوکـانیانـەوە هـانبـدرێـن، دەتـوانـن لـە هـێـماکان و لـە پەیـام و مەبەستەکانی چـیرۆکەکان یان هـۆنـراوەکانی بـۆ منـداڵان تـێبگەن و لێکـیان بـدەنەوە.

هـێما زۆر زیـاترە لـەوەی کە تەنهـا شـێـوزاێک بێـت بـۆ گـێڕانەوەی چـیرۆک. بەڵکـو دەروازەیـەکە، یارمەتیـدانی منـداڵان دەدات، بـۆ تـێگەیـشتـنـێکی قـووڵـتر، لە بیـرۆکە قووڵە ئاڵـۆزەکانی ژیـان و لە چەمکە ئەبستراکتەکان. منداڵان لە رێگەی هـێماکانەوە، بە رێگەی نوێ و قـووڵتر لە جیهانی دەوروبەریان دەڕوان و پێی ئاشنادەبن. هـێماکان رۆڵـێکی گرنگـییان لە گەشەکـردنی زانستی و لە سـۆزداریی منـداڵان هـەیە. هـێـماکان چیرۆکەکانی منداڵان، جوانتر و شیرینتر و سەرنجڕاکێشتر دەکەن. هـانی بیرکردنەوەی رەخـنەییـان دەدەن.
بەکارهـێنانی سیمبـولـیزم، لە چـیرۆکی منـداڵانـدا، یارمەتیان دەدات بۆ هەستکردنێکی زیاتر و بۆ فـراوانکـردنی ئاسۆی خەیاڵـیان و بۆ زاخـاودانی بیـر و هـۆش و هـزریان. هەر چـیرۆکێکیش لە وێـژەی منداڵانـدا، پەیامێکی: رەوشتی، کۆمەڵایەتی، نـیشتمانی، مـرۆڤـایەتی لەخۆگرتـووە. بە زۆری چـیرۆکی فـۆلکلۆریی کوردی بۆ منداڵان، لەسەر هـێما داڕێـژراون. هـێماکانیش، ئاژەڵ و باڵـندە و دارودرەخت و گوڵ و مێروو و شتی گـیانـدار و بێ گـیانی دیـکەن، کـە لـە ســروشـتی جـوانی کـوردسـتانـدا هـەن، وەک:
(شاخ، کانی، کەو، ئاسکە، گورگ، رێـوی، چەقـەڵ، مەڕ، داربەڕوو، نـێرگز،… هـتد)

هـێماکان بیرکردنەوەی رەخـنەیی بـەرەو پێـشەوە دەبەن. هـانی منـداڵان دەدەن، کە بە قووڵییەوە لە دەقەکان بڕوانن و فێری شیکردنەوە و لێکدانەوەی بیرۆکە ئاڵۆزەکان و مـانـا بنـەڕەتـیـیەکـانیـان بـبن. فـێـریـان دەکـەن بە تـێـڕوانـیـنێـكی وردتـر، لـە پەیـامـە قـووڵـەکانی چـیروکەکان بـڕوانـن. بۆ نمـوونە: لە چـیرۆکی “دارە بەخـشـندەکـە”، دار هـێمایە بۆ خۆشەویستی و قوربانیدانی بێ بەرامبەر. یان چیرۆکەهـۆنراوەی (رێوی و کەڵەشـێر) ی بیـرمەنـدی کوردمـان پیـرەمـێـردی نەمـر. رێـوی، هـێـمایە: بـۆ مـرۆڤی زمـان لـووس و فـێـڵـباز و خـەڵـەتـێـنەر. کـە دەیـەوێـت لـەژێـر پـەردەی ئـایـین و بـە روواڵەت پیاوچاک و تۆبەکار، کەسانی دڵپاک و خۆشباوەڕ بخەڵەتێنێت و تەفریان بدات. بەڵام ئەم کەسانە، ناسراون و ناوزڕاون، خەڵکی دەیـانناسن و شارەزان لە فـێڵ و نیاز ناپاکیان و باۆەڕیـان پێیان نییە. کەڵەشـێریـش وەک هـێـمایەکە، بـۆ کەسـانی وریـا و ژیـر و پەنـدوەرگـرتـوو.
نمـوونەیەکی مـۆدێـرنی چـیرۆکەهـۆنـراوەی هـێـمایی کوردیتـان بۆ باس دەکەیـن، کە کورتە چیرۆکەهـۆنـراوەیەکی، هـۆنـراوەنووس و چـیرۆکنووسی گەورەی گەلەکەمان، کاک (لـەتیـف هـەڵـمەت)ە، لەژێـر نـاوی (پـیرەمـێردێـک)، ئەمـە دەقـەکەیـەتی:
پـیـرەمـــــێـردێ
چـووە قـوتـابخـانـەی گـونـدێ
لـە حـەوشـــــــەدا راوەســـتـا
دەوریـــان لـێــدا مـامـۆســـتـا
هـا خـاڵـە گـیـان
چـیـت گـەرەکـە خــاڵـە گــیـان
پــیـرەمـێـردی بـەســتـەزمـان
کـە لاواز بــوو وەک گـۆچـان
وتی تـوخـوا مامـۆسـتا گــیان
فــێـرم نـاکـەی چـۆن بـنـووسـم کـوردسـتـان
هـەڵـمەت لەم کورتە چـیرۆکەهـۆنـراوەیەیـدا بـۆ منـداڵانی کورد، پیـرەمـێردی کـردووە بە هێما. نەخوێندەوارێکی تامەزرۆ و شەیدایەکی فێربوون و نووسینی “کوردستان”ە. لە رێگای ئەم پیرەمێردەوە، دەیەوێـت، پەیـامی کوردستان پەروەری و خۆشەویستی و هـاوبەستەبـوون بۆ کوردستان، لە دڵی منـداڵانی کوردمان بـڕوێنێـت. کە نەوەی ئەمڕۆ و داهـاتووی کوردستانن. مامۆستاش هـێمای فـێرکرن و پەروەردەکردنە. قـوتابخانەش هێمای شوێنێ پەروەردە و فێربوون و زانینە. بۆیە پیرەمیردەکەی بردووەتە قوتابخانە.
هـانـدانی منـداڵان بۆ دەستنیشانکـردن و تێگەیشتن و لێکـدانەوەی هـێماکان، دەتوانێت، ئەزمـوونی خوێنـدنەوەیـان زۆر بـەرزبکاتەوە.
لە چـیرۆکی منـداڵان، هـێماکان چەنـدین شێوەی جیاوازیان هـەیە. هـەریەکەیان چـێژ و تامـێکی نـاوازە بە چـیرۆکەکە دەبەخـشـن.
چەنـدیـن هـێـمای گـەردوونی هـەن، کە هـەمـان مـانا لە سەرانـسەری کولـتوورەکانـدا هەڵـدەگـرن. وەک لە هەمـوو جیهانـدا “دڵ” هـێـمای خـۆشەویـستییە. سێ رەنگەکانی چـرای هـاتـووچـۆ “تـرافـیک لایـت”، “سـوور” بۆ وەستان، “زەرد” بۆ ئامادەبـوون، “سـەوز” بـۆ رۆیـشـتن.
بۆ نموونە ئەمانە، کۆمەڵێک رەنگ و گوڵ و ئاژەڵ و باڵـندە و شتەکانی دیکەن، وەک هـێما بەکاردەهـێنرێـن و گوزارشت لە شتێکی تر دەکەن یان واتایەی شاراوەیان هەیە:
رەنـگەکـان:
سـپی: هـێمای دڵـپـاکی، بـێـتاوانی، ئاشـتی. خـۆبەدەسـتەوەدان
رەش: هـێمای ماتـەمـیـنی، مـردن، خـراپە، نهـێـنی. خـەمبـاری
سـوور: هـێمای سـۆزداری، خۆشـەویستی، مەتـرسی. تـووڕەیی، ورووژانـدن
سەوز: هـێمای سـروشت، گەشـبینی، هـیوا، گەشەکردن، بەپـیتی، سامان، ئیرەیی
زەرد: هـێـمای خـۆر، هـیوا، گەشبینی، سامان، شادی، ئاگاداری، نەخـۆشی، ترس.
شـین: هـێمای ئـارامی، دڵـتەنـگی، سـەقـامگـیری
پەمـەیی: هـێـمای خـۆشـەویـستی، جـوانی
ئاژەڵەکـان: پانتایەکی زۆریـان وەک هـێما، لە چیرۆکەکانی منـداڵان گـرتـوونەتەوە.
شـێر: هـێمای ئازایـەتی، هـێـز، شاهـانە، سەرکـردایەتی
سـەگ: هـێـمای بەئـەمـەکی
رێـوی: هـێـمای فـێـڵبـازی، زۆرزانی، هـەڵخـەڵـەتـانـدن
گـورگ: هـێمـای دڕنـدەیی، چـاوچـنـۆکی
چـەقـەڵ: هـێـمای نـەوسـنی، چـڵـێـسی
مـەڕ: هـێـمای بێـدەسەڵاتی، بێ زیـانی، نـەرم و نیـانی، خـۆڕاگـری، ئـارامی
ئەسـپ: هـێمای هـێـز، راپـەڕیـن، شکـۆمـەنـدی
باڵـندەکـان: بەشێکی زۆری چـیرۆکی منـداڵان، وەک هـێـما باڵـندەیان بەکارهـێناون:
کـۆتـری سـپی: هـێـمـای ئـاشـتی، رۆحی پیـرۆز
هـەڵـۆ: هـێمـای ئـازایی، ئـازادی
هـێماکان لە سروشـتدا: سـروشت دەوڵەمەنـدە بە هـێماکان کە شتەکان و چەمکەکان و ئەزمـوونەکانی مـرۆڤ بەرجەسـتە دەکـەن:
خـۆر: هـێـمای ژیـان، هـیـوا
خـۆر هـەڵهـاتـن: هـێـمای سـەرەتـایـەکی نـوێ
مـانـگ: هـێـمای نـهـێـنی، گـۆڕانـکاری.
شـاخ: هـێـمای بەربـەسـت، دەسـتکەوت
بـا: هـێمـای ئـازادی، ونـبـوونە
ئەستێرەکان: هـێـمای خـەون، چـارەنـووس
گـوڵ: هـێمای سروشت، جوانی، مێینەیی، گەشەکردن، لەدایکبوون، خۆشەویستی پەپـوولە: هـێـمای جـوانی، بێ زیـانی، لە دایکـبوونێکی نـوێ، گـۆڕانـکاری
رووبـار: هـێـمای گەشـتی ژیـان، گـۆرانی
ئـاگـر: هـێـمای روونـاکی، ژیـان، ژیـانەوە، زانـیـن. لەنـاوچـون
گـڵـۆپی کارەبـایی: هـێمای بیـرکـردنەوەی نـوێ
منـداڵان، هـێـمای دڵـپـاکی، بـێـتـاوانی، راستگـۆیی، بـەردەوامی ژیـان
بەرزکـردنەوەی دوو پەنجـەی وەک حەوت (٧): هـێـمـای سـەرکـەوتـن.
لە چـیرۆکی هـێمایی بۆ منـداڵان، زۆر ئاساییە، هەروەکو مـرۆڤەکان، ئـاژەڵ، باڵـندە، گـوڵ، چـیا، هـەڵـۆ، کەو، پەپـوولە،… هـتد، بە کوردی قـسەبکەن، پـێکەنـن، بـڕۆن. بچـن بۆ قوتابخانە، ئاهەنگ بگـێڕن، گۆرانی بچـڕن، چێشت لـێبنێن،…هـتد. منداڵانی قـۆناخی خەیـاڵی، باوەڕ بەم شتە هـێماییانە دەکەن، چـێژ لە گـێڕانەوەیان وەردەگرن.
چیرۆکەکەکانی (کـلیلە و دیـمەنە)ی نووسەر و بیرمەنـدی هـیندی بەیـدەبا، چـیرۆکە ئەفسانەییەکانی، چیرۆکنووسی یۆنانی (ئـیـزۆپ)، چیرۆکەهـۆنراوەکانی (لاڤـۆنتـین) چیرۆکنووسی فەرەنسی بۆ منداڵان. چـیرۆکەهـۆنراوەکانی میری شاعیرانی عـەرەب (ئەحمەد شەوقی ـ بە رەچەڵەک کورد) بۆ منـداڵان. هەموویان وەک هـێـما: ئاژەڵ و باڵـندە و رووەک و دار و رووبـار و،…هـتـد، شتی هـێـمایی تریان بەکارهـێناون، کە هـێـمان و مەبـەسـتی بـەر و دوایـان مـرۆڤـەکـانـن. لە وێـژەی منـداڵانی کورد دا، بە دەیـان چـیرۆکی فـۆلکـلۆری و مـۆدێـرنی هــێمایـیمان هـەیـە، بـۆ نمـوونە چـیرۆکی: تـیـتـلە و بـیـبـلە، مـریـشکە خـان دەچـێـت بـۆ شـاری شـووکـرد،… هـتـد.
هـەنـدێک لـە چـیرۆکە هـێـماییـەکـان بـۆ منـداڵان، رەخـنە و تـوانـج و پـلاری سـیاسیی شاراوەیان لەخۆگرتوون. دژایەتی دەسەڵاتی زۆرداری، ستەمکاری دەکەن. بۆ نموونە، چـیرۆکی “گـورگ و بەرخـۆلە” گـورگ هـێـمـایە بـۆ دەسەڵاتێکی زۆردار و سـتەمکار. بەرخـۆلـەش هـێـمایە بـۆ گـەلـێکی بێـتـاوان و بێ دەسـەڵات. منـداڵانی بچـووک مانـای شاراوەی ئەم چـیرۆکانە نازانـن. بەڵام لە قـۆناغـی هەراشـبووندا، قـۆناغی ریالـیزمی، تێـدەگەن کە نە گـورگ و نە بەرخـۆلە قـسە نـاکـەن. تێـدەگەن کە گـورگ و بەرخـۆلە، هـێمان بۆ ستەمکار و ستەملێکراو. ئەم چیرۆکە ئەم پەنـدە کوردییەشی لەخۆگرتووە: “کە زۆر هـات قەواڵە بەتاڵە” دڵنیام چیرۆکی گورگ و بەرخۆلەتان خوێندووەتەوە.
ئەمانە و بەهـازاران هـێمای تر هـەن، نەک تەنیا لە وێـژە بەکاردەهـێنرێن، بەڵکو لە هەموو بوارەکانی دیکەشدا، وەک هـێما بەکاردەهـێنرێـن. کە مانایەکی تر دەبەخـشن.

(*) تا رادەیەک، سـوودم لە چەنـد ماڵپەڕێـکی ئینگـلـیزی وەرگـرتـووە
نەرویــج: ٢٠٢٥




ریالـیزمی لە وێـژەی منـداڵانـدا.. رەزا شـوان

وێـژەی منـداڵان، بە پـلەی یەکەم پـشـت بە خەیـاڵ دەبەستـێـت. خەیـاڵ وەک توخـمێکی سەرەکی وێـژە، زیـاتر سـەرنجی منـداڵان رادەکـێـشـێـت و کـاریگەریـیـەکی زیـاتـریـشی لەسەریـان هـەیە. بۆیـە ئاراستەی ریالـیزمی لە وێـژەی منداڵان، لە بەهـا و لە گـرنگی خەیـاڵ کـەم ناکـاتەوە، چونـکە خەیـاڵ مـەرجی داهـێـنانە. پێویـسـتە نووسـەری بابـەتی ریالـیزمی بۆ منـداڵان، هـاوسەنگـیـیەک لەنـێوان ریالـیزم و خەیاڵـدا بەدەستـبهـێـنێـت و بە باشـتریـن شـێوە سـوودیـان لـێـوەربگـرێـت.

وێـژەی ریالیزمی رەوتـێکی وێـژەییە. گوزارشت لە راستییەکان دەکات، وێنای ئەزموون و رووداوەکانی ژیـانی رۆژانـەی مـرۆڤـەکان دەکـات. وەک ئەوەی کە لە ژیـانی راستیـدا هـەن. وێـژەی ریالیزمی بەشێکە لە بـزووتنەوەی هـونەری ریالیزمی، کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم لە فەرەنسادا سەری هەڵـدا، دوایـش لە هەموو جیهـاندا بڵاوبـووەوە.

هـۆکـاری سـەرهـەڵـدانی ریـالـیزمی، وەک کـاردانەوەیـەک بەرانـبەر بە رۆمـانـسـیـزم و ئایـدیالـیزم، کە لە سەدەی هـەژدەمـدا دەسـتیان پـێکـرد. بـۆ نمـوونە لە رۆمانـسیـزمـدا، ئەفـسانە و چـیرۆکە ئەفـسانەییـەکان گـرنگ بـوون، لە کاتـێکـدا کە وێـژەی ریالـیزمیدا، جیهـانی راستەقـینە لەپێش هـەموو شـتێکەوەیە، هەوڵـدەدات کە کۆمەڵگا و مـرۆڤەکان وەک خۆیـان، بـە شـێوەیـەکی باوەڕپـێکـراو نـیـشان بـدات. ریـالـیزم شـێوازێـکی نـوێی نــووسـینە. نەوەیـەکی نـوێی نـووسـەرانی ناسانـد، کە کاریـگەریـیان لە وێـژەدا هـەیە. ریالـیزم بـریتییە لە هـەوڵی گـشتی بۆ وێناکـردنی بابەتـەکان، بە شـێوەیەکی راسـتی لە فـۆرمی هـونەریی جیاوازدا. ریـالـیزمی مـۆدێـرن، لـەو خـاڵەوە دەسـت پـێـدەکـات، کـە مـرۆڤ لە رێـگەی هەسـتەکـانـییەوە، راسـتی دەدۆزێـتـەوە.

رەنـگە سەرهـەڵـدانی ریـالـیزم لە وێـژەی منـداڵانـدا، بە پـلەی یەکـەم، وەرچـەرخـان و شـۆڕشێک بـووبێـت، لە دژی لافـاوی چـیرۆکە ئەفـسانەیـیەکان و چـیرۆکەکانی پاشا و شـازادە و جـنۆکە و شـەوە و ئـەژدیهـای حەوت سەر و ئەسپی باڵـدار و جادووگەران.
ریالـیزم بانگەوازێـک بـوو، بۆ گـۆڕینی ئـەم چـیرۆکانە، بە چـیرۆکی خەڵکی ئاسایی و چـیـنە باوەکـانی کۆمـەڵـگا. کە باس لە بابـەتـەکانی وەرگـیراو لە ژیـانی راسـتەقـیـنەی رۆژانـەی منـداڵان و مـێردمنـداڵان و گەورەسـاڵان و لە رووداوەکـانی ئـێـستا دەکـەن.
ریالـیزم لە بیرۆکەیەک یان لە رووداوێکەوە سەرچاوە دەگرێـت، کە نووسەری داهـێنەر ئەزمـوونی کـردووە یان بە چاوی بینیوێتی. هـەوڵـدەدات بە فـۆرمێکی گـێڕانەوەی نوێ پێشکەشی بکات. هەندێک توخمی خەیاڵی تێدایە، بەڵام لە بنەڕەتـدا لەسەر رووداوێکی راسـتەقـینەوە دامـەزراوە.

ئەوەی کە کە زیاتر رەوتی ریالیزمی لە وێـژەی منـداڵان بەهـێزکرد. بـوونی رەخـنە بـوو لە چیرۆک ئەفسانەییەکان و لە ئەفـسانە فـۆلکلۆرییەکان، کە لەسەر بنەمای ئەو باوەڕە بوو، کە بەشێکی زۆری ئەم ژانرە وێـژەییانە، بە ناوەڕۆک و بەها و رووداوەکانیانەوە، رەنـگە کاریگەریی نەرێـنیـیان لەســەر دەروون و کەسـایەتی منـداڵان هـەبـێـت.

لە سەرەتای وێـژەی منـداڵانـدا، چـیرۆکی فـۆلکلۆری و مـیللی و ئەفـسانە و داستانەکان کە پـڕن، لە کاری لە توانابەدەری و سەرکـێشی و جادوویی و نامـۆیی، زاڵـبوون بەسەر وێـژەی منداڵاندا. دوایش حیکایەت و چيرۆکی جەڤەنگی بە زمانی ئاژەڵان و باڵندەکان و رووەکەکان و شتە بێگـیانەکان، کە وەکو چـیرۆکی هـێمایی و ئەنـدێشەیی و خۆشنوودی دەرکەوتـن. وردە وردەش چیرۆکی ریالـیزمی کە بە ئـینگـلیزی (ریالیستس فـیکشون)ە، بۆ منـداڵان دەرکـەوت و بـڵاوبـۆوە. کە بـابـەت و رووداو و کارەکـتەرەکـانی لە راسـتی و لە ژیـانی بـاوی رۆژانـەیـانـدا وەردەگـیرێـن و منـداڵان زیـاتر بـاوەڕیـان پـێـدەکەن.

چـیرۆکی ریالـیزمی منـداڵان (چـیرۆکی رووداوی راستی) ئەو چـیرۆکانەن، کە روودا و بەسەرهـاتەکانی منـداڵان، دەبـن بە ئیـلهـام بۆ چـیروکنووسانی منـداڵان. دەبنە هەوێنی بابەتـەکـانی چـیرۆکەکانیان. بیـرۆکـەکـانی چـیرۆکەکـانیان لـە ژیـان و ژیـنگەی راسـتی منـداڵانەوە وەردەگرن. ئەو بابەتانە لەخـۆدەگرن، کە پەیـوەنـدییان بە ژیانی منـداڵانەوە هـەیە، منـداڵان لە ژیانی رۆژانەیاندا لەگەڵـیانـدا دەژین. چـیرۆکنووسان تەنیا هەنـدێک رووداوی سادەیـان بـۆ زیـاد دەکـەن، لـە فـۆرمێکی وێـژەیی هـونەریـدا دایان دەڕێـژن.

ریـالـیزمی لـێرەدا، ریالـیزمیـیەکی فـۆتـۆگـرافـیـیە. نـەک تەنیا ریـالـیزمی رووداوەکـان. کـە تـێیـدا نووسەر رواڵـەتێک لە رواڵـەتەکـان لە سنووری تـوانا ئاساییەکـانی منـداڵان وێنەدەکات. یا لە ژینگەی منـداڵانەوە رووداوەکان سەرچـاوە دەگرن. دەشێـش هەنـدێ لە چیرۆکە ریالیزمییەکان بۆ منداڵان، زادەی ئەندێشە و بیرۆکەکانی چیرۆکنووسان بن و بە خـەیـاڵ چـیرۆکـە ریالـیزمییەکانیان بۆ منداڵان داڕشتووبـن، بە شـێوەیەکی ئەوتـۆ کە منداڵانی خوێنەر وا هـەست دەکەن کە رووداوەکان و پاڵەوانەکان و کارەکتەرەکانی چـیرۆکـەکان راستـین. ئەمـەش دەکـەوێـتـە سـەر تـوانـا و لـێهـاتـوویی و ئەزمـوون و داهـێنانی چـیرۆکـنووسان. کەواتە ئەوە ناگەیـەنێـت کە ئەنـدێشە و خەیـاڵ لە چـیرۆکە ریالـیزمییەکانـدا شوێنیان نەبێت. بەڵکو خەیـاڵ هـەوێنی هەمـوو بابـەتە وێـژەییەکانە.
بزووتنەوەی ریالیزم لە وێـژەی منداڵاندا، لە ماوەی شەستەکان و حەفـتاکانی سەدەی رابردوودا، گۆڕانکاریخواز بوو، بۆ رووبەڕووبـوونەوە نەریتە باوەکان. نووسەرانی ریـالـیزمی بابـەتـەکـانی منـداڵان، زەمـینەیـان بـۆ سـەردەمـێکی نـوێی وێـژەی منـداڵان خـۆش کـرد. کە رەنگـدانەوەی ئـاڵـۆزیـیـەکانی جیهـان بـوون.
جگە لـەوەش ناوەڕۆکی پەرتـووکی منـداڵان، سەبـارەت بە رەگـەز و فـرە چەشـنەیی و کـۆمـەڵایەتی، گـۆڕانکاری بەسـەردا هـاتـووە.
ریالـیزم بـووەتە جێگەی خواسـت و پێـویـست بۆ منـداڵان. بۆ ئەوەی بـزانن سەرکەوتن لە ژیـانـدا، پێـویـستی بە کـۆشـش و بە کـۆڵـنەدان و بە مانـدووبـوون هـەیە. لە رێـگای پـەری و فـریشـتە و جـنۆکە و دێـو و جادووگەر و سـیمرخ و هـاوشـێوەکانی، ئەم شـتە ئەفـسانەییـانەدا، نایـەتـەدی.
لەو فـاکـتەرانەی کە رەوتی ریالـیزمی لە وێـژەی منـداڵاندا، بەهـێز و شـیرین کـردووە، بـریـتـیـیە لـە فـراوانبـوونی پـراکـتـیکی دیـمـوکـراسی لـە ژیـانی کـۆمـەڵـگا و گـەلانـدا. گەیـشـتن بە یەکـسانی و بەشـداریی زیـاتر، بـۆ هەمـوو چـین و تـوێـژەکانی کـۆمەڵـگا.
بابـەتە ریالـیزمییەکانی وێـژەی منـداڵان، تەنیا لە بابەتـگەلـێک نیـن، کە پەیـوەنـدیـیان بە ژیـانی راسـتەقـینەی مـرۆڤ و کـارەکـتەرە مـرۆڤـیـیەکـانەوە سـنوورداربـن. بەڵکـو هـەنـدێک جار وا روودەدات، کە نووسـەری وێـژەی ریالـیزمی منـداڵان، پەنا بۆ فـێـڵە وێـژەیـیەکان و بـۆ شـێوازە هـونەرییـە رێککەوتـووەکان بەرێـت. وەک بەکـارهـێنانی: ئـاژەڵ، بـاڵـندە، دار و درەخـت، یا شتی بێ گیان، وەک هـێمایەک بۆ دەربـڕینی مرۆڤ، وەک پرسەکانی ژیانی راستەقـینەیان. خەیاڵ لە بەرهـەمە وێـژەییەکاندا، بۆ دەربڕینی بەها جـوراوجـۆرە مـرۆیی و کـۆمـەڵایـەتییەکان بەکـاردەهـێنرێـت.
چـیرۆکی ریالـیزمی، بـۆ هـەمـوو گـروپە تەمەنییەکانی منـداڵان گونجاوە. بە مەرجێک تـوانـا و ئارەزووەکانیـان لـەم قـۆنـاغـەدا لەبـەرچـاوبگـرن.
پـێـشـتر لە (تەمـوزی/ ٢٠٢٣) دا، بابـەتـێکـم بە نـاونـیـشانی (چـیرۆکی ریـالـیزمی لە وێـژەی منـداڵان) دا، لە سایتـەکـانـدا بڵاوکـردەوە.

نەرویـج: ٢٠٢٥




چـیـرۆک بـۆ منـداڵان/ دارقـۆخە بەخـشـنـدەکە.. رەزا شـوان

لە ناوەڕاستی گوندێکی قـەشنگی کوردستانـدا، دارقـۆخـێکی گەورە و جـوان هەبـوو. خەڵکی گونـدەکە دارقـۆخەکەیان زۆر خۆشـدەویست. هـاوینان لەسێبەرە فـێنکەکەیـدا دادەنـیشـتـن و لە قـۆخـە خـۆشـەکـەیـان دەخـوارد. منـداڵانی گـونـدەکـەش رۆژانـە لە دەوروبەری دارقـۆخەکەدا، یارییان دەکرد و رایان دەکرد و هەڵـدەپەڕین و گـۆرانی و سروودی کوردیی خۆشیان دەچـڕی. بە لـقە گەورەکانـیشیدا، گوریسیان هەڵـدەواسی، بۆ ئەوەی جـۆلانـێـیان پـێـبکەن.

هەموو خەڵکی گـونـدەکە بە بـوونی ئـەو دارقـۆخە جـوانـە زۆر شاد و دڵخـۆشبوون، تەنیا شـابـاز نەبێـت، کە پـیـاوێـکی چـاوچـنۆک و تـێرنـەخـۆر بـوو.

بەیانییەک شاباز بۆ باخەکەی دەچوو، کە دارقـۆخە جوانەکەی بینی، قـۆخـێکی زۆری پێـوەیە. شاباز وتی: پێویستە ئەم دارقـۆخە تەنیا بۆ من بێـت، نەک بۆ هـیچ کەسێکی تـری گونـدەکە.

کە شەو داهـات، شاباز پاچـە گەورەکەی هـەڵگـرت و چوو بـۆ لای دارقـۆخەکە، تا لە رەگـەوە هـەڵـیـبکـێـشـێـت و بـیـبات لە باخەکەی خـوێـدا بـیـڕوێـنـێـت.
شاباز بە هەمـوو هـێـزییەوە پاچـێکی، کـێشا بە رەگـێکی ئەستووری دارقـۆخەکەکەدا. دارقـۆخەکە لەرییەوە و هەندێک لە قۆخەکانی بۆ بەردایە خوارەوە. شاباز دووبارە بە پاچەکەی کێشایەوە بە رەگە ئەستوورەکەدا. دارقـۆخەکەش هـەنـدێک قـۆخی تری بـۆ بەردایـەوە.
شاباز سەری سووڕما، پاچەکەی دانا و بە سەرسامییەوە، لەبن دارقـۆخەکەدا دانیشت. وتی: ئەم دارقـۆخە سەیرە، من بە پاچ لـێـیـدەدەم، ئەو بەشێک لە قـۆخەکانیـم دەداتێ!

شاباز بڕیاری دا، واز لە دارقـۆخەکە بهـێنێـت. ناوکی قـۆخەکانی بن دارەکە دەربکات و لە باخەکەیـدا بـیان روێـنـێـت. قـۆخەکـانی بـن دارقـۆخەکەی کۆکـردەوە و گەڕایەوە بـۆ مـاڵـەوە. بێ ئـەوەی کـەس بـیـبـيـنـێـت.

لە بەهـاری ساڵی دوای ئەو ساڵەدا، شاباز لە باخەکەیـدا بە ریـزەوە چاڵی هـەڵکەنـد و نـاوکە قـۆخەکـانی روانـد، هـەمـوو رۆژێـک ئـاوی دەدان. نـاوکـەکـان شـیـن بـوون و بـوون بـە نەمـام. نەمـامـەکان گـەورە بـوون و بـوون بـە دارقـۆخ، کـە کـوتـومـت لە دارقـۆخە جـوانەکە دەچـوون، کە دەیویست لە رەگەوە دەریـبکات. دارەکان قـۆخێکی زۆریان گرت. شاباز بـوو بە خاوەنی باخـێکی جـوان. قـۆخەکانی ئـەو دارانە، بـوونە مایـەی بـژیـوی و خـۆشگـوزەرانیی ژیـانی خـێزانـەکەی و بـۆ خـەڵـکی گـونـدەکـەش.
شاباز لە دارقۆخە جوانەکەوە پەندی وەرگرت، بوو بە پیاوێکی بەرچاوتێر و بەخشندە.
شابـاز ئێـواران بە دڵخـۆشیـیەوە، لەبـن دارقـۆخـەکەدا دادەنیـشت. چـیرۆکی خۆشی بۆ منـداڵانی گونـدەکەیان دەگـێڕایەوە. پێیانی دەوت: منداڵە جـوان و خۆشەویستەکان، کە گـەورە بـوون، وەکـو دارە بـەردارەکـان بـن، خـەڵـکێ بـەردیـان تـێـدەگـرن، ئەوانیـش مـیـوەکـانـیـان بـۆیـان بـەردەدەنـەوە.




ژیریی دەستکرد.. عەلی حەمەڕەشید

ناوم ژیریی دەستکردە
کــــارم بەدەست وبردە
لــــــەجیهاندا ناوی من
باسێکە تـــــەواو مەزن
بۆ ئەم سەردەمە هەموو
بەکـــارم دێنن زوو زوو
سودی من هێندە زۆرە
هەروەکو تیشکی خۆرە
دەی وەرن هــــەوڵبدەن
بەکام زمان حەزدەکەن
بڕۆنە( چات جی پی تی)
پرسیار بکەن بە وردی
وەڵامەکــــــەی بێوەستان
زوو دەخەمە بەردەستتان
لــــــە زۆر بواردا ئەمڕۆ
توانام هــــەیە ڕاستەوخۆ
هاوکـــــــاری ئێوە دەکەم
زانیـــــــــارییتان پێدەدەم

عەلی حەمەڕەشید/سلێمانی




شانـۆی مامـۆسـتا و شـلـیک.. وەرگـێڕانی لە عـەرەبـیـیەوە: رەزا شـوان

نـووسـەر: مـدونة مـعـلـمي (بلـۆگی مامـۆسـتاکەم)

شانۆیەکی کۆمیدییە
کـارەکـتەرەکـان
١ـ قـوتابیانی پـۆلێ شەشەمی بنەڕەتی
٢ـ مامۆستای بـیرکـاری
٣ـ سەرپـرشـتـیار
٤ـ پـوورە نەخـشین ـ کارگـوزاری قـوتـابخـانە
شـوێـن:
١ـ قـوتـابخـانە
٢ـ ژوری پـۆلـێ شـەشـەم

شانـۆی مامـۆسـتا و شلـیک

(قـوتـابییەکـان دەچـنە ناو پـۆلەکەیانەوە. دوابـەدوایـانـد مامـۆستای بیـرکـاریـش دێـتـە نـاو پـۆلـەکەوە..)
مامـۆسـتا: رۆژتـان بـاش
قـوتـابییەکان (بەپـێـوە وەستاون): ژیـانـت بـاش
مامـۆسـتا: فەرمـوون دانـیـشن

(مامۆستا جانتا بچکۆلەکەی لەسەر مێزە بچـووکە دادەنێـت.. ژاوی ژاوه قـوتابـییەکان پـۆلـەکـەی پـڕ کـرد..).
مـامـۆسـتا: بێـدەنگـبن.. رۆڵەکـانـم ئەم وانەیە بە پـرسیارێکی سادەی بیـرکاری دەست پێـدەکەیـن.
(مامۆستا لەسەر تەخـتە رەشەکەدا، پـرسیارەکە دەنـووسـێت.. بە دەنگـێکی بـەرز بـۆ قـوتابییەکـانی دەخوێـنێتەوە..)
مامـۆسـتا: باوکـم کـێکـێکی گەورەی شـلـیکی کـڕی. کـە کــێـشی (٣٠٠٠) گـرام بـو. ویـستی بـیکاتە (٤) پارچـەوە (بەشـەوە).
پـرسیارەکە ئـەوەیە: کـێشی هـەر پارچـەیەک چەنـد گـرام دەبـێـت؟
قـوتـابییەکان (بەیەک دەنگ): بـەڵی مامـۆسـتا.
مامـۆسـتا: هـیچ پـرسیارێکـتـان دەربـارەی پـرسـیارەکە هـەیە؟
گـوڵچـین: مامۆسـتا کاتـێک کە پـرسیارەکـەت بە (بـاوکـم) دەستی پـێکـردووە، ئایا مەبـەسـتـت لە وشـەی باوکـم، (بـاوک) ی خـۆتە، یان (بـاوک) ی ئـێـمەیە؟
مامـۆسـتا: مەبەسـتم بـاوکی تـۆیە.. گەمـژەییـە کە مەبەسـتم بـاوکی خـۆم بـێـت.
گـوڵچـین: کەواتە بە داخەوە، چـونکە باوکـم کـێکی شلیک ناکـڕێـت. لە ترسی لەش خـوران و سـووربـونەوەی رووخـساری.
دیـلان: بـەڵام باوکـم حـەزی لە کـێکی شــلـیکە.
مامـۆسـتا: بەسە، بەس قـسەبکەن، ئـێـمە لە ئێستادا باسی کـێشەی خـێزانی ناکـەین. کـێکی شلـیک بە کـێکی سـێو دەگـۆڕم.. رازیـن؟
قـوتـابییەکـان: بـەڵێ
(مامـۆسـتا تەخـتەســڕەکە دەگـرێتە دەستی و وشەی (شـلـیک) دەسـڕێـتەوە و لە شـوێـنیــدا وشـەی (سـێـو) دەنووسیـت… )
مامـۆسـتا: ئێستا دەتـوانـن کاربکەن و وەڵامی پـرسیارەکە بنـووسـن.
(قـوتـابیـیەکـان دەسـت بە کـارکـردن دەکـەن.. تەنیـا یەکـێکـیان نەبـێـت، کە بە دۆژدامـانەوە. سەیـری مامـۆسـتا دەکـات)
مامـۆسـتا: چـیـت دەوێـت؟
شاگـوڵ: سەبـارەت بە باوکـم لـەم پـرسـیارەدا.
مامۆستا (بە تـوڕییەوە): چی بەسەر باوکت هـاتـوە؟ ئایا حەزی لە کـێکی سێو نییە؟
شاگـوڵ: بەڵی حەزی لە کـێکی سـێو هـەیە.. بەڵام!
مامـۆسـتا: بـەڵام چی؟
شاگـوڵ: باوک و دایکـم لە یەکـتری تـۆراون ـ لە دەقـە عـەرەبییەکەدا جیابـونەتەوە ـ
مـن لەگەڵ دایکـمـدا دەژیـم. پـێـموایە دایکـم شایـەنی کـڕیـن و بـڕینی کـێکەکەیە.
(مامۆستا سەیری تەختەڕەشەکە دەکات و پاشان سەیری قوتابییەکان دەکات، بۆ ماوەی ساتێک دودڵ دەبێت.. پاشان بە خـێرایی و بە رقەوە، وشەی ” باوکـم ” دەسـڕێتـەوە و لە شوێـنی وشـەی” دایـکم” دەنـووسێـت.. ).
مامـۆسـتا: ئا ئـەمـە جـێی رەزامەنـدیی تـۆیـە؟
گـۆران (بە شـەرمەوە دەستی بەرزکـردەوە): مامـۆسـتا ببـورە، مـن بە پـێچەوانـەی شاگـوڵ، دایک و باوکم لە یەکـتری زیـز بـونە، مـن لەگـەڵ باوکـمـدا دەژیـم، ئەویـش ئـەو کەسەیەیە، کە شایەنی بـڕیـنی کـێکـەکـەیە.
(ماموستا سەری دەخـورێـنی، بە تـوڕەییـەوە، دەچـێت بۆ لای تەختەڕەشەکە، وشەی “دایـکـم” دەسـڕێتـەوە و لە شـوێـنیدا دەنـووسێـت “مـن”.. )
مامـۆسـتا: پـێـمـوایـە ئێـستا هـیچ کـێـشەیـەک نـیـیە. هـەریـەکە لە ئـێـوە دەتـوانێـت کـێکـێکی سـێو بکـڕێـت و بـیـبڕێـت. وا نـیـیە؟
تابـان: (بە دەنگـێکی بەرز): بـەڵێ
شـاهـۆ: مامۆستا کـێـشەی نـرخەکەیـمان هـەیە. کـێکـێکی گـەورە نـرخەکەی گـرانە. منـیش پارەم نـییە کـێکـێکی وا جـوان و بەتـام بکـڕم. دەبێـت تەنها سەیـری بکەم و زەقـەی چـاوم بێـت.

(مامۆستا بە بێزارییەوە وشەی “گەورە” دەسڕێتەوە و لە شوێنیدا وشەی”بچووک” دەنووسێت..)

مامـۆسـتا: ئـێـستا ئارام بـویـتەوە؟ .. دەتـوانـیـت کـێکـێکی بچـووک بکـڕیـت.
شـاهــۆ: بـەڵێ ، پـێمـوایە دەتـوانـم.
گـوڵـچـین: مامۆستا هـەڵەیەک لە پـرسیارەکەدا هـەیە. پـێموایە کە کـێکـێکی بچووک، کـێـشی (٣٠٠٠) گـرام نـیـیە. دەبـێـت کێشەکەی کەمـتر بـێـت.
مامـۆسـتا: کـێـشی ئـەم کـێکە نەفـرەتیـیە دەگـۆڕم. (سـفـرێـک لە “٣٠٠٠ ” رەکـە دەسـڕێتـەوە و دەبێـت بـە “٣٠٠ ” گـرام )
مامـۆسـتا: مـن پـرسیارەکە دەخوێـنـمەوە. سەرنج دەخـەمە سەر چەمکی (مـن، سـێو، ٣٠٠ گـرام ).
قـوتابییەکان: بـەڵی مامـۆسـتا.
شەمـاڵ: مامۆستا، ئـەی نابێـت لە شـوێنی “مـن” کێکـێکی سێوم کـڕی. بیـسڕیتەوە و بیکـۆڕیـت بە (مـن و دایکـم و باوکـم) چـوویـن کـێکـێکی سـێومـان کـڕی؟
مامـۆسـتا (بە تـوڕییەوە): ئەی بۆ ناڵێی (من و دایکم و باوکم و خەڵکی کۆڵانەکەمان) چـوویـن کـێکـێکی سـێـوی بچـووکـمان کـڕی؟
(هەمـوو قـوتـابییەکان دەسـتیان بە پـێکەنـین کـرد)
دیـلان: مامـۆستا نامەوێـت قسەکانـت پێ بـبڕم. بەڵام ئەگەر کێکێک بەم کـێشە بچـوکە (٣٠٠ گـرام) بکـڕم، ناتـوانـم بەسەر (٤) کەسـدا دابـەشی بـکەم. مـن (٧) خـوشـک و بـرام هـەیە. نامـەوێـت هـیچـیان لە خـواردنی ئـەم کـێکە خـۆشـەدا بـێـبەش بـکەم.
هـەڵـۆ: ئـێـمـەش (٥) کەسـین، بـەڵام داپیـرەم بەهـۆی کـلـۆری ددانـەکـانیـیەوە حـەزی لە خـواردنی کـێک و شـیرینی نیـیە. بـۆیە لەبـەر دڵی داپیـرەم مـن کـێک نـاکـڕم.
(ئـاژاوە و ژاکـە ژاک دەکەوێـتە پـۆلـەکەوە، هـەر قـوتابـییەک دەیـەوێـت، کـێـشەکەی خـۆی بخـاتە بـەردەم مامۆسـتا).
مامـۆسـتا (هـاواردەکات): بەسە.. بەسە.. چـییە ئەم گەڕەلاوژەییە (بێ ئەوەی هەست بـەوە بکات کە دەسـتی بە تـۆزی تەبـاشـیرەوەیـە.. نـاوچـەوانی بـە دەسـتی سـڕی…) بـەو پـێیەی کە ناتـوانـن کـێکـەکە بەسـەر (٤) کەسـدا دابـەشی بـکەن. لەسەر ئـەوە رێکـدەکەویـن کە بەسەر ژمارەی پـۆلەکەمان (٢٣) قـوتابی (١٢) کوڕ و (١٠) کـچ و مـنی مامـۆسـتاتـان دابەشی بکەن.
(مامـۆسـتا ژمـارە “٤” دەسـڕێتـەوە و لە شـوێنیـدا ژمـارە “٢٣” دەنـووسـێـت..)
(هەمـوو قـوتابییەکان سەرقـاڵی کارکرن و دابەشکـردنەکە بـوون.. جگە لە دوانیـان نەبێـت، کە شاهـۆ و گـۆران بـوون، بە دەنگـێکی نـزم گـڤـتـوگـۆیان دەکـرد..).
مامـۆسـتا: ئاگـادارتان دەکەمـەوە، وشەیەک لە دەمـتان و دەربـچـێت.. سـزاتان دەدەم.
گـەشبین: ببـورە مامـۆسـتا، مـن نامەوێـت و پـێـم جـوان نـییە، پارچەیەکی هـاوشێوە و هـاوکێش و قەوارە بچووکی وەک ئەوەی ئێـمە، بـدرێت بە مامۆستاکەمان، تۆ لە ئێمە گەورەتـریـت، دەبێـت پارچەکەی تـۆ گـەورەتـر بێـت لـەوەی ئـێـمە.
مامـۆسـتا: مـن نە پارچـەی گـەورە و نە پارچـەی بچـووکـم دەوێـت.. ئـەوە بەسـە.
(لـەم کـاتەدا سەرپـەرشتـیار دێـتـە نـاو پـۆلـەکـەوە.. )
مامـۆسـتا: هـەستـن
(قـوتـابییەکـان ـ وەک رێـزگـرتـن لە سەرپەرشـتـیار ـ هـەڵـدەسـتن… )
سەرپەرشـتـیار: رۆژتـان بـاش.
قـوتابییەکان و مامـۆسـتا: رۆژی بەڕێـزتـان باشـتربـێـت
سەرپەرشتیار: فـەرمـون دابـنیشن.
(سەرپەرشتیار دەچێتە دواوەی پۆلەکە و لەسەر تەختەدانشتنێک دادەنیشێت و پێنووس و لـێنووسێک دەردەکات.. لە پـرسیارە نووسراوەکەی سەر تەختەڕەشەکە دەڕوانێت..)
سەرپەرشتیار: ئەم پـرسیارە، هـەڵەیەکی تێـدایە. مایـەی پـێکەنینە، کە کـێکی بچووک بەسـەر (٢٣) کەسـدا دابـەش بکـرێـت. ( سەرپـەرشـتـیار پـێـدەکـەنـێـت).
مامۆستا: ئەمە هەڵە نـییە. بەڵام قـوتابییەکان.. (سەرپـەرشتیار قسەکانی پێـدەبـڕێـت)
سـەرپـەرشـتیار: پـێـمـوایە تـۆ مانـدویـت.. پـێویـستیـت بـەوە هـەیە پشویەک بدەیت.. ئـێـمە هـەڵـەکە راسـت دەکەینـەوە.. ئەگـەر بتـەوێـت ئـەم کـێکە بەسەر (٢٣) کەسدا دابـەش بکەیـت، دەبـێـت کـێکەکە گـەورەتـر بـێـت.
(سەرپەرشتیارەکە، تەخـتەسـڕکە بە دەستییەوە دەگرێـت و بە دەستەکەی تری پارچە تەبـاشـیرێک هـەڵـدەگـرێـت.. وشـەی کـێکـێکی (گـورە) دەسـڕێتـەوە و لە شـوێـنیـدا دەنـووسـێت (بچووک). پاشان سفـرێـک بۆ (٣٠٠) گـرامەکە زیـاد دەکات و دەیکات
بە (٣٠٠٠) گـرام. دوبـارە پـرسیارەکە دەخـوێـنـێـتەوە..)
سەرپەرشـتیار: دابەشکردنی کێکەکە بەسەر (٢٣) دا قورسە. با بیسڕینەوە و بیگۆڕین راستر وایـە کە بیکەین بە (٤) کەس. پاشان وشەی (مـن) یشی سڕییەوە. لە شـوێنیدا، وشەی (بـاوکـم) ی نـووسی. ئـێـستا پـرسیارەکە روونـە.
(لـەم ساتـەدا زەنگ لێـدەدرێـت. سەرپەرشـتیار خەریـکە بـڕوات، مامۆسـتا ماڵـئاوایی لـێدەکـات. دوایی قـوتـابیـیەکـانـیـش مـاڵـئاوایی لـە مامـۆسـتاکـەیـان دەکـەن…)
(پـوورە نەخـشـین کارگـوزاری قـوتـابخـانـەکە، دەچـێـت بـۆ بـەردەم دەرگـای پـۆلـەکە. هـەواڵـی تەلەفـۆنکـردنی ژنـەکەی مامـۆسـتا، بە مامـۆســتاکە دەدات.. )
پـورە نەخـشـین: مامـۆسـتا ژنـەکـەت پـێـش کەمـێک بـەر لە ئـێستا، تەلەفـۆنی کـرد. سـەرپەرشتیارەکە لە پـۆلەکـەدا، بـۆیـە بانگـتـم نەکـرد..
مامـۆسـتا: ئـەی ئـەو چی دەوێـت؟
پوورە نەخشین: بۆ ئەوە تەلەفۆنی کرد، بیرت بخاتەوە کە کێکێکی شلیکی بۆ بکڕیت.
مامـۆسـتا (زۆر بـە تـوڕەیـیەوە): چی، کـێکـێکی شــلـیک؟
(مامۆسـتا جانتـاکەی فـڕێ دایـە ناو پـۆلەکە، بە نێـو ریـزەکانی تەخـتەدانیـشتنەکانی پـۆلەکـەدا دەهـات و دەچـوو.. )
مامـۆسـتا: نامـەوێـت جـارێکی تـر، گوێـم لە وشـەی شـلـیک ببـێـتەوە. نا نامەوێت.. رقـم لە شـلـیکە.. رقـم لە شــلـیکە.. رقــم لە کـێکی شـلـیکە.. رقـم لـە کـێکـیـشە.

ـ کـۆتـایی ـ




وێـژە و پەروەردەی منداڵان دوو رووی دراوێکـن.. رەزا شـوان

لەبەر گرنگی و کاریگەرییەکانی وێـژەی منـداڵان، لەسەر بـوارەکانی ژیانی منـداڵان، لە ئەمـڕۆ و لە داهاتـوودا، ئەم سەردەمە بە (سـەردەمی وێـژەی منـداڵان) ناودەبـرێـت. بە هـەزاران پەروەردەکار و دەروونناس و تـوژێنەر و نووسەر و هـونەرمەنـد و مامۆستا و میـدیاکار و پسپـۆرانی پەروەردەیی و دامـودەزگاکانی چـاپ و بڵاوکـردنەوە و لایـەنی دیکە لە جیهانـدا، سەرقـاڵن بە نووسین و بە لـێکۆڵـینەوەی ئاکادیـمی و پـراکـتیکی، لە ژانرەکانی وێـژەی منـداڵان. ئەم گـرنگی پێـدانەش بە وێـژەی منـداڵان، لە گرنگـییەکانی رۆڵی منداڵان لە داهـاتوویەکی باشتر و شیاوتر بۆ گەل و نیشتمان سەرچاوەی گرتووە.

بێگومان داهاتووی گەلی کوردمان و کوردستانی نیشتمانی شیرینمان لە دەستی منداڵانی کـوردی ئەمـڕۆمـان دایە. کەواتە گـرنگـيدانـمان بە منـداڵانی ئەمـڕۆمان، گـرنگـیـدانمانە بە داهـاتـوویەکی گەشـتر و شـیاوتـر بۆ کورد و کوردستان. ئـەم هـیوا و ئامـانجـەش لە سایەی پەروەردەکردنێکی دروست و ئاراستەکردنێکی ئامانجـدار و رێـنمایی پێـویست و راهـێنان و ئامـادەکـردنی منـداڵانی ئەمـڕۆمانـدا دێتـەدی. تا زیـاتـر و زیـاتـر گـرنـگی بە پەروەردەکـردنێ منـداڵانی ئەمـڕۆمان بـدەین، زیاتر گەشبین و هـیوادار و دڵنیادەبین، لە هـێنانەدیی ئەو داهـاتـووە خـوازراوەی کە دەمـانەوێـت. بـە کورتی کـلـیـلی داهـاتوومان جگـەرگـۆشـەکـانی ئەمـڕۆمـانـن. ئـەرکی پـەروەردەکـردن و راهـێـنان و ئـامـادەکـردنی منـداڵـەکانیـشـمان، ئەرکـێکی پیـرۆزە و لە ئەستۆی هەمـوومان دایـە. هەمـووشمان لە بـەری ئەرێـنییان سوودمەنـد دەبـین. بە پێچەوانەشەوە هەر هـەڵە و کەمـتەرخەمییەک لە پەروەردەکـردنی منـداڵەکانمانـدا بکەیـن و پەراوێـزیان بخەیـن، ئەنجامێکی خـراپ و زیـانبەخـشیان لێـدێتـە ئـاراوە. ئـۆباڵی ئەم ئاکامە نەرێنی و نەخوازراوەش، لە ئەستۆی هـەموومـان دایـە. پەشـیمانیـش بـێـسوودە، پـاکـانە و پاسـاو هـێـنانەوە و بیـانـووش لە کەسـمان قـبووڵ نـاکـرێت. هـەر هـەمـووشـمان بـاجـێکی قـورسی ئـەم هـەڵـەیە و ئـەم كەمـتەرخەمـییەمـان دەدەیـن. مێـژووش لـێمان نابـوورێـت و بـەر چەمـۆڵە و نەفـرەتی نـەوەی داهـاتـووشـمان دەکـەویـن.
(ئەلـیزابێت ماخـت) دەڵـێت:”لە کاتی ئەنجامـدانی پەروەردەکردنی منـداڵەکانمانـدا، هەر هەڵەیەک بکەین، دەبێتە هـۆی دۆڕاندنی جەنگێک، کە لە پێناوی داهاتوویەکی باشتردا دەسـتمان پـێکـردووە”. پێویـستە ئێـمەی کوردیش، بە باشی ئامـادەی ئەم جەنـگە بین، تا سەرکەوتـوو و بـراوەبین و دۆڕاونـەبین. لەم روانگە سـتراتیـژییەوە، پێویستە ئەوە بزانین، کە چ ئەرکێکی پیرۆز و چ پێویستییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و مۆراڵیمان لە ئەسـتـۆدایـە، چ بەرپـرسیارێـتییـەکی هـەستیار و چـارەنـووسسازمـان لە ئەسـتۆدایـە.
گرنگی وێـژەی منـداڵان لەوەدایە، کە بەشداری لە ئامـادەکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی کوردی متمانەبەخـۆ دەکـات، کە پـشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن. بۆ هـێنانەدی داهـاتـوویەکی خـوازراوی گەشـتر بـۆ کورد و کوردستان. بـۆیە وێـژەی منداڵانی کورد، بە پێـویستیـیەکی گرنـگی نیـشـتـمانی و نەتەوەیـیـمان دەزانـین. هـۆکارێـکی پێـویست و گـرنگـیشە لە هـۆکارەکانی گەشەکـردنی رۆشـنبـیرییەکی خـوازراوی منـداڵانی کوردمان. هـۆش و ئەنـدێـشەی منـداڵان دەورووژێـنێـت و ئارەزوو و بەهـرە و راز و نیاز و توانا دەرنەخـستـووەکانیان پێ دەردەخـات، خـەون و هـیوا و ئارەزووەکانیـان دەهـێنـێـتە دی.

مەبەسـتیشـمان لە وێـژەی منـداڵان، ئـەو وێـژە باشـەیە، کـە هـەمـوو تایـبەتیـمەنـدییـە سەرکـییەکانی وێـژەی منـداڵانی لەخۆگـرتـووبـێـت. چـونکە هـەر نـووسـینـێکی لاواز و کرچ و کاڵ لەژێـر ناوی (بۆ منـداڵان) ناچـێتە خانەی وێـژەی منداڵانەوە. منداڵانیش ئەو نووسینانەی بە دڵیان نەبێت و چـێژ و خۆشییان لێوەرنەگرن، بە وێـژەی خۆیان نازانن.
(ران بـوسلـیک) هـۆزانـڤـانی ناسراوی بـولگاری لە بواری وێـژەی منـداڵانـدا، دەڵـێت:
“وێـژە بـۆ منـداڵان، وەک شـیری دایـک و هـەوای پـاک وایە، کە پێـویستە هـەبێـت”.

رەهەنـدی پەروەریی لە وێـژەی منداڵاندا، لایەنێکی گرنگ و کاریگەرە لە گەشەکردن و دروستکـردنی کەسایەتی دروسـت و هـاوسەنگی منـداڵان. بە تایبەتی لـەم سـەردەمـەدا، کە سـەردەمی شـۆڕشی تەکـنەلـۆژیـا و داهـێنانی شـتی سەیـر و سەمـەرەیە. سـەردەمی تەلەفـزیـۆنی رەنـگاوڕەنگ و کـۆمپیـوتـەر و ئینـتەرنێـت و ئایپـاد و ئایـفـۆنی زیـرەک و گۆڤاری رەنگاوڕەنگی منـداڵان و بە دەیان ئامـێری مۆدێـرنە. پەیـونـدیکردنیـش ئاسانتر بووە، هـۆیەکانی فـێرکـردن و گەشەکردنی رۆشـنبیریی منـداڵانیش زۆرتربـوونە، ئاستی زیـرەکی و هـۆشـیاری و فـێربـوون و وەرگـرتـنی منـداڵانیـش بەرزتـربـوونەتەوە. بـۆیە پەروەردەکـردن و راهـێنان و پـێگەیـانـدنی نـەوەی نـوێی منـداڵانـیش قـورسـتر بـووە.

وێـژەی منـداڵان هـۆکـارێکی گـرنگی پـەروەردەی منـداڵانـە. بەڵکـو وێـژەی منـداڵان و بەهـا پـەروەردییـەکـان، دووانـەن و لـە یەکـتری جیـانابـنەوە و تەواکـەری یەکـتریـن و کاریگەرییان لەسەر یەکـتری هـەیە. بە کورتی وێـژەی منـداڵان و پەروەردەی منـداڵان دوو رووی دراوێکـن، یا گـیـانـێکـن و لە دوو جەسـتە دان.

ئەگەر هیوا و ئامانجی ئێستامان داهاتووبێت، ئەوە رەهەندی پەروەردەییە کە داهاتووی وێـژەی منـداڵان دیـاری دەکـات. چونکە وێـژەی منـداڵان لـە پلـەی یەکەمـدا، وێـژەیەکی پەروەردەییە. بنەما پەروەردەییەکانن کە راستی و بوارەکانی داهـاتووی وێـژەی منداڵان دروسـت دەکەن. هـەر گـۆڕانکاری و پێشکەوتـنێک لـەم وێـژەیەدا بکـرێت، پێویستە لە دەروازەی پەروەردەوە تـێـپەڕێـت. نووسـەرانی بـوارەکـانی وێـژەی منـداڵانی کوردمـان ئـەم راسـتیـیە دەزانـن، بـۆیـە گـرنگـییەکی زۆریـان بـە رەهـەنـدی پـەروەردەیی داوە و پانتاییەکی زۆری لە نووسینە هەمەجـۆرەکانیانـدا گرتووتەوە. واتە نووسەرانی وێژەی منـداڵان، ئەگـەر پەروەردەکـار نەبـن، ناتـوانـن مەبەسـت و پەیـامـەکانیـان بـە منـداڵان بـگەیـەنـن. ناشـتـوانـن وێـژەیەکی تـازەی مـۆدێـرن و پێـشکەوتـوو بـەرهـەم بهـێـنـن.
ئەو پەیـام و ئامانجە پەروەردەییانەی کە لە میـانەی وێـژەی منـداڵانەوە، پێشکەش بە منـداڵان دەکرێن، کەمترنین لەو بەهـا پەروەردەیـیانەی، کەلەلایـەن دایکان و باوکان و باخچەی منداڵان و قوتابخانە، یا لە رێگەی هەر هۆکارێکی ترەوە پێشکەشیان دەکرێن.

وێـژەی منـداڵان، هـۆکـارێـکی پـەروەردەیی سـەرکـەوتـووی جـیهـانی هـاوچـەرخە، بۆ گەیشـتن بە دڵ و دەروونی منداڵان و بـۆ زاخاودانی هـۆش و بیریان. ئـەو هەلـەشـیان بۆ دەڕەخـسێـنـێت، کە وەڵامی بەشێک لە پـرسیارەکانیان دەستبکەوێـت. خـتووکەشیان دەدات بۆ بیرکردنەوە و نووسین و داهـێنان و گوزارشتکردن لە ئەنـدێشە و بیـرۆکە و لە هـیوا و لە خەون و لە خواستەکانیان. سەرەڕای ئەوش زمانیان دەوڵەمەنتر دەکات.
قـسەکردن و نووسین لەسەر وێـژەی منـداڵان، بوارێکی فـرە فـراوانە، پێویستیشی بە شارەزایی و بە ژێـرخانێکی وێـژەیی و رۆشـنبیریی گـشـتـیی هـەیە. تا ئێستا زیـاتر لە پانـزە نـووسـینم لە بـارەی ژانـرەکانی وێـژەی منـداڵانەوە نـووسـیوە. پانـزەی تـریـش بنووسـم، وەک دڵـۆپـێکە لە دەریـایەک.

نەرویـج: ٢٠٢٥




بنەمـاکانی نووسـیـنی کـورتە چـیرۆک بـۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

بۆ ئەو بەهـرەمەنـد و ئارەزوومەنـدە لاوانـەی کە خـولـیای نووسیـنی کـورتە چـیرۆکن بـۆ منـداڵان. چەنـد پێـوەر و بنـەمـا و رێـنماییەک هـەیە، دەتـوانـن لە نووسـینی کورتە چـیرۆکی کوالیتی باش بۆ منـداڵان بەکاریـان بهـێـنـن. پـێـش هـەمـوو شـتـێک مـتـمانەبـوونتـان بە تـوانـاکانی خۆتـان هـەبێـت، کە فـاکـتەرێکی گـرنگی سەرکەوتـنتانە. هـەمـیشەش ئەوتان لە خەیـاڵـدا بێـت، کە چـیرۆکەکانتان بۆ منـداڵان دەنووسن. پێویستە شارەزای قـۆناغـەکانی تەمەنی منداڵان و فـەرهـەنگی زمـانی منداڵان و دەروونناسیی منـداڵان بن. تا بتوانن بچـنە نـاو جـیهانی وەنەوشەیی و ئەفـسووناوی منـداڵانەوە، کە جیهـانێکە سەرانسەر لە پـاکی و بـێـتاوانی، لە راز و نیـازی پـاک، لە هـیوا و گەشـبـینی، لە خەونی سـەوز، لە جوانی و لە خەنـدە و پـێکەنـین. لە خۆشەویسی، لە قـسەی قـوت و شیرین، لە… هـتد.
زۆر بە کـورتی و بەچـڕی لـەم خاڵانـەدا، باس لە گـرنگـتریـن بنـەمـاکانی نووسینی کـورتە چـیرۆک بـۆ منـداڵان دەکـەیـن:
١ـ ئیـلهـامی چـیـرۆک: ئیـلهـام بۆ نووسینی چـیرۆک، لە خەیاڵکردنێکی ئازادەوە دێت. زۆر زۆرن، دەتـوانن لە هەموو شوێنێکـدا بیـدۆزنەوە، تەنیا ئەوەی دەوێت کە بزانن چۆن دەیدۆزنەوە. دەکرێت لە رووداوێکەوە، یان لە راسـتییەکانی ژیـانی رۆژانەی منداڵانەوە، یا لە بیرەوەرییەکانی ژیانتانەوە یان ئیلهامێکی کوتوپـڕدا بۆتان بێـت، بە کورتی ئیلهامی کورتە چیرۆک، لە زۆر سەرچاوەوە دێـت.
٢ـ بیـرۆکە: بیـرۆکە یەکـێکە لە بنەما سەرەکییەکانی چیرۆک. بە دینەمۆ و بە بـڕبـڕە پشتی کورتە چـیرۆک بۆ منداڵان دادەنرێـت. چیرۆکەکان بە دەوری بیرۆکەکاندا دەسووڕێنەوە. پێویستە بیـرۆکە راست و لۆژیکی بێـت و پەیامێکی پەروەردەیی روونی لەخۆگـرتـووبێـت، تا منـداڵان لـێی تێـبگەن.
٣ـ ناونیـشانی چـیرۆک: دانـانی ناونیشانی خـۆش و ئاسان و سەرنجـڕاکـێش و گـونجاو، کە لەگـەڵ نـاوەڕۆکی کـورتـە چـیرۆک بـۆ منـداڵان زۆر گـرنـگە. بە قـەوارەیەکی گەورەتـریـش بنووسـرێـت.
٤ـ پـڵـۆت یان گـرێی چـیرۆک: پڵـۆت لە کورتە چـیرۆک بۆ منداڵان، بریتییە لەو کێشە و ئاریشەیە، کە پاڵەوانی چـیرۆکەکە رووبـەڕووی دەبێتەوە و چارەسەرێکی گونجاوی بۆ دەکات. کە پەیـوەنـدی بـە ژیـانی رۆژانـەی منـداڵانـەوە هـەبـێـت، مـلـمـلانـێی کـارەکـتـەرەکـانی چـیرۆکـەکـە، بـە دەوری چارەسەرکـردن و کـردنـەوەی ئـەو گـرێـیـەدا دەسـووڕێـنـەوە.
٥ـ کارەکـتەرەکـان: مـرۆڤ بن یان ئـاژەڵ و بـاڵـندە و زیـنـدەوەر و رووەک و شـتی تـر، پێـویـستە کارەکـتەرەکانی کورتە چـیرۆکی باش بـۆ منـداڵان، نوێـنـەری کـۆمەڵـێکی فـراوان بـن. وا بکەن کە تەنیا یەک کـارەکـتەری سـەرەکی هـەڵـبژێـرن، دوو یا سێ کارەکـتەری دیکەش پـاڵـپـشتی بـن. فـرە کـارەکـتەری لە کـورتە چـیرۆکـدا بۆ منـداڵان، سـەر لە منـداڵان دەشـێوێنن.
٦ـ مـلـمـلانێ: توانای سەرکەوتـن یا شکـستی پاڵەوان لە مـلـملانێـدا دەردەکـەوێـت. نابێـت ملمـلانی لە کورتە چـیرۆک بۆ منـداڵان، نالـۆژیکی و درێـژ و بـێـزارکەر بێـت. ناشـبێـت کاری لەتـوانابـەدەر، بـدرێـتە پاڵ پاڵەوانی کورتە چـیرۆکەوە بۆ منداڵان. تا منـداڵان گومـان لە راستییان نەکەن. پێویستە لە ملـملانێـدا، جەخـت لەسەر سەرکەوتنی: باشە بەسەر خـراپـەدا، ئاشتی بەسەر شـەڕدا، گەشبینی بەسـەر رەشبـیـنـیدا، دڵـسۆزی بەسـەر ناپـاکـیدا، خـۆشـەویـستی بەسەر رقـدا،…هـتد، بکـرێتـەوە.
٧ـ زمـانی چـیرۆک بۆ منـدان: زمان گـرنگترین کـۆڵەکە و فـاکـتەرە لە نووسینی کورتە چـیروک بۆ منـداڵان. پێویستە بە زمانێکی کوردی پەتی و ئاسان و شیریـن دابـڕێـژرێـت. وشەکان روون و واتا زانـراوبـن، رستەکان کـورت و ئاسان بـن، تا منـداڵان بە ئاسانی لـێیان تێبگەن. بەکارهـێنانی وشە و رستەی بـزوێنەر، زیـاتر سەرنجی منـداڵان رادەکـێـشن. وەک: چـۆلەکەکە هـەڵـفـڕی، نـازە پـێکەنی.
٨ـ دیـالـۆگ: دیـالـۆگ بنەمـایەکی سەرەکی تـری کورتە چـیرۆکی باشە بۆ منـداڵان. دیالـۆگ بـریتییە لە گفـتوگۆ لەنێوان دوو کارەکتەر یا زیاتر. دیـالـۆگ لەنێـوان کارەکـتەرە سەرەکـییەکان بەکاربهـێنن. چونکە دیـالـۆگ چـێژ و خـۆشی بە منـداڵانی خوێـنـەر یان گـوێگـرانی چـیرۆکەکـانتان دەبخـشـێـت.
٩ـ بیـرکـردنەوە و خەیـاڵ: ئێـوەی چـیروکـنووسانی کـورتـە چـیرۆک بـۆ منـداڵان، پێـویـستـیـتان بە خەیاڵـێکی فـراوان و بە بیرکردنەوەیەکی قـووڵ هـەیە. چونکە خەیاڵ رەگەزێکی گرنگە لە چیرۆک.
١٠ـ داڕشـتنی کورتە چـیرۆک: لەوانەیە هەر چیرۆکنووسێک، رێباز و شـێواز خـۆی لە گـێڕانەوە و لە نووسینی چـیرۆکدا هەبێـت. بیر لە شـێواز و لە ستایـلی جیاواز و ناوازە بکەنەوە. گـرنگ ئەوەیە کە بە شێوازێکی سووک و ئاسان و کورت و پوخت، بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی و فەرهەنگی زمانیان چـیرۆکەکانتان دابـڕێژن. بە سەرەتایەکی بەهـێز و سەرنجـڕاکێش دەست بە نووسینی کورتە چـیرۆکەکـانتـان بـکەن. لـە هـەر چـیرۆکـێکـیشدا، سەرەتـا و نـاوەڕاست و کـۆتـایی هـەیە. پێـویـستە دووربکەونەوە لە شێوازی کلاسیکی، تەڵقین ئاسایی و وتاربێژی و پەندێری و رێنمایی راستەوخۆ.
١١ـ کات و شـوێـن: دوو بنەمای سەرەکیی ترن، لە نووسینی کورتە چـیرۆک بۆ منداڵان. بەبێ کات و شـوێـن، لێکـدانەوە بۆ رووداوەکان ناکـرێـت. پێویستە کات و شوێنی رووداوەکان دیاری بکـرێـن.
١٢ـ وێنـەی رەنگاوڕەنگی روونکـردنەوە: وێنـەی روونکـردنەوەی فـۆتـۆگـرافی یان کـێـشراو، بۆ باتەکـانی چـیرۆکەکـانتان بۆ منـداڵان پێـویسـتـن. وێنـە چـیرۆکەکـان جـوانـتر و شـیریـنتر دەکـەن و زیـاتـریـش سـەرنجی منـداڵان رادەکـێـشن. وشـە و رسـتە و وێـنـە دەبـن بە تەواوکـەری یەکـتری.
١٣ـ پیـاچـوونەوە: پێـش بڵاوکـردنەوەی چـیرۆکەکانتـان، بە وردی پـێیانـدا بچـنەوە. لە هـەڵـەکـانی رێنووسی و رێـزمانی و خاڵبەنـدییەکان، بـژاریان بکەن و راسـتیان بکەنەوە. نەنگـیش نیـیە ئەگەر پـێـشانی نووسـەرانـێـكی بە ئـەزمـوونی بـواری کـورتە چـیرۆکی منـداڵان بـدەن. سـوود لە را و لە تـێـبینییەکـانیان وەربگـرن. کەسیش بە چـیروکـنووس لەدایـک نەبـووە. بە ئەزمـوونـدا تـێـپەڕیـوە.
١٤ـ دیـزایـنـێکی جـوان: ئەگەر کورتە چـیرۆکەکانتان، لە کتێبێکی چاپکراودا پێشکەش بە منداڵان بکـریـن. پێویـستە دیـزایـن و بـەرگی کـتـێـبەکە و ناونـیشان و قەوارەی پـیـتەکانی چاپ و هـونەری رازانـدنـەەوەی کـتـێـبەکـە جـوان و سەرنـجـڕاکـێـشبـن بـۆ منـداڵان.
١٥ـ کۆتـایی چـیرۆکەکان: کۆتایی لە کورتە چـیرۆک بۆ منـداڵان زۆر گرنگە. پێویستە کۆتاییەکانیان دڵخـۆشکەربـن و بە هـێوا و گەشبینی و بە گەیـانـدنی ئامانج و بە پەیامێکی پـەروەردەیی کۆتایی بە چیرۆکەکانتان بهـێنن، بە چارەسەرکردنی کێشەکان و بە پەند و وانەیەکی ئەرێنی کۆتاییان پێبهـێنن.

دوبـەی: ٢٠٢٥




یادی ٥٨ مین ساڵرۆژی (رۆژی جیهانیی پەرتووکی منداڵان).. رەزا شـوان

له‌ ساڵی (١٩٦٧) ەوە، له‌ رۆژی (٢/ نـیـسان)ی هه‌مـوو ساڵێکـدا، به‌ بـۆنه‌ی (رۆژی جیهـانیی پەرتووکی منداڵان) هه‌موو وڵاتانی جیهان، به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌نجوومه‌نی باڵای نێـودەوڵه‌تی بۆ پەرتووکی لاوان، که‌ رێخراوێکی قازانـج نەویـستە، نـوێنـه‌ری تـۆڕێکی نێـودەوڵه‌‌تـین، له‌ که‌‌سانێکی پـارەداری سـوودبـه‌خـش، له‌ هه‌مـوو شـوێـنـێکی جیهـانـدا پێکهاتـووە. هه‌وڵی یارمه‌تیـدان و پشـتگـیری و پێـشخـستـنی پەرتووکی منـداڵان دەدەن.
به‌م بۆنـه‌یه‌وە، لـه‌م رۆژەدا ئاهـه‌نگ دەگـێڕن و چـالاکـیی رۆشـنبـیری ئه‌نجـام دەدەن و پەرتووکی تازەی منـداڵان بڵاودەکه‌نه‌وە و نووسه‌رانی وێژەی منـداڵان خه‌ڵات دەکه‌ن.

له‌ پەرتووکخانە‌ گشتییه‌کانیشدا، پێشانگای تایبه‌تی بۆ تازەترین پەرتووکر چاپکراوەکای بـواری وێـژەی و په‌روەرده‌ی منـداڵان دەکـه‌نه‌وە. میدیـا و ته‌له‌فـزیـۆن و رادیـۆکانیش، دیمـانه‌ و چـاوپێکه‌وتـن له‌گـه‌ڵ نووســه‌ران و هـۆزانـڤانـانی بـواری وێـژەی منـداڵان و وێنـه‌کـێـشانی بـواری هـونه‌ری منـداڵان و له‌گـه‌ڵ هـاوڕێیـانی پەرتـووک و هـۆگـرانی خـوێنـدنه‌وەدا سازدەکه‌ن. پێـشبڕکـێی نووسـین رادەگـه‌یه‌نـن. باویـشه‌ که‌ له‌م رۆژەدا، نـووسـه‌رانی پەرتـووکە‌ چـاپکـراوە تـازەکان، به‌شـێک له‌ پەرتـووکەکـانیان به‌ دیـاری پێـشکه‌شی پەرتـووکخاـنەکانی قـوتابخـانه‌کان و به‌ پەرتـووکخـانە‌ گـشتییه‌کان دەکه‌ن. هـه‌ر له‌م رۆژەدا، قـوتابیـان له‌ قـوتابخـانه‌کـانـدا به‌م بـۆنـه‌یـه‌وە، چـالاکـیی وێـژەیی و رۆشـنبیریی پـێـشکەش دەکـەن.

مه‌به‌ستـیش له‌ یـادکـردنه‌وەی ئـه‌م رۆژە، سه‌رنـج راکـێـشانی خـه‌ڵکـیـیه‌ بـۆ گـرنگی پەرتـووک و خـوێنـدنه‌وەیه‌‌ له‌ ژیـانی تاکـه‌کانی کـۆمـه‌ڵـدا، بـۆ پـێگه‌یانـدنی منـداڵانی هـۆشـیـار و رۆشـنـبـیـر. بـۆ ئـاگـاداربـوون له‌ تـازەتـریـن نووسـیـن و لە پـەرتـووکە‌ چاپکراوەکانی نووسه‌رانی منداڵان، له‌ بواری ژانـرەکانی وێژە و رۆشنبیریی منداڵان.

شایه‌نی باسیشه‌، هه‌ڵبژاردنی رۆژی (٢/ نیسان) وەک رۆژێکی جیهانی بۆ پەرتووکی منداڵان و پاراستنی مافـەکانی نووسەران، هه‌ڵبژاردنێکی هـه‌ڕەمه‌کی و بێ بنه‌ما نیـیه‌، به‌ڵکـو هه‌ڵـبژاردنێکی هـێـمایی و رۆشـنبـیری و وێـژەیی و رێـزلـێـنانی له‌ پـشـته‌وەیه‌، که‌ سـه‌نگـی له‌ وێـژەی منـداڵانی جـیهـانیـدا هـه‌یه‌. له‌ رۆژی (٢/ نـیـسان/ ١٨٠٥) دا، که‌ڵه‌نـووسه‌ری بـواری وێـژەی منداڵان، چـیرۆکنووس (هانز کریستیان ئه‌ندەرسین) ی دانـیمارکی له‌دایکـبوو، که‌ به‌ (بـاوکی وێـژەی منـداڵان) له‌ جیهـانـدا ناسراوە. له‌ ساڵی (١٩٦٧) ەوە، یادی رۆژی له‌دایکبوونی هـانـز کریستیان ئه‌نـدەرسین، بوو به‌ (رۆژی جـیهـانیی پەرتـووکی منـداڵان).

هـانـز ئه‌نـدەرسـین، سـه‌رجه‌م (١٦٨) پەرتـووکی بۆ منـداڵان نووسی و چاپیانی کرد. بابه‌ته‌کانیان بـریـتین له‌ شانـۆ و چـیرۆکی ئه‌نـدێـشه‌یی و ئه‌فـسانه‌یی بۆ منـداڵان. ئه‌م ژمارەیه‌ش بۆ ئه‌و سه‌ردەمه‌، ژمارەیه‌کی پیاوانه‌یی پەرتووکی چاپکراوی منداڵان بوو. پەرتـووکەکانی وەریانگـێڕاون بـۆ زیـاتـر له‌ (١٥٠) زمـانی جیهـانی. چه‌نـد چـیرۆك و شانۆیه‌کیشی وەریانگـێڕاون بۆ سەر زمانی کوردی. له‌وانە: شانۆی (پیڵاوی سوور).

هـانـز ئه‌نـدەرسـین، له‌ رۆژی (٤/ ئاب/١٨٧٥) دا، له‌ شاری کـۆپنهـاگـن کۆچی دوایی کـرد. لـه‌ نـووسـیـنـێکـمـدا، بـه‌ درێـژی باســم لـه‌ هـانـز کـریـسـتیان ئه‌نـدەرسـین و لە خەڵاتی هانز کریستیان ئەندەرسین کردووە، کە بە (نۆبـڵی وێژەی منداڵان) ناودەبرێت.

داواش له‌ پەرتـووکخـانە‌ گـشتییه‌کانی شارەکانی کوردستان دەکه‌م، کـە له‌ رۆژی چـوار شەممە (٢/ نیسان/ ٢٠٢٥) کە یادی (٥٨) مین ساڵـڕۆژی (رۆژی جیهانیی پەرتووکی منـداڵان) ە، بەم بۆنەیەوە، چالاکی و به‌رنامه‌ی تایبه‌‌تییان هـه‌بێت و کۆمه‌ڵـێک پـۆسته‌ر و دروشمی گونجاو بۆ هاندانی گه‌ورە و منداڵان، بۆ خوێندنه‌وەی پەرتووک چاپ بکه‌ن. پـۆسـته‌رەکـانیـش له‌ شـوێنـه‌‌ گـشتـیـیه‌کـانی شاره‌كـانـدا هـه‌ڵـیان بـواسـن. بـۆ نمـوونه‌: (پەرتـووک باشترین هـاوڕێیه‌)، (پەرتـووک جوانترین دیاری و یادگارییه‌)، (خوێندنه‌وە خۆراکی مێشکمانه‌)، (دەمانچه‌ و تـفه‌نگ بۆ منـداڵه‌‌کانتان مه‌کڕن.. گۆڤـار و پەرتووکی منـداڵانیان بۆ بکـڕن)، (گه‌ر دەته‌وێ هـه‌میشه‌ له‌ یادمـدا بیت.. پەرتـووکـێکم پـێشکه‌ش بکه‌)، (دایـکان و باوکـانی هـۆشیار، هـانی منـداڵه‌‌کـانتـان بـدەن بۆ خوێندنەوەی گـۆڤـار و پەرتووکی منـداڵان)، (پەرتـووک مامـۆسـتایه‌.. به‌ خـۆڕایی فـێرمـان دەکات)،… هـتد.

مامۆستا دڵسۆزەکان، با پەرتـووکەکانی پەرتـووکخـانەکانی قـوتابخـانه‌کانتان تـۆز لـێیان نه‌نـیـشێـت. پەرتـووک بۆ رازانـدنه‌وە نیـیه‌، بۆ خـوێنـدنه‌وەیه‌. ئێـوە دەتـوانـن رۆڵـێکی زۆر گه‌ورە ببینن، له‌ رۆشنبیریکـردنی قـوتابییه‌کانتان، له‌ هانـدانیان بۆ خوێنـدنه‌وە. بە تایبەتیش مامـۆستایانی وانـەی زمـانی کـوردی. ببـورن که‌ ئه‌م پـرسـیارەتـان لـێـدەکه‌م: ئایا له‌ ماوەی ساڵێکی خوێنـدندا، ناڵـێم دوو جـار، بۆ ته‌نیا جـارێکـیـش قـوتـابیـیەکانتان بـردوون بۆ (به‌شی منداڵان) له‌ پەرتـووکخـانەی گـشتی شارەكه‌تانـدا؟ تا قـوتابییەکانتان ئاشـنای پەرتـووک و پەرتـووکخانە ببـن‌ و هـۆگـر و تامـەزرۆی خوێنـدنه‌وە ببـن؟ تا لە منـداڵـییەوە بە خوێنـدنەوە ببێت بە خـووی رۆژانەیان. تا ئـیستا خوێنـدنەوە نەبـووە بە کـولـتووری تاکی کوردمـان. خوێنـدنەوە نەبـووە بە بەشـێک لـە ژیـانی رۆژانەمـان.

وەزارەتی رۆشنبیریی کوردستان، ئه‌م پرسیارەش ئاراسته‌ی ئێوە دەکه‌م، ئایا تا ئێستا، له‌ (رۆژی جیهـانیی پەرتـووکی منـداڵان)، چی چـالاکـییه‌کی وێـژەیی و رۆشـنـبـیری و هـونه‌ریتان به‌م بۆنه‌یه‌وە سازکردووە؟ چه‌نـد نووسه‌ری به‌ توانا و ناسراوی کوردمان، لـه‌ بـواری وێـژەی منـداڵان، چـه‌نـد هـونـه‌رمه‌نـدی وێنـه‌کـێـشی بـواری پـەرتـووک و گۆڤارەکانی منـداڵان، له‌لایه‌ن وەزارەکه‌تـانه‌وە خه‌ڵاتـان کـردوون؟ بـڕوا ناکـه‌م ئه‌وانه‌ی که‌ تا ئێستا خه‌ڵاتیش کرابـن، ژمارەیان له‌ په‌نجه‌کانی دەستێکمان زیاتربن. راستییه‌که‌ی ئه‌وەیـه‌، کـه‌ ئێـوە وەکـو پێـویـست ئـاوڕتـان لـه‌ وێـژەی و لـه‌ هـونـه‌ری وێنـەکـێـشانی پـەرتـووکی منـداڵان و له‌ نـووسـه‌ران و لـه‌ هـونـه‌رمه‌نـدانی ئـه‌م بـوارە زۆر گـرنگ و چـارەنـووسسازە نـه‌داوەنـه‌ته‌وە. کـه‌ داهـاتـووی گه‌لـه‌که‌مـانیان پێـوە بەنـدە. هەر گەل و وڵاتـێک گـرنگی بە منـداڵانی ئەمـڕۆیـان نـەدەن، واتە گـرنگی بە داهاتـوویان نادەن. چـونکە داهـاتـووی هـەر گـەل و نیشـتـمانێک لە دەستی منـداڵانی ئەمـڕۆیـان دان.
دوبـەی: ٢٠٢٥




رۆڵی زیـرەکیی دەستکـرد لە وێـژەی منـداڵان.. رەزا شـوان

لە جیهـانی ئەمـڕۆدا، لە سایەی شۆڕشی تەکـنەلـۆژیا و داهـێنانی سەیـر و سەمەرەدا، بە خـێرایی بـروسکە، گۆڕانکاری و تازەگەری و داهـێنان لە هەمـوو بوارەکانی ژیاندا روودەدەن. دەستەواژەی زیـرەکی دەستکرد یان (ژیـریی دەستکرد، هـۆشی دەستکرد) کە ناوەکەی لە ئینگـیزیدا، بۆ ئەم دوو پیتە کورتکـراوەتەوە (ئەی ئای). بە عەرەبیش (الذکاء الاصطـناعي). بووەتە بنیشـتە خۆشەی سەر زاری هەرە زۆری خەڵکی جیهان. هەمـووان باس لە زیـرەکیی دەستکرد و لە کاریگەرییەکانی لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیانی مرۆڤ دەکەن، لە ئەمڕۆ و لە داهاتوودا. زیرەکی دەستکرد، بووە بە پێویستی و بە بەشـێکی دانەبـڕاو لە ژیـانی رۆژانەمـان. وەرچەرخـانێکی گـەورەیە و کاریـگەریی لەسەر هەمـوو لایەنەکانی ژیانمان هـەیە. هەمـوو بـوارەکانیـش، دەسـتیان کردووە بە بیرکـردنەوە لـەوەی کە چـۆن ئەم تەکنەلـۆژیایە بقـۆزنەوە و لە خـزمەتی بوارەکانیاندا بەکاریبهێنن. زیرەکیی دەستکرد، تا بێت زیاتر و خیراتر گەشەدەکات و پەردەستێنێت و زیرەکتر دەبێت. تا رادەیەک دڵە راوکێ و ترسی لەلای کەسانێکی زۆر دروستکردووە. دوای راگـرتنی دەکـەن، تـرسی ئەوەیـان هـەیە، کە ئامـێرە زیـرەکەکان، لە داهاتـوودا کۆنترۆڵی مرۆڤایەتی بکەن و زاڵبن و سوارسەری مرۆڤ ببن. ئەگەرچی ئەمە دووره‌ رووبـدات. چونکە کـلـیـل و جـڵەوی زیـرەکی دەستکـرد لە دەستی مـرۆڤە. بە باشی یا بە خـراپی بەکارهـێنانی دەگەڕێتـەوە بـۆ خـودی مرۆڤ. بۆ نموونە فـڕۆکە گواستنەوە بووە بە خێروبێر و خۆشی بۆ مـرۆڤ کە بە خـێرایی لە ئەمپەڕی دنیـاوە بۆ ئەوپەڕی لە کورتـریـن مـاوەدا، بـە ئاسانی گەشـتی پێـدەکـەن. یان پـاسی بێ شـوفـێـر، رۆبـۆتی پـزیـشکی و ئـینتەرنـێـت و ئایـفـۆنی زیـرەک و بە دەیـان داهـێنراوی مـۆدێـرن، کە بە زیـرەکیی دەستکـرد کاردەکەن. هەمـوو ئەمانە بـوونە بە مایەی ئـۆخەی و خـۆشی بۆ مـرۆڤ. بەڵام فـرۆکەی جەنگی و فـرۆکەی بێ فـرۆکەوان (درۆن) و رۆکێت و…هـتد. بوونەتە بەڵا و لەناوبەری مرۆڤ. بە ملیۆنان کەسیان پێ کوژران، بە ملیـۆنان شار و گونـدیان وێـرانکرد و ژیـنگەی سـروشتیان پیسکرد و شـێواندوویانە. ئایا هەر خودی مرۆڤ نییە، کە ئەم چەکە کوشندە و کاولکەرانە بەکاردەهـێنێت و ئاراستەیان دەکات؟
زیرەکیی دەستکرد، لـقـێکی فـراوانە لە زانستی کۆمپـیوتەر، کە مامەڵە لەگەڵ واکردنی ئامـێرە زیـرەکەکان دەکات. کە “بيـربکەنەوە” و تـوانای ئەوەیـان هـەبێـت چارەسەری کێشەکان بکەن. تـوانای ئەوەیان پێبـدرێت، کە بە ئامانجەوە بە دوای شتێکدا بگەڕێن. لەسـەر بنەمـای چـەمکی مێـشکی مـرۆڤ دامـەزراون و هـەنـدێک کاری هـاوشـێوەی زیـرەکیی مـرۆڤ ئەنجام بدەن. زیـرەکیی دەستکـرد، لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە، کۆمپیـوتەرەکان دەتـوانن لە رووی تیۆرییەوە، هـۆشیارییەکی هـاوشێوەی هـۆشیاریی مرۆڤ پەرەپێبدەن. بە کورتی زیرەکیی دەستکرد، ئەو کار و چالاکییانە زیرەکانەیە کە ئامێـرە کـۆمپیـۆتەرییەکان لە هـاوشـێوەی مـرۆڤ بە شـێوەیەکی لـۆژیکی ئەنجـامیان دەدەن. توانـای لاساییکـردنەوەی کـار و هـەڵـسوکەوتەکـانی مـرۆڤـیان هـەیە.
(جـۆن مەکارتی) لە ساڵی (١٩٥٥) دا، دەستەواژەی زیـرەکیی دەستکردی داناوە. بەم شێوەیەش پێناسەی کردووە:”زیرەکیی دەستکرد، بریتییە لە زانست و لە ئەندازیاریی دروستکـردنی ئامـێری زیـرەک”.
ئەگەرچی زیرەکیی دەستکرد بوارێکی خێرا پەرەسەندووە، بەڵام هەڵتۆقاوێکی کوتوپڕ نیـیە، بەڵکـو بە چەنـد قـۆناغـێـدا تـێپەڕیـوە تا گەیـشـتۆتە ئـەوەی کە ئێستا هـەیـەتی.
میـژووی بـۆ سـاڵانی جـەنگی جیهـانی دووەم دەگـەڕێـتەوە. کاتـێک سوپـای ئەڵـمانـیا ئامێری (ئیـنـیگـما) یان بەکـارهـێـنا بـۆ کـۆکـردنەوەی، نامـە بە شـێوەیەکی پارێـزراو.
ئێمەی کوردیـش، پێویـستـیمان بە سـتراتیـژییـەتێکە کە بتـوانـین لەگـەڵ کـاروانی ئەم پێشکەوتنە خێرا و ئاڵۆزەدا دەربەرین. بتوانین سوود لە زیرەکی دەستکرد وەربگرین، وەک یەکـێک لـە بەهـێـزتـریـن ئامـرازەکـانی گـواسـتنەوەی کولـتوور و بەهـاکان، لەم سەردەمەدا رۆڵێکی بێهـاوتای هـەیە، لە داڕشتنی بیروڕای گـشتی. بۆیە پێویـستیی بە گرنگـیدانێکی تایبـەت هـەیە لە داڕشـتـنی سـیاسەتی کولـتووریـدا. زیـرەکی دەستکرد، توخـمێکی نوێیە لە گۆڕینی زانـست و زانـستە مـرۆییـەکان، بە شـێوازێکی نانەریتی. پێویـستە لە کوردستان، زیـرەکیی دەستکـرد، بخـرێتە پـروگـرامی خوێنـدنی پۆلەکانی قـوتابخـانەی بنەڕەتییەوە. مامۆستایانی کوردیشمان ئاشنای چـۆنیەتی بەکارهـێنان و فـێـرکـردن و سـوودوەرگـرتـن، لـە ئامـێرە زیـرەکـەکـان بـن. بـۆ ئـەوەی بتـوانـن لە پەروەردەکردن و فـێرکرنی دروستی خوێنـداکاران سوودیان لێـوەربگرن و بە باشی بەکـاریان بهـێـنن. چـونکە داهـاتـوو بۆ زیـرەکـیی دەستکـردە.
چـیتر تەکـنەلـۆژا لە بـوارەکانی زانـست و ئەندازیاریـدا، قـورخکـرا و سنووردار نییە.
بەڵکو بە هـێزەوە چووەتە بواری وێـژە و رۆشنبری و لایەنەکانی ترەوە. بە تایەتیش بـواری وێـژەی منداڵانـدا. شێوازەکانی بەرهەمهـێـنانی وێـژەی منـداڵان بە شـێوەیەکی ریـشەیی دەگـۆڕێــت. ئیتر پێنـووس تاکـە ئامـرازی نووسـین و داهـێـنان نیـیە. بەڵکـو چەندین ئامرازی مۆدێرن و بەرنامەڕێـژیش چوونەتە پاڵی. فـێرخوازانیش چیتر تەنیا (دوو داری دوور) نابیـنن، بەڵکـو زۆر شـتی سـەیـر و سـەمـەری مـۆدێـرن دەبـیـنن. زیرەکی دەستکرد دەتوانێت بەشداری لە داڕشتنی ئەزموونە وێـژەییەکانن بکات، کە سنوورە نەریتییەکانیان تێپدەپەڕێنن، بوونەنە بە پـلاتفـۆرمی کارلێککار و ناسنامەی کولتووری بەرز دەکەنـەوە و کـنجکاوییەکانی منـداڵان بەرەو داهـێنان دەورووژێـنن.
زیـرەکیی دەستکرد، زاراوەیەکی نـۆێی لە جیهـانی منـداڵان دروستکـردووە. ئاسۆیەکی نـوێ و بێ سنووری بۆ منداڵان کردووەتەوە. هـاتووەتە ناو بـواری وێـژەی منـداڵان و بـە سەرچاوەیەکی گرنگی داهـێنانی و پێشکەوتنی وێـژەی منـداڵان دادەنرێـت. زیرەکی دەستکـرد، لەرێی کارەکتەرە رۆبـۆتـییەکانەوە، بە روونی جـێپەنجـەی لەسـەر وێـژەی منـداڵان نەخـشانـدووە.
لەگەڵ سەرهـەڵـدانی زیـرەکـیی دەستکـرد دا، پـرسیارگەلـێکیش سەریان هەڵـدا. وەک: چۆن زیرەکی دەستکرد، بۆ خزمەتی داڕشتنی ناوەڕۆکەکانی ژانرەکانی وێـژەی منداڵان بەکاربهـێـنین؟ چـۆن وابکەیـن کە منـداڵەکانمان لە زیـرەکیی دەستکـرد سـوودمەندبـن؟ چـۆن وابکـرێت کە زیـرەکـیی دەستکـرد، کـاریـگەرییـەکی ئەرێـنـیی لەسـەر پـرۆسـەی پەروەردە و فـێرکردنی منـداڵان هـەبێـت؟ چـۆن تەکنەلـۆژیا، خـزمەت بە فـراوانکردنی ئەنـدێشەی منـداڵان بکات و پەرە بە ویـژدانیان بـدات؟ ئەمە ئەو لایـەنە گـرنگانەن کە پێویـستە بە وردی لێکـۆڵـینەوەیـان لەسەر بکـرێـن.
زیـرەکی دەستکـرد، توانای بەرهـەمهـێنانی دەقی وێـژەیی هـەیە. دەتـوانـێت ناوەڕۆکی کـوالـیتی بـەرز پێـشکەش بـکات. بەڵام ئایا ئەم دەقـانە دەتـوانـن بە راسـتی هـەسـت و ئەزموونی مرۆڤ بگەیەنن؟ توێـژێنەران دەریدەخەن کە دەقەکانی زیرەکیی دوستکـراو هـەستی قـووڵ و درکـپێـردنی مـرۆڤـیان نیـیە. بۆ نمـوونە چـیرۆکە دروسـتکـراوەکانی زیرەکیی دەستکرد، رەنگە لە رووی پێکهاتەییەوە راستـبـن، بەڵام ناتـوانن ئەزمـوونە سۆزدارییەکان بە باشی بگەیەنن. بە کورتی زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیدەری مرۆڤ بێت، نەک جیگـرەوەی بێت. چونکە ئامـێرە بێ رۆح و کەڕەکان، ناتوانـن ببـنە جێکـرەوەی مـرۆڤ و هەمـوو رۆڵێکی مرۆڤ ئەنجام بدەن، هەرچەنـدەش زیـرەک بن، لە ئەنجامی زیـرەکی مرۆڤـدا داهـێنراون و بەرنامەڕێـژ کراون. مەبەستیش لە داهـێنان و دروستکردنیان، ئاسانکـردن و خـێرایی ئەنجامـدانی کارەکان و ئامانجەکانی مـرۆڤـن.
زیـرەکیی دەستکـرد و تەکـنەلـۆژیـای زیـرەک، دەرفـەتـێکی نایـابیـان بـۆ گەشەکـردن و پێ<شکەوتنی وێـژەی منـداڵان و نەوجـوانان رەخساندوون. بۆ ئەوەی بە ئاسانترین و بە باشـترین شـێوە ئەنجـامەکان بەدەسـت بهـێـنن.
راهـێنانی نووسـەرانی منداڵان بۆ سوودوەرگرتن لە زیرەکیی دەستکردن و بە دروستی بەکـارهـێنانی ئـەم تەکـنەلـۆژیـا مـۆدێـرنـانە، دەتـوانـن یارمەتیـدەربـن لە باشـترکـردنی کـوالـیتی وێـژەی منـداڵان و بە پەرەپێـدانی داهـێـنان و بیـرکـردنەوەی رەخـنەگـرانە لە منـداڵانـدا.

سـوودە وێـژەیـیەکانی زیـرەکـیی دەستکـرد زۆرن. بە کـورتی و بە چـڕوپـڕی باس لە هـەنـدێک لە سـووەکانی زیـرەکیی دەستکرد لە وێـژەی منـداڵان، بۆ منـداڵان دەکەیـن:
١ـ زیرەکیی دەستکـرد، ئاسۆیەکی نـوێ و بێ سنوور بۆ منداڵان دەکاتەوە. بەو پێیەی کە دەتـوانـن ئەنـدێـشەکانیان بگـۆڕن بـۆ راسـتی، بە شـێوەیەک کە پـێـشـتر نەدەکـرا.
٢ـ زیـرەکیی دەستکـرد، یارمەتـیی منـداڵان دەدات، لـە دۆزینـەوەی بەهـرە و حـەز و ئارەزووەکـانیان و گەشەکـردنیـان لە بـواری زانـسـت و بەرنـامەسـازیـدا. لەوانـەش بەهـرەی نـووسـینیان لە چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخـشـان.
٣ـ زیرەکی دەستکرد، کنجکاوی منـداڵان دەوورووژێنێـت و بیـرۆکەی داهـێنەرانەیان بەرزدەکـاتەوە.
٤ـ زیـرەکیی دەسـتکـرد، بەشـدارە لە هـانـدان و لـە بـەرزکـردنـەوەی ناسـنامـەی کـولـتووریی منـداڵان.
٥ـ ئەو چـیرۆکانەی کە لەسـەر بنەمـای زیـرەکیی دەسـتکـرد داڕێـژراون، یارمـەتیی منـداڵان دەدەن بـۆ بەرزکـردنـەوەی بیـرۆکەی رەخـنەگـرانە و داهـێـنان.
٦ـ زیـرەکیی دەسـتکـرد، بـۆ دروسـتکـردنی یـارییـە پـەروەردەیـیـەکـان بـۆ منـداڵان بەکاردەهـێنرێـت. ئـەم یارییـانەش دەتـوانن یارمەتـیی منـداڵان بـدەن بـۆ فـێربـوونی چەمکی نـوێ و پەرەپـێـدانی تـوانـاکانی چـارەسەرکـردنی کـێـشەکانیـان.
٧ـ ئەو چـیرۆکانـەی کە باس لە زیـرەکیـی دەستکـرد دەکەن، وەک بابەتێک یارمـەتیی منـداڵان دەدەن بۆ مامەڵەکـردن لەگەڵ ئەو بەرۆکگـیرییانەی”تەحەدیـیانەی” لەوانەیە لە داهـاتـوودا رووبەڕوویان ببـنەوە. ئەو دەرفـەتەشـیان پـێدەدەن بیر لە بەکارهـێنانی تەکـنەلـۆژیـا بـکەنەوە. ئەمـەش تـوانـای بـڕیـاردانی دروسـتیان بـەرز دەکـاتەوە.
٨ ـ زیـرەکیی دەستکـرد، دەتوانێت یارمەتیی ئەو خوێنەرانە بـدات کە لە خوێندنەوەدا لاوازن، تا باشـتر بخـوێـننەوە.
٩ـ زیـرەکیی دەستکرد، دەتـوانێـت یارمەتـیی منـداڵانی نووسەر بدات. بۆ دەربـڕینی ئـەوەی لە ناخـیان دایە و بـۆ دروسـتکـردنی بیـرۆکەی نـوێ.
١٠ـ زیرەکیی دەستکرد، بەشدارە لە بەرزکردنەوەی رەخنەی داهێنەرانە لە منداڵاندا. بە ورووژانـدنی پرسیارگەلێکی وەک: ئەگەر کۆنترۆڵی زیـرەکیی دەستکـرد لەدەست بـدەین چی روودەدات؟ ئایا رۆبۆت دەتوانێت بـیربکاتەوە و هەڵـبژێـرێت؟ ئایا… هـتد. بەشدارن لە بنیاتنانی کـنجکاویی منداڵان و لە ئاراسـتەکـردنیان بەرەو بـیرکردنەوەی داهـێنەرانە.
زیـرەکیی دەستکـرد، توانای گۆڕینی دەقی نووسراوی بۆ وێنـە و بۆ دەنـگ هـەیە، ئەم وێنـانەش، وادەکـەن کە ئەو خەیـاڵە بەرجەستەبێـت، کە هـونـەرمەنـدان و نووسەرانی وێـژەی منـداڵان، هـەنـدێک جـار لە بەرجـەستەکـردنیـان شـکـست دەهـێـنن.
لە ئێستادا چەنـدین پلاتـفـۆرمی ئەلیکـترۆنی هـەن، وێنە و مـادەی دەنگی بۆ منـداڵان دابیـن دەکەن، لەوانـەش گـۆرانی و حـیکایـەت و چـیرۆکی جـۆراجـۆر لەگـەڵ وێنـەدا.
چەندین سایت هـەن کە زیرەکیی دەستکرد بۆ خـزمەتی وێـژەی منـداڵان بەکاردەهـێنن. لەوانە (سـتۆری بـۆتـس)، (گـوگـلە ئەل کـیـدس) کە چەنـدیـن ئەنیـمەیـشن و ڤـیدیـۆی دەنگیی ناوەڕۆک نوێ و سەرنجڕاکێشیان درووستکردون بۆ منداڵان نمایشیان دەکەن.
لە سایەی زیـرەکیی دەستکرد و ئامێرە زیرەکەکانـدا، داهـێنانی نـوێی زیاتر و زیارتر و گۆڕانکاری گەورەتر بەڕێـوەن، چونکە شۆڕشی تەکنەلـۆژاو و داهـێنان وەستانی نییە. لەو باوەڕەدام، کە زیـرەکیی دەستکـرد، لە داهـاتـوودا دەتـوانێـت لە هەمـوو بوارەکانـدا، کارئاسانییەکی زیاتر و خـێراتر و خـزمەتێکی ناوازەتر پێـشکەش بە مـروڤـایەتی بکات.
(*) بـۆ نووسینی ئـەم بابـەتە، سـوودم لە چەنـدیـن سـایـتی ئـینگـلـیزی و عەرەبی وەرگرتوون.
رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٥




ئـۆپـەرێـتی نـــــەورۆز.. هـۆنـراوەی: رەزا شـوان

مـنـداڵان
بەخــێـربـێـیـت لالــــە نـــــەورۆز
جـــەژنی نـــــــەورۆزت پـــیـرۆز
دیـــــاری چـیــت بـۆ هـــێـنـاویـن
ئـێمـەیـن هــاوڕێی تـۆی دڵـسـۆز

لالـە نـەورۆز
مـنـــــــداڵانی کوردســـــــــــــتـان
رۆڵـەی گەرمیــان و کوێـســـتـان
دیـــاریـی جـــــــوانـم هــێـــــنـاوە
بـۆ ئـێــوەی خـۆشــەویــســـــتان

مـنـداڵان
لالــە نــەورۆز ، هـەر بـمـێـنـیـت
مـــژدەی شــادیـمـان بـۆ بـێـنـیـت
ســەری ســاڵـمــان پــــیـرۆزەکـە
تــــۆوی ئـاشــــــتی بـچـــــێـنـیـت

لالـە نـەورۆز
ئــەم دوو بـووکـــە شـووشـــەیـە
دیـاریی خـونچـــە و نـوخـشــەیـە
ئـەم تـــۆپ و ئــەم کـەمــــانچـــە
پـێـشکەش بە هـیـوا و رەنجـەیـە
ئـەم ورچــــۆڵـە و ئـەم ئـاســکـە
بـۆ ئـێــوەیـە جـــوان و نـاســکـە
ئـەم کــتـێــبە و ئـەم پـێـنووســـە
بـۆ شـــــــــڤـان و بــروســــــکـە

مـنـداڵان
لالـــــە وەرە دەســـــت بـگـــریـن
تــێـر بـە دڵـمــــان هـەڵــــپـەڕيـن
بـە ئــــــاواز و بـە یـەکـــــدەنـگ
ســـروودی نــــەورۆز بـچــــڕیـن
نـەورۆزە ، نـەورۆز ، نـەورۆزە
جــــــەژی کـــــوردە پـــــــیـرۆزە
خـۆشـتریـریـن مانـگی ئـەم ورزە
دنـیـــــا رەنـگــــيـن و ســـــەوزە

کەرکـووک: ١٩٩٥




تیـدی سێ ساڵان بچـووکـترین ئەنـدامی مـێـنسایە.. رەزا شـوان

تیـدی هـۆبـز کوڕێکی بچکۆلانەی بەریتانیایە، خەڵکی شاری پـۆرتـیـشێـدە لە ویلاەیەتی سـۆمەرسـێـت لە بەرەیتانیـا. منـداڵی گـەورەی خاتـوو (بێـت هـۆبـز) و (ویـل هـۆبـز) ە. تیـدی و خوشکە بچکـۆلەکەی، لە رێـگەی پیتانـدنی دەستکـردەوە لەدایک بـوون. تیدی منداڵـێکی بلـیمەت و پەرجـوویە. لە تەمەنی (٣) ساڵیدا، بـوو بە بچـووکـترین ئەنـدامی کـۆمەڵەی مـێـنسا لە بەریتاننـا. تا ئێستا رەنگە زیـرەکـترن منـداڵ بێـت لـە بەریتانیـادا.
مـێنسا لە ساڵی (١٩٤٧) دامەزرا، گەورەتـرین کۆنـترین کۆمەڵەی نێودەوڵەتییە، تەنیا ئـەو کەسە زیـرەکانە بە ئەنـدامێـتی وەردەگرێـت، لە هـەر شـوێـنـێکی جیهـانـدا بن، کە نـمرەی زیرەکـییان لە ئاستێکی بـاڵا دایـە. لە تاقـیکـردنەوەکانی سـتانـفـۆرد ـ بینێت ـ ی تایبەت بە مـێنسا، نمـرەی زیـرەکیی لە سەدا (٩٨) نـمـرە یا زیاتریان بەدەسـتهـێـناون.
تیدی هـۆبز، لە تەمەنەی، دوو ساڵ و دوو مانگیدا، لە رێگەی سەیـرکردن و گوێگرتن لە بەرنامەی منـداڵان لە تەلـەفـزیـۆنی پەروەردەیی بەریتـانیـا، بە رەوانی خـۆی فـێری خوێنـدنەوەی هەمـوو پـیـتەکان و چەنـدین وشـە کرد. بێ ئەوەی کەس یارمەتیی بدات، خـۆی فـیری نـووسـینی پـیـتەکـان و بـە دەیـان وشـە کـرد. دەنـگەکانی پیـتەکانی کۆپی دەکرد. تیدی هەر لەو تەمەنەدا، دەیتوانی بە حەوت زمان (ئینگلیزی، ویڵـزی، چـینی، نـۆرمانـدی ئـیسپانی، ئەڵـمانی، فـەرەنسی) لە ژمـارە (١) کەوە تا (١٠٠) بـژمـێرێـت.

(بـێـت هـۆبـز) ی دایکی دەڵـێـت:”لەسەر تابـلـێـتەکەی یـاریی دەکـرد. ئـەو دەنـگانەی دەردەکرد کە مـن نەم دەناسینەوە، لـێم پـرسی ئەم دەنگانە چـین؟ وتی: دایـکە مـن بە زمانی چـیـنی دەژمـێـرم”.
(بـێت) دەڵـێت:”مـن و هـاوسەرەکەم زمانناس نین، ئێمە دڵـنیانین، کە چـۆن بەم ئاستە گەیشتووە”؟ دەشڵێت:”تیـدی هەموو ئەو کارانەی بە تەنیا کردوون. کاتێک کە دەچـینە دەرەوە، سەرپـشکی دەکەیـن کە شکـۆلاتـەیەک هـەڵـبژێـرێت. ئـەو لە جـێی شکـولاتـە، کـتێـبـێکی دەوێـت”.
تیـدی هـۆبـز بەسەر هـیچ شتـێکـدا بازنـادات، گـوێ لە هـەمـوو شـتێک دەگـرێـت. ئەو گـفـتـوگـۆیـانـەی کە لە جـەژنی کریـسمسی ساڵی رابـردوودا، لەگەڵـیان کـردووە، هـەر هـەمـوویـانی لـە بیـرە.
تیـدی زۆر حەزی لە بیرکارییە. جارێکیان ئەوندە بە وردی سەرقاڵی کەرتەکان دەبێت، تا خـوێـن لە لـووتی هـات ئەوجـا وازی هـێـنا. لە یـاری و وەرزش و لە چـالاکـییەکانی چـێژ وردەگرێـت، زۆریـش دەخـوێـنێـتەوە. چـێژیـش لە خوێنـدنەوە بـۆ خوشکە (١٥) مانـگـییەکەی وەردەگـرێـت. بیـرۆکەی ئـەوەی هـەیە لە داهـاتوودا ببێـت بە پـزیـشک، چـونکە لەگـەڵ هـاوڕێیەکی لە دایـەنـگاکەیـانـدا، یاریی پـزیـشک و نەخـۆش دەکـەن و رۆڵی پـزیـشک دەبـیـنـێـت.
کە تەمـەنی تیـدی دوو ساڵ و نیـو بـوو، دەیـانـوت. ئاستی خـوێنـدنەوە و وەرگـرتـن و تێگەیـشـتن و قـسەکردن و وەڵامـدانـەوەی و ناسینەوەی پـیـت و شـەکانی، لە ئاسـتی تـوانـای منـداڵـێکی هـەشـت سـاڵ و نیـو دایە.
کە تەمەنی دەبێت بە (٣) ساڵ، دایکی کە یەکەم رۆژ دەیبات بۆ دایانگە، پێیان دەڵێت: “پێموایە خـۆی فـێری خوێندنەوە کردووە. سەرەتـا بە راستی، باوەڕیان پێـم نەکـرد”.
پاشان هـەر هەمـان رۆژ، خاتـوویەکی مامۆستای پێـش قـوتابخانەی بنەڕەتییان بانگ کردبوو. بۆ ئەوەی قـسەی لەگەڵ بکات و بخوێنێتەوە. بە رەوانی بۆێ خوێندبووەوە.
بە تەلەفـۆن پەیـوەنـدییان پێـوەکـردم و وتیـان:”بـێـت تـۆ راسـت دەکەیـت”.
مـێـنسا هـەڵـسەنـگانـدنی زیـرەکی، بـۆ منـداڵانی خـوار تـەمـەنی (١٠) سـاڵان ناکـات. بەڵام ئەگەر دایکان و باوکانیان، بیانەوێـت منـداڵەکانیان ـ کە لەژێـر ئەو تەمەنە دان ـ پـشکـنینیان بۆ بکـرێت، پێویستە بیانبەن بۆ لای پـزیشکی دەروونناسی پەروەردەیی.
پـزیشکی دەروونناسی پەروەردەیی، کە هەڵسەنگانـدنی زیرەکیی بۆ تیدی هـۆبـز کرد. سەرسامی زیـرەکیی و بلیـمەتی بوو. یەکسەر بۆ تاقیکردنەوەکانی مێنسا کاندیدی کرد.
تـیـدی تەمـەن سێ ساڵ بە ئاسایی و کراوەیی، لە ئەنجامی تاقیکـردنەوەکانی مـێنسادا، توانی لە کۆی (١٦٠) نمرە (١٣٩) نمرە بەدەست بهـێنێت. کە دەکاتە رێژەی (٩٩،٥) سـەدی تەمەنی خـۆی. بوو بە بچووکترین ئەندامی مێنسا لە بەریتانیا. دایک و باوکی بەو ئەنجامە تووشی شۆک بوون، هيچ بیرۆکەیەکیان نەبوو کە تا چ رادەیەک زیرەکە. هـیچ پلانێکـیشیان بۆ مێـنسا نەبـوو.
تیـدی هـۆبز لە (٥) ساڵیدا وتی:” ئەگەر دایک و باوکم رێم پێـبدەن، دەتوانم کتێبەکانی رۆمـانی هـاری پـۆتـەر بخـوێـنـمەوە”.
دایکی وتی:”دیـارە ئێمە رێی پێنادەیـن، کە رۆمـانی هـاری پـۆتـەر بخـوێنـێتەوە. ئێـمە کـتـێبی گونجـاوتـری لە رووی سـۆزدارییەوە بۆ هـەڵـدەبـژێـرین. بەڵام لە بنەڕەتدا ئەو لەو قـۆناغـە دایـە، کە دەتوانێـت هـەر شـتـێک بخوێـنـێـتەوە کە بـیخـەینـە بـەردەمی”. تیـدی هـۆبـزی بـلیمـەت و نـاوازە، لـە ئـێستادا تەمـەنی شەش سـاڵە.
(*) بۆ ئـەم نووسـینە، سـوودم لە چەنـدیـن سایـتی ئینگـلیزی وەرگـرتـووە.
رەزا شـوان
دوبـەی/ ٢٠٢٥




پەروەردەکردنی منداڵان لە سایەی تەکـنەلـۆژیادا.. رەزا شـوان

مەبەسـت لە پەروەردە. وەک ئـەوەی کە پەروەردەکـاران پێـناسەی دەکـەن، شـێوازێکی ئایـدیاڵە بۆ مامەڵکـردن لەگەڵ سروشتی مـرۆڤ و ئاراستەکردنی راستەوخـۆ بە وشە و ناڕاستەوخـۆ بە کـرداری نموونەیی. بەپـێی رێبـازێکی تایبـەت و ئامـرازێکی تایبـەت بۆ هـێنانەدیی گۆڕانکارییەک لە مرۆڤـدا بۆ باشتر. بە واتایەکی تر پەروەردە پەیوەنـدی بە ئامـادەکـردنی مـرۆڤـەوە هـەیە، بە شـێوەیەک کە هـەمـوو لایـەنـەکانی ژیـانی رۆحـی و دەروونی و جەستەیی و ژیـانی ئەمـڕۆ و داهـاتـووی دەگـرێتەوە.
پەروەردەکردنی منـداڵان هـونەر و زانستە، پێویستی بە شێوازێکی راست و دروست و هاوسەنگ هەیە، کارێکی ئاسان نییە. شارەزایی و هـۆشیاری و ماندووبوونی دەوێـت. پەروەردەکـردنی منـداڵان، پیـرۆزتـریـن ئـەرکە. بەرپـرسـیارێـتـیـیەکی زۆر هـەستـیار و چـارەنـووسسازە. چـونـکە داهـاتـووی هـەر گـەل و نـیشـتـمانـێک، لە دەستی منـداڵانی ئەمـڕۆیـان دایـە. کـەواتـە گـرنگـیـدان بـە منـداڵانی ئەمـڕو، گـرنـگـیـدانە بـە داهـاتـوو. هـێـنانەدیی داهـاتـوویەکی گەشـتر و شیاوتـریـش، لە سایەی پەروەردەکـردنی دروستی منداڵانی ئەمڕۆدا دێتە. چونکە منداڵانی ئەمڕۆن، کە کاروباری داهـاتوو بەڕێوەدەبەن.

(ئەفـلاتـوون) دەڵـێـت:”هـونـەرێـکی تـر بـوونی نـیـیە، کـە لـە پـەروەردە بـەرزتـر و پیـرۆزتـربێـت”. (جـۆن دێـوی) یش دەڵـێت:”منـداڵ ئـەو خـۆرەیـە، کە هەمـوو دەزگا پەروەردەییـەکان بە دەوریـدا دەسـۆڕێنـەوە”.

پەروەردەکـردنی منـداڵان، لـە جـیهـانی ئەمـڕۆی مـۆدێـرنـدا، کە سـەردەمی شـۆڕشی تەکنەلـۆژیـا و گۆڕانکاری و داهـێـنانی زیـرەکیی دەستکـردا. سەردەمی گـڵـۆبالـیزم و کرانەوەیە. جیهـان بووە بە گونـدێکی بچووک. سنوور و سانسۆر لەسەر کولـتوور و گواستنەوەی زانیارییەکان نییە. هۆکارەکانی پەیوەندیکرد و وەرگرتن و گەیاندن، زۆر ئاسان بوونە. سەردەمی داهـێنانی ئامـێری نـوێ و شتی سەیر و سەمەرەیە. گۆڕان و پێـشکەوتـن هەمـوو بـوارەکانی گـرتـووەتـەوە، بە بـواری پەروەردەی منـداڵانـیشەوە. بۆیە پەروەردەی نوێی منداڵان، جیاوازە لەگەڵ پەروەردەکردنی سەردەمەکانی پێشتردا. نەوەی ئەمڕۆ نەوەی تەلەفزیۆنی رەنگاوڕەنگ و ئینتەرنێت و ئایپاد و ئایفۆنی زیرەک و یارییە ئەلیکـترۆنییەکان و گۆڤـاری رەنگاوڕەنگی منداڵان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فـەیسبووک و بە دەیان ئامێر و شتی سەیـر و سەمەرەی ترن. بمانەوێت و نەمانەوێت، ئەم ئامێرانە بوونەتە پێویستی هەموو ماڵێک و هەموو کەسێک. بوونە بە پێویستییەکی پێویست لە ژیـانی رۆژانەمانـدا. گەورە و بچووکمانی سەرقـاڵ و ئالوودە کردوون. بۆیە
ناتوانین رێگری لە منـداڵەکانمان بکەیـن، لە بەکارهـێنانی ئەم ئامێرانە. قەدەغـەکردنی منـداڵان لە بەکارهـێنانی داهـێنراوە نـوێیـەکانی تەکـنەلـۆژیا، دەبێـتە هـۆێ بـۆشایـیەک لەنێوان منداڵان و سەردەمی نوێـدا. زاناکان و پەروەردەکاران پێیانـوایە، نابێت منداڵان بە یەکجاری لە ئامـێرە ئەلـیکترۆنییەکان داببڕێـن. لە ئەمـڕۆدا فـێرکردن و پەروەردەی قوتابخانەیی سوودێکی زۆریان لە بەکارهـێنانی ئامێرە ئەلێکـترۆنییەکان وەرگـرتوون و بوونە بە پێویستی قوتابخانەکان و پێویستییەکی گرنگی وانەکـان. بە بەشـێک لە ژیـانی رۆژانـەی قـوتابیان و مامۆستاکان. پـرۆسەی خوێنـدنیان زیاتر بەرەو پێشەوە بردوون.
وشەی (تەکنەلۆژیا) وشەیەکی یۆنانییە، وشەیەکی لێکدراوە، لە دوو بـڕگە پێکهاتووە. بـڕگەی یەکەم (تەکـنـۆ) بە واتـای هـونەر یا زیـرەکی یا چـالاکی دێـت. بـڕگەی دووەم (لۆگیا) واتە زانت یا لێکۆڵینەوە دێت. هەردوو بـڕگەکە بەیەکەوە، بە مانای دەربـڕینی زانـستی یان جـێـبەجـێکـردنی زانـستی دێـت.
راستە کە ئامێرەکانی تەکنەلـۆژیا چەکێکی دوو لـوولەن، سوودیان هـەیە و زیانیشیان هەیە، لایەنی ئەرێنی و نەرێنیشیان هـەیە. بەڵام سوودەکانیان زۆرترن لە زیانەکانیان. ئامـێرە تەکنەلـۆژییەکانیش، گیانـلەبەرن نـین، کە لە گـیانـلەبەرێکەوە لەدایک بـووبن. هەر هەموویان زادەی ئەنـدێـشەی داهـێنراو و دروستکراوی دەستی مرۆڤـن، لەلایەن مرۆڤـیشەوە بەرنامەڕێـژ کراون. جـڵەو و کـلیـل و کۆنترۆڵەکانیـشیان، هەر لە دەستی مـرۆڤ دایـە. زیـانـەکـانـیان لە ئەنجـامی بـە خـراپـی بەکـارهـێـنانیـان دایـە. رەنـگە لە سەرەتـاوە منـداڵان زیـانەکانیـان نـەزانـن. بەبـێ تـاوانی بەکاریـان بهـێـنـن.
بۆیە گۆڕانکاری لە پـرۆگـرامەکان و لە رێبـازی فـێرکـرن و خوێنـدن کـراوە. شێوازی پەروەردەکردنی نـوێی منـداڵانـیش، بەپـێی پێـداویـستـیـیەکانی منـداڵانی ئـەم سەردەمە گـۆڕاوە. تا گۆنجـاوبێـت لەگەڵ خـەون و هـیوا و لەگەڵ پێـداویستیـیەکانی ئەمـڕۆیانـدا. تا منـداڵان بتوانـن لەگەڵ رەوتی تـازەگـەری و پـێـشکەوتنـەکانـدا دەربـەرن. بـێگـومان پەروەردەکردنی نوێ، ئەقـلیەتێکی نوێ و تێگەیشتن و شارەزایی و هـۆشیاری دەوێت.
(گـۆسـتاف لـۆبـۆن) دەڵـێـت:”بـەلای نەتـەوەوە، هـەڵـبژاردنی رێـبـازەکانی پـەروەردە، لەپـێـشرە لە هەڵـبژاردنی پـێکهـاتەی حکـوومـەت”.
پەروەردەکردنی منداڵان، وەک پرۆسەیەک کە زۆر کەس بە گرنگترین شێوەی کارلێکی مـرۆڤی دەزانـن. بە دەیـان سـاڵە مشـتومـڕ لەسـەر تیـۆر و پـراکـتـیکی پەروەردەکردنی منداڵان کراوە و دەکرێـت، لـێکۆڵـینەوەی زانستـیی لەسـەری دەکرێـت. لەبەر ئەوەی کە هەموو منداڵێک جیاوازە و پێویستی و بەهـرە و کەسایەتیی ناوازەی هـەیە، بەم پێیەش هـیچ فـۆرمـۆلەیەکی گـشـتگـیر نیـیە، کە گەرەنـتی سـەرکەوتـنی پـەروەردە بکات.
شێواز و رێبازی مۆدێـرن لە پەروەرەکردنی منداڵانی تەندروست و دڵخۆش و داهـێنەر. بە پلەی یەکەم، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی زۆر گرنگی دایکان و باوکانە. پێویستی بە داڕشـتنی پـلانی تـۆکـمە و بە بەرنـامـەی دروسـتی پەروەردەیی و بە چـاودێـری هـەیە. لە رێگەی پەروەردەکردنی دروست و ئاراستەکردنی راستەوە، تاک دەتوانێت سوود بە نیشتمان و بە نەتەوەکەی بگەیەنێـت و ببێت بە پێشەنگ و بەسەرکردەی سەرکەوتوو. پەروەردەکـردنی منـداڵان، پێـویـستی بە کەشـوهـەوایەکی لەبار و ژیـنگەیەکی هـێمن و گونجـاو هـەیە. پەروەردەیـەک لەسەر بنەمـای، خـۆشەویستی و رێـزگرتـن و ئـازادی.
دایـکان و باوکـان و چـاودێـران، وەک مامـۆسـتای یەکـەم و نـمـوونە و سـەرمـەشـقی سەرەتای منداڵان، رۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان لە پەروەردەکردن و لە دروستکردنی کەسایەتیی و لە داڕشتنی بەهـا و لـێهاتـووەکانیان هـەیە. چونکە منداڵان لەم تەمەنەدا کاریگەرییەکی زۆری ژینگەیـان لەسەرە. رۆشـنـبری و زانیـاری خـێزانـیش، رۆڵـێکی گرنگ دەگـێڕێت، ئەوان باشتر لە شێـواز و رێبـازی پەروەردەکردنی منـداڵان تێـدەگەن.
دیارترین سوودەکانی پەروەردەی منداڵان لە سەردەمی تەکنەلـۆژیادا:
١ـ فـێربوونی کارامەیی نوێ: منداڵان دەتوانن لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە، فێری کارامەیی نـوێ ببن، وەک: کۆمپیوتـەر، ئینتەرنێـت، ئایپـاد، ئایفـۆن، بەرنـامـەسازی و داهـێـنان.
٢ـ گەیـشتن بە زانیـاری: تەکـنەلـۆژایا بـڕێک زانیـاری پەروەردەیی بـۆ منـداڵان دابـین دەکـات. لە ئەمـڕۆدا ئامـێرە تەکـنەلـۆژیـاییـەکان، گـرنگـتریـن سـەرچـاوەی زانیـاریـن.
٣ـ پەیـوەنـدی لەگەڵ کەسانی تر: منـداڵان لە رێگەی تەکنەلـۆژیاوە، دەتوانن پەیوەندی هاوڕێتی لە هەموو جیهاندا درووست بکەن. بە ئاسانی پەیوەندی بە یەکترییەوە بکەن.
٤ـ گوزارشتکـردن لە خۆیـان: تەکـنەلـۆژیـا رێگەی نـوێ بۆ منـداڵان دابیـن دەکات، بۆ گوزارشتکـردن لە خۆیـان و لە بەهـرە و لە داهـێنانەکانیان. کـنجکاویـیان بخـەنەروو.
٥ـ بەرزکردنەوەی ئاستی فـێربـوون: دەتوانـرێـت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی فـێربـوون، ئامێرە تەکنەلۆژیاییەکان بەکاربهـێنرێن. فێربوون سەرنجڕاکێشتر و کاریگەرتر دەکەن.
٦ـ فـێربوونی زمانی تر: زۆر لە منـداڵانی خوازیـاری فـێربـوونی زمـانی تر، لەرێگەی تەکنەلـۆژیـاوە، زیـاتر لە زمانێکی جیهـانی فـێربـوونە. بە تایبەتیش زمـانی ئینگـليزی. سـوودیـشیان لە کـولتـوور و لە پـێـشکەوتـنی گـەلانی پـێـشکەوتـوو وەردەگـرتـوون.
چەنـد رێنماییەکی گرنگ و بەسوود بۆ دایکان و باوکان:

دایکان و باوکانی بەڕێـز، دەزانیـن کە بەشـێکی زۆرتـان نـیگەرانـن، لە مەتـرسی و لە زیانەکانی، پەروەردکردنی منداڵەکانتان لە سایەی تەکنەلـۆژیا (ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان) لـێرەدا چەنـد ئامـۆژگاری و چەنـد رێنـماییەکی بەسـوود دەخـەینەروو، بـۆ چـاودێـری و کۆنترۆڵکردن و پاراستنی منداڵەکانتان لە زیانەکانی بە خراپ بەکارهـێنانی تەکنەلۆژیا:

١ـ لەگەڵ منداڵەکانتانـدا باسی تەکنەلـۆژیا بکەن: لەگەڵ منداڵەکانتاندا گـفـتوگـۆبکەن و باسی سوودەکان و زیـانەکانی بەکارهـێنانی تەکـنەلـۆژیـا بکەن، یـارمەتـییان بـدەن بۆ بیـرکـردنەوەی رەخـنەگـرانە، لەسەر ئەو زانیـارییانەی لە ئینتەرنێـتدا دەیـانـدۆزنەوە.
٢ـ بەکارهـێنانی کۆنتـرۆڵی دایک و باوک: بۆ سنووردارکردنی ئەو ناوەڕۆکانەی، کە منـداڵـەکانتان، دەتـوانـن بە شـێوەی ئـۆنـلایـن (ئـینـتەرنێـت) دەستـیان پـێـیان بـگات.
٣ـ لە جیهانی دیجیتاڵدا ئامادەبن: بزانن منداڵەکانتان چ ئەپ و ماڵپەڕێک بەکاردەهێنن.
٤ـ ئارامگربن: لەوانەیە ماوەیەک بخایەنێت، تا منداڵەکانتان فـێری ئەوە ببن، چۆن بە شێوەیەکی ئەرێنی و دروست و بەرپرسیارانە، ئامێرە تەکنەلـۆژیاییەکان بەکاردەهـێنن.
٥ـ دانانی ئامـانج: پێش ئەوەی هەر تەکنەلـۆژیایەک، بخەنە ناو ژیانی منداڵەکانتانەوە، گـرنـگە ئامـانجـەکانی روونـبـن. کاتـێک کە ئامـانجـەکانـتان دیـاریـکـراوبـن، دەتـوانـن تەکـنەلـۆژیـای گـونجـاو هـەڵـبژێـرن و پـلان دابـنێـن، بـۆ بەکـارهـێنانی کاریـگەرانە.
٦ـ بە هـێواشی دەست پێـبکەن: پێویست ناکات لە ماوەیەکی کەمـدا، منـداڵەکانتـان بە تەکنەلـۆژیـای زۆر سەرقـاڵ بکەن. هـەنگاو بە هـەنگاو لە ئاسانەوە فـێریـان بـکەن.
٧ـ هەڵـبژاردنی ئەپـلیکەیـشن و پـرۆگـرامە گونجـاوەکان: هـەمـوو ئەپـلـیکەیـشنێک و پـرۆگـرامێک بۆ منـداڵان گونجاونین. دڵنیابـن لە هەڵـبژاردنی ئەو ئەپ و پرۆگرامانەی کە پەروەردەیی و خۆشن و لەگەڵ تەمەن و پێـداویستیـیەکانی منـداڵەکانتان دەگونجێن.
٨ـ دانـانی یاسا: گرنگە یاسای روون بۆ بەکارهـێنانی تەکنەلـۆژیا لە ماڵـەوە دابنرێـت. ئەو کاتانە بۆ منداڵەکانتان دیاری بکەن، کە رێگە پێدراون بۆ بەکارهـێنانی تەکنەلۆژیا. لەگەڵ ناوەڕۆکەکان بۆ سەیرکردنی ئەو سایتانەی کە رێگەیان پێـدراوە کە پەیوەندییان پێـوەبکەن. واتە جـڵەوی کاتی بەکارهـێنان و کۆتایی کاتەکان، لە دەستی خۆتانـدا بێت.
٩ـ نموونەیەکی باشبن: لە بەکارهـێنانی تەکنەلۆژیادا، ببن بە نموونە و سەرمەشق بۆ منـداڵەکانتان، چونکە منداڵەکانتان زیاتـر سەیـری کارەکانتان دەکەن و کەمـتر گوێ لە قـسەکانتان دەگـرن. ئەگەر ئێـوە پابەنـدبـن بەکـاتەوە، ئەوانیـش چـاو لە ئێـوە دەکـەن.
١٠ـ هانـدانی چالاکییە جێگرەوەکان: گرنگە کە منداڵەکانتان هـانبدەن بۆ بەشداریکـردن لە چالاکییە جەستەیی و کۆمەڵایەتی و داهێنەرەکاندا، دوور لە شاشەوە. یا بۆ ماوەیەک پەرتووک و گۆڤار بخوێننەوە، وێنەبکێشن، یاری و وەرش لەگەڵ هاوڕێکانیاندا بکەن.
١١ـ لەبیرتان بێت کە ئێوە تەنیا نین: شەرم مەکەن لە داواکردنی یارمەتی لە مامۆستا و راوێـژکار یان هەر کەسێکی تری خاوەن ئەزموون کە بتوانێت ئامـۆژگاری و رێنماییتان بـداتێ لەسـەر چـۆنیەتی پەروەردەکـردنی منـداڵەکانتـان، لە سـەردەمی تەکـنەلـۆژیـادا.
هەندێک لە زیانەکانی ئالوودەبوون لە بەکارێنانی تەکنەلـۆژیا:
خووگرتـن و زیادەڕۆیی و بە خـراپی بەکـارهـێنانی تەکـنەلۆژیا لەلایـەن منـداڵانەوە:
١ـ مەترسیی ئالوودەبوون بە تەکنەلـۆژیا: ئالوودەبوونی منداڵان بە تەکنەلۆژیا، وەک سەیرکردنی شاشەکان بۆ ماوەیەکی زۆر، کاریگەرییەکی خـراپیان لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی منـداڵان دەبێـت. بە تایبەتیـش لەسەر مـێـشک و چـاویـان.
٢ـ کەمبوونەوەی چالاکـییە جەستەییەکان: بەسەربـردنی کاتـێکی زۆر بۆ سەیـرکردنی دەزگا ئەلیکـترۆنییەکان. دەبێتە هـۆی کەمبوونەوەی چـالاکییە جەستەییەکانی منداڵان. رەنگە ببێـتە هـۆی قـەڵـەوێ و کـەم جـووڵەیی و دابـڕان لە پێـویـستی یـاری.
٣ـ بەرکەوتـن بە نـاوەڕۆکی نەشـیاو: لەوانـەیە منـداڵان بـە بەکـارهـێنانی ئـۆنـلایـن، رووبەڕووی ناوەڕۆکی خراپ و نەشیاو ببنەوە. وەک: تونـدوتیژی یان پـۆرنـۆگرافی (هەوەسبازیی سێکـسی) ببـنەوە. کاریگەریی خـراپیان لەسەر گەشەکـردنیان دەبـێت.
٤ـ لەدەستدانی پەیوەدیکردنی کۆمەڵایەتی: زۆر پشتبەستن بە تەکنەلۆژیا دەبێتە هۆی گۆشەگـیری و لەدەستدانی توانای پەیـوەنـدیی کۆمەڵایەتی لە منداڵان. رەنگە ئەمەش ببێتە هـۆی ئەوەی پەیـوەنـدییان لەگەڵ هـاورێکانیان و کەسانی دیـکەدا لاواز بکات.
٥ـ مـووبـەکـردنی ئەلـیکـترۆنی: دەکـرێـت منـداڵان لـە رێـگەی سـۆشـیال میـدیـاوە، رووبەڕووی مووبەکردن (التنمر) و توندوتیژی و گێچەڵی سەر ئەلیکترۆنی ببنەوە، رەنگە کاریـگەریی خـراپیـان لەسـەر دەروونیـان هـەبێـت.
پـرۆسـەی پەروەردەکـردنی منـداڵان، لە شەو و رۆژێکـدا نایەتەدی. لەدایکـبوونەوە دەسـت پـێـدەکـات، تـا تەمـەنی گـەورەبـوون و متـمانە بەخۆبـوون و پـشتـبەسـتن بە توانـاکانی خۆیـان بەردەوام دەبێـت. پەوەردەکـردنی منـداڵان بە شـێوەیەکی دروسـت، کۆمـەڵـێک بنـەمـا و شـێواز و رێبـاز لەخـۆدەگرێـت. دەتـوانـرێـت ئـەم پـرەنـسـیـپ و شێوازانە، لە رێگەی پەرتووک و گۆڤـار و ئەدەبیاتی منـداڵان و هـونەری منـداڵان و فـێربـوونی تەکنەلـۆژیا و وەرزش و خوێنـدنی قـوتـابخانە و سـیمینار،… هـتد. فـێری منـداڵان بکـرێن. ژینگەیەکی لەبـار و شێوازێکی مۆدێـرن لە پەروەردەکردنی منداڵان، کە لەسەر بنەمـای، خۆشـەویستی و رێـز و لـێکـتێگەیـشـتن و دیـالـۆگ بنیات نـراوە.
گەر بە دروستی تەکنەلۆژیای سەردەم بقـۆزرێتەوە، دەرفەتی ناوازە بە پەروەردەکرنی منـداڵان دەبەخـشـێـت. کە لە بەردەستی نـەوەکـانی پـێـشوودا نەبـوون. بـە شـێوەیەکی داهـێنەرانەش پەرە بە تواناکانیان و بە فراوانکردنی رۆشنبیری و هۆشیارییان دەدات. هەموو ئەو پێشکەوتنانەی کە هاتوونەتەدی و بێنەدی لە سایەی داهێنای تەکنەلۆژیادا هاتوونەتەدی و دێنەدی. هەردەم پێچکەی رەوڕەوەی ژیان و داهـێنان و پێشکەوتن بۆ پـێـشەوە دەسـووڕێتـەوە و ناوەستێـت. ئـەوەی ئەمـڕۆ خەیـاڵە.. لە بەیـانیـدا کـردارە.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە چەندین سایتی ئینگلیزی و عەرەبی وەرگرتووە.

رەزا شـوان




دکـتۆر سـیوس کەڵەنـووسەری وێـژەی منـداڵان.. رەزا شـوان

نووسەری بەناوبانگی وێـژەی منـداڵان (دکتۆر سیوس) ی ئەمریکی، کە بە رەچەڵەک ئەڵـمانییە. یەکـێکە لە کەڵـەنـووسـەرەکانی جیهـان، لە بـواری نـووسـیـنی چـیرۆک بـۆ منـداڵان. کە تا کۆچی دوایی زیاتر لە (٦٠) پەرتـووکی نووسیوە و چاپیانی کـردوون و بڵاویانی کردوونەتەوە. هەر خۆشی وێنەکانی بۆ پەرتووکەکانی کێشاون. لەوانە (٤٥) پەرتـووکـیان، بە تایبـەتی بـۆ منـداڵان نـووسـیوە. کە بـریتـین لە چـیرۆک و لە وێنـەی روونکردنەوە. پەرتووکەکانی وەرگێڕدراون بۆ (٢٠) زمانی جیهانی. لە پڕفـرۆشترین پەرتـووکەکـانـن لە جیهـانـدا. کە زیـاتر لە (٦٠٠) مـلـیۆن دانـەیـان لـێفـرۆشـراون، تا ئەمـڕۆش لـێیان دەفـرۆشرێـن و لە لـیستی پەرتـووکە پـڕفـرۆشـراوەکانی جیهـان دان.
دکـتۆر سـیوس کـێـێیە؟
ناوی راستەقـینەی (تیۆدۆرد سیوس گەیزل)ە، لە جیهـاندا بە نازناوی (دکتۆر سیوس) ناسراوە و ناوبانگی دەرکـردووە. هـەر ئەم ناوە خـوازراوەشی لەسـەر پەرتـووکەکانی نووسـیوە. لە راسـتیـدا سـیوس نـە دکـتۆرە و نە بـڕوانـامەی دکـتۆراشی وەرگرتـووە.
(سـیوس) ناوبانگی خـێـزانی کچـێـنی دایکـێـتی، پـێـش ئـەوەی شـوو بە بـاوکی بکات. وشـەی (دکـتۆر) یـش، لەسـەر خـەون و خـواستی باوکی بـوو، کە زۆر حەزی دەکـرد تیـۆدۆری کـوڕی بـبـێـت بە دکـتۆر (پـزیـشک) یان بـڕوانـامـەی دکـتۆرا وەربگـرێـت. لـێرەوە وشـەی (دکـتۆر) ی خـستە پێـش وشەی (سیوس) و (دکـتۆر سیوس) بوو بە نـازنـاوی وێـژەیی و هـونـەری.

دکتۆر سیوس لە (٢/ ئادار/١٩٠٤) لە شاری سپرینگـفـیڵد، لە ویلایەتی ماساشوستس، لە ویـلایەتە یەکگـرتـووەکانی ئەمـریکا لەدایـک بـووە. باوکی ناوی (تیۆدۆرد رۆبەرت گەیـزل) ە. بیـرەسـازێکی ناسـراوبـوو، کـارگەیەکی بیـرەسازکـردنی هـەبـوو. دایکـیشی (هـێنریتـا سیوس) لە نانـەواخانەکەی باوکـیدا، پاسـتەی دروست دەکـرد و دەیفـرۆشـت. دکتۆر سیوس تەنیا خوشکێکی هەبوو. سیوس لە مێردمنداڵیدا، لە کارگەی بیرەکەیاندا، یارمـەتیی باوکی دەدا. لە دوای قـەدەغـەکـردنی دروستکـردنی بیـرە و مـەی، لە سـاڵی (١٩١٩) دا، کارگەکەی بیـرەکەیان داخـست. تا رادەیەک داراییان لە کـورتی دا. باوکی بـوو بەڕێـوەبەری باخچـەی ئـاژەڵان. زۆر جار سـیوس دەچـوو بۆ باخچـەی ئاژەڵان و لەگەڵ شـێر و پـڵنگە بچـووکەکانـدا یاریی دەکـرد و دەچـووە نـاو قەفـەزەکانیانەوە. بە تەباشیریش لەسەر دیوارەکانی شـوورەی باخچەکەدا، وێنەی ئاژەڵەکانی لە شـێویەکی کاریکاتـێری و فـانتـازیـدا دەکـێـشا.
دکـتۆر سـیوس، نـووسـەری بەنـاوبـانگی وێـژەی منـداڵان، هـونـەرمەنـدی وێنەکـێش، هـۆزانـڤـان، کـاریـکاتـێریـستی سـیاسی، نـووسـەری کـورتەچـیرۆک، سـیاسـەتـمەدار، رەخـنەگری تەنـزئامـێز. سەرنووسەر، میدیاکار، دەرهـێنەر، ئاوازدانەر. ئەنـیمەیـشن، پەیـکەرسـاز، شانـۆکار، دەرهـێنەری فـیـلم، سـینەمـاکار. بەڵام زیـاتر لە رێی وێـژەی منـداڵانەوە ناسـرا و ناوبانـگی دەرکـرد.

خۆشەویـستی دکتۆر سیوس بۆ هـۆنـراوە، دەگەڕێتەوە بۆ کارتێکـردنی دایکی. کاتێک کە خـۆی و خوشکەکەی منداڵ بـوون، لەگەڵ دایکـیانـدا، دەچـوون بۆ نانەواخـانەکەی باپـیرەیان. دایکیان بەدەم کارکـردنەوە، بە سەروا و ئـاوازەوە، قـسەی خـۆش و دێـڕە هـۆنـراوەی سـووک و کـورتە چـیرۆکی بـۆ دەگـێڕانـەوە. بۆ ئەوەی سەرقاڵـیان بکات.

دکتۆر سیوس، لەپێشا نە وێنەکـێشێکی کارامە بوو نە نووسەرێکی درەوشاوەش بـوو. بەڵام کۆڵی نەدا. بەردەوام وێنەی دەکێشا و بابەتی بۆ گۆڤـار و رۆژنامەکان دەنووسی.
هـاوسەرەکانی دکـتۆر سـۆز:
دکتـۆر سـیوس، دوو جـار هـاوسـەرگـیری کـرد. بـەڵام هـیچ منـداڵـێکـیان نەبـوو.
هـاوسـەری یەکـەمی (هـێلـین پاڵـمـەر، مـاوەی پـێکەوە ژیـانیان: ١٩٢٧ـ ١٩٦٧) لە زانکۆی ئۆکـسفـۆرد لە ئینگـلتەرا یەکتریان ناسی. هـێلـین نووسەر و سەرنـووسەری پەرتـووکی منـداڵان بـوو. هەمـوو کارە بـازرگانیـیەکانی سـیوسی بەڕێـوەدەبەر. دوای تێکچـوونی باری دەروونی، بە خـۆکـوژی کـۆتـایی بە ژیـانی خـۆی هـێـنا.
هاوسەری دوەمی (ئـۆدی ستۆن دایمـۆنـد، مـاوەی پـێکەوە ژیانیان: ١٩٦٨ـ ١٩٩١) ئـۆدی نـووسـەرێکی بـواری وێـژەی منـداڵان بـوو. هـانـدەر و پاڵـپـشی دکـتۆر سیوس بوو، لە نووسین بۆ منداڵان. ئۆدی هەرگیز ناوی سیوسی نەبیستبوو، وای زانیبوو کە ئەو پـزیشکە. لە دوای کۆچکردنی دکتۆر سیوس، ئەم هاوسەرەشی کەمتر لە ساڵێک ژیـاو، بە نەخـۆشی شـێرپـەنجـە کـۆچی دوایی کـرد.
جارێکـیان کەسـێک لە دکـتۆر سـیوسی پـرسی: بـۆ هـیچ منـداڵـێکـتان نـیـیە؟
دکتۆر سیوس وەڵامی ئەو کەسەی دایەوە و وتی: ئێوە بەردەوام منداڵتان دەبێت، منیش بەردەوام دەبـم لە نووسینی پەرتـووک بـۆیـان. ئەوەبـوو بوو بە خۆشـەویستی ملیـۆنان منـداڵان لە جیهـانـدا. کە تا ئەمـڕۆش چـێـژ و سـوود لە خـوێنـدنەوە و لە بینـینی فـیلمە کارتـۆنییەکانی چـیـرۆکە خـۆشـەکانی وەردەگـرن.
خوێنـدنی دکتـۆر سـیوس:
لە ساڵی (١٩٢٥) دا، بـڕوانـامـەی بەکالـۆریـۆسی لە هـونـەرە ئـازادەکان، لە زانـکـۆی دارتـمـۆس، لە ئەمریکا وەرگرت. بە نـیازی درێـژەدان بە خوێنـدن و وەرگـرتنی دکتۆرا لە وێژەی ئینگیزیدا، چووە کۆلێژی لـینکـۆڵن لە زانکۆی ئۆکسفـۆرد، لە ئـینگـلتەرا. بەڵام سیوس ئاستێکی باشی نەبوو، لە خوێندنی ئەکادیمی بێزاربوو. زیاتر سەرقاڵی وێنەکێشان و نووسین بوو. (هـێـلین پاڵـمەر) ی هـاوڕێی و هـاوکـۆلـێژی ـ کە دوایی بـوو بە هـاوسـەری یەکـەمی ـ زانـی کە سـیوس بەهـرەیـەکی باشی لە وێـنەکـێـشانی کاریکاتێریدا هەیە. داوای لێکرد کە روو لە جیهانی وێنەکێشانی کاریکاتێری بکات و بیکات بە پـیـشەی بـژیـۆی ژیـانی. ئەوەبـوو دوای ساڵـێک وازی لە خـوێنـدن هـێـنا.
سیوس کاتێک کە لە ساڵی (١٩٢١) لە زانکۆی دارتمۆس بوو، بوو بە سەرنووسەری گۆڤاری (جاک ئۆ لانتەر)ی کـۆمیدی سەر بە زانکۆکە. بەڵام شەوێکیان لە ژوورەکەی لەبەشی ناوخـۆیی، لەگـەڵ چەنـد هـاوڕییەکـیدا، مەیـان خـواردەوە و سەرخۆشبوون و دەستگیرکران. لەو سەردەمەدا مەیخواردنەوە قەدەغـەبوو. بە پێچەوانەی یاساوە بوو. بۆیە لە گۆڤارەکە دەریان کرد. بەڵام بە ناوی خوازراوی ترەوە، وەک (دکتۆر بۆتان) و (دکتۆر سیوس) و ناوی ترەوە بابەت و کاریکاتێری بۆیان دەنارد و بڵاویان دەکردەوە.
سیوس دوای وازهـێنانی لە خـوێندن، گەشـتـێکی هـەشـت مانگی، بۆ چەنـد وڵاتێکی ئەوروپـا کرد. دوای گەڕانـەوەی بۆ ئەمـریـکا، لە ساڵی (١٩٢٧) تـەوە، دەسـتی بە وێنەکـێـشان کرد. وەک کاریکاتێریستـێکی پـیشەیی لە چەنـد گـۆڤار و رۆژانامەیەکدا، کاری دەکـرد. نـزیکەی (١٥) ساڵـێش ریکلامی کاریکاتـێری، بۆ چەنـد کۆمپانیایەکی بازرگانی کێـشا. پارەیەکی باشی بەدەسـتهـێـنا. بـوو بە کاریکارتێریـسـتـێکی ناسراو.
لە ساڵی (١٩٣٦) دکتۆر سیوس و هـێلینی هاوسەری لە گەشتێکی دەریاییدا بۆ (٣٠) وڵاتی ئەوروپـا. رتمی بـزوێنەری (مەکـینەی) کەشـتیـیەکە لەگەڵ دەنگی شەپـۆلەکانی دەریـادا، ئیلهـامی نووسینی هـۆنـراوەیەکـیان پـێبەخـشی، کە بوو بە یەکەم پەرتـووکی بۆ منداڵان:(بیر لەوە دەکەمەوە کە لە شەقامی مولبەریدا بینیم). کە لە ساڵی (١٩٣٧) چاپیکرد و بڵاوی کردەوە.
بە ناوبانگـترین پەرتـووکەکانی دکتۆر سیوس بۆ منـداڵان:
دکتۆر سیوس (٤٥) پەرتووکی چیرۆک و رۆمان و هۆنراوەی بۆ منداڵان نووسیوە و چاپی کـردوون و بـڵاوی کـردوونەتەوە. بە ئاسانی شێوازی ناوازەی دەناسـریتەوە. بە خێرایی خوێنەرانه منداڵان و نەوجەوانان و پیرانی سەرسامکـرد. هـەر خۆشی وێنەی روونکردنەوەی بۆ پەرتووکەکانی کێشاون. ئەمانە ناوی هەندێک لە پەرتووکەکانێتی:
١ـ (بیـر لەوە دەکەمـەوە کە لە شـەقـامی مـولـبەریـدا بیـنـیم). زیـاتر لە (٣٠) خـانە و کـۆمپانیای چـاپ و بڵاوکردنەوە، رەتـیان کـردەوە کە ئەم پەرتـووکەی بـۆ چاپ بکەن.
بە دڵـتەنگی و بە خـێرایی بۆ ماڵەوە دەهـات، بـۆ ئەوەی دەستنووسەکەی بسووتێنێت.
بە رێکەوت هـاوڕێەکی دێرینی هـاوپـۆلێکی زانکۆی دارتمۆسی بیـنی کە کاربەدەستی چاپخانەی (ڤـانگار) بوو. لە ساڵی (١٩٣٧) دا، پەرتووکەکەیان بۆ چاپکرد و بڵاویان کـردەوە. ئـەم پەرتـووکە بۆ هـەمیـشەیی رووی وێـژەی منـداڵانی گـۆڕی.
٢ـ (پـشیلەی نـاو کـڵاوەکە): لە ساڵی (١٩٥٧) دا چاپکرا و بڵاوکرایەوە ئەم چیرۆکە کلاسیکـییە، بە بەکارهـێنانی (٢٢٠) وشە لە وشەکانی خوێنـدنەوەی نـوێ نووسـیوە، ئەم پەرتووکەی ئەڵتەرناتیڤی پەرتـووکی خوێندنەوەی قـوتابخانەکانە بوو، کە منداڵان لـێیان بێـزار ببـوون. چـیرۆکەکە بـاس لـە دوو بـرا دەکـات، کە لـە رۆژێـکی بـاراناوی بێزاردەبـن. بڕیـاریان دا کە رێ بە پشیلەیەک بـدەن بێتە نـاو ماڵەکەیان. بێگومان ئەم پـشیلەیە ئاسایی نییە. بەڵکو پشیلەی ناو کڵاوە درێژە رەنگاوڕەنگەکەیە. پێدەچـێت بۆ هەر شوێنێک بچێت، ئاژاوە و کەتنی خۆشی بەدودابێت. ئەم چیرۆکە لە پڕفـرۆشترین پەرتـووکەکانی دکـتۆر سیوسە. لەلایەن رەخـنەگـرێکەوە بە کارێکی نایـاب باسی کرد. سەرکەوتنی پشیلەی ناو کڵاوەکە، پێگەی دکتۆر سیوسی لە وێژەی منداڵان باڵاتر کرد.
٣ـ (چـۆن گـرینـچ جەژنی کـریـسمسی دزی): گـرینـج پاڵەوانی سەرەکی چـیرۆکەکەیە. چـیرۆکـێکی کـلاسـیکی نەمـرە. چـیرۆکی گـرینـچ دەگـێڕێـتـەوە، کـە لەسـەر گـردێکـدا وەستاوە و رووی لە شارۆچکەی هـۆڤـیل کردووە. گرینج لە هـیچ شتێک ناپـێچـێتەوە
بۆ ئەوەی خۆشی جەژنی کریسمس لە خەڵکی هـۆڤـیل بدزێت. بەڵام لە کۆتاییدا مانای راستەقـینەی بەخـشـین فـێردەبێـت. ئەم چـیرۆکە یەکـسەر کراویە فـیلمی ئەنیمەیـشن.
٤ـ (هـۆرتـۆن هـێلکە هـەڵـدێنێت): هـۆرتـۆن ناوی فـیلەکەیە و پاڵەوانی چیرۆکەکەیە. فـێڵ لە فـیلەکە دەکرێـت و لەسەر هـێلکەی باڵـندەیەک دادەنیشێت. سەرەڕای هـەنـدێ گرفت هۆرتۆن لەسەر هێلکەکە هەڵناسێت. لە کۆتاییدا هێلکەکە هەڵدێنێت. باڵندەیەکی فـیـل و بـوونـەوەرێـکی دوڕەگ، کە سـیمای مـایـزی بـاڵـندە و فـیلی هـۆرتـۆنی هـەیە.
چـیرۆکێکی فانتازی ئەفـسانەییە.
٥ـ (ئەگەر مـن باخچـەی ئاژەڵان بەڕێـوە ببـەم ـ ١٩٥٠). ئـەم پەرتـووکە، ئـەو کورتە چیرۆکانەی لەخۆگرتووە کە دکتۆر سیوس لە گۆڤاری (ریدۆک) بڵاویانی کردوونەتەوە.
٦ـ هـۆرتـۆن گـوێی لە کێ دەبێـت ـ ١٩٥٥).
٧ـ (هـێلکەی سـەوز و گـۆشـتی بەراز). ئـەم چـیرۆکەی لە ئەنجـامی گـرەوێک لەسەر (٥٠) دۆلار نووسی. (بینێت سـێرف) هاوبەشی دامەزرێنەری کۆمپانیای رانـدۆم هاوس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، رکەبەری دکتۆر سیوسی کرد، کە بتوانێت چیرۆکێک بنووسێت، لە (٥٠) وشە پـێکـبێـت. دکـتۆر سیوس ئـەو چـیرۆکەی نووسی و گـرەوەکەی بـردەوە.
٨ـ (یەک ماسی دوو ماسی، ماسی سوور، ماسی شـین ـ ١٩٦٠).
٩ـ (دزی چـیرۆکەکانی تـر ـ ١٩٦١).
١٠ـ (لـۆراکـس ـ ١٩٧١).
١١ـ (ییـرتـڵی کـیسەڵ). چـیرۆکە تەنـزێـکە لەسـەر ئەدۆڵـف هـیتـلەر.
١١ـ (شـەڕی کـەرە ـ ١٩٨٤) ئـەم پەرتـووکەی بۆ مـاوەی شەش مانـگ، لە لـیستی پـڕفـرۆشترین پەرتـووک بۆ منداڵان، لە پەرتـووکەکانی نیویـۆرک تایمز مایەوە. ئەم پەرتـووکە شـرۆڤـەیەکە لەسـەر پێـشبركـێی چـەک. بە تایـبەتیـش چـەکی ئەتـۆمی.
١٢ـ (ئەی ئەو شوێنانەی کە بـۆی دەچـیت ـ ١٩٩٠): ئـەم پەرتـووکە، دوا پەرتـووکی دکتۆر سیوسە، کە پێـش مـردنی چاپکـرا و بڵاوکرایەوە. هەنـدێک لە باشترین وتەکانی دکتۆر سیوسی لەخۆگرتووە. هـانی منداڵان دەدات، هەوڵـبدەن بۆ هـێنانەدیی تواناکانیان لە ژیـاندا. لە هەمان کاتـدا ئەو پەیـامە دەگەیەنێت، کە هەموو شتێک دەکرێ و ئەستەم نییە، ئەگەر هـەوڵی بۆ بـدەیـت. یەکـێک لە وتەکـانی دکـتۆر سیوس:”ئەمـڕۆ تـۆ تـۆی، ئەمـەش زیـاتر لە راسـتی راسـتـیترە، لە ژیـاندا کەسـێک نیـیە کە لە تـۆ باشـتربێـت”.
وتەیـەکی تـری:”مـێـشک لە سـەرت دایە، پێـیەکانـت لە پێڵاوەکـانت دان، دەتـوانیت بە هـەر ئاراستەیەکـدا، خـۆت ئاراسە بکەیـت کە هـەڵـیـبژێـریـت”.
پەرتووکەکانی بەزۆری لەلایەن کۆمپانیای (راندۆم هاوس) بۆ چاپکردن و بڵاوکردنەوە، چاپکـراون و بڵاوکـراونەتەوە.
دکتۆر سیوس بێجگە لە نووسینی پەرتووک بۆ منداڵان و کیشانی وێنەی روونکردنەوە و کاریکاتێـری. (١١) فـیلمی تایبەتی بـۆ تەلەفـزیـۆن و (٥) فـیلـمی درێـژی دەرهـێناوە. شانۆیەکی مـوزیکیش لەسەر شانۆی برودوای. (٤) زنجـیرەی تەلەفـزیـۆنی دەرهـێناوە. میـراتی راستەقـینەی دکـتۆر سیوس، کاریـگەرییە بەردەوامەکانـێتی لەسەر ئەنـدێـشەی منـداڵان لە هەمـوو شـوێنێکـدا. بـوو بە هـێمایەکی خۆشـەویـستی لەلای منـداڵان.
بۆچی چەنـد پەرتـووکێکی دکتۆر سیوس قەدەغـەکـران؟
رەنگە دکتۆر سیوس بەناوبانگـترین نووسەری پەرتـووکی منـداڵان بێـت، کە لە ژانیدا و لە دوای مـردنیشی، رەخـنەی تونـدی لـێگیرا. تا ئەمـڕۆش مشتومڕ لەسەر هـەنـدێک لە پەرتووکەکانی هـەیە. بە هـۆی کێشانی وێنەی رەگـەزپەرستی و هەست برینـدارکەرەوە. بۆ نموونە: لە یەکەم پەرتووکی (بـیر لەوە دەکەمەوە کە لە شەقـامی مولـبەریدا بینـیـم) وێـنەی دوو ئەفـریقی لە شێوەی مەیموونـدا کێشاون، وێنەی چاوەکانی خەڵکی ئاسیایی خواروخێچ کـێشاون. (دامەزراوەی دکـتۆر سیوس ئینـتەر پـرایـزز) کە ماف و مـۆڵەتی چاپکـردن و بـڵاوکـردنەوەی سەرجەم بەرهـەمەکانی دکـتۆر سیوسی هـەیە. رایگەیـانـد واز لە فـرۆشتـنی شەش لە پەرتـووکەکانی بهـێـنن. زانـای وێـژەی منـداڵان (فـلـیپ) لە بـارەی ئـەو مشتـومـڕانەوە، دەڵـێت:”ئەمـە دەبێـتە هـۆی ئـەوەی کە خەڵکی دووبـارە، هەڵسەنگانـدن بۆ میراتی دکتۆر سیوس بکەنەوە. پێمـوایە ئەوە شتێکی باشە. بەشێک لە میـراتەکەی هـەیە کە دەبێـت مـرۆڤ رێـزیان لێبگـرێت. بەشـێکـیشیان نابێـت مـرۆڤ رێـزیان لـێبگـرێـت”.
دکتۆر سیوس لە سوپای ئەمـریکادا:
دکتۆر سیوس لە جەنگی جیهانی دووەمدا، لە ساڵی (١٩٤٣) دا، بە پلەی کاپتن چـووە ریـزی سوپـای ئەمریکاوە. لە هـێزی ئاسمانی سوپادا، فەرمانـدەی بەشی ئەنـیمەیـشنی یەکەی فـیلمی جـۆڵاو بـوو لە هـۆلیـۆد. بۆ مـاوەی (٤) سـاڵ لە سوپـادا خـزمـەتی کـرد. چەند فیلمێکی پـڕوپاگەنـدەی بۆ سوپا دەرهـێنا. لەوانە (کارکردنت لە ئەڵمانیا ـ ١٩٤٥) فـیلمێکی پڕوپاگەندە بوو. دکتۆر سیوس کاتێک کە لە سوپاداببوو، لە ماوەی دوو ساڵدا (٤٠٠) سـەد کاریکاتـێری سـیاسی تەنـزئامـێزی کـێـشا. دوای جـەنگ دکـتۆر سـیوس و هـاوسـەرەکەی، روویـان لـە کـۆمـەڵگەی لاجـۆلا لـە شـاری سـان دێـیگـۆ لە ویـلایەتی کالـیفـۆرنیا کـرد. گەڕایەوە سـەر نـووسـین بـۆ منـداڵان. تا مـردنیان لـەم شارەدا ژیـان.
دکتۆر سیوسی سیاسەتـمەدار:
دکتۆر سیوس دیموکراتێکی لیبراڵی بوو. لە ماوەی ساڵانی چلەکانی سەدەی بیستەمدا، زیـاتر سـەرنجی لەسـەر سـیاسـەت بـوو. لایـەنگـری سـەرۆک (فـرانکـلـیـن دی) بـوو. کاریکاتێرە سیاسییە سەرەتاییەکانی، دژایەتی سۆزداری لەگەك فاشیزمدا نیشان دەدەن. داواشی کرد، لە دژی فـاشیزم کاربکرێت. چەند پەرتووکێکیشی ناوەڕۆکێکی سیاسییان لەخۆگرتوون.
کۆچی دوایی: دکتۆر سیوس لە تەمەنی (٨٧) ساڵیدا لە رۆژی (٢٤/دێسەمبەر/١٩٩١)
لە ماڵەکەی خۆیدا لە کۆمەڵگەی جـوڵا لە سان دێیگـۆ، بە شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد. وادیارە لەسەر راسپاردەی خۆی، خۆڵەمێشی لاشەکەی لە زەریای هـێمندا بڵاوکرایەوە.
ئەو خەڵاتـانەی دکـتۆر سیوس بەدەستهـێـناون:
دکتۆر سیوس بە درێژایی ژیانی پیشەیی، چەندین خەڵاتی بەدەستهـێنا. دوای مردنیشی چەنـدین رێـزلـێنانێکیان لـێنا. بە کورتی باس ئـەو خـەڵات ورێـزلێـنانەی دەکەیـن.
١ـ لە ساڵی (١٩٨٤) دا، دکتۆر سیوس یەکەم نووسـەرە کە خەڵاتی (پـولـیتزەری) یان پێبەخـشی، لە پاداشتی بە شداریکـردنی بۆ مـاوەی نـزیکەی نیـو سەدە، لە فـێرکردن و پەروەردەکردنی منـداڵانی ئەمـریکا و خـۆشی بەخـشـین بە دایـکان و بـاوکـانیان.
٢ـ لە (١٩٤٧) دا، خەڵاتی ئـۆسکاری بەدەستهـێـنا. لە باشترین فـیلمی دیکـۆمێـنتاری بە ناوی (دیـزایـن بـۆ مـەرگ). کە لـێکـۆڵـینەوەیە لە کـولـتووری ژاپـۆنی.
٣ـ لە ساڵی (١٩٥٠) دا. خەڵاتئ ئـۆسکاری دووەمی بەدەستهـێـنا. لە کـورتە فـیلمی ئەنیـمەیـشن (جـیراڵـد مەکـبۆینگ).
٤ـ لە ساڵی (١٩٩٥) دا، پەرتـووکخـانەی زانکـۆی کالـیفـۆرنیـا، ناوکەیـان گـۆڕی بۆ پەرتووکخانەی ئۆدری و گەیزل (دکـۆر سیوس). وەک رێزلێنانێک بۆ دکتۆر سیوس و بۆ ژنی دووەمی. بە هـۆی خۆبەخشییان بۆ باشترکردنی زانستی خوێندنەوە و نووسین.
٥ـ لە ساڵی (٢٠٠٠) لە شاری سپرینگفیڵد لە ویلایەتی ماساشوستس. (باخچەی دکتۆر سیوس) وەک یادگاریـیەکی نیشــتمانی بۆ پەیکەرسازی کـرایەوە. پەیکەرەکانی دکـتۆر سـیوس و زۆر لە کارەکـتەرەکـانی، لـەم بـاخچـەیـەدا دانـراون. لە ساڵی (٢٠١٧) دا لەتەنیشت ئەم باخچەیەدا مۆزەخانەی جیهانی سەرسوڕێنەری دکتـۆر سیوس کرایەوە.
٦ـ لە ساڵی (٢٠٠٤) دا، رازگـرەکانی پەرتـووکخـانەکانی منـداڵان لە ئەمـریکا، خەڵاتی ساڵانـەی تیـۆدۆر سـیوس گەیـزل (دکـتۆر سـیـوس) یان دامـەزرانـد. بـۆ رێـزلـێـنان لە ناوازەتـریـن پەرتـووکی ئەمـریکی، بۆ خـوێنـدەوارانی سەرەتـایی، کە لە مـاوەی ساڵی پێشوودا، بە زمانی ئینگـلیزی لە ئەمریکا بڵاوکـرابێتەوە. دەبێـت (داهـێنەر و ئەنـدێشە فـراوانی نیشان بـدات. بۆ ئەوەی منداڵان بە خـوێندنەوەوە سەرقاڵ بکەن، لە منـداڵانی قـۆناغـی پێـش باخچـەی منـداڵانەوە تا پـۆلی دووی بنـەڕەتی).
٧ـ لە ساڵی (٢٠٠٨) دا، ناوی دکـتۆر سیوس خرایە لیستی بەنەوبانگەکانی لە هـۆڵی کالیفـۆرنیا.
٨ـ لە ساڵی (٢٠١٢) دا، چاڵێک لەسەر هەسارەی عەتاریـد، بە ناوی گەیـزل ەوە نـرا.
٩ـ لە ساڵی (٢٠١٢) دا، نـاوی کـۆلـێژی دارتـمـۆس، گـۆردرا بـۆ کـۆلـێژی پـزیـشکی (ئـۆدری و گەیـزل). وەک رێـزلێنانێک بۆ چەندین ساڵەی بەخـشندەییان بۆ کۆلـێژەکە.
١٠ـ وەک سینەماکارێکـیش، دکـتۆر سـیوس، ئەستێـرەیەکە لە بـلـۆکی (٦٥٠٠)، لە رێـڕەوی ناودارانی هـۆلیـۆد لە ئەمـریکا.
١١ـ رۆژی (٢/ ئادار)ی هەمـوو ساڵێک، کە هـاوکاتە لەگەڵ رۆژمانگی لەدایکبوونی دکـتۆر سـیوس، رۆژی نـیشــتمانی خـوێـنـدنەوەیـە، لە سـەرانـسەری ئەمـریکادا.
١٢ـ چەنـد زانکـۆیەکی ئەمـریکی، بـڕوانامەی دکـتۆرای رێـزلـێنان (فەخـری) یـان بە دکتۆر سـیوس پێبەخـشی.
١٣ـ بێجگە لەو خەڵاتانە، دکتۆر سیوس چەند خەڵات و رێزلێنانێکی کەی وەرگرتووە.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوودم لە چەنـدین سایتی ئینگـلیزی وەرگرتـووە.
رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٥




کتێب\ چیرۆکی مناڵان.. خەونەکەی دارا.. وەرگێڕانی: موکەڕەم رەشید تاڵەبانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




بیـرۆکە لە چـیرۆکی منـداڵان.. رەزا شـوان

بیـرۆکەی چـیرۆک، هـەنـدێک جـاریش پێی دەوترێت “تەوەر، بابەت” بە بڕبڕەپشت و بە دینەمۆی چیرۆک دادەنرێت. یەکێکە لە رەگەزە سەرەکییەکانی چیرۆک. بیرۆکە ئەو بنەمـایەیە کە هـونـەری چـیرۆکەکی لەسـەر بنیـات دەنـرێت. هـەڵـبژارن و دیـارکـردنی بیرۆکەی چیرۆک، بەبێ ئامانج و بەبێ مەبەستێکی دیارکراو نییە. بیـرۆکەی چـیرۆک بە تەواوی گـوزارشـت لـە بیـرۆکە یان لە را و بـۆچـوونی نـووسـەر دەکات. لەوانـەیە بیرۆکەی چیرۆک، تەنیا یەک بابەت بێت، یان بە دەوری چەند بابەتێکدا بسووڕێتەوە. کە چـیرۆکـنووسەکە دەیـەوێت، لە کارێکی هـونـەریی جـوان و بەچـێژ و بەپـێـزدا، لە چـوارچـێوەی چـیرۆکێکـدا بیانخـاتەڕوو. بیـرۆکەی سەرەکـیی چـیرۆک، ئـەو بیـرۆکە ناوەنـدییەیە یان ئـەو چەمکەیە، کە چـیرۆکـنووس دەیـەوێـت لـە رێـگەی گـێڕانەوە و کارەکـتەرەکان و کـات و شـوێنەکانەوە، وێـنای بکات. چـیرۆکـنووسی سەرکەوتـوو و داهـێنەر، دەزانێـت چـۆن بیـرۆکەی چـیرۆک هـەڵـدەبـژرێـت و چ پەیـام و ئامانجـێکی ئەرێـنی لە چـیرۆکەکەیـدا، بە منـداڵانی خوێنـەر دەگەیەنـێـت.
بیـرۆکەی چـیرۆکی منـداڵان، پێویـستە راسـتەوخـۆبێـت. بەڵام دەکـرێت بە شـێوەیەکی ناراستەوخـۆشبـێـت، لەسـەر زمـانی پاڵـەوان یان کارەکـتەریكەوە بخـرێـتـەڕوو. واتـا راستەوخۆ لە چـیرۆکەکەد نەخراوەتەڕوو. رەخەنەگـرانگران ناڕاستەوخۆیەکەیان پێ باشـترە. دۆزینەوە و هەڵهـێنجـانـدنی بیـرۆکەی چـیرۆک و ئەو و ئامانج و مەبەست،
یان ئـەو پەیـام و وانـە و پەنـدانـەی کە چـیرۆکەکان لەخـۆیـان گـرتـوون. بۆ هـەمـوو منـداڵـێک ئاسان نـین. بیـرکردنەوە و هـەوڵـدانی دەوێـت. بێگـومان شـێواز و ستایـلی هـەر چـیرۆکنووسێکـیش، لە هـەڵـبژاردنی بیـرۆکەی نووسین و داڕشتنی چـیرۆک بۆ منـداڵان، وەک یـەک نـین و جـیـاوازییـان هـەیە.
ناشـبێـت بنەمـا سەرەکـییەکانی تـری چـیرۆک، بکـرێـن بە قـوربـانی بیـرۆکە. دەبێـت گـونجـان و هـاوسەنگـیـیەک لە نێـوانیـانـدا هـەبـێـت.
هەندێک لە مەرجە پێویستییەکانی، بیـرۆکەی بابەتی چیرۆکی منداڵان:
١ـ پێویستە چیرۆکی منداڵان، راست و روون و لۆژیکی بێت. تا منداڵان لێی تێبگەن.
٢ـ پێویـستە بیـرۆکەی بابـەتی چـیرۆکی منـداڵان، بەنـرخ و بەسـوودبێـت و پەیامێکی پەروەردەیی لەخۆگرتـووبێـت. تا شایەنی ئەوە بێت کە پێـشکەش بە منـداڵان بکـرێت.
٣ـ نابێت بیرۆکەی چـیرۆکی منـداڵان، بە فۆرمێک بخریتەڕوو، کە منداڵان بێزار بکات. ناشبێت درێژدادڕی و زیادەڕۆیی تێدا بکرێت. بە کورتی و بە پوختی پێشکەش بکرێت.
٤ـ پێویستە بیرۆکەی بابەتی چیرۆکی منـداڵان، دووربێت لە: توندوتیژی، شەڕانگـێزی، لە ترس و تۆقـین، لە کوشتن، لە زەبر و ئەشکەنجەدان، لە مـووبەکردن، لە جـنیۆدان، لە لەخۆبایی، لە نێـرگزی، لە سووکایەتیکـردن، لە بێ هـیوای و رەشبینی. لە رووخان، لە دزی، لە درۆ، لە ناپـاکی، لە ئیرەیی،…هـتد. بەرانبەر بەم کار و رەفـتارە نەرێنییانە، پێـویـستە بیـرۆکەی جـوان و بەهـای بـەرز و رەفـتاری دروسـت و ئـەرێـنی لـە هـۆشی منـداڵانـدا بچـێـنن، وەک: خـۆشـەویــستی، ئاشـتی، هـاوڕێـتی، مـرۆڤـایـەتی، دڵـسـۆزی، مـیهـرەبـانی، نـیـشـتـمـان پـەروەری، هـاوکـاری، هـیـوداری، گـەشـبـیـنی، راسـتگـۆیـی، دادپەروەری، ژینگەپارێزی، یارمەتی، خـێرخوازی، لێـبووردن، کامەرانی، بەختەوەری، ئـازادی، ئازایەتی، بـڕوا و متـمانە بەخـۆبوون، بەزەیی بە ئاژەڵ، دادپەروەری،…هـتد.
٥ـ چـیرۆکنووسی چیرۆکی منـداڵان، ئەوە دەزانێـت کە بۆ منـداڵان دەنووسێـت نەک بۆ گـەورەساڵان. پـەیـام و ئامـانج و مەبـەستی چـیرۆکەکـانی ئـاراسـتەی منـداڵان دەکـات. پێـویستە لە خستنەڕووی بیرۆکەکانی چیرۆکەکانی، تایبەتمەندییەکانی جیهـانی منـداڵان لەبەرچاوبگرێت. رەچـاوی قـۆناغـە جیاوازەکانی گەشەکردنی منـداڵـی بکات، لە رووی هـۆش و هـزر و ئەندێشە و تێگەیـشتن و وەرگرتن و فەرهـەنگی وشەکانی زمـانیان و دەروونی و سـۆزداری و پـەروەردەیی و کۆمـەڵایـەتییەوە. مامـەڵە لەگـەڵ پـرسـەکانی جیهـانەکەیـانـدا بکات. بۆ نمـوونە: بیـرۆکەی بابەتەکانی ئەو چـیرۆکانەی بۆ منـداڵانی بـچـووک گـونجـاون، رەنـگە بـۆ منـداڵانی گـەورەتـر گـونجـاونـەبـن. نـابـێـت ئـەوەش لەیادبکەن، کە وێـژەی منداڵان ـ زیاتر لەوانی تر ـ بە ئامانج و مەبەستەوە بەستراوە.
٦ـ چیرۆکی باش، ئەو چیرۆکەیە، کە بیرۆکەی باشی هەبێـت. ئەم بیرۆکە باشەش، بە شـێوازێـکی ئاسان و بە زمـانـێکی شـیریـن بە منـداڵان بگەیـەنـرێـت. چونـکە لە کاتی خوێندنەوەیاندا یان گوێگرتندا، کاریگەری و کاردانەوەیان لەسەر ژیانی منداڵان دەبێت.
بیرۆکە بە تەنها لە چیرۆکـدا بەس نییە، بەو پێیەی دەبێت پرۆسەی داهـێنەرانە هەبن. کە منداڵان بگۆازنەوە بۆ کەشوهـەوایەکی چیرۆکەکە و ورووژانـدنیان. چیرۆکنووسی لـێهـاتـوو و داهـێـنەر، ئـەو نـووسەرەیە، کـە ئـەو بیـرۆکەیە دەخـاتەڕوو، کە لەگـەڵ منـداڵانـدا بگـونجـێـت. بۆیـان نامـۆ نەبێـت.
٧ـ پێویـستە هـاوسەنـگی و گـونجـان لە نێـوان بیـرۆکە و رەگـەزە بنەمـاییـەکای تری بنیاتنانی چـیرۆکی منـداڵان هـەبـێـت.
٨ـ ناونیشانی گونجـاوی چـیرۆک زۆر گـرنگە. رۆڵـێکی گرنـگی لە سەرنجـڕاکـێشانی خوێنەران هەیە. پێویستە ناونیشانی چیرۆک گوزارشت لە بیرۆکەی چیرۆکەکە بکات.
٩ـ کۆتـایی چـیرۆکی منـداڵان زۆر گـرنگە، کە بە خۆشی و سەرکەوتـن و گەشـبینی و گەیشت بە هـیوا و بە ئامـانج و بە گەیانـدنی پەیـامی چـیرۆکەکە کۆتـایی بـێـت. نابێـت بـە روخـان و بێ هـیوایی و بـە کارەساتی تـراژیـدی کـۆتـایی بێـت. کـە لـە ئەمـڕۆ لـە داهاتووشدا، کاردانەوە و رەنگدانەوەیەکی نەرێنیان، لەسەر دەروونی منـداڵان دەبێت.
دوبـەی: ٢٠٢٤




گـرنگـیـیەکانی کـنجکاوی بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

زاراوەی کـنجکاوی لە زمانی ئینگـلیزیـدا (کریۆرستی) یە. لە عـەرەبیدا (فـضولیە) یە. لە لاتـینیـشـدا (کـریـۆسیتاس ـ کـریـۆسوس) بە واتا (ئارەزووی زانـین، پـرسیارکـردن، ئارەزووی هـەڵـبژاردن، فـێربـوون، کاری لـێهـاتـوویی)، چەنـد واتایەکی کەشی هـەیە.
کنجکاوی یەکێکە لە تایبەتمەنـدییە گرنگەکانی مـرۆڤ، کە دەتـوانێت یارمەتی بدات بۆ گەشەکردن و مانەوە. کنجکاوی رێگایەکە بۆ هاندانی مێشک بۆ فـێربوون. ئارەزووی مـرۆڤە بۆ زانـین و تێگەیـشتن. هـۆکاری سەرەکی پـێشکەوتـن و سەرکەوتنێ مرۆڤە. بەراورد لەگەڵ جـورەکانی تردا، کـنجـکاوی تایبەتـمەنـدییەکی ناوازەوەیە و پاڵـنەرێکە بۆ فـێربوون، کە لە هەموو مرۆڤـێکـدا بوونی هەیە. هەر لەبەر ئەم هـۆکارە، پێویستە راهـێنان لەسەر بنەمای ئەم تابەتمەنـدییە مـرۆییە بکـرێت، بۆ ئەوەی کاریگەرتر بێت.
پێـناسە سەرەتـاییەکان، کـنجـکاوی، بە ئـارەزووی پاڵـنەر بـۆ بەدەستهـێـنانی زانـیاری نـاوبـردوون. دەوتـرێـت ئـەم خـواسـتە پـاڵـنەرە، لە سـۆز و لە ئـارەزووی زانـین و لە تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێت. (کاتریـن تـۆمی) دەڵێـت:”بە گـشتی ئەسـتەمە بگەینە پێناسەیـەکی گـشتگـیر بـۆ چەمـکی کـنجـکاوی. بەڵام بە رێکەوتـنی گـشتی، کـنجکاوی ئامـرازێکە بـۆ کـۆکـردنەوەی زانیـاری”. دەرووننـاسانـیـش پـێـیانـوایە، کە کـنجـکاوی تەنهـا بـریتی نیـیە لە تێـرکردنی پێویستیـیەکی دەستبەجێ وەک، برسێتی یان توینـێتی. بەڵکـو سەرچـاوە و پاڵـنـەرێکی ناوخـۆیی هـەیە.
کـنجکاوی لەلای منـداڵان:
منداڵان بە سروشتی کنجکـۆڵـن. بە کنجکاوییەکی رەمەکی بێـسنوور و بە کارامەییەکی زگـماکی لەدایک دەبن. بۆیە گەشەکردنی تواناکانی کـنجکاوی لە منـداڵاندا، شتێک نییە کە لە هـیچەوە دەست پێبکات. هەر لە سەرەتاوە هەوڵـدەدەن لە جـیهانی دەوروبەریان تـێـبگەن. شــتەکانی دەوروبـەریـان دەبـیـنـن و دەسـتـیان لـێـدەدەن و تامـیان دەکـەن و دەپـرسـن: ئەمـە چـییە؟ بـۆچـی؟ چـۆن؟ لە کـوێـوە هـاتـوون؟ چـۆن کـاردەکـەن؟ ئـەی ئاسمان بۆ شینە؟ پـرسیارەکانیان بێشومارن و کۆتاییان نایات. هەنـدێک جار پرسیاری سەیر دەپرسن. ئارەزووی منداڵان لەم پرسیارانەی کە دەیانکەن، فـێربوونی زانیارییە دەربارەی نهـێنییەکانی شتەکانی دەوروبەرەیان. ئەگەر لە تەمەنێکی بچووکدا دەرفەت بە منـداڵەکانتان نەدەن کە کـنجکاوی بن، ناتـوانن زۆر شـت لەم جیهـانەدا بـدۆزنەوە.
توێـژینەوە و لێکـۆڵینەوەیەکی زۆر لەسەر کـنجکاوی لە منـداڵانـدا، لەسەر چەنـدین چـەمکی جـۆراوجـۆر کـراون. کە هـەمـوویان بە دەوری کـنجکاویـدا دەسووڕێـنەوە.
(ویـلـیام جەیـمس) دەڵـێت:”کـنجکاوی پـاڵ بە منـداڵانەوە دەنێـت بەرەوە تازەگـەری، بـەرەو ئـەوەی گەشـاوەیە، زینـدووە، سـەرسـوڕهـێـنەرن”. دەتـوانـرێـت وەک هـەر کارامەییەکی تر، ئـەم لـێهاتـووە سـروشتیە رەمەکـییە، لە منـداڵانـدا بە رەخـسانـدنی هـۆکارەکانی گەشەکردن و پێشکەوتـن بەهـێز بکـرێـت. منداڵان بە سروشتی خۆیان هەوڵی زیادکردنی کنجکاوی خۆیان دەدەن. هەموو ئەزموون کارێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئەمە بەکاردەهێنن. منداڵان لە ژیانێکی خێزانی ئارام و ئاسوودەدا زیاتر گەشەدەکەن.

کـنجکاوی شـتێک نییە کە ئێـمە فـێـری منـداڵانی بکەیـن. بەڵکو ئـەوە ئارەزوویەکی ناوەوەی منداڵانە بۆ فـێربوون. کە وایان لێدەکات بەدوای ئەزموونی نۆێـدا بگەڕێـن. کاتێک کە منـداڵان کنجکاوی دەبن، بە تامەزرۆییەوە بەدوای جیهـانی دەوروبەریاندا دەگەڕێن. دەڕوانن و دەپرسن. جیهانی منداڵان پڕە لە شتی نوێ، لە خولیای نوێ، لە تاقـیکردنەوەی نوێ. لە داهـێنان، لە سەرەکـێشی بۆ دۆزینەوە و زانین و تێگەیشتن.
تا کـنجـکاوی منـداڵان زیاتـر بێـت، زیاتـر تاقـیکـردنەوە دەکـەن و زیاتـر فـێردەبـن و وەردەگـرن. تـوێـژینـەوەکان ئـەو راسـتـیـیەشـیان دەرخـسـتـووە، کە پەیـوەنـدیـیەکی فـیـزیـۆلـۆژی لەنێـوان کـنجکاوی و چـێـژ و فـێـربـوونـدا هـەیە.

شارەزایان کنجکاوی بە کلیلی فـێربوون دەزانن. بۆیان دەرکەوتـووە ئەو منـداڵانەی
کە کـنجکاویـن، لە قـوتـابخـانە و لە ژیـانـدا سـەرکەوتـوون. بە زۆری دڵخـۆشـتر و گەشبینتر و جیاوازتـرن لە هـاوڕێ هـاوتەمەنەکانیان. جیاوازتـریشن لەسەر ئاستی پـراکتیکی و ئەکادیمی. بەگشتی کنجکاوی تایبەتمەندییەکی ئەرێنی یە، کە یارمەتی منـداڵان دەدات بۆ گەشەکـردن و فـێربـوون و بەدەستهـێنانی زانست و پێـشکەوتن.
هەرچەنـدە کنجکاوی تایبەتمەنـدییەکی بەسوودە لە منداڵاندا. بەڵام دەبێت کۆنترۆڵ بکـرێـت و بە ئاراستەیەکی دروستـدا، ئاراسـتە بکـرێـت.

هەر منداڵـێک ئارەزووی جیاوازی هـەیە. لەوانەیە زیـاتر لەو بابەتـانەی حەزیـان لـێـیانە زیاتر کـنجکاوی بن. هەوڵـدەدەن زیـاتر دەربـارەی ئارەزووەکانیان بـزانـن. راسـتە کە منـداڵان بە سـروشتی کـنجکـۆڵـن، بەڵام پێـویسـتیـیان بە هـانـدان و بە پـشتگـیری و بە ژیـنگەیەکی رەخـساو هـەیە، بـۆ پـەرەپـێـدانی داهـێـنانەکانیـان.
سوودەکانی کـنجکاوی بۆ منـداڵان:

کنجکاوی لە منداڵاندا چەندین سوود و گرنگی هـەیە. چونکە یەکێک لە لە باوترین تەکنیکەکانی بەرزکردنەوەی داهـێنان کنجکاوییە. سوودەکانی کنجکاوی بۆ منداڵان:
١ـ کاتێک کە منـداڵان کـنجکاودەبـن، کـنجکاوی مێـشکـیان بۆ فـێربوون ئامادەدەکات، مێـشکـیان دەبنـە ئامـرازێکی خـێرا، بۆ کـۆکـردنـەوەی زانیـاری و بە هـانـدەرێک بـۆ دروستکـردنی خولـیای فـێربـوونی بابـەتە دڵخـوازەکانیان.
٢ـ کنجکاوی لە منداڵاندا، یارمەتییان دەدات زیاتر حەزیان لە گەشەکردن و فێربوونی زانیاری نوێ و پرسیارکردن بێت، لە هەموو ئەو شتانەی لە دەوروبەریان دان. زیاتر سەرنـج بـدەن و چاودێـری رووداو و گـۆڕانکارییەکانی جـیهـانی دەوروبەریان بکەن.
٣ـ کنجکاوی بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی گەشەکردنی دەروونی منداڵان، بۆیە پێویستە ژینگەیەکی لەباریـان بۆ بـڕەخـسێـنن بۆ وەرگـرتنی زانیـاری لە جیهـانی دەوروبەریان.
٤ـ کـنجکاوی رۆڵـێکی گەورەی لە چـۆنییەتی گەشەکـردنی کەسایەتیی منـداڵان هـەیە، ئەگەر بێتو بە باشی رێنمایی بکرێن و بە دروستی ئاراستە بکرێن. ژیانی منداڵەکانتان بە تـەواوی دەگـۆڕێـت.
٥ـ کنجکاوی بەشدارە لە چالاکردنی (هـیپۆکامپوس) کە بەشێکە لە ناوندەکانی مێشک. هـیـپۆکامپـوس پێویستیـیەکی بەسـوودە، بـۆ دروستکـردن و بەهـێزکـردنی یادەوەرییـە مـاوەکـورتەکان و مـاوە درێـژەکـان.
٦ـ کنجکاوی هـۆکارێکە هـانی منداڵان دەدات. کە ئارەزووی فـێربـوونی شتە نوێیەکان بکەن، لە رێگەی تاقـیکردنەوەوە. منداڵانی کـنجکاوی بەزۆری گەشـبین و دڵخـۆش و هـیواخـوازن و جیـاوازن، لەگـەڵ منـداڵانی هـاوتەمەنیانـدا.
٧ـ بە پشتبەستن بە توێژینەوەکان، کە لەلایەن کۆمەڵەی زانستی دەروونییەوە، ئەنجام دراون، کنجکاوی رۆڵێکی گرنگ لە ئاستی خوێندنی منداڵان دەگێڕێت. منداڵان کنجکۆڵ بەزۆری لە قـوتابخانەکانـدا، ئاستی ئەکادیمیان، لە منـداڵانی هـاوپـۆلەکانیان بەرزتـرە.
٨ـ کـنجکاوی لە منـداڵانـدا، دەتـوانێـت رۆڵـێکی زۆر گـرنگ بگـێڕێت لە باشترکـردنی پەیـوەنـدییەکانی منـداڵان. فـێردەبـن کە چـۆن سـنوور بـۆ پەیـوەنـدییەکانیـان دابـنـێن.
٩ـ کـنجکاوی وا لە منـداڵان دەکـات، کە بتـوانـن کـێشەکـانی خۆیـان چـارەسەربکەن. بـشتـوانـن لە داهـاتـوودا رووبـەڕووی ئاستەگـیـیەکانی رێـگەی ژیـانیـان بـبنـەوە.
١٠ـ کـنجکاوی یارمەتیی منـداڵان دەدات، کە بێـزارنەبـن و دان بە شـکـستیدا نەنـێن و چەند جارێک هەوڵبدەدەن بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن. بۆ نموونە (تۆماس ئەدیسۆن) ی داهـێنەری کارەبا. منداڵـێکی کنجکۆڵی زۆر پرسیارکەر بوو. بۆ داهـێنانی کارەبا، لە (٩٩٩) تاقـیکردنەوەدا سەرنەکەوت. بەڵام ئەدیسۆن بێـزار نەبوو و وازی نەهـێـنا، تا لە تاقیکردنەوەی (١٠٠٠) رەمیندا سەرکەوت و کارەبای داهـێنا. هەروەها نووسەر و شانۆکاری جیهـانی (شکسپـیر) دەڵـێت:”تا لاپەڕەیەکـم نووسی.. هـەزار پەڕەم دڕی”.
١١ـ منداڵانی کـنجکاوی، هەردەم شـتێک لە ئەنـدێـشە و مێشکیان دایە، بۆ داهـێنان و زانـین و دۆزینەوە، یا بـۆ تاقـیکـردنەوە و سەلـمانـدن.
١٢ـ کـنجکاوی، داهـێنان، لێهـاتـوویی چارەسەرکـردنی کـێشەکان، سێ تایبەتمەنـدیی گرنگن، کە فـێربـوونییان، تەواوی ژیانی منـداڵەکانتان مسۆگەر دەکەن و دەبنە هـۆی داهـێنان و داڕشـتـنی بیـرۆکەی نـوێ و پـلانـدانـان لە دواتـردا.
١٣ـ منداڵانی کنجکاوی، هەردەم حەزدەکەن خۆیان ببنە پێشەوە و لەبەردەم هاوڕیانی هـاوپۆلەکانیان و مامۆستاکانیان، تواناکانی خۆیان بسەلمێنن. زیاتر لە قوتابییەکانی تر دەستیان بەرزدەکەنەوە، زیاتر دەپرسن. حەزدەکەن زیاتر خۆیان خۆشەویسـت بکەن.
١٤ـ کـنجکاوی، ئازایـەتییەکی وێژەیی زیـاتـر بە منـداڵان دەبەخـشـێـت. بەبێ تـرس و بێ شەرمکردن، بە زارەکی لەبەردەم کەسانی تردا، گوزارشت لە ناخی خۆیان دەکەن.
چـۆن پـەرە بە کـنجکاوی منـداڵەکانتان دەدەن:

دایکان و باوکان و مامۆستایانی خۆشـەویست، دوای ئەوەی کە سوود و گرنگییەکانی کـنجکاویتـان زانی، بـۆ ورووژانـدنی بیـرکـردنەوە و بـۆ پـەرەپێـدان بە کـنجـکاوی لە منـداڵەکانتان و لە قـوتابییەکانتانـدا، گەلـێک هـۆکـار و رێـگا هـەیە کە بـیانگـرنەبـەر:
١ـ هانـدانی منداڵان بۆ پرسیارکردن: هەرچەندە ئەو پرسیارانەی منداڵەکانتان دەیانکەن بێـشومـارن و رەنگە بێـزارکەریـشـبـن. پـرسیارگەلـێکی سـەیـر و سەرسـوورهـێنەرتان لێبکەن. لەوانـەیە وەڵامـدانەوەیان قـورسبـێـت، یان وەڵامی دەسـتبەجـێی هـەنـدێـک لە پرسیارەکانیان نەزانـن. وەک: ئێـمە لە کـوێـوە هاتـوویـن؟ بۆ خەڵکی دەمـرن؟ خـوا لە کـوێـیە؟ بـۆ چـیای هـەڵگـورد ئەوەنـدە بـەرزە؟ بـۆچی…؟چـۆن…؟ بـۆچـی… بـۆ..؟ بە دەیان پرسیاری لەم جـۆرانە. بەداخەوە کە هـەنـدێک لە دایکان و باوکانی نابـەڵـەد، لە منداڵەکانیان تـووڕە دەبن و بە: چەنبـاز، هەڵـەوەڕ، خۆهەڵـقـورتین، زۆربـڵێ، بێشەرم ناویان دەبەن. بەڵام لە راسـتیدا زۆر پـرسیاکـردنی منـداڵان، نیشانـەی زیـرەکـیـیانە. بە دوای وەڵامی دروسـتی پـرسـیارەکـانیانـدا دەگـەڕێـن، دەیـانـەوێـت ئـەوەی نایـزانـن، لە رێـگەی وەڵامی راستەوە بیـانزانـن. بۆیـە هـانـدانی منـداڵەکانتـان بۆ پـرسـیارکـردن بە ئـازادی، گەشـە بە کـنجکاوییان دەکـات. ئیـلهـام بەخـشیش دەبـن بـۆ ئـەوەی درێـژە بە فیربوون و بە زانین و بە دۆزینەوە و بە وەرگرتن و بە داهـێنان بدەن. بۆیە کنجکاوی تایبـەتـمەنـدیـیەکی ئەرێـنی و خـوازراوە لـە منـداڵانـدا. هـەرگـیز نابێـت وەڵامـدانـەوەی پـرسیارەکانی منـداڵـەکانتان پـشتگـۆێ بخـەن، یان بە هـەڵە وەڵامیان بـدەنەوە. چونکە کاردانەوەی خـراپیان لەسەر دەروونی منـداڵەکانتان دەبێـت. وا تێدەگەن کە بەهەنـدیان نازانـن و شایەنی رێـزگرتن نین. ئەوان وا دەزانن کە ئێوەی دایکان و باوکان، هەموو شـتێک دەزانـن و وەڵامی هـەمـوو پـرسیارێکتان لەلایـە. پێـویستە بە نـەرم و نیانی و میهـرەبـانی و زەردەخـەنە و سـنگـفـراوانیـیەوە، گـوێ لە پـرسـیارەکانی منـداڵـەکانتان بگـرن و پـردێکی خۆشـەویـستی و رێـز لە نیـوانتـانـدا هـەبـێـت.
٢ـ چالاکـییەکانی رۆژانە: ناوبـەناو گـۆڕانکاری لە رۆتـینی رۆژانەی منـداڵان بکەن و سوپـرایـزە ئەرێنییەکان پێویستن، دەتـوانن ئارەزووی کنجکاوی منداڵان باشتر بکەن. کاریگەرییەکی زۆر لەسەریان دروستبکەن. چونکە رووڕبەرووی شتی نوێ دەبنەوە.
هەوڵی گۆڕانکاری و تازەگەری ناوازەیی دەدەن. هەستی کنجکاوی منداڵان و شێوازی دەرکەوتنیان و جـۆری پرسیارەکانیان، بەپێ قـۆنـاغـەکانی تەمـەنی منـداڵان دەگۆڕێت.
٣ـ زۆر خوێنـدنەوەی پەرتـووک: هـەر لە منـداڵـییەوە، منـداڵەکانتان بکەن بە هـاوڕێی پەرتـووک و گـۆڤارەکانی منـداڵان، تا خـوو بـە خـوێـنـدنەوەوە بگـرن. چـونکە وەڵامی بەشـێک لەو پرسـیارانەی لە ئەنـدێـشەیـان دان. لە رێـگەی خـوێنـدنەوەوە بەدەستـیان دەهـێنن. چـیرۆکی خۆشییان بۆ بخوێـننەوە و دەربارەی چـیرۆکەکە پرسیاریان لێبکەن.
٤ـ پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان لە کنجکاویدا، ببن بە پێشەنگ و بە سەرمەشق بۆ منـداڵـەکانتان: تا چاو لە ئێـوە بکەن و بە دووای زانیـاری و بیرۆکەی نوێـدا بگەڕێـن.
٥ـ منـداڵەکانتان بەرن بۆ سەیران و بۆ گەشـتی سروشت: بیان بەن بۆ مۆزەخانەکان و بۆ پەرتووکخانە گشتییەکان و بۆ پێشانگاکانی وێنە و بۆ کۆڕی ئەدەبی و رۆشـنبیری و بـۆ بـینـیـنی فـیـلمی سـینەمـایی تایبـەت بە منـداڵان و بـۆ بیـنـیـنی شـانـۆی منـداڵان. بە تایبەتی منـداڵان لە سـروشـتەوە زۆر کارامەیی فـێردەبـن و کـنجاویتردەبـن، کۆمەڵـێک بیرۆکە و پرسیار نوێیان و داهـێنانیان لا دروست دەبن. زانیاری زیاتر بەدەستدەهـێـنن. دەربارەی ئەو شتانەی کە دەیانبینن، پرسیاریان لێبکەن و گوێ لە وەڵامەکانیان بگرن.
٦ـ هەرچەندە زۆرێک لەو شتانەی کە منداڵان حەزیان لێدەکەن، یان دەیانەوێت تاقـییان بکەنەوە، مەترسـیدارن بۆیـان: بەڵام نابێت سەرکوت و دەمکوتی منداڵەکانتان بکەن و بیانتـرسـێنـن بە: نـەکەن، وا مەکەن، دەستیان لـێمەدەن، تاقـییان مەکەنەوە، رامەکەن، قـسەمـەکەن، سەرکـوێـریان بکەن و هـەمـوو شـتێک لـێـیان بـکەن بە بـڤـەیە،. بەڵکو باشتر وایە هـەوڵـبدەن ژینگەیەکی فـێربوونی گونجاو و هـانـدەریان بۆ بـڕەخـسێنن. با خۆیان تاقـیبکەنەوە. راستی و هەڵەکانی خۆیان بـزانـن، پەنـد و وانە لە سەرکەوتـن و لە شکستییەکانیان وەربگـرن. مەبەستیشمان ئەوە نییە، لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵـدا نەبـن. لە کاری ملهـوڕی و سەرەکـێشیی لە توانابەدەر و مەترسیدار دوورنەخرێنەوە.

بۆ هـانـدان و پشتگـیریی کنجکاوی لە منـداڵەکانتانـدا، دەبێـت کاتیان بۆ دیاری بکەن و بابەتی هەمەجۆرە و هەمەڕەنگەی یاریکردنینان بۆ دابین بکەن لەگەڵیاندا یاری بکەن. بۆ گەشەکردنی ئەنـدێشە و بیـرکردنەوەیان. بـواری پرسیار و وەڵامیان بۆ بـڕەخـسێنن.
٧ـ دابینکردنی ئامرازە مۆدێـرنە گونجاوەکان بۆ منداڵەکانتان: بتانەوێت یان نەتانەوێت، ئەم ئامرازانە، وەک: ئینتەرنێـت و ئایپـاد و ئەپـڵـیکەیـشنەکان. بـوونەتە پێویستیی ئەم سەردەمە. کە هـۆکارێکن بۆ گەشەکردنی کنجکاوی لە منداڵانـدا. کاریگەرییان هـەیە و سـوود بە منـداڵەکانتـان دەبـەخـشن، لەسـەر خـۆیـان فـێریان دەبـن کە چـۆن بەکاریـان بهـێـنن. بە دوای وەڵامی پـرسیارەکانیان و بە دوای شتی نـوێـدا دەگەڕێـن بێجگە لەو هـۆکار و رێگایانە، بۆ پەروەردەکردنی دروستی کـنجکاوی لە منداڵاندا، گەلێک هـۆکار و رێگەی تـر هـەن، کە هـانـدەر و یارمەتیـدەرن بۆ زیـاتر گەشـەکـردن و پەرەپـێـدانی کـنجکاوی و گەشبینی و هـیواخوازی لە منداڵەکانتانـدا. کە کاردانەوەیان لەسەر ژیانی ئەمـڕۆ و لە داهـاتـوویانـدا هـەیە و دەبێـت. پێـدەچـێـت کە کـنجـکاوی بە تـێپەڕبـوونی کات، کـاڵ بـێـتەوە یا کەمـتر بێـتەوە، فـێربـوونی فەرمی جـێگەی دەگـرێـتەوە.
ئەم نووسینەی ئـێـمە، دەربارەی کنجکاوی لە منـداڵاندا، بە مەبەستی زانیاری و سوود وەرگرتنە. جێگەی راوێـژکردن لەگەڵ پـزیشکی دەروونناسی منـداڵان ناگرێتەوە. ئەگەر لەم بارەیەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کنجکاوی منـداڵەکانتاندا، تووشی کـێشەیەک بوون، بێ شەرمکـردن دروسترە، راوێـژ بە پـزیشکێکی پسپۆری دەروونناسی منـداڵان بکەن.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە چەندین سایتی ئینگلیزی و عەرەبی وەرگرتووە.
رەزا شـوان
نەرویــج: ٢٠٢٤




پێنوسەکەی لیا.. چیرۆک بۆ مناڵان.. عەلی حەمە رەشید

لیا جانتاکەی کردەوە، هەموو پێداویستییەکانی قوتابخانەی تێدابوو، تەنیا پێنوسەکەی نەبێت کە زۆری بۆ گەڕا دیار نەبوو، ئیتر بە دایکی وت دایکە گیان نازانی پێنوسەکەی من لە کوێدایە؟دایکیشی بە پێکەنینەوە وتی جا کچی ئازیزم پێنوسی خۆتە من نازانم لە کوێدایە،بۆی بگەڕێ تا دەیدۆزیتەوە.دایکی ڕۆیشت ..لیا سەرجەم ئەو شتانەی کە لە ناو جانتاکەیدا بوو دەریهێنان،پێنوسەکەی دیار نەبوو.ئیتر کەوتە بیرکردنەوە وتی باشە ئەو پێنوسەی من دەبێ چی لێهاتبێت!لەم وتووێژەدا بوو لەگەڵ خۆی، لەپڕ دەنگێکی ناسک هاتە بەرگوێی و وتی: لیا لیا دڵتەنگ مەبە ،من لێردام. ئەویش تەماشایەکی ئەملاولای خۆی کرد بینی لەسەر ڕەفەی پەرتوکخانەکە لەبەر دەم گۆڤارێکی منداڵاندا وەستا بوو،ئەمیش چوو بۆ لای تا بیهێنێت،بەڵام پێنوسەکە وتی من نایەم هەر بۆخۆم لێرەدا دەبم.لیا وتی ئەی نازانی من پێویستیم بەتۆ هەیە دەمەوێت وێنەی جوانت پێ دروست بکەم .پێنوسەکە وتی:من خۆ هەر بۆ وێنە کێشان دروست نەکراوم.
لیا وتی:ئەی بۆ چی تر؟
پێنوسەکە وتی :من ئامادەم هەموو ئەو زانیاریانەی کە تۆ دەیزانیت بینوسم.
لیا وتی:جا من زانیاریم لە کوێوە دەست دەکەوێت؟
پێنوسەکە بە پێکەنینەوە وتی: لە گۆڤار و پەرتوکەکانەوە.
لیا وتی : چۆن؟
پێنوسەکە وتی:تۆ کاتێک دەخوێنیتەوە زانیارییەکان وەردەگریت،چونکە خوێندنەوە وەکو خۆراکی مێشک وایە.
لیا وتی:بەڵێ ڕاستە،ئەوە من هیچ ناخوێنمەوە بۆیە ناتوانم هیچ بەتۆ بنوسم.
پێنوسەکە وتی:بەڵێ بەڵێ ڕاستە لە ئێستاوە دەست پێبکە لەم گۆڤارەی لای منە دەست پێبکە.
لیا وتی: لەئێستاوە بڕیا دەدەم کە دەست بکەم بە خوێندنەوە.
پێنوسەکە وتی: من هاوڕێی وەک تۆم پێویستە تا منیش سەربەرز بم بە زانیارییەکانی تۆ و بیانخەمە سەر کاغەز.
لیا گۆڤار و پێنوسەکەی هەڵدەگرێ لەسەر کورسییەکەی خۆی دادەنیشێت و دەست دەکات بە خوێندنەوە و پێنوسەکەی و تیانوسێکیش بەرانبەر خۆی دادەنێت.
دوای ماوەیەک بە گۆرانییەوە دەڵێت:
پێنوسەکـــــەم لەگەڵمایە…هاوڕێیەکــی بە وەفایە
بۆ من هاوکــار و پێویستە…بۆیە لەلام خۆشەویستە
پێنوسەکە وتی:
راستە هاوڕێی ئازیزی تۆم…جێی شانازیی و سەربەرزیی بۆم
کـــــام زانیاریی و وتەی جوانە…دەزانی جێی ســـەرنجدانە
بیڵێ تــــا بۆت بنوسم زوو…بیکە بە دیـــــــاریی بۆ هەموو.




رەهەنـدی نەتەوەیی و نیشـتمانی لە هـۆنـراوەی منداڵان.. رەزا شـوان

هـۆنراوەی منداڵان لقێکی گرنگە لە وێژەی منداڵان، رۆڵێکی گرنگی لە رۆشنبیریکردنی منداڵاندا هـەیە. فـۆرمێکی نایاب و سەرنجـڕاکێشە. جوانتریـن و ناسکـترین شـێوەیە، لە شێوەکانی هـونەر. نـزیکـترین هـونەرە لە دەروونی منداڵانەوە، چونکە بەهای دەنگی و وێنـەی هـونەری و چـنیـنی واژەیی لەخـۆگرتـووە. هـۆنـراوەی منـداڵان، لە ئەمـڕۆ و لە داهاتووشـدا، کاریگەرییەکی ئەرێنی گەورە و بەهـێز و ئەفـسووناوی لە پەروەردەکردنی منـداڵان هـەیە. رۆڵێکی کاریگەری لە دروستکردنی کەسایەتـی دروسـت و هـاوسـەنگی منـداڵان هەیە. هـۆنراوەی منداڵان، زۆربـەی هـونەری ژانـرەکانی تری وێـژەی منداڵانی لەخـۆگـرتـوون. بـۆیـە هـۆنـراوەی منـداڵان بـووە بە بـەشـێکی گـرنـگ؛ لـە بابـەتـەکانی پەرتووکی خوێندنەوە، بۆ قـوتابیانی پۆلەکانی قوتابخانەی بنەڕەتی، لە هەموو جیهاندا.
منـداڵان بە سـروشـتی، هـەر لە منـداڵـییەوە، هـۆگری هـۆنـراوە و گـۆرانی و سروودن. دایکانی کوردمان، بە دێڕە هـۆنراوەی فۆلکلۆری یان لە هەڵبەستی خۆیان، بە دەنگێکی ناسک و بە ئاوازێکی شیرین، جگەرگۆشەکانیان هەڵدەپەڕێنن. بە لایلایە دەیانـلاوێنن و چێژ و خۆشیی هـۆنراوە دەخەنە دڵی کۆرپەکانیان و دەیانکەنە خەوێکی خۆش و ئارام.
(لامارتین) دەڵێت:”جوانترین هـۆنـراوەر لە سەرانسەری جیهـاندا، لایـلایـەی دایکانە”.
هـۆنراوەی منـداڵان، سەرەڕای بەخـشینی چـێژ و خۆشی بە منـداڵان، چەندین پەیـام و بەها و رەهەنـدی لەخۆگـرتووە، وەک: پەروەردەیی، نەتەوەیی و نیشـتمانی پەروەری، کۆمەڵایەتی، مرۆڤایەتی، رەوشتی، سۆزداری، ژینگەپارێـزی، جوانی، زمانی،.. هـتد.
هـۆنـراوەی نیشـتـمانی کوردستانی، جـۆرێکی گرنگە لە جۆرەکانی هـۆنراوەی کوردی، کە دەربارەی سۆز و خوشەویستی و شکۆمەنـدیی کوردستانن، یان دەربارەی جوانی و ئەفـسووناویی سـروشتی کوردسـتانـن. دەربـارەی خەبـات و تـێکـۆشانـن، بۆ ئـازادی و بـۆ رزگارکردنی کوردسـتان لە داگـیرکەران. بـۆ پارێـزگاری و خۆبـەخـشـین لە پێـناوی کوردستانی نیشـتمانی پیـرۆزمان. ئەو هـۆنـراوانانەن کە یادی قـارەمانان و شەهـیدانی نەمـری کورد و کوردستان و داسـتانەکانی پێـشـمەرگە بـەرز رادەگـرن. ئـەم هـۆنـراوە کوردسـتانـییانەمـان، ئامـرازێـکی بەهـێـزن، بـۆ گـۆزارشـتکـردن لە خـۆشـەویـسـتی و هـاوبەستەبـوون بۆ کـورد و کوردسـتان.

هـۆنراوەی نیشـتمانی کوردستانی، بەشێکی گرنگە لە هـۆنـراوە بۆ منـداڵانی کوردمـان. لەم کورتە باسە چـڕ و پـڕەدا، باس لە رەهـەنـد و لە بەهـای نەتەوەیی و نیشـتمانی، لە هـۆنراوەی نیشـتمانی کوردستانی بۆ منـداڵان دەکەیـن، کە هـۆنراوەنووسانی پێـشـوو و ئـێستامان بە دەیان هـۆنـراوە و سـروودی کوردییـان، بۆ منـداڵانی کورد هـۆنیونەتەوە. کە دەربارەی سۆز و پەرۆش و خۆشەویستی و دڵسۆزی و هاوبەستەبوونن بۆ کورد و کوردسـتان. هـۆنـراوەی نـیـشـتمانی کوردسـتانی، پانتـاییەکی گـەورەیـان لە هـۆنـراوەی منـداڵانی کورد گـرتـووەتەوە.

پیویستە لە منداڵییەوە، لە باخچەی منداڵانەوە، منداڵانی کوردمان لە رێگەی هـۆنراوەی نیشـتـمانی کوردستانییەوە، بە هـەستی کوردایەتی و بە سـۆز پەرۆش و خۆشـەویـستی بۆ کوردستان، گـوش و پەروەردەیـان بکەیـن. تا لە ئەمـڕۆ و لە داهـاتـووشدا، شانـازی بە کوردبـوونی خۆیـان و بە کوردستانی نیشـتمانی هـەزاران هەزار ساڵەمانەوە بکەن.
هـۆنـراوەنووسی عـەرەب (سلێمـان ئەلعـیسا) دەڵێـت:”بـۆ ئەوەی منـداڵان زمـانەکەیان خۆشبوێـت، بۆ ئەوەی نیشـتمانەکەیان خۆشبویـت، بۆ ئەوەی خەڵکـیان خۆشبوێـت، بۆ ئەوەی گـوڵ و بەهـار و ژیـانیان خۆشـبوێـت، فـێری سـروودی خۆشـیان بکەن”.
خوێندنەوەی هـۆنراوەی و چـڕینی سـروودە کوردییـە کوردستانییەکانمان، بە تاک و بە کۆمەڵ بە جۆش و خرۆش و ئاوازەوە، لەلایەن منداڵانی کوردمانەوە؛ رۆحی کوردایەتی و کوردستان پەروەری، لەلایـان خۆشـەویـستر و شـیریـنتر دەکەن. ئەمـەش یەکـێکە لە گرنگـترین پەیـام و ئامانجەکانی هـۆنراوەی رەسەنی کـوردیمان بۆ منـداڵانـی کوردمان.

هۆنراوە و سروودی کوردی، رۆڵێکی گرنگ و کاریگەرییەکی زۆریان لە دروستکردنی کەسانی کوردستان پەروەر و تێکۆشەر و شۆڕشگـێڕی کوردمان هەبـووە و هـەیە. ئەو هـۆنـراوەنووسانەشمان، کە لە ئێستادا هـۆنراوەی کوردستانی بۆ منـداڵان دەنووسن. لە منـداڵـییانـدا، هـۆگـری هـۆنـراوە و سـروودی کـوردی ببـوون. کاریـگەرییـەکی زۆریـان لەسەریان هـەبـووە. یادەوەرییەکانی منـداڵـێیان هـێـناونەتەوە یـاد و بەرچـاوی خۆیان و ژیانی ئەمـڕۆی منداڵانی کوردستان لەبەرچاودەگـرن. بـوونە بە ئیـلهـام و بە هەوێن بۆ نووسینی هـۆنـراوە و سروودەکانیان، بۆ مـنداڵانی نەوەی ئەمڕۆی کوردمان. ئەگەر بە ژیاننامەی زۆربەی هـۆنـراوەنووسانی منـداڵانی کوردمـان بچـینەوە، ئـەو راسـتیـیەمان بـۆ دەردەکەوێـت، کە لە منـداڵییەوە دەستیان بە نووسینی هـۆنـراوەی ئاسان کـردوون.
(پاپـلـۆ نیـرۆدا) دەڵـێـت:”ئەگـەر هـۆنـراوەنـووس. ئـەو منـداڵـەی لـە نـاخـیـدا دەژیـت، لەدەست بـدات، ئـەوا هـۆنـراوەکـەشی لەدەســت دەدات”.
کەواتە هـۆنـراوە و سـروود، بە تایبەتیش هـۆنـراوەی نیشـتمانی کوردستانی، هـانـدەر و پاڵنەرن، بۆ ئەو منداڵە بەهـرەمـەندە کوردانەمان، کە ئارەزووی نووسـینی هـۆنـراوەیان هـەیە. مامۆستایانی وانەی زمانی کوردی، رۆڵیان هـەیە لە دۆزینەوەیان و لە پشتگیری و لە هانـدانیان. لە وڵاتی ژاپـۆن لە پـۆلی سێی بنەڕەتـییە، فـێری قـوتابییەکانیان دەکەن، کە (هـۆنـراوەی هـایکـۆ) بنووسن. هـایکۆ بە ژانـرە هـۆنراوەیەکی رەسەنی داهـێنراوی نیشـتمانیی ژاپـۆنی دەزانـن.
هـۆنراوە و سـروودی کوردیی نیـشـتمانی کوردستانی، بـێجـگە لە بەهـێزکـردنی سـۆز و هـەستی کوردایەتی و کوردستان پەروەری، رۆڵـیان لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاکادیـمی قـوتابیان و گەشەکردن و دەوڵەمەنـدکردنی زمـانی کوردی بە وشـە و بە زاراوەی نـۆی هـەیە. هـۆنراوەی نوێ بۆ منداڵان، ورووژێنەر و هـاندەری قوتابیانن، بۆ بیرکردنەوە و تێگەیشتن و رەخنەگرتن و گفتوگۆکردن، بۆ داهـێنان و پێشکەوتن. فێری ئەوە دەبن کە بە ئـازادی، گـوزارشـت لە هـەسـت و لە بیـرۆکە و لە را و لە بـۆچـوونەکانیـان بـکەن.
(رەسووڵ هـەمـزاتـۆڤ) دەڵـێـت:”بێگومـان ئێـمەی هـۆنـراوەنـووسان، بەرپـرسـیاریـن لە هـەمـوو جیهـان”.
نـەرویـج: ٢٠٢٤




تایبەتمەنـدییەکانی پاڵەوان لە چـیرۆکی منـداڵان.. رەزا شـوان

گـرنگـتریـن رەگـەز لە رەگـەزەکانی چـیرۆکی منـداڵان کارەکـتەرەکانـن، بە تایبـەتیـش پاڵەوانەکانی چـیرۆکەکان، رۆڵـێکی سەرەکی و گـرنگ و چارەنووسساز دەگـێرێن، بۆ گەیاندنی رووداو یا رووداوەکانی چیرۆکەکان، بە ئاکامێکی دڵخوازی منداڵان. چیرۆک بەبێ پاڵـەوان نـابێـت. مەرجـیش نییە، پاڵەوانی چـیرۆکەکانی منـداڵان، تەنیا مـرۆڤـبن، منداڵبن (کچ یا کوڕ) بن. دەکرێـت ئاژەڵ و باڵندە و دار و درەخت و گوڵ و پەپـوولە و زینـدەوەری تربـن، یان شتی بێ گیان بـن. یان پاڵەوانی ئەنـدێـشەیی و ئەفـسانەیی بن، وەک: دێـو و چـەتـەوڵ و جـنـۆکە و سـیـمـرخ و ئـەژدیـهـای بـاڵـداری حـەوت سـەر و قەقـنەس و جادووگەربـن. وەک لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکاندا هـەن. پاڵەوانی چـیرۆک هـێمای هـێز و بوێـری و ئیرادە و متمانە و رەنگـدانەوەی بەهـا و بنەماکانی چـیرۆکە.
پاڵەوانی چیرۆک کارەکتەرێکە، خوێنەر لە رێگەیەوە دەچێتە ناو جیهانی چیرۆکەکەوە. رووبەڕووی کـێشە و ملمـلانی سەخـت و بەرهـەڵـستییەکان دەبێـتەوە. بە ئازایەتییەوە لەبەردەم هـێزێکی دژەبـەرەدا دەوەستێتەوە، بۆ گەیشتن بە ئامانج و بە خواستی خۆی.

کارەکتەری پاڵـەوان لە کـورتە چـیرۆکی منـداڵانـدا، کارەکـتەری سەرەکـییە، دینـەمـۆی چـیرۆکەکەیە و رووداوەکـان بە دەوریـدا دەسـووڕێنـەوە. بەرپـرسـیارێـتی سـەرەکی لە چـیرۆکەکەدا هەڵـدەگرێت. پاڵـەوان پەیـامێکی هـەیە دەیەوێت بە منـداڵانی خوێنەری یا گـوێگـری چـیرۆکەکە بـگەیـەنـێـت. رەنـگە پاڵـەوانـێکی راسـتەقـیـنە بـێـت، کـە کـاری قارەمانانە و سەرەکێشی و سەرچـڵی ئەنجـام بـدات. یان رەنگە کەسێکی ئاسایی بێـت. یان کەسایەتییەکی ئەفـسانـەیی بێـت، بتوانێـت کـاری لە تـوانابـەدەر ئەنجـام بـدات.
لە جیهـانی وێـژەی منـداڵانـدا، پاڵـەوان وەک کەسـایەتـیـیەکی بـەرز و ئـیـلهـابەخـش و ئاراسـتەکەری منـداڵانی خوێـنەرە. لە رێـگەی خەبـات و کـۆشـش و سەرکەوتـنـییەوە، نەک هەر سەرگەرمی و خۆشی بە منـداڵان دەبەخـشێت، بەڵکو پەیام و وانەی گرنگی ئازایەتی و میهـرەبانی و کۆڵنەدان و متمانەبەخۆبوون و سەرکەوتنیان پێـدەبەخـشێت. خوێنەرانی منداڵان بانگهـێشتی جیهانێکی پڕ لە هـیوا و گەشبینی دەکات، کە ئەستەمی تێـدا نییە. لە سایەی خەبات و تێکـۆشـان و خـۆراگـری و سـووربـوون و کـۆڵـنەدانـدا، سەردەکەون و هـیوا و خەونەکانیان دێنـنەدی. منـداڵان فـێری ئەوە دەکەن، بە بوێـر و متـمانە بەخۆبـوون و بە ئیـرادە و ورەیـەکی بەرزەوە رووبەڕووی تـرس و ئاستەنگی
و بەرهەڵستییەکانیان ببـنەوە. فـێری بەهـای بـەرز و هـاوسۆزی و دڵسـۆزییان دەکەن. فـێریان دەکەن پشت بە خۆیان ببەستن و هەوڵبدەن خۆیان کێشەکانیان چارەسەربکەن. منـداڵان لە رێـگەی پاڵـەوانانی چـیرۆکەکـانەوە، فـێری بەهـا بـەرزەکـان و پـرەنـسیـپە مـرۆڤـایەتیـیەکان و چـەمکەکـان دەبـن، وەک: راسـتگـۆیی و دڵسـۆزی و هـاوکاری و قـوربانیـدان و فـریـادڕەسی و خـۆشـەویـستی و سـۆزداری و رێـزداری و… هـتد.
منـداڵ بە سـروشتی، بە دوای پاڵـەوانە دڵخـوازەکەیـدا دەگەڕێـت، کە وەک نمـوونەی خـۆیەتی. سـەرسـامی کەسـایەتی و رەفـتارەکـانیـیەتی. لاسـایی کارەکـانی و شـێوازی جـووڵـە و قـسەکـانـیـشی دەکـاتـەوە. تەنـانـەت ئـەگـەر چـیرۆکـەکـان لـە جـیهـانـێکی ئەندێشەیی و فانتازیشدا رووبـدەن. پاڵەوانی چـیرۆک، وەک هـێزێکی پاڵنەری پشـت چـیرۆکەوە کاردەکـات. زۆر جـار منـداڵ پەیـوەنـدیی سـۆزداری، لەگەڵ پاڵـەوانەکـەدا دروسـت دەکـات. پـاڵـەوان لـە چـیـرۆکـێکـەوە بـۆ چـیـرۆکـێکی دیـکە، بـەپـێی ئـەو کۆنتێکست و مانا و مەبەستەی کە چیرۆکەکە هەڵیدەگرێت، رەنگە جیاوازی هەبێت.
مەبەستیـش لە پاڵـەوانی چـیرۆکەکانی منـداڵان، تەنهـا لە رووی جەسـتەییـەوە نییە. بەڵکـو لە رووی دەروونی و زیـرەکی و زانـایی و دانـایـشەوەیە. دەشـێـت پاڵـەوانێ چیرۆک، منـداڵێکی وێنەکـێشی بە توانا بێـت. یان لە سایەی بلیمەتییدا پاڵەوان بێت.
کارەکـتـەری پـاڵـەوان لە چـیـرۆکی منـداڵانـدا، بـە زۆری بە چـەنـد تـایـبەتـمـەنـدی و جیاوازییەک دەناسـرێتەوە. دیاریتـرینی ئەو تایبەتـمەنـدیـیانە، بە کورتی بـریتیـن لە:
١ـ ئازایـەتی: پێویستە پاڵەوانی چیرۆک بوێـر و دلـێر و ئازایەتییەکی گەورەی هەبێت. نابێت ترسنۆک و لاواز و بێ دەسەڵات بێت. متمانەی بە توانای خۆی هـەبێت و بەبێ تـرس، رووبـەڕووی ئەو مەتـرسی و بەرهـەڵستییانە بـبـێتەوە کـە دێـنە رێی. ناشبێت زیادەڕۆیی لە کەسێتی پاڵەوان بکرێت، کە منداڵان باوەڕیان بە توانا و رۆڵەکی نەبێت.
٢ـ ئیـرادە: پاڵەوان بەوە ناسراوە، کە هـێزێکی نـاوەوە و ئیرادەیەکی تۆکـمەی هـەیە. خۆڕاگر و کۆڵنەدەرە و توانـای زاڵـبوون و سەرکەوتنی بەسەر سەخـتییەکانـدا هـەیە، سـوورە لەسەر سەرکەوتن و گەیـشتـن بە هـیوا و بە ئامـانجـەکەی.
٣ـ بـاوەڕ: پاڵەوان باوەڕێکی پتەو و نەگۆڕی بە بەها رەوشتییەکان و بە پرانسیپەکانی مرۆڤـایەتی هەیە. باوەڕیشی بە ئەستەم نییە و لەو باوەڕەدایە، کە لە سایەی خەبات و تێکـۆشـان و کـۆڵـنەدانـدا، هـەمـوو هـیوا و ئامـانجـێک دێـتـەدی.
٤ـ زیـرەکی: پاڵەوان لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا زیرەک و داهـێنەرە، بە بەکارهێنانی ئەقـڵ و جەسـتە و هـێز، بـۆ بەرەنـگاری و رووبـەڕووبـوونـەوەی بەرهـەڵـستـیـیەکـان.
٥ـ خـۆبەخـشین: پاڵـەوان بە خـۆبەخـتکـردن و گیانبەخـشـین، لە پێـناوی ئـەوانی تـردا، تایبەتمەنـدە و بەرژەوەندیی هەمووان دەخاتە پێش بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆیەوە.
٦ـ دادپـەروەری: پاڵـەوان هـەڵگـری بەهـاکـانی دادپـەروەری و دەسـتـپاکـییە، هـەوڵی چـاکەکـردن و بەرەنگاربـوونـەوەی سـتەم و زۆرداری و نادادپـەروەری دەدات.
٧ـ مـرۆڤـایەتی: پاڵەوانی چـیرۆک، تایبەتـمەنـدیی مـرۆڤـایەتی تێـدایە، وەک: بەزەیی، هـاوسۆزی، لـێبووردن، مـیهـرەبـانی، خـێرخـوازی، هـاوکاری و فـریادڕەسی،… هـتد.
٨ـ گەشـبـیـنی: پاڵـەوان تایـپەتـمـەنـدیی گەشـبـیـنی و هـیواخـوازی و ئەرێـنی هـەیە. رۆخـۆش و لـێو بەخەنـدەیە. شادی دەخـاتە دڵی کەسـانی دیـکەوە. پاڵەوانی چـیرۆک کەسێکی کـنجکاوی نوێخوازە و حەز بە داهـێنان و بە دۆزینەوە و بە ئافراندن دەکات.
٩ـ هـاوڕێـتی: پاڵەوان رێـز لە هـاوڕێتی و دەگرێت و پەیـوەنـدی ئەرێـنی دروستدەکات.
١٠ـ ئیلهامبەخشین: پاڵەوان ئیلهام و متمانە بە منداڵانی خوێنەر دەبەخشێت. کە توانای هـێنانەدیی هـیوا و ئامانج و خەونەکانیان هـەبێت. دەسـتیش لە مافـەکانیان هـەڵـنەگرن.
١١ـ راستگـۆیی: پاڵەوان راستگـۆیە و فـرت و فـێـڵ و درۆ لەگەڵ کەسانی تـردا ناکات.
١٢ـ دڵـسـۆزی: پاڵـەوان هـەمیـشە بە ئەمـەکە و دڵسۆزی هـاوڕێکانـێتی، لە تەنگانەدا دەبـێـت بە فـریـادرەسـیان. بـۆ یـارمەتیـدانیان ئامـادەیە هـەمـوو شـتـێک بـکات.
١٣ـ خـاکی: پێـویـسـتە پاڵـەوان کەسـایەتیـیەکی خـاکی و سـادە بێـت. پـۆز لـێـنەدات و خـۆی بە ئەنجامـدانەکانیـیەوە هـەڵـنەکـێشـێـت و سـووکایەتی بە هـیچ کەسێک نەکات.
١٤ـ سەرکردەیی: پێویسـتە پاڵـەوان توانـای رابەری و سەرکردەیی هـەبێت و بتوانێت بە سەرکەوتـوویی، سەرکـردایـەتی کەسانی تـر بـکات، بـەرەو ئامـانـجـێکی هـاوبەش.
١٥ـ ئەندێشە فـراوانی: پاڵەوان ئەنـدێشەیەکی فـراوانی هـەیە، بە قووڵی بیردەکاتەوە، بـۆ چـارەسەرکـردنی ئـەو کـێـشە و ئاستەگـیـیانەی کە رووبـەڕوویـان دەبـێـتـەوە.
١٦ـ ئاستی پاڵـەوان: پێویستە پاڵەوانەکانی چـیرۆکەکانی منداڵان، لە ئاستی گونجاوی ئەو قـۆنـاغـە تەمەنە منـداڵـییە دابـن، کە چـیرۆکنووس چـیرۆکەکانی بۆیـان نووسیوە.

(*) تا رادەیەک سـوودم لە چەنـد سایـتـێکی ئینگـلیـزی و عـەرەبی وەرگـرتـووە.
سـویـد: ٢٠٢٤




خاتوو ریـپـین چـیرۆکنووسێکی ئـۆسترالـییە بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

خاتـوو (سـالی ریـپـیـن) نووسەرێکی بەنـاوبانکی ئـوسترالی و جیهـانییە، لە بـواری وێـژەی منـداڵان. لە ماوەی (٢٥) ساڵی رابـردوودا، زیـاتر لە (١٠٠) پەرتـووکی بۆ منـداڵان و بۆ نەوجـوانـان نووسـیوە و چاپیـانی کردوون و بـڵاویـانی کردوونـەتەوە. پەرتـووکەکانی پـڕفـرۆشـتریـن پەرتـووکـن لە ئوسترالـیادا. زیـاتر لە (١٠) ملیونیان دانەیان لە (١٨) وڵاتی جیهان و بە (١٤) زمانی جیهانی لـێفـرۆشراون. لە زۆربەی پەرتووکەکانیشی خەڵاتی لـێیان وەرگرتـوون. تا ئەمڕۆش درێـژە بە نووسین دەدات.
سـالی ریـپـین، لە شـاری (دارویـن) لـە ئـوسترالـیا لەدایـک بـووە. بەڵام لە باشووری رۆژهـەڵاتی ئاسیا گەورەبـووە. بە هـۆی کارەکەی باوکـییەوە، چەنـد ساڵ جـارێک لە دەرەوەی ئوسترالـیا ژیـاون.
سالی ئامادەیی هـونەریی لە مێلبۆرن تەواوکردووە، دوایش بۆ ماوەی (٣) ساڵ چووە بۆ چـین، لە شارەکانی شەنگەهـای و هانگـژۆ، هـونەری وێنەکێشانی کلاسیکی چینی خوێنـدووە. فـێری نـووسین و خوێنـدنەوە قـسەکـردن بە زمـانی چـینی بـووە.
سالی ریپین دەڵێت:”بۆ بێ بەخـتیم. زۆر منـداڵ بووم، لەگەڵ وێنەکـێشێکی فەرەنسیدا هـاوسەرگـیریم کـرد. زۆری نەخایاند، بـۆم روون بووەوە، لە پانتایی ماڵكێـدا، شوێنی دوو وێنەکـێشی لـێنابێـتەوە. رووم لە جـیهـانی وێنەکـێشانی وێنـەی روونکـردنـەوەی پەرتـووکی منـداڵان کرد. بۆ هـاوڕێتی وێنەکانیـشم چـیرۆکـیشـم بۆ منداڵان دەنووسی. ئەمـەیە کە مـنی گەیـانـدە ئـەو ناوبـانگ و ئەو پایـەیەی کە ئێستا لـێـیـم”.
سالی ریپین، لە تەمەنی شەش ساڵـییەوە، دەستی بە نووسینی پەرتـووک کردووە. تا ئێستاش درێـژە بە نـووسـین دەدات. زمـانی ئـینگـلـیزی و هـونـەر، بابەتی دڵـخـوازی بـوون. لە قـوتابخـانەی بنەڕەتیـدا، چـیرۆکی دەربارەی ژیـانی خـۆی و خـێزانەکەیـان دەنـووسی، بـە زۆریـش خـۆی وەک پـەرییـەک یـان شـازادەیـەک پـێـشـان دەدا. ئـەو چـیرۆکانەی کە دەیانی نووسین، پـیشانی مامۆستاکانی دەدان، ئەوانیش دەستخۆشیان لێـدەکـرد و بە دەنـگـێکی بـەرزەوە، لـە پـۆلـدا بـۆ قـوتـابیەکـانیان دەیـانخـوێـندنـەوە.
دەڵـێت:”مـن زۆر حـەزم لە نووسینە، ئایا مـن بەخـتەوەر نیـم، کە ئەمـە کاری منە؟.
دەشڵێت:”ئەوەم بە ئەنـدێـشەدا نەدەهـات، کە نـووسـین دەبێت بە پـیشەم، بەڵام شتێک نەبـوو، کە هـەرگـیز بتـوانـم دەستی لێ هـەڵـبگـرم. لە سەرەتـادا، لـەو باوەڕەدا بـووم، کە دەبـمە وێـنەکـێش”.
سالی ریپین. دوای تەواکردنی خوێندن و گەڕانەوەی لە چین، دەستیکرد بە یارمەتیدانی منـداڵانی چـینی ـ ئوسـترالی، لە جـێبەجێکـردنی ئەرکەکانی قـوتابخـانەکانیان. ئیلهامیش لە یەکـێک لە خوێنـدکارەکانەوە وەردەگـرێـت و بە بـۆنـەی سەری ساڵی چـینیـیەوە، بە زمـانی چـینی پەرتووکێک دەنووسێت، بە ناونیشانی (سەری ساڵی چـینی ڤانگ ڤانگ).
یەکەمین پەرتووکی بۆ گەورەساڵان، بە ناوی (شـتە کـێوییەکان) ەوە نووسیوە، کە باس لەوە دەکات کە چـۆن فـێری خوێنـدن بـوون. یەکەمـین پەرتـووکی بۆ منـداڵان، زنجیرەی پەرتووکی (بیلی بی براون)ە بۆ منـداڵانی تەمەن (٦ ـ ٨) ساڵانە. لە ساڵی (٢٠١٠) دا، لەلایـەن خـانەی بڵاوکـردنەوەی (هـاری گـرانـد) ەوە چاپکـراون و بڵاوکرانەتەوە. هـەر پەرتـووکـێکـیش لەم زنجـیرەیە. بابـەتی جیاوازیان لەخـۆگـرتـوون. بیـلی بی بـراون لە بە ناوبانگترین پەرتووکەکانێتی بۆ منداڵان، تەنیا لەم پەرتووکەی، چـوار ملیـۆن و نیو، دانـەی لە لـێفـرۆشـرا. بێجگە لەم پەرتـووکەی، پەرتـووکی (هـای جـاک) یەکـێکی تـرە لە پەرتـووکە بەناوبانگەکانی بـۆ منـداڵان.
لە مانگی (فبرایەر/ ٢٠٢٤) واتا لە ئەمساڵدا، دامەزراوەی (خەڵاتی منداڵانی ئوسترالیا) (سالی ریپـین) ی وەک بـراوەی خەڵاتی منداڵانی ئوسترالیا بۆ ساڵی (٢٠٢٤ ـ ٢٠٢٥) راگەیانـد. ئەم خەڵاتـەش بە (خـەڵاتی نـۆبـڵی منـداڵان) لە ئـوسترالیا دەزانـرێـت، کە لە ساڵی (٢٠١٢) ەوە دەستی پێکرد. دوو ساڵ جـارێ دەدرێـت بە نووسەرێکی لیهاتـووی بـواری وێـژەی منـداڵان یان بە وێنەکـێشێکئ وێنەی روونکـراوەی پەرتـووکئ منـداڵان.
سالی ریپین هـەشتەمین بـراوەی ئەم خەڵاتەیە. بـراوەی خەڵاتـەکەش، پۆستی باڵـیۆزی منـداڵانی نـیشـتمانی هـەیە. دەبێـت بەشدارییەکی گـەورە لە کۆمەڵـێک چالاکـیی وێـژەی منـداڵانی ئـوسترالـیا بکات. بـۆ مەبەستی یارمـەتـیی منـداڵان لە ئـوسترالـیا، گەشـت بۆ هەمـوو شـارەکانی ئۆسترالـیا دەکـات.
ئەم خەڵاتە، دەرفەتی بۆ سالی ریپین رەخساند، بۆ ئەوەی گەشت بۆ هەمـوو شوێنێکی وڵاتـەکەی بکات. قــسە لەسەر ئـەو شـتانە بکات، کە بۆ ئەو واتـایەکی زۆریان هـەیە. وەک: خوێندەواری، داهـێنان، پشگـیریی منـداڵانی تووشبووی دەمـارگـرژی لە پـۆلـدا.
پەیـامی سالی ریپـین ئەمـەیە:” هـەمـوو منـداڵان دەتـوانـن خـوێنـەربـن”.

ریپـین بە شێوەیەکی تایبەتی، حەزدەکات یارمەتیی ئـەو منـداڵانە بـدات، کە تـووشی دەمـارگـرژی و هـەڵـچـوون و دۆخـێکی دەروونـی بـوونـە، یـان ئـەو منـداڵانـەی کە کـێشەیان لە گـرانی خوێنـدنەوە هـەیە. بـۆیـە کـاری لە پێـشینەی ریپـین، بـریتـییە لە بیرکردنەوەی ئاستی هـۆشیاری، سەبارەت بەوەی کە چـۆن گـرانییەکانی فـێربوون و دەمـارگـرژی، کاریگەرییـان لەسەر خوێنـدنەوە و نـووسـینی منـداڵان هـەیە.
ریپـین تیشک دەخـاتە سەر ئەو ئاستەنگانەی خوێنـدنەوە، کە رووبـەڕووی ملیـۆنان منـداڵی ئـوسـترالی دەبنـەوە.
سالی ئامادەکەر و پێشکەشکەری بەرنامەی تەلەفـزیـونیش بـوو. لە چەنـدین کـۆڕ و فێستیڤاڵی وێـژەیشدا، بەشداری کردووە و بابەتی وێژەیی منداڵانی پێشکەش کردووە.

سالی ریپین، کاتێکیش کە سارقاڵی نووسین و وێنەکێشان نەبێت، لەگەڵ سەگەکەیدا، بەنـاو دارستانەکـانی نـزیکی ماڵـیان، پیاسە دەکـات. بیر لە بیـرۆکەی چـیرۆکی نـۆی دەکـاتەوە. هـەمـوو بیـرۆکەکانیـشی لە تـێکەڵکـردنی ئەنـدێـشە و ئەزمـوونەکانییەوە سەرچـاوەدەگـرن. زنجـیرە چـیرۆکەکانی: پـۆلی و پاسـتەر، زیاتر فـانتـازیـن، چونکە بەلایـەوە جـادووگەر و ئەهـریـمەن و جـنۆکە بوونیان نییە. زۆریـش لەو رووداوانەی لە چـیرۆکەکـانیدا روودەدەن، لـەو شـتانەوە سەرچـاوەیـان گـرتـوون، کە لـە جیهـانی ئەمـڕۆدا روویـان داون. سالی لە نـاخی دڵـییەوە چـیرۆکەکانی دەنووسێـت. پاڵەوان و کارەکـتەرەکانی چـیرۆکەکانی، لەلای منداڵان و دایکان و باوکان و لەلای مامۆستاکان، پەسەندن و دەنگدانەوەیەکی زۆریان هەیە. لە ئوسترالیا و جیهـاندا ناوبانگـیان هەیە.
بەشـێکی زۆری پەرتـووکەکـانی سالی ریپـین، خـۆی وێنـەکانی بـۆ کـێشاون. چـەنـد پەرتـووکـێکـیشی بە هـاوبەشی، لەگەڵ نووسـەرانی ئوسترالی تـردا نووسیویـانـێتی.
تاێسـتاش چەنـدیـن رێـزلـێنان و خەڵاتیان پـێی بەخـشـیون.
سالی ریـپین، سێ کـوڕ و سێ کـچی هـەیە، لەگـەڵ هـاوسەرەکەی و منـداڵەکانیـدا لە خانووە کۆنەکەیان، لە مـێلـبۆرن دەژیـن. لە ئێستادا سەرقـاڵە بە نووسینی زنجـیرەی تەلەفـزیۆنی ئەنمەیشن، بۆ منـداڵانی پێـش قـوتابخـانە. سەرەڕای نووسینی چـیرۆک،
لە کـۆمپانیایەکی ئـوسـترالی بەرهەمهـێـنانیش کاردەکات.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابـەتە سوود لە چەند سایتێکی ئینگلیزی وەرگرتووە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٤




فـانتـازیـا لە وێـژەی منـداڵان.. رەزا شـوان

فـانتازیا وشەیەکی ئینگـلیزییە، لە رەگی وشەیەکی یۆنـانی و لاتیـنییەوە وەرگیراوە. بە واتـای “وێـژەی سەرسـوڕێـنەر” یان “هـێـزی ئەنـدێـشە” دێـت. فـانتـازیا جـۆرێـکە لە کارێکی وێـژەیی ئەنـدێـشەیی. فـانتـازیا زاراوەیـەکی فـراوانە، یەکـێکە لە فـاکـتەرەکانی جیهانی چیرۆک و رۆمان و هـونەر. فانتازیا لە وێـژەدا بە شێوەیەکی وێژەیی دەوترێت، کە ئـارەزووی ئـەوەی هـەیە، کە لە داب و نەریـتی بـاو دابـڕێـت و لە راســتـیـیەکـان و لـە سنووردارکـردنی لـۆژیک و فـۆرم و زانیاری رزگـاری بێت و کـاری لـۆژیکی بەدەر بکات و جیهانێکی ئەفـسووناوی فـانتازی و ناڕاسـتی ئـارەزوومەنـدانە دروسـت بکات. فـانتـازیا جـیهـانـێکی ئەنـدێـشـەیی ئەفـسانەئـامێـزە. جـیهـانـێک کە یاسـا فـیزیـایـیەکـان جیـاوازن، لەگەڵ ئەم جیهـانەی تێیـدا دەژیـن. جیهـانـێکە کە پاڵـەوان و کارەکـتەرەکانی بـە زۆری بـوونـەوەری ئـەفـسانـەیی و نـامـۆن، وەک: ئـەژدیهـای گـڕهـاوێـژ، جنـۆکە، ئەسپی باڵـدار، بـووکی دەریـا، سیـمرخی باڵـدار، جادووگەر، چەتەوڵ، یان بوونـەوەر و ئاسمانێکی ئەنـدێـشەیی،… هـتد. هەمـوو کارەکـتەرەکان دەتـوانن بەو زمانەی نووسـەر دەینووسێت قسەبکەن. وێـژەی فانتـازی ئەو وێـژەیەیە، کە نـووسـەر، بە پـلەی یەکـەم پـشـت بە جـیهـانی ئەنـدێـشـە و بە ئـەفـسوون “جـادوو” دەبـەستـێـت. رووداوەکـانی لە جیهانێکی ئەنـدێـشەییدا روودەدەن. خوێنەران بۆ گەشتێکی، ئەنـدێـشەی دژەباو دەبات. ئەم جیهانە ئەندێشەییەش، لە داهـێنانی نووسەرە. بەڵام ئەم ستایشە هەموو رۆمانێکی فانتازی ناگرێتەوە، ئەگەر بێت و بە شێوەیەکی هـونەری لە ژیان بڕوانێت و وردبێتەوە. دەشـێـت کە رووداوەکـانی وێـژەی فـانتـازی، لەسـەر زەوی راسـتەقـیـنەشـدا رووبـدەن. پاڵەوان و کارەکتەرەکانیش مـرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و شتی تربن. تێکەڵ بە ئەنـدێشەی فـانتـازی و بـە ئـەفـسـوون بـکـرێـن و لـە ژیـانی راسـتەقـیـنەی مـرۆڤـەوە، ئـیلهـامیـان وەرگـرتـووبـن. فانتازیا ئەو پانتا فـراوانەیە کە زۆربەی بنەماکانی ژانـرە وێژەکانی تـری لەخـۆگـرتـوون. پەرگـەمـا و بنـەمـای فـانتـازیـاش ئەنـدێـشـەیـە.
پێناسەکردنی وێـژەی فانتـازیا، یان تەنانەت چـیرۆکی ئەفسانەیی، ئەونـدە ئاسان نییە کە مـرۆڤ بیری لێدەکاتەوە. وێـژەی فـانتـازیا، مێـژوویەکی دوور و درێـژی لە فـۆلکلـۆر و لە ئـەفـسانەکـان و لە سەرچـاوەکـان و لە بەرهـەمـەکانی هـەمـوو نەتـەوەکانی جیهـانـدا هـەیە. هـەر لە کاتی مـرۆڤـە ئەشکەوتیـیەکانەوە، فانتـازیا بە جـۆرێک بـوونی هەبـووە. مـرۆڤەکان رووداو و بەسەرهـاتـەکانی رۆژانەی خۆیـان و هـەنـدێک جاریـش، تەنـانەت خـەون و هـیواکانیشیان، لە شێوەی وێنـەدا، لەسەر دیـوارەکانی ئەشکەوتەکانـدا، بە هـاوکاری ئەنـدێـشە هـەڵکەکەنـدوون. کوردسـتانی نیـشـتمانی ئێـمـەی کوردیـش، کە یەکەمـین لانـکەی رەسەنـتریـن شارستانییە لە هەمـوو جیهـانـدا، فـانتازیا لە فـۆرمی کـۆن و کلاسیکـیدا، مێـژووییـەکی دوور و درێـژی لە کـولتـووری کوردستانـدا هـەیە. پاشخـانـێکی وێـژەیی فـانتـازیـا، لـە فـۆلکـلۆری رەسـەنی کوردیـدا، رەگ و ریـشـەی هـەیە. بـە دەیـان چـیرۆک و نـەزیـلە و گـێڕانـەوە و داسـتانی ئـەفـسانەیـیـمان هـەیە.
ژیانی مـرۆڤ، لە دایکبوونەوە تا مـردن، رۆمانێکە کە لە چەنـدین چیرۆکی شیرین و تـاڵ پێکهاتووە. چـیرۆکیش گـێڕانەوەیە. ئەنـدێشەش هەمیشە لەگەڵ مـرۆڤـدا بـووە و لە رابـردوو و لە ئەمـڕۆدا، دینـەمـۆی داهـێـنان و ئـافـرانـدن و پـێـشکەوتـنە. مـرۆڤ پێویستییەکی قووڵی بە هـێزی ئەندێشە هەبووە و هەیە، بۆ دروستکردنی باردۆخێکی ناڕاستەقـینە و جیهـانێکی ئەفـسووناوی. بە تایبەتیش لە کاتی منـداڵـیدا گرنگـییەکانی ئەنـدێشە دوو ئەوەنـدە دەبێـت. چونکە ئەنـدێشە بەشێکی سەرەکی و گرنگە لە ژیانی رۆژانەی منداڵان. جیهانی دەروونی منداڵان پڕە لە ئەندێشەڵ. هەموومان بە چیرۆکی جـوانی ئەفـسانەیی ئەنـدێشەیی گەورە بـووینە. زۆربەی نووسەرانی وێـژەی فـانتـازی چ چیرۆک یا رۆمان، ئیلهـامیان لە چـیرۆکە فـۆلکلۆرییە ئەفـسانەییەکان وەرگرتوون.
چـیرۆکـنووسی بەنـاوبانگی منـداڵان، دکـتۆر (سـیوس) دەڵـێـت:” فـانتازیـا بە تەواوی دیـوەکەی تـری زەڕەبـیـنەکەیە”. فـانتـازیـا نکـووڵی لە بـوونی ئـازار و مەینەتییەکان ناکات. لەوانەیە رۆمـاننووس بۆ چـارەسەرکردنی کـێشەکانی جیهـانی راسـتەقـینە، بە شێوەیەکی هـێمایی ئەندێشە بەکاربهێنێت. چیرۆک یا رۆمانەکەی بە ندێشە بپۆشێت”.
تایبەتمەنـدییەکانی وێـژەی فـانتازی، نووسەر بە شێوەیەکی داهـێنەرانە لە دەرەوەی ژیانی باودا چارەسەری کێشەکان دەکات. بۆ گەیاندنی پەیام و هـێنانەدی ئامانجەکانی رۆمانەکەی، پشت بە ئەفسون (جادوو) و بە شتەکانی دەرەوەی سروشت دەبەستێت.
زۆرێک لە خوێنەران بە هـەڵە، ئەندێشەی زانستی و وێژەی فانتازی تێکەڵ دەکەن و لێکیان جیاناکەنەوە. ئەنـدێشەی زانستی سنووردارە، باس لە پێشکەوتنە تيـۆرییەکانی زانست و تەکنەلـۆژیا دەکات، پێشکەوتووتر لەوەی ئەمـڕۆ دەیزانین. وەک گەشتکردن بۆ بـۆشایی ئاسمان، فـیلمەکانی جـەنگی ئەستیرەکان. یان جیهـانێک پێشان دەدات، کە دەتوانێت لە داهاتوودا رووبدات. بەڵام فانتازیا خەونی بێـداری مـرۆڤە. ئەوە دەکات کە رووی نەداوە. کارەکتەرە ئەفسانەییەکانی، تەنیا لە جیهانێکی ناڕاستیدا بوونیان هەیە.

دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان، بە کورتی باس لە فانتازایا لە وێـژەی منداڵاندا دەکەین. تا ئێستا، زۆر بە کـەمی ئەم بابـەتە بەسەر کـراوەتەوە. زۆر کەمی لەسەر نووسـراوە.
فـانتـازیا لە وێـژەی منـداڵانـدا:
فـانتازیا ژانـرێکە لە ژانـراەکانی وێـژەی منـداڵان و مێـرمنـداڵان. فـانتـازیای مـۆدێـرن لە یەک دوو سەدەی رابـردوودا هاتـووەتە ناو جیهـانی وێـژەی منـداڵانەوە. بە خـێرایی سەرنجی منداڵانی لە هەمـوو جیهـانـدا راکـێشاوە و بـووەتـە دڵخـوازیـان. بە تایبـەتیش لە نیـوەی دووەمی سەدەی بیستەمـدا، زوو گەشەی کرد و لە جیهانـدا تەشـەنەی کـرد.

فـانتـازیا لە جیهـانی وێـژەی منـداڵانـدا، بـە هـۆی رەگ و ریـشـەی ئەفـسانـەیـیەوە، لە ئەنـدێشەی منداڵانەوە نـزیکە. فانتازیا یەکـێکە لەو ژانـرانەی، کە لە وێـژەی منـداڵاندا بەکاردێت. لەلای منـداڵان و مێرمنـداڵانی ئەمـڕۆدا، گرنگی و پێگەیەکی تایبەتی هـەیە. نووسەری ئـوسترالی، پسپۆر لە وێـژەی منـداڵانـدا، خاتـوو (کەیـت فـۆرسـت) دەڵـێت: “فانتازیا لە چیرۆکە ئەفسانەییەکاندا، وەک مۆمێکی داگیرساو دەدرەوشێتەوە و دڕ بە تاریکی دەدات. بەڵام گرنگترین شت، ساتەوەختی رووناکیترە، کە پێمان رادەگەیەنێت، هـیوا و کۆتـاییـە خۆشـەکان هـەن”.
فانتـازیا لە وێـژەی منداڵانـدا، مێـژوویەکی کـۆنی هـەیە، کە بۆ چەنـدین سەدە لە پێش
زاینی دەگەڕێتەوە. هەندێک کەس پێیانوایە، کە چیرۆکە ئەفسانەییە فانتازییەکان شتی پـڕوپـووچ و بێ مـانـان. ئەمـە تـێگەیـشتن و بـۆچـوونێکی هـەڵەیە. چونکە بەشـێکی زۆری ئەو چـیرۆک و رۆمـانە فانتازییانە، کە بۆ منـداڵان و بۆ مێرمنداڵانن، پەیامێکی پەروەردەی و رەوشتی و مرۆڤایەتی و بەهـای بەرز و پەند و وانە و رێنمایی جوانیان لەخـۆگـرتـوون. چـیرۆکی فانتـازی، دەتـوانێـت دەربـارەی هـەر شـتـێک بـێـت، لە هـەر شوێـنێک بێـت، بەبێ هـیچ سـنووردارکـردنـێک. باشـتریـن نمـوونەی کـورتـە چـیرۆکە ئەفـسانـەییـە فـانتـازییـەکان بـۆ منـداڵان: (چـیرۆکـە ئەفـسانەییـەکانی) چـیرۆکـنووسی یـۆنـانی (ئیـزۆپ)ە، کە بـە بـاوکی ئەفـسانەنـووس لـە جیهـانـدا نـاوبـراوە. هـەروەهـا چیرۆکە ئەفسانەییە فانتازییەکانی (پێنج تنتدرا) واتا گەنجینەی پێنج بەند. لە نووسینی بیـرمەنـدی گەورەی هـیـندی (بەیـدەبـا) کە لەژێر ناوی (کلیلە و دیمنە) دا چاپکـراون. ئەم چـیرۆکە فـانتـازییانە، مێـژوویان بۆ چەنـد سەد ساڵێک پێـش زایـنی دەگەڕێتـەوە. بەڵام تا ئەمڕۆش چـێژ و بایەخ و گرنگی پەروەردەییان کاڵ نەبوونەتەوە. تا ئێستاش ئـەم کـورتە چـیرۆکە فـانتـازییـانە، بەشێکـن لە بابەتەکانی پەرتووکی خوێنـدنەوە، بۆ قـوتابیانی قوتـابخـانەی بنـەڕەتی لە هـەمـوو جیهـانـدا.
کـورتە چـیرۆکە ئەفـسانەییە فانتـازییەکانی ئیـزۆپ، هەریەکەیـان بە وانـەیەکی کورتی رەوشـتی یا بە پەنـدێک کـۆتایـیان دێـت، رووداوەکـانیـشیان لەسەر زەویـدا روودەدەن، پاڵەوان و کارەکتەرە یار و نەیارەکانیان. مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندەن یا دار و درەخـت و شتی تـرن. ئاژەڵ و باڵندە و دار و درەختەکانیش وەک مـرۆڤ قسەدەکەن. بۆ نموونە: چیرۆکی پێشبڕکێی نێوان (کیسەڵ و کەروێشک) بەوە کۆتایی دێت کە (لەخۆبایی بوون دۆڕانـدنە، رۆیشتنی خاوی بێوەستان بـردنەوەیە). یان چـیرۆکی (گـورگ و بەرخـۆلە) ئـەو پەنـدە بـاوە کـوردییەی لەخـۆگـرتـووە کە (زۆر هـات.. قـەواڵـە بەتـاڵە).
لە سەدەی نوزدەدا، لە بەریتانیادا چـیرۆکی فانتازیی بۆ منداڵان، بازاڕی گەرم بوو. کە بووە هـۆی سەرهەڵدانی چەنـدین رۆمانی فانتازی بۆ مێرمنداڵان لە بەریتانیادا. دوایی چیرۆک و رۆمانی فانتازی بۆ منداڵان و مێرمنداڵان، زۆر بە خێرایی تەشنەی کـرد. لە ئەمریکا و لە چەنـدین وڵاتانی ئەوروپادا، چەنـدیـن رۆماننووس دەرکەوتن و چەنـدین شاکارە چـیرۆک و رۆمـانی فـانتـازییان، بۆ منـداڵان و مێـرمنـداڵان نووسـین و چـاپیان کـردن و بـڵاویان کـردنـەوە.
نموونەی چـیرۆک و رۆمـانی فـانتازیی مـۆدێـرن، بۆ منـداڵان و مێرمنداڵان:(ئەلیس لە وڵاتی عـاجبـاتییەکـان) دا، نـووسینی (لـویـس کـارۆل). (ئـۆلـیـڤەر تـویـست) نووسـینی (چارلـز دیکنز). (پـینۆکیۆ) نووسینی (کارلـۆ کۆلـۆدی). (رۆبنسۆن کـروزۆ) نووسینی (دانیال دیڤـۆ). (نیـلـز) نووسینی (سەلما لاگیرۆف). زنجیرەی (پـێـنج منـداڵ) نووسینی (ئیـدێت نـێسبیـت) کە زۆر جـار بە داهـێنەری چـیرۆکی فانتـازیای مـۆدێـرن بۆ منداڵان ناودەبرێت. (سانـدرێلا) نووسینی (چارلز پیرۆ). (تۆما لیزا) نووسینی (هانـز کریستیان ئەنـدەرسون). (بەفـریـن و حـەوت کورتە باڵاکـان) نـووسینی (بـرایـانی گـریـم). (پـیـپی گـۆرەویـدرێـژ) نووسینی (ئەستریـد لـینـدگـریـن). (هـایـدی) نووسی (یـوهـانا شپـيری). (ژنـانی بـچـووک) نـووسـیـنی (لـویـزا مـای ئـەلـکـۆنـت). (هـاری پـۆتـەر) نـووسـیـنی (جـوان رۆلـیـنگ). زنجـیرەی هـاری پـۆتـەر، حـەوت پەرتـووکە و کـراون بە هـەشـت فـیلمی سینەمـایی. رۆمـانی هـاری پـۆتـەر، یەکێکە لە مۆدێـرتریـن زنجـیرە رۆمـانێکی فانتازیا. پـڕفـرۆشراوترین رۆمانە، کە (٥٠٠) مليۆن دانەی لە جیهـاندا لـێفـرۆشراوە. رۆمانی هاری پۆتەر شاکارێکی مۆدێـرنی جیهـانییە بۆ مێرمنداڵان. پاڵەوانی رۆمانەکە هـاری پـۆتـەر مێـرمنداڵـێکی سەرەکـێشی ئەفـسووناوییە، فـێری جادووبـازی دەبێت بۆ کاری چاکە بەکاری دەهـێنێت. ئاماژەش بە سێ رۆمـانی مـۆدێـرزمی کوردی دەدەم، کە رۆمـانەکـانیـن فـانتـازیـن و بـۆ منـداڵان و مێـرمنـداڵان نـووسـیویـانـن: رۆمـانی (کـچـی دورگە بچـۆلەکە) و (مـلـوانکەی ئەفـسونـاوی) نووسینی مامۆسـتا (ئەمـین محـەمـەد). رۆمـانی (نـازیـلـێی مـانـگ و شـازادەی خـۆر) نـووسـینی خـاتـوو (پەیـام ئـیـبراهـیم) ە.

تەوەرەکانی ئـەدەبی فانتـازی، هـۆکارن بۆ ئەوەی کە منـداڵان و مێرمنـداڵانی خـوێنـەر هـۆگـریـابـن. لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانـدا دوو چەمکی سەرەکی هـەن، چەمکی چاکە بەرانبەر بە خـراپە، چەمکی مـلمـلانێ بـۆ دەسەڵات. هـێزی چـاکە و هـێزی خـراپە لە ملـمـلانێـیەکی دەستەویەخـەی هـەمیـشەیی دان. ئەمـانە ئـەو پـرسانـەن کە پاڵەوان و کـارەکـتەرە سـەرەکـییەکـان، دەبـێـت رووبـەڕوویـان بـبـنەوە.
هـەنـدێک لە سـوودەکانی وێـژەی فـانتـازی بـۆ منـداڵان:
١ـ بەشێکی زۆری رۆمان و چیرۆکە فانتازییەکان، پەیامێکی پەروەردەیی و رەوشتی و مـرۆییان لەخۆگرتوون. دەتوانن بە ئاراستەیەکی دروستدا چارەنووسی منداڵان بگۆڕن.
٢ـ یارمـەتی منـداڵان دەدەن، بـۆ خۆبنیاتنان و خۆگونجـاندن و دەربردن، لەگەڵ لافـاوی داهـێنان و زانیاریی مـۆدێـرن و شۆڕشی تەکنەلـۆژیـا و لەگەڵ گۆڕانکاریییە خێراکانـدا.
٣ـ لەم سەردەمەدا، وێـژەی فانتازیا، لەنێو منداڵان و هـەرزەکاراندا، پێگەیەکی تایبەتی هەیە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە زۆر رووەوە، چـێژ و خۆشی سوودیان پێـدەبەخـشن.
٤ـ چـیرۆکە فـانتازییەکان، یارمەتـیی منـداڵان دەدەن، کە کـنجکاوی بن و زیـاتر خۆیان دەرخـەن و باشتر لە ژیـان بـڕوانـن و قـووڵـتر بيـربکەنەوە و زیـاتـریـش بخـوێنـنەوە. پرسیاری زیـاتر بکەن. ئاسـۆی ئەنـدێشە و ئەنـدێشەکردن و بیرکردنەوەیان، فـراوانتر دەبن. نوێخواز و داهێنەر دەبن. بە ئەزموونکردنی جیهانێکی جیاوازەوە سەرقاڵ دەبن.
٥ـ چیرۆکە فانتازییەکان، منداڵان فێری کارامەیی دەکەن. کارامەیی وەک دروستکردنی جـیهـانی سەرسـووڕێـنەر و پەرەپـێـدانی بـیـرۆکەی نـوێ و بـیرکـردنـەوە لە داهـێـنان.
(ئەلبێرت ئەنشتاین) دەڵێت:”ئەگەر دەتەوێت منداڵەکانت زیرەکبن. چیرۆکی ئەندێشەییان بۆ بخوێنەوە. ئەگەر دەتەوێت زیرەکتربن، چیرۆکی ئەندێشەیی زیاتریان بۆ بخوێنەوە”.
٦ـ ئـەرکی یەکـەمی چـیرۆکە فـانتـازییەکان، بەخـشـیـنی چـێژ و خـۆشـیـیە بە منـداڵانی خوێنەر. مێشکی منداڵان لە بـێهـوودەیی رزگاردەکەن. جیهانێکی نـوێ تاقی دەکەنەوە.
٧ـ لە زۆرێک لە چـیرۆک و رۆمـانە ئەفـسانەییـەکانـدا، منـداڵان رۆڵی پاڵـەوانـێتی و سەرەکـییان هـەیە. لەپـاڵ منـداڵانیـشـدا گەورەساڵانـیـش بەشـدارن و رۆڵـیـان هـەیە.
٨ـ چـیرۆکە فانتـازییەکان، یارمەتـیی منـداڵان دەدەن، بۆ دۆزینـەوەی رێـگەی زیاتر و زیاتر لە ژیانی راستەقـینەدا. بۆیە چـیرۆکە فانتازییەکان، کەشێکی منداڵانەیان هـەیە.
٩ـ چیرۆک و رۆمانە فانتازییە، لە رووی زمانەوانییەوە، کۆمەڵێک وشە و دەستەواژە و رسـتەی تازە بە منـداڵان دەبەخـشن و فـەرهـەنـگی وشەکـانیان دەوڵـەمەنـتر دەکەن.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سـوودم لە چەنـدیـن سایـتی ئـینگـلـیزی وەرگـرتـووە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٤




ئاشـتـبوونەی رەنگـەکان.. رەزا شـوان

رۆژێک رەنگەکان، لە شوێنێکـدا بە یەکتری گەیشـتن. هـەر رەنگـێک بە شـان و باڵی خۆیـدا هـەڵـیدا و خـۆی بە (شـاڕەنـگ) دەزانی.
زەرد: مـن رێـزێکی تایبەتـیم هـەیە، چونکە مـن رەنگی زێـڕم، رەنگی گەنـم و لـیمـۆم. بە شانـازیشـەوە دەڵـێـم، رەنـگی رۆژەکـەی سـەر ئـاڵای کوردسـتانـم.
ســەوز: زۆر کەس هـۆگری جـوانی منن. چونکە مـن رەنگی بەهـارم، رەنگی هـیوا و ئـومێـدم. رەنـگی ژیـان و ژیـانـەوەم. رەنـگـێکی پـیـرۆزم. دڵـخـۆشــم کـە یەکــێکـم لە چـوار رەنـگەکەی ئـاڵای کوردسـتان.

سـوور: مـن رەنـگی لاوی و جـوانیـم، رەنـگی شـۆڕش و راپـەڕینـم، رەنـگی گەرمی و ئاگرم، رەنگی گوڵاڵە سوورە و گوڵە ئەرخەوانم. بێ خۆهەڵکـێشان، مـن رەنگی ژیـانم.
شـین: من رەنگی ئاسمانی بێ کۆتاییم، رەنگی ئاو و رووبار و دەریا و ئۆقیانووسەکانم، لەلای زۆر کەس رەنگـێکی پەسەنـد و جـوان و نـاوازەم.
سـپی: مـن رەنـگی ئـاشـتی و دڵـپاکـیـم، رەنـگی کـراسـی بـووکـێـنـیـم، رەنـگی بەفــرم. رەنگی پەلکە جوانەکانی گوڵە نێرگـز و گوڵە حاجـیلەم، بـۆیە خۆشەویستی هەمووانـم.
هەریەکەش لە رەنگەکانی، وەنەوشەیی و پەمەیی و قاوەیی و پرتەقـاڵی و شەکەری و خۆڵەمـێشی و رەش، ئەوانیش کەمیان نەوت و بە جـوانی و بە شـان و بـاڵی خۆیـانـدا هـەڵـیانـدا و خـۆیـان بـە شـاڕەنـگ دەزانی.
رەنگەکان لەسەر ئەوەی کە کامیان شایەنی نازناوی (شاڕەنگ)ە، بـوو بە مشتومـڕ و هەرایـان و لـە یەکـتری زویـر بـوون.
لەم کاتەدا، منداڵێکی رووخۆش و چاوگەشی کورد، چووە نێوان رەنگەکانەوە. تێنووسی وێنەکـێشانەکەی و پاکەتێک پێنووسی رەنگاوڕەنگی بۆیەکـردنی لە جانتاکەیـدا دەرهـێنا. لەسـەر لاپـەڕەیەکـدا، بە پێـنووسـێکی رەش، وێنـەی دیـمـەنـێکی کـێـشا. وەرزی بەهـار بـوو. منـداڵـەکە دەسـتی بە رەنـگکـردنی تابـلـۆکـەی کـرد. قـەد پـاڵی زنـجـیرە چـیاکـانی سەوز و قاوەیی کرد، سەر لووتکەکانیانی سپی کرد. دەشتی دامـێنی چیاکانی سەوزکرد. بە گوڵاڵەسوورە و ئەرخەوان و نێرگـز و بەیـبوون و مـینا و وەنەوشە و گـوڵەزەردە و بە چەنـدیـن گـوڵی جـوانی رەنـگاوڕەنگی تـر رازانـدیـیەوە. ئـاوی جـۆگەکە و ئاسمانی سەروی شاخەکانی شـین کرد. لە نێـوان دوو لـووتکـەی زنجـیرە چـیایەکەدا، خـۆرێکی گەشی تـیشـک زێـڕینی بە رەنگی زەرد کـێـشا. لە دامـێنی زنجـیرە چـیایەکـەدا، وێنـەی گونـدێکی قەشەنگی کـێشا. هـەریەکە لە خانووەکانی گونـدەکەی بە رەنگـێک رەنگـرد. پـەلـکە زێـڕیـنـەیـەکی کەوانـەیی حـەوت رەنـگی، لە ئاسـمـانی گـونـدەکـەدا کـێـشـا. لە سەربانی قـوتابخانەی گونـدەکەشـدا، لە قـەدی سەروی سـتوونـێکی داری زۆر بەرزدا، ئـاڵای رەنگـینی کوردسـتانی بە هـەر چـوار رەنـگەکـەی کـێـشـا. منـداڵـەکە تابـلـۆیەکی رەنگـینی زۆر جـوانی، بـە هـەمـوو رەنـگەکان رازانـدەوە. لەژێـر تابـلـۆکەیـدا نـووسی
“دیـمەنـێکی کوردسـتان”. ئیـنجـا لەپـێـشی رەنـگەکانـدا هـەڵـیواسی. رەنگەکان کە ئەو تابـلـۆ رەنگـیـنەیان بـيـنی. زۆر سەرسام بـوون! هـەسـتـیان بـەوە کرد، راسـتە کە هەر رەنگـێک جـوانی و دڵخـوازی خـۆی هـەیە، بەڵام کە پـێکەوەبـن، جـوانـتر و رەنگـینـتر دەبـیـنـرێـن و دەبـن بـە تـەواوکـەری یەکـتری.
رەنگەکان دەستیان خـستە ناو دەستی یەکـتری و ئاشتبوونەوە. چەپـڵەیەکی قـایـمشیان
بـۆ ئـەو منـداڵـە هـونـەرمـەنـدە بـلـیـمـەتـە و بـۆ تابـلـۆ جـوان و رەنـگـیـنەکەی لـێـدا.




کچۆڵە ئابیجیتا گوپتا بچووکترین نووسەری جیهانە.. رەزا شـوان

کچـۆڵەی روحـسـووکی هـیـندی (ئابـیجـیـتا گـوپـتا) لە تەمـەنی حـەوت ساڵـیـدا، وەک بچووکترین نووسـەر جیهـان بە فەرمی سێ ریکۆردی پێوانەیی جیهانیی لە نووسینی سێ پەرتـووکـدا بەدەسـتهـێـنا. ئابـیجـیتا منـداڵـێکی بەهـرەمەنـدی پەرجـۆ و ناوازەیە. بۆ بیـرۆکەی نووسـینەکانی، ئـیـلهـام لە شـتە بچـووکەکانی دەوروبـەری وەردەگرێـت.
ئابیجـیتا دەڵـێت:”مـن زۆر گـرنگی بە دەوروبـەر دەدەم. لەوانـەیە لەو کاتـەدا وشـەی ورد بۆ گـوزارشتکـردن بـۆم نەیـەن. بەڵام کاتـێک کە دەسـت بە نووسـین دەکەم، لەو کاتەدا هـەستەکانم وشەی جـوانیان لێـدەبارێـت، دەتـوانم ئەوە بڵـێـم کە دەوروبەرم بە شـێوەیەکی زۆر، کارگەریی لەسـەر نووسـینەکانـم هـەیە”.
ئابیجـیتا لە ساڵی (٢٠١٢) لەدایکبووە. لەگەڵ باوک و دایکـیدا، لە شاری (گازی ئاباد) لە هیندستان دەژین. تاقانەی دایک و باوکێتی. باوکی (ئاشیش گوپتا) ژمیریاری گشتییە. دایکی (ئەنـۆپـریا گوپـتا) ئەنـدازیارە، ژنـێکی خـاوەن کاری بازرگانییە. زۆر هـانـدەر و پاڵـپـشی ئابـیجـیـتان.
ئابیجـیتا لە تەمەنی چـوار ساڵیدا، وەک هەر منداڵـێکی دیکە، بە فـۆنۆلـۆژیا (زانستی دەنـگەکان) ئاشنا بـوو. لەم تەمـەنەدا، دایک و باوکی سەرسام کـرد، کاتێک کە داوای پێنووس و تیانووسی لێکردن. کە دایان پێی چیرۆکێکی نووسی. ئابیجیتا کە تازە فێری کۆمەڵیک وشەی سێ و چوار پیتی ببوو، کەچی بەبێ هەڵەی رێنووسی چـیرۆکێکی لە کـۆمەڵـێک رسـتەی کورت نـووسی. دایـک و باوک و مامۆسـتاکانی باخچـەی منـداڵان شۆک بـوون. ئەمە سەرەتای دەرخـستنی توانـای زیـرەکی و ناوازەیی ئابـیجـیـتا بـوو.
دایکی ئابیجـیتا (ئەنـۆپـریا گوپتا) دەڵـێت:” هەمـوو دایک و باوکێک، خەونی ئەوەیان هـەیە کە منـداڵەکانیان بناسـرێـن. ئـەم خـەونە بـۆ ئێـمە زۆر زوو هـاتـەدی”.
ئابیجـیتا لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە، دەستی بە نووسینی کورتەچـیرۆک و هـۆنـراوە بۆ منداڵان کرد. ئەم حەزەی لە نووسیندا تا دەهـات زیاتر پەرەیـدەسەنـد. نووسین بوو بە خولیای رۆژانەی. رۆژانەش پەرتووکی دەخوێندەوە بە تایبەتیش چیرۆک و هـۆنـراوە. کە لە باخچـەی منـداڵانیش بـوو، لە چەنـدین پێـشبڕکێی خوێنـدنەوەدا بەشـداری کرد و لە هەمـوویانـدا خەڵاتی یەکەمی بەدەستهـێناوە. یەکەم چـیرۆکی بە ناوی (ئامـۆژگاریی فیلەکان) ەوەیە. یەکەم هۆنراوەشی بە ناوی (رۆژێکی خۆرگیران) ەوەیە. هەردووکیان لە پەرتووکی یەکەمیدا نووسراون. نووسینی چـیرۆک و هـۆنراوە لە خوێنی ئەو دایە.
ئابیجیتا گوپتا، ئاواتەخـوازە کە درێـژە بە میراتی باپیرانی بـدات. ئەو نەوەی سێیەمی دوو نـووسەر و هـۆزانڤـانی گەورە و زۆر بەناوبانگی هـێندستانە (راشتراکاڤی شری مایتلیجان گوپت) و (سانتکاڤی شری سیامچـاران گوپـت).
ئابیجیتا لە تەمەنی حەوت ساڵـیدا، یەکەم پەرتووکی بە ناوی (بەخـتەوەری لە هەمـوو شوێنێک) دا، چاپکرا و بڵاوکرایەوە. کە ئەنتـۆلـۆژیـای کورتە چیرۆک و هـۆنراوەیە، ئامانجەکەشی منـداڵانن. ئەم پەرتـووکەی لە (١٠) هـۆنـراوە و لە (٤) کورتەچـیرۆک پـێکهـاتـووە. هـۆنـراوەکانی بـریتـین لە: خۆشـەویستیی دایکـێک، خـوێنـدن باشـتریـن هـاوڕێمە، هـاوڕێی بەنرخ، دایکە زەوی، لێمان بگەڕێن با بفـڕین، …هـتد. بابەتەکانی چـیرۆکەکانی باس لە هـاوڕێیـەتی و خـواردنی تەنـدروسـت و مـتـمانە بەخـۆبـوونێکی زۆر دەکـەن. ئابیجـیتا گوپتا، بە بـڵاوکـردنەوەی ئەم پەرتـووکەی، ناوبـانگـێکی زۆری بەدەستهـێنا. هەر ئەم خۆشبەختییەی لە خوێندنەوەدا، والێکرد کە ناوی پەرتووکەکەی بنێت (بەختەوەری لە هەموو شوێنێک) هەر خۆشی دیزاینی بەرگ و ێنەکانی کێشاون.
ئابیجـیتا گـوپـتا، کە دەستـنووسی پەرتـووکی یەکـەمی لەگـەڵ دایـکـیدا، بـرد بـۆ چەنـد دەزگایەکی چـاپ و بڵاوکردنەوە، تا تێچـووی چاپکردنی بگرنە خۆیان. هـیچ خانەیەکی بڵاوکردنەوە ئامـادە نەبـوو بـۆی چـاپ بکەن. چونکە پێیان سەیـر بـوو، دودڵ بـوون و بـڕوایـان نەدەکرد، کە منـداڵـێکی حـەوت ساڵان بتـوانێـت پەرتـووکـێک وا بنووسـێت و وێنەکانی بکـێشێت. بەڵام کاتـێک کە دایکی قـەناعـەتی پـێکـردن، کە جـارێک بە وردی دەستنووسەکەی بخـوێـننەوە.
خاوەنی دەزگایەکی چـاپ و بڵاوکردنەوە، بە زەردەخەنـەوە، واو..! ئەو کچـە بچـووکە جوانە ئەم بابەتە جوانانەی نووسیوە. بـڕوای پێی کرد و رێکەوتن کە ئەو پەرتووکە و سێ پەرتووکی تـری داهـاتـووشی بۆ چـاپ بکەن و بڵاویـان بکەنەوە. دەزگـای چـاپ و بڵاوکراوەکە وەک بانگەشەیەکیش، ئەوەیان لەسەر بەرگی پەرتـووکەکانی نووسـیون:
“نووسـراوەکە بەبێ دەسـتکاری هـێڵـراوتەوە بۆ ئەوەی بێتاوانییەکەی کاڵ نەبێتەوە”.
ئابیجـیتا یەکەم منداڵی هـێندییە، کە رێکەوتنی گرێبەستی چاپکـردنی چـوار پەرتـووکی لەگەڵ دەزگایەکی چاپ و بڵاوکـردنەوەدا واژۆ کـرد. لە پەرتـووکی یەکەمی وەک مافی نووسـەر (١٠٠٠٠) روپیـیەی (پـارەی هـینـدی) وەرگـرت.
ئابیجیتا گوپتا لەلایەن تۆماری ریکـۆردە جیهـانییەکان، وەک (بچووکترین نووسـەر لە جیهـانـدا) ناسێـندرا و ناویـان تـۆمـار کرد و بـڕوانـامەی دانپـێـنانیـان پـێـشکەش کـرد.

هەر لە تەمەنی حەوت ساڵیدا، بە هۆی بەهـرە و لێهاتوویی لە نووسینی کورتەچیرۆک و هـۆنراوەی جـوان بۆ منـداڵان، ناویان لە پەرتووکی ریکـۆردەکانی ئاسیادا تۆمارکرد و نازناوی (گـرانـدماستەری نووسین) واتە (مامۆستای گەورەی نووسین) یان پێبەخـشی.
ئابـیجـیتا دەڵـێت:”زۆر دڵخـۆشـم بە وەرگـرتنی ئەم نـازنـاوە. دەمەوێـت دایـک و باوکـم شانازی بە نووسینەکانمەوە بکەن. حەز بە نووسین دەکەم و هەست بە دڵخۆشی دەکەم، کاتێک کە خوێنەران لە رێگەی پەرتووک و هـۆنراوەکانمەوە چێژ و ئیلهام وەردەگرن”
لە کاتی بڵاوبـوونەوەی پەتای (کـۆڤـید ـ ١٩) دا، کە قوتابخانەکان داخران و منـداڵان لە ماڵەوە بوون. ئابیجیتا ئەم هەلەی قـۆستەوە و پەرتووکی دووەمی دەربارەی ئەم پەتایە نووسی، بە ناوی (بە دڵنیاییەوە بەردەوام دەبین) باسی لە گاریگەرییەکانی (کۆڤیدـ ١٩) لەسەر ژیـانی منـداڵان لە جیهـانـدا کردووە،. کە چۆن منداڵان رووبەرووی ئەم قـۆناغـە بوونـەتەوە. بە چاپکـردن و بـڵاوکـردنەوەی پەرتـووکی دووەمی، هـێـندەی تر ناوبـانگی دەرکرد و وەک بچووکترین نووسەری جیهـان، ریکۆردی دووەمی جیهـانی بەدەستهـێنا. ناویـان لە لە پەرتـووکی ریکـۆردە جیهـانییەکان لە بەریتانیا تـۆمـارکـرد.
ئابیجـیتا گوپتا، لە کاتی واژۆکـردنی ئەم پەرتووکەیـدا وتی:”دڵخـۆشـم بە خـستنەبازاڕی پەرتـووکە نوێیەکەم. بە ناوی هەمـوو ئـەو منـداڵانەی لە کاتی پەتای (کۆڤـید ـ ١٩) دا، هەموو شتێکیان لەدەست داوە، من خەونی ئەوەم هەیە چەندین چیرۆک و هـۆنراوە بۆ هانـدانی هەمووان بنووسـم”. کاتی (کۆڤـید ـ ١٩) بۆ ئابیجـیتا کاتێکی بەرهەمدار بـوو. بـۆی بە خـێر. بەو پێیەی کە زۆربـەی نـووسینەکانی لە کاتـی ئەم پەتـایەدا نووسـیون.
پەرتـووکی سێیەمی بە ناوی (دەستپێکـردن بە شتە بچـووکەکان) بـریتییە لە کۆمەڵـێک کورتەچـیرۆک و هـۆنـراوە. کە لە لایـەن پەرتـووکخـانەی ئـۆکسفـۆردەوە بە دیجـیـتاڵ نمایشکرا. پەرتووکەکە لە لایەن دکتۆر خاتوو (چارو وەلی خانا)ی ئەندامی کۆمیسیۆنی نـیشـتمانی ژنـانی هـیندسـتانەوە خـرایە بـازاڕاوە.
ئابیجـیتا گوپـتا دەڵـێت:”ژیـنگەی دەوروبـەرم و تەنـانەت شـتە بچـووکەکانیـش بـۆ مـن ئیلهامبەخـشن. مـن لەسەر شـتە ئەرێنییەکان دەنووسـم. ئەوەی کە دەیبینم یان هەستی پێـدەکەم”.
ئابیجـیتا گوپتـا، بە نووسین و بڵاوکـردنەوەی ئـەم سێ پەرتـووکەی، وەک بچووکـترین نووسەر لە جیهانـدا، لە تۆمـاری ریکـۆردی جیهـانی و لە تۆمـاری ریکـۆردی ئاسیادا، ناسێـندرا و ناویان تـۆمـارکـردووە.
بابەتەکانی پەرتـووکەکانی ئابیجـیتا، کە بە هـەنـدێ وانە و بە رەوشـت بەرزی کۆتاییان دێـت، پەیامـێکی جـوان پێشکەش بە منـداڵانی هـاوتـەمەنی خـۆی دەکـەن.
ئابیجیتا منداڵێکی سۆزدار و میهربانە ئەو بڕە پارەیەی کە لە پەرتووکانی بەدەستیهـێنا، زیاتر لە (٤٠٠) هـەزار روپییەی هـیندییە. هەمـووی بەخـشی بە هـەژارانی وڵاتەکەی.
ئەبیجیتا گوپتا، یەکێکە لەو پینج منداڵە پەرجۆ و ناوازەی کە لەلایەن (ئینـدیاتایمز) ەوە هـەڵـبژێـراون. کە هـيندستان شانـازییان پێـوە دەکـات.
ئابیجیتا، تا ئێستا پـێنج ریکـۆردی پێـوانەیی جیهـانـیی بە دەسـتهـێناوە.
ئابیجـیتا گوپـتا، لە ئێستادا خوێنـدکارە، دەرچـوو پـۆلی شەشی بنەڕەتی، لە قـوتابخـانەی بنەڕتی (پـرێـسیدیـۆم ئیـندێـراپـورام) لە شاری گازی ئابـاد ـ لە هـینـدسـتان.
بێجگە لە ئارەزووی دڵخوازی خوێندنەوە و نووسین، خولیای وێنەکێشانە، لەگەڵ دایکی و باوکیدا سەیری فـیلم دەکات. لەگەڵ بـووکە شووشەکەی و هـاورێکانیـدا یاری دەکات. هـۆنراوەیەکیشی ئاوازیان بۆ دانـاوە و کراوە بە گۆرانی، لەلایـەن کۆمەڵـێک منـداڵەوە. لە رۆژی جەژنی جیهانی منداڵان لە ساڵی (٢٠٢١) دا، پێشەکەشیان کرد و تۆمارکراوە. گۆرانییەکیشی لەسەر ژینگەپارێزی، بە بۆنەی (رۆژی زەوی) یەوە نووسیوە، لە ساڵی (٢٠٢١) دا پـێشکەش کرا و تۆمارکراوە. بەرەوامیش سەردانی لای پەرتووکفرۆشەکان دەکات. دەڵـێت:” گەر نەتـازانی لە کوێـم، لەلای پەرتـووکـفـرۆشەکان دەمـدۆزنەوە”.
تا ئێستا چەنـد خەڵاتێ ناوخۆیی و نێـودەوڵەتیان پـێشکەش کـردووە. لەوانەش خـەڵاتی (گـڵوباڵ پـرۆدیگی جیهـانی ساڵی ـ ٢٠٢١) وەرگرتووە. لە ساڵی (٢٠٢٢) دا، براوەی (خەڵاتی جیهـانیی منـداڵان پەرجـۆ) بـوو.
هـیوای داهاتووی ئابیجیتا گوپتا، دەیەوێت ببێت بە پزیشک و یارمەتیی هەژاران بدات.
دایـکی دەڵـێـت:” کچـەکـەم وتی، پـارە لـە خـەڵکی هـەژار وەرنـاگـرم، چـونـکە پـارەی پێویـستیان نیـیە”.
ئابیجـیتا دەڵێت:”لە داهاتـوودا پەرتـووکی زۆرتـر دەنووسـم. کاتـێک کە شـتێک دەبێـتە ئارەزووت، ناتـوانیـت واز لەو ئارەزووەت بهـێنیـت. بۆیە مـن بەردەوام دەبـم. تەنانەت کاتێک کە دەشـبـم بە پـزیـشک و کاتـم کەمـتر دەبـێـت”. دەشـڵـێـت:” سەرەتا کەسـێکی باش بە و دواتـر پـزیـشک بـە”.
نەرویـج: ٢٠٢٤




هـۆنـراوە بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

ئەم سێ هـۆنراوەیە بۆ منداڵان، لە زمانی ئینگـلیزییەوە، وەرمگـێڕاوە بۆ کوردی.
١ـ کێ بـای بـیـنـیـوە؟.. هـۆنـراوەی: کریستـیـنـا رۆسـیـتی
کـێ بـای بـیـنـیـوە؟
نـە مـن نـە تـۆ:
بەڵام کاتـێک گـەڵا هەڵـواسـراوەکان دەلـەرێـنـەوە
بـا تـێـدەپـەڕێـت
کـێ بـای بـیـنـیـوە؟
نـە مـن نـە تـۆ:
بەڵام کاتـێک دارەکان سەریـان لاردەکـەنـەوە
بـا تـێـدەپـەڕێـت
٢ـ باشـتـریـن هـاوڕێـم پـەرتـووکـە.. هـۆنـراوەی: سانیـا تانـدۆن
باشـتـریـن هـاوڕێـم پەرتـووکە
ئەمـەش نامـۆ نییە بە لامـەوە
وەک دەرگـایـەکی زێـڕیـنـە
دەمـبـاتـە ئـەو خـاکەی پـێـشـتـر نەچـوومـەتـە ئـەوێ
چـیرۆکەکـانی پـەریـیـەکـم بـۆ دەگـێـڕێـتـەوە
دەمـبـاتـە خـاکـێـکی پـڕ لە خـۆشی
هەنـدێـک پەرتـووک بـێـزارکـەرن وەک مـێـژوو
وەک مـەتـەڵـێکی گـەورە وایـە
پـەرتـووک سەرچـاوەی روونـاکـیـیـە
دڕ بە تـاریکی دەدات و ژیـانـمان پـڕ لە روونـاکی دەکـات
٣ـ واز لە پـیـسكـردن بـێـنـیـن.. هـۆنـراوەی: ئـارجـون
خــۆر بـریـقـــەدارە
ئـاســمـان شـــیـنـە
بـاڵـنـدەکان دەفـڕن
سـروە زۆر ساردە
دایـکە سـروشـت ئەوپـەڕی هـەوڵی خـۆی دەدات
جـگـە لە جـوانی هـیـچی تـر نـابـەخـشـێـت
بـەڵام چـی بـکـەیـن؟
بـیـکە بـە هــەرا
بـا بـیـکەیـن بـە بـاشـتـریـن
کەمـتـر و کەمـتـر پـیـس بـکـەیـن
پارێـزگـاری لە کـراسـە سـەوزەکـەی بـکەیـن
بـۆ منـداڵـەکانـمـان و بـۆ ئـەوانی تـر




زیـرەکـتریـن منـداڵی جیهـان.. رەزا شـوان

لەو باوەڕەدام بە خوێندنەوەی ئەم نووسینە، هەمـووتان سەرسامی بلیمەتی ئەم کچۆڵە ئەمـریکـییە دەبـن. کە لە تەمـەنی دوو ساڵیـدا بـوو بە بچـووکتریـن ئەنـدامی “مێـنسا”.
کچۆڵەی بلیمەت (ئـیسلا مەکـناب) لەدایکبووی ساڵی (٢٠٢٠) ە، لە شاری کـریستوود لە ویـلایەتی کـێنـتاکی لە ویـلایـەتە یەکگـرتـووەکانی ئەمـریکا. لە تەمـەنی دوو ساڵـیدا، دوای ئەوەی لە تاقـیکردنەوەکانی ئاستی زیـرەکـیدا لە سـەدا (٩٩) نمـرە بەدەستهـێـنا. لە (٢/ حوزەیران/ ٢٠٢٢) بە فەرمی بوو بە بچووکترین ئەندامی مێنسا. ریکۆردێکی باڵای جیهانی لە زیـرەکیدا تۆمارکرد و بە فەرمی ناویان لە تۆماری (گـینس) بۆ ژمارە پێوانەییە باڵاکان تۆمارکرد. خوێ لە دڵی هەمـوو خەڵکی جیهـاندا شـیرین کرد. بووش بە یەکـێک لە رێـژی (١%) یەک لە سـەد دا، کە رێـژەی زیـرەکەکـانە لە جیهـانـدا.

مێنسا رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە. یەکێکە لە کۆنترین و گەورەترین و بە ناوبانگـترین رێکخـراوەکانی جیهـان. مێـنسا رێکخـراوێکی نموونەییە، بۆ ئەو کەسە زیرەکانەی کە لە تاقـیکردنەوەکانی ئاستی زیرەکیدا نمرەی لە سەدا (٩٨) یا زیاتریان بەدەستهـێناون. ئاستی زیرەکیان زۆر بەرزە. واتا ئەو کەسانەی بەڕاستی زیـرەکـن. تاقـیکردنەوەکانی سـتانـداردی مـێـنسـا، زیـاتـر لـە (٢٠٠) پـرسـیاری هـەمـەجـۆرە لـەخـۆدەگـرێـت.

کـۆمـەڵگەی مـێـنسا لە ساڵی (١٩٤٦) لە بەریتـانیـا دامـەزراوە. لە ئێـسـتادا لە زیـاتـر لە (١٠٠) دەوڵـەت لە جـیهـانـدا نـزیکەی (١٤٥) هـەزا ئەنـدامی هـەیە. زیـاتـر (یەک لەسەر سێ)ی ئەنـدامەکانی لە ئەمـریـکا دان، کە نـزیـکەی (٥٧) هـەزار ئەنـدامـن. لە بەریتانیاش (٢١) هـەزار ئەنـدام. مـێنسا کـراوەیە بـۆ بە ئەنـدام بـوونی ئـەو کەسانەی لە سـەرانسەری جیهـانـدا، کە لە تاقـیکـردنەوەکانی زیـرەکـیـدا، نـمـرەی زیـرەکی بـاڵا بەدەسـتدەهـێـنن. گەورەتـرین ئەنـدامی تەمەنی (١٠٦) ساڵە. بچووکترین ئەنـدامیشی، کە ئیـسلا مەکنـابە، تەمـەنی (٢) سـاڵە.
ئیسلا مەکناب، منداڵی چوارەمی جەیـسۆن و ئامانـدە. بەڵام جیاوازی لەگەڵ خوشک و بـراکانیـدا هـەیە. زۆر خـیراتر لەوان زیـرەکی گەشەدەکات و شـت فـێردەبێـت. هـەر لە منـداڵـیـیەوە زیـرەکی دەرکـەوت. کە تەمەنی (٧) مـانگ بـوو، بە وردی سەرنجی وێنە رەنگاوڕەنگەکانی نێـو پەرتـووکە وێنەیەکانی دەدا و لەنێـو پەرتووکەکانـدا، پەرتـووکە وێنـەیەکانی دەناسـییەوە و جیـایانی دەکـردەوە. پەنجـەشی دەخـستە سـەر وێنـەی ئـەو شتانەی کە لە ماڵیانـدا هەبـوون. لە تەمەنی یەک ساڵـیدا فـێری فـۆنێتیکی هەر (٢٦) پیتەکانی ئەلـفـوبێی زمـانی ئینگـلیزی بـوو. هەمـوو رەنگەکانیـیشی دەناسی و ناویانی دەوت. فـێری ژمـاردن بـوو.
لە تەمەنی (١٨) مانگـیدا، بەبێ یارمەتی هەر خـۆی فـێری ئەلـفـوبێی ئینگـلیزی بـوو. ئایا پێتان سەیر نییە، کە منداڵێک لە تەمەنی دوو ساڵیدا، بێ ئەوەی کە کەسێک فێری کردووبێت، بەبێ کـێشە دەست بە خوێندنەوەی پەرتووک بکات و بتوانێـت بنووسێت؟
لە یادی رۆژی جەژنی دوو ساڵەی لەدایکـبوونی ئیـسلادا، پـووری (خوشکی دایکی) تابـلـێتـێکی پلاستـیکی نووسـینی سـڕاوەی، بە دیـاری پێـشکەش کـرد. کە لە ئێستادا زوربەی منـداڵان لە ماڵـدا هـەیـانە کە پێنووسـێکی تایبـەتی لەگـەڵ دایـە.
(جەیـسۆن مەکنـاب) ی باوکی ئیـسلا، لەسەر تابـلێـتەکە وشەی (سـوور) ی نووسی. ئیسلا یەکسەر بە دەنگێکی بەرز خوێندییەوە و وتی: سـوور. دایک و باوکی سەریان سوڕما و کەوتنە گومانەوە. بۆ دڵنیایی باوکی ئەم وشانەشی نووسی (شین)، (زەرد)، (وەنەوشەیی)، (پشـیلە)، (سـەگ). ئیسلا بە دەنگی بەرز هەر هەموویانی خوێندەوە. بێجگە لەوەش، ئیسلا فـێری زمانی ئاماژەیی ئەمریکیش بووە. دایک و باوکی واقیان وڕما کە ئەم زمانە لەکوێوە فـێربـووە؟! توشی شـۆکیش بـوون، کە بە دەنگێکی بەرز بۆ یەکـەم جـار. پەرتووکی (پـیـت پـشـیـلە) ی بۆیـان خـوێـنـدەوە.
دایک و باوکی لـێرەوە بۆیـان دەرکەوت، کە ئیسلای کچـیان بـلیمەت و ناوازەیە. بەڵام چاوەڕوانی ئەوەیان ناکرد، کە ئیسلا لەم تەمەنەدا، ببێت بە بچووکترین ئەنـدامی مێنسا و ریکۆردێکی باڵای جیهانی لە ئاستی زیرەکیدا بەدەست بهـێنێت و لە تۆماری (گینس) بۆ ژمـارەی پێـوانەیی جیهـانی تـۆمـار بکـرێـت.
دایک و باوکی کۆمەڵـێک پیتی پلاستیکی و موگناتـیزی و قـەدیـفەییان بۆ کڕی. لەناو هـۆڵەکەیاندا، بەم پیـتانە لە بەردەم کورسییەکیانـدا نووسی (چ ێ ر) چـێر، لە بەردەم قەنـەفـەکـەشـیان نـووسی (س و ف) سـوف. لەســەر سـنـدوقـێکی کارتـۆنیـش لەنـاو چێشتخانەکەیان نووسی (م و م) مـوم، واتە دایکە. تەنات کە پشیلەکەشی پاڵکەوتبوو. لە بەردەمیـدا نـووسی ( ک ە ت) کـەت، واتە پـشـیلە. بێجـگە لەوەش لەسەر رێـڕەوە چـیمـەنتـۆکەی دەوری خانـووەکەشیان، بە تەباشـیری رەنگاوڕەنگ، چەنـدیـن وێنەی کێشا و چەندین وشەی نووسی. هەر لەم تەمەنەدا زیاتر لە (٥٠٠) وشە فـێربـوو. بە ئاسانیش بۆ پێـشەوە و بۆ دواوە تا (٢٠٠) ی دەژمـارد. بە ساکاریـش فـێری کـرداری کۆکردنەوە و لێدەرکردن بوو. لەم تەمەنـدا چـوار پێـنج پەرتووکی دڵخـوازی وێنەداری دەخوێندەوە. لەوانەش پەرتووکی: زنجیرەی (پیـت پشـیلە)، (چیکا چیکا بـوم بـوم) کە منداڵان لێیانەوە فـێری ئەلفوبێ ئینگلیزی دەبن، پەرتووکی (کاترپیلەری زۆر برسی) و پەرتووکی (کەوتنە خـوارەوەی پیتەکان). ئەم چیرۆکەی بەلاوە زۆر خۆشبوو، پیتەکان سەردەکەون بۆ سەر دارێـک و دوایی هـەمـوویان دەکـەونە خـوارەوە. ئیـسلا بە پیـتە باغـەییەکانی ئـەم چـیرۆکەی پـراکـتـیـزە دەکـرد و دوایی دەیـڕمـانـدن. ئەلـفـوبێ بەلای ئیـسلاوە وەک یـاری وابـوو.
ئەگەرچی ئیسلا منداڵێکی بلیمەت و پەرجۆیە. لەگەڵ ئەوەشدا منداڵێکی سادە و ئاسایی و خاکییە. منداڵـێکی کۆمەڵایەتییە، رووخـۆش و لێـوبەخەنـدەیە. بە ئاسانی پەیـوەنـدی هـاوڕێتی دروست دەکات. وەک هـەر منداڵـێکی ئاسایی چـێژ و خۆشی لە منداڵیی خۆی وەردەگـرێـت، لای مامۆسـتاکەی خـۆشـەویـسـتە و لە دڵا شـیریـنە. بێـجگە لە بەهـرەی ناوازەی لە خوێنـدنەوە و لە نووسین و لە کـردارەکانی بیـرکاریـدا. هـۆگـری پەرتووک خوێندنەوە و پەرتووکخـانەیە. یاری لەگەڵ پشیلەکەی (بـووگەر) و لەگەڵ هـاوڕێکانیدا دەکات. ئارەزووی وێنەکـێـشان و هـەڵهـێـنانی مەتـەڵ و دۆزینـەوەی پیـتە نادیـارەکانی وشەسازیی هـەیە. سـەیـری فـیلـمی کارتـۆن لە تەلـەفـزیـۆن و بەرنـامـەی منـداڵان لە یوتیـوبدا دەکات. ئیسلا هـەردەم سەرقـاڵی خوێندنەوەیە و فـێربـوونی زانـین و ناسینی شـتی تـازەیە. سـاتەکانی دانیـشـتـن لەگـەڵ ئـیـسلادا، پـڕن لـە خـەنـدە و لە پـێکەنـین.
لەوانەیە لە یەکەم نیگـادا، ئیسلا وەک منـداڵێکی ئاسایی دوو ساڵان دەرکەوێت. بەڵام دەتـوانێت ئەو کارانە بکات کە لە ئەندێشەی کەسدا نییە. دایکی بۆ زیاتر کەشەکردنی بەهـرەی ئیسلا، پێـیوایە پێویستی بە بەرنامە و بە وانـەی تایبـەتیی فـێرکـردن هـەیە.

لە سەرەتادا دایک و باوکی نیگەران بـوون، لەوەی کە ئیسلا وەک پێویست ناخەوێت، بەیانیان زۆر زوو لەخەو هەڵـدەسێت. بەڵام پـزیشکی منـداڵان و دەروونناسی منداڵان دڵـنیایان کـردن. ئاسـایە کە منـداڵانی زۆر زیـرەک و بەهـرەمـەنـد کەمـتر بخـەون.
دایک و باوکی ئیسلا (ئاماند مەکناب ـ ٣٨ ساڵ)، (جەیسۆن مەکناب ـ ٤٣ ساڵ) باوکی پزیشکی ددانە و ئەنـدامی کـۆمـەڵەی مـێـنسایە. بـڕیاریانـدا بـۆ زانیـنی ئاستی زیـرەکی ئیسلا، بیـبەن بۆ لا پـزیشکی پسپۆر و زانای دەروونناسی تایبەتی منداڵان، بۆ پشکنین و ئەنجامدانی تاقـیکردنەوەکانی ئاستی زیرەکی. دکتۆرەکانی دەروونناسی ئامادەنەبوون کە بۆ منـداڵی لەخـوار تەمەن چـوار ساڵانـەوە، تاقـیکـردنەوە بۆ منـداڵ بکەن. چونکە بەلایـانەوە ئاسان نیـیە و کـاتیـكی زۆریـشی دەوێـت. بەڵام کـە دایـکی ئـیـسلا چـیرۆکی بەهـرە و نـاوازەیی کچـەکەی بـۆ دکتۆر (ئیـدوارد ئامـێـند) گێـڕایەوە، کە دەروونناسی منـداڵانه. پسـپۆرە لـە تاقـیکـردنەوەی منـداڵانی بەهـرەمەنـد. رازی بـوو کـە بـەدەر لە منداڵانی دوو سـاڵان، تاقـیکردنـەوە بۆ ئیـسلای دوو ساڵان بکات. دکـتۆر ئیـدوارد زۆر سەری سوڕمـا، کاتێ کە ئیسلا هەمـوو وشەکانی سـەر ئەو پـۆستەری بە دەنگی بەرز خـوێنـدەوە، کـە بـە دیـواری نـۆریـنگەکـەیـدا هـەڵـواسـرابـوو. لـە مـاوەی دوو رۆژدا تاقـیکردنەوەی گـشتی ئیسلای کـرد. زۆر سـەری سـوڕما، بە بەهـرە و بە ئاستی زۆر باڵای زیرەکی ئیسلا. کە توانی لە تاقـیکردنەوەی (ئای کیو) دا، لە سەدا (٩٩) نـمـرە بەدەسـت بهـێـنێـت. بەمـەش جـیهـانی سـەرسـام کـرد. بەپـێی گـروپی تەمـەنی ئاستی زیـرەکیی خـۆی، ئاستی زیـرەکی ئیـسلا، لە ئاسـتی زیـرەکی هـەردوو زانـای نـاودار، ئەلـبـێرت ئەنیشـتاین و سـتیـڤـن هـۆکـینگ باڵاتـرە. بـەم ئەنجـامەش ئیـسلای تەمەن دوو سـاڵان، بـوو بـە بچـووکـتریـن ئەنـدامی مـێـنـسا لـە جـیهـانـدا.
لە رۆژی (٢/ حوزەیـران/ ٢٠٢٢) دا، رێکخـراوی گـینس ناوی (ئـیسلا مەکـناب)ی وەک بچووکترین ئەندامی مێـنسا رایگەیانـد. ریکـۆردێکی باڵای جیهـانی بەدەستهـێنا. بە فـەرمی دانیـان بە ئاسـتی زۆر زیـرەکی ئـیـسلا مەکـنـاب نا و نـاویـان لە تـۆمـاری گـیـنس تـۆمـارکـرد و بـڕوانـامـەی بـڕیـاری دان پێـنانیـان پـێـبەخـشی.
ئیسلا لەو کاتەوە هەستی بە ناوازەیی خـۆی کرد، کە تەلەفـزیۆنەکان روماڵی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان بڵاوکردەوە و خۆیـان پێـشان دا و کەنـاڵەکان و میـدیاکان دیـداریان لەگەڵ دایک و باوکـیدا کرد. دایک و باوکیشی ڤیدیـۆکانیان لە یوتیوبـدا بڵاودەکردەوە.
لە ئێـستادا تەمـەنی ئیـسـلا مەکنـاب نەبووە بە چـوار سـاڵ، لە باخچـەی منـداڵان دایە.
دەربارەی داهـاتووی ئیسلا، دایک و باوکی وتیان، دڵـنیانـین کە داهـاتوو چی بە دوای خۆیدا دەهـێنێت. بەڵام گەشبینین کە داهاتوویەکی گەشی لەپێشە و هیواخوازی ئەوەین کە رۆژێـک رۆژان (زانـکـۆی هـارڤـارد) سکـۆلـەرشــیـپ (بەخـشـیـنی خـوێـنـدن)ی پـێبـبەخـشـن. یـان لە پەیـمانـگای ماساتـشوستس بۆ تەکـنەلـۆژیـا وەربگـیرێت. ئەمـە خەونی ئێـمەیە. بەڵام کە ئیسلا گەورتر بوو، ئایا دەبـێـت خەون بە چـیـیەوە بـبـینێـت؟ ئێـستا ئەو منـداڵە و پێـویستی بە یـاری و بە شادی هـەیە، پێـویستی بە چـێژ وەرگرتن لە تـافی منـداڵـیی خـۆی هـەیە.

(*) بۆ ئـەم نووسـینەم، سـوودم لە چەنـدین ماڵـپەڕی ئیـنگـلـیزی وەرگـرتـووە.




منداڵ و چیرۆکەشیعر.. خرتێ، بە نموونە.. ئەرسەلان حەسەن

بەرایی
مێژووی چیرۆکەشیعر لەئەدەبی کوردی بە گشتی و ئەدەبی منداڵان بە تایبەت دێرینە و شاعیران و نووسەرانی کوردییش ئاوڕییان لێداوەتەوە و بە نووسین و وەرگێڕان، مەڵۆیەکییان خستووەتە سەر خەرمانی چیرۆکەشیعری منداڵان و خەرمانێکی پڕ پیت و بەرەکەتییان وەسەریەک ناوە.
چیرۆکەشیعر، لە چیرۆک و شیعر پێکهاتووە، واتا هەم چیرۆکە و هەم شیعر و بە شیعر چیرۆکمان بۆ دەگێڕێتەوە یان (لەڕووخساردا شیعـرە و لەناوەڕۆکـيشدا چیرۆکە. بنەما و پێویستییە سەرەکییەکانی شیعـر و چـیرۆکیشی تێدایە). کەواتە چیرۆکە شیعر بنەماکانی چیرۆک و شیعریشی تێدایە و لەچیرۆکەشیعردا هەم شیعر و هەم چیرۆک بەهەموو بنەماکانیانەوە دەخوێنینەوە.
داهێنەری چیرۆکەشیعر
شاعیری فەرەنسی (لاڤـۆتین: ١٦٢٠ـ ١٦٩٥) بەداهـێنەر و پێشەنگی چـیرۆکەشیعـری ئەفسانەیی بۆ منـداڵان لەجیهانـدا ناسراوە و چیرۆکەشیعـری بۆ منداڵان نووسیوە و وەرگـێڕدراونەتە سـەر زۆربـەی زمانەکانی گەلانی جیهان بەزمانی کوردیشەوە.
شاعیرانی کوردیش بەنووسینی چیرۆکەشیعر ئەدەبییان دەوڵەمەند کردووە بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، لە ئەحمەد شەوقی بەڕەچەڵەک کورد بگرە تا بێکەس و پیرەمێرەمێرد و زێوەر و لەتیف هەڵمەت و ئێستەیش ئەمین محەمەد و عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی و فەرید ڕاژین و …هتد.

فەرید ڕاژین و چیرۆکەشیعری منداڵان
فەرید ڕاژین شاعیرێکی گەنجی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و چیرۆکەشیعر دەنووسێت و لەوبوارەدا جێ پەنجەی دیارە و چەند جارێک خەڵات کراوە و لێرەدا دەمەوێت ئاوڕێک لە چیرۆکە شیعری (خرتێ) بدەمەوە، کە چیرۆکە شیعرێکە و دەیکەمە مشتێک لە نموونەی خەرواری ڕوانین بۆ شیعرەکانی دیکەی.

چیرۆکەشیعرەکە
باسی بەچکە سمۆرەیەک (خرتێ) دەکات دوای وەرگرتنی مۆڵەت لەدایکی تا بۆ یاریکردن (کایەکردن) لەماڵ بچێتەدەر، هەر چەند دایکی پێیدەڵێت زۆر دوورنەکەوێتەوە، بەڵام بەدەم یاریکردنەوە(کایەکردنەوە) لەبیری نامێنێت و لەماڵ دووردەکەوێتەوە و بەماڵەوە نازانێت تا دەگاتە بەردێک و لەوێ دەنگێک دەبیستێت و سەرنج دەدات دەبینێت ڕێوییە، بەچکە سمۆرەکە زۆر دەترسێت، بەڵام قەلەڕەشێک (قاڵاو) لەوێ لەسەر دارێک دەبێ و پێیدەڵێت ڕاکە و وەرە سەردارەکە و بەچکە سمۆرەکە دەچێت و قەلەڕەشەکە لەوێ ناونیشانی ماڵیانی لێ دەپرسێت و ئەویش بەچاوی پڕ لەفرمێسکەوە پێیدەڵێت، بەڵام قەلەڕەشەکە دەیەوێت فریوی بدا و دەڵێت ماڵێکی خۆشم بۆ تۆ هەیە و دەیەوێت بەبیانوی خواردنی خۆش بیباتە کونەکەوە و دوای پشوودان دەتبەمەوە ماڵەوە. سمۆرە باوەڕی پێدەکات، بەڵام پەپولەیەکی لێ پەیدا دەبێت و بەنهێنی پییدەڵێت: قەلەکە درۆ دەکات و دوژمنتە و قسەی دایکیشی بیردەکەوێتەوە، کە وای پێگوتووە و ناونیشانەکەشی باڵدارێکی بۆر و ڕەشە و دەنگیشی ناخۆشە، بۆیە یەکسەر بەدزی قەل و ڕێوی دەستی پەپولە دەگرێت و بەیەکەوە هەڵدێن، پاشان ماندوو دەبێت و داوای ئاو دەکات و کەروێشکیش لای کیسەڵ ئاوی بۆ دێنێت. دوای پشوودان خەوێ دێت و خەریک دەبێت خەوی لێ بکەوێت گوێی لەدەنگێک دەبێت و دەیناسێتەوە دەنگی دایکییەتی و خێرا بەرەو دایکی ڕادەکات و خۆی دەخاتە ئامێزی و داوای لێبووردنی لێ دەکات و پاشان سوپاسی پەپولەکە دەکات.

شێوازی نووسینی چیرۆکەشیعر
سەرەتا دەبێت بزانین شێوازی نووسینی چیرۆکەشیعر بۆ منداڵان: (سوکوئاسان و ڕەوان و بێگرێ وگۆڵ و تەبا بێت بە قۆناغەکانی تەمەنی منداڵان.. بەزۆریش چـیرۆکەشیعـر هـێمایییە و لەسەر زمانی باڵندە و ئـاژەڵان دەینووسن و دەیگـێڕنەوە).
دەتوانین بڵێین چیرۆکەشیعرەکە سوکوئاسان و ڕەوان و بێگرێوگۆڵە و تەبایە بەو تەمەنەی بۆی نووسراوە و دەتوانن بەئاسانی ئەزبەری بکەن و ماندوو و هەناسە سوار و بێ بێزاریان نەکات و لەخوێندنەوەی بەردەوام بن، واتا لێی بێزار نابن تا وەلای بنێن و نەیخوێننەوە.

چەند نموونەیەک لەچیرۆکەشیعرەکە:
خرتێ کە لە خەو هەستا
تا لای دایکی نەوێستا
یان
خرتێ بەچکە سمۆرەس
خۆی وا ئەزانێ گەورەس
یان
ئەمن ماڵی خوەشم هەس
کە تایبەت بە سمۆرەس
یان
جا پەپوولەیش وتی پێ
ئیتر ئاگات لە خۆ بێ
خرتێش کردی سپاسی
وتی ئەتۆ زۆر خاسی

وێنە لە چیرۆکەشیعرەکەدا
پەیوەندی وێنە و شیعر و چیرۆک لەئەدەبی منداڵاندا پەیوەندییەکی پەرچکەرەوە و پتەوە و زۆرجار وێنەی ناڕوونی و ئاڵۆزیی چیرۆکەکە بۆمنداڵ ڕووندەکاتەوە و وادەکات بەئاسانی تێی بگات، واتا گەر منداڵ لە چیرۆکەشیعرەکە نەگەیشت، دەکرێت بەدیتنی وێنەکە لەمەبەستی چیرۆکەشیعرەکە بگات. بۆیە پێویستە وێنەکێش کە وێنە بۆ چیرۆکە شیعرێک دەکێشێت، زۆر بەوردی و پاش چەند جارێک خوێندنەوەی چیرۆکەشیعرەکە ئینجا وێنەکە بکێشێت، چونکە ئەگەر وێنەکە پەرچکەرەوەی چیرۆکە شیعرەکە نەبێت و بەوێنە چیرۆکەشیعرەکەمان بۆ نەگێڕێتەوە، ئەوا باڵانسی وێنە و چیرۆکەشیعرەکە تێکدەچێت و میزاجی منداڵ دەشێوێنێت.
لەم چیرۆکەشیعرەشدا، هەر لاپەڕەیەک وێنەی تایبەت بەخۆی هەیە و وێنەکێشەکە توانیویەتی بە سەلیقەیەکی زۆر لێهاتووانە، جوان، ورد و نوێگەرییانە وێنەکان بکێشێت، کە بێگومان دەتوانم بڵێم زوو سەرنجی منداڵ بۆخۆی کێش دەکات و بەدڵنیایییەوە منداڵان لە وێنەکانەوە لە چیرۆکەشیعرەکە دەگەن و چێژی تایبەتی لێوەردەگرن، ئەگەر هێشتا فێری خوێندنەوەش نەبووبن، چونکە دەزانین منداڵ سەرەتا لە وێنەوە دەست پێ دەکات و پاشان خوێندنەوە.

لوت سپی و خرتێ
لوت سپی فیلمێکی کارتۆنی بەرهەمی کەناڵی کودساتە و لەگەڵ خرتێ باسی بەچکە سمۆرەیەک دەکەن. ڕاستە لە هەندێک شتدا یەکناگرنەوە، بەڵام یەک کۆتاییان یەکە و دەتوانین بڵێین شاعیر لەکاتی نووسینی ئەم چیرۆکەشیعرە سیلەی چاوێکی لەسەر فیلم کارتۆنەکە بووە و کاری تێکردووە.

ئەنجام
چیرۆکەشیعری (خرتێ) بە زاراوەی ئەردەڵانی (سنەیی) نووسراوە، بەڵام مەرج نییە ڕێگر بێت لەوەی هەموو منداڵانی کورد بیخوێننەوە و وەکو ئاو و دۆ ئەزبەری بکەن، بەڵام تێی نەگەن. بۆیە لەگەڵ هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر بۆ شاعیر فەرید ڕاژین، دەخوازم لەمەودوا خۆی لەو وشانە بەدووربگرێت بەدنیا پاک و بێگەردەکەی منداڵ نامۆ و نەشیاون و کوردی نین و لە کوردیدا وشەی گونجاو و جوانتر هەیە و هەر چەند ئەم چیرۆکەشیعرە (خرتێ) زۆر درێژ نییە، بەڵام چیرۆکەشیعرەکانی دیکەی درێژن و دەکرێت لەمەودوا ڕەچاوی ئەمەش بکات و بەزمانێک بنووسێت هەموو منداڵانی کورد تێی بگەن.

ئەرسەلان حەسەن
————————–
سەرچاوەکان:
چیرۆکەشیعر لە ئەدەبی منداڵانی کورد … ڕەزا شوان.
خرتێ، فەرید ڕاژین، چاپەمەنی زانست، چاپی یەکەم ساڵی١٤٠٠ی هەتاوی، وێنەکێش: شەقایەق نوسرەتی.




گرنگییەکانی خەیاڵ و خەیاڵکردن بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

لەگەڵ بوونی مـرۆڤ لەسەر هەسارەی زەویـدا، خەیاڵ و خەیاڵکردن هـاودەمی مـرۆڤ بووە. خەیاڵ بەشێکی گرنگە لە ژیانی رۆژانەمان. هـەمـوو ئەو داهـێـنان و پێشکەوتـن و شارستانی و گۆڕانکارییە نـوێیانەی کە مـرۆڤ بەدی هـێـناون و بەدییان دەهـێـنن. لە سایەی خەیاڵـدا هـاتـوونەتەدی و دێنەدی. راستییەکانی ئەمـڕۆمان خەیـاڵ و خەونەکانی دوێـنـێـمانـن، خـەیـاڵ وخـەونـەکانی ئەمـڕۆشـمان، دەبـنە راسـتـیـیەکـانی سـبەیـنـێـمـان. چـونکە خەیـاڵ کـلـیـلی داهـێنانەکانە. پێکهـاتەیەکی بنەڕەتـییە لە پێکهـێـنانی داهـێنانـدا. بـۆیـە گـرنگـیدان بە خەیـاڵ پێـویستـییەکە لە هـەرە پێـویستـییە گـرنـگەکانی مـرۆڤ لە هـەر تەمەنـێکـدا بێـت.
(تایـلـۆر) دەڵـێت:”ئـەوە هـێزی خەیـاڵکـردنە کە کـارەبـای ئـەم شـارەی بەدیهـێـناوە”.

(جـان جـاک رۆسـۆ) دەڵـێـت:”جیهـانی راستی سـنووری هـەیە، بەڵام جیهـانی خەیـاڵ سـنووری نیـیە”.
ئەوە هـێزی خەیاڵە کە مـرۆڤی گەیانـدە سەر مانگ و گەڕاندییەوە بۆ سەر زەوی، هەر خەیـاڵی داهـێـنەرانەش، بـەم زووانە مـرۆڤ دەگـەیەنـێـتە سـەر هـەسـارەی مـەریـخ.

ئەوە خەیاڵە وا لە مـرۆڤ دەکات گەشبین و هـیواداربێت و بە ژیانی چەقـبەستوو قـایل نەبێـت. هـەمیـشە هـەوڵی داهـێـنانی تـازە و گـۆڕانـکاری و پـێـشکەوتـن و هـێـنانەدیی خەونەکانی بدات. خەیاڵکردن و داهـێنانیش هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە.
چەمکی خەیـاڵ، بە درێـژایی مـێژوو سەرنـجی بیـرمەنـدانی بـۆ لای خـۆی راکـێـشاوە.
بەڵام بیرمەندان و رەخنەگران و نووسەران لە پێناسەکردن و راڤەکردن و دیاریکردنی چەمکی وشەی”خەیـاڵ” دا، ناکـۆکـن و هـاوڕانین. بەڵام هەمـوویان لە بارەی گـرنگی خەیاڵەوە هـاوڕان. گەلێک پێناسەی جیاواز بۆ چەمکی خەیاڵ کراوە. بە کورتی، وەک:
خەیاڵ بریتییە لە توانای دروستکـردنی وێنە زەینییەکان کە لە راستییەکی بەرجەستەیی و بەرکەوتوودا بوونیان نییە. لەسەر بنەمای بەشێک لە توخمە هەبووەکان. خەیاڵکردن ئـامـرازێـکی تاقـیکـردنەوە و بـیـرکـردنـەوە و چـالاکـیی داهـێـنەرانـە و شـیکـردنـەوە و پـێکەوەنـان و فـێربـوونە. خەیـاڵ بەوە ناسـراوە توانـای دروستکـردنی وێنەی بینراوی لەناو مێشکی مـرۆڤـدا هـەیە. خەیـاڵکـردن ئامـرازێـکە بـۆ چارەسەرکـردنی کـێـشەکان.
خەیاڵکـردن بەو لێهـاتووییە دەوتـرێت، کە بەبێ ئەوەی هـیچ پێدراوەیەکی دەمودەست لە هـەسـتەکانەوە بـوونی هـەبـێت. یان خەیاڵ بە لاساییکـردنەوە دروست دەبێـت. بەو شـتەی کە بـەم جـۆرە لە زەیـندا دروســت بـووە دەوتـرێـت خـەیـاڵ.
(وێـبـیستەر) دەڵـێت:”خەیاڵ توانـای دروستکـردنی وێنەیەکە لە مـێـشکـدا، دەربارەی شتێک کە نە بـیـنیـوتە و نە تاقـیـتکـردۆتەوە، واتا توانای خەیـاڵکـردنی شتی نـوێ”.
ئەوش وتـراوە کە خەیـاڵکـردن، پێکهـاتـن و شێوەگرتنی بەسەرهـاتێکە لەناو زەیـندا. لەوانەیە بەسەرهـاتەکانی رابـردوو کە بە روونی لەبیردا ماونەتەوە خوڵقـانـدێتیانەوە، یان ئـەوەی کە زەیـن دایهـێـنابـێـت. یان لـە پـێکهـێـنای وێـنـەی داهـێـنراوی جیـاواز، دەربارەی بابەتێکی دیاریکـراو، کە پەیوەنـدی بە رابردوو یا ئەمڕۆ یا بە داهاتووەوە هەیە، کە پێشتر مرۆڤ بەو بابەتەدا تێنەپەڕیوە. ئەو کەسە لە شارەزایی و لە هـزر و پێشبینی و تێگەیشتنی خۆیەوە هەڵیهـێنجانـدووە و لە مێشک و هـزریـدا گەڵاڵە بـووە.

خەیـاڵ بـەوەش پێـناسە دەکرێت کە کـردارێـکی ئەقـڵی زانستی یە. خەیـاڵی داهـێـنەرانە پـاڵـپشـتـێکی بەهـێزە بۆ داهـێـنان و گـونجـانـدن لەگـەڵ ژینگەدا.
بە شـێوەیەکی گـشتی خەیـاڵ بـەوە پێنـاسە دەکـرێـت، کە بـریتـیـیە لە توانـای ئەقـڵی بۆ تاقـیکـردنەوە و دۆزینـەوەی تـازە و بۆ بنیاتـنـان و پـێکەوەنـان و داهـێـنان.
(ئەرستۆ) ش دەڵێت:”خەیاڵ بریتییە لەو پرۆسەیەی کە لە میانەیەوە وێنەیەکی زەیـنی دەنـوێـنیـت”
(ئەلـبێرت ئەنیشتاین) دەڵێت:”خەیـاڵ گرنگـترە لە زانین”. زۆر جار زانین سنووردارە بەو شتانەی کە هـەیە. لـۆژیـک لە (ئەلـف) ەوە بۆ (یـێ) یە. بەڵام خەیـاڵ چەمکـێکە، لـۆژیـک و سـنووری نیـیە. خـەیـاڵ دەتبـاتە هـەر شـوێـنـێک کە بتـەوێـت. نە بازگـەی لێ هەیە و نە پاسپۆرتیشی دەوێت. هەر بە خەیاڵیش ئایندەیەکی دڵخواز بنیات دەنێیت.
(کارڵ مارکـس) دەڵـێت:”ئەو کەسەی خەیاڵی نەبێت، باڵیشی نییە”. بۆیە لەو کەسەش هەژارتر نیـیە کە لە خەیـاڵـدا هـەژارە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشـدا، وەکو ئەنیشـتاین دەڵێت:
“راسـتی هـەمیـشە لە خەیـاڵ سـەیـرتـرە”
شاعـیری ئینگـلیزی (کریستۆڤـەر) دەڵێـت:”یەکەم تـوانا کە پێـویستە گـرنگی پێـبدەین، پێـش ئەوەی ژەنـگ بکات، خەیـاڵە. ئەوە خەیـاڵە وامان لێـدەکات، کە هەموو رۆژێک بە تـازەیی لە جـیهـان بـڕوانـین”.
پێویستە ئەوەش بـزانین جیاوازییـەکی زۆر لە پـلەی خەیـاڵکـردن لە نێـوان خـەڵکـیدا هـەیە. مـروڤ هـەیە خـەیـاڵ تـیژە، هـەیە خـەیـاڵ نـاوەنـدیـیە، هـەشـە خـەیـاڵ کـزە.

گرنگـییەکانی خەیـاڵ بۆ منـداڵان:
بە وتەی خاتوو (میلانیا کلاین) خەیاڵی منداڵان لەکاتی لەدایکبوونیانەوە دەستپێدەکات. کەواتە منـداڵان ژیانیان بە خەیاڵ دەستـپێدەکەن. دواتر وردە وردە دەچـنە ناو جیهـانی راستەقـینەی سەختەوە. بەڵام لوتکەی خەیاڵی منداڵان لە تەمەنی سێ تا شەش ساڵییە، واتا لە قـۆنـاغی پـێش قـوتـابخـانەی بنـەڕەتی. خەیـاڵی منـداڵان فـراوانە و خەیـاڵ زاڵە بەسەر بیرکـردنەوەکانیانـدا. منـداڵان کاتێک کە لە جیهـانی ئەفـسووناویی خەیـاڵـیـیاندا دەژیـن، دڵخـۆش و میهـرەبـانـن و ئاسـوودەن.
دکتۆر (سـۆزان ئەنگـیل) نووسەری کـتـێبی (منـداڵانی راسـتەقـینە: دروستکردنی واتا لە ژیـانی رۆژانەدا) دەڵـێـت:” منـداڵان لە تەمەنی دوو ساڵ و نیـودا، جیاوازی نـێوان راستی و نوانـدن دەزانـن، بەڵام لە کاتی یاریکردنـدا، دەتوانن ئەو جیاوازییە پشتگوێ بخـەن، کە بە لایـانەوە گـرنـگ نـیـیە”.
خەیاڵ و خەون بینین لەلای منـداڵان، پانتاییەکی ئازادی داهـێنانە، فەزایەکی بێ سنوور و ئاسۆیەکی فراوانە بۆ زۆرێک لە بیرۆکەکانیان و بۆ هیوا و ئاوات و ئارەزووەکانیان. هەمـوو شـتـێک کە منـداڵان نەتـوانـن لە راسـتـیـدا بەدەسـتـبهـێـن، پەنـا بـۆ خـەیـاڵ و خـەون دەبـەن بـۆ قـەرەبـووکـردنـەوەی.
خەیاڵی منداڵان، ئەو ئامرازەیە کە رێگەیان پێـدەدات لە باردۆخێ راستی و سـنوور و کات و شوێـن تێپەڕن. منـداڵان لە رێگەی خەیاڵەوە، گەشتی ئەوپەڕی جیهان دەکەن.
(س. ج. میلـبرانـت) دەڵـێت:”لە منـداڵەکـانت بـگەڕێـن، با باڵـەکانیـان تـاقی بکەنەوە. لەوانەیە نەبـن بە هـەڵـۆ، بەڵام ئەوە بەو مانـایە نییە، کە نابێـت بە ئـازادی بـفـڕن”.
شارەزایـان جـەخـت لەسەر پێـویستی پەرەپـێدانی هەسـتی خەیـاڵی منـداڵان دەکـەنەوە. تا لە منـداڵـیـیەوە، تـۆوی داهـێـنان و باڵادەستی، لە دەروون و زەیـنـیانـدا بچـێـنـن. تا لە گەورەییـدا ببـن بە کەسانـێکی سەرکەوتـوو و چـالاک لە کـۆمەڵگەکەیـاندا. چونکە خەیـاڵ کاریـگەرییـەکی گـەورەی لەسـەر گەشـەکـردنی کەسـایەتـیی منـداڵان هـەیە.
خەیـاڵی منـداڵان بە دوو بە دوو قـۆنـاغـدا تێـدەپـەڕێـت:
١ـ خەیـاڵی وەهـمی: خەیاڵی منـداڵانی بچـووک لەم قـۆنـاغـەدا، خەیاڵـێکی کـێوییە. بە سنووردارکـردنی راستـیـیەوە، سـنووردار نەکـراوە. مـلکەچی یاساکانی لـۆژیـک نـین. لە رێگەی خەیـاڵی وەهـمـیـیەوە، ئەو ئارەزووانەیـان بەدی دەهـێـنـن، کە لە راسـتـیدا ناتـوانـن بەدەستیان بهـێـنـن. جیهـانێکی خەیـاڵی وەنەوشەیی دروستـدەکەن، کە تێـیدا هەمـوو ئارەزووەکانیان بەدی دەهـێـنن. کە لە جیهـانی راسـتیدا، هـیچ رێگەیەک نیـیە بـۆ بەدەسـتهـێـنانیـان. لەبـەردەم خـەیـاڵی فـراوانی بێ سـنووریـانـدا، هـیچ ئەسـتەم و بەربەستێک نییە. لە کورترین کاتدا، لەناو کەشـتییەکی دروستکراو لە کارتـۆن، یا بە سـواری پێـنووسـەکـانیان. دەتـوانـن بە چاونـووقـانـێک، بچـنە ســەر مانـگ یان سـەر دوورتریـن هەسارەکان و بگەڕێنـەوە. بەڵام لە راسـتـیدا ئەمەیـان پێـناکـرێـت. خەیاڵی وەهـمی، لە قۆناغـە سەرەتاییەکانی ژیانی منداڵاندا، یارمەتیان دەدات بۆ دروستکردنی جیهـانێکی ئەفـسانەیی و ئەفـسوونـاوی و فـانتـازیی سەرنجـڕاکـێـش. لـەم قـۆنـاغـەدا منـداڵان خۆشباوەڕن. باوەڕیان بەوە هـەیە، کە ئـاژەڵ و باڵـندە و دار و بەر و هەمـوو شتەکانی تر زمـان دەزانـن. دەتـوانن بە کوردییەکی پەتی قـسەبکەن. دەتوانن، بـڕۆن و بێـن، گـوێ بگـرن، دڵخـۆشبـن، پـێکەنـن، هـەڵـپەڕن، چـاکەخـوازبـن یان خـراپەکاربن، یارمەتیـدەر و فـریـادڕەسـبـن،…هـتـد.

٢ـ خەیـاڵی داهـێـنەرانە: لە ئەنجـامی گەشەکـردن و پـێگەیـشـتـنی دەروون و زەیـنی منـداڵانی قـوتـابخـانەی بنەڕەتی، منـداڵان خەیـاڵـیان ئاراسـتەی ئامـانجـێکی زانـستی دەکـەن، کە لەسەر بنەمـای وەهـم دانەنـراوە.

خەیـاڵ گـرنگـییەکی زۆری هـەیە لە یارمەتـیدانی منـداڵان، بۆ تێگەیـشـتـن لە جـیهـانی دەوروبـەریـان. خەیـاڵ بەشـێکە لە چـالاکـیـیەکـانی رۆژانـەی منـداڵان. ئەگـەر شـتـێک هەبێت منداڵان تێیدا سەرکەوتووبن، ئەوا توانای خەیاڵکـردن و دروستکردنی جیهـانی تایبەتی خۆیانە. لە هەمووی گرنگتر منداڵان، خەیاڵەکانیان بۆ گەڕان بە دوای زانیاری و بیرۆکەی نوێـدا بەکاردەهـێنن. بۆ نمـوونە: کە سەردانی رووبـارێک دەکەن، دەکرێت بـبـێـتە هـۆی خـەیـاڵکـردنیـان لـە ژیـان لەنـاو ئـاودا.
خەیـاڵ لە منـداڵانـدا، یەکـێکە لـەو شـتە بەسـوودانـەی کە بە شـێوەیـەکی سـروشـتی یارمـەتی گـەشـەکـردنی منـداڵان دەدات. بە کـورتی و بـە چـڕی ئەمـانە بەشـێکـن لە سـوودەکـانی خەیـاڵکـردنی منـداڵان:
١ـ لە ساڵانی یەکەمی ژیانی منداڵاندا، خەیاڵ پێگە و جێگەیەکی گەوری لە چالاکییەکانی ئەقـڵی منـداڵان پـڕدەکاتەوە. زۆرێـک لە بیـرۆکە و یـاری و هـیواکانیان، لەسەر بنەمـای خەیـاڵ پێکهـاتـوون. خەیـاڵ بـوارێـکی گرنـگ و ورووژێنـەرە لە گەشـەکردنی منـداڵان. هـەمـوو منـداڵـێک دەرفـەتی ئـەوەی هـەیە، کـە پـەرە بە داهـێـنان و بە خـەیـاڵی بـدات.

٢ـ منـداڵان لە رێـگەی خەیـاڵـەوە، دەتـوانـن بەسـەر بەربەســتەکانی کـات و شـوێـن و بەسەر ئەستەمـدا بازبـدەن و سـنووری هـێزەکانی خـۆیـان تێـبـپەڕێـنن و دەسـتـیان بۆ ئەوشتانە درێـژبکەن و پەرەیان پێـبدەن، کە لە راسـتییدا ناتوانـن بە دەستیان بهـێـنن.

٣ـ منـداڵان لە رێگەی خەیـاڵکردنەوە، دەتـوانـن بەسەر سەخـتییەکانی ژیانی رۆژانەدا زاڵبن و ئاواتەکانیان بەدەست بهـێـنن. بەردەوامیش بەدوای هەموو شـتێکـدا دەگەڕێن کە تازە و بەسوودبن. بەم شێوەیە گەشەیەکی گشتگیر و تەواو و هاوسەنگ بەدەست دەهـێـنـن.

٤ـ خەیـاڵ رێـگەیـەکە بـۆ رێـکخـسـتـنی بەشـێکی زۆری چـالاکـیـیەکـانیـانی منـداڵان. بنەمایەکیشە بۆ راهـێنانی توانا جووڵەییەکانیان و چالاکردنی چالاکـییەکانی دیکەیـان.

٥ـ منداڵانی تەمەن شەش و هەشت و نۆ ساڵان، خەیاڵەکانیان لە بازنەی سنوورداری ژینگە تێـپەڕیـوە. بـەم رۆڵـەش لە رۆڵەکـانی گەشەکـردنی خەیاڵی منداڵان، دەوترێـت رۆڵی خەیـاڵی ئـازاد، کە تێیـدا تـامـەزرۆی ئـەو وێـنە زەیـنیـیە ئاڵـۆزانەن کە بۆیـان دەکـێشن، یان بە خەیاڵی خـۆیـان دروسـتـیان دەکەن. بۆیـە ئـارەزووی وێنەکێشان و چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخشان و شانۆ و ئۆپەرێت و دیالـۆگ و بابەتی تـر دەکەن.

٦ـ منداڵان تا تەمەنی دوانزە ساڵان، دەچنە قـۆناغ و رۆڵێکی ترەوە. کە لە راستییەوە نـزیکە. بایەخـێکی زۆر بە راسـتی دەدەن، بێ ئـەوەی کە واز لە خەیـاڵکـردن بهـێنن.
٧ـ خەیـاڵ یارمـەتی گەشـەکـردنی زانـستی (مەعـریفی) و سـۆزداریی منـداڵان دەدات. یارمەتیـان دەدات، بۆ بیـرکـردنەوە و داهـێنان و بـزوانـدنی تواناکانیان و گەشەکردنی ئارەزوو و بەهـرەکانی ژیـانیان. بۆ دۆزینـەوەی چـارەسـەری داهـێنەرانەی ناوازە بۆ کـێشەکانی رۆژانـەی ژیـانیان. یارمەتیان دەدات لە پـرۆسەی پەروەردەی سەرەتایی.
٨ ـ تـۆژینەوە جۆراجۆرەکانی زۆرێک لە پسپۆرانی پەروەردەیی منداڵان، پشتڕاستیان کـردۆتەوە، کە خەیاڵ توانای پەرەپێـدانی زیـرەکی و لـێهاتـووی و متمانە بەخۆبوونی منـداڵانی هـەیە.
٩ـ منـداڵان لە کـاتی (یاریکـردنی خەیـاڵی) کە بە (یاریکـردنی درامی) یش ناودەبـرێت، لەگەڵ خۆیـان و لەگەڵ هـاوڕێکانیانـدا یـاری دەکەن. ئـەم یارییـە تەنیا پـشت بە خەیـاڵ دەبەستێت. لە کاتی یاریکردنـدا، زۆر قسەدەکەن. بۆیە لە ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانەیاندا، زمانیان باشتردەبێـت و وشەسازییان فـراوانـتر دەبێـت. لە پـێکهـێـنانی رسـتەدا باشـتر دەبـن. توانـای پەیـوەنـدیکـردنی کـۆمەڵایەتـیـشیان زیـادەکـات. هـەستی هـاوسـۆزیی و پەیـوەندیی هـاوڕێـتـیـیان بەهـێـزتـر و شـیرینـتر دەبێـت. بـۆ نمـوونە لە کوردەواریـدا، کچـانی بچـووکی کـورد (مـاڵـە بـاجـێـنە) دەکـەن، کە یـارییـەکی خەیـاڵی منـداڵانە. یان یـاریی (مامۆسـتا و قـوتـابیـان) یان یاریی (دکـتۆر و نەخـۆش)،… هـتد.
١٠ـ خەیـاڵ لە گەشەکردنی کەسایەتی منـداڵانـدا، یەکـێکە لە فـاکتەرە هـەرە گرنگ و چـارەنـووسسازەکان. هـانی منـداڵان دەدات بـۆ بیـرکردنەوە و بۆ داهـێنانی شتی نـوێ.
١١ـ هـاوڕێی خەیـاڵی منـداڵان، لەپێـش چـوونە قوتـابخـانەی بنەڕەتی، لە لای منـداڵان باوە. کە هـاوڕێی خەیاڵـییان هـەیە. وەک، بووکـەڵەی باغـە و پلاسـتیک و ورچـوڵە و لە قـەدیـفە دروسـتکراو. یان پشـیلە و کەروێـشکی راسـتەقـینە. دەروونناسان جەخـت لەسەر سـوودەکانی هـاوڕێـتی خەیـاڵی بـۆ منـداڵان دەکـەنەوە.
دەبینین کچـێکی بچـووک لەگەڵ بووکەشووشەکەیدا، رۆژباش دەکات و قسەی لەگەڵدا دەکات، هەڵـیدەپەڕێنێـت و دەیخەوێنـێـت وەک ئەوەی کە هـاوڕێیەکی رۆح لەبەربێـت.
١٢ـ یارییـە خەیاڵـییەکان یارمەتیی منـداڵان دەدەن، بۆ ئەوەی بە رێـگەیەکی باشتر لە جیهـانی دەوەروبەریـان بـڕوانـن و تـێـبگەن.
١٣ـ خەیـاڵ و خەیـاڵکـردن، لە ئەنجـامی بیـرکردنەوەی ئەرێـنیـدا، یارمەتـیی منـداڵان دەدەن بـۆ ئـەوەی لە قـوتابخـانەدا، لە خـوێنـدنـدا سـەرکـەوتـوو و بـاڵادەسـت بـن.
١٤ـ ئـەو منـداڵانەی کە توانـای خەیـاڵکـردنیـان هـەیە، بە رێـگەیـەکی روون، بە زۆری کـنجکاویـن و حـەزی خۆدەرخسـتـنیان هـەیە، توانایەکی زیاتریان بۆ گوزارشـتکـردن لە هەستەکانیان و لە بیـرۆکەکانیان هـەیە، دەیـانەوێت ئەم توانـایـانەیان بۆ هـاوڕێکانیان و بۆ مامۆسـتاکانیـان بسـەلەمێـنن.
١٥ـ خەیـاڵکـردن گەشـبـیـنی و هـیوا و دەروون ئـاسـوودەیی، بـە منـداڵانی خـەیـاڵـکەر دەبەخـشـێت. لە میانەی خەیـاڵکـردن لە ژیـانـێکی خـۆشـتر و لە داهـاتـوویەکی باشـتر.

ئەوانە و چەندین سـوود و گرنگی تری خەیاڵ و خەیـاڵکـردن بۆ منـداڵان. گەلێ رێگە و هـۆکار و ئامـراز و کەرەستەش و بابەتی یاریکردنی جۆراوجۆر بەپێی تەمەنی منـداڵان. هـەن، دەتـوانـن یارمەتیی راهـێـنان و گەشەکـردنی خەیـاڵی منـداڵان بـدەن. کە پێـویستە دایـکان و باوکـان بۆ منـداڵەکانیان دابـینیان بکەن. هەنـدێکـیش لە دایکان و باوکان، لە خەیـاڵکـردنی خەیـاڵیی منـداڵـەکانیان نـیگەرانـن، لـەوەی کە لە شـتە راسـتیـیەکان و لە جیهانی راستییەوە دووردەکەونەوە و دەچنە ناو جیهانێکی فانتازیی دوور لە راستییەوە. بەڵام لە راستیدا گیروودەبـوونی منداڵان بە خەیاڵکردن و بـە یارییـە خـەیـاڵـیـیەکـانـەوە، ئـارامی و ئـاسـوودەیی و دڵخـۆشـیـیان پێ دەبـخـشـن و گـۆڕانکاری لە ریتـمی ژیـانیـان و لە شـێوازی بیـرکـردنەوەیـان و داهـێـنانیـان دەکـەن.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوودم لە چەندین سایتی ئینگلیزی و عەرەبی وەرگرتووە.




سرودی هیوا.. عەلی حەمەڕەشید

مامۆستا:
وەرن وەرن منــــداڵینــــــــە
هۆی ڕوناکیین بۆ ئـــــــەم ژینە
وەک گوڵ بۆنخۆش و گەشاوەن
بۆ شادی خێزان سەرچــــــاوەن
چـــــەند دڵخۆشـــــــم بەبینینتان
بەدیمەنی زۆر شــــــــــیرینتان
منداڵان:
ئــــــــەوا هــاتین،ئەوا هــاتین
بەبینینتان زۆر دڵخــــــــۆشین
لەلای ئێمــــــــەش ئەو بینینە
بۆ سەرکـــــەوتن توانا و تینە
بۆیە هەنگـــاو بۆ پێش دەنێین
بەهیــــــواوە ســــــرود دەڵێین
مامۆستا:
دنیای ئێوە زۆر جیــــــــاوازە
پڕ لە جوانیی وخــەندە و نازە
پڕ لە خەون و لــە خۆزگەیە
جیهــــــــــــانێکی بێوێنـــەیە
سادە و ناسک وەکــو خۆتان
پڕ ئەوین و ســـۆزە بۆتـان

منداڵان:
دنیای ئێمــە بـــــەو جوانییە
پڕ لــــە قـــا قــــا و گۆرانییە
خۆشــــەویستیی وەکو باران
ناخی کـــردووین بە نیشتمان
بۆیــــە وا ئاســــودە و ئارام
گــــــــۆرانی دەڵێین بەردەوام

٢١/٥/٢٠٢٤




لە چیرۆکی ئەفسانەییەوە بۆ چیرۆکی مۆدێرن: پەرەسەندنی منداڵان لە ئەدەبدا.. نووسین: ئاریان یوسف

  1. پێشەکی:
    لێکۆڵینەوە لە پەرەسەندنی منداڵان لە ئەدەبدا زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن بەها کۆمەڵایەتییەکان، نۆرمە کولتوورییەکان و تێڕوانینە دەروونییەکان بۆ منداڵی بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. ڕۆڵی منداڵان لە بەرهەمە ئەدەبییەکاندا وەک ئاوێنەیەک کاردەکات کە ڕەنگدانەوەی هەڵوێست و بیروباوەڕی ئەو کۆمەڵگایانەیە کە تێیدا نووسراون. لە سەرەتای بەکارهێنانیان لە فۆلکلۆر و چیرۆکە ئەفسانەییەکاندا بۆ بەخشینی وانەی ئەخلاقی، تا وێناکردنی مۆدێرنیتە وەک تاکێکی ئاڵۆز و بە تەواوی وەدیهاتوو، کارەکتەرە منداڵەکان تێڕوانینێکی بەنرخ لەبارەی بارودۆخی مرۆڤ و چەمکی پەرەسەندنی منداڵیدا دەبەخشن.

  • لە نەریتە ئەدەبییە سەرەتاییەکاندا، وەک ئەوانەی لە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی برایانی گریم و چارڵز پێرۆڵتدا دەبینرێن، زۆرجار منداڵان وەک کەسایەتییەکی بێتاوان یان نموونەی ئەخلاقی وێنا دەکران، چیرۆکەکانیان خزمەت بە بەهێزکردنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و فێرکردنی وانە. لەگەڵ پێشکەوتنی ئەدەب لە سەدەی نۆزدەهەمدا بە بەرهەمەکانی نووسەرانی وەک لویس کارۆل و لویزا مەی ئەلکۆت، منداڵان بە قووڵایی دەروونی و تاکگەرایی زیاترەوە دەستیان کرد بە وێناکردن. ئەم ڕەوتە تا سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم بەردەوام بووە، کە نووسەرانی وەک ج. ڕۆلینگ و مۆریس سێنداک کارەکتەری گەنج دەخەنە ڕوو کە واقیعە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزەکان و گەشەکردنی کەسی بەڕێوەدەبەن.
  • بەیاننامەی تێز: وێناکردنی منداڵان لە ئەدەبدا لە هێما ئەخلاقییە سادەییەکانەوە لە چیرۆکە ئەفسانەییەکاندا پەرەی سەندووە بۆ کارەکتەرە ئاڵۆز و فرەلایەنەکان لە گێڕانەوەی مۆدێرن، کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە فراوانترەکانن. ئەم پەرەسەندنە جەخت لەسەر یارییە دینامیکییەکانی نێوان ئەدەب و گۆڕانی تێڕوانینەکانی منداڵی لە سەرانسەری چوارچێوە مێژووییە جیاوازەکاندا دەکاتەوە.

  1. زەمینەی مێژوویی و نوێنەرایەتییە سەرەتاییەکان
    چیرۆکی ئەفسانەیی و فۆلکلۆر

  • زۆرجار چیرۆکە نەریتییەکانی برایانی گریم، هانس کریستیان ئەندەرسۆن و چارڵز پێرۆڵت، منداڵان وەک کەسایەتییەکی ناوەندی بەکاردەهێنن بۆ بەرجەستەکردنی بێتاوانی و گەیاندنی وانە ئەخلاقییەکان. ئەم حیکایەتانە لە ڕێگەی ئەزموون و فەزیلەتی پاڵەوانە گەنجەکانەوە بەها و نۆرمەکانی کۆمەڵگا ڕەنگ دەدەنەوە و بەهێزیان دەکەن.
  • برایانی گریم، جاکۆب و ویلهێلم، لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا کۆمەڵە بەناوبانگەکەیان بە ناوی “چیرۆکی منداڵان و ماڵەوە” کۆکردەوە. چیرۆکەکانی وەک “هانسێل و گرێتل”، “سەندرێلا” و ” بەفری سپی ” منداڵانی تێدایە کە بە بێتاوانی و فەزیلەت ڕووبەڕووی خراپە و ناخۆشی دەبنەوە. ئەم گێڕانەوەیانە جەخت لەسەر سەرکەوتنی چاکە دەکەنەوە بەسەر خراپەدا و بەهاکانی وەک خۆڕاگری و میهرەبانی و دادپەروەری بەرەوپێش دەبەن. بۆ نموونە “هانسێل و گرێتێل” فێری گرنگی ئیمکانات و دڵسۆزی خوشک و براکان دەکات لە زاڵبوون بەسەر بارودۆخە سەختەکاندا (زیپس، ٢٠٠٢).
  • چیرۆکەکانی هانس کریستیان ئەندەرسۆن، لەوانەش “دەمانچەی بچووک”، “کۆترە ناشرینەکە” و “شاژنی بەفر”، بە هەمان شێوە کارەکتەری منداڵان بەکاردەهێنن بۆ بەخشینی وانەی ئەخلاقی. زۆرجار چیرۆکەکانی ئەندەرسۆن لەسەر گۆڕانی کەسی و گرنگی سیفەتە ناوەکییەکان بەسەر ڕواڵەتەکانی دەرەکیدا جەخت دەکەنەوە. بۆ نموونە “کۆترە ناشرینەکە” تیشک دەخاتە سەر بابەتەکانی خۆقبوڵکردن و گەشەکردنی کەسی، پەرە بەو بیرۆکەیە دەدات کە جوانی و بەهای ڕاستەقینە لەناوەوە دەدۆزرێتەوە (Wullschlager, 2000).
  • هەروەها چیرۆکە ئەفسانەییەکانی چارڵز پێرۆڵت، وەک “سەندرێلا”، ” دووانەی سووری بچووک” و “جوانی خەوتوو”، پاڵەوانی منداڵان بەکاردەهێنن بۆ گەیاندنی پەیامی ئەخلاقی. چیرۆکەکانی پێرۆ، زۆرجار دەرەنجامە ئەخلاقییە ڕوونەکان لەخۆدەگرن، کە جەخت لەسەر دەرئەنجامەکانی فەزیلەت و خراپە دەکەنەوە. “کڵاوی سووری بچووک” هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی نافەرمانی و بێهەڵوێستی، لە کاتێکدا “سەندرێلا” ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ پاداشتی میهرەبانی و کۆڵنەدان (تاتار، ١٩٨٧).

  1. سەدەی نۆزدەهەم: سەرهەڵدانی ئەدەبی منداڵان

  • سەدەی نۆزدەهەم شایەتی سەرهەڵدانی ئەدەبی منداڵان بوو وەک ژانرێکی جیاواز، بەتایبەتی لە سەردەمی ڤیکتۆریادا. ئەم قۆناغە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە وێناکردنی منداڵان لە ئەدەبدا بەخۆیەوە بینی، لە هێما ئەخلاقییە سادەکانەوە بۆ کارەکتەرە ئاڵۆزەکان کە ژیانی ناوەوەی دەوڵەمەند و گەشتە گەشەسەندووەکانیان هەبوو. بەرهەمە سەرەکییەکانی ئەم سەردەمە، وەک “سەرگەرمیەکانی ئەلیس لە وڵاتی سەرسوڕهێنەر”ی لویس کارۆل و “ژنە بچووکەکان”ی لویزا مەی ئەلکۆت، نموونەی ئەم گۆڕانکاریانەن:

سەردەمی ڤیکتۆریا:

  • لە سەردەمی ڤیکتۆریادا، هەڵوێستی کۆمەڵگا بەرامبەر بە منداڵ دەستی بە گۆڕانکاری کرد. ئەو قۆناغە زیاتر ناساندنی منداڵی وەک قۆناغێکی ناوازە و فۆرماتیڤ لە ژیاندا بەخۆیەوە بینی، کە شایەنی سەرنج و ڕێزی تایبەتمەندانە. ئەم گۆڕانکارییە لە ئەدەبدا ڕەنگدانەوەی هەبوو، کە ڕێبازی دیداکتیکی پێشتر بۆ نووسین بۆ منداڵان جێگەی خۆی بە چیرۆکەکان بەخشی کە ئاڵۆزییەکانی ئەزموون و هەستەکانی منداڵان دەکۆڵیەوە، سەردەمی ڤیکتۆریا سەرهەڵدانی ئەدەبی منداڵانی وەک ژانرێکی جیاواز بەخۆیەوە بینی، نووسەران بەرهەمیان بە تایبەتی بۆ خوێنەری منداڵ و لاو دروست دەکرد کە تەنها فێرکاری ئەخلاقی ئەوروژاند. ئەم چیرۆکانە زۆرجار توخمەکانی فانتازیا و سەرگەرمی و ژیانی ناوماڵیان لەخۆگرتبوو، هەم کات بەسەربردن و هەم تێڕوانینیان بۆ بارودۆخی مرۆڤ لە ڕوانگەی منداڵەوە دابین دەکرد.

کارە ئەدەبیە سەرەکییەکان:

  • “سەرگەرمیەکانی ئەلیس لە وڵاتی سەرسوڕهێنەردا” لە نووسینی لویس کارۆل (١٨٦٥):
  • “سەرگەرمیەکانی ئەلیس لە وڵاتی سەرسوڕهێنەردا” لە نووسینی لویس کارۆل، بەرهەمێکی سەرەکییە لە مێژووی ئەدەبیاتی منداڵاندا. چیرۆکەکە باس لە کچێکی گەنج دەکات بە ناوی ئەلیس کە لە کونێکی دوپشکەوە دەکەوێتە ناو جیهانێکی خەیاڵییەوە. بە پێچەوانەی بەرهەمەکانی پێشووتر کە بە پلەی یەکەم لەسەر وانە ئەخلاقییەکان بوون، گێڕانەوەی کارۆل جەخت لەسەر لایەنە ئیحراجکەر و خەیاڵییەکانی منداڵی دەکاتەوە. کارەکتەری ئەلیس بە قووڵییەکی دەروونییەوە وێنا کراوە، کە کنجکاوی و سەرلێشێواوی و بوێرییەکەی دەگرێتەوە کاتێک جیهانێکی سەیر و سەمەرە و پێشبینینەکراو دەڕوات. بەکارهێنانی داهێنەرانەی کارۆل لە توخمە بێمانا و خەوناویەکان تەحەدای چیرۆکگێڕانی نەریتی کرد و ئاهەنگی بۆ شێوازە ناوازەکانی هەستکردن و کارلێککردنی منداڵان لەگەڵ ژینگەکانیان گێڕا (کێلی، ١٩٩٠).

“ژنە بچووکەکان”ی لویزا مەی ئەلکۆت (١٨٦٨)

  • “ژنە بچووکەکان”ی لویزا مەی ئەلکۆت، وێنایەکی ورد و واقیعی دەخاتە ڕوو کە چوار خوشک لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا گەورە بوون. چیرۆکەکە قووڵ دەبێتەوە لە ژیانی ناوەوەی پاڵەوانە گەنجەکانیدا، بەدواداچوون بۆ گەشەکردنی کەسی و ئاوات و تەحەددیاتەکانیان دەکات. هەر خوشکێک نوێنەرایەتی لایەنە جیاوازەکانی هەرزەکاری و ژنایەتی دەکات، تیشک دەخاتە سەر بابەتەکانی وەکو تەماح، داهێنان، ئەرکی خێزانی و ناسنامەی تاک. وێناکردنی نوانسی ئەلکۆت بۆ گەشتە گەشەسەندنەکانی خوشکەکانی ئازار، ڕەنگدانەوەی دانپێدانانی فراوانتری کۆمەڵگایە بۆ گرنگی پەروەردەکردنی گەشەی سۆزداری و هزری منداڵان. “ژنە بچووکەکان” بەهۆی جەختکردنەوە لەسەر گەشەپێدانی کارەکتەر و وێناکردنی واقیعی لە ئاڵۆزییەکانی ژیانی خێزان و گەشەکردنی کەسیدا جیاوازە (شواڵتەر، ١٩٨٨).
  • گۆڕینی وێناکردن: منداڵان وەک کارەکتەری ئاڵۆز
    سەدەی نۆزدەهەم جیابوونەوە لە وێناکردنی سادەی پێشووی منداڵان بوو. نووسەران دەستیان کرد بە ناسینەوە و وێناکردنی منداڵان وەک تاکێکی ئاڵۆز کە بیرکردنەوە و هەست و ڕێڕەوی گەشەکردنی خۆیان هەیە. ئەم گۆڕانکارییە ڕێگەی بە گەڕانێکی قووڵتر لە منداڵیدا دا، داننان بەو تەحەدایە و ئەزموونە ناوازانەی کە گەشەکردن و ناسنامەی منداڵ لە قاڵب دەدەن.

  1. سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم: نوێنەرایەتییە مۆدێرنەکان

  • لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمدا، ئەدەبیاتی منداڵان پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، نوێنەرایەتییە مۆدێرنەکانی کارەکتەرە گەنجەکان بە تەوەری ناسنامە، گەشەکردن، خۆڕاگری و گشتگیری پیشان دەدات. نووسەرانی وەک ج.ک. ڕۆلینگ، ڕۆالد داڵ و مۆریس سێنداک بەشدارییەکی بەرفراوانیان لەم پەرەسەندنەدا کردووە، کە باسیان لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە کولتوورییەکان کردووە و لە هەمان کاتدا نوێنەرایەتی پاشخان و ئەزموونە جۆراوجۆرەکان دەکەن.

    ئەدەبیاتی هاوچەرخ

  • ج.ک. بەرهەمەکانی ڕۆلینگ
    ج.ک. زنجیرەی “هاری پۆتەر”ی ڕۆلینگ کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەدەبیاتی هاوچەرخی منداڵان هەبووە. زنجیرەکە بەدوای سەرگەرمیەکانی هاری پۆتەر، جادووگەرێکی گەنج و هاوڕێکانیدا دەگەڕێت کە بە جیهانی ئەفسوناوی قوتابخانەی جادووگەری و هۆگوارتسدا دەگەڕێن. گێڕانەوەی ڕۆلینگ دەوڵەمەندە بە تەوەری ناسنامە، سەربەخۆیی، هاوڕێیەتی و شەڕی نێوان چاکە و خراپە. کارەکتەرەکانی وەک هێرمیون گرانگەر و ڕۆن ویزلی بە درێژایی زنجیرەکە گەشە و گەشەیەکی بەرچاویان بەسەردا دێت، مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی خۆدۆزینەوە، بوێری و خۆڕاگری لە بەرامبەر ناخۆشیدا دەکەن (ڕۆلینگ، ١٩٩٧-٢٠٠٧).

بەرهەمەکانی ڕۆاڵد داڵ
-بەرهەمەکانی ڕۆالد داڵ، وەک “ماتیڵدا”، “چارلی و کارگەی شوکولاتە” و “بی ئێف جی”، پاڵەوانەکانی تێدایە کە سەرپێچی لە چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا دەکەن و ناسنامە ناوازەکانیان لە باوەش دەگرن. بۆ نموونە “ماتیڵدا” چیرۆکی کچێکی گەنج دەگێڕێتەوە کە زیرەکی ناوازەی هەیە و توانای تەلەکینێتکی هەیە، تیشک دەخاتە سەر بابەتەکانی بەهێزکردن و پەروەردە و وەستانەوە لە دژی نادادپەروەری. زۆرجار گێڕانەوەکانی داهل ئاهەنگ دەگێڕن بۆ خۆڕاگری و ئیمکاناتی منداڵان، هانی خوێنەران دەدەن تاکایەتی خۆیان لە باوەش بگرن و بەدوای خەونەکانیاندا بگەڕێن (داهل، ١٩٨٨-١٩٩٠).

بەرهەمەکانی مۆریس سێنداک
-کتێبی “شتە کێوییەکان لە کوێن”ی مۆریس سێنداک، نموونەیەکی کلاسیکی کتێبێکی منداڵانە کە لە ئاڵۆزییەکانی هەست و خەیاڵی منداڵیدا قووڵ دەبێتەوە. چیرۆکەکە باس لە ماکس دەکات کە کوڕێکی گەنجە و هەڵدێت بۆ جیهانێکی فانتازیا کە بوونەوەرە کێوییەکان تێیدا نیشتەجێن. سێنداک لە ڕێگەی گەشتەکەی ماکسەوە تەوەرەکانی توڕەیی و تەنیایی و هێزی خەیاڵ وەک میکانیزمێکی ڕووبەڕووبوونەوە دەکۆڵێتەوە. وێناکردن و شێوازی چیرۆکگێڕانی سێنداک دەنگدانەوەی هەیە لەگەڵ منداڵان و گەورەکاندا، وێنایەکی نوانسی ئەزموونەکانی منداڵی پێشکەش دەکات (سێنداک، ١٩٦٣).

  1. وێناکردنی هەمەچەشن و گشتگیر

  • یەکێک لە لایەنە دیارەکانی ئەدەبیاتی مۆدێرن بۆ منداڵان، گرنگیدان بە نوێنەرایەتییە هەمەچەشن و گشتگیرەکانە. نووسەرانی وەک ڕۆلینگ، داڵ و سێنداک بەشدارییان لەم کارەدا کردووە بە خستنەڕووی کارەکتەرەکانی پاشخان و کولتوور و ئەزموونی جیاواز. ئەم گشتگیرییە نەک هەر ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆری منداڵانی جیهانی ڕاستەقینەیە بەڵکو هاوسۆزی و تێگەیشتن و قبوڵکردن لە نێو خوێنەراندا پەروەردە دەکات.
    چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە کولتوورییەکان.
  • هەروەها ئەدەبیاتی مۆدێرن بۆ منداڵان باس لە پرسە کۆمەڵایەتییە گرنگەکان و گۆڕانکارییە کولتوورییەکان دەکات. بۆ نموونە زنجیرەی “هاری پۆتەر”ی ڕۆلینگ باس لە بابەتەکانی جیاکاری و پێشوەختە و هێزی وەستانەوە لە دژی سیستەمی ستەمکار دەکات. زۆرجار چیرۆکەکانی داڵ تیشک دەخەنە سەر بێماناییەکانی نۆرمەکانی کۆمەڵگا و تەحەدای بیرۆکە ئاساییەکانی دەسەڵات و یەکسانی دەکەن. گەڕانەکانی سێنداک بۆ هەستەکانی منداڵی و جیهانە ناوەکییەکان لەگەڵ باسەکانی دەوروبەری تەندروستی دەروونی و خۆشگوزەرانی سۆزداریدا دەنگ دەداتەوە.

  1. پەرەسەندنی بابەتیی و هێماسازی
    وێناکردنی منداڵان لە ئەدەبدا پەرەسەندنێکی بابەتیی بەخۆیەوە بینیوە، لە نوێنەرایەتییەکانەوە کە سەرنجیان لەسەر بێتاوانی و هێماسازییە بۆ کارەکتەرە ئاڵۆزتر و فرەڕەهەندەکان. ئەم گواستنەوەیە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە بەرفراوانەکانی کۆمەڵگا و پەرەسەندنی هەڵوێستەکانە بەرامبەر بە منداڵی.

  • لە بێتاوانییەوە بۆ ئاڵۆزی
    لە ڕووی مێژووییەوە منداڵان لە ئەدەبدا زۆرجار وەک هێمای بێتاوانی و پاکی و فەزیلەتی ئەخلاقی وێنا دەکران. چیرۆکە ئەفسانەییە نەریتییەکان و فۆلکلۆرەکان زۆرجار کارەکتەرە منداڵەکانیان بەکاردەهێنا بۆ گەیاندنی وانە ئەخلاقییەکان و بەها کۆمەڵایەتییەکان، جەختیان لەسەر پاکی و لاوازییان دەکردەوە. بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی ئەدەب بۆ سەدەی نۆزدەهەم و بیستەم، نووسەران دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای ئاڵۆزییەکانی منداڵیدا، پاڵەوانە گەنجەکان وەک تاکێک کە خاوەن بیرکردنەوە و هەست و ئەزموونی ناوازەیان وێنا دەکرد.
  • گواستنەوە لە ڕۆڵی ڕەمزییەوە بۆ کارەکتەری فرەڕەهەند
    گۆڕان لە ڕۆڵی ڕەمزییەوە بۆ کارەکتەری فرەڕەهەند لە بەرهەمەکانی وەک ج.ک. زنجیرەی “هاری پۆتەر”ی ڕۆلینگ. کارەکتەرەکانی وەک هاری و هێرمیون و ڕۆن بە درێژایی زنجیرەکە پەرەدەسەنن و لەگەڵ پرسەکانی ناسنامە و هاوڕێیەتی و دڵسۆزی و ئاڵۆزییەکانی گەورەبوون لە جیهانێکی ئەفسوناویدا دەجەنگن. وێناکردنی ئەم کارەکتەرانە لەلایەن ڕۆلینگەوە وەک تاکێکی فرەلایەنە کە خاڵی بەهێز و کەموکوڕی و کەوانەکانی گەشەکردنی کەسییان هەیە، هەنگاونان بەرەو وێناکردنی نوانستر و واقیعیتری منداڵان لە ئەدەبدا نیشان دەدات.
  • ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان
    وێناکردنی ئەدەبی منداڵان ئاوێنەیەکی پەرەسەندنی هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە کولتوورییەکانە. لەگەڵ زیاتر هۆشیاربوونەوەی کۆمەڵگاکان لەو ئەزموون و تەحەددای جۆراوجۆرانەی کە منداڵان ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەدەب دەستی کرد بە ڕەنگدانەوەی ئەم واقیعانە. نووسەران لە چاوی پاڵەوانە گەنجەکانەوە دەستیان کرد بە چارەسەرکردنی پرسەکانی وەک نایەکسانی کۆمەڵایەتی، تەندروستی دەروونی، داینامیکی خێزان و گەڕان بەدوای ناسنامەدا.

  1. چۆن وێناکردنی ئەدەبی ئاوێنەیەکی هەڵوێستە پەرەسەندووەکانە بەرامبەر بە منداڵی

  • ئەدەب وەک ئاوێنەیەک بۆ کۆمەڵگا کاردەکات، ڕەنگدانەوەی گۆڕانی تێڕوانین و هەڵوێستەکانە بەرامبەر بە منداڵی. بۆ نموونە نووسەرانی هاوچەرخی وەک جاکلین وودسۆن لە فیلمی “خەونبینینی کچە قاوەییەکان” و ئەنجی تۆماس لە فیلمی “The Hate U Give” لە ڕێگەی دیدگای کارەکتەرە گەنجەکانەوە باس لە بابەتەکانی ڕەگەز و ناسنامە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکەن. ئەم بەرهەمانە نەک هەر تێڕوانینێک بۆ ئەزموونی گەنجانی پەراوێزخراو دەدەن بەڵکو تەحەدای خوێنەران دەکەن کە هاوسۆزی گێڕانەوە و دیدگای جۆراوجۆر بن.

  1. ڕوانگەی ڕەخنەگرانە

  • دیدگا ڕەخنەگرانەکان لە لێکۆڵینەوە لە ئەدەبیاتی منداڵاندا شیکارییە زانستییەکان دەگرێتەوە کە تێڕوانین لە پسپۆڕانی وەک جاک زیپس، ماریا تاتار و پێری نۆدێلمان وەردەگرن. ئەم زانایانە بەشداری لە ڕێبازە نێوان زانستەکاندا دەکەن بە تێکەڵکردنی تیۆرییە دەروونی و کۆمەڵناسیەکان بۆ قووڵکردنەوەی تێگەیشتنمان لە نوێنەرایەتییە ئەدەبییەکانی منداڵی.
  • شیکاری و تێگەیشتنە زانستییەکان
  • جاک زیپس: زانایەکی دیارە کە بە کارە بەرفراوانەکانی لەسەر چیرۆکی ئەفسانەیی و فۆلکلۆر و ئەدەبیاتی منداڵان ناسراوە. زۆرجار شیکارییەکانی لە چوارچێوەی مێژوویی، کولتووری و سیاسیی بەرهەمە ئەدەبییەکاندا قووڵ دەبنەوە و مانا شاراوەکان و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی-فەرهەنگییەکان ئاشکرا دەکەن. بۆ نموونە، لە “چیرۆکی ئەفسانەیی بەرگە نەگیراو”دا، زیپس لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن چیرۆکە ئەفسانەییەکان ڕەنگدانەوەی دڵەڕاوکێ و ئارەزوو و داینامیکی دەسەڵاتی کۆمەڵگان، تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە پێشکەش دەکات سەبارەت بە ڕۆڵی منداڵان لە چیرۆکگێڕان و گواستنەوەی کولتووریدا (زیپس، ٢٠١٢).
  • ماریا تاتار: کەسایەتییەکی تری کاریگەرە لە بواری خوێندنی ئەدەبیاتی منداڵان، کە گرنگی بە چیرۆکی ئەفسانەیی و فۆلکلۆر دەدات. شیکارییەکانی تاتار زۆرجار تیشک دەخەنە سەر ڕەهەندە دەروونییەکانی گێڕانەوەی منداڵان، بەدواداچوون بۆ تەوەری زەبر و زەنگ و خۆڕاگری و پێکهاتنی ناسنامە دەکەن. لە کتێبی “ڕاستییە سەختەکانی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی گریمەکان”دا، تاتار لێکدانەوەی زانستی بۆ چیرۆکە کلاسیکییەکان دەخاتە ڕوو، ئاڵۆزییە دەروونییە بنەڕەتییەکانیان و پەیوەندییە بەردەوامەکانیان ئاشکرا دەکات (تاتار، ١٩٨٧).
  • پێری نۆدێلمان: بەشداری دەکات لە دیدگا ڕەخنەییەکان بە گەڕان بەدوای یەکتربڕینی ئەدەبیاتی منداڵان لەگەڵ تیۆرییە مەعریفی و گەشەسەندووەکان. کارەکانی جەخت لەسەر پرۆسە مەعریفیەکان دەکەنەوە کە لە خوێندنەوە و لێکدانەوەی دەقەکانی منداڵاندا بەشدارن، ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن خوێنەری گەنج لەگەڵ پێکهاتە گێڕانەوە و کارەکتەرەکان و بابەتەکاندا خەریک دەبن. کتێبی “گەورەساڵانی شاراوە”ی نۆدلمان تەحەدای چەمکە نەریتییەکانی ئەدەبیاتی منداڵان دەکات وەک تەنها کات بەسەربردن، بانگەشە بۆ بەرز نرخاندنی قووڵتر بۆ بەها ئەدەبی و دەروونییەکەی دەکات (نۆدێلمان، ٢٠٠٨).

  1. ڕێبازە نێوان زانستەکان

  • ڕێبازە نێوان زانستەکان لە لێکۆڵینەوە لە ئەدەبیاتی منداڵان بریتین لە تێکەڵکردنی تێڕوانینەکانی دەروونناسی، کۆمەڵناسی، پەروەردە و دیسیپلینەکانی تر. زانایانی وەک زیپس، تاتار و نۆدێلمان ئەم ڕێبازانە بەکاردەهێنن بۆ شیکردنەوەی ئەوەی کە چۆن نوێنەرایەتییە ئەدەبییەکانی منداڵی لەگەڵ چوارچێوە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە فراوانەکاندا یەکدەگرنەوە. بۆ نموونە، لەوانەیە لێکۆڵینەوە لەوە بکەن کە چۆن گێڕانەوەکان تێڕوانینەکانی منداڵان بۆ خود و ئەوانی دیکە و جیهان لە قاڵب دەدەن، یان چۆن چیرۆکەکان ڕەنگدانەوەی نۆرم و بەها و داینامیکی دەسەڵاتی کۆمەڵگان.
  • یەکخستنی تیۆرییە دەروونی و کۆمەڵناسیەکان
    تیۆرییە دەروونی و کۆمەڵناسیەکان ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لە تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی ئەدەبیاتی منداڵان. زانایانی وەک تاتار و نۆدێلمان تیۆرییەکانی گەشەکردنی مەعریفی، پێکهاتنی ناسنامە، زەبر و زەنگ و کۆمەڵایەتیبوون لەخۆدەگرن بۆ شیکردنەوەی ئەوەی کە چۆن گێڕانەوەی منداڵان کاریگەرییان لەسەر تێڕوانین و ئەزموونی خوێنەران هەیە. هەروەها ئەم تیۆریانە ڕۆشنایی دەکەنەوە کە نووسەران چۆن کارەکتەرەکان و بابەتەکان و گێڕانەوەکان دروست دەکەن بۆ چارەسەرکردنی پرسە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان کە پەیوەندییان بە بینەرانی گەنجەوە هەیە.
  • کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا و کولتوور
    ئەدەبیاتی منداڵان کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کۆمەڵگا و کولتوور هەیە، کاریگەری لەسەر پراکتیکەکانی پەروەردەیی هەیە، تێڕوانینەکانی منداڵی لە قاڵب دەدات و لە ڕێگەی گونجانی میدیاییەوە کاریگەری لەسەر گوتاری گشتی هەیە.
  • کاریگەری پەروەردەیی
    ئەدەبیاتی منداڵان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە داڕشتنی پراکتیکەکانی پەروەردەیی لە ڕێگەی پەروەردەکردنی تواناکانی خوێندەواری، پێشخستنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و چاندنی بەها و هاوسۆزی. کتێبەکانی وەک “بۆ کوشتنی باڵندەیەکی گاڵتەجاڕ” لە نووسینی هارپەر لی و “ڕۆژنامەی کچێکی گەنج” لە نووسینی ئان فرانک بە شێوەیەکی باو لە مەنهەجی قوتابخانەکاندا جێگیر دەکرێن بەهۆی توانای وروژاندنی گفتوگۆ سەبارەت بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هاوسۆزی و تێگەیشتنی مێژوویی (لی، ١٩٦٠؛ فرانک ، ١٩٤٧). زۆرجار پەروەردەکاران ئەدەب وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن بۆ فێرکردنی وانە ئەخلاقییەکان، هۆشیاری کولتووری و زیرەکی سۆزداری، بە ناسینی هێزی ئەو بۆ سەرقاڵکردنی خوێندکاران و ئاسانکاری بۆ ئەزموونی فێربوونی مانادار.
  • ڕۆڵی ئەدەب لە داڕشتنی پراکتیکەکانی پەروەردەیی
    ڕێبازەکانی فێربوون لەسەر بنەمای ئەدەب، وەک بازنەکانی ئەدەبیات، چالاکییەکانی وەڵامدانەوەی خوێنەر و یەکە بابەتییەکان، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە پۆلەکاندا بەکاردەهێنرێن بۆ بەرزکردنەوەی تێگەیشتنی خوێندکاران، لێهاتوویی شیکاری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی-هەستیار. مامۆستایان کتێبی منداڵان بەکاردەهێنن بۆ قسەکردن لەسەر بابەتگەلی جۆراوجۆر، لە پاراستنی ژینگەوە تا هەمەجۆریی و گشتگیری، پەروەردەکردنی تێگەیشتنێکی قووڵتر لە پرسە ئاڵۆزەکان و هاندانی هاوسۆزی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە (شۆرت، ١٩٩٣).

    خۆگونجاندنەکانی میدیا و کاریگەری لەسەر تێڕوانینە گشتیەکان بۆ منداڵی

  • وەرگێڕانی میدیایی ئەدەبیاتی منداڵان، لەوانەش فیلم، تەلەفزیۆن و میدیای دیجیتاڵی، ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە داڕشتنی تێڕوانینی گشتی بۆ منداڵی. وەرگێڕانەکانی وەک زنجیرە فیلمی “هاری پۆتەر” کە لەسەر بنەمای J.K. کتێبەکانی ڕۆلینگ نەک هەر بینەرانیان سەرقاڵ کردووە بەڵکو بەشدارییان کردووە لە بەناوبانگبوونی جیهانی ئەم فرەنچایزە و گفتوگۆیان لەسەر هاوڕێیەتی و بوێری و هەڵبژاردنی ئەخلاقی لەنێو بینەرانی گەنجدا وروژاندووە (ڕۆلینگ، ١٩٩٧-٢٠٠٧). بە هەمان شێوە وەرگێڕانی چیرۆکە کلاسیکەکانی وەک “مێژووی نارنیا” و “تۆڕی شارلۆت” نەوە نوێیەکانی بە تەوەری بێ کات و وانەی ئەخلاقی ئاشنا کردووە (لویس، ١٩٥٠؛ وایت، ١٩٥٢).
  • ئەم گونجاندنانە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر گوتاری گشتی لەسەر منداڵی هەبێت بە نمایشکردنی نوێنەرایەتییە جۆراوجۆرەکان، چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان و داڕشتنی گێڕانەوەی کولتووری. بەڵام هەروەها پرسیار لەبارەی دڵسۆزی بۆ دەقی ڕەسەن و بازرگانیکردن و کاریگەرییەکانی میدیای بینراو لەسەر ئەزموونە ئەدەبییەکان دەوروژێنن.

  1. دەرئەنجام
    پەرەسەندنی منداڵان لە ئەدەبدا ڕەنگدانەوەی یارییەکی دینامیکی نێوان بەها کۆمەڵایەتییەکان، گۆڕانکارییە کولتوورییەکان و تێڕوانینە پەرەسەندووەکانی منداڵییە. لە چیرۆکە ئەفسانەییە نەریتییەکانەوە بۆ گێڕانەوەی مۆدێرن، وێناکردنی منداڵان لە هێما سادەییەکانەوە بۆ کارەکتەری ئاڵۆز و فرەڕەهەند پەرەی سەندووە، ئەمەش گرنگی تێگەیشتن لەم پەرەسەندنە لە داڕشتنی گێڕانەوەی کولتووری و کۆمەڵایەتیدا دەردەخات.

  • پوختەی دۆزینەوە سەرەکییەکان:
  • پەرەسەندنی مێژوویی: منداڵان لە ئەدەبدا سەرەتا وەک هێمای بێتاوانی و وانەی ئەخلاقی لە چیرۆکە ئەفسانەییە نەریتییەکان و فۆلکلۆرەکاندا وێنا دەکران.
  • گۆڕانی سەدەی نۆزدەهەم: سەدەی نۆزدەهەم سەرهەڵدانی ئەدەبی منداڵان وەک ژانرێکی جیاواز بەخۆیەوە بینی، بەرهەمەکانی وەک “سەرگەرمیەکانی ئەلیس لە وڵاتی سەرسوڕهێنەر” و “ژنە بچووکەکان” منداڵان وەک کارەکتەری ئاڵۆز و ژیانی ناوەوە و گەشتە گەشەسەندووەکانیان پیشان دەدا.
  • داینامیکی سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم: نوێنەرایەتییە مۆدێرنەکانی منداڵان لە ئەدەبدا، وەک لە بەرهەمەکانی ڕۆلینگ، داڵ و سێنداکدا دەبینرێت، ڕەنگدانەوەی تەوەری ناسنامە، گەشەکردن، خۆڕاگری و گشتگیرییە، کە باس لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە کولتوورییەکان دەکات.
  • ڕوانگە ڕەخنەگرانەکان: زانایانی وەک زیپس، تاتار و نۆدێلمان لە ڕێگەی ڕێبازە نێوان زانستەکانەوە تێگەیشتنە بەنرخەکان بەشداری دەکەن، کە تێگەیشتنمان لە نوێنەرایەتییە ئەدەبییەکانی منداڵی بەرز دەکەنەوە.
  • کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا: ئەدەبیاتی منداڵان کاریگەری لەسەر پراکتیکەکانی پەروەردەیی هەیە، هاوسۆزی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە پەروەردە دەکات و تێڕوانینەکانی گشتی بۆ منداڵی لە ڕێگەی گونجاندنی میدیاوە لە قاڵب دەدات.
  • تێگەیشتن لە پەرەسەندنی منداڵان لە ئەدەبدا لەبەر چەند هۆکارێک زۆر گرنگە:
  • ڕەنگدانەوەی کولتووری: ئەدەب ئاوێنەیەکی بەها و نۆرم و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانە، چاویلکەیەک دەڕەخسێنێت کە لە ڕێگەیەوە دەتوانین لە هەڵوێستە مێژوویی و هاوچەرخەکان بەرامبەر بە منداڵی بکۆڵینەوە.
  • گرنگی پەروەردەیی: ئەدەبیاتی منداڵان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پەروەردەدا، بەرەوپێشبردنی خوێندەواری، هاوسۆزی، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و هۆشیاری کولتووری لەنێو خوێنەری گەنجدا.
  • کاریگەری کۆمەڵایەتی: نوێنەرایەتییە ئەدەبییەکانی منداڵی بەشدارن لە گوتاری گشتیدا، گێڕانەوەکان لە دەوری هەمەجۆریی، گشتگیری، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ناسنامە دادەڕێژن.
  • بیرکردنەوە لە کاریگەری بەردەوام
  • ئەم گۆڕانکاریانە لە وێناکردنی منداڵان لە ئەدەبدا بەردەوامن لە داڕشتنی گێڕانەوەی کولتووری و کۆمەڵایەتی بە تەحەدای چەشنە کۆنەپەرستانەکان، پەروەردەکردنی هاوسۆزی و تێگەیشتن و پێشخستنی دیدگا جۆراوجۆرەکان. لەگەڵ پەرەسەندنی کۆمەڵگا، ئەدەبی منداڵان وەک ئامرازێکی بەهێز دەمێنێتەوە بۆ داڕشتنی بەهاکان و بەرەوپێشبردنی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و دەوڵەمەندکردنی ژیانی خوێنەرانی هەموو تەمەنەکان.
    ———————————

سەرچاوەکان:
تاتار، م. (١٩٨٧). ڕاستییە سەختەکانی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی گریمەکان. چاپخانەی زانکۆی پرینستۆن.
وولشلاگەر، ج. (٢٠٠٠). هانس کریستیان ئەندەرسۆن: ژیانی چیرۆکنووسێک. چاپخانەی زانکۆی شیکاگۆ.
زیپس، ج. (٢٠٠٢). برایانی گریم: لە دارستانە سیحراوییەکانەوە بۆ جیهانی مۆدێرن. پاڵگرەڤ ماکمیلان.
کێلی، ڕ. (١٩٩٠). لویس کارۆل. بڵاوکەرەوەی توین.
شوالتەر، ئی. (١٩٨٨). هەڵبژاردنی خوشک: نەریت و گۆڕانکاری لە نووسینی ژنانی ئەمریکیدا. چاپخانەی کلارێندۆن.
داڵ، ڕ. (١٩٨٨-١٩٩٠). ماتیڵدا، چارلی و کارگەی شوکولاتە، بی ئێف جی. کتێبی پافین.
ڕۆلینگ، ج.ک. (١٩٩٧-٢٠٠٧). زنجیرەی هاری پۆتەر. چاپخانەی بلومسبێری.
سێنداک، م. (١٩٦٣). شتە کێوییەکان لە کوێن. هارپەر و ڕۆ.
ڕۆلینگ، ج.ک. (١٩٩٧-٢٠٠٧). زنجیرەی هاری پۆتەر. چاپخانەی بلومسبێری.
تۆماس، ئە. (٢٠١٧). The Hate U Give. بالزێر + برای.
وودسۆن، ج. (٢٠١٤). کچێکی قاوەیی خەون دەبینێت. کتێبی نانسی پاوڵسن.
نۆدێلمان، پ. (٢٠٠٨). گەورەساڵی شاراوە: پێناسەکردنی ئەدەبی منداڵان. چاپخانەی زانکۆی جۆنز هۆپکینز.
تاتار، م. (١٩٨٧). ڕاستییە سەختەکانی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی گریمەکان. چاپخانەی زانکۆی پرینستۆن.
زیپس، ج. (٢٠١٢). چیرۆکی ئەفسانەیی بەرگە نەگیراو: مێژووی کولتووری و کۆمەڵایەتی ژانرێک. چاپخانەی زانکۆی پرینستۆن.
فرانک، ئە. (١٩٤٧). ڕۆژنامەی کچێکی گەنج. کتێبی بانتام.
لی، هـ.(١٩٦٠). بۆ کوشتنی باڵندەیەکی گاڵتەجاڕ. هارپەرکۆلینز.
ڕۆلینگ، ج.ک. (١٩٩٧-٢٠٠٧). زنجیرەی هاری پۆتەر. چاپخانەی بلومسبێری.
شۆرت، ک. (١٩٩٣). ئەدەب وەک ڕێگەیەک بۆ زانین: سەرچاوە بۆ مامۆستایان و خوێندکارەکانیان. هاینمان.
لویس، سی.س.(١٩٥٠). شێر و جادووگەر و دولاب. جۆفری بلێس.
وایت، ئی.ب. (١٩٥٢). وێبی شارلۆت. هارپەر و برادەرز.

نووسین: ئاریان یوسف




کچۆڵەیەکی سێ ساڵان بوو بە بچووکترین نووسەری جیهـان.. رەزا شـوان

کچـۆڵەیەکی ئیـماراتی ـ لە دوبـەی (ئـەلـمەهـا راشـید ئەلـموهـێری) تەمـەن (٣) ساڵان، لە ئەمساڵدا (٢٠٢٤) بوو بە بچووکترین نووسەر و بە بچووکترین نووسەری زنجـیرە کـتـێـب بۆ منـداڵان لە جـیهـانـدا. دوای ئـەوەی ئەلـمەهـا کە ئـەم دوو کـتـێـبەی نـووسی (گـوڵ) و (هـەنگی هـەنگـوین) هەر خۆشی وێنەکانی بۆ کێشان. کتێبەکانی چاپکـردن و لە مـاوەی (٢٤) کاتـژمـێردا، لە رێـگەی فـرۆشـگای ئەلـیکـترۆنی و بـازرگـانـییەوە، لە هـەر یـەکـە لـەو دوو کـتـێـبـەی، زیـاتـر لە (٢٠٠٠) دانـەیـان لـێ فـرۆشــران. بەمـەش ئەلـمـەهـا ئەلـموهـێری، تـوانی مـەرجـە پێـویستـییـەکـانی، ژمـارەی پێـوانـەیی جـیهـانی “گینس” بەدەسـتبهـێنێـت. دوو ریکـۆردی ژمـارەی پێوانەیی تازەی جـیهـانی تۆمارکرد. لە رۆژی (٧/ ینایـر/ ٢٠٢٤) بە فەرمی دان بە ئەنجامەکەیـدا نـرا و ناویـان لە تۆمـاری “گـینس” بۆ ژمارە پێوانەییەکان تۆمارکرد و دوو بـڕوانامەیان پێـیدا. بەم دوو ریکۆردە جیهـانییە، ئەلـمەهـا راشید ئەلـموهـێری، دەستکەوتـێکی پـڕ لە شانازی و شکـۆداری و مـێژوویی نەمـری بـۆ خـۆی و بـۆ خـێزانـەکەی و بـۆ ئیـماراتی نیـشـتـمـانی تـۆمارکرد.
ئەلـمەها ئەلـموهـێری لە دایەنگە دایە، بەدەر لە منـداڵانی تر، کە لە تەمەنی (٦ بـۆ ٧) سـاڵ، فـێری خـوێنـدنـەوە و نـووسـیـن دەبـن. ئەلـمـەهـا کـارامـەیی و نـاوازەیی خـۆی نیشانـدا. ئەم لە تەمەنی (٣) ساڵی دایە، بـلیمەتانە فـێری خوێنـدنەوە و نووسین بووە. هـەر لە سەرەتـای ئەمساڵـەوە (٢٠٢٤) بە شـێـوە و شـێـوازێـکی سـەرەتـای نایـاب و سەرکەوتـوو دەستی بە چـیرۆک نووسـین کرد. بە توانای بـەرزی لە زمـانـدا، کەسانی دەوروبـەری سەرسـام کـردووە. ئەلـمەهـا بەوەش ناسـراوە، لە تەمـەنی منـداڵـیـیەوە، بە گـفـتووگۆی تـێڕامانی، هەمـوو کەسانی دەوروبـەری رامـان و سەرسام و کردوون.
گوڵکردنی ئارەزووی ئەلـمەهـا، بۆ پاراسـتنی ژینگە، لە کاتی بەشـداریکـردنی دایک و باوکی لە کـۆنفـرانسی (٢٨) تەمی نەتـەوە یەکـگـرتـووەکـان، کە لە دوبـەی لە مـانگی (نۆڤەمبەر/٢٠٢٣) بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بەڕێوەچوو. بانگ کرابوون و ئەلمەها شیان لەگەڵ خـۆیانـدا بـرد. لەوێـدا ئیلهـامی بۆ چـیرۆکەکانی تایبـەت بە ژیـنگە بەدەسـتهـێـنا.
دایکی ئەلـمەهـا (مـۆزە ئەلـدەرمەکی) دەڵێت:”سەرەڕای بچـووکی تەمەنی، هەوڵـدەدات لە بـوارە جیـاوازدکـانـدا جیـاوازبـێـت. پـێـداگـری لەسـەر ئـەوە دەکـات، کە بابـەتـەکـانی نووسینەکانی دربـارەی ژینگەبـن. ئەمەش رەنگـدانەوەی کارتـێکـردنی بەشـداریکـردنی ئەلـمەهـایە لە میـوانـداریکـردنی لەگەڵ ئێمەدا، لە کۆنفـرانسی ساڵی رابـردووی نەتەوە یەکگـرتـووەکان لە دوبـەی، دەربـارەی گـۆڕانی کەشـوهـەوا. سەرەڕای ئـەو هـەواڵ و فـیـلـم و ڤـیدیـۆ و ریـکلامـانەی دەربـارەی کەشـوهـەوا و ژیـنـگە، کـە لـە میـدیـاکـانـدا دەیانـبـیـنـێـت و گوێی لـێـيان دەبێـت. هەمـوو ئەمـانە پاڵـنەرێکـن، بۆ ئـەوەی ژیـنگە و گرنگـدان بە ژینگەپارێزی، بخاتە لیستی نیگەرانییەکانییەوە”. سەبارەت بە چـۆنییەتی ئاشناکردنی منداڵ و بەرزکردنەوەی بەهـرەکەی، لە نووسینی چـیرۆکدا، بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش و بە رووداوی زنجـیرەیی و وێنەکـێشراو، دایکی ئەلـمهەهـا دەشـڵـێـت: “بوونی بەهـرە لە منداڵێکدا بەس نییە. دەبێت بە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری دەوربـدرێـت، کە بەهـرەکەی بە شـێوەیـەکی دروسـت بەرزبـکاتـەوە و پەرەیـپـێـبـدات، گونجـاوبێـت لەگەڵ لەبـاربـوون و توانـا و لـێهاتـووەکانی، سەرەڕای ئەوەش پێـویستە منـداڵان بەشـداربـن لە گـفـتوگـۆکانی خـێزانەکانیانـدا، بۆ پێشخـستنی بیـرکـردنەوەیـان، پاڵـنەریـشـیانە بۆ بیـرکـردنەوە و بـۆ داهـێنانیـان”.
ئەلـمەهـا ئەلـموهـێری، منـداڵـێکی گەشـبـیـن و هـیـواخـواز و مـتـمانە بەخـۆیە. هـێزی پەرەپێدانی کارامەیی و بـیرۆکەکانی، لە رێگەی خوێندنەوەی زۆرەوە، بە دەستهێناون.

شایەنی باسیشە ئەلمەهـا، لە خێزانێکی بلیمەت و زیرەکە. لە گەڵ خوشک و بـراکەیدا لـە کـێـبڕکـێـیەکی هـەمیـشەیـیـدان . بـۆ پـێـشکەوتـن و بـۆ داهـێـنان و بەدەسـتهـێـنان.
خوشکەکەی کە ناوی (ئەلـزەبی) ئەلـمـوهـێری یە، تەمـەنی نـزیکی هـەشـت ساڵە، بە ئیـنگـلیـزییەکی پـەتی دەدوێـت. تا ئـێـستا زیـاتـر لە (٣٠٠٠) کـتـێـبی هـەمـەچـەشـنەی خوێنـدۆتەوە. خاوەنی ریکـۆردی جیهـانی “گـیـنـس” ە، کە لە تەمەنی (٧) ساڵـیدا، لە (٢٠٢٤) بچـووکـتریـن نووسـەری کـتـێـبی چاپکـراو و بڵاوکـراوەیە، بە دوو زمـان لە جـیهـاندا. ناونیـشـانی کـتـێـبەکەشی (بـیـرۆکەیـەکـم هـەیـە) کـە بـە زمـانی عـەرەبـی و ئیـنگـلـیزی نووسـیوێـتی. باس لە منـداڵی خـۆی و لە ژیـانی خـێـزانـیـیان دەکـات.
براکەشی کە ناوی (سەعـید) ئەلمـوهـێری یە و تەمەنی (٤) ساڵە، خاوەنی بـڕوانـامەی ریکۆردی جیهانی “گینس”ە، کە بچووکترین نووسەری (نێر)ە، لە نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان لە جیهان. کتێبەکەی بە ناوی (فیلێکی شاد و ورچێک) باس لە هاوڕێتی دەکات.
واتـە بـرا و دوو خـوشـکەکە، خـاوەنی چـوار بـڕوانـامـەی ریـکـۆردی جـیهـانـین، وەک بچـووکترین نووسـەر و بچـووکترین نووسـەری زنجـیرە کـتـێبی چاپکـراو و بڵاوکـراوە بۆ منـداڵان و بچـووکـترین نووسـەری کـتـێـب، بە دوو زمـان بـۆ منـداڵان لە جیهـانـدا.
ئەلـمەها راشـیـد ئەلـموهـێری، لە رێـگەی نـووسـینی هـەردوو چـیرۆکەکەی (گـوڵ) و (هەنگی هەنگوین) پەیامی گرنگی ژینگەپارێزی بە منداڵانی هاوتەمەی رادەگەیەنێت.
پێویسـتە دایکان و باوکان، ئارەزوو و بەهـرە شـاراوەکانی منـداڵەکانیان بـدۆزنـەوە و پشتگـیرییان بـکەن و رێنـمایی پێـویـستـیان بـکەن بۆ گەشـەکـردنیـان و بـۆ داهـێـنان. کەڵە زانـای جیهـانی (تـۆماس ئەدیسۆن)ی داهـێنەری کارەبـا. ئەگەر بە پشـتگـیری و هـانـدانی دایـکی میهـرەبـانی نەبـوایە، نەدەبـوو بـەو زانـا داهـێـنەرە. بۆیـە ئەدیـسـۆن خـۆی بە بە قـەرزاری دایـکی دەزانـی.
لەناو منداڵانی ئێمەی کوردیشدا، بلیمەت و دانا و داهـێنەرمـان زۆرن. بەداخـەوە کە نە پشتگیری و نە هانـدانیان هەیە، بۆ ئەوەی دەربکەون و گرنگی بە بەهـرەکانیان بـدەن.

(*) بۆ ئەم نووسینە، سـوودم لە چەنـد سایتێکی ئینگلـیزی و عـەرەبی وەرگرتـووە.

دوبـەی: ٢٠٢٤




سەرهـەڵـدانی ئـەدەبی منـداڵان لە ئەمـریـکا.. رەزا شـوان

ئەدەبیاتی منداڵان لە جیهاندا، مێژوویەکی فراوان و گەورە و شکۆمەند و دەوڵەمەندی هـەیە. دەگـەڕێتەوە بۆ سـەدەی حـەڤـدەیەم. کـاتێک کە دەقـە ئەدەبیـیە سەرەتـاییەکـان، تا چەند سەدەیەک لە شێوازی فـێرکردن و رێنمـایی و ئامۆژگـاری و رێـزگرتـن لە داب و نەریت و لە بەهاکانی کۆمەڵ و ئاین بوون. بە شێوەیەکی گـێڕانەوەی زارەکی بـوون و سوودیان لە ئەفـسانەییە فـۆلکلـۆرییەکان وردەگرت. تا داهـێنانی دەقـی چـاپکـراو لە سەدەی حەڤـەدا. کە لە سایەی داهـێنانی ئامێری چاپکـردنەوە، شۆڕشێکی چاپکردن و بڵاوکـردنەوەی کـتێـب پەرپـابـوو، کـتـێـبی چـاپکـراوی منـداڵانیشی گـرتـەوە.
لە سەدەی نـۆزدەدا، ئەدەبیاتی منـداڵان گـۆڕانکارییەکی گـرنگی بە خـۆیـەوە بینی، لە دابین کـردنی وانەکانی ژیـان بۆ منـداڵان. منـداڵان و گەورەساڵانيش چـێژێکی زۆریان لەو چیرۆکە ئەفسانەییە چاپکـراوانە وەردەگرت کە لە هەمـوو ئەوروپـا و ئەمـریکادا بڵاوبـوونەوە. لەوانەش بـۆ نمـوونە چـیرۆکە ( ئەفـسانەیـیەکـانی ئێـزۆپ) ی یـۆنانی. (چـیرۆکەکـانی ماڵـەوە)ی (بـرایـانی گـریـم)ی ئەڵمانی، (چـیرۆکـە ئەفـسانەییەکـان) ی (هـانـز کریسـتیان ئەنـدەرسـۆن) ی دانیمارکی، کە بە (باوکی چـیرۆکە ئەفـسانەیەکانی جیهان بۆ منداڵان) ناودەبرێت. چیرۆکە ئەفسانەییەکانی (کـلیلە و دیمنە)ی فەیلەسوفی هـیندی (بەیـدەبـا). (چـیرۆکەشـیعـرییە ئەفـسانەکـان) ی (لافـۆنتـیـن) ی فەرەنـسی.

  فاشتی هـاریسۆن بـراوەی خەڵاتی مەدالـیای کاڵـدیکـۆت (٢٠٢٤)

ئەدەبی منـداڵان لە ئەمـریـکا:
ئەدەبی منـداڵان لە ئەمـریکادا، مێـژوویەکی کۆنی نییە، بنەمایەکی رەسەنی نەتەوایەتی نیـیە. لە سـەدەکـانی حەڤـدە تا نـۆزدە، لە ئـەدەبی منـداڵانی ئیـنگـلـتەرا و وڵاتـانی تری ئەوروپا جیاناکـرێتەوە. ئەو کۆچـبەرانەی کە لە ئەوروپاوە، کۆچـیان بۆ ئەمـریکا کرد، چـیرۆک و کـتێبەکانی منـداڵانی وڵاتەکـانیان، لەگەڵ خۆیانـدا بـردیانیان بۆ ئەمـریکا. بە دیـاریکـراویـش لە سـەدەکانی، حەڤـدە و هـەژدە و نـۆزدەدا. ئەدەبی منـداڵانی ئەمریکی پشتی بەو کـتێبە هـاواردووانە دەبەست و لێیانی وەردەگـرت و لاسایی ئەدەبی منـداڵانی ئەوروپـایـان دەکـردەوە.
لە سـەرەتای سەدەی بـیستەمـەوە، ئەدەبی منـداڵانی ئەمـریـکی رێـڕەوێـکی نیشـتمانی و ئاراستەیەکی سەربەخـۆی گـرتەبـەر. بە شـێوەیەکی خـاکی دەسـتی پێکـرد. پـشـتـیان بە تـواناکانی نووسەرانی خۆیـان بەست. چەنـدیـن نووسەری داهـێنەری ئەمریکی، ژنان و پیـاوان، لە بواری ئەدەبیاتی منداڵانـدا، ناوبانگیان دەرکرد و لەنێو نووسەرە گەورەکانی جیهانی ئەدەبیاتی منـداڵاندا، پێگەیەکی بەرز و شایستەیان گـرتووە. ناوبانگیان زریانی ئەتڵەسی تێپەڕاند و لە جیهاندا ناسراون. لە ئێستادا زۆرترین و ناساوترین نووسەرانی بـواری ئەدەبیاتی منـداڵان لە وڵاتـە یەکگـرتـووەکانی ئەمـریکا دان. ئەمریکا لە بـواری ئەدەبی منـداڵاندا زۆر پێشکەوتـووە، زۆر لە پێشەوەی ئەو وڵاتە ئەوروپـایانەشەوەیە، کە پێـشتر پشتی پێـیان دەبەسـت و لـێـیانی وەردەگـرت و چـاوی لێیان دەکـرد. کەچی لە ئێستادا ئەو دەوڵەتـانە چاو لە ئەدەبی منـداڵانی ئەمـریکا دەکەن. ئەدەبێکی مـۆدێـرزمی منـداڵانیان هـێناوەنەتە ئـاراوە، تا لەگەڵ پێشکەوتـن و خـواسـت و خـەون و هـیواکانی منداڵانی ئەم سەردەمە و لەگەڵ گەشەکـردنی ئاراستەکانی کۆمەڵگای نوێـدا بگونجێـت.
یەکـێک لە تایبەتمەنـدییەکانی ئەدەبی نـوێی منـداڵان لە ئەمـریکادا، ئەوەیە کە جـەخـت لەسەر ئـازادی و رێزگرتنی مـرۆڤ و سەربەخـۆیی و هـانی پشتبەخۆبەستین دەکاتەوە. جیـاوازیی لەوەشـدا هـەیە، کە گـرنگی بە سـروشـت و بە داهـێـنان و ئافـرانـدن دەدات. بۆ دەرچـوون لەو شێوە و رێبـازە کلاسیکـییە باو و چەقبەستووانە و بۆ دروستکردنی کۆمیـدی. ئەم شێوازە نوێـیانە، رەنگـدانەوەیان لە ئەدەبی منـداڵان و مێرمندان هەبوو.
دوو خـەڵات لە ئەمـریکادا: ساڵانە بەخـشـینی خـەڵاتی (مەدالیـای نیـوبـێری). لە ساڵی (١٩٢١) دا بـڕیـار لەسەر ئەم خـەڵاتە درا. لە سـاڵی (١٩٢٢) وەوە تـا ئێـستا، ساڵانە لە لایـەن (کـۆمـەڵـەی کـتـێـبخـانەکـانی ئەمـریـکی) یـەوە. دەبەخـشـرێـت بە بـاشـتـریـن نووسەری کـتێبی ئەمـریکی بۆ منداڵان، کە لە ساڵی پێشوودا کتێبەکەی بڵاوکراوەتەوە. خـەڵاتی ئەمسـاڵی (٢٠٢٤) نـیـوبـێری. بەخـشـیان بـە کـتـێـبی چـیرۆکی (چـاوەکـان و ئەستەم) بۆ منـداڵان. لە نووسینی (دیـڤ ئیگـەرز). پاڵەوانی چیرۆکەکەی سەگـێکە بە ناوی (یوهـانس). بابەتی چیـرۆکەکە باس لە ئـازادی و هـاوڕێـتی و لە جـوانی دەکات.

 نووسەری ئەدەبی منداڵانی ئەمریکی لویـزا ئەلکۆت (١٨٨٢ ـ ١٨٨٨)

مەدالیای نیوبێری لە کـانـزای بـرونـز دروستکـراوە. لە دیـوێکی ناوی نووسـەرەکە و ساڵی بـردنەوەی خـەڵاتەکەی لەسـەری هـەڵکـۆڵـراوە، لەسـەر دیـوەکەی تـری، ناوی (کۆمەڵەی کـتێـبخـانەکانی ئەمـریکی) یە. ئەم خەڵاتە گەورەتـرین و کـۆنتـرین خەڵاتە، لە ئـەدەبی منـداڵان لە ئەمـریـکادا، هـانـدانە بـۆ داهـێـنانی (چـیرۆک، شـیعـر، شـانـۆ، رۆمانی مێرمنداڵان) لە بواری ئەدەبیاتی منـداڵان. خەڵاتی نیوبـێری، وەک رێـزلـێنانێك بە ناوی یەکەم کتێفـرۆشی کتێبی ئەدەبی منداڵان (جـۆن نیوبێری: ١٧١٣ـ ١٧٦٧) ی ئینگـلـیزییەوە ناونـراوە. کە خـاوەنی یەکـەم کـتـێـبخـانەی منـداڵان بـوو لـە جیهـانـدا.
لە ساڵی (١٩٣٧) ەوە. بـڕیـار لەسەر بەخـشینی خەڵاتی (مەدالیـای کاڵـدیکـۆت) درا. کە لە زێـڕ دروستکـراوە، لەو ساڵەوە تا ئێستا، ساڵانە خەڵاتی (مەدالیای کاڵـدیکۆت) دەبەخـشرێت بە باشـترین هـونەرمەنـدی وێنەکـێـشی بـواری کـتێـبی چـیرۆکی وێنـەیی بۆ منـداڵان. لە هەمان رۆژی بەخشینی خەڵاتی نیـوبـێری پێشکەش دەکـرێت. خـەڵاتی ئەمساڵ (٢٠٢٤) ی کاڵـدیکۆت، بەخـشییان بە وێنەکێش خاتوو (ڤاشتی هاریسۆن) بۆ کـتێبی وێنەیی ساڵی پێشـووی (بـیگ) بـۆ منـداڵان.
خەڵاتی کاڵدیکۆت وەک رێـزلێنانێک، بە ناوی هـونەنەرمەنـدی وێنەکێشی بەناوبانگی ئینگلیزی (رانـدۆڵـف جەی کاڵـدیکـۆت: ١٨٤٦ ـ ١٨٨٦) ناونـراوە. ئەگەرچی خەڵاتی نیوبێری و کاڵـدیکـوت، کۆنترین خەڵاتی کتێبی ئەدەب و کـتێبی وێنەیی منداڵانـن. بەڵام تا ئێستا هەمان مەرجیان هـەیە، دەبێت نووسەر و ێنەکێشەکە بە رەسەن ئەمریکی بن.
شایەنی باسیـشە لە وڵاتە یەکگـرتووەکانی ئەمـریـکادا، ژمـارەی نووسـەرانی ژنـان لە بـوارەکانی ئەدەبیـاتی منـداڵانـدا، زیاتـرن لە ژمـارەی نووسەرانی پیـاوان لەم بـوارەدا.
وانەی چـیرۆکی منـداڵان، لە قـوتابخانە بنەڕەتییەکانی ئەمـریکادا، وانەیەکی هەفتانەی سەرەکـییە. مامۆسـتایانی شـارەزای زمـان و شـێوازی هـونەری گـێڕانەوەی چـیرۆک بـۆ منـداڵان، ئـەم وانـەیە دەڵـێـنەوە. ئـەم وانـەیـەش لـەوە سـەرچـاوەی گـرتـووە، کـە پەروەردەکـاران و دەروونناسـان، بـڕوایەکی زۆریـان بە گـرنـگی و بە رۆڵـی چـیرۆک هـەیە، لە فـێرکـردن و لە پەروەردەکـردنی دروست و لە پێـشکەوتـنی زمـانی منـداڵان.

              مەدالیای نیوبێری بۆ باشترین کـتێبی ئەدەبی منداڵانی ئەمریکی

ئامـاژە بە نـاوی هـەنـدیک لە نـووســەرانی ئەمـریکا دەدەیـن، کە لە بـواری ئەدەبیاتی منداڵانـدا ناوبانگـێکی جیهـانییان هـەیە. شاکارە ئەدەبییەکانیان وەریانگـێڕاون بۆ سـەر زۆربەی زمانەکانی جیهـان. بە ملیـۆنان دانەیان لـێیانـفـرۆشتوون. لە چەند نووسینێکی پێـشووترمـدا، کە لە سایتەکان و لە گۆڤـارەکاندا بڵاومکـردوونـەتەوە، بە درێـژی باسی ژیان و باسی شاکارە ئەدەبییەکانی هەنـدێک لەم نووسەرە ئەمـریکیانەم کردووە، کە لە بواری ئەدەبیاتی منداڵاندا، ناوبانگـێکی جیهـانیان هـەیە و بـراوەی خـەڵاتی نیوبێریـن:
خاتوو فـرانسیس هـۆدسـۆن بـرنێـت، خاتوو لـوێـزا مـای ئەلکـۆت، خاتوو مـاری پـۆپ ئۆسـبۆرن، خاتوو جـودی بـلـۆم، مارک تـویـن، خاتوو مـارگـرێـت وایـز بـراون، لـیمان فرانگ بـوم، جوبـل تشانلر هاریس، سامۆیل گـۆد ریچ، خاتوو ماری ئێم ئیبسن،… هتد.

بەرگی کتێبی براوەی خەڵاتی نیوبێری (٢٠٢٤)

باسکـردن لـە ئەدەبیـاتی منـداڵان لە ئەمـریـکادا، باسکـردنی زیـاتـر هـەڵـدەگـرێـت. بۆ ئەوەی زیاتر تێشک بخـرێتە سەر چەنـد لایەنێکی تـری ئەدەبی منداڵانی ئەمریکی، کە مـن لـەم کـورتـە نـووسـینەدا باسـم لـێـیان نەکـردوون.
(*) بۆ نووسینی ئەم باتـە، سـوودم لە چەنـدیـن سایـتی ئینگـلـیزی وەرگـرتـووە.

دوبـەی: ٢٠٢٤
رەزا شـوان




“کانێ بچووکێ یان ڕۆمانی بووکێ” ڕۆمانێکی ژنانە.. دڵشاد کاوانی

پێشەکى
هەرچەند ئەدەبیاتی کوردیی لە بورای ڕۆماندا هێشتا لە گڕوگاڵ دایە، بەم دوایی دواییە، دەیان قەڵەم و ڕۆماننوویسی تازە بوێرانە هاتوونەتە پێش و جلەوی ڕۆماننووسیان لە هەستۆ گرتووە، وەلێ هێشتا ئەدەبیاتی کوردیی لە بۆشایی و کەمهێنانی ڕۆمانی باشدایە. بەتایبەتی ڕۆماننووسانی ژن و بە بیر و فانتازیا و ڕوئیای ژنانە لە کەم کەمترە و ژماردنیان بە پەنجەکانی دەست، پەنجەکان گەلێک زۆرترن.

سەرەتا
ڕۆمانی کانێ بچووکێ یەکێکە لەو ڕۆمانە جوانە کوردییانەی وەک ڕۆمانێکی مێینەی کوردی بەرچاوم کەوتبێت، ڕۆمانێکە بە هەناسەیەکی ژنانە و دەربڕینێکی ژنانە نووسراوەتەوە و پاڵەوان و کارەکتەرە سەرەکییەکانی ژنن و بە زمانی ژن دەدوێن، زۆربەی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەش هەر بەسەر ژناندا دێن.
ڕۆمانی کانێ بچووکێ. ڕۆمانێکی (٤٧٩) لاپەڕەیە و لە (32) بەش پێکهاتووە و بەرهەمی یەکەمی جوان عوسمان حەمەئەمینی ڕۆماننووسی شاری سلێمانییە، براوەی پێشبركێی ڕێکخراوی ڤیم فاوندەیشنە بۆ ساڵی ٢٠2٣ لای لێژنەیەک لە پسپۆران و شارەزایانی ڕۆمان، بڕیاری چاپبوونی لەبارەوە دراوە و لە چاپخانەی پاندا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
ڕۆمانی کانێ بچووکێ، باس لە چوار دەستە خوشک دەکات، کە دەیانەوێت لە ڕێگەی خوێندنەوە و بە ئامانجەکانیان بگەن لە پاڵ ئەوەشدا لە ڕێگەی پاڵەوانی سەرەکییەوە باسی دوو ماڵباتی دانیشتووی شاری سلێمانی دەکات، یەکەمیان خێزانی گەشاوی پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە و بە هۆی هەژاریی و دەردەسەری و مەینەتییەکانی ژیان، ئەندامانی خێزانەکایان لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە. دوومیان خێزانی لالە سەردار، ماڵێ خەزورانی گەشاو کە بە هۆی هەبوونی و دەوڵەمندییەوە تووشی هەڵوەشان و لیکترازان دەبنەوە.

چێژ لە کانێ بچووکێ.
کانێ بچووکێ هەرچەند ڕۆمانێکی قەبارە ئەستوور و ئێکس مینیمالیزمە، بەڵام بە هۆی زمان و گێڕانەوە و خۆماڵیی ڕووداوەکان و بەستنەوە و گرێدانی ڕووداوە لاوەکییەکان بە ڕوودوای سەرەکی خوێنەر ماندووناکات و ڕۆمانەکە زۆر بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە دەدات و کۆمەڵێک گڕیی گێرانەوە درووست دەکات و دواتر گرێکان دەکاتەوە. ڕۆماننووس ڕووداوە تراژییدییەکان زۆر بەوردی دەخاتە ڕوو، بە سانایی وا لەخوێنەر دەکات بچێتە ناو و وردەکاری ڕووداوەکان و خۆی تێداببینێتەوە و گەمەیەکی جوانی دەروونی دەکات، وا لە خوێنەر دەکات بەدەم ڕۆمانەکەوە لەپاڵ گریان و ئازاری کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکەوە خوێنەر بە کۆڵ بخاتە گریان، ئەمەش لێزانیی و زانایی ڕۆماننووسمان نیشان دەدات.

تەکنیک و گێڕانەوە لە کانێ بچووکێ.
تەکنیکی گیڕانەوەی ڕووداوەکانی ڕۆمانی کانێ بچووکێ، تەکنیک و شێوە و شێواز و بونیادی گێڕانەوەی کانێ بچوکێ بۆ ڕۆمانە ڕیالستییەکان دەگەڕێتەوە، کە ڕۆماننووس هەوڵی داوە لە دەستپێکی ڕۆمانەکەیدا لە سەردەمی نوێی گەشاوەوە بە ناوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەست پێ دەکات و دواتر لە بەشی دواتر بۆ سەردەمی منداڵی گەشاو و ژیانی سادەی شاری سلێمانی دەگەڕێتەوە، بەم جۆرە تاکۆتایی ڕۆمانەکە بەش دوای بەش لەنێوان هەردوو سەردەم ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و هەندێ جاریش زەمەنی سێیەمیش دەگێڕێتەوە، کە زەمەنێکی کورتی گۆڕانکارییە لە ژیانی گەشاو. کانێ بچووکێ ڕۆمانێکى فرەدەنگە، لە هەڕووداوێکى سەرەکى پەنا بۆ گێڕانەوەى ڕووداوێکى دیکە دەبات، بەڵام گێڕانەوەى لە فرەدەنگیدا کورتە و خوێنەر تێرناکات، بۆیە باشتر وابوو ڕۆمانەکە یەک دەنگ بووایە، یان فرە دەنگى تەواو. هەرچەندە جوان هەوڵی داوە لە ڕێگەی فلاشباگەوە گەمەیەکی جوانی گێڕانەوە بکات، بەڵام دەتوانین بڵێن ڕۆمانی کانێ بچووکێ وەک ڕۆمانی ژانی گەلی ئیبراهیم ئەحمەد و شاری حسێن عارف و ئەم ستایلەی ڕۆماننووسانەی پەیڕەوکردووە کە لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان ڕۆمانی باویی کوردی پەیڕەویان کردووە.

دەتسپێکێکی باش و کۆتاییەکی خراپ.
بەم دوای دواییە پێداچوونەوەم بۆ دە ڕۆمانی گەنجانی کورد کردووە، سەرجەمیان سەرەتاییەکی باشیان دەست پێ کردووە و بەڵام نەیان زانییووە چۆن کۆتایی بە ڕۆمانەکەیان بێنن. چونکە لەسەرەتا بە گەرموگووڕییەوە دەست بە نووسینی ڕۆمان دەکەن و دواتر ماندوو و شەکەتیان پێوە دیار دەبێت. دەستیان بەسەر رووداوەکانی ناو ڕۆمانە ناشکێت، بۆ کۆتایی هێنان بە ڕۆمانەکە، دەکەونە هەڵەوە. دەتوانم بڵێم گرنگی کۆتایی ڕۆمان هیچى لە دەستپێکەکەی کەمتر نییە. جوان عوسمانیش بەهەمان شێوەیە، هەرچەندە کانێ بچووکێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەست پێ دەکات واتە زەمەنی دواوەی ڕۆمانەکەیە، وەلێ بە ئەو ندازەیە پەڕەگرافی یەکەمی هەڵنەبژاردووە کە سەرنجڕاکێشترینی بە شی نێو ڕۆمانەکەی بێت، کە پێویست بوو وابێت. وەلێ دەشێ دەستپێکی خراپ نەبێت. بەڵام کۆتاییەکەی خراپە، دەتوانین بڵێین ڕۆماننوووس بەدەستی خۆی خراپی کردووە، ئەویش بە زیادکردنی بەشێک لە کۆتاییدا، کە هیچ پەیوەندیی بە ڕۆمانەکەوە نییە و بە زیادەوە خراوەتە نێو ئەو ڕۆمانە، ئەمیش بەشی (مانەوە بۆ خۆڕاگیرتیرینە) زۆر زیادە و بێ مەفاییە، لە هێزی کۆتایی ڕۆمانەکەی کوشتووە.

کارکتەرسازیی کانێ بچووکێ.
کارەکتەرە سەرەکییەکانى ناو ڕۆمانى کانێ بچووکێ لە چوار کارکتەرى سەرەکى پێکهاتووە و کە هەرچواریان دەستەخوشکن ئەویش نیکاڵ و دڵخواز و لاڤە و گەشاوى پاڵەوانى سەرەکین، لە ژیانى منداڵى هەرزەییەوە تا تەمەنى پێگەیشتوویى لەگەڵ ڕووداوەکان ڕێ دەکەن. هەروەها لە چەندین کارەکتەرى لاوەکى پێکهاتوون، کە زۆربەیان لە ڕەگەزى مێینەن و کارەکتەرە پیاوەکانیش هەر لە دەورى کارکتەرانى مێینە دەسووڕێنەوە.
هەرچەندە هەندێکجار ڤەگێر زاڵ دەبێت بە سەر گێڕانەوەدا، بە تایبەتى لەسەر زمانى پاڵەوانى سەرەکى گەشاودا، وەک هەموو شتزان دەردەکەوێت. ئەویش زانینى خودى ڕۆماننووسە نەک کارکتەرى ناو ڕۆمانەکە.
دەتوانین بڵێم باشترینى بەشى نێو ڕۆمانەکە هەڵبژاردنى کارکتەرەکانى ناو ڕۆمانەکەن، کە بە زمانى خۆیان دەدوێن و تا ئەندازەیەکى زۆر لە ڕۆڵ بەخشین بە کارکتەرەکانى ناو ڕۆمانەکە ڕۆماننووس سەرکەوتووبووە.

زەمەن لە کانێ بچووکێ.
ڕۆمانى کانێ بچووکێ باسى سێ زەمەنى جیاوازى شارى سلێمانى دەکات. کە بەم جۆرە خاڵبەندى بۆ دەکرێت.
1- لە ساڵانى 2004 تا 2020 واتە لەسەردەمى گەورەبوونى گەشاودا. ڕووداوەکانى ئاشکرابوونى بازرگانى ماددەى هۆشبەر و و کۆمەڵێک ڕووداوى دیکە ڕوودەدەن.
2- ساڵانى 1991- 2003 بە شەپۆڵەکانى هەستى و گەڕانەوە بۆ کۆڵانەکانى منداڵى زەمەنى ڕابردووى گەشاو و بە زۆر بە شودان و و ڕووکردنە ژیانى گوند.
3- ساڵان 1980 – 1990 ئەمەش بەشێوەى گێڕانەوەى لاوەکى بۆ ڕووداوە گشتییەکان، لەسەر زارى کارکتەرانى ڤەگێڕى هەموو شتزان و ئاریشەکانى کۆمەڵگەى کوردى وەک ئەنفال و وێڕانکردنى گوندەکانى کوردستان لەسەر دەستى ڕژێمى بەعسى عێراقى خراوەتە ڕوو.
واتە کۆى ڕووداوەکانى ناو ڕۆمانەکە بۆ نزیکەى چل ساڵى نێو ڕۆمانەکە دەگەڕیتەوە.

شوێن لە کانێ بچووکێ.
شوێنەکانى کانێ بچووکێ کەمترین کارى لەسەر کراوە دەبووایە لە ئاستى قەبارەى ڕۆمانەکەدا شوێنێش وەک ئامانج و مەبەست کارى زۆرترى لەسەر کرابووایە. سەرجەم ڕووداوەکان لە ناوەندى شارى سلێمانى و لە گوندێک ڕوودەدن. جگە لە هێنانى ناوى شوێن وەک ڕووداوى نادیار چوونى ساماڵ بۆ هەندەران و کامیل قادر لە شارى بەغدا کە ڕۆۆمانووس لەسەریان نەوەستاوە. هەرچەندە جوان لە نیشاندانى دیمەنەکانى گوند زۆر سەرکەتووبووە، چەندین وێناکردن و دیمەنى جوانى نیشانداوە، بەڵام دیمەنەکانى شوێن لە شارى سلێمانى لاوازن. بۆیە دەکرێ بڵێین شوێن لەم ڕۆمانە بێ هێزە.

فکر لە کانێ بچووکێ
فکر لە ڕۆمانى کانێ بچووکێ کارى لەسەر کراوە و چەندین چەمک و دەستەواژەى فکرى کارى بۆ کراوە و بەتایبەتى شەڕى زانین و نەزانین. وەک چەمکەکانى ماف و ئازادیی، پێشکەوتن، ئایین. ڕۆماننووس لەسەریان وەستاوە و جارێکى دیکە یوتوبیاکەى ئەفڵاتوونى لە وێنەى گوندێک: مەزاراندۆتەوە و لالە سەرداریشى وەک منى باڵایى نیچە لە بەرگێکى باوک سالاریى مەزراندۆتەوە. بۆیە بە ڕوانگەى فکیر و هزریشەوە، تا ئەندازەیک ڕۆماننووس مەبەست و ئاماژەکانى لەگەڵ ڕووداوەکان ڕێکخستووە.

هەڵەکانی کانێ بچووکێ
هیچ ڕۆمانێک بێ هەڵە و کێماسى نییە و بەهەمان شێوە ڕۆمانى کانێ بچووکێ لە هەڵە و کەموکوڕى بەدەرنییە، هەرچەندە هەندێک هەڵەى زەق هەن و دەبێت ڕۆماننووس زۆر ئاگادار بێت و تێى نەکەوێت، هەندێک هەڵەى بچووکیش زۆرجار بەسەر ڕۆماننووس و دەقدا تێدەپەرێت. بۆنموونە لە بەشى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لاپەڕە (9) ڕۆمانى کانێ بچووکێ وەک کتێبێکى یادەوەرى گەشاو لە کوردستان دەنووسرێتەوە، ساماڵ کە دەکاتە براى ئومێدى مێردى گەشاوى نووسەرى کتێبى کانێ بچووکێ، لە وڵاتێکى ڕۆژئاوایى، لە پڕێکدا کتێبەکە لە دەستى هاونشینێکى میتڕۆکە وەردەگرێت. کۆمەلێک پرسیار دروست دەبێت، ئایە ئەم کتێبە بۆ گەیشە ئەوێ و چۆن رێکەوت کە کوردێک هاونیشنى میترۆکە بێت و ساماڵ بەهۆى ئەو کتێبى براژنەکەى خۆى ببینێت. لە کاتێکدا ڕۆماننووس تەنیا ئەم دیمەنەى لەناو ڕۆمانەکەیدا دروستکردووە و وەک ئەوەى دیمەنەکەى بیرچووبێتەوە، لە هیچ شوێنێکى ڕۆمانەکە و بە هیچ جۆرێک ناگەڕێتەوە سەرى و وەک گرێیەکى نەکراوە دەمێنێتەوە. لە لاپەڕە (144) لە بەشى چیرۆکى ژوورە نادیارەکە. کاتێک فەگێڕى گشتى ڕۆمانەکە گەشاوى پاڵەوانى سەرەکییە و بە جێناوى کەسى سێیەمى تاک چیڕۆکخوانى ڕووداوى نیلۆفەرە و ڕاستەخۆ دەچێتە ناو حیواڕى نیلۆفەر و دەنووسێت (نیلۆفەر دەستى پێکرد: تا ئەو دەمەى کە مامى نیلۆفەر لە قوماردا دەدۆڕێنى گێڕاومەتەوە.) کەواتە بەپێى ئەوەى نیلۆفەر دەستى پێکرد: کەواتە پێویست بوو نیلۆفەر بە کەسى یەکەمى تاک قسە بکات، کەچى گەشاوە و بە کەسى سێیەمى تاک قسە دەکات. هەر لەهەمان بەش و لە لاپەڕە (148) لە گێڕانەوەى بازرگانانى ماددەى هۆشبەر، کۆمەلێک کچ و ژن لە ژێر زەمین بۆ ئامادەکردنى ماددەى هۆشبەر بەکاردێنن، نیلۆفەر لاچاوى سووتاوە و ناچى جەستە و ڕووخسارى سووتاو و شێواوە و میهناز جەستە و ڕووخسارى پەڵەپەڵە و گروێ بووە. زەهرا فرمێسکى خوێن، لە چاوى دێت. هەرچەندە مەبەستى ڕۆماننووس ئەوەیە کە ئەوەیە بازرگانانى ماددە هۆشبەرەکان، ژن و کچە جوانەکان بۆ لەشفرۆشى بەکاردێنن و ناشیرینەکانیش بۆ ئامادەکردنى ماددەکە، واتە بە هۆى ناشیرینى ڕووخساریانەوە بەلایاندا ناچن. وەلێ بە بۆچوونى من مەرج نییە، ناشیرینەکان دەستدرێژیان نەکرێـتەسەر و بازرگانیان پێوەنەکرێت، کە خۆشى لە پێشدا ئەم دۆخەى پێگوتووین، کە ئەمانیش هەمان دەردى جوانەکانیان هەبووە. بۆیە ئەم هەموو وەسفە لێکچوو و هاوبەشانەى کارکەتەرەکان، هەم لە چێژى گێرانەوە و هەمیش لە ڕێکەوت، نیشاندانى کاریگەرى نەرێنى بۆ سەر ڕۆمانەکە هەیە. هەروەها لە لاپەڕە (162) لە بەشى (شەهیدێک بۆ گوند گەڕایەوە) دەربارەى خۆشەویستى نێوان نەزیرە و ئومێد، کە ڤەگێڕ ئاوڕەنگى خوشکى ئومێدە، چیرۆکى خۆشەویستییەکەیان بۆ گەشاو دەگێڕێتەوە و لۆمەى دایک و باوکى دەکات کە نەیان هێشتووە ئومێد و نەزیرە بەیەک بگەن. ئینجا گەشاو دەبێتە ڤەگێڕى خۆدواندن و دەڵێت: (بەڵام با واشبێت ئەى بۆچى هێشتیان خۆشى بووێت). لێرە ڕۆماننووس تێدەکەوێـت، وەک ئەوە نەزانێت خۆشەویستى پرۆسەیەکى تاکەکەسییە و کەس ناتوانێت بچێتە ناخى کەسێکى دیکە و دەستکارى خۆشوویستن و خۆشنەویستن بکات. جاگەر دایک و باوکیش بن، ناتوانن دەستکارى ناوەوەى مرۆڤێک بکەن ئەگەر ڕۆڵەکەشیان بێت. بەهیچ جۆرێک ئەمە نابێتە بڕیارى گشتى بەڵکو خۆشەویستى لە ناخى خودى کەسى دایە، هەر خۆشى ئومێد دەتوانێت نەزیرەى خۆشبووێت یان نا. لە هەمان بەش و لاپەڕە (169) گەشاو دەڵێت (خەون بینین و بیرکردنەوە لە ڕابردوو قەناسێکم بەرامبەر دەروونى خۆم دانابوو، ڕۆژانە گوللەبارانى دەروونم دەکرد). لێرەش ڕۆماننووس وردبین نەبووە، کە قەناس بۆ نیشانەگرتنە و گوللە بە تاک دەتەقێنێـت، دەبووایە بنووسێت دۆشکە یان ڕەشاش و ئەو چەکانەى لەسەریەک دەتەقن. چونکە گوللەباران ئاماژەیە بۆ گوللەى زۆر و لەسەر یەک وەک باران، نەوەک تاک تاک و هەرنەبا، دەیتوانیت بنووسێت قەناسێکم بەرامبەر دەروونى خۆم دانابوو، ڕۆژانە تەقەم لە دەروونم دەکرد، بەمەش گرفتەکەى چارەسەر دەکرد. لە بەشى چیرۆکەکانى ناو زیندان و لاپەرە (206) کاتێ گەشاو و لافە سەردانى زیندانیانى چاکسازى ژنانى سلێمانى دەکەن چاوپێکەوتن لەگەڵ کچێکى ڕەش ئەسمەر دەکەن، ڕێک حیواڕى ئەم کچە بە تەواوى زمانى ڕۆمانەکە هەڵدەگێڕیتەوە کە ڕۆمانەکە ڕۆمانێکى ڕیالستییە و لە دەرخستنى بابەتە سێکسى و زایندەکان زمانێکى شەرمنانە و ڕەوشتى باڵای هەیە، کەچى ڤەگێڕ لە ڕێگەى حیواڕى ئەم کچە بە یەک دوو ڕستەى زۆر ئیرۆتیکانە بەتەواوى دەبێتە سوریالیى و دەنووسێت (ئەم پارچە قوزە بۆمان بوو بە بەڵا….. دەمگوت خوایە گوناهت ناگات کێرت داوە بەو و قوزیش بە من). هەرچەندە ڕۆماننووس ویستوویەتى بچێتە قاڵبى کچێکى شەلاتى، وەلێ بەپێى پێوەرى گشتى زمانى گێڕانەوەى ڕۆمانەکە خوێنەر دەخاتە بەر هێدمەیەک بڵێیت ئەوە ئەم ڕۆمانەنییە، نەدەبووایە بەم جۆرە تەنیا ڕستەیەکى سوریالى بخاتە نێو گێڕانەوە، کە پێچەوانەى تەواوى زمانى فەگێڕە لە گێڕانەوەدا. لەبەشى بەڕێکردنى زستاندا لە لاپەڕە (217) کاتێک گەشاو و سەیوانى کەڕولاڵ بە ئاماژە قسە دەکەن، کەچى لە ناکاو ڕۆماننووس بیری دەچێتەوە کە سەیوان کەڕ و لاڵە ڕووداوێکى نێوان خۆیى و ئومێدى مێردى گەشاو بۆ گەشاو دەگێڕێتەوە. پاشان لەبرى ئەوەى ئومێد بۆ گەشاو زمانى ئاماژە وەرگێڕێتە سەر زمانى گوتن یەکسەر دەڵێت: (دواتر سەیوان خۆى بۆى وەرگێڕام). لە کاتێک گێڕەوە سەیوان هەر خۆیەتى و کەڕولاڵە, لێرە دەبووایە ئومێد هەڵبستێت بە کارى وەرگێڕانەکە نەک سەیوان. لە هەمان بەش و لە لاپەڕە (226) باسى شنۆ و دادە نەسرین دەکات کە دوو ژنى گوندبوون، دەڵێت لەوە تێگەیشتم کە (شنۆ و هەم دادە نەسرین هەرگیز لە ئاژەلە وردەکانى وەک مشک، جرج، مار، نەدەترسان). دواتر ئەم نەترسانەیان بۆ ئەوە دەگێڕیتەوە کە ترسى گەورەتریان لە مرۆڤ بینیووە. بۆیە لە لاپەڕە (217) دەنووسێت (چون ئەوان شتى زۆر ترسناکتریان لە ژیان ئەزموونکردبوو) بە هیچ جۆرێک ترسان لە مشک و مار و جوورج پەیوەست نییە بە ترسى دیکەوە. تەنیا پەیوەندى بە ئەزموونى خودى شتکە خۆیەوە هەیە، ئەمە فیسۆلۆژیا و سایکۆلۆژیاى مێینەیە کە ڕێژەى ترسى زۆرترە لە مشک و ئەڕبابەکانى، بۆیە ئەمە بەڵگەیەکى نالۆژییکییە، ژن هەیە ڕەنگە بوێرى و چاونەترسى لە پیاو زیاتربێت، کەچى هەر لەم بونەوەرانەش دەترسێت. لە بەشى پرسەى باوکم لاپەڕە (270) کاتێک گەشاو دەچێتە سەردانى باوکى کە لە نەخۆشخانەیە و بێ هۆشە، بۆ جارى دووم دەیەوێت بچێتەوە سەردانى، لە دەرگەى نەخۆشخانە پۆلیسەکە ڕێگەى چوونە ژوورەوەى پێنادات و دەنووسێت (خۆم داماو کرد و بە درۆوە گوتم: بە خوا باوکم زۆر هیلاکە. ئەچم سەردانى دەکەم…) جانازانم بۆچى ئەم درۆیەى بۆ زیادکردووە، لە کاتێکدا هەر بەڕاستى باوکى نەخۆشە و لە نەخۆشخانەکەیە. لە بەشى ئاهەنگە تایبەتەکە و لە لاپەڕە (286-287) سەیوان شوانى گوندە و گەشاو ژنێکى بە مێردە، لەسەر کانى سەیوان کە شوانى گوندەکەیە، کوڕێکى گەنجى سەڵتە بۆ دڵنەوایى گەشاو دەچێت دەستى بەسەردا دەهێنێت. خۆى دەکات بە باوکى شەڤویی گەشاو، لە کاتێکدا لە تەمندا جیاوازییەکى ئەوتۆیان نییە. ئەمە لەگەڵ عورفى کۆمەڵایەتى و دابوونەریتى گوندێکى دواکەوتووى نەتەوەکانى سەدەى ڕابردووى کوردستان ناگونجێت، لانى کەم ئەم دۆخە بێ لێکەوتە و کاردانەوەى توندوتیژى تێپەڕنابێت. لە هەمان بەش و لاپەڕە (293) گەشاو لە وەسفکردنى سەیوان بۆ نەزیرە کە خەڵک وەک شێت ناساندوویانە، گەشاو دەڵێت: (نەزیرە سوێند بەهەرچى پیرۆزییە ئەو لە زۆر لە پیاوانى گوند و شار و ئەم نەتەوەیە عاقڵترە) لێرە ڕۆماننووس زێدەڕۆریی دەکات کە بە چ بەڵگەیەک چۆن و بە چ پێوەرێک سەیوانى کەڕولاڵ کە بە شێت ناوى ڕۆیشتووە، لە هەموو پیاوانى یەک نەتەوە عاقڵترە!!
لە بەشى شەڕە یەک بە دواى یەکەکان لە لاپەڕە (330) گەشاو بەهۆى شەڕى ناخۆیی و ئەو نەهامەتییەى تووشى کورد هاتووە، دەڵێ تاکى کوردى ڕقى لە دایک و باوکى و لە خۆشەویستانى دەبێتەوە، بۆیە دەنووسێت (تەنانەت لە تۆش خوایە ڕقیان لە تۆ و پێغەمبەرەکەش دەبێتەوە) ئەمەیان هەرگیز ڕاست نییە و پێچەوانى کۆمەڵگەى کوردى مسوڵمانە کە بە هیچ جۆرێک نە ڕقیان لە خودایە و نە پێغەمبەرەکشى، بەڵکوو لە بینینى ناخۆشیدا خەڵک زۆرتر ڕوو لە خودا و نزاوپاڕانەوە دەکەن. لەبەشى سیما دەبێتە مامۆستا لە لا (330) سیما کچێکى تەمەن (13) ساڵانە و نەخۆشى شێرپەنجەى هەیە و خەونى بوونە مامۆستاى هەیە، گەشا و لاڤە ئەم خەونەى بۆ دێنەدى لە کۆمپانیایەکى خوڵ و وانە وتنەوە دەیکەن بە مامۆستاى وانەبێژ. بەڵام سەیرەکە لەوەدایە سیما نەوک تەنیا وەک مامۆستایەک قسە دەکات، بەڵکوو وەک پرۆفیسۆرێک دەردەکەوێت، تەنانەت ڕەخنە لە سیستەمى وانەگوتنەوە و شێوە مامۆستایەتى دەگرێت، بۆیە دەنووسێت (سیما پێى گوتم مامۆستایەتى هێندەى هونەرییە هێندە پیشەى نییە) بەمەش زیاد لە پێویست زیرەکى دەخاتە پاڵ سیما کە هەرگیز بۆ کچێکى (13) ساڵان بە تایبەتى لە کۆمەڵگەى کوردى ڕاست نییە. لەبەشى خۆشەویستى لە دەرگام دەدات لە ڵا (417) ڕۆماننووس ڕەخنە لەوە دەگرێت کە نابێت ژن و مێرد لاى مەلا مارە ببڕدرێن، بەڵکوو تەنیا دەبێـت لە دادگا بێت، بە بیانووى ئەوەى کە ئەگەر تەنیا لاى مەلا مارەبڕکران، مارەییان ناکەوێت، بۆیە دەنووسێت (گەشاو ئەوە شتێکى زۆر خەتەرە جا کە لێکیش جودابوونەوە هیچ مارەیەکت ناکەوێت) لێرە ڕۆماننووس بێ ئاگایە لە یاساى بارى کەسى عێراقى کە مەرج نییە، تەنیا مارەکردن لە دادگا کرابێت، ئینجا هەقى مارەیی و مافەکان بکەوێت. بەڵکوو بە دوو شایەد گرێبەستى هاوسەرگیرییەکە دەسەلمێنێت و مادەى (10 برگەى 5) لە یاساى بارى کەسى لەسەر پیاوەکە دەکرێتەوە، جگە لە ماف و یەکلاکردنەوەى هاوسەرگیرییەکە سزاى یاسایى پیاوەکە وەک بکەر دەدرێت.
ئەمانە هەڵەى زەقەکانى کانێ بچووکێ بوون کە خستوومەتە ڕوو، جگەلەوەى ڕۆماننووس بە هیچ چەشنێک خۆى لە بەکاهێنانى وشەى عەرەبى نەپاراستووە تەنانەت لە ڕووى ڕێنووسیشەوە هەر بەزمانى عەرەبى کۆمەڵێک وشە دەنووسێت وەک اصلاح. بۆ کەچەڵ و اختصاص بۆ تایبەتەمەندییەتى و مطبخ بۆ ناندین و چێشخانە. لە چەندین شوێن دووبارە دەبنەوە.

گۆشەنیگا
گۆشەنیگا لە ڕۆمانى کانێ بچووکێ چەندین گۆشە نیگاى جودا جودا دەبیندرێن، کە ڕۆماننووس لە گێڕانەوەى هەر ڕووداوێک لە پاڵ گۆشەنیگاى مەبەستى سەرەکى ڕۆماننووس چەندین گۆشە نیگاى لابەلا دەخاتە ڕوو، بەمەش کانێ بچووکێ لە گۆشەنیگاى گشتى و تایبەتی دەوڵەمەندە. نووسەر بە ئاگاییەوە کارى لەسەر کردووە.

پەیام
پەیامى ڕۆمانى کانێ بچووکێ نیشاندانى دواکەوتوویى کۆمەڵگەى کوردى و کارکردن بۆ ێیشخستنى کۆمەڵگە و بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارییە.

ئەنجام
لە کۆتایى بابەتەکەمان بەوە گەیشتن کە ڕۆمانى کانێ بچووکێ بە هەناسەیەکى ژنانە و دید و بۆچوونى ژنانە نووسراوە و زۆربەى ڕووداوەکانى ناو ڕۆمانەکە هەر بە ئاست و تێگەیشتن و ڕوئیای ژنانەوە دەڕوانێتە چارەسەرى کێشە و گرفت و مەینەتییەکانى کۆمەلگە. ژن زۆرتر ڕۆڵى فریادڕەس دەگێڕێت و پیاوان لاوازتر ئەم دەورەیان پێداراوە و زیاتر پیاوان کراونەتە ئامانج و بەشى سەرەکى گرفت و ئاریشەکانى کۆمەڵگەى کوردییان بەرکەوتووە.

دڵشاد کاوانی نووسەر و ڕەخنەگر

سەرچاوە:
ڕۆمانى کانێ بچووکێ. جوان عوسمان حمە امین. چاپى 2023. چاپخانەى پاندا. سلێمانى.




گفتوگۆ لەگەڵ نووسەری بواری منداڵان (ئەمین محمەد).. ئامادەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس

نووسەر ئەمین محەمەد: ئەدەبی منداڵان لە دوای ڕاپەڕینەوە لە كوردستان گرنگییەكی زیاتری پێدەدەرێت و كۆمەڵێك نوسەرو شاعیری خەمخۆر و دڵسۆز خزمەت بەو بوارە دەكەن
نووسەری بواری منداڵان ئەمین محەمەد: خوێندنەوەی چیرۆك وهۆنراوە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەرهەست و دەرونی منداڵ هەیە
نووسەر ئەمین محەمەد: ئەدەبی منداڵان ژانرێكی تەواو جیاوازو سەربەخۆیەو مەرج وبنەماو یاساوڕێسای تایبەت بەخۆی هەیە
نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان حەمەئەمین محەمەد ئیسماعیل ناسراوبە (ئەمین محەمەد )لەساڵی 1962 لەسلێمانی لەدایك بووە،لەسەرەتای هەشتاكانەوە دەستی بەشیعرنوسین كردوە،یەكەم شیعرم لەساڵی 1986 لە گۆڤاری كاروان بڵاوكردوەتەوە،بەشداری زۆربەی كۆڕەشیعرییەكانی ساڵی هەشتاكانی كردوە لەسلێمانی وهەولێرو قەڵادزێ و هەڵەبجە.(ئەمین محەمەد)،یەكەم كتێبی شیعریم بەناوی (هەڵوێست )لەساڵی 1991 چاپكردوە، كە بریتییە لە شیعری بەرگریی لەساڵی 1991 دەبێتە بە ئەندامی یەكێتیی نووسەرانی كورد-لقی سلێمانی. لەساڵی 2008 ڕووی كردوەتە بواری ئەدەبی منداڵان، شیعرو چیرۆك و ڕۆمان بۆمنداڵان دەنووسێت.هەروەها لەبواری ڕەخنەدا كاری كردوەو دوو بابەتی لەو بوارەدا بە چاپگەیاندوە كە هەر یەكەیەن لە كتێبێكدا لەگەڵ كۆمەڵێك نوسەری تری بوارەكە. تائێستا زیاتر لەسەد شیعری لەتیڤییەكاندا لەلایەن هونەرمەندانەوە ئاوازیان بۆ دانراوەوكراون بەگۆرانی.ئێستا ئەندامی دەستەی نووسەرانی هەردوو گۆڤاری كورد جینیەسی تایبەت بەمنداڵان و كوردجینیەسی پەروەردەو ڕۆشنبیرییە.. شیعرێكی بەناوی( ژینگەی كوردستان) لە پڕۆگرامی خوێندن لە پۆلی سێیەمی بنەڕەتییدا دانراوە لەنزیكەوە ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵ دا كردوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا باسی سەردەمی منداڵیی خۆت بۆخوێنەرانمان بكە چی وای لەتۆكرد، ڕوبكەیتە نووسین لەبواری منداڵان؟

  • من بەمنداڵیی كەسێكی شەرمنی خەیاڵاوی بووم ،هەمیشە لەگەڵ خۆمدا دەدوام،زۆرجار بەخەیاڵ لەسەربەرزایی گۆیژەوە بازم دەدا بۆسەرشاخی بەرانان و گڵەزەردە، هەندێ جار دوای مانگ دەكەوتم وبەژێر پەڵەهەورەكاندا ،ڕامدەكرد،هەندێ جار كەهاوینان لەسەربان دەخەوتم یەك یەك ئەستێرەكانم دەژمارد تاخەودەیبردمەوه.
    لەبارەی نووسینەوە ،سەرەتا شیعرم بۆگەورەساڵ دەنووسی ،شیعرەكانم بەرەنگاری بوون ،لەساڵی هەشتاكان لەكۆڕەشیعرییەكان بەشداریم دەكرد لەگۆڤارو ڕۆژنامەكانی ئەوئەوسادا بڵاوم دەكردنەوە،لەساڵی 1991 لەدووتوێی كتێبێكدا بەناوی (هەڵوێست )چاپمكرد.دواتر بەهۆی خۆشەویستیی زۆرم بۆمنداڵ و هەستكردنم بەكەمو كووڕی زۆر و كەمی دەقی پێویست بەمنداڵ ڕووم كردەئەوبوارەو دەستم كرد بەشیعرنووسین بۆ منداڵ وپاشان چیرۆك نووسین و وەرگێڕان لەبواری چیرۆك و لەم ساڵانەی دوایدا نووسینی دوو ڕۆمانی تایبەت بەمێرمنداڵ.
  • *كەی دەنووسیت كاتێكی دیاریكراوت هەیە بۆنووسین؟
  • من هیچ كاتێكی دیاری كراوم نییە بۆنووسین،زۆرجار بەدەم ڕێگاوە، یان له ‌ناوپاسدا،هەندێ جار لەكۆڕوكۆبوولنەودا ،هەندێ جار كه ‌شەوخەبەرم دەبێتەوە،شتێك دێت بەخەیاڵمدا و دەست دەكەم بەنووسین، هەمیشە قەڵەم وكاغەزم پێیە.بەڵام بۆ نووسینی لێكۆڵینەوەو وەرگێڕان كاتی بۆدیاری دەكەم.چوونكە كاتی دیاری كراوی پێویستە.
  • *چۆن ڕێنمایی پێشكەش بەمنداڵ بكەین بۆئەوەی بخوێنێتەوە،بەتایبەتی لەم سەردەمی تەكنەلۆژیاو زۆری كەناڵە تەلەفزیۆنییەكاندا؟
  • ڕێنمایی وئاراستەكردنی منداڵ بۆئەوەی خوێندنەوە بكات بەبەشێك لەژیانی ڕۆژانەی خۆی پێویستمان بەوەیە بەشێوەیەكی گشتیی وفراوان هەمەلایەنە دەست بكەین بە بەكەلتووركردنی خوێندنەوە لای تاك بەتاكی كۆمەڵگە،دەبێت هەوڵبدەین كتێب وگۆڤار بەردەستبن ،بۆمنداڵ لەماڵ وقوتابخانەكاندا ،مامۆستاو خێزان و نووسەرانی بواری پەروەردەو ئەدەبی منداڵان باسی گرنگی خوێندنەوە بۆمنداڵ بكەن، بەپێی قۆناغەكانی تەمەنی كتێب و گۆڤاریان بۆفەراهەم بكەن، باشتروایە دایك وباوك بزان منداڵەكانیان حەزیان لەچ بوارێكە ،بۆئەوەی لەوبوارەدا كتێب و گۆڤاری بۆدابین بكەن، باشتروایە كاتێك بۆمنداڵ دیاری بكرێت بۆخوێندنەوە،هەروەها كات دابنرێت بۆ یاری و سەیركردنی تەلەفزیۆن و مۆبایل و یارییەئەلەكترۆنییەكان. واتا بەپێی بەرنامە یاری بكات، وەبخوێننەوە.

    *ئەدەبی منداڵان لەگەڵ ئەدەبی گەورەساڵان جیاوازی هەیە؟ زەحمەتی نووسین لەبواری منداڵان لەچیدایە؟

  • ئەدەبی منداڵان ژانرێكی تەواو جیاوازو سەربەخۆیەو مەرج وبنەماو یاساوڕێسای تایبەت بەخۆی هەیە، بەپێچەوانەی ئەدەبی گەورەساڵانەوە ،زۆرگرنگ وهەستیارە هەمووكەس پێی ناوێرێ و كاركردن وسەركەوتن تێیدا زەحمەتە، چوونكە پێویستە نووسەر شارەزایی تەواوی لە لایەنی دەرونیی وپەروەردەیی و بنەماكانی ئەدەبی منداڵدا هەبێت، دەبێت مەرجەكانی شیعروچیرۆك و ئۆپەرێت و ڕۆمان بزانێت وبەباشی لێیان تێگەیشتبێت و توانای ئاراستەكردنی منداڵی هەبێت بەشێوەیەكی ڕوون و دروست.

    *بنەماسەرەكییەكانی هۆنراوە نووسین لەبواری منداڵاندا چین؟

  • شیعری تایبەت بەمنداڵ چەندین مەرج وبنەمای تایبەت بەخۆی هەیە، وەك سادەیی،یەكێتی بابەت، بڕگەی كورت، كەمی دێڕەكانی، بونی قافیەی نوێ و بەهێزو ئاوازدار، وشەكانی سەربەفەرهەنگی منداڵبن، ناوەركی پەروەردەیی بێت،پەیامی تێدابێت، وشەی نەشیاوی تێدانەبێت ،دووربێت لەوشەی سواو و دووبارە ،ڕەچاوكردنی لایەنی سایكۆلۆژی و بواری پەروەردەی هاوچەرچ و چەندان مەرجی تر.

    *تاچەند بوونی كتێبخانە لەماڵ وقوتابخانەدا بەگرنگ دەزانیت بۆمنداڵان؟

  • بوونی كتێبخانە لەماڵ و قوتابخانە وهەندێ شوێنی گشتیی و هەندێ جاركتێبخانەی گەڕۆك زۆر گرنگ وپێویستن بۆ خوێنەران بەگشتیی ومنداڵان بەتایبەتی، دەبێت هەوڵبدرێت خوێندنەوە بكرێت بەكەلتوور لای منداڵ ،زۆرگرنگە وا لەمنداڵ بكرێت هۆگرو ئالوودەی كتێب ببێت و چێژی لێوەربگرن، ئەگەرلەهەموو ماڵ وقوتابخانەكاندا كتێبخانەهەبێت كتێب وگۆڤاری تایبەت بەمنداڵی تێدابێت بەدڵنیایی زۆربەی زۆری منداڵان دەبن بەخوێنەرو سوودی لێدەبینن،ئەگەردایك وباوك ومامۆستا ونووسەرانی تایبەت بەمنداڵان هانی منداڵ بدەن وئاراستەیان بكەن سوودی زۆردەبێت،ئەوەئەركی سەرجەم دەزگا ڕۆشنبیرییەكانیشە گرنگی بەكتێب وكتێبخانەبدەن.

    *تاچەند خوێندنەوەی چیرۆك وهۆنراوە بۆمنداڵ پێش خەوتن بەگرنگ دەزانیت؟

  • خوێندنەوەی چیرۆك وهۆنراوە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەرهەست و دەروونی منداڵ هەیە ولەزۆر ڕووەوە ئارامییان پێدەبەخشێت،بەتایبەت پێش خەوتن ،ئەگەر دایك وباوك بەردەوام منداڵەكانیان بەخوێندنەوەی چیرۆك وهۆنراوە بخەوێنن ،ئەوەكارێكی زۆرباش وگرنگ وشارستانی وپەروەردەییە ولە دواڕۆژدا كاریگەری ئەرێنی لەسەرژیانی منداڵ دەبێت.

    *بڵاوبوونەوەی یارییەئاگرینییەكانی منداڵان، لەبازاڕەكاندا بەنرخێكی هەرزان پێت وانییە هۆكارێك بێت بۆ تووندوتیژیی؟

  • یارییەئاگرینییەكان دیاردەیەكی نامۆی ناپەروەردەیی وناشارستانییە، بەتایبەت لەهەندێ بۆنەدا بەڕێژەیەكی بەرچاو دەفرۆشرێت لەلایەن منداڵانەوە بەكاردەهێنرێت ،بەدڵنیاییەوە ئەوەش زیان بەخۆیان وبەهێمنی و ئارامیی گەڕەك وكۆڵانەكەیان دەگەیەنێت ،دەشبێتە هۆی بێزاری خەڵكی ،بۆیە باشتروایە دامودەزگابەرپرسەكان ڕێگا لەو دیاردە ناشیرین ناپەروەردەییە بگرن وڕێگای پێنەدەن وسەرپێچی كاران سزابدەن بەتایبەت فرۆشیاری ئەو جۆرە یارییانە.

    *وەكوو كەسێكی تایبەت مەندی بواری ئەدەب وپەروەردەی منداڵان میتۆدی خوێندن لە باخچەوقوتابخانەكان لەچی ئاستێكدایە؟

  • بەشێوەیەكی گشتیی لەم وڵاتەی ئێمەدا میتۆدی خوێندن سواو و چەقبەستووە و خەیاڵ وفەنتازیاو داهێنان ونوێگەری لەخوێندكاراندا دەكوژن، چوونكەجیاوازی و دابڕانێكی زۆروفراوان لەنێوان تیۆرو پراكتیكداهەیە، قوتابییان وخوێندكاران لەباخچەی منداڵانەوە تادەگەنە قۆناغی زانكۆ هیچ لەواتای ئەوزانستە نازانن كەبەرچاویان كەوتووەوفێركراون ئەوەش یەكێكه ‌لە گرفتەگەورەكانی ناوسیستەمی پەروەردەی وڵاتی ئێمە، چوونكه ‌ئاشكرایە پەیوەندی زانیاریی تیۆری بەپراكتیكی ڕاستەقینەوە ڕەهەندێكی سەرەكیی پەروەردەی نوێ وهاوچەرخە،زۆرجار مامۆستای وانەیەك نە لەڕووی زانستیی ونه ‌لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە باوەڕی بەو وانەیە نییە كە دەیڵێتەوە ئەوە كارەساتەو گرفتێكی گەورەیە لەبواری پەروەردەی ئێستادا.

    *بە گشتی لە ئێستادا بواری ئەدەبی منداڵان چۆن دەبینی؟

  • لە ڕاستیدا ئەدەبی منداڵان لە دوای ڕاپەڕینەوە لە كوردستان گرنگییەكی زیاتری پێدەدەرێت و كۆمەڵێك نووسەرو شاعیری خەمخۆر و دڵسۆز خزمەت بەو بوارە دەكەن و بەرهەمەكجانیان بۆ منداڵان لە شیعرو چیرۆك و ئۆپەرێت و شانۆیی و ڕۆمانی تایبەت بۆ منداڵان خستۆتە بەردەست منداڵان و كتێبخانەی منداڵانەوە.هەروەها هەردوای ڕاپەڕین كۆمەڵێك گۆڤاری تایبەت بە منداڵانیش لە شارەكانی كوردستان دەرچوون ،بەڵام بەداخەوە لەئێستادا چەند دانەیەكیان ماون كەدەربچن ئەوانی تر زۆریان بەهۆی باری داراییەوە وەستاون،كە بوونی ئەمانە خۆی لەخۆیدا خزمەتێكی باش و بەرچاو بوون بە ئەدەبی منداڵان و دەركەوتنی كۆمەڵێك شاعیر و نووسەری لاو كە بۆ ئەو بوارە گرنگە بنووسن
    نووسەر (ئەمین محمەد) چەندین بەرهەمی بەچاپ گەیاندوەو چەند بەرهەمێكی تریشی ئامادەن بۆچاپ ناوی هەندێ لە بەرهەمەچاپكراوەكانی نووسەر:

    1- هەڵوێست …شیعر ساڵی 1991
    2- ماڵی باران …شیعربۆمنداڵان ساڵی 2010
    3- هاوڕێی نوێ… شیعربۆمنداڵان ساڵی 2011
    4- خەونی چۆلەكە…شیعربۆمنداڵان ساڵی 2011
    5- هەنگەوردیلە…شیعربۆمنداڵان ساڵی 2011
    6- خەیاڵی منداڵانە…شیعربۆمنداڵان ساڵی 2012
    7- گۆرانیی هەورەكان …شیعربۆمنداڵان ساڵی 2012
    8-دیوانی جریوەكان ع ع شەونم …كۆكردنەوەو ئامادەكردن ساڵی 2012
    9- بەرسیلە…شیعربۆمنداڵان ساڵی 2016
    10- زمان ڕەوانی وجۆرەكانی كێشی بڕگە لەشیعری منداڵا ندا …توێژینەوە ساڵی 2013 كتێبی هاوبەشی پێنج نووسەر.
    11- چەند سەرنج و ووردزونەوەیەك لەمێژوی ئەدەبی منداڵانی كورد…توێژینەوە ساڵی 2022كتێبی هاوبەشی دەنووسەر.
    12- كچی دورگەبچكۆلەكە….ڕۆمان بۆمێر منداڵ ساڵی 2022
    13- ملوانكەی ئەفسوناوی رۆمان بۆ مێرمنداڵ 2023.




گرنگییەکانی ئازادی دەربـڕین بۆ منداڵان.. رەزا شـوان

ئـازادی جـوانتریـن و شـیرینتریـن و گـرنگـتریـن وشـەیە لە جیهـانـدا. ئـازادی و ژیـان گـیانـێک لە دوو جەستەدان. ژیـان بەبێ ئـازادی، ژیـان نییە و هـیچ واتا و خـۆشییەکی نییە. ئازادی واتا ژیـان بە شادی و بە ئاشـتی. ئـازادی بەخـشـیـن نییە، بەڵکو مافـێکی زگـماکی و رەوا و بنەڕەتی و سـروشتی و پـیرۆزی هەمـوو مـرۆڤـێکە بەبـێ جیاوازی. ناکـرێـت دەستکاری تێـدا بکـرێـت و لـێی کەم بکـرێتـەوە. ئازادی توانای رەفـتارکـردنە بەپـێی یاسـا و لەگـەڵ رێـزگـرتـن لە مافـەکانی کەسـانی تـر. واتـای ئـازادی ئەوەیـە کە مـرۆڤ بتوانـیت ئەوەی بیەوێت لە ژیـاندا بـیکات، مادام سـەرپـێچی لە یاساکان ناکات.
(نیلسـۆن ماندێـلا) دەڵـێـت:”واتـای ئـازادی تەنیا بچـڕینی کـۆت و زنجـیر نیـیە، بەڵکو هـەروەهـا رێـزگـرتـن و بەرزڕاگـرتـنی ئـازادی کەسـانی تـریـشە”.

ئازادی گەنجـیـنە و سامانێکی ئەوەنـدە گرنگ بەنـرخـە. کە هـیچ سامـانـێکی پێـناگات. پێـویـستە ئـەم مافـەش بە شـێوەیەکی راست و دروســت و هـاوسـەنگ بەکـاربهـێنین. ئازادی رەتکردنەوەی چەمکەکانی، کۆیلایەتی و ژێردەستی و مـلکەچی و چەمینەوە و پاشکـۆییـە. رەتکـردنەوەی رق و کـیـنە و رەگـەزپـەرسـتی و شـەڕ و تـونـدوتیـژییـە.

منـداڵانی ئەمـڕۆ، داهـاتـووی هـەر گـەل و وڵاتـێکـن. هـاوڵاتـیـانی جـیهـانی داهاتـوون.
پێـویستە لە منـداڵـییەوە، ئەم چـەمک و پـرەنسیـپـانە لە منـداڵانی کوردمـان بـڕوێـنـین.
پێـویـستە فەزایـەکی فـروانی ئـازادی بۆ منـداڵەکـانمـان بـڕەخـسـێنـین. تا بەبێ تـرس و بە ئەوپـەڕی ئازدییـەوە گـوزارشـت لە خەیـاڵ و لە را و لە هـزری خـۆیـان بـکەن.

شایەنی ئاماژە و باسیشە ئازادی دەربڕینی منداڵان مافـێکی رەوای دانپێنراوە، لەلایـەن کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەنـدکراوە. لە رێکەوتنـنامەی مافـەکانی منـداڵ، بـڕیارنـامەی (٢٥، ٤٤) لە (٢٠/ نـۆڤـەمبەر/١٩٨٩) کە لەلایـەن کـۆمـەڵـەی نەتـەوە یەکگـرتـووەکـانەوە پەسـەنـدکـرا و لـە (٢/ سـێـپـتەمبـەر/١٩٩٠) دا، چـووەتـە بـواری جـێبەجـێکـردن و پابەنـدبـوونی وڵاتـانی واژۆکـردووی ئـەم رێـکەوتنـنامـەیە.
لە دەقی ـ بەنـدی دوانـزەیەم ـ لە بـڕگەی یەکـەمـدا، نـووسـراوە:” وڵاتـانی ئەنـدام لـەم رێـکەتـنـنامەیـەدا، دەبێت مـافی ئـازادی دەسـتەبـەربکەن بـۆ ئـەو منـداڵـەی کە تـوانای رێکخستنی بـیروڕای تایبەتی خۆی هـەبێـت، مافی ئەوەی هـەیە کە بە ئـازادی راکانی دەربـڕێـت، سەبـارەت بە هەمـوو ئـەو پـرسـانەی کە کاریـگەرییـان بە ژیـانی منـداڵەوە هەبێت. پێویستە بەپێی تەمەن و گەشەکردنی ئەو منداڵە راکانی بە هەند وەربگيرێن”.
لە دەقـی ـ بەنـدی سـیانـزەیـەم ـ لـە بـڕگەی یەکـەمـدا، جـەخـت لەســەر ئـەوە دەکـات:
“منـداڵان مافی ئەوەیـان هـەیە، بیـروبـاوەڕەکانی خۆیـان بە ئـازادی باس بکەن. واتە مـافی منـداڵە کە لەنـاو خـێزانەکەی و پـۆل و قـوتابخـانەکەیـدا، بتـوانێـت بە ئەوپـەڕی ئـازادییەوە، گوزارشـت لە رای خـۆی بکات و لەو پـرسە گـرنگانەش کە پەیـوەنـدییان بە ژیـان و بە چارەنـووسی خۆیەوە هـەیە، پەراوێـز نەخرێـت و گوێ بۆ خواستەکانی بگیرێـت و دەنگ و را و بـۆچوونـەکانیشی بە هـەنـد وەربگـیرێت. سـەرەڕای ئەوەش هەموو منداڵـێک بۆی هـەیە، بەبێ لەبەرچاوگـرتنی جیاوازییەکان و سنوورەکان، ئەو زانـسـت وزانیـارییـانەی کە دەیـەوێـت پـێـیان بـگات”.
ئازادیی منـداڵان لە مافـەکانیانەوە دەسـتپێـدەکات. پێویستە مافەکانی منـداڵان جـێبەجێ بکـرێـن. چونکە ماف و ئازادی دوانـەن و لـێک جیـانابـنەوە. منـداڵان هەمـان مـاف و ئـازادییەکـانی گەورەسـاڵانیـان هـەیە.
گۆزارشتکـردنی منـداڵان بە ئازادی، لە سـۆز و هەست و لە را و لە راز و نیازیان، لە گرنگترین پێویستییە تەنـدروستییەکانی دەروونی و جەستەیی منـداڵانە. کردارێکی زۆر گـرنگە و هـۆکارێکی گـونجـاوە، چـونکە منـداڵان هـێـشـتا کـامـڵ نەبـوونە، کە بتـوانـن ئەڵـتەرنـاتـیـڤـێکی تـەنـدروسـتی تـر بـدۆزنـەوە، تـا بـتـوانـن لـە مـیانـەیـەوە سـۆز و هـەسـت و هـەڵـچـوونی متـبـووی دەروونـیـیان دەربـبـڕن.
بەپێی ئازادیی رادەربـڕین، منـداڵان مافی ئەوەیان هـەیە، کە را و بۆچـوونی جیاوازیان لەگەڵ بیـروڕای دایکان و باوکانیان هـەبێـت. پێویـستە ئەم جـیاوازی و بۆچـوونانەیـان لەبەرچاوبگـیرێـن. نەک بۆچـوونەکـانیان بە گەمـژانە بـزانـن. راسـتر ئـەوەیە ئازادبـن لە دەربـڕینی ئەو هەستانەی لە مێشکـیانـدا هـەن. گوێیان لـێبگـرن و بۆچـوون و را و پێـشنیارەکانیان بە هـەنـد وەربگـرن. ئـازادی دەتـوانـێـت یـارمەتـیـدەربێـت، بۆ ئـەوەی منـداڵان ژیـانی تایـبەتی خۆیـان بەڕێـوەبەرن و خۆیـان کـێشەکانـیان چارەسەربـکەن و بەرپـرسـیارێـتی بـڕیـارەکـانیان و ئەنجـامـەکانی کارەکـانـیان هـەڵـبگـرن.

لە بەندی (١٩) ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، کە لە رێگەی رێکەوتننامەی نەتەوە یەکگـرتـووەکانەوە بۆ مافـەکانی منـداڵان دانـراوە. باس لەوە دەکات کە هەمـوو منداڵێک مافی بەشداریکردنی هەیە لە هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەنـدییان پێیەوە هەیە.
رێگەی ئازادی دەربـڕیـن لە منـداڵەکانتـان مەگـرن. شـوورەیەکی تـرسیان بۆ دروسـت مەکەن، با بە ئەوپەڕی ئـازادی و راشکاوییەوە را و بـۆچـوونەکـانی خـۆیان دەربـڕن ـ تەنـانەت ئەگـەر پێـتان وایـە هـەڵـەشـبن ـ فـێریـان بـکەن گـوێـبـیـستی بـۆچـوون را و قـسەکانی کەسـانی تـربـن ـ تەنـانەت ئەگەر پـێـشـیان وابـێـت کە کەسـانی تـر هـەڵـەن.
(جـۆرج واشـنتـۆن) دەڵـێت:”ئەگـەر ئـازادی دەربـڕیـنمان لـێـبـسێـنـنەوە، رەنگە ئـێـمە بەرەو بێـدەنـگی ببـینەوە. بێـدەنگـیش وەک مـەڕ وایە، بەرەو سەربـڕیـنگە دەبـرێـت”.
گەر خـێزانەکان دۆخـێکی ئەوتـۆ بـۆ منـداڵـەکانیان نەڕەخـسێنن، بـۆ ئـەوەی بە ئـازادی سۆز و خـرۆش و هەڵچـوونەکانیان دەرببڕن. دووچاری فـشار و متـبوون و تێکچوونی دەروونی دەبـن. ناچـاردەبن رەفتار لەگەڵ سۆزداری پەنگخـواردووی دەروونیان بکەن. ئەمەش دەبێتە هـۆی بەردەوامی خەمۆکی و دڵتەنگی و تێکچوونی دەروونییان. هەست و سۆزداییەکانیان بە نەستی و بە ناتەنـدروسـتی دەجـووڵـێـن و دەورووژێـن.
کەواتە زۆر گـرنگ و پێویـستە، گـرنگی و بایـەخ بەوە بـدەیـن، کە چی هـۆش و بیـری منداڵەکانمانی سەرقـاڵ کردوون. دەبێ هانیان بدەین بە ئازادی و بەپێی تـرس و شەرم، بە قسەکردن یا بە نووسین یا بە وێنەکێشان یا بە گۆرانی موزیک و هەڵپەڕکێ، ئەوەی دەیـانەوێـت دەریـان ببـڕن. نابێت قسەکانیان پێببڕين. فـێری ئەوەشیان بکەین کە چـۆن ئازادی دەربـڕیـن بە خۆیان رەوا دەبینن، ئاوهـاش گوێ لە کەسانی تر بگـرن و رێز لە ئـازادی و لـە را و لـە بـۆچـوونی جـیاوازی هـاوڕێـکانـیان بگـرن. هـەسـتی کەسـیـش بـرینـدارنەکـەن. دەبێ هـەر لە منـداڵـیـیەوە ئـەوە لەهـۆشـیانـدا بـچـێـنـیـن، کە ئـازادی مـانـای بەرەڵـڵای و مـلهـوڕی نیـیە. ئـازادیش سـنوور و یاسای هـەیە. مـرۆڤ تا ئەو ئاستە ئازادە، کە پێشـێلی ئازادی و مافەکانی کەسانی تر نەکات و سنوور نەبەزێنـێت.
بە تاقـیکردنەوە و لێکـۆڵـینەوە، ئەو ساغ بـۆتـەوە، کە رێـزگرتـن لە ئـازادی دەربـڕینی منـداڵان، هـۆکارێکی گرنـگە لە هـۆکارەکانی باڵادەستی و پێشکەوتنی منـداڵان. منـداڵان بـەوەش ناسـراون، کە کـنجـکـاو و خـۆدەرخـەرن و زۆر دەپـرسـن. جـار و بـاریـش بە پرسیاری سەیـر، رامـان و دامـانمان دەکەن. بەڵام ئەمە خـاڵـێکی ئەرێـنییە و نیـشانەی زیـرەکییانە، هەرگیز نابێـت وەڵامی پرسیارەکانیان نەدەینەوە. یا بە وەڵامـێکی ناراست و سەقـەت بەڕێـیان بکەیـن. ئەوان دەیـانەوێـت ئەوانـەی نایـانـزانـن، بـیانـزانـن.
هەندێک لە منـداڵان، گـرفـتی بێـتوانایی رادەربـڕین و گوزارشتکردن و نەبوونی ئـازایی ئەدەبییان هەیە. ئەمەش پەیوەنـدی بە ترس و شەرم و گۆشەگیری و دەسەڵات سەپێـنی دایکان و باوکـانیانەوە هـەیە. کە تونـدوتـیژ و تـووڕە و رەقـن لەگەڵـیاندا، سەرکـوێـر و سەرکوت و دەمکوتیان کردوون. بە شێوازی فەرمانکردن وسکت و بیدەنگیان کردوون. بـەری ئـازادی دەربـڕینـیان لـێگـرتـوون. بـە لای ئەمـانـەوە، دەبـێـت منـداڵان لـە رووی گەورەکانـدا، دەمیان دابخەن و قـسەنەکەن، تەنها گـوێبگرن و گـوێـدێری گەورەکان بن.
(یـۆنـامات) دەڵـێـت:”تا تەمـەنی سیانـزە ساڵـیم، وامـدەزانی ناوم ـ دەمـت داخـە ـ یە”.
لەم پێـودانگەوە، پێویستە هەموومان ئەوە بـزانین، کە ئازادی دەربڕینی منـداڵان چەنـد گـرنگ و پێویستە. چ کاریگەرگەرییەکی ئەرێنی لەسەر گەشەکـردنی تواناکانی منـداڵان هـەیە. نەک تەنها ئەم مافـەی منداڵەکانمان بە رەوا و پێویست بـزانین. بەڵکو پێویـستە بـوار و زەمینەیان بۆ بـڕەخـسێنین. هـانیان بدەیـن و ئافەرین و دەستخۆشیان لـێبکەین.

رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤




بێـلا جـەی دارک بچـووکـتریـن نووسـەری جیهـان.. رەزا شـوان

کچۆڵەی روخسارشیرینی بەریتانی (بێـلا جـەی دارک)ی تەمەن پێنج ساڵان، بچووکترین نووسەری ساڵی (٢٠٢٣) یە لە هەموو جیهانـدا، کە ناوی لە ژمارەی پێوانەیی فەرمی جیهانی “گـینس” تۆماراکـراوە. بێـلا جەی دارک لە رۆژی (٤/ یـۆلیۆ/٢٠١٦) لە شاری (وێـیـمـۆس) لە ویـلایـەتی دۆرسـت، لە ئیـنگـلـتەرا لەدایـک بـووە. بێـلا دوو ریکـۆردی پێـوانەیی جیهـانی گـینسی بەدەستهـێـنا. یەکـەم ریکـۆردی لە تەمـەنی پـێـنج ساڵـیدا، لە ساڵی (٢٠٢٣) دا، وەک بچـووکـترین نووسـەری کـتێـب بۆ منـداڵان لە جیهـاندا. دووەم ریکـۆردی لـە تەمـەنی شـەش ساڵـیـدا، لـە کـۆتـایی سـاڵی (٢٠٢٣) دا، بەدەسـتـیهـێـنا، وەک بچـووکـتریـن نووسەری زنجـیرە کـتـێـب بۆ منـداڵان لە جیهـانـدا ناوی تۆمـارکرا.

دایـکی بێـلا نـاوی (چـێـڵـسی سـیـم) ە و تەمـەنی (٢٨) سـاڵە، شـێـفـێکی پـیـشەگەریی چێشتخانەیەکە. باوکی ناوی (مابـڵز دارکز) ە و تەمەنی (٣١) ساڵە، کرێکارێکی گەچە.
هەمـوو شـتـێک لـەو کاتەوە دەسـتیپێکـرد، کە لە رۆژێـکی ساڵی (٢٠٢٠)، بێـلا جەی دارک چـوو بـۆ لای دایـک و بـاوکی و بـەم قـسـەیـەی سـەرسـامـیانی کـرد، کـە وتی:
“بـڕیارم داوە کـتـێـبـێک بنووسـم”. دایک و باوکی پێیانوابوو ئەوە (یەکـێکە لەو شتە بێ بنەمایـانەی کە منـداڵان دەیـانـڵـێـن).
بەڵام ئەم خەون و بـڕیـارەی بێـلا جەی دارک، بوو بە راستی و هـێـنایەدی. توانی تەنها لە مـاوەی پـێـنج رۆژدا، چـیـرۆکـێکی جـوان و مەبـەستـدار بنووسـێـت. چـیرۆکەکەشیی لەژێـر نـاوی (پـشـیـلە ونبـووەکە) یـە. پاڵـەوانی چـیـرۆکـەکەی پـشـیـلەیـەکی بچـووکە.
پشیلە بچکـۆلەکە، سەرەکـێشی دەکات و شەوێـک بۆ گـوزەرکـردن بە شـارەکەدا، بەبێ پرس و رەزامەندیی دایک و باوکی، بە تەنیا لەماڵەکەیان دووردەکەوێتەوە، ون دەبێت. دوای ئەوەی چەنـد بەسەرهـاتێکی ناخۆشی بەسەردا هـات، بە زەحمەتی گەڕایەوە بۆ ماڵەوە. بۆیـە پەشـیمـان دەبێـتەوە و داوای لـێـبووردن لە دایـک و بـاوکی دەکـات، کە گـوێی بە ئامۆژگارییەکەیان نەدا، کە نابێـت بە تەنیـا لە مـاڵ دووربـکەوێتەوە، پـشیلە بچکۆلەکە لە بەسەرهاتەکانی ئەو شەوەی، وانەیەکی گرنگ فـێربوو. بێلا جەی دارکی پـێـنج ساڵان وتی:”بیـرۆکەی ئـەم چـیرۆکەم، لە یەکـێک لە وێـنەکـێـشـانەکـانمـەوە بـۆ هـات”. شایەنی باسیشە هەموو وێنەکانی کـتێبەکەی خۆی وێنەیانی کـێشاوە، تەنیا دوا وێنەی خوشکە لەخۆ گەورەتـرەکەی (لاسی مـای) بـۆی کـێشاوە. پەیـامەکەی بێـلا بۆ منـداڵان ئەرێنییە. ئەوەیـە کە نـابێـت منـداڵان بەبێ پـرسی دایک و باوکـیان، بە تەنیا لەمـاڵ بچـنە دەرەوە و دووربکەونەوە. بە تایبەتیـش لە شـەوانی تاریکـدا.
بێـلا جەی دارک دەڵێت:”ویسـتم بـبـمە نووسـەر، هـۆگـری وێنەکـێشان و نووسـیـنم”.
بە وتـەی چـێلسی دایکی بێـلا:”بێـلا هەمیـشە خەیاڵـێکی فـراوان گەورەی هەبـووە، لە تەمەنی سێ ساڵییەوە، کە فـێری خوێندنەوە و نووسین بوو، کورتە چیرۆکی نووسیوە. بۆیە ئەونـدە سەرسوڕهـێنەر نەبـوو بەلامانەوە، کاتێک کە بێـلا وتی بـڕیـارە کـتێبـێک بنووسـم”. وتیشی:” ئەو گەشەسەنـدووی ئەرێـنییەکانی خەڵکـییە، تەنهـاش حەزی لە خوێنـدنەوە و وێنەکێشانە. بەراستی شانازیی پێوە دەکەم، پێموانەبـوو بگاتە ئەم ئاستە. دەمەوێـت ئـەو داناپێـدانـانە بەدەستـبهـێنـێـت کە شانەیەتـی “.
هەر بە قـسەی دایک و باوکی، بێـلا سووربـوو لەسەر زیـاتر خوێنـدنەوە و گەڕان، بۆ هـێنانەدیی خـواستە ئەدەبییەکـانی.
کـتێـبەکەی بێـلا جـەی دارک (پـشـیلە ونبـووەکە) لە پێشا هـەر چـیرۆکێکی نووسـراوی پاکـنووسی چاپنەکـراو بـوو. تا رۆژێـکی ساڵی رابـردوو، بێـلا لەگەڵ دایـک و بـاوکـیدا، چوون پێشانگایەکی کتێب بۆ پشتگیریی خـێزانەکان لە شارەکەیاندا. بێـلا کـتێبە بچووکە وێنەیەکەشـراوکەی (پـشـیلە ونبـووکە) ی لەگـەڵ خـوێـدا هـێـێنابـوو. کە لەوێـدا چـاوی بە کـتێبە چاپکراوە نمـایشکراوەکان کەوت، لـێرەوە گـرنگی چـاپکـردنی کـتێـب خەیاڵی بـێـلای سەرقاڵکـرد. پەیوەنـدیی بە بەرپـرسێکی دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە کرد و کـتـێـبەکەی پێـشانـدا و وتی: “ئەمـە کـتـێـبی منـە”. بەرپـرسی دەزگـاکەی چاپکـردن و بـڵاوکـردنەوەکە پێـیـوت: ئەمـە زۆر جـوانـە”. قـسـەیـان لەسـەری کـرد. بەرپـرسـەکە بـڕیـاری چاپکـردن و بڵاوکـردنەوەی کتێبەکەی بێـلای دا. ئەمە ئەو شـوێـنە بـوو، کە هـەمـوو شـتـێک لەوێـوە پـێـشکەوت”.
کتێبی (پشـیلە ونبووەکە) لە نووسین و وێنەکـێشانی بێـلا جەی دارک، لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی (گـیـنگەر فاری پـریس) ەوە، لە (٣١/ یانـواری/٢٠٢٢) چاپکـرا و بڵاوکرایەوە. هەر لە سەرەتاوە زیاتر لە هەزار دانەی لـێفـرۆشرا. لەو کاتەوە زیـاتر لە دوو هـەزار دانـەی لـێفـرۆشــراوە. ئەمـەش بـووە هـۆی ئـەوەی، کە بێـلا جـەی دارکی تەمـەن پـێـنج ساڵان، وەک بچـووکـترین نووسەی لە جـیهانـدا، نازنـاوی و بـڕوانـامەی ریکۆردی جیهانی (گینس)ی پێبدرێت. چونکە لەگەڵ پێوەرەکانی نازناوەکەدا دەگونجێت.
لە ئیمەیڵێکی گینس وۆرڵد ریکۆردەوە، کە وەڵامی داواکەی بێلا جەی دارکیان داوەتەوە و بۆ دایکیان ناردبوو. ئەم دەقەی تێدا هاتووە:” بە خۆشحاڵـییەوە پێتانی رادەگەیەنیـن، کـە داواکـاریـیـەکـەت، بـۆ بـچـووکـتریـن کـەس، بـۆ بـڵاوکـردنـەوەی کـتـێـبـیک (مـێ) سـەرکـەوتـووبـوو، ئـێـستا بـێـلا خـاوەنی نـازنـاوی ریـکـۆردی جـیهـانی گـێـنـسـە”.

پێورەکانی شایستەیی ئەم نازنـاوە پێوانەییە جیهانەییە گـینس: پێویستە کـتێـبە لە لایەن دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەیەکی فەرمیـیەوە چاپ بکرێت. بە لایەنی کەمەوە هەزار دانـەی لـێ چـاپ بـکـرێـت و بـفـرۆشــرێـت. بـێـلا جـەی دارک، بـە هـەمـوو پـێـوەرە پێـویـستـییەکانی گـیـنس گەیـشـت. لەوانـەش کـتـێـبەکەی لە لایـەن دەزگـایـەکی چـاپ و بڵاوکـردنـەوەوە چاپکـرا و بڵاوکرایەوە و لە ماوەیەکی کەمیشدا زیاتر لە هـەزار دانەی لـێفـرۆشـراو، تا ئێستا زیـاتر لە دوو هـەزاری لێـفـرۆشـراوە. تەمـەنەکەشی گـونجـاوە. بێـلا جـەی دارک بە فـەرمی، وەک بچـووکـتریـن نـووسـەری کـتـێـب و بـڵاوکـردنەوەی و فـرۆشتـنی ژمـارەی کـتـێب لە جیهـانـدا، لەلایـەن گـینسەوە پشـتراسـت کـرایـەوە، کە بێـلای جەی دارکی پـێـنج سـاڵان، بە راستی بچـووکتریـن نووسەری (مـێ) یە لە ساڵی (٢٠٢٣) دا، لە هەموو جیهـاندا، بۆیە ناویـان لە تۆمـاری ریکـۆردی جیهـانی گـینسدا تـۆمـارکـرد و بـڕوانـامەیـان پێی دا.
بێـلا جەی دارک، ئیلهـامی لە هـەنـدێک لە کـتێـبە دڵخـوازەکانییەوە وەرگـرتـووە. هـەر وەکو چـۆن ئەم کـتـێبانە ئیـلهـامی پێبەخـشین، هـیواداریشە کە منداڵانی نووسەری کە، ئیـلهـام لە چـیرۆکەکەی (پـشـیلە ونبووەکە) وەربـگـرن. ئامـۆژگاریشی بۆ نووسەرانی ئاوتخـواز ئەوەیـە:”چـیرۆک بنـووسـن کە لە ئـێـوەوە بـێـت”.
بێـلا دەربارەی پـشیلە ونبووەکە، دەڵـێت:”تا ئێستا ئەمـە باشـتریـن کـتـێـبە. دەمەوێـت هەمـووان بـیکـڕن. زۆر شانـازی بە خـۆم و بە هەمـوو نووسـەرانی دیکەوە دەکـەم”.
بێـلا کاتێک کە نانووسێـت، چـێژ لە خوێندنەوە و لە وێنەکـێشان و لە مەلەکـردن و لە یاریکردنی رۆڵی (مامۆستا) و لە هەنـدێک لە یارییە ئەلـیکـترۆنیـیەکان وەردەگـرێـت.
کـتێبی دووەمی بێـلا دارک، لەژێـر ناوی” ئاهـەنگی بەفـرینی جـەژنی لەدایکـبوون” ە.
ئەم کـتێـبەی دەربـارەی تاقـیکردنەوەیەکـێتی، لە ئاهـەنگـێکی جەژنی لەدایکـبوون. کە چـۆن هـاوڕێتی لە هەموو شتەکانی تر گرنگـترە. ئەم کـتێبەشی لە ساڵی (٢٠٢٢) هەر لە لایـەن دەزگـای چـاپ و بـڵاوکـردنـەوەی (گـیـنگـەر فـاری پـریـس) ەوە، چـاپکـرا و بڵاوکرایەوە، تا ئـێستا زیاتر لە دوو هـەزار دانەی لێ فـرۆشـراوە. بە واتا مەرجەکانی گـینسی هـێنایەدی. بەمەش بێـلا دارک، بوو بە بچـووکـترین نووسەری زنجـیرە کـتێـب بۆ منداڵان لە جیهاندا. ریکۆردی دووەمی جیهـانی گینسی لە (٢٠٢٣) دا بەدەستهـێـنا.

ئەم دوو کـتـێـبەی بێـلا جەی دارک بۆ کریـن، نـرخی هـەر یەکەیان، بە (٧،٥) دۆلارە. لە (واتەرسـتـۆن) و لە (ئەمـازۆن) دا، لەبەردەسـتـدان.

بێـلا جەی دارک، کـتـێـبی سێیەمـێشی لەژێـر ناوی (هەڵـبژێـرە) دا نووسیوە، بەڵام تا ئێـستا چـاپ نەکـراوە و بـڵاونەبـۆتـەوە.
لە نووسـینی داهاتوومان، بچووکترین نووسەرانی کـچ و کوڕی ئەمساڵ (٢٠٢٤) تان پێدەناسێنین. کە ناویان بە فەرمی لە ریکۆردی پێوانەیی جیهانیدا گـینس تۆمارکراون.
(*) بۆ ئەم نووسینە، سـوودم لە چەنـد سایتـێکی ئینگـلیزی وەرگـرتـووە.

رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤




ئەحمەد شەوقـی و چـیرۆکەشیعـر بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

لە کۆن و لە ئێستاشدا، وڵاتی میسر لە بواری ئەدەبیاتی منداڵانی عـەرەبدا، پێشەنگی وڵاتانی عەرەبە. لە سەردەمی فەرمانڕەوایی (محەمەد عـەلی پاشا:١٧٦٩ـ ١٨٦٩) ز، کە بە (عـەزیـزی میسـر ) و بە ( دامەزرێنـەری میسـری نـوێ ) ناودەبـرێـت. شایەنی باسیشە محەمەد عـەلی پاشا کوردە و خەڵـکی شاری ئامـەد ( دیاربەکـر ) ە . محەمەد عەلی پاشا لە ساڵی ( ١٨٠٥ بۆ ١٨٤٨) ز ، فەرمانڕەوای میسر بـوو. سەردەمەکەی بە سەردەمی زێـڕینی میسـر ناودەبـرێت. میسـر لە هـەمـوو بـوارەکانـدا پێـشکەوت لە بـواری ئەدەبی منـداڵاندا، چەند نووسەرێکی باش و بە توانای میسـری هـەڵکەوتـن و کۆمەڵێک چـیرۆک و شیعـریان بۆ منـداڵان نووسی. چەنـد چـیرۆکـێکیشیان لە زمـانی فەرەنسی و ئینگـلیزییـەوە، وەریانگـێڕان بۆ سـەر زمـانی عـەرەبی. بێگـومان ئەدەبی منـداڵانی فـەرەنسی و ئیـنگـلـیزی، کاریـگەرییەکی زۆریـان لەسـەر ئـەم نـووسـەرانە هـەبـوو. ناسـراوتـریـن نـووسـەرەکـانـیش: روفـاعـە تـەهـتاوی، محـەمـەد عـوسـمـان جـەلال، محەمـەدسەعـید عـوریـان، محەمەد هـەڕاوی، محـەمەد عەتـیە ئەلـئەبـراشی، عـەلی فـوکری، ئەحـمەد شـەوقی، کامـیـل گەیـلانی، عـەبـدولتەواب یوسـف،… چەنـد نـووسەرێـکی ناسـراوی تـر. زۆر بە کـورتی باسی (ئەحـمـەد شـەوقی) دەکـەیـن:

(ئەحمەد عـەلی ئەحمەد شەوقی: ١٨٦٨ ـ ١٩٣٢) ز. لە شاری ( قاهـیرە)ی پایتەخـتی میسر لەدایکبووە. ئەحمەد شەوقی بە رەچەڵک کوردە و باوکی خەڵکی شاری سلێمانیە لە باشـووری کوردسـتان. دایکـیشی تـورکی شەرکەسیە. بـاوکی لە سـوپـاکەی محەمەد عـەلی پاشادا بـوو، کە چـووە میـسر نەگەڕایـەوە و لەوێـدا مایـەوە. پاپیـرەشی چەنـدین پۆستی بـاڵای لە حکوومەتی خـدێـوی دا هەبـوو. کەسـایەتییەکی ناسـراوبـوو. ئەحمـەد شـەوقی نکـووڵی لە رەسەنـایەتی خـۆی ناکـات، دان بـەوەدا دەنـێـت کە کـوردە بـاوانە. بەم دێـڕە شـیعـرەی کوردبـوونی خـۆی ئاشکـرا دەکـات و دەڵـێـت:
ســمـعـــت بـأذنــي مـــن ‌أبــــي وهــو قـــائــل
مـن الکـرد أصـلي جـئـت فـي الـعـرب نـاشـئـا
واتـاکـەی بە کـوردی:
بـە گــوێـی خــۆم گـوێــــم لـە بـاوکـــــم بــوو کـە وتـی
بەرەچەڵەک کوردم هـاتـم لەناو عـەرەبـدا پـێگەیـشـتم
داپیـرەی ئەحـمەد شـەوقی، لە کۆشکی (خـدێـوی ئـیسماعـیل) پلەیەکی بـاڵای هـەبـوو. بەو هـۆیەوە زۆر دەوڵەمەنـد بـوو. ئەحمەد شەوقی منداڵیی لەگەڵ داپیرەیدا لە کۆشک بەسەربـرد. لەسەردەستی داپیـرەی پەروەردە بـوو.
ئەحمەد شەوقی لە تەمەنی (٤) ساڵـیدا، فـیری بنەمـاکانی نووسـین و خوێنـدنەوە بوو.
کە لە قوتابخانەی سەرەتایی بوو، لەبەر زیرەکی و بلیمەتی لە خەرجییەکانی قوتابخانە بەخشییان. لە تەمەنی (١٥) ساڵیدا، ئامادەیی تەواوکرد. ئارەزووی لە خوێندنی مافەکان هەبوو. بەڵام لەبەر بچووکی تەمەنی، لە بەشی مافەکان لە زانکـۆ وەرنەگـیرا. هەر لەم تەمەنەدا، دەستی بە شـیعـر دانـان کةرد. مامـۆسـتاکانی سەرسـامی شـیعـرەکانی بـوون.
لەبـەر بچـووکی و بـلیـمەتی (تـۆفـیق پاشـا خـدێـوی) لە سـاڵی (١٨٨٧) لەسەر ئەرکی حکـوومـەت، بـۆ خـوێنـدنی یاسـا، نـاردی بـۆ فـەرەنـسـا. بـە پـلـەی نایـاب بـڕوانـامەی بەکالوریـۆسی لە فەرەنسا بەدەسـتهـێـنا. ئەو کاتەی کە خوێنـدکار بـوو لە (پاریـس) لە فەرەنسا، ئاشنای ئەدەبی فەرەنسی بوو. بە تایبەتیش سەرسامی چـیرۆکەشیعـرییەکانی نـووسـەری بەنـاوبـانـگی فـەرەنـسی (لافـۆنـتـیـن) بـوو، کـە منـداڵانی هـۆنیـونـەتـەوە.
شـەوقی لە ساڵی (١٨٩١) گـەڕایەوە بـۆ مـیـسر. چەنـد پایـەکی رۆشـنبـیریی هـەبـوو.
شـیعـر و شـانـۆ هـەمەچـەشـنەکانی ئەحـمـەد شـەوقی زور بـەرزن. لە هـەمـوو وڵاتـانی عـەرەبـدا ناوبانگـیان دەرکـرد. لە ساڵی (١٩٢٧) لە ئاهـەنگـێکی مەزنـدا، بە بەشـداری شاعـیرانێکی زۆری عـەرەب، هەموویـان هـاوڕابـوون کە نازاناوی (أمیر الشعـراء) واتا (مـیری شاعـیران) بە ئەحمەد شەوقی ببەخـشن. تا ئێستا ئەو نازناوە تایبەتە بە ئەحمەد شـەوقی یەوە.
چـیرۆکەشیعـرییەکانی ( لافـۆنتـیـن) بـۆ منـداڵان، کاریـگەریـان زۆریـان لەسـەر شەوقی هەبـوو. هەر لەسەر بیر و شێوازی چیرۆکەکانی لافـۆنتـین، ئەحمەد شەوقی، کۆمەڵێک چـیرۆکەشیعـر و سـروود و گۆرانی، بە زمـانی عـەرەبی بۆ منداڵانی عـەرەب نووسـیوە. ئەو چیرۆکەشیعـر و گۆرانییانەی ئەحمەد شەوقی تا ئەمڕۆش بایەخـیان کاڵنەبوونەتەوە و منـداڵان و چـێـژ و خـۆشـییان لـێوەردەگـرن.
ئەحمەد شـەوقی نایـشارێتەوە، لە پێشەکی دیـوانـەکەی (دیـوانی شەوقـیات) دا، دەڵـێت: “لەسـەر شـێوازی لافـۆنـتـین، بـیـری خـۆمـم لـە نـووسـیـنی چـیـرۆکـەشـیعـرەکـانـمـدا تاقـیکـردۆتـەوە. هـەرکە دوو یا سێ چـیرۆکەشـیعـرم دەنـووسی، دەچـووم بـۆ کۆمـەڵە منـداڵـێکی میسری دەیـانـمخـوێنـدەوە. یەکـسەر لێیان تێدەگەیشتن و پێیان خـۆش بـوو. زۆربەیـان دەیـهـێـنانە پـێکەنـین. ئەمـەش مـژدەیەکی بـاش بـوو بـۆ مـن”
لـەو کاتەشەوە (ئەحـمەد شـەوقی بە پـێـشەنـگی ئـەدەبی منـداڵانی عـەرەب) ناوبـراوە. ئەحمەد شەوقی، چیرۆکە شیعـرەکانی بۆ منداڵان بە زمانی ئاژەڵ و باڵندەوە نووسیون. لە هەندێکیشیاندا رۆڵی مـرۆڤـیشیان تێدایە. ئەگەرچی فـۆرمی چـیرۆکەکانی لە شێوەی نوکتە و پێکەنـیندان. بەڵام لە ناوەڕۆک و مەبەسـتدا، رەخـنە و تانە و توانـج و پـلارن.
ئەحمەد شەوقی، لە دیـوانەکەیـدا، بەشـێکی تایـبەتی بۆ منـداڵان تەرخـان کـردووە ، بە ناوی (دیوانی منداڵان) کە زیاتر لە (٥٥) چـیرۆکەشیعـر و (٢٠) سروود و گۆرانیی بۆ منداڵان لەخۆگرتووە. ئەمانە ناوی هەنـدێ لە چـیرۆکەشیعـر و هـۆنـراوەکانی شەوقـین بۆ منـداڵان (رێـوی و کەڵەشـێر، راوکەر و چـۆلەکە، عـەلەشیـش، مـریشکی خـۆماڵی، پـشـیلەکەم، شـێر و بـۆق، رێـویی ناو بەلـەمەکە، نیـشـتـمان، دایکـم ، نەنکـم، کەشتی وئاژەڵەکان، قـوتابخـانە، بەزەیی بە ئاژەڵ، کـۆتـر، خۆشـەویستیی نیشـتـمان،… هـتد). ئەحمەد شەوقی، چیرۆکەشیعـری (رێـوی و کەڵەشێر)ی لە لافـۆنتین ەوە وەرگـرتـووە. بە دووری نـازانـم کە (لافـۆنـتـیـن) يـش، ئـەم چـیرۆکەشـیعـرەی، لـە کورتـە چـیـرۆکە ئەفـسانەییەکانی (ئـێـزۆپ)ی یـۆنـانـییـەوە وەریـگـرتـووبـێـت.

شاعـیر و بیـرمەنـدی گەورەی کوردیشمان ( پیرەمـێرد ) ی نەمر، ئەم چـیرۆکەشیعـرەی وەرگـێڕاوە بۆ سەر زمـانی کوردی. بەڵام بە زمـانێکی کوردیی ئەوەنـدە ناسک و ئاسان و رەوان و بەچـێژ و شـیریـن بۆ منـداڵانی کوردمانی هـۆنیـوەتەوە. زۆر لە دەقـەکەکانی ئەحمەد شـەوقی و لافـۆنـتـین جـوانـتر و شـیرینـتر و ئاسانـترە. مـن لە ساڵی (١٩٥٦) کە منـداڵ بـووم لە (قـوتـابخـانەی سـەرەتـایی شـۆرجـە) بـووم لە شاری کەرکوک، ئەم چـیرۆکەشـیعـرەم لە دەمی قـوتابییەکی کوردی لەخـۆم گەورەتر لەبەرم کرد، تا ئێستاش لەبیرم نەچـۆتەوە. ئەمەش دەقی چیرۆکەشیعـرەکەی پیرەمێـردە (رێـوی و کەڵەشـێر)ە:

رۆژێ مـــام رێـــوی دەهــــات
دەم بـە ویــــرد و ســـەڵـەوات

  • * *
    دوایـــی دەیــــوت بـە ئـــــاواز
    لەعـنـەتی خــوا لـە فـێـڵـبــــاز
  • * *
    دنـیـــا هـێـنـــدەی پـێ نـــــاوێ
    هـــــەژارێ بـخــــــەیـتـە داوێ
  • * *
    عـومــــرێــکـە دێــــت و دەڕوا
    وا چـــاکـە روو بکـەیـنـە خــوا
  • * *
    ئــــاخ رۆژێ بـەیــــــانـی زوو
    گوێـم لـە دەنـگی بانگ دەبـوو
  • * *
    خـۆزگـــــە بـۆ کـەڵـەشــــێـرێ
    بـەیـانـیـــان بـانــــگ بــدێــرێ
  • * *
    نـــاردی بـۆ لای کـەڵـەشــــێـر
    دانــی بـۆ دەڕژێـنـــــم تــــــێـر
  • * *
    ئـــەو بــێ بـانـگــــم بـۆ بـــــدا
    مــن دەبـمـــە پـیـــــاوی خــودا
  • * *
    کـەڵـەشــــێـر بـە راســــپـێـری
    وتـــی بــەم فـێـــــڵە فــــــێـری
  • * *
    بـەڵام بــــاب و بـاپـــــــیـرمـان
    ئـەوەی خـستـۆتـە بـــــیـرمـان
  • * *
    رێـــوی بـە فـێــــڵ نـاوەســتـێ
    مـەگـەر تـەڵــە پـێـی بـەســتـێ

لەم چـیرۆکەشیعـرەدا، رێـوی هـێمایە بۆ مـرۆڤی فـێـڵباز و خەڵـەتێنەر، کە دەیەوێـت لە ژێر پەردەی ئاین و بە رواڵەت پیاوچک و بە زمان لووسی، کەسانی دڵپاک و خۆشبڕوا بخـەڵـەتـێـنێ و تەفـرەیـان بـدات. بـەڵام ئـەو کەسـانـە نـاسـراون و نـاوزڕاون، خـەڵـکی شارەزای فێڵ و پیلان و نیاز خراپییان بوونە، چیتر بڕوا بە قسەکانیان ناکەن و ناکەونە داویـانەوە. پەیـامی ئـەم چـیرۆکەشـیعـرەش ئـەوەیـە: کـە منـداڵان لە داهـاتـوودا، ئـەوە دەزانـن کە دنیـا، پـڕە لـە رێـوی فـێـڵـباز. واتـە لە کەسانی فـێـڵـباز و درۆزن و بەدکـار.
ئەحمەد شەوقی ، شاعـیریکی نیشـتمانی بوو، لەگەڵ ئینگـلیزەکانـدا ناکـۆک دەبێـت. لە کاتی جەنـگی جیهـانی یەکەمـدا، لە ساڵی ( ١٩١٤) دا، لە میسر دووری دەخـەنەوە و دەیـنێرن بۆ شاری (بەرشـلـۆنە) ی (ئیسپانیا). بەڵام دووری زیـاتر هەسـت و سـۆزی نیشـتمان پەروەریی دەخـروشـێنیت. تا لە ساڵی (١٩٢٠) دا، دەیگەڕێننەوە بۆ میـسر.
ئەحمەد شەوقی مامۆستایانی خۆشدەویست. لە ستایشی و رێزی (مامۆستا) دا دەڵێت:
قــــم لـلـمـعـــــلـم وفــــە الـتـبـجـــــیـلا
کـاد الـمـعــــلـم أن یـکــــون رســـــولا
واتـاکـەی بە کـوردی:
هـەســــتـە بـۆ مـامـۆســـتا شــــکـۆداریـیـە
وەخـتبـوو مـامـۆسـتا بـبـێـت بـە پـەیـامـبەر

کەڵەشاعـیر ئەحمەد شەوقی، لە (١٤/١٠ / ١٩٣٢) لە قـاهـیرەدا کـۆچی دوایی کرد.
وەکو رێـزلـێنانێک بۆ پایەبەرزی ئەحمەد شەوقی، لەسەر بڕیاری حکوومەتی ئیتاڵیا،
لە ساڵی (١٩٦٢) دا، لە بەناوبانگـترین باخچەی رۆمـای پایتەخـتدا (فـیلابـۆرگـیزی) پەیکەرێکی شـیاوی ئەحمـەد شـەوقـیان دانـاوە.
ماڵەکەشی لە قاهـیرەدا، کراوە بە مـۆزەخانە (مـۆزەخـانەی ئەحمەد شەوقی) کە زیاتر لە (٧٥٠ ) دەسنووس و رەشنووسی خۆی تێدایە. لەگەڵ هەموو کـتێبەکانی و وێنە و تابلۆکانی. ئەو خەڵات و مەدالیانەی پێشکەشیان کـردووە. بـڕوانامە رێـزلـێنراوەکانی.

رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤




خەڵاتگـرانی خەڵاتی نـۆبـڵی منـداڵان لە ساڵی ٢٠٢٤.. رەزا شـوان

دوو ساڵ جارێک لە (کۆپنهـاگن) ی پایتەختی دانیمارک، یان لە پایتەخـتی وڵاتـێکی تر. بـە بـۆنـەی یـادی رۆژی لەدایکـبوونی، کـەڵـە نـووسـەری بـواری ئـەدەبیـاتی منـداڵان (ھـانـز کـریـستـیان ئەنـدەرسـین) کـە بە (بـاوکی چـیرۆکی ئەفـسانـەیی بۆ منـداڵان) لە جـیهـانـدا ناسراوە. دوو خـەڵاتی بەنـرخ، کە بەرزتـرین خەڵاتی نێودەوڵەتییە لە بواری ئەدەب و کتێبی وێنەیی بۆ منـداڵان. کە بە (خـەڵاتی هـانـز کریستیان ئەنـدەرسین) یان بە (خـەڵاتـی نـۆبـڵی منـداڵان) یـان بـە (خـەڵاتـی نـۆبـڵی بـچـووک) یـش نـاودەبـرێـت. خەڵاتەکانیش بریتین لە (دوو مەدالیای زێـڕ ـ وێنەی هـانـز کریستیان ئەنـدەرسین) یان بەسەرەوەیە، لەگەڵ (دوو بـڕوانـامەی دپـلـۆم) لە ئاھـەنـگـێکی شـایستەدا، پـێـشکەش دەکرێن بە باشترین نووسەری کـتێبی منـداڵان و بە باشترین ھـونەرمەنـدی وێنەکێشی کتـێـبی منـداڵان، کە لە مـاوەی دوو ساڵی پێـشووتـردا، باشـتـریـن کـتـێـبی بـۆ منـداڵان نووسـیوە و وێنەکـێشـێک کە جـوانتریـن کـتێبی وێنـەیی بۆ منـداڵان کـێـشاوە و چاپیان کردوون. لە هەر شوێنێکی جیهاندابن. کتێبەکانیش لە لایەن رێکخراوی (ئەنجوومەنی نێـودەوڵـەتی بـۆ کـتـێـبی گـەنجـان) کە کـورتـکـراوەکـەی (ئی بی بی وای) یە، ئـەوان کـتێـبەکـان هەڵـدەسەنگـێنن و هـەڵـیانـدەبـژێـرن و لەوانەیە مـاوەی ساڵـێکی پێـبچـێت. سەرجەمیش کارەکانی نووسەران و هـونەرمەنـدە کاندیدکـراوەکان، بە درێـژی ژیانیان بۆ منداڵان لەبەرچاودەگـرن. تا شایستەی وەرگـرتنی ئەو دوو خەڵاتە بن، ئینجا بـڕیـار لەسەر براوەی هەردوو خەڵاتی هانـز کریستیان ئەنـدەرسـین دەدەن و ناوی بـراوەکان رادەگەیەنـن. لە ساڵی (٢٠٠٩) وە، خەڵاتـەکان بە سـپـۆنـسەری کۆمـپانیای دورگـەی نـامی لە کۆریـای باشـوور دەدرێـت. مەبەسـتـیش لـە پـێـشکەشکـردنی ئـەم خەڵاتـانە، رێـزگـرتن و پـێـزانیـنە بـۆ ئـەو خـزمـەتـە زۆرەی، کە ھـانـز کـریسـتیان ئەنـدەرسـین ـ دانیمارکی، لە بـواری ئەدەبیاتی منداڵانـدا پێشکەشی کـردووە، کە تا ئەمـڕۆش منداڵان لە هەمـوو جیهـاندا، چـیژێکی زۆر لە خوێنـدنەوە چـیرۆکە ئەفسانەییەکانی وەردەگرن.
(خەڵاتی هانـز کریستیان ئەندەرسین) بەناوبانگترین و بەرزترین خەڵاتی نێودەوڵەتییە لە بـواری ئەدەب و کـتێبی وێنەیی بۆ منـداڵانـدا. بەڵام ئەم خەڵاتە پارەی لەگەڵـدا نییە. بۆ یەکـەم جـار لە ساڵی (١٩٥٦) دا. لە لایـەن ئەنجـوومەنی نێـودەوڵەتی بـۆ کـتـێـبی گەنجان، لە سـویسـرا، پـێـشنارکـرا و بـڕیاریـان لەسەر بەخـشـینی ئەم خـەڵاتە دا، بە باشـترین نووسەری کـتێبی منـداڵان. یەکەم نووسەری بـراوەی ئەم خەڵاتەش، خاتـوو (ئیلیانـور فـارگیون) ی بەریتانی یە، لە ساڵی (١٩٥٦) دا ئەم خەڵاتەی بەدەستیهـێنا. هەر لە لایەن هەمان ئەنجـوومەنەوە، لە ساڵی (١٩٦٦) وە، بـڕیـار لەسەر بەخـشینی ئەم خەڵاتە، بە باشترین هـونەرمەنـدی وێنەکێشی کتێبی وێنەیی بۆ منداڵان درا. یەکەم هـونەرمەنـد کە ئـەم خەڵاتەی بـردەوە، وێنەکـێشی سـویسری (ئەلـویـس کاریگـیـت)ە. لـەو سـاڵانـەوە تا ئێـستا، هـەر دوو سـاڵ جـارێـک، ئـەم دوو خـەڵاتە، لە یـەک رۆژدا دەیـانبـەخـشـن، بە باشـتریـن نووسـەری ئـەدەبی منـداڵان و بە باشـتـریـن وێنـەکـێشی کـتـێـبی وێنەیی بۆ منـداڵان، لە هـەر شوێـنێکی جیهانـدابـن. چونکە وێنـە تەواوکەری تێکستی ئەدەبی منـداڵانە. زۆر جاریـش وێنـە زیـاتـر لە تێکـسـت، سـەرنـجی منـداڵان رادەکـێـشـێـت و ئاسانـتر پەیـام و ئامـانـجی نـووســیـنەکە بە منـداڵان دەگـەیەنـێـت.
خەڵاتی ئەمساڵ (٢٠٢٤) ی هانز کریستیان ئەندەرسین، دەدرێن بە باشترین نووسەری کتێبی منداڵان، بە چیرۆکنووس و رۆژماننووسی بەناوبانگی نەماساوی (هاینز جانیش) لە بواری ئەدەبی منـداڵان و مـێرمنـداڵان. خەڵاتی باشـترین وێنەکـێـشی کـتێـبی وێنـەیی منـداڵان، دەدرێـت بە هـونەرمەنـدی وێنەکێشی بەنـاوبـانی کەنـەدی (سـیـدنی سـمیـس). کە لە لایـەن لـیژنەی شارەزا و تایبەتی ئەنجـوومەنی نێـودەوڵەتی بـۆ کـتێـبی گەنجـان، کە خاتوو (لـیز پاگ) ی سەرۆکی لیژنەی دادوەری خەڵاتی هانز کریستیان ئەندەرسینە بۆ ساڵی (٢٠٢٤). لە لە رۆژی (٨/ نیسان/ ٢٠٢٤) دا، لە کاتی کردنەوەی پێشانگای خولی (٦١) ی کتێبی نیودەوڵەتی بۆ منداڵان لە پۆڵۆنیا. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ناوی هەردوو براوەی خەڵاتی هانز کریستیان ئەندرسین بۆ ساڵی (٢٠٢٤)ی راگەیاند. کە نووسەری نەمساوی (هـایـنز جـانیش) و وێنـەکـێشی کەنـەدی (سـیـدنی سـمـیس)ە.
لە کاتی کـۆنـفـرانسی (٣٩) یەمی ئەنجـوومەنی نێـودەوڵەتی بۆ کـتێـبی گەنجـان، کە لە (١ئـاب/ بۆ/٣٠ ئەیـلـوول/ ٢٠٢٤) لە شاری (تـریستا) لـە ئیـتاڵـیادا دەسـتپێـدەکات. لە ئاهـەنگێکی شایستەدا،خەڵاتەکان (مەدالـیایەکی زێـڕ و بـڕونامەی دپـلـۆمی رێـزلینان) پێشکەشـدەکـرێـن بە هـەردوو بـراوەی خـەڵاتی هـانـز کـریسـتـیان ئەنـدەرسـیـن.
شایەنی باسە (٥٩) نووسەر و وێنەکێش لە (٣٣) وڵاتانی جیهانەوە بۆ وەرگرتنی ئەم خـەڵاتە، کانـدیدکـرابوون. (١٠) نـووسەر و وێنەکـێشیشی شـارەزای بـواری ئـەدەب و هـونـەری منـداڵانیـش، لە (١٠) دەوڵەتی جیهـان، وەک ئەنـدامی لیـژنەی دادوەری بۆ هـەڵسەنگانـدن و بـڕیـاردان لەسەر باشتریـن کـتێبەکانی کاندیـدە هەڵـبـژیـراوەکان، بە سەرۆکایەتی خاتوو (لیز پاگە) سەرۆکی دەستەی دادوەری، نوێنـەرەکانیان ئەنـدامانی ئەم لـیژنەیەن. دوای لـێکـۆڵـیـنەوەیـەکی چـڕ لە کـتێبە کانـدیـدکـراوەکان، بە زۆرینەی دەنگەکانی ئەم لـیژنەیە، لە لیستـێکی کورتکـراوەدا (٦) نووسـەر و (٦) وێنەکـێشیان لەو (٥٩) نووسـەر و وێنەکـێشانەیان هەڵـبژارد. لە دواییـدا لەو لـیستە کورتکراوەدا، باشترین نووسەری کتێب و باشترین وێنەکێشی کتێبی وێنەیی بۆ منـداڵانیان هەڵبژارد.
کە نووسەری نەمساوی (هـایـنز جـانیش) و وێنەکـێشی کەنـەدی (سـیدنی سـمیس)ە.
پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکان بۆ کانـدیکـردنی باشترینی دوو کـتێب، بـریتین لە:”کـوالـیتی جـوانکاریی هـونەری و ئـەدەبی، لەبەرچـاوگـرتـنی کـاری تـازەگـەری و جیـاوازی و داهـێـنەرانـەی هـەر پـاڵـێـوراوێـک، تـوانـای بـیـنـینی دیـدگـای منـداڵان و فـراوانکردنی کنجکاوییەکانیانی هـەبێـت. گـرنگی بەردەوامی کارکـردنی بۆ منـداڵان و بۆ گەنجان هـەبێـت. بەخشینی خەڵاتەکە بەنـدە بە تـەواوی کـارەکانی ئەو نووسەرە و ئەو وێنەکـێشەوە لە ماوەی ژیـانیـانـدا، کە خەڵاتەکـان دەبـنـەوە”.
حەزدەکەیـن کە ئـەوەش بـزانـن، کە رێـکخـراوی نێـودەوڵەتی بـۆ کـتێـبی گەنجـان، لە سـاڵی (١٩٥٣) دا دامـەزرا، کـورتـەی نـاوەکـەی (ئی بی بی وای) ە. رێـکـخـراوێـکی خۆبەخـشی سوودنەویستە. ئەنـدامەکانی سەر بە زۆربەی وڵاتـانی جیهـانـن. ئامـانجی ئەم رێکخراوە، لە بەخـشینی خەڵاتی هانز کریستیان ئەندەرسین. پشتگیری و هانـدانی نـووسـەران و وێنـەکـێشانی بـواری ئەدەبیـات و هـونـەری وێنەکـێـشانی منـداڵانە. بـۆ پـێـشکەوتـن و بـۆ داهـێنان لـەم دوو بـوارەدا، لـە هـەمـوو جـیهانـدا بەبـێ جیـاوازی.
زۆر بە کورتی هەردوو بـراوەی خەڵاتی ئەمساڵی هانز کریستیان ئەندەرسین، بناسن.
هاینز جانیش براوەی خەڵاتی نووسەری باشترین کتێب بۆ منداڵان:
(کـیندەربـۆتچوتـور هـاینـز جـانیـش) لە ناوەنـدی ئەدەبیـدا بە (هـایـنز جـانیش) خـۆی ناسانـدووە. نـووسـەرێـکی بەنـاوبـانگ و گـەورەی نەمسـاوییە، لە بـواری نووسـینی چـیرۆک و رۆمـان بۆ منداڵان و مێرمنداڵان. چەنـدین کاری ئەدەبیی چاپکراوی هەیە.
جانیش رۆنامەنووسێکی کـۆن و نـوێی رادیـۆیە. سەرنووسەری گۆڤـارێکی منـداڵانە. نووسەری چەنـدیـن کـتێبی وێنەیی و کـتێبی شـیعـر و شانۆ و سیناریـۆیە بۆ منـداڵان.
چەنـدین پارچـە شـیعـری بۆ سەمـای شانـۆیی نووسـیوە.
هـایـنز جـانیـش، لە زانکـۆی ڤـێـنا، بەکالـۆریـۆسی زمـانی ئەڵـمـانـیدا وەرگـرتـووە.
هـاینز جانیش، لە ساڵی (١٩٦٠) لە (بـۆرگنلانـد) لە نەمسا لەدایکبووە. کە نزیکە لە سـنووری (هـەنگاریـا) وە. لە ئێـسـتادا لە شـاری (ڤـێـنا) ی پایتـەخـتی نەمـسا دەژی.
هـایـنز جـانیـش هـەمیـشـە جـەخـت لەسـەر ئـەو قـسـەیـەی دەکـاتـەوە، کە بەڵایـەوە:
“لـە ئەدەبـدا هـیچ شـتـێک زۆر بچـووک نـیـیە”.
بەپێی قسەی لیژنەی دادوەری بۆ هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردنی کاندیدەکان، هاینز جانیش بە مامۆسـتا کورتـە چـیرۆک دادەنـرێـت. بەپێ خەیـاڵی خوێنـەرانـیش، هـایـنز لە کـتـێبە کورتە چیرۆکەکانیدا، ماوە بۆ گوزارشـتکردن جێدهێـلێت. بەشێک لە کارەکانی کۆمیدین. بەڵکو هـەنـدێک جـاریش گەمـژانەن. لە زۆر لە نووسـینەکانیـشیدا، دەقـەکانی سـادەن و تـوخـمێکی فەلسەفـیـیان هـەیە. نووسینی کتێبەکەی (کەمـتر زیـاتـرە) لە لایەن هایـنز بۆ منـداڵان، بوو بە خەڵاتگـری خەڵاتی هـانـز کریستان ئەندەرسین، بۆ باشترین نووسەری کـتێـبی ئـەدەبی بۆ منـداڵان، بۆ ساڵی (٢٠٢٤). ئەم کـتێـبەکەی وەریـانگـێڕاوە بۆ سـەر چەنـد زمـانێک. لە زۆر شـوێنی جیهـانـدا، بۆتـە هـۆی سـەرسـامی منـداڵان و گەنجـان.
هـاینز ئارەزوویەکی گەورەی بۆ ئەدەب و نووسین هـەیە. بێجگە لە کـتێبەکانی، چەند وۆرک شـۆپێکی دەربـارەی ئەدەب و داهـێنان بۆ منـداڵان و گەورەسـاڵان و بۆ کـاری داهـێنەرانە، بۆ هـونەرمەنـدانی گەنجی خـاوەن پێـداویستییە تایبەتییەکان ئەنجامـداوە.
جـانیـش لە نەمـسا و لە دەرەوەی نەمـسادا، چەنـدیـن خەڵاتی بـەرزی بەدەستهـێناوە.
سیدنی سمیس بـراوەی خەڵاتی باشترین کتێبی وێنەیی بۆ منداڵان:
(سیدنی سـمیس) هـونەرمەنـدی وێنەکێشی بەناوبانگی کەنەدییە، لە ساڵی (١٩٨٠) لە گوندی (نـۆڤـا سکـۆتیا) لە کەنەدا لەدایکبووە. دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە شـاری (تـۆرۆنـتـۆ) ژیـانی بەسەبـرد، لە ئێستادا لەگـەڵ خـێزانـەکەیـدا گەڕاوەتـەوە بۆ زێـد و پارێـزگاکەی خـۆی.
لـیژنەی دادەوریی بۆ هەڵـبژاردن، ئاماژەیـان بەوەکرد کە: کارەکانی سـیدنی سمیس، لە گـێڕانەوەی بیـنراوی یان یادەوەرییەکی کورتی مـوزیکی دەچـن. ئەمەش رەنگـدانەوەی قسەکەیەتی کە:” گوێگـرتـن ئەو.. شـێوازی مامەڵەکـردنیەتی لەگەڵ چـیرۆکەکانـدا” وا دەردەکەوێت کە تەکنیکی سادە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانی بەکاردەهـێنێت. لە راستیشدا ئەمە لە ئەنجامی پـراکـتیک و ئەزمـوونێکی چـڕەوە هاتوون. کە کەسایتییەکانی خاکین، بـەڵام لە راسـتی و رەسەنـایەتیـدا، هـاوسـۆز و میهـرەبـانـن. بۆیـە رەنگەکـان بۆ ئـەوە بەکاردەهـێنێت، کە سروشت و بـۆن و درامـا بخاتە هـەر کـتێبێکەوە. هەروەهـا دەکرێت وتـەی (کەمـترە زیـاتـرە) بـۆ کـارەکـانی پـراکـتـیزە بـکـرێـت. ئێـمـەی کوریـش دەڵـێـین: (نەخـت و پـوخـت.. نـەک زۆر و بـۆر).
چـونکە سمیس حەز لە زیـادەڕۆیی ناکـات. سـیدنی سـمیس، بەڕاستی هـونەرمەنـدێکی وێنەکێشی بەرزی جیهانی یە. لە ساڵی ٢٠٢٢شدا، بۆ خەڵاتی هانز کریستیان کاندیدکرا. خـۆشی چەنـد کـتێـبێکی چـیرۆکی بـۆ منـداڵان نـووسـیوە و بە وێنـە رازانـدوونیەتـەوە.
تا ئێستا لە کەنەدا و لە ئەمریکادا چەند خەڵاتێکی بەرزی لە بوارەکەیدا بەدەستهـێناوە.
ئەمساڵ (٢٠٢٤) سـندنی سمیس، وەک باشترین وێنەکـێش کـتێبی وێنەیی بۆ منـداڵان، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی هانز کریستیان ئەندەرسین (خەڵاتی نـۆبـڵی منـداڵان) هەڵیانبژارد. سـیدنی سـمیس یەکـەم کەنـەدییـە، کە ئـەم خـەڵاتـەی بەدەستهـێـنـا.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابـەتە، سوودم لە چەنـدیـن سایتی ئینگـلیزی وەرگرتـووە.
دوبـەی: ٢٠٢٤




مۆنـۆلـۆگ و مۆنـۆلـۆگی منـداڵان.. رەزا شـوان

رەچـەڵـەکی وشـەی “مـۆنـۆلـۆگ” لـە وشـەی یـۆنـانی لاتـیـنی ” مـۆنـۆس” بە واتـا “تەنیا” و “لـۆگـۆس” بە واتـا “قـسەبـکە” سەرچـاوەی گـرتـووە. واتـا هـەر “خـۆت قـسەبکە” ئەم دەستەواژەیە، بۆ وەسفکـردنی وتارێک لەلایـەن تاکە کارەکـتەرێکەوە بەکاردێت، لە چوارچێوەیەکی دراماتیکی، شانۆ، فیلم، بەرنامەی تەلەفـزیـۆنی،…هـتد. بەو کارەکتەرەش دەوترێت (مۆنـۆلـۆگـیست).
(لیۆنارد پێتەرز) دەڵـێت: “مۆنـۆلـۆگ بریتییە لە دیالـۆگ لەنێوان دوو کەسدا، کەسێک قـسەدەکـات، ئەوی تـریـان گـۆێ دەگرێـت و کـارلـێک دەکـات، پەیـوەنـدییـەک لە نێـوان هـەردووکیانـدا دروست دەکات”.
کەواتا مـۆنـۆلـۆگ، بریتییە لە وتارێکی درێـژ، لەلایـەن تاکە کارەکـتەرێکەوە. شـێواز و میـتۆدێـکی نمایـشە کە لە بەرهـەمـێکی شـانـۆیی یان فـیلـم سینەمـایی یا لە بەرنـامـە و درامایەکی رادیـۆیی و تەلەفـزیۆنی، بە شێوازێکی جیاواز بەکاردێت. دەکرێت مۆنـۆلـۆگ قـسەکـردن بێـت بـۆ کارەکـتەرەکـانی تـری دیـمـەنـەکە یان دەکـرێـت کارەکـتەرێـک بێـت لەگـەڵ خـۆیـدا قـسەبکات. یـان لەگـەڵ بیـنەرانـدا قـسەبـکات.
ئەو ئەکـتەرەی کە رۆڵی مۆنـۆلـۆگی لە شانـۆدا دەبێـت، پێویستە شارەزایی لە مۆنۆلۆگ هـەبێت، لە قسەکردنی مۆنـۆلـۆگ و چـۆنییەتی نمایشکردنی. شێوازی دەربـڕینی ئەکتەر لە مـۆنـۆلـۆگـدا، بە سێ شـێوەیە ئەنجـام دەدرێـت: وتـاری گـشـتی، دەقـی درێـژ لەگـەڵ کەسانی تر، قسەکردن لەگەڵ خودی خۆی. لە هەریەک لەم فـۆرمانە ئەکتەر شێوازێکی نـوانـدنی جیـاواز هەڵـدەبـژێـرێـت و جـۆرهـا مەزاج پیشان دەدات.
بۆ یەکـەم جـار مـۆنـۆلـۆگ، لە شەسـتەکانی سـەدەی حەڤـدەیـەم بە زمـانی ئینگـلـیزی دەرکەوت، بـریتیـبوو لە وتارێکی درێـژی تاکە کەسێک، یان دیـمەنـێک لە درامـایەک، کە تاکە کەسێک لەگـەڵ خـۆیـدا قسەی دەکـرد. مـۆنـۆلـۆگ لە درامـای کۆنی یۆنـانیـدا، گـڤـتوگـۆکـان کـەم و کـورت بـوون. تەنیـا کەسـێک لەسـەر شـانـۆدا نمـایشی دەکـرد و مـوزیکـیشی لەگـەڵـدا بـوو. لەو سەردەمەدا مـۆنـۆلـۆگ شێوازی سەرەکی شـانۆ بوو.
مـۆنـۆلـۆگەکـان لە چـیرۆکـدا، خـزمەت بە ئامـانجـێکی دیـاریکـراو دەکـەن. بـۆ ئـەوەی وردەکاریی زیـاتر سەبارەت بە کارەکتەرێک یان سەبارەت بە پلۆتەکە “گرێکە” بدرێت بە بیـنەر یا بە بیـنەران. ئەگـەر بە وردی بەکـاربهـێـنرێـن، رێـگەیـەکی زۆر باشـن بۆ هـاوبەشکردنی بیرکردنەوە ناوخـۆییەکان، یان چیرۆکی پشتەوەی کارەکتەرێک یان بۆ ئەوەی وردەکـاریی تایبەتـتر سەبـارەت بە گـرێکە بـدرێـت.
کاتێک کارەکتەرێک لە مـۆنـۆلـۆگـێکی ناوخـۆییـدا، قـسە لەگەڵ خـودی دەکات و بینەر شایتحاڵی گڤتوگۆیەکانێتی پێی دەوترێت (مـۆنـۆلـۆگی ناوخۆیی) نەک قـسەکردن لەگەڵ کارەکـتەرێکی تر یـان قـسەکـردن لەگەڵ بیـنەران بکات، وەک (تـاکە قـسەکەر) پێناسە دەکرێت. بەڵام ئەگەر کارەکتەر، بینەر بکات بە ئامانج و یەک لایەنە قـسە بۆ یەکـێکی تـری گـوێگـر یان بـۆ بیـنەرانی گوێگـر بکات، پـێی دەوتـرێـت (مـۆنـۆلـۆگی دەرەکی).
مۆنۆلـۆگ لە چوارچـێوەی گۆرانی و شیعـر و سروود و چیرۆک و رۆمان و شانۆ و فـیـلمـدا، یان لە گفتوگۆی رۆژانەدا، جـۆری زۆرە و مەبەست و ئامانجـیشـیان زۆرن، وەک مـۆنـۆلـۆجی: کـۆمـەڵایـەتی، نیـشـتـمـانی، سـیاسی، پـەروەردەیی، کـۆمـیـدی و تـەنـزئامـێز،… هـتد. کارەکـتەر گوزارشـت لە هـزر و لە نـاخی خـۆی دەکـات. بـەڵام
هـەنـدێ جـار قـسەکانی ئاراسـتەی کەسـێکی دیاریکـراو یان جـەمـاوەر دەکـات. ئەو وتارانەی کە سیاسییەکان دەیدەن، بریتین لە مۆنـۆلـۆگ، بۆ قـایـلکـردنی گوێگرەکان
بە سیاسەتی بنیاتـنراویـان، یان هـەر بابـەتێکی تـر بێـت.
جـوانـتریـن مـۆنـۆلـۆگی سیاسی وتارێـکی (مـارتـن لـۆسـەر کـینگ) ە، لەژێـر نـاوی (خەونێکم هەیە) کە لەساڵی (١٩٦٣) دا لە رێپێوانێکـدا پێـشکەشی جەماوەری کرد.
مـۆنـۆلـۆگ وەک ئامـرازێـکی ئـەدەبی، کەرەسـتەیەکی بەهـێزە بـۆ نـووسـەران بـۆ پەرەپێـدانی کارەکتەرەکانیان یان پەرەپێـدانی گـرێ، ئەگـەر بە شـێوەیەکی دروسـت بەکاری بهـێـنن. بە تایبەتیش لە شیعـردا مـۆنـۆلـۆگ رۆڵـێکی گـرنگی هـەیە. ئـەم گـرنگـییە ئـەدەبی منـداڵانـیش دەگـرێتـەوە. لە زۆر وڵاتـانی جیهـانـدا، نووسـەرانی بـواری ئەدەبی منـداڵان گـرنـگی بـە نـووسـینی مـۆنـۆلـۆگ بـۆ منـداڵان دەدەن.
لە ئەدەبی خەیـاڵی و ریالـیزمیدا، نووسـەران بۆ ئەوە مـۆنـۆلـۆگ بەکاردەهـێـنن کە بـوار بـۆ کارەکـتەرەکان بـڕەخسێـنـن، بۆ گوزارشتکـردن لە هـزر و لە هەسـتـیان.
چـۆنیەتی هـەڵـبژاردنی باشتریـن مـۆنـۆلـۆگی دیـزاینکـراوی تایبـەت بۆ منـداڵان، زۆر گرنگە. لەوانەیە لە سەرەتادا ئەم هەڵبژاردنە قورسبێت. بەڵام منداڵانی ئەمڕۆ هۆشیار و چاوکراوە و زۆر زانـن، تابێت زۆرزانـتر دەبن و توانـای وەرگرتنیان زیـاتر دەبێـت. هەمیشە دەق و بابـەت گەلـێک هـەڵبـژێـرن، کە بە خۆشی و بە متمانە بەخۆبـوونەوە بتـوانن لە گۆڕەپـانی قوتابخـانە و لەنـاو پـۆلـدا، یـان لەسەر شانـۆدا نمـایشی بکەن.
مۆنـۆلـۆگی منـداڵان بـریتییە لە کورتە وتارێک کە لە میانەیـدا، کەسێک چەند جارێک قـسەدەکات، بێ ئەوەی دەرفـەتێک بە گـوێگـر بـدات بۆ بەشـداریکـرد لە کارلـێکەکەدا. زۆر جاریش مۆنـۆلـۆگ وەک وتارێک لەسەر بابەتێکی دیاریکـراو پێشکەش دەکرێت.
کارەکـتەری نمـایشکاری مـۆنـۆلـۆگ، لەپـاڵ زمـانی قـسەکـردنـدا، زمـانی جەسـتەیی و جـوڵەییش بەکـاردەهـێنێت. بە پـێی واتـا و مەبەستی رسـتە و بـڕگەکـان، رووخـسار و جوڵەی جەستەیی (دەستەکانی، سەری) و تـۆنی دەنگەکەی دەگـۆڕێن و دیاری دەکرێن. بۆ نموونە لە ناخـۆشـیدا، خـۆی خەمبار نیشان دەدات و تـوڕە و گـرژ و مـۆن دەبـێـت و دەمـوچـاوی گـرژ دەکـات و تـۆنی دەنـگی بـەرز دەکـاتەوە. لەوانـەیە بە کـوڵ بگـریـت. لە خۆشیشدا، دەنگی نەرمە و رووی گەشە و خەنـدەی لەسەر لێوە و قاقا پێدەکەنێت.
کلیلی هەڵبژاردنی تێکستی مۆنۆلۆگ بۆ منداڵان، ئەوەیە بە هاوکاری لەگەڵ منداڵەکانتان یان قـوتابییەکانتـان، تێکـستی مـۆنـۆلـۆگی گـونجـاو هـەڵـبژێـرن. کە کـورت و سـووک و ئاسـان و شـیریـن بـن و کاریگەریی ئەرێـنیـیان لەسـەر منـداڵان هـەبـێـت. لە سەرەتـاوە ماوەکـەی لەنیـوان خـولەکـێک بۆ سێ خـولەک بێـت. وا لە منـداڵەکـانتـان بـکەن کـە لە مەبـەسـت و لە هـونـەری پێـشکەشکـردن و نمـایشکـردنی مـۆنـۆلـۆگ تـێـبگەن.

منـداڵان بۆ شەرم شکاندن و خـۆراهـێـنان و خـۆئامادەکـردن بۆ نمایشکردنی مۆنۆلۆگ، لەسەر شانـۆ بێت یا لە گۆڕەپـانی قوتابخانەدا، یا لە هەر شوێنێکی کەدا بێـت، دەتـوانن چەنـد جارێک لە بەرانبەر ئاوێنـەیەکی گەورەدا، پـرۆڤە و مەشـقی نمایشی مـۆنـۆلـۆک بکەن. یان ئەگـەر کارەکـتەرەکە کچـۆڵـەیەک بێـت، دەتـوانێـت لەگـەڵ بووکەڵـەیەکەیـدا قـسەبکات، وا بـزانێت کە بووکەڵەکەی گـوێی لێدەگرێـت. دوایش لە بـەردەم ئەنـدامانی خـێزانەکـانیانـدا زیـاتر لە جـارێـک پێشکەشیان بـکەن.
ئەمەش نموونەیەکە لە مۆنـۆلـۆگ، لەژێـر ناوی (باخچەی ئەفـسووناویی) بۆ منداڵان و هـەرزەکاران نـووسـراوە، لە زمـانی نەرویجـیـیەوە وەرمگـێـڕاوە بـۆ کـوردی:
باخچـەی ئەفـسووناوی
دوور لە جیهـانی ئاسایی، لە باخچـەیەکی ئەفـسوونـاویـدا، جـوانـتریـن گـوڵ و رووەک دەژیـان. هەمـوو رۆژێک لەژێـر تیشکی زێـڕینی خـۆردا پاڵـدەکەوتن. لە پاکـترین ئاوی چەمەکەدا تـێر ئاویـان دەخـواردەوە. لەگەڵ ئاژەڵە قـسەکەرەکان و گیانـلەبەرەکانی کەدا، لـەم بەهـەشـتەدا بە خـۆشی و شـادی دەژیـان. ئەفـسووناوییەکەی وایکـردبـوو کە ئـەم باخچـەیە جیـاوازبێـت.
مـن نـاوم (مـیرا) یـە، پەپـوولـەیەکی بچـووکـم. دەبـیـنیـت منـیش بەشـێکـم لـەم جیهـانە ئەفـسووناوییە. رۆژەکانـم بە فـڕیـن لە گوڵـێکەوە بۆ گوڵـێکی تـر و بە گـۆرانی خـۆش لەگەڵ هـاوڕێ ئاژەڵەکـانمـدا بەسەردەبـەم. دەربـارەی ئـەم جیهـانە نایـابەی لـێیدەژیـن، هەمـوو شـتێک دەزانـم.
بەڵام رۆژێـک شـتێکی سەیـر روویـدا، تەمـێکی نامـۆ باخچـە ئەفـسوونـاوییەکـەمـانی داپـۆشی. بە ڕەنگە خـۆڵەمێـشیـیەکەی هەموو شتەکانی داپۆشی. هەموو رەنگەکان و خۆشـییەکـانی نەهـێشـت. خـۆر نادرەوشـایەوە، لەژێـر باوەشی قـورسی ئـەم تەمـەدا، گوڵـەکان سیس بوونەوە. گۆرانییە خۆشەکان لە بێدەنگـییەکی تـرسناکـدا نوقـم بـوون. بە تەواوی سەر دڵـمانی گرت. هەستـم بـەوە کـرد، ئەگـەر شتێک نەکـەیـن، تا هەتایە باخچە ئەفسووناوییەکەمان و ماڵەکـەم رزگاریان نابێت و لەدەسـتیان دەدەیـن. دەبێـت شـتـێک بـکەم بۆ ئەوەی هـۆی ئـەم تەمـە بـزانـم.
دەسـتم بە گەشتێکی سەرەکـێشی و سەڕسوڕێنەر کرد. تێـیدا کەسانی نائاساییـم بـیـنی، چ بـاش چ خـراپ. سەبارەت بە ژیـان فـێری وتەی گرنگ بووم: ئازایەتی بە قـەبارەی جەسـتە ناپێـورێـت، بەڵکـو بە دڵ دەپیـورێـت. هـەردووکیان، وانەکانی بەدەستهـێـنانی متمانە بەخـۆبوونیان فـێرکردم. لـێبووردن دەتوانێت تەنانەت رق و کـیـنە قووڵەکانیش ساڕێـژبـکات. هـاوڕێی راستەقـینە، ئەوانەن کە یارمەتیی ئەوەت دەدەن، چـۆن هـەیت بە راستی وا خـۆت ببینیـت. لە دوای چەنـدیـن تاقـیکردنەوە و تەنگانـەدا، سەرچاوەی تـاریـکـیم دۆزیـیـەوە: پیـرەژنـێکی تەنـیای جـادووکـەر، شـادی و خـۆشـیی لـە ئـێـمـە ڕفـاندووە. پێیوابووە، بەم ڕفـانـدنە، شادی و خۆشیی ئێمە بۆ ئەو دەچـێـت. دەمتـوانی شەرکـردن لەگەڵـیدا هـەڵبـژێـرم. بەڵام داوای هـاوڕێتـیم لـێـیکـرد و هەمـوو شادییەکی خۆمـم بـۆی دەربـڕی. بەم هەڵـوێـستەم رق و کـیـنەی نـاودڵی جادووگەرەکە تـوانەوە. تەمەکەش بەرزبـووە و نەمـا. ئەوەیە لە تاریکـتریـن کاتەکاندا، هـیوا و خۆشەویستی زال دەبـن. باخچـە ئەفـسوونـاوییەکەشـمـان رزگـاری بـوو!
هەموومـان ئەوە دەزانـین، دەکـریـت و دەتـوانین، فـێری هـونەرێک ببین، وا ئەمـڕۆ مـن لـێرەدا وەسـتاوم. بۆ ئەوەی لـێـت بپـرسـم: ئایا لەم گەشـتەمـدا لەگەڵـمدا دێـیت؟ پـێکەوە لەسـەر ئەم شانـۆیـەدا نمـایش بـکەیـن و ژیـان بۆ باخچە ئەفـسووناوییەکە بـگـەڕێـنیـنـەوە؟ دەتـوانـیـن درەفـەتـێکی روونـاکی پـیـشـانی بـیـنەرەکـان بـدەیـن.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، کەم یان زۆر سـوودم لە چەنـد سایتێکی ئینگـلیزی و نەرویـجی وەرگـرتـووە.
رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤




بـۆ منداڵان/ ئۆپەرێتی: نەورۆز و مامەیارە.. نووسینی: عەلی حەمەڕەشید

کۆمەڵێک منداڵ و مێرمنداڵی کوڕ و کچی تەمەن (٧بۆ١٤) ساڵان، جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردییان لەبەردایە، خۆیان ئامادە کردووە دەچن بۆ گردی مامەیارە تا بەشداری ئاهەنگی یادی نەورۆز بکەن، کە بۆنەیەکی خۆشی نەتەوایەتییە. مامۆستا (ژیان)، ئۆپەرێتێکی گۆرانیی ئامێزی بۆ ئامادەکردوون و هەموویان تێیدا بەشدارن. دایکی (لاوین و شکۆ)، یاپراخی گەڵامێوی بۆ ئامادەکردبوون، دایکی (ئاریان)، کووبە و دایکی (باسۆ)، شفتە و ئەوانی تریش میوە و چەرەساتییان ئامادە کردوە. کەوتنەڕێ بەرەو گردی مامەیارە، کە مامۆستا ( ژیان) بەوشێوەیە ئەوانی بینی وتی:
ئەرێ منداڵینە ئەوە چییە؟ دەڵێی دەچن بۆ سەیران؟ بیرتان چووە ئێمە دەچین ئۆپەرێتێک پێشکەش بە ئامادەبووان دەکەین؟
لاوین: (بەپێکەنینەوە)، مامۆستا گیان ئەی لە ڕۆژێکی وا خۆشدا سەیران نەکەین کەی سەیران بکەین؟
شکۆ: ڕاستە نەورۆزە و ئێمەش بەشداری ئەو بۆنە خۆشە دەکەین.
مامۆستا: دەی زۆر چاکە بابڕۆین، بەڵکو تا نزیکبوونەوەی کاتی ئاهەنگەکە پرۆڤەیەک بکەین. ‌پێشەنگ: مامۆستا گیان، تۆ هەمیشە ویستووتە بەچالاکیی نوێ و جوان بەشداری یادی نەورۆز بکەین.
ئاریان: ئێمەش حەزدەکەین کە گەورە بووین کەسێکی چالاک و خۆشەویستی وەکو تۆ دەربچین. مامۆستا: سوپاستان دەکەم گوڵەکانم، دڵنیابن مرۆڤ بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی هەر چییەکی بووێت پێی دەگات.
شکۆ: مامۆستا گیان ئێمە ئەو کاتانە دڵخۆشین کەتۆ دێیت و پرۆڤەی چالاکییەکی نوێمان پێ دەکەیت. پێکەوە ڕۆیشتن تا لای سنەوبەرەکان و چوونە ژێر ئەو کەپرۆکەیەی کە بۆیان ئامادە کرابوو ، کەلوپەلەکانیان داناو لەگەڵ مامۆستادا کەوتنە پرۆڤەکردن، چونکە هێشتا خەڵکێکی زۆر نەگەیشتبوون. بەخۆشییەوە خێرا پرۆڤەکەیان تەواوکرد، مامۆستا زۆری پێخۆشبوو، چونکە زۆر بەجوانی نمایشییان دەکرد. ئیتر دووانیان لەژێر کەپرۆکەکە بەدیار خواردنەکانیانەوە مانەوە و ئەوانیش کاتی نمایشکردنی چالاکییەکەیان هاتبوو. هێندەیان زانی بانگییان کردن، ئیتر لەگەڵ مامۆستادا چوونە سەر سەکۆی(ستەیج) تەختەی شانۆکە، مامۆستا هەر یەکێکیانی لە شوێنی تایبەتی خۆی داناو چەند ڕێنماییەکی کردن. ئیتر لەگۆشەیەکەوە وەستا و پێیوتن دەست پێبکەن و هەر لەوێشەوە چاودێری دەکردن.
ئاریان: چەند ئاسوودە و دڵخۆشم کە دەبینم هەموان هاتوون بۆ گردی مامەیارە و یادی نەورۆز دەکەنەوە. ئازاد: دڵنیام کە ڕۆحی پیرەمێردیش ئاسوودە دەبێت کەوا ڕۆڵەکانی لەو شوێنەدا، کە ساڵانی زوو یادی نەورۆزی تێدا کردۆتەوە، ئەوانیش ئاهەنگ سازدەکەن و یادی دەکەنەوە.
باسۆ:
شێوەی گـــردی مامـــــەیـارە…..لام خۆشترین شوێنی شارە
باش بزانن کـــە ئەم جێیە…..پیرەمێردی گــــەورەی لێیە
مرۆڤێک بــوو مەرد و دڵسۆز…..بۆ ئاهـــەنگ و یادی نەورۆز ئاریان:
مامــــەیـارە مامـــــەیـارە….. لام جـوانترین شوێنی شـارە پیرەمێردی نــاوداری کـــورد…..ناســـراوە لای درشت و ورد وەکو نەریتێک لـــــە مێژە…..ئەو ئــــەم یادەی کـــردۆتەوە (ئەمڕۆژی ســــاڵی تازەیە)….کەســـەرەتای ئــەو شیعرەیە پیرەمێرد نووسی بــۆ نەورۆز….(دیلان)یش بەدەنگی پڕسـۆز
هێندەیتر چێــــــژی پێداوە …..لـەســـــەرزارە تاکوردماوە
بەدڵخــۆشی دەڵێم نەورۆز….. لە هەمـــــوولایەکتان پیرۆز
ئازاد:
مامــــەیـارە مامـــــەیـارە….لە نـــەورۆزدا پرشنگــدارە پیرەمێرد ئــــەو مرۆڤــەیە…..ئێستا ڕۆحــی ئاسـوودەیە
کـە دەبینێت ڕۆڵەکــــــانی…..وا بــەخۆشیی و شـادومـانی
ئـاوا یادی دەکــــــەنەوە….بەشـــادی و زەردەخــەنەوە
کۆرس:
لەنەورۆزدا گشت ئاسوودەین…..بەشداری ئەو یادە دەکــەین تێکەڵ دەبن هەموو دەنگێک…..دەبن بەیەک هەمــوو ڕەنگێک وەکــــــو چیــا بەهێز دەبن….. دژی زۆردار ڕادەوەســـتن مامــــەیـارە مامـــــەیـارە….. لە لای هەمــوان شکـــۆدارە خـۆزگە خـۆزگە مامـــەیارە…..کـــە جوانترین شوێنی شــارە دەیانکرد بە سەیرانگای شار….پڕ چیمەن و گــــوڵ و گوڵــزار ئەوســـا دەبوو بەجێی پشوو….هەمــوو کـــات ڕازاوە دەبــوو منداڵیش بۆ یـــــــاریکردن….بۆ خۆشیی و کــات بەسەر بردن بۆی دەهاتن لـــەگشت لاوە….یاری بکـــــــەن بە خــولیاوە خۆزگەی ئێمە ڕوون و دیارە….لــە ســـــەیرانگای مامەیــارە هۆڵێکی گەورە و ڕەنگاوڕەنگ….بۆ ســـازدانی کۆڕ و ئاهەنگ لــــە ناویدا بنیات دەنـــــرا…..بـــە پیرەمێرد ناوزەد دەکــرا
تا شاعیران و نووســــــەران….هــونەرمەندان، شێوەکــاران ڕۆژانە ســـــەردانی بکـــەن….چـــالاکیی تیا ئەنجـام بدەن ئەوســــا ڕۆحی پاک و جوانی….پیرەمێــــردی سلێمـــــانی لەگردەکــــەی مامــــــەیارە…..ئاســوودە دەبـــوو بەو کارە بۆیـــــە دەڵێین مامـــــەیارە…..ئەوکـــاتە زۆر جوانتر دیارە لەگشت لایەکی کوردستان…..دێن سەردانی دەکەن هەمووان
شکۆ:
یــــادی نەورۆز لێرە جیایە…..چێژ و خـــــۆشیی زۆری تیایە گەورە و بچوک بەیەکــەوە…..دێن و یــــادی دەکـــــەنەوە مامەیارە و نەورۆز هەر دوو …..بـــۆ پیرەمێرد بــوون بە مێژوو جێی شــانازیی سلێمانیین….هێمای خــــۆڕاگریی و جوانیین خۆزگە بۆ ســـاڵی داهاتوو….مامــــەیارە ئــــاوا دەبـــــوو
وەکو گوندێکی گەشتیاریی ….بۆ چــــالاکی و کـــۆڕ و یاری
ناوی پیرەمێرد لـــەو ناوە…..زۆر بەجـــــوانی دەدرەوشاوە لێرەدا کۆتایی بە چالاکییەکە دێت و منداڵەکان دەیکەن بە چەپڵە ڕێزان و مامۆستا ژیانش دێت بۆ لای منداڵەکان و یەک یەک ماچییان دەکات و سەرو چڵە نێرگزێکیشییان پێشکەش دەکات…

نووسینی: عەلی حەمەڕەشید




رۆژی جیهـانی کـتـێـبی منـداڵان.. رەزا شـوان

رۆژی سێـشەممە (٢/ نیسان/٢٠٢٤) یای (٥٧) ەمین ساڵـڕۆژی دامەزرانـدنی (رۆژی جیهـانی کـتـێبی منـداڵان)ە. هەموو ساڵـێک لە رۆژی (٢/ نیسان) دا، بەم بـۆنەیەوە، لە سەرانسەری جیهانـدا، لە قـوتابخـانەکان و لە کـتێـبخـانەکانە گـشتی و تابەتییەکـان و لە مەڵبەندە رۆشنبیرییەکانی منـداڵاندا، بە سپـۆنسەری دەستەی رێکخـراوەی نێـودەوڵەتی کـتێـب بۆ لاوان (ئـیـبی) کە بارەگـای، لە لەنـدەن لە بەریتـانیایە، بـە فـەرمی ئاهـەنـگی شایستە و چالاکییی هەمەجـورەی رۆشنبیری و هـونەری بەڕێوەدەبـرێـت. ئەم رۆژەش وەک رێـزگـرتـن و پێـزانـینە، بە بـۆنـەی یـادی جـەژنی لەدایکـبوونی کـەڵـەنـووسـەر و شاعـیری بەنـاوبانـگی دانیـمارکی (هـانـز کریستـیان ئەنـدەرسـۆن: ٢/ نیسان/ ١٨٠٥ـ ٤/ ئـاب/ ١٨٧٥) کە بە (بـاوکی چـیـرۆکە ئەفـسانەییـەکـان لـە جـیهـان) دا، داەنـراوە. خـاوەنی زیـاتر لە (١٥٠) کـتێبی چـیرۆکی فانتازیای چاپکـراوە. کە بۆ ئـەو سەردەمە ژمـارەیەکی پێـوانـەیی بـوو. لە چـێرۆکەکانی: جـلـوبەرگی تـازەی ئیـمـپراتـۆر، پەرییـە بچکۆلەی دەریا، پێڵاوی سوور، کچۆڵە شقارتە فـرۆشەکە، بێچوە مراوییەکی ناشیرین، بولبول، تۆمالیزا، شاژنی بەفـر، دوا خەونی پیرەدار بەڕووەکە، داری سەروو،… هـتد.
(گـێلا لـێبمان) ی نووسەر و رۆژنـامەنووسی ئەڵمانی، ئەو پێشنیاری رۆژی جیهـانی کتێبی منداڵانی کرد. لە لایەن رێکخراوی نێودەوڵەتی کـتێب بۆ لاوان، کە رێخراوێکی خـۆبەخـشی سـوود نەویسـتە، پێشنـیارەکەیـان پەسەنـدکـرد. لە سـاڵی (١٩٦٧) دا، بـڕیاریان دا کە رۆژی (٢/ نیسان) هەمـوو ساڵێک، کـە هـاوڕۆژ و هاومانگە لەگەڵ یادی رۆژی لەدایکبوونی هانز کریستان ئەندەرسۆن، بکرێت بە رۆی جیهانی کـتێبی منداڵان لە هەموو جیهاندا. بۆ یەکەم جاریس رۆژی جیهانی کتێبی منداڵان لە سویرا سازکـرا. لەو ساڵەوە تا ئەمـڕۆ، ساڵانە وڵاتێک لە وڵاتانی جیهان رادەسپـێرێـت، بۆ سـازکـردنی ئـاهـەنـگی سـەرەکی و چـالاکـیی هـەمـەجـۆرەی پەیـوەسـت بـەم رۆژە.
هەموو ساڵێکیش پۆستەرێکی تایبەتی و دروشمێکی پەیـوەنـد بەم رۆژەوە، لەلایەن ئـەو دەوڵەتە میـوانـدارەوە هەڵـدەبـژێـرێـت. ساڵی پـار (٢٠٢٣) لە وڵاتی (یـۆنـان) بەڕێـوەچـوو، لەژێـر دروشـمی”مـن کـتـێــبـم: بـمـخـوێـنـەوە”.
ئەمساڵ (٢٠٢٤) لەلایەن وڵاتی (ژاپـۆن) ەوە رێکـدەخـرێـت. نووسەرێـکی ناسراوی بواری ئەدەبیاتی منداڵان لە ژاپـۆن، لەم رۆژەدا پەیامێک بەم بۆنەیەوە دەنـووسێت و ئاراسـتەی هەمـوو منـداڵانی جـیهـان دەکـات. داوایـان لـێـدەکات، کە ببـن بە هـاوڕێی هـەمیشەی کـتێب و هـۆگری خوێنـدنەوەبـبن. وێنەکـێشێکی بەناوبانگی ژاپـۆنیش لە بـواری وێنەکێشانی کتێبی منـداڵان، پۆستەرێکی پەیـوەندیدار بەم رۆژەوە دەکێشێت و دەبێـتە لـۆگۆی رۆژی جیهـانی کتێبی منداڵان بۆ سـاڵی (٢٠٢٤). گەلێ چالاکیش لەم رۆژەدا ئەنجـام دەدرێـن، وەک: پـشـبـڕکی نـووسـین لە ژانـرەکـانی ئەدەبی منـداڵان، کـردنەوە پێشانگای تابلـۆی کێشراوی منـداڵان، راگەیـانـدنی خـەڵاتی کـتێب، دیمـانە لەگەڵ نووسەرانی منداڵان، پێشکەشکـردنی کـتێب بە منـداڵان، چالاکـیی رۆشنبـیری لەلایەن منداڵانەوە. وۆرکشـۆپ و کۆڕ و سیمینار دەربارەی کتێب و ئەدەبی منداڵان.
سەردانی بەشی منداڵان لە کـتێبخـانە گـشتییەکاندا. خوێنـدنەوەی کـتێبی چـیرۆک بە دەنگەوە. باسکردنی ژیان و نووسینەکانی هانز ئەندەرسۆن و نووسەرانی تر،..هتد.
هەروەهـا لە زۆربـەی قـوتـابخـانە بنەڕەتییەکـان و لە کـتێـبخانە گـشتییەکانـدا، یادی رۆژی جیهانی کـتێب بەرز ڕادەگیرێـت. چالاکیی رۆشـنبیری و ئەدەبی و خوێنـدنەوە رێکـدەخرێن. کە مامۆستاکان و قـوتابیەکان و چیرۆکخوانەکان بەشدارییان تێادەکەن.
هەندێک لە کـتێـبفـرۆشەکانیش لەم رۆژەدا، داشکاندن بۆ کـتێبەکانی منـداڵان دەکەن.
مەبەست و گرنگییەکانی رۆژی جیهانی کـتێـبی منـداڵان چـین؟
بێگومان زۆربەی ئەو زانست و زانیارییانەی کە دەیانزانین، لە کێبەوە فێریان بووین و وەرمـان گـرتـوون. کـتێب گـرنگـترین هـۆکاری رۆشـنبـیری و زرنگی و زۆرزانـیـمـانە.

(تـۆمـاس جـیـفـرسـۆن) دەڵـێت:” مـن نـاتـوانـم بەبـێ کـتـێـب بـژیـم”.
(هـێنری میللەر) دەڵێت:”کتێب تەنیا هـاوڕێ نییە بەڵکو هـاوڕێشمان بۆ دروستدەکات”.
(لـیـنی هـێـنری) یـش دەڵـێـت:”تـۆ فـێردەبـیـت.. چـونکە تـۆ کـتـێـب دەخـوێـنـیـتـەوە”.

کـتێب رۆڵـێگی گرنگ و گەورەی هـەیە لە گەشەکردن و پەروەردەکردن و لە راهـێنانی ئەقـڵ و دەروون و لە زاخاودانی هـۆش و بیر و هەستی منداڵان. رۆژی جیهانی کتێبی منـداڵان دەیەوێـت، سـوودەکانی خـوێنـدنەوەی کـتـێـب، بە بیـری منـداڵان بهـێـنـێـتەوە:
١ـ رۆژی جیهانی کتێبی منداڵان، هـانـدانی منـداڵانە بۆ زیاتر خوێندنەوە. ئەرکی دایکان و باوکان و مامۆستایانە، کە هـانی منـداڵان و قـوتابییەکانیان بـدەن، کە ببن بە هـاوڕێ هەمیـشەی کـتێـب و هـۆگری خوێنـدنەوە ببن و خووی پێـوەبگـرن، هـەمـوو رۆژێکیان رۆژی کـتێب بێت. خوێنـدنەوە ببێت بە کولتـوور و بە پێویستییەکی ژیـانی رۆژانەیـان.

٢ـ هـاوسـۆزی و خەیـاڵی خوێنـدنەوەی کـتێـب، منـداڵان رووبـەڕوی ئاسـۆیەکی نـوێ دەکاتەوە. خەیاڵ و کـنجکاوی منداڵان دەورووژێنێـت و فـراونتر دەبن. هانیان دەدات و فـێری بەهـا جـوانەکانیان دەکـات. بە شـتی نـوێ ئاشـنایان دەکات. کاریگەریی ئەرێنی ئـەدەبی لەسـەر منـداڵان گـەشـەدەکـات. ورەی منـداڵان بـەرزتـر دەکـاتـەوە و بـاری دەروونیان باشتر دەکات. ئارەزووی گەڕان بە دوای جیهانی دەوربەریان بکەن. فـێری بیـرکـردنەوە و داهـێـنانیـان دەکـات. هـەمـوو ئەمـانە، کارامـەیی بنـەڕەتین کە رێگایان پێـدەدات، گەشـەبـکەن و بـبـنە گـەورەسـاڵانی هـۆشـیار و زیـرەک و مـیهـرەبـان.
٣ـ خوێندنەوەی کتێب، یارمەتیی منداڵان دەدات بۆ بەرزکردنەوەی توانی وشەسازی، لە رێکەی خوێندنەوەوە، بـڕی ئەو زاراوانەی کە منـداڵان بەکاریان دەهـێنن، زۆرتـردەبن.
٤ـ خوێنـدنەوە راهـێنانێکی گرنگە، بۆ مێشک، زاخاوی بیر و هـۆشیان دەدات. مێشک سەرقـاڵ دەکات. رایـدەهـێنێـت بـۆ ئـەوەی بتـوانێـت پەیـوەنـدییـە دەمـارییەکـانئ باشـتر دروسـت بکات. بە تایبەتیـش کـتێـبی وێنەیی رەنـگاوڕەنـگ، زیـاتر گەشـە بە مێـشکی منـداڵانی بچـووک دەکـات.
٥ـ رۆژی جیهانی کتێبی منداڵان، هاندانی بڵاوکردنەوەی کتێبی کوالیتی بەرزی منداڵانە، بە تایبەتیش لە وڵاتـانی تازەپـێگەیشتوو. پاڵـپشتیکـردنە لەو کەسانەی پەیـوەنـدییان بە منـداڵان و بە ئەدبیـاتی منـداڵانەوە هـەیە.
٦ـ رۆژی جیهـانی کـتێبی منـداڵان، رۆژێکی ئیـلهـامبـەخـش و هاندانی هـۆشـیارییە، بۆ خۆشـەویستی خـوێنـدنەوە و سەرنجـڕاکـێـشان بۆ کـتێـبی منـداڵان و بـۆ رۆڵی بـەرزی نووسەرانی ئەدەبیاتی منـداڵان.
٧ـ رۆژی جیهانی کتێبی منداڵان هاندانە بۆ لیکۆڵینەوە و تۆژینەوەی زانستی پەیوەست، بە منـداڵان و بە ئەدەبیاتی منـداڵان. بۆ بانـگەشـەکـردن بۆ کـتـێـبە نـوێیەکـانی منـداڵان.
٨ـ لە زۆر لە قوتابخـانەکانی وڵاتانـدا، لە رۆژی جیهـانی کـتێـبی منـداڵان. هەنـدێک لە منـداڵانی خـوێنەرانی کـتێـبە وێنەییەکـانی منـداڵان، شـێوازی جـلـوبـەرگی پاڵـەوان یان کارەکتەرەکـانی کـتـێـبە دڵخـوازەکـانیان لەبەردەکـەن و وێنەیـان پێـوەدەگـرن.
٩ـ لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، خوێندنەوە بۆ چێژوەرگرتن، گەورەترین نیشاندەری سەرکەوتنە لە ژیانی ئەمـڕۆ و داهاتوودا. بەداخەوە کە خوێنـدەواری نەخوێندەوارمان زۆرن. تەنهـا بە بـوونی کـتـێـبخـانەیەک لە ماڵەکـانتـانـدا نـابـن بە خـوێنـەری راسـتی.
زۆری ژمارەی کتێب لە کتێبخانەکانتاندا، پێوەرنین بۆ ئەوەی خوێنەربیت، بەڵکو چەند کتێبت خوێندۆتەوە و سـوودت لێـوەرگـرتـوون، خـووگـرتن بە خوێنـدنەوەوە پێـوەرن.
(جـۆزێـف برودسکای) دەڵـێت:”ئەو تاوانەی کە لە سوتانـدنی کـتێب مەتـرسیدارتـرە، نەخـوێنـدنەوەیـەتی”.
١٠ـ کـتێـبی باش، بـڕوا و متمانەبەخـۆبـوون و هـیوا و گەشــینی و ئازایەتی ئەدەبی
بە منـداڵانی خوێنـەر دەبەخـشـێـت. دەبـن بە کەسـایەتیی هـاوسەنـگی سەرکـەوتـوو.
ئەوانە و چەنـدیـن سـوودی تـر، لە ئامـانجـەکانی رۆژی جیهـانی کـتێـبی منـداڵانـە.
دایکان و باوکانی دلـۆڤـانی کورد، مامۆسـتایانی دڵسـۆز و خـۆڕاگـر. هـەرچەنـدە کە کوردستانی نیشــتـمانی پیـرۆزمـان، رووبـەرووی کـۆمـەڵـێک کـێشە و نەهـامـەتی و نەبـوونی و سەختی ژیـان و گوزەران بـووتەوە. بەڵام بۆ دەبێت منـداڵە بێنازەکانمان باجی شکـستییەکانی دەسەڵاتـدارانی نابەڵـەدی دەسەڵات قـورخکردووی کوردسـتان بدەنەوە؟ لە چـێژ و لە خۆشیییەکانی ژیانی منـداڵییان بێەشبن؟ گوناه و تاوانی کێیە؟
ئایا زۆربەی دایکان و باوکانی کوردستان، پارەی ئەوە لە گـیرفـانیاندا هەیە، کە لە رۆژی جیهـانی کـتێـبی منـداڵان، کـتێـب و گۆڤـاری جـوان بۆ منـداڵەکانیان بکـڕن و پـێـشکەشـیان بـکەن؟ ئـۆبـاڵی ئـەم منـداڵە بێـنازانـەمـان، لە ئەسـتۆی کـێ دایـە؟؟
رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤




چـیرۆک بـۆ منـداڵان/ کامـەرانی ئـازادیخـواز .. رەزا شـوان

مـن لە پـۆلی شـەشی بنەڕەتـیم، کـاکـم کامـەران لە پـۆلی پـێـنجی ئامـادەییە. کاکـم زۆر حـەزی لە دەنـگی بـاڵـندەیـە، بە تایبـەتیـش لە دەنـگی کـەو. بـۆیـە دوو کـەوی جـوانی کڕیبوو. لەناو قەفـەزێکی دوولایی داری دەرگا داخـراودا بوون. هەموو رۆژێک دان و سەوزە و ئاوی لەبەردەم کەوەکانی دادەنا. سەرسامی دەنگە خۆشـەکانیان بوو. منیش حـەزم لە قـاسـپە قـاسـپی کـەو هـەیە، بـەڵام حـەز بـە بەنـدکـردنی هـیچ بـاڵـنـدەیـەک نـاکـەم. لە سـروشـتـدا دەنـگـیان سـروشـتی و خـۆشـتـرە.
ئەوەی کە ئازاری هـەستی منی دەدا، دەمـبینی کەوەکان نا ئارامـن و هـەمیشە سەریان لەنێـوان دارەکانی قـەفـەزە تەنـگەکەیـانەوە دەردەهـێنان و هـەوڵی خۆ رزگـاربـوونیان دەدا. لە تـرسی کاکـم نەمـدەوێـرا، ئەگـیـنا هـەر لە یەکەم رۆژی کـڕینیانـەوە، هـەردوو کەوەکەم بەرەڵا دەکـرد. نەمـدەزانی چـۆن کاکـم رازی بکەم، تا کەوەکـانی ئـازاد بکات.
رۆژێک کاکم بیـنی، پەرتـووکـێکی لەسەر ئازادی دەخوێـندەوە. بە هەلێکی باشم زانی.
ـ کاکە کامەران ناونیشانی ئەو پەرتووکەی دەیخوێنیتەوە ئازادییە. ئازادی مانای چییە؟
کاکـم: شـۆخـان گیان، ئـازادی ئەوەیە، کە مـرۆڤ دیـلی کەس نەبێـت و بە سەربەستی بژیت. بەڵام نابێت لە سنووری ئـازادی لابـدات و ئـازادی لە کەسانێکی تـر تـاڵ بکات.
ـ دەمخـۆش کاکـە گیـان. کـەواتە ئـازادی مـافـێکی پـێـویسـتی هـەمـوو کەسـێکە.
کاکـم: بـەڵی شۆخـان، رێک وایە، ژیـان بەبێ ئازادی، هـیچ واتا و خۆشـیـیەکی نیـیە. سامـانی زۆر و پـارە، بەچـی دەچـن ئەگـەر مـرۆڤ بـە ئـازادی نـەژیـت.
ـ جـا کاکە تـۆ بە راسـتی بـڕوات بە ئـازادی هـەیە؟ بە کـرداری جـێـبەجـێی دەکەیـت؟ یان هـەر بە قـسە بـڕوات بـە ئـازادی هـەیە؟
ئـەوە یەکـەم جـارم بـوو، کە بـەم شـێوازە لە کاکـم بـپـرسـم. بـۆیە کـاکـم گـرژبـوو.
کاکـم: شۆخـان دەزانیت چی دەڵـێیت؟! مـن چی کارێکی ناشیرین و نابەجـێم کـردووە؟ چی کارێـکـم بـە پـێچـەوانـەی ئـازادییـەوەیـە؟ بـڵێ بـزانـم ئـازادیـم لـە کێ تـێکـداوە؟
ـ ببـوورە کاکە گیـان، مـن تـۆم زۆر خۆشـدەوێـت. ئـەی ئەوە نـیـیە دوو کەوت لەناو قەفـەزێکی تەسکـدا بەنـد کـردوون و ئـازادیت لـێـیان داگـیرکـردوون؟ ئەوانیش وەک ئـێـمە، حـەز بـە ژیـانی ئـازادی دەکـەن. ژیـانی نـاو قـەفـەز کـەی ژیـانـە؟
کە ئەم قـسانەم کرد، کاکم ساردبووەوە. بۆ ماوەیەک داما و بێـدەنگ بوو. وا دیاربوو قـسەکانـم کاریـلـێکـردن. بەزەیی بـە دوو کەوەکەیـدا هـات. ئیـنجـا زەردەخـەنـەیـەکی ناسکی کرد و باوەشی لێدام، سەرمی ماچکرد. چوو بە لای قەفـەزەکەوە و دەرگاکەی کردەوە و هەردوو کەوەکەی ئـازادکرد. کەوەکان دایان لە شەقـەی باڵ و هەڵـفـڕین و رۆیشـتن و لەچـاو ونبـوون. ئینجا کـاکـم بە پێـیەکـانی، قـەفـەزەکەی شکانـد.
کاکـم: بـژی شـۆخـان گیـان، خـوشـکە زیـرەک و ژیـرەکـەم، فـێری وانـەیەکی بـاشی ئازادیـدت کردم. بەڵـێن بێـت لە ئەمـڕۆوە، بە راستی دەبـم بە کامەرانی ئـازادیخـواز. حەزیش لەو کەسانە نەکەم، کە راوی باڵنـدە و ئاژەڵی کێوی بکەن و بەندیان بکەن.
ـ چـەپـڵەیـەکی بەهـێـزم بـۆ کـاکـم لـێـدا.




بەرنامەیەک، بۆ دانانی پرۆگرامێک بۆ دایەنگە.. ئەرسەلان حەسەن

پرۆژەیەک بۆ داهاتوو
بێگومان بیرکردنەوە لە بەرنامەیەک بۆ دانانی پرۆگرامێک بۆ دایەنگە و پەروەردەکردنی منداڵان لەسەر هەمان بنەما و پرۆگرامەکەش لەڕێگای چیرۆکی منداڵانەوە، لەو ڕووەوە بەها و گرنگی خۆی هەیە و دەهێنێت ستایش بکرێت و شایانی دەستخۆشی و بەرزنرخاندنە، کە چیرۆک کاریگەری لەسەر منداڵ هەیە و ڕاستەوخۆ کاری تێدەکات و بیرکردنەوە لەبەرنامە و پڕۆژەیەکی لەوجۆرە بەهەنگاوێکی باش لەم بوارەدا لەقەڵەم دەدرێت و مەرجیش نییە هەنگاوێکی وا هەستیار سەرەتا بێ سەرنج و تێبینی بێت، بەڵام دەکرێت بناغەیەکی باش و پتەو و قایم بێت بۆ داهاتوویەکی باشتر.

بیرۆکەی بەرنامەی دانانی پرۆگرام لەڕێگای چیرۆکەوە بیرۆکەی مامۆستا (دیمەن حەمە عەلی سەعید)ەو پێماندەڵێت: (ئەم چیرۆکانە دەخەینە بەردەست مامۆستایانی دایەنگە بەو هیوایەی ببێتە بەرچاو ڕوونی و سەرەتایەک بۆ دانانی پرۆگرامی تایبەت بەدایەنگە)، خۆ ئەگەر بشخرێتە بەردەم شارەزایانی پەروەردە بە گشتی و بواری نووسین بۆ منداڵان، بێگومان بەرچاو ڕوونییەکە زیاتر و سەرەتاکەشی باشتر دەبێت.
بایەخی پرۆژەکە
گرینگی بیرکردنەوە لەوجۆرە بیرۆکە و بە تایبەت لەوە گرنگتر هەڵبژاردنی هەر سێ نووسەری چیرۆکەکان: (ئەمین محەمەد، پەیام ئیبراهیم، عەلی حەمەڕەشید)، کە هەر سێکییان خاوەن ئەزموونێکی زۆرن لەبواری نووسین بۆ منداڵان و جێ پەنجەیان لەو بوارەدا دیارە، بایەخی پرۆژەکەی زیاتر کردووە و سپۆنسەرکردنی ئەم پرۆژەیە لە لایەن خاتوو (تابان محەمەد مەحموود) لە (پرۆژەی پەروەردەیی خەونی منداڵان) گرینگی خۆی هەیە و ئەمەش خەمخۆری و بەخەمەوە بوونی هەموو بەشدارانی ئەم پرۆژەیە دەردەخات و جارێکی دیکە سەلماندنی ئەو باوەڕەیە کە کارکردن بە گروپ چەند گرنگە و ئاکامەکەشی چەند باش و سەرکەوتووترە.
چیرۆکەکان

ئەم کتێبە شەش چیرۆکی لەدووتوێی بەرگێکی ئاڵوواڵای پەنجا لاپەڕە لەخۆگرتووە و لە کۆتاییدا باسی شێوازی خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵان کراوە. گەرچی هەر نووسەرە و چیرۆکەکەی بەدوای یەکدا بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام هیچ لەبایەخی کتێبەکە و چیرۆکەکانی کەم نەکردووەتەوە.
چیرۆکەکانی پەیام ئیبراهیم

پەیام ئیبراهیم، لەچیرۆکی یەکەمدا باس لە میهرەبانی و خۆشەویستی و دڵفراوانی دەکات و داپیرە و باپیرە و گوند بەنموونە دەهێنێتەوە و خۆشەویستی داپیرە و باپیرە بۆ نەوەکانیان و دڵسۆزییان بۆ هاندانیان تا نیشتمانەکەیان خۆشبوێت و پارێزگاری لێ بکەن.
نووسەر لە چیرۆکی دووەمدا باسی پاکوخاوێنی دەکات و نینۆک نەکردن بە نموونە دەهێنێتەوە چۆن ئەگەر نینۆک درێژ بێت و پاکوخاوێن ڕانەگیرێت و بەچەند ڕۆژێک جارێک نەکرێت، میکرۆب و پیسی دەچێتە ژێرییەوە و مرۆڤ تووشی نەخۆشی دەکات و ڕێی چوونە دایەنگە و یاریکردنی لەگەڵ هاوڕێکانی لێ دەگرێت و لە هەموو خۆشییەکانی لەگەڵ هاوڕێکانی بێبەشی دەکات.
وێنە لە هەر دوو چیرۆکەکەدا
وێنەی هەر دوو چیرۆکەکە زۆر بەجوانی کێشراون. ناشبێت لەبیرمان بچێت کە وێنە یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە چیرۆکەکە و زۆر جار منداڵ کە بە هۆی ئاڵۆزیی لە چیرۆکەکە نەگات، لەڕێگای وێنەکانەوە تێی دەگات.
چیرۆکەکانی ئەمین محەمەد

ئەمین محەمەد لەچیرۆکی یەکەمدا دەیەوێت لەڕێگای دارهەنار و هەنار و هێلانە و چۆلەکەپاسارییەوە منداڵان فێری ژماردن بکات و تووانیوویەتی زۆر بە شێوەیەکی سادە و سەرنجڕاکێش و جوان فێرییان بکات.
نووسەر لەچیرۆکی دووەمدا باسی وەرزەکان و تایبەتمەندییەکانیان دەکات و پێماندەڵێت هەر وەرزە تایبەتمەندی خۆی هەیە و هەر بەو تایبەتمەندییەش دەناسرێنەوە و پێویستە ئێمە زانیاری ئەو تایبەتمەندییانەمان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان لەگەڵ هەموو وەرزەکان بگونجێنین و لەگەڵییان ڕابێین.
وێنە لە هەر دوو چیرۆکەکەدا
وێنەکانی هەر دوو چیرۆکەکە زۆر بەجوانی و کوردەوارییانە کێشراون و دەتوانن زۆر بەئاسانی و سادە سەرنجی منداڵ بۆ خۆیان ڕابکێشن و وا لە منداڵ بکەن خۆیان لەوێنەکەدا ببیننەوە. هەر چەند کۆتایی چیرۆکی دووەم پێویستبوو وێنەی لەگەڵدابووایە، بەڵام وێنەکەیان بۆ نەکێشاوە لە کاتێکدا شوێن بۆ وێنەکەش هەیە؟!
چیرۆکەکانی عەلی حەمەڕەشید

لەبەرئەوەی چیرۆکەکانی نووسەر (عەلی حەمەڕەشید) زنجیرەیی و تەواوکەری یەکترن، بەڕای من باشتر بوو بەدوای یەکدا بوونایە. هەر دوو چیرۆکەکە باسی پاکوخاوێنی دەکەن بەدوو شێوازی جیاواز، وەک شووشتنەوەی میوە پێش خواردن و دەست شووشتن پێش نانخواردن. هەروەها نیشانماندەدا کە هەمیشە خۆشەویستی و پەیوەندییەکی پاک و بێگەر لە نێوان منداڵان و باڵندە و گیانداراندا هەبووە و بەردەوامە و هەر دوولا خەمخۆر و دڵسۆزی یەکترین.
وێنە لە هەر دوو چیرۆکەکەدا
ئەم دوو چیرۆکەش کۆمەڵێک وێنەی جوان و سەرنجڕاکێشییان بۆ کێشراوە، بەڵام کۆتایی هەر دوو چیرۆکەکە پێویستییان بەوێنەی ترە و لە کاتێکدا شوێنیش بۆ وێنەکان هەیە، کەچی وێنەیان بۆ نەکێشراوە؟!
ئەنجام
ئەم پرۆژەیە کاری بەکۆمەڵە و بەرهەمی کۆمەڵێک کارەکتەرە و گومانی تێدا نییە کۆمەڵێک بیرۆکە و بۆچوونی جیاواز سەرەنجام، ئەنجام و ئاکامێکی باشی دەبێت کە کاری بەکۆمەڵ لەئێستادا کارێکی باش و پەسندە.
هەر شەش چیرۆکەکە بەزمانێکی سادە و بێ گرێوگۆڵ نووسراون و منداڵ بەئاسانی لەپەیامەکەیان دەگات و وەک لەوتەی کتێبەکەدا هاتووە، پرۆژەیەکە بۆ دانانی پرۆگرامی دایەنگە لەداهاتوودا و گومانیش لەوەدا نییە دایەنگە دانانی بەردی بناغەی نەوەی ئایندەیە، ئەگەر ئەو بناغەیە پتەونەبێت، هەر دیوارێکی لەسەر هەڵبچنیت دادەڕمێت.
چۆن دەستپێکی بەرنامەکە بۆ دانانی پرۆگرامەکە دەستپێک و هەنگاوێکی باشە و پێویستە هەنگاوی نەرمی بۆ بنرێت و پەلەی لێ نەکرێت تا هەموو شارەزایانی بواری پەروەردەی منداڵ و دایەنگە و لەگەڵیشییاندا نووسەرانی بواری منداڵان سەرنج و تێبینییەکانیان لەم بوارەدا دەخەنەڕوو.

کۆتایی
لە کۆتاییدا، لەگەڵ دەستخۆشی و بەرزنرخاندنی پرۆژەکە، ئەم کتێبە هونەرمەند (نەجات عەبدوڵا) وێنەکانی کێشاون و کۆمپیوتەری( ڤاری) دیزاینی بەرگەکە و کۆمپیوتەری (بانوو) دیزاینی ناوەوەی کردووە و لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان ژمارەی سپاردنی (١٢٠٩) ساڵی ٢٠٢٤ی پێدراوە.




وچانێک بەدیار کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان)ەوە.. ئا: عەلی حەمەڕەشید

کەم و دەگمەنن ئەو مرۆڤانەی لەپێناو خزمەتکردن بە کەلتور و فەرهەنگی میللەتەکەیاندا لەگەڵ ئەوەی ماندووبوونێکی زۆر دەچێژن، ئەرکێکی قورسیش دەخەنە سەرشانی خۆیان، جاری وا هەیە لە بواری ئابوورییەوە ئەو کارە پێویستی بە ماددەیەکی زۆر هەیە و هیچ سەرچاوەیەکی داراییش شک نابەن تەنیا ورەی بەرز و گیانی پڕ لە خۆبوردن و ئاسوودەکردنی ویژدان نەبێ، بەڵام بەو بڕە پارەیەی مانگانە دێتە دەستیان یان بەهۆی فرۆشتنی بەشێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆیان و خێزانەکەیانەوە بەدەستیان هێناوە کارەکانی پێ دەکەن.
لەڕاستیدا ئەم پڕۆژەیەی مامۆستا (نەجمەدین عەزیز سمایل) دەستی داوەتێ و بەسەرکەوتوویی بە بەرچاوی هەمووانەوە لە ماوەیەکی کەمدا هەشت بەرگی لە کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان)ی بە چاپ گەیاندووە، ئێمە بەکاری وەزارەت یان دەزگایەکی گەورەی رۆشنبیریی دەزانین، کەچی ئەو بە تەنیا و لەخۆبوردووانە و بێ ماندووبوون بەرگ دوای بەرگ کۆمەڵێک ئەستێرەی گەشی تر بە خوێندەوارانی کورد دەناسێنێ لە هەموو لایەکی کوردستانەوە، واتە لە باکوور، باشوور، رۆژهەڵات، رۆژئاوا و هەندەران و کوردی شوێنەکانی تریشی کۆ دەکاتەوە و لە ئامێزی بەرگێکی قەشەنگدا وەک دیارییەکی بەبەها پێشکەش بە خوێنەرانی میللەتەکەی دەکات، ئێستا کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان) رۆژ دوای رۆژ، جار دوای جار گەشتر و پرشنگدارتر دەبێت. مامۆستا نەجمەدین دەیەوێت هەموو ئەستێرە گەشەکان بکاتە هاوڕێی خۆی و لەوێوە زیاتر بە ئێمەیان بناسێنێ. گرنگی ئەم پڕۆژەیەش لەوەدایە زۆربەی زانیارییەکان لەلایەن خودی کەسەکەوە (ئەستێرەکەوە) بە نامەی تایبەت بۆ مامۆستا نێردراون لەسەر داوای خۆی، کە بە سەرچاوەیەکی راست و دروست ئەژمار دەکرێت، دواتر مامۆستا نەجمەدین هاتووە خۆی زانیارییەکانی جارێکی تر داڕشتۆتەوە، هەروەها لەگەڵ زانیارییەکانیشدا کۆمەڵێک وێنەی کەسەکە بە جیا و لەگەڵ نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانی تردا دانراون کە ناوەکانیشیان لەژێر وێنەکاندا نووسراون. هەروەها وێنەی بەرگی کتێبە چاپکراوەکان و شیعر یان بەرهەمێکی کەسەکەشی داناوە.
ئەگەر سەرنج بدەین و یەک بە یەک لاپەڕەکانی هەر بەرگێکی کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان) هەڵبدەینەوە بە ئاشکرا هەوڵ و ماندوو بوون و سەلیقەی ئامادەکار و دیزاینەریش دەردەکەون. ئاشکرایە لەم جۆرە کارانە پێشتر کراون و ئێستاش هەیە و بەردەوامیش دەبێت، بەڵام هیچ کامێکیان وەک پڕۆژەی کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان)ی مامۆستا نەجمەدین درەوشاوە و فراوان نین، چونکە ئەم زۆرترین کەسایەتی لەخۆ گرتووە، کتێبێکە کە پێکەوەییەکی زۆر جوانی پێوە دیارە. ئەوەتا شاعیر و نووسەر و چیرۆکنووس و هونەرمەند و زۆری تریشی هێناوە لە دووتوێی کتێبێکدا بە ئێمەی دەناسێنێت، بە نەوەکانمانی دەناسێنێت ئەوانەی کە تازە روو دەکەنە خوێندنەوە و دەیانەوێت لەو دەریا قووڵەدا مەلە بکەن.
مامۆستا پێمان دەڵێت ئەمانە پێکەوە کوردستان جوانتر و گەشاوەتر و خۆشتر دەکەن. پێمان دەڵێ با هەر بەو شێوەیە بین، چونکە هێز لەو بەیەکەوەبوونمانەدایە و ئەستێرەگەشەکان زیاتر گەشاوە دەبن، زووتر دەگەین بە هیواکانمان، خەونەکانمان زووتر دێنەدی، خونچەکان زیاتر دەگەشێنەوە، تا سرودی ئاشتی و پێکەوە ژیان و سەرکەوتن بدەین بە گوێی هەموواندا.
کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان) هەرچەندە وەک رێکخستنی ناوەکان نە بەپێی پیتەکان، نە بەپێی قۆناغ، نە بەپێی تەمەن، نە بەپێی زۆری ئەزموونی کەسەکان بووە، مامۆستا هاتووە چی و کێ هاتۆتە بەردەستی و تەماشای ژیاننامەکەی کردووە، کە زانیویەتی وەک ئەستێرەی گەش ئەژمار دەکرێت تۆماری کردووە و هەوڵیشیداوە خۆیشی زانیاریی تر دەربارەی پەیدا بکات کە لە ئێستادا لەڕێی ئینتەرنێتەوە هەر چییەکت بوێت لەماوەیەکی زۆر کەمدا دەتوانیت بە دەستی بهێنیت. ئەم هەوڵە پڕ بایەخانەی مامۆستا نەجمەدین وایکردووە پەیوەندی بە چەند کەسێکی خەمخۆر و دڵسۆزی ناو کوردستانیشەوە بکات لە شارەکاندا بەجیا تا ئەوانیش هاوکار و یارمەتیدەریبن بۆ دەستنیشان کردنی کەسەکان و بەدەستهێنانی زانیاری پێویست دەربارەیان، چونکە مامۆستا نەجمەدین خۆی لە هەندەران دەژی، بەڵام خەیاڵی هەر لە کوردستانە و شار بە شار و دێ بە دێ لەپێناو ئەستێرەگەشەکاندا ماندوو بووە.
ئەم پڕۆژەیە دەکرێت بکرێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ هەموو ئەوانەی کە رۆژێک لە رۆژان دەیانەوێت بەکاریبهێنن بۆ لێکۆڵینەوە و هەر کارێکی توێژینەوە دەربارەی ئەدەب و هونەری کوردی. من وەک نووسەرێک کە بەشانازییەوە یەکێکم لەو ئەستێرانەی کە لە بەرگی پێنجەمی کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان) دا ژیاننامە و بەرهەمەکانیشم بڵاوکراوەتەوە، دەستخۆشی زۆرم بۆ مامۆستا نەجمەدین و هیوای لەشساغی و تەمەن درێژیی بۆ دەخوازم تا ئەم پڕۆژەیە هەر بەردەوام بێت و چەندین بەرگی تری لێ چاپ بکرێت. دەبێت ئەوەش بڵێین هیچ کارێکیش بێ کەموکووڕی نابێت، مامۆستاش هەمیشە بە سنگێکی فراوانەوە ئەو پێشنیاز و تێبینی و سەرنجانەی وەرگرتووە کە لەکاتی ناساندن و بڵاوکردنەوەی هەر بەرگێکی کتێبەکەدا ئاڕاستەی کراوە، بۆیە کە سەرنج لە بەرگەکانی سەرەتا دەدەیت جیاوازییەکی بەرچاویان پێوە دیارە لەگەڵ ئەم بەرگانەی دوایی چونکە مامۆستا ویستوویەتی هەمیشە گرنگی زیاتر بەکارەکەی بدات و کەموکووڕییەکان کەم بکاتەوە کە ئەمەش گەورەیی مامۆستا نیشان دەدات و پەرۆشی بۆ ئەستێرەگەشەکان دەردەخات و دەیەوێت زیاتر سەرکەوتووبێت. خۆیشی هەروەکو ئەستێرەیەکی گەش لەو بوارەدا لەئاسمانی رۆشنبیریی گەلەکەیدا بەگەشاوەیی بمێنێتەوە.
شاعیر و نووسەر (ئەمین محەمەد) لە ناساندنی بەرگی هەشتەمی کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان)دا لە هۆڵی نووسەران لە سلێمانی بە وردی و لە باسێکی جواندا کتێبەکەی زیاتر ناساند بە ئامادەبووان و باسی هەوڵەکانی مامۆستا نەجمەدینی کرد لەو بوارەدا و وەک زانیارییەک بە ژمارە و داتا وتی، تا ئێستا مامۆستا بەو هەشت بەرگە (4472) لاپەڕە و (619) کەسایەتی بەسەر کردۆتەوە کە (71)یان خاتوونن، بەڵام بەرگی هەشتەم کە (536) لاپەڕەیە (17) کەسایەتییان ژنن. باسی لەوەش کرد کە دەبێت ئەوەش بزانین هەندێک کەسایەتی هەن لە ناو کۆمەڵگەدا کە نە نووسەرن و نە شاعیرن و نە هونەرمەندیشن، بەڵام بە کارە گەورە و گرنگەکانیان خزمەتێکی زۆریان بە میللەتەکەیان کردووە و ئەوانیش بمانەوێ و نەمانەوێت ئەستێرەی گەشن کە بە نموونە باسی دکتۆر جەمالی منداڵان لە بواری پزیشکیدا و دکتۆر تەها رەسوڵ لە بواری خزمەتکردن بە ئەدیب و رۆشنبیر و هونەرمەند و بوارەکانی تردا رۆڵێکی باش و گرنگی هەبووە بێ ئەوەی کە ئەمانەی باسم کردن کتێبێکی چاپکراویان هەبێت. زۆر ئەستێرەی گەشی تر ماون کە مامۆستا بەسەریان بکاتەوە بۆ گەیاندنی پەیامە گرنگ و جوان و پڕ خزمەتەکەی.

نەجمەدین عەزیز سمایل



چیرۆک بۆ منداڵان\ کاترین و شێرەکە.. نووسینی: کلەیر جارێت.. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

کاترین لەخەو هەستا و شێرێکی بینی کە پێدەکەنی.
کاترین وتی “سڵاو شێرەکە”
شێرەکە چووە لای کاترین و لەتەنیشتییەوە دانیشت.
کاترین باسی شیش و پەتی یاریکردن و خوشکە بچکۆلانەکەی بۆ کرد.
” با قاوەڵتی بکەین” کاترین ئەمەی وت و ئینجا چوونە خوارەوە.
کاترین دەفرێکی گەورەی بۆ شێرەکە پەیدا کرد.
دوای قاوەڵتی کردن کاترین چوو خۆی بگۆڕێ. بڕیاریدا کراسە پەمبەکەی لەبەر بکات کە قۆپچەی زەردی پێوەیە.
بەخێرایی جلەکەی لەبەر کرد و پاشان قاپووتەکەی کردە بەر. کاترین لەشێرەکەی پرسی “لەگەڵم دێیت بۆ قوتابخانە؟”
شێرەکە وتی ” بەڵێ”
کاترین هاتەوە یادی کەکتێبەکانی کتێبخانە دەبێت بباتەوە.
لە قوتابخانە کاترین قاپووتەکەی داکەند و بە عەسقییەکەوە هەڵیواسی.
کاسری بەهێواشی چرپاندی ” ئا ئاوا” و چووە ناو پۆلەکەیەوە.
تیکڵ خانم وتی ” سڵاو کاترین”. منداڵەکانیش خۆشحاڵ بوون بەبینینی شێرەکە.
کاترین لەنێوان جەیسن و لاورین دانیشت و شێرەکەش لەپشت کاترینەوە دانیشت.
تیکڵ خانم وتی ” بەیانیتان باش”
منداڵەکانیش وتیان ” بەیانیت باش تیکڵ خانم.
تاق بەیانی کاترین کاغەزی ئەبڕی و بە چرێش پێکییەوە دەنووساند و بۆیەی ئەکردن. وێنەی شێرێکی دروست کرد.
لەکاتی پشووشدا بازبازێن و یارییان کرد.
شێرەکە سواری پشتی خۆی ئەکردن.
شێرەکە وتی ” من تینوومە”
کاترین دەفرێکی گەورەی پەیدا کرد و بۆی پڕ لە ئاو کرد.
دوای نانخواردنی نیوەڕۆ سەرخەوێکیان شکاند. هەموو لەسەر پارچە کۆمبارەکان پاڵیان دایەوە وەختێ تیکڵ خانم چیرۆکی بۆ دەخوێندنەوە.
دوای نیوەڕۆشیان بە دروست کردنی هەندێ شتەوە بەسەر برد.
کاترین تاجێکی زەردی دروست کرد و دایە شێرەکە.
شێرەکە وتی ” سوپاس کاترین”
کاتێک ساتی چوونە ماڵەوە هات، کاترین باوەشێکی گەورەی بەشێرەکەدا کرد.
کاترین وتی ” قوتابخانەت پێخۆشە”
شێرەکە وتی ” منیش پێمخۆشە”
لەڕێگای گەڕانەوە بەرەو ماڵ هەندێ شتیان کڕی. کاترین هەندێ خشڵی هەڵبژارد، دوو ملوانکەی زیو و ئەنگوستیلەیەکی ئەڵماس.
کاترین هەستی بەماندووبوون کرد. شێرەکە هەندێک خستییە سەر پشتی خۆی.
لەحەوشەی پشتەوە یارییان کرد. شێرەکە جۆلانەی بەکاترین کرد و فێری مڕاندنی کرد.
زۆری پێنەچوو نانی ئێوارە ئامادە بوو کە ماسی لەشیش دراو بوو.
کاترین وتی ” شێرەکەم لەژێر مێزەکەدایە”
دوای نانی ئێوارە تەماشای فیلمی “شەڕەپشیلە”یان کرد و پاشان کاتی خۆشووشتن هات.
شێرەکە لەتەنیشت بانیۆکەوە دانیشت و بۆنی هەڵمی دەکرد.
کاترین لەسەر پەنجەرەکە نووسی “شێر”
شێرەکە تەماشای کاترینی کرد کە قات بێجامەکەی لەبەر کرد و ددانی شووشت.
شێرەکە وتی ” شێر ددانی ناشوات”
کاترین وتی “بێگومان ئەیشوات” “هەموو کەسێک ددانی ئەشوات”
کاترین وتی ” شەو شاد لە خوشکە بچکۆلانەکەم بکە”
دایکی کاترین کەوتە خوێندنەوەی چیرۆک و کاترینی لەئامێز گرت و ئینجا بەخۆیەوە نووساند و ماچێکی گەورەی کرد.
دایکی کاترین وتی” شەو شاد، شەو شاد ئازیزەکەم” کاترینیش چووە باخەڵییەوە.
کاترین وتی ” شەو شاد شێرەکە،بەردەوام دێی بۆ ئێرە؟”
شێرەکە وتی ” بەڵێ بەردەوام دێم”.

سەرچاوە :

Catherine and the Lion
By Clare Jarrett
Printed in Hong Kong 1996




منداڵی ترسنۆک و شەرمن.. محەمەد بەرزی

بە گشتی هەموومان منداڵەکانمان بە بوونەوەرێکی زۆر هەستیار دەزانیین . واش بیردەکەینەوە ، کە نابێ بە هیچجۆرێک ڕێگا بدەین ماندووبن و خەم و ئازار بکێشن . هەر بۆیە هەموو خەون و خولیا و بیرکردنەوەیەکمان تەنها ئەوەیە ، بە هەموو شێوەیەک یارمەتییان بدەین ، بەبێ ئەوەی ڕێگایان پێ بدەین تواناکانی خۆیان دەربخەن . جا یان لە ئەنجامی خۆشەویستی بێ سنورەوەیە ، یان لە بێ ئاگاییەوە ئەو کارە دەکەین . بێ ئاگا لەوەی منداڵانیش دەتوانن ئاگاداری خۆیان بن وکارەکانی خۆشیان ئەنجام بدەن . بۆیە پێویستە سنورێک بۆ ئەو خۆشەویستییە زۆرە دابنرێت ، کە هۆکاری سەرەکی ترسنۆکی و شەرمنی منداڵە . چونکە ئەنجامدانی هەموو شتێک بۆ منداڵ خۆشەویستی نییە ، بەڵکو داوەشاندن و کرمێکردنی ناخی منداڵە و داهاتووی وێران دەکات . خۆ ئەگەر بەردەوام لە هەموو شتیکدا یارمەتی بدرێت ، لە داهاتوودا کەسێکی ترسنۆک و شەرمن و لەرزۆک و بەزیو دەردەچێت ، ناتوانێت سەربەخۆ و ئازادانە داکۆکی لە خۆی بکات ، لە هەموو کێشە و ئاستەنگێک دەپرینگێتەوە و هەرگیز سەرکەوتوو نابێ و وەک ترسنۆکێک بەردەوام چاوی لە یارمەتی دایک و باوکی و دەوروبەری دەبێ . ئەوەی شایانی باسە کەسایەتی منداڵ پەیوەندی بە سروشتەوە نییە ، بەڵکو ڕاستەوخۆ بەستراوە بە کاریگەری ژینگە و جۆری پەروەردەکردنی دایک و باوکییەوە . ڕەنگە هەندێک منداڵ لە تاریکی و سێبەری خۆشیان بترسن ، یان نەتوانن لەبەرامبەر کەسانی نامۆدا قسە بکەن و لەگەڵ دایک و باوکیشیاندا زۆر شەرمن و داخراوبن . لەم کاتانەدا پێویستە دایک و باوک بە خۆیاندا بچنەوە و ژیرانە ئەو ترسانە بڕەوێننەوە ، تا لە گەڵیاندا گەورە نەبن . پاشان نابێ هەرگیز دایک و باوک زمانی زبر و توند و توڕەی وەک : ( تۆ منداڵێکی ترسنۆکی … کەسێکی بێ کەڵکی ) بەرامبەر بە منداڵ بەکار بهێنن . تا ترس و دڵەڕواوکێ و هەستێکی خراپ لە دەروونی منداڵەکەدا هێلانە نەکات . هەر بۆیە ئەرکی دایک و باوکە وەک فریادڕەسێک ، بەرلەوەی بیر لە ئامۆژگاری و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانیان بکەنەوە ، بە وردی لە هۆکارەکانی شەرمنی و ترسنۆکیان بکۆڵنەوە . پێویستیشە ئەم خاڵانەی لای خوارەوەش لەبەرچاو بگرن :
١ – ئەگەر منداڵێک لە منداڵییەوە لە چوارچێوەی بازنەیەکی پاراستنی بەهێزی دایک و باوکیدا ژیابێ ، ئەوا منداڵەکە دەرفەتی ئەوەی نەبووە بە خواستی خۆی هەڵسوکەوت بکات و ڕێگای پێنەدراوە ئازایەتی خۆی دەربخات . هەموو بڕیاری هەڵسوکەوتەکانی لە پشت پەردەوە دراون . ئەرکی منداڵەکەش ئەوەبووە بێ خواستی خۆی پابەندی ئەو بڕیارانە بێ . ڕەنگە لەم حاڵەتانەدا دایک و باوک لایان وابێ ئەوە خۆشەویستی خۆیانە بۆ منداڵەکەیان ، بەڵام لە ڕاستیدا خۆیان فریو دەدەن ، چونکە ئەو هەڵویستانە ئارەزووی منداڵەکەیان ناهێڵن ، تا خۆی کارەکانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەنجام بدات و لە دواڕۆژیشدا ئازایەتی خۆی دەربخات .
٢ – کاتێک منداڵ لە باوەشی دایک و باوکیدا گەورە دەبێ ، خۆشییەکانی تەنها سنوری ناو ماڵەکەیە ، ئەو کەسانەی دەورووبەریشی تەنها دایک و باوک ، یان کەسانێکی بە تەمەنن و ناشتوانێ منداڵی هاوتەمەنی خۆی ببینێت . هەر بۆیە ئەگەر منداڵ لە ژینگەیەکی داخراودا بژی ، بە جارێک بێزار دەبێ ، وردە وردەش کەسایەتی دادەبەزێت و هەلی گفتوگۆکردنی ئازایانەشی لەگەڵ کەسانی تردا لەدەستدەدات و تەنها لەگەڵ چەند کەسێکی دەورووبەری خۆیدا ڕادێت .
٣ – ئەگەر منداڵەکەت باوەڕی بە خۆی لاواز بوو ، ئەوە لەبەر ئەوەیە لە جیاتی ئەوەی هانی بدەیت ، ئامۆژگاری زۆری دەکەیت .
٤ – کاتێ منداڵەکەت نەیتوانی داکۆکی لە خۆی بکات ، نیشانەیە لە تەمەنێکی بچووکدا و لە بەردەمی خەڵکیدا بەجۆرێک ئامۆژگاریت کردووە ، بە تەواوەتی شکاندووتە .
٥ – ئەگەر منداڵەکەت دەستبەرێ بۆ شتێک ، کە هی خۆی نییە . ئەوە لەبەر ئەوەیە کاتێک شتێکی بۆ دەکڕیت ، ڕێگا نادەیت بە خواست و ئارەزووی خۆی شتەکانی هەڵبژێرێت .
٦ – ئەگەر منداڵەکەت ڕێزی لە هەستی کەسانی تر نەگرت ، نیشانەیە لە جیاتی ئەوەی بە جوانی قسەی لەگەڵدا بکەیت ، بەردەوام فەرمانی پێدەکەیت و مێشکی دەکرۆژی .
٧ – کاتێ منداڵەکەت بێزار و تووڕەیە ، ئەوە لەبەر ئەوەیە زیاتر گرنگی بە ڕەفتارە خراپەکانی دەدەیت و کەمتر بە ڕەفتارە باشەکانی .
٨ – ئەگەر منداڵەکەت بە ئەنقەست بێزاری کردی ، ئەوە لەبەر ئەوەیە ، تۆش بە ڕادەی پێویست سۆز و خۆشەویستیت بەرامبەری نییە .
٩ – کاتێک منداڵەکەت گوێی لە کەسانی تر دەگرێت و گویێ لە تۆ ناگرێت ، ئەوە نیشانەیە ، بێ بیرکردنەوە و کوێرانە بڕیاری خێرا لە ئەنجامەکان دەدەیت .
١٠ – ئەگەر منداڵەکەت یاخی بوو ، دیارە زیاتر گرنگی بە بۆچوون و بیرکردنەوەی کەسانی تر دەدەیت ، نەک ئەوەی ڕاستە .
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم : منداڵ ئەگەرچیش شاد و دڵخۆشبێ ، بەڵام ژاوە ژاوی شەر و ئاژاوەی نێوان دایک و باوکی ترس و دڵەڕاوکێ دەخەنە ناخی دڵییەوە . هەمیشە ئەو ترسەش لە دەروونی منداڵەکە نابێتەوە . بێگومان دایک و باوکی توڕەش کاریگەری گەورە لەسەر کەسایەتی منداڵ بەجێدەهێڵن . کەواتە هۆکاری سەرەکی شەرم و ترسنۆکی منداڵ خێزانە نەک سروشت . هەر بۆیە پێویستە دایک و باوک بە ئاگابن و لە شەڕ و ئاژاوە خۆیان بە دووربگرن . پاشان پێویستە دایک و باوک سێ شت بە باشی ئەنجام بدەن ، تا یارمەتی منداڵەکەیان بدەن ، بە تەواوی لـە کەموکورتییەکانی کەسایەتییەکەی ڕزگاری بێت .
یەکەم : ڕێنمایی دەروونی : شەرمنی منداڵ کێشەیەکی دەروونی و کەسییە ، هەر بۆیە پێویستە دایک و باوک هەوڵی چارەسەکردنی بدەن . لەکاتی کێشەدا ، کە منداڵەکە لە ترس و دڵەڕاوکێدایە ، پێویستە دایک و باوک کیشەکەی بە هەرا و هەلوەسە و تووڕە بوونەوە نەگرن ، بەردەوام منداڵەکە هێوربکەنەوە و بە منداڵەکەش بڵین : ( ئەوەی ڕوویداوە کیشەیەکی ئاساییە ) . پاشان واز لە فشار خستنە سەری بهێنن و تۆنی دەنگتانی بەسەردا بەرزمەکەنەوە ، تا ناخی بە تەوای هێوردەبێتەوە .
دووەم : شەرمکردنی منداڵ هەڵەیەکی گەورە نییە ، بۆیە پێویستە دایک و باوک بە خۆیاندا بچنەوە و پشتگیری و هانی منداڵەکەیان بدەن و واز لە تووڕەبوون و هاتوهاوار و سەرکۆنە بهێنن .
سێیەم : ئەگەر منداڵ شەرمن بوو ، دیارە هۆکارێکی لە دواوەیە ، کە دایک و باوک نازانن ئەو هۆکارە چییە . بۆیە پێویستە کێشەی پچووکی بۆ گەورە نەکەن ، تا منداڵەکە بتوانێ ئازایانە ڕووبەڕوویان ببێتەوە . خۆ ئەگەر توانی لە کاتی کیشەدا خۆڕاگربێ ، شەرمی ناخی بە شێوەیەکی سروشتی نامێنێت .. جا ڕێی ڕاست ئەوەیە ، وەک باڵندەیەکی ڕۆحسووک منداڵ ئازاد بکەین ، تا بتوانێ خۆی بڕیاری خۆی بدات . ڕەنگە لە سەرەتادا هەڵە بکات و بڕیاری خراپیش بدات ، بەڵام هەڵە و تاقیکردنەوەی خراپ ، ئەزموونی بە سوودن بۆی و دەتوانن فێری بکەن چی ڕاستە و چی هەڵەیە . بە مەش زیاتر متمانەی بە خۆی دەبێت و لە بەردەمی کەسانی تردا ، نە دەترسێت و نەشەرمیش دەکات .

+++++
تێبینی : ئەم بابەتە لە چەند سایتێکی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە .

٢٧ / ١ / ٢٠٢٤




شیعری منداڵان لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، کتێبێکی گرنگ و ناوەڕۆک دەوڵەمەند.. ستەم خامۆش

کە باسی شیعری منداڵان دەکرێ، ئەوە زۆر ئاسان دێتە پێش چاو، وەک بڵێی هەموو کەسێک دەتوانێ بینووسێ، بەڵام ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە، کە هەرگیز ئەوەندە ئاسان نییە، چونکە نووسین بۆ منداڵان پێش هەموو شتێک، لێزانیی و بەرپرسیاریەتییە، هەروەها شارەزابوونە لە: (هزر، زمان، دەروونی منداڵ)، بۆیە زۆرێک لەوانەی شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە، تێیدا سەرکەوتوو نەبوون.
شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس (زیاد ڕەشاد قادر)، بە سوود وەرگرتن لە (١٠٠) سەرچاوەی کوردی و عەرەبی، کتێبی (شیعری منداڵان لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا) نووسیوە، لە سەرچاوە کوردییەکانیش سوودی لە هەردوو دیالێکتی (سۆرانی و کرمانجی) بینیوە، ئەو کتێبە لە بنەڕەتدا تێزی ماستەری نووسەرە، بۆیە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری پێوە دیارە. ئەگەرچی وەک نووسەر خۆی لە پێشەکییەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، کە لە کاتی گۆڕینی توێژینەوەکەی لە کرمانجییەوە بۆ سۆرانی هەروەها گۆڕینی لە ئەلفبای لاتینییەوە بۆ عەرەبی، هەندێ بڕگە و تایتڵی دەستکاری کردووە.
کتێبەکە جگە لە گرنگیی ناوەڕۆکەکەی، لە ڕووی دیزاین و وێنەی بەرگ و جۆری کاغەزەکەی، زۆر باشە و سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێ.
شیعری منداڵان لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، کتێبێکە مێژووی نووسینی شیعری منداڵانی کورد، بە شێوەیەکی ورد و زانستیی دەخاتە بەر چاوی خوێنەرانی کورد، دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆ تێگەیشتن و سوود وەرگرتن لە ژانری شیعر لە ئەدەبی منداڵانی کورددا لێی بڕوانرێ، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی گەرەکیانە لەبارەی ئەدەبی منداڵان شارەزایی باشتر پەیدا بکەن، یاخود ئاگاداری سەرەتای دەستپێکی نووسینی شیعر منداڵان بن لە ئەدەبی کوردیدا.
زیاد ڕەشاد قادر، بەر لەوەی توێژینەوە لەبارەی ئەدەبی منداڵان بکات، پێشتر شیعری بۆ منداڵان نووسیوە و پێشینەی هەیە لە خزمەتکردنی منداڵان، ئەمە جگە لەوەی ماوەیەک بەڕێوەبەری نووسین و دواتر بووەتە سەرنووسەری گۆڤاری (جگەرگۆشەکان)، کە لە ماوەی دەرچوونیدا (٢٧١) ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە و دیدەی منداڵانی پێ ڕۆشن بووەتەوە، بۆیە «زیاد ڕەشاد قادر» جێدەستی دیارە لە خزمەتکردنی ئەدەب و ڕۆژنامەگەریی منداڵانی کوردیدا.
نووسەر، لە پێشەکی و لە لاپەڕە (٩)دا دەڵێ: ((ئەم باسە جگە لە پێشەکییەک، لە دەروازەیەک و شەش بەش و ئەنجامگری پێکهاتووە)).
لە لاپەڕە (١٣، ١٤، ١٥و ١٦)دا لە بەشی دەروازە، بەناونیشانی (منداڵ و قۆناخەکانی ژیانی منداڵ)، زۆر بە وردی باسی چەمک و پێناسەی منداڵی کردووە.
لە بەشی یەکەم بەناونیشانی (چەمک و تایبەتمەندی و دیرۆکی ئەدەبی منداڵان)، لە لاپەڕە (١٧ تا ٤٧) ئاوڕی لە چەند کتێبێکی ئەدەبیی منداڵانە و چەند نووسەرێکی جیهانیی داوەتەوە، پاشان چەند ناونیشانێکی گرنگ و سەرنجڕاکێش دەکەونە پێش چاو، لەوانە: (ئەدەبی منداڵان، پێناسەی ئەدەبی منداڵان، قۆناخی بەر لە سەرهەڵدانی ئەدەبی منداڵان، پەیدابوونی ئەدەبی منداڵان له دونیادا، ئەدەبی منداڵان و ئەدەبی گەوران، نووسەرانی منداڵان و منداڵانی نووسەر، تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی منداڵان، هونەرەکانی شیعری منداڵان، شیعری فێرکردن، شیعری گاڵتەو گەپ)، بۆ هەر یەک لەو ناونیشانانەی سەرەوە، بە جوانیی لەبارەیانەوە دواوە و ڕاڤەی پێویستی بۆ کردوون.
لە بەشی دووەم (١٩٢٠ – ١٩٥٠) کە لە لاپەڕە (٤٨ تا ٩٧)ی بۆ تەرخان کراوە و ئەو ناونیشانانە دەبینرێن: (ئەدەبی منداڵانی کورد لە سەرەتاوە تا ئێستا، فۆلکلۆری کوردی و ئەدەبی منداڵانی کورد، ڕۆڵی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە پێشخستنی ئەدەبی منداڵانی کورد، ئەزموونی ئەدیبی منداڵانی کورد).
دواتر باسی چەند نەوەیەک دەکات، کە شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە و ئاوڕیان لە زارۆکان داوەتەوە.
هەر لە بەشی دووەمدا، لە لاپەڕە (٦٥) نووسیویەتی: ((ئەم قۆناخە لە نیوەی دووەمی سەتەی حەڤدەیەمەوە دەست پێدەکات، واتە لە (ئەحمەدی خانی)یەوە دەست پێدەکات تا بیستەکانی سەتەی بیستەم)).
لە نەوەی یەکەمدا باسی ئەو شاعیرانە دەکات: (ئەحمەدی خانی، مەلا خدری ڕواری، شیخ مارفی نۆدێ، مەولەوی).
لە نەوەی دووەمدا (١٩٢٠ – ١٩٥٠): ئەو ناوانە دەکەونە پێش چاو: (زێوەر، پیرەمێرد، مەلای گەورە، عەبدوڕەحمان بەگی بابان “بابە” موفتی پێنجوێنی، شاکر فەتاح، عەلائەدین سەجادی، حوسێن حوزنی موکریانی، عەبدولواحید نووری، بێکەس، شێخ نووری شێخ ساڵح، دڵدار، عەونی، کامیران بەدرخان، جگەرخوێن…).
لە نەوەی سێیەمدا (١٩٥٠ – ١٩٧٠): دەڵێ: ((ئەم قۆناخە لە «گۆران»ـەوە دەست پێدەکات)).
دواتر ئاماژە بە چەند ناوێکی دیکە دەکات، وەک: (ئیبراهیم ئەمین باڵدار، هەژار، کاکەی فەللاح، فەرەیدوون عەلی ئەمین، ع.ع. شەونم… هتد).
لە نەوەی چوارەمدا (١٩٧٠ – ١٩٩١): ئاماژەی بە چەند ناوێک کردووە، کە ئەوانیش لەسەردەمی خۆیاندا خزمەتیان بە ئەدەبی منداڵان کردووە.
لە نەوەی پێنجەمدا (١٩٩١ – تا ئێستا): دەڵێ: ((دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە باشووری کوردستان ژمارەیەکی زۆر زێتر قەڵەم و دەنگی تازە دەرکەوتن)).
ئاماژەی بە ناوی زیاتر لە (٤٠) شاعیر و نووسەر کردووە، کە توانیویانە لە ساڵی (١٩٩١)ـەوە تا ئێستا خزمەتێکی باش بە ئەدەبی منداڵان بکەن و زۆر شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە، لەو کۆمەڵە ناوەی کە ئاماژەی پێکردووە، نووسیویەتی: ((ئەمین محەمەد بە ئەزموونێکی دەوڵەمەند و جیاواز لەگەڵ منداڵان دەئاخفێت))، بۆیە لە بەشێکی تایبەتدا زیاتر لەبارەی «ئەمین محەمەد»ەوە دواوە.
بەشی سێیەم: لەو بەشەدا «زێوەر»ی شاعیری بەسەر کردووەتەوە، کە لە لاپەڕە (٩٨ تا ١١٤)ی بۆ تەرخان کردووە، جگە لە ژیاننامەکەی، لێکۆڵینەوەی لە چەندان شیعری کردووە و بە وردیی لەبارەیەوە دواوە.
بەشی چوارەم: لەو بەشەدا، کە لە لاپەڕە (١١٥ تا ١٤٤)ی بۆ تەرخان کراوە، «گۆران»ی شاعیری بەسەر کردووەتەوە و نووسیویەتی: ((ئەو یەکێکە لە پێشەنگە دیارەکانی نوێکردنەوەی شیعری کوردی لە سەتەی بیستەمدا، هەروەها جێدەستی دیارە لە پێشخستنی ئەدەبی منداڵانی کورددا)).
بەشی پێنجەم: لەو بەشەدا، کە لە لاپەڕە (١٤٥ تا ١٧٤)ی بۆ تەرخان کردووە و باسی «لەتیف هەڵمەت»ی شاعیر دەکات، تێیدا قسە لە زمانی شیعریی هەڵمەت دەکات بۆ منداڵان، هەروەها لە چەندین نموونەی شیعرییدا دەیەوێت ئەوە بە خوێنەر بڵێت کە ئەو شاعیرە لە پاڵ ڕۆڵ و ناوبانگی تایبەتی خۆی لە ئەدەبی گەوراندا، هەروەها لە ئەدبی منداڵانیشدا پێشەنگ و داهێنەرە.
بەشی شەشەم: لەو بەشەدا، کە لە لاپەڕە (١٧٥ تا ٢٠١)ی بۆ تەرخان کردووە و باسی ژیاننامە و توێژینەوەی بۆ چەندان شیعری «ئەمین محەمەد» کردووە.
هەرچەندە ئاماژەی بەناو و بەرهەمی چەندان شاعیر کردووە، کە ئاوڕیان لە ئەدەبی منداڵان داوەتەوە، بەڵام هەر چوار شاعیر (زێوەر، گۆران، لەتیف هەڵمەت و ئەمین محەمەد) بوونەتە جێگەی بایەخ و زیاتر لایان لێ کراوەتەوە و زۆرتر لەبارەیانەوە دواوە، چونکە لە تێزی ماستەرەکەی نووسەر، ئەو چوار شاعیرە بە نموونە هێنراونەتەوە.
لە هەموو بەشەکان زۆر بە وردی باسی کۆمەڵێک شاعیری کردووە، کە لە سەردەمی خۆیاندا شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە و ئاوڕیان لەو بوارە گرنگە داوەتەوە، ڕەخنەی لە بەشێکیان گرتووە و سەرنج و تێبینی لە چەندان شیعر هەیە.
لە ئەنجامگری، دەڵێ: ((هەموو ئەو شاعیر و چیرۆکنووسانەی کورد کە تاکو تەرا بەرهەمی منداڵانەیان نووسیوە یا چەندین کۆشیعر و کۆچیرۆکیان بۆ منداڵان بڵاو کردووەتەوە، هیچیان نووسەر و شاعیری تایبەت بە منداڵان نەبوون)).

دوا وتە:

  • وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد، کە کتێبێکی پێویست و پڕ بایەخە بۆ ناسینی شیعری منداڵان، چونکە پێمان وایە ئەو کتێبە گرنگیی خۆی هەیە بۆ کتێبخانەی کوردی و گەشەسەندنی زیاتری ئەدەبی منداڵان، بۆیە شایانی لێکۆڵینەوەی زیاترە.
  • ئەو کتێبە لە (٢٢١) لاپەڕەی قەبارە مامناوەند پێکهاتووە و بە زمانێکی سادە، بەڵام بە ئەکادیمی نووسراوە و لە ڕووی ڕێنووس و خاڵبەندیی، زۆر باشە، چونکە نووسەر خۆی شارەزاییەکی باشی لەو ڕووەوە هەیە.
  • بە هەر هۆکارێک بێ نەیتوانیوە دەستی بە هەموو ئەو بەرهەمە چاپ کراوانە ڕابگات، کە بۆ منداڵان نووسراون، بەڵام تا ڕادەیەکی باش کۆمەڵێک ناوی ناسراو و دیاری لەو کتێبەدا جێکردووەتەوە و هەندێکیان وەک پێویست ناسراو نین، وە چەندان شاعیری ناسراوتر و خاوەن بەرهەمی جوانتر، ناویان لەو کتێبە تۆمار نەکراوە.
  • هەرچەندە ناوەندێکی چاپەمەنیی و بڵاوکردنەوەی ناسراوی، وەک (دەزگای چاپ و پەخشی نارین) لە ساڵی (٢٠٢٣)دا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، بەڵام چەند تێبینی و سەرنجێکمان لادرووست بوو، لەوانە:
  • ژمارەی سپاردنی لەسەر نییە، کە پێویست بوو هەبێ.
  • تیراژەکەی نەنووسراوە، بەڵام بە زارەکیی بە نووسەریان گوتووە، کە (٥٠٠) دانەیان لێ چاپ کردووە.
  • شوێنی چاپ، نەنووسراوە.



کتێبی.. ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا.. ڕۆستەم خامۆش

ناساندن:
(ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا) فازیل شەوڕۆ، بە سوود وەرگرتن لە پەنجاو پێنج سەرچاوەی کوردیی، عەرەبیی و ئینگلیزیی، ئەو کتێبەی نووسیوە.
کە سەیری بەرگی پێشەوەی کتێبەکە دەکەی، وا هەست دەکەی کە بۆ منداڵان نووسراوە، چونکە وێنەی منداڵێکی کچ دەبینی، کە بە ڕوویەکی خۆشەوە خەریکی بۆیە کردنە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو بۆ گەورە ساڵان نووسراوە، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێ لەبارەی ئەدەبی منداڵان، زانیارییەکانیان زیاتر بکەن.

زۆرجار گلەیی ئەوە دەکەین و دەڵێین، کتێبمان بە زمانی کوردیی، لەبارەی ئەدەبی منداڵان نییە، کە لە ڕاستیشدا وایە، ئەوەی هەمانە، لە پەنجەکانی دوو دەست تێناپەڕن، بۆیە هەر کەم و کووڕییەک هەبێ لە نووسینی شیعر و چیرۆک بۆ منداڵان، یەکێ لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان، نەبوونی کتێب و توێژینەوە و سەرچاوەی زانستییە لەو بارەوە، بۆیە کاتێك کتێبێک، چ دیمانەی شاعیر و نووسەرانی ئەو بوارە بێت، یان لێکۆڵینەوە و ڕەخنە، دڵخۆش دەبین و دیدەمان ڕۆشن دەبێتەوە بە ناوی نووسەر، لاپەڕە و ناوەڕۆکی کتێبەکە، چونکە بە لای من و زۆرێک لە شاعیر و نووسەرانی دڵسۆزی ئەدەبی منداڵان، ئەوە وەک پێویستییەک دەیبینین و بە گرنگ لێی دەڕوانین.
کتێبی (ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا) یەکێكە لەو کتێبانەیە، کە دەکرێ وەک سەرچاوە لێی بڕوانرێ و شاعیران و نووسەرانی بواری منداڵان، کەڵک و سوودی لێببینن، چونکە بە شێویەکی زانستییانە نووسراوە و ئەوەی پێوە دیارە کە نووسەر “فازیل شەوڕۆ” وەک خەمخۆرێکی ئەو بوارەیە، شارەزای ئەدەبی منداڵانە.

فازیل شەوڕۆ، لە لاپەڕە (٣)ی کتێبەکەیدا نووسویەتی: (پێشکەشە بە: خەمخۆرانی ئەدەبی منداڵان)، بۆ وای نووسیوە؟ چونکە تەواو درکی بەوە کردووە کە ئەدەبی منداڵانی کورد، جگە لە هەندێک خەمخۆر و دڵسۆز، ئەوانی دیکە لە سایەی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ بڵاو کردنەوە، بە ئاسانی بەرهەمەکانیان بۆ چاپ دەکرێ و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەقەکانیان بڵاو دەکەنەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوانە وەک پێویست شارەزا نین، بۆیە “فازیل شەوڕۆ” لای خۆم باسی کردووە و گوتوویەتی: ئەدەبی منداڵان وێرانە، لە کۆڕ و جێگەی دیکەش باسی کردووە، بۆیە ناوەڕۆکی کتێبەکەی بریتییە لە ڕەخنەی ئەدەبیی، ئەو دەیەوێ پەیامی ڕاستەقینەی ئەدەبی منداڵان، بە ڕێگەی ڕەخنەیەکی بونیادنەر، بگەیەنێتە خوێنەرانی ئارەزوومەندی ئەو بوارە.
بابەتی ژینگە بووەتە کرۆکی کتێبەکە، بۆیە توێژینەوەکە لەڕێی ئەدەبی منداڵانەوە، گرینگیی ژینگە دەخاتە ڕوو، یان دەتوانین بڵێین ژینگە و ئەدەبی منداڵان، بە هاوبەشی بوونەتە ناوەڕۆکێکی سەرنج ڕاکێش.
فازیل شەوڕۆ، کەسێکی فرە بەهرەیە و دەستی بۆ زۆر بابەت و بواری جیا جیا بردووە و تێیدا سەرکەوتوو بووە.
وەک شاعیر، کۆمەڵێک شیعری ناسک و جوانی نووسیوە، یان وەک نووسەر و ڕەخنەگر، سەدان وتار و ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی پێشکەش کردووە، لە بواری هونەرییش کەسێکی دەست ڕەنگینە، ئەگەر باسی پەروەردەش بکەین، ئەوا قسەی زۆر هەڵدەگرێ، چونکە وەک مامۆستایەک، کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتی لیبیا وانەی گوتوەتەوە و پیشەکەی خۆی زۆر خۆشویستووە و دڵسۆز بووە.
جگە لە چەند بوارێک، ئەو کەسێکی پسپۆڕ و شارەزای پەروەردەیە، لە ئێستادا خاوەنی چەندان کتێبی بە نرخە لە بوارەکانی: ئەدەبیی، ڕۆشنبیریی، کلتووریی و پەروەردەیی… هتد.
نووسەر لە لاپەڕە (٥)دا دەڵێ: ((گەیشتمە ئەو قەناعەتە، کە ژینگە، وەک بابەت و چەمک و بایەخ، حزووری گەرمی لە شیعری منداڵانی کوردیدا هەیە)).
لە لاپەڕە (١٠)ی کتێبەکەشدا، دەڵێ: لەتیف هەڵمەت یەکەم شیعری بۆ منداڵان لە ساڵی (١٩٧٥) نووسیوە و لە ڕۆژنامەی (پاشکۆی عێراق) بڵاوی کردووەتەوە و یەکەم کۆبەرهەمی بۆ منداڵان لە ساڵی (١٩٧٩) بە ناوی (جوانترین دێ) چاپ کردووە. بێگومان ئەوانەش دوو زانیاری باشن لەبارەی لەتیف هەڵمەت و ئاوڕدانەوەی لە ئەدەبی منداڵان.
هەرچەندە زۆرن ئەو شاعیرانەی، کە شیعریان لەبارەی ژینگەوە بۆ منداڵان نووسیوە، بەڵام نووسەر، تەنيا ئاوڕی لە بەرهەمی (٣٢) شاعیر داوەتەوە، کە ئەمانەن:
(گۆران، لەتیف هەڵمەت، عەزیزی مەلای ڕەش، ئەسعەدی لوڕزادە، ئەمین محەمەد، ع.ع. شەونم، عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی، کەمال ئەسعەد چەرمەگا، ئەلند مزووری، خالید عەبدل، محەمەد بەرزی، گوڵاڵە ستاوەند، ئازاد عەبدولعەزیز مزووری، هاوژین سڵیوە، ئەمین سەپان، محەمەد داریاس، ئیبراهیم ئەحمەد شوان، تەها بیلال، دایکی سۆلاڤ، لەیلا مستەفا خۆشناو، زەکی ئەحمەد هەناری، فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی، ڕۆستەم خامۆش، مەدحەت بێخەو، ئیبراهیم باڵدار، بڕوا موحەممەدی، ڕەئوف جەمیل، ئەحمەد محەمەد چاوشین، مام هەژار، ئەحمەد حسێن ئەمین، نەجیبە ڕەحمانی، جەمال گردەسۆری)، بەشێکیان شاعیری ناسراون و بەرهەمی زۆریان بۆ منداڵان هەیە، وەلێ چەند شاعیرێکیان وەک پێویست ناسراو نین، بەڵام ئاوڕدانەوەشی لەو چەند شاعیرە، ڕەنگە بۆ چەند هۆکارێک بگەڕێتەوە:
یەکەم: دوای خوێندنەوەی شیعری زۆرێک لە شاعیرانی ئەو بوارە، لای پەسەند نەبوونە، بۆیە بە شایستەی ئەوەی نەزانیوە لەو کتێبەيدا تۆماریان بکات.
دووەم: ڕەنگە کات و دەرفەتی ئەوەی نەبووبێ، زیاتر بە دوای بەرهەمی چاپ کراوی شاعیرانی بواری منداڵاندا بگەڕێ، کە شیعریان بۆ ژینگە نووسیوە، چونکە نووسەر ژیانی لە هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێرلەندا، دەگوزەرێنێ.
سێیەم: هەموو شاعیرانی بواری منداڵان، شیعریان نییە تایبەت بێ بە ژینگە.
خاڵێکی دیکەش، ڕەنگە نەیویست بێ قەبارەی کتێبەکەی لەوە گەورەتر بێ، جا لەبەر هەر هۆکارێک بێ.
پەیام و ناوەڕۆکی کتێبەکە، بریتییە لە ڕەخنەی ئەدەبیی.
کە دەکرێ ئەویش بۆ سێ خاڵ دابەش بکەین، کە نووسەر بەم شێوەیە مەبەستەکەی گەیاندووە:
یەکەم: بەرهەمی ئەو شاعیرانەی ئاماژە پێکردووە، کە زۆر بە دڵی بووە و پێی وایە دەقەکانیان زۆر جوان و ناسک و پەیامدارن، بەو پێیەی کە زۆر بە وردیی لەسەر دەقەکانیان دواوە و زیاتری لەبارەوە نووسیون.
دووەم: کۆمەڵێک شیعری جێکردووەتەوە و کەمتر لەوەی یەکەم لێکۆڵینەوەی لەبارەیانەوە کردووە، بەڵام ئەو تێکستانەشی پێ باش بووە کە ئاوڕیان لێبداتەوە.
سێیەم: بە تووندی ڕەخنەی لە چەند دەقێکی شیعریی گرتووە، کە دەقنووسەکان وەک پێویست نەیان توانیوە بچنە نێو ناخی منداڵان، چونکە ئەو شیعرانە دوورن لە زمانی منداڵ.
لەبارەی مافی منداڵانەوە، لە لاپەڕە (١٧) نووسیویەتی:
((جاڕنامەی “مافی منداڵ”یش لە گاڵتەجاڕییەکی پووچ بەو لاوە، هیچی دیکەی تێدا نییە بۆ منداڵ. داتاکانی جیهانی لە (٢٠٢٣) دەڵێن پتر لە (١٦٠) ملیۆن منداڵ کاری قورسیان پێدەکرێت، پتر لە (١١٨) ملیۆن کەس ئاوارە و دەربەدەرن لە جیهان، پتر نیوەیان منداڵن، ئەوە دەرد و نەخۆشی و برسیەتیی منداڵان هەر مەپرسە!)).
وادیارە پەیوەندی نێوان شیعر و ژینگە، زۆر لەوە دێرینترە، بەڵام وەک پێویست لەبارەیەوە نەنووسراوە، بۆیە لە لاپەڕە (١٩)دا ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ دەکات و دەڵێ:
((وتووێژکردن دەربارەی ئاوێتەیی نێوان شیعر و ژینگە زۆر دێرینە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەفلاتون و هیبۆکرات و ئەرستۆ، وە تیوفراستوس کە شاگردی ئەرستۆ بووە و توێژینەوەی دەربارەی پەیوەندی نێوان بوونەوەرەکان کردووە)).

وردە سەرنج:

  • ناوەڕۆکی کتێبەکە دەوڵەمەندە، بەڵام ناوی کتێبەکە زۆر درێژە و هەموو خوێنەرێک بە ئاسانی بۆی لەبەر ناکرێ، لە جیاتی ناوی (ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا)، دەکرا کورت و ئاسانتر بوایە، بۆ نموونە: (ژینگە و شیعری منداڵان، یان ژینگە لە شیعری منداڵانی کورد).
  • لەبارەی کتێبی (نەوبووهارا بچووکان)ی ئەحمەدی خانی، نووسیویەتی: (لە ساڵی ١٦٨٢ چاپ کراوە)، ڕاستییەکەی لە ساڵی (١٦٨٣) نووسراوە و چەند جارێک چاپ کراوەتەوە. لە ماڵپەڕی (ویکیپیدیا)شدا هاتووە: (نووبەھارا بچووکان، ١٦٨٣، فەرھەنگۆکێکی عەرەبی – کوردی کە بە شیعر، بۆ منداڵانی کوردی داناوە، کە فێری زمانی عەرەبی ببن کە ئەو سەردەمە زمانی دین و زانست بووە. یەکەم جار لە ١٩٢٦ لە ڕەواندز چاپکراوە).
    ئەوەی تا ئێستا زانراوە دوو جاری دیکەش چاپ کراوەتەوە. وا دیارە بە پێی ماڵپەڕی (ڤەژینبوکس)، لە (ناوەندا وەشانێن فەرهەنگ و ئەدەبا کوردی (انتشارات صلاح الدین ایوبی)، لە شاری ورمێ لە ساڵی ١٩٨٨ چاپکراوەتەوە.
    جارێکی دیکەش لە شاری بەغداد، لە ساڵی ١٩٩٠ لە چاپخانەی ئەلڕەشید چاپکراوەتەوە.
    لە ماڵپەڕی (سپی میدیا) نووسینێکی “ڕەزا شوان” بەناونیشانی (ئەدەبی منداڵانی کورد لە باکووری کوردستان)، بەم شێوەیە باسی دەکات و دەڵێ: ((کتێبی نووبەهارا بچووکان، چەندین جار و لە چەندین شوێندا، دووبارە و چەند بارە، جار لە دوای جاریش باشتر و جوانتر چاپ کراوەتەوە. ئەمانە ناوی هەندێ لەو شوێنانەن لەگەڵ ساڵی چاپکردنی کتێبی نووبەهارا بچووکان: (ئەستەمبوڵ: ١٨٩٢)، (بەرلین: ١٩٠٣)، (دیمەشق: ١٩٤٥)، (بەغدا: ١٩٧٩).. بۆ یەکەمین جاریش لە ساڵی (١٩٢٦)دا، لە باشووری کوردستاندا، لە چاپخانەی (ڕەواندوز) لە لایەن “حوسێن حوزنی موکریانی”یەوە چاپ کرا، لە ساڵی (١٩٣٦)دا، لە لایەن شاعیر و فەیلەسوفی گەلەکەمان “پیرەمێرد” لە چاپخانەی (ژین) لە شاری سلێمانی چاپکرایەوە.. لە چەند شوێنی تریشدا چاپکراوەتەوە)).
  • لە ڕووی ڕێنووس و زمان و خاڵبەندیی، کەمترین هەڵەی تێدایە، پێم وایە ئەوەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ وردبینی و جوان خوێندنەوەی هەمزە عەباس فەقێ، کە هەڵەبڕی بۆ کتێبەکە کردووە.
  • لە پەراوێزی لاپەڕە (٥٩) نووسراوە ژینگەی کوردستان، هاوبەش، شیعر بۆ منداڵان، چاپخانەی شەهاب، هەولێر، ٢٠٢٠، ڕاستە بەرهەمی (١٦) شاعیرە، بەڵام کۆکردنەوە و ئامادە کردنی “ڕۆستەم خامۆش”ـە.
  • لە پەراوێزی لاپەڕە (٧٩)، نووسراوە: ڕۆستەم خامۆش، هاوڕێی پێنووس، چاپخانە؟ نیشانەی پرسیار دانراوە، وەک ڕاست کردنەوە لە کتێبەکە نووسراوە: چاپخانە: تاران.

سەرئەنجام:

  • کتێبەکە ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەند و بە پێزی هەیە لەبارەی بونیادی ژینگە لە شیعری منداڵاندا، لە کاتی خوێندنەوەدا کۆمەڵێک زانیاری باش دەکەونە پێش چاو، هەست دەکرێ کە نووسەر بە ڕۆح و دڵ ئەو کتێبەی نووسیوە و دڵنیا دەبی، کە خەمخۆر و دڵسۆزی ئەدەبی منداڵانە.
  • هەر چەندە ژمارەی ئەو شاعیرانەی، کە شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە لە بواری ژینگە، زۆر لەوە زیاترە کە لەو کتێبەدا ناویان هاتووە.
  • کارێکی زۆر باشی کردووە، لە هەڵبژاردنی شاعیرەکان، لە ڕووی جیاوازیی تەمەن و شوێنی نیشتەجێ بوونەوە.
  • نووسەر، نەهاتووە بزانێ کێ ناو و ناوبانگی هەیە لە کتێبەکەی جێی بکاتەوە، بەڵکو ئەو کتێب و سەرچاوانەی دەست کەوتووە و بوونەتە ئاسانکاری بۆ نووسینی کتێبەکەی.
  • بۆیە پێم باشە “فازیل شەوڕۆ” زیاتر گرنگیی بە ڕەخنە و لێکۆڵینەوە بدات لەبارەی ئەدەبی منداڵانی کورد، چونکە ئاستی ڕۆشنبیریی و دونیابینی و توانای قەڵەمەکەی و خۆشویستنی ئەو بوارە، ئەوە فازیل شەوڕۆ دەخوازێ.
  • ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا، بابەتێکی ڕەخنەیی ئەدەبییە، فازیل شەوڕۆ نووسیویەتی و هەرخۆشی پێتچنینەکەی کردووە.
    هەمزە عەباس فەقێ، هەڵەبڕی کردووە.
    دیزاینی بەرگەکەشی لە لایەن عادل زرار خەتی کراوە.
    بەرگ: نەوزاد موحەممەد کۆیی.
    تونا ئەحمەدیش دیزاینی ناوەڕۆکەکەی کردووە.
    بە تیراژی (٥٠٠) دانە چاپکراوە.
    وەک نووسەری کتێبەکە دەڵێ: ئەم کتێبە بە سوپاسەوە لە بەڕکی (سامان سەمەد – سامانە ڕەش) چاپ کراوە.

ڕۆستەم خامۆش – هەولێر

————————————-

سەرچاوەکان:
کتێبی (ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا)، فازیل شەوڕۆ، چاپخانەی پاندا، سلێمانی ژمارەی سپاردنی (٨١٨) ساڵی ٢٠٢٣.

  • ماڵپەڕی کوردیپێدیا.
  • ماڵپەڕی ویکیپیدیا.
  • ماڵپەڕی ڤەژینبوکس.
  • ماڵپەڕی سپی میدیا.



مـنـداڵ و نـوسـتـن.. محەمەد بەرزی

نوستن بریتییە لە پشوویەکی کاتی ، سەرلەنوێ جەستەی منداڵ چالاک و بارگاوی دەکاتەوە ، قەرەبوی وزەی جوڵە و ئەو وەرزشانەش دەکاتەوە ، کە لە ڕۆژدا لە دەستی دەدات . ئەو زانیارییانەش دەپارێزێت ، کە بە درێژایی ڕۆژ فێری بووە . بە تایبەتی لە کاتی خەوی خۆش و قووڵدا ، کە چاویان بەخێرایی ناجوڵێنن . بەمەش وزە بۆ جەستەی دەگەڕێتەوە و ئەو هۆڕمۆنانە دەردەکات ، کە بۆ گەشەی مێشکی زۆر گرنگ و بە سودن و نیشانەی تەندروستییەکی زۆر باشن . بە پێچەوانەشەوە کەم خەویش بەرگریی لەشیان لاوازدەکات و کاریگەریی نەرێنی لەسەر باری دەروونی و ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان دروستدەکات . بێگومان هەموو لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بۆ کاریگەریی خراپی کەم خەوی لەسەر مرۆڤ کردووە ، دەرکەوتووە ڕێژەی لە منداڵاندا زۆر زیاتر بووە . چونکە جەستە و مێشکیان هێشتا لە قۆناغی گەشەکردندان . بە گشتیش ٢٥ ٪ بۆ ٣٠ ٪ ی منداڵان تووشی کیشەی کەم خەوی دەبن ، بەڵام دەکرێت لە ڕێگای کرداری ئاساییەوە چارەسەربکرێن . جا لەبەر ڕۆشنایی ئەو توێژینەوانەی لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا کراون ، ماوەی نوستنی منداڵان بە پێی تەمەنیان دەگۆڕێت و پێویستە بەمجۆرەی لای خوارەوە بێ :
١ – منداڵی تازەی لە دایکبوو تا یەک ساڵ ( ٠ – ١ ) پێویستی بە ١٦ کاژمێرە.
٢ – منداڵی ساوا ( ١ – ٢ ) ساڵ ، پێویستی بە ١١ بۆ ١٤ کاژمێرە .
٣ – منداڵی پێش قوتابخانە ( ٣ – ٥ ) ساڵ پێویستی بە ١٠ بۆ ١٣ کاژمێرە
٤ – تەمەنی خوێندن ( ٦ – ١٣ ) ساڵ پێویستی بە ٩ بۆ ١١ کاژمێرە .
٥ – هەرزەکار ( ١٤ – ١٧ ) ساڵ پێویستی بە ٨ بۆ ١٠ کاژمێرە .
ئەوەی شایانی باسە دەکرێت هەندێک منداڵ یەک ، یان دوو کاتژمێر زیاتر یان کەمتر لەو ژمارانەی سەرەوە بخەون . ئەمەش بەندە بە هۆکاری بۆماوەیی و فەسیۆلۆجییەوە . جا ئێستا با بزانین دایکان و باوکان دەبێ چی بکەن ، تا بە درێژایی شەو بە دیار منداڵەکانیانەوە ڕۆژ نەکەنەوە و چۆن یارمەتییان بدەن ، بێ گریان و هەرا و زیقوهوڕ ، شەوێکی هێمن و ئارامیان بۆ دابین بکەن و خەوێکی خۆشی ئاسایی بیانگرێتە باوەش و ئارامی بدات بە جەستەیان .
١ – ژوری نوستن شوێنی پشووی نوستنە ، هەر بۆیە پێویستە نیوکاژمێر پێش خەوتن ، لە ژوورەکەیدا کۆمپیتەر و تەلەفزیۆن بکوژێنرێنەوە و هەموو ئەو شتانە لاببرێن ، کە سەرنجی منداڵ ڕادەکێشن وەك : پەرتووک ، یاریی منداڵان ، ئامێرە ئەلکترۆنییەکان ، بە تایبەتیش ئەو یارییانەی ڕووناکی دەبەخشن .
٢ – پێویستە هەموو شەوێک منداڵ ڕابهێنرێت لە کاتێکی دیاریکراودا بخەوێت . بە هەمان شێوەش لە بەیانیاندا لە کاتێکی دیاریکراودا لە خەو هەڵبستێت . ئەگەر چی لە هاویندا ڕەنگە تۆزێک قورس بێت پابەندبن بەو کاتە دیاریکراوانەوە ، بەڵام تـا دەتوانیت هەوڵبدە پابەندی ئەو کاتانە بێ .
٣ – دڵنیابن ، کە منداڵ بە شێوەیەکی ڕیک و پێک و لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا ژەمە خواردنەکانییان دەخۆن و وەرزشیش دەکەن .
٤ – بەرگی نوستن لەبەربکەن و ددانەکانیان پاک بشۆن .
٥ – باشترین کات بۆ ئەوەی منداڵەکەت بخەیتە جێگاکەیەوە ، ئەو کاتەیە ، کە خەواڵووە ، نەک زەقەی چاوی بێت ، یان نوستبێت و بیخەیتە جێگاکەیەوە . بەمەش خۆیان فێردەبن کەی بخەون . پاشان ئەگەر منداڵانی پێش تەمەنی خوێندنگا لە نیوەشەودا هەستان لە خەو ، ئەوا بیانخەنەوە سەر جێگاکەی خۆیان . باشتریش وایە کۆرپە لەسەر جێگای خۆتان نەخەوێنن . چونکە نووستنی کۆرپە بە تەنیشت دایک و باوکێوە مەترسی مردنی لە ناکاوی کۆرپە زیاد دەکات .
٦ – بۆ ڕێگرتن لە ڕووناکی پەردەی تاریک بۆ ژوورەکەی بەکاربهێنە . ئەگەر لە تاریکیش ترسا ، گڵۆپی کزی شەوانەی بۆ دابگیرسێنە . هەوڵبدە پلەی گەرمایی ژوورەکەی کەمێک لە کاتی پێش نوستن فێنکتر بێ . پاشان ژوورەکەی لە دەنگە دەنگ بپارێزە . یان بۆ ڕێگرتن لە دەنگە دەنگی دەرەوە ، ئامێری ژاوە ژاو ( Sound Machine ) ی بۆ بەکاربهێنە .
٧ – ئەگەر منداڵەکەت بە شێوەیەکی ئاسایی نەخەوت ، یان لە نیوەشەودا هەستا لە خەو ، هەڵی مەگرە ، هەوڵبدە بە دەنگێکی شیرین و هێواش ، یان بە دەست لێدانێکی ئەسپایی ئارامی بکەیتەوە . خۆ ئەگەر بەردەوام بوو لە گریان ، لەوانەیە برسی بێت ، یان پێویستییان بە گۆڕینی دایبی بێت . بە خێرایی و هێمنی کێشەکەی چارەسەربکە و زووش ژوورەکەی بەجێبهێڵە . دیارە نابێ ئەوەش لە بیربکەی ، ئەگەر لە کاتی نوستندا منداڵ پرخە پرخی کرد ، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکات . چونکە لەوانەیە کێشەی هەبێت ، یان هۆکاری وەستانی هەناسەی بێت لە کاتی خەوتندا .
٨ – کاتێک منداڵی ساوا ، خوشک ، یان برایەکی نوێی لە دایک دەبێت ، یان ددانی تازەی دەردەچێت . یان شوێنێکی ئازاری دەبێت ، یان تووشی سەرما و هەڵامەت و هەوکردنی گوێچکەکانی دەبێت ، ئەوا هەموو ئەمانە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر خەوی منداڵەکە دەبێت .
٩ – پێش نووستن دووربکەرەوە لە پێدانی ژەمە خواردنی قورس و کافاین و ئەوانەی شەکریان تێدایە . ئەگەر پێویست بوو ، خواردنێکی سووک و تەندروستی بۆ ئامادە بکە . چونکە کێشی قورسی منداڵ یەکێکە لە هۆکارەکانی کەم خەوی . خەوی خۆش و ئاساییش ، قەڵەوی بە ڕێژەی ٣٦٪ کەم دەکاتەوە .
١٠ – تارمای ( کابوس ) ی شەوانە بۆ منداڵانی بچووک ترسناکن . چونکە بە زەحمەت جیاوازی دەکەن لــە نێوان ڕاستەقینە و ئـەوەی ڕاستەقینە نییە . زۆر جار بە هۆیەوە لە خەو خەبەریان دەبێتەوە و لەوانەیە دەست بە گریان و هاوار هاوار بکەن ، خۆ ئەگەر چەند جارێکی کەم ئەم حاڵەتە دووبارە بۆوە ، منداڵەکــە هێوربکەرەوە و زۆر بـــە ئەسپایی بیخەرەوە نـــاو جێگاکەیەوە . ئەگەر هاوارکردنیشی نەما ، ئەوا وازی لێبێنە و خەبەری مەکەرەوە و جێگای ترس و دڵەڕاوکێ نیە . بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو حاڵەتە بە زۆری دووبارە بوونەوە و لە ڕۆژدا خەواڵویکرد ، ئەوا باشتر وایە سەردانی پزیشکی منداڵان بکات .
١١ – قسەکردن لە کاتی خەوتندا کیشەیەکی تری منداڵە ، کە بە زۆری لە سووکەخەودا ڕوودەدات . هەر بۆیە پاکوخاوێنی کەشوهەوای خەوتن ، دۆخی قسەکردن لە کاتی خەوتندا کەمدەکاتەوە ، هەرچەندە حاڵەتێکی مەترسیدار و زیان بەخش نییە ، بەڵام ئەو کەسانە بێزار دەکات کە لە هەمان ژووردا نوستون .
١٢ – لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەو منداڵەی بۆ ماوەی پێنج شەو لەسەر یەک ، لە کاتژمێرێکی خەوتن بێبەش بێ ، زیاتر توڕەدەبێ و لە پۆلدا کەمتر سەرنج دەدات و بە باشیش لە وانەکانی تێناگات . چونکە لەم حاڵەتەدا تەنها بەشێکی مێشکی لە کاتی خەوتندا گەشەدەکات . ئەوەی شایانی باسە لە زانکۆی ماسەچوسسی ئەمریکادا توێژینەوە بۆ ئەو منداڵانە کراوە ، کە تازە فێری وشەی نوێ کراون و پاش ماوەیەکی کەم خەویان لێخراوە ، دەرکەوتووە ٨٠ ٪ ی وشە نوێکانیان لە بیردا ماوە . بەڵام ئەو منداڵانەی نە خەوتون ، تەنها ٣٠٪ ی وشەکانیان لە بیردا ماوە و لە تاقیکردنەوەکانیشدا نمرەکانیان بە ڕێژەی ١٠ ٪ کەمتر بووە لە چاو ئەو منداڵانەی خەویان لێخراوە . ئەمەش پێمان دەڵێ خەو زۆر گرنگە و دەرمانی زیرەکی و فێربوونە و پێویستە منداڵان زووتر و زیاتر بخەون . جا تکایە ئەم خاڵە بە هەند وەربگرن .
١٣ – زۆر گرنگە ڕۆژانە منداڵ بە بەردەوامی بجوڵێت و وەرزش بکات . تا وزەی شارراوەی لە شی لە کاتی خەوتندا کیشەی بۆ دروست نەکات . بۆیە پێویستە هاوکاری بکەیت بەردەوام ئەو چالاکییانە بکات . بەڵام کارێکی وا مەکە لە پەلوپۆبکەوێ تا شەوانە باشتر بخەوێت . زۆرجار شەکەت و ماندووبوونیان خەو لە چاویان دەتارێنێ و سەرئەنجامیش خەویان زەحمەتر دەکات .
١٤ – نوستن یارمەتی مێشک دەدات زانیاری نوێ ئاڕاستەی بیرگەی منداڵ بکات ، لە ڕێگای کردارێکی گرنگەوە ، کـە ناودەبرێت بــە چەسپاندنی بیرەوەری ( Memory Consolidation ) ، یان برەودان بە بیرتیژی . جا کاتێک سود لە ماوە بە نرخەکەی نوستن وەرناگیرێت ، دەمارەکانی مێشک ناتوانن وەک پێویست ئەو هاوکارییە بکەن و ڕێژەی بیرچوونەوەیان بەرزدەبێتەوە .
١٥ – شتنی منداڵ پێش کاتی خەوتن زۆر گرنگە ، چونکە کاتێک منداڵ بە ئاوێکی تۆزێک گەرم دەشۆرێ و لە گەرماو دێتەدەرەوە ، پلەی گەرمایی
جەستەی کەمێک دادەبەزێ . ئەم دابەزینەش یارمەتی دەدات باشتر بخەوێت . توێژینەوەکانیش ئەویان دەرخستووە ، دابەزینی یەک پلەی گەرمایی لەشی منداڵ ، کارێک دەکات زووتر خەوی لێ بکەوێت و لە شەویشدا کەمتر خەبەری بێتەوە . سەرباری ئەوەی هەموو پیسییەک لە لەشی دەکاتەوە ، کە بە درێژایی ڕۆژ پێوەی نووساوە . پاشان هەموو شەوێک دووبارە بوونەوەی هەمان خۆشتن و دانشتن بە بەردەوامی ، منداڵ ڕادەهێنێت ، کە کاتی چوونە ناو جێگاکەی نزیکە . سەرباری ئەمانەش پێویستە دایک گرنگی بە خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵەکەی بدات . چونکە چیرۆک یارمەتی منداڵ دەدات هەست بــە ئارامی بکات و سەرئەنجامیش بـە قـووڵی بخەوێ .
١٦ – ئەگەر هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە جێبەجێکران و هێشتا منداڵەکە نەخەوت ، یان زۆر بە گران خەوت ، ئیتر ئەوە کاتی ئەوەیە سێ و دووی لێ نەکەیت و سەردانی پزیشک بکەیت ، تا هۆکارەکەی بزانیت . یان دەربارەی ئاستی : زیرەکی و زەین کوێری و وریایی و ڕەفتار و بزێوی و بیرکردنەوەی لە پۆلدا ، داوای هاوکاری لە مامۆستاکەی بکەیت . لەوانەشە تەمەڵی و کیشە و گرفتی فێربوونی ، یەکێک بێ لە هۆکارەکانی کــــەم خـــەوی .


تێبینی : ١ – ئامێری ژاوە ژاو : بریتییە لە ئامێرێکی بچوک لە ژوری منداڵی ساوادا دادەنرێت و بەردەوام دەنگێکی وەک ژاوە ژاو دەردەکات و ڕێگا لە دەنگە دەنگی دەرەوەی ژوورەکە دەگرێت و ژینگەیەکی ئارام بۆ خەوتن دروستدەکات . دایکەکەش دەتوانێ لە ژوورەکەی خۆیەوە و لە ڕێگای مۆنیتەرێکی بچووکەوە بەردەوام چاودێری منداڵەکەی بکات .
٢ – بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی ئینگلیزی وەرگیراوە .




دوو كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی مناڵانه‌ی نه‌وزاد شێخانی.. ستار ئەحمەد

زمانی منداڵ هێنده‌ سانا نییه‌، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت شیعر یاخود چیرۆك، به‌ده‌میانه‌وه‌ بنووسێت و سه‌ركه‌وتووبێت. مناڵ جیهانێكی جودایه‌ له‌ دونیای ده‌ره‌وه‌، شیعر و چیرۆكیان یاسا و رێسای خۆی هه‌یه‌. لێره‌و له‌وێ هه‌وڵدان ده‌بینین، تا ڕاده‌یه‌ك توانیویانه‌ شتێك بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌م دونیا قشتیله‌یه‌، مناڵان به‌ چه‌ندین چیرۆك یاخود شیعر شادمان بكه‌ن، به‌ڵام تا چه‌ند توانیویانه‌ خزمه‌تێكی ئه‌وتۆ به‌ مناڵان بكه‌ن، كه‌ له‌ رووی په‌روه‌رده‌ و سایكۆلۆژییه‌ته‌وه‌ كاریگه‌ری چاكی له‌سه‌ریان هه‌بێت. ئه‌مه‌ پرسیارێكه‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌روا له‌ خۆڕا چنگ ناكه‌وێت. دیاره‌ زۆرجار نامیلكه‌ شیعری مناڵان ده‌بینین، به‌زۆری باس له‌ په‌روه‌رده‌ و خاك و دایك و قوتابخانه‌ و مامۆستا و باخچه‌ی ساوایان و چۆنێتی هه‌ڵسوكه‌وتی مناڵان و چوون بۆ خوێندنگا و بابه‌تگه‌لی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌كات. به‌ڵام تا ئێستا مناڵان له‌ شیعر و چیرۆك تا ڕاده‌یه‌ك بێبه‌شن و تینووی ئه‌م دونیا جوانه‌ی ئه‌ده‌بن.
ئه‌م هه‌وڵه‌ی كاك نه‌وزادیش شایانی ستایشه‌، بۆیه‌ حه‌زمكرد له‌ كتێبی (گوڵ و ئاسك و هه‌نگ) به‌رچنه‌یه‌ك هه‌ڵبژێرم و به‌ چه‌ند چیرۆكێكدا بچمه‌وه‌، بزانم تا چه‌ند بابه‌ته‌كانی تینوێتی تاسه‌ی دڵی مناڵان ده‌شكێنن و له‌ خزمه‌تی ئه‌م توێژه‌ی كۆمه‌ڵدان.
كه‌ نه‌وه‌ی دوا رۆژی ئه‌م میلله‌ته‌ن. له‌ چیرۆكی (زه‌وی و ئاسمان)دا باس له‌ هاوڕێتی ده‌كات كه‌ كه‌روێشكێك حه‌زی به‌ هاوڕێتی قه‌له‌ڕه‌شێكه‌ و ده‌یه‌وێت له‌ وه‌رزێكی به‌هاردا به‌ كاوه‌ژوو له‌ناو گژوگیای چیا ڕه‌نده‌كانی كوردستاندا گه‌مه‌ بكه‌ن و پشوویه‌كی لێبده‌نه‌وه‌، به‌ڵام قه‌له‌ڕه‌شكه‌ ڕازی نابێ و نایه‌وێ له‌گه‌ڵ نابووتێكی وه‌كو كه‌روێشكدا كاتی خۆی به‌فیڕۆ بدات و گوایه‌، ئه‌و باڵداره‌ و له‌ ئاسمان نه‌بێ ناحه‌وێته‌وه‌، ئه‌وێك بتوانێت ئاسمان ته‌ی بكات و پشووی باڵی به‌ شینایی ئاسمان تێراو بێ، چ پێویستی به‌ كه‌روێشكێكه‌ به‌ قونه‌قون یاڵ به‌ یاڵ ببڕێ. بۆیه‌ وه‌ڵامی ئه‌وه‌یه‌ له‌خۆی ناگرێت له‌سه‌ر زه‌وی له‌گه‌ڵیدا گه‌مان بكات. كه‌روێشكه‌ زرنگه‌كه‌ پێی ده‌ڵێت ئه‌مه‌ی تۆی ده‌یڵێی مه‌حاڵه‌ و ئه‌م گه‌مه‌ و ئاره‌زووه‌ تا سه‌ر بۆ تۆ ناچێته‌ سه‌ر، چونكه‌ ئێمه‌ هه‌موومان پێویستمان به‌ خاكه‌ له‌وێشدا نه‌بێ ناتوانین پشووی یه‌كجاره‌كی بده‌ین. قه‌له‌ڕه‌شه‌كه‌ له‌سه‌ر كه‌له‌پووتی و نابووتی و لووت به‌رزی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێ، هه‌ر ده‌فڕێ به‌ڵام كه‌روێشكه‌كه‌ ده‌زانێ ئه‌م خۆبه‌زلزانینه‌ی تا سه‌ر نابێ، ماوه‌ی رۆژێكی بۆ داده‌نێ. قه‌له‌ڕه‌شه‌كه‌ ده‌فڕێت هه‌تا باڵه‌كانی بیهێز ده‌بێ، تینوێتی په‌ریشانی ده‌كات بێهۆش ده‌كه‌وێته‌ ناو دارستانێكی چڕه‌وه‌، لقه‌دارێكی تیژ ده‌چێ به‌سكیاو ده‌یكوژێ.
لێره‌دا چیرۆكنووس: ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات نابێ ئینسان له‌ هاوه‌ڵانی خۆی جیابكاته‌وه‌ و، خۆی به‌ گه‌وره‌تر بزانی، زێدی خۆی كه‌ خاكه‌ له‌بیر بكات. چونكه‌ ئه‌نجام وه‌ك ئه‌م قه‌له‌ڕه‌شكه‌یه‌ له‌ ئێسك و پروسكی خۆیدا كفتوكۆی داده‌مركێ، سه‌ری یه‌كجاره‌كی ده‌نێته‌وه‌، هه‌ر له‌ توێی ئه‌م كتێبه‌دا چیرۆكی قرژاڵه‌ سپڵه‌كه‌ ده‌بینین، كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات چاكه‌ بكه‌ی بیده‌ی به‌ده‌م ئاوه‌وه‌، له‌وه‌ چاكتره‌ بیر له‌ تۆڵه‌ و خراپه‌ی به‌رامبه‌ر بكه‌یته‌وه‌، هه‌میشه‌ گڕی قین له‌ ناختا بڵێسه‌ی بێ چیرۆكه‌كه‌ش به‌ كیسه‌ڵێك ده‌ستپێده‌كات كه‌ گۆماوێكی له‌ بۆق و قرژاڵه‌ وردیله‌كانی تر زه‌وت كردووه‌، تاپۆی ڕه‌ش له‌ ته‌وێڵی هه‌ڵواسیوه‌، به‌هیچ كلۆجێك گۆماوه‌كه‌ به‌رنادا، نایه‌وێ ئه‌وانی تریش به‌ ئاره‌زووی خۆیان ده‌ست له‌ملانی شادی و شه‌پ و هوڕی ئاوی گۆماوه‌كه‌ بن. رۆژێك بارانێكی به‌لێزمه‌ هه‌ڵده‌كات، گۆماوه‌كه‌ نركه‌ی دێت له‌ ئاوی تازه‌ باریودا یه‌كێك له‌ بۆقه‌ خێرخوازه‌كان به‌زه‌یی به‌ قرژاڵه‌كه‌دا دێته‌وه‌ و نایه‌وێ بخنكێ، ده‌یه‌وێ رێنمایی بكات كه‌نار بگرێت، هه‌تا ئاوی لافاوه‌كه‌ نه‌بخنكێنێ، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ بۆقه‌كانی دیكه‌دا پێی ده‌ڵێت:- نه‌چێته‌ گۆماوه‌كه‌وه‌ و به‌ لاڕێیه‌كه‌دا گوزه‌ر بكات، به‌ڵام قرژاڵه‌كه‌ له‌سه‌ر شه‌ڕه‌نگێزی و ناخ ڕه‌شی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێ، پێیانده‌ڵێت: خه‌یاڵتان خاوه‌ ده‌تانه‌وێ گۆماوه‌كه‌م پێ چۆڵ بكه‌ن، گۆماوه‌كه‌ بۆخۆتان داگیربكه‌ن، هه‌رگیز بڕوای پێیان نایه‌ و پاش كاتژمێرێك نابا لافاوێكی به‌ سام دێت و دار و ده‌وه‌ن ده‌پێچێته‌وه‌. گۆماوه‌كه‌ی قرژاڵیش سه‌ر و ژێر ده‌بێ.
ئه‌م چیرۆكه‌ بیروڕای مرۆكان ده‌رده‌خات، كه‌ هه‌ندێك له‌ ئینسانه‌كان هێنده‌ ناخ ڕه‌شن، هه‌رگیز قسه‌ی راست لایان بڕشتی نییه‌ و هێنده‌ سوورن له‌سه‌ر ئاكاری نابه‌جێی خۆیان، له‌ ناخی خۆیانه‌وه‌ له‌ ده‌وروبه‌ر ده‌ڕوانن، به‌هیچ جۆرێك به‌ ڕێنموویی و قسه‌ی به‌سوودی خه‌ڵكانی دیكه‌ و هاوڕێیان ناكه‌ن، ئه‌نجام له‌ زه‌لكاوی نه‌زانی و كینه‌ی خۆیاندا سه‌ر ده‌نێنه‌وه‌، بۆیه‌ مناڵانم مرۆڤ هه‌میشه‌ ده‌بێ له‌ خه‌ڵكی دانه‌بڕێ و قسه‌ی به‌ پێز و ڕێنمایی ده‌وروبه‌ر وه‌رگرێت، په‌ند له‌ ئامۆژگاری ده‌وروبه‌ری خۆی وه‌ربگرێت.
هه‌ر له‌م كتێبه‌دا چاومان ده‌كه‌وێت به‌ چیرۆكی (قوتابییه‌كی ته‌مبه‌ڵ). باس له‌ قوتابییه‌كی په‌رپووت ده‌كات هه‌میشه‌ چاو به‌ وانه‌كانیدا ناگێڕێ و په‌رتووكه‌كانی په‌رپووتن و ته‌وه‌زه‌ل به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاوڕ له‌ ماندوبوونی مامۆستا و ڕه‌نجی باوك و دایك و ساڵانی به‌هه‌ده‌ری نادات، بۆیه‌ مامۆستاكان خۆشیان ناوێت. خه‌ڵكی لێی ده‌پرسن بۆ ناخوێنێت بیانووی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تێناگا. له‌سه‌ری ساڵدا مامۆستاكه‌ی بانگی ده‌كات و پێی ده‌ڵێت ئه‌مه‌ ئه‌نجامی هه‌موو وانه‌كانته‌ و له‌ هیچ ده‌رسێكدا ده‌رنه‌چوویته‌. دیاره‌ له‌ ئه‌نجامی ته‌مبه‌ڵی و ته‌وه‌زه‌لی خۆته‌وه‌ روویداوه‌. هه‌موو هاوڕێكانت ده‌چنه‌ پۆلی پێنجه‌م و ته‌نها تۆ نه‌بێ له‌ پۆلی چواره‌مدا ده‌مێنیته‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ساڵێكی ماندووبوون و هاتووچۆكردن و مه‌سره‌فت و هاتنت بۆ قوتابخانه‌.
بۆیه‌ قوتابییه‌كه‌ شه‌رمه‌زار ده‌بێ و ئینجا ده‌زانێ سه‌رنه‌كه‌وتن چه‌ند ناخۆشه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵه‌ی رۆژانه‌ی خۆیه‌وه‌، به‌م ئاكامه‌ ناخۆشه‌ گه‌یشتووه‌، به‌ڵام كار له‌كار ترازا و په‌شیمانی سوودی نییه‌، بۆیه‌ مناڵانم ئێوه‌ش ده‌بێ له‌ ئاستی ئه‌م جۆره‌ قوتابیانه‌ هه‌ڵوێست وه‌رگرن، ڕێنماییان بكه‌ن، نه‌هێڵن نموونه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ له‌ نێوماندا سه‌رهه‌ڵدا، ده‌بێ خۆتانیش هه‌میشه‌ چوست و چالاك رۆژانه‌ وانه‌كانتان به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه‌، هه‌تا ببنه‌ نه‌وه‌یه‌كی به‌كاری دوا رۆژ و گه‌ل و میلله‌ت و نیشتمان له‌سه‌ر ئێوه‌ راوه‌ستاوه‌ و چاوه‌ڕوانی هیمه‌تتانه‌. له‌ نامیلكه‌ی دووه‌مدا چیرۆكی (سه‌ربه‌ستی)م خوێنده‌وه‌ باس له‌ پیرۆزی هاوڕێیه‌تی ده‌كات، كه‌ چۆن دانا كۆترێكی به‌ند كردووه‌، بۆ لای هاوڕێكانی فڕیوه‌، نیگه‌رانی دایده‌گرێ، به‌ڵام دایكی دڵی ده‌داته‌وه‌ و كه‌ ئه‌ویش خه‌یاڵی هاوڕێكانی لێیداوه‌ و فڕیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هاوڕێتیان شادبێ تێیده‌گه‌یه‌نێت ئه‌م چۆن ناتوانێت ده‌سبه‌رداری “گۆران و كاروانی” هاوڕێی بێ، ئه‌و كۆتره‌ش به‌و شێوه‌یه‌ هاوڕێیه‌تی هاوڕێكانی لا پیرۆزه‌ و بێ ئه‌وان له‌ قه‌فه‌سی ته‌نگدا ناژی. بۆیه‌ دانا یه‌كسه‌ر تێده‌گات و ده‌ستده‌كات به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ و قسه‌ و په‌نده‌كانی دایكی ده‌بنه‌ زه‌نگێك هزری ڕاده‌چه‌ڵه‌كێنن.
دوا چیرۆكی ئه‌م نامیلكه‌یه‌ مێرووله‌یه‌، باس له‌ مێرووله‌یه‌كی چاپك ده‌كات ده‌یه‌وێت خواردنێك بخاته‌ ماڵه‌كه‌یه‌وه‌، به‌ڵام زۆر ماندوو ده‌بێ، ئه‌م مێرووله‌یه‌ داوا له‌ مێرووله‌یه‌كی سوور ده‌كات، به‌ڵام مێرووله‌كه‌ گاڵته‌ی به‌ قسه‌كانی دێت و یارمه‌تی نادات، ڕۆژان دێت مێرووله‌ سووره‌كه‌ قاچێكی ده‌شكێ، داوای یارمه‌تی له‌م مێرووله‌ ره‌شه‌ ده‌كات، مێرووله‌كه‌ش به‌هانایه‌وه‌ ده‌چێت. هاوڕێكانی بانگ ده‌كات، له‌م به‌شه‌ خۆراكه‌شی ده‌داتێ. لێره‌دا چیرۆكنووس به‌ مناڵان ده‌ڵێت: ده‌بێ مرۆڤ به‌خشنده‌بێ و هه‌میشه‌ چاكه‌خوازی و كار و كرده‌وه‌ی به‌رامبه‌ر كاری تێنه‌كات، وه‌كو ئه‌وان ره‌فتار نه‌كات به‌ڵكو به‌ هانای ئه‌و كه‌سانه‌شه‌وه‌ بێ. كه‌ رۆژێك ئاوڕییان لێنه‌داوه‌ته‌وه‌، یارمه‌تیان نه‌داوه‌ لێبوردنیش پیشه‌ی مرۆڤی مه‌زنه‌ و وانه‌یه‌ك به‌ گوێی گه‌وره‌ و بچووكی ئه‌م چیرۆكه‌دا ئه‌دات.
بۆیه‌ مایه‌ی ده‌ستخۆشییه‌ كاك نه‌وزاد توانیبێتی له‌ بواری مناڵاندا كۆمه‌ڵێك چیرۆكی مناڵانه‌ی په‌ند ئامێز و چاكه‌خوازی نووسیبێ، توانیبێتی كتێبخانه‌ی كوردی ده‌وڵه‌مه‌ند بكات، به‌م جۆره‌ چیرۆكانه‌، هه‌رچه‌نده‌ چیرۆكه‌كان له‌ خانه‌ی په‌ند و چاكه‌ و په‌روه‌رده‌ به‌ولاوه‌ زۆر په‌لناهاوێژێ و لایه‌نی زانست له‌نێویاندا كه‌مێك بزره‌. به‌ڵام جێگه‌ی شانازییه‌ كه‌ نووسه‌رانمان بتوانن لایه‌ك له‌ مناڵان بكه‌نه‌وه‌، له‌م جۆره‌ چیرۆكانه‌ بێبه‌شیان نه‌كه‌ن، ئێمه‌ چیرۆكنووسمان زۆره‌ رۆمان نووسیشمان هه‌نه‌، به‌ڵام وه‌كو چیرۆكی مناڵان له‌م شاره‌دا، هه‌تا بڵێی كه‌م چیرۆكنووس ده‌ستی بۆ بابه‌تی مناڵان درێژكردووه‌، بۆیه‌ له‌لای خۆمه‌وه‌ ده‌ستی كاك نه‌وزاد ده‌گوشم بۆ ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی و هیوادارم نموونه‌ی زۆربێ و هه‌میشه‌ خێرخوازانه‌ و دڵپاكانه‌ له‌ مناڵان و سه‌ربرده‌ی ژیانیان بڕوانن و دڵیان بێگه‌رد و قه‌ڵه‌میان به‌پێز و چاوگیان روون و سه‌رچاوه‌ی ئیلهامیان گه‌شاوه‌بێ.

ستار ئەحمەد




چەند سەرنجێک دەربارەی رەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵاندا.. عەلی حەمەڕەشید

رەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا ناونیشانی کتێبێکی رەخنەیی نوێی نووسەر و لێکۆڵەر مامۆستا (فازیل شەوڕۆ)یە، کتێبەکە لە دوو توێی (120) لاپەڕەی نیو ئەیفۆڕدایە و لەچاپخانەی (پاندا) بە تیراژی 500 دانە چاپکراوە.
ئەم کتێبە بە شێوەیەکی جوان و زانستی و بەسەلیقەیەکی وردەوە باسی ژینگەی منداڵ و شیعر و ژینگە و پەیوەندی نێوان شاعیر و ژینگە و بونیاتنانی ژینگە لەڕووی دەروونیی و هزری و هونەری و پەروەردەیی و…هتدەوە دەکات، کە وەک خۆی باسی دەکات ئەم تەوەرانە بە ناونیشانی بونیات لە کتێبەکەدا باسکراون، هەر هەموویان یەک ئامانجیان هەیە ئەویش گەیشتنە بە جوانترین و شکۆدارترین بونیاتی ژینگەیی بەمەبەستی مرۆڤدۆستی و ژینگەدۆستی. هەروەها باسکردن و خستنەڕووی بیروبۆچوونی خۆی دەربارەیان بەشێوەیەکی زانستی و لێکدانەوەیەکی دروست. ئەم کتێبە کارێکی نوێیە لە بواری رەخنەی ئەدەبی منداڵاندا و بە تایبەتیش ژینگەی منداڵان کە مامۆستا فازیل لە سەرەتای کتێبەکەیدا دەنووسێت:(ئێمە هەر یەک ژینگەمان هەیە، بەڵام منداڵ دوو ژینگەی هەیە، ژینگەی کاتیی، یان ژینگەی سەردەمی منداڵیی و ژینگەی ئایندە کە راستەوخۆ درێژە پێدەری ئەو ژینگەیەیە کە لەسەردەمی منداڵیی پارێزگاری لێکردووە! واتا ژینگە هەمیشەییەکەی، کەواتە ژینگە هەمیشەییەکە، بەرهەمی هۆشیاریی و کار و ئەرک و خزمەتی ژینگەکەی سەردەمی منداڵییە، جوانیی یەکەمیان لە جوانیی دووەمیاندا دەردەکەوێ و تەڵخی و وێرانەییشیان بەهەمان شێوە).ئەوەی زیاتر سەرنجی راکێشام لەم کتێبەدا هەندێک زانیاریی نوێ و کەم بەکارهاتووی خستۆتەڕوو دەربارەی بونیاتنانی ژینگەی تایبەت بە منداڵ لە رێگەی شیعرەوە کە مایەی دەستخۆشییە. هەوڵ و ماندوو بوونی مامۆستا بەرز دەنرخێنین لەم کارەدا. مامۆستا فازیل شەوڕۆ خاوەنی کۆمەڵێک کتێب و لێکۆڵینەوەی گرنگە و دەستبردنیشی بۆ ئەم کارە نوێیەش بە بڕوای ئێمە زیاتر هەستکردنێتی بە گرنگی ئەدەبیاتی منداڵان بە گشتیی و کاریگەرییەکانی لەسەر منداڵ و بە تایبەتیش گرنگیدان بە ژینگە وەک رەنگڕێژییەک لەو شیعرانەی کە بۆ منداڵان نووسراون. مامۆستا شەوڕۆ لە تەوەری (بونیاتنانی ژینگەی فەرهەنگی)دا باسی گرنگی زمان دەکات و دەڵێ زمان ئاڵۆزترین داهێنانی مرۆڤە بە درێژایی مێژوو، دەزانین کە ئەزموونی شیعریی بە بێ زمان نییە، لەو روانگەیەشەوە گرنگییەکی زیاتری بەم تەوەرە داوە و بە نمونەوە باسی فەرهەنگی زاراوە رووەکییەکان، ئاژەڵییەکان، ئاو وشوێن، جوگرافیا و شتە سروشتییەکان، پێکهاتەکانی زەوی و روناکیی و وزە و سیستەمی ژینگەیی و مرۆڤ و…هتد کردووە. کە ئەو تەوەرەیە پێویستی بەو گرنگی پێدانە هەبووە .
مامۆستا وەک پێشتر باسمان کرد لە نۆ بواری گرنگدا بە نموونەوە باسی بونیاتنانی ژینگەی بۆ منداڵ کردووە، مامۆستا بۆ هەر یەکێک لەوانە هاتووە نموونەی لەشیعری شاعیران ئەوانەی کە بۆ منداڵیان نووسیوە هێناوەتەوە، بەڵام باشتر دەبوو هەوڵی بدایە کە نموونەی زیاتری بۆ هەر یەکێکیان بنووسیایە تا بابەتەکە باشتر و جوانتر بگەیشتایە خوێنەر و مادام کتێبەکەش بۆ هەموو خوێنەرێکی کوردە مامۆستا شیعری کرمانجیشی بە نموونە هێناوەتەوە، دەبوایە شیعری زیاتری شاعیرانی بوارەکەی بە نموونە بهێنایەتەوە نەک چەند نموونەیەک لای یەک شاعیر، چونکە کۆمەڵێک شاعیری دڵسۆز و خەمخۆرمان هەن کە بۆ منداڵان دەنووسن و جێگە دەستیان دیارە. ئێمە پێمان باشبوو کە ناونیشانی کتێبەکە ناونیشانێکی روونتر بوایە. لەگەڵ ئەوەشدا ماندووبوونێکی زۆری پێوە دیارە و دوای گەڕانێکی زۆر بە نێو ئەو شیعرانەی کە بۆ منداڵان نووسراون، مامۆستا ئەوانەی هەڵبژاردووە کە بۆ ئەو مەبەستەی کە دەیەوێت بەکاری هێناون. ئەم کتێبە وەک مامۆستا خۆی باسیکردووە، دەکرێ بکرێتە سەرچاوە بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی بەرفراونتر، تەنانەت بکرێتە بابەتی خوێندکارانی خوێندنی باڵا لە قۆناغەکانی ماستەر و دکتۆرا لە بواری ئەدەبی منداڵاندا، هەروەها وەک خۆی دەنووسێت ئاگادارکردنەوەی شاعیران و نووسەرانی ئەو مژار و بوارە، لە رەهەند و بایەخ و رووبەر و سەنگ قیمەتی ژینگە، رەنگبێ بۆ ئەوان ئەزمونبەخشێکی نوێ بێ، بەتایبەتی ئەگەر بێشەرم و شکۆ،لایەنە لاوازەکانی دەقەکان لەم رووەوە دەستنیشان بکرێن لە رووە پرشنگدارەکانیان رۆشناییان بخرێتە سەر چونکە وەک مامۆستا دەڵێت ژینگە پانتاییەکی فراوانی لە شیعری منداڵاندا داگیر کردووە، هەر ئەمەش وایکردووە کە مامۆستا دەست بۆ ئەو کارە گرنگە ببات و کتێبێک تەرخان بکات بەو بوارە و بەشێوەیەکی رەخنە ئامێز باسی بکات و کتێبخانەی کوردیی پێ دەوڵەمەند بکات.
مامۆستا لە بەرکوڵی کتێبەکەیدا باسی ئەوەی کردووە کە کۆنترین کتێبی چاپکراو بۆ منداڵانی کورد، کتێبی (نووبەهارا بچووکان)ی شاعیری مەزن (ئەحمەدی خانی)یە کە ساڵی 1682 دا چاپکراوە، بەڵام وەک کاک ئەمین محەمەد لە کتێبی (دیداری ئەدەبی منداڵان)دا کە چەند توێژینەوەیەکی ئەدەبیی و رەخنەیی لەخۆ گرتووە و یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی سلێمانی ساڵی 2022 چاپی کردووە. باسی کردووە ئەوەی خانی مەزن فەرهەنگ بووە و ناچێتە خانەی کتێبی ئەدەبی منداڵانەوە، هەروەها کاتێکیش پێناسەی ئەدەبی منداڵان دەکەین ئەم ژانرانە دەگرێتەوە، شیعر و چیرۆک و شانۆیی و رۆمان و ئۆپەرێت. فەرهەنگی تێدا نییە و ناتوانین بە کتێبی نووسراو بۆ منداڵان دایبنێن، راستە فەرهەنگێکی گرنگ و بەسوودە، بەڵام بۆ منداڵان نا. دەبووایە مامۆستا وەک سەرەتای کتێبی چاپکراو بۆ منداڵان ئەو فەرهەنگەی نەنووسیایە. هەروەها مامۆستا لە چەند شوێنێکی کتێبەکەیدا ناوی ئەنجومەنی ئەدەبی منداڵانی هێناوە کە من وەک نووسەر و شاعیرێکی بواری ئەدەبی منداڵان کە ساڵانێکە لەو بوارەدا کاردەکەم و لە نووسینەکانم و دیدارەکانیشمدا باسی گرنگی دروستبوونی ئەنجومەنێکی لەو شێوەیەم کردووە، بەڵام من ئاگاداری هیچ ئەنجومەنێک نیم بەو ناوەوە دروست بووبێت بەس هەوڵ هەبوو، چونکە دروستبوون و دامەزراندنی ئەنجومەنێکی لەو شێوەیە کە نوێنەری گشت نووسەر و شاعیران و وەرگێڕەکانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان بێت پێویستە هەمووان بەشداربن و ئاگاداربن و بەهەڵبژاردن بێت و پەیڕەو و پڕۆگرام و یاسا و رێسای خۆی هەبێت نەک ناوێک و بەس.




هـانـدانی منداڵانی ئارەزوومەنـدی نووسینی چـیرۆک.. رەزا شـوان

چـیرۆکی منداڵان، رۆڵێکی گرنگی لە فـێرکردن بە ئاسانی و لە پەروەردەکردنی دروست و لە ئـاراسـتەکـردنی راسـت و لە دەروون ئاسـوودەیی و لە خـۆشی و شادیی منـداڵانـدا هـەیە. هـۆکـارێکی گرنگە بۆ گەشـەکـردنی زەیـن و هـۆش هـزر و زمـان و کەسایەتـیی هـاوسەنگی منـداڵان. چـیرۆکی منـداڵان، دەرگـاکانی ژیـان بە هـەمـوو جـوانییەکـانییەوە لەسەر منـداڵان دەکاتەوە. گەشبین و هـیواخـواز و ئازادیخـواز متمـانە بەخۆیان دەکات.
چـۆن هـانی منـداڵەکانتان دەدەن بۆ نووسینی چـیرۆک؟
(پـیکسلـیز) دەڵـێت:”بۆ ئەوەی منـداڵان بتوانن چیرۆک بنووسن، پێویستە لە سەرەتادا بە خوێندنەوەی چـیرۆکی جۆراوجـۆر، بەپێی تەمەن و ئارەزووەکانیان دەستـپێبکەن”.
لەبـەر گـرنـگی رۆڵی چـیرۆک لە فـێرکـردن و لە پـەروەردەکـردنـدا، پەروەردەکاران و ستافی مامۆستایان، حەزدەکـەن، کـە منـداڵان فـێری شارەزایی چـیرۆکـنووسـین بـکەن. چونکە چـیرۆک شێوازێکی بەسوودە، بۆ ئەوەی منـداڵان بیرۆکەکانیان رێکبخەن و لە لە چـیرۆکـدا دایـانبڕێـژن و زمـانی نووسراو بەکاربهـێن، بۆ گەیانـدنیـان بە منـداڵان.
چـوونە ناو جیهـانی نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان، نەک هـەر بـۆ منـداڵان بەڵکـو بـۆ گەورەکانیش کارێکی ئاسان نیـیە. چونکە نووسینی چـیرۆک پێـویسی بە بەهـرە و بە زمـان پاراوی و بە مانـدووبـوون هـەیە. پێویستە هـەنگاو بە هـەنگاو دەست پێـبکات. نووسینی چـیرۆک لە لایـەن منـداڵانەوە، رێگەیەکی خۆش و داهـێنەرانەیە، لە بـواری رێزمان و رێنووس و زمان بە گشتی. بەڵام زانینی چۆنیەتی دەستپێکردن بە نووسینی چیرۆکـێک زۆر جار قورسترین بەشە. باشتر وایە، لە سەرەتاوە هـانی منـداڵان بـدەین بـۆ نووسینی کـورتە چـیرۆک.
بە کورتی باس لە بنەما سەرەکییەکان نووسینی چـیرۆک لە لایەن منـداڵانەوە دەکەین:
١ـ خوێنـدنەوەی چـیرۆکی منداڵان: بۆ ئەوەی منـداڵان ببن بە چـیرۆکنووس، پێویستە چـیرۆکی زۆر بخـوێنـدنەوە. تا لە شـێواز و لە ئامـانج و لە زمـان و لە پێویستییەکانی نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان بـزانن. پێویستە دایکان و باوکان و مامۆسـتاکان، ئـەو پەرتووکانەیان بۆ دابین بکەن، کە بە پێی تەمەنی منداڵان، چیرۆکی خۆش و ئاسانیان لەخـۆگرتـوون. چونکە تا منـداڵان زیاتر خـوو بە خوێنـدنەوە بگـرن، زیاتر فـێردەبن و زۆرزانتر دەبـن و ئاسۆی خەیـاڵ و بیـر و هـزریان فـراوانـتر دەبێت. زمـانیان پاراوتـر دەبێت. منداڵان لە سەرەتاشەوە ئەوە تێدەگەن، کە هەر نووسەرێکی منـداڵان شێواز و تەکـنیکی جیـاوازی لە نووسینی چـیرۆکـدا هـەیە.
٢ـ هەڵـبژاردنی بیـرۆکە: گـرنگە کە منـداڵان پێش ئـەوەی دەست بە نووسینی چـیرۆک بکەن، بیرۆکەیان هەبێت، لەسەر جۆری چیرۆکەکانیان. بەهـرەی دۆزینەوەی بیرۆکەی باش بۆ چیرۆک ئاسان نییە و بیرکردنەوەی وردی دەوێت. دەتوانن بۆ بەهـرەی بیرۆکە سـوود لە سەرەتـا یا کۆتـایی هەنـدێک لەو چـیرۆکانە وەربگـرن کە خـوێنـدوویانەتەوە. منـداڵان ئەنـدێـشەیەکی فـراوانیـان هـەیە، دەزانـن کە چـۆن لە رێـگەی چـالاکـییەکـانی نووسینی داهێنەرانەوە پەرە بە بەهـرەکانیـان بـدەن.
٣ـ ئامـانج لە نووسینی چـیرۆک: زۆر گرنگ و پێویستە منـداڵان ئەوە بـزانن، کە پێش دەستپێکـردنیان بە نووسین، ئامانجـیان لە چـیرۆکەکانیان چـییە؟ بۆ کێی دەنووسـن؟ و بـۆچی دەینـووسـن؟هـەمـوو چـیرۆکـێک مەبەسـتـێک یا پەیـامـێک لەخـۆدەگـرێـت، کە نووسەر دەیەوێت بە خوێنەرانی بگەیەنێت. ئەو چیرۆکانە ریالیزمی بن، یا ئەفسانەیی بن. خوێنەران دەیانەوێـت سوود و ئەزمـوون لە ئامـانجی و ئەو چـیرۆکانە وەبگـرن.
٤ـ دانانی پـلان و نەخـشەی نووسینی چـیرۆک: پێویستە منـداڵان نەخـشەی نووسینی چـیرۆکەکانیان دابنـێن، دەتوانن هـێڵکارییەکیان بۆ رووداوەکانی چیرۆکەکانیان هەبێت. هـەنگاو بە هـەنگاو ئـەم هـێڵکارییـە جـێبەجـێـبکەن. وەک، چـۆن دەست بە نووسینی چـیرۆکەکانیان بکەن و چۆن کۆتاییان پێبهـێنن. ئەوەش بزانن کە هەموو چـیرۆکـێکی بـاش بۆ منـداڵان، سـەرەتـا و ناوەڕاسـت و کۆتـاییـان هـەیە.
٥ـ پاڵەوان و کارەکتەرەکانی چیرۆک: چیرۆک بەبێ کارەکتەر نابێت. پێویستە منداڵانی چیرۆکنووس. کارکتەری سەرەکیی چیرۆکەکانیان بە باشی دیارییـان بکەن و دیزاینیان بکەن، لەگەڵ رۆڵ و ئەرکەکان و تەمەن و توانایاندا بگونـێن. ئەوە کارەکتەرەکانـن کە ژیان دەخەنەبەر چیرۆکەکان. ئەوانن رووداوەکان بەرەو پێـشەوە دەبەن. کێشە و کردار دەهـێننە ناو ملمـلانێ و شەڕەکەوە. مەرجـیش نییە کە کارەکان لـۆژیـکی بن. زۆربـەی چـیرۆکەکانی منـداڵان، پاڵەوانی سەرەکییان (کـوڕ یا کـچی باشـن) و دژەبەرەکانـیشـیان (کەسی خراپـن). کارەکتەری پاڵپشتی هەردوولاشیان هەیە. بۆ کورتە چـێرۆک ژمارەی کارەکـتەرەکان کەمـترن. پاڵەوان و کارەکتەرەکانی چـیرۆکی منـداڵان، مـرۆڤـن، یا ئاژەڵ و باڵـندە و زینـدەوەر و شـتی تـرن. منداڵان هەمیشە لەگەڵ سەرکەوتنی پاڵەوانەکاندان، ئەگەر لە پێناوی باشی و ئـازادی و ئاشتی و خێرخوازی و مـرۆڤـایەتیـدا خەبات بکەن.
٦ـ ملمـلانێ لە چـیرۆک: پێویسـتە دایکان و باوکان و مامۆستاکان، یارمـەتیی منـداڵان بـدەن، بۆ تێگەیشـتن لە چەمکی ململانێ لە چـیرۆکـدا. هـانیان بـدەن بۆ دروستکردنی ململانێ لە چـیرۆکەکانیانـدا. توانای سەرکەوتنی پاڵەوانەکان لەململانێـدا دەردەکەوێت. ململانێیەکانیش نابێـت درێـژ و بـێزارکەربـن.
٧ـ زمـان لە چـیرۆکی منـداڵان: بێگـومـان زمـان گـرنگـترین فـاکـتەر و کـۆڵـەکەیە لە چـیرۆکی منداڵانـدا. نووسینی چـیرۆکی منـداڵان، بە زمـانێکی پەتی و پـاراو و شیرینی کوردیمـان. بە بەکـارهـێنانی وشـەی ئاسـان و واتـازانـراو و رسـتەی کـورت. مـەرجی چـیرۆکی باش و سەرکەوتووی منداڵانە. بە داخەوە بەشێکی زۆری منداڵانی کوردمان، بە هـۆی ئـەوەی کە لە تەمـەنـێکی بچـووکـدا ناخـوێـننەوە و نانـووسـن، یان بە زۆری بە هـۆی ئـەوەی کە دەوڵەتـانی داگیرکەری کوردسـتان، بە تـۆبـزی و بە زۆرداری، لە قـوتابخـانەدا زمانی خۆیان بەسەر منـداڵانی کوردمان سەپـانـدوون و خـوێنـدنیشیان بە زمانی کوردی قـەدەغـەکـردوون. هـۆی سەرکـیی لاوازی منـداڵانی کوردمانە لە زمـانی کوردیـدا. لایەکی کەشەوە، دوو رێنـووس و نەبوونی زمانێکی ستانـداردی یەکگرتووی کوردی، هـۆیەکی تری لاوازیی خوێندنەوە و نووسینی منداڵەکانمانە بە زمانی کوردی.
٨ـ کات و شوێن لە چیرۆکی منداڵان: کات و شوێن دوو رەگەزی سەرەکین لە چیرۆکدا. بەبێ کـات و شـوێن لێکـدانەوە بۆ رووداوەکان ناکرێت. چونکە کات و شوێـن رۆڵـێکی گرنگیان هـەیە لە بنیاتنان و لە ریـزبەنـدیی رووداوەکانی چیرۆک. بۆیە پێویستە کات و شوێنی رووداوەکان دیاریـبکەن، کات ئەو ماوەیەیە کە رووداوەکانی چیرۆکەکان تێیاندا روویان داوە یا روودەدەن، وەک: بەهار، هاوین، شەو، رۆژ، رابردوو، ئێستا، داهاتوو، …هـتد. شوێنیش ئەو چـوارچـێوەیەیە کە رووداوەکان تێـیدا روویان داوە یا روودەدەن، وەک: ماڵێکی ئاوەدان، قـوتابخانە، پارکێک، سەیرانگایەک، دارستانێکی ئەفـسووناوی، ئەشکەوتێک، زەوی، بۆشایی ئاسمان، دەریا، گوندێک، شارێک، کوردستان، کەرکوک، یا وڵاتێکی کە،… هـتد. پێویستە منداڵانی چیرۆکنووس، پێش دەستپێکـردن بە نووسین، لە خەیـاڵ و هـۆشیانـدا، کـات و شـوێـنی روودەوەکـانی چـیرۆکەکـانیان دیـاری بـکەن.
٩ـ دیالـۆگ لە چـیرۆکی منـداڵانـدا: دیالـۆگ یەکـێکە لە کـۆڵەکەکانی بنیاتـنانی چـیرۆکی منـداڵان. دیالـۆگ بـریتییە لە گـفتوگـۆ لە نێوان دوو کارەکتەر یا زیاتردا، مرۆڤ بن، یا ئاژەڵ و باڵندە و رووەک و زیندەوەر و شتی تر. منداڵانی چیرۆکنووس، دەتوانن سوود لە ئەزمـوونی چـیرۆکنووسانی تر وەربگـرن.
١٠ـ خاڵی وەرچەرخان لە چیرۆکی منداڵان: بە زۆری خاڵی وەرچەرخان لە ناوەڕاستی چـیرۆکی منداڵان دایە. یارمەتیـدەرە بۆ ئەوەی چـیرۆکەکە سەرنجـڕاکێش بێت. دەکرێت وەرچەرخـان، ساتێکی دۆزینـەوە بێـت، یان کاتـێک بێـت کە کارەکـتەرێک، هـێزێکی لە تـوانـابەدەری تـرسناک بـدۆزێتـەوە. واتە کارێـکی کـوتـوپـڕ و چـاوەڕوان نەکـراوە.
١١ـ دانانی خاڵبەندی لە شوێنئ خۆیاندا: پێویستە منداڵانی چـیرۆکنووس، فـێری دانانی خاڵبەندییەکانـبن لە شوێنی راستییاندا.
١٢ـ نووسینی چـیرۆک لە ئینتەرنێتـدا: دایکان و باوکان دەتـوانـن، ئیمـێڵێک بو منـداڵە چـیرۆکنووسەکانیان بکەنەوە، بۆ ئەوەی چیرۆکەکانیان لە ئینتەر ێتدا بنووسن. چونکە نووسـین لە ئینـتەرنێـت دا، خـۆشی و شادی و شارەزایی بە منـداڵان دەبەخـشـێـت.
١٣ـ پیاچـوونەوە بە رەشـنووسی چـیرۆک: دوای ئـەوەی کە منـداڵانی چـیرۆکـنووس، لە نووسینی رەشنووسی چـیرۆکەکانیان دەبنەوە، پێویستە دووبارە و سێبارە بە وردی بە چـیرۆکەکانیاندا بچـنەوە، دوایش بیانـدەن بە دایک و باوکیان یان بە مامۆستاکانیان یان بە چیرۆکنووسێکی گەورە بۆ منداڵان، بۆ ئەوەی لە هەموو روویەکەوە، سەرنج و تێـبینییەکانیان دەرەبـارەی چـیرۆکەکانیان دەربـڕن و هەڵـەکانیان بـژاربکەن. سوودیش لە رەخـنە و لە پێشنیار و لە رێنماییەکـانیان وەربگـرن.
١٤ـ هـانـدان و پیـرۆزبـایی و دەستخـۆشی: دایـکان و باوکان و مامۆسـتاکان، رۆڵـێکی سەرەکی و گرنگـیان هـەیە، لە هانـدان و لە پشتگیریکردن و رێنمایکردنی منداڵەکانیان و قـوتابییەکانیان. لە نووسین و درێـژەدان بە ئـەو چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخـشانانەی کە منـداڵەکانیان دەیانووسن. هانـدانیش شێوازیان زۆرە. هانـدانەکە گەر خەڵاتێک بێـت، یا پیرۆزبایی و ئافـەرین و دەستخۆشی و چەپڵەلێـدان بێت. دەست کـێشان بە دەستا بێت. مایەی دڵخۆشی و پێـزانین و رێـزن بۆ منداڵانی نووسەر. دەکرێت زیاتر هـانیان بدەن بۆ ئـەوەی چـیرۆک یا هـۆنـراوەکـانیان بۆ گـۆڤـارەکانی منـداڵان بنێـرن بـۆ بڵاوکـردنەوە.
پێویستە ئەوەش بڵـێین هەرگـیز نابێت، گاڵـتە بە نووسینەکانی منـداڵان بکەن، یان پێیان پـێبکەنـن و تەریـقـیان بـکەنەوە.
١٥ـ کۆتـاییەکی دڵخۆشکەر و هـیوابەخـش: پێویستە منـداڵان ئەوەش بـزانـن، پێویستە کۆتـایی چـیرۆکەکانیان بە چـارەسەرکـردنی کـێشەکان کۆتاییان بێت. کۆتاییەکانیشیان بە گەشبینی و بەهـیوابەخـشین و بە سەرکەوتن و بە خۆشی کۆتاییان بێت. هەرگیز نابێـت کۆتـایییەکانی چـیرۆکی منـداڵان، بە کارەساتی تـراژیـدیا و بە رەشـبینی و بە نائـومیـدی و شکـستی و ناخـۆشی کۆتـاییان بێـت.
هـیچ بە دووریشی مەزانـن، کە لەنێـوان منـداڵانی ئەمـڕۆی ئارەزوومەنـدانی نووسینی چـیرۆک، لە داهـاتـوودا چـیرۆکـنووس و رۆمـانـنووسی باشیان تێـدا هـەڵـبکەوێـت.
رەزا شـوان
نەرویج: ٢٠٢٣




لە یادی (٣٤) رەمین ساڵـڕۆژی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان.. رەزا شـوان

جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵان، کە لە (٢٠/ نۆڤەمبەری/ ١٩٨٩) دا، لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگـرتووەکانەوە پەسەنـدکرا و دەرچـوو . بـریتییە لە (٥٤) مادە. هەندێ لە مادەکان لە چەند بڕگەیەک پێک هاتوون، تائێستا (١٩٦) دەوڵەت لە جیهاندا بە تورکـیا و ئێـران و عـێراق سوریـاشەوە، لە لیـستی ئـەو وڵاتـانـدانەدا، کە و واژۆی رێکەوتـنـنامەکەیـان کـردووە. هـەمـووشیان بەڵـێنـیان دا، کە پابـەنـدی جـێبەجێکـردنی هەمـوو مـادەکانی جاڕنامەی مافەکانی منـداڵان دەبـن. بەبێ جیاوزیش رێـز لە منـداڵانی گەلەکانیان دەگرن و مافەکانیان دابین دەکەن. جاڕنامەکە لە (٢/ سێپتەمبەری/ ١٩٩٠) دا، چـووە بـواری جـێبەجێ کـردنـەوە.
منـداڵان لە هەر شوێنێکی جیهـانـدابن هـەر منـداڵـن، لە هـەر شوێنێکی جیهـانـدا بـژین، کـچ بن یا کوڕ بن، رەش پێست یا سپی پێستبن، دەوڵەمەنـد یا هـەژاربن، گونـدنشـین یا شارنشینبن، لە هەر نەتـەوە و گەلێکـبن، هەر ئاینێکـیان هەبێـت، دایکان و باوکانیان و بەخیوکەریان خاوەنی هەچ بیروباوەڕێکی سیاسی و ئایدیۆلۆجیایەکبن، هەموو منداڵن و هەمووشیان وەکو یەک و بە یەکسانی مافـیان هـەیە. مافی ژیـان و ئـازادی و چاودێـری و پارستنیان هـەیە، مافی خـوێندن و چارەسەرکردن و یـاری کردن و پێکەنـین و دابیـن کردنی پێداویستییەکانی گەشەکردن و نەشونماکردن و پێشکەوتنیان هەیە. مافی ئەویان هـەیە کە لە تـونـد و تیـژی و لە جـەنـگ بیانپـاڕێـزن، مـافی … هـتد.
بەڵام بەداخەوە هەنـدێ لەو وڵاتە ئەندامانەی کە واژۆی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منـداڵانیـان کـرد، نەک هـەر پێ بەنـد نەبـوونـە بە بەڵـێـنەکـانیـان و بە جـێبەجـێکـردنی مافـەکـانی منـداڵان، بەڵکـو هەر لە یەکـەم رۆژەوە و تا ئەمـڕۆش، زۆر بە زەقـی و بە رەقـی و بە ئاشکـرا و بەبێ شەرمانە، مافـەکانی منـداڵانی کوردیـان پێـشێـل کـردوون و پێـشێلی دەکەن، ستەم و تاوانە قـێزەوەنەکانیان دەرهـەق بە منـداڵانی کورد، بە تەواوی بە پێچـەوانەی بەڵـێـنەکـانیـان و بە پێچـەوانـەی مافـەکانی منـداڵانەوەن.
رەفـتاری نامرۆڤانە و رەگـەزپەرستییانەی، رژێمە دڕندە و سەرکوتکەرەکانی هەریەکە لە تورکیـا و ئێـران، لە پێـشـێلکـردکـردنی مـافـەکـانی منـداڵانی کوردمـان بێ وێنـەیە لە جیهـاندا، کە نەک هەر منداڵانی کوردیان لە سادەترین ماف بێ بەشیان کردوون، بەڵکو بە شێوەیەکی زۆر دڕنـدانە و نامـەردانەش دەیـان چەوسێننەوە. دوور لە رەوشـت و لە بـەزەیی و لە ويـژدان، دوور لـە پـرەنسیـپەکانی مـرۆڤـایـەتی، دوور لە هـەمـوو یاسـا و رێسایەکی نێـودەوڵەتی، دوور لە مافـەکانی منـداڵان، دوور لـە هـەمـوو داب و نەریـت و رەوشـتـێک. بە رۆژی روونـاک و بەبـەر چـاوی کـۆمەڵگای نێـودەوڵـەتییە، بە ئاشکـرا منـداڵان و هەرزەکارانی کوردمان دەگـرن و بە شێوەیەکی دڕنـدانە ئازار و ئەشکەنجەی جـەسـتەیی و دەروونیـیان دەدەن. هـەر لەبـەر ئـەوەی کە کـوردن. کـوردبـوونـیش بە لای داگـیرکەرانی رەگەزپـەرستی کوردسـتانەوە، تـاوانە.
تا ئەمـڕۆش، بـە هـۆی سـیاسەتی چـەوسانـدنـەوە و سەرکـوتکـردن و دەمکـوتکـردن و قـەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی شیرینی کوردیمان لە لایەن داگیرکەرانی رەگەزپەرستی تورکیا و ئێران. بە هـۆی ستەم لێکـردن و چەوسانـدنەوە و ژیانی پـڕ لە کوێـرەوەری و کـڵـۆڵـییەوە. بەشـێکی زۆری منـداڵانی کوردمـان، نـازانـن کە مـافـەکـانیان چـین، بەڵکو بەشـێکی زۆری دایکان و باوکانیشـیان، نازانـن مافەکانی منداڵەکانیان چـین. چونکە لە فەرهـەنگی داگیرکەرانی کوردسـتان، نە ئـازادی و نە ماف و نە رەوشت بوونیـان نییە.

تورکیا بە بە بـۆمبی فـسفـۆری، منـداڵانی کوردمان لە رۆئـاوای کوردستان دەکوژن، لە ئـاو و کارەبـا بێ بەشـیان کـردوون، لە دۆخـێکی تـرس و دەروونـیی نالـەبـاردا دەژیـن.
لە کۆماری سێدارەی ئیسلامیشدا، تا ئێستاش بەدەیان منداڵی کوەدمان لە تەمەنی ژێـر (١٨) ساڵانەوە، لە لایەن رژێـمی ئاخونـدەکانەوە، بە تومەت هـەڵـبەستراو لە سـێدارە دراون. ئێـران لە سێـدارەدانی منـداڵانـدا، خاوەنی ریکـۆردێـکی باڵای جیهـانییە.
کەچی سەرۆکەکـانی تـورکیا و ئـێران، فـرمـێسکی درۆی تـیمساحی بۆ منداڵانی غـەزە هـەڵـدەڕێـژن. ئەمـەیە دووڕوویی و دووفـاقـیی دەوڵـەتـە داگـیرکەرەکـانی کوردسـتان.
منـداڵە بێنازەکانی کوردستان، بۆ یـادی (٣٤) رەمـین ساڵـڕۆژی جـاڕنامەی گەردوونـیی مافەکانی منداڵان، چیتان بۆ بنووسین؟ شەرمەزارین و بە دەماندا نایەت کە پیرۆزباییتان لـێبکەیـن. کە تا ئەمـڕۆش داگـیرکەرانی رەگـەزپەرسـتی کوردسـتان، رێنادەن بە زمـانی زگمـاکتان بخـوێنن. رێنـادەن تێـر پێبکەنـن و تێـر یـاری بکەن و تێـر بە کوردی گۆرانی بچـڕن.. لە سادەتـرین مافـەکـانی منـداڵان بێ بەشـیان کـردوون. ئەگـەر بۆیـان بکـرێـت، هـەڵـمـژینی هـەوای پاکـیـشتان لێ قـەدەغـەدەکـەن. تەنیـا لەبـەر ئـەوەی کە کـوردن.
منـداڵە بەدبەخـتەکانی کوردستان، وا نـزیکەی دوو مانگە قـوتـابخانە نەکـراوەتەوە، تا ئەمڕۆ بە هـۆی بایکـۆتکـردنی دەوام و خۆپێشانـدانی مامۆستاکانتانەوە، کە سێ مانگە مـووچەیان وەرنەگـرتـوون، دەسـتان بە خـوێـنـدنی ئەمساڵ نەکـردووە. بە داخـەوە کە دەسەڵاتی کوردی زۆر بێـباکـن و بە خەیاڵـیانـدا نایـەت، چونکە منـداڵەکانی خۆیان، لە قـوتابخانەی تایبەتی و مامۆستای تایبـەتی وانەیـان پێ دەڵـێـنەوە. گیرفـانیشـیان پـڕ لە پارەیـە، جـا چ خـەمی منـداڵانی هـەژاری گەلەکەمـانـیـان هـەیە.

نەرویـج: ٢٠٢٣




چـیرۆک بـۆ هـەرزەکاران/ دروستکـردنی زێـڕ لە خـۆڵ.. رەزا شـوان

هـیوا هـیچ کـارێکی نەدەکـرد. دەیـویسـت لە رێی دروستکـردنی زێـڕ لە خـۆڵ، زۆر دەوڵەمەنـدبێـت. بۆ هـێنانەدیی ئەم خەونەی، گـەلێ پەرتـووکی زانیاریی خوێنـدەوە.
لە گەلێک کەسیشی پرسی، کە چـۆن زێـڕ لە خـۆڵ دروست دەکرێـت؟ بەڵام لە هـیچ کەسێک وەڵامی ئـەم پـرسیارەی دەسـت نەکـەوت.
شەنـگە خـانی خـێزانی، ئـەم کـات بە فـیڕۆدانـەی هـیوای بە دڵ نەبـوو. چـونکە بە هـۆی کـارنەکـردنی هـیواوە، تا دەهـات گـوزەرانیان قـورسـتر دەبـوو.

شەنگە: هـیوا ئەگەر واز لەم خەیاڵەت نەهـێنیت، دەبێت خانووەکەشـمان بفـرۆشین. پێویستە کارێک بکەیـت. ئێمە تەنیا دە سەر مەڕ و دوو مانگا و زەوییەکمان هـەیە.
هـیوا: هـاوسەری خۆشـەویستم، دڵگـران مەبە. ئەگەر زێـڕ لە خـۆڵ دروسـت بکەم، زۆر دەوڵـەمـەنـد دەبـین.
شەنگە: ئەگەر کارنـەکەیـت، چـۆن دەوڵـەمـەنـد دەبـین؟ واز لـەم خەیـاڵە پـوچـەت بهـێـنە، بـڕۆ کارێـک بـکە.
هـیوا: شەنگە گیان مەترسە، لەوانەیە لە تاقـیکردنەوەکانم سەربکەوم و لە ماوەیەکی نزیکـدا، زێـڕ لە خـۆڵ دروست بکەم و دەوڵەمەنـد دەبین و تا هەتایە بە شادی دەژین.
شەنـگە کە زانی قـسەکردن لەگەڵ هـیوادا بێسوودە، چـووەوە بۆ مـاڵی دایک و باوکی، سکاڵای لە لای مـام ئـازادی بـاوکی کـرد.
مـام ئـازاد: شەنگە گـیان، کچی شـیرینم، خـەم مەخـۆ و دڵتەنگ مەبە. بچـۆرەوە بۆ ماڵەکەتان. ئەم کارە بۆ منی بەجـێبهـێڵە. مـن رێگایەکی راست بە هـیوا پـێشان دەدەم.
بۆ رۆژی دوایی مـام ئـازاد چـوو بـۆ مـاڵی کچـەکەی.
مام ئـازاد: هـيوا گـیان چـۆنی؟ رۆژانـە بە چـیـیەوە سـەرقـاڵـیـت؟
هـیوا: مـامی خوشـەویستم، دەسـتم بە پـرۆژەیەک کـردوە. دەمەوێـت زێـڕ لە خـۆڵ دروسـت بـکەم. تا ئێستا تاقـیکـردنەوەیەکی زۆرم کـردوە، هـیوادارم سـەربـکەوم.
مام ئـازاد: دەسـتخـۆش، پێمـوایە ئەمە پـرۆژەیەکی گـەورەیە. شانـازیت پێـوە دەکەم. دڵنیام لە تاقـیکردنەوەکاندا سەردەکەویت. منیش کە گەنـج بووم هەمان خەونم هەبوو. فـێری ئەوەبـووم کە چـۆن زێـڕ لە خـۆڵ دروسـت بـکەم.
هـیوا کە گـوێی لەم قـسانەی مامی بـوو، گەشایەوە و هـەستی بە شادییەکی زۆر کـرد. وتی ئەمە ئەو کەسەیە کە من بۆی دەگەڕام. بەڵام شەنگە بە قـسەکانی باوکی سەسام بـوو. لە دڵی خۆیـدا وتی، باوکـم لە جیـاتی ئەوەی کە بە هـیوا بـڵـێـت، واز لەم خەیاڵ پڵاوەت بهـێـنە، کەچی دەسـتخـۆشـیی لێـدەکـات و هـانی دەدات.
هـیوا: مامـە گیان، تـکایە فـێرم بکە کە چـۆن زێـڕ لە خـۆڵ دروسـت بـکەم؟
مام ئـازاد: هەموو شتێکت بۆ باس دەکەم. ئەم نهێنییەش لە نێـوان هەرسێکمانـدا بێت، نابێـت کەس پێی بـزانێت. تۆ زەوییەکی زۆر گەورەت هەیە. بیکـێڵە و نەمامێکی زۆری هـەناری لـێبـڕوێـنە و خـزمەتی بکە. کە بوون بە دارهـەنـار و بەریانگـرت. لەبـن هـەر دارهـەنارێکـدا، پـڕی یەک کەوچکی چـێـشت، زیـاتر نـا، خـۆڵ وەربگـرە و بیکەرە نـاو جـەواڵـێکەوە. کەی جـەواڵەکە پـڕبـوو لە خـۆڵ، ئەوسـا فـێرت دەکـەم کە چـۆن زێـڕ لە خـۆڵ دروسـت دەکەیـت. ئەگـەر ئەمـە نەکـەیـت فـێـرت ناکـەم.
هیوا: مامە گیان دڵنیابە مەرجەکەت جێبەجێی دەکەم. لای کەسیش ئەم نهێنییە نادرکێنم.
هـیوا بۆ ئەوەی ساڵانە خۆڵێکی زیـاتر کۆبکاتەوە، نەمامـێکی زۆری هـەناری روانـد. بۆ ئەوەی زووش گەورەبن و زوو بەربگرن. ئاوی دەدان و خزمەتێکی زۆری دەکردن. زەوییـەکەی بـوو بە باخـێکی زۆر گـەورەی دارهـەنـار. دارهـەنـارەکـان بەریـان گـرت. هـەنـاری گەورە و نایـاب و شـیرینـیان دەگـرت. لە زۆر شـوێنـەوە کـڕیـاریان بۆ هـات.
هـیوا ساڵانە لەژێـر هـەر دار هـەنارێکـدا، کەوچـكێک خـۆڵی پـڕدەکـرد و دەیکـردە ناو جەواڵەکەوە. هـێندەی بیـری لە لای پـڕبـوونی جـەواڵـەکە بـوو. ئاگای لەوە نەبـوو کە مامی و شەنگەی خـێزانی، چـۆن ئـەو هەمـوو هەنـارانە دەفـرۆشن و چی لە پارەکەی دەکـەن. دوای چـەنـد ساڵـێک، جـەواڵـەکەی لـە خـۆڵی ژێـر دارهـەنـارەکـان پـڕبـوو.
هـیوا: مامـە جـەواڵـەکەم پـڕبـووە. فـێـرمـبکە چـۆن لـەم خـۆڵە زێـڕ دروسـت بـکەم.
مـام ئـازاد بە زەردەخەنەیەکەوە: شەنگە گیان بـڕۆ ئەو سەنـدووقە پـڕ زێـڕە بهـێنە.
شەنـگە چـوو سەنـدووقـەکەی هـێـنا و لە بـەردەم هـیوادا زێـڕەکەی هـەڵـڕشـت.

شەنگە: هـاوژینەکەم، ئەم زێـڕە لە ئەنجامی کارکردنی ئەو ساڵانەتـدا کۆکراونەتەوە. ساڵانە بە پارەی فـرۆشتنی هەنارەکانی باخەکەمان، ئەم هەموو زێـڕەمـان کڕیـوە. لە سایەی کارکـردنـدا، باخەکەمان بـووتە زێـڕ. تا هـەتایە بە خۆشی و کامەرانی دەژیـن.
هـیوا: زۆر سوپاس مامەی دانـام، زۆر سوپاس شەنگە خانی هـاوژینی دڵسـۆزم. کە فـێرتان کردم، چۆن زێـڕ لە خـۆڵ دروست دەکرێت.. فـێرتان کردم کە کارکردن زێـڕە.

(*) ئیلهـامی بیـرۆکەی ئـەم چـیرۆکەم لە چـیرۆکێکی فـۆلکـۆری روسییەوە بۆ هـات، کە بە زمـانی ئـینگـلیزی بڵاوکراوەتەوە.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣




چیرۆک بۆ منداڵان/ چـۆن بـوم بە هـاوڕێی پەرتـووک؟.. رەزا شـوان

پار کە لە پـۆلی پێـنج بـووم. خـۆم دەمـزانی لە وانـەی “داڕشـتـن” لە زمـانی کـوردیدا، لە ئاستێکی نـزم دام. کە مامۆستا سەرناوی بابەتێکی داڕشتنی بۆ دەنووسین بۆ ئەوەی بۆ وانەی داهـاتـوو لە لایەنی کەمەوە، شەش دێـڕی لەسەر بنووسـین. خەمم لێـدەهات. بە هـەزار حـاڵ، شەش دێـڕی کاڵ و کـرچـم دەنـووسی. لە رووم ناهـات دەست هـەڵبڕم و لەبـەردەم هـاوڕێکانی پـۆلەکەمـان و مامۆستاکەمانـدا بیخـوێـنمەوە.

زارای هـاوڕێ و هـاوپـۆلم، کە قـوتابییەکی زیـرەک بوو. زیاتر لە دە دێـڕی زۆر جوانی دەنووسی و لە پـۆلـدا دەیخـوێنـدەوە. بە گـومـان بـووم کە خـۆی بابەتەکـانی بنووسێـت. تا رۆژێک مامۆسـتا وتی: بـۆ هـەفـتەی داهـاتـوو لەسـەر ” خۆشـەویسـتیی نیـشـتمان” بنووسـن. لە هـەفـتەی دواتـردا.
مامۆستا: کێ دێـت داڕشــتـنەکەی بخـوێنێـتەوە؟
زارا دەسـتی هـەڵـبڕی و بەبێ پەڕاوی داڕشـتـن، بـۆ مـاوەی شـەش خـولەک راستەوخۆ بە زاری لەسـەر خـۆشـەویستـیی نیـشـتـمان قـسەیـکـرد. بە وشـە و رسـتە جـوانەکـانی، سەرسامی کردین، سەرنجی هەموومانی راکـێشا. چەپڵەیەکی قایم و درێژمان بۆی لێـدا. گومانم نەما لەوەی کە خـۆی نووسینەکـانی دەنووسـێـت.
دوای ئەو وانەیە، وتـم: زارا گیان تۆ ئەم و شە و رستە جوانـانە لە کـێوە فـێربـوویتە؟
زارا بە زەردەخەنەیەکی ناسک و بە زمانێکی شـیرین: ژینـا گیان ئەگەر دەتەوێـت، ئەم نهـێنـیـیە بـزانیـت. رۆژی هـەینی وەرە بـۆ ماڵمـان پـێـت دەڵـێـم کە لە کێوە فـێربـوومە.
رۆژی هەینی مۆڵەتم لە دایک و باوکم وەرگرت. چـووم بۆ ماڵی زارای هـاوڕێم. زۆر بە رووخـۆشی و گـەرمییەوە پێشـوازی لـێکـردم. بـردمیـیە ژوورەکـەی خـۆی. پەرتـووکخـانەیەکی پـڕ لە پەرتـووک و گـۆڤـاری رەنگاوڕەنـگی منـداڵان، لە سوچـێکی ژورەکـەیـدایـە. دوای چـای خـواردنەوە و قـسەی خـۆش و پـێکەنیـن.
زارا بە زەردەخەنەیەکەوە سەیـرمی کرد و دەستی راستی بۆ پەرتووکخانەکەی راکێـشا و وتی: پەرتـووک و گۆڤـارەکانم، هـاوڕێ دڵسـۆزەکـانم، ژینـای هـاوڕێی خۆشـەویستم بـۆ لای ئێـوە هـاتـووە.
وتیشی: ژینا گیان من رۆژانە نـزیکەی کاتـژمێرێک پەرتـووک و گۆڤـار دەخـوێنمەوە. نەک تەنیا بۆ وانـەی داڕشـتن، بەڵکـو بـۆ هەمـوو وانـەکـان سـوودێـکی زۆرم لـێـیان وەرگرتـووە. پەرتـووکخـانەکەشـم لە خـزمەتـت دایـە.. هـەفـتەی چـەنـد پەرتـووکـێک بەرەوە و بیانخـوێنـەوە.
زۆر سوپـاسی زارای هـاوڕێـم کـرد. مـنیـش چـاوم لـێیکـرد و لە ژورەکـەی خـۆمـدا، پەرتـووکخانەیەکی جـوانم دانا. بە کۆمەڵێک پەرتـووک و گۆڤاری منداڵان رازاندمەوە. تا دێت ژمارەی پەرتـووکەکانـم لە زۆربوونـدان. ئێستا کە لە پـۆلی شەشـم. لە وانـەی داڕشــتـندا، لە دوای زاراوە، مـن دەسـت هـەڵـدەبـڕم. راسـتەوخـۆ بە زاری لەسـەر بابەتەکـان قـسەدەکـەم. لە هـەمـوو وانەکانیشـدا پێشکەوتـووم.
مـن لـە ئێستادا “هـاوڕێی پەرتـووک”م. خـوێـنـدنـەوەش بـووە بـە خـوی رۆژانـەم. شانازیـش بۆ زارای هـاوڕێی دڵسـۆزم دەگـەڕێـتـەوە.

نەرویـج: ٢٠٢٣




وێــنـــە.. محەمەد بەرزی

وێنەیەکم کێشاوە

لە باخچە هەڵواسراوە

دارێکی چڕ و بەرزە

گەڵا جوانەکەی سەوزە

لق و قەدی قاوەیی

پڕە لە چرۆی سپی

ژێرەکەی نەرمە گیایە

بەرخ و کارژۆلەی تیایە

مامۆستا هات و بینی

لە خۆشیانا پێکەنی

دووجار وتی : ئافەرین

 زۆر جوانە بۆ هەڵواسین

١٤ / ١٠ / ٢٠٢٣




سایکـۆلـۆژیـای وێنـەکـانی منـداڵان.. رەزا شـوان

شـێواز و رێبازی دەربـڕین و گوزارشتکـردن، لە هەست و سـۆز و لە خەیـاڵ و بـیر و هـۆش و لە پێـداویستییەکـان و لە کـێـشە دەروونییەکـان و گەیـانـدنیان بە کەسانی تر، لـە لای منـداڵان جیـاوازییـان هـەیە لەگـەڵ گـەورەکـانـدا. گـەوەرەکـان بـە قـسەکـردنی راسـتەوخـۆ یا بە نـووسـین دەریـان دەبـڕن و گـۆزارشـتـیان لێـدەکـەن و بـە کـەسـانی تریان دەگـەیەنـن. بەڵام منـداڵان بە زۆری لە رێی وێنەکـێشانەوە گـۆزارشـت لە ناخی خۆیـان دەکـەن و دەیـانخـەنە سـەر پـەڕەی کـاغـەز.
وێنەکانی منداڵان، زمانێکی جیهانییە کە هەمـوو منـداڵانی جیهان بەشداریی تێـدادەکەن. بێگومان هەموو منـداڵان لە هەمـوو قـۆناغـەکانی تەمەنیانـدا، لە ماڵەوە و لە باخچـەی منـداڵان و لە قـوتابخانەی بنەڕەتیدا، ئارەزوویەکی زۆریان بۆ وێنەکێشان هـەیە، زیاتر لە هەموو چالاکییەکانی تر حەزی لێـدەکەن. پەروەردەی هـونەری وانەیەکی گـرنگە لە پـرۆگـرامی قوتابخـانەی بنەڕەتیدا. منداڵ بەبێ هـونەر منداڵێکی بێ دایک و بێ باوکە. وێنەکێشانی منـداڵان، تەنیا چالاکـییەکی ئەبسـتراکی (ناهـەسـتی) ی بێ مەبەسـت نییە، بەڵکو گوزارشتە لە هەستەکانی ناخی دەروونیـان، لە خەیـاڵ و خـەون و لە هـیواکانی ئەمـڕۆ و داهـاتوویـان، لەو شـتانەی خۆشـیان دەوێـت یا خۆشیان ناوێـت. لە خۆشی و ناخۆشییەکانیان، لە گرفـت و لە کـێشە دەروونییەکانیان. لە پێـداویستییەکانیان،…هـتد.
سەرەڕای ئەوەش چـێژ و خۆشییەکی زۆر بە منـداڵان دەبەخـشن. لە کاتی وێنەکێشاندا چەنـد بەشـێکی مێـشکـیان چـالاکـتر دەبێـت و خەیـاڵـیان فـراونـتر دەبێـت.
(چارلی چاپـلن) دەڵێت:”من میهـرەبانی لە منـداڵـێکەوە فـێربـووم، کاتـێک کە بینـیم لە پـەڕاوی وێنـەکـێـشانـەکەیـدا، خـۆری بە رەنـگی رەش رەنـگ کـردبـوو، تاکـو بـاوکە کرێـکارەکەی لە کارکردنـدا ئارەق نەکـات”.
(پاپلۆ پیکاسۆ) ش دەڵێت” کە منـداڵ بووم، چوار ساڵم بەسەربرد، تاکو وەکو مایـکل ئەنجـیلـۆ وێنـە بکێـشم. بـەڵام هـەمـوو تەمـەنـم لە راهـێنانـدا بەسەربـرد، تا بتـوانـم وەکو منداڵێک وێنە بکێشم” دەشڵـێت:”زۆر شت لە هـونەری زارۆکانەوە فێربووم”.
وێنەکانی منداڵان ئاوێنەی بێگەردی زادەی هۆش و خەیاڵ و دەروونی پاکی منداڵانن.
منـداڵان خاوەنی هـونەری وێنەکێشانی تایبەتی خۆیـانن. دەستوور و رێباز و ستایـلی خۆیان هـەیە. پەیـوەنـدییان بە بنەماکـانی هـونەری کـۆن و تـازەوە نیـیە. منـداڵان لە تابلـۆکانیانـدا، کـۆن و نـوێ و رێبازی هەمـوو قـوتابخانە هـونەرییەکـانی وێنەکـێشان بەرجەستەدەکەن. ئازادن کە چـۆن خـۆیان حەزبـکەن و بیانەوێـت ئاوهـا تابلـۆکانیان دەکێشن و رەنگیان دەکەن. بۆیە نادروسـت و نابەجـێیە، ئەگەر بە پێـوەری ئاکادیمی، پێـوانەی وێنەکـانی منـداڵان بکـرێن.
وێنە گوزارشتێکی هـێمایی هـونەرییە، هەروەکـو رسـتەی ئاخـاوتـن کـردنە. دەکـرێـت وێنەکانی منـداڵان، پەیـامێکی ئاراستەکـراوبێـت بۆ دایـکان و باوکـان و مامۆستاکان و بۆ هەموو ئەوانەی لە دەوروبەریانن. دەشێت وێنەکانیان چەنـدین گـلەیی و گازندەیان لەخۆگرتووبوون، یا گوزارشتبن لە خۆشی و خۆشەویستی و لە گەشبینی و هیواکانیان.
وێنەی منداڵان چییە؟ مەبەست لە وێنەی منداڵان، ئەو هـێلکارییە ئازادەیە، کە منـداڵان گـوزارشتی لێـدەکەن و دەیخـەنە سـەر کاغـەز و دار و دیـوار و بەرد و شـەقـام یا هـەر روویـەکی تر، تەنـانەت لەسەر جەستەی خۆشـیان وێنـە دەکـێـشن. منـداڵان لەو کاتەوە دەست بە وێنەکـێشان دەکـەن، کە پەنجـە ناسکەکـانیان دەتـوانن پێنـووس و فـرشـە، یا تەباشیر بگرن. واتە لە تەمەنی (١٠) مانگانەوە کە هـێشتا گڕوگـاڵ دەکەن و بە تەوای پێیان نەگرتووە تا باڵقبوون. کە بە شانازی و چاوگەشی و خەندەوە وێنەکانیان، پێشانی دایکان و باوکانیان دەدەن و چاوەڕێی کاردانەوە و وەڵامیان دەکەن. بـەڵام ئایـا هەمـوو دایکان و باوکان، ئەوە دەزانـن کە چ واتا و مەبەستـێک لە پشـتی هـێلکاری و ێنەکانی منـداڵانەوە هـەیە؟ ئەی دەزان بە چی شـێوازێـک وەڵامـیان بـدەنـەوە؟ ئایا دەتـوانـن لە رێی ئەو هـێلکاری و وێنانەوە، بچـنە ناو جیهـانە بەریـن و پاک و سەیـر و سەمەرە و ئەفـسونـاوییەکەی منـداڵان؟ وەڵامی ئەم پرسـیارانە لە لای خـودی دایـکان و باوکـانە.
ئـەم قـۆنـاغـەی منـداڵێ زۆر گـرنـگە، پێـوێـسـتە دایـکان و باوکـان پێـداویستـییەکـانی وێنـەکــێشان و رەنـگـردن، لە پێنـووسی رەنـگـاوڕەنـگ و بـۆیـەی ئـاوی و فـرشـە و کـاغەز بۆ منداڵەکانیان دابینبکەن و بیانخەنە بەردەستیان. با بە ئەوپەڕی ئازادی و بە ئارەزووی کـامی دڵیان، هـێلکاری و وێنەبکـێـشـن. دەسـتخۆشی و ئافـەرینیان بـکەن.
(پاپـلۆ پیکاسۆ) دەڵێـت:”هەمـوو منـداڵـێک هـونەرمەنـدە، کـێشەکە لەوەدایە کە چـۆن بە هـونەرمەنـدی بمـێنـێـتەوە”.
منداڵان لە رێی وێنەکێشانەوە، گوزارشت لەو شتانە دەکەن کە هەستیان پێدەکەن، نەک ئـەو شـتانـەی کە دەیـانبیـنن. ئامـانجی سەرەکـیشـیان هـونـەر و داهـێنان نیـیە، بەڵکـو روونکردنەوە و گوزارشتکـردنە لە هـەسـتە دەروونییەکـانیان.
(ویلهام فیولا) دەڵێت:”منداڵ ئەوەی دیزانێت وێنەی دەکـێشێت نەک ئەوەی دەیبینێت”.
(مایـکل ئەنجـیلـۆ) ش دەڵێت:”مـرۆڤ بە ئەقـڵی وێنـە دەکـێـشـێت نـەک بە دەسـتی”.
(ڤـینـست ڤـان کـۆخ) یش دەڵـێت:”خـەون بە وێنـەکـێشانـەوە دەبـیـنم، دوایـش وێنـەی خەونەکەم دەکـێشم”.
(پیکاسۆ) ش هەمـان را و بۆچـوونی هـەیە و دەڵـێت:”مـن وێنـەی ئـەو شـتە ناکـێشم کە دەیـبیـنم، بەڵکو وێنـەی ئـەو شــتە دەکـێشـم کە بیـری لێـدەکەمـەوە”.
کەواتە ویلهام و ڤان کۆخ و پیکاسۆ، شتە بینراوەکان وەلاوە دەنێن و شـۆڕدەبنەوە بۆ دیوەکانی ناوەوەی ناخیان. کە بە راستی ئەوە کار و بۆچوونی منداڵانە، کە بە تەواوی لاسایی سـروشت ناکـەنەوە، بەڵکـو منـداڵان ئەنـدازیـارن و تۆمـارکـاری ناخـین. بۆیە (نیل جایمان) دەڵێت” گەورەکان ئەو رێگایانە دەگرنەبەر کە منداڵان دۆزیـویانەتەوە”.
بێگومان شەفـافـییەت و عەفەوییەت لە وێنەکانی منـداڵاندا بەدی دەکرێن. بۆ نموونە:
منداڵان وێنەی رووبارێک دەکێشن، ماسییەکان لەناو ئاوەکەیدا دیارن. وێنەی دایکان و باوکانی خۆشەویستیان دەکـێـشن، کە باڵایـان لە باڵای چـیای هـەڵگوردیـش بەرزتـرن. وێنەی خـۆر دەکـێشن کە پێـدەکـەنێـت. وێنـەی کەسـێک دەکـێشـن و بە بـۆیـەی رەش دەموچـاوی رەش دەکەن چونکە خۆشیان ناوێـت. زۆر جار منـداڵی کـراوە و دڵخـۆش، وێنەی خانـوویەکی گـەورە، لە ناوەڕاستی لاپەڕەکـەدا دەکـێشێت و بە هەمـوو رەنـگە گەشـەکـان بـۆیـەی دەکـات، ئـەم خـانـووە، بـە لای منـداڵانـەوە هـێـمای ئاسـوودەیی و خۆشەویستییە بۆ خـێزانەکانیان. منـداڵانی گەشبـین و متـمانەبەخـۆ، وێنـەی خۆیان بە گـەورەیی لە ناوەڕاستی لاپەڕەکەدا دەکـێشن. بەڵام منـداڵانی شـەرمـن و نەکراوە و بە کۆمەڵایـەتی نەبـوون، وێنەکـانی خۆیـان بە بچـووکی دەکـێـشن. ئەگەر لە گـۆشـەیەکی لاپەڕەکەدا کێشای، بە واتا منداڵێکی گـۆشەگیرە. ئەگەر وێنەی گـوڵ و خۆری گەشیان کـێشا، بە واتا گەشبین و هـیواخوازن، ئەگەر… هـتد. تا رادەیەکیش جیاوازی لە نێوان وێنەکانی کچان و کوڕنـدا هـەیە. کـوڕان بە زۆری حەز لە کـێشانی وێنەی ئۆتـۆمبێل و فـڕۆکە و تـۆپ و سـروشـت دەکـەن، كچـانیـش حـەز لە وێنـەکـێشانی بـووک و زاوا و هـەڵپەڕکێ و لە گـوڵ و گـوڵـزار و پەپـوولە و خانـوو دەکـەن. بێگومان باردوخی ئـەو ژینگەیەی کە لێی دەژین، کاردانەوە و رەنگـدانەوەیان لە وێنەکانیانی منـداڵاندا هـەیە.
سایکۆلـۆژیای وێنەکانی منـداڵان، یەکـێکە لە لقـەکـانی زانیـاری دەروونی، کە باس لە راستییە سایکۆلـۆژییەکانی پەیوەنـدار بە سەرهەڵـدان و پێشکەوتنی وێنەی منداڵان لە هەمـوو قـۆنـاغـەکـانـدا دەکـات و جیـاوازییەکـانی لە هـەمـوو روویەکــەوە دەردەخـات.
لێکـۆڵینەوە لە سایکۆلـۆژیای وێنەکانی منداڵان، گرنگییەکی زۆریان بۆ پەروەردەکاران و دەرووننـاسـانی منـداڵان و پـزیـشکـانی دەروونـناسی منـداڵان و دایـکان و باوکـان و مامۆستاکان و شیکارانی وێنەکانی منداڵان هەیە. چونکە هـێلکاری و وێنەکانی منداڵان کەرەستەیەکی گرنگـن بۆ تـێگەیشـتن: لە دەروون، هەستەکان، پاڵـنەرەکانی منـداڵان و بۆچوونیان دەربارەی خۆیان و کەسانی تر، لە نەخـۆشییە دەروونییەکانیان. گەلـێک لە کـێشە نەرێنیی و ئەرێنییەکانی منـداڵانیش دەردەخات. نەرێـنی وەک گـرفـتاربوونیـان بە (سـترێـسی و دوودڵی) ئـەرێنـیش وەک (ئـاسـوودەیی و شـادی). شـیکـردنـەوەی وردی زانستییانەی وێنەکانی منداڵان، یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە منداڵ و بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پێـوەی دەناڵـێنن. یارمـەتـیی پسـپۆرانی دەروونناسی منـداڵان دەدات، بۆ تێگەیشـتـن و شیکـردنەوەی کەسـایەتی و تایبەتمەنـدییەکـانی منـداڵـێـتی.
ئەو هـێـلکاری و هـەڵەت و پەڵەتـانەی کە منداڵانی بچـووک دەیـانکـێشـن، لە زانیـاری دەروونناسیدا، هـێمان و مەبەستـێک یا زیاتر دەگەیەنن. نەک وەکو هەندێک کەس ئەو هـێڵکارییانەی منـداڵان، بەبێ مانـا و بە پـڕوپـووچـیان دادەنـێن. پـزیشکان و شـیکارە دەروونییەکان، لە رێی شیکـردنەوەی ئەو هـێـلکارییـانەوە، کە بە بە زاراوەی زانیاری بە (گـرافـۆلـۆژی) ناودەبرێت، واتا لێکدانەوە و شیکردنەوەی وێنەی کێشـراو. لە زۆر رووەوە کـێشەکـان و ملـملانێ و نهـێنیـیە دەروونییەکانی نـاخی منـداڵان شـیـدەکەنەوە. چونکە وێنەکانی منـداڵان هـۆکارێکە بۆ خامـۆشکـردن و بەتـاڵکـردنەوەی هـەڵچـوونە دەروونییەکانیان. رێگایەکیشە بۆ پەیوەنـدی و ناردنی پەیام بۆ گەورەکان. هەر لە رێی ئەم پەیامەشەوە شیکارانی وێنەکـان و پزیشکانی دەروونناسی منداڵان، دەتوانن کـێشە دەروونییەکانی منـداڵانی مـوفـتەلابوو، بخەنـە نـاو بـازنـەوە و چارەسـەری گـونجاویان بـۆ بـدۆزنـەوە.
ئەگەر بە وردی و تەسەلی، لە هەموو روویەکەوە، باس لە لێکـدانەوە و شیکردنەوە و سوودەکـانی وێنەکـێشانی منـداڵان و رۆڵ و ئەرکەکانی شیکارانی دەروونی و پـزیشکان و مامۆسـتاکان و دایکان و باوکـان بـکەین و باس لـەو رەنـگانەش بکـەین کە منـداڵان، بەپێی ئارەزوو و مەبەستەکانی خۆیـان بەکـاریان دەهـێـنن، باس لە شـوێـن و قـەوارە و شـێوەکـانی وێنەکـانیان و لە مانـا و مەبەسـتەکـانیان بکەیـن. باسـێکی دوور و درێـژە و چەنـدیـن لـق و چـڵی لـێـدەبـێـتەوە. بـە نـووســینی چـەنـد پەڕەیـەک کـۆتـایـیـان نـایـات. هـیوادارم لە دەرفـەتـێکی کـەدا، زیـاتر تـیـشک بخـەمە سـەر ئـەم بابـەتـە گـرنـگە.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣




ئەدەبی فۆلکلۆری منداڵان بە نمونەی حیکایەت و چیرۆک.. توێژینەوەی: هەینی کەمال موحەمەد و کەنار سەباح

بۆ خوێندنەوەی ئەم توێژینەوەیە کلیکی ئێرەبکەن…




سوودەکانی وێنەکێشان بۆ منداڵان.. محەمەد بەرزی

بە گشتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا منداڵان زیاتر حەزیان لە سەیرکردنی تەلەفزیۆن و ڤیدیۆ و یارییە ئەلکترۆنییەکانە ، کە سوودیان زۆر کەمترە لە وێنەکیشان ، چونکە وێنەکیشان دیاردەیەکی هیوا بەخشە ، مێشکی منداڵان چالاک دەکات ، شێوازێکە بۆ دەربڕینی تێگەیشتنی خۆیان دەربارەی جیهان و هەموو ئەو شتانەی گرنگن لایان . یان کردارێکە ، کە هەموو منداڵیک لە تەمەنی دە مانگییەوە تا تەمەنی گەورەیی ، بە شێوەیەکی سروشتی بەشداری تێدا دەکەن ، بە تایبەتی لەو کاتەوەی بۆ یەکەمجار پێنووس دەگرن بە دەستییانەوە و لەسەر پارچە کاغەز و ڕووبەرێکی بەردەمیان هێڵێک ، یان چەند هێڵێکی خواروخێچی ڕەنگاوڕەنگ دەکێشن و بە ڕەنگەکانیش سەرسام دەبن . سەرئەنجامیش بە شێوەیەکی خۆرسکی بەشداری لە وێنەکێشاندا دەکەن و لەگەڵ بەسەرچوونی کاتدا پەرە بەو هێڵانە دەدەن . پاشان وردە وردە وێنەکانیان باشتر و جوانتر دەبێ و سەرەتایەکیش دەبێ بۆ فێربوونی نووسین . بە گشتیش سوودەکانی وێنەکێشان بریتیین لەم خاڵانەی لای خوارەوە :

١- وێنەکێشان ماسولکەکانی دەست و پەنجەکانی منداڵان بەهێز دەکەن ، وەرزشێکە بۆ ماسولکە گەورەکانی شان و قۆڵیان ، لە ئەنجامیشدا مەشقی جوڵاندنی دەست و پەنجەکانییان ، یارمەتیدەرێکی زۆر چاکن بۆ فێربوون و ئاسانکردنی نووسین . هەر بۆیە پیویستە بە گوێرەی توانا ، ئامراز و
کەرستەی جۆراوجۆریان بۆ دابینبکرێت ، تا هێزی پەنجە و گرتنی پێنووس و جووڵەی دەستیان باشتر بێت و بتوانن فێری نووسین بن .
٢ – لە سەرەتای منداڵیدا بە خێرایی پەیوەندی لە نێوان دەمارەکانی مێشکی منداڵدا دروست دەبێ . کاتێک وێنە دەکێشن زۆرێک لە هەستەکانییان بەکاردەهێنن ، بەمەش مێشک دەکەوێتە بیرکردنەوە ، وەک ناسینەوەی ڕەنگ و نەخش و هێڵکاری … و هتد . بەگشتیش وێنەکێشان و ڕەنگکردن ، نیشانەی گەشەکردنی ئاستی بیرکردنەوەی منداڵانە و مێشکیان ڕادەهێنن باشتر و وردتر بیربکەنەوە و پەرە بە بەهرە و داهێنانەکانیان بدەن .
٣ – وێنەکێشان وا لە منداڵ دەکات چاوەکانی بە ئاڕاستەی جوڵاندنی دەستەکانی بەکاربهێنێ . هەماهەنگی چاو و دەستیش خۆی لە خۆیدا وەرزشێکە و سودی بۆ نووسین و خوێندنەوە و کاری ڕۆژانە هەیە ، وەک گرتنی : پێنووس ، کەوچک ، چەقۆ ، چەتاڵ ، فڵچەی دان و بەکارهێنانی ئامێرەکانی مۆسیقا و پۆشینی جلوبەرگ و داخستن و کردنەوەی قۆپچە و بەستن و کردنەوەی قەیتانی پێڵاوەکانیان .
٤ – لە ڕێگای وێنەکێشانەوە هەلی پەیوەندی لە نێوان وشە و ئەو وێنانەدا دروستدەبێت ، کە دەیکێشن و ناویان لیێ دەنێن . زۆرجار لەگەڵ گەورەکان و هاوتەمەنەکانیاندا باسی ئەو وێنانە دەکەن ، کە دەیانەوێت ئەنجامی بدەن . لەکاتی وێنەکێشانیشدا بیر لەو وشانە دەکەنەوە ، کە لە مێشکیاندایە . دوای تەواو بوونیێش باسی وێنەکان دەکەن . گفتوگۆش دەربارەی وێنەکانیان پەرە بە تواناکانی زمانیان دەدات ، کارێکیش دەکات بە شێوەی زارەکی بیرۆکەکانییان دەرببڕن . بێگومان وا باشترە داوا لە منداڵان بکرێت سەیری وێنەکانیان بکەن و هەر خۆشیان ناویان لیێ بنێن .
٥ – هونەری وێنەکێشان ئاسۆی خەیاڵی منداڵان فراوان دەکات . مێشکی بچووکیان دەست دەکەن بە تێگەیشتن لە جۆرە جیاوازەکانی ڕەنگەکان ، بە تایبەتی کاتێک ڕەنگەکان تێکەڵ دەکرێن . لەوەش دەگەن کاتێک دەست لە پێنووس دادەگرن ، هێڵەکان تۆختر دەبن ، کاتێکیش دەست سـووک دەکــەن کـاڵ دەبنەوە .
٦ – لە تەمەنێکی بچووکدا چێژ لە وێنەکیشان و ڕەنگکردن وەردەگرن ،
ئەمەش کارێک دەکات منداڵ بیربکاتەوە و باشتر وردبێتەوە و زووتریش فێری نووسین و خوێندنەوە بێ و پێویستی بە کاتی زۆر و بێزارکەری بۆ ئەو دوو بوارە نەبێ . لە ڕاستیدا توێژینەوەکانیش زۆر بە جوانی ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە ، ئەو خوێندکارانەی خەریکی وێنەکیشان و هونەرن ، لە چاو ئەو منداڵانەدا ، کە بەلای وێنەکێشاندا ناچن ، لە بابەتەکانی : بیرکاری و زانست و دۆزینەوەی چارەسەری کێشەدا ، ئاستێکی زۆر بەرز و باشتریان هەیە .
٧ – منداڵان لە کاتی وێنەکێشاندا ئاشنای شێوە جیاوازەکان دەبن . دروستکردنی ئەو شێوانەی ، کە چەمکی بیرکاری لە خۆ دەگرن ، کارێک دەکەن تا ڕادەیەک لە ئەندازە تێ بگەن . ئەمەش یارمەتی منداڵان دەدات بۆ ڕێکخستنی زانیارییە بینراوەکان و گرنگی دان بە وردەکارییەکان . هەر بۆیە واباشترە باسی ئەویان بۆ بکرێت ، کە خۆر لە تۆپی باسکە دەچێت ، یان هەندێک شەو مانگی ئاسمان لە بازنەیەکی تەواو دەچێت و هەندێک جاریش لە نیوبازنەیەکی چەماوە دەچێت . پاشان یارمەتییان بدرێن شێوەکانی دەوروبەریان بناسنەوە و لەسەر کاغەزیش وێنەیان بکێشن .
٨ – وێنەکیشان و ڕەنگکردن کاریگەریان لەسەر هێورکردنەوە و پاراستنی تەندروستی دەروونی منداڵاندا هەیە ، هەر بۆیە پێویستە یارمەتییان بدرێن و بە شارەزایی ڕینموونی بکرێن ، تا وێنەکێشان ببێت بە بەشێک لە خولیاکانییان و لە کاتی پەستی و بێزاریدا خەمەکانییان لە بیربکەن .
٩ – منداڵی بچوک لە هەندێک شت تێناگات ، وەک دووری ، بەراوردکردنی قەبارە و جیاوازی نێوان پێکهاتەکان . بێگومان وێنە کێشان دەرفەتێکی تەواو بۆ منداڵ دەڕەخسێنێت ئەو چەمکانە فێربێ . هەر بۆیە وا چاکە هانی منداڵ بدرێت ئەو جۆرە وێنانە بکێشێت ، کە جیاوایان لە نێواندا هەیە . وەک : وێنەی گەورە و بچوک ، ڕاست و خوار ، زبر و ساف و دوور و نزیک و… هتد.
١٠ – منداڵ ئەو توانایەی نییە بە وشە هەستەکانی خۆی دەرببڕێت . بێگومان وێنەکیشان ڕێگا دەدات بە منداڵ هەست و بیرکردنەوەکانی دەرببڕێت . جگە لە دەربڕینی هەستەکانی ، دەتوانێ خەیاڵەکانیشی بخاتە بەرچاوی هاوڕیێ و ئەندامانی خێزانەکەشی . ڕۆڵێکی سەرەکیشی هەیە بۆ پەرەپێدانی کەسایەتییەکەی و بە ئاسانیش پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوک و هاوتەمەن و دراوسێکانی دا بۆ دروست دەکات .
١١ – وێنەکێشان یارمەتی منداڵان دەدات تواناکانی جوڵەی ورد ( دقیق ) ی دەست و چاوەکانیان باشتر بێ . دیارە جوڵەی وردیش بریتییە لە بەکارهێنانی جوڵەی مەچەک و دەست و پەنجەکان بۆ : پۆشینی جلوبەرگ ، خواردن ، پاککردنی سەوزە و میوە ، بەکارهێنانی مەقەست ، ڕێکخستنی کەلوپەلەکان ، ژەنینی ئامێرەکانی مۆسیقا و وەرزشکردن و .. هتد. بێگومان وێنەکیشان هۆکارێکە بۆ پەرەپێدانی ئەو جوڵەیە .
١٢ – دروستکردنی پێشانگایەکی تایبەت لە ناو ماڵدا ، وەک دانانی وێنەکانی منداڵان لەسەر دیوار ، یان لە شوێنێکی دیاریکراوی ماڵدا ، ورە و خولیا و ئارەزووی منداڵ بەرزدەکەنەوە و زیاتر باوەڕیان بە خۆیان دەبێ ، پاڵنەرێکیش دەبی بۆ بەردەوامی و دروستکردنی وێنەی نوێ ، لە هەمان کاتدا دیکۆرێکی جوانی دڵڕفێنیش بۆ ماڵەکە زیاد دەکات . پاشان ئەگەر منداڵەکەت توانا کێبڕکێی هەبوو ، وا باشترە لە پیشانگاکاندا هاوبەشی بکات ، تا وزە و حەز و ئارەزووی زیاتر بێ و بە شەوقەوە بەردەوام بێ .
لە دوجاردا و بۆ ئەوەی هانی منداڵەکەت بدەی لە وێنەکێشاندا بەردەوام و سەرکەوتوو بێ ئەوا :
١ – هەموو پێویستییەکانی وێنەکێشانی بۆ دابین بکە .
٢– وێنەی لەگەڵدا بکێشە ، تا بزانێ تۆش حەز و ئارەزووی وێنەکێشانتان هەیە.
٣ – گرنگی تەواو بدە بە وێنەکانی ، پرسیار و قسە لەسەر شێوە و ڕەنگ و هیڵ و بیرۆکەی وێنەکانی بکە .
٤ – پرسیاری ئەوەی لێ بکە بەنیازە لە داهاتوودا چ وێنەیەک دەکێشێت ، تا هاندەرێک بێت بۆ بەردەوامی و وێنەی زیاتر .
٥ – نابێ بەهێج جۆرێک وێنەیەکی دیاریکراوی بەسەردا بسەپێنیت ، پێویستە خۆی لە وێنەکیشاندا بە تەواوی ئازادبێ .
٦ – وەک سایە لە دەوری بە ، هانی بدە و وێنەکانی بە هەند وەربگرە ، هەمیشە دەرگای دڵ و مێشکی خۆتی بۆ بخەرە سەر پشت ، تا ئەستێرەی بەختی بەرەو دواڕۆژێکی گەش و ڕووناک بکشێت .


تێبینی : ئەم بابەتە لە چەند سایتێکی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە . وێنەکەش منداڵە جوانەکانی ( باخچەی دڵسۆزی ) ی سلێمانییە .




چیرۆکنووسی منـداڵان ماری پـۆپ ئۆسبۆرن.. رەزا شـوان

خاتـوو (مـاری پـۆپ ئۆسـبۆرن)، نووسەرێکی بە ناوبانگی ئەمـریـکی و جیهـانییە، لە بواری ئەدبیاتی منداڵان. بە تایبەتیش لە نووسینی چـیرۆکدا. تا ئێستا زیاتر لە (١٠٠) کتێبی بۆ منداڵان و لاوان نووسیوە و چاپیکـردوون، کە (٦٠) لە کـتێبەکانی چـیرۆکـن بۆ منـداڵان. نووسـین و چـیرۆکەکـانی، گـەلێ بابـەتی هـەمـەڕەنگـەیان لەخـۆگرتـوون. وەک، ئەفـسانە، داستان، فۆلکـلۆری، فـانتازی، ژیاننامە، نهـینییەکان، کـتێبی وێنەدار، کـتـێبی تایبـەت بـۆ منـداڵانی زۆر بچـووک، حیکایەت و ئەفـسانەکانی گـەلانی جیهـان.
مـاری پـۆپ، لە (٢٠/ مای/ ١٩٤٩) لە (فـۆرت سیل) لە ئۆکلاهـۆما، لە ئەمـریکا، لە خـێزانێکی سەربـازی لەدایکـبووە. باوکی ناوی (ویلـیام پـۆپ) و دایکی ناوی(بارکـێت دیکـنز پـۆپ) ە. دایکی سەربازێکی جەنگی بـوو. دوو خـوشک و دوو بـرا بـوون. بە هۆێ کاری باوک و دایکییەوە، زوو زوو ماڵیان دەگوێزرایەوە، ماوەیەک لە فرجینیا و واشنتۆن ژیـاون. ئەم جێگـۆڕكـێیانە، مایەی خـۆشی و شادی بـووە بۆ مـاری پـۆپ.
ماری پۆپ، خوێنـدنی درامـای، لە زانکـۆی (کارۆلینای باکوور) لە (تشابل هـیل) تەواو کـردووە. هـۆگری داستان و ئەفـسانە و فـۆلکلۆر و رۆشـنبیریی هەمـوو گەلانی جیهان بوو. سەردانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای کردووە. لەوانەش: نەمسا، فەرەنسا، یۆنان، ئەلـمـانیـا، ئیتالـیا، هـۆڵەنـدا،… هـتد. (١٦) لە وڵاتـی ئاسـیاش گـەڕا، لەوانـە: ژاپـۆن، پـاکـسـتان، ئەفـغـانستان، ئـێران، عـێراق، چـەنـدیـن وڵاتـی تـر. بە مـەبـەسـتی سـوود وەرگـرتـن و شـارەزایی و ئاشنابـوون بە کـولتـوور و داب و نەریتی گەلانی جیاواز. لە ئەفغـانستان تـووشی ژەهـراویبـوونی خـوێـن بـوو، لە مـردن رزگـاری بـوو.
ماری پۆپ تا ئەمڕۆش، پاڵپشت و داکۆکیکەرێکی چالاکە لە نەهـێشتنی نەخوێندەواری لەنـاو منـداڵانی جیهـانـدا.
ماری لە ساڵی (١٩٧٦) لەگەڵ (ویل ئۆسبۆرن) هاوسەرگیریی کرد. کە لە بواری درما کاری دەکرد. ماری لە ئێستا تەمەنی (٧٤) ساڵە و بەردەوامە لە نووسـین بـۆ منداڵان. لە ساڵی (٢٠١٣) دا، لە لایـەن (زانکۆی کارۆلـینیای باکـوور) ەوە، خەڵاتی رێزلێنانی (دکتۆرای شانازی) ییان لە (ئەدەبیات) دا پێبەخـشی.
ماری ئۆسـبۆرن، بە نووسـین و بڵاوکردنەوەی زنجـیرە کـتێبی پڕفـرۆشی (ماڵی داری ئەفـسووناوی) ناوبانگـێکی زۆری بە دەستهـێنا. لە ساڵی (١٩٩٢) دا، یەکـەم کـتێـبی چـیرۆکی (مـاڵی داری ئەفـسوونـاوی) لەژێـر نـاوی (دیناسـۆرەکـانی پێـش تـاریـکی) بڵاوکـردەوە. چیرۆکەکانی ماڵی داری ئەفسووناوی، سەرجەم چواردە چـیرۆکـن و لە چـواردە کتێـبدا بڵاویکـردوونەتـەوە. کاراکتەرە سەرەکییەکانی ئەم چـیرۆکانە، خـوشـک و بـراکەی (جـاک) و (ئـانی) یـن. نوێنەرایەتی ئەو سەرگەردانانە دەکەن، کە لە رێگەی داری ئەفـسووناوییەوە دەچنـە نـاو جیـاوازییەکـانەوە.
چـیرۆکی (ماڵی داری ئەفـسووناوی) وەریانگـێڕاون بۆ (٣٥) زمانی جیهـانی. تا ئێستا زیاتریش لە (١٣٤) ملیـۆن دانـە، لە سەرانسەری جیهـانـدا، لەم کـتێبە فـرۆشـراوە. لە ساڵی (٢٠٠٧) یشدا، ئەم کـتێبە، بۆ مـاوەی (١٣٢) هـەفـتە، لە لیستی پڕفـرۆشـتریـن کتێبەکانی (نیـۆیـۆرک تایـمـز) بـوو.
چیرۆکی (چەتـەوڵـێک) یەکەمین کتێبی زنجیرە چیرۆکی ئۆدیسییەی ماری پۆپە، کە لە حیکایەت و داستانەکانی (هـۆمیـرۆس) ی یۆنانییەوە وەرگرتووە، بە شێوەیەکی ئاسان و کورت و بە زمـانێکی شـیرین بۆ منـداڵانی داڕشـتوونەتەوە.
ئەمەش ناوی چەند چیرۆکێکی، لە زنجـیرە چـیرۆکەکانی (ماڵی داری ئەفـسووناوی):
(دیناسۆرەکانی پێش تاریکی، قەڵای تەمومـژ، لە نیوەشەودا لەسەر مانگ، ئاوابوونی خۆر، دۆڵفـینەکان، رۆژی شای ئەژدیهـا، راکە.. راکە بە ئەوپەڕی تواناتەوە،… هتد).
شایەنی باسیشە، چیرۆکی (ماڵی داری ئەفـسووناوی) کـراوە بە فـیلـمی سـینەمایی. بە ئامادەبـوونی ماری پـۆپ، لە فـێستیـڤاڵی سینەمایی، کە لە (٢٣/ ئـۆکـتۆبـەر/ ١٩٩٢) لە (تـۆکیـۆ) ی پایتەخـتی ژاپـۆن سازکـرا، نمایـشکـرا.
ماری پـۆپ، تا ئێستا لەسەر نووسینەکـانی، چەنـدین خـەڵاتی بەرز و رێـزلێـنانیان لە ئەمریـکا و لە جیهـان پێشکەش کـردوون.
ماری پۆپ خاوەنی سامانێکی زۆرە. مووچەی نووسەری مانگانە (٤٠) هەزار دۆلار وەردەگرێت. بەڵام نووسەرێکی سۆشیالە و حەز بە ژیـانێکی ئاسایی و خـاکی دەکات.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە. سوودم لە چەنـد سایتێکی ئینگـلیزی وەرگرتـووە.




چاوخشانێک بە مێژووی ئەدەبی منداڵان لە ئینگلتەرا.. رەزا شـوان

رەگ و ریشەی ئەدەبی منداڵان بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. لە سەرەتای سەردەمی ئەدەبی منـداڵانـدا، کـتێبی تایبـەت بە ئەدەبی منـداڵان نەبـوو. بە پێـشکەوتنی مرۆڤ لە هەمـوو بوارەکانی ژیاندا، ئەدەبی منداڵانیش لە هەموو جیهاندا، گەشەیکردن و پێشکەوت و بـوو بە لـقـێکی سـەرەکی لە ئـەدەبی گـشـتی و بە ئەدەبێـکی تایبـەت بە منداڵان. لە نووسینێکی پێشترمـدا، باسی مێژووی ئەدەبی نووسراوی تازەی منداڵانمان کـردووە کە لە سەدەی حەڤـدەمـدا، بۆ یەکـەم جـار لە وڵاتی فەرەنسادا سـەری هـەڵـدا.
لەم نووسینەمدا، چاوخـشانێک بە مـێژووی سەرهەڵـدانی ئەدەبی منداڵان لە ئینگـلتەرا دەکەین. کە لە دوای فەرەنسا لە ئینگـلتەرادا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی.
ئەدەبی منداڵان لە ئینگـلتەرادا مێـژوویەکی درێـژ و جیاوازی هـەیە. دەکرێت ئەدەبیاتی منـداڵان لەم وڵاتـەدا بۆ سەردەمەکانی ناوەڕاست بگەڕێنینەوە. قوتابخـانەی ریالـیزمیی مێـژوونووسـەکان، ساڵی (١٧٤٤) بە دەرچـوونی (کـتێبی بچـووکی جـوانی گـیرفـان)ی نووسەر و کتێبفـڕۆش (جـۆن نیوبـەری) بە سەرەتای سەرهەڵـدانی ئەدەبی منـداڵان لە ئینگلتەرا دادەنێن. چیرۆکە کلاسیکییەکانی پێشتر بریتیبوون لە ئامۆژگاری و رێنمایی و رێنوێنی ئاینی و لە خـووی باش و لە رەوشـتی بەرز. بێ ئەوەی گـوێ بە ئاستی بیر و هۆش و ئارەزوو و قوناغەکانی منداڵـییەتی بدەن. شایەنی باسیشە کتێبی (ئەفسانەکانی ئـیزۆپ) بە یەکەمین کتێبی چاپکراو بۆ منداڵان دادەنـرێت کە لە ساڵی (١٤٨٤) زاینی، لە لایـەن نووسەر (ولیـەم گاگـستۆن: ١٤٢٢ـ ١٤٩١) ەوە نووسراوە. گاگـستۆن سەر لە نـوێ چـیرۆکەکـانی ئـیـزۆپی یـۆنـانی، بە شـێوازێکی جـوان و بە زمـانی ئینگـلـیزی نووسینەوە و لە چەنـد بەرگـێکـدا چاپیانی کرد، گاگـستۆن بۆ یەکەم جاریش وێنەی بۆ چیرۆکەکانی کێشان. گەرچی گاگستۆن بەو نیاز و مەبەستەوە چیرۆکەکانی نەنووسیون کە ئـاراستەی منـداڵانیـان بـکات. بـەڵام سێ لـە کـتێـبەکـانی، بە درێـژایی سـاڵان و تا ئەمـڕۆش بۆ منـداڵان گـونجـاون و بە کـتـێبی خـۆیـانیـان دەزانـن. وەریان گـێڕاون بۆ سەر زۆربەی زمانەکـانی گـەلانی جـیهـان بە زمـانی کوردیشەوە. منـداڵان لە هەمـوو جیهانـدا، چێژ و خۆشی لـە خوێنـدنەوەی ئەو چـیرۆکە ئەفـسانەییـانە وەردەگـرن. کە ئەم کـتێـبانەن (رێوی رێنارد، ئەفـسانەکانی ئیـزۆپ، مردنی ئارسەر). هـەر گاگستۆن یەکـەم چاپخـانەی هـێنایە ئینگـلـتەرا، دوای ئەوەی کە لە ئەڵمانیا، فـێری چـۆنیەتی و هـونەری چاپکـردن بـوو. زیـاتر لە (١٠٠) کـتـێـبی لـەو چاپخـانەیەدا چـاپـکـرد.
لە دوای گاگسـتۆن، نووسـەر (یـۆهـان ئامـۆس کـۆمینـۆس) لە سـاڵی (١٦٥٨) دا، لە پێوەرە باوەکانی ئەو سەردەمە لایدا و کتێبێکی بە ناوی (جیهان لە وێنەدا)ی نووسی و چـاپیکـرد. ئەگـەرچی ئامـانجی ئـەم کـتێـبە زیـاتر لە پـەروەردەییـەوە نـزیـکە نـەک لە خۆشنوودییەوە. ئەم کارەی کۆمینۆس، بە یەکەم کتێبی وێنەدار بۆ منـداڵان دادەنرێـت.
نووسەر و رۆژنامەنووس و رابەری رۆمانی ئینگلیزی (دانیال دیڤۆ: ١٦٦٠ـ ١٧٣١) یەکێکە لە رۆمـاننووسە ناسراوەکـانی جیهـان. بە دەستپێـشخەری چـیرۆکی هـونەریی لە ئینگـلتەرادا دادەنـرێت. دانیال دیڤـۆ لە ساڵی (١٧١٩) دا، رۆمـانە بەنـاوبانـگەکەی (رۆبنسـۆن کـروزۆ) ی نـووسی و چـاپیکـرد. کە بە یەکـێک لە شاکـارە ئەدەبییـەکـانی جیهـانی ناسراوە. تا ئەمـڕۆش منـداڵان لە هەمـوو جیهـانـدا، بە گـەرمی و پەرۆشەوە پێشوازی لەم رۆمانە دەکـەن و چـێژ و خۆشیی لە لایان کـاڵ نەبۆتـەوە. پاڵـەوانی ئـەم رۆمـانە لاوێکی سەرگـەرم و سەرەکـێشی سەیـرە، حەز بە کـاری سەرەکـێشی دەکات.
دانیال دیڤـۆ بیرۆکەی ئەم چـیرۆکەی لە چیرۆکێکی راستەقـینەی ژیـان و بەسەرهـاتی پیاوێک بە ناوی (ئەلیکسەندەر سلکـێرک) ەوە وەرگرتـووە. کە خەڵکی ئوسکۆتلەنـدە بـووە. نـزیـکەی (٣٠٠) سـاڵ بـەر لـە ئـێسـتا، ئـەو پیـاوە وێـڵ دەبـێـت و دەکـەوێـتـە دوورگـەیەکی دووری دابـڕاوی چـۆڵـەوە، بـۆ مـاوەی چەنـد ساڵـێک لەو دوورگـەیەدا ژیـان بەسەر دەبـات. بێ هـیوا نابێت و کۆڵنـادات، تا ئـەو کاتەی پاپـۆڕێک نزیک ئەو دوورگەیە دەبێتەوە و هەلی گەڕانەوەی بۆ ئوسکۆتلەندەی نیشتمانی بۆ دەڕەخـسێـت. ئەم چیرۆکە راستییە بوو بە ئیلهام بۆ دانیال دیڤـۆ. بە شێوەیەکی ئەدەبی و هـونەریی جوان لە رۆمانی (رۆبنسۆن کروزۆ) دا دایڕشتووە. لە راستیدا ئەم رۆمانە بۆ منداڵان نەنووسراوە. بەڵام نووسەری بەناوبانگی ئینگلیزی (جۆن نیوبەری) دەستکاری کرد و کورتی کـردەوە و دووبـارە بە زمانـێکی ئاسانـتر و گونجـاو، بۆ منـداڵان دایـڕشـتەوە.
رۆمانی رۆبنسۆن کـروزۆ، کـراوە بە فـیلمی کارتـۆن و بە زۆربەی زمانەکانی جیهـان دۆبـلاج کـراوە. ئەو مەبەست و گرنگـییەی لەم رۆمـانەدا هـەیە: بێ هـیوا نەبـوون و کۆڵنەدان و خۆڕاگری و خۆگونجانە لەگەڵ بارودۆخێکی چاوەڕوانەکراو و تەنگانەدا.
هەر لە ساڵی (١٧١٩) دا، (رۆبەرت سامبر) چەند چـیرۆکێکی لە (چـیرۆکەکانی دایە قـازم) کە لە نووسـینی (چـارلـز پیـرۆ)ی فـەرەنسییە، لە فـەرەنسییەوە وەرگـێڕان بۆ ئینگـلیزی و چـاپـیانی کـرد. کە ئـەم چـیرۆکـانـەن (سانـدرێـلا، جـوانە نـووسـتووەکە، ریـش شـین). بەو مەبەستەی کە منـداڵانی ئینگـلتەرا چـێژ و خۆشـییان لێوەربگـرن.
(جـۆناسان سـویـفـت: ١٦٦٧ـ ١٧٤٥) نووسـەر و سیاسەتـمەدارێـکی (ئینگـلیزی ـ ئیڕلەنـدی) بوو. بە نووسەرێکی بابەت گاڵتەجـاڕی و توانـج ناسرابوو. جـۆناسان لە ساڵی (١٧٢٠) دا، کتێبێکی لەژێر ناوی (گەشتەکانی گـۆلیڤەر) دا چاپکرد. بریتییە لە چوار کتێب و باس لە چوار گەشتی خەیاڵی بۆ وڵاتانی دوور و نامـۆ و سەیـر دەکات. جۆناسان چەنـد رۆمـانێکی تریشی نووسیوە، لەوانە: (جەنگی کتێبەکان)، (نامەکانی بازرگانێکی کوتاڵـفـرۆش)، (پێشـنیارێکی سارد).
(جۆن نیوبەری) گەشتەکانی گۆلیڤەری کورت کردوونەتەوە و بە شێوە و شێوازێکی ئاسانتر و بە زمانێکی سووکتر، دووبارە بۆ منداڵان دایڕشتوونەتەوە و چاپیکردوون.
بەمەش جـۆن نیوبـەری، ئەم گەشتانەی خستە نێـو چـوارچـێوەی ئەدەبی منـداڵانەوە.
هەر چوار گەشتە، کراون بە فـیلمی کارتـۆن و بە زۆربەی زمانەکـان دۆبلاج کراون.
(جـۆن نیوبـەری : ١٧١٣ـ ١٧٦٧)هەنـدێ لە لێکۆڵـێنەوەرەکان پێیانـوایە کە ئەدەبی راستیی منـداڵان لە ئینگـلتەرادا، لە (جۆن نیوبەری) یەوە دەستی پێکرد. نیوبەری لە بـواری ئەدەبی منـداڵانـدا، بە تایبەتیش لە چـیرۆکنووسیندا، نووسەرێکی بەتوانا بوو. رۆڵـێکی زۆری هەبـوو لە گەشەکـردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منـداڵان لە ئینگـلتەرادا. جـۆن نیـوبەری خاوەنی یەکەمین کـتێبخانەی منـداڵانە لە جیهانـدا. نیوبەری لە ساڵی (١٧٤٤) دا، کـتێبـێکی بە نـاوی (کـتـێـبی بچـووک و جـوانی گـیرفـان) ی نـووسی و چاپیکرد و بڵاوایکردەوە. لە ساڵی (١٧٦٥) دا، چـیرۆکێکی بۆ منـداڵان لەژێـر ناوی (جـووتێ پێـڵاوی باش) دا، نووسی و چاپیکـرد و بڵاویکـردەوە.
هەندێک لە توێژەرانی ئەدەبی منداڵان ئەم کتێبەی نیوبەری(کتێبی بچووک و جوانی گیرفـان) بە یەکـەم کار بۆ منـداڵان دادەنـێن، کە ئامـانجی خـۆشی و شـادی منـداڵانە. نیوبـەری داوای لە نووسـەران کـرد، کە کـتێبەکانی گەورەکان کـورت بکەنەوە و بە زمانێکی سووکـتر و بە شێوازێکی ئاسانتر، دووبارە بۆ منـداڵان بیان نووسنەوە، تا لەگەڵ توانای هـۆشیاندا بگونجـێن. تا بۆیان چاپ بکات. نیوبەری زیـاتر لە (٢٠٠) کـتێـبی بـۆ منـداڵان چاپـکرد و بڵاویـانی کـردەوە. کە بـریتـین لە: مەتـەڵ، چـیرۆکی فـۆلکلـۆری، ئەفـسانەیی، حـیکایـەت، چـیرۆکە میـلـلییەکـان. کتێبەکـانیش لە رووی کوالـیتییەوە مەرجی پێویستییان لەخۆگرتوون. بەرگەکانیان ئەستۆرن و نەقـشێنراون. کاغـەزی پەڕەکانیان زێـڕین و لـووسن. جـۆن نیـوبەری بـڕوای بە گرنگی فێرکردنی منداڵان بە رەفـتاری دروسـت، بە شـێوازێـکی نـەرم و نیـانی و میهـرەبـانی هـەبـوو، نـەک بە شـێوازی گـرژی و تووڕەیی و تونـدوتیژی و تـرس و تۆقـین. بۆیە نیوبەری بـە (باوکی راستی ئەدەبی منداڵان) لە ئینگـلتەرادا ناودەبـرێـت.
لە ئەمـریکادا، لە ساڵی (١٩٢٢) ەوە، ساڵانە خـەڵاتـێکی بەنـرخ، بە نـاوی (خـەڵاتی نیوبەری) یەوە، دەدرێت بە باشترین نووسەری کتێبی ساڵ لە بواری ئەدەبی منداڵاندا.
شایەنی باسیشە، لە پێش جۆن نیوبەری، نووسەرێک بە نـاوی (تی. دەبلیـو) کـتێبێکی بچووکی (١٢) پەڕەیی لەژێر ناوی (کتێبێکی بچکووک بۆ منداڵانی بچووک) نووسی و چاپیکرد کە کـتێبێکی فـێرکارییە. وەکـو رەخنەگـر (پیرسی مـۆیـر) دەڵـێت، گرنگی ئـەم کـتێبە لەوەدایـە، کە یەکـەم بڵاوکـراویە بە زمـانی ئینگـلیزی بـۆ منـداڵان. مەبەستـیش ئەوە نییە کە لە رۆڵی جـۆن نیـوبـەری کـەم بکـرێتەوە.
لە سەدەی هـەژدەمدا، وەرچەرخانێکی بەرچاو و بازێکی گەورە لە ئەدەبی منداڵان لە ئینگـلتەرا درا. لە سەدەی نـۆزدەشـدا بناغـەی ئەدەبی منـداڵان لە ئینگـلـتەرادا دانـرا.
لە ساڵی (١٨٢٨ـ١٨٣٠) دا، کتێبی (حیکایەتەکانی باپیرە) ی (سـیرواڵتـەر سکـوت) پێشوازییەکی گەرمیان لێکرد، کە ورژێنەر و سۆزدارییان لەخۆگرتوون. دوایش خاتوو (کاترین سنگلەر) کە کتێبی (مـاڵی روخـسەت)ی نووسـیوە، بە یەکـێک لە گـرنگـترین کتێبەکانی منداڵان دادەنـرێت. کە بە بەهـاراتی خەیاڵیی پێـوەکردووە. ئامـانجی کاتـرین، گۆڕینی ئەو بابەتـانە بـوو کە منـداڵان دەیـانخـوێنـدەوە.
(لـویس کـارۆل: ١٨٣٢ـ ١٨٩٨) ناوێکی خوازراوە، ناوی راستیی (چارلـز لـۆتـۆدیج دۆدسن) ە. لویس کارۆل چـیرۆکنووس و رۆماننووسێکی بە توانا و بلیمەت و فانتازی بـوو. زانـایەکی ماتماتیک و وێنەگرێکی فـۆتـۆگرافی ئینگـلیزیی ناسراوبـوو. چـیرۆکی (ئەلـیس لە وڵاتی عـاجـباتیـیەکان) کە لە نووسـینی (لـویـس کـارۆل) ە، بە یەکـێک لە شاکارە ئەدەبییەکانی جیهـان بۆ منـداڵان دادەنرێت. ئەم چیرۆکە ئەدەبی منداڵانی بـردە قـۆنـاغـێکی زێـڕینـەوە. بـێجـگە لەم چـیرۆکە، لـویس کـارۆل دوو چـیرۆکی تـریـشی نووسیوە، ناوەکانیان (لە میانەی شووشەوە)، (چەنەبـازی).
چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عـاجـباتییەکان) چـیرۆکی ئەندێشەیی فەلسەفی و فانتازییە. چیرۆکی کچێکی راستی دەگێڕێتەوە، کە لە چیرۆکە ستۆکەکان بێزار ببوو و حەزی بە سەرەکـێشی دەکرد. چـیرۆکی کـیژۆڵەیەک تەمەن (١٢) ساڵان دەگـێڕێتەوە، کە نـاوی (ئەلیس)ە. بە دوای کەروێشکێکی گەورەدا رادەکات. لە پڕێکدا دەکەوێتە ناو چاڵێکی قـووڵەوە و خـۆی لە جیهـانێکی خەیاڵـی سەیـردا دەبینێتەوە. دەڕوا و دەگەڕێت و بە سەرسـامییەوە دەڕوانـێـت. چـاوی بە (داوڵـێک) و (شـێرێـک) و (پيـاوێکی ئاسـنین) دەکەوێـت. هەمـوویان دەچـن بـۆ لای جـادووکەرێـک، تا یارمـەتییان بـدات. شـێرەکە ئـازایی دەویست، پیاوە ئاسـنینەکە دڵی دەویست، داوڵەکەش هـۆشی دەویست. بەڵام ئەلیـس گـەڕانـەوەی بـۆ مـاڵـەوە دەویـست. ئـەم چـیرۆکە بە چەنـدین سـەرەکـێشـیدا تێـدەپەڕێـت. کراوە بە فـیلمی کارتـۆن و بە فـیلمی سینەمایی. ئەم چـیرۆکە ئـازادی و ئازایی بە منـداڵان دەبەخـشێـت. بە متمانە بەخۆبوونەوە رووبـەڕووی ئەو گـرفـت و کێشانە ببنەوە کە دێنە رێیان و خۆیان چارەسەری رێگەی سەرکەوتنیان بۆ بدۆزنەوە.
لویس کارۆل لە دژی رێباز و شێوازە کلاسیکـییە چەقـبەستووەکاندا، کە منـداڵان لێیان وەرست و بێزار ببوون، شۆڕشێکی لە ئەدەبی منداڵانی بەرپاکرد. گەرچی (١٥٨) ساڵ بەسەر چاپکردن وبڵاوکردنەوەی رۆمـانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجـباتییەکـان) تێپەڕیـوە، بەڵام تا ئەمـڕۆش مندـاڵان بە پەرۆشەوە دەیخوێننەوە و چـێژێکی زۆری لێوەردەگرن.
مـاوەی سـاڵانی (١٨٩٤ـ ١٩٠٨) بە گـەشترین مـاوەی کـتێبی منـداڵان لە ئینگـلتەرا دادەنرێت. کە لەو ماوەیەدا، کـتێبێکی زۆری نۆسەرانی ناسـراو لە مێژووی ئەدەبی منـداڵاندا، چاپکـران و بڵاوکـرانەوە.
زۆر بە کورتی ئامـاژە بە نـاوی هـەنـدێ لە نووسـەرانی ناسـراوی تری ئینگـلیزی لە بـواری ئەدەبی منـداڵانـدا لە ئینگلتەرا دەدەیـن:
(کینیت گـرام: ١٨٥٩ـ ١٩٣٢) بە ناوباگترین کارەکانی (با و دار بییەکان)ە کە کارێکی نەمرە لە ئەدەبی منداڵاندا. ناوی دوو کـتێبی تری کـینیت بۆ منداڵان (سەردەمی زێـڕین، ئەژدیهای یاخی) یە.
(رودپارد کـیلنگ:١٨٦٥ ـ ١٩٣٦) لە ساڵی (١٩٠٧) دا، خەڵاتی (نۆبـڵی لە ئەدەب) دا وەرگرت. کە بچـوکـترین بـراوەی ئەم خـەڵاتە و یەکـەم ئینگـلـیز بـوو کە ئەم خەڵاتەی وەگـرت. گرنگترین کارەکانی بۆ منداڵان (کـتێبی جەنـگەڵە) کە بـریتیـیە لە کۆمـەڵـێک سەرەکـێشی لە دارستانـدا. پاڵەوانەکەی منـداڵێکە لەگەڵ ئاژەڵە دڕندەکانـدا دەژی. ئەم چیرۆکە بە ناوی زنجیرەی (ماوکـلی کـوڕی دارسـتان) ەوە، کراوە بە چەنـدین فـیلم و سەرکەوتنێکی جیهـانییان بەدەستهـێناون.
(هـیلـین بیاتریکس پۆتـەر: ١٨٦٦ـ ١٩٤٣) ژنە رۆماننوس و زانایەکی سروشـتی و وێنەکـێش و شاعـیرێکی ناسراوی ئینگلیزییە. چەندین چیرۆکی بۆ منـداڵان نووسیوە. هـیلین شێوازێکی جیاوازی لە نووسیندا بۆ منداڵان هـەیە. کە بە ناسکی و بە ساکاری و شارەزایی و شێوازێکی تازە بۆ منداڵان دەنووسێت. چیرۆکەکانی لە هەمـوو جیهاندا بـڵاوبـوونەتەوە. بەشـێکی زۆری چـیرۆکەکاـنی کـراون بە فـیلـم کـارتـۆن. بەرزتـرین کارکتەرە داهـێنراوەکانی (کەروێشکە پیتەر، سمورە نۆتکـین، پشیلە تـۆمی بچکـۆلە).
(روالد داڵ: ١٩١٦ـ ١٩٩٠) رۆماننووس و سیناریۆنووسە، بە ناوبانگترین نووسەری منداڵانە لە ئینگلتەرا، زۆرترین ژمارەی رۆمانەکانی لە جیهاندا فرۆشراون. زۆربەشیان کـراون بە فـیلمی کارتـۆن. چەنـدین خەڵاتی بەنـرخی جیهـانی وەرگـرت. لە ئێنگـلتەرادا مـۆزەخانەیەک بە ناوییەوە هـەیە (مـۆزخـانە و مەڵبەنـدی چـیرۆکەکانی روالـد داڵ) کە کارەکانی و وێنەکانی تێیـدا پارێـزراون. گـرنگـترین کارەکانی بۆ منـداڵان:( تیمساحێکی زەبـلاح، چەتەوڵـێکی کەتەی میهـرەبـان، دانی پاڵـەوانی جیهـان، قـۆخـێکی زەبەلاح).
(جاکـلین ویلسـۆن: ١٩٤٥) ژنێکە شەیـدای کۆکردنەوەی کـتێبی منـداڵانە. یەکێکە لە ناسراوتـرین نووسەرانی ئەدەبی منـداڵان لە ئینگـلتەرادا. بە زۆریـش بۆ هـەرزەکاران دەنووسێت. چـیرۆکەکانیشی بەوە ناسراون کە پـڕن لە خـۆشی و لە خەیـاڵ، زیـاتر لە (١٠٠) کـتێـبی نووسـیوە. سـەرەڕای کارەکـانی لە تەلەفـزیـۆن و لە رادیـۆدا. چەندین خەڵاتی گـرنگی لە ئەدەبی منـداڵاندا وەرگـرتـووە.
(جـوان رۆلـیـنگ: ١٩٦٥) کەڵە رۆماننووسێکی بـواری ئەدەبی منـداڵانە. نـووسەری زنجـیرە رۆمـانی جیهـانی (هـاری پـۆتـەر)ە، کە بە ناوبانگـتریـن زنجـیرە رۆمـانە لە جیهـانـدا. وەریانگـێڕاون بۆ (٨٠) زمـان لە جیهـانـدا. ئـەم رۆمـانە هەشـت بەشـە یا هەشت کتێبە، تا ئێستا چەنـدین خەڵاتی لە ئینگلتەرا و جیهاندا بردۆتەوە، لە مێژوودا زۆرتـرین ژمارە بەرگەکانی کـتێبی (هـاری پۆتـەر) فـرۆشـراون. کە زیـاتر لە (٤٥٠) ملیۆن دانە لە کتێبی (هاری پۆتەر) لە جیهاندا فـرۆشراوە. ئەم رۆمانە کراو بە فـیلمی سینەمـایی. یەکـێک لەو فـیلمـانەش، زۆرتـرین پـارەی لە جیهـانـدا بە دەسـت هـێناوە. ئەکتەرە بەشداربووەکانی هـاری پۆتـەر، لە رێی ئەم فـیلمـانەوە دەوڵەمەنـد بـوونە.
جـوان رۆلینگ لە رێی رۆمانی (هاری پۆتەر)ەوە، سەرمایەیەکی زۆری دەستکەوت و بـوو بە ملیۆنـێر. بوو بە یەکەم نووسەريش کە ئەو پـارە زۆرە لە رێی نووسینەوە بە دەسـت بهـێـنـێـت. لەپێـش نـووسـینی رۆمـانی هـاری پـۆتـەر، جـوان رۆلـینگ زۆر بە هەژاری دەژیا، بۆ کـڕینی شـیر بۆ کچـەکەی پارەی لە هـاوڕێکانی قـەرزدەکـرد. بۆیـە بەشێکی زۆری پارەکەی بەخـشیوە بە پـرۆژە خێرخوازییەکان. جوان رۆلینگ لە ساڵی (٢٠١٠) دا، وەکـو ژنێک کە زیاترین کاریگەریی لە ئینگلتەرادا هەبـوو هەڵیان بـژارد. جـوان رۆلینگ یەکـێکـیشە لە (١٠) ژنـە ناودارەکانی جیهـان و لە ریـزبەنـدی چـوارەم دایە (ئەنگـیلا مێـرکـل، گـلـۆریا مـاری، ئینـدێـرا گـانـدی، جـوان رۆلـینگ،…)
جـوان رۆلـیـنگ منـداڵانی زۆر خۆشـدەوێـت. تا ئەمـڕۆش بەردەوامـە لە نووسـین بـۆ منداڵان بە تایبەتیش چیرۆکیان بۆ دەنووسـێت، دەڵێت:”درێـژە بە نووسین بۆ منـداڵان دەدەم، چـونکە لە راسـتیـدا چـێژ و خۆشی لەمـەدا دەبیـنم”.
لە نووسینێکمدا لە ژێر ناوی (کەڵە رۆماننوسی منداڵان جـوان رۆلینگ) کە لە مانگی (٢/٢٠١٨) دا، لە سایتەکاندا بڵاوکردۆتەوە، بە درێژی باسی جوان رۆلینگـم کردووە.
بێجگە لەو نووسەرانەی کە باسیانـم کرد. چەندین نووسەری تری ئینگلیزی لە بواری نووسینی ئەدەبیـاتی منـداڵانـدا، بەرهـەمی نایـاب و ناوبانـگـیان لە ئینگـلـتەرادا هـەیە.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣
(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوودم لە چەندین سایتی ئینگـلیزی و نەرویجی و عەرەبی وەرگرتووە.




منداڵ و باخچەی ساوایان.. گۆڕینی: محەمەد بەرزی

ئاشکرایە یەکەم ڕۆژی چوونی منداڵان بۆ باخچەی ساوایان ، هەمیشە دایکان و باوکان تووشی ماندوو بوون و دڵەڕاوکێ دەکەن . چونکە ئامادەکردنی منداڵی بچووک بۆ ئەو قۆناغە تازەیە کارێکی قورس و گرانە و پێویستی بە ماندوو بوونە . بێگومان هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی منداڵ لەو تەمەنەدا ناتوانێ لە ئامادەکردنی خۆیدا یارمەتی دایک و باوکی بدات . بەڵام دەکرێ ئەم ئامۆژگارییانەی خوارەوە ، یارمەتیدەرێکی بە سوود بن ، تا یەکەم ڕۆژی باخچەی ساوایان بۆ منداڵ و دایک و باوکیان بە خۆشی و ئاسایی کۆتایی بێ :

١ – پێویستییەکانی باخچە
هەموو پێویستییە سەرەکییە گرنگەکان بۆ منداڵەکەت ئامادە بکە . باشتر وایە ئەو پێویستییانە پێش دەستپێکردنی یەکەم ڕۆژی باخچەکە بێ . دوامەکەوە لە ئامادەکردنییان تا ڕۆژێک پێش کردنەوەی باخچەکە . چونکە ئەو کاتە درەنگە و لەوانەیە زوربەی پێویستییەکان لە بازاڕدا نەمابن . سەرباری ئەمەش زوربەی بازاڕ و بازرگانەکان زووتر لە ڕێگای سایتەکانەوە ، داشکاندن بۆ ئەو پێویستییانە دەکەن ، دەتوانی بەم ڕێگایە بە ئاسانی جۆری باشتر و هەرزانتر بە دەست بهێنیت . بە گشتیش پێویستییە سەرەکییەکان بریتین لە : جلوبەرگی تازە ، جانتا ، قووتووەیەک بۆ خواردن ، پەرداخی ئاوخواردنەوە ، پێنووس و تیانووس و … هتد . بێگومان ئەگەر ئەو پێویستییانە ڕەنگاوڕەنگ بن زۆر باشترە ، چونکە بە پێی توێژینەوەکان ، ڕەنگی جوان و کراوە بۆ مێشکە بچووکەکانی منداڵان یارمەتیدەرێکی چاکن ، تا باشتر فێربن . خۆ ئەگەر لە کاتی کڕینی ئەو پێویستییانەدا ، منداڵەکەش لەگەڵ خۆتدا بەری و ڕێگای بدەیت خۆی هەڵیانبژێرێت ، ئەوا بۆ یەکەم ڕۆژی باخچە بە پەرۆش تر دەبێ و باشتریش ئەو پێویستییانە دەپارێزێ .

٢- خویندنەوە بەر لە باخچە
بەر لە کردنەوەی باخچە بە ماوەی نزیکەی مانگێک ڕۆژانە ٢٠ خولەکێک بۆ منداڵەکەت بخوێنەرەوە . ئەو کتێبانە بەکاربێنە ، کە وشەکان دووبارە دەکەنەوە و ژماردن و ناسینەوەی ڕەنگەکان لە خۆ دەگرن . ئەو کتێبانە بدۆزەرەوە ، کە باسی ئەو شتانەی تێدایە و منداڵەکەت حەزیان لێ دەکا . چیرۆکی بۆ بخوێنەرەوە و پاشان پرسیاری لێ بکە . وای لێبکە قسەبکات ، چونکە گفتوگۆ پەرە بە تواناکانی زمان و شەسازی دەدات و تا زیاتربێ باشترە . پاشان گۆرانی بۆ بڵێ ، پێنووسی ڕەنگاوڕەنگ و کاغەزی سپی بەرێ با بە ئارەزووی خۆی ڕەشییان بکاتەوە . یارمەتی بدە شتەکانی بە پاکی بخاتەوە شوێنەکانی خۆیان . منداڵەکەت فێری بەکارهێنانی ئاودەست و دەست و دەمووچاو شتن و لووت سڕین بکە . ئەمانەش یارمەتییان دەدا لە باخچەدا دانەمێنێ و ئاسوودەبێ .

٣ – سەردانی پۆلەکەی بکە
ئەگەر زانیت منداڵەکەت بۆ چوونە باخچە نیگەرانە ، دەتوانیت پێش بەرواری دەستپێکردنی دەوام ، لەگەڵ منداڵەکەدا سەردانی باخچەکە بکەن . بیبەرە پۆلەکەی خۆی . بە مامۆستاکانی بناسێنە . یارمەتی بدە بە باخچەکەدا بگەڕێ و شوێنەکانی ئاودەست و دەستشتن بزانێ و … هتد . تا هەست بە دڵنیایی زیاتر بکات . بێگومان ئەم سەردانەش تەنها منداڵەکە ئارام ناکاتەوە ، بەڵکو بینین و بارودۆخی باخچەکەش ، ئاسوودەیی بە خۆشتان دەبەخشێت . پاشان باشترە چاوت بە دادە و مامۆستاکانی بکەوێ و باسی بەرنامەی ساڵەکەیان لەگەڵدا بکەی . خۆ ئەگەر پرسیاریشت هەبوو ، بەرەو ڕوویان بکەیتەوە .

٤ – بەرنامەیەک دابنێ
کارێکی سەخت و گرانە منداڵ بۆ یەکەمجار ، یان دوای پشوویەکی دوور و درێژی هاوین بگەڕێتەوە بۆ باخچە و خوێندنگا . ڕەنگە منداڵەکە تەمبەڵ بووبێ . بەیانییان درەنگ لە خەو هەستێ و خۆی لە پۆشینی جل و بەرگی نوێ بە دوور بگرێ ، کەواتە پێویستە ئەو هەڵسوکەوتانە بگۆڕیت. هەر بۆیە وا چاکە بە دە دوازدە ڕۆژ پێش دەستپێکردنی باخچە و خوێندنگا ، بەرنامەیەکت بۆ منداڵەکەت دانابێ . بۆ نموونە : بەیانییان زووتر لەخەو هەڵبستێ و خۆی بشوات و نانی بەیانی بە دروستی بخوات. بەمجۆرە ڕێگایە ، لە یەکەم ڕۆژی خوێندندا پەنا بۆ هەڵسوکەوتی نەخوازراو لەگەڵ منداڵەکەتدا نابەی .

٥ – فێری هەندێک کاریی سەرەتایی بکە
هەندێک کار هەیە پێویستە هەموو منداڵێک بیزانێ . بۆ نموونە گرتنی پێنووس ، ژماردن تا دە ، پۆشینی جلوبەرگ ، خۆی خواردنەکانی بخوات. هەر بۆیە پێویستە پیش چوون بۆ باخچە و خوێندنگا و لە کاتی پشووی هاویندا ئەو کارە گرنگانەیان فێربکرێت . ئەمەش هۆکارێکە باشتر لە پۆلەکەیدا ڕابێ . پاشان پێویستە پێش ئەو قۆناغە یارمەتی منداڵ بدرێت پەرە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بدات . بتوانێت هاوڕێی نوێ پەیدابکات ، فێری ئەوە بکرێت شەرم نەکات و ئەوەی دەیەوێت دەریببڕێت . چونکە لە کاتی دەوامدا چەند کاژمیرێک لە ئێوە بە دوور دەبێ . هەر بۆیە وا چاکە لە چاڵاکییەکانی پشووی هاویندا بەشدار بێ ، تا زیاتر تێکەڵ بە کەسانی تر بێ و بتوانێت هاوڕێی تازە بگرێت . پاشان بیبە بۆ شاری یاری و ماڵی خزم و هاوڕێکانت ، تا لەگەڵ منداڵی هاوتەمەنی خۆیدا یاری بکات .

٦ – چالاکی ژماردن
ژماردنی شتەکانی سەر ڕێگای باخچەکە ، چالاکییەکی زۆر چاکی سود
بەخشە . کاتێک بۆ یەکەمجار منداڵەکەت بەرەو باخچە دەبەیت ، داوا لە منداڵەکەت بکە هەموو ئەو درەختانە بژمێرێ ، کە لەسەر ڕێگای نێوان ماڵەوە و باخچەکەدا دەیانبینێ . ئەم یارییە ئاسانە و توانای ژماردن لای منداڵەکەت باشتر دەکات و بە درێژایی ڕێگاکەش سەرقاڵ دەبێ . جگە لە درەختیش ، دەکرێت ڕۆژێکی تر شتێکی تر بژمیرێت ، وەک : خانوو ، دوکان ، سەگ ، ئوتومبیل و … هتد . ئەمەش کارێک دەکات بەردەوام حەزی لەو چالاکییە بێ .

٧ – گفتوگۆی لەگەڵدا بکە
هەندێ لە منداڵان بە هۆی هەستییاریانەوە ناتوانن لەگەڵ بارودۆخی تازەی باخچەدا ڕابێن . بۆیە وا باشە بەرلەوەی ببرێن بۆ باخچە قسەیان بۆ بکرێت . پێویستە باسی ئەو شتانەیان بۆ بکرێ ، کە لەناو پۆلدا ڕوودەدا و چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ مندڵانی تردا بکەن . تا بتوانن لە ڕووی دەروونییەوە خۆیان ئامادە بکەن و کاتێک دەچنە ناو پۆلی باخچەوە ترس و نیگەرانی و تووڕەییان کەم بێ . ئەوەی شایانی باسیشە نیشانەکانی ئامادەیی منداڵیش بۆ چوونە باخچەی ساوایان بریتین لە : بەبێ دایک و باوک هەست بە ئاسودەیی دەکات . گۆشەگیر نیە و لەگەڵ منداڵی تردا بە باشی یاری دەکات و ئارەزووی فێربوونی هەیە .

٨ – یەکەم ڕۆژی باخچەی ساوایانی خۆت
بیربکەرەوە و بە وردی بە یادەوەرییەکانتا بچۆرەوە و یەکەم ڕۆژی چوونی باخچەی ساوایانی خۆتت بیربکەوێتەوە و بــۆ منداڵەکەتی باسبکە . لە هەمان کاتدا داوا لە هاوسەرەکەت ، یان هاوڕێکانت بکە هەمان چیرۆکی خۆیان بۆ منداڵەکەت بگێڕنەوە . ئەم شێوازەش یارمەتی دەرێکی باشە بۆ ئارامی و هێوربوونەوەی منداڵەکەت .

٩ – پاداشت و ئامانج
پاداشت و ئامانج یەکێکە لە شێوازە چاکەکانی ڕاهێنانی منداڵان بۆ بابەتی نوێ . بۆ نموونە بە منداڵەکەت بڵێ : ئەگەر جانتاکەت بە جوانی کۆبکەیتەوە ، بە دڵی خۆت خواردنێکی زۆر خۆشت بۆ دەکڕم . توێژینەوەکانیش ئەوەیان ئاشکرا کردووە ، کە منداڵ بە پاداشت ، باشتر ئەو ئامانجانە دەپێکێ کە بۆی دیاری دەکرێ .

١٠ – خۆبەخشی لە باخچە
ئەگەر دەربارەی ڕۆژی یەکەمی باخچەی منداڵەکەت نیگەران بووی ، چونکە یەکەمجارە لێت دووربکەوێتەوە و لەبەر چاوت نەبێ ، کە دیارە ئەمجۆرە هەستانەش دۆخێکی ئاساییە . ئەوا باشترین چارەسەر ئەوەیە خۆبەخشانە لە باخچەکەدا ، بۆ نموونە لە چێشتخانەکەی ، یان لە کتێبخانەکەیاندا بۆ ماوەیەک کاربکەیت . یان لە لیژنەکانی بۆنە و ئاهەنگەکاندا هاوکاری مامۆستاکان بکەی . بە مەش دەتوانی لە دوورەوە چاودێری منداڵەکەت بکەیت و دڵنیابی ، کە بە شێوەیەکی باش لەگەڵ پۆلە نویێ کەیدا تەبا و بێ کیشەیە .

١١- بەرنامە و ڕێنماییەکانی باخچەکە
هەموو باخچەیەکی ساوایان بەرنامە و ڕێنمایی تایبەتییان هەیە ، کە دەبێت هەموو منداڵێک و دایک و باوکێک پەیڕەوی بکەن . دەتوانیت وێنەیەکی وەربگریت و لەگەڵ منداڵەکەتدا بیخوێنیتەوە . بەم شێوەیە دەتوانی بە پێی ڕێنماییەکان ڕەفتاری چاک بکەیت و بەشێوەیەکی باشیش ئامادەی بکەی بۆ هەموو بۆنە و ئاهەنگەکانی باخچەکە .
لە کۆتایی ئەم باسەدا و ئەوەی زۆر گرنگیشە ، بەرلەوەی ڕۆژانە بەجێی
بهێڵیت ، بە پەرۆشەوە باوەشێکی گەرموگوڕی پێدا بکە و بە دڵیش ماچیکە .


تێبینی : ئەم بابەتە لە چەند سایتێکی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە .




ڕەفتاری خراپی منداڵ لە پۆلدا.. وەرگێڕانی : محەمەد بەرزی

یەکێک لە کێشە گەورەکانی ناو پۆلی خوێندن ، چۆنییەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ هەڵسوکەوتی خراپی منداڵی بزێو و لاساردا . منداڵەکە نەک تەنها کاریگەریی لەسەر مامۆستا و ئارامی ناو پۆلەکە دەبێ ، بەڵکو ڕاستەوخۆش کاردانەوەی زۆر خراپی بۆ هەموو خوێندکارەکانی ناو پۆلەکە دەبێ ، بەهۆی بە فیڕۆدانی کات ، یان تێنەگەیشتنییان لە وانەکان . بێگومان ئەو منداڵانەی ئەو جۆرە ڕەفتارانە دەکەن ، هەر لە خۆیانەوە ئەو کارانە ناکەن ، بەڵکو بە گشتی هۆکارێک بزوێنەری ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانەیە . یان لەوانەیە تاکە ڕێگا بێ ، بە مامۆستاکەی بڵێ : ( شتێک لە مندا هەڵەیە ) . هەربۆیە نابێ بە تووڕەیی و هەڵچوون و سەرکۆنەوە وەڵامی بدرێتەوە و ڕووشکێن بکرێ ، بەڵکو پێویستە مامۆستاکەی بە وردی لە هۆکارەکانی بکۆڵێتەوە ، تا ڕێگایەکی لەبار و گونجاو بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردنی بدۆزێتەوە . بەگشتیش هەندێک لـە هۆکارەکانی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە بریتیین لــە :

١ – باری تەندروستی : ئەگەر منداڵێک کێشەی تەندروستی هەبێ ، یان ئەگەر تووشی ئازارێک بووبێ ، یان شتێک دڵتەنگی کردبێ ، لەوانەیە بێزار بووبێ و بیەوێ بەو جۆرە هەڵسوکەوتانەی هەست و ئازارەکانی خۆی دەرببڕێ . هەر بۆیە ناکرێ ئەمجۆرە منداڵانە پشتگویێ بخرێن . پێویستە بە زوویی چارەسەریان بۆ بکرێت ، تا کێشە و هـەڵسوکـەوتیان خـراپتر نەبێ .

٢ – گۆڕانکاریی : دەبێ بیربکەینەوە و بە دواداچوونیان بۆ بکەین ، تا بزانیین منداڵەکە لە ماوەی پێشوودا هیچ گۆڕانکارییەکی سەرەکی بەسەردا هاتووە ، تا هۆکاری ئەو هەڵسوکەوتە نائاساییانە بێ . بۆ نموونە خوێندنگاکەی گۆڕابێ ، ئافەرۆز کرابێ ، دایک و باوکیان جێابووبنەوە ، یان کەسێکی نزیکی کۆچی دوایی کردبێ و.. هتد .

٣ – چاولێکەری : ڕەنگە منداڵەکە فێری چاولێکەری بوو بێت ، وابزانێ بە نواندن دەتوانێ ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت . یان لە ناو خێزانێکدا ژیابێت هەموویان بە هەمان شێوە هەڵسوکەوت بکەن . یان لە ناو خێزانەکەیدا کێشەی تەندروستی و دەروونی و توندوتیژی و هاوار هـاوار و ئـاژاوە و دەمەقاڵێ هەبێ ، یـان ماددەی هۆشبەری تێدا بـەکاربێ . دیارە ئەو کێشانە بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ لە پەروردەکردن و هەڵسوکەوتی منداڵەکەدا ڕەنگدەداتەوە .

٤ – بێزاری : زۆرجار هەڵسوکەوتی نامۆ و خراپی ناو پۆل ، منداڵەکە بێزاردەکات . پاشان پشتگویێ خستنی بەهرە و توانا و زیرەکی و بیرتیژی منداڵی بەهرەمەند ، وا لەو منداڵانە دەکات پەرچەکردار و ڕەفتاری نامۆ و خراپیان هەبێ .

٥ – کرداری نادورست : کرداری نامۆ و نادروست لە ژینگەی ناو ماڵدا ، کاردانەوی زۆر خراپ لەسەر هەڵسوکەوتی منداڵ بەجێدەهێڵن ، بۆ نموونە : دواکەوتنی کاتی خەوتن ، یان نەخەوتنی پێویست . ئاژاوە و هات و هاوار و هەلوەسە ، نەبوونی یارمەتی و پشتگیری پێویست ، پاشان نەبوونی سنورێک بۆ ڕێگرتن لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی خراپ و نەشیاو .

‌هەوڵەکانی چارەسەرکردنی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە

لە ناو پۆلدا چۆن مامەڵە لەگەڵ هەڵسوکەوتی نالەباری ئەمجۆرە منداڵانەدا دەکەی . جا لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە نەتوانرێت بە تەواوی بەسەر کێشەکانیاندا سەرکەوتوو بی ، بەڵام ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە یارمەتیدەرە بۆ هەوڵی چاسەرکردنیان .

١ – گۆڕینی نەرێنی بۆ ئەرێنێ: بە وریاییەوە دەستەواژەیان بۆ بەکاربهێنە . بۆ نموونە کاتێک منداڵێکی وەک ئالان ، لە ناو پۆلدا هاوار هاوار و قیژە قیژ دەکات . وا چاکە بڵێی : تکایە ئالان تۆزێک بە نەرمی و لەسەرخۆ قسە بکە ، نەک : واز لە قیژە قیژ و هاوار هاوار بێنە . لێرەدا وەڵامەکەت بە شێوەیەکی ئەرێنیی ، کاردانەوەی زۆر باشی لەسەر ئالان دەبێت .
سەرباری ئەوەی ئەگەر منداڵێک بە شێوەیەکی نەرێنی هەڵسوکەوتی کرد ، لە جیاتی ئەوەی سزای بدەیت ، هەوڵبدە هۆکارەکانی دەستنیشان بکەیت . پاشان باشترین ڕێگا بدۆزەرەوە بۆ چارەسەرکردنی . بۆ نموونە:
ئەگەر منداڵێک هەڵسوکەوتێکی خراپی کرد ، چونکە گرنگی پێ نەدراوە ، وا چاکە دەرفەتی زۆری بۆ بڕەخسێنرێت ، تا زیاتر قسەبکات . بەمەش منداڵ بە زوویی فێری هەڵسوکەوتی نوێ دەبێت و یارمەتی دەدات ، کە دەتوانێ ئەوەی دەیەوێت بێ کێشە و سزا بەدەستی بهێنێت و ئارامی بدات بە دەروونی .

٢ – فێری شێوازی ئەرێنی بکە
لە جیاتی نەهێشتنی هەڵسوکەوتە نەخوازراوەکان ، وا باشترە سەرنجت لەسەر ئەو ڕەفتارە باشانە بێت ، کە دەتەوێت لە ناو پۆلەکەدا ڕەنگبداتەوە . لەناو پۆلدا گفتوگۆ لەسەر هەڵسوکەوتی باشی ئەرێنی بکە . هەستە بە دروستکردن و هەڵواسینی پۆستەری ئامۆژگاری و بیرخستنەوە بۆ پۆلەکە . بەمەش وا لە خوێندکارەکان دەکەیت ، کە خۆیان بەشداری لە چالاکییەکاندا بکەن ، بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ پێیان بووترێت ئەو چالاکییانە بکەن . کە دیارە ئەمەش دیاردەیەکی هیوا بەخشە و کاردانەوە و ئەنجامێکی زۆر باش و بەنرخی دەبێت .

٣ – نموونەی ئەو ڕەفتارانە بە ، کە چاوەڕێی دەکەیت
نموونەیەکی ناوازەی ئەو ڕەفتارانە بە ، کە بۆ خوێندکـارەکـانی دەخوازی . کاتێ داوا لە خوێندکارەکان دەکەیت لە کاتی دیاریکراودا ئامادەبن ، پێویستە بە هەمان شێوە خۆشت ڕێز لە کات بگریت . یان کاتێک داویان لێدەکەیت ڕێک و پێک و خاوێن بن ، ئەوا پێویستە خۆت و پۆل و خوێندنگاکەش بە هەمان شێوەبن .

٤ – دانانی بنەماکانی هەڵسوکەوتی بە کۆمەڵ
لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندندا ، پێویستە خۆت و خوێندکارەکان پێکەوە کار بکەن ، بۆ دیاریکردنی هەڵسوکەوتەکانی ناو پۆل . باسی ئەو ڕەفتارانە بکە ، کە باشن و ئەوانەی خراپن . پاشان ئەو هەڵسوکەوتانەی حەزدەکەیت خوێندکارەکان بەرامبەر یەکتری بیکەن . وەک ئاکاری چاک و ڕێز لە یەکتری گرتن ، ئەمەش بنووسە و لەناو پۆلدا بە جوانی هەڵیواسە . تا بەردەوام لەبەرچاوی خوێندکارەکان بێ . بەشداریکردنی خوێندکارەکان لەو جۆرە چالاکییانەدا گرنگ و پێویستن . چونکە هەست بەوە دەکەن خۆیان ڕاستەوخۆ هاوبەشبوون لەو چالاکییەدا و زیاتر پەیڕەوی بنەماکانی دەکەن و پێوەی پابەند دەبن .

٥ – پەیوەندی باش
هەمیشە هەوڵبدە بە بەردەوامی پەیوەندی باشت هەبێ . قسە و داواکارییەکانت دەتوانێ کاریگەریی گەورەیان لەسەر منداڵان هەبێت . بۆ نموونە کاتێک کارێکی باش دەکەن سوپاس و ستایشییان بکە ، وەک : سوپاس بۆ تۆ ، کە پاکەتە خاڵییەکەی نوقوڵەکەت خستە ناو تەنەکەی خۆڵەکەوە . یان ( تکایە لە سەرەتای وانەکانی ڕۆژی دووشەمەدا ، ئەرکی ماڵەوەتانم بۆ بهێنن ) گونجاو و باشتر و تایبەتترە لەوەی بڵێی : ( تکایە ڕۆژی دووشەممە ئەرکی ماڵەوەتانم بۆ بهێنن ) . چونکە لە یەکەمیاندا بە تەواوی کاتی وەرگرتنی ئەرکەکانت بۆ خوێندکارەکە دیاریکردووە ، کە سەرەتای دەستپێکردنی وانەکانە .

٦ – پێزانینی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی باش
ئاشکرایە جار بە جارێک منداڵان هەڵسوکەوتی خراپ دەکەن ، کە
ئەمەش ڕاستییەکی سەردەمی منداڵییە . بەڵام لە هەمان کاتدا فێری شتی تازەش دەبن . ڕۆژانەش بە باشی پەرەی پێدەدەن ، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا سەرکەوتن و دەستکەوتە . کاتێک منداڵێک کارێکی باش دەکات ، واچاکە ئاشکرای بکەیت . پێی بڵێ بە ڕاستی کارێکی باشت کردووە . شانازی پێوە بکە و نیشانی هاوپۆلەکانی بدە . ئەمەش هاندەرێکە ، تا هاوپۆلەکانی چاوی لێ بکەن و هەمان ستایش و کاردانەوە بیانگرێتەوە .

٧ – پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندکار
کاتی تەواو بۆ ناسینی خوێندکارەکان تەرخان بکە . پەیوەندییان لەگەڵدا دروست بکە . باسی حەزە هاوبەشەکانی نێوانتان بکە . گفتوگۆیان لە گەڵدا بکە . لە هەواڵیان بپرسە ، چونکە هەرچی لە دەمی تۆ دەرچێ بە دڵیانەوە دەنووسێ و ئارامی دەدا بە دەروونیان . پاشان جار بە جارێک داوای ئامۆژگارییان لێبکە و ڕایان دەربارەی بابەتێکی دیاریکراو وەربگرە . بۆ نموونە بڵێ : دەمەوێت کتێبێکی نوێ بخوێنمەوە ، ئایا لەم ڕۆژانەدا چ کەسێکتان کتێبێکی باشی خوێندۆتەوە ؟ .

٨ – گۆشەیەکی هێمن
شوێنێک ، یان گۆشەیەک لە ناو پۆلدا دیاری بکە ، تا منداڵ لە کاتی ڕەفتاری خراپدا بۆی بچێ . نابێ ئەو شوێنە وەک شوێنی سزا تەماشای بکرێت . بەڵکو پێویستە شوێنی ئیسراحەت و هێوربوونەوە و بە خۆداچوونەوە بێ . دەکرێت بە منداڵەکە بوترێت یارییەک ، یان وێنەی ئاژەڵێکی ماڵیی خۆی ، بۆ خۆشی لەگەڵ خۆیدا بەرێت ، تا بە هێمنی و لەسەرخۆ بە ڕەفتارەکانیدا بچێتەوە و دڵ و دەروونی داسەکنێ .

٩ – پارێزگاری لە ئارامی ناو پۆل
کاتێک داوای خوێندکارێک دەکەیت بۆ لێپرسینەوە لە ڕەفتارەکانی ، بە
شێوەیەکی وا داوای بکە ، ئاژاوە لە پۆلەکەدا دروست نەبێت . لەوانەیە قسەی ڕەق و زەق و هات و هاوار بەسەر خوێندکاردا بە هۆی ڕەفتارە خراپەکانییەوە ، تەریقی بکاتەوە و هەست بە شەرمەزاری و نائارامی و دڵە ڕاوکێ بکات . دوورنییە لەو کاتەدا لێت بێزاربێ و نەیەوێ گوێ لە قسەکانت بگرێ . هەر بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی ئاسایی گفتوگۆی لەگەڵدا بکەی ، بە شێوەیەک بزانێ ئاگاداری هەموو هەڵسوکەوت و ڕەفتارە نەخوازراوەکانی ، خۆ ئەگەر هەر وا بەردەوام بێ ، ئەنجامی خراپ و لێکەوتەی زیاتری دەبێ .

١٠ – پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوک
پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ دایکان و باوکانی منداڵان بە بەردەوامی ، کارێکی زۆر گرنگ و سودبەخشە . بە تایبەتی بۆ چارەسەکردنی کێشەی گەورە و ڕەفتاری نامۆ و نەخوازراوی منداڵەکانییان . پێویستە پەیوەندییان لەگەڵدا بکرێت ، تا لەو کردەوانە ئاگاداربن و یارمەتی دەربن بۆ چارەسەرکردنیان . پاشان لەوەش دڵنیابن ، کە لە ماڵەکانیانیشدا هەمان یاسا و ڕێنماییەکانی قوتابخانە هەیە و بە چاکی جێبەجێ دەکرێن .


تێبینی : ئەم بابەتە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی .




فیستیڤاڵی بەهرەی نوێ و دەستپێکێکی جوان.. عەلی حەمەڕەشید

فیستیڤاڵی بەهرەی نوێ کارێکی گرنگ و چالاکییەکی پێویست بوو کەبەڕێوەبەرێتی چالاکی هونەری قوتابخانە و خوێندنگەکانی سلێمانی وەک ئەرکێکی گرنگی سەرشانیان ئەنجامیان دا..کە خۆی دەبینییەوە لە نمایشکردنی کۆمەڵێک شانۆیی تایبەت دا کە لەلایەن قوتابیان و خوێندکارانەوە لە چەند پەروەردەیەکی سەربە بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانییەوە پێشکەش کران.من ئاستی دەق و نمایش و دەرهێنان و هەموو ئەو کارانەی کە پەیوەستن بە سەما و شانۆییەکانەوە بەجێ دەهێڵم بۆ کەسانی شارەزا و پسپۆڕی بوارەکە،ئەوەی لای من گرنگە و جێگەی دەستخۆشییە کە توانرا ئەو ڕێچکە هونەرییە بەرزەی کە لە سلێمانی و لەلایەن چالاکی قوتابخانەکانەوە پێشکەش دەکرا بەردەوامی پێبدرێت و لەساڵانی داهاتوودا هەوڵبدرێت کە کاری زۆرتر و جوان تر و باشتر ئەنجام بدرێت و هەموو ئەو توانا و بەهرە جوانانەی قوتابیان و خوێندکاران و شارەزایی و سەلیقەی مامۆستایانی بوارەکە بەهەند وەربگیرێن و لەو ڕێگەیەشەوە بتوانن قوتابخانە و خوێندن زیاتر لای قوتابی و خوێندکار شیرین بکەن ،تا وا نەزانن هەر وانە خوێندن و پۆل و وایت بۆرد و داتاشۆ ،ئەوانە لە خوێندندا هەن بەڵکو شانۆ و شێوەکاری و مۆزیک و گۆرانی و سرود و سەما لە پاڵ ئەوانەدا کە باسمان کردن هەن و منداڵ دەتوانێت بە خۆشییەوە پەرە بە حەز و خولیا و توانا و بەهرە شاراوەکانی خۆی بدات.شانۆ وەک هەمووان دەیزانین کە کۆکەرەوەی گشت هونەرەکانی ترە،لەشانۆدا دەق و هۆنراوە وەک ئەدەب ئاوێزانی نواندن و جوڵە و سەماو دەنگ و مۆزیک و گۆرانی و شێوەکاری دەبن و پێکەوە ئەو پەیامە پەروەردەیی و مرۆڤدۆستی و ژیان دۆستی و ژینگە دۆستییە دەگەیەنن و جوانییەکی تر بە ژیان و خوێندن و قوتابخانە و پۆل و مامۆستا دەدەن.ئارایشتێکی ڕازاوە و جوان دەبەخشن بە پرۆسەی پەروەردە و دەبنە تەواوکەری بەشێوەیەکی دروست و گونجاو.بەهرەکان دەردەکەون و بە شێوەیەکی دروست و زانستیانە لەلایەن مامۆستایانی بوارەکەوە پەرەیان پێدەدرێت و زۆر بەجوانی گەشە دەکەن.ئیتر گوڵی حەزەکانی منداڵان ناژاکێن و دەگەشێنەوە،بەشنەی زەردەخەنە و ئافەرینی مامۆستا دڵسۆزەکانیان،منداڵ خۆشەویستییەکی زۆری بۆ قوتابخانە لادروست دەبێتەوە و ڕۆژانە بەپەرۆشەوە ڕوو لە قوتابخانەکەی دەکات و دەیکاتە مەڵبەندی بەدیهێنانی خولیاکانی و بەگەڕخسنی تواناکانی ، خونچەی باوەڕ بەخۆ بوونیشی باشتر دەگەشێتەوە و نەشونما دەکات بە بڕوایەکی پتەوەوە کاروچالاکییەکانی ئەنجام دەدات و بێ ترس و دوو دڵی بوونی خۆی دەسەلمێنێت.دەستخۆشیمان بۆ هەموو ئەوانەی کە بەشداربوون لە بەڕێوەچوون و سەرخستنی چالاکییەکاندا..

عەلی حەمەڕەشید
نوسەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی




چیرۆکنووسی منـداڵان ئەنگـێل کرالـیچـیڤ.. رەزا شـوان

لەو باوەڕەدام، بەشێک لە خوێنـەران، بە تایبەتیـش خوێنـەرانی و نووسـەرانی بـواری وێـژەی منـداڵان، نووسـەری بەناوبانگی بولـگاری (ئەنگـێل کرالـیچـیڤ) دەنـاسن و بە کورتە چـیرۆکە خۆشـەکانی بـۆ منـداڵان ئاشـنا بـوونە. ئەمە کـورتە باسـێکە دەربـارەی کرالـیچـیڤ. کە ماوەیەکی زۆرە لە خەیاڵـمدا بـوو، هـێواداری ئەوە بـووم، کە لە کورتە نووسینێکـدا ئـەم نووسـەرەی وێـژەی منـداڵان بە خوێنـەرانی کوردمـان ئاشـنا بکەم.
(ئەنگێل ئیڤانۆڤ کرالـیچیڤ) نووسەر و وەرگێڕێکی بۆلگارییە، بەڵکو یەکێکە لە هەرە نووسەرە بەناوبگانگەکانی بولگاریا. کە تا ئەمـڕۆش منـداڵانێکی زۆر لە بولـگاریا و لە وڵاتانی جیهـاندا، هـۆگـری خوێنـدنەوەی کورتە چـیرۆکە خەیاڵـییە خۆشەکانـین.
ئەنگـێل کرالـیچـیف. لە رۆژی (٢١/ شـوبات/ ١٩٠٢) لە شارۆچکەی (سـتراژیسـتا) لە دەڤـەری (ڤـێلکۆ تارنـۆڤـا) لە بولگاریا، لە خـێزانێکئ جووتیاری هەژار لەدایک بـووە. دایک و باوکی خەریکی کشتوکاڵ بوون. دایکی ژنێکی نەخوێندەوار بوو. کرالیچیڤ لە تەمەنی هەرزەکاریـدا، لە کشـتوکاڵـدا یارمەتـیی دایـک و باوکی دەدا.
کـرالـیچـیڤ قـوتـابیـیەکی زیـرەک و وریـا بـوو. لە ساڵی (١٩٢١) دا، لە قـوتـابخـانەی ئامادەیی (تارنـۆڤـۆ) دەچـوو. بەڵام بە دەستی هـەژارییەوە دەیناڵانـد. ناچـاربـوو کە بۆ ماوەیەک لە کشـتوکاڵ و لە شارەوانیـدا کاربـکات، بۆ ئـەوەی پـارەی خوێنـدنی زانـکۆ دابیـن بکات.
لە ساڵی (١٩٢٢) دا، لە (بەشی کیمیا) لە زانکۆی (سـۆفـیا) وەرگیرا. بەڵام ئەم بەشە لەگەڵ ئارەزوویـدا نەبـوو. بۆیـە لە سـێـیەم ساڵی خـوێـنـدنـدا، وازی لـەم بەشـە هـێنا.
لە ساڵی (١٩٢٨) دا، بڕوانامەی بەکالۆریـۆسی لە (دیپلـۆماتی) دا، لە (زانکۆی ئازاد) لە (سـۆفـیا) ی پایتەختی بولگاریا وەرگـرت.
كرالیچـیڤ کاتێکی زۆری بۆ خوێنـدنی ئاکادیمی تەرخـان ناکـرد. زۆرتـرین کاتەکانی بە خوێنـدنەوەی پەرتووک بەسەردەبرد. داپیرەشی چەنـدین چیرۆکی خۆشی فـۆلکلۆری و ئەفـسانەیی بۆ گـێڕایەوە. لە دایکیـشییەوە چـەنـدین گـۆرانیی فـۆلکلـۆری فـێربـوو. لە تەمـەنـێکی بچـووکـدا بە فـۆلکلـۆری گەلـەکەی ئاشـنابـوو. هـەر ئـەو چـیرۆکـانەی کە داپیرەی بۆی گێڕایەوە، بوون بە ئیلهام و هەوێنی نووسینی چـیرۆکەکانی بۆ منـداڵان. کرالیچـیڤ خـۆی دەیگـێڕێتەوە و دەڵـێت: تەنیـا دوو پەرتـووک لە ماڵـمانـدا هەبـوون، ئەوانەش (سروودی سلاڤـیکۆڤـا) و (مـێژووی ئەسکەنـدەری مەکـدۆنی) بـوون. ئـەم دوو پەرتووکەشی لە تەمەنی منـداڵیدا لە پەرتـووکفـرۆشـێکی گـەڕۆک کـڕی، کە بە سەبەتە پەرتـووکی بە گـونـدەکانـدا گـڕدەدا. دواتـر ئاشـنای پەرتـووکخـانەی گـشـتی دەبێـت و پەرتووکـێکی زۆر دەخوێنێتەوە.
کرالیچیڤ لە تەمەنی (١٧) ساڵیدا لە ساڵی (١٩١٩) دا بۆ یەکەم جار هـۆنراوەیەیەکی بە ناوی (هـەڵـۆ) وە، لە گۆڤـاری (بـیری قـوتابیان) دا بڵاوکـردەوە.
کرالیچیڤ لە ساڵی (١٩٢٣) دا، یەکەم پەرتووکی بە ناونیشانی (ماونا لوا) کە بریتییە چەنـد هـۆنـراوەیـەکی شـۆڕشگـێـڕانـە، چـاپـیکـردن و بـڵاوی کـردەوە. ئیـلهـامی ئـەم هۆنراوانەشی لە رووداوەکانی ئەیلوولی وڵاتەکەی بۆ هـاتبوون. هـۆنراوەکانیشی نوێ بـوون و بە پێچەوانەی هـۆنـراوە کلاسیکییەکانەوە بـوون. پێش ئەوەی چاپیـان بکات بەشێکیانی لە گۆڤاری (رێـگای نـوێ) دا، بڵاویانی کـردەوە.
کرالیچـیڤ، نووسەرێکی نوێخواز و داهـێنەرێکی رەسەنە. خاوەنی هـونەر و شێوازی نووسینی تایبەت بە خۆیەتی. بە پێچەوانەی نووسەرانی دیکەوە کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە گەڕانـدا، بە دوای خۆیـانـدا سەرگـەردان بـوون.
کـرالـیچـیڤ کە پەرتـووکی (رای) بـڵاوکـردەوە، لە لایـەن رەخـنەگـرانی وێـژەییـەوە، پێشوازییـەکی باشـیان لێکـرد. دەکـرێـت ئـەم پەرتـووکەی، بە لـووتکە و بە شاکاری نووسینەکانی کـرالـیچـیڤ هـەژمـاربکـرێـت.
کرالیچیڤ لە ساڵانی (١٩٣٢ ـ١٩٤٤ ) وەک سەرنووسەر و دەرهـێنەر لە رۆژنـامەی (فـێربوونی هاریکاری) دا کاری دەکرد. چەند کارێکی (تـۆڵسـتۆی) و (چـیخـۆف) یشی لە رووسییەوە وەرگـێڕاون بۆ بولـگاری.
ئەو کەسەی جێپەنجە و کاریگەریی لەسەر ژیانی کرالیچـیڤ بەجـێهـێشت، نووسەری بەناوبانگی بولگاری لە بـواری وێـژەی منـداڵان (ران بـۆسـیلک) بوو. کە لەو کاتەدا سەرنووسەری گۆڤـاری (شادی منـداڵان) بوو. بۆسـیلک بە کـرالـیچيڤی وت: پێمـوایە کە دەبیت، بە نووسەرێکی گـەورە و بە تـوانـای بـواری چـیرۆکنووسـین بـۆ منـداڵان. ئـەم هـانـدانـەی بـۆسـیـلک، کاریـگەرییـەکی ئەرێنـیی لە ژیـانی کـرالـیچـیڤ هـەبـوو.

کرالـیچیڤ لە دوای جەنگی جیهـانی دووەمەوە، رووی لە جیهانی چـیرۆکنووسین بۆ منـداڵان کـرد و هـەمـوو توانـایەکی بۆ ئـەم بـوارە بەکـارهـێنا. زیـاتـر لە (٤٠) ساڵ، سەرقـاڵی نووسـینی کورتە چـیرۆک و چـیرۆکی ئەفـسانەیی و رۆمـانی منداڵان بووە.
سوودێکی زۆری لە فـۆلکلـۆری بولگاری و بیانی وەرگرتووە. لە ساڵی (١٩٢٥) دا، یەکەم پەرتووکی رۆمانی بە ناوی (میچـۆ) وە بۆ منداڵان نووسی و چاپیکرد و بڵاوی کـردەوە. سەرجـەم (١٥) پەرتـووکی چـیرۆکی بـۆ منـداڵان چـاپکـردووە. بە شـێوە و شێوازێکی ساکار و ئاسان دایڕشتوون، هەریەکەش لە چـیرۆکەکانی مەبەست و پەنـد وانـەیـەکی جـوانیـان لەخـۆگـرتـوون. چـیرۆکەکـانی بـۆ منـداڵان بـۆ زیـاتـر لە (٥٠) زمـان لە سـەرانسەری جیهـانـدا وەرگـێڕدراون. بە زمـانی کوردیـشەوە. تا ئەمـڕۆش چیرۆکەکانی بەشێکـن لە بابەتەکانی پەرتووکی خوێنـدنەوەی قـوتابخانەی بنەڕەتی لە بولگاریا. چەنـدین نەوەی بولگاریا بەو چـیرۆکانەی کرالیچیڤ، پەروەردە و رۆشـنبیر کراون. بەشێکی زۆری کارەکانی، بریتین لە تێکەڵەیەک لە هـۆنراوە و لە پەخـشان و لە چـیرۆک و دیالـۆگ. بە زۆری بـریتـین لە کـورتە چـیرۆکی ئەنـدێـشەیی.
نووسـەر و وەرگـێڕ و زمـانـزانی لێهـاتـووی ناسراوی کوردمـان، رەوانـشاد مامـۆسـتا (شوکر مستەفـا: ١٩٢٦ـ ٢٠٠٣) چەند چیرۆکێکی هەڵبژاردەی ئەنگـێل کرالیچـیڤی لە زمانی تورکییەوە وەرگـێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و لە پەرتووکێکدا چاپی کردوون. دووان لەو چـیرۆکانە (گـوێـدرێـژ و مـەرگ) و (ئامـۆژگـاریی گـوێـدرێـژ) ن.
ئەنگـێل کرالـیچـیف دەڵـێت:”ئـەوەم بە خەیاڵـدا دێـت، کە ژیـانی خەڵکی بەبێ منـداڵ و بەبێ هـۆنـراوە، چەنـد خەمـناك و مـات دەبـوو”.
ئەنگیل کرالیچیڤ، خاتوو (ڤیلا شـیڤا) ی ناسی، کە کچە ئەکتەرێکی شانۆیی بەناوبانگ بوو. لە شانۆی نیشتمانی بولگاری لە شاری سۆفیا کاری دەکرد. ڤـيلا زۆر بەهـرەمەند بوو، هـەودارانێکی زۆری هەبوو. نیازی ئەوەی نەبوو کە هاوسەرگیری بکات، بەڵکو نیازی وابـوو کە بە تەواوی هەموو ژیانی خۆی بۆ شانۆ تەرخان بکات. بەڵام دایکی و هـەردوو خوشکەکەی ئەم نیازەیان پێ باش نەبـوو. بە رێکەوت دیـدارێکیان لە نێـوان کرالـیچیڤ و ڤـيلا رێکخـست. بەم شێوەیە خۆشەویستی لە نێوان ئەم نووسـەرە و ئەم هـونەرمەنـدە ئەکتـەرەدا دەسـتی پـێکـرد. ڤـیلا شـیـڤـا خـانمە ئەکـتەرێکی جـێی رێـز و خۆشەویستی و سەرنجڕاکێشانی زۆر لە بینەرانی بوو. ئەمەش وایکرد کە کرالـیچـیڤ ئیـرەیی پێ ببـات و غـیرەش لـە هـەوادارانی بـکات. هـێـنـدە ئیـرەیی بـە ڤـيلا شـیـڤـای خـوشەویستی برد. نەیدەویست هـاندەرەکانی لێی نـزیک ببنەوە. ڤـيلای خـستە بەردەم یەکێک لەم دوو هەڵبـژاردە: یا کرالیچـیڤ یان پیـشەکەی هەڵـبژێـرێت. کاتێک کە ڤـیلا شـیڤـا ویستبووی پیـشەکەی هـەڵـبژێـرێت، کـرالـیـچـیڤ لە بەردەم شانـۆی نیشـتمانی بولگاری لە سۆفیادا، فیشەکێک بە سنگی خۆیەوە دەنێت. خۆشبەختانە فیشەکەکە بەر دڵی نەکەوت و لەژێر پێستیدا جێگـیربوو. لە نەخۆشخانە بۆیان دەرهـێنا و چاکـبۆوە.
ڤـێلا بە تەواوی کـرالـیچـیڤی هەڵـبژارد و کاری شانۆیی وەکو پاشخوانێک بوو. دوای ساڵێک هاوسەر گیرییان کرد، تا مردن پێکەوە ژیان. بەڵام ژیانی ئەم ژن و مـێردە بە هـێچ شـێوەیەک ئاسـان نەبـوو. رەنگـدانەوەی ئەمـەش لە تێبینیـیە خەمـناکەکانی ناو بەرهـەمەکانی کرالـیچـیـڤ دا، رەنگـیداوەتەوە و هەستی پێـدەکرێـت.
کـرالـیچـیڤ لە سـاڵی (١٩٢٩) دا، بۆ پەرتـووکی (جـیهـانی چـیرۆکەکـان) لە لایـەن (ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی بۆ وێـژەی منـداڵان و لاوان) مەدالیای زێـڕ و بڕوانـامەی دیپـلـۆمی (خـەڵاتی هـانـز کریستـیان ئەنـدەرسـین) یان پێـبەخـشی.
ئەنـگـێل کـرالـیچـیڤ، لە رۆژی (١٤/ دێسـەمبـەر/ ١٩٧٢) لە شـاری (سـۆفـیا) لە بولـگاریا کـۆچی دوایی کـرد.
ئەمانە ناوی بەشێک لە چـیرۆکەکانی کرالـیچـیـڤـن بۆ منـداڵان: شایەک بە گوێیـەکانی گوێدرێژەوە، درۆکان قاچەکانیان کورتن، شوانەکە و ژنەکەی، گورگ و قوربانییەکانی، ئەو کـوڕەی ویستی هەمـوو شتێک بـزانێـت، ئەنجـوومەنی کەران، داپیرە و ورچـەکە، دوو بـرای قـارەمـان، کچـە زێـڕینەکە، پاسـەوانی دڵسـۆز، شـێر و رێـوی، گوێـدرێـژ و مـەرگ، خوشک و بـرا، گـورگ گـورگە، کـۆتـایی جـیهـان، خـەونی گـۆچـان،… هـتد.
ئەم کورتە چـیرۆکەی ئەنگـێل کرالیچـیڤ بە ناونیشانی (دارسـتان و تەورەکان) وەک نموونەیەک لە چیرۆکەکانی لە زمانی نەرویجـییەوە وەرمگێرایە سەر زمانی کوردی.
دارسـتان و تەورەکـان
لـۆرییەکی پـڕ لە تەوری تـازە، کە تازە لە کارگەدا دروست کـرابـوون. لەسەر رێگای نـاو دارسـتانـەکەدا وەسـتا. دارە بـچـووکەکـان، کە بـە درێـژایی رێـگاکە لە ئەمبـەر و ئەوبەرەوە رووابـوون، زۆر ترسـان و لەرزیـان لـێهـات. گەڵاکانیان کەوتنە جـووڵـە و بە چـرپە لەگـەڵ یەکـتریـدا دەدوان.
پیـرە داربەڕوویەکی ئەستوور و بەرز (کە لە ناوەڕاستی دارسـتانەکەدا بوو) پـرسی: چی روویـداوە؟
دارەکـان وەڵامیـان دایـەوە: کـۆتـاییـمان هـاتـووە.
داربـەڕووەکە: بـۆچی؟!
دارەکـان: چونکە تەورەکـان گەیـشـتـنە نـاو دارســتانەکە.
داربەڕووەکە، داوای لێکـردن: باش سەیریان بکەن.. ئایا هـیچ لە ئێمەیان لەگەڵـدایە؟
دارەکـان: نەخـێر.. هـیچ دارێکـیان لەگەڵـدا نییـە.
داربـەڕووەکـە: کـەوابێـت مەتـرسـن. گـەر هـیچ دارێکـیان لەگـەڵـدا نەبـێـت، هـیچـیان پێناکرێت و ناتوانن لقیکیشتان لێ هەڵپاچن. ترسەکە لەوەدایە گەر کلکی تەورەکان لە ئێـمـەی داربێـت.
مەبەستی ئەم چیرۆکە رێک ئەو پەنـدە کوردییەمانە:” دار دەڵـێت: ئەگەر تـەور کلکی لە خـۆم نەبـوایە نـەی دەبـڕیمـەوە”. واتـا ئەگـەر کەسانی هـاونەتـەوەکـەت یارمـەتیی دوژمـن نـەدەن و نەبنـە چاوسـاغـیان، دوژمـن ناتـوانێـت بە کـامی خـۆی بـگات.

(*) بۆ نووسینی ئەم باسە سوودم لە چەند سایتێکی ئینگلیزی و نەرویجی وەرگرتووە.




چیـرۆکی ریالـیزمی لە وێـژەی منـداڵان.. رەزا شـوان

وێـژەی ریالیزمی رەوتـێکی وێـژەییە. گوزارشت لە راستییەکان دەکات، وێنای ئەزموون و رووداوەکانی ژیـانی رۆژانـەی مـرۆڤـەکان دەکـات. وەک ئەوەی کە لە ژیـانی راستیـدا هـەن. وێـژەی ریالـیزمی بەشـێکە لە بـزووتنەوەی هـونـەری ریـالـیزمی، کە لە سـەدەی نـۆزدەیـەم لە فەرەنسادا سەری هـەڵـدا، دوایش لە هەمـوو جـهـانـدا بڵاوبـۆوە. هـۆکاری سەرهـەڵـدانی ریالـیزمی وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە رۆمـانسـیزم و ئایـدیالـیزم، کە لە سەدەی هـەژدەمـدا دەسـتیان پـێکـرد. وێـژەی ریالـیزمی شـێوازێکی نـوێی نـووسـینە. نـەوەیـەکی نـوێی نووسـەرانی ناسانـد، کە کـاریگەرییـان لە وێـژەدا هـەیە.
لە سەرەتای وێـژەی منـداڵانـدا، چـیرۆکی فـۆلکلۆری و مـیللی و ئەفـسانە و داستانەکان کە پـڕن لە کـاری لە توانـابەدەری، سەرەکـێشی، جـادوویی، نـامـۆیی، زاڵـبوون بەسـەر وێژەی منداڵاندا. دوایش حیکایەت و چيرۆکی چەڤەنگی بە زمانی ئاژەڵان و باڵندەکان و رووەکەکان و شتە بێگـیانەکان، کە وەکو چـیرۆکی هـێمایی و ئەنـدێشەیی و خۆشنوودی دەرکەوتـن. وردە وردەش چـیرۆکی ریالـیزمی کە بە ئینگـلیزی (ریالیستس فـیکشون)ە بۆ منـداڵان دەرکـەوت و بـڵاوبـۆوە. کە بـابـەت و رووداو و کارەکـتەرەکـانی لە راسـتی و لە ژیـانی بـاوی رۆژانـەدا وەرەگـرێـت.
چـیرۆکی ریالـیزمی منـداڵان (چـیرۆکی رووداوی راستی) ئـەو چـیرۆکانەن کە روودا و بەسەرهـاتەکانی منـداڵان، دەبـن بە ئیـلهـام بۆ چـیروکنووسانی منـداڵان. دەبنە هەوێنی بابەتـەکـانی چـیرۆکەکانیان. بیـرۆکـەکـانی چـیرۆکەکـانیان لـە ژیـان و ژیـنگەی راسـتی منـداڵانەوە وەردەگرن. ئەو بابەتانە لەخـۆدەگرن، کە پەیوەنـدییان بە ژیانی منـداڵانەوە هـەیە، منـداڵان لە ژیانی رۆژانەیاندا لەگەڵـیانـدا دەژین. چـیرۆکنووسان تەنیا هەنـدێک رووداوی سادەیـان بـۆ زیـاد دەکـەن، لـە فـۆرمێکی وێـژەیی هـونەریـدا دایان دەڕێـژن. ریـالـیزمی لـێرەدا، ریالـیزمیـیەکی فـۆتـۆگـرافـیـیە. نـەک تەنیا ریـالـیزمی رووداوەکـان. کـە تـێیـدا نووسەر رواڵـەتێک لە رواڵـەتەکـان لە سنووری تـوانا ئاساییەکـانی منـداڵان وێنەدەکات. یا لە ژینگەی منـداڵانەوە رووداوەکان سەرچـاوە دەگرن. دەشێـش هەنـدێ لە چیرۆکە ریالیزمییەکان بۆ منداڵان، زادەی ئەندێشە و بیرۆکەکانی چیرۆکنووسان بن. و بە خـەیـاڵ چـیرۆکـە ریالـیزمییەکانیان بۆ منداڵان داڕشتووبـن، بە شـێوەیەکی ئەوتـۆ کە منداڵانی خوێنەر وا هـەست دەکەن کە رووداوەکان و پاڵەوانەکان و کارەکتەرەکانی چـیرۆکـەکان راستـین. ئەمـەش دەکـەوێـتـە سـەر تـوانـا و لـێهـاتـوویی و ئەزمـوون و داهـێنانی چـیرۆکنووسان. کەواتە ئەوە ناگەیەنێـت کە ئەندێشە و خەیـاڵ لە چـیرۆکە ریالیزمییەکاندا شوێنیان نەبێت. بەڵکو خەیـاڵ هەوێنی هەمـوو بابەتە وێـژەییەکان و زانستییەکان و داهـێنانەکانە.
ئەم کورتە چـیرۆکە ریالـیزمییانە بۆ منـداڵان، لە ناوەڕۆکـیانـدا چەنـدیـن شـتی باش و جـوان و ئامانج و مەبەست و پەنـدی سوودبەخشیان لەخۆگرتوون. کە منـداڵان فێری رەفتار و هەڵسوکەوتی دروست دەکەن، تا لە ژیـانیانـدا بەکرداری جـێبەجـێیان بکەن. دەکـرێـت ئـەم چـیرۆکە ریالـیزمیـیانە، وەک مامـۆسـتایەکی باش بۆ منـداڵانی تـەمـەن بچـووک هـەژمـار بکـرێـن. لە راستیـشدا، بەشـێکی زۆری چـیرۆکـنووسانی منـداڵان، مامـۆسـتا و پەروەردەکـارن و ئاشـنای ئـارەزووەکـان و جـیهـانی بەریـنی منـداڵانـن.
شایەنی باسیشە چیرۆکە ریالیزمییەکانی منداڵان، تەنیا لە بابەتگەلـێک پێکـنەهـاتوون کە پەیـوەنـدییان بە ژیـانی راستیی مـرۆڤ و کەسایەتییە مرۆڤـییەکانەوە یا پاڵـەوان و کارەکتەرەکانیان هـەبێت، یا دەبێت تەنیـا مـرۆڤـبن، ئەمە مەرجـێکی سـنووردار نیـیە. بەڵکـوو هـەنـدێک جـار وا روودەدات کە نـووسـەرانی وێـژەی ریالـیزمی منـداڵان، بۆ نووسینی چـیرۆک بـۆ منـداڵان، پەنـا بـۆ فـێـڵە وێـژەیـیەکـان و بۆ شـێوازه هـونەرییە رێـککەوتـووەکان بـەرن. وەک بەکـارهـێنانی ئـاژەڵ و بـاڵنـدە و رووەک یان شـتە بێ گیـانەکـان، وەک هـێمـایەک لـە بـری مـرۆڤـەکـان و کـێـشـە و پـرسـە راستـیـیەکـان و خەسـڵەتە جـوان وناشـیرینەکـانیان، کە بە شـێوەیـەکی نـاڕاسـتەوخـۆ، گـۆزارشـت لە مەبەستەکانیان دەکـەن. بۆ نمـوونە: گـۆرگ هـێمای دڕنـدەیی چـاونـەزێـڕییـە، رێـوی هـێمای فـێـڵـبازی و زۆرزانییە، شـێر هـێمـای زۆردارییە، چەقـەڵ هـێمای چـڵـێسییە، سـەگ هـێمـای بە ئـەمـەکـیـیە، کـونـدەپـەپـوو هـێـمـای دانـایـیـە، مـەڕ هـێـمـای بـێ دەسـەڵاتـیـیە، مـار هـێمای بەدکـارییە،….هـتـد.
پاڵەوانی لە توانابەدەریش، تەنیا لە چـیرۆکە ئەنـدێشەیی و فـۆلکلـۆری و لە چـیرۆکە وێنەدارەکانـدا ناژیـن. لە هەمـوو شـوێنەکـانی ژیـانی رۆژانـەی دەوروبـارەمـان هـەن.
سەرهەڵـدانی وێـژەی ریالیزمی لە وێـژەی منداڵاندا، رەنگە لە بنەڕەتـدا وەرچەرخان و شۆڕشێک بێت، لە دژی لافاوی زاڵبوونی چیرۆکە ئەفـسانەییەکان و داستانەکان و ئەو چـیرۆکانە بێـت، کە بابـەتەکـانیـان، بە دەوری شـا و شـازادەکان و میـر و میـرزادەکان یان بە دەوری جنـۆکە، دێـوودرنـج، مەڕنەمووکە، رمووزن، لـۆژەند، شەوە، شومقـار، ئەژدیهـا، جادۆگەران، چەرخوفـەلەکی ئەفـسووناوی، شتی پـڕوپـوچ، دەعـبای سەیری خـەیـاڵـیدا دەسـووڕێـنـەوە. بـانـگەوازێـکە بۆ گـۆڕیـنی ئـەو چـیرۆکـانە، بـەو چـیرۆکە راستییانەی کە بابەتەکـانیان بە دەوری خەڵکی ئاسایی و چینە میللیەکاندا دەسوڕێنەوە. باس لـەو بابەتـانە دەکـەن، کە لە ژیـانی رۆژانـەی راستی و رووداوە بەردەوامەکـانی ئێستا وەرگیراون. ئەوەی کە زیاتر ئەم بـزووتنەوە ریـالـیزمییەی شیرینتر و بەهـێـزتر کردووە، بوونی رەخنەی وێژەییە لە ناوەڕۆکی لەو چیرۆکە فۆلکلۆری و ئەفسانەیی و داستانەکانە، کە بەشێکی زۆریـان بۆ ئەم سەردەمە ناگونجـێن و مەبـەست و بایەخـیان کـاڵـبوونـەتـەوە. بـۆیـە بەشـێکی زۆری نـووسـەرانی وێـژەی منـداڵانی ئەم سەردەمـە، پێیانوایە، کە ئەڵـتەرناتیـڤی ئەو چـیرۆکانە، چـیرۆکی ریالـیزمییە بۆ منداڵان. کە لەگەڵ رەوتی ژیـانی ئەم سەردەمـەدا گـونجـاون و بەهـا و پـرەنسیـپی بەرزیان لەخۆگرتـوون. نـوانـدنی ژیـان و ژینگەی منـداڵان وەکـو چـۆن لە راسـتیدا هـەن. منـداڵان دەتـوانـن بە ئاسانی لـێـیان تـێـبگەن.
بەشێکی زۆری ئەو چـیرۆکە ریالـیزمییانە، رەنگـدانەوە و کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر کەسـایـەتی منـداڵان هـەیـە یا دەبـێـت. بـە پـێچـەوانـەی بەشـێکی زۆری ئـەو چـیرۆکـە ئەفـسانەیـیانەوە، کە رەنگە کاریگەریی نەریـنی و رەنـگـدانـەوەی خـراپـیـان لە ژیـانی ئەمـڕۆ و داهـاتـوویانـدا هـەبێـت. وەک پشتبەستن بە میـتافـۆر و چارەسەری نەبـینراو، مـەیـلی تـونـدوتـیژی و شـەڕانـگـێـزی، تـەم و مـژ، ئـاڵـۆزی و خـەیـاڵـڕێـسی تـێـیانـدا. لەوانەشە تێـڕوانین و تێگەیشتنەکانی منـداڵان بۆ راستییەکان بشێوێنن. لە کاتێکـدا کە چیرۆکە ریالـیزمییەکان بەشداری لە ئامادەکردنی منـداڵان بۆ ژیان دەکەن و یارمەتییان دەدەن کە بە راستییەکان ئاشنابن و بیانگونجـێنن بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگاکەیاندا.
ئەمەش ئـەوە ناگـەیـەنـێـت، کە هـێـڵی راسـت و چـەپ بەسـەر چـیرۆکە فـۆلکـلۆری و ئەفسانەیی و داستان و چـیرۆکە میلـلییەکـانمانـدا بۆ منـداڵان بهـێنـین. کە بەشـێکـن لە سامانێ کەلەپـووری وێـژەیی نەتەوەییمان و شانـازییان پێوەدەکەین. بێگـومان وێـژەی تـازەی کوردیـمانـن. لەسەر پەرگەمـای وێـژەی کـلاسـیکـی کوردیـمـان چـنراوە.
چـیرۆکی ریالیزمی گرنگـترین جـۆرە لە جۆرەکانی چـیرۆکی منداڵان. هەموو رەهەنـدە پەروەردەیی و فـێرکاری و نیشـتمانی و کومەڵایەتی و زمانی و رەوشتی لەخۆدەگرێـت.

زمـان و خەیـاڵ دوو رەگەزی گرنگـن، لە رەگەزەکانی چـیرۆکی ریالـیزمی. زمان وەک کەرەسـتەیـەکی دەربـڕیـن و گـوزارشـتکـردن و داڕشـتـن. خـەیـاڵـیش دەبـێـتە رشـتەی بەیـەکەوە بەستـنی رووداوەکـان و پەیـوەنـدیی نێـوان کارەکـتەرەکـانی چـیرۆکەکـان.
لە وێـژەی منـداڵانی کورد دا، نموونەی چـیرۆکی ریالـیزمیـمان زۆرە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە چـیرۆکـنووسانی منـداڵانی کوردمـان، درکـیان بـە گـرنـگی ئـەم جـۆرە چـیرۆکە لە وێـژەی منـداڵانـدا کـردوون.
چـیرۆکی ریالیزمی بۆ هەموو قـۆنـاغـە تەمەنییەکـانی منـداڵی دەگونجـێت. بە مەرجێک توانا و زمـان و فـێـربوون و وەرگرتـن و ئارەزووەکان و سایکـۆلـۆژی قـۆنـاغـانی ئەو تەمـەنە منـداڵـییە لەبەرچـاو بگـیرێـن، کە چـیرۆکە ریـالـیزمییەکـانیان بۆ دەنـووسرێـن. بەڵام زیـاتر بۆ دوا قـۆناغی منـداڵی و سەرەتای هەرزەکاری گۆنجاوترە. کە حەزدەکەن دەربـارەی ژیـانی دەوروبەریـان و سـروشت و ئـاژەڵان و زانیـاریی جیـاوازتـر بـزانـن.
یەکـێک لە گەورەتـرین بەهـاکانی چـیرۆکی ریالـیزمی بۆ منـداڵان، ئەوەیە کە زۆرێک لە چـیرۆکە ریالـیزمییەکـان، رێـگە بە منـداڵان دەدەن کە کارەکـتەرەکـانی هـاوتـەمەنی خـۆیـان بنـاسـن کـە ئـارەزوو و کـێـشەی هـاوشـێوەیـان هـەیە. منـداڵان زۆر حەز بە خوێنـدنەوە دەربـارەی کەسانێک دەکـەن، کە بتـوانـن لـێـیان تـێـبگەن و لە کەسایەتی خـۆیـانەوە نـزیکـبـن.
چـیـرۆکی ریـالـیزمی بـۆ منـداڵان، هـۆکـارێکی گـرنـگە بـۆ بەرفـراوانکـردنی ئاسـۆی ئەنـدیـشە و بـیر و هـزری منـداڵان، بـۆ فـێربـوون و بـۆ نـوێـخـوازی و بـۆ داهـێـنان.
پێـویستە ئـەوەش بـزانیـن، مـەرج نیـیە کە هەموو چـیرۆکـێکی ریالـیزمی نـووسـراو، گـونجاوبـێـت بۆ منـداڵان. پێـویسـتە نـووسـەرانی چـیرۆکی ریـالـیزمی بۆ منـداڵان، لە گواسـتـنەوەی رووداو تـونـد و تیـژی و کەلـەڕەقی و لەخـۆبایـیـبوون و لە کـارەساتی ئازاردەر و کۆتـایی تـراژیـدیـای تـاڵ و لە بێ هـیوای و لە رەشـبیـنی دووربـکەونەوە. چـونـکـە کاریـگـەری و رەنـگـدانـەوەی خـراپیـان لەسـەر دەروونی منـداڵان دەبـێـت. پێویستە لە شێوازی ئامۆژگاری وشک و پەنـدێـری و رێنمایی تەڵـقـین ئاسایش نەبـن. کە منـداڵان وەرسـت و بـێـزار دەکـەن و هـیچ چـێژ و خۆشـیـیەکـیان لـێوەرناگـرن.
لە کاتی نووسینی ئەم بابەتەمـدا، چەنـد چـیرۆکێکی ریـالـیزمی چەنـد چـیرۆکنووسێکی ناسراوی کوردمان لە بواری نووسینی چیرۆکی منـداڵان خوێندەوە. بەداخەوە کە پـڕن لـە هـەڵـەی زەق و لە وشـەی نەشـیاوی وەک: دزی، درۆ، فـێـڵ، ساخـتە،..هـتـد. مـن پێموایە، بەکارهـێـنانی ئەم جـۆرە وشەگـەلە لە چـیرۆکی ریـالـیزمی منـداڵان نابەجـێـن.
پێـویستیشەە کۆتایی چـیرۆکە ریالـیزمییەکان بۆ منـداڵان، بە کۆتاییەکی تـراژیـدییا و بە ناخـۆشی و رەشـبـینی و بێ هـیوای و شکـستی کۆتـاییان نەیـەن. بەڵکـو بە خـۆشی و شـادی و بە سەرکەوتـن و هـیوا و گەشـبیـنی و گەیشـتن بە ئامـانج کۆتـاییـان بێـت.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣




گرنگییەکانی هـاوڕێیەتی بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

هـاوڕێیەتی بریتییە لە پەیوەندیی ئارەزوومەنـدانە لە نێوان دوو کەس یا زیاتردا، لەسەر بنەمـای رێـز و خۆشەویسی و دڵسۆزی. بە زۆریش لە نێـوان ئەو کەسانەی کە هەمـان گرنگـیدان و هەستـیان هـەیە. هـاوڕێیەتی بەشـێکی گرنـگە لە ژیـانمـان، ناتـوانین بەبێ هـاوڕێ هـەڵـبکەیـن. چونکە لە هـاوڕێتیـیەوە زۆر وانـە و پەنـد فـێردەبین وەردەگـرین. بە دێـژایی ژیانمان کەسانێکی زۆر دەناسیت و دەبـین بە ئاشـناو و بە ناسیاوی یەکتری. بەڵام تەنیا هـەنـدێکیان بۆ هـەمیشە لەگەڵمانـدا دەمێننەوە. ئەوانەش هـاوڕێ دڵسـۆز و راستییەکانمانن. کە لە شێنەیی و تەنگانەدا، لە خۆشی و ناخۆشیدا، لە شایی و شینـدا، لەگەڵـمانـن و بەسەرمانـدەکەنەوە و پـشـتـمان بەرنـادەن. ئـەم هـاوڕێ دڵسۆزانەشـمان گرنگـترین سەرەوەت و سامـانـن. دەتـوانـین متـمـانەیان پـێبکەیـن. بەخـتەوەریش ئەو کەسانەن کە هـاوڕێی دڵسـۆز و بە ئەمـەک و متـمانەپـێکـراویـان هـەیە.
بیـرمەنـدی یۆنـانی (ئەرستۆ) دەڵێـت:”گـەر دەربـارەی هـاوڕێیـەتی لە من دەپـرسیت، ئەوەیـە کە گـيانـێـكە و لە دوو جەســتە دایـە”.
بیـرمەنـدی کوردیـشمان (پـیرەمـێرد) دەڵـێت:
هـەزار دۆسـتـت بێ هـێـشـتـاکو کـەمـە
تـەنهـا دوژمــنـێ زۆر زۆر ســــتـەمـە
(شکـسپـیر) یش دەڵـێـت:”هـاوڕێـکانـم هـەژار بـوون.. بـەڵام راسـتگـۆ بـوون”.
(دیـل گـارنـگی) یش دەڵـێت:”تا دەتـوانیـت هـاوڕێیـانی دڵسـۆز پەیـدا بـکە، چونـکە تا هـاوڕێـت زیـاتـربێـت.. لە ژیـانـدا سـەرکەوتـووتـر دەبـيـت”.
هـاوڕێیەتی راسـتەقـینە، پـیرۆزتـرین و جـوانـترین و پاکـترین و بەرزترین پەیوەندیی کۆمەڵایـەتییە لە نێـوان مـرۆڤـدا. هاوڕێیەتی راستەقـینە رووەکـێکە بە دڵسۆزی و بە خۆشەویستی و بە هاوڕێزی و نیازپاکی ئاودەرێت و لەسەر خۆ دەڕوێت و باڵا دەکات.
تـوێـژێنەرەکان بە لێکـۆڵینەوە، گەیشتوون بەو ئەنجامەی، کە هاوڕێیەتی لە ژیانماندا، ئەگـەری تـووشـبوونی دەزگـاکـانی بەرگـری و نەخـۆشـیـیەکـانی دڵ کەمـتر دەکـاتـەوە. پەیـوەنـدیی هـاوڕێیەتی، بۆ هـەمـوو قـۆنـاغـەکـانی ژیـانی مـرۆڤ پێـویست و گرنـگە. تەنانەت بۆ منداڵانی ساواش، کە پێکەوە یاری دەکەن و هەست بە هـاوڕێیەتی دەکەن.

پاڵـنەر بۆ پەیـوەنـدیی هـاوڕێیـەتی، لە زۆربـەی منـداڵانـدا زگـماکـییە. بە زۆریـش لە رێی پێکەوە یاریکردن دروست دەبێـت. هـاوڕێیەتی لەلای منـداڵان خەونێکی جـوانە، پەیـوەندییەکی ساکار و پاک و گونجاو و راسـتە. هـیچ بەرژەوەنـدییەک لەخۆناگرێـت. بـەڵام لە رووی تەنـدروسـتی جـەسـتەیی و دەروونی و سـۆزداری و کـۆمـەڵایـەتی و پەروەردەییـەوە، کاریـگەرییـەکی گـەورەی لەسـەر ژیـانی منـداڵان هـەیە و دەبـێـت.
منـداڵان هـەیە بە سـروشـتی کـراوەن و کۆمـەڵایەتـین و حـەز بە تێکەڵبـوون دەکـەن. بە ئاسانی دەتـوانن پەیـوەنـدیی هـاوڕێیەتی دروست بـکەن. بەڵام هـەنـدێ لە منداڵان، پەیوەندیی هـاوڕێیەتی بە بەرەنگاربوونەوەیەکی گەورە دەزانن و ناتـوانن هاوڕێیەتی پـێکـبهـێـنن. هـۆیـەکی ئـەم تـرس و کـێـشەیەش بـۆ دایـکان و باوکـان دەگـەڕێتـەوە.
پەیـوەنـدیی هـاوڕێیەتی لە قـۆنـاغی منـداڵیـدا، کارێکی گرنـگ و تەنـدروستە. چونکە پێکهـێنانی هـاوڕێیەتی، لەوە زیـاترە تەنیا پێکەوە چـێژ و خۆشی لە یاری وەربگـرن.
لێکـۆڵـینەوەکـان ئەوەیـان سەلـمانـدووە، کە منـداڵانی گـۆشـەگـیر، کە هـاوڕێیـان نییە، هەمیشە هەست بە کەم متمانە بەخـۆبـوون دەکەن. سەرەڕای ئەوەی کە لە داهـاتوودا تووشی ئەقـڵی و سـۆزداری و خەمـۆکی دەبـن.
(پـۆل سـوارتـز) دەڵێـت:”زیـاتر لە نیـوەی ئـەو منـداڵانـەی، کە بۆ پـزیـشکی دەروونی دەنـێرێـن، بۆ چارەسەری کێـشەی رەفـتاری سـۆزداری. لەوانەن کە هیچ هـاوڕێیەکیان نییە یا بە زەحمـەت دەتـوانـن تـێکەڵ منـداڵانی هـاوتەمـەنیـان ببـن”
پەیـوەنـدیی هـاوڕێیـەتی، گـرنگـییەکی زۆری بـۆ منـداڵان هـەیە، یارمـەتیـان دەدات بۆ ئـەوەی لە داهـاتـوودا، تـوانـای پێکهـێـنانی پەیـوەنـدی و پێکەوەهـەڵکـردنیـان بـبێـت.
زانایـانی دەروونناسی و پسپۆرانی پەروەردە لە بارەی پەیـوەنـدیی هـاوڕێیەتی نێـوان منـداڵان، هـاواڕان و جەخـت لەسـەر گرنـگی هـاوڕێیـەتی بۆ منـداڵان دەکەنـەوە و بە پێویستیـیەکی بایـۆلـۆژی و سایکـۆلـۆژیی منـداڵانی دەزانـن.
لە دیـدی منـداڵانـەوە، هـاوڕێ کەسـێکی نـزیـکە لە دەروونیـانەوە. دەکـرێت پێکەوە بسازێـن و یـاری بکەن و گـفـتوگـۆ بکەن و رێـز لە را و بۆچـوونی یەکـتری بگـرن.

گـرنگی و سوودەکـانی هـاوڕێیەتی بۆ منـداڵان:
هـاوڕێیەتی زۆر گرنگە بۆ منداڵان و سوودی ئەرێنی زۆری بۆیان هەیە. بە کورتی و بە چـڕی باس لە بەشێک لە گرنگییەکانی پەیوەندیی هاوڕێیەتی نێوان منداڵان دەکەین:
١ـ هاوڕێیەتی یارمەتیی گەشەکردنی دەروونی و جووڵەیی و کۆمەڵایەتیی منداڵ دەدات.
٢ـ هـاوڕێیەتی یارمەتیی منـداڵ دەدات، بۆ ئـەوەی کەسـایەتییەکی بەهـێز و دروسـت و هاوسەنگ و دادپەروەر و یەکسانخواز و گەشبین و هـیواخواز و خاکی و مـتمانەبەخۆ و ئیـرادە بەهـێز بێـت لە ژیـانیدا. بتوانێت بەسەر شەرمکـردن و تـرس و دڵـەڕاوکی و هـەر کـێـشەیەک بێتـە رێی، ژیـرانە زاڵـبـێـت بە سەریـانـدا.
٣ـ هـاوڕێیەتی منـداڵ لە نەخۆشییە ئـۆرگانییەکان و لە گۆشـەگـیری دوور دەخـاتـەوە. گۆشـەگیریش مەتـرسـیدارە. چـونکە منـداڵ لاواز و بێ متـمـانە دەکـات و هـەسـت بە تەنیایی و دڵتەنگی و خەمۆکی و ترس و تووڕەیی و دڵەڕاوکی و نائاسوودەیی دەکات.
٤ـ هـاوڕێیەتی یارمەتیی منداڵ دەدات، بۆ دروستکردنی پەیـوەندیی کۆمەڵایەتی. هـەر منـداڵێک هـاوڕێی هەبێـت، دەتـوانێت تێکەڵ بە کۆمەڵـگا ببێت و لەگەڵ کەسانی تردا هـەڵـبکات و رۆڵ و کـارلێکـردنی لە هـاوڕێـکانی هـەبێـت.
٥ـ هـاوڕێیەتی هـەستی دڵـنیایی بە منـداڵ دەبـەخـشـێـت. منـداڵ لـە دەرەوەی ژیـنگەی خـێزانیـدا، هەسـت بە تـرس و دڵـەڕاوکێ دەکـات. بـەڵام لە ژیـنگەی قـوتابخـانەدا، کە پەیـوەندیی هـاوڕێیەتی بنیات دەنێت، هەست بە دڵـنیایی و ئاسوودەیی دەکـات، چونکە وا هەسـت دەکـات، کەسـانـێک هـەن دەیپـارێـزن و بەرگـریی لـێـدەکەن لـە دژی هـەر شـتـێک کە لـێی بتـرسێـت.
٦ـ منـداڵ لە رێی پەیـوەندیی هاوڕێیەتییەوە، فـێری بەهـای یارمەتیـدان و هـاوکاری و هەمـاهەنـگی و هـەرەوەزی و کاری خـێرخـوازی و پیـاوەتی دەبـێـت.
٧ـ هـاوڕێیەتی، یارمـەتیی منـداڵ دەدات بـۆ زاڵـبوون بەسـەر کێـشەکـانی قـسەکـردن، ئەگـەر هـەبێت. زانستـیی زمـانەوانی بەدەسـت دەهـێنـێـت.
٨ـ هـاوڕێیـەتی دروسـت و بتـەو، تەنـدروستی و هـاوسەنـگـیی دەروونی و شـادی و چـالاکی بە منـداڵ دەبەخـشـێت، هـەستکـردنی منـداڵ بە خـۆشـەویستی و دلـۆڤـانی و گـرنگـیپێـدانی لەلایـەن کەسـانێکی دڵسـۆزی دەوروبەریـیەوە، دەبـێـتە هـۆی ئەوەی کەسایەتیـیەکی دەروون گەشـبـین و هـزر و بیـرکـردنەوەی ئەرێـنی لـێـبـێـتە ئـاراوە. هەست بەوە دەکات، بە هـەنـدی دەزانـن و پـێگە و سەنـگ و رۆڵی لە لایـان هـەیە.

٩ـ هـاوڕێیـەتی منـداڵ لە خۆپـەرستی و نێرگـزی و خـۆبەزیاتـرزانـین رزگـار دەکات. فـێری لـێـبووردن و ئـاشـتەوایی و پـێکەوەهـەڵـکـردنی، لەگـەڵ کەسـانی تـر دەکـات.
١٠ـ هاوڕێیەتی وا لە منداڵ دەکات، کە کەمتر ئامـێرە ئەلیکـترۆنییەکان بەکاربهـێـنن.
١١ـ منـداڵ لە رێی پەیـوەندیی هـاوڕێیەتییەوە، زیاتر قسە و باس دەکات و گوزارشـت لە خـۆی لە خەون و لە هـیواکانی دەکـات. بەمـەش ئاسۆی خەیـاڵی فـراوانـتر دەبێـت.
١٢ـ هـاوڕێیەتی یارمەتیی منـداڵ دەدات بۆ کراونەوە و بۆ رزگاربـوونی و لە شەرمی کۆمـەڵایـەتی. بـۆ دەرخـسـتـنی بەهـرە و وزەی پەنـگخـواردووی دەروونی.
١٣ـ لە رێی هـاوڕێیەتییەوە، لـێهـاتـوویی و شارەزایی تـوانای سەرکـردایەتـیکـردن و رابـەری لە لای منـداڵ گەشـەدەکـات.
١٤ـ هـاوڕێیـەتی ئـەو دەرفـەتە بـۆ منـداڵ دەرەخـسێـنـێـت، بە تایبـەتیـش بۆ منـداڵانی کوردمان لە هەنـدەراندا، کە شارەزای ژینگە و کولتـوورە جیـاوازەکان بن، لە هەمـان کاتیـشدا کولتـووری کوردیمـان بە هـاوڕێکانیـان لە نەتـەوە جیـاوزەکان، ئاشـنا بکەن.
١٥ـ پەیوەندیی هاوڕێیەتی یارمەتیی منداڵ دەدات، بۆ باشترکردنی بارودۆخی لە رووی تەندروستیی بایـۆلـۆژییـەوە. ئەوەش لە رێـگەی یاریکـردن و پـراکتیزەکردنی چالاکییە بە کۆمـەڵـیـیەکانـیان لەگـەڵ هـاوڕێـکانـیـدا. رێـکەوتـنیـان لەسـەر پـلانی خـوێـنـدنیـان، هـاوبەشیکـردنیان لە کـێـبڕکـێی ئەرێـنیـدا بە رۆحـێکی وەرزشـیـیەوە.
١٦ـ هـاوڕێیەتی یارمەتیی منداڵ دەدات بۆ تێکەڵبـوون بە کۆمەڵگاکەی لە قوتابخانەدا.
١٧ـ هـاوڕێیەتی، پـەرە بە چەمکی سەربەخـۆیی منـداڵ دەدات، لە جیهـانێکی تایبەتی خـوێـدا، کە لەو منـداڵانە پێکهـاتـووە کە خـۆی هـەڵـیانی بـژاردوون.
١٨ـ منـداڵ لە رێی هـاوڕێیـەتـیـیەوە، شـارەزایی لە چـۆنـیـیەتی مـامـەڵـەکـردن لەگـەڵ کەسـایەتییە جیـاوازەکان دەبـێـت.
١٩ـ منـداڵ شانازی بەوەوە دەکات کە هـاوڕێی باش و دڵسۆزی هەیە، خۆشیانی دەوێن و ئەوانیش ئەمیان خۆشدەوێـت. لە کاتی تەنگانە و کێـشەکانیـدا، هـاوڕێـکانی دەبـن بە فـریـادڕەسی و لەگەڵـیـدان دەبـن و بەرگـریی لێـدەکەن. هەستکـردنی منـداڵ بـەوەی کە تەنیـا نیـیە، ئازایـەتی و هـێز و بـوێـری و دڵخـۆشیی پـێـدەبەخـشـێـت.
٢٠ـ لە سایـەی پەیـوەنـدیی هـاوڕێیەتیـدا، منـداڵ هـەوڵی پـێـشکەوتـن دەدات. هـەوڵی ئەوەش دەدات لە کێـشەگەلـێک رزگاری بێـت، وەک: تەنیایی و دڵەڕاوکێ و دابـڕان و لە دایک و باوکی و لە قوتابخانەکەی. راز و نیازە پاکەکانی بۆ هاوڕێکان باس دەکات.
٢١ـ هاوڕێیەتی راستەقـینە لە نێوان کچـان و کوڕاندا، لە هەستی جیاوازی رەگەزی و کوڕسـالاری دووریـان دەخـاتـەوە. لـەم رووەوە قـوتـابخـانە تـێکەڵاوە بنـەڕەتـییەکـان رۆڵـێکی گـرنـگـیان هـەیە، بـۆ هـەرەسهـێـنان بە جیـاوزی رەگـەزی.
دایـکان و باوکـانێکی زۆر، رێگـری لە منـداڵەکـانیـان دەکەن، بۆ ئـەوەی کە پەیـوەنـدیی هـاوڕێیەتی لەگەڵ منداڵانی تردا دروست بکەن، لە تـرسی ئەوەی نەک تێکەڵی منـداڵانی خراپ و بەدرەفتار و ناپەسەنـد ببن و لەڕێ دەریان بکەن. تا رادەیەک ئەم نیگەرانییەی دایکان و باوکان لەجـێی خۆیـدایە. بەڵام نابێت هـێـندەش زیـادەڕۆیی لە تـرسـدا بـکەن و منـداڵەکانیان گـۆشـەگـیربکەن و هەمـوو شتێکـیان لـێبکەن بە نەکـەیـت بـڤـەیـە. بەڵکـو پێویستە منـداڵەکانیان، ئازادیی پـێکهـێنانی پەیـوەنـدیی هـاوڕێیەتییان هەبێت، لەگەڵ ئەو منـداڵانەی هـاوتـەمەنی خـۆیـانـن ببـن بە هـاوڕێ. ئـەرەکی پێـویـستی ئێـوەی دایـکان و باوکـانیـشە، کە لە نـزیـک و دوورەوە، چـاودێـریی منـداڵـەکـانتـان بـکەن و رێـنـمایی و ئامـۆژگـاریی پێـویستیان بکەن و ناسـنامـەی هـاوڕێـکانیـان بـزانـن. دەشـتوانـن سـوود لـەو چـیرۆکـانە وەربـگـرن کـە بـۆ منـداڵان نـووسـراون و بـابـەتـەکـانـیـان، دەربـارەی هـاوڕێی دڵسۆزی رۆژانی شـێـنەیی و تەنـگانـەن. دەشـتوانـن سەردانی مامۆستاکانیان بکەن و بـزانن منداڵەکانتان لە قـوتابخانەدا هـاوڕێیەتی کێ دەکەن. دەشتوانن لە دەمی منـداڵەکانتـانەوە، بـزانن هـاوڕێـکانیـان کـێن و تا چ رادەیـەک لە گەڵـیانـدا ئاسوودەن.
ئەرکی ئێوەی دایکان و باوکان لە هـاوڕێیەتی منـداڵەکانتان:
ئێـوەی دایـکان و باوکـان، چـۆن دەتـوانـن یارمـەتـیی منـداڵەکـانتـان بـدەن، بـۆ ئـەوەی لە هەڵـبژاردنی هـاوڕێی باشدا سەرکەتـووبـن. هـیوادارم سـوود لەم خـاڵانە وەربگـرن:
١ـ پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان لە پەیـوەندیییەکانی نێوانتان، نموونە و پێشەنگ و سەرمەشقی پەیـوەنـدیی باشبن، کە پـڕبێـت لە خۆشەویستی و رێـز و لەیەکـتـێگەیشتن. ئەمەش هاندەر و پاڵنەرە، بۆ ئەوەی منـداڵەکانتان چاو لەم پەیوەندییە باشانەتان بکەن. بە چـاولـێکـردن لە ئێـوە، بتـوانـن پەیـوەنـدییـەکی هـاوڕێیـەتی دروســت دروسـتـبکەن.
٢ـ گرنگە کە ئێوەی دایـکان و باوکـان، ببن بە هـاوڕێی یەکەمی منـداڵەکانتـان، لەسەر بنەمای خۆشەویستی و رێـز و سۆزداری و هەستکردن بە ئاسوودەیی دروست ببێـت. بۆ ئەوەی بتـوانن ئامۆژگاری و ئاراستەیان بکەن. بێ ئەوەی هەست بە خۆسەپاندنی ئێوە بکەن. ئەمەش هانیان دەدات کە بۆ چارەسەری کێشەکانیان داوای ئامۆژگاریتان لـێبکەن و ئێـوە بە پشـت و پەنـا و فـریـادڕەس بـزانـن.
٣ـ پێویستە خەسڵەتە بـەد و خـراپەکـانی هـاوڕێی خراپیان فـێربکەن. کە گرنـگە لـێیان دووربکەونەوە. هـاورێی خراپێش لە هەڵـوێستەکانیدا دەردەکەوێت. گاڵتە و مـووبە بە هاوڕێکەی دەکات، ئیرەیی بە سەرکەوتن و باڵابوونی دەبات، رێز لە تایبەتمەندییەکانی ناگرێـت. هەست بە دڵنیایی و ئاسوودەبـوون ناکات کە کاتێک مامەڵەی لەگەڵـدا دەکات.
٤ـ کە زانیتان منداڵەکەتان کەم قسەدەکات و باسی هەڵـوێستەکانی لەگەڵ هـاوڕێکانیـدا ناکات. دەتوانن بۆ میوانـداری، بانگی هاوڕێکانی بۆ ماڵەوە بکەن، لە کاتی بۆنەیەکدا، وەک: جـەژنی رۆژی لەدایکبـوونی. یا بۆ یاریکـردن و خۆشی پێکەوە بانگیان بکەن. بە ناڕاسـتەوخـۆ چاودێـریی منـداڵەکەتـان بـکەن. بـزانـن چـۆن هـەڵـسوکەوت لەگـەڵ هـاوڕێکانیـدا دەکـات تا چ رادەیـەک هـاوبەشـییان دەکـات؟
٥ـ فـێری منـداڵەکەتـان بـکەن کە گرنگە یاریی ئامانجـدار لەگـەڵ هـاوڕێکانـیدا بکات. چونکە یارمەتیی دەدەدەن، بۆ دەستهـێنانی شارەزایی و فـێربوونی هـونەری دیالـۆگ.
٦ـ هـانی منـداڵـەکەتـان بـدەن، کـە بە پـێی بەهـرە و ئـارەزووی خـۆی بەشـداری لە چالاکـییە جیاوازییە بە کۆمـەڵـییەکانی قـوتـابخـانەکەی بـکات و بەهـرە و توانـاکانی خـۆێ دەربخـات.
٧ـ کـاتێک هـەسـت بـەوە دەکـەن کە منـداڵـەکـەتـان، لە لایـەن هـاوڕێـیـەکـیـیەوە لە قـوتابخـانەکەیـدا، ئـازاری جەستەیی و دەروونی دەنـۆشـێـت و مـووبـەی لێـدەکـات. پێـویسـتە بە خـێرایی بـێـنـە دەنـگ و لـەو هـاوڕێـیـەی دووریـبخـەنـەوە. سـەردانی قوتـابخـانەکەی بـکەن و لەگـەڵ بەڕێـوەبـەر و مامـۆسـتاکـانی قـسە بـکەن و داوای چاوپێکەوتنی دایک و باوکی ئەو هـاوڕێیەی بکەن و بگەنە چارەسەری کـێشەکەی.
٨ـ گەر منـداڵەکەتـان هـاوڕێی نەبێت و حەز بە هـاوڕێیەتی هـیچ منـداڵـێک نەکـات، دەشێت کێشەیەکی دەروونی هـەبێـت. دەتـوانن بیبەن بـۆ لای پـزیـشکی دەروونی و لەوانەیە هـۆیەکـەیتـان بـۆ باس بـکات و سـوود لە رێـنمـاییەکـانی وەربگـرن.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣
(*) تا رادەیەک سوود لە چەند سایتێکی ئینگـلیزی و نەرویجی و عەرەبی وەرگرتووە.




کوردستان لە هـۆنـراوەکانی هـۆزانـڤـانـانی منـداڵان.. رەزا شـوان

کوردسـتانی رەنگـین و جـوان، لە ئەوپـەڕی باکـوورییەوە تـا ئەوپـەڕی باشـووری، لە ئەوپەڕی رۆژهـەڵاتییەوە تا ئەوپـەڕی رۆژئـاوای، نیشتـمانی پیـرۆز و شـیرینی ئـێمەی کورد و هـەموو ئەو کەمـایەتییە نەتـەوانـەشە، کە لە کـوردسـتانـدا وەکـو بـرا دەژیـن و خـۆیـان بە کوردستانی دەزانـن و هـاوبەسـتەبـوونیـان بـۆ کـوردسـتان هـەیە.

کوردسـتان جـێی هـەزاران هـەزار سـاڵەی بـاوک و بـاپیـرانـمـانە، لانـکەی یەکـەمـین و کـۆنترین و رەسەنترین شارستانییە لە جیهـانـدا. کوردستان جـوانترین و پیـرۆزتـرین و شیرینـترین وشـەیە، کە بۆتـە وێـردی هـەمیشەی سـەر زمـانی هەموومـان. کوردسـتان جـوانترین هـۆنراوەی ناو دیوانی ناخـی دڵ و دەروونمانە. کوردستان خۆشترین سروود و ئـاواز و بەستە و گۆرانـیمـانە. کوردسـتان شابـووکی بـووکـانە، فـیردەۆسی جـیهـانە. کوردسـتان دڵـمانە، چـاومـانە، هەنـاسەمـانە، گـروپی خوێـنـمانە، ژیانـمانە. کوردسـتان جـوگـرافـیا و مـێـژوو و پێـناسـەمـانە، رابـردوو و ئـێـسـتا و داهـاتـوومـانـە. ئـابـڕوو و شکـۆمەنـدی و سەروەری و شانـازیمـانە. خـاک و خـۆڵی، دەشـت و دۆڵـی، گـوڵـزاری، نێـرگـزەجـاڕی، چـیمەنی سەوزی، قـاسپە قـاسپی کـەوی، چیـای سەركەشی، دارسـتانی، چەم و باخ و رەز و بێستانی، گەرمیان و کوێستانی، بەهار و هـاوین و پاییز و زستانی، کانی و تاڤگە و جـۆگەلە و رووبـاری، گـونـد و شارۆچـکە و شـاری، کوچـە و کـۆڵانی، خـۆری گەشی و مانـگی تابـان و ئەستێرە و ئاسـمانی، …هـتد. هەموویـان بەشێکـن لە ژیانمـان. کوردستان دایـک و بـاوک و خـوشـک و بـرا و کەسوکـار و خـزم و هـاوڕێ و هەمـوو کـەسـمـانە. کوردسـتان خـۆشـتـریـن خـەون و بەرزتـریـن هـیوا و، پیـرۆزتـرین ئامـانجی هەموومـانە. کوردستان گـوڵی چـوار وەرزەی ساڵـمـانە، رەگی لەناو ئیـنجانەی دڵـمانە. بـێ کـوردسـتان گـیانی بـێ دڵـین، باڵـندەی بـێ بـاڵـین، مـاسی بـێ ئـاویـن. هـیچ وشەیەک نیـیە، بە قـەی وشەی کوردسـتان، هـێـندە شـیریـن و بەچـێژ بێـت لە دڵـمان و لەسـەر زمـانمـان. راسـتە مـاڵ و سامـانـمان، خـوێـن و گیـان و ژیـانمـان، زۆر شـیریـن و بەنـرخـن. بەڵام لەمـانە زۆر شــیرینـتر و بەنـرخـتر کـوردســتانە. هـەسـت و سـۆز و پـەرۆش و خـۆشـەویستـیـمان بـۆ کوردسـتان، ماکــییە و تـێکەڵی خـوێـنمـان بـووەە.
هـۆزانـڤـانی گەورەی گەلەکەمـان، رابـەری نـوێخـوازی (عـەبـدوڵـڵا گـۆران) دەڵـێـت:
کوردســتان : جــێگامی جـێی هــەزار سـاڵەم
پەروەردەی ئەم دۆڵ و سەر لـووتکە و یاڵەم
عەشقی تۆ ، ئەی دایکی خـۆم و هـاوخـوێـنم
هـەر لە پشــــتی باوکـــا چـــــووە خــــــوێـنم
ئەشـچـێــتـە هــــــەوێـنی کــــوڕ و کــــوڕەزا
تا تــاقـێ کـــورد مـــابێ لە چـیـــای بـــــەرزا
بێگـۆمان هـۆزانـڤـانـانی منـداڵانی کوردمان، رۆڵـێکی گـرنگ و کاریگەریـان هەبـوو و هەیە، لە شیرینکردن و لە رواندنی سۆز و پەرۆش و خۆشەویستی و هـاوبەستەبوون بۆ کوردستانی نیشتمانمان، لە دڵ و دەروونی منداڵانی کوردمانـدا. بە زاخاودانی خەیال و هـۆش و ویـژدانیـان، لە میـانەی هـۆنـراوە نـاسک و شـیرینەکـانیـانـەوە، کە بەسـەر کوردستانـدا هـەڵیان داون و هـەڵیانـدەدەن. ئەمـەش رەهـەنـد و ئامانجـێکی سەرەکی و ستراتیژیی نەتەوەیی و نیـشـتمـانییە، لە رەهـەنـدەکانی هـۆنـراوەی منـداڵانی کوردمان.
ئەم کۆپـلە هـۆنـراوە جـوانە ـ هـۆزانڤانەکەی نەناسراوە ـ جەخـت لەسەر ئەوە دەکات، پێویستە هـەر لە منـداڵـییەوە، منـداڵەکـانمان بە کوردستان پەروەری پەروەردەبکەیـن:
خـەریـتــەی هـەمــوو خــــاکـی کوردســــتـان
دایـــک بـە دەرزی و دەزوو و دروومـــــــان
بـکـێـشـێـت لەسـەر سـەربـێـشکـەی مـنـــــاڵ
هـەر بـە کـوردســــتـان بـێــــتـە گــڕوگــــــاڵ
لـە بـێـشـکـەی وایـا چــــاو هـەڵــنـەهــــێـنـێ
درۆیـــە هــەســــــتـێ و تـــــۆڵـە بـســـــێـنـێ
زۆرن ئەو هـۆزانڤـانانەی کە هـۆنـراوە و سـروودیان بۆ منداڵانی کوردمان نووسیون و بەسەر کوردستانـدا هـەڵـیانـداوە. هـۆنـراوە و سـروودەکـانیـش زۆرن. بە زۆریـش ئـەم ژانـرە هـۆنـراوەیە دەچـێتە نـاو چـوارچـێوەی سـروودەوە. بەشێکـیش لـەو سروودانەی کـە هـۆزانـڤـانـانی گـەورەکـان، بەسـەر کوردسـتانـدا هـەڵـیان داوە و بـۆ گـەورەکـانیـان نووسـیون، بۆ منـداڵانی هـەراشـیـش گـونجـاون و بـوونـەتە سـروودی قـوتـابخـانەکان.
وەکـو نمـوونە، دێـڕێک یا دوو دێـڕ، کـۆپـلـەیەک یا دوو کـۆپـلـەمـان لە هـۆنـراوەکـانی کۆمەڵێک لە هـۆزانـڤـانانی ناسراوی کوردمان لە بواری نووسینی هـۆنراوە بۆ منداڵان، گـوڵـبژێـرمـان لەو هـۆنـراوانە کـردووە، کە نـاوی کوردسـتان یا نیـشــتـمان یا وڵاتـیـان لەخـۆگـرتـوون. لە سـەرەتا یـان ناوەڕاسـت یان لـە کـۆتـایی هـۆنـراوکـانـیاندا وەریـانـم گـرتـوون. ئەگـەر تەواوی هـۆنـراوەکـانیان بنووسین و لـێکـۆڵـینەوەیان لەسەربکەیـن، بە پەرتـووکـێکی گەورەش تـەواو نـابێـت. ئەو خوێنەرانەی کە هـۆگـری خـوێنـدنەوەی هـۆنـراوەی منـداڵانن، گـەر دەیانەوێـت تـەواوی هـۆنـراوەکانی هـۆزانـڤـانـانی منـداڵان بخـوێنـنەوە. دەتـوانـن پەرتـووکەکانی ئـەو هـۆزانـڤـانـانە بەسـەربکەنەوە، کە نـاویـان لەم نووسـینەدا هـاتـوون.
١ـ مامۆسـتا (کاکـەی فـەللاح) لە هـۆنـراوەی (خۆشـم ئەوێ وڵاتـەکەم) دا، دەڵێـت:
کوردســــتـانـە خـۆشـــەویـســتـم
هـەتـــا مــــاوم ئـەیـپــــەرســـتـم
هـاوار ئـەکـا هـۆش و هـەســـتـم
بـە جـــوانی دیـمـــەنی مـەســـتـم
دڵـــــــم ئـەڵـێ نــەک زوبـــــــانـم
خـۆشـــم ئـەوێ کوردســـــــتـانـم
خـۆشــەویـسـتـیی نـیـشــــتـمـانـم
بـۆتــە لـەوحــــــەی ئـیـمـــــــانـم
٢ـ مامۆسـتا (عـەبـدوڵڵا زێـوەر) لە هـۆنـراوەی (وەتـەنی مـن) دا، دەڵـێـت:
وەتــــەنی مـن کوردســـتـانە، یـادگــاری ئـەجــــدادمـــانـە
بـەهەشـتی رووی سەر زەمیـنە، خاکی پاکی کوردسـتـانـە
هـەر مامۆستا زێـۆەر بە دەمی منـداڵان و نەوجـەوانـانەوە، دەڵـێـت:
ئـێـمــە کـە مـنـــداڵ و نـەوجـەوانـانـیـن
هـەمــوو بـە قـوربــانی کوردســـتـانـیـن
٣ـ مامۆستا (فـایـق بـێکەس) لە هـۆنراوەی (خـوایە وەتـەن ئاواکەی) دا، دەڵـێت:
خــوایـە وەتــــەن ئـاواکـــەی، چــەنــد دڵـگــــیـر و شــــیـریـنــە
دەشـتی خـۆش و رەنگـیـنە، ئـاوی کەوسەرە، خـاکی گـەوهـەرە
پـڕ لـە گــوڵ و نـەســــریـنـە
هـەر مامۆسـتا فایـق بـێکەس، دەڵـێـت:
ئـەبـێ تـێکـۆشــــیـن ئـەمــڕۆ مــەردانـە
چـونـکـە کـوردســتـان چــاوی لـێـمــانـە
٤ـ پارێـزەر (یـونـس دڵـدار) لە هـۆنـراوەی (رۆڵـەی تـازە) دا، دەڵـێـت:
مـن رۆڵــــەی کـوردســـــتـانـم
تـــازە رۆڵـــــەی کـــــــوردانـم
تـاکــــو وڵات ســـــــەرکـــەوێ
فـیـــــدایـە رۆح و گـــــــــیـانـم
٥ـ مامـۆسـتا (هـێـمـن مـوکـریـانی) لە چـوارینـە هـۆنـراوەیـەکـدا، دەڵـێـت:
چــیــم پـێ دەڵــــێـن لــێـرە و لـــەوێ
مــن کوردســــــتـانـم خـــــۆش دەوێ
پـێـشــــم بـڵــــێـن جـــــن و دێــــــوی
دەیـپــەرســـــــتـم چـــــڕ و کـــــێـوی
هەر مامـۆسـتا هــێمـن مـوکـریـانی لە هـۆنـراوەی (تـۆم هـەر لەبیـرە) دا، دەڵـێـت:
لـە شـــایـی دا لـە وەخـــتی هـەڵــــــپـەڕیـنـا
لـە خـۆشــــیـدا لـە کــــــاتی پـێــــــکـەنـیـنـا
لـە کـــۆڕی مــاتــــەم و گـریـــان و شـــیـنـا
ئـەمـن ئـەی نیـشـتـمـان تـۆم هـەر لە بـیـرە
٦ــ مامـۆسـتا (جـگـەرخـوێـن ـ شـێخ مـوس حـەسـەن محـەمـەد) لە هـۆنـراوەی
(شـام شـەکـرە، بـەڵام وڵات شــیرینـترە) دا، دەڵـێـت:
وەڵاتــێ مـــن تـــووی بـووکـــــا جـیـهـــــــانـی
هـەمی بــاغ و بەهـەشــت و مــێـرگ و کـــانـی
شـەپــال و شـەنـگ و شـۆخ و نــاز و گــەوری
گـەلــەک شـــیـریـن و رنــــد و پـــــڕ جـــوانـی
هـەر مامۆستا جـگەرخـوێـن لە هـۆنـراوەی (کوردســتان) دا، دەڵـێـت:
کوردســـــتـانـێ ، کوردســــــتـان
بـەخــــچـێ گــــــولا ، دەردێ دلا
ئـیـــرۆ مــــایـە بــن دەســــــتـان
کوردســــــــــــتـان بـلـــــــــــنـدی
هــەمی بـــــــاژار و گـــــــونــدی
هــــــەچـی کـــەس بـخـــــــوازی
دڤــــێ جــــانـێ خـــۆ بـتــــەدنـی

٧ـ مامۆسـتا (محمەد ساڵح دیلان) لە هـۆنـراوەی (کوردستان بەهەشتی زەمین) دا:
کوردســـتـان بـەهـەشـتـی زەمــیـن
جـێـی تـێـکـۆشـــان و راپـــــەڕیـن
مـەڵـبـەنـدی کــــاوەی قـارەمـــــان
کـوردســـــــتـان ، کـوردســـــــتـان
٨ـ مامۆستا (هـەژار موکریانی) لە هـۆنـراوەی (کوردستان نیشتمانی کورد) دا، دەڵێت:
کوردســــــــتـان ، نـیـشــــــتـمـانـی کـورد
بـەرز و پـیرۆزی سـوێـنـدت پـێ ئـەخـۆم
بە سـەربـەخـۆیـی بە خـوێـن و بە گـیـان
کوردســـــــــــــتـان ، کوردســـــــــــــتـان
٩ـ مامۆسـتا (عـەبـدوڵڵا گـۆران) لە هـۆنـراوەی (کوردستان) دا، دەڵـێـت:
کوردســـتـان، کوردســـتـان، نـیـشـتـمـانی جــوان
هـەر بــژی بـە شــادی سـەربـەســتی و ئـــازادی
هــــەر بـــــژی ، هــــەر بــــژی ، هـــــەر بــــژی
١٠ ـ مامۆستا (محەمەد رەسووڵ هاوار) لە هۆنراوەی (دیمەنی کوردستان) دا، دەڵێت:
کوردســـتـان جـێـــگـای بـەچـــکـە شـــێـرانـە
جـێــگـای هــەوارگــــەی کـــورد و گــــۆرانـە
خـوایـە هـەر خـۆش بـێ بـۆمـان تـا سـەر بـێ
پـاشــــمـاوەی خـــاکـی مـــــــاد و بـابــــــــانـە
خـۆشــتـریـن جـێـگـای رووی سـەر زەمـیـنـە
بـەهــەشـــــتی ئـــــــاوای رۆژی دوایـیــــــنـە
١١ـ مامـۆسـتا (ئـەحـمـەد هـەردی) دەڵـێـت:
ئـەی قـوتــابی خــاکی کـوردســــتـانــەکـەم
لاوی لـوڕســــــتـان و بـادیـنـــــنـانـــەکـەم
رۆڵــەی دەرســــیـم و هـەورامــــانــەکـەم
هـەر لە دیـمــگـری هـــەتـا بـارزانــەکــەم
خــاکـی کوردســتـانی تـۆ یـــەک لانــــەیـە
بـەشـکـراوی نـاحــــەز و بــێـــــگـانـــەیـە
١٢ـ مامۆستا (شـێـخ سـەلام) لە هـۆنـراوەی (هـەسـتە لەخـەو) دا، دەڵێت:
وامـــەزانـە خـــــاکـی وەتـــــــــەن
ئـــــاو و گـــــــــڵـە و دار و دەوەن
ئـــەم وەتـــــەن و ئــــــاو و گـــڵـە
پـشــت و ئـەژنـۆ و جـەرگ و دڵـە

١٣ـ مامۆستا (کامـەران مـوکـری) لە هـۆنـراوەی (وڵاتـی مـن) دا، دەڵێت:
وڵاتـــــــی مـــــــن شـــــــیـریـنــە
خــــــــاکــێـکی نــازەنـيـــــــــــنـە
بەهــار، دەشــتی زەرد و ســوور
ئـەبـێــت بـە کـۆمـــەڵـی نـــــوور
١٤ـ کاک (لەتـیـف هـەڵـمەت) چەند هـۆنـراوەیەکی لەسەر کوردستان و نیـشتمان بۆ منـداڵان نووسـیـوە. (کوردسـتان و نیشـتـمان لە هـۆنـراوەکانی لـەتـیـف هـەڵـمەت بۆ منـداڵان) ناونیشانی نووسینێکـمە، کە لە (ینایـر/٢٠١٤) دا، لە سـایتە کوردییەکانـدا بڵاوکردەوە. کە دەربارەی کوردستان و نیشتمانە لە هـۆنراوەکانی لەتیف هەڵمەت دا.
کاک لەتیـف هەڵـمەت لە هـۆنـراوەی (دایـک و نیشـتـمان) دا، دەڵـێـت:
گــــــەڕام سـەرانـســــــەری زەوی
پـشـــــکـنـیـم لـووتـــــکـە و نـەوی
نـەمـدی شـوێنێکی خۆش و جـوان
دڵـگـــیـر بـێ وەک نـیـشـتــمــــــان
هەر کـاک لەتیـف هـەڵـمەت لە هـۆنـراوەی (نیـشـتـمان) دا، دەڵـێـت:
وەک چــــــــــــــۆن بـاڵــــــــــــــــــــدار
لانــــــەی هــــــەیـە لـە ســــــــــەر دار

وەک چـۆن پەپــوولـەی جــوان جــوان
لانــــــــە دەکــــــەن لـەنـــاو گـــــــوڵان
وەکـو چـــــــۆن مـانـــــگـی تـابــــــــان
مـــــاڵی هــــــــەیـە لـە ئـاســـمـــــــــان
وەکـو چــــۆن مـــــاسـی و حـــــــەزیــا
مـاڵــیـــــان هــــــەیـە لـەنــــــاو دەریــا
مـنیـش نیــشـتـمانـم هـەیـە نـیـشـتـمـان
نیـشـتـمـانـم کوردســتـانـە کوردســتـان
١٥ـ مامۆستا (عـەلی عـەبـدوڵڵا شەونـم ) لە هـۆنـراوەی (وڵاتـەکەم) دا، دەڵێت:
وەڵاتــــــــــەکــەم ژیـــــــــانـمـە
چــاوگـی بـەهـــرەی جــــوانـمـە
خـۆم و سـەرم هـەرچـیـم هـەیـە
بـەرووبـــوومی ئـەم خــــاکـەیـە

١٦ـ خـاتـوو سەبـریە نـوری قـادر کە بە (دایـکی سـۆلاڤ) ناسـراوە، دەڵـێـت:
کـــوردم رۆڵــــەی کوردســــتـانـم
خـۆشــــم ئـــەوێ نـیـشـتـــــمـانـم
هـەر دایکی سـۆلاڤ دەڵـێـت:
لـە گـوێـمــــایـە بـە لای لایـــــــە
بـە دەنـــــگـی خـــۆشی دایـــــــە
کـە پــــێـی وتــــم نـیـشــــــتـمـان
شـــــــــیـریـنـتـرە لـە گـــــــــیـان

١٧ـ مامۆستا (فـەرەیـدون عـەلی ئەمـین) لە هـۆنـراوەی (نەوەی کـاوە) دا، دەڵێت:
نـــــەوەی كـــــاوەی کوردســــــتـانـم
چـقـــــڵـی چـــــــاوی دوژمــــــــنـانـم
١٨ـ مامۆسـتا (کـازم کۆیی) لە هـۆنـراوەی (کوردستان) دا، دەڵـێـت:
کوردســـتـان جـێــگـەی ژیــــانـم
زێـــدی بـــاوک و بـاپــــــــیـرانـم
هــێـزی دڵـــم سـۆمـــای چــــاوم
پـێـشـمەرگەی تـۆم هـەتـا مـــاوم
مامۆستا کازم کۆیی لە هـۆنـراوەیەکی تری، هەر لەژێر ناوی (کوردستان) دا، دەڵێت:
کوردســــــتـانـم شــــــــیـریـنـە
زۆر دڵـگـــــیـر و رەنــــگـیـنـە
شــاخـی بــــەرز و بەفــــریـنـە
١٩ـ مامۆستا (عـەلی حەمەڕەشـید بەرزنـجی) لە هـۆنـراوەی (کوردستان) دا، دەڵـێـت:
ئـەی کوردســتـان ، ئـەی کوردســـتـان
نـیـشـــتـمـــــانـە قـەشــــــــەنـــگـەکـەم
ئـەی ئـاوێـنــــەی بـــــاڵای نـومـــــــای
ئـەویـنــــە رەنــــــــگـاوڕەنــــگـەکــەم
بـۆ ئـێـمـــــــەی بـچـــــــــــــکـۆلانـــــە
خـۆشـتـریـن جــێـی لـەم جـیهــــــانــــە
مامۆستا عـەلی بەرزنجی لە هـۆنـراوەیەکی تری هـەر بە نـاوی (کوردستان) دەڵـێـت:
کوردســــــتـانـە ، کوردســــــــــتـان
خـــــاکـە پـــــــیـرۆزەکــەی مـــــــن
خـۆشـــــەویـســــت و بـێ وێــــــنـە
نـیـشــــــــــتـمــانــێـــکـە مـــــــەزن
٢٠ـ هۆزانڤانی ئەنـدازیـار (محـەمـەد بـەرزی) لە هـۆنـراوەی (سـوێنـد) دا، دەڵـێـت:
بـە خــــوای گـــەورە ســـوێـنــدەخـــۆم
دڵـســـــــــۆزبـــم بـۆ خـــــــاکـی خــــۆم
تـێـکـۆشـــــــــم بـە رۆژ و شـــــــــــەو
بـۆ بــــــەرزێـــتـی نـــــاوی ئـــــــــــەو
هەر کاک محـەمەد بـەرزی لە هـۆنـراوەی (وڵاتـەکـەم) دا، دەڵـێـت:
وڵاتـــــــــەکـەم شــــــاخ و دەشـــــــتـە
جـوانـــــــــــە وەکـــو بـەهــەشــــــــتـە
بـاخـــــی گـــــــوڵ و گـــــــــــــوڵـــزارە
هـەمــــــوو وەرزێ بـەهـــــــــــــــــارە
٢١ـ هـۆزانـڤـان و رۆمـانـنـووسی منـداڵان مـامـۆسـتا (ئـەمـین محـەمـەد) لە (ئـۆپـەرێـتی دایـک) دا، دەڵـێـت:
بـەڵـێ وایـــــە دایـــــــە گـیـــــان
خـۆشـەویـســـتـیی کوردســــتـان
کـارێــــکـی زۆر پــــــــــــیـرۆزە
هـەردەم وا لـە پـێـش چـاومـــان
هـەر مامـۆستا ئەمـین محـەمـەد لە هـۆنـراوەی (سـێ وشـە) دا، دەڵـێـت:
نـــەورۆز ، نـێـرگـز ، کوردســتـان
ســێ وشـــەی نـاســک و جــــوان
وزەمــــــــان پـێـــدەبـەخــشـــــــــن
وەکــو پـرشـــــــنـگـی خـــــۆر وان

٢٢ـ مامۆستا (جگـەرسـۆز پێـنـدرۆیی) لە هـۆنـراوەی (کوردسـتان) دا، دەڵـێـت:
کـوردســــــــــــــتـانێ دەلالـێ
خــــودان کــــانـیـێـن زەلالـێ
هـۆگـــرێ خــۆش هـەڤــالـێ
بـهــــارا وەرزێــــــن سـالـێ
بـێن خـۆشـە وەک هــەلالـێ
بـۆ نـەیــــــــــــــارا زەوالـێ
٢٣ـ کاک (رۆسـتـەم خـامـۆش) لە هـۆنـراوەی (وڵاتی مـن) دا، دەڵـێـت:
خـۆشــــم دەوێ کوردســـتـانـم
لە نـێـو دڵـمـــە نـیـشـتــــمـانـم
شـــوێـنی بــاب و بـاپــــیـرانـم
جــێی ئــارامی دڵ و گـیـــــانـم
هەر کاک رۆستەم خامـۆش لە هـۆنـراوەی (واری مـە) دا، دەڵـێـت:
وارێ مـە گـەلــەک جـــوانـە
نــــاڤـێ وی کـوردســـــتـانـە
وارێ مـە جـهــــێ ژیـنــــــە
قـەشـەنـگ و پـڕ ئـەڤـیـــنـە
٢٤ـ مامۆستا (عەبـدۆلـڕەحـمان فـەهـیمی) لە هـۆنـراوەی (وڵاتـەکەم) دا، دەڵـێـت:
مـنــــداڵـەکــان ئــەم وڵاتــــــــە شــــــیـریـنـە
ئــەم بــــــاخ و بـێـســـــــتـانـە رەنــگــــــیـنـە
بـسـت بـە بـسـتی خـاکی ئـەم نـیـشــــــتـمـانـە
هـەمــوو مـــــاڵ و جــێــــگـەی خــۆمــــــانـە
٢٥ـ مامۆسـتا (زارا ئەحـمـەد جـاف) لە هـۆنـراوەی (نیشــتـیمـان) دا، دەڵـێـت:
نـیـشــتـیـمــــانـم کـوردســــتـانـە
پـــــڕ لـە خــــێـرە و ئــــاوەدانـە
کــەش و دیـمــەنـی ســروشــتی
کە خـۆشـە سەیـران و گـەشـتی
٢٦ـ مامۆسـتا (فـەرهـاد ئەحمـەد بەرزنـجی ) لە هـۆنـراوەی (وڵات) دا، دەڵـێت:
نـیـشــــــــتـمـانـی شــــــــیـریــنـم
زێــــــــدی بــاب و بـاپــــــــــیـرم
هـەمـیـشــــە خـۆشـــــەویـســتـی
هـەرگــیـز نـاچـــیـت لەبــــــــیـرم
٢٧ـ مامۆسـتا (عـوسـمان دەروێـش) لە هـۆنـراوەی (کوردستان) دا، دەڵـێـت:
چــەنـد جـــوانی کوردســــــتـانـم
ئـەی خـــــــــاکی نـیـشـــــتـمـانـم
تـۆ بـەهـەشـــتی ســەر زەویــت
هـەوارگــــــــەی بـاپـــــــــیـرانـم
٢٨ـ مامۆسـتا (سـەردار قـادر) لە هـۆنـراوەی (کوردسـتان) دا، دەڵـێـت:
بەیـانـیـت بـاش کوردســــــتـان
خـۆشـتـریـن جـێـــگـای ژیـــان
ئـاســــودەم بـە نـیــــــــــگـارت
بـە کــــانـی و بـە روبــــــــارت
بـســت بـە بـسـتی نـیـشــتـمـان
دەیـپـــارێـزیـن وەک چـاومــان

٢٩ـ مامۆستا (بەخـتـیـار کەڵـهـۆڕی) لە هـۆنـراوەی (سروشی کوردستان) دا، دەڵـێـت:
ئــای لـە ســروشــتی کوردســـتـان
شـوێـــنی خـۆشـی دڵ مـەســـــتـان
بـە تـاڤــــگـە و کـانـیــاوی جـــوان
دەبــــزوێ بــــــیـر و هـەســــــتـان
٣٠ـ مامۆستا (سـەلاح نـیـساری) لە هـۆنـراوەی (نـیشـتـمـان) دا، دەڵـێت:
نـیـشـــــــتــمــانــم ئــــــەی دڵ و گــیـــــــــان
بــە مــــــــــــــــەرگـی خــــــــــــــــــــــــــــۆم
بــە دوو چــــــاوی خـۆشـــــــــەویـســــــتـان
لە نـاخەوە خۆشـمان ویستـبای هـەمـوومـان
یــا ئـێـــــمـە فـیــــــــدای تـــۆ دەبــــــــوویـن
یـا تـــۆ دەبـــــــووی بـە کوردســــــــــــــتـان
٣١ـ مامۆستا (ستار ئەحمەد عـەبـدولڕەحمان) لە هـۆنـراوەی (کوردستان) دا، دەڵـێت:
وشــەی کوردســتـان شــیـریـنـە
بـەفـــر بـۆ چـیـــا هـەنـگـــويـنـە
بـەهــــار بە گـوڵـــــەوە جــوانـە
قـوتـــابـیـش بـە قـوتـابـخــــــانـە
دایـکی هـەمـووش کوردســتـانـە
داڵـدە و هـەوارگە و پـشـتــمـانـە
٣٢ـ کاک (مـحـەمـەد پـاکـژ) لە هـۆنـراوەی (کوردسـتان) دا، دەڵـێـت:
ئـەم کوردســــــتـانـە جــــــوانـە
خـــــوێـن و دڵ و چــاومــــــانـە
خـۆشــــــم دەوێ پـــــــڕ بـە دڵ
ئـەیـپـارێــــــزم وەکـو گــــــــوڵ
٣٣ـ خـاتـوو (جــوانـە کـاکـەیی) لـە هـۆنـراوەی (کوردسـتان) دا، دەڵـێـت:
کوردســـتـان نـیـشــتـیـمـــــانـمـە
گـلـێــــنـەی دوو چــــــــــاوانـمـە
ئـەیـپــارێـــــــــزم پـــــــڕ بـە دڵ
ئــــــاو و ئـــــــاڵا لـەگــــەڵ گــڵ
٣٤ـ مامـۆستا (مەدحـەت بـێـخـەو) لە هـۆنـراوی (ئـەی وڵاتـم) دا، دەڵـێـت:
ئـەی وڵاتـــــــم ئـەی وڵاتـــــــم
بـیـــــر و ئـایــیـــــــنـی مــــنـی
تـۆ بەهـەشـتی سـەر زەمـیــنی
خـــــــاکـی زێـــــڕیـنـی مــــنـی
٣٥ـ مامۆستا (محـەمـەد کەساس) لە هـۆنـراوەی (خۆشەویستیی نیشتمان) دا، دەڵێت:
خـۆشـــەویـسـتـم نـیــشــــتـمـان
خــــــاکـی بــــاو و بـاپـــــــیـران
تـا خــوێـن لـە لـەشــمـا مـــابـێ
تــا دڵ لـە لــــــــێــدانـــــــدا بـێ
ئـەتـپـــــارێـــزم وەک چـــــــاوم
هــــــەتـا لـە ژيـــــــنـا مـــــــاوم
ســەر و مــاڵـم فـیــدا ئـەکـــــەم
بـۆ تـــۆ ئـــــــەی وڵاتــەکـــــەم
٣٦ـ هـونەرمەنـد، کاک (بەهـجـەت یەحـیا) لە هـۆنـراوە و لە ئاوازی و گـۆرانیی خـۆی لەژێـر نـاوی (کوردسـتان گـەر تـۆ نـەبی) دا، دەڵـێت:
کوردســتان گـەر تـۆ نـەبی تەیـرێــکـم بـێ ئـاســمـان
بـە نـاوی تــۆی پـــــیـرۆز ســەربـڵـــنـدم لـە جـیهــان
کوردســتان گـەر تـۆ نـەبی گـیـان و ژیـنـم بـۆ چـیـیـە
دیـمـەنی روخساری تـۆم بێ تـاجی شاهـیم بـۆ چـیـیـە

٣٧ـ مامۆسـتا (خـالـید عـەبـدل) لە هـۆنـراوەی (کوردسـتانەکەم) دا، دەڵـێـت:
کـوردســــتـانـە ئـاخــا دێــــریـن
خـــاکـی دڵـگـــــیـر و شـــیـریـن
خـۆشـــــم دەوێـی وەک چــــاوم
دەتـپـــارێـــــــــــــزم تـا مـــــاوم
٣٨ـ مامۆسـتا ( کـاروان عـەلی ) لە هـۆنـراوی (کوردسـتانەکـەم) دا، دەڵـێـت:
کـوردســــــتـانـی جــــــــــــوانـم
روونــــــاکـی دوو چــاوانــــــــم
مـایــەی شـانــــازی ژیــانـــــــم
هـۆی سـەربـەرزی کوردانــــــم
٣٩ـ مامۆســتا (تەهـا بـیـلال) دەڵـێـت:
مـامـۆســـــتـا فــــێـری کــــردم
هـەســتـم بنـووســـــم کـــوردم
نووسـیـم کورد و کوردســتـان
پــۆل بـوو بـە چــەپـڵەڕێـــزان
٤٠ـ مامـۆسـتا (رەزا شـوان) لە هـۆنـراوەی (سـروودی مـن) دا، دەڵـێـت:
کــــوردە گــــەلـی قـــارەمــــــانـم
کـوردســـــتـانـە نـیـشــتــمـــــانـم
پـێـشــمـەرگــــەیـە پـاســـــەوانـم
ئـازادیـیــــە هـیــــوای ژیـــــــانـم
کـوردســتـانـم سـۆمـــای چــــاوم
دڵ و هــەنــاســـــە و هــەنــــاوم
هـێـــزی گــوڕی تــیــن و تــــاوم
هــۆگــری تــــۆم هــــەتـا مــــاوم
کـوردســــتـانـم ، بـە یــــــەزدانـم
هــەردەم وێــردی سـەر زمـــانـم
دروشــم و بەڵــێـن و پـەیـمـــانـم
کوردســــــتـانـم یـا نـەمـــــــــانـم
هـەر مامۆسـتا رەزا شـوان لە هـۆنـراوەی (کوردسـتان) دا، دەڵـێـت:
کوردســـتـانـمــان بـەهـەشـــــتـە
شـوێـنی سـەیـــران و گـەشـــتـە
شــوێـنـێـک نـیـیە لـە جــیهــــان
جـوانــتـربـێـت لـە کوردســــتـان
دیـــارە هـــــەر کـوردســــــتـانـە
شــابــــووکـی ئـەم جـیـهـــــــانـە
بـــژی.. بـــژی.. کوردســــــتـان
نـیـشـــــتـمـانی پــيـرۆزمــــــــان
٤١ـ ئەم سروودە کوردییە خۆشە (ئێمە منداڵـین جوانین) زۆر گەڕام و زۆر پرسیارم کرد، ناوی هـۆزانڤانەکەیم نەدۆزیەوە. کاتی خۆی رەوانشاد مامۆستا (رەمـزی قەزاز) لە رادیۆی کوردی بەغـدا، بەم سروودە بەرنامەی (باخچەی مـنداڵان) ی دەستپێدەکرد. منیش (رەزا شـوان) کە لە ساڵی (١٩٨٤ ـ ١٩٩٤) ئامـادەکەری بەرنامەی هەفـتانەی (جیهـانی منـداڵان) بووم لە تەلەفـزیـۆنی کەرکووک. تایـتلی بەرنامەکەمان بەم سرودە دەسـتـپـێـدەکـرد. دوو جـاریش بەڕێـوەبـەری تەلـەفـزیـۆن (عـەرەبـێکی بەعـسی بـوو. خراپیش نەبوو) بەڵام کوردێکی بەعـسی کارمەنـدی تەلەفـزیۆنی کەرکووک پێی وتبوو با ئـەو سـروودەی تـایتـلی بەرنامـەکەی بکـۆڕێـت. کە بەڕێـوەبەی تەلەفـزیـۆن داوای لـێمکرد کە ئەم سروودە بە پارچـە موزیکـێک بگـۆڕم. پێیموت: تا مـن ئەم بەرنامەیە ئامـادەبـکەم. هـەر ئـەم سـروودە دەبێ تـایتـلی بەرنـامەی (جـیهـانی منـداڵان).
ئــێـمـە مـنــداڵــیـن جـــوانـیـن ….. ئـــــــاواتـی نـیـشــــــتـمـانـیـن
کـامـــەرانـیـن ، شـادمــــانـیـن ….. کـە نــــەوەی کوردســـتـانـیـن
رۆڵـــەی خـــاکی پــــیـرۆزیـن ….. بـۆیــە هـێـنـــدە بـەســــۆزیـن
شــەو و رۆژ تـێـدەکــۆشـــیـن ….. بــۆ وڵات بـــە پــەرۆشـــــیـن

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣




ئاڵای کوردستان لە هـۆنـراوەکانی هـۆزانڤـانـانی منـداڵان.. رەزا شـوان

ئـاڵا هـێمای شکـۆداری هـەر گـەل ونیشـتـمانێکە و ناسـنامەی نەگـۆڕی گـەلە. ئـاڵا ئەو چەترە نیشتمانییەیە کە لە سایەیدا، هاونیشتمانیان هەست بە خۆشەویستی و هاوسۆزی و یەکـێـتی و هـاوبەستـبـوون بـۆ نیشـتـمانـەکەیـان دەکـەن. شـانـازیی پێـوە دەکەن و لە خـۆشی و ناخـۆشی و لە بۆنـە نەتـەوەیی و نیشـتمانییەکـانیـانـدا، بەڕێـزە لە بەردەمیـدا دەوەسـتن و لەگـەڵ بەرزکـردنەوەیـدا سـڵاوی لێـدەکـەن و مارشی نەتەوەییـان دەچـڕن.
لـە زمـانی کـوردیـدا بـێـجگـە لـە وشـەی ئـاڵا، وشـەی “بـەیـداخ” و ” پـەرچـەم” یـش بەکاردەهـێنرێـن. وەک خۆشەویستییەکیش بۆ ئاڵا، بە سەدان کچی کورد ناونراون ئاڵا.
رێکخراوی نەتەوە یەکگـرتـووەکان، بەم شێوەیە پێناسەی بۆ ئـاڵا کـردووە:”ئـاڵا واتە هـێما و ناسـنامە و نەتـەوە و دەوڵـەت و هەرێـم و حـیزب و گـروپـەکان، شانـازییەکی بەرجەسـتە کـراویـانە”.
ئـاڵای پیـرۆز و رەنگـینی کوردستان، کە لە ئاسمانی کوردستانـدا دەشەکـێتەوە، ئـاڵای گەلی کوردمانە و هـێمای شکۆمەندی و یەکـێتیمانە، مایەی شانازی و سەربەرزیمانە.
ئاڵای کوردستان، پـێگەیەکی پیـرۆز و رێـزێکی تایبـەتی و خۆشـەویستییەکی زۆری لە دڵماندا هـەیە. ئامادەین لە پێناوی پاراستن و بەرزڕاگـرتنیـدا، گیانی خۆمان ببەخـشـین. ئەمەش ئەرکێکی پێویست و پیرۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی و رەوشتیمانە. بە هەزاران پێشمەرگەی قـارەمانمان، لە پێناوی بەرگـریکـردن و رزگـارکـردنی خـاکی کوردستان لە داگیرکەران لەژێر ئاڵای کوردستاندا شەهیدبوون. ئاڵاکەمان هێمای بوون و مانەوەمانە.
کـەس نـەڵی کورد مـردوە، کورد زیـنـدووە
زیـنـدووە قــەت نـانـــەوێ ئـاڵاکـەمــــــــان
بەپـێی بەڵـگە مێـژووییەکـان، گـەلی کوردمـان، خـاوەنی کـۆنـترین ئـاڵایـە لە جـیهانـدا.
یاساناس و مێـژوونووسی کوردمـان، دکـتۆر (عـەبـدوڵڵا دارتـاش) لە پەرتـووکەکەیـدا (میژووی بنەچەی کورد) کە لە ساڵی (٢٠١٧) دا چاپیکـرد، دانەیەکی پێشکەشـم کرد.
مێـژووی ئـاڵای کوردستان بـۆ (٧٠٠٠) هـەزا ساڵ پێـش ئێستا دەگـەڕێنێـتەوە، کە لە لایەن ئیمپراتۆریەتی گۆدییەکانەوە دروستیان کرد. گۆدییەکان (٥٠٠٠ ـ ١١٥٧) پێش زایینی دەسەڵاتداری ناوچەی کوردستان بوونە. شاری ( کارگـود ـ کارکـۆ : کارکۆک : کەرکـووک) بە قـەڵا سەرکەشـەکەشـیەوە، گـۆدییـەکـان دروسـتـیان کـرد و کـردیـان بە پایتـەخـتی ئیـمبـراتـۆرییـە مـەزنـەکـەیـان. گـۆدیـیەکـان بـە بـاپیـرانی کـورد دادەنـرێـن.
دکتۆر دارتاش دەڵێت:” پێویستە ئەوە بڵـێین و ئەو راستییە مێـژووییە بیخەینەوە یادی گـەلی کوردی شۆڕشگـێڕ و کۆڵـنەدەر و قارەمان، کە هـێمای (٢١) تیشکەکەی خـۆری ئـازادی لە نـاو ئـاڵای کوردسـتان، هـێمـای ئەو (٢١) پاشایەی گـۆدیانی بايپرانمانە. کە حوکمڕانی یەکەمین دەوڵەتی (گودی/ گودیا/ گودیۆمی) ی گودی/ گوردی/ کوردی بوونە لەسەر زەمینی کوردستانـدا لە هـەزارەی پـێـنجەمی پێش زاییـن. بەڵام هـەر لە کـۆنەوە وتـراوە، ئـاڵای کوردسـتان لە رەنـگی (سـوور و سـپی و سـەوز و زەرد) پێکهاتـووە”.
لە دوای گۆدییەکان، دەوڵەتی کـاسییەکـانیش هـەر کوردبـوون و خـاوەنی ئـاڵای تایبەتی دەوڵەتەکەیان بوون. دەوڵەتی کوردی میتـانییەکان، کە فەرمانڕەوای بەشی هەرە زۆری کوردستان بـوون، لە ساڵی (١٥٠٠) ی پێش زاییـنیدا، ئاڵای کوردستانیان بەکارهـێناوە. لە دوای ئەوانـیـش ئیـمـپـراتـۆریەتی مـاد، ئاڵای تایبەتیـیان هەبووە. کە لە رەنگی زەرد و سوور و سەوز پـێکهـاتـبوو. کـاوەی ئاسنگەریش، چەرمەکەی بەرۆکی کـرد بە ئاڵای شۆڕش و راپەڕینەکەی. ئاڵاکەی کـاوەی ئاسنگەر بایەخـێکی مێـژوویی گـرنگی هـەیە.

لە ساڵی (١٩١٨) دا، کوردێـک بە نـاوی (خـەلـیل بـەگ) سـەرۆکی رێـکـخـستی ئـازاد ئاڵایەکی دروستکرد. لە ساڵی (١٩٢٠) دا، سەرکردەی کورد (ئەمـین عـالی بەدرخـان) داوا لە (زینـەل عـابـدیـن) دەکات کە کەسایەتییەکی کورد بـوو، ئاڵایـەک بـۆ کوردسـتان دروست بکات. ئـەو ئـاڵایە تا ئەمـڕۆش لە مـاڵی (سیـنەم بەدرخـان) پارێـزراوە. پـارتی (خۆیبـون) ئاڵای هەبـوو. شۆڕشـەکەی سـمکـۆی شکاکیش ئـاڵای هەبـوو. لە شۆڕشی ئاگری (شۆڕشی ئارارات: ١٩٢٩ـ ١٩٣٢) بە سەرکردایەتی (ئـیحسان نوری پاشـا) ی رابـەری شـۆڕشـەکە، بە فـەرمی ئـاڵای کوردستانی لەسـەر چیـای ئـاگـری، بەرزتـرین لـووتکە چیـای کوردستان هـەڵـدا. شـێخ مەحمـودیـش نەمریش لە (١٩١٩) دا، ئـاڵای کوردسـتانی بۆ شـۆڕشەکەی دانـا، کە گـوزارشـتی لە دەوڵـەتی کوردی دەکـرد. لەسەر باڵەخـانەی ئەفــسەری سیاسی بەریتـانیـا هـەڵکـرا.

ئـاڵای فـەرمی ئەم سەردەمەی کوردسـتان، لە چـوار رەنگی گەش و جـوان پێکهاتـووە، هـەمان رەنگەکانی ئاڵاکانی پێشـترن. گوزارشت لە خەبات و شۆڕش و لە بەرخودانی و قارەمانـێـتی و ئـازادی و لە نـەورۆز و سەری ساڵی کوردی و لە سـروشـتی رەنگـین و ئەفـسووناوی کوردستان دەکەن. رەنگەکانی ئـاڵای کوردستان پەیـوەندییەکی بەهـێزیان بە مێـژووی رابـردوو و ئێستا و بە هـیوای داهـاتـووی کـورد و کوردسـتانـەوە هـەیـە.

رەنـگی سـوور، لە سەرەوە دایە: هـێمـای ئازایـەتی و قـارەمانێتی و گیان بەخـشیـنە لە پێناوی کوردسـتانـدا. هـێـمای شـۆڕش و بەرخـودانی و خـوێنی شەهـیدە نەمرەکـانمانە.
ئـێـمـە رۆڵـەی رەنـگی ســوور و شـۆڕشــیـن
سـەیـــری کە خـوێـنـــاویـیـە رابـــــردوومــان

رەنـگی زەرد:. خـۆرە زەردەکـەی نـاو رەنگە سـپیـیەکـە، کە لە (٢١) تـیـشکی یەکـسان پێکهاتـووە، نیشانەی ئاگر و رووناکی و دروشانەوەیە. ئاماژەی بۆ یەکەم رۆژی سەری ساڵی نـوێی کوردی کە دەکەوێتە رۆژی (٢١/ ئـادار) ی هەمـوو ساڵـێکی زایـنی. یەکەم رۆژی مانـگی نەورۆزیشە، یادی ساڵـڕۆژی راپەڕیـن و شـۆڕش و سەرکەوتـنی کـاوەی ئـاسـنگەرە. نـەورۆز کـۆنتـریـن و پیـرۆزتـریـن جـەژنـی رەسـەنی نەتـەوەیی کـوردە.
رەنگی سـپی کە لە ناوەڕاستـدا: هـێمـای پاکی، ئارامی، راستگـۆیـی. ئاشـتی و تەبـاییە، کە گـەلی کوردمـان هـەمـیشە ئاشـتـیخـواز بـووە.
رەنگی سـەوز: هـێمـای سـروشتی سـەوز و جـوان و قەشەنگ و ژینگەی کوردسـتانە. رەنـگی هـیوا، خـۆشـەویسـتی، گـەشـبـیـنی و لاوێـتـی، بـوژانـدنـەوە و ژیـانە.
لە ساڵی (١٩٩٩) دا، ئەم ئـاڵایەی ئێستا، بـوو بە ئـاڵای فـەرمیی هەرێـمی کوردستان، لەسـەر هـەمـوو دامـودەزگـاکـانی هـەرێـمی کوردسـتـانـدا هـەڵـدرا و هـەڵـدەدرێـت.
لە رۆژی (٢٧/ ئـادار/ ٢٠١٧) دا، بـۆ یەکـەم جـار، بە فـەرمی لە لایـەن ئەنجـوومەنی پارێـزگـای کەرکـووک و پارێـزگـاری کەرکـووک، رەوانشاد (د. نەجمەدین کەریـم) ەوە، ئـاڵای کوردسـتان لەسـەر بینـای پـارێـزگـای کەرکـووک هـەڵـدرا. دوایـش لەسـەر قـەڵا سەرکەشـەکەی کەرکـووکـیش لەگـەڵ ئـاڵای عـێـراقـدا هـەڵـدرا.
لە رۆژی (١٩/٦/ ٢٠٠٩) دا، پەرلەمانی باشووری کوردستان بە تێکـڕای دەنگەکان، رۆژی (١٧/ ١٢) ی هەموو ساڵێک وەکوو (رۆژی ئاڵای کوردستان) ی پەسەنـد کرد. لەو ساڵەوە هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا، بە جلـوبەرگی کوردییـەوە ئاهـەنگی شـیاو لە کوردستانـدا سازدەکـرێـت. بە فـەرمیش لە هـەمـوو قـوتـابجـانەکـان و لە زانکـوکـان و دایـرەکان و لە هەمـوو دەزگـاکـان و بـازاڕەکـان، لە هـەمـوو شـار و شـارۆچـکەکان و لە گوندەکانیشدا، ئاڵای کوردستان بەرزدەکرێتەوە. هەڵـبژاردنی ئەم رۆژەش، بۆ یادی هـەڵکـردنی ئـاڵای کوردسـتان، لە شـاری مەهـابـادی پـایتـەخـتی کـۆمـاری کوردسـتان دەگـەڕێتـەوە، کە لەلایـەن سـەرۆک کـۆمـاری کوردسـتان، پـێـشەوای نـەمرمان قـازی مـحـەمـەدەوە، لە ئاهـەنگـێکی میـژوویی زۆر گەورەی حکـوومی و جەمـاوەریـدا، بە هەڵهەڵەلـێدان و چەپـڵەڕێـزان و بە چـڕینی مارشی نەتەوەییمان ئەی رەقـیب هەڵکـرا. ئەو رۆژە بـۆنەیەکـی بەرزی نەتـەوەیی و نیشـتمانـیمانە و هەرگـیز لە یـادی ناکـەین. مەبەستـیش لە یـادکـردنەوەی ئـاڵای کوردسـتان لـەم رۆژە پیـرۆزەدا، جـەخـتکـردن و دووپـاتکـردنەوەی خۆشـەویـستـیـمانە بـۆ ئـاڵای کوردستان و هـاوبەستەبـوونمـانە بۆ کوردستانی نیشـتمانی شـیرینمان. بۆ نوێکـردنەوەی بەڵـین و پەیمانە بۆ درێـژەدان بە خەبات و تێکۆشان لە پێناوی رزگارکردنی خاکی کوردستان، لەژێـر ئاڵای کوردستاندا. کە سـومـبـلی نەتـەوەیی و یەکگـرتـن و ناسـنامەمـانە.
شایەنی باسیشە، وەکوو کولتوور و رێـوڕەسمێکی فەرمی قـوتابخـانەکان لە باشووری کوردستانـدا، هەموو رۆژانێ پێـنج شەمـمە، پێش دەستپێکـردنی خوێنـدن، قـوتـابیان و مامۆستایان بە ریـزەوە دەوەستن. سێ قـوتابی دەچنە بەردەم ئاڵای کوردستان، ئەوەی نـاوەڕاستەوە پێشدەکەوێت و تا لووتکە ستوونی ئاڵا، ئاڵای کوردستان بەرزدەکاتەوە. دەگەڕێتەوە شوێنی خـۆی و هەمـووان لەگەڵ چـڕینی سـروودی (ئـەی رەقـیب) دا. بە ئەوپەڕی رێـزەوە، دەستی راستیان دەخەنە پێـش گـوێی راستیانەوە و سـڵاو لە ئـاڵای پیـرۆزی کوردستان دەکەن. دوایی یەکـێک لە مامۆستاکان وتەیەـک پێشکەش دەکات.
چەند قـوتابییەکـیش چەند هـۆنـراوەیەکی نیشـتـمانی پـێـشکەش دەکـەن.
زۆربـەی هـۆزانـڤـانـانی کـوردمـان، هـۆنـراوە و سـروودیـان، بەسـەر ئـاڵای پیـرۆزی کـوردستانـدا هـەڵـداوە. ئـەوەی ئیـمە لـەم نووسینەمانـدا مەبەسـتمانە، هـۆزانـڤـانـانی ناسـراوی بـواری هـۆنـراوی منـداڵانی کوردمـانە. کە زۆربەیـان هـۆنـراوەی جـوانیـان بەسەر ئاڵای کوردستانـدا هەڵـداوە، کە بە تایبەتی بۆ منـداڵانی کوردیان نووسـیون. بۆ ئەوەی لە منـداڵـییەوە، رێـز و خۆشەویستییان بۆ ئاڵای کوردستان و هـاوبەستەبـوون بۆ کورد و کوردستان لە دڵە قـنجەکانی منـداڵە چاوگەشەکانی گەلی کوردمـان بڕوێـنن. ئەمـەش ئامـانجـێکی سەرەکی و سـتراتـیژییـە لە ئامـانجـەکـانی هـۆنـراوە بۆ منـداڵان.
گوڵـبژێـرێک لە هـۆنـراوەکانی هـۆزانـڤـانـانی بواری نووسینی هـۆنـراوە بۆ منـداڵان، دەخـەینـە بەر دیـدی خـوێنـەران، کـە بە شـێوازێـکی سـووک و ئـاسـان و بە زمـانی شـیرینی کوردی بەسەر ئـاڵای کوردستانـدا هـەڵیـانـداوە. هـیوادارم بۆ منـداڵەکـانتـان بیانخوێننەوە. بەشێکی زۆریان شایەنی ئەوەن، کە ئاوازدانەران ئاوازیان بۆ دابنێن و بکـرێـن بە سـروود بۆ منـداڵان. بە تـاک یا بە کـۆمـەڵ منـداڵان بیـان چـڕن.
مامـۆسـتا (زارا ئەحـمـەد جـاف) لە پەرتـووکی (ورچـەکەی هـاوڕێـم، لەژێـر نـاوی (ئـاڵاکـەم) دا، نووسیویەتی:
جــــــوانی ئـــــاڵای کـوردســـــتـان
هـێـمـــای خـــاک و نـیـشــــــتـمـان
دەتـبــــــیــنـم وا لـە بــــــــــەرزیـی
بــۆ مـــن بـوویــــە شـــــانـــازیـی
وەکــــو تـابـلــــۆ لــە ئـاســـــــمـان
روونــاکـیی چــــاوی هــەمــــووان
بـشــەکــێــــــــوە لــەگــــــــەڵ بــــا
وا مـنـــــــداڵ ســـــــەیـــرت دەکـــا
پـەیـــــــــــامـێــکـت هـێــــــــێـنـاوە
وەکــو تـیـشــــــکـی هــەتـــــــــاوە
چــوار رەنـــگـت پـــڕ بـە هـــــایـە
نـەخـشـــانــدت ئـــەو ئــــــــــاڵایـە
ئەنـدازیـاری هـۆزانـڤـان (محەمـەد بـەرزی) لە پەرتـووکی (بەرخەکەی لانـە) لەژێـر ناوی (ئـاڵا) دا، نووسـیویەتی:

ئــــاڵای بـــــەرزی کوردســـــتـانـم
چــــوار رەنــــگـە چــــاکی دەزانـم
ســــور و ســـپـی بــێـــــــــگـەردە
ســـــەوزی خـــــــــۆرێــکی زەردە
جــــــێـی شــانـازی و شــــــکـۆیـە
ئــــــــــــازادی مــــــن و تـــــــۆیـە
لـــە ســــــایــەیـــدا دەوەســــــــتـم
پــــــــیـرۆزە دەیـــــــپـەرســــــــتـم
کـــاتـی تـــــرس و تـەنـــــــــگـانـە
دەیــپــــــــارێــزم شـــــــــــــێـرانـە
مامـۆسـتا (ئـەمیـن سـەبـان) لە پەرتـووکی (کـۆلارەکـەی باڵـدار) لەژێـر نـاوی (ئـاڵاکـەمـان) دا، نووسیویەتی:
ئـاڵای کوردســتان جـوان و قـەشـەنــگە
سەربـەرزی لامان هـێمات چـوار رەنگە
رەنـگی سـووری تـۆ خـوێنی شـەهــیـدە
ســەوزی قـەرسـیـلی روونــــاکی دیـــدە
ســپـی نـیـشـانـەی بەئـاشــتی ژیــــــــان
زەردی ئـاڵـتونی ئـاسـۆی بـەربـەیــــــان
گـیـانـفـیــداکـاری و خـەبــاتی دێـــــريــن
لەبــــەرزی تـــۆدا دواڕۆژ دەبـــــــیــنـن
ئـــاواتی مـێـــژووی کـوردایـــــەتی تـــۆ
پـرشـــــنگ دەداتــــــە دامـێـــنی ئـاســۆ
مامۆسـتا (کـازم کـۆیی) لە پەرتـووکی (نەوەکـانی چـریـکەی دواڕۆژ) لەژێـر نـاوی (ئـاڵا) دا. نووسـیویەتی:
ســەر بـڵـنـــــــــدکـە و بـــــــــڕوانـە
ئــاڵام چـــەنـد بــــــەرز و جـــــوانـە
لاکـێـــشـەیـە و چـــــــوار رەنـــــگـە
شـەکــــــاوەیـە و قـەشـــــــەنـــــگـە
ســـوور هـێـمــــای شـەهــیـــــــدانـە
گـیـــــــان بـەخــــشـی مــــــــەردانـە
ســــــپـی هــێـمـــــای ئـاشــــــتـیــیـە
کـــورد هــەر ئـاشـتـی ویـســـتـیــیـە
ســـــەوز بــــــــاخ و بـێــســــــتـانـە
ســروشــــــــتی کـوردســـــــــــتـانـە
خــــــــۆری زەردی گـەشـــــــــــاوە
هـێـمـــای نـــــــەورۆز و کــــــــــاوە

پـاراســــــتــنی ئــەم ئـــــــــــــــاڵایـە
لـە ئـەســــتـۆی هــەمــــــــوان دایـە
ئـاڵاکـــــــەم تـیـــــشـکی چــــــــــاوم
قـوربـــــانـی تـــــۆم تـا مــــــــــــاوم

مامۆستا (عـەلی حەمـەڕەشــید بەرزنـجی) بە کـورتە چـیرۆکەهـۆنـراوەیەکی جـوان، لەژێـر نـاوی (ئاڵایەک لە پەپولە) کە لە ژمارە (٢٢٩) ی گۆڤاری (پەپولە) دا بڵاوی کردۆتەوە، بە شێواز و شێوەیەکی جـوان، گوزارشتی لە ئـاڵای کوردستان کـردووە، نووسیویەتی:
پــۆل پــۆل پـەپـولــــەی رەنـگــیـن
نـاسـک نـاسـک بــــاڵ نەخـشـــیـن
ســـەوز و ســپی و زەرد و ســـور
دەدرەوشــــــــــــــــانـەوە لــــەدور
کـۆمــەڵ کـۆمــەڵ رەنــگـەکـــــــان
دەتــــــوت لـە دڵـــــــی مـنــــــــدان
زۆر بەبـاشــــی و دەســــتـوبـــــرد
تـابـلـۆیـەکــــیـان دروســـــتـکــــرد
ئـیـتـــر مـنـیــش تـا تــوانـیـــــــــــم
بـە ئـــــــارەزوی دڵ روانـیـــــــــــم
تـابـلـــۆکـە زۆر زۆر جـــــوان بــو
هـی ئــــــاڵای کـوردســـــــتـان بــو
مامـۆسـتا (رەزا شـوان) لە پەرتـووکی (خـونچـەگـوڵـەکـان) لەژێـر نـاوی
(ئـاڵای کوردسـتان) دا، نـووسـیویەتی:
ســڵاو .. ســڵاو.. ئــــاڵای جـــــوانـم
ئـــــاڵای بـــــەرزی کـوردســـــــتـانـم
ئــــاڵای رەنـگـــــیـن و پـــــــــیـرۆزم
مـایــەی شـادی هـەســـت و ســـوزم
کـۆنـتـریـن ئــاڵای هـەمـوو جـیــهـان
بەڵـگـەی مـێژووی کـۆن و نـوێـمـان
بشـەکـێــــــوە لـە ئـاســــــــــــــمـانـدا
لـەسـەر خـوێـنــدنــگـا و مـــــــاڵانـدا
ئـاڵاکـەمــــــــان ، نـاســــــنـامـەمــان
تـۆی هـۆی رێـز و سـەربـەرزیـمــان
هــێـمــای شــکـۆی نـیـشــــــــتـمـانـم
پـێــشـکـەشـت بـێـت رۆح و گـیـــانـم
رەوانشاد مامۆستا (عـوسمان محەمەد هـەورامی) لە پەرتـووکی (خـونچـە گـوڵ) لەژێـر ناوی (ئـاڵای کوردستان) دا، نووسیویەتی:
ئــــاڵای بــــاڵای کوردســـــتـان
بـیـنـــایـی هــەردوو چــــــاوان
ئـۆخــەی چـەنــدە گـەشـــاوەی
لـەســەر دونـــدان شـەکـــاوەی
سـوور هـێـمــای تـێـکـۆشــانـە
مـــژدەی ئـاســـۆی کــــوردانـە
ســـپی هـــەردەم ئـاشــــــتـیـیـە
بـێـگــــــەردی و دڵـپــــــاکـیـیـە
لـە ســەوزیـــــشـا دیـــــــــــارە
کوردســــــــــتـان لالــــــــەزارە
خـەنــدەی خـــۆری وڵاتـمـــــان
گـەشــــەیـە بـۆ خـەبــاتـمـــــان
ســــــڵاوی دڵ و رەوانـــــــمـان
بـۆ ئـاڵای بـەرز و جـوانــــمـان
مامۆستا (فەرهـاد ئەحمـەد بەرزنـجی) لە پەرتووکی (خەیـاڵی کـۆتـرەکان) لەژێـر ناوی (رۆژی ئـاڵا) دا، نووسـیویەتی:
ئـەمــــڕۆ زۆر شـــــــادمــانــم
رۆژی ئــاڵاکـەمــــــــــــــــانــە
جـلــی کوردیــــم پـۆشــــــیـوە
هـاتــووم بـۆ قـوتـابخـــــــانــە
دیـمــەنـێکی زۆر جـــــــوانــە
ئـاهــــەنـگـیان سـازکــــردووە
یــــــادی رۆژی ئـاڵایـــــــــــان
بە بــــەرزی راگـرتـــــــــــووە
ئـاڵا هـێـــــمای بـوونـمـــــانــە
ســەروەری گـــەل و هـــــۆزە
شـــکـۆی نەتــەوەی کــــوردە
بـۆیــە لامــــــان پـــــــــیـرۆزە
دەبـا هـەمــوو یـەکــبـگــریـن
تـا سـەرکــەوێ نـیـشـــــتـمـان
بـا ئـێـمــــەش وەک وڵاتـــــان
شــەکــــــــــاوەبـێ ئــاڵامــــان
هـۆزانڤانی گەورەی گەلەکەمان، مامۆسـتا (لەتـیـف هەڵـمـەت) لە چیرۆکەهـۆنـراویەکی کـورتـدا، لەژێـر نـاوی (مـیوان) دا، بە گـوڵ وێـنـەی ئـاڵای کوردســتان دەکـێـشـێـت، بە شـێوازێکی نـوێ، نووسیویەتی:
دایـــــــــکــم دەڵـــــێ ســــــبـەیـــــــــــنـێ
لـە نـیـشــــــــــتـمـانـی خـۆمــــــــــــانـەوە
لـە کـوردســــــــــــــــــــــــــــــــــــتـانـەوە
مـیـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــوانـمـــــان دێ
هــەر ئـێـســتـا لەگـەڵ دایـــــە گـــــــــیـان
دەچــم بـۆ بــازاڕی گــــوڵـفــرۆشـــــــــان
چــــوار دەســـك گـــــــــــــــــوڵ دەکـــــڕم
دەسـکـێ ســــــــوور وەکـو خـوێـنــــــــاو
دەســکـێ ســـــــــــپـی وەکـو بـەفــــــــــر
دەسـکـێ کەســـــــک وەک دارســـــــتـان
دەسـکـێ زەرد زەرد وەکـو هـەتـــــــــــاو
لـە ژووری مــيـــــــــــــــــــــــــــــــــــوان
دەیـانـخـــــەمـە نـاو چــــوار گـوڵــــــــدان
کـە مـیــــــــــــوانـەکــــــــــــان هــــــــاتـن
دوای رۆژ بـــاش و بـەخـــــێـرهــــــــاتـن
دەڵـێــم سـەیـرکــەن بـۆ پـێـشـــوازیـتـــان
بە گوڵ کێشاومە وێنەی ئاڵای کوردستان
مامۆستا (رۆستەم خامـۆش) لە پەرتووکی (هـاوڕێی پێنووس) لەژێـر ناوی (ئـاڵا) دا،
نووسیویەتی:
ئــەو ئـاڵایـــــەی کـوردســــــــتـان
هـێـمــــــای گـــەل و نـیـشـتــــمـان
خـۆشـــەویـســـتـە لـە دڵـــــــــمـان
رێـــزی دەگـــــریـن هــەمــــــووان
ئـاڵاکـەمــــان هــەردەم بــــــــەرزە
دوو رەنــگی ســـوور و ســــەوزە
ســپـيــــش لـە نـاوەڕاســـــــــــتـی
تـیـشـــکی خـــۆر لـە نـاویـــــەتـی
یـاخــــوا هــەر شـەکــــــــــاوە بـێ
وەکــو گــــــوڵ گـەشــــــــــاوە بـێ
ماماوستا (سـەلاح نـیساری) لەژێـر نـاوی (ئـاڵای کوردسـتان) دا، نـووسـیویەتی:
ئـــاڵای ئـاشـــــتــیــم هـەڵــــــداوە
نـیـشـــــــانـەی خـــــــۆرەتــــــاوە
هـێـمـــــای ئـــــــازادی ژيــــــــنـە
ســــــوور ە ســــپي رەنــگــيـــنـە
ســــــروەی بــا دەیـشــــــەکـێـنـێ
بـە نــــــــەرمـی رایـــــــــدەژێـنـێ
داوێـــنـی ســـــەوزی جـــــــوانـی
نـیـشــــــــــانـەی ئـــــــــــاوەدانـی
ئـەم رەنـــگـە ســوورە جـــــوانـە
یـادگــــــــــاری شــەهــیــــــــدانـە
نـیـشــــــانـەی سـوورخـــــــەڵاتـە
ســــەرچــــــاوەی خـەبـــــــــــاتـە
خــوێـنی خـوشـــــک و بــــــرایـە
یـادگـــــــاری چــــــــوارچـــــرایـە
بــــۆوەی نـەفـــەوتـێ نـاومـــــان
دەیـپـــارێــزیـن وەک چـاومـــــان
مامۆستا (موحـسین حەمەد ئەمین زینەددین ) لەژێـر ناوی (ئاڵامـان) دا، نووسیویەتی:
ئـاڵامــــــــــان شـەکــــــــــــــاوەیـە
قـەشــــــەنــگ و رازاوەیــــــــــــە
چــوار رەنــــگی جـــوان گـەشــــە
هـی خـــاکـێـکـی چـــوار بـەشـــــە
سـپی و زەرد ، سـەوز و ســوورە
هـیــــــــوای نـزیـــــــــک و دوورە
زەردی رۆژی روونــــــــــــــــاکـە
ســپـيی ئـاشــــتـیـیە و پــــــــــاکـە
ســـەوزی هـێـــــــمـای ژیـــــــانـە
ســوور خــوێـنی شـەهــیـــــــدانـە
با هـەمـوومــان یـەکـــدەنـگ بـیـن
یـەک گـوتـــار و یەکـڕەنــگ بـیـن
یـەک بـخـــــەیـن تـەقــــــــەلامــان
تـا هــــــەر وابــێ ئـاڵامـــــــــــــان
هـەر جــــوان و گـەشــــــــاوە بـێ
بــــــەرزبـێ، شـەکـــــــــــــاوە بـێ
مامۆستا (تەهـا بیلال) لە پەرتووکی (بووکەشووشە) لەژێر ناوی (ئاڵای کوردستان) دا، نووسیویەتی:
ئـــاڵای بـــەرزی کوردســـتـانـە
شـەکــاوە و رازاوە وجـــــوانـە
سـووری خوێـنی شـەهـیـــدانـە
سـپی ئـاشـتیی بـۆ هـەمــووانـە
سـەوزەکــەی واتـای ژیــــــانـە
رۆژیــش لـە نـاوەڕاســتـیـیـانـا
پـەخـشـە بـەسەر هـەمـوویـانـا
مامۆستا (شـوان ئەحـمەد) لە پەرتووکی (بەرەو هـیوا) لەژێـر ناوی (ئـاڵای کوردستان) دا، نووسیویەتی:
ئـــاڵای ئـێـمـــــە چــــوار رەنــــــگـە
شــەکــــــاوەیـە و قـەشــــــەنــــــگـە
بــــەرز، لەســـەر ســـــەرمـــــــــانـە
پـــــــیـرۆز ، لـەنـــــاو دڵــمـــــــــانـە
ســـەوز و ســپی ، زەرد و ســــوور
دیـــــــــــارن لـە نـزیـــــــک و دوور
تـيـشـکی خــــــۆری زێـــــــــڕیـنـــە
بـــە شـانــــــــــــازی بـیـبـيـــــــنـــە
مامۆستا (عـوسـمان دەروێـش) لەژێـر نـاوی (ئـاڵا) دا، نووسـیویەتی:
ئــــــەم ئـــــــاڵایـە، ئــــــــاڵایـە
جـــوان و بـــەرز و بـــــــاڵایـە
ئـــــاڵای مـیـلـلــــەتـی کــــوردە
ئـــــاڵای جــوامـێـر و مـــــەردە
هـەرچـــــەن دەشــــــەکـێـتـەوە
دڵــــــمـان دەگــــــەشـــــێـتـەوە
بـەڵــێـن دەدەیــن تـا دەمـــریـن
هـەمـیـشــە ڕێــــزی دەگـــریـن
دەســـتـی بـۆ بــــێـنـێ دوژمــن
بـــــاڵی دەردێـــــــنــیــن لـەبــن
چـونـــکـە پــــــیـرۆزە لامــــان
ئـــــاڵا شـــــــــکـۆیـە بـۆمــــان
مامۆستا (خالـید عـەبـدول) لە پەرتووکی (شـەڕە بەفـر) لەژێـر ناوی (ئـاڵای وڵاتـم) دا، نووسیویەتی:
ئــەی ئـــــاڵای بــــــــەرزی وڵات
جـێی شانـــازیـت هـەمــوو کـــات
ئـێـمــــە بـە تـــۆ بـە نـــــــــاویـن
لـە جـیـهـــــــانـدا نـاســـــــراویـن
تـۆ بە رەنـگی کـەسـک و سـوور
زەرد، ســپی دیــــــاری لـە دوور
ســوورت نـیـشـــانـەی خـوێـنــــە
خـوێـنی خـەڵـکی ئـەم شــوێـنــــە
شـاهــێـد هـــەوڵ و خـەبــــــــاتـە
لـە مـێــــــــــژووی ئــــــەم وڵاتـە
رەنــگی ســــپـي بـێــــــــــگـەردە
نـیـشــــانـەی پــــاکـی کــــــــوردە
هـەردەم ئـاشــتـیـی ویـســـــتـووە
دژی زۆرداری بـــــــــــــــــــــووە
ســــەوزت نـیـشــانـەی بـەهـــــار
بـووژانـــەوەی دەشـــت و شــــار
زەردت خــــۆری نـــــــــــەورۆزە
جــێـی شـانـــــازیی دڵــــــــسـۆزە
مامۆستا (بەخـتیـار کەڵهـوڕی) لە پەرتـووکی (کـێ حـەزی لە فـڕینـە) لە ژێـر نـاوی (ئاڵاکـەمـان) دا، نووسیویەتی:
ئــای کـە ئــاڵاکـەمـان جـــــوانـە !
تــــاج و شــکـۆی سـەرمـــــانـە
بـە چــــوار رەنــگـی گـەشــــاوە
لـەسـەر سـەرمـــان شـەکــــــاوە
بـە رەنــگـی ســــوور و ســـپـی
مـافــەکـانـمــان پـێ چـــەســـپـی
ئـەوەیـــــتـر زەرد و ســــــەوزە
گــــڕی ئـاگــــری نــــــــەورۆزە
خـــاوەن دیـــرۆک و داســـــتـان
هـەر تــۆی ئــاڵای کـوردســتـان
مامۆستا (کـاروان عـەلی) لە هـۆنـراوەی (ئـاڵاکـەمـان) دا، نووسـیویەتی:

ئـێـمــــــە خـــــاوەن وڵاتــــــیـن
خـــاوەن ئـــــاڵا و خـەبــاتــــیـن
بــژی ئـــــاڵای کوردســــــــتـان
نەفــرەت لە دوژمــن دۆســتـان
کـۆڵـنـــادەیـن ، رانـاوەســـتـیـن
بـەهــێــزیـن و سـەربـەســتـیـن
ســوور خـوێــنی شـەهـیــــدانـە
مـانـــای هـــــێــزی ژیـــــــــانـە
ســـپـی دڵـپـــــــاک و پـاکـــــیـن
وەک تـیـشـکی خــۆر چـالاکـیـن
زەردیـش تـیـشـکی زێــــــڕیـنـم
روونـاکــــــیـتـان بـۆ دێـــــــــنـم
ســــەوز واتــا ژیـــــــــــــانـەوە
ئــــــارامی و بــووژانــــــــــەوە

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣




مناڵان\ هاوڕێ ئێسک سووک و گوڵڕووەکانم.. عەلی حەمەڕەشید

ئای کە ئەم ژیانە بە ئێوەوە جوان و ڕەنگین و ڕازاوەیە، ئێوە پڕن لە هەموو جوانییەکان، بناغە دانەری کۆمەڵگەن، ڕوناکییەکی خۆر ئاسای نەکوژاوەن بۆ شانۆی ژیان.

چەندە سەرنجڕاکێشە کە دەبینین بە پەنجە نەرم و ناسک و وردیلەکانتان تابلۆی دڵگیری سروشتی کوردستان دەکێشن، بە کەمانچە و پیانۆ و گیتار ئاوازی خۆش خۆش لێدەدەن، لەسەر دەفتەرەکانی بەردەستتان بە وشەی گوڵهەناریی هیوا و حەز و خەون و ئەندێشەکانی ناختان وێنا دەکەن بەڕاستی و ڕاستگۆیی.

چەندە خۆشە لە ڕۆژی جیهانیی منداڵانیشدا ئێوەی منداڵانی کوردیش وەکو منداڵانی جیهان خەونەکانتان باڵاتر و گوڵی هیواکانتان گەشاوەتر و خۆشییەکانتان بێسنورتر بێت. چونکە زیاتر هەست بە بوونی خۆتان و ڕۆژی خۆتان و دونیا ڕەنگاڵەییەکەی خۆتان دەکەن. خونچەی لێوەکانتان بە نمەی زەردەخەنە و دڵە ناسک و بچکۆلەکانیشتان بە شنەی شادی زیاتر دەگەشێتەوە..

پیرۆزە ئەو ڕۆژە لە ئێوە.

عەلی حەمەڕەشید

نوسەری بواری منداڵان سەرپەرشتیاری پەروەردەیی




ناساندن/ (٧) نامیلکە، شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆ بۆ منداڵان.. ئەرسەلان حەسەن

هەگبەیەکی پڕ
(٧) نامیلکە، شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت بۆ منداڵان، هەگبەیەکی پڕی مامۆستا (زارا ئەحمەد جاف)ە بۆ منداڵانی نووسیووە و دیارە نووسین بۆ منداڵان لە هەر بوارێکدا هەستیارە و پێویستە نووسەر کۆمەڵێک بنەماو مەرج ڕەچاو بکات تا نووسینەکەی بەدڵی منداڵان بێت و منداڵان بتوانن سوودی لێوەربگرن و لە ئاست خواست و ویستییاندا بێت، چونکە دەمێکە گووتوویانە منداڵ لەم تەمەنەدا پەڕە کاغەزێکی سپی پاکوبێگەردەو چتبووێ و چۆنتبووێ دەتوانی لە سەری بنووسی و هەر منداڵیش بۆ خۆی باشترین خووێنەر و ڕەخنەگری ئەو بەرهەمانەیە بۆی دەنووسرێن.

(٧) نامیلکە، شیعر، چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆ بۆ منداڵان، کۆمەڵە بەرهەمێکی مامۆستای نووسەر (زارا ئەحمەد جاف)ە و لە ماوەی ئەزموونی تەمەنی نووسەری بۆ منداڵان نووسیوونی، کە دەتوانین بڵێین مامۆستا زارا لە زۆربەی بوارەکانی منداڵان قەڵەمی تاوداوە و بەرهەمی قەڵەمەکەی ئەم هەگبە پڕەیە.
هەگبە پڕەکەی مامۆستا زارا بریتییە لە سێ کۆمەڵە و کۆمەڵەی یەکەم بریتییە لە ( ٣ ) نامیلکەی شیعری و کۆمەڵەی دووەمیش لە ( ٣ ) کۆمەڵە چیرۆک و کۆمەڵەی سێیەم کە نامیلکەیەکە، بریتییە لە ئۆپەرێت و شانۆیی بۆ منداڵان و (ئەمین محەمەد)ی نووسەری بواری منداڵان دوو پێشەکی جیاوازی بۆ هەر دوو کۆمەڵەی (شیعر و چیرۆک)ەکان نووسیووە.

شیعر بۆ منداڵان
(٣) نامیلکەی یەکەمی ئەم هەگبەیە تایبەتە بەشیعر بەناوەکانی (ورچەکەی هاوڕێم، کەشتی، بێچووە فیل). هەر سێ نامیلکەکە بریتییە لە (٧٠) شیعر بۆ منداڵان.
بێگومان دەزانین شیعر پانتاییەکی زۆری لەبواری نووسین بۆ منداڵان بۆخۆی گرتووەو گومانیشی تێدانییە دەبێت شیعر نووسین بۆ منداڵان بە زمانێکی پاراو، ڕەوان و لە ئاست خواست و ئارەزوو و ویستی منداڵاندا بێت و زادەی ژینگەو دەوروبەر بێت و منداڵ بەرەو خەیاڵ و بیرکردنەوە بەرێت و بتوانێ بە ئاسانی بیانخووێنێتەوە و ئەزبەریان بکات، بێئەوەی هەناسە سواری بێت یان کاتێک بۆیان دەخووێندرێتەوە بە پەرۆشەوە گوێی لێ بگرن، بێئەوەی هەست بە بێزاری و بێ تاقەتی بکەن..، چونکە شیعر کاریگەریی بەرچاوی بە سەر کەسایەتی، ژیان و داهاتووی منداڵەوە هەیە.

چیرۆک بۆ منداڵان
(٣) نامیلکەی دووەمی ئەم هەگبەیە تایبەتە بە چیرۆک و سەرجەمییان (٣١) چیرۆکن. چیرۆک، بە باشترین ڕێگاو سەرمەشق بوون بۆ بیرکردنەوەی منداڵ دانراوە. منداڵ بەهۆی چیرۆکەوە ئاشنای فەرهەنگە کۆمەڵایەتییەکان و ئاگاداری جیهانی دەوروبەری دەبێت و دەرک بەواقیعییەتەکان دەکات. خووێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵ پێش نووستن، یاریدەدەری منداڵەو ڕۆڵی گرینگی لە ڕۆشنبیری و زیرەکی و کرانەوەی مێشک و ئاسوودەیی دەروونی منداڵدا هەیەو ئەگەر دیقەتیش بدەین دەبینین زۆر لەمێژە ژنی کورد کۆرپەکەی بە لایلایەو گێڕانەوەی حیکایەت و سەربووردەی خۆش خەواندووە.

ئۆپەرێت و شانۆیی بۆ منداڵان
ئۆپەرێت و شانۆیی بۆ منداڵان، نامیلکەی سێیەمە لە سێ کۆمەڵە ( ٧ ) نامیلکەکەی مامۆستا زارا و کۆمەڵێک ئۆپەرێت و تێکستی شانۆیی بۆ منداڵانی تێدایە. ئەم نامیلکەیە ناوی (بووکەڵەکان)ەو ناوی ئەمیش وەک هەموو نامیلکەکانی تر، لە ناوی یەکێک لە دەقەکانی دووتووێی بەرگەکەیان هاتووە، دیارە ئەزموون سەلماندوویەتی پەروەردەکردن بە بووکەڵە، کاریگەری زۆر و بەردەوامی لە سەر مێشکی منداڵ هەیە، چونکە بووکەڵە بە زۆری سەرنجی منداڵ بۆخۆی کێش دەکات و چیرۆکی نمایش، کاریگەری قووڵ و بەردەوام لە سەر مێشکیدا دەنێت.
ئەگەر ئاوڕێک لەبواری نووسینی منداڵان بدەینەوە، دەبینین ئۆپەرێت و تێکستی شانۆیی و ڕۆمانی تایبەت بەمنداڵان زۆر کەمە و نووسەران کەمتر ئاوڕییان لەم بوارە داوەتەوە و ئەمەش بەو مانایە نییە کە نەک ئۆپەرێت یان تێکستی شانۆیی و ڕۆمان کەمە، بەڵکو هەوڵەکانیش کەمن. ئەرستۆ دەڵێت: “شانۆ هونەرێکی شانۆییە کە زیاتر لەهەموو هونەرەکان مرۆڤی سەرسامی خۆی کردووەو کاتێک مرۆڤەکان کۆدەبنەوە بۆ سەیرکردنی شانۆیەک، لەخۆوە پەیوەندییان بە پاڵەوانەکانی بۆ دروست دەبێت و چۆن کارەکتەرەکان لە سەر شانۆ بەگژ ناخۆشییەکانی چارەنووسدا دەچنەوە، بینەرانیش گیرۆدەی شەڕی دەروونی دەبن”. کەوایە دەبێت نووسەران زۆرتر ئاوڕ لەم بوارە بدەنەوە و هەوڵەکانیان زیاتر چڕبکەنەوە تا بتوانن خزمەتێکی باش بە منداڵان بکەن.

وێنەکانی ئەم هەگبەیە
پەیوەندی دەق و وێنە لە ئەدەبی منداڵاندا پەیوەندییەکی تایبەتە و هەندێک جار وێنە ناڕوونیەکانی دەقەکە ڕووندەکاتەوە. بۆیە کاتێک وێنەکێش وێنە بۆ چیرۆکێک یان شیعرێک یان هەر دەقێک دەکێشێت، پێویستە زۆر بەوردی و باش لە دەقەکە ڕامابێت ئەوجا وێنەکە بکێشێت، چونکە ئەگەر وێنەکە زادەی دەقەکە نەبێت یان لەگەڵ دەقەکە نەیەتەوە، هاوسەنگی نێوان خۆی و دەقەکە لاسەنگ دەکات و دوور نییە سەر لە منداڵ تێک بدات یان بشێوێنێت. لەم بەرهەمانەشدا، هەر بابەتێک وێنەی تایبەت بەخۆی هەیە و بە جوانی و سەردەمیانە وێنەکان کێشراوون، کە بێگومان چێژو جوانی تایبەت بە منداڵان دەدەن.




پۆست کۆڵۆنیلیزم و فیلمی ١٤ تەموز وەک نموونە.. رەوا محەمەد

تیۆری پۆست کۆڵۆنیالیزم لە بارودۆخێک دەکۆڵێتەوە کە لە ھەناوی داگیرکارییەوە سەری ھەڵداوە، بە واتایێکی تر ئەو بارودۆخ و ھەل و مەرجەی لە ئەنجامی پرۆسەی داگیرکارییەوە و کارلێکی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو و ئاڵوگۆڕی کەلتور و بە گژداچوونەوەی گواتاری داگیرکەر و …ھتد دروست دەبێت، پێی دەگوترێت پۆست کۆڵۆنیالیزم، واتە تیۆری پۆست کۆڵۆنیالیزم لەو بارودۆخ و حاڵەتانە دەکۆڵێتەوە.
بێگومان پۆست کۆڵۆنیالیزم وەکو ھەر تیورێکی تر چوارچێوە و سنوری خۆی ھەیە، بەو پێیەی ئەوا بابەتانەی کە پێشتر باسمان کرد، کە پۆست کۆڵۆنیالیزم لە پرۆسەی داگیرکاری و ئاڵوگۆڕی کەلتوری دێتەکایەوە، پۆست کۆڵۆنیالیزم باس لەو بارودۆخە دەکات کە دوای داگیرکاری دروست دەبێت، کە داگیرکەر چۆن بەردەوامی بە داگیرکردنەکەی دەدات، چۆن بیری تاکەکانی داگیرکراو داگیردەکات، چۆن بیریان کۆنتڕۆڵ دەکات و گوتاری خۆی لە مێشکیاندا ئەچەسپێنێ.
لە سەرەتادا ئەم ئەدەبیاتە ئەدەبیاتی ئینگلیزی زمانی پێگوتراوە، کە وەکو دیاردەیەکی نوێ لە ئەدەبیاتی جیهاندا لە ساڵی (١٩٦٠) دا سەری هەڵداوە، ئەوەش لە کاتێکدا بووە کە نەتەوە داگیرکراوەکان دەستیان کردوە بە نووسینی ئەدەبیاتی خۆیان و زۆر بەشی بە زمانی ئینگلیزی بووە ئەو بەرهەمانەش کە لە لایەن خەڵکی نەتەوە داگیرکراوەکانەوە نووسراونەتەوە، لە ئەدەبیاتی ئینگلیزی لە ڕووی بەهاو گرنگییەوە کەمتر نەبووە، بۆیە ناونراوە ئەدەبیاتی ئینگلیزی زمان ، واتا لە سەردەمی دوای جەنگ زاراوەی (ئەدەبیاتی ئینگلیزی زمان) جێگەی (ئەدەبیاتی ئینگلیزی )و( ئەدەبیاتی ئەمریکایی) گرتەوە. ئەوان دەیانویست بە پێشنیاز کردنی زاراوەی (ئەدەبیاتی ئینگلیزی زمان ) پێکهاتەی فرە کولتوری و فرە نەتەوەیی ئەو ئەدەبیاتانەی ئەمڕۆ بە زمانی ئینگلیزی دەنوسرێن پێشان بدەن، دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ (ئەدەبیاتی وڵاتە هاوبەرژەوەندی خوازەکان) ئەم ناونانەش ناولێنانێکی سیاسیە، بۆ ئەدەبیاتی ئەو وڵاتانە بەکار دەهات کە کەوتبونە چوار چێوەی ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیای پێشوو، لە کۆتاییدا ئەم زاراوەیەش گۆڕاو بوو بە (ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم) وە بە باوەڕی هەندێك لە بیرمەندان پۆست کۆڵۆنیالیزم هەمان ئەدەبیاتی وڵاتە هاوبەرژەوەندی خوازەکانە تەنیا لە ڕووی ڕواڵەتەوە پۆست کۆڵۆنیالیزم زاراوەیەکی نوێیە.
لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم و دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی زۆربەی ئە وڵاتانەی داگیرکراوی وڵاتی بەریتانیا بوون ، دژی داگیرکارییەکە جەنگان و سەربەخۆییان بەدەست هێنا، لەو کاتەدا ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم لە پێکهاتەی ئەو وڵاتە داگیرکراوانەی لە داگیرکاری بەریتانیا ڕزگارییان ببوو هاتەکایەوە، چونکە ئەوان بەدوای جۆرێك لە سڕینەوەی داگیرکاری لە کولتوور و مێژووی ئەدەبیات و لە هەمووی گرنگتر ناسنامەی خۆیان کەوتبوون، کەواتە دەتوانین بڵێین ڕەگ و ڕیشەی ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم بۆ شکستهێنانی ئایدۆلۆژیای ڕۆژ ئاوا لە جەنگی دووەمی جیهانی دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی لە دوای جەنگەکە خەڵکەکە بە تایبەتی گەنجەکان و خەڵکی کەمینە لەو هەلومەرج و بارودۆخەی کە تێیدا دەژیان ماندوببوون خوازیاری چاکسازی و گۆڕنکاری بنەڕەتی بوون، ئەوان داواکارییەکانی خۆیان لە چوارچێوەی ئەدەبدا دەخستە ڕوو، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی حکومەتە داگیرکەرەکان هەڵوەشانەوە و لەوکاتەدا بوو کە تیۆری پۆست کۆڵۆنیالیزم لە بواری لێکۆڵینەوە کلتووری و ئەدەبییەکاندا جێگایەکی تایبەتی بۆ خۆی تەرخان کرد.

هەر ئەدەبیاتێك بابەتی تایبەت بەخۆی هەیە، بابەتی سەرەکی ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزمیش خەریکبوونە بە دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی پڕۆسەی داگیرکاری، بە واتایەکی دیکە ئەو ئەدەبیاتە لە بابەتی سەرەکی خۆیدا هەوڵدەدات ئەو دەرهاویشتە و ئاسەوارانە تاوتوێ و ڕەتبکاتەوە کە جیهانی دابەشی سەر ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کردووە و هەروەها بووەتە هۆی دروست بوونی دوانە لێکدژەکانی وەك پەراوێز و سەنتەر یان ئەوروپاسەنتەری و سەنتەرییەتی ئەوروپا بە ڕەسمی دەناسێنێت، چونکە نوسەرانی ئەم ئەدەبیاتە لەو باوەڕەدان کە ئەم دابەشکارییە بێ واتا و بێ بنەما و نادادپەروەرانەیە و شێوەیەکی ترە لە داگیرکاری، لە ئەنجامدا گرژی دەخاتە نێوان ڕۆژ هەڵات و ڕۆژئاواوە، ئەم نووسەرانە لە ڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە داوای مافی خۆیان دەکەن و لە هەمان کاتدا ڕەگەزپەرستی لە وڵاتە داگیرکەرەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، کە یەکێکە لە پرسە هەرەگرنگەکان لە بواری ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزمدا، بە جۆرێک کە ئەم ( ئەدەبیاتە خاوەن دیدێکی ڕەخنەگرانەیە بۆ ئەو دەقانەی کە ڕەگەزپەرستانە و بۆ ئاڕاستە کردنی داگیرکاری نووسراونەتەوە ) و هەوڵی سڕینەوەی دەدات.
ئەگەر وڵاتە داگیرکەرەکان بە درێژایی مێژووی داگیرکارییان لە هەوڵی بەرهەمهێنانی گوتارێك دابوبن سەبارەت بە داگیرکراو، ئەوا ئامانجی سەرەکی ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەرهەمهێنانی ئەم گوتارە و ڕەتکردنەوەی، بە واتایەکی دیکە، ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم لێکۆڵینەوەی دید و بۆچوونەکانی ڕۆژئاوایە، کە چۆن سەیری ئەو میللەتانە دەکات و چۆن بەردەوامی بەو سەیرکردنە دەدات و بە جیهانی دەکات، تاکو درێژە بە داگیرکارییەکەی خۆی بدات، لە سیستەمی نوێی جیهاندا میللەتە ڕزگاربووەکان لە داگیرکاری تا ئێستاش بەجۆرێك لە جۆرەکان داگیر کراون، چونکە (ناسنامە، ماف، ماڵ و داراییان)کراوەتە ئامانج ، تا ئێستاش بیر و پەیڤی ڕۆژئاوا باو و باڵا دەستە، بۆ ئەم مەبەستەش نوسەرانی پۆست کۆڵۆنیالیزم لەو باوەڕەدان کە دەکرێت بەرهەمە کلاسیکیەکان جارێکی دیکە تاوتوێ بکرێنەوە و پەراوێز خراوەکان بکرێنەوە سەنتەر و جارێکی دیکە پێگەی خۆیان لە مێژووی جیهاندا بەدەست بهێننەوە، بەرهەڵستی ئەو شارستانیەتە ببنەوە کە ڕۆژئاواییەکان پێناسەیان کردووە، ئەو نووسەرانە باوەڕییان وایە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەبێت سەرەتا ڕۆژهەڵاتییەکان باوەڕ بە خۆیان بکەن و متمانەیان بەخۆیان هەبێت و پشت بە کەلتووری ڕەسەنی خۆیان ببەستن و واز لە لاسایکردنەوەی کولتووری ڕۆژئاوا بهێنن، ئامانجێکی تری ئەم ئەدەبیاتە بریتییە لەوەی کە نووسەرانی ئەم ئەدەبیاتە ناسنامەی کولتووری کۆمەڵگا داگیرکراوەکان دەکەنە چەقی نووسینەکانیان و جەخت لە زیندووکردنەوە و پەرەپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی دەکەنەوە، ئەمەش واتا ئەو نووسەرانە کار لەسەر زیندووکردنەوەی کولتوری ڕەسەنی وڵاتەکەی خۆیان دەکەنەوە.
لە درێژە و زیاتر ڕوونکردنەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم فیلمێکم وەکو نموونە وەرگرتووە، لە تێیدا ڕەھەندی پۆست کۆڵۆنیالیزم دەردەکەوێ، فیلمی (١٤ی تەموز) کە دەرھێنەرەکەی (ھاشم ئایدەمیر)ە، کاتی فیلمەکە (٢:٢٦)ە، لە ساڵی (٢٠١٧) بەرھەم ھاتووە نمرە (ڕەتینگ)ی (٤.٤) وەرگرتووە، زمانی فیلمەکە لە تورکی و کوردی پێکھاتووە.
چیڕۆکی ئەم فیلمە لە ڕووداو و بەسەرھاتێکی ڕاستەقینە وەرگیراوە، فیلمەکە باس لە زیندانی دیاربەکر دەکات لە ساڵی ١٩٨٠ بە دواوە، کە چەند چالاکخواز و شۆڕشگێر دەستگیر کراون لەلایەن سوپای تورکیاوە، ئەم چیڕۆکە باس لە کۆمەڵە کەسانێک دەکات کە تا دوا ساتی گیان بەخشینیان ئاشقی ژیانکردن بوون.
ئەم فیلمە بیری کۆڵۆنیالیزمی تورکیا بەرامبەر بە کورد دەخاتەڕوو، بیری ئەم فیلمە بۆ ئەو سەردەمانە دەگەڕێتەوە کە دەوڵەتی عوسمانی کوردستانی داگیرکردووە، پاشان دەسەڵاتەکەی نەماوە و دەیەوێت بەو شێوەیە بەردەوامی بە داگیرکارییەکەی بدات، ئەم فیلمە باس لە کوردانی باکور دەکات، لە چۆن تووشی ستەم و نەھێشتنی شوناسی بوونەتەوە لەلایەن تورکیاوە.
ئەگەر سەرنج لە ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە بدەین بۆ دەستنیشانکردنی خاڵەکانی پۆست کۆڵۆنیالیزم، لە زۆربەی ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە بە نھێنی زمانی کوردی بەکاردەھێنرێت، چونکە بەکارھێنانی زمانی کوردی قەدەغەیە، بێگومان کەلتوور بە گرینگترین و دەوڵەمەندترین سەرچاوەی نەتەوە و شوناس دادەنرێت، زمانیش بەشێکە لە کەلتوور، زمانی کوردی لەلایەن تورکیا بە ناشارستانی دواکەوتویی و بێ نرخ دانراوە و قەدەغەی کردووە، بۆ نموونە لەو دیمەنەی کە کەس و کاری زیندانیان سەردانی زیندانیەکان دەکەن، دایکی زیندانیێک بە کوردی قسەدەکات، لەو کاتەدا سەربازێکی تورک ھاواری بەسەردا دەکات و دەڵێت قسەکردن بە کوردی قەدەغەیە و بە پرچ لە دوای خۆی ڕایدەکێشێتە دەرەوە، قەدەغەکردنی زمانیش لە پێناو بنەبڕکردنی زمانی کوردی بووە و بۆ ئەوەی نەوەکانی داھاتوو فێری زمانەکە نەبن و بنەبڕ بێت.

زیندانەکەدا ئەشکەنجەی نامرۆڤانەی زیندانیەکان دەدرا، ئەشکەنجەکان لێدانی نامرۆڤانە و سوکایەتی کردن بە کەسایەتی و شوناس بوو، بە لێدان و ئەشکنجەدان کوردەکان ناچاردەکران کە بڵێن تورکم و سرودی تورکی بڵێن.
ژن و خزمەکانی چالاکخوازانیشیان ئەشکەنجە دەدا و لێیان دەدان و دەستدرێژیان دەکردنە سەر و شکۆی ئافرەتەکانیان دەشکاند، بۆ نموونە پرچیان دەبڕین و پیساییان دەکردە ناو خواردنەکانیانەوە.
یەکێکی تر لە کارە کۆڵۆنیالیزمەکانی تورکیا ئەوەبوو کە زیندانیەکان لە کاتی دادگایی کردنیاندا مۆڵەتی بەرگریکردن لە خۆیان پێنەدەدرا و نەیاندەھێشت قسە لەگەڵ پارێزەردا بکەن، مۆڵەتی سکاڵاکردنیان لە زیندان و سەرۆکی زیندانەکە نەدەدا و دەیان وت ئێرە دادگایە و پەیوەندی بە زیندانەوە نیە، لە کاتێکدا لە جاڕنامەی مافی مرۆڤدا ھاتووە کە ھەموو تاوانبارێک مافی بەریگری کردن لە خۆی و ئەشکەنجە نەدانی نامرۆڤانەی ھەیە، جگە لەوەش ھەندێک زیندانیان تووشی دانپێنانی زۆرە ملێ کرد، کارێک کە نەیانکردووە بە زەبری ئەشکەنجەدان ناچاریان دەکردن کە بیکەنە ئەستۆی خۆیان و لە دادگا لە دژی شۆڕشگێڕان قسەیان پێبکەن.
سەربازانی تورک فێڵ و تەڵەی جۆراوجۆریان بەکاردەھێنا بۆ ئەوەی بیری ئازادی لەلای کوردەکان دروست نەبێ و بیرە کۆڵۆنیالیزمەکەی خۆیان بەردەوامی ھەبێ، بۆ نموونە کاتێک زیندانیەکان بڕیاری مانگرتنیان دا، بە فێڵ و تەڵەکە ئەیانویست مانگرتنەکە پوچەڵ کەنەوە، چونکە ئەگەر کەسێک بە مانگرتنەکە گیانی سپاردبا، ئەوە پاڵەوان دروست دەبوو، (مەزڵوم دۆغان) کە کەسایەتێکی ناو فیلـمەکە بوو، خۆ سوتاندنی ئەو لە شەوی نەورۆزدا لە زیندانەکەدا ئێستاش لە دڵی کوردانی باکور سیمبولی ئازادی و کوردایەتیە، سەربازانی تورکیا ڕێگریان لەو بوونە پاڵەوانە دەکرد بە فێڵ و تەڵەکە.
تورکەکان بە وردی بە دوای تاوانی کوردەکاندا نەدەچوون، لە زیندانی دیاربەکردا تایبەتبوو بە ئەو کەسانەی لە دژی دەوڵەتی تورکی دەوەستانەوە و ئەیانویست شۆڕش بکەن بوون، بەڵام ئەوان بە ھەنجەت بوون بەرامبەر بە کوردەکان و تەنیا زانیبایە کە کەسێک کوردە بیانونیان بۆ گرتنی دەدۆزیەوە، بۆ نموونە لە فیلمەکەدا پیاوێکی بەساڵاچوویان دەستگیرکردووە بە بیانووی ئەوەی پەکەکەکان بە ناو زەویەکەی ئەودا ڕۆیشتوون، کە پیاوەکە بە ھۆی ئەشکنجەی زۆرەوە تووشی نەخۆشی دەروونی بوو و سەرەنجام گیانی دا.
سەربازانی تورکیا سیاسەتی (پەرتکە—زاڵبە) یان لە دژی زیندانیەکان بەکاردەھێنا، ئەم سیاسەتە وادەکات کە نەتەویێک تووشی داڕمانی کەلتوور و زمانی بێت، وڵاتانی داگیرکەر بەکاریدەھێنن لە پێناو درێژەدان بە داگیرکاریەکەیان، یەکێک لە میکانیزمەکانی ئەو سیاسەتە دانانی سیخورە لە ناو تاکەکانی داگیرکراوەکان، بۆ ئەوەی ئاگاداری پەیوەندی نێوان تاکەکان بن و دووبەرەکی و لێکترازان لە ناویان دروست بکەن، سەربازە تورکەکان سیخوڕیان لە ناو زیندانیەکان دادەنا و بۆ ئەوەی ئاگاداریان بن و ڕێگری بکەن لە پەیوەندی نێوانیان، بۆ نموونە لە نێوان قاوشی ژنان و پیاوان سیخوڕیان دادەنا و ڕێگریان دەکرد لە پەیوەندی نێوانیان و ھەواڵی درۆیان پێڕادەگەیاندن بۆ ئەوەی لێکترازان دروست ببێت لە نێوانیاندا.
لەم فیلمەدا ھەوڵدراوە ڕووە ناشرین و قێزەونەکەی داگیرکاری و نەژاد پەرستی بخرێتەڕوو و باس لە سیاستە کۆڵۆنیالیزمەکەی تورکیا کراوە بەرامبەر بە کوردان و خەبات و تێکۆشانی کوردانیشی خستۆتەڕوو.
شایانی باسە من لەو وتارەمدا ویستوومە بابەتیانە پۆست کۆڵۆنیالیزم ڕوون بکەمەوە و پڕاکتیزەی بکەم لەسەر فیلمی (١٤ی تەمووز) بێگومان پۆست کۆڵۆنیالیزم بابەتێکی فراوانە و ناکرێت بە وتارێک تەواوی بابەتەکە باسی لێوە بکرێ، بەڵام من ھەوڵمداوە بابەتە گرینگ و دیارەکانی کۆڵۆنیالیزم باس بکەم و لە فیلمێکدا پڕاکتیزەی بکەم، لە فیلمەکەشدا تەنیا سەرنجم لەسەر ئەو ڕووداوانە داناوە کە پۆست کۆڵۆنیالیزم تێیاندا دەرکەوتووە و بابەتەکەم پاراستووە لە بابەتی دەرەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم.

ئەم بابەتە لە ژێر سەرپەرشتی مامۆستا چاوەڕێ نیعمەت ئامادەکراوە\ زانکۆی سۆران

————————-

سەرچاوەکان:
١- ڕەنگدانەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم لە ڕۆمانەکانی فەرھاد پیرباڵدا، کوردستان عبدالوھاب نادر، نامەی دکتۆرا، ٢٠٢٢.
٢- پەیوەندی نێوان شوناس و خەباتی نەتەوەیی لە باکووری کوردستان: فیلمی زەر وەک نموونە، ئاریان سەلیم خدر، توێژینەوەی بەکالۆریۆس، ٢٠٢١.
٣- کوردستان کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتی، ئیسماعیل بێشکچی،وەرگێڕان: حەمە ڕەشید، سلێمانی، ٢٠٠٢.
٤- فیلمی (١٤ی تەمووز)، دەرھێنەر: ھاشم ئایدەمیر، ٢٠١٧.




شـێواز لە وێـژەی منـداڵانـدا.. رەزا شـوان

شـێواز لە ئینگـلیزیـدا (سـتایـل) ە، رەگەزێکی سەرەکی و گـرنگە لە وێـژەی منـداڵانـدا. مەبـەست لە شـیواز بە جـوانی داڕشـتـنی بابـەتە وێـژەییەکـانی منـداڵانە بە شـێوەیەکی هـونـەری. شـێـواز و نـاوەڕۆک وەکـو دوو رەگـەزی سـەرەکی لـە وێـژەی منـداڵانـدا، هـاوسەنـگـییەک پـێکـدەهـێنن و پەیـوەنـدییـەکی بەهـێزیـان بە یەکـترییـەوە هـەیە.
شـێواز گرنگییەکی زۆری لە پێکهـاتە راستەقـینە و مێتافـوریکییەکاندا هـەیە، بۆ تیشک خـستـنە سـەر بیـرۆکەکـان و وێنـەکـێشـانی کـارەکـتەرەکـان و وێـناکـردنی رووداوەکـان. هـەر ناوەڕۆکـێکی وێـژەیی، چەنـدە رەسـەن و باش و بەهـێـزبێـت، گـەر بە شـێوازێکی جـوان و رەسـەن و رێـک و چـێژبەخـش دانـەڕێـژرێـت، ناتـوانـێـت کـاریــگەری لەسـەر منـداڵان دروسـت بکـات. چـونکە شـێوازی کاڵـوکـرچ و لاواز، ئاستی نـاوەڕۆکی بەهـێز دەهـێنـتە خـوارەوە. بـە پـێچـەوانـەشـەوە، نـاوەرۆکی لاواز و پـووک و بـێ بـایـەخ، لـە ئاسـتی جـوانی و هـونـەریی شـێـواز کەمـدەکـاتـەوە. بـۆیـە دەوتـرێـت، پێـویستە وێـژەی منـداڵان لەسـەر قـاپـێکئ زێـڕیـن پـێـشکەش بە منـداڵان بکـرێـت.
ناشکرێت تایبەتمەنـدییەکی ستانداردی دیایکـراو بۆ شێوازی وێـژەیی منـداڵان دابنرێـت. تا نووسـەرانی ئـەم بـوارە پێـوەی پابـەنـدبـن. چـونـکە بە زۆری سـروشـتی نـاوەرۆک، لایەنێک لە سروشتی شـێواز دەسەپـێنـێت. بەهەر شێوەیەک بێـت، پێویستە هـاوکاری و یەکـێـتیـیەک لە نێـوان نـاوەڕۆک و ئـەو شــێوازەدا بـدۆزیـنەوە، کـە کـۆڵـەکەی جـۆری وێـژەیی پێکـدەهـێنێـت. ئەمـەش رێـگـری لە چـوارچـێوە گـشتییەکان ناکـات. لەوانـەش، وێـژەی منـداڵان چـیـتر قـسەی سـواو و بـێزراو و بـێـتام پـێـشکەش بە منـداڵان ناکـات، کە لێیان وەرسـتبوونە، بۆیان دووبـارە بکـرێتـەوە، باوێـشک دەدەن و خەو دەیانباتەوە. بەڵکو شـێـوازی نـوێی وێـژەی نـوێی منـداڵان، زمـانـێکە منـداڵان وریـا دەکـاتـەوە و بە ئاگایـان دەهـێنێتەوە، توانـای ورووژانـدن و رابـوونیـان پێـدەبەخـشـێـت.
چـیتر شـێوازی وێـژەی منـداڵان، ئامـرازێـک نیـیە بۆ تـرساندن و تـۆقـانـدن، لە سـزای دونیا و رۆژی دوایی و مەڕنەمووکەی گۆڕ و خێو و دێـوودرنج و جـنۆکە و ئەژدیهای حەوت سەر و،.. هـتد.. ئەو شێوازەش بەسەرچـوو، کە هـۆش و ئەنـدێـشەی منـداڵان، بە وشـەی زەق و رەق و بە رێـنمایی ئاینی نالۆژیکی و ئامـۆژگاریی تەڵـقـین ئاسایی و بە قـسەی هەلەق و بەلەقی بێ بناما، مێـشکی منـداڵانی نەوەی ئەمـڕۆمان بشـۆرنەوە. بەڵکو لە ئەمـڕۆدا شێوازی وێـژەی منـداڵان بۆتە ئامـرازێک بۆ دروستکـردنی مروڤ لە ڕێگەی روانـدنی بەهـا و رەشتە نایابەکانەوە. بۆتـە ئامـرازێک بۆ دەستەبەرکـردنی خۆشی و شادی بۆ منداڵان. بۆ رەوینەوەی خەمۆکی و رەشبینی. بۆ بەخشینی هـیوا و گەشبینی، بـۆ دووپاتکـردنەوەی بـڕوا و متمانە بەخـۆبـوونیان. لە میانەی داڕشتنێکی رەسەن و سەرنجڕاکـێشدا. لە رێگەی زمانێکی دروست و ئاسان و شـیریـن و پاراودا.
منـداڵان لە هەر ناوەڕۆکـێکی وێـژەیی نامـۆ و نەگونجاوی دوور لە حەز و ئارەزوو و زمـان و تـوانـایـان، لـووتەلادەبـن و دەتـۆرێـن، گەر هـەست بەوە بکەن بە سـەریانـدا سەپێنراوە. تەنانەت گەر شێوازێکی گونجاویشی هەبێت. ئەمەش ئەوە لە نووسەرانی وێـژەی منـداڵان دەخـوازێـت، کـە لـە شـێوازی هـەڵـبەسـتـنی رووداو یـان زۆرکـردنی ناوەڕۆکی پـڕوپاگەنـدەیی و لە شـێوازی داڕشـتنی سـوا و ئێکـسپایەر دووربکەونەوە.
گـەر بمانەوێـت بە وردی، گـرنگـترین بنەمـا و تایبەتـمەنـدییەکـانی شـێوازی دروسـتی وێـژەی منـداڵان پێناسـە بکەیـن، دەڵـێـیـن: بـریـتیـیە لە خـستنەڕووی بیـرۆکەکـان، بە شێوەیەکی وێـژەیی ئەوتـۆ دایانبڕێـژیـن، کە منـداڵان ئاڵـۆز و رامـان و دامـان و بێـزار نەکەن. بە وشەی سـووک و ئاسان و شـیرین و نەرم و نیان و یەک واتا و بە رستەی ناسک و کورت دایانبڕێژین. زیادەڕۆیی نەکەین و کورت پوختبن. بە پێی قـۆناغەکانی گەشەی زمـان و تواناکـانی دەروونی و جەسـتەی و هـۆشی منـداڵان بـن.
ناشـبێـت لە پێشکەشکـردنی زانیارییەکانـدا، زیادەڕۆیی لە ئاسانی و ساکاریـدا بکرێت، ئەوەش راست نییە کە نووسەرانی وێـژەی منداڵان لە نووسینەکانیاندا، هەموو شتێک بەدەسـتەوە بـدەن و هـیچ بـوارێـک بـۆ منـداڵان نەهــێـڵـنەوە بـۆ بـیـرکـردنـەوە و بـۆ هـەڵـهـێنجـانـدنی مەبەست و بیـرۆکەکانی بابەتەکـانی نووسینەکـانیـان. یان وا بـزان کە منـداڵان هـێـندە ساوێلکەن و هـیچ نـازانـن. ئاسـانیش لە شـێوازی داڕشـتنی بابەتەکـان ئەوە ناگەیەنێت کە بە شێوازێکی بێ تام، یا بە شێوەی راپـۆرت ئاسایی ناوەڕۆکەکـانی بابەتەکـانیان دابـڕێـژن، کە منـداڵان هـیچ جـوانییەکیان لێ نەبینن و چـێژێکی وێـژەییان لێـوەرنەگـرن هەست بە بەهـێزیـان و نەکەن و بـزە و خەنـدە نەخـەنە سەر لـێوەکانیان.
(جاکـلـین سانـدەرز) دەڵـێت:”با وێـژەی منـداڵان هـێنـدەش ئاسان نەکـرێتەوە، وابـزانن منـداڵان هـیچ نـین و هـەسـت بە هـیچ شـتـێک ناکـەن..”.
ئـەو نـووسـەرەی وا بیـربکاتەوە و نـووسـینەکـانی بـۆ منـداڵان لە بێـئاستـیدابـن، ئـەوە دەگەیەنێـت کە بنەمـایەکی سـەرەکـیی وێـژەی منـداڵانی رەتـکـردۆتـەوە، کـە بـایـەخـدانە بە هـێز و بە توانای بیرکـردنەوەیـان. نابەڵـەدە و لە گەشـەکـردن و لە بەروپێـشچـوونی تـوانـاکـان و ئاستی رۆشـنبیریی منـداڵانی ئەمـڕۆمان بێ ئاگـایە و تێـنەگەیـشـتووە.
بابەتی تازە و ناباو و داهـێنان، گەورەکان و مـنداڵانیش دەورووژێنن. بۆیـە تازە بابەتی و تازە شێوازی، توخمێکی گرنگە لە وێـژەی منداڵاندا. پێویستە بە شێوازێکی ناسک و شـیریـن و تـازە نـاوەرۆکەکـان پـێـشکەش بـە منـداڵان بـکەیـن. تـا منـداڵان هـەسـت بە تازەگـەری بکەن. چونکە منـداڵان لە زۆر دووبارەکـردنەوەی وشـە و رسـتە و سـتایـلە سـواوەکان بـێزاربـوونە و چـێژ و خـۆشیـيان لێـوەرناگـرن. رقـێکی زۆریشیان لە قـاڵـبە وێـژەیـیـە چەقـبەسـتووەکـان هـەیە.
نووسـەری وێـژەی منـداڵان، پێـش ئـەوەی کە دەسـت بە نـووسینی بابـەتەکـانی بکـات، پێویستە ئەوە بزانێت کە بۆ منـداڵان دەنووسێـت نەک بۆ گەورەکان. نابێت خۆی رادات و باڵادەستی و فـانتازی خـۆی دەربخات. چـیی دەوێـت و چـۆنی دەوێـت، بە هـەوەس و میـزاجی خـۆی بنووسـێـت. با ئـەم پـرسـیارانە لە خـۆی بـپرسـێـت: بـۆ کێ دەنـووسـم؟ ئەوانـەی بۆیان دەنووسـم لە چ قـۆنـاغـێکی تەمەنیان دان؟ تایبەتمـەندییەکـانی منـداڵان لەم قـۆنـاغـەدا چـین؟ شـێوازی داڕشـتن بۆ منـداڵانی ئەم قـۆناغـە پێـویستە چـۆن بـێت؟
گەر نووسەری وێـژەی منـداڵان وەڵامی ئەو پرسیارانەی نەزانێت، نابـەڵەدە و ناتوانێت بە پێی قـۆناغـەکانی منـداڵی، بـیرۆکەیەکی باش و کارەکـتەرەکان و شـێواز و زمـانێکی شـیرین هەڵـبژێـرێـت و بابەتێکی وێـژەیی گونجـاو بۆ منـداڵان بنووسـێت. بۆیە پێویسە نووسەرانی وێـژەی منـداڵان، شارەزای قـۆناغەکانی گەشەکردنی منـداڵان بن. لە رووی هـۆشی و دەروونی و جەستەیی و توانای فـێربوون و وەرگـرتن و بـڕکردنی خەیاڵیان و فـەرهـەنگی وشـە و رستەکانی زمـانیان و ئاستی رۆشـنبیریی گـشتییان و ژینگەکەیـان.

گـرنگـترین تایبەتمەنـدییەکانی شێوازی وێـژەی منـداڵان
بە کورتی و بە سفـتی، باس لەم سێ تایبەتمەنـدییەی شـێوازی وێـژەی منداڵان دەکەین، کە بـریتـین لە: روونی، بەهـێزی، جـوانی:
١ـ روونی: روونی شـێـواز و ئـاسـانی، لـە روونی بـابـەتی پـێکهـاتـە زمـانیـیەکـان و لە بەستنەوەیـان بە یەکـترییەوە و لە روونی بیـرۆکەکـان دایـە. هـەمـوو ناڕوونی و تـەم و مـوژ و ئاڵـۆزییـەک لەم لایـەنـدا هـەبێت، بابـەتی وێـژەیی دەشـێوێـنێـت و تـێکی دەدات، هەمیشەش راستییەکان جـوانـترن. تا دەربـڕینەکان ئاسان بێت، کاریگەریییەکی زیاتر و قووڵتریان دەبێت. پێویستە وشەکان ئاسان و بیستراوبن، قـورس نەبن و لە فەرهەنگی زمـانی منداڵانەوە وەربگـیرێـن. رسـتەکـانیش کورت و ئاسانبن و تـێکهـەڵکـێش نەبـن.
٢ـ بەهـێـزی: بەهـێزی شێواز، لە رێی ئەو هـانـدەرانەوە پیشان دەرێت، کە هەستەکانی منـداڵان بـە ئـاگـا دەهــێـنـنەوە و هــۆش و ئـەنـدێـشـەیـان دەبـزوێـنـن، بـۆ تـێـڕامـان و هاوسـۆزی هـانیان دەدەن. بـێجگە لەوەش جـوانی بە بیـرۆکەی بابەتەکە دەبەخـشـێـت.
٣ـ جـوانی: جـوانی پێـکەوە گـونجـانـدنی نێـوان شـێواز و بیـرۆکەکانە. چونکە بیـرۆکە جیاوازەکان، پێویستییان بە دەربڕینی جیاواز هەیە. جوانی هەموو لایەنەکانی ناوەڕۆک و فـۆرمی بابەتەکان دەگرێتەوە. بێجگە لەوەی کە جـوانی شێواز لەگەڵ توانای وێژەیی و سـۆزدارییە دەروونیـیەکـانی منـداڵانـدا دەگـونجـێـت.
زمانیش لە بابەتەکانی وێـژەی منداڵاندا، زۆر گـرنگە و ئامـرزای دەربـڕین و نووسـینە. هەمـوو نووسەرانی وێـژەی منـداڵان، هـاوڕان لە بەکارهـێنانی زمـانێکی پەتی و روون و ئاسان و شـیریـن، بە پێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵان و گەشەکردنی هـزر و زمانیان. تا منـداڵان لێـیان تـێبگەن، کە دەبێتە یارمەتـدەر بۆ تێگەیشتن لە بیـرۆکەی ئەو بابـەتە وێـژەییانەی کە بـۆ خـوێنـدنەوە و سوودوەرگـرتـن لە بەردەسـتـیان دایە.
پێویستە بە تەنیاش پشت بە فەرهەنگی زمانی منداڵان نەبەستین، چونکە منداڵان لەپاڵ فەرهەنگی زمانیان، فەرهەنکی هەستکـردنیان هـەیە. منـداڵان لە دەرەوەی فەرهەنگی زمانیان کە قـسەی پێـدەکـەن، توانـای تێگەیشتـنی وشـە و دەستەواژە و رستەی تریان هـەیە. لە کـۆتـاییـدا، دەڵـێیـن پێویـستە شـێواز لە وێـژەی منـداڵانـدا، سـووک و ئاسـان بێـت. بە شێوەیەک هـەر بـڕگـەیەکی، جـوانی و زەردەخـەنە بە بیـرۆکەکەی ببـەخـشـن. پێویستە هەڵە رێنووسی و رێـزمانییەکانی نووسینەکانمان بـژار بکەیـن، تا ئەو هـەڵانە لە لای منـداڵان نەچـەسـپـێن. ناشـبێـت بە شـێوە زمـانی ناوچـەیی و گـشـتی بنـووسـین. وشەی بـێگانەش تەنیا لە کـاتی زۆر پێویست و ناچـاریـدا نەبـێـت، بەکـاری نەهـێـنـین.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣




(بـوکـە سـورە) ی سەردار قـادر.. رەزا شـوان

وێـژەی منـداڵان، بەشـێکی گـرنگە لە رۆشـنبـیریی منـداڵان. وێـژەی منـداڵان زانستی و هـونـەرە. گـرنـگی و کاریـگەرییـەکی زۆری لە دروستکـردنی کەسـایەتی دروسـت و لە رەوتی ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منـداڵانـدا هەیە. گەشە بە دەروون و جەستەی منداڵان دەکات و زاخاوی خەیاڵ و بیر و هـۆشیان دەدات، رۆڵێکی گرینگیشی لە پەروەردەکـرن و رۆشـنبـیریکـردن و لە ئاراســتەکـردن و لە ئامـادەکـردنی منـداڵان بۆ داهـاتـوو هـەیە. لەبـەر گـرنـگی رۆڵـی وێـژەی منـداڵان، ئـەم سـەردەمـە بە (سەردەمی وێـژەی منـداڵان) ناودەبـرێت. بیرمەندان و نووسەران و پەروەردەکاران و توێـژێنەران و دەرووناسانێکی زۆی لە جـیهـانـدا سەرقـاڵ کـردووە.
وێـژەی تازەی منداڵانی کورد، لە وێـژەی کوردیدا، لـق و هـونەرێکی تازەیە و مێـژووی بۆ (١١٧) ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. کە تێکۆشەر و نووسەر و کوردستان پەروەری گەلـەکەمـان (ئەمـین عـالی بـەدرخـان:١٨٥١ ـ ١٩٢٦) لە ساڵی (١٩٠٦) دا، لە شاری (ئەسپارتە) ی یۆنـان ـ چونکە بەدرخـانی باوکی لەسەر کورایەتی دووریان خستبۆوە بۆ یـۆنـان ـ هـۆنـراوەیەکی، بە نـاونیـشانی (دەلالـیا زاروان ـ نـازی منـداڵان) نـووسی و لە رۆژی (٢٢/ نیسـان/ ١٩٠٦) دا، لە ژمارە (٦) ی رۆژنامەی (کوردستان) کە لە شاری (قـاهـیرە) دەردەچـوو، بە نـاوی خـوازراوی (زیـنـۆ) وە بـڵاوی کـردەوە. دەتـوانین ئـەو هـۆنـراویە، بە سەرەتـای سـەرهـەڵـدانی وێـژەی تـازەی نـووسـراوی منـداڵانی کـوردی دابـنێین. هـەر هەمـان هـۆنـراوە، لە ژمارە (٥) ی گـۆڤـاری (هـاوار) کە لە (دیمەشـق) بە کـوردی و عـەرەبی دەردەچـوو، لە رۆژی ( ٢٠/ گەلاوێـژی/ ١٩٣٢) دا بە هـەمـان ناونیشان (دەلالـیا زاروان) بڵاوکراوەتەوە. هەر ئەمـین عـالی بەدرخـان هـۆنـراوەیەکی تری بۆ منداڵان هـۆنیـوەتەوە و لە گۆڤـاری (هـاوار) دا بە ناونیشانی (لۆریا بەدرخان) وتا (لایـلایە بـۆ بەدرخان) ی بڵاوکردۆتەوە. کە کامـرانی کوڕی (د. کامـەران بەدخـان) دەلاوێنێتەوە، ئەو کاتە کۆرپەیەک بوو لەناو لانکـدا. دەقی تەواوی (لۆریا بەدرخان) م، لە پەرتـووکی (چـەپـکـێک لـە لای لایـەی دایـکـانی کـورد) دا بـڵاوکـردۆتـەوە، کـە لە سـاڵی (٢٠١٩) دا چـاپکـردووە.

بـەڵام وێـژەی زارەکی منـداڵانی کورد، مێـژوویەکی زۆر دێـرینی هـەیە، لەگـەڵ بـوونی گەلی کـوردمـان لـە کوردسـتانـدا، سـەری هـەڵـداوە. بـە سـەدان چـیرۆک و حەکایەت و نەزیـلەی ئەفـسانەیی و فـۆلکـلـۆری کوردیمـان بۆ منـداڵان هـەیە، کە بە (چیرۆکەکانی بەرئـاگـردان) ناویـان دەبـەیـن. شـایەنی باسیشە کـورد خـاوەنی کـۆنتـریـن لایـلایـە لـە هـەمـوو جـیهـانـدا، کـە مـێژووی بـۆ (١٤) هـەزار سـاڵ پـێـش ئێـسـتا دەگـەڕێـتـەوە. لایـلایـەش بەشـێکی گـرنـگە لە وێـژەی منـداڵان.
(لامارتین) دەڵێت:”جـوانـترین هـۆنـراوە لە سەرانسەری جیهـاندا لایـلایەی دایـکانە”.
لە دوای راپەرینەکەی ساڵی (١٩٩١) لە باشووری کوردستاندا، زەمینە و هەلێکی باش بۆ گەشـەکـردن و پێشکەوتـنی وێـژەی منـداڵانی کوردمـان رەخـسا. لە رووی چەنـدێـتی و چـۆنـییەتی و داهـێـنانـەوە چـەنـد هـەنـگـاوێـکی باشی نـاوە. کـەوتـەسـەر پێـیەکـانی. ئەگەرچی تا ئێستاش لە ئاستی خـواسـت و پێـداویستیـیەکانی منـداڵانی کوردامـان نیـیە. ئەمـەش هـۆی خـۆی هـەیە. بەڵام سەرەڕای ئاستەنگـیـیەکانی بـەردەمی و پـشـتگـیری نەکردنی، لە سـایەی دڵسۆزی و هـەوڵ و پەرۆشی کـۆمـەڵـێک لە نووسەرانی بـواری ژانـرەکـانی وێـژەی منـداڵانی کـورد ـ ئەگـەرچی لـەچـاو ژمـارەی منـداڵانی کـوردەوە، ژمـارەیـان زۆر کەمـن ـ بـزووتنـەوەی وێـژەی منـداڵانی کوردمـان سـاڵ لە دوای سـاڵ بـەرەو پـێـشـەوە و داهـێـنان هـەنـگاوی نـاوە و دەنـێـت. ئەمـەش مـایـەی دڵخـۆشی و مـژدەیەکی گـەشبینیـیە بە داهـاتـوویەکی بەرز و شیاوتری وێـژەی منـداڵانی کوردمان.
یەکـێک لەو هـۆزانڤـانە ناسراو و دڵسۆز و خەمخۆرانەی پێشکەوتنی وێـژەی منداڵان. هـۆزانـڤـان مامۆستا (سـەردار قـادر)ە. لە ساڵی (١٩٦٤) دا، لە شـاری دەربەنـدیخـان لەدایکبووە، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی هـەر لەم شارەدا تەواو کردووە. لە ئێستادا نیشـتەجـێی شـاری سـلـێمانیـیە. مامـۆسـتا سـەردار لە سـاڵی (١٩٨٨) ەوە دەسـتی بە نووسینی هـۆنراوە بۆ منـداڵان کردووە. دانەبڕاوە درێـژە بە نووسـینی هـۆنـراوە و بە چالاکـییە هـونەریییەکانی منـداڵانی کوردمـان دەدات و خـزمەتێکی بەرچـاوی کـردوون. مامۆستا سەردار قـادر تا ئێستا پـێـنج نامـێلکەی هـۆنـراوەی بۆ منـداڵان چاپکـردوون، ناوەکانیان (جەژنانە، گالێسکەی باڵدار، بەلەمی کاغەزی، هەوری ژەنیار، بوکە سورە). ئەوەی ئێـمە لەم نـووسینەمانـدا کـردوومانەتە توێشوی باسەکەمـان (بـوکە سـورە) یە.
پەرتووکی (بـوکە سورە) بریتییە لە (٢٥) هـۆنراوە، لە هـۆنراوەکانی مامۆستا سەردار، کە لە ساڵی پـاردا (٢٠٢٢)، (١٠٠٠) دانـەی لێ چاپکـردووە. كاک (رامـان عـەبـدوڵڵا) دیـزایـنی بەرگی بـوکە سـورەی کـردووە. هـۆزانـڤـان و چـیرۆکـنووس و رۆمـانـنووسی منـداڵان، مامۆستا (ئەمـین مـحـەمـەد) یش، پێشەکییەکی پوخت و جـوانی بۆ نووسیوە.

مامۆستا سەردار قادر بە زمانێکی کوردی پەتی و شـیرین و سووک و ئاسان و رەوان، بەپـێی قـۆنـاغـەکـانی تەمـەنی منـداڵـی هـۆنـراوەکـانی هـۆنیـونـەتەوە، ریتـم و کـێـش و سـەروای هـۆنـراوەکـانیش هـیج گـیری و گـریـوگـۆڵـێکـیان تێـدا نییە. زۆر بە ئاسانی و ساکـاری هـۆنـراوەکـانی داڕشـتـوون. منـداڵان دەتـوانـن بە ئاسـانی چـێژێـکی زۆریـان لێوەربگـرن و بە ئاسانی لەبەریـان بکەن و بە دەنگ و ئـاواز و گـۆرانییەوە بیانچـڕن. مامۆستا سەردار، ئیلهـام و بیـرۆکەکانی هـۆنـراوەکـانی، لە ژیـانی منـداڵانی کورد و لە ژینگەی دەوروبەریـان و لە سـروشـتی جـوان و رەنگـین و قـەشـەنـگی کوردسـتانەوە بۆهـاتوون. هـۆنـراوەکانی ناو پەرتووکی “بـوکە سـورە” گەلێ بابەتی هەمەچەشنەیان لەخۆگـرتوون، ئەمانە ناونیشانی هەنـدێ لە هـۆنـراوکانین: (مـێروی ئاوریشـم، هـەور، بـاران، بـاوک، نـەورۆز، هـەنـگ، بـاخـچـەکـەم، قـوتـابخـانـەکـەم، بـوکـەکـەم، دایـک، چـۆلـەکـە، پەپـولە، بـوکـە سـورە، گـوڵـفـرۆش، هـەنجـیـر،… هـتد ).
وەکـو نمـوونە، تەنیا دووان لە هـۆنـراوەکـانی مامۆسـتا سـەردار قـادر بۆ خـوێنەران دەنـووسـین. مامۆستا سەردار، لە جیـاتی نـوقـڵ و گـەزۆ، چـەپـکێ هـۆنـراوی نـوێی شـیرین و ناسکی بە جەژنـانە پـێشکەش بە منـداڵانی کوردمـان دەکات. نووسیوێتی:
وەرن جــەژنـــــــــــــــانـەم پــێــــیـە
شــیـعـرێـــــــکی خـۆش و نـوێــــیـە
جـەژنــــــــــانـەکـەم شـــــــیـریــــنـە
دەڵــێی نـوقــــڵ و هـەنــــــگـویـــنـە
چـەپــــکێ شــــیـعــری نـاســـــکــن
لـە خـونـچـــــەی بـەهـــــــار دەچــن
وەک گـڕوگـــــــــــــــاڵـی مــنــــــــاڵ
بـــــزە دەخـــــــەنــە نــــاو مــــــــاڵ
بـە ئــــــــــاوازی خــــــــۆش دەدوێ
پــــــڕە لـە گـــــــــــۆرانــی نـــــــوێ
وەک پـەرســـــــیـلـەی بـەهــــــــارە
ئـای چــــەنـد مـــــزر و ئـــــــاودارە
پـێـشـکـەشـە بـە ئـێــوەی دڵـپـــــاک
مـنــــــاڵـی ژیــــــــــر و چــــــــالاک
لە هـۆنـرای (بـوکە سورە). بوکە سورە ناوی باڵنـدەیەکی پەڕ رەنگـینی جـوان و دەنگ خۆشە، لە جـۆرەکانی چـۆلـەکە و شالـوورە (بلـبل) ە. لـەم هـۆنـراوەیەدا بـوکە سورە بە زمـانی کوردی خـۆی بە منـداڵانی کـورد دەنـاسێـنـێـت. منـداڵان تا تەمـەنی پێـنج سـاڵان، خەیـاڵـین و بـاوەڕ بەوە دەکەن کە ئاژەڵ و باڵـندە، وەکو مـرۆڤ، دەتـوانـن بەو زمـانەی بیـانەوێـت قـسە بـکەن. مامـۆسـتا سـەردار، نووسـیوێـتی:
بـوکــە ســـــورەم رەنـگ رەنـــــگـم
خـۆشــــــــن ئــــــــاواز و دەنـــــگـم
کـلـــــــکــم رەش و ســــــــــــپـیـیــە
ســەریـشــــــــم قـــــــــــــــــاوەیـیــە
ســـەر بـاڵـــەکـــــــــــــــــانــم زەردە
نـاخــــــم ســــپـی و بــێـــــــــگـەردە
هـــاوڕێـی کـەنــــاری و قـومــــریــم
لـە دەشـــــت و هــــــــــەردا دەژیــم
گـەردنـــــــم رەنــــــــگی ســـــــورە
دەنــــــــــگــم وەکـــو شـــالـــــــورە
کـە بـە ئـــــــــــــــازادی دەفـــــــــڕم
بـەرەو ئـاسـمـان بــــــاڵ دەگــــــــرم

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣




فیستیڤاڵی ساڵانەی قوتابخانە و باخچەکان و چەند سەرنجێک.. نوسینی:عەلی حەمەڕەشید

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




منداڵانی باخچە و هۆنراوەو چیرۆک و گۆرانی.. نوسینی: عەلی حەمەڕەشید

وه‌ك ده‌زانین ( باخچه‌ی منداڵان ده‌زگایه‌كیپه‌روه‌رده‌یی تایبه‌ت به‌ منداڵانی قۆناغی پاش دایه‌نگه‌ و پێش چوونه‌ قوتابخانه‌یه‌) چیرۆک و هۆنراوەش بۆ منداڵان بە گشتی و منداڵانی باخچە بەتایبەتی ،گرنگی خۆی هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە تایبەتمەند بێت بۆ تەمەنیان چونکە تەمەنی ( ٤ و ٥ ) ساڵی کە لەباخچەی منداڵاندا ئاستی یەک و ئاستی دوویان پێدەوترێت کاریگەری زۆری دەبێت لەسەریان و لە هەمان کاتیشدا کە چێژی لێوەردەگرن زانیاری و بەها پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و تەندروستی و ڕەوشتی و نیشتمانی و کام بەهاو زانیاری بۆ ئاستی ئەوان شیاوبێت دەتوانرێت لەڕێگەی ئەو ژانری هۆنراوە،چیرۆک،ئۆپەرێت،شانۆیی ،ئاراستەیان بکرێت بە مەرجێک ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی قۆناغ و ئاستەکەیان بکرێت.ناکرێت هۆنراوەیەکی دوور و درێژ و پڕ لە وشەی دوور لە فەرهەنگ و دنیای منداڵ ئاراستەی منداڵ بکرێت ،ئەوان بە دووبارە کردنەوە و بەو ئاوازەی بۆی دانراوە لەبەری دەکەن و بۆت دەڵێنەوە،بەڵام لێیتێناگەن، هیچی لێوە فێر نابن،کاریگەری تەواوی نابێت لەسەریان.جاری وا هەیە منداڵێک کە داوای گۆرانییەکی لێبکەیت یان هۆنراوەیەک، بۆت دەڵێت،بەڵام کەلێی دەپرسیت واتای چییە؟یان چی لێتێدەگەیت؟ئەو هیچ وەڵامێکی نییە تەنها لەبەری کردووە کە بەدووبارە بوونەوە گوێی لێبووە،ئیتر لە هەرشوێنێک بووبێت.بۆیە وا پێویست دەکات بە وریاییەوە هەم چیرۆک هەم هۆنراوە بە منداڵ بڵێین یان پێیان لەبەر بکەین یان بۆیان بکەین بە گۆرانی.من زۆر جار لەسەردانیکردنم بۆ باخچەکانی منداڵان یان قوتابخانەکان یان کە چالاکی باخچەیەک یان قوتابخانەیەک دەبینم ڕاستەوخۆ یان بە ڤیدیۆ بە ڕوونی ئەو دیاردەیە هەست پێدەکەم و لەناخەوە ئازار دەچێژم بۆیان.بۆیە لێرەدا ئەوەی گرنگە و پێویستە هەمووان بەتایبەتی دڵسۆزان و خەمخۆرانی بواری پەروەردە بەشێوەیەکی باش ئاوڕی لێبدەنەوە دانانی پڕۆگرامێکە بۆ باخچەی منداڵان کە کۆمەڵێک هۆنراوە و چیرۆک و شانۆیی و ئۆپەرێت بگرێتەخۆ کە بۆ ئاستی یەک و ئاستی دووی باخچەی منداڵان بگونجێت و لیژنەیەک کە کۆمەڵێک شارەزا و پسپۆڕی بوارەکانی پەروەردەیی و ئەدەبی و هونەری و زانستی و ژینگەیی و زمانەوانی و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و دەرونی سەرپەرشتی بکات و بە پێی یەکەکان ئامادە بکرێت کە مامۆستایان لە باخچەی منداڵاندا سودی لێوەربگرن وڕۆژانە بەکاری بهێنن، کە من لای خۆم کۆمەڵێک چیرۆکم بەپێی یەکەکان ئامادە کردووە خۆزگە کاری لەسەر دەکرا،وەک هۆنراوە و ئۆپەرێتیش پێشتر کارێکم بۆ باخچە کردووە بەڵام لەئاستی خواستی مندا نەبووە.نەک وەک ئێستا هەر باخچە و هەر مامۆستایەک بە ئارەزووی خۆی هۆنراوەیەک یان چیرۆکێک هەڵبژێرێت و بە منداڵی بڵێت.لەوانەیە ئەو لەڕووی مۆزیک و ئاوازدانانەوە کەسێکی سەرکەوتوو بێت بەڵام شارەزایی وەکو پێویستی لەبارەی هەڵبژاردنی هۆنراوەکەوە نەبێت.کەئەمانە دەڵێم پشت بە زانیارییەکانم دەبەستم وەک مامۆستا و خەمخۆر و پەروەردەکار و لە هەمان کاتیشدا نوسەرێکی تایبەت بەمنداڵان و ئەو ئەزموونەی کە هەمە لەو بوارەدا .

نوسینی: عەلی حەمەڕەشید
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی




جـودی بلـوم رۆماننووسی مـنداڵان و نەوجەوانـان.. رەزا شـوان

خاتـوو جـودی بلـوم، ناوی تەواوی (جـودیـس نی سوسـمان) ە، نووسەرێکی ئەمریکی بەناوبـانـگە، لە نووسـینی چـیرۆک و رۆمـان بۆ منـداڵان و نەوجـەوانـان و گەورەکـان. جودی لە رۆژی (١٢/ فـێبروار/١٩٣٨) لە شاری (ئیزابێس) لە ویلایەتی (نیوجێرسی) لە وڵاتـە یەکگـرتـووەکـانی ئەمـریـکا، لە دایکـێکی مەسـیحی (ئـیـستـیـر نی رۆزنـفـێـڵـد سوسمان) ژنی مـاڵـەوە، باوکـێکی جـوولـەکە (رۆدۆڵـف سـوسـمان) ی پـزیـشکی ددان، لەدایکـبووە. بـرایەکی هەبـوو (دیڤــید) پێـنج ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو. جودی منداڵی دووەمی خـێزانەکەیەتی. خێزانەکەی بە رۆشنبیریی جوولەکە گۆش و پەروەردەکـراون. جودی بـلـوم چانسی ئەوەی پێـدرا، کە لە رێگای کـۆمەڵـێک چالاکـییەوە، بەهـرە و وزە داهـێنەرەکـانی خـۆی بسەلـمێنێـت. لەوانـەش بەشـداربـوونی لە وانـەی پیـانـۆ لێـدان و سەماکـردن. بە تایبەتیش چـێژێکی زۆری لە خـوێنـدنەوەی پەرتووک وەردەگـرت، ئەم خـووەش لـە دایـک و بـاوکـیـیەوە فـێـربـوو. بە بەردەوامیـش لە ئەنـدێـشـە و هـزریـدا چـیرۆکی دادەهـێنا. بەڵام وەکو منـداڵـێک خەونی ئـەوەی نەبـوو کە ببێـت بە نووسـەر.
جـوی کچـۆڵەیەکی جـوانی زۆر رووخۆش و گەشبین بوو. هەمیشە لێـوبەخـەنـدە بـوو.
جـودی بلـوم لە ساڵی (١٩٥٦) دا، لە قـوتابخانەی ئامادەیی (باتـین) ی کچـان بە پلەی نایـاب دەرچـوو. لە زانکـۆی نیـویـۆرک وەرگـیرا، لە سـاڵی (١٩٦١) دا، بـڕوانـامـەی بەکالـۆریـۆسی لە پـەروەردەدا وەرگـرت. بـوو بە مامـۆسـتای قـوتـابخـانەی ناوەنـدی.

لە ساڵی (١٩٥٩) دا باوکی جودی کۆچی دوایی کرد. هەر لەم ساڵەدا لە زانکۆدا لەگەڵ پارێزەر (جـۆن ئێـم بلـوم) دا، یەکترییان ناسی و هـاوسەرگیرییان کـرد. لێـڕەوە (بـلـوم) بوو بەنازناوی جـودی. دوو منـداڵیان بوو، کچەکەیـان (رانـدی ـ ١٩٦١) و کوڕەکەیان (لـۆرێنس ـ ١٩٦٣). لە ساڵی (١٩٧٥) دا، ئەم دوو هاوسەرە لە یەکتری جیابوونەوە.
هـەر لە سـاڵی (١٩٧٥) دا، جـودی بلـوم (تـۆمـاس ئەلف کـیتـشنـز) ی زانـای فـیزیـای ناسی و بە خـێرایی هاوسەرگـیریی لەگەڵـدا کرد. لە ساڵی (١٩٧٩) دا لەم هاوسەرەشی جـیابـۆوە.
جـودی لە ساڵی (١٩٨٧) دا، بۆ جـاری سێیەم هـاوسەرگـیریی کـرد. ئەمجارەیان لەگەڵ (جـۆرج کۆپـەر) ی مامۆستای پێشووی یاسادا هـاوسەرگیریی کرد. ئەم هـاوسەرگیرییە سـەقـامگـیری و بەخـتـەوریی پێـبـەخـشی. ماڵـیان گـواسـتەوە بـۆ (نیو مەکـسیکـۆ) لە ریستـۆرانەکـانـدا کـاریـان دەکـرد.
لە سـاڵی (٢٠١٢) دا، لە رێـگای پـشکـنینی سـۆنـارەوە، دەرکـەوت کـە مەمـەکـەکـانی جـودی بلـوم توشی شـێرپەنجـە بوونە. بە سەرکەوتـوویی نەشتەرگەریی مەمکـبڕین و دووبارە دروستکـردنی مەمـکـیان بۆ ئەنجـامـدا. شـێرپـەنجـەی نەمـا و چـاکـبـۆوە.
جودی بلوم نووسەرێکی ئەمریکی ناسراوە لە بواری ئەدەبیاتی منداڵان و نەوجەواناندا، بە داهـێنانی چـیرۆک و رۆمـانی خەیاڵی بـۆ منـداڵان و هەرزەکاران ناسراوە. سەنـگ و پێگەیەکی بـاڵا و رێـز و خۆشـەویستییەکی زۆری لەنـاو خوێنەراندا هـەیە، بە تایبەتیش لەنێوان نەوجەوانـانـدا کە سەرسامی نووسینەکـانـین. بلوم بەشداریی لە کۆرسێکدا کرد، لە لایەن زانکۆی نیویۆرکەوە کرایەوە بۆ ئەوانەی بەهـرە و حەزی نووسینیان هەبوو.
جودی بلوم لە ساڵی (١٩٥٩) وە، دەستی بە نووسین کرد. سەرەتا بە نووسینی چیرۆک دەستیپێکرد. یەکێکە لە نووسەرە لاوە پێشووەکان. زۆر چاودێرییان دەکرد و سانسۆر و فـشار و سەرنـج و ئابـڵـۆقـەیـان دەخـسـتە سـەر چـیرۆک و رۆمـانەکانی و تەنـگـیان بە نووسینەکـانی هـەڵـدەچـنی و لـۆمەیـان دەکـرد و تانـەیـان لە راشکاوی زمـانەکەی دەدا. چـونـکە لە هـەنـدێ لە رۆمـانـەکـانی دژەبـاوە، سەرنـجی خـستـە سەر هـەرزەکـاران و دەربارەی سـوڕی مانگـانەی کـچـان (بـێنـوێـژی) و گـێچـەڵی سێکـسی کـوڕان و وێنەی ئەنـدامانی جـەستە و سـێکس و خۆشەویستی و دەسترێـژی سێکـسی و جیابـوونەوە و مـردن بـوون بۆ منداڵان و هەرزەکاران. ئەم بابەتانەی هەرایـان نایەوە و بوونە هـۆی ورووژانـدنی مشـتومـڕ و دژایەتیکـردن. بەڵام بلـوم متمانەبەخـۆ و ئیـرادە بەهـێزبوو، نوێخـواز و داهـێنەر بـوو. کـۆڵی نەداو و درێـژەی بە نووسینەکـانی دا و رووبەڕووی چـاودێـری و سانسۆری و رەخنـەکـان بـۆوە.
جـودی بلـوم لە سەرەتادا کۆمەڵێک چـیرۆکی بۆ پەرتووکەکانی خوێندنەوەی قـوتابیـانی قـوتابخانەی ناوەنـدی نووسی. بۆ یەکـەم جـاریـش لە ساڵی (١٩٦٩) دا، پەرتـووکـێکی چـیرۆکی بە ناونیـشـانی (یەکـێک لە نـاوەڕاسـتـدایە، ئـەوە کەنـگەرۆ سـەوزەکـەیە) بۆ منـداڵانی نووسی و چـاپیکـرد. لە دوای ئەم پەرتـووکەیدا، لە ساڵی (١٩٧٠) دا، یەکەم رۆمانیشی بۆ منداڵان نووسی و چاپیکرد، بە ناونیشانی (ماڵی ئـیگی) باس لە خێزانێکی ئەمـریکی بە ڕەسـەن ئەفـریـقی دەکـات، کە مـاڵـیان دەگـوێـزنـەوە بـۆ گـەڕەکـێکی سـپی پێـستەکان. ئەمانـە نـاوی چەنـد پەرتووکـێکـن لە پەرتووکە چاپکـراوەکانی جـودی بلوم، کە بـریتین لە رۆمـان بۆ منـداڵان و بۆ هـەرزەکاران بۆ نـەوجـەوانـان و بۆ گەورەکـان:
(ئایا تـۆ لەوێـیـت خـودا؟ منـم، مـارگـرێـت ـ ١٩٧٠)، (چـیرۆکـەکـانی هـیچ شتـێک ـ بۆ پـۆلی چـوارەم ـ ١٩٧٢)، (هـەروەهـا بە شـیلای گـەورەش ناسـراوە ـ ١٩٧٢)، (ئـەوە کـۆتـایی جیهـان نییە ـ ١٩٧٢)، (دیـنـی ـ ١٩٧٣)، (بـلـوبـەر ـ ١٩٧٤)، (تـا هـەتـایە ـ ١٩٧٥)، (سـوپـەر فـۆدج ـ ١٩٨٠)، (چـاوی پـڵـنـگ ـ ١٩٨١)، (شـۆربـای رۆژانـی شەممە ـ ٢٠٠٦)، (ئەوەی منـداڵەکانت ئاواتـەخـوازن پێت بڵـێن ـ ١٩٨٦)، (هـاوڕیی دایـکی شـەڕانی ـ ٢٠٠٨)، (شـوێنـانێک هەرگیز مەبەستم نەبـوو کە لـێیبم ـ ١٩٩٩). ئەم رۆمانانەشی بۆ گەورەکان نووسیوە: (ویـفی ـ ١٩٧٨)، (ژنانی زیرەک ـ ١٩٨٣)، (خـوشـکانی هـاویـن ـ ١٩٩٨)، (لـە رووداوی بـەدوور لـە چـاوەڕوانـیـدا ـ ٢٠١٥).

جودی بلـوم لە ساڵی (١٩٨١) دا، بیـرەوەرییەکانی خۆی لە پەرتووکێدا بڵاوکردۆتەوە.
بلـوم تـێکـڕا زیاتر لە (٥٠) پەرتووکی چـیرۆک و رۆمـانی بۆ منـداڵان و نەوجەوانان نـووسـیوە و چاپـیکـردوون. پەرتـووکەکـانی وەریانگـێڕاون بـۆ (٣٢) زمـانی جیهـانی. تا ساڵی (٢٠٢٠) زیـاتر (٨٥) ملیـۆن دانـە لە پەرتـووکەکـانی لە جیهـانـدا فـرۆشـران. بەشی زۆری پارەی داهـاتی پەرتووکەکانی خستە (سندوقی منـداڵان) ەوە. کە لە ساڵی (١٩٨١) دا دایـمەزرانـد، بۆ پشتگیریکردن لە رێکخـراوەکـانی قـازانـج نەویسـت، کە هـانـدەری پەیـوەنـدیی بـاشی نێـوان دایـکان و بـاوکـانـن لەگـەڵ منـداڵـەکـانیان.
رۆمـانی (تا هەتـایە ـ ١٩٧٥) یەکەم رۆمانی جودی بلـومە، کە باس لە ژیانی سێکسی لە قـۆنـاغی هـەرزەکاریـدا دەکـات و بە ئاسـایی پیـشـانی داوە. بلـوم روونی کـردۆتـەوە سەرچاوەی ئیلهـامی ئەم رۆمانەی لە کچەکەی (رانـدی) یەوە بـۆی هـات، کە ئەو کاتە تەمەنی (١٣) ساڵان بوو. وتی دەمەوێت ئەو پەرتووکانە بخوێنمەوە کە کارەکتەرەکـان سێکسی بکەن، بەڵام دوای ئەوە نەمـرن. پاڵەوانی رۆمانی (تا هەتـایە) کـچ و کوڕێکی قوتابین. (کاتـرین دانـزگەر) و (مایکل واگـنەر ) کە لە دوو نامادەییدان، بە رێکەوت لە ئاهـەنگی جـەژنی سـەری ساڵی زاینی، یەکـتری دەبینـن و دەکەونە خـۆشـەویستیـیەوە.
ئەم رۆمانە، گەلێ بابـەتی ئاڵـۆزی نابـاوی لەخـۆگـرتـووە، وەکـو: مـلمـلانـێی خـێزانی، مـووبەکـردن، وێنـەی جەسـتە، سێکسی کـردن. بلـوم دەربـارەی نووسینی ئەم بابەتانە، بە تایبـەتیـش سـێکـس، روونی کـردەوە، کە پێـیـوایە منـداڵان پێـویستییان بـەوە هـەیە دەربارەی سێکس بـزانـن و زانیارییان هەبێت. خۆشی لە منداڵـیدا پـرسیاری دەربارەی ئـەم بابـەتە دەکـرد. بـۆ مـاوەی چـەنـد ساڵـێک، خـوێنـدنـەوەی ئـەم رۆمـانەی بلـوم لە لایەن دەزگـای چاودێـری و سانسۆرییەوە، لە ئەمـریـکادا قـەدغـە کـرا. ئەم رۆمـانە لە ساڵی (١٩٧٨) دا کرایە زنجیرە درامایەکی تەلەفـزیۆنی و لەسەر تۆڕی (س. بی. سی) نمایشکـرا. دواتـریش کـرا بە فـیـلمـێکی سـینەمـایی.
جـودی بلـوم بە نووسین و بڵاوکردنەوەی پەرتووکی شاکارە رۆمانی (ئایا تـۆ لەوێیـت خـودا؟ منـم مارگـرێـت ـ ١٩٧٠) ناوبانگی دەرکرد، بە تایبەتیش لەنـاو هەرزەکاران و نەوجەوانان دا، زۆرتـرین دانەش لەم پەرتـووکەی فـرۆشـرا. بلـوم لـەم رۆمـانەیـدا لە میانەی پاڵەوانی رۆمـانەکـەیەوە (مارگـرێـت سـیمـۆنە) وەک یەکـەم رۆمـانی، باس لە قـۆناغـی پێش هەرزەکاری و لە باڵـقـبوون و لە سێکس دەکـات. (مارگـرێـت) کچـێکی هـەرزەکاری (١١) ساڵانە. لە دایکێکی مەسیحی و لە باوکێکی جوولەکە لەدایکبووە. خـێزانەکەیـان گۆاستیانەوە بۆ شارێکی تـازە. مارگـرێت کـە بـە قـۆنـاغی باڵـقـبوون و هـەرزەکـاریـدا تـێـدەپـەڕێـت. وێـڵی دوای خـوێنـدنەوەی پەرتـووکـە سـێکـسیـیەکـانە. دەیـەوێـت لـە نهـێـنـیـەکـانی چـەمکـی جـەسـتـەی و لـە گـەشـەکـردن تـێـبگـات و چی پەیـوەنـدییـەکـیان لەگـەڵ ئـایـندا هـەیە. بـۆ رەوینـەوەی ئـەم گـومـانەی، راسـتەوخـۆ لەگەڵ خوادا قـسەدەکات، نابەڵەدە و نادڵنیایە دەیەوێت راستییەکان بزانێت، دەربارەی رازی ئـەو گـۆڕانـکارییـانەی کـە دێـنـە رێی، وەکـو بـۆ یەکـەمجـار ســوڕی مـانـگانە (بـێـنـوێـژی) و قـوتبـوونـەوەی مەمـکەکـانی و گـێـچـەڵی سـێکـسی کوڕان و… هـتد.
ئەم رۆمـانە بابەتی ئاڵـۆز و ورووژێنـەری دژەبـاوی لەخـۆگرتووە، وەک مـلمـلانێ و مشـتومـڕی نێوان خـێزان و چـەوسانـدنەوە و هـەژاری و وێنەی جەستەیی و خەم و سـێکـس و مـردن. جـودی بلـوم جەخـتی لەوە کـرد، کـە مەبـەسـتی لە نـووسینی ئەم جـۆرە بـابـەتـانـە دەربـارەی جـەسـتە و سـێکـس، بەخـشـینی زانیـاریی پێـویـسـت و رۆشـنبریی سـێکـسییە بە منـداڵان و هـەرزەکـاران و نەوجـەوانـان.
لە لایـەن ئەو کچـە هـەرزەکـارانەی کە ئەم رۆمـانەیـان خوێنـدەوە. بە سـەدان نامەی دەستخۆشی گەیـشتنە جودی بـلـوم. ئەوەیان بۆ نووسـیوە، کە رۆمـانەکەتمان زۆر بە دڵە، چـێژێکی زۆرمان لە خوێندنەوەی وەرگرت. خۆشمان لەگەڵ مارگرێت دەناسێنین. ئـەم رۆمـانە کـراوە بـە فـیـلـمـێکی درێـژ. راگـەیـەنـدرا کـە دەرهـێـنانی تـەواوبـووە، تـرەیـلەری (بەشێکی) فـیـلمـەکە لە مـانـگـی یـەکی ئەمسـاڵـدا (٢٠٢٣) بڵاوکـرایـەوە. لەوانـەیە لـە چەنـد رۆژی داهـاتـووی ئەمسـاڵـدا. تـەوای فـیلـمەکـە نمـایـش بکـرێـت.
رۆمانی (بلـوبەر ـ ١٩٧٤) باس لە کچـێکی قـەڵـەو دەکـات، کە لە پـۆلـەکەیـدا لەبـەر قـەڵـەوی و قەبەیی گـاڵتەی پێـدەکەن. رووداوەکـانی ئەم رۆمـانە لە: رادنۆ، ویلایەتی پەنسلڤـانیـا، لە یەکـێک لە گەڕەکەکـانی شاری (فـیلادلـڤـیا) یە.

لە رۆمـانی (کـۆتـایی جـیهـان نیـیە ـ١٩٧٢) بـاس لـەو کـێشـانە دەکـات کە دێنـە رێی منـداڵان، وەکـو چـەمکی جـیابـوونـەی دایـکان و بـاوکان و دۆخـی منـداڵان.

پەرتـووکەکـانی جـودی بلـوم، کەوتبـوونە نـاو بازنـەی دژایەتیکـردنەوە، یەکـێکە لـەو نووسەرانەی کە زۆرترین رەخـنەی لێـدەگـرن. لە (١٠٠) پەرتـووکی قەدەغـەکـراو لە جیهاندا، پێنج لە پەرتووکەکانی بلوم لە لیستەکەدان. بەڵام لەگەڵ ئەم دژایەتیکردنەشدا، جودی بلوم یەکێکە لەو نووسەرانەی کە بە ملێۆنان خوێنەر لە جیهانـدا پەرتووکەکانی دەخـوێننەوە، بە تایبـەتیش لە لایـەن هـەرزەکـاران و نەوجـەوانـانەوە.
جـودی بلـوم نووسـەرێکی کراوە و راستگۆیە دەربارە ئەوبابەتانەی کە لە رۆمانەکانیدا نـووسـیوون. هەمـوو ئەو رەخـنانەی کە لـێیانگـرت کـوڵـیان پـێی نەدا و سـاردنەبـۆوە.
ئەمساڵ (٢٠٢٣) جودی بلوم یەکێکە لەو (١٠٠) کەسایەتییە هەڵبژێراوانەی کە رۆڵی کـاریگەرییـان لە جـیهـانـدا هـەبـوو، لـە لایـەن گـۆڤـاری (تـایـم ) ەوە هـەڵـبژێـراون.
جـودی بلـوم، سەرەڕای ئەوەی کە نووسەر و مامۆستا بوو، لە چەنـد بـوارێکی کەشدا چـالاکوانێکی چـالاک بوو. داکۆکیکەرێکی سەرسەخـت بوو لە ئازادی هـزری و ئازادی خوێنـدنەوە. شەڕی لە دژی لە چـاودێـری و سانسۆری خستـنە سەر بیـروڕای ئـازاد و قەدەغـەکـردنی پەرتـووک دەکـرد. کە لە ساڵانی هـەشـتاکـانـدا، چـەنـدیـن پەرتـووک لە ئەمـریکادا قـەدەغـەکران. بلـوم ئەندامێکی چالاکی دەستەی بەڕێوەبەری (ئەنجوومەنی هـاوپەیـمانی نیشـتـمانی) بوو، لە دژی سانسۆرکردن و چاودێـری. ئەنـدام و رازگـری دامـەزراوەیـەکی فـێرکـاری و خـێرخـوازی بـوو، بە نـاوی (کـۆمـەڵـەی نـووسـەران و وێـنەکـێشانی منـداڵان). دامـەزرێنـەر و بەڕێـوەبـەری دامـەزراوەیـەکی خـیرخـوازی و پـەروەردەیـی بـوو، بـە نـاوی (سـنـدوقـی منـداڵان). ئـەنـدامی (دەسـتـەی کـارگــێـڕی سـەنـدیـکای نـووسـەران) بـوو. لە چـەنـدیـن کـۆمـەڵـەی کەشـدا ئەنـدام بـوو.
زۆر لە رەخنەگـرانی پسپۆر، ستایشی جودی بلومیان کـرد، کە دەیەوێـت بە رێگایەکی راست و دروست و تێگەیشتن و بێ شەرمکـردن، مامـەڵە لەگەڵ تەمەنی باڵـقـبوون و هـەرزەکـاران و لەگـەڵ چـەمـک و بابـەتە هـەستـیارەکـانـدا دەکـات.
بەڵام لە لایەن هەنـدی لە دایکان و باوکان، رەخنەگـران، گـروپە سیاسییەکان، پیاوانی ئاینی، خـاوەنی پەرتووکخـانەکانەوە، بە تـونـدی رەخـنەیەکی زۆریـان لە جـودی بلـوم گـرت. هەڵمەتێکی زۆریـان دەستپێکـرد بۆ قەدغـەکـردن و کـێشانەوەی پەرتـووکەکانی لە پەرتووکخانەکانـدا. بانگەشەی ئـەوەیـان دەکـرد کە جـودی بلـوم، بە راشکاوی و بە زەقی، مامەڵەی لەگەڵ سوڕی مانگانە و سـێکـس و گەشـەکـردنی ئەندامانی پۆشراوی جەسـتەی کچـان و کـوڕان و باڵـقبـوون و خۆشـەویستی کـردووە. بێ ئـەوەی گـوێ بە سۆزداری و بە رەوشـت بـدات. ئەمەیان بە سنووربەزانـدن و بە سـووکایەتیکـردن بە ئایـن دەزانی. بەڵام زۆری پێنەچـوو، زۆرتـرین دانە لەو پەرتووکە رەخنەڵێگـیراوانەی فـرۆشـران و زۆرتـریـن خـەڵاتی لیـوەرگـرتـن و رێـزلـێـنانیـان پێـشکەشی کـرد.
جـودی بلـوم لە ساڵی (٢٠١٨) دا، لەگـەڵ (جـۆرج کـۆپـەر) ی هـاوسەریـدا، لە شاری (کـی وێـسـت) دا، فـرۆشـگایـەکی فـرۆشـتـنی پەرتـووکی قـازانـج نەویسـتیان کـردەوە.
چـەنـد رۆمـانـێکی جـودی بلـوم کـراوان بە فـیلـمی سـینەمـایی، کە هـەنـدێکـیان خـۆی لەگـەڵ کـوڕەکـەیـدا سـیـناریـۆی بـۆ نـووسـیـون. (لـۆرێـنـس) ی کـوڕی لـە ئـێـسـتادا، دەرهـێـنەرێـکی سـیـنەمـایی و سـیناریـۆنـووس و بەرهـەمهـێـنەر و نـووســەریـشـە. کچـەکەی (رانـدی) کـچی، (ئیلییۆت کیفارت) زۆر هـاوکـاری داپیـرەی دەکـات. جـودی بلوم کچەزاکەی زۆر خۆشدەوێت و بوتە مایەی خەمڕەوێنی و شادی بۆی. شانازی بۆ ئەو دەگەڕێتـەوە، کە هـانی داپیـرە بلـومی دا، بۆ ئەوەی رۆمـانی (فـودج) بنووسـێت.
سەرجەم زیاتر لە (٩٠) خەڵاتی بەنـرخ و میـدالـیای زێـڕ و رێـزلـێـنایان پێـشکەش بە رۆماننووس جودی بلوم کرد. لێرەدا تەنها ناوی دوانزە خەڵات و رێزلێنانی دەنووسین:
() خـەڵاتی پەرتـووکی نایـابی ساڵ، بۆ فـیلـمی رۆمـانی (ئایـا تـۆ لەوێيـت خـودا؟ مـن مـارگـرێـتم) ـ لە لایـەن رۆژنـامـەی (نیـویـۆرک تـایـمز) ەوە ـ ١٩٧٠ () خـەڵاتی هـەڵـبژاردەی منـداڵان ( سوپـەر فـۆدج ) لە لایەن کۆمـەڵەی نێـودەوڵەتی خوێنـدنـەوە و ئەنجـوومـەنی پەرتـووکی منـداڵان ـ ١٩٨١
() خـەڵاتی مـرۆیی ئـیـلیـانـۆر رۆزڤـێـڵـت ـ ١٩٨٣ () خـەڵاتی ئازادیی خـوێندنەوە (کـارل سانـدبـێرگ) لە لایـەن پەرتووکخـانەی گـشتی شـیکاگـۆ ـ ١٩٨٤
() خـەڵاتی ئـازادییە شـارستانییەکـان ـ لە لایـەن یەکـێتی ئازادییە شـارستانییەکـان ـ ئەتـڵەنـتا ـ ١٩٧٦ () خـەڵاتی باشتریـن نووسەر ـ لە لایەن میـدیـای لاوانی باشووری ئوسترالیا ـ ١٩٨٨
() مەدالـیای زانکـۆی باشووری میـسیسیـپی ـ بـۆ بەشـداریکـردنی تا هـەتـای ژیـانی، لە ئەدەبیـاتی منـداڵان ـ ٢٠٠٩ () خـەڵاتی نەوجـەوانـانی پـێگەیشـتوو ـ لە لایـەن شیکاگـۆ تـریبـیون ـ ٢٠١٣
() خـەڵاتی ئەنجـوومـەنی ئەدەبیـات بـۆ هـەرزەکـاران (ئـالان) ـ ٢٠١٣ () خـەڵاتی نیشـتمانـیی ئازادیی هـزری ـ هـاوپەیـمانی مامۆستایـنی زمـانی ئینگـلیزی (نکـتە) ـ ٢٠١٣
() خـەڵاتی ریگـیـنا ـ کـۆمەڵـەی پەرتـووکـخـانەکـانی کـاسۆلـیکی ـ ٢٠١٥ () بـڕوانامەی دکتۆرای رێزلێنان لە ئەدەبدا ـ لە لایەن کـۆلـێژی (مـاونـت هـۆلبـوک).
ئەمانە و چەندین خـەڵات و مەدالـیا و رێـزلێنانی تریان بە جـودی بلـوم پێشکەش کرد.
جـودی بلـوم، لە ئێستادا تەمەنی (٨٥) سـاڵە. لە نووسینی ئەدەبیات دانەبـڕاو و درێـژە بە نووسین و بە چالاکی دەدات. چەنـد رۆمانێکیشی نووسیوە کە هـێشتا چاپ نەکراون.
فـیلمـێکی بەڵـگەنــامەیی (دیکـۆمێـنـتـاری) شـیان لەسـەر ژیـانی دەرهـێـناوە، بە نـاوی (جـودی بلـوم تا هـەتـایە) رۆڵی سەرەکی ئـەم فـیلمەش خـودی جـودی بـلودم خۆیـەتی. ئـەم فـیلـمە ئەمسـاڵ (٢٠٢٣) بۆ یەکـەم جـار لە فـێـستـیڤـاڵـی فـیلـمی (سـونـدانـس) ی سـیـنەمـایی نمـایـشکـرا.
رەزا شـوان
نـەرویـج: ٢٠٢٣
(*) بۆ نووسـینی ئەم بابـەتە، سـوودم لە چـەنـدیـن سـایـتی ئیـنگـلـیزی وەرگـرتـووە.




منداڵانی باخچە و هۆنراوەو چیرۆک و گۆرانی.. نوسینی: عەلی حەمەڕەشید

وه‌ك ده‌زانین ( باخچه‌ی منداڵان ده‌زگایه‌كیپه‌روه‌رده‌یی تایبه‌ت به‌ منداڵانی قۆناغی پاش دایه‌نگه‌ و پێش چوونه‌ قوتابخانه‌یه‌) چیرۆک و هۆنراوەش بۆ منداڵان بە گشتی و منداڵانی باخچە بەتایبەتی ،گرنگی خۆی هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە تایبەتمەند بێت بۆ تەمەنیان چونکە تەمەنی ( ٤ و ٥ ) ساڵی کە لەباخچەی منداڵاندا ئاستی یەک و ئاستی دوویان پێدەوترێت کاریگەری زۆری دەبێت لەسەریان و لە هەمان کاتیشدا کە چێژی لێوەردەگرن زانیاری و بەها پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و تەندروستی و ڕەوشتی و نیشتمانی و کام بەهاو زانیاری بۆ ئاستی ئەوان شیاوبێت دەتوانرێت لەڕێگەی ئەو ژانری هۆنراوە،چیرۆک،ئۆپەرێت،شانۆیی ،ئاراستەیان بکرێت بە مەرجێک ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی قۆناغ و ئاستەکەیان بکرێت.ناکرێت هۆنراوەیەکی دوور و درێژ و پڕ لە وشەی دوور لە فەرهەنگ و دنیای منداڵ ئاراستەی منداڵ بکرێت ،ئەوان بە دووبارە کردنەوە و بەو ئاوازەی بۆی دانراوە لەبەری دەکەن و بۆت دەڵێنەوە،بەڵام لێیتێناگەن، هیچی لێوە فێر نابن،کاریگەری تەواوی نابێت لەسەریان.جاری وا هەیە منداڵێک کە داوای گۆرانییەکی لێبکەیت یان هۆنراوەیەک، بۆت دەڵێت،بەڵام کەلێی دەپرسیت واتای چییە؟یان چی لێتێدەگەیت؟ئەو هیچ وەڵامێکی نییە تەنها لەبەری کردووە کە بەدووبارە بوونەوە گوێی لێبووە،ئیتر لە هەرشوێنێک بووبێت.بۆیە وا پێویست دەکات بە وریاییەوە هەم چیرۆک هەم هۆنراوە بە منداڵ بڵێین یان پێیان لەبەر بکەین یان بۆیان بکەین بە گۆرانی.من زۆر جار لەسەردانیکردنم بۆ باخچەکانی منداڵان یان قوتابخانەکان یان کە چالاکی باخچەیەک یان قوتابخانەیەک دەبینم ڕاستەوخۆ یان بە ڤیدیۆ بە ڕوونی ئەو دیاردەیە هەست پێدەکەم و لەناخەوە ئازار دەچێژم بۆیان.بۆیە لێرەدا ئەوەی گرنگە و پێویستە هەمووان بەتایبەتی دڵسۆزان و خەمخۆرانی بواری پەروەردە بەشێوەیەکی باش ئاوڕی لێبدەنەوە دانانی پڕۆگرامێکە بۆ باخچەی منداڵان کە کۆمەڵێک هۆنراوە و چیرۆک و شانۆیی و ئۆپەرێت بگرێتەخۆ کە بۆ ئاستی یەک و ئاستی دووی باخچەی منداڵان بگونجێت و لیژنەیەک کە کۆمەڵێک شارەزا و پسپۆڕی بوارەکانی پەروەردەیی و ئەدەبی و هونەری و زانستی و ژینگەیی و زمانەوانی و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و دەرونی سەرپەرشتی بکات و بە پێی یەکەکان ئامادە بکرێت کە مامۆستایان لە باخچەی منداڵاندا سودی لێوەربگرن وڕۆژانە بەکاری بهێنن، کە من لای خۆم کۆمەڵێک چیرۆکم بەپێی یەکەکان ئامادە کردووە خۆزگە کاری لەسەر دەکرا،وەک هۆنراوە و ئۆپەرێتیش پێشتر کارێکم بۆ باخچە کردووە بەڵام لەئاستی خواستی مندا نەبووە.نەک وەک ئێستا هەر باخچە و هەر مامۆستایەک بە ئارەزووی خۆی هۆنراوەیەک یان چیرۆکێک هەڵبژێرێت و بە منداڵی بڵێت.لەوانەیە ئەو لەڕووی مۆزیک و ئاوازدانانەوە کەسێکی سەرکەوتوو بێت بەڵام شارەزایی وەکو پێویستی لەبارەی هەڵبژاردنی هۆنراوەکەوە نەبێت.کەئەمانە دەڵێم پشت بە زانیارییەکانم دەبەستم وەک مامۆستا و خەمخۆر و پەروەردەکار و لە هەمان کاتیشدا نوسەرێکی تایبەت بەمنداڵان و ئەو ئەزموونەی کە هەمە لەو بوارەدا .

نوسینی: عەلی حەمەڕەشید
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی




پێویستە دایکان و باوکان پێشەنگی باشـبن بۆ منـداڵەکانیان.. رەزا شـوان

دایکان و باوکانێکی زۆر نیگەرانی ئەوەن، کە منـداڵەکانیـان لە قـوتـابخـانەدا، بـوونە بە پاشکـۆی هـاوڕێکانیـان و ناتـوانن کەسایـەتی خۆیـان بسەلـمێـنن و لە کارەکـانیانـدا رابـەری و سەرکـردەیی بکەن و تەوای بەهـرە و توانـاکانیان بۆ کەسـانی تر دەربـخەن. ناشتوانـن بە ئاسانیش گوزارشت لە را و لەبهـزری خۆیـان بکەن. چـونکە بێ ئیـرادەن و بـروایـان بە تـواناکانی خۆیـان نییە. لەوانە هـۆی سەرەکی لاوازیی منـداڵەکانیان لەم رووەوە، ئەوەبێت کە دایکان و باوکانیان رێـنـیشانـدەر و پـێشەنگـیان نەبـوونە و نیـن.
پێویستە دایـکان و باوکـان، وەکو یەکـەم مامـۆسـتای منـداڵەکانیان، لە پەروەردەکـردنی دروسـت و رێـنمـایی پێـویسـت، هـەسـت بە بەرپـرسیارێـتی ئەستـۆیـان بـکەن. چونـکە کاریگەری و رۆڵێکی گرنگ و سەرەکییان لە بنیاتنانی کەسایەتی دروست و هاوسەنگی منداڵەکانیانـدا هەیە. زۆربەی ئەو شتانەی منـداڵان لە قـۆناغی بەرایی ژیانیانـدا فـێریان دەبن و وەریان دەگرن، ئەرێنی بن یا نەرێنی بن، لە دایکان و باوکانیانەوە فـێریان دەبن و وەریان دەگرن. چونکە منداڵان لەو قۆناغـە هەستیار و چارەنووسسازەدا، کە بناغەی کەسایەتییان دروست دەبێت. چـاولێکەر و لاساییکەرەوەن، بە وردی چاودێـریی رەفـتار و هەڵسوکەوت و کردەوەکانی دایکان و باوکانیان دەکـەن و چاویان لێدەکەن و لاساییان دەکـەنەوە. ئـەم راسـتییەش ئەوە دەخـوازێت، دایکان و باوکان ئەو بـزانن کە کسەنگی مەحـەکی پەروەردەکـردنی دروستی منداڵەکانیـانـن. بۆیـە پێویسـتە لە قـسە و لە کـار و رەفـتارەکانیانـدا، هـەمیشە راستگۆ و هـاوسەنگبن و پێشەنگ و نموونە و سەرمەشـق و رابـەر و رێـگانـیشانـدەری باشـبن بـۆ جگـەرگـۆشـەکـانیـان. پێـویسـتە قـسەکانیان و کـردارەکانیان یەکـبن و نابێـت بە پێچـەوانـەی یەکـترییـەوەبـن. تا منـداڵەکانیان چاویان لـێیانبکـەن. کە گەورەشبوون هەمان خەسڵەتی جـوان و باشیان هـەبێت. وەکو دەڵـێن: “فـێربـوون لە منـداڵیـدا وەک نەقـشی سەر بـەرد وایە” کوردیش دەڵێـت: “خـوویـەک گـرتـت بە شـیری.. تـەرکی ناکـەیـت بە پـیری”.
ئایـا ئەوە راسـتە کە باوکـێک ئامـۆژگـاریی منـداڵەکـانی بـکات و بڵـێت: جـگەرەکـێـشان سەرەڕای زیـانی ئابووری، زیـانێکی زۆری بۆ تەنـدروستی مـرۆڤ هـەیە. کەچی خـۆی لە ماڵەوە، لە بەرچـاوی و منـداڵەکانیانـدا، مـژ لە جـگەرە دەدات و دووکەڵەکەی بە بـادا دەدات؟ کەواتە ئەم باوکە قـسەکانی لەگەڵ کـردارەکانیدا پێچەوانەی یەکـترین. یا یەکێک لە دەرگایان بدات، بە منداڵەکەی دەڵێت: بـڕۆ بـزانە کـێیە؟ ئەگەر وتیان باوکت لە ماڵـە؟ پێی بـڵی لە مـاڵ نییە و هـێشـتا نەهـاتـۆتـەوە. منـداڵەشی وەکـو خـۆی فـێرە درۆدەبـێت. ئـەم بـاوکە نمـوونـەیـەکی خـراپـە بـۆ منـداڵـەکـانیان. خەسـڵەتی پێـشەنـگی تێیـدا نیـیە.
لە سایەی خۆشەویستی و میهـرەبانی و رێـز و تەبـایی و لێبووردن و پەیونـدیی ئەرێنی نێـوان دایکان و باوکان و منـداڵەکانیانـدا. ژیـانێکی خـۆش و ئاشـتی و ئاسـوودەیی بـاڵ بەسـەر خـێزانـدا دەکـێشێـت. دەتوانـن بە هـاوکاری و بە هـێمـنی و بە هـاوڕایی، لغـاوی کـێشە و گرفـتەکانیان بکەن و چارەسەری گونجـاویـان بۆ دابنـێن. ئەمەش رازی شادی و بەخـتەوەریی و خـۆشنوودیی خـێزانە.
دایـکان و باوکانی بەڕێـز، تا رادەیـەکی زۆر چارەنـووس و داهـاتووی منداڵەکانتان، لە ئەستۆی ئێـوە دایـە. بە شێوەیەکی کـردەوەیی و زانستییانە، بە بەها و میتـۆدی بەرز و بە دروستی منـداڵەکانتان پەروەردە بکەن و رایان بهـێـنن. منداڵەکانتان کرداریـان لێتان دەوێـت نەک هـەر قـسە و بەڵـێن رووت.
(ویـن دایـەر ) دەڵێـت:” منـداڵەکانتـان دەڕواننـە هـەمـوو ئـەو کـردارانەی لە ژیـانتانـدا دەیـانکەن.. نـەک لـەو قـسانـەی دەیـانـکەن”.
رێی ئـازادی لە منداڵەکانتـان مەگـرن، سەرکـوێـریان مەکـەن و با بە راشکاوی و بەبێ تـرس، گوزارشت لە راز و لە نیازە پاکەکانیان بکەن. بە هـەنـدیـان بـزانن و لە بـڕیارە خـێزانییەکانتانـدا، فـەرامۆشـیان مەکەن و پـرسیان پێـبکەن و سوود لە را و بۆچوون و پێشنیارەکانیان وەربگـرن. بە تایبەتیش لەو بـڕیارانەی پەیوەنـدییان بە خۆیانەوە هەیە.
بەڵام کـۆنترۆڵکـردن و پابەنـدبـوونیيش بە دەستوور و بە یاسـا و رێـسای خـێزانییەوە، پێویستە جێبەجـێبکـرێن. بۆ ئەوەی منـداڵەکانتان سەرپێچی نەکەن و سنوور نەبەزێـنن. هەمیشە هەوڵی رەخـسانـدنی زەمـینەیەکی خـێزانی شاد و بەختەوەر و کەشوهەوایەکی خـۆشـەویستی و رێـز و سـۆزداری و دلـۆڤـانی و هـاوسـەنـگی بـدەن.
پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان ئەوەش بـزانن، کە ئەمڕۆ دوێـنێ نییە. لەم سەردەم و رۆژگارە جەنجاڵەی ئەمڕۆی پڕ لە گۆڕانکاری و داهـێنانی مۆدێـری سەیر و سەمەردا، هـێندەی تـر ئەرک و پێویستـیی پەروەردەکـردنی دروستی منـداڵەکانتان قـورستر بووە. پێویستییەکی زیـاترتـان بە زانیاری و بە شارەزایی و هـۆشـیاری و بە شـێوا و رێبازی تـازە هـەیە، بۆ ئەوەی بتوانـن لە پەروەردەکـردنی دروستی نـوێ و لە مامـەڵەکـردن و رەفـتارکـردنی راسـت لەگـەڵ منـداڵـەکانتـانـدا بەخـتـەوەر وسـەرکـەوتـووبـن.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣




نمونەی چەند وانەیەک لە وانەیەکی ڕاهێناندا.. عەلی حەمەڕەشید

سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

ئاشکرایە کە باخچەی منداڵان تایبەتمەندی خۆی هەیە بەگشتی و بەتایبەتی لە بواری وانە وتنەوە و فێرکردندا.چونکە منداڵانی باخچە سەرەتای دروستبوونی کەسایەتییانە و ئەو قۆناغەش هەستیارە و وا پێویست دەکات کە مامۆستایان بە وردی و وریاییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەن و زانیارییەکانیشیان لەشێوەی چیرۆک و هۆنراوە و شانۆیی و یارییەوە پێبڵێن ،وانەکانیشیان یاری ئامێز بێت و وەرزش و چالاکی جۆراوجۆر کە بگونجێت بۆ ئاستی تەمەنی ئەوان بەکاربهێنرێت.هەروەها ئەو چیرۆک و هۆنراوانەش کە مامۆستایانی بەڕێز هەڵی دەبژێرن و بە منداڵانی دەڵێن گونجاوبێت بۆ منداڵانی باخچە و پەیوەندیشیان هەبێت بەو بابەتانەوە کە بە منداڵانی دەڵێن .وەک لیژنەی باخچە ناحکومییەکانی بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و بە مەبەستی زیاتر ئاشنا بوونی مامۆستایانی باخچە ناحکومییەکان دەربارەی شێوازی وانە وتنەوە و چۆنیەتی بەکارهێنای هۆیەکانی فێرکردن و هەڵس و کەوت لەگەڵ منداڵانی باخچەی منداڵان ، باخچەی منداڵانی کوردجینیەس/٢ ی ناحکومی لە چالاکییەکدا نمونەی چەند وانەیەک لە وانەیەکی ڕاهێناندا کە لە وانەی وەرزش و شانۆ و زانست و میوزیک و هونەر پێکهاتبوو لەلایەن چەند مامۆستایەکەوە بەسەرکەوتوویی پێشکەش بە مامۆستایانی ئامادەبووی باخچە ناحکومییەکان کرا کە لەهەر بەشێکدا چالاکی و جوڵە و هۆی فیرکردنی نوێ و گونجاو و جیاواز خرانەڕوو کە منداڵان بەپەرۆشەوە لەگەڵ گوێگرتن لەمامۆستا بەشداری وانەکانیشیان دەکرد و خۆشی و حەزکردن بەوانەکان وەک ڕەنگ بە ڕوخساریانەوە دیاربوو،ئاوێتەی جوڵە وەرزشییەکان و گۆرانی و ڕێتمە مۆزیکییەکان و وتووێژو قسەکانی (مشکەبۆر) کە لەشێوەی بوکەڵەدا نمایش دەکرا و تا کۆتایی وانەکانی تریش ئەویش جار جار بەشداری دەکرد و وەک ئامادەبووەیەکی ناو وانەکە ،شێوازی وتنەوەی هۆنراوە بە ئاوازو گۆرانی و توت توتی ئەو شەمەندەفەرەی کە مامۆستا وەک چالاکی و جوڵە بە منداڵەکانی کرد وا هەستیان دەکرد کە لەو ساتەدا هەر بەڕاستی لەناو شەمەندەفەردان و دەچن بۆ گەشت،دوو مامۆستا لەسەرەتای دەستپێکردنیان بۆ وانەیەکی تر یەکێکیان گوڵێکی پێبوو وتی من ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم کەلەگەڵ ئێوەم ،دواتر دای بە یەکەم منداڵ و داوای لێکرد کە ئەویش هەمان دەستەواژەی وتەوە و گوڵەکەی دا بە منداڵێکی تر ئەویش بەهەمان شێوە وتیەوە و تا کۆتایی هەر منداڵێک وەریدەگرت دەیوتەوە کە ئەمەش نواندنی خۆشەویستی مامۆستا دەردەخات بۆ منداڵەکان.دواتر مامۆستا چیرۆکێکی بۆ گێڕانەوە بەناوی جوجەڵە.جوجەڵە و ئامۆژگارییەکانی دایکی جوجەڵە و دواتر چوونەدەرەوەی جوجەڵە و فەرامۆشکردنی قسەکانی دایکی کە (هەوای ئۆتۆمبیلێکی تیژڕەو دەیخات بەزەویدا و دەیگەیەننە پزیشکی تایبەت بە گیاندار و باڵندە چونکە وەک چۆن پزیشکی تایبەت بەمرۆڤ هەیە بەو شێوەیەش پزیشکی تایبەت بەوان هەیە).باسکردنی پیشەی دارتاشی و پزیشکی کەیەکێکیان بابەتی وانەی پێشووبوو وای لە منداڵان کردبوو کە بەشێوەیەک تامەزرۆ بوون وەک لە شاری یاری یان لەسەیرانگەیەکدا دانیشتبن وابوو،کۆمەڵێک لەو پێداویستییانەی کە دارتاش بۆ کارکردن بەکاری دەهێنێ وێنەکانی بە بچوکی دانرابوون و مامۆستا لەکاتی وانەکەدا نیشان منداڵانی دەدا،وێنەی دارتاشێک بەگەورەیی ،دواتر سندوقێکیان هێنا کە یەک یەک منداڵانیان بانگ دەکرد تا دەست بکات بە سندوقەکەدا هەر شتێکی دەرهێنا ناوەکەی بڵێت کە سەرجەمیان پێداویستییەکانی دارتاش و پزیشک بوون یان ئەو کەرەستانەی کە پەیوەندیان بەو دوو پیشەیەوە هەیە.چەندە جوان و سەرنجڕاکێش بوو کە یەکێک لە مامۆستاکان خوی خست و وتی ئای ئای قاچم منداڵێکیان نارد کە بچێت بەدوای پزیشکدا کە لەو دیو دەرگەکەوە منداڵێکیان دانابوو جل و بەرگی پزیشکیشی لەبەردا بوو هاتە ژوورەوە کەجوان بوو خێرا تەماشای قاچی مامۆستای کرد و وتی هیچ نییە و لەزگە و شتی بۆ بەکار هێناو وتی زۆر باشە ئازارەکەشت نامێنێ،لەوکاتەدا (مشکەبۆر) بانگی کرد و پرسیاری لێکرد زۆر بەجوانی وەڵامی دایەوە،لەڕاستیدا ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییانە لەگەڵ ئەوەی کە وانەکە لای منداڵ خۆشەویست دەکات و لەبابەتەکەش بەباشی تێدەگات،لەیادەوریشیدا دەمێنێتەوە،هەروەها وا لە منداڵ دەکات کە زیاتر بڕوای بەخۆی ببێت و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی کەسانی تری هەبێت و بە شێوەیەکی باش وەڵامی گونجاویان بداتەوە.لەبەشێکی تردا باسی نیشتمان و هەرێم و شارەگەورەکانی هەرێم کرا و وێنەی شارەکانیش بەشێوەیەکی جوان دانرابوون.وەرزش بەشێوەیەکی جوان لەڕێگەی چەند یارییەکەوە کە بووە مایەی زیاتر دڵخۆشکردنی منداڵان.پێویستە مامۆستا پرسیار ئاراستەی گشت بکات و وەڵام لەیەک منداڵ وەربگرێت ،دواتر ئەگەر ویستی دەتوانێت داوا لە منداڵانی ژوورەکە بکات کە دووبارەی بکەنەوە،کە بەو شێوەیە منداڵ فێری ئارامی و یاسای پۆل و لەخۆیەوە وەڵام ناداتەوە تا داوای لێدەکرێت.لەبەشی مۆزیکدا گۆرانی شاری سلێمانی و ئاڵای کوردستان وترا و دروستکردنی ڕیتمی مۆزیک بە دوو داری بچوکی درێژ کە منداڵان چێژێکی تایبەتیان لێوەردەگرت.لەبەشی هونەریشدا مامۆستا منداڵانی بەشێوەی گروپ داناو پێداویستییەکانی دروستکردنی وێنەیان خرایە بەردەست کە بۆیەی ئاوی و ئاو و لاکێشەیەکی بچوک کە هەریەکەیان لە شەش داری چلورە دروست کرابوو کە مامۆستا ڕێنمایی کردن تا ئاڵای کوردستان دروست بکەن،چەند جوان بوون هەریەکەو سەرقاڵی ڕەنگکردن و دروستکردنی ئاڵای کوردستان بوون،ئەوەی کە پێویستە بوترێت ئەوەیە کە مامۆستایانی بەشداربووی ئەم چالاکییە بەحەزێکی زۆرەوە بۆ منداڵ و بۆ وانەکەیان وانەکانیان دەوتەوە،هەموویان تەواوکەری یەکتر بوون لەبابەتەکاندا و زۆرجار واتدەزانی کە یەک وانەیە کەئەمەش سەلیقە و تواناو شارەزایی مامۆستاکانی دەسەلماند و گیانی هاوکاری و یارمەتیدانیان کردبووە بنەما بۆ سەرکەوتنی کارەکانیان،دەستخۆشی لە کارگێڕی و مامۆستایانی باخچەکە دەکەین،لەکۆتاییدا هیواخوازین کە مامۆستایانی ئامادەبوو سودیان لەو چالاکییە وەرگرتبێت تا بتوانن لەگەڵ زانیارییەکانی خۆیان ئاوێتەی بکەن و لەباخچەکانی خۆیاندا بەکاری بهێنن.ئێمەش وەک لیژنەی باخچە ناحکومییەکان لەکۆتاییدا دەستخۆشی و تێبینی و سەرنجی خۆمان خستەڕوو بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی هەمووان و چالاکییەکانی ناو وانەکەم بەشێوەی هۆنراوە بۆ ئامادەبووان خوێندەوە کە لەکاتی بەڕێوەچوونی وانەکەدا لەگەڵ تێبینییەکانمدا نووسیبووم کە بووە مایەی خۆشحاڵی بۆ هەمووان ،وا لێرەدا دەینووسم:

وا باخچـــــەی منــــداڵانی…کوردجینیەس گشت ئامادەن
بەچـــالاکی جـۆرا و جـــۆر…پێشـــوازیتان لێدەکـــــەن

بـەئــــاوازێکی دڵگـــــیر…دەڵێن بەخێربێن هەمــــوو
بە هـــاتنتان خۆشحـــاڵین…باخچەکەمــان جوانتر بوو

ئەم وانەیە زۆر خۆشـــــە…بوو بە شــــــانۆی بوکەڵە
یاری و وەرزش و مــۆزیک…گـۆرانیشی لەگــــــــەڵە

مامۆستاکانیش یەک یەک…چـــــــالاکییان دەنـوێنن
توانا و شـــــــارەزاییـان…بە بـاشی بەکــــــاردێنن

خۆ چـــالاکی جۆراو جـۆر…لەگــەڵ وانــەی ڕاهێنان
بەســــودە بۆ مامــۆستا…لەنێو باخچــەی منداڵان




٣٣ پرسیار بۆ وروژاندنی خەیاڵی داهێنەرانەی منداڵ.. وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە:عەلی حەمەڕەشید

بۆ جوڵاندنی خەیاڵی منداڵەکەت و هاندان بۆ داهێنان،دەتوانیت ئەم پرسیارانە ئاراستەی بکەیت ،کە دوورە لەو پرسیارە کۆن و سواوانەی کە ڕۆژانە ئاراستەی منداڵ دەکرێن و بێزارن لە وەڵامدانەوەی. لە چاوی دایک و باوکەوە هیچ کەسێک گرنگتر نییە لە منداڵەکانی ، بەڵام لە ئێستادا خەمی ژیان و گوزەرانمان ڕێگەمان پێنادات کە منداڵەکانمان بەو شێوەیە بناسین کە خۆمان ئارەزووی دەکەین. کەواتە بۆچی بە شێوەیەکی باشتر قسەیان لەگەڵدا نەکەین، با دەستەواژە ئاساییەکان بوەستێنین و بە دیالۆگ و گفتوگۆی ڕاستەقینە تاقییان بکەینەوە.
لێرەدا کۆمەڵێک پرسیار دەخەینە ڕوو کە هاوکارت دەبن لە گواستنەوە لە پرسیاری باو و سواوی وەک “قوتابخانە چۆن بوو”، بۆ شتە نوێ و گرنگەکان بۆ ئەوەی زیاتر دەربارەی منداڵەکانت بزانیت و ڕەنگە لەبارەی خۆیشتەوە شتێک بزانیت.ئەم نزیککردنەوەیە ڕێگەتان پێدەدات کە کاتی خۆتان بەفیڕۆ نەدەن لە ئامۆژگارییە ئاکارییەکاندا و گفتوگۆ و مشت و مڕەکانتان بگۆڕن بۆ بابەتی بونیاتنەرانە لە پەیوەندییەکانتاندا.
بۆ ئەم وتارە لە ماڵپەڕی (التربية الذكية)، بەشوێن هەندێک بابەتی گرنگدا گەڕاین لە ڕێگەی چەندین وتار و پەرتوکەوە،کە ڕەنگە مایەی گرنگی پێدانی خەڵک بێت لە بازنەی خێزانیدا و پەیوەندییەکان یەکگرتووتر دەکات،هاوکاریش دەبێت لە جوڵاندنی ئەندێشەی منداڵەکانتاندا.
ئەو پرسیارانەی کە جێگەی ئەو پرسیارە “ڕۆژەکەت چۆن بوو؟” دەگرێتەوە؟

  1. لە ئەمڕدا گرنگترین شت بەلاتەوە چی بوو؟
  2. ئەمڕۆ چی فێربوویت؟
  3. چی ڕوداوێکی ئەمڕۆ زەردەخەنەی خستە سەر لێوەکانت؟
  4. کێ لە ئەمڕدا کردارێکی پێکەنیناوی ئەنجامدا؟ کێ ئەمڕۆ لە پۆلدا نوکتەیەکی گێڕایەوە؟
  5. ئەمڕۆ بە چی ڕووداوێکی لە ناکاو سەرسام بوویت؟
  6. ئەمڕۆ یارمەتی هاوڕێیەکت داوە؟
  7. ئەمڕۆ کەسێک یارمەتی دایت؟ یان شتێکی خۆشی پێوتیت؟
  8. ئەمڕۆ شانازیی بەخۆتەوە دەکەیت؟ بۆچی ؟
  9. ئایا ئەمڕۆ خەمبار بوویت؟
  10. ئایا ئەمڕۆ بەلاتەوە سەخت بوو ؟
  11. ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێکانتدا هیچ یارییەکت کرد؟
  12. ئەمڕۆ خواردنت لەگەڵ کێ خواردووە؟
  13. لە پۆلدا حەز دەکەیت هاوڕێیەتی کێ بکەیت ؟ پێت وایە ئەمە گونجاو بێت؟ بۆچی ؟
  14. لە پۆلدا کێ لە تۆ دەچێت؟کێ لە تۆ جیاوازە ؟
  15. کام مامۆستات هانت دەدات؟ کام مامۆستات هانت نادات؟
  16. ئەگەر بۆ یەک ڕۆژ مامۆستا بوویتایە چیت فێری هاوپۆلەکانت دەکرد؟
  17. ئایا ئەمڕۆ شتێک توڕەی کردیت؟
  18. ئایا کەسێک کارێکی هەڵەی کردووە؟
  19. ئایا ئەمڕۆ هەستت بە کەمێک ونبوونی خۆت و بێ ئاگایی کردووە؟
  20. ئەگەر بتوانیت ڕووداوەکانی ئەمڕۆت دووبارە بکەیتەوە، چی تێیدا دەگۆڕیت؟
  21. ئەمڕۆ لە چی ئەرکێکدا سەرکەوتوو نەبوویت؟ وە لە چی ئەرکێکدا سەرکەوتوو بوویت؟
    ئەو پرسیارانەی ئەندێشەی منداڵ دەجوڵێنن:
  22. ئەگەر ئەم ئێوارەیە خواردن ببارێت ، چ جۆرە خواردنێکت دەوێت؟
  23. حەزت لە سواری کام ئاژەڵە؟ فیل یان زەڕافە؟
  24. ئەگەر توانای گۆڕینی ناوی ڕەنگەکانت هەبێت، چۆن ناویان دەنێیت؟
  25. ئەگەر پشیلەکەت قسەی بکردایە، پێت وایە چی دەگوت؟
  26. ئەگەر بتوانی داوای شتێک لە ئاژەڵێکی کێوی بکەیت، داوای چی دەکەیت؟
  27. ئەگەر ئەشکەوتێکی خۆت هەبوایە، چیت تێدا دادەنا؟
  28. چۆن دەتوانیت دیوارێک دروست بکەیت کە توانای نەڕوخانی هەبێت؟
  29. کام ئاژەڵ ئەگەر هەیە دەتوانێت ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت؟
  30. چۆن دەتوانین شتێک دابهێنین کە بوونی نییە؟
  31. ئەگەر بتوانی بەربەستی کات بشکێنیت چی ڕوودەدات؟
  32. چۆن بەبێ پارە جیهان بنیات بنێین؟
  33. ئەگەر دارێکی سیحریت هەبوایە، ئەو سێ شتەی کە ئاواتت پێدەخواستن چی بوون؟
    سەرچاوە:
    https://tarbiazakia.com/



چـۆن دەبیـت بە شاعـیرێکی شیعـرنووس بۆ منـداڵان؟.. رەزا شـوان

شـیعـر کـۆنـتریـن و گرنگـتریـن ژانـری ئەدەبە. جـوانـتریـن و ناسکـتریـن شـێوەیە لە شـێوەکانی هـونەر. شـیعـر فـۆرمـێکی نایـاب و سەرنجـڕاکێـشە. گوزارشـتـێکی پـڕ لە هەست و سـۆز و خـۆشەویستـییە. پەیامێکی پەروەردەیی و سۆزداری و نیشتمانی و رەوشـتیی و بەهـای بەرزی مـرۆڤـایەتی لەخـۆگـرتـووە.
شیعـری منـداڵان، نـزیکـترین هـونـەرە لە دەروونیـانەوە. بەشـێکی گـرنگە لە ئەدەبی منداڵان. جۆگایەکی هەمیشە خوڕە لە رووباری رۆشنبیریی منداڵان. چـێژ و خۆشی و سوودێـکی زۆریان پێـدەبەخـشـێـت. شـیعـری منـداڵان، کـاریـگەریـیەکی گـەورەی لـە پەروەردەکردنی دروست و لە بە ئاسانی فـێرکردنی منداڵان هەیە. کاریگەریی لەسەر ژیـانی ئەمـڕۆ و دهـاتوویانـدا هـەیە. لە نووسـینێکی پـێشـترمـدا، بە درێـژی باسم لە
(گـرنگـییەکـانی شـیعـر بـۆ منـداڵان) کـردووە. لەم نووسـیـنەمـدا، باس لە گرنگـترین ئـەو رێنمـاییە پێـویستیـیانە دەکەم، کە پێـویستە ئەو بەهـرەمەنـدانەی کە ئـارەزووی نووسینی شیعـری بـاش بـۆ منـداڵان دەکـەن و دەیانەوێـت ببن بە شاعـیری منـداڵان.
ئەگـەر ئارەزوو و خـولـیای ئەوەت هـەیە، کە شـیعـری جـوان و باش و بـۆ منـداڵانی کوردمـان بنووسیـت و ببیـت بە شاعـیرێـکی ناسراوی شـیعـرنووسی منـداڵان. ئەمـە مایەی خۆشبەختی و دڵخۆشییە، کە شاعـیرێکی تازەی کوردمان، لە بـواری شـیعـری منـداڵانـدا لـێهـەڵـبکەوێـت. بتـوانیـت لە رێـی شـیعـرەکـانـتـەوە، خـزمـەتی ئـەدەبیـاتی منـداڵانی کوردمان بکەیت. لێی مەوەستە و چاکی لـێهەڵبکە و ئاوزەنـگی لە ئەسـپی تـوانـاکـانـت بـدە و خـۆت تـاقی بـکـەرەوە. بـەڵام بـەوە فـریـو مـەخـۆ کە پێـتـوابێـت، شیعـر نووسـین بـۆ منـداڵان، کـار و پیـشەیـەکی هـەڕەمـەکی و ئـاسـانە، بێ مـەرج و بێ بنەمایە، چـونکە بـۆ منـداڵانە. نەخـێر وا نییە و لە نووسینی شیعـر بۆ گەورەکان گرانترە. نووسینی شیعـر بۆ منداڵان پێویستیی بەو تێگەیشتنە هەیە، ئەوە بزانیت کە منـداڵان حەزیـان لـە چـیـیە و چـیـیان دەوێـت، نـەک تـۆ چـیـت دەوێـت ئـەوەیـان بـۆ بنووسیت. نووسینی شـیعـر بۆ منـداڵان، شارەزایی لێـدەوێت، بۆ ئەوەی بە زمانێکی شیرین و ناسک و ساکار، بتوانیت مەبەست و پەیـامەکانـت بە منـداڵان بگەیەنیت تا منـداڵان بتـوانن لـێی تـێبگەن. شیعـر هـەر ئـەوە نییە کە کـۆمەڵێک وشەی سەروادار ریـزبکەیـت و نـاوی لـێبنێیـت شیعـر بـۆ منـداڵان. هـەر شیعـرێک هەست و دەروونی منداڵان نەبـزوێنت و چـێژی لێوەرنەگـرن، منـداڵان بە شیعـری نازانن و رەتیدەکەنەوە. کەواتا پێویستە لە سەرەتاوە، پەنجە بخەیتە سەر ئەوەی کە منـداڵان حەزیان لە چـییە. پێویسە ئەوەش بـزانیت کە تەنیا بەهـرە مـەرج نیـیە، بۆ ئـەوەی ببیـت بە شـاعـیرێکی منداڵان، بەڵکو نووسینی شیعـر هـونەرە، هەر هـونەرێکیش شێوە و شێواز و رێبـاز و تەکنیکی داڕشـتنی خـۆی هـەیە. هـەر شاعـیرێکـیش شێواز و ستایلی تایبەتی خـۆی لە شیعـر نووسینـدا هـەیە. جیـاوازە لەگەڵ شـێواز و رێبـازی و ستایلی شاعـیرێـکی کـەدا.
لە راستیشدا هـیچ رێگایەکی دیارکراو بۆ نووسینی شیعـر نییە، بەڵام دەتوانیت هەندێک یاسای بنەڕەتی پەیـڕەوی بکەیـت بۆ ئەوەی ببیـت بە شاعـیرێکی باش و سەرکەوتـوو. هـەمیشەش ئەوەت لەیـادبێت، کە تۆ شیعـر بۆ منـداڵان دەنووسـیت نەک بۆ گـەورەکان.
دەکـرێت هـەر بەهـەرمـەنـدێکی ئارەزوومـەنـدی شـیعـر بـبێـت بە شـاعـیر، لە میـانـەی راهـێنان و دووبـارەکـردنەوەدا. بەڵام بەشـێک لە بەهـرەی نووسینی شـیعـر رەمـەکییە.
رێنماییەکانی نووسینی شیعـر بۆ منـداڵان
بۆ ئەوەی شیعـرێکی جـوان و باش بۆ منداڵان بنووسیت، هەنگاو بە هەنگاو پەیـڕەوی ئـەم رێنـماییـانە بکە. کە ئـەم هـەنـگاوە سەرەتـاییـانەت زانـی، دەتوانیـت بە روونی لە چـۆنیـەتی نووسـینی شـیعـر تێـبگەیـت و دەست بە شیعـرنووسین بۆ منداڵان بکەیـت:
١ـ خـووبـدەرە خوێنـدنەوەی شـیعـر بـۆ منـداڵان: تا پێـت دەکـرێت شـیعـری شـاعـیرانی جیاواز بۆ منداڵان بخوێنەوە. بە تایبەتیش رۆژانە شیعـرە تازەکانی شاعـیرە ناودارەکان بخوێنەوە. تازەترین کـتێبی شیعـر بۆ منـداڵان بخوێنەوە. لە شێواز و رێبازی نووسینیان تێدەگەیت. تا شیعـری زیـاتر بخـوێنیتەوە، ئیـلهـام و بیـرۆکەی زیاتر و باشترت بۆ دێت. خوێندنەوەی شیعـری منـداڵان، هەنگاوێکە بۆ هـۆشت تا ئامادەی نووسینی شیعـر بێت.
٢ـ پێویستە ئامانجـت دیاری بکەیـت: پێویستە لە نووسینی هـەر شـیعـرێک بۆ منـداڵان ئامـانجـێکی روونت هـەبێـت. پـەروەردەیی، نیـشـتمانی، رەوشـتی، ژیـنگەیی،… بێـت. ئەگەر نەزانیت بۆ کوێ دەچـیت؟ چـۆن دەتـوانیت لە خۆتەن رێگایەکی نەزانراو بگریتە بـەر.. بێگـومـان بە شـوێـنی مەبەست ناگـەیـت. نـووسینی شـیعـریـش بـۆ منـداڵان لـەم پێویستییە بەدەر نییە. تا ئامانجی شیعـرەکەت دیاری نەکەیت ناتوانیت شیعـر بنووسیت.
٣ـ لە کوێـوە ئیـلهـمی شیعـرت بۆ دێت؟: ئیلهام وەحی نییە بۆ مـرۆف بنـێرێت، کارێکی ناکاوی و کوتـوپـڕیش نییە. ئیلهـام لە ئەنجـامی خەیـاڵ و بیـرکردنەوە بۆ شاعـیر دێـت. دەشێش لە ئەنجـامی بیـرکردنەوە لە یادەوەرییەکانی منـداڵیتەوە بۆت بێـت. یا لە بینینی دیمـەنێک یان رووداوێـک، یا لە جـوانی سـرووشـتەوە یا لە هـەستـێکی نیشــتمانییەوە بۆت بێت. ئیلهـام سەرچـاوەی زۆر زۆری هـەیە و نایـەنە ژمـاردن و سنووردارکـردن.
٤ـ هەڵبژاردنی ناونیشانی شیعـرەکەت: دوای ئەوەی کە بیرۆکەی شیعرەکەت دیاریکرد، هەوڵبدە ناونیشانێکی جوان و گونجاو و کورت و سەرنجڕاکێش بۆ شیعرەکەت دابنێیت.
٥ـ کـێشی بـڕگەیی لە کـێشی شیعـرەکانـدا بەکاربهـێنە: چـونکە ئاسانتریـن کـێشە، وا بـاشـترە کە کـێـشەکـانـت لـە (ە ، ٦، ٧، ٨، ٩) بـڕگـە زیـاتـر نـەبـن، ئـەوەش بـزانە باشـتر وایە کە شیعـری سەروادار بۆ منـداڵان بنووسیت. لەبەرکـردنیان ئاسانترە. با شـیعـرەکانت کـورت و پوخـتبن. باشـتر وایە شیعرەکانت بۆ منـداڵانی تەمەن تا (١٠) ساڵان لە نێـوان (٦) دێـڕ بـۆ (٨) دێـڕ زیـاتـر نەبـن. تا بە ئاسانی لەبـەریـان بـکەن. ریـتـم و تەکـنـیکی شـیعـریـش پێـویسـتە بەپـێی پێـوەرەکانی شـیعـر بـۆ منـداڵان بێـت. زۆر جـاریـش پـێـویسـت ناکـات، کە سـەروای کۆتـایی هـەر هـەمـوو نیـوە دێـڕەکانی شـیعـرەکانـت سـەرواداربـن.
٦ـ خەیـاڵ رەگەزێکە لە رەگەزەکانی شیعـر: خەیـاڵ پێویستییەکی گـرنگە لە نووسینی شیعـر بۆ منـداڵان. شاعـیر لە رێی خەیاڵـیشەوە ئیـلهـام و بیـرۆکەت بـۆ دێـت. خەیـاڵ رۆڵـێکی سەرەکی گـرنـگی هـەیە بـۆ راکـێـشانی منـداڵان بـە لای شـیعـرەکانـتـدا. ئەو شیعـرانەی کە بە خەیاڵـێکی ناسک و شـیریـن داڕێـژراون، بۆ ماوەیەکی درێـژتـر لە بیـری و لە یـادی منـداڵانـدا دەمـێنـنەوە. تـۆی شاعـیر لە رێی خەیـاڵـەوە، دەتـوانیـت باوەڕ بە منـداڵانی قـۆنـاغی بەرایی ـ قـۆنـاغی خەیاڵی ـ لە لەدایکـبوونەوە تا شەش و حـەوت ساڵان بهـێنیـت، کە ئـاژەڵ و باڵـندە و دار و درەخـت و شتی بێگـیان بە زمانی کـوردی دەدوێـن وەک ئەوەی کە کوردبـن. خەیـاڵ هەموو ئـەو شـتانە دەگـرێتەوە، کە بە خەیـاڵ بـڕیاریـان لەسـەر دەدەیـت. بەڵام ناشبێـت شـتەکـانـت لە خـەیـاڵ بەدەربـن و منـداڵان باوەڕیـان پـێـنەکـەن. بۆ نموونە: ئەستەم و لە خەیاڵ بەدەرە کە میروولەیەک فـیلـیـك قـوت بـدات. واش تـێمـەگە کـە منـداڵان هـێنـدە سـاویـلکەن و هـیچ نازانـن.
٧ـ شـێوازی شیعـر نووسین بۆ منـداڵان: شـێواز پێکهـاتـەیەکی سەرەکـییە لە شیعـری منـداڵانـدا، بابەتی شیـعـرەکەت شێواز دیاری دەکات. پەیوەندییەکی بەهـێزیش لە نێوان ناوەڕۆک و شێوازی شیعـردا هـەیە. هـێزی شـێوازی شیعـریش بـۆ منـداڵان، لەوەدایە کە تا چـەند منداڵان دەووروژێنێت و بە ئاگایان دێنێتەوە. جوانی شێوازیش لە جوانی و فانتازیی داڕشتنی وشەو و هـۆنینەوەی شیعـرەکەت دایە. وەکو لەسەرەوە باسمان کرد، هـەر شاعـیرێک شێواز و ستایـلی تایبەتی خـۆی لە شیعـر نووسین بۆ منـداڵان هـەیە.
٨ـ زمـان گرنگـترین پێویستی شیعـرە: زمـان گرنگـترین کەرەستەی نووسینە، کـلـیلی گەیـشتـنە بە هـۆش و بە دەروونی منـداڵان. تۆی شاعـیر بە هـۆی زمانەوە دەتوانێت گوزارشت لە هـزر و لە ناخی خۆت بکەیت و شیعـرەکانت بنووسێت و پەیامەکانت بە منـداڵان بگەیەنێـت. بۆیـە پێـویستە، شـارەزای زمـان و رێـزمـان و رێنووسی کوردی بێت. شارەزای فـەرهـەنگی وشەکانی منـداڵان بێت. شیعـرەکانت بە زمانێکی پـەتی و شـیرین و ناسک ساکار بنووسە، دوور لە وشـە و لە زاراوەی قـورس و تـوێکڵـدار. هـێندەش بە دوای جـوانـکاری و رەوانبیـژی و فـانتـازیـدا مـەگـەڕێ. راسـتیـشە زۆر جار زمـان لە ئاستی خەیـاڵ و بیـری مـرۆڤـدا نییە، ئەوەی لە خەیاڵی دایە، نەتوانێت بـەو هـێز و چـێـژ و مەسـتـییەوە، بە وشـە و بە شـیعـر گـوزارشتی لێبـکات. بـۆیـە شاعـیری رابەری شـیعـری نـوێی کوردیمـان، مامۆسـتا (عـەبـدوڵڵا گـۆران) دەڵـێت:
هـەرچـەنـد ئەکـەم ئـەو خەیـاڵـەی پێی مەســتـم
بـۆم ناخـرێتـە نـاو چـوارچـێـوەی هـەڵـبـەســتـم
٩ـ بە شیعـری ئاسان دەست پـێـبکە: لە سەرەتـاوە بە شیعـری ئاسان و کورت دەست پـێبکە. لەوەوە دەست پێبکە کە منداڵان حەزیان لە چی بابەتە شیعـرێکە. لە نووسینی شیعـرەکانیشدا پەلـە مەکە، بە وردی بـیر لە وشە بە وشەکانت بکەرەوە. چونکە ماوە بە لای منـداڵانەوە گرنـگ نییە. گەر لە مـاوەی یەک رۆژدا نـووسیبێـتـت یا لە مـاوەی یەک مانگـدا. گـرنگ بە لای منـداڵانەوە شـیعـرەکـەی بەردەستـیانە کە دەیخـوێـنـنەوە. لە بابـەتی ئـەو شـیعـرە باونـەمـا و دووبـارە بـوونـەوانـەش مـەنـووسە، کە منـداڵانی ئەمـڕۆ چـێژیـان لـێوەرناگـرن. دەتـوانیت سـوود لە ئەزمـوونی ئەو شاعـیرە ناسـراوە کوردانەمـان وەربگـریت، کە شیعـر بۆ منـداڵان دەنـووسـن. بەڵام لاساییان مەکەرەوە. ببـە بە خـاوەنی ریچـکە و رێبـاز و شـێـواز و سـتایـلی تایـبـەتی خـۆت لە نـووسیـنی شـیعـر بـۆ منـداڵان. سێ رەگـەزی گـرنگـیـش لەبەرچـاو بگـرە (مەبـەسـت، کـورتی، سـەروا) هـونەری تەکـنیکی نووسـین و رێـکخـسنی شـیعـر و بە جـبێهـێشتی ماوە لە نێـوان دێـڕەکانـدا پێـویسـتن، بۆ بە ئاسانی خـوێنـدنەوە و بۆ وەسـتان و پشـوودان.
١٠ـ نـوێخـوازی و داهـێـنان لەشیعـری منـداڵان: هـەوڵبدە لە چـوارچـێوەی شـیعـری کلاسیکـیی منـداڵان دەربچـیت، بیـر لە نوێخـوازی و داهـێنان و ئافـرانـدن بـکەرەوە.
١١ـ پێویستە شارەزای قـۆناغـەکـانی منـداڵیەتی بیـت: چـونـکە هـەر قـۆنـاغـێک لە قۆناغەکانی منداڵی، لە رووی جەستەیـی و دەروونی و سۆزداری و بیر و خەیاڵ و زمان و زیرەکی و توانای فـێربوون و وەرگرتـن و گوزارشتکـردن، تایبـەتـمەنـدیی خۆیان هـەیە. تـۆی شاعـیر کاتێک دەتوانیـت شیعـرێکی باش و گونجاو بۆ منـداڵان بنووسیت، کە لە هەموو روویەکەوە شارەزای قـۆناغـەکانی گەشکردن منـداڵی بیت.
تا شیعـرەکانت بە پێی پێـویستییەکانی قـۆنـاغـەکان بنووسیـت.
١٢ـ رەنگـدانەوەی وردەکارییەکانی هـەستیاری لە شـیعـرەکـانتـدا: شیعـری باش بـۆ منـداڵان لەگـەڵ هـەر پێـنج هـەسـتەکـەدا سەرقـاڵ دەبێـت. لە بـۆنکـردنەوە تا دەگـات دەست لێدان و تا بینین و بیـسن و چـێژکـردن. دڵنیابە لەوەی کە شیعـرەکانت ئەوەی تێـدایە کە یـاری بە هـەسـتەکانی منـداڵان دەکەن،. بۆ نمـوونە، کە شـیعـرێک لەسەر بەهاری رەنگـینی کوردستان دەنووسیت، منـداڵان گوڵە رەنگاوڕەنگە سروشتییەکان دەبینن و بۆنیان دەکەن و دەستیان لێـیان دەدەن. یـاری لەگەڵ پەپـوولەکانـدا دەکەن، گـوێیـان لە جـریـوەی مـەل و قـاسـپە قـاسپی کـەو دەبـێـت، تـامی رێـواس دەکـەن و دەیخۆن. کەواتە لێرەدا توانیوتە هـەستەکان بخـەیتە ناو شیعـرەکانتەوە بۆ منـداڵان.
١٣ـ گـەڵاڵـە و پـوخـتکـردنی شـیعـرەکەت: کـە شـیعـرەکـەت نـووسی چـەنـد جـارێـک پێـداچـوونەوە بە نـاوەرۆک و فـۆرم و کـیش و سـەروا و دروسـتی وشەکانـت بکەوە. لە دوا دەستکاریـدا، هـەڵـەکانـت بـژار بکە و ئەوەی پێـویستی بە گۆڕانبـوو بیگـۆڕە. یەکەم رەخـنەگـریـش خـۆت بە، رەخـنە لە شیعـرەکانـت بگـرە و هـەڵـیان بسەنگـێـنە.
١٤ـ شیعـرەکانت پێشانی شاعـیرێکی بە ئەزموـون بـدە: وەکو شاعـیرێکی تـازە پێت شـەرم نەبێـت و شیعـرەکانت پێـشانی شاعـیرێکی ناسراو و خاوەن ئەزموونی بواری شـیعـری منـداڵان بـدە. سـوود لە تێبینی و لە پێشنیارەکانی وەربگـرە و بە سنگـێکی فـروانیـشەوە رێـنمـایی و رەخـنـەکانی قـبووڵ بـکە.
١٥ـ شیعـرەکانت بۆ منـداڵان بخـوێنـەوە: تێدەگەیەت کە تا چەند شیعـرەکانت بە لایانەوە پەسەندن، داوای فـیدباک لە منـداڵانی خوێنەرانی شیعـرەکانت بکە، دەتوانیت سوودیش لە فـیـدباکەکـانیان دەربارەی شـیعـرەکانـت وەربگـریت و را و بۆچـوون و رەخـنەکانیان بە هـەنـد وەربـگـرە. جـارێکی کـەش پێــداچـوونـەوە بە شـیعـرەکانـتدا بکە. تا دڵنیابیت لەوەی کە شـیعـرەکانـت سـەرنجـڕاکـێـشن و ئامـانجـەکـانی شیعـری منـداڵانیان پێکـاوە.
١٦ـ هەست بە ئاستی شیعـرەکانت دەکـەیـت: هەست بەوە دەکەیت، کە شیعـرەکانت لە ئاستێکی باشدان و لە شیعـرەکانی گەلێ لە شاعـییران باشترن، لە ئاستی شیعـرەکانی گـەلێ لە شـاعـیرانی ناسراویـش ئاسـت نـزمـترن. ئەمـەش هـەستـێکی سـروشـتیـیە، چـونـکە ئاستی بەهـرەمـەنـدی و شارەزایی لە نێـوان شـاعـیرانـدا جیـاوازیـیان هـەیە. گـەلێ لە شاعـیرانی کوردمـان شیعـریـان لەسەر (کوردسـتان) بـۆ منـداڵان نووسـیوە، بەڵام جـیوازی لە ئاستی شـیعـرەکـانیـانـدا هـەیە.
١٧ـ شیعـرەکانت بۆ گـۆڤـارێکی منـداڵان بنێرە کە بە کوردی دەردەچـێت: لەوش دڵگـیر مەبـە، کە جـارێک و دووجـار شـیعـرەکانـت بڵاونـەکـەنەوە. سـتافی ئـەو گـۆڤـارەش کە شیعـرەکـانتی بـۆی دەنـێریت. روانینینی خۆیـان دەربـارەی شیعـرەکانت دەبێت، دەشێـت لەگەڵ شـێواز و ستایـلی شیعـرەکانی گۆڤـارەکەیـان گۆنجـاو نەبن. ئەمەش نابێـت ببێتە هـۆی گـلەیی و کـۆڵـدان و ساردبـوونـەوەت.
١٨ـ بەشداری لە کۆڕەکانی شیعـر خوێنـدنەوە بکە: شەرم مەکـە و ئازایـەتی ئەدەبیـت هەبێـت. بەشداری لەو کۆڕانەدا بکە کە بۆ خوێنـدنەوەی شیعـری منـداڵان سازدەکرێن. لەوەش سـڵ مەکـەرەوە کە رەخنـەت لێـدەگـرن.
١٩ـ وەک شاعـیرێـك هـەمیشە پێنووس و پەڕەیەک کاغـەزت پێبێت: چـیت بە خەیـاڵدا هات بینووسە، هەنـدێ جار ئیلهـامێک یا بیـرۆکەیەکی باش یا دێـڕێک شیعـری جوانت بۆ دێـت، بینووسە بۆ ئـەوەی لەبـیرت نەچـێتەوە، لەوانەیە ئەو دێـڕە شیعـرە ببێـت بە سـەرەتـای شـیعـرێـکی تـازەت بـۆ منـداڵان و هـەوڵ بـدەیـت تـەواوی بـکەیـت. کـەڵە نووسەری ئینگلیزی (جـوان رۆلـینگ) ی نووسەری زنجـیرە رۆمانی (هـاری پـۆتەر) لەناو شەمەندەفەردا، ئیلهـامی نووسینی هـاری پۆتەری بۆ هات. یەکسەر پێنووس و کاغـەزی دەرکردوو و ئیلهـام و سەردێـڕی بیـرۆکەکانی نووسی تا لەبیری نەچـنەوە.
٢٠ـ شاعـيری باش نابێت لە نووسینی شیعـر بێزاربێت: لەپاڵ خوێنـدنەوەیەکی زۆری شـیعـری منـداڵان، بۆ ئەوەی شیعـرێکی جـوان بۆ منـداڵان بنووسیت. تا پێت دەکـرێت بنـووسە و بسـڕەوەوە و یـاری بـە وشـە جـوانـەکـان بـکە. درێـژە بـە راهـێـنان و بە نووسینی شیعـرەکانت بـدە. خەیاڵـت فـراوانـتر و هـۆشت زیـاتر دەکرێنەوە. دەتـوانیت ئـەو زۆرە نووسـینانەت، پوخـت و کورت بکەیتـەوە و شیعـری جـوانیـان بۆ منـداڵان لـێـبهـۆنیـتەوە. (شکـسپیر) دەڵێـت:”تا لاپـەڕەیـەکـم نـووسی.. هـەزار پـەڕەم دڕی”. ئەوەش بـزانە کـەس بە شاعـیری لەدایـک نەبـووە. وەکو کوردیش دەڵـێت:(کـەس لە پـڕێـک نەبـووە بـە کـچ و کوڕێـك).
٢١ـ شاعـیرێکی هـەمیشە خوێنەر بە، کورد و کوردسـتان پەروەرێـکی سەرسەخـت بە، هـیواخواز و گەشـبیـن بە، خـۆڕگـر و کۆڵـنەدەر بە، رووگەش و لێوبەخەنـدە بە، خاکی و کـۆمـەڵایـەتی بە. گـەورە و بچـووکـت خۆشـبوێـت، دەمارگـیر و تونـدڕەو مـەبە، رێـز لە هەموو را و بۆچوونێکی جیاواز بگـرە. بە سنگێکی فـراوانەوە رەخنەش وەربگـرە.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣




شانۆ بۆ هـەرزەکاران/ گـوێـدرێـژ و گـورگ.. رەزا شـوان

 
(کەسـایـەتییەکـان: گـوێـدرێـژ. سـەرۆک ، گـورگ ، رێـوی ، مـشـک ، ئاژەڵـەکـان)
(
شـوێـن: دارسـتانـێکی جـوان و گـەورەی پـڕ لـە ئـاژەڵی هـەمـەچـەشـنەیە)

بەشی یەکەم


چـيرۆکـبێژ: هـەبـوو نەبـوو، لە سـەردەمـێکی زوو، دارسـتانێکی زۆر جـوان هـەبـوو. کۆمەڵـێکی زۆر لە ئـاژەڵانی هەمەچـەشـنە، پێکەوە بە ئاشتی و ئارامی و هـێمنی لەم دارستانەدا دەژیـان. بە هەڵـبژاردن ئاژەڵـێکـیان کردبوو بە سەرۆکی دارسـتانەکەیـان.

رۆژێـک گـورگـێک سەردانی ئـەم دارسـتانەی کـرد. چـیی وت؟ وەرن بـا پـێـکەوە ئـەم گـورگـە بناسین و بـزانـین نیـازی چـییـە؟

گورگەکە: بێگومان ناوبـانگی ئەم دارسـتانەم بـیستووە، کە چـۆن ئاژەڵـەکانی لە سایەی سەرۆکە خۆشەویستەکەیاندا، بە تەبایی و ئاشتی و خۆشی دەژین و هـیچ کێشەیان نییە. هەلێکی باشم بـۆ رێککەوتووە، بۆ ئەوەی ئاشتی و سەقـامگیریی لەم دارستانە جوانەدا تێکـبدەم. ئاژاوە و گـێرەشێوێنی دەخەمە نێـوان ئاژەڵەکانەوە، تا بگەم بە مەرامی خـۆم. مەرامیشـم ئەوەیە، کە ببـم بە سەرۆکی ئاژەڵـەکـانی ئـم دارســتانە گـەورەیە. کە پـڕە لە کەروێـشک و بـاڵـندە و ئـاسکە و جـۆرەهـا ئـاژەڵ. ئـەوەش دەزانـم کە هـێنانـەدیی ئـەم ئامـانجـەم ئاسـان نیـیە و قـورسە. دەشـزانـم کە چـۆن هـەنـدێ لە ئـاژەڵە سـاویـلکەکـان و ئەوانەشیان کە فـێڵبازن هەڵیانبخەڵەتێنم و یارمەتیم بـدەن، تا بگەم بەوەی دەمەوێت.

چـیرۆکـبێژ: دوایی گورگە گـوێێ لە بانگەوازێـکی گـوێـدرێـژەکە بوو. دەبێـت چی بڵێت؟

گوێـدرێـژەکە: ئەی خەڵکی بەڕێـزی دارستانەکەمان، دانـای دارستان و سەرۆکمان، ئەو مژدەیەتان دەدەنێ و پێتان دەڵێن، ئەمساڵ ساڵێکی تایبەتی دەبێت، کە هەموو رۆژەکانی هـەر خـۆشی و شـادی و کارکـردن دەبـێـت.

گورگەکەکە: ئاهـا.. کەواتە گـوێـدرێـژی گـەورە، یـاوەر و قـسەکەری تایبەتی سەرۆکە. ئەو کەسەیە کە دەتوانێت لە بەدیهـێـنانی پـلان و تەگـبیرەکەم یارمەتیـم بـدات. ئەوەش دەزانـم، کە گوێـدرێـژەکە دڵسوزێکی راستیی سەرۆکەکەیانە، بەڵام منی گـورگ، بەڵێ مـنی گـورگ، دمناسن کە گـورگ کـێیـە و چـیی لەدەسـت دێـت.

چـیرۆکبـێژ: گـوێـدرێـژەکە قـسەکـانی تەواوکـرد و وتی:

گوێـدرێـژەکە: ئەوانەی لێرە ئامادەن، با ئەم مـژدەیە بە ئەوانە بگەیەنن کە لـێرە نین.

چـیرۆکـبێژ: دوایی گـوێـدرێـژەکە ئـاژەڵـێکی بیـنی کە خەڵـکی دارسـتانەکەیـان نەبـوو. ئاژەڵـەکە لـێی نـزیک بـۆوە، تا گەیـشـتە لای گـوێـدرێـژەکە، ئەویـش گـورگـەکە بـوو.

بەشی دووەم

گورگەکە: رۆژ باش ئەی مامۆستا گوێـدرێژ، مامۆستای هەموو گیانلەبەران و سەرۆکی ئاژەڵانی ئەم دارسـتانە، خـاوەنی دەنگـێکی خۆش، کە خۆشترە لە قـاسپە قـاسپی کەو و لە جـریـوەی چـۆلەکە. بەڕێـزتـان بە ئارامی و دانـایی و دڵـپاکی و خۆڕاگـری ناسراون.

گـوێـدرێـژەکـە: تـۆ کـێیـت؟ ئـەم سةتایشانە چـین دەربـارەی مـن دەیـانـڵـێیـت؟

گورگەکە: رەنگە ئەوە نەزانیت، کە باپـیرەی مـن و تـۆ ئامۆزای گیـانی بە گیانی بوون. ئەم سـتایشانە زۆر کەمـن دەربارەی گـەورەیی و دانـایی بەڕێـزتـان.

گوێـدرێـژەکە: تـکایە خـۆت بناسێـنە و پێـم بـڵێ تـۆ کـێیـت؟

گـورگەکە: گەورەم من گـورگم و خـزمێکی نزیکـتم. من لەو کەسانەم کە زۆر سەرسامی کەسـایەتی تـۆی مـەزن و ئـەو کـارە گەورەکـانەی کە دەیـانـکەیـت. گـەورەم گـوێـدرێـژ، گـەر تـۆ نەبـوویـتـایە، ئـەم ژیـانە خـۆشـەی کە لە دارســتانەکـەدا هـەیە نـەدەبـوو.

گوێـدرێـژەکە: ئەهـاااا. قـسەکـانت دروسـتن.

گورگەکە: بەڵێ گـەورەم، من لە دارستانـێکی دوور لێـرە دەژیـم. بەڵام ناوبانـگی تـۆمان بیستووە. لە هـەمـوو کـۆبـوونەوەکانی ئاژەڵـەکانی دارسـتانەکەمـانـدا، کـاتێک کە بـاسی ئـارامی و دڵـسـۆزی و خـۆڕاگـری دەکـەیـن، بـۆ نمـوونە ئـامـاژە بـە بەێـزتـان دەدەیـن، منـیـش بە شـانازییەوە دەڵـێم کە تـۆ خـزمی منـی.
بەڵام پرسیارێک رامانی کردووم، نازانـم تـۆ چی سوودێکت لەم مانـدووبوون و کارانەت دەستکەوتووە؟ هەموو کارەکانت لە پەرژەوەندی سەرۆک دایە، کە تێر دەخەوێت و پاڵی لێـداوەتەوە و هـەر خەریکی خـواردنە، تـۆ دەیکەیـت و ئـەو بەرەکـەی دەخـوات. بـەڵام ئەو داماوەی کە لە بەیانییەوە تا ئێـوارە رەنـج دەدات و خەریکی چارەسەری کێشەکانە

ئـەوە تـۆی، لەگەڵ ئەوەشدا تێر خواردنت ناکەن. مـن دڵـم بـۆت دەئێشـێت.

گوێـدرێـژەکە: قـسەکانـت راسـتن. بە داخـەوە کە ئەمـە سـروشتی ژیـانە.

بەڵام سەرۆکمان بە دەنگ و بە رازیبوونی هەموو ئاژەڵەکان هەڵـبژێراوە و کـردوومـانە بە سـەرۆک و بە فەرمانـڕەوامان.

گورگەکە: بەڵام بەڕێـزم تۆ شایەنی ئەم پۆستەی، دوودڵ مـەبە، من لە ئێستا بە دواوە ئامانج ئەوەیە کە تـۆ ببیت بە سەرۆکی دارستانەکە. بۆ خـۆت پـاڵی لێبدرەوە و فەرمانکە، خۆشترین خـواردن دەخـەنە بەردەمت. بەڵام پێویـستە گوێـدێـربیـت و بە قـسەم بـکەیـت.

گوێـدرێـژەکە: بە دڵـنیاییەوە بە قـسەت دەکەم.

گورگەکە: ئێـستا ببـمبە بـۆ لای سـەرۆک، تـا رازی بـکەم، بۆ ئـەوەی واز لە دەسەڵات بهێنێت و تۆ لە شوێنی خۆی دابنێت و لەسەر کورسی سەرۆکایەتی دابنیشیت و فـەرمانـڕەوابیـت.

بەشی سـێیەم


چـیرۆکـبێژ: گـوێـدرێـژەکە گـورگـەی بـرد بـۆ لای سـەرۆک و پـێی ناسانـد.

گوێـدرێـژەکە: سەرۆکی گەورەم، ئەم گورگە میوانی دارستانەکەمانە، کەسێکی باش و رووخۆشـە. دەمـەوێـت بـیکەیـت بە یەکـێک لە نـزیـکەکـانی خـۆت.

سەرۆک: فەرموو بەخـێربێیت گورگ. بێگومان گەر وابێت لە خۆمی نزیک دەکەمەوە.

چـیرۆکبـێژ: گوێـدرێـژەکە، چـووە دەرەوە. خەریکی کارەکـانی خـۆی بـوو. گورگەکە لە لای سەرۆک مایەوە و دەستی بە ستایشکردنی سەرۆک کرد و زۆری بە شان و باڵـیدا هـەڵـدا. زۆ مـەرایی لە بەردەمیـدا کرد. دەیهـێنـایە پێـکەنین، تا سەرنـجی سەرۆکی بۆ لای خـۆی رابکـێشێـت و پێی سەرسـام بێـت.

سەرۆک: لە ئەمـڕۆ بەدواوە تـۆ لـە جـێی گـوێـدرێـژەکە، جـێگـری تایبـەتی منـیـت.

گـورگـەکە: زۆر سوپـاس سـەرۆک، کە بە زوویی ئەم پـۆسـتەت بە مـن بەخـشی.

چـیرۆکبـێژ: گـوێـدرێـژەکە کە ئەمـەی زانـی، زۆر لە گـورگـەکە تـووڕەبـوو.

گوێـدرێـژەکە: چی روویـدا؟ ئـەی ئێـمە لەسەر ئەوە رێکـنەکـەوتین کە من بکەیت بە سـەرۆک؟ تـۆ ناپاکـیت لەگـەڵمـدا کـرد.

گـورگەکە: ئامـۆزا گیـان، تـووڕە مـەبە، قـوربـانی گـوێیە درێـژەکانت بـم. چـون بۆ ئـەم کارە سەرۆک رازی بـکەم، ئەگـەر لـێی نـزیـک نەبمـەوە.

گوێـدرێـژەکە: ئەهـاااا، بـەڵی راسـتە.

گـورگـەکە: گەورەی بەڕێـزم سەرۆک، ئەمەوێت لە کارێکی گرنگ ئاگادارت بکەمەوە.

سەرۆک: فەرمـوو قـسەبـکە و چـی هـەیە بـۆمی بـاس بـکە.

گـورگـەکە: هـەمـوو ئاژەڵـەکـان لـە دارسـتانەکـەدا، باسی ئـەوە دەکـەن، کە بەڕێـزتـان دەتەوێـت واز لە دەسەڵات بهـێنیـت و دەستبەرداری پـۆستی سەرۆکی دارستانەکە بیت.  گوێـدرێـژ لە جـێگای خـۆت دابنێیـت و بـکەیـت بە سەرۆک. هەمـووشیان گوێـدرێـژ لە تـۆ لەپێـشـتر و بە شـایـەنی سـەرۆک و دەستەڵاتی دەزانـن. ئایـا راسـتە کە بەڕێـزتان دەست لە سەرۆکـایەتی هـەڵـدەگـرن و گـوێـدرێـژ لە شـوێنی خـۆت دادەنێـیـت؟

سەرۆک ـ بە تـووڕەییـەوە: کـێن ئەوانـەی وا دەڵـێن، هـەر هـەمـوویـان دەکـوژم.

گـورگـەکە: کەواتە ئـەمـە درۆیـە، ئـەم قـسەیـەیـان بە دەمی تـۆوە هـەڵـبـەسـتووە. وا دیـارە کە گـوێـدرێـژ، چـاوی بـڕیـوەتە دەسـتەڵات و سـامـانـەکـەی بەڕێـزتـان.

چـیرۆکـبێژ: لە دوای چەنـد رۆژێـک، گورگەکە، بـووختـانی بـۆ پاسەوانەکانی سەرۆک هەڵـدەبەستێـت.

گـورگةەکە: سەرۆکی گـەورەم، ئاشکرایە کە پاسەوانە تایبەتییەکانـت، گوێـدرێـژەکەیـان خۆشـدەوێـت، دەستیان لەگـەڵـیدا تێکەڵکـردووە. قەرسیل و کاوجـۆی زیاتری دەدەنێ تا کـێشی زیـاتربێـت. دڵگـرانـم کە لە مـن زیـاتر، هـیچ کەسێکی دڵسۆز بە دەورتەوە نییە.

سەرۆک: قـسەکانت راسـتن، هەر ئێستا هەموو ئەو تاوانبـارانە دەخەمە بەنـدیخانەوە.

چـیرۆکـبێژ: سـەرۆک گـوێـدرێـژەکە و پاسەوانـەکـانی خـستە بەنـدیخـانـەوە.. لە دوای چەنـد رۆژێـک، با بـزانین گـورگە چئ پیـلانێـکی تـری لەبـن سـەردایە.

گـورگـەکە: سـەرۆکی گـەورە و رێـزدارم، ئێـستا هـیچ نـاپـاکـێک بە دەورتـەوە نیـیە. گـەر رێـمپێـبـدەدەیـت، پێـشـنیاری کارێـکی گـرنگـت بـۆ دەکـەم.

سـەرۆک: بێگـومـان جێگـری دڵپـاکـم، رێپـێـدراوی، فـەرمـوو پێشـنیارەکەت چـییە؟

گورگەکە: گەورەم، من بە پێویستی دەزانـم، کە خودی بەڕێـزتان سەردانی بەندیخانەکە بکەن تا لەوە دڵـنیابن و دڵتـان داکەوێـت، کە هـەمـوو ناپاکەکـان لە بەنـدیخـانەدان و بە چـاوی خـۆت بیـانبـینیـت.

سـەرۆک: بـەڵێ ئەمـە دەکـەم. دەی تـۆش هـەسـتە با بـڕۆیـن بـۆ بەنـدیخـانەکە.

چـیرۆکـبێژ: سـەرۆک دەچنـە بـەردەم دەرگـای بەنـدیخـانەکە

گـورگەکە: سەرۆکی پایەبەرز، ئەوەتە واین لە بەردەم ئەو تاوانبارانە. بەڵام خۆت بە تەنیـا بچـۆرە نـاو بەنـدیخـانەکـەوە. بـۆ ئـەوەی هەمـوویان رەزیـل بکەیـت.

سەرۆک: ئـەی تـۆ بۆ نایەیتـە ژوورەوە؟

گـورگەکە: مـنی پاسەوانە دڵسـۆزەکـەت. لە دەرەوەدا دەوەسـتم و چـاو بە هـەمـوو لایەکـدا دەگـێڕم و ئاگـاداریـت دەکـەم.

چـیرۆکـبێژ: سـەرۆک هەر خۆی چووە ناو بەنـدیخانەکەوە. گورگەکە یەکسەر دەرگای بەنـدیخـانەکەی داخـست و قـاقـا پێکەنی قـوفـڵی کـرد و کـلیلەکەی لە گەڵ خـۆی بـرد.

گـورگـەکە: ئەوا سەرکەوتـم و بە مەرامم گەیشتم، ئێستا من سەرۆکی ئەم دارستانەم.

چـیرۆکـبێژ: سـەرۆک کە زانی کـەوتە داوی پیـلانی گـورگـەکەوە، داوای لێـبووردنی لە پاسەوانەکانی و لە گـوێـدرێـژەکە کـرد. گـوێـدرێـژەکەش داوای لـێبووردنی لە سەرۆک کـرد. کە وایـزانی کە جـێگەی سـەرۆک دەگـرێتەوە و دەستەڵاتـەکـانی دەگـرێتە دەسـت.
 هەمـوویـان بیریـان لەوە دەکـردەوە کە چـیبکەن بـۆ ئـەوەی لە بەنـدیخـانە رزگـاربـن.

لە دەرەوەی بەندیخانەدا، گورگەکە متمانەی بە رێـوییەکەی هـاوڕێی هەبوو، پشتی بە ئـەو دەبەسـت. رێـوییـەکە بە هـەمـوو لایـەکی دارسـتانەکـەدا رۆیـی راگـەیـانـد.

رێـوییەکە: خەڵـکی دارستانەکەمـان، سەرۆکمـان بـۆ گەشتێکی یەکجـار دوور رۆیی و ناگـەڕێتەوە. گـورگەکەی لە جـێی خـۆی کـرد بە سـەرۆک و هـەمـوو دەسـتەڵاتـەکـانی بە ئـەو سـپارد. لە ئەمـڕۆوە گـورگـەکە سەرۆکمـانە. دەبێت ملکەچی بڕیـارەکانی بـن.

چـیرۆکـبێژ: ئاژەڵـەکـانی دارسـتانـەکە، سەریـان سـوڕمـا، دەیـانـپرسی چـۆن شـتی وا دەبێـت؟ چۆن سەروک ماڵئاوایی لێمان نەکـرد؟ بەڵام هـیچ وەڵامێکیان دەستنەکەوت. بـۆیـە بـڵاوەیـان لێکـرد. تەنیـا مشکـێکی بچـکـۆلە نەبـێـت. کـە بـڕوای بە قـسـەکەی رێـوییـەکە و گـورگـەکە نەکـرد. بـڕیـاری دا کە راسـتی بـزانێـت.

بەشی چـوارەم


چـیرۆکـبێـژ: لـە نیـوە شـەودا، مـشکەکـە بە دیـواری شــوورەی کـۆشـکی سـەرۆکـدا هـەڵگـژا و سەرکەوت و دابـەزی، تا گەیشتە شوێـنێکی زۆر نـزیک لە کـۆبـوونەوەی نێـوان گـورگەکە و رێـوییەکە، خۆی شاردەوە و نەیان بینی، گۆێی لە قسەکانیان گرت.

رێـوییەکە: گەورەم گـورگ، بۆم بگـێڕەوە، کە چـۆن بەم خـێراییە بوویـت بە سەرۆك؟ تـۆ مـاوەیـەکی زۆر کـەمە ا بـوویـت بە میـوانی ئـەم دارسـتانە.

چـیرۆکـبێژ: گـورگـەکە قـاقـا پـێـکەنی و بە تەڵـفـیـسی و بە دەنگـێکی بـەرزەوە.

گـورگەکە: ساوێـلکەیی و گـەمـژەیی گـوێـدرێـژەکـەم قـۆسـتەوە. ئیـنجـا فـێـڵ و پیـلانی خۆم بۆ بەدەستهێنانی بڕوا و متمانەی سەرۆک. تا توانیم گوێدرێژەکە و پاسەوانەکانی سـەرۆک و سـەرۆک خـۆشی بـخـەمـە بەنـدیـخـانـەکـەوە. دەرگـای بەنـدیخـانـەکـەشـم کلـیل دا. کـلیلەکەی لەژێـر سەرینـەکەم دامنـاوە. ئێـستا مـن سـەرۆکی ئـەم دارسـتانەم.
لـە بەیـانییـەوە دەسـتـدەکـەم بـە خـواردنی کەروێـشـکەکـان و ئاسـکەکـان و ئـەودوای ئاژەڵـەکان. هەر رۆژی یەکـێکـیان دەخـۆم. بەشی تـۆش لەو خواردنە خۆشانە دەدەم.

چـيرۆکبێژ: مشکەکە گوێی لە هەموو قـسەکانی رێـوییەکە و گورگەکە بوو. بە خـێرایی و بێ ئەوەی بیبینن لەو شوێنە هاتە دەرەوە. بە پەلە هەموو ئاژەڵەکانی دارسـتانەکەی کۆکـردەوە، قسەکانی رێـوییەکە و گورگەکەی بۆ گـێڕانەوە. ئاژەڵەکان سەرسـام بوون. پـرسییان چـیبکەین لەگـەڵ ئـەم گورگـە ناپـاکە و ئـەم رێـوییـەی هـاوڕێیـدا؟

مـشکەکە: دوودڵ مەبـن، ئـەوەی لـێـتانـم دەوێـت، بەیـانی زوو لـە دەوری کـۆشـکی سەرۆکـدا کـۆببنەوە، گـەر بینیتـان گـورگـەکە و رێـوییـەکە دیانـەوێـت لە کـۆشکەکە رابـکەن، دەرفـەتیان مـەدەن و هەر هەمـووتـان هـێڕش بکەنە سەریان و بیانگـرن.

چـیرۆکـبێژ: بەیانی زوو مشکەکە چووە ناو کۆشکەکە و لە ژووری گورگەکەدا خۆی شاردەوە. هـەرکە گورگەکە لە ژوورەکـەی دەرچـوو، مشکەکـە بە خـێرایی کلیلەکەی لەژێـر سـەرینی گورگەکە دەرهـێنا. چـووە بـەردەم دەرگای بەنـدیخـانەکە و کـلیـلەکەی بـۆ سەرۆک هـەڵـدا.

مـشکەکە: سەرۆکی گەورەم، ئەمە کـلیلی دەرگای بەندیخانەکەیە و قـوفڵەکی بکەنەوە. بەڕێـزت و گـوێـدرێـژەکە و پاسـەوانەکانـت وەرنە دەرەوە، لە دەوری بەنـدیخـانەکـەدا چاوەڕێتان دەکەن. هەموومان هـێڕش دەکەینە سەر گورگەکە و ڕێویییەکەی هاوڕێی. دارستانەکەمان لـەو ناپـاکانە پاک دەکەینـەوە.

سەرۆک: زۆر زۆر سـوپـاس مـشکی ئـازا و دڵسـۆز.

چـیرۆکـبێژ: دوای چەنـد خـولەکـێک سەرۆک و گوێـدرێـژەکە و هەموو پاسەوانـەکان، لە بەنـدیخـانەکـە هـاتـنە دەرەوە. هـەمـوویـان دەوری کـۆشـکەکـەیـان دا. رێـویـیـەکە شارەزابـوو، لە کونێکی گەورەی دیـواری کۆشکەکەوە لەگـەڵ گـورگەکەدا دەرچـوون.  توانیان رابکەن، بەڵام لە دەروازەی دارستانەکەدا رووبەڕووی ئاژەڵـەکان بوونەوە و هـێڕشیان کـردە سەریـان و هـەردووکیانیـان گـرت. خستیانیان نـاو بەنـدیخـانەکەوە و دەرگـاکەیـان لەسەریـان کـلیـل دا.

چـیرۆکـبـێژ: منـداڵـە چـاوگەشـەکـان، بـینەرانی خـۆشـەویـست، یەکـێتی و خـوشی و ئاشـتی و سـەقـامگـیری  بـۆ دارسـتانـەکە گـەڕایـەوە. سـەرۆکـیش میـدالیـای زێـڕی ئـازایـەتی و دڵسـۆزی لـە مـلی مـشکە بچـکـۆلـەکـە کـرد.
چـەپـکێ گـوڵ و چـەپـکـێک نـێـرگـز.. مـەرگـتـان نـەبـیـنـم هـەرگـیـزا و هـەرگـیـز.

ـ تـەواو ـ

  (*) بە دەستکارییەوە، ئەم شانـۆیەم لە عـەرەبییەوە، وەرگـێڕاوە بۆ کـوردی. ناوی نووسـەری لەسـەر نـییـە.

رەزا شـوان




ئۆپەرێتی: بۆ یادی نەورۆز.. عەلی حەمەڕەشید

منداڵان پێکەوە ئامادەکارییان کردبوو بۆ نەورۆز و بڕیاریان دابوو کە بۆ نەورۆزی ئەمساڵ جیاوازتر ئەو یادە بکەنەوە چونکە پێیان وابوو ئاهەنگ و گۆرانی وتن و خواردنی جۆراوجۆر ڕاستە خۆشە بەڵام خۆشییەکی کاتییە و بەشێوەیەک نامێنێتەوە کە لە ڕۆژان و ساڵانی داهاتوودا بیبینن و شانازیی پێوە بکەن بۆیە کەوتنە گفتوگۆکردن :
لیا:
هاوڕێیان وەرن بایـــادی نەورۆز…جیاوازتربێ لـە ســــاڵانی پێشوو
بەئەنجامدانی کــاری جـۆراوجۆر…بەخۆشییەوە بەشـداربین هەموو
کۆرس:
بایادی نەورۆز بەرز ڕابگـــــــرین…گشت ئامادەبین لـــە بۆ پێشوازی
چونکە لەمێژە کـە نەورۆزی کورد … بۆمــان بووەتە جێگەی شانازیی
ئاوان:
من دەمـــــەوێت ئەم نەورۆزە…هەریەکـــــــەو نەمامێک بێنین
لەشەقـــــام و باخچەو کۆڵان…زۆر بەجــــوانی بیانــــڕوێنین
ئایان:
من نەمـــــامێک تۆ نەمــامێک…با هەڵمەتمـــــان فــراوان بێ
لە شارۆچکە و گوند و شـــارا…تا کوردستان گەش و جوان بێ
ڕاسا:
من باخچەیەک تۆ باخچەیەک…گــوڵڕێژ دەکەین بەئاســــانی
هەتـا سبەی کوردستانمــــان…گوڵستانێک بێت لـــــەجوانیی
کۆرس:
هەمــوو وەک یەک دڵسۆزانە…بڵێین ئێمە دۆستی ژینگەین
هەتــــا ژینگە پارێزراو بێ…بەیەکــــەوە هــەوڵ دەدەین

با دوکـــەڵی تایە و لاستیک…ژینگەکەمان لێ پیس نەکەن
مرۆڤیش بـــە بۆنی ناخۆش…بەرەو نائـــــارامی نەبـــەن

هەوای خــاوێن بەردەوام بێت…وەکو پاکیی و سازگــاری خۆی
هـــــەوڵنەدەین بــەو پیسییە …بیشێوێنێن و ڕێگــر بین بۆی

نەورۆزیش وەک نازداریی خــۆی…شکــۆی زیاتر دەردەکــــــەوێ
چونکە وردو درشتی کــــــــورد…وەک یەک نەورۆزیان خۆشدەوێ

دەی باهەموو دەنگ و ڕەنگمان…تێکــەڵاوی یەکتر بکـــــــەین
بڵێین نەورۆز بەخێر هـــــــاتی…یەکدەنگی خۆمـــان دەربخەین

جــوانیی ژینگە و هاوکارییمان…بپـــــارێزین درشــت و ورد
پەیــامێک بێ جێی شــانازی…بۆ نەورۆز و بــۆ ئێمەی کورد

٨/٢/٢٠٢٣

رِيَذنةي ئازاريَكي زؤر و
شةثؤلي طرياني بةكولَ
هةموو طياني داطيركردووم
بؤية لةطةلَ ئيَوةم بةدلَ




چـیرۆک بۆ منـداڵان.. هـەنـگ و قـەلـەڕەش.. رەزا شـوان

لە نزیک گوندێکی خنجیلانە و قەشەنگ و جوانی کوێستانی کوردستاندا، داربەڕوویەکی زۆر هەبـوو. لە نێـوان لـقـەکانی پیـرە داربەڕوویـەکی قـەد گەورە و بەرزدا، کۆمەڵـێکی گـەورەی هـەنـگ شـانـەیـان دروسـت کـردبـوو. بـاو و باپیـرانیشـیان هـەر لەسـەر ئـەو پیـرە داربـەڕوەدا شـانەیـان دروستکـردبـوو. نەوەکـانیـشـیان هـەر لەوێـدا دەژیـن .
لە نزیکی پیـرەدار بەڕووەکەدا، کانیـیەکی ئاو روون و شیریـن و چەمـێکی درێـژ و پـان هەبـوو. چەمەکە پڕبـوو لە گوڵی هەمەڕەنگەی جـوان و گەش و بـۆنخـۆش. هەنگەکان رۆژانە سەریان بە چەمـەکەدا دەکـرد و شـیلەی گـوڵـەکانیان دەمـژی. ساڵانە لە وەرزی بەهـار و هـاوینـدا، نـزیکەی پانـزە کـیلـۆ هـەنگـویـنی خـۆشـیان دروسـت دەکـرد.
لە رۆژێـکی پایـزدا، چەنـد کەسێکی گونـدەکە، دەچـوون هـەنگـوینـەکەیـان دەبـڕی. لە رۆژێکـیشـدا کە ناویـان لـێـنابـوو (رۆژی هـەنـگـویـن)، هـەمـوو خەڵـکی گـونـدەکە لە میوانخانەیەکی گەورەدا کۆدەبـوونەوە و پێکەوە هەنگوینەکەیان دەخوارد. ئاهەنگێکی گـۆرانی و هـەڵپەڕکـێـشیان سازدەکـرد. لە وەرزی زستانیشدا کە گـوڵ و گیـا نەدەمـان، خـەڵکی گـونـدەکە خـواردنی تایبـەتیـیان بـۆ هـەنـگەکـان ئـامـادەدەکـرد و لەژێـر شارە هـەنـگەکەدا هـەڵـیان دەواسـین، بـۆ ئـەوەی بـرسیـیان نەبـێـت.

بەیـانیی رۆژێکی بەهـار، دوو هـەنگی خـرپـن، چـوونە نـاو چەمـەکەوە، لە دەنگـێکی بەهـێزی قـاغ قـاغ راچەڵـەکـین و سەیـری ئەمـلاوئەولای خۆیـان کـرد، چـونکە پێشتر گـۆێیـان لە دەنگی وا نەببـوو. قەلەڕەشێکی گەورە لەسەر یەکـێک لە دارچنـارەکانـدا، نیشـتـبـۆوە و رووی دەمـی لە دوو هـەنـگەکـە کـرد.
قەلەڕەشەکە ـ بە دەنگـێکی بەرز: لە ئەمـڕۆوە مـن خـاوەنی ئەم چـەمەم. نە باڵندە و نە هـەنگ و نە پەپـوولە و نە هـیچ کەسێک بـۆی نییە، سـەر بە چـەمـەکەمـدا بـکات. دەی زوو بـڕۆن و لەبـەرچـاوم ونبـن.
هـەنگـێکـیان: خـەڵـکی ئـەم گـونـدە خـاوەنی ئـەم چـەمـەن، ئـەم چـەمـەش نیـشـتمانی هەمـووانە و وازی لـێناهـێنـین.
هـەنـگەکەی تریـان: تـۆ نـامـۆیـت، لە چـەمـەکـەمـان بـڕۆ دەروە.
قـەلـەڕەشەکە ـ بە تـوڕەییەوە: دەمـدرێـژی مەکـەن و لە چـەمـەکـەم بـڕۆنـە دەرەوە، ئەگـینا بۆتـان دێـم و بە یـەک دەنـووک هـەردووکتـان حەپـەلـۆشـدەکـەم.
دوو هەنگەکە ترسان و بە غەمگـینییەوە بۆ شارەکەیان گەڕانەوە. بەسەرهاتەکەیان بۆ “شا”کەیـان گـێڕایەوە. شاهـەنگ بـەم هـەواڵـە دڵـتەنگ بـوو. یەکـسەر بانگی دەستەی باڵای شارەکەیـانی کـرد و باسی بەسەرهـاتی ئـەو دوو هـاوڕێیـەیـان و هـەڕەشـەی ئەو قـەلـەڕەشە داگـیرکەرەکەی چەمـەکەیـانی بۆیـان باسکـرد. بـۆ ئەوەی گەرمـاوگـەرم بە کـۆی دەنگـدان، بـڕیـارێـکی ئازایـانەی دروسـت بـدەن.
هـەنگـێک: با ئێـرە بەجـێبهـێڵـین و بچـین لە شوێنێکی تر شار و شانە دروست بکەین.
هەنگەکان ـ توڕەبـوون و وتیان: ئێرە نیشتمانی ئێمەیە و نیشتمانی باو و باپیرانیشمانە. ئـەوە ئەسـتەمـە کە ئـێرە بەجـێـبهـێـڵـیـن.
هەنـگـێکی کە: چەمـێکی دوور لـێرەوە هـەیە، با لـێرەوە رۆژانە بچـین بۆ ئـەو چـەمە.
شاهەنگ: ئەو چەمە لێرەوە دوورە، ناکرێت رۆژانە هاتـوچـۆبکەن. زۆر ماندوو دەبن.
هەنگـێکی تر: پێمـوایە باشـترین چارەسەر بەرگریکـردن و رزگارکـردنی چەمەکەمانە.
شاهـەنگ: دەمخۆش، هەر ئەم بیـرۆکەیەش لە خەیـاڵی منـدایە. دەست لە چەمەکەمان هـەڵـناگـریـن. بە هـەر نـرخـێک بێـت، دەبـێـت چەمـەکەی نیشــتمانمان رزگـار بکەیـن.
هـەنگـێکی تـر: چـۆن و چـی بـکەیـن؟
شاهـەنگ: هـێزێـکی گیانبەخـش لە سـەد هـەنـگ پێکـدەهـێنـین، بـۆ ئـەوەی بەیـانیی سـبەیـنێ، هـێڕش بـکەنـە سـەر قـەلـەڕەشـەکە. رازیـن بـەم بـڕیـارە؟
هەمـوو هـەنـگەکـان دەستـیان هـەڵـبـڕی و بە یـەک دەنـگ: بەڵـێ رازیـن و ئـامـەدی گیانبـەخـشـینـیـن.
دەسـتەی بـاڵا، هـێـزێکـیان لە سەد هـەنـگ پـێکهـێـنا. بەیـانـیی رۆژی دوایـی چـوونە نـاو چـەمـەکـەوە، هـێڕشـیان بـۆ قـەلـەڕەشـەکە کرد.. قـەلـەڕەشەکە کە ئـەو هـەمـوو هەنگەی بینی، تـۆقی چـوو، کەوتە قـاغـە قـاغ.. لەتـرساندا بەرەو باشوور هەڵـفـڕی. هـێزە هەنگەکـە دوایکەوتـن.. تا لە سنوور تـێـپەڕی و لەبەرچاویان ونبوو. ئینجا بە سەرکەوتـوویی و بە سـاغی و بە سەربـەرزییەوە گەڕانـەوە، بەبـێ ئـەوەی کە هـیچ زیـانێکـیان پـێبگـات. ئەوسـا و ئـێستاش قـەلـەڕەشـەکە بـەو نـاوەدا نەهـاتەوە.
هەنگەکـان بە گەرمی و بە دڵخـۆشی و رێـزەوە، پێشـوازییان لە هـێزەکەیـان کـرد و پیـرۆزباییان لەیەکتری کرد. بەم بۆنەیەشەوە، ئاهـەنگێکی گـۆرانی و هەڵـپەڕکێ و سەمایان سازکـرد. شاهەنگیش لەم ئاهەنگەدا وتـاری سەرکەوتـن و رزگـارکـردنی چەمەکەیانی پێشکەش کرد، وتی:” هـاوڕێ خۆشەویستەکانم، بۆتـان دەرکەوت کە:
سەرکەوتن و رزگاری، لە یەکـڕیزی و یەکـدەنگی و یەکـێتی و خۆبەخـتکردن دایە”
رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٣




گرنگـییەکـانی چـیرۆکی فـۆلکـلۆری لە ئەدەبی منـداڵانـدا.. رەزا شـوان

زاراوەی فـۆلکلۆر، وشەیەکی لێکدراوە لە (فـۆلک + لـۆر) ی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە. یەکەمـیان مانـای (خەڵـک) یا (گـەل) دەگەیەنێـت. دووەمیشـیان مانـای (چـیرۆک، ژیـر، هـونەر، زانـسـت) دەگـەیـەنێـت. بەڵام هـەنـدێ لە تـوێـژێنـەران، رەسەنـایـەتی زاراوەی فـۆلکلۆر بۆ وشەی (فـۆلکـسشـین) ی ئەڵمانی دەگەڕێننەوە، کەو واتـای (چاولێکـردنی خەڵک) دەگرێتەوە. عـەرەبیـش بە (التـراث الـشعـبي) ناویـان بـردووە.
چەنـد پێناسەیەک بۆ چەمکی فـۆلکلـۆر کـراوە، وەکو:
فـۆلکلـۆر: بـریتییە لە کۆمەڵـێک لە داب و نەریـت، لە بیـروبـاوەڕ، لە چـیرۆکی میـللی، لە هەڵپەڕکێی میـللی، لە گۆرانی فۆلکلۆری، لە پەنـد و قـسەی نەستەق، لە رووداو، لە ئەفـسانە، لە داستان، لە یـاری، لە مەتـەڵ، لە دیـرۆک، لە جلوبەرگ، لە هـۆنـراوە، لە خـشـڵ، لە مـوزیک، لە حیکایـەت، لە بابەتـەکـانی سـیرامێک، لە نـەریـتی زەمـاوەنـد و بـووک گواسـتـنەوە، لە نەریـتی کـشتوکـاڵی، لە …هـتـد. کـە بە زارەکی لە نەوەیەکەوە بـۆ نەوەیـەکی تـر گـۆازراونەتـەوە، تا گـەیـشـتوون بە نـەوەی ئەمـڕۆ. بە نـووسـین و گـێڕانـەوەش، دەشگـۆازرێـنـەوە بـۆ نەوەکـانی داهـاتـووش.
(ولیـەم نـۆڤـەر) دەڵـێـت: “فـۆلکـۆر پەنـدی گـەلە یا زانسـتی خـەڵـکە”.
هەندێکی تر بەوە پێناسەی فۆلکلۆر دەکەن کە: بەرهەمی هـزری و دەستی گەلە، لەگەڵ داب و نەریـت و ئـەدەبی میـللـیی. یا رەنگـدانـەوەی بەهـا رەوشـتیـیەکانی کـۆمـەڵـگایە.
زانـاکان پێیانوایە، کە فـۆلکلۆر و ئـەم داب و نەریتانە، هـەر ئەوە نین کە گوزارشت لە خەیـاڵ و لە ئارەزووەکان و لە رەوشـت و لە بەهـا مـرۆییەکانی مـرۆڤ دەکـەن، بەڵکو فـاکتەرێکی گـرنگیشە بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵە سەرەتاییەکان و تێگەیشتن لە مێژووی هەمەلایـەنەی بەهـا کولتـوورییەکـانی ئادەمـیزاد. هـەر گەلـێکیش خـاوەنی فـۆلکلـۆری تایبەتی خـۆیەتی و سیمای نەتەوەیی پێـوە دیارە و دەیپارێـزێـت و شانازی پێوە دەکات.

بێ زیـادەڕۆیی، گەلی گوردمـان یەکێکە لە گەلە دەوڵەمەنـدەکانی جیهـان لە فـۆلکلۆری هەمەجـۆرەدا. خاوەنی سامانێکی لەبـن نەهـاتووی فـۆلکلـۆری هەمەڕەنگەی رەسەنی کوردیین، کە مـۆڕک و شـەقـڵی تـایبەتی نەتـەوەییـمانی پێـوە دیـارە و تا ئەمـڕۆش کـاڵ نەبـۆنەتەوە، کە لە ژیانی کـوردەواری و لە سروشی جـوان و رەنـگـینی کوردسـتانەوە بەرجەستە بوونە. ئەوەی کە تا ئەمڕۆش داگیرکەرانی کوردستان زەفەریان پێنەبردووە فۆلکلـۆری رەسەنی کوردیمانە. پێـویستە بە شێوەیەکی زانستی و ئاکادیمی جۆرەکانی فـۆلکلۆری کوردیمان تـۆماربکـەین و بە ئەرشیـفـیان بکەین، بۆ ئەوەی لە مەتـرسیی لەبیرچوونەوە لەناوچوون بیانپارێـزین. بشبن بە سەرچاوەیەکی گرنگی لێکۆڵینەوە و توێـژینەوە بـۆ نەوەکـانی داهـاتـوومان.
گـرنگی فـۆلکلـۆر لەوەدایە، کە هـۆکارێکی گرنگە بۆ گواستنەوەی زانست و کولتوور لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیـەکی تر. بەو پێـیەش کە کـولـتوور سەرچـاوەیەکی راکـێشانی گەشتیارانە، بۆ ئارەزووی زانین و ئاشنابوون بە کولتووری تازە و تاقیکردنەوەی ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بەم کولتوورەوە هەیە. وەک: خواردنەکانیان، داب و نەریتیان، جلـوبەرگی نەتەوەییان، هـەڵـپەڕکیێ میللییان، موزیکـیان، گۆرانییان، شتەکانی تریش. ئەمەش دەبێـتە هـۆی هـانـدان بـۆ هـاریکاریکـردن و سوودوەرگـرتـن و را گـۆڕینـەوە لە نێـوان کولتـوورە جیـاوازەکـانی گەلانی جیهـانـدا.

فـۆلکلـۆر هـۆکارێکـیشە بۆ گەیانـدنی رابـردوو و ئێستا و داهـاتوو. کە زامنی پاراستنی ئـەم کـولتـوورە بـۆ مـاوەیـەمـان بـۆ دەکـات.

فـۆلکلۆر جـور و شێوەی زۆرە، زۆر لە هـونەرەکان لەژێـر ناوی فـۆلکلۆردا ریـزبەندی کـراون و دەکـرێـن. هـەوادارنێکی زۆریـشـیان هـەیە.
فـۆلکلـۆر گرنگترین زێی بەخـۆڕە، کە بە بەردەوامی دەڕژێتـە نـاو روبـاری ئەدەبـەوە. ئەدەبی فـۆلکلـۆریـش، بە بەرهـەمی کەسـێک و دووان دانـانـرێـت، بەڵکـو دەرێتـە پـاڵ هـەمـوو میـللەتەوە. بەرهـەمی ساڵـێک دوو ساڵـیش نییە، بەڵکـو لەگەڵ لەدایکـبوونی مرۆڤـدا سەریهـەڵـداوە. کوردستانیش یەکەم لانکی رەسەنترین شارستانییە لە جیهـاندا، دوور نییە کە دێرینترین فـۆلکلۆر لە جیهاندا رەسەنایەتی بۆ گەلی کوردمان بگەڕێتەوە.

ئەدەبی فـۆلکلۆری کوردیمـان، ناسنامەی رەسەنایەتی و دێـرینی نەتەوەی کوردمانە، کە رەنگـدانەوەی ژیـانی گەلی کوردمـان و سروشتی جـوانی کوردستانە، بناغـەیـەکی بتـەو و رەسەنی ئەدەبی تازەی کوردیمانە. گۆمانی تێـدا نییە، کە ئەمڕۆمان لەسەر پەرگەمای دوێـنیمان چـنراوە. ئەدەبی فـۆلکلـۆری کوردیمان، بەزمـانێکی ساکار و رەوانی کوردی باس لە هـەمـوو پێکهـاتە ماتـریـالییەکـان و واتـایـیەکـانی نەتـەوەی کـوردمـان دەکـات. بەشێکی گرنگیشە لە کولتـوور و لە میـژووی هـەزاران ساڵەی گەلی کوردمان لەسەر خـاکی کوردسـتانمان. پاشماوە و شوێنـەوارە دێـرینەکانمـان گـەوای ئـەم راسـتیـیەن.
لەم نووسینەمدا، تەنیا باس لە رۆڵ و لە گرنگییەکانی چـیرۆکی فۆلکلۆری لە ئەدەبی منـداڵانـدا دەکـەم. چـیرۆکی منـداڵان بەشـێکی سـەرەکـییە لە ژیـانی منـداڵان و چـێژ و خۆشییەکی زۆریـان پێدەبەخـشێت، هـۆکـارێکی گرنگ و ئاسانیـشە لە فـێرکـردن و لە پەروەردەکـردنی دروستی منـداڵان. چـیرۆکی منـداڵان گرنگترین و کۆنـترین ژانـرە لە ئەدەبیاتی منـداڵاندا. چـیرۆک وانەیەکە لە وانەکانی قـوتابخانە بنەڕەتییەکانی ئەمریکا.

چـیرۆکی فـۆلکلـۆری هەندێ جار بە (چـیرۆکی میللی) یش ناو دەبـرێت، زمانێکی سادە و رەوانی هـەیە. پاڵـەوان و کاراکتەرەکانی چیرۆکە فـۆلکلۆرییەکان، مـرۆڤ یا ئاژەڵ یا باڵـندە و شـتی بێ گیـانـن. یا شـتی ئەفـسانەیی ناڕاسـتـین، وەکـو: جنـۆکە، دێـۆودرنـج، چەتـەوڵ، شـومقـار، قـەقـنەس، ئەرژەنـگ، سـیمرخ، ئەسپی باڵـدار هـتد. کە بە کوردی و بە زمـانەکانی کەش قـسەدەکەن. هەر وەکو مرۆڤـیش هەست دەکەن. بەڵام مەرجـیش نیـیە، کـە هـەمـوو چـیـرۆکی ئـاژەڵان و بـاڵـنـدە، چـیـرۆکی فـۆلـکـلـۆری بـن. زۆر لـە چـیرۆکنـووسـانی ئەمـڕۆش، پاڵـەوان و کـاراکـتەری چـیرۆکەکـانیـان ئـاژەڵ و باڵـنـدە و زینـدەوەری ترن. خۆم چەنـد چـیرۆکـێکم نووسیوە و بڵاومکردوونەتەوە، کە پاڵەوان و کاراتەرەکانیان باڵـنـدە و ئاژەڵـن. حـیکایەت و نـەزیـلە کـۆنەکـانیش هـەر جـۆرێـکـن لە چـیرۆکی فـۆلکـۆری. ئـەم چـیرۆکـانە لـە دێـر زەمـانـەوە، پشـتاوپـشـت و دەمـاودەم بە زارەکی لە باوبـاییـرانمـانەوە بـۆمـان مـاونـەتە.

لە ئەدەبی فـۆلکلۆری کوردیـدا، بە دەیـان چـیرۆکی فـۆلکلـۆریمان بۆ منـداڵان هـەیە، وەکو: تیتیلە و بیبیلە، مریشکە خان دەچـێت بۆ شاری شـووکردن، ئەژدیهـا و کـوڕە ئـازاکە، کـاکـۆڵ زێـڕیـن، دەنـکە هـەنـارە، بەخـتیار و بەدبـەخـت، مـریشکە قـونـدە و مام هـۆمەر، چەرخوفەلەکە ئەفـسووناوییەکەی پیرەژن، کچەشـوان و شازادە… هـتد. هەنـدێ جاریش بە (چـیرۆکەکانی گوێـئاگـردان) ناودەبـرێن. کە لە زستانانی سەخت و ساردا، لەگەڵ خواردنەوەی چای گەرمدا، چیرۆکخوان (باپیرە یا داپیرە) بە شێوازێکی خـۆش و فانتـازییەوە بۆ جگەرگـۆشەکانیان دەگـێڕانەوە، سەرەڕای خۆشی بەخـشین، سوودێـکی زۆریشـیان بۆ منـداڵان هەبـوو. بێگـومان چـیرۆکە فـۆلکلـۆرییـەکان چ بۆ منداڵان و چ بۆ گەورەکانیش، تەنیـا بۆ خۆشی و کات بەسەردبردن نەبوون، زۆربەی ئەو چـیرۆکە فۆلکلۆرییانە، پەیامێکی بەرزی رەوشتی و پەروەردەییان لەخۆگرتوون. پـرەنـسیـپ و بەهـای بەرزیـان تێـدایە، وەکـو سەرکـەوتـنی: چـاکە بەسـەر خـراپـەدا، ئاشـتی بەسـەر شـەڕدا، خۆشـەویستی بەسەر رقـدا، ئازایـەتی بەسـەر تـرسـدا، هـیوا بەسەر نائـومێدیـدا، ژیـری بەسەر گەمـژەییـدا، هـێز بەسەر بێ هـێزیـدا… هـتد. ئـەم چـیرۆکانە پـڕیشن لە زانست، لە ئامۆژگاری، لە رێنمـایی بەسوود، لە هـاوڕێتی، لە دڵسـۆزی، لە خـاکی، لە رێـزگـرتـن، لە وانـە و لـە پـەنـد و لە قـسەی نەسـتەق. ئـەم بـەهـا بـەرزانـە، پەیـامـێکـن بـۆ نـەوەی تـازە. منـداڵان ئـیـلهـام و پـەنـد و وانـەیـان لـێوەفـێردەبن. فـێری بەهـای بەرز و رەفـتاری جـوان دەبن. فـێری کۆمەڵێک وشە و زاراوەی تـازە دەبـن. هەوادار و هـۆگری خوێنـدنەوەی چـیرۆکی فـۆلـكلـۆریش دەبن.
زۆربەی چـیرۆکە فـۆلکلۆرییەکان خەیـاڵی و ئەفـسانەیین و لە چـیرۆکە بنەڕەتییەکانی منداڵانن. گوزارشت لە رووداو و لە راستییەکانی ژیانی مرۆڤ دەکەن. هەندێکیان تێـز و رەخـنەئامێزن و ناڕاستەوخۆ پـلار و توانج و رەخـنە لـە دەستەڵات و لە ستەم و لە زۆرداری و لـە نـادادپـەروەری دەگـرن. یـان خـەوشـەکـانی مـرۆڤ ئاشـکـرادەکـەن.
(ئەلـبێرت ئانشتاین) دەڵێت:”گەر دەتەوێت منـداڵەکانت زیـرەکبن، چـیرۆکی خەیـاڵییان بۆ بخـوێنەوە.. گەر دەتەوێت زیـرەکتربن، چـیرۆکی خەیـاڵی زیاتـریان بۆ بخـوێنەوە”.
(ج. نیتسترۆن) یش دەڵێت:”چـیرۆکی خەیاڵی بە منداڵان ناڵێت ئەژدیهـا هەیە، چونکە منـداڵان دەزانـن کە ئـەژدیـهـا هـەیە. چـیرۆکی خەیـاڵی بـە منـداڵان دەڵـێـت لەوانـەیـە ئەژدیهـا کوشـندەبێـت”.

بەشی زۆری ئەم چـیرۆکە فۆلکلۆرییانە، سەرچاوەیەکی گـرنگـن، بۆ پەروەردەکردنی دروستی منـداڵانی ئەمـڕۆمان، بۆ گەشکردن و زاخـاودانی هـۆش و هـزر و هەست و بەهـەرەکانیـان. چـیرۆکی ئـاژەڵانیش، چـیرۆکی هـێمایـین، بـۆ نمـوونە:
رێـوی هـێمای فـێڵبـازییـە، سـەگ هـێمای بە ئەمـەکـییە، پشـیلە هـێمای بێ ئەمـەکـییە. شێر هـێمای زۆردارییە. گورگ هـێمای دڕندەییە، چەقەڵ هێمای چـلێسییە، مار هـێمای بـەدخوویی و نەگریسـییە، مـەڕ هـێمای بێ دەسـەڵاتییە،.. هـتد. بەڵام ئەم خەسەڵەتانە گـشـتی نـین، دەشـێ شـێر دادپـەروەربـێـت و سـەگـیـش ناپـاکی بـکات.
هەر هەمـوو چـیرۆکە فـۆلکلـۆرییەکانیش مەرج نییە بۆ منداڵان گونجاوبن. هەنـدێکیان بە کارەسات و کوشتن و مردن و تراژیدییا کۆتاییان پێهاتـووە، ئـەم چـیرۆکانە لەبارنین بـۆ منـداڵان، پێـویسـتە دەستکـاری بکـرێـن و لەسـەرە و دابـڕێـژرێـن، کە بـۆ منـداڵان بگـونجـێن. چـیرۆکەکانیش بەپـێی قـۆنـاغـەکانی تەمـەنی منـداڵی هـەڵـبژێـرێـن.
پێمـوایە کە نمـوونەی چـیرۆکی ئەفـسانەیی بۆ منـدااڵان لە هەموو جـیهـانـدا، چـیرۆکە ئەفسانەییەکانی، نووسەری یۆنانی (ئیـزوب: ٦٢٠ـ ٥٦٤ پ.ز) کە بە (باوکی چـیرۆکە ئەفسانییەکان) لە جیهـاندا ناسراوە. نزیکەی شەش سەد ساڵ پێش زاینی نووسیویانە، لەوانەشە لەسەر زاری خەڵکی وەریانی گرتووبن و بەشێواز و شێوەیەکی ئەدەبی و بە زمانێکی سووک و ساکار دایـڕشتوون. سەرەڕای سەرهـەڵـدانی ئەدەبی تازەی منداڵان، بەڵام تا ئەمـڕۆش چـیرۆکەکانی ئـیـزوپ چـیژ و گـرنگییان کـاڵ نەبـوونەتـەوە. وەریـان گـێڕاون بـۆ سـەر هەمـوو زمـانەکـانی جیهـان. هەنـدێک لەو چـیرۆکانە لە ئەمـڕۆشـدا، بوونە بە بابەتی کتێبی خوێندنەوەی قـۆناغی بنەڕەتی و لە هەموو جیهاندا دەخوێندرێن. بۆنموونە: مـێروولە و کوللـە، گـورگ و بەرخۆلە، رێۆی و کەڵەشێر، رێوی و لەقلەق، رێـوی و قـەلـەڕەش، رێـوی هـێشووە تـرێ، شــێر و مـشـک، شـێری ساخـتە، شـوانە درۆزنەکە، کۆبوونەوەی مشکان، هـێز لە یەکـێتی دایە، کچۆلەی خەیڵباز و شیرەکەی. لە دوای ئیـزوپ، چـیرۆکـەکەکـانی (بەیـدەبـا) ی هـینـدی (کـلـیلە و دمـنە) دێـن. ئیـنجـا چـیرۆکەشیعـرەکـانی نووسەری فەرەنسی (لاڤـۆنتـین: ١٦٢١ـ ١٦٩٥) دێت، تا دەگاتە چیرۆکەشیعـرەکانی میری شاعیرانی عەرەب (ئەحمەد شەوقی ـ کە بە رەسەن کوردە).
لە ئەدەبی کوردیشدا چـیرۆکە شیعـرەکانی پیـرەمێر و فایق بێکەس و هەژار موکریانی. کە لە چیرۆکەکانی ئـێزۆپ و لاڤـونتینەوە وەریان گرتـوون و بە چـێژێکی کوردی و بە زمانێکی ناسک و شیریـن و ئاسان، بە چیرۆکەشیعـر بۆ منداڵانی کوردیان داڕشتوون.

چـیرۆکی فـۆلکلـۆری کە بریتییە لە کـۆمەڵێک لە چـیرۆکە خەیـاڵی و ئەفـسانەییەکان، بەشـێکی گـرنگە لە ئەدەبیـاتی منـداڵان. زۆر لە نووسەرانی جیهـانی بە کـۆکردنەوە و نووسینەوەی چیرۆکی فۆلکلۆری منداڵان ناوبانگیان دەرکرد، لەوانە: برایانی گـریمی ئەڵمانی ( یاکوب و ولیـام گـرین) و (پێتەر ئاسبـیورسن و یـۆرگـن مـۆ) ی نەرویـجی. کەڵەڵە نووسەری جیهانيش (هانز کریستیان ئەندەرسین: ١٨٠٥ـ ١٨٧٥)ی دانیماکی، لە نووسینی چیرۆکەکە ئەفـسانەییەکانیدا، سوودێکی زۆری لە چـیرۆکە فـۆلکـلۆری و ئەفـسانەییەکـانی دانیـمارک وەرگـرت. بێگـومـان نـووسـەرانی کوردیـشمان، چـیرۆکی فـۆلکلۆری کوردییان قـۆستوونەتەوە و سوودێکی زۆریـان لە چـیرۆکە فـۆلکلـۆری و کلاسیکـییە کوردییەکانمان وەرگـرتـوون و رەنگـدانەوەیان لە نووسینەکانیانـدا هـەیە.
دەکـرێـت لە تەمەنێکی زووی منـداڵیـدا. منـداڵانی کوردمان هـۆگـر و ئاشـنای جیهـانی چـیرۆکی فـۆلکلۆری بکەیـن، لە گـۆڕەپانی یاریکـردن بێت یا لە باخچەی منـداڵاندا. یا لە قـوتابخانەی بنەڕەتیدا بێت، لە راستیدا زۆر لە منـداڵان و لە گەورەکانیش، هەسـت بەوە ناکەن، کە ئەو گەمە و یارییە سادە و سووک و سەروادارانەی، کە لە سەرەتای منـداڵـیدا فـێریـان دەبـن و دەیـاکەن، کە جـۆرێـکـن لە ئـەدەبی فـۆلکلـۆری کوردیمـان. بۆ نموونە: هـەللـور بـەللـور تەکـامە… زەرد و سوور و شەمامە. حاجـیلەقـلەق مـار هـات… مـاری زەنگەڵـدار هـات. پـێـم سـۆ دەسـتم سـۆ.. شەکــری عـەمبـارانـم سـۆ. حـل حـلی بـل بـلی.. چاوی ڕشـتووە بە کـلی. هەیاران مەیاران… خوایە داکاتە باران.
لە راستیشدا چـیرۆکە فـۆلکلۆرییە زارەکییەکان، لەبەر ئەوەی تۆمـار نەکراون، بۆیە دەقی ئۆرجـیناڵی و نووسەریـان نییە. تا بەم سەردەمەش گەیشتوون گۆڕانکارییەکی زۆریـان بەسـەر هـاتـووە، بەشـێکی زۆریشـیان لە یـادچـوونەتەوە و لەنـاوچـوون.
بۆ نموونە بە کـورتی باس لە چـیرۆکی (مێـروولە و وکوللـە) دەکـەین، کە یەکێکە لە چیرۆکە فـۆلکلـۆرییە ئەفـسانەییەکانی چیرۆکنووسی یۆنانی (ئیـزوپ) بۆ منداڵان، کە نزیکەی (٢٥٠٠) ساڵ پێـش ئێستا نووسیوێـتی. بە دەستکارییەوە لـە ئینگـلیزییەوە وەرمگـێڕاوە بۆ کـوردی. مـن بە شـێوەی دیـالـۆگ دامـڕشـتووە.

مێـڕوولە و کـوللـە
مێروولەیەک بە درێژایی وەرزی هاوین، خەریکی کارکـردن بـوو.. دانەوێـڵە و میـوەی کۆدەکردەوە و دەیبـردەوە بۆ ماڵەکەی و بۆ زستان کـۆی دەکردنەوە.. بەڵام کوللـەیەک کە لە نـزیـکی مـاڵی مێـروولـەکە بـوو. هـەر خـەریـکی یـاری و گـۆرانی وتـن بـوو.. خـۆی لـە گـەڵای سـەوزی دارەکان تێـردەکـرد، بەڵام هـیچی بـۆ زسـتان کـۆنەکـردەوە.
پایـز هـات و گەڵای دارەکان وشکـبوونەوە و وەریـن.. زسـتان هـات و بـاران و بەفـر باریـن.. رۆژێـکی زۆر سـاردی زسـتان بەفـرێـکی زۆر بـاری و زەویـی داپـۆشی. مێـروولـەکە بـاکی نەبـوو، بـایی وەرزی زسـتـان دانـەوێـڵە و مـیـوەی کـۆکـردبـۆوە. بـەڵام کـوللـە تەمـەڵـەکە، هـیچـی نەبـوو بـیخـوات، لەبـرسـا خـەرێکبـوو بـمـرێـت.. مێـروولەکەی بیـرکەوتەوە. چـوو بـۆ ماڵی مێـروولەکە و لە دەرگـای مـاڵـەکەی دا.
مـێروولەکە: کـێیە وا بـەم رۆژە سـاردە لە دەرگـای مـاڵـەکـەم دەدات؟
کوللـەکە: منـم هـاوڕێی خـۆشـەویـست و بەڕێـزم.
مێـروولەکە: لە کەیەوە بە هـاوڕێی خۆشەویست و بەڕێزم دەزانیت..؟ لەبیرت چۆتەوە کە چەند جارێک رێت لێگـرتم و گاڵـتەت پێـدەکردم و پێم پێـدەکەنیت؟! بۆ چی هاتووی؟
کوللـەکە: زۆم بـرسـیـیە و خـەریــکە لەبـرسـا بـمـرم.
مێـروولەکە: ئـەی بە درێـژی وەرزی هـاوینی رابـردوو چــیـت دەکـرد؟
کوللـەکە: بە درێـژی هـاویـنی رابـردوو، گـۆرانــیم دەوت و یـاریـم دەکـرد.
مێـروولەکە: دەبـڕۆ بە درێـژایی ئەم زسـتانەش هەر هـەڵـپەڕە و سەمابکە.. ئەوەشت لەبیرنەچێت، ئەوەی کارنەکات و بیر لە داهاتووی نەکاتەوە.. بە برسێتی سەردەنێتەوە.
ئـەم چـیرۆکە فـۆلکـلـۆرییە ئەفـسانەییە، وانەیـەکی فـیرکـردن و پـەروەردەیی باشی بـۆ منـداڵان تێدایە، هانی منداڵان دەدات بۆ کۆششکـردن و هەوڵدان، تا لە تاقیکردنەوەکاندا دەربچـن و بگەن بە هـیوا و ئامانجەکانیان. هەر قوتابییەکیش کۆشش نەکات و تەمەڵی و تەوەزەلی بکات و پـلانی بۆ داهـاتووی نەبێـت و کارەکانی ئەمـڕۆێ بخـاتە بەیـانی و کاتی خوێنـدنی بەفـیڕۆبدات. لە تاقـیکـردنەوەکانـدا دەرناچێـت. پەشیمانیش بێ سوودە.
ئـەم چـیرۆکە فـۆلکلـۆرییە ئـەو پەنـدە جـوانە کـوردییـەشی لەخـۆگـرتـووە کە دەڵـێـت:
“دەســتی مـانـدوو لەســەر ســکـی تـێــرە”

رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٣




شیعری مناڵان\ خلیسکێنە.. محەمەد بەرزی

لەسەر خاکی شیرینم
دیمەنی جوان دەبینم

شاخم بەفری پۆشیوە
تەم لوتکەی داپۆشیوە

سەرمایە و باکم نییە
کلێتەکەم خورییە

بەرگ و پۆشاکم گەرمە
دەستکێشی دەستم چەرمە

ملپێچ دەکەم بە ماسکێ
بۆی دەفڕم بە خلیسکێ

وێنەی جوانی بۆ دەگرم
بۆ دایکمی دەنێرم

٢٠ / ٢ / ٢٠٢٢




رەهـەنـدی پـەروەردەیی لە ئـەدەبی منـداڵانـدا.. رەزا شـوان

لەبەر گرنگی ئەدەبی منـداڵان لە ئەمـڕۆ و لە داهـاتـوودا، ئەم سەردەمە بە (سەردەمی ئـەدەبی منـداڵان) دادەنـرێـت. ئـەدەبی منـداڵان بـە هـەمـوو ژانـرەکـانـییـەوە (چـیرۆک، هـۆنـراوە، پەخـشان، شانۆ، رۆمـان، ئۆپەرێـت) گرنگییەکی گەورەی لە ژیانی منداڵاندا هەیە. چونکە رۆڵێکی گرنگی لە دۆزینەوەی جیهانی دەرەوە و ناوەوەی منداڵان هەیە. بە تایبەتیـش لە ساڵانی یەکـەمی تەمـەنی ژیـانیانـدا، کە وەک ئیسـفەنـج وان، هـەمـوو زانیـارییـەکی دەوروبـەریـان هـەڵـدەمـژن، دوایی لـێکـیانـدەدەنـەوە و لـێـیان تێـدەگـەن.
گرنگی ئەدەبی منـداڵان لەوەدایە، کە بەشداری لە ئامادەکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی نـوێـدا دەکات، بـۆ هـێنانەدی داهـاتـوویەکی خوازراوی گەشـتر بۆ کورد و کوردسـتان. بـۆیە ئـەدەبی منـداڵان بە پێـویـستیـیەکی گـرنـگی نیـشـتـمانی و نەتـەوەیی دەزانـرێـت. مەرجـێکی پێویست و گرنگیشـە لە مەرجەکانی گەشەکردنی رۆشـنبیرییەکی خوازراو. ئەدەبی منـداڵان، زانست و هـونەرە و یەکـێکە لە هـونـەرە جـوانەکـان، کە بیـرۆکە و هەستەکانی مـنداڵان بنیات دەنێـت. گـرنگی لەوەشـدایە، کە هـۆش و خەیـاڵی منـداڵان دەورووژێـنـێـت و ئـارەزوو و بەهـرە و راز و نیـاز و تـوانـاکـانیـان پێ دەردەخـات و خـەون و هـیوا و ئارەزووەکـانیان دەهـێنێـتە دی.
تا ئێستا زیاتر لە دە نووسینم دەرەبارەی ئەدەبیاتی منـداڵان و گرنگییەکانی بۆ منداڵان نووسـیوە و بڵاومکـردوونەتەوە. بە دەیـان نووسـینی تریش هـەر دەربـارەی ئـەدەبی منـداڵان بنووسـم هـێشـتا هـەر کەمـە. چـونـکە بە زمـانە جیـاوازەکانی گـەلانی جیهـان بە سـەدان کـتێـب دەربارەی ژانـرەکانی ئەدەبی منـداڵان نووسراون و چاپکـراون و لە جیهاندا بڵاوکراونەتەوە. ئەمەش بەڵگەیە بۆ گرنگی ئەدەبی منـداڵان لە ژیانی گەلاندا. لـەم روانینـە سـتراتـیژییەشـەوە، کە منـداڵانی ئەمـڕۆمـان سەرکـردەکانی بەیـانیمـانن، واتە داهاتـووی هەر گەل و وڵاتێک لە دەستی منـداڵانی ئەمڕۆیـان دایـە. بۆیـە چەنـد گرنگی بە ئەدەبیاتی منـداڵانی کوردمان بدەین هەر کەمە. چونکە گرنگیدان بە منداڵان گـرنگـیـدانە بە ئەمـڕۆ و بە داتـوومان. بێگـومـان مناڵەکانمـان گـرنگـتریـن سـامـان و سەرمـایە و ژێـرخـانی نەتـەوەیـیمان.
مەبەستیشمان لە ئەدەبی منداڵان، ئەو ئەدەبەیە باشەیە کە هەموو مەرجێکی پێویستی لەخـۆگـرتـووبێـت. چـونـکە هـەمـوو نـووسـینـێکی لاواز و کـاڵ و کـرچ، لەژێـر نـاوی (بۆ منـداڵان) ناچـێتە خـانەی ئەدەبی منـداڵانەوە. منـداڵانیش ئەو نووسـینانەی کە بە دڵی خۆیـان نەبێـت و چـێژ و خـۆشـییان لێـوەرنـەگـرن، بە ئـەدەبی خـۆیـان نـازانـن.
دکتۆر (محەمەد شاکیر سەعـید) دەڵێت:”زۆر لەوانەی کە بۆ منـداڵان نووسراون، لە راستیدا گونجاونین بۆ منداڵان، چونکە لە ئاستی منداڵان بەرزترن. یان لەگەڵ لایەنی پـەروەردەیی منـداڵانـدا نـاگـونجـێن. یـان لەبـەر ئـەوەی کـە بەهـا رەوشـتـیـیەکـانیـان
لەخـۆنـەگـرتـوون، کە بەشداری لە پەروەردەکـردن و پێگەیانـدنی منـداڵانـدا دەکەن”.
جیـاوازیش لە نێـوان نووسـینی منـداڵان و نووسـین بـۆ منـداڵاندا هـەیە. ئـەو بابـەتە ئەدەبـییانەی کە منـداڵان خۆیـان دەیـاننووسن و لە میـانەیەوە گوزارشت لە هەست و سـۆز و خەیـاڵ و لە خـەون و لە هیـواکانیـان دەکـەن و بەهـرە و تـوانـاکـانی خۆیـان دەردەخەن. ئەم نووسینانە گەشە بە زیـرەکی و سۆزداری توانـاکانی منـداڵان دەکەن. دەبنە هـانـدانیان بۆ پێـشکەوتن و داهـێنان، سەرەڕای ئەوەش خۆشیان پێدەبەخـشن. چونکە واهەست دەکەن، ئەو نووسینانە، گەر ساکار و سادەشبن، زادەی خەیاڵ و بـیر و هـۆش و گوزارشـتی راستیی خۆیـانن. جیـاوازییان هەیە لەگەڵ ئەو ئەدەبـیاتەی کە گەورەساڵان بۆیان دەنووسن. کە رەنگە هـەنـدێ جار گوزارشت لە خەون و خەیاڵ و هیـواکانیـان و لە راز و نیـازی پـاکـییان و لە نـاخی دڵ و دەروونی منـداڵان نـەکـەن.
بێگومـان رەهـەنـدی پەروەریی لە ئـەدەبی منـداڵانـدا، لایـەنێکی گـرنگ و کاریـگەر و چارەنووسسازە لە گەشەکردن و بنیاتنانی کەسایەتی دروستی منداڵان. بە تایبەتی لەم سـەردەمـەدا، کە سـەردەمی شـۆڕشی تەکنـەلـۆژیـا و داهـێنانی سـەیـر و سـەمـەرەیە، پەیوندیکردن ئاسانتر بووە، هـۆیەکانی فێرکردن و گەشەکردنی رۆشنبیریی منداڵانیش زۆرتربوونە و ئاستی زیرەکی و هـۆشیاری و وەرگرتنی منـداڵانیش بەرزتربوونەتەوە.
ئەدەبی منـداڵان هـۆکـارێکی گـرنگی پـەروەردەی منـداڵانە. بەڵکـو ئـەدەبی منـداڵان و بەهـا پـەروەردییـەکـان دووانـەن و لـە یەکـتری جیـانـابنەوە و تـەواکـەری یەکـترین و کاریگەرییان لەسەر یەکـتری هەیە. بە کورتی ئەدەبی منـداڵان و پەروەردەی منـداڵان گیـانـێکـن و لە دوو جەسـتەدان.
ئەگەر هیـوا و ئامانجی ئێستا داهـاتووبێت، ئەوە رەهـەنـدی پەروەردەییە کە داهاتووی ئەدەبی منـداڵان دیـاری دەکات. چونـکە ئەدەبی منـداڵان لـە پلـەی یەکەمـدا، ئەدەبـێکی پەروەردەییە. بنەما پەروەردەییەکانن کە راستی و بوارەکانی داهاتووی ئەدەبی منداڵان دروسـت دەکەن. هـەر گـۆڕانکاری و پێشکەوتـنێک لەم ئەدەبـەدا بکـرێت، پێویستە لە دەروازەی پەروەردەوە تێپەڕێـت. نووسەرانی بـوارەکانی ئەدەبیاتی منـداڵانی کوردمان ئـەم راسـتیـیە دەزانـن، بـۆیـە گـرنگـییەکی زۆریـان بە رەهـەنـدی پـەروەردەیی داوە و پانتاییەکی زۆری لە نووسینە هـەمەجـۆرەکانیانـدا گرتۆتەوە. واتە نووسەرانی ئەدەبی منـداڵان ئەگـەر پەروەردەکـار نەبـن، ناتـوانـن مەبـەسـت و پەیـامـەکانیـان بە منـداڵان بگەیـنن و ئەدەبـێکی تـازەی هـاوچـەرخ و پێشکەوتـووی خـوازراو بەرهـەم بهـێـنن.
زاناکـان و بـیرمـەنـدان بە دێـژایی سەردەمـەکـانی مێـژوو، رۆڵی ئـەدەبی منـداڵانیـان بـەرز و گرنـگ نـرخـانـدوون لە پەروەردەکـردنی منـداڵانـدا. چونکە ئەدەبی منـداڵان کـۆڵـەکەیەکی سەرەکی بەهـێزە لە بنیاتنـانی کەسایەتی دروستی منـداڵان. لە رێـگەی بەشـداریکـردنی لە گەشـەکـردنی بیـر و هـۆش و دەروون و سـۆزداری و زمـانی و دەوڵـمەنـدکـردنی ژیـانی رۆشـنبـیرییـان، کە بـە رۆشـنبـیریی منـداڵان نـاوی دەبـەیـن. ئـەدەبی منـداڵان رۆڵـێکی کاریـگەریـشی لـە بە کـۆمـەڵایـەتیکـردنی منـداڵانـدا هـەیە. هـەر لە ڕێـی ئەدەبـیشەوە روانینیـان بـۆ ژیـان و داهـاتـوو فـراوتـر دەبێـت.
لە رابـردوودا ئەرک و بەرپـرسیارێتی پەروەردەکـردن و ئاراستەکردنی منـداڵان، تەنیا لە ئەستۆی دایـکان و باوکـان و پەروەردەکاراندا بـوو. بەڵام لە ئەمـڕۆدا ئەم ئەرک و بەرپـرسـیارێـتـیـیە لەسـەر شـانـی مـامـۆسـتایـان و نـووسـەران و هـونـەرمـەنـدان و میـدیاکان و هـۆکارە جیـاوازەکانی راگەیـانـدنـەکان و کـۆمەڵگا و رێکخـراوە فەرمی و نافەرمییەکانی داکـۆکـیکـەر لـە مـافـەکـانی منـداڵان و هـەر خـەمـخـۆرێـکی دڵـسـۆزی هیـواخـوازی داهـاتـوویەکی گەشـتر و شـیاوتـرە بـۆ کورد و کوردسـتان. پێویـستە بە هـەمـاهـەنگی بەشـداری لەم ئەرک و خـزمـەتە پیـرۆزەدا بکەین و هـەمـوومانیش لە بەری ئەرێـنی ئەم بەرپـرسـیارێتـییە نیـشـتمانی و نەتەوەیەتییەدا سـوودمەنـد دەبـین.
ئەو ئامـانجە پەروەردەییـانەی کە لە میانەی ئەدەبی منـداڵانەوە پێشکەش بە منـداڵان دەکرێن، کەمترین لەو بەهـا پەروەردەییانەی کە لە لایەن دایکان و باوکان و باخچەی منـداڵان و قـوتـابخـانە یا لە رێـگەی هـەر هـۆکـارێـکی تـرەوە پێـشکەشـیان دەکـرێن.
ئـەدەبی منـداڵان هـۆکـارێـکی پـەروەردەیی سـەرکـەوتـووی جـیهـانی هـاوچـەرخە، بۆ گەیشـتن بە هـۆش و دڵ و دەروونی منـداڵان. ئـەو هەلـەشـیان بۆ دەڕەخـسێـنـێت، کە وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکانیان دەستبکەوێت. ختووکەشیان دەدات بۆ بیرکردنەوە و نـووسـین و داهـێنان و گوزارشتکـردن لە خەیاڵ و بیـرۆکە و لە هیـوا خواستەکانیان.

رەزا شـوان




پەیام ئیبراهـیم و رۆمانی نازیلـێی مانگ و شازادەی خـۆر.. رەزا شـوان

باسکـردن لە رۆمـان، باسکـردنـە لە جـۆرێـکی گـرنـگ و بـاو و بـڵاوی ئـەدەبی، کە شـوێـنـێکی بـەرزی لە ئـەدەبی نـوێـدا هـەیە. رۆمـان هـونـەرێـکی خەیـاڵی تـازەیـە لە هـونەرەکـانی ئـەدەب. کە لە رۆژئـاوادا سەری هـەڵـدا. رۆمـان لـە چـیـرۆک درێـژتـرە، یا لە زنجـیرە چـیرۆکـێک پـێکهـاتـووە. بە شـێوەی پەخـشـان دادەڕێـژرێـت و بـاس لە کـۆمەڵـێک رووداوی هـەمەجـۆرە دەکـات. بـێجـگە لە پاڵـەوانی سـەرەکی، ژمـارەیەکی زۆری کاراکتەری (کەسایەتی) تێـدا بەشدارن و رۆڵیان لە رووداوەکانی رۆمانـدا هەیە. دەشێ رووداوەکان لە لە شوێـن و دۆخێکی نامۆ و خەیاڵیدابـن. دەشێش کارەکتەررکان راستیبن یا خەیـاڵیبن، مەرجیش نییە کە تەنیا مرۆڤـبن، دەکرێ باڵندە و ئاژەڵ، یا شتی خەیاڵی و ئەفـسانەیی بن، بە تایبەتیش لە رۆمانی منداڵاندا. خەیاڵ رۆڵێکی سەرەکی و گرنگی لە نووسینی رۆماندا هـەیە. لە سەردەمی ئەمـڕۆدا، بەراورد بە ژانـرەکانی تری ئەدەب، رۆمـان گرنگـترین ژانـری ئەدەبیـیە و زۆرتـرین خوێنـەری هـەیە. جیـوازیشی لەوەدایـە، کە چـێژ و خـۆشی و جـوانی و هـونـەر و زمـان و ئەنـدێـشـە و فـانتـازی و ئەفـسوونی لەخـۆگـرتـووە و باس لە کـێـشەکـانی ژیـان و لە مـلملانـێی نێـوان بـاش و خـراپ و شەڕ و ئاشتی و لە هیـوا و لە خەونەکانی مـرۆڤ دەکات. رۆمان خـوێنەران دەهـێنێتە ناو جیهـانێکی بەرینەوە. وایان لێدەکات کە دەست لە خوێندنەوەی هەڵنەگرن تا بـزانـن رووداوەکان بە کـۆێ دەگـەن و بە چی کۆتـاییـان دێـت.
ئەگـەرچی رۆمـان بە هـونـەرێکی ئەدەبی تـازە دادەنـرێت. بەڵام رۆمـان مـێژوویـەکی دانەبـڕاوی هـەیـە. کـە دەگـەڕێتـەوە بـۆ زیـاتـر لـە دوو هـەزار سـاڵ بـەر لـە ئەمـڕۆ. رەسەنـایـەتی سەرهـەڵـدانیـشی بـۆ یـۆنـانییەکـان و رۆمـانییەکـان دەگـەڕێتـەوە.
گەورەکـان زیـاتر حەز لە خوێنـدنەوەی رۆمـانی ریالـیزمی دەکەن، کە شتی لـۆژیکیان لەخـۆگرتوون. بەڵام منـداڵان هـۆگری خوێنـدنەوەی چـیرۆک و رۆمـانی خەیـاڵـین، کە پاڵەوان و کاراکتەرەکانیان منداڵانن یا ئاژەڵ و باڵنـدەن یا شتی خەیاڵی و ئەفـسانەیین. چـێژ لە سەرەکـێـشییەکانی پاڵەوانەکانی چـیرۆک و رۆمـانەکان وەردەگرن. لەمە زیاتر درێـژە بـەم پـێشەکـییە نـادەیـن و دێـیـنە سـەر کـرۆکی ناونیـشانی ئـەم نووسـینەمـان.
خوشبەختانە لە کۆتـایی ساڵی پار (٢٠٢٢) و لە ئەمساڵدا (٢٠٢٣) دا لە لایـەن دوو نووسەری ناسـراوی کوردمان لە بـواری ئەدەبیـاتی منـداڵان، دوو رۆمـان بە زمـانی کـوردی بـۆ منـداڵان چـاپکـران. رۆمـانی (کـچـی دورگـە بچـکـۆلـەکـە) لـە نـووسـینی مامۆستا (ئەمـین محەمەد) بۆ مێردمنداڵان. رۆمانی (نازیـلێی مانگ و شازادەی خـۆر) لە نووسینی خاتوو (پەیـام ئیبـراهـیم) بـۆ نەوجـەوانان. پێموایە هەردووکیان بە هـەڵە نەچوونە کە نووسیویانە بۆ مێردمنداڵان و نەوجەوانان. چونکە منداڵانی خوار تەمەنی سیانزە ساڵان، ئەو پشوودرێـژییەیان نییە کە رۆمان بخوێننەوە و لە هـێماکان تێبگەن.

هـەردوو رۆمـانەکەش لە چـوارچـێوەیـەکی کلاسـیکی خەیـاڵئـامێزدان و بە شێوازێکی فانتـازی ئاسان داڕێـژراون. بـۆ گەیـشتـنی پاڵـەوانی رۆمـانەکانیـان بە خـەونـەکانیـان، پەنایان بۆ ئەفـسوون (جـادوو) بـردوون، بۆ ئـەوەی بەسـەر ئەسـتەم و لە تـوانابـەدەر سەرکـەون و خـەونـەکانیـان بـەدی بهـێـنن. گـەلێ لە کـەڵە رۆماننووسانی جیهانیش لە شاکارە رۆمانەکانیان بۆ منـداڵان و مێردمنـداڵان، بۆ رووبەڕووبوونەوە و سەرکەوتنی پاڵەوانەکانیان بەسەر کـێشە و تەگەرەکانـدا و گەیـشتـنیان بە خەونەکانیـان پەنیـان بـۆ جـادوو بـردوون. زۆرن گـەر ناویـان بهـێنـین.
پاڵەوانی هەردوو رۆمانەکەش (لـولـو) و (نـازە) دوو کچی جوانکـیلە و ئازا و ژیـر و سەرەکـێشن. هـێنانەدیی خەونەکـانیان دەبەنە دوو جیهـانی نمـوونـەیی دروستکـراوی زادەی خەیاڵی هەردوو رۆماننووسەکە. تەمەنی هەردوو پاڵەوانەكەش لە یەکترییەوە نزیکن. هەردوو رۆمانەکە دوو ئەزموونی تازەن لە بـواری نووسینی رۆمـانی کوردی بۆ مێردمنـداڵانی کورد. دوو دەستپێشخـەریی ترسشکـێنن بۆ نووسین و چاولێکـردنیان و بۆ سەرهەڵدانی رۆمانی تازەی کوردی بۆ منداڵان. مـژدەبەخـشن بۆ پێشکەوتن و بۆ داهـاتـوویـەکی باش بـۆ رۆمـانی منـداڵانی کورد. ئـەوەی بە وردی هـەردوو رۆمـانەکە بخـوێنێتەوە. هەست بەوە دەکـات کە چەنـد خاڵێکی هـاوبەش و لەیەکچـووی نـزیک لە نێوان ئەم دوو رۆمانە کوردییەدا هەیە. مەبەستیشم ئەوە نییە کە ئەم دوو رۆماننووسە چـاویـان لە یەکـتری کـردووبێـت.

دوو هـەفـتە پێـش ئێـستا، نـووسـینێکـمان لەژێـر ناوی (خـوێنـدنەوەیـەک بـۆ رۆمانی کچی دورگـە بچکـۆلـەکە) نووسی و بـڵاومان کـردەوە. پـێمخـۆشە کە بە کورتی و بە چـڕی باس لە رۆمــانی (نـازیـلـێی مـانـگ و شـازادەی خـۆر ) یـش بـکەم.
رۆمانی (نازیلێی مانگ و شازادەی خـۆر) لە نووسینی چـیرۆکنووس و راگەیـاندکار و سەرپەرشـتیکار و ئامادەکەر و پێشکەشکەری بـەرنامەی (چـیرۆک بـۆ منـداڵان) لە تەلەفـزیـۆنی پەروەردەیـی. خاتـوو (پەیـام ئیـبراهـیـم عـەبـدولـڕەحـمـان)ە. کە یەکـەم ژنـی کوردە کە رۆمـان بـۆ منـداڵانی کورد بنووسێت. بەمـەش نـاوی چـووە مێـژووی سەرهەڵـدانی رۆمانی منـداڵانی کورد و تا هەتـایە شانازی و شکـۆداری و نەمریی بۆ خـۆی تـۆمـارکـرد.
پەیـام خان لەدایکبووی شاری سلێمانییە و هەر لە سـلێمانی دەژی. دەرچـووی بەشی ژمێریارییە. لە پۆلی چواری قـوتابخانەی بنەڕەتییەوە، هـۆگری نووسینی شیعـر بووە. دوایی دەستی بە نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان کـردووە. لە (٢٠١٠) وە، چـیرۆک بۆ منـداڵان دەنـووسێ و لە گـۆڤـارەکانـدا بڵاوی کـردوونەتەوە. تا ئێستا بەم رۆمـانەیەوە شەش کتێبی چاپکـراوی هەیە ناوەکانیان ( سمـۆرەی میهـرەبان، ژینگەکەم دەپارێـزم، قـاپی خـواردنەکەی یەسـنا، ئـۆتـیزمـم هـاوکاررم بە، ددانی ورچـە، نازیـلـێی مانگ و شـازادەی خـۆر) خـاتـوو پەیـام ئـەنـدامـێکی چـالاکــیشـە لـە چـەنـد رێـکـخـراوێـکی پـەروەردەیی و ژیـنـگەپـارێـزی لـە سـلـێـمانی.
خـاتـوو پەیـام هـاوسەرگـیریی کـردووەدایـکی (دوو کـوڕ) و (دوو کـچ) ە.
رۆمانی نازیـلـێی مانگ و شـازادەی خـۆر، نۆبـەرەی رۆماننووس پەیـام خانە، هیـوای نـووسینی رۆمـانی تـری بـۆ منـداڵانی کـورد بـۆ دەخـوازیـن.
وێـنـەی بـەرگی رۆمـانـەکە و (١٣) وێنـەی روونـکـردنەوەی رەنـگاوڕەنـگ لـەلایـەن وێنەکێش (جـێژوان عـەبـدوڵڵا) وە کێشراون. کوالـێتی وێنـەکان باشن. بەڵام خـۆزەگە شێوەیەکی کوردی بە نازەوە دیاردەبـوو، جـلێکی ساکاری کوردیی لەبەربـوایە، زیـاتر سەرنجی منـداڵانی کوردی رادەکێشا. گەر لە وێنەی ژمارە (٢) بڕوانین. وێنەکە هـیچ شـێوەیەکی کـوردی پێـوە دیـارنییە. هـەڵـەیەک لە وێنـەکانـدا هـەیە. نـازەی پاڵـەوانی رۆمانەکە لە یەکەم وێنەوە تا دوا وێنە هەر هەمـان شێوە منداڵی هـەیە، وەک ئەوەی کات وەستابێ و نەگـۆڕابێـت. لە کـاتێکـدا ئـەو گەورەدەبێـت و هـاوسەرگـیری لەگـەڵ شازادەدا دەکات و دووگیان دەبێت. دەبوایە کاک جێژوانی وێنەکێش. دوا وێنەی نازەی لایـەنی کەمەوە لە شـێوەی کچـێکی نەوجـەوان بکـێـشایە. شـازادەش لە وێنەکـەدا لە تەمەنی منداڵـێکی یانـزە بـۆ دوانـزە ساڵی دایـە، دەبـوایە خاتـوو پەیـام هـەستی بـەم هەڵەیە بکردایە. من وەکو خوێنەرێک لە وێنەکان دەڕوانم، نەک وەک رەخنەگرێک.
دکتۆر (ماجـد خەلیـل) پێشەکییەکی جـوانی بۆ رۆمـانەکە نووسیوە، هـۆی دواکەوتـنی نووسینی رۆمانی کوردی بۆ قۆناغە سیاسییە نالەبارەکان دەگەڕێنیتە. بەڵام گرنگترین هـۆی دواکەوتـنی رۆمـانی منـداڵانی کورد بۆ داگـیرکردنی کوردسـتان دەگەڕێتـەوە. کە زیـاتر لە سـەد سـاڵە داگـیرکەران بـواری کوردیـان نەداوە سەری خـۆشی بخورێنێـت. هـەمیشە هـەوڵی قـڕکردن و سـڕینەوەی ناسنامەی نەتـەوەیی کوردیان داوە و دەدەن.
دکتۆر ماجـد لە پێشەکییەکەیدا، سەرهەڵـدانی دەستپێکردنی رۆمانی منـداڵان لە جیهاندا بۆ (جـۆن نیـوبـەری) دەگـەڕێـنێتەوە، بە دروسـتـیش بـۆ ساڵی (١٧٤٤ز). بەڵام جـۆن نیـوبەری لە سەرەتـادا، شـاکارە رۆمـانی (رۆبـنـسون کـرۆزو ـ ١٧١٩ز) لە نـووسینی (دانیال دیـڤـو)، کە بۆ گەورەساڵان نووسـیوێـتی. ئـەو کـورتی کـردەوە و بە زمـانـێکی ئاسانـتر و بە شـێوازێکی ناسکـتر و شـیرینـتر بـۆ منـداڵانی داڕشـتەوە.
رۆمانی (گەشتەکەکانی گۆلیڤـەر) لە نووسینی رۆماننووس (جوناسان سویـفـت) کە لە ساڵی (١٧٢٦) نووسیوێتی، بە کۆنترین و بەناوبانگترین رۆمان بۆ منداڵان دادەنرێت.
خاتـوو پەیـام ئیبراهـیم، لە رۆمـانی نازیـلـێی مانگ و شازدەی خـۆردا، بە شـێوازێکی فـانتازی و بە تەکـنیکـێکی تـۆکـمە و بە زمـانێکی کـوردیی ناسک و شـیرین و ئاسان رۆمانەکەی داڕشتووە. لە میانەی نازیـلێی پاڵەوانی رۆمانەکەی، کاری لەسەر زجـیرە رووداوەکانـی کردووە، کاری لەسەر رەهەنـدی پەروەردەیی دروستی منداڵان کردووە. کۆمەڵێک بەهـای بەرزی بەرجەستەکردووە، کە دەیەوێت لە دەروونی منداڵانی کوردا بیان روێنێت. وەک: رەوشت بـەرزی، خۆشەویستی، هـاورێتی، دڵسۆزی، هـاوکاری، سـوزداری، متـمـانە بەخـۆبـوون، ئـازایـەتی، مـرۆڤـایـەتی، بـاڵـنـدە و ئـاژەڵـدۆسـتی، ژینـگەدۆستی، بـەزەیی و دلـۆڤـانی، حـەزی سـەرەکـێـشی، گەشـبیـنی، هیـواخـوازی، چـاکەخـوازی، یارمـەتی، تێکـۆشـان، کۆڵـنـەدان، فـریـاڕەسی، سەرکەوتن، … هـتد.
فانتازیش بە شێوەیەکی ئەدەبی دەوترێـت، کە مەیـلی ئەوەی هـەیە لە جیهـانی داب و نەریتی باودا دابڕێت و کاری لە لۆژیک بەدەر بکات. فانتازی یەکێکە لە فاکتەرەکانی پێـشکەوتـن و داهـێنـان لە جـیهـانی رۆمـان و چـیرۆک و هـونـەردا.
خاتوو پەیام، خەونی منـداڵان لە هـێنانەدیی داهاتوویەکی باشتر و ژیانێکی خۆشتر، لە نازەی ئازا و دلۆڤـانی پاڵەوانی رۆمانەکەیدا بەرجەستە دەکات و دەیکات بە نوێنەریان. نـازە خەونی ئەوەی هـەیە کە بفـڕێـت و سـوورە لەسەر هـێنـانەدیی خەونـەکەی. ئـەم خەونەش پێویستییەکی هەمـوو منـداڵانە، بۆ ئـەوەی ئاشـنای جیهانێکی فـراوانترببن و شتی تازە بدۆزنەوە و زانیاری زیاتر وەربگرن و ئەزمـوونی تـازە فـێرببن. هـێنانەدیی ئەم خـەون و خواستەش، پێـویستی بە بـڕیـارێکی تـۆکـمە و بە ئازایـەتی جەسـتەیی و دەروونی و بە سەرەکێشی و سووربوون و کـۆڵنەدان و هـەنگاونـانی کـرداری هـەیە. بە هـاوکاری و هـاوڕێتی و بە هــێزی لە توانەبـەدەر هـەیە. رۆماننووس خاتوو پەیام بۆ هێنانەدیی خەونەکەی نازە، جەخـتی لەسەر هەمـوو ئەو فـاکتـەرانە کـردووە. ئەو هـەستەی لە ناخی نازەدا روانـدووە، کە لە سـایـەی ویسـتن و متمـانە بەخـۆبـوون و سووربـوون و ئیـرادەیـەکی بەهـێز و پـۆڵاییندا، لە سـایەی هـەوڵ و کۆششکـردنـدا، شتێک نییە کە ناوی ئەسـتەم بێت. هەموو خەون و هـیوایـەک دێتـەدی گـەر مـرۆڤ دەست لە خواست و خـەون و هیـواکانی هەڵنەگـرێـت. شاعـیرێـکی عـەرەب دەڵێـت:
ئـەوەی ویـستی بە خـۆر بگات، بە تیشکەکانیـدا سەرکەوت بـۆ گەیشـتن بە هیـوای.
حەزەکەم بە کورتی، ئامـاژە بە دوو نمـوونـەی ئیـرادەی راسـتی بـدەم:
لە سەرەتاکانی ساڵی شەستەکانی سەدەی رابردوودا، لە گەرمەی ململانی و پێشبڕکێی نێـوان ئەمـریکا و یەکـێتی سۆڤـیەتـدا. بۆ باڵادەستی لـە بـواری پـشکـنیـنی ئاسمانیـدا. ئەمریکا ویستی پێش سۆڤیەت مـرۆڤ بنێرێتە سەر مانگ و بە ساغیش بیگەڕێنێتەوە بۆ سەر زەوی، ئەوبوو کە (جـۆن کەنەدی) سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا، لە ساڵی (١٩٦١) دا بڕیاری ناردنی مرۆڤی بۆ سەر مانگ دا. کە زۆربەی سەرکردەکانی جیهـان گاڵتەیان پێکـرد و بە خەونێکی ئەستەم و نەزۆک ناویـان برد. بەڵام لە سایەی هەوڵدان و سووربووندا، خەونەکەی کەنەدی هاتەدی و لە ساڵی (١٩٦٩) دا ئەمریکا لە رێی کەشـتیی ئاسمانی (ئەپـۆلـۆ ـ ١١) ەوە، مـرۆڤـیان گەیـانـدە سـەر مـانـگ کە هـەردوو کەشـتیوانی ئاسمانی ئەمـریکی (نیـل ئارمسـترۆنگ) و (باز ئاڵدرین) بوون، لەسـەر مانـگ دابـەزیـن و بە سـاغـیش گـەڕانـەوە بۆ سـەر زەوی. خـەونی ئـێسـتای ئەمـریکا ناردنی مـرۆڤـە بۆ سەر هەسارەی کەیـوان (مەریخ) ئەمەش ئەستەم نییە و دێتـەدی.
زیاتر لە (٧٥٠) ساڵ بەر لە ئێستاش بیرمەنـد و زانـای ئینگـلیزی (رۆجـەر بایکـۆن) کە هـێشتا باڵـۆن و فـڕۆکە دروست نەکرابوون، وتی:” لە داهاتوودا مرۆڤ دەتـوانێت ئامێرێک دروست بکات و پێی بفـڕێت” کە چی بە شێت و گـومـڕا و دژ بە ئاین ناویان برد و لە کەنیسە دەریان کرد. ئەوەتا خەونەکەی رۆجەر هاتەدی و فرۆکە دروستکرا.
ئـەو خەونانەی کە لە ئەمـڕۆدا دەمانەوێـت، پێویستە لە خەیـاڵ و لە هـزری منداڵانی ئەمـڕۆمـدا بەرجەستەیان بکەیـن. چـونکە دواڕۆژی گەلەکەمان لە دەستی منـداڵانی ئەمڕۆمـان دایـە. هەموو بیـرێـکی نوێـش بە قـۆناغـێکی دژایەتیکـردنـدا تێدەپەڕێت.
نـازەی پاڵەوانی رۆمـانەکەی خـەونێکی گەورەی هەیە، خەونەکەشی (فـڕیـن) ە، بۆ ئەوەی بە جیهـانێکی فـراونتـر و بە گیانلەبەرانی زۆرتر و بە ژینگەیـەکی گەورەتـر ئاشنابێ. لە پێناوی هێنانەدی ئەم خەونەشیدا، توانی بەسەر ئەستەمدا سەربکەوێت و خەونـەکەی بهـێنێـتەدی. ئامـانج لە فـڕینەکەی خاتـوو پەیـام. ئەوەیە کە ژیـان نابێـت بـوەستێـت و بچـەقـێـت، چـونـکە وەسـتان مـردنە. دەبـێـت خـەون بە داهـاتـوویـەکی باڵاتـرەوە بـبیـنـین. بـویە رۆماننووس بە دەمی ژولیـای یەکـێک لە کاراکتەرەکـانەوە دەڵێت:”هەموو جیهان خەون بە فڕینەوە دەبینن، ئیمە خەونی هەموو جیهانمان بەدی هـێنا” ئامانجی ژان و ژولیا، ئەوەبـوو کە شارێک لە مرۆڤـە باڵدارەکان دروستبکەن. کە هـەمـوویـان تـوانـای فـڕینیـان هـەبێـت، وەک و نمـوونە و سـەرمـەشـق، چـەنـد منـداڵـێکیـان لە نێو ئەشکەوتـەکەدا فـێری فـڕین کردوون. رۆماننووس خەونی فـڕین بەر گوێی کۆرپـەلە جوانەکەی ناو سکی نازیـلێ دەدات. شاژنی مانگ دەڵێت: “دەبێت منداڵەکەم خەونی هەبێت، چونکە مـرۆڤ بەبێ خـەون وەک ئەوەیە هـەر نەژیـابێت”.
هـەردوو هـاوسەری زانـای جـێنەتیک (رەگەزی) ژان و ژولیـا، کە دوو کەسایەتین لە رۆمـانەکەدا دەڵـێن:”لە وڵاتی خـۆمـان ئـەم خەونەمـان هـەبـوو، کاتێـک پـێیان زانـین ویستیان بـمانگـرن و ئەشکەنجەمان بـدەن. بۆیە ئێمە بـڕیارمادا شارەکە بەجـێبهـڵێن، هـەڵهـاتـوویـن بـۆ ئـەم ئەشکەوتە”.
بۆچی خاتوو پەیام ئیبراهـیم و مامۆستا ئەمین محەمەد پاڵـەوانی چـیرۆکەکانیان کچـن؟
لە نووسینێکمدا لەژێر ناوی (نایەکسانی رەگەزی لە ئەدەبی منداڵاندا) کە لە (٢٠٢١)دا لە سایتەکانـدا بـڵاوم کردۆتەوە. جەخـتـم لە نایەکسانی و ناهـاوسەنگی و نادادپەروەری لە رۆڵی رەگەزی کچـان کردووە، کە بە زەقی بە دیـدەکەین. کوڕسالاری لە چـیرۆک و رۆمـانەکـانـدا رەنگـدانەوەی هـەیە، بە زۆری پاڵـەوانی چـیرۆک و رۆمـانەکان کـوڕن. هەمـوو هـێز و تـوانا و ئازایـەتی و قـارەمانێتی و هیـوا و سەرەکـێشی و فـریـاڕەسی و سەرکـەوتـنێک دراونـەتە پـاڵ کـوڕان. بـەڵام سـۆزدای و بێ دەسـەڵاتی و لاوازی و بێ هیـوایی و بەدبەخـتیش دراونەتە پـاڵ کچـان. ئەمەش جیـاوازیییەکی زەقی رەگـەزییە و ناڕەواییـەکی گـەورەیە بەرانبـەر بە کچـان. ئـازادی و پێشکەوتـنی گـەل و نیشـتمان لە هەموو بوارەکانـدا، بەنـدن بە بەدیهـێنانی یەکسانی و هـاوسەنگی رەگەزیـیەوە لەسەر بنەمای توانـا و لـێهاتـوویی و شایستەیی.

نووسەرانی بـوارەکانی ئەدەبیاتی منـداڵان، دەتـوانن رۆڵیکی گـرنـگ و کاریگەریـان لە چـاندنی تـۆوی یەکسانی جـێندەریـدا هەبێت. بۆیـە بەشێکی زۆری نووسەرانی منـداڵان لەم سەردەمەدا، بە زۆری پاڵەوانی بابەتە ئەدەبییەکانیان کچـن، دەیانەوێـت قـەرەبووی ئەو سـتەم و نایەکسانییەیان بۆ بکەنەوە. بێ سەلـمێنن کە ئازایەتی و هـێز و تواناکانی کچان لە کـوڕان کەمـترن نیـن. خاتـوو پەیـام دەڵێت:”لە رۆمـانـەکەدا بـەدوور لە هـەر بابەتێکی ئایدۆلۆژی و رەگەزی و نەتەوەیی، تەنها ئامانجـم پێشانـدانی توانای کچـە و هـانـدانییەتی بـۆ سەرکەوتـن”.
رۆمانی نازیلـێی مانگ و شازادەی خـۆر، تا رادەیەک لەبیرۆکەی رۆمانی (ئەلـیس لە وڵاتی عـاجبـاتییەکانـدا ـ ١٨٦٥) نـزیکە. کە رۆماننووس (لـویس کارۆل) نووسیوێتی، کە باس لە کچـێکی بچووک دەکات، کە ناوی (ئەلـیس)ە. دوای کەروێـشکـێکی سـپی دەکـەوێت و دەکـەوێتـە نـاو چاڵـێکی قـووڵەوە و لە جـیهـانێکی خەیـاڵی و عـاجـبـاتی سەیـر و سەمەرەی ژێـر زەویـدا خـۆی دەگـرێتەوە. لەگـەڵ ئـاژەڵان و شـتی بێ گیـان دەبێت بە هـاوڕێ و ئاشنایان. تا لە دواییدا جادوولێکردنەکەی بە تاڵ دەبێت و لەسەر زەویـدا خـۆی دەبـینێتەوە. گەلێ بیرۆکەی جـوان و بەهـای بەرز لەم رۆمانەدا هـەیە. زۆر لە رۆماننووسانی منـداڵان ئیـلهـام و سـوودیـان لـەم رۆمـانە وەرگـرتـوون.
جـادوو و هـێـزی لەتـوانابـەدەریـش، ئـامـانـج نـین لـە رۆمـانـدا، بەڵکـو هـۆیـەکـن بـۆ گەیـشتن بە ئامـانج. جـادوو و هـێزی لە تـوانابـەدەر، بوونـەتە بەشـێک یا رەگـەزێـک لە رەگـەزەکـانی چـیرۆک و رۆمـانی فـانـتازی و ئەفـسوونـاوی تـازەدا. بۆ هـێـنانەدیی خـەون و ئامـانجـەکـانی پاڵـەوانی رۆمـانـەکـان و سـەرکـەوتـنیـان بەسـەر ئـەسـتەم و کـاری لەتـوانـابـەدەردا. لە زوربـەی چـیرۆک حـیکایەت و ئەفــسانە و داسـتانەکانـدا، جـادوو رەگـەز و هـۆیـەکی سەرکەوتـنی پاڵـەوانەکـانیـان بـووە.
لە بارەی داڕشتنی رۆمانی نازیلێی مانگ و شازادەی خـۆر، خاتوو پەیـام ئیبراهـیم بە شـێوازێـکی ناسک و ئاسان دایـڕشـتووە، وشـە و رسـتەکانی لە فـەرهـەنـگی زمـانی منـداڵانی کوردەوە وەرگرتـوون، هـیچ گرانی و ئاڵـوزییەکیان تێـدا نییە. بێگومان هەر نووسەرێکـیش تا رادەیـەک، شـێواز و سـتایـلی تایبـەتی خـۆی لـە نـووسـیـندا هـەیە. شێوازیش بریتییە لە رێگەی نووسین و داڕشتنی نووسەر، رێگەی گوزارشتکردن لە خەیـاڵ و بـیر و هـزر بەهـۆی زمـانەوە.
چەنـد سـووکە تـێبینیـیەکـم دەربـارەی رۆمـانەکەی هـەیە:
خاتوو پەیـام نووسـیوێـتی نازە تاقانەی ماڵەوەیـانە. نازەیەک کە دوو بـرای هـەبێـت بۆ تاقـانەی ماڵەوەیە؟ پـێموایە وشەی تاقانەکەی هەڵەیە. لە بەشی (گەڕان بە دوای ژیانی گیانداراندا) لە دێڕی (٨) نووسیوێتی:”لەگەڵ خوشک و براکانیـدا پێکەوە لەسەر سفرە هەمـوو کـۆدەبوونەوە”. لـێرەدا وا دەردەکەوێت کە نازە خوشکی هەیە. کـەچی لە هـیچ شـوێـنێکی کەی رۆمانەکەیـدا باسی لەوە نەکـردووە کە خـۆشکی هـەیە. گـەر خوشکی هـەبێـت بـۆ تـاقـانەیـە؟
کە وشـەی (خـوان) ی کوردیمان هـەبێـت پێـویست نیـیە وشـەی (سـفـرە)ی عـەرەبی بەکاربهـێنین. خۆزگەش ناوی باوکی نـازە (ئەحمەد) نەبوایە و ناوێکی کوردی بـوایە.
لە رۆمانەکەدا نازە باس لە (رۆژی هەنـار) دەکات لە گونـدە جـوانەکەیـان. وابـزانـم لە ئێستادا (رۆژی هەنار) بووە بە بۆنەیەکی ساڵانە لە شاری هەڵـەبجەدا بەڕێـوەدەچـێت. ئەم رۆژەم زۆر پێ جـوانە. من لە وڵاتی نەرویـج ـ لە شاری (ڤـۆس) دووجار ئامادەی (رۆژی سـەروپـی) بـووم. لـەو رۆژەدا لـە سەنـتـەری شـارەکـەدا مـەقـاڵـەی گـەورە و درێـژ دادەنـێن و سەروپـێی لەسەر دەبـرژێـنن. لە مەنجـەڵی گەورەشدا جـۆرەها گیاو و روەکی سـروشتی وەکـو دەرمـان دەکـوڵـێنن. هـەرکەسێک بچـێت بە لایانـدا فەرمـووی لێدەکەن کە تامیان بکەن. سەیـر لەوەدایـە کە خۆیـان زۆر حەز لە خـواردنی سەروپێ ناکەن. بووە بە نەریتێکی کولتووری تایبەتی خەڵکی ئەو شارە و شانازی پێوەدەکەن.
لە بارەی رێنـووسی رۆمـانەکەوە، لە زۆر شـوێنی رۆمـانەکەدا، رۆماننووس ئامـرازی پەیوەندیی (لە) ی نووساندووە بە وشەکەی دوایـەوە. ئەمە بە هـەڵـەیەکی رێنـووسیی دەزانـم. چـونـکە ئامرازی پەیـوەنـدی (لە، بە، و) نابێ بە وشەکەی دواوە و پێشەوەی بنووسـێنین، نابێت بنووسـین (لەکوردسـتان) بەڵکو (لە کوردسـتان) نابێت بنووسـین (بەبـەرد) دەبێ بنووسین ( بە بـەرد) نابێت بنووسین ( هەنـارو هەنجـیر) دەنـووسین (هەنار و هەنجـیر). گەر ئەو ئامرازانە نووسانە وشەوە دەبن بە بەشێک لە وشەکان.
کۆتـایی رۆمانەکەشی وەکو مەرجێک لە مەرجەکانی چـیرۆک و رۆمـان بۆ منـداڵان بە خۆشی کۆتایی پی هـێناوە. هەمـوو شاکارە رۆمانەکانی جیهـانیش بـۆ منـداڵان، کۆتایی رۆمـانەکانیان بە سەرکــەوتـنی پاڵـەوانەکە و بەخـۆشی و شـادی کـۆتـاییـان پێهـێناون.

حەزەکەم ئەوەش بڵـێم، تەنانەت شاکارە رۆمـانە جـیهـانییەکانیش بۆ منـداڵان لە سەدا سـەد لە هـەمـوو روویـەکەوە پێـرفـێکـت نیـن، خـاڵی لاواز و هـەڵـەشـیان تێــدایە.
لە کۆتاییـدا، جـوانتریـن پیـرۆزبـایی و دەستخـۆشی لـە خاتـوو پەیـام ئیـبراهـیم دەکـەم. بۆ ئـەم ئەزمـوونە سەرکەوتـوویـەی لە بـواری نووسـینی رۆمـان بـۆ منـداڵانی کـورد.

رەزا شـوان
٨/ فـێـبروار/ ٢٠٢٣




چوار کتێب لەبارەی ئەدەبی منداڵان.. ڕۆستەم خامۆش

زۆرجار ئێمەی نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان، گلەیی ئەوە دەکەین و دەڵێین: کتێبمان لەبارەی ئەدەبی منداڵان لەبەر دەستدا نییە، یان وەک پێویست گرنگیی بەو بابەتە نەدراوە، چونکە نووسین و چاوپێکەوتن و لێدوان و دید و بۆچوون لەبارەی ئەدەبی منداڵان، دەبێتە ڕێنیشاندەرێکی باش بۆ (چۆن و چی)نووسین بۆ منداڵان، ئەگەر ئەدەبی منداڵانی کورد، تا ئێستا وەک پێویست بەرەوپێش نەچووبێ، یەکێ لە هۆکارەکان نەبوونی سەرچاوەیەکی باش و ئەکادیمییە. وە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانیش کەمتر باس و توێژینەوە و ڕەخنە لەو بارەوە دەکەونە پێش چاو، ئێمە ناڵێین هەر نییە، بەڵکو دەڵێین وەک پێویست نییە و کەمە، هەر چەندە جێی پێزانین و دەستخۆشییە کە لە ساڵانی ڕابردوودا هەندێ کتێب لەو بارەوە چاپ و بڵاو کرانەوە، وەلێ نەیان نەیاتنوانی داخوازیی و خواستی نووسەرانی ئەدەبی منداڵان پڕ بکەنەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە ساڵی (٢٠٢٢)دا، چوار کتێب لەبارەی ئەدەب و هونەر و ڕۆشنبیریی منداڵان چاپ و بڵاو کرانەوە.
بۆیە دەمەوێ بە کورتی و پوختی، باسی ئەم چوار کتێبە بکەم و بیانناسێنم بە خوێنەرانی ئازیز، کتێبەکانیش ئەمانەن:
١- ئەدەب و هونەری منداڵان: د. هاوژین سڵیوە و ڕۆستەم خامۆش
٢- ئەدەب و چیرۆکی منداڵان: د. کەیفی ئەحمەد
٣- دیداری ئەدەبی منداڵان: کۆمەڵێک نووسەر
٤- ڕۆشنبیریی منداڵان: ڕەزا شوان

یەکەم: ئەدەب و هونەری منداڵان

ناوی کتێب: (ئەدەب و هونەری منداڵان).
بابەت: چاوپێکەوتن لەبارەی ئەدەب و هونەری منداڵان.
دیمانە و ئامادەکردنی: د. هاوژین سڵیوە و ڕۆستەم خامۆش.
نەخشەسازیی بەرگ: برەو شێخ تاڵب.
سەرپەرشتیاری هونەری و چاپ: شێخ تاڵب.
سەنتەری لێکۆڵینەوە و پەخشی کۆیە، بە تیراژی (٥٠٠)دانە چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. کتێبی (ئەدەب و هونەری منداڵان)لە دوو تووێی (٥٥٢)لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکە هەموو بوارەکانی تایبەت بە منداڵانی لە خۆگرتووە، لەوانە: (ڕۆڵی فۆلکلۆر لە ئەدەبی منداڵاندا، لەبارەی ئەدەبی منداڵان، لەبارەی شیعری منداڵان، لەبارەی چیرۆکی منداڵان، لەبارەی شیعر و چیرۆکی مێرمنداڵان، دەقی شانۆ و شانۆی منداڵان، نووسین بۆ منداڵانی باخچە، نیگارکێشانی منداڵان، کاریکاتێری منداڵان، مۆزیک و گۆرانی منداڵان، ئەفلام کارتۆنی منداڵان، ڕۆژنامەنووسی منداڵان، ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان، لەبارەی کتێب و گۆڤاری منداڵان، وەرگێڕان لە پێشخستنی ئەدەبیاتی منداڵانی کورددا، لەبارەی بەرنامەی منداڵان لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆندا).
کتێبەکە لە پێشەکی و ناساندنی کتێبەکە و لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە: بەشی یەکەمی پێکهاتووە لە (١٦)تەوەر، بەشی دووەمی کتێبەکە (٣٦)دیمانەی لە خۆگرتووە، ئەم بەشە زۆربەی بوارەکانی تایبەت بە منداڵانی لە خۆگرتووە و زۆربەی بابەتەکانی لەبارەی ئەدەب و هونەری منداڵانە. هەروەها (٩٠)کەسی شارەزا و شاعیر و نووسەر بەشدارییان لەم کتێبەدا کردووە، کە (١١١)لێدوان و چاوپێکەوتن لەم کتێبەدا بڵاوکراوەتەوە.
لەو (٩٠)کەسەی کە بەشدارن (١٠)کەسیان ژنن.
زۆربەی بەشداربوانی کتێبەکە، دانیشتووی باشووری کوردستانن، وە (٦)کەسيان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، هەروەها (١١)شاعیر و نووسەر و هونەرمەندانی دەرەوەی وڵات، کە نیشتەجێن لە وڵاتانی (ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئایرلەندا، ئیتاڵیا، سوید، نەرویج)بەشدارن.

دووەم: ئەدەب و چیرۆکی منداڵان

کتێبی (ئەدەب و چیرۆکی منداڵان)لە نووسینی: “د. کەیفی ئەحمەد”ە، کە (١٩٠)لاپەڕەیە و بە تیراژی (٥٠٠)دانە لە چاپخانەی زانکۆی سەلاحەددین – هەولێر، چاپکراوە، ئەم کتێبە لەلایەن ئەکادیمیای کوردی، بە ژمارە (٤٤٧)بڵاوکراوەتەوە، لە پێشەکی و پێنج بەش پێکهاتووە، کە بەم شێوەیەیە:
بەشی یەکەم: (ئەدەب و ئەدەبی منداڵان، ئەدەب، گرنگترین ڕەگەزەکانی ئەدەب، ئەدەبی منداڵان و ئەدەبی گەوران، ئەدەبی منداڵان، چۆن بۆ منداڵان بنووسین؟، کورتەیەکی مێژوویی ئەدەبی منداڵان، سیماکانی ئەدەبی منداڵان، قۆناغەکانی گەشەی منداڵ، کاریگەری ئەدەب لەسەر کەسێتی منداڵ، هۆکارەکانی خوێندنی ئەدەبی منداڵان، ئامانجی ئەدەبی منداڵان، ئەرکی ئەدەبی منداڵان، گرنگی ئەدەبی منداڵان).
بەشی دووەم: (چیرۆکی منداڵان، بنەمای هەڵبژاردن و دانانی چیرۆکی منداڵان، مەرجەکانی نووسینی چیرۆکی منداڵان، ڕەگەزەکانی بنیاتی هونەریی چیرۆک، جۆرەکانی چیرۆکی منداڵان بەپێی ناوەڕۆکیان، جۆرەکانی چیرۆک لەڕووی ڕوخسارەوە، ئامانجە پەروەردەییەکانی چیرۆکی منداڵان، گرنگی خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵان).
بەشی سێیەم: (شیعری منداڵان، شیعری منداڵان و گەوران، سیماکانی شیعری منداڵان، ئامانجەکانی شیعری منداڵان).
بەشی چوارەم: (گۆرانی و سروودی منداڵان، جۆرەکانی سروود و گۆرانی، بابەتەکانی سروود و گۆرانی، سیماکانی گۆرانی منداڵان، ئەرکی گۆرانی منداڵان، مەرجە دەروونیی و پەروەردەییەکانی گۆرانی منداڵان، ئامانجی سروود و گۆرانی لەباخچەی ساوایاندا، ئامانجی سروود و گۆرانی منداڵان).
بەشی پێنجەم: (شانۆی منداڵان، شانۆ، شانۆی منداڵ، کاریگەری شانۆ لەسەر منداڵ، ڕوخساری شانۆی منداڵان، ئەرکی بنیاتنەرانەی شانۆی منداڵ، میکانیزمی کارکردن لە شانۆی منداڵدا، دەرهێنان لە شانۆی منداڵاندا، ڕۆڵی منداڵ لە شانۆی منداڵاندا بەم شێوەیە جێبەجێ دەکرێت).

سێیەم: دیداری ئەدەبی منداڵان

کتێبی (دیداری ئەدەبی منداڵان)چەند توێژینەوەیەکی ئەدەبیی و ڕەخنەیی، کەوتە بەرچاوی خوێنەرانی ئازیز و کتێبخانەی کوردیی ڕۆشنکردەوە.
کتێبی (دیداری ئەدەبی منداڵان)، لە بڵاو کراوەکانی یەکێتیی نووسەرانی کورد – لقی سلێمانییە، کە بەرهەمێکی هاوبەشی (١٠) نووسەری بواری ئەدەبی منداڵانە و بە تیراژی (٥٠٠)دانە لە دوو توێی (١٦٢) لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکرایەوە.
لە ناوەڕۆکی کتێبەکەدا هاتووە، کە ناوی توێژینەوە و نووسەرەکان، بەم شێوەیە دانراون.
١- چەند سەرنج و وردبوونەوەیەک لە مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد، ئەمین محەمەد.
٢- گرنگیی و بایەخی ئەدەبیاتی منداڵان و کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی گەلان، پەیام ئیبراهیم.
٣- گرنگیی نووسینی تەمەن لەسەر بەرگی کتێبی منداڵان، د. هاوژین سڵیوە.
٤- شیعر بۆ منداڵان نووسراو و شیعر دەرخکردن، محەمەد فەریق حەسەن.
٥- ڕۆڵ و بایەخی ڕەخنە لە ئەدەبی منداڵاندا، زیاد ڕەشاد قادر.
٦- بەراوردی ئاستی ئەدەبیاتی منداڵان و کاریگەریی لەسەر کەلتووری کۆمەڵایەتی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوەکان، د. ماجید خەلیل.
٧- ڕۆڵی ئەدەبی منداڵ لە کارامەییە کۆمەڵایەتیەکاندا، مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان.
٨- ڕۆڵی نووسەری ژن لە ئەدەبیاتی منداڵانی کورددا، زارا ئەحمەد جاف.
٩- ڕۆڵی ڕاگەیاندن، لە ئەدەبیات و ڕۆشنبیریی منداڵاندا، ڕۆستەم خامۆش.
١٠- چۆن منداڵ هۆگری خوێندنەوە بکەین؟ فەوزیە مەنمی.

چوارەم: ڕۆشنبیریی منداڵان

ناوی کتێب: ڕۆشنبیریی منداڵان
ناوی نووسەر: ڕەزا شوان
نەخشەسازی بەرگ و ناوەوە: ئومێد محەمەد
نۆبەتی چاپ: یەکەم، ساڵی: ٢٠٢٢
بە تیراژی (٥٠٠)دانە لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی چاپکراوە.
ئەو کتێبە (٢٤٤)لاپەڕەیە، کە (٨٤)ناونیشان و بابەتی لەخۆگرتووە، لەبەر زۆریی ناونیشانەکان، تەنها ئاماژە بە چەند ناونیشانێک دەکەین، کە ئەمانەن:
(چەمک و پێناسەی ڕۆشنبیری، گرنگی و سوودەکانی ڕۆشنبیریی گشتی، ڕۆشنبیری ڕاستی کێیە؟، ڕۆشنبیریی منداڵان، چەمک و ڕۆشنبیریی منداڵان، گرنگترین ئامانجەکانی ڕۆشنبیریی منداڵان، سوودەکانی ڕۆشنبیریی منداڵان، هۆیەکانی دواکەوتنی ڕۆشنبیریی منداڵانی کوردستان، منداڵانی کورد و فرە ڕۆشنبیریی لە هەندەران، سوودەکانی پەروەردەکردنی منداڵان بە فرە ڕۆشنبیری، گرنگترین هۆکارەکانی ڕۆشنبیریی منداڵان، کتێخانەی ماڵەوەی منداڵان، ڕۆژنامە وگۆڤاری منداڵان، ئەدەبی منداڵان، چیرۆکی منداڵان، شیعری منداڵان، پێگەی سروود لە ئەدەبی منداڵانی کورد، سوودەکانی گۆرانی بۆ منداڵان، شانۆی منداڵان، ڕۆژی جیهانی منداڵان، جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵان… هتد).

کۆتایی:
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین خوێندنەوەی ئەو چوار کتێبە لەبارەی ئەدەب و هونەر و ڕۆشنبیریی منداڵان، گرنگ و پێویستە بۆ ئەوانەی، کە لە دنیای منداڵان خزمەت دەکەن و دەیانەوێ باشتر کار بکەن، چونکە ئەو چوار کتێبە بریتین لە: (١١٤٨)لاپەڕە، بۆیە لە ئەنجامی خوێندنەوەی ئەو چوار کتێبەدا، لایەنی ڕۆشنبیریی و زانیارییت زیاتر دەبێ لەبارەی جیهانە ڕەنگین و جوانەکەی منداڵان.




منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت.. محەمەد بەرزی

بە گشتی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت ، ئەو منداڵەیە لە ڕووی دەروونی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و توانای جەستەیی و زمانەوانییەوە ، لە منداڵی ئاسایی جیاوازە . لە هەموو ڕوویەکەوە پێویستی بە یارمەتی و چاودێری و خزمەتکردنی زیاترە . هەر بۆیە کاتێک خێزانێک و بە تایبەتیش دایکێک هەست بەوە دەکات منداڵەکەی خاوەن پێداویستی تایبەتە ، خەمێکی گەورە و گران دایدەگرێ و تووشی ترس و نائارامی و دڵەڕاوکێ دەبێ . بێگومان ئەم حاڵەتەش پێویستی بەوەیە دایک خۆڕاگربێ و زانیاری تەواوی هەبێ و لە هەموو ڕوویەکەوە شارەزای بارودۆخی منداڵەکەی بێ و بە شێوەیەکی ڕاست و دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکات . تا منداڵەکەی لەگەڵ دەورووبەرەکەیدا ڕابێت و ئاسودە بژی و هەست نەکات لە هاوڕێ و هاوتەمەنەکانی جیاوازە . جا جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ چەند ئامۆژگارییەک بۆ دایکێک بکەین ، تا لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتدا بیزانێ :
١ – لە منداڵەکەت تێبگە ، هەندێک لە دایکان چاوپۆشی لەوە دەکەن ، یان پێیان شەرم و شورەییە منداڵەکەیان خاوەن پێداویستی تایبەتە . واتە وەک پێویست مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن و پشتگویێ دەخەن . ئەمەش یەکێکە لە هەڵە باو و بڵاوەکان و پێویستە خۆیانی لێ بە دوور بگرن . زۆر گرنگە وەک دایکێک بەڕێز و هاوسۆزیی و زمانێکی زۆر شیرین و ئاسان و سادەوە قسە لەگەڵ منداڵەکەدا بکەی ، هەر چۆن قسە لەگەڵ منداڵێکی ئاساییدا دەکەی . تووڕە مەبە و تۆنی دەنگت بە شێوەی نەگونجاو مەگۆڕە ، تا تێبگات و بزانێ لە تۆ کەمتر نییە . هەوڵبدە لە هەموو شوێنێک پێکەوەبن . کاتێک کارێکی باش دەکات ، ستایشی سەرکەوتنەکەی بکە ، ئەگەر چیش کارەکە گەورە ، یان بچووکیش بێ . با لە ماڵدا دەست و تام و بۆنی شتەکانی دەورووبەری بکات ، چونکە بەکارهێنانی هەموو هەستەکانی گرنگن . تۆ و هەموو ئەندامانی خێزانەکە ، لە مامەڵە کردن لە گەڵ منداڵەکەدا ، پابەندی یەک بۆچوونی یەکگرتووبن . کاتێک شێوازێک لە فێربوونی منداڵەکەدا سەرکەوتوو نابێ ، هەوڵبدە ڕێگەی باشتر تاقی بکەیتەوە ، هانی منداڵەکەت بدە پشت بە خۆی ببەستێت . ڕێگای بدە پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوتەمەنەکانی ناو خێزان و گەڕەک و باخچە و قوتابخانەدا دروستبکات و یارییان لەگەڵدا بکات . چونکە تۆژینەوە پزیشکی و دەروونییەکان ، گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی : ( تێکەڵکردنی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت لەگەڵ منداڵی ئاساییدا ، یارمەتیدەرێکی زۆر بە سوودن بۆ پەرەپێدانی توانا جیاوازەکانی ) . پاشان کاتێک یارییەک دەشکێنێت وخراپی دەکات ، سەرکۆنە و هاواری بەسەردا مەکە ، دەکرێ ئامۆژگاری بکەی یارییەکانی بیپارێزێ . بەردەوام چاودێری تواناکانی منداڵەکەت بکە و تێبکۆشە تا پەرەی زیاتری پێ بدەی .
٢ – ئاگاداری ئەوەبە لە کاتی قسەکردندا ڕاستەوخۆ سەیری چاوەکانی بکەیت ، چونکە ڕوانینی ڕاستەوخۆی قسەکەر بەرامبەر گوێگر ، دەبێتە هۆی تێگەیشتنی زیاتر لەو بابەتەی باسی دەکرێت . سەرباری ئەوەی منداڵی کەمئەندامی دەروونی لە ڕێگای نیگاکانی چاوەکانی تۆوە درک بە گرنگی ئەو شتانە دەکات کە دەتەوێ بۆی باسبکەی . دووربکەوەرەوە لە ڕستەی درێژ ، ناوە ناوە لە نێوان وشەکانی ڕستەکەدا بوەستە و تا دەتوانی ڕستەی کورتیشی بۆ بەکاربهێنە ، تا تێبگات باسی چی بۆ دەکەی . پاشان توڕەیی خۆت لەدەست مەدە ، چونکە پێویستە ئەوە بزانیت هەندێکجار کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت ، ناتوانێ بە زوویی قسەکانت وەربگرێت و لێت تێبگات . بۆیە ئارام بە و دان بە خۆتدا بگرە ، چونکە تووڕەیی و هەڵچوون دۆخەکەی خراپتر دەکات ، خۆشت لە ناو و ناتۆرە و وشەی سووکایەتی بە دووربگرە ، کە دوو هێندە زیان و ئازاری پێدەگەیەنێت .
٣ – بۆ بارودۆخی منداڵەکەت لە ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەکاندا ، کات بۆ خوێندنەوە تەرخان بکە و زۆر بخوێنەرەوە ، بە دوای چەندین سەرچاوی باوەڕپێکراودا بگەڕێ و زۆرترین زانیاری کۆبکەرەوە ، خۆت
بکە بە کەسێکی شارەزای دڵنەرم بۆی . فێری شێوازە ڕاستەکانی مامەڵە کردن بە لە گەڵیدا . شان بە شانی ئەو چالاکییانەی بۆ ئەو لەبارن ، بەردەوامیش پەیوەندی لەگەڵ پزیشکەکەیدا بکە . تا بەردەوام ڕادەی گەشەکردنی بزانی و ئاگاداری ئەو هۆکارانەش بی ، کە یارمەتیدەرن بۆ بەرەوپێشچوونی حاڵەتەکەی . پاشان لە داواکردنی یارمەتیدا لە ئەندامانی خێزان و هاوڕێکانت سوود وەربگرە و شەرم مەکە ، تا کەمێک ئەرکی سەرشانت سووک بکەن و بە شێوازی جیاواز یارمەتی و هاوکاریت پێشکەش بکەن ، هەروەها دەتوانی بە دوای ئەو شوێنانەدا بگەڕێیت ، کە یارمەتی و ئامۆژگاری و خزمەتگوزاری پێشکەش بەو دایک و باوکانە دەکەن ، کە منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتییان هەیە . بێگومان بە گەڕانیش لە ئینتەرنێتدا ، دەتوانی هەندێک ماڵپەڕی باوەڕپێکراو بدۆزیتەوە ، کە بە بەردەوامی ئامۆژگاری پیشکەش بەو جۆرە خێزانانە دەکەن . دیارە هەر تۆ بە تەنها نیت ، جیهانە فراوانەکەی ئینتەرنێتیش تۆ بە تەنها جیێ ناهێڵێ ، دەتوانی کۆمەڵێک دایک و باوک بدۆزیتەوە ، کە هەمان کێشەی تۆیان هەیە ، ئەو دەمە ئاشنای کۆمەڵەی پشتیوانیش دەبی ، چ لە ناو شارەکەی خۆتدا و چ لە جیهاندا .
٤ – لەوانەیە بەبێ مەبەست منداڵەکەت بە کەم بزانی ، یان وا سەیری بکەیت هەست بکات لە ئاستی هاوتەمەنەکانیدا نییە . دەبێ زۆر باش ئاگاداری ئەوەبی ، پەرۆشی زۆرت بۆ پاراستن و ڕێگرتن لە یاریکردنی لەگەڵ هاوتەمەنەکانیدا ، لەترسی ناو و ناتۆرە و قسەی ناشیرین و زیانی دەوروبەرەکەیدا، وا دەکات هەست بە کەمی و لاوازی بکات و نەتوانێ بە تەنیا ڕووبەڕووی ژیان ببێتەوە .
٥ – هەموو هەوڵەکانت تەنها بۆ خوێندنەوە و لایەنی تەندروستی منداڵەکەت تەرخان مەکە و لایەنی گرنگی کۆمەڵایەتیش لە بیر بکەی ، کە هۆکاری سەرەکی تێکەڵبوونی منداڵەکەتە لەگەڵ هاوڕێکانیدا . چونکە لە بیرکردنی ئەم لایەنە گرنگە ، کاردانەوەی زۆر خراپی بۆ منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە . هەر بۆیە پێویستە لە چالاکی و بۆنە و سەیران و گەشتەکاندا هاوبەشی بکات . پاشان بەدواداچۆنیش بکە ، تا لەوەش دڵنیابی مامۆستاکانیش پەیوەندی باشییان لەگەڵ منداڵەکەتدا هەیە .
٦ – تا دەتوانی بە دەم و لەبزێکی زۆر شیرینەوە باسی کەسە سەرکەوتووەکانی پێداویستی تایبەت بۆ منداڵەکەت بکە ، کە بەو حاڵەتەشەوە توانیویانە دەستکەوتی مەزن و پڕ بەها بە دەستبهێنن ، باسی چیرۆکی سەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی ناو و ناوبانگییانی بۆ بکە ، کە بوونەتە هاندەر بۆ کەسانی تر . بەم ڕێگایەش منداڵەکەت هەستدەکات ، کە ئەویش وەک ئەوان دەتوانێ کاری گرنگ بکات و هیچ شتێک نییە بتوانێ ڕێگا لە سەرکەوتنی بگرێ .
٧ – هەوڵبدە گەشە بە بوارەکانی تەکنەلۆژیا بدات : بۆ پەرەپێدانی تواناکانی منداڵەکەت ، سود لە پیشکەوتنی تەکنەلۆژیا وەربگرە . چونکە ئەمڕۆ زۆر بەرنامە و یاری تایبەت بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەوانەی کیشەی فێربوونیان هەیە دروستکراون ، کە دەتوانن گەشە بە توانا و جموجۆڵە جیاوازەکانییان بدەن .
٨ – پێویستە منداڵەکەت فێربکەی شەرم لەو کەرەسانە نەکات ، کە
بەکاری دەهێنێ . پاشان هەوڵ نەدات وەک باقی هاوڕێکانی بە شێوەیەکی سروشتی دەربکەوێ . بەڵکو پێویستە ڕێز لە جیاوازییەکان بگرێ و بارودۆخی خۆی وەک منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت قبوڵ بکات ، ئەوانەش فێربکرێن ، کە لە دەورووبەرین بارودۆخ و جیاوازییەکانی ئەویش قبوڵ بکەن .
٩ – بە وردی چاودێری بکە ، لەوانەیە منداڵەکەت کیشەی پەیوەندیکردنی لەگەڵتدا هەبێ . یان داوا و ئارەزوو ، یان تووڕەی خۆی دەربارەی شتێک دەرببڕێ . بۆیە چاودێریکردنی ڕەفتاری منداڵەکەت ، هۆکاری سەرکییە بۆ پەیوەندیکردن لە گەڵیدا و زانین و ڕاهاتن لە هەڵسوکەوتەکانی . ئەمەش وادەکات بزانیت گۆڕانکاری دەروونی بەسەردا هاتووە ، یان هەڵسوکەوتەکانی ئاساییە .
١٠ – هەوڵبدە کاری سووکەڵەی پێ بسپێرە و چاودێری بکە . با خۆی کراسەکەی لەبەر بکات و سەری خۆی دابهێنێت و میوە و خواردنی خۆی بخوات . هەموو جارێکیش بۆ ئەو کارانەی بە باشی ئەنجامی دەدات بە گەرمی دەستخۆشی و ستایشی بکە . چونکە ورە و هێز و توانای پێ دەبەخشێ .
١١ – زۆر گرنگە بە هۆی بارودۆخەکەیەوە خۆڕاگر بی و نا ئومێد و گلەیی لە بەختی خۆت نەکەی . بەردەوام ئارام و گەشبین بە ، چونکە بە ئارامی باشتر دەتوانی مامەڵە لەگەڵ کێشەکانیدا بکەی . مەهێڵە هیچ شتێک سەرقاڵت بکات لەوەی گرنگە . واتە تا زیاتر هاوکاری بکەیت و بە سۆزە و خۆشەویستییەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەیت و بەرامبەر کێشەکانی خۆڕاگربی ، کاردانەوەی گەورەی لەسەر منداڵەکەت دەبێ .
١٢ – هانی منداڵەکەت بدە منداڵانی دیکەی خاوەن پێداویستی تایبەت بناسێت و ئاشنای چیرۆکەکانیان بێ ، تا بزانێ منداڵی پێداویستی تایبەتیش دەتوانی زیرەک و ژیانی خۆشی هەبێ .
لە دواجاردا زۆر پێویستە خزم و کەسانی نزیکی دایک و باوکی ئەم جۆرە منداڵانە ، ڕێز لەو دایک و باوکانە بگرن و هەستییان بریندار نەکەن و هەرگیز ئەم جۆرە پرسیار و قسانەیان ڕووبەڕوو نەکەنەوە : ئ – منداڵەکەت ئاسایی دەردەکەوێت و هیچ شتێکی نائاسایی تێدا نابینم . ب – ئایا منداڵەکەت ئەنجامی بۆماوەییە ؟ . پ – دڵنیام ئەو چاکدەبێتەوە ، وایە ؟ . ت – بۆچی دوای منداڵی یەکەم وازت لە منداڵبوون نەهێنا ؟ . ج – بە ڕاستی تۆ دایکێکی مەزنی ، نازانم چۆن بەرگەی ئەو هەموو کێشانەی دەگریت . چ – دامەنیشە باسی خزمێکی خۆتی بۆ بکەی ، کە هەمان دۆخی ئەوی هەیە و مەکەوە بەراوردکردنی نێوانییان .

تێبینی : بۆ ئەم باسە سوود لە چەند سایتێکی عەرەبی و ئینگلیزی وەرگیراوە .




خـوێنـدنەوەیـەک بۆ رۆمـانی کـچی دورگـە بچکـۆلـەکە.. رەزا شـوان

رۆمـان کە بە زمـانی ئینگـلـیزی (نـوڤـيل) ە، جـۆرێکە لە جـۆرەکانی ئەدەب، بە ئەدەبی منداڵانیشەوە. هونەرێکی ئەدەبی پەخشان درێژە، لە بنەڕەتدا پشت بە خەیاڵ دەبەستێت. رۆمـان چـنراوێـکە کـۆمـەڵـێک رەگـەزی ئـەدەبی پـێـکەوە چـنـیوە کـە پەیـوەنـدییـان بە یەکترییەوە هـەیە. بە کورتی پێناسەی رۆمـان: نووسراوێکی ئەدەبی خەیاڵییە، درێژترە لە چـیرۆک. رۆمـان چەنـدین چەشنی هـەیە، هـەریـەکە لـەم چـەشـنانەش گوزارشـت لە زەین و هـزر و لە رووانینی رۆماننووس دەکەن. یا رۆمـان بـریتیـیە لـە گـێڕانەوەیەکی چـیرۆئـامـێزی درێـژ لە میانەی چـیرۆکـبێژ (رۆمـانـبێژ) ەوە، وێنـەی ژیـانی پاڵـەوان و کەسایەتییـەکان لە چەنـدین رووداودا، لە چەنـدین کـات و شـوێنی فـراونـدا دەردەخـات. بـێگـومـان خـەیـاڵ رۆڵـێکی سـەرەکی و گـرنـگی لە داڕشـتـنی رووداوەکـانـدا هـەیە.
رۆمـان لە چەنـد رەگەزێـکی گـرنـگ پێکهـاتـووە، لەوانـەش: خەیـاڵ، بیـرۆکە، بابـەت، گـرێ، کەسایەتییەکان ـ مەرجـیش نییە کەسایەتییەکان مرۆڤـبن، دەشێت ئاژەڵ و باڵنـدە و شتی تر یا خەیـاڵی بن، کـات، شـوێن، رووداوەکان، زمـان، شـێواز، دیالـۆگ، وەسف، گـۆشەنیـگا، گـێڕانەوەی رووداوەکـان لە لایەن (رۆمانبـێژ ـ نووسـەرەوە) ەوە. لە هەر رۆمانێکیشدا کـێشەیەک یا زیاتر هەیە، پێـویستە پاڵەوان یا کەسایەتییە سەرەکـییەکەی رۆمانەکە، چـارەسەری گـونجـاوی کـێشەکـان بـکات.
ئەدەبی کوردیمان، لە نووسینی رۆمان بۆ گەورەساڵان، قۆناغـێکی باشی بڕیوە. چەندین رۆمـاننوسی بە تـوانا و ناسراومان هـەیە. چەنـدین شـاکارە رۆمـانی نایـابمـان هـەیە کە لەسەر ئاستێکی جـیهانی دان. بەڵام رۆمانی منـداڵانمان بە نرخی نەبـوونە، لە دو و سێ رۆمـان تێناپەڕێـت. دێیـنە سەر کرۆکی باسەکەمان، کە دەربارەی “رۆمـانی کچی دورگە بچـولەکە” یە بـۆ مێـردمنـداڵان. کـە سەرەتـایەکی بەهـێزە بۆ بنـاغـەدانـانی ئـەم ژانـرە ئەدەبییـە لە ئەدەبی منـداڵانی کورد دا.
رۆمـانی (کچی دورگە بچـۆلەکە) لە نووسینی شاعـیر و چـیرۆکنووسی ناسراوی بـواری ئەدەبیـاتی منـداڵان، مامـۆسـتا (ئەمـین محـەمەد) ە، چـاپی یەکـەم ـ ســلـێمانی ـ ٢٠٢٢. لە چـاپخـانەی (بینـایی) چـاپکـراوە. کە (٥٠٠) دانـەی لێ چـاپکـردووە.
رۆمـانەکە (٧٤) لاپەڕەیە. دابەشی حـەوت بەشی کـردووە. لە لایـەن وێنـەکـێش (ئاڤـار ئومێد) ەوە، وێنەی بەرگەکەی و بۆ هەر بەشێکیش وێنەیەکی رەنگاوڕەنگ یا زیاتری بـۆ کـێشاون. کـواڵـیـتی وێنـەکان مامناوەنـدیـن.
پاڵەوانی رۆمانی (كچی دورگە بچکۆلەکە) کچۆلەیەکی هەشت ساڵانە بۆ خۆشەویستی و نـزیـک لـە زمـانی منـداڵانـەوە، نـووسـەر نـاوی (لـولـو)ی لـێـناوە. کە لە دورگـەیـەکی بچکـۆلەی جـوان و قـەشەنگی بەهـەشـت ئاسایی، کە پـڕە لە گـوڵـزار و نێـرگـزەجـاڕ و گـوڵـە هـێرۆ و وەنـەوشـە و گـوڵاڵـە سـوورە، لـە بـاخـی مـیوە و سـەوزایی، لـە کێـوی سـەرکـەش و بەفـریـن، پـڕە کەروێشکی گـوێ قـوت و ئاسکەی نەخـشـین و سـمۆرە و بەرخـۆلە و گورگ، لە باڵـندەی هەڵـۆ و نەورەس و مراوی و قاز و قوڵینگ و چۆلەکە و پەنگین (بەتریق) لە خاڵخـاڵۆکە و لە پەپـوولە. دورگـەکە کـەش و ئاو و هـەوایـەکی سازگـاری هـەیە، دەکەوێتـە نێـو دەریـایەکەوە، دەریـاکەش پـڕە لە مـاسی نـاوازە و لە کیسەڵ و قـرژانگ و دۆڵـفـین و هەشـتپێ و تیمساح و مایـنی دەریایی و لە ئەسـتێرەی دەریـای و.. هـتد. لـولـو ژیانی دورگەکەی زۆر پـێخـۆشـە و بە زێـدی خـۆی دەزانێت. هـەمـوو ئـاژەڵ و بـاڵنـدەکـانیشی خـۆشـدەوێـت و کردوونی بە هـاوڕێی خـۆی . لـولـو زیـرەک و ئـازا و چـاونەتـرسە و هیـواخـواز و گـەشـبینە و بـڕوای بە ئەسـتەم نییـە. هـاوڕێ دۆستە و خـۆێ بە هـاوڕێی هـەموو ئـاژەڵ و باڵنـدەکان دەزانێـت، بە دێـژیی رۆمانەکە كچۆلەیەکی چاکەخـواز و یارمـەتیـدەر و فـریاڕەسە. کچـۆلەیـەکی کـراوە و سۆسیالە و پەیـوەندیی هاوڕێتی لەگەڵ گیانەوەرانی ناو دەریـا و باڵـندە و ئاژەڵەکانی دورگـەکەدا هـەیـە. هـەمـوو ئەوانـەی لەنـاو دەریـا و دورگـەکەدا بە زمـانی کوردی لەگـەڵ لـولـودا دەدوێـن.
بێجـگە لە لـولـوی پاڵـەوانی رۆمـانەکە، چـەنـد کەسـایەتـییەکی تـریـش رۆڵـیـان لە رۆمـانەکەدا هـەیە، وەکـو: داپـیرە کیسەڵ، دایـکە هـەڵـۆ، ماسـیـیە ئـاڵتـوونیـیەکە، بـووکی دەریـا، هـەشـتـپێ شـین (ئەختـەبـووت).
کچی دورگە بچکـۆلەکە، رۆمانێکی خەیـاڵی فانتـازییە، ئەم جـۆرە رۆمـانە بڵاوتـرین جـۆری رۆمـانە. رۆمـاننـووس بێـجگە لە جـیهـانی سـەر زەوی، چـۆتە جـیهـانی نـاو ژێـر دەریـاوە، بەشێکی زۆری رووداوەکـان و کەسایەتییەکـان، لەسەر دەریـا و ژێـر دەریـادان. بەشێکـیشیان لەسەر دورگە بچکـۆلـەکـە دان.
رۆمانی کچی دورگە بچکۆلەکە، گەلێ رەهـەنـدی لەخۆگـرتـووە: پەروەردەیی، زانیاری، کـۆمەڵایـەتی، سیاسی، رەوشـتی، دەروونی، مـرۆڤـایەتی، ئاژەڵـدۆستی، ژینگەپـارێـزی، نیشتمانی. بە گەلی بەهای بەرز و جوانیش رازاندوویەتـەوە، وەک: هاوڕێتی، دڵسۆزی، خۆشەویستی، چاکەخـوازی، راستگـۆیی، هـاوکـاری، دلـۆڤـانی، تێکـۆشـان، کـۆڵـنەدان، ئـازایەتی، بـڕوا و مـتـمانە بەخـۆبـوون، گـەشـبیـنی، هـیـواخـوازی، ئیـرادەی بەهـێـز و نەبـوونی ئەسـتەم، پەشـیـمانی لـە بـەدکـاری و دڵـڕەقی، گەلێ خـەسڵەت و بەهـای تـر.
لولوی پاڵەوانی چـیرۆکەکە، کچولەیەکی ئەفسوناویییە، دەتـوانێت لەسەر شەپـۆلەکانی دەریـادا مەلـە و سەمـا بکات و بچـێتە قـووڵایی ژێـر دەریا و سـواری پشـتی مـاسی و مـایـنی دەریـایی بێـت و لە ئـاهـەنـگی جـەژنی (٢٠٨) سـاڵـەی لەدایکبـوونی داپـیـرە کـیسەڵـدا بەشـداربێـت. ببێـت بە هـاوڕێیەکی دڵسـۆز و خـۆشـەویستی بـووکی دەریـا.
لولو دەستی بەسەر گەوهەرە ئەفـسووناوییەکەی داپیرە کیسەڵـدا هـێنا، ئەو پەرجۆ و تـوانا ئەفـسووناوییەی پێبەخـشی، کە لە کاتی پێویست و تەنگانە و فـریاڕەسیدا، ئەم رستەیەیە بڵێت (گەوهەرە ئەفـسوناوییەکە بۆ یەک چـرکە جـوڵەی ئاسمان و زەوی و دەریـاکان رابگـرە) هەموو گەردوون رووناک دەبێتـەوە و داوا و مـرازیـش دێتـەدی.
پەنـابردنە بەر ئەفـسوون (جادوو) کارێکی تازە و داهـێنان نییە. لە زۆربەی چـیرۆکە میللیەکان و فـۆلکلۆرییەکان و ئەفـسانەییەکاندا، ئەفـسوون رەگەزێکی گرنگ بووە بۆ ئەنجامدانی کاری لە توانابەدەر. وەکو هـۆیەکیش بۆ چارەسەری کێشەکان و گەیشتنی پاڵەوانەکـانی چـیرۆکەکـان بە ئامانجـەکـانیـان. گـەڵی چـیرۆکی فـۆلکلۆری کـوردیـمـان هـەیە، کە چـیرۆکی ئەفـسانەیـین و خەیـاڵ و ئەفـسوون رەگـەزێ سـەرەکـین تێـیانـدا.
مامۆستا ئەمـین محـەمەد، تەنیـا رۆمـاننووسی منـداڵان نییە، کە بۆ گەیانـدنی پەیـام و مەبەستەکانی لە رۆمـانی کـچی دورگـە بچکـۆلـەکە پەنـای بـۆ ئەفـسوون بـردووبێـت. گـەلێ لـە کـەڵـە رۆمـاننـووسـانی ناسـراوی جـیهـانی، کـۆن و تـازەکـان، لـە شـاکـارە رۆمانەکـانیانـدا بۆ منـداڵان و مێردمنـداڵان، بـۆ گەیانـدنی پەیـامەکـانیان، پەنایـان بـۆ ئەفـسوون بـردووە. بـۆ نمـوونە:
(شـارل پیـرۆ) ی فـەرەنسی. لە رۆمـانی (سـانـدرێـلا ـ ١٦٩٧).
(دانیـال دیـڤـۆ) ی ئینگـلیزی. لە رۆمـانی (رۆبـنسـۆن کـروزۆ ـ ١٧١٩).
(لـویس کارۆل) ی ئینگـلیزی. لە رۆمانی (ئەلـیس لە وڵاتی عـاجبـاتییەکانـداـ ١٨٦٥).
(ئەستریـد لیندگـرین) ی سویـدی. لە رۆمـانی (پـیـپی گـۆرەویـدرێـژ ـ ١٩٤٥).
(جـوان رۆلینگ) ی ئینگـلیزی. لە زنجیرە رۆمانی (هـاری پـۆتـەر :١٩٩٥ ـ٢٠٠٧ ).
ئەمانە و چەندین رۆماننووسی رۆمان بۆ منداڵان، ئەفـسوون رەگەزێکی سەرەکییە لە رۆمانەکانیاندا. منداڵانی خۆێنەر چـێژ و خۆشییەکی زۆر لە خوێنـدنەوەی رۆمانەکانیان وەردەگرن. زۆربەشیان کراون بـە فـیلمی کارتـۆنی ئەنیمەیـشن و بە فـیلمی سینەمایی. بە ملیـۆنـان دۆلار دەستکەوتیـان بـوون.
لە رۆمانی کچی دورگە بچکـۆلـەکەدا، (بـووکی دەریـا). لە پێشا کچـۆلەیەکی دڵـرەق و بێبەزەیی و بەدکار بووە. ئازاری زۆری باڵندە و کەروێشکەکانی داوە و ئاوی کـردۆتە ناو شارە مێروولەکان. لە ئەنجامی ئەم بەدکارییانەی، مێروولەکان تۆڵـەی لێدەکەنەوە، جـادووی لێـدەکەن و دەبـێـت بـە بـووکی دەریـا. هـەشـتـپـێی شـینی دەریـا. کـە دانـا و پێشبینیکەرە، پـێی وتـن بـەو مەرجە دەگەڕێیتەوە بۆ کچۆلە ئاساییەکە، کە باوەش بە پەلـکـە زێـرینـەدا بـکەیـت و بـڵێیـت: ” هـەمـوو گـەردوونـم خـۆشـدەوێـت”. لـولـوی هـاوڕێی یارمەتی دا، داوای لە گەوهـەرە ئەفـسوونـاوییەکە کـرد و وتی:” گەوهـەرە ئەفـسونـاوییەکە بـۆ یـەک چـرکە جـوڵـەی ئاسمان و زەوی و دەریـاکان رابگـرە” لەم ساتـەدا بـووکی دەریـا، باوەشی بە پەلـکەزێـرینـەدا کـرد و وتی:” هـەمـوو گەردونـم خۆشدەوێت” یەکسەر گەڕایەوە بۆ باری ئاسایی و بووەوە. بە کچۆلە جـوانکـیلەکەی جـاران و وتـی بە (لـی لـی) نـاوم بـەرن. بوو بە کچێکی دلـۆڤـان و هـەمـوو ئـاژەڵ و باڵـندە و زینـدەوەرەکانی خۆشدەویـسـت و رقی لە هـیچیـان نەبـوو و ئـازاری نـادان.

رووماننووس لێرەدا ئەو پەیامە پەروەردەیی و رەوشتییە بە منـداڵان دەگەیەنێـت. کە خـراپە و ئازاردانی ئاژەڵان و باڵندەکان بەدکارییە، ئەنجـامێکی خراپیـان لێدەکەوێتەوە، بۆ راستکـردنەوەی هەڵـەکان و پەشیمانی بوونیش، هـەوڵ و قـوربـانـیـدانی دەوێـت.

ئەگەر بەراوردێک لە نێـوان رۆمـانی (گەشـتەکانی نیـلـز) لە نووسـینی رۆمـاننووسی سویدی (سەلما لاگیرلۆف) لەگـەڵ رۆمانی کچی دورگە بچکـۆلەکەدا بکەین، لە نێوان بووکی دەریا و نیلزی چەتوون کە ئازاری قازەکان و ئاژەڵانی دەدا، کورتەباڵیەکی بەند کرد، لە ئەنجـامی ئەم بەدکارییەی کورتە باڵاکە کە رزگاری بوو، تۆڵەی لێکـردەوە و ئەفـسوونی لێکـرد، نیـلـز بـوو بە بسـتە باڵایـەک، لە کـۆتـاییـدا پەشـیمان دەبـێتەوە و ئەفـسوون لێکـردنەکەی بە تـاڵ دەبـێـتـەوە، دەبـێتـەوە بە نیـلـزی ئاسـایی، بـەڵام بـە منـداڵـێکئ میهـرەبـان. دڵـڕەقـی و بەدکـاری و جـادوولـێکـردن و پەشــیمـانی، خـاڵی هـاوبەشن لە نێوان ئەم دوو رۆمانەدا. گەلێ رۆمانی جـیهانی لەم جۆرانە بۆ منداڵان هەن. کە بۆ سزادان و پەشیمانی پەنایان بۆ ئەفـسوون بردوون. نە ئەو نووسەرانە و نە مامۆستا ئەمین محەمەدیش، چاویان لە یەکتری نەکـردوون. بەڵکو زادەی خەیاڵ و بیرکـرنەوەی خۆیـانن. ئەگەر سوودیشیان لە چـیرۆکە ئەفـسانەیی و فـۆلکلۆرییەکانی گەڵەکانیان وەرگرتووبێت، کارێکی ئاساییە. زۆر لە کەڵە نووسەرانی جیهان سوودیان لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانی وڵاتـەکانیـان و وڵاتانی تر وەرگرتـوون. بۆ نموونە: کەڵە نووسەری ناسراوی بواری ئەدەبی منداڵان (هانـز کریستیان ئەندەرسین) ی دانیمارکی، کە بە بـاوکی ئـەدەبی منـداڵان لـە جـیهـانـدا نـاودەبـرێـت. لە نـووسـیـنی چـیرۆک و رۆمـانەکانیـدا بۆ منـداڵان، سـوودێـکی زۆری لە ئەفـسانەکانی وڵاتـەکەی وەرگـرتـووە. مەبەسـتم ئەوەش نییە کە ئەفـسانەی کوردیـمان رەنگدانەوەی لە رۆمانی کچی دورگە بچکۆلەکەدا هـەبێت. مامۆستا ئەمین محەمەد باکگـراونـد و ئەزموون و شارەزاییەکی زۆری لە نـووسینی ئەدەبیـاتی منـداڵانی کـورد هـەیە. رۆمـانەکەشی زادەی خـەیـاڵ و بیـری خـۆیـەتی و چـاوی لە هـیچ نـووسەرێکی تر نەکـردووە. لە ژیـانی راستی و لە کێشەکانی گـەلی کـوردمـانەوە ئیلهـامی بـۆ هـاتـووە.
لە رووی داڕشتن و زمان و خستنە رووی کێشەکان، مامۆستا ئەمین زۆر بە جوانی و بە زنجیرەیی کێشەکانی باسکـردووە و چارەسەری کردوون، بە زمانێکی کوردی پەتی و سـووک و ئاسـان و رەوان، بێ گـرێ و گـۆڵ، بـە شـێـوە و شـێوازێـکی هـونـەری و فانتازی، رۆمانەکەی داڕشـتووە. وشـە و رسـتەکـانی لە فـەرهـەنـگی زمـانی منـداڵانی کوردەوە وەرگرتوون. ئەو مەرجەی بەدی هـێناوە کە چـیرۆکنووسان و رۆماننوسان و هەموو نووسەرانی کورد لە بوارەکانی ئەدەب، پێویستە شارەزای زمـان و رێـزمانی کـوردی بـن. ئـەو مەرجـەشی تێـدایە کە رۆمـان نابێـت لە (٧٠) لاپـەڕە کەمـتر بێـت.
مـن پێموایە مامۆستا ئەمین، لە نووسینی ئەم رۆمـانەیـدا، وەک یەکەم ئەزمـوونی، لە هەموو روویەکەوە سەرکەوتووە و توانیوێتی هەموو مەرج و رەگـەزە پێویستییەکانی رۆمان، لە رۆمانی (کچی دورگە بچکۆلەکە) دا بەرجەستە بـکات. وەک رۆماننوسێکی نووسەری رۆمـان بۆ منـداڵانی کورد بناسـرێـت. دڵنیام کە بیریش لە نووسینی رۆمانی دووەمی بۆ منـداڵان دەکـاتەوە. وەکو بەڕێزیشیان لە بارەی نەبوونی رۆمانی کوردی بۆ منـداڵان و مێردمنداڵانی کوردمان، دەڵێت:” کەلێنێکی گەورەیە بە کەس و دوو کەس پڕ نابێتـەوە”. تـا ئەمـڕۆش منـداڵانی کـوردمـان ئاشـنای خـوێنـدنەوەی رۆمـان نەبـوونـە، هۆیەکەشی بۆ نەبوونی رۆمـانی کوردی تایبـەت بۆ منداڵان و مێردمنداڵان دەگەڕێتەوە.
جـوانترین پیـرۆزبایی و دەستخـۆشی لە مامۆستا ئەمـین محەمـەد دەکـەم بـۆ نووسینی رۆمـانی (کچـی دورگە بچکـۆلەکە) کە شاکارێـکی ئەدەبی نـاوازە و نوێیـە بۆ منـداڵان.
چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد، کە وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، یان پارێزگاری سـلێمانی، بە فـەرمی دەستخۆشیان لە مامۆسـتا ئەمین محـەمەد بکـردایە و خەڵاتێکی شایستە و رێـزلێنان و پێزانینیان، بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی لە بـواری ئەدەبی منـداڵان پێشکەش بکـردایە، بەداخـەوە. کە بانـگی گـۆرانـیبـێژێـکی تـورک یا لـوبنـانی دەکـەن چەنـدیـن رۆژ ریـکلامی بۆ دەکـەن و چەنـد دەفـتەر دۆلار دەخـەنە جـانتـاکەیـەوە و لە خۆشترین هـوتیلـدا جـێی بـۆ دەگـرن و خـوانی تایبەتی بۆ دەڕازێننـەوە. بەڵام هـیچیان تیا بەسەر نییـە. تەنـانەت گـەر بە نـووسـینێکـیـش بێـت، سوپـاس و دەسـتخـۆشی لە نووسەرێکی داهـێنەر و لە هـونەرمەنـدێکی کوردمان بکەن. کە لە پـارەی خەرجـیی مـاڵ و منـداڵەکـانیان دەگـرنەوە، تا کـتێبـێکی پێ چـاپ بـکەن. دەشزانـم کە مامۆسـتا ئەمـین محـەمـەد، نـووسـەرێـکی نەفـس بـەرزە و چـاوی لـە پـارە و خـەڵات نـییـە.

رەزا شـوان




شیعری مناڵان\ پــیــاوی بــەفــر.. محەمەد بەرزی

ئەمڕۆ بەفر باریوە

ساردە دەستم تەزیوە

دەستکێشم بۆ لە دەستکرد

پیاوی بەفرم  دروستکرد

کڵاوم کردە سەری

پاڵتۆکەم کردە بەری

لووتیم کرد بە گێزەرێ

خۆزگە دەمبردە ژورێ

سمۆرەیەکی وریا

سوڕایەوە بە دەوریا

برسی بوو منی نەدی

لووتی ڕفان و خواردی

١ / ١ / ٢٠٢٣

تێبینی : بەڕێزان لە لاپەڕە ( ٣٠٢ ) ی فەرهەنگی خاڵدا بۆ مانای شێرەبەفرینە نووسراوە : ( شێرێکی گەورەیە دروست دەکرێ لە بەفر ) . واتە ئەگەر : پیاوێک ، ژنێک ، مناڵێک ، بەرخێک  دروست بکەین ، ناوی شێرە بەفرینەیان بۆ گونجاو نییە . خۆ ئەگەر کەسێکی بیانی مناڵێک ببینێ کە لە بەفر دروستکرابێت و پێی بڵێیت ئەمە شێرە بەفرینەیە ، دڵنیام  بەلایەوە سەیر دەبێت ..  هەر بۆیە لەم هۆنراوەیەدا پیاوی بەفرم بەکارهێناوە ، واتە ئەو پیاوەی لە بەفر دروستکراوە ، لەم نموونانەشمان زۆرە وەک : بازنی ئاڵتون ، گوارەی زیو ، کراسی ئاوریشم ، قاپی شووشە ، دەرگای ئاسن و … هتد .  پاشان پیاوی بەفر ڕێک بەرامبەر ناوە ئینگلیزییەکەیە ، کە بە ( snowman) ناوی دەبەن .




خـەڵاتگـرانی (نـۆبـڵی ئـەدەبی منـداڵان ـ ٢٠٢٢).. رەزا شـوان

دوو ساڵ جارێک لە (کۆپنهـاگن) ی پایتەختی دانیمارک، بە بۆنەی رۆژی لەدایکبوونی کـەڵـە نـووسـەری بـواری ئـەدەبیـاتی منـداڵان (ھـانـز کـریـستـیان ئەنـدەرسـین) کـە بە (باوکی چـیرۆکی ئەفـسانەیی بۆ منـداڵان) لـە جـیهـانـدا ناسـراوە. دوو خـەڵاتی بەنـرخ، کە بەرزترین خەڵاتی نێودەوڵەتییە لە بواری ئەدەب و هـونەری وێنەکێشان بۆ منداڵان. بـە (خـەڵاتـی ئـەدەبی منـداڵان) یـا بـە (خـەڵاتـی نـۆبـڵی منـداڵان) یـش نـاودەبـرێـت، خەڵاتەکانیش بریتین لە (دوو میـدالیای زێـڕ ـ وێنەی هانـز کریستیان ئەنـدەرسین) یان بەسەرەوەیە، لەگەڵ (دوو بـڕوانـامەی دپـلۆم) لە لایەن شـاژنی دانـیمارک (مارگـرێتی دووەم)ەوە، لە ئاھـەنگـێکی شـایستەدا، پـێـشکەش دەکـرێـن بە باشـتریـن نـووسـەری کتێبی منـداڵان و بە باشـترین ھـونەرمەنـدی وێنەکـێشی کتـێـبی منـداڵان، کە لە مـاوەی ئەو دوو ساڵەی رابردوودا باشترین کتێبی منـداڵانیان چاپکردوون. کتێبەکەش لە لایەن (یەکـێتی جیهـانی بـۆ کـتێبی منـداڵان) لە شـاری (بـازل) لە سـویسرا، ئەوان کـتێبەکـان هەڵدەسەنگێنن و هەڵدەبژێرن و بڕیار لەسەر براوەی هەردوو خەڵاتی هانـز کریستیان ئەنـدەرسـین دەدەن و نـاوی بـراوەکـان رادەگـەیـەنـن. ئەگـەرچی تـا ئێـسـتا بە فـەرمی رۆژی لەدایکـبوونی نـووسـەر (ھـانـز کـریستـیان ئەنـدەرسـیـن) نـەکـراوە بـە (رۆژی جـیھـایی کـتێـبی منـداڵان) بـەڵام دانـیمارک و چـەنـد وڵاتـێکی تـر، بـۆ بەرزڕاگـرتـن و پێـزانیـنی ئەو خـزمەتـە زۆر و گـەورەیـەی کـە ھـانـز ئەنـدەرسین پێـشکەشی بـواری ئەدەبیـاتی منـداڵانی کردووە، لە ساڵـڕۆژی لەدایکبوونیـدا کە بە رۆژێکی میـژوویی و بە وەرچـەرخـانـێک لە ئـەدەبی منـداڵان لە جـیھـانـدا دادەنـرێـت، ئاھـەنـگ و چـالاکی شـایستە لـەم یـادەدا دەگـێڕن.
چـیرۆکـنووسی منـداڵان (ھـانـز کـریستیان ئەنـدەرسین) لـە رۆژی (٢/ ٤/١٨٠٥) لە لەدایکبووە. لە رۆژی (٤/ ٨/١٨٧٥) لە (کۆپنهاگن ـ دانمارک) کۆچی دوایی کردووە.
لە سـالی (١٩٥٦) وە، دەستکـرا بە خـشـیـنی (خـەڵاتی نـۆبـڵی ئـەدەبی منـداڵان) و لە ساڵی (١٩٦٦) یشدا، دەستکـرا بە بەخـشـینی خـەڵاتی وێنـەی رونکـردنـەوەی کـتـێبی منـداڵان، تا ئـێـستا هـەر دوو سـاڵ جـارێک دەدەرێـن. تـا ئـەمـڕۆ ژمـارەیـەکی زۆر لە نـووسـەرانی کـتێـبی منـداڵان و هـونـەرمەنـدانی وێنـەکـێشی روونکـردنەوەی وێنـەی کـتێبی منـداڵان لە جـیهـانـدا، ئـەم خەڵاتـەیـان وەرگـرتـوون.
لە نـووسـینـێکم دا کە لە (١٧/ ٦/ ٢٠١٢) دا لەژێـر نـاوی (کەڵـەنـووسەری جـیهـانی هـانـز کـریستیان ئەنـدەرسین) لە سایتـەکـانـدا بڵاوکـردەوە، بە درێـژی باسم لـەم کـەڵە نـووسـەرە کـردووە. بـۆێـە دووبـارەی نـاکـەیـنەوە.
دێینە سەر کورتە پێناسەیەکی خەڵاتـگـرانی (خـەڵاتی نوبـڵی ئەدەبی منـداڵان) لە ساڵی (٢٠٢٢) دا. کە پـێـشکەش بە دوو خـاتـوونی ناسـراوی بـواری نـووسـینی ئـەدەب و هـونـەری وێنەکـێـشانی کـتـێـبی منـداڵان لە جیهـانـدا کـران.
١ـ نووسەری بەنـاوبانگی فەرەنـسی دکتـۆر مـاریـا ئـۆد مـورایـل:
مـاریـا ئـۆد مـورایـل ۆورس، لە رۆژی (٦/ مایـۆ/١٩٥٤) لە شـاری (لـۆ هـاڤـرێ) لە فەرەنـسا، لە خـێزانـێکی ئـەدەبی و هـونـەری لەدایکـبـووە. بـاوکی (گـیراڵـد مـورایـل) شاعـیر بـوو، دایکی (مـاریـا تیرێـز) رۆژنامەنـووس بـوو، بـرا گەورەکەی (تـریستان) مـوزیکـژەن و ئاوازدانـەر بـوو، بـرایـەکی تری (لـۆریـس) و خوشکە بچـووکـەکەشی (ئـیـلـڤـیر) نووسـەری بـواری ئـەدەبیـاتی منـداڵانـن.
ماریا ئۆد لە ساڵی (١٩٧٣) دا، لەگەڵ فەرمانبەر (بیر رۆبەرت) دا هاوسەرگیری کرد. سێ کوڕیان هـەیە. (بنیامـین ـ ١٩٧٧) و (چـارلـز ـ ١٩٨٧) و (کـونستایـن ـ ١٩٩٤).
لە ئـێسـتادا تەمەنی مـاریـا (٦٨) سـاڵە.
مـاریـا ئـۆد مـورایـل لە (زانکـۆی سـۆربـۆن) دکتۆرای لە ئەدەبیـاتی نـوێـدا وەرگـرت. تـێزی دکتۆراکەشی دەربارەی (گـونجـانـدنی چـیرۆکە کـلاسیکـییەکـان بۆ منـداڵان ) ە. دکتـۆر ماریـا لەسـەر ئاستی فـەرەنسا و جیهـانـدا، نووسـەرێکی ناسـراوی ئەدەبیـاتی منـداڵان و مێـردمنـداڵانـە.
خاتـوو مـاریـا مـورایـل، رۆژنـامەنـووسێکی ناسـراو و سەرکـەوتـووە، یەکـێکـیـشە لە دەوڵەمەنترین رۆژنـامەنووسانی جیهـان، ناویشی لە لـیستی رۆژنـامەنـووسە ناسراو و ناودارەکـانی جیهـان تـۆمارکـراوە و پێـگەیـەکی بـاڵای لەنـێو رۆژنـامەنووسانـدا هـەیە.
ماریـا پارێـزگاری لە تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی و لە سۆزداریی ژیانی دەکات و خۆی بێ دڵی نەکردووە. کەسایەتییەکی رێزدار و خۆشەویست و هـاوڕێ دۆست و سۆشیالە.
ماریـا مورایـل لە منـداڵییەوە هـۆگـری خوێندنەوە بـووە. لە تەمـەنی دوانـزە ساڵـییەوە، دەسـتی بە نووسـین کـردووە.
ماریـا لە نێوان ساڵانی (١٩٨٠ـ ١٩٨٧) دا، زیاتر لە (١٠٠) کورتە چـیرۆکی نووسی، بەشـێکی زۆریـان بـۆ منـداڵانـن، لە گـۆڤـارەکـانی ژنـانـدا بـڵاوی کـردوونـەتەوە.

ماریـا مورایـل لە ساڵی (١٩٨٥) دا، یەکـەم رۆمـانی بۆ گەورەکـان نووسی و چاپیکرد. لە ساڵی (١٩٨٧) تیشدا، یەکەم رۆمانی بۆ منـداڵان نووسی بە ناوی مـیسنـێر (نهـێنی) و چاپیکـرد و بـڵاوی کـردەوە. لـەم ساڵەوە خـۆی بـۆی نـووسـینی ئـەدەبیـاتی منـداڵان و مـێردمنـداڵان تەرخـانکـرد.
ماریـا مـورایل بەهـرەی ئەوەشی هەیە کە هـەمیشە هـەوڵی دروستکـردنی ئەوەی داوە، کە کارەکتەرەکانی چـیرۆک و رۆمانەکانی، پەیوەنـدییەکی نزیکی تایبـەتیـیان بە منـداڵان و مێـردمنـداڵانی خـوێـنـەرەوە هـەبـێـت. بابـەتی چـیرۆک و رۆمـانـەکـانـیـشی: سـیاسی، مـێـژوویی، خـۆشـەویـستی، رەخـنـەیی، کـۆمـەڵایـەتی، ئەدەبیـاتی منـداڵان، کـۆمـیـدی، سەرەکـێشی، فـانتـازی، خـەیـاڵـئامـێزی، گوزارشـتکـردن لە ژیـانی رۆژانـەی منـداڵان.
مـاریـا مـورایـل، تا ئێستا نـزیکەی (١٠٠) کـتـێبی نووسیوە و چـاپی کردووە، بەشێکی زۆری کـتێـبەکانی بۆ منـداڵانن. مـاریـا جەخـت لەوە دەکـات، پێویستە چـیرۆکی منـداڵان بە کۆتاییـەکی شـاد بێت نـەک بە کۆتـاییـەکی خـەمگـین. کـتێبەکـانی جـێێ رەزامـەنـدیی خوێنـەران و رەخـنەگـرانـە. هـەردەمیـش هـەوڵی باشـترکـردنیـانی داوە. زۆر جـاریـش پـێـش چـاپی دووەمیـان، چـاوخـشانی بە کـتێبەکانیـدا کـردوون و دەسـتکاری کـردوون. تا بـۆ خـوێنـدنـەوەی منـداڵان و مـێردمنـداڵانی ئـەم سـەردەمە گـونجـاوبـن. کـتـێبەکـانی وەریـانگـێڕاون بـۆ سـەر نـزیـکەی (٣٠) زمـانی جـیهـانی. بەشـێکـیش لـە چـیرۆک و لە رۆمانەکانی، سـیناریـۆیان بـۆ نووسیون و کراوان بە زنجـیرە درامـای تەلەفـزیـۆنی و بە فـیـلمی سـینەمـایی. بە ملیۆنـان دانـەش لە جیهـانـدا، لە کـتێبەکـانی فـرۆشـراون.
تا ئەمـڕۆ لە فەرەنسا و لە دەرەوەدا، خـەڵاتـێکی زۆریان پـێـشکەش بە ماریا کردووە.
ماریا زۆریش گەشتی وڵاتان دەکات و چاوی بە هـەنـدێ لەو خوێنەرانە دەکەوێت، کە کـتێبەکانیان خوێنـدوونەتەوە. دەیەوێت گـوێی لە را و لە رەخنـەکانیان بێت دەربـارەی کـتێبە چاپکـراوە وەرگـێڕاوەکـانی بـۆ زمانـەکانی تـر.
دکتـۆر مـاریـا، چـالاکـوانـێکی چـالاکـیـشە، لە بـواری قـەڵاچـۆکـردنی نەخـوێنـدەواری، لە گەشـەکـردن و بەرزکـردنـەوەی ئاسـتی خـوێـنـدوەی منـداڵان. داکـۆکـیکـەریـشە لە مـافـەکـانی منـداڵانی پـەنـابـەر و لە پـەنـابەران لـە فـەرەنـسـادا.
دکتۆر ماریـا مورایـل، لەم ساڵانـدا(١٩٩٦، ١٩٩٨، ٢٠١٨، ٢٠٢٠) نـاوی لە لیستی کۆتـایی ناوی نووسەرە هـەڵـبژێـراوەکان بـوو، بـۆ وەرگـرتنی خـڵاتی هـانز کریسـتیان ئەنـدەرسـین (خـەڵاتی نـۆبـڵی ئـەدەبی منـداڵان).
(دەستەی جـیهـانی بۆ کـتـێـبی منـداڵان) خەڵاتی هـانـز کـریسـتیان ئەنـدەرسـین (خەڵاتی نـۆبـڵی ئەدەبی منـداڵان) ی ساڵی (٢٠٢٢) یان بەخـشی بە دکتۆر ماریا ئـۆد مـورایـل و بە شـایەنی ئـەم خـەڵاتـەیـان زانی.
ھـیوادارین ئـەو رۆژەش ببینین کە نـووسـەرێک یا وێنەکـێـشێکی کوردمـان، لە بـواری نووسین و وێنەکـێـشانی کـتێـبی منـداڵان، شایەنی وەرگـرتنی ئەم خەڵاتـە جیهـانییە بـن.
من لە نـاخی دڵـمەوە دەڵـێم، کەڵەنـووسەری کوردمـان مامۆسـتا (لەتـیـف هـەڵمەت) لە بواری ئەدەبیاتی منـداڵان لە (چـیرۆک و هـۆنـراوە) دا شایەنی ئەوەیە کە بۆ وەرگـرتنی خەڵاتی (ھـانـز کـریـستـیان ئەنـدەرسـین ـ نـۆبـڵی ئـەدەبی منـداڵان) کـانـدیـد بکـرێـت. بە مەرجێک کۆمەڵێک لە چیرۆکەکانی بۆ منـداڵان، گوڵبژێـر بکرێن و لە کتێبێکـدا بە ناوی (هـەڵـبـژاردە لە چـیرۆکەکانـم بۆ منـداڵان)، لە لایـەن وەرگـێڕێـکی بە تـوانـای کوردمـان وەریانبگـێڕێت بۆ سەر زمـانی ئینگـلـیزی. گەر خەڵاتەکەش نەباتەوە، بەشـداریکـردن و کانـدیـدکـردن و تـۆمـارکـردنی نـاوی لەتـیـف هـەڵـمـەت لە (لـیـستی هـەڵـبـژێـراوان) بـۆ وەرگـرتـنی ئـەم خـەڵاتە، شـانـازییـە بـۆ نـووسـەران و بـۆ ئەدەبـیـاتی منـداڵانی کـورد.

٢ـ وێنەکێش سـوزی لـی، خەڵاتگـری باشترین وێنەکێشی کـتێبی منـداڵان:
سـوزی لی، هـاوڵاتیـیەکی کۆماری کۆریـای باشوورە. لە رۆژی (٩/ شوبـات/ ١٩٧٤) لە شاری (سیئۆل) ی پایتەختی کۆمـاری کۆریـای باشوور، لە ماڵـێکی هـونەردۆست و کـتـێبـدۆستی پـڕ لە کـتێـب لەدایـکبـووە. لە تەمـەنـێکی بچـووکـدا، هـۆگـری هـونـەری وێنـەکـێـشـان بـوو و دەستی بە وێـنـەکـێـشـان کـرد.
سـوزی لی، لە زانکـۆی نیـشـتـمانی سیـئۆل، بەکالۆریـۆسی لە هـونـەرە جـوانەکـان لە هـونـەری وێنـەکـێشـیدا وەرگـرتـووە. وەک هـونەرمـەنـدێـکی وێنـەکـێـشی پـیـشـەیی و لێهـاتـوو دەسـتی بە وێنـەکـێـشان کـرد.
سـوزی لی، وێنەکـێـش و نووسـەرێکی بە توانـای بـواری نووسـینی چـیرۆکی منـداڵانە. جەنـد چـیرۆکی جـوانی بـۆ منـداڵان نووسـیوە خـۆێ وێنـەکـانی بـۆ کـێـشاون. هـۆگـری نـووسینی کـتێـبی چـیرۆکی وێنـەییـە بۆ منـداڵان. هـەنـدێ لە چـیرۆکـەکـانی بۆ منـداڵان تەنیـا (چـیرۆکی وێنـەیی) ن، بێ ئـەوەی هـیچ وشەیـەکیـان تێـدابـێـت.
سـوزی لی هـەر لە بـواری هـونـەری وێنەکـێـشانی کـتێـبی وێنـەیی منـداڵان، لـە ساڵی (٢٠٠١) دا، لە کۆلـێژی هـونەری (کامـبەرۆیـڵ) لە لەنـدەن لە بەریتـانیـا، بـڕوانامەی مـاسـتەری وەرگـرت. پـرۆژەی مـاسـتەرنـامـەکـەشی کـتـێـبی (ئـەلـیـس لـە وڵاتـی سەرسوڕهـێنەردا) یە. چاپیکـرد و بڵاوی کردەوە. هـەر لە رێی ئەم کـتێبەشەوە ناسرا.
سـۆزی لی وەک وێنەکێشـێکی کتێبی منـداڵان، لە کۆریا و لە جیهـانـدا ناوبانگی هـەیە.
سوزی وەک هونەرمەنـدێکی داهـێنەر، بە دواداچـوون بۆ ئەو چـێژ و گـرژییانە دەکات کە لە نێـوان راستی و فـانتـازی دایـە. بە نووسـیـنی ئـەم سێ چـیرۆکە وێنەییـانەی بـۆ منـداڵان (ئاوێـنـە، شەپـۆل. سـێـبەر) سەرەنجی هەزاران هەواداری چیرۆکی منداڵان و رەخنـەگـرانی لە جـیهـانـدا بەدەستهـێـناوە. سـوزی لی، بە چـیرۆکنووسـێکی چـیرۆکی وێنـەیی بێ وشـە یا چـیرۆکی بـێـدەنـگ ناسـراوە.

سـوزی لی، تا ئێستا چەنـدین پێـشانگای تایبەتی لە کۆریا و لەوڵاتانی ئەوروپـا و ئاسیا و ئەمریکادا کـردۆتـەوە. لە کـۆریا و لە دەرەوەدا چەنـدین خەڵاتیان پێشکەش کـردووە. لەوانەش: هەردوو کتێبی ( شەپۆل، سێبەر) لە لایەن (نیۆیـۆرک تایـمز) ەوە، لە ساڵی (٢٠٠٨) و (٢٠١٠) دا. خـەڵاتی (باشـترین کـتێـبی وێنـەیی منـداڵان) یان پێـبەخـشی. کتێبی (شەپۆل) لە (٢٠٠٨) دا وەک باشترین دەق لە لایەن (کۆمەڵەی وێنەکێشان) وە، میـدالیای زیـڕی هـونەری رەسەنیـان پـێـبەخـشی. لە ساڵانی (٢٠٠٨) و (٢٠١٣) دا (خـەڵاتی کـتێـبی کـۆریـا) یان پێبەخـشی. لە ساڵی (٢٠١٣) دا، خـەڵاتی کـتێـبی گـلـوپ هـۆرن، بـۆ (باشـترین کـتێب لە ئەدەبیـاتی منـداڵان) یـان پێـبەخـشی.

ناوی سـوزی لی، لە ساڵی (٢٠١٦) دا، لەنـاو لـیستی کـۆتـایی هـەڵـبژێـراوەکـان بـوو، بۆ وەرگرتـنی خەڵاتی هـانـز کریستیان ئەنـدەرسـین (خـەڵاتی نـۆبـڵی ئەدەبی منـداڵان).

سۆزی لی، لە ساڵی رابـردوو (٢٠٢٢) کە وەکو باشترین وێنەکێشی کتێبی منـداڵان لە جیهـانـدا، لایـەن یەکـێتی نێـودەوڵەتی بـۆ کـتێبی منـداڵان هـەڵـبژێـراو. لەلایـەن شاژنی دانیمارگ، مارگرێتی دووەم خەڵاتی هانز کریستیان ئەندەرسین (نۆبـڵی ئەدەبی منداڵان) و (بـڕوانامەی دپـلـۆم) ی پـێـشکەش کـرا.
سـوزی لی، شۆڕەسوارێکی ناسراوی بواری نووسینی (کـتێبی وێنـەیی بۆ منـداڵان) نە لە جـیهـاندا. پەیوەندییەکی زۆریشی لەگەڵ خوێنەران لە زۆر لە وڵاتانی جیهـان هـەیە.
لـە سـاڵی (٢٠٢٢) دا، لـە لایـەن (دەسـتەی نێـودەوڵـەتی بـۆ کـتـێـبی منـداڵان) کە نووسینگەکەیان لە شاری (بـازل) لە سـویسرایـە. لە (٣٣) دەوڵـەت لە جیهـانـدا (٦٦) وێنەكـێـشیان بـۆ وەرگـرتـنی خـەڵاتی هـانـز کـریستیان هـەڵـبژێـرا بـوون. یەکـێک لەو وێنەکـێشانە سـوزی لی بـوو. لە دوا لیـستی نـاوی هەڵبژێـراوەکان کە (٦) وێنەکـێش بـوون (سـوزی لی) وەک باشترین وێنەکـێشی، وێنەی کـتێبی منـداڵان لە جیهـانـدا، لە لایەن (دەستەی نێودەوڵەتی بۆ کـتێبی منـداڵان) بۆ وەرگرتنی خەڵاتی (نـۆبـڵی ئەدەبی منـداڵان) هـەڵـبژێـرا.
لە لایەن شاژنی دانیمارک (مارگرێتی دووەم) ەوە، خەڵاتی هـانز کریستیان ئەندەرسین، میدالیای زێری (نۆبڵی ئەدەبی منداڵان) و (بڕوانامەی دپلۆم)ی بە سوزی لی بەخـشی.
سـوزی لی، یەکـەم کـۆرییە کە ئـەم خـەڵاتە وەربگـرێـت، دووەم ئاسیایشە کە لە دوای وێنەکێـش (میتسۆ ماسا ئانـۆ) ژاپـۆنی ئـەم خـەڵاتە وەربگـرێـت، کە میتسـۆ مـاسـا لە ساڵی (١٩٨٤) دا وەریگـرت.
سـوزی لی دەڵێت:”شانازی و شکۆدارییە بۆ من، کە لەگەڵ کاندیدکـراوانی مەزنـدا، بۆ بـۆ وەرگـرتـنی ئـەم خـەڵاتە کانـدیـد کـرام. رێـز لە هـەمـوویـان دەگـرم”.
وتیشی:”دڵخۆشیشم، کە ئەم خـەڵاتە وەک هـێمایەکی دانـانپێـنانە بە ئەدەبی منـداڵانی کـۆری لـە هـەمـوو جـیهـانـدا”.

رەزا شـوان
(*) بـۆ ئـەم نووسـینەم، سـوودم لە چـەنـد سـایتـێکی ئـینگـلـیزی وەرگـرتـووە.




هانـدانی منـداڵان بـۆ نووسیـنی چـیرۆک.. رەزا شـوان

بێ جیاوازی هەموو منداڵان لە تەمەنی سێ ساڵییەوە، حەز لە چـیرۆک دەکەن و چـێز و خۆشی لێوەردەگرن، گەرچـیش زۆربەیان لە مەبەستە شارەوەکانی چیرۆکە هـێماییەکان تێناگەن. چـیرۆک هـۆکارێکی گرنگ و شـێواز و رێبـازێکی ئاسانە لە پەروەردەکـردن و فـێرکردنی منـداڵان، لە گەشەکـردنی خەیـاڵ و هـزر و زمـان وتـوانی گوزارشتکـردنیان.
نووسینی چـیرۆک لە لایەن منداڵانەوە، یارمەتییان دەدات بۆ رێکخستنی بیرۆکەکانیان و گوزارشکرن لێیان، بەزمـانێکی نووسراو و گەیاندنی ئەم بیرۆکەکانەیان بە منـداڵانی تر. شارەزایان دەڵێن، هاندانی منداڵان بۆ گێڕانەوەی چیرۆک یەکێکە لە گرنگترین وانەکان، کە پێویسـتە دایـکان و باوکـان فـیری ببـن. گـێڕانـەوەی چـیرۆک هـەستـێکی خـۆش بە منـداڵان دەبـەخـشـێـت. بـەڵام بەشـێکی زۆری دایـکان و بـاوکـان، شـارەزاییـان نیـیە و نازانن، چـۆن یارمەتی منـداڵەکانیان بـدەن بـۆ گـێڕانەوە چـیرۆک و نووسینی چـیرۆک.
مامۆستایانی قـوتابخانەی بنەڕەتی، بە تایبەتیش مامۆستایانی زمانی کوردی، لە وانەی داڕشـتـن دا، وەکـو هـەنـگاوی یەکـەم، دەتـوانـن داوا لـە قـوتـابیـیەکـانیـان بـکەن بـۆ گێڕانەوەی چـیرۆک، دوایش بە نووسین بە کورتی و پوختی ئەو چیرۆکانە بنووسنەوە. دواتریش هـانیان بـدەن کە چـیرۆکی داهـێنراوی زادەی خەیـاڵ و بیـری تایبـەتی خۆیـان بنووسـن، با سادە و ساکار و کورتیشـبن. مەرجـیش نییە هەموو چـیرۆکێک یا کارێکی ئەدەبی بۆ منـداڵان لـۆژیـکی بێـت. بەڵکـو دەشـێت خەیـاڵـئامـزیـش بێـت.
تا ئێسا نووسەرانی گەورە چـیرۆک بۆ منـداڵان دەنووسن و گوزارشت لە هـیوا و خەون و خواستەکانی منـداڵان دەکـەن. لە جیهـانـدا منـداڵانی بەهـرەمەنـدی چـیرۆکنـووس زۆر کەمن. ئەمەش بۆ سـنووری دیاریی خەیـاڵ و زمـان و توانای دەربـڕینیان دەگەڕێتەوە. زۆربەی منداڵان دەتوانن بە شێوازێکی ئاسان و کـورت چـیرۆکەکانی روژانەی ژیـانیان بە زارەکی بگـێڕنەوە. یا بە وێنەکـێـشان و رەنـگەکان گوزارشـتیان لـێبکەن. بەڵام زۆر کەمیان دەتـوانـن بە شـێوازێـکی ئـەدەبی بە نـووسـین چـیرۆکەکـانیان بنـووسـن.
چۆن دەتوانن هـان و یارمەتی منـداڵەکانتان بدەین، بۆ ئەوەی فـێربـن چـیرۆک بنووسـن و ببـن بە چـیرۆکنووس؟ منـداڵان خـاوەنی خەیـاڵـێکی فـراوان. لەوانـەیە بـۆ نـووسـینی چـیرۆک بـۆ منـداڵان، پـێـویـسـتـیان بـە هـەنـدی یـارمـەتـیـدان هـەبـێـت بـۆ بە جـوانی رێکـخستنی بیـرۆکەکـانیان و داڕشتنی چـیرۆکەکانیـان بە شـێوەیەکی ئـەدەبـیی ئاسـان. هـەنگاو بە هـەنگاو چـۆن یارمەتی منـداڵەکەتان دەدەن، تا هـۆگـری نووسینی چـیرۆک بـێت بۆ منـداڵان. یارمەتیدانی منـداڵەکەتان لە سەرەتاوە تا کـۆتایی، رێگایەکی نایابە بۆ ئەوەی ئارەزووی نووسینی چـیرۆک بۆ منداڵان بکات و خـۆی تاقی بکاتەوە. دەتـوانـن سـوود لەم هـەنگاوانە وەربگـرن. دەشێـت ئەم یەکەم هـەنگاوانە بۆ نووسینی چـیرۆک لە لایەن منـداڵانەوە، لە سەرەتاوە چالاکییەکی قـورسبێت، لە هەمان کاتیشدا خۆشبێت:
١ـ پێویستە چـیرۆکی کورت و ئاسان بە وردی و بە شێوازێکی فانتازی بۆ منـداڵەکەتان بگـێڕنەوە. باشتریش وایە کە لە پەرتووکێکـدا لەگەڵ منداڵەکەتاندا، پێکەوە چـیرۆکێک بخـوێنـنەوە. لە دوای خوێنـدنەوەی کـۆمەڵـێک پرسـیار لە منـداڵەکەتـان بکەن. وەکـو: چـیرۆکەکە چـۆنە بە لاتـەوە؟ پاڵـەوان یا کارەکـتەری سـەرەکی چـیرۆکـەکە، چـۆنە بە لاتـەوە؟ ئـایە چـیرۆکنـووسەکە بە باشی کـۆتـایی بە چـيرۆکـەکەی هـێـناوە؟ ئامـانـجی پاڵەوانی چیرۆکەکەی هـاتۆتەدی؟ وشە و رستەکان قـورس نین بە لاتەوە؟ قـسە و رای تۆ دەربارەی ئەم چیرۆکە چییە؟ پرسیار گەلێکی لەم جۆرە. داواشی لێبکەن بە زارەکی چـیرۆکەکە بگـێڕێتەوە. تا بـزانـن تا چەنـد لەگـەڵ چـیرۆکەکەدا بـووە و وەریـگـرتـووە. خـوێنـدنەوەی چـیرۆکی بـاش، یـارمـەتی منـداڵانی ئـارەزوومەنـدی نووسـینی چـیرۆک دەدات، کە چـۆن خـەیـاڵ و بیـرۆکەکـانیـان رێکـبخـەن و چـۆن لە نووسـینی چـیرۆکـدا ئـەم بیـرۆکانەیـان دابـڕێـژن و بە منـداڵانی تـری بـگەیـەنـن.
٢ـ دەشـێـت دۆزینـەوەی ئیـلهـام و بـیرۆکـەی بـاش بـۆ نـووسـینی چـیرۆک، لـە لایـەن منـداڵان و گەورەکـانیشەوە کـارێکی ئاسـان نەبێـت. دەکـرێت منـداڵی چـیرۆکـنووس لە بەسەرهاتەکانی و لە ژیـانی رۆژانەی ئیلهـام و بیرۆکەی نووسینی چیرۆکی بۆ بێت. یا لە رووداو و بەسەرهـاتێکی راستییەوە. بۆ نموونە: یەکەم رۆژی یەکەم جـاری چوونی بۆ قـوتابخانە. یا گەشتێکی لە بەهـاردا لەگەڵ هـاوڕێکانی بۆ سەیـرانگایەکی کوردستان، نووسینی چیرۆکێک کە داپیرەی یا باپیـرەی بـۆێ گـێڕاوەتەوە، دەتـوانێـت بە دەستکاری و بـە کـورتی بـینـووسـێـت. یا چـیرۆکـێک لە بیـرۆکـەیـەکی داهـێـنانی زادەی خـەیـاڵ و بیـری خـۆی بێت. هەردەمیش بیـرۆکەی باش هـیوا و گەشبینی بە منداڵان دەبەخـشێت.
٣ـ دیاریکـردنی پاڵەوان یا کارەکـتەری سەرەکی چـیرۆکەکە. لەگەڵ دیاریکردنی رۆڵیان. گەر تێ نەگەیشت پاڵەوانی سەرەکی چییە. تێی بگەیەنە پاڵەوان یا کارەکتەری سەرەکی لە چیرۆکدا، ئەو کەسەیە کە لە بەشێکی زۆری رووداوەکانی چیرۆکەکە بەشدار دەبێت. مەرجیش نییە پاڵەوان یا کەرەکتەرەکان مـرۆڤـبن، دەشـێ ئاژەڵ یا باڵنـدە یا دار و شـتی بێ گیـان بـن. باشـتریش وایـە لە پـێشا دەسـت بە نووسـینی ئـەو چـیرۆکـانە بـکات، کە پاڵەوانێک یا دووان رۆڵیان تێیدایە، پاڵەوان و کارەکتەرەکانیش نامۆ نەبن و لە ژینگەی منـداڵانی کوردەوە دوورنـەبـن.
٤ـ ملمـلانـێی نێـوان کارەکتـەرەکـان، مەبەستیـش لە چەمـکی ملمـلانێ، ئـەو گـرفـت و کۆسـپانەیە کە دێنـە رێی پاڵـەوان و کارەکتەرە سەرەکـییەکان. بـۆ نمـوونە لە رێگای چـوونی بۆ سەردانی ماڵی داپـیرەی تووشی زریانێک بـوو. لە منـداڵەکەت بپرسە چـۆن پاڵەوانی چـیـرۆکەکەت خـۆی لەو زریـانە دەپارێـزێـت و دەگات بە مـاڵی داپـیرەی. دوای گەیـشـتن بە ئامـانج. چـی پەنـد و وانـەیەک لـەم چـیرۆکـەدا هـەیە؟.
٥ـ دیاریکـردنی کـات و شـوێـن لە چـیرۆکـدا. ئایا کـاتی رووداوەکـانی چـیرۆکـەکە، لە رابـردوو یا لـە ئەمـڕۆ دایـە، لە زســتان یا لـە هـاویـن دایـە. لە دێ یا لـە شـارێـکی کوردسـتان دایـە، لە قـوتـابخـانە یا لە سـەیـرانگا یا لە باخچـەیـەک دا بـوو… هـتد.
٦ـ پێویستە منداڵی چـیرۆکنووس ئەوە بـزانێـت، هەمـوو چـیرۆکێکی باش سەرەتـا و ناوەڕاست و کۆتایی هـەیە. بە زۆریش خاڵێکی وەرچەرخان لە ناوەڕاستی چـیرۆکـدا روودەدات، چـیرۆکەکە خۆشـتر دەکـات و بەرەوە چـارەسـەری گـرێی چـیـرۆکـەکە و کۆتـاییەکی باش دەبێتـەوە.
٧ـ کۆتـایی لە چـیرۆکـدا زۆر گـرنگە. هەموو چـیرۆکێکی باش بۆ منـداڵان بە کۆتاییەکی باش کۆتایی دێت. بە خۆشی و بە شادی و بە سەرکەوتنی پاڵەوانی چـیرۆکەکە کـۆتـایی دێـت.. هەرگـیز نابێت بە تـراژیـدیـا و بە ناخـۆشی و نائـومێـدی و رەشـبیـنی کـۆتـاییـان پێ بێـت. هـەر کۆتـاییەکیـش وانـە و پەنـدێـکی لەخـۆگـرتـووە.
٨ـ دیالـۆک لە نێـوان کارەکتەرەکاندا، رەگەزێـکی گـرنگی چـیرۆکی منـداڵانە. دیالـۆگ چێـژ و خۆشـییەکی زیـاتر بە گـێڕانەوەی چـیرۆک بۆ منداڵان بە نووسین دەبەخـشێت.
٩ـ پێویستە منـداڵی چـیرۆکنووس، لە سەرەتای چـیرۆکەکەیدا، پاڵەوان یا کارەکتەری سـەرەکی چـیرۆکـەکەی بناسێـت.
١٠ـ لە سەرەتـادا لە نووسی چـیرۆک، تەنیا مەبەسـتێک یا ئامانجـێک دیـاری بکات.
لە مەبەستێک زیاتربێـت، بیری ئاڵۆزدەکات و لە توانایـدا نییە. ئامانجـەکانی بێنێتەدی.
١١ـ دانانی نیشانەکانی خاڵبەنـدی لە نووسینی چـیرۆکـدا لە شـوێنی دروستی خۆیـانـدا.
١٢ـ پێویستە زمـانێکی سـووک و ئاسانی کـوردی، لە نووسینی چـیرۆک بـۆ منـداڵان بەکاربهـێنرێـت. دووربێـت لە وشـە و لە رسـتەی گـران. لە پەرەگـرافـی درێـژ.
١٣ـ نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان، پـرۆسەیەکە هـەمیـشە لە پێـشکەوتن و داهـێنان و ئافـرانـدن دایـە. هـەنگاو لە دوای هـەنگاو، ئاستی منـداڵانی چیرۆکنووس لە نووسینی چـیرۆکـدا بەرزتـر دەبـێـتەوە.
١٤ـ لە ئینتەرنێتدا ئیمێلێک بۆ منـداڵەکەتان بکەرەوە و هـانی بدەن، کە ئەو چـیرۆکەی نـووسیوێـتی، لە ئینـتەرنێـت بینووسـێـت. چـونـکە نـووسـین لە ئینتەرنێتـدا سـەرەڕای خۆشی، شارەزایی تەکـنیکی نووسینی پێـدەبەخـشـێت. ئێـوەش بە وردی چـیرۆکەکەی بخـوێننەوە و تێبینییەکـانتانی پێ بڵـێـن. بەڵام رای خـۆتـان نەسـەپێـنن بە سـەریـدا.
١٥ـ هـانی منـداڵەکەتـان بـدەن، کە چـیرۆکەکەی پێـشانی چـیرۆکنووسـێکی گەورەی منـداڵان بـدات. تا سـوود لە لە تێـبینی و لە رێنـماییەکانی وەربگـرێـت.
١٦ـ دوای دەستکاریکردن و راستکـردنەوەی هـەڵـە رێنـووسـییەکانی و پـوخـتکـردنی چـیرۆکـەکەی، هـانی بـدەن کە لەگـەڵ وێنـەیەکی خـۆیـدا چـیرۆکـەکەی بـۆ گـۆڤـارێـکی منـداڵانی بنـێرێـت. بڵاوبـوونەوەی چـیرۆکەکەی لـەو گـۆڤـارەدا، سـەرەڕای ئـەوەی کە خۆشییەکی زۆری پێدەبەخـشێت. دەبێتە هاندەریشی بۆ درێژەدان بە نووسینی چـیرۆک.
رەزا شـوان




ڕێگەکانی وانە وتنەوە لە باخچەی منداڵاندا.. ئامادەکردنی:عەلی حەمەڕەشید*

وانە وتنەوە بە چەند رێگەیەکی جیاواز لەگەڵ ئەوەی کارامەیی و سەلیقەی مامۆستا دەردەخات، چێژ و خۆشییەکی زیاتریش بە منداڵ دەبەخشێت بە تایبەتی لە باخچەی منداڵاندا. باخچەی منداڵان کاتێک دەبێتە شوێنێکی ئارام تا منداڵان بە ئاسودەیی کاتەکانی خۆیانی تێدا بەسەر بەرن و وەک ئامێزێکی واڵا هەمیشە کراوە بێت بۆیان، دەبێ نمە بارانی سۆز و شنەبای خۆشەویستی بدات لە رووی منداڵان و لە دڵەوە پێشوازی لەو سۆز و خۆشەویستییە بکەن، نەرمونیانی مامۆستایان وەک شیلەی هەنگوین منداڵان چێژی لێوەردەگرن و بێ ترس و دوو دڵی بە باوەڕ بە خۆبوونەوە لەگەڵ مامۆستاکاندا بدوێن و رازی دڵە بچکۆلەکانیان لایان بدرکێنن. بە ئارەزووی خۆیان بەشداری وانە و یاری و چالاکییەکان بکەن و بەهرە و تواناکانیان پێشکەش بکەن و مامۆستا بەڕێزەکانیش لەلایەن خۆیانەوە پەرە بەو بەهرە و توانایانەی منداڵان بدەن تا بە شێوەیەکی دروست گەشە بکەن.
وانەیەک لە پەرتوکی شارەزایی و چالاکییەکان لە یەکەی (ئاژەڵ) بە سێ رێگەی جیاواز (چیرۆک و شانۆ و داتاشۆ) یەکێکی تر بوو لەو چالاکییانەی کە بەسەرپەرشتی لیژنەی باخچە ناحکومییەکان و هاوڕێی رەخنەگر و کارگێڕی باخچەی منداڵانی ئەستێرەی حکومی بۆ مامۆستایانی باخچە ناحکومییەکان کرا. ئەو دوو مامۆستایەی وانەکەیان دەوتەوە هۆی روونکردنەوە و فێرکردنی جیاواز و پێویستیان بەکار دەهێنا بە هاوکاری وانەکەیان پێشکەش بە ئامادەبوان کرد، بێجگە لەو دوو مامۆستایە، مامۆستای مۆزیک و شانۆ بە کارەکانیان بەشێک بوون لە وانەکە و چالاکییەکانی ئەوانیش وەک مۆزیک و گۆرانی و شانۆ وای لە منداڵان کردبوو زیاتر بیر و هۆشیان لای وانەکە بێت و چێژی لێوەربگرن و زانیاری فێر ببن، سەرەتای وانەکە بەچالاکی و وەرزش دەستی پێکرد و بەخێرهاتنی میوانەکان، ئەمەش وادەکات منداڵ چالاکتر بێت بۆ وەرگرتن و گوێگرتن لە وانەکە و فێری ئەوەش ببێت میوان یان کەسانێکی تر روویان کردە باخچە یان ماڵەوەیان بەخێرهاتنیان لێبکەن، ئەمەش بەهایەکی جوانە منداڵ فێری دەبێت. بەکارهێنانی دوو جۆر کاتژمێری رەنگ جیاواز، یەکێکیان رەش بوو بۆ شەو مامۆستا منداڵێکی هەستان و سەعات نۆی دیاری کرد بۆ خەوتن لەشەودا، ئەمەش رۆژانە دووبارە دەکرێتەوە و منداڵ وای لێدێت لە ماڵەوە پابەند بێت پێوەی. هەروەها کاتژمێرەکەی تریان رەنگی شین بوو بۆ کاتی لەخەو هەستان بەکاری دەهێناو بەهەمان شێوە منداڵێکی هەستان بۆ دیاری کردنی کاتی لەخەو هەستانی بەیانیان ئەویش سەعات 7 بوو، ئیتر باسی ئەو کارانەش کرا دوای هەستان لەخەو پێویستە منداڵ بیکات، ئەمەش وا لە منداڵ دەکات بڕوای بەخۆی ببێت لە کردنی کارەکانی و پشت بەخۆی ببەستێت نەک هەر چاوەڕوانی دایکی یان کەسێکی تر بکات یارمەتی بدات و بۆی بکات.
چەند خۆشبوو دوا بە دوای ئەم کارە موزیک و گۆرانی (چۆلەکە) منداڵەکانی زیاتر خستە خۆشی و هەموان پێکەوە دەیان وتەوە، هاندان و چەپڵە و ئافەرینی مامۆستا زیاتر خۆشی دەخستە دڵی منداڵەکانەوە. ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو مامۆستا منداڵێکی هەڵدەستان بۆ کردنی کارێک وەک ماسی بە شێوەی مەلە، یان کەروێشک بەقونەقون دەڕۆیشت بۆ لای مامۆستای گۆرانی ئەو گیاندارەشیان دەوت، ئەمانەش وایدەکرد وانەکە بەتەواوی یاری ئامێز بێت و منداڵ بێزار نەبێت لە گوێگرتن لە وانەکە. کارێکی تر لە ناوەڕاستی وانەکەدا جێیان کردبوەوە باسکردن و دووبارەکردنەوەی دید و پەیامی باخچە بوو لەلایەن مامۆستایەکی ترەوە بێجگە لەو دوو مامۆستایەی وانەکەیان دەوتەوە پێشکەش کرا، بە باشی بەشێوەی گفتوگۆ و دواتریش بە گۆرانی پێکەوە وتیان سەرجەمیان بەشداربوون لە گۆرانییەکەدا. بەشێکی تری وانەکە بەرێگەی چیرۆک بوو، یەکێک لە مامۆستاکان چیرۆکەکەی دەگێڕاوە. بۆیە پێویستە ئەو چیرۆکانەی بۆ منداڵانی باخچەی منداڵان دەنووسرێن جیاواز بن و بەتەواوی لەگەڵ ئاستی تەمەنیاندا بگونجێت. چونکە ئەو چیرۆکانەی منداڵان دەیبیستن، چ پێش خەوتن یان لە رۆژدا بە گشتی و بەتایبەتی لە کاتی وانەدا لە باخچە، لەو شتانەن چێژێکی زۆریان پێدەبەخشن.
جگە لەو دیمەن و وێنە خەیاڵییانەی لە کاتی بیستنی ئەو چیرۆکانەدا دەیکێشن، چەندین بەهایان فێر دەکەن، وەک گرنگی راستگۆیی، متمانە پێکراوی، جێبەجێکردنی بەڵێنەکان، باوەڕ بەخۆبوون. مامۆستا لە چیرۆکەکەدا باسی گوندێکی دەکرد چۆن ئاژەڵیان هەیە و بەرهەمی چییە و جیاوازی نێوان ئاژەڵی ماڵی و ئاژەڵی کێوی بەشێوەیەکی ورد و جوان شیکرایەوە و مامۆستا لە میانی چیرۆکەکەیدا خۆی نووسیبووی و ئامادەی کردبوو خرایە روو، چەند جوان و سەرنجڕاکێش بوو ئەو خانوە بچکۆلانەیەی دروستکرابوو، مامۆستا وەک هۆی روونکردنەوە بەکاریدەهێنا و هەموو ئەو گیاندارانەی باسی دەکردن داینابوون بە شێوەی گیاندارەکە و بە بچووکی و لەگەڵ ناوهێنانی بەرزی دەکردنەوە تا بە جوانی بیبینن. باسکردنی جیاوازی نێوان گیانداری ماڵی و کێوی بەشێوەیەکی زۆر جوان روونکردەوە، (مانگا)ی وەک گیانداری ماڵی لەچیرۆکەکەیدا باسکرد و باسی شیر و هەموو ئەو بەرهەمانەشی کرد کە لە شیر دروست دەکرێت. هەروەها هەمان بابەت بە رێگەی داتاشۆ نیشاندانی کۆمەڵێک باڵندە و گیاندار بوون زیاتر خۆشی دەدا بە منداڵان و تەماشایان دەکرد، دواتر مامۆستا کۆمەڵێک وێنەی بە هەڵگەڕاوەیی دانا و یەک یەک منداڵانی بانگ دەکرد بۆ ئەوەی وێنەیەک هەڵبگرن تا بزانن چییە، وەک یارییەک وابوو. لە بەشێکی تری وانەکەدا شانۆییەکی بچووکیان ئامادەکردبوو باسی لە هەمان بابەت دەکرد بە هاوکاری مامۆستای شانۆی باخچەکە، کارکردن بە گروپ لە پێناو سەرکەوتنی هەمواندا کارێکی پڕ لە گیانی هاوکاری بوو لە دواجاریشدا دەبێتە خاڵی گەش بۆ سەرکەوتن، هەموان هەوڵی بۆ دەدەن.

تێبینی:
• هەردوو مامۆستا بەڕێزەکە لەم وانەیەدا هەوڵیاندا یەکەی ئاژەڵ بەکورتکراوەیی بڵێنەوە کە خۆی لەڕاستیدا چەند رۆژێکی دەوێت بۆ وتنەوەی، بەڵام ئەمان لەبەر ئەوەی وانەکەیان بۆ راهێنان بوو بۆیە توانیان بەسەرکەوتوویی بە سێ رێگەی جیاواز بیڵێنەوە.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی




چەنـد شێوازێکی ستراتـیژی لە پـەروەردەکردنی منـداڵان.. رەزا شـوان

پەروەردەکردنی راست و دروستی منـداڵان ئەرکـێکی پیـرۆزە و کـارێـکی جیـاوازە و وەک هـیچ کارێکی تر نییە، چونکە پەروەردە بنەمای ژیانە و داهـاتووی هەر گەل و وڵاتـێکی پێـوە بەنـدە. لـە ئەمـڕۆدا پەروەردەکـردنی منداڵان بۆتـە کاری لە پێـشینە و پـرۆژەی ستراتیـژیی گـەلان. بەڵکـو گـرنگـیـدان بە پـەروەردەکـردنی منـداڵان، بـۆتـە پێـوەر بـۆ هـەڵسەنـگانـدنی رادەی پـێـشکەوتـن و شارسـتانی گـەلان و وڵاتـان.
پەروەردەی دروست و ئەرێنی منداڵان کارێکی ئاسایی و ئاسان و بێ ماندووبوون نییە. بەڵکو سەخـترین و قـورسـترین و هەستیارتـرین و چارەنـووسسازتـرین ئەرک و کارە. بە زۆریـش ئـەم ئەرکـە دەکـەوێتـە ئەسـتۆی دایـکان و باوکـان و بـاخچـەی منـداڵان و قـوتـابخـانەی بنـەڕەتی. بـۆیە پەروەردەکـردنی ئەرێنی و دروستی منـداڵان پێویستی بە شـارەزایی و هـۆشـیاری و زانـستی و شـێوازی سـەرکـەوتـن و هـاوسـەنـگی هـەیە.

(ئەلـیزابێـت ماخـت) دەڵـێت:”لە کاتی ئەنجامدانی پەروەردەکردنی منـداڵەکانمانـدا، هەر هـەڵـەیـەک بـکەیـن، دەبێـتە هـۆی دۆڕانـدنی جەنـگـێک کە لـە پێـناوی داهـاتـوویـەکی باشتردا، دەستمان پێکـردووە”. لەم روانگەیەوە پێویستە ئەوە بـزانین کە چ ئەرکێکی پیـرۆز و هـەستـیار چـارەنـووسسازمان لـە ئەسـتـۆدایە. ئـەو داهـاتـووە گـەشـەی کە هـیواخـوازیـن بـێـتەدی، لـە سـایـەی پـەروەردەکـردنی راسـت و دروسـت و ئـەرێـنی منـداڵاکـانمانـدا دێتـەدی. چـونـکە منـداڵەکـانی ئەمـڕۆمـان، داهـاتـوومـانـن و هـەمـوو کـاروبـارێـکی کوردسـتانی شـیرینمـان بـەڕێـوەدەبـەن.
لەم سەردەمەدا، سەردەمی گـڵوبالیزمی و شۆڕشی تەکنەلـۆژیا و گۆڕانکارییە خێراکان و داهـێنای سەیـر و سەمەرەدا، هـێـندەی تر پەروەردەکـردنی منـداڵان قـورستر بـووە. بۆیـە پێویستیمان بە شارەزاییەکی زیـاتر و مودێـرن هـەیە. بە شێواز و رێبـازی نـوێ منـداڵەکانمان پەروەردە بکـەین و رایـابهـێنین و ئامادەیـان بکـەین. تا نابـەڵـەد و نامـۆ نەبن و بتوانن لەگـەڵ رەوتی پێشکەوتـن و جیهـانگـیریـدا دەربـەرن و رامـان و دامـان نەبـن. چونکە پەروەردەی کلاسـێکی و شـێواز سەپانـدن و تەڵـقـین ئاسایی ئێکـسپایەر بـووە و بـۆ منـداڵانی ئـەم سەردەمـە ناگـونجـێـت.. بۆیە پێویستیمان بە گۆڕانکارییەکی ریشـەیی لە پەیـڕە و پـرۆگـرامەکـانی پـەروەردەکردن و فـێرکـردن و خـوێنـدنـدا هـەیە. کە لە ئاستی خۆاسـت و هـێوا و خـەونەکانی منـداڵانی چاوکـراوەی ئەم سەردەمەدابـن.
لە ئەمـڕۆدا، باس و لێکۆڵـینەوەی ئاکادیمی زۆر لەسەر رێبـاز و شێوازی ستراتـیژیی نـوێی پـەروەردەکـردنی راست و دروست و ئەرێـنی منـداڵان دەکـرێـت و گـەلێ تيـۆری پـەروەردەیی و ئەزمـوونی تـازە هـاتـوونەتە ئـاراوە، گەلێ تـوێـژینەوەی پـراکـتیکی و مەیدانی لەم بوارەدا لەسەر ئاستێکی باڵا ئەنجامـدراون. کە هـاندەرن بۆ گەشەکردن و پێشکەوتـنی پەروەردەیی منـداڵان و وەرگـرتی شارەزایی زیـاتر لە بواری پەروەردەی منـداڵانـدا. تەنیـا لە سایـەی بیـردۆزی تـازە و لـێکـۆڵـینەوە و بـاس و هـیواخـوازی و دروشمدا، ئامانجەکان لە پەروەردەکردنی دروستی منـداڵان نایەنەدی. بەڵکو پێویستە پێـداویستیـیەکانی گەشەکـردن و پێشکەوتـن و هەموو خـزمەتگـوزارییەک لە هەمـوو بوارەکـانـدا بۆ منـداڵان دابیـن بکـرێـن. پـەروەردەی ئەرێـنی کاریـگەریـیـەکی قـووڵی لەسەر گەشـەکـردنی جەسـتەیی و دەروونـی و سـۆزداری و رەفـتاری و رەوشـتی و هـەستیاری و زەیـنی و هـۆشـیاری و کـۆمـەڵایەتی منـداڵانـدا هـەیە.
رێبـاز و میتـۆدی نوێی زۆر هـەن، بۆ پەروەردەکردنی دروسـت و ئەرێنی منـداڵان، کە پێویستە دایکان و باوکـان و دادەکـان و مامۆستایانی قوتابخانەی بنەڕەتی بیانزانن، لە پەروەردەکـردنی منـداڵەکـانیـان و قـوتـابییەکـانیانـدا بە کـرداری پەیـڕەویـیـان بـکەن. لەگەڵ ئەمەشدا، هـیچ رێبـاز و شـێوازێکی سـتانـداردی دایـکایەتی و باوکـایەتی نیـیە، کە بـۆ هەمـوو دایـکان و باوکـانی هـەمـوو منـداڵان بـشـێـن.
لە ماڵپەڕی (ئەمازۆن. کـۆم) دا، نزیکەی (٤٠) هـەزار پەرتووکی پەروەردەیی هەیە، دەربارەی دایکایەتی و باوکایەتی و پەروەردەکـردنی منـداڵان. مـژدە خۆشـەکە ئەوەیە کە دایـکان و باوکـان، دەتـوانـن بیـرۆکە و چـەمـکی نـوێی پـەروەردەیی فـێربـبن.

بە کورتی و بە چـڕی، باس لە چەنـد شـێوازێکی سـتراتـیژی پـەروەردەی دروسـت و ئەرێـنی منـداڵان دەکـەین، هـیواداریـن دایـکان و بـاوکـان سـوودیـان لـێـوەربـگـرن:
١ـ سـۆز و خـۆشـەویـسـتی و مـیهـرەبـانی هـەمـیـشـەیی: لـە پـێـشـەنـگی شـێـوازی ستراتـیژیی پەروەردەکردنی نـوێی راست و دروست و ئەرێنی منـداڵان دایە. زانایانی دەروونناسی منـداڵان و پەروەردەکاران، هـەردەم جـەخـت لەسەر ئەرێـنی ئەم لایەنە دەکـەنەوە. بە پێـدانی سـۆز و خـۆشـەویستی لـە لایـەن ئێـوەی دایـکان و باوکـانەوە، ئاسوودەیی و دڵـنیایی و گەشـبینییەکی زیـاتر بە منـداڵەکانتان دەبەخـشن، هـۆیەکیشن بـۆ باشترکـردنی کـواڵـێـتی پەیـوەنـدییـەکـانتـان لەگـەڵ منـداڵەکـانتـان دا.
٢ـ هـانـدان و ستایش و دەستخۆشی و خـەڵاتکـردنی منـداڵەکانتان لە پاداشتی رەفتاری باش و کاری جـوان و داهـێـنان و سەرکـەوتن لە بـواری ئاکادیـمی و لایـەنەکانی کەدا: هـیچ شـتێک بە قـەی سـتایش کاریگەریی ئەرێـنی لەسەر دەروونی منـداڵانـدا نیـیە. بە ستایش و هـانـدان، متمانەیەکی زیاتر بە منـداڵەکانتان دەبەخــشن. تێـدەگـەن کە رێـز و پێزانینتان بـۆ کـارە جوانەکانیان هـەیە. هـەست بە شانازیش دەکەن. بە پێچەوانەشەوە، پێـویستە لـە لـۆمـەکـردن و تـەریـقکـردنـەوە و هـەسـت بـرینـدارکـردنی منـداڵەکـانتـان دووربکەونەوە. هەرگـیز لە بەردەم هـاوڕێکانیانـدا مەیـانـشکـێنـنەوە. زۆر ئافەرینێک یان چـاپـڵەلـێـدانێـك، یا هـەربـژیـت، رەنـگە چـێژ و کاریـگەریی خـەڵاتێکـیان هـەبێـت.
٣ـ هـاوبەش و هـاوکاربن لە چـارەسەرکـردنی ئەو گرفـت و کـێـشانەی کە رووبـەڕووی منـداڵەکانتان دەبنەوە: پێویستە لە پێشا خۆتان تێ هەڵنەقـورتێنن و بـوار بە منداڵەکانتان بـدەن، پشت بە خۆیان ببەستن، بیربکەنەوە و هەوڵـبدەن و خۆیـان چارەسەری گونجـاو بۆ گرفـت و کـێشەکـانیـان بـدۆزنـەوە. ئەگـەر لە تـوانـای خـۆیـانـدا نەبـوون، ئەوسـا لـە دانـانی چـارەسـەری گـونجـاودا بەشـداربـن.
٤ـ دانانی سنوور و یاسا و دیسپلین لە ماڵەوەدا: دیسـپلـین لە هەموو ماڵـێکـدا پێویستە. ئـامـانجـیـش لە سـنـوور و دیـسـپلـین یـارمـەتیـدانی منـداڵانە بـۆ هـەڵـبژاردنی رەفـتـارە ئەرێنییە قبووڵکراوەکان و فێربوونی خۆکۆنترۆڵکردن و رێزگرتنە لە یاسا و دەستوور. لەوانەیە منداڵەکانتان ئەو سنوورانە تـاقی بکەنەوە کە ئێـوەی دایکان و باوکان بـۆیان دادەنێن. بۆ نموونە: بۆیـان نەبێـت تا ئەرکەکانی قوتابخـانەیان جـێبەجێ نەکەن، نابێـت سەیری تەلەفزیۆن و ئایپاد بکەن. ناشبێت لە ماوەی دیاریکـراو زیاتر سەیریان بکەن.
٥ـ بە مۆدێلکـردنی ئەو خەسڵەتە جـوان و پێویستییانەی کە دەتانەوێت لە منداڵەکانتاندا بەرجەستەیان بکەن: وەکو: خۆشەویستی، رێزگرتن، هاوڕێتی، راستگۆیی، میهرەبانی، نیشتمان پەروەری، دڵـسۆزی، هـاوکاری، ئازایەتی، خـۆنەپەرستی، لێبووردن،… هـتد.
٦ـ هـانـدان و راهـێنانی منـداڵەکانتان، بۆ متمانەبەخـۆبـوون و پشتبەستن بە تـوانـاکانی خۆیـان و هەڵگـرتنی بەرپـرسـیارێتی: زۆر گرنگە منـداڵەکانتـان وا پەروەردەبکەن کە بـڕوا و متمانەیان بە تـوانـاکانی خۆیـان هـەبێت، بتوانن بەرپـرسبن لە ئەنجـامی کار و رەفـتارەکانیان. ببن بە خـاوەنی ئیرادە و بتوانن بـڕیـار لەسەر ئەنجامـدانی کارەکـانیان بـدەن و لە هـەڵـە و شکـستی نەتـرسن و ئەزمـوون لە تاقـیکردنەوەکانیان وەربگـرن.
٧ـ رێـزگـرتن لە کەسـایـەتی منـداڵان و بە هـەنـد زانـینیان: منـداڵان وەکـو گـەورەکان، خاوەنی هەست و سۆز و کەسایەتی و شکۆداری خۆیـانن. پێویستە لەو بـڕیارانەی کە پەیـوەنـدییان بە چارەنووسی خۆیانەوە هەیە، بەشداریان بکەن و پشتگـۆێیان مەخەن. ئەوسا منـداڵـەکانتـان هـەسـت بـەوە دەکـەن، کـە بـە هـەنـدیـان دەزانـن و رێـزتـان بـۆ کەسایەتییان هـەیە و پـێزانینتان بۆ راو و بۆچوونەکانیان هەیە. خۆیان بە بەشێک لە خـێزانەکانیان دەزانـن و هـاوبەش دەبـن لە بەرپـرسیارێتی ئەنجامەکانی بڕیارەکانتان. لایەکی کەشەوە، پەیوەنـدییەکانتان لەگەڵ منداڵەکانتانـدا بەهـێزتـر و شـیرینتر دەکەن. دەشبـن بە خـێزانـانی رێـکـوپـێک و تەبـاو و بەختـەوەر.
٨ـ بە کۆمەڵایەتی کردنی منـداڵان: هـانی منداڵەکانتان بـدەن کە پەیوەندییەکی هاوڕێتی راسـت پێکـبهـێنن و هـاوڕی دڵسـۆزی هـاوتـەمەنیـان بگـرن. هـەمیـشە رووخـۆش و کـراوە و خاکی بن. چونکە هـاوڕێتی لە گۆشەگـیری و تەنیایی و دووریان دەخەنەوە. هـانیـان بـدەن لەگـەڵ منـداڵانی تـردا یـاری بـکەن. تا لە داهـاتـوودا ببـن بە کەسـانی کـۆمەڵایـەتی و یەکـتری قـبووڵ بکەن.. لەگـەڵ کەسانی تـردا هـەڵـبکەن و بسازێـن.
٩ـ تووڕە مەبن و هـاوار بەسەر منـداڵەکانتان مەکەن: لە تـوێـژینەوەیەکدا کە لە ساڵی (٢٠١٤) دا ئەنجـام دراوە، ئـەوەی دەرخـسـتووە کـە هـاوارکـردن بەسـەر منـداڵانـدا، ئەگـەری تووشبوونیان بە خەمووکی زیـاتر دەبێت و زیـاتـریش یاخی و بەلەسە دەبن. ناتوانـن لەڕێی هـاوارکردن و قـیژانـدنەوە، دەیسپلینی منـداڵەکانتـان بکەن. دەتـوان بە گـفـتوگـۆ و دیـالـۆگ و بە قـسەی خـۆش و بە زمـانێکی شـیریـن و دیـپلـۆمـاتی لێـیان تـێـبگەن و هـەمـوو راز و نیـاز و کـێشەکانیـان بـۆتـان باس بـکەن.
١٠ـ هـەرگـیز قـسەی ناشـیریـن و نەشـیاو و هـەسـت بـریـنـدارکـەر بـە منـداڵەکـانتـان مەڵین. وەک: گەمـژە، گەلحـو، نالەبـار، تەمەڵ، کـەر، شێـت، هـیچ لەبار،… هـتد. ئەم وشە ناشیرینانە، کاریگەری خراپی لەسەر دەروونیان دەبێت. خۆیان بە کەم دەزانـن و واش هـەست دەکەن، کە ئێوەی دایـکان و باوکانیان خۆشـیان ناوێـن و سۆزتان بۆیـان نیـیە. هـەڵـەیەکی گەوەرەشە کە منـداڵەکانتان بە منـداڵانی تـر بەراورد بـکەن و لـەوان بە کەمتریان بزانن. ئەم بەراورکردنانە دبنە هـۆی رق و ئیـرەیی بردن بە منـداڵانی تر.
١١ـ جیـاوازی نەکـردن لـە نێـوان منـداڵـەکـانتـان لـە رووی رەگـەزی و ئـەقـڵی و کـەم ئەنـدامی یا هەر جیاوازییەکی تر: وەکو یەک سـۆز و خـۆشـەویستیتان و میهـرەبـانیتان بـۆیان هـەبێـت. تا منـداڵەکانتان یەکـتری قبـووڵ بکەن و دووربـن لە رق و لە ئیـرەیی.
١٢ـ پێویستە ئێـوەی دایکان و باوکـان، لە رەفتـار و هەڵسوکەوت و قـسەکانتـان، ببن بە پێشەنـگ و سەرمەشـق بۆ منـداڵەکانتان: چونکە منداڵان چاولێکەرن، چاو لە ئێوە دەکەن. نابێت هەرگیز درۆیـان لەگەڵـدابکەن، یا شـەڕ و ئـاژاوە لە بەردەمیانـدا بکەن.
١٣ـ پێـدانی رووبەرێـکی ئـازادیی فـروان بە منـداڵەکانتان: ئازادی وەک هەوای پاک و ئـاوی شـیرین و خـۆراک و خـەو، بـۆ منـداڵان و بۆ گەورەکانیش پێویسـتییەکی ژیـانە. تا منـداڵان بەبێ تـرس و بە راشکاوی گوزارشت لە راو و بۆچـوونەکانی ناخی خۆیان بـکەن. ئەوەش بۆ ئێـوەی دایـکان و باوکـان دەردەکـەوێـت، کە چی هـیوا و خـەون و خـۆزگە و راز و نیـازێـک لە خەیـاڵ و لە بیـری منـداڵـەکانتانـدا هـەیە. بـۆیـە ئـازادی شـێوازێکی سـتراتـیژی پێـویـست و گـرنـگە لە پەروەردەکـردنی دروسـتی منـداڵانـدا.
١٤ـ دابین کردنی پێداویستییەکانی گەشەکردنی بەهـرە و ئارەزووەکانی منـداڵەکانتان: بێگـومـان هـەر منـداڵـێک بەهـرەیـەک یا ئـارەزوویـەک، یا زیـاتـریان هـەیە، وەکـو: وەرزش، وێنەکـێشان، موزیک و گۆرانی، هەڵـپەڕەکی، شانۆ، خوێنـدنەوە و نووسین، یا هەر بەهـرە و ئارەزوویـەکی تـر. پـەروەردەی نـوێ، بایـەخ و گـرنگـییەکی زۆر بە گەشـەکـردن و پـێـشـکەوتـنی بەهـرە و ئـارەزووەکـانی منـداڵان دەدات. بە سـروشـتی منـداڵان حەزیـان لە خـۆدەرخـستـن و پـێـشانـدانی بەهـرە و تـوانـاکانیـان هـەیە.
١٥ـ رێی یاریکـردن لە منـداڵەکانتان مەگـرن: یـاری پێـویستییەکی پێـویستە و بەشێکی گـرنگە لە ژیـانی رۆژانەی منـداڵەکانتـان، لە رووی جەستەیی و دەروونی و کەسایەتی و کـۆمـەڵایەتییەوە، بە تایبەتیش یـاری بە کـۆمـەڵ، سوودێـکی زۆریان پێدەبەخـشـێت. زانایـانی دەرووناسی و پەروەردەکـاران، هـەردەم جەخـت لە گرنگی یـاری بۆ منـداڵان دەکـەنەوە. تەنیـا وانـەی وەرزش لـە قـوتـابخـانـەدا، منـداڵان مـەسـتی یـاری و شـادی ناکات و لە دەرەوەی قـوتابخانەدا خۆیـان مەستی یاری دەکەن. سوود و گرنگـییەکانی یـاری بۆ منـداڵان هـێـندە زۆرن، هـەژمـار ناکـرێن. یـاری شـێوازێـکی زۆر گـرنـگ و ئاسـان و خـۆشـە، لە فـێرکـردن و پەروەردەکـردنی دروسـت و ئەرێـنی منـداڵانـدا.
١٦ـ گرنگی گـێڕانەوە یا خوێنـدنەوەی چـیرۆک بۆ منـداڵەکانتان: بەبێ جیاوازی هەموو منـداڵـێک حەز لە چـیرۆکی خـۆش دەکات ـ بە گـێڕانەوە یا خـوێنـدنەوە بێـت ـ دایـکان و باوکانی هۆشیار و بەڵەد، دەزانن کە بە پێی تەمەنی منداڵەکانیان چی جـۆرە چـیرۆکێکی گونجاویان بۆ هەڵـدەبژێرن. کام چەمک و بیرۆکە، کە زەحمەتە منداڵان لـێیان تێ بگەن، گەر بە شێوەی چـیرۆکێکی خۆش یا هـونـراوەیەکی ئاسان و شـیرین و یا لە شانـۆیەکدا یا بە ئـۆپـەرێـت دابـڕێـژرێـن، بە ئاسـانی لـێیان تێـدەگەن. بـۆیـە چـیرۆک بە تایبـەتی و ئەدەبیاتی منـداڵان بە گشتی، هـۆکـارێکی گـرنگە لە پەروەردەکردنی دروستی منـداڵان.
١٧ـ هـانـدانی منـداڵەکانتـان بۆ بە دروستی بەکـارهـێنانی ئینتەرنێت و ئایپاد: لە سایەی شۆڕشی تەکنەلـۆژیـادا، بە دەیـان ئامێر و کەرەستەی سەیـر و سەمەری سوودبەخـش هـاتـوونەتە ئـاراوە و بـوونە بە پێویستیـیەکی رۆژانـەی زۆربەی خـەڵکی. منـداڵانیـش وەک گەورەکـان سوودیـان لێـوەردەگـرن. بە تایبەتیش: تەلـەفـزیـۆنی رەنگاوڕەنـگ و ئینتەرنێـت و ئایپـاد و ئایفـۆنی زیـرەک. هەمـوو ئـەم ئامـێرانە سـوودێـکی زۆریان لە فـێرکردن و پەروەردەکردنی منـداڵانـدا هـەیە. بێگومان خراپ بەکارهێنانیان زیانیشیان بـۆ منـداڵان هـەیە. بـۆیـە پێـویسـتە لەژێـر چاودێـری و کـۆنتـرۆڵی ئێـوەی دایـکان و باوکانـدابـن.. مـاوە و مەرج و سـنوور بۆ منـداڵەکـانتـان لە بەکـارهـێنانیـان دابنـێن.
١٨ـ ئامـانج لە پەروەردەکردنی منـداڵان یەکە، بەڵام شێواز و رێبـازی زۆری هـەیە: پەروەردە هـونەر و زانستییە، شێواز و رێبازی پەروەردەکردن لە هەموو خـێزانەکاندا وەکـو یەک نـین. ئەمەش بۆ چەنـد هـۆیـەک دەگـەڕێتـەوە. وەکو: جیـاوازی لە ئاسـتی رۆشـنبـیریی خـێزانەکـان، بـاری ئابـووریش کـاریـگەرییـەکی زۆری لەسـەر جیـاوازی ئاسـتی پـەروەردەکردن لە نێـوان خـێزانە هـەژارەکـان و خـێزانە هـەبـووەکانـدا هـەیە. ئەمـانە و چەنـدین هـۆی تـریـش هـەن.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٢




ڕۆژێکی نمونەیی لە باخچەی منداڵاندا.. ئامادەکردنی:عەلی حەمەڕەشید

باخچەی منداڵان ( Kindergarten) دەزگایەکی پەروەردەییە و تایبەتە بە منداڵانی قۆناغی دوای دایەنگە و پێش چوونە قوتابخانەی بنەڕەتی. کە تەمەنیان چوار ساڵ و پێنج ساڵن. یەکەم باخچەی منداڵانیش لە جیهاندا لەسەدەی هەژدەدا لەلایەن (جۆن فریدریک ئۆبرلین Jon Fredric Oberlin) لەساڵی ١٧٩٦ دا لە ناوچەی (ئەلیزاس لۆرین) لە باکوری ڕۆژهەڵاتی فەرەنسا دامەزرا، کە ئامانجی یارمەتیدانی ئەو ناوچەیە بوو کەدەیناڵاند بەدەست هەژاری و خراپی باری ئابووری و تەندروستییەوە.هەروەها (فریدریک فرۆبڵ Fridrich Frobel) یەکەم کەس بووە کە ناوی (باخچەی منداڵانی) ی بەکار هێناوە بۆ ئەم جۆرە دەزگایە لەسەدەی نۆزدەدا. لەساڵی ١٩١٣ لەلایەن ئەرمەنییەکانەوە یەکەم باخچە لە عێراق دا دامەزرا. لەساڵی ١٩٢٦-١٩٢٧ لە شاری بەغداد یەکەم باخچەی منداڵان دامەزرا. هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش یەکەم باخچەی منداڵان لەساڵی ١٩٥٣-١٩٥٤ دامەزرا لەشاری سلێمانی بەناوی(باخچەی منداڵانی سلێمانی) لە نزیک مزگەوتی گەورەی سلێمانی ، پاشان گوازراوەتەوە بۆ گەڕەکی (عەقاری).دواتر لەساڵی ١٩٦٥ گوازراوەتەوە بۆ گەڕەکی(ئیسکان) کە تا ئێستا (٢٠٢٢) هەر لەو شوێنەدا و بەو ناوەوە دەوامکردن تێیدا بەردەوامە . زۆر لە کەسایەتییە ڕۆشنبیر و ناودار و دیارەکانی شاری سلێمانی لەم باخچەیدا بوون . لە باخچەی منداڵاندا منداڵ ڕادەهێنرێت بۆ چوونە دەرەوە لە سنوری خێزان بۆ ناو کۆمەڵگە و ناو کۆمەڵێک هاوڕێی نوێ و کەسانی نوێ .منداڵ لەنێو باخچەدا فێری بنەماکانی خوێندن و نووسین دەکرێن،دەبێت ئەوەش بزانین کە باخچە شوێنێکە بۆ دۆزینەوەی توانا و بەهرەکانی منداڵ و پەروەردەی هزری و سۆزداری و جەستەیی و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی. (جـۆن دێـوی) دەڵـێت:”منـداڵ ئـەو خـۆرە گەشەیە.. کە هەمـوو دەزگـا پەروەردەییـەکان بە دەوریـدا دەسـووڕێـنەوە”. وانەکانی وەرزش و هونەر و مۆزیک کە پێویستە زۆر گرنگییان پێبدرێت بەتایبەتی لە باخچەکەنی منداڵاندا و یاری ببێتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ سەرجەم بابەت و چالاکییەکانی تر ، چونکە یەکێکن لەو وانە هەرە گرنگ و بەسودانەی کە دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەو وانانەوە ئامادەکاری بکرێت بۆ وانەکانی تر و ئەو وزە زیادەیەی کە لە منداڵدا هەیە بەشێوەیەکی دروست و پەروەردەیی خاڵی بکرێتەوە،هەروەها ڕۆڵی کاریگەریشی هەیە دەربارەی کەسێتی منداڵ و گەشە کردنی بەشێوەیەکی دروست ،ئەمانە گشتی کاتێک ئامانجە پەروەردەییەکەی دەپێکێت کە مامۆستای تایبەت و شارەزاو بەسەلیقەی لە هەریەکێک لەو بوارانەدا هەبێت کە باسمان کردن کە بێگومان ئەمەش بۆ وانەکانی تریش دەگونجێت.زانست سەلماندویەتی کە مۆزیک کاریگەری تەواوی هەیە لەپەروەردەکردن و گۆڕینی خووڕەوشتی منداڵدا ، هەروەها لێکۆڵەران و زانایانی پەروەردەی منداڵ دەڵێن باوکان دەتوانن بەئاوازی مۆزیک منداڵەکانیان بکەن بەشتێکی تر.بۆیە پێویستە لە باخچەی منداڵان و قوتابخانە بنەڕەتییەکانیشدا سەرجەم پێداویستییەکانی ئەو وانانە دابین بکرێن و گرنگی تەواویان پێبدرێت کە هاندەرێکی باشە بۆ سەرکەوتنی منداڵ و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.
(ڕۆژێکی نمونەیی لە باخچەدا) چالاکییەکی بەسود و گرنگ بوو کە لە باخچەی منداڵانی سلێمانی دا ئەنجامدرا لەلایەن مامۆستایانی مۆزیک و ئینگلیزی و وەرزش و شارەزایی و چالاکییەکان کە تێیدا کوردی و بیرکاری و زانست بەشێوەیەکی جوان و سەردەمی و یاری ئامێز پێشکەش بە ئامادەبووان کرا کە بەڕێوەبەر و مامۆستای ئەو وانانەی باسمانکرد لە باخچە ناحکومییەکانی پەروەردەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە سەرپەرشتی و هاوکاری لیژنەکانی باخچە ناحکومییەکان و هاوڕێی ڕەخنەگر و بەڕێوەبەری باخچەکەوە، چالاکییەکی پڕ لە جوڵە و چالاکی ،وەرزش و مۆزیک و گۆرانی و وتنی نۆتەکانی مۆزیک بە شێوەیەکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێش ،هەروەها نواندنی شانۆیی بۆ ئەو بابەتەی کە ئەو ڕۆژە باسکران کە هاتوچۆ بوو ،نواندنێک کە مایەی شادی و سەرنچڕاکێشانی ئامادەبووان بوو،منداڵێک ڕۆڵی کارمەندی هاتوچۆ و یەکێکی تر ڕۆڵی پۆلیس و یەکێکی تر ڕۆڵی کارمەندی ئاگر کوژێنەوە و یەکێکی تر ڕۆڵی کارمەندی پاککەرەوە و یەکێکی تر ڕۆڵی شۆفێری ئەو پاسەی دەبینی کە هاتوچۆی بە منداڵانی باخچەکە دەکرد ، لە هەمووی گرنگتر هەڵبژاردنی ئەو منداڵانە بوو بۆ نواندنی ڕۆڵی ئەو کەسایەتییانە کە زۆر گونجاو بوو،سەلیقەی تەواویان تێدا بەکار هێنابوو،منداڵەکانیش بە بوێرییەکی زۆرەوە بەرانبەر ئامادەبووان کە نزیکەی ٨٠ کەس دەبوون قسەیان دەکرد و پەیامەکەی خۆیان زۆر بەجوان و باشی دەگەیاند. بۆ بابەتی ئینگلیزییش بەهەمان شێوە بەچالاکی و گۆرانی و بەشێوەی یاری ئامێز ئەنجامدرا، دڵنیام کە سودێکی باشی بە ئامادەبووان گەیاند و لەگەڵ درێژی ماوەی چالاکییەکان شنەی ئارامی و خۆری سەرنج و تریفەی شادی لای هەمووان بەدی دەکران، مەبەستیش لە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە بەناوی(ڕۆژێکی نمونەیەیی لە باخچەدا ) وەک لەناوەکەیدا دیارە ئەوە بوو کە جوانیی و تیشکی ئەو چالاکییە پەروەردەییانە بگوازینەوە بۆ باخچە ناحکومییەکانیش ،چونکە هەردوولا کار دەکەن بۆ پەروەردەکردنی منداڵ و هەروەکو ئاشکراشە منداڵ بەردی بناغە و بنیاتنانی کۆمەڵگەیە تا ئەو بنچینەیە پتەو و بەهێز بێت ،چالاک و تەندروست و ڕۆشنبیر بێت ئەوە بەدڵنیاییەوە کاریگەری ئەرێنی تەواوی دەبێت لەسەر دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی دروست و پێشکەوتوو.ماوەتەوە بڵێین لەگەڵ هیوای سود وەرگرتنی ئامادەبووان لەو ڕۆژە نمونەییە دەستخۆشی زۆریشمان بۆ باخچەی منداڵانی سلێمانی هەیە و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازین.

ئامادەکردنی:عەلی حەمەڕەشید
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

تێبینی:
بۆ بەشێک لە زانیارییەکان سودم لە چەند سایتانە وەرگرتووە.
• https://zaniary.com/
• https://dengekan.info
• بۆ وێنەکان سودم لە پەیجی فەرمی باخچەی منداڵانی سلێمانی وەرگرتووە.




رۆڵی قـوتابخـانەی بنەڕەتی لە پەروەردەکـردنی منـداڵان.. رەزا شـوان

(جـۆن دێـوی) دەڵـێت:”منـداڵ ئـەو خـۆرە گەشەیە.. کە هەمـوو دەزگـا پەروەردەییـەکان بە دەوریـدا دەسـووڕێـنەوە”.
پەروەردەکردنی منداڵان بە دروستی، هـونەر و زانستییە. ئەرکێکی پێویستی زۆر گرنگ و هـەستـیار و پیـرۆز و چـارەنـووسسازە. پەروەردەکـردنی منـداڵان، کـارێکی ئاسـان و بێ مانـدووبـوون و هـەڕەمـەکی و بەڕێـکـردن نیـیە. بـەڵام کـارێکی ئەسـتەمیـش نیـیە. لە بـارەی گـرنـگی پـەروەردەی منـداڵانـەوە:
(ئەفـلاتـوون) دەڵێـت:”هـونەڕێکی تـر بوونی نییە.. کە لە پەروەردە بەرزتـر و پیرۆزتـر بێـت”.
(دانتـۆن) یش دەڵـێت:”لـە دوای پـارووی ژیـان.. پـەروەردە یەکـەم پێـویستی گەلانـە”.
(ئەرستـۆ) ش دەڵـێت:”رەگـی پـەروەردە تـاڵـە.. بـەڵام بەرەکـەی شـیریـنە”.
کوردیـش دەڵـێت:”منـداڵان شـیریـنن.. بـەڵام پـەروەردە شـیرینـترە”.
دێینە سەر کـرۆکی باسـەکەمـان، کە دربارەی گـرنگی رۆڵـی قـوتـابخـانەی بنـەڕەتییە لە پەروەردەکـردن و فـێرکردنی منـداڵان و کاریگەرییان لە ژیـانی ئەمـڕۆ و داهـاتـوویانـدا.

دەکرێ بە شـێوەیەکی ساکار و گشتی پێناسەی چەمکی قـوتابخانە بکـرێ، کە بریتییە لە گرنگـترین دامەزراوەی فەرمی پەروەردەیی و فـێرکـاری و کۆمەڵایەتی. لە دوای مـاڵ و خـێزان، قـوتابخانە ماڵی دووەمی مـنداڵانە. شوێنێکە کە منـداڵان رۆژانـە ماوەیەکی زۆر بە فـێربـوون و بە چـالاکی هەمەچـەشنە تێـیدا بەسەردەبـەن. قـوتـابخـانەی بنـەڕەتی لە رووی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەوە، لەژێـر چاودێریی مامۆسـتایانی پیشەیی و پسپۆر دایە. رۆڵـێکی گرنگ و کاریگەری لە گەشەکردنی دەروونی و جەستەیی و کەسـایەتی و کۆمەڵایـەتی منـداڵانـدا هـەیە. چـونکە قـوتابخـانە شوێـنێک نیـیە کە منـداڵان تەنیا تێـیدا فـێری خـوێنـدنەوە و نووسین بکرێن. بەڵکو قـوتابخانەی بنـەڕەتی بناغـەیەکی بەهـێزە بۆ گەشەکردن و پەروەردەکردنێکی دروستی منـداڵان و ئامادەکردنیان بۆ داهـاتوویەکی گەشـتر. لـەم قـۆنـاغـەدا منـداڵان وەکـو ئـیسفـەنـج، زانـسـت وزانیـاریی هـەمەچـەشـنە هـەڵـدەمـژن. لە جـاڕنـامەی گـەردوونی مـافـەکـانی منـداڵانـیـشـدا، مـافی پـەروەردە و خوێنـدن جێگـیرکراوە. بە بێ جیـاوازی مـافـی رەوای هـەر منـداڵـێـکە، کە بە خـۆڕایـی لە قوتابخانەی بنەڕەتیـدا وەربگیرێـت و پەروەردە بکـرێت و درێـژە بە خوێـندن بـدات.
هەر لە کۆنەوە، لە سەردەمی یۆنـانی کۆن (گریکییەکان) و رۆمـای کۆن (بیزەنتییەکان) و هـێندسـتان و چـین دا، قـوتـابخـانەی فـەرمی هـەبـووە.
پێویستە ئەوەش بـزانین، کە پـەروەردە و فـێرکـردن، دووانـەن و تەواکـەری یەکـتریـن و گیانێکـن لەدوو جەسـتەدان و لە یەکـتری جیـانابنەوە. لەم سەردەمەشـدا پێـشکەوتـن و گۆڕانکارییەکی زۆر لە شـێواز و لە رێبازەکانی پەروەردەکردن و فێرکردنی قوتابیاندا هـاتوونەتە ئـاراوە. ئەمەش پێـویستیەکی سروشتییە، چونکە نە ئەمـڕۆمان وەکو دوێنێ وایـە، نە قـوتـابیانی ئەمـڕۆشـمان وەکـو قـوتابیـانی دوێـنێ وان. شـێوازی پـەروەردە و فـێرکردنی کلاسیکی تەڵـقـین ئاسایی و تووتی لاساییکردنەوە و پەنـدێری بەسەرچـوون. لە سەردەمی شۆڕشی تەکنەلۆژیا و گۆڕانکاریی خێرا و داهـێنانی سەیر و سەمەرەداین. لە سـەردەمی جـیهـانگـیری دایـن. بێگومان منـداڵانی ئەمڕۆمان زیرەکتر و زۆرازانتر و هۆشیارتر و بلیمەترن لە منداڵانی سەدەی رابردوو. پێویستە قوتابخانە و مامۆستاکان و بەرنـامە و پـرۆگـرامەکـانی پـەرەوەردەی نـوێ و شـێواز و رێبـازەکـانی فـێرکـردنـیـش، لە ئاسـتی هـیوا و خـەون و پێـداویستییەکانی قـوتابیـانی ئەمـڕۆدابـن.
قوتابخـانەی بنـەڕەتی، رۆڵـێکی گـرنگی لە پەەروەردەکـرنی دروستی منـداڵانـدا هـەیە.
ئامانجی سەرەکی پەروەردەش، یارمەتیدانی منداڵانە بۆ ئەوەی بە دروستی گەشەبکەن و پێـبگەن، بە باشی رەفـتار و هەڵسوکەوت بکەن.. لە بارەی گـرنگی قـوتـابخانەەوە:
کەڵـەنـووسەری جیهـانی (ڤـیکتـۆر هـۆگـۆ) دەڵێـت:”ئـەوەی دەرگـای قـوتـابخانـەیەک بکـاتـەوە.. دەرگـای بەنـدیخـانـەیـەک دادەخـات”.
بە کورتی و بە چـڕی، باس لە هەنـدێک لە گـرنگـییەکانی رۆڵی قـوتابخانەی بنـەڕەتی، لە پـەروەردەکـردن و فـێرکـردنی منـداڵان دەکـەیـن:
١ـ تـوانـای دیـاریکـردنی ئامـانج: خوێنـدنی وانەکـان و هانـدانی هـەمیشەی قـوتـابیـان لە لایـەن مامۆستاکانەوە و گەشەکردنی رۆشنبیرییان، وا لە منداڵان دەکەن کە ئامانجی ژیـانیان دیاری بکەن. وا دەکەن کە هـەر منـداڵێک بیـربکاتەوە و خەیـاڵ لەوە بکاتەوە کە لە داهـاتـوودا ببـێـت بە چـی. بە ئەوپـەڕی تـوانـاشیـیەوە هـەوڵـبـدات بـۆ گەیـشـتن بـەو ئامانجەی کە لە خەیـاڵی خۆیـدا دیاریی کردووە. چونکە ژیـان بەبێ ئامانج نابێت.
٢ـ منـداڵان فـێری هـاوڕێـتی دەبـن: قوتـابخانەی بنەڕەتی یەکەم شوێنە، کە منـداڵان لە واتـای هـاوڕێـتی تێـدەگـەن، ئەگـەرچی بە هـۆشـیارییـەکی کەمیـشـەوە بێـت. بـەڵام لە دواییدا ئەوەیان بۆ دەردەکەوێت کە هـاوڕێیانی قوتابخانەیان، راسترین هـاوڕێـن کە تا ساڵانێکی زۆر ئـەم هـاوڕێتییەیان دەمێنێتەوە و کاڵ نابێتەوە. هاوڕێتی لەم قۆنـاغـەدا لەسەر بەشداریکردنی رۆژانەی بێ ئامانج و بێ بەرژەوەنـدییە. لەسەر بنەمای رێز و خۆشەویسی و دڵپـاکی و دڵسۆزییـە. بـۆیـە تا سـاڵانـێک درێـژ دەمـێنێـتەوە.
٣ـ رێـز و بەرپـرسیارێـتی: قـوتـابخـانە پـرەنسیـپی رێـز بـەرانبـەر بە هـاوڕێـکانیـان و مامۆستاکانیان و کەسانی تر لە دەروونی منداڵاندا دەڕوێنێت. فـێری بەرپرسیارێتیشیان دەکـات، پـێش هـەمـوو شـتێک پێـویسـتە بەرپـرسـیاربـن لە شــتەکانی خـۆیـان. فـێری ئەوەشیان دەکات کە چۆن بەبێ یارمەتیدانی دەرەکی، ببن بە قوتابییانی خۆشەویست و رێـزدار و هـاوسەنـگ.
٤ـ پێکهـێنانی کەسـایەتییەکی سەربەخـۆ: قـوتـابخـانەی بنەڕەتی لە رووی دەروونییەوە بەشداری لە پێکهـێنانی کەسایەتی سەربەخۆی منداڵان دەکات، دوور لەکەسوکارییانەوە. لە ئەنجامدا منـداڵان فـێری بنەماکانی پشـت بەخـۆبەستن دەبـن، گەر خـواردن بێت، یان نووسین خوێندنەوەی وانەکـانیان بێت، یا ئەنجـامـدانی هـەر کـارێکی تر بێـت.
٥ـ ئاشکـراکـردنی بەهـرەکانیان: قـوتابخـانە رۆڵێکی گـەورەی هـەیە لە ئاشکراکـردنی بەهرەکانی منداڵان، بەهـرە لە وێنەکێشاندا بێت یا وەرزش یا ئەدەبیات یا زانیاری یا لە بـواری ژەنـینی ئامێرێکی موزیکی بێت یا گـۆرانی و هـەڵـپەڕکێ، یا نـوانـدنی شانـۆیی. یا لە هـەر بـوارێکی تردا بێت. منـداڵان ئەو هـەلەیـان بۆ دەڕەخـسێـت کە بە ئارەزووی خۆیـان، گوزارشت لە بیـر و هـزر و خەیاڵی خۆیان بکەن. لێردا لە رێی چاودێـریکردن و بینینەوە، مامۆستاکان رۆڵیـان هـەیە لە دۆزینـەوەی بەهـرەکانی منـداڵانـدا. ئاگاداری کەسوکاریشـیان بـکەنەوە، تا پـێکەنەوە پـلان بـۆ گەشـەکـردنی بەهـرەکـانیان دابنـێن.
٦ـ فـێرکـردنی منـداڵان بـە متـمـانە بەخـۆبـوون: زانـایـانی دەرووننـاسی و پـەروەردە، پێیانوایە کە متمانە بەخۆبوون، گرنگترین کـلیلی کەسایەتی دروستە و رێگای دڵنیاییە بەرەو سەرکەوتـن لە ژیـانی ئاکـادیمی و زانستـیدا. منـداڵان لە دایکبوونیانەوە تا پێش قـۆنـاغی باخچـەی منـداڵان تا رادەیـەکی زۆر پشـت بە دایکان و باوکانیـان دەبەسـتن. زیـادەرۆیی دایکان و باوکان لە چاودێری و پاراستن و ترسیان لە منـداڵەکانیان. دەبنە هـۆی ئەوەی کە منـداڵان متمانەیان بە خۆیان نەبێـت و خۆیان بەبێ دەسەڵات بـزانن و بەبێ پرس و را و بـڕیـاری دایکان و باوکانیان نەتـوانن بـڕیاربـدەن و کارێک ئەنجام بدەن. بەڵام قوتابخانە هـانیان دەدات بۆ متمانە بەخـۆبـوون و پشتبەستن بە تواناکانی خۆیان و بـڕیاردانی خود لە کارەکانیان. بە بێ ترسیـش گوزارشـت لە ناخی دەروونی خۆیان بکەن، بێ ئەوەی پشت بە هیچ کەسێک ببەستن یا لە هەڵە و شکستی بترسن.
هـەر زانـایـانی دەرووننـاسی ئـەو راسـتییەیـان پـشـتراستکـردۆتـەوە، کە منـداڵان بە رەمـەکی هەست بەوە دەکەن، کە بەهـا و شکـۆدارییـان هـەیە. پێـویستە قـوتـابخـانە گرنگی ئەم هـەستە سروشتییەی مندااڵان بقـۆزێتـەوە و گەشەی پێبـدەن. هەمیشەش پاڵپشت و هـاندەریـان بن، بۆ ئەوەی منداڵان متمانەیان بە خۆیان هەبێت. و پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن. ئەمەش فـاکتەرێکی ئەرێنی بەهـێزە بۆ ئەوەی منداڵان کاری باش و جوان ئەنجام بدەن و ئەزموونیان هەبێت و لە کاری ناپەسەند دوور بکەونەوە.
٧ـ قـوتابخانە منـداڵان فـێری بەهـا کۆمەڵایەتییەکان دەکات: بوونی کۆمەڵێک منداڵان لە شـوێـنێکـدا، کە پـێکەوە یـاری دەکـەن و مـاوەیـەکی درێـژ پـێکەوەن. لەمـەوە منـداڵان بە کـرداری فـێری هـەنـدێ بەهـا و پرەنسیپی کۆمەڵایەتی دەبن، کە پێشـتر لە دایکان و باوکـانیـانەوە گـوێیـان لـێـیان بـووە، بێ ئـەوەی لە واتـاکـانیان تـێـبگەن. بـۆ نمـوونە: بە تێکەڵبوونیان لەگەڵ هاوڕێکانیانـدا، فـێری ئەوە دەبن کە خۆپەسەنـد نەبن، خواستنی شتەکان و یاریکـردن بە شـتەکانی یەکـتری بە لایانەوە ئاساییبن. تەنانەت هـەنـدێ جار لە خواردنەکانیشیانـدا بەشی یەکـتری دەدەن. بەمەش فـێری خۆشەویستی یارمەتیدان و بەخـشین دەبـن. فـێری هـاوکاری و هەماهـەنـگی و هـەرەوەزی دەبـن. فـێری ئـەوەش دەبن لە قـسەکردن و گـفتوگـۆکانیانـدا، راستگـۆبـن و راسـتییەکان نەشـارنـەوە. فـێری رۆحی وەرزشی و لێبووردن دەبن و رێـز لە بیروڕا جیاوازەکانی هاوڕێکانیان دەگرن.
٨ـ گەشەکردنی زانیاری و زانستی زمـانەوانی: گرنگترین رۆڵی قوتابخانەی بنەڕەتی، گەشەکـردنی زمـانی منـداڵانە. فـێری رێـزمان و وشـە و رستەی تـازەیان دەکـەن. بە شـێوەیەکی زانسـتی، شـارەزاییـان لە زمـانی پـەتی کـوردیمان دەبێـت و فـەرهـەنـگی وشەکانی زمانیان گەشەدەکات و پێشدەکەوێـت و دەوڵەمەنـد دەبێت. فـێری ئەوە دەبن کە بە زارەکی و بە نووسـین، گوزارشـت لە هەسـت و بیـر و هـزری خـۆیـان بـکەن.
٩ـ منـداڵان لە قـوتابخانەی بنەڕەتیـدا فـێری رێـزگـرتن لە دەستوور و یاساکان دەبـن: قـوتابخانە ئەو شـوێنەیە، کە منـداڵان تێیدا فـێری ئەوە دەبن کە بە جـوانی و هـێمنی و بە رێـزەوە قـسە لەگـەڵ مامۆسـتاکانیان و هـاوڕێکانیانـدا بکەن. فـێری ئەوەش دەبـن کە لە هەڵسوکەوتەکـانیانـدا، بە رێکوپـێکی رەفـتاربـکەن و سـنووری یاسا نەبەزێـنن. فـێری ئـەوەش دەبـن کە نابێـت لە ئەرەکەکـانیـدا کەمـتەرخـەمی بـکەن. هـەستـیش بە گـرنگی و بە چـێژی سەرکەوتـن و درچـوونیان بـکەن، کە بەری هـەوڵ و کۆششیانە.
١٠ـ ئازادی بۆ منـداڵان و گەورەکان پێویستییەکی زۆر گرنگە: هـێج ئەڵتەرناتیڤێکی تر نییە کە بتـوانێـت جـێی ئـازادی بگـڕێـتەوە. پێـویستە قـوتابخـانە رووبـەرێکی فـراوانی ئـازادی بۆ منـداڵان بـڕەخسێنێـت. بۆ ئەوەی بەبێ ترس گوزارشت لەهەست و سۆزی ناخی دەروونیان بکەن و بەشداربن لەو بـڕیـارانەی پەیوەندییان بە منـداڵانەوە هـەیە. سەرپشک و ئازادبـن لە هەڵـبژاردن و بەشداریکردن لە چالاکییەکانی قـوتابخانەکەیان.
١١ـ گواستنەوەی رۆشـنبیری: قوتـابخانە کار بۆ ئەوە دەکات کە رۆشـنبـیریی بۆمـاوە، بـە شـێوازێـکی سـووک و ئاسـان، لە دوای بـژارکـردنی لە ئەفـسانـەی پـڕوپـووچ، بـۆ نەوەی تازە بگوازێتەوە. بيگۆمان قـوتابخانەی بنەڕەتی رۆڵێکی گرنگ و سەرەکیی لە رۆشنبیریکردنی منـداڵانـدا هـەیە. بۆ ئەم مەبەستەش، قوتابخـانە دەتـوانێت بەشێک لە هـۆکارەکانی رۆشـنبیریی منـداڵان ـ کە زۆرن ـ دابیـن بــکات.
١٢ـ پەروەردەکردنی منـداڵانی کوردمان بە هـاوبەستەبوون بۆ کوردستان: قوتابخانەی بنەڕەتی، رۆڵـێکی گرنگ و کـاریـگەری هەیە، لە چانـدن و لە شیرینترکردنی هەست و سـۆز و خۆشـەویستی و هـاوبەستەبوونی منـداڵانی کوردمان بۆ کوردستانی نیشـتمانی جـوان و شـیرینمـان. ئەمـەش گـرنگـترین و پیـرۆزتـریـن ئامـانـجە لە پـەروەردەکـرنی منـداڵـەکـانمـان، کە هـیوای داهـاتـووی کورد و کوردســتانـن. ئـەم ئەرکـەش بە تەنیـا ئەرکی قـوتابخـانە و مامـۆسـتاکان نییە، بەڵکـو ئەرکی دایـکان و باوکـان و دادەکـان و نووسەران و هـونەرمەنـدان و میـدیاکان و راگەیانـدنەکان و رێکخـراوەکانی منـداڵان و هـەمـوو دڵسـۆز و هـیواخـوازێـکی داهـاتـوویـەکی گـەشـترە بـۆ کـورد و کـوردســتان.
بێجگە لەو گرنگـییانەی سەرەوە، قـوتابخانەی بنەڕەتی رۆڵێکی گەورە و کاریگەری لە چەنـدین گـرنگی تـردا هـەیە، لە پەروەردەکردن و فـێرکردن و ئاراسـتەکردنی راسـت و دروستی منـداڵەکـانمان، بە ئاراستەی هـیوا و ئامـانجـة نەتـەوەیی و نیشتمانییەکانمان.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٢




گرنگی سروشت بۆ منداڵان.. محەمەد بەرزی

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هەموو دەوروبەرمان بە تەکنەلۆژیا تەنراوە ، وەک : ئینتەرنێت ، کۆمپیتەر ، تەلەفۆنی زیرەک ، ئایپاد و … هتد . کە منداڵان چ لە خوێندنگا و چ لە ناو ماڵەکاندا بە بەردەوامی بەکاریان دەهێنن . ئەمانەش کارێکی وایانکردووە ، بە تەواوی دڵ و مێشکی منداڵان داگیربکەن ، سەرئەنجامیش شاشەکانی ئەو ئامێرانەیان لە هەوای پاک و شوێنە خۆشەکانی ناو سروشت پێ خۆشتربێت ، هەر بۆیە زوربەی هەرە زۆری منداڵان حەزیان لەوەیە لە ماڵدا بمێننەوە و زۆر بە کەمی بچنە دەرەوە و لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە یاری بکەن ، کە بە داخەوە زۆرجار لە لاپەڕەکانی ئینتەرنێتدا چاویان دەچێتە سەر بابەتی توندوتیژی و نەشیاوی زۆر خراپی زیانبەخش ، کە تەمەنییان نەگەیشتۆتە ئەوەی تەماشایان بکەن و لێی تێبگەن . جا لەگەڵ ئەوەشدا دایک و باوک لەو بارودۆخە بێزارن و بە ترس و نیگەرانییەوە گلەیی لە منداڵەکانییان دەکەن ، کە کاتی زۆری خۆیان بەو ئامێرانەوە بە فیڕۆ دەدەن ، لە هەمان کاتیشدا لایان وایە ، چوونە دەرەوەی منداڵیش لە ماڵ ، جگە لە کوشتنی کات ، هیچ سودێکی تری نییە ، کە دیارە ئەمەش بیرکردنەوەیەکی ئێجگار هەڵەیە ، چونکە لە ڕاستیدا ژینگەی دەرەوە بە پێچەوانەی ژینگە بچووک و سنوردارەکەی ناو ماڵەوە ، شوێنێکی فراوانی بێ سنور بۆ منداڵان دەڕەخسێنێ ، کە هاندەری سەرەکی جووڵەن ، هەر بۆیە چوونی منداڵان بۆ پارک و دەشت و شاخ و هەڵمژینی هەوای پاکی سروشت ، یەکێکە لە پێویستییە هەرە گرنگەکانی گەشەکردنیان ، چونکە پیاسە و یاریکردن لە سروشتدا ، متمانە بە خۆبوون لە منداڵاندا دروست دەکات ، ئاسۆی خەیاڵ و داهێنانیان فراوانتردەکات ، ڕادەی فشار و ماندووبوونییان کەمدەکاتەوە ، ئارامی بە دەروونیان دەبەخشێت و چالاکی جەستەشیان دەبووژێنێتەوە . بێگومان ئەو منداڵانەی بە زۆری ئەو ئامێرانە بەکاردەهێنن و حەزناکەن چەند ساتێک لە دەرەوە بەسەربەرن و هەوای پاک هەڵمژن ، تووشی پەتایەک دەبن ، کە بە پەتای ( کەم سروشتی -Nature Deficit Disorder ) ناسراوە ، ئەمڕۆش وەک نەخۆشییەک بڵاوە . جا چونکە منداڵانی ئەمەریکایی ڕۆژانە تەنها چوار تا حەوت خولەک لە دەرەوە یاریی دەکەن ، بەڵام حەوت کاژێر لە ژوورەوە بەرامبەر شاشەکان بەسەردەبەن ، بە زۆری تووشی ئەو پەتایە دەبن ، لە هەمان کاتدا تووشی کێشەی هەڵسوکەوتی وەک : ترس لە دایک و باوک و کێشەی تەندروستیش وەک : قەڵەویی و کەم خەوی و کزیی چاو و ئازاری شان و مل دەبنەوە ، سەرباری ئەوەی پەیوەندییەکی لاوازیشیان لەگەڵ دایک و باوکیاندا بۆ دروست دەبێت ، چونکە کاتێکی زۆر کەمییان لە گەڵدا بەسەردەبەن .
ئەوەی شایانی باسە ئەمڕۆ زوربەی خێزانەکان لە ناو باڵەخانەدا
دەژین ، کە شوێنێکی داخراوی بێ سەوزاییە و بەجارێک لە سروشت دابڕاوە و منداڵی تێدا بەندکراوە ، هەر بۆیە تووشی نەخۆشی نەفسی دەبن ، چونکە منداڵ تەنها لە باخچەی گشتی و پارک و ناوچەی کراوە و دەشتودەری سەوز و زەنوێردا ، دەتوانن بە دڵی خۆیان یاریی بکەن و بەر هەوای پاک و بێگەرد بکەون . بێگومان ئەوەش ئاشکرابووە ، لە گەورەییدا ئەگەری ئەوە هەیە ئەو جۆرە منداڵانەی تووشی پەتای کەم سروشتی دەبن ، ٢٠ لە سەدیان تووشی دڵەڕاوکێ و ٤٠ لە سەدیشیان تووشی تێکچوونی باری دەروونی ببنەوە . بێگومان زوربەی توێژینەوەکانیش لەسەر ئەوە کۆکن ، ئەو منداڵانەی لە دەرەوە یاری دەکەن ، لە چاو ئەو منداڵانەی کاتی زۆر لە ژوورەوەدا بەسەردەبەن ، زیرەکتر ، چالاکتر ، چاوکراوەتر ، دڵخۆشتر و باشتر بیردەکەنەوە و زیاتریش متمانەیان بە خۆیانە و کەمتریش تووشی دڵەڕاوکێ و توندوتیژی و خەمۆکی دەبن ، چونکە هەمیشە سروشتی جوان و ئاوهەوا پاکەکەی ، لە شاشەکانی ئامێرەکان قازانج و سوودیان زیاترە . جا جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێک لەو خاڵانە بکەین ، کە بۆچی گرنگە منداڵان کاتی زیاتری خۆیان لەناو سروشتدا بەسەربەرن ؟

١ – ئەو منداڵانەی کاتی خۆیان لە سروشتدا بەسەردەبەن ، زیاتر دەجووڵێن ، چونکە ڕووبەرێکی فراوانتریان لە ماڵەکانی خۆیانیان لەبەردەمدایە و دەتوانن بە ئارەزووی دڵی خۆیان تێیدا بجووڵێن و یاری تێدا بکەن ، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەشێکە لە وەرزش ، کە تەندروستی بە لەش دەبەخشێت و پارێزگاری لە جوانی لەشیان دەکات و لە قەڵەوی دەیانپارێزێت و بەهێز و خێراتریان دەکات و باشتر هاوسەنگی خۆشیان دەپارێزن . بە پێی بابەتێک ، کە لە بڵاوکراوەی ( تەندروستی زانکۆی هارڤارد) ی ئەمەریکییدا بڵاوکراوەتەوە ، ڕۆژانە منداڵان بە لایەنی کەمەوە پێویستییان بە کاژێرێک وەرزشە ، کە دیارە سروشتی دەرەوەی خانوو و باڵەخانەکان ، باشترین شوێنە بۆ ئەو وەرزشە .

٢ – هەمووان پێویستییان بەوەیە ناوە ناوە لە ژاوە ژاو و جەنجاڵی شار و قاو و قیژی ناو ماڵەکان دووربکەونەوە . توێژینەوەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە ، تاوێکی ناو سروشت ، ڕادەی فشار و خەمۆکی لە گەورەکان و منداڵاندا کەمدەکاتەوە . پاشان کەشوهەوای ناخۆشی خوێندنگا و تاقیکردنەوەکان ، منداڵ تووشی بێزاری و ماندوو بوون دەکەن ، هەر بۆیە بردنی منداڵ بۆ دەرەوە ئارامییان دەکاتەوە .

٣ – ڤیتامین دی ، یەکێکە لەو ڤیتامینە زۆر گرنگانەی پێویستە بۆ تەندروستی ماسولکە و ئێسقانەکانی مرۆڤ ، یارمەتی لەش دەدات کالسیۆم و فۆسفات لە خۆراکەوە بمژێت . بەڵام بە داخەوە لەشی منداڵ زۆر کەم دەتوانی ئەو ڤیتامینەی دەستبکەوێت ، چونکە بە زۆری لە خۆراکی گەورەکاندایە . بەڵام زۆر بە ئاسانی دەتوانێ لە ڕێگای تیشکی خۆرەوە بەرهەمیان بهێنێت . بۆ پارێزگاریی کردنی لەشی منداڵانیش لە سووتانەوەی تیشکی تیژی خۆر ، وا باشترە لەو کاتانەدا یاری بکەن ، کە تیشکی سەروو وەنەوشەیی کزە و پێویست بە داپۆشینی لەش ناکات ، یان چەوری دژەخۆریان بۆ بەکاربێت . بێگومان لە هەردوو ئەو حالەتانەدا ، لەشی منداڵ دەتوانێ ڤیتامین دی بەرهەم بهێنێت .

٤ – توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە ، یاریی کردنی منداڵ لە هەوای پاکی دەرەوەدا ، هۆکارێکە زیاتر دان بە خۆیدا بگرێت و لە تووڕبوون و مانگرتن و هەڵچوون و تۆران دووربکەوێتەوە و ڕادەی شەڕەنگێزیشی کەمبێتەوە . چونکە یاریی کردنی منداڵان ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆکاری زیاترکردنی هوروژمی خوێن بۆ مێشک ، لە ئەنجامدا ئەو دەمارانەی پەیوەستن بە فێربوون و ئاگاییەوە ، زیاتر دەکرێنەوە و ڕاستەوخۆش باری دەروونی منداڵان هێور و ئارام دەکەنەوە .

٥ – سروشت هەستێکی سەیری سەرسوڕمان لای منداڵان دروستدەکات ، کە هیچ ژینگەیەکی تر ناتوانێت دروستی بکات . ئەو دیاردانەی ڕۆژانە بە شێوەیەکی سروشتی لە حەوشەی ماڵ و دەشت و باخچە و پارکەکاندا ڕوودەدەن ، ڕاستەوخۆ بە چاوی خۆیان دەیبینن ، وا لە منداڵان دەکەن جیهان بەجۆرێکی جیاواز و نوێ ببینن ، بیربکەنەوە و پرسیار دەربارەی زەوی و ڕووەک و دار و بەرد و ئاژەڵ و باڵندە و کرم و مار و مێروو بکەن . سەیری کەوتنەخوارەوەی گەڵای دارەکان بکەن ، گویێ لە جریوە و جووکەی باڵندە و قاڕە و باڕەی بزن و مەڕ و خوڕەی ئاو بگرن ، بە دوای پەپوولە و خاڵخاڵۆکەدا وەک با بفڕن ، یاریی بە قوڕ بکەن و خانوی لیێ دروست بکەن ، هەر بۆیە سروشت بە شێکی گرنگی پەروردەیەکی بەردەوام و خۆڕاییە ، چونکە لە سروشتدا فێری پرسیاری زۆر و بەرپرسیارێتی دەبن . بۆ نموونە دەگەنە ئەو ڕاستییەی ، ئەگەر وەک پێویست گرنگی بە زیندەوەرێک نەدرێت ، یان ماسییەک لە ئاودا دەربهێنرێت ، لە ئەنجامدا دەمرن ، ئەگەر ڕووەکێک ئاوی نەدرێت ، یان گوڵێکی ئێجگار گەشی جوان لە خاک هەڵبکێشرێت سیس دەبن . بە مانەش هەستەکانی منداڵان چاڵاک دەبن ، چونکە بە چاوی خۆیان هەموو ئەو شتانە دەبینن .. هەر بۆیە
ئەرکێکی زۆر گرنگی دایک و باوکانە ڕۆژانە لە سروشتدا کاتێکی خۆشی پڕ لە ئارامی بۆ خۆیان و یاریکردنی منداڵەکانیان تەرخان بکەن ، چونکە دنیای دەرەوە سوودی ئێجگار زۆریان هەیە ، کە لە ژماردن نایەن . جوانییەکانی کار لە ڕۆح دەکەن ، ئازادییەکی بێ کۆتایی و خۆڕاگریی بە منداڵان دەبەخشێت . چالاکییەکانی ناوی زاخاوی مێشک و یارمەتی سووتاندنی کالۆری زیاتر دەدات و لێدانی دڵ و هێز و توانا و هاوسەنگی و خێراییان باشتر دەکات ، هۆکارێکیشن بۆ بنیاتنانی جەستەیەکی بەهێز و جوان ، منداڵانیش لە سەیری شاشە و مەترسی لایەنە خراپەکانی ئینتەرنێت و دانیشتنی نادروستی سەر دۆشەک و قەنەفە دوور دەخاتەوە ، سەرئەنجامیش پەیوەندی باش لەگەڵ مندالەکانیاندا دروست دەکەن ، دواڕۆژێکی ئێجگار گەش و ڕووناکیش چاوەڕوانیان دەکات .

تێبینی :
١ – ئەگەر لە فەرهەنگدا سەیری ناوە ئینگلیزییەکەی پەتای کەم سروشتی ( Nature Deficit Disorder ) بکەین ، ئەوا دەبێت بە : ( ناتەواوی سروشتی ، یان تێکچوونی بێ توانایی سروشت ) ، کە دیارە دوو ناوی درێژ و ناقۆڵان . جالەبەر ڕۆشنایی زاراوە جوانەکانی زمانە شیرینەکەی خۆماندا وەک : ( کەم خەوی و کەم خوێنی .. ) نـاوم لێنا ( کەم سروشتی ) . واتە ئەو کەسانەی کەم بەر سروشت دەکەون .
٢ – بۆ ئەم باسە سوود لە چەند سایتێکی ئەمەریکی وەرگیراوە .




شیعری مناڵان\ له‌ یاريی تۆپی پێدا.. ڕۆستەم خامۆش

لـه‌ یـاريی تـۆپـی پـێـــدا
هێرشبه‌رم، گورج و گۆڵ
نه‌خـشـه‌و پـلانــم هـه‌یـه‌
بـۆ تـەواوی یـاری و گۆڵ

لـه‌ یـاريی تــۆپـی پـێـــدا
بــه‌ ئـــاكـــار و لێــزانــــم
یـاريی ده‌كــه‌م بـه‌ ڕێكـی
بــاشــتــریــن یــاریـزانــم.

  ڕۆستەم خامۆش



ئۆپەرێتی: سلێمـــــانی لــــــە دڵدایە.. نوسینی عەلی حەمەڕەشید

منداڵان بە دڵخۆشییەوە دوو دوو و سێ سێ پێکەوە وەستاون و خەریکی خۆ ئامادەکردنن بۆ ئەوەی پێکەوە گۆرانییەک بڵێن.
لیرە:
وا هەست دەکەم چالاکیی…ئەمجارەمــان زۆر جیایە
ڕەسەن:
بــەڵێ بــەڵێ هاوڕێیان…بــــە دڵنیایی وایـــە
بەهەست:
دەی ئێمەش هاوکارتانین…وەستاوین،چــاوەڕوانین
ڕێمان :
گوێم لێ بگرن بە جوانی…بــۆ ناسینی سلێمانی
لـــــە مێژوودا ناسراوە … بە هەڵمــەت و قوربانی
هەموو:
ئەم شارە لەم هەرێمە…خۆشەویستە لای ئێمە
لیرە:
نازناوی نوێی ئەم شارە…پڕ شکــۆ و بڵند دیارە
ڕێمان :
شــاری ڕۆشنبیرییە و…وەکو خۆر پرشنگدارە
هەموو:
سلێمــــانی سلێمـــانی…شاری شیرینی کــوردانی
جێی شانازییت بۆ ئێمەی کورد…هەتا دڵ حەز بکـــات جوانی
لیرە:
سلێمانی لــــە دڵدایە…بۆیە ئاوا خۆشــەویستە
کارا:
خزمەتی لەسەر هەموومان…کـــارێکی تەواو پێویستە
شێوە :
ئێمــــە هەمــوو بە یەکەوە…ئەم شارەمان زۆر خۆشدەوێ
ڕەسەن :
دەی با هەوڵی خۆمان بدەین…تا جوانیی زیاتر دەرکـــەوێ
کارا :
پڕ پڕن لــە خۆشەویستیی …ژینگە و شەقـــام و کۆڵانی
شێوە:
ئاسودەین کە دێتە گوێمان…ناوی خۆشیی سلێمــــانی
هەموو:
سلێمــــانی سلێمــــانی…سلێمــــانی سلێمــــانی
هەمیشە وای لــــەدڵماندا…شارە جوانەکـــــەی بابانی
پاشان هەموو پێکەوە تێکەڵ دەبن و بە خۆشییەوە ئەمە دەڵێنەوە:
هەموو:
سلێمــــانی سلێمــــــانی…شـــاری شیرینی کـــوردانی
جێی شانازییت بۆ ئێمەی کورد…هەتا دڵ حەز بکـــات جوانی
سلێمانی لـــــە دڵدایە…بۆیە ئاوا خۆشەویستە
خزمەتی لەســــەر هەموومان…کـــــــارێکی تەواو پێویستە
ئێمـــە هەمــــوو بــەیەکـەوە…ئەم شارەمان زۆر خــۆشدەوێ
دەی با هەوڵی خۆمان بدەین…تا جوانیی زیاتر دەرکـــــەوێ
پــڕ پـــڕن لە خۆشەویستیی …ژینگە و شەقـــام و کــۆڵانی
ئاسودەین کـــە دێتە گوێمان…نــــاوی خۆشیی سلێمــــانی
سلێمــــانی سلێمــــانی…سلێمــــانی سلێمــــانی
هەمیشە وای لــەدڵمــــاندا…شـــارە جوانەکـــەی بابانی
٨/١١/٢٠٢١




چۆنیەتی نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

چیرۆکی منداڵان، گرنگترین و کاریگەرترین لقە لە لقەکانی ئەدەبی منداڵان. گرنگترین سەرچـاوەی رۆشـنبـیریی منـداڵانە. گـرنگـترین هـۆکـاری فـێرکـردن و پەروەردەکـردنی منـداڵانە. چـیرۆک دەرگاکانی ژیان لەسەر منداڵان دەکاتەوە. منداڵان لە رێی چیرۆکەوە، فـێری کـۆمـەڵێک بەهـای جـوان و بەرز دەبـن. لە کـتێبی (رۆشـنبیریی منـداڵان) دا، بە دڕێـژی باسم لە گـرنگـییەکانی چـیرۆک بـۆ منـداڵان کـردووە.

کەسانێکی زۆر پێیانـوایە، کە نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان، کارێکی سووک و ئاسانە. بەڵام لە راستیدا بە پێچەوانەی بۆچـوونی ئەم کەسانەیە. نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان کارێکی هـەڕەمەکی و ئاسان نییە. لە نووسینی چـیرۆک بۆ گەورەکان گـرانترە. لە زۆر رووەوە، جیـاوازی هـەیە لەگـەڵ نـووسـینی چـیرۆک بـۆ گـەورەکان. چـونکە منـداڵان تایبەتمەنـدی خۆیان هەیە و جیهانی منـداڵان لەگەڵ جیهانی گەورەکاندا جیاوازی هەیە.
نووسینی چـیرۆکی باش بۆ منـداڵان، سەرەڕای بـوونی بەهـرە و لێهاتـوویی و ئارەزوو، پێـویستی بە خـەیـاڵـێکی فـراوان هـەیە. پێـویسـتە چـیرۆکـنووسی منـداڵان شارەزاییەکی باشی لە قـۆنـاغـەکـانی منـداڵـیدا هـەبـێـت. شـارەزایی زمـانی منـداڵان بێـت، تا بتـوانێـت بچـێـتە نـاو جـیهـانی وەنـەوشـەیی و ئەفـسوونـاوی سـەیـر و سەمـەرەیـان، کـە پـڕە لە هـیـوای سەوز و لە راز و نیازی پاک و لە خۆزگە و لە خەونی شـیرین. لە زەردەخـەنە و لە پـێکەنـین، جـیهـانـێکە سـەرتـاپا لە پـاکی و بێتـاوانی و جـوانی. ئەوسـا دەتـوانێـت لە سـروشـتی ژیـانی راسـتی و لە زمـانی شـیریـن و سـاکار و لە تایبـەتـمەنـدییـەکـان و لە سەرچـاوە هـەستییەکانی منـداڵان بە باشی تێـبگەیت. چـیرۆکنووسی سەرکەوتـووی منـداڵان، پێـویستە نوێخـواز و داهـێنەربێت و تـوانـای گـۆڕیـنی چـەمکە جیـاوازەکـانی هـەبێـت، وەکـو: چـاکە، خـراپە، تـونـدوتیـژی، ئاشـتی، هـاوڕێـتی، ..هـتد.
پراکتیزەکردنی نووسین لەم جۆرە ئەدەبیاتە، پێویستی بە تێڕامانێکی ورد و درێژخایەن و بە هەڵـبژاردنی شـێوازێکی ئاسان و بە زمـانێکی ناسک و شـیرینی دەقـەکانی هـەیە.
زۆر لـەو چـیرۆکنووسـانەی کە تـازە دەچـنـە نـاو جـیهـانی بەریـنی نووسـینی چـیرۆکی منـداڵانـەوە، دادەمێـنن و ئـەوە بـە خـەیـاڵـیانـدا دێـت، کـە لـە کـوێـوە دەسـت پـێـبکەن؟ ئیـلهـام لە چـیـیەوە وەربگـرن؟.
گـەر تـۆ ئـارەزووی نـووسـینی چـیرۆکـت بـۆ منـداڵان هـەیە و پێـویستـیـت بە هـەنـدێ رێنمـایی پێویست هـەیە. پێش ئەوەی دەست بە نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان بکەیت، پێـویسـتە ئـەم خـاڵانە بـزانـیـت و لەبەرچـاویـان بگـریـت
١ـ پێویستە ژمارەیەکی زۆری چیرۆکی هەمەچەشنەی منداڵان بخوێنیتەوە. لە شێوازی چـیرۆکنووسە ناسراو و بە ئەزموونەکان ئاشـنابیت. لەکاتی نووسینی چـیرۆکەکانت بۆ منـداڵان سوودیان لێوەربگـرە. بەڵام ئەمـە ئـەوە ناگـەیەنێـت، کە لاساییـان بکەیتـەوە.
٢ـ ئیـلهـام بۆ بیرۆکەی چـیرۆکەکانت، زۆرە و لە هەموو شوێنێکدا هـەیە، تەنیا ئەوەی دەوێت کە بزانیت چـۆن دەیـدۆزیتـەوە. دەکرێت لە رووداوێک یا هـەڵوێستێکی منـداڵیی خـۆت، یا لە بیـرەوەرییـەکانی رابـردووی ژیـانـت یان لە سـەرنجـدانی ورد لـە رووداوە راسـتییەکـانی ژیـانی رۆژانـەی دەوروبـەرتەوە ئـیلهـام وەربگـریت. دەکرێـت یەکـسـەر ئیلهـامی بابەتێکی داهـێنانی تـازە بە خەیـاڵـتـدا بێـت. یا لە خـوێنـدنەوەی داسـتانێک یا چـیرۆکێکـی فـۆلکلۆری یا ئەفـسانەییەوە ئیلهـامـێکی باشت بۆ بێـت. ماڵپەڕ و مەکـۆی زۆریش هـەیە، کە تایبەتـن بە یارمەتیـدانی نووسەران بۆ پەرەپێـدانی بیـرۆکەی نـوێ.
٣ـ بۆ پێکهـێنانی بیرۆکەیەکی گشتی سەبارەت بە چیرۆکەکەت. چەندین جار لە هـزرتدا تاووتـوێ و گەڵاڵـەی بـکە، لەگـەڵ گەیـشـتـنت بـەو بیـرۆکەیەی کە بە لاتـەوە جـوان و پەسـەنـدە، تـوانـای نـووسینی ئـەم بابـەتەت دەبێـت.
٤ـ پێش ئەوەی دەست بە نووسینی چیرۆکەکەت بکەیت، پێویستە نەخشەیەک دابڕێژیت کە هەموو مەرجە سەرەکییە پێویستییەکانی نووسینی چیرۆک بۆ منـداڵان لەخۆبگرێت.
٥ـ سەرنـاوێکی خـۆش و ئاسـان و سـەرنجـڕاکـێش بـۆ چـیرۆکـەکەت دابـنێ، کە لەگەڵ ناوەڕۆکی چـیرۆکـەکەتـدا بگـونجـێـت.
٦ـ ئەوەش زۆر گـرنگە کە بـزانیـت چـیرۆکـەکەت بـۆ چی قـۆنـاغـێکی تەمـەنی منـداڵی دەنووسیت. بەکاهـێنانی شێواز و زمانێکی گونجاو و لەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکان و تایبەتـمەنـدییەکانی هـەر قـۆنـاغـێکی تەمـەنی منـداڵی، لە هـەمـوو روویـەکـەوە بـزانە کە چین. تا بتوانیت چیرۆکێکی شایستە بۆ منداڵانی ئەو قۆناغە بنووسیت کە دەتەوێت.
٧ـ دوای دیاریکـردنی شـتە سەرەکییەکانی ناو چـیرۆکەکە، بە متـمانە بەخـۆبـوون و بە گەشبینییەوە، بە ریزبەندییەکی لۆژیکییەوە بەم شێوەیە دەست بە نووسینی رەشنووسی چـیرۆکـەکەت بـکە: دەسـتپێکـردنی پێـشەکی چـیرۆکـەکەت بە دەســتەواژەیـەک یـان بە رسـتەیەکی سەرنجـڕاکـێش دەست پێـبکە. بۆ ئەوەی لە سەرەتـاوە منـداڵانی خوێنـەر یا گوێگر بە لای خۆیدا رابکێشێت و مەیـلی خوێندنەوەی بکەن. ئەوەش بزانە کە چیرۆک پلـۆت و سەرەتا و ناوەنـد و کۆتایی هـەیە، هەریەکەش لەم بەشانە مەرجی پێویستییان هەیە. فۆرم و ناوەڕۆکیش دوانەن و تەواکەری یەکترین. یا گیانێکن لە دوو جەستەدان، یا هەردوو باڵێ چـیرۆکن. پێویستە هاوسەنگییەک لە نیوان فـۆرم و ناوەڕۆکی چیرۆکی منـداڵانـدا هـەبێـت. بەڵام هـیچـیان مەکە بە قـوربانی ئەوی تـریان.
٨ـ چیرۆکنووسی منداڵان، بۆ نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان، پێویستی بە بیرکردنەوەی قـووڵ و بە خەیاڵێکی فـراوان هـەیە. چونکە خەیـاڵ رەگەزێکی گرنگە لە چـیرۆکـدا.
گرنگترین هەنگاوەکانی نووسینی چـیرۆک بۆ منداڵان
گـرنگـترین بنەمـا و سـتراتـیژی و پێـویستیـیەکـانی نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان، بە چـڕی و بە کـورتی، لەم هـەنـگاوانـەدا باسـیان دەکەیـن:
١ـ دیاریکـردنی تەمەنی منـداڵان: کاتێک کە چـیرۆکنووس بیەوێت چـیرۆکێکی گونجاو بۆ منـداڵان بنووسـێـت، پێـویسـتە بە تـەواوی ئـەو تەمـەنە منـداڵـییە دیـاری بـکات کە کردوونی بە ئامـانج و چـیرۆکەکەیان بۆ دەنووسێت. بۆ نموونە منـاڵانی تەمـەن نێـوان (٣ ـ٧) سـاڵان، بە تەمـەنـێکی تایبـەتی و بە قـۆناغـێکی خـەیـاڵی منـداڵان دادەنـرێـت. منـداڵانی ئـەم قـۆنـاغـە، بە زۆری هـۆگـری چـیرۆکی خەیـاڵئامـێزن. بە تایبەتـیش ئەو چیرۆکانەی کە پاڵەوان و کارەکتەرەکانیان ئاژەڵ و باڵندە و دار و درەختن. بە مەرجێک لە ژینگەیـانەوە نـزیکـبن. بەڵام منـداڵانی تەمـەن نێـوان (٨ ـ١٠) سـاڵان، جیـاوازن و کەمـتر خـەیـاڵـین و بە زۆری هـۆگـری ئـەو چـیرۆکانـەن کە راستـین یا لە راسـتییەوە نـزیکن. حەز بەو چـیرۆکانە دەکـەن، کە پاڵـەوانە سەرەکـییەکانیـان منـداڵانـن. کەواتە ئـارەزوو و تـوانـای تـێگەیشـتـنی منـداڵان لە چـیرۆک، بە پـێی قـۆنـاغـەکانی تەمـەنی منداڵان جیاوازە. بۆیە پێویستە نووسەرانی چیرۆکی منـداڵان لە سەرەتاوە، لە هەموو روویـەکەوە شارەزاییان لە رەهـەنـدەکانی قـۆنـاغـەکانی منـداڵی هـەبێت. بە تایبەتیش لەو تەمـەنەی کە چـیرۆکەکـانیان بۆ دەنـووسـن.
٢ـ دیـاریکـردنی بیـرۆکە یا ئامـانجی سـەرکـیی چـیرۆک: بیـرۆکە بەشـێکی گـرنـگ و بنەڕەتییە لە چیرۆک. کە چیرۆکەکە بە دەوریدا دەسووڕێتەوە. دەکرێت تۆی نووسەر لەسەر هـەربابەتـێک چـیرۆک بۆ منـداڵان بنووسـیت. ئەو بەهـایە دیـاری بکەیـت کە دەتـەوێـت بیکەیـت بە ئامـانجی چـیرۆکەکەت. وەکو، هـاوڕێـتی، دڵسـۆزی، نیـشـتمان پەروەری، خۆشەویستی، ژینەپارێزی، قارەمانێـتی، هـاوکاری، لێبووردن، راستگۆیی، .. هـتد. پێـویستە بە وریاییەوە و لە روانگەی منداڵانەوە روونی بکەیتەوە. وا باشترە کە لە چیرۆکێکدا، لە یەک بیرۆکە زیاتر نەبێت. تا منداڵان ئاڵۆز نەکات. لە هەڵبژاردنی بیـرۆکەی چـیرۆکەکەتـدا، تایبـەتییە دەروونییەکـان و سـۆزداری و تـوانای وەرگـرتن و زمـان و تێگەیشتن و گەشەکـردنی قـۆنـاغـەکانی منـداڵیەتی لەبەرچـاوبگـرە.
٣ـ گـرێ و بلـۆت لە چـیرۆکـدا: بریتە لەو کێشە و ئاریشـەیە، کە پاڵەوانی چیرۆکەکە دەیەوێـت چارەسەری بکات، یان رووبەڕووی بێتەوە و چارەسەری گونجـاوی بکات.
٤ـ ئامانج یا بەهـای چـیرۆک: ئەو بەهـا یا مەبەست و ئامانجە دیـاری بکە کە لەپشت چـیرۆکەکەتەوەیە، کە دەتەوێت بیهـێنیتەدی. لە میانەی چیرۆکەکەتەوە چی پەیامـێکت هـەیە، کە دەتـەوێـت بە منـداڵانی بـگەیـەنیـت. واش مـەکە چـیرۆکـەکەت لە بەهـایەک زیـاتر لەخـۆبگـرێـت. چـونکە سەرقـاڵـت دەکات و چـیرۆکەکەشـت یەکگـرتـوویی خـۆی لەدەست دەدات. بۆیە پابەنـدی یەک ئامانج بە. ئامانجەکەشت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و داهـێنەرانە بە منداڵان بگەیەنە. وەک گەورەکانیش لە گەڵ منـداڵانـدا قـسە مەکە. یان بە گەمـژەیان تـێمەگە. بە هـەنـدیان بـزانە، چونکە منـداڵان هەست بە زۆر شت دەکەن.
٥ـ هەڵـبژاردنی پاڵەوانی سەرەکی و کارەکتەرەکان (کەسایەتییەکان): پاڵەوانی چیرۆک، ئـەو کـارەکـتەرە سـەرەکـیـیەیە، کە دینـەمـۆی رووداوەکـانە و چـیرۆکـەکە بە دەوریـدا دەسووڕێتەوە. بۆیە پێویستە بە باشی هەڵبژێـرێت، خەسڵەتی باشی هەبێت. نووسەری چیرۆکی منداڵان دەتوانێت کارەکتەری راسەقـینەی جیاوازی منداڵان یا بە ساڵاچوان لە هـەردوو رەکەز کە لە ژیانـدان بەکاربهـێنێـت. مەرجیـش نییە پاڵەوان و کارەکتەرەکان مـرۆڤ بن، دەکرێت ئـاژەڵ یان باڵـندە یا دار و درەخـت بن. باشتر وایە، کە سـیمایەکی تایبەتی بە پاڵەوانی سەرەکی چـیرۆکەکەت بـدەیت، وەکو: بوونی نیشانەیەک یا خاڵـێک لە دەمـوچـاویـدا، یا سـتایـلێکی جیـاوازی قـژی، یان شـێوەیەکی جیـاوازی جـلـوبـەرگ لەبەرکردنی، یان جیاوازی لە رۆیشتـنی یان جیاوازی لە قـسەکردنی، یان جیـاوازی لە پێکەنیـنی، ..هـتد. سەرەڕای هـەنـدێ خەسـڵەت و تـایبـەتـمەنـدیی پاڵـەوانی سـەرەکي چـیرۆکەکە، وەک: میهـرەبانی، ئازایی، دڵسـۆزی، بە ئەمەکی، خـۆڕاگری، هـاوکاری، چاکەخوازی، فریاڕەسی، زیرەکی، رووخۆشی،.. هـتد. منداڵان هەوڵدەدەن لاسایی ئەو پاڵـەوانانە بکەنەوە کە لە چـیرۆکەکانـدان. پێـویستە ناوەکانی پاڵەوانەکان کـوردی بن. باشـترە کە نـاوە تـازەکان بخـرێنە چـیرۆکەوە. ئاساییشە کە کارەکتەرەکـان، لە رووی قـەوارە و رەنـگ و شـێـوە جیـاوازبـن، کچـبـن یـا کـوڕبـن، سـادەبـن یا شـازادەبـن، هـەژاربـن یا دەوڵـەمەنـدبـن. سـپی بـن یا ئەسمەربـن. منـداڵان فـێری قـبووڵکـردنی جیاوازییەکان دەبن. ناشبێت چیرۆکنووس کـاری لە تـوانـابەدەر و خـەیـاڵی بـداتە پاڵ پاڵەوانی چـیرۆکەکەی. تا پاڵەوان نـزیک بێـت لە ژینگەی منـداڵانەوە، کاریگەرییەکی باشتری دەبێت. دەکـرێت کارەکتەری بچـووک لە کارەکـتەری گـەورە ببـاتەوە. دڵـنیابە کە پاڵەوانی چیرۆکەکەت خۆی کێشەکانی چارەسەر بکات، وا مەکە کە بۆ چارەسەری کـێشەکـانی پشـت بە دایـک و بە بـاوکی ببەستـێت. دڵـنیاشـبە کە کێـشەکـانی پاڵـەوانی چـیرۆکـەکەت بە رێکەوت چارەسەر ناکـرێن. راستەوخـۆش بە منـداڵەکان مـەڵێ: ئـاو بـە فـیـڕۆ مـەدەن، یان زبـڵ و خـاشـاک لەسـەر رێـگـاکاندا فـڕێ مەدەن. بەڵکو وا لە پاڵـەوانەکەت بکە، کە بەشـێوەیەکی ناڕاسـتەوخـۆ ئـەم کـارانە فـێربێـت.
٦ـ نووسینی پێـشەکییەکی کورت بۆ چـیرۆکەکە: چیرۆکنووس لە پێشەکییەکەیـدا ناوی پاڵـەوان و کارەکتەرە سەرەکییەکانی چـیرۆکەکەی بە منـداڵان دەناسێنێت. کات و ئـەو شـوێنـانەش کە رووداوەکانی تێیـدا روودەدەن دیـاری دەکات.
٧ـ زمـانی چیرۆکی منـداڵان: پێـویستە تۆی چیرۆکنووسی منداڵان، شارەزاییەکی باشت لە زمـان و لە رێـزمانی کـوردی و لە فـەرهـەنگی وشـەکانی منـداڵان هـەبیـت. سەرنـج وردیت لەسەر زمانی نووسین بۆ منـداڵان بە پێی قـۆناغـەکانی تەمەنی منـداڵی هـەبێت، تا وشـە و رسـتەی گونجـاو بەکـاربهـێنـیت. وشـەکـانـت ئاسان و رسـتەکـانـت کـورتـبن. بێ گـرێ و گۆڵبن و گران و ئاڵۆزنەبن. زۆر گرنگە لە گـێڕانەوەی چـیرۆک بۆ منداڵان، زمانی هەستی بەکاربهێنیت. لەگەڵ روونکردنەوەی وردەکارییەکان بۆ منداڵانی خوێنەر، بە جـۆرێـک کە وا هەسـت بکەن، کە ئـەو پاڵـەوان و کارەکتەرانـەی لە چـیرۆکـەکەتـدا باستکـردوون، راسـتەقـینەن. لە میـانـەی وردربـوونەوەیـان لـەو کـارانەی دەیانبیـنن و گـوێیـان لێـیان دەبێـت و هـەستیان پێـدەکەن و چـێژیـان لێـوەردەگـرن.
٨ـ بەکـارهـێنانی دیالـۆگ و قـسەکـردن و میـتەفـۆرم لە چـێرۆکـەکەکانـدا: دیالـۆگ لە نێـوان ئەکتەرەکانـدا بەشـێکی گـرنگە لە چـیرۆکـدا. لە نووسـینی دیالـۆگـدا، پێـویستە رەچاوی قـۆنـاغـەکانی ئەو تەمەنە منـداڵییە بکەیـت کە چـیرۆکەکەیان بۆ دەنووسیت.
باشـترین دیالـۆگ لە نێـوان پاڵـەوانەکانـدا، ئەوەیە کە دیالـۆگێکی سـادە بێت. چونکە وشەکانی منـداڵان سـنووردان. لە قـسەی بە تـوێکـڵ و تـەرز و واتا شاراوە تێناگەن.
٩ـ بەکارهـێنانی وێنـەی فـۆتـۆگـرافی و وێنەی کـێشراوی رەنگاوڕەنگ (گـرافـیک): وێنەی جـوان و رەنگاوڕەنگ هـەر ئـەوە نییە، کە سەرنـجی منـداڵان رادەکێـشێـت و چـیرۆک دەڕازێنێـتەوە، بەڵکو تـەواکەری چـیرۆکـە، هـۆیـەکی گـرنگـە بۆ ئەوەی کە منداڵان باشتر لە چیرۆک تێبگەن و چێژێکی زیاتری لێوەربگرن. زیاتریش خەیـاڵ لە چـیرۆکە وێنـەدارەکان دەکەنەوە. زۆر جار ئەو پەیـامەی کە چـیرۆکنووسانی منـداڵان ناتوانن بە جوانی و بە دروستی بە وشە و بە رستە گوزارشتی لێبکەن، وێنەکێش بە ئاسانی بە وێنـەی جـوانی رەنـگاوڕەنـگ گـوزارشـتی لێـدەکات.
١٠ـ مـلمـلانێ لە چـیرۆکـدا: ملمـلانێ بنـەمـایەکی گـرنـگی چـیرۆکە. بـەڵام پێـویستە جەخـت لەسەر سەرکەوتـنی: چـاک بەسەر خـراپـدا، ئاشتی بەسەر شەڕدا، ئازایـەتی بەسەر تـرسدا، خـۆشـەویستی بەسەر رقـدا، یەکـێتی بەسەر دووبـەرەکـیدا، دڵسۆزی بەسەر ناپـاکیدا، ئـازادی بەسەر دیـلـێتـیدا،.. هـتد. بـکەیـت.
١١ـ خاڵـبەنـدی لە چـیرۆکـدا: چەنـد هـێمایەکی خاڵبەنـدی لە چـیرۆکەکەتدا لە شوێنی راستدا بەکاربهـێنە. وەک، مەنـووسە: لەناکاو شـێرەکە نەڕانـدی!!! بەڵکو، بنووسە: لەناکاو شـێرەکە نەڕانـدی! . مەنـووسە: جـوان بە چـی پـێکەني؟؟ بنووسە: جـوان بە چـی پـێکەنی؟ بەکارهـێنانی خـاڵـبەنـدییەکی زۆر، رسـتەکان لاواز دەکـات.
١٢ـ کـات و شـوێـن لـە چـیرۆکـدا: پێـویـسـتە تـۆی نـووسـەری چـیرۆک بـۆ منـداڵان، پابەنـدبێـت بەو کاتەی کە چـیرۆکەکەت تـێـیدا دەست پـێکـردووە. ئایا چـیرۆکەکەت لە رابـردوودا گـێڕاوتەوە؟ یان لە کاتی کـاتی ئێستادا؟ یا دەربـارەی داهـاتـوو نووسـیوتە. بە درێـژایی چـیرۆکەکەت پابەنـدبە بەکاتەوە. هەروەهـا ئەو شوێنانەش دیاری بکە کە رووداوەکـانی چـیرۆکـەکەت تێـیانـدا روویـان داوە. ماڵـەوەیـە، پـۆلـە، قـوتـابخـانـەیـە، یاریگایە، گونـدە، شـارە،.. هـتد. باشتر وایـە ئەو شوێنـانەبـن لە منـداڵانەوە نـزیکـن.
١٣ـ دووبـارەکردنەوەی وشـە و رسـتە: دووبـارەکـردنەوەی هەنـدێ وشـە و رسـتە لە چـیرۆکـدا، بـۆ ئەوەیـە کە لە مێـشکی منـداڵانـدا جـێگـیربـن و لەبـیریـان نەچـنەوە. بـۆ نموونە، وشەیەک یا رستەیەک هـەیە، کە پاڵـەوان یا کارەکتەری سەرەکی چـيرۆکەکە هـەرکـاتـێک رووبـەڕووی دۆخـێکی دیـاریکـراو دەبـێـتەوە، دووبـارەی دەکـاتەوە.
١٤ـ دوورکەوتنەوە لە شێوازی تەڵـقـین ئاسایی و بانگەشە وپەنـدێـری و وتاربێژی و فـرمان پێکردن و لە رێنمایی راستەوخۆ، لە نووسینی چیرۆکی منداڵاندا. ئەو هەڵەیەی کە هـەنـدێ لە نووسەرانی چـیرۆکی منـداڵان تێیکەوتـوون، ئەوەیە کە راسـتەوخـۆ بە ئامۆژگاری و بە پەنـدێری و بە رێنمایی دەستیان بە نووسینی چـیرۆکەکانیان کردوون.
١٥ـ کۆتـایی چـیرۆک: دیـاریکـردنی کۆتـایی چـیرۆکەکەت، لە میـانەی ئاشکـراکـردنی ئەوەی کە پاڵەوانەکە، بە ئامانجـەکەی گەیشتووە یا نەگەیشتووە. هـەوڵبدە کۆتاییەکی دڵخۆشکەر و هيـوابەخـش بنووسیت، کە جێی رەزامەنـدیی منـداڵان بێت. لە چـیرۆکدا کۆتاییەکان بە هـەمـان شـێوەی سەرەتـاییەکـان گـرنگـن.
١٦ـ پێـداچـوونەوە بەچـیرۆکەکەت: کە رەشنووسی چـیرۆکەکەت تەواکرد، کاتی ئەوە دێـت کە دووبـارە و سـێـبارە، بە وردی و بە چـاوێـکی رەخـنەگـرانەوە، چـیرۆکەکەت تاووتوێ بکەیت و لە هەمـوو روویـەکەوە هـەڵـیبسەنگـێنیـت، هـەڵـەکانـت بـژاربکە،
ئەو وشـە و رستانەی کە زیادن بیـان سڕەوە، دەکـرێت دەستکاری بکەیت و وشـە و رسـتەی تـری بۆ زیاد بکەیـت. دڵـنیاشبە لەوەی کە چـیرۆکەکەت کورت و پـوخـتە و زیـادەڕۆییـت تێـیدا نەکـردووە. چـونکە چـیرۆکی دڕێـژ منـداڵان بـێزار دەکـات.
١٧ـ شـەرم و شـوورەیـش نییە، گـەر چیرۆکەکەت پێـشانی یـەک دوو چـیرۆکـنووسی پیشەیی خاوەن ئەزموون لە بـواری چـیرۆکـنووسین بۆ منـداڵان بدەیت و بیخوێننەوە. سـوود لە بیـروڕاو و لە بۆچـوونەکـانیان وەربگـرە. رەخـنەکانیـشـیان قـبووڵ بـکە.
١٨ـ دەکرێـت بە دەنگـێکی بەرز و بە شـێوازێکی شیرین و فـانتازی، چـیرۆکەکەت بۆ کۆمەڵـێک لە منـداڵان بخـوێنیتەوە. بـزانە کاردانەوەیان دەربارەی چـیرۆکەکەت چـین؟
لە کۆتـاییدا دەڵـێین، نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان، یەکـێکە لە گـرنگـترین جـۆرەکـانی نـووسیـنی ئـەدەبی، کـە پێـویستی بـەوە هـەیە، گـەشـە بـکات و بە شـێوەیـەکی جـیاواز دەربکەوێت و داهـێنانی تێـدا بکرێت. چونکە چیرۆک فاکتەرێکی بەهـێزی مەستکردنی پێـداویستیـیە سایکـۆلـۆژییـەکانی منـداڵانە. هـۆکـارێکی ئاسـان و گـرنـگی فـیرکـردن و پەروەردەکـردن و رۆشـنبیریکـردن و راهـێنانی منـداڵانە. ئـەوەی بە چـیرۆک دەکـرێت، زۆر لە لـقەکـانی تـری ئـەدەب پێیان ناکـرێـت. چونکە ژیـان لە منـداڵـییەوە بە چـیرۆک دەسـت پێـدەکـات، چـیرۆکەکـانی ژیـانیـش کـۆتـاییـان نایـات.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٢




ھەینی.. هۆنراوە: عەلی حەمەڕەشید

ھــەی ھــەی ئەمڕۆ ھەینییە
قوتابخــــانەمـــــــان نییە
دایــــەی شیرین دایـە گیان
ناچمــــــە دەر بــۆ کـــۆڵان
دەبێ ئەمــــڕۆ بمشـــــۆری
جــــل و بــەرگم بگـــــۆڕی
نینۆکم درێــــژ بــــــــووە
چڵــــک و پیسی تێ چــووە
دەبێ نینۆکـــــم بکـــــــەم
دانیشم پاک و بــێ خـــــەم
چونکە بـــــۆ رۆژی شـەمە
ھەرچـــــەندە پاک بم کەمە
مامۆستا ڕیزمـان دەکـــــات
سەیری ھەموومـــان دەکات
ھەر کەس پاک و خاوێن بێت
چەپڵەو باشـــە وەر دەگرێت

١٩٩٤/١٢/١٨




چـیرۆک بۆ منـداڵان/ خـۆزگـەی باپـیرەم هـێـنـایـەدی.. نووسینی: رەزا شـوان

باوکـم تـا پـۆلی سێ و دایکـیـشـم تـا یـەکی نـاوەنـدیـیان خـوێـنـدبـوو. بـەڵام باپـیرەم و داپـیرەم نەخوێنـدەوار بوون. لە سەردەمی ئەواندا، لە گونـدەکەیاندا قـوتابخانە نەبـوو.
لە پـۆلی پـێـنجی بنـەڕەتی بـووم. کە لە ماڵـەوە دادەنیـشـتم و ئەرەکەکانی قـوتـابخـانەم جـێبەجێ دەکرد. زۆر جار باپیرەم لە نزیکمەوە لەسەر کورسییەک دادەنیشت و سەیری دەستـمی دەکـرد. رۆژێـکـیان باپـیرەم هـەناسـەیەکی قـووڵی هـەڵـكـێـشا و تی: خـۆزگـە.
ـ باپـیرە گیـان، بـۆچی ئەو هـەنـاسەیـەت هـەڵکـێـشا؟ چـی خـۆزگـەیەک دەخـوازیـت؟!
باپـیرە: خـونچـە گیـان، خـۆزگـەی ئـەوە دەخـوازم، کە منـیش خـوێـنـدەوار بـوومـایە و فـێری نووسین و خوێنـدنەوە بوومایە. بمتوانیایە ئەو پەرتووکەی تۆم بخوێنـدایەتەوە.
ئەو شەوە خەیاڵم لە لای هەناسە و خۆزگەکەی باپـیرەم بوو. لە دڵی خۆمدا وتم: جا بۆ باپـیرەم فێری نووسین و خوێندنەوە نەکەم.. باپیرەم پیاوێکی زیرەکە و زوو فێردەبێت.
بۆ بەیـانی ئەو شەوە کە لە قـوتابخـانە گەڕامـەوە، پێـنووسێک و دوو تیانـووسی سەد پەڕەیی و لاستـیکێکی کوژانـدنـەوە و پێنووستاشێکـم کڕی و خـستیانمە ناو کیسەیەکی نایـلـۆنی جـوانـەوە.
باپـیرەم وەکـو هـەمـوو رۆژەکـانی کە، بە زەردەخـەنـەوە بەخـێرهـاتـنەوەی لـێکـردم و ماچـمیکـرد. کـیـسەکـەم دایی.
ـ باپـیرە گـیان ئـەم دیـارییـە جـوانـانـەم بـۆ تـۆ کـڕیـوە.
باپـیرە: دیـاری.. ئەمانە چـین خـونچـە گیـان؟ چی لەم پێـنـووس و تیـانووسانە بکەم؟!
ـ باپـیرە ئەی تـۆ هـەناسەت هـەڵـنەکێشا و نەتـوت خۆزگە فـێری نووسین و خوێندنەوە بـوومـایە. مـن فـێری نـووسـین و خـوێنـدنەوەت دەکـەم.
باپـیرە ـ قـاقـا پێکەنی: خۆنچـە گیان، تازە من چـۆن فـێری نووسین و خوێندنەوە دەبم؟
ـ باپـیرە گیـان، دەزانـم زۆر حـەزت لە نـووسـین و خـوێنـدنەوە هـەیە، تـۆ زیـرەکـیـت. لـەو بـڕوایـەدام کـە زوو فـێردەبیـت.
تـوانیـم باپـیرەم رازی بـکەم. رۆژی وانـەیـەکی خوێنـدنـەوە و وانـەیـەکی بیـرکـاریـم پێدەوتەوە. هەستم بەوە کرد، کە رۆژ لە دوای رۆژ باپیرەم حەزی بۆ فـێربوون زیاتر دەبێـت. وای لـێهـات خـۆی بانگمی دەکـرد و دەیـوت خـونچـە گیـان کـاتی وانەکانـمە.
لە مـاوەی نـۆ مانگـدا، باپـیرەم فـێری نووسینی هـەموو پیـتە کوردییـەکان و چـۆنیـیەتی نووسینی وشـە و داڕشـتنی رسـتە کرد. فـێری نووسینی هەموو ژمارەکان و هـەر چوار کـردارەکانی بیـرکاریشـم کـرد. باپـیرەم زۆر بە ئاسانی فـێری خوێـنـدنەوەی بابەتـەکـانی خوێندنەوەی کوردی تا پـۆلی شەشی بنەڕەتی بـوو. من گەیشتمە پـۆلی حـەوتی بنەڕەتی و باپـیرەشم بە تەواوی فـێری نووسین و خوێنـدنەوە بوو. کۆمەڵێک پەرتـووکی کوردی بۆ خـۆی کـڕی. بە زۆریش حـەزی لە خـوێنـدنەوەی چـیرۆک و شـیعـرە.
رۆژێـکـیان کە لە قـوتـابخـانە گـەڕامـەوە.. باپـیرەم وەکـو جـاران مـاچـمی کــرد.
باپـیرە: خـونچـە گیـان، مامـۆسـتا جـوان و شـیریـن و زیـرەکـەکەم. ئـەم کـاتـژمـێرە جـوانـەم بـۆ تـۆ کـڕی و بە دیـاری پـێـشکەش بـێـت.. ئـەگـەر لـە زێـڕێـشـت بـگـرم هـێـشـتا هـەر کـەمـە. تـۆ منت کرد بە خوێنـدەوار. ئیتر هـەناسە هـەڵناکـێـشم و زۆر دڵخـۆشـم. وا هەسـت دەکـەم کـە مـرۆڤـێکی تـرم.
ـ زۆر سوپاس باپـیرە گیان بۆ ئـەم دیـارییـە جـوانەت. مـن دوو هـێـندەی تـۆ دڵخـۆشم کە توانـیم فـێرتـبکەم و خـۆزگەکەت بهـێنمەدی. بـڕیـارم داوە کە داپـیرەشـم فـێربکەم.

نەرویـج: ٢٠٢٢




درۆی منداڵان.. محەمەد بەرزی

منداڵ کاتێک گەورە دەبێت فێری درۆ دەبێت . جا هەرچەندە درۆکردن لە نێو منداڵاندا کارێکی ئاساییە ، بەڵام دایک و باوک بە درۆ زۆر بێزار و دڵگران دەبن . ئەم دۆخەش ڕووبەڕووی زوربەی هەرە زۆری دایکان و باوکان دەبێتەوە . بێگومان پێویستە دایک و باوک هۆکارە باوەکانی درۆی منداڵ بزانن ، دوای ئەوە دەتوانن چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە . نابێت درۆی منداڵ پشتگویێ بخرێت ، تا نەبێت بە بەشێک لە کەسایەتییان ، زۆریش ئەستەم و دژوارە لە گەورەییدا بتوانرێت چارەسەری بۆ بکرێت . بە گشتی منداڵان بە چەندین هۆکاری جیاواز درۆ دەکەن ، وەک :
١ – دەربازبوون لە سزا . ئەو منداڵانەی لە سزا دەترسن ، پەنا بۆ درۆ دەبەن ، چونکە منداڵ نایەوێت دان بە شتێکدا بنێت ، کە تووشی ئازاریی جەستەیی ، یان زارەکی دەکات .
٢ – درۆدەکەن تا شتێک بە دەستبهێنن ، یان تووشی کێشە نەبن ، یان خۆیان لە شتێک ڕزگار بکەن.
٣ – داپۆشینی هەڵە بۆ دروستنەبوونی کێشە .
٤ – هەڵخەڵەتاندنی کەسانی گەورەتر لە خۆیان، کە حەزیان لە چارەیان نییە .
٥ – پێیان وایە ئەگەر ڕاستی بڵێن ، باوەڕیان پێناکرێت .
٦ – ترسان لە کاردانەوەی گەورەکان .
٧ – بێ بیرکردنەوە قسەکانیان دەکەن
٨ – پێیان وایە درۆی دایک و باوک کارێکی چاکە و چاو لەوان دەکەن .
٩ – درۆ دەکەن تا سەرنجی دەورووبەر بە لای خۆیاندا ڕابکێشن .
١٠ – لەوانەیە بزانن درۆکردن هەڵەیە ، بەڵام پاڵنەری بەهێزتریان هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی تر .
ئەوەی شایانی باسە ئەرکی دایک و باوکانە منداڵەکانییان فێری ڕاستگۆیی بکەن . توێژینەوەکان پێمان دەڵێن : ( تووڕەبوون و چاوسورکردنەوە و هەڕەشە و هاتوهاوار بەسەر منداڵدا ، ئارەزووی شاردنەوەی ڕاستییەکانی لا زیاتر دەکات ، چونکە هۆکاری سەرەکی درۆ ترسە ، هەر بۆیە زۆر گرنگە لەو هەڵسوکەوتانە دووربکەوینەوە و بە هێمنی و ئارامی لە منداڵان نزیک ببینەوە و کەشێکی هێمن و ئارامیان بۆ دروستبکەین ، تا بتوانن ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن ، چونکە تا ترس هەبێت درۆکانیش تەواو نابن . بێگومان هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی درۆ و هاندانی منداڵیش بۆ ڕاستگۆیی بریتیین لە :
١ – لە هۆکاری درۆکردنی منداڵەکەت تێبگە :
یەکەم شت پێویستە دایک و باوک ئەوە بزانن ، کە درۆکردن بەشێکە لە گەشەکردنێکی ئاسایی لە منداڵاندا . کاتێکیش منداڵ درۆدەکات ، ئەوا پێویستە بیربکەیتەوە ، تا بزانی ئامانجی منداڵەکەت چییە . پاشان درۆکانی پۆڵێن بکە ، ئەمەش ئاسانکاریت بۆ دەکات چۆن بەرامبەر هەر درۆیەک هەلسوکەوت بکەیت . بۆ نموونە مامەڵەکردن لەگەڵ درۆی منداڵدا بە هۆی خەیاڵ ، یان تێنەگەیشتنێکی هەڵەوە ، جیاوازە لە مامەڵەکردنی منداڵێک ، کە درۆ بۆ گەیشتن بە ئامانجێک ، یان بۆ گزیی و تۆڵە سەندنەوەوە دەیکات .
٢ – تەمەنی منداڵەکەت لەبەرچاو بگرە :
لە ڕاستیدا منداڵی بچووک لەو ڕاستییە ناگەن ، کە درۆکردن کارێکی خراپە ، چونکە تا گەورە نەبن ، بەشی پێشەوەی مێشکیان بە تەواوی گەشە ناکات و ناتوانن لەو خووە زۆر خراپەی درۆ بگەن . هەر بۆیە پێش ئەوەی کاردانەوەی خراپت هەبێت . ، پێویستە تەمەنی منداڵەکەت لەبەر چاو بگریت .
٣ – کێشەکانی منداڵەکەت چارەسەر بکە :
بزانە منداڵەکەت چی بەسەردا هاتووە ، تووشی کێشەی جەستەیی ، دەروونی ، یان سۆزداری بووە و لە چ بارودۆخێکدایە ، تا بە پێی توانا یارمەتی بدەیت و کێشەکانی بۆ چارەسەر بکەیت .
٤ – لەگەڵ منداڵەکەتدا سنگفراوان و بەخشندە و لێبوردە بە :
ئەرکی تۆی گەورەیە پەیوەندییەکی توند و تۆڵی دۆستانە لەگەڵ منداڵەکەتدا دروست بکەیت . گفتوگۆی لەگەڵدا بکە و بۆی دربخە ، کە باوەڕی زۆرت پێیەتی ، تا هەست بە ئارامی و ئاسایش بکات و ڕێزت لێبگرێت و گویێ لە ئامۆژگارییەکانت بگرێت و بە دڵییەوە بنووسێت . توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە ، ئەو منداڵە گەورانەی ئەو جۆرە پەیوەندییە باشانەیان لەگەڵ دایک و باوکیاندا هەیە ، پەنا بۆ درۆ نابەن ، یان زۆر کەم درۆ دەکەن ، چونکە نایانەوێت متمانە و پەیوەندییە باشەکانی ئەوان لە دەست بدەن . بێگومان لە ناو ئەو خێزانانەی شەڕ و ئاژاوە و هاتوهاوار و دایک و باوکی توند و تووڕە هەیە ، هەمیشە منداڵەکانیان بێزار و بێ تاقەتن و لە ترساندا پەنا بۆ درۆ دەبەن .
٥ – لە سزادانی منداڵەکەت خۆت بە دوور بگرە :
کاتێک منداڵەکەت درۆیەک دەکات و پاشان ڕاستییەکان دەڵێت ، ئەوا لێی خۆشبە ، یان سزاکەی کەمبکەرەوە ، تا لەسەر وتنی ڕاستییەکان ڕابێت . ئەگەر منداڵەکەت ڕاستی وت و هێشتا سزا درا ، ئەوا هیچ سودێک لە ڕاستگۆیی نابینێت و بەردەوام پەنا بۆ درۆ دەبات ، تا لە سزادان ڕزگاری بێت . پاشان پێویستە دایک و باوک لە کاتی لێپرسینەوەدا پارێزگاری لە ئارامی خۆیان بکەن و نەرم و نیان و لەسەرخۆبن و هانی منداڵەکەیان بدەن سەرلەنوێ چیرۆکەکەیان بە ڕاستگۆیی بۆ بگێڕێتەوە .
٦ – بۆ منداڵەکەت نموونەیەکی باش بە :
لەبەردەمی منداڵەکەتدا خۆت بە دووربگرە لە فێڵ و درۆکردن ، ئەوان لە تۆوە فێری فێڵ و درۆ دەبن . پاشان بەهیچ جۆرێک داوایان لێ مەکە درۆت بۆ بکەن . نابێت دایک و باوک هەتا درۆی بچووکی سپیش لەگەڵ منداڵەکانیاندا بکەن ، نابێت هەرگیزیش منداڵەکانیان بـە درۆزن ناوبەرن.
٧ – بەڵێنەکانت بۆ منداڵەکەت بەرەسەر :
منداڵ لە پاکانە و بیانوی دایک و باوک ناگات . کاتێک بەڵێنەکانییان بۆ نابەنەسەر ، لەم کاتەدا منداڵ دایک و باوکی بە درۆزن دەزانێ .
٨ – بە یەکسانی هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵەکانتاندا بکەن :
بە یەک چاو سەیری منداڵەکانت بکە و جیاوازییان لە نێوانیاندا مەکە ، ئەگەر چیش یەکێکیان لەوی تریان تەمەڵ و سەرکێش و بزێو تربێت . چونکە منداڵی پشتگویێ خراو ، هەست بە کەمی و ناڕەزایی دەکات و پەنا بۆ درۆ دەبات ، تا ئەو جیاوازییانە نەهێڵێت و پێویستییەکانی بە دەستبهێنێت ، هەر بۆیە گرنگە یەکسانی نێوان منداڵەکانتان بپارێزن .
٩ – منداڵەکەت فێری بەرپرسیارێتی بکە :
پێویستە منداڵ لە پاداشت و لێپرسراوێتی ئاگاداربکرێتەوە . کاتێک منداڵێک درۆ ، یان کارێکی خراپ دەکات ، پێویستە پاداشت و لێپرسراوێتی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ڕابگیرێت . ئەم سزایەش منداڵی گەورە دەگرێتەوە ، کە بەردەوام درۆ دەکات . بەمەش منداڵەکە تووشی خەم و ئازار دەبێت ، بەڵام دەبێت بزانیت ئەوە ئەنجامی درۆکردنە و تەنها بە وتنی ڕاستییەکان دەتوانێت پاداشت و لێپرسراوێتی دایک و باوکی سەرلەنوێ وەربگرێتەوە .
١٠ – بیرکردنەوە لە هۆکارەکانی دەرەوە : لەوانەیە کەسێک منداڵەکەتی فێری درۆی کردبێت ، یان چاوی لە هەڵسوکەوتی کەسێکی تر کردبێت . یان لە خزمەکانییەوە فێری درۆ بووبێت ، زۆر گرنگە منداڵەکەت لەگەڵ منداڵی ڕاستگۆدا تێکەڵ و هاوڕیێ بێ ، چونکە هاوڕیێ کاریگەریی گەورەیان لەسەر منداڵەکانمان هەیە ، هەر بۆیە گرنگە هاوڕێکانییان بە چاکی بناسین و لە هاوڕێی خراپ و درۆزن دووریان بخەینەوە .
١١ – بە گشتی ئەو منداڵانەی ڕاستگۆن ، زوو ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن . هەست بە نیگەرانی ناکەن و لە ڕوخساریاندا ئارامی هەیە ، بەڵام کاتێک منداڵ درۆ دەکات ، چەند نیشانەیەکی لێ دەردەکەوێت وەک : ماوەی نێوان پرسیار و وەڵامەکەی درێژە ، تۆنی دەنگی بەرزترە لە دەنگی ئاسایی ، بابەتەکە دەگۆڕێت بۆ بابەتێکی تر ، بێ دەنگ نابێت و وتەکانی تێکەڵ دەکات ، جووڵەی چاوەکانی بە ئاشکرا دیارن و شێواوی و دڵەڕاوکێ بە ڕوخسارییەوە دیارە . لێرەدا پێویستە دایک و باوک هەڵویست وەربگرن . چونکە لەوانەیە کێشەی نەفسی هەبێت ، جا یان بە شێوەیەکی سروشتی گەشەی نەکردووە ، یان تووشی کارەساتێک بووە ، یان هاوڕیی نییە و هەست بە تەنهایی دەکات . بۆیە پێویستە بۆ چارەسەرکردنی پەنا ببرێتە بەر پزیشکی پسپۆڕ .
١٢ – منداڵانی ساوای پێش خوێندنگا ( ٢ بۆ ٤ ) ساڵ ، تازە زمانییان گرتووە ، هێشتا نازانن ڕاستییەکان لە کوێوە دەستپێدەکات و لە کوێشدا کۆتایییان دێت . لە مانای درۆ ناگەن و نازانن بۆچی خراپە . جا چونکە منداڵی ساوا زۆر بچووکن ، ناکرێت سزا بدرێن. باشتر وایە دایک و باوک لە ڕێگای ئامۆژگاری و خوێندنەوەی گۆڤار و کتێبی بە سودی منداڵانەوە فێری ڕاستگۆیییان بکەن . بۆ منداڵی سەروو ٤ ساڵیش ، پێویستە هەموو دەرفەتێک بەکاربێت و بۆیان ڕوونبکرێتەوە ، کە درۆ چییە و بۆچی ڕەفتارێکی زۆر خراپە .


تێبینی : بۆ ئەم بابەتە سود لە چەند سەرچاوەیەکی ئینگلیزی وەرگیراوە .




گرنگـییەکانی شـیعـر بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

له‌ زمانی کوردیدا، ئه‌م چوار وشه‌یه‌ (شیعـر، هـۆنـراوە، هه‌ڵبه‌ست، هـۆازان) هاومانانن و بۆ یـه‌ک مه‌به‌ست به‌کـاردەهـێـنرێـن. به‌ڵام وشـه‌ی (شـیعـر) له‌ ئـه‌دەبی کوردیـدا زیاتر دەقی گـرتـووە و لە وتـن و نووسـیـندا زیاتر بەکـاری دەهـێنـین. مـن پێمـوایه‌ که‌ وشـه‌ی (هـۆنراوە) که‌ هـونه‌ری هـۆنینه‌وە دەگه‌یه‌نـێت، چـێـژی له‌ وشه‌ی (شیعـر) که‌مـتر نییه‌.

شیعـر، جـوانترین و ناسکترین شێوەیه‌ له‌ شێوەکانی هـونه‌ر. که‌ زۆر له‌ کۆنه‌وە سه‌ری هه‌ڵـداوە. رەخـنه‌گران و مێژوونووسانی کۆن، جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وە کردووە، که‌ شیعـر تایبەتمەنـدیی خـۆی هـەیە و له‌گـه‌ڵ په‌خـشانـدا جیـاوازی هـه‌یه‌. شـیعـر گـوزارشـتـێکی پـڕ لـه‌ هـه‌سـت و ســۆز و خـۆشـه‌ویستـیـیه‌، که‌ له‌ نـاخـی دەروونـی شـاعـیرەوە دێـت. شیعـر هۆیه‌کی گرنگه‌ بۆ گوزارشتکردن له‌ هـیوا و خه‌ون و خه‌یاڵ و نیاز و سۆزداری و بـاوەڕ و رازەکـانمـان. شـیعـر زمـانی رۆحـمـانه‌. دەوتـرێـت (شـيعـر زمـانـێکە له‌نـاو زمـان دایـه‌) مه‌بەستـیش لـه‌م قـسه‌یه‌، ئه‌وەیـه‌ کـە شــیعـر زمـان و شـێـوازی تایبـه‌تی خـۆی هـه‌یه‌.
شیعـر گرنگـترین لقه‌ له‌ لقه‌کانی ئه‌دەب، فـۆرمێکی نایاب و سەرنجـڕاکێشە. هـه‌ست و چـێـژ و خـۆشـییەکی تایبـه‌تی به‌ دڵ و دەروونمـان دەبـه‌خـشـێـت. له‌ کـۆنـه‌وە شــیعـر تـێکه‌ڵاوی خوێنمان بـووە و بـووە به‌ به‌شــێک له‌ ژیـانـمان، هـه‌سـتمان دەبـزوێـنێ و بووە به‌ وێردی سه‌ر زمانمـان و به‌ خـۆراکی دەروونمان. بووە به‌ چـه‌کی به‌رگریمان. کاریـگه‌رییـه‌کی زۆری لـه‌ رۆحـی رەوانمـانـدا هـه‌یه‌. به‌ شـیعـریش گـۆزارشــتمان له‌ خـۆشییه‌کـان و ناخـۆشییه‌کـانی ژیـانمان کـردووە.
(هـیمۆت) دەڵـێـت:”ئـیمـپراتـۆرییـه‌کـان له‌نـاودەچـن، به‌ڵام شـیعـری باش هـیچ کـاتـێک له‌نـاو ناچـێـت”.

شیعـری منداڵان، سه‌رەڕای ئه‌وەی که‌ چـێژ و خۆشییه‌کی زۆر به‌ منـداڵان دەبه‌خـشێـت. جـۆگایەکی خـوڕیـشە‌ له‌ رووبـاری رۆشـنبـیریی منـداڵان. گه‌ورەتـرین کـاریگه‌ریشی له‌ پـه‌روەردە و فـێرکـردنی منـداڵاندا هـه‌یه‌. بـۆیە‌ شـیعـر بـووە به‌ بەشــێک له‌ کـتـێـبەکانی خـوێنـدنه‌وەی کـوردی.
شـیعـری منـداڵان، نـزیکـترین هـونـه‌رە له‌ دەروونیانه‌وە. گرنگـترین کاریگەریی له‌‌سه‌ر که‌سایه‌تی و ژیانی ئه‌مڕۆ و داهـاتووی منـداڵان هـه‌یه‌. له‌ کۆنـه‌وە دایکانی به‌سـۆز و مـیهـرەبـانی کوردمـان، بـه‌ لایـلایـه‌ و لـۆریـن و گـورگـانه‌ شـه‌وێ و لاوانـدنـه‌وە، به‌ دەنگـێکی ناسک و بـه‌ ئـاوازێکی پـڕ به‌سـۆز و شـیریـن، له‌گه‌ڵ راژەنـدنی بـێـشکه‌ و لانـکه‌کـانی کـۆرپه‌ شـیریـنه‌کـانیـان، به‌ ســۆزەوە کـورپـه‌کـانیـان لاوانـدوونـه‌تـه‌وە و ژیـریـان کـردوونـه‌تـه‌وە و کـردوویـانـنـه‌ خـه‌وێـکی خـۆش.
(لامـارتین) دەڵـێت:”جـوانترین شـیعـر له‌ سه‌رانسه‌ری جـیهـانـدا، لایـلایـه‌ی دایکانه‌”.

هـه‌مـوو مـنداڵان، هـۆگـری گـۆرانی و شـیعـر و سـروودن. به‌ تایبـه‌تیـش ئـه‌و شـیعـر و سروودانه‌ی که‌ خۆشی و شادییان پێ دەبخه‌شن. ئه‌و شیعـر و سروودانه‌ی که‌ باسیان له‌ ژیـان و ژینگه‌ و باڵـندە و ئـاژەڵ و گـوڵ و په‌پـووله‌ و له‌ خۆشی و لە یـاری و شـادی و ئـازادی و لە جـوانی کوردستانی قـەشـەنگ و شـیریـنمان و له‌ سه‌رچـڵـیـیه‌کانی منـداڵان کـردوون. یا باسیان له‌ هـیوا و خواست و له‌ خـه‌ون و خه‌یـاڵ و له‌ راز و نیـازی پاکیـان و لە ئارەزووەکانیان کردوون. که‌ به‌ ئاسانی لـێـیان تێـدەگه‌ن و ژیـان و خـه‌یـاڵی خۆیـان تێـیانـدا دەبینـنه‌وە. چـێـژ و خۆشـیان لێـوەردەگـرن.
نـووسین و پێـشکه‌شکـردنی شـیعـری جـوان، به‌ شـێوازێکی هـونـه‌ریی دیـاریکـراو، تا رادەیه‌کی زۆر دەگه‌ڕێته‌وە بۆ به‌هـرە و رۆشنبیری و ئه‌زموونی سه‌رکه‌وتووی شاعـیر.

                  خه‌سڵه‌تە گونجـاوەکانی شـیعـری منـداڵان 

به‌ کورتی و به‌ چـڕی له‌م خاڵانـه‌دا، باس له‌ تـایبه‌تـمەنـدی و لـه‌ گرنگـترین خـه‌سـڵه‌ته‌ گـونجـاوەکـانی شـیعـر بـۆ منـداڵان دەکـه‌یـن.

١ـ پێویسته‌ شاعـیری شیعـرنـووس بۆ منـداڵان، بـه‌ر له‌ هـه‌مـوو شـتـێک و مه‌رجـێک، ئه‌وە بـزانێـت که‌ شـیعـرەکانی بۆ منـداڵان دەنـووسێـت نـه‌ک بۆ گه‌ورەکـان. نـووسیـنی شیعـریش بـۆ منـداڵان، کارێکی هـه‌ڕەمەکی و ئاسـان نییه‌. چـونکه‌ نـووسینی شیعـر بۆ منداڵان، هه‌ر ئه‌وە نییه‌ که‌ شاعـیر چه‌نـد دێـڕێکی کـێش و سه‌روادار رێکبخات و ناوی لێبنێت (شیعـر بۆ منداڵان). شیعـری منداڵان بنه‌ما و تایبه‌تمه‌نـدی و مه‌رجی خۆی هه‌یه‌. که‌ پێویسته‌ شاعـیر له‌ کـاتی شـیعـر نووسـین بۆ منـداڵان رەچـاوی ئه‌و مه‌رجـانه‌ بکات. پێویستە شارەزایی لە قـوناغـەکانی گەشەکـردنی منـداڵان هەبێت و خـواسـت و ئارەزوو و هـیوا و خەونەکانیان لەبەرچاوبگـرێت. چونکە شاعـیری منداڵان کاتێک دەتوانێت کە شـیعـری جـوان و دروسـت و گرنـگ و بەسوود و کاریـگەر بـۆ منـداڵان بنووسێـت، کە شـارەزایی تـەواوی لە قـۆنـاغـەکانی گەشـەکـردنی منـداڵان هـەبێـت، لە رووی تـوانـای دەروونی و جەسـتەیی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و سـۆزداری و هـزری و خەیـاڵ و حەز و ئارەزووەکانی منـداڵان. پێویستە شاعـیرانی شـیعـرنـووسی منـداڵان دەروونناس و پـەروەردەکـار و مامـۆســتا و هـونـەرمـەنـدبن . ناشـبـێت لەژێـر کـاریـگەریی هـیچ ئایـدۆلـۆژیـایەکی دیاریکراودابـن و رەنگـدانـەوەی لە شـیعـرەکانی بۆ منـداڵان هـەبێـت و بەرەو لایـەنێکی دیـاریکـراو ئاراسـتەیـان بـکات.

٢ـ جه‌خـتکـردن له‌سـه‌ر شـیرینی و ناسکی و ئاسانی زمـانی شیعـر بۆ منـداڵان، بەپـێی قـۆناغـه‌کـانی ته‌مه‌نیـان و به‌پـێی وشـه‌ و رسـته‌ گـونجـاوەکـانی فـه‌رهـه‌نگی زمـانیـان.
پێویسته‌ وشه‌کـانی شیعـری منداڵان ئاسان و ناسک و رەوان بن، ته‌ڕ و پاراوبن. به‌بی گرێ و گۆڵـبن. وەکو گـوڵ جـوان و گه‌ش و بۆنخۆشبن، وەکو په‌پـوولە نه‌رم و نیـان و نه‌خـشینبن. وەک په‌لکه‌زێـڕینه‌ رەنگاوڕەنگـبن. به‌ ته‌واوی وەک دڵپـاکی و بێـتاوانی و راسـتگـۆیـی و جـوانی و سادەیی منـداڵان بـن، کە پـاک و جـوان و بێـتاوان و راستـن. ئـەم مەرجـانەش وا پێویست دەکات، کە شاعـیرانی منـداڵانی کوردمـان، شـارەزاییـەکی باشـیان لە زمـان و لە رێـزمـانی کـوردی لە داڕشـتـنی رسـتەدا هـەبێـت.

٣ـ وا باشه‌ کێشی نیوە دێڕەکانی شیعـر بۆ منداڵان، ژمارەی بـڕگه‌کانیـان له‌ (٦، ٧، ٨ ، ١٠) بڕگه‌ زیاتر نه‌بن. کێشی بـڕگه‌یی “په‌نجـەیی” ئاسانترین کـێشی شیعـری منـداڵانه‌.
باشتریش وایه‌، ژمارەی وشه‌کانی هه‌ر شیعـرێک بۆ منداڵان له‌ (٥٠) وشه‌ زیاتر نه‌بن.
(کێش) و (ترپه‌) و (میوزیک) سێ بنه‌مای سه‌رەکین له‌ شیعـردا. په‌یوەندییان به‌یه‌که‌وە هـه‌یه‌ و ته‌واوکـه‌ری یه‌کـترین. یا گیـانێکـن له‌ سێ جه‌سـته‌دان.
ریتـم و ته‌کـنـیکـیش پێـویسـته‌ به‌پـێی پێـوەرەکـانی شـیعـری منـداڵان رێکـبخـرێـن.

٤ـ دوورکه‌وتنه‌وە له‌ به‌کـارهـێنانی رەوانبـێژی و تـێز و ئاڵـۆزی له‌ شـیعـر بۆ منـداڵان.

٥ـ هه‌ڵـبژاردنی ئه‌و بابه‌تانه‌ی، که‌ له‌گه‌ڵ ژیـان و گرنگی پێـدانی منـداڵانـدا گونجاون و لە ژینگەیـانەوە نـزیکـن و بـۆ ئـەم سـەردەمە بگـونجـین.

٦ـ پێویسته‌ شیعـری منـداڵان، بابه‌تی رەوشتی و په‌روەردەیی و دەروونی و نیشتمانی و کۆمـەڵایه‌تی و ژینگه‌پـارێـزی و مـرۆڤـایه‌تی له‌ خـۆ بگـرێـت، تا له‌ منـداڵـییه‌وە به‌ ئـه‌م بەهـا و پـرەنسـیـپە بـەرز و جـوانـانە رابهـێـنرێـن.

٧ـ پێویسته‌ ئه‌و سروود و شیعـرانه‌ی که‌ ئاوازیان بۆ دادەنێن و دەکرێن به‌ گۆرانی و بە سروود بۆ منداڵان و له‌‌ ته‌‌له‌‌فـزیۆنەکاندا تۆماردەکرێن. له‌ژێر چاودێریی که‌سانی پسپۆر و شارەزای بواری ئه‌دەبی منداڵان و دەروونناسی و په‌روەردە و هـونه‌ری منداڵانـدابن. چونکه‌ منـداڵان ئه‌م هـۆنـراوانه‌ له‌به‌ردەکه‌ن. کاریـگه‌رییان له‌ ژیانی منـداڵانـدا دەبێـت.

٨ـ پێـویسته‌ شاعـیرانی شیعـرنـووس بۆ منـداڵان له‌‌ بـواری پـه‌روەردە و دەروونناسی و ئـارەزووەکـانی منـداڵان نابـەڵـەد نەبـن.

٩ـ پێویسته‌ شاعـیرانی شیعـرنووسی منـداڵان ئه‌وە بـزانن، که‌ شیعـری منـداڵان، وەک هه‌ر بابـەتـێکی تری ئـه‌دەبی، پێـویستی به‌ داهـێنان و گه‌شەکـردن هـه‌یه‌. پێـویستی به‌ ته‌کنیک و ستایـل و به‌ شێوازی گوزارشـتکـردنی تـازە هـه‌یه‌. چونکە منداڵانی ئەمـڕۆ منداڵانی سەدەی رابردوو نین. خواست و هـیوا و خەون و ئارەزوەکانیشیان جیاوازن.

١٠ـ پێویسته‌ شـاعـیرانی شـیعـرنووس بـۆ منـداڵان، نـاونیشـانی کـورت و گـونجـاو بۆ شـیعـرەکانیان دابنێـن. ناونیشانه‌کانیش گوزارشـت له‌ ناوەڕۆکی شـیعـرەکانیـان بکه‌ن.

١١ـ مانگی ئه‌پـریـلی هه‌مـوو ساڵێک، به‌ مانگی شیعـری نیشتمانی دانراوە. ئه‌م مانگه‌ بقـۆزنـه‌وە و هـه‌وڵـبـدن که‌ زۆرتـرین شـیعـری نیشـتمانی بـۆ منـداڵه‌کانتان بخـوێننه‌وە.
١٢ـ شیعـری ئازاد بۆ منداڵان، له‌ لای منداڵان چێژێکی ئەوتۆی نییە، وەک ئەو چێژەی کە له‌ شیعـری کـێشدار و سه‌روادار و مـیوزیکـدار و ئـاوازداردا وەری دەگرن. دەڵـێن: شـیعـری ئـازاد بـۆ منـداڵان، وەک مێـزی بێ تـۆڕی یـاریی تـێـنسی سـه‌ر مێـز وایـه‌.
(ئـازار پـاد) دەڵێـت:”کاتێک کە شـیعـر لە ئـاواز دووربکەوێتـەوە، وشک دەبێـتـەوە”.

ناڵـێین، شیعـری ئازادی جـوانـمان بـۆ منـداڵان نییـە، بەڵام زۆر کـەمـن. لە ئەزمـوونی دوو سێ شاعـیر زیاتـر نییـە، ئەوانیـش جاروبـار شـیعـری ئـازاد بۆ منـداڵان دەنووسن. هـەندێ شیعـریـش کە لەژێـر ناوی شیعـری ئـازاد دایـە بۆ منـداڵان، لە راسـتیـدا، هـیچ چـیژێکی شیعـرییان تێـدا نییە. بریتین لە پەخشانی نیوچە هـونەریی سادە، نەک شیعـر.
با ئـەم بابـەتە بـۆ رەخنـەگـرانی شـارەزای بـواری شـیعـری ئـازاد بەجـێـبهـێـلیـن.

                         گـرنگـییه‌کـانی شـیعـر بـۆ منـداڵان

له‌و بـڕوایـه‌دام، به‌ زانـیـنی گـرنگـییه‌ سه‌یـرەکـانی شـیعـر بـۆ منـداڵان سه‌رسـام دەبـن. زۆر به‌ کورتی باس له‌ چه‌نـد گـرنگییه‌ک له‌ گـرنگـییه‌کانی شـیعـر بـۆ منـداڵان دەکه‌ین:

١ـ شـیعـر گه‌شه‌ به‌ زمـانی منـداڵان دەکات و شارەزایی زمـانی داهـێنانیان زیاتر دەکات. توانـایـه‌کی زیـاتریشیان دەبێت بۆ گوزارشـتکردن لە سـۆز و خەیاڵ و لە هەسـتەکانیان. بۆ گەشەکردنی به‌هـرەی نووسینیان لە شـیعـردا. فه‌رهـه‌نگی وشه‌کانیشیان دەوڵه‌مه‌نتر دەکات، له‌ رێی خوێندنەوە و بیستنی شیعـرەوە کۆمه‌ڵێک وشه‌ و رسته‌ی تازە فێردەبن.

٢ـ شـیعـر هـۆیـه‌کی گـرنـگه‌ بـۆ منـداڵان، بـۆ گـوزارشتکـردن له‌ بیـر و نـاخ و سـۆز و دەروونیان، بۆ گه‌شه‌کردنی خه‌یـاڵ و به‌هـرەی ئه‌دەبی و هـیوا و خولیا و خه‌ونەکانیان.

٣ـ زۆر گـرنگه‌ هه‌‌ر له‌ منـداڵـییه‌وە منـداڵه‌کـانتـان به‌ چـێژ و حـه‌ز و خۆشــه‌ویستی بۆ شـیعـر رابهـێنـن. نـه‌ک ته‌نیـا هـه‌ر له‌ قـوتـابخـانه‌دا، به‌ڵکـو له‌ ژیـانی رۆژانه‌یـان و له‌ په‌یـوەنـدییه‌کانیشیانـدا سـوودیـان پێ دەبـه‌خـشـێـت.

٤ـ شـیعـر گه‌ڵی دەرگـای بەسوود و گرنگ بـۆ منـداڵه‌کـانتان دەکاتەوە، کە به‌ درێـژایی ژیـانیان سـوودیـان پێـدەبـەخـشـن. که‌واتـا نـابـێـت گـرنـگی و سـوودەکـانی شـیعـر بـۆ منـداڵان فەرامـۆش و پـشـتگـوێ بـخـه‌ن.
٥ـ شـیعـر رۆڵـێکی گرنـگ و کاریـگەرییـەکی زۆری لە پەروەردەکـردنی دروسـت و لە ئاراستەکردنی راستی منداڵاندا هەیە. لە ئامادەکردنیان بۆ ژیان و داهـاتوویەکی گەشتر.
٦ـ شـیعـری شـیرین و جـوان ناسک، پێداویستییە دەروونییەکانی منداڵان مەست دەکات. زاخـاوی بیـرۆ و هـۆش و هـزریـان دەدات. چـێژی جـوانـیـان پێ دەبـەخـشـێـت.

٧ـ به‌ دەنگـێکی بـه‌رز و خـۆش و شـیرین شـیعـر بۆ منـداڵـه‌کـانتـان بخـوێننه‌وە. دەشێ هـێشتا منـداڵـن و له‌ واتاکـانی وشـه‌کان تێـنه‌گـه‌ن، به‌ڵام هـه‌سـت به‌ چـێژی مـوزیکی و تـرپـه‌ی سه‌روای شـیعـرەکـان دەکه‌ن. به‌ مه‌رجـێک شـیعـرەکان سـووک و ئاسـان بـن.

٨ـ شـیعـری شـیرین، بـوارێـکی باشه‌ بۆ فـێرکردنی منـداڵه‌کانتان به‌ زمـانی کوردیمـان.

٩ـ شـیعـر هـانی منـداڵان دەدات بۆ خوێنـدنـه‌وە و بۆ دەرخستـنی بەهـرەی ئه‌دەبیـیان.

١٠ـ شـیعـر ئاسـۆی بیـر و ئه‌نـدێـشـه‌ و خه‌یـاڵی منـداڵان فـراونـتر و گه‌شـتر دەکـات و یارمه‌تییان دەدات بۆ بیرکـردنه‌وە له‌ داهـێنان و پێشکه‌وتن.

١١ـ شـیعـر، منـداڵان به‌ گـه‌لێ بابـه‌تی هـه‌مه‌جـۆرە و به‌ هـه‌ستی جیـاواز دەناسێنـێت.

١٢ـ سه‌روای ناسکی شـیعـر، رێگه‌یه‌کی نایابه‌ بۆ منـداڵانی بچـووک، بۆ گه‌شه‌کـردنی هـۆشـیارییـان و ئاشـنابـوونیـان به‌ زمـانی دایـک و به‌ جـۆری دەنگه‌کـان و تـرپـه‌کان.

١٣ـ ئـه‌و منـداڵه‌ به‌هـرەمه‌نـدانه‌ی که‌ هـۆگـری خوێنـدنـه‌وەی شـیعـر دەبـن و له‌ لایـه‌ن دایکـان و باوکـان و دادەکـانیان و مامۆستاکـانیانه‌وە هـانـدەدرێن و په‌روەردە دەکـرێن، هـه‌ر لـە منـداڵـییه‌وە ئالـوودەی چـێژی شـیعـر دەبـن و له‌ ژینـگه‌یـه‌کی شـیعـر دوسـتـدا په‌روەردە دەبن. شه‌یـدای خوێنـدنه‌وەی شیعـر دەبـن. ناتوانن به‌ درێـژی ژیانیان واز له‌ خـوێنـدنـه‌وەی شـیعـر بهـێـنن. شـیعـر دەبـێـت بـه‌ به‌شـێک لـه‌ ژیـانیـان. بـه‌ دووریـشی مه‌زانـن، که‌ هـه‌نـدێک له‌م منـداڵانه‌ ببـن به‌ شاعـیر و به‌ نـووسه‌ری بـواری ئـه‌دەبیاتی منـداڵان. منـداڵان هـه‌ر بە خـۆڕسکـی ئـارەزووی گـۆرانی و ئـاوازی شـیرینیان تێـدایه‌.
گه‌لـێک له‌ که‌ڵـه‌ شاعـیرانی کورد و جیهـانی، له‌ منـداڵیـیه‌وە هـۆگـری شـیعـر نـووسین بوون، له‌گەڵ شیعـردا ژیـان و گه‌ورەبـوون، تا بوون به‌و شاعـیرە مـه‌زن و ناسراوانه‌.

١٤ـ له‌ میـانه‌ی شـیعـرەوە، به‌هـرە و گـه‌لی له‌ تـوانـاکـانی منـداڵان دەردەکـه‌ون، وەک دەنـگـڕەوانی و به‌ جـوانی پێشکه‌ش کـردنی شیعـر و دەرخـستنی ئازایـه‌تی ئه‌دەبیـیان.

١٥ـ شـیعـر و سروود، رۆحـی کوردایه‌تی و هـاوبه‌‌سته‌بـوون و کوردستان په‌رروەری له‌ دڵـی منـداڵاکانتـان شـیرینـتر دەکات. په‌رۆشـێکی زیاتـری نیشـتمانییان دەبـزوێنێـت.
زیاتـریش پابـه‌نـدی نه‌ریـت و به‌هـا نیشـتمانییه‌کـان دەبـن.

١٦ـ شیعـری شیریـن و گونجـاو بۆ منـداڵان، گه‌شه‌ به‌ چـێژی ئه‌دەبی منداڵان دەکات و هه‌سـت دەوڵه‌مه‌نتـریـان دەکـات و هـانیان دەدات بۆ دەرخـستنی توانـا و بەهـرەکانیان.

١٧ـ شـیعـر، هـۆکـارێکه‌ بۆ بنیاتـنانی که‌سایه‌تییه‌کی دروسـت و بۆ رووانـدنی رەوشتی به‌رز و خـوو و نه‌ریـت و بەهـای جـوان. بـۆ زاخـاودانی هـۆش و هـه‌ست و دەروونی منـداڵان. کە کاریگەرییان لە ژیـانی ئەمـڕۆ و داهـاتـوویان دەبێـت.

١٨ـ په‌روەردەکردنی منـداڵان به‌ ئاشنابـوون و خۆشـه‌ویستی بۆ شـیعـر، نه‌ک هـه‌ر له‌ قـوتابخانه‌دا به‌ڵکو له‌ ژیانی رۆژانه‌یان و په‌یوەندییه‌کانیشیاندا سوودیان پێ دەبخشێت.
١٩ـ شاعـیرانی منداڵان، لە میانەی شیعـرەکانیانەوە، هـانی منداڵانی کوردستان دەدەن، بـۆ ژینگەپـارێـزی، بۆ پاکڕاگرتـن و پاراستنی سـروشتی جـوان و رەنگینی کوردستان.
٢٠ـ شـیعـر رۆڵـێکی گـرنـگی لە چـارەسەرکـردنی هـەنـدێ گـرفـتی دەروونی منـداڵان هـەیە وەکو: تـرس، شـەرم، گـۆشـەگـیری، دڵـتـەنگی هـەیە.
٢١ـ شیعری منداڵان، یەکێکە لە گرنگترین رەگەزەکانی رۆشنبیریی منداڵان، کە گەلێک ناوەڕۆکی گـرنـگـیان بـۆ کـورت دەکـاتەوە.
٢٢ـ زۆریـش پێـویستیمان بە لێکـۆڵـینەوە و بە رەخـنەی زانستی بنیاتنەر هـەیە، بۆ لە بێژنگـدانی شیعـرەکانی منداڵان. بۆ دیاریکردنی لایەنی جوانییان و بۆ دیاریکردنی هەڵە و نادروستییەکانیان، لە هەمـوو روویـەکەوە. چونکە شیعـر بەبێ رەخنـە پێشناکەوێت.
داوا له‌ شاعـیرانی شـیعـرنـووس بـۆ منـداڵان و له‌ دادەکـانی باخـچـه‌کانی منـداڵان و له‌ مامۆستایانی قوتابخانه‌ بنەڕەتییه‌کان و له‌ دایکـان و باوکان دەکه‌ین، که‌ منداڵه‌کانیان و قـوتابییه‌کـانیان ئاشـنا و هـۆگـری شـیعـری جـوان و به‌سوود بکـه‌ن، چونکه‌ شیعـر له‌ زۆر رووەوە سوودێکی زۆر نایاب به‌ منـداڵه‌کـانتان و به‌ قـوتابییه‌کـانتان دەبه‌خـشێت.

کەواتا شـیعـر دەتوانێـت ئه‌‌رکـێکی زۆر گرنـگ ببـینـێـت، له‌ چەنـد رەهـه‌نـدێکی وەک: په‌روەردەیی و نه‌ته‌وەیی و نیشتمانی و کۆمه‌ڵایه‌تی و رەوشتی و جوانی و سروشتی و ویـژدانی و ســۆزداری و هـزری مـرۆڤـایـه‌تی. ئـه‌وە شـیعـری منـداڵانـە، کـه‌ منـداڵـه‌ چـاوگـه‌شـه‌کـانتـان به‌ کوردایـه‌تی و کوردسـتان په‌روەری گـۆش و پـه‌روەردە دەکات. فـێری وانه‌ی نیشـتمان په‌روەری و دڵسـۆزی و خـه‌بات و تـێکـۆشان و خـۆڕاگـری و ئازایـه‌تی و دلـێری و به‌رگـری و کۆڵـنه‌دانیـان دەکـات. ئـه‌وە شـیعـرە که‌ رۆڵـه‌کانتان فـێری رەوشت به‌رزی و رەفتار دروستی و گه‌شبینی و هـیواخوازی و چاکه‌خوازی و هـاوکـاری و یـارمـه‌تی و لـێـبـووردن و رێـزگـرتـن و بـرایـه‌تـی و ژیـنگـەپـارێـزی و هـاوڕێـتی و مـرۆڤـایـەتی و زۆر شـتی جـوانی تـر دەکـات.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٨/ ئـوکتۆبـەر/٢٠٢٢




کتێبی (دیداری ئەدەبی منداڵان)چاپ و بڵاوکرایەوە

کتێبی (دیداری ئەدەبی منداڵان)چەند توێژینەوەیەکی ئەدەبیی و ڕەخنەیی، کەوتە بەرچاوی خوێنەرانی ئازیز و کتێبخانەی کوردیی ڕۆشنکردەوە.
کتێبی (دیداری ئەدەبی منداڵان)، لە بڵاو کراوەکانی یەکێتیی نووسەرانی کورد – لقی سلێمانییە، کە بەرهەمێکی هاوبەشی (١٠) نووسەری بواری ئەدەبی منداڵانە و بە تیراژی (٥٠٠)دانە لە دوو توێی (١٦٢) لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکرایەوە.
لە ناوەڕۆکی کتێبەکەدا هاتووە، کە ناوی توێژینەوە و نووسەرەکان، بەم شێوەیە دانراون.

١- چەند سەرنج و وردبوونەوەیەک لە مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد، ئەمین محەمەد.
٢- گرنگیی و بایەخی ئەدەبیاتی منداڵان و کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی گەلان، پەیام ئیبراهیم.
٣- گرنگیی نووسینی تەمەن لەسەر بەرگی کتێبی منداڵان، د. هاوژین سڵیوە.
٤- شیعر بۆ منداڵان نووسراو و شیعر دەرخکردن، محەمەد فەریق حەسەن.
٥- ڕۆڵ و بایەخی ڕەخنە لە ئەدەبی منداڵاندا، زیاد ڕەشاد قادر.
٦- بەراوردی ئاستی ئەدەبیاتی منداڵان و کاریگەریی لەسەر کەلتووری کۆمەڵایەتی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوەکان، د. ماجید خەلیل.
٧- ڕۆڵی ئەدەبی منداڵ لە کارامەییە کۆمەڵایەتیەکاندا، مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان.
٨- ڕۆڵی نووسەری ژن لە ئەدەبیاتی منداڵانی کورددا، زارا ئەحمەد جاف.
٩- ڕۆڵی ڕاگەیاندن، لە ئەدەبیات و ڕۆشنبیریی منداڵاندا، ڕۆستەم خامۆش.
١٠- چۆن منداڵ هۆگری خوێندنەوە بکەین؟ فەوزیە مەنمی.




منـداڵانی بەهـرەمەنـد.. رەزا شـوان

لە روی زانستییەوە، چەندین زاراوە هەن کە گوزارشت لە چەمکی (منداڵی بەهـرەمەند) دەکەن و هەمان مەبەست دەگەیەنن. وەک (منداڵی بەتوانـا)، (منداڵی داهـێنەر)، (منداڵی بـلـیمەت)، (منـداڵی هـەڵـکەوتـوو)، (منـداڵی لـێهـاتـوو)، (منـداڵی بـاڵادەسـت)، (منـداڵی زۆرزان) ، … هـتـد.
ئـەم زاراوانە هـەرچـییەکـبن، گوزارشـت لە پـۆلـێک لە منـداڵانی نائـاسـایی دەکـەن، کە دەکەونە ژێر چەتری پەروەردەی تایبەتییەوە و لە رووی زیـرەکی ئەقـڵییەوە جیاوازیان لەگەڵ منداڵانی ئاسایی هاوتەمەنیاندا هەیە، لەوان بە جۆش و خرۆشتر و هـۆشیارترن.
بێگومـان هـەمـوو خـێزانەکان حـەزدەکـەن کە منـداڵـەکانیـان بەهـرەمەنـد و داهـێنەر و جیـاواز و ناوازەبـن، تا شانـازی بە خۆیـان و بە داهـێنانەکانیـانەوە بـکەن. بەڵام حـەز شتێکە و توانـا و بەهـرە شـتـێکی تـرن.
دەشێ منداڵانی بەهـرەمەنـد، لە بوارێک یا زیاتر لە بوارێکـدا هەڵکەوتووبن، وەکو لە رووی هـزری و داهـێنان و کۆمەڵایەتی و جەستەیی و هـونەریی (موزیک، هەڵپەڕکێ، سەما، گـۆرانی، شـانۆ) و لە بواری ئاکـادیمی و وەرزشی و تەکنەلـۆژی و بـوارەکانی کەدا. ئەم منداڵە بەهـرەمەنـدانە پێویستییان بە ستراتـیژی و میکانیـزمی جیاواز هـەیە. پێویستییان بە بەرنامە و پـرۆگرامی پەروەردەیی پێشکەوتوو هـەیە، کە لە ناوەڕۆکـدا جیـاوازبێـت لەگەڵ بەرنـامە و پـرۆگـرامەکانی منـداڵانی ئاسـاییـدا، چـونکە بەرنـامە و پـرۆگـرامە گشتییەکان، حـەز و ئارەزوو و هـیوا و خەونەکانیـان مەسـت ناکـەن.

منداڵانی بەهـرەمەند لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاینیدا هەڵدەکەون.
لە توێـژینەوەکانی پسپۆرانـدا، ئەو راستییە دەرکەوتـووە، کە زۆربەی بەهـرەمەنـدان و بـلیمەتـان و داهـێنەران و سەرکـردە هـەڵکەوتـووەکـان، لە خـێـزانە کـەم دەرامـەت و هـەژارەکانـدا پێگەیـشـتوون و هـەڵکەوتـوون.
تا ئێستا گەلێ پێناسەی جیاواز بۆ دیاریکردنی چەمکی (بەهـرەمەنـد) کراوە. بە کورتی و بە چـڕی باس لە هـەنـدێ لەو پێناسـانە دەکـەین:
پێناسە کلاسیکـییەکان، سەرنج وردیان لەسەر ئەوەیە کە توانای ئەقـڵی، کە گوزارشـت لە بەهـرەمەنـدی و زیـرەکی دەکات، تەنیا پێـوەرە بـۆ پێناسەکردنی منـداڵی بەهـرەمەنـد.
ئەم پێناسەیەش، بۆ بـۆچـوونی (هـۆلـینگ ۆرس) و(تیـرمـان) دەگەڕێتەوە. سەرنجـیان لەسەر توانای گشتیی ئەقـڵی بووە. کە لەڕێی تاقیکردنەوەکانی زیرەکییەوە دەردەکەوێت.
کەمترین رێـژەی زیـرەکـیشیان بە (١٤٠) نمرە دیاریکردووە. کە سنووری نێوان منداڵی بەهـرەمەنـد و منـداڵی ئاساییە.
(رینـزولی) بەم شێوەیە پێناسەی بەهەرمەندی دەکات:”منداڵی بەهـرەمەند، ئەو کەسەیە کە تـوانایەکی ئەقـڵیی باڵای لە داهـێنانـدا هـەیە”.
سەبارەت بە پێناسەی (ویـتی) ش، کە ئەو پێناسەیەیە کە کۆمەڵەی ئەمريکی پەسەندی کـردووە و پشـتی پێـدەبەسـتن، ویـتی دەڵێـت:”منـداڵانی بەهـرەمەنـد ئـەو کەسـانەن کە هـەمیشە لە بـوارەکانی مـوزیـک و هـونەر یان سەرکـردایەتیکردنی کـۆمەڵایـەتیـدا، بە پلەیـەکی سەرنجـڕاکێـش نمـایشکاری بـەرزن”.
هەریەکەش لەم زانا پسپۆرانەش (وڵاس، کوچان، کۆکس، دکتۆر ماکینون، ماریا شیڤـل) و زایانی کەش، هەریەکەیان کۆمەڵێک سیما و تایبەتمەندییەکانی منداڵانی بەهرەمەندیان دیاری کردوون.
کـۆمەڵـەی نیشـتمانی منـداڵانی بەهـرەمەنـد (دی سی) لە واشـنتۆن لە ئەمریکا. جەخـت لەوە دەکـاتەوە کە هـەرچەنـدە پێناسەی زۆر بۆ بەهـرەمـەنـدی هـەیە، بەڵام هـەمـوویان تـوخـمێکی هـاوبـەش لەخـۆدەگـرن، واتـە:”بەهـرەمەنـد، کەسـێکە کە ئاستـێکی نـاوازە نیشان دەدات. یا لە ئـەدای کارکردن لە یەکێک یا لە چەنـد بوارێکی دەربـڕیندا، توانـای نیشـانـدانی هـەیە”.
بە کورتی، بەهـرە توانـایەکی جیـاوازە و ئامادەییـەکی رەمـەکی نائاساییە لە لای کەسی بەهـرەمەنـد. دەشێـت توانـایەکی بـۆمـاوە بێت یا وەرگـیراو بێت. توانایەکی ئەقـڵی بێـت یا تـوانـایەکی جەسـتەیی بێـت.
نیشانەکانی منـداڵانی بەهـرەمەنـد
لەوانەیە بپرسن کە چـۆن منداڵانی بەهـرەمەند بناسن. نیشانەکانی منداڵانی بەهـرەمەنـد زۆرن، ئەمانەی خـوارەوە بە کـورتی بەشـێکـن لە نیشانـەکانی بەهـرەمەنـدی:
١ـ منداڵانی بەهـرەمەنـد وەکو مامۆستا دەردەکەون. لە منـداڵانی مامناوەنـد، خـێراتر و ئاسانتر فێردەبن و زانستی وەردەگرن، بە تایبەتیـش لە فـێربوونی زمانـدا بەهـرەیەکی باشیان هـەیە، خـاوەنی وشـە و زاراوەیەکی زۆرن و دەتـوانن لە پێکهـێـنانی رسـتەدا سوودیان لێوەربگرن و بەکاریان بهـێنن. بە ئازادی و ئاسانی و جـوانی و بوێـریشەوە گوزارشت لە هـزر و بیـرۆکە و راکانیـان دەکـەن.
٢ـ منـداڵانی بەهـرەمەنـد، کـراوەن، خـۆدەرخـەرن و خۆیـان دەبنـە پێـشـەوە.
٣ـ خـوێنەری خووگرتـوون، هەمیشە خولیا و شەیـدای خوێنـدنەوەی گۆڤـار و کتێبی بابەت هەمەچەشـنەن. لە خـوێنـدنەوە مەسـت نابـن و حـەز بە زانینی زیـاتر دەکـەن.
٤ـ ئەرکەکـانی قـوتابخـانەیان، لە ماڵەوەدا بە خـێرایی و بە ئاسانی جـێبەجـێـدەکەن و پشـت بە تواناکانی خۆیـان دەبەسـتن.
٥ـ کۆمەڵایـەتین و بە هـۆی زیرەکییانەوە، هـاوڕێتی و ئاشنایەتی لەگەڵ کەسانی تەمەن گـەورەتـر لە خۆیـان دەکـەن. رۆحـی یارمـەتی و هـاوکـاری و دادپـەروەرییـان هـەیە.
٦ـ بـڕوا و متمانەیەکی زۆریان بە خۆیان هەیە. هەردەم هـیوادار و گەشبینن، بوێرن و دودڵنین. هەڵوێستی ئەرێنیان هەیە. خاوەنی ئیرادەیەکی بەهـێزن و ئەستەم بوونی نییە لە لایان. نوێخواز و داهـێنەر و ئەزموونخوازن. لە گفتوگۆ و قـسەکردندا شەرم ناکەن.
٧ـ زۆر دەپـرسـن و زوو تێـدەگـەن و هـەردەمیش وێـڵی دوای زانـین و راسـتییەکـانن.
٨ـ بە شێـوازێکی نـوێ و نـاوازە، توانای چارەسەرکردنی گرفـت و کـێشەکانیان هـەیە.
٩ـ خاوەنی خەیاڵـێکی بەرز و فـراوانی نائاسایین. چـیرۆکی خەیاڵـئامـێز دەگێڕنەوە. بە وردەکارییەکی زۆرەوە، باس لە داهـێنان و لە جیهـانە خەیـاڵییەکان دەکەن.
١٠ـ دڵیان بە کـارە رۆتینیـیە دووبـارەکانی رۆژانە دانـاکەوێـت. وێـڵی دوای داهـێنان و ئافرانـدن و پـێشکەوتـنن.
١١ـ جـوانخوازن و حەزیان لە چـێژی جوانییە. لە رووە جـوانەکانی شتەکان دەڕوانـن.
١٢ـ منداڵانی بەهـرەمەند توندڕەو و دەمارگیر نین، میانـڕەون. ئامادەییەکی زیاتریشیان بۆ داننـان بە هـەڵەکانیانـدا هـەیە. رێـزیـش لە دایـکان و باوکـان و لە مامۆسـتاکانیان و لە هـاوڕێکانیان و لە کەسانی تر دەگـرن. رای جیـاواز قـبووڵ دەکـەن و هەسـتی کەس بـرینـدار ناکـەن.
١٣ـ خاوەنی هەست و سـۆزن، هـەردەمیش گەشبین و هـیواخـواز و کۆڵنـەدەرن بۆ گەیشـتن بە هـیوا و بە ئامانجـەکانیان. لە لایان ناکرێ و ئەستەمیش بـوونیان نییە.
١٤ـ سەرنـج وردن و زوو تێدەگەن و دانامێنن و خێرا وەڵامی پرسیارەکان دەدەنەوە.
١٥ـ بە هـۆی زیـرەکی و باڵادەستی و بەهـرەمەندییانەوە، حەز بە رابەری و پێشەنگی و بـە سەرکـردایەتیکـردنی هـاوڕێکانیـان دەکەن.
١٦ـ لە تەمەنێکی بچـوکدا فـێری قـسەکردن دەبن و زووش پێ دەگرن، زووش فـێری خوێنـدنەوە و نووسین دەبـن. لە قوتابخانەشدا لەچاو هـاوڕێ خوێنـدکارەکانیانەوە کە بەهرەمەند نین و ئاسایین، ئەمان ئاست بەرزترن و نمرەکانیشیان لە وانەکاندا باڵاترن.
١٧ـ رووخۆشـن و حەزیـان لە گفـتوگـۆ و سـوعـبەت و لە قـسەکـردن و لێکـدانەوەیە.
١٨ـ خـاکین و زیـادەڕۆیی ناکـەن و خۆیـان هەڵناکێـشن و کەمتر شانـازی بە خۆیـان و بە کارەکانیانەوە دەکـەن.
١٩ـ حەزیـان لەو یارییـانەیە کە ئاسان نین و پێویستییان بە بیرکردنەوەی قـووڵ و بە یاسا هـەیە. وەکوو یـاریی شەتـرەنج و یاریی هەڵـوەشاندنەوە و پێکەوەنـانی شـتەکان.
٢٠ـ تەندروستییەکی باش و تەنێکی بەهـێزیـان هـەیە.
٢١ـ توانایەکی باشیان لە گوزارشتکردن لە هـزر و لە خەیاڵ و لە بیرۆکەکانیان هەیە. توانای رەخنەگرتنیشـیان لە خۆیـان هـەیە.

رۆڵی خـێزان لە گەشەکردنی بەهـرەی منداڵان

(بـلـوم) لەو باوەڕەدایە، کە خـێزان رۆڵـێکی گـرنگی لە پێکهـێنانی بەهـرەی منـداڵـدا هەیە. گەر خـێزان هـانی منـداڵەکەی نەدات و بەهـرەکانی بە هـەنـد نەزانێت و رێـز و پـێزانینی بۆ توانـاکانی منـداڵە بەهـرەمەندەکەی نەبێت و لە ماڵەوەدا کەشوهـەوایەکی گۆنجاوی گەشەکـردنی و پێـشکەوتنی بۆ نەڕەخـسێنێـت، بەهـرەکانی منـداڵەکەیـان بە کپی و پەنگخـواردوویی و شاراوەیی لە دەروونیدا دەمـێنـنەوە و دەریان نابـڕێـت.

هەریەکەش لە (گـینسبۆرگ) و (هـاریسۆن) یش، جەخـت لەسـەر ئـەوە دەکـەنەوە، کە تا ئەمـڕۆش بەشـێکی زۆری خـێزانـەکان نابـەڵـدن لە گـرنگی رۆڵیـان، لە دۆزینـەوەی منـداڵانی بەهـرەمەنـد.
یەکەم هەنگاو کە پێویستە دایک و باوکی منداڵ بینێن بۆ دیاریکردنی منداڵەکەیان، ئایا بەهـرەمەندە یا ئاساییە. ئەوەیە کە لە لایەن دەروونناسێکی پسپۆری مـۆڵـەتپێدراوەوە، منداڵەکەیان هەڵسەنگـێندرێـت، کە شارەزایی و ئەزموونی مامەڵەکردنی لەگەڵ منداڵانی بەهـرەمەنـدا هـەیە.
مامۆستاکانیش رۆڵێکی گرنگیان لە دۆزینەوەی قـوتابییە بەهـرەمەنـدەکانیان هـەیە. لە میانـەی سەرنـج و تێبینیـیەکانیـان، لە کـاتی وتـنـەوەی وانەکـانیانـدا. دەتـوانـن منـداڵە بەهـرەمەندەکانیان بناسن و ئەوەش بزانن کە توانا و بەهرەکانیان لە چی بوارێک دایە.
چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منـداڵانی بەهـرەمەنـدا
١ـ پێویسـتە ئێـوەی دایـکان و باوکـان، گرنگی و بایـەخی بەهـرەمەنـدی بـزانن و بـۆ گەشەکـردن و هـانـدانی منداڵەکانتـان بیـقـۆزنـەوە.
٢ـ بـوار و كەشوهـەوایەکی هـێمن و گونجاو بۆ منداڵە بەهـرەمەندەکانتان بڕەخـسێنن. کـاتێک کە دەیـانەوێـت شـتـێک دابهـێـنن یا بیـر لە بابـەتـێکی دیـاریکـراو دەکـەنەوە.
٣ـ لەو بـوارانەی کە منـداڵاکانتان بەهـرەیان تێیانـدا هـەیە، هـانیان بـدەن کە متمانەیان بە تواناکانی خۆیان هەبێت. توانای ئەنجامدانی کاری گەورەیان هەبێت. چونکە متمانە و بـڕوابەخـۆبـوون، هـۆکارێکـن بۆ دەرخـستـنی تـوانـا و بەهـرە متـبوو و شـاراوەکانیان.
٤ـ دابینکـردنی کتێب و گۆڤـاری بابـەت هەمەڕەنـگەی بەسوود، بە پێی تەمەنی منـداڵە بەهـرەمەندەکانتان. کە لە میانەی خوێنـدنەوەیانـدا، خەیاڵیان فـراونتر دەکەن و ئیلهام و مەیلێکی زیاتریان بۆ داهـێنان و ئافـراندن دەبێت. لە ماڵەوەشدا کتێبخانەیان بۆ دابنێن و بە کـتێب و گۆڤـاری هەمەڕەنـگەی گۆنجـاو لەگەڵ تەمـەنیـاندا، بیانـڕازێننـەوە.
هەروەهـا دابـین کردنی کارەستەکانی ئەو یارییـانەی ئارەزوویان لـێیان هـەیە. چونکە یاریکـردن هـۆکارێکی گرنگە بۆ گەشەکردنی بەهـرە و توانا و ئارەزووەکانی منـداڵانی بەهـرەمەنـد. بە تایبەتیـش یارییـە زەینیـیەکان کە پێـویستییان بە بیـرکـردنەوە هـەیە.
٥ـ هەرگـیز نابێـت گـاڵتـە بە تـوانـا و بە خـەیـاڵ و بیـروڕا و بە بیـرۆکەکـانی منـداڵە بەهـرەمەنـدەکانتان بکەن و پێیان پێبکەنـن یا گاڵتە بە کـار و بە پـرۆژەکانیان بکـەن. گـەر ساکاریشبن، بەهـەنـدیان بزانـن. ئەگـینا بـڕوا و متمانەیـان بە خۆیـان نامێنێـت و بەهـرەکانیشیان دەتاسـێن و لەنـاودەچـن.
٦ـ هـەنـدێ کێـشە بخـەنە بەردەم منـداڵە بەهـرەمەنـدەکانتـان، تا بـزانن چـۆن بیـریان لێـدەکەنەوە و چی چـارەسەرێـکی گـونجـاو بـۆ چـارەسەرکـردنیـان دادەنـێن.
٧ـ گێڕانـەوەی چـیرۆک بۆ منـداڵان لە پێـش نـووستـنـدا زیـاتر گەشـە بە بەهـرەکانی منداڵانی بەهـرەمەنـد دەکەن. لێکـۆڵینەوە تـازەکان ئەوەیان سەلـمانـد، کە گێـڕانەوەی چـیرۆک بۆ منـداڵان زۆر بەسوودە. ئەو منداڵانەی چـیرۆکیان بۆیان گێڕاونەتەوە، لە قـوتابخـانەدا زیـرەکترن لە ئەو منـداڵانەی کە گوێیـان لە چـیرۆک نەبـووە.
٨ـ راهـێنانی منـداڵانی بەهـرەمـەنـد، لەسـەر بە دروسـتی بەکـارهـێنانی ئامێـرەکانی کـۆمپیـوتـەر و ئینـتەرنـێـت و ئـایپـاد. کە لەمیانـەیـانەوە دەتـوانـن زیـاتر فـێربـن و وەربگرن و زیاتر گەشە بە بەهـرە و ئارەزووەکانیـان بکەن.
٩ـ پێویستە قوتابخانەکان رۆماڵێکی گشتی بۆ ناسینی قوتابییە بەهـرەمەندەکانیان بکەن.
بە جیـاوازیان بـزانن و پـۆلی تایبـەتی و پـرۆگـرام و بەرنـامەی تایبەتییـان بۆ دابـڕێـژن.
١٠ـ پێـویستـە ئـەو مامـۆسـتایـانەی کە وانـە بە پـۆلی منـداڵانی بەهـرەمەنـد دەڵـێـنەوە، کـۆرس و خـولی تایبـەتییـان بـۆ بکـرێتـەوە و بە بـاشی رابـهـێـنرێـن، تـا لـە لە بـارەی چـۆنیـیەتی مامەڵـەکـردن لەگـەڵ منـداڵانی بەهـرەمـەنـدا هـۆشیار و شارەزابـن.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٣/ ئـوکتۆبـەر/ ٢٠٢٢




دیداری ئەدەبی منداڵان.. نوسینی:عەلی حەمەڕەشید

لە ڕاستیدا ئەدەبیاتی منداڵان هەروەکو پێشتر باسمان کردووە لە ئێستادا کۆمەڵێک شاعیر و نوسەر و وەرگێڕی خەمخۆر و دڵسۆز بە بوارەکە بێ گوێدانە ماندوو بوون قۆڵی کاریان لێهەڵکردووە و بەردەوام خەریکی نوسین و بڵاوکردنەوەن هەرچەندە بڵاوکراوەکانیان لەبەر کەمی تیراژ لەسنورێکی کەمدا کەسانی تر بەگشتی و منداڵان بەتایبەتی دەیبینن و دەیخوێننەوە،کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەدەبیاتی منداڵان هەیە و دەبێتە یەکێک لە ڕێگر و بەربەستەکانی بەرەوپێشچوون.لەگەڵ ئەوەشدا نەبوونی ڕەخنەی جدی و بنیاتنەریش وەک لای هەمووان ئاشکرایە بەربەستێکی ترە،کە ئەمانەش پێویستییان بە هەوڵی گەورە و پشوو درێژی و هاوکاری و بوونی دەزگای پەخش و بڵاوکردنەوەی تایبەت بە منداڵان و ئەدەبیات و هونەری منداڵان هەیە.ئەوەی زیاتر دڵخۆشی کردم دیداری ئەدەبی منداڵان بوو کە یەکێتی نوسەران لقی سلێمانی ئامادەی کردبوو تیایدا نۆ لێکۆڵینەوەی باش و بەسود و گرنگ لەلایەن چەند نوسەرێکەوە کە دووانیان دکتۆر و مامۆستای زانکۆ بوون پێشکەش کران.باسەکان بەوردی دەستیان دەخستە سەر هەموو ئەو برینانەی کە ئەمڕۆ دەبینرێن و دیارن لە ئەدەبیاتی منداڵاندا،مایەی خۆشحاڵیبوو کە جارێکی تر سلێمانی لە ڕوانگەی ئەم دیدارەوە سەلماندی کە شاری ڕۆشنبیرییە و بەردەوامیش وەک خۆی بە بڵندی و پێشەنگی دەمێنێتەوە،منیش وەک نوسەرێکی بواری ئەدەبیاتی منداڵان لە تەواوی ئەو ڕۆژەدا ئامادە بووم لە گوێگرتن لە باسەکاندا و لە گفتوگۆکانیشدا بەپێی ماوە بەشدار بووم و تێبینی و سەرنجی خۆم وتووە،هەروەها هەر لەدیدارەکەدا گۆڤارە ڕەنگین و ئازیزەکەی پەپولە کە تائێستاش بەبەردەوامی و مانگانە بۆ منداڵان دەردەچێت وەک دیارییەکی جوان پێشکەش بە ئامادەبووان کرا کە منداڵپارێزی کوردستان دابینی کردبوو ،هەروەها کتێبی (ئەدەب و هونەری منداڵان) کە لەلایەن( د.هاوژین سڵێوە و ڕۆستەم خامۆش)ەوە ئامادە کرابوو بەدیاری بەخشرا بە ئامادە بووان ، کە هەردوولایان منداڵپارێز و ئەو دوو نوسەرە جێگەی سوپاس و دەستخۆشیین،منیش خۆزگەم دەخواست کە بەرهەمەکانم کە لەئێستادا نزیک چاپکردنن لەو کاتەدا ئامادە بوونایەو بمکردایە بەدیاری دیدارەکە.باسەکان جۆراوجۆر بوون بەشێکی زۆر لەو لایەنانەیان گرتبووە خۆ کە پێویستە زیاتر گرنگییان پێبدرێت و بە وریاییەوە کاریان لەسەر بکرێت چ لەلایەن نوسەران و شاعیران و وەرگێڕکارانی بوارەکە و چ لەلایەن ڕەخنەگران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەروەردەو یەکێتی نوسەران و نوسەران خۆیشیانەوە ، تیشک خرایە زۆر لەو کەموکوڕییانەی کە لە ئێستادا هەن و هەریەکێکان لەگەڵ خستنەڕوویدا چارەسەری گونجاویشیان باس دەکرد.ئەوەی جێی سەرنج بوو لە باسی یەکەمدا بەناوی چەند سەرنج و وردبوونەوەیەک لە مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد لەلایەن کاک(ئەمین محەمەد)ەوە، هەندێک لەو هەڵانەی کە لە مێژووی ئەدەبیاتی منداڵاندا و سەرەتای سەرهەڵدان و دەستپێکردنی بەنوسین خرایە ڕوو لەگەڵ هەندێک لەو کەموکوڕییانەی کە لە شیعری منداڵاندا یان چیرۆکی منداڵاندا هەبوون و هەندێکیان ئێستاش بەردەوامن و نمونەش باسکرا.هەندێک شت وتران کە نەبیسراو و باسنەکراوبوون تا ئێستا و هەر لەسەری ڕۆیشتووین و زۆر لەو بەڕێزانەش کە نامەی ماستەر یان دکتۆرایان هێناوە لە ئەدەبیاتی منداڵانی کورددا دووبارەیان کردۆتەوە بێئەوەی کورد واتەنی بە وردی بچنە بنج و بناوانی وەک هەردوو فەرهەنگە بەرز و گرنگەکەی ئەحمەدی خانی و شێخ مارفی نۆدێ(نەوبەهارا بچوکان و ئەحمەدی)کە پێشتر وا باسکراوە کە سەرەتای دروستبوونی ئەدەبیاتی منداڵانن لە کوردستان ،بەڵام کاتێک پێناسەی ئەدەبی منداڵان دەکەیت فەرهەنگی تیا نییە و سەرنج لە هەر باس و لێکۆڵینەوە و نامەی ماستەرو دکتۆراش بدەیت لە هێج لایەکیاندا لە پێناسەی ئەدەبی منداڵاندا ناوی فەرهەنگ بە هیچ شێوەیەک نەهاتووە کە ئەمەش لای من و دڵنیاشم لای زۆربەی نوسەران و شاعیرانی بوارەکە نوێیە و پێویست بەوە دەکات کە لێکۆڵینەوە و کاری باشی لەسەر بکرێت بۆ سەلماندنی ، چ لەلایەن لێکۆڵەران یان نوسەرانەوە و بەتایبەتیش لای خاوەنی بیرۆکەو باسەکە.باسێکی تریان گرنگی و بایەخی ئەدەبیاتی منداڵان و کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی گەلان بوو لەلایەن خاتو(پەیام ئیبراهیم)ەوە کە بە وردی باس لەوە کرا کە هەر گەلێک بیەوێت پێشبکەوێت و سەرکەوتوو بێت پێویستە گرنگییەکی تەواو بدات بە ئەدەبیاتی منداڵان تا ببێتە خاوەن ئاسۆیەکی گەش و پاشەڕۆژێکی مەزن و ڕۆڵەکانی وریا و چالاک و ڕۆشنبیر بن و ببنە کەسانێکی بەسود بۆ خزمەت بەنیشتمانەکەیان،چونکە منداڵان بنیاتنەری کۆمەڵگەن تا ڕۆشنبیر تر و چالاکتر و وریاتر بن داهاتوویان گەشتر دەبێت.باسێکی تر ی دیدارەکە کەلێکۆڵینەوەیەکی ورد و زانستی و گرنگ بوو ،ئەویش گرنگی دەستنیشان کردنی تەمەن بۆ نوسینی ئەدەبی منداڵان بوو لەلایەن (د.هاوژین سڵێوە)،ئەم باسە گرنگی خۆی هەیە و تا ئێستا وەکو پێویست کاری لەسەر نەکراوە ، کاتێک هەر نوسەرێک بابەتێک بۆ منداڵان دەنوسێت و دەیکات بە کتێب دەبێت بزانرێ و لێی بنوسرێت کە بۆ کام قۆناغی تەمەنی منداڵ گونجاوە.بە وردی قۆناغەکانی دیاری کردبوو ، تا نمونەش باس دەکرا،بەڵام بۆ کتێب یان گۆڤار تا ئاستەکەی دیاری بکرێت بەڕای من ئەگەر دەزگایەکی پەخش و بڵاوکردنەوەی تایبەت هەبێت تا نوسەران و شاعیران و وەرگیڕکاران بەرهەمەکانیانی لێ چاپ بکەن و کۆمەڵێک کەسانی پسپۆڕ و شارەزای تێدا بێت بە ئاسانی ئەو کارە ئەنجام دەدەن ،بەڵام ئەگەر نوسەرەکە خۆی دیاری بکات زۆر جار دەکەوێتە هەڵەوە ،کاک (زیاد ڕەشاد )ڕۆڵی ڕەخنە لە بواری ئەدەبی منداڵاندای پێشکەشکرد کە لێکۆڵینەوەیەکی تر بوو کە لە دیدارەکەدا پێشکەش کرا،ئەمیش بابەتێکی گرنگ بوو چونکە ڕەخنە بەگشتی و ڕەخنەی بنیاتنەر و زانستی بەشێوەیەکی ئەکادیمی هۆیەکە بۆ پێشخستن و سەرکەوتنی ئەدەبی منداڵان و جیاکردنەی باش و خراپ و دەستنیشان کردنی کەموکوڕییەکان و دانانی ڕێگەچارە ،کەواتە تا ڕەخنە هەبێت بەو شێوەیەی باسمان کرد ئەدەبیاتی منداڵان زیاتر پێشکەوتوو دەبێت بەڵام ڕەخنەیەک لەسەر بنەمایەکی زاستی و دروست دوور لە هەر بەرژەوەندی و ناسیاوییەک،ڕاستییەکان چی بێت بە ڕونی ئاشکرا بوترێت بی چاو پۆشین.ئەدەبی منداڵ و کاریگەری لەپێکەوە ژیانی ئاشتییانەی نەتەوەکان لێکۆڵینەوەیەکی تری ناو دیدارەکە بوو لەلایەن (د.ماجد خەلیل)،لێرەدا باس لەوە کرا کە ئەدەبی منداڵان ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت و هۆیەکی گرنگیشە بۆ بنیاتنان و دروستکردنی ئاشتی و مرۆڤدۆستیی و پێکەوە ژیان،بۆیە وا باشە نوسەران و شاعیران گرنگییەکی تەواوی پێبدەن تا ڕەنگدانەوەی لە ژیان و ژینگەی منداڵاندا هەبێت دوور لەهەر توند و تیژییەک.لێکۆڵینەوەیەکی تری دیدارەکە کە گرنگی تایبەتی خۆی هەبوو ئەویش ڕۆڵی ئەدەبی منداڵان لە بنیاتنانی کارامەییە کۆمەڵایەتییەکان بوو لەلایەن مامۆستا(مەحمود باجەڵان)ەوە ،زۆر بە وردی و پاڵپشت بە چەند تیورێک بەشێوەیەکی زانستی و باش خرایە ڕوو،بابەتێکی تاڕادەیەک نوێ و پێویست بوو کە وا پێویست دەکات کە نوسەران و شاعیران بە ورییاییەوە کاری لەسەر بکەن تا بەشێوەیەکی دروست هەوڵی بنیاتنانی کارامەییە کۆمەڵایەتییەکان یان بە کۆمەڵایەتی کردن بدەن لە هزری منداڵاندا و سەرجەم بەها جوانەکان بەشێوەیەکی گونجاو بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵ بخەنەڕوو لە بابەتەکانیاندا. ڕۆڵی ژن لە بواری ئەدەبیاتی منداڵانی کورد دا باس و لێکۆڵینەوەیەکی تری دیدارەکە بوو لەلایەن مامۆستا(زارا ئەحمەد جاف)ەوە، لەڕاستیدا ژن هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا ڕۆڵی تایبەتی خۆی هەبووە و بەردەوامیشە لەو خزمەتە گرنگ و بەرچاوەدا کە لاپەڕەکانی مێژوو هەڵبدەینەوە بەڕونی ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت.لەم باسەدا زۆر بە جوانی ڕۆڵی ژن باسکراو بەچاوێکی تایبەت و گرنگ و وردەوە، دەبوایە ناوی چەند نوسەرێکی ژنی بهێنایە کە لە بواری ئەدەبیاتی منداڵاندا لە کوردستان ڕۆڵیان هەبووە و دیارن.ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە ئەدەبیات و ڕۆشنبیری منداڵاندا لەلایەن کاک(ڕۆستەم خامۆش)ەوە، یەکێکی تر بوو لەو بابەتانەی دیدارە کە زۆر بە وردی باس لە ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە ئێستادا کرا هەر لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و گۆڤار و ڕۆژنامە و تا ماڵپەڕ و سۆشیال میدیا ،بێگومان بمانەوێ و نەمانەوێ ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگ و تایبەتی هەیە ئەگەر بە شێوەیەکی ئەرێنی و دروست بەکار بهێنرێت لەسەر بنەمایەکی زانستی و باش و دوور لە بەرژەوەندی و لایەنگیری..ئەوەی جێی سەرنجە لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی وەک پێشتریش باسمان کرد دەزگایەکی پەخش و بڵاوکردنەوەی بینراو و بیستراو و چاپ ئەستەمە بەتەواوی سود و گرنگی و پەیامی ئەدەبیاتی منداڵان بگاتە سەرجەم منداڵان چونکە نوسەر لە ئێستادا کتێب یان نامیلکەیەکی خۆی کە چاپ دەکات تیراژی لە نێوان(٢٠٠-٥٠٠) دانەیە کە نوسەر بە هەموو منداڵانی کوردی نوسیوە و لەڕاستیدا ئەو تیراژە بەشی منداڵانی چەند قوتابخانەیەک دەکات لە گەڕەکێکدا.ئەوەی گرنگە و بووە کۆتایی دیداری ئەدەبی منداڵان کە هەموو ئەوانەی کە باسکران لە خوێندنەوەدا خۆی دەبینێتەوە چونکە نوسەر کە دەنوسێت پێویستە لەڕێگەی خوێندنەوەوە بگاتە منداڵان باسێکی گرنگ بوو کە ئەویش بەناوی چۆن منداڵ هۆگری خوێندنەوە بکەین لەلایەن خاتو(فەوزیە مەنمی)،بەڵی دەبێت هەمووان بزانین چۆن و لە چ ڕێگەیەکەوە وا لە منداڵ بکەین کە هۆگری خوێندنەوە ببێت یان هەوڵبدەین خوێندنەوە بکەین بە کلتور لایان چونکە ئەو منداڵەی کە دەخوێننەوە منداڵێکی چالاک و وریا دەردەچێت و پشت بەخۆی دەبەستێت و خاوەن کەسێتیی و ڕای خۆی دەبێت و لە قوتابخانەشدا زیاتر کاریگەری دەردەکەوێت و لە خوێندنەوەی بابەتەکانی قوتابخانەشدا جیا و جیاوازتر دەبێت لە هاوڕێکانی.لەم باسەدا هەموو ئەو ڕێکار و ڕێگایەنە خرانە ڕوو کە وا لە منداڵ دەکات کە هۆگری خوێندنەوە بێت.ماوەتە بڵێین کە دیدارەکە بە ئامادە بوونی بەشێکی زۆر لە نوسەران و شاعیراون و وەرگێرکاران و میوانێکی بەرچاودا بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات ،بۆیە من لێرەوە لەگەڵ دەستخۆشێم بۆ یەکێتی نوسەران لقی سلێمانی و هەموو ئەو بەڕێزانەی کە ماندوو بوون بە ئامادەکردن و بەڕێوەچوونی بڕگەکانی دیدارەکە هیوای بەردەوامییان بۆ دەخوازم ، خۆزگە لە ئایندەیەکی نزیکیشدا و لەسەرەتای دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنیشدا هەوڵبدرایە کە کۆڕی خوێندنەوەی شیعر و چیرۆک ساز بکرێت و دیداری هونەری منداڵانیش سازبکرێت چونکە ئەویش پەیوەندی بە ئەدەبیاتی منداڵانەوە هەیە چونکە گۆرانی و ئۆپەرێت و شانۆیی ژانری ئەدەبین و دەبنە بنەما بۆ کاری هونەری .خۆزگە لەدیدارێکی لەو شێوەیەدا بانگهێشتنامەی فەرمی بگەینرایە ئەو فەرمانگە و شوێنانەی کە زیاتر پەیوەندییان بە منداڵ و پەروەردەکردنی منداڵەوە هەیە .
شایانی باسە بەشداربووانی دیدارەکە لەم نۆ بەڕێزە پێکهاتبوون:
ئەمین محەمەد (چەند سەرنج و وردبوونەوەیەک لە مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد )،پەیام ئیبراهیم(گرنگی و بایەخی ئەدەبیاتی منداڵان و کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی گەلان) ،د.هاوژین سڵێوە (گرنگی دەستنیشان کردنی تەمەن بۆ نوسینی ئەدەبی منداڵان) ،زیاد ڕەشاد (ڕۆڵی ڕەخنە لە بواری ئەدەبی منداڵاندا) ،د.ماجد خەلیل (ئەدەبی منداڵ و کاریگەری لەپێکەوە ژیانی ئاشتییانەی نەتەوەکان) ،مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان (ڕۆڵی ئەدەبی منداڵان لە بنیاتنانی کارامەییە کۆمەڵایەتییەکان) ،زارا ئەحمەد جاف (ڕۆڵی ژن لە بواری ئەدەبیاتی منداڵانی کورد دا ) ،ڕۆستەم خامۆش (ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە ئەدەبیات و ڕۆشنبیری منداڵاندا) ،فەوزیە مەنمی (چۆن منداڵ هۆگری خوێندنەوە بکەین) هەروەها مامۆستای هونەرمەند و نوسەر (مۆفەق عارف لهۆنی) دیدارەکەی بەڕێوە دەبرد لە هۆڵی ئوتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی……………..٥/٩/٢٠٢٢




خەیـاڵ لە ئەدەبی منـداڵانـدا.. رەزا شـوان

بێگومان پێشکەوتن و داهـێنان و ئافـراندن، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بەری خەیاڵ و بیرکردنەوە و تێکۆشانی مرۆڤـن. گەلی جیاوازی و تایبەتمەندی لە مرۆڤـدا هەن، وایان کـردووە کە توانـای داهـێنان و رێکخـستنی ژیـانی خـۆی هـەبێـت و لە ژینـگە تـێـبگات. بتوانێت کولتوورێکی رەوشتی و مادی و زانیاریی گشتی و زانستی زانیاری بنیات بنێت، لەگەڵ دۆزینەوەی پراکـتیزەکردن لە سەرجەم ئەم کارانەدا. لە نێـو ئەم تایبەتمەندییانەدا تایبەتمەنـدی خەیـاڵکـردنە، کە بـریتییە لە بنیاتنانی هـزری نـوێ لە بابـەتە هەبـووەکان. ئەو رۆڵە گرنـگەی کە خەیـاڵ (فـانتـازیا) لە ژیـانی مـرۆڤـدا هەیەتی، هـەر لە سەرەتای مێژووەوە جێگەی گرنگی پێـدانی مرۆڤ بووە. گرنگی بە رۆشنبیریی گشتی و فەلسەفە و ئەدەب و هـونەر و زانستە مـرۆییـەکان داوە، لەوانـەش زانسـتی پەروەردە.
هێشتا هەر خەیاڵ (ئەندێشە) جێگەی گرنگی پێدانە بە هەموو ئەو لقـە زانستییانە. هەر لـقـێکیشی چـوارچـێوەی ئاماژەیی خـۆی هـەیە، لە مامەڵەکـردن لەگـەڵ ئەم دیـاردانەدا.
خەیـاڵ ئەو رووداو و بابـەت و بیـرۆکـانەیە، کە لەنێـو ئەقـڵی مـرۆڤـدا سەرهـەڵـدەدەن. کە بە ئارەزووی خـۆی دروسـت دەبـن، ئەم خەیـاڵانە دەیبـاتە جـیهـانێکی دیکەوە، لەو رێـگەیـەوە دەتـوانێـت کـۆنتـرۆڵی ژیـانی بـکات و رووبـەڕووی ئـەو رووداو و کـارانە بێتـەوە کە دێنـە رێـی. بەبێ ئـەوەی بەربەستێک هـەبێـت رێی پێبگـریـت و رایبگـرێت. خەیـاڵ بـەوەش پێـناسە دەکرێت کە کـردارێـکی ئەقـڵی زانستی یە. خەیـاڵی داهـێـنەرانە پاڵپشتێکی بەهـێزە بۆ داهـێنان و گونجانـدن لەگەڵ ژینگەدا. بە شێوەیەکی گشتی خەیاڵ بەوە پێناسە دەکرێـت کە بریتییە لە توانای ئەقـڵی بۆ تاقیکردنەوە و دۆزینەوەی تـازە و بنیاتـنـان و پـێکەوەنـان. بیـرمەنـدان و رەخـنەگـران و نـووسـەران، لە پـێـناسەکـردن و راڤـەکـردن و دیـاریکـردنی چـەمکی وشـەی “خەیـاڵ” دا، ناکـۆکن و هـاوڕانـین، هـۆی مشـتومـڕیـشیان، ئەوەیە کە خەیـاڵ زاراوەیەکی درکردنە، بەپێی ناوەڕۆکەکان و تیـۆرە زانستییەکان، چەنـدین واتـا دیـاری دەکات. بەڵام هەموویان لە بارەی گـرنگی خەیـاڵ لە ئەدەبـدا هـاوڕان.

(ئەفـلاتـوون) یەکەم کەس بـوو، کە لە ئەدەبـدا گـرنگی بە خەیـاڵ دا. وای دەبـیـنی کە شاعـیر خەیـاڵ بەکـاردەهـێنـێـت، داهـێـنەرە و سـروشی خـوایی هـەیە.

(ئەرستۆ) ش دەڵێت:”خەیاڵ بریتییە لەو پرۆسەیەی کە لە میانەیـەوە وێنەیەکی زیـنی دەنـوێـنیـت”.
خەیـاڵ لە هەمـوو کـات و سەردەمـێکـدا، تـوخـمێکی هـاوبـەشی گـرنـگە لە هـەمـوو بەرهەمـەکان و بـوارەکـانی ژیـانـدا.

(ئەلـبێرت ئەنیشتاین) دەڵێت:”خەیـاڵ گرنگـترە لە زانین”. زۆر جار زانین سنووردارە بەو شتانەی کە هـەیە. بەڵام خەیـاڵ چەمکـێکە، سنوور و لـۆژیکی تێـدا نییە. لـۆژیک لە ئەلـفـەوە بـۆ یـایە، خەیـاڵیـش دەتبـاتە هـەر شـوێـنێک کە دەتەوێت. نە بازگەیە لێ هـەیە و نە پاسپۆرتـیشی دەوێـت. هەر بە خەیـاڵیش ئایندەیەکی دڵخواز بنیات دەنێیـت.

(کارڵ مارکس) دەڵێت:”ئەوەی خەیاڵی نەبێت، باڵـیشی نییە”. بۆیە لەو کەسە هەژارتر نیـیە کە لە خەیـاڵـدا هـەژارە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، وەکو ئەنیشـتاین دەڵێت:” راستی هـەمیشە لە خەیـاڵ سەیـرتـرە”.
شاعـیری ئینگـلیزی (کریستۆڤـەر) دەڵێـت:”یەکەم تـوانا کە پێـویستە گـرنگی پێـبدەین، پێش ئەوەی ژەنگ بگـرێـت، خەیاڵە. ئەوە خەیاڵە وامان لێدەکات، کە هەموو رۆژێک بە تـازەیی لە جـیهـان بـڕوانـین”.
پێویستە ئەوەش بـزانین جیاوازییـەکی زۆر لە پـلەی خەیـاڵکـردن لە نێـوان خـەڵکـیدا هـەیە. هـەیە خەیـاڵ تـیژە، هـەیە خەیـاڵ ناوەنـدییـە، هـەشـە خەیـاڵ کـزە.
خەیـاڵ گـرنگـییەکی زۆری هـەیە لە یارمەتـیدانی منـداڵان، بۆ تێگەیـشـتن لە جـیهـانی دەوروبەریان و بۆ گوزارشتکردن لە خۆیان. خەیاڵ بەشێکە لە چالاکییەکانی رۆژانەی منـداڵان. گەر شتێک هەبێت منـداڵان تێیدا سەرکەوتـووبن، ئەوا توانـای خەیاڵکـردن و دروستکـردنی جیهـانی تایبەتی خۆیـانە. لە هەمـووی گرنگـتر منـداڵان، خەیـاڵەکانیان بۆ گەڕان بە دوای زانیاری و بـیرۆکەی نـوێـدا بەکاردەهـێنن. بـۆ نموونە کە سەردانی رووبـارێـک دەکـەن، دەکـرێـت بـبـێـتە هـۆی خەیـاڵکـردنیـان لـە ژیـان لەنـاو ئـاودا.
خەیـاڵ لە منداڵانـدا، یەکـێکە لـەو شتە بەسوودانـەی کە یارمەتی گەشەکردنی منـداڵان دەدات بە شـێوەیەکی سـروشـتی.
هـەر لە ساڵانی یەکـەمی ژیـانی منـداڵانـدا، خەیـاڵ جـێگەیەکی گـەورە لە چالاکـییەکانی ئەقـڵی منـداڵان پـڕدەکاتەوە. زۆرێک لە بیـرۆکە و یـاری و هـیواکانیان، لەسەر بنەمای خەیـاڵ پێکهاتـوون. خەیاڵیش لە دوو فاکتەر پێکدێت یەکێکیان (دەرەکییە) دەوروبەری منـداڵان. ئەوی دیکەیـان (ناوەکـییە) تـێڕوانیـنیان دەرەبـارەی جیهـان. خەیـاڵ بوارێکی گرنگە و ورووژێنەرە لە گەشەکـردنی منـداڵان. هەموو منداڵێک دەرفەتی ئەوەی هـەیە، کە پـەرە بە داهـێـنان و خەیـاڵی بـدات.
منداڵان لە رێگەی خەیاڵەوە، دەتـوانن بەسەر بەربەستەکانی کات و شـوێن و ئەستەمدا بازبدەن و سـنووری هـێزەکانی خۆیـان تێپەڕێـنن و دەستیان بۆ ئەوشتانە درێـژبـکەن و پەرەیـان پێـبدەن، کە لە راسـتییدا ناتـوانـن بە دەستـیان بهـێـنن. بۆ نموونە منـداڵان، بە خەیـاڵ، لە رێی رۆکـێتێکی کارتـۆنییەوە، یا بە سواری پێنووسێک، دەچـنە سەر مانـگ و هـەسارەکـان. بـەڵام لە راستـیدا ئەمەیـان پێناکـرێت. هەروەهـا لە رێـگەی خەیـاڵەوە، منـداڵان دەتـوانن بەسەر سەخـتییەکانی ژیـانی رۆژانـەدا زاڵـبن و ئاواتەکانیان بەدەست بهـێنن. بەردەوامیـش بە دوای هەمـوو شتـێکـدا دەگـەڕێن کە تـازە و بەسـوودبـن. بەم شـێوەیە گەشـەیەکی گـشـتگـیر و تـەواو و هـاوسەنـگ بەدەسـت دەهـێـنن.
خەیاڵی وەهـمی، لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانی منداڵاندا، یارمەتیان دەدات، کە گرنگی بە ئـاژەڵ و باڵـندە و شـتە بێ گـیانەکان بـدەن. خەیـاڵ دەیـانبـاتە جیهـانێکی ئەفـسانەیی ئەفـسووناوی و سەرنجـڕاکێـش. لەم قـۆناغـەدا، منـداڵان خۆشـباوەڕن و باوەڕیان بەوە هـەیە، کـە ئـاژەڵ و بـاڵـنـدە و دار و بـەرد و هـەر هـەمـوو شـتەکـان، زمـان دەزانـن و دەتوانن بە کوردی بـدوین، دەتوان گوێـبگـرن، دڵخـۆشبن، پێـکەنـن، هەڵـپەڕن، بـڕۆن، چـاکە و خـراپە بـکەن، یارمـەتی بـدەن،…هـتد.
منـداڵان لە نێـوان سێ و پـێـنج ساڵـیدا، خەیـاڵ تـیژن. بەڵام ئـەم خەیـاڵەیان لەنـاو ئـەو ژیـنگە تەسکەی تێیـدا دەژیـن سـنووردارە. لـەم قـۆنـاغـەدا خەیـاڵی منـداڵان، رۆڵـێکی گـرنـگ دەگـێڕێـت لـە گـەشـەکـردنیـانـدا. چـونـکە خەیـاڵ رێـگەیـەکە بـۆ رێـکـخـستـنی بەشێکی زۆری چالاکـییەکانیـانیان. بنەمـایەکـیشە بۆ راهـێـنانی توانـا جـووڵـەییەکانیان و چالاکـردنی چـالاکـییەکـانی دیـکەیـان.
منـداڵانی نێوان شـەش و هەشـت و نـۆ ساڵان، خەیـاڵەکانیـان لە بازنـەی سـنوورداری ژینـگە تێـپەڕیـوە. بـەم رۆڵـەش لە رۆڵەکـانی گەشەکـردنی خەیاڵی منداڵان، دەوترێـت رۆڵی خەیـاڵی ئـازاد، کە تـێیـدا تـامـەزرۆی ئـەو وێـنـە زەیـنیـیە ئاڵـۆزانـەن کە بـۆیـان دەکـێشن، یا بە خەیاڵی خۆیان دروستیان دەکەن. بۆیە ئارەزووی چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخـشـان و شـانـۆ و گـەلـێک بابـەتی تـر دەکـەن.
منداڵان تا تەمەنی دوانـزە ساڵان، دەچـنە قـۆنـاغ و رۆڵـێکی تـرەوە. کە لە راستییەوە نـزیکە. بایەخـێکی زۆر بە راسـتی دەدەن، بێ ئـەوەی کە واز لە خەیـاڵکـردن بهـێنن. خەیاڵکـردن لەم قـۆناغـەدا، بە زۆری لەسەر بنەمـای وێنەی بینراوە. لە دوای ئـەوە، منـداڵان مەیلـیان بەرەو خەیاڵی ئەبستراکی”موجەرەد” هـەیە. لەسەر بنەمای هـێما و پێکهـێـنانی بیـرۆکەکان بنیات دەنـرێـن.
بەو پێیەی کە ئـەدەب وێناکـردنێکی خەیـاڵییە بۆ ژیـان و هـزر و هەسـت و سـۆز، لە میانـەی پێکهـاتەی زمانـەوانییەوە. ئەمـەش ئـەوە دەگەیەنێت کە سنووری خەیـاڵ لە ئەدەبـدا، بە ئـەدەبی منـداڵانـیـشەوە بـەرزە. زۆر جـاریـش رێـژەی خەیـاڵ لە ئـەدەبی منداڵاندا بە هـۆی پەیوەندیی بە هێزی خەیاڵ بە ژیانی ئەقـڵی منداڵانەوە، زیاد دەکات.
دەکـرێـت خەیـاڵی مـرۆڤ سـەرچـاوەی ئـەدەب بێـت، بـە ئـەدەبی منـداڵانـیـشەوە.
کەواتا هەموو بەرهەمێکی ئەدەبی دەبێـت هەڵگـری وێناکردنی خەیاڵی بێـت، تەنانەت ئـەو ژانـرە ئەدەبـیـانـەش کە بە راسـتی (ریالـیستی) ناودەبـرێـن، دوورنـین لە خەیـاڵ. چـونـکە وێنـاگـرتـنـێکی فـۆتـۆگـرافـی نیـن.

ئەدەبی منـداڵان، کۆمـەڵـێک بەرهـەمی هـونـەرییە، پێشکەش بە منـداڵان دەکرێت. کە تایبەتـمەنـدی و پێـداویستی و ئاستی گەشەکـردنیـان لەبـەرچـاو دەگـرن. واتـە لە مـانا گـشتـییەکەیـدا، هەمـوو ئەو بابەتـانە دەگـرێتەوە کە پێشکەش بە منـداڵان دەکرێـن. کە مانـا و بـیرۆکە و هـەسـتەکـان بەرجـەسـتەدەکـەن.
گۆمان لەوەدا نییە، کە خەیـاڵ رۆڵێکی گـرنگ دەگـێڕێت لە هەموو ژانـرەکانی ئەدەبی منـداڵان، وەک چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخـشان و شانـۆ، ئۆپـەرێت، رۆمـان، کە پـڕن لە فـانتـازیا، هەموو ئـەو شـتانـەش کە پەیوەندییان بە ئەدەبی منداڵانەوە هەیە. کەواتا خەیـاڵ پێـویستییەکی گـرنگی ئەدەبـیـاتی منـداڵانـە.
لـێرەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێـت، کە پێویستی و تایبەتمەنـدیی یەکـەمی نووسـەرانی ژانارەکانی ئەدەبی منـداڵان، تـوانـای خـەیـاڵکـردنە. لە سایەی خەیاڵ و زمانـدا، بابەتە نـووسـراوەکانیان بۆ منـداڵان دەڕازێنـنەوە.
هەموومان بەشێکی زۆری ئەو چیرۆکانەمان لەیادماون، کە بە منداڵی بۆیان گێڕاینەوە یا خۆمـان خوێنـدمـانەوە، کە لە منـداڵـیدا هـۆگـریان بـووین. خەیـاڵ هـۆیـەکی سەرەکی ئـەم هـۆگـری و لەیـادمـانەوەیە.
یەکـێک لە تایبـەتـمەنـدییـە هـەرە گـرنـگەکـانی چـیرۆکی منـداڵان خەیـاڵە. کە رۆڵـێکی سەرەکیی لە چیرۆکی منداڵانـدا هەیە. ئەوە خەیاڵە منداڵانە بۆ چیرۆکەکان رادەکـێشێت.
پێویستیشە کتێبەکانی منداڵان، لە خەیاڵی ترسناک و تۆقـێنەر و لە کاری لە تـوانابەدەر پـاک بکـرێنـەوە. تێکەڵاوی چـەمـکەکان و تـێکەڵکـردنی راسـتیـش لەگـەڵ خەیـاڵـدا لە چـیرۆکی منـداڵانـدا، نابێـت ببـنە هـۆی جـۆرێـک لە سەرلـێـشـێـوانـدنی منـداڵان.
رەزا شـوان
نەرویـج: ١/ سێپتەمبەر/٢٠٢٢




کورتە چـیرۆک بۆ منـداڵان/ داپـیـرەم حـەزی لە کـارە.. رەزا شـوان




 


داپیـرەم هـەر لە منـداڵـیـیەوە، چـالاک و ئـیـشکەر بـوو. لە ئـێستادا تەمەنی لە نـەوەت سـاڵ زیـاترە، لە دەست و پـێیـەکانی نەکەوتـووە. حەز لە جـووڵە و لە کارکردن دەکات. داپیـرەم رۆژەکـانی هـەفـتەی بـەم شـێوەیـە دابەشکـردووە:

شەممە: مەڕەکەی بـریـنگە دەکـات (خـوریەکـەی دەبـڕێتـەوە).

یەکشەممە: خورییەکە پاک دەشواتەوە و لەبەر خۆردا هـەڵیدەخات، تا وشک دەبێتەوە.

دووشەممە: خـورییـەکە شیـدەکـاتـەوە و دەیـکات بە دەسـتـپـێچـک.

سێ شەممە: بە تەشی خـۆرییەکە جـوان دەڕێـسێـت و دیکات بە بەنـێکی بـاريـک.

چوارشەممە: بەنەکە رەنگ دەکات و هەڵـدەیخات.. کە وشک بـۆوە، دەیکات بە گـڵۆڵە.

پێنج شەممە: بە قـولاب بەنـەکە دەچـنـێـت و.. دەیـکات بە بـلـوزێکی جـوان بـۆ خـۆی.

هـەینی: داپیـرەم بلـوزە تازە جـوانەکەی لەبەردەکات و لەگەڵ پـوورە گوڵەی هـاوڕێ و هـاوتـەمـەنی، دەچـن بـۆ پیـاسە و گـەڕان و قـسەی خـۆش بـۆ یەکـتری دەکـەن.  

نەرویـج: ٢٠٢٢




پێشوازیی لە منداڵانی پۆلی یەکەمدا… عەلی حەمەڕەشید

لە ڕاستیدا منداڵ کە دەچێتە قوتابخانە و لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتییدا یەکەم سەرەتای خوێندن و ژیانێکی نوێ و جیاواز لە ژینگەیەکی نوێ و جیاواز لە ژینگەی پێشووی دەست پێدەکات ڕوبەڕوی کۆمەڵێک بەربەستی نوێ و نەبینراو و نەبیستراو لە ژینگەی ماڵەوە دەبێتەوە کە کاریگەری لەسەر دەبێت و تا لەگەڵ ئەو ژینگە تازەیەشدا ڕادێت پێیدەچێت ،با ئەوەش بزانین کە هەندێک منداڵ زۆرتریان پێدەچێت و هەندێکیان دەبێت ڕۆژانە کەسێکیان لەگەڵ بێت بەتایبەتی دایکیان کە ئەمەش وا دەکات کە منداڵەکە تا ڕادەیەک باوەڕی بەخۆی نەبێت و بەشێوەیەکی جیاوازیش سەیر بکرێت لەلایەن مامۆستا و منداڵانی پۆلەکەیەوە.بەڵام ئەو منداڵانەی کە ساڵی پێشتر لە باخچەی منداڵان بوون وریاتر و چالاکترن زووتر لەگەڵ ژینگەی قوتابخانەدا ڕادێن هەرچەندە ژینگەی باخچەش لەگەڵ ژینگەی قوتابخانە جیاوازن، چونکە کۆمەڵێک ڕێسا و یاسای پابەندبوون و پۆل و مامۆستا و ڕێز و هەستکردن بە لێپرسینەوە و چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن لەو ژینگە تازەیەدا بۆ ئەمان ئاسان و ئاساییە و بەلایانەوە زۆر نوێ نییە چونکە لە باخچە بوون .بۆ گەورەش کە دەچێتە ژینگەیەکی نوێ و جیاواز لەو ژینگەیەی کە پێشتر تێیدا ژیاوە ڕوبەڕوی هەندێک شت دەبێتەوە کە ئەویش پێیدەچێت تا لەگەڵیدا ڕادێت.لە ڕاستیدا ئەم گۆڕانکارییە و چوون بۆ ئەو ژینگە نوێ و پڕ لە ڕێسا و یاسایە و چۆنیەتی پابەند بوون پێوەی گرانە و وا باشە ستافی کارگێڕی قوتابخانە پێش دەستپێکردنی دەوامی فەرمی ئامادەکاری بکەن بۆ پێشوازی کردن لە منداڵانی پۆلی یەکەم.من پێشتر بۆ هەمان مەبەست وتارێکم نوسی و بڵاوکردەوە ، بۆیە لەبەر گرنگیی و هەستیاری چۆنیەتی پێشوازیکردن لەو منداڵانەی کە تازە دەچنە قوتابخانە وا جارێکی تر باسی دەکەمەوە و هەمان بیر و بۆچوونی خۆم بۆی دووبارە دەکەمەوە و شێوازی پێشوازیکردنیان دەخەمە ڕوو بەو هیوایەی بە پێی توانا کاری لەسەر بکرێت:

  1. بۆ ئامادەکاری وا باشە لیژنەیەک کە پێک هاتبێت لە مامۆستایانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بەتایبەتی ئەو مامۆستا بەڕێزانەی کە کوردی و بیرکاری و سرود دەڵێنەوە خۆ زیاتریش بێت ئاساییە بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری قوتابخانە دروست بکرێت و پێشتر ئامادەکاری بکرێت بۆ چۆنیەتی پێشوازی کردن لەو منداڵانە.
  2. ئەنجامدانی چالاکیی پێشوازی وەک ئاهەنگێکی بچکۆلە بکرێت بەڵام وا باشە لە یەکەم ڕۆژی کردنەوەی قوتابخانەدا نەبێت چونکە هەم کارگێڕی قوتابخانە سەرقاڵی ڕێکخستنی پۆلەکانن و منداڵەکانیش لەنێو ئەو جیهانە تازەیەدا نامۆن و زۆریشیان کەسوکاریان لەگەڵدایە، کە کارێکی گران دەبێت و وەکو پێویست ناتوانرێت گرنگی بە منداڵانی پۆلی یەک و کەسوکاریان بدرێت و دوور نییە هەندێک لە منداڵان بە بینینی ئەو هەموو قوتابی و مامۆستا و دروستبوونی دەنگە دەنگ و هاوار و قیژەی منداڵانی پۆلەکانی تر قوتابخانەیان لەبەر چاو نەکەوێت،چونکە ئەوان دەمێکە خۆیان بۆی ئامادەکردووە و بە خۆشییەوە هاتوون و دایەو بابەش بۆ خۆشەویستکردنی قوتابخانە و مامۆستا پێشتر بەشێوەیەک باسیان کردووە لایان کە قوتابخانە شوێنێکی زۆر خۆشە و لەوێ دەتوانی وەرزش و یاری بکەیت و گۆرانی بڵێیت و زانیارییش فێر ببیت.بەڵام کە لەیەکەم ڕۆژدا ئەوە دەبینێت جیاوازەو لەوە ناچێت کە بۆی باسکراوە بۆیە دەکەوێتە دوو دڵی و بێزار دەبێت.
  3. ئەو لیژنەیە دەتوانن هەفتەیەک پێش کردنەوەی قوتابخانە خۆیان ئامادە بکەن و بەرنامەی بۆ دابنێن ،بۆ ئەو ڕۆژەش دەتوانن چەند هۆنراوەیەکی سادە و تایبەت بۆ ئەو بۆنەیە ئامادە بکەن خۆیشیان بۆیان بخوێننەوە یان قوتابیانی پۆلەکانی تر بە کۆرس بۆیان بڵێن دەتوانن لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ڕاهێنان بەو قوتابیانە بکەن هەر قوتابییەک و دێڕێکی بدەنەنێ زوو لەبەری دەکات و کارەکەش باشتر و زووتر ئامادە دەبێت ،دواتر داوا لەو منداڵانە بکرێت کە کێ دەتوانێت گۆرانییەک بڵێت وەک ئەم قوتابییانە بێگومان چەند منداڵێک هەر بەشداری دەکەن.
  4. وەک وتمان واباشە چەند ڕۆژێک دوای کردنەوەی قوتابخانە ئەم ئاهەنگی پێشوازییە ئەنجام بدرێت،بە ئامادەبوونی کەسوکاری منداڵانی پۆلی یەکەم ،بەڕێوەبەر و مامۆستایان بەتایبەتی مامۆستای کوردی و بیرکاری کەڕۆژانە وانەیان پێدەڵێن خۆناساندن و وتەی کورت و گونجاو بۆ ئەو بۆنەیە پێشکەش بکەن ،چەند خۆش دەبێت کە وتەکان بەشێوازێک بێت کە خەندە بخاتە سەرلێوەکانیان و خۆشی بخاتە دڵیانەوە و قاقای پێکەنین وەک مۆسیقایەکی سروشتی لەو شوێنەدا دەنگ بداتەوە.
  5. چەند خۆش دەبێت کە شیرینی و یەکی دیارییەکی بچکۆلەشیان پێشکەش بکرێت کە ئەمانە وا دەکات کە منداڵەکان لەوێوە خۆشەویستی زیاتریان بۆ قوتابخانە و مامۆستا و دایە و بابەش زۆر تر بێت و بە دڵێکی لێوانلێو لە خۆشییەوە ئەو کاتە بەسەر بەرن و ڕۆژانی تریش بە هەمان خۆشەویستی و خۆشییەوە بێن بۆ قوتابخانە.
    لێرەدا چەند هۆنراوەیەکی خۆم وەک ئاسانکاری دادەنێم ،مامۆستاش خۆیان دەتوانن هۆنراوەی تری لەم شێوانە و گونجاو بۆ ئەو کارە بەکار بهێنن .
    پۆلی یەک
    سەیری چەندە دلخَۆشم
    خەندەم لەســەر لێوانە
    چونکە بووم بە قوتـابی
    دەچم بــۆ قوتابخــــانە

    لەوێ دەچمـە پۆلی یەک
    چـــالاک و وریــاو زیرەک
    وەک پەپوولەو گوڵی جوان
    سروود دەڵێم بۆ ژیـــان

    ئەمەش هۆنراوەیەکی تر.
    پۆلی یەک
    کە مـــامـــۆستای ئـــەلفبێ
    بۆ پۆلـــەکــــەی ئێمــە دێ
    بـــە جــــوانی دادەنیشــین
    بەمـــلا و بــــەو لادا ناچین
    ئەویش لەسـەرخۆ و ھێواش
    دەڵێت گــــوڵەکان رۆژباش
    بەڕووی خـــۆش و پێکەنین
    پێمـان دەڵێت ئافــــــەرین

    ئەمەش هۆنراوەیەکی تر.
    خەونێک
    لــە خــــەونمـدا ئەســـتێرە
    خــــۆی ھــــاتبوو بــۆ ئێرە
    مـــــاڵی ئێمـــــەی دەزانی
    ھــــاتبوو بــــە میـــــوانی
    وتی مـن میــــوانی تــــۆم
    بردم بۆ ژوورەکـــەی خــۆم
    کــە ژوورەکـــــــەمی بینی
    بــە قــــاقــــا و پێکــەنینی
    وتی دەست خۆش گوڵی جوان
    سەرکـــەوتوو بیت لـە ژیان

    ئەمەش هۆنراوەیەکی تر.
    دارا
    دارا لــە پۆلی یەکــــە
    منداڵێکی زیرەکـــــە
    پاکو خاوێن و جــوانـە
    کە دێت بۆ قوتابخـانــە
    زۆر بێدەنگ و وریــــایە
    ئەو کاتەی لە پۆلـــدایە
    قسە لەگەڵ کەس ناکات
    قسە بکــــات تێ ناگات
    ئێوەش ھــەر وەکـــو دارا
    جوان دانیشن لــــە پۆلا
    گوێ بگرن لە مامۆســــتا
    ھەتاکــــو زەنگ لێ دەدا
    ئەمەش هۆنراوەیەکی تر.
    پۆلی یەکەم
    مامۆســتا گیان
    ئەوا ئەمســـاڵ
    منــــــی منداڵ
    ھـــــاتوومەتە
    پۆلی یـــەکــەم
    وەک گوڵی ئـاڵ

    بــە ھــێمــــنی
    تــۆ بمــــدوێنە
    کــــــــاتی وانە
    تـــــا خۆشتربێ
    لام خـــوێندن و
    قــــــــوتایخانە

    چەندە خۆشـــە
    لە نــــــــاو پۆلا
    وتەی شــــیرین
    خــــۆشەویستیی
    خـــــــۆت بنوێنی
    بە پێــــــــکەنین



سـوودەکانی مـیوزیـک بـۆ منـداڵان… رەزا شـوان

له‌ ئێستادا وشه‌ی (میوزیک) و (موزیک) له‌ نووسین و له‌ میـدیا و له‌ راگه‌یاندنه‌کانی کوردستانـدا به‌کـاردەهـێـنرێـن، زۆر به‌ کـه‌‌می وشـه‌ی مـۆسـیـقا به‌کـاردێـت. له‌ زمـانی ئینگلیزی و زۆربه‌ی زمانه‌کانی تری جیهانیشدا به‌ زۆری وشه‌ی میوزیک به‌‌کاردەهێنن. وشـه‌ی میـوزیک له‌ بنه‌ڕەتـدا وشه‌یه‌کی رەسه‌نی یـۆنـانی کـۆنه‌. وشـه‌ی (مـوسـیقی)ی عـه‌رەبیش هـه‌ر له‌ (مـیوزیـک) ەوە وەرگـیراوە. وشه‌ی مـیوزیک له‌ وشه‌ی (مـیوز)ی لاتینییه‌وە وەرگـیراوە، که‌ به‌لای گریکـییه‌کانه‌وە خـوانـدی هـونـه‌ر بـوو. گـریکـییه‌کان، بـۆ هـه‌مـوو هـونه‌رەکـان و زانیـارییـه‌کان وشـه‌ی (مـیوزیـک) یان به‌کـار دەهـێنا. دەستپێکـردنی میـژووی مـیوزیکی مـۆدێـرن بۆ سه‌رەتای سه‌دەی بیسته‌م دەگه‌ڕێته‌وە.
میوزیک بریتییه‌ له‌ جۆرێک له‌ جـۆرەکانی هـونه‌ر. به‌وە پێناسه‌ دەکرا، که‌ هـونه‌رێکه‌ گرنگی به‌ دانان و دابه‌شکـردنی ئاوازەکان و شێوازی وتـنی گۆرانییه‌کان و به‌ تـرپه‌ی هـه‌ڵپه‌ڕکێکان دەدات. مـیوزیک زانیارییه‌کـیشه‌ که‌ شـێواز و پـرەنسیپه‌کانی ئاوازەکان دەخـوێنێـت، له‌ رووی هـه‌ماهـه‌نگی و جیـاوازییـه‌وە. دەوتـرێش مـیـوزیک زمـانـێکی جیهانییه‌، زمانێکی جیاوازە، زمـانێکه‌ له‌ نێـوان مێـشک و دڵـه‌کان دایه‌. جـوانـترین و ناسکـتریـن واتـای له‌خـۆگـرتـووە.
میـوزیک زمـانێکه‌، له‌ زمـانه‌کـانی جـوانی، له‌گـه‌ڵ زمـانه‌ جـوانـه‌کـانی که‌دا، پێکه‌وە جـیهـانی منـداڵان پێکـدەهـێنن. زمانێکه‌ له‌ خـزمه‌تی منداڵان دایه‌، هه‌مـوو لایه‌نه‌کانی گه‌شه‌کردنی منـداڵان: کۆمه‌ڵایه‌تی، سـۆزداری، هـزری، داهـێنان، که‌سایه‌تی، جوڵه‌یی دەگـرێته‌وە. له‌ هـه‌مان کاتیشـدا، چـێژ و شارەزایی پێـویست به‌ منـداڵان دەبه‌خـشێـت.
مـیوزیک زمـانی شـیعـر و گۆرانیـیه‌، مـیوزیک شیعـرێکی دەنگـدارە، رۆح و گیانێکی نه‌مری به‌ به‌ر شیعـردا دەکات، تێکه‌ڵاوی یه‌کتری بوونه‌. شیعـر و میوزیک و گۆرانی گیانێکن له‌ سێ جه‌سته‌دان، سیانه‌یه‌کن ئاوێته‌ی یه‌کتری بوونه‌ و له‌ یه‌کتری دانابڕێن.
هـه‌ریه‌که‌یـان به‌ ئـه‌وەی تـرەوە به‌نـدە. هـه‌ماهـه‌نگی له‌ بنیاتنـانی که‌سایه‌تیـدا دەکـه‌ن. پێکه‌وە به‌شداری له‌ بنیاتنانی رۆشـنبیری و شارستانێتیـدا دەکه‌ن. وەکوو چۆن جووته‌ وشه‌ی (دەهـۆڵ و زۆڕنا)، (گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێ) به‌ زۆری پێکه‌وە دێـن، هه‌رەوهـاش به‌ زۆری (شـیعـر و ئـاواز)، (شـیعـر و میـوزیـک) یش پێکه‌وە دێـن.
ئه‌گـه‌‌رچی گـوێگـرتن لـه‌ میـوزیک، تا ئه‌‌مـڕۆش نه‌بـۆته‌‌ کولتـوور و به‌‌ نه‌‌ریـت و به‌‌ خوویه‌کی دەقگـرتـووی رۆژانـه‌ی تـاكی كورد. گـه‌ر هه‌شـمان بێـت که‌مـن. به‌‌ڵام گـه‌لی کوردمـان زۆر له‌ کـۆنه‌وە، له‌ ئاهـه‌نگ و بـۆنـه‌ خۆشـه‌کان و شـایی و زەمـاوەنـدا، به‌ ئامێرێک یا زیـاتری میـوزیکی له‌‌گه‌‌ڵ گۆرانی و هه‌ڵپه‌‌ڕکـێدا، گوزارشـتمان له‌‌ خۆشی و شادیـمان کردووە. تا ئه‌مڕۆش بـلوێـر و شـمشاڵ یا نای دوو ئامـیری پیویستی شوانانی کـوردن. بێگومان هه‌موومان حه‌ز له‌ فـێربوون یا گوێگـرتنی مـیوزیک دەکه‌یـن. ئه‌وەی حه‌زی لـێـنه‌کات که‌سێکی دڵ مـردووە. مـیوزیکـیش ته‌نیـا بۆ چـێژ و خـۆشی وەرگـرتـن نییـه‌، به‌ڵکو بـووە به‌ پێـویستیـیه‌کی گـرنگمان، کاریـگه‌ری له‌ رۆشـنبیریمانـدا هـه‌یه‌‌. تا رادەیـه‌کی زۆر تێـکه‌ڵ به‌ لایـه‌‌نـه‌کـانی ژیـانی رۆژانـه‌مـان بـووە.
(شکـسپـیر) دەڵـێـت:” مـیوزیـک خـۆراکی رۆحـمـانه‌”.
(ئه‌فـلاتـوون) دەڵـێـت:”مـیوزیـک و وەرزش، دوو زانستـن.. هـه‌ردووکیـان بۆ مـرۆڤ پێـویسـتـن”.
(نیشته‌) دەڵێـت:”گه‌ر ویستت بڕیار له‌سه‌ر ئاستی گه‌لێک بدەیـت. گـوێ له‌ میـوزیکیان بگـرە”.
(کـۆنـفـۆشـیۆس) دەڵێـت:”مـیوزیـک ئـاوێـنـه‌ی شـارسـتـانی گـه‌لانـه‌”.
(لانـس) یش دەڵێـت:”فـێری خه‌ڵـکی بـکه‌ن چـۆن گـوێ له‌ مـیوزیـک بگـرن.. ئه‌وسا پێـویستـیـمان به‌ به‌نـدیـخـانه‌ نـابـێـت”.
(کۆنجریف) دەڵێت:”میوزیک دەتوانێت دڕندەکان رابهـێنێت و.. به‌ردیش نه‌‌رم بکات”.
مامۆستا (حه‌مه‌ که‌ریم هـه‌ورامی) له‌ به‌رگی دووەم له‌ کتێبی (ئه‌دەبی منـداڵانی کورد) نووسیوێـتی، دەڵـێـت:”له‌ وڵاتـێکی رەنگـینی شاخـاوی پـڕ له‌ گـوڵ و گـوڵـزار و ئاو و رووبـار و بـاخ و دارسـتانی وەک کوردسـتان، بارەگـایه‌کی رازاوە بـووە بـۆ نیشـته‌نی مۆسیقا، بۆیه‌ نه‌کراوە مۆسیقای تیایدا خامۆش بکرێ و هه‌موو دەرەکانی لێ بگیرێ و گـوێی شیعـری شاعـیرانی لێ که‌ڕ بکـرێ، هـه‌ردەم دەرفـه‌تی بۆ رەخـسابێت هـه‌ناسه‌ی خـۆی داوە و هـێز نه‌بووە به‌ری بگرێ، هه‌ناسه‌ی پڕ گوڵاوی شیعـر ته‌نیا مۆسیقایه‌”. دەشڵێت:”ئه‌مڕۆ مۆسیقا وا تێکه‌ڵاو به‌ ژیانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بـووە هه‌موو روویه‌کی چـالاکی مـرۆڤی گـرتـووەته‌وە، هـیچ کـارێک به‌بێ مۆسـیقا ئه‌نجـام نادرێـت. له‌ بـواری ئه‌دەب و هـونه‌ر و رووناکـبیرییه‌وە، بووەته‌ سه‌نگی مه‌حه‌کی رەسه‌نی و ناڕەسه‌نی یا به‌هـێز و بێ هـێزی جـۆرەکـانی ئـه‌دەب و هـونـه‌ر و هـه‌ستـیاری مـرۆڤی مـه‌زن”.
دایکان و باوکان به‌ شێوەیه‌کی رەمه‌کی مـیوزیک بەکاردەهـێنن، له‌ رێی گۆرانی سووک و لایـلایـه‌ و گـوزارشت کـردن له‌ سـۆزداری و له‌ خـۆشه‌ویستیی ناخـیان، کـۆرپه‌کـانیان ژیـردەکـه‌نه‌وە و دەیـانـکه‌نه‌ خـه‌وێکی خـۆش. پێـویسـته‌ له‌ یه‌کـه‌م رۆژی له‌دایکـبوونی منـداڵانه‌وە، گوێی منداڵه‌کانیان به‌ گۆرانی ناسک و به‌ لایـلایه‌ی شـیرین و به‌ میوزیـکی هێمن پاراوبکه‌ن. تا له‌و ته‌مه‌نە بچووکییه‌دا هۆگری گۆرانی و میلۆدی و میوزیک ببن.
میوزیک رۆڵێکی گه‌ورە و کاریگه‌ری له‌ په‌روەردەکردن و له‌ رۆشنبیریکردنی منـداڵاندا هـه‌یه‌. له‌و کاته‌وە که‌ منـداڵان له‌نـاو منداڵـدانی دایکیانـدا دروست دەبـن. له‌ زۆر شوێنی جیهانـدا، زۆر دامه‌زراوەی کۆمه‌ڵایه‌تی هـه‌یه‌، له‌ په‌روەردەکـردنی کورپه‌له‌ی نـاو سکی دایکاندا، پشت به‌ به‌کارهێنانی میوزیک دەبه‌ستن. بۆ نموونه‌، شارەوانی رۆما له‌ ئیتاڵیا، ساڵانه‌ چه‌ند جارێک له‌ سه‌نتـه‌ری رۆمـا و له‌ باخچه‌ گـشتییه‌کانیدا، ئاهه‌نگی میوزیک و گـۆرانی و دانس بۆ ژنـانی دووگیـان سازدەکه‌ن. به‌ ئامانجی باشبوون و ئاسایی بـوونی مـیزاج و خـۆشی و شادی به‌خـشـین به‌ کۆرپه‌لـه‌کانی نـاو سکی ئـه‌و ژنـه‌ دووگـیانـانه‌.
تـوێـژینه‌وە و لێکـۆڵـینه‌وەکان دەربـارەی کاریگه‌ریی میوزیـک، ئه‌وەیان سه‌لمانـدووە، که‌ منـداڵانی مـیوزیکـژەن یا گـوێگـرانی مـیوزیـک، هـه‌سـت به‌ ئـارامی و به‌ خـۆشی و به‌ خاوبـوونه‌وە گیانیـان دەکه‌ن. میـوزیک یارمه‌تی رێـکـخـستـنی سۆزدارییـان دەدات.
لێکۆڵـینه‌وەکان ئامـاژە به‌وەش دەکه‌ن، که‌ ئه‌و منـداڵانه‌ی گوێ له‌و پارچه‌ میـوزیـکانه‌ دەگـرن که‌ حه‌زیـان لـێـیان هـه‌یه‌ و پێیـان سه‌رسامـن، پـاڵ به‌ مـێـشکـیانه‌وە دەنـێن بۆ دەردانی مادەیـەکی کـیمیاوی که‌ پـێی دەڵـێن (دوبـامـین) کاریـگه‌رییه‌کی ئه‌رێنی له‌سه‌ر میـزاجی منـداڵه‌ میـوزیـکـژەنـه‌کان یا گـوێگـرەکانی میـوزیک هـه‌یه‌.
له‌‌ لێکـۆڵینه‌وەیه‌کدا که‌ له‌ ساڵی (٢٠١٦) دا، له‌ لایه‌ن په‌یمانگای مێـشک و داهـێنانی سه‌ر به‌ (زانکـۆی باشووری کالـیفـۆرنیـا) له‌ ئه‌مریـکا ئه‌نجـامی دا، به‌ تاقـیکـردنه‌وە ئه‌وەیان بۆ دەرکه‌وت، که‌ میوزیک له‌ قـۆناغی به‌رایی منداڵیدا، دەتوانێت گه‌شه‌کردنی مێـشکی منداڵان خـێراتر بکات. به‌ تایبه‌تیش له‌ بـواری فـێربوون و وەرگرتنی زمان و شـارەزایی له‌ خـوێـنـدنه‌وەدا.
میوزیک به‌ شێوەیه‌ی گشتی و تـێکڕا، له‌ منداڵییه‌وە له‌ زۆر له‌ بوارەکاندا کاریگه‌ریی له‌سه‌ر گه‌شه‌کـردنی منـداڵان هـه‌یه‌. هـۆگـربـوون به‌ میوزیـک له‌ ته‌مه‌نێکی بچـووکی منـداڵیـدا، کارتێکـردنی له‌ هـێنانەدی ژیانێکی باشدا هـه‌یه‌. رێـژەی ئه‌م کارتێکـردنه‌ش له‌ هه‌موو منـداڵانـدا وەک یه‌ک نییه‌، له‌ منـداڵێکه‌وە بۆ منـداڵێکی تر جیاوازیی هـه‌یه‌.
زانـاکان به‌ تاقـیکردنه‌وە، ئه‌وەشیان بۆ دەرکـه‌وت، که‌ میـوزیک یارمه‌تی گه‌شه‌کـردنی رووەک و ئاژەڵانیش دەدات. بۆ نموونه‌: گه‌ر میوزیک بۆ مانگایه‌کی دۆشەنی بژەنرێت شیری زیـاتر دەدات. هه‌مووشمان ئه‌و کلـیـپه‌ میـوزیکییه‌ی هـونه‌رمه‌نـدی شمشاڵـژەنی گـه‌ورە و به‌نـاوبانگی کوردمـان، خـوالـێخـۆشبوو مامـه‌ (قـاله‌ مـه‌ڕە) مـان بینیـوە، که‌‌ لـه‌‌و کـاتـه‌ی مـامـه‌‌ قـاله‌ مـه‌ڕە شـمـشـاڵ دەژەنـێـت، مه‌ڕەکـان له‌ دەوریـدا وەسـتاون و خاوبوونه‌ته‌وە، به‌ هـێمنی گوێ له‌ ئاوازی شـمشاڵژەنینی مامه‌ قاله‌ی شوانیان دەگرن.
سـوودەکانی میـوزیک بۆ منـداڵان
زۆرن ئه‌و سوود و ئامانجـانه‌ی که‌ له‌ سایه‌ی ژەنیـن و گوێگـرتن له‌ مـیوزیک دێنه‌دی. به‌ کورتی ئه‌مانه‌ به‌شێکن له‌ سوودە دەروونی و جه‌سته‌یی و ئاکادیمییه‌کانی میوزیک:
١ـ میوزیک گەشه‌ به‌ هه‌ست و نه‌ستی منـداڵان دەکات، توانای تێبینی و سه‌رنج وردیان و رێکخستنی سۆزداریی لۆژیکییان زیاتر دەکات. هه‌ر له‌ میانه‌ی میوزیکه‌وە، توانایه‌کی زیـاتـری گـوێگـرتن و فـێربـوون و وەرگـرتنیـان دەبێـت. هـه‌میشه‌ش مـیوزیک به‌ به‌شی ته‌وەری کرداری فـێربوونی منـداڵان دادەنرێت. کرداری فـێربوونی بابه‌ته‌کانی زانیاری و خـوێنـدنی قـوتابخـانه‌ش ئاسانـتر دەکات.
٢ـ میوزیک گه‌شه‌ به‌ به‌هـرەکانی منـداڵان دەکات، زاخـاوی هـۆش و هـه‌ستیان دەدات و تـوانـای داهـێنان و ئافـرانـدنیـان زیـاتـر دەبـێـت.
٣ـ مـیوزیک هـێمنی و ئـارامی و ئاسوودەییـه‌کی زۆر دەخـاته‌ دڵی منـداڵان. هـه‌سـت و چـێژی خـۆشی و کامـه‌رانی و به‌خـته‌وەری به‌ دەروونییـان دەبه‌خـشـێـت و ژیـانیـان لا شـیرینتر و گوشـادتـر دەکـات. ئارەزووی گـوێگـرتـن و وتـنی گـۆرانی له‌ دەروونیـانـدا دەڕوێـنێـت. له‌ سروشتی گـشتـیدا هه‌میشه‌ له‌ دۆخـێکی گونجـاو و هـاوسه‌نگـیدا دەبن.
٤ـ میوزیک رۆڵـێکی گـرنگ و کاریـگه‌ری له‌ په‌روەردەکـردنی دروست و له‌ بنیاتنانی که‌سایه‌تی هاوسه‌نگی منـداڵانـدا هـه‌یه‌. میوزیک هه‌میشه‌ش هـیوا و گه‌شبینی دەخـاته‌ دەروونی منـداڵانه‌وە. یارمـه‌تییان دەدات بـۆ خـۆ ئامادەکـردن بـۆ ژیـانـێکی خـۆشـتر و بـۆ داهـاتـوویه‌کی له‌بـارتـر و گه‌شـتـر.
٥ـ به‌ هـۆێ گـۆرانی و میلـۆدی و میوزیکه‌وە، دەتوانین گوزارشت و دربـڕینی ئه‌دەبی، له‌ منـداڵان کاراتـر و به‌هـێزتر بکه‌ین. هـانیان بدەین به‌بێ ترس و شه‌رم، گوزارشت له‌ هه‌ست و نه‌ست و سۆزدارییان بکه‌ن و خۆیان دەربخـه‌ن، چـییان له‌ نـاخ و باریان دایه‌ هـه‌ڵیـان بـڕێـژن. میـوزیـک بـژەنـن و گـۆرانی بڵـێـن و هـه‌ڵـپـه‌ڕن.
٦ـ میوزیک هـۆکارێکی گرنگه‌ بۆ به‌ کۆمه‌ڵایه‌تی بـوونی منـداڵان. کار بۆ ئه‌وە دەکات، که‌ په‌یـوەنـدییـه‌کی به‌هـێزی هـاوڕێـتی بخـاته‌ نێـوان منـداڵانی هـاوحـه‌زی مـیوزیـکه‌وە.
به‌ تایبه‌تیش ئه‌و منداڵانه‌ی که‌ پێکه‌وە له‌ کۆرسێکی میوزیکیدان، یا له‌ تیپێکی میوزیک و گـۆرانی دان، پێویستیان به‌ هـاوڕێـتی و هـاوکاری و یارمه‌تی و هـه‌ماهـه‌نگی یه‌کتری هـه‌یه‌. چـونکه‌ کارێـکی به‌ کۆمـه‌ڵ ئه‌نجـام دەدەن. به‌بێ یارمـه‌تی یه‌کـتری نایـه‌تـه‌دی.
٧ـ تا ئێستا توێـژینه‌وە و لێکۆڵینه‌وەیه‌کی زۆر دەربارەی کاریـگه‌ری میـوزیـک له‌سه‌ر مێـشکی مـرۆڤ به‌ گـشتی و مێشکی منـداڵان به‌ تایبه‌تی کراوە. زانـاکان گه‌یشتـنه‌ ئه‌و ئه‌نجـامه‌ی، ئه‌و منـداڵانه‌ی که‌ هـۆگـری ژەنیـنی ئامـێرێکی میوزیکـن یان گـوێگـرێکی باشی میوزیکـن، له‌ رووی ئاکـادیمی و خوێنـدنه‌وە، نمـرەکانیان له‌ وانه‌کانی خوێنـدنـدا به‌رزترن له‌ نمرەکانی ئه‌و قوتابییانه‌‌ی گوێ له‌ میوزیک ناگرن و هـۆگری میوزیک نین.
لێکـۆڵـینه‌وە تـازەکـانیـش، ئامـاژە بـه‌وە دەکـه‌ن که‌ مـیوزیک تێکـڕای زیـرەکی منـداڵان به‌رزتـر دەکـاته‌وە. مـیوزیـک دەلاقـه‌یـه‌کـیـش بۆ داهـێـنان و ئافـرانـدن دەکـاته‌وە.
٨ـ مـیوزیک یـارمه‌تی گه‌شه‌کـردن و دەوڵه‌مه‌نـدکردنی زمـانی منـداڵان دەدات. منـداڵان له‌ رێی میوزیکه‌وە، بـڕێکی زیاتری وشه‌ و زاراوە و رسته‌ و هـێما فـێردەبن. ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵێک وشه‌ و رسته‌ و نـاوی ئامـێرە میوزیکـییه‌کان، به‌ زمانی ئینگـلیزی فـێردەبن.
٩ـ میوزیک گوێیـه‌کانی منـداڵان له‌سه‌ر گوێگرتنی باش رادەهـێنت، تا شارەزای هه‌موو دەنـگه‌ جیـاوازەکـان بـبن. ئه‌و که‌سانه‌ی گـوێـقـوڵغـان و گـوێیه‌کی میـوزیکـییان هـه‌یه‌، زۆتـر وشـه‌ و رســته‌کانی زمـان وەردەگـرن.
هـونه‌رمه‌نـدی گۆرانیـبێژی مه‌زنی کوردمان (هـۆمه‌ر دزەیی) جارێکیان له‌ دیمانه‌یه‌کی ته‌له‌فـزیـۆنیـدا وتی: له‌ فـه‌رەنسا به‌شـداریـم له‌ کۆرسێکی زمانـدا کرد، هـه‌ر له‌ یه‌کـه‌م رۆژدا، مامۆستاکه‌ چـیی بـوتـایه‌ یه‌کـسه‌ر وەرمـدەگرت. بۆیـه‌ مامۆستاکه‌ سه‌رسام بوو و لـێمی پـرسی: تـۆ هـونه‌رمه‌نـدێکی گورانیبـێژی؟ وتـم: به‌ڵێ. به‌ چـییا دەزانی که‌ من گـۆرانیبـێـژم؟ وتی: تـۆ گـوێیـه‌کی مـیوزیکـت هـه‌یه‌، یه‌کـسه‌ر قـسه‌کـانم وەردەگـریـت.
١٠ـ مـیوزیک و میلـۆدی و گـۆرانی و هـه‌ڵـپه‌ڕکێ، شـه‌رم و تـرسی منـداڵان ناهـێڵـن، ئازایـه‌تی ئه‌دەبی و متـمانه‌ و بـاوەڕ به‌ خـۆبـوونێکی زیاتـریشیان پێـدەبه‌خـشن. تا به‌ راشکاوی گۆزارشت له‌ هه‌ست و نه‌ست و له‌ خۆشـه‌ویستی و له‌ سۆزدارییان بـکه‌ن.
١١ـ مـیوزیک یارمـه‌تی چـالاکـییه‌کانی مێـشکی منـداڵان و پێشکه‌وتنی هه‌مـوو تـوانا جـوڵـییه‌کانی منـداڵان دەدات.
١٢ـ به‌شـێکی زۆر له‌ پـزیـشکان و له‌ دەروونناسانی منـداڵان، بـۆ هـه‌نـدێ گـرفـت و نه‌خـۆشی سایـکـۆلـۆژیی منـداڵان، بـۆ چـارەسه‌رکـردنیـان په‌نـا بـۆ مـیوزیـک دەبـه‌ن. وەکوو: دڵـتـه‌نگی، خـه‌مـۆکی، دوودڵی، بـێـزاری، تـرس، نـێـرگـزی، شـه‌رم،… هـتد.
١٣ـ په‌رەپێدانی خۆشه‌ویستی و راهـێنانی منداڵان له‌سه‌ر ئاخاوتنی سفـت و بێ گرێ و سادە و دوورکه‌وتنه‌وە له‌ زمانی زبـر و به‌کارهـێنانی شێوەی رەق و ته‌قی رووشکێن.
١٤ـ منـداڵان له‌ رێی مـیوزیـکه‌وە، هـه‌سـت به‌ جـوانی دەکـه‌ن و رەوشـتیان له‌ خـه‌وش و خـار پـاک دەکـه‌نه‌وە.
(بێتهـۆڤـن) دەڵێـت:”مـیوزیک جـوانیـیه‌کی بیـستراوە.. ئه‌ڵـقـه‌یـه‌کیشـه‌ رۆح و هه‌ست پێـکه‌وە دەبه‌ستـێـت”.
١٥ـ میوزیک رۆڵـێکی گه‌ورەشی له‌ رۆشـنبیریکـردنی منـداڵانـدا هـه‌یه‌. هـانی منـداڵانی میوزیکـژەن یا گوێگـرانی مـیوزیـک دەدات، بۆ خـوێنـدنه‌وەی ئه‌و کـتێـبه‌ ئاسانانه‌ی که‌ دەربـارەی میـلـۆدی و مـیوزیـک و گـۆرانی نووسـراون. تا شارەزاییـه‌کی زیـاتـریـان له‌ بارەی میوزیک و میوزیکـژەنه‌ ناسراوە کوردییه‌کان و جیهانییه‌کان هه‌بێت. شارەزاییان له‌ شێوازی میوزیک و له‌ رۆشنبیریی میوزیکی و له‌ ئامێرە هه‌مه‌جـۆرەکانی میوزیک و له‌ داب و نه‌ریتی گه‌لانی جیـاواز هه‌بێـت. به‌ رووی رۆشـنبیریی و میوزیک و هـونه‌ری گـه‌لان و جـیهـانـدا بکـرێنـه‌وە.
١٦ـ میوزیـک په‌یـوەندیی خـێزانیش به‌هـێز دەکات، رێـز و سـۆز و خۆشـه‌ویستی نێوان دایکان و باوکان و منـداڵه‌کانیان به‌هـێزتـر و شـیرینـتر دەکات. چـونکه‌ منـداڵان له‌ رێی میـوزیـکه‌وە، فـێری سـۆز و خـۆشـه‌ویستی و رێـز و یاسـا دەبـن.
١٧ـ ئه‌و هه‌ست و نه‌ست و چـێژ و خۆشییه‌ زۆرەی، که‌ میوزیک له‌ رووی دەروونی و جه‌سته‌ییه‌وە به‌ منداڵانی بچـووکی دەبه‌خـشـێت، له‌ هـۆش و دەروونیانـدا دەڕوێـن و به‌ درێـژایی ژیـانیـان، هـۆگـری میـوزیک و میـلـۆدی و گـۆرانی دەبـن و ناتـوانن پشـت له‌ میـوزیـک و گـۆرانی بـکه‌ن. مـیوزیـک واش لـه‌ منـداڵان دەکـات، لـه‌ رووی هـزری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سـۆزدارییـه‌وە، ئامـادەی ژیـانێکی خۆشـتر و داهـاتـوویه‌کی باشـتربـن.
زۆرن ئـه‌و منـداڵانـه‌ی که‌ له‌ ته‌مـه‌نی چـوار یا پێـنج ساڵانـدا، فـێری میـوزیک ژەنـین بـوون، بـوون به‌ کـه‌ڵه‌ میـوزیکـژەنی جـیهـانی. له‌وانـه‌ش میـوزیکـژەن (مـۆزارت).
دایـکان و باوکـان و مامۆسـتایان و میـوزیکـژەنـان و گـۆرانـیبـێـژان و رێکخـراوەکانی خەمخـۆری منـداڵان و به‌ڕێـوەبه‌رایه‌تییه‌کانی چالاکـییه‌کانی قـوتابخـانه‌کانی کوردستان.
به‌ له‌به‌رچـاوگـرتنی ئـه‌و سـوودانه‌ی سه‌رەوە و زیـاتـریش له‌و سـوودانه‌. مـیوزیک له‌ گه‌شـه‌کـردن و ئامـادەکـردنی منـداڵان بـۆ داهـاتـوویـه‌کی دڵخـواز و شـیاوتـر. پێـویسـته‌ پـلانی تۆکـمه‌ و به‌رنامه‌ی ته‌سه‌لـتان بۆ منداڵه‌کانتان هه‌بێـت بـۆ فـێربـوونی میوزیک و گـوێگـرتن له‌‌ مـیوزیک. چونکه‌‌ په‌روەردەی میوزیکی منـداڵان زۆر گرنگ و به‌سوودە. له‌ زۆر کار و ره‌فـتاری نه‌خوازراو و له‌‌ خـووی ناشیرین، منداڵه‌کانتان دووردەخـاته‌وە.
له‌ وڵاتـانی رۆژئـاوادا، بایـه‌خـێکی زۆر به‌ پـه‌روەردەی مـیوزیـکی دەدەن، له‌ زۆربـه‌ی ماڵـه‌کانـدا، پیانـۆیـه‌ک هـه‌یه‌، یا ئامـێرێکی میوزیکی هـه‌یه‌، گـه‌ورە و منـداڵان له‌ کاتی پەرژاندا تاوێک پیانۆ لێدەدەن. له‌ قوتابخانه‌کانیشدا منـداڵانی ئارەزوومـه‌نـدی میوزیک، له‌ لایه‌ن مامۆستای پسپۆری مـیوزیکه‌وە، به‌ پێی ئارەزوو و هه‌ڵـبژاردنی قـوتابییه‌کان، فـێری ژەنـینی ئامـێرێکی مـیوزیکـیـان دەکه‌ن. له‌ هـه‌ر شار و گه‌ڕەک و گونـدیکـدا، به‌ دەیان تیپی میـوزیـکی هـه‌یه‌. به‌ خۆڕایی له‌ سه‌نته‌رەکاندا ئاهـه‌نگی میوزیکی سازدەن.

له‌‌ کوردستانیشدا، بابه‌تی میوزیک وەکوو وانه‌‌یه‌‌کی سه‌‌ربه‌خۆ و خراوته‌‌ پرۆگرامه‌کانی قـوتابخانه‌‌ی بنه‌ڕەتییه‌وە. زۆر سوپاسی مامۆستا (زارا ئه‌حمـه‌د جـاف) سه‌رپه‌رشتیاری په‌روەردەیی ـ له‌ رانیـه‌ دەکه‌م. به‌ڕێـزیان خـشته‌ی دابه‌شکـردنی وانه‌کانی بـۆ ناردم. به‌ پێی خـشته‌کان، به‌ پێی دەوامی قوتابخانه‌ بنه‌ڕەتییه‌کان و خوێنـدن به‌ زمانه‌ جیاوازەکان، له‌ قـوتابخـانه‌کانی کوردستان، جیـاوازی له‌ دابه‌شکـردنی ژمـارەی وانـه‌کانی میـوزیکـدا هه‌یه‌. له‌ پۆلی (٣،٢،١) دا، هـه‌فـته‌ی (٢) وانه‌ میوزیک هـه‌یه‌، له‌ هه‌ندێ قـوتابخانه‌ی تـردا هـه‌فـته‌ی (١) وانـه‌ی میوزیکـیان هـه‌یه‌، له‌ خـشـته‌کانی ئـه‌م قـوتابخـانانـه‌دا ناوی وانه‌ی (سروود) یان تێـدا نییه‌. له‌ خشته‌ی هه‌فـتانه‌ی هه‌ندێ له‌ قوتابخانه‌کانیشدا، ناوی میـوزیکی تێـدا نییه‌ و وانـه‌ی (سـروود) هـه‌یه‌، که‌ به‌ هه‌مـان رێـژەی وانه‌ی میـوزیک، وانه‌ی سروود دابه‌شکـراوە. له‌ خـشـته‌ی هـەفـتـانەی دابەشکـردنی وانەکـانی خوێنـدنی هـه‌نـدێ قـوتابخـانه‌کانیـشـدا، ‌ناوی وانەی (سروود) و ناوی (میـوزیک) ی تێـدا نییه‌‌. له‌وانه‌‌یه‌ له‌ چـوارچـێوەی وانه‌ی (هـونـه‌ر) یا (پـه‌روەردەی هـونـه‌ری) دا بـێت. به‌ڵام وانـه‌ی (پـه‌روەردەی هـونـه‌ی) بـه‌ زۆری چـالاکـییه‌کـانی وێنـه‌كـێشان دەگـرێتـه‌وە.

من وام پێ جـوان و دروسـته‌، که‌ هـه‌ردوو وشه‌که‌ (سـروود) و (میوزیک) بخرێنـه‌ پاڵ یه‌کـتری و ببـن به‌ وانه‌ی (سروود و میوزیک). مامۆستای پسپۆر و کارامه‌ و شارەزای میوزیک، له‌‌ دەرچوانی په‌یمانگای هونه‌رە جوانه‌کان، به‌شی میوزیک. بۆ وتنه‌‌وەی ئه‌م وانـه‌یه‌‌‌ ته‌رخـان بکـرێـن. نه‌شکـرێـت به‌ وانـه‌یـه‌کی لاوەکی، پێـویستە گـرنگی پێبـدەن.
دەستخۆشییه‌کی زۆریش له‌و لایه‌ن و مامۆستا میوزیکـژەنه‌ دڵسۆزانه‌مان‌ دەکه‌م، که‌ له‌ پشـووەکانی هـاوینانـدا، کـۆرس و خـولی تایـبـه‌ت بـۆ فـێرکـردنی مـیوزیک بۆ منـداڵانی کوردمان دەکه‌نه‌وە. خـزمه‌تی پیـرۆز و ناوازەیـان، شایه‌نی ئه‌وپـه‌ڕی رێـز و پێـزانینه‌.

رەزا شـوان
نەرویـج: ١١/ ئاب / ٢٠٢٢




رەخنە و ئەدەبی منداڵان… عەلی حەمەڕەشید

ئەدەبیاتی منداڵان لقێکە لە ئەدەبی کوردی و ئەویش هەروەکو لقەکانی تری ئەدەب چەند ژانرێک دەگرێتەوە وەکو شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆ و ڕۆمان و سیناریۆ و… کە تایبەتمەندی خۆیان هەیە، کە سەرنج بدەین دەبینین ئەدەبیاتی منداڵان هەنگاوی باشی ناوە وەک وڵاتانی دراوسێ و لەم ساڵانەی دواییدا پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە، کۆمەڵێک شاعیر و نووسەر و وەرگێڕی بەتوانا بەدڵسۆزییەوە لەو بوارەدا هەوڵی خۆیان خستۆتە گەڕ و کۆمەڵێک بەرهەمیان پێشکەش بە کتێبخانەی منداڵانی کورد کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەو زۆرییەشدا بمانەوێ و نەمانەوێ بەرهەمی تێدایە کە بۆ منداڵان ناگونجێت و پێشکەش بەوان کراوە، کە هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی رەخنە، بەڵام کام رەخنە؟ رەخنەی زانستیی و بنیاتنەر لەسەر بنەمایەکی زانستی وئەدەبی کە ببێتە هۆی پێشخستن و پێشکەوتنی ئەو بەرهەمەی کە رەخنەی دەربارە دەگیرێت، لەهەمان کاتیشدا جیاکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی کە بۆ منداڵان ناشێن و لە لایەنی ئەدەبییەوە کەموکوڕییان تێدایە و پێویستییان بەوە هەیە رەخنەگر هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات بەمەبەستی بەرەوپێشچوون، یان لەلایەنی دەرونییەوە، یان زانستییەوە. یان ئەو وێنانەی کە بۆ چیرۆک و شیعرەکان دروستکراون، ئەمانە هەموویان پێویستە گونجاوبن و دوور بن لە کەموکوڕی و ناتەواوی. چونکە رەخنە جۆرێکە لەھەڵسەنگاندن و نرخاندن بە مەبەستی دەرخستن و نیشاندانی لایەنی باش و خراپ. دیارە رەخنەش پەیوەندی بە زۆر لایەنەوە ھەیە و دەتوانرێت بخرێتە بەردەم پرۆسەی رەخنە و رەخنە لێگرتنەوە. دەبێت ئەوەش بزانین کە رەخنە لقێکی لێکۆڵینەوەی ئەدەبییە و بایەخ بە لێکۆڵینەوەی بەرھەمی ئەدەبی دەدات.

بۆ پێشکەوتن و پێشخستن
رەخنەگر لە هەر بوارێکدا کار بکات پێویستە خاوەن توانا بێت و شارەزاییەکی باشیشی هەبێت دەربارەی ئەو بوارەی کە رەخنەی لێدەگرێت بە شێوەیەکی زانستی و دوور لە هەر شتێکی تر کە لە بەهای کارەکە کەم بکاتەوە. رەخنەی بنیاتنەر هەمیشە هۆیەک بووە بۆ پێشکەوتن و پێشخستن، چونکە تەنها مەبەست تیایدا ئەوەیە کە لایەنە نەرێنی و ئەرێنییەکان دیاری بکرێت، بۆ ئەرێنییەکان خاوەن بەرهەم هەوڵی زیاتر دەدات کە لەسەر ئەو رێچکەیە و بەشێوەیەکی چالاکتر و باشتر هەنگاوەکانی خێراو گورجتر بکات تا کاری داهێنەرانەتر ئەنجام بدات لە بوارەکەی خۆیدا، بۆ لایەنە نەرێنییەکانیش خاوەن بەرهەم کەموکوڕییەکانی بۆ دەردەکەوێت و زیاتر لای روون دەبێتەوە و هەوڵی خۆی زیاتر دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو کەموکوڕییانە دووبارە نەکاتەوە و لەسەر ئەو پێشنیار و تێبینی و سەرنج و رێنماییانەی کە رەخنەگر دیاری کردووە بۆی بەشێوەیەکی جیاوازتر و باشتر ئەگەر بیەوێت پێشبکەوێت و بەرهەمەکانی ببنە جێگەی سەرنج توانا و لێهاتوویی خۆی زیاتر بخاتەگەڕ، لە هەمان کاتیشدا کۆمەڵێک بەرهەمی باش و خاوەن مەرجە تایبەتییەکانی ئەدەبیاتی منداڵانمان بە پوختی بۆ دێتە بەرهەم کە شایانی ئەوە بن بۆشاییەک لە نێو پەرتوکخانەی منداڵاندا پڕ بکەنەوە، ئەوانەشمان بۆ دەردەکەوێت کە پێویستییان بە پێداچوونەوە هەیە و خاوەنەکانیان ئەگەر بەهەر هۆیەک بێت نەیان توانیوە تیایدا سەرکەوتووبن یان بەرەوپێش بڕۆن یان کار لە بوارێکی تری ئەدەبیات دا بکەن. زۆر لە نووسەر یان شاعیر هەیە وەکو پێویست شارەزا نییە لە بواری ئەدەبیاتی منداڵاندا و بەکارێکی سادە و ئاسانی دەزانێت کە بە پێچەوانەوە کارێکی گرنگ و گرانە، بۆیە ئەوان لەگەڵ رێزی زۆرم بۆیان بەرهەمەکانیان دەبنە بار بەسەر ئەدەبیاتی منداڵانەوە و زیان دەگەیەنن لە جیاتی سود. بە پێی ئەزمونی خۆم کەساڵانێکی زۆرە لەو بوارەدا کاردەکەم و بۆمنداڵان دەنووسم، دەتوانم بڵێم رەخنەی بنیاتنەر و دروستکەر بەپێوەرێکی زانستی و کەسانێکی شارەزا و لێهاتوو ئەنجامی بدەن ئەم سودانەی بۆ ئەدەبیاتی منداڵان دەبێت، جا چ بۆ ژانری شیعر یان چیرۆک یان ئۆپەرێت یان شانۆیی یان رۆمان بێت. جیاکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی کە ناشێن بۆ منداڵان و بە زۆر ئاخنراونە نێو ئەدەبیاتی منداڵانەوە. ئاگادار کردنەوەی ئەو نووسەر و شاعیرانەی کە بۆ منداڵان دەنووسن تا بە وردی و وریایی و شارەزاییەوە بنووسن. هاندان و دەستخۆشییە بۆ ئەو نووسەر و شاعیرانەی کە بەرهەمەکانیان لە ئاستێکی باشدایە و گشت مەرجە تایبەتییەکانی ئەدەبیاتی منداڵانی تێدایە بۆ زیاتر بەرەوپێشچوون و داهێنانی زیاتر. پێشخستن و سەرکەوتنی ئەدەبیاتی منداڵان. تواندنەوەی گشت بەربەستە سەهۆڵییەکانی نووسین لەو بوارەدا بەڕێنمایی و تێبینی و سەرنجە دروست و بنیاتنەر و ئەرێنییەکان، سەرچاوەیەک دەبێت، یان دەبێتە بەرچاوڕوونی بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت بۆ منداڵان بنووسن. ناساندن و بەدەرکەوتنی ئەو شاعیر و نووسەرانەی کە جێگە دەستیان بە روونی دیارە لەو بوارەدا. پێدانی رێنمایی و بەرچاوڕوونی زیاتر بۆ ئەو شاعیر و نووسەرانەی کە بەرهەمەکانیان کاڵوکرچی یان نە گونجاندنیان تێدایە بۆ نەهێشتن و پێشکەوتن. هەمیشە رەخنە لە بوون دەگیرێت، هەر بەرهەمێکیش جا هی هەر شاعیر یان نووسەرێک بێت کە رەخنەی لێگیرا واتای ئەوەیە ئەوە هەیە و دیارە لەو مەیدانەدا، بۆیە نابێت دڵگران بن بە رەخنە.

بەرەوپێشچوونی ئەدەبیاتی منداڵان
ئەگەر سەرنج بدەین کۆمەڵێکی زۆر پەرتوک و نامیلکە و گۆڤاری تایبەت بۆ منداڵان ساڵانەدەرچووە و دەردەچێت، بەڵام وەکو پێویست نە هەڵسەنگاندن و نە خوێندنەوەیان بۆ کراوە. نە رەخنەیان لێگیراوە، کە بەرهەمی وا دەبینین کە هەرگیز بۆ منداڵان ناشێن کەچی لێی نووسراوە (بۆ منداڵان ) بۆیە پێویستە گرنگی زیاتر بە بواری رەخنە بدرێت. من پێش چەند ساڵێک پێش ئێستا ئەمەم زۆر بە گرنگ زانیوە و لە نووسین و دیدارەکانمدا باسی ئەوەم کردووە کە ئێمە پێویستییمان بە گۆڤارێکی وەرزی هەیە کە تەنها تایبەت بێت بە رەخنە و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو گۆڤار و کتێب و نامیلکانەی کە بۆ منداڵان دەرچوون و دەردەچن. دوور لە ناسیاوی و بەرژەوەندی تایبەت بەرهەمەکە چۆنە وەکو خۆی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. راست نییە تا ئێستا ئەو هەمووە هەیە و بەردەوامیش دەردەچێت هیچیان دەربارە نەنووسراوە و نەکراوە، هەرچەندە بەشێکیش دەکەوێتە سەر ئەوەی کە سەرجەم بەرهەمەکان لە ئێستادا بە تیراژێکی زۆر کەم دەردەچن کە بەشی منداڵانی دوو یان سێ قوتابخانە ناکات کە لە راستیدا نووسەرەکەی بۆ هەموو منداڵانی کوردی نووسیوە. پەرتوکێک (300 یان 500) نوسخەی لێدەربچێت چۆن دەگاتە هەموو کوردستان زۆر جار ناگاتە نووسەر و شاعیرەکانی بوارەکە و ئەو کەسانەش کە لە بواری رەخنەدا کار دەکەن تا دەربارەی بنووسێت، هەر چەندە ئەو کەسانە زۆر کەمن کە لەو بوارەدا دەنووسن، تا ئێستا کەسێکی تایبەتمەندمان نییە کە لە بواری رەخنەدا کار بکات بۆ منداڵان. هەندێک جاریش کەسانێک بۆ نامەی ماستەر یان دکتۆرا دەربارەی ئەدەبیاتی منداڵان نامەکانیان بۆ ئەو بوارە تەرخان کردووە، بەڵام من پێم وانییە کە کارەکانیان شتی نوێ و داهێنان و خستنە ڕووی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەدەبیاتی منداڵانی وەکو پێویست تێدابێت، چونکە ئەگەر وا بوایە ئەوا لە شێوەی کتێبدا دەخرانە نێو کتێبخانەی کوردییەوە، جار جار هەندێک دەبینین بەڵام زۆر بەکەمی. نمونەش لەو بوارەدا نامەی ماستەری مامۆستا (رازاو رەشید سەبری) کە دەربارەی چیرۆکی منداڵانە و کراوە بە کتێب، یان (شیعری منداڵان لەئەدەبی کوردیدا، د. فازیل مەحمود)، هەروەها هەندێکیشیان بەشێکیان لە گۆڤار یان ماڵپەڕەکاندا بڵاوکردۆتەوە وەک نامەی ماستەری کاک (زیاد رەشاد)، چونکە ئەگەر ئەوانە بەشێوەی کتێب هەبن دەبنە هۆی بەرەوپێشچوونی ئەدەبیاتی منداڵان و لە هەمان کاتیشدا دەبنە سەرچاوەیەکی باش و باوەڕ پێکراو. کەسانی تریش هەن کە لە بواری ئەدەبیاتی منداڵاندا نامەی ماستەر یان دکتۆرایان پێشکەش کردووە، بەڵام هەر لای خۆیانە یان لە گۆشەیەکی کتێبخانەی زانکۆکەیاندا دانراون. لەگەڵ ئەوەی کە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆریان لەگەڵدا کێشاوە بۆ بەدەستهێنانی. پێویستە ئەوەش بڵێین کە نەبوونی رەخنەی تایبەت و بنیاتنەر زۆری و بۆرییەکی بەرهەمی منداڵان بەرهەم دەهێنێت. باش و خراپ تێکەڵی یەکتر دەبن و دەبنە بار بەسەر ئەدەبیاتی منداڵانەوە و سەرلێشواوی و تێنەگەیشتنی تەواو لە ئەدەبیاتی منداڵاندا دروست نابێت. هەروەها هەمووان خۆیان بە پاڵەوانی بوارەکە دەزانن و کەس نازانێ کێ داهێنەر و بەسەلیقەیە و کێ خۆی بە بوارەکەدا هەڵواسیوە، بەڵام ماوەیەکی زۆری پێدەچێت کە لە بێژنگ بدرێ و چاک و خراپ لە یەکتری جیا بکرێنەوە.




رۆڵی منـداڵان لە فـیلـمی سـینه‌مـاییـدا… رەزا شـوان

سـینه‌مـا یه‌کێکه‌ لە باوتـرین جـۆرەکانی هـونـه‌ر، بایـه‌خی هـونـه‌ری و جـوانی هـه‌یه‌. سـینه‌ما یه‌کـێکه‌ له‌ هـۆکارەکانی راگه‌یـانـدن و زۆرتـرین هـه‌وادارانی هـه‌یه‌. سـیـنه‌ما پیـشه‌سازیی هـونـه‌ری جـوڵانه‌. هـه‌نـدی که‌س به‌ (هـونه‌ری حـه‌وتـه‌م) نـاوی دەبه‌ن. سـینه‌مـا ته‌نهـا لایـه‌نێکی خۆشی نیـیه‌، هه‌مـوو بـوارەکـانی ژیـانی بەسه‌رکـردۆتـه‌وە. روونـاکـیش دەخـاته‌ سـه‌ر کـێـشەکـانی کۆمـه‌ڵ. هـۆکـارێکـی گـرنـگی رۆشـنبـیریـشه‌. سینه‌ما دیـاردەیـەیه‌کی شارسـتانی و پێـشـکه‌وتـنیشـه‌.
رۆژئـاواییـه‌کان یه‌کـڕا و یه‌کـدەنـگ نیـن له‌سـه‌ر ئـه‌وەی، کـه‌ سـیـنەمـا هـونـه‌رێـکی سـه‌ربه‌خـۆیه‌ یـان لـقـێکه‌ لـه‌ هـونـەری ئـه‌دەب و شـانـۆ. (رۆدلـف ئارنهـایـم) یه‌که‌م داکـۆکـیکه‌ر بـوو، له‌سـه‌ر بیـرۆکه‌ی سـه‌ربه‌خـۆیی سـینه‌مـا وەکـوو هـونـه‌رێـک.
فـیلمی سینه‌مایی بریتیه‌ له‌ وێنه‌گـرتنی دیمه‌نه‌ ریـزبه‌نـدییه‌کان و ئـه‌و وێنـانه‌ی له‌سه‌ر شاشه‌ی سـینه‌ما له‌ هـۆڵی سـینه‌مـادا، یا له‌ ته‌له‌فـزیۆن و له‌ ئینته‌رنێتدا، یان به‌ هـۆی دەزگای تـرەوە بۆ خـه‌ڵکی نمایـش دەکـرێن. که‌ رووداوەکـانی ژیانیـان له‌خۆگـرتـوون.
سینه‌ما دەتوانێت ئاستی رۆشنبیریمان فـراوانتر بکات. په‌نجه‌رەکانمان له‌سه‌ر دەکاته‌وە، بۆ ئـه‌وەی دەربـارەی رۆشـنبیری و داب و نه‌ریـت و پێشکه‌وتنی گـه‌لانی تر بـزانـین و چاوەکانمـان به‌ جیهـانانی جیـاوازی تـردا هـه‌ڵـبهـێنـین.
سینه‌مـای منـداڵان، به‌شێکه‌ له‌ سـینه‌مای گشتی. ئه‌و فـیلمه‌ تایبه‌ییانه‌ نمایش دەکات که‌ به‌ تایبه‌تی بۆ منداڵان نووسراون و دەرهـێنراون و وێنه‌یان گرتوون، بۆ ئه‌وەی منداڵان بیـانبیـنن. یا بـۆ جەمـاوەرێـکی فـراوانتـار که‌ به‌ (خـێزان) ناودەبـرێـن.
له‌ ئه‌مڕۆدا وڵاتانی پێشکه‌وتووی جیهـان، گرنگییه‌کی زۆر به‌ سینه‌مای منـداڵان دەدەن. ساڵانه‌ چه‌نـدین فـیلمی تایبه‌تی بۆ منداڵان به‌رهه‌مـدەهـێنن و نمایشیان دەکه‌ن. به‌ دەیان رۆماننووس و سیناریۆنووس و ئه‌کته‌ر و دەرهـێنه‌ر و سینه‌ماکار و فـیلمساز و وێنه‌گر و کامیـرامه‌نـدی شـارەزا و شارەزایـانی بـواری پـه‌روەردە و ئـارەزووەکـانی منـداڵان و کۆمپانیای زەبه‌لاح، هه‌موو پێکه‌وە سه‌رقاڵی به‌رهـه‌مهێنانی فـیلمی سینه‌مایی منداڵانن. بـوودجـه‌یەکی زەبـه‌لاحیـشـیان بۆ تـه‌رخـان کـردووە. ئه‌مـریـکا و یابـان و هـیندستان و ئه‌لمانیا و پـۆڵه‌نـدا و کۆریـای باشوور و رووسیا و چیک پێشه‌‌نگـن له‌ به‌رهـه‌‌مهـێنانی فـیلـمی سینه‌مـایی بۆ منـداڵان.
له‌ بیسته‌کانی سه‌دەی رابـردوودا، له‌ ئه‌مریکادا بـیرۆکه‌ی فـیلمی سینه‌مایی بۆ منـداڵان سه‌ری هه‌ڵـدا، له‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووەکانی ئه‌مریکا و ئه‌ورۆپادا پێشکـه‌وت. له‌ ئه‌مریکادا به‌ شێوەیـه‌کی فه‌رمی زاراوەی (فـیلمی خـێزانی) به‌کاردەهـێنن. له‌ ئه‌وروپاش زاراوەی (فـیلمی منـداڵان) و به‌ زۆریش زاراوەی (سـینه‌مـای منـداڵان) به‌کـاردەهـێـنن. ته‌نانه‌ت شێوازی هه‌ڵـبژاردنی پاڵه‌وان و که‌سایه‌تییه‌کان بـۆ رۆڵگـێڕان له‌ فـیلمه‌کانـدا، له‌ نێوان ئه‌مـریکا و ئه‌وروپـادا، تـا رادەیـه‌ک جیـاوازیـیان هـه‌یه‌. لـه‌ فـیـلمه‌ ئه‌مـریـکـییه‌کـانـدا، کۆمـه‌ڵـێک پێویستی و مه‌رجی تایبه‌تییان هـه‌یه‌ بۆ هه‌ڵبـژاردنی ئه‌و منـداڵانه‌ی رۆڵیان له‌ فـیلمه‌کانیاندا هه‌بێت، وەکوو شـۆخ و شه‌نگی و به‌ژن و باڵا و چه‌نـد مه‌رجـێکی تر. بـه‌ڵام له‌ فـیـلمه‌ ئه‌ورۆپـاییه‌کانـدا، هـێـندە گـوێ به‌ سـیـمای تایبـه‌تی نادەن و منـداڵانی ئاسایی بۆ فـیـلمه‌کانیان هـه‌ڵـدەبـژێن.

پێویسته‌ هـه‌نـدێ پێـویستی لـه‌ فـیلـمه‌ باشـه‌کانی منـداڵانـدا هـه‌بـن: په‌یـامێکی ئـه‌رێنی په‌روەردەییـان هـه‌بێـت، گونجاوبن له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی منداڵان، دووربن له‌ ته‌ڵقین ئاسایی و له‌ په‌ندێری و له‌ ئامۆژگاریی راسه‌وخۆ، خۆشی و شادی به‌ منداڵان ببه‌خشن، هـۆش و سـۆزداری منـداڵان ببـزوێـنن، ساکار و سه‌رنـج راکێـشبن، دووربـن له‌ تـونـد و تیـژی.
ئـه‌م چه‌نـد رێنماییـانه‌ش بۆ سـوود وەرگـرتن، ئاراسـته‌ی دایـکان و باوکـان دەکـه‌ین:
١ـ پێویسته‌ ئه‌و فیلمه‌ سینه‌ماییانه‌ی بۆ منداڵان نمایش دەکرێن، دایکان و باوکان هه‌ڵیان بـژێـرن و په‌سه‌نـدیان بکه‌ن، له‌‌ژێـر چاودێـری ئه‌وانـدا منـداڵان سه‌یـریان بکه‌ن. ئه‌رکی وەزارەتی رۆشـنبیری کوردستانه‌، که‌ پيش نمایـشکردنی فـیلمه‌ سینماییه‌کان بۆ منداڵان، له‌ سـینه‌مـاکان و ته‌له‌فـزیـۆنه‌کانـدا، له‌ لایـه‌ن لیـژنـه‌یـه‌کی په‌روەردەیی و دەروونناسی منـداڵانه‌وە، کۆنترۆڵ بکـرێن و ئه‌و دیمـه‌نه‌ نه‌گونجـاو و ناپه‌سه‌نـدانه‌یان بسـڕنه‌وە که‌ بۆ منـداڵان ناشـێن و کاریـگه‌ری و رەنگدانەوەی نه‌رێنیان له‌ سـه‌ر ژیـانیان دەبـێـت.
٢ـ پێویسته‌ دایکان و باوکان، به‌ تایبه‌تی و به‌ وردییـه‌وە، پێش نمایشکـردن و بینـینی فیلمه‌کان له‌ لایه‌ن منداڵانه‌وە، چـیرۆکی فـیلمه‌کان بخوێننه‌وە و باش سه‌یریان بکه‌ن و له‌ ناوەڕۆک و مه‌به‌سته‌کانیان تێبگه‌ن. تا دڵنیابن که‌ شتی خراپ و ناله‌باریان تێدا نییه‌.
٣ـ دوای بینینی فـیلمه‌کان، پێویسته‌ دایکان و باوکان، هـانی منـداڵه‌کانیان بـدەن، که‌‌ به‌ راشکاوی گـفتـوگـۆ و پرسـیار دەربـارەی سیناریـۆ و که‌سایه‌تییه‌کانی فـیلمه‌کان بکه‌ن. سه‌رنـج و تێبینییه‌کانیان چـین دەربـارەی خـاڵه‌ ئه‌رێنییەکان و نه‌رێنییه‌کانی فـیلمـه‌کان.
٤ـ پێویسته‌ دایکان و باوکانیش، به‌شداربن له‌ بینینی فـیلمه‌کان و له‌ شیکـردنه‌وە و له‌ هـه‌ڵسه‌نگانـدنی فـیلـمه‌کان، له‌گـەڵ منـداڵه‌کانیـان. رای خۆیـان له‌ بارەیانه‌وە دەربـڕن.
٤ـ به‌ زارەکی فـیلمه‌که‌کـان کورت بکـه‌نه‌وە، با هـه‌ریـەكه‌ له‌ منـداڵه‌کان بیانگـێڕنه‌وە. دواییش با هـه‌ریه‌کـه‌یان به‌ کـورتی به‌ نـووسین باس له‌ فـیـلەکـان بـکه‌ن.
٥ـ با هـه‌ریه‌که‌ له‌ منـداڵه‌کانتان باس لـه‌و که‌سایـه‌تییانه‌ی فـیلمه‌کان بکه‌ن که‌ خۆشـیان دەویـن، له‌گـه‌ڵ باسکـردنی هـۆی خـۆشـه‌ویستیـیان بۆیـان.
٦ـ ئه‌گه‌ر بکـرێت دیمـه‌نێکی دیاریکـراو لـه‌ دیمـه‌نـه‌کانی ئـه‌و فـیلمانه‌ی کە دەیـانبینن. له‌ ماڵـه‌وەدا، بـۆ خۆشی له‌گـەڵ منـداڵه‌کانتـانـدا بـه‌ نـوانـدن بیـان نـوێـنن.

                         سـوودەکانی سینەمـای منـداڵان 

١ـ سینه‌مای منداڵان جیهـانێکی رەنگـینه‌، له‌ تێکه‌ڵبوونی دیمه‌نه‌کان و موزیک و خه‌یاڵ پێکـدێت. بۆیـه‌ بۆته‌ مایه‌ی بایه‌خـدانی منـداڵان. چیرۆکه‌کانی فـیلمه‌کان هـۆش و خه‌یاڵی منـداڵان به‌رەو ئاسمانـێکی ئه‌فـسووناوی فـراوان دەبـه‌ن.
٢ـ سینه‌مای منداڵان، که‌رەسته‌ و هـۆکارێکی گـرنگه‌ له‌ بنیاتنـانی رۆشـنبیریی منـداڵان و لـه‌ گه‌شـه‌کـردنی خـه‌یـاڵ و هـزر و بیـری منـداڵان. بـۆ ئاشـکـراکـردنی وزە و تـوانـا خه‌په‌بـووەکانیـان و قـۆستـنه‌وەیـان بـۆ به‌ دروسـتی ئاراسته‌کـردنیـان.
٣ـ ئه‌رەکی سـه‌رەکی فـیلمـە سـینه‌مـاییـه‌کانی منـداڵان، به‌خـشینی خـۆشی و شادییـه‌کی تایبه‌تییه‌ به‌ منـداڵان. فـیلمه‌کان پـڕن له‌ دیمـه‌نی کـۆمیـدی و گاڵـته‌ و گـه‌پ و خه‌نـدە و پێکه‌نـین. وەکوو له‌ فـیلـمه‌کانی کـه‌ڵه‌ ئه‌کـته‌ری کۆمیـدی جیهـانی (چـارلی چـاپـلین) و (میـسته‌ر بـین) دا دەیانبیـنن، ئه‌گه‌‌رچی فـیلمه‌کانی چارلی چاپـلین، به‌‌ رەش و سپین و مێـژوویان بۆ سه‌دەیه‌ک پێـش ئه‌مـڕۆ دەگه‌ڕێنه‌وە. به‌ڵام چـێژیان هـێشتا کاڵنه‌بۆته‌وە.
٤ـ دەشی فـیلمه‌ سینه‌ماییه‌کان یارمه‌تی ئه‌و منداڵانه‌ بدەن که‌ تووشی خه‌مۆکی و ترس و گۆشه‌گیری و توڕەیی و دڵه‌‌ڕاوکی بوونه‌، له‌م نەخۆشییه‌ دەروونییانه‌ رزگاریان بێت.
٥ـ ئـه‌و هه‌ڵـویست و کـارە ئه‌رێنییانه‌ی، که‌ منـداڵان له‌ فـیلمه‌کانی سینه‌مـای منـداڵانـدا دەیانبینن، روڵ و کاریگه‌رییه‌کی زۆریان له‌ بنیاتنانی که‌سایەتی دروستی منـداڵان و له‌ جیگـیردنی رەوشت و رەفـتاری باش و به‌هـا جـوانـه‌کان له‌ دەروونی منـداڵانـدا هـه‌یه‌.
٦ـ فـیلمه‌کانی منـداڵان، باشـترین هـۆکـارن بـۆ ناسینی داب و نه‌ریـت و رۆشـنبیری و که‌له‌پوور و شێواز و رێگای مامه‌ڵه‌کردنی جیاوازی گه‌لانی دەوڵه‌تـانی تـری جـیهـان. چونـکه‌ فـیلمه‌کـان وەکـوو ئـاوێنـه‌ وان و ژیـان و رۆشـنبـیریی گه‌لانی تـر دەنـوێـنن.
٧ـ فیلمه‌ سینه‌ماییه‌کانی منداڵان، به‌ سه‌رچاوەیه‌کی گه‌ورەی ئیلهام به‌خشین دادەنرێن. به‌ تایبه‌تیش ئه‌و فـیلمانه‌ی که‌ چـیرۆکه‌کانیان له‌ راستیـیه‌وە وەرگـیراون. هـه‌میشه‌ش فـیلمه‌ به‌سوود و باشه‌کان په‌یـامی ئه‌رێنی و هـيوا و گه‌شبینی به‌ منـداڵان دەبه‌خـشن. فـێریان دەکه‌ن که‌ له‌ ژیـانـدا، له‌ سایه‌ی متمـانه‌ به‌خۆبـوون و کۆشش و کـۆڵنـه‌دانـدا، شـتێک نییه‌ که‌ نـاوی ئه‌سـته‌م بێـت و نه‌یـاته‌دی.
٨ـ به‌شـێکی زۆر له‌ منـداڵان، له‌ رێی بینـین و گـوێگـرتن له‌ فـیلمـه‌کان، به‌ تایبـه‌تیش ئه‌و فـیلمانه‌ی به‌ زمـانی ئینگـلیزی و هـه‌نـدێ زمـانی ترن، که‌ ژێـرنـووسی کوردییان بـۆ نه‌نـووسـیون، تـا رادەیـه‌کی بـاش فـێری زمـانی ئیـنگـلـیزی یا زمـانی تـر بوونـه‌.

٩ـ فـیلمه‌ سینه‌ماییه‌کانی منـداڵان، تـوانـایه‌کی جیـاوازیان له‌ دەوڵـه‌مه‌نـدکـردنی هـزر و بیری منداڵاندا هـه‌یه‌. وزەیه‌کی گه‌ورەشیان بۆ سەرهه‌ڵدان و داهـێنان پێیان دەبه‌خشن.
١٠ـ له‌وانه‌یه‌ له‌ رێی فـیلمه‌ سینه‌مـاییه‌کانه‌وە، منـداڵان روانینـیان بۆ ژیـان بگـۆڕێـت.
پێویسته‌ ئه‌وەش لە منـداڵان نه‌شارینه‌وە، که‌ سینه‌مای منـداڵانیش، وەکوو هـۆکارەکانی تـری راگه‌یانـدن دوو لایـه‌نه‌، سـوودی هـه‌یه‌ و زیـانیشی هه‌یه‌. دەبێت منداڵان له‌م دوو لایه‌نه‌ ئاگادار بکه‌ینـه‌وە. چونکه‌ بابه‌ته‌کانی فـیلمه‌ سینه‌ماییه‌کان، کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیانی ئه‌مڕۆ و داهاتووی ئه‌و منداڵانه‌ دەبێت که‌ سه‌یری ئه‌و فیلمه‌ سینه‌ماییانه‌ دەکه‌ن.

                  رۆڵی منـداڵان له‌ فـیلمـه‌کانی سـینه‌مـاییـدا 

له‌ زۆر فـیلمی سینه‌مـایی جیهـانیـدا، له‌ فـیلمه‌ سینه‌مـاییه‌ کوردییه‌کـانـیشدا، زۆرن ئـه‌و منـداڵه‌ به‌هـرەمـه‌نـدانه‌ی که‌ رۆڵـی پاڵـه‌وانـێـتی یا که‌سـایـه‌تی سـه‌رەکی فـیـلمـه‌کانـن و سـه‌رکـه‌وتـنیان بـه‌و فـیلـمانه‌ به‌خـشـیون. به‌ تایبه‌تیش ئه‌و فـیلـمانه‌ی په‌یـوەنـدییان به‌ خـودی منـداڵانه‌وە هـه‌یه‌ له‌ گه‌لی فـیلـمی سینه‌مـاییش بۆ گـه‌ورەکـان، منـداڵان دەوری سه‌رەکییان هه‌یه‌. هه‌نـدی له‌‌و شاکـارە فـیلمه‌ سینه‌ماییانه‌، له‌ سایه‌ی رۆڵی پاڵه‌وانێتی منداڵاندا، ناوبانگیان دەرکرد و لە سینەماکانی هەموو دەوڵەتانی جیهانـدا نمایش کران. به‌ ملێـۆنـان دۆلار داهـاتیـان بـوو. نووسـه‌ر و دەرهـێـنه‌رەکانیان بـوون به‌ ملیـۆنـێر.
زۆر زۆرن ئه‌و منـداڵانه‌ی که‌ رۆڵی پاڵه‌وانێتی یا سه‌رەکییان له‌ فـیلمه‌ سینه‌ماییه‌کانـدا بۆ منـداڵان و بۆ گه‌ورەکـان هـه‌بـوو. که‌‌ ته‌مه‌نـیـان له‌ نێـوان (٢) ساڵ بـۆ (١٥) ساڵ بـوون، هـه‌ندێکیان له‌ ژیانـدان و هـه‌نـدێکی تریان مـردوون. بۆ نمـوونه‌ نـاوی چه‌نـد منـداڵـێک دێنیـن، که‌ لە فـیلـمه‌ جیهـانییه‌کانـدا رۆڵی پاڵه‌وانـێتی و سه‌‌رەکـییان تێیانـدا بینێـون و ناوبانگـێکی جیهـانیان هـه‌یه‌، وەکوو:
١ـ (جـان کۆجـان) ی ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵان، له‌ ساڵی (١٩٢١) دا، له‌ فـیلـمی (منـداڵ) له‌ دەرهـێنانی که‌‌ڵه‌ هـونه‌رمه‌ندی کۆمیدی ئه‌مریکی و جیهانی (چارلی چاپلین). فیلمه‌که‌ به‌ رەش و سپییه‌ و ماوەکه‌ی (٨٠) خوله‌كه‌ (جان کۆجان) له‌م فـیلمانه‌شدا رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌بوو: له‌ فـیلمی (ئـۆلیڤـه‌ر تـویست: ١٩٢٢) و له‌ فـیلمی (دادی: ١٩٢٣) و له‌ فـیلـمی (رۆبنسۆن کـرۆزۆ:١٩٢٤). که‌ جـێی سه‌رسـامی بینـه‌رانی ئـه‌م فـیلمـانه‌ بـوو.
٢ـ كچۆڵه‌ی ناسک و جـوان (شـیرلی تـمبـل: ١٩٢٨ ـ ٢٠١٤) له‌ دایکبووی ئه‌مریکایه‌ و به‌ (شازادە بچـکـۆله‌) ناوی دەبـه‌ن. له‌ ته‌مه‌نی (٣) ساڵیـدا به‌ جیهـانی سینه‌ما ئاشنا بـوو. رۆڵی پاڵه‌وانێتی له‌ زنجـیرە فـیلمی کۆمیـدیی رەخنه‌ئامێز (بایبی بیـورلیسکس) دا هـه‌یه‌. سه‌رەنـج و سه‌رسامی هه‌مـوو بینه‌رانی به‌ لای خـۆیـدا راکێشا. شیرلی تمبـل له‌ چه‌ندین فـیلمی سینه‌ماییـدا رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌یه‌. به‌ (ئەفـسانه‌ی سینەما) یان دەزانی. شیرلی که‌ گـه‌ورەش بـوو، چـووە ناو دنیـای سیاسه‌ت و دپلـۆماسییه‌وە چەنـدین پله‌ و پایـه‌ی به‌رزی هه‌بـوو. لە نـووسینـێکم دا، بە درێـژی باسم لە شـیرلی تمبـل کـردووە.
٣ـ (جـادلـین سمیس) ی ته‌مـه‌ن هه‌شـت سـاڵان، که‌ کـوڕی ئه‌کتـه‌ری سینه‌مایی (ویـل سمیس) ە، له‌ فیلمی (گەڕان به‌ دوای شادی) دا، رۆڵی پاڵه‌وانێتی هـه‌یە. هه‌روەها له‌ فیلمی (کوڕە کاراتییه‌که‌)ش له‌ دەرهـێنانی (جاکی شان) جادلین رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌یه‌.
٤ـ خونچه‌گـوڵ (ئانـۆک ستـیڤـن) ی سـویسری، له‌ فـیلـمی (هـایـدی) که‌ لە نـووسیـنی رۆماننووسی سویسری خاتوو (یۆهانا لویزە هـۆیسه‌ر) و دەرهـێنانی (ئالان گسپۆنه‌ر).
(ئانـۆک ستیـڤـن) ی تەمـه‌ن هـه‌شـت سـاڵان، رۆڵی (هـایـدی) دەبیـنێـت.
٥ـ له‌ فـیلمی (پیـپی گـۆرەویـدرێـژ) که‌ له‌ نووسینی که‌ڵه‌ رۆماننووس و چـیرۆکنووسی سـویـدی خاتـوو (ئاسـتریـد لـینـدگـرین) ە، ئـه‌و کچـۆڵه‌‌ بـلیـمـه‌ته‌‌ (٩) سـاڵانه‌ که‌ رۆڵی پـیـپی دەبینێـت، دوو گـۆرەویی درێـژی هـه‌ریه‌که‌ له‌ رەنگـێک له‌ پێـیـەکانی دایـه‌، قـژە سـوورە درێـژەکه‌ی سـتایـلـێکی تایبـه‌تی هـه‌یه‌. رۆڵـێکی پاڵه‌وانێتی کـۆمیـدی هـه‌یه‌ و جـوڵه‌ی سه‌یـر و سه‌رنجـڕاکـێش و زۆر کـاری لە تـوانابەدەر ئەنجـام دەدات. دەدات و هـه‌مـوو منـداڵان سه‌رسام دەکـات و دەیـانهـێنێـته‌ خۆشی و خه‌نـدە و پێکه‌نیـن.
٦ـ لـه‌ زنجـیرە رۆمـانی (هـاری پـۆتـه‌ر)، له‌ نـووسینی رۆماننووسی ئینگـلـیزی خاتـوو (جـوان رۆلیـنگ) که‌ کاکـه‌له‌ (دانیـال جاکـوب رادکـلیـف) ی ته‌مه‌ن (١٣) ساڵان، رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌یه‌، رۆڵی (هـاری پـۆته‌ر) دەبینێت. کچۆله‌ی خونچه‌گوڵ (ئیما واتسـۆن)ی (١٠) ساڵان و کاکه‌له‌ (رۆبـه‌رت گرینـت)ی (١٣) ساڵانیش، له‌ پاڵ دانیال رادکـلیـف دا، رۆڵی سه‌رەکییان هه‌یه‌. ئه‌م فـیلمه‌ له‌ هه‌موو جیهاندا نمایش کرا. ژمارەیه‌کی پێوانەیی له‌ دەسکه‌وتی پارە و له‌ ناوبانگ به‌ دیهـێنا، نووسه‌ره‌كه‌ی و دەرهـێنه‌رەکه‌ی به‌ هـۆی ئه‌م فـیلمه‌وە بـوون به‌ ملیـۆنێـر.
٧ـ هه‌ریەکەش له‌م منداڵانه‌ رۆڵی پاڵه‌وانێتیان له‌ فـیلمه‌ سینه‌ماییه‌ جیهانییه‌کاندا هه‌یه‌:
(کمـارک لیسـته‌ر: دە سـاڵان) و کچـۆلە (جـۆدی فـۆسـت: له‌ سێ ساڵـییه‌وە) و کچـۆڵه‌ (هـایـله‌ر مـیلـه‌ر: دە سـاڵان) و کـچـۆڵه‌ (دارو بـاریـمـۆری) و (جـۆنـاسان ئه‌شمـور) و (ماریۆ کۆستۆدیۆ) و (ستیڤـزن وارسه‌ر) و (لیندا بلێر) و (هـارفی ستیفنز: پێنج ساڵان) و چه‌نـدین منـداڵی تر که‌ رۆڵی پاڵه‌وانێتی و سه‌رەکییان له‌ فـیلمە سینه‌ماییه‌کاندا هه‌یه‌.

رۆڵی منـداڵانی کورد له‌ فـیلمه‌ سینه‌ماییه‌ کوردییه‌کاندا

منـداڵانی کوردیش گه‌ر هـه‌ل و مه‌رجیان و دەرفه‌تیان بۆ بـڕەخـسێت، له‌ رووی به‌هـرە و بلیمه‌تی و زیرەکی و توانـاوە، له‌ منـداڵانی تری جیهـان که‌متر نین. به‌ڵام بە داخه‌وە زۆر بێنـازن و زۆر به‌ کـه‌می ئـاوڕ له‌ خـه‌ون و هـیوا و له‌ بەهـرەکـانیان دەدرێنـه‌وە.
له‌ چه‌ند فـیلمێکی سینه‌مایی کوردیدا، منـداڵانی کوردمان رۆڵی پاڵه‌وانێتی و سه‌رەکییان تێیانـدا بینیوە. له‌ سـایـه‌ی رۆڵی ئه‌و منـداڵانه‌وە فـیلـمەکـان سه‌رکه‌وتـن و ناوبانـگـیان به‌دەست هـێنان. ئه‌م منـداڵانه‌ش درچـووی هـیچ په‌یمانگایه‌کی شانـۆیی و سـینه‌مایی و هـونه‌ری نیـن. زۆر به‌ سروشـتی و عـه‌فـه‌وی نـوانـدن دەکـه‌ن و رۆڵـه‌کانیان دەبیـنن. هـه‌روەکوو ئه‌وەی یارییه‌کی ئاسایی بکه‌ن. بیـر و خه‌یاڵـیان لای کامیـرا و وینـه‌گـرتن نییـه‌. ناوی چه‌نـد منـداڵـێکی به‌هـرەمه‌نـدی کوردمـان دەهـێـنم كه‌‌ رۆڵی پاڵـه‌وانـێتی و سه‌رەکـییان له‌ هـه‌نـدێ فـیلـمی به‌نـاوبـانگی کوردیـدا هـه‌‌یه‌‌:
١ـ یه‌کـه‌م فـیلـمی سینه‌مـایی که‌ به‌ زمـانی کـوردی تۆمـارکـراوە، فـیـلمـێکه‌ به‌ نـاوی (زارە) یا (زارێ) یه‌. به‌رهـه‌می یه‌کـێتی سۆڤـیه‌تی پێشووە، له‌ ساڵی (١٩٢٦) دا، له‌ لایـه‌ن دەرهـێنه‌ری ئه‌رمـه‌نی (هامـۆ به‌گ نازاریان) ەوە دەرهـێنراوە. دیمه‌نـه‌کانی له‌ شاخه‌کانی ئه‌رمه‌نسـتان گـیراوە و هـه‌ر له‌ ئه‌رمه‌نستانیش بۆ یه‌کـه‌م جار نمایش کرا. ئه‌م فیلمه‌ باس له‌ خۆشه‌ویستی کوڕ و کچـێکی لاوی کوردی ئێزیـدی دەکات، کچـه‌که‌ ناوی (زارێ) یـه‌ و کوڕەکه‌ش شـوانه‌ و نـاوی (سـیـدۆ) یه‌. له‌ژێـر سه‌رکوتکـردن و چه‌وسانـه‌وە له‌ لایـه‌ن دەسه‌ڵاتـدارانه‌وە، بـۆ ژیـان دەجەنـگـن. نازانـم منـداڵانی کورد له‌م فـیلمه‌دا رۆڵیان هـه‌یه‌ یا نیانه‌. حه‌زمکـرد وەکوو یه‌که‌م فـیلمی سینه‌مایی کوردی ناوی بهـێـنم.
٢ـ فـیلمی کوردی (ساتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌‌کان) که‌‌ به‌ زمـانی کـوردی و فـارسییه‌‌، له‌ نـووسـین و دەرهـێنانی هـونه‌رمـه‌نـدی سـینه‌‌مـاکـار و دەرهـێنه‌‌ری فـیلـمی سـینه‌مـایی (به‌همه‌ن قوبادی) یه‌‌. که‌ له‌ رۆژهـه‌‌ڵاتی کوردستان دەرهـێنراوە. له‌‌ سالی (٢٠٠٠) دا، بۆ یه‌که‌م جار له‌ فـێستیڤاڵی (کـان) له‌‌ فه‌رەنساد نمایشکرا. رۆڵی پاڵه‌وانێتی ئه‌م فـیلمه‌ منـداڵێکی کـوردە به‌ نـاوی (ئه‌یـوب) نـاوی ته‌واوی راستیشی (ئه‌یـوب ئه‌حمه‌د)ە، له‌و کاته‌دا، ته‌مه‌نی (١٣) ساڵ بوو. ئه‌یوب له‌ گوندی (مرانی) سه‌ر به‌ قه‌زای پێنجـوێن له‌ دایـک بـووە، به‌ هـۆێ جه‌نـگی نێـوان عـێراق و ئێـرانـه‌وە، بۆ رۆژهـه‌ڵاتی کوردستان کـۆچـیان کـردبـوو. هـه‌ر لـه‌م فـیلمـه‌دا دوو ئه‌کـتـه‌ری منـداڵی تـریـش رۆڵـیـان هـه‌یه‌، کچـۆله‌ (رۆژیـن یـوونس) ته‌مـه‌ن (١٠) سـاڵان و (مه‌هـدی ئـیخـیاردیـن) سێ سـاڵان، که‌ کـوڕێـکی منـداڵی خـاوەن پێـداویستی تایبـه‌تـییـه‌. لـه‌‌ فـیلـمه‌کـه‌دا ئـه‌م سێ منـداڵـه‌ خـوشک و بـران و دایک و باوکیان نه‌ماون، ته‌نها مامێکیان هـه‌یه‌. ئه‌یـوب له‌ پێناوی په‌یداکردنی بـژێـوی ژیانی (رۆژیـن) ی خوشکی و (مادی) بـرا بچـووکی، که‌ پێویستی به‌ پـارە هـه‌یه‌ بـۆ نه‌شـته‌رگه‌رییـه‌کی پێویست، هه‌مـوو به‌رپـرسیارێتییه‌ک دەکـه‌وێـته‌ ئه‌ستۆی ئه‌یـوب، ناچار واز له‌ قـوتابخانه‌ دەهـێنێت. کاری کـۆڵبـه‌ری دەکات له‌ نیـوان رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستاندا (رۆژین) یش، له‌ پێناوی مادی برایدا ناچاربوو که‌ شـوو بـکات، بۆ ئـه‌وەی پـارەی مـارەییـه‌که‌ی، بۆ نه‌شـته‌رگه‌ریی مـادی وەربگـرێت. ئه‌یـوب و رۆژیـن و مـادی، زۆر بـه‌ جـوانی و بـه‌ ئاسـایی و سـه‌رکـه‌وتـووانـه‌، لـه‌م فـیلمـه‌دا رۆڵـه‌کـانیان بینـیـوە. ماوەی فـیلمه‌که‌ (٨٠) خـولـه‌که‌. ئـه‌م فـیـلمه‌ بـاس له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی بێ دەرەتانی کورد دەکات، که‌ دایک و باوکیان له‌دەست داوە. هـه‌وڵ بۆ مـانه‌وەیـان دەدەن.
بۆیه‌ش کۆڵبه‌رەکان ویسکـییان کردە ناو ئـاوی خواردنه‌وەی ئه‌سپه‌کانیان تا مه‌ست و سـڕببـن و سه‌رمـا و سـۆڵه‌ و گـزەبـای سـارد و به‌فـر کـاریـان لـێنـه‌که‌ن و نه‌وەسـتن.
(ساتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌کان) ژێـرنـووسیان بۆ چه‌ندین زمانی جیهـانی کردووە و له‌ چه‌نـدین هـۆڵی گـه‌ورەی سینه‌ماکانی شارەکانی وڵاتـانی جـیهانـدا نمایشکـرا. چه‌نـدین خه‌ڵاتی به‌نرخ و به‌رزی نێـودەوڵه‌تییان پێبه‌خشی. به‌ هـۆی سه‌رکه‌وتنی ئه‌م فـیلمه‌وە، به‌هـمـه‌ن قـوبـادی نـاوبانگـێکی جیهـانی له‌ دەرهـێـنانی فـیلـمی سینه‌مـاییـدا دەرکـرد.
شایه‌نی باسیشه‌ له‌ ئێستادا (ئه‌یـوب ئه‌حمـه‌د) گه‌نجـێکه‌ و گه‌ڕاونـه‌ته‌وە بـۆ پێنجـوێن. خه‌ریکی کـاری کـۆڵـبه‌رییـه‌. زۆر حه‌ز دەکـات له‌ فـیلـمێکی سـینه‌مایی کوردی تـازەدا بانـگی بـکه‌ن و رۆڵـێکی بـدەنێ.
٣ـ فـیلمی (کیسه‌ڵه‌کانیش دەفـڕن) فیلمێکی جه‌نگی درامییه‌، له‌ نووسـین و دەرهـێنانی هـونه‌رمه‌نـدی سینه‌ماکار (به‌هـمه‌ن قوبادی) یه‌. که‌ له‌ ساڵی (٢٠٠٤) دا نمایـش کـرا.
چـیرۆکی فـیلمه‌که‌ دەربـارەی (٣) منـداڵی په‌نـابه‌رە له‌ که‌مـپێکی ئـاوارە کوردەکان، له‌ نێوان رۆژهه‌ڵات و باکووری کوردستاندا. چاوەڕێی رووخانـدنی سه‌دام حوسێن دەکه‌ن.

له‌م فـیلمه‌دا، ژمارەیه‌کی زۆر له‌ منـداڵانی کوردمان به‌شدارییان کردووە. به‌ڵام سێ له‌ منداڵه‌کان رۆڵی پاڵه‌وانێتیـیان هـه‌یه‌، که‌ ئه‌مانه‌ن:
١ـ (سـۆران ئیبـراهـیـم) ته‌مـه‌نی (١٣) ساڵه‌، دێ بە دێ دەگـه‌ڕی و ئانتـین و سـاجی مه‌هـورا بـۆ خه‌لکی گونـدەکان دادەنێـت، بۆیـه‌ به‌ نازنـاوی (کاک سه‌تـه‌لایـت) ناویان دەبـرد. شـڕە ئینگـلیزییه‌کـیشی دەزانی.
٢ـ خۆنچـه‌گـوڵ (ئـاواز له‌تـیـف) ته‌مه‌نی (١١) سـاڵه‌، رۆڵی (ئـاگـرین) ی لـه‌م فـیلمه‌دا هه‌یه‌، زۆر به‌ جـوانی و سروشتی رۆڵه‌که‌ی بینیوە، کچۆڵه‌یه‌کی بێ دایک و بێ بـاوکه‌. بـرا‌یه‌ك (٣) ساڵانی نابیناشی هه‌یه‌. خه‌م و ئه‌رکی به‌خێوکرنی براکەی که‌وتۆته‌ سه‌ری.
٣ـ (هـێڕش فـه‌یسه‌ڵ رەحمان) که‌‌ ته‌‌مه‌نی (١٣) ساڵه‌ و خـاوەنی پێـداویستی تایبه‌‌تییه‌، له‌ منـداڵییـه‌‌وە به‌ هـۆی شـۆرتی کـارەباوە، هـه‌ردوو دەسته‌‌کانی له‌‌ شانییه‌وە پـزیشک بڕیـویانەتەوە. هـێڕش له‌م فـیلمەدا رۆڵی (هـەنگـۆف) ی هـه‌یه‌. هـه‌روەکوو منـداڵێکی ئاسـایی مـه‌لـه‌ و زۆر کـاری تـر دەکـات. زۆر سه‌رکه‌وتـووه‌ له‌ رۆڵـه‌کـه‌یـدا.
مـاوەی فـیلمی (کیسه‌ڵـه‌کـانیش دەفـڕن) (٩٧) خـولـه‌که‌. بـۆ یه‌کـه‌مـین جـار له‌‌ سـاڵی (٢٠١٤) دا نمایـشکـرا.
٤ـ فـیلمی (بێـکه‌س) که‌ فـیلمێکی سینه‌مـایی کـۆمیـدی درامیی کوردییه‌. له‌ نووسـین و دەهـێنانی هونه‌رمه‌نـد (کارزان قـادر) بۆ یه‌که‌مین جـار له‌ ساڵی (٢٠١٢) دا نمایشکرا. باس له‌ دوو بـرای پێـڵاوبـۆیاخکه‌ر دەکات، که‌ له‌ فـیلمەکەدا ناویان (دانـا) و(زانـا) یه‌.
ناوی ته‌واویان (زەمـه‌نـد ته‌هـا ـ دانـا) و (سـەروەر فـازل ـ زانـا) دوو منـداڵی بەتوانان.
دەیـانه‌وێـت له‌ ژیـانی پـڕ له‌ مه‌ینـه‌تی و کوێـرەوەری هـه‌ڵـبێن و خـۆیان بگه‌یه‌نـن به‌ (سـۆپـه‌رمـان) له‌ ئه‌مریـکا. پێیانـوایه‌ ئـه‌و دەتـوانێت هه‌موو کێـشه‌کانیان بۆ چارەسه‌ر بکات. دانا و زانا به‌ سواری که‌رەکه‌یـان که‌ ناویـان لێنـاوە (مایـکڵ جاکـسـۆن) دەسـت دەکـه‌ن به‌ گه‌شـته‌که‌یـان بـۆ ئه‌مـریکا. مـاوەی فـیلمـه‌که‌ (٩٧) خـولـه‌که‌. وێنـه‌کـانی له‌ باشووری کوردستان گیراون. وەریان گێڕاوە بۆ سه‌ر چه‌ندین زمانی جیاوازی جیهانی.
چه‌نـدین خـه‌ڵاتی به‌نـرخی نێـودەوڵه‌تییان پێبه‌خـشی. فـیلمێکی تایبـه‌تیـیه‌ بـۆ منـداڵان.
٥ـ (بـاوکـە) کـورته‌ فـیلمـێکه‌ بـه‌ زمـانی (کـوردی) و (نه‌رویـجی) یه‌. له‌ نـووسـین و دەرهـێنانی هـونه‌رمه‌نـد (هـیشام زەمـانی) یە. ماوەی فـیلمه‌که‌ (١٥) خوله‌که‌. دیمه‌ن و وێنه‌کانی له‌ نه‌رویـج گـیراون و دەرهـێـنراوە. بۆ یه‌که‌م جـار له‌ سـاڵی (٢٠٠٥) دا، له‌ نه‌رویـج نمـایـش کـرا.
ئه‌م فـیلمه‌‌ باس له‌ باوکێک و له‌‌ کوڕە (١٠) ساڵانه‌کەی که‌ ناوی (بڕوا ئاکۆ رەسووڵ)ە. كه‌ پاڵه‌وانی فـیلمه‌که‌یه‌. که‌‌ به‌ قـاجاغی هـاتوونه‌ته‌ نه‌رویـج. له‌ یه‌کێک لە کامپەکانـدان. مافی په‌نابه‌رییان رەتدەکرێته‌وە، پۆلیس باوکه‌که‌ دەگرن و سواری ئۆتـۆمبـێلی پـۆلیسی دەکـه‌ن بۆ گـەڕانەوە، منـداڵـەکەی بە گـریـانه‌وە هـاواردەکات بـاوکه‌ جـێـم مه‌هـیـڵه‌. که‌ پۆلـیس لێی دەپرسن ئه‌وە کوڕەته‌؟ به‌ نه‌خـێر کوڕی من نییه‌ وەڵامی پـۆلـیس دەداته‌وە. بۆ ئه‌وەی کوڕەکه‌ی مافی په‌نابه‌ری وەربگرێت. ئه‌م فـیلمه‌ له‌ نه‌رویـج و له‌ دەوڵه‌تانی ئه‌وروپـادا نمایـش کـرا و زۆر که‌سی هـێنایه‌ گـریان. زیاتر له‌ (٤٠) خـه‌ڵاتی به‌نـرخی بەدەستهـێـنا.
٦ـ فـیلمی (کـۆچـه‌ری بچکـۆل) هـونه‌رمه‌نـد (به‌تـین قـوبادی) سینارێوی نووسیوە و بۆ سینه‌مای دەرهـێناوە، به‌رهـەمهـێنانی (محه‌مه‌د ئه‌حـمه‌دی) یه‌. وێنه‌ و دیمه‌نـه‌کانی ئه‌م فـیلمه‌ له‌ ئـێران و تورکیـادا گـیراون. له‌ ساڵی (٢٠١٩) دا به‌رهـه‌مهـێنراوە. بۆ یه‌کـه‌م جاریش له‌ ساڵی (٢٠٢١) دا، له‌ یه‌که‌مین فـێستیڤاڵی فـیلمی سینه‌مایی کوردی له‌ شاری (مۆسکـۆ) له‌ رووسـیا، له‌ هـۆڵی سـینه‌مـایی (ئـوکتـۆبـه‌ر) نمایـشکـرا.
له‌‌ (کۆچه‌ری بچکـۆل) دوو منداڵی کورد که‌ بـران، ناویان (یوسف مه‌حمود عه‌بدولقادر) و (محه‌مه‌د مه‌حمود عه‌بـدولقـادر) ە، رۆڵی سـه‌رەکییان هـه‌یه‌.
٧ـ بێجـگه‌ له‌و فـیلمانه‌ی که‌ باسمان کـرد، له‌ چه‌نـد فـیلـمێکی سـینه‌مـایی تـری کوردیدا، منـداڵانی کورد رۆڵیـان تێـیانـدا هـه‌یه‌.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٥/ یـوولی/٢٠٢٢




کتێبی (ئەدەب و هونەری منداڵان)چاپ و بڵاوکرایەوە

لە دوو تووێی (552) لاپەڕەدا کتێبی «ئەدەب و هونەری منداڵان» دیمانە و ئامادەکردنی «د. هاوژین سڵیوە – ڕۆستەم خامۆش» چاپ و بڵاوکرایەوە، کتێبەکە هەموو بوارەکانی تایبەت بە منداڵانی لە خۆگرتووە، لەوانە: «شیعر، چیرۆکی منداڵان، شانۆنامە و شانۆگەریی، نیگارکێشان، کاریکاتێر، گۆرانی و میوزیک» و چەندین بواری تر.
کتێبەکە لە پێشەکی و ناساندنی کتێبەکە و لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە: بەشی یەکەمی پێکهاتووە لە (16) تەوەر، بەشی دووەمی کتێبەکە (36) دیمانەی لە خۆگرتووە، ئەم بەشە زۆربەی بوارەکانی تایبەت بە منداڵانی لە خۆگرتووە و زۆربەی بابەتەکانی دەربارەی ئەدەب و هونەری منداڵانە. هەروەها (90) کەسی شارەزا و شاعیر و نووسەر بەشدارییان لەم کتێبەدا کردووە، کە (111) لێدوان و چاوپێکەوتن لەم کتێبەدا بڵاوکراوەتەوە.

ناوەڕۆکی کتێبی (ئەدەب و هونەری منداڵان).

بابەت: چاوپێکەوتن دەربارەی ئەدەب و هونەری منداڵان
دیمانە و ئامادەکردنی: د. هاوژین سڵیوە و ڕۆستەم خامۆش
نەخشەسازیی بەرگ: برەو شێخ تاڵب
سەرپەرشتیاری هونەری و چاپ: شێخ تاڵب

ئەم کتێبە لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە و (٥٥٢) لاپەڕەیە و بەرگەکەی ڕەق و موجەلەدە.
سەنتەری لێکۆڵینەوە و پەخشی کۆیە، بە تیراژی: (٥٠٠) دانە، چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

بەشی یەکەم: تەوەرەکان.
ئەم بەشە لە (١٦) تەوەرە پێکهاتووە و (٧٥) لێدوان لە (٦٣)کەسی شارەزای بوارەکانی منداڵان وەرگیراوە.

تەوەرەی یەکەم: دەربارەی ڕۆڵی فۆلکلۆر لە ئەدەبی منداڵاندا.
فازیل شەوڕۆ
تەوەرەی دووەم: دەربارەی ئەدەبی منداڵان.
ئەمین محەمەد
ئەلند مزوری
ئاکۆ محەمەد سابیر
زیاد ڕەشاد قادر
زرار عەلی
سەلاح نیساری
عەبدولعەزیز ئەلکی
کازم کۆیی
تەوەرەی سێیەم: دەربارەی شیعری منداڵان.
ئەمین محەمەد
ڕەئووف شێخ جەمیل
ڕەزا شوان
شوان ئەحمەد مام عەلی
محەمەد داریاس
مەولود ژاکاو
محەمەد ساڵح پێندرۆیی (جگەرسۆز)
تەوەرەی چوارەم: دەربارەی چیرۆکی منداڵان.
حەمەساڵح فەرهادی
د. خالیدە قادر فەرەج
ڕەمەزان حەمەدەمین قادر
عەلی بەختەوەر
د. کەمال غەمبار
محەمەد کەساس
نێچیروان شوانی
نەوزاد عەلی
تەوەرەی پێنجەم: دەربارەی شیعر و چیرۆک و ڕۆمانی مێرمنداڵان.
د. ئازاد محەمەد سەعید
د. جەلال ئەنوەر سەعید
ڕەزا شوان
عەزیزی مەلای ڕەش
د. عوسمان دەشتی
کاروان عومەر کاکەسوور
د. محەمەد ناسر
تەوەرەی شەشەم: لە بارەی دەقی شانۆ و شانۆی منداڵان.
ئومێد کەمال
د. کەیفی ئەحمەد
یوسف یوسفی
تەوەرەی حەوتەم: دەربارەی نووسین بۆ منداڵانی باخچە.
ڕەنجدەر ئازاد
ڕەزا شوان
د. عومەر پەتی
د. محەمەد ناسر
تەوەرەی هەشتەم: دەربارەی نیگارکێشانی منداڵان.
ئاری سوبحی کۆیی
حەمە هاشم
حەمیدە یوسفی
ڕەزا شوان
ڕۆستەم ئاغالە
ڕەزوان قادر ڕەحمان
نەورۆز شەهاب
هەتاو کەریم
تەوەرەی نۆیەم: دەربارەی کاریکاتێری منداڵان.
گرفتار کاکەیی
تەوەرەی دەیەم: دەربارەی مۆزیک و گۆرانی منداڵان.
ڕۆشنا ساڵح
سەفین عەبدولڕەزاق
شاباز عومەر
فواد مەولانایی
موسعەب جەمیل (کەروێشکەفەندی)
نەوزاد حاجی شووشە (نونو)
هۆشەنگ جەمیل
وریا قادر حەسەن
تەوەرەی یازدەهەم: دەربارەی ئەفلام کارتۆنی منداڵان.
د. جەبار ئەحمەد
ڕەزا شوان
د. کاوە عەلی محەمەد
ناسر فەتحی
تەوەرەی دوازدەهەم: دەربارەی ڕۆژنامەنووسی منداڵان.
شەریف وەرزێر
شەریف فەلاح
عەزیز ئالانی
تەوەرەی سێزدەهەم: دەربارەی ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان.
ڕەزا شوان
شەریف فەلاح
تەوەرەی چواردەهەم: دەربارەی کتێب و گۆڤاری منداڵان.
فازیل شەوڕۆ
محەمەد جەمیل عەلی
تەوەرەی پازدەهەم: دەربارەی وەرگێڕان لە پێشخستنی ئەدەبیاتی منداڵانی کورددا.
ئازاد تەها عەلی
ئامانج شاکەلی
سیروان کاروانی
فازیل شەوڕۆ
تەوەرەی شازدەهەم: دەربارەی بەرنامەی منداڵان لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆندا.
پەیام ئیبراهیم
جوان بەهائەدین عەلی
ڕەزا شوان
ڕۆژگار عەبدولقەهار (سپۆینج بۆب)
موسعەب جەمیل (کەروێشکەفەندی)

بەشی دووەم: چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسایەتییەکانی بواری منداڵان و خستنەڕووی ژیاننامەکانیان.
ئەم بەشە (٣٦)چاوپێکەوتنی لە خۆگرتووە، کە لەگەڵ (٣٥)کەس لە شاعیران و نووسەران و شارەزایانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان سازکراوە، ئاوڕدراوەتەوە لە بوارەکانی: (دەروونناسی و پەروەردە و مافی منداڵان).
١. ئەمین گەردیگلانی
٢. ئەمین محەمەد
٣. ئاکۆ محەمەد سابیر
٤. بەکر بەهرەمەند
٥. پەیام ئیبراهیم عەبدولڕەحمان
٦. جەبار شافێعی زادە
٧. خاڵند ئەحمەدی
٨. ڕزگار خدر
٩. ڕۆستەم خامۆش
١٠. ڕێکارێ مزویری
١١. زرار عەلی
١٢. زیاد ڕەشاد قادر
١٣. زارا ئەحمەد جاف
١٤. سەعدوڵڵا کۆیی
١٥. سۆزان سۆفی
١٦. شوان ئەحمەد
١٧. سەلاح محەمەد (مام عەوڵا)
١٨. سەلاح نیساری
١٩. عەزیز ئالانی
٢٠. د. عومەر پەتی
٢١. عوسمان دەروێش
٢٢. عوسمان محەمەد هەورامی
٢٣. عەبدولڕەحمان تاوگۆزی
٢٤. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
٢٥. فازیل شەوڕۆ
٢٦. کارزان مەحموود
٢٧. لەتیف هەڵمەت
٢٨. مەریوان سەلاح حیلمی
٢٩. محەمەد بەرزی
٣٠. محەمەد ڕەسووڵ نیا
٣١. مەحموود باجەڵان
٣٢. محەمەد ساڵح پێندرۆیی (جگەرسۆز)
٣٣. د. هاوژین سڵیوە
٣٤. هەتاو خورشیدی
٣٥. د. هێمن عەبدولحەمید شەمس.




منداڵەکانی ئەمڕۆمان، هـیوای داهـاتووی کوردستانن… رەزا شـوان

منـداڵـە خـۆشـەویستەکـانـمـان جـگەرگـۆشەمـانـن، گـرنگـتریـن ژێـرخـانی سـتراتیـژی نەتەوەیـیمان، گەورەترین سەرمـایەی راستی و بەنـرخـترین سامانی گەلەکەمانـن، کە لە نـەوت و گاز و زێـڕ و گەوهـەر و لە هەمـوو سامانێکی کە، گرنگـتر و بەنـرخـترن.
منـداڵەکانمان نەوەی ئەمڕۆن و هـیوای داهاتووی کوردستانن، لاوان و ژنان و پیاوانی داهـاتوون، بـڕبـڕەپشت و بەردی بنـاغـەی کۆڵەکەکـانی گۆمەڵـگای داهاتـووی کـوردن.
منداڵـەکانمان تـۆوی ژیـان و مـانن، رووەک ئاسایی ساڵ لە دوای ساڵ گەورەتـر دەبن، دەبنـە شۆڕە نەمامی تـەڕ و ناسکی هـیـوا و ئـومێدمـان، تا زیـاتر بایـەخ بـەم شوولکە نەمامانەی ئەمڕۆمـان بدەین، تا زیـاتر خـزمەتیان بکەیـن، جـوانـتر دەڕسکـێن، باشـتر چـرۆ و گـەڵا وگـوڵ دەکـەن، زیـاتریـش بـەر دەدەن. دەبنـە کەڵـەداری بەهـێـز و رەگ ئەستوور، دەتوانن لە بەردەم لێـزمە و رەهـێڵە و رەشەبا و زریان و تـۆفـانی رۆژگارە سەخـت و دژوارەکانـدا خۆیـان رابگـرن و هەڵنـەتەکـێن. دەتـوانن لەگەڵ گۆڕانکارییە خـێراکانی ئـەم سەردەمـە جەنجـاڵە و هـەر گـۆڕانکارییەکی داهـاتـووش دەربـەرن. لە کاروانی خـیراڕەوی پێشکەوتن و شارستانی دوانەکەون. لە رووی داهـێنانە سەیـر و سەمـەرەکانی رۆژانـەی تەکنەلـۆژیـادا نامـۆ و رامـاو و دامـاو نەبـن.
هـەر ئـەم منـداڵە چاوگەشـانەی ئەمـڕۆمـانن، لە سـبەینـێی جـیاواز لە ئەمـڕۆ، دەبنـە شاسوار و شۆڕەسواری گۆڕەپانی کوردایەتی و مەردایەتی، دەبنە کورد و کوردستان پەروری سەرسەخت، بە تێکـۆشەر و شۆڕشگـێڕی چاونەتـرس، بە پێشـمەرگە و بە سەرکـردەی قـارەمـان و دڵسـۆزمـان، دەبنە هـەڵگـری ئـاڵای کوردسـتانی پـیرۆزمـان، دەبنە رابـەر و پێـشەوا و بە سەرمەشـق، دەبـنە بە چـراهەڵگـری ئـازادی و رزگـاری کوردستان، دەتوانن شکۆی نەتەوە و نیشتمانەکەمان بپارێزن. منـداڵەکانی ئەمڕۆمانن لە سبەینێدا دەبنە باڵیـۆزی و نوێنەری کورد و کوردستان، لە هەموو وڵاتـانی جیهـان، دەبنـە هـەڵگـری پەیـامی ئـازادی و ئاشـتیخـوازی و چـڵەنـێرگـزی بەهـاری ئـاشـتی و خۆشـەویستی کوردسـتان، پێـشکەش بە هـەمـوو گـەلانی جـیهـان دەکـەن.
ئـەم خـۆنچـەگـوڵە گەشانە و ئەم کاکەلە رۆحسووکانەی ئەمڕۆمان، لە سبەینێدا، دەبنە شـۆڕەژنـانی تێکـۆشـەر و بە چالاکـوانان و بە دایکانی میهـرەبـان، دەبنە کەڵە پیـاوانی جوامێر و دلێر و ناودار، دەبنە باوکانی دڵسۆز. دەبنە دەسەڵاتدار و کارمەند و بیرمەنـد و سیاسەتمەدار، دەبنە نووسەر و رۆشنبیر و شاعـیر و هـونەرمەنـد، دەبنە مامۆستا و پـزیشک و ئەنـدازیـار و پارێـزەر و چالاکـوان… هـتد. دەشبنە بەرپـاکەری شـۆڕشـێکی راسـتی گـۆڕانـکاری و چاکـسازی و نـوێخـوازی لە هەمـوو بـوارەکانی ژیانـدا. دەتـوان دەبنە رەگهـەڵـتەکـێنی گەنـدەڵی و نادادپەروەری و سـتەم و زۆرداری و بـرسێـتی.
چی هەیە لە جیهاندا، لە زەردەخەنەیەکی سروشتی منداڵان شیرینتر و خەمڕەوێنتربێت.
بەبێ منـداڵان، جیهـان نە تیشکی خـۆر دەیگـرێتـەوە، نە پێ کەنین و نەخـۆشەویستیش تامیان دەبێـت، بۆیە منداڵان بەنـرخـترین بوونەوەری جیهانن، گەورەترین گەنجینەمانن. پێـویستە خۆشـیانـمان بـوێـت و بیـان پارێـزین و بە دروستی پەروەردەیـان بـکەیـن.
(روبـاد کبلـنگ) دەڵێـت:”جـوانترین دیمـەن لەژێـر ئاسـماندا، منـداڵـێکە بە نوکـتەیەک پـێ دەکـەنێ..”.
لـەم روانـگەیەوە، کـەواتە هـێنانـەدیی داهـاتـوویەکی گـەشـتر و شـیاوتـر بـۆ کـورد و کوردسـتان، لە دەسـتی منـداڵانی کـوردی ئەمـڕۆمـان دایـە. لە سـایـەی گـۆشکـردن و پەروەردەکردنی دروسـت و ئاراستەکردنی راست و زاخاودانی بیـر و هـزری ئەمانـدا، ئـەو دواهـاتـووە گـەشـتر و شـیاوتـر و خـوازراوەمـان بۆ کورد و کوردستان دێتـەدی.
تا زیـاتر و دروستر گرنگی بە پەروەردەکردن و فێرکردن و ئاراسەکردنی منداڵەکانمان بـدەیـن، رەنـج بێـوەر نابـین و زیـاتریش لە سەرکەوتنیان و لە هـێنانەدی داهاتوویەکی گەشـتر بۆ کورد و کوردستان دڵـنیا دەبـین.
هەموو ئەو ئامانجانەی کە باسمان کرد، لە رێی پەروەردەکردنی دروستی سەردەمیانە و رێنمـایی پێویست و ئاراسـتەکـردنی ئامانجـداری راسـتیدا دێنـەدی. بێگومـان بنیاتنـان و گـۆڕانـکاری لە منـداڵانی ئەمـڕۆوە دەسـت پێـدەکەن. پێـویستیمان بە نەخـشەرێگایەکی تازەی پەروەردەیی و بە پلانێکی تۆکمە و بە گـۆڕانکاری لە سستەم و پرۆگـرامەکانی پـەروەردە و فـێرکـردن و رۆشـنبیریکـردنی منـداكانی قـونـاغـی قـوتابخـانەی بنـەڕەتی هـەیە. پێـویستە لە لایەن پسپـۆرانی پەروەردەی نوێـوە، سەر لە نـوێ پـرۆگـرامەکانی پەروەردەکردن و فـێرکردن و خوێنـدن دابڕێژرێنەوە. چونکە بابەتەکانی پروگرامەکانی خوێندنی ئێستا، پێداویستی و خواست و تمووحاتەکانی نـەوەی ئەمـڕۆمان ناهـێننەدی.
پەروەردەکـردنی دروستی منـداڵان، پێـویسترین و لەپێشـترین و پیـرۆزتـرین ئەرک و خـزمـەتە. ئـەم ئەرکـەش بـە تەنهـا لـە ئەسـتۆی دایـکان و باوکـانـدا نییـە، بەڵـکو لە ئەسـتۆی مامـۆسـتایـان و نـووسـەران و شاعــیران و هـونەرمەنـدان و هـەمـوو ئـەو رێکخـراوانەشـن کە داکـۆکی لە منـداڵان و لە مافـەکانیان دەکـەن. بەشی زۆریشی لە ئەستۆی حکومەت و دەسەڵات دایە. چونکە منـداڵەکانمان بە تەنهـا موڵکی دایکان و باوکـانیان نـین، موڵـک و سەرمـایەی گەلەکەمـانیشـن.
لە ئەمـڕۆدا، لە هـەمـوو سـەردەمـەکـانی پێشتر، لە سـایەی پێـشکەوتـن و شـۆڕشی تەکـنەلـۆژیـا و داهـێنان و جیهـانگـیری دا، پەروەردەکـردنی دروستی منـداڵان زیـاتر قـورس بـووە. پێویستە ئەوەش بزانین، کە منداڵانی ئەمڕۆمان جیاوازن لەگەڵ منداڵانی سەدەی رابـردوودا. راستییەکە و نکـووڵی لێناکرێت، کە منـداڵانی ئەمڕۆمان لە سایەی شۆڕشی تەکنەلۆژیا و ئاسانی هۆیەکانی گەیاندن و پەیوەندیکردن و خۆڕۆشنبیریکردن، هـۆشیارتر و چاوکراوەتر و زۆرزانتر و زیرەکترن لە نەوەکانی رابردوو. هـیوا و خەون و پێداویستییەکانیشیان، هەمـان پێـویستی و هـیوا و خەونی منـداڵانی پێش خۆیان نین.

بۆ ئەوەی منـداڵانی ئاسایی لە رووی جەستەیی و هـزری و دەروونییەوە پێ بگەیەنین، پێویستە بە وریـایی و شارەزاییەوە پەروەردەیـان بکـەین. چونکە هـەر هـەڵەکـردن و سەقـەتییەک لە پەروەردەکردنی منـداڵەکانمان، ئاکامێکی زیان بەخـش و نەخـوازراوی لێـدەکەوێتـەوە، لەوانـەیە راستکـردنـەوەی زۆر زەحـمـەت بێـت.
(ئەلـیزابێس مـاخ) دەڵێت:”لە کاتی ئەنجامـدانی پەروەردەکردنی منـداڵەکانمانـدا، هـەر هـەڵـەیەک بـکەیـن، دەبێـتە هـۆی دۆڕانـدنی جـەنـگـێک، کە لە پێـناوی دوارۆژێـکی باشـتردا دەسـتمان پێکـردووە..”.
هەر گەلێکیش منداڵانی بۆ داهاتوو پەروەردە و ئامادە نەکات، ئەو گەلە داهاتووی نییە. بـۆیە هـەر کەمتـەرخەمییەک لە پەروەردەکـردنی منـداڵەکانمـان بکەین، یا پەراوێـزیان بـکەیـن و بە هـەنـدیان نەزانیـن و پـشـتیان تێ بـکەین و بیـان دەیـنـە دەسـت قـەدەر و چارەنـووسێکی نادیـارەوە. لەوانـەیە لەڕێ دەربچـن و مـل لە هـەڵـدێـرێکی هـەزار بە هـەزارەوە بنێن و لە باوەشی داهـاتـوویەکی نادیاری رەش و نوتەکدا خۆیان بگـرنەوە. ئـۆباڵی ئاکامێکی نەخـوازراوی وەهـاش، لە ئەستۆی هەمـوومـان دەبێـت. پەشیمانیش بێ هـودەیە، پاساو و بیانـوو و پاکانە و ئەستۆپاکـیش لە کەس قـبووڵ ناکرێت. نەوەی داهـاتووشـمان، لەکەسمان نابوورێت و لۆمە و نەفـرەت بارانمان دەکەن. هەمووشمان پشکـمان لـەم ئەنجـامە خـراپـەدا دەبێـت و باجـێکی زۆری هـەڵـەکـانیـشـمان دەدەیـن.
بە لەبەرچاوگـرتنی ئەو راستییانە، پێـویستە ئەوە بـزانین، کە چی ئەرکـێکی پیـرۆز و چارەنووسسازمان لە ئەستۆدایە، لە پەروەرەکردنی دروست و لە ئاراستەکردنی راستی منـداڵەکانی ئەمڕۆماندا. کورد وتەنیش:”چی بچێنین.. هەر ئەوەی لێ درۆێنەدەکەین”.
گەلانی پێشکەوتـووی جیهـان، زۆر لە زووەوە، درکیـان بەم راستییە کـردووە، بـۆیـە ئەرکی پەروەردەکردنی دروست و ئامادەکردنی منداڵەکانیان بۆ داهاتـوویان، سەرقـاڵی کـردوون و بۆتـە گـرنگـترین و لە پێشـترینی ئەرکەکـانیان. بەڵکو تا ئەو رادەیـەی کە گـرنـگی دان بە پـەروەردە و ئامـادەکـردنی منـداڵان، بـووە بە پێـوەر و بـە سەنـگ بۆ پێـوان و هـەڵسەنگانـدنی رادەی پـێـشکەوتـن و شارسـتانی گـەلانی جـیهـان.
نەرویـج: ٢٠/ یـوونی / ٢٠٢٢




بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوە… نوسینی: عەلی حەمەڕەشید

منداڵە ئازیزەکان،هاوڕێ ئێسک سوک و گوڵڕووەکانم:
ئای کە ئەم ژیانە بە ئێوەوە جوان و ڕەنگین و ڕازاوەیە،ئێوە پڕن لە هەموو جوانییەکان،بناغە دانەری کۆمەڵگەن، ڕوناکییەکی خۆر ئاسای نەکوژاوەن بۆ شانۆی ژیان.چەندە سەرنجڕاکێشە کە دەبینین بە پەنجە نەرم و ناسک و وردیلەکانتان تابلۆی دڵگیری سروشتی کوردستان دەکێشن،بە کەمانچە وپیانۆ و گیتار ئاوازی خۆش خۆش لێدەدەن،لەسەر دەفتەرەکانی بەردەستتان بە وشەی گوڵ هەناری هیوا و حەز و خەون و ئەندێشەکانی ناختان وێنا دەکەن بەڕاستی و ڕاستگۆیی.چەندە خۆشە لە ڕۆژی جیهانی منداڵانیشدا ئێوەی منداڵانی کوردیش وەکو منداڵانی جیهان خەونەکانتان باڵاتر و گوڵی هیواکانتان گەشاوەتر و خۆشییەکانتان بێسنورتر بێت.چونکە زیاتر هەست بە بوونی خۆتان و ڕۆژی خۆتان و دونیا ڕەنگاڵەییەکی خۆتان دەکەن.خونچەی لێوەکانتان بە نمەی زەردەخەنە و دڵە بچکۆلەکانیشتان بە شنەی شادی زیاتر دەگەشێتەوە..پیرۆزە ئەو ڕۆژە لە ئێوە..
ئەم هۆنراوەیەش دەکەم بە دیاری بۆ سەرجەم منداڵان
((ڕۆژی خەون و جوانی))
.
وا ڕۆژی منداڵانە
گشت دڵخۆشین بەجارێ
نم نم بارانی شادی
بە ڕوماندا دەبارێ
….
ئاهەنگ و فیستیڤاڵی
مۆزیک و گۆرانییە
چونکە جیهانی ئێمە
پڕ لە خەون و جوانییە
….
خۆشیی وەکو شنەی با
دڵی کردووین بەهەوار
گۆرانی بۆ ژین دەڵێین
ئێمەی ژیکەڵە و نازدار
….
بەدەنگی ناسک و خۆش
دەکەوینە گفتوگۆ
خۆزگەکانمان دەردەبڕین
بەهێمنی و لەسەرخۆ
….
عەلی حەمەڕەشید




چیرۆک بۆ منداڵان.. خەڵاتی قوتابی نموونەیی… نووسینی: رەزا شـوان

قـوتابخانەکەمان هەموو ساڵێک، لە ئاهەنگی کۆتایی ساڵی خوێنـدندا، وەک رێزلێنانێک، خـەڵاتی پێشکەش بە قـوتابییە دەرچـووە یەکەمەکان دەکرد. بەڵام بەرزتـرین خـەڵات بە ناوی (خـەڵاتی قـوتابی نمـوونەیی) یەوە، پێشکەش بەو قـوتابیـیە دەکـرا، کە لە ماوەی ئەو ساڵەدا، کۆمەڵـێک کـاری باش و ناوازەی کـردووبـێـت.
سـاڵی پـار، مـن لە پـۆلی شەشی بنەڕەتیـدا بـووم. لە ئاهـەنـگی کۆتایی ساڵـدا، لە دوای پێشـکەش کردنی کـۆمەڵـێک چـالاکی هـونـەری و گـۆرانی و شـایی و شادی و خـۆشی. بەڕێـوەبەری قوتابخانەکەمان مامۆستا (جـوان) میـدالـیای رێـزلێنانی لە ملی یەکەمەکان و دووەمەکـان و سـێيەمەکـانی پـۆلەکـان کـرد و پیـرۆزبـایی لێیان کـرد. پێـم سەیـربـوو کە بانـگی منی نەکـرد، چـونکە مـن یەکـەمی پـۆلی شـەش بـووم.
مامـۆسـتا جـوان: قـوتـابییە خۆشـەویسـتەکـانمـان، پێـش ئـەوەی نـاوی ئـەو قـوتـابییە هاوڕێیەتان بخوێنمەوە، کە خەڵاتی قوتابی نمـوونەیی پێشکەش دەکەین، گوێـم لێبگرن ئەو کارە باش و جـوانانەیتان بۆ باس دەکەم، کە لە ماوەی ئەمساڵـدا ئەنجامیانی داوە.
ئەم هاوڕێیەتان لە یەکەم رۆژی کردنەوەی قوتابخانەکەمان، دوو چەپک گوڵی گەورە و قـوتوویەک نوقـڵی لەگەڵ خۆیدا هـێنابوو، لە بەردەم دەروازەی قوتابخانەکەماندا وەستا، بە روویـەکی خۆش و بە زەردەخـەنەیـەکی ناسک، بە مـاچـێکی شـیرین و بە پێشکەش کردنی گوڵـێک و نـوقـڵێک، پێشوازی لە یەکە بە یەکەی ئەو منـداڵە بچـووکانە کرد، کە بـۆ یەکەم رۆژ و یەکەم جار، روویـان لە قـوتابخـانەکەمان کـرد و بوون بە پـۆلی یەک.
ئەم هـاوڕێیەتان، لە دووەم رۆژی کردنەوەی قوتابخانەکەمانـدا، هات بۆ لام و پێشنیاری ئەوەی کرد، بۆ یارمەتیـدانی قـوتابییە کەم دەرامـەتەکان، سندوقـێک بە ناوی (سـندوقی کۆمـەک) بکەینـەوە. هەموو ماوستاکان پێشنیارەکەیان پەسەنـدکرد و بە باشـیان زانی.
خۆێ یەکەم کەس بوو، کە بۆ بەیانی (١٠٠) هەزار دیناری هـێنا و خستییە ناو سندوقە کەوە، دوای چوار مانگ سەد هەزار دیناری تریشی هـێنا و خستییە ناو سـندوقەکەوە و وتی: ئەمەش کۆی ئەو بـڕە پارەیەیە کە لە دەغـیلەکەمـدا کـۆم کردۆتەوە. هـەریەکە لە مامۆسـتاکانیش بـڕە پارەیەکیان خـستە ناو سندوقـەکەوە. بەشێکـیش لە پـارەی داهـاتی فـرۆشگای قوتابخانەکەشمان خستە سەری. بەو پارەیە، پێـش جەژنی نەورۆز، جـلی کـوردیمـان بـۆ (٣٠) قـوتـابی کـەم دەرامـەت کـڕی و دڵـیانـمان خـۆش کـرد.
ئەم هـاوڕێیەتان، بە سێ تابـلـۆی وێنـە، لە کێـشـانی خـۆی، بەشـداریی لە پێشانـگای ساڵانەی قـوتابخـانە بنەڕەتییەکانی شارەکەمان بۆ هـونەری شـێوەکاری کرد. خەڵاتی دوەمی بە دەسـت هـێنا و رێـزنـامەیـان پێـشکەش کـرد.

ئەم هـاوڕێیـەتـان، لە (كـێبڕکـێی سـاڵانی قـوتـابخـانە بنەڕەتـییەکان ـ بـۆ خوێنـدنەوەی هـۆنراوە و چـیرۆک و پەخشان) لە نووسین و پێشکەش کردنی هـۆنراوەیەکی جوانی خۆی بە ناوی (کوردستان) بەشداری کرد و خەڵاتی یەکەمی هـۆنراوەی بە دەستهـێنا.
ئەم هـاوڕێیەتان لە ماوەی ئەمساڵدا (٣٥) پەرتووکی لە پەرتوکخانەی قوتابخانەکەمان خواست و هـەر هەموویانی خوێنـدەوە. خـۆشی (٥) پەرتـووکی منـداڵانی پێشکەش بە پەرتووکخانەکەمان کرد. یەکەم قوتابییە ئەو ژمارە پەرتووکەی خواست و خوێنـدەوە.
هەر ئەم هـاوڕێیەتان، لە یەکـەم رۆژی مانگی ئاداری ئەمساڵـدا، گورزەیەک قەڵـەمی گوڵەبـاخی رەنگاوڕەنگی هـێنا و لە دێراوەکانی باخچـەی قوتابخانەکەمانـدا چانـدیانی. هەر خۆشی ئاویانی دا و خزمەتیانی کرد. بە چاوی خۆتان دەبینن چ گوڵێکی جـوان و رەنگاوڕەنگ و بۆنخـۆشیان گرتـووە، دیمەنێکی جـوانیان بە باخچـەکەمان بەخـشیوە.
هەر ئەم هـاوڕێیەتان، چوار لە قوتابییە هـاوڕێکانی پۆلی شەش، لە وانەی بیـرکاریدا باش نەبوون، پێش تاقـیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، لە دوای قوتابخانە، لە ماڵی خۆیان خۆبەخـشانە یارمەتییانی دا، هەر چواریان بە نمرەی باشەوە لەم وانەیەدا دەرچـوونە.
ئەم هـاوڕێیەتان، لە سێ لیژنەی قوتابخانەکەشمان بەشدارە، لیـژنەی ژینگەپـارێـزی، لیـژنەی چـارەسەری کێشەکانی قـوتابیان، لیـژنەی چـالاکی هـونـەری و وەرزشی. لە هەرسێ لیـژنەکەدا، بە گـەواهـی مامۆسـتاکان رۆڵـێکی بەرچـاوی هـەبـووە.
ئەم هـاوڕێ زیـرەکەتـان، پێـرار و پـار و ئەمساڵـیش بە یەکـەمی پـۆلەکەی دەرچـووە.
ئەم هـاوڕێ خۆشـەویست و دڵسـۆزەتان، بێجگە لەو کـارانەی کە باسمان کـرد، گەلێ کاری جیـاواز و جـوانی تـریشی کـردوە.
هەمـوو مامـۆسـتاکان کـۆدەنـگ بـوون، کـە (خـەڵاتی قـوتـابی نـمـوونـەیی) ئەمـساڵی قوتابخانەکەمان پيشکەش بە قـوتابی نموونەیی (شەنگە کامەران نەریمان) بکـرێت و شـایـەنی ئـەوە.
کە بەڕێـوەبـەر، ناوی مـنی خوێنـدەوە، گەر باڵـم ببـوایە لە خـۆشـیـدا دەفـڕیـم. چـوومە بەردەمی مامۆسـتا جـوان. لە پێـشا میـدالیـای یەکەمی پـۆلی شەشی کـردە مـلـم، ئـینجـا (خەڵاتی قوتابی نموونەیی) پێشکەشم کرد و هەردوو روومەتـمی ماچکرد و پیرۆزبایی لـێـم کـرد. مامـۆسـتا (مەهـابـاد)ی رابـەری پـۆلـەکەشـمان، چـەپـکـێک گـوڵی گـەش و جـوانی پێشکەشـم کـرد.

مامۆسـتاکان و قـوتابییەکان، چەپـڵەیەکی درێـژیان بۆم لێـدا و بە گەرمی پیـرۆزباییـان لـێمکـرد. مـنیـش مـاچـم بـۆ هـەمـوویـان هـەڵـدا و زۆر سـوپـاسـیانـم کـرد.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٢




شیعری مناڵان/ خولی فێربوون… عەلی حەمەڕەشید

ھاتووین بۆ خولی فێربوون
تا ئاسۆمان گەش بێ و ڕوون
بـە چـــــالاکی و زانیاری
بە وێنە و مەلـــە و یـاری
لێرە کـات بەسـەر دەبەین
توانای خۆمـان دەردەخەین
وانـەی تــــازە فێر دەبین
ھی ئـەو پۆلەی بۆی دەچین
بۆ خولیا و بەھرەکـانمان
بۆکاری باش و جوانمـان
مامۆستاکــان ھاوکـــارن
لەگەڵمان دەست بەکــارن
تــا ئێمەی بچکـۆلە و ژیر
مرۆڤێک بین ڕۆشـــــنبیر

١٠/٧/٢٠١٨




پەرستار…هۆنراوە بۆ منداڵان…عەلی حەمەڕەشید

پەرستار

هۆنراوەی:عەلی حەمەڕەشید

ئەو مـرۆڤە بەخشندەی
هەمیشە ماندووی کارە
لەنێو نەخۆشخــــانەدا
چـالاک و دڵسۆز دیارە
کەسێکی خۆشەویستە
بیناسن پەرســــــتارە

وەک فریشتە بەفریـای
نەخۆشەکــان دەکەوێ
دەبێتە مـــایەی خۆشی
بۆ نەخۆش کە دەرکەوێ
دڵنیام هەمـــوو کەسێک
پەرستاری خۆشـــدەوێ

مرۆڤێکە میهـــــرەبان
بەگیانی پڕ هاوکـــاری
بۆ شیفای نەخۆشەکان
خەندەی پێیە بەدیاری
گشت پێزانینمان هەیە
بــۆ پیشەی پەرستاری

١٣/٩/٢٠٢١




سروودی ده‌رچوون… نێچیروان وه‌لی

ئێمه‌ی منداڵ ده‌رچووی باخچه‌ین
له‌ باخی ژیاندا خونچه‌ین
هه‌موومان له‌م ماڵه‌ جوانه‌
فێربوون و زانین ئاواتمانه‌
فێربووین جۆره‌ها وانه‌
گۆرانی و سروود و وێنه‌
خوێندمان كوردی و بیركاری
چه‌ند دڵخۆش بووین به‌ یاری
ئینگلیزی و وانه‌ی هونه‌ر
به‌خۆشی بردمانه‌ سه‌ر
ئه‌وه‌ی فێربووین له‌ زانست
به‌به‌هایه‌ و خۆشه‌ویست
ڕه‌فتار و ڕه‌وشتی جوان
دیارییه‌ بۆ هه‌موومان
داده‌كانمان له‌ وانه‌ی ئایین
فێری وته‌ی جوانیان كردین
بژی زانست و نیشتمان
هه‌ر ئاوه‌دان بێ وڵاتمان




چۆنیەتی وتنەوەی هۆنراوە و سرود… عەلی حەمەڕەشید

یەکێک لەو بابەتانەی کە منداڵان بە پەرۆشەوە گوێی لێدەگرن و چێژ و خۆشیی لێوەردەگرن هۆنراوەیە(شیعر) کە وەک گۆرانی دەیڵێنەوە .هۆنراوەی منداڵانیش وەک دەزانین تایبەتمەندی خۆی هەیە و وا باشە ئەو مامۆستا بەڕێزانەی کە لە قوتابخانەدا بە قوتابیانی دەڵێن شارەزاییان تێیدا هەبێت تا زیاتر سەرکەوتووبن لە هەڵبژاردنی ئەو هۆنراوانەی کە دەیانەوێت بە قوتابیانی بڵێن هەر لە باخچەوە تا پۆلەکانی دواتر.مەرجەکانی هۆنراوەی تایبەت بە منداڵانیش بەکورتی لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە:

  1. کورت و پوخت بن و کۆتاییەکی باشی هەبێت ،بەشێوەیەک کە منداڵ خوێندییەوە یان بۆی خوێندرایەوە چاوەڕوانی دێڕی تر نەکات.
  2. وشەکانی سەر بە فەرهەنگی منداڵان بن.
  3. هەوڵبدرێت وشەی نامۆی بە منداڵ زۆر تێدا نەبێت.
  4. بەپێی ئاستی تەمەنی منداڵ نوسرابن.
  5. باس یان وشەی (کوشتن،مردن، خنکان،خوێن…)ی تیا نەبێت یان هەر وشەیەکی تر لەمانە تا لەڕوی دەرونییەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵ جێنەهێڵێت.
  6. هەوڵبدرێت ئاسۆی بیرکردنەوە و خەیاڵی منداڵ فراونتر بکات.
  7. گرنگی بە بەهاکان بەگشتی بدات بەتایبەتی بەها پەروەردەیی و زانستی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و هەر بەهایەک کە شاعیر بەلایەوە گرنگ بێت.
  8. ڕەچاوی لایەنی دەرونی تێدا بکرێت.
  9. هەوڵبدرێت کە خاک و نیشتمان و ژینگە و باوک و دایک و خێزان و مامۆستا لای منداڵان خۆشەویست تر بکات ،هەروەها گیاندار و باڵندەکانیش.
  10. بەکارهێنانی فەنتازیا(خەیاڵ) زیاتر وا لەمنداڵ دەکات کە چێژی لێوەربگرن و زیاتر لایان بمێنێتەوە.
  11. گرنگی بدرێت بە زمان و ڕێزمان و ناکرێت لەپێناو سەروا و وەزنی شیعردا فەرامۆش بکرێن.
  12. تا چیرۆک ئامێز بێت باشترە و زوو دەگاتە منداڵ .
  13. مۆسیقایەکی ناوەوەی هەبێت کە لەکاتی خوێندنەوەیدا منداڵ هەستی پێبکات
  14. هەوڵبدرێت لە شیعردا زانیاری هەڵە نەدرێت بە منداڵ،بۆیە وا باشە شاعیر کە بۆ منداڵان دەنوسێت شارەزاییەکی باشی هەبێت بۆ ئەوەی نەکەوێتە هەڵەوە.
    لەڕاستیدا دەبووایە وەک پڕۆگرام لە وەزارەتی پەروەردە کۆمەڵێک هۆنراوە و سرودی تایبەت لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە ئامادەبکرایە کە لەقوتابخانەدا لەبەردەست مامۆستایاندا بووایە تا بەپێی گونجاندن و بابەتی هۆنراوەکان بۆ ئەو پۆلەی دەیانەوێت لێیهەڵبژێرن و بە منداڵانی بڵێن.لیژنەکەش واباشە لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لەم بوارانەدا سەرپەرشتی بکەن(هۆنراوە ،دەرونناسی،ژینگەیی،تەندروستی،زمانەوانی،کلتوریی و کەلەپور،زانستی….)چونکە منداڵ لە قۆناغی باخچە و بنەڕەتییدا کە بنیاتنانی کەسایەتیی خۆیان و دروستکردنی کۆمەڵگەیە بە شێوەیەکی ورد و زانستییانە کاریان بۆ بکرێت تا سبەینێ کەسانێکی ڕۆشنبیر و چالاک و دروست دەربچن ،چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت هۆنراوە کاریگەری خۆی بەهەردوو شێوەی ئەرێنی و نەرێنی لەسەر منداڵ جێدەهێڵێت.خۆمان کە گەورەین تائێستاش ئەو هۆنراوانەمان لە بیرە کە کاتی خۆی مامۆستا بەڕێزەکانمان پێیان وتووین.بۆیە بۆ وتنەوەی هۆنراوە بە منداڵان وا باشە مامۆستا ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکات:
  15. هەڵبژاردنی هۆنراوەیەک کە گشت مەرجەکانی هۆنراوەی تایبەت بە منداڵانی تێدابێت.
  16. گونجاو بێت بۆ ئەو پۆلەی کە دەیەوێت بەمنداڵی بڵێت،واتا لە ئاستی تەمەنیاندا بێت.
  17. کورت و پوخت و ئاسان بێت و بە ئاوازێک بوترێت.
  18. بۆ مەبەستێک بێت کە مامۆستا پێشتر دیاریکردووە،نەک ئەو ڕۆژە و بەڕێکەوت هۆنراوەیەکی هاتە بەردەست یەکسەر بۆیان بنوسێت و پێیان بڵێت.
  19. پێشتر ئامادەکاری بۆ ئەو هۆنراوەیە کردبێت کە هەڵی بژاردووە و دەیەوێت بەمنداڵی بڵێت،بزانێت خاوەنەکەی کێیە؟کورتەیەک دەربارەی ژیان و بەرهەمەکانی و ئەگەر پەرتوک یان نامیلکەی چاپکراوی هەبوو ،یان لەگۆڤارە تایبەتەکانی منداڵاندا ناوی هەبوو بۆ منداڵی باس بکات.
  20. پێویستە ئەو سەرچاوەیەش دیاری بکات کە هۆنراوەکەی لێوەرگرتووە،تا منداڵ ئەگەر کەوتە بەردەستی جارێکی تر بیخوێنێتەوە کە لەمەوەش مامۆستا دەتوانێت حەزی خوێندنەوە لای منداڵ پەرە پێبدات تا منداڵان لەسەرەتاوە خوێندنەوە بکەن بە کلتور.
  21. ئەگەر لەقوتابخانەدا پەرتوکخانەی تێدا بوو لەوێ بوترێتەوە باشترە و سەرچاوەکان لەوێ هەن و لێرەشەوە هەر کاریگەری ئەرێنی لەسەر منداڵ دروست دەکات بۆ زیاتر ناسینی پەرتوکخانە و خۆشەویستکردنی پەرتوک و گۆڤار و خوێندنەوە.
  22. خۆ ئەگەر ژوری مۆزیک لە قوتابخانەکەدا هەبوو لەوێ کاریگەری باشتری دەبێت بەمەرجێک مامۆستا خۆی شارەزای مۆزیک بێت و بتوانێت ئامێرێک بژەنێت و پێشتر ئاوازێکی گونجاوی بۆ ئەو هۆنراوەیە دانابێت کە دەیەوێت پێیان بڵێت.
  23. ئەگەر شارەزای مۆزیک نەبوو دەتوانێت سود لە هاوڕێکانی وەبگرێت و هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی ئاوازی بۆدابنێن ،یان ئەگەر ئەوان ئاوازیان داناوە بۆ هەمان هۆنراوە کە دەزانن گونجاوە بە تۆمارکراوی لێیان وەربگرێت بۆ قوتابییەکانی خۆی سودیان لێوەربگرێت.
  24. مامۆستا دەشتوانێت سود لەو گۆرانییە تۆمار کراوانە وەربگرێت کە تایبەتن بە منداڵان بەمەرجێک هۆنراوەکە ئەو خاڵانەی لەخۆگرتبێت کە لەسەرەتاوە باسمان کرد.
  25. واباشە مامۆستا ئاگاداری ئەوە بێت کە لەهەر پەرتوکێک نوسرا هۆنراوەی پەروەردەیی یان بۆ منداڵان،مەرج نییە هەموو هۆنراوەکان گونجاوبن و پەروەردەیی بن و دووربن لە وشە و وێنەی نەشیاو.بۆیە پێویستە مامۆستا ئامادەکارییەکی باشی بۆ بکات و بە وردیی و بە باشی هەڵسەنگاندنی بۆ بکات و بیخوێنێتەوە ئەوسا بڕیار بدات کە بە منداڵی بڵێ،چونکە کارێکی وا ئاسان نییە .
  26. ئەگەر لە قوتابخانەدا (داتاشۆ) هەبێت ،مامۆستا دەتوانێت بۆ ئەو کارە سودی لێوەربگرێت.

شێوازی وتنەوەی هۆنراوە یان سرود:
هەموو ئەو ڕاستییە دەزانین کە منداڵان بەگشتی زۆر حەزیان لە گۆرانی و مۆزیکە و بەگوێگرتن لەگۆرانی دڵخۆش دەبن و جیهانە تایبەتەکەی خۆشیان وا دەخوازێت کە بۆ ئەوەی چێژ لە ژیان و سەردەمی منداڵی وەربگرن ئێمەی گەورە بەوریاییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەین و وەک مافێکی ڕەوای خۆیان لەو کارە بڕوانین.بۆیە مامۆستایانی ئازیز کە هەمیشە پێشەنگ بوون لە پەروەردە و فێرکردندا بەهەمان شێوە لەم کارەشدا هەر پێشەنگن و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە لە ئەستۆی ئەوان .لەکاتی وتنەوەی هۆنراوە یان سرود دا پێویستە گرنگی زیاتر بەم بوارە بدرێت و بەشێوەیەکی گونجاو و ڕێگایەکی ئاسان کە منداڵان هەم چێژی لێوەربگرن و هەم هۆنراوەکەش بە ئاسانی لەبەر بکەن.
• سەرەتا مامۆستا هۆنراوەکە جارێک بەدەنگەوە بۆ قوتابیان بخوێنێتەوە تا بتوانێت حەزی منداڵەکان بۆ هۆنراوەکە لەسیمایانەوە ببینێت.
• پاشان چیرۆک ئاسا باسێکی کورتی هۆنراوەکە بکات و ناوی خاونەکەی بە منداڵان بڵێت.
• ئیتر دێڕ دێڕ لەسەر وایت بۆردەکە بینوسێت و بەو ئاوازەی کە ئامادەی کردووە خۆی بیڵێت و ئەوانیش لەدوایەوە بیڵێنەوە.
• کەزانی دێڕی یەکەم بەباشی دەڵێن ئەوا دەتوانێت دێڕی دووەم بنوسێت…بەمشێوەیە تا کۆتایی هۆنراوەکە.
• دواتر دەتوانێت یەک یەک قوتابیان هەڵبسێنێت و بیڵێنەوە.

• لەم وتنەوەیەدا مامۆستا دەتوانێت ئەوانە دیاری بکات کە دەتوانن باشتە بەو ئاوازە بیڵێن و زووتر لەبەریان کردووە وەک کۆرسێک.
• دواتر جارێک ئەمان وەک کۆرس بیڵێن و ئەوانەش کە ماون دوای ئەمان بیڵێن و جاری سێیەم هەمووان پێکەوە بیڵێن.
• بەدووبارەکردنەوەی لەم شێوەیە لەگەڵ مامۆستا هەمووان دەتوانن هۆنراوەکە لەبەر بکەن..
• ئیتر داوا لە قوتابیان بکات کە لە پەڕاوی تایبەتدا بینوسن.بۆ وانەی داهاتوو دووبارە بکرێتەوە باشتر و ئاسانترە لای قوتابیان و بە دووبارەکردنەوەش زیاتر لەبەری دەکەن و بەخۆشییەوە دەیڵێنەوە.

عەلی حەمەڕەشید
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی




شیعری مناڵان/ بەرات… عەلی حەمەڕەشید بەرزنجەیی

وەرن وەرن ئـــــــازیزان
ئەی منداڵانی گــــــەڕەک
نوقــــــڵ و شیرینییم پێیە
دەی وەرنە دەرێ یەک یەک

دەزانم شـــــەوی بــەرات
چەندە خۆشـــــە لای ئێوە
بۆیــــە وا بــە نوقڵـــەوە
من وەســـتاوم بـــە پێوە

بەشی خۆتــان وەربگرن
با ئاسودە و دڵخۆش بن
کۆڵان کۆڵان بگــــەڕێن
گــــــۆرانی بەرات بڵێن

بڵێن ئەمشـــــەو بەراتە
هەموو هاتووین بۆ دیاری
بەدڵخـــۆشیی دەگەڕێین
وەکــو خۆشترین یــاری




سرودی ئاوەدانی.. عەلی حەمەڕەشید

ئێمـــــەی منداڵ دڵخۆشین
وا بەهار و ســــــــەیرانە
ئەوەی تینمــــــان دەداتێ
هەڵەبجە ئـــــــــــاوەدانە
….
وەرن هەمــــــــوو پێکەوە
بە ئـــــاواز و گــــــۆرانی
دەستی یەکتری بگـــــرین
بەخۆشیی و شادومـــــانی
….
بڵێین ئێمـــــەی بچکۆلە
پەرۆشین بۆ ئەو کــــارە
بۆ بــــــــاشتر بنیاتنانی
ژیانەوەی ئەم شـــــارە
….
بەخوێندن و زانیـــــــاری
هەنگــــاو دەنێین بە گشتی
هەتا شـــــاری هەڵەبجە
نمــــــــونەبێت بۆ ئاشتی
….
ناوی وەکــــــو ئەستێرە
گــەش بێ و بدرەوشێتەوە
سرودی سەرکەوتن بێ و
هەموو کـــەس بیڵێتەوەی
….
بویت بەپایتەختی ئاشتی
دڵخۆشـــــــم ئاوەدانی
بڵند و پڕ شکــــــۆ بی
تۆ ناسنامـــەی کوردانی

١٤/٣/٢٠٢٢




هـۆنراوە بۆ منداڵان.. نـه‌ورۆزە .. رەزا شـوان

ئـه‌مــــڕۆ جــــــه‌ژنـی نـــــــــه‌‌ورۆزە
جــــــه‌ژنـی کـــــــوردە پـــــــــیـرۆزە
* * * * *
شـاجــــــــــه‌ژنی کـوردســـــــــــتـانـه‌
ســــەری ســاڵی نـوێـمـــــــــــــــــانـە‌
* * * * *
نـــــــه‌ورۆز جـــــه‌ژنـی شـــــــادیـیـه‌
رزگــــــــــــاری و ئـــــــــــــــازادیـیـە ‌
* * * * *
تـه‌وقـــــــــــه‌ و پـــــــــــــیـرۆزبـایـیه‌
خـۆشـی و شـــادی‌ و شـــــــــــــایـیـه‌
* * * * *
دیـــــاری نـــــــــه‌ورۆز نـــــــێـرگـزه‌
گـــــــوڵـی جــــــوانـی ئــــــه‌م وەرزە
* * * * *
رۆژی ســــــــــه‌یـران و گـه‌شـــــــتـه‌
کـوردســــــــتـانمـان بـه‌هـه‌شــــــــتـه

سـویـد: ٢٠٢١‌




شیعری مناڵان/ نەورۆز و نوێ بوونەوە.. عەلی حەمەڕەشید

ئێمــــەی منداڵ هەرهەموو
نەورۆزمان زۆر خۆشدەوێ
نێرگزی داوە لــە خــۆی
وەکو بوک دەردەکــەوێ

لەگەڵ هـــــاتنی نەورۆز
بەگــــۆرانی و هەڵپەڕکێ
ئامـــــادەین بۆ پێشوازی
لە شار و شارۆچکە و دێ

نـــــــەورۆز نوێبوونەوەیە
بۆ خاک و خەڵک و گیاندار
سەرمـای زستان نامێنێ و
دەچینە وەرزی بەهــــــار

کە نەورۆز دێ لەگەڵ خۆی
خونچەی نوێمان بۆ دێنێ
نەورۆز هۆی دڵخــۆشییە
بۆ کوردان لە گشت شوێنێ




چـیرۆک بۆ منـداڵان.. بیـربکەرەوە پێـش ئـەوەی بڕیـاربـدەیـت.. و. رەزا شـوان

پـزیشکەکە زۆر بە خـێرایی هـاتە نـاو نەخـۆشخـانەکەوە، بۆ ئەوەی نەشـتەرگـەری بۆ منداڵێک بکات. بە پـەلە چـووە نـاو ژووری جـل گـۆڕین و جـلـێکی سـەوزی پـۆشی و یەکسەر بە خـێرایی چـوو بۆ بەشـی نەشـتەرگـەری. لە هـۆڵـەکـەدا بـاوکی منـداڵەکەی بـیـنی کە چـاوەڕێی دەکـرد.
باوکی منداڵەکە بە تووڕەییەوە: بۆ ئەم هەموو کاتەت پێچوو؟ بۆ نازانی ژیانی منداڵەکەم لە مەتـرسی دایـە؟
پـزیشکەکە بە زەردەخـەنەوە: ببـوورە، لەناو نەخۆشخانەکەدا نەبـووم. کە پەرستیارەکە بە تەلەفـۆن پەیـوەندی پێوەکردم، بە ئەوپەڕی خێراییەوە هاتـم. هـيوادارم هـێورببیتەوە. تا بتوانـین بە ئـەرک و کـاری خـۆمـان هـەڵـبستـین.
باوکی منـداڵەکە: هـێوربـبم! گەر منـداڵەکەی تـۆ لـەم ژوورەدا بێـت ئایا هـێوردەبیـتەوە؟ گـەر منـداڵـەکەی تـۆ لە چـاوەڕوانی پـزیـشکـدا بێـت و بمـرێـت چـی دەکـەیـت؟
پـزیشکەکە دیسان بە زەردەخـەنـەوە: ئێـمە ئەوپـەڕی تـوانامـان بەکـاردەهـێنـین بـۆ ئـەوەی منـداڵـەکەت چـاک ببـێـتـەوە.
دوایی پزیشکەکە چـووە ژووری نەشتەرگەرییەوە، لە دوای دوو کاتژمێر هاتە دەرەوە.
پزیشکەکە بە زەردەخـەنەوە: سوپاس بـۆ یەزدان، نەشتەرگەرییەکی سەرکەووتـووم بۆ منـداڵەکەت ئەنجـامـدا. ئێستا تەنـدروستی زۆر باشە. گـەر هـەر پرسیارێکـت هـەیە لەم خانمە پەرسـتیارەی بکە وەڵامـت دەداتـەوە.
دوایی پـزیـشکەکە زۆر بە خـێرایی لە نەخـۆشخـانەکە چـووە دەرەوە و رۆیـشـت.
باوکی منـداڵـەکە بە پەرستـیارەکەی وت: ئـەم پـزیـشـکە بـۆ هـێــندە لـووت بـەرز و لەخۆبـاییە؟ بـۆ نەیـدەتـوانی بۆ ماوەی چەنـد خولـەکـێک لەگـەڵمـدا رابوەستـێـت، تا دەربـارەی نەشتەرگەرییەکـە و دۆخـی منـداڵـەکەم چـەنـد پـرسـیارێـکی لـێـبـکەم؟
خانمە پەرستیارەکە دڵۆپ دڵۆپ فـرمێسک لە چاوەکانی دەهـاتنە خوارەوە: نا وانیـیە. پـزیشکێکی زۆر دڵسۆز و خاکی و رووخۆشە. ئەم بەیانییە، منـداڵەکەی بە کارەساتی ئۆتـۆمبـێل شێلان گیانی لەدەست دا. کە بە تەلەفـۆن پەیـوەندیـم پێـوە کـرد، خەریـکی ناشتـنی منـداڵەکەی بـوون. کە ناشتیان، یەکـسەر بە ئەوپـەڕی خـێـراییەوە هـات، بـۆ ئەوەی نەشـتەرگەری بـۆ منـداڵـەکەی تـۆ بکات و لە مـردن رزگـاری بکات. بۆیـەش
بە پـەلـە رۆیـی، بـۆ ئـەوەی لە پـرسـەی ماتـەمیـنی جـگەرگـۆشـەکەیـدا ئامـادەبێـت.
باوکی منداڵەکە، زۆر خەمبار بوو، زۆریش پەشیمان بـۆوە لەو قـسە رەقانەی کە لە رووی پـزیشکەکەدا کردی. چـوو بـۆ پرسەکەی و سەرەخـۆشی لە پـزیشکەکە کرد و زۆر داوای لـێبـووردنیـشی لـێکـرد.

(*) ئەم چیرۆکەم لە ئینگـلیزییەوە وەرمگێڕاوە بۆ کوردی. ناوی نووسەریشی بە سەرەوە نییە. (Think befor you judge)




شیعری مناڵان/ زمانی دایک.. عەلی حەمەڕەشید

زمانەکـــەم کـــوردییە و
شانازیی پێوە دەکــــــەم
ئەو باشترین بەڵگــــەیە
دەیسەلمێنێ کــە من ھەم

بــۆ پێشخستنی وزمــــان
ھەمیشە لــــە ھـــەوڵدام
وەک چــاوم خۆشمدەوێت
ھێندە شـــیرینە لــــەلام

پـارێزگـــــاری کــــردنی
ئــــەرکی درشــت و وردە
چونکــــە زمــــانی دایک
ناسنامــەی ئێمــەی کوردە
٢٣/٢/٢٠١٩




چـیرۆک بۆ منـداڵان.. سێ پەپـوولە.. و. رەزا شـوان

سێ پەپـوولەی بچکـۆلە و جـوان و رەنگ جیـاواز، سوور و سـپی و سـەوز، بـوون بە هـاوڕێ. دڵسۆزی یەکتری. لە وەرزی بەهاردا، هەموو رۆژێک، لە گوڵزارێکی گەورەی گـوڵ هـەمـەڕەنگـدا، بە یەکـتری دەگەیشـتن. لەبـەر هـەتـاوی گەرمـدا لەسـەر ئـەم گـوڵ و ئەو گـوڵـدا دەنیشـتنەوە، تێـر شـیلەی هـەڵاڵـەیـان دەمـژی.
ئینجـا دەستـیان دەگـرت و تێـر سەمـایان دەکـرد، چـاوشـارکێ و یـاری خۆشـیان دەکـرد. ئێوارانـیش دەگەڕانـەوە بۆ ماڵـەکـانیان.
رۆژێک لە دوای نیوەڕۆدا، کە پەپـوولە بچکۆلانەکان لەناو گوڵزارەکەدا یارییان دەکرد، هەورێکی تاریک بەری ئاسمانی گرت، دەستی بە باران باریـن کرد. پەپـوولەکان فریای ئەوە نەکـەوتن کە بگـەڕێنەوە بۆ ماڵەکـانیان. چـوون بۆ لای گوڵـەکان، کە تا بارانـەکە لێـدەکاتەوە داڵـدەیـان بـدەن و تەڕنـەبـن.
پەپـوولەکان: گـوڵاڵە سـوورە گیـان، پەڕەکـانت بـۆمـان دەکـەیتەوە بێـینـە ژوورەوە، تا بارانـەکە لێـدەکـاتەوە؟
گـوڵاڵە سوورە: پەپـوولە سوورەکە، تۆ دەتـوانیـت بێیـتە ژوورەوە، چونکە رەنگەکەت لە رەنـگی منـە. بەڵام سـپی و سـەوزەکە نـابێـت بێـنـە ژوورەوە.
پەپـوولە سوورەکە: گـەر رێ بە هـاوڕی سـپی و سـەوزەکەم نەدەیـت بێـنە ژوورەوە، منیـش نایـەمە ژوورەوە. لەبـەر بارانـەکـەدا دەبیـن.
بارانـەکە بە خـوڕتـر بـاری، پەپـوولە دامـاوەکان زیـاتر تەڕبـوون. فـڕین و چـوون بۆ لای گـۆڵە هـێرۆیـەکی باڵابـەرزی سـپی.
پەپـوولەکان: گـوڵە هـێرۆی دلـۆڤـان، کەمـێک خـۆت دەکـەیتـەوە، بـێیـنە ژوورەوە تا بارانـەکە دەوەسـتێـت.
گـوڵە هـێرۆ: جـێگای پەپـوولە سپـیـیەکە دەکـەمەوە، چونـکە رەنـگەکەی لە رەنگی منـە. بەڵام پێـویسـتە پەپـوولە سـوور و سـەوزەکە لە دەرەوەدا بمـێنـنەوە.
پەپـوولە سپـییەکە: گەر پێشـوازی لە هـاوڕێ سـوور و سـەوزەکەم نەکـەیت. منیش نایـەمە ژوورەوە، لەبـەر بارانـەکەدا لەگـەڵیانـدا دەمـێنمەوە، پێـمخـۆشـە کە تەڕبین، نەک لە یەکـتری دابـڕێـین.
پەپـوولە بچکۆلەکـان فـڕین و دوورکەوتنـەوە، چـوون بـۆ لای گـوڵە گـەزیـزەیـەکی سـەوزی مەیـلەو سـوور، تا جـێـگایان بـکاتـەوە.
پەپـوولەکان: گوڵە گەزیـزەی جـوان و بـۆنخـۆش، جێگامان دەکەیتەوە بێـینە ژوورەوە تا بارانـەکە لـێـدەکـاتەوە؟
گوڵە گەزیـزە: جـێگای پەپـوولە سـەوزەکە دەکـەمـەوە، تـا رادەیـەک رەنـگەکـەی لە رەنگی مـن دەچـێـت. بەڵام پەپـوولە سپی و سوورەکە، دەبێـت لە دەرەوەدا بمـێننەوە.
پەپـوولە سەوزەکە: من بەبێ هـاوڕێکانم نایەمە ژوورە، تەڕبوونم پێ باشترە، لەوەی لە هـاوڕێـکانـم جـیـابـبمەوە.
پەپـوولەکان فـڕین و دوورکەوتنەوە. سەرەڕای تەڕبوونیان، پشتی یەکـترییان بەرنەدا.
خۆر کە لە پشتی پەڵە هەورێکەوە بوو، گوێی لە هەموو قسەکانی پەپوولە بچکـۆلەکان و گـوڵـەکان بـوو. لە دڵسـوزی و خۆشـەویستی هـاوڕێتییان تێگەیـشـت. بۆیـە لە نێـوان هەورەکەوە، بە زەردەخەنەیەکی ناسکەوە، دەموچاوی دەرخست و پاڵی بە هەورەکەوە نا و دووری خستەوە و بارانەکەی وەستانـد. تیشکەکانی بۆ گوڵـزارەکە نارد. بە پەلـکە زێـڕینـەی حـەوت رەنگـیش ئاسمانی رازانـدەوە.
پەپـوولە بچکـۆلەکان گـەرم بـوونەوە و باڵەکـانیان وشکبـوونەوە، خەمیان رەوییـەوە.
شادی و خۆشی کەوتە دڵیـانەوە. دەسـتـیان بە یاری و چاوشارکێ و سەما کـرد. پێـش خۆرئـاوابـوونیـش، گەڕانـەوە بۆ ماڵـەکـانی خۆیـان.
(*) بە کەمێک دەستکارییەوە، ئـەم چـیرۆکەم لە ئینگـلیزییەوە وەرگـێڕاوە بۆ کوردی.
چـیرۆکێکی فـۆلکلۆرییە. ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و چەنـد ولاتێکی تر، دەیـدەنە پـاڵی خۆیان.
ئەو مەبەستەی لەم چیرۆکەدایە، مەبەستێکی رەوشتییە، هـاوڕێتی راستەقـینە دەخاتە روو، بە تایبـەتیـش لە کـاتی تەنـگانـەدا.
نەرویـج: ٢٠٢٢




پروشەی دڵخۆشی.. عەلی حەمەڕەشید

دڵخـــــۆش بــــووم بەبینینی
دیمەنی بەفــــری زســــتان
ورد ورد پروشــــەی دەکــرد
ســەرنجـــڕاکێش بوو لامان
،،،
خۆم داپۆشی و چوومــــــەدەر
بوکـــــــــەبەفرینەشم کــرد
خـــــــــــۆراک و نانە وردەم
بۆ چۆلــــــــەکە و کۆتر برد
،،،
هەتا توانیم یاریم کــــــــرد
بەڵام پێش ئەوەی بــــــڕۆم
کــــــۆمەڵێک وێنەم گرت و
چوومەوە ژوورەکـــــەی خۆم
،،،
عەلی حەمەڕەشید




پەروەردەکردنی منداڵەکانمان بە خۆشەویستی بۆ کوردستان.. رەزا شـوان

کوردستان لە ئەوپەڕی باکووریەوە بۆ ئەوپەڕی باشووری، لە ئەوپەڕی رۆژهـەڵاتیەوە بۆ ئەوپەڕی رۆژئاوای، بە زەوی و ئاسمانیەوە، بە شاخ و گـرد و دۆڵ و دەشتیەوە، بە ئاو و رووبار و هەوا و سامانیەوە، بە دارستان و بـاخ و چـەم و گـوڵ و گـوڵـزاریەوە، بە دیهـات و شـارانیـەوە.. نیشـتمانی پـیرۆز و شیـرین و جـوانی ئێـمەی کـوردە. جـێی هەزاران ساڵەی باب و باپیرانمانە لێرە ژیان و لێرە مردن، لێرە دەژین و لێرە دەمرین.
کوردسـتان ماڵی گەورەی هەموومانە. دایـک و باوکـمانە، خوشک و بـرامانە. کەس و کارمـانە. کوردسـتان سـۆما و گـلـێنەکـانی چاوەکـانمانە. هەنـاسە و دڵ و دەروونمـانە. کۆردستان گـروپی خوێمـانە. کوردستان مێـژوو و جوگـرافـیا و ناسنامەمـانە. رابـردوو و ئەمـڕۆ و داهـاتـوومـانە. کوردستان هەمـوو شتێکـمانە. سۆز و خۆشەویستیمان بۆ کوردستان بێ سنوورە و لە قـووڵایی دەروونمانە. کوردستان. بۆیـە نـاوی کوردسـتان، جـوانـترین وشـەیە لە لامـان، بـۆتـە ویـردی شـیریـنی هەمیشەی سەر زارمـان. بـوون و ژیـانمـان، بەبـێ کوردســتان هـیچ واتـایـەکی نیـیە.
کوردســتان گـەر تـۆ نەبـی تەیـرێکـم بێ ئاسـمان
بە نـاوی تـۆی پـیـرۆز سەربـڵـنـدم لەنـاو جیهـان
خۆشەویستیمان بۆ کوردستانی جـوانمان، خۆشەویستیـیەکی رەمـەکـيیە، بە زگـماکییە لەگەڵ لەدایکـبوونماندا لە دایکبووە. تێکەڵی هـەست و ویژدان و خڕۆکە سوورەکانی خوێنـمان بـووە. هەر وەک ئەوەی بۆمـاوە بێت و لە دایـکان و باوکـانمانەوە بـۆمـان مـاوەتـەوە. شـاعـیری گـەورەی گەلـەکەمـان (عـەبـدوڵـڵا گـۆران) دەڵـێـت:
کوردســـتان: جـێــگـامی جـێی هــەزار ســاڵـەم
پـەروەردەی ئەم دۆڵ و سەر لـووتکە و یـاڵـەم
عـەشـقی تـۆ، ئەی دایـکی خـۆم و هـاوخـوێـنـم
هـەر لـە پـشـــــتـی بـاوکـــــا چــــــووە خـوێـنـم
ئـەشـچـێـــتـە هــــــەوێـنـی کــــوڕ و کـــــوڕەزا
تـا تــاقـێ کـــورد مــابـێ لـە چـیــــای بــــــەرزا
کوردسـتان زۆری پـێ بەخـشـیویـن. پێویستە ئێـمەش بە ئەمەکـبین و رۆح و گـیانمانی پێ ببەخشین. راستە کە ژیـان شیرین و بەنرخە، بەڵام کوردستان شیرینتر و بەنرخترە.
(ئەفـلاتـوون) دەڵـێت:”هـیـچ خـۆشــەویسـتـییەک، نـاگـاتە خـۆشـەویسـتی نیـشـتـمان”
(بومـارشە) ش دەڵـێت:” جـوانە کە مـرۆڤ لە پێـناوی نیشـتمانەکەیـدا بمـرێت. بـەڵام لەوە جـوانـتر ئەوەیـە کە لە پێـنـاوی ئـەم نیـشـتـمانـەدا بـژیـت”
خۆشەویستیمان بۆ کوردستان، تەنیا بە قسەی رووت و بە بەڵـێن و دروشمی بریقـەدار گوزارشتی لێناکرێت، بەڵکو پێویستە بە دڵسۆزی و بە کاری کـرداری و بە خزمەتکردن و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستان، بە ئامادەبوونمان بۆ بەرخودانی و بەخشینی رۆح و گیانمان لە پێناوی پارستن و بەرگریکـردن لە کوردستان، دڵسۆزی و خۆشەویستیمان و ئەمکـداریمان بۆ کوردستانمـان بسەلـمێـنـین.
چۆن خۆشەویستی کوردستانمان لە دەروونی منداڵەکانماندا بـڕوێنین؟
پێویستە هەر لە منداڵـییەوە، منداڵەکانمان بە خۆشەویستی بۆ کوردسـتان، بە دروستی گۆش و پەروەردەیان بکەین و رایان بهـێنین. چونکە ئەم منداڵانەی ئەمڕۆمان. هیوای داهـاتووی کوردستانن. ئەمانن کە دەبن بە کەڵە تێکۆشەران و شۆڕەسوارانی مەیدانی کوردایەتی و مەردایەتی. منداڵانی ئەمڕۆمانن لە سبەینێدا دەبنە سەرکردە و دەسەڵاتدار و بەڕێوەبـەر و فەرمانبەر و بڕیـاردەر. هەموو کاروبارێکی کوردستان بەڕێـوەدەبەن.
لەم پێودانگەوە، پەروەردەکردنی منداڵەکانمان بە خۆشـەویستی و هـاوبەستەبوون بۆ کوردستان ئەرکێکی زۆر هەستیار و چارەنووسسازە. بەڵام پێویسترین و پـیرۆزتـرین ئەرکی ئەستۆێ هەموو لایەکمـانە: خێـێزان، قوتـابخـانە، مامۆســتایـان، نووسـەران و شاعـیران، هونەرمەنـدان، کۆمەڵـگا، ميـدیا و راگەیانـدنەکان، رێکخراوەکانی منـداڵان، هەر خەمخۆر و هـیواخوازێکی داهـاتوویەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان.

بێگومان بەرزترین و گرنگترین و پیـرۆزترین ئامانجی پـەروەردەکردن و فـێرکردن و ئامـادەکـردن و راهـێنانی و ئاراسەکـردنی منداڵەکـانمان، بۆ ئەمـڕۆ و بۆ داهـاتوویان، خۆشـەویستی و شـیرینکـردنی هـاوبەستەبـوونیانە بۆ کوردسـتانی نیشـتمانمـان. ئـەم هـیوا و ئامانجەش بە شەو و رۆژێـک نایەتـە دی. پشوودرێـژی و هـاوکـاری هەمـوو لایەکمانی دەوێت، بە تایبەتیش هاوکاری لە نێوان خـێزان و قوتابخـانەدا، چـونکە ئەم دوو لایەنە پشکی شێری ئەرک و بەرپـرسیارێتیـیان لە پـەروەردەکردنی منداڵەکـانمان هەیە. قوتابخانە تەواوکەری پەروەردەی ماڵەوەیە و دەتوانێت زیاتر و دروستر گەشە بە پەروەردەکـردنی منـداڵەکانمان بـدات. زیاتـریش خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە هـۆش و دەروونی منـداڵاکـانمانـدا بـڕوێنـێت.
گەلێ رێگا و شێوازی جیاواز هەن، کە دەتوانین بە هۆیانەوە سۆز و پەرۆش و هەست و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە دەروونی منداڵەکانمانـدا بـڕوێنـین و شـیرینـیان بکەيـن. بە کـورتی و بە چـڕي ئەمـانە بەشـێکـن لـەو رێگـا و شـێـوازانـە:
١ـ هەر لە منداڵییەوە بە شێوازێکی ئاسان و بە پێی تەمەنیان، هـەست و خۆشەویستی و هـاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە دەروونی منداڵەکانمانـدا بـڕوێنین و شیریـن بکەین.
٢ـ رۆشنبیری منداڵان، رۆڵيکی گرنگی لە خوشەویستی و هاوبەستەبوونی منداڵان بۆ کوردستان هەیە. بە رۆحی دڵسۆزی و ئەمەکداری زاخاوی هۆش و دەروونیان دەدات.
٣ـ بە مێـژوو و جوگـرافـیا و کـولتـوور و شۆڕشـەکـانی گەلـەکەمـان و بە ژایـاننـامەی سەرکردە و تێکۆشەرە دڵسۆزەکانی گەلەکەمان، لە پیاوان و ژنانمان ئاشنایان بکەین.
٤ـ بۆ گەشت و گەڕان و ئاشانابوون، بیان بەین بۆ سەیرانگاکان و هاوینەهەوارەکان و شوێنەوارە دێرینەکانمان، پێیان بڵێین ئەم شوێنانە بەشێکن لە کوردستانی نیشتمانمان.
٥ـ نەک هەر مامۆستای وانەی پەروەردەی نیشتمانی، پێویستە مامۆستاکانی وانەکانی کەش (زمانی کـوردی، مـێژوو، جوگـرافـیا، زانیـاری، بیرکاری، پەروەردەی هونەری، پەروەردەی وەرزشی) دەتوانن بابەتی وانەکانیان بە خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان گرێ بـدەن. بە تایبەتیش وانەی کوردی و پەروەردەی هونەری و وەرزشی.
٦ـ سروود و شیعرە نیشتمانییەکانمان لە قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا، رۆڵێکی زۆر گرنگ و کاریگەریـان هـەیە، لە شیرین کـردنی خۆشەویستی و هـاوبەستەبـوونی قوتـابیان بۆ کوردستان. شاعـیرانی کۆن و نوێمان، بە تایبەتیش شاعـیرانی بواری ئەدەبی منـداڵان، بە دەیان سروود و شیعـریان دەربارەی جـوانی و خۆشـەویستی کوردستان نووسـیون، پێـویستە پەرتووکخـانەکـانی قوتابخـانەکـان، بە پەرتـووکی شـیعـری ناسک و شـیرینی شاعـیرە ناسراوەکانمان دەوڵەمەنـد بکەن و هانی قوتابییەکانیان بدەن بۆ خوێنـدنەوە و لەبەرکـردنیان و وتنیان لە کاتی ریـزبوون و هەڵکـردنی ئـاڵای پیرۆزی کوردستانمان.
٧ـ پێویستە هـەر لە منداڵییەوە خۆشـەویستی و رێـزی پێشـمەرگـەکانی کوردسـتانمـان لە دەروونی منـداڵەکانمانـدا بـڕوێنـین، کە بـە ئەوپـەڕی قـارەمانێـتی و گیانبەخـشینەوە بەرگری لە سنوورەکانی خاکی پیرۆزی کوردسـتانمان دەکەن و بەرپـەچی هـێڕشەکانی نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان دەدەنەوە. بە جوانیشی دەزانین گەر پێشمەرگە بانگی قوتابخانە بنەڕەتییەکان بکـرێن، تا باسی بەرگری لە کوردستان بۆ منـداڵەکانمان بکەن.
٨ـ پاراستنی ناوبـانگی کوردستان، لە کوردسـتان و لە وڵاتـانی هەنـدەران و لە بەردەم گەلانی تـردا. پێویستە منداڵەکـانمان وا فـێربکـەین، کە لە کەس قـبووڵ نەکـەن، گـاڵتە بە گـەلی کوردمـان بکەن و بە ناشـیرینی نـاوی کوردسـتانی نیشـتمانمـان بهـێـنن.
٩ـ پێویستە منداڵەکـانمان، لە کوردسـتان و لە هەنـدەرانـدا، لە بـۆنە کوردستانییەکانـدا، بەشدارییان پێبکەین، وەک: جەژنی نەورۆز، یادی ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، رۆژی شەهیدانی کوردستان، رۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، یادی کیمیابارانی هەڵەبجـە، رۆژی ئەنفالی بەدناو، یادی راپەڕینی باشووری کوردستان، یادی ساڵڕۆژی رزگارکردنی شاری کۆبـانی پاڵـەوان. یا هـەر بۆنەیـەکی تـری کوردسـتان.
ئاڵای کوردستانمان بدەین بە دەستیانەوە، یا ئاڵای بچـووک بە بەرۆکیانەوە هەڵواسین، یا لەسەر رومەتەکانیان بە بۆیەی تایبەتی وێنەی ئاڵای کوردستان بکێشین، جوانتریشە گەر بێـتو جـلی کوردییان لەبـەربکـەین. بەشـداریکـردنی منداڵەکـانمان لـەم بـۆنـانەدا، خۆشەویستی و هەستی هـاوبەستەبوونیان بـۆ کوردستان شیرینتر و بەهـێزتر دەکەن.
١٠ـ گـرنگیـدانـێکی زیـاتـر بـە رێـوڕەسمی رۆژانـی هـەڵکـردنی ئـاڵای کوردسـتان لـە قوتابخـانەکانـدا، کە بە فەرمی رۆژانی پێـنج شەمەی هەموو هەفـتەیەک دیاری کـراوە، پێویستە لە کاتی هەڵکـردنی ئاڵاکەمانـدا، مامۆستاکان و قوتابییەکـان، بە ئەوپەڕی رێـز و شکـۆدارییەوە رابوەستن و دەستی راستیان بخـەنە سـەر دڵـیان و پێکەوە سـروودی ئەی رەقیب بچڕن. ئاڵاکەمـان سیمبولی کوردستانە و مایەی سەربەرزی و شانـازیمانە.
١١ـ دایکـان و باوکـان و مامـۆستاکـان، دەتـوانن ئـەو چـیرۆکە کوردییانە بـۆ منـداڵانی کوردمان بخوێننەوە یا بگێڕنەوە، کە بۆ منداڵانی کوردمان نووسراون، خۆشەویستی و هـاوبەستەبـوون لە هـۆش و خەیـاڵ و دەروونی منـداڵانی کوردمـان شـیرینتر دەکـەن.
١٢ـ هـانـدانی منـداڵەکانمان بۆ دەرخستنی بەهـرە و تواناکانیان. بە ئـازادی گوزارشـت لە ناخی دەروونیان بکەن. بە شیعـر و چیرۆک و پەخشان، یا بە وێنەکـێشان، دەتوانن سۆز و هـەست و رۆحی خۆشـەویستی و هـاوبەستەبـوونیان بـۆ کوردستان دەربـبڕن.
١٣ـ پێویستە منداڵەکـانمان بەو رۆحیەتە پاکە پەروەردە و رێنمایی بکەین، کە هەمیشە بەرژەوەندییە گشتییەکانی کوردستان، لە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان بە پێویستر و لە پێـشتر بزانـن. ئەمەش گوزاشتە لە دڵسۆزی و خۆشەویستیـیان بۆ کوردستانمان.
١٤ـ پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکان، پێشەنگ و نموونەی باشبن لە دڵسۆزی و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیـان بۆ کوردسـتان. تا منـداڵەکـانیان و قوتـابییەکانیان چاویـان لێبکەن. چونکە منـداڵان زیاتـر چاولـێکەرین لەوەی کە گوێ لە قـسە بگـرن.
١٥ـ منداڵەکانمان و قوتابییەکانمان هانبدەین، بۆ خوێندن و کۆششکردنی زیاتر، چونکە دەرچوون و پێشکەوتن و سەرکەوتنیان لە قـوتابخـانەدا و گەیشـتنتان بە پلە و پێگە و بە داهاتوویەکی باش. دەتوانن خزمەتی کوردستانی نیشتمانی شیرینمان بکەن. ئەمەش بەشێکە لە دڵسۆزی و خۆشەویستییان بۆ داهاتـوویەکی گەشـتر بۆ کورد و کوردستان.
١٦ـ پێویستە لە منـداڵییەوە منداڵەکـانمان، بە ژینگەپـارێـزی و ژینگەپـاکی کوردستان پەروەردەیان بکەین. تا بزانن کە کوردستانێکی پاک و جوان، هێمایە کوردی پاکیخواز.
١٨ـ پەروەردەکردنی منداڵەکانمان بە هەست و رۆحی خۆشەویستی خوشک و برایەتی و خۆزانینیان بە هاونەتەوەیی کورد و بە هاوکوردستانی. هاوبەستەبوونیان بۆ کـورد و کوردسـتان شیرینتر دەکات، هـۆیەکی گرنگە بۆ هەستکردنیان بە هاوسۆزی و هاوکاری هـاوچارەنـووسی و بۆ بەهـێزبـوونی پەیـوەنـدی خوشک و بـرایەتی و هـاونەتـەوەییان.
پەروەردەکردنی منداڵەکانمان بەم ئاراستە دروستە، بەرپرسیارێتیەکی پێویست و گرنگە، لە ئەستۆی خـێزان و قـوتابخـانە و کۆمەڵگـە و نووسەران و هـەر هەمـوو لایەکـمانە.

١٩ـ پێویستە زمانی شیرینی کوریمان لای منداڵەکانمان شیرینتر بکەین، چونکە زمانی کـوردی گـرنگـترین کۆڵـەکەیە لـە کۆڵـەکە گـرنگەکـانی نەتـەوەییـمان. هـۆی لە یـەک تێگەیشتـنمانە. کـوردی زمـانی فـەرمی گوزارشتکـردن و خوێنـدنەوە و نووسیـنمانە.
٢٠ـ پێویستە فێری منـداڵەکانمان بکەین، کە رێز لە یاساکانی کوردستان و قوتابخانە و لە داب و نەریتیە جوانەکانی کوردەواریمان و لە بەهـا پیـرۆزەکانی گەلەکەمان بگـرن. ئەمەش بەشێکە لە دڵسۆزی و رێـز و خۆشـەویستییان بۆ کوردستانمان.
٢١ـ گۆڤارەکانی منداڵان و کەناڵە تەلەفـزیۆنیە تایبەتییەکانی منـداڵان، رۆڵـيان هەیە لە شیرینترکردن و قـووڵترکردنی خۆشەویستی و هەستی نەتـەوەیی و هـاوبەستەبوون بۆ کوردسـتان. بە داخەوە کە داڕشتن و ئامادەکردنی بەرنامە و پرۆگرامەکانی کەناڵەکانی منـداڵان، لاوازن و وەکو پێویست نیـن. زۆربـەی کارمەنـدەکانیان، نابەڵـەدن لە بـواری پـەروەردە و ئەدەب و هـونەری منـداڵان و لە هـیوا و خواست و ئارەزووەکانیان. زۆر بابـەتی لاواز و سەقـەت پێشکەش دەکـەن. پێویستە ئەم کەناڵانە کۆنترۆڵ بکرێن و بە کەسانێکی شارەزای بـواری پـەروەرە و ئـەدەب و جـیهـانی منـداڵان بیان سـپـێرن.
٢٢ـ ئەو شانۆ و ئۆپەرێت و نواندنانەی کە بە تایبەتی بۆ منداڵان نووسراون و جەخت لەسەر خۆشەویستی بۆ کوردستانمان دەکەن، منـداڵان خۆشـیان رۆڵـە سەرەکییەکـانی تێیاندا دەبینن، هۆکارێکی گرنگـن بۆ شیرینکـردنی خۆشەویستی و هـاوبەستەبـوونی منداڵەکـانمان بۆ کوردسـتانمان. سەرەڕای ئەوەش چـێژ و خۆشـیان پێ دەبـەخـشن.
٢٣ـ پێویستە منداڵان لە ملململانی و مشتومڕ و هاوبەستەبوون بۆ حیزبەکان دووربن. رەوا نییە لە جیاتی هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستان، بە هاوبەستەبوون بۆ حیزب گۆش و پەروەردەیان ببکـرێن. لە منـداڵـییەوە بە ئایـدولـۆژیای حـیزبی هـۆشـیان تێک بـدەن. زۆر بە داخـەوە کە زۆربەی حـیزبەکـانی باشـووری کوردسـتان، بێتـاوانی و دڵپـاکی و ساوێلکەیی و خۆشبڕوایی منداڵانی کوردیان قـوستوونەتە و ریکلامیـان پێـدەکەن و لە خۆپێشانەکان و لە هەڵـبژاردنەکـاندا، بۆ مەبەستی خۆیان بە کاریان دەهـێنن. ئەمانەش تـاوانن و دژی مافـەکـانی منـداڵان و پـرەنسیپە رەوشتییەکـانن.
ئەمانە و چەنـدین رێگـا و شـێوازی تر هـەن. بۆ روانـدن و شیرینترکردنی دڵسۆزی و هەسـت و خۆشـەویستی و هـاوبەستەبـوونی منـداڵەکـانمان بـۆ کوردسـتانی نیشـتمانی شـیرین و جوانمـان. بۆ شانـازی کـردنی منـداڵـەکـانمان بـەوەی کـە رۆڵـەی کـوردن و کوردسـتان نیشـتمانی پیـرۆزیـانە.
رەزا شـوان/ نەرویـج




هۆنراوەیەک بۆ منداڵان بۆ ڕۆژی ئاڵای کوردستان.. عەلی حەمەڕيشید

ڕۆژی ئاڵا
منداڵێکی بچکــۆلانـــــە و
وریـــام بینی زۆر زرنگ بوو
کــــــە ئـاڵایەکی بچــوکی
کـوردستانی لەسەر سنگ بوو
بــەھێمنی ڕێگـــــای دەبڕی
پۆشاکی کــــوردی پۆشیبوو
لێوبەخەندە و سەرنج ڕاکێش
دیــار بـوو دڵی پڕ خۆشیبوو
بانگم کـــرد و پێم وت چییە؟
ئــــاوا خۆشیت لــــە دڵدایە
پێکــــەنی وتی نـــــــازانی
کـــە ئەمــڕۆ ڕۆژی ئــاڵایە

عەلی حەمەڕيشید
١٧/١٢/٢٠١٩




چـیرۆک بۆ منـداڵان.. پەشـیمانی و لـێبووردن .. نووسینی: رەزا شـوان

ماڵمان لە شاری کەرکـووک لە گەڕەکی شۆڕیجـە بوو. لە پـۆلی پێنجەم لە قوتابخـانەی شۆڕیجـەی سەرەتـایی بووم. لە منـداڵانی کـۆڵانـەکەی خۆمـان و لە کـۆڵانـێک پێشتر و کۆڵانـەکەی دوای کۆڵانەکەمـانەوە، کە هەموومـان هـاوڕێی یەکـتری و هـاوقـوتابخـانە بووین. تەمەنمان لە نێوان یانزە و دوانزە ساڵاندا بوو. تیپێکی تۆپی پێمان دامەزراند و ناومان نا (تیپی تۆپی پێی کوردستان) ژمارەمان (١٨) منداڵ بووین. پارەمان کۆکردەوە و بە (٦) پەنـجـایی واتا (٣٠٠) فـلـس. تـۆپێکی لاستیکی گەورەمـان كـڕی. زۆر دڵمان پێی خـۆشـبوو. لە دوای یـاری، هـەر جارەی یەکێکـمان دەمانبردەوە بۆ مـاڵی خۆمـان.
پارچە زەوییەکی چۆڵی گەورە لە سەرووی کۆڵانەکەمان هەبوو. کردمان بە یاریگامان. رۆژانی سێ شەممان و رۆژانی هـەینی، لە دوای نیوەڕوان، دەبـووین بە دوو بەشەوە، تا کفـت دەبـووین تێر یاریی دوو گۆڵـیمان دەکرد. بەڵام ئەوەی کە نیگەرانی کردبووین. رەفـتاری هـەڵەی (شـێرۆ)ی هـاوڕێمان و ئەنـدامێکی تیپەکەمـان بـوو. کە کەمـێک لە خۆبـایی بـوو. زۆر رەق یـاری دەکـرد. لە هـەر یارییـەکـدا، شـەقی لـە پـێی یەکـێک یا دووانـمان دەدا. یان پـاڵـێکی قـایـمی بە یەکێکمانەوە دەنـا و دەیخـستین و ئـازاری پێ دەگەیـانـدین. مـن دوو جـار بەر شـەقی شـێرۆ کەوتـم. جـارێکـیان ئازارێکی زۆری بە پێی راستم پێگەیانـد. لە دوو یاری دا، نەمتوانی یاری بکـەم. هـەر بە هـۆی شێـرۆوە جاری واش هـەبوو یارییـەکەمان رادەگرت و بە دڵـتەنگـیـیەوە کۆتاییمان پێ دەهـێنا.

گـلەیـیمان لێی کرد و زۆریش ئامۆژگاريمان کرد. بەڵام بێ سوود بوو. تا گەیشتە ئەو رادەیەی کە لە رەفتاری شێرۆ بێزاربووین. بیرمان لە دۆزینەوەی چارەسەرێک کرد.
بەبێ ئاگاداری و بێ بەشداریکردنی شێرۆ، هەموو ئەنـدامانی تیپەکەمان لە شوێنێکـدا کۆبووینەوە. کە چی بکەین بۆ ئەوەی وا لە شێرۆ بکەین واز لەم رەفتارەی بهێنێـت و بە خۆیدا بچێتەوە. چەند هاوڕێیەکمان پێشنیاریان کرد و رای خۆمان لە بارەیانەوە وت.
شاهـۆ: سبەینێ کە شـێرۆ هـاتە نـاو یاریـگاکەوە، با پێـکەوە هەمـوومان رووبـەڕووی ببـیـنەوە و بە پـاڵ دەریـبـکـەیـن.
دارا: با لە تیپەکەمان دەری بکەین و قسەی لەگەڵدا نەکەین و واز لە هاوڕێتی بهـێنین.
سەرکەوت: با لە لای مامـۆسـتا فـەرهـاد، مامۆسـتای وەرزشـمان سکاڵای لێ بکەیـن.
کە نـۆرەی مـن هـات، راو و پێشنیـارم ئەمـە بـوو:” با سبەینێ هـەینی یاری نەکەین و کەسمان نەچین بۆ یاریگاکەمان. کە شێرۆ بچێت و کەسمان نەبینێت، هەست بە شتێک دەکات. رۆژی شەممەش لە قـوتابخانەدا، کە شـێرۆ رۆژ باشی لێکردین، بە ساردییەوە وەڵامی بـدەینەوە. ئەگەر پرسی: بۆ بە ساردی وەڵامـم دەدەنەوە؟ چی بـووە؟ بۆ دوێنێ کەستان نەهاتن بۆ یاریگاکە؟ ئەم وەڵامە، وەڵامی هەموومان بێت:”لە خـۆت بپـرسـە” هەمـوو ئەنـدامـانی تیپەکەمـان، ئـەم را و پێـشـنیارەیـان پێ بـاش بـوو.
بەیـانی رۆژی شەممـە، کە شـێرۆ رۆژ بـاشی لێـمان کـرد، بە سـاردییـەوە وەڵامـیمـان دایەوە. کە پـرسی:” بـۆ بە ساردییەوە وەڵامـم دەدەنـەوە؟ بـۆ دوێـنێ کەستان نەهـاتن بۆ یاریگاکە؟ چی بـووە..؟”. هەر یەکەمان بە “لە خـۆت بـپرسـە” وەڵامیمان دایەوە.
ئەو رۆژە کە چووینەوە بۆ ماڵ، شـێرۆ زۆر دڵـتەنگ و خەمبار ببوو. زانی تەگـبیرمان لێی کردووە. بیری لە وەڵامەکەمان کردەوە، لەبەر خۆیەوە، وتی:”هـاوڕێکانم هەقـیانە کە بە سـاردی وەڵامـم بـدەنـەوە. راسـت دەکەن پێویسـتە لە خـۆم بپـرسـم. مـن ئـازاری هەموویانم داوە، دڵی هەموویانم رەنجانـدووە. من هەڵەم و پێویستە پەشیمان ببمەوە و واز لەم رەفـتارە ناشـیرینەم بهـێنم. واتە من خەتـابارم و هـەر مـن دەتـوانم کۆتـایی بەم کـێشـەیە بهـێـنم. پێـویسـتە لە پێشـا یـەک بە یـەکی هـاوڕێـکانـم ئاشـت بکـەمەوە.”
بەیـانی رۆژی یەکـشەمـمە لە قـوتابخـانـەدا، شـێرۆ هـات و دەستی کـردە مـلی یەک بە یەکـمـان. چاوەکـانی پـڕببـوون لە فـرمـێسک و وتی:”هـاوڕێ خۆشـەویستەکـانـم، مـن ناتـوانـم بەبێ ئێـوە هـەڵـبـکەم. مـن خەتـابارم و دان بە هـەڵەکەمـدا دەنێـم، کە ئـازاری هەمـووتـانـم داوە. زۆر پەشـیمانـم. بەڵـێنـت دەدەمێ، کـە ئیتـر ئـەم رەفـتـارە ناشـیرینە دووبـارە نـاکـەمـەوە و دڵـی کـەسـتان نـاڕەنجـێـنـم. بە رۆحـێکی وەرزشـیـیەوە داواتان لێـدەکەم کە لـێـم ببـوورن.
منیش بە نـاوی هاوڕێیانی ئەندامانی تیپەکەمانەوە، وتم:”شـێرۆ گیـان، تۆ هـاوڕێیەکی خـۆشـەویستـمانی و حەزمـان نەکـرد درێـژە بـەم رەفـتارەت بـدەیـت. لێـت دەبـووریـن.
شــێرۆ زۆر سوپاسی هەموومانی کرد. بەڵـێـنەکەی هـێـنایـەدی. لەوە دوا بە خۆشی و شادییـەوە یـاریمـان دەکـرد و بە خۆشـیـشەوە کـۆتـاییمـان پێ دەهـێنـا.
(*) منداڵە خۆشەویستەکانی کوردستان. پەشیمانی و دانان بە هەڵەدا، نەنگی و لاوازی نییـە. بەڵکو درێـژەدان بە هـەڵـە، هـەڵـە و نەنـگـییە. هـەڵـەکـەری کەللـەڕەق باجـێکی زۆری هەڵەکـانی دەداتەوە. لـێبووردنیـش جـوانـترین و بـەرزتـرین خەسـڵەتی مـرۆڤـە.
رەزا شـوان
سـویـد: ٢٠٢١




ناساندن و بڵاوکردنەوەی دوو کتێبی پەروەردەیی بۆ منداڵان.. ئامادەکردنی:باران عەلی

ڕۆژی شەممە ٢٧/١١/٢٠٢١ پڕۆژەی پەروەردەیی خەونی منداڵان لە سلێمانی،لە هۆڵی باخچە و قوتابخانەکەیان مەراسیمێکیان سازکرد بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی دوو کتێبی هۆنراوەی پەروەردەیی بۆ منداڵان بۆ مامۆستای شاعیر (عەلی حەمەڕەشید بەرزنجەیی) کە پڕۆژەی پەروەردەیی خەونی منداڵان ئەرکی لەچاپدانیانی لە ئەستۆ گرتبوو.ئەوانیش(نیشتمانی ماسی و خۆزگە و خەونی منداڵان ) بوون،شایانی باسە کۆمەڵێک لە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و مامۆستایان و شاعیران و نوسەران و هونەر مەندان ئامادە بوون،هەروەها دوای بەخێرهاتن وتاری پڕۆژەی خەونی منداڵان لەلایەن( تابان مەحمود) سەرپەرشتیاری پڕۆژەی خەونی منداڵانەوە خوێندرایەوە، دوای پێشکەشکردنی گۆرانی بەخێرهاتن لەلایەن منداڵانی باخچەی خەونی منداڵانەوە ،چەند منداڵێکیش لە قوتابخانەی خەون چەند پارچە هۆنراوەیەکی مامۆستا عەلی حەمەڕەشیدیان خوێندەوە،دواتر لەلایەن هونەرمەند عەزیز حەمەکریمەوە چەند گۆرانییەکی تایبەت بە منداڵان پێشکەش کرا کە هۆنراوەکانی هی مامۆستا عەلی بوون ..پاشان مامۆستا عەلی حەمەڕەشید باسێکی کورتی دەربارەی هۆنراوەی منداڵان کرد و چەند هۆنراوەیەکی خوێندەوە…پاشان هەردوو کتێبەکە بە دیاری پێشکەش بە ئامادە بووان کران.




خەون و کۆلارە.. عەلی حەمەڕەشید

ڕۆژێک منی دەست ڕەنگین
لای بابە و دایەی شیرین
بە بیرۆکەیەکی ورد
یەک کۆلارەم دروستکرد
دەزووی زۆرم بۆ دانا
هەڵیدەم بە ئاسمانا
هەڵمگرت و بێوەستان
خۆمم گەیاندە سەربان
هەر هەڵمدا بۆ ئاسمان
کەوتە ڕێ کۆلارەی جوان
دەزووم بۆ شل کرد تەواو
خەریکبوو ون بێت لە چاو
سەرنجمدا کۆلارە
لای ئەستێرەی نازدارە
دوای ئەوە بە ئارەزوو
لێیدانیشتم بۆ پشوو
ورد دەزوم پێچایەوە
کۆلارە گەڕایەوە
دڵخۆش و شاد و ڕوو گەش
کۆلارەم گرتە باوەش
زۆر بەنەرمی و لەسەرخۆ
هێواش کەوتە گفتوگۆ
وتی (ڕاسا) دەزانی
چەند خۆشە بە میوانی
لەماڵی ئەستێرە بیت
بۆ خۆت هەر بێیت و بچیت
جا هەوری پەشمەک ئاسا
بانگی دەکردم (ڕاسا)
هەر بۆ جۆلانێ کردن
جار جار وەرە بۆلای من
مانگیش بە ڕوناکیی خۆی
بە شیرینیی گفتوگۆی
وتی بە شادومانی
ئەمڕۆ لای من میوانی
….
١/٤/٢٠٢١




چـیرۆک بۆ منـداڵان.. کـەو و رێـوی.. نووسینی: رەزا شـوان

بەیانی رۆژێـکی بەهـار، لە دامێنی چیـایەکی بەرزی کوردسـتان، لەسەر تاشە بەردێکی قـووچ و بەرزدا، کـەوێـک نیشتبـۆوە. پـڕ بە گـەرووی دەیقـاسپانـد. رێـوییـەک بیـنی و لە خۆشـیدا کـەوتە هەڵپەڕیـن.
رێـوییەکە: ئای کە کەوێکی جـوان و قـەڵەوە. گۆشتی ئەمڕۆمان دەرچـوو. بەڵام با بـیر لە فـێڵـێک بکەمەوە و لـێی نزیک ببـمەوە، تا بتـوانـم بە ئاسـانی بیگـرم و حەپـەلـۆشی بـکەم ـ دوای کەمـێک بیرکـردنەوە ـ پێمـوایە فـێڵـێکی باشـە. دەی پێـویسـتە زووبـکەم تا هـەڵـنەفـڕیـوە.
رێـوییەکە بە ئەسـپایی رۆیی و لە کـەوەکە نـزیـک بـۆوە.
رێـوییەکە: بەیـانیت باش، ئەی کـەوی دەنگخـۆش، ئەی شاهـونەرمەنـدی باڵنـدەکـان، بە راستی خـاوەنی دەنگـێکی نـاوازە و ئەفـسوونـاوی. مـن زۆر سەرسامی جـوانی و دەنـگە زوڵاڵ و خۆشـەکـەتـم.
کـەوەکە: زۆر سوپاس
رێـوییەکە: ئەوەشم بیستووە، کە تۆ بەهـرەیەکی زۆر باشیشت لە نواندن و لە لاسایی کـردنەوەدا هـەیە. بەڵام مـن بە چـاوی خـوم هـیچ نـوانـدنێکم لێـت نەبیـنیوە. دەتـوانی ئـەم تـوانـایەت و راستیـیەشـم بـۆ بسەلـمـێنی؟
کەوەکە بە زمـانلووسی و ئەم پێ هەڵـدانەی رێوییەکە بڕوای کرد و پێی فـشەوە بوو.
کـەوەکە: چـی بکـەم تـا بـۆت بسـەلـمـێـنم؟
رێـوییەکە: دەتـوانی رۆڵـی کەسـێکی چـاو نـووقـاوی نـووسـتوو ببـینی؟
کـەوەکە: بـۆ ناتـوانـم، لەمـە ئاسـانـتر نیـیە.
کـەوکە سـەری کـردە سەر تاشـە بەردەکـە و هـەردوو چـاوی نـووقـانـد.
رێوییەکە یەکسەر پەلاماری کەوەکەی دا و بە دانـەکانی هەردوو باڵی گـرت و بردی.
کـەوەکە زانی تێکەوت و کـۆتـایی ژیانێتی و رێـوییەکە دەیخـوات. کەوتە بیرکـردنەوە.. بیـرۆکەی فـێڵـێکی باش بە خەیـاڵیـدا هـات. دوا تروسکەی هـیوای بوو بۆ رزگـاربوون لە مـردن.
کـەوکە: رێـوی گیان دەزانـم دەمخـۆیت. لەوانەیە بە خواردنی من تێر نەبیـت. بەڵام من لەم نزیکانە کـونە کەروێشکـێک دەزانـم لە کوێیە.. پێش ئێستا دوو کەروێـشکی قـەڵەو و خرپنـم بینی چـوونە کونەکەیـانەوە.. لە ئێستادا نووسـتوون. گەر کونەکـەیانت پیشان بـدەم، بە ئاسانی دەتـوانیـت هەردووکیـان بگـریت و خـۆت مەسـتی گـۆشت کەروێـشک بکەیـت. بەڵام بە مەرجـێک پیـشانـت دەدەم، کـە بە دەنگـێکی بەرز و بە خێرایی هـاوار بکەیـت و بڵـێی:”لاولاو”.
رێـوییەکە بە قسەکـانی کـەوەکە بـڕوای کرد و لـە دڵـی خـۆیـدا وتی: دوو کـەروێـشکی قـەڵـەو بەشی دوو رۆژم دەکـەن. ئـای کە گـۆشـتی کـەروێـشک خـۆش و بەتـامە. خـۆ ئەگەر هەردووکیانیش نەگـرم یەکێکیان هـەر دەگـرم. چی تـێ دەچـێت کە بە دەنگـێکی بەرز هاواربکەم و بڵـێم ” لاولاو “. دەمی کردەوە کە بڵێت “لاولاو”. کەوەکە لە دەمی بەربـوو و رزگـاری بـوو و هـەڵـفـڕی.. چـوو لەسەر لـووتکەی چیـایەکەدا نیشـتەوە.
رێـوییەکە (لەبەر خۆیەوە): کـەی مـن وا گەمـژە بـوومـە و بە ئاسانی هەڵـخەڵـەتـاوم؟
کـەوکەش (لەبەرخۆیەوە): نازانـم چـۆن بـڕوام بە قسەکانی ئەو رێـوییـە کـرد؟ رێـوی هـەر رێـوییـە، گـەر کەوڵـەکـەشی بگـۆڕێـت.. ئـەی کـورد نـاڵـێت:
“رێـوی بـە فـێـڵ نـاوەسـتێ …… مـەگـەر تـەڵـە بیـبەسـتێ”
پێـویسـتە لـەم بەسەرهـاتـەم، پەنـد وەربگـرم و دووبـارە هـەڵـنەخـەڵـەتـێـم.

() بیـروکەی ئـەم چـیرۆکـەم لـە چـیرۆکـێکی (عـەبـدولـمەجـید ئیـبراهـیم قـاسـم) ەوە وەرگرتووە. کە چیرۆکنووس و نووسەرێکی ناسراوی کوردە لە بواری ئەدەبی منداڵان. لە شاری “قـامیشـلـو” لە رۆژئـاوی کـوردسـتان دەژی. بە زمـانی عـەرەبی دەنـووسێ. () مەبەستم لەم چیرۆکە، کەسانی فـێڵباز لە ناو کۆمەڵدا زۆرن. کە دەیانەوێ بە فـێڵ و بە زمـانـلـووسی، کەسـانی خـۆشــباوەڕ بـۆ مەبەسـتی خـۆیـان هـەڵـبخـەڵـەتێـنن. بـەڵام هـەمـوو جـارێـک سـەرکـەوتـوو نابـن و لـەوان زیـرەکـتر هـەیە. پێـویسـتە وریـابیـن و نەکـەوینـە داوی ئـەم فـێـڵـباز و قـۆڵـبڕانـەوە، کـە لە رێـوی رێـویتـرن.

سـویـد: ٢٠٢١




شیعری مناڵان/ بیستی یازدە.. رۆستەم خامۆش

بـیسـتـی یـازده‌یـه‌ ئـه‌مـڕۆ
ده‌زانــــــــــــم مـــنـی زارۆ

ڕۆژی مـــــافـــــی منــداڵـه‌
دڵـی مــن زۆر خـۆشـحـاڵـه‌

ڕۆژێـــكـــی زۆر گـریـنـگـــه‌
ئای، كه‌ جوان و قه‌شه‌نگــه‌

بـڕیــــارێــكــــی زۆر چـاكـه‌
بـــۆ ئێـمـه‌ی ده‌روون پـاكـه‌

مــافــه‌كـانــمان نـووسـراون
بـــه‌ڵـــێ دیـــــــاری كــراون

   ڕۆستەم خامۆش



ئەدەبی مناڵآن/ سمۆرە و منداڵ.. عەلی حەمەڕەشید

لەناو باخچەی منداڵان
ســـــمۆرەی زیت و وریا
چوو بۆ لای ئەو منداڵەی
کە بۆ دایکی دەگــــریا

لەگەڵیا کەوتە یــــاری
منداڵەکــــــە ژیر بۆوە
گریـــان بوو بە پێکەنین
دایکیشـــــی لەبیر چۆوە

ئەوسا ســـمۆرەی نازدار
وتی ھـــاوڕێی بەوەفام
خۆزگە منیش وەکـــو تۆ
لە باخچــــە وەردەگیرام

١٦/٣/٢٠١٠




چیرۆک بۆ منداڵان.. لانـە و دەستەکـانی دایکی.. نووسینی: رەزا شـوان

گوڵنـاز و شابـاز، کچـێکی جـوانکـیلەی نـۆ مانـگانیـان هـەبـوو. نـاوی “لانـە” بـوو.
رۆژێکی هـاوین، شاباز وەک رۆژانی تر زوو لە خەو هەڵسا. دوای نـان خواردن، چوو بۆ سەر کـارەکەی. گوڵنـاز خـانیـش تەشـتێ هـەویـری شـێلا بـۆ ئـەوەی بیکات بە نـان.
دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە، لانەی تێر شیر کرد. تاوێک هەڵیپەڕاند و یاریی لەگەڵدا کرد. ئینجا خستییە ناو لانکەکەی، لەگەڵ راژەنیندا لایـلایەی بۆ دەکرد. لانـە خەوی لێکەوت.
گوڵنـاز خان تەنـوورەکەی داخـست. سەبەتەیەک نان و کولێرە بە کونجـیی جوانی کرد. وەک هـەموو جـارێـک کە نـانی دەکـرد، چـوار نـان و سـێ کـولـێرەی جیـاکـردەوە. کە بیبات بۆ نەنـە گـوڵچـین، پیـرەژنێکی هـەژار و بێـکەس بـوو. ماڵـەکەی لە ئەوسەری کۆڵانـەکەیـان بـوو.
گوڵنـاز خـان: ئـەم نـان و کولـێرانە دەبـەم بۆ نەنـە گـوڵچـین، زوو دەگەڕێمـەوە، پێش ئـەوەی کە لانـە لە خـەو هـەڵـبسـێـت.
گۆڵنـاز خان چـوو بۆ ماڵی نەنـە گوڵچـین. هـەر لە بەردەم دەرگای ماڵکەیـدا، نانەکانی داێـی. مـاوەیـەکی کـەم پێـکەوە وەسـتان. لـەم کـاتـەدا، دەنـگی هـۆڕیـنی ئـۆتـۆمبـێـلی ئاگرکوژێنـەوە هات. گوڵنـاز خان دڵی داخورپا و ترسا. نەنـە گوڵچـین هەستی پێکـرد.
نەنـە گوڵچـین: کچـم دڵت نەتـرسێ. ئەمە شارە و زۆر شت تێـیدا روودەدات، لەوانەیە ئاگـر لە پـووش و پـەڵاش بەربـووبێـت.
لەم کاتەدا، دوو ئـۆتـۆمبێلی ئاگرکـۆژێنەوە و ئـۆتـۆمبێلـێکی فـریـاکەوتن (ئەمبوڵانس) بە بەردەمیانـدا تێپەڕین. خەڵکیش بە دوایاندا رایـان کرد. گوڵنازیش لەگەڵ خەڵکەکەدا رایکـرد. لـە دوورەوە بیـنی ئـاگـر و دوکـەڵ لە خانـووەکەیـانەوە بەرزبـوونـەتـەوە. کە گەیشتە بەردەم ماڵەکەیـان، پـڕ بە دەم هـاواری کـرد: کچـەکەم.. ئـەی هـاوار کچەکـەم. تەکـانیـدا کە بچـێـتە ژوورەوە، پیـاوانی ئاگـرکـوژێنـەوە، گـرتیان و پێیـان وت: نـەڕۆی دەسـووتێی.
گۆڵنـاز خـان خۆی لە دەستـیان راپـسکانـد و بەنـاو گـڕی ئاگـر و چـڕه دوکـەڵـدا خـۆی گەیـانـدە لای لانکەکەی لانـە. خۆشـبەختـانە ئاگـرەکە نەگەیشـتـبووە ژوورەکـەی لانـە. زۆر بـە خـێرایی لانـەی لە لانـکەکـەی دەرهـێـنا. بـە خـێرایتـریـش بەتـانـیـیەکی لە ئـاو هەڵکـێشا و ئاڵانـدی بە لانـەوە و گـرتی بە باوەشییەوە. بەناو ئاگـرەکەدا هـاتە دەرەوە. لانـە هـیچی لـێنەهـاتبـوو. بـەڵام دەستەکـانی گوڵنـاز خـان زۆر سووتـابـون.
ژنانی هاوسێیان لانـەیان لە گوڵناز خان وەرگرت. ئۆتۆمبێلی فـریاکەوتنەکەش، یەکسەر گوڵنـاز خـانی بـۆ نەخـۆشخـانە بـرد. پیـاوانی ئـاگـرکوژێنـەوە ئاگـرەکەیـان گـوژانـدەوە.

دوای دو هەفـتە لە تیمارکردن، گوڵناز خان لە نەخۆشخانە دەرچـوو. بەڵام شوێنەواری سووتاوییەکە بە دەستەکانییەوە دیاربوو. پێستی دەستەکانی سوور و کورژەوە ببوون.

گوڵنـاز خـان: بـە لامـەوە گرنـگ ئـەوەیـە، کـە لانـەی کچـم لـە سووتـان رزگـارکـرد و هـیچی لـێـنەهـاتـووە.
تەمەنی لانـە بوو بە نـۆ سـاڵ، لە پـۆلی چـوارەمی قـوتابخـانەی بنـەڕەتیـدا بوو. تا ئەو رۆژە لە دایکی نەپـرسیـبوو، کە بـۆچـی دەستەکـانی سـوورهەڵگەڕاو و هـەڵـقـرچاون. دایکـیشی ئەوەی بە خەیـاڵـدا دەهـات، کە رۆژێک لە رۆژان، لانـە پرسیاری ناشیرینی دەسـتەکـانی لـێبکات.
لانـە: دایـکە پێـستی دەسـتەکـانـت بـۆ سـورهـەڵـگەڕاو و ناشـیرینـن؟
گوڵنـاز خـان کە رۆژی ئاگـر بەربـوون لـە مـاڵـەکەیـانی هـاتـەوە بیـر و بەرچـاوێ، کە چـۆن لەنـاو ئاگـر و دوکەڵـدا لانـەی جگەرگـۆشـەی لە سووتـان رزگارکرد. تـەزوو بە لەشـیدا هـات و هەنـاسەیەک قـووڵی هـەڵکـێـشا و چـاوەکانی پـڕبـوون لە فـرمـێـسک.
لانـە: دایکە وابزانم بە هەڵە ئەم پرسیارەم لێتکرد. بۆ چاوەکانت پڕبوونە لە فرمێسک؟
گوڵنـاز خـان: نا کچـی شـیرینـم. ئێستا بـۆت دەگـێڕمەوە، دەستەکـانـم بۆ وا ناشـیریـنن. دەستەکـانـم سپی و جـوان و خەپـانە بـوون. وەک ئێـستا پێـستەکەی سـوورهـەڵگەڕا و چـرچ و ناشیریـن نەبـوون.. بەسەرهاتی سووتانی ماڵـەکەیان و چۆنێتی رزگارکردنی و سووتـانی دەسـتەکـانی بـۆ گـێڕایـەوە.
لانـە کە چـیرۆکی سووتـانی دەستەکـانی دایکی زانی، گـریا و چـاوە گەشەکانی پـڕبوون لە فـرمێسک. باوەشی بە دایکـیـدا کـرد و تـێر روومـەتەکـانی و دەسـتەکـانی مـاچ کـرد.
لانـە: دایکە گیـان، لێـم ببـوورە. لە ئەمـڕۆە دەستەکـانی تـۆ، جـوانـترین دەستی دایکـن لە جیهـانـدا. ئـەم دەسـتانـەی تـۆ مـنـیان لـە سـووتـان رزگـارکـرد.

(*) منـداڵە خۆشەویستەکانی کوردسـتان، ئەمە بەسەرهـاتێکی راسـتی نییە. داڕشتنی زادەی بیر و خەیاڵی خـۆمە. مەبەستم لەم چـیرۆکە، دڵسۆزی و قـوربانیـدانی دایکانە. کە ئامـادەن گیـانی خـۆشـیان لە پێـناوی منـداڵـەکـانیـانـدا ببـەخـشـن.
سـویـد: ٢٠٢١




نایەکـسانی جـێـندەری لە ئـەدەبی منـداڵان دا.. رەزا شـوان

لە ئەمـڕۆدا، لە ئەنجـامی کاردانـەوەی ئەو هەموو ســتەم و نـاڕەوایی و نایـەکسانی و نادادپەروەری و تونـدوتیژی و پێشێلکارییانەی کە لە کۆمەڵگای کوردیمانـدا، لە لایەن پیـاوانی دەسـەڵاتسالارەوە، بەرانبـەر بە کچـان و بە ژنـانی کورد دەکـرێن، کە هـەمـوو بوارەکان و جمگەکانی ژیانیان قـورخکـردوون و هـیچ بـوار و دەرفەتێکیان بۆ کچـان و ژنـان نەهـێشتوونەتەوە و ئازادییـان سـنووردارکـردوون. بە چاوێکی کەمـتر و بە پلـە دوو لە کچـان و ژنـان دەڕوانـن و مافـە رەواکانیان پێ رەوا نابینن و بەبێ دەسەڵات و بـە زەعـیـفە و دەڵـەشــڕ و نـاوچـاخ نـاویـان دەبـەن. ئـەم نـایـەکـسـانییەش سـەرجـەم کۆمەڵگاکانی رۆژهـەڵاتی گرتۆتەوە، بە تایبەتیش لە دەوڵەتانی ئیسلامیدا. کە ژنـان بە کارەکەر و بە موڵک و بە پاشکـۆی پیاوان دەزانن. دەبێ پیاوان بەسەر ژنانـدا زاڵـبن.
یەکسانی (جـێـندەر) و بزووتنـەوەی (فـێمێـنیزم) بـوونەتە باسێکی گەرم و بە بابەتـێکی گرنگ و هەستیاری میدیا و راگەیاندن و سایتە ئەلیکترۆنییەکان. ساڵانە چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار و پانێل و خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربارەی ئەم پرسە سازدەکرێن. کە کەسانی ئاکادیمی پسـپۆر و شارەزا و رێکخراو و چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان، باس و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و را و بیرۆکە و بۆچوون و رەخنە و پێشنیارەکانیان بۆ چـارەسەری ئەم کـێشەیە پێـشکەش دەکـەن. بەشـداریکـردنی هـەردوو رەگـەزی نێـرینە و مێـینە بە یەکسانی، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا لەسەر بنەمای توانا و پسپۆری، تەنیا چارەسەرە بۆ چارەسەرکردنی نایەکسانی جـێندەری. پێویستە ئەم راستییەش نەک هـەر بە قسەی رووت، بەڵکو بە راستی و کـرداری لە رۆشنبیری و لەسەر زەویی راسـتیدا، رەنگـدانـەوەی هـەبێـت. ئـەمـە راسـتیـیەکی هـاشـا هـەڵـنەگـرە، کـە ژنـان و پیـاوان هەردوو نیوەکەی کۆمەڵـن و تەواکەری یەکـترین و هەردوو باڵی ژیان و پێشکەوتـنن.
“جـێـندەر” وشەیـەکی ئینگـلیـزییە و لە وشـەی “جـینـۆس”ی لاتـینـیـیەوە هـاتـووە.
وشەی”جـێندەر” لە زانستی زمـان و لە فەرهەنگـدا، بریتییە لەو جیاوازییە زگماک و سروشتییانەی کە لە نێوان نێر و مێـدا هـەن. بە تایبەتیش لە جیاوازە بایۆلۆژییەکاندا.
جیاوازییە بایـۆلـۆژییەکانی جەستەش چەسپاون و نەگـۆڕن. کەواتە زاراوەی جـێـندەر پێناسـەیە بۆ هـێـمای دوو گـیانـلەبـەری نـێریـنە و مـێـینە. ئـەم دوو مـرۆڤـە لە رووی بایـۆلـۆژییـەوە جیـاوازن و وەک یەکـنـین، هـەریەکـەیـان خەســڵەت و تایبـەتـمەنـدیی رەگـەزیی خـۆی هـەیـە. کە شـونـاسـنامەی رەگـەزی مـرۆڤ پـێکـدەهـێـنـن، ئەمـەش سـروشتییە، مـرۆڤ کە لەدایـک دەبێت یا کچـە یا کـوڕە. جـێـندەر لە ناوەڕۆکـدا، واتە قـبووڵکـردنی رەگـەزی یەکـترییـە وەک کـچ و کـوڕ.
چەمکی “جـێندەر” بەرامبـەر بە “رەگـەز” پێناسەکـراوە. بە پێی ئەو پـێناسەیەی کە لە ئەنسیکـلۆپیـدیـای (نەتـەوە یەکگـرتـووەکان) و رێکەوتنە نێـونەتـەوەییەکانـدا هـاتـووە، جـێندەریان بەرانبەر بە رەگەز داناوە. بەپێی پیناسـەکەی نەتـەوە یەکگرتووەکان، واتـای جـێندەری (بەرابەری رەگەزییە، واتا دابینکـردنی هـەل و پێـداویستییەکـانە بە یەکـسانی لە نێـوان ژنـان و پیـاوان دا، هەروەهـا بەرابـەرییە لە بـەردەم یاســادا).
لە “پسـوولـەی کەسایەتی” و “پاســپۆرت”ی هەریـەکە لە ئێـمە، بەرانبـەر”رەگـەز” مـێ یا نـێر نـووسـراوە. ئەمـەش ئاماژەیـە بە ناسـنامەی رەگـەزی هـەریەکمـان.
ئامانجی نەتەوە یەکگـرتووەکان ئەوەیە، کە بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ کچان و کوڕانـدا بکـرێت. یەکسانی جـێـندەری یەکێکە لە ئامـانجە گرنـگەکانی راگەیانـدنی گـەردوونی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لە لایەن نەتـەوە یەگرتووەکانەوە راگەیەندراوە. یەکسانی جـێندەری بەشێکە لە پرۆگرامە نەتەوەییەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا. کە هەر لە منداڵییەوە پەیـڕەویی ئەم یەکسانییە جـێندەرییە دەکەن و بە یەکسانی لە کچـان و کـوڕان دەڕوانن. هـەردوو رەگەز ئـازدن. جیاوازیش لە ئەرکەکان و لە مافـەکانی کچـان و کـوڕان ناکەن.
جـێندەریزم، سیستمێکی کۆمەڵایەتی و باوەڕێکی کولتوورییە. کە دەڵێت: جێندەر تەنها دوو دانـەی هـەیـە: نـێر و مـێ. هـەر وەک چـۆن دوو زایـەنـد هـەن. واتـە جـێـنـدەری کەسایەتییەک هاوشێوەی زایندەکەیەتی. کچان گەورەدەبن و دەبن بە ژنـان، کوڕانیش گەورەدەبن و دەبـن بە پیـاوان. ئەمەش راستییەکی زگمـاکی و سروشـتی و نەگـوڕە.
جـێندەر پێیوایە، کە هەموو ئەو ناڕەوایی و نایەکسانی و پەراوێزخستنەی رووبەڕووی کچان بوونەتەوە. هیچ پەیوەنـدییەکیان بە تایبەتمەندییەکانی بایـۆلـۆژییەوە نییە. بەڵکو دەرئەنجامی نۆرم و رێساکان و بنیادنانی کولتوورییـەکەی کۆمەڵگایە. ئەوە کۆمەڵگایە لەسـەر بنەمـای بایـۆلـۆژی، جیـاوازیی خسـتۆتە نێـوان کچـان و کـوڕان. ئەم جیـاوازی کردنـەش لە ئەنجـامی پەروەردەیـەکی نادروسـت و سەقـەتی کۆمـەڵایەتییـەوە دروسـت بـووە. کـە هـیچ رەوایـەکی لـۆژیـکی و مـۆراڵی و یاسـایی و مـرۆڤـایـەتیـیان نیـیە.
یەکسانی جـێندەری، ئاماژەیە بۆ مامەڵـەکردنی یەکسانـانەی دروست لە نێـوان کچـان و کـوڕانـدا، بەپـێی پێویستی و توانـا و لێهـاتـوویی هـەر یەکـەیـان. بێگـومان یەکـسانی و هاوسەنگی جێـندەری دەبێتە رەهـەند و هۆیەکی زۆر گرنگی پێشکەوتن و گەشەکردنی ئابـووری و پـەروەردەیی و کۆمـەڵایەتی و دادپـەروەری و رامیـاری و سەقـامگـیری و یەکـتری قـبووڵکـردن. لەمە زیـاتر ناچـینە نـاو قـووڵایی ئـەم باسـە فـراوانـەوە. دێیـنە سەر کـرۆکی باسـەکەمان کە دەربـارەی نایـەکسانی جـێـندەرییە لە ئـەدەبی منـداڵان دا.

منـداڵان لە تەمەنێکی زۆر زوودا، هـەستی رەگەزییان گەشەدەکات. زۆربەی منـداڵان لە نێـوان (١٨) مانـگ بـۆ (٣٠) مانـگ ناسـنامەی رەگـەزییـان گەشـەدەکات. کـەواتە جێندەر لایەنێکی گرنگە لە لایەنەکانی گەشەکردن. بابەتێکی بڵاوە لە ئەدەبی منداڵان دا دەتـوانین ئاشکـرای بـکەیـن. منـداڵان لە گـەلێ سەرچـاوەوە زانـیـاری وەردەگـرن. لە خـێزان و مامۆسـتاکان و هـاوڕێکـانیان، هـەروەهـاش لە ئـەدەبی منـداڵانەوە. منـداڵان هـەوڵی دروستکـردنی ناسنامەی تایبەتی خۆیـان دەدەن. یەکـێک لەو رەگـەزانـەی کە کارتێکـردنیان لـەم ناسـنامـەیـەدا هـەیە. ئـەو ئـەدەبـەیە کە دەیخـوێنـنەوە یان بـۆیـان دەخوێننەوە. ئـەدەبی منـداڵانیش بە گشتی بەوە پێناسە کراوە، هەر شتێک دەگەیەنێت کە منـداڵان دەیخـوێنـنەوە. بـەڵام ئـەم پێـناسـەیە لە جـیهـانی ئەمـڕۆدا بەرتەسـکە.
دەکرێت لە رێی ئەدەبی منداڵان و چالاکیی پەیوەندیداردا، کارتێکردن لە هەڵوێستەکانی منـداڵان و رەگەزییەکـانی منـداڵان بکـرێت. زۆربەی منـداڵان هەستێکی جـێگـیریان بە ناسـنامەی رەگـەزی خـۆیـان هـەیە.
نووسەرانی بوارەکانی ئەدەبی منداڵان دەتوانن رۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان لە چاندنی تۆوی یەکسانی جـێندەریدا هەبێت، بە دابەشکردنێکی یەکـسانی و لەسەر بنەمـای توانا و لێهـاتوویی، بێ لایەنگیری، رۆڵ و چالاکی پاڵەوان و کەسایەتی و کارەکتەرەکانی ئەو بابەتە هەمەجـۆرە ئەدەبییانەی کە بۆ منداڵان دەیاننووسن دابەش بکەن. کە لە ئەمڕۆ و لە داهـاتووشـدا کاریگەری و رەنگـدانـەوەیـەکی ئەرێنـیان دەبێـت.

شـێواز و رێبازی گونجـا و ئەرێـنی، لە دەربڕینی رۆڵی هەردوو رەگەز، بێ لایەنگـیری لە ئـەدەبی منـداڵانـدا، کارتێکـردنی لەسـەر بۆچـوون و هـەڵـوێستەکـانی منـداڵان دەبێت دەربـارەی رەفـتار و هـەڵسوکـەوتی گـونجـاو بـۆ جـۆری کۆمـەڵایـەتی لـە کۆمـەڵـدا.
بەڵام بە زۆری تێبینی ئـەوە دەکـەین کە لە ئـەدەب بە گـشتی و لە ئـەدەبی منـداڵانـدا بە تایبەتی، نایەکسانی و ناهـاوسەنگی و نادادپەڕوەریی لە رۆڵی رەگەزی کۆڕان و کچـان بە زەقـی بەدیـدەکـەین. ئەمـەش بـۆ بـاوبـوون و بۆ لایـەنـگـیریی رەگـەزیی کـۆمـەڵـگا دەگەڕێتەوە، کە جیاوازییەکی کۆمەڵایەتییە نەک بایـۆلـۆژی. کـۆڕان لە پێشتر دەزانـن، هەمـوو ئـازایـەتی و بەهـێزی و قـارەمـانـێـتی و سـەرەکـێـشی و هـیوا و سەرکـەوتـن و فـریـادڕەسـییەک، دەیـانـدەنە پـاڵی کـوڕان. بەڵام سـۆزداری و لاوازی و بێ هـیـوایی و شکستی و بێ دەسەڵاتی و بەدەبەخـتیش، دەیـانـدە پـاڵی کچـان. تا ئەمـڕۆش بەشێک لە کۆنەپەرستان و ئەقـڵ ژەنگگـرتووان. هەبوونی کـچ و نەبـوونی کـوڕ بە (وچاخ کوێـر) ناودەبـەن. لە کاتێکـدا کە کچـانی کوردمـان لە هـەمـوو بوارەکـانـی ژیـانـدا، بە کرداری سەلمانـدوویانە کە هـيچـیان لە کـۆڕان کەمـتر نییە. ئەوەتـا لە سەنـگەرەکانی پێشـەوە بەرگـری لە کـوردسـتانی نیـشـتـمانی پیـرۆزمـان دەکـەن. شـان بـە شـانی بـراکـانیـان، گیانبەخـشانە دەجـەنگـن و چەنـدین داسـتانی بێـوێنەی قـارەمانێتیان تـۆمـارکـردوون و بوونـەتە جێی سەرسوڕمانی میللەتـانی جـیهـان و بە نموونە بۆ کچانی شۆڕشـگـێڕ و تێکۆشەر. ئەی پێشینانی کورد نەیانـوتووە:”شـێر لە لانە دەربـچێ.. چ نـێر چ مێ”.

بڵاوبوونەوەی نایەکسانی جێندەری لە ئەدەبی منـداڵاندا، جێی سەرسوڕمان نییە، کاتێک کە کۆمەڵگا روانینی ناهاوسەنگی و نایەکسانیان دەربارەی جـۆری کۆمەڵایەتی رەگەزی هـەبێت. تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆری بابەتەکانی ئەدەبی منداڵان لە چوارچیۆە و قالبێکی نوخبـەیی رەگەزی دان. نەک هەر لە ئەدەبی منـداڵانی کورد، بەڵکـو لە زۆر لە شـاکارە ئەدەبییەکانی جیهـانیش بۆ منداڵان، بە زەقی دیـاردەی نوخبـەی رەگەزییـان پێـوە دیـارە. دەبینین بە زۆری لایەنگیری رەگەزی نێرینەیان گرتووە، رۆڵی پاڵەوانێتی و کەسایەتییە سەرەکییەکانیان بە رەگەزی نێرینـە داون. بەمەش هەلی ناسانـدنی رەگەزییان لای کچان سنووردار کردوون. نەک هەر لە ئەمـڕۆدا، بەڵکو هەر لە سەرەتا و لە دێـر زەمـانەوە، هەژموونی نێرینە و کوڕسالاری، کە دروستکراوی کۆمەڵگایە، لە ئەدەبیات دا باوبووە. کەواتە ئەمـە سـتەم و نایەکسانییەکی مێـژووییە دەرهـەق بە کچـان کە نیوەی کۆمەڵـن. بە داخەوە کە لە ئەمـڕۆی پێشکەوتـووشدا، ئەم نایەکسانییە رەگـەزییە درێـژەی هـەیە.
زۆر لەو تـۆژێنـەرانەی کە شرۆڤـەی ئـەدەبی منداڵانیـان کـردووە، بۆیـان دەرکـەوت کە زۆربـەی ئەو پەرتـووکـانەی بۆ منـداڵان چاپکـراون، هـەژمـوونی کەسایەتی نـێرینەیـان پێوە دیارە. بۆ نموونە: تـۆژێنـەر(ئێس. ئێرنست) لە ساڵی (١٩٩٥) دا لە شیکردنەوەی ناونیشانەکانی ئەو پەرتووکانەی کە بۆ منداڵان نووسراون و چاپکراون، بۆی دەرکەوت کە ناوی نـێرینەکـان دوو هـێندەی ناوی مێـینەکانن. ئەوەشی بۆ دەرکەوت تەنـانەت ئەو پەرتووکـانەش کە نـاوی کچـان یا نـاوی بێ لایـەنی نێـوان هـەردوو رەگـەزیـان بەسـەر ناونیشانەکـانیانەوە هـەیە. بە زۆری بە دەوری کەسایـەتییەکی نێـرینـەدا دەسوڕێنـەوە.
لایەنگـیری رەگەزیش زیـان بە کوڕان و کچـانیش دەگـەیەنێت. بۆیە پێویسـتە بە وردی پێـداچـوونـەوە بە پـڕۆگـرام و بە پەرتـووەکـەکـانی خوێـنـدنـەوەی کـوردی قـوتـابخـانە بنەڕەتییەکاندا بکرێن و تا بزانـرێت تا چ رادەیەک رەچاوی یەکسانی جێندەری لە نێوان کچـان و کوڕانـدا کـراوە. میدیـا و راگەیانـدن و رێکخراوەکانیش، دەتوانن لەم بارەیەوە رۆڵـێکی باش ببیـنن لە هـۆشـیارکردنـەوەی دایـکان و باوکـان و مامۆسـتاکـان.
جارێکیان دادەیەکی باخچـەیەکی منـداڵان لە سلـێمانی، لە بەرنـامەیـەکی تەلەفـزیـۆنیـدا گـێڕایەوە و وتی: کـوڕێکی منـداڵی بـزیـۆی باخچـەکەمـان، هەمـوو رۆژێـک بەبـێ هـۆ لە کچێکی دەدا، زۆر ئامۆژگاری و سەرزەنشمان کرد، بەڵام بێ سوود بوو. ناچاربووین و بانگی دایکـیمان کرد و لەم ستەم و رەفتـارەی کوڕەکی ئاگـادارمان کرد. کەچی دایکی بە هەموو ئەقـڵێکییەوە وتی: جا با لێی بـدات، ئەو کچە ئامۆزای خۆیەتی کە گەورەبێت هـەر بۆ کـوڕەکـەمە. با لە ئێسـتاوە زاڵـبێـت بە سەریـدا و لـێی بترسـێت. لەم نمـوونەی ئـەم جـۆرە ئەقـڵـییەتە کۆنـەپـەرسـتە، کە کـۆیـلەی پیـاوسالاریـن و بێ ئـاگـان لە دنیـای ئـەمـڕۆ، بـوونیـان مـاون.
دەکرێت نووسەرانی بواری ئەدەبی منـداڵان، ئەڵتەرناتیـڤـێکی تر دابـهـێنن، کە ببێت بە ئیلهـام بۆ بنیاتنانی هەڵوێستی باشتر، بۆ یەکسانی جێندەری لە نێوان هەردوو رەگەزدا.
ئاسانترە کە لە منـداڵانەوە، دەسـت بە چاکـسازی و گۆڕانکـاری و بە بنیاتنانی هەستی هاوسەنگی و یەکسانی رەگەزی لە نێـان کچـان و کوڕانـدا بکەین. هـەر لە منـداڵییەوە منـداڵەکـانمان بە یەکـسانی رەگـەزی وهـاومـافی و هـاوئەرکی، گـۆش و پـەروەردەیـان بکەیـن. بۆ هـێنانـەدیی ئـەم ئامانجـانەش، دایـکان و باوکـان و مامۆسـتاکـان و میدیـا و راگەیانـدنەکان و نووسەرانی ئەدەبی منـداڵان و گۆڤـارەکانی منـداڵان، دەتـوانن رۆڵـێکی باڵایان لەم ئەرکە گرنگ و پیرۆزەدا هەبێت. چونکە ئازادی و گەشەکردن و پێشکەوتنی گـەل و نیشـتمان لە هەمـوو بـوارەکـانـدا، بەنـدن بە بەدیهـێنانی یەکـسانی رەگـەزییەوە.
(*) بۆ نووسـینی ئـەم بابـەتە، تـا رادەیـەک سـوودم لـە چـەنـد سـایتـێکی ئینگـلـیزی و عـەرەبی و کـوردی وەرگـرتـووه.

رەزا شـوان
سـويـد: ١٧/ سـێـپتەمبەر/ ٢٠٢١




ئـەدەبی منـداڵان.. نووسینی: رەزا شـوان

سەرەڕای ئەو مـاوە زۆرەی کە بەسەر سەرهـەڵـدانی ئـەدەبی منـداڵانـدا تێپەڕیـوە، لە راستیدا تا ئەمڕۆش دەقـێکی یەکگـرتووی چەسپاو، بۆ پێـناسەکـردنی چەمکی ئەدەبی منـداڵان نیـیە. بەڵام خـاڵی هـاوبەش و را و هـاوبـۆچـوونی نزیـک لە یەکـترییەوە، لە پێناسەکردنی ئەدەبی منـداڵان هـەیە. وەکو:
ئەدەبی منداڵان جۆرێکە لە جورەکانی هونەری ئەدەبی. زانیارییە و هونەریشە. تایبەتە بە منـداڵانی قۆنـاغی پێـش قوتـابخـانەی بنەڕەتی تا قـۆنـاغی مێردمنـداڵی و باڵـقـبوون. هەموو ئەو بابـەتە نووسـراو و زارەکییانەش دەگـرێتەوە، کە بۆ منـداڵانیان نووسیون و دەنووسن یا گێڕاویانەتەوە و بۆیان دەگێڕنەوە، کە بە تایبەتی بۆ منـداڵان نووسراون یا وتـراون، لەگـەڵ وێنـەی روونکـردنـەوەدا، منـداڵان دەیـانخـوێنـنەوە، وەک: پەخـشةان، چـیرۆک، هـۆنـراوە، رۆمـان، شـانـۆ، ئـۆپـەرێـت، هـەروەهـا پەرتـووکی چـاپکـراو و گۆڤـاری تایبـەت بە منـداڵان. کە لەپـاڵ فـێرکـردن و سـوودبەخـشـین، چـێژ و شـادی و خـۆشیش بە منـداڵان دەبـەخـشـن.
پێمـوایە باشـترین پێناسـە بۆ چـەمکی ئـەدەبی منـداڵان، پێناسەکەی (ماریـا نیکـۆڵا) یە کە دەڵـێت:” ئـەدەبی منـداڵان، ئـەو ئەدەبـەیە کە لە لایـەن کەسـانی شـارەزای جیـهانی منـداڵانـەوە نووسراوە و بەرهەمهـێنراوە و بڵاوکراوەتەوە. کە خوێنەری سەرکییەکەی منـداڵانـن”
ئەدەبی منـداڵان، بە واتـا گشتییەکەی، ئەو بەرهەمە هـزرییانەیە لە هەموو بوارەکانی زانستیدا، کـە لە پەرتـووکی چـاپکـراودا ئاراسـتەی منـداڵانی دەکـەن.
ئەدەبی منداڵان وەک چەمکە تایبەتییەکەی، گوزارشتی جـوان و وتـەی شـیرین و ئاسان دەگەیەنێ، کە خۆشی دەخـاتە دەروونی منـداڵان و زەردەخـەنە دەخـاتە سەر لێـوەکانیان و گەشی دەخـتە روویان و گەشبینی و هیوا و بڕوا و متمانەبەخۆبوونیان پێدەبەخشـێت. ئـەدەب بۆ منـداڵان خـۆراکـێکی رۆحـییە، کە هـۆش و خەیـاڵی منـداڵان پێویسـتیان پـێی هەیە، زاخاوی بیـر و هـۆشیان دەدات و زەیـن روون و رۆشـنبیر و زۆرزانیـان دەکات.
لە بارەی بەها و گرنگی ئەدەبی منداڵان، شاعـیری ناسراوی بولگاری (ران بوسلـیک) دەڵێت:”ئەدەب بۆ منـداڵان، وەک شیری دایک و هەوای پاک وایە، کە پێویستە هـەبن”
دکتۆر (ناسرەدین ئەلئەسەدی) یش دەڵێت:”ئەدەبی منـداڵان بۆ بیـر، وەک ڤـیتامینەکان وایە.. کە هـۆش و ئەنـدێشە پێویستییان بە جـۆرەکـانی هـەیە. هـەر جۆرێکـیش لایەک لە بیـر و هـەسـت و لایـەنە ئەنـدێـشـەییـەکـان مەسـت دەکـات”.
(دۆن مـورایـە) ش دەڵـێت:”ئـەدەبی منـداڵان، کـاریگەرییـەکی گـرنـگ و بـایـەخـێکی جیـاوازی لە ژیـانی ئەمـڕۆ و داهـاتـوودا هـەیە”.
یەکەم شت کە لەبەرچاوبگيرێت، ئەوەیە کە نووسین بۆ منداڵان، جۆرێکە لە جۆرەکـانی پـەروەردەی منـداڵان. کە کارتێکـردنێکی کاریگەری لەسەر منـداڵان هـەیە. نووسەرانی منـداڵان بە پلەی یەکـەم پەروەردەکـارن. ئەدەبی منداڵان بە رادەیەکی زۆر بەشداری و هاوکاری لە هـێنانەدی گەلێ ئامانج دەکات، کە پەیوەندییان بە فـیرکردن و پەروەردەی منداڵانەوە هـەیە. لە گەلێ بواردا، بە سووک و ئاسانی گەلي شارەزایی فـێربوونیشیان پێدەبەخشـێت. چونکە ئەدەبی منداڵان سەرچاوەیەکی گرنگە لە سەرچاوەکانی زانستی.
هـەروەهـا سامـانی زمـانی منـداڵان، لە وشـە و رسـتەی تـازە دەوڵـەمـەنـتر دەکـات.
بێگومان هەر هـونەرێکیش، دەستوور و شێواز و تایبەتمەندی هـونەریی خۆی هەیە.
ئەدەبی منـداڵان خـۆی لە خۆیـدا ئامـانـج نییە. بەڵکـو هـۆیـەکە بۆ هـێـنانەدی ئامـانج.
هـەر نووسەرێکی ئەدەبی منـداڵانیش، پێـش دەستپێکـردن بە نـووسـین، ئامانجەکانی نووسینەکانی و هـۆیەکانی گەیشتن بە ئامانجـەکانی، لە خەیـاڵ و هـزریـدا تاوتـوێ و گـەڵاڵـە و دیـاری دەکات.
پێویستە نووسـەرانی بـواری ئـەدەبی منـداڵان بە نووسینەکـانیان، وا لە منـداڵان بکەن کە خەون بە هەموو شـتێکەوە ببـینن. نووسەرانی ئەدەبی منـداڵان، ئەوەش بزانـن کە چۆن رۆح و گیـان دەخەنە بەر پیـتەکان و وشەکـانی نووسینەکانیان. هەر وەک ئەوەی جەستەیەکی زینـدووبـن و منـداڵان هەستیان پێ بکەن و بیان بینن و گوێیان لێیان بێ و دەستەکـانیان بـۆیـان درێـژبـکەن.
زۆر کەس وا هەست دەکەن کە نووسین بۆ منـداڵان، کارێکی ئاسانە. بەڵام لە راستـیدا وانییە و زۆر لە نووسین بۆ گەورەکـان گرانـترە. بە هـۆی ئەو مەرجـە پـەروەردەیی و رۆشـنبـیری و هـونـەری و تەکـنیکـییانەی کە پێـویسـتە نـووسـەرانی ئـەدەبی منـداڵان پێـیانەوە پابەنـدبن. چـونکە نووسەرانی ئەدەبی منـداڵان، بە کۆمەڵـێک وشـەی کـەم و ساکـار، بـە زمانـێکی شـیرین و ئاسـان و رەوان و گـونجـاو، بـۆ منـداڵان دەنـووسـن.
رۆمـاننوسی ئینگـلیزی (جـوان ئایـکـن) لە پەرتـووکی (رێـگای نـووسین بـۆ منـداڵان) دەڵێـت:”نـووسـین بـۆ منـداڵان، لەوانەیە بەو ئاسانییە نەبێـت کە بـیری لێـدەکـەنەوە”
نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، پێویستە پەروەردەکار و مامۆستا و دەروونناسی منـداڵان و هونەرمەنـدبن. شارەزای قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵان و پێویستییەکانی هەریەکە لە قۆنـاغـەکانی منـداڵی بن. شارەزای تواناکانی فـێربوون و وەرگـرتن و بـڕکردنی خەیاڵی منـداڵان بـن، لە هـەر قـۆنـاغـێکـدا. کەواتا دیمۆگـرافـیای قـۆناغـەکانی منـداڵی، لە کاتی نووسین بۆ منـداڵان پێویستـییەکی سەرەکیی نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵانە. چونکە هەر قـۆنـاغـێک لە قـۆناغـەکانی منـداڵی، تایبەتمەنی خـۆی هـەیە، لە رووی درکـردن و زمـان و سۆزداری و خەیـاڵەوە. هەر قـۆناغێکیش جۆرەکانی ئەدەبی گونجـاویان هەیە.
دەشـتوانن بە خەیـاڵ هـەمـوو شتـێک بۆ منـداڵان دروسـت بکەن. هەر نووسەرێکـیش منـداڵی خـۆی لەنـاخی دایـە. پێویستە قـۆناغـەکانی منـداڵی خۆیان بهـێننە بەرچاویـان.
(چیخـۆف) دەڵێت:”پیـربوومە، بـەڵام هـێشتا بە دوای جـۆلانەیەکی منداڵـدا دەگەڕێـم”
ئەو پێوەرانەی کە پێویستن لە ئەدەبی منداڵاندا هەبن، بە پێی نووسەرەکان و بوارەکانی ئەدەبی منـداڵان و گونجاو لەگەڵ پێوەرەکانی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و فەلسەفی دا، کە بەپێی ئەو بابەت و پەرتووکانەش کە بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی ئاراستەیان کـراون و دەکـرێن پێـوەرەکـان فـرە جـۆرن. نووسەرانی سەرکەوتـوو کە بـۆ منـداڵان دەنـووسن، دەبێت ئاگـاداری پێوەرەکـانی نووسـین بـۆ منـداڵان بن. گەرچی هەر نووسەرێک شـێواز و ستایـلی نووسینی خـۆی هـەیە، بەڵام هەمـوو نووسەرانی ئەدەبی هـاوئامانجـن لە فـێرکردن و پەروەردەکردن و ئاراستەکردنی راست و دروستی منـداڵان.
ئەو نووسەرەی بە دڵسۆزی و راستی و پەرۆشەوە ئەوینـداری بـواری ئەدەبی منـداڵان و جیهـانی منـداڵان نەبێت. باشـتر وایـە خـۆی نەخـەڵـەتێـنێ و روو لەم بـوارە نەکات.
لە ئەمـڕۆدا، بایەخـدان بە منـداڵان و بە ئـەدەبی منـداڵان و بە رۆشنبیریکـردنیـان و بە دابینکردنی هـۆیەکانی گەشەکردنی بیـر و هـۆش و زەین و بەهـرە و ئارەزووەکانیان و بە خـۆشی و شادییان و بە ئامادەکـردنیان بـۆ داهـاتـوویەکی گەشتر. بوونە بە پێـوەری رادەی شارسـتانی و پێـشکـەوتـن و پێـگەی گـەلانی جـیهـان دیـاری دەکـەن. چـونـکە منـداڵانی ئەمـڕۆ هـیـوا و داهـاتـووی هـەر گـەلـێکـن.
لەم سەردەمە جەنجـاڵەی کە تێـیدا دەژین. کە سەردەمی کێبڕکێی پێشکەوتن و شۆڕشی تەکنەلـۆژیـایە. پـڕە لە گۆڕانـکاری خـێرا و لە داهـێنانی شـتی سـەیـر و سەمـەرە. زۆر پێویستە کە بە بـاشی منـداڵەکـانمان بۆ ئەم گـۆڕانکاری و پێشکەوتنـانە ئامـادەبکـەین. تا بتوانن لەگەڵ تەکنەلـۆژیای تازە و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانـدا هەڵبکەن. ئەدەبی منداڵان کە کۆڵەکەیەکی سەرەکـییە لە بنیاتنانی کەسایەتی دروسـتی منـداڵان و لە هـانـدانیان بۆ داهـێنان و پێشکەوتـن. دەتوانێـت رۆڵـێکی بەرچـاو و کاریگەری هـەبێ، لە راهـێنان و ئامـادەکـردنی منـداڵان، بـۆ دەربـردن لەگـەڵ گـۆڕانـکارییـەکـانی ئەمـڕۆ و داهـاتـوودا.
لە ئەمڕۆدا پێگەی منداڵان لە کۆمەڵگادا گۆڕاوە، لەم ساڵانەی دواییدا، قسەکردن لەسەر ئـەدەبی منـداڵان و گرنگییەکـانی ئـەدەب بـۆ منـداڵان، دایـکان و باوکـان مامۆسـتاکان و نووسـەران و دەرووننـاسانی منـداڵان و پەروەردەکـاران و بیـرمەنـدان و تـوێـژێنەرانی بواری گەشەکـردنی منـداڵان و بە دەیـان گـروپ و کۆمەڵە و دامەزراوەیـان لە جیهـاندا سەرقـاڵکـردوون. سـاڵ لە دوای ساڵـیش بایەخـێکی زیـاتر بە ئەدەبی منـداڵان دەدرێت. چـونـکە باشـتریـن بـوارە بـۆ گـۆڕانکـاری و بـۆ هـێنانـەدی داهـاتـوویـەکی شـیاوتـر و گەشـتر. تا زیـاتـر منـداڵەکـانتان هـەوادار و هـۆگـری خوێنـدنەوەی ژانـرەکانی ئـەدەبی منـداڵان بکـەن، تا زیـاتـر ئـاشـنا و هـاوڕێـتی پـەرتـووک و گـۆڤــارەکـانی تـایبـەت بە منـداڵانیان بکەن. زیـاتر لە هـێـنانەدی داهـاتـوویـەکی باشـتر و گـەشـتر دڵنیـادەبـن.
لە کۆنـدا، ئـەدەبی منـداڵان بریتیبوو لە چـیرۆک و لە نەزیـلە و هەقایەتی ئەفسانەیی و گۆرانی و هۆنراوەی فـۆلکلۆری و لایلایـەی دایکان. کە بۆ فێرکردن و خۆشی منداڵان بەکاردەهـێنران. بابەتەکـان شێوەیەکی فـێرکاری و رەوشـتی و ئایینیان لەخۆگرتبـوون. گەواهـی ئـەم راستییەش لە ئەدەبی کوردیـدا (نـۆبـارا بچووکـان) ی (ئەحمـەدی خـانی: ١٦٥٠- ١٧٠٧ز) و (ئەحمـەدی) ی (شـێخ مـارفی نـۆدێـی: ١٧٥٣- ١٨٣٨ز) یـە. کە دوو فەرهـەنگـۆکـن (عـەرەبی ـ کـوردی) بۆ منـداڵانی کوردمان دایـان ناون، بۆ ئەوەی فـێری زمانی عەرەبی ببن. چونـکە لەو سەردەمەدا زمانی عەرەبی زمانی ئایین بـووە.
میـژووی سەرهـەڵـدانی ئـەدەبی نـووسـراوی تایبـەت بە منـداڵان و بـڵاوکـردنـەوەی بە شـێوەیەکی فـراوان وەکو ئەدەبـێکی جیـاواز لە ئەدەبی گەورەکان، بۆ سەدەی حەڤـدەم دەگەڕێتەوە، کە بۆ یەکەمین جار لە فەرەنسادا سەری هەڵـدا و دوایش لە ئینگـلتەرادا.
پەرتووکە بەراییەکان بۆ منداڵان، بە زۆری فێرکاری و ئاینی بوون و هونەری نەبوون.

لە کۆتـایی سـەدەی نـۆزدەم و سـەرەتـای سـەدەی بیـستەمـدا، پێشکەوتنێکی گـەورە لە ئـەدەبی منـداڵاندا روویـدا. بە سەردەمی زێـڕینی ئـەدەبی منـداڵان ناوبـراوە. چونکە لەو سەردەمـەدا چەنـدین پەرتـووکی کلاسـیکی منـداڵان چـاپکـران و بڵاوکـرانەوە. چەنـدین پەرتـووکی وێنـەداری رەنگـاوڕەنگی تـازەش لە بـواری ژانـرەکـانی ئـەدەبی منـداڵانـدا، چـیرۆک، هـۆنـراوە، پەخشـان، شـانۆ، چـاپکـران و بـڵاوکـرانـەوە. گـۆڤـاری مانگانەی رەنگاورەنـگی تایبـەت بە منـداڵان بڵاوبـوونەوە. لە رووی چەنـدێـتی و چـۆنییەتیـیەوە پێشکەوتنـێکی گـەورە لـە ئـەدەبی منـداڵانـدا هـاتـەدی. وشـە و وێنـە و رەنـگ ئاوێتـە بـوون و جوانییەکی تەواویان بە پەرتـووکەکـانی ژانـرەکانی ئـەدەبی منـداڵان بەشـیون.
لە راستیشدا ئاسان نییە، کە لە پێش داهـێنانی چاپخانە و چاپکردنی پەرتووک، بتوانین دوای ساغـکـردنەوەی رەسەنـایەتی ئـەدەبی منـداڵان بکـەویـن.
ترسناکترین رووبەڕووبوونەوە لەم سەردەمە نوێیەدا. رووبەڕووبـوونەوەی سیاسییە. کە لە دیاردەکانی ئەوەیە، کە هەنـدێ لە گەلانی تووشبوو بە ڤایرۆسی رەگەزپەرستی و خۆ بەزیاتر زانین، خەیاڵ لە پـڕوپـووچییە مێژووییەکانیان دەکەنەوە، لە خۆباییبوونە و بە هـێزیـانەوە دەنـازن، سەرەکـێـشی و دوژمـنکاری لە دژی گـەلانی مـاف زەوتکـرا و نیشـتمان داگـیرکراو دەکەن. بۆیە گرنگـترین ئەرکی کـۆمەڵـگـاکان و گـەلانی هـۆشـیار، پەروەردەکردنی منداڵانن بە بەهاکانی خۆشەویستی و مرۆڤایەتی هاومافی و یەکسانی و دوورکەوتنەوە لە تونـدوتیـژی و دوژمنایەتی و ستەملێکـردن و نکوڵیکـردن لە بوونی گەلانی تـر. دوور لە خۆباییبوون و خۆپـەرستی و رەگـەزپەرستی و تـونـدڕەوی.
لە ئەمـڕۆدا منـداڵانێکی زۆر، لە زۆر شـوێنی جیهانـدا، لە ئەنجـامی ململانێی سیاسی و شەڕ و ئاژاوە و داگیرکردن و ناسەقامگیری و جیاوازیکردنی نەتەوەیی و رەگـەزی دا، رووبەڕووی پیسترین جۆرەکانی تونـدوتیژی و چەوسانەوە و ترس و برسـێتی بـوونە. چۆن ئەدەبی منداڵانی ئەمڕۆ مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخ و بابەتانەدا بکات؟ ئایە لەسەرێتی کە باسـیان لـێبکات؟ بـەڵی پێویستە ئـەدەبی منـداڵان، بە شـێواز و رێـگای ناڕاستەوخۆ، ناڕاشکاوی و نازەقی، خۆی لەم ململانێ سیاسی و لەم شـەڕانە هـەڵبقـورتێنێـت. بـەڵام بە شێوەیەکی جوانی ئەدەبییانە لە میانی چیرۆک و هـۆنراوە و شانـۆدا باسیان لێبکات.
لە کۆتاییـدا، حەزدەکەم ئەوە بڵـێم کە تا ئێستا چەنـد نووسینـێکی تـرم دەربارەی ئـەدەبی منـداڵان و ژانـرەکانی نووسیوە و بڵاوم کـردوونەتـەوە. لە پەرتـووکێکی چاپکـراویشـدا، کە لە ساڵی (٢٠١٥) دا، بە ناونیشانی (چـاوپـێخشـانـێک بە مێـژووی ئـەدەبی منـداڵان) کە کومـەڵەی روونـاکبیری و کۆمـەڵایـەتی کەرکـووک چاپیـان کـرد و بڵاویـان کـردەوە. بە کـورتی باسـم لـە ئـەدەبی منـداڵان و لـە ژانـرەکـانی و لە سـەرهـەڵـدانی لە جیهـان و لـە کوردســتان دا کـردووە. باسـیـشـم لـە میـدیـا و لـە راگەیانـدنـەکـانی منـداڵان و لـە گرنگـییەکانی ئـەدەبی منـداڵان، بـۆ منـداڵان کـردووە.
چەنـد جـارێکـێش پێشـنیاری ئـەوەم کـردووە، کە پێوێسـتە ژانرەکـانی ئـەدەبی منـداڵان، بخرێنـە پـرۆگـرامەکانی پەرتووکەکانی خوێندنـەوەی کوردی لە قۆناغـەکـانی بنەڕەتی و ئامـادەیی و زانکـۆ ـ کـۆلێـژی زمـانی کـوردی و بـەشی پـەروەردە. هـانی خوێنـدکـارانی خوێندنی باڵا بـدەن کە ماسـتەر و دکتـۆرا لە ئـەدەبی منـداڵانـدا وەربگـرن. شانازییە بۆ ئەو خوێندکارەی دەستپێشخەری بکات و خۆی شیرین بکات و ئەم مژدەیە رابگەیەنێت. وەک یەکەم نووسەر، کە تێزی بڕوانەمەکەی لەسەر ئەدەبی منـداڵانی کورد وەربگرێت. شایەنی ئەوە دەبێت کە لە لاپەڕە زێرینەکانی مێژووی گەلەکەماندا بە شانازی و رێزەوە ناوی تۆماربکـرێت. هـیوادارم کە ئەم خـۆزگە و هـیواخوازییەمان بەم زووانـە بێتـەدی.

رەزا شـوان
سـویـد: ٢٠٢١




چیرۆکەکانی داپیرە.. عەلی حەمەڕەشید

.
کە داپیرەی ئازیز دێ
ھەندێکجار
دەچم بۆ لای دەستبەجێ
بۆ پرسیار
کەمێک بیردەکاتەوە
دێتەگۆ
وەڵامـــم دەداتەوە
لەسەرخۆ
بە چیرۆکی خۆش خۆشی
ئاسودەم
سەرم دەخاتە کۆشی
بەبێ خەم
فێری کردووم بپرسم
چالاک بم
بوێربم و نەترسم
بێباک بم
زانیاری باشی لایە
داپیرە
مرۆڤێکی وریایە
زۆر ژیرە
….
٢٠٢١/٧/٣١
عەلی حەمەڕەشید




قـوتـابـیـانی کوردســتـانـین.. رەزا شـوان

قـوتـابـیـــــــانـی کـوردســـــــتـانـیـن
رۆڵـەی گەرمـیــان و کوێـســتـانـیـن

  • * * * *
    تـێکـۆشــــەریـن ، کـۆڵـــــنـەدەریـن
    کــورد و کـوردســـتـان پــەروەریـن
  • * * * *
    نـەوەی ئـەمــڕۆی کـوردســـتـانـیـن
    هـیــــوای داهـاتـووی گـەلـمـــانـيـن
  • * * * *
    ئـەرکـی پــــــیـرۆزی ئـەســـتـۆمـان
    بـەرگـــــــريــیـە لـە کـوردســــــتـان
  • * * * *
    ئـەڕۆیــن ئـەڕۆیــن بـۆ پـێـشــــەوە
    بـە گـــور و تــیـن، بـە جـۆشــــەوە
  • * * * *
    گـەشــــبـیـنـن و هـیــــوا بـــەرزیـن
    بــڕوابـەخـــۆیـن قـــەت نـابـــەزیـن

سـویـد: ٢٠٢١




گرنگـییەکانی شـیعـر بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

لە زمانی کوردیـدا، ئەم چـوار وشەیە (شیعـر، هـۆنـراوە، هەڵبەست، هـۆازان) بۆ یەک مەبەست بەکاردەهـێنرێن. بەڵام وشەی (شیعـر) زیـاتر بەکـاری دەهـێنین و زیاتریش لە ئەدەبی کوردیدا دەقی گرتووە. مـن پێموایە کە وشەی (هـۆنراوە) کە هونەری هۆنینەوە دەگـەیەنێـت، چـێژ و شـیرینی گەر لە وشـەی (شـیعـر) زیـاتر نەبێـت، کەمـتر نیـیە.
شیعـر، جـوانترین و ناسکترین شێوەیە لە شێوەکانی هـونەر. کە زۆر لە کۆنەوە سەری هەڵـداوە. رەخـنەگران و مێژوونووسانی کۆن جەختـیان لەسەر ئەوە کردووە، کە شیعـر لەگەڵ پەخـشانـدا جـیاوازی هـەیە. شـیعـر گـوزارشتـێکی پـڕ لە هەسـت و سـۆزداری و خـۆشـەویستییە، کە لە نـاخـی دەروونـی شـاعـیرەوە دێـت. شـیعـر هـۆیـەکی گـرنـگە بۆ گوزارشتکـردن لە هـیوا و خەون و خەیـاڵ و نیاز و سـۆزداری و بـاوەڕ و رازەکـانمان. شیعـر زمـانی رۆحـمانە. دەوتـرێـت (شيعـر زمـانێکە لەنـاو زمـان دایە) مەبەستیش لەم قـسەیە، ئەوەیـە کە شیعـر زمـان و شـێوازی تایبـەتی خـۆی هـەیە.
شیعـر گرنگـترین لقە لە لقەکانی ئـەدەب، هـەست و چـێژ و خۆشییەکی تایبەتی بە دڵ و دەروونمان دەبەخـشێت. لە کـۆنەوە شیعـر تێکەڵاوی خوێنمان بووە و بووە بە بەشێک لە ژیـانـمان، هـەسـتمان دەبـزوێـنێ و بـووە بـە وێـردی سـەر زمـانـمـان و بە خـۆراکی دەروونمـان. بـووە بە چـەکی بەرگـریمان. کاریگەرییەکی زۆری لە رۆحـی رەوانمـانـدا هـەیە. بە شیعـریش گۆزارشـتمان لە خـۆشییەکـان و ناخـۆشییەکـانی ژیـانمان کـردووە.
شیعـر سەرەڕای ئەوەی کە چـێژ و خۆشییەکی زۆر بە منـداڵان دەبەخـشێت، روبـارێکی گرنگـیشە لە رووبارەکانی رۆشـنبیریی منداڵان. گەورەترین کاریگەریشی لە پەروەرد و فـێرکردنی منـداڵانـدا هـەیـە. بۆیـە شـیعـر بـووە بە پـشکـێک لە پەرتووکی خوێنـدنەوە.
دێـیـنە سەر نـاونیشـان و کـرۆکی باسەکەمـان، کە گـرنگـییەکـانی شـیعـرە بـۆ منـداڵان.
شیعری منداڵان بەشێکی گرنگە لە ئەدەبی منداڵان. نزیکترین هونەرە لە دەروونیانەوە. شیعـر گرنگـترین کاریگەریی لەسەر کەسایـەتی و ژیـانی ئەمـڕۆ و داهـاتـووی منـداڵان هـەیە. هـەر لە کۆنەوە دایکانی بەسۆز و میهـرەبـانی کوردمان، بە لایـلایە و لـۆرین و گورگـانە شەوێ و لاوانـدنەوە، بە دەنگـێکی ناسک و بە ئاوازێکی بەسۆز و شـیرین، لەگەڵ راژەنیـنی بێـشکە و لانکەکانی کۆرپە شیرینەکـانیان، بە سـۆزەوە کورپـەکـانیان لاوانـدوونـەتـەوە و ژیـریـان کـردوونـەتـەوە و کـردوویـاننـە خـەوێـکی خـۆش.
(لامـارتین) دەڵـێت:”جـوانـترین شـیعـر لە سەرانسەری جـیهـانـدا، لایـلایـەی دایـکانە”
هـەمـوو مـنداڵان، هـۆگـری گـۆرانی و شیعـر و سـروودن. بە تایبـەتیـش ئـەو شـیعـر و سروودانەی کە خۆشی و شادییان پێ دەبخەشن. ئەو شیعـر و سروودانەی کە باسیان لە ژیـان و ژینـگە و باڵـنـدە و گـوڵ و پەپـوولە و لە خـۆشی و یـاری و شـادی و ئـازادی و کوردسـتانی جـوان و شیریـنمان و لە سەرچـڵـیـیەکـانیـان کـردوون. یا باسیان لە هـیوا و خـواســت و لە خـەون و خـەیـاڵ و لە ئـارەزووەکـانیـان کـردوون. کە بە ئاسـانی لـێـیان تێـدەگەن و ژیـان و خەیـاڵی خۆیـان تێـیانـدا دەبینـنەوە. چـێـژ و خۆشـیان لێـوەردەگـرن.
نـووسین و پێـشکەشکـردنی شـیعـری جـوان، بە شـێوازێـکی هـونـەری دیـاریکـراو، تا
رادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ بەهرە و رۆشنبیری و ئەزموونی سەرکەوتووی شاعیر.
خەسڵەتە گونجـاوەکانی شیعـری منـداڵان:
بە کورتی و بە چـڕی لەم خاڵانـەدا، باس لە تـایبەتـمەنـدی و لـە گرنگـترین خـەسـڵەتە گـونجـاوەکـانی شیعـر بـۆ منـداڵان دەکـەین.
١ـ پێویستە شاعـیری شیعـرنـووس بـۆ منـداڵان، بـەر لە هـەمـوو شـتـێک و مەرجـێک ئەوە بـزانێـت کە شـیعـرەکانی بۆ منـداڵان دەنـووسێـت نـەک بۆ گەورەکـان. نـووسیـنی شیعـریش بـۆ منـداڵان کاریکی هـەڕەمـەکی و ئاسـان نییە. چـونکە نـووسینی شیعـر بۆ منداڵان، هەر ئەوە نییە کە شاعـیر چەنـد دێـڕێکی کـێش و سەروادار رێکبخات و ناوی لێبنێت (شیعـر بۆ منـداڵان) شیعـری منداڵان بنەما و تایبەتمەندی و مەرجی خۆی هەیە. کە پێویستە شاعـیر لە کـاتی شیعـرنووسین بۆ منـداڵان، رەچـاوی ئەو مەرجـانە بکات.
٢ـ جەخـتکـردن لەسـەر شـیرینی و ناسکی و ئاسانی زمـانی شیعـر بۆ منـداڵان، بەپـێی قـۆناغـەکـانی تەمەنیـان و بەپـێی وشـە و رسـتە گـونجـاوەکـانی فـەرهـەنگی زمـانیـان.
پێویستە وشەکـانی شیعـری منداڵان ئاسان و ناسک و رەوان بن، تەڕ و پاراوبن. بەبی گرێ و گۆڵـبن. وەکو گـوڵ جـوان و گەش و بۆنخۆشبن، وەکو پەپـوولە نەرم و نیان و نەخـشینبن. وەک پەلکەزێـڕینە رەنگاوڕەنگـبن. بە تەواوی وەک دڵپـاکی و بێـتاوانی و راسـتگـۆیـی و جـوانی منـداڵان بـن، پـاک و جـوان و بێـتاوان و راستـبن.
٣ـ وا باشە کێشی نیوە دێڕەکانی شیعـر بۆ منداڵان، ژمارەی بـڕگەکانیـان لە (٦، ٧، ٨ ، ١٠) بڕگە زیاتر نەبن. کێشی بـڕگەیی “پەنجـەیی” ئاسانترین کـێشی شیعـری منـداڵانە.
باشتریش وایە، ژمارەی وشەکانی هەر شیعـرێک بۆ منداڵان لە (٥٠) وشە زیاتر نەبن.
(کێش) و (ترپـە) و (موزیک) سێ بنەمای سەرەکین لە شیعـردا. پەیوەندییان بەیەکەوە هـەیە و تەواوکـەری یەکـترین. یا گیـانێکـن لە سێ جەسـتەدا.
ریتـم و تەکـنـیکـیش پێـویسـتە بەپـێی پێـوەرەکـانی شـیعـری منـداڵان رێکـبخـرێن.
٥ـ دوورکەوتنەوە لە بەکـارهـێنانی رەوانبـێژی و تـێز و ئاڵـۆزی لە شـیعـر بۆ منـداڵان.
٧ـ هەڵـبژاردنی ئەو بابەتـانەی، کە لەگـەڵ ژیـان و گـرنگی پێـدانی منداڵانـدا گونجـاون.
٨ـ پێویستە شیعـری منـداڵان، بابـەتی رەوشتی و پـەروەردەیی و دەروونی و نیشـتمانی و کۆمـەڵایـەتی لە خـۆ بگـرێت، تا هـەر لە منـداڵیـیەوە بە ئەم پـرەنسیـپانە رابهـێـنرێن.
٩ـ پێویستە ئەو سـروود و شـیعـرانەی کە ئاوازیان بۆ دادەنـێن و دەکـرێن بە گۆرانی و سروود بۆ منداڵان و لە تەلفـزیۆنەکانـدا تۆماردەکرێن. لەژێر چاودێـریی کەسانی پسپۆر و شارەزای بواری ئەدەبی منداڵان و دەروونناسی و پەروەردە و هـونەری منداڵانـدابن. چونکە منـداڵان ئەم هـۆنـراوانە لەبەردەکەن. کارتێکـردنیان لە ژیانی منـداڵاندا دەبێـت.
١٠ـ پێویستە شاعـیرانی شیعـرنووس بۆ منداڵان لە بـواری پـەروەردە و دەرووننـاسی منـداڵان نابەڵـەد نەبن. پەروەردەکار و دەروونناسی منداڵان بن. شارەزای زمانی پەتی کوردیمـان بن. چونکە شاعـیری شیعـرنـووسی منـداڵان، کـاتێک دەتـوانێـت شیعـرێکی جـوان و بەچـێژ و بەسـوود و کـاریگەر بۆ منـداڵان بنووسێـت، کە شـارەزای تـەواوی قـۆناغـەکانی گەشەکردنی منداڵاندا بێت، لە رووی توانایی و دەروونی و پەروەردەیی و کۆمـەڵایـەتی و زمـانی و سـۆزداری و هـزری و حـەز و ئـارەزووەکـانی منـداڵانـەوە.
١١ـ پێویستە شاعـیرانی شیعـرنووسی منداڵان ئەوە بزانن، کە شیعـری منـداڵان، وەک هەر بابـەتـێکی تری ئـەدەبی، پێـویستی بە داهـێنان و گەشەکـردن هـەیە. پێـویستی بە تەکـنیک و سـتایـل و شـێـوازی گـوزارشـتکـردنی تـازە هـەیە.
١٢ـ پێویسـتە شـاعـیری شـیعـرنـووس بـۆ منـداڵان، نـاونیشـانی کـورت و گـونجـاو بـۆ شـیعـرەکـانی دابنێـت. ناونیشانـەکـانیش گـوزارشـت لە نـاوەڕۆکی شـیعـرەکـان بکـەن.
١٣ـ مانگی ئەپـریـلی هەمـوو ساڵێک، بە مانگی شیعـری نیشتمانی دانراوە. ئەم مانگە بقـۆزنـەوە و هـەوڵـبـدن کە زۆرتـرین شـیعـری نیشـتمانی بـۆ منـداڵەکانتان بخـوێننەوە.
گرنگییەکانی شیعـر بۆ منـداڵان:
لەو بـڕوایـەدام، بە زانـیـنی گـرنگـییە سەیـرەکـانی شـیعـر بـۆ منـداڵان سەرسـام دەبـن.
زۆر بە کورتی باس لە چەنـد گـرنگییەک لە گـرنگییەکانی شـیعـر بـۆ منـداڵان دەکەین:
١ـ شـیعـر گەشـە بە زمـانی منـداڵان دەکات و شارەزایی زمـانی داهـێنانیان زیاتر دەکات. تـوانـایـەکی زیـاتـریشـیان دەبێـت لە گـوزارشتکـردن و لـە بەهـرەی نووسینی شـیعـردا.
٢ـ شـیعـر هـۆیـەکی گـرنـگە بـۆ منـداڵان، بـۆ گـوزارشتکـردن لە بیـر و نـاخ و سـۆز و دەروونیان، بۆ گەشەکردنی خەیـاڵ و بەهـرەی ئەدەبی و هـیوا و خولیا و خەونەکانیان.
٣ـ زۆر گـرنگە هەر لە منـداڵـییەوە منـداڵەکـانتـان بە چـێژ و حـەز و خۆشــەویستی بـۆ شـیعـر رابهـێنـین. نـەک تەنیـا هـەر لە قـوتـابخـانەدا، بەڵکـو لە ژیـانی رۆژانەیـان و لە پەیـوەنـدییەکانیشیاندا سوودیـان پێ دەبەخـشێـت.
٤ـ شـیعـر گـەڵی دەرگـا بـۆ منـداڵەکـانتاـن، بە درێـژایی ژیانیان بـۆ دەخـاتە سـەر پـشت. کەواتـا نابێـت گـرنـگی و سـوودەکـانی شـیعـر بـۆ منـداڵان پشـتگـوێ بخـەن.
٥ـ بە دەنگـێکی بـەرز و خـۆش و شـیرین شـیعـر بۆ منـداڵـەکـانتـان بخـوێننەوە. دەشێ هـێشتا منداڵـن و لە واتاکـانی وشەکان تێ نەگـەن، بەڵام هـەست بە چـێژی مـوزیکی و ترپـەی سەروای شـیعـرەکـان دەکەن. بە مەرجـێک شـیعـرەکان سـووک و ئاسـان بـن.
٦ـ شـیعـری شـیرین، بوارێـکی باشە بۆ فـێرکردنی منـداڵەکانتان بە زمـانی کوردیمـان.
٧ـ شـیعـر هـانی منـداڵان دەدات بۆ خوێنـدنـەوە و بۆ دەرخستـنی بەهـرەی ئەدەبیـیان.
٨ـ شـیعـر ئاسـۆی بیـر و ئەنـدێـشـە و خـەیـاڵی منـداڵان فـراونـتر و گـەشـتر دەکـات و یارمەتییان دەدات بۆ بیرکـردنەوە لە داهـێنان و پێشکەوتـن. فەرهـەنگی وشەکانیشیان دەوڵـەمەنتـر دەکـات و لێـوەی کـۆمـەڵـێک وشـە و رسـتەی تـازە فـێردەبـن.
٩ـ شـیعـر، منـداڵان بە گـەلێ بابـەتی هـەمـەجـۆرە و بە هـەستی جیـاواز دەنـاسێـنـێت.
١٠ـ سەروای ناسکی شـیعـر، رێگەیەکی نایابە بۆ منـداڵانی بچـووک، بۆ گەشەکردنی هـۆشـیارییـان و ئاشـنابـوونیـان بە زمـانی دایـک و بە جـۆری دەنگەکـان و تـرپـەکان.
١١ـ ئـەو منـداڵە بەهـرەمەنـدانەی کە هـۆگـری خوێنـدنەوەی شـیعـر دەبـن و لە لایـەن دایکـان و باوکـان و دادەکـانیان و مامۆستاکـانیانەوە هـاندەدرێن و پەروەردە دەکـرێن و هـەر لە منـداڵییەوە ئاڵـوودەی چـێژی شـیعـر دەبـن و لە ژینگەیـەکی هـۆنـراوە دوسـتدا پەروەردە دەبن. شەیـدای خوێنـدنەوەی شـیعـر دەبـن. ناتوانن بە درێژی ژیانیان واز لە خـوێنـدنـەوەی شـیعـر بهـێـنن. شـیعـر دەبـێـت بـە بەشـێک لـە ژیـانیـان. بـە دووریـشی مـەزانـن، کە هـەنـدێـک لـەم منـداڵانە ببـن بە شاعـیر و بە نـووسەری بـواری ئـەدەبی منـداڵان. منـداڵان هـەر بە خۆڕسکـی ئـارەزووی گـۆرانی و ئـاوازی شـیرینـیان تێـدایە.
١٢ـ لە میـانەی شـیعـرەوە، بەهـرە و گـەلی لە تـوانـاکـانی منـداڵان دەردەکـەون، وەک دەنـگـڕەوانی و بە جـوانی پێشکەش کردنی شیعـر و دەرخـستنی ئازایـەتی ئەدەبیـیان.
١٣ـ شـیعـر، منـداڵان لە شـەرم و گـۆشـەگـیری و دوودڵی و هـەڵچـوون رزگـاردەکات.
چارەسەری گـەلێ لە گـرفـت و لە کێـشە جەستەیی و دەروونییەکـانی منـداڵان دەکـات.
١٤ـ شـیعـر و سـروود، رۆحی کوردایـەتی و هاوبەستەبـوون و کوردسـتان پەروەریی لە دڵـی منـداڵاکانتان شیرینتر دەکات. پەرۆشێکی زیاتـری نیشـتمانییان دەورووژێـنێت.
١٥ـ شیعـری شیریـن و گونجـاو بۆ منـداڵان، گەشە بە چـێژی ئەدەبی منداڵان دەکات و هەست دەوڵەمەنتریان دەکات. زیاتـریش پابەنـدی نەریت و بەهـا نیشتمانییەکان دەبن.
١٦ـ شیعـر، هـۆکارێکە بۆ بنیاتـنانی کەسایەتییەکی دروست و بۆ روواندنی رەوشتی بـەرز و خـوو و نەریـتی جـوان و بـەهـای بـەرز و پـیرۆز. بـۆ زاخـاودانی هـۆش و هـەست و دەروونی منـداڵان.
١٧ـ پەروەردەکردنی منـداڵان بە ئاشنابـوون و خۆشەویستی بۆ شیعـر، نەک هەر لە قوتابخانەدا بەڵکو لە ژیانی رۆژانەیان و پەیوەندییەکانیشیان سوودیان پێ دەبخشێت.
لەم پێـودانگە گـرنگـییانەوە. شـیعـر دەتـوانێـت ئـەرکـێکی گـرنـگ ببـینـێت، لە چـەنـد رەهـەنـدێکی وەک: پەروەردەیی و نیـشتمانی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و رەوشتی و جـوانی و ویـژدانی و مـرۆڤـایـەتی و هـزری.
ئەوە شیعـرە، کە منداڵە چاوگەشەکانتان بە کوردایەتی و کوردستان پەروەریی گۆش و پـەروەردە دەکـات. فـێری نیشـتمان پـەروەری و و دڵسـۆزی و خەبـات و تێکـۆشـان و خـۆڕاگـرتـن و ئـازایـەتی و دلـێری و بـەرگـری و کـۆڵـنـەدانیـان و دەکـات.
ئەوە شیعـرە، کە جگەرگۆشەکانتان پەروەردەدەکات و فێری رەوشت بەرزی و رەفـتار دروسـتی و گـەشـبـیـنی و هـیواخـوازی و چـاکـەخـوازی و هـاوکـاری و یـارمـەتـی و لـێبووردن و رێزگـرتن و بـرایـەتی و هـاوڕێتی و پێکەوەژیـان و سازان و … دەکات.
شایەنی باسە شاعـیرانی نەوەی نوێمان لە بواری شیعـرنووسین بۆ منداڵان. لە بارەی هەموو ژانـرەکـانی شیعـری منداڵانەوە، شیعـریان نووسیوە: نیشتمانی، کۆمـەڵایـەتی، فـێرکـاری، زانیـاری، وەرزشـی، کـۆمیـدی، دەربـارەی ئـاژەڵ، بـاڵـنـدە، گـوڵ و دار و درەخـت، پەپـوولە و هـەنـگ، سـرووشـتی رەنگـین و جـوانی کوردسـتان، وەرزەکان، شـیعـر بۆ دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـان، بۆ پێـشـمەرگـەی قـارەمـانی پـارێـزەری کوردستان، بۆ شەهـیدانی نەمرمان، بۆ ئاڵای ڕەنگین و پیرۆزی کوردستان، بۆ قەد و باڵای چیا سەرکەشەکانمان، بۆ زمانی شـیرینی کوردیـمان، بۆ ئاشـتی و بۆ مرۆڤـایەتی و بۆ بـرایەتی و خـۆشـەویسـتی، بۆ ژیـنگەپـارێـزی کوردسـتانی جـوان، بـۆ… هـتـد.
پـۆلـیـنی شـیعـری منـداڵان:
١ـ شیعـری فـۆلکلۆری: ئەو شیعـرە میللییانەن کە خـاوەنەکـانیان نەناسراون و گەل بە خـاوەنی ئەو شیعـرانە دەزانـرێـت. زۆربەیـان کـراون بە گـۆرانی. گـەلی کـورد خـاوەنی گەنجـینەیەکی دەوڵەمەنـدی شیعـری فۆلکلۆرییە. کە پشکی منداڵانیشی تێدایە. منداڵانی کوردمان بە تـاک و بە کۆمـەڵ بە ئـاواز و جـووڵـەوە ئەم گـۆرانییانە دەڵێنەوە. ئەمەش دوو نموونـەن لە شیعـری فـۆلکـلۆری کـوردی بـۆ منـداڵان: یەکـەم (هـەر دەرنـایـە):
هــەر دەرنــایـە .. هــەر دەرنــایە
قـاچـمـان تەزی .. بـووک دەرنایە
هــەر دەرنــایـە .. هــەر دەرنــایە
دەستمان تەزی .. بـووک دەرنایە
هــەر دەرنــایـە .. هـەر دەرنـایـە
هونەرمەنـدی گـۆرانبێژی کوردمان، مامۆستا (سەلاح محـەمـەد) کە لەناو منداڵانـدا بە (مـام عـەوڵا) ناسـراوە. بە بەشـداری کچـۆڵـەیـەکی چـاوگـەشی دەنـگخـۆش و کـۆمـەڵە منـداڵێکی کچـان و کـوڕان، کـلیـپـێکی رەنگـاوڕەنگی گـۆرانیـیەکی فـۆلکـلۆریی خـۆشی بۆ منـداڵانی کوردمـان تـۆمـارکـردووە. کە جـاروبـار لە تەلەفـزیـۆنـەکانی کوردستان دا، پێشکەش دەکـرێـت، لەژێـر نـاوی (بـووکە بە بـارانێ) ئەمـەش دەقـی گـۆرانییەکـەیە:
هـەیــــــاران و مـەیـــــــاران
یـا خـــوا داکـــاتـە بـــــــاران
بـۆ فـەقــــیـر و هــــــەژاران
قەومی حەسەن و حوسێـنان
هەموو قـڕبـوون لە توینـیان

  • * * * *
    خـــوایـە بــــاران بـبــــــارێ
    لـە لادێ و لـە شــــــــــــارێ
    لـە سـبەیـنێ تـا ئـێـــــــوارێ
    بـە لــیـزمە بـێـتـە خــــوارێ
  • * * * *
    بـووکـــــە بـە بـــــــــــارانـێ
    ئـــــــاوی بـن دەغــــــــڵانـێ
    سـەعــــــــاتـی جــــــــارانـێ
    لـە دێـــــــریـن زەمــــــــانـێ
  • * * * *
    بـووکـــی نـــاو بـاغــــــــانـە
    چـەنـــد خـــــان و مــــــــانـە
    لـە گـــــــــەورە مـــــــــاڵانـە
    لـە دێـــــــریـن زەمــــــــانـێ
  • * * * *
    بـووکە چـۆتە سـەر کەپــرێ
    لـێـــدەدا دەف و تـەپـــــــــڵێ
    لـە کەسـیـش ناکـا شـــەرمێ
    لـە دێـــــــریـن زەمـــــــــانێ
  • * * * *
    شەمـوولـەی مـن چـی دەوێ
    مێــوژی عـەمــــارانی دەوێ
    شەکــری لە شـــارانی دەوێ
    دیـــــاری مـنـــــداڵانی دەوێ
  • * * * *
    شەمـوولـــەی لەنـــاو رەزی
    بـای لـێــدەدا و دەلــــــەرزی
    فـڕدەکـــا ئــــــاڤی تـــــــەزی
    بـە جـــوانیـیەکەی دەنــــازی
  • * * * *
    شەمـوولـەی مـن چـی دەوێ
    مێــوژی عـەمــــارانی دەوێ
    شەکــری لە شـــارانی دەوێ
    دیـــــاری مـنـــــداڵانی دەوێ
    ٢ـ شیعـری نیشـتمانی: گرنگترین ژانرە لە ژانرەکانی شیعـری منداڵانی کورد، پانتاییەکی زۆری لە شـیعـر و سـروودەکـانی شـاعـیرانی شـیعـرنـووس بـۆ منـداڵان گـرتـۆتـەوە. لە پێشترین ئامـانجە لە ئامانجەکـانی شیعـر بۆ منـداڵان. چونکە تا ئەمڕۆش خـاکی پیرۆزی کوردستان لە داگیرکەرانی رەگەزپەرست رزگاری نەبووە. مەبەست لە شیعری نیشتمانی بۆ منـداڵانی کوردمـان، رووانـدنی هـەستی کوردایـەتی و شـیرینکـردنی خـۆشەویستی و هـاوبەسـتەبـوونە بۆ کوردسـتانی نیشـتمانی شـیرینمان. ئەمـە دوو نمـوونە لە شـیعـری نیشـتمانی بۆ منـداڵان: کەڵە شاعـیری گەلەکەمان کاک (لەتیـف هـەڵـمەت) لەژێـر ناوی (نیـشــتمان) دا، نووسـیوێـتی:
    وەک چـــــــــۆن بـاڵــــــــــــدار
    لانـــــەی هـــەیـە لەســـەر دار
  • * * * *
    وەک چــۆن پەپـوولـەی جـوان
    لانــــە دەکــەن لەنــاو گــــوڵان
  • * * * *
    وەک چــۆن مـانـــگـی تـابــــان
    مـــاڵـی هـــەیـە لـە ئـاســــمـان
  • * * * *
    وەک چـۆن مـاسـی و حــەزیــا
    مـاڵـیــان هــەیـە لەنــاو دەریــا
  • * * * *
    منیش نیشـتمانم هـەیە نیشتمان
    نیشتمانم کوردستانە کوردستان
    شـاعـیر و چـیرۆکـنـووسی ناسـراوی بـواری ئـەدەبی منـداڵانی کـوردمـان، مـامـۆسـتا (عـەلی حەمـەڕەشـید بەرزنـجی) لە یـەکـێک لە شـیعـرە نیـشـتمانییەکـانی بـۆ منـداڵان لەژێـر نـاوی (پێـشـمەرگـە) دا، نـووسیـوێـتی:
    پێـشـمەرگـەیە پێـشـمەرگـەیە
    پـارێـــــــزەری کـوردســـتـان
    پێـشـمەرگـەیە پێـشـمەرگـەیە
    کـۆڵـنـــــەدەر و قـــــــارەمـان
  • * * * *
    پێـشمەرگەیە گیان دەبەخـشێ
    بـۆ ئــەم خــــاکـە شـــیـریـنـە
    نـمـوونـــەی دڵـســــۆزیـیـە و
    دڵــی پــــــڕ لـە ئـــــــەویـنــە
    جـێی شـانـازی هـەمـووانـە و
    بـــڕوای بـــەرز و بـەتــــیـنـە
  • * * * *
    بـۆ سـەربـەسـتی کوردسـتـان
    ئـەو چـــەکی کــردۆتـە شــان
    کـێـوێـــــکـی پـۆڵایــــــــــیـنـە
    بـەرانـبـــــەر بـە دوژمـنـــــان
    کــوڕی رۆژی تـەنــــگـانـە و
    هـێـمــــایـە بـۆ بـەرخـــــودان
  • * * * *
    پـێـشـمـەرگـە ئـەو کـەســەیـە
    گـیانی خسـتـۆتـە سـەردەسـت
    تـا گــەل بـە خـۆشـی بــژی و
    کوردسـتانیشـمان سەربەسـت

٣ـ شـیعـری فـێرکـاری (فـێرکـردن): جـۆرێـکە لـە جـۆراکـانی شیعـری منـداڵان. کە بـۆ مەبەستی فێرکردن دانراون. لەوانەش (نۆبارا بچوکان ـ ئەحمەدی خانی) و (ئەحمەدی ـ شـێخ مـارفی نـۆدێی) و (فـەرهـەنگـۆکە) ی شەهـيد (شـاکـر فەتـاح). بە دەیـان شیعـری فێرکـاری شاعـیرانی تری کوردمـان. ئەمـە نموونـەیە لە شیعـری فـێرکاری بۆ منـداڵان. لە دانـانی شاعـیری نیشـتمانی نەمـرمـان مامـۆسـتا (زێـوەر) لەژێـر نـاوی (ژمـارە):
یـەک و دوو….. داری سـێـو و داری تـوو
سـێ و چـوار….. هـاتـم بـۆ مـەکـتـەب بـە غـار
پـێـنـج و شـەش….. هـەسـتـامە سـەر تـەخـتەی رەش
حـەوت و هـەشـت….. چـووم بـۆ هـەورامـان بـۆ گـەشـت
نــۆ و دە….. یـارمـەتی هـاوڕێـت بـدە
٤ـ شـیعـری پـەروەردەیی: بەشێکی گـرنگە لە شیعـری منـداڵان، شیعـری پـەروەردەیی زۆر لە لایـەنەکـانی پـەروەردەیی دەگـرێتـەوە: پـەروەردەی کـۆمـەڵایەتی، پـەروەردەی وەرزشی، پـەروەردەی تەنـدروستی و دەروونی، پـەروەردەی مرۆڤـایەتی، پـەروەردەی ئاینی، پەروەردەی ژینگەپارێـزی، پەروەردەی رەوشتی، پەروەردەی بەزەیی بە ئاژەڵان و باڵـندەکان. لەسەر هەریەک لەو پـەروەردانە چەندین شیعـری جوانی کوردیمان هـەیە.
ئەمەش نموونەیـەکە لە شـیعـری پـەروەردەیی، لە نـووسـینی شـاعـیر و چـیرۆکنـووسی ناسراو و بە توانای بواری ئەدەبی منداڵانی کوردمان، ئەندازیـار (محـەمەد بـەرزی) یە. لەژێـر ناوی (پەرتــووک) کە یەکێکە لە چەنـدین شیعـری پەروەردەیی ئەم شاعـیرەمان.
پەرتـووکـم زۆر خـۆشـدەوێ
پــڕە لـە بـابـــــــــەتـی نــوێ

  • * * * *
    هـەمیـشــە لە گـەڵـمــــــــایـە
    باشـــتریـن مـامـۆســــــتـایـە
  • * * * *
    پـەڕەکـــــــــــــــــانـی رازاوە
    بـە چـیـــرۆک و هـۆنــــراوە
  • * * * *
    ئامۆژگـاری و وێنەی جـوان
    وانــــەی چــــاکـن بـۆ ژیــان
  • * * * *
    ئـەوەی هـاوڕێی پەرتـووکـە
    دیـــارە ژيــــــر و زیــــرەکـە
  • * * * *
    وریـــــایـە و بـە ئـاگـــــــایـە
    بـۆ نـیـشــــتـمـان چــــــرایـە
    بێگومان گرنگییەکانی شیعر بۆ منداڵان زۆر لەوانە زیاترن کە لەسەرەوە باسمان کردن.
    لەسەر هەر ژانرێکیش لە ژانـرەکانی شیعـری منداڵان، بە دەیان نموونەی ترمان هـەیە.
    لە کۆتاییدا، داوا لە شاعـیرانی شیعـرنووس بۆ منداڵان و لە دادەکانی باخچەی منداڵان و لە مامۆستایانی قوتابخـانە بنەڕەتییەکان و لە دایکـان و باوکان دەکەین، کە منداڵەکانیان و قـوتابییەکـانیان ئاشـنا و هـۆگـری شـیعـری جـوان و بەسوود بکـەن، چونکە شیعـر لە زۆر رووەوە سوودێـکی زۆر نایـاب بە منـداڵەکـانتان و بە قـوتابییەکـانتان دەبەخـشێت.
    رەزا شـوان
    سـویـد: ٢٨/ یـۆلـیۆ/٢٠٢١



گیان.. هۆنراوەی: عەلی حەمەڕەشید


ھەرکاتێک دەڵێم دایە
چەند خۆشە پێم دەڵێ (گیان)
وزەو تینم دەداتێ
تا سەرکەوم لە ژیان
…..
کە بانگی باوکم دەکەم
دەڵێ (گیان) ڕۆڵەی شیرین
ھێندە ئاسودە دەبم
دەست دەکەم بەپێکەنین
…….
گیان (گیان) ی بابە و دایە
بۆ ئێمەی گوڵ پێویستیین
نمە بارانی سۆز و
شنەبای خۆشەویستیین

٧/٣/٢٠٢١




کات و شوێن لە چیرۆکی منداڵان.. رەزا شـوان

کات و شوێن، دوو رەگەزی بنەڕەتین لە چیرۆکی منداڵاندا، ناکرێت فەرامۆش بکـرین، چونکە بەبێ کات و شوێن، لێکـدانەوە بۆ رووداوەکان ناکـرێت، گەر بە کات و شوێنی دیاریکراوەوە نەبەسترێنەوە. هەر بەرهەمێکی ئەدەبی منـداڵان، بە تایبەتیش چیرۆک بۆ منـداڵان، کـات و شـوێـن پشتگـوێ بخـات، نا پەسەنـدی و ناتـەواویی پێـوە دیـارە. ئەمەش ئـەوە دەگـەیەنێت کە ئـەرکی کـات و شـوێن لە نـووسینی چـیرۆکی منـداڵانـدا، دروستکردنی ئەو وازانیـنەیە لە لای خوێنەر، کە ئەوەی دەیخوێنێتەوە، لە راستییەوە نزیـکە یا بەشـێکە لـێی.
ئەو چیرۆکنووسەی کە دەیەوێت چیرۆک بۆ منداڵان بنووسێت، دوای ئەوەی بیرۆکە و شـێوازی نـووسـینی چـیرۆکـەکەی لە بیـر و هـۆشـیـدا گـەڵاڵـە دەبـن. پێویسـتە بـیر لە دیاریکـردنی شوێـن و کـات بکاتەوە. وەک دەروازەیەک بۆ نمایشکردنی رووداوەکـان.

پێناسەی شـوێن لە چـیرۆکـدا:
شوێن ئەو چوارچێوەیەیە کە رووداوەکان تێیدا روودەدەن و کەسایەتییەکانی چیرۆکەکە تێیدا دەبـزوێن بۆ ئەوەی جـووڵەی کات و ئەو گـۆڕانە دەربخـات کە بەسەر شــتەکـانی خەڵکـیدا لەو شوێنەدا دێـن. کە وشەگەلێکی لەم وجـۆرە وشـانە دەبیـستین، گوزارشـت لە شـوێـنـێکی دیـاریکـراو دەکـەن، بـۆ نمـوونە: (ژوور، مـاڵ، کـۆڵان، گـەڕەک، پـۆل، قوتابخـانە، پەرتـووکخـانە، سەیـرانگا، باخچـە، کـێـڵگە، گـونـد، شـەقـام، شـار، زەوی، دەریـا، ئاسمان، ئەسـتیرە، جـیهـان، کوردستان، نیشـتمان، ئامـەد، کۆبـانی، کەرکووک، سـنە، چـوارچـرا،…هـتـد)
جـووڵـەش لە شـوێنـێکـدا نەبێـت روونـادات.
شـوێـن جـێگایـەکی هـەستپـێکـراوی نەگـۆڕە، کە دەکـرێـت مـرۆڤ بـە هـۆی ئەنـدامـە هەستییەکانییەوە، هەستی پێ بکات و ئەو شتانە ببینێت کە لەو شوێنە دان. لە بوونەوە تا هـەتـایە، لە نێـوان مـرۆڤ و شـوینـدا، پەیـوەنـدییەکی دانەبـڕاویی هەمیشەیی هـەیە.
شـوێـن رەگـەزێکە لە رەگـەزەکـانی بنیادنـانی چـیرۆکی منـداڵان. کە رووداوەکـان لێـیدا روودەدەن و کەسایەتییەکان لێـیدا دەبـزوێن. شوێن رۆڵی دیمەنەکانی پشتەوەی شانۆش دەبینێت. شوێن رۆڵـێکی سەرەکیشی لە درخستنی ناوەرۆکی چـیرۆک چی کۆمەڵایەتی بێـت یا پەروەردەیی و سـیاسی بێـت. لەوانـەشە نووسـەری چـیرۆکی منـداڵان، شـوێن بکات بە پێشەکی بۆ چـیرۆک و درێژەی پێ بدات، بۆ نموونە (لە گوندێکی قەشەنگ و جـوانی کوردسـتان دا) یا ( لە گـۆڕەپـانی چـوار چـرا، لە شـاری مەهـابـادی پایتـەخـتی کۆمـاری کوردستان دا،… هـتد).
پێناسەی کـات لە چـیرۆکـدا:
کـات ئەو ماوەیـەیە، کە رووداوەکانی چـیرۆکە تێـیدا روویـان داوە یا روودەدەن. کاتەکە رابردوویەکی دوور یا نزیک بێت، یا لە ئێستای رانەبردوودا روودەدەن، یا لە داهاتووی نەهاتوودا رووبـدەن. کاتیش شتێک نییە کە بە چـاو ببینرێـت یا بتـوانین دەستی لێبدەین. ناتوانین بە ئەندامە هەستییەکانمان هەستی پێ بکەین، بەڵکو بە بیر و هۆشمان هەستی پێدەکەین. یا لە رێی شوێنەوار و ئەو خەسڵەتانەی کە هەیانە: بۆ نموونە: شەو تاریکە، رۆژ روونـاکە، لە زسـتاندا بەفـر و بـاران دەبـارێـت و ساردە، هـاوین گـەرمە، بەهـاران گـژ و گیان دەبـوژێتـەوە. پایـزان گـەڵای دارەکان دەورێـن. ئەگـینا نە شـەو و رۆژ و نە زســتان و هـاویـن و بەهـار و پـایـز بە چـاو نایـان بیـنـین. نمـوونەیـەکی تـر:
ئێـمە هـەست بەجـووڵەی چـرکەژمـێری کاتـژمـێرەکـانمان دەکـەین، بەڵام بـەو وردیـیە هـەسـت بە جـووڵـەی کـاتـژمـێرەی “سەعـاتـژمـێرەکەی” کـاتـژمێرەکـانمـان نـاکـەین.
کـات رۆڵـێکی گـرنـگی لـە ریـزبـەنـدیی بنیـادنـانی رووداوەکـان و لە دیـالـۆگی نێـوان کەسایەتییەکانی چـیرۆکـدا هـەیە. کە منـداڵان لـێی تێـدەگـەن.
چـیرۆکنووسی چـیرۆکی منـداڵان، چەنـد بە توانا و باڵادەست و لیهـاتـووبێت، چەنـدیش چـیرۆکەکەی چیرۆکێکی سەرکەوتوو بێت. کات خۆی بەسەریـدا دەسەپێنێت. ئەوە کاتە رادەی جیـاوازی و باڵادەسـتی چـیرۆکنـووسەکە لە نـووسـینی چـیرۆکـدا دیـاری دەکـات. کە تـا چەنـد تـوانیـوێتی لە هـونەری نـووسـینی چـیرۆک بـۆ منـداڵان سەرکەوتـووبێـت.
چـیرۆکیش ئەوە لە چـیرۆکنووس دەخوازێـت، کە بە شێوازێکی لـۆژیکی و ریزبەنـدی و پەسەنـد و شیاو رووداوەکانی چـیرۆکەکانی بۆ منـداڵان بنووسێت و ریزبەنـدییان بکات. بێ ئاڵۆزی و بێ گرێ و گۆڵـبن، چونکە منداڵان حەز بە بیرۆکەی قورس و مانا ناڕوون ناکەن. کەواتە ریزبەنـدی کات پێویستە لە چیرۆکی منـداڵان. تا منداڵان لە خوێندنەوەیان یا بە گوێگـرتنیان لە رووداوەکانی تێبگەن و خـۆشی و چـێـژیان لێـوەربگـرن.
کاتێک کە نـاوی کـات دەهـێنین، وشەگەلـێکی وەک ئەم وشـانە دێتـە بیـر و خەیـاڵـمان: (چـرکەیەک، کاتژمێرێک، بەیـانی، ئێـوارە، رۆژ، شـەو، بەهـار، هـاوین، زستان، پایـز، رابردوو، ئێستا، داهاتـوو، پـێرار، پـار، ئەمسـال، ساڵانی داهـاتـوو، سەدەیەک،…هتد).
بێگومان زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان، رووداوگەلێک دەگێڕنەوە، کە کۆتاییان هاتوون. بۆیە نووسەرانی چیرۆکی منداڵانیش بە زۆری (کرداری رابردوو) بەکاردەهێنن، چونکە لە بارەی رووداوێکەوە دەنووسـن، کە کۆتـایی هـاتووە. بۆ نموونە:” منـداڵەکە ویستی وەکو باڵنـدەکـان بـفـڕێـت” کـرداری “ویـستی” گوزارشتە لە ئارەزووی منـداڵەکە کە بە هـۆش و خەیاڵیدا هـات. ویستی کردارێکی رابردووە، کە باس لە رووداوێک لە رابردوو دەکـات و کۆتـایی هـاتـووە. کەواتە چـیرۆکنووس ناچـارە کە رووداوێـک نمایـش بکات، کە تێپەڕیوە و کۆتایی هـاتووە. بە بیرۆکەیەکی جـوان منداڵان دەگەڕێنێتەوە بۆ جـیهانی منـداڵی، واتا منـداڵان رووداوێـکی کۆتـایی هاتـوو دەخـوێننەوە یا دەبـیستن. بێ ئـەوەی کە بتـوانن هـیچ شـتێک لە رێـڕەوی رووداوەکـانی چـیرۆکەکە بگـۆڕن.
تەنانەت چـیرۆکخـوانی چـیرۆکە فـۆلکـلۆری و مـیللییەکـانیش، بە پـەرگـرافی ” هـەبـوو نـەبـوو” دەست بە گـێڕانەوەی هـەقـایەت و چـیرۆکەکـان دەکـەن. کـرداری” هـەبـوو” جەخـت کـردنە لەسـەر واتـای کـۆتـایی رووداو دەکـاتـەوە.

هـەنـدێ جاریش چیرۆکنووس، بۆ پێشاندانی بەردەوامی رووداو لە رابردوو و ئێستادا، وا چـیرۆکەکەی دەنووسێت یا دەگـێڕێتەوە، کە رووداوەکە کۆتـایی نەهـاتووە تا ئێستای رانەبـردووش درێـژەی هـەیە. زۆر بە کەمیـش، هەنـدێ جـار هـاوسەرگـیری لە نێـوان رابـردوو و رانەبـردوودا دەکـرێـت بۆ گەیـشتن بە داهـاتـوو. ئەمەش زۆر بە کـەمی لە کورتە چیرۆکدا روودەدات. بەڵام دەکرێت لە رۆماندا زیاتر رووبدات. چونکە لە رۆماندا ماوە و کاتێکی زیاتر بۆ رووداوە زۆرە تێکهەڵکـێشەکانی هەیە و کـاری پاڵەوانەکانیش تـازە دەبـنەوە لەوانەشە رووداوەکان لە رۆمانـدا، پانتاییەکی شـوێنی زیاتـر بگـرنەوە.
بەڵام (کرداری رانەبردوو) لە چیرۆکی منـداڵاندا بەکەمی بەکار دەهـێنرێت. بۆ نموونە:
“منـداڵەکە دەیـەوێت وەکـو باڵـندەکـان بـفـڕێـت” کـرداری “دەیـەوێـت” گـوزارشـتە لە بیرۆکەیەک کە هـێشتا لە کـاتی پێکهـێنان و بیرکردنەوە و ئامادەیی دایە، کە کـردارەکە رووی نـەداوە. لە کاتی رابـردوودا نووسەر دەتـوانێت کۆتـایی بۆ ئـەم کاتـانە دابنێت و چـیرۆکەکەی بە ئەنجـام بگەیەنێت. بەڵام لە کاتی رانەبردوودا، چیرۆکنووس ناتـوانێت کۆتایی بۆ چـیرۆکەکەی دیاری بکات. چونکە کردارە هـێشتا جێگـیر نەبـووە و لە کاتی تـاقـیکـردنەوە و پێکهـێـنان دایـە. بۆ نموونە:”مام بەختیار دەیەوێت مـینای کچی ببێت بە پزیشک”هـێشتا نازانرێت کە مینا دەبێت بە پزیشک یا نا، چونکە هێشتا خوێندکارە.
کـات لەگـەڵ شـوێـن و جـووڵـەدا، سـیانەن و تەواکەری یەکتریـن. گەر جـووڵە نەبێت، ناتـوانین هـەسـت بە کـات بـکەین. لە سووڕانـەوەی زەوی بە دەوری خـۆیـدا، رۆژ و شەو پێکـدێـن. لـە سـووڕانـەوەی زەوی بـە دەوری خـۆردا، چـوار وەرزەکەی سـاڵ، زستان، بەهار، هاوین، پایز پێکدێن لەگەڵ خەسڵەتەکانی هـەر وەرزێک لە وەرزەکان.
کەواتا کات بە دوای جـووڵەدا دێت و لە ئەنجامی جـووڵەدا کات دێتەدی. جـووڵەش لە شـوێنـێکـدا نەبێـت روونـادات. نمـوونـەیـەکی تـر لەسـەر کـات، کـاتی خـوێنـدنەوە:
“کـاتی خوێنـدنەوەی چـیرۆکـێک، مەبەست لـەو مـاوەیـەیە کە بە خـوێنـدنەوەی ئـەو چیرۆکە بەسەر دەبرێـت. چەنـد فاکتەرێک ماوەی تەواکـردنی خوێندنەوەی چیرۆکەکە دیـاری دەکەن، وەک: قـەوارەی ئەو پەرتـووکـەی کە چـیرۆکـەکەی تێـدایە، قـەوارەی لاپەڕەکانی، قـەوارەی پیتەکـانی چاپکـردنی، شـێوازی نووسەر، ئامـانجی چـیرۆکەکە، دۆخی هـۆشی و بیرکردنەوە و دەروونی خوێنەر، کارتێکردنی دەرەوەی کە بە دەوری خـوێنەرەوەیـە. هەمـوو ئەم فـاکتەر و کارتێکـردنانە، کاریگەرییان لەسـەر خوێنـەر و مـاوەی خوێنـدنـەوەی چـیرۆکـەکەدا هـەیە.
لە هەموو بارێکـدا، کـات و شـوێـن رۆڵێکی گـرنگیان هـەیە لە ریـزبەنـدی و بنیاتنانی رووداوەکـانی چـیرۆکی منـداڵان. منـداڵان لە میانەی کـات و شوێنەوە لە رووداوەکانی چـیرۆکەکـان تێـدەگـەن.
بۆیە پێویستە چـیرۆکنووسانی چـیرۆکی منـداڵان، بە جـوانی و بە وردی بیـر لە کات و شـوێـن و لە ریـزبەنـدیکـردنی رووداوکـان بـکـەنەوە.

رەزا شـوان
سـویـد: ١٢/ یـۆلـیۆ/٢٠٢١




دیمەنێکی دڵگیر.. عەلی حەمەڕەشید

ئای چەند خۆش و دڵگیرە
حەوشـــەی ماڵی باپیرە
لایەک گــوڵ و گــوڵزارە
لایــەک داری بـــەردارە
ناوەڕاســتی چیمــەنـە
دڵگـیرتـرین دیمــەنـە
بۆ سەما و یاریکـــردن
خۆشترین شوێنە لای من
جار جار باپیرەی شیرین
رووخۆش دەم بەپێکەنین
دێت بۆ لام و دەمـدوێنێ
گـــوێز و مێوژ دەھێنێ
بەچیرۆک و ھۆنـــراوە
خۆشتر دەبێ ئەو نــاوە

١٦/٢/٢٠١٩




سەمای پشەسور.. عەلی حەمەڕەشید

پشەســـــور برسی بوو
ھات بۆ لام ،بە میاو میاو
منیش چـــووم، خواردنم
بۆ ھێنا ،لەگــــەڵ ئاو
کەتێربوو، یەک دووجار
لەســـەریەک ،میاوانی
ھەرسەیری ،دەکــــردم
بـــــــۆ منی، دەڕوانی
ئیتر ئەو ،وەک جـــاران
کەوتەوە ،سەمــای خۆی
گــــــۆرانیم، بۆ دەوت
چەپڵـــەم لێ، دەدا بۆی
منداڵان ،پەیدابـــــوون
ورد و جــــوان ،نەشمیلە
ھــاتبوون، بۆ ســـەیری
سەماکـــــــەی، پشیلە
پشەســور، بە میاو میاو
خەریکی، سەمـــــابوو
ئەوانیش، چەپڵـــەیان
لێدەدا ،ھەرھـــــەموو

٢٠٢٠/٧/٢٧




گرنگییه‌كانی دیالۆگ لە چیرۆکی منداڵاندا.. رەزا شـوان

دیالـۆگ یا (گفـتوگـۆ) یەکـێکە لە کۆڵەکەکـانی بنیاتنـانی چـیرۆک بە گـشتی و چـیرۆکی منـداڵان بە تایبەتی. کە گرنگی لە گـرنگی و بایەخی کۆڵەکەکانی تری چـیرۆکی منداڵان کەمـتر نییە. دیالـۆگ لە پـاڵ وەسـف و گـێڕانەوەی چـیرۆک، کەرەستەیـەکی بەهـێزە و گـاڵـتەی پێناکـرێت. بـۆشـاییەکی فـروان لە بنیاتـنانی چـیرۆکی منـداڵان پـڕدەکـاتەوە و زیندووییەکی زیاتریش بە چیرۆک، چـێژ و خۆشییەکی زیاتریش بە منداڵان دەبەخشێ و لە بێـزاریی خوێندنـەوە دووریـان دەخـاتـەوە.
لە دیـدی منـداڵانەوە، دیالـۆگ زیـاتر چـیرۆکەکـان لە راستییەکـانەوە نـزیـک دەکـاتەوە، بیرۆکەی چیرۆکەکانیش زەقتر دەکاتەوە و رووداوەکانیش بەرجەستە دەکات. دیالـۆگ هەسـتەکـان و کاردانەوەکـانی نـاو دەروونی کەسایەتییەکـانی چـیرۆکەکـان دەردەخـات.
دیالۆگ هۆیەکە لەو هۆیانەی کە چیرۆکنووسانی منداڵان لە وێنەکێشانی کەسایەتییەکانی چـیرۆکەکانیاندا پشتی پێـدەبەستن. چونکە رۆڵی کەسایەتییەکـان لە میـانەی گفـتوگـۆ و ئاخـاوتن و دەمەتـەقـێـدا دەردەکـەون.
زارەوەی (دیالۆگ) بریتییە لە گفتوگۆ لە نێوان دوو کەسدا یا زیاتر لە دوو کەس. دەشێ کەسایەتییەکانی چـیرۆکەکانی منـداڵان هـێمایی بن، ئـاژەڵ و خـشۆک، باڵنـدە، پەپـوولە، گوڵ، هەنگ، دار و رووەک، کـێو و بەرد، با، خۆر، مانگ، ئەستێرە، رووبار،… بـن.
دیالـۆگ، شێوازی بیرکردنەوە و هـزری کەسایەتییە گڤتۆگۆکەرەکان و رۆڵ و شـێوازی ژیانـیان دەنـۆێنێت. دیالـۆگ شـیرینی و چـێژ و گەشیـیەکی زیـاتر بـە چـیرۆکی منـداڵان دەبەخـشێت. کە منداڵان دەبینن کەسایەتییەکانی ناو چـیرۆکەکان لە گفتوگۆ و مشتومڕن و بەرەنگاری یەکتری بوونەتەوە. وەک ئەوەی وێنەی رووداو و هەڵوێستێکی راستیبن لە ژیـانـدا. گـوێ دەگـرن تا بـزانـن رووداو و هەڵـوێستەکان بەچـی و بە کـوێ دەگەن.
دیالـۆگی سووک و ئاسان و جـوان و شـیرین و ورد داڕێـژراو لە چیرۆکەکانی منداڵان، سەرچـاوەیەکی گرنگە لە سەرچاوەکانی چـێژ و خۆشی و و سوودبەخشین بە منداڵان.
گـێڕانەوە: بریتییە لە گواستنەوەی رووداو و هەڵـوێستەکان، لە وێنەی راستییانەوە، بۆ وێنەی زمـانی. بە جۆرێکی ئەوتۆ کە خوێنەر وا خەیاڵ و بیردەکاتەوە کە دەیان بینێت.
شـێوازی گـێڕانەوە لە چیرۆکی منـداڵانـدا، ئەو شێوازە باوەیە، کە نووسەرانی چیرۆکی منـداڵان، لە داڕشـتن و گەیانـدنی بیـرۆکەکانیانـدا بە خوێنەرانی منـداڵانیان دەگەیەنن، کە لە پـاڵ دیـالـۆگ و وەسفکـردنـدا بەکـاری دەهـێنن.
گەر تـۆ چـیرۆکـنووسێکی منـداڵانی کوردمانی. ئەوە دەزانیـت کە داڕشـتنی دیالـۆگ بە وردی و جـوانی و دروسـتی، کـارێکی هەمیـشە ئاسان نییە. بۆ ئەوەی کە چـیرۆکێکی جـوان و پوخـت و بەسـوود بۆ منـداڵانی کوردمـان بنووسـیت، بتوانیت وەکو رووداو و بەسەرهاتێکی راستی وێنەی بکێشیت و دایبڕێژیت و پێشکەش بە منداڵانی بکەیـت، تا پەسەنـدی بـکەن و چـێژ و خـۆشی و سـوود لە چـیرۆکـەکەت وەربـگـرن. پێـویستە لە هەموو روویەکەوە، داڕشتن، زمانەوانی، هـونەری، بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی و مـەرج و بنەماکـانی چـیرۆکی منـداڵان، لێکـدانەوەی ورد بـۆ چـیرۆکەکانت بکەیـت. ئەگـینا زوو کاڵـدەبنەوە و لەبیـردەچنـەوە و بەبێ هـۆگـری و ئاشـنایی سەردەنێـنەوە.
بۆ ئەوەی چیرۆکێکی پوخت و شیرین بنووسن کە نزیک بێت لە راستییەوە، دایالۆگ و قسەکانت گونجـاوبن و لەگەڵ تەمەنی منـداڵانـدابن، بە راستیش گوزارشت لە بیر و لە فەرهـەنگی زمانی منـداڵان بکەن، دەتـوانن سـوود لەم چەنـد پێویستییانە وەربگـرن:
١ـ زۆر گوێگـرتن لە گفتوگـۆ و لە قسەکانی منـداڵان و بیرکـردنەوە وەکو ئـەوان. دەشێ هەوڵـدان بۆ نووسینی دیالۆگێکی سروشتی و دروست، کارێکی قـورس بێت لە چیرۆکی منداڵان. پێویستە ئەوە بزانن، کە کەسایەتییەکانی چیرۆکەکانتان، بیر لە چی دەکەنەوە و چی دەڵـێن و چـۆن گوزارشت دەکەن. پێش ئەم نووسینەم، کۆمەڵـێک چـیرۆکی کوردیـم خوێندەوە کە بۆ منداڵان نووسراون. لە نووسینی چیرۆکنووسانی ناسراوی کوردمان کە ئەو چـیرۆکانەیان بۆ منداڵان نووسیون. تێبینی ئەوەم کـرد کە بەشـێک لە دیالۆگەکانیان سروشتی نین و نەگونجاون و زیادە رۆییان تیاکردوون. لە قسەی راستی منداڵان ناچن.
تەنیا رێگا بۆ ئەوەی هەست بە دیالۆگێکی سروسشتی و گونجاوی نزیک لە راستییەوە بکەن و چیرۆک بۆ منداڵان بنووسن. پێویستە گوێ لە منداڵان بگرن، تا بزانن کە چۆن دەدوێن و چـۆن گفـوگـۆ لەگەڵ یەکتریـدا دەکەن. هەرگـیز لە گـوێگـرتنیان بێـزار مەبـن. چونکە راستی و دروستییەکـان لە زاری خودی منـداڵانەوە دەبیستن و وەریـان بگـرن.
خۆ ئەگەر هێشتا سەڵتن و بوخچەی نەکراوەن و هاوسەرگیریتان نەکـردووە و منداڵتان نییە و نەبـوونە بە دایـکان و باوکـان. یا پەروەردەکـار و دادە و مامۆسـتانین. یا مـام و پـوور نین. بە هـیچ شێوەیەک پەیوەندی و تێکەڵیتان لەگەڵ منداڵاندا نییە. دەتوانن بچنە هـەر شوێنێک کە منـداڵانیان لێ هـەیە، لە جیهـانە وەنەوشەییە سەیر و سەمەرەکەیان نزیک ببنەوە، کە پڕە لە خەونی سەوز و لە هـیوا و راز و نیازی پاک و بێگەرد. پڕ بە دڵتـان و بە هـەوەسی خـۆتـان گوێیـان لـێبگـرن، بزانـن کە چـۆن بە سروشتی و بەبێ رتـوش و ئارایـش دەدوێـن و گـفتـوگـۆ و ئاخـاوتن لەگـەڵ یەکـتریـدا دەکـەن.
وێنەکـێشێکی ئیتاڵی پسـپۆر لە بـواری شـێوەکاری منـداڵان، دەڵـێت: تا نەچـوومـە ناو منداڵان و وەک ئەوان لەسەر سک لەسەر زەویدا رانەکشام و بە تەباشیر وێنەم نەکێشا، لە راستی و سادەیی منداڵان و لە هونـەر و راستیی وێنەکێشانی منداڵان تێنەگەیشتبووم. بۆیـە هـێڵـێکی راسـت و چـەپـم بەسەر را و بۆچـوونەکـانی پێشترم، دەربـارەی وێنـەی منـداڵان هـێنا و لەسەرەوە دەسـتم پێ کـرد.
ئەکتەری کۆمیـدی جیهـانیش (چـارلی چـاپلن) دەڵـێت:” من میهـرەبـانی لە منـداڵێکەوە فـێربـووم. کاتێک کە بینـیم لە دەفـتەری وێنەکێشانەکەیدا، خۆری بە ڕەنگی رەش بۆیە کـردبـوو، تا بـاوەکە کریـکارەکەی لە ئیشەکەیـدا ئـارەق نەکـات”
تێکەڵبوونتان لەگەڵ منداڵان، ئەو بوارەشتان بۆ دەرەخسێنێت، کە بۆ نووسینی دیالۆگی چیرۆکەکـانتان، سـوود لە وشەکـان و لە فەرهـەنگی منـداڵان وەربگـرن. کە زمـانێکی ساکار و شیرین و نەرمی خۆیـان هەیە. بۆ نموونە: ئایا وشەی”حەپەلـۆشی کـرد” بە لاتـانەوە شـیرینتر نییە لە وشـەی”خـواردی”؟.
٢ـ رەنگە دوو منـداڵ لە زۆر رووەوە، وەکو یـەک نەبـن، بێگومان لە نێـوان منداڵانـدا جیـاوازی تاکی هـەیە، با لە تەمەنێکـشدابن. دەشێ منـداڵـێک زۆرزانتر و هـۆشیارتر و زمـان پارواتـر بێت و دانەمێنێـت، بەڵام منـداڵێکی تر زۆرزان نەبێـت و کەمـدوو بێت و فەرهەنگی وشەکانی سنوورداربن. واتا سروشتییە کە کەسایەتییەکانی چیرۆکەکانیشتان وەکو یـەک نەبـن. بەڵام پێـویسـتە زیـاتر گـشتی لە چـیرۆکەکـانتانـدا رەنگبداتـەوە، نـەک نموونـەیی و تایبـەتی.
٣ـ بۆ نووسینی دیالـۆگ، دەتـوانن سـوود لە ئەزمـوونی چـیرۆکنووسانی تر وەربگـرن، کە چیرۆکیان بۆ منـداڵان نووسیون و دەنـووسن. دەشتوانـن وەک سەرچـاوە، سـوود لە پەرتووک و تەلەفـزیۆنەکان و لە ئینتەرنێـت و لە شانـۆ و سینەمای منـداڵان وەربگرن. بەڵام پێویستە ئامـاژە بـەو سەرچـاوانە بـدەن کە کـەم یا زۆر سوودیـان لێـوەردەگـرن.
٤ـ وەکو وتمان گـرنگی دیـالـۆک لە گـرنگی رەگەزەکـانی تـری چـیرۆک کەمتـر نییە. لە نووسینی چـیرۆک بۆ منداڵان، شتە لاوەکییەکان بەڵاوە بنێن. هـێندەش مەچـنە قـووڵایی بابەتەکانەوە و منداڵان بێزاربکەن. شتی بێ سوود و زیادە مەئاخنێنە ناو چیرۆکەکانتان. تا چـیرۆکەکانتان لاواز و بێ سـوود نەبن.
٥ـ زیـادەڕۆیی بە دەمی منـداڵانەوە مەکـەن و قـسەی زل و داتـاشرا و واتاشـارەوە بە دەمیانەوە هەڵمەبەستن. پێویستە دیالۆگەکانتان بەپێی تەمەنی منـداڵان بن و گوزارشت لە بیر و توانای راستی منداڵان بکەن. ئەو وشە و رستانە بنووسن، کە لە زاری خودی منـداڵانەوە گوێتـان لێیـان بـووە. پێـویستە وەکو منـداڵان بیـربکەنەوە و دیالـۆگەکـانتان بنووسن. بۆ نموونە ئەم گۆزارشتە بە دەمی منداڵێکی (٦) ساڵانەوە کە لە باخچەکەیاندا لەبەر هەتاو دانیشتووە و تینوویەتی:” دایکە گەر ئەزێت نییە، پەرداخێک ئاوم بۆ بێنە، خەریکە لە گەرما هەڵپڕووکێم” ئەم وشانە بە دەمیی منداڵێکی ئەو تەمەنەوە، دروست و گونجاو نین و هەڵبەستراون و زیادەڕوویی تیـادایە. گەر چـیرۆکنووس بینووسیایە:
“دایکە ئاو دەخۆمەوە.. گەرمامە” پێموایە راست و گونجاو دەبوو. گەر ئەو وشانە و رستانەی بە دەمی منداڵێکی (١١) ساڵانـەوە بینووسیایە، دروست و گونجـاو دەبـوون.
٦ـ چیرۆکەکانتان بۆ منداڵان بگێڕنەوە یا بخوێننەوە. تا بزانن تا چ راردەیک بە لایانەوە پەسەنـدن و چـێژیان لێـوەردەگرن و چ کاردانەوەیەکیـان هـەیە. ئەمەش کارێـکی زیـاتر پراکـتیکییە، بە تایبەتیش لەگەڵ منـداڵانی هەراشدا، چونکە بە زۆری دەتـوانن بە را و بۆچـوونەکـانی خۆیـان، چـیرۆکەکـانتان هەڵبسەنگـێنن و تێبینی و رەخنەکـانیان پێـتان بڵـێن. تا خـاڵە بەهـێز و لاوازەکانی چـیرۆکەکـانتان بـزانن.
٧ـ ئەوە بزانن، هەر ئەوە نییە کە منـداڵان گەورە نین و منداڵـن. بەڵکو ئەوەش بزانن کە ئەوان وەکو گەورەکـان بیرناکەنەوە و وەکو ئەوانیـش نادوێـن و گـوزارشت ناکەن.
٨ـ پێویستە وشەی ئابستراکی “موجەرد” بەکار نەهـێنن. کە منداڵان توانای تێگەیشتن و لێکدانەوەیـانی نییە. لێکوڵینەوەکان دەربارەی دەروونی منداڵان، جەخت لەسەر ئەوە دەکەن، کە منداڵان لە چەمکی ئابستراکی و لە رستەی ئاڵۆز تێناگەن. منداڵان لە وشەی سـووک ئاسانی مانـا زانـراو و رسـتەی کـورت و سادە تێـدەگـەن و وەریـان دەگـرن.
٩ـ بۆ ئەوەی ئەوە بزانـن و لە منـداڵان تێبگەن، کە بیـر لە چی دەکەنەوە و چی دەڵـێن، لە تەمنـە جیـاوازەکانی منـداڵیدا. هـەر چـوار قـۆنـاغـەکەی گەشەکـردنی زانستی بـزانن. کە زانـای ناسراوی دەرونناسی منـداڵان (ژان پیـاژە) داینـاون.
مەرجەکانی دیالـۆگ لە چـیرۆکی منـداڵاندا:
١ـ پێویستە کورت و سووک و گونجـاو و بەسوودبـن. دووریشـبن لە زیـادەڕۆیی.
٢ـ پێویستە دیالـۆگەکـان لەگەڵ رەگـەزەکـانی تری چـیرۆکی منـداڵانـدا بگـونجـێن. گۆنجاویشبن لەگەڵ هەڵوێست و رووداوەکان. گوزارشت لە سروشتی کەسایەتییەکان بـکەن، نـەک لە سروشتی خـودی نووسـەران.
٣ـ نابێـت چـیرۆکنووسانی منـداڵان، لە میـانەی دیالـۆگەکانی چـیرۆکەکانیانەوە، خۆیان هـەڵبقـورتێنن و بە زاری منـداڵانەوە ئامۆژگـاری و ئاراستە و رێنمـایی بکەن. ئەگـینا بایـەخی چـیرۆکەکـانیـان لەدەسـتدەدەن و وەکو چـیرۆک چـێژیـان نامێنـێت
٤ـ پێویستە دیالۆگەکانی چیرۆکەکان بۆ منداڵان سروشتی بن. ئاڵۆز و ناپەسەند نەبن. هـزر و هـۆش و بیـری منـداڵانی گـوێگـر و خوێنـەر، ببن بە ئـیلهـامی نووسینیان.
٥ـ پێویستە چیرۆکنووسان، لە نووسینی دیالـۆگ بۆ چـیرۆکەکانی منـداڵان، رەچـاوی خاڵـبەنـدییەکـان بکـەن. گـرنگە کە بە راستی لە شوێنـەکـانی خـۆیـانـدا دایـان بنـێن.
رەزا شـوان
نەرویـج: ١٠/ یۆنـیۆ/٢٠٢١




بەبە گیان.. عەلی حەمەڕەشید

بەبە گیان بەبەی خرپن
وەرە بــۆ بـاوەشـــی من
وەرە ببە بــە ھـــاوڕێم
بـا گــــۆرانیت بۆ بڵێم
دەی چـەچـەکــانت بێنە
بڵێ ھــەڵم پـەڕێنــە
بـۆ گـۆرانی خۆشی مــن
ئـەی بەبەی جوان و خرپن
تۆ پێکــەنین و قـاقـــا
لێدە وەکـو مـۆسیـــقـا
یاری دەکەین مـن و تــۆ
یاری خۆش و لــەسـەرخۆ
کە ھیلاک بووی بەبەی جوان
بــچۆ بــۆ لای دایـە گیان
بــا ئەویش بــەپێکەنین
پێمان بڵێ ئــافــــەرین




گرنگییەکانی کۆتایی چیرۆک لە چیرۆکی منداڵاندا.. رەزا شـوان

زۆربەی خوێنەران و نووسەران، بە تایبەتیش نووسەرانی بواری چـیرۆک بۆ مـنداڵان، بڕوایان بە بێگومانی کۆتاییەکی شاد لە چیرۆکی منداڵاندا هەیە. بەو هـیوایەی کە هـیوا و گەشبینی و وێنەیەکی باشـتری ژیـان و داهـاتـوویەکی گەشـتر لە هـۆش و هەسـت و لە دەروونی منـداڵانی تامـەزرۆی چـیرۆکـدا بـڕوێـنن.
ئەرک و پەیامی راستی ئەدەبی منـداڵان ئەوەیە، کە راستییەکان بە منـداڵان بگەیەنێت. وا منـداڵان تێبگەیـەنێت کە رێـگای ژیـان تەنیا بە گـوڵ رانەخـراوە. هەمیـشەش چـاکە بەسەر خراپـەدا و ئاشتی بەسەر شەڕدا سەرناکەون. ئەرکی ئەدەبی منـداڵان ئەوەیە کە بەبێ رتـووش و ئاراییش ژیـان وەکـو خۆی پێشانی منـداڵان بدات، بێ شاردنەوەی تاڵی و ترشی و دژوارییـەکان لە منـداڵان.
پێویستە ئەدەبی منداڵان هەمیشە چـرای هـیوا، گەشـتر بکاتەوە، منـداڵان رووبەڕووی راستییەکـان بکاتەوە. ئەوشیان بخـاتە پێش، کە هەمیشە هـیوا نایـاتەدی. رێگـاش بە تـەواوی نەگـیراوە، هـەمیشەش دەرگـایەکی تـر بـۆ رزگـاربـوون هەیە. لە هـەنـدێ لە شاکارە ئەدەبییەکانی جیهـانی بۆ منداڵان، کۆتاییەکـانیان بە خۆشی وشادی نەهـاتوون.
لە کوردستانی داگـیرکـراومانـدا، منـداڵانی کوردمـان، بێ ئاگـانین، لە کارەساتەکان و لە دۆخی گرتن و کوشتن و سووتاندن و رووخانـدن و دزی و ماڵـوێرانی و دەستدرێـژی و زۆرداری و چەوسـانەوە و رەگـەزپـەرستی و جیـاوازیی نەتـەوەیی و نادادپـەروەریی و کۆمەڵایەتی و نایەکسانی و بێ بەشبوونیان لە مافەکانیان و بەسەربردنی ژیانیكی پڕ لە کـوێـرەوەری و مەینـەتی و بێ مـووچـەیی و بـرسێـتی، تـونـدوتیـژی خـێـزانی، کـێـشە کۆمەڵایەتییەکـان و… هـتد. کە وایـان کـردوون منـداڵانی کوردمـان ئـۆخـەی لە ژیـانی منـداڵییان نەکـەن. منـداڵانی کورد، روژانـە لە سەر روونمـای تەلەفـزیـۆنەکـاندا، یا لە ئینتەرنێت و فەیسبووکدا ئەم کارەساتانە و بە دەیـان کارەساتی تر دەبینن. رۆژانـە، بە گۆڕە و نەڕە و بە زرمەی بۆردوومانی فرۆکەی جەنگی و تۆپ و مووشەک و تانک و زرێپـۆشی داگـیرکەرانی کوردسـتان رادەچـەنـن. لـە تـرس و تـۆقـین و نائـارامی و لە دڵـەڕاوکـێدا دەژیـن. چـۆن دەتـوانین هـەمـوو ئـەم کـارەسات و رووداوە راستیـیانە لە منـداڵانی کوردمـان بشارینەوە. منـداڵانی کوردمـان لە هەمـوو شـوێنێکی کوردسـتاندا رۆژانە رووبەڕوی پێشێلکاری و دژواری و فـشاری جەستەیی و دەروونی دەبنەوە، بە ئاشکرا پێـشێلی ئازادی و مافەکـانیان دەکەن. ترس و مـردن هەموو لایەکی گرتـۆتەوە.
دایکان و باوکان، حەقـیانە کە لەم بارودۆخە و لەم ژیانە ترسناکە کە پڕە لە کارەسات و پێشێلکاری، دڵنیا نەبن و بترسن و بڕوایـان بە ئارامی نەبێت و ئاسوودەیی نەبێت. بۆیە بە دوای منـداڵەکـانیانەوەن و ئاگـایان لێیانە. چونکە متمانەیـان بەم رۆژگـارە نیـیە.
پێویستە نووسـەرانی چـیرۆک و هـۆنـراوە و شانـۆ و رۆمـان و پەخـشان بـۆ منـداڵان. وا باسی ژیـان بۆ منـداڵان نەکـەن، کە تەنیـا بە گـوڵ تەنـراوە و بێ دڕک و داڵـە. واش نەزانن کە هەموو خەڵکی دڵپاک و نیازپاکن و بە ویـژدانن. ئەوەش بزانـن زەردەخەنەی ژەهراویش هەیە، ئاگاداریشیان بکەنەوە کە کەسانێک هەن گورگن و لە کەوڵی مەڕدان. ناشبێت نووسەران تەنیا دیـوی رووناکی ژیان پێشانی منـداڵان بـدەن و تاریکیان پێشان نەدەن. زۆر جار پاڵەوانی چـیرۆکەکان لەناو جەرگەی تاریکـیدا سەرهەڵدەدەن و بەسەر دڕک و داڵـدا ملـدەنێن، بـۆ ئـەوەی بگـەن بـە روونـاکی و بـە گـوڵی هـیوا و شـادی. لە میانەی تامی تاڵیشەوە چـێژی شـیرینی دەزانـن. بۆیە پێـویستە نووسەرانی چـیرۆک بۆ منـداڵان، بە متمانە بەخۆبوون و بەم راستییانە منـداڵانی کوردمان پەروەردە و ئاراستە بکەن و بـۆ داهـاتـوویەکی باشـتر ئامـادەیان بکەن.
ئایا نووسەرانی بواری منداڵان، دەتوانن ئەوە بە منداڵان بڵێن یا بنووسن، کە ڤایرۆسی کـۆرۆنـا بـوونی نیـیە و درۆیـە؟ لە کاتێکـدا کە منـداڵان لە هەمـوو جـیهانـدا، بە چاوی خۆیانـەوە رۆژانە دەبینن کەسوکـاریان تـووشی کۆرۆنا بوونە و خەڵکـییەکی زۆر بـە کۆرۆنـا مـردن و بـووە بە پەتایەکی جیهـانی. لە ترسی ئـەوەی تووشی کورۆنـا نـەبن قوتابخـانەکان داخـراون. رۆڵی چـیرۆکنووسانی منـداڵان ئەوەیـە، کە هـیوا و گەشبینی بخاتە دڵی منداڵانەوە و پێێان بڵێن کە پزیشکەکان و دەرمانسازان، بێ ئومید نەبوونە و هەوڵەکانی بەردوامە بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی (پێکوتەیەکی) بەهـێـزتـری دژە کورۆنـا.
پێویستە چیرۆکنووسانی منداڵان راستگۆ و راشکاوبن، کێشە و مەترسییە راستییەکـان فەرامۆش نەکەن، وەک: کارتێکردنی نەرێنی لەیەکـتر جیابـوونەوەی دایکان و باوکانی منداڵان. مـردن و لەدەستدانی خۆشەویستەکانیان، گێچەڵکـردنی سێکسی، مووبەکـردن، شەڕانگێزی، کێشە پەروەردەیی و رەوشتی، تونـدوتیژی خـێزانی، برسێتی و هـەژاری، کوێـرەوەریی، نادادپەروەری، نایەکسانی، چەوسـانەوە، بێ مـافی،… هـتد.
بێگـومـان کەسیشـمان نکـووڵی لەوە ناکـەین، کە هەمـوومـان حەزدەکـەین، کە هـەموو چـیرۆکەکانی منـداڵان بە شادی و خۆشی و بە سەرکەوتن و بـردنەوە کۆتاییان پێ بێن. بەڵام بێ ئەوەی کە لە راستییەکان خـۆمان لابـدەین و رووبەڕوویـان نەبینەوە. دەکـرێ هەندی جاریش چـیرۆکەکانمان بۆ منـداڵان هـێمایین، وا پێویسـت دەکـات. کە لە پـشتی پـەردەوەوە راستییەکـان ئاشکـرابکەین. نووسەرانی ئەمڕۆشمان، نووسـەرانی دوێنـێ نیـن، منـداڵانی ئەمڕۆشـمان منـداڵانی دوێـنێ نیـن. داهـێنان و شـۆڕشی تەکنەلـۆژیـاش نەوەستاوە ئاستی تێگەیـشتن و هـۆشیاری نووسەران و منـداڵان و دایکان و باوکانیش بەرزتر بوونەتەوە. بۆیە پێویستە نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، لە ئاستی ئەم پێشکەوتن و گۆڕانکاری داهـێنان و پێویستییەکـانی ئەم سەردەمەدا بن. بابەتی نوێ و سەردەمیانە بۆ منـداڵان بنووسـن، کە لە ئاستی پێویستییەکانی ئـەم سەردەمـەی منـداڵانـدا بـن. نەک هەر بابەتە سواوەکان و باونەماوەکان دووبـارە بکەنەوە. پێویستە چـیرۆکی منـداڵان لە یەکەم دێڕەوە، تا دوا رسـتەی لەگەڵ فـۆرم و نـاوەڕۆک و گـرێ و پاڵەوانی چیرۆکەکان گرێدراو و تەواوکەری یەکتری بن. مەبەست و ئامانج و کۆتاییەکی باش بهـێننە ئەنجام.
مەبەستیشمان ئەوە نییە، کە هـێڵی راسـت و چـەپ، بەسەر ئەو چـیرۆکە ئەفـسانەیی و میللیـیانەمانـدا بهـێنین، کە تا ئەمـڕۆش بە نەمری ماونەتـەوە، چـێژی خۆیـان لەدەست نەداون. هەر وەک ئەوەی، کە بۆ ئەم رۆژگار و بۆ سەردەمە وتـرابن و نـووسرابـن.
پێناسـەی چەمکی کۆتـایی شـادی لە چـیرۆکی منـداڵانـدا چی دەگـەیەنێـت؟
نووسـەری پسپۆری ئەمـریکی لـە ئـەدەبی منـداڵانـدا (رۆبـەرت کـۆمـیر) دەڵـێت:” لەو بـڕوایـەدام، کە کوتاییـەکی شـادی لە پێویستییەکـانی پەرتـووکی منـداڵان نییە، منـداڵان ئارەزووی ئەو پەرتووکـانە دەکەن، کە گـوزارشـت لە راستییەکـان دەکـەن. ئەوان باش دەزانـن کە مووبەکـار زۆر جار سزا نادرێـت” هـاوڕێتـیش تا سـەر نییە، کەسانێکـیش هـەن درێـژە بە خـراپە و بە رەفـتارە ناشیرینەکـانیان دەدەن.
بە تەواوی مەبەست لە کۆتاییەکی شادی لە چیرۆکی منداڵانـدا چییە؟ ئایا ئەو کۆتاییەیە کە دەڵێین:”هەمووان تا هەتـایە بە شادی ژیـان؟” یا کۆتاییـەکە کە پاڵەوانی چـیرۆکەکە ” پەنـد و وانـەی وەرگـرت؟ یا ” کەسـانی شەڕانی و چەقاوەسوو و مووبەکـار “سـزای بەدکارییەکانی خۆیان وەرگرت؟” یا کۆتاییەکی کراوەی دیاری نەکراو، کە “پەردەپۆشی کۆتـاییـەکی خـراپ دەکـات؟”
هەموومـان ئەوە دەزانیـن کە “باتـمان” لە کۆتاییـدا دەیباتەوە. ” سانـدرێـلا” دەبێـت بە هـاوسەری کوڕە پاشا. ” جـوانە نووستووەکە” جادووەکـەی بەتـاڵ دەبێتەوە و لە خەوە درێـژەکەی خەبـەری دەبێـتەوە و شـوو بە کـوڕە شـازادە ئازاکـە دەکـات. ” بەفـریـن”ی جـادوو لێکـراویش، جـادووکـەی بەتـاڵ دەبێـتەوە و شـوو بـە کـوڕە پاشـاکە دەکـات و باوەژنەکەشی لە داخا دڵی دەوەستێ و دەمرێت. ئەم چـیرۆکە بە دوو کۆتایی پێچەوانەی یەکتری تەواوبووە. ئەوەش دەزانین کە كچۆڵە “کـۆڵـوانەسوور”ەکە لە گورگە رزگاری دەبێت. یا چـیرۆکی ” کـوڕە ئـازاکە و ئەژدیهـايەک” کە بە سەرکەوتنی کوڕە ئـازاکە و تیاچوونی ئەژدیهاکە کۆتایی هاتووە. شازادەی وڵاتەکەی سەرسامی بوو، شووی پێکرد.
ئایا ئەم ئەنجامانە، ئەوانەن کە منـداڵان ئارەزووی دەکـەن و دەیانەوێت؟ گەر ئارەزووی ئەم ئەنجـامانە دەکەن، ئایا ئەمانە ئەوەیـان پێ دەبەخـشن کە رووبـەڕووی راستییەکان ببـنەوە؟ ئەم پرسیارانە نـەک تەنیـا بۆ منـداڵان، بۆ دایـکان و باوکـانیش زۆر گـرنگـن. ئێمە وا راهـاتـووین، کە شەڕانی هـەمیشە سـزا دەدرێـت. کەسانی باشیش لە کۆتـاییدا دەیبەنەوە. بەڵام منـداڵان کە گەورەدەبـن، دەبینن شەڕ هـەر درێـژەی هـەیە و کۆتـایی نەهاتـووە.. بۆیـە وا هەست دەکەین کە چەمکی کۆتـایی لە چـیرۆکی تـازەی منـداڵانـدا، گۆڕانکای و نوێخـوازییان بەسەرهـاتووە. دەستەکەوتەکانی کۆتاییش لە چـیرۆکی نۆێی منـداڵانـدا، مەرج نییە تەنیا ماددیی هەست پێکـراوبن . دەشێ: زەردەخەنەیەکی ناسک، هـیوا بەخشین و گەشبینی بەخـشینبن، یا سەرکـەوتـنێکی واتـایی بـن.
کۆتایی کراوەش لە چیرۆکی منداڵاندا، هـەل و دەرفەت بۆ منـداڵان دەرخسێنن، تا توانا و شارەزاییەکـانیان بەکـاربهـێنن، لە چـارەسەرکـردنی کێشەکـاندا. چـیرۆکنووسانیـش هـیچ کۆتاییەکی کۆنکـریتی دیاریکـراو ناسەپێنن. بەڵکـو رێ بـۆ منـداڵان خـۆشدەکەن کە بیـر لە زیاتـر لە کۆتـاییەک بکەنـەوە.
شێواز و رێبازی نووسینی کۆتایی چیرۆکی منداڵان، لە نووسەرێکەوە بۆ نووسەرێکی تر جیاوازییان هـەیە. جاری واش هـەیە لە نێـوان چیرۆکەکـانی هەمان چـیرۆکنـووسدا جیاوازی لە نێوانیان چـیرۆکەکانیدا هـەیە. پێویستە ئەوەش بزانین کە کۆتایی چیرۆک بۆ منداڵان، کۆتاییەکی شادی بێت یا کۆتاییەکی ناشادی بێت. هـیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە، گەر چـیرۆکنـووس ژن بێـت یا پیـاو بێت.
گەر چیرۆکنووسانی چیرۆک بۆ منـداڵان، باکگراوندێکی ئەدەبی و بیرۆکەی جـوانیـان هەبێـت، بە لایـانەوە نووسینی کـۆتـایی جـوان بۆ چـیرۆکەکـانیان، کارێـکی گـران نییە.
چیرۆکەکانیشیان بەپـێی قۆناغـەکانی منداڵی منـداڵان دادەڕێژن. زۆربەشـیان شارەزای بواری پەروەردە و دەروونناسیی منـداڵان و بنەما سەرەکییەکانی چـیرۆک بۆ منداڵانن.
دروستکردنی کەسایەتی دروست و ئاسایی منداڵان و زاخاودانی بیر و هـزر و هـۆشیان بە راستییەکان و پێویستییەکان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بەرهەڵستییەیانەی کە لە داهاتـوودا دێنە رێیـان و سەرکەوتـن بەسەریانـدا، بۆ ئەوەیش کە لەگـەڵ گۆڕانکارییە ناکاوییەکانیشدا دەربەرن و متمانەیان بە توانکانی خۆیان هەبێت و بشتوانن چارەسەر بـۆ گـرفـت و کێشەکـانیان بـدۆزنـەوە. هەمـوو ئەم مەبەست و ئامانجـانە. بـوونەتە بە ناوەخـنی چـیرۆکی تـازەی منـداڵان.
لە قـۆناغی بەرایی منداڵیدا، یا منداڵانی باخچەی منداڵان. بە زۆری ئەو چیرۆکانەیان بۆ دەگێڕنەوە کە کوتاییەکانیان بە شادی و خۆشی و هیوا و گەشبینی کۆتاییان هاتوون. بۆ ئەوەی متمانـەیەکی زیاتریان بە خۆیـان و بە ژیـان و داهـاتوویان هەبێـت. لە راستیشدا کۆتاییەکی شادی، یەکێکە لە رەگەزەکانی چیرۆکی منداڵان بە تایبەتیش بۆ ئەم قۆناغە.
بـەڵام منـداڵانی هـەراشی، سـەرووی پـێـنج سـاڵان، کە قـۆنـاغـێکی خـەیـاڵـیی فـراوانە، منـداڵان بە زۆری حەز لە گوێگرتن و لە خوێندنەوەی ئەو جـۆرە چـیرۆکانە دەکەن کە خەیـاڵئـامـێزن و پاڵـەوانەکـانیـان سەرەکـێـشن و کـاری لە تـوانـابەدەرن ئەنجـام دەدەن. دەبینین زۆر لە منداڵانی ئەم قـۆناغە، خۆیان بە پاڵەوان یا کارەکتەرەکانی ئەم چیرۆکانە دەزانـن. هـەیە حەزدەکـات کە ببێت بە ” سوپـەرمـان” یا بە “کوڕە ئـازاکە” یا ببێـت بە “سانـدرێـلا” یا ” بەفـرین ـ دەنکە هـەنـارە ” یا “بـووکی دەریـا”… هتـد. ئـەم راستییە لە خەسڵەتەکـانی ئەم قـۆنـاغـەی منـداڵـین. حـەزیـش بـەو پاڵەوانـانە دەکـەن کە کـاری باش و پیـاوەتی و هـاوکاری دەکـەن. دەبن بە فـریاڕەس و سوود بە گشتی دەگەیەنـن.
منـداڵانی قـۆناغی تەمەن حـەت و هەشـت ساڵان، ویـژدانیـان گەشـە دەکەن، زیـاتر لە راستییەکـانەوە نـزیک دەبنەوە. لە میانـەی ئەو چـیرۆکانەوە کە دەڵـێن: مەرج نییە کە بەهـێزترین کەس هەمیشە بباتەوە. لە زۆر لە یارییەکانی فووت بـۆڵـدا، نە “میسی” و نە “رۆناڵـدۆ” نەیانتوانی گـۆڵ تۆمار بکەن. تا رادەیەک چـیرۆکـەکانی ئەم قـۆنـاغـەی منـداڵی، لە راستییەکـانـەوە نـزیکـن. ئەو پـرەنسیـپانەیان لەخۆگـرتـوون، کە گەشە بە کەسایەتی منـداڵان دەکـەن.
لە تەمەنی دوازدە ساڵانەوە، کە سەرەتای قـۆناغی هەرزەکارییە. لەم قۆناغەدا منداڵان ئارەزووی ئەوەیان هـەیە کە وێنەکە بە تەواوی ببینن. پێویستە ئەوە بـزانن کە مەرج نییە پیاوباش هەردەم باش بێت، زۆر جار چاکە شکس دێنی، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە شەڕ سەرکەوتـووە. پێویستیش ناکـات هـەر شتێکمـان بیـنی چـاوی لـێبکەیـن. گـەر هەموو ئەوانەی بە دەورمـانەوەن درۆدەکـەن. پێویست نیـیە ئێمەش وەک ئـەوان بیـن.
مەرجیش نییە کە بەهێزترین یا جوانترین کەس، بتوانن زۆرترین هاوڕێ بەدەستبهێنن.
منـداڵانی هەرزەکـار، حەز بەو چـیرۆکانە دەکەن کە راستییەکـانیان بەرجەستەکردوون.
گەشتی پاڵەوانێک بە ناخی تاریکـیدا، بۆ گـەڕانەوەی هـیوا و هەست، کە ژیـان هـێشتا لە پێشییەوەیە، نابێت ورەی بـڕوخێت و کـۆڵ بدات. ئەم جۆرە چـیرۆکانە وا لە منداڵان دەکەن، کە هـۆگـریایبـن و جـار لە دوای جـار بیـانخـوێنـەوە.
ئێمە پێمانـوایە، کە منـداڵان تا رادەیـەک پێویستییان بە راستی و بە کەمـێک چـیرۆکی ترسناکیش هـەیە. پێویستییان بەو چیرۆکانە هـەیە، کە بە کۆتاییەکی شـادی کۆتـاییان هاتـووە، بەو چـیرۆکانەش، کە بە غەمگینی کۆتاییـان هـاتـووە، نەک ئەو چیرۆکانەی کە بە تراژیـدیـا کۆتاییان هـاتووە. بەڵام هەرگـیز لەگـەڵ ئەوەدا نیـم و نابـم، کە منداڵان بێ هـیوا و رەشبین بکـرێـن. پێویستە چیرۆکەکانیش لە هەموو روویەکەوە، کە لەگەڵ قـۆنـاغەکـانی ژیانیـانی منـداڵانـی هەر قـۆنـاغـێکدا گونجـاوبـن.
رەزا شـوان
٦/ یـۆنیـۆ/٢٠٢١




جەژنانەی منداڵان.. ئا:عەلی حەمەڕەشید

منداڵان ئەو توێژە گرنگ و ناسکەن کە بنیاتنانی کۆمەڵگەیان لەسەر بەندە،هیوای گەش و پرشنگداری دواڕۆژی نەتەوەن.هەوێنی شادیی و خۆشی و ئاسودەیی نێو خێزانن،بۆ شانۆی ژیانیش لەگەڵ ئەوەی کە ڕوناکیی و وزە و جوانیین ،هەڵسوڕێنەری کارەکانن.جا کە منداڵ بەو شێوەیە بێت پێویست بەوە دەکات کە ئاگاداری کاروانی ژیانیان بین و پەروەردەیەکی دروستیان بکەین و وایان لێبکەین کەوەکو منداڵیی خۆیان بژین و بەپێی توانا پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەین تا ئەوان چێژ لە منداڵیی خۆیان وەربگرن ،وەک زانا پەروەردەیی و دەرون ناسەکانیش ئەو ڕاستییەمان بۆ دووپات دەکەنەوە کە کەسێتی منداڵ لەسەرەتاوە دروست دەبێت بەتایبەتی ئەو کاتەی کەدەچێتە باخچەی منداڵان و قوتابخانە بۆیە گرنگی دان بە منداڵ و پەروەردەکردنیان کارێکی گرنگە و بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی خێزان و تایبەتی تریش دایک و باوک ،دواتریش مامۆستا و قوتابخانە.دابین کردنی ژینگەیەکی ئارام و خۆش وا لە منداڵ دەکات کە پەرە بە بەهرەو خولیاکانی بدات و تواناکانی گەشە بکەن .بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا زۆر هۆکار هەن کە خێزان و

قوتابخانەش نەتوانن بەو کارە گرنگە وەکو پێویست هەستن لە پێناو بنیاتنانی کەسێتی منداڵ بۆ کۆمەڵگەیەکی دروست .بەڵام خۆ ناکرێت دەستەوەستان دابنیشین و چاوەڕوان بکەین ،بۆیە هەوڵدان و جێبەجێکردنی بەشێک لە ماف و پێداویستییەکانی منداڵ وا لە منداڵ دەکات کە هەست بەبوونی خۆی بکات و چێژ لە چالاکی و یاری و خوێندن وەربگرێت و ڕێگەی پەروەردەیەکی باشیش بگرێت بەهاوکاری خێزان و قوتابخانە.یەکێک لەو کارانەی کە خۆشییەکی زۆر بە منداڵان دەبەخشێت گۆرانی و سەماو یاریکردن و نواندنی چالاکییە،کە لە ئێستادا و ساڵانە لە یەکی حوزەیراندا کە ڕۆژی جیهانی منداڵانە لە کوردستان کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر لەلایەن تیپە هونەریی و ڕێکخراوە تایبەتەکانی منداڵانەوە ساز دەکرێت کە دەبێتە مایەی خۆشحاڵی و زیاتر ئاسودەکردنی منداڵان کە پێویستە دەستخۆشییان لێبکەین و کارەکانیان بەرز بنرخێنین. هەرچەندە هەندێک جار کە دیارە چالاکییەکە بۆ منداڵانە بەڵام بەداخەوە منداڵان وەکو پێویست چێژ لەو چالاکییانە وەرناگرن و بگرە بێزاریش دەبن بەهۆی ئەوەی کە کەشێکی گونجاو و لەباریان بۆ ناڕەخسێنرێت کە بەئارەزووی خۆیان بەشداری ئەو خۆشییە تایبەتەیان ببن و چێژی لێوەربگرن،کە زۆرجار دایک و باوک خۆیان دادەنیشن و ئەوانیش هێندە بەپێوە دەوەستن بێزار دەبن،جاری واش هەیە بەهۆی جوڵەی زۆرەوە قسەیان پێدەوترێت،نازانن کە منداڵ واتا جوڵە ،یان ئەوەندەیان پێدەڵێن دانیشن ،بێدەنگ بن،وامەکەن.یان شوێنەکە نەگونجاوە و خەڵکێکی زۆری لێیە ،کە سەرنج دەدەیت بۆنە تایبەتەکە کە ڕۆژی منداڵانە و ئاهەنگی گۆرانی و مۆزیکە ،ون دەبێت و منداڵ نازانێت چییە و بۆچی هاتووە.دڵنیام کە لەمەبەستم دەگەن و دەزانن بەتایبەتی ئەوانەی کە منداڵەکانیان لەو ڕۆژەدا بردووە بۆ ئەو ئاهەنگ و کۆنسێرتانەو بە چاوی خۆیان بینیویانە.دەزانن منداڵ زۆر حەزی لە جەژنانەیە و چەند ڕۆژێک پێش جەژن خۆی بۆ ئامادە دەکات و چاوەڕوانی هاتنی جەژنە تا لە کەسە ئازیز و خۆشەویستەکانیانی وەربگرن،ئێمەی گەورەش هەرگیز ئەو کەسانەمان بیر ناچێتەوە کە منداڵ بووین و جەژنانەیان داوینێ ،چونکە خۆشییان پێبەخشیوین.چەندە خۆشە ئەو جەژنانەیە لە ڕۆژێکی تایبەت بە منداڵاندا بێت و گۆرانی منداڵانیش بێت کە دڵنیام لەیادەوەری منداڵاندا دەمێنێتەوە و بەپەرۆش و خۆشییەکی زۆرەوە گوێی لێدەگرن.هونەرمەندی ئازیز (ئاسۆ مەحمود) کە زۆر جار لە بۆنە تایبەتەکانی منداڵاندا بەگۆرانی و بەدەنگی خۆی بەشداری کردووە و دڵی منداڵانی خۆشکردووە.ساڵی ١٩٩٩ یەکەم گۆرانی بۆ منداڵان وتووە،هەروەها لە ساڵی ( ٢٠٠٩)ئەلبومێکی کردە دیاری بەناوی (دیاری) بۆ منداڵان و ئەمساڵیش بە دیارییەکی جوان کە ناوی ناوە ( جەژنانەی منداڵان ) و (پێنج) گۆرانی لەخۆ گرتووە بۆ منداڵان دێتەوە خزمەت منداڵان و پێیان دەڵێت من هەمیشە ئێوەم خۆشدەوێت و تا بتوانم گۆرانی خۆشتان بۆ دەڵێم .ئەم ئەلبومەی هونەرمەند ئاسۆ مەحمود ئەم گۆرانییانەی گرتۆتەخۆ ( ڕۆژی شادی،سەری ساڵ ، ڕۆژی منداڵان ، ئاهەنگ ، منداڵی کورد )کە سێ گۆرانییان ئاواز و هۆنراوەی مامۆستای هونەرمەند(ئاسۆ ئیبراهیم)ە ،گۆرانییەکیشیان ئاوازی هونەرمەند (هێرش عبدالرحمان) و هۆنراوەی (جەبار سابیر) ەگۆرانییەکیشیان هۆنراوە و ئاوازی هونەرمەند خۆیەتی.

دەستخۆشیمان بۆ ئەم هونەرمەندە ئازیزە و هیوای سەرکەوتن و کاری جوانتری بۆ دەخوازین بۆ منداڵان.شایانی باسە ناساندن و بڵاوکردنەوەی ئەلبومی(جەژنانەی منداڵان) بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە هونەرمەند و نوسەران و کۆمەڵێک منداڵ و کەسوکاریان لە باخچەی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت(CDO) سازکرا کاتژمێر پێنجی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٧/٦/٢٠٢١ .کەتیایدا هونەرمەند ئاسۆ مەحمود بەهاوکاری تیپی هونەری منداڵانی مەڵکەندی چەند گۆرانییەکی پێشکەش کرد کە بووە مایەی دڵخۆشی منداڵانی ئامادە بوو،خاتو (فریشتە مستەفا) ئاهەنگەکەی بەڕێوە دەبرد کە چەند هۆنراوەیەکی ناسکی منداڵانی خوێندەوە،ئەلبومەکە بەهاوکاری کەسایەتی (مەریوان حاجی جەمال) ئامادەکرابوو،تۆمارکردنی مۆزیک و ماسترین لە ستودیۆ لاوە هونەرمەند عومەر عەبدوڵا کرابوو ،فۆتوش لەلایەن پێشەوا حەمەسەعیدەوە کرابوو.لەکۆتاییدا ئەلبومەکە بەدیاری پێشکەش بە ئامادەبووان کراو دیاری تایبەتیش لەگەڵ ئەلبومەکە پێشکەش بە منداڵانی ئامادەبوو کرا.




تیپی هونەری منداڵانی سلێمانی و کۆنسێرتی گۆرانی بۆ منداڵان.. ئامادەکردنی:عەلی حەمەڕەشید

تیپی هونەری منداڵانی سلێمانی ،ئەو تیپە چالاک و پڕ بەرهەمەیە کە لە ٢٤/٦/١٩٩٠ دا دامەزراوە و خزمەت بە منداڵ وهونەری منداڵ و دنیاجوان و ڕەنگاڵەییەکەی منداڵان دەکات لە بوارەکانی هونەری شانۆ و ئۆپەرێت و گۆرانی و مۆزیک و شێوەکاریدا.لە هەموو بۆنە تایبەتەکانی منداڵاندا کارو چالاکی تایبەتییان هەبووە و پێشکەش بە منداڵانیان کردووە لە سلێمانی و شارو شارۆچکەکانی کوردستان.خاوەنی کۆمەڵێک گۆرانی پەروەردەیی ناسکن،هەروەها چەند سیدییەکی گۆرانیشیان بەرهەم هێناوە و بێ بەرامبەر پێشکەش بە قوتابخانە و باخچەکانی منداڵانیان کردووە،کە مایەی شانازییە بۆ ئەم تیپە نازدارە.پێنج شەممە ٣/٦/٢٠٢١ لە باخچەی شاری یاری سلێمانی(پارکی ئازادی) بە هاوکاری شاری یاری سلێمانی و بە سپۆنسەری کۆمپانیای ئاوی سلێمانی کاتژمێر هەشتی ئێوارە کۆنسێرتی گۆرانی منداڵانیان پێشکەش بە منداڵان کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان و خێزانەکانیان ئامادەی کۆنسێرتەکە بوون.کە بووە مایەی دڵخۆشیی و ئاسودەیی منداڵانی ئامادە بوو.شایانی باسە لەم کۆنسێرتەدا (١١) گۆرانی خۆش و پەروەردەیی پێشکەش کران کە هی شاعیران(بەرزان ئەحمەد،عەلی حەمەڕەشید،ئاکۆ محەمەد سابیر،محەمەد عەبدوڵا،داستان نوری،ڕۆستەم خامۆش،سەردار قادر،ئیسماعیل تاڵەبانی) بوون و لە لایەن( سەفین خەراجیانی،محەمەد عەتا،هەڤاڵ ئەنوەر،هەژار عوسمان،ڕیاز نزار،مۆفەق لهۆنی،مازیار بەختیار)کاری مۆزیکیان بۆ کرابوو،هەروەها لەلایەن ئەم منداڵە بەهرەمەندانەوە پێشکەش کران(هێوەند چێنەر،گوڵناز خەلیل،سیڤەر ستار،ئەرین کامەران،لالە لوقمان،ئەنیا تەها،نوا لوقمان،لیلیان ڕێژین ) هەرەوەها مامۆستا موفەق عارف لهۆنی سەرپەرشتیاری تیپەکە بە گۆرانی وتنیش بەشداربوو لەگەڵ ژەنینی فلوت،ژەنیارەکانیش بریتی بوون لە مازیار بەختیار بە کەمانچە و محەمەد عەتا بە گیتار و محەمەد مەولود بە عود و ڕیاز نزار بە کیبۆرد. هەروەها نژۆ ئەکرەم و ئاڤان سدیق کۆنسێرتەکەیان بەڕێوە دەبرد.هەروەها ئەلەند ئەحمەد و شاتوو عەتا ڕۆڵی (جوجە و کوکو)یان دەبینی کە بووبوونە هۆی زیاتر دڵخۆشکردنی منداڵانی ئامادە بوو.

پۆستەریش عیماد عەبدولقادر و پروشەریش محەمەد عەتا ئامادەیان کردبوو.بێجگە لەمانەش چەند چالاکییەکی تری منداڵان پێشکەش کران.شایانی باسە لەکۆنسێرتەکەدا ئاوێکی زۆری تایبەت بە منداڵان ئامادەکرابوو بۆ میوانەکان لەلایەن کۆمپانیای ئاوی سلێمانی یەوە ، لەکۆتاییشدا بەسەر منداڵاندا دابەش کرا..تیپی هونەری منداڵان- سلێمانی لەکۆتایی کۆنسێرتەکەدا سیدی (جۆلانە)یان بەسەر منداڵاندا دابەش کرد کە (١٢) گۆرانی پەروەردەیی لەخۆ گرتبوو ،چەندە خۆشە منداڵان کە گەڕانەوە بەخۆشییەوە دوای پشوودان لە ماڵەوە ئەو سیدییە تەماشا بکەن و ئەو کلیپانە ببینن کە لەسیدییەکەدا هەیە کە بریتین لەمگۆرانییانە (باخەوان،جۆلانە، شەنگەودارا، مریشکەسور، وەرزەکان،خاوێنی،بۆ منداڵان،دایکم،کەروێشکە خرپن،گوندەکەم،بەفرو باران،ڕۆشنایی)کە ١٢ گۆرانی خۆش و بەئاوازێکی دڵگیر و تایبەت بە منداڵانن.هەروەها مژدەش بەسەرجەم منداڵانی کوردستان دەدات کە لە یادی دامەزراندنی تیپەکەیاندا سیدییەکی نوێی گۆرانی پەروەردەیی منداڵان بکەن بەدیاری بۆیان بە ناوی (ئاهەنگی نوێ) کە لە ١٨ تراک پێکهاتووە.هەروەها ئەم تیپە چالاک و خەمخۆرەی منداڵان ،منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتیشی فەرامۆش نەکردووە بۆیە ڕۆژی یەکشەممە ٦/٦/٢٠٢١ کاتژمێر دەی سەرلە بەیانی لە هۆڵی (نابینایان) ئاهەنگێک پێشکەش بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و نابینایان دەکات.ڕۆژی دوو شەممەش ٧/٦/٢٠٢١ لە هۆڵی خاک کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتی دووبارە دەکەنەوە. دەستخۆشییان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ ئەم تیپە چالاک و کارایە دەخوازین و دەستخۆشیش لە مامۆستای هونەرمەند( مۆفەق عارف لهۆنی) دەکەین کە سەرپەرشتیاری ئەم تیپەیە و هەمیشە لەهەوڵدایە بێ ماندوو بوون بۆ خزمەت کردن بە منداڵانی کوردستان بە شانۆ و ئۆپەرێت و گۆرانی و مۆزیک و پێشانگەی شێوەکاری.




یەکی حوزەیران.. عەلی حەمەڕەشید

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە

ئەوا یەکی حوزەیرانە
جەژنە و ڕۆژی منداڵانە
فیستیڤاڵی گۆرانییە
سەما و جوڵەی پڕ جوانییە
وەک پەپولە و گوڵی بۆندار
منداڵانی شەنگ و نازدار
دڵ پڕ هیوا و خەونی مەزن
تێکەڵ یەک بوون دێن و دەچن
بەدەنگێکی بەرز و شیرین
بەخەندە و قاقا و پێکەنین
دەڵێن هەوڵی خۆتان بدەن
مافەکانمان لەبیر مەکەن

٢٠٢١/٥/٢٩




چـیرۆک بۆ منـداڵان.. شـێـلـمێکی زەبـەلاح.. رەزا شـوان

پیاوێکی پـیر شـێـلمێکی چانـد. شـێـلمەکە سەوزبـوو. گـەورە و گەورە و گەورەتـر بـوو. کاتی ئەوە هـات کە هەڵـبکـێشرێت. پیاوە پیـرەکە لاسکە بەرزەکانی شـێلمەکەی گـرت و رایکـێـشان و راکـێـشان، بەڵام نەیتـوانی شـێـلـمەکە لە رەگـەوە هەڵـبکـێـشـێـت.
پیـاوە پیرەکە بانگی پیرەژنەکەی کـرد. پیـرەژنەکە هـات و پشتی پیـاوە پیرەکەی گـرت. پیـاوە پیرەکە لاسکەکـانی شێلمەکەی گـرت. رایانکـێشا و رایانکـێشا.. بەڵام نەیانتوانی شـێـلمەکە هەڵـبکـێـشـن.
پیـرەژنـەکە بانـگی کچـەزاکەی کـرد. کچـەزاکەی هـات و پـشـتی پیـرەژنـەکەی گـرت. پـیرەژنەكە پـشـتی پیـاوە پیـرەکەی گـرت. پیـاوە پیـرە لاسکەکـانی شـێـلمەکەی گـرت. رایانکـێـشا و رایانکـێـشا.. بەڵام نەیـانتـوانی شـێـلمەکە هەڵــبکـێـشـن.
کچـەزاکە بانگی سەگـەکەی کـرد. سەگـەکە هـات و پشتی کچـەزاکەی گـرت. کچەزاکە پـشـتی پیـرەژنـەکـەی گـرت. پیـرەژنـەکە پشـتی پیـاوە پـیرەکـەی گـرت. پیـاوە پیـرەکە لاسکەکانی شێلمەکەی گـرت. رایانکـێـشا و رایانکـێشا.. بەڵام نەیانتوانی هەڵـێبکـێشن.
سەگەکە بانگی پشیلەکەی کـرد. پشیلەکە هـات و کـلکی سەگـەکەی گـرت. سەگـەکەش پشتی کچەزاکەی گـرت. کچەزاکـەش پشتی پیرەژنەکەی گـرت. پیرەژنەش پشتی پیاوە پیرەکەی گرت. پیاوە پیرەکەش لاسکەکانی شێلمەکەی گـرت. بە ئەوپەڕی هـێزیانەوە، رایانکـێـشا و رایانکـێـشا.. بەڵام شـێـلمەکـەیـان بۆ هەڵـنەکـێـشـرا.
پشیلەکە بانگی مشکەکەی کـرد. مشکەکە هـات و کـلکی پشـیلەکەی گرت. پشیلەکەش کـلکی سـەگـەکەی گـرت. سـەگـەکـەش پشـتی کـچەزاکـەی گـرت. کچـەزاکـەش پشـتی پیـرەژنـەکـەی گـرت. پيـرەژنـەکـەش پشـتی پیـاوە پیـرەکـەی گـرت. پیـاوە پیـرەکـەش لاسکەکانی شـێـلمەکـەی گـرت. رایانکـێـشا و رایانکـێـشا.. شـێـلـمە زەبـەلاحـەکەیـان
لە رەگـەوە هـەڵـکـێـشا.
ئێـوارەی ئـەو رۆژە شـێـلـمە گـەورەکـەیـان کـوڵانـد و پـێـکەوە خـواردیـان.

() چـیرۆکـێکی فـۆلکـلـۆری رووسـیـیە. لە ئیـنگـلـیزییەوە وەرمگـێڕاوە بۆ کوردی. () ئەم چـیرۆکە بۆ منـداڵانی باخچـەی منـداڵان گـونجـاوە. منـداڵانی (٤ ـ ٦) ساڵان.
(*) ئەو پەنـدەی لەم چـیرۆکە دایە ” هـێـز لە یەکـێتی دایـە” پێـویستە رۆڵی کەسانی بچـووکـێـش بـۆ ئەنجـامـدانی کـاری گـەورە، بـە هـەنـد بـزانـرێ و لەبەرچـاوبگـیرێ.
بە هـاوکاری و بە هەماهەنگـی و بە یەکهـێزیـش، گەورەتـریـن کار ئەنجام دەدرێـت.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢١




رۆڵی قوتابخانەی سەرەتایی لە گەشەکردنی ئەدەبی منداڵان.. رەزا شـوان

منداڵان لە دوای ماڵ و خێزان، لە دوای باخچەی منداڵان و دادەکان. دەچـنە قوتابخانەی سەرەتایی یا بنەڕەتی و دەبن بە قوتابیان. قوتابخانە جیهانێکی فراوانتر و کۆمەڵگەیەکی گـەورەتـرە لە مـاڵ و لە باخچـەی منـداڵان. قـوتـابخـانە وەک مـاڵ و ژینـگـەی دووەمی منـداڵان، وەک دامەزراوەیەکی فـەرمی پەروەردەیی و فـیرکرن و کۆمەڵایەتی، رۆڵـێکی زۆر گـرنگی هـەیە لە پەروەردەکردنی دروست و فـێرکـردنی پێـویست و ئاراستەکـردنی
راستی قـوتابیـان. دەتـوانین ئەوە بڵێـین کە کـاریگەری قـوتـابخـانە لە قـوتابیـان زۆر لە کاریگەری ماڵـەوە گەورەتـرە. قـوتابیـان رۆژانە ماوەیەکی زۆری ژیانیـان لە قـوتابخانە بەسەردەبـەن. فـێری خـوێنـدنـەوە و نـووسـین و زانـیاری و زانستی و ئـەدەبی دەبـن.

قوتابخانە فـاکتەرێکی گرنگ و کاریگەرە و رۆلـێکی گرنگی هـەیە لە بنیادنای کەس و کەساێـتی دروسـت و ئاسـایی و ئامـادەکـردنیـان بـۆ داهـاتـوویەکی گەشـتر و شـیاوتـر. چونکە جیهـانی دەوروبەرمان پێـدەناسێنێت و بە کەرەسـتە پێویستییەکـانی سەرکەوتن لە ژیـانمان و گەیشـتن بە هـیواکانمان و بە داهـاتـوویەکی خوزراومان پـێدەبەخـشـێت.

نهـێنی کارتێکردنی قوتابخانە، بۆ دوو لایەنی سەرەکی دەگەڕێتەوە. یەکەم پروگرامێکی هەمەڕەنگەی پـەروەردەیی تـازە و دەوڵەمەنـد، کە خـواست و ئارەزووەکانی منـداڵانی تێـیدا بەرجەستەبـووبن. دووەم مامۆستایان، کە دینەمۆی فـێرکردن و پەروەردەکردنن، بەڵکو بڕبڕەپشت و گرنگترین کۆڵەکەن لە کۆڵەکەکانی پەروەردە و فـێرکردنی منداڵان. گەیەنێری پەیامی پەروەردەیین. گەر مامۆستایان بە باشی رابهـێنرێـن و شـارەزابـن لە بـواری پـەروەردرە و فـێرکـردن و لـە دەرووننـاسی منـداڵان و لـە شـێوازە نوێیـەکـانی رێگاکانی وتنەوەی وانـەکـان و گرێـدانیـان بە ژیـان و بە ژینگەی قـوتـابیانەوە. لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی و تونای زمانی و وەرگرتنی هەر قۆناغێک. لەگەڵ جیاوازی تاکێدا لە نێوان قوتابیان. پێویستە مامۆستایان هەست بەم ئەرکە پیرۆزە و بەرپرسیارێتیە هەستیار و چارەنووسازەی ئەستۆیان بکەن بە ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە پەیـامە پیـرۆزەکەیـان بە قـوتـابییەکانیـان بگەیەنـن. هەمـیـشەش ببن بە پێـشەنگ و بە نموونـەیەکی بـەرز و باش لە رەفـتار و هەڵسوکەوتەکـانیان. تا قـوتابییەکـانیان چاویـان لێبکەن و لێیانەوە فـێربن. پێویستە رێز لە قوتابییەکانیان بگـرن و هەمیشە پاڵپشت و هـاندەر و رێنماییکەریـان بـن.
قوتابیان لە قوتابخانەدا زیاتر بە کۆمەڵایەتی دەبـن، زیاتریش کراوە دەبن لە مایەنەی تێکەڵ بـوون و دروستکردنی پەیـوەنـدی هـاوڕێـتی، لەگـەڵ قـوتابیـانی تـر و لەگـەڵ مامۆسـتاکانیان و هـاوکـاری کـردن و بە کۆمـەڵ ئەنجامـدانی چـالاکی هەمەجـۆرەوە.
منـداڵان لە قوتابخانەدا، خەیـاڵ فـراوانتر و بیرتیـژتر و زەیـن روونتر دەبن. لە هەموو روویەکەوە گەشەدەکەن و زیـاتر شارەزای ئەرکەکانیان و مافەکانیان دەبـن. زیاتریش
پابەنـدی یاسا و رێـساکـانی قـوتابخـانە دەبـن. زیاتـریش حـەز و ئـارەزوو و بەهـرەی ئەدەبیـان دەردەکەون. بە زۆریش هـۆگری چـیرۆک و هـۆنـراوە و سروود و گۆرانین.

قوتابخانەکان دەتوانن ئەم حەز و ئارەزووە سرووشتییانەی قوتابییەکانیان بقـۆزنەوە و رۆڵـێکی گـرنگـیان هەبێـت لە گەشەکـردن و پێـشکەوتنی ئەدەبی منـداڵانی کوردمـان. لە میانەی ئەو بابەتە ئەدەبی و زانیاری و رۆشنبیرییانەی، کە بەشێکـن لە بەرنـامە و لە پرۆگرامەکانی پەروەردەکرن و فـێرکردن و خوێندنەوە و فـێربوون. کە بەشدارن لە بنیادنانی کەساێتی دروست و هـاوسەنگی منـداڵان. لە رێی ئەو بابەتە ئامانجـدارانەوە ئاراستەیـان بکەن. تا بە دروستی و ئەرێـنی رەفـتار و هـەڵـسوکەوت بکەن و رێـز لە پرەنسیـپ و لە بەهـا جـوانەکانی کۆمەڵگاکەیان بگـرن و ببن بە تاکێکی سوودبەخش.
بەشـێکی زۆر لە بابەتـەکـانی پـرۆگـرامەکـانی فـێرکـردن و خوێنـدنـەوە، بە تایبەتیـش بابـەتە هەمەجـۆرەکـانی پەرتـووکی “خوێنـدنـەوەی کوردی” جـۆرێکـن لە جـۆرەکانی ئـەدەبی منـداڵان (چـیرۆک، هـۆنـراوە، پەخـشان، شـانـۆ، ئـۆپـەرێـت، دیـالـۆگ).
قوتابخانەکان دەتـوانن بە زۆر شێواز و رێگـاوە، گەشە بە ژانـرەکانی ئەدەبی منداڵانی کوردمـان بـکەن. ئەمـانەی خـوارەوە بەشـێکـن لەو شـێـواز و رێـگایـانە:
١ـ هانـدانی قوتابیان بۆ خوێندنەوەی بابەتی هەمەجۆرەی ئەدەبی منـداڵان. لەم رووەوە مامۆستایـانی زمانی کوردی دەتـوانن رۆڵـێکی کاریگەر ببینن. دەتـوانـن بەبێی تەمـەنی قـوتابییەکـانیان، ئەو پەرتـووکە کوردییانەی لە پەرتووکخـانەکانی قوتابخانەکـانیان دان. بیـانخـەنە بەردەسـتی قـوتـابییەکـانیاـن بـۆ خـوێنـدنـەوەیـان. دوایـش داوا لـە قـوتـابییە خـوێنەرەکـانی ئـەو پەرتـووکـانە بـکەن، کە بـە زاری و بە کـورتی باسی بابـەتـەکـانی ئەو پەرتـووکانە بکەن کە خـوێنـدیـانەوە. تا منـداڵان هـۆگـری خوێنـدنەوە ببن و دەقی پێوەبگـرن و هـەر لە منـداڵـیـیەوە، خوێنـدنەوە ببێـت بە کولتووریـان و بە بەشـێک لە ژیانیـان. پەرتـووکـیش ببێـت بـە هـاوڕێی هـەمیـشەییـان.
بە داخـەوە کە لە زۆربـەی قـوتابخانەکانی کوردستان دا، ئەو پەرتـووکانەی کە هەیـانە، لە ژوورەکانی مامۆستایان دا، لەناو دۆڵابێکدا لە ریزیان کردوون و تـۆزیان لێنیشتوون. هـەر وەک ئـەوەی کە تەنیـا بـۆ جـوانی دانـرابـن، نەک بـۆ خـواستن و بۆ خوێنـدنەوەی قـوتابییەکـانیان. لە چەنـد قـوتـابخـانـەیەکی کوردستان دا، ئەمـەم بە چـاوی خـۆم بـینی.
٢ـ هـۆگربوون و دەقگرتنی منـداڵان بە خوێندنەوەی پەرتـووک و گۆڤارەکانی منـداڵان، حەز و ئارەزووی نووسینیان دەورووژێنیت. پێویستە مامۆستاکان هانی قوتابییەکانیان بـدەن بۆ دەرخستنی بەهـرە و توانای نووسینیان لە پەخـشان و چـیرۆک و هـۆنراوە و وتـار. بە زمـانێکی سادە و ساکاری کـوردی. دەقـە جوانەکـانیشیان لە بڵاوکـراوەکـانی سەر دیواری قـوتـابخانەی، یا لە گـۆڤـاری قـوتـابخـانەدا ـ گەر هـەبێـت ـ یا لە ئێـزگەی رادیـۆیی قوتـابخـانەدا ـ گەر هەبێت ـ بڵاویـان بکـەنەوە. یا لە کاتی ریزبـوونی بەیانیان لە بەردەم هـاوڕێکانیان دا، نووسینەکـانیان بخـوێننەوە. ئەمانـەش دەبـن بە هـانـدان و بە پـشتگیری بۆ قوتابییە نووسەرەکانیان، بۆ زیاتریش دەرخستنی بەهرە و تواناکانیان.
٣ـ هـۆگـربوونی منـداڵان بە خوێنـدنەوە و کـڕینی گۆڤارەکان و پەرتووکە چاپکراوەکان بۆ منـداڵان. دەبێـت بە هـانـدانیش بۆ نووسەرانی ژانـرە ئەدەبییەکانی، ئەدەبی منـداڵان بۆ چاپکردن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە تازەکانیان و برەودانێکی زیاتریش بە نووسین. تا نووسینەکـانیان شایـەنی ئەوەبـن کە بخـرێنە پـرۆگـرامەکـانی خوێنـدنی قـوتابخـانەی سەرەتایی و پەرتووکەکانیشیان بخەنە پەرتووکخانەکانی قوتابخانەکانەوە. هەر ئەمەش گەشـە و پێشکەوتنێکی زیـاتر بە ئـەدەبی منـداڵان دەبەخـشێـت.
٤ـ پێویستە بەڕێوەبەرێتی چـالاکی قوتابخـانەکان ـ سەر بە پەروەردەی شار و قەزاکـان. ساڵانە فیستیڤـاڵێکی شایستەی کێـبڕکـێ بۆ قـوتـابییە نووسەرەکـانی بـواری ژانـرەکانی ئەدەبی منـداڵان (هـۆنراو، چـیرۆک، ئۆپەرێت، پەخشان) سازبکەن. دیـاری و خەڵات و میدالیای جـوان و بڕوانـامەی رێـزلێنان پێشکەش بە هەموو قوتابییە بەشـداربـووەکان بکـرێن و دەقـە جـوانەکانیش، لەگەڵ وێنەیەکی قوتابییەکان، لە پەرتووکێکی قەشەنگدا چاپ بکرێن. ئەمەش دەبێت بە هاندان و ورووژاندنی رۆحی کێبڕکێ لە نیوان قـوتابیانی قوتابخـانەکان دا. بەشـێک لەم قـوتـابییە نووسەرانە، دەبن بە نووسەرانی داهاتـوومان.
٥ـ بێگومان ئۆپـەرێت و شانۆی قوتابخانە، رۆڵ و گرنگییەکی زۆریان لە گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منـداڵان و لە فـێرکردن و پەروەردەکـردن و رۆشنـبیریی منـداڵان و
لە گەشەکـردنی زمانی منـداڵان هـەیە، لە دەرخـستـنی ئازایی ئـەدەبی و کـرانەوەیـان دا هەیە. پێویستە بایەخێکی زیاتر بە ئۆپەرێت و شانۆی قوتابخانە بدرێت. ساڵانە ئاهەنگ و فـیستیڤـاڵی ئۆپـەرێت و شانۆ بۆ قـوتابیانی قوتـابخـانە سەرەتـاییەکـان رێكبخـرێت، چ لەسەر ئاستی قوتابخـانەکان دا یا لەسەر ئاستی پەروەردەی شار و شارۆچـکەکـان دا.
بەداخە لە زۆربەی قوتابخـانەکانی کوردستان دا، ئۆپـەرێت و شانـۆ فەرامـۆش کـراون.
پێمـوایە هـۆی ئەمەش دەگەڕێتـەوە بۆ ئەم هـۆیـانە: نەبـوونی مامۆسـتایانی پسـپـۆری دەرهـێنانی ئـۆپـەرێـت و شانـۆ. نەبـوونی هـۆڵ و سەکـۆی شـانـۆیی و نـوانـدن. کەمی دەقـی ئـۆپـەرێـت و شانـۆی نـووسراوی تایبـەت بـۆ منـداڵان.
٦ـ گرنگی دان بە پەرتووکخـانەکانی قوتابخـانەکان و دەوڵەمەندکردنیان بە پەرتووک و گـۆڤـارەکـانی منـداڵان و بە سەرچـاوەی پێـویست. چونکە کتێبخـانەکانی قـوتابخـانەکان گەر بە پەرتووک و بە گۆڤارەکانی منداڵان دەوڵەمەند بکرێن، دەتوانن رۆڵێکی گرنگیان لە رۆشنبیریکـردنی قـوتابییەکـانیان هەبێـت. پەرتـووکخانەکانیش لە لایەن مامۆستایانی زمـانی کـوردی و گـروپێکی قـوتابیـانی هـۆگـری خوێنـدنـەوەوە بەڕێـوەببـرێـن.
٧ـ پێویستە مامۆستایانی وتنـەوەی زمانی کوردی، لە وانـەی خوێندنـەوەی بابەتەکانی پەرتـووکی”خوێندنەوەی کوردی” دا، بە دەنگێکی بەرز و روون و چـێژەوە بابەتەکان بخـوێنـنەوە.. خۆشی و چـێژێکی ئـەدەبی زیـاتر بە قـوتابییەکـانیان دەبەخـشن. داوا لە قوتابییەکانیشیان بکەن ئەوانیش وەک خۆیـان بە دەنگی بەرز بابەتەکان بخوێننەوە. لە دواییـش دا، لە میانەی پرسیار و وەڵامەوە، تێـدەگەن کە تا چ رادەیەک قوتـابییەکـانیان لەو بابـەتـانەی خـوێنـدیانەوە تێگەیـشـتوون.
٨ـ بەشداریکردنی مانگانەی قوتابخـانەکان لە کـڕینی ئەو گۆڤـارانەی مانگانە یا وەرزی بۆ منـداڵانی کوردمـان دەردەچـن، لایەنی کەمەوە لە هـەر ژمارەیەکـیان دا (٣) ژمـارەی لـێبـكـڕن. لە ئێـستا دا، گـۆڤـاری (پەپـولـە) و ( سـڤـۆرە) و (گـوڵـزار) کە لە کوردسـتان دا دەردەکرێن. (٣) گـۆڤاری رازاوە و رەنگین و دیـزاییـن جـوانی بابـەت هەمەڕەنگەن.
دەشتوانن قوتابییەکانیان هـانبدەن بۆ کـڕین و خوێنـدنەوەی ئـەو گۆڤـارانە و پەرتووکی چاپکـراوی بابـەت هەمەجـۆرە بۆ منـداڵان.
٩ـ مامۆستایانی زمانی کوردی رۆڵێکی گرنگییان هەیە، لە گەشەکردن ئەدەبی منداڵان و لە هـاندانی قوتابییەکانیان بۆ هـۆگربـوون، بە خوێندنەوەی بابەتەکانی ئەدەبی منـداڵان بۆ نووسینی چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخـشان. بە تایبەتیـش لە وانەی “داڕشـتن” دا.
١٠ـ قوتابخـانەکان دەتـوانـن چەندین شـێواز و و رێگای تر بگرنەبەر، بۆ گەشەکردنی ئەدەبی منـداڵان و رۆشنبیریکـردنی قـوتـابیـان لە قـوتابخـانەکـانیان دا.
١١ـ بێجگە لە خـێزان و لە قوتـابخانە، نووسەرانی بواری ئەدەبی منـداڵان، گـرنگـترین فاکتەرن لە داهـێنان و گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵان. لە سایەی نووسەرانی ئەدەبی منداڵان دا، هەموو ژانرە ئەدەبییەکانی منداڵان گەشەدەکەن. وەک تیبینی دەکرێ بەشێکی زۆری نـووسەرانی ئـەدەبی منـداڵان، مامـۆستا بـوون یا مامـۆستان. بە هـۆی تێکەڵبوونی راستەوخۆیان بە جیهانی پاک و بێتاوانی منداڵان، زیاتر لە ئارەزوو و نیاز و راز و خـەون و هـیواکانی منـداڵان تێگەیشتوون. بـوونە بە ئیلهـام بۆ چـیرۆک و بـۆ هـۆنـراوەکـانیـان. بـەڵام ئـەمـە مـەرج نیـیە. گـەلێ کـەڵـە نـووسـەرانی بـواری ئـەدەبی منـداڵانی کوردمان هـەیە، کە مامۆستا نەبـوون و مامۆستا نیـن. جوانترین هـۆنـراوە و چـیرۆکیـان بۆ منـداڵانی کوردمـان نووسـیوون.

رەزا شـوان
نەرویـج: ١٨/ ٥/٢٠٢١




چیرۆک بۆ منداڵان.. هەڵـۆ و تـیر .. رەزا شـوان

هـەڵـۆیـەک لەسەر لـووتکە چیـایەک نیشـتبۆوە. نێچـیرێکی لەسەر زەویـدا بـەدی کـرد. هـەڵـۆکە بـۆی هـاتـە خـوارەوە تا بـیگـرێـت. زۆری نەمابـوو کە پەلاماری نێچـیرەکەی بـدات. راوکەرێـک لە پشـت دارێـکـدا خـۆی مـات دابـوو. تیـرێکی ئاراسـتەی هـەڵـۆکە کـرد. پێـکای و تیـرەکە بـەر سـنگی هـەڵـۆکە کـەوت. هـەڵـۆکـە کـەوتـە سـەر زەوی و خـوێـن لە بـرینەکەی دەچـۆڕایـەوە. ئازارێـکی زۆری هـەبـوو. کە لە تـیرەکـەی روانی، بـیـنی لە یەکـێک لـە شـاپـەڕەکـانی خـۆی دروسـتکـراوە.
هـەڵـۆکە بـە دەم ئـازارەوە، وتی:”بـە داخـەوە بـە تيرێـک لـێـیانـداوم، کـە لـە شـاپـەڕی خـۆم دروسـتکـراوە”
() ئەو پەنـد و وانەیەی لەم چـیرۆکە دایـە، گەر خـزم و خوێـش یارمەتی دوژمنانمان نەدەن. دوژمنان بە کـامی خۆیان ناگـەن. زۆر جـار دۆژمنان و نەیارانمان بەو هـۆیانە دەمان پێکـن کە لە خۆمـانەوە دەستیان کەوتـوون. پەنـدێکی کوردیشـمان هـەیە: “دار دەڵـێ: ئەگـەر تـەور کـلکی لە خـۆم نەبـوایـە.. نـەی دەبـڕیمـەوە” () ئەم چیرۆکە لە ئینگلیزییەوە وەرمگێڕاوە بۆ کوردی. ناوی نووسەری لەسەر نییە.

نەرویـج: ٢٠٢١




ژینگە پارێز.. عەلی حەمەڕەشید

ژینگە پارێز لەم ژینە
کاری ڕێک و سەنگینە
هەوڵ و ماندوو بوونی ئەو
جێی ڕێز و پێزانینە
.،.،.،
دڵسۆز و چالاک دیارە
هەمیشە ماندووی کارە
مەبەستی ڕاگرتنی
پاکو خاوێنیی شارە

دەست بەکارن ڕۆژانە
چی شەقام و کۆڵانە
بەهەوڵی ژینگە پارێز
هەردەم خاوێن و جوانە

با تاجی ڕێز و شکۆ
پێشکەشیان بێت ڕاستەوخۆ
لەگەڵ چەپکە گوڵێکی
گەشاوە و جوان و خۆشبۆ

٢٢/٤/٢٠٢١




چیرۆک بۆ منداڵان.. دەبـم بە کـاکه‌.. ره‌زا شـوان

گـۆرانی چـوار سـاڵان، وا فـێرنەببـوو کە بابـەتـەکـانی یارییەکـانی بشکـێـنـێت. یا کـاری بشـێوی ئەنجـام بـدات. ئـەو بـە ئـارامی و هـێـمـنی راهـاتبـوو. لـەو کـاتـەوە کـە دایـکی پێـیـوت خـوشکـێت دەبێـت. گـۆران لـە پـڕێـکـدا گـۆڕا و گـۆڕانکـاریی بەسـەردا هـات، بابەتەکانی یارییەکانیشی شکانـد و پەڕش و بـڵاوی کـردنەوە. لە سووچێکی ماڵەوەیاندا دانیشـت و گـۆشەگـیربـوو و دەگـریـا. دایـکی زانی کـە کـێـشـەی چـیـیە. ئـەو خـوشـکی نـاوێـت، کە بـە باتـەکـانی یارییەکـانی یـاری بکـات و شـوێـنی بگـرێتـەوە.

دایکی گۆران بیری کردەوە کە چی بکات تا گۆران بێتـەوە سەرخـۆی و ئاسایی بێتـەوە. لەسـەر چـیـمەنی باخچـەکەیـان دانـیشـت و بانـگی گـۆرانی کـرد: گـۆران، گـۆران گیـان وەرە بـۆ لای دایکـت.
گـۆران بە دەمـوچـاوی تـۆڕە و چـاوانی پـڕ لە فـرمێـسکـەوە هـات بـۆ لای دایکی و لە تەنیشتـیـیەوە دانیـشـت. دایـکی دوو سێ جـار مـاچـیکـرد، دەسـتی بە سـەریـدا هـێنا.

دایـکی (بە زەردەخـەنە و سـۆزەوە) وتی: وەرە خـوشـکە بچـووکـەکەت بنـاسـە.
گـۆران: ئـەو لە کـوێیـە؟
دایـکی هەنـاسەیـەکی خۆشـیی هـەڵکـێـشا و وتی: لەپێشـا پێـویسـتە خـۆشـت بـوێـت و گـرنگی پێ بـدەیـت. چونکە تۆ منداڵێکی جـوان و باشیت، ئەویش کچـۆڵەیەکی وەک تۆ جـوانە. یاریت لەگەڵ دەکات. وەک چـۆن تـۆ خۆشـتدەوێـت، ئەویش تـۆی خۆشدەوێـت.
گـۆران: بـەڵام مـن خوشکـم ناوێـت.
دایکی: هەموو منداڵەکـان خوشکەکانیـان لەگەڵیـان دان و خۆشـیان دەوێـن و گـەزۆ و بووکە شـووشە و ملـوانکە و بازنـگ و بابەتی یارییان بۆ دەکـڕن.. تەنیـا تـۆ نـەبێـت.
گـۆران (غـیرەت گـرتی) وتی: منیـش خـوشـکـم دەوێـت.
دایکی بە گەشی و خـۆشیـیەکی زۆرەوە: بەڵی گـۆران گیان، گەر بچـین بۆ شاری یاری، گـرنـگی پێـدەدەیـت و دەستی یەکـتری دەگـرن و پێـکەوە گـەزۆ و باڵـۆن دەكـڕن.
گـۆران: ئەی کـوا خـوشـکەکەم لـە کوێـیـە؟
دایکی بە زەردەخەنە و نەرمییەوە دەستی گۆرانی گـرت و خستـیـیە سەر سکی خۆی و وتی: خوشکەکەت لێـرەیە.. یارمەتیمان دەدەیت لە دۆزینەوەی نـاوێکی خـۆش بـۆی و لە کـڕینی جلوبـەرگ و کەلـوپەلی ژوورەکـەی؟
گۆران لە خۆشییا هەڵبەزییەوە و وتی: باشە دایکە با بچـین بۆ بـازاڕ و بـۆی بـكـڕیـن.
دایکی بە خۆشیـیەکی زۆرتـرەوە وتی: بەیـانی دەچـم بۆ لای پـزیشکی منـداڵان، دەڵـێی چی گەر تـۆش لەگـەڵمـدا بێیـت و دڵنـیابیـت لە تەنـدروستی خوشـکەکـەت؟
گـۆران (باری دەروونی گـۆڕا و ئاسایی بۆوە) وتی: بە راستی دەتـوانم نـاوی لێـبـنـێم؟
دایکی بە شادییەوە وەڵامی دایەوە: بەڵی گۆران گیان، بـیربکەوە، چی ناوێکت پێخۆشە هـەڵیـبژێـرە، دڵت ناشکێنین و ئەو ناوەی لێدەنێین. دەبێتە باشـترین کچـۆڵە لە جیهانـدا، چونکە گۆرانی بـرای باشـتری منـداڵە لە جـیهانـدا.
گـۆران دەستە بچکـۆلە قـنجەکـانی خستە سـەر دەمی و ویستی زەردەخـەنە ناسکەکەی بشارێتـەوە، وتی: من دەبـم بە کـاکە.. دەبم کـاکی نـێرگـز. ئاگـام لێیدەبێـت و دەیپارێـزم پێکەوە یاری دەکەین و پێکەوە دەخۆین و دەخۆینەوە. دیارییەکی جوانیشی بۆ دەكـڕم.
دایـکی بە زەردەخـەنـەیکی شـیرینەوە: نـاوی دەنێـیـت نـێرگـز؟
گـۆران: بەڵی، بە نـاوی دایەگـەورەمەوە کە زۆرم خۆشـدەوێـت، نـاوی دەنێـم نێـرگـز.
دایکی: گـۆران گیـان، بەم بـۆنەیـەوە دیـارییـەکی جـوانـت بـۆ دەکـڕم.
گۆران لە خۆشییا هەڵبەزییەوە و تی: دایکم خۆشدەوێت، باوکیشم خۆشدەوێت، نێرگـزی خوشکـیشم خـۆشـدەوێـت.

نەرویـج : ٢٠٢١
(*) بـۆ نـووسیـنی ئـەم چـیرۆکە سـوودم لە بیـرۆکەی چـیرۆکـێکی بیـانی وەرگـرتـووە.




گرنگییەکانی چیرۆکی بێدەنگ بۆ منداڵان.. رەزا شـوان

چیرۆکی بێـدەنگ یا “چیرۆکی وێنەیی” کە بە “چیرۆکی کێشوەربڕ” یش ناودەبرێت، بە زمانی ئینگلیزیش “سایلێنت ستۆری” یە. جۆریکە لە جۆرەکانی چیرۆک بە گشتی و لە چیرۆکی منداڵان بە تایبەتی. چیرۆکی بێدەنگ، چیرۆکێکی وێنەییـە، هـیچ وشـە و رستە و سـیناریـۆ و دەقـێکی نووسینی لەگەڵـدا نییە. پشت بە کۆمەڵـێک وێنەی رەنگـاوڕەنی یـەک لە دوایـەک دەبەستـێت، کە رووداوێکی دیاریکـراو دەگـێڕێتـەوە.
چـیرۆکی بێـدەنگ، پێویستی بە زمـانێکی دیاریکـراو نییە، تا لێی تێبگـەین. تەنیا وێنـە یەک لە دوای یەکەکانی بەسن بۆ تێگەیشتن لێی.

وێنەکان چیرۆکەکەمان بۆ دەگێڕنەوە.
ئەگەرچی تا ئەمڕۆشن نووسین چیرۆکی بێدەنگی وێنەیی بێ نووسین، لە چاو چیرۆکی نووسراوەوە، زۆر کەم و شەرمنانەیە. زۆر کەم لە چیرۆکنووسان و وێنەکێشانی بواری ئـەدەب و هـونەری منـداڵان ئاوڕیان لێـداوەتەوە. بەڵام نکوڵی لەوە ناکرێت کە چیرۆکی بێـدەنگ ژانـرێکە لە ژانـرەکانی چـیرۆک بۆ منـداڵان. دەشێ هەنـدێ چـیرۆکی بێـدەنگ، کارتێکـردنێکی زیاتـر لە چیرۆکی نووسراو، لەسەر هـۆش و دەروونی منـداڵان بکات.
رەسەنی چـیرۆکی بێـدەنگ، بۆ ئـاراسـتەی گـوزارشـتی دەگەڕێتـەوە. کـە لە سەرەتـای سەدەی بیستەمی رابردوودا، ئەم ژانرە چیرۆکە لە ئەڵمانیادا سەری هەڵدا و بڵاوبۆوە. بە تایبەتش لە سییەکـاندا، گەشەی کرد و گەیشتە ئەوپەڕی پێشکەوتن باوبـوون. لەو سەردەمەدا تا رادەیەک چیرۆکی بێدەنگ، لە شێوازی رەخـنەئامـێزدا بوو. بابەتەکـانی
گـۆزارشتـیان لە گـرفتە کۆمەڵاییـەتییەکـان و لە سـتەم و لە خواسـت و لە هـێواکـانی خەڵکی و لە ململانێ لەگەڵ سەرمایـەداریـدا دەکـردن.
هـونەرمەنـدی شێوەکاری ئەڵـمانی (ئـۆتـۆ نوکـێل) هـونەرمەندێکی ناسراوی چـیرۆکی بێـدەنگ بوو. رۆڵـێکی بەرچاوی لە سەرهەڵـدان و لە بڵاوکردنەوەی چیرۆکی بێـدەنگ لە ئەڵمانیـدا هەبـوو.
هەر لەسەر شێوازی ئەم هونەرمەندە ئەڵمانییە، نووسەری بەڵچیکی (فـرانس مارسێڵ) لە ساڵی (١٩١٨) دا چیرۆکێکی بە ناوی (پیاوە ئەویندارەکە)وە نووسی و هونەرمەندی وێنەکـێشی ناسراویش (لـیـندوارد) بە (٢٥) وێنە گوزارشتی لەم چیرۆکەی فـرانس کرد. فرانس چیرۆکی بێدەنگی دووەمی بە ناوی (گەشتێکی سـۆزدار) ەوە بەرهەمهـێنا. کە لە (١٦٧) وێنەی یەک لە دوای یەک پێکهاتووە، چـیرۆکەکەی بەبێ نووسین دەگێڕێتەوە.
(لـیندوارد) لە ساڵی (١٩٢٩) دا، چیرۆکێکی بێدەنگی وێنەیی بە ناوی (پیاوی خواوەند) ەوە، کێشاو و بڵاوی کردەوە. هەر لە رێی هونەرمەنـد (لینوارد) ەوە، هونەری چیرۆکی بێدەنـگ گەیـشتە ئەمریکا. کۆمەڵێک نووسەر و وێنەکێش، هـۆگـر و هـەواداری بوون.
هـونەرمەنـدی شـێوەکـاری پۆڵـۆنیـش (باڵـسوس) لە تەمـەنی (١٦) ساڵانـدا، دەربـارەی پشیلەکەی بە شـێوەی چـیرۆکی وێنـەیی، چـێرۆکـێکی کـێشا و بڵاوی کـردەوە.
چیرۆکنووسی ئیماراتی (سامیح ئەبوبەکـر عیزەت) چیرۆکی (سوور و شین و زەرد)ی نووسی، هونەرمەندی وێنەکێشیش (ئەمانی یوسف) بە کۆمەڵـێک وێنەی رەنگاوڕەنگ ئەم چیرۆکەی بۆ منداڵان کێشا. بیرۆکەی ئەم چیرۆکە بۆ کچۆڵەیەکی قوتابی دەگەڕێتەوە کە تەنیا سێ رەنگ بۆیەی هەبوو (سوور و شین و زەرد) بەڵام هاوڕێیانی هاوپۆلەکەی هەریەکەیان، پاکەتێکی گەورەی (٢٤) رەنگیان هەبوو. ئەم کچـۆڵەیە بیردەکاتەوە و لە خەیاڵیدا رەنگەکان تێکەڵ دەکات بۆ پێکهـێنانی رەنگەکانی تر. رەنگی سوور و زەردی تێکەڵکـرد و رەنـگی پڕتـەقـاڵی پێکهـێنا. زەرد و شـینی تێکەڵکـرد و رەنـگی سـەوزی پێکهێنا. بەم جۆرە چەند رەنگێکی دیکەشی پێکهێنان. بەمەش زانیاری بە هاوڕێکانی گەیانـد بۆ کەڵک وەرگـرتن لە تێکەڵکـردنی رەنگەکـان بۆ پێکهـێنانی رەنگی دیـکە.

هەمووشمان چیرۆکی (میکی ماوس) مان، بە شێوەی فیلمی کارتـۆنی بـزوێنی بێـدەنگ (ئەنیمەیـشن) بینـیوە. کە لە نووسـین و دەرهـێنانی دەرهـێنەری سینەمایی ئەمریکی و جیهـانی (واڵـت دیـزنی: ١٩٠١ـ ١٩٦٦) یە. لە نووسینێکـم دا، کە لە چەند سایتکێـدا بڵاومکـردەوە، بە درێـژی باسـم لـە ژیـاننـامەی واڵـت دیـزنی کـردووە. بـە کـورتی کە (واڵـت دیـزنی) کـریکارێک بـوو لە گەراجێکـدا، لە ژوورێکی ئەو گەراجەدا دەمایەوە. چەنـد مشکـێک لەناو ژوورەکەیـدا بوون، بە دیوارەکانی ژوورەکەیدا دەهاتنە خوارەوە و سەردەکەوتن، لە واڵـت دیـزنی نەدەتـرسـان. مشکـێکی سیسەڵەی بـزیـۆ، سەرنجی واڵـت دیـزنی راکـێشا. واڵـت دیـزنی چەنـدین وێنەی جـووڵەکـانی ئـەو مشکەی کـێشا. کـردنی بە چیرۆکێکی بێدەنگی وێنەیی، دواتـریش لەژێـر نـاوی (مـیکی مـاوس) واتـا (مشکی دەم بە پێکەنیـن) کردی بە فـیلمێکی کارتۆنی بێدەنگی ئەنیـمەیشن بـۆ منداڵان. واڵت دیـزنی لە رێی ئەو مشـکەوە ناوبانگی دەرکـرد و بوو دەرهـێنەرێکی جـیهـانی و بە ملـیۆنـێرێـک و بە خاوەنی کۆمپانیای بەرهەمهـێنانی فـیلمی سینەمایی.

ئایا نووسینی چیرۆکی بێدەنگ ئاسانە؟
بێگومان نەخێر، کارێکی ئاسـان نییە. چۆنکە چیرۆکنووسی چیرۆکی بێدەنگ، پێویستە بیرۆکەیەک بـدۆزێتەوە، کە پێویستی بە قسە و نووسین نەبێت، نابێت بە وشە و رستە بیـرۆکە و ناوەڕۆکی چـیرۆکەکـانی روون بکاتـەوە. تەنیا وێنەکـێش لە رێگـای زنجـیرە وێنەیـەکی رەنگـاوڕەنـگەوە، گـۆزارشت لە بیرۆکە و لە مەبەستی چیرۆکە بێدەنگەکان دەکات. سـۆز و هەستەکـانیش جـوانترین شـتن کە نووسـەر لەگەڵ منـداڵانی خوێنـەردا بیانگۆڕێتەوە. بەڵام سوز و هەستەکان و چێژ و شیرینی وشە و رستەکان، لە چـیرۆکی بێدەنگـدا دەرناکەون. هـونەمەنـدی وێنەكـێشی لێهـاتوو و داهـێنەر دەتوانێـت لە میانەی وێنـەی رەنـگاوڕەنگی جـوانەوە، سـۆز و هەستەکـان، لە رێی هـێڵ و رەنـگەکـانەوە بە منـداڵان بـگەیەنێـت.
مێـژووش باسی ئەوەی بۆ کردووین، کە قـۆنـاغی یەکەمی نووسین، کە مرۆڤ دایهـێنا. (نووسینی وێنەیی) بوو، واتا بە کـێشانی وێنـە گوزارشتیان لە نـاوی شـتەکـان دەکـرد و لەسەر تاتـە قـوڕی تـەڕدا دەیانکێشا و شک دەبـوونەوە و بۆ یەکـتریان دەنـراردن، بۆ نموونە وێنـەی: خـۆر، شـاخ، گـوڵ، ئەسـپ، دار، کـەو،… هتد، دەکـێشان. لە قۆنـاغی دووەمـدا، (نـووسینی مـێخی) و (نـووسینی هـیرۆگـلێفی) یان داهـێنان، تا گـەیشـتین بە داهـێنانی نووسینی ئەم پیتانـەی کە لە ئەمـڕۆدا بەکـاریان دەهـێنین و پێیان دەنووسین.
منـداڵان بە سـروشتی هـۆگـری وێنـەی رەنگـاوڕەنـگ و وێنەکێـشانن. بە تایبەتیـش لە قۆناغی بەرایی منداڵیدا. کە هـێشتا فـێری نووسین و خوێندنەوە نەبوونە. بە وێنەکێشان گـوزارشت لە سـۆز و هـەسـت و لە هـیوا و خەونـەکـانیـان و لە کـێشەکـانیان دەکـەەن.

گـرنگییەکانی چـیرۆکی بێـدەنگ بۆ منـداڵان:
١ـ چیرۆکی بێدەنگ گەشـە بە خەیاڵی منـداڵان دەکا: منـداڵان بـە خەیـاڵ و بیـرکـردنەوە و لێکـدانـەوە و بۆچوونەکانیان، دەیانەوێـت بگەن بە مەبەست و بە نـاوەڕۆکی چـیرۆکە بێـدەنـگەکـان. ئاسایـشە کە بیرکردنەوە و لێکدانەوەی چیرۆکی بێدەنگ جیاوازی هەبێت لە منداڵـێکەوە بۆ منـداڵـێکی تـر.
٢ـ چـیرۆکی بێـدەنگ بۆ منداڵانی تەمـەن سێ ساڵان و باخچەی منداڵان، کە بە قـۆنـاغی بەرایی منـداڵی ناودەبرێ، زۆر گونجاوە. چونکە تا تەمەنی شەش ساڵان منـداڵان فـێری نووسین و خوێندنەوە نەبوونە. هـۆگری وێنە و وێنەکێشانن. پێویستە دادەکانی باخچەی منـداڵان ئـەم تامەزرۆییـەی منـداڵان بـۆ چـیرۆکی وێنـەیی بقـۆزنـەوە. لە رێی چـیرۆکی بێـدەنگی وێنەییـەوە، پەروەردەیـان بکەن و زۆر شـتـیان فـێربکەن.
٣ـ گەشەکردنی بیری لـۆژیکی لەلای منـداڵان: لە میانەی بەستنەوەی وێنـەی رووداوە جیـاوازەکـانی چـیرۆکی بێـدەنگـەوە، پـاڵ بە منـداڵانـەوە دەنێ بـۆ ئـەوەی کە پابـەنـدی بیـری لـۆژێکی بـن.
٤ـ هاندانی منـداڵان بۆ دۆزینەوەی هاوسەنگییەک لە نێوان هەستکردن بە ژیانی خۆیان و بە راستیی پێکهـاتەکـانی ئەو وێنـانەی کە لە بەردەستـیان دان.
٥ـ یارمەتی منـداڵان دەدات بۆ رێکخـستنی بیرۆکەکانیان و پێشکەشکـردنیان بە رێـکی.
٦ـ گەشەکردنی زمانی منداڵان: منداڵان بیر لە دۆزینەوەی وشە و رستەی جوان دەکەن. بـۆ گـوزارشتکـردن لـە هـەنـدی لـە رووداوەکـانی چـیرۆکـە بێـدەنگە وێنـەییەکـان، کە چـیرۆکنووسەکان لە چـیرۆکە نووسـراوەکانیانـدا باسیان لـێکـردوون.
٧ـ گـەرچی چـیرۆکی بێـدەنگ نە نـووسـین و نە سیـناریـۆی لەگـەڵـدایە. بـەڵام وا لـە منـداڵان دەکـات کە بدوێـن و چـیرۆکەکە بگـێڕنەوە. بەمـەش سـۆزداری کومەڵایـەتیـان زیـاتـر گەشـە دەکـات.

ئایا لە ئـەدەبی منـداڵانی کورد دا، چـیرۆکی بێدەنگمان بۆ منـداڵان هـەیە؟
ئایا تا ئێستا چـیرۆکی بێـدەنگ، بووە بە ژانرێک لە ژانرەکانی چـیرۆکی منداڵانی کورد؟ تا ئەمـڕۆش ئەم ژانـرە چـیرۆکە هونەرییە لە ئەدەبی منداڵانی کورد دا. زۆر بە دەگمەن لە لایەن چـیرۆکنووسان و شـێوەکارانی کوردمـانەوە ئاوڕیـان لێی داوەنەتـەوە. زۆر بە کەمی بەرچاومان کەوتوون. ناڵێین نیمانە، بەڵام زۆر لە خوارەوەی هێڵی پێویست دایە.
هـونەرمەنـدی شێوەکار و کاریکاتێـرکـێشی پـۆرتۆری و دیزاینسازێ بەرگی پەرتووک و گۆڤارەکانی منداڵان، هونەرمەندی کوردمان کـاک (عەلی مەندەلاوی) کە لە کوردستان و عـێراق و جیهاندا وەک هونەرمەنـدێکی داهـێنەر ناسراوە و ناوبانگی هەیە، لە ئێسـتادا لە بەغـداد دەژی. بـۆ ماوەیـەکی زۆر لە گـۆڤـارە عـەرەبی و کوردییەکان کە بۆ منـداڵان دەردەچـوون، وەک وێنەکـێشێک کـاری کـردووە. خـاوەنی ئەزمـوونـێکی دوورودرێـژ و باشە لە وێنەکـێشان بۆ منـداڵان. مەنـدەلاوی ئەو کاتەی کە وێنەکـێشێک بوو لە گۆڤاری (مجـلـتي ـ گـۆڤـارەکەم) کە خانـەی رۆشـنبیریی منـداڵانی عـێراق بە زمـانی عـەرەبی بۆ منداڵانی عەرەب دەریان دەکرد. لە چەنـد ژمارەیەکی ئەم گۆڤـارەدا، لە بەرگی دووەمیدا، کاک عەلی مەندەلاوی چەند چیرۆکی بێدەنگی وێنەیی بەبێ سیناریۆ، بە ناوی (ناز)ەوە، بڵاودەکـردنەوە.

(نـاز ناوێـکی کوردییـە بۆ کچـان) وێنەکـان و بیرۆکەکـانی ئـەو کورتـە چـیرۆکە کوردییانەش، زادەی بیـری عـەلی مەندەلاوی خۆین و ئیلهـامیشی لە چـیرۆکی فـۆلکلۆری رەسـەنی کـوردی وەرگـرتوون. چـیرۆکەکـانی (نـاز) زۆر کـورت و سـادە و ئاسـانـن. لە شەش تا هەشت وێنە پێکهاتـوون، گوزارشت لە بیرۆکە جـوانەکان دەکەن. نـەک هـەر منـداڵانی کـورد بەڵکـو منـداڵانی عـەرەبـیـش چـێژیان لـەو چـیرۆکە بێـدەگە وێنەییـانەی مەنـدەلاوی وەردەگـرتن. گەرچی ئەو چیرۆکانەی مەندەلاوی لە گۆڤـارێکی عەرەبی دا بڵاوکراونەتەوە، بەڵام من پێموایە بەشێکـن لە چیرۆکی بێدەنگ بۆ منداڵانی کـورد و مـۆرک و رەسەنـایەتی کـوردییـان پێـوە دیـارە. وەکو پێشـتر وتمـان، چـیرۆکی بێـدەنـگی وێنـەیی پێـویستی بە زمـانـێکی دیاریکـراو نیـیە بـۆ تێگـەیشـتن لـێـیان.
هەندێ لەو گۆڤارە کوردییانەی کە بۆ منداڵان لە باشووری کوردستانـدا دەدردەچوون یا دەردەچـن. کە من چاوم پێیان کەوتووە. جار و بار لە ژمارەکـانیاندا، چـیرۆکی بێـدەنگی وێنـەیی رەنگـاوڕەنگـیان بەبێ نووسـین و بێ سیناریـۆ، بڵاوکـردوونـەتـەوە، لەوانەش گۆڤاری:(پەپـولە) و (دنیای منداڵان) و (سڤـۆرە) و (مناڵانی باوەگوڕگوڕ) و (هەنگ). لەوانەیە لە گـۆڤـارەکـانی تـریشدا، کە بە کوردی بۆ منـداڵانی کوردمان لە کوردستان دا دەرچـوون یا دەردەچـن، زۆر یا کەم چـیرۆکی بێـدەنـگی وێـنـەییـان بڵاوکـردووبێـتەوە. کە بەرچـاوی مـن نەکـەوتـوون. داوی لێـبووردنیـان لێـدەکـەین کـە لـەم نـووسیـنەمـدا، ناوایانم نەهـێناون. هـیوادارم گـرنگی بەم ژانرە چیرۆکەش بۆ منـداڵانی کوردمان بدەین و فەرامۆشی نەکەین. گەشەکـردن و بڵابـوونەوەی بە هـەوڵ و هـاوکاری نووسەران و وێنـەکـێشـانی بـواری ئـەدەبی منـداڵان و گـۆڤـارەکـانی منـداڵان دێتـەدی و بـەرجـەسـتە دەبێـت و بـڵاودەبـێـتەوە.
لە ئەمڕۆدا لە بەشی منداڵان لە پەرتووکخانەکانی شار و شارۆچکەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا و لە هەندێ لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفـریکاش، بە دەیان پەرتـووکی چیرۆکی بێدەنگی وێنەی رەنگاوڕەنگ بۆ منداڵانی تەمەن سێ تا شەش ساڵان دانراون.

رەزا شـوان
٧/ ئەپـریل/٢٠٢١




چیرۆک بۆ منداڵان.. سەیرانێکی پایزی.. عەلی حەمەڕەشید

دەمێک بوو تامەزرۆی بینینی دیمەنە جوانەکانی وەرینی گەڵای دارەکان بووم لە وەرزی پایزدا ،بۆیە لەگەڵ باوکم و دایکم و خوشکەکەم ئێوارەیەکی پایز ڕێگەی یەکێک لە سەیرانگاکانمان گرتەبەر ،ھەر گەیشتینە ئەوێ باوکم لایدا و ئۆتۆمبێلەکەی لەو شوێنەدا وەستان کەلە وەرزی بەھار دا چەند جارێک بۆ سەیران ھاتبووین لەوێدا کاتێکی خۆشمان بەسەر بردبوو،ئەو کاتە سەوزایی وەکو فەرشێک زەوییەکەی داپۆشیبوو،گەڵای دارەکانیش سەوز بوون،کەچی ئێستا زۆر جیاوازە و زەوییەکە فەرشە سەوزەکەی گەڵای وەریوە و زەردە ،ئەو کاتە کە شنەی باکە دەھات خۆشی دەخستە دڵمانەوە و گەرماکەی کەم دەکردەوە، ئەمڕۆ ئەو کزە بایە ساردە و ئەگەر بەباشی خۆمان نەپێچایەوە ئەوا دوور نەبوو نەخۆشی نەخستینایە.لەناو گەڵا وەریوەکاندا کۆمەڵێک وێنەی جوانمان گرت،نازانم بۆچی ئەو گەڵایانە ھێندە سەرنجڕاکێش و دڵگیر بوون ،لەگەڵ باوکم ئەو ناوە گەڕاین و یەک یەک سەرنجی دارەکانم دەداو دەستم لە گەڵاکانی سەر زەوییەکە دەدا.گەیشتینە لای دارێک زۆر جوان بوو گەڵاکانیشی سەوز بوون،وتم بابە ئەم دارەیان بۆچی گەڵاکانی نەوەریون و ھەر بەسەوزی ماون؟باوکم تەماشایەکی کردم وەکو بڵێ ئەی خۆت نایزانی؟منیش وتم بابە گیان ھاتەوە بیرم ،ھەندێک دار ھەن چوار وەرزە سەوزن .ئەمەش یەکێکە لەوانە و ئەوانی تریش ھەر پایز ھات گەڵاکانیان دەوەرن.چەندە خۆشە ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سروشتدا روودەدەن ئاوا بەچاوی خۆمان بیان بینین. تا باشتر لێیان تێبگەین و لەبیریشمان نەچێتەوە.کە گەڕاینەوە بۆ لای دایکم و خوشکە بچکۆلانەکەم خواردنێکی خۆشی بۆ دانابووین .تێرمان لێخوارد بەڕاستی زۆر خۆشبوو بەلامەوە و سەیرانەکەی زیاتر لا خۆشکردم.. .




پشتی نەھەنگ
..
عەلی حەمەڕەشید
..
چـــەند خۆشبو لە خـەونمدا
سوار شــەپۆلی دەریـــا بووم
لـەگــەڵیدا وەک ھــــاوڕێ
بـۆ ھەموو لایەک دەچــــووم

ماسی و نەھـــەنگ لەناو ئاو
وەکـــــو تابلۆ دڵگیر بــوون
باش سەرســــامیان کردبووم
چەند جوان دەھاتن و دەچـوون

شەپۆلەکـــــە خێرا بـــوو
کەوتمـــە نـــــاو دەریاوە
تەماشام کـرد نەھـــەنگێک
پشتی خــــۆی بۆم دانــاوە

ئیتر ســـواری پشتی بــووم
ئای ئای چەند خۆشبوو لەلام
لەگەڵ ئـەویش ناو دەریـــا
زۆر بــەتــەواوی گـــەڕام

زانی کەمن مـــــاندوو بووم
چونکە جــار جــار دەگریام
بۆیــــە منی گەیــــاندە
لێوار دەریــــاکە و داینـام

منیش چوومــــە وشکانیی و
ھەتــــا توانیم پێکەنیم
بۆیە بەقـاقـاکەی خــۆم
من لەو خـــــەوە ڕاپەڕیم

٢٣/٧/٢٠٢٠




هۆنراوە بۆ منداڵان.. مامۆسـتا گیـان .. رەزا شـوان

مامـۆســـتـای بەڕێـــز و دڵـســـۆز
خـــاوەن پـەیـــــامـێکی پــــــیـرۆز
* * *
تـۆ فـــێـرکەر و پـێـشــەنـگـمـــانی
هــــیـوای گــــەل و نيـشـــتـمـــانی
* * *
دڵـســـۆزیـمـان بـۆ کـوردســـــتـان
روانـدت لە هـۆش و هـەسـتـــمـان
* * *
هــــەردەم بــــەرز و شـــکـۆداری
لـەنــــــــاو دڵ و لـەســـــەر زاری
* * *
بـەرخــــودانـیـت بـێ هـــــــاوتـایە
تـاجـــی زێـــــڕ بـە تـــــــۆ رەوایە
* * *
هــەر بـژیـت مامـۆســــتـا گـیــــان
ســیـمـبولی پــەروەردە و ژیـــــان

نەرویــج: ٢٠٢١




چیرۆک بۆ منداڵان.. ملوانکەکەی دایەگەورەم.. نووسینی: رەزا شـوان

ماڵی دایەگـەورەم لە گەڕەکـێکی شاری (مەهـابـاد) ە، لە رۆژهەڵاتی کوردسـتان. لەگەڵ کوڕە بچووکەکەیدا، خاڵە (دڵشـاد) م، لە خـانوویەکی گەورەدا دەژین، کە شەش ژووری تێـدایە. ئـەم خانـووەش لە بـاب و باپیـرانیـانەوە بـۆیـان مـاوەتـەوە.
مـاڵی ئێمـەش لـە گەڕەکـێکی تـری شاری مەهـابـاد دایـە، زۆر لە مـاڵی دایەگـەورەمەوە دوورنین، زوو سەردانی یەکـتری دەکـەین. بە تایبەتیش دایەگـەورەم زوو زوو سەرمان ڵێدەدات. زۆر ئێمەی خۆشدەوێت.. هەر بە (کچە جوانەکەم ) ناوم دەبـات. من و دایکم و باوکـم و کـاکە (خەبـات) یشـم زۆر ئـەومـان خـۆشـدەوێـت و زۆریـش رێـزی لێـدەگـرین.
ئەمساڵ مـن لـە پـۆلی پێنجـەمی قـوتابخـانەی بنـەڕەتی دام. هـەر لە سەرەتـای سـاڵەوە، دایـەگەورەم پـێی وتـم: خەنـدە گـیان، کچـە جـوانـەکەم. ئەمساڵ بۆ جـەژنی نەورۆز مـن دەستێ جـلی تـازەی کوردیـت بە دیـاری بـۆ دەكـڕم.
دوو رۆژ لە پێش جەژنی نەورۆز دا، دایە گـەورەم هـات بۆ ماڵمان، دەستێ جـلی تازەی کوردی رەنگاوڕەنگی زۆر جوانی بۆ کڕیبـووم و بـۆی هـێنام. لەبەرم کـرد.. زور جـوان و پڕ بە بەربرم بوون زۆر سوپاسی دایەگەورەم کرد. هەر لە منداڵیمەوە زۆر لە شەوان دایەگەورە چـیرۆکی فـۆلکلۆری کوردی زۆر خۆشی بۆ دەگـێڕامەوە. زۆربەیانـم لەبیرە.
داوام لێکـرد کە بـۆ ئەمشەویش چـیرۆکـێکی کـوردی تـرم بـۆ بگـێڕێتـەوە.
دایەگەورە: خەنـدە گیـان، ئێستا چـیرۆکێکی بەسەرهاتی راستی خۆمـت بۆ دەگـێڕمەوە.
پـرسـیم: بەسەرهـاتـێکی خـۆشـە یا نـاخـۆشـە؟
دایـەگـەورە: ناخۆشە و خۆشیـشە. منـداڵ بـووم، لە تەمەنی تـۆدا بـووم، واتە دە ساڵان بـووم. لە پۆلی چوارەمی سەرەتاییدا بـووم. کچۆڵەیەکی جوانکیلە و خۆشەویست بـووم. تەنیا خوشکی سێ بـرا بـووم. هەموویان منیان زۆر خۆشـدەویست، بە تایبەتیش دایکم. وەکو ئێـستا بەر لە جـەژنی نـەورۆز، دایکـم دەستی جـلی تازەی کوردی رەنگـاوڕەنگی بـۆ دووریـم. ملـوانکـەیـەکی زۆر جـوانیـشی کـردە ملـم. کـاتی خـۆی بـاوکـم پـێشکەشی کردبـوو. ملوانکەکە زۆر جـوان و موورووەکـانی هەریەکە لە رەنگـێک بـوون. زۆر لە دڵمـدا جـوان و شیرین بـوو، بێجگە لە جوانییەکەی، دیـاری و یادگـاری دایـکم بـوو. کە دەچووم بۆ قوتابخانە، لە ترسی ئەوەی کە نەبچڕێتەوە یا ون نەبێت. لە ملم دامدەکەن و لەنـاو شـتـێکـدا لـە شـوێنـێکی ماڵـەکەمـان دامـدەنـا.. کـە دەهـاتـمەوە لـە ملـم دەکـرد.
رۆژێـک کە لە قوتابخـانە گەڕامەوە. هەرچـەنـدم کرد نەهـاتەوە بیـرم کە ملوانـکەکەم لە کوێ دانـاوە. لەگەڵ دایکمدا زۆر گەڕاین، بەڵام نەمانـدۆزییەوە. گریـام و خەمێکی زۆرم خوارد. دایکم دڵمی دایەوە و وتی:”خەم مەخۆ ملوانکەیەکی ترت بۆ دەكڕم” بەڵام رازی نەبـووم، هـیچ ملوانکەیەک وەک ئـەو ملـوانکەیەم دڵخۆشی نەدەکـردم. نـەدۆزرایـەوە.
سـاڵ رۆیی و سـاڵ هـات، گەورە بـووم و بـووم بە کـچـێکی تەواو. شووم بە (دیاکـۆ) ی باوە گـەورەت کـرد. سێ کـوڕ و دوو کچـمان هـەیە، کە یەکـێکـیان (دڵسـۆز) ی دایکـتە، ئـەوی تریـان پـوورە (میـدیـا) تە. دایکیـشـت شـووی کـرد، تـۆ و کاکە (خەبات)ی براتی هەیـە. دوای ئەو هەمـوو رۆژگـار و تەمـەنە.. ملـوانـکە بـزربـووەکـەم لەبیـرنەچـۆوە و جـاروبـار کە دەهـاتەوە بـەرچـاوم، هـەنـاسەیـەکی قـووڵـم بـۆی هـەڵـدەکـێـشا.
پـرسـیم: هـەر نـەدۆزرایــەوە؟
دایـەگـەورە: خـەنـدە گیـان، وەکـو دەزانـی و بینـیـوتـە، کـە ژوورێـکی گـەورەمـان لـە خانـووەکەمانـدا هـەیە و کـلیـلـمان کـردووە. لـە کـاتی دایـک و باوکمـدا، هـەر شتـێکی زیادەمـان ببـوایە، یا پێویستیمان پێی نەمـایە، یا شتێکی تازەمان بکڕیایە، کۆنەکەمان دەخستە ئەو ژوورەوە. شتی هەمەڕەنگەی جوان و کۆن وکەلەپووری بەنرخی تێدایە.
پێری لەگەڵ خـاڵ و خاڵـۆژنتدا بڕیامان دا، کە هەموومان شتەکانی ناو ئەو ژوورە پاک بشۆرین یا بیـان سـڕینەوە و سەرلەنـوێ بـە رێـکی دایـان بنـێین. ژوورەکـە پـڕبـوو لە جاڵجـاڵـۆکە. قـۆرییـەکی گـەورەی چـینی جـوان لەسەر رەفـتی قـەد دیـواری ژوورەکە دانـرابـوو. دامگـرت بۆ ئـەوەی کە لەگـەڵ ئەو شـتانەدا دایبنـێم کە بـۆ شـۆریـن دامـان نابوون. خڕە خڕێک لە قـۆرییەکەوە هات.. قەباغی قۆرییەکەم لادا.. بینیم ملوانکەکەم لەنـاو قـۆرییەکە دایە. خەریکـبوو لە خۆشییا گەشەگەداربـم و ببـوورێمەوە. قـسەم بـۆ ناکـرا. هـاتەوە بیـرم کە ئـەو رۆژەی نەمانـدۆزییـەوە، خـۆم پیـش ئـەوەی کە بچـم بـۆ قوتابخـانە خستمە نـاو ئـەم قـۆرییەوە. پاک شۆریم و کردمە ملم. وا هەستم دەکرد، کە کـیژۆڵـە جوانکـیـلەکەی ئـەو رۆژەم، کە بـۆ یەکـەمـین جـار دایـکـم لـە مـلی کـردم.
پـرسـیم: ئەی کـۆا ملـوانکەکـەت.. لە ملـت نییە.. بۆ نەتهـێنا تـا پێـشـانی منی بـدەیت؟
دایـەگـەورە: کچـە جـوانـەکـەم.. وەرە پێـشـەوە.. چـاوەکـانـت بنـووقـێـنە.
چـوومـە پێشەوە و چاوەکـانم نووقـانـد.. ملوانکەکەی کردە ملم و وتی: پێشکەشـت بێ. کە چاوەکانم کردەوە و ملـوانکەکەم بینی.. خەریکـبوو لە خۆشیا باڵبگـرم و هەڵـبـفـڕم. باوەشم لە دایە گەورە دا. تێر تێر روومەتەکـانیم ماچکـرد.. زۆر زۆریش سوپاسم کـرد.
دایـەگـەورە: خـەنـدە گیـان، کچـە جـوانـەکەم.. ئـاگـات لـە ملـوانـکـەکەت بێـت، بـزری نەکـەیت، تـا وەکـو مـن خەفـەتی بـۆ نەخـۆیـت.
وتـم: دڵـنیابـە زۆر ئاگـام لـێی دەبێـت.. چـونکە ئەمـە جـوانتـریـن دیـاری و یـادگـاریی تـۆی دایـەگـەورەی خـۆشـەویسـتمانـە.
نەرویـج: ٢٠٢٠




تەکنەلۆژیا و کەمبوونەوەی کتێب و گۆڤاری منداڵان.. ڕۆستەم خامۆش

وەکو هەموومان دەزانین لەم سەردەمەی ئێستای مرۆڤایەتی تێیدا دەژی، دەبینین پێشکەوتن لە گشت بوارەکان هاتووەتە ئاراوە، کە داهێنانی گەورە ئەنجامدراوە و پێشکەوتنی زانست، هەمووانی دڵخۆش کردووە.
نکۆڵی لەوەش ناکرێ کە تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی زانستی سەردەم، لایەنی باشەی بێ ئەژمار زۆرەو سوودێکی گەورەو فراوانی بە مرۆڤایەتی بەخشیوە، لێرەدا ئێمە ناتوانین بڵێین نابێ کەس بەکاریان بێنێ، چونکە ئەو پێشکەوتنە بەرهەمی بیرکردنەوە و ژیریی و هەوڵ و تێکۆشانی مرۆڤە و سوودەکەشی بە پلەی یەکەم هەر بۆ مرۆڤە، بەڵام ئەوەی من دەمەوێ باسی بکەم و کە لای هەمووان گرنگە بیزانین و خەمی بۆ بخۆین، ئەویش داهێنانی ئامێرە زیرەکەکان و بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانن لەلایەن هەموو تەمەنە جیاوازەکانەوە، وە توانیویانە چەند ملیار مرۆڤ هۆگری خۆیان بکەن و کاتی بەنرخیان لێبستێنن، وە کاریگەرییەکی زۆریشیان کردووەتە سەر خوێنەران و دۆستانی کتێب، کە ئەوانیشیان بۆ لای خۆیان ڕاکێش کردووە و تا ڕادەیەک لە کتێبی کاغەز دووریان خستوونەتەوە و بەخۆیانیانەوە سەرقاڵ کردوون. بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین خەڵکانێک زیاد لە پێویست خوویان گرتووە بە بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کە ئەوەش بۆ داهاتوویان دەرئەنجامی باشی نابێ.

وەکو گوتمان مادام ئەو پێشکەوتنە بۆ سوودگەیاند بە مرۆڤ داهێنراوە، کەواتە پێویستیشە مرۆڤ پێی ئاشنا بێ و بۆ کەڵک وەرگرتن بەکاریان بێنێ، بەڵام تا ئەو کاتە بەکاریان بێنێ کە سوودی لێ وەردەگرێ، نەک زیاد لە پێویست کاتی بۆ تەرخان بکات، کە پاشان چەندین زیانی دەبێ، لەوانە: کاتێکی زۆر لە تەمەن بە فیڕۆ دەڕوات و کە هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە، بە وتەی شارەزایان: زیانی بۆ تەندروستییش هەیە، کە چاو و مێشک ماندوو دەکەن و نائارامیی دەروونیی و حاڵەتی خەمۆکیش دروست دەبێ.

خاڵی سەرەکی نووسینەکەی ئێمە ئەوەیە، کە زۆربەی منداڵان ئاشنای ئامێرە زیرەکەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانن و لە ئێستادا بە ئاسانی بەکاریان دەهێنن و بێ چاودێری دایکان و باوکانیان، یان وەک پێویست ڕێنمایی ناکرێن، کە چۆن بەکاریان بهێنن و تەماشای چی بکەن و چی بخوێننەوە، گەڕان بەدوای بابەتێکی سوودبەخش و پەروەردەیی و فێرکاریی لە نێو تۆڕی فراوانی ئینتەرنێتدا، ڕەنگە بتوانن زۆر بابەتی باش و بە کەڵک بدۆزنەوە، بەڵام لە ئەنجامی گەڕان بە دوای شتێکی بەسوود، چەندین بابەت و وێنە و ڤیدیۆی نەشیاو و خراپ دەکەونە بەر چاوانیان، کە دواجار زیانمەند دەبن لێی، وە ڕێگەی ڕووناک و ڕاستەقینەیی ژیانیان و ئاکارە بەرز و باشەکانیان لێ ون دەبێ و تووشی سەرگەردانی و بە فیڕۆدانی کات و تەمەنیان دەبن، وە گرنگی خوێندنی قوتابخانەیان لا کەمتر دەبێتەوە و ئاستی زانستییان دادەبەزێ و کەمتر ئومێدی ئایندەیان لەسەر هەڵدەچنرێ و دواتر دەبنە سەر ئێشە بۆ خانەوادە و کۆمەڵگە، وەلێ مەخابن دایکان و باوکانیش بۆ ڕازی کردنی دڵی منداڵەکانیان ئامێرەکانیان بۆ دەستەبەر کردوون و بە ئاسانی خراونەتە بەردەستیان.

وە گرنگیدان بە کتێب و گۆڤاری تایبەت بە منداڵان، بە شێوەی کاغەز زۆر کەمبۆتەوە، کە ئەوەش جێیگەی داخە، چونکە منداڵان بێ بەش دەبن لەو هەموو ژانرە ئەدەبیانەی، وەک: (شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت… هتد). کە خوێندنەوەی ئەو بابەتە ئەدەبیانە زۆر چێژ بەخش و هەم سوود بەخشن بۆ منداڵان، وە حەز و ئارەزووی خوێندنەوەیان زیاد دەکات و کە تەمەنیشیان هەڵکشا، ئەوان هەمیشە دۆستی کتێب دەبن و خوێندنەوەی کتێب دەبێتە بەشێک لە ژیانیان، بەڵام لە ئێستادا هەم لایەنی تایبەت بەو بابەتە، وە هەم دایکان و باوکانیش کەم تەرخەمن لە دابین کردنی نامیلکەو گۆڤاری تایبەت بە منداڵان، هەر چەندە بە شێوەی ئەلیکترۆنی، یان لە ڕێی ماڵپەڕەکانەوە زۆر بابەتی سودبەخش دەستدەکەون، بەڵام ناگەنە ئاستی کتێب و گۆڤاری کاغەز، چونکە بە شێوەی کاغەز، زۆر به‌ جوانی بابەتەکانیان بۆ منداڵان داناون، کە لە ڕووی تەندروستیشەوە باشترن.

بۆیە پێویستە دایکان و باوکان، هەوڵبدەن لە ماڵدا کتێبخانەیەک بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دابین بکەن، خۆیان ئەو کتێبانە بخوێننەوە کە ئارەزووی لێدەکەن و چێژی لێ وەردەگرن، بەڵام باشتر وایە ئەو کتێبانە بخوێننەوە کە زیاتر باسی (منداڵناسیی و پەروەردەیی و فێرکاریی و دەروونناسیی و مافی منداڵ)دەکەن.
چونکە لە ئەنجامی خوێندنەوەی ئەو جۆرە کتێبانەدا سوودمەند دەبن و زانیارییان زیاتر دەبێ بۆ ناسینی منداڵەکانیان و شێوازی پەروەردەکردنیان.
بەڵام زۆر بەداخەوە، کە منداڵانیش وەک پێویست کتێب و گۆڤاری تایبەت بە خۆیان نەبێ، یان کەم بێ و بە ئاسانی دەستنەکەون، ئەوا منداڵانیش کاتەکانی ژیانیان بە زۆر شتی بێ بایەخ و زیانبەخش و بێسوود پڕ دەکەنەوە، کە لە داهاتوودا زیانەکان زیاتر دەردەکەون.

ڕۆستەم خامۆش – هه‌ولێر




پەروەردەکردنی منداڵان بە بەرپرسیارێتی.. رەزا شـوان

پەروەردەکـردنی منـداڵانی کوردمـان بە پوخـتی و بە دروستی، ئەرکـێکی زۆر پیـرۆز و گرنگە، بەرپـرسیارێتییەکی گەورە و هەستیار و چارەنـووسسازە. چونکە ئەم منداڵانەی ئەمڕۆمـان، هـیوای داهـاتووی کوردسـتانن. ئەمـانن دەبن بە بەرپـرس و کاربەدەست و جـڵەوی بەڕێـوەبـردنی هەمـوو کـاروبار و دەسەڵات و بەرپـرسـیارێتییەکی کوردسـتانی نیشتمانی شیرینمان دەگـرنە دەسـت و بەڕیـوەیـان دەبـەن.
لەم روانگەیەوە، پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستایان و نووسەران و هونەرمەندان و میدیاکان، هەموو هیواخوازێکی داهاتوویەکی شیاوتر و گەشتر بۆ کورد و کوردستان. ئەوە بزانن کە ئەرکێکی پیرۆز و بەرپرسیارێتییەکی گرنگیان لە ئەستۆدایە، لە فێرکردن و راهـێنان و ئاراستەکـردنی دروسـتی منـداڵە چـاوگەشەکـانی ئەمڕۆمـان، بـە ئاراسـتەی هاوبەستەبـوون بۆ کورد و کوردستان و بۆ هـێنانەدی هـیوا و ئامانجەکـانی گەلەکەمـان. کە لە سایەی پەروەردەکردنی راست و دروستی منداڵانی ئەمڕۆماندا دێنەدی. نەوەیەکی متمـانەبـەخـۆ و گەشبـینی کـورد پێبگەیەنـین، کە بتوانـن بەرپـرسـیارێتی هـەڵـبگـرن.
فـێرکردن و راهـێنان و روانـدن و گەشەکـردنی هەستی بەرپـرسیارێـتی لە منـداڵاندا، لە شـەو و رۆژێکـدا نایەنـەدی، بەڵکو کارێـکە پێویستی بە خۆڕاگـری و سنگـفـراوانی و پشـوودرێـژی هـەیە، هـەنـگـاو بە هـەنـگـاو و لە ئـاسـانەوە بـۆ گـران دەست پێـدەکـا.
هەموومان دەمانـەوێت، هـەر لە منداڵـییەوە منـداڵەکانمان بە بەرپـرسیارێتی پـەروەردە بکەین و رایان بهێنین. تا گەورەشبن بتوانن بەرپرسیارێتی هەڵبگرن. پێویستە ئەوەش بزانین، کە هـەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، گرنگترین بنەمایە لە کۆی سێکتەرەکانی ژیانـدا. بەرپـرسیارێتیش بەبێ سەربـەستی و ئـازادی نابێـت. بۆیە پێـویستە منـداڵان ئازادبـن و سەرپشکـبن لە داواکارییەکانیان و هەڵگرتنی بەرپـرسیارێتی هەڵبژێـراویان. منـداڵان بە سـروشتی حـەز بە هـاوکاری و بەرپـرسـیارێتی دەکەن، شادییان پێـدەبەخـشن. دەکرێش هەموو هەڵـبژاردەکانیانمان بە دڵ نەبێ، بەڵام پێویستە خۆمان بە بەرپـرسیار بزانین و یارمەتییان بـدەین و پشتیان بگـرین. بۆ پێشخستنی بەهـرەکانیان بە درێـژایی ژیـانیـان.
چـۆن منداڵانمان فـێربکەین و بە هەڵگـرتنی بەرپرسیارێتی پەروەردەیان بکەین و رایان بهێنین؟ بە کورتی و چـڕوپـڕی، لەم خاڵانەدا را و بۆچوونەکانی خۆمان دیاری دەکەین:

١١ـ ١پێویستە بەپێی تەمەن و توانا و ئارەزوو، بەپـێی نەخـشەیەکی پێشوەخـت داڕێـژرا و خشتەیەکی کاتی، ئەرکەکان و بەرپرسیارێتی لە لایەن خێزانەوە بەسەر منداڵاندا دابەش بکـرێن. بۆ نموونە رێخستنی خوانی نانخواردنی نیوەڕۆ و یا ئێواران: منـداڵی بچـووک کـلێنکس دابنێ، لەو گەورەتر دانانی کەوچ و چەتـاڵ و پەرداخ، لەو گەورەتر قاپەکان و ئـاو، لەو گەورەتر سڕینەوەی خـوان یا شۆرینی قـاپ و چەتـاڵ و کەوچک و پەردەخ و کوپەکان لەگـەڵ دایکیانـدا، یا گسکـدان. یا ئـاودانی گـوڵ و رووەکەکـان. یا هـەر کـار و بەرپـرسیارێتییەکی تـر لە ماڵـدا. ناشبـێـت جیاوازی لە نێوان کچـان و کوڕانـدا بکرێـت. بەم پێیە هەر منـداڵێکی خـێزانەکە، کـار و بەرپـرسیارێتی دیاریکـراوی خـۆی دەزانێـت. بە شـادی و خۆشییـەوە لە ئەنجـامـدانیان بەرپـرسن.
٢ـ فـێری منداڵەکانتان بکەن، بەرپرسیارێتی ریکوپیکی و پاکی ژوورەکانیان هەڵبگـرن. خۆیـان جلوبەرگەکـانیـان لەبـەر بکەن، لە شوێنی خۆشیانـدا هەڵیـانبـواسن.
٣ـ هـانی منداڵەکانتان بـدەن هەمیشە راستگـۆبن، قسەی راست بکەن و بەرپرسیارێتی ئەنجـامی کـارەکـانیان هـەڵـبگـرن.
٤ـ فـێری منـداڵەکانتـان بکـەن، دوای یاریکـردن بە باتـەکـانی یارییەکـانیـان بە جـوانی کۆیـان بکـەنەوە و لە شـوێنی دیاریکـراوی خـۆیانـدا دایـان بنێنەوە.
٥ـ ئەرکەکانی قوتابخانەیان بۆ جێبەجێ مەکـەن.. با پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و خۆیـان بە بەرپـرسیار بـزانـن. گـەر ئێـوە بۆیـان جێـبەجێ بکەن، فـێری تەمـەڵی و درۆ دەبـن و لـە لای مامۆستاکـانیان دەڵـێن خـۆمـان خـۆمـان جـێبەجـێمان کـردوون.
کە مامۆستا بـووم لە شاری کەرکـووکی داگیرکـراو، وانەی ماتماتیکـم دەوتـەوە، ئاستی یەک بە یەکی قوتابییەکانـم دەزانی. کە ئەرکی ماڵەوەم پێـیان دەدەا، دەمزانی کە هەنـدێ لە قوتـابییەکـانم لە لایـەن دایـکان و باوکـانیانەوە ئەرکەکـانیان بۆ جـێبەجـێ دەکـردن و درۆیان دەکـرد کە خۆمان جێبەجیمان کـردوون. هـانیانم دەدا راستگـۆبن و پێیانم دەوت. گـەر بە هەڵـەش جـێبەجێیان بکەن، پێمخۆشـترە لەوەی بۆتـان جـێبەجـێ بکەن. لەسەر هەڵەکـانتان نە لـێتان تـووڕە دەبـم و نە هـیچ سـزایەکیـشتان دەدەم بەڵکـو یارمەتیـیەکی زیاتـرتان دەدەم. بەم جـۆرە فـێری ئەوەم کردن خۆیـان بەرپـرسیارێتی جـێبەجێ کـردنی ئەرکەکـانیان هـەڵبگـرن و چیـتر درۆ نەکەن. داواشـم لە دایکان و باوکانیان کرد، لێیان بگەڕێـن با پشت بە تواناکانی خۆیـان ببەستن و بەرپـرسیارێتی ئەرکەکانیان هەڵبگـرن.
٦ـ لە دانیشـتن و بـڕیـارە گـرنگە خـێزانییەکـانتـان، منـداڵەکانتان بە رەنـگ و دەنگەوە بەشـدار بکەن و را و بۆچوون و پێشنیازەکـانیان وەربگـرن. منداڵەکانتان هەست بەوە دەکـەن، کە بە هەنـدیان دەزانـن و رێزیـان لێـدەگـرن و پێگەیـان لەنـاو خـێزانەکانیاندا هـەیە. خـۆشیان بەرپـرس دەزانـن، لـەو بـڕیـارانەی کـە پێـکەوە بڕیـاریاـن لێـدەدەن.
٧ـ پێویستە ئێوەی دایـکان و باوکـان و مامۆستاکـان، هەمیشە نموونـە و پێشەنگـێکی باشبن بۆ قـسەکانتان و کارەکـانتان و هەڵگـرتنی ئەو بەرپـرسیارێتییانەی لە ئەستۆتان گرتـوون. چونکە منداڵان چـاولێکەرن، لە ئێـوەوە باش و خـراپ فـێردەبن. هـەنـدێ لە ئێـوە بە منـدڵەکانتان دەڵـێن جگەرکێـشان و خواردنەوە خوویەکی خراپ و زیانبەخشە. کەچـی بەبـەر چـاوی منـداڵەکـانیانەوە جگـەرە دەکــێشـن و خـواردنـەوە کهـولییەکـان دەخۆنـەوە! منداڵەکـانیان بـڕوایـان بە قـسەکـانیان نـامێنێت.
٨ـ کە منداڵەکانتان هەڵەیەک دەکەن یا شتـێک لە دەستیان بەرەوە دەبێت، لێیان تـووڕە مەبـن و هاتـوهـاوار بەسەریانـدا مەکـەن، لۆمەیـان مەکـەن و رەخـنەیـان لێ مەگـرن و سزایان مـەدەن.. بە شـێوەیـەکی راسـت و دروسـت مامەڵەیان لەگەڵـدا بکەن، بواریـان بدەنێ با خۆیـان هەڵەکـانیان راسـت بکەنـەوە. کە پەرداخـێک کـولا یا قـاپێکی چـێشـتی شـلە، لە دەستیان بەرەوە دەبێت.. پێـیان بڵین دڵگران مەبـن، ئێوە بچـن پەڕۆ و پارچە ئیسفەنجـەکەمان و کەفـاو بهـێنن، منیش گـسکە کارەباییەکە دەهـێـنم و پێکەوە گسکی دەدەیـن و جـوانیش دەیسڕینـەوە و هـیچ نـامێـنت.
٩ـ فێری منداڵەکانتان بکەن خۆیان بەرپرسن لە پاک و خاوێنی گیانیان و دەم و ددانیان، کە پێویستە رۆژانە بەیانیان دوای نانخـواردن و ئێوارانیش پێش نووسـتن خۆیـان پـاک دانەکـانیان بشـۆرن. فـێری بەیـانیتـان بـاش و شـەوتـان شـادیـان بکـەن.
١٠ـ هانـدان و ستاییش و خەڵاتکـردنی منـداڵەکانتـان بۆ ئەنجامـدانی هـەر کـارێکی بـاش پێویستن. چونکە هـیچ شتێک بە قەی هانـدان و ستایش کارتێکردنێکی ئەرێنیان لەسەر منـداڵان نییە. دەتوانن وشەگەلـێکی وەکو: دەستخـۆش، دەمخـۆش، باشـە، زۆر جـوانە، نایابە، هەربژی، ئافـەرین، هـیوای داهاتوویەکی باشترت بۆ دەخوازم، یا چەپڵەلـێدانێک بـۆی، زەردەخەنەیەکی ناسک لە رووی، دەست بە سەرهـێنانی، دەسـتی راست کـێشان بە دەستی راستی “گـیـڤـمی فـایـف”، باوەش لێـدانێکی، ماچکـردنێکی،…هـتد. هەمـوو ئەمـانە پێـزانین و هـانـدانـن بـۆ درێـژەدانی بە کـار و بە بەرپـرسیارێتییە جـوانەکـانی.
دەشکـری بەپـێی کـارە ئەنجـامـدراوە باشـەکـانیـان، خـەڵاتیـان پێـشکـەش بکـەن، گـەر نوقڵێکیش بێت. ئەوەش ناڵـێین گیرفانەکـانتان پـڕبکەن لە نوقـڵ. نوقـڵ ببێت بە بەرتیل بۆ ئەنجـامـدانی کارەکـانیان. بەڵکو پێـویستە هـەسـت بـەوە بکـات کە بەرپـرسـیارێـتی ئەرک و کـارە و لە ئەستـۆی دایە، بەبێ هـيچ پاداشتـێک، پێـویستە جـێـبەجـێی بکات.
١١ـ دەکـرێ لە رێی گـێڕانەوە یا خوێنـدنەوەی چـرۆکـێکەوە یا هـۆنـراوەیەکی منداڵانی مەبەستدارەوە، فـێری بەرپرسیارێتی بکەین، کە بابەتی بەرپـرسیارێتیان لەخۆگرتوون.
١٢ـ گەر ئێوەی دایکان و باوکان و مامۆستاکان لەبەردەم منداڵەکانتان و قوتابییەکـانتان هەڵەیەکتان کرد ـ هەمـوو کەسێک تووشی هەڵەکـردن دەبێت ـ داوای لـێبووردن بکـەن، تا منـداڵەکانتان و قـوتابییەکانتان، لە ئێـوەوە فـێری ئـەم رەفـتارە ئەرێنی و جـوانە ببن.
١٣ـ لە منـداڵەکانتـان بگەڕێـن، با منـداڵانی تر فـێری شارەزایی و بەهـرەکـانیان بـکەن. چونکە دەیانەوێت گوزارشت لە بەهرە و تواناکانیان بکەن. شانازیش بە ئەوەوە دەکەن کە شارەزاییەکانیان بۆ کەسانی تـری نەشـارەزا دەگوێـزنەوە. سـوودیان پێگـدەگـەیـەنن. هەست بە بەرپـرسـیارێتی یارمـەتی و هـاوکـاری و هـاوڕێـتی دەکـەن.
١٤ـ لە هـەڵمـەتە هـەرەوەزییەکانی نەمـام روانـدن و پاکـردنەوەی شوێنە گشتییەکـان و سەیرانگان و باخچـەکان و قوتابخانەکان و دەوروبەریان، لە خـۆڵ و خاشاک. پێـویستە منـداڵان بە بەشداری بکەن، گەر بە کارێکی ساکـاریش بێت، منـداڵان لەم هەڵمەتـانەدا، گـەلێ شـتی گـرنگـیان لێوە فـێردەبـن، وەکـو: کاری بە کۆمـەڵ و هـەرەوەزی، ژینگەی پارێـزی، هەبـوونی هـاوڵاتیانی دڵسۆز کە هەست بە بەرپـرسیارێتی دەکەن، هەبـوونی هاوڵاتیانی نادڵسۆز، کە هـەست بە بەرپرسیارێتی ئەستۆیان ناکـەن.
١٥ـ ئەو خاڵانە و چەنـدین خاڵی تر، کە زۆر گرنگن لە پەروەردەکردنی منداڵەکانمان و راهـێنیان لە منـداڵییەوە، بە هەسـتی بەرپـرسیارێتی، تا گـەورەشبوون، بەرپـرسیارێتی زیـاتر و گـەورەتر هەڵـبگـرن و ببـن بە کـورد و کوردسـتان پەروەرێـکی خـێردەرەوە.

رەزا شـوان
١/ ئـادار/٢٠٢١




پەروەردەی منـداڵان بە جوانیخـوازی.. رەزا شـوان

دەشێ پێناسەکردنی جوانی زۆر ئاسان نەبێ، چونکە ئەم زاراوەیە پێویستی بە پێناسەی جـیاواز هەیە. بۆ روونکردنەوە بە شێوەیەکی ساکار، جـوانی بریتییە لە خۆشەویستی و لە کۆششکردن بە دوای جوانیدا. هەروەکو لە هونەر و جووڵە و موزیک وژیاندا هەیە.
جـوانی هەستکـردن و پێزانینی تاقـیکردنەوە هەستییە خۆشـەکانە. دەشوتـرێت جـوانی توانـای تێگەیـشتنی کـارە هـونەرییـەکـانە لە شـێوەی رەخـنەدا، بەپـێی پێـوەرەکـانی کە رۆشنبیری دیاریی دەکات. جـوانی چەمکـێکە کە لە کولتوورە جـیاوازەکانی جیهاندا، لە زانیارییە رەوشتییەکان و کۆمەڵایەتییەکـن و دەروونناسی کۆمەڵایـەتیـدا، لیکـۆڵینەوەی لەسەر دەکەن. چەندین زانـا و پەروەردەکاری شارەزا سەرقـاڵی لێکۆڵینەوەی جوانین.
هەمـوو مرۆڤـێک ناتوانێت ببێت بە هونەرمەندێکی ئاوازدانەری موزیکی و گـۆرانی یا ببێت بە شاعـیر و نووسەرێکی بلیمەت، یا شێوەکارێکی بیرفـراوان، یا وەرزشکارێکی هەڵکەوتـوو. بەڵام دەتـوانن لە جـوانی تێبگەن و چـێژ و خـۆشی لـێوەربگـرن. تـوانـای
هەستکردن بە جوانی، رۆحی مرۆڤ دەوڵەمەنتر و دڵی پاکتر و دەروونی باشتر دەکات.
کێ هەیە لە ئێمە کە رۆژی چەنـد ـارێک نەـێتە بەردەم ئاوێنـە و سەیـری خـۆی نەکات و سەری بە شانە نەکات و سەیـری جلوبەرگە جوانەکانی نەکات. یا بەبێ ئوتـووکـردنی جلەکانی بچێتە دەرەوە. ئەمەیان جـوانی دەرەوەمـانە و بە چـاو دەیبینین. بەڵام پێویستە بایەخ بە جوانی ناخی ناوەوەمان بدەین، کە هـەستـێکی دەروونیـیە و بە چـاو نابینرێت. پێویستە بە رەواڵەـت و رووکەشـش نەخەڵەتێـین. زۆر کـەس هـەن، لە دەرەوە جـوانن، بەڵام لە نـاوەوە ناشـیرینن. هـەر شتـێک ببریسکـێتەوە ئـەوە ناگەیـەنێـت کە زێـڕ بێـت. یا تەنیا بـڕیار لەسەر بەرگی پەرتـووک بدەین، بەبێ ئەوەی کە نـاوەڕۆکی پەرتووکەکە بیخـوێنینەوە کە چـی بابـەتـێک جـوانی لەخـۆی گـرتـووە.

(کۆنفـۆشیۆس) دەڵێت:”هەمـوو شتـێک بـڕێک جـوانی هـەیە، بـەڵام هەمـوو کەسـێک ناتـوانێت بیبیـنێت”
(سیگمۆند فـرۆید) دەڵێت:”جـوانی بە گەلێک شێوە لەدایک دەبێت.. تەنیا سووچەکەت بگـۆڕە، لە هەمـوو شـوێنێکـدا دەیبیـنیت”
(شکـسپـیر) یش دەڵێت:”جـوانی و ناشـیرینی نیـیە، بەڵکـو بیرکـردنەوەی مـرۆڤـە، کە جـوانی و ناشـیرینی لێکـدەداتـەوە”
(مستەفا سوباعی) دەڵێت:”جـوانی کـراسـێک نییە کە بمانـڕازێنێـتەوە، جـوانی، جـوانی زانسـت و ئـەدەبـە”
هەر یەکە لە ئێمەش بۆچـوون و هەڵسەنگاندنی جیاوازمان. لە بارەی جـوانییەوە هەیە.
ئەوەی بە لای منەوە جوانە، دەشێ بە لای تۆ یا ئێوەوە جوان نەبێت، یا بە پێچەوانەوە، چونکە لە هەسـت و روانین و خـۆشی و چـێژوەرگـرتن لە جـوانی وەکـو یـەک نین. گەر وانەبوایە هەمەڕەنگەیی و و هەمەچەشنەیی نەدەهاتنە ئاراوە. گەر من حەزم لە رەنگی وەنەوشەیی بێت، دەشێ تۆ حەزت لە رەنگی قـاوەیی بێت، ئەو حەزی لە رەنگی سـەوز بێـت،… هـتد. گەر بە چـاوی گەشبینییەوە لە بـوون بـڕوانین، دەبینین جـوانی لە هەموو گەردیـلەیەکـدا هـەیە. تەنانـەت لە ناشـیرینیـشدا، جـوانی دەبینین.
ژیان بەبێ جوانی و هونەر، وەکو زەوییەکی قـاقـڕ وایە. دەبینین کەسانی دارا پارەیەکی زۆر لە دیکـۆری دەرەوەی ماڵـەکانیان و باخچەکـانیان خەرجـدەکـەن. بۆ ئـەوی چـێژی جـوانی و خـۆشی بە خۆیـان و بە بینەرانیان ببەخـشن. گوزایـشتیشە لە جوانیخوازیان.
پەروەردەی منداڵ بە جوانیخوازی، لە ماڵەوە و لە خێزانەوە دەست پێدەکات، گەر دایک و باوکێک جوانیخـوازبن. هەست و چـێژی جـوانییـان هـەبێت، لە دیکـۆر و رازانـەوە و سـتایـل و رێکخستنی ناومـاڵ و شتومەکەکانیانةدا دەردەکەوێت، شوێـنی پاک و جـوان و گونجاوی شتەکان پێکەوە، گوزارشتە بۆ کەسانی جوانیخواز. ئەم جـوانسازییە هـەر لە منـداڵییەوە کاریگەرییـان لەسەر منـداڵانی بچـووک هـەیە. دایـکان و بـاوکانی هـۆشـیار، هەر لە کۆرپەییەوە منـداڵەکانییان هـۆگری جـوانی دەکەن و بە خۆشی و چـێژی جـوانی پەروەردەیـان دەکـەن و رایـان دەهـێنـن. دەبیـنین دایکانی جـوانـیخواز بـە کەمەرەکـانی لانکەکـانی کورپەکانیانـدا، موورووی جـوان و رەنگـاوڕەنگ هەڵـدەواسن، یا بازنـگ و ملوانکەی رەنگاوڕەگیان لە دەست و ملیان دەکـەن. یا ژووری منـداڵەکانیان بە جۆرەها شتی رەنگ گەش و جـوان دەڕازێننەوە. ئەمانە کارێکی ئەرێنین بۆ روواندنی هەست و چـێژی جـوانی لە دەروونی منداڵە کـۆرپـەکـانیان.
کۆمپانییەکانی دروستکردنی بابەتەکانی یاریی منـداڵان، بۆ سەرنجڕاکێشانی منداڵان بە لای بابەتە دروستکراوەکـانیان، بە رەنگی گـەش و جـوان بابەتەکـان دروست دەکـەن.
لە دوای ماڵـیش، باخچـەی منـداڵان رۆڵێکی گـرنگی هـەیە، لە گەشەکـردنی هـەست و چـێژی منـداڵان بۆ جـوانی. لە میانـەی پـرۆگـرام و بەرنامەی داڕێـژراوی فـێرکـردنـدا.
بەداخـەوە، لە بەشـێکی زۆری باخچـەکانی ساوایـان و لە قـوتابخـانە سەرەتـاییەکـانی کوردستانـدا، هـێـندەی خـەریکی پەسـتانـدنی زانـست و زانیـارین لە مێـشکی منـداڵانی کوردمانەوە، لایەنی گرنگی و پێویستی جـوانیان پشتگوێخستوون. بەڵام زۆر پێویستە کە سروشت و جوانی تێکەڵی فـێرکردن و زانست بکـرێن و بە وانەکانەوە گرێ بدرێن. تێکـەڵی خـۆشی و گـۆرانی و مـوزیـک و یـاری و جـووڵـە و زەردەخـەنـە و پێـکەنـین بکـرێن. زۆر جـاریش فـێربوون و داهـێنانی منـداڵان، لـە رێی ئەنـدامە هەستییەکـانەوە دێنەدی و گەشەدەکـەن، نـەک تەنیـا لە رێی بیـرکـردنەوەوە.
توێژەران و پەروەردەکاران، زۆر باسیان لە سوود و گرنگییەکانی پەروەردی جوانی بۆ فـێرکردن و پەروەردەکردن بۆ ژیـانی ئەمـڕۆ و داهاتووی منـداڵان کردوون. بە تایبەتی لە تەمەنی بەرایی منـداڵـیدا. کاتێکیش منـداڵان هەست بە جـوانی دەکەن و لایـان گەشە دەکـات. کە بە ژینگەیـەکی جـوانی دەوردرابـن.
کەواتا شێوازی فێرکردن و راهێنان لە ساڵە بەراییەکانی تەمەنی منداڵاندا، زۆر گرنگە. بە شـێوەیەکی راستەوخـۆ کارتێکـردنی لە گەشـەکـردن و پێـشکەوتـن و فـێربـوونیـاندا هەیە. بەڵکو فاکتەرێکی یەکلاییکەرەوەیە بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی داهـاتووی منداڵان.
هەر منداڵێکیش رێگای جیاوازی بۆ فـێربوون هەیە. پێویستە لە بوارەکانی فـێربوونی جیاواز و بواری جـوانیدا، هەلی دۆزینەوە و داهـێنان و تاقیکردنەوەیان بۆ بڕەخسێنین.
دەکرێت لە شێوەی هـونەری شـێوەکـاری و موزیـک و سەما و هەڵـپەڕکێ و گـۆرانی و درامـاوە، هەستی جـوانی لە منـداڵانـدا بورووژێـنرێـت. لەوێـشـەوە هەسـتی جـوانی لای منـداڵان سەرهەڵـدەدات، کە شوێنە ناڕێکەکان، ماڵ و شەقام و سەیرانگاکان و ژینگەی سروشتی و قوتابخـانەکان و پۆلەکـان پیسکـرابن، خـراپە و ناشـیرینی دەدەنـە پـاڵ ئـەو کەسانەی کە پسیان کـردوون بە پیـس و چەپەڵـیان دەزانـن. جـوانیش لە جـوانی مـاڵ و باخچەی منـداڵان و قـوتابخـانەکـان و پـۆلەکـان و سەیـرانگـاکان و ژینگەی سروشـتیدا بەدی دەکەن. شانازی و پێزانینیش ئەمەش بۆ کەسانی دڵسۆز و پاکـیخواز و جوانیخواز و خۆشەویست و نیشتمان پـەروەر و ژینگەپـارێـز دەگەڕێنـنەوە.
هەموو خەڵکی هونەرمەندن، منداڵان بە سروشتی و رەمەکی جوانیخـوازن و حەزیـان لە هـونەر هەیە. بەڵام مەترسی لەوەدایە کە پەروەردەکاران لە پەروەردەکردنی منداڵان و قوتابییەکانیاندا، شێوازێکی لـۆژیکی وشک و بێتام بگـرنەبەر، ئەوە پشتگوی نەخەن کە خۆشی و جوانی کە بە رەمەکی لە گەڵ منداڵانـدا هاتووە. زۆر لە مامۆستایان هـەن، لە رووی زانست و زانیاری و شارەزایی بابەتەکانی وانەکانیان باگکـراونـدێکی باشیان هەیە. بەڵام لە رووی هـونەری و شێوازی وتنەوەی وانەکانیانـدا نابەڵـەدن. وانەکانیان وشـک و بێ چـێژن و قـوتابییەکـانیان، لە وانەکـانیان بێـزارن و چـێژیان لێـوەرناگـرن.
جـوانیـش مـەرجی زۆرە، گـرنگـترینیان زەردەخـەنەیە.
ئامانجی پەروەردەکردنی منداڵان بە جوانیخوازی، گەشەکردنی هەست و سۆزدارییەکی تەوای جوانییە لە دەروونیاندا. لە میانەی زانینی بایەخی جوانی و رێزگرتن لە جوانی.
هانـی منـداڵان دەدات بـۆ دۆزینـەوە و داهـێنان، گـەربێـت ئـەم ئامادەییەیـان تێـدابێـت.
پەروەردەی جوانی، ململانێ لەگەڵ جۆرەکانی تری پەروەردەکردندا دەکـات، لە رووی هۆشی و رەوشتی و جەستەییەوە. کە کاردانەوەیەکی ئەرێنییان لە ژیانی منداڵان هەیە. پـەروەردەی نوێـش، بە چـاوێکی گـرنگی و رێـزەوە لە پـەروەردەی جـوانی دەڕوانێـت.
بە لای (تـۆڵستۆی) یەوە:”هـونەر هـۆیەکە بۆ گواستنەوەی هەستەکـان بۆ کەسانی تـر. هۆیەکە بۆ کۆکردنەوەی یەکهەستی، کە لە ژیاندا وەکو تاک و کۆمەڵ یارمەتییان دەدات بۆ پێشکەوتنێکی باڵاتر و لەبارتر. کارێکی جوان و ئەرێنییە کە دایکان و باوکان لەگەڵ منداڵەکـانیان بچـن بۆ بینـینی نمایـشێک یا شانـۆیـەکی تایبـەت بـۆ منـداڵان. یا سەردانی پێشانگا هونەرییەکان بکـەن. یا گوێگـرتن لە چەنـد پارچە موزیکـێک و گـفتوگـۆکـردن دەربـارەی مـوزیـک. لەمـانەش جـوانـتر ئامـادەکـردنی منـداڵانە بـۆ وەرگـرتـنی جـوانی. بۆ شیرینکردنی خۆشەویستیان بۆ قـوتابخانە کە بۆیان بووە بە تەواکەر و ئەڵتەرناتیڤی ماڵـەوەیان. گـرنگـترین ئەرکەکـانی قـوتابخـانەش هـەل رەخسانـدنە بۆ قـوتـابییەکـانیان، بە هەمـوو هـۆیـەک و رێگـایەک، گـەر بکـرێـت، جـوانی دروسـت بکەن، رێـزگرتـن لە هـێزی جـوانی بزانـن و گەشە بکات لای قوتابیان.
(بـستالـۆزی) دەڵێت:”سروشت پـڕە لە دیمەنی ئەفسووناوی، بەڵام قوتابخانەکان هـیچ شتێکـیان نەکـردوون تا ئـەم سـۆزدارییە لە منـداڵان راچـەنـێنن”
کەواتا گرنگی پەروەردەی منداڵان لەوەدا قەتیس نەبووە، تەنیا ئەوەبێت کە منداڵان، بە زانست و زانیاری و داب و نەریتی باش و پەسەنـد پابەنـدبن. بەڵکو گـرنگی پەروەردە ئەوەشـە کە بایـەخ بە گەشەکـردنی پـێزانین و چـێژ و خۆشـیش لە هەمـوو جـوانیـیەک وەربگرن. لەئەدەب یا موزیک یا وێنەگرتن بێت. بۆ مرۆڤ تەنیا ئەوەش بەس نییە، کە پارووی بژێـوی هەبێت. بەڵکو پێویستە خۆشی و چێژیش لە جـوانی ژیـان وەربگرێت.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٣/ فـێبروار/٢٠٢١




کاکەلەیەکی کوردی (٨) ساڵان بوو بە یەکەمی جیهان لە بیرکاری.. رەزا شوان

منـداڵێکی کوردمـان کە ناوی (یـوسف ئـۆرهـان ڤـالـینجا ئـۆغـڵو) ه، تەمەنی (٨) ساڵە. خـەڵکی پارێـزگای (هـاکاری) یە، لـە باکـووری کوردسـتان. پـۆلی سێی سـەرەتـاییە لـە قوتابخانەی (شەهـید سەڵاحەدین) لە هاکاری. زۆر لە بـیرکاری”ماتماتیک” دا زیرەکە.
داوای لە باوکی کرد، کە رێی پێبدەن بۆ ئەوەی بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی پێشبڕکێی
(کاریـبۆ) بۆ بیرکاری لە (کەنـەدا) بکات. باوکی بە ئەوپەڕی پێخۆشحاڵـییەوە رازیبوو.
لەم پێشبڕکێیەدا، بە کاکەلە (یوسف) ەوە (٢٥٥٥) قوتابی زیرەکی قوتابخانەی بنەڕەتی لە هەمـوو شوێنێکی جیهـانەوە هـاتن و بەشـدارییـان، لـەم پێشبڕکێیەدا کـرد.
تاقـیکردنەوەکان دەستی پێکـرد. کاکەلە یوسـف زۆر بە دڵـنیایی و خـێرایی و هـێمنییەوە وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایـەوە. لە ئەنجـامدا یوسـف پلەیەکی بـاڵای بەدەستهـێنا و بـوو بە یەکەمی ئەو هەمـوو قـوتـابیە بەشداربـووانەی جیهـان، لە پشبڕکێی کاریبـۆی.
باوکی یوسف (ئۆرهـان ڤـالـینجـا ئـۆغـڵو) وتی:”یوسف لە بیرکـاریدا زۆر زۆر زیرەکە، کە پشتگـیریمان لـێیکرد، ئـەم سەرکەوتنـە مەزنـەی بەدەستهـێـنا. ئێمـە زۆر شـادیـن و شانـازیی پێـوە دەکـەیـن”
مامۆستاکەی یوسـف (رەجـەب ساڤـاش) دەربارەی ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی یوسـف، وتـی:”یوسـف لـە بیرکـاریـدا زۆر زیـرەک و سەرکەوتووە و کوڕێـکی جیاوازە. کاتێک کە بۆ تاقـیکردنەوەکان چـووە پێشەوە. ئێمە دڵنیابووین کە یوسف سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهـێنێت. بە راستی سەرکەوتنەکەی زۆر گەورەیە. هـیوادارم هەموو منـداڵان، وەک ئـەم سەرکەوتنـەی یوسـف بەدەستبهـێنن”
ئێمەش پـڕ بەدڵ، جـوانترین پیرۆزبـایی لە کاکـەلە یـوسف و لە خانـەوادەکەی دەکـەین. وەکو منداڵـێکی کوردیشمان زۆر شانـازایی پێـوەدەکـەین و ئـەم سەرکەوتنـەی یـوسف، سەرکەوتنە بـۆ هەمـو منـداڵانی کورد. هـیوای تەمەنـدرێـژبێت و داهـاتوویەکی گـەش و بەرز و باڵاشی بـۆ دەخـوازیـن.
رەزا شـوان
٢٢/ یانـوار/٢٠٢١




ئۆپەرێتی: لە پێناو پارێزگاری لە ژینگە.. نوسینی : عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

منداڵی یەکەم:
ھـــــەمیشە پارێزگــــاری…..لــە ژینگــــەی کوردستانم
بـــە ئـــــەرکێکی پیرۆزی …..ســـــەر شانی خۆم دەزانم
ھەموو:
ھەمیشە پارێزگـــــاری…..لە ژینگەی نیشتمانمان
ئـــــەرکێکی زۆر گرنگە…..دەکەوێتە سەرشــانمان
منداڵی دووەم:
حەزدەکەم ھەمــــوو کەسێک…..بـــــۆ ژینگە وەک من وابێ
وشیاربێت و زانیـــــــاریی…..دەربــــــارەی ژینگە لابێ
ھەموو:
زۆر حــەز دەکەین بۆ ژینگە…..گشت کەس وەک ئێمە وابێ
وشیاربێت و زانیـــــاریی…..دەربــــــارەی ژینگە لابێ
منداڵی سێیەم:
لـــەنێو شــــار و لادێدا…..لە کێڵگە و بــاخ و بێستان
سەرچــــاوەی ڕوبار و ئاو…..دەپارێزین بە ھەمـــووان
منداڵی چوارەم:
باڵندە و گیانلـــــەبەری…..کێوی لــــە دەشت ولە دەر
دەبێ ڕێی پــــارستنیان ……پێکــەوە بگرینە بــــــەر
منداڵی پێنجەم:
ئەوان ھاوسەنگیی ژینگە…..ڕادەگرن زۆر بە جـــوانی
بۆ ئەم سروشتەی ئــێمە…..بوون بەھۆی ئـــاوەدانی
منداڵی شەشەم
وەرزی زستان ئەو کـاتەی…..بـەفرێکی زۆر دەبــــارێ
زەوی داپـــــــۆشێت و …..سپی دەبێ بەجــــــارێ
ئاژەڵی ئـــــەو کێوانە……بــەدوای خـۆراکدا وێڵن
ناچــارن لە بــرساندا ……لانــە و شوێنیان جێبێڵن
منداڵی یەکەم:
ئێمـەی مرۆڤ دەتـــوانین……سەمون و گەنم و نــــان
لەگەڵ پاشماوەی خۆراک…….ببەین و داینێین بۆیــان

   ٢٧/١/٢٠٢٠



ڕوانینێک بۆ ئەدەبیاتی منداڵان.. نووسینی: ڕۆستەم خامۆش

ئەدەبیاتی منداڵان، ترۆپکی بەرز ڕوانینە بۆ کایەکانی دیکەی ژیان بەشێوەیەکی جوانتر، ئەدەبیاتی منداڵان، واتە: شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و هەموو ئەو ژانرە ئەدەبیانەی، کە لەنێو بازنەی ئەدەبیاتی منداڵاندا جێیان دەبێتەوە، واتە: هەموو ئەو پەیڤە ناسک و جوان و بۆنخۆشانەن، کە خۆیان دەخزێننە نێو ماڵی شیعر و چیرۆکەوەو بە زمانێکی ئاسان و بێ گرێ و شیرین و پاراو و سادە دەنووسرێن بۆ منداڵان، بەڵێ ئەدەبیاتی منداڵان، واتە: جیهانێکی پاک و پڕ لە ئەوین و خۆشەویستی، پڕ لە خەون و خۆزگە و خەیاڵی منداڵانە، ئەدەبیاتی منداڵان، گوڵستانێکی تژیی لە خونچەو گوڵ و چڵ و گەڵایە، کە هەزاران پەپوولەو باڵندەی نەخشینی تێدا دەبینرێن، دارستانێکە هەمیشە سەوز، کە بێ ئەژمار باڵندەی دەنگخۆش نەغمەو گۆرانی تێدا دەچڕن، جگە لە چێژ و شادی و کەڵک وەگرتن هیچی تری لێ نیە.
بۆیە دەڵێم دەبێ شیعر، کە بەشێکی بەرچاوە لە ئەدەبیاتی منداڵان، لە ڕووی ڕووخسارەوە جوان و قەشەنگ و ڕێک دەرکەوێ، وە لە ڕووی ناوەڕۆکیشەوە هەڵگری پەیامێک بێ و مانابەخش و پڕ مۆسیقا و ئاوازی بەجۆش بێ، کە منداڵ هەم سوودی لێ وەربگرێ و هەم چێژی پێ ببەخشێ، هەتا بکرێ شیعر بۆ منداڵان وا باشترە کورت و پوخت و واتادار و دێڕەکانی کەم بێ و بڕگەی کورت بێ. وەلێ ئەفسووس، ڕەنگە زۆر کەس وابزانن، یان وا تێبگەن، کە نووسین بۆ منداڵ زۆر ئاسانەو هێندە مەرج و یاسای قورسی نیە، وەلێ پێچەوانەکەی ڕاست و دروست و تەواوە، کە ئەو ئەدەبیاتە ئەوەندە سەخت و دژوارە، کەم کەس دەتوانێ بەرەو ڕووی لوتکەی بەرز و باڵای هەنگاو بنێ و پێیدا هەڵزنێ، چونکە لە ئەدەبیاتی منداڵاندا ئەوەی دەنووسرێ بۆ کەسانێکە، کە ئێستا منداڵن و بەڵام ڕۆژبەڕۆژ تەمەنیان هەڵدەکشێ و گەورە دەبن و دەبن بەتاکێکی پێگەیشتوو لەنێو کۆمەڵگەدا، بۆیە دەبێ بزانرێ کە چی و چۆنیان بۆ بنووسرێ، چونکە منداڵانی ئەمڕۆ، گەورەکانی ئایندەن، بەڕاستی ئەگەر بمانەوێ کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیر و پێشکەوتووبین، دەبێ لە منداڵەوە دەست پێبکەین.

جا ئەدەبیاتی منداڵان هێندە گرنگ و بایەخدارە، کە زۆر لە شارەزا و لێکۆڵەر و شاعیر و دڵسۆزانی ئەو بوارە باسیان لێوە کردووە، وەکو شاعیری ناسراوی بولگاری “ران بوسلیک” دەڵێ: (ئەدەب بۆ منداڵان، وەکو شیری دایک و هەوای پاک وایە، کە پێویستە هەبن)، بەڵێ بە دڵنیاییەوە نووسین بۆ منداڵان زۆر پێویستە، بەڵام وردەکاری و لێزانی و کەسی تایبەتمەندی خۆی دەوێ و کەم کەس دەتوانێ دەستی بۆ ببا، چونکە شارەزاییەکی باشی پێویستە بۆ ئەوەی شاعیران و نووسەرانی ئەو بوارە سەرکەوتنی تێدا بەدەست بێنن، وە دەبێ بەڕاستی منداڵناس بن و لایەنی پەروەردەیی و دەروونناسی لەبەر چاو بگرن، وە خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ منداڵان هەبێ و هێندەی گیان و دڵ و سۆمای چاوی خۆیان خۆشیان بوێن، چونکە خۆشەویستی بناغەی ڕاستی و پتەویی هەموو کارێکە، بۆیە ئەوانەی منداڵیان خۆشدەوێ و کار بۆ خزمەتی منداڵان دەکەن، بێشک دڵسۆزی گەل و خاک و زمانی نەتەوەکەیانن، وە خەمخۆری نیشتمان و وڵاتن، دەیانەوێ ڕێگەی مرۆڤایەتی بۆ ژیان، ڕێگەی جوانیی و ڕۆشنایی و دۆستایەتی بێ، وە کار بۆ ئێستا و داهاتووی نەوەیەکی ڕاستگۆ و دەستپاک و ئەمانەتپارێز دەکەن.
بۆیە زۆر زەحمەتە هەموو کەسێک بتوانێ لە گۆڕەپانی ئەدەبیاتی منداڵاندا ئەسپی خۆی تێدا تاو بدات و براوەو سەرکەوتووبێ، ئەگەر ئەو تایبەتمەندییانەی تێدا نەبێ کە باسمان کردن، ئەوا بە دڵنیاییەوە ناتوانێ بەپەیژەکەیدا سەرکەوێ و دەنگ و پەیامی خۆی بگەیەنێ، چونکە نووسین بۆ منداڵان بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیە بەرامبەر نەوەکانمان، وە شاعیران و چیرۆکنووسانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان دەبێ لە شیعر و چیرۆکەکانیاندا پەیامی پەروەردەیی و چاکەخوازی و مرۆڤدۆستی و ژینگەپارێزی و بیری ئاشتیخوازی و هەستی پێکەوەژیان… هتد، لە ناخیاندا بچێنن، ئەگەر بەپێچەوانەی ئەوانەیان بۆ نووسرا، ئەوا ڕێک دوورە لە سروشتی ڕاستەقینەی خودی منداڵ.

بۆیە دەبێ شیعر و چیرۆکی منداڵان پڕ بن لە بەها باڵاکان و ڕەوشتە جوانەکان، تژیی بن لە گەشبینی و ئاوات و ئومێد و هیوا بەخشین. شیعر و چیرۆکی منداڵان دەبێ هەڵگری پەیامێک بن، کە ڕەنگدانەوەی ناخی خۆیان بن و واتادار بن و ببنە هەوێنی جوڵاندنی هزر و ئەندێشەیان، تا خەیاڵیان فراوان بێت و چەشنی ئەو باڵندانەی، کە ئارەزووی فڕین دەکەن بۆ دوور، بۆ ئەوەی ئەوانیش فێر بن دوور دوور بفڕن، بەڵکو زیاتر بڕوانن و بیربکەنەوە، وە جگە لە چێژ وەرگرتن، زانیارییان زیاتر بێ لەئەنجامی گەشتی خەیاڵ.




جـوان یەکەمین کچۆڵەیە لە جیهان کە پێی خستە سەر مانگ.. رەزا شـوان

جـوان کچـۆڵـەیەکی کـوردە لە باشـووری کوردسـتان. تەمەنی دوانگـزە سـاڵە، هـەمیشە خەونی بەو هـیوایەوە دەبینی کە ببێت بە یەکەمین کـچ لە هەموو جیهانـدا کە پێی بخـاتە سـەر مانـگ. دوو شـەو بەر لە جـەژنی نـەورۆزی ساڵی رابـردوو، مانگی تابـانی گەش و جـوان، بە تـریـفەی زەویی روونـاک کردبـۆوە. جـوان بە وردی لە ماـنـگی دەڕوانی. بیری لەوە دەـکردەوە، کە لەگەڵ هەردوو براکەیدا، شـڤان کە ساڵێک لە خۆی گەورەترە و دـیلان ساڵـێک لـە خـۆی بچـووکـترە، گەشـتـێک بـۆ سـەر مانـگ بکـەن. جـوان بـەم خەیـاڵەوە نووسـت. خـەونێـکی زۆر خـۆشی بیـنی. لە خـەونـەکـەیـدا لەگـەڵ براکـانی و چـەنـد هـاوڕێیـەکـیدا، خەریکی جـێبەجـێکـردنی پـرۆژەیـەک بـوون، بـۆ ســەر مانـگ.
بە هەموویان کەشتییەکی ئاسمانیان دروست کـرد و ناویـان لێنا (کوردسـتان ـ ١). کە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهـاتبوو. بەشی یەکەم گالێسکەی نیشتنەوە لەسەر مانگ، ناویان لێنا (باوەگوڕگوڕ) بەشێ دوەم ناویان لێنا (ئامـەد) شوێنی دانیشتن و نووست و خواردن و پڕ لە هـەوای ئـۆکسجـین بـو، بەشی سێیەمیش ناویـان لـێنا (کۆبـانی) کە بریتیبوو لە رۆکێتێکی پاڵنەری زۆر بەهێز. سەر لوتکەی چیای (ئاگری) یان لە باکووری کوردستان بۆ دەستپێکردنی گەشتەکەیان دیاریکـرد. لە شاری (مەهابـاد) لە رۆژهـەڵاتی کوردستان جلوبەرگی تایبەتی کەشتیوانییان بۆ دروستکردن، لە شاری سلیمانیش خواردنی وشکی کوردیی وەکو ( کولـێرە، هەنجـیری وشک، مێـوژ، باسووک، کولـیچـە، دانـۆک، گـەزۆ، شەربەتی مێوژ، هەنگوین) و ئاوی سارد، ئاڵای کوردستان، کامیرای ڤیدیۆ، دەزگایەکی پەیوەندی بێتەل و مۆبایـل و چەنـد تابلۆیەکی لەسەر نوسراو و هەنـدێ پێـویستی تریان بـۆ ئامـادەکـردن و خستیانیـانە شـوێنی دیـاریکـراو لـە بەشـی دوەمی کەشـتی ئـاسمانی (کوردسـتان -١) هەریـەکـەشـیان بـوتـڵـێکی گـەورەی پـڕ لـە گـازی ئـۆکسجـینـیان لـە کۆڵەپشتەکـانیان بەست. جـوان فەرمانـدەی تـیمی سـەر مانـگ بـو، دیـلان فـڕۆکـەوانی باوەگوڕگور بوو، شڤانیش فرۆکەوانی ئامەد بو. هەریەکەش لە هـیوا و میـنا و مـریەم، لـە (وێسـتگەی ئاسمانی هـەولـێر) لـە بـەشی راگەیـانـدنی هـەواڵی گەشـتەکەدا بـوون، راستەوخـۆ قـۆنـاغ بە قـۆنـاغی گەشتەکەیان بۆ کەناڵە تەلەفـزیۆن و رادیۆکانی جیهان دەگواستنەوە. لەسەر پەردەی کۆمپیوتەرەکانی ژورەکەیان چاودێری گەشتەکەی کەشتی ئاسمانی(کوردستان ـ ١) دەکرد.
تاقـیکردنەوە و راهـێنانەکانی مەلـەوانی هـەرسێ کەشتیوانییە ئاسمانییەکان بە رێکی و سەرکەوتویی تەواوبوون. هەموو پێویستی و پێداویستییەکانی گەشتەکەیان ئامادەکردن. دیـلان زۆر حەزی لە گوێگـرتنی سـروود و گـۆرانی رەسەنی کوردییە، داوای لە شـڤان وجـوان کرد، کە رازیبن تۆمـارکەرێکی گەورەی بۆ گەشتەکەیان لەگەڵ خوێـدا بهـێنێت. جـوان و شـڤان دڵیان نەشکانـد و رێیان پێـیـدا کە بیهـێێـت. هەرسێ بەشەکـانی کەشـتی (کوردستان ـ ١) لە سەر سەکۆی هەڵدان لەسەر چیای ئاگری بەستران. جـوان و شـڤان و دیـلان، بە جلوبەرگە سپی تایبەت بە گەشتەکەیان دەرکەوتن. دەستەکانیان هەڵـبڕین و ئێوارە باشیان لە جەماوەری ئامادەبـوو کرد. ئینجا چـونە نـاو (ئـامـەد) ی بەشی دوەمی (کوردستان ـ ١). خۆیـان باش بە قـایشەکـانی کورسییەکـانیانەوە بەسـتن. لـەم ساتـەدا، کەمـێک خـێرایی لێـیدانی دڵـیان زیـاتر بـوو.
خەڵکییەکی زۆر لەسەر گرد و سەربانە بەرزەکان و شەقامەکانی شارەکانی کوردستان و جیهانـدا، چاوەڕێی هەڵدانی کەشتی (کوردستان ــ١) بوون، کە بەرەو مانگ دەرپەڕێت.
ئێـوارەیەکی درەنگ بوو، لە بنکەی چاودێـریـدا (ئـۆکـەی) درا، ژماردنی هـاتنەخوارەوە دەستیپێکـرد: ١٠- ٩- ٨ – ٧- ٦- ٥- ٤ – ٣ -٢ – ١ – ٠ – گرررم. زرمەی دەنگێکی زۆر بەهـێز هات و رۆکێتی کۆبانی لە دواوە ئاگری لێهەستاو و کەشتی (کوردستان ـ ١) بە خێرایەکی زۆری لە رادەبەدەر بەرەو بۆشایی ئاسمانی هەڵدا.. کلکە ئاگرێکی گەشی بەدواوەوە بـوو. نـاخی ئاسمانی روونـاک کـردەوە. دەنگی چەپڵەلـێدان و هـاوارکردن و هەڵهەڵەلێدان و چـڕینی سروودی ئـەی رەقـیب، لە لایەن خـەڵکـییەوە. سیمفـۆنیایـەکی بێوێنەی موزیـکی زۆر خۆشیان پێکهـێنابوو. لە دوای دوو خـولکەک رۆکێتی کۆبانی لە بەشی ئامەد جیابـۆوە و گـڕی گرت و هـاتەخوارەوە و کەوتە نێو (دەریاچـەی وان) ەوە. کەشتییەکە لەچاو ونبوو. دوای چەند خولەکێک لە هـێزی کێشکردنی زەوی رزگاری بو. جارێک بە دەوری زەویـدا سوڕایـەوە. کەشتیوانییەکـان قـایشەکـانیان کـردنەوە. کێـشیان زۆر سوکـتر بـو، وەکو ماسی لە هەوادا لەناو ژوری ئامـەدا مەلەوانیان دەکـرد. ئینجا لە رێی هـەر چوار مـۆتـۆڕە بەهـێزەکـانی کەشتییەکـەوە. بە هـێز و تینێکی زۆر بە گـوڕ و بە خـێراییەوە، بەرەو مانگ بەرزبـوونـەوە. هەرسێ کەشتیوانییەکان زۆر دڵخـۆشبون. شەوێکیان بە قسەی خۆش و پێکەنین بەسەربـرد. تاوێکیش نووستن. کەوتنە رۆژەوە.

دیـلان: کـاکە شـڤـان، دادە جـوان، رێیـم پێبـدەدەن با گورانییەکتـان بـۆ لـێـبدەم؟

شـڤان: ئـەی بـۆ نـا. ئێمەش حەزدەکەین گوێمان لە گـۆرانییەکی خـۆشی کـوردی بێ.

دیـلان کاسێتی گـۆرانی (بـاران بـارانە.. هـەور و بـارانە) ی خستەناو تۆمارکەرەکەی.

جـوان (بە پێکەنینەوە): دیلان گیان ئێمە زۆر لە هەور و بارانەوە دورکەوتووینەتەوە. کـەی کـاتی ئـەم گـورانییە.

دیـلان: کەواتە گورانی (ئـەی مانـگ) ی مامۆستا (عـەلی مـەردان) تـان بـۆ لـێدەدەم؟
شـڤان: دیـلان گیان لە پەنجەرە خـڕەکەوە سەیـری دواوە بکە. بـزانـە زەوی دەبیـنی؟
دیـلان (سەیـری کـرد): بـەڵی زەوی وەکو تـۆپێکی زۆر گەورەی شین و سـپی دیـارە.
جـوان: شینەکە زەریاکان و دەریاکانن.. سپییەکەش هەورەکانی ئاسمانی گۆی زەوین.
دیـلان: دادە جـوان زۆرمـان مـاوە بگەینـە بەسـەر مـانـگ.
جـوان: بە بۆچـونی مـن سبەیـنێ دەگەینـە ئاسمانی مانـگ.
شـڤان: خـێرایی و تیـژفـڕینی کەشتییەکەمـان لە رادەبـەدەرە و تیـژتـرین کەشتیـیە. خـێراییەکەی (٠٠٠، ٢٥) بیست و پـێنج هـەزار کیلـۆمەتـرە لە کـاتـژمێرێکـدا.
دیـلان: دادە جـوان مـاوەی دوری نێـوان زەوی و مانـگ چـەنـد کـیلـۆمەتـرە؟
جـوان: مـاوەی دوری نێـوان زەوی ومـانـگ لە (٣٨٤) هـەزار کیلـۆمەتـر زیـاترە.
بەیـانی دەگـەین بە خولـگەی مانـگ، بـڕوانـن کە مانـگ چەنـد گـەورە و جـوانە.

بـۆ بەیـانی شـەوی دوەم کەشـتی (کوردسـتان ـ١) گەیشـتە ئاسـمانی سەر مانـگ.
جوان: پێویستە من و دیلان خۆمن ئامادەبکەین و بچینە ناو گالێسکەی (باوەگوڕگوڕ).
شـڤان: دەی ئێوە بـڕۆن. دوای دە خولەکی تر، مـن باوەگـوڕگوڕ لە ئامـەد دەتـرازێنـم. بە ئامەد بە دەوری مانگـدا دەسوڕێمەوە. ئێوەش بەپێی پـلانی داڕێـژراومان لە شوێنی دیـاریکـراو، لەسـەر مانگـدا بنیـشنەوە. لە کـاتی دیـاریکـراوی گەڕانەوەشـدا، بێـنەوە خولگەی مانـگ. پێـویسـتە زۆر بە وردی بە وریـایی پلانـەکەمـان جـێـبەجـێبکەن.
جـوان و دیـلان چـوونە نـاو گالێسکەی (باوەگوڕگوڕ) ی یەکەی سەر مانگ. ئامادەبون و (ئـۆکەیـان) بە شـڤان دا. شـڤانیـش باوەگـوڕگـوڕی لە ئامـەد تـرازانـد. بـاوەگـوڕگـوڕ رووی لەسەر سەرمانگ کرد. (ئامـەد) یش کە تەنیا شـڤانی تێدابوو. لە بەرزی شەست بۆ حەفـتا کیلـۆمەتـر بـەدەوری مـانـگـدا دەسوڕایـەوە.
باوەگوڕگوڕ کە دیلان فـڕۆکەوانئ بوو، بەرەو سەر مانگ ئاراستەی کرد، لەسەر مانگ نزیک بـۆوە، بـەڵام لە شـوێنی دیـاریکـراو بۆ نیشتـنەوەیان، چاڵـێکی زۆر قـوڵی لێـبوو، دیـلان پەشـۆکا. جـوان خـۆی باوەگـوڕگـوڕی ئاراستە کـرد و لە چاڵـەکەی دورخسـتەوە و بـەرەو تەختـاییەک ئاراسـتەی کرد. خـێرایی باوەگـوڕگـوڕی زۆر هـێواش کـردەوە. گـڵۆپەکانی قاچەکـانی باوەگـوڕگـور لەسەر کۆمپیوتەرەکـەی بەردەمیانـدا سووربـوون، نیشانەی ئەوە بوو، کە لەسەر مانگ نزیکـبوونەتەوە. بـاوەگـوڕگـوڕ لـەتـرێـکی داو و وەسـتا، گـڵوڵپەکـانی قـاچەکـانی سـەوزبـوون. نیشانـەی ئـەوەبـوون کە لەسەر مانگـدا نیشـتەوە. مـژدەی گەیشتـنیان بە سەرمانـگ، بە بنکەی چـاودێـری لە هـەولـێر دا.
جـوان ( لەنـاو گالـێسکەی باوەگـوڕگـوڕ لەسـەر مانـگەوە): هـەلـو کاک هـيوا.. هـەلـو مریـەم گیان.. هەلـو میـنا گیان.. من و دیلان دەبینن.. گوێتان لێمانە؟ وەڵامان بدەنەوە؟
هـیوا، مریـەم، میـنا: بـەڵی.. بـەڵی جـوان گیان، راستەوخـۆ دەتـابینـین و گـوێشمان لە دەنگتانە. راستەوخۆش دیمەنەکـان و دەنگەکـانتان بۆ هەمـو کەنـاڵە تەلەفـزیۆنییەکانی جیهـان دەگوازینـەوە.. ئای کە مژدە و ساتێکی خۆشی بێوێنەیە.. چاوڕێی ئەوە دەکەین کە داببەزنە سەر مانگ. لە شارەکانی کوردستان، بوو بە هەڵپـەڕکێ و هەڵهـەڵـەلێـدان.
جـوان و دیـلان، لە دوای کەمێک پشوودان و خواردن و خواردنەوە. دەرگای گالێسکەی باوەگوڕگوڕیان کردەوە. پەیـژەی چـوونە سەرمانگیان لە نێـوان دەرگـای باوەگوڕگوڕ و سەرمانگ دانـا. دیـلان کامیراکـەی کردە مـلی.. جـوان پییەکانی خسـتە سـەر پەیـژەکە و دابەزی و پێی راستی لەسەر سەرمانگ دانا و ئینجا پێی چەپی دانا، یەکەمین هەنگاوی لەسەر مانگـدا نا و وتی:
” ئەمـە هەنگـاوێکی بچـووکی کچوڵـەیەکی کـوردی کوردسـتانییە.. بـەڵام قـەڵـمبازێکی گـەورەی مرۆڤـایـەتییە” وتیشی:” ئای چ رۆژێـکی مـەزنە.. چ سەرکەوتێکی بێوێنەیە بۆ هەمـوو ژنـانی جیهـان” وتیشی:” چ شانـازییەکی گەورەشـە بۆ کوردستان، کە کچـە کوردێـک، بۆ یەکەمـین جـار، پـێی خـستە سـەر مانـگ”.
لەم کاتەدا دیـلان لە سەر دەرگای باوەگوڕگوڕەوە، بە کامیرای ڤیدیـۆ وێنـەی کەشتیوان جـوانی خـوشکی دەگـرت.. لە دوای بیـست خـولـەک دیـلانیـش دابەزییـە ســەر مـانـگ.
ئەو رۆژەش، رۆژی جـەژنی نـەورۆز بـوو. بوو بە دوو جـەژن بۆیـان. جەژنی گەیشتن بەسەر مانگ و جەژنی نەورۆزی نەتەوەیی کورد. بە بۆنەی ئەم دو بۆنەیەوە، جـوان و دیـلان دەسـتی یەکتریاـن گرت و پیرۆزبـاییـان لە یەکـتری کـرد.. تـێریش هـەڵـپەڕیـن. ئەمەش یەکەمین یادی جەژنی نەورۆز و یەکەمین جاریشە کە لەسەر مانگدا هەڵپەڕکێی کـوردی بکـرێت.
دیـلان: داده‌ جـوان، خـۆزگـە (مـامە قـالە مـەڕە) ی شمشاڵـژەنیش دەمـاو و لەگـەڵمانـدا بوایـە. لـێرەدا تـێـر شـمشـاڵی بـۆ دەژەنـین.
ئینجـا پیاسەیەکـیان لەسـەر مانـگـدا کـرد.. نـزیـکەی (٣٠٠) مەتـر لە باوەگـوڕگـوڕەوە دوورکەوتنەوە. بە دوربین سەیریـان کرد، زنجـیرە چـیایەکی بەرزیـان بینی، لە زنجـیرە چیاکانی زاگرۆسی کوردستان دەچوو. دوایی دیـلان (ئـاڵای کوردستان) ی لە سەر مانگ چەقـانـد و باش دایکـوتی. لەسەر تابلـۆیەکیش وێنەیەکی رەنگـاوڕەنگی هەرسێکیان بە دارێکەوە داکوترابوو ئەویشیان چەقانـد. لەژێر وێنەکەدا نوسرابـوو. ئێمە خوشکـێک و دوبـرا (جـوان، شـڤان، دیـلان) کە کوردین و لە کوردستانەوە هاتووین بۆ سـەر مانگ.. پەیـامی ئاشتیمان بۆ هەمـوو مـرۆڤـایـەتی هـێـناوە”
تابلۆیـەکی تریشیان چەقانـد، کە میدالیایەکی گەورەی لە زیـو دروستکـراوی پێوە قـایـم کرابـوو، لە سەر دیوی یەکەمی میدالیاکە، وێنـەی کـچ و کوڕێکی منـداڵـن، کە دەسـتی یەکتریـان گرتووە، جلوبـەرگی کوردیـیان لەبەردایە. لەسەر دیـوەکەی تـری میـدالـیاکە مێژووی رۆژی گەیشـتنیان بۆ سەرمـانگ (١/ نـەورۆز/ ٢٧٢٠) کوردی لـێنووسراوە. هـەنـدێ خـاک و خـۆڵ و بـەردی سـەر مانگـیشـیان کـردە ناو تـورەکـەیەکـەوە. تـا زانـا جـیـۆلـۆجـییەکـانی کوردسـتان تـوێـژینەوەیـان لەسـەر بکـەن. گـەر لە نێـو جلەکـانیانـدا ئامێری فـێنکردنـەوە نەبـوایە، بەرگـەی گەرمیی رۆژی سەرمانگـیان نەدەگـرت. کـێشی جـوان لەسەر زەوی (٥٦) کیکـۆ گـرام بـوو، بەڵام لەسەر مانگـدا (٩) کیلۆگـرام بـوو. گەر بازێکی گەورەی بەرەو ئاسـمان بدایـە، بە قـەد بـاڵای کۆشکـێکی باڵا سێ نهـۆمی بـەرزدەبـۆوە. چـونکە هـێزی کـێشکـردنی مانـگ لاوازە.
خوارن و ئاو و ئۆکسجینیان هەر بایی رۆژێک پێ مابوو. بۆیە بیریان لە گەڕانەوە کرد. پەیوەنـدیشیان لەگـەڵ شڤانـدا بچـڕابوو، چونکە شـوێنی نیشتنەوەکەیـان لەسەر مانـگ، شـوێنی دیاریکـراویـان نەبـوو. شـڤانیش ئەمـانی نەدەبیـنی.
جـوان و دیـلان گەڕانەوە بۆ ناو گالـێسکەی باوەگوڕگوڕ. کەمێک پشویـان دا. ویسـتیان کلـیلی (سویـچی) مۆتـۆڕەکـانی باوەگـوڕگـوڕ بابـدەن و هـەڵی بکەن، تومـەس لە کـاتی دابـەزیـنی دیـلان بـۆ ســەر مـانـگ، کـۆڵـەپشـتەکـەی لـێکەوتـبـوو و شکابـوو. جــوان پێـنوسەکەی خسـتە شـوێـنی کلیـلەکەوە و بایـدا و هەڵیکـرد. کـێشەیـەکی تریشـیان بـۆ دروست بوو. پاتـری وزەبـەخـشی کارەبـاییەکـان، شـەحـنی زۆر دابـەزیبــوو، تـوانـای بـزوانـدنی مـۆتـۆڕەکـانی. گـالـێسکەی بـاوەگـوڕگـوڕی نەبـوو. دوخـێکی زۆر دژوار و چارەنوسساز بوو، بۆ جـوان و دیـلان. لە نێـوان ژیان و مـردنـدا بوون. دوای دامان و رامـان و بیـرکـردنـەوە. جـوان دەزگـای تۆمـارکەرەکەی دـیلانی بینی، کە لەگەڵ خۆیـدا هـێنابـووی بـۆ نـاو گالـێسکەی بـاوەگـوڕگـوڕ. تـۆمـارکەرەکەی لە دیـلان وەرگـرت و پشـتەکـەی کـردەوە کـە چـوار پیـلی گـەورە تێـدا بـوو، چـوار پـیـلی یەدەکـیـش لەنـاو کۆڵـەپشـتەکەی دیـلانـدا بـوو. جەمسەرەکـانی هەمـوو پیلاکـانیان بەیەکـەوە بەســتن و وایـەری پاتـرییـەکەی باوەگـوڕگوریان بـە هەردوو جـەمسەری پیـلە لێکـدراوەکـانـەوە بەسـت. جـوان پێنـوسەکەی بـادا، مـۆتـۆڕەکـانی باوەگـوڕگـوڕ کەوتـنەوە کـار. ئیـنجـا دیـلان پەنجـەی بـە دوگـمـەی بەرزبـوونـەوەی باوەگـوڕگـوڕدا نـا. بە خـێراییـەکی زۆر بـەرو ئاسـمانی مانـگ بەرزبـوونـەوە. زۆری پێنەچـوو، گەیشـتن بە ئامـەد کە شـڤانی تێـدا بوو، تا ئەو کاتە سی جار بە دەوری مانگـدا سووڕایەوە. گالێسکەی باوەگوڕگوڕ نـووسایـەوە بە ئامـەد. جـوان و دیـلان چـوونەوە نـاو ژوری ئامـەد و لەگـەڵ شڤانـدا یەکـیان گرتـەوە و ـباوەشـیان لە یەکـتری دا و پیـرۆزباییـان لـە یەکـتری کـرد. ئینجـا باوەگوڕگوڕ رۆڵی نەمـا. بـۆ بارسـووکی گەڕانـەوەی ئامـەد بـۆ سـەر زەوی، شــڤـان بـاوەگـوڕگـوڕی لـە ئامـەد تـرازانـد و لـە ئاسمانـدا جـێـیان هـێـشت. نـازانـن کـە چی بەسـەرهـات.
لە کوردسـتانـدا، ئامـادەکـاری بـۆ گـەڕانەوەیـان کـرا، بەلـەمـێکی گـەورەی تایبـەتی لە ناوەڕاستی (دەریاچـەی دوکـان) ی نـزیکی شاری سلـێمانی لە چـاوەڕوانی گەڕانـەوەی کەشتییەوانەکانـدا بـوو. بە هـەزاران کەسیش لە رۆخی دەریاچـەی دۆکاندا ریـزببوون.

کەشـتی (کوردسـتان – ١) گەیشتەوە نێـو بەرگەهـەوای زەوی. شـڤان هـێواش هـێواش خێراییەکەی کەمکـردەوە. هەرسێ کەشتیوانییەکە (جـوان ، شـڤان، دیـلان). لە بـەرزی پێنج سەد مەتـرەوە بە پەڕەشوت خۆیان هەڵـدایە نـاو ئاوی دەریاچەی دوکان، یەکسەر دەریانیان هـێنان و خستیانیانە ناو ژورێکی بەلەمەکەوە. پێش کەشتییوانەکانیش كه‌شتی (کوردستان ـ ١) یش کـەوتە نـاو دەریاچـەی دوکـان. ئەویـشـیان خستە سەر بەلـێمێکی گـەورە بـۆ ئەوەی لەمـۆزەخـانەی سلـێمانی دابنـرێـت.
هەرسێ کەشتییەوانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک لە (دابڕینی تەندروستی) دا مانەوە،لایەن لیژنەیەکی پزیشکییەوە، هەموو پشکنینێکیان بۆیان کرد، نەباکە ڤایرۆسی سەری مانگ چوبێتە گیانیانەوە. دەرکەوت کە هەرسێکیان تەنـدروستن و هەڵگـری هـیچ ڤـایـرۆس و پەتـایەک نـین.
پێشوازییـەکی فـەرمی و جـەمـاوەریی زۆر گەرمیـان لێکـردن.. بـە چـەپـکە نـێرگـزی کوردستان، نێرگزبارانیان کردن. میدالـیای زێـڕینی رێزلێنانی ئـازادی و ئازایەتیشـیان لەمـل کـردن.
جـوان لە پەیامەکەیـدا بۆ جەماوەری پێشوازیکەران، وتی:” راستە کە گەیشتن بۆ سەر مانـگ سەرکەوتینێکی زۆر گـەورەیە.. بەڵام سەر مانگ نە ئـاوی لێیە و نە هـەوا و نە ژیـان.. هـیچ شوێنـێک لە کوردسـتانی شیرینـمان و لە ئەستـێرەی زەوی دڵگـیرتـر نییە. بۆیە دەبێـت، هەموومان ژینگەی سروشتی کوردستانی نیشتیمانی جوانـمان بپارێـزین”
لەم کاتەدا، دایکی جوان، بانگی جوانی کرد:” جوان گیان، هەستە نانی بەیانی دەخۆین”
جـوان”ئای دایکە گیان چی خەونێکی خۆشم بینی. دوای نانخواردن بۆتانی دەگێڕمەوە”
() بۆ بیـرۆکەی ئەم چـیرۆکەم، سوودم لە گەشـتەکەی کەشتی ئاسمانی (ئەپـۆلـۆ-١١) وەرگرتـووە، کە لە ساڵی (١٩٦٩ز) یەکەمین کەشتی بـوو کە لەسـەر مانـگدا نیشتەوە. () ئەم چیرۆکەم (چیرۆکـێکی خەیاڵی زانستی) یە، کە تا ئەمڕۆش ئەم ژانـرە چیرۆکە لە ئـەدەبی منـداڵانی کوردمانـدا زۆر کەمـە. زۆر بەکەمیـش چیـرۆکنووسانی منـداڵانی کوردمـان خۆیـان لـە وێـزەی داون.. ئـەم چـیرۆکە بـۆ ئاستی مێـردمنـداڵان گـونجـاوە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ١٠/ یانـوار / ٢٠٢١




بۆ (ڕاسا) ی بچکۆلە.. عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

وا پەپولە و گوڵ ئاسا
دیمەنی جوانی(ڕاسا)

سەرنجی ڕاکێشاوین

بەدیارییەوە وەستاوین

لە تەماشای تێر نابین

بۆتە هێز و تواناو تین

بەبینینی ئاسودەین

بۆیە وا لێو بەخەندەین

٢٠٢١/١/٧




پێکەنینی ناو گریان.. عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

منی بچکۆلە ھەر کە ھاتمە ژین
بە گریانی من کەوتنە پێکەنین
فرمێسکی شادی لە ڕووتان باری
بۆ ئێوە بووم بە مایەی بەختیاری
ھەریەک بەجۆرێک وەسفی دەکردم
چی جوانیم ھەبوو بۆ خۆی دەبردم
یاخود ھەرکەس کێی خۆشبوویستایە
دەیوت بەبە گیان وەکو ئەو وایە
ھەر ڕۆژەی جۆرێک خۆم نیشان دەدا
ھەتا دڵخۆشی بە ھەمووان بگا
ڕۆژێک وەک بابە ڕۆژێک دایە گیان
ڕۆژێکیش تەواو وەکو ھەردووکیان
بەڵام ئێستاکە ھەروەکو خۆم وام
نازدار و شیرین جوان و بێ ھاوتام
ھەر سەرنج دەدەن لە دەست و قاچم
بۆ تەنھا ساتێک لەبیرتان ناچم

٢٠٢١/١/١




کریستین هـێڵگە رابەری چیرۆکنوسانی منداڵانی ئیسلەندایە.. رەزا شوان

خاتو (کـریستین هـێڵگە گـۆنـاسدوتـێر) بەناوبانگـترین و خۆشەویسترین چـیرۆکـنوسی منـداڵانە لە ئیسلەنـدا. بە رابـەری چـیرۆکنوسانی چـیرۆکی منـداڵان ناسراوە. کـریستین هێڵگە لە (٢٤/ نۆڤـەمبەر/١٩٦٣) لە شاری (ریكیافـیك) ی پایتەختی ئیسلەنـدا لەدایک بـوە. لە منـداڵـییەوە هـۆگـری خوێنـدنەوە و نوسین بـوە.
کریستین هێڵگە، لە ساڵی (١٩٨٣) قۆناغی خوێندنی ئامادەیی لە داقوتابخانەی ئامادەیی ریکیافـیک تەواو کرد. لە سـاڵی (١٩٨٤) دا لە (زانکـۆی به‌رشـلونه‌)ی ئیسپانی و لە (١٩٨٥) دا لە (زانكۆی ئیسلەنـدا) زمانی ئیسپانی خوێنـد. دواییش لە ساڵی (١٩٨٧) دا لە (زانکۆی یۆتا) لە (سۆڵت لیک ستی) لە ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا بڕوانامەی بەکالـۆریـۆسی لە (راگەیـانـدن و لە زمـان و ئـەدەبی ئیسـپانی) دا وەرگـرت. لە سـاڵی (١٩٩٤) یشدا، له ‌قـوتابخـانه‌ی ئیسلەنـدا، بـڕوانـامەی (رابـەر) یی وەرگـرت.
کریستین هێڵگە بێجگە لە نوسین وەکو نووسەرێک، گەلێ کاری تریشی کرد، لەوانەش:
ماوەیەک وەکو رابەرێکی گەشت و گوزار کاری رابەری ئەو تـۆریستانەی دەکرد کە بۆ گەشتکرن دەهاتن بۆ ئیسلەندا. بۆ ماوەیەکیش کاری میوانداری لە ناو فرۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئیسلەنـدادا کرد. ماوەیەکیش پەیـامنێری هەواڵی تەلەفـزیـۆنی ئیسلەنـدا بـو. لە ساڵی (١٩٨٧-١٩٨٨) وەکو پێشکەشکارێکی هەواڵ و بەرنامە، لە ئێـزگەی رادیـۆ و تەلەفـزیۆنی ئیسلەندا کاری کرد. بۆ مـاوەی (١٢) ساڵیش وەکو رۆژنامەنوسێک، بەبێ دابڕان کاری رۆژنامەگەری کرد. بە شێوەیەکی سەرەکی و تایبەتیش لە بەشی نوسینی هەواڵەکـانی رۆژانـەی دەرەوە، لە کەنـاڵی دوی تەلەفـزیۆنی ئیسلەنـدا کـاری دەکـرد.
ماوەیەکیش لە ئەنجومەنەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵەی ژینگە پارێـزی ئیسلەنـدادا کاری کـرد. لە ساڵی (٢٠١٤ ـ ٢٠١٨) سـەرۆکی یەکـێتی نوسـەرانی ئیسلەنـدا بـو.
کـریستین لە ساڵی (١٩٩٧) ەوە تا ئەمـڕو، چـیرۆک و رۆمـان بـۆ منـداڵان دەنـوسێت. یەکەمین چیرۆکی بۆ منداڵان لەژێر ناوی ( بیـنای من زۆر خـۆشـتم دەوێ) لێرەوە و لە میانەی ئەم چیرۆکەوە ناوبانگی دەرکرد. تا ئێستا زیاتر لە چل رۆمان و کورتە چیرۆکی بـۆ منـداڵان نوسـیون و چاپیکـردون و بڵاویکـردونەتەوە. گـەلێ بابـەتی خوێنـدنەوە و پەروەردەیی بۆ پرۆگرامەکانی خوێندنی قوتابخانەکانی ئیسلەنـدا نوسیوە. گەلێ بابەت و سیناریـۆشی بۆ تەلەفـزیۆنەکـان و کورتە فـیلمە سینەماییەکان نوسـیوە.
کریستـین هـێڵگە نوسـەرێکی نـوێخـوازە و هـەردەم هـەوڵی نـوێخـوازی و داهـێنان و ریچکەشکـێنی دەدات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بـۆی ناشـارێتەوە، کە سـودێکی زۆری لە فۆلکلۆر و لە کەلەپوری میللی ئیسلەندا وەرگرتوە و کاریتێکردون و لە چیرۆکەکانی بۆ منـداڵان رەنگـیان داونەتـەوە. زیرەکانە سـودی لە هەقـایەتە میللییەکان وەرگرتـون، کە دەربارەی خێو و دێو و جادو و پاڵەوانی ملهـوڕ و سەرکـێشی و دەعـبای ئەفسانەیین.
کریستین لەم بارەیـەوە دەڵێـت:”ئـەوە رابـردوە کە ئێـستا فـێردەکات کە بـەرەو داهـاتـو هەنـگاو بنێـت. بۆیـە پێـویستە هەمـو چـیرۆکە کۆنەکـان بەسەربکەینەوە و لە ژیـانـدا بیانپارێـزین. بە شێوە و شـێوازێکی نوێ بیانگـێڕینەوە و بیانگەیەنینە نەوە تازەکان”
کریستین هـێڵگە، وەکو چیرۆکنوسێکی بەتوانـا و سەرکەوتـو، وەکو رابەرێـکی بـواری چـیرۆکی منـداڵان، خـۆی سەلمانـد و ناسانـد. کەسایەتی و کارەکتەرەکانی چـیرۆکەکانی هەمیـشە خەیـاڵکەری باشـن. نـاوەڕۆکی بابەتەکـانیشی بە شـێوازێکی زیـرەکـانە و بە زمـانێکی تـەڕ و پـاراو و ناسک و شـیرین داڕشـتون. لایەنی چەڤـەنگیـشی پشتگـوێ نەخستوە. منداڵان و گەورەکان لە خوێندنەوەی چیرۆکەکانی چێژێکی زۆر وەردەگرن.
کریستین دەڵێت:” پەرتـوکی ئەوتۆ دەنوسم، کە بۆ هەمـو کەسانی خـێزان بگونجـێن”
کریستین هێڵگە، لە نوسینێکیدا، کە لە ئینتەرنێتدا بڵاوی کردۆتەوە، دەڵێت:” بازدان لە رۆژنـامەوە بـۆ خەیـاڵ، لە گـێڕانەوەی چـیرۆکی راستیـیەوە بۆ داهـێنانی، قـورس نیـن. چونکە چـیرۆک لە هەمو شوێنێکـدا بە دورمانەوەیە. چـیرۆکەکان بە درێـژایی شـەو و رۆژ بەناو خەڵکیدا گوزەردەکەن. خەڵکی بە بەردەوامی چیرۆک دەگێڕنەوە. ئەم کارەش لە دو کەس زیـاتـری نـاوێـت. چـیرۆکخـوان و گوێگـری دەوێـت”
کریستین هێڵگە هەست بە پێوەرە باڵاکانی چیرۆکی سەرکەوتـو دەکات. کە خوێنـەرانی بە ئامانجکـراو پێویسـتیان پێی هەیە، تا پەیام و رستەکانی سەر لاپەڕەکان سەرنجـیان رابکـێشن. بە پێویستیشی دەزانێت کە دەبێت نـاوەڕۆکی چـیرۆک زینـدو و نایـاب بێـت.
پەرتوکەکانی کریستین، ئامـانجی پـڕکردنەوەی بۆشایی نێـوان نەوەکـانی لەخـۆگـرتـون.
کریستین هـێڵگە هاوسەرگیری کـردوە، سێ کچی هەیە و لە ریکیافیک دەژین. شایەنی باسە، ئەو چیرۆکانەی کە بۆ منداڵان دەیاننوسێت، لە پێشا بـۆ کچەکانی دەیانخوێنێتەوە و دەیەوێـت سەرنـج و را و تێبینییەکـانی کچەکـانی دەربـارەی چـیرۆکەکـانی بـزانێـت.
کریستین هێڵگە، تا ئەمڕۆش، نوسینی هەمە بابەتە بۆ گۆڤـار و رۆژنامەکان دەنـوسێت.
ئەمـانە نـاوی هەنـدێ لە پەرتوکە چاپکـراوەکانین بۆ منـداڵان: بیـنای مـن زۆر خۆشـتم دەوێ، گازێگ لە چەناگەکانی بینا، کیکـۆی نەهـەنگ لە گەشتێکـدا بە دەوری جیهانـدا، ملیونێک بەرد و ترسێک لە دۆڵەکـەدا، مۆی دیدەوان، لەبەر روناکی مانگ، ئیسماعیل.
کریستین هێڵگە لە ساڵی (٢٠١١)ەوە تا ئەمڕۆ، ئاگاداری شەڕی ناوخۆی سوریا هەیە، کە بە هـەزاران کەسی بێـتاوان و بێـدەرتـانی سوریا، لە کورد و لە عـەرەب، بـونـە بە قـوربـانی و بـاجی ئەم شـەڕە خوێناوییە دەدەن. بە هەزاران خـێزان، بە تایبەتیش کورد، بە زۆر لە زێـدی خۆیان دەرکران، یا لە ترسان سەری خۆیان هەڵگرتن و ئاوارەبونە و بـونە بە پەنـابەر لە وڵاتـانی ئەوروپا و وڵاتـانی تری جیهـان. بۆ ئەوەی بە ئاسودەیی و بێترس بـژین. تەنانەت چەنـد خـێزانێکی سـوری گەیشتونـەتە ئیسلەنـداش.
کریستین هێڵگە، لە چـیرۆکی “ئیسماعـیل” دا، کە لە ساڵی (٢٠١٧) دا نوسیـوێتی، کە ئیسماعـیل کارەکتەرێکی مێردمنـداڵی خەیـاڵی هەڵهاتـوی شاری “حەڵـەب”ی سوریایە. بوە بە پەنابەر لە ئیسلەنـدا، کریستین لە میانەی ئیسماعـیلەوە، باس لە کوێـرەوەری و نەهـامەتییەکانی پەنـابەرانی سوریا دەکات. باسیش لە خـێزانێکی پەنـابەری سـوریا لە ئیسلەندا دەکات، کە چـۆن تێکەڵ بە کۆمەڵگایەکی تـازە بوە و چـۆن هەڵدەکات و خۆیان دەگونجێنن و خۆیـان پێکـدەهـێن.
کریستین هـێڵگە دەڵێت:” خۆم نەچومەتە ناو کەمپی پەنابەران، بەڵام ئیسماعیل و کەس و کاری ئیسماعیل لە هەمو گۆشەکانی شەقامەکانی ئەوروپادا دەبیـنم” دەشڵیت:”هـێشتا چـیرۆکی ئیسماعـیل تـەواو نەبـوە و ماوێـتی کە زیـاتری لەسـەر بنـوسـم”
کریستین هـێڵگە، لە ماوەی کارکردن و نوسین بۆ منداڵان، چەنـدین رێزلێنان و خەڵاتیان لە ئیسلەنـدا و لە وڵاتـانی باکوری ئەوروپـادا پێشکەشیان کردون، بـۆ ئەو پەرتـوکـانەی کە بۆ منـداڵان نوسیویـن و چاپیکـردون، لەو خەڵاتـانـەش:
چەنـد جـارێک خـەڵاتی پەرتـوکی ساڵ بـۆ منـداڵانی تەمەن (٦-١٢) سـاڵان، لە لایـەن ئەنجومەنی فـێرکاری ریکیافـیکی لە ئیسلەنـدا پێشکەشیان کرد. هەر لە ئیسلەندا چەند جارێکیش خەڵاتی باشترین پەرتوکی ساڵ بۆ منداڵان پێشکەشیان کرد. خەڵاتی وڵاتـانی رۆژئـاوای باکوری ئەوروپـا بۆ ئـەدەبی منـداڵان پێشکەشکیان کـرد. خـەڵاتی نوسـینی باشترین سیناریۆی بۆ کورتە فیلمێک وەرگرت. لە لایەن پەرتوکخانەکانی قوتابخانەکانی وڵاتانی باکوری ئەوروپـاشەوە خـەڵاتی باشـترین پەرتـوکیان پێبەخـشی.
() بۆ نوسینی ئەم بابەتە سودم لە چەنـد سایتێکی ئینگـلیزی و نەرویـجی وەرگرتـوە. () ئیـسلەنـدا یەکـێکە لە دەوڵەتـانی باکـوری ئەوروپـا. روبـەرەکەی (١٠٣) هـەزار کیلۆمەتـری دوجـایە. ژمارەی دانیشـتوانی (٣١٠) هـەزار کەسن. خـاوەنی کـۆنتـرین پەڕلـەمـانە لە جـیهـانـدا. بە گـڕکـان بەناوبانگە و کانیاوی کانـزایی ئـاوگەرمی زۆرە.

(*) پایتـەخـتی ئیسلەنـدا (ریکـیافـیک) ە. پـارەکەشی نـاوی (کـرۆنە).

رەزا شـوان
نەرویـج: ١/ ١/ ٢٠٢١




کچۆڵە لیدیا سیباستیان یەکێکە لە بلیمەتەکانی جیهان.. رەزا شـوان

کچۆڵەی روخۆش (لیـدیـا ئـارۆن سیباستیان) لە شاری (لەنـدەن) لە بریتانیا لەدایکـبوە. خـێزانەکەیان بە رەسەن هـێندین، دایک و باوکی خـەڵکی ویلایـەتی (کـیراڵا)ی باشوری هیندستانن. دەمێکە کۆچیان کردوە بۆ بریتانیا و بونەتە هاوڵاتی ئەو وڵاتە. لیدیا تاقانەی دایـک و باوکـێتی. هەمویـان لە ناوچـەی (ئیسکـس) لە شاری لەنـدەن پێـکەوە دەژیـن.
باوکی لیـدیا (ئـارۆن سیباستـیان) پـزیشکی پسپۆری تیشکە، لە ( نەخۆشخـانەی گـشتی کۆلـشیـستەر) لە لەنـدەن. دایکـیشی (ئێـریکا کـوتیـاس) جێگـری بەڕێـوەبـەری (بانـکی بـریکـلا) یـە لە لەنـدەن.
ئارۆن و ئێریکا دەربارەی لیدیای کچیان دەڵێن:”هەر بە کۆرپەیی زیرەکی دەرکەوت. لە تەمەنی شەش مانگاندا دەستی بە قسەکردن کرد. لە تەمەنی دو ساڵیدا پرسیاری زۆری لێمان دەپرسی. لە تەمەنی چوار ساڵیشدا بە باشی ئامێری موزیکی کەمـانجەی دەژەنـد.
لە منداڵیشەوە، هـۆگری خوێندنەوەی پەرتـوک و گۆڤـاری منداڵان بو. بو بە هاوڕێیەکی هەمیشەی پەرتوک، خوێنـدنەوە بو بە پێویستی و بە بەشێک لە ژیـانی. ئەو پەرتوک و گۆڤـارانەی دەخوێنـدەوە، کە بۆ منـداڵانی ئاست بەرزتـر لە خـۆی نوسرابـون. لیدیـا زۆر سەرسامی خوێندنەوەی رۆمانی (هـاری پوتـەر) بو، کە لە نوسینی (جـوان رۆلینگ) ـە. تەمەنی لە دوانـزە ساڵان کەمتر بـو، سێ جـار هەر حـەوت بەرگەکەی زنجیرەی (هـاری پوتـەر)ی خوێنـدەوە. هەمیشەش خـۆی بە کـارێکەوە سەرقـاڵ دەکـرد.
باوکی وتی:”کچـەکەم بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو بە پرسیارکـردن بێـزاری کـردین، قـسەی لەسەر تاقـیکردنەوەکانی نمونەی زیرەکی دەکرد. لە ئینتەرنێـتدا ئەو سایتانەی دەکردەوە کە پرسیاری تاقیکردنەوەی زیرەکی نمونەییان لەخۆگرتون. لە قوتابخانەشدا لە سەروی رێزبەنـدی قوتابییە زیرەکەکانی هاوپۆلەکانییەوە بو. جێی سەرنجراکێشانی مامۆستاکانی بـو. لە پێشبڕکـێی پرسیارەکانی بیرکـاری لە قـوتابخانەکەیـدا، خەڵاتی یەکـەمی بـردەوە.
لیدیا سیباستیان، کچۆڵە قوتابییەکی بریتانییە، لە پۆلی هەشتەمە لە قوتابخانەی ئامادەیی (کولشیستەر) ی کچـان لە ئیسکـس لە لەنـدەن. خۆشترین بابەت بەلایەوە فیـزیا و کیمیا و بیرکـارییە. لیدیـا دەڵـێت:” هەر کارێک بکەم، زۆر بە وردی و بە ئەوپەڕی توانامەوە ئەنجـامی دەدەم. دەمەوێـت بزانـم بە کـوێ دەگـات”
لیدیـا لە تەمەنی (١٢) ساڵیـدا، لە پشوی هـاوینەی قوتابخـانەدا، بڕیاریـدا کە بەشداری لە تاقـیکـرنەوەکانی (مینسا) دا بکـات و بۆ ئـەم مەبەستەش خـۆی ئامـادەکرد. شایـەنی باسە، کۆمەڵـەی مینـسا، تا ئێستا تەنیا کۆمـەڵە و گەورەتـرین و کۆنتـرین کۆمەڵـەیە لە جیهانـدا، بۆ پێـوانەکردنی تێکـڕای پلــەی زیـرەکی مـرۆڤـە زیـرەکەکـان.
لیدیـا کارتی (کاتـێـل٣ ب) ی وەرگـرت. بۆ بەشـداریکردن لە تاقـیکردنەوەکانی مینـسادا، کە دوو تـاقـیکردنەوەن، تـاقـیکردنەوەی زاری و تـاقـیردنەوە بە نـوسـین، کە لە لایـەن کۆمەڵـێک پســپۆر و پـزیشکی سـەر بە کۆمـەڵەی میـنساوە، سەرپـەرشـتی دەکـرێـت و تێکـڕای پلـەی زیـرەکی بـۆ تاقیکردنەوەکانی تـاقـیکەرەوە دادەنـێن.
پرسیارەکان (١٥٠) پرسیاری جیاوازی جـۆراجـۆری زۆر قـورسن، لەوانەش ملەکـردن لەگەڵ توانای پاراوی زمانی و زانستی گشتی و بیرکاری و بەراوردکردن و بیر قـوڵی و هەستکردنی لۆژیکی و…هتد. ماوەی دیاریکراوی وەڵامدانەوەش تەنیا (١٥٠) خولەکە.
دایک و باوکی لیدیا، گەرچی لە زیرەکی و متـمانە بەخۆبـونی کچەکەیان دڵنیابـون. بەڵام لەگەڵ ئەوەشـدا، لـەم بـڕیـارە قـورسەی لیـدیـا دودڵـبـون.
لیـدیا سیباستیان، لە کاتی بۆ دیاریکراویـدا، لە کۆلـێژی (بـیربیک) لە لەنـدەن، ئامـادەی بەشـداریکـردنی تاقـیکردنەوەکـانی میـنسا بـو. بۆ دیاریکـردنی تێکـڕای پلـەی زیـرەکی.
لیـدیا تـوانی بە دو خولـەک لە پێـش زەنگی کـاتی تەوابونـیدا، بە سەرکەوتویی وەڵامی هـەمو پرسیارەکان بداتەوە. توانی تێکـڕای زیـرەکی (١٦٢) پلـە بەدەستبهـێنێت، کە دو پلە لە سەروی تێکڕای پلەی زیرەکی، هەردو زانـای فـیزیکی (ئەلبـێرت ئەنیشـتایـن) و پرۆفـیسۆر (ستیڤـن هـۆکـنیگ) ەوەیە، کە تێکڕای زیـرەکی هەریەکەیان (١٦٠) پلەیە.
هـۆی بەکارهـێنانی ناوی (ئەنیـشتاین) بەرانبەر بە زاراوەی (بلیمەتی) چونکە ئەلبێرت ئەنیشتاین روناکبیری ئەقڵی سەدەی بیستەم بو. بۆیە کە باسی بلیمەتی کەسێکی زیرەک دەکـرێـت. بە ئاستی بلیـمەتی ئەنیشتاین هەڵـدەسەنگـێنرێت.
لیـدیا لە بـارەی پرسیارەکانی تاقـیکردنەوەکانی میـنسا و باری دەرونی لەو ساتـەدا، بـۆ رۆژنامەی (گاردیـان) ی گـێڕایەوە و وتی:” لەراستیدا، لە سەرەتـادا شـپرزەبـوم، بەڵام دوای چەنـد خولەکێک خاوبومەوە و هاتمەوە سەرخۆم. هەرکە دەستم بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان کرد، زۆر بەلامەوە ئاسانتربون، لەوەی لەو بڕوایەدا بوم. تاقـیکردنەوەکان پێویستی بە شارەزایی زمـان و بەراوردکـردن و بە هەستی لـۆژیکی هەبون. لە راستیدا ئەوپـەڕی توانـام بەکارهـێنا. پرسیارەکـانـم بە دروستی و زۆر بە باشی وەڵام دانـەوە”
لەگـەڵ ئـەوەی کە لیـدیا، ئەو پلـە بـاڵا زیـرەکییەی بەدەستهـێنا. بـەڵام ئـەم سەرکـەوتنە مەزنـەی تـوشی لەخـۆبـایی و خۆهـەڵکـێشانی نەکـردن. زۆر بە خـاکی و بە سـادەییەوە دەڵێت:” لەو بـڕوایەدا نیـم و بە راستی نازانـم، کە من لەگەڵ هەردو زانـا و رۆشـنبیری مـەزنی وەکـو، ئەلبـێرت ئەنیشـتاین و ستیڤـن هـۆکنیگ بەراورد بکرێـم، ئەمـانە کـار و ئەنجـامی زۆریـان بەدەستهـێـناون”
باوکی دەڵێت:” من و هاوسەرەکەم، کە بیستمان لیدیـا بەرزترین پلەی تێکڕای زیرەکی، بەدەسـتهـێناوە هەستـمان بە سەرسوڕمـان کـرد. لە راستـیشدا ئێمە مامەڵەی تایبەتی و شتـێکی جیـاوازی ئەوتۆمـان لەگەڵـیدا نەکـردوە.. پشتی بە تواناکـانی خـۆی بەسـتوە”

لیـدیا سیباستیان، بۆ بە یەکێک لە بلیمەتەکانی جیهان. بو بە یەکێک لە رێژەی لە سەدا یەکی (١%) ی بلیمەتەکـانی هەمـو جیهـان. بو بە ئەنـدامـێکی کۆمـەڵـەی (مـینسا). کە ژمارەی ئەندامەکانی لە هەمـو جیهـاندا (٢٠٠٠٠) هـەزار بلیمەت و زیـرەکـن لە کچـان و لە کـوڕان. لیـدیا بو بە مایـەی شانـازی بۆ خـێزانەکەی بۆ بریتـانیا و بۆ هـیندســتان.
لیدیا سیباستیان، لە ئێستادا شانازی بەوەوە دەکا، کە چوە پاڵی هەردو هـاوڕێی بلیمەتی هاوقـوتابخانەی، هەریەکە لە کچۆڵەی بلیمەت (نیکـۆڵ بـار) ی (١٢) ساڵان و کاکەلەی بلیمەت (ئـاهـیل گەوهـەر) ی تەمـەن (١٠) سـاڵان. کە تێکـڕای زیـرەکی ئەم دو منـداڵە بلیمەتـەش (١٦٢) پلـەیە. هەرسیکـیشیان دانیشتوی ناوچـەی (ئیسکـس) ی لەنـدەنن.
(سیمارتـیز) لە بارەی ئەم سێ منـداڵە بلیمەتـەوە دەڵێت:” بە دەنگێکی بەرز و رونەوە دەڵـێم، کە ئـەم دو کچـۆڵـە و ئـەم کـوڕە بچـوکە، هـەنـگاوی سەرسـوڕێنـەر دەنـێن، بە بەکارهـێـنانی زیرەکییان لە داهـێنان و نەخشەدانان، بۆ چونە ناو چالاکی قـورسەوە. کە دەیانبزوێنن و پەرۆش و شەیـدایان دەکەن. ئەمەش ئەو راستییەیە کە بە دەوری ژیاندا دەخولێـتەوە. لە هـەر تەمەنێکـدابیـت، حـەزت لە هەرچـییەک بێت، گەر بتـەوێـت خـۆت دەربخەیـت و فـێری شارەزایی بیـت، دەتـوانیـت. گـرنگـتر لەمـانەش چـێـژ لە کاتـەکـانت وەربگـرە. ئایـا کارێـکی ئەوتـۆ کـردوە، شـایەنی ئەوەبێـت کە شانـازی پێـوە بکەیـت؟”
لیـدیـا سیباستیان کە گەورەبێـت، هـیواخـوازە و حەزدەکـات، کارێکی دەستبکەوێـت، کە پەیـوەنـدی بە بیـرکـارییەوە هـەبێـت.

(*) بۆ نوسیـنی ئەم بابـەتە، سـودم لە پانـزە سـایتی ئینگـلیزییەوە وەرگـرتـوە.
رەزا شـوان
٢٧/ دێـسەمبەر/ ٢٠٢٠




ئامێزی ئاسودەیی.. عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ھـەوارگەی ئاسودەیی
ھـــەر ئامێزی دایەیە
پڕ سۆزە و میھرەبـانی
بـۆ منداڵان سایـەیـە
.,.,
کانگەی خۆشەویستییە
ئـامێزی گــەرمی دایە
مەڵبەندی ئــارامییە
بێوێنە و بێھاوتــایە
.,.
دەنگی ناسک و خـۆشی
ھاندەری سەرکـەوتنە
بۆ گەیشتن بــە ھیوا
پاڵپشتێکی مــەزنە
.,.




نوسەری سه‌ركه‌وتوی ئەدەبی منداڵان.. رەزا شوان

لە کۆندا، نوسەران بە شەرم و ترسەوە رویان لە بواری ئەدەب و نوسین بۆ منداڵان دەکرد. لە ترسی ئەوەی کە ناوبانگیان نەزڕێ و بە چاوێکی کەمتر لێیان نەڕوانن و پێگەی ئەدەبی و کۆمەڵایەتیان نەیاتە خوارەوە. بەڵام لە ئەمڕۆدا ئەو ترس و روانینە گۆڕاوە. نوسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان، پێگەیەکی بەرزی ئەدەبی و کۆمەڵایەتییان هەیە. خەڵکی رێز و پێزانینیان بۆ خزمەتی پیرۆزیان هەیە، بە دراوێکی دەگمەن دایان دەنێن. چونکە نوسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان، رۆڵێکی زۆر بەرز و کارتێکردنێکی گرنگیان لە رۆشنبیریکردن و هۆشیاریکردن و لە پەروەردەکردن و لە ئاراسەکردنی دروستی منداڵان هەیە، بۆ هێنادی داهاتویەکی شیاوتر و گەشتر و جیهانێکی ئارامتر.
نوسەری فەرەنسی (فه‌ره‌نسیس فیداڵ) ده‌ڵێت:”نوسەرانی منداڵان دەتوانن تام و چێژی جیهان بگۆڕن.. بەڵکو دەتوانن خودی جیهانیش بگۆڕن”
گەر تۆی نوسەر، خەون و خولیای نوسینت بۆ بابەتی منداڵان هەیە و دەتەوێ ببیت بە نوسەرێکی ناسراو و سەرکەوتوی بواری ئەدەبی منداڵان و نوسینه‌كانت بەدڵی منداڵان بـن. گەر دەتەوێ ئەم خەون و خولیایەت بێنیتەدی. پێویستە ئەوە بزانیت، کە تەنیا حەز و ئارەزو و هـیواخوازی بەس نین، بۆ دەستەبەرکردنی هێنانەدی ئەم حەز و ویستنەت. ئەدەبی منداڵان، پێویستی بە زانین لە (بنەما و خەسڵەتە تایبەتییەکانی ئەدەبی منداڵان) و بە شارەزاییەکی لە قۆناغەکانی گەشەکردن و هەراشبون و سایکۆلۆژیای منداڵان و پەروەردەی نوێ و زمانی منداڵان هەیە. پێویستی بەوە هەیە کە چۆن دەتوانیت لە جیهانی پاک و بێگەردی منداڵان نزیک بیتەوە لە زمان و لە خواستەکانیان تێبگەیت.
نوسین بۆ منداڵان کارێکی زۆر پیرۆزە. بەڵام کارێکی هەڕەمەکی و ئاسان نییە. یا وا بیربکەیتەوە، کە ئەوان منداڵن و زۆر تێناگەن. نوسین بۆ منداڵان خۆشە، بەڵام خوشە ئەوە ناگەیەنێ کە ئەوان بە هەمو نوسین قایلـدەبن. بەڵکو نوسین بۆ منداڵان قورسترین نوسینە. چونکە تۆ مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵێک وشەی دیاریکراو و کەمدا دەکەیت. پێویستە بە وردی بیر لە هەر وشەیەک لە وشەکانت بکەیتەوە، ئایا لە هـۆش و لە خەیاڵ و لە دەرونی منداڵاندا جێیان دەبێتەوە یا نا؟ چونکە نوسین بۆ منداڵان ئەوە نییە کە تۆ چۆن دەوێت وا بنوسیت، بەڵکو پێویستە ئەوە بزانیت، کە منـداڵان خۆیان چیان دەوێت، ئەوەیان بۆ بنوسیت. مەبەستیشمان ئەوە نییە، کە ترس بخەینە بەردەم ئەو نوسەرە تازانەی، کە دەیانەوێت لەم بوارەدا تێهەڵبچن و بەهـرە و توانا و شارەزاییان بخەنە خزمەتی ئەدەبی منداڵانی کوردمانەوە. بێگومان کەسیش بە نوسەری لەدایک نەبـوە. نوسین بۆ منداڵان خۆشەویستی و بەهـرە و زانین و شارەزایی و فێربون و هەوڵـدانە.
بە کورتی و بە چڕی باس لە هەندێ لە بنەما تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی منداڵان دەکەین، کە پێویستە نوسەرانی ئەدەبی منداڵان بە گشتی و نوسەرانی تازە ئەدەبخوازی منداڵان بە تایبەتی بیانـزانن و پەیـڕەوییان بکەن:
١ـ پێویستە ئەوە بزانێت، کە تۆ بۆ منداڵان دەنوسیت و پەیامەکەی ئاراستەی ئەوان دەکەیت. نابێت لە تایبەتمەندیەکانی جیهانی پاک و بێگەردی و بێتاوانی ئەوان لابدەیت.
٢ـ پێویستە لە بواری دەرونناسی و پەروەردەی نوێی منداڵان نابەڵەد نەبێ و بایەخێکی زۆر بە لایەنی سایکۆلۆژی و پەروەردەیی منداڵان بدەیت. چونکە گرنگترین ئامانج لە ئەدەبی منداڵاندا، پەروەردەکردنی دروستی منداڵانە، بۆ ئەمڕۆ و بۆ داهاتویەکی باشتر.
٣ـ پێویستە شارەزاییەکی باشت لە خەسڵەت و لە نیشانەکانی قۆناغەکانی گەورەبون و گەشەکردنی منداڵان هەبێت. تێکستەکانی بابەتەکانت، لە هەمو رویەکەوە لەگەڵ ئەو قۆناغە منداڵییەدا بگونجێت. بۆ نمونە: بابەتێکی نوسراو بۆ منداڵانی تەمەن حەوت و هەشت ساڵان. حەز و سەرنجی منداڵانی تەمەن یانـزە و دوانـزە ساڵان راناکێـشێت.
٤ـ ناوەڕۆک و فـۆرم، دو چەمکی ئەدەبی منداڵانن و تەواکەری یەکترین، هەردو باڵی ئەدەبی منداڵانـن، پێویستە نوسەری منداڵان هاوسەنگییەک، لە نێوان ناوەڕۆک و فـۆرمدا دروست بکات، هـیچ لایەکیان نەکات بە قـوربانی لایەکەی تریان.
٥ـ نوسەری منداڵان نابێت، خۆی رابدات و باڵادەستی و فانتازی خۆی لە نوسینەکانی بۆ منداڵان دەربخات. خۆی چـۆنی دەوێت وا بیربکاتەوە و بنوسێت، بەڵکو پێویستە ئەوە بزانێت کە منداڵان ە چـۆن و چـیان دەوێت.
٦ـ زمان گرنگترین کەرەستەی نوسین و گوزارشتکردنە. منداڵانیش خاوەنی زمان و فەرهەنگی وشەی تایبەت بە خۆیانن، زمانی ئەوان ئاسان و شیرین و رەوان و سادەیە. پێویستە نوسەری منداڵان ئەم راستییە بزانێت. بە زمانێکی شیرین و پەتی و ساکاری بێ ئاڵۆز و بێ گـرێوگۆڵ تێکستەکانی دابـڕێژی تا منداڵان بە ئاسانی لێیان تێبگەن، پێویستە رستەکانی کورت و ناسک و باوبـن. لە رەوانبێژی و لە قسەی بە توێکڵ و مەبەست قوڵ و شاراوە و پێچ و پەنا دوربن. هەر قـۆناغـێکی منداڵێش ئاستی زمانی تایبەت و خەیاڵی بڕکراوی و توانای تێگەیشتنی ئەو قۆناغە منداڵییەیان هەیە. زمانی نوسین بۆ منداڵان، زانیاری و شارەزایی و هونەر و بەهـرەیە، کە هیچـیان لەوانەی تریان جیانابنەوە. مەبەستیش لە ئاسانی نوسین ئەوە نیە، کە منداڵان بە ساوێلکە و هـیچ نەزان بزانیت و هەمو شتێکیان بۆ راڤـە و شەنوکەوبکەیت، هـیچ بوارێک بۆ بیرکردنەوە و لێکدانەوە و تێگەیشتن، لە مەرام و مەبەستی بابەتەکەت بۆ بیرکردنەوەی و بۆچـون و هەڵـهێنجانـدنی منداڵان نەهـێڵیتەوە.
(جاکـلین ساندەرز) دەڵێت:” با ئەدەبی منداڵان، هـێندەش ئاسان نەکرێتەوە، کە وا بزانن منداڵان هـیچ نازانـن”
٧ـ پێویستە نوسەرانی ئەمڕۆی ئەدەبی منداڵان داهێنەر و نوێخوازبن، لە چوارچێوەی قوناغی ئەدەبی کلاسیکی و شێواز و کلیشەی باونەماو و نەگونجاو بۆ ئەم سەردەمە، دوربکەونەوە، بە شێواز و بە ستایلێکی تازە بنوسن. ئەوەش بزانن کە منداڵانی ئەمڕۆ، نەوەی منداڵانی سەدەی رابردو نین. منداڵانی ئەمڕۆ، زۆرزانتر و بلیمەتر و هۆشیارتر و چاوکراوەترن، نەوەی ئایفـۆن و ئایپاد و ئینتەرنێت و گۆڤاری رەنگاوڕەنگی منداڵان و چەندین ئامێر و دەزگای سەیر و سەمەرەن. نەوەی شۆڕشی تەکنەلـۆژیـان. خـەون و خواست و هـیوا و ئـەدەب و هـونەر و پێداویستییەکانیشیان، هەمان هـیوا و خواست و پێداویستییەکانی نەوەکانی رابردو نین. پێویستە نوسەری ئەدەبی منداڵان ئەم راستییانە لەبەرچاو بگرێت. وەکو (کۆنفۆشیۆس) دەڵێت:”منـداڵانمان، منـداڵانی سـەردەمی ئێـمە نیـن.. منـداڵانی سەردەمی خۆیـانن”.
٨ـ پێویستە نوسەری ئەدەبی منداڵان، لە نوسینەکانیدا بێلایەن بێت و لەژێـر کاریگەری هیچ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی و ئاینی مەبەستداردار نەبێت، بۆ بەرژەوەندییەکی تەسکی سیاسی. نابێت دڵپاکی منداڵان بقۆزێتەوە و بە لارێیاندا بەرێت و بیانخاتە ژێر کاریگەری ئەو ئایـدۆلـۆژیـایەی کە خـۆی بـڕوای پێی هـەیە.
٩ـ نوسەری ئەدەبی منداڵان، گەر خـۆی لە جیهـانی بێتاون و جوان و وەنەوشیی پـڕ لە خەونی سەوز و هـیوای شیرین و راز و نیازی پاکی منـداڵان، نزیک نەکاتەوە، لەسەر ئەژنۆکانی لایان دانەنیشێت و گـوێی لە زمانی ساکار و لە قسە قوت و شیرینەکانیان نەگرێت و سەیری یاری و هەڵسوکەوتیەکانیان نەکات و تێکەڵـیان نەبێت. ناتوانێت بە زمانی راستیی منداڵانەوە بابەتەکانی بنوسێت.
وەکو دەشڵێن، لە نـاخی هەر نوسەرێکی بواری منداڵاندا، منداڵێک هەیە، منداڵیی خۆی دێتەوە یاد و بەرچاو. ئەو منداڵەی کە لە ناخیدایە، داوای لێدەکات بچێتە ناو منداڵان و ببێت بە هاوڕێیان. داوای لێدەکا کە وێڵی دوای دۆزینەوە و نوێخوازی و داهـێنان بێت.
١٠ـ بێگومان خوێندنەوە بۆ هەمو نوسەرێک زۆر پێویستە. پێویستییەکی پێویستیشە بۆ نوسەری ئەدەبی منداڵان، تا ببێت بە خاوەنی باکگـراوندێکی رۆشنبیری و ئەدەبی باش. پێویستە خوێنەرێکی هەمیشەیی باش بێت، بە تایبەتیش خوێندنەوەی ئەو پەرتوکانەی کە بۆ منداڵان نوسراون یا دەربارەی منداڵانن، لەگەڵ خوێندنەوەی گۆڤارەکانی منداڵان. تا لە شێوازی نوسینی نوسەرانی بە ئەزمونی ئەم بوارەدا، ئیلهـام و سود وەربگـرێت.
(سیـلـڤـیا لـۆبیـز) دەڵێـت:”یەکەم.. گرنگ ئەوەیە کە: بخوێنیتەوە.. بخوێنیتەوە.. بخوێنیتەوە” سی جار جەخت لەسەر “بخوێنیتەوە” دەکا. نوسەر تا زیاتر بخوێنێتەوە، زیاتر فێردەبێت و وەردەگرێت. باشتر و جوانتریش بابەتی نوسینەکانی دادەڕێـژێت.
هەر لە بارەی گرنگی خوێندنەوەوە (ئاسەر گـۆردن) یش دەڵێت:”تا زیاتر بخوێنیتەوە.. بۆت دەردەکەوێت کە چەنـد زانیاریت کەمە”
١١ـ پێویستە نوسەری ئەدەبی منداڵان هەمیشە گەشبین و هیواخوازبێت. کۆتایی بابەتی نوسینەکانی بۆ منـداڵان، بە خۆشی و شادی و سەرکەوتن و دڵنیایی و بە هـیوابەخشین کۆتاییان پبهێنێت. ناشبێت کـۆتایی چـیرۆک و شانـۆ و ئۆپەرێت و هـۆنـراوە و رۆمـان بۆ منـداڵان، بە کارەساتی خوێنڕشتن و کوشتن و تراژیـدیـا کۆتاییان پێبێت. چونکە لە ئەمڕۆ و داهاتوشدا، کارتێکردن و رەنگدانەوەیەکی نێگەتیڤیان لەسەر منداڵان دەبێت.
١٢ـ پێویستە نوسەری منداڵان، بە دڵێکی فراوانە، ئەو رەخنە و تێبینییانە وەربگرێت، کە رەخنەگـران لە نوسینەکانی دەگـرن. بە هەلێکی باشی بزانێت، بۆ راستکردنەوەی هـەڵە و خاڵە لاواز و نەرێنییەکانی و درێـژەدان بە خـاڵە بەهـێز و ئەرێنییەکانی.
١٣ـ پێویستە نوسەری منداڵان، ئەوە بزانێت، کە جوانسازی فاکتەر و پێویستییەکی زۆر گرنگە، نەک تەنیا لە ئەدەبی منداڵانـدا، بەڵکو لە سەرجەم هـونەرەکان و لە هەمو بوارەکانی ژیانی مرۆڤـدا. داڕشتنی بابەتی نوسینەکانت بە جوانی، گاریگەرییان لەسەر هـۆگربون و ئارەزو و حەزی خوێندنەوەی نوسینەکانت لە لایەن منداڵانەوە دەبێت. ئەدەبـدۆستێک دەڵێت:”تا ئەمرۆش نازانـم، چـۆن ئـەدەب دەتـوانێت لە خەمەکان شتی جـوان دروست بکات؟”
١٤ـ نوسەرانی ئەدەبی منداڵانی کوردمان، ئەرکێکی پێویست و پیرۆزی زۆر گـرنگـیان لە ئەستۆدایە. ئەویش ئەوەیە کە لە نوسینەکانیاندا لایەنی نیشتمان پەروەری فەرامۆش نەکەن. پێویستە بە ئەپەڕی دڵسۆزییەوە، منداڵەکانمان، بە هەست و رۆحی کوردایـەتی گـۆش و پەروەردەیان بکەن. سـۆز و خۆشەویستی و هـاوبەستەبونیان بۆ کوردستانی نیشتمانی شیرینمان، لە لایان خۆشەویستر و شیرینتر بکەن. لە میانەی ئـەو سـرود و هۆنـراوە و چـیرۆک و شانـۆ و ئۆپەرێت و پەخـشان و رۆمانانەی کە بۆیان دەنـوسن.
١٥ـ نوسەری منداڵان پێویستە، لە میانەی نوسینەکانییەوە، ئەوە بخـاتە دڵی منداڵانی کوردمانەوە، کە پاراستنی ژینگەی جـوان و سروشتی کوردستان، ئەرکێکی پێویستی نیشتمانی و رەوشتییە و گوزارشتە لە خۆشەویستی و لە دڵسۆزییان بۆ کوردسـتان.
١٦ـ نابێت نوسەرانی منداڵان، جییاوازی لە نێوان کچان و کوڕانـدا بکەن. پێویستە بە چاوێکی یەکسانی و هاومافی و هاوئەرکی لە هەردو لایان بڕوانن، ئەم بڕوابونەشیان، لە میانەی نوسینەکانیان بۆ منداڵان رەنگ بداتەوە. بە تایبەتیش لە کاتی هەڵـبژاردی پاڵەوان و کاراکتەر و کەسایەتییەکانی چـیرۆک و هـۆنراوە و شانـۆ و ئۆپەرێت رۆمانەکانیادا. پێویستە هەستی خـوشک و بـرای و هـاوڕێتی و دڵسۆزی و رێـز لە یەکتری گرتن، لە هـۆش و دەرونیاندا بـڕوێنن. بە تەواکـەری یەکتریان بـزانن.
١٧ـ پێویستە نوسەرانی ئەدەبی منداڵان، لە میانەی نوسینەکانیاندا، بە هـیچ کلۆجێک، سوکایەتی و بێڕێزی بە دایکان و باوکان و داپیران و باپیران و مامۆستاکان و بە مێژو و بە شەهـیدانی کوردسـتان و بە پـێشمەرگە و بە سەرکـردە نەمرەکانمان و بە هـەمو کەسایەتییە تێکـۆشەرە ناسراو و ناودارەکـانی گەلەمان نەکەن. پیـاوان بن یا ژنـان بن. سوکایەتیش بە داب و نەریت و کەلەپور و کولتور و بە بەهـا پیرۆزە رەسەنەکانی گەل و نیشتمانەکەمان و بە زمـانی شیرینی کوردیمان نەکـەن. هەمـو ئەمـانە بەشـێکـن لە ناسنامەی نەتـەوەییمان.
١٨ـ پێویستە نوسەرانی ئەدەبی منداڵان، لە نوسینەکانیاندا، لایەنی كۆمیدی و جەڤەنگی فەرامـۆش نەکەن. چـونکە ئەو بابەتانەی کە خەنـدە دەخـنە سەر لێوەکانی منـداڵان و دایانهێننە پێکەن و قـاقـا، خۆشی و شادیش دەخەنە دڵە قنجەکانیانەوە، پشوش بە بیر و هـۆشیان دەدەن. دەبنە هـۆی نەهـێشتنی گـرژی دەرونی و جەستەیی و رەوانـدنەوەی خـەم و پەستی و دڵتەنگی و نائـارامی منـداڵان.
١٩ـ پێویستە نوسەرانی ئەدەبی منـداڵان، لە نوسینی ئەو بابەتـانە دوربکـەونەوە، کە ترس و تۆقین و دڵەڕاوکێ و گومان دەخەنە دڵی منداڵانەوە، یا بابەتی شەڕ و کوشتن و گـزی و دزی درۆ و فـێڵ و لەخشتەبردن و بێ ئومێدی و رەشبینی و.. هـتد. هەردەمیش گەشبینی و هـیوای سەرکـەوتن و باشتریـان پێببەخـشن.
٢٠ـ پێوستە نوسینەکانی بواری منداڵان، هۆنراوە و چیرۆک و شانۆ و ئۆپەرێت، کورت و بەچـێژبن، نەک، درێـژ و بێـزارکەربن، کەم و پوخـتبن، نەک زۆر و بـۆربن. سوک و ئاسانبن، نەگ گـران و ئاڵـۆزبن. لەگەڵ چـۆنێتـیدابـن، نەک چەنـدێتـیدابـن.
٢١ـ شەرم و نەنگی نییە، گەر نوسەرانی بواری منداڵان، بە تایبەتیش نوسەرانی تازە دەستپێکـردو. تێکستی نوسینەکانیان، پێشانی نوسەرانی ناسراو و بە ئەزمـونی بـواری ئەدەبی منداڵان بـدەن، کە شارەزای بـواری ئەدەبی منداڵانن. سود لە راو و تێبینی و لە پێشنیارەکانیان وەربگـرن. پـێش ئەوەی کە نـوسینەکانیان بڵاوبکـەنەوە.

رەزا شـوان
نەرویـج: ١١/ دێسەمبەر/٢٠٢٠

(*) نوسەرێکی کوردە، لە (١٩٤٦) لە کەرکوک لە باشوری کوردستان لەدایک بوە، لە ساڵی (١٩٦٥) وە دەنـوسێت، بە تایبەتیش لە بواری ئـەدەب و پەروەردەی منـداڵان. لە ساڵی (١٩٩٩) وە، لە شاری (بێـرگـن) لە وڵاتی نەرویج دەژی. مامۆسـتای خانەنشیـنە.
r.shwan@hotmail.com




منداڵان لە گەورەکان ژیرترن .. ن: تۆڵستۆی.. و: رەزا شـوان

لە روسیا وەرزی بـاران بـارین بـو. لە دێیـەکی روسـیادا، ئـاوی بـاران لە جـۆگـەیەکەوە سـەریکـرد و بەسـەر شەقـامەکـەدا دەڕۆیـی. بـاران لـێـیکـردەوە.
دو کچۆڵەی بچـوکی هـاوڕێی یەکـتری، لەناو ئاوی باراناوی شەقـامەکەدا یارییان دەکرد. کاتی گێڕانی ئاهەنگـێک بو کە لە دێیەکەدا دەکرا، دو کچۆڵە بچکوکەکە بۆ ئەم ئاهەنگە، کـراسی تازەیـان لەبەر کردبـون. (مالاشـا) بچـوکەکەیان بـو،(ئاکۆلـیا) لەو گەورەتر بو.
مالاشا پێیەکانی خستبونە ناو ئاوەکەوە. ئاوەکە کەمێک لێخن بو. یاری بە ئاوەکە دەکرد. کەمێک ئاو پرژانە سەر کراسەکەی ئاکۆلـیا. ئاکۆلیا خەریکی سڕینەوەی کراسەکەی بو. لـەم کاتـەدا دایـکی ئاکۆلـیا بـەم شەقـامـەدا هـات، سەیـری کـراسی کچـەکـەی کـرد.

دایـکی ئاکۆلـیا:”چـۆن کـراسە تـازەکـەت پیـس کـردوە ؟”

ئاکۆلـیا:”دایـکە، مالاشـا شەپـە شـەپی بە ئـاوەکە کـرد و ئاو پـرژایە سەر کراسەکەم”
دایـکی ئاکۆلـیا دو سێ چـەپـۆکی کێشا بـە پشـتی مالاشـادا. مالاشـا بەکـوڵ دەسـتی بـە گریـان کرد. دایـکی مالاشـا گـوێی لە گریـانی کچـەکەی بـو. یەکسەر لە مـاڵ دەرپـەڕی.
دایـکی مالاشـا:” کچـەکـەم بـۆ دەگـری؟”
مالاشـا:”دایـکی ئاکۆلـیا، بـە چـەپـۆک کـێشـای بـە پـشـتـم دا”
دایکی مالاشا بە توڕەییەوە، بەرەو دایکی ئاکۆلیا چـو. هەڵمەتی بۆ برد. تێک بەربون و دەستیان خستە قـژەکانی یەکـتری، بو بە هات و هاوار. گەلێ قسەی ناشیرین و سوکیان بە یەکـتری وت. لێکـنەبـونەوە.
هەندێ لە ژنانی خزمانی هەردولایان، بەدەم ئەم شەڕەوە هاتن و تێوەگلان. هەنـدێکیان لەسەر دایکی ئاکۆلیان دەکردەوە، هەندێکی کەشیان لەسەر دایکی مالاشایان دەکردەوە. شەڕ گەورە بۆوە. بون بە دو کۆمەڵەی شەڕکەرەوە، شەڕەکە گەورەتر و گەورەتر بۆە. پیـاوانیش هـاتـن و خـۆیـان تێهـەڵـقـورتـانـد. بـو بە شـەڕێکی گـەورە و لـێکـنابـونـەوە.
لەم کاتەدا داپیرەی ئاکۆلـیا، لە ماڵ هاتە دەرەوە بە پیاوان و بە ژنانی وت:” شەڕمەکەن کـاتی دەستـپـێکـردنی ئاهـەنـگەکـەیە، نابێـت خەڵـکی شـەڕبکـات”
کەسیان گوێیان لـێینەگرت و بە قسەیان نەکرد. لەم ساتەدا مالاشا و ئاکۆلیا شەڕەکەیان لەبیرکرد و دەستیان لە ملی یەکتری کرد، بونەوە بە هاوڕێ، لە شەڕکەران و لە شوێنی شەڕەکە دورکەوتنەوە. چـونە سەر جـۆگە ئاوەکە و بە بەلەمی کاغـەزی رەنگـاوڕەنگ، لەنـاو جـۆگـە ئاوەکـەدا، یـارییـان دەکـرد و قـاقـا پێـدەکـەنـین.
لەم ساتـەدا، داپیـرەی ئاکۆلیا، بە شەڕکەرانی وت:”شـەرم و شورەیی لە خۆتـان ناکەن، سەیـرکەن منداڵەکـان شەڕەکەیـان لەبیـر کرد. وا دیسان پێکەوە یـاری دەکـەن. دوبـارە بونـەوە بە هـاوڕێی یەکتری. بەڵام مەخـابین، ئێـوەی پیاوان و ژنـان، هـێشتا خـەریکی شـەڕکـردنـن وازتـان نەهـێـناوە”
پیاوەکان و ژنەکان کە سەیری هەردو كچۆڵە بچوکەکەیان کرد. کە پێکەوە یاری دەکەن و پێـدەکەنن، هـەستیان بە شەرمەزارییەکی زۆر کـرد و پەشـیمان بونەوە. بە هـێمنی و بە تەریقـیـیەوە گـەڕانـەوە بـۆ ماڵـەکـانیـان.
منـداڵان زۆر بـە ئاسـانی لـە یەکـتری دەبـورن و هـەمو شتـێک لەبـیر دەکـەن. چـونکە رق و بـوغـز و کـینە لـە دڵـە پـاک و قـنجـەکـانیـانـدا جـێگـایـان نـابـێـتەوە.
گـەورەکـان ئـەم وانـەیـە لـە کچـۆڵـە بچـوکـەکـانـەوە فـێربـون.

() ئەم چـیرۆکە لە نوسینی (لیـو تـۆڵستۆی) یە. لە زمـانی ئینگـلیزییەوە وەرمگـێـڕاوە بـۆ کـوردی. () (لیو تۆڵستۆی: ١٨٢٨ـ١٩١٠) رۆماننوس و چیرۆکنوسێکی بە ناوبانگی روسی و جیهـانییە. نوسـەرێکی ئاشتـیخـواز بـو. لـە شـاکـارە رۆمـانەکـانی “شـەڕ و ئـاشـتی” و “ئەنـا کارنیـنا” یە. گەلێ کورتە چـیرۆکـیشی نوسیوە، کە پشـکی منـداڵانیشـیان تێـدان.
() چـیرۆکی “منـداڵان لە گەورەکـان ژیـرترن” ئەو مەبەسـتە دەردەخـات، کـە زۆر جار منـداڵان لە گەورەکـان ژیـرتـرن. منـداڵان دڵپاکـتر و لێـبوردەتـرن. ئەگـەرچی چـیرۆکەکە زادەی خەیاڵی تۆڵستۆی یە، دەشێ لە بیـنینی روداوێکی راستییەوە، بیرۆکە و ئیلهـامی بۆ نوسینی ئـەم چـیرۆکەی وەرگـرتـوبێـت. () پێـم جـوان بو، کە ناوەکانی دو کچۆڵەکەی چیرۆکەکە ” مالاشـا ، ئاکۆلـیا”، نەگۆڕم و لە وەرگـێڕانەکەم بـۆ کوردی، هەمـان دو نـاو دابنـێن، کە لیـو تـۆڵسـتۆی داینـاون.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٠




ئەدەبی مناڵان/ دوو کەوی ژیر.. نووسینی: رەزا شـوان

دوو کەوبـاز، دوو کـەوی نـێرەی ئـازایان هـەبـوون. لەنـاو قەفـەزدا بەنـدیان کردبوون. رۆژێک هەردوو کەوبازەکە، گرەویان لەسەر ئەوە کرد، کە کەوەکەی کێیان لەوی تریان ئازاتـرە. رێکـکەوتن کـە کەوەکـانیان بەشـەڕبـدەن. بە هـەردووکیـان کـاسێکی گـەورەی زیـوینیان کڕی. کەوەکـەی کێیان شەڕەکـە بباتـەوە، کـاسە زیوینیـیەکە بـۆ خـاوەنی ئـەو کەوەیـان دەبێـت.
هـەردوو کەوبـازەکە کاتی بەشەڕدانی کەوەکانیان دیاریکـرد، شوێنیش باخچـەیەک بـوو. کـۆمەڵـێک کەسیشیان بـۆ بینـینی ئەم شـەڕە بانگکـردبـوون. هەمـوویان لـەو کاتـەدا لە باخچـەکەدا ئامـادەبـوون. کەوەکانیان لە قەفـەزەکانیان دەرهـێنان. شەڕەکە دەستیـپێکرد. کەوەکان بە دەنـووک و بە نینۆکەکانیان، پەڕێکی زۆریـان لە یەکـتری هەڵکێشا، سەر و دەموچاوی یەکتریان بریندار کرد. هەردووکیان تەواو ماندوو بوون، هـێزی شەڕکردنیان نەما. ئینجا وازیـان لە یەکتری هێنا. لەم شەڕەدا نە سەرکەوتوو و نە بەزیو، نە براوە و نە دۆڕاو هـەبـوون. بـەڵام هـەردوو کـەوەکە ئـازارێکی زۆریـان بـە یەکـتری گەیـانـد.
ئەم کۆتـاییە نە بە دڵی دوو کەوبـازەکە و نە بە دڵی بینەران بـوو. هـەردوو کەوەبـازەکە بـڕیـاریـان دا، کـە لـە هـەمـان کـاتـدا لـە یەکـەمین رۆژی مـانـگی داهـاتـوودا، هـەر لـەو باخچـەیـەدا، دووبـارە کەوەکـانیـان بەشـەڕبـدەن.
هەردوو کەوەکە، بێ ئەوەی بە یەکتری بزانـن، بیریان کردەوە، زۆر پەشیمان بوونەوە.

کەوی یەکـەم:”ئێمە لە پێناوی چیدا، بە هاندانی ئەم دوو کەوبازە، ئەم شەڕەمـان لەگەڵ یەکتریدا کرد و وامـان بەسەر یەکتریدا هـێناوە؟ گەوجـییەکی گەورەمـان کرد. گـریـم مـن بەسـەر کەوەکـەی بەرانبەرمـدا سەرکـەوتـم. ئایـە خاوەنـەکەم ئـازادم دەکـات؟ بێگـومان نەخـێر. چەندین شەڕی ترم پێـدەکات.. تیاش بچـم ئەو چی باکـێتی! بەڵـێنبـێت ئیتر شـەڕ لەگـەڵ هـیچ کـەوێـکـدا نـاکـەم”.

کەوی دووەم:” زۆر پەشیمانـم، لەو شەڕەی کە لەگەڵ ئـەو کەوە هـاوڕەگەزەمـدا کـردم. ئـەو یا مـن سەربکـەوتـمایە. لە زیـان زیـاتـر، چی سـوودێـکی بـۆ ئێـمە هـەیـە؟ ئـازادی و ژیانیان لێـداگـیرکردوویـن.. لە قەفـەزدا بەنـدیان کـردووین.. ئەمە کـەی ژیـانە؟! ئـەم هەڵـەیە دووبـارە نـاکەمەوە.. بیـرم لەوە کـردۆتەوە کە لەو کاتەدا پێکـەوە هەڵـفـڕیـن”
برینەکانی کەوەکان ساڕێـژبـوون، پەڕەکـانی باڵەکـانیشیان دڕێـژتـر بـوون. یـەکی مانگی تـازەیە. هـەردوو کەوبـازەکە و بیـنەرانـێکی زیـاتر لـە هەمـان کـات و لـەو باخچـەیـەدا، ئـامـادەبـوون. کەوەکـانیان بـەرەڵـڵاکـردن. بـە ئـارامییەوە چـوون بـە لای یەکـترییـەوە.
کـەوی دووەم بـە گـۆێی کـەوی یەکـەمـدا چـرپـانـدی و وتی:”براکـەم، دڵـنـیابـە کـە مـن شەڕت لەگەڵدا ناکەم.. بڕیارم داوە کە هەڵـفـڕم.. ئایە تۆش ئامادەی کە پێکەوە یەکسەر هـەڵـفـڕیـن؟”
کـەوی یەکـەم:” منیـش ئـەو بەڵـێـنەم داوە، کـە شـەڕت لەگـەڵـدا نەکـەم. بـەڵی ئامـادەی هـەڵـفـڕیـنم.. بـا رزگـارمـان بێـت”
هـەردوو کەوەکە، دەرفـەتیان لەدەست نـەدا و لەوە زیاتر درێـژەیـان بە قسەکـردن نـەدا. پێکەوە یەکسەر دایـان لە شەقـەی بـاڵ و هەڵـفـڕین.. تـا لەچاو ونبوون.. خۆیان گەیاندە سەر لووتـکەی چـیایەکی بەرزی کوردستان. لە قەفـەز و لە بەنـدی و لە شەڕ ڕزگاریان بـوو. هـەوای ئـازادییـان هـەڵـمـژی.. فـیری پـەنـد و وانـەیـەکی بـاشیش بـوون.

رەزا شـوان
نەرویـج :٢٠٢٠




پەیامی ڕون .. عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

پەیامی ڕون

جار جارێ ، وەک کۆتر
گمەم دێ
حەز دەکەم ، زوو بفڕم
دەستبەجێ
بۆ ئاسمان ، ھەوارگەی
مانگ و خۆر
ئەستێرەی ، پڕ ورشەی
جۆراوجۆر
وەک ھاوڕێ ، لەگەڵیان
تێر بدوێم
بە ڕونی ، پەیامی
خۆم بڵێم
دەڵێم من ، کەسێکی
چالاکم
ژیان و ، ژینگە دۆست
دڵپاکم
وەک ئێوە ، کۆڵنادەم
ڕۆژانە
ھەوڵی من ، بۆ سودی
ھەموانە
…..
٢٠٢٠/٧/٥




سلێمانی …عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

سلێمــــانی،سلێمـــانی
لێوانلێوی لــە ئـەوین و
ھەتا دڵ حەزبکات جوانی
بۆیە دەڵێم کــە ھەمیشە
تۆ شـــایانی گوڵبارانی
سلێمـــانی ، سلێمـــانی

پیت بە پیتی وشەکـــانت
لەگـــەڵ ڕۆحم ئاوێتەیە
سیمای سەرنج ڕاکێشی تۆ
تابلۆیـــەکی بێ وێنەیە
نەخشی سەر دڵی ھەمووانی
سلێمـــانی، سلێمـــانی

ھەموو لایەکی ئەم شـــارە
کوچەو کۆڵان و شەقـــامی
بـــــۆ ورد و درشتی ئێمە
بوون بە مەنزڵگەی ئارامی
سەرچـــاوەی ژین و ژیانی
سلێمـــانی،سلێمـــانی

لە ئامێزی پڕ لـــە سۆزی
تۆی ئازیزدا بــە دڵشادی
بە تەواوی ئاســـودەین و
سرود دەڵێین بـــۆ ئازادی
ئەی شاری پڕ میھر ەبانیی
سلێمـــانی،سلێمـــانی

مێژووت پڕە لەسەروەریی و
گشت شانازیت پێوە دەکەین
بەسەربەرزی ناوت دیارە
دڵخۆشین کە ناوت دەبەین
شارە شەنگەکەی بابانی
سلێمانی،سلێمانی

١٦/٦/٢٠٢٠




پیرۆزترین پیشە پەروەردەی منداڵانە.. رەزا شـوان

(جـۆن دێـوی) ده‌ڵێت:”منـداڵ ئەو خـۆرە گەشـەیە، کە هەمـوو دەزگـا پەروەردەییەکان بە دەوریـدا دەسووڕێنـەوە”
(رووبـارد کلـینک) دەڵـێت:”جـوانترین دیمـەن لـەژێـر ئاسمانـدا، دیمـەنی منـداڵـێکە کە پێـدەکـەنێ”
(تـۆڵستـۆی) دەڵێت:”منـداڵ لە هەموو سەردەمێکـدا، هـێمای بێتاوانی و پاکی و خـێر و راسـتی و جـوانیـیە”
(هـۆمیرۆس) یش دەڵێت:”تاوەرەکان جوانی شارەکانن.. کەشتییەکان جوانی دەریاکانن.. منـداڵانیـش جـوانی ماڵـەکـانن”

منداڵ بەردی بناغـە و یەکەمین خشتە، لە بنیادنانی هەر کۆمەڵگایەک کە داهاتـوویەکی گەشی هەبێت. منـداڵ تۆوێکە، گەر بە شێوەیـەکی دروست بـڕوێنرێ و تۆکـەرەکەی بە جـوانی خـزمەتی بکات و بیپارێـزێت. دەبێت بە دارێکی گەورە و بـەری باش دەگـرێت.
دەشێ ئامانجەکانی دایکان و باوکان لە پێگەیانـدنی منداڵەکـانیان جـیاوازبن. رەنگە هەر دایک و باوکێک شێواز و رێبازی خۆیان لە پەروەردەکـردنی منداڵەکـانیان هـەبێ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، هەمـوو دایک و باوکـێک حەزدەکەن، کە منداڵەکـانیان زیـرەکبن و لە چالاکییە جیاوازەکانی قوتابخانەکەیان بەشداری بکەن. گەورەببن و ببن بە کەسایەتی رێزلێگـیراوی ناو کۆمەڵ و زۆر بە دڵسۆزییەوە خـزمەتی گەل و نیشتمانەکەیان بکەن.
(ئه‌رستـۆ) دەڵـێت:” رەگـی پـەروەردە تـاڵـە.. بـەڵام بـەرەکـەی شـیـرینـە”
(ئه‌فـلاتـوون) یش دەڵێت:” هـونەرێکی تـر بـوونی نییە، کە لە پەروەردە پیـرۆزتر بێ”
(دانتـۆن) دەڵـێت:” لە دوای پـارووی ژیـان.. یەکەمـین پێـویستی گـەلان پەروەردەیـە”
کوردیش دەڵـێت” منـداڵ شـیـرینـە.. بـەڵام پـەروەردە شـیریـنـترە”
پەروەردەکـردنی منـداڵان بە پوخـتی و دروستی، قـورسترین ئـەرک و کـارە لـە هەمـوو جـیهـانـدا، لە هەمان کاتیشدا پیـرۆزترین ئەرک و کـار و خـزمەتە. بە رادەی گرنگـیدان بە پەروەردەی منداڵان، دەتوانین پێشبینی چارەنـووس و داهـاتووی هەر گەل و وڵاتێک بکەین. واتە ئەمـڕۆ و داهـاتووی هەر گەلێک بە چۆنییەتی پەروەردەی منداڵەکانیانەوە بەسـتراوە. ئەمەش راستیـیەکە و بـووە بە پێـوەر بۆ گـەلانی پێشکەوتوو و دواکەوتوو.
کـورد وتەنیش:” چـی بچـێنـین.. ئـەوە دروێنـە دەکـەین”.
پەروەردەکـردنی منـداڵان هـونەر و زانستیە، پێـویستی بە زانیـاری و هـۆشیاری و بە لـێهاتـوویی هـەیە. پێویستە پەروەردەکـاران، دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـان یا هەر پەروەردەکارێکی تر، شارەزایی لە قـۆناغـەکانی منـداڵی و هەراشـبوون و گەشەکـردنی جەستەیی و دەروونی و ژیری و جیاوازییەکانی نێوان منداڵان بن. پەروەردەی منـداڵان پێویستی بە ئارامی و هێمنی و خۆڕاگری و پشوودرێژی و دەمارخاوی و سنگ فراوانی هـەیە. چونکە پەروەردەی منداڵان، کار و پـرۆژەی چەنـد رۆژ و مانگ و ساڵێک نییە، بەڵکو لەدایکبوونەوە دەستپێدەکات تا پێگـەیشتن درێـژەی هـەیە. بەڵام لەگـەڵ ئەوەشدا پـەروەردەی منـداڵان کارێکی ئەسـتەم نییە. گەر بتـوانن کـۆدی بنـەمـا سەرەکییەکـان و پرەنسیپەکان و رەهەندەکانی سەرکەوتن و شارەزایی پەروەردەی منداڵان بەدەستبهێنن.

بەڵام بە داخەوە، کە تا ئەمـڕۆش بەشێکی زۆر لە دایکان و باوکانی ئەمڕۆمـان، بەپـێی میزاجی خۆیان لەگەڵ منداڵەکانیاندا رەفتار و هەڵسوکەوت دەکەن. هەروەکو چۆن پەنجا سـاڵ بەر لە ئەمـڕۆ دایکـان و باوکـانیان رەفـتاریان لەگـەڵـدا کـردوون. ئەوە نـازانن کە نە منداڵانی ئەمڕۆ و نە پەروەردەی نـوێ، وەکو منداڵان و پەروەردەی سەدەی رابردوو نین. زیرەکی و ئاست و خواست و ئارەزووەکانیشیان هەمان زیرەکی و ئاست و خواست و ئارەزوو نین. منداڵانی ئەمڕۆ زیرەکتر و هـۆشیارتر و زۆرزانتـرن لە منـداڵانی نەوەی پێشوویان. لە ئەمڕۆدا دایکان و باوکان پانتاییەکی زۆریان، لە توێـژینەوە و لێکۆڵینەوە و لە زانیارییە کۆمەڵایـەتییەکـاندا گرتـوونەتـەوە. چـونکە بە پلـەی یەکـەم گۆشکـردن و پەروەردەکـردنی منـداڵان لە ئەسـتۆی دایکـان و باوکـان دایـە.
(سیمۆنـز) دەڵـێت:”پەروەردەی منـداڵ، بیست ساڵ بەر لەدایکـبوونی دەست پێـدەکات.. ئەوەیش بە پـەروەردەکـردنی دایـک و بـاوک “مەبەسـتی سیمـۆنـز، پەروەردەکـردن و شارەزاییـە لە پەروەردەکـردنی منـداڵ، بـەر لـەوەی کە هـاوسەرگـیری بکەن و ببـن بە دایک و باوک. پێویستە دایکان و باوکان بە منـداڵی بە دروستی پەروەردە کـرابـن.. تا بەڵـەدبن و بزانـن کە چـۆن بە دروسـتی منـداڵـەکـانیان پـەروەردە و ئاراستە دەکـەن.
ئەمانەی خوارەوە، هەنـدێ لە بنەما سەرەکییەکانی پەروەردەی دروست و ئاراسەکردنی راستی منـداڵانـن، کە دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـان دەتوانن سوودیان لێوەربگـرن:
١ـ پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکان، ببن بە پێشەنگ و نموونە و سەرمەشق:
چونکە منـداڵان چاولێکەر و لاساییکەرەوەن. چاو لە رەفـتار و لە خووی ئەوان دەکەن.
(ویـن دایـەر) دەڵـێت:” منـداڵەکانت دەڕواننە ئەو کارانەی لە ژیانتـدا دەیانکەیت.. نەک ئـەو قـسانەی کە دەیـانکەیـت”
(یوسف جۆبێرت) دەڵـێت:”منـداڵان زۆر پێویستییان بە چـاولێکردنی کەسانی نموونەیی هـەیە.. نەک بە رەخـنەگـرتـن”
کوردیـش دەڵـێت:” گـەورە ئـاو دەڕێـژێ و.. بچـووک پـێی تێـدەخـا” واتـە پێـویسـتە، گەورەکان بە تایبەتیش دایک و باوک، ببن بە پێشەنگ و سەرمەشق بۆ منداڵەکانیان.
بۆ نموونە ئەم خەسڵەتە جوانـانەتان پێـشان بـدەن، تا منداڵەکـانتان لێـتانەوە فـێرببن و چـاوتـان لێبکەن، وەکـو: خۆشـەویستی، کوردسـتان پـەروەری، رێـزگـرتـن، تەبـایی، دڵسۆزی، سۆزداری، نەرم و نیانی، لێبووردەیی، راستگۆیی، هاوکاری، چاکەخوازی، سنگـفـراوانی، خـوێنـدنەوە و پەرتـووکـدۆستی، پیـاوەتی، ژینگەپـارێـزی،…هتد.
٢ـ زیادەڕۆیی لە خۆشەویستی و نازپێدان منداڵان لە رێ دەردەکەن و دەبن بە نێرگزی:
سۆز و خۆشەویستی و نـازپێـدان، زۆر پێویستن بۆ منداڵان. بەڵام گەر خۆشەویستی و نـازپێـدان لە رادەبـەدەربـن. زیـان بە منداڵەکـانتان دەگەیـەنن، کە لای ئێـوە نـەبێ، لای کەسانی تـر، هـەست بـەو رادە سـۆز و خۆشـەویستی و نـازە ناکەن. بەرگـەی رەخـنە ناگـرن. لەوانـەشە کە ببـن بە کەسایـەتی نێـرگـزی. کەواتە مامناوەنـدبن لـەم رووەوە.
٣ـ ریـز لە منـداڵەکانتـان بگرن و بە هـەنـدیان بزانـن: منـداڵان هـەست بە گەشەکردنی خۆیان دەکەن. لە دیـدی ئێوەی دایک و باوکدا، شکۆ و کەسایەتی خۆیان بەدی دەکەن.
لە شـێوازی دەنگ و لە روانیـن و لە زمـانی جەسـتە و لە هەمـوو دەربـڕینێکی ئێوەی دایـک و بـاوک تێـدەگەن. گەر ئەرێنـیبن کاریـان تێـدەکەن و پـێزانینیان بۆتـان دەبێت.
٤ـ ستایش و هـەڵنان و هاندان و پاداشتکـردنی منداڵەکانتان: لە ئەنجامی هەر کارێکی ئەرێنیدا کە دەیکەن گەر کارێکی ساکار و بچووکیش بێت، لای ئەوان کارێکی گەورەیە.
ئافـەرین و دەستخۆشیان لـێبکەن، جاروبار بە دیارییەک پاداشتیان بکەن. یا بە وشە و رسـتەی هـانـدەری وەکو: باشـە، زۆر باشـە، نایـابە، جـوانە، زۆر جـوانە. هـەر بـژین، هـیوادارم کە داهـاتـوویەکی گـەش و باڵاتـان ببێت. ببن بە زانـای گەورەی گەلـەکەمان. یا بە زەردەخـەنەیـەکی نـاسک، یا بە چەپـڵەلـێدانـێک، یا بـاوەش لێـدانـێـك، …هـتد.
منداڵەکانتان هەستی شانازی و رێـز و پێـزانینی کارەکانیان لایـان دروست دەبـن. دەبنە هـانـدان بـۆ گەشەکـردن و داهـێنان و درێـژەدان، بە هـرە و بە توانـا و ئارەزووەکـانیان.
پەیوەندی و خۆشەویسی و رێزیش لە نێوان ئێوە منداڵەکانتان شیرینتر و بەهێزتر دەبن.
بە پێچەوانەش گەر پێزانیتان بۆ کارەکانیان نەبێ و بە هەند وەریان نەگرن. منداڵەکەتان ئەو هەستە لایان دروسـت دەبێـت، کە پێـگە و سـەنگ و و رێـزیـان لاتـان نیـیە.
٥ـ هەرگیز منـداڵەکەتان لەگـەڵ منـداڵێکی لە خـۆی زیرەکـتر و باڵاتـر بەراورد مەکەن. ئەمە هـەڵەیەکی گەورەیـە، ئیـرەیی و رق لێـبوونـەوە و ناحـەزی لێـدەکەوێتـەوە.
٦ـ بە قسەی سووک و ناشیرین و نەشیاو و توانج هەستی منداڵەکانتان بریندار مەکەن:
دەڵێن:”زامی خەنجـەر ساڕێژ دەبێت. بەڵام زامی قسەی ناخۆش هەرگیز ساڕێژ نابێت” قـسەی ناخـۆش، ئازار بە هەست و دەروونی منداڵەکـانتان دەگەیەنێت، زیـاتر لە ئازاری جەستەیی. هەرگیزیش ناو و ناتۆرەی ناشیرین لێیان مەنێن. گەر هەڵەیەکیشیان کرد، کە بە ئەنقةەست نەبـوو، لـێیان تـووڕە مەبـن. تـا وا هـەست بکەن هـەر خۆشـیان دەوێـن.
٧ـ لێدان و هەڕەشە و دڵڕەقی و تووڕەیی و توندوتیژی و مۆڕەلێکردن و سەرکوتکردن و دەمکوتکردن و چـاو زەقکردنەوە و قـژ و گۆێ ڕاکێشان و تـفـلێکرن و چەمۆڵەلێنان، هەمـوو ئەمـانە دەچـنە بـواری تونـدوتیـژییەوە. کە پـەروەردەی نـوێ رەتیان دەکـاتەوە. هەموو ئەو کارە نەرێنیـیانە، زیانی جەستەیی و دەروونی بە منـداڵەکـانتـان دەگەیەنـن، لە ماڵـدابن یا لە قـوتـابخـانـەدابن. بـۆیـە پێـویسـتە منداڵـەکـانتان سەرکـوێـر نەکـەن. لە هەموو هەڵەیەکیشدا، سەرزەنشت و لۆمەیان مەکەن و تەریقیان مەکەنەوە و رەخنەیان لێ مەگـرن و سزایـان مـەدەن و قـسەی ناشیرینیان پێ مەڵـێن و مەیـان شکـێننەوە، بە تایبەتیش لە بـەردەم هـاوڕێکـانیـان دا.
ئەو منـداڵانەی کە رووبـەڕووی لێـدان و تونـدوتیـژی و کەم سـۆزی نا خۆشـەویستی و دڵـڕەقی بوونەتـەوە، باجـی ئەم پەروەردە سەقـەتە دەدەنـەوە.. کارتێکردێکی خراپیان تێکردوون، بوونەتە شەڕانگـێز و مووبـەکار و کەڵەگا و چەقاوەسوو و لەڕیـدەچـوو. گەر دەتانەوێ منداڵەکانتان تووشی ئەم بەد ڕەفـتارییانە نەبـن. لیان مـەدەن. دەتـوانن ئەڵتەرنـاتیـڤـێکی ئەرێنی بـۆ سـزادان و راستکردنـەوەی هـەڵـەکـانیان بـدۆزنـەوە.
٨ـ یاسا و سنووردان و کۆنترۆڵکردنی منداڵەکانتان پێویستن. چونکە بێسەرە و بەرەیی زیـان بەسەرجەم ئەنـدامانی خـێزان دەگـەیەنێت. شـیرازەی خـێزانی تێکـدەچێت. لە هەر ماڵـێکـدا یاسـا و رێـسـا و رێـز و خـۆشـەویستـیی دوولایـی و تـەبـایی هـەبـن. شـادی و کامەرانی و بەخـتەوەری لەو ماڵە دایە. مەبەستیش لە کـۆنترۆڵکردن و سـنوور دانـان، سەرکوتکردنی ئازادی نییە، مەبەست ئەوەیـە کە منـداڵان رەفـتار و رەوشتی ئەرێنی و گـونجـاو و دروسـت هـەڵـبژێـرن و فـێری رێـزگـرتـن لـە یاسـا و بەهـاکـان ببـن. تـا کە گـەورەش بـوون رێـز لە دەسـتوور و یاسا بگرن و بەرپرسیارێتی هەڵبگـرن. پێویستە دایک و باوک هاوڕا و هاوهەڵـوێست و هاوشێوازبن لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان. چونکە دوو شێوازی جـیاوازی پەروەردەی منـداڵ زیانی هـەیە، بۆ نموونە: یەکێکیان نەرمـڕەو و ئـەوی تریـان تـونـدڕەو، پەروەردەیـەکی سەقـەتیـان لێـدێتـە ئـاراوە.
٩ـ کاتێک بۆ بەسەربـردن لەگـەڵ منداڵـەکانتانـدا دیاری بکەن: راستە بەشێکی زۆر لە ئێوەی باوکان و دایکان سەرقـاڵی کارکـردنـن. بەڵام نابێـت ئەمـە بکەن بە بیانوو و بە پاسـاو بۆ فەرامـۆشکـردنی منداڵەکـانتان. هەر ئەوە پێویست و بەس نیـیە کە تەنیـا بە سـۆزداری لەگـەڵ منـداڵەکـانتان دابن، بەڵکو بە جەسـتەییش لەگەڵیـانـدابن. پێـویستە لایـەنی کەمەوە هەفـتەی رۆژێـک یا ئێـوارەیەک، بە گـردی لە شوێنێکـدا پێکـەوە نـان بخـۆن، یا پێکـەوە بـۆ پیاسەکـردنێـک، بـۆ سـەردانێـک، بـۆ پێشانگایـەک، بـۆ بینـینی فـیلمێک، بۆ سەیـرکـردنی شانـۆیەک، بۆ سەیـرانێک،…هـتد. پێـویستە لەم بـارەیـەوە منداڵـەکـانیشتان بەشێکـبن لە هـەڵـبژاردن و بـڕیـاردان و لە پلانـدان و بەرنامەدانـان.
(جاكسۆن بـراون) دەڵـێت:” کاتی گـەڕان و یـاری لەگـەڵ منداڵەکـانتـدا دوامـەخە.. ئەو کـاتانە چـۆن بۆ تـۆ گـرنگـن، ئەوهـاش بـۆ ئەوانیـش گـرنگـن”
١٠ـ زۆر دایکان و باوکان ئەرکەکانی ماڵەوە، خۆیان بۆ منداڵەکانیان جێبەجێیان دەکەن.
ئەمە هەڵەیە. مەبەستی مامۆستاکان لەم ئەرکانەدا، ئەوەیە تا بزانن قوتابییەکانیان فێری بابەتەکان بوونە یا نا. لێیان تێبگەن و یارمەتیان بدەن. خاڵی ئەرێنی و نەرێنیان بزانن.
١١ـ جەخـتکـردن لەسەر ئـەوەی کە منـداڵەکـانتان بە بـاشی لە قـوتابخـانەدا فێردەبن: فێربوون بەشێکی گـرنگە لە پەروەردەی منداڵان، بەڵکو پەروەردە و فێرکردن دوانەن و تەواکەری یەکـترین. تەنـانەت وەزارەتی فـێرکردن ناوەکەشیـان گـۆڕی بە وەزارەتی پـەروەردە. فـێربـوونێکی بـاش نـەک تەنیـا لە پێـناوی فـێربـوونێکی ئاکـادیمی، بەڵکو فـێربـوونیش لە چـۆنییەتی رەفـاتـرکردنیان لەگـەڵ کەسوکـار و کەسانی تـر و ژینگەی دەور و بەریانـدا. پـەروەردەی بـاش ئەوە دەردەخـات کە چـۆن منـداڵان بە شـێوەیەکی دروسـت رەفـتار لەگـەڵ مامۆستاکـانیـانـدا دەکەن و رێـزیـان لێـدەگـرن. بـە دڵـنیایی و پەرۆشیشەوە دەچـن بۆ قـوتابخـانە و بە باشیش ئەرکەکـانیان جـێبەجێ دەکـەن.
١٢ـ ئـازادی بۆ منـداڵان و گەورەکان پێویستە و هـیچ جێگـرەوەیەکی تری نییە: ئـازادی بە رادەی ئاو و نان و ژیان پێویستە. مرۆڤ بەبێ ئـازادی ژیانی ناتەواوە. پێویستە هەر لە منداڵییەوە، منداڵان ئـازادبن لە گوزارشتکـردن لە راو و هـزر و لە ناخی دەروونیان. ئەگەرچی لە هیچ شوێنێکی جیهانـدا ئازادییەکی رەهـا نییە و سـنووردارە. مرۆڤ تا ئەو سنوورە ئـازادە، کە سـنووری ئـازادی کەسانی تر نـەبـەزێنێـت. ئـازادی بـڕوا و متـمانە بەخـۆبـوون بە منـداڵان دەبەخـشـێت. هـۆکـارێکی سەرەکی داهـێنان و پێـشکەوتنـە.
١٣ـ پەروەردەیەکی باشی منـداڵان، لە زۆر شت دەیـانپارێزێت:(ستاینبـێرگ) مامۆستای دەروونناسی جـیاواز لە زانکۆی (تمـبل) لە ڤـیلادلـڤیا لە ئەمریکا، دەڵێیت:”پەروەردەی بـاش، منـداڵان لە تـووشـبوون بە دڵـەڕاوکێ و خەمـۆکی و ئارەزوونەبوونی خواردن و دژە ڕەفـتار بە کۆمـەڵ و ئاڵـوودەبـوون بە مـەی و بە مـاددە سڕکەرەکـان دەپـارێـزێ”
١٤ـ بە داخەوە تا ئەمڕۆش کۆمەڵێک لە دایکان و باوکانی کۆنەپەرست و پیـاوسالاری و عەشایری بە ئەقـڵەتێکی کلاسێکی دواکەوتووەوە.. جیاوازی دەکەن و وەکو یەک لە کچ و کوڕ ناڕوانن. کوڕانیان لا لەپێشترە لە کچان. پاوەنی ئازادی کچەکـانیان کردوون.
١٥ـ بە جـوانی گـوێ لە راز و نیـازی منداڵەکـانتان بگـرن و قـسەیان پێ مەبـڕن. با بە ئەوپـەڕی ئـازادی و بەبێ تـرس ئـەوەی دیانـەوێت دەری ببـڕن و گوزارشـتی لـێبکەن.
دایکان و باوکان و مامۆستا دڵسۆزەکان. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پانزە خاڵەی سەرەوە و چەنـدین خاڵی تریش، ئـەوە دەزانن، کە چ ئەرکێکی پیرۆز و هەستیار و چارەنووساز و داهاتوویەکی گەشتر لە ئەستۆی ئێوە دایە، لە سایە و میانەی پەروەردەیەکی دروست و ئاراستەکردنێکی راستی جگەرگۆشەکانـتان، کە هـیوای داهاتـووی کورد و کوردسـتانن.
(هـێنری وارد بیتشەر) دەڵـێت:” ئێـمە هەرگیز لە واتای خۆشەویسی دایکـان و باوکـان بۆ منـداڵەکـانیان نـازانیـن.. تـا نەبـین بـە دایـک و بـاوک”.

رەزا شوان
نەرویـج:١١/ نۆڤەمـبەر/٢٠٢٠




شیعر/ منداڵێکی خاوەن پێداویستی…عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ھەرچەندە من خـاوەنی
پێداویستی تـایبەتم
بەڵام منیش وەک ئێوە
چــــالاک و بلیمەتم

خاوەنی بەھرە و توانام
وەک منداڵی ئاســـایی
ئاســـودە و بەختەوەرم
دەژیم بــــە دڵنیایی

وەک ئێوە ھــــەوڵدەدەم
وەک ئێوەش کۆشش دەکەم
ناخم پڕ لــــــە ھیوایە
تا بــە جوانی پێی بگەم
….
تــــا وەک منداڵانی تر
دەرکەوێ توانا و بەھرەم
پێداویستی تـــایبەتیم
زوو زوو بخـــەنە بەردەم

ئەوســـــا دەزانن منیش
بۆ بەرزی گەل و خـــاکم
چۆن لـــە ئاستی خۆمەوە
مرۆڤێکی چـــــــالاکم
٢٠٠٨/٤/١٥




نیکـۆل بار کچۆڵـەیەکی بلیمەتی جیهـانە .. رەزا شـوان

نیکۆل جێمس بار کچۆڵەیەکی ته‌مه‌ن (١٢) ساڵانی جوان و رووخۆش و خوێن شیرینە. لەدایکبووی ئینگـلتەرایە. لە خێزانێکی قەرەجی کۆچەرییە. باوکیشی هەر لە ئینگـلتەرا لەدایکـبووە. بە ڕەسنیش هـیندین و زۆر لە مێـژەوە بنەماڵەکـەیان هـاتوونەتە بریتـانیا.
نیکـۆل بـار لەگەڵ دایک و باوکی خوشکە بچووکەکەیـدا، لە کەرەڤانەیەکدا، لە کەمپێکی قەرەجەکـان لە (هـارلـۆ) لە (ئیسیکـس) لە بـریتانیـا دەژیـن، کە بەشێکە لە کۆمەڵـگـای قـەرەج و کۆچەرییەکـان. خێزانەکەی نیکۆل لەناو بـرتانیادا بۆ گەلێ شوێن کۆچ دەکەن.
نیکۆلـیش لەگەڵ ئەم ژیانە سەختە و هاتوچۆیە زۆرەدا راهـاتـووە و ئاساییە بەلایـەوە.
نیکۆل بار، وەک هەر منداڵێکی قەرەجەکان، درەنگ چووە قوتابخانە. لە چاو هاوڕێیانی هاوپۆلییەوە زۆر درێژ بوو. بەڵام لە هەموو قوتابییەکانی پۆلەکەی زیرەکتر و زۆرزانتر بـوو. هەر لە یەکـەمین رۆژی قـوتابخـانەیـدا، مامۆستاکـان بۆیـان دەرکەوت، کە نیکـۆل قوتابییەکی زیرەک و چالاکە. زۆر بە پەرۆش و چالاکانە، ئەرک و کارەکانی بە جوانی و بە خێرایی ئەنجام دەدان، گەرچی زۆر لە قوتابخـانە دوادەکەوت و ئامادە نەدەبوو، بەڵام زیرەک بوو. پێش ئەوەی کە تەمەنی بگات بە (١٠) ساڵان لە ئەنجامدانی راهـێنانەکانی (جەبـر) دا زۆر زیرەک و خێرا ئەنجامدەر بوو. جێی سەرسووڕمانی مامۆستاکانی بوو.

نکیۆل بار، هەردەم گەشبین بوو، متمانەیەکی زۆری بەخۆی هەبوو، زۆر سەرسەخـتانە هەوڵی دەدا و سووربوو لەسەر ئەوەی، کە خۆی بسەلمێنێ و تواناکانی خۆی دەربخـات و سەرنجی مامۆستاکـان و هـاوڕێکانی بەلای خـۆیـدا رابکـێشێت. کێ بـڕوای دەکـرد کە کچۆڵە قەرەجێکی هەژار، کە لە کەمپـدا بژی، هەڵـدەکەوێت و دەبێت بە یەکێک لە هەرە بلیمەتەکـانی جیهـان و تێکڕای پلەی زیـرەکی لە ئەنشـتاین و لە هـۆکینگ باڵاتر دەبێت.
نیکۆل باری تەمەن (١٢) ساڵان، لە پۆلی حەوتەم لە ئاکادیمیای (بیرنت میـل) وەرگيرا، ئەمەش هـیوای دایکی بوو کە لەم قوتابخانەدا وەربگیرێت، ئەم قوتابخـانەیە بە تەواوی ژیانی نیکۆلی گـۆڕی. بەڕێوەبەر و مامۆستاکان بە ئەوپەری رێـزەوە پێشوازیان لێکرد.
سەرۆکی ئاکادیمیای (بیرت میل) خاتوو (هێلینا میلز) دەڵێت:”نیکۆل قوتابییەکی زیرەکی بـاڵایە، هەر لە یەکەمین ساڵی خوێندنـدا، لە زۆربەی چالاکییە جیاوازییەکانـدا بەشـداری دەکرد. بە گـوڕ و تینێکی ئەوتۆوە، لەو بڕوایەدا نەبـووین وابێت. بۆ نموونە بەشـداری لە خێوەتگای دیدەوانی و بەشداری لە پێشبڕکێی نووسینی قورسی بیرکاری و هەر کار و چالاکییەی تری قورسدا دەکـرد” کاتێک کە مامۆستاکـان بەهـرە و لێهاتـوویی نیکۆل باریان لە چارەسەری کێشەکان زانی، هەموویان یارمەتیان دا و هـانیان دا بۆ ئەوی کە زیاتـر هـەست و بەهـرە و تـوانـاکـانی خـۆی دەربخـات.
نیکۆل بار، بە بڕوابەخۆبوونەوە بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی (مینسا) کرد، بۆ زانینی تێکـڕای پلەی زیـرەکی. وەڵامی هەموو پرسیارە قورسەکانی دانەوە. توانی (١٦٢) پلە بە دەستبهـێنێت کە لە پلەی بلیمەتـیش زیاتـرە. ئەمـەش گەورەتـرین ئەنجـامە، بە (٢) پلـەش بەسـەر هـەردوو زانـای فـیزیـاوی (ئەلـبێرت ئەنشـتاین) و پـرۆفـیسۆر (ستـیڤـن هـۆکینگ) دا باڵاتـر بێت. تێکـڕای پلەی بلیـمەتی ئەنشـتاین و هـۆلینگ (١٦٠) پلـەیە.
بەم ئەنجامە نیکـۆل بـار بوو بە یەکێک لە هەرە بلیمەتەکـانی جیهـان. بوو بە ئەنـدامی (مینـسا) و چـووە ریـژی لە (١%)، کە رێـژەی زیـرەکەکانی هەمـوو جیهـانە. ناوەنـدی تێکـڕای زیرەکی (١٠٠) پلەیە. هەر کەسێک تێکـڕای پلەی زیـرەکی لە سەرووی پلەی (١٤٠) پلـەوە بێت. دەچـێـتە ئاسـتی بلـیمەتی. مینـسا تا ئێـستا (١١٠) هـەزار ئەنـدامی زیرەکیان لە هەموو جیهاندا هەیە. کە (٢٠) هـەزاریان لە بـریتانیا دایە. لە (٣٥%)ی ئەندامەکانی مینسا مێینەن. تەنیا لە (٨%) ی ئەندامەکانی تەمەنیان لەژێر (١٦) ساڵان دایـە. بەڵام نیکـۆڵی تەمەن (١٢) وایکـردووە، کە لـەو یاسـایە بەدەربێـت.
(ئـان کلاکـسۆن) وتەبێـژ بە ناوی (مینسا)ەوە، وتی:”تەنیا منـداڵان دەتوانن پلەی زیاتر لە (١٦١) پلە بەدەستبهێنن” چونکە ئەم پلەیە ئەوپەڕی پلەی بلیمەتی کەسێکی کامڵە.
(مینـسا) ئەوەشـیان وت:”منـداڵە بلـیمەتـە ئـەکـادیمـیەکـان، لـە رووی تـەمـەنیـانـەوە پێگەیشـتوون. شارەزاییـەکی باشـیان لە بابەتێکی دیـاری کـراودا هـەیە. بیرتیـژییـەکی ئەوتۆیـان هـەیە، کە رەنگە جـێی بـڕوا نەبـن. ئەو منـداڵانە حەزیش دەکـەن کە لەگـەڵ گەورەکانـدا گـفـتۆگـۆ بکـەن و کـات بەسەربـەرن”.
نیکـۆل بـار، لە لێدوانێکـیدا بۆ رۆژنـامەی (ویسـترن دێـلی) وتی:”کـاتێ کە زانـیم ئـەم پلەیـەم بەدەستهـێـناوە، سەرسـام بـووم، ئەنجـامـێکی چـاوەڕوان نـەکـراوبـوو”
نیکۆل بار، بۆ رۆژنامەی (دێـلی میـل) دوا و وتی:”لە قوتابخانەی سەرەتاییدا، بە رێکی دەوامـم نەدەکرد. هەر لە یەکەمین رۆژەوە، دایـکم هـەوڵی ئەوەی دەدا، کە بمگەیەنێـتە ئەکـادیمـیای (بـیرنـت میـل) ئـەم قـوتـابخـانەیە ژیـانی گـوڕیـم”.
نیکـۆل بـار وتیـشی:” لـە بیـرمە کە لە قـوتـابخـانەی سەرەتـاییـدا بـووم، بەشـداریـم لـە شانـۆیەکـدا کـرد، رۆڵـی فـریشـتەیـەکم دەنـوانـد، کچـێکی تر، رۆڵـی فـریشـتەیـەکی تری پێ درابـوو، لە کـاتی نمـایـشـدا ئـەو نەهـاتبـوو. رۆڵـەکـەی ئەویـش هـەر مـن نـوانـد”
نیکۆل بار، ئـارەزووی خوێنـدنەوە و گۆرانی و شانـۆیە، هـۆگری شانۆکانی شکـسپیرە. چـێژێکی زۆریـش لە یـاری تـۆپی پـێ وەردەگـرێ. خەونیش بەوەوە دەبینێ، کە بچـێتە زانکـۆی ئـۆکسفـۆرد و کۆلـێژی پـزیشکی تەواو بکات و ببـێت بە پـزیشکی منـداڵان و خۆبـەخـشانە چـارەسەری ئـازارەکـانی هـەژاران بکـات.
کە لە نیکـۆل بـار بـڕوانیـت، کچـۆڵـەیەکی ئاسـایی و خـاکی و سـادە و رووخـۆشە، زۆر حـەزی لە قـسەی خـۆش و سوعـبەت و پێـکەنیـنە.
نیکۆل لەسەر داوا و خەرجـیی پەرلەمانی ئەوروپا، بۆ کۆنگرەی رۆمـا بۆ لاوان بانکرا و بەشداری کرد و بە گەرمی پێشوازییان لـێکرد. لەو کۆنگرەیەدا قسەی بـۆ لاوان کرد.
نیکۆل بار، دوای بەدەستهـێنانی ئەو پلە باڵایە لە زیرەکی و بلیمەتیدا، بوو بە مانشـێتی گەلێ لە رۆژنـامە و گۆڤـار و میدیـا و راگەیانـدنەکانی بـریتانیا. بووش بە وێـردی سـەر زمـانی کۆمەڵگـەی قـەرەج و کۆچـەرییـەکـان و بە مایـەی شـانـازی بـۆیـان.
لە راستیشدا، تا ئەمڕۆش گەلێ لە خەڵکی رەگەزپەرست و خۆ بە باڵازانتر و جیاواز، لە ئەوروپا و لە هەموو کێشوەرەکـانی تریش، بە چاوێکی کەمتر لە قەرەجەکـان دەڕوانـن، بە شێوازێکی ناشیرین رەفـتاریان لەگەڵـدا دەکەن و سووکایەتیان پێدەکەن. بە نـاڕەواش گەلێ قسەی نەرێنی دوور لە راستی دەدەنە پاڵیان. تەنانەت لە هەنـدێ لە قوتابخانەکاندا جیاوازی لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن و بە ئاشکرا پەراوێـزیان دەکـەن. ئەم رەفـتارانـەش پەڵەیەکی قـێزەوەن و ناشـیرینن بە نێوچـەوانی رەگەزپەرستان و نـازییەکـانی ئەمـڕۆە.
زۆر لە قەرەجەکان و کۆچەرییەکان، بە هەژاری و کوێرەوەری ژیان بەسەر دەبەن. بە کەمیـش دەرفـەتی چـوونە قـوتابخـانە بـۆ منـداڵەکـانیـان دەڕەخـسێ. لەبـەر جیـاوازی و مـووبەکـردن، بەشـێک لە منـداڵە قـوتابییەکـانیان وازیـان لە خـوێنـدن هـێناون و کـاری قـورس دەکەن، یا کەوتوونەتە سەر شەقـامەکان و خەریکی درۆزەکردنن. بۆیە سەختە کە منـداڵانی قەرەجـەکـان بتـوانـن خـۆڕاگـربـن و درێـژە بە خـۆێنـدن بـدەن.
با بـزانین دایک و باوکی نیکۆل لە بارەی ژیان و زیرەکی کچـۆڵەکەیانەوە چی دەڵـێن.
دایكی نیكۆل، خاتوو (دۆللی بوکلانـد)ی تەمەن (٣٤) ساڵ، یاریـدەدەری سەرپەرشتیاری هـوتێـلە و بە شەوانیـش خەریکی جـوانکاری ئارایشـتی ژنـانە. تا قـۆنـاغی سەرەتـایی خوینـدووە. دەرباری نیکۆلی کچی دەڵێ:”کچێکی منـداڵی کۆششکەری زیـرەکە، زۆر بە پەرۆشەوە کاردەکا، لە دوای قوتابخانە لە یانەی قوتابخانەکەیدا دەمێنێتەوە، ئەرکەکانی ماڵەوەی جێـبەجێ دەکا. هـیچ رۆژێکیش بە فـێڕۆ لە دەست نادا” خاتوو دۆللی وتیشی:
” لە منداڵـییەوە بـژاری هەڵەکانی ئەو پەرتووک و گۆڤارانەی دەکرد. کە دەیخوێندنەوە. کچـێکی رووخـۆشە و حەزی لە خۆشییە. هەمیشە داوای ئەرکی ماڵەوەی زیـاتر دەکا”
دۆللی بوکلاند وتیشی:”لە قـوتابخانەدا، رووبەڕووی جـیاوازی رەگەزی بوومەوە. زۆر لە هاوڕێ کچەکانم لە تەمەنی (١٢) ساڵاندا، بە هۆی جیاوازی و دڕندەییەوە وازیان لە قوتابخانە هـێنا. بە داخەوە کە نیکـۆلیش لە قـوتابخـانەی سەرەتاییـدا، بە هەمان دۆخـدا تێـپەڕی و دەردی مووبەکـردن و جـیاوازی چـێشت، لـە پـۆلـدا پەراوێـز کـرابـوو.. هـیچ هـاوڕێیەکی لە پـۆلـدا نەبـوو”
دایکی وتیشی:”ئەوپەڕی شانازی بە نیکۆلی کچمەوە دەکەم.. سوورە لەسەر ئەوەی کە قوتابخـانە تـەواو بکـات و لە زانکـۆدا وەربگـیرێت و کۆلـێژی پـزیشکی تـەواو بکـات و ببـێت بە پـزیـشکی منـداڵان”
باوکی نیکۆل، نـاوی (جـێمـس) ە و نازناویان (بـار)ە، تەمەنی (٣٦) ساڵە، تـا قـۆنـاغی سه‌ره‌تـایی خوێنـدووە. لە تەمـەنی (١٢) ساڵیـیەوە، کرێکـاری پـاکـردنەوەی ئـاوەڕۆگە (زێـراب) و رێـڕەوەکانە. هەستی بە تەگەژەیی دەکـرد کە نیکۆلی کچۆڵەکەی بۆ ماوەی پێـنج سـاڵ لە تـاقـیکـردنـەوەدا بـوو.
جـێمس وتی:”چـیرۆکەکە ئەوەبوو، کە باس لە کۆمەڵێک قەرەج دەکرا، بە تایبەتیش لە بەشداریکـردنی نیکـۆل لە تاقـیکردنەوەکانی (میـنسا) دا. بەلای ئێمەوە مایـەی خۆشی و شادییە، کە بچینە تاقیکردنەوەوە بۆ بەدەستهێنانی شتێک کە سوودمەن بێت بۆ گۆڕیـن. ئەمەش ئەوە دەردەخـا، کە هـیچ جیـاوازییەک لەوەدا نییە کە لە کوێ لەدایک بـوویتە و پێـگەیشـتوویت. دەشـێ هـەرکەسێک لە خـوێنـدنـدا هـەڵکـەوتـووبێـت”
جێمس بـار وتیشی:” نیکـۆل پرسیاری زۆری لێدەکـردم و پرسیارەکـانی تەواو نابـوون. زۆر جـاریـش دەیبـەزانـدم”
جـێمس بار وتی:”هەردەم حـەزی لە ژمـارە و مەتـەڵ بوو، لە بیرکاریـدا زۆر زیـرەکە. لە تـەمەنی دوو ساڵیدا، زۆر بە ئاسانی و خێرا کاری بیرکاری ئەنجام دەدا. بە ئاسانیش مامەڵەی لەگەڵ هەرشتێکی تەکـنیکیدا دەکرد” باوکی نیکۆل هـێشتا هەر سەرسامە، کە ئەوەی زانی کچەکەی خاوەنی ئەقـڵێکی ئەوتـۆیە، کە بلـیمەترە لە (٩٩%) ی خەڵکی.
جێمس بار شانازی بەوەشەوە دەکا، کە کچۆلە بلیمەتەکەی، بووە بە وێـردی سەر زاری کۆمەڵـگەی قـەرەج. رێـز و پێـگەی بەرزکـردوونەتـەوە.
حەزدەکەین ئەوەش بزانن، کە خودی (جێمس بار)ی باوکی نیکۆل، لە تاقیکردنەوەکانی (مینسا) دا بۆ پلەی زیرەکی، بەشداری کرد، توانی ئاستی (زۆر باشە) بەدەستبهـێنـێت.
نیکـۆل بـار، ئەقـڵییەتێکی بازرگـانیـشی هـەیە. هـەردەم بیـر لە قـازانـجکـردن دەکـاتەوە.
نیکۆڵ دەڵێت:”پێـش ئەوەی کە بچـم بۆ پێشانگایەکی ناوخۆیی، راپۆرتی کەش و هەوام شیکـردەوە، ئەوەم زانی کە بـاران دەبارێ. لە فرۆشگایەکدا چەتـرێکی هەرزانکراوم بە (٢٠) جونەیهـ کڕی. دوایی فـرۆشتم بە (٦٠) جونـەهـ . (٤٠) جونەیهـم قـازانج کرد”
بێجگە لە نیکـۆل بـار، هەر لە هەمان هەرێمـدا لە (ئیسیکـس) لە بریتانیا، کچـۆڵەیـەکی بلیمـەتی تری (١٢) ساڵان هـەیە، کە نـاوی (لیـدیا سیـباستیان) ە. لیدیا لە تەمەنی (٦) مانگانـدا قسەی دەکـرد. لـە تەمەنی (٤) ساڵانـدا ئامـێری مـوزیکی کەمـانجـەی لێـدەدا. لیـدیا سیباستیان هـەموو بەرگەکانی پەرتـووکی رۆمانی (هـاری پوتـه‌ر)ی خوێندۆتەوە. شایـەنی باسیشە، لیـدیـا سیباستیان و نیکـۆل بـار، دوو هـاوڕێی دڵسـۆزی یەکـترین. لە تاقـیکردنەوەکانی (مینسـا) دا، لیـدیا سیباستیان تـوانی (١٦٢) پلـە بەدەستبهـێنـێت. بەم ئەنجامەش لیـدیـا دوو پـلە لـە سەرەوەی پلەی بلیمەتی دایە. لیـدیاش بـوو بە ئەنـدامی میـنسا و بە یـەکـێک لە هـەرە بلیـمەتـەکـانی جـیهـان.
(*) بۆ نووسیـنی ئەم بابـەتە، سـوودم لە چـەنـد سایتـێکی ئینگـلـیزی وەرگـرتـووە.
رەزا شـوان
٤/ نۆڤـەمبـەر/٢٠٢٠




گرنگییەکانی چیرۆکە ئەفسانەییەکان بۆ منداڵان .. رەزا شـوان

(ئه‌لـبێرت ئەنیشـتاین) دەڵێ:” گەر دەتـەوێ منـداڵەکەت زیـرەک بێ، چـیرۆکی خەیـاڵی بۆ بخـوێنـەوە. گەر دەتـەوێ زیرەکـتر بێ، چـیرۆکی خەیـاڵی زیاتـری بۆ بخـوێنـەوە..”
زاراوەی “چیرۆکی ئەفسانەیی” و “چیرۆکی خەیاڵی” لە زمانی کوردی و لە زمانەکانی زۆربەی گـەلانی جیهـانیشدا، بە دوو زاراوەی هـاومان دادەنرێـن، بە زۆریـش لە جـێی یەکتری بەکـاردەهـێنرێن. لەم نووسینەمـدا هـەردوو وشەکەم بەکارهـێناون. هەنـدێ لە نووسەرانی بواری فۆلکـلۆر، ئەوەیان پێ باشە، کە بۆ چیرۆکە ئەفسانەییەکان، زاراوە ئەڵمانییەکە (مارچـین) یا (چـیروكه‌ سه‌یـره‌كـان) بەکاربهـێنرێ.
چـیرۆکە ئەفسانەییەکان، چـیرۆکی خەیـاڵئامێزن، بەشێکی دیاریکـراون لە چـیرۆکە میللییەکان. ئاسان نییە کە بتوانین جیاوازی لە نێوان ئەم دوو جۆرە چیرۆکەدا بکەین. هەردوو جۆرەکەش بەشێکـن لە فـۆلکـلۆر. هەر نەتەوەیەکیش لە نەتەوەکانی جیهان، خاوەنی چـیرۆکی ئەفـسانەیی تایبەت بە خۆیانن و شانـازی پێوە دەکـەن. کـۆمەڵـێک چـیرۆکی ئەفـسانەییش هـەن، بـوونە بە چـیرۆکی گـلۆباڵـیزمی، هەر نەتەوەیـەک بە چـیرۆکی خۆیـانی دەزانـن.
چیرۆکە ئەفسانەییەکان، جۆرێکن لە چیرۆکی کورت. بە زۆریش تایبەتن بە منداڵانەوە.
جیاوازی ئەم چیرۆکانە لەوەدایە، کە بە زۆری لە چوارچێوەیەیەکی جـادوویی دان و بە بە گـشتی جـادوو بنەمـای سەرەکی و بەشـێکە لـەم چـیرۆکە ئەفـسانەییانە، پاڵـەوان و کەسایەتی و کارەکتەرەکانی خەیـاڵی و ئەفـسانەیین، وەکو:”جـنۆکە، شـەوە، جادوگـەر، دیـۆ و درنـج، ئەژدیها، رمـۆزن، مەڕنەمووکە، لـۆژەنـد، ئەرژەنگ، چەتەوڵ، شۆمقار، سیمرخ، ئەسپی باڵـدار، گۆڕنەتـەڵە، مـاری حەوت سەر، پەنجەبـاڵا، چەرخ و فەلـەکی ئەفسووناوی، قەقنەس، چەندین دەعبای خەیاڵی تر” یا دەربارەی رووەک و هێزەکانی سرووشتین وەکو:”باران، بەفر، بروسکە، رەشەبا و زریان، لافاو، گەرما، گەردەلوول، داربـەڕوو، دارگوێـز، گـوڵ، سـیۆ،…هـتد” هەموو ئەم رەگەزانەش، تایبەتمەندییەکانی مرۆڤـیان هەیە، باوە کە لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکاندا، ئاژەڵان قسە دەکەن، دار دەڕوات، باڵنـدە بە زمانی کوردی قسەدەکـا. شاخ دەتـۆرێ، گـوڵ زیـزدەبێ، پەپوولە گلەیی دەکـا، هەتـاو پێـدەکەنێ، ئاژەڵەکـان بۆ سەرکەوتن بەسەر کێشە و کۆسپەکـان و نەیارەکـانیادا یەکدەگـرن، فریشەکان دەبن بە فریاڕەسی لێقەوماوان، سیمرخ دەبێ بە تاکسی ئاسمان، چەرخ و فەلەک دەبێت بە کەشتی ئاسمانی و لەسەر ئەستـێرە گەشەکـان دەنیشێتەوە. منـداڵانیش ئەمانەیـان پێ سەیـر نین و ناشـپرسن، کە چـۆن ئـاژەڵ دەدوێ، یا چـۆن باڵندە فـێری زمانی کوردی بووە، یا چـۆن ئەسپ باڵی هەیە و دەفـڕێت، چـۆن مانگ سەردانی زەوی دەکـا؟
بەشێکی زۆریش لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان، پاڵەوان و کارەکتەرەکـانیان کەسایەتی مـرۆڤ، وەک (شا، شاژن، شازادە، میـرزادە، جـووتیار، شـوان، لاو، منـداڵ، پیـرەژن، ریش سپی، فاڵـچی، جـادووگەر،…هتـد).
ئەم چیرۆکانە پـڕن لە کاری جادوویی، سەرکێشی، جەربەزەیی، ملهوڕی، شەڕانگێزی، پێکەنین، گریـان، خۆشەویستی، تـرس، ئیرەیی، هەڵخەڵەتـاندن، کـاری لە توانابـەدەر.
زۆر جـار پاڵەوانەکـانیان، لە شەڕێـکی دژواری دەستەویەخـەدان، بـەڵام لە کۆتـاییدا، بەسەر هەمـوو مەترسیـیەکانـدا، زاڵـدەبن و نەیارەکـانیان دەبەزێـنن و سەردەکـەون و ئاهەنگی خۆشی دەگێڕن. سەرکەوتن هەردەم یاوەری ئازایانی کۆڵنەدەر و پیاوباشان و چاکەخوازان و ژیر و داناکانن. بە زۆریش کچـانی جـوانی شاکان، دەبـن بە دەزگـیرانی کوڕانی ئازا و سەرکێش و براوەی گرەو و مەرجەکانی شاکان، یا میرزادە جوانەکانی و رزگـاربووی جادوولێکـراوەکـان.
پەنابردن بۆ جادوو لەم چیرۆکانەدا ناچارییە، چونکە ئامانجەکـان بە رێگـای ئاساییەوە نایەنـەدی، دامـان و رامـان و بێ دەسـەڵاتی پاڵـەوانەکـانیش دەگـەنە لـووتـکە، لە رێی جـادووە و ئامانجەکـان دێنـەدی، بە خـۆشی و شـادی کۆتـاییان دێ.
هەنـدێ جـاریش جـادوو بۆ نیاز و مەبەستی خراپ بەکاردەهـێنرێ، بەڵام بە زۆری ئەم جـادووە خـراپانە، لە کۆتـاییدا بە کـارێکی چاکە و خـێرخوازی، بەتـاڵ دەکرێنەوە. وەکو لە چـیرۆکی (بەفـرین) و (شـازادە و بـۆق) و چەنـدین چـیرۆکی تـردا.
تەنـانەت بەشـێکی زۆر لە چـیرۆکنووسان و رۆماننوسانی ئەم سەردەمەش، پەنایان بۆ جـادوو بردوون. بۆ نموونە، خاتوو (جـوان رۆلینگ: ١٩٦٥ـ لە ژیان دایە) نووسه‌ری چـیرۆكی (هـاری پـوتـه‌ر)، کە بە شاکـاری بـەرزی جـیهـانی ئـەدەبی منـداڵان دادەنـرێ. جـوان رۆلـینگ بۆ ئەنجامـدانی کارێکی لە تـوانابەدەر و سەرکەوتن و زاڵـبوون بەسەر تەگەرەکان و نەیاری پاڵەوانی سەرەکی چـیرۆکەکەی (هـاری پوتـەر) پەنـای بـۆ جادوو بـردووە، نەیتـوانیوە لـە چـوارچـێوەی چـیرۆکی ئەفــسانەی کـلاسـیکی دەربچـیت.
لە چـیرۆکی ئەفسانەیی کوردیشدا، چیرۆکی (پیرەژن و چەرخوفەلک) کە پیرەژن لە رێی جادووەوە بە چەرخوفـەلکێک دەفـڕێت. شاعـیری گەورەی گەلەکەشمان ئەحمەدی خانی (١٦٥٠ـ١٧٠٧) لـە شاکـارە جیهـانییە نەمـرەکەیـدا (مـەم و زیـن) پـەنـای بـۆ جـادوو بـردووە. لە (ئیـنجـیل) و (قـورئـان) یشـدا، چـەنـد چـیرۆکـێکی ئەفـسانەیی هـەن.
لە دوای هەموو شتێک هەروەکو چیرۆکنووسی بەناوبانگ (هانز كریستیان ئه‌نده‌رسین) جـارێکـیان وتی:”ژیـان خـۆی نایـابتـریـن چـیرۆکـی ئەفـسانـەییـە “
مێـژووی چـیرۆکی ئەفـسانەیی:
ئەستەمە کە بتوانین بە شێوەیەکی کۆنکـریتی، رەسەنـایەتی و مێـژوو و کات و شوێنی سەرهەڵدانی چیرۆکە ئەفسانەییەکان دیاری بکەین. بە تایبەتیش ئەو چیرۆکانەی کە بە زارەکی گـێڕاویانەتەوە. بەڵگە نووسراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە مێـژووی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە. ئەم چیرۆکانە بە زارەکی و بە شـێوازێکی درامی، نـەوە لە دوای نـەوە گـێڕاویانەتـەوە و گواسـتوویانەتـەوە، تا بە ئەمـڕۆ گەیشـتوون. ئـەو دەقـە چـیرۆکە ئەفـسانەییانەی کە لە ئەمـڕۆدا دەیـانبـینین، بە درێـژایی ساڵانی رابـردوو دەستکـاری کـراون و گـۆڕانکـارییان تێیانـدا کـردوون. بـۆیە سەیر نییە کە بە چەند شێوازی جیاواز، چیرۆکە ئەفسانەییەکان بەرچاومان دەکەون، یا بۆمان دەگـێڕنەوە. لەگەڵ ئەوەشـدا، بەشێک لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان لە فۆلکلۆری گەلان و وڵاتانـدا لەیەکـدەچـن، گەرچی جیاوازی لە کات و شوێنیانـدا هـەن. بۆ نموونە:
چیرۆکی ئەفسانەیی (کۆڵـوانەسوور) لە ئێستا وەکو یەکـێک لە چـیرۆکەکانی نووسەری فەرەنسی (چـارلـز پیـرۆ: ١٦٢٨ـ ١٧٠٣) دەخوێنـرێتەوە. بەڵام لە راستـیدا، مێـژووی ئەم چـیرۆ بۆ زیـاتر لە هـەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتـەوە.
چـیرۆکی کۆڵـوانـەسوور لە دەقـە کۆنەکەیـدا، دەربارەی کچێکی بچووکە، کە زەمبیلێک کـێکی پێـیە، کە بیـبات بـۆ داپیـرەی، رێگـاکە کەوتـۆتە نـاو دارسـتانێکەوە. گورگـێکی نەگـریس رێ لە کۆڵـوانەسوور دەگرێت، ئەوەی لێبیست کە بۆ مـاڵی داپیـرەی دەچـێت، کە لە ئەوپـەڕی دارستانەکەدایە.. لەم دەقـە کۆنـەدا، گوورگـە داپیـرەی دەخـوات.
بەڵام لە دەقەکانی دواییدا دەستکاری کراوە، داپیـرەی خۆی دەشارێتەوە، گورگةەش لە جێگـای داپیـرە راکـشاوە و چـاوەڕێی کۆڵـوانەسوور دەکـات، کە بێـت و بیخـوات. بەڵام (دارەکەرێک) لە هەندی دەقی تردا (راوكه‌رێک) دەبێت بە فـریاڕەس و کۆڵوانەسوور و داپرەی رزگـار دەکـا. چـیرۆکەکە بە مـەرگی گـورگـەکە و بە خـۆشی کـۆتـایی دێـت.
لە دەقـی ئەم چـیرۆکەدا بۆ منـداڵان، لە ئـەدەبی فـۆلکـلۆری (چـین) دا، کە مێـژووی بۆ زیاتر لە (١٢٠٠) سال پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لە جیاتی گورگەکە، پڵنگێکی نەگریسە.

لە دەقە کۆنەکەیدا، چیرۆکی ئەفـسانەیی (بەفـرین)دا، بەفـرین وانە و پەنـد لە هەڵەکەی فـێردەبێت، بەڵـێنی ئـەوەش دەدا، کـە دووبـارە سەرپێـچی لـە ئامـۆژگـارییەکانی دایـکی نەکات. کە دەچـێت بۆ مـاڵی داپیـرەی پلانێکی پاراستـنی بۆ دانـراوە، لە گـورگ نزیـک نابێتەوە، نیـاز و رازی خـۆی بۆ گـورگ بـاس ناکـات.
لە چیرۆکی (بەفرین) دا، کە داهێنەری فیلمی کارتۆن و سینەماکاری ناسراوی ئەمریکی و جیهـانی (واڵـت دیـزنی: ١٩٠١ـ١٩٦٦) کردوویـە بـە فـیلمی کـارتـۆنی ئەنیـمەیـشن، دەستکاری دەقـەکەی کـردووە، زۆری لێ گۆڕیـوە. بۆ نموونە لە پێشەکی ئـەم فـیلمەدا، واڵت دیزنی نووسیوێتی:”جارێکیان شازادەیەکی جوان، ناوی سنۆوایت (بەفرین) بوو، قژێکی رەش وەکو شەو، لێوەکانی سووربوون وەکو گوڵ، پێستی سـپی وەکو بەفـر”.
بەڵام لە دەقـە کلاسیکییەکەیـدا، پێشـەکی ئـەم چـیرۆکە، بـەم شێوەیـەیە:” جارێکـیان لە ناوەڕاستی زستانـدا، کە بەفـر وەک پـەڕی سپی لە ئاسمانەوە دەهـاتە خـواروە، شـاژن لای پەنجەرەیەکی کۆشکەکەوە دانیشتبوو، خەریکی دروومان بوو، داری پەنجەرەکەیان لە داری ئەبەنـۆسی رەش بـوو. شـاژن لـە دیمـەنی بەفـر بـارینیەکـەی دەڕوانی، خـەیاڵ بـردییەوە. لە پڕێکـدا دەرزییەکە چوو پەنجە تووتەی دەستە چەپیدا، خوێنی لێهات، سێ تنۆک خوێنی ئاڵ کەوتنە سەر بەفـرەکە. شاژن لەبەر خۆیەوە وتی: ئایا منداڵێکم دەبێت، سپی بێت وەکو بەفر، سوورە بێت وەکو خوێن، قـژی رەش بێت وەکو داری چوارچێوەی پەنجـەرەکە؟”. دەبینین ئەم پێشەکییە دەوڵەمەنـدە بە وشـەی جـوانی زمـان، منـداڵان بە خوێندنـەوەی یا بە بیستـنی ئەم پێشەکییە، چـێژ لەو وشـە جوانـانە وەردەگـرن.

دوو تیۆر هەوڵی ئەوەیان داوە، کە رەسەنایەتی و رەگەزە هاوبەشەکانی نێوان چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان لێکبـدەنەوە. کە لەنـاو گـەلانی هەمـوو کێـشوەرەکانـدا بڵاوبـوونـەتەوە.
تیـۆری یەکـەم، دەڵێ: هـەر چـیرۆکێکی ئەفـسانەیی دیاریکـراو، لە رەسەنـایەتی یـەک سەرچاوەوە سەری هەڵـداوە. دوایش بە درێژایی ساڵان بڵاوبۆتەوە و لە کولتوورێکەوە بـۆ کولتـوورێـکی تر گوێـزراوەتـەوە.
تیۆری دووەم: ئاماژە بەوە دەکا، کە چیرۆکە ئەفسانەییەکان، بەری ئەزموونی هاوبەشی مـرۆڤـایەتیـن، کە لـە دوییـدا بـە شـێوازێـکی رەسەنـایەتی جیـاواز دەرکـەوتـوون.
تا ئەمڕۆش چەنـدوچـوون دەربـارەی لێکـدانەوەی ئەم دوو تیۆرە هەیە، ساغ نەبۆتەوە کە کامیـان راسـتە.. دەشێـش لە تـێکـەڵی هـەردوو تیـۆرەکە پێکهـاتـبن.
چـیرۆکەکـانی، ئەفـسانەنووسی بەناوبـانگی یۆنـانی (ئیـزۆپ : ٦٢٠-٥٦٠ : پ. ز) لە نێوان یەکەمین چیرۆکە ئەفـسانەییە نووسراوەکانە، کە لە هـەموو جـیهانـدا ناوبانگـیان دەرکـردووە. بەشێکی زۆریشیان بۆ سەر هـەموو زمانەکانی گەلانی جیهان وەرگێڕاون.
نووسەری رۆمـانی (فـویـدرۆس) لە ساڵی (٣٢٠) ی پێش زایینی، بەشێک لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـانی ( ئیـزۆپ) ی وەرگـێڕانەتە سـەر لاتیـنی.
ئیـزۆپ، زیـاتـر لە (٦٠٠) چـیرۆکی ئەفـسانەیی نـووسـیوە.
چـیرۆکنووسێکی تـری یۆنـانی، بە نـاوی (هـیزیـۆدۆس) لـە پێـش ئیـزوپ، لـە سـاڵی (٨٠٠) ی پێش زاینی کۆمەڵـێک چـیرۆکی ئەفـسانەیی نووسـیوە.
چیرۆکە ئەفسانەییەکانی، فەیلەسووفی هیندی (به‌یده‌با) ‌ له‌ژێر ناوی (كلیله‌ و دیمنه‌) دا،
مێـژووی ئەم چـیرۆکە ئەفـسانەییانەش بۆ سـاڵانی پێـش زاینی دەگـەڕێنەوە.
نووسەری بە ناوبانگی فەرەنسی (جان دی لافـۆنتین : ١٦٢١-١٦٩٥) لە پەرتووکێکی دوانـزە بەرگـیدا (٢٤٣) چـیرۆکەشیعـری ئەفـسانەی نووسیون و چـاپی کـردوون.
(چارلـز پـیرۆ: ١٦٢٨ـ ١٧٠٣) نووسەرێکی فەرەنسی بە ناوبانگە و بە کەڵەنووسەری چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانی منـداڵان دادەنـرێ، کۆمەڵـێک چـیرۆکی ئەفـسانەیی بۆ منـداڵان نووسـیووە، کە هەنـدێکـیان بە شاکـاری جیهـانی ئـەدەبی منـداڵان دانـراون. لەوانـەش: سانـدرێـلا، یا (سانـدرێلا و پێڵاوە شووشەییەکە)، کۆڵـوانەسوور، شۆخـە نووستووەکە، ریش شیـنەکە، پشـیلەی چەکمـەلـەپێ.
برایانی ئەڵمانی (یاكـوب كـارڵ گریـم : ١٧٨٥- ١٨٦٣) و (ولیـه‌م كارڵ گریـم: ١٧٨٦-١٨٩٥) لە ساڵی (١٨١٢) دا (١٥٦) چـیرۆکی ئەفـسانەییان، کۆکـردنەوە ودووبـارە نووسییاننـەوە و لەژێـر نـاوی (چـیرۆك بـۆ منـداڵان و مـاڵان) لە بەڕلـین چاپکـراوە.
هەر لە شێوازی برایانی گریمی ئەڵمانی، دوو چـیرۆکنووس و فـۆلکلۆریستی نەرویجی، ناویـان (پیـتەر کـریستین ئـاسبیورنسن: ١٨١٢ـ ١٨٨٢) و ( یـۆرگـن ئینگـبریتسن مـۆ: ١٨١٣ـ ١٨٨٥) لـە نێـوان سـاڵانـی (١٨٤١-١٨٤٤) یەکـەمیـن کۆمـەڵـە چـیرۆکی ئەفسانەیی نەرویجییان کۆکردنەوە و نووسییانەوە و لەژێـر ناوی (چـیرۆکە نەرویجـیـیە میلـلییەکـان) دا چـاپیان کـرد، کە بەشـێکی زۆریـان بۆ منـداڵان دەشــێن.
کەڵە چـیرۆکنووس و شانـۆنووسی بەناوبانگی دانیـمارکی و جیهـانی، (هـانـز كریسـتیان ئه‌نـده‌رسن: ١٨٠٥-١٨٧٥). هـانز ئەنـدەرسن بە بـاوکی چـیرۆکی منـداڵان لە جیهـانـدا دانـراوە ، هـانز لە ساڵی (١٨٣٥) دا یەکـەمین پەرتـووکی خـۆی لەژێـر ناوی (چـیرۆكه‌ ئەفـسانەییەکـان بـۆ منـداڵان) چاپکـرد و بـڵاوی کـردەوە. لەوانـەش ( پێـڵاوی سـوور، تۆمالیزا، کچە شقارتەفـرۆشەکە، کاڵای باڵای ئیمپراتـۆرە تازەکە، جـووچـکە مراوییەکی ناشیرین، شازادەی بەفـر، کچە شـوانەکە، قـازە کێوییەکان، سەربازێکی تەنەکە، پەرییە بچکۆلەی دەریـا، شازادە و دەنکە فاسۆلیا، چـیرۆکی دایکـێک، رۆژنامەنووس،… هتد) تێکـڕا هـانـز ئەنـدەرسـن (١٥٠) چـیرۆکی ئەفـسانەیی بـۆ منـداڵان نووسـیوە. ژمـارەی پەرتـووکە چاپکـراوەکـانیشی (١٦٨) پەرتـووکـن.
چـیرۆکنووسی بەناوبـانگی ئینگـلیزی (لـویس كـارۆل: ١٨٣٢- ١٨٩٨)، کە چـیرۆکی (ئەلـیس لە وڵاتی عـاجـباتییەکـان) ی نووسیوە، کە بە شاکـارێکی چـیرۆکی ئەفسانەیی منـداڵان لە جیهانـدا دادەنرێ. پاڵەوانی ئەم چـیرۆکە کچێکی بچـووکی (١٢) ساڵانە، بە ناوی (ئەلـیس) ەوە. دەکەوێتە وڵاتـێکی ژێـر زەوییـەوە، کە خەڵکـییەی لەگـەڵ مـرۆڤی سەرزەویدا زۆر جیاوازن، شتی عاجباتی وسەیرلە وڵاتەکەیاندا هـەن. لە دواییدا ئەلیس بە هـۆی جادووگـەرێکەوە، دێتـەوە سەر زەوی و دەگـەڕێتەوە بـۆ مـاڵی خـۆیـان.
جـوانی لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانـدا:
زاناکـان دەڵێن چیرۆکە ئەفسانەییەکان، جەخت لەسەر جـوانی دەکەن، نموونەی جوانی مێـینە و گرنگـیدان بە بـەژنی جـوان پانتـاییەکی زۆریـان لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـاندا، گرتوونەتـەوە، ئاماژە بەوە دەکـرێ کە جـوانی و ناشێرینی لە (٩٤%) چیرۆکەکانن. لە چـیرۆکی (سانـدرێـلا) دا (١١٤) جـار ئامـاژە بە جـوانی مێـینە کراوە، بەڵام (٣٥) جـار ئاماژە بە جـوانی نێـرینە کـراوە.
لە پەرتووکەکەی برایانی گریمی ئەڵمانی (جاكوب و ولیەم) کە چیرۆکەکانیان خەیاڵی و ئەفـسانەیین، کە سەرەتای لەسەدەی حەڤـدەیەمـدا بە زمـانی ئەڵمانی نووسیویانە و لە ساڵی (١٨٥١) دا وەریـان گـێڕاوە بـۆ ئینگـلیزی، بـە زۆری کەسایـەتییە شەڕخـواز و بەدکـارەکـان، کەسانی ناشـیریـن و بـەدن. کارجوانەکـانیش کەسانی بـاش جـوانـن.
زۆربەی پاڵەوانەکانی چیرۆکە ئەفسانەییەکان، لە کچە شۆخ و جوانەکانن، کە گوزارشت لە دڵپـاکی و چـاکە و کارجـوانی و خۆشی و سـۆزداری و خۆشەویستی و ژیـان دەکەن. ناشیرینەکانیش کە لە (١٧%) ی چیرۆکە ئەفـسانەییەکانن، گوزارشت لە شەڕخوازی و بەدکاری و ستەمکاری دەکەن. جوانی و ناشیرینی، وەکو توانـای هـەر کەسایەتییەک بۆ بـاشی و خـراپی بەکـاریان هـێناون. بـەڵام بەدەریـش لـەم یاسـا و بۆچـوونـەدا هـەیە بۆ نموونە: باوەژنەکـەی بەفـرین ژنێکی جـوان بوو، بەڵام نیاز و رەفـتاری بەد و ناشیرین و خراپ بوون. لە چیرۆکە ئەفـسانەییەکاندا، زەحمەتە کەسانێکی ناشیرین بـدۆزرێنەوە، کە دلـۆڤـان و دڵپـاک بـن.
کەواتە پەیـوەندییەکی گـەورە لە نێـوان جـوانی و چـاکەدا هـەیە، بە پێچـەوانەشەوە، لە نێـوان ناشةیرینی و تەمـەڵی و خـراپە و شـەڕدا هـەیە.
لە بەشـێکی زۆر لە چـیرۆک بۆ منـداڵان، کچـێکی بچـووک و ژیـر و زیـرەک و جـوان بـووە بە پاڵـەوان یا کەسایەتی سەرەکی چـیرۆک.
لە زۆر زنجیرە دراما و فیلمی سینەماییدا، رۆڵی سۆزداری و خۆشەویستی و جوانکاری و دلۆڤـانی، دراوە بە کچێکی جـوان یا کوڕێکی شـۆخ و شەنگ یا پێکەوە رۆڵیان هەیە. رۆڵی شەڕخوازی و دڵڕەقی و بەدکاری و خـراپە، بە زۆری دراوە بە کچێک یا کوڕێکی رووخسار ناشیرین. وەکو وتمـان بـەدەر لەم یاسایەشـدا هـەن.
لە زۆربـەی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـانـدا، کـات و شـوێـن دیـاری نەکـراون. بە زۆری، بە پەرگـرافی جارێکـیان دەست پێـدەکەن. چیرۆکە ئەفـسانییە کوردییەکان بەم دەستەواژانـە دەستپـێـدەکـەن: (هـەبـوو نـەبـوو) یاـ ( جـارێـک لە جـاران) یاـ ( سـاڵـێک لـە سـاڵان). کۆتـاییەکـانیشیان: بە: (چەپـکی گـوڵ و چەپـکی نـێرگـز.. مـەرگـتان نەبـیـنم هـەرگـیزاو هـەرگـیز) یا (منیش هـاتمەوە.. کەوشـەکەم یا ـ كـڵاشه‌كه‌م ـ دڕا.. هـيچـیشم پـێ نەبـڕا).
من پێموایە کە جوانترین سەرەتا و جوانترین کۆتایین، لە هـیچ چـیرۆکێکی ئەفـسانەیی گـەلانی تـردا، سەرەتـا و کۆتـایی جـوانی وام بەرچـاو نەکـەوتـوون.
گرنگییەکانی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان بۆ منـداڵان:
هـیچ لە لێکۆڵینەوەکان، لەگەڵ ئەوەدا نین، کە چیرۆکە ئەفسانەییەکان لە لیستی چیرۆک بۆ منـداڵان لابـدرێن. لیکۆڵـینەوەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکـەنەوە، کە چیرۆکە خەیاڵی و ئەفـسانەییەکان، ســوود و گرنگـییەکی زۆریـان بۆ منـداڵان هـەیە. منـداڵانی ئەمڕۆش چـێژ و خـۆشی لەو چـیرۆکە ئەفسانەییانە وەردەگـرن. کە چەنـدین سەدە پێـش ئێستا بە زارەکی بۆ منـداڵانیان گـێڕاونەتەوە. بە کورتی ئەمانە بەشێکن لە گرنگییەکـانی چیرۆکە خەیـاڵی و ئەفـسانەییەکـان بـۆ منـداڵان:
١ـ زۆربەی چیرۆکە ئەفسانەییەکان، هـیوا بە منداڵان دەبەخـشن. ئەوەیان فێردەکەن کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، پێویستیان بە هەوڵ و تێکۆشان و کۆڵنەدانە، فـێری ئەوە دەبن، کە چۆن بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا سەربکەون کە دێنە رێیان. چۆن گرفت و کـێشەکانیان چـارەسەربکەن. چـۆن لەگـەڵ هەڵـوێستە تـرسناکەکـاندا مامەڵە و رەفتار بکەن. چـۆن رووبـەڕووی هەمـوو ئەو مەتـرسییانە ببـنەوە کە رووبـەڕوویان دەبنەوە. تێدەگەن کە جیهان تەنیا لە گەزۆ و لۆکە و گوڵ و تیشکی خۆر و پەلکەزێڕینە و بەهار دروست نەبـووە، بە گـوژاڵک بـەردی رەق و دڕک و شەوزەنگ و بروسکە و زسـتانی سەخـتیش دروست بـووە.
٢ـ چـیرۆکە ئەفـسانییەکان، رووڵـێکی گرنگـیان لە رۆشنبیریکـردنی منـداڵاندا هـەیە. لە رۆشنبیریی سەردەمەکـانی کـۆن، بەڵام راستییەکان هـێشتا پەیوەنـدییان بەم سەردەمەوە هـەیە. گـەلێ چـیرۆکی ئەفـسانەیی هـاوبەش لە نێوانی کولتووری گەلانـدا هەیە. چونکە کێشەکان هەمان کێشەن کە رووبەڕوویان بوونەتەوە و دەبن. لە هەر شوێنێکی جیهانـدا بـژین، هـەمـووان بـۆ زاڵـبوون بەسـەر هـەژاری، سـتەم، زۆرداری، چـەوسـانـەوە، کوێرەوەری و بۆ لە ناوبـردنی ئەژدیهـاکـانی (دیکتاتـۆرەکانی) ئەمـڕۆ تیـدەکـۆشـن.
٣ـ لە دیدی زانستییەوە، منداڵانی خوێنەرانی بچووکی ئەمڕۆ، رۆشنبرانی داهاتوون، بە گوێگـرتن و خوێنـدنەوەی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان. بە شـێوازێکی بابەتیـانە، بنەماکانی چـیرۆک فێردەبن ( ئامادەکردن، کەسایەتی، پاڵـەوان، کارەکتەر، گـرێ، بڕیـار، جـووڵەی بۆ سـەرەوە، لووتـکە، وردبیـنی و چارەسـەر، کۆتـایی) جیـاوازیش لە نێـوان چـیرۆکی خەیـاڵی و راستـیدا دەکـەن. کە منـداڵان لەو چـیرۆکـانە تێـبگـەن، دەبـنـە پاڵـپشـت بـۆ پێشبیـنیکـردن و تێگـەیشتن لە چـیرۆکەکانی تـر کە دەیـانخـوێنـنەوە.
٤ـ چیرۆکە ئەفسانەییەکان، خەیـاڵی منـداڵان فـراونتر دەکەن و زیاتر گەشەی پێدەکەن و پێشیدەخەن. خەیـاڵیش گرنگە. (ناپـلیۆن) دەڵێ:”ئەوە خەیاڵە کە جیهـان بەڕیـۆە دەبـا”
٥ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان، ئەوەیـان سەلمـانـدووە کە خـۆشـەویستی شتـێکی بـاشە، هەمیشەش باشی و خۆشی لێدەکەوێتەوە. لە چیرۆکی (بەفـرین) دا کە لەژێر کاریگەری جـادوویی باوەژنـەکـەیـدا سڕببـوو، بە هـێزی ماچـکـردنێکی خۆشـەویستی، لە لایـەن میـرزادەیـەکی لاوەوە، جـادووەکە بەتـاڵ بـۆوە و بەفـرین هـاتـەوە هـۆش خـۆی. خۆشەویستی دڕندەیەک دەکات بە میـرزادەیکی نـەرم و نیـان و چاکەخـواز. لە سایەی خۆشەویستیدا، هەمـوو شتـێکی نەرێـنی دەگـۆڕێـن بـۆ ئەرێـنی.
٦ـ چیرۆکە ئەفـسانەییەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە باشی باشترین خەسڵەتی مرۆڤە، بـاشی و چـاکە لەگـەڵ کەسانێک کە پێویستیان بە چـاکە هـەیە، رۆژگـار و ژیـانیان لە تەنگـانە و بێ ئومێـدی و رەشبینی و ناخۆشییەوە، دەگـۆڕێت بۆ هـیوا و بۆ گەشبینی و خۆشی و شـادی.
٧ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان، گرنگی هـاوڕێی دڵسـۆز بۆ منـداڵان دەسەلـمێنن، کە کەس بە تەنیا نـاژی، هـاوڕێی دڵسۆز لە تەنگانـەدا دەبێت بە فـریـاڕەس و یارمەتی هـاوڕێی دامـاوی دەدات و لە تەنگـانە رزگـاری دەکـات.
٨ـ چیرۆکە ئەفسانەییەکان، ئەوە فێری منداڵان دەکەن، ژیان هەمیشە لە لە گۆڕانگاری و نـوێبـوونەوە دایە، هـەردەم بە هـیوای ژیـان و داهـاتوویەکی باشتر و گەشترەوە بن.
٩ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان ئـەوە فـێری منـداڵان دەکـەن، کە وانـە لـە شکستییەکـانیان وەربگرن و کۆڵنەدەن و .. ئەوەش بزانن کە ئەستەم بـوونی نییە، لە سایەی خـەبات و خـۆڕاگـری و کۆڵـنەدانـدا، هەمـوو خـەون و خـۆزگە و هـیوایەک دێنـەدی.
١٠ـ چیرۆکە ئەفسانەییەکان، بنەمـای گـرنگ فـێری منـداڵان دەکەن، فـێریان دەکەن کە هەمیشە هـیواخـواز و گەشبـین و لێـو خـەنـدە و پێـکەنین و چاکـەخواز و لێـبووردە و دڵ پڕ لە خۆشەویستی بـن. خۆڕاگـر و متمـانە بە خـۆبن.
١١ـ گوێکـرتن یا خوێندنەوەی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان لایەن منـداڵانەوە، دەرفـەتێکی باشـە بۆ فـێربـوونی وشە و رسـتەی تـازەی زمـان.
١٢ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان، کـارتێکـردی درامـی باشـیان لەسـەر منـداڵان هـەیە. بە کەرەستەیەکی زۆر باش دادەنرێن، گەر بە شێوەی یـاری کردن، یا بەشـێوەی نمایشی بووکـەڵانـەی بـزوێنی دروستکـراو بۆ منـداڵان پێشکەشیان بکـرێن.
١٣ـ چیرۆکە ئەفسانەییەکان، گەشە بە سۆزداری و نیانی دەروونی منداڵان دەکەن. لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکاندا، کێشە راستییەکانی ژیان دەردەکەون، لە سیناریۆی خەیاڵیدا، بە زۆری پاڵەوانەکان نابـەزن و بەسەر هەمـوو کێشەکانـدا سەردەکەون. بەڵام منداڵان پێویستییان بەوە هـەیە، کە بـزانن لە ژینـگەی ئارامیشـدا، خـراپە و کارەسات دێنەرێی هەمـووان. کەس لە بەرهەڵستییەکان پارێـزبەنـدی نییە. بۆیـە پێویستیمان بـەوە هـەیە کە سۆزداری لە دەروونی منـداڵان دا بنیادبنێین، تابتوانن لە کاتە دژوار و قورسەکاندا، رووبـەڕووببـنەوە و خۆڕاگـربن. ئـەوە هـەڵـەیە کـە هـەردەم منـداڵەکـانمان بپارێـزین، خۆیان بە لاواز و بێ دەسەڵات بـزانن، بەرەگەی هـیچ گرفت و رووبەرووبوونەوەیەک نەگـرن کە پێویستیـیان بە هـێز بێت.
١٤ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان، زمـانێکی هـاوبەـشن بۆ رۆشنبیریکـردنی منـداڵان، کە پێدەڵـێن (نەهێشتنی نەزانینی رۆشنبیری). بەڵکو ئەم چـیرۆکانە سنووری رۆشنبیری دەبەزێنن، گـەلێ لە کولتوورەکـان هـاوبەشن لە چـیرۆکە ئەفسانەییەکـانـدا. منداڵان لە رۆشنبیری گـەلانی تر کەڵـک وەردەگـرن.
١٥ـ چیرۆکە ئەفسانەییەکان، هـەلی فـێربوونی، شارەزایی بیرکردنەوەی رەخـنەیی بە دایکـان و باوکـانی منـداڵان دەبـەخـشن.
١٦ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان، وانـەن بۆ منـداڵان، بۆ فـێربـوونی رەوشـت و رەفـتاری دروست و پەنـد وەرگرتن وانە فـێربـوون. بۆ نموونە: فـێری ئەو مەبەست و پەنـدانە دەبـن، کە لە چـیرۆکی ئەفسانەیی (ساندرێلا) و (کچە بچـووکەکە ـ گۆڵدیلۆکس ـ و سێ ورچ) و (به‌فـرین) و چەنـدین چـیرۆکی تـردا هـەن.
١٧ـ منـداڵان بـە خوێنـدنەوەی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان لـە پەرتـووکی وێنـەداری رەنگاوڕەنگی جواندا، خۆشەویستییان بۆ پەرتووک دەبێ و دەبن بە پەرتووکدۆست.
چیرۆکە ئەفسانەییەکان، دەروازەیەکن بۆ چوونە ناو جیهانی ئەفسووناوی پەرتووک. باشتر وایە لە منداڵییەوە، مەیـلی منـداڵان بۆ گرنگـیدان بە لای پەرتووکدا رابکێشین.
١٨ـ گێڕانەوە یا بۆ خۆێندنەوەی چیرۆکە ئەفسانەییەکان بۆ منداڵان، کاتێکی پەیوەندی زۆر باش لە نێـوان دایکـان و باوکـان و منداڵانـدا دەڕەخـسـێنن. دەتـوانن لە رێی ئـەم چـیرۆکانەوە، ئیلهـامی خوێنـدنەوەی هەمیشەیی بە منداڵەکـانتان ببەخـشن. تا بـبێ بە خوویەکی جوانیان. ئەم راستییەشتان بۆ دەردەکەوێـت، کە منـداڵان چەنـد تامـەزرۆی چـیرۆکی خەیـاڵی و ئەفـسانـەیی خـۆشـن.
١٩ـ چیرۆکە ئەفـسانەییەکان، منـداڵان فـێری رەخـنە دەکەن، لە میانەی روانینیان لە هەڵوێستەکانی کەسایەتی سەرەکی بۆ هـەموو ئەو سەرکێشییانەی کە ملی پێوە دەنێ. دەتـوانن هەڵـوێستی خۆیـان دیاری بکەن، گەر ئـەوان لە شوێنی ئەو کەسایەتیـیانەی چیرۆکەکـان بن، بە شێوازێکی جیاوز چیـدەکەن؟ بۆ نموونە لە چـیرۆکی (بەفـرین) دا،
گەر ئـەوان لە شوێن بەفـرین بوونـایە، سێوەکەیـان لە (پیـرەژن) ەکە وەدەگرت؟ یا لە چیرۆکی (کۆڵوانەسوور) گەر ئەوان بوونـایە، ئامۆژگارییەکەی دایکیان لەیـاد دەکرد؟ راز و نیازی خۆیـان بۆ گـورگە دەگـێڕایەوە؟ دەیـان وت: دەچـم بـۆ لای داپیـرەم؟
٢٠ـ چیرۆکە ئەفـسانەییەکان، ئەوەش فـێری منداڵان دەکەن، بە رەواڵـەت و رووخسار لە کـەس نەڕەوانـن، پیـرەژنێک جـوان و بێتـاوانە لە رووخسـاردا، بەڵام لـە چـیرۆکی بەفـرین دا، شـەڕانی و خـراپە و بـەدکـارە، ئیـرەیی بـە جـوانی بەفـرین دەبـات.
بەڵام دەشێ گۆرێـلایەکی گەورە و ترسناک، دلۆڤـان بێت و دڵی لە زێڕ بێت، منداڵێکی ئادەمـیزاد بەخـیوبکا. وەک لە چـیرۆکی (تـەڕەزان و مەیمـوونەکـەی) دا دەبیـنین.
٢١ـ زانای دەروونناسی منداڵان (بـرۆنۆ بتیلهـایم) کە پسپۆرە لە گرنگییەکانی چیرۆکە خەیاڵییەکان لە قۆناغی منداڵیدا، پێیوایە:”دەشێ چـیرۆکە خەیاڵییەکان یارمەتی منداڵان بـدەن لە رەواندنەوەی دڵەڕاوکێدا، کە هـێشتا ناتوانن لێکدانەوەی بۆ بکەن”. بە زۆری لە چیرۆکە خەیـاڵییەکاندا، منداڵانی کارەکتەر و کەسایەتی سەرەکی چیرۆکەکان، بەسەر شەڕدا سەردەکـەون.
٢٢ـ چیرۆکە ئەفسانەییەکان یا خەیاڵییەکان، گەر سەرکێشییان تێیانـدا نەبێ، پاڵەوانەکان ئامادەیی ئەوەیان تێدا نەبێت، لە ناوچـە و چوارچـێوەی خۆیان دەرنەچـن و شتێکی تـازە تاقینەکەنەوە، ئەو چیرۆکانە چێژێکی ئەوتۆ نابەخشن. گەر منداڵەکانتان ویستیان مل بە کارێکی سەرکێشییەوە بنێن و خۆیان تاقیبکەنەوە، بۆ فـێربوونی شتێکی تـازە، رێگریان لێ مەکەن، هەمـوو داهـێنانەکـان لە ئەنجـامی تاقـیکردنـەوەدا هاتـوونـەتـەدی. بـەڵام بۆ ئەنجامدانی هەر تاقیکردنەوەیەک، پێویستە لە پێشا بە وردی بیری لێبکرێتەوە و پـلانی بۆ دابنرێـت و پێشبینی ئەگەر و گریمانەکان بکرێن. بۆ نموونە لە چیرۆکی خەیاڵی (سێ به‌رازی بچووک) دا، گرتنە بەری رێگای ئاسان، هەڵـبژاردنێکی زیـرەکانە نیـیە. بـەرازە بچکۆلەکە، پـلانی داڕشتبوو، پێشـبینی ئەگەرەکانی کردبـوو. بۆیە خـانووەکەی لە خـشت دروست کرد، کە شوێنێکی دڵنیایی بـوو. بەڵام دووانەکەی تر خانووەکانیان لە پـووش و لە زەل دروست کردن، بۆیـە گـورگـەکە بە فـووکردن هـەردوو خـانووەکەیانی رووخانـد، هەردووکیان رایان کرد و چـوونە ناو خـانووی ورچـۆلە بچـووکەکـەوە. گورگە نەیتوانی نە بە فـوو و نە بە پاڵانـان خانووکـەی بـڕووخـێنێ.
دایکـان و باوکـانی خۆشەویست، مامۆسـتا دڵسۆزەکان، سـوود و گرنگییەکانی چـیرۆکە ئەفـسانەیی و خەیـاڵییەکان لەبەرچاوتان بگـرن. پێویستە حەز و تامـەزرۆیی و متـووی منـداڵـەکـانتان بـۆ چـیرۆک بقـۆزنـەوە، بـە پـێی تـەمـەن و قـۆنـاغـەکـانی گەشـەکـردنی منـداڵەکـانتـان، ئەو چـیرۆکە ئەفـسانـەیی یا خەیـاڵییانەیان بـۆ هەڵـبژێـرن کە گونجـاون بۆیـان، بـە دەنگـێکی ناسـک و بە شـێوازێکی شـیرین و بـە چـێژەوە بۆیـان بگـێڕنەوە یا بۆیـان بخوێینـنەوە. ئەوەش بۆ یەکجاری مەخـەنە دڵی منداڵەکـانتـانەوە، کە چیرۆکە ئەفـسانەییەکـان هـەردەم ترسناکـن، هـەر لەبـەر ئـەوەی کـە هەنـدێکـیان تـرسناکـن یـا دروست نین. بەڵام لە چاپکـراوە تازەکانی ئەمـڕۆدا، دەستکاری بەشێکی ئەو چـیرۆکە ترسناکـانە کـراون. کۆتاییەکـانیان بە خـۆشی و سەرکـەوتن کۆتـایی پێ هـێناون.

———————————–
(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، بێجگە لە پەرتـووکەکە چاپکـراوەکەی خـۆم، سوودیشم لە چەنـدین نـووسین، کە لە سایتـە ئینگـلیـزییەکـانـدا بڵاوکـراونەتـەوە، وەرگـرتـوون:
١ـ چـاوپـێخـشانـێک بە مێـژووی ئـەدەبی منـداڵان . رەزا شـوان . کەرکـووک. ٢٠١٥
٢ـ حیکـایەت و چـیرۆک بۆ منـداڵان . لـۆرا مایـزەر . ٢٠١٧
٣ـ مێـژووی چـیرۆک . سـۆزی مـاکـچی
٤ـ رەسەنی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان . سـارا گـراسـاد و جـەمشـید تەهـرانی . ٢٠١٦
٥ـ سوودەکـانی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان. نیـپـیان توتـۆرینگ.
٦ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان، جەخـت لەسەر جـوانی دەکەن . ئـیرین هـاتـفی . ٢٠٠٦

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٨/ئـوکتـۆبـەر/٢٠٢٠




وەرزەکـانـی سـاڵ … محەمەد بەرزی

سـاڵـێ چـوار وەرزی تـیـایـە
ئـاو و هـەوایـان جـیـایـە

زسـتـانـی بـەفـری زۆرە
ئـاو دەبـێ بـە چـلـوورە

بـەهـارەکـەی گـوڵ پـۆشـە
سـەیـران و گـەشـتـی خـۆشـە

هـاویـن گـڕەی گـەرمـایـە
بـۆ مـەلـە بـێ هـاوتـایـە

پـایـز گـەڵا ڕێـزانـە
لای مـن وەرزێـکـی جـوانـە

وڵاتـەکـەم ڕەنـگـیـنـە
دار و بـەردی شـیـریـنـە

٢٦ / ٧ / ٢٠٢٠




رەزا شـوان: چیرۆک بۆ منداڵان.. بەردێکی گەورە لە ناوەڕاستی رێگادا

لە سەردەمێکی رابردوودا، شایەکی زۆر زیرەک و دانا و زانا هەبوو، هەردەم دەیویست لە رێی تاقیکردنەوە و کاری کردارییەوە، گەلەکەی فـێری کۆشش و کاری جـوان و وانە و پەنـدی بەسوود بکات.
شەوێکـیان، لەو کاتەی کە هەمـوو خەڵکی نووستـبوون. شا لە نـزیکی کۆشکـەکەیـدا، لەسەر چـەقی ناوەڕاستی ئەو رێگا سەرەکییەی کە بە بەردەم کۆشکەکەیدا تێدەپـەڕی. بەردێـکی گـەورەی دانـا. بەیـانی ئـەو شـەوە، شـا خـۆی لە پشـتی شـوورەی بـاخچـەی کۆشکەکەیـدا مـات دا و لە بەردەکـەی دەڕوانی، تـا بـزانێـت چـی روودەدات و کێ ئـەو بـەردە گـەورەیە لادەدات.
یەکەمیـن جـار جووتیـارێک هـات، گـالـێسکەیـەکی پـڕ لـە گەنـمی پێـبوو، دەیبـرد لـە ئاشـدا”ئاسـیاودا” بیهـاڕێـت و بیکـات بـە ئـارد.
جووتیارەکە:”باشە! ئەو خەڵکییەی کە بە ئێرەدا رۆیشتوون و ئەم بەردەیـان بینیوون، بۆ لایان نەداوە؟ دەک تەمەندرێـژ نەبن، ئەمە تەمـەڵی و گوێ پێـنەدانە” گالـێسکەکەی بە لای راستی بەردەکەدا سووڕانـدەوە، رێی گرتەبەر و رۆیشت و دوورکەوتەوە، هەر دەیبۆڵان و سکاڵای دەکرد و لۆمەی خەڵکی دەکرد. تومەتباری دەکردن کە هیچـیان تیا بەسەر نیـیە. بێ ئـەوەی کە خـۆشی دەسـت بە بەردەکـەوە بـدا و هـەوڵبـدا کـە لەسـەر رێگـاکەدا لایبەرێـت.
دوای کەمێکی تر، سەربازێکی لاو هات، کە بە درێـژایی رێگاکەدا گۆرانی دەوت. سروە بایـەکی فـێنک پەڕەکانی سەر کڵاوەکەی دەلەرانـدەوە، شمشێرێکی بریقـەداریش بە لای چەپیـەوە بوو. بیری لەوە دەکردەوە، کە لە جەنگـدا، چی ئـازایەتی و دلـێرییەکی بێوێنە دەنوێنـێت. سەربـازەکە بەردەکـەی نەبیـنی، پـێی لـێی هەڵـکەوت، بـە لایـەکی رێگـاکەدا کەوت. هەستایەوە و خـۆڵی سەر جلەکانی تەکانـد و شمشێرەکەی هەڵگرتەوە. زۆر لەو خەڵکـییە تـووڕەبـوو، کە ئەم بـەردە گەورەیـەیان لەسەر ئەم رێگـایـەدا بینیوە و لایـان نەبـرووە. بـە تەمـەڵ و تـەوەزەل نـاوی بـردن. سەربـازەکە رۆیشـت و دوورکـەوتـەوە، بێ ئەوەی کە بیـر لەوە بکاتـەوە، کە پـاڵ بە بەردەکـەوە بنێ و هەوڵبـدات لای بەرێـت.
بە درێژایی ئەو رۆژە زۆر کەس بەو رێگایەدا، بە لای بەردەکەدا رۆیشتن، سکاڵایان لە شا و لە خەڵکی دەکرد کە دەبینن ئەم بەردە گەورەیە لە ناوەڕاستی ئەم رێگایە دایە، بۆ ئەو خەڵکە تەمەڵە لایان نەبردووە. بێ ئەوەی خۆشیان هیچ هەوڵێک بۆ لابرنی بـدەن.
لە دواییدا، لە دوای رۆژ ئاوابـوون، ئێوارە تاریک بوو. “جـوان” ی کچی مام شاسوار، کە کچێکی ئازا و ژیربوو، لە بەیانییەوە تا ئێوارە لە کارگەیەکدا کاری دەکرد. ئێوارە لە گەڕانەویـدا بۆ ماڵەوە. بـەردە گـەورەکەی بیـنی، گـەرچی زۆریـش مانـدوو بـوو. لەبـەر خۆیەوە وتی:”وا تاریکی داهـات، لەوانەیە کەسێک بەم رێگـایەدا بـڕوات و ئەم بـەردە نەبینێت و پێی لێهـەڵبکەوێت و ئازارێکی زۆری پێبگات. پاڵی پێـوە دەنێم و لە رێگاکەدا دووری دەخـەمـەوە” زۆر زەحمـەت بـوو کـە بتـوانێـت بەردەکـە بجـووڵێنـێت. جـوان بە هەموو هـێزو و تیـن و توانـایەکییەوە، بەردەکـەی جولانـد و پاڵی پێوەنـا.. چەنـد تلـێکی پێـیدا، وازی لـێـنەهـێنا تـا بە تـەواوی لەسـەر رێگـاکە لایبـرد و دووری خســتـەوە.
جـوان واقـی وڕمـا، کە بیـنی لە چاڵـێکی شوێـنی ژێـر بەردەکـەدا، سەنـووقـێک هـەبوو. سەنووقـەکەی هەڵگـرت.. قـورسبـوو چونـکە پـڕبـوو لە شـتـێک. لەسەر سەنـووقـەکە نووسرابوو:”ئەم سەنووقـە بۆ ئەو کەسەیە، کە ئەم بەردە گەورەیەی لەسەر رێگاکەدا لابـرد” جـوان سەنووقـەکەی کـردەوە، بینی پـڕە لە زێـڕ. زۆر بە دڵخـۆشی و شادییەوە گەڕایـەوە بـۆ ماڵـەوە.
کە ئەم هەواڵە بە شاردا بڵاوبـۆوە، جووتیـارەکە و سەربـازەکە و هەموو ئەوانی تـریش کە بەلای بەردەکەدا رۆێشتبوون. لەسەر چاڵی بن بەردە گەورەکەی ناوەڕاست رێگاکەدا کۆبـوونـەوە، بـە پێـیەکـانیـان خۆڵـەکەیـان لادەبـرد، بـەو هـیوایەی کـە پـارچـە زێـڕێـک بـدۆزنـەوە.
لەم کاتەدا شا گەیشتە شوێنی بەردەکـە، وتی:”هـاوڕێکانـم، گەلێ جـار کـۆسپ و کـێشە دێنە رێمان، بە دەنگێکی بەرز سکاڵا دەکەین و دەبـۆڵێنین. گەر بمانەوێت خۆمان لێیان لادەدەین، یان دەتوانین لایان بەرین و بزانین چین. بێ هیوایی”بووە بە نرخی تەمەڵی”
شا جڵـەوی ئەسپەکەی گـرت و سواربـوو، وتی:”ئێـوارەتـان بـاش” و بەجـێیهـێشتـن.
(*) ئەمە چـیرۆکێکی فـۆلکـلۆرییە، بە کەمێک دەستکارییەوە، لە زمانی ئینگـلیزییەوە وەرمگـێراوە بۆ کـوردی. چـیرۆکـێکی مەبەسـتـدارە و چەنـد پەنـدێکی لە پشـتەوەیـە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٠




ژینگە دۆست … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

لە سەیران و لە گەشتا
لە گرد و دۆڵ و دەشتا
بابە و دایە و خزمانم
لەگەڵ گشت ھاوڕێکانم
وەک (ژینگە دۆست) دەمناسن
ڕێزی زۆرم لێدەگرن
چونکە لەوە دڵنیام
لای ئەوان وەک پێشەنگ وام
دوای تەواو بوون لە سەیران
ئەوانیش لەگەڵ مندان
بە یەکەوە وەک یاری
بە گیانی پڕ ھاوکاری
چی پاشماوەیەک ھەبوو
کۆی دەکەینەوە ھەموو
چەند کیسێکمان ھێناوە
بۆ خاشاک و پاشماوە
تا ئەو شوێنە خاوێن بێ
بۆ ئەوەی دوای ئێمە دێ
……
٢٢/١/٢٠٢٠




هـاوڕێـی پـەپـوولـە … محەمەد بەرزی

هاوڕێکەم پەپوولەیە
لە ناو گوڵ و خونچەیە

باڵی جوان و نەخشینە
خاڵخاڵی سور و شینە

منی زۆر زۆر خۆشدەوێ
هەر بۆیە دوامدەکەوێ

لە دەورم دەخولێتەوە
دڵم دەگەشێتەوە

بە گۆنای سور و ئاڵم
وا دەزانێ من گوڵم

لە ڕوومەتم دەنیشێ
ختووکەم دێ و نایەشێ

١ / ١٠ / ٢٠٢٠




شیعـری هایکۆ بۆ منداڵان … رەزا شـوان

هایکۆ هونەرێکی شیعـری ساکار و کورت و ئاسان و کاریگەر و نایاب و زۆر کـۆنە لە شیعـری ژاپـۆنی دا، تا ئەو رادەیەی کە منـداڵانیش هـۆگـری بـوونە و لاسایی دەکەنەوە. هایکۆ شێوازێکی جیاوازە و ژانـرێکە لە ژانرەکانی شیعـری ژاپۆنی. هونەرێکی شیعری رەسەنی ژاپـۆنە. لە ژاپۆنـدا سەری هەڵـدا، رەگێکی مێـژوویی کـۆنی هـەیە و بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. تا ئەمـڕۆش بایـەخی هـایکـۆ کـاڵ نەبـۆتەوە و لە ژاپـۆنـدا بـاوی هـەیە و گـرنگی پێـدەدەن. هـەر لە منـداڵیشەوە بە شـێوازێـکی ئاسان و سـووک منداڵەکانیان فـێری خوێندنـەوە و نووسینی هـایکۆی ساکـار دەکەن.
هایکۆ لە قۆناغی یەکەمیدا، لە سەدەی حەڤـدەمین دا. بە هەوڵی شاعـیری هایکۆنووسی بەناوبانگی ژاپـۆنی (ماتسـۆ باشـۆ: ١٦٤٤-١٦٩٤) گەشەی کـرد. بێ رکابەرێتی ماتسۆ بە مامۆستای یەکەمی ئەم هونەرە ناسراوە، یەکێکە لە بەناوبانگترین هایکۆنووسەکانی ژاپـۆن. رۆڵـێکی گـرنگی بینی لە بڵاوکردنەوە و لە بە باوکـردنی هـایکـۆ لە ژاپـۆن دا.
ماتسۆ، وازی لە مامۆسـتایی و لە ژیـانی خـۆشی شار هـێنا. وەکو شەیـدایـەکی هـایکـۆ، دێ بە دێ دەگـەڕا، بۆ وەرگـرتنی ئیلهـام بۆ هـۆنـراوە و بۆ هـایکـۆکـانی.
(ماتسۆ باشۆ)، شاعیر و وێنەکێش (یۆسا بوسۆن: ١٧١٦-١٧٨٤ )، (كوبایاشی ئیـسا: ١٧٦٢ -١٨٢٦)، (ماساوكـا شـیـكی : ١٨٦٧-١٩٠٢ ) کە چـوار مامۆسـتای گـەورە و ناسراوی زامـانی ژاپـۆنی بـوون، بە کۆڵـەکـەکـانی هـایکـۆی ژاپـۆنی دادەنـرێن.
لە ئێستادا شیعـری هـایکۆ لە هەمـوو جـیهانـدا تەشەنەی کردووە. بە دەیـان شاعـیر لە ئەمریکا و ئەوروپـا و ئەفـریقیا و ئاسیادا هـەن، کە چـاویان لە هـایکۆنووسانی ژاپـۆن کردوون، بە سەدان هـایکۆیـان نووسیون و دەنـووسن. بەڵکـو منـداڵانێکی زۆریـش لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی جیهاندا، لەبەر سووکی و ئاسانی، شیعـری هـایکـۆ دەنـووسن.
هایکۆی ژاپـۆنی هۆیەکیش بوو بۆ سەرهەڵـدانی (شیعـری وێنـەیی) کە بزووتنەوەیەکی شیعـری (ئینگـلۆ ـ ئەمریکی) بـوو، لە سەرەتای سەدەی بیستەمـدا باوی بوو. هەروەها هـایکۆ کارتێکـردنی لەسەر کـارە ئەدەبییەکـانی تـری رۆژئـاوا هەبـوو.
هـایکـۆ لە چی پێکهـاتـووە؟
هایکۆ بریتییە لە هۆنراوەیەکی زۆر کورت، تەنیا بەیتێکە، بە شێوە کلاسیکییەکەی لە سێ دێـڕە شیعـری بێ کـێش و بێ سـەروا و بێ ئـاواز پێکهاتـووە. مەگەر بە دەگـمەن دێـڕەکانی سەرواداربن. هایکـۆ لە (١٧) بـڕگە پێک هاتـووە. بە گوێـرەی ریـزبەنـدیی دێڕەکان (دێڕی یه‌كه‌م پێنج بڕگه‌، دێڕی دووه‌م حه‌وت بڕگه‌، دێڕی سێیه‌م پێنج بڕگه‌) واته‌ (٥ بـڕگە، ٧ بـڕگە، ٥ بـڕگە) بە پێی زمـانی ژاپـۆنی.
بەڵام گەر هایکۆکانی ژاپـۆنی بۆ زمانەکـانی تر وەریان بگـێڕن، ژمارە بڕگەکان لە سێ دێـڕەکەدا وەکو خـۆیان نامـێنـنەوە، بـڕگەکـان کەمـتر یا زیاتـر دەکەن. بۆ نموونـە، ئەم هایکۆیەی ماتسۆ باشۆی ژاپۆنی، کە لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرمان گێڕاوە بۆ کوردی:
گـۆلـێکی کـۆن
بە دەنـگی ئـاو
لە بـۆقـێکەوە کە نـوقـم دەبێ
ئەم ئایکۆیەش کە لە نووسینی ئایکۆنووسی ژاپـۆنی کوبایاشی ئیـسا یە:
بەفـر دەتـوێتـەوە
دێیـەکە لە ئـاوا نوقـم بـوو
لەگەڵ منـداڵەکـانـدا.
لە پێـشا بـەم جـۆرە شیعـرەیـان دەوت (هـۆكـۆ) بـه‌ڵام لە دواییـدا، شاعـیری ناسـراوی ژاپـۆنی ماساوکـا شـیکی گـۆڕی بە وشـەی (هـایكـۆ).
هـایکۆنووس لە میانەی چەنـد وتەیەکی ساکاردا، لە کات و شوێنی خۆیـدا، بە زمانێکی سادە و باو، هـایکۆ دادەڕێـژێ و گوزارشـت لە هەستی قـووڵی خـۆی دەکا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەر وشەیەک لە وشەکانی سەنگ و مەبەستیان هەیە. بۆیە هـایکۆنووس بە وردی وشەکـانی هەڵـدەبـژێـرێ.
هایکۆ بە زۆری دەربارەی شتانێک دەنووسرێ، کە بە لای خوێنەرەوە زانـراوە و نامـۆ نین. وەکو ستایشی سروشت، خەسڵەتەکانی وەرزەکانی ساڵ، ئاژەڵان، باڵندەکان، دار و درەخت، گوڵ و گوڵـزار، بەفـر و بـا و باران، ئـاو،…هـتد. یا گوزارشتـێکی کوتوپـڕی و یەکسەری بێ بیرکردنەوە و بێ دواکەوتنە لە کارەسات و لە دیمەن و لە وێنەکانی ژیانی رۆژانەی مـرۆڤ دەکا، لە روانگەیەکی فەلسەفـەیی و جوانکارییەوە. بە زۆریش لە دوا دێـڕی هایکۆدا (دێڕی سێـیەم) تێبـینی و مەبەستی بابـەتـەکە بە دەستەوە دەدا.
ئێـوەی ئارەزوومەنـدی شیعـریش، دەتـوانن هـەوڵـبدەن و خۆتـان تـاقی بکەنـەوە و بە ئارەزووی خۆتان بابەتەکانتان هەڵبژێرن و هایکۆی تایبەتی خۆتان بنووسن، پێبەندیش مەبـن بە شـێواز و بە شـێوەی هـایکـۆی کلاسـیکی ژاپـوونی یەوە.
هـایـكـۆ بـۆ منـداڵان:
هایکۆ شایەنی گرنگـی پێدانە بۆ منداڵان، دەشی چـێژ و خۆشییەکی زۆریان پێبخەشێت. خوێندنی هـایکۆ لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانـدا، هـانی قوتابیان دەدا، بۆ ئەوەی کە فـێری بـڕگە و وشـە ببن، لەبەر ئەوەش کە هـایکۆ هـۆنراوەیەکی کورت و ساکار و ئاسانە و وشەکانی بـاون و بابەتەکانیان نامـۆ نین بە لایانەوە، لێـیان وەرست نابـن و بە ئاسانی وەریان دەگـرن. دەکرێ مامۆستای زمـان لە قوتابخانەدا، کۆمەڵێک هایکـۆی جـیاوازی گونجا و بە پێی تەمەنی قوتابییەکانی، بۆ خوێندنەوە بە قوتابییەکانی بـدا و فـێریان بکا بە دەنگەوە بیان خوێننەوە. یارمەتی قوتابیان دەدەن بۆ بیرکردنەوە لە واتای هایکۆکان. دواییش مامۆستا داوایان لێـبکا کە خۆیان هـایکۆ دابنـێن. بۆ ئەم مەبەستەش وردبیـنی زۆری لێیان دەوێ تا بە ئاسانی فێری بڕگەکان ببن. باشترین چالاکیش بۆ هانـدان و بۆ بە ئاسانی فـێربوونی بڕگە (شێوازی چەپـڵەلـێدان)ه‌، كە لە کاتی خوێندنەوەی وشەکان،
بۆ هەر بڕگەیەک، یەک چەپـڵە لێـبدەن. بۆ نموونە: لەگەڵ خوێندنەوەی وشەی (کورد) کە لە یەک بـڕگە پێکهـاتووە، یەک چەپڵە لێبدەن. بۆ وشەی (نەورۆز) کە لە دوو بڕگە پێکهاتووە، دوو چەپـڵە لێـبدەن، بۆ (کوردستان) سێ چەپـڵە لێـبدەن،….هـتد.
دەکرێ مامۆستای زمـان، بابەتـێکیان بۆ هەڵبـژێـرێت، بۆ نموونە (تـۆڕی جاڵجاڵـۆکە) داوا لە قـوتابییەکانی بکات، بیر لەم بابـەتە بکەنـەوە و هایکۆیەک بنووسن، لەوانەیە کۆمەڵێک نووسین و بیـرۆکەی جـیاواز لە هـایکۆکانیانی قوتابییەکانی دا بخوێنێـتەوە.
پێویستە مامۆستا هـانی قوتابییەکانی بدات، کە هەموو هەستیـیەکانیان بەکاربهـێنن. بۆ نموونە گەر هایکۆکە لەسەر (به‌هـار) بـوو. داوایـان لێ بکات کە بیـر لە دیمەنەکـانی بەهـار بکەنەوە و هـایکۆ بنووسن، ئەو دەنگـانەی گوێیـان لێی دەبێ، وەک خوێنـدنی مـەلان، بۆنی گـوڵان، دیمەنی پەپـوولەی رەنگـاوڕەنگ، تام و چـێژی رێـواس، هەموو ئەو شتانەش کە دەتووانن دەستیان لێـبدەن و خۆشییان پێدەبەخـشن، لێرەدا هـەر پێـنج هەستییەکەی بەکارهـێنا. دوای ئەوە پێویستیان بە بیرکردنەوە هەیە لە هەڵبژاردنی ئەو وشانەی کە پێویستییان پێیان هەیە، بۆ گوزارشتکردن و بۆ نووسینی وشە و بڕگەکانی هـایکۆکانیان. دوای نووسین دووبـارە پێیانـدا بچـنەوە و هەڵـەکـانیان راست بکەنـەوە. ئەمەش دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ منداڵان، بۆ درێژەدان بە خوێندنەوە و بە نووسینی هـایکۆ و بۆ زیاتر پێشکەوتنیان. لە ئەمـڕۆدا، لە بەر ئاسانی و کورتی شێوازی هایکۆ لە زۆر لە قوتابخانەکاندا، وتنەوە و فێرکردنی هۆنراوە، بە شێوازی هایکۆ بووە بە باو. هـیچ دەستوورێکی دیاریکـراو و پێویست و پێـبەندبوونیش بۆ نووسینی هایکۆ نییە، تا ببنە تەگەرە لە رێی نووسینی هایکۆدا، ئەوەی هـایکۆنـووس دەیەوێ، گوزارشتکـردنە لە بیـرۆکە و لەو تێبینـییانەی کە لە هـۆشـیدان.
ئەمەش بەلای منداڵانەوە جێی سەرسوڕمانە دەربارەی هایکۆ، کە دەتوانن بە ئـازادی و بێ دوودڵی، بە وشـەی سـادە، گوزارشت لە بیرو بۆچوونیان بکەن و هایکۆ بنووسن.
کە داوای نووسینی شیعرێکی هایکۆ لە منداڵان دەکەین، بە زۆری بە سادەیی گوزارشت لە هەستی خۆیان دەکەن، دەربارەی ئەو شتانەی پێیان ئاشانا بوونە، وەکو: کەشوهەوا، ئـاژەڵانی مـاڵی، باڵـندەکـان، گـوڵان، دەشـت و چـیا، دار و دەوەن، هـاوڕێیـان، یـاری، وەرزەکـان، رۆژ و شەو، بەفـر و باران و ئاو، دایکان و باوکانیان، مامۆستاکانیانن، خوشکان و براکـانیان، یا هـەر بابەتـانێکی تـری لەم شـێوانـە.
دەکرێ دایکان و باوکان مامۆستاکان لە چالاکی خۆشدا، بەشداری بە منداڵەکانیان بکەن و ناوی لێبـنێن هەڵـمبێـنە”مـن کـێم؟” کە لە شێوەی مەتەڵـۆکە دایە. لەم چالاکییەدا داوا لە منداڵان دەکرێ، لە شێوازی هـایکۆدا قسەکانیان یا وەڵامەکانیان بنووسن. ئەمە سێ نموونـەی هـایکـۆی”مـن کـێـم؟”:

بـۆرێـکی خـەت زەردم
بـۆ هەمـوو گوڵـێـک دەفـڕم
هـەنگـویـن دروسـت دەکـەم
ئەم هـایکۆ ئاسانە کوردیـەش:
بـەرزم وەک چـنار
نـە گـیـام و نـە دار
مـزرم وەک هەنـار
هـایکۆیەکی تر بۆ منداڵان لە شێوازی مـن کـێم؟:
مـن لـە ئاسـامــانـم
هـەڵـدێـم و ئـاوا دەبـم
گـەرمی دەبـەخـشـم
دەکرێ هایکۆ بۆ منداڵان، کەسێتی بێت یا لە شێوەی نوکتە و جەڤەنگیدا دابڕێژرێت، بۆ چـێژ و خۆشی بەخـشـین و بـۆ ئەوەی منـداڵان بهـێنـنە خەنـدە و پێکـەنین. بۆ نمـوونە ئەم دوو هـایکۆ فـۆلکلۆرییە کوردییەمان بۆ منداڵان کە بۆ خۆشی و پێکـەنین وتراون:
هە دۆینە.. دۆینە.. دۆینـە
دۆینــــەی مــاڵـی مـەلایـە
پـڕی لـە ســـەلـکە گــایـە

  • * *
    هـەلاتــران و مـەلاتــران
    دایـک و بـاوکی جـنـدۆکـان
    دایکـم نـاردوومی بـۆ هـێـلکـان
    هەنـدێ جاریش هایکـۆ گوزارشت لە سۆز و لە هەستەکانی نـاخی منـداڵان دەـکا، وەکو خۆشەویستی و دڵـڕاوکی و تەنـانەت ئـازاریـش.
    پێویستە منداڵانی کوردمان فـێربکەین و هـانیان بدەین کە هـایکۆ بخوێننەوە و بنووسن، بە تایبەتیش ئـەو منداڵانـەی، کە هـۆگـری خوێنـدنـەوە ونـووسینی شیعـرن.
    جۆرەکـانی هـایکۆی منـداڵان:
    یەکەم: (هـایكـۆ بۆ منـداڵان): ئەو هایکۆیانەن کە شاعـیرانی هایکۆنووس بۆ منداڵانیان دەنووسن. کە پێویستە ساکار و کورتبن و بە زمانێکی ئاسان بە پێی قۆناغەکانی منداڵی بیـان نووسن، بابەتەکانیش نامۆ نەبن و لەژینگەی منداڵانەوە ئیلهـامیان لێوەرگرتووبن.
    تا ئەمڕۆ لە کوردستان دا، مەگەر بە دەگمەن هـایکۆنووسێکی ناسراوی کوردمان هەبێ کە شیعری هـایکۆ بۆ منـداڵانی کوردمـان نووسیبـێت یا بنـووسێ.
    ئەمانە دوو نموونەی هـایکۆن، لە هەڵبەستی هایکۆنـووسانی بیـانی بۆ منـداڵان:
    یـاریی دووانـە
    منـداڵ بـۆ منـداڵ دەدوێ
    لـە ئـاوێنـەدا
  • * *
    جــەژنـی لەدایـکـبـوونـتــە
    هـیچ شتـێکـم نیـیە بـۆتی بهـێـنـم
    منـداڵان هـەمیـشە بێ پـارەن

دووەم: (هـایكـۆ لـه‌ نـووسینی مـندڵان) ئـەو هـایکـۆیانـەن، خـودی منـداڵان خـۆیـان، دەیان نـووسن، سادەیی و راستگۆیی و ساکارییان پێوە دیارە. ئەمانەی خوارەوە چەند نموونـەیەکی هـایکـۆن، کە لە لایەن منـداڵانی ئەمریکـاوە نـووسـراون:
مـن تەنیـا منـداڵـم
حەزدەکەم لەگەڵ هـاوڕێکانـم یـاری بکـەم
خەنـدە بکـە و شـادبـە

  • * *
    خـۆمـان بە هــیوا نـاودەبـەیـن
    داهـاتـوو لە دەسـتی ئـێـمە دایـە
    خـوێنـدنیـش بـۆ باشـترە
  • * *
    دەبـیـنــم لـەنـاو بـەفــردا
    ئـاسکەیـەکی بچکـۆلانــە
    هەوڵدەدەم یارمەتی بـدەم
    نووسینی: (تیم . ک)، (١٠) ساڵان ـ ئەمریکا.
    کـیت لە تەمـەنی هەرزەکاریـدا شەش گـۆڵی تـۆمـارکرد
    تـۆپی پێـیـەکە بەر سـتـوون کـەوت
    ئایـا گـۆڵـێکی تـۆمـارکـرد؟

نووسینی: (كـاتی)، (٩) ساڵان ـ ئەمریکا.
گوڵـە سـوورەکە جـوانـە
هەروەها نەمـامە گوڵەکانیش ناسکـن
هەمـوو گوڵـێک جـوانـە
نووسینی: (ئیـڤـان)، (٩) ساڵان ـ ئەمریکا.
بەهـار سـاڵی جـارێـک
دێـت وەک نـەڕەی شـێر
لە دەرەوە وەک بـەرخ، بـاع
نووسینی: (شتان)، (١٣) ساڵان ـ ئەمریکا
ئـەسـتـێـرەکـان هـەڵهـاتـوون
دەدروشـێـنەوە و گـەشـدەبـن
تـا رۆژ هـەڵـــدێـت
نووسینی: (میـتیا . م ) ، (٩) ـ ئەمریکا.
بە سەدان هایکۆ هـەن، کە لە لایەن منـداڵانەوە نوسراون، یا بۆ منـداڵان نـووسراون.
زۆر لە منـداڵانی قـوتـابی، لە بۆنـە و لە رۆژە تایبـەتی و جـیهـانییەکانـدا، وەکو: یادی جـەژنی لەدایکـبوونی هـاوڕێکـانیان، رۆژی جـەژنی نـەورۆز، رۆژی جـەژنی دایکـان، رۆژی جەژنی مامۆستایان. لەسەر کارتی پیرۆزباییکردن لە هاوڕێکانیان، لە دایکانیان، لە مامۆستاکـانیـان، بە نـووسینی سێ دێـڕ هـایکـۆی جـوان پیـرۆزبـاییـان لێـدەکـەن.
(*) بـۆ نـووسینی ئـەم بابـەتـە، سـوودم لە چەنـدین سـایتی ئینگـلیزی وەرگـرتـووە.
رەزا شـوان
٣٠/ سێپتەمبەر/٢٠٢٠




چیرۆک بۆ منداڵان.. نيشتنەوەیەک لەسەر مانگ.. رەزا شـوان

ساڵانێک بەر لە ئێستا، دوو هاوڕێ هەبوون. ناویان نیل و باز بوون. مشتومڕیـان بوو، لەسەر ئەوەی کە بـڕوا و بـۆچـوونی کامیان لەسەر مانگ راستە.
نیـل : بە بڕوای من مانگ روویەکی زەبەلاحە. هەمووانیش هەر هەمان بڕوایان هەیە.
بـاز : نەخێر، وانییە، هەمووان دەزانـن کە مانگ لە پەنـیر دروست کـراوە.
لەسەری رۆێشتن و درێـژەیان بە مشتومڕەکەیان دا.. هەر یەکەیان بـڕواکەی خۆی بە راست دەزانی.
بـاز : بـڕواکەی مـن راست و رەوایـە.
نیـل : نـا، وانییە، بـڕواکەی مـن راسـتە.
لە کۆتاییدا، بـڕیاریان دا، کە لە هـیوای مامیان بـپرسن.
مامە هـیوا گوێی لە مشتومـڕ و هـاواریان بـوو. پێی وتـن:” کوڕەکـانم، پێـویستە بچـن بۆ سەر مانگ، تا راستیتان بـۆ دەربکەویت، کە بـڕوای کامتان راستە”
مامە هـیوای بە ساڵاچوو، بـڕیاری دا، یارمەتیان بدا، کەشتییەکی رۆکـێتی بۆ کوڕەکان دروست کـرد. نـاوی لێـنا ” ئـەپـۆلـۆ “.
کوڕەکان سەرکەوتـن و چـوونە نـاو رۆکـێتەکەوە. سویچەکەیان سوڕاند و هەڵـیان کرد. گڕە ئاگـرێک لە دوای رۆکـێتەکەوە دەرچـوو.. تەکانی دا و بە ئاسمانـدا بەرزبـۆوە، بە خـێراییەکی زۆر بەرەو لای مانگ دەڕۆیی. بەرزتـر و بەرزتـر بـۆوە، زۆر لە زەوی دوورکـەوتەوە. تا گەیشـت و لەسەر مانـگ نیشـتەوە.
نیل و باز لە رۆکێتەکە دەرچوون و بە پەیـژە لێژەکەی رۆکێتەکە هاتنە خوارەوە، نیل لە پێشا پێی خستە سەر مانگ و دواییش باز. لەوانەیە هەنگـاوێکی بچووکی پیاو، بازێکی گەورەبێ بۆ منـداڵان.
هەرکە گەیشتنە سەر مانگ، ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە شوێنێکی سارد و بەرداویـیە. لە پەنیـر دروست نەکـراوە، روویـەکی زەبـەلاحـیش نیـیە.
بـاز (بە بێ ئومێدییەکەوە) : باشە، بە هیچ کلۆجێک ئێرە شوێنێکی دڵگیر نییە. خۆزگە سینەما و یاریگـای تـۆپی پێ و بازاڕێـکی لـێـبوایە.
روانینێکی باشیان لەسەر مانگ هـەبوو. وێنەیەکی زۆریـان گرت. ئاڵایەکیشیان لەسەر مانگ چەقانـد. هەموو ئەو شتانەش مەبەستیان بوو جێبەجێیان کردن. توورەکەیەکیش خـۆڵ و بەردی سەر مانگـیان پـڕکـرد.
بـاز : دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە.
نیـل : هەروەها منیش حەزدەکەم بگـەڕێمەوە.
گەڕانەوە بۆ ناو ئەپـۆلۆکە. سویچەکەیان سوڕاند و خستیان ئیشکردن. بەرەو ئاسمان بەرزبـۆوە، بە هـێڵی دیـاری کـراودا، بەرەو زەوی بـۆوە.
رۆکێتەکە گەیاندیـانیەوە سەر زەوی.
کەمێک لە فـرۆکە دەچـوو. نیـل و بـاز دابەزین و مامـە هـیوا لە پێشوازییاندا دابـوو.
گەشتکـردنەکەیان بـۆ ئاسمان و بـۆ سەر مانـگ زۆر پێخـوش بـوو.
بەڵام بە گەڕانەوەیـان جـارێکی تـر بـۆ ماڵـەوە زۆر دڵـشاد و دڵخـۆش بـوون.

(*) بیـرۆکەی ئەم چـیرۆکەم لە هەڵبەستـێک لە نووسینی ( پـۆل پیـرۆ) بۆ منـداڵان، وەرگرتـووە، کە بە زمـانی ئینگـلیزی بڵاوی کـردۆتـەوە.

رەزا شـوان
نەرویـج : ٢٢/ سێپتەمبەر/٢٠٢٠




تـووتـی … محەمەد بەرزی

تـووتـیـیـەکـەم خـنـجـیـلـەیـە
قـاچـی چـوار پـەنـجـەی هـەیـە

دەنـووکـی سـور و تـیـژە
تـەمـەنـی زۆر درێــژە

ڕەنـگـە جـوانـەکـەی سـەوزە
حـەزی لـە سـێـو و مـۆزە

مـیـوە و گـوێـزی بـەردەمـی
بـە قـاچ دەیـبـا بـۆ دەمـی

بـۆ لاسـایـی زۆرزانــە
زیـرەکـە و قـسـە زانــە

ئـەو کـاتـانـەی دەمـبـیـنـێ
زوو زوو نــاوم دەهـێـنـێ

محەمەد بەرزی

١٨ / ٨ / ٢٠٢٠




منداڵانی کورد و فـرە رۆشنبیری لە هەنـدەران … رەزا شـوان

لە ئەمـڕۆدا ئێمە لە سەدەی بیست و یەکەمیندا دەژین، سەدەی (رۆشنـبیری گـلۆباڵـیزم)
دەڵێن لە سایەی پێشکەوتن و شـۆڕشی تەکنەلـۆژیا و داهـێنانی سەیـر و سەمەرەدا، لە سایەی ئیینتەرنێت و ئایفۆنی زیرەک و ئامێری جۆراوجۆر و ئاسانی هـۆیەکانی گەیاندن و پەیوەندیکردن، جیهان بووە بە گونـدێکی بچووک. کۆمەڵگاکان بە شێوەیەکی زیاتر لە رابردوو لە یەکتر نزیکبوونەتەوە و تێکەڵ بوونە. لایەکی کەشەوە بە هـۆی کۆچکـردن بۆ ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا، بە تایبەتیش لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفـریقاوە. بە هۆی سـتەم و چەوسـانـەوە و سەرکوتکـردن و کوشـتن و برسێـتی و هـەژارییەوە، لە لایـەن رژێـمە فاشستییەکـان و دەسەڵاتـدارانی ستەمکـار و دیکـتاتـۆر و رەگەزپـەرسـتەوە، بە هـۆی نەبـوونی ئـازادی و دیمـوکـراتی و شـەڕ و ناسەقـامگـیریییەوە. خەڵکـییەکی زۆر لە نەتەەوەکانی ئەو وڵاتـانە بە ناچـاری کۆچـیان بۆ وڵاتـانی جیهـان کـردوون.
گـەلی کوردیـشمان زیـاتر لە سـەد ساڵە، کوردسستانی نیشـتمانی لی داگـیرکراوە و بەش بەش کراوە. داگیرکەرانی رەگەزپـەرست، بە دڕندەترین شێوە، کورد سەرکوت دەکەن و دەچوسێننەوە، رەشەکـوژی و کۆمەڵکـوژی کوردیان کرد و دەکەن و کوردستان وێـران دەکەن و سیاسەتی خاکی سووتماک جێبەجێ دەکەن. بە هەزاران کوردییان بە زۆرداری لە زێـد و لە نیشتمانی خۆیدا، ئاوارە و دەربەدەر کردوون و دەکەن. لە ترسی کوشتن و گرتن و نەبوونی ماف و ئـازادی و دیموکراتی، لە ماوەی سەدەیەکـدا بە هـەزاران کورد بوونە بە پەنابەر و لە وڵاتـانی جیهـاندا دەژیـن، بە تایبەتیش لە ئەوروپا و ئەمریکـادا.
نزیکەی سێ ملیۆن منـداڵی کوردمان لە هەموو تەمەنەکانـدا، لەگەڵ خـێزانەکانیانـدا، لە هەندەڕان دەژین، گەرچی زۆربەیان لەو وڵاتانە لە دایکبوونە، بەڵام بە هـۆی هۆشیاری دایکان و باوکانیانەوە، سـۆز و دڵسۆزی و خۆشەویستی و هاوبەستەبـوونیان بۆ کـورد و کوردسـتان هەیە، رێز لە داب و نەریتەکان و لە بەهاکانی نەتەوەی کوردمان دەگرن و شانازییان پێوە دەکەن. رادەی ئەم دڵسۆزی و پەرۆشی و هـاوبەستەبـوونەش بۆ رادەی رۆشنبـیری و هـۆشـیاری دایکـان و باوکـانیان دەگەڕێتـەوە. لەوانـەیە لەژێـر کاریگەری رۆشنبیری و فێربوون و خوێندنی زمانی فەرمی زاڵبووی ئەو وڵاتانەی کە لێیان دەژین، کەوتووبێتنە ژێر کاریگەری دوو رۆشنبیریی جـیاوازەوە، رۆشنبـیریی نەتەوەیی کوردی و رۆشنبیریی نەتەوەکانی ئەو وڵاتانەی لێیان دەژین، بە داب و نەریتەکان و بە شێوازی ژیان و بە کولتووری ئەو وڵاتانە ئاشنابوونە. چونکە زۆرترین کاتەکانیان لە پۆل و لە قوتابخانەدا، لەگەڵ منـداڵانی ئەو وڵاتـانەدا بەسەر دەبـن. بە زمانەکـانی ئەو وڵاتـانەش دەدوێـن و دەخـوێنن. تەنیا لە ماڵـەوەدا بە کـوردی دەدوێـن. بـەڵام بەشـی هـەرە زۆری منـداڵانی کوردمان، لە سایەی دڵسۆزی و هـۆشیاری دایکـان و باوکـانیان دا، هەسـت و هاوبەستەبوونی نەتەوایەتی و نیشتمان پەروەری و دڵسۆزیـان بۆ کورد و بۆ کوردستان کـاڵ نەبـۆتەوە. کوردسـتان بە نیشـتمانی یەکەمی خۆیان دەزانن و شانازی پێوە دەکەن.
لە هیچ وڵاتێکی جیهانیشدا، بۆ منداڵانی پەنابەران، قوتابخانەی تایبەتی نییە، تا هەموو وانەکان بە زمانی خۆیان بخوێنن. بۆیە دەچـنە قوتابخانەکـانی ئەو وڵاتانە و بە زمـانی فـەرمی ئەو وڵاتـانە فـێردەبن و دەخـوێنن. شایـەنی باسیـشە لە زۆربـەی وڵاتـانـدا، بۆ نموونە لە وڵاتـانی ئیسکـندنـاڤـیا دا (سویـد و دانیـمـارك و نه‌رویـج) بێجـگە لە زمـانی فەرمی ئەو وڵاتـانە، منداڵانی هەر نەتەوەیەک لە نەتەوەکانی تر مـافی ئەوەیان هەیە و رێپـێدراون، کە هـەفـتەی (٢) کاتـژمـێر لەو قـوتابخـانـانەی کە لێـیان دەخـوێنن، فـێری نووسین و خوێنـدن بە (زمـانی دایک) یان ببن. گەر دایک و باوکیان داوای مامۆستای کوردیـیان بـۆ بکـەن. من (نووسه‌ر) سێ ساڵ لە دوو شاری نەرویجـدا، وانـەی زمانی کوردیـم بـە منـداڵانی کوردمـان لە قـوتـابخانە بنەڕەتییەکـانـدا وتـەوە. ئێسـتاش وانـەی کوردی دەوتـرێتەوە. تەنانەت گەر لە شارێکـدا تەنیا یەک قـوتابی نەتـەوەیەکی جـیاواز هـەبێت، مـافی ئەوەی هەیـە، کە داوای مامۆسـتایەک بکات و بە زمـانی دایـکی فـێری بکات. لایـەکی کەشەوە، ئەو وڵاتـانە لەو بڕوایـەدان، هـەر منـداڵـێکی بێگانە بە باشی فـێری زمـانی دایکی ببـێ، باشتریش فـێری زمـانی وڵاتـەکەیـان دەبێـت.
رۆشـنبیری منـداڵان لەم سەردەمەدا، بووە بە پێـویستییەکی پێویـست و بـە یەکـێک لە گـرنگـترین کـۆڵـەکـەکـانی گەشـەکـردن و پـەروەردەکـردنی منـداڵان. لـە سـایـەی ئـەو رۆشنبیرییەی کە لە ئەمـڕۆدا بە (رۆشنبـیری گـلۆبـاڵـیـزم) نـاوی دەبـەن، یـا بـڵێـین لە سایەی فـرە رۆشنبیری و پێشکەوتنی خێرا لە تەکـنەلـۆژیا و زانیارییەکان و داهـێینانی هـەمەجـۆرە و ئاسانی و خـێرایی هـۆیەکـانی گەیانـدن و پەیـوەنـدیکردن، کە رۆڵـێکی گرنگـیان لە رۆشنـبیریی منـداڵان هـەیە. دەرکەوتـنی زاراوە گـەلـێکی وەکـو: جیهـانی گـریمانـەیی و گۆمەڵگـای گـریمـانەیی، رۆشنـبیرییەکی بێ سـنوور، لە جـیهـانێکی بێ سـنووردا، گـەلێ بەرەنگـاری رووبـەڕووی رۆشنـبیریی منـداڵان بوونەتـەوە. تـرس و مەتـرسییەکی زیـاتر رووبەڕووی ناسنامەی رۆشنـبیری منـداڵان بوونەتەوە، لە بەردەم دایکـان و باوکـان و مامۆستایان و ئەو کەسانەی کە منـداڵان رۆشنـبیر دەکەن. هەنـدێ وایـان پێ باشە کە رۆشنبیریی منداڵەکـانیان سـنووردار بکـرێت، بۆ رەوینەوەی ترس و مەترسییەکان لەسەر ناسنامەی رۆشنـبیریی رەسەنی منداڵان، لە چوارچێوەی هێنانەدی ئاسایشی هـزری منداڵان، کە لە جیهانی ئەمڕۆدا، بە پێویستییەکی زۆر پێویست دەزانن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەلێ بەرهەڵست و هەڕەشە، کە بریتین لە بڵاوبوونەوەی بیری تونـدڕەوی و دەمارگـیری و رەگەزپـەرستی و تـیرۆریستی. بـۆیە رۆشنبیریی منـداڵان لە چـوارچـێوەی ئاساییشی هـزریـدا، لە گرنگـترین ستراتیژییەکـانی رووبەرووبـوونـەوەی بەرنگـارییەکان دایە. پێویستە ئەو میکانیزمـانەش بە وردی دیاری بکـرێن، کە دەکرێت بە کرداری و ئەرێنی لە بواری رۆشنبیری منـداڵاندا جـێبەجێ بکـرێن. تا بتوانن لەگـەڵ گۆڕانکارییەکان و پێشکەوتنەکانی سەردەمەکەیانـدا دەربەرن، کە یارمەتی گەشەکردنی هـێنانـەدی ئەمانجەکـانی رۆشنبیریی منـداڵانی کوردمان دەدەن.
بێگومان لە ئەمڕۆدا هـیچ کۆمەڵگایەک ناتـوانێت، شوورەیەک بە دەوری خۆیـدا بکێشێ و بە داخـراوەیی بـژی. چونکە رۆشنبیریی کلۆباڵیزمی، هەرەسی بە هەموو سنوورەکان هـێناوە. فـرە رۆشنبیری و لەیـەک نزیکـبوونەوەی نەتـەوەکـان، یەکـێکە لە سیـما و لە دیـاردەکـانی ئـەم سەردەمـە (سـەردەمی جـیهانگـیری) هـەر نەتـەوەیەک وەردەگـرێـت و لێی وەردەگرن. دەبا هەموو پەنجەرەکـانی ماڵەکەمـان بۆ هـاتنە ژوورەوەی رۆشنبیریی بەسوود بخـەینە سەرپشـت، کە بەقـەی هـەڵمـژینی هـەوای پـاک پێـویستە بۆمـان.
منـداڵان لە تەمەنێکی بچـووکـدا، کە فێری هەمەچەشنەیی و جـیاوازی رۆشنبیری دەبن. لە رێی فـرە رۆشنبیرییەوە. تەنیا فـێری ناسـینی جیهـانی دەوروبەریـان و جـیاوازییەکان نابـن، بەڵکو ناسنامە و پێگـەی خۆشـیان لە کۆمەڵگـای جیهانیـدا دەناسن و دەبـیننەوە.
مامۆستایـان رۆڵـێکی گرنگـیان لە رۆشنبیریکـردنی منـداڵان هـەیە، ئەوانـن کە دەتـوانن شێوەی نەوەی داهـاتوو دیاری بکەن. پێویستە بە رۆشنـبیری خۆشەویستی و لێبووردن و یەکسانی و یەکـتری قـبووڵکردن و رێزگـرتن لە هـزر و لە را و لە بۆچوونی جیاوازی کەسـانی تـر پەروەردەیـان بکەن. بۆ ئـەوەی نەوەیـەکی دروسـتـیان لێ بێـتە ئـاراوە.
بمانەوێ و نەمانەوێ، لە ئەمڕۆدا زۆربەی منداڵان رۆژانە، لە رێی پرۆگرامە داڕێژراوە ئەلیکترۆنییەکانەوە، گەلێ لە جۆرەکانی رۆشنبیری بەسەر دەکەنەوە. کە بوونەتە هـۆی دەوڵەمەنـدی لایەنی زانست و زا یارییان. هەیانە لەگەڵ رۆشنبیری کۆمەڵگای کوردیمان گونجـاون. هـەشـیانە ئاسـۆیـەکی فـراونـتر لە بـەردەم منـداڵانـدا واڵادەکـەن بـۆ زانیـنی جـیاوازی رۆشنـبیریی گەلانی جـیاواز لە زمـان و جلوبەرگ و خواردن و داب و نەریت.
خێزانەکان بەرپـرسێـتی پەروەردە و رێنمایی و چاودێریی منداڵانی بچـووک هەڵـدەگرن.
فـرە رۆشنبیری، لە باخچەیەکی گوڵ هەمەڕەنگە و هەمەچەشنە دەچـێت، کە هەر جـۆرە گوڵـێک رەنگ و جـوانی و بۆنی خۆی هەیە، سەرجەم پێکەوەش، بوونە بە باخچەیەکی رەنگـینی جـوان و قەشەنگ و دڵگـیر و بۆن و بەرامە خۆش. لە پەلکەزێـڕینەی حەوت دەچـێ، کـە هـەر رەنگـێک لە رەنگەکـانی جـیاوازە و جـوانی خـۆی هـەیە، کە پێکـەوە لەسەر سنگی ئاسمانـدا، کەوانەیـەکی رەنگـینی جـوانی ئەفـسوونـاوی پێـشان دەدەن.
با لە منداڵییەوە منداڵە چاوگەشەکانی کوردمان، بە فـرە رۆشنبیری رابهێنین، ناسنامەی رەسـەنی رۆشنـبیری کوردیـشمان لایـان شـیریـن بکـەین، تـا پارێـزرگـاری لـێـبکەن.
رەزا شـوان: ٩/ سێپـتەمبەر/ ٢٠٢٠




دایکـێکی دلۆڤـان و بەخـشـندە … و: رەزا شـوان

چـیرۆکێکی کارتێکەرە دەربارەی سۆز و دلۆڤانی و بەخشندەیی دایک. لاوێک چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە، پەشیمان دەبێتەوە لەو دڵڕەقییەی کە بەرانبەر دایکی کردی، ئەم لاوە دەڵێ: دایکم یەک چاوی هەبوو، هەر لەبەر ئەوەی کە چاوێکی هەبوو رقـم لێی دەبۆوە. حەزم ناکـرد کە لەگەڵ هـاوڕێکانمـدا بیبـینم، تا گاڵـتە بە چـاو و بە رووخـساری نەکـەن.
حـەزم ناکـرد کە بـۆ هـیچ شـوێنـێک لەگـەڵـمدا بێ. تـا کەس لەگەڵـیـدا نەمبـینێ، چونکە لە بـەردەم هـاوڕێکـانمـدا شەرمـەزاری دەکـردم.
دایکم لە چێـشتخانەی ئەو قوتابخانەیەدا کاری دەکرد، کە لێی قوتابی بووم و دەمخوێنـد. چـێشـتی بـۆ قـوتـابییەکان و مامـۆسـتاکـان دەکـرد. رۆژێکـیان هـات بـۆ پـۆلەکـەمـان بـۆ دڵنیابـوون لە ئاستی خوێندنـم. لە بەردەم هـاوڕێکـانم هەستم بە شەرمەزاری کرد. دوای ئەوەی کە رۆیی، هـاوڕێکـانم پێکـەنین و وتیـان: هـەی هـەی دایکت یەک چـاوی هەیە.
زیاتر و زیاتر رقـم لێی بۆوە، بۆیـە پێـم وت: جـارێکی تر نەیەیت بۆ لام و بۆ پـۆلـەکەم، چونکە لە بـەردەم هـاوڕێکانمـدا، بە هـۆی شێوەی چـاوتەوە، زۆر شەرەمەزارت کـردم. بەڵام ئـەو گـوێی لێـنەگـرتـم و وەڵامی نـەدامـەوە.
گەورە بووم، دایکم بەجـێهـێشت و رۆییـم بۆ شارێکی دوور. لەوێ ژنم هـێنا و منداڵمان بـوو. ژیـانێکی خۆشـمان هەبـوو، ژنەکـەم و منـداڵەکـانم خۆشـدەویـست. هـیچ هـەواڵ و شتـێکـم لە بـارەی دایکـمەوە نـەدەزانی و نەشمـدەویـست کە بیـزانـم.
رۆژێک لە ناکاودا، دایکـم هـات بۆ سەردانیم، بێ ئەوەی کە بزانـم و ئاگاداربـم. بۆ ئەوە هـات کە مـن و بـووکـەکەی و نەوەکـانی ببیـنێت. بـەڵام نەمهـێشت بێـتە ژوورەوە و پێ بە ماڵەکـەمـدا بکـات. منـداڵەکـانم لە بـەردەم دەرگـادا پێ پێکـەنـین.
هـاوارم بەسەریـدا کرد و پێم وت: بۆ هـاتووی بۆ ئێرە. بۆ ئەوەی منداڵەکانم بترسێنیت؟ هـەر ئـێستا لـێرە مەمـێـنە و دووربکـەوە.
دایکـم لە ماڵەکەمان دەرکـرد. پێی وتـم: رۆڵە گیـان ببـوورە، نەمـزانی و بە هەڵـە رووم لەم ناونیـشـانە کـرد.. دایکـم گەڕایـەوە بـۆ شـارەکەی و بـۆ مـاڵە کۆنـەکـەی خـۆی.
رۆژێک لەو قوتابخانەیەی کە قوتابی بووم لێی، نامەیـەکـم بۆ هـات. بانگـیان کـردم، بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگێکی خێزانیدا. درۆم لەگەڵ ژنەکەمـدا کرد، کە بە کارێک دەڕۆم بۆ شوێنێک. رۆیـشتم بۆ ئاهـەنگەکە و هاوڕێکانـم بیـنی. لە دوای ئاهـەنگەکە رۆیـشتم بۆ ماڵە کۆنەکەمان، کە من و دایکـم لەوێـدا دەژیـاین. تا شێوەی ماڵە کۆنەکەمان ببـینم. بەڵام دایکم نەبیـنی! هاوسێکان پێـیان وتـم، دایکـت مـرد. بە هـیج کـلۆجـێک بۆ مـردنی دایـکـم خەمبـار و دڵتـەنـگ نەبـووم.
هـاوسـێکان وتـیان: دایکـت ئەم نامـەیەی لە لای ئێـمە جـێهـێشتووە، وتی هەر کـاتێک کـوڕەکەمتـان بیـنی، ئـەم وەڵامـەی بـدەنێ.
نامەکـەم وەرگـرت و کـردمەوە، دایـکم لـە نامەکەیـدا ئەم قـسانـەی بۆ مـن نووسیـبوو:
کـوڕی شـیریـن و خۆشـەویستم، خۆشـم دەوێـی. ببـوورە کە بێ ئـەوەی بـزانیـت، هـاتم بۆ ماڵەکەتـان تا بتبـینم. ببـوورە گەر منـداڵەکانت لـێم ترسابـن، چونکە چـاوێکـم هـەیە. ببـوورە کە زۆر جـار لـە ژیـانتـدا شـەرمـەزارم کـردووی. لـە هـەمـوو شتـێکـم ببـوورە.
بەڵام دەمەوێ ئـەم راستیـیە بـزانیت: کوڕی خـۆم، کاتێک کە منـداڵـێکی بچـووک بووی، کارەساتێکت بەسەر هات و چاوێکت لەدەست دا. منیش وەک هەر دایکـێک، یەکـێک لە چاوەکانی خۆمم بە تۆ بەخـشی. چونکە حەزم نەکرد کە بە تەنیا چاوێکەوە گەورە ببیت. بەڵی یەکێک لە چاوەکانی خۆمم پێشکەشت کرد. تا کوڕەکەم بە چاوێک لە چاوەکانی من لە جیهانی نوێ بـڕوانێت. کوڕە شیرینەکەم خۆشـتم دەوێ و هەموو کاتێک بیرت دەکەم.

لەگـەڵ خـۆشـەویسـتـیـمـدا بـۆت
دایکـت
ئای///// ئای، کە ئەم نامـەیەی دایکـم داخ و کسـپە و کەسەرێکی زۆری خـستە دڵمەوە. زۆر دایکـم خۆشـدەوێ. زۆر پەشـیمان بوومەوە، لەو دڵـڕەقـییەی کە بەرانبەر بە دایکم کـردم. بـەڵام لە دوای چـی؟ پەشـیمانیـیەکی بێ هـوودەیـە.
دایـک سـۆز و بەزەیـی و دلـۆڤـانی و هەمـوو شتـێکە.. پارێزگـاری لە دایکـتان بکـەن و هەرگـیز دڵـی مەشکـێـنن و مەڕەنجـێـنن.
هـیوادارم کە نامەکەم ببـێت بە پەنـدێک، بـۆ هەمـوو کـوڕ و کچـێکی لاو. تا بە باشترین شـێواز، رەفـتـار لەگـەڵ دایکـیـانـدا بکـەن.
رەزا شـوان
(*) ئەم چـیرۆکە بە کەمێک دەستکارییەوە، لە ئینگـلیزییەوە وەرم گـێڕاوە بۆ کوردی. ناوی نووسەریشی لەسەر نییە. ناونیشانەکەی لە دەقـە ئینگـلیزییەکەدا بەم شێوەیەیە:
(دایکـێکی یەکچـاو و کوڕەکـەی)
)One Eeyed Mother and Son(




نەمامێکی نوێ … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

وا شەش ساڵی تـــــەواوە
لــــەم قوتابخانەیە دام
دڵگیر و خـــــۆشەویستە
ئـــای چەند شیرینە لەلام

ھەر کە چوومە پۆلی یەک
لـــە باخچەی قوتابخانە
نەمــــــامێکــم ڕواند و
وەک ھـــاوڕێم بوو ڕۆژانە

ئێستا ئەویش شەش سـاڵە
باخچەکەی جـوان کـردووە
ناوی منی لـــــەسـەرە و
وێنەم لــەلا گـــــرتووە

ئـــەمســاڵ ئێرە جێدێڵم
بــۆ پۆلی حـەوتەم دەڕۆم
لـــەوێش نەمـامێکی نوێ
دەڕوێنم بـــەدەستی خـۆم

٢١/١/٢٠٢٠




ھەواری ھەورەکان …عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

بۆیە ئاسمــــان وا جوانە
لای منی بچــــکۆلانــــە
چونکە بــە تەنھا ئــەوە
ھــــەواری ھەورەکــانە
بــۆ مانگ و ئەستێرە وخۆر
بووە بــــــە ماڵ و لانە
ھـــاوڕێن بـۆ منی منداڵ
بۆیە جـار جـارێک لە ماڵ
دەچم ســــەردانیان دەکەم
بەسواری ئەسپی خـــەیاڵ
١٧/٧/٢٠٢٠




چیرۆکنووسی ناسراوی منداڵان کۆرنیلیا فونکە … رەزا شـوان

لەپـاڵ نووسـەرە کلاسیکییەکـانی ئەڵمانیا لە بـواری ئـەدەبی منـداڵانـدا، کە لە دەرەوەی ئەڵمانیادا لە جیهاندا ناسراون و ناوبانگێکی باشیان هەیە. چەنـد ناوێکی تازە دەرکەوتن کە رێکـۆردێکی تازەیـان تۆمارکرد، لە بـواری زۆرتـرین ژمارەی فـرۆشتنی پەرتـووکی منداڵان دا لە جیهانـدا. لە سەرووی ئەم نووسەرە تازانەوە، ناوی کۆرنیلیا فـونکە دێت.
کۆرنیلیا فـونکە لە بواری نووسین بۆ منداڵانـدا دەرکەوت، جـیاوازی لەگەڵ نووسەرانی پێشتردا هەیە. فـونکە ریچکە شکـێنە و توانی ئەدەبی منداڵان لە ناوخۆییەوە بگەیەنێتە جـیهانی و بە سـەر بەربـەستی زمـان و بیـرۆکـە باوەکـانی ئـەدەبی منـداڵانـدا زاڵـبێ، کە لەو سەردەمـەدا باوبـوون. تا گەیـشتە ئـەوەی کە خانەکـانی بڵاوکـردنەوە جیهـانییەکانی پەرتـووک، کـێبڕکـێـیان لەسـەر کـڕین و مـافـی رێپـێـدانی وەرگـێڕان و چـاپـکـردن و بڵاوکردنەوەی پەرتووکەکانی دەکرد. کە لێی بکـڕن و مۆڵەتی وەرگـێڕان و چاپکـردنیان لێی وەربگـرن.
لە ئەمڕۆدا لە ئەڵمانیا، بایەخێکی تایبەتی و زۆر بە ئەدەبی منداڵان دەدرێ. بۆ نموونە تەنیـا لە ساڵی (٢٠٠٥) دا، (١٨٠٠) پـه‌رتـووكی هەمەجـۆرەی منـداڵانیان وه‌رگـێڕایه‌ سه‌ر زمانی ئەڵمانی، بەرانبەر بە وەرگێڕانی (٥٦٩) رۆمـان بۆ سەر زمـانی ئەڵـمانی.

چـیرۆکنووسی ئەڵمانی، خاتوو (کـۆرنیلیا فـونکە) یەکێکە لە چـیرۆکنووسە ناسراو و بەناوبانگەکانی جیهانی لە بـواری چـیرۆک و رۆمان نووسین بۆ منداڵان و بۆ لاوان.
کۆرنیلیا فـونکە، جێ پەنجـەی لە ئەدەبی منداڵانـدا دیارە. پەرتووکە چاپکراوەکانی بۆ منداڵان، وەریان گێڕاون بۆ سەر (٥٠) زمانی فەرمی جیهانی. زیاتر لە (٢٠) ملیـۆن دانە، لە هەموو جیهانـدا لە پەرتـووکەکـانی فـرۆشراون.
(كـۆرنیلیا ماریـا فـونكه‌) لە رۆژی (١٠/ دێسه‌مبه‌ر/١٩٥٨) له‌ شاری (دۆرسـتین) لە باکووری راین و ستفالیا لە ئەڵمانیا لەدایکبووە. باوکی ناوی (کارل هـاینز فونکە) یە دایکی (هـیلمی فـونكه‌) یە. خوشک و برایەکـیشی هـەیە.
کـۆرنیلیا فـونکە، کە منـداڵ بوو حـەزی لە وێنەکێـشانی خەیـاڵی و فـانتـازی دەکـرد. قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی لە شاری( دۆرستین)ی زێـدی لەدایکـبوونی تەواوکرد.
بۆ درێژەدان بە خوێنـدنی باڵا، رووی لە شاری (هـامبۆرگ) کرد. بڕوانامەی دپلۆمی لە لە پەروەردەدا وەرگرت. ماوەیەک وەکو نەخشەساز و ێنەکێش، نەخشەی دروستکردنی مێـزی دەکـێشا و وێنـەی بۆ پەرتـووکی منـداڵان دەکـێشا. دوایی بۆ مـاوەی (٣) ساڵ، لە پەیمانگای هامبۆرگ، بوو بە مامۆستای وانەبێژ و هونەری شیکاری و روونکردنەوەی وێنـەی دەوتـەوە.
لە دواییدا وەکو وێنەکێشێکی شیکاری، وێنەی پەرتووکی منداڵانی دەکـێشا. هەر لێرەوە خۆلیـای ئەوەی کـەوتە سەر و بڕیـاری دا، کە چـیرۆک بـۆ منـداڵان بنووسێـت. رووی لە جیهـانی ئەدەبیاتی منـداڵان کـرد و بە شێوازێکی تـازە، دەستی بە نووسـینی چـیرۆک بۆ منـداڵان کـرد و بـڵاوی کـردنەوە.
ماوەیەکـیش لە کۆمەڵەیەکی خـێرخوازیدا، وەکو خـۆبەخـشێک گـرنگی بە منـداڵان دەدا.
کاری دڵدانەوە و خۆشی خستنە دڵی منداڵانی پەنابەران و منداڵانی قوربانیانی شەڕ بوو.
کۆرنیلیا فونکە حەزی دەکرد کە ببێت بە (فـڕۆکەوان) بەڵام لە دواییدا پلانەکەی گۆڕی و رووی بـواری نووسین کـرد. ماوەیەکـیش وەکو وێنەگـرێکی فـۆتـۆگرافی کاری کرد.
فـونکە لە زانکۆی هامبۆرگ درێژەی بە خوێنـدن دا و لە ساڵی (١٩٧٩) دا، بڕوانامەی باکالۆریـۆسی لە بەشی زانستی شـێوازی وانـەوتنـەوە وەرگـرت.
هێشتا بە تەواوی خۆی یەکلایی نەکردەوە و بڕیاری ئەوەی نەدا، کە لە کوێ کار بکات و ببـێت بە فەرمانبەر.. بۆیە بـڕیاری دا کە بچـێت بەشداری لە کۆرسـێکی تر بکـات. وا رێکـەوت ئەم کـۆرسە بە دڵی فـونکە بوو، دەربـارەی وێنـەی شیکاری پەرتـووک بوو.
هـۆگری و خولـیای چـیرۆک نووسینی بۆ منـداڵان، زاڵـتربـوو بەسەر خولیاکـانی تـریدا.
لەپاڵ حـەزی نووسینی بۆ منـداڵان، سیناریـۆی بۆ زنجـیرە درامای تەلەفـزیۆنی (حه‌وت ئەستێرە) نووسی. دواتـریش چەنـدین سیناریـۆی تری بۆ دراماکان نـووسی.
فـونکە بە نووسیـنی چـیرۆکی (گـەورەی دزه‌كـان) كه‌ له‌ ساڵی (٢٠٠٠) دا نـووسی و چاپیکرد و لە ئەڵمانیادا بڵاوی کردەوە. لە ساڵی (٢٠٠٢) دا وەریان گێڕایە سەر زمانی ئینگـلیزی و لە ئەمریکـا و وڵاتانی ئەوروپـادا بڵاوبـۆوە. ئەم چـیرۆکە باس لە منـداڵانی سەر شەقـامەکانی شاری (ڤـینیسا) ی ئیتـاڵیا دەکات، کە سەرکردەیەیەکی رەفـتار و خوو نامـۆ سەرکردایـەتی دەکـردن. تا ئێـستا ئـەم چـیرۆکەی وەریـان گـێڕاوە بـۆ سەر (٢٣) زمـانی جیهـانی. بۆ مـاوەی زیـاتر پێـنج مانگ لە ئەمریکـادا، لە سەرووی لیـستی ئـەو پەرتـووکـانەوە بوو، کە زۆرتـرین ژمـارەی لێ فـرۆشرا. ئەمەش بـووە هـۆی ناوبـانگ دەرکردنی کۆرنیلیا فـونکە و بـووش بە هـانـدەرێکی باش بۆ ئـەوەی کە فـونکە درێـژە بە نـووسینی چـیرۆک و رۆمـان بـدا، بە تایبەتـیش چـیرۆک بـۆ منـداڵان.

لە ساڵی (٢٠٠٣) دا، چیرۆکی (دڵی مه‌ره‌كه‌ب) ی نووسی و چاپیکرد. هەر لەو ساڵەدا، وەریان گـێڕایە سەر زمـانی ئینگـلیزی و لە ئەمریکـا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و کەنـەدا و ئوسترالـیا و چەنـد وڵاتێکی تر بڵاوکـرایەوە. هەموو چیرۆکەکانیشی وەریان گێڕاون بۆ سەر زمانی ئینگـلیزی. هـۆگر و خوێنەرێکی زۆری منـداڵان و مێـردمنـداڵانیان هـەیە.
لە ساڵی (٢٠٠٤) رۆمانی (سواره‌ی ئەژدیهـا) ی نووسی و چاپیکرد و بڵاوی کردەوە.
کۆرنیلیا فـونکە لەگەڵ (رۆڵـف فـونکە) ی هاوسەری و کچەکەی و کوڕەکەیدا، کۆچیان بۆ ئەمریکا کرد.. لە ساڵی (٢٠٠٦) دا، هاوسەرەکەی بە نەخۆشی شـێرپـەنجـە کـۆچی دوایی کرد. و کۆرنیلیا فونکە و هەردوو منداڵەکی بۆ یەکجاری لە ئەمریکـادا مانەوە. لە شاری (لـۆس ئەنجـلس) لە ویلایـەتی کالـیفـۆرنیا، لە ماڵـێکی پـڕ لە پەرتـووک دەژیـن. تەمەنی فـونکە لە ئێستادا (٦١) ساڵە.. بەردەوامە لە نـووسیـنی چـیرۆک و رۆمـان.
کۆرنیلیا فـونکە پێی وایە، کە هەرگـیز چـیرۆکەکان کۆتاییان نایات. لە لاپەڕەی یەکـەمدا دەست پێدەکرێن و لە دوا لاپـەڕەدا کۆتـاییان دێت. پەرتووکەکـانیش لە ئامێزیـان دەگرن. بـەڵام چـیرۆکەکـان درێـژەیـان هـەیە و کۆتـاییـان نایـات.
تا ئێستا کۆرنیلیا فـونکە، زیاتر لە (٤٠) پەرتووکی چیرۆک درێژی بۆ منداڵان و رۆمان و چەنـدین سینارێـۆی بۆ زنجـیرە درامـا تەلەفـزیۆنییەکان نووسـیوە. ئەمانەی خـوارەوە نـاوی هەنـدێک لە پەرتـووکەکـانێـتی:
١ـ زنجـیرەی (راوكه‌رانی تارمـایی).
٢ـ زنجـیرەی (مـریشکە کـێوی).
٣ـ سیانەی (دڵی مه‌ره‌كه‌ب ٢٠٠٠،خوێنی مه‌ره‌كه‌ب ٢٠٠٥،مردنی مه‌ره‌كه‌ب ٢٠٠٧)
ئەم چیرۆکە کـراوە بە فـیلمی سینەمایی.
٤ـ لە پشت پەنجـەرە ئەفـسووناوییەکـانەوە (١٩٨٩).
٥ـ دوو جـادووگەری دڕنـدە (١٩٩٤).
٦ـ شازادە ئێـزابیـلا (١٩٩٧).
٧ـ سوارەی ئەژدیهـا (١٩٩٧).
٨ـ هـاوڕێ قەڵەوەکـان (١٩٩٨).
٩ـ میـک و مـو لە رۆژئـاوای دڕنـدەدا (٢٠٠٠).
١٠ـ گـەورەی دزەکـان (٢٠٠٠) له‌ ساڵی (٢٠٠٦) دا، كـرایه‌ فـیلمی سینه‌مـایی.
١١ـ سوارێـکی نامـۆی بێـناو (٢٠٠١).
١٢ـ زۆرترین بـرایـانی دڕنـدە لە جـیهانـدا (٢٠٠٤).
١٣ـ میـک و مـو لە ئـاسمانی دەرەوەدا (٢٠٠٤).
١٤ـ ئـەو لە بـەردە (٢٠١٠).
١٥ـ روونـاکی مانـگ (٢٠١٢).
١٦ـ سوارەی تارمـایی (٢٠١٢).
١٧ـ چەقـاوەسووکـانی هـاویـن.
١٨ـ سەرجەم پەرتووکە چاپکراوەکانی لە چـیرۆک و رۆمانەکان لە (٤٠) پەرتووکن.
کـۆرنیلیا فـونکە، وێنەکـێـشێکی باشیس بـوو، چەنـد پێشانگـایەکی وێنەشی کـردەوە.
شایەنی باسیشە کە تا ئێـستا، کۆرنیلیا فـونکە، چەنـدین خەڵاتیـان لەسەر چـیرۆکەکانی پێـشکـەش کـردوون. لەوانـەش: خـەڵاتی بـەرزی میـدالیـای خـاچی ئەڵـمانی، خـەڵاتی مـانگـا خوێنەرەکە، خەڵاتی پەرتـووکی ئینجـیلی. خەڵاتی فانتـازی لە شاری فـیسلان ـ ئەڵمانیا. چەنـد خەڵاتێکی دیکەش، کە لە لایەن کۆمپانیـیەکانی چـاپ و بڵاوکردنەوە و سینەماوە پێـشکەشیان کـرد.
لە ساڵی (٢٠٠٥) دا گۆڤـاری (تایـم)ی ئەمریکی، کە سەد کەسایەتی ناوداری جـیهانی هەڵبژار، کە لەسەر ئاستی جیهانیدا، کاریگەریان هەبوو لەو ساڵەدا، یەکـێک لەو سەد کەسانە خاتـوو کۆرنیلیا فـونکە بـوو.

رەزا شـوان
نەرویـج: ١٨/ ئاوگوست /٢٠٢٠
(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە چەند سایتێکی ئینگلیزی و نەرویجی وەرگرتووە.




بـووکە سەمـاکەرە (داوه‌ڵ) .. رەزا شـوان

لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤ باڵندەکان، لە نێوان شەڕ و ئاشتیدا جیاوازی هەیە، مرۆڤ حەزدەکا خۆی لە باڵندە دەنگخۆش و رووخـسار جـوان و پەڕ رەنگینەکان نزیک بکاتەوە، گوێ لە دەنگی خۆشیان بگـرێ و بە بینینیان دڵخۆش و چاومەست ببێ. وەکو: کەو، بولبول، کەناری، چۆلەکە، تووتی، تاوس، کەڵەشێر، قەتی، قوڵنگ،… هتد. هۆنراوەنووسان و چیرۆکنووسان بە سەدان هۆنراوەیان بەسەر جوانی و دەنگخۆشی و پەڕ رەنگینی و فڕینی ئەو باڵندانەدا هەڵداون، یا کردوویانن بە پاڵەوانی سەدان چیرۆکی خەیـاڵی بـۆ منـداڵان.. یا بەسەر ئازایـەتی و بـەرزی فـڕینیان، هـۆنـراوەیان هـەڵـداوە و کردوویانن بە پاڵەوانی چـیرۆکی خۆش بۆ منـداڵان، لەوانەش: هەڵـۆ و بـاز و شەهـێن. هەشیانە مـرۆڤ لە کاتی تۆوکـردن و بەرگـرتنی بـاخ و بێـستانـدا، خۆشیی پێـیان نایات، لەوانەش: قەلـەڕەش و کونـدەپـەپوو، کـۆلارە، ریشـۆڵە، داڵ.
مرۆڤ گەلێ باڵندەش بەخـێو دەکات لە پێناوی گۆشتەکەی و هـێلکەکەی و پەڕەکەشی، لەوانەش: مـریشـک، کەڵەشـێر، عـەلەشیش، قـاز، مـراوی، وشـترمل.
هەشیانە لە کاتی تـۆوکردنی دانەوێـڵە و بەروبووم و پێگەیشتنی بەری باخ و بێستان و رەزدا، زیـان بە جووتیـارەکان دەگەیەنن تـۆو و بەروبـوومی کشتوکـاڵەکانیان دەخـۆن، لەوانەش: قەلەڕەش و ریشـۆڵە و چۆلەکە.. بێجگە لە باڵندەش کوللـە زیانێکی زۆر بە دانـەوێڵـە و بەروبـوومی بـاخ و بێـستان دەگەیـەنێـت.
جووتیارانی بەرچاوتـێر و باڵندەدۆست، باڵندەکـان بە هاوباشیان دەزانـن، کە مافـیان بە زەوییەوە هەیە. لە کوردستان دا، جووتیارانمان بەرچـاوتەنگ و قـرچۆک نین، لە کاتی تۆوکـردنی دانەوێـڵەدا، بـڕێکی زیـادەش دەڕژێـنە سەر زەوی و دەڵـێن: ئەمەش بەشی باڵندەکـانە.. کە گـوزارشتە لە خۆشەویستییان بۆ باڵنـدەکان.
لە هـۆنراوەیەکی زۆر کۆنـدا، کە دەگەڕێتەوە بۆ چـاخی باوباپیرانمان، جووتیارەکان لە کاتی تۆوکردنی گەنـم و جـۆدا، بە گـۆرانی و بە زەردەخـەنە و رووخۆشییەوە، دەڵـێن:
چنگـێک بۆ کرمەکـان.. چـنگێ بۆ قەلەڕەشەکـان.. چـنگێ بۆ ریشۆڵە چۆلەکەکان، سێ چـنگـیش بـۆ شـین بـوون.
چـەکی مرۆڤـیش لە شەڕی دژ بە باڵـندەکان، چەکـێکی کوشندە نییە و هیچ ئەزێتێک بە باڵندەکان ناگەیەنێ، تەنیا بۆ ترسانـدن و دوورخستنەوەیانە، لە بـاخ و بێستان و رەز و مەرەزەی برنـج و گێڵگەکانیانە، واتا شەڕێکی بە قەستییە. ئەو چەکـەی کە مرۆڤ لە دژی باڵندەکان بەکـاری دەهـێنێت، بە کوردی پێی دەڵـێن (بـووکە سەمـاکەرە).
لە زمـانی کوردیـدا، ئەم وشانە هـاومانن (بـووكه‌ سه‌مـاكه‌ره‌، داوەڵ، داهـۆڵ، بـووکە تـرسێـنەر) لە زمانی ئینگـلیزی پێی دەڵێن (سـكـارۆ) لە زمانی عەرەبیش (الفـزاعـة).
بـووکە سەمـاکەرە چیـیە و لە چی دروست دەکـرێ؟
شێوە کلاسیکییەکەی بووکە سەماکەرە، کە تا ئەمڕۆش بەکاردەهێنرێ، بە تایبەتیش لە لادێیەکانی کوردستان دا بریتییە لە بووکەڵەیەکی باڵابەرز لە شێوەی بەژنی مرۆڤ دایە، کە لە دار، یا لە قامیش، یا چـیلکە و پـووش ق قەسەڵ، قەوارەکەی دروست دەکـرێت و لە شێوەی دەموچاوی مرۆڤیش دەموچاوی دەنەخشێنن. بە زۆری لە دوو دار لە شێوەی (خـاچ) بە یەکەوە دەبەسترێن، سەرێکی دارە درێـژەکە لە زەوی دەچەقـێنرێ، دارەکەی تر، کە لە شـێوەی باڵ کـراوەی مـرۆڤ دایـە. کراسـێکی کـۆنی رەنگـاوڕەنـگی کچـانەی لەبەردەکەن و بە پـەڕۆ و پـاڵ دەیـڕازێننەوە. دەسـماڵـێکی تەنکـیشی لەکـۆڵ دەکـەن، لە نـاوەڕاستی بـاخ و بێـستان و رەز و مـەرزە و کێـڵگـەدا دایـدەنـێن، لـە دوورەوە وەکـو شـێوەی کچـێکی باڵابـەرز دیـارە. کە بـا لـێی دەدا، دەکـەوێتە جـووڵە و دەسـماڵـەکەی و جلەکـانی دەشەکێنێتەوە، بە شێوەیەکیش دایـدەنێن کە بە هـەموو لایەکـدا بسـووڕێتەوە. کە باڵندەکـان دەیبـینن وا هـەست دەکـەن کە مـرۆڤـێکی راستیـیە، بـۆیـە لـێی دەتـرسن و دووردەکـەونەوە. بـەڵام قـەلـەڕەش و چـۆلەکـەکان زیـرەک و وریـان، زۆری پێـناچـێت، تێدەگەن کە بـووکە سەماکەرە، بووکێکی راستی نییە و قەستینەیە، ترسیان لێی دەشکێ و لەسەر سەری و باڵەکانی بووکە سەماکەرەکەدا دەنیشنەوە. مەرجێکی قورخکراویش نییە، کە بـووکە سەمـاکەرە، هـەر لە شـێوەی مێـینەدا بێت، دەشـێش لە شـێوەی کـوڕدا دروست بکـرێت و بە جلوبـەرگی کوردی کـوڕانە بـڕازێنرێتەوە.. شایەنی باسیشە هـەر نەتـەوەیـەک شـێوەی جـیاوازی بـووکە سەمـاکەرەی تایبـەت بـە خۆیـان هەیـە، کە بە جلوبـەرگی نەتەوایـەتی تایبەتی خۆیـان، بـووکە سەمـاکەرەکانیـان دەڕازێنـنەوە.
لە ئەمڕۆدا، بـووکە سەمـاکەرە، بووە بە هـێمایەکی گـرنگی کولتووری گەلێ لە گـەلان. لە بەشێکی زۆری وڵاتـان دا، ساڵانە لەژێـر ناوی (بـووکە سەماکەرە) دا، جـوانتریـن و خۆشترین کەڕنەڤـاڵی خـۆشی و شادی سازدەکەن و چەنـدین جـۆری جـوان و رازاوەی بـووکە سەماکەرە پێشاندەدەن. بووە بە بەشێک لە کولتوور و داب و نەریتیان. ئەوەش بە بیردێنـنەوە، کە مـرۆڤ ئازاری باڵندەکان نادات، بەڵکو تەنیا بۆ دوورخستنەوەیان لە بەرهـەمە کشتوکاڵیـیەکانیان بـووکە سەمـاکەرە بەکـاردەهـێنن.
مـێژووی دروستکـردنی بـووکە سەمـاکەرە:
دەڵـێن، بۆ یەکەمـین جار لە مێـژوودا، فەرعەونییەکان “میسرییە کۆنەکـان” چەند سەد ساڵێک لە پێش زاینیدا، بووکە سەماکەرەیان داهێنا. بەڵام من پێموایە کە گەلئ کوردمان یەکەمین گەلە لە جیهـانـدا کە بۆ یەکەمین جار، بـووکە سەماکەرەیان داهـێناوە. چونکە یەکەمین دێی کشتوکاڵی لە جیهانـدا کـورد دروستی کرد کە دێی (چه‌رمو)ە، کە دەکەوێتە باکـووری شاری (چەمچـەماڵ ) لە باشـووری کوردستان، کە تا ئەمـڕۆش شـوێنەواری ئەم دێیـە کوێـرەوە نەبـووە. مێـژووەکەشی بـۆ نـزیکەی دە هـەزار سـاڵ بـەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە. دوور نییە کە بـۆ پاسکـردنی گەنـم و جۆیەکـانیان لە مەل و باڵنـدە، بووکە سەماکەریان داهـێناوە و بەکـاریان هـێناون. کە لە دار و قامیش و گەڵای دار دروستیان کردووبێ و پێـستی ئاژەڵـیان لەبـەر کـردووبێ.
گریکەکـانيش”یـۆنانیـیە کۆنـەکـان” لە داری ئەسـتوور، لـە شـێوەی پەیـکەری مـرۆڤی ئەفـسانەیی (پـریـاپـۆس) یان دروست کـردووە، کە بە شـێوەیەکی ناشیرین و بە رەنـگی سـوور بۆیـەیان دەکـرد، تێڵایـەکی داریشـیان بە دەستیـیەوە دەگـرت، تا زیاتـر باڵـندەکان لـێی بتـرس و لە کێڵگە و باخ و بێستانەکان دووربکـەونەوە.
ژاپۆنییەکانیش، بـووکە سەماکەریان بـۆ پاسکردنی مەرەزەکانی برنـج دروست کـرد، کە بـریتیـبوو لە راژەیـەکی دار یا لە قـامیشێکی درێـژ، کە لە نـاوەڕاستی مەرەزەی بـرنجـدا دەیانجەقـانـدن، بـە قـەدی راژەکـان و قـامیشەکانـدا، لاشـەی ئـاژەڵی تـۆپیـوی بـۆگـەن یا ماسی بـۆگەنکـردوویان هەڵـدەواسی، کە بـۆن بـۆگەنییەکی زۆریان لـێوە دەهـات، لەبەر بۆنی ناخۆشی بۆگەنی ئەو لاشانە، باڵندەکان لە مەرزەکان دوور دەکەوتنەوە. بە بـووکە سەماکەرەشیان دەوت ” کـاکـاشی” کە واتـاکەی بە ژاپـۆنی “بـۆن بۆگـەن” دەگـەیەنێت. بەڵام لە دوای سەردەمـانێک، لە شێوەی مـرۆڤ، لە دار و پـووش بـووکە سەماکەرەیان دروستکـرد و شەپـقـەیان لەسـەری دەکـرد، هـەر هەمـان نـاوی پێـشوویـان پێی دەوت، بـەڵام بـۆنی بـۆگەنیـیان لێـوە نەدەهـات.
جووتیارانی ئەوروپـاش، لە سەردەمەکانی ناوەڕاست دا، کە هێشتا فـێری دروستکردنی بـووکە سەماکەرە نەببوون. بۆ پاسکـردنی بـاخ و بێستان و کێڵگەکانیان، لە باڵـندەکان، منـداڵانیان بە کرێ دەگرتن، هەر منداڵێک تـوورەکەیەک بەردی لە مـل دەکرد، بە نـاو و بە قەراغی کێڵگەکاندا دەسووڕانەوە، هاواریان دەکرد و کشەیان دەکرد، هەر باڵندەیەک نزیک بوایەتەوە، بۆ دەرکردن و دوورخستنەوەی، بەردیان تێی دەگرت و دەیان ترساند.
بەو منـداڵە پاسکەرانەیـان دەوت” تـرسێـنەرانی باڵـندە”
لە ساڵی (١٣٤٨) دا، کە پەتـای رشانەوە لە ئەوروپـادا بڵاوبـۆوە، ژمارەیـەکی زۆر لە منـداڵان بەو پەتایە مردن. ژمارەیەکی زۆر کەم لە “ترسێنەرانی باڵندە” رزگاریان بوو.
بۆیە جووتیارانی ئەوروپا، بیریان لە ئەڵتەرناتیڤێکی تر کردەوە بۆ پاسکـردنی کێڵگە و باخ و بێستانەکانیان. بووکە سەماکەریان دروستکرد، کە بریتی بوو لە جەواڵێک پڕیان لە پووش و قەسەڵ دەکـرد، و سەر و دەموچاوێکـیشیان لە شێوەی دەموچـاوی مرۆڤ پێوە قایمدەکرد و دەیان نەخـشانـد، لە ناوەڕاستی کێڵگەکانیان قـایمیان دەکرد، تا تـرس بخـەنە دەروونی باڵنـدەکـانەوە.
دانیشتوانی رەسەنی باکووری ئەمریکا، ئەوانیش فێری دروستکردنی بووکە سەماکەرە نەببـوون، بۆ پاسکردنی کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان، پیاوێکی بە تەمەنیان بە کرێ دەگرت و لەسەر سەکـۆیـەکی بـەرزی ناوەڕاست کـێڵگەکەدا دەوەسـتا، دارێـکی درێـژیشی بە دەستەوە دەگرت، کە لە شێوەی ئاڵادا، پەڕۆی رەنگاوڕەنگی پێوە بەستبوو. هەر مەل و باڵندەیەکی بدیبایە کە لە کێڵگەکە نزیک بۆتەوە، هاواری دەکرد و دەیقـیژان و دارەکەی رادەوەشانـد و باڵـندەکەی دەتـرسانـد و دووری دەخـستەوە.
ئـەو ئەوروپاییـانەش، کە کـۆچـیان بۆ ئەمریکای باکـوور کرد و لـێی نیشـتەجێ بـوون، ئەوانیش هەر وەکو خەڵکی رەسەنی ئەمـریکا، نەیانـدەزانی بـووکە سەماکەرە دروست بکەن. ئەوانیش بە خـێزانی و بە نـۆرە، پاسی بـاخ و بێـستان و کـێڵگە تۆوکـراوەکانیان دەکرد. بەڵام هەندێ لەو ئەوروپاییانەی لە دواییدا کۆچیان بۆ ئەمریکا کرد، بە تایبەتیش ئەڵمانییەکـان، بیـرۆکەی دروستکـردنی بـووکە سەمـاکەریان لە ئەمـریکـای باکـووردا بڵاوکردەوە. کە بە دوو دار لە شـێوەی خاچـدا، کراسی کـۆن و پەڕۆیـان لەبەردەکـرد و ملپێچێکی تەنکی درێژیان لە مل دەکرد، دوو فەقـیانە یا هەموچکی تەنکی درێژیشیان لە قـۆڵ دەکردن، کە با لێیانی دەدا دەشەکانەوە. بۆ ترسانـدن و دوورخستنەوەی باڵنداکـان. بەم بـووکە سەمـاکەرەیـان دەوت (بـۆتسامـون) یا (بـۆگـیمان) زۆر جـاریش لە شـێوەی خـێزانێک درووستیان دەکـرد، ژن و پیـاوێک و منـداڵـێک لە نێوانیانـدا.. زۆربـەی ئەم داهـێنانـەش هـەر بـۆ پاسکـردن و ترسانـدنی باڵـندەکـان نەبـوون، بەڵکو بـۆ جـوانی و بۆ خۆشی دروستـیان دەکـردن و دایــان دەنـان.
چـینییەکان لە ساڵی (١٩٥٨) دا لە سەردەمی شۆڕشی رۆشنبیری (ماوی) دا، شەڕێکی سەرتاسەریان لە دژی باڵندەی چـۆلەکە راگەیاند. وا لێکیان دایەوە کە هەر چۆلەکەیەک لە ماوەی ساڵێکدا، چوار کیلۆ گەنم و برج دەخوا، لە هەمان کاتدا، ژمارەی دانیشتووانی چـین لە زیادبوونـدا بوون. کە پێویستییەکی زیاتـریان بە خواردنی دانەوێڵە هەبـوو. ئەو دروشمەیان راگەیاند “نا بۆ بەشداریکردنی چۆلەکە و جرج و مشک لە خواردنەکانیان”
لەم شەڕەشدا، کریکاران و جووتیاران و قوتابیان بەشداریان کرد، هەریەکەش رۆڵێکی تایبەتییان پێ سپاردبـوون. هەموویان رژانـە سەر شەقـامەکـان و لە مەنجـەڵ و قـاپ و تەنەکەیـان دەدا و ئـاڵای سووریان بەرزدەکـردەوە و دەیـان شەکانـدەوە، بۆ ترسانـدن و دەرپەڕاندنی چۆلەکەکان لە هێلانەکانیان. لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا زیاتر لە (١٠) ملیۆن چۆلەکە لە چـین تاران. بەڵام ئەم جەنـگە زوو کۆتایی هات.. کاتێک کە زاناکـانی چـین، لـە دوای هـەڵـدڕیـن و پشکـنیـنی سـکی چەنـد چـۆلـەکە و باڵـندەیـەک و چەنـد جـرج و مشکێک بۆیـان دەرکـەوت، (دوو لە سـێی) ئەو شتانەی وەکو خـۆراک لەنـاو سکـیانـدا بـوون، بریتیبوون لە مـێروو و کرم و گیانەوەری زیانگەیەنەر بە گەنم و جـۆ و برنج و بەرهەمە کشتوکـاڵییەکان، تەنیا (یەک لە سێی ) ئەو خواردنانەی لەناو سکـیانـدا بوون، بریتیـبوون لـەو خـواردنـانەی کە مـرۆڤ دەیخـواردن.
چـینییەکان باجـێکی زۆری ئەم هەڵەیەیـان دایـەوە، ناچاربوون بۆ لە ناوبردنی مـێروو و کرم و جانەوەری زیانبەخش لە ناو باخ و کێڵگەکانیاندا، بە دوای ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەدا بگەڕێـن، بـۆ پاراستنی کـێڵگەکانیان، ئەوەبـوو لەنـاوبەری کـیمیاوییان بـۆ لەنـاوبـردنی ئەو کرم و مـێرووە زیانبەخشانە بەکارهـێنا. كە چەندین مليۆن دۆلار لەسەریـان کەوت.
سەرەڕای داهێنانی بووکە سەماکەرەی ئەلیکترۆنی تازە و بەکارهێنانی ماددەی کیمیاوی لەنـاوبەر. بەڵام تا ئەمـڕۆش بـووکە سەمـاکەرەی کلاسیکی بەکاردەهـێنرێ و خانەنشین نەکراوە.. بـووکە سەماکەرە بـووە بە هـێمای کەلەپووری یا گواستنەوەی داب و نەریتی جـووتیاران و باخـەوانان و رەزەوانان کە وەکو کۆتـەڵـێکی جـوان لە ناو کـێڵـگە و بـاخ و بێـستان و باخچەکـانـدا، دایـان دەنێـن. ـ
ئامانج هەرچـییەک بێت لە دروستکردن و دانانی بووکە سەماکەرە، لە راستیدا مەبەست تەنیا دوورخستنەوەی قەلـەڕەش و باڵندەکان نیـیە، بەڵکو بووکە سەماکەرەکان جـوان و رەنگاوڕەنگـن، خۆشی و شادی بە مرۆڤ دەبەخـشن، چونکە هەر زوو قەلەڕەشەکان و چۆلەکەکان بۆیان دەردەکەوێت، کە بووکە سەماکەرە، مرۆڤی راستی نییە و پەیکەرێکی دروستکراوە، ترسیان لێی نامێنێ و دەچـن لەسەر سەری و شان و باڵەکانیدا دەنیشنەوە و دەنـووکی لـێدەدەن و گاڵتەیـان پێی دێ.
ئەمریکییەکان بە هۆی بووکە سەماکەرەوە ژمارەیەکی زۆری قەلەڕەشەکانیان پاراست. چـونکە لـە نـاوەڕاستی نیـوەی سـەدەی نـۆزدەیەمیـندا، جـووتیارەکـان بـە تـاران و بـە کەمبـوونەوەی قەلەڕەشەکـان، سزای خۆیـان وەرگرت. بەروبـوومە کشتووکاڵییەکـانیان. کەوتنە ژێـر هەڕەشەی خـواردن لە لایـەن کـرم و مێـرووە زیانبەخـشەکـانەوە، زیاتـر لە هەڕەشەی باڵندەکـان. بۆیە وازیـان لە دوورخستنەوەی باڵندەکان هـێنا. بۆ ئەوەی کرم و مێـرووەکان بخـۆن. تەنیا لە ماوەیـەی پێگەییـنی بەروبـوومەکـانیان پـاسی کێڵگەکـانیـان دەکەن. لە راستیشدا قـەلەرەشەکـان زیـانـێکی ئەوتۆیـان نییە. چۆلەکەکانیش لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ نزیکترین باڵدەن لە مرۆڤەوە. مرۆڤ لە هەرکوێ بێ چۆلەکەش لەوێ هەیە.
بووکە سەماکەرەی ئەلیکـترۆنی:
بـووکە سەماکەرەی ئەلیکترۆنی، لە شـێوەی دەزگایەکی قـەوارە گەورە دایە. لە شێوەی رادار دەچێت. بۆ دوورخستنەوەی باڵندەکان، لە سەر زەوی لە ناوەراست باخ و بێستان و رەز و کـێڵگە و باخچـە و شوێنە گەشتیارەکـاندا دادەنـرێت، نزیکەی مەتـر و نیـوێکی دووجا شـوێن دەگرێت.. ئەم دەزگایە پشت بە (لێـزەری تیشک سەوز) دەبەستێت، کە لە رەنگی گیا و گەڵا سەوزەکان دەچێت، باڵندەکان بە روونی لێکی ناکەنەوە. هەرکە مەل و باڵندە و چەقەڵ و رێـوی و بەراز و گیانلـەبەرێکی تر، گەر لە کێڵگەکـان نزیک ببـنەوە، تیـشکە سەوزەکە دوایـان دەکەوێ و بێـزار و ناچـاریان دەکات و لە کـێڵگەکە دووریان دەخاتەوە.. ئەمانـەش جـیاوازییەکانی بـووکە سەمـاکەرەی ئەلـیکـترۆنـی یە:
١ـ هـیچ زیانێک بە باڵنـدەکان ناگەیەنێـت، تەنیا ئاگـاداریان دەکـاتەوە و بە هـێواشی لە کێڵگـەکە دووریـان دەخـاتەوە.
٢ـ پێویستی بە وزەی کـارەبا و هـیچ مادەیـەکی دیکە نییە، بە وزەی رۆژ کـاردەکات.
٣ـ دەزگای لێزەرەکە تەنیا مەتر و نیوێکی چوار گۆشە جێ دەگرێ، بەڵام پاسی هەموو لایەنەکانی کێڵگەکە دەکا، تا ماوەیـەک دوای باڵندەکـان دەکەوێ و دووریان دەخـاتەوە.
٤ـ هـیچ کارتێکـردن و زیـانێکی بـۆ ژینـگە نیـیە.
٥ـ دەکرێت لەنـاو باخـچە و لەنـاو کـێڵگە و لە زۆر شـوێنی تـردا دابنـرێت.
چەندین جۆری جیاوازی تری بووکە سەماکەرەی ئەلیکترۆنی هەیە، بۆ نموونە، بووکە سەماکەرە هەیە، لە شێوەی (کونـدەپـەپـووی ئەلیکـترۆنی) قەوارە گەورە دایە، کە زۆر دەگـمـێنـێت و هـەمیشەش باڵەکـانی دەلـەرێنـێـتەوە.. باڵـندەکـان لـێی دەتـرسن.
لە هـەنـدێ لە سەربانەکـانی کارگەکان و فەرمانگاکـانی شار و شارۆچکەکـانی ئەوروپـا، بـووکە سەمـاکەرەی لـە شــێوەی قـەلـەڕەش، کـە لـە کـاغـەزی نایـلۆنی رەشـی تـەنـک دروستکراوە، تا باران تـەڕی نەکات، بە پـەتێکی درێـژ و بە دارێکـەوە دەیـبەسـتن، کە با لێی دەدات بـەرز و نـزم دەبێـتەوە.. کە بۆ جـوانی و بۆ خـۆشی دایـدەنـێن. لە هەمـان کاتیـشدا باڵندەکـان لێی دوور دەکـەونـەوە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ١١/ ئاوگوست/ ٢٠٢٠




دەخوێنمەوە … ڕۆستەم خامۆش

دەخــوێــنـــمــەوە ، دەخـوێـنـمـــەوە
پــەرتــووکــی بـاش دەخـوێـنـمــەوە

مـــنــی زارۆی ژیـــــــر و بــچــــووک
هەردەم هـاوڕێم لەگەڵ پـەرتــــووک

هـــەتــــا بـــیــــــــرم فــــروان بـــــێ
ڕێـگـەی ژیـنـم ڕێــک و جـوان بـــــێ

دەخوێـنـمــەوە هـەر بـۆی شــەیـدام
لـەگـەڵ پەرتـووک مـن هـەر ئاشـنـام

         ڕۆستەم خامۆش



چـیرۆک بۆ منداڵان.. گوڵێکی سووری لەخۆبـایی … و: رەزا شـوان

لە دارستانێکـدا، لە رۆژێکی خۆشی بەهـاردا، گوڵەباخێکی سووری جـوان پشکـووت. گـوڵە سوورەکە لە دەوروبـەری خـۆی روانی، لە تەنیشتـییەوە دار چـنارێکی بیـنی.
دار چـنارەکە وتی: چەنـد گوڵـێکی جـوانە! خـۆزگە منیـش وەکو ئـەو جـوان دەبـووم.
دار بەڕوویـەک بە دار چـنارەکەی وت: خەمبار مەبە تـۆش جـوانی، ناکـرێ کە ئێـمە هەمـوو شتێکـمان هـەبێـت.
گوڵە سوورەکە وتی: لەو بـڕوایـەدام کـە مـن جـوانـترین گـوڵـم لـەم دارسـتانـەدا.
گـوڵە لاولاوێـک، سەری هەڵـبڕی و وتی: بـۆ وا دەڵـێی؟ لـەم دارسـتانەدا، گـەلێ گـوڵی جـوان هـەیە. تـۆ تەنیـا یەکـێکی لەو گـوڵە جوانـانە.
گوڵە سوورەکە وتی: مـن دەبیـنم هەمـووان سەرسامی منـن و سەیـری مـن دەکـەن.
گـوڵە سوورەکە سەیـری رووەکی کوێچکەفـیلی (رووه‌كـێكی دڕكـاوییه‌) کـرد و وتـی: ئـای لەو رووەکـە ناشـیرینە، ئـازای گیـانی دڕەکـە!
دار چـنارەکە، قسەکەی گـوڵە سوورەکەی پێ ناخۆشبوو، وتی: گـوڵە سوور، ئەم قسەیە چـیـبوو کـردت؟ کێ دەزانێـت بـڵێ کە جـوانی چـیـیە؟ تـۆش دڕکـت هـەیە.
گـوڵە سوورەکە بە تـووڕەییـەوە سەیـری دار چـنارەکەی کـرد و وتی: هـیوادارم کە چـێژێکی باشت هەبێت. تـۆ هـیچ لە جـوانی نازانی. ناتوانێ دڕکەکانی من بە دڕکەکانی گـوێچکەفـیل بەراورد بکـەی.
دار چـنارەکە: تـۆ لەنـاو ئـەم دارسـتانـەدا، گوڵـێکی لەخـۆبـایی.
گوڵە سوورەکە هەوڵـیدا کە رەگەکانی لە گوێچکەفـیل دوور بخاتەوە، بەڵام نەیتـوانی لە شوێنی خـۆیـدا بجـووڵێ. گوڵە سوورەکە بە درێـژایی رۆژگـار، هەر لە گوێچکەفـیلەکەی دەڕوانی، تانـەی لـێدەدا و قـسەی ناشـیرینی پێ دەوت، وتی: رووەکی لـەم جـۆرە هـیچ سـوودێـکی نیـیە. بە داخـەوە کە مـن بـوومە بە هـاوسێی ئـەم دڕکـاوییـە نـاشـیرینـە.
گوێچکەفـیلەکە، گـوێی بە توانـج و بە قـسە ناشیرینەکانی گـوڵە سوورەکە نـەدا. بەڵکـو هەوڵـیدا کە ئامـۆژگـاری و رێنـمایی بکات، وتی: خـودا هـیچ شـێوەیەک لە شـێوەکـانی ژیـانی بـەبێ مەبـەسـت دروسـت نـەکـردووە.
بەهـار کۆتـایی هـات، بـاران نـابـاری، کەشـوهـەوا گەرمبـوون، ژیـان لە دارسـتانـەکەدا سەخـت بـوو. گـوڵە سـوورەکە لە تـوینێـتـیدا بـەرەو سیسبـوونـەوە دەچـوو.
رۆژێکـیان گوڵە سوورەکە، چۆلەکەکـانی بیـنی، کە لەسەر گوێچکەفـیلەکە دەنیشتـنەوە. دەنووکەکانیان دەچەقانـدنە گەڵا سـەوز و ئەسـتوورەکانی گوێچکەفـیلەکە و تـێر ئاویان لـێیان دەخـواردەوە، دوایش بە گـەشی و خـۆشییەوە هەڵـدەفـڕین و دووردەکـەوتنەوە.
ئەم کـارەی چۆلەکەکـان، بە لای گـوڵە سـوورەکـەوە جـێی سەرسـوڕمان بـوو.
گـوڵە سـوورەکە لە دار چـنارەکەی پـرسی: ئـەو باڵـندانـە چـیـیان دەکـرد؟
دار چـنارەکە بـۆی روونکـردەوە، کە باڵنـدەکـان، ئاویـان لە گەڵاکـانی گـوێچکەفـیلەکە دەمـژی.
گـوڵە سـوورەکە: ئایـا ئەزێـتی پێ نـاگـات، کە گەڵاکـانی کـون کـون دەکـەن؟
دار چـنارەکە: بـەڵی، بـەڵام گوێچکەفـیلەکە، حـەز بە یارمەتیـدان و بەخـشـین دەکـات، حەزناکـات کە باڵنـدەکـان لە تـوینێـتیدا پەریـشان ببـن، زۆری پێی خـۆشە کە ئـاوی ناو گەڵاکـانی بخـۆنـەوە.
گوڵە سوورەکە بە سەرسۆڕمانێکەوە، چاوی کردەوە و هـاواری کرد: گـوێچکەفـیلەکە ئـاوی هـەیە؟
دار چـنارەکە: بەڵێ ئـاوی هەیە، تـۆش ئەگـەر داوای یارمەتی لە گـوێچکەفـیلەکە بکەی، دەتوانیـت ئـاوی لێ بخـۆیتەوە. چـۆلەکەکـان دەتـوانـن یارمـەتیت بـدەن.
گوڵە سوورەکە هەستی بە شەرمەزارییەکی زۆر کـرد، کە داوای ئاو لە گوێچکەفـیلەکە بکـا، لە دوای ئـەو هەمـوو قـسە نـاشـیرینانەی کـە پێی وت. بـەڵام زۆری تـوینـی بـوو. لە دواییـدا داوای ئـاوی لـێکـرد.
گوێچکەفـیلەکە زۆر بە نەرمی و رووخـۆشییەوە رازی بوو کە ئاوی بداتێ. چۆلەکەکان هـاتن و دەنووکەکـانیان لە گەڵاکـانی گـوێچکەفـیلەکە، پـڕ لە ئـاو دەکـردن و دەیـانکـردە سەر رەگەکانی گوڵە سوورەکە و پاراویـان کـردن.. گوڵە سوورەکە یەکسەر گەشایەوە.
گـوڵە سوورەکە، زۆر سوپاسی گـوێچکەفـیلەکەی کـرد و داوای لـێبووردنیشی لێکـرد. زۆریـش سوپـاسی چۆلەکەکـانی کـرد. وانەیـەکـی باشیـش فـێربـوو، کە جـارێـکی تـر لەخـۆی بـایی نەبێـت.. کەسیـش بە رووخـسار و بە دیمـەنی هـەڵـنەسەنگـێنـێت.
() بە دەستکارییەوە ئەم چیرۆکەم لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە. ناوی نووسەری لەسەر نییە. نـاوی رووەکی (گـوێـچکەفـیل) یا (گـوێـچکەی فـیل) لە هـاوڕیی دڵسـۆزم، نووسـەر و شاعـیر کاک (محەمـەد بـەرزی) یەوە وەرگـرت. کە بەرانبەر بە وشەی (کاکـتۆس) ئینگـلیزی و (الصـبار) ی عـەرەبییە.. نازانـم بە کـوردی ناوێـکی تـری هـەیە یا نیـیە؟ () منـداڵە ژیـر و ژیکەڵەکـانی کوردسـتان، ئێـوەی خوێنـەری ئەم چـیرۆکە.. بیـربکەنەوە.. کە چـی سـوود و وانەیـەک لـەم چـیـرۆکـەوە فـێـردەبـن؟
رەزا شـوان




گرنگییەکانی ریزبوونی بەیانیان لە قوتابخانەکان … رەزا شـوان

بێگومان هەموومان لە قـوتابخـانەی سەرەتـایی یا بنەڕەتیدا، بە قـۆناغی قوتابێـتیدا تێپەڕیوین. ریـزبوونی بەیانیانیش لە گۆڕەپانی قوتابخانەدا لە یادمان ماوە، کە پێش چوونە ژوورەوەمان بۆ پـۆلەکەمان، بۆ دەستپێکـردنی یەکەم وانەی رۆژێکی نوێی خوێنـدن، تا ئەمـڕۆش ئەو چـالاکییە وەرزشی و ئـەدەبی و کۆمەڵایەتی و هـونەرییە هەمەجـۆرانەی، کە لە کاتی ریزبـوونی بەیانیـاندا پێشکەشمان دەکـردن و بەهـرە و تواناکانی خۆشمان لە بـواری هـۆنراوە خوێندنەوە لەبەر دەرمان دەخـستن، بەشی زۆری بیرەوەرییەکانمان و چـیژ و خۆشی چالاکییەکانی کاتی ریـزبوونی بەیانیانمان، لەبەرچاومان و لە یادمانـدا مـاونەتـەوە و دەمێننەوە.
من نزیکەی (٣٠) ساڵیش مامۆسـتا بـووم، لە چەنـد قوتابخانەیەکی کوردی لە شاری کەرکوکی کوردستانیدا، هـەفـتەی رۆژێک ئەرکی چاودێـری و رێـزبوونی بەیانیـانی قوتابییەکانمان لە ئەستۆمدا بوو. مامۆستایەکی ئەنـدامی لـیژنەی پلانـدانـانی بەرنامە و پرۆگرامەکانی ریزبوونی بەیانیانیش بووم. بۆ رۆژانی بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی کوردستان، بەرنامەی تایبەتیم دادەنا. بە کرداری وەکو قوتابییەک و وەکۆ مامۆستایەک بەشداریم لە ریۆرەڕەسمەکان و لە چالاکییەکانی ریزبوونی بەیانیانی قوتابخانە کردووە.
گەرچی لەم نووسـینەدا دەستەواژەی (ریـزبـوونی به‌یانیـان) بەکاردەهـێنین، بـەڵام لە ئەمـڕۆدا لە بەشی هـەرەزۆری قوتابخـانەکانی کوردسـتانـدا، بە ناچـاری دوو قوتابخـانە تێیاندا دەخوێنن، قوتـابخانەیەکیان تـاقی بەیانیان و قوتـابخانەکەی کەشیان تـاقی ئێواران (نێـوه‌ڕوان) واتە (ریـزبـوونی نیـوەڕوان) یش هـەیە. زۆربەی قوتابخانەکانیش پلانیـان وایە سـێ رۆژ بەیانیـان و سـێ رۆژیـش نیـوەڕوان دەست بە خوێنـدن دەکـەن. بەڵام دەستەواژەی (ریـزبوونی به‌یانیـان) زیاتـر بەکـاردەهـێنرێت.
چەمکی ریـزبـوونی بەیانیان، ئەوەیە کە قوتـابیانی هـەر قـوتابخـانەیەک، بەیانیان پێـش وانەی یەکەم، تێكڕا بۆ ماوەی (١٥) خولەک لە گۆڕەپانی قوتابخـانەدا، هەر پـۆلێک لە بەردەمی پـۆلەکەی خۆیـدا، لە دوو ریـزی رێکـدا، قوتابییە درێـژەکان لە ریـزی پشـتەوە و بچووکەکـانیش لە ریزی پێشەوە دەوەستن، مامۆستای رابەری هەر پۆلێکیش لە پشت یا لە تەنیشت یا لە پێش قوتـابیانی پۆلەکەیەوە دەوەستێ. بە سەرپـەرشتی مامۆمۆستای چاودێری ئەو رۆژە و بە هـاوکاری مامۆستای وەرزش، رێوڕەسمی بڕگەکانی ریزبوونی بەیانیان دەست پێدەکا. سەرەتا بە چەند راهێنانێکی وەرزشی دەست پێدەکا.
ریزبـوونی بەیانیان لە قوتابخانەکانـدا، پێویستییەکی گـرنگە و پابەنـدبـوونە بە رێـسا و یاساکانی قوتابخـانەوە، یەکێکە لە پێویستییە گـرنگەکانی پەروەردەی قوتابخـانەیی و بایەخێکی پەروەردەیی گرنگی هەیە، بەڵکو رەهەندێکی گرنگی کرداری پەروەردەییە.
ریزبـوونی بەیانیان، یەکێکە لە گرنگترین فاکتەرە بنەماییەکان کە یارمەتی سەرکەوتنی کرداری خوێنـدنی رۆژانەی قوتابیان دەدات. سنووری رەهەنـدی فێرکردن تێـدەپەڕێنێت.
بڕگـەکانی ریزبـوونی بەیانیان، زاخـاوی بیـر و هـۆش و وەرگـرتن و وەبیـرهـێنانەوەی قوتابیان دەدەن. مـژدە و بانگـەوازێکیشە بۆ دەستپێکردنی کارەکـانی رۆژێـکی نوێی دەستپێکردنی خوێندن و فێربوون و چۆست و چالاکییەکانیان. بۆیە ریزبوونی بەیانیان، هەر لە کۆنەوە، لە لووتکەی قـووچکەی گرنگییەکانی پەروەردەیی قوتابخانە دانراوە.
ریـزبـوونی بەیانیـانی قوتابیـان لە قوتابخانەکانـدا، کار بۆ ئەوە دەکـات، کە کۆمـەڵێک مەبەست و ئامانـج و پـرەنسـیپ و بەهـای گرنگی پەروەردەیی لە دەروونی قوتـابیاندا بـڕوێنێ، بە تایبەتیش لە تەمەنی منداڵـیدا، وەکو دەڵـێن:”فـێربوون لە بچـووکیدا وەکو نەخـشی سەر بـەرد وایـە” گرنگییەکانی چالاکییەکانی ریزبوونی بەیانیان، سوودێکی زۆر بە قوتابیـان و مامۆسـتایان و بەڕێوەبەرێتـییەکانی قوتابخانەکان و بە فـێرکردن و پەروەردەکـردن دەگەیـەنێت، بەڵکو بە بەشێکی گـرنگی پـەروەردە و بە تـەواوکەری کـرداری زانستی دادەنـرێت.
بە کورتی و بە چڕی باس لە بڕگـە سەرەکییەکانی ریـزبـوونی بەیانیـانی قوتابخانەکان دەکـەین.. کە ئەمانە گـرنگـترینیانە:
١ـ پشکنینی پاک و خـاوێنی و رێکوپێـکی: لە کاتی ریزبوونـدا، مامۆستای رابەری هەر پۆلێک پشکـنینی قوتابییەکانی دەکات، سەیـری پاکی دەست و دەموچـاو و سەر و قـژ و نینۆکەکـانیان و خاوێنی و رێکوپێکی جلوبەرگەکانیشیان دەکات و ئافـەرینیان لێـدەکـات.
٢ـ راهـێنانەکـانی وەرزشـی و گەرمبـوون: بە زۆری ئـەم بـڕگـەیە دەکەوێـتە ئەسـتۆی مامۆستایانی پەروەردەی وەرزشی، چونکە ئەوان پسپۆری ئەم بوارەن، ئەم وەرزشەش بۆ ئەوەیە کە قوتابییەکان خاوخلـیچکی و خەواڵوویی بەریان بدات و چۆست و چالاک و وریا و بە گوڕ و تین ببنەوە و گەرمبن، وەرزشکردنەکەش بە (پشـووبـه‌ن… وریــابن) دەست پێدەکات.. بە دەیان راهێنان و مەشقی هەمەجۆرە هەن، بۆ چۆست و چالاکردن و خۆشی و شادی خستنە دەروونی قـوتـابیـان.
هەر لەم بـڕگەیەدا، دەتوانرێت، پێشبڕکێ و یاری لە نێـوان پۆلەکـاندا ئەنجام بدرێن. بۆ نمـوونە: لەگەڵ فیکەلـێدانـدا بە گۆڕەپانی قوتابخانەکەدا بڵاوببنەوە.. لەگەڵ فیکەلێدانی دووەمـدا هـەر قوتابی و هەر پـۆلـێک لە شوێنی خۆیانـدا رابـوەستن، کام پـۆل زووتـر ریزبوونەوە، ئەو پـۆلە خەڵات بکـرێت.. گەر بە ئافەرین و چەپڵـە لـێدانێکـیش بێت.
بۆ ئەوەی قوتابیان بێزار نەبن و راهـێنانە وەرزشییەکان نەبن بە رۆتینی دووبـارە و چەند بارە کراوە. پێویستە مامۆستایانی وەرزش و لیژنەکانی پلاندانانی چالاکییەکانی ریزبـوونی بەیانیان، بیر لە داهـێنانی راهـێنان و لە چالاکی و وەرزشی نوێ بکەنەوە.
٢ـ وتنی سروودی نیشتمانیمان (ئـەی رەقـیب) بێگومان ئەمە بڕگەیەکی زۆر گرنگ و پێویستە.. کە لە دوای راهـێنانە وەرزشییەکان، قوتـابیانی هەمـوو پۆلەکـان پێکەوە، مارشی نەتەوەییمان (ئـەی ڕەقـیب) بچـڕن.. دەکرێ هەندێ رۆژ لە دوای ئەی رەقیب، سروودێکی دیکەی نیشتمانی کوردی بوترێت وەکو سروودی (خوایە وەتـەن ئاواکەی) و (خۆشـم دەوێ وڵاتـەکەم) و (جەژنە جەژنی کوردستـانە.. جەژنی نـەورۆزە) …هتد.
لە ریزبوونی بەیانیانی رۆژانی پێنج شەمـواندا، کە رۆژی رێـوڕەسمی هەڵکـردنی ئاڵای کوردستانە لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی قوتابخانەکاندا. ئەو قوتابخانانەی کە تیپی دیدەوانیان هەیە، لە لایەن سێ قوتابییەوە بە سەرپەرشتی مامۆستای وەرزش ریوڕەسمەکە ئەنجام دەدرێ.. قوتـابی ناوەڕاست ئـاڵاکە هەڵـدەکات، لەگەڵ بەرزبـوونەوەی ئاڵاکـەدا، هەمـوو قـوتابییەکان و مامـۆستاکان، سڵاو لە ئـاڵای کوردسـتان دەکـەن، بە ئەوپـەڕی رێـز و شکۆداری و شانازییەوە، دەستی راستییان لەسەر دڵـیان دادەنێـن و پێکەوە سـروودی ئـەی رەقـیب دەچـڕن. دوایش بەڕێوەبەری قوتابخانە یا یەکێک لە مامۆستاکان وتارێکی کـورت پێشکەش دەکا.. چەنـد قوتـابییەکیش، هـۆنـراوەی نیشــتمانی پێشکەش دەکـەن.
ئـاڵای پیـرۆزی کوردستان سیـمبولی شکـۆداری نەتەوەییـمانە، پێویستە قوتابخـانەکانی کوردسـتان، لە رێـوڕەسمێکی شایستەدا ئاڵای کوردسـتان هەڵـبكەن.
پێشـنیاری ئەوەش دەکەم. کە ریۆڕەسمی هەڵکـردن و داگـرتنی ئـاڵای کوردسـتان، لە سەنتەری شارەکانی هەولـێر و سلێـمانی و دهـۆک و هەڵەبجـە و قەزاکـانیشدا، بکرێت بە ناچـاری و لەگەڵ بـۆقی لێدانـدا، بەیانیان هەڵبکرێت و ئێوارانیش دابگـیرێت، لەکاتی هـەڵگـردن و داگـرتنـیدا، وەکو پیـرۆزی و رێـزگرتنێک لە ئـاڵای کوردسـتان، خەڵکی و ئۆتـۆبیل لە شوێنی خۆیاندا بوەستن. ئەمە بکرێت بە نەریتێکی رۆژانە لە کوردستانـدا.
٣ـ چالاکی ئەدەبی: بۆ ئەوەی کە قوتابیان بەهرە و تواناکانی خۆیان لە بەردەمی هاوڕێ و مامۆستاکانیاندا دەربخەن، شەرم و ترسی خۆیان بشکـێنن، بە ئاسایی و ئازایەتییەکی ئەدەبییەوە، هـۆنراوەی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و پەخـشانی ئاسان پێشکەش بکەن، بە ئافـەرین و چەپڵەلـێدان و خەڵاتکردن هـان بـدرێن. قـۆستنەوەی ریـزبوونی بەیانیان، هەل و دەرفەتێکی باشە بۆ دەرخستن و گەشەکردنی بەهرە و توانای ئەدەبیی قوتابیان.
٤ـ رۆڵـی ئێـستگەی رادیـۆی قوتابخـانەیی: جـاران لە بەشـێکی زۆری قوتابخـانەکاندا، دەزگـای رادیـۆی قـوتابخـانەیی هەبـوون، بە داخـەوە، کە لـە دوخـێکی نەخـوازراو و نالەباردا، هەموو دەزگـاکانی رادیـۆکان بە تـاڵانی بـران، لە ئێـستادا بە دەگمەن دەزگـای رادیـۆ لە هەنـدێ لە قـوتابخانەکـانـی شارەکانی کوردستاندا هـەن.
پەخـشی رادیـۆی قوتابخانەیی، لە کاتی ریزبوونی بەیانیان و هەڵگردنی ئاڵای کوردستان و رۆژانی بۆنە کوردستانییەکانـدا، رۆڵێکی پەروەردەیی و ئەدەبی و هـونەریی گرنگـیان هەبوو. رادیۆی قوتابخانەیی هاندەرێکی باشە بۆ گەشەکردن و پێشخستن و پەرەپێدان و بۆ دەرخستنی چالاکیـیەکان و بەهـرە و توانـا و ئارەزووە هەمەجـۆرەکانی قـوتـابیان.
گرنگـترین ئامانجەکـانی ریزبـوونی بەیانیـان:
١ـ لە میانەی راهـێنانە وەرزشییەکانەوە، سووڕی خـوێن قوتابیان چالاکـتر دەبێ و رادەیەکی ئۆکسجـینێکی زیاتـریش هەڵـدەمـژن. ئەمەش دەبێـتە یارمەتیـدەریان بۆ رزگـاربوون لە خاوخلـیچکی و لە تەمەڵی و بێزاری و خەواڵوویی و ساردوسڕی.
٢ـ بە هـۆی وەرزشە ساکارەکانەوە لە ریزبوونی بەیانیاندا، جمگەکان و ماسوولکەکانی قوتابییەکان نـەرم و خـاودبنەوە.
٣ـ شیرین بوون و بەرزبوونەوەی حەز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون و هۆگرییەکی زیاتـری قـوتابیـان، بۆ قـوتابخانە و بۆ فـێربـوون.
٤ـ بەرزکردنەوەی هەستی نەتـەوایەتی وهاوبەستەبوون و خۆشەویستییەکی زیـاتر بۆ کورد و کوردستان.. بە تایبەتیش لە کاتی چـڕینی سروودی ئەی رەقیب و خوایە وەتەن ئاواکـەی و خـۆشـم دەوێ وڵاتـەکەم… هـتد. ئەمەش ئامانجـێکی پێـویست و سەرەکی و گـرنگی ریـزبـوونی بەیانیـانە.
پێشـنیاری ئەوەش دەکەم کە لە دوای سـروودی (ئـەی رەقـیب) دا، قـوتـابییەکی دەنگ بەرز، سێ جار لەسەر یەکتری ئەم دروشمانە بڵێ و قـوتابییەکانیش بە گوڕ و تینەوەوە لەگەڵـیدا دووبـارەی بکەنـەوە، دروشمەکانیش:

بژی کوردستانی نیشتمانمان. بژی کوردستانی نیشتمانمان. بژی کورستانی نیشتمانمان
بژی پێـشـمەرگەی قـارەمان. بـژی پێشمەرگەی قـارەمان. بژی پێشمەرگەی قـارەمان.
بـژی ئــازادی. بـژی ئـازادی. بـژی ئـازادی
بمـرن داگیرکەرانی کوردستان.. بمـرن داگیرکەرانی کوردستان.. بمـرن داگیرکەرانی کوردستان.
٥ـ قوتابی بەهـرەمەند، فێری ئازایەتی ئەدەبی دەبێ و ترس و شەرمی دەشکێ، دەتوانێ بێ ترس و شڵەژان، لە بەردەم هاوڕێکانی و مامۆستاکانیدا، هۆنراوە و وتار و پەخشان پێشکەش بکات و گـوزارشت لە بەهـرە و تواناکـانی بکات.
٦ـ قوتابیـان فـێری ئەوە دەبـن، کە لەنـاو دەسـتە و تیـپ و گـروپـدا کـاربکەن.
٧ـ چالاکییە هەمەجۆرەکان لە ریزبوونه بەیانیاندا، گەشە بە هـۆشی قوتابیان دەکات.
٨ـ بازنەی زانستی قوتابیان فـراوانتر دەبێ، لە میانەی ئەو زانست و زانیارییانەی کە رادیـۆی قوتابخانەیی لە کاتی ریزبـوونی بەیانیانـدا پەخـشی دەکات.. لێوەی وەردەگـرن.
٩ـ قوتابیان لە میانەی ریـزبوونی بەیانیانەوە، فـێری رێکی و پێکی و پابەندی یاساکانی قوتابخانە دەبـن.
١٠ـ سەرەتایەکی باشی رۆژی خوێنـدن و چالاکییەکـانی قوتابیان، لە سەرەتایەکی باشی ریزبـوونی بەیانیـانەوە دەست پێـدەکـات.
١١ـ ئاشکـراکـردن و دەرکەوتنی توانا و بەهـرە هەمەجـۆرەکانی قوتابیـان.
١٢ـ خۆشکردنی پەیوەنـدی نێـوان قوتابخـانە و مـاڵ و کومـەڵی ناوخـۆیی.
١٣ـ خەڵاتکـردنی قوتابیانی بەهـرەمەند و کۆششکەر و زیـرەک و خاوەنی نمـرەی باڵا لە کاتی ریزبـوونی بەیانیانـدا. دەبێتە هانـدەر بۆ گەشەکردنی بەهـرەکانی قوتابیان.
١٤ـ لە میانەی ریزبوونی بەیانیان، ئەو هـاوڕاییە دەسەلمـێنرێ، کە قوتابیان تەوەری کـرداری پەروەردەیین.. پێویستە ئەوپەڕی ئازادی و زۆرترین کاتیـان بۆ بـڕەخـسێنن.
١٥ـ قوتابیان فـێری ئەوە دەبن، کە رێـز لە کات بگـرن و بـزانن کە کات زۆر گـرنگە.
١٦ـ قوتابیان فـێری پێشبڕکێ و رکەبەرایەتی ئازاد و بەسوود دەبـن. کە لە نێـوان پۆلەکـاندا بە رۆحـێکی وەرزشییەوە ئەنجـام دەدرێن.
١٧ـ لە سایە و لە میانەی چالاکییەکانی ریزبـوونی قوتابیان لە بەیانیـانی قوتابخـانەدا، بێجگە لەو ئامانجانەی سەرەوە، چەندین ئامانج و سوودی تر بۆ قوتابیان و مامۆستایان و بۆ قوتابخـانە دێنـەدی.
هۆکارەکانی ئامادەنەبوون یا دواکەوتنی هەندێ قوتابی لە ریزبوونی بەیانیان:
هەندێ لە قوتابیان، بە هۆی لەش خاوی و تەمەڵی و خەواڵووییەوە، کە شەوان درەنگ دەخەون و درەنگ هەڵدەستن، ئامادەی ریزبـوونی بەیانیان نابن یان دوادەکەون، هەشە دێت و لە پۆلـدا دادەنیشێت و خۆی مات دەکا، نایەوێت بەشداری لە ریزبوونی بەیانیان بکا، خۆی دەکا بە نەخـۆش. ئەمانە چەنـد هـۆیەکی دواکەوتنی هەندێ لە قوتابیانن لە ریـزبـوونی بەیانیان، کە پێویستییان بە چارەسەرکردن هـەیە:
١ـ رۆتین و چەندین جار دووبارەبوونەوەی هەمان چالاکییەکان و نەبوونی گۆڕانکاری و تازەگەری و شێواز و داهێنانی تازە، وا دەکا کە هەندێ لە قوتابیان هەست بە بێزاری بکەن و ئامـادەی ریـزبوونی بەیانیـان نەبـن، یا دوابکـەون.
٢ـ لاوازی هـاندان و خەڵات نەکـردنی قوتابیان و شێوازی هەڵەی هەندێ لە مامۆستایان وای کردووە کە هەنـدێ لە قوتابیان ئامادەی ریزبـوونی بەیانیانی قوتابخانەکەیان نەبن.
٣ـ هەنـدێ لە بەڕێوەبەرێتییەکانی قوتابخانەکان، ریزبـوونی بەیانیان بە هەنـد نازانن و وەکو پێـویست بایـەخی پێ نـادەن، لێـپرسیـنەوە و بە دواداچـوونیش بۆ ئەو قـوتابیانە ناکەن، کە ئامـادەی رێـزبـوونی بەیانیـان نابـن.
٤ـ هـۆشیارنەکردنەوەی قوتابیـان بە سوودەکان و بە گرنگییەکانی ریزبوونی بەیانیان و چارەسەرنەکردنی کـێشەی ئەو قوتـابیانەی کە ئامادەی ریزبوونی بەیانیان نـابن.
٥ـ ناهـۆشیاری هەنـدێ لە دایکـان و باوکـان و گـوێنەدانیـان، بە درەنگ نووسـتن و درەنگ لە خەوهەسـتانی منداڵەکـانیان و لێپرسینەوەش بۆ دواکەوتنیان لە قوتابخانە ناکەن. هـیچ هـاوکارییەکی قوتابخـانەش ناکەن تا پێکەوە چارەسەریان بۆ دابنـێن.
بۆیە پێویستە قوتابخانەکان، هۆکارەکانی ئەو قوتابیانە بزانن کە لە ریزی بەیانیان ئامادە نابن یا دوادەکەون، پێویستە تۆمارێکی تایبەتییان هەبێ بە ناوی (تۆماری ئامادەبوون و ئامادەنەبوونی ریزبـوونی بەیانیان) ناوی ئەو قوتابیانەی تێدا بنووس کە چەند جارێک ئامادەی ریزبوونی بەیانان نەبوونە یادواکەوتـوونە. تا بە شـێوازێکی راست و دروست چارەسەریان بۆ دابنـێن، بۆ ئەوەی نەبێتە خوویـەکی هەمیشەییان.. دەکرێش (پسـپـۆری کۆمەڵایـەتی) لە چەند دانیشتنێکـدا،هەموو ئەو قوتابیانە پێکەوە بانگ بکات کە ئامادەی ریـزی بەیانیان نابن یا دوادەکەون. چارەسەیان بکات و ریکوپێکی و رێزگرتن لە کات و لە گرنگییەکانی ئامادەبوونی ریزبوونی بەیانیان لە دەروونی ئەو قوتـابییانەدا بـڕوێنێ . ئەمەش سـوود بەو قـوتـابیانە و بە خـێزانەکانیان و بە قـوتابخـانەکەشیان دەگـەیەنێت.
پێویستە سەرپەرشتیارانی پەروەردەییش، وەکو گرنگـیدانێک بە گرنگییەکانی ریزبوونی بەیانیان لە قوتابخانەکانـدا، ساڵی چەنـد جارێک لە ریـزبوونی بەیانیانی ئەو قوتابخانانە ئامادەبێت کە پشکنینیان پێ سپاردوون، بە ووردی سەرنـجی چۆنیـەتی رێوڕەسمەکانی ریزبوون و چالاکییە هەمەجۆرەکانیان بدات.. هەموو خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانیان لە راپۆرتەکەیدا بنووسێت و، بە تێبینی و بە پێشنیار و بۆچـوون و رێنماییەکانی پـلان و بەرنامەکـانی لیـژنەی ئامادەکـردنی پـلان و بەرنامەکـانی قوتابخانەکـانیان دەوڵەمەنتـر بکات. ئەمەش بە بەشێکی گـرنگی ئەرکەکـانی بـزانێت.
حەزدەکەم ئاماژەش بە رۆڵی گـرنگی هەریەکە لە بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستای پـەروەردەی وەرزشـی و مامـۆسـتای زمـانی کوردی بـدەم، کە رۆڵـی سەرەکییان لە چالاکییەکانی ریزبوونی بەیانیان و لە رێـوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵای کوردستاندا هەیە.
١ـ بەڕێـوەبەر قوتابخانە: بەرپرسی یەکەم و دینەمـۆی هەڵسوڕانـدن و جێبەجێکردنی کار و چالاکییەکان و فـێرکردن و پەروەردەکردنی دروستی قوتابیانی قوتابخانەکەیەتی، لەسەرێتی کە بە ئەوپـەڕی دڵسۆزییەوە، چاودێـری قوتابییەکان بکات. پەیوەنـدییەکی بەهـێزیشی لەگەڵ مامۆستاکانـدا هەبێت.. ئامادەبوونی بەڕێوەبەری قوتابخانە لە کاتی ریزبوونی بەیانیان لە قوتابخانەکەیدا، پێویستییە و گوزارشت لە بەتەنگەوەهاتنی دەکا.
٢ـ مامۆسـتای پـەروەردەی وەرزشی: کە پســپۆر و شارەزای جـۆرەکانی چـالاکی وەرزشـییە.. رۆڵـێکی گـەورەی هـەیە، لە بـڕگەی وەرزشی لە ریـزبـوونی بەیانیـان و لە جـوانی ئەنجامـدانی رێـوڕەسمی هەڵکـردن و داگـرتنی ئـاڵای کوردسـتانـدا.
٣ـ مامۆستای زمـانی کوردی: رۆڵێکی گەورەی هـەیە لە بـڕگەی چالاکییە ئەدەبییەکان لە ریزبوونی بەیانیاندا، کە دەتوانێت ئەو هۆنراوە نیشتمانییانە فـێری قوتابییەکان بکا، کە دەبنە هـۆی هانـدان بـۆ خۆشەویستی و هـاوبەستەبـوون بۆ کـورد و کوردسـتان. داوا لە قوتابییەکانی بکات لەبەریـان بکەن و لە کاتی ریزبوونی بەیانیاندا بە ئەوپەڕی گوڕ و تینەوە پێشکەشـیان بکەن.
٤ـ مامۆستای مـوزیک و مامۆستایانی رابەری پۆلەکانیش هەریەکەیان رۆڵی گرنگـیان هەیە لە سەرکەوتن و لە جـوانی بەڕێـوەچـوونی رێوڕەسمی ریـزبوونی بەیانیـان و لە هەڵکـردنی ئـاڵای پـیرۆزی کوردستان و لە سەرجـەم چالاکییەکـانی قوتابخـانەکـانیان.
٥ـ وەکو وتمان قوتـابیان تـەوەری سەرەکی کـاری فـێربوون و پـەروەردەیین، پێویستە لە دانانی پـلان و بەرنامە دانان و لە هەموو لیژنەکاندا بەشداربن و نوێنەریان هـەبێت.
هـیوادارم بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سوود و گرنگییانەی ریزبوونی بەیانیانی قـوتابیان لە قوتابخانەکاندا، کە لەسەرەوە باسمان کردن، قوتابخـانەکان و خـێزانەکـان، ئەو ئامـانجە گرنگـانە بهـێنـنە بەرچاو و بیریـان، بۆ گرنگـیدانێکی زیـاتر بە ریـزبـوونی بەیانیـان لە قـوتـابخـانەکـانی کوردسـتان دا.
رەزا شـوان
٢٨/ یـۆلـیـۆ/٢٠٢٠




دیمانە لەگەڵ زارا ئەحمەد جاف سەبارەت بە ئەدەبی مناڵان … ئ: ڕۆستەم خامۆش

زارا ئه‌حمەد جاف:
ئەدەبیاتی منداڵان بريتییە لە ھەموو ئەو بابەتانەی وەک:
شیعر و چیرۆکی شانۆیی و ئۆپەرێت, کە تایبەتن بە منداڵان، ئەدەبیاتی منداڵان وەکو لقێک لە نێو ئەدەبی کوردیيدا مێژوویەكی زۆرکۆنی نیە.

بۆ گرنگیدان به‌ ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر و په‌روه‌رده‌ی منداڵان، وه‌ ئـاوڕدانـه‌وه‌ له‌ كه‌سایه‌تیه‌كانی ئه‌و بوارانه‌، به‌ پێویستمان زانی ئه‌م دیمانه‌یه‌‌ له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و شاعیری بواری ئه‌ده‌بیاتی منداڵان خاتوو “زارا ئه‌حمه‌د جاف” سـاز بكه‌یـن.

دیمانه‌: ڕۆسته‌م خامۆش- هه‌ولێر

  • لەکەیەوە ئاشنای ئەدەبیاتی منداڵان بووی؟
  • لە سەرەتادا بۆ گەورانم دەنووسی، لە چالاکییەکانی قوتابخانەو دواتر لە کۆڕی شیعريی و چالاکییەکانی نێو پەیمانگادا بەشداریم دەکرد، مامۆستا بووم بەشێوەی کاتيی لە قوتابخانەی بنەڕەتی گوازرامەوە بۆ نێو باخچەی منداڵان، لەوێ بینیم ھەر شیعرە کۆنەکانیان بۆمنداڵان دەکرد بەگۆرانيی و شیعری تازەیان بۆ ژینگە و بابەتە ھەمەڕەنگەکانی ژیان و پەروەردەو ئۆپەرێت و چیرۆکە خەیاڵیانەی, كە ھەستی منداڵانیان گۆش دەکرد, زۆر کەم بوون، یان ھەر نە بوون, بۆیە حەزم کرد شیعر و چیرۆکی نوێیان بۆ بنووسم بۆ منداڵان, كه‌ چێژبەخش بن.
    دەمویست لە ڕێی نووسینەکانمەوە ڕێنمایی منداڵان بکەم و ژینگەیەکی دروستیان بۆ بڕەخسێنم تاخۆشیان بوێت و کەسایەتيی و بوونی خۆیانی تێدا بدۆزنەوە، درکم بەو قۆناغە گرنگەی گەشەی تەمەنی منداڵ کرد، بۆیە لەوکاتەوە دەستم بە نووسین کرد و ھەوڵم داوە پەرە بە ئەدەبیاتی منداڵان بدەم، دەمزانی چی بابەتێک بۆمنداڵان گرنگە. لەوکاتەوە بۆ ھەموو بابەتەكانی وانەکان و ڕێنمایی، چیرۆک و شیعر و ئۆپەرێت دەنووسم, ھەردەم لایان بووم لە چالاکییەکانماندا پێکەوە دەستی یەکترمان دەگرت و دەفڕین، خۆشبەختانە دوای ٣ ساڵ بووم بەبەڕێوەبەری باخچە و لەوکاتەدا دەستم کراوەتربوو بۆ خزمەتکردنی کار و بوارەکەم, ئێستاش, کە سەرپەرشتیاری پەروەردەیم بەگڕوتینێکی زیاترەوە کاردەکەم و مەودای پیشەکەم زیاتر بۆ ڕەخسا و بۆھەتایە منداڵان منیان لە نێو ئامێزی خۆیاندا ھێشتەوە.
  • چۆن پێناسەی ئەدەبیاتی منداڵان دەکەی؟
  • ئەدەبیاتی منداڵان بريتییە لە ھەموو ئەو بابەتانەی وەک: شیعر و چیرۆکی شانۆیی و ئۆپەرێت, کە تایبەتن بە منداڵان، ئەدەبیاتی منداڵان وەکو لقێک لە نێو ئەدەبی کوردیيدا مێژوویەكی زۆرکۆنی نیە.
    دوای ئەو ڕۆژگارە ناخۆشانەی, کە ھەرێمەکەمان لەڕابردودا تێیدا ژیاوە، لە داگیرکاريی و جەنگی بەردەوام و ژێر دەستەبوونی نەتەوەوەیی بەداخەوە, ئەو دۆخە کاریگەریی زۆرسەختی ھەبووە لەسەر گۆڕانکارییەکانی دەورو بەر، ئەو سەردەمە ئەدەبیاتی منداڵان نەبۆتە خەمی سەرەکییان، بەڵام ھەندێک لە نووسەران بەشێوەی لاوەکيی ھەوڵیان داوە لا لەئەدەبیات وخەونەکانی منداڵان بكەنەوە.
    خۆشبەختانە لەڕۆژھەڵاتدا لەژێر ھەژمونی ئەو ژیانە سەختەدا وای کرد کۆمەڵێک لە نووسەران و شاعیران بێنە مەیدانەکەوە, ئەگەرچی لەسەرەتادا ئەو دۆخە توندوتیژییە لەزۆربەی نوسینەکانیان ڕەنگی دابۆوە, بەڵام ویستیان خەم و گرنگی نووسین لە ئەدەبیاتی منداڵاندا فراوان بکەن و وای کرد گرنگیدان بەئەدەبیاتی منداڵان ببێتە خەمی سەرەکیان، لەسەرەتادا نووسینی شیعر دەبێتە سەرمەشقی نوسین و دواتر چیرۆک و ئەفسانەکان لەژێر کاریگەريی نووسەرانی ڕۆژئاواو ھەروەھا خوێندن و نووسین و چاپکراوەکان پەرەی پێدەدرێت و ویستویانە دەستی خەون و خولیای منداڵان بگرن و گرنگیان پێ بدەن تا لە ژیاندا بەئاگاو چاوکراوەبن. لەبەر تایبەتمەنديی و ئەوخه‌سڵەتانەی نووسەرانی ئەوبوارە ھەیانە, وە ئەوانەی کاریشیان لە بەرەوپێش بردنی ئەدەبیاتی منداڵاندا کردوە دەگمەنن و ھەروەھا ئێستاش ئەوانەی کاری لەسەر دەکەن ھەر دەگمەنن.
    بەداخەوە لەگەڵ ئەوھەموو بەرپرسیاریەتیە گرنگەی, کە بواری ئەدەبیاتی منداڵان لە خۆی دەگرێ لە پێگەیاندن و پەروەردە کردنی تاکێکی خۆنەویست و بێگەرد و ژینگەپارێزی دڵسۆز, کەچی لەلایەن حکومەتەوە کار بۆ پێشخستنی ئەوبوارە نەکراوەو ناکرێ, لە ھیچ ڕوویەکەوە گرنگی ھاندان و پشتگیری کردنی نووسەران نەدراوە, چەندین نامیلکەو کتێبی ئامادەکراو بۆ چاپ پەراوێزکەوتوون و گۆڤارەکانی منداڵان بێ سانسۆر و بەدواداچون لەسەر ئەرکی خۆیان چاپ دەکرێن, بەڵام سەرەڕای ئەوانەش بەھەوڵ و کۆششی خەمخۆران و یەک دەنگيی نووسەران و نیەتپاکيی و بەتەنگەوە ھاتنی نووسەرانی بوارەکە لەگەڵ یەکتردا
    تاڕادەیەک بوارەکە قۆناغی باشی بڕیوە، گرنگە ھەموو ئەوە بزانین ئەدەبیاتی منداڵان بەحوکمی گرنگیی دانی بە قۆناغەکانی گەشەی تەمەنی منداڵ, پێویستە بابەتە باش و چێژبەخشەکانی نووسەران ببنە ھاوشانی پەروەردەیەکی دروست لە خوێندندا، کە ئەدەبیاتی منداڵان یەکێکە لە سەرچاوەو بناغە ھەرە گرنگەکانی دروست کردنی کەسایەتی تاکێکی دروستە بۆکۆمەڵگا.
  • تۆ، شیعر بۆ منداڵان دەنووسی، ئایا تایبەتمەندیی شیعری منداڵان چیە؟
  • شیعری منداڵان تایبەتمەنديی و مەرجی خۆی ھەیە، دەبێ شیعری منداڵان جیابێت لەھی گەورە ساڵان، وشەکانی ئاسان بن لە دەربڕیندا, بڕگەی دوور و درێژ و سواو نەبن، وێنای جوان بنەخشێنێت و نزیک بێت لە قۆناغەکانی تەمەنی منداڵ و باشتر وایە شیعری منداڵان کۆتاییەکی جوانی ھەبێ و چیرۆک ئامێز بێت، بەشێوازێکی گونجاو و جوان کاریگەريی ئەرێنی لەسەر دەروونی منداڵدا جێبھێڵێت. واباشە یەکێتيی بابەت بپارێزرێت و شیعر ئەوەندە ئاڵۆز نەبێت سەر لە منداڵ بشێوێنێ، دەستەواژەی ڕوون و شیاوبن و دووربن لە وشەی نامۆ و توندوتیژيی و پێویستە پەروەردەیی و خەیاڵيی بن و دەبێ نووسەر ئەوەندە شارەزاو لێھاتوو بێت و ئاشنای تێگەیشتن و ئارەزووە کانی منداڵ بێت, شارەزای بڕگەو کێش و وێنای خەیاڵی سەرنج ڕاکێش بێت، لەسەرەتاوە تاکۆتایی سەرنجی منداڵ بەخۆیەوە وابەستە بکات، ھەتا پێویستە گرنگی بە ڕەنگ و وێنەو قەبارەی نامیلکە شیعریەکانیش بدرێت, ھەتا بەشێوەیەکی گشتيی لە داھاتوودا بیر و ھزری منداڵ جوان گۆش بکات.
  • جگە لە شیعر نووسین، تۆ چیرۆکیش بۆ منداڵان دەنووسی، بە ڕای تۆ تایبەتمەندیی چیرۆکی منداڵان چیە؟
  • باشتر وایە چیرۆک لەئاست زیرەکيی و ژیريی قۆناغی منداڵدا بێت، پەیوەندی ھەبێت بەحەز و خولیاو خەیاڵەکانی و سەرنج ڕاکێشی منداڵ بێت، (فەنتازیا و ئەندێشەی) ی تێدابێت, تاخەیاڵی منداڵ فراوان و فراوانتر بکات، چیرۆک مەودای کارکردنی تێدا فراوانترەو خەیاڵی منداڵ ده‌ورووژێنێت, کەسایەتيی چیرۆکەکان ئاڵۆز و تەم و مژاويی نەبن و وشەو زاراوەکانی سەر بە فەرھەنگی منداڵ بن، سەرەتاو بابەتی سەرنج ڕاکێشی و ئامانجێ بپێکی و کۆتاییەکی خۆش و بنیانتەر لەناخی منداڵ جێبھێڵێ، لەژینگەی خۆیەوە نزیک بن و نامۆ نەبن باشتر وایە لەگەڵ کارەکتەری ئاژەڵ و باڵدارەکان خۆشەویستيی و دۆستایەتی پەیدا بکات و
    پێویستە چیرۆک دوور و درێژ نەبێت منداڵ توشی بێزاريی بکات, توشی گرێ کوێرەی نەکات, دەبێت چیرۆک منداڵ فێری زمان پاراويی بکات, نابێت ناوەڕۆکی چیرۆکەکە توندوتیژيی تێدا بێت, منداڵ توشی ترس و شڵەژان بکات, دەبێت چیرۆکنووس لێھاتوو بێت لەداڕشتن و ئامانجی ھەبێ لە گەیاندنی بیرۆکەکەی، تا بارگرژی منداڵ نەھێلێ و چارەسەری بکات, پاڵەوانەکانی منداڵان فێری ھەڵگری ڕەوشتی جوان و مرۆڤایەتی بکات و لەدیاردە و وشە دزێوەکانیش دووریان بخاتەوە, دەبێت لەگشت ڕوویەکەوە گونجاو بێت لەگەڵ سەردەم و کلتورو ژینگەکەی و نیشتمان و سودی ھەبێ لە سەر فراوان کردنی خەیاڵ و بەکۆمەڵایەتيی کردن و ھزر و ھەڵسوکەوتی منداڵدا.
  • وەکو دەزانین شیعر بۆ منداڵان زیاتر نووسراوەو چیرۆک کەمتر، بەڕای بەڕێزت بۆچی چیرۆکنووسمان لە بواری منداڵان کەمترە، بەڵام خۆشبەختانە تۆ چیرۆکیش دەنووسی؟
  • دروستە شیعر نووسمان زیاترن و چیرۆک نووسمان بەو ئەندازەیە نیە, ئەگەرچی چیرۆک بزوێنەری خەیاڵی منداڵەو لەڕێی چیرۆکەوە منداڵ دەتوانێت بەسەر گرژيی و ئاڵۆزییە دەروونیەکانی و کێشە کۆمەڵایەتیيەکان زاڵ بێت و ڕزگاری بێت و لەبەرئەوەی ناوەڕۆکی چیرۆکەکان دەبێتە ھۆی پێکەنین و گریان و گاڵتە جاڕيی و توڕەبوون و ھاوارکردن… ھتد. کەوایە ئەرکی چیرۆکنووس قورسترەو دەبێ نووسەر توانای داڕشتنی ئەدەبیانەی ھەبێ و بزانێ چۆن دەست پێدەکات و بابەت دەوروژێنێت و چۆن بەشێوەیەکی کارامەیی چیرۆکەکە کۆتایی پێ دەھێنێ و وادەکات ئامانجی خۆی بەدەست بھێنێت, کە دروست کردنی کارەکتەری پاڵەوانێکی بەھێزە لە نێو ناخی منداڵدا، ئەوەش ئەرکێکی ھەروا ئاسان نیەو دەبێ چیرۆکنووس لەخۆ ڕادی و بێت, بەڵێ چیرۆکیش دەنووسم، زۆر حەز بەچیرۆک دەکەم، ھەر شتێک یان بابەتێک سەرنجم ڕابکێشێ لای من دەبێتە بابەتێکی واقیعی و ڕاستگۆیانە, کاری دارشتنی تێدادەکەم، زۆربەی چیرۆکەکانم ھەڵقوڵاوی ژینگەی منداڵانن، ھەوڵ دەدەم چیرۆکەکان ئاوێتەی خەیاڵ بكەم بۆ ئەوەی چێژی زیاتر بەمنداڵ ببەخشێ.
  • بە ڕای تۆ بۆچی تا ئێستا وەک پێویست لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەدەبیاتی منداڵان نەکراوە، یاخود ڕەخنەگرمان لەو بوارە کەمە، بەڵگە بۆ پرسیارەکەمان کەمی کتێبە لەو بارەیەوە؟
  • ھەرچەندە لە ڕابردوودا لێرەو لەوێ ڕەخنەو ڕەخنەگر ھەبوون, بەڵام بە پێی پێویست نەبوون, یەکێتی نووسەرانی کورد / لقی سلێمانی, ھەندێ ھەوڵ و لێکۆڵینەوەیان کردووە لەسەر ئەدەبی منداڵان لە بواری شیعر و چیرۆک و بڵاوکراوەکاندا, کە بەشێوەی فیستیڤاڵ پێشکەشیان کرد و دواتر کردیان بە کتێب، من ئەوە بەھەنگاوێکی گرنگ دەزانم سەرەتایەکی زۆر باشیش بوو دەستیان خۆش بێت و بەڕاستی ئێستا کەسانی دڵسۆز دەبینم بێ ماندو بوون کار بۆ پێشخستنی بواری ئەدەبیاتی منداڵان دەکەن, جاران باشتر بوو لە چەند دەزگایەک کتێب چاپ کردن ھەبوو, کۆڕو کۆبونەوە دەبەسترا بۆ ئاڵوگۆڕی فرە بۆچونەکان لەسەر نووسین و بابەتەکان, بەڵام بەداخەوە لەھەموو بوارەکاندا ئەگەرھەنگاو نرابێت چیتر ھەنگاو ی جدی لەو بوارەوە نەنراوە, گەر نرابێش لەئاست ویست و خواستی ئێمەدا نەبووە، بەداخەوە ئەوەش بەرە بەرە ڕوو لەلاوازيی دەکات, ئەویش بەھۆی کێشەی داراییەوە, لەم چەند ساڵەی دوایيدا, ئەگەرچی ئیستا کۆمەڵێکی باش لە ھاوڕێیانم بەتوانای جۆراو جۆرەوە ماندونەناسانە بەحەزەوەن بۆکارکردن چ لە بواری نووسیندا, یان چاپەمەنيی گۆڤارەکان, بەڵام بەداخەوە لەبەر دۆخە نالەبارەکانی ژیان, ھەموو لەدۆخێکی نەخوازراو و چەق بەستوو ماون.
    بواری ئەدەبیاتی منداڵان پێویستی بە لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی بەردەوام ھەیە
    بۆ زیاتر وتوو وێژو ھەڵوێستە لەسەر ئەو نووسین و بابەتانەی, کە زۆر باش و ناوەزەن و گشت ڕەگەزە بەھێزەکانی ئەدەبیاتی منداڵان لەخۆدەگرێت، بەبەراورد بەو نووسینانەی, کە زیانیان ھەیە ئاسەواری نەرێنی لەسەر زیھنی منداڵدا جێدەھێڵن، بەگشتی بوارەکە پێویستی بە دیالۆگ و سیمینار و ھەتا بەستنی کۆنگرەش ھەیە, بەھەموو توانایەک کار بکرێت تا لەداھاتودا کاریگەریی جدی بخاتە سەر بواری پەروەردەش و بۆ ئەوەی بەگڕوتینی زیاتر تا لەڕێی ئەدەبیاتی منداڵانەوە خزمەتی زیاتری مافەکانی منداڵ بکرێت, پێویستە لێکۆڵه‌ران و ڕەخنەگران لەداھاتودا ئەو ڕۆڵە بەھێزە بگێڕن.
  • بۆچی تا ئێستا شیعر و چیرۆکەکانت لە دوو توێی کتێب بۆ منداڵان چاپ نەکردووە؟
  • لەکارو پیشەکەمدا زۆر سەرقاڵ بووم, لەبەر ئەوەی لەمنداڵەوە نزیک بووم, دەمزانی چیان گەرەکە, بۆیە بەردەوام بەبابەتی جۆراوجۆر فیستیڤاڵەكانمان دەڕازاندەوەو جگە لە ھاوکاری چەندین باخچەی ناوشار و دەره‌وه‌ی شار بەتێکستەکانم ھەروەھا بەشداری سەرجەم گۆڤارەکانی کوردستان و جارجاریش دەره‌وه‌ی کوردستانم کردوە، بەداخەوە بەھۆی سەرقاڵیم و بوونی بەرپرسیارییەتی گەورەتر لە ئەستۆم, نەپڕژاومەتە سەرئەوەی بابەتەکانم لە دووتوێی کتێب چاپ بکەم، پێش ئەو قەیرانە بەنیازبووم, کەچی بەداخەوە دۆخەکە خراپتر بوو, ھیوام وایە لەداھاتوودا خەمخۆران و دەست ڕۆیشتوان لەخەمدابن بۆنووسەران لەڕووی ئەوبابەتەوە و ببێتە جێی گرنگیی پێدانیان.
    دوو کتێبی شیعری و دوو کتێبی چیرۆکم ئامادەن بۆ چـاپ خۆشحاڵ دەبم, كە لەدووتوێی کتێبدا بگەنە بەردیده‌ی منداڵانی خوێنەر.
  • تۆ, کە تا ئێستا کتێب و نامیلکەت نیە، چۆن توانیوتە شیعر و چیرۆکەکانت بگەیەنیتە بەر چاوی گەشی منداڵانی کوردستان؟
  • لەڕێگای سەرجەم ئەوگۆڤارە ئازیزە تایبەتانەی, کە بۆ منداڵان دەردەچن, شیعر و چیرۆکەکانم بڵاودەکەمەوەو دەیخەمە بەر دیدەی خوێنەرە ئازیزەکانم، سەرەڕای ئەوەش بەپێی کارەکەم, کە بەرکەوتەی ڕاستەوخۆم لەگەڵ منداڵ ھەیە و منداڵم خۆشدەوێت, بەحەزەوە بۆیان دەنووسم، دەزانم چۆن بیردەکەنەوە, چی دەیانھێنێتە پێکەنین و سەماو چی سیمایان گرژ دەکات و چی پەستیان دەکات، ھەر بۆیە لەگەڵ گشت ئەوبابەتانەی بۆیان دەنووسم پێکەوە گۆرانيی دەڵێین و غار دەدەین و ژینگە سەوز دەكەین, بابەتەکانم ھەڵقوڵاوی نێو ژینگەی خۆیانن، ڕاستگۆم لەگەڵیانداو لەخەمیاندام. منداڵ چۆن بی لەگەڵیدا, ئاوا مامەڵەت لەگەڵ دەکات، بۆیە ئەوکەسەی گرنگی پێ دەدات کاریگەريی گەورەی لەسەر بەجێ دەھێڵێ, ھەرچەندە چاکتر و باشتر لەھەڵسوکەوت و ویست و ئارەزووەکانیان بگەین, ئەوەندەی بەسەرکەوتوویی ڕەفتاریان لەگەڵدا بکەین ئەوانیش زیاتر بەکۆمەڵایەتی دەبن و کەسایەتیان پتەو دەبێ و متمانەیان بەھێزتر دەبێ بەخۆیان و لاواز نابن و گۆشەگیر نابن و بەھەموو شتێک ڕازی نابن و ناھێڵن دەست بخرێتە کارو باریانەوە، لەداھاتودا خاوەن کەسایەتی دروست و بەھێز دەبن و بناغەو پێگەی ھزری و فکری خۆیان بەدەست دەھێنن, ئەوە منی سەرقاڵتر کردووە.
  • وەکو دەبینین و دەزانین منداڵ زۆر حەز بە نیگارکێشان دەکات، یان کاتێ شیعر و چیرۆک دەخوێنێتەوە، پێی خۆشە وێنەی لەگەڵدا بێ، بۆچی؟
  • زۆربەی زۆری نووسەرانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان كۆكن لەسەرئەوەی لە شیعر و چیرۆکدا, نیو بە نیو وێنەو نووسین تێکەڵ بن, ئەوە ستانداردی جیھانیە بۆ گەیاندنی بیرۆکەی نووسەر, زۆرجار لە نووسەرانی جیھانيی, چیرۆکێک کتێبێکیانە. وێنەی ڕەنگاو ڕەنگی نێو گۆڤار و کتێبەکانی تایبەت بۆ منداڵان, یەکەم ھەنگاو و ھاوکاری باشە بۆ گەیاندنی بیرۆکەی نووسەر بەمنداڵ.
    منداڵ زاتێکی پاک و بێگەردە, وەک گەورە نیە, زۆر بەدەگمەن, ئەگینا ناتوانێت شتەکانی ناخی بشارێتەوە, ھەرچی ھەبێت ھەوڵی دەربڕینی دەدات, یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانیش, کەمنداڵ لە ڕێگەیەوە گوزارشت لە ناو دڵ و دەروونی دەکات, نیگارکێشانە, دەتوانین لە ڕێگای نیگارکێشانەوە ناوەوەی منداڵ بخوێنینەوە، لەبەرئەوەی وێنەی ئەوشتانە دەکێشێ, کە لە چواردەوریدا ھەیەو کاریگەريیان لەسەر دەروونی منداڵدا ھەیە. ئەوەی کاریگەريی خۆشەویستيی لەسەریانی ھەبێ, وێنەی بەگەورەیی و خەندە ئامێز, یان لە وێنەی چیایەکی بەرزدا, یان دارێکی قەدو قەبارە گەورە دروست دەکات, بەپێچەوانەوە ئەوەی کاریگەريی نەرێنی ھەبێ و کەم بێت, بچووک و لاواز وێنەی دەکێشێ,
    ھەر بۆیە پێویستە ژینگەی منداڵ لە خێزان و دەره‌وه‌ی خێزان ڕەنگاو ڕەنگ بێت و ژینگەیەکی پڕ لە ئاسودەیی بێت و تەواوی مافەکانی وەدی ھاتبێ و وەدی بێت تا منداڵ لە ھزری خۆیدا وێنای ئەرێنی و ڕەنگاوڕەنگ بکێشێ، منداڵ ناتوانێت ھەموو بابەتێک بخوێنێتەوە, بەڵام دەتوانێت بە توانای خۆی وێنای وێنەجوان و ڕەنگاو ڕەنگەکان بخوێنێتەوەو بە دەروونێکی ئارامتر گوزارشتیان لێ بکات، ھەنگاو بەھەنگاو تێگەیشتنی بابەتەکە ئاسانتر دەبێت, پرۆسەی گەیاندن بەئەنجام دەگات.
  • لەوەتەی بۆ منداڵان دەنووسی و لە پای نووسینەکانت بۆ زارۆکان، چیت پێشکەش کراوە، کە دڵت پێی خۆشبێ، یان هەست بە چی دەکەی، کە پێنووسەکەت بۆ خزمەتی منداڵان تەرخان کردووە؟
  • ھاندانی بەردەوامی مامۆستا خۆشەویستەکانی باخچەکەمان بەتایبەتی, وە یان دەستخۆشيی و ھاندانی ھاوڕێ و کەسانی دڵسۆز, کە ئاڕاستەیان کردبم بۆھەمیشە جێی شانازيی منن، بەڵام ئەو دەست خۆشی و بەھەند زانینەی, کە وەک نووسەری بوارەکە ئاڕاستەم کراوە, ھەرگیز بیرم ناچنەوەو وەک سمبولێک دەیان پارێزم و زۆر زۆر دڵیان خۆش کردووم, ئەوانەن: وەرگرتنی یەکەم خەڵاتی ڕێزلێنانی گۆڤاری گوڵەکان بەبۆنەی ساڵڕۆژی جیھانيی منداڵان و دەرچوونی ژمارە ( ١٠٠ ) گۆڤارەکە، لە چەمچەماڵ ساڵی ٢٠١٥، ھەروەھا ڕێزلێنانی ڕێخراوی نەسیم بۆژینگەپارێزی لە ڕۆژی 16/4/2015، ھەروەھا خەڵاتی ڕۆژی جیھانی زەوی لە لایەن جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی ساڵی ٢٠١٧، خەڵاتی فەرمانگەی ژینگەی ڕاپەڕین ساڵی ٢٠١٨، ڕێزلێنانی خانەی دەروازەی ڕۆشنبیری منداڵان لەڕانیە، خەڵاتی ڕێزلێنانی ماڵی کتێب ساڵی ٢٠١٩, خەڵاتی کتێبخانەی گشتی ڕاپەڕین لەلایەن وەزیری ڕۆشنبیری. دوا دەست خۆشی و پێزانیمان لە لایەن ڕێکخراوی هاوڕێیەتی منداڵانی كوردى – ئەمریکی بوو, کە پێمان بەخشرا, دەست خۆشییان لێدەکەم.

پرۆفایل:

  • زارا ئەحمەد جاف
  • شوێنی لەدایک بوون و نیشتەجێی شاری ڕانیه‌.
  • ھەڵگری بڕوانامەی دبلۆم.
  • سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌ییه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین.
  • یه‌كه‌م شیعری بۆ منداڵان به‌ناوی (ئاسمان) له‌ گۆڤاری په‌پووله‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
  • یه‌كه‌م چیرۆكی بۆ منداڵان به‌ناوی (لانه‌ بوو به‌هاوڕێی گوڵ و په‌پووله‌) له‌ گۆڤاری مشكه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
  • ده‌سته‌ی نووسیاری گۆڤاری مشكه‌ بووه‌، كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس له‌ هه‌ولێر ده‌رده‌چوو.
  • چوار كتێبی ئاماده‌ن بۆ چاپ، كه‌ دوانیان چیرۆكن و دوانه‌كه‌ی دیكه‌ش‌ شیعرن.
  • چه‌ندین شیعری كراون به‌ گۆرانیی بۆ منداڵان.



پەیامی مانگ … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

زۆر خۆشبو
دوێنێ شەو، لەسەرخۆ
لەگەڵ مانگ
کەوتینە، گفتوگۆ
تریفەی
ڕەنگینی ، نارد بۆ لام
ھەرگەیشت
ماچی کرد، دوو گۆنام
خۆشییەک
دەرگای خۆی ، کردەوە
منی بۆ
ئامێزی ، بردەوە
پەیامی
مانگی پێم ، ڕاگەیان
کە ئاشتی و
خۆشی بوو ، بۆ ھەمووان

٢٤/٧/٢٠٢٠




ئیبراهیم ئەمین باڵدار … شیعر بــۆ منداڵان ڕۆستەم خامۆش

ئیـبـراهیـم ئــەمیــن بــاڵـدار
مـامـۆســتـاو زانــای نــاودار

ئەلف و بێی کوردی نـووسی
بــــە بـیــــر و بـــە پێنووسی

هێندەی، کــە ڕەنـجـی کێشـا
دڵســـــۆز و پـــاک تـێـکـۆشـا

هـــەزار ســــڵاو لــە گیــانــی
ســەربــەرزیی بــوو ژیــانــی

    شیعر بــۆ منداڵان
    ڕۆستەم خامۆش



ده‌زانم چۆن چاوه‌روان ده‌بیت – بۆ منداڵان …وه‌رگێران له‌ روسییه‌وه‌ : ئه‌حمه‌دره‌جه‌ب

كونستانتین دمیترێیڤیچ ئوشینسكی **

رۆژگارێك برایه‌ك وخوشكێك وجوجه‌ڵه‌یه‌ك و مریشكێك پێكه‌وه‌ ده‌ژیان ، كه‌ڵه‌شێره‌ چكۆله‌كه‌ رای كرد بۆ ناوباخه‌كه‌و به‌ ده‌نووكی به‌ربووه‌ به‌رسیله‌ خواردن و مریشكه‌كه‌ پێی وت : به‌رسیله‌ مه‌خۆ، چاوه‌روانبه‌ تا ئه‌گات و، كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ گوێی پێنه‌داو، ده‌نووكی هه‌ر له‌ له‌ كاردا بوو هه‌ر ده‌یخواردو، پاشان ورگی ئاوساو به‌ ئازاره‌و گرایه‌وه‌ بۆ ماڵ و ده‌ستی به‌ هاوار كردو ده‌یگوت ئای ، ئۆخ ، خوشكه گیان‌ تووشی سگ ئێشه‌ بووم و ئازارم هه‌یه‌.
مریشكه‌كه‌ ئاوی پونكه‌و گه‌نه‌رچه‌كی به‌ كه‌ڵه‌ شێره‌كه‌دا تا ته‌ندره‌ستی هاته‌وه‌ سه‌ر خۆی و، چاك بووه‌وه‌و سه‌ر له‌ نوێ به‌ بازدان وپه‌له‌په‌ل بۆ ناو كێڵگه‌كه‌ رێگای گرته‌به‌رو و سوور هه‌ڵگرابووه‌و و ئاره‌قی ده‌رده‌داو ، خۆی گه‌یانده‌ رووباره‌كه بۆ ئه‌وه‌ی ئاوی ساردی بخواته‌وه‌‌و مریشكه‌كه‌ هاواری كردو وتی :
ئاو مه‌خۆره‌وه‌و چاوه‌روانبه‌ ! ، ئاوه‌كه‌ زۆر سارده‌و تووشی نه‌خۆشیت ده‌كات ! ، كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ گوێی له‌ مریشكه‌كه‌ نه‌گرت و ، تا توانی ئاوی ساردی خوارده‌وه‌و تووشی له‌رزو تا بوو كه‌وته‌ په‌له‌قاژه‌و ، به‌ جه‌سته‌ی داهێزراو بۆ ماڵ گه‌رایه‌وه‌.
مریشكه‌كه‌ به‌ راكردن بۆ لای پزیشك چوو، باسی كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ی بۆ كردو، پزیشكه‌كه‌ ده‌رمانی تاڵی بوو نووسی و ، هه‌ر به‌و له‌ش ناساغییه‌وه‌ ماوه‌یه‌كی دوورو درێژ له‌ سه‌ر جێگای نه‌خۆشی مایه‌وه‌،
له‌ زستاندا كه‌ڵه‌شیره‌كه‌ چاك بووه‌وه‌و ، بینی به‌فر رووباره‌كه‌ی داپۆشیوه‌و ، ئاوه‌كه‌ش بووه‌ به‌ شه‌خته‌و به‌سته‌ڵه‌ك ، كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ یاری گالیسكه‌ی‌ له‌سه‌ر شه‌خته‌و به‌سته‌ڵه‌كه‌كه‌ ئه‌كرددو، مریشكه‌كه‌ بانگی كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ی كردو وتی : بوه‌سته ‌! ، ئۆی ئۆی بوه‌سته‌ ئاوی رووباره‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی بووه‌ته‌ شه‌خته‌ و به‌سته‌ڵه‌ك و ، زۆر خلیسك و لووس و ناسكه‌ .
كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ گوێی له‌ خوشكه‌كه‌ی نه‌گرت و، له‌ سه‌ر شه‌خته‌و به‌فره‌كه یاری ده‌كردو ، له‌ پر به‌سته‌ڵه‌كه‌ شكاو كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ كه‌وته‌ ناو ئاوی رووباره‌كه‌ ، ته‌نها كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ بینرا.

وه‌رگێران له‌ روسییه‌وه‌ : ئه‌حمه‌دره‌جه‌ب
12/7/2020

———————————————————-
**كونستانتین دمیترێێڤیچ ئوشینسكی ــ مامۆستایه‌كی روسییه‌ بۆ گه‌وره‌و منداڵان ده‌ینووسی. له‌ 30/6/1920 له‌دایكبووه‌وله‌ 17/6/1970 كۆچی دووایی كردووه‌.
Константин Константиновский 30/6/1920 – 17/6/1970 — Русский педагог. Умей обождать.




چـیرۆک بۆ منداڵان.. زێـڕی سـەوز … رەزا شـوان

رووخۆش کچۆڵەیەکی جوانکیلە و لێوبەخەندەیە. باوکی کۆچی دوایی کرد. مایەوە خۆی و دایـکی و شاهەڵـۆی بـرا بچـووکی. باوکـیان تەنیـا پارچـەیەک زەوی بۆ بەجـێهـێشتن. بیـرێک و کەپـرێک لە ناوەڕاستی زەوییەکـەیان دایە.
هەژاری سەغـڵەتی کردن. رووخۆش بە ناچاری وازی لە قوتابخانە هـێنا، زۆر بە دوای کاردا گەڕا، بەڵام هیچ کارێکی دەست نەکەوت. رۆژێک بە داماوی و بە دڵتەنگی لەسەر تەختەیەکی ناوەڕاست شارەکەیاندا دانیشتبوو. خەیاڵ بردبوویەوە. ژنێک هاتە بەردەمی، گـورزەیەک نەمامی گـوڵ و تـوورەکەیەکی پـڕ لە تـۆوی گـوڵی دا بە رووخـۆش و وتی:
“ئەمانە دیاری منن بۆ تـۆ. ئەم نەمامانە بـڕوێنە و ئەم تـۆوانەش تـۆوبکە.. سەد هـێندە سـوودیان لێـوەردەگـریت” ژنـەکە رۆیی. رووخـۆش هـیچ شتێکی لێ تێنەگەیـشت، بەڵام بڕیـاری دا ئەوەی ژنەکە پێـیوت جـێبەجـێی بکات.
چوو بۆ ماڵەوە، پاچـێکی لەگەڵ خۆیـدا هەڵگرت و چـووە سەر زەوییەکەیان. بە دەوری کەپـرەکەدا دەستی بە چـاڵ هەڵکەنـدن کرد.. هەمـوو نەمامەکـانی لـێدان و تـۆوەکانی ناو تـوورەکەکەشی تـۆوکـردن. باش ئـاوی دان، هەر دوو سێ رۆژ جـارێک دەچـوو و ئاوی دەدان.. نەمامـەکـان و تـۆوەکـان سـەوز بـوون، چـرۆ و گەڵایـان دەرکـرد. دوای چەنـد هەفـتەیەک گوڵـیان کرد، گوڵەکـان هەمەڕەنگە و هەمەجـۆرە بـوون، جـوانی و بـۆن و بەرامەی خـۆشیان مـرۆڤی دڵخـۆش و سەرسام دەکـردن.. چەنـد ژنێک هـاتن و گـوڵیان لە رووخـۆش کـڕی.
ئیتر رووخۆش رۆژانە چەند چەپکە گوڵێکی دەچنی و چەپکبەستی دەکردن و دەیخستنە ناو سەبەتەیەکەوە و دەیبـردن لە بـازاڕ و لەسەر رێگـاکاندا دەیفـرۆشتن. پیاوان و ژنان لێـيان دەکـڕی.. پارەیـەکی بـاشی دەسکـەوت، کە پـارەکـانی زۆربـوون، لە نـاوەڕاسـتی بازاڕەکەدا، کۆگایەکی بچـووکی کڕی و کردی بە کۆگای گوڵفـرۆشتن.. تا دەهات ئاشنای گوڵ کڕينی زۆرتر دەبـوون. گۆگاکەی بە گـوڵ جـوانی ناوبانگی دەرکرد. ماڵی رووخۆش لە خـێزانێکی هـەژارەوە، بـوون خـێزانێکی خۆشگـوزەران و شاد و کامەران.
رووخـۆش بیری لە درێـژەدان بە خوێنـدن و تەواوکردنی قـوتابخانە دەکردەوە. کچـێکی هـاوڕێی دڵسۆزی هەبـوو، کە نـاوی (رەنگـین) بـوو. ئەویـش لەبەر هـەژاری وازی لە قوتابخانە هـێنابوو. ڕووخـۆش رەنگـینی کـرد بە هـاوبەشی کۆگاکەی و پێکەوە کـاریان دەکرد. بڕیـاریان دا، کە بچـنەوە بۆ قـوتابخـانە. رووخـۆش بەیانیان بچـێت و لە دوای نیوەڕوانیش لە کۆگاکەدا کاربکات، رەنگـینیش بەیانیان لە کۆگـاکەدا کاربکات و دوای نيوەڕوان بچـێت بۆ قوتابخانە. هەردووکیان بە سەرکەوتوویی درێژەیان بە کارکردن و بە خوێنـدنەکەشیان دا، تا هەردووکیان بەشی ئەنـدازیـاری کـشتوکـاڵـیان تـەواو کـرد و شارەزاییـەکی زۆرتـریان لە بـارەی گـوڵ روانـدن و لە بەرهـەمهـێـنانی دا پەیـداکـرد. دەوڵەمەند بوون و بـوون بە خاوەنی چەنـد کـێڵگـەی گـوڵ و چەنـد کۆگایەکی گەورەی دیکـەی گوڵـفـرۆشتـنیان کـردەوە.
رۆژێک ئەو ژنـەی کە نەمامەکان و توورەکە تـۆوە گووڵەکانی پێـشکەش بە رووخۆش کرد، هات بۆ کۆگاکەی. رووخـۆش بە پیرییەوە چوو، زۆر بە گەرمییەوە باوەشی لێدا و زۆر سوپاسی کرد، چەپکێک گـوڵی تایبەتیشی بۆ رازانـدەوە و لەگەڵ دیارییەکی جوان و بەنـرخـدا، پێشکەشی ژنـەکەی کـرد. لە پـاداشتی ئـەوەی کە ژیـانی خـۆی و خـێزانەکەی لە هـەژاری و لە کوێـرەوەری رزگـارکرد.

————————————————-
(*) ئه‌م چـیرۆكه‌م لە زمانی ئینگلیزییەوە، بە دستکاریکـردنەوە وەرمگـێڕایە سەر زمانی کوردیمان. نـاوی نووسـەریـشی بەسەرەوە نیـیە.
ئەم چـیرۆکە چەنـد پەنـد و بیـرۆکەیـەکی جـوانی تێـدایە، وەکـو: مـرۆڤی چاکـەخـوازی فـریاڕەس، دەسکەوت و دارایی لە سایەی کارکردن دا دێنەدی، تەنگانە شێـنەیی لە دوایە، هاوڕێتی و دڵسۆزی، ئەمکـداری و پێـزانین، زەوی هەمیشە سەرچاوەی بەخـشیـنە، خـوێنـدن ئامانجـێکی سەرەکی ژیـانە بۆ دەستهـێـنانی زانیـاری و زانستی زیـاتـر.




مووبەکردن لەناو منداڵان لە قوتابخانەدا… رەزا شـوان

لە زمانی کوردیدا، هەموو ئەم وشانە ( مووبه‌كردن، كه‌ڵه‌گایی کردن، ملهوڕی کردن، خۆسەپاندن، خۆزاڵ کردن، شەڕانگێزی، زۆربۆهێنان، خۆڕادان، چەقاوەسوویی کردن) گەر یەک مەبەستیش نەگەیەنن، بەڵام واتا و مەبەستەکانیان لەیەکەوە زۆر نزیکـن. هەموویان بۆ رەفتار و هەڵسوکەوتی ناپەسەند و نەخوازارو بەکاردەهێنرێن. زیاتریش وشەی (مووبـەکردن) و (کەڵەگایی کردن) و (شەڕانگـێزی) باون و بەکاریان دەهێنین.
وشەی مووبەکرن، بەرانبەر بە هەردوو وشەی (مـوبـینگ) و (بـیـولـینگ) ی زمانی ئینگـلیزی و بەرانبـەر بە وشەی (الـتـنمر) ی زمانی عـەرەبییە.. خـوێنـدنـەوەی ئەم نووسینەمان گـرنگی و سوودێـکی زۆری بۆ دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـان هەیە.

مووبەکـردن چـییە؟
مووبەکـردن یا کەڵەگایی کردن، رەفـتار و هەڵسوکەوتێکی دزێـو و ناپەسەنـد و نەخوازراوی تونـدوتـیژی و شەڕانگێزی و دۆژمنکارییە. بەکارهێنانی توانـا و هـێزە. خـۆڕادان و خـۆدەرخستن و زۆرداری و زۆرلێکردن و خۆسەپانـدن و خۆزاڵکـردن و هەراسان کردن و بێـزارکردن و دەستدرێـژی کردن و گێچەڵکردن و شەڕپێفـرۆشتن و تەنگپێهەڵچـنین و هەڕەشەکردن و ترساندن و تۆقانـدنی کەسێکە یان کەسانێکە، لە لایەن کەسێ یا کەسانێکی مووبەکارەوە. کە بە ئەنقەست بە مەبەستی زەبر و ئازاردانی جەسـتەیی و دەروونی کەسێ یا کەسانێکی مووبەلێکـراو (مووبـه‌ بۆ سه‌ركـراو).

مووبە کردن ئەوە دەگەیەنێ، کە ناهاوسەنگی و نابەرانبەرییەک لە هـێز و لە توانای کەسایەتیدا، لە نێوان مووبەکار و مووبەلێکراودا هەیە.. مووبەلێکراوان بە زۆری کەم توانـاتر و کە بەهـێزترن لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە. بۆیە مووبەکـاران ئەم ناهاوسەنگی و نابەرانبەرییە دەقـۆزنەوە و کەسانێک هەڵـدەبژێـرن، کە بێ دەسەڵاتن و بێ هـێزن، یا تا رادەیەک ترسـنۆکن و لە تـوانایانـدا نییە، بە زارەکی یا بە جەسـتەیی بەرگری لە خۆیان بکەن رووبەڕووی مووبەکاران ببنەوە.
کەواتە مووبەکردن، شێوەیەکە لە شێوەکانی شەڕانگێزی و تونـدوتیژی و خراپەکاری و ئـازاردانی جەستەیی و دەروونی مووبەلـێکراو لە لایەن مووبەکـارەوە. مووبەکـردن کێشەیەکی توندوتیژی زۆر مەترسـیدارە، دوژمنایەتی و تۆڵەسەندنەوەی لێدەکەوێتەوە. بە دیاردەیەکی وێـرانکاری ناودەبـرێ، کە کاریگەری و کارەساتی نەرێنی جەستەیی و دەروونی بەسەر کەسی مووبەلێکراو دەهـێنێ. تا ئەو رادەیەی هەندێ جار مووبەکردن دەبێتە هـۆی خۆکوشـتن. گەر بێتوو بە زوویی بەری لێ نەگـیرێ و چارەسەر نەکرێ. ئەنجامی کێشەکانیش زیاتر گەورەتر و مەترسیدارتر و قـووڵتر دەبنەوە، دوور نییە کە کۆنترۆڵ نەکرێن و کارەساتی نەخوازراویان لێبکەوێتەوە.
لە ئەمڕۆدا، بە تایبەتی لە وڵاتانی هەژار و بێکاریدا، لەو وڵاتانەش کە ئاژاوە و شەڕ و ئاسایش و سەقامگیرییان تێدا نییە و یاسا و دادگاکانیان بێ دەسەڵاتن، چەنـدین گـروپی چەکداری و مووبەکار و باڵتەچی و مافیا و پیاوکوژ و جەردە و رێگر و دز و درۆزن و زۆردار و رفـێنەر و دەستدرێژیکەر و کەڵەگا هـەن و بڵاوبوونەتەوە. گـروپە ئیسلامییە بێڕەوشت و نامەرد و تیرۆریستەکـانیش لە ریزبەنـدی پێشەوەی ئەم ستەمکـارانە دان. کە ستەمێکی زۆر لە خەڵکی دەکەن و پـارەیان لێوەردەگرن، منـداڵ و گەنـج و کچـان بە بارمتە بەنـدەکەن و داوای پارەیەکی زۆر دەکەن بۆ ئازادکردنیان، ئەگـینا دەیانکـوژن. هەڕەشە دەکەن و ترس و تۆقـینیان خستوونەتە ناو خەڵکـییەوە. هەموو ئەم رەفـتارە قێزەوەنانە و نامەردییانە، دەچنە بواری مووبەکردن و زۆرداری وکەڵەگایی کـردنەوە.
مووبەکاران هەمیشە لە رێی سیاسەتی ترساندن و تۆقاندن و هەڕەشەکردنی راستەوخۆ یا ناراستەوخۆو، کەسانی تر هەراسان و بێزاردەکەن و ئازاری جەستەیی و دەروونیان دەدەن. لەوانەیە تووشی گرفـت و نەخـۆشی دەروونی ترسناک و درێژخایەنیان بکەن.
مووبەکردن لە گەلێ شوین دا هەیە، لە قوتابخانە، لە فەرمانگاکان، شوێنی کارکردن، لە شەقامەکان، لە زانکـۆکان، لە یانەکـان، لە یاریگـاکان، لە گەلێ شوێنی دیکەدا.
باسکردن و لێکۆڵینەوە لە مووبەکردن و لە جۆرەکانی و لە ئاکامەکانی، باسێکی فـرە لایەنە و قـسەی زۆر هەڵـدەگرێ و بە نووسینی چەنـدین پەرتووکیش کۆتایی نایات. ئەوەی ئێمە لەم نووسینەماندا مەبەستمانە، مووبەکردنە لەناو منداڵان دا، بە تایبەتیش لەناو قـوتابیانی قۆناغەکانی قوتابخانەی بنەڕەتی دا. کە بە (مووبەکردنی قوتابخانەیی) ناودەبـرێ. کە بووە باسی ئەم سەردەمە و گەلێ لایەنی سەرقاڵ کردوون.. بە دەگەمەن نووسەران پسپۆرانی کوردمان لە بواری پەروەردەی منداڵان دا، ئاوڕیان لە دیاردەی مووبەکردن داوەتەوە. کە لە قوتابخانەکانی کوردستان دا، بـووە بە دیاردەیـەکی زەق.

پێناسەی مووبەکردنی قوتابخانەیی:
زانای بە ناوبانگ، پسپۆری دەروونناسی منـداڵان (دان ئه‌لـۆیس) ی نەرویجی، کە بە باوکی دامەزرانـدنی لێکـۆڵینەوە دەربارەی (مووبەکـردن لە قـوتابخانەکان) دادەنـرێ.

(ئه‌لـۆیس) بەم شێوەی پێناسەی (مـووبەکـردنی قـوتابخـانەیی) دەکا، کە بـریتیـیە لە:
“رەفـتارێکی نەرێنی بە ئەنقـەستە، لە لایەن قوتابییەکەوە یا زیاتر، بۆ ئازاردانی قوتابییەکی تر. کە بە درێژایی کات ئەنجام دەدرێ و چەند بارە دەبێتەوە. دەکرێ ئەم رەفـتارە نەرێـنییانە بە وشە بێ، وەکو: هەڕەشە، گاڵتەپێکردن، جنێودان. دەکـرێش بە ئازاردانی جەستەیی بێ، وەکو: لێـدان، پاڵـنان، شەق تـێهەڵـدان. یان بەبێ بەکارهێنانی وشە یا لێدانی جەستەیی، وەکو: مۆڕەکردن، چاولێزەقکردنەوە، ئاماژەکردنی ناشیرینی بە ئەنقەست، بۆ ئەوەی لە کۆمەڵکەی دایبڕێ یا بۆ رەتکردنەوەی وەڵامی ئارەزووی”
مووبەکـردن، رەفـتارێکی تازە نییە، هەر لە کـۆنەوە، لەناو منـداڵانی قوتابخانەکـان و گەڕەکەکـاندا هەبووە. بەڵام لە ئەمڕۆدا ئەم دیـاردەیە بە شیوەیەکی مەترسیدار سەری هەڵـداوە و تەشەنەی کردووە و سنووری سروشـتی بەزانـدووە و ئەنجـامی خـراپی لێکەوتۆتەوە. نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ خستۆتە دەروونی دایکان و باوکانەوە.
لێکۆڵەری دەروونناسی ئینگـلیزی (كـۆی) لە ساڵی (٢٠٠١) دا، لێكوڵینه‌وه‌یه‌كی دا له‌ژێر ناوی (مووبه‌كـردن له‌ قـوتابخـانه‌كان) دا ئەنجام داوە، بۆی دەرکەوت کە ساڵانە (١٦٠) هەزار قوتابی بە هـۆی مووبەکردن و ئازاردانی جەستەیی و دەروونییەوە، لە لایەن هاوڕێکانیان و مامۆستاکانیانەوە، وازیان لە خوێنـدن و لە قـوتابخانە هـێناون.
لە ئەمڕۆدا مووبەکـردن و کەڵەگـایی و یاخـیبوون و سەرپێچـیکردن، بوونەتە کێشەی زەقی رەفـتاری و رەوشتی و دەروونی قوتـابیان لە زۆربەی قوتابخانە بنەڕەتییەکان و ئامادەییەکان دا. ئاکام و شوێنەواری نەرێنییان لە دەروونی قوتابیان دا جێهێشتوون و کارتێکردنێکی خراپیان لەسەر پرۆسەی فێرکردن و خوێندن لە قـوتابخانەکان دا هەیە. گەیشتوونەتە ئەو رادەیەی کە سنووری رێزی پێـویستیان، لە نێوان قوتابی و مامۆستادا بەزانـدوون. پێـشێلی یاساکانی قوتابخانەیەیان کردوون. قوتابیان قسەی ناخۆش دەکەن و دەمدرێژی دەکەن وزۆر لە رووی مامۆستاکان و دایکان و باوکانیان هەڵدەگەڕێنەوە. مەبەستیشمان لە زۆرینەی قوتابیان و مامۆستایان نییە، بەڵکو لە کەمینەیە.

جۆرەکـانی مووبەکردن:
مووبەکردنی قوتابخانەیی گەلێ جۆر و شێوەی نەخوازراویان هەیە، کە دەکرێ قوتابی مووبەکـار بەرانبەر بە قوتابییەک یا زیاتر بیکا.. گەر مووبەکـردن بەرانبەر بە یەک قوتـابی ئەنجـام بدرێ (مووبـەی تاکـە کـەسی) یە. بەڵام گەر مووبـەکـردن لە لایـەن کۆمەڵێکی مووبەکارەوە ئەنجام بدرێ (مووبه‌ی گەلەکـۆمەیی) یە. ئەمانە هەندێکن لە جۆراەکانی مووبەکـردن:

١ـ مووبەکردنی زارەکی: بۆ ئازاردانی دەروونی قوتابی مووبەلێکراو، وەکو وتنی هەر شتێکی نەخوازراوی ناخۆش و ناشیرین، بۆ هەست بریندارکردن و ئازاردانی دەروونی قوتـابی مووبەلێکراو، بۆ نموونە: گاڵـتەپێکردن، تەوس و تانە و تەشەر توانـج و پلار لێگرتن، لاساییکردنەوە، جـنێودانی ناشیرین، هاواررکردن و قیژاندن بەسەریا، لێنانی ناوی ناتۆرە، ناوزڕاندن، فەرمان بەسەرکردن، فـیکەلێکردن، قسە بۆ هەڵبەستن،…هتد.

٢ـ مووبەکردنی جەستەیی: ئازاردانی جەستەیی قوتـابی مووبەلـێکراو، وەکو: لێـدان، پاڵپێوەنان، پاشەقولگرتن، شەق لێدان، مشتەکۆڵە، گوێ راکێشان، قـژ راکێشان، نوقرچ لێگرتن، شینکردنەوەی گیان، بریندارکردن یا رووشاندنی دەموچاو و دەستەکان، ئاماژە پێـدان بە شێوەیەکی دزیـۆ و ناشـیرین، مۆڕەلێکردن، چەمۆڵە لێـنان، زمان لێدەرکردن، تف لێکردن، بـردن و داگیرکردنی شتەکانی قوتابخانەی یا تێکـدان و شکاندن و دڕنـدان و فـڕێـدانیان، ، دەستدرێژی کردنەسەر، جلـوبەرگ دڕانـدن، پارە لـێسانـدن،…هتد.
هەندێ جار مووبەکاران بە (گه‌له‌كـۆمەیی) ئازاری جەستەیی و دەروونی مووبەلێکراو دەدەن.. بۆ نموونە پێکەوە لێی دەدەن و پێکەوە گاڵتەی پێدەکەن و پێکەوە هۆی های لێـدەکەن و چرتی بۆ لـێـدەدەن و پێی پێـدەکـەنن. یان لەبەرچـاوی هـاوڕێکـانی بـزی پێـوەدەکەن، رێـز و کەسایةەتی و شکۆی دەشکـێنن و هەستی برینداردەکەن.
٣ـ مووبەکردنی کۆمەڵایەتی: ئەو رەفتارە ناشیرینانەی مووبەکار بەرانبەر مووبەلێکراو دەیکا، وەکو: سووکـردنی و رسواکردنی، ناوزڕانـدنی ناوبانگی خـێزانەکەی، ناولێنانی ناتـۆرە، دوورخستنەوەی لە هاوڕێکانی، دەرپەڕاندنی لە گروپە چالاکـییەکان، بچڕاندنی پەیوەنـدییە کۆمەڵایەتییەکانی، بڵاوکردنەوەی دەنگـۆی هەڵبەستـراوی خراپ لە سەری.
٤ـ مووبەکردنی ئەلیکـترۆنی: بە (ته‌لـه‌فـۆن و ئیـنته‌رنێـت) لەم جـۆرە مووبەکـردنەدا، مووبەکـار بۆ ئازاردانی مووبەلـێکراو، تەکنەلـۆژیا بەکـاردەهـێنێ، وەکو تەلەفـۆن و ئینتەرنێت بۆ نموونە: ناردنی نامە و کۆمێنت و جـوێن و هـەڕەشە، بۆ تەلەفـۆنەکەی یا لە رێی ئیمایلەکەیەوە، یا بڵاوکردنەوەی وێنە و قسەی ناشیرین لە فەیسبووکـدا،…هتد.
٥ـ مووبەکردنی سێکسی: ئەم دیاردەیە، رەوشتێکی مەترسیدار و قێزەوەنی ناو کۆمەڵە و لەوانەیە بگاتە رادەی تاوان، ئازارێکی زۆری دەروونی مووبەلـێکراو دەدا، دەشێش دوژمنایەتی و تۆڵەسەنـدنەوە و کوشتـنی لـێبکەوێتەوە. دەشێش کەسانێکی بێتاوانیش ببنە قـوربانی، کە نە لە نزیک و نە لە دوورەوە، پەیوەنـدییان بەم کارەساتەوە نەبێ.
٦ـ مووبەکـردنی رەگەزپـەرستی: مووبەکردنێکی ترسناکە، کە بە هـۆی جـیاوازی نەتەوەیی یا بە هۆی جیاوازی رەنگی پێستەوە، مووبەکارانی رەگەزپەرست، ئازاری جەستەیی و دەروونی، قوتابیانی ناسنامە جیاوازی نەتەوەیی یا رەنگ پێستی دەدەن.

هـۆکارەکانی مووبەکردن:
یا راستر وایە بڵێـین، چی وا لەمنـداڵ دەکا، کە ببێ بە مووبەکـار؟ چونکە مووبەکـردن رەوشتێکی سروشتی نییە و دیاردەیەکی بۆ ماوەی رەمەکیش نییە. بە کورتی و بە چڕی لەم خاڵانـەدا، هۆکارە سەرەکییەکـانی تووشـبوون، بە مووبەکـردن و شەڕانگـێزی و دوژمنکاری و کەڵەگایی دیاری دەکـەین:
١ـ هۆکاری سیکـۆسۆسیلـۆژی: بە زۆری مووبەکاران لە ناو ئەو خێزانە هەژارانەدا هەڵـدەكەون، کە کـێشەی ئابووری و بێکارییان هەیە و پشتگـوێ خـراون و لە زۆر خزمەتگوزاری بێبەشکراون. لە سایەی دۆخـێکی سۆسیـۆلـۆژی دا، کە مەودایـەکی فراوانی جیاوازی، لە نێوان توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە. لە بارەی سایکۆلۆژیشەوە، بە زۆری مووبەکاران، بە تایبەتیش سەرکردەکانیان، کەسایەتی بەهـێزن و لە کەسانی سیکـۆپاتی دژ بە هەمووانن، دڵڕەق و بێوژدانن، سۆز و بەزەییان بە کەسدا نایەتەوە.
مووبەکاران بە زۆری گروپی مافـیا پێکدەهـێنن، یا دەچنە پـاڵ ئەو گروپانەی کە هەن.
٢ـ هۆکاری پەروەردەیی: فەرامۆشکردن و پەراوێزکردنی منداڵ، هەڵەیەکی گەورەیە و زیانێکی زۆری هەیە، هەندێ لە دایکان و باوکان بە هـۆی سەرقاڵییان بە کارکردنەوە، وەکو پێویست منداڵەکـانیان پەروەردە نەکـردوون و ئاگـایان لە رەفـتارەکـانیان نییە، لۆمەش دەخەنە سەر مامۆستایان و پەروەردەکارانی ماڵەکـانیان. پەراوێـزکردن و بە هەنـد نەزانینی منـداڵ، هـۆی سەرەکین بۆ دروستـبوونی کەسایەتیـیەکی نـادروست و ناسروشتی منـداڵ. بۆ وەرگـرتن و فـێربوونی رەفـتار و رەوشتی چەوت و هـەڵە، بۆ خۆدەرخستن و خۆسەلماندن، بە شـێوە و شـێوازێکی نـاڕاست و نـادروست.
٣ـ هۆکاری قوتابخانەیی: لە ئەمڕۆدا، لە زۆربەی قوتابخانەکاندا، توندوتیژی و ناکۆکی لە نێوان قوتابیان و مامۆستاکان، دوو هـێندەی پێشتر بوونە، بەشێک لە مامۆستایان نابەڵەدن لە پەروەردەی نوێی منداڵان دا، تا ئەمـڕۆش بە شێوازێکی کلاسیکی رەق و توندوتیژ مامەڵە لەگەڵ قوتابییەکانیان دەکەن. بەشێکیش لە قوتابیان سنووری رێزیان بەزانـدوون لە رووی مامۆستاکانیان هەڵگەڕاونەتـەوە و دەمدرێژی دەکەنە سەریـان.

٤ـ پەروەردەکردنێکی سەقـەت: بە داخەوە کە هەندێ لە دایکان و باوکان، شانازی بە رەفـتاری دوژمنکارانە و کەڵەگایی و زاڵبوونی منداڵەکانیانەوە دەکەن، رەفـتارەکانیان دەخەنە ریزبەنـدی کەڵەمێردی و ئازایەتییەوە.. وای دادەنێن کە منداڵەکانیان دەتوانن ببن بە سەرکـردەی منـداڵانی تر و زاڵـبن بە سەریـان دا. گەر لە قوتابخانەدا تـووشی کێشەیەک بوون، داکۆکی لە رەفـتارە هەڵەکانی منداڵەکانیان دەکەن. هـانیان دەدەن و پیان دەڵێن:”ئـەوەی دەرزییـەکی پیـاکـردن.. ئێـوە ژۆژنـێکی پیـا بکـەن”.
رۆژێ لە دیمانەیەکـدا لە یەکێک لە کەنـاڵە تەلەفـزیۆنەکـانی کوردستان دا، گوێـم لە قسەیەکی سەیـری مامۆستایەکی باخچـەیەکی منـداڵان بـوو، کە وتی:”منـداڵێکی کـوڕ هەموو رۆژێک لە منداڵێکی کچی دەدا، بانگی دایکی کوڕەکەمان کرد و تێمان گەیاند، کەچی دایکی کوڕەکە، زۆر بە ئاساییەوە وتی:”قەیچـیکە با لە ئێستاوە لێی بدا و زاڵبێ بە سەریـدا، ئەو کچە ئامـۆزای خۆیـەتی، بـژێ و بمرێ هـەر بۆ کوڕەکەمە” سەیرە کە دایکێک جیاوازی دەکا و پشتگـیری لە کوڕسالاری و لە ئامـۆزاسالاری و لە ستەم و سەرکوتکرنی کچ ێکی ساوا دەکا، نە کوڕەکەی و نە کچەکەش، نازان کە هاوسەرگیری چییە و داهاتووش چییە، بەو شێوە نادروستە وەڵامی گـلەیی و گازنـدەی مامۆستاکەی دایەوە. بە داخەوە تا ئەمڕۆش ئەم ئەقـڵێتیە کۆنەپەرستی و عەشایرییە ساڕێژ نەبووە.
٥ـ کەمی بڕوا و متمانە بەخۆنەبوونی منـداڵان: گەلێ لە منداڵان کێشەی بڕوا و متمانە بەخۆنـەبوونیان هەیە. یا خۆیان بە کەم دەزانن. ئەمەش بۆ نەزانینی دایکان وباوکان و بۆ پەروەردەکردنی نادروستی منداڵەکانیان دەگەڕێنەوە. لە منداڵییەوە وا منداڵەکانیان رانەهـێناون کە متمانە و بڕوایان بە خۆیـان هـەبێ و بتوانن پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و خۆیـان رووبەڕووی کێشە و گرفتەکانیان ببنەوە. بۆیـە دەبیـنین هەنـدێ لە منداڵانی مووبەکـار، دەیانەوێ هـێز و توانـای خۆیان دەربخـەن و خۆیان بسەلـمێنن و سەرنجی کەسانی تر بە لای خۆیاندا رابکێشن، گەر لەسەر شانی منداڵانی دیکەش بێ.
٦ـ توندوتیژی خێزانی: نەبوونی خۆشەویستی و رێز و رازیبوون لەناوخێزاندا، یا شەر و هەرا و ناکۆکی و ئاژاوە و ناڕێکی ناو خـێزاندا، کاریگەرییەکی زۆری نەرێنی لەسەر منداڵان هەیە. لە ئەمڕۆ و لە داهاتووشدا رەنگدانەوەی خراپئان دەبێت. لایەکی کەشەوە منداڵەکانیان بە رازی بـوونی (قه‌ناعەتکردن) بە ئەوەی هەیانە رانەهـێناون. بۆ ئەوەی ئیرەیی بە هاوڕیکانیان نەبەن کە لە خۆیان باشتر و داراترن، یا لە قوتابخانەدا ئاستێکی زیرەکی بەرزتریان هەیە و نومرەی بەرزتر بە دەست دەهـێنن. گەر قـوتابییەک ئیرەیی بە قـوتابیەکی هـاوڕێی بـەرێ. لەوانەیە مووبـە بکاتە سەری و ئـازاری جەسـتەیی و دەروونی بدا، بە زارەکی هەستی بڕیندار بکا. بۆ نموونە: کە کچە قوتابییەکی هـاوڕێی، قـژەکەی بۆیە کردووبێ و ستایلـێکی جـوانی بۆ قـژەکەی دانـابێ، ئەم ئیرەیی پێ دەبا و لەوانـەیە مووبە بکاتە سەری و قـژەکەی تێک بدات.
٧ـ لەخۆبـایی بوون: زیادەڕۆیی لە نازپێدانی منداڵ، وای لێدەکات کە لەخۆی بایی بێت و رێز لە هەست و رای جیاوازی کەسانی دیکە نەگرێت. لە قوتابخانەشدا وا هەست دەکات لە هەموو هاوڕێکانی زیاترە و باشترە، پـۆز لێدەدا و مووبە بەسەر هاوڕێکانی دا دەکا، واش رانەهـاتووە، کە گـلەیی و رەخـنە قـبووڵ بکا یا بەخـۆیـدا بچـێتەوە و هەڵەکـانی راست بکاتەوە. دەبێتە (کەسایەتییەکی نـێرگـزی) خۆپـەرستی کەسنەویـست.
٨ـ هۆکاری یارییە ئەلیکـترۆنییەکـان: یا دەتـوانین بڵێـین هۆکـاری شۆڕشی تەکنەلـۆژیا، لە ئەمڕۆدا لە بەشی هەرە زۆری ماڵەکان دا، بێجگە لە تەلەفزیۆنی رەناوڕەنگ چەندین ئامێری مۆدێـرزمی ئەلیکـترۆنی یاریکردنی منـداڵان هـەن. منداڵ هەمیشە حەزدەکا، کە لاسایی پاڵەوانە سەرەکێشە لە توانـابەدەرەکانی ئەو فـیلمانە بکاتەوە، کە خـوویان بە سەیکردنیانەوە گرتوون، فیلمەکانیش بەرنامەداڕێژراون، بە زۆری لەسەر چەمکی سەرکێشی و پشتبەستن بە هـێزی خەیاڵی لەتـوانا بەدەر و سەرکەوتن و زاڵـبوون بەسەر نەیاران دا کۆتاییان دێ. منـداڵان لە رێی نمایش و بینینی، فـیلم و سیدییەکانیان ئەم سەرکێشیانە دەبینن. کە بە زۆری توندوتیژی و شەڕ و زاڵـبوونیان لەخۆگـرتـوون. منداڵان ئەو تونـد و تیژییانە بە هۆیەکی خۆشی و رابواردن دەزانن. بە هەمان شێوە لە قوتابخانەکان دا، لەگەڵ کەسوکار و هاوڕێکانیان دا، لاسایی سەرکێشی و رەفتارەکانی پاڵەوانەکانیان دەکەنەوە.
لێرەدا رۆڵی دایکان و باوکان ئەویە كە چاودێری منداڵەکانیان بکەن و بزانن کە سەیری چی بابەتێک دەکەن، ئەو فیلم و بەرنامانە پەروەردەییانەیان بۆ هەڵبژێرن و دەستنیشان بکەن، کە یارمەتییان دەدەن بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانیان و بۆ چاندنی رەفـتاری جوان و رەوشتی بـەرز و بۆ پەیوەنـدی هـاوڕێتی و دڵـسۆزی، بۆ هـاوکاری چاکەخـوازی.
٩ـ مووبەکاران منـداڵانی لاواز هەڵـدەبـژێرن: مووبەکاران بە زۆری مووبە دەکەنە سەر ئەو منداڵانەی کە لە خۆیان لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە لاوازتـر و بێ هـێزترن. دەرەقـەتیان نایەن و توانـای رووبەڕووبوونەوە و بەرگری کـردن لە خۆیان نییە.
بۆیە پێویستە منداڵ فێری زمانی جەستە ببێ، کە فاکتەرێکی گرنگە لە گوزارشتکردن لە بڕوا و متمانە بەخۆبوونی منداڵ. چونکە متمانە بەخۆبوون قەڵغانێکە، کە خاوەنەکەی لە گرفت و بەسەرهاتەکانی رۆژگار دەپارێـزێت. پێـویستە منداڵەکـانتان وا فـێربکەن، کە لەبەردەم نەیاران و مووبەکاران دا، سەریان دانەگرن و شانیان شۆڕنەکەن و گـز و مات نەبـن.. بێ ترس و بێ چەکەرەکردن لێیان، چاویان بـبڕنە ناو چاوەکانی مووبەکەران و وا خۆیان پێشان نەدەن، کە داماو و بێ دەسەڵاتن و بێ هـێزن و هـیچـیان لەدەست نایا.
پێویستە ئەوەش بزانین، کە مووبەکاران خۆشیان، بەزۆری قـوربانیی مووبەکـردنن، بە منداڵی مووبەکراوتە سەریان و تونـدوتیـژیان بەرانبەرکردوون و ئـازاری جەسـتەیی و دەروونیان چـێشتوون. لەبەر ئەوەی کە هیچ چارەسەرێکیان بۆ نەکـردوون، لەوانەیە ئەو ستەمەی لێیان کراوە، بووبێ بە بیرەوەرییەکی تاڵ و بە گرێ کوێرەی دەروونییان. دەیانەوێ تۆڵـەی خۆیان بکەنەوە و داخی دڵی خۆیـان بە کەسانـێکی بێ تـاوان و بێ دەسـەڵات بـڕێـژن.

نیشانەکانی قوتـابی مووبەلـێکـراو:
دایکان و باوکان و مامۆستاکان، لە ماڵەوە و لە قوتابخانەدا، دەتوانن بە وردی تێبینی ئەو گۆڕانکارییە نائاساییانە بکەن، کە لە رەفـتار و رەوشتی قوتابییەکانیان دا سەریان هەڵـداون و دەرکەوتوون. سەرەرای دەرکەوتنی هەنـدێ لە نیشانەکان، کە بەڵگەن و ئەوە دەگەیەنن، کە منداڵەکەیان یا قوتابییەکەیان، مووبەی لێکراوە و بۆتە قوربانی ئەم دیاردە نەخوازراوە. بە کورتی ئەمانە هەنـدێکن لە نیشانەکانی منـداڵی مووبەلـێکراو.
١ـ دابەزیـنی ئاستی خـوێنـدن و ئاکادیمی قـوتابی مووبەلـێکراو، هـاتنە خوارەوەی نومرەکانی، کەم کۆشش کردنی، بە باشی جـێبەجـێنەکردنی ئەرکەکانی قوتابخانەی.
لە لێکۆڵینەوەیەکی پراکتیکی دا، کە زانکۆی (فـه‌رجـینـیا)ی ئەمریکی ئەنجامی داوە، بۆیان دەرکەوت، کە ئەو منداڵانەی لە قوتابخانەیەکدا کە ژینگەیەکی سەختی توندوتیژی تێـدایە، لە تاقـیکردنەوە گشتیـیەکان دا، نومرەی نـزمتر بە دەستـدەهـێنن، بەراورد بەو منداڵانەی کە لە قوتابخانەیەکـدان بەرنامەی دژە مـووبەکـردنیان هـەیە.
٢ـ ئارەزووی تەنیایی و گۆشەگیری و تەریکی و تێکەڵ نەبوون دەکا، لە هاوڕێکانی و کەسوکاری، لە ماڵەوە و قوتابخانەدا، لێـیان دوور دەکەوێتەوە.
٣ـ متمانە و بڕوای بە خۆی و بە هەموو ئەوانەشی کە لەدەوروبەری دان نەمـاوە.
٤ـ گەر مووبەکردنە بۆ سەری، جەستەیی بـووبێ، شوێنی لێدان بە جەستەیەوە دیارە. وەکو: شینبوونەوە، سووربوونەوە، ئاوسان، رووشاندن و برین لەسەر دەموچاوی یا لەسەر دەستەکانی دیـارن و بەڵـگەن بۆ ئەوەی کە لـێیان داوە.
٥ـ ئارەزووی خواردن ناکا و نایاتە سەرخوانی نانخواردن، کـێشیشی دابەزیـوە.
٦ـ بێزاری پێوە دیارە، رووگەشی و رووخۆشی و خۆشی و خەنـدە و پێکەنینی نەماوە.
هەناسەی قووڵ هەڵـدەکێشێ، هەست بەوە دەکرێ کە کێشە و گرفتێکی دەروونی هەیە.
٧ـ کەرەستە و پێداویستییەکانی و شتەکانی قوتابخانە و بابەتەکـانی یاری پێکـردنەکانی ونـدەبن و زۆر جاریش پارەکـانی دیارنامێنن.
٨ـ بەشداریی لە چالاکییەکانی قوتابخانەدا ناکا، حەزیش ناکـا بـچێ بۆ قـوتابخـانە.
٩ـ بایـەخ بە رووخـساری و بە خۆجوانکـردن و بە رێکـوپێکی جلوبەرگەکانی نــادا.
١٠ـ تووشی خەوزڕان و کەمخەوی و خەونبینی ناخۆش و راچلەکان بووە، دیـۆ و درنج و مێردەزمە و دەعبای ئەفسانەیی ترسناک دێنە بەرچاوی و لە خەو رادەچەنێ.
١١ـ هەمیشە دەترسێت کە بە تەنیا بچـێت بۆ قوتابخانە و بە تەنیا بگەڕێـتەوە بۆ ماڵ.
١٢ـ زۆر لە قوتابخانە دوادەکەوێ یا ناچێ، درۆ و بیانـووی هەڵـبەستراو بۆ نەچوونی بۆ قوتابخانە دەهـێنـێتەوە، حەزیش ناکا باسی خوێنـدن و قوتابخانەی لێ بپـرسن.
١٣ـ لە سیمایدا، دەردەکەوێ کە ترسێکی بێپاساوی هەیە و گرفـتێکی گەورەشی هەیە.
١٤ـ تووڕە و توندوتیژە و زۆر دەگـری، خوو و رەفارەکانیشی گۆڕاون و ئاسایی نین.
١٥ـ زۆر جاریش لە ئەنجامی ترس و دڵەڕاوکێ دا، بە خۆنەویستی میـز بە خۆیدا دەکا.
١٦ـ کە لە پـڕێکـدا نامەیەک بۆ تەلەفـۆنەکەی یا ئیمایلـەکەی بێ، تێکـدەچـێ، لەوە دەترسێ، کە مووبەکاران هەڕەشەیان لێکردووبی یا قسەی ناشیرینیان بۆ نووسیـبێ. ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی، کە منداڵەکەتـان مووبـەی ئەلـیکرۆنی دەکـرێتە سەری.
١٧ـ دووچاری خەمۆکی و کەم دوویی بووە، زیاد لە پێویست هەست بە خەمباری دەکا.
١٨ـ ئارەزووی گوێگـرتنی لە موزیک و گۆرانی نییە و سەیـری تەلەفـزیـۆنیش ناکا. زۆریش داڵغـە لێدەدا و خەیـاڵ دەیبـاتەوە.
١٩ـ لە کاتی قسەکردن و گفتوگـۆدا، بە تووڕەیی و گرژییەوە لەگەڵ بەرانبەرەکەی دا قسەدەکا. زووش قسەکانی دەبـڕێتـەوە.
٢٠ـ بیر لە تۆڵەکردنەوە لەو قـوتابییە یا ئەو قـوتابییانە دەکـاتەوە، کە مووبەیـان کردۆنەتە سەری و هـۆکاری ئازارکێشانەکەین. گەر توانای تۆڵەکردنەوەشی نەبێ و کەسوکاری بە کێشەکەی نەزانن و بە زوویی چارەسەری پێویستی کێشەکەی نەکەن. دەشێ لەوە زیاتر بەرگەی ئازارە دەروونییەکەی نەگرێ و بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە.
جارەسەرییەکـانی مووبەکـردن:
بۆ پارستنی منداڵەکانتان لە مووبەکردن، یا بۆ ئەوەی کە نەبنە مووبەکار، بە کورتی باس لە هەنـدێ خـاڵی گـرنگ دەکەین، کە یارمەتیـدەرن بۆ دایکـان و باوکـان و بۆ مامۆستاکان، بۆ لەنـاوبـردن و چارەسەرکردنی دیاردەی مووبەکـردنی نەخـوازراو:
١ـ پەروەردەکردنی منداڵان لە دۆخـێکی سروشتی و تەندروستی دوور لە توندوتیژی. گۆشکردنیان بە رێـز و سۆزداری و خۆشەویستی و دڵسۆزی و لێبووردن و بەخشین.
٢ـ شیرینکردنی متمانە بەخۆبوونی منداڵەکانتان و هاندانیان بۆ شانازیکردن بە هـێز و توانیان و رێزگرتن لە کەسایەتییان. هەرگیزیش خۆیان بە کەم و بێ دەسەڵات نەزانن.
٣ـ دروستکردنی پەیـوەندی هـاوڕێتی لە ناو خێزان دا، لە کەش و هەوایەکی خـێزانی هـێمن و ئـارام و تەبـا دا، کە رێـز و خۆشەویستی و دڵسۆزی هەموویان کۆبکاتەوە.
٤ـ هانـدانی منداڵەکانتان بۆ وەرزشکـردن و راهـێنان، بە تایبەتیش وەرزشی بەرگری لەخۆکردن، وەک وەرزشی (تایكـوانـدۆ) و تەکنیکەکانی بۆ بەهـێزکردنی جەستە و بۆ فـێربوونی هـونەری بەرگریکردن.. بەمەش ناترسن و متمانەی رووبەڕووبوونەوە و سەرکەوتنیان بەسەر لایەنی شەڕفـرۆشی بەرانبەر پێ دەبەخـشن.. پێویستە ئەوەش بزانن کە ئامانج تەنیا بەرگری و خۆپاراستنە. نەک خۆدەرخستن و لەخۆدەرچوون و شەڕخوازی و دوژمنایەتیکردن و زاڵـبوون . بڕواشتان بەم قسە نەستەقە هەبێ کە:
(هـوشی ته‌نـدروسـت.. له‌ گـیانی ته‌نـدروسـت دایـه‌).
٥ـ پێویستە هەر لە منداڵییەوە چاودێری رەفتار و هەڵسوکەوتەکانی منداڵەکانتان بکەن.
٦ـ پێویستە قوتابخانەکان پشتگـیری یەکەمی منـداڵان بن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووبەکردن، پێش ئەوەی کە ببێتە کێشەیەکی دەروونی لە لای هەردوو لایان، مووبەکار و مووبەلێکراو.. بە بەڕنامەڕێژی چارەسەری دیاردەی مووبەکردن بکەن و نەیهـێڵـن. ئەم کارەش بە رابـەری کۆمەڵایەتی و بە پسپۆری دەروونناسی منداڵان لە قوتابخانەدا بسپێرن. بۆ چارەسەری دەروونی مووبەکار و مووبەلێکراو. یارمەتییان بدەن بۆ متمانە بەخۆبوونیان و بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانیان و ساڕێژکردنی ئازارە دەروونییەکانیان.
توێژێنەری ئەمریکی (گـاری لیـد) پسپۆر لە دەروونناسی دا و سەردەستەی دەستەیەکی لێکـۆڵەوەر لە زانکۆی (ئیریـزۆنا) ی ئەمریکی دەڵێ:” مامۆستاکان و دایکان و باوکان و بەڕێوەبەرەکانی قوتابخانەکان و هەموو ئەوانەی کە پەیوەنـدییان بە منـداڵەوە هەیە، لەو تەمەنەوە کە دەچێتە قوتابخانە، پێویستە هەموویان زیانەکانی مووبەکردن بزانن”
٧ـ بە باشی تێبـینی یەکێک لە نیشانەکانی دەسترێـژیی مووبەکـردنی جەستەیی سەر منداڵەکەتان بکەن. بە هـێمنی و ئارامی و گفتوگۆ و قسەی خۆش و نەرم لەگەڵ منداڵە مووبەڵێکراوەکەتان بدوێن، تا بەبێ ترس کێشەکەی و راستییەکانیتان بۆ باس بکا.
٨ـ راوێژ بە پزیشکی پسپۆری دەروونناسی منداڵان بکەن و کێشەی منداڵەکەتانی بۆ باس بکـەن، بۆ دانـانی چارەسەر و چۆنییەتئ رزگـارکردنی لەو کێشەیەی کە پێوەی دەناڵێـنێ. تا چارەسەربکـرێ و ئاسایی ببـێـتەوە.
٩ـ پێویستە دایکان و باوکانی منداڵانی مووبەکاران، پاساو بۆ مووبەکردنی منداڵەکانیان نەهـێننەوە و پاکانە بۆ کردار و رەفتارە بەد و ناشیرین و ناپەسەند و بۆ شەڕخوازی و دۆژمنکارییەکـانیان نەکەن، بە تایبەتیش لە بەردەم مامۆستایان و هـاوڕێکانیان دا.
١٠ـ پێویستە بە باشی کۆنترۆڵی ئەو بابەتانە بکەن، کە منداڵەکانتان لە تەلەفـزیۆن و ئینتەرنێت و ئایاپاد دا سەیریان دەکەن. بە تایبەتیش ئەو بابەتانەی کە دەبنە هۆکاری دروستبوونی توندوتیژی و شەڕانگێزی و مووبەکردن و زاڵبوون بەسەر منداڵانی تردا.
١١ـ داوا لە منداڵەکانتان بکەن گاڵـتە بە هاوڕێکانیان نەکەن، ئیرەیی بەکەسیان نەبەن، هیچ کەسێکیان بە کەم نەزانن. هەمیشەش لەگەڵ باشە و خێرخوازی و هـاوڕێتی دابن. هەرگیزیش بە چاوێکی کەمتر لە هاوڕی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانیان نەڕوانن.
١٢ـ پێویستە قوتابخانەکان، هەر وەکو چۆن ساڵانە پشکنینی مەودای بینینی چاوەکان و رادەی بیستنی گوێیەکان بۆ قوتابییەکانیان دەکەن.. هەر بەم شێوەیەش ساڵانە پشکنینی دەروونی و دەماری بۆ دۆخی دەروونی قوتابییەکانیان بکەن.. پێویستە ئەوەش بزانن، کە تەندروستی دەروونی بۆ منداڵان بە تەواوی وەکو تەندروستی جەستەیی پێـویستە. نەخۆشییە دەروونییەکانی منداڵان لە ئەنجامی لە رێ دەرچوون و چارەسەرنەکردنیان دەبنە نەخۆشیەکی درێژخـایەنی هەمیشەیی.. گەر لە سەرەتـاوە دەستـنیشان بکرێـن، چارەسەرکردن و لەناوبـردنیان ئاسـانە.
١٣ـ پێویستە قوتابخانە، لە ناو گۆڕەپانی قوتابخانە و کاتی یاریکردن، لە ناو پۆلەکانی خوێنـدن دا، بە وردی چاودێـری هەڵسوکەوت و رەفـتارەکانی قـوتابییەکانیان بکەن.
١٤ـ پێویستە لە زۆربەی قوتابخانەکان دا (رێنمایـیكـاری دەروونی و پەروەردەیی) و (رابـەری کۆمەڵایـەتی و چاکـسازی) شارەزا و پسـپۆر هـەبن. بۆ چارەسەرکـردنی کێشەکانی دیاردەی مووبەکردن و شەڕانگـێزی و کێشە دەروونییەکانی قـوتابییەکان.
١٥ـ پێویستە منداڵەکانتان فێربکەن کە هيچ قسە و راز و کێشەیەکتان لێنەشارنەوە.
تابتوانن هەر لە سەرهەڵـدانییەوە بەری لێبگرن و بە هاوکاری و هاوڕایی لەگەڵ قوتابخانەکەی دا چارەسەری پێویست گونجاوی بۆ دابنێن و گەورەتر نەبێتەوە.
بەرنامەی (ئەلـۆیس) بۆ لەناوبـردنی مووبەکردن:
بەرنامەی (ئه‌لـۆیس) کە لە لایەن زانای دەروونناسی نەرویـجی (دان ئەلـۆیس) ەوە دانراوە، ئامانجی ئەم بەرنامەیە لەناوبـردنی مووبەکردن و یارمەتیـدانی منداڵانە بۆ ئەوەی کە بە شێوەیەکی باشتر بژین، واش لە ژینگەی قـوتابخانە بکرێت کە زیـاتر ئەرێنی بێت.
بەرنامەی ئەلـۆیس لە زیاتر لە (١٢) وڵات لە جیهان دا بەکارهـێنرا، لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخـست، کە دۆخەکـانی مووبەکـردن لەو قوتابخانانەی کە لە ماوەی دوو ساڵدا، ئەم بەرنامەیەیان تێیاندا جێبەجێکـردن، مووبەکـردن بە رێـژەی لە (٥٠%) پاشەکشەی کرد. گرنگـترین بەشیش لەبەرنامەی ئەلۆیس، بریتییە لە هاندانی گەواهی ئەو گەواهدەرانە یا (زۆرینەی گرنگ) لەو قوتابیانەی کە دووچاری مووبەکرن نەبوون و مووبەشەیان بەسەر کەسەدا نەکردبوون. ئەم بەرنامەیەش لە ماوەی چەند ساڵێکـدا بە کرداری دەکرێت و وەستانیش دەکەوێتە نێوان ساڵەکانی کارەکەوە، بۆ هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەکـانی و بۆ پێـوانی رادەی کارتێکـردنی لە کەمکـردنەوە و بڵاوبـوونـەوەی دیـاردەی مووبەکـردن و وشکـردنی سەخـتی شوێنەوارەکـانی.
بۆ ئەوەی بەرنامەی چارەسەرکـردن کاریگەربێ، پێویستە ئەم کـارانە بگـرێتەوە:
١ـ هـۆشیارکـردنی مامۆستایان و دایکـان و باوکـان و قوتانییەکـان، کە مووبەکـردن چییە و مەتـرسییەکـانی چـین.
٢ـ بەشداریکردنی کۆمەڵگەی شارستانی و هاوبەشەکان و دامەزراوەییەکانی قوتابخانە لە رووبەرووبوونەوە و لەناوبـردنی ئەم دیـاردەیە.
٣ـ پەروەردەکردن لەسەر هاوڵاتی بوون و رەوشتی شارستانی، بخـرێنە پرۆگرامەکانی خوێنـدنەوە.
٤ـ بە تونـدی چاودێـری کردن و وریایی پەروەردەیی بۆ بە زوویی دەستنیشانکـردنی دۆخەکـانی مووبـەکـردن.
٥ـ بە هـاوبەشی لەگەڵ پسپۆرانی دەروونناسی دا، بەرنامەیەکی چارسەرکـردنی تۆکمە بۆ مووبەکـردن دابنـرێ.
٦ـ دانانی بڕۆنـامەیەک بۆ کارکـردن، کە تێیدا مافـەکان و ئەرکەکانی هەموو لایەنەکـان روون بکاتەوە بە شێوەی پەیوەندبـوونی پێوست کە هەمووان پـابەندبن بە بڕوانامەکە، هەمووانیش بەشـداری لە داڕشتنـی دا بکـەن و واژۆی لەسەر بکـەن.
٧ـ دانانی چـالاکی هاـوسەنگ، کە گـرنگی بە گەشەکردنی متمانە بەخـۆبوون بـدات و جەخـت لەسەر رێـزگـرتن لە خـوود بکا.
٨ـ هانـدانی قوربانیان (مووبه‌لـێكـراوان) بۆ بەردەوامی پەیـوەنـدی کردنیان لەگەڵ پسپۆران دا، کـاتێ کە مووبـە دەکـرێتە سەریـان.
٩ـ ورووژاندی گفـتوگو لە پۆلـدا و قۆستـنەوەی یارکردنی پیـداگـۆجی (په‌روه‌رده‌یی) لە میانەی رۆڵی قـوربانی کە مووبەکـار ئەم رۆڵە ببینێت، تا لە هەڵوێستی مووبەکردن دا، هەست بە هەستی خـۆی بکـات.
بە داخەوە کە رۆڵی هەنـدێ لە دایکان و باوکان، وەکو رۆڵی پۆلـیسی لێهاتـووە. تەنها زمانی فـرمان دەزانن (بخوێنه‌، بنووسە، بخـۆ، خوت بشۆ، بـڕۆ بخه‌وه‌، زوو هـەڵسە، وا بکە، وا مەکە،… هتد) بێ ئەوەی ئەوە بزانن، کە هەندێ لە منداڵەکـنیان لە گرفت و کێشەیەکی ئەوتـۆی مەترسیداردان، کە هـەڕەشە لە هـەموو ژیانیـان دەکەن.
وەکو دەڵێن هەمیشە (پاراسـتن باشـترە.. لە چـارەسەرکـرن) پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکان بە جـدی لە مەتـرسییەکانی دیـاردەی مووبەکـردن و کەڵەگـایی و شەڕانگـێزی تێـبگەن و لەبەرچاوی بگـرن. بەر لە چارەسەرکردنیاـن، پێـویستە بە وردی پشکـنین بۆ دۆخەکانی بکـرێن، ئینجا بەپێی ستراتـیژییەتێکی روون، پـلان و بەرنامە بۆ چارەسەرکردنیان دابنـێرن. خۆزەگەش ئەم ستراتیژییە، سیمای پرۆژەیەکی پەروەردەیی تەواو لەخـۆبگـرێت، بۆ چارەسە و لەناوبردنی دیاردەی مووبەکـردن لە قوتابخانەکان دا، لە هەمـوو روویـەکەوە.
پێویستییەکی زۆریشمان بەوە هەیە، کە پـردێکی پەیـوەنـدی بەهـێز، لە نێـوان مـاڵ و قوتابخانە و دامەزراوە جیاوازە پەروەردەییەکان دا بنیادبنێین لە پێناوی جارەسەرکردنی ئەم دیاردە هەستیار و کارتیکەرە، لە ژیانی ئەمـڕۆ و داهاتووی زانیاری و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و کەسایەتی منداڵان دا. ئەمەش ئەرکێکی پێویست و بەرپرسیارێتـیەکی چارەنـووسازە.. بە پلەی یەکەم لە ئەسـتـۆی دایکـان و باوکـان و ماوستاکـان دایـە.


رەزا شوان
نەرویج: ١٠/ یۆلیۆ/ ٢٠٢٠

r.shwan@hotmail.com

(*) تا رادەیەک سـوودم لەم سەرچـاوانە وەرگـرتـوون:
١ـ ماهي ظاهـرة التـنمر ، سـناء الدویکـات ، ٢٠١٩ ، موقع : موضـوع.
٢ـ ماهـو معـنی التـنمر ، راغـب ناصـر ، ٢٠١٩ ، موقع : موضـوع.
٣ـ ماهـو التنمر المدرسي؟ غـدیـر شمس الـدین ، ٢٠١٩، موقع : موضـوع.
٥ـ ظـاهرة التـنمر علی الاطفـال ، هـیـفاء عـطـار ، ٢٠١٦ ، موقع : العـرب.
٦ـ آثـار التـنمر علی الاطفـال ، سـلام سـمور.
٧ـ ظاهـرة التـنمر المدرسي ، دکتـور: عـبدالقـوي القـدسي.
٨ـ ماهـو التـنمر المدرسي ، الحـسین اوبـاري ، ٢٠١٩ ، موقع : المنـال.
٩ـ آثـار التـنمر علی الصحة النفـسیة للاطفـال ، احمـد صالح ، ٢٠١٨، موقع : مقـال.




وێنەی بەلەمێک …عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ویستم وێنەی
دەریایەکی
پڕ لە وردە ماسی و بەلەم
لە دەفتەری وێنەکەمدا
دروست بکەم
ھەرچی بۆیەی
رەنگاورەنگم ھەبوو ھێنام
زۆر بە جوانی ئەو وێنەیەی
مەبەستم بوو
یەکسەر کێشام
بەلەمێکیان
ھێندە جوان بوو بەلامەوە
ھەر بە خەیاڵ سواری بووم و
ھەتا توانیم سوڕامەوە
ئای گەشتێکی چەندە خۆشبوو
ھێندە گەڕام
ئاگام لێ بوو
ماسی دەیویست بێت بەھاوڕێ و
بگاتە لام
یاریم دەکرد لەگەڵیاندا
لەو ناو ئاوە
ھێندەم زانی
با ھەڵی کرد بەلەمەکەم
ھەڵگەڕاوە
@@@




وانەی ژینگە … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ڕۆژێک مـــــامۆستای زانست
لە باخچــــــەی قوتابخانە
باسی ژینگەی بۆ کــــــردین
بوو بـــــــە خۆشترین وانە
لــەنێو چیمەنی ســـــەوز و
گوڵی بۆنخــــۆش و جــواندا
گشت دانیشتبووین لــــە ژێر
ســێبەری دارەکــــــــاندا
چەندە خۆش بوو مـــامۆستا
وەک ھـــــاوڕێیەکی شیرین
وانەکــەی دەوتــــــــەوە
دەم بـــەخەندە وپێکەنین
باسی ژینگەی بــــۆ کردین
ئێمەش بەشدار بووین ھەموو
بـــە چــــــالاکی نواندن
وانەکە خۆشتر بـــوو بـــوو
لـــــە کۆتایی وانـــــەکە
خۆی شوێنێکی دیــــاری کرد
ئەو نەمامـــــەی ھێنابووی
ھــــات ڕواندی دەست و برد
ئێمــــــەش بۆ ڕۆژی دواتر
بـــــــــەدڵی پڕ ھیواوە
سەر و نەمـــاممــان ڕواند
لای ئەوەی مامــــــۆستاوە
١٧/١/٢٠٢٠




ئەو ڕێوییەی بە خۆیدا چووەوە … و: محەمەد بەرزی

منداڵە خۆشە ویستەکان ، لە دامینی شاخێکی بەرزی هەزار بە هەزاردا ، دارستانێکی زۆر گەورەی چر و پڕهەبوو . شاخ و دارستانەکە پڕ بوون لە ئاژەڵ و باڵندەی جوان . سەرلەبەیانییەکی زۆر زوو ، هەموو ئاژەڵ و باڵندەکان بەخەبەرهاتن . هەمووشیان زۆر شاد و کامەران و دڵخۆشبوون ، چونکە ئەو ڕۆژە ڕۆژی یادی جەژنی لە دایکبوونی دوو سەد ساڵەی گەورەترین داری ناو دارستانەکە بوو ، کە گەڵا و لق و پەلی ئەوەندە بە چڕیی بڵاوبوو بۆوە ، سێبەری بۆ هەمووان کردبوو . ئاژەڵ و باڵندەکان سەرقاڵی دروستکردن و ئامادەکردنی خواردنی زۆر خۆش و بە تام بوون ، وەک : شەکرلەمە و کێک و کولیچە و گاڵگاڵی و محەلەبی و زۆر خواردنی خۆشیتریش . چەند ئاژەڵێکیشیان خەریکی پێچانەوە و ڕازاندنەوەی خواردن و دیارییەکان بوون ، تا بە دیاری بیبەن بۆ دارە پیرە خۆشەویستەکەی خۆیان . چەند ئاژەڵ و باڵندەیەکی تریشیان سەرقاڵی ڕازاندنەوەی هەموو لایەکی دارستانەکە بوون . بەڵام ئەوەی سەیر بوو ، لە ناو هەموویاندا ، تەنها ڕێوی دڵگران و پەست و خەمبار بوو . ئەو نەک هەر ئیشی نەدەکرد ، بەڵکو بەردەوام خەریکی فرکان فرکان و کردنەوە و خواردنی دیارییەکانبوو . جارجارێکیش دەچوو قردێلە و میزڵدان و کاغەزە ڕەنگاو ڕەنگەکانی لە گەڵا و لقی دارەکانی ناو دارستانەکە دەکردەوە . کاتێک دارە گەورەکە ڕێوییەکەی بینی ، زۆر بە کارەکانی دڵتەنگبوو ، بۆیە بە ڕێوییەکەی وت : ( ئەرێ بە ڕاست تۆ هەتاکەی واز لەو هەڵسوکەوتە ناشیرینانەی خۆت ناهێنیت ؟ . ئەی باشە تۆش بۆ ناچیت تۆزێک یارمەتی هاوڕێکانت بدەیت ؟ ) . ڕێوییەکەش لە وەڵامدا وتی : ( ئاخر بۆیە وادەکەم ، چونکە هیچ هاوڕێیەکم نییە و هەمووان لە من بێزارن و حەزیان لە دۆستایەتیم نییە ، یەک کەسیشیان منی بۆ ئەم ئاهەنگە زۆر خۆشەی تۆ بانگ نەکردووە ، بەڕاستی خۆشم نازانم بۆ وا منیان خۆشناوێت و حەزیان لە چارەم نییە ؟ ) . ئنجا دارەکە زۆر لەسەرخۆ وتی : ( هەموو ئاژەڵ و باڵندەکان بۆ ئەم ئاهەنگەی من بانگکراون ، بەڵام بۆیە تۆیان بانگ نەکردووە ، چونکە بە ڕاستی تۆ بە تەواوی لە تامت دەرکردووە ، لەگەڵ هەموواندا بە خراپی هەڵسوکەوت دەکەیت ، فێڵبازیت و فێڵیان لێدەکەیت ، هیچ چاکەیەکت نییە و بەردەوام درۆ دەکەیت و ئازاریاندەدەیت ، هەر بۆیە کەسییان حەزیان لە هاوڕیێ یەتی تۆ نییە . جا تکایە تۆزێک بیربکەرەوە و نەختێک بە خۆتدا بچۆرەوە و واز لەو هەڵسوکەوتە خراپ و ناشیرینانەی خۆت بهێنە ، دڵنیام ئەو کاتە هەموویان تۆشیان خۆشدەوێت و هاوڕێیەتیشت دەکەن ، پەیمانیشت دەدەمێ ئەو کاتە منیش هاوڕیێ یەتیتان دەکەم ) . قسەکانی درەختەکە زۆر کاریکردە سەر ڕێوییەکە ، هەر بۆیە بە باشی بیریکردەوە و بە وردی بە خۆیدا چووەوە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا وا خۆی چاککرد ، درەختەکە و هەموو ئاژەڵ و باڵندەکان بوون بە هاوڕێی و زۆریشیان خۆشدەویست و بۆ هەموو ئاهەنگێکیش بانگیاندەکرد و کارتیشیان بۆ دەنارد .

تێبینی : ئەم چیرۆکە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە .




گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستا عوسمان محه‌مه‌د هه‌ورامی … سازدانی: ڕۆستەم خامۆش

عوسمان محه‌مه‌د هه‌ورامی:
ئەرکی نووسەرانی ئەم بوارە زۆر بەرین و فراوانەیە، ڕۆژانە ئاگاداری گۆڕانکارییە پەروەردەییەکانی ناوەوەو ده‌رەوەی وڵات بن و کەڵکیان لێوەرگرن

له‌ سۆنگه‌ی دڵسۆزیی و خۆشه‌ویستیمان بۆ نه‌وه‌كانی دواڕۆژی كوردستان و بۆ گرنگیدان و بـایـه‌خی زیاتر به‌ ئه‌ده‌بیاتی منـداڵان، وه‌ كـاری زۆرتـر له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ده‌بـه‌ پێویسته‌ی زارۆكان، ڕوومـان لـه‌ ده‌رگـه‌ی مـاڵـی دڵ و بیـر و ئه‌ندێشه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی دیار و ناسراوی دونیای ئه‌ده‌بیاتی منداڵان كرد، كه‌ ئه‌ویش: به‌ڕێز مامۆستا “عوسمان محه‌مه‌د هه‌ورامی” شـاعیـر و نووسـه‌ره‌. بـه‌ خـۆشـحـاڵیـه‌وه‌ ده‌رگـه‌ی لێكردینه‌وه‌و به‌ هـه‌گبـه‌ی پـڕ له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌بیاتی زارۆكان و زۆر به ‌وردی و به‌ كورت و پوختی وه‌ڵامی داینه‌وه‌. ئێمه دركمان به‌وه‌ كرد و ‌زانیمان، كه‌ مامۆستا عوسمان چه‌نده‌ خه‌مخۆر و دڵسۆزی منداڵانه‌ و ساڵانێكی دوور و درێـژه‌ له‌و بـواره‌دا جێ ده‌سـتی دیـاره‌و خـزمـه‌ت بـه‌و تـوێـژه ‌گرنگـه‌ی كۆمه‌ڵگـه‌ی كـوردی‌ ده‌كـات، بۆیـه‌ ئێمه‌ش لـه‌خزمه‌تیدا پـرسـیـمـان و گوتمان:

سـڵاو مامۆستا “عوسمان محه‌مه‌د هه‌ورامی” ئـەم کـاتـەت بـاش.
پێمان بـاشـە ڕای بەڕێزتان بزانین سـەربارەت بە شیعر و ئەدەبیاتی منداڵان، یـان چۆن بۆ منداڵان بنووسرێ، یاخود چی باشە بۆ ئەوەی بیخەینە بەر چاوی منداڵانی کوردزمانمان، یان بەڕێزت چ پێشنیارێكت هـه‌یـه‌، یاخود هەر شتێکت پێباش بـوو ســەبـارەت بـە شیعر و ئەدەبـیــاتـی منـداڵان، پێمان خۆشه‌ ئـامـاژەی پـێـبکـەیـت؟

سازدانی: ڕۆستەم خامۆش

مامۆستا عوسمان محه‌مه‌د هه‌ورامی
له‌ باره‌ی نووسین بۆ زارۆ، به‌م شێوه‌یه‌ بۆمان دواو گوتی:

لە چەندین نووسیـن و کۆڕ و دیداری ڕادیـۆ و تەلەڤزیۆنیدا، لە فێستیڤاڵی ئەدەب و زمانی کوردیدا لە زانکۆی سنە، بەهـاری ( ۲۰۱۰ )، هەروەها لەو میواندارییەی سەنتەری فرە زمان ــ لە سوید، پاشان لە نەرویچ ، هاوینی ساڵی ( ۲۰۱۱ ) بــۆم کرا، دواتر لـە کۆڕێكدا لـە یەکێتیی نووسەرانی كورد، لقی سلێمانی، هـەروەهـا لـە نووسینێکمدا لـە گۆڤـاری ( نووسەری کورد )، یەکێتیی نووسـەرانی كورد ـــ لقی هەولێر، بـە شێوەیـەکــی فراوان بــاســی نـووســـیـــن بـــــۆ منداڵ و ئامانجەکانیم بـاسـکـردوون و نـووســەران کـەڵــکــی چـاکیـــان لـەو بـابـەتـانـەم وەرگـرتــووە.

بەکورتی:

  • دەبـێ نـووسـەری جیهانە ڕەنگیـنـەکـەی منـداڵان، زۆر بـاش و بـەگوێرەی قـۆنـاخــەکـــانــی تـەمـەنـیــان شــــارەزای دەروونـنـاسـیی و زمـانـیــان بــێ.
  • نووسینی بابەتەکـان بـە زمانێکـی ڕەوان و پــاراو، کــە یەکێکـە لـە ئامانجە سەرەکییەکان بۆ گەشەپێدانی زمانەکەمان. بـۆیـە ناکرێ، بەتایبەتی لە نووسینی هۆنراوەدا، شوێنگۆڕکێ و پاش و پێش بە وشە بکرێ بۆ دروستکردنی سەروا.
  • تا دەتوانرێ، هەڵێنجانی بابەتەکان لە ژینگەی کۆمەڵ و جیهانە جوانەکەی خودی منداڵەوە، جا بەرەبەرە هەنگاونان بــۆ دەوروبەر و دوورتر.
  • بەگوێرەی قۆناخەکانی پەروەردەکردنی منداڵ، هۆنراوە ( 4 ، ٦ ، ۸ ) دێڕ پترنەبێ، دەنا با بکرێتە ئۆپەرێت.
  • ناکـرێ وشەی ڕەق و زبر و تەنزئامێز بەکـار بهێنرێ، بـــۆ نمـوونـە لـە جیاتیی ( هـاروهـاج )، بگـوتـرێ ( بزێـو )، ( تـەمـەڵ ), بگـوتـرێ ( دواکـەوتـوو ).
  • هاندان و سەرپەرشتیکردنی جگەرگۆشەکان بـــۆ خوێندنەوەی بابەتی چـاك و نووسینی جوان.
  • دایەنگە و باخچە و قوتابخانە، گونجاوترین ژێدەر و زەمینەی لەبار و ڕەخساون بــۆ نووســەری بواری پەروەردەی دروسـت و بەجێ.
    دەتوانرێ بگوترێ، گەر نووسـەر، یـان هۆزانڤان مامۆستابێ، ڕۆژانـە لەتەك منداڵدایـە و زۆر چـاکـتـر ئامانـج و ئەنجام ئەپێکێ.
  • ئەرکی نووسەرانی ئەم بوارە زۆر بەرین و فراوانەیە، ڕۆژانە ئاگاداری گۆڕانکارییە پەروەردەییەکانی ناوەوە و ده‌رەوەی وڵات بن و کەڵکیان لێوەرگرن.
  • پێویستە بگوترێ، گـۆڤـار و بڵاوکراوە تایبەتەکان بە ئەدەبی منداڵ، یەکەمین بـەرپـرسـن لـە بڵاوکردنـەوه‌ی نووسـیـنـی زۆر و بــۆر و کـرچـوکـاڵ.
  • ئەرکی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و ڕۆشنبیرییە، بەسەرپەرشتیی شارەزا ئەزمووندار و ناودارەکان، مانگانە، بە تیراژی چوار، پێنج هەزار دانە ، چەند گۆڤارێکی وابەستە بە پەروەردە و ئەدەبی منداڵ بخەنە بەر دیدە گەشەکانی زارۆی کورد و هەمیشە پەرەیان پێبدرێ. بـە هەر بیانوویەکیشبێ، نــابــێ ڕاگیرێن، وەك لـە ســاڵی ( ۲۰۱۱ )دا، دوور لەگشت بنەمایەك و بەرپرسییەتیی پەروەردەیی، بەرانبەر بـە گــۆڤــاری ( هەنگ )ی ئــازیــز کــرا.
    *خوازیارم بانگەوازی دڵسۆزان بخرێتە بەردەم بەرپرسانی باڵا و کاری بۆ بکرێ.

پرۆفایل:

  • عوسمان محەمەد هەورامی
  • له‌ ساڵی ١٩٤٠ لە شارۆچكەی تەوێڵە لە دایكبووە.
  • له‌ ساڵی ١٩٤٧ لە قوتابخانەی تەوێڵە خراوەتە بەر خوێندن.
  • له‌ ساڵی ١٩٤٨ماڵیان چووه‌ته‌ شاری سلێمانی و ئێستاش هه‌ر له‌و شاره‌ نیشته‌جێیه‌.
  • خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بەشی وێژەیی لە شاری سلێمانی تەواو كردووە.
  • ساڵی ١٩٥٨ لە قوتابخانەی تەوێڵەی سەرەتایی كوڕان مامۆستای كاتیی بووە.
  • ساڵی ١٩٥٩ له‌بەشی زمانی كوردی له‌ كۆلیژی ئاداب له‌ به‌غداد وه‌رگیراوه‌، بەڵام له‌به‌ر هەژاریی تەنها دوو مانگ خوێندویه‌تی و به‌ ناچاریی وازی لێهێناوه‌.
  • ساڵی 1959 لە گوندی (چنارنە)ی سەر بە ناحیەی (بنگرد) كراوە بە مامۆستای كاتیی.
  • ساڵی١٩٦٠بووه‌ به‌ مامۆستای هه‌میشه‌یی له‌ گوندی (شێنێ)ی سەر بە قەڵادزێ.
  • ماوه‌ی 14 ساڵ به‌رنامه‌ی (خه‌نده‌) ی پێشكه‌ش كردووه‌ له‌ ڕادیۆی ده‌نگی گه‌لی كوردستان.
  • بۆ ماوه‌ی 47 ساڵ وه‌ك مامۆستایه‌كی دڵسۆز، خزمه‌تی به‌ منداڵان كردووه‌.
  • یه‌كه‌م كه‌س بووه‌، كه‌ وشه‌ی (ئاماژه‌)ی له‌ نووسیندا به‌كارهێناوه‌.
  • ساڵى ٢٠٠٣-٢٠٠٦ وەک شارەزا لە خانەى وەرگێڕان کاریکردووە.
  • تا ئێستا 18 كتێبی به‌چاپگه‌یاندووه‌ بۆ‌ منداڵان.

چه‌ندین خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی پێبه‌خشراوه‌، له‌وانه‌:
1- وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دووجار.
2- بەڕێوەبەرێتى پەروەردەى سلێمانى.
3- بنکەى ڕووناكبیری گەلاوێژ.
4- دووەمین فیستیڤاڵى هەورامان.
5- گۆڤاری گوڵه‌كان.
6- گۆڤاری جگه‌رگۆشه‌كان.




چیرۆکەشیعرەکانی فایق بێکەس بۆ منداڵان … رەزا شـوان

چیرۆکەشیعری منداڵان، جۆرێکی گرنگە لە جۆرەکانی شیعر بۆ منداڵان. دوو هونەرن لە هونەرێکدا ئاوێزانی یەکتری بوونە. شیعرە و چیرۆکیشە، بە واتا دووڕەگە. لە رووخساردا شیعرە و لە ناوەڕۆکیشدا چیرۆکە. بنەما سەرەکییەکانی شیعر و چیرۆکیشی تێدایە. وەکو چیرۆک بریتییە لە: کەسایەتی یا پاڵەوان (مرۆڤ، ئاژەڵ، باڵندە)، پێشەکی، رووداو، فۆرم، ناوەڕۆک، گرێ، کۆتایی. وەکو شیعریش بریتییە لە: جوانی و شیرینی زمان، شێوازی هۆنینەوەی ئاسان، کێش و سەروای سووک و ناسک، ترپە وموزیک. هەمووشیان چیرۆکێک دەگێڕنەوە. بە زۆریش چیرۆکێکی ئەندێشەییە زیاتر لەوەی کە چیرۆکێکی ریالیزمی بێت. هەر چیرۆکەشیعرێکیش مەبەستێک یا زیاتر دەگەیەنێت. مەبەست و ئامانجی شاعیرانی نووسەری چیرۆکەشیعر بۆ منداڵانی کورد، لە پاڵ چێژ و خۆشی بەخشین پێیان، ئامانجیشیان هۆشیاری کردن و رۆشنبیری کردن و رێنمایی کردن و ئاراستەکردن و پەند فێرکردن و سوود بەخشینە بە منداڵانی کوردمان.
ئێمە لە مانگی (دێسەمبەر/٢٠١٩) دا، لەژێر ناوی (چیرۆکەشیعر لە ئەدەبی منداڵانی کورد) دا، نووسینێکمان بڵاوکردەوە، تێیدا باسمان لە چیرۆکەشیعر لە ئەدەبی منداڵانی کورد کردووە. ئاماژەشمان بە ناوی چەند شاعیرێکی ناسراوی کوردمان کردووە، کە چیرۆکەشیعریان بۆ منداڵان نووسیون. چەند نموونەیەکی چیرۆکەشیعری کوردیشمان بۆ منداڵانی کورد نووسیوە. بۆیە لەمە زیاتر درێژە بە چیرۆکەشیعر نادەین.. دێینە سەر سەرناوی نووسینەکەمان (چیرۆکەشیعرەکانی فایق بێکەس بۆ منداڵانی کورد).
(فایـق بێكه‌س) شاعیرێکی کورد و کوردستان پەروەری دلێر و بوێر و قسە لە روو بوو، بە کوێرەوەری و مەینەتی ژیا، بەڵام بە سەربەرزی شکۆداری سەری نایەوە. بێکەس لە ساڵی (١٩٣٣) تا ساڵی (١٩٤٨) واتا تا ساڵی کۆچکردنی، مامۆستایی قوتابخانەی سەرەتایی بوو، لە قوتابخانەکانی (بازیان و تەوێڵە و هەڵەبجە و سلێمانی) دا، وانەی بە قوتابیانی کورد وتۆتەوە و فێری سروودی کوردی کردوون رۆحی کورد و کوردستان پەروەری خستۆتە دڵیانەوە.
بێکەس بێجگە لە زمانی کوردی، زمانی عەرەبی و فارسی و تا رادەیەکیش ئینگلیزیشی دەزانی، بە تایبەتیش زۆر بە باشی زمانی عەرەبی دەزانی. چەند هۆنراوەیەکی بە عەرەبی داناوە.
شیعر لای فایق بێکەس پەیامێکی نەتەوەیی بووە. بێکەس ئەوەندەی گەیاندنی ئەو پەیامەی لا مەبەست بووە، کەمتر ئاوڕی لە جوانکاری و لە هونەر و فانتازی شیعر داوەتەوە.. بێکەسی خاوەن شیعری (وەتەن، داری ئازادی، بیست و حەوت ساڵە، سروودی وەتەن ئاواکەی) و بە دەیان شیعری نیشتمانی تر. لە هەموو بوارەکانی شیعردا، شیعری نووسیوە. (لای لایە) یەکی جوانیشی بۆ (شێركۆ) ی کوڕی نووسیوە.
فایق بێکەس لە تەمەنی (٤٣) ساڵیدا، لە رۆژی ( ١٨/ دێسەمبەر/١٩٤٨) کۆچی دوایی کرد. لە گۆڕستانی (سه‌یوان) لە شاری سلێمانی بە خاک سپێرا.
پاش مردنی بە چەند رۆژێ، لە لایەن حکومەتی رەگەزپەرست و کۆنەپەرستی ئەو سەردەمەی عێراق، فەرمانی لە ئیش دەرکردن و گرتنی دەرچووە.
فایق بێکەسی نەمر، منداڵانی کوردیشی لە شیعرە جوانەکانی بێبەش نەکردوون. وەک مامۆستایەک و شاعیرێک، تێکەڵ بە جیهانی پاکی منداڵانی کورد بووە و لە نزیکەوە لە خواست و هـیوا و راز و نیازی پاکیان تێگەیشتووە. لێیان تێگەیشت کە چەند تامەزرۆی شیعری ناسک و سروودی نیشتمانی و چیرۆک و چیرۆکەشیعری جوان و خۆشن. بێکەس تێکڕا (٢٠) شیعر و چیرۆکەشیعر و ئۆپەرێت و سروودی بۆ منداڵانی کوردمان نووسیوە. لەو ژمارەیە (٥) یان چیرۆکەشیعرن. یەک ئۆپەرێتیشی تێدان. کە لە ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوودا نووسیویانی. بە داخەوە کە تەمەنی بێکەس کورت بوو، ئەگینا زۆرتری بۆ منداڵانی کوردمان دەنووسی. منداڵانی کوردمان هەموو رۆژێک، لە کاتی ریزبوونی پێش چوونە پۆلەوە، لە قوتابخانەکانی کوردستاندا، بە ئەوپەڕی رێز و شکۆدارییەوە، بە چڕینی سروودی (خوایە وەتەن ئاواکەی… چەند دڵگیر و شیرینە) یادی شاعیری گەورەی نیشتمان پەروەرمان (فایق بێكه‌س) ی نەمەر دەکەنەوە.
فایق بێکەس لە خۆ تاقیکردنەوەی لە بواری نووسینی چیرۆکەشیعر بۆ منداڵانی کورد سەرکەوتووە.. نووسینی چیرۆکەشیعر بۆ منداڵان، کارێکی هەڕەمەکی و ئاسان نییە، شاعیرێک گەر توانایەکی بەرزی هۆنینەوەی نەبێت و شارەزای بنەماکانی چیرۆکی منداڵان نەبێت، ناتوانێت چیرۆکەشیعرێکی ناسک و جـوان بۆ منداڵان بنووسێت.

دێینە سەر چیرۆکەشیعرەکانی فایق بێکەس بۆ منداڵانی کورد. ئەمانە ناوی هەر پێنج چیرۆکەشیعرەکانێتی (تەمەعکـاری، يەکـێتی، جـووتێ کـۆتر و بۆقـێک، شـێرۆ و مـار، هـەرەوەزی) ئۆپەرێتەکەشی بە ناوی (شـوان و مه‌ڕه‌كـانی) یەوەیە. وەکو نموونە لەم نووسینەماندا، سێ لە چیرۆکە شیعرەکانی و ئۆپەرێتەکەی فایق بێکەس دەنووسین.
شـێرۆ و مـار
شــــــێـرۆ کـوڕێـــکـی چــــاکـە
زۆر بـە رەحـــم و دڵ پــــــاکـە
رۆژێ لـە چـــــلـەی زســـــتـان
مـارێــــــکـی دی لـە کـــــــۆڵان
وا لـە ســــەرمـا ســـڕ بـــــووە
بـە عــــەیـنـی وەک مـــــردووە
زۆری بـــەزەیـی پـيــا هــــــات
وتـی مــن ئـەیـــــدەم نەجـــــات
دەس بەجـێ مـارەی هـەڵگـرت
خـــــێـرا بـۆ مـــــاڵـەوەی بــرد
ئـاگــــرێـکـی بـۆ کــــــــــردەوە
مـارەی گــــــەرم کــــــــــردەوە
ئـەمجــا مـــارەی بـــەد خــــوو
سەرمـای لـە بـەدەن دەرچـــوو
چـاکـــەی لـەبـەرچـــاو نــــەمـا
پـەلامــــاری شـــــــــــێـرۆی دا
کـوڕ دەسـتـی کـرد بـە هــــاوار
بـاوکـەکـــەی کـرد خـەبـــەردار
کـەوتــە فـریـای دەسـت و بـرد
مـارەکــەی لــەت و پــەت کـرد
ئـەمجـارە رووی کـردە شــێـرۆ
وتـی: رۆڵـــە ئـەگـــــەر تــــــۆ
قـسـەی مـن لـە گـوێ بـگـــری
تــووش نــــابـی تـا ئـەمــــــری
“چـــاکـە دەرحــەق کـەســـانـێ
بـکـــــە کـە پــــێـی بــــــزانـێ”
بێکەس لە دوا دێری ئەم چیرۆکەشیعرەدا، بە روونئ مەبەستەکەی نووسیوە.. بە ناوی باوکی شێرۆوە، کە گوێی لە ئامۆژگاری بگرێت و پەند و وانە وەربگرێت و جارێکی تر نەکەوێتە هەڵەوە.. لە دیوانەکەیدا نووسراوە وەرگێڕاوە، ئەماژە بەوەش نەکراوە کە لە چ زمانێکەوە وەریگێڕاوە. بەڵام من ئەم چیرۆکە، بە چیرۆکێکی رەسەنی فۆلکلۆری کوردیمان دەزانم. جارێک بە ناوی (مارەکەی شێخ هۆمەر) ەوە دەیگێڕنەوە، کە لەم چیرۆکەدا مارەکە لە ناو کۆمەڵە دڕکە زییەکدا پەپکەی کردووە، شێخ هۆمەری جووتیار نازانی ماری تێدایە، ئاگر بە دڕەکە زییکەوە دەنێ تا بیسووتێنێ، مارەکە کە گەرمی پێدەگات، خۆی بە شەنەکەی شێخ هۆمەردا هەڵدەواسێ و خۆی بە ملییەوە دەئاڵێنێ، تا پێوەی بدات، رێوییەک دێت و دەبێت بە قازی و شێخ هۆمەر لەو مارە رزگاردەکات و مارەش دەکوژرێت. هەر ئەم چیرۆکە لە دەقێکی تردا (مارەکەی مام هۆمەر)ە، کە لە چلەی زستاندا لە ناو بەفردا، لە سەرما سڕبووە، مام هۆمەر دەیخاتە باخەڵیەوە تا گەرمی بێتەوە. مارەکە کە گەرمی بۆوە، ویستی بە مام هۆمەرەوە بدات. لێرەشدا قازی رێوییەکە و مام هۆمەر رزگار دەکات. مارەکەش دەکوژرێ و سزای بێ ئەمەکی و نیاز خراپی خۆی وەردەگرێت. کەواتە پاڵەوانی ئەم چیرۆکە مام (هۆمەر) ە. بێکەسی نەمر وەکو چیرۆکەشیعر دایڕشتووە، ناوی پاڵەوانەکەشی (شێرۆ) یە، رەنگە فایق بێکەس بۆ خۆشەویستی لە جیاتی ناوی (شێركو) ی کوڕی لە جیاتی ناوی مام، یا شێخ (هومه‌ر) ناوی شێرۆی داناوە. فریاڕەس و قازییەکەشی باوکی شێرۆیە. ئەمەش شتێکی ئاساییە و لە چیرۆکی گەلانی جیهانیشدا، نووسەران چیرۆکێ فۆلکلۆرییان، بە چەند دەقێکی جیاواز نووسیون. بەڵام دەقەکەی فایق بێکەس و دوو دەقەکەی تریش، هەر هەمان ناوەڕۆکیان هەیە. بەدکاریش هەر مارەکەیە، هەمان مەبەستیش دەدەن بە دەستەوە.
مەبەستی ئەم چیرۆکەشیعرە ئەوەیە: نابێ مرۆڤی دڵپاک و چاکەخواز و خۆشباوەڕ و سۆزدار و بە بەزەیی، هێندە بڕوا بە مرۆڤی بەدکار و نیاز گڵاو و نەیار و بێ ئەمەک بکا و بەزەیی پێدا بێتەوە، گەر لە تەنگانەشدا بوو. چونکە ئەو کەسە بەدخووانە کە کەوتە شێنەیی، لە جیاتی سوپاس و پێزانین و پاداشت، بە خراپە و ناپیاوی وەڵامی چاکە و پیاوەتی دەدەنەوە. گەرچی کورد دەڵێ:”هەر چاکە چاکە” ئێمەی کورد لە پاڵ ئەم دروشمەدا زۆر زیانمان لێکەوتووە، دوژمنانی گەلەکەمان، لە کاتی لاوازییان و تەنگانەیاندا، هەمیشە دڵپاکی و خۆشبڕوایی کوردیان قۆستۆنەتەوە. کە کەوتوونەتە شێنەیی و بەهێزبوونە، گەورەترین زیان و زەبر و تاوانیان دەرحەق بە کورد کردوون. بە نامەردی و ناپیاوەتی، پاداشتی پیاوەتی کوردیان داونەتەوە.. بە دەیان نموونەمان لەم بارەیەوە هەیە.
وا دیارە نووسەری رەوانشاد، مامۆستا (مسته‌فا نه‌ریمان) ئاگای لەوە نەبووبێت، کە بێکەس ئەو چیرۆکەشیعرەی نووسیوە. مامۆستا نەریمانیش هەر هەمان چیرۆکی بە چیرۆکەشیعر هۆنیوەتەوە، لە ژمارە (٤)ی گۆڤاری (ده‌نگی گێتی تازه‌) بەرگی پێنجەم، ساڵی سێیەم، لە (١٩٤٦) بە ناونیشانی (رۆڵە: چاکە بۆ نەیار مەکە) بڵاوی کردۆتەوە.
ئەمە چەند دێڕێکە، لە چیرۆکەشیعرەکەی مامۆستا مستەفا نەریمان:
مـارێـــکـی مـەلـعــــوون لـە رۆژێ سـەردا
پـەپـکـەی خـۆی دابـوو لـە دەشـت و دەردا
رێکـەوت مـنـداڵـــێـک لـەوێــوە رۆیـشـــت
کـە چـاوی پـێکـەوت کەمێ لـەلای نیـشـــت
گـرتـیـــە بـاوەشـی گـــەڕاوە بـۆ مــــــــــاڵ
خـسـتـیـە لای ئـاگـر گـەرمی کـرد بە حـــاڵ
مامۆستا نەریمانیش، کۆتایی چیرۆکەشیعرەکەی، هەر بەو مەبەستە کۆتایی پێدەهێنێت، کە سپڵە و خراپەکار کە لێرە (مارەکەیە) نرخی بەدکاری و بێ ئەمەکی خۆی وەردەگرێ و تیادەچێت. مەبەستیش وریاکردنەوەی منداڵانە کە بە ئاگابن لە کەسانی چاکە پێنەزان.
بەڵام پێویستە ئاماژەش بەو راستییەش بدەین، کە هەمان چیرۆک، بە هەمان کۆتایی و مەبەست، یەکێکە لە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی (ئێزوپ: ٦٢٠ـ ٥٦٤ پ. ز) ی یۆنانی بە ناوی (جووتیار و مار) ەوەیە. کەڵە ئەفسانەنووسی فەرەنسیش (جان دی لاڤـۆنتین: ١٦٢١ـ ١٦٩٥) ی لە ئێزوپەوە وەری گرتووە و بە چیرۆکەشیعر دایڕشتووە. ژمارە (١٤٩) یە لە چیرۆکەشیعرەکانی لاڤـۆنتین.
میری شاعیرانی عەرەبیش (ئەحمەد شەوقی : ١٨٦٨ ـ ١٩٣٢) کە بە رەسەن کوردە. زۆر سەرسامی چیرۆکەشیعرەکانی (لاڤـۆنتین) بووە و کاری تێکردوون. بەشی هەرە زۆری چیرۆکەشیعرەکانی بۆ منداڵان، لە لاڤـۆنتینەوە وەریگرتوون. بە زمانی عەرەبی بە چیرۆکەشیعرەوە بۆ منداڵانی عەرەبی هۆنیونەتەوە.
تەمەعـکاری
دوو پـشــــیـلـەی جـــووت و رێــــک
هـەســـــتـان و چــــــوونـە جـێـيــەک
بـۆ دزیـــنـی ســـــەلـکـێ پـەنـــــــیـر
کـوتـنـــــە پـیــــــلان و تـەدبـــــــــیـر
وەخــــــتـێ تـەدبــــیـر رێـک خــــــرا
شــــــــوێـن و رێــگــــــــــا دانـــــــرا
چـــــــــوونـە ســــــەری دوو بە دوو
پـەنـــــــیـریـان دەسگـــــــیـر بـــــوو
بـۆ تـەمــــــــــــاع و بـەشـــــــی زۆر
لـێـــیـان بــوو بـە شــــەڕ و شـــــۆڕ
تــــــێـر و پـــــڕ لـە یـەکـیـــــــــان دا
تـاکــــــو هـــــــــێـزیـان لــێ بــــــــڕا
کـــاتـێ تــــەواو مـانــــدوو بــــــوون
شـەرعــیـان بــردە لای مەیـمـــــوون
وتـیـــان ئـەتـکـەیـنـــــــە قــــــــــازی
هــەردووکـــــــــمـان بـکــــــــە رازی
مـەیـمــــوون هـەســـتـا زوو بـە زوو
هـێـنــــــایـە پـێـــــــش تـــــــــەرازوو
پـەنـیـــــــری لـەتــــــــــکـرد بــە دەم
بـەشــــــێ زۆر و بـەشــــــێ کــــــەم
خـستـیـە ئـەم ســەر و ئـەو ســـەری
تـەرازووەکـــــــــەی هـەڵـــــــــــبـڕی
دەســـــتـی کـــــرد بـە کـــــــێـشــانـی
لایــــــــــەک گــــــــرانـی هـــــــــانـی
مـەیـمــــوون قـەپـــــاڵـی لێ گـــــرت
تـا بـە جــــــــارێ کــــــەلـی کـــــــرد
ئـەمـجـا بـچــووک بـوو ســەرکـەوت
ئـــەوەی تـریـشـــــــــــــیـان داکـەوت
لــەم پـاروویـــــەک لـــەو پـــــــاروو
تـا پـەنــــیـری خــــوارد هـەمـــــــوو
پـشــــــیـلـەکــان بـەبــێ بــــــــــــەش
مـانـــــــەوە مــــــــــــات و رووڕەش
خـۆڵاســـــــــەی ئـەم قــســــــــــــانـە
تـەمـاعـــــــــــکـار پـەشــــــــــیـمـانە
ئــەوی بــــــــــەد و نـاڕێـــــــــــــکـە
بـە دڵ نـەفـــــــــرەتـی لـێــــــــــــکـە
بێکەس لە دوو دێڕی کۆتایی ئەم چیرۆکەشیعرەشدا، مەبەستەکەی و پەندوەرگرتنی بە جوانی دیاری کردووە. خۆزگە وشەی (دزی) ی تێدا نەبوایە، چونکە وشەگەلێکی وەک (دزی، درۆی کرد، فێڵێ کرد، کوشتی، هەڵیخەڵەتاند،…) لە ئەدەبی منداڵاندا، بە وشەی نەرێنی دەزانرێن. گەرچی ئەم وشانە رۆژانە لەناو خەڵکیدا بەکاری دەهـێینن و ئاساییە بە لایانەوە.. بەڵام با منداڵان لە منداڵییەوە فێری ئەم وشانە نەبن و پێیان ئاشنا نەبن.
لە چەند دەقێکی ئینگلیزیدا، لە جیاتی وشەی دزی (ده‌ستیان كه‌وت) یا (دۆزیانه‌وه‌) وە، لە بری (دزی) بەکارهێنراون. هەر لە هەندێ دەقی ئینگلیزیدا لە باتی (سەلکێ پەنیر) یش (نانێك) یا (كێكێك) نووسراوە. لە جیاتی بوو به‌ (شه‌ڕیان) (بوو بە هەرایان) یا بوو بە (ناخۆشیان) یا (رێکنەکەوتن) بەکارهێنراون. بەڵام هەمان کۆتایی و مەبەستیان داوە بە دەستەوە. کە ناکۆکی و مشتومڕ و رێنەکەوتن و نەسازان گەمژەییەوە. زیان و پەشیمانی و رووڕەشییان بە دواوەیە. پەشیمانیش بێ سوودە. لایەنی سێیەمیش لەم ناکۆکی و شەڕانە سوود وەردەگرێت.. هەر وەکو چۆن مەیموونەکە کە لایەنی سێیەمە سوودی لە ناکۆکی و رێنەکەوتنی دوو پشیلەکە وەرگرت و سەلکە پەنیرەکەیانی خوارد.
ئەم چیرۆکە یەکێکە لە چیرۆکەکانی ئەفسانەنووسی جیهانی بۆ منداڵان (لاڤـونتین)ە. بەڵام بێکەس بە چیژێکی کوردی و بە شێوازێکی ناسکتر لە لاڤۆنتین دایڕشتووە.

ئایا پێتان وا نییە، کە هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی باشووری کوردستان، وەکو دوو پشیلە دزەکەی سەلکە پەنیرەکەی ئەم چیرۆکەشیعرە نین..؟؟ کە سامانی گەلەکەمانیان دزیون و لەسەر دابەشکردنی مشتومڕ و شەڕ و شۆڕیانە؟ داگیرکەرانی کوردستانیان کردوون بە قازی بە ناوبژیکەری خۆیان! کە ( تورکیا و ئیران و عێراق) ن، ئەوان سەلکە پەنیرە دزراوەکەیان دەخۆن، واتا سامانی دزراوی گەلەکەمان، لە سایەی نۆکەری و خۆدانە پاڵی تورکیا و ئێران و عێراق. سامانی باشووری کوردستان، بە تاڵانی دەبەن و دەیخۆن. رووڕەشیش بۆ هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە ماوەتەوە و دەمێنێتەوە.. گوێشیان لە برسێتی و کوێرەوەری و ژیانی سەختی گەلەکەمان نییە.
شوان و مەڕەکانی
شـوان:
مـەڕەکـــــــانـم چــــەنـد جـــــــــوانـن
چـەنـد بـە کـەڵـک و بـەسـەزمــــانـن
بـــڕۆن.. بـــڕۆن.. بـۆ ئـــەو لایـــــە
زۆر لـــــەوەڕی چــــــاکـی تـیـــــایـە
مـەڕوکـان:
لــوورەی گــورگێ دێـتــە گـوێـمـــان
نـزیـــک کـەوتـۆتــــەوە لـێــــــــمـان
ئـەگـەر تـۆ زوو نـەگــەی پـێـــــمـان
ئـەو بـەدخــــووە دێـتــــە رێــــــمـان
شـوان:
لـە لــوورەی ئـەو هـیــچ مـەتـرســن
ئـەگـــەر لــەو گـــــورگـە ئـەپــرســن
وا رای کــــرد و مــــلـی شــــــــکـان
“بـازە”ی دی، رۆیـی و تـێی تـەقـان
مـەڕەکـان:
بـەهـــــارمـان هـــەر بـۆ بـمــــــێـنـێ
خــودا تـۆمــــــــان لـێ نـەســــــێـنـێ
لـە چـــاکـەی تـۆ هــەر دەرنـاچــــیـن
هـەتـــا مــــردن گـــــەردن کـەچــــین
شـوان:
تـاریـــکی داهـــــات و شـــــــــــــەوە
جـا نـۆرەی دۆشـین و خـــــــــــــەوە
ئـەوا ئـەمـڕۆشـــــمـان تـێـــــــپـەڕان
بـچـیـــــــنـەوە بـۆ دێـکـەمــــــــــــان
ئەم ئۆپەریتەشیعرەی فایق بێکەس بۆ منداڵانی قۆناغی باخچەی منداڵان و بو قۆناغی سەرەتاییش لەبارە، ئۆپەرێتێکی کورت و سووک و ئاسانە. منداڵانی کوردمان دەتوانن بە ئاسانی لەبەری بکەن. دەشتوان بە کۆمەڵ ئەم ئۆپەرێتە بکەن بە یارییەکی خۆش. گورگ هێمایە بۆ هاری و زورداری و چاوچنۆکی.. یا مەبەست لە گورگ، دەسەڵاتی زۆردار و ستەمکارە. مەڕيش هێمایە بۆ گەلێکی ژێردەستەی بێ دەسەڵات. کە لەلایەن دەسەڵاتداری زۆردار و ستەمکارەوە سەرکوت و دەمکوت دەکرێ و دەچەوسێنرێتەوە.
فایق بێکەس لە پەرتووکی (القراءة المصورة : خوێندنه‌وه‌ی وێنه‌دار) ئەم ئۆپەرێتەی وەرگرتووە. بەڵام بە تام و چێژێکی کوردییەوە، لە زمانی عەرەبییەوە، وەرگیڕاوە بۆ سەر زمانی کوردیمان. هێندە جوانی هۆنیوەتەوە، هەست بەوە ناکرێت کە وەرگێڕاوبێ.

(*) سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
١ـ دیـوانی فایـق بێکەس.. محەمەدی مەلا کەریـم.. چاپی دووەم.. سلـێمانی.. ٢٠١١
٢ـ بدایات القصة الشعریة في ادب الاطفال وتطورهـا.. دکتورە طاهـرە داخـل طاهـر.
٣ـ چاوپێخـشانێک بە مێـژووی ئەدەبی منـداڵان.. رەزا شـوان.. کەرکـووک.. ٢٠١٥
٤ـ ئەدەبی منداڵان لە گۆڤاری گەلاوێژ. ئەحمەد سەید عەلی بەرزنجی. سلێمانی ٢٠١٠

رەزا شوان
نەرویـج: ٩/ یوونی/٢٠٢٠




چیرۆك بۆ منداڵان: چۆن سێ پشیله‌كه ‌چوون بۆ سه‌ردانی نه‌نه‌پیره‌؟**یوری یارماش وه‌رگێران له‌ روسییه‌وه‌ : ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

سێ پیشله‌ نێره‌ پێكه‌وه‌ ده‌ژیان، گه‌وره‌كه‌یان ناوی میاوبوو ، ناونجییه‌كه‌ مورو بچكۆله‌كه‌ ششه‌.
نه‌نه‌پیره‌یه‌كی ناسراو له‌ مالێكی ئه‌و به‌ری شه‌قامه‌كه‌ ده‌ژیا، پشیله‌كانی بۆ نانخواردنی نیوه‌رۆ بانگهێشت كرد، ئه‌و رۆژه‌ هه‌تاوو رووناك بوو ،پشیله‌كان به‌رانبه‌ر به‌ ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی نه‌نه‌پیره‌دانیشتن ، چاوه‌روانی كاتی نانخواردن بوون ، میاو پشیله‌ گه‌وره‌كه‌ی ناویان وتی :

با پێكه‌وه‌ بچینه‌ ناو شه‌قامه‌كه‌ ، ئۆتۆمبیل زۆره‌ ، یه‌كه‌مجار من ده‌رۆم ، گه‌یشته‌ لای ده‌رگاكه‌و ، له‌ بن ده‌رگاكه‌ سه‌ری برده‌ ژووره‌وه‌و ، یه‌كسه‌ر به‌ په‌له‌ به‌ره‌و دووا گه‌رایه‌وه‌.

م …میاو! ئۆتۆمبێل نییه‌ ، ئۆتۆمبێل نییه‌ ، به‌ڵام له‌ناو كه‌پره‌كه‌ی نه‌نه‌پیره‌ سه‌گێكی دڕر هه‌یه‌ !.

ئه‌مجاره‌یان مورر چوو ، له‌ ژێر ده‌رگاكه‌وه‌ به‌ وریایی سه‌یری سه‌گه‌كه‌ی كرد بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت چۆن سه‌گێكه‌و ، چۆن چۆنی به‌ملاو به‌ولادا باز ده‌دات.

مور ر ر رر! به‌ بۆچوونی منیش ، وه‌ك میاویش وتی ئه‌و سه‌گه‌ دررو هاره‌.

پشیله‌ پچكۆله‌كه‌ ششه‌ ته‌نها لووتی له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌ ده‌برده‌ ده‌ره‌وه‌و ، له‌ سه‌رخۆ به‌ گۆی ئه‌واندا ده‌یچرپاند :

شش – ش- ش! منیش وه‌ك ئێوه‌ ده‌ترسم ، تا ئێستا له‌ هیچ لایه‌ك ، له‌ هیچ جێیه‌ك سه‌گی وازلم نه‌دیوه‌.
له‌ ترساندا چاوه‌كانی داخست و ، به‌ هیچ جۆرێك نه‌یتوانی بجولێته‌وه‌ ، تا ئه‌و دیمه‌نه‌ له‌ ژێر درگاكه‌دا دێته‌ به‌ر چاوت و، كتوپر بۆی راكشا.
هه‌تاوه‌كه‌ ئه‌و ناوه‌ی گه‌رمتر ده‌كرد.
نه‌نه‌پیره‌ چاوه‌روان بوو.
چێشته‌كه‌ ، دیاره‌ ده‌مێكه‌ ساردبووه‌ته‌وه‌….

دووره‌ ئه‌و سه‌گه‌ به‌و جۆره‌ بێت ، پیشله‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌ی وت و ، له‌ ته‌نیشت ده‌رگاكه‌وه‌ ده‌یمیاواند.

دیاره‌ به‌و چه‌شنه‌ش گه‌وره‌ نییه‌ ، پیشیله‌ ناونجییه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌.

پشیله‌ بچكۆله‌كه‌ ششه‌ پرسیاری كردو وتی : ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ دررو ، به‌و چه‌شنه‌ش گه‌وره‌و ، هه‌روا ترسناكیش نا‌بێت !، لێره‌دا چاوێكی به‌ ئاسته‌م كرده‌وه‌و ، پاشان چاوه‌كه‌ی تریشی كرده‌وه‌و ، به‌ سه‌رسومانه‌وه‌ وتی : به‌ڵێ، گه‌ر ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ راست بن ، ئه‌و سه‌گه‌ وه‌ك بووكه‌شووشه‌ وایه‌ !.

مورر ته‌كانێكیدا . ده‌رگاكه‌ی به‌جێهێشت و وتی :

راسته‌، وه‌ك بووكه‌شووشه‌ وایه‌ ! كه‌ وابوو زۆر ترسناكیش نییه‌!.

پشیله‌ گه‌وره‌گه‌ میاو به‌ره‌و لای ده‌رگاكه‌ چوو، ده‌ستی كرد به‌ مۆره‌مۆرو ، میاو میاوو هاواركردن : ترسناك نییه‌. دررو هار نییه‌ ، وا دیاره‌ تووتكه‌یه‌ !.

هه‌ر هه‌موویان به‌راكردن چوونه‌ ناو شه‌قامه‌كه‌و، خۆیان گه‌یانده‌ كه‌پره‌كه‌ی نه‌نه‌پیره‌و، له‌وێدا چاویان به‌ تووتكه‌یه‌كی بچكۆله‌ كه‌وت. تووتكه‌كه‌ كلكی له‌قانده‌وه‌ بۆ دۆستایه‌تی و به‌خێرهاتنیان.
نه‌نه‌پیره‌ له‌ سه‌ر ته‌ختێك دانیشتبوو، له‌ پێش خۆیداو، له‌ناو قاپێكدا گۆشتی كوڵاوی دانابوو ، نه‌نه‌پیره‌ هه‌رسێ پشیله‌كه‌و تووتكه‌كه‌ی بۆ نانخواردن بانككرد.

10/6/2020

تێبینی :
Юрий Ярмаш – Как трое котят к бабушке в гости ходили*

Ярмыш Юрий Феодосиевич (Ярмиш Юрій Феодосійович) — украинский детский писатель,
**یوری یارماش فێودوسیڤیچ ــ نووسه‌رێكی ئۆكرانییه‌‌ ( ئۆكراینا) چیرۆك بۆ منداڵان ده‌نووسێت ـ له‌ 25/5/1935 له‌ دایكبووه‌و له‌ 23/10/2013 كۆچی دووایی كردوه‌.




منی منداڵ … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

دایە گــیان منی مــــــنداڵ
بابە گیان منی مـــــــنداڵ
مافی خۆمە سەربەســت بم
ئاســـــــوودە بژیم لە ماڵ

کاری قورســـم پێ مەکەن
لە خوێندنیش دوام مەخەن
بۆ مەبەستێکی خـــــۆتان
منداڵیم لێ تێک مـــەدەن

چـــــــونکە دنیای منداڵی
خۆشـــــترین کاتە لە ژین
با بە ئارەزووی خــــۆمان
ئەو خۆشی یە بچــــێژین

کاتێک پرسیارێک دەکەم
بۆئەوەیە تێ بگــــــــەم
بە ڕووما ھەڵمەشـــاخێن
وەڵامــەکـــــەم پێ بڵَێن

ئەگەر ڕۆژێک لــە ڕۆژان
داوای شتم کــــرد لێتان
تواناتان نەبوو بیکـەن
قەت بەڵێنم پێ مەدەن

٢٠٠٠/٧/١٨




نەشمیلە … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

نەشمیلە و شیرین شێوەم
جێگـەی سەرنجی ئێوەم
کە دەمبینن بەجـــارێ
خەندە و خۆشی دەبـارێ
بۆ بابـە و دایـە گیانم
ھیوای بــــەرزی ژیانم
بۆ بابـە و دایـە گەورەم
ھۆی ئاسودەیی و خەندەم
….
٢٠/٥/٢٠٢٠




ڕۆژی ژینگە … ڕۆستەم خامۆش

ڕۆژی ژیـنــگــەیــە ئــەمـڕۆ
دڵـخـۆشــیـن ئـێـمــەی زارۆ

ڕۆژی جـیــهـانــیـی ژیـنـگـە
پێنجی شـەشـە و گریـنـگـە

هـەمـــوو پێـکـڕا دەبـێـژیـن
ئـێــمــە ژیـنـگــەپـــارێـزیـن

پــاراســتـنـی ژیـنـگــەمــان
ئـەرکە لەسەر هـەمـوومــان

     ڕۆستەم خامۆش
    ۲٠۱۷/۷/۱۹ هەولێر



ئەدەبی تازەی منداڵان لە فەرەنسا سەریهەڵدا … رەزا شوان

لە سەدەکانی (سیانزەمین و چواردەمین) دا، لە هەموو جیهاندا، ناوەڕۆکی ئەو بابەتە ئەدەبییانەی، کە پێشکەش بە منداڵان دەکران، بریتیبوون لە: فێرکردن، لە ئامۆژگاری وشک، لە خوو و رەوشتی باش، لە رەفتاری پەسەند، لە چاکە کردن، لە تەمێ کردن، لە پێبەندبوون بە داب و نەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان، لە رێنمایی ئاینی، لە گوێدێری، لە شاسواری و ئازایەتی و لە پاڵەوانێتی.
ئەدەبی منداڵان لە سەردەمی تازەدا، وەکو ئەدەبێکی سەربەخۆی تایبەت بە منداڵان، لە (سەدەی حەڤدەمین) دا، بۆ یەکەمین جار، بەر لە هەموو وڵاتانی جیهان، بە شێوەیەکی فەرمی، لە وڵاتی فەرەنسادا سەریهەڵدا و گەشەی کرد و بەرەو پێشەوە هەنگاوی نا.
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێشکەری چەند نووسەرێکی ناسراوی فەرەنسی، کە خۆیان لە بواری نووسین بۆ منداڵان تاقیکردەوە. لەو سەردەمەدا، نووسین بۆ منداڵان شوورەیی و شەرمەزاری بوو، بۆیە نووسەرە ناسراو و بە تواناکان، روویان لە بواری نووسین بۆ منداڵان ناکرد، لە ترسی ئەوەی کە ناوبانگیان نەزڕێ و پایەی ئەدەبییان نەیاتە خوارەوە و رەخنەیان لێنەگرن و خەڵکیش توانج و پلاری ناشیرینیان لێنەگرن.
یەکەمین نووسەری ریچکەشکێنی فەرەنسی، شاعیر و چیرۆکنووسی بە توانا و بە ناوبانگ (چارلـز پیـرۆ: ١٦٢٨ـ ١٧٠٣) بوو.. کە لە ساڵی (١٦٩٧) دا، یەکەمین کۆمەڵە چیرۆکی بۆ منداڵان نووسی، لە پەرتووکێکدا، لەژێر ناوی (چیرۆکەکانی دایکە قازم) دا، چاپیکرد و بڵاوی کردەوە.. بەڵام (چارلز پیرۆ) هـێشتا ترسی لە ناوزڕاندن و لە هاتنە خوارەوەی پایەی ئەدەبی و لە رەخنە و لە لۆمەی خەڵکی مابوو.. بۆیە ناوی خۆی لەسەر پەرتووکەکەی نەنووسی، وەکو نووسەر ناوی کوڕە بچکۆلەکەی (پیرۆ دار مانکور) ی لەسەر پەرتووکەکەی نووسی.. بەڵام لە دوای مردنی، دەقی پاکنووسە ئۆرجیناڵییەکەی پەرتووکی (چیرۆکەکانی دایکە قازم) یان دۆزییەوە، کە بەدەستخەتی خودی چارلز پیرۆ نووسراوە و ناو و نازناوی خۆشی لەسەر نووسیوە.
لە چیرۆکە خۆش و بڵاوەکانی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە (جوانە نووستووەکە، ساندرێلا یا (پێڵاوە شووشەییەکەی ساندرێلا)، ریش شینەکە، کڵاوسوور (ئەم چیرۆکە لە کوردی دا بووە بە کۆڵوانە سوور)، پشیلەی چەکمە لەپێ، پەنجە باڵا، … چەندین چیرۆکی تر.
زۆربەی پاڵەوانەکانی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە، خەیاڵی و ئەفسانەیین، پێشتریش بەشێکی زۆری ئەم چیرۆک و هەقایەتانە، لەسەر زاری خەڵکیدا بوون.. بەڵام چارلز پیرۆ بە خۆرسکی، بە زمانێکی شیرین و پاراو، بە شێوازێکی هونەری و ئەدەبی ناسک و سووک و ئاسان بۆ منداڵان دایڕشتوون.. منداڵان و گەورەکانیش چێژ و خۆشییەکی زۆریان لە خوێندنەوەی ئەم چیرۆکانەی چارلز وەردەگرتن.. تا ئەو کاتە لە دەرەوەی پەرتووکەکانی خوێندنەوەی قوتابخانەدا، هیچ پەرتووکێکی تر نەبوون، کە منداڵان بیانخوێننەوە.. بۆیە پەرتووکی (چیرۆکەکانی دایکە قازم) بە یەکەمین پەرتووکی چاپکراوی ئەدەبی بۆ منداڵان دادەنرێت.. لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، ئەم پەرتووکەیان، وەرگێڕا بۆ سەر زۆربەی زمانەکانی گەلانی ئەوروپا و بە هەزاران دانەیان لێ چاپکرد و بڵاویان کردەوە.. ناوبانگێکی زۆری دەرکرد.
لەم چیرۆکانەی چارلز پیرۆدا، خەیاڵ زاڵە و پانتاییەکی فراوانی گرتۆتەوە، چیرۆکەکانی ململانێن، لە نێوان چاکە و خراپەدا، لە نێوان شەڕ و ئاشتی دا.. چارلـز پیرۆ بە گشتی بۆ منداڵانی نووسیون، واتە رەچاوی قۆناغەکانی منداڵی و جیاوازیەکانی تاکی منداڵانی نەکردوون، ئامانجی چارلـز ئەوە بووە، کە خۆشی و شادی بخاتە دڵی منداڵانەوە.
ناوبانگ دەرکردنی پەرتووکی (چیرۆکەکانی دایکە قازم) بوو بە هاندەر بۆ چارلز پیرۆ، بۆ ئەوەی کە کۆمەڵەی دووەمی چیرۆکەکانی بنووسێت، کە لەژێر ناوی (چیرۆک و هەقایەتەکانی رابردوو) دا، هەر لە ساڵی (١٦٩٧) دا، چاپیکرد و بڵاوی کردەوە. بەڵام لەسەر ئەم پەرتووکەیدا، وەکو نووسەر، ناو و نازناوی تەوای خۆی دانا.. لە چیرۆکە خۆشەکانی ئەم پەرتووکەی: ئەڵماس و بۆق، کەوڵی گوێدرێژ یا (شازادە هەڵهاتووەکە)، جنۆکە، گورگ، ریکی کاکۆڵدار، ویدۆی دەم بە پێکەنین،.. چەندین چیرۆکی تر.
بێجگە لە چیرۆک، شارلز پیرۆ، کۆمەڵێک هۆنراوەی شیرینیشی بۆ منداڵان نووسی.
لە دوای مردنی چارلـز، تا ماوەیەکی درێژ، هیچ نووسەرێکی تری فەرەنسی، چیرۆکی خەیاڵئامێزیان بۆ منداڵان نەنووسین.. بێجگە لەو هەوڵانەی کە هەندێ لە ژنان دایان.
چیرۆکنووس، خاتوو (لیبرتس) کۆمەڵێک چیرۆکی بۆ منداڵان نووسی، گرنگترینیان (گەنجینەی منداڵان)ە. کۆمەڵێک ژنانی نووسەریش پێکەوە و بە هاوکاری، کۆمەڵێکی زۆری چیرۆک و نەزیلە و هەقایەتی فۆلکلۆری و ئەفسانەیی و میللییان کۆکردنەوە، لەژێر ناوی (کۆمەڵەی جنۆکەکان) دا، لە (٤١) بەرگدا بڵاویان کردەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەو دوو پەرتووکەی چارلز پیرۆ مژدە و راگەیاندنی لەدایکبوونی ئەدەبی منداڵان بوو، چونکە تا ئەو کاتە لە جیهاندا ئەدەبێک نەبوو بە ناوی ئەدەبی منداڵانەوە. ئەم دوو پەرتووکەی چارلز پیرۆ، کارتێکردنێکی زۆریان لەسەر نووسین بۆ منداڵان لە ئەوروپادا هەبوو.. گەلێ لە نووسەرانی وڵاتانی ئەوروپا، چاویان لە چارلز پیرۆ کرد و ئەوانیش کەوتنە گەڕان و کۆکردنەوەی چیرۆک و هەقایەتە میللی و ئەفسانەییەکانی گەلەکانیان. لەوانەش (برایانی گریـم) لە ئەڵمانیا، (پێتەر ئاسبیورسن و یۆرگن مۆ) لە نەرویج.. چەندین نووسەری تریش.
شایانی باسیشە داهێنانی (ئامێری چاپکردن) گرنگترین و سەرەکیترین رۆڵی هەبووە لە چاپکردن و لە بلاوبوونەوەی پەرتووک دا.. بە هۆی ئامێری چاپکردنەوە، نووسەران نووسینەکانیان چاپکرد و بڵاویان کردەوە. دەتوانین بڵێین، بە داهێنانی ئامێری چاپکردن شۆڕشێکی رۆشنبیری و ئەدەبی لە ئەورۆپا و لە جیهاندا سەری هەڵدا.
نووسین بۆ منداڵان لە فەرەنسادا، تا سەدەی (هەژدەمین) هـێشتا بە تەواوی رەگ و ریشەی دانەکوتابوو.. تا فەیلەسوف و مامۆستای بەناوبانگی پەروەردەی فەرەنسی
(جان جاک رۆسۆ: ١٧١٢ـ ١٧٧٨)، رۆسۆی خاوەنی تیۆری (پەروەردەی سروشتی) لە رێی بیر و بۆچوون و زانیارییەکانی دەربارەی فێرکردن و پەروەردەکردنی منداڵان، کە لە ساڵی (١٧٦٢) دا، لە پەرتووکە بە ناوبانگەکەیدا (ئیمیل) بڵاوی کردوونەتەوە، رۆسۆ دەڵێت:” پێویستە منداڵان لە باوەشی سروشتدا پەروەردە بکرێن، هەموو جۆرە سەربەستییەکیان بۆ دابین بکرێن..” جان جاک رۆسۆ، شۆڕشێکی گەورەی لە بواری پەروەردەکردنی منداڵان دا پەرپاکرد.. سەرەڕای ئەوەی کە رەخنەیەکی زۆریان لە تێۆر و لە بیر و بۆچوونەکانی جان جاک رۆسۆ گرت.. بەڵام تیۆر و بۆچوونەکانی بوون بە بیرۆکەیەکی باش و بە رێبازێکی سەرکەوتوو، بۆ پەروەردەکاران و مامۆستایان و بۆ نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان.
گەورەترین و بە ناوبانگترین نووسەری فەرەنسی و جیهانی، لە بواری نووسین بۆ منداڵان دا، کەڵە شاعیری گەورە (جان دی لافۆنتین: ١٦٢١ـ ١٦٩٥) ە. کە لە جیهاندا بە (میری چیرۆکەشیعر و مەتەڵ و ئەفسانە بۆ منداڵان) ناسراوە.. لافۆنتین سەرجەم (٢٤٣) چیرۆکەشیعری بۆ منداڵان نووسیوە.. لە (١٢) پەرتووکدا چاپی کردوون و بڵاوکراونەتەوە.. لافۆنتین نایشارێتەوە کە سوودی لە (ئەفسانەکانی ئێسوپ) ی یۆنانی و لە چیرۆکەکانی (کلیلە و دیمنە)ی نووسەری هیندی (بەیـدەبا) وەرگرتوون.
میری شاعیرانی ئەدەبی عەرەبیش (ئەحمەد شەوقی) کە (بە رەچەڵەک کوردە و باوکی خەڵکی سلێمانییە) لە باشووری کوردستان. زۆر سەرسام و هۆگری چیرۆکەشیعرەکانی لافۆنتین بۆ منداڵان ببوو، کارتێکردنیان لەسەر چیرۆکەشیعرەکانی دا هەیە.. شەوقی کۆمەڵێک لە چیرۆکە شیعرەکانی لە چیرۆکەکە شیعرەکانی (لافۆنتین) ەوە وەرگرتوون. بە زمانی عەرەبی هەر بە چیرۆکەشیعرەوە، بۆ منداڵانی عەرەبی داڕشتوون. نووسەری روسیش (ئیـڤان کرایلۆڤ) و نووسەری پۆڵەندیش (ئیگناسی کراسیسکی) سەرسامی چیرۆکەشیعرەکانی لاڤۆنتین بوون و سوودیان لە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی وەرگرتوون.
لە شاعیرانی کوردیشمان، پیرەمێردی نەمر و فایق بێکەس و هەژار موکریانی، چەند چیرۆکەشیعرێکی (لافۆنتین) یان وەرگرتوون، دەشێش لە ئەحمەد شەوقی یەوە وەریان گرتووبن.. بەڵام ئەو سێ شاعیرەمان ئەو چیرۆکەشیعرانەیان، بۆ منداڵانی کوردمان بە زمان و بە شێوازێکی هێندە شیرینی کوردی، بە چێژێکی کوردی ئەوتۆ دایان رشتوون، کە زۆر لە دەقەکانی لافۆنتین و لەوانەی ئەحمەد شەوقیش زۆر خۆشتر و بە چێژترن. لەوانەش (رێوی و کەڵەشێر، قەلەباچکە و باخەوان: پیرەمێرد)، (دوو پشیلە و سەلکە پەنيرێک، جووتێ مراوی کیسەڵێک: فایـق بێکەس)، (کۆبوونەوەی مشکان: هـەژار).

زۆر لە خوێنەران چیرۆکەشیعرەکەی پیرەمێرد (رێوی و کەڵەشێر) یان لەبیرچۆتەوە، یا نایزانن، بۆیە بە پێویستم زانی کە لێرەدا بینووسمەوە، تا بۆ منداڵەکانیان بیخوێننەوە:
رۆژێ مـــام رێـوی دەهـــات
دەم بـە وێــرد و ســـەڵەوات
دوایـی دەیـــوت بـە ئـــــاواز
لـەعـنەتی خـوا لـە فـێـڵـبــاز
دنـیــا هـێـنـدەی پـێ نــــاوێ
هــــەژارێ بـخـەیـتـــە داوێ
عـومـرێـــکـە دێــت و دەڕوا
وا چــاکە روو بکـەیـنە خـوا
ئــاخ رۆژێ بـەیــــانــی زوو
گوێم لە دەنگی بانگ دەبـوو
خـــۆزگە بـۆ کـەڵـەشــــێـرێ
بـەیـــانـیان بانـگ بـدێـــــرێ
نـاردی بـۆ لای کـەڵـەشـــێـر
دانـی بـۆ دەڕژێــــنـم تـــــێـر
ئـەو بـێ بـانـگــــم بـۆ بـــــدا
مـن دەبـمــە پـیــــاوی خــودا
کـەڵـەشــێـر بـە راســـپـێـری
وتـی بــەم فـێـــــڵـە فــــێـری
بــەڵام بـــاب و بـاپـیـرمــــان
ئـەوی خـسـتـۆتە بـیـرمــــان
رێـــوی بـە فـێــڵ نـاوەسـتـێ
مـەگــەر تـەڵـە پـێی بەســتێ
بۆ یەکەمین جاریش لە فەرەنسا و لە هەموو جیهاندا، لە لایەن نووسەرێکی گەورەی تری فەرەنسییەوە، کە بە نازناوی (هاوڕێی منداڵان) خۆی ناساندووە، لەساڵی (١٧٤٦ ـ ١٧٩١) یەکەمین رۆژنامەی لەژێر ناوی (هـاوڕێی منداڵان) دا بۆ منداڵان دەرکرد. واتە هەر بە نازناوەکەی خۆیەوە دەری کرد.. سەرنووسەری ئەم رۆژنامەیە (هاوڕێی منداڵان)، بە زمانێکی شیرین و ناسک و ئاسان، بابەتەکانی نووسینەکانی دەنووسین. ئەم رۆژنامەیە سوود و خۆشی و چێژێکی زۆری بە منداڵان دەبەخشین.. لە هەمان کاتیشدا، تەوژمێکی باشیشی بە گەشەکردن و بە پێشکەوتنی (ئەدەبی منداڵان) لە فەرەنسادا بەخشی.
نووسەر و رۆژهەڵاتناسی فەرەنسی بەناوبانگیش (ئەنتـوان گالان)، لە نێوان ساڵانی (١٧٠٤ـ ١٧١٦) دا، چیرۆکەکانی (هەزار و یەک شەو) بە عەرەبی (الف لیلە ولیلە) ئەنتوان لە زمانی عەربییەوە وەرگێڕان بۆ سەر زمانی فەرەنسی و لە (١٢) بەرگـدا چاپیکرد و بڵاوی کردنەوە.. وەرگێڕانی (هەزار و یەک شەو) بووە هۆی ناوبانگ دەرکردنی ئەنتوان گالان و دەستخۆشیش لە فەرەنسا کرا.. هەر لەم دەقە وەرگێڕانە فەرەنسییەوە، (هەزار و یەک شەو) یان، بۆ سەر چەندین زمانی تری گەلان وەرگێڕان.
ئەنتوان گالان بێجگە لە (هەزار و یەک شەو) کۆمەڵێکیش لە هەقایەت و ئەفسانەکانی هیندی، لە نووسینی نووسەری بە ناوبانگ (بەیدەبا) وەرگێڕایە سەر زمانی فەرەنسی.
(ئەنتوان دو سانت ئێکسۆپیری:١٩٠٠ـ ١٩٤٤) نووسەر و فـڕۆکەوانێکی جەنگی بوو لە هێزی ئاسمانی فەرەنسادا، چەند چیرۆکێکی خۆشی و بە ناوبانگی بۆ منداڵان نووسی لەوانەش چیرۆکی (شازادە بچکۆلەکە) کە بە شاکارێک و بە یەکێک لە چیرۆکە هەرە بەناوبانگەکانی جیهانی بۆ منداڵان دادەنرێت.. ئەم چیرۆکە وەریان گێڕاوە بۆ سەر (٢٧٠) زمانی جیاوازی گەلان و (٧٥) ملێون دانە لەم پەرتووکە لە جیهاندا، لێی فرۆشراوە.. بێجگە لەم چیرۆکە، ئەنتوان ئیکسۆپیری، چەند چیرۆکێکی تریشی بۆ منداڵان نووسی، لەوانەش (زەویی پیاوان) و (فـڕۆکەوانی جەنگ).
ئەنتوان ئیکسۆپیری، لە کارێکی فڕۆکەوانیدا، بە فڕۆکەکەیەوە کەوتە ناو دەریا، لە دوای چل و چوار ساڵ، لە (١٩٨٨) دا، لە رۆخی مارسیلیا، تەرمەکەی دۆزرایەوە.
(جـۆن ڤـێرنا: ١٨٢٨ـ ١٩٠٩) نووسەرێکی ناسراوی تری فەرەنسییە، کۆمەڵێک چیرۆکی خەیاڵی زانستی بۆ منداڵان نووسیون، لەوانەش: (لە زەوییەوە بۆ ئاسمان)، (گەڕان بە دوای جیهان لە هەشت رۆژدا)، (بیست هەزار فەرسەخ لەژێر زەوییەوە).

رەزا شوان
نەرویج: ١٧/مای/ ٢٠٢٠




شیعری مناڵان/ زمانی دایک … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

زمانەکـــەم کـــوردییە و
شانازیی پێوە دەکــــــەم
ئەو باشترین بەڵگــــەیە
دەیسەلمێنێ کــە من ھەم
……
بۆ پێشخستنی وزمــــان
ھەمیشە لــــە ھەوڵدام
وەک چــاوم خۆشمدەوێت
ھێندە شیرینە لــــەلام
…….
پارێزگـــــاری کردنی
ئــــەرکی درشت و وردە
چونکە زمــــانی دایک
ناسنامەی ئێمەی کوردە

٢٣/٢/٢٠١٩




گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر مەریوان سەڵاح حیلمی

مه‌ریوان سه‌لاح حیلمی:
ئه‌ده‌بیاتی منداڵان بریتیه‌ له‌ بابه‌تی فره‌ جۆر و فره‌ ڕه‌هه‌ند

بـۆ زیاتر بـایـه‌خ و گرنگیدان به‌بواری‌ په‌روه‌رده‌ و ئه‌ده‌بیاتی منداڵان، وه‌ ئـاوڕدانـه‌وه‌ لـه‌ كـه‌سایه‌تییه‌كـانـی ئـه‌و بـواره‌‌، بـه‌ پێـویـسـتـمان زانـی ئـه‌م دیـمـانـه‌یـه‌ لـه‌گـه‌ڵ به‌ڕێز”م. مه‌ریوان سه‌لاح حیلمی” ی نووسه‌ری بواری په‌روه‌رده‌ ساز بده‌ین.

سازدانی: ڕۆسته‌م خامۆش

پرسیار: ئه‌ده‌بیاتی منداڵان چیه‌و وه‌ به‌ڕێزت چۆن پێناسه‌ی ده‌كه‌یت؟

وه‌ڵام: ئه‌ده‌بیاتی منداڵان بریتیه‌ لـه‌ بابه‌تـی فـره‌ جۆر و فـره‌ ڕه‌هه‌ند، وه‌جۆرێكه‌ له‌ چالاكیی ئه‌ده‌بیی و هونه‌ریی و هزری، كه‌ بۆ منداڵ ده‌نووسرێ. ئه‌ده‌بیاتی منداڵان بریتیه‌ له‌و ئه‌ده‌به‌ی، كـه‌ تایبه‌ت بـۆ منداڵ ده‌نووسرێ بـۆ ئه‌وه‌ی جیهان بدۆزنه‌وه‌و له‌ منداڵیدا هۆشیارتربن و له‌ گه‌وره‌ییدا هه‌وڵی گۆڕینی بده‌ن.

پرسیار: کێن ئەوانەی دەبێ بۆ منداڵان بنووسن، یان هەموو شاعیر و نووسەرێک دەتوانێ بۆ منداڵان بنووسێ؟

وه‌ڵام: ئه‌وانه‌ی بۆ مناڵ ده‌نووسن:
1ـ ئه‌گه‌ر له‌بـواری په‌روه‌رده‌دا كاربكه‌ن.
2ـ ئـه‌گـه‌ر خـۆیــان منـاڵـیـــان هــه‌بـێـت.
ئه‌وا زۆر باشتره‌، به‌ڵام ئه‌و دوو خاڵه‌ مه‌رج نین بۆ ئه‌وه‌ی شاعیر، یان چیرۆكنووس، یان… هتد سه‌ركه‌وتن له‌بواره‌كه‌دا به‌ده‌ستبهێنن، ئێمه‌ نمونه‌مان هه‌یه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌، وه‌ك: “له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ” نه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌دا كاری كردووه‌و نه‌ منداڵیشی هه‌یه‌، كه‌چی یه‌كێكه‌ له‌ شاعیره‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی بواری مناڵان و په‌روه‌رده‌، هه‌روه‌ها “كاكه‌ی فه‌لاح “مان هه‌یه،‌ كه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌دا كاری نه‌كردووه،‌ به‌ڵام شاعیرێكی سه‌ركه‌وتووی بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵانه‌.
به‌كورتی ده‌بێت شاعیری بواری مناڵان رۆشنبیرییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بێت له‌وبواره‌دا، هه‌میشه‌ چاودێر و خوێنه‌رێكی وردی بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵان بێت، به‌تایبه‌تی و ئه‌ده‌بیات به‌گشتی، واته‌ ته‌نیا به‌هره‌ی شاعیریی به‌س نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێت ئاگای له‌ هه‌ستیاریی قۆناغه‌كانی منداڵیی هه‌بێت.
ئه‌ڵبه‌ته‌ هه‌موو شاعیرێك و نووسه‌رێكیش ناتوانێ شیعر، یان هه‌ر به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی بۆ مناڵان بنووسێت، چونكه‌ بابه‌تی په‌روه‌رده‌ی منداڵان هه‌تا بڵێی قورس و به‌رپرسیارێتیه‌، ئه‌گه‌ر شاعیرێكی ئاسایی بابه‌تێكی خودی بۆ نمونه:‌ (ته‌نیایی) خۆی بكات به‌ شیعر و ئاسایی بێت ئه‌وا بۆ شاعیرانی بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵان ئاسان نییه،‌ كه‌ په‌لاماری هه‌موو جۆره‌ بابه‌تێكی بدات و به‌رهه‌مێكی لێ دروستبكات، شیعری بواری په‌روه‌رده‌ بریتییه‌ له‌ ئامانج، ئامانجێك پێشتر له‌رووی فیكرییه‌وه‌ له‌دایك ده‌بێت و دواتر شاعیر ده‌یخاته‌ قاڵبی شیعر، یان چیرۆك، یان هه‌ر به‌رهه‌مێكی تری ئه‌ده‌بییه‌وه‌ بێت، بۆیه‌ به‌رهه‌می بواری منداڵان به‌رپرسیارێتی قورستر و به‌ئه‌ركتره‌، چونكه‌ بۆ نمونه‌ تۆ، كه‌ شیعرێك بۆ مناڵی 6 ساڵان ده‌نووسیت كاتێ بۆ یه‌كه‌مینجار ده‌چێته‌ قوتابخانه‌، با ئه‌و مناڵه‌ شه‌ش ساڵه‌یه‌ له‌ ساڵی ئاینده‌دا بچێته‌ قۆناغێكی تر، یان ته‌مه‌نی ببێت به‌ حه‌وت ساڵیی، به‌ڵام شیعره‌كه‌ هه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ ساڵی داهاتوو مناڵی شه‌ش ساڵیی شوێنی ئه‌و ده‌گرنه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر زۆر درێژه‌ی نه‌ده‌ینێ مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی شاعیر و نووسه‌رێكی باش بێت ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ بتوانێ شیعر و بابه‌تی مناڵان بنووسێت، بۆیه‌ له‌شاعیر و نووسه‌راندا ته‌نیا چه‌ند كه‌سێك نه‌بێت زۆرینه‌یان گرنگیان به‌م بواره‌ نه‌داوه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌بواری په‌روه‌رده‌ی مناڵاندا ده‌نووسێت ده‌بێت خولیایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بێت بۆ ئه‌م ئیشه‌، واته‌ به‌ كارێكی ئاسان و كاتیی نه‌زانێت، به‌ڵكو به‌كار و ئه‌ركێكی مه‌زنی بزانێت.

پرسیار: چۆن بوو ئاوڕت لە ئەدەبیاتی منداڵان دایەوە، ئایا جگە لە لێکۆڵینەوە لەسەر شیعری منداڵان، لە بارەی چیرۆکی منداڵان و ڕۆمانی مێرمنداڵانیش نووسین و لێکۆڵینەوەت کردووە؟

وه‌ڵام: به‌ڕێزم من ئاوڕێكی ئه‌وتۆم له‌ بواری په‌روه‌رده‌دا بۆ مناڵان نه‌داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو من ئاوڕی جدیم له‌ گرنگیی په‌روه‌رده‌و كه‌مته‌رخه‌میی ده‌سه‌ڵات و نووسین و لێكۆڵێنه‌وه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی كوردی داوه‌ته‌وه‌، واته‌ من چاك ئه‌وه‌م زانیوه‌، كه‌ ته‌مه‌نی مناڵ ته‌مه‌نێكی و گرنگ و له‌ زێڕ به‌نرختره‌، وه‌ شتێك له‌گرنگی په‌روه‌رده‌ شاره‌زام، وه‌ به‌وردی چاودێری كاره‌كانی حكومه‌ت ئه‌كه‌م، كه‌ له‌دوای ساڵی 1991وه‌ تاوه‌كو ئێستا چۆن په‌روه‌رده‌ی نابووت كردووه‌، بۆیه‌ من وه‌ك تاكێك ئه‌وه‌ی، كه‌ پێم كرابێت بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی مامۆستایان و خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ و هه‌روه‌ها پێشخستنی په‌روه‌رده‌ له‌كوردستاندا ئیشم كردووه‌و سێ كتێبی لێكۆڵینه‌وه‌و ره‌خنه‌م له‌بواری په‌روه‌رده‌دا چاپكردووه‌و ده‌یان چاوپێكه‌وتنی ته‌له‌فیزیۆنی و رادیۆیی و رۆژنامه‌یی و…هتد له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامداوه‌، به‌كورتی من كه‌ بابه‌ت ئه‌نووسم بۆ دوو مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییه‌ یه‌كه‌میان هۆشیاركردنه‌وه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، كه‌ نوقمه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و دزی و دژی په‌روه‌رده‌و شتی جوانه‌، دووه‌میان بۆ ته‌مه‌نی گه‌وره‌ ئه‌نووسم، واته‌ بۆ مامۆستایان و خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ بخه‌مه‌ روو، كه‌ ره‌نگه‌ لای كه‌سێكی ساده‌ نه‌بیستراو بێت، یان ده‌ركی پێ نه‌كردبێت، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ناو چه‌قی ئیشه‌كه‌دا ده‌ژین وردتر له‌ هاوڵاتییه‌كی ئاسایی هه‌ست به‌شته‌كان ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ گرنگی زیاتر به‌ خوێندنه‌وه‌و چاودێری كردن ده‌ده‌ین، واته‌ زۆر ناچار نه‌بین، نه‌قسه‌ ده‌كه‌ین، نه‌ ده‌نوسین، ته‌نیا به‌ شێنه‌یی ده‌خوێنینه‌وه‌.
له‌باره‌ی نوسین و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵان، له‌ راستیدا ره‌خنه‌گر و نووسه‌رمان كه‌مه‌، كه‌ ئاوڕ له‌م گه‌نجینه‌یه‌ بداته‌وه‌ و بتوانێ شیكارییه‌كی گرنگ بۆ بابه‌ته‌كان بكات، بۆیه‌ من زۆرجار له‌ناچاریی، یان زۆر جار له‌ گرنگیدان به‌ده‌قێك ئه‌و كاره‌ ئه‌كه‌م، ئه‌وه‌ی من كردوومه‌ له‌م بواره‌دا بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێكه‌
یه‌كه‌میان: وه‌ك چۆن “ئه‌حمه‌دی خانی ” له‌ مه‌م و زینه‌كه‌یدا ده‌ڵێ مه‌م و زینم كردووه‌ به‌ به‌هانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی له‌دڵمدایه‌ بینوسم، منیش هه‌روه‌ها زۆرجار ده‌قێكی شیعری ده‌كه‌م به‌ به‌هانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بینوسم و خه‌ڵكی لێ ئاگاداربكه‌مه‌وه‌.
دووه‌میان: گرنگیدان به‌ شاعیره‌كه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت له‌ پێشكه‌شكردنی ده‌قی جوان بۆ مناڵان، چونكه‌ كه‌مته‌رخه‌میی هه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه،‌ بۆیه‌ ناچارین پشتی شاعیران بگرین بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌تی گرنگ پێشكه‌شی منداڵانی كورد بكه‌ن.
سێیه‌م: ئه‌گه‌ر كه‌م و كوڕییه‌ك له‌ شیعره‌كه‌دا هه‌بێت بیخه‌مه‌ روو، به‌ڵام به‌ ئه‌نقه‌ست زۆر له‌سه‌ر ئه‌مه‌ نه‌ڕۆیشتووم، چونكه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی من له‌م بواره‌دا تایبه‌ته‌ به‌ ره‌خنه‌ی راڤه‌یی، چونكه‌ ده‌مه‌وێت له‌ڕێی راڤه‌وه‌ سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕابكێشم و زیاتر مه‌به‌ست بپێكم، هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ هه‌ر ده‌رخستنی كه‌موكورتی نییه‌، به‌ڵكو خستنه‌ رووی ئه‌و جوانیانه‌یه،‌ كه‌ خوێنه‌رێكی ساده‌ هه‌ستی پێناكات، به‌كورتی ره‌خنه‌ی راڤه‌یی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رتاپای ناوه‌ڕۆكی ده‌قه‌كه‌ ده‌كات، نه‌ك یه‌ك دێڕ و دوو دێڕ.
له‌باره‌ی ره‌خنه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بواری چیرۆك و رۆمان، كورد نه‌ك بۆ مناڵان به‌ڵكو بۆ گه‌ورانیش رۆمانی كه‌مه‌ به‌ به‌راورد به‌ رۆمانی دراوسێ و جیهانییه‌كان، به‌ڵام من پێشتر بابه‌تی ره‌خنه‌ییم له‌سه‌ر شانۆ و ته‌مسیل و حه‌لقه‌ نووسیوه‌، به‌ڵام هی مناڵان نا، به‌ڵكو هی گه‌وران، به‌ڵام بۆیه‌ گرنگیم به‌ شیعر داوه‌, چونكه‌ شیعر زیاتر ده‌توانێ بچێته‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌و كێش و مۆسیقای هه‌یه‌، به‌ڵام گرفته‌كانی ژیان به‌ به‌ربڵاوی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌داومه‌تێ، كه‌ كار له‌ سه‌ر چیرۆك و رۆمانی مناڵان بكه‌م، ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ بڵێم نایكه‌م.

پرسیار: لە هه‌ندێ له‌ لێکۆڵینەوەکانتدا، گرنگیت بە شیعری پەروەردەیی منداڵان داوە، ئەمەیان بۆچی؟

وەڵام: ئه‌وه‌ی كه‌ زیاتر گرنگیم پێداوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌و ره‌خنه‌یه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌دا، واته‌ نوسینه‌كانی من به‌پله‌ی یه‌كه‌م ره‌خنه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌دا، نه‌ك له‌ڕێی ده‌قێكی شیعرییه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ 30 ساڵی رابردوودا گرنگیم به‌ گه‌لێ بابه‌ت داوه‌ وه‌كو: مافه‌كانی ژن، كه‌ ره‌نگه‌ زیاتر له‌ 100 گۆشه‌م له‌سه‌ر نووسیبێت، هه‌روه‌ها بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سیاسییه‌كان، هه‌روه‌ها بابه‌تی زمانه‌وانیی و فۆلكلۆریش، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ كه‌مێك مایه‌ی پێكه‌نین بێت، به‌ڵام راستیت بوێ ناچاریی وه‌های لێكردووم، كه‌ ده‌ست بۆ ئه‌و هه‌موو جۆره‌ بابه‌تانه‌ به‌رم، بۆنمونه‌ چه‌ند ساڵێك له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌ك یان دووان و سیان خه‌ریكی ده‌ركردنی رۆژنامه‌ بووین، ناچاربووین فێر بین چۆن بابه‌ت دابه‌ش ده‌كه‌یت به‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كاندا، یان له‌ده‌ركردنی رۆژنامه‌دا هه‌ر ئه‌وه‌ نییه،‌ كه‌ خه‌ڵك بابه‌تت بۆ بنوسێت و تۆ بڵاوی بكه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت بۆ هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌ك، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ شتێك بۆ نمونه‌ له‌م ژماره‌یه‌دا هیچ بابه‌تێكت بۆ نه‌هاتووه‌ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی په‌روه‌رده‌ ده‌بێت خۆت حازری بكه‌یت، ئیتر ئایا چاوپێكه‌وتن بێت، یان ریپۆرتاژ، یان وتار، یان ته‌كلیف له‌كه‌سێك بكه‌یت بۆت بنوسێت.
به‌ڕێزم سه‌یركه‌ ئێستاكه‌ خوێندنی ئۆنلاین ده‌ستی پێكردووه‌، ئیشی رۆژنامه‌و گۆڤار ئه‌وه‌یه‌ بێت مه‌له‌ف له‌سه‌ر ئه‌مه‌ دروستبكات، یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتن بكات، دووه‌م وتار له‌م و له‌و وه‌ربگرێت و بیخاته‌ مه‌له‌فه‌كه‌وه‌، سێیه‌م راوبۆچوونی هاوڵاتیان و خێزان وه‌ربگرێت، جا كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌، یان گۆڤاره‌كه‌ ده‌رده‌كات ده‌بێت به‌دوای ئه‌مانه‌دا بچێت، چونكه‌ ده‌ركردنی گۆڤار و ڕۆژنامه‌ وه‌ك نه‌شره‌ی مه‌كته‌ب نییه‌ هه‌ر كه‌سێ هه‌ڵسێ و شتێ هه‌ڵواسێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌من ده‌پرسیت ئایا نووسه‌ر له‌ هه‌موو بوارێكدا بنووسێت باشتره‌، یان ته‌نیا له‌بوارێكدا، ئه‌ڵبه‌ته‌ ته‌نیا له‌یه‌ك بواردا بنووسێت, واته‌ خۆی ته‌رخان بكات بۆ یه‌ك شت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت كۆنترۆڵی بكات.

پرسیار: تۆ، وەک شارەزایەکی بواری پەروەردە، پێت وایە ئەو شیعرانەی لە کتێبی خوێندنەوەی کوردی جێیان کراوەتەوە لەسەرجەم پۆلەکان، هەموویان شیعری پەروەردەیی بن؟

وەڵام: بۆ ئه‌م پرسیاره‌ ده‌بێت پیاچوونه‌وه‌یه‌كی ورد به‌ كتێبی خوێندنه‌وه‌دا بكه‌ین، وه‌ ده‌بێت په‌نجه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر كتێبی كام قۆناغ؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی من سه‌رنجم دابێت ئه‌و شیعرانه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ له‌ كتێبی خوێندندا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باشن، به‌ڵام شیعریشی تیایه‌ كه‌ وه‌ك پێویست نییه‌ و پێویسته‌ به‌ شیعری باشتر جێگه‌ی پڕبكرێته‌وه‌.

پرسیار: بەڕێزت وەک نووسەر و لێکۆڵەرێک لە بواری په‌روه‌رده‌و ئەدەبیاتی منداڵان، چۆن دەڕوانیتە ئەدەبیاتی منداڵانی کورد و لە چ ئاستێکیدا دەبینی؟

وەڵام: ئه‌ده‌بیاتی بواری منداڵان تاوه‌كو ئێستا شوێنی خۆی نه‌كردۆته‌وه‌ له‌ ناو ئه‌ده‌بیاتی كوردییدا به‌گشتی، لای من تاوه‌كو ئێستا له‌ ئاستێكی باشدا نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ كه‌ بڵێین شاعیران و نووسه‌ران هیچیان نه‌كردووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵی جوان و بابه‌تی باش هه‌یه‌، به‌س ئێمه‌ ئه‌مانه‌وێ باشتر بێت، به‌چی باش ده‌بێت؟ به‌وه‌ باش ده‌بێت كه‌ سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگا به‌ حوكمڕان و هاوڵاتییه‌وه‌ كه‌ په‌روه‌رده‌ ببێت به‌ خه‌می گشتی هه‌مووان.

پرسیار: بە دید و بۆچوونی بەڕێزت، بۆچی تا ئێستا وەک پێویست لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەدەبیاتی منداڵان نەکراوەو ئەوەی دەبینرێش زۆر کەمە؟

وەڵام: به‌ڕێزم لێكۆڵینه‌وه‌ بابه‌تێكی قورسه‌، كورد به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌متر ده‌ستی بردووه‌ بۆ شته‌ قورسه‌كان، بۆ نمونه‌ رۆمان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌ زانكۆكانی كوردستان ماسته‌ر و دكتۆرا پێبگه‌یه‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ی ورد ورد لێكۆڵینه‌وه‌ له‌بواری مناڵان گه‌شه‌بكات، واته‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌دراون هه‌وڵی تاكه‌ كه‌سیین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ گشتگیر بكرێ، ده‌بێت له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان گه‌شه‌ی پێ بدرێ بۆ ئه‌وه‌ی ئیشه‌كه‌ به‌ربڵاوبێت.

پرسیار: هەندێ لە شارەزایانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان دەڵێن: وەک پێویست ڕەخنەگرمان لەو بوارەدا نیە و هەر وەکو نەبوو وایە، بەڕای تۆ هۆکارەکەی چیە؟

وەڵام: به‌ڵێ راسته‌، وه‌ك چۆن شیعر و نووسینی بواری منداڵان له‌م بواره‌دا جێی خۆی نه‌كردۆته‌وه‌ و به‌ شتێكی ئاسان و لاوه‌كیی سه‌یر ده‌كرێ، بۆیه‌ بۆ ره‌خنه‌كه‌ش هه‌مان بۆچوون هه‌یه‌، كه‌ من لام وایه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته‌, چونكه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بێت هه‌موو شتێك واته‌ خاڵی یه‌كه‌م, كه‌ پێویسته‌ گرنگی پێبدرێ منداڵان و نوسین و دنیای منداڵانه‌، ئینجا شته‌كانی تر دێن، به‌ڵام له‌ كوردستاندا ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ ده‌بینین.

پرسیار: وەکو دەزانین کتێب لە بارەی ئەدەبیاتی منداڵان کەم نووسراوە بە زمانی کوردی، چ لە ڕووی: مێژوویی، لێکۆڵینەوە، رەخنە، یان چۆن نووسین بۆ منداڵان، یاخود هەر بابەتێکی پەیوەست بەو بوارە، کەواتە کەسێک بیەوێ خۆی شارەزا بکات، وەک پێویست سەرچاوەی دەستناکەوێ، بە ڕای بەڕێزت چارەسەر چیەو چی بکرێ باشە؟

وەڵام: نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی باست كردووه‌ بۆ زۆر شتی تر كتێبخانه‌ی كوردی لاوازه‌، بۆ نمونه‌ بواری زمانه‌وانیی، تۆ بچۆ سه‌رێك له‌ كتێبخانه‌كانی ناوبازاڕ بده‌ له‌ سلێمانی و هه‌ولێر بزانه‌ دوو كتێبی زمانه‌وانییت ده‌ستده‌كه‌وێت؟
به‌ڕێزم چاره‌سه‌ر له‌م قۆناغه‌دا نییه‌، چونكه‌ هه‌وڵه‌كان تاكه‌ كه‌سیین، هیچ هاندانێك نییه‌، چاره‌سه‌ری ئه‌م ئیشه‌ به‌ به‌رنامه‌ ده‌كرێ، بۆ نمونه‌ له‌ زانكۆ قوتابی بۆ ئاماده‌بكه‌یت، له‌ ماسته‌ر و دكتۆرا توێژه‌ری بۆ دروستبكه‌یت، هه‌روه‌ها له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی ده‌ستی ئه‌و كه‌سانه‌ بگرێت، كه‌ ده‌یانه‌وێ له‌و بوارانه‌دا بنووسن كه‌ كتێبخانه‌ی كوردی پێویستی پێیه‌تی، واته‌ كورد پێویستی به‌ چییه‌ ئه‌وا هه‌وڵی بۆ بدرێ، بۆ نمونه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كتێبێك له‌بواری مناڵاندا ئاماده‌ده‌كات ئه‌وا شوێنێك هه‌بێت بۆی چاپ بكات، هاوكاریی مادی و مه‌عنه‌وی بكات، ئه‌مانه‌ له‌كوردستاندا نین، بۆیه‌ نووسه‌رانی كورد به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌بێت خۆی بابه‌ت بنوسێ، خۆی چاپی بكات، خۆی دابه‌شی بكات، باشه‌ ئه‌م هه‌موو هیلاكیی مادیی و مه‌عنه‌وییه‌ به‌كێ ئه‌كرێ و سه‌ره‌نجامیش خوێنه‌ری نه‌بێت.

پرسیار: لە بەردەوامیی و درێژەدان بە لێکۆڵینەوە لەسەر شیعری منداڵان، پڕۆژە و پلانت چیە بۆ داهاتوو؟

وەڵام: پرۆژه‌ و پلانم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام بم له‌ نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌، من هه‌رگیز ناتوانم ده‌ست له‌ پرۆژه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان هه‌ڵگرم، هه‌ر جاره‌ی له‌ ده‌رگایه‌كه‌وه‌ دێمه‌ ژوره‌وه‌ بۆ خزمه‌تی مناڵان و په‌روره‌ده‌ به‌گشتی له‌ كوردستاندا، چونكه‌ له‌ گرنگیی ئه‌م بابه‌ته‌ تێگه‌یشتووم، به‌ڵام جیاوازیی من له‌گه‌ڵ شاعیرێكی بواری مناڵاندا ئه‌وه‌یه‌ نووسینه‌كانی من ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵات و خێزانه‌كان ده‌كرێن، به‌ڵام شاعیری بواری مناڵان و په‌روه‌رده‌ ئاڕاسته‌ی مناڵی ده‌كه‌ن، هه‌ردووكیان وه‌ك یه‌ك گرنگه‌، دیاره‌ ئه‌وه‌ی شاعیره‌كه‌ راسته‌وخۆ بو سوودی مناڵانه‌، ره‌خنه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی منیش بۆ شكاندنی قفڵی ژه‌نگاویی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ له‌گرنگیی په‌روه‌رده‌ تێنه‌گه‌یشتوون، یان تێگه‌یشتوون و وه‌ك هه‌ولێریه‌كان قسه‌یه‌كی جوانیان هه‌یه،‌ كه‌ ده‌ڵێن خۆیان له‌ گێلی ده‌ده‌ن.


پرۆفایل:
مه‌ریوان سه‌لاح حیلمی

1ـ له‌ ساڵی 1969 له‌خێزانێكی خوێنده‌وار و ڕۆشنبیر له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌دایكبووه‌.
2ـ له‌ ساڵانی 1986- 1990 له‌كۆلێژی ئادابی زانكۆی سه‌لاحه‌دینی هه‌ولێر به‌شی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی خوێندوویه‌تی و به‌ پله‌ی ( زۆر باش) ته‌واوی كردووه‌.
3ـ له‌دوای راپه‌ڕین بۆته‌ مامۆستای كوردی له‌ دواناوه‌ندی و ئاماده‌ییه‌كانی شاری سلێمانی.
4ـ بۆیه‌كه‌مینجار له‌ مێژووی سنووری به‌كره‌جۆی پارێزگای سلێمانی، قۆناغی ئاماده‌یی كوڕانی كردۆته‌وه‌ به‌ناوی هه‌زارمێرد و دواتر ناوه‌كه‌ی گۆڕا بۆ روشدی عه‌لی شه‌ریف.
5ـ تاوه‌كو ئێستا سێ كتێبی له‌بواری په‌روه‌رده‌ چاپكردووه‌ به‌ناوه‌كانی:
1ـ له‌باره‌ی په‌روه‌رده‌وه‌، 2ـ په‌روه‌رده‌و گۆڕین، 3ـ وتاره‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان.
6ـ خاوه‌نی ده‌یان لێكۆڵینه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌یی و ئه‌ده‌بیی و سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه.‌‌
7ـ چه‌ندین به‌رهه‌م و كتێبی په‌روه‌رده‌یی و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیی ئاماده‌یه‌ بۆ چاپكردن.
8ـ به‌درێژایی ساڵانی دوای راپه‌ڕین نزیكه‌ی 20 ساڵ كاری رۆژنامه‌گه‌ریی كاغه‌زی كردووه‌و له‌زۆربه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا بابه‌ت و نوسین و ره‌خنه‌ی بڵاوكردۆته‌وه، به‌تایبه‌تی رۆژنامه‌كانی: (هاوڵاتی، ئاوێنه‌، هاوبیر، رۆژی گه‌ل، ئامانج ، 21، تیرۆژ ، راسان، زه‌مه‌ن ، كه‌له‌پوری كورد، سبه‌ی… هتد ).
9ـ چه‌ندین چاوپێكه‌وتنی ته‌له‌فزیۆنیی و رادیۆیی له‌گه‌ڵ سازدراوه‌.
10ـ نزیكه‌ی 100 ئه‌ڵقه‌ی به‌ناوی (له‌دادگای ویژدانه‌وه‌) نووسیوه‌ بۆ به‌رگریی له‌ مافه‌كانی ژن و حه‌فتانه‌ له‌ رۆژنامه‌ی (رۆژی گه‌ل)دا بڵاوی كردۆته‌وه‌.
11ـ زیاتر له‌ 50 ئه‌ڵقه‌ی له‌ گۆشه‌ی (كێشه‌و گفتوگۆ) له‌ رۆژنامه‌ی ئامانج بڵاوكردۆته‌وه،‌ كه‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌ په‌روه‌رده‌.




گۆرانییەکانی دایکانی کورد بۆ هەڵپەڕاندنی منداڵەکانیان … رەزا شوان

گۆرانییە خۆشەکانی دایکانی کوردمان، لەگەڵ هەڵپەڕاندنی جگەرگۆشەکانیاندا، کە لە کوردەواریدا بە “ئیش ئیش”یش ناودەبرێت. ئەو گۆرانییانەن کە دایکان یا داپیرەکان یا خوشکان یا ژنانی تر، لەگەڵ هەڵپەڕاندنی منداڵەکانیاندا، یا کچەزاکان و کوڕەزاکانیاندا، لەگەڵ یاری و ختووکەدانیاندا، بە زۆریش منداڵانی تەمەن یەک ساڵان بۆ دوو ساڵان، بە دەنگێکی ناسکی پڕ لە سۆز، بە ئاوازێکی شیرین، بە رتمێکی خێرا، بە روویەکی خۆش و بە زەردەخەنەوە، بۆ منداڵە چاوگەشەکانیان دەیانڵێن.. بۆ ئەوەی بیان خافڵێنن و خۆشی و شادیش بخەنە دڵە قنجەکانیانەوە، یا کە دەگرین، بەو گۆرانییانە ژیریان دەکەنەوە.. لە هەمان کاتیشدا، هانیان دەدەن بۆ جووڵەکردن و چالاکی نواندن.
گۆرانییە کوردییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، کە تایبەتن بە منداڵان، بەشێکە لە “لای لایـە”ی دایکان، بەشێکە لە فۆلکلۆری کوردی، بەشێکی رەسەنیشە لە کەلەپوور و لە کولتووری نەتەوەیی کوردیمان.
مێژووی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان لە کوردستان دا، بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن، بۆ چەندین هەزار ساڵ پێش زاینی دەگەڕێنەوە. گەلی کوردمان لە دێر زەمانەوە خاوەنی بە سەدان گۆرانی هەڵپەڕاندنی منداڵان بووە. بەڵام بە هـۆی داگیرکردنی کوردستان و دەربەدەرکردن و راگواستنەوە و وێرانکردنی کوردستان و نەهامەتییەکانی گەلەکەمان، کە داگیرکەرانی رەگەزپەرست و دڕندە بە سەریان هێناین.. بەشی هەرە زۆری ئەو گۆرانییانەمان لەبیرچوونەوە و لەناوچوون.. لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئەمڕۆش، لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دا، بە دیالێکتەکانی زمانی شیرینی کوردیمان، بە دەیان گۆرانی رەسەنی هەڵپەڕاندنی منداڵانمان هەیە، بە تایبەتیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا.. زۆر
پێویستە کە لەسەر زاری دایکانی کوردمانەوە، لە ناوچە جیاوازە کوردستان دا، وەریان بگرین و بیان نووسینەوە.. هەر بە دەنگی دایکانیشمان، بە ڤیدیۆ و لەسەر سیدی و میمۆری تۆماریان بکەین و بە ئەرشیفیان بکەین، هەروەها لە پەرتووکێک یا زیاتردا، چاپیان بکەین و بڵاویان بکەینەوە، تا بکەونە بەردەستی خوێنەران و دایکانی نەوەی نوێمان.. بۆ ئەوەی لەبیرچوونەوە و لەناوچوونيش رزگاریان بکەین.. چونکە ئەم گۆرانییانەمان سامانێکی فۆلکلۆری نەتەوەییمانە.

ئەم کارەش بە کەسێک و بە دوو کەس ناکرێت.. من پێم وایە، ئەنیستیتۆی کەلەپووری کوردیمان لە شاری سلێمانی، بە هاوکاری لقەکانی تریان، لە شارەکانی کوردستان دا، دەتوانن بە شێوازێکی ئەکادیمی، بە پلان و بەرنامەداڕێژراوی ئەم کارە ئەنجام بدەن. لە میانەی گەڕانی مەیدانی، بۆ زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، گۆرانییە کوردییەکانمان بۆ هەڵپەڕاندنی منداڵان، بە هەموو دیالێکتەکانی زمانی کوردیمان کۆبکەنەوە.. خۆزگەی ئەوەش دەخوازم، کە چەند قوتابییەکی خوێندنی باڵای زمان و ئەدەبیاتی کوردیمان، لە زانکۆکانی کوردستان دا، ماستەرنامە و دکتۆرانامە، توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، لەسەر ئەم گۆرانییە فۆلکلۆرییانەمان بۆ منداڵان بنووسن و بڕوانامەی باڵای لێوەربگرن.
گۆرانی یەکەمین هونەرە کە مرۆڤ لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ هۆگری بووە. لە رێی گۆرانیی ئاوازدارەوە، گوزارشتی لە دڵخۆشی و لە هیواکانی و لە خۆشەویستی و خۆشییەکانی، یا لە دڵتەنگی و لە کەسەر و بێزاری و ناخۆشییەکانی ژیانی خۆی کردوون و دەکات.

هەر لە کۆنیشەوە، لە ئاهەنگ و شایی (حەوت شەو و حەوت رۆژە) ی کوردەواریدا، گۆرانی و هەڵپەڕکێ هاوشانی یەکتریبوونە، تا ئەمڕۆش شایەر و گۆرانبێژانی میللی کوردمان، بە گۆرانی و بە چەپڵەلێدان، لە شاییدا هەڵپەڕکێکەران هەڵـدەپەڕێنن.
گۆرانی یەکەمین شێوەی هونەرییە کە منداڵان لە باوەشی دایکانیاندا، گوێیان لێی دەبێت و رووبەڕوویان دەبێتەوە.. چـێژ و خۆشی و شادی و ئاسوودەییان پێ دەبەخشێت.

گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، لە رووخساردا، بریتین لە کۆپلەیەک هۆنراوە، یا زیاتر لە کۆپلەیەک، یا لە کورتە هۆنراوەیەکی کێش و سەرواداری سادە و سووک و ئاسان، کە بە ئاسانی بە دەنگ و ئاوازەوە دەوترێت.. هەر لە کۆنیشەوە گۆرانی و ئاواز پێکەوە گرێ دراون.. گۆرانی و ئاوازی گۆرانییەکانی منداڵان، نموونەی ئەم راستییەن.
لە ناوەڕۆکیشدا، وشەکانی هۆنراوەکانی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندن، گوزارشتن لە سۆز و لە خۆشەویستی دایکانی دلۆڤان بۆ منداڵەکانیان.. وشەکانی هۆنراوەکانی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، سادەن و هیچ مەبەستێکی شاراوەیان لەخۆنەگرتوون، بۆ خۆشی و دڵخۆشی و ئاسوودەیی منداڵان دانراون.. هەندێ لە هۆنراوەکانی ئەم گۆرانییانە، لە شیوازێکی چەڤەنگی و گاڵتەوگەپ دان.. تەنیا بۆ خۆشی و بۆ زەردەخەنە و بۆ پێکەنین دانراون.. هەندێکی تر لە هۆنراوەکانی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، ناوەڕۆکی هۆنراوکان، هیچ پەیوەندییەکیان بە خودی منداڵانەوە نییە.. دایکان بە مەبەستەوە ئەو گۆرانیانەیان داناون و وتوویانن، توانج و پلاریان لە کەسانێک گرتووبن، یا دەیگرن. دەشێش تەنیا بۆ بزە و پێکەنین وتوویانن، مەبەستیان هەست بریندارکردن نەبووە.
بەڵام دایکان بە زۆری لەم گۆرانییانەیاندا، ستایشی منداڵەکانیان دەکەن و بە شان و باڵیاندا هەڵدەدەن.. هیوای داهاتوویەکی بەرز و گەشیان بۆ دەخوازن.. هیوای ئەوەش دەخوازن، کە مرازیان بێتەدی و منداڵەکانیان گەورەبن.. بە خەیاڵی خۆیان، گەر بژین و بمێنن، ژن بۆكوڕەکانیان دەخوازن و کچەکانیشیان بە شوو دەدەن.. بووکی ناوازە و جوان بۆ کوڕەکانیان و زاوای باشيش بۆ کچەکانیان هەڵدەبژێرن.
دایکان بزانن یا نەزانن، ئەو گۆرانییە کوردییە تایبەتییانەی، کە لەگەڵ هەڵپەڕاندنی منداڵەکانیاندا دەیانڵێن.. گەرچی هۆنراوەکانیان، وەکو دڵپاکی منداڵان، سادە و ساکار و وشە ئاسانن، بەڵام واتای جوان و سوود و ئامانج و بەهای رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیان لەخۆگرتوون.. دەروونناسانی منداڵان و پەروەردەکاران، چەختیان لەسەر سوودی پەروەردەیی و رۆشنبیری و زمانی و دەروونی و هۆشی و جەستەیی، ئەم گۆرانییە فۆلکلۆرییانە، بە دەنگی دایکان بۆ منداڵان کردوون.

گەرچی منداڵان، لە واتای وشەکانی گۆرانییەکان تێناگەن، بەڵام بە دووبارە کردنەوەیان، ئەو وشانە و دەنگ و ئاوازەکانی دایکانیان، لە هۆشیاندا جێگیردەبن و پێیان ئاشنادەبن.
فێری وشە و قسەش دەبن. جووڵە و چالاکیشیان زیاتر دەبن.. ئەم گۆرانییانە، پەیوەندی نێوان دایکان و منداڵان، خۆشتر و شیرینتر و بەهێزتر دەکەن.. منداڵان هەست بەوە دەکەن، کە دایکانیان خۆشیان دەوێن و لەبیریان نەکردوون و بایەخیان پێ دەدەن.

کچان هەر لە منداڵییەوە، کە گوێیان لەم گۆرانیانەی دایکانیان یا داپیرەکانیان دەبێت. لێیانەوە وەریان دەگرن و فێریان دەبن.. زۆر جار کە بووکەڵەکانیان هەڵدەپەڕێنن.. ئەم گۆرانییانەیان بۆ دەڵێن.. کە گەورەشبن و بوون بە دایکان، ئەوانیش ئەو گۆرانییانە بۆ منداڵەکانیان دەڵێن.. بەم شێوەیە گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دواترمان دەگۆازرێنەوە.
گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان سێ جۆرن.. هەیان بە تایبەت بۆ هەڵپەڕاندنی کچان دەوترێن.. هەیانە بە تایبەتی بۆ هەڵپەڕاندنی کوڕان دەوترێن.. هەشیانە بۆ کچان و بۆ کوڕانیش دەوترێن.. بە داخەوە کە تا ئەمڕۆش، نەک تەنیا لە ناو کۆمەڵگای کوردی دا، بەڵکو لەناو هەرە زۆری کۆمەڵگاکانی تری جیهانیشدا، ئەو ئەقڵیەتە کۆنەپەرستی و پیاوسالارییە كاڵ نەبۆتەوە و هەر ماوە، کە کوڕان لە کچان لە پێشترن و بە زیاتریان دەزانن.. ئەمە ستەم و نایەکسانی و نادادپەروەری و ناڕەوایە.
بەهای راستی و چێژ و خۆشی و شیرینی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، لە دەنگ و ئاوازی سروشتی ناسک و پـڕ لە سۆز و لە خۆشەویسی قووڵی دایکانی دڵسۆز و بەسۆزدا دەردەکەون.. راستییەکی هاشا هەڵنەگرە، کە هیچ دەنگ و ئاوازێکی تر، بە رادەی دەنگی دایکان، کارتێکرنیان لەسەر هەست و هۆش و دەروونی منداڵاندا نییە. ئەو چێژ و خۆشییەشی لێ وەرناگرن، وەک ئەوەی کە لە دەنگ و ئاوازی دایکانیان وریان دەگرن.. هەر لە بنەڕەتیشەوە، ئەم گۆرانییانە لە کانیاوی پڕ لە خۆشەویستی و سۆز و دڵسۆزی و دلۆڤانی، ناخی دەروونی دایکانەوە هەڵـقوڵاون.

ئەمانەی خوارەوە، چەند نموونەیەکن، لە دەیان لە گۆرانییەکانی دایکانی کوردمان بۆ هەڵپەڕاندنی جگەرگۆشەکانیان، بە چەند دایاڵێکتی زمانی شیرینی کوردیمان دانراون:
دایکێکی کوردمان لە (کرماشان) کوڕەکەی هەڵدەپەڕێنێت و ئەم گۆرانییەی بۆ دەڵێت:

هــەڵـپـــەڕ، هــەڵـپـــەڕ وە خـنـجـــۆ
وەبـــــــــار کـــــــــــۆڵـی بـریـنـجـــۆ
هــەڵـپـــەڕ، هــەڵـپـــەڕ هــــــەراتـی
وە کــــورە چـیـتـــو دیــــر هـــــاتـی
هــەڵـپـــەڕ، هــەڵـپـــەڕ وە نــــــازۆ
وە بــــــار پـونــــــــــــە و پـیـــــازۆ
دوو دایکی ترمان لە (دیواندەرە) و لە (سنە)، شاری سنەی پایتەختی هونەری رەسەنی کوردیمان لە کوردستان دا.. لەگەڵ ئەم گۆرانییەدا، کچە کۆرپەکانیان هەڵدەپەڕێنن:
خـــش خـــش خـــش خـــشــپـیـلانـە
کـچــــــمـان خـــــەڵـکـی گـەیــــلانـە
وەی وەی وەی وەی بـەڕێـــــــــــزە
کچـــمـان خـەڵــکـی تـەورێـــــــــــزە
لاو لاوە و ئـێـــــــسـک ســـــووکـە
کـچـــمـان خــەڵـکـی کـەرکـــــووکـە
بــەهـ بـەهـ بـەهـ بـەهـ چ جــــوانـە
کـچـــــمـان خـــــەڵـکـی تــــــــارانـە
چ جــــــــــوان و ورد و مــــــــــردە
کـچـــــــمـان جـــــوانـە و کــــــوردە
نموونەیەکی تر لە گۆرانییەکانی خۆشەکانی دایکانی کوردمان، کە لەگەڵ هەڵپەڕاندنی خوبچەگۆڵەکانیان دا، ئەم گۆرانییە فۆلکلۆرییەمان دەڵێنەوە:
ئـۆخــــەی ئـۆخــــەی ئـۆخـــــەیـلـێ
مـەجـنـــوونـە دۆســــتـی لـەیـــــــلێ
رێـحـــــــانـەی رووی دەر ئـــــــاوێ
دنـیــــــــام بــــەبـێ تــــــۆ نــــــاوێ
رێـحـــــــــانـەی دەســـــتـە چــــــنـێ
مـيـــــــــوانـی شـــــــــۆڕە ژنــــــــێ
نـیــــــنـی نـیــــــنـی نـیـــــــــــــنـەڵـە
هـەنـگـــــویـن و رۆن تـــــــێکــەڵـە
نـیـــــــنـای نـیـــــــنـای نـیـــــــنـاوێ
دەيـنــــــێـم لـەنـــــــاو کـــــــــەژاوێ
بـۆ کــــــوڕی حــــــاکـمـی رۆژئاوێ
دایکانی کوردمان لە ( ناوچەی گەرمیان) لە باشووری کوردستان دا، لە لەگەڵ ئەم گۆرانییەدا منداڵەکانیان هەڵدەپەڕێنن:
کـۆرپــەکەم هـەســـتـا لـە خــــــەوێ
گـۆشــــــــتـی کـەڵــــــــەبـابـی دەوێ
قــــــــەزات لـە مــــــــن و لـەوانـــە
شـــــــــەوان دەچــــــنـە کـــــولانـــە
بـە رۆژ دێـــــــــــــــنـە دەرگـــــانـــە
قــــــــەزات لـە مـــــــاڵ و مــــــەڕێ
مــــــــــەڕەکـە لـە دەورت گــــــەڕێ
قــــــــەزات لـە مـــــــاڵی گـــــــۆرێ
کــــوڕەکەم هـــەرگـيـز نـەتـــــــۆرێ
قـــــــەزات لـە مـــن لـە خـــــــــەنـە
لـە جـــووتـێ گـــــای بــەر بـنــــــــە
لـە پـيـــــــــــاوەکـەی دوو ژنـــــــــە
لـەوەی جـــــــــاشـی دووژمـنـــــــــە
دایکانێکی تری کوردمان هەر لە (دیوانـدەرە) و لە (سنە) لەرۆژهەڵاتی کوردستان، بەم گۆرانییە فۆلکلۆرییەمان، کوڕە منداڵە خەپانەکانیان دەلاوێننەوە و هەڵیان دەپەڕێنن:
خـەپــــــــە نـــــــــان و خـەپــــــە دۆ
خـەپــــــــە پــــڵاوي عـەنــــــبـەربـۆ
کــــــش کــــــش وە بـــــــــــاڵای تـۆ
تـۆپـــــــێ سووری کــــــــــەوای تـۆ
نـیـــــــنـی نـیــــــنـی نـیــــــــــگـەڵـە
هـەنـــگـويـن و رۆن تـێکــــــــــەڵـە
کـوڕەکـــــەم فـــێـری بـاخــــــــــەڵـە
قـــــــەزات لـە گـــــیـانـم کـەفــــــتـۆ
شــــــەو لـە بـاخــــــەڵا خـەفــــــتـۆ
ئــــــــــا وەرە بــــــــــــــــــــــــزانـم
کـــــــوڕە نــــاوت نــــــــــــــــازانـم
ئـازیـــــز قــــــەزات لـە گـیـــــــانـم
دایکێکی تر، بە شێوازێکی چەفەنگی و گاڵتەگەب، بۆ خۆشی و پێکەنین، بەم گۆرانییە کۆمیدییە، کوڕە منداڵەکەی هەڵدەپەڕێنێت.. ئەوەش لەناو کوردەواریدا باوە، گەر منداڵ جوانبێت، دایکی جوانییەکەی دەباتەوە سەر براکانی، واتە (خاڵۆکانی منداڵەکەی) گەر ناشیرینیش بێت دەیباتەوە سەر شووبـراکانی واتە (مامەکانی منداڵەکەی).. بەڵام لە راستیدا هیچ منداڵێک لە لای دایکان و باوکانیان ناشیرین نین. هەموو دایکان، هەموو منداڵەکانیان، لایان جوانن و بە دنیایان ناگۆڕنەوە:
لـە کــــــێ دەکــــــــا چــــــــاوەکـەی
لـە خـــــــــــــــــــــــاڵـۆ لاولاوەکـەی
لـە کــــــــێ دەکـــــا رەوشــــــــــتـی
لـە خــاڵـۆی شـــیـر لـە پـشــــــــتـی
لـە کـــــــێ دەکـــــا دوو شـــــــــانـی
لـە خـــــــــاڵـۆی لاو و جـــــــــوانـی
لـە کــــــێ دەکــــــا لــــــووتــەکــەی
لـە مــــــــــــــامـە نـابــــــووتـەکـەی
لـە کـــــــێ دەکـــــــــا تـەوێـــــــــڵـی
لـە مـــــامـەی گـــــــێـل و ێـــــــــڵـی
لـە کــــــێ دەكـــــا بـــــــــــــرۆکـەی
لـە مـــــــــــامـە جـــــــل دوورەکـەی
دایکان هیواخوازن کە بژین و بمێنن، نیاز و مرازەکایان بێنەدی.. کوڕەکانیان گەورە ببن و ژنیان بۆ بخوازن.. دەبینین دایکان کوڕە کۆرپەکانیان هەڵدەپەڕێنن و بۆ سەرنج راکێشانی کۆرپەکانیان بە لای خۆیاندا، بە ئاوازەوە ئەم گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییە باوەیان بۆ دەڵێن.. ئەم گۆرانییەش، بەپێی دیالێکتە جیوازەکانی ناوچەکانی کوردستان، کەمێک جیاوازی هەیە. بەڵام بۆ لە هەموو دەقەکاندا دایکان بەڵێنی ئەوە بە کوڕەکانیان دەن و دەڵێن (حەوت ژنت بۆ دەخوازم) یا (حەوت ژنت بۆ دێنم)، گەرچی ئەمە بەڵێنێکی خەیاڵییە و دوورە لە راستییەوە.. دایکان خۆشیان ئەوە دەزانن کە (حەوت ژن) شتێکی مەحاڵه.. بە بۆچوونی من، لەبەر ئەوە دەڵێن (حەوت ژنت بۆ دێنـم)، چونکە هەفتەیەک حەوت رۆژە، دەشێ وشەی (هەفـتەش) هەر لە (حەوت) ەوە وەرگیرابێت.. دایک بە خەیاڵی خۆی، وایان داناوە، کە کوڕەکەی هەر رۆژێک لە رۆژەکانی هەفتەدا، لەگەڵ ژنێک لەو حەوت ژنە بژیت، یا هەر ژنەی سەرقاڵی کارێک بێت.. بەڵێنێکە هەر بۆ خۆشی دەیڵێن.. منداڵانی کۆرپە، نە دەزانن ژن چییە و نە دەزانن (حەوت ژن) چییە.. ئەم بەڵێنانەی دایکانیش، تەنها لە گۆرانییە فۆلکلۆرییە هەڵپەڕاندنەکانی منداڵانی کورد دا هەیە، مەگەر بە دەگمەن لە گۆرانییە فۆلکلۆریییەکانی نەتەوەکانی تردا هەبێت.
ئەمانەی خوارەوە، سێ نموونەن، لە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکانمان، کە دایکانی کوردمان لەگەڵ هەڵپەڕاندنی کۆرپەکانیان دا، بە ئاوازێکی سادە و شیرینەوە دەیانڵێن:
دەردت کـەفـتـــــــــێـە لـە هـــــــــازم
هـــــــــەفـت ژن ئـەڕات بـخــــــوازم
یـــــەکـێ بـەگــــلـەر بـەگـــی بـــــوو
یــــەکـێ هـوومـــای پــــەری بــــوو
یــــەکـێ دڕێ لـە گـــــــــــــــووشـێ
یــــەکـێ مـانـــگـا بـــــــــــــدووشـێ
یــــەکـێ نـــــــــــازار بــــــــــــــاوان
یــــەکـێ کـــــــــــــوورپــە لـە داوان
یــــەکـێ چـــەرمـی دەس ئــــەولـس
یــــەکـێ کـــــوور پـەتـــــــــک رس
هۆنراوەی هەمان گۆرانی، بە کەمێک جیاوازەوە، لە دیالێکتی (کرمانجی باشوور) دا، بەم شێوەیەیە وتراوە:
خــــــودا بــــــــــــــدات نـیـــــــــــازم
حــــــــەوت ژنـت بـۆ دەخـــــــــوازم
یــــەکـێ شـــۆخ و خــــان و مـــــان
یــــەکـێ خـــــــــەنـدەی لـە لـێــــوان
یــــەکـێ بـۆ مـــــــاچ و مــــــووچـێ
یــــەکێ بـۆ رێـگـــــەی کــــــووچـێ
یــــەکێ بـۆ ســــــەر سـەمــــــــاوەر
یــــەکـێ مـیــــــوان بـە رێــــــکــەر
یــــەکـێ جـــوانـتـر لـە گــــــەوهـەر
هەمان گۆرانی، بەڵام بە جیاوازییەکی زیاتر لەگەڵ دەقەکانی پێشتردا:
رۆڵــــــــە بـژیـــــــــــــم بـمـێـــــــنـم
حـــــەوت ژنــــــــانـت بـۆ دێــــــــنـم
یـەکـیــان کــــــوردی تـەمــــــــــاشـا
یـەکـیــان کـچـــــــێـكـی پــــــــــــاشـا
یـەکـیــان نـــەرمـی نـێــو نـــــوێـنـێ
یـەکـیــان نــــــــــــان بـتــــــەپـێــنـێ
یـەکـــــــێ ئـــــــاوت بـۆ بــــــــێــنـێ
یـەکـــــــێ چـێـشـــتـت بـۆ لـــــێــنـێ
یـەکــــــێ مـەشـــــــــــکـە بـژێــــنـێ
هەر هەمان گۆرانی فۆلکلۆری، سێ دەقی کەمێک جیاوازی تریشم لا هەیە، چونکە هەندێ لە دایکان، دەستکاری دەقە فۆلکلۆرییەکانی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنیانی منداڵانیان کردوون.. وشەو دێڕیان لێ گۆڕیون یا لێیان لاداون، وشە و دێڕی تازەیان خستووتە جێیان.. بۆ ئەوەی ئەم باسەمان درێـژتر نەکەین، تەنها ئەو سێ دەقەی سەرەوەمان نووسی.
دایکانی کوردمان لە (مەهاباد) یش، بە دەم هەڵپەڕاندنی خونچەگوڵەکانیانەوە، مەرج بۆ خوازبێنی کردنی کچەکانیان دادەنێن و ئامادە نین بە هەر کەسێکیان بدەن، ناشیانەوێت کچەکانیان بدەن بە کەسانێک بیانبەن و لێیان دووربخەنەوە.
بـە کـــــەس کــــــەسـانـی نــــــــادەم
بـە نـاکــــــــــــــــەســانـی نــــــــادەم
لـە کـــــەس کــــــەسـانـم کــــــەسـێ
لـە نــــاو پـارچـــــان ئـەتـڵــــــەسـێ
بـە پـیــــــاوی پـیـــــــری نــــــــادەم
بـە پـیـــــواز و ســــیری نـــــــــادەم
بـە رێـگــــــــای دووری نــــــــــادەم
بـە زێـــــڕی ســــووری نــــــــــادەم
نـایـــــدەم بـە کــــوڕە خـەیــــــــاتـێ
دەیــبـــــــــــــــــــــــــا دوورە وڵاتـێ
نـایــــــدەم بـە خــــــــانـی بـەبـــــــــا
مــــــــاڵـی زۆرە و زووی دەبـــــــــا
دەیـــــدەم بـە حـەمـــــە خـــــــــوڵـێ
بـیــــکـا بـە دەســـــکـە گــــــــــوڵـێ
بـیـنــــــــێــتـە بــــــــــــــــــانـی دڵـێ
رەزا شـوان
نەرویـج: ١١/ مـای/٢٠٢٠




دیمانە لەگەڵ مامۆستا رزگار خدر … سازدانی: ڕۆسته‌م خامۆش

م. ڕزگار خدر:
دنیای منداڵ, دنیایەکی ڕازاوەو تایبەتە

بۆ گرنگیدان به‌ ئه‌ده‌بیاتی منداڵان و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌و بواره‌‌، به‌ پێویستمان زانی ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز”م. ڕزگار خدر” ی شاعیر و نووسه‌ری بواری ئه‌ده‌بیاتی منداڵان و سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی ساز بده‌ین.

  • ڕزگار خدر مسته‌فا” له‌ 3/7/1964 لە گەڕەکی کانێسکان ی شاری سلێمانی له‌ دایك بووه.‌
  • سەرپەرشتیاری پسپۆڕیی لە پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی.
  • ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژیار و سەرنووسەری گۆڤاری ئاراستەی پەروەردەیی.
  • خاوەنی سێ منداڵه‌ بەناوەکانی: ( فرۆ ، دینۆ ، باکۆ ).

ئەم بەرهەمانەی چاپکردووە:
١- ئاڤێستا کلتوری دینی و نەتەوەیی کورد، لێکۆڵینەوەی مێژوویی.
٢- غەمنامە، دیوانە شیعر.
٣- خەمە پەروەردەییەکان، کۆمەڵێک نووسینی پەروەردەیین.
٤- سەد پەند، کۆمەڵێک چوارینە شیعری پەروەردەیین.
٥- هەلوربلور، دیوانە شیعری منداڵان.
6- باپەروەردە خەمی هەمووان بێ، کۆمەڵێک بابەتی پەروەردەیی.

سازدانی: ڕۆسته‌م خامۆش

پرسیار: لە کەیەوە شیعر بۆ منداڵان دەنووسی؟
وەڵام: دنیای منداڵ دنیایەکی ڕازاوەو تایبەتە, تاکو بەتەواوەتی ئاوێتەی نەبیت ناتوانی دەربڕی خواست و ئارەزووەکانی منداڵان بی، سەرەتا دەمەوێت بڵێم وەک پەروەردەکارێ هەمیشە ئارەزووم بووە بەهەموو شێوەیەک خزمەت بەبواری پەروەردەبکەم, خۆم بەتەواوی تەرخان بکەم بۆ خزمەت لەو بوارەدا و کاتێکیش بووم بەسەرشتیاری پەروەردەیی لەپۆلدا و لە ڤیستيڤاڵ و چالاکیەکاندا ئامادە دەبووم, منداڵان بە خوێندنەوەی شیعر و بەچالاکيی جوان پێشوازیان لێ دەکردین، ئارەزوم بوو ڕۆژێک منیش هۆنراوەیان بۆ بنووسم و پاداشتی ئەو پێشوازیە جوانەیان بدەمەوە و لەو ڕێیەشەوە خزمەتێک بەبواری پەروەردە بکەم، دەتوانم بڵێم ئەوان بوونە ئیلهام بەخشی هۆنراوە نووسینم بۆ منداڵان و تێکەڵ بوون بەو دونیا پڕ لە تەلیسمی جوانییەی ئەدەبی منداڵان.

پرسیار: تا ئێستا چەند بەرهەمت بۆ منداڵان چاپکردووە، ئەگەر ئاماژە بە ناوەکانیان بکەی؟
وەڵام: لەزۆربەی گۆڤاره‌كانی منداڵاندا هۆنراوەم بڵاوکردۆتەوە و یەک دیوانە شیعرم چاپکردووە بۆ منداڵان بەناوی (هەلوربلور )، وه‌ دیوانێکی ترم ئامادەیه‌ بۆ چاپ.

پرسیار: تایبەتمەندیی شیعری منداڵان چیە؟
وەڵام: نووسین بۆ منداڵان ئاسان نییە, کە ڕەنگە هەندێ کەس وابیربکەنەوە, تۆ کە بۆ منداڵان دەنووسیت دەبێت تەواو ئاوێتەی دنیای منداڵان بی و بچیتە دنیای پڕ لە خەیاڵی جوان و ڕازاوەی ئەوانەوە، بەزمانێکی سادە بنووسی، دووربیت لە وشەی قەبەو ئاڵۆز، دەبێت وەڵامدەرەوەی پرسیارەکانی ئەوان بێ و دووربێ لە ئامۆژگاری ڕاستەوخۆ, کە منداڵ بێزار دەکات، بنەماکانی مرۆڤدۆستی و ژینگە پارێزيی و گیانی هاوکاريی و لێبوردەیی و بەڵێنپارێزيی و ئاژەڵدۆستيی و تەندروستی….. لەخۆبگرێت بەپێی ئاست و قۆناغی تێگەیشتنی منداڵ بنووسرێت، دەبێت هەڵگری پەیامی تەواوکاری پەروەردەی دروست بێت.

پرسیار: لە ئێستادا ئەدەبیاتی منداڵانی کورد، چۆن دەبینی؟
وەڵام: لە ئێستادا کۆمەڵێک نووسەر و شاعیری باشمان هەیە له‌ بواری ئه‌ده‌بیاتی منداڵانی كورددا، گەر بەراوردی بکەی بەساڵانی پێشوو، بەڵام پێویستیان بەهاوکاريی هەیە, پێویستمان بە وەرگێڕانە لەبواری ئەدەبی منداڵان, تا زیاتر نووسەرانی خۆشمان ئاشنا بن بە تەکنیکی نوێی نووسین و خەیاڵی فراوانيی دنیای منداڵان, پێویستە دەزگایەک هەبێ بۆ وەرگێڕان لەئەدەبی گەلانەوە بۆ کوردی و بەپێچەوانەشەوە وەرگێڕانی نووسینی نووسەرانی کورد و ناساندنیان بە دنیای دەرەوە.

پرسیار: وەکو دەزانین زۆربەی گۆڤارەکانی تایبەت بەمنداڵان لە ئێستادا دەرناچن و بڵاوناکرێنەوە، ئەوەش وادەکات، کە بواری ڕۆژنامەگەریی منداڵان پاشەکشێ بکات و هەر خودی منداڵانیش لە سوودەکەی بێبەش بن، بەڕێزت پێشنیارت چیەو چی بە چارەسەر دەزانی؟
وەڵام: بەداخەوە زۆربەی ئەو گۆڤارانەی خزمەتێکی باشیان بە ئەدەبیاتی منداڵان دەکرد, لە ئێستادا لەبەرنەبوونی هاوکاريی ڕاگیراون, نەحکومەت هاوکارییان دەکات, وه‌ بەراستی وەک گلەییەکیش نەخەڵک هاوکاره‌، ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئامادەیە بڕە پارەیەکی زۆر بدات بە مۆبایل و ئایپاد و…. چی و چی, بەڵام بیر لە کڕینی گۆڤار و کتێب ناكه‌نه‌وه‌و لەگرنگیی و بایەخیان تێنەگەیشتوون. هیوادارم, کە هەمووان هاوکار بن, وەک حکومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیريی و پەروەردە، وەک خەڵک و کۆمپانیاکان بەبایەخەوە بڕواننە ئەو گۆڤارانە و هاوکاريان بن.

پرسیار: هەر چەندە کتێب و نامیلکەی تایبەت بەمنداڵان کەمن، بەڵام ئەوەندەی کە هەیە لەوە باشترە کە هەر نەبێ، جا بۆ ئەوەی منداڵان ئاشنا بکرێن بەکتێب، بە ڕای تۆ هەنگاوەکانی بەکەلتوور کردنی خوێندنەوە چین و بەکام ڕێگە دەتوانرێ ئەم کارە گرنگە بکرێ؟
وەڵام: بۆ بەکه‌لتووريکردنی خوێندنەوە, ئەوە ئەرکێکە لەسەر شانی هەمووان, گەر بمانەوێ نەوەیەکی هۆشیار و پێگەیشتوومان هەبێ, دەبێت بزانین, کە کتێب باشترین هاوڕێ و مامۆستایە, کە دەتوانێت لە هەموو جێگەیەگ هاوکاربێ، بە خوێندنەوە توانای ژیريی زیاد دەکات و تێگەیشتنی منداڵ و ئاشنابوونی بە دەورووبەر فراوان دەبێ، توانای ئاخاوتنی زیاد دەکات و دووری دەخاتەوە لەشەرم و گۆشەگیريی، خەیاڵی فراوان دەکات, گەشە بەدەمارەکانی مێشک دەدات، ڕەفتاری ئەرێنی لەمنداڵدا بەرجەستە دەکات…. لەبەر هەموو ئەم هۆکارانە دەبێت خێزان و قوتابخانەو دایک و باوک و مامۆستا هەمووان هاوکار بن لەهاندانی منداڵان بۆ خوێندنەوە لە باخچەی منداڵانەوە دەبێت دادەکان حەزی خوێندنەوە لای منداڵ بەرجەستە بکەن, حکایەت و چیرۆکی بەچێژیان بۆ بخوێننەوە، گرنگيی بە بوونی کتێبخانە لە ناو ماڵ و لە قوتابخانە بدەن و دایک و باب لەبەرچاوی منداڵ بخوێننەوە, چونكه‌ منداڵ لاسایی گەورەکان دەکاتەوەو حەزدەکات وەک ئەوان ڕەفتاربکات و لە بۆنەکاندا کتێب بکەنە دیاريی بۆیان، سەردانی کتێبخانەیان پێبکەن و بەپێی تێگەیشتن و قۆناغی تەمەنیان کتێبیان بخەنە بەردەست، لەپای پاداشت و کردەوەی جوان گۆڤار و کتێبیان بۆ بکەنە دیاری.

پرسیار: زۆربەی شاعیران و نووسەرانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان بەرهەمی ئامادەیان هەیە بۆ چاپ، بەڵام بەداخەوە خۆیان وەک پێویست ناتوانن چاپی بکەن، پێشنیاری بەڕێزت چیە؟
وەڵام: وەک لەوەڵامی پرسیارێکی پێشووتر ئاماژەم پێکرد ئەوە ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە, ئەرکی کۆمپانیا و دەزگاو دامەزراوە رۆشنبیريی و پەروەردەییەکانە, كه‌ هاوکاری نووسەران بن لەچاپکردنی بەرهەمەکانیان, لە وڵاتانی دنیا نووسەر لەسەر چاپکردنی بەرهەمەکانی دەژی, کەچی بەداخەوە لەلای ئێمە دەبێ نووسەر بەپارەی خۆی و لە قووتی خۆی و ماڵ و منداڵی بگرێتەوە بۆ چاپکردنی بەرهەمێکی, دواتریش هەمووی لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکان بێ خوێنەر و کڕیار دەمێنێتەوە و دەبێتە مایەی زەرەر.

پرسیار: بە هۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و هەبوونی ئەو هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییە و بەکارهێنەرێکی زۆری ئینتەرنێت لەلایەن گەورەساڵانەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە منداڵانیش لە ڕێگەی مۆبایل و ئایپادەوە بەکاری دێنن، بەڵام بۆ ئەوەی زیانی نەبێ و بە شێوەیەکی تەندروست بەکاری بێنن و سوودی لێ وەربگرن، چی بەباش دەزانی و ڕێنماییت چیە بۆ دایکان و باوکان؟
وەڵام: بەداخەوە هەمووان ئیمڕۆ دەرهاویشتە خراپەکانی تەکنەلۆژیاو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەبینین و دەستەوستان و بێچارەین, کە بەدیوێکی تردا ڕەنگە بتوانین بە قازانج بیگێڕینەوە گەر هانی منداڵان و نەوجەوانان بدەین بۆ دروست بەکارهێنان و سوودبینین لێی، واقعی ئەمڕۆ سەپاندویەتی بەسەرماندا و پێشکەوتنی کۆمەڵگه‌ و داهێنانەکان دەتوانن هەموو سوود بەخشن بن و هەم زەرەرمەند, ئەوە خۆمانین, کە بڕیار دەدەین بەچ دیوێکدا بەکاری ببەین، دەبێت دایک و باب، مامۆستایان هاوکاربن بۆ چۆنێتی بەکارهێنان و سوودبینین لە تەکنەلۆژیای سەردەم و نەبینە کۆیلەو هۆگری هەمیشەیی و دابڕان لەدونیای دەرەوە.

پرسیار: منداڵ، کاتێ شیعر، یان چیرۆک دەخوێنێتەوە، یاخود بۆی دەخوێنرێتەوە، پێی خۆشە وێنەی لەگەڵدا بێ و بیبینێ، بۆچی؟
وەڵام: بوونی وێنە و ڕەنگەکان سەرنجی منداڵ ڕادەکێشێ و چێژ و توانای هەستی بینین دەیان جار زیاترە لە بیستن, ئەمەش زیاتر وا دەکات گرنگيی زیاتر بە وێنە بدرێت لە گۆڤار و کتێبی منداڵان.

پرسیار: تا چەند گەشبینی بە ئایندەی ئەدەبیاتی منداڵانی کورد؟
وەڵام: گەشبینم بە بوونی کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر لەو بوارەدا، نووسەرانی پڕ هیوا دەبینم, کە کۆڵنادەن و بەردەوامن لە نووسینی شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و خەمخۆرانێک لە مامۆستایانی دڵسۆز, کە هاندەری بە که‌لتووریکردنی خوێندنەوەن.




گرنگی و ئامانجەکانی رۆشنبیری منداڵان … رەزا شوان

منداڵان لە هەموو جیهاندا، گەورەترین و گرنگترین چینی پێکهاتەی کۆمەڵگاکانن. سروشتی و ئاساییە کە خاوەنی رۆشنبیری سەربەخۆ و تایبەتی خۆیان بن، چونکە جیهانی منداڵان لەگەڵ جیهانی گەورەکاندا جیاوازە.. مەبەستیش لە رۆشنبیری منداڵان، تەنها بە دەستهێنانی زانیاری و سەرکەوتن لە خوێندن و قوتابخانەدا نییە، یا لە رادەی بەکگراوندی زانیاری لە بوارێک لە بوارەکاندا نییە. منداڵانیش وەکو گەورەکان، یاسا و شێوازی گوزارشتکردن و دەربڕینی خۆیانن. خاوەنی زمانی ساکار و فەرهەنگی وشە و ئەدەب و هونەری خۆیانن. شێوازی بیرکردنەوە و تێڕوانین و بڕیاری خۆیان هەیە، بۆ بەدەستهێنانی خواست و پێداویستییەکانیان.. هەموو ئەم میتۆدانە، شێوەیەکی تەواو پێکدەهێنن کە بە رۆشنبیری منداڵان ناودەبرێت.. رۆشنبیری منداڵان هەر ئەوە نییە کە هۆیەکە بۆ رۆشنبیریکردنی منداڵان.. بەڵکو ئەم سنوورە تێدەپەڕێنێت و مەودایەکی فراوانتر و گشتیتر دەگرێتەوە.
باسکردن لە رۆشنبیری منداڵان و لە گرنگی و لە ئامانجەکانی، باسکردن نییە لە رووی هزرییەوە، بەڵکو باسکردنە لە پێویستییەک لە پێویستییە گرنگییەکانی ژیان.. چونکە مرۆڤ بەبێ رۆشنبیری، دارێکی زڕی بێ بەر و بێ بەخشینە.
لەم سەردەمەدا، لە سایەی گۆڕانکاری و تازەگەری و پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیا و داهێناندا، گرنگیدان بە رۆشنبیری منداڵان، یەکێکە لە گرنگترین پایەکانی پەرەوەردە و گەشەکردنی منداڵێتی.. لە سایەی جیهانێکی کراوە و هۆیەکانی خێرای گەیاندن و بێ سنووری و کرانەوە و لە یەک نزیکبوونەوە و تێکەڵبوون و فرە رۆشنبیری و بە جیهانی بوونی رۆشنبیری، رۆشنبیری بە گشتی، پێشکەوتنێکی زیاتری بە خۆیەوە بینیوە، رۆشنبیرییە جیاوازەکانی گەلان، زۆر یا کەم کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەیە. هەندێ کۆمەڵگاکان، ئەم گۆڕانکاری و ئاشنابوونە بە فرە رۆشنبیری، وەکو هەڕەشەی دەزانن، کە رووبەڕووی ناسنامەی رەسەنی رۆشنبیری منداڵانیان بوونەتەوە.
بێگومان رۆشنبیری گرنگترین فاکتەرە، کە دەکرێت یارمەتییەکی زۆری منداڵان بدات، لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن و پێشکەوتن دا، لەم سێ ئاستدا: ئاستی پیشەیی، ئاستی زانیاری، ئاستی کۆمەڵایەتی.
چۆن تا ئەمڕۆ لە جیهاندا، لەسەر دەقێکی پێناسەیەکی دیاریکراوی رۆشنبیری گشتی رێنەکەوتوون و چەندین پێناسەی جیاوازیان بۆ کردوون.. هەرەوها تا ئەمڕۆش لەسەر پێناسەیەکی دیاریکراوی رۆشنبیری منداڵانیش رێنەکەوتوون، لە رووی بەرهەمهێنان و شێوە و ناوەڕۆکی سەرچاوەکانی رۆشنبیری منداڵان، چەندین پێناسەی جیاوازیان بۆ کردوون.. بەڵام بەپێی بەرهەمهێنانی رۆشنبیری منداڵان، دەتوانین هەندێ لە جۆرەکان و لە شێوەکانی جیابکەینەوە، وەکو: چیرۆک، هۆنراوە، شانۆ و ئۆپەرێت، سروود و گۆرانی، وێنەکێشان، قسەی خۆش و سوعبەتی جەڤەنگی، سەرەڕای داب و نەریت و بیروباوەڕ و رەفتارە کۆمەڵایەتییەکان. هەموو ئەم بابەت و سەرچاوانە، سەرچاوەی رۆشنبیری منداڵان پێکدەهێنن.. هەر بەرهەمێکی رۆشنبیری، نەکەوێتە ناو پانتایی توانای وەرگرتنی منداڵانەوە، ئەو بەرهەمە بە سەرچاوەیەکی رۆشنبیری منداڵان دانانرێت.. منداڵان توانای ئەقڵی و جەستەیی و کۆمەڵایەتی و زمانی تایبەتی و خەیاڵی خۆیان هەیە.. رۆشنبیری منداڵان، کۆپی رۆشنبیری گەورەکان نییە. ناشبێت وا تێبگەین و وا بڕوانین، کە رۆشنبیری منداڵان، شێوازێکی ئاسان کراوە و بچووک کراوەیە لە رۆشنبیری گشتی کۆمەڵ، بەڵکو رۆشنبیری منداڵان رۆشنبیرییەکی سەربەخۆی تەواوە، لە ناسنامەی تایبەتی و لە شێوازی ژیان و کەرەستە و لە سیما جیاوازەکانی منداڵان پێکهاتووە.
بە کورتی باسی چەند چەمکێک و چەند پێناسەیەکی رۆشنبیری منداڵان دەکەین:
رۆشنبیری منداڵان، لە هەموو کۆمەڵگایەکدا، لقێکی بنەڕەتی و سەرەکی گرنگە، لە لقەکانی رۆشنبیری کۆمەڵ یا لە رۆشنبیری گشتی.. یا بڵێین، جۆگەلەیەکی ئاوخۆڕە، کە لە رۆشنبیری گشتییەوە هەڵگیراوە.
نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان (عەبدولتەواب یوسف) لە پەرتووکێکیدا، بە ناوی (گەشەکردنی رۆشنبیری منداڵ) بەم جۆرە پێناسەی رۆشنبیری منداڵانی دەکات، دەڵێت: رۆشنبیری منداڵان، بریتییە لە تێکەڵەیەک کە منداڵ لە دایک و باوک و خێزانەوە وەری دەگرێت، لەو داب و نەریتانەی پێی دەگات، لەو زانست و زانیاییانەی وەریان دەگرێت، لەو هونەرانەی کاریان تێدەکات و دەیانکات، لەو بیروباوەڕانەی بڕوای پێیان هەیە، لەوانەی کە بەڕەوشت ناویان دەبەن، لە جیاوازی سیمای کەسایەتی، لە هەموو ئەو شتە باوانەش کە لە کۆمەڵگاکەیدا هەن، لە بیروڕا، لە یاساکان، لەو شتانەی کە لە رۆشنبیری گشتیدا بڵاودەبنەوە.
لە دەرەوەی پێناسەکەی عەبدولتەواب یوسف، رۆشنبیری منداڵان بریتییە، لەو شتانەی کە منداڵان لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەدا وەریان دەگرن، لە سەرنج و تێڕوانینیان لە ئەنجامەکانی ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی ژیانی خۆیان.. لەو بەرهەمە ئەدەبیانەی کە بۆیان دەخوێننەوە یا خۆیان دەیانخوێننەوە.. لەو چیرۆک و هەقایەت و نەزیلە و سەرگوزشتانەی کە بۆیان دەگێڕنەوە، لەو هۆنراوە و سروود و گۆرانییانەی کە گوێیان لێیان دەبن، لەو شانۆیانەی کە دەیان بینن یا خۆیان بەشدارییان تێیاندا دەکەن.. لە هەر بابەتێک، کە سوود و چێژی لێوەربگرن.. ئەمانە هەموویان لە هۆش و لە دەروونیاندا گەڵاڵە دەبن.. دەتوانن بە زمانی خۆیان و بەو شێوازەی کە خۆیان دەیانەوێت، بە قسەی زارەکی بێت یا بە نووسین بێت، گوزارشتیان لێبکەن و بە رەفتاری دەریان ببڕن.
دەکرێ لەژێر چەمکێکی گشتیدا، چەمک و پێناسەکانی رۆشنبیری منداڵان کۆبکەینەوە، هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە رۆشنبیری منداڵان، بریتیە لە: وەرگرتنی شێواز و رێبازەکانی ژیان، بیروباوەڕ، پێوەرەکانی رەوشت، ئەدەب و هونەر، زانست و زانیاری، بەهاکان، داب و نەریتەکان، یاسا و رێساکان، کارکردن بۆ گرێدانی ئەم میتۆدە بنەڕەتییانە، بە کەلەپوور و هـزر و رۆحی کۆمەڵەوە، هەموو دەبنە فاکتەری یارمەتیدەر بۆ سازان و هەڵکردن لەگەڵ کۆمەڵگاکەیاندا، دەکرێت ئەوانەی وەریان دەگرن و فێریان دەبن، لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی داهاتووشیاندا هاودەمیان بن، بە تایبەتیش لە بواری پيشەیی و زانیاری و کۆمەڵایەتیدا.
رۆشنبیری رەمەکێک (غەریزەیەک) نییە، کە لەگەڵ لەدایکبوونی منداڵدا لەگەڵیدا بێت. بەڵکو لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە، وەریان دەگرێت و لێیان هەڵدەهینجێنێت.
رۆشنبیری منداڵان، بە ناوەڕۆک و پێکهاتە تایبەتمەندییەکانییەوە، مۆرک و ناسنامە و تایبەتمەندی و سیما جیاواوەزەکانی منداڵانی کۆمەڵگایەک لە کۆمەڵگاکان پێکدەهێنێت. کە لە کۆمەڵگاکانی تر جیای دەکاتەوە.. بە واتا رۆشنبیری منداڵان، شێوازی ژیانێکی جیاوازی منداڵانی کۆمەڵگایەکی دیاریکراوە.. کەواتە رۆشنبیری منداڵان لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کەمەڵگایەکی تر جیاوازی هەیە.. ئەم جیاوازییەش، بۆ جیاوازی رۆشنبیری گشتی کۆمەڵگا جیاوازەکانی مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە.. تەنانەت لە هەمان کۆمەڵگاشدا، رۆشنبیری منداڵان، یەک رەنگ و یەک شێواز نییە، کە هەموو منداڵانی ئەو کۆمەڵگایە لەژێر چەترێکی رۆشنبیری گشتیدا کۆیان بکاتەوە.. رۆشنبیری منداڵان، بەپێی فاکتەرەکانی ژینگەی دەوروبەر و رەگەز و بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی و جیاوازی زانیاری و رۆشنبیری هەر خێزانێک و باری کۆمەڵایەتی و ئابووری و گوزەرانی ژیانی جیاوازی خێزانەکان، جیاوازی هەیە.. لەمانەش گرنگتر بوونی ئەو سەرچاوانانەن لە بەردەستی منداڵاندا، کە مەستی رۆشنبیرییان دەکەن و هۆیەکن بۆ بەشداریکردنیان لە بنیادنانی رۆشنبیری منداڵان. بۆ نموونە: جیاوازی رۆشنبیری لە نێوان منداڵانی گوندنشین و شارنشیندا هەیە، کە لە دوو ژینگەی جیاوازدا دەژین و فاکتەرەکان و هۆیەکانی رۆشنبیری لێیان جیاوازن.. جیاوازی رۆشنبیری لە نێوان منداڵانی خێزانە نەبوو و هەژارەکان و منداڵانی خێزانە دەوڵەمەندەکاندا هەیە.. جیاوازی رۆشنبیری، لە نێوان منداڵانی خێزانە رۆشنبیرەکان و منداڵانی خێزانە ناڕۆشنبیرەکاندا هەیە.. کەواتە لە رۆشنبیری منداڵاندا، رۆشنبیری گشتی و رۆشنبیری تایبەتی هەیە.
بۆ هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی منداڵی، تا رادەیەک، پێویستیمان بە رۆشنبیری جیاواز هەیە، کە لە رووی ناوەڕۆک و شێواز و زمانەوە، لەگەڵ ئاستی ئەو قۆناغەی تەمەنی منداڵاندا گونجاوبێت.. تا سوود و خۆشی لێوەربگرن.. بۆیە پێویستە هەموو بابەتەکانی هەموو جۆرەکان و شێوەکانی رۆشنبیری منداڵان، بەپێی مەرج و پێوەرە جیهانییە گشتییەکانی رۆشنبیری منداڵان، بە وردی و بە پیشەیی و بە شارەزاییەکی تەواوەوە، ئامادە بکرێن.. ناوەڕۆکەکانی بابەتەکان و داڕشتنیان، لەگەڵ تایبتمەندییەکانی جیهانی منداڵاندا بگونجێن.. گەر نەگونجێن، ناچنە ناو چوارچێوەی رۆشنبیری منداڵانەوە.
لە ئەمڕۆدا گرنگیدان بە رۆشنبیری منداڵان، بووە بە ئەرکێکی پێویست و لە پێشینە و بە ئامانجێکی ستراتیژی گەلان و دەوڵەتانی جیهان، هەموویان هاوڕان لەسەر ئەنجامە ئەرێنییەکانی گرنگیدان بە رۆشنبیری منداڵان.. کە دەبێتە بنەڕەتی رۆشنبیری داهاتوو.
رۆشنبیری منداڵان، لە ئەرکە بنەڕەتییەکانیەوە دەست پێدەکات، لە گۆڕینی لەدایکبوونی منداڵەوە، لە گیانلەبەرێکی بایۆلۆژییەوە بۆ گیانلەبەرێکی کۆمەڵایەتی.. ئەم کارەش لە ساتی لەدایکبوونەوە تا کۆچی دوایی درێژەی هەیە.. کە منداڵ لەدایک دەبێت، هەندێ بۆماوەی لەگەڵدایە.. منداڵ کاتی لەدایکبوونی تەنها گیانلەبەرێکی بایۆلۆژییە، یا تەنها کەسێکە.. لە میانەی پەیوەندییە جیاوازییەکانی لەگەڵ خێزانەکەی و دەوروبەرەکەیدا، بە خێرایی میتۆدەکانی رۆشنبیری کۆمەڵەکەی وەردەگرێت، وەکو: زمان، داب و نەریت، رەوشت و بەهاکان،…هتد. دەگۆڕێت بۆ کەسێکی کۆمەڵایەتی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە منداڵ دوو جار لەدایک دەبێت.. یەکەمیان لەدایکبوونێکی بایۆلۆژی، دووەمیشیان لەدایکبوونێکی رۆشنبیری.. منداڵ لە لەدایکبوونی دووەمیدا، لە گیانلەبەرێکی بایۆلۆژییەوە، دەگۆرێت بۆ گیانلەبەرێکی رۆشنبیری.
هەر رۆشنبیریشە، کە مرۆڤ لە هەموو گیانلەبەرەکانی تر جیادەکاتەوە، مرۆڤ بە (گیانلەبەرێکی رۆشنبیرییە) ناودەبرێت.
گرنگترین ئامانجەکانی رۆشنبیری منداڵان:
ئامانجی رۆشنبیری منداڵان، گەشەکردنی کەسایەتی دروستی منداڵانە، لە بوارەی جەستەیی و ئەقڵی و سۆزدارییەوە.. زۆرن ئەو ئامانجانەی، کە رۆشنبیری منداڵان دەیانهێنێتە دی.. بە کورتی ئەمانەی خوارەوە، هەندێکن لەو ئامانج و لایەنانەی، کە
لە سایەی رۆشنبیری منداڵاندا، گەشەدەکەن و دێنەدی:
١ـ لایەنی جەستەیی: رۆشنبیری منداڵان، لەو پێدانگەوە کە (ئەقڵی تەندروست.. لە جەستەی تەندروست دایە) گرنگی بە تەندروستی گشتی منداڵان دەدات، گرنگیش بە خۆراکی باشی تەندروست دەدات.. هانی منداڵان دەدات بۆ یاری کردن و وەرزش کردنی جۆراوجۆر.. فێریان دەکات کە پاک و خاوێن بن و خۆیان لە نەخۆشییەکان بپارێزن.
٢ـ لایەنی ئەقڵی: رۆشنبیری منداڵان، زاخاوی بیر و هۆش ئەندێشەی منداڵان دەدات، لە سایەی رۆشنبیری دا، ئەقڵی منداڵان زیاتر گەشە دەکات و زیرەکتر و زۆرزانتر دەبن، ئامادەیی و شارەزایی ئەقڵییان پێدەبەخشێت، لە بیرکردنەوە و خەیاڵکردن وەبیرهێنانەوە و لێکدانەوە دا، توانای داهێنانیشیان گەشە دەکات، توانای زمان و گۆزارشکردنیشیان زیاتر دەبێت.. بیرتیژتر و خەیاڵ فراوانتر دەبن.. هەوڵی داهێنان و تازەگەری دەدەن.
٣ـ لایەنی رەفتاری و هەڵچوون: رۆشنبیری یەکێکە لە گرنگترین ئەو فاکتەرانەی، کار لە گەشەکردنی رەفتاری منداڵان دەکات، ئامانجی رۆشنبیرییە، کە بە ئاراستەیەکی دروست و ئەرێنی پەروەردەی سۆزداری منداڵان بکات وەکو: خۆشەویستی کەسانی تر و کۆنترۆڵکردنی زیادەڕۆیی لە سۆزدارییان دا.. کۆنترۆڵکردنی توڕەیی و هەڵچوونیان. رۆشنبیری ترس و دڵڕاوکێ و رەشبینی لە دڵی منداڵاندا دەردەکات و هەردەم متمانانە و هیوا و گەشبینی و سەرکەوتنیان پێدەبەخشێت.
٤ـ لایەنی رەوشتی: رۆشنبیری رەوشت و رەفتاری و ئاکاری جوان و نایاب، لە هۆش و لە دەرۆۆنی منداڵاندا دەڕوێنێت.. کە لە رەفتار و کرداری رۆژانەی ژیانیان دا بەرجەستە دەبن و رەنگدانەوەیان دەبێت.. گەشەکردنی ئەرێنی رەوشتیش، یەکێکە لە گرنگترین دیاردەکانی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی لە لای تاک.. گەشەکردنی رەوشت لە هەمان کاتدا گەشەکردنی ویژدانە و گوزارشتە لێی.. رۆشنبیری کارتێکردنی لەسەر گەشەکردنی ویژدان هەیە.. رۆشنبیری بەها رەوشتییەکان دیاری دەکات، کە پێویستە لە منداڵییەوە گەشەیان پێبدرێن و لە هۆش و دەروونی منداڵاندا بڕوێنرێن.. تا پێیانەوە دەق بگرن.
٥ـ لایەنی کۆمەڵایەتی: رۆشنبیری، لە میانەی تێکەڵبوونی منداڵان، لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریاندا، یارمەتی منداڵان دەدات کە ناسنامەی کۆمەڵایەتی بەدەستبهێنن. ئەوەش دەزانن کە سەر بە کۆمەڵگایەکی دیاریکراون.. هاوبەستەبوونیان بۆێ دەبێت، لەگەڵێدا دەژین.. پابەندی بیروباوەڕ و بەهاکان و داب و نەریتەکان و یاساکان و کەلەپووری رەسەنی کۆمەڵگاکەیان دەبن.. رۆڵ و بوونی کۆمەڵایەتی خۆیان دەسەلمێنن.
٦ـ لایەنی پەروەردەیی: رۆشنبیری منداڵان، بە پلەیەی یەکەم پرسێکی پەروەردەییە، رۆڵێکی بنەڕەتی گرنگی هەیە لە پەروەردەکردنی دروستی منداڵان، گرنگترین رێگا و هۆی فێرکردن و پەروەردەکردنی راستەوخۆی منداڵانە.. ئەو بابەتە پەروەردەییانە پێشکەش بە منداڵان دەکات، کە لەگەڵ تایبەتمەندییە سایکۆلۆژی و زمان و ژینگەی کۆمەڵایەتییان دا دەگونجێن، رەچاوی بەهرە و ئارەزوو و پێداویستییەکانیان دەکات.
٧ـ لایەنی نەتەوەیی و نیشتمانی: منداڵان لە میانەی ئەو هۆنراوە و سروود و گۆرانییە نیشتمانیانەی کە گوێان لێیان دەبێت یان دەیانخوێننەوە، سۆز و پەرۆش و خۆشەویستی و سۆز و هاوبەستەبوون و دڵسۆزییەکی زیاتریان، بۆ نەتەوە بۆ نیشتمانەکانیان دەبێت، زیاتریش لایان شیرینتر دەبن.. هەر ئەم لایەنەشە، بوارێکی فراوانتردەڕخسێنێت بۆ تێگەیشتن لە جوگرافیا و مێژوو و و سروشت و خەبات و بەسەرهاتەکانی گەلەکانیان.
٨ـ لایەنی جوانی: ڕۆشنبیری بەهاکانی جوانی لە هۆش و دەروونی منداڵاندا دەڕوێنێت. لە میانەی هەستکردن و چێژ وەرگرتنیان لە جوانی.. توانای رێکخستن و رازانەوە و گونجاندنی شتەکانیان دەبێت.
٩ـ لایەنی زمان: رۆشنبیری گەشە بە زمانی منداڵان دەکات، و فەرهەنگی وشەکانیان دەوڵەمەنتر دەکات، توانای دەربڕین و گوزارشتکردنیان بە زاری و بە نووسین زیاتر دەبێت.. ئازاییەکی زیاتری ئەدەبییان پێدەبەخشێت.. رۆشنبیری منداڵان بە زاری بێت یا بە نووسراو بێت، بە زمانێکی سادە و ئاسان و پەتی و تەڕ و پاراو و ناسک و شیرین، دەوترێن و دەنووسرین.
١٠ـ لایەنی کەسایەتی: رۆشنبیری، رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە بنیادنانی کەسایەتی دروست و هاوسەنگی منداڵان، لە هەموو روویەکەوە.. لە ئامادەکردن و راهێنانیان بۆ داهاتوویەکی گەشتر و شیاوتر.
١١ـ لایەنی زانیاری گشتی: منداڵانی رۆشنبیر، دەبنە خاوەنی بەکگراوندێکی رۆشنبیری گشتی، زۆرزانتر و هۆشیارتر دەبن.. دانامێنن و خیرا وەڵامدەر دەبن.. جیاوازیان لە گەڵ منداڵانی هاوتەمەنیاندا هەیە، کە رۆشنبیر نین و هەگبەکانی رۆشنبیریان بە تاڵن.
هەموو بیرمەندەکان و دەروونناسان و پەروەردەکاران، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە چاکسازی نەتەوە، لە منداڵییەوە دەست پێدەکات، کە بناغەی کەسایەتی مرۆڤە.
لە ئەمڕۆدا، گرنگیدان بە رۆشنبیری منداڵان و ئامادەکردنیان بۆ داهاتوویەکی باشتر، بووە بە ئەرکێکی پێویست و بە ئامانجێکی ستراتیژی و بە خەمی گەورەی گەلان و دەوڵەتان.. گرنگی دان بە رۆشنبیری منداڵان، بووە بە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی جیاوازی پێشکەوتنی گەلانی جیهان.. چونکە گرنگیدان بە رۆشنبیری منداڵان، دەبێتە بنەما بۆ رۆشنبیری گشتی داهاتووی گەشتر.
دایکان و باوکانی خۆشەویست و میهرەبان، مامۆستایانی دڵسۆز، پەروەردەکاران، نووسەران، شاعیران، هونەرمەندان، شانۆسان، میدیاکاران، هەموو ئەو کەسانەی خەمخۆر و دڵسۆزێ منداڵانن و هیواخوازی داهاتوویەکی گەشتر و شیاوترن بۆ کورد و کوردستان. لەم روانگەیەوە و بە لەبەرچاوگرتنی گرنگییەکان و ئامانجەکانی رۆشنبیری منداڵان، بۆ ئەمڕۆمان و بۆ داهاتوومان.. پێویستە هەموومان ئەوە بزانین، کە ئەرکێکی پیرۆز و پێویست، بەرپرسیارێتییەکی زۆر هەستیار و چارەنووسازمان لە ئەستۆدایە.

رۆشنبیری منداڵەکانمان تەنها ئەرکی دایکان و باوکان و مامۆستاکان نین، بەڵکو ئەرکی هەموو لایەکمانە، پێویستە هەموومان، بە ئەوپەڕی توانا و دڵسۆزییەوە، هاوکاربین لە
رۆشنبیریکردنی منداڵە چاوگەشەکانی ئەمڕۆماندا.. تا دڵنیابین کە لە سایەی بە باشی و بە جوانی گۆشکردن و پەروەردەکردن و رۆشنبیریکردن و ئاراستەکردنی دروستی جگەرگۆشەکانی ئەمڕۆماندا، هیوا و ئامانج و خواست و مافەکانی گەلەکەمان دێنەدی. پێویستە منداڵەکانی ئەمڕۆمان بە کوردستان پەروەری گۆش و پەروەردەیان بکەین.. هەمیشە بڕوا و متمانەبەخۆبوون و هـیوا و گەشبینی و پرەنسیپی بەرزیان لێبڕوێنین.
کورد وتەنیش:” چی بچـێنین.. ئەوەی دەدوورێنـەوە”

رەزا شوان
نەرویج: ٣/ مای/٢٠٢٠




ئەدەبی منداڵان … کەروێشکەسپی … فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

ئەوکەروێشکە سپییە
جوانە لە وێنەی نییە
هەتا بڵێی نیانە
خنجیلەیە و خەپانە
هەمیشە من حەزدەکەم
یاری لەگەڵدا بکەم
دێم و دەچم لەگەڵیا
دەیدەمێ گێزەروگیا
ئازاری یەکتر نادەین
لەگەڵ یەکتر لێبوردەین
ئەویش زۆر ئاسودەیە
هاوڕێی وەک منی هەیە۰




سێو … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

سێوم خـۆش و بەتــــامم
بۆ ئێـوە ی خۆشـــەویستم
ئاگـــــــاداربن منداڵان
میوەیـــــەکی پێـویستم
.
ڕەنگم سورە و سـەوز و زەرد
یان مزر یـــــان شیرینم
ئــــــاو و ڕیشاڵـم زۆرە
ســەرچـــاوەی ڤیتامینم
.
من ھـــــۆی بەھێزکردنی
مێشک و دڵ و نێو گــەدەم
لــــەدوای شتنەوە بمخۆن
وزەی باش بەلـەش دەدەم
….
٦/٢/٢٠٢٠




ئەدەبی مناڵان – دوو هــاوڕیـێ … و: محەمەد بەرزی

منداڵە خۆشەویستەکان ، جارێکیان مشکێک و بۆقێک بوون بـە هاوڕیێ . بۆقەکە لە ناو گۆماوێکدا دەژیا ، هەموو بەیانییەک بە بازدێک لە ناو گۆماوەکەدا خۆی هەڵدەدایە دەرەوە و خێرا دەچوو بۆ سەردانی مشکەکەی هاوڕێی ، کە لە ناو کونێکی نزیک دارێکی گەورەدا خۆی شاردبۆوە . پێکەوە بۆ خۆیان بەوپەڕی خۆشییەوە یارییاندەکرد ، پاشان بۆقەکە سەرلە ئێوارەیەکی درەنگ دەگەڕایەوە بۆ گۆماوەکەی خۆی . مشکەکە بۆقەکەی بە دڵ خۆشدەویست و زۆریش بەو هاوڕێیەتییە دڵخۆشبوو . بەڵام ئەوەی سەیر بوو ، تەنها بۆقەکە سەردانی مشکەکەیدەکرد ، هەر بۆیە بۆقەکە ئەمەی زۆر پێناخۆشبوو ، زۆر خەفەتی پێدەخوارد و هەستی بە کەمایەتی دەکرد ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر نیگەراندەبوو . زوو زووش لە دڵی خۆیدا دەیووت : ( باشە ئەم مشکە خۆی بە چی دەزانێت ، ئاخر بۆ ئەوەندە لووت بەرزە ، بۆ دەبێ هەموو ڕۆژێک من سەردانی بکەم ، ئەی باشە ئەویش بۆ جارێک نایەت سەردانێکم بکات ، ئەی بۆ هەردەبێ چاوەڕیێ بێت من بچم بۆ لای ؟ ) . ئیتر بۆقەکە بە تەواوی ڕقی لە مشکەکەی هاوڕێی هەڵگرت ، خۆشەویستییەکەی بوو بە بوخز و کینە و خوا خوای بوو تۆڵەی ئەو سووکایەتییەی لێبکاتەوە . هەر بۆیە بەیانییەکی زوو پەتێکی لەگەڵ خۆیدا برد و چوو بۆ لای مشکەکە . هەر گەیشتە لای گورج سەرێکی پەتەکەی بە جوانی بەست بە قاچێکی خۆیەوە و سەرەکەی تریشی زۆر بە قایم بەست بە کلکی مشکەکەوە ، ئنجا بە قونە قون مشکەکەی بە دوای خۆیدا ڕاکێشا ، لە دڵی خۆشیدا زوو زوو دەیووت : ( ئا بزانە ئەمڕۆ چۆن زوخاو دەکەم بەقوڕگتدا و چۆنیش لە ناو گۆمەکەدا دەتخنکێنم و هەقی ئەو لووتبەرزییەت لێدەکەمەوە ) . مشکەکە حەپەسا بوو ، لە ترساندا هەموو گیانی دەلەرزی و ئارەقی شین و مۆری دەردابوو ، هاواریدەکرد و دەیووت : ( باشە تۆ بۆ لە خوتوخۆڕایی وادەکەی ، تکایە وامەکە و ئازارم مەدە و ئێمە هاوڕیی یەکترین ، من تۆم زۆر زۆر خۆشدەوێت ، ئاخر من چیم لە تۆکردووە ، بە ڕاستی نازانم تۆ بۆچی ئاوا ئازارم دەدەیت ؟ ) ، بەڵام بۆقەکە گوێی لێنەگرت و دەمی هەڵنەپچڕا قسەیەکیش بکات و بە دوو چاوی بزەوە یەکبینە بە دوای خۆیدام ڕایدەکێشا ، نەوەستا تا گەیشتە لێواری گۆماوەکە ، ئنجا بە هەموو هێزی خۆیەوە گوڕی بەستەوە و گورج بە مشکەکەوە خۆی هەڵدایە ناو گۆماوەکەوە و بە خێرایی خۆی لە ناو ئاوەکەدا نوقمکرد . مشکەکەش لە ناو ئاوەکەدا کەوتە پەلە قاژە و خوا خوای بوو خۆی لە خنکاندن ڕزگاربکات . بەڵام نەیتوانی ، هەر بۆیە پاش تۆزێک خنکا و کەوتە سەر ڕووی ئاوەکە … ئەوەی سەیر بوو ، لە دوورەوە هەڵۆیەک مشکەکەی بەسەر ڕووی ئاوەکەوە بینی ، بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە بۆی دابەزی و بە چنگە تیژەکانی گرتی و زۆر بە خێرایی بەرزیکردەوە و وەک بایەکی تیژ هەڵفڕی ، جا چونکە کلکی مشکەکەش بە قاچی بۆقەکەوە بەسترابوو ، بۆقەکەشی لەگەڵ مشکەکەدا بەرزکردەوە . هەڵۆکە نەوەستا تا گەیشتە سەر لقی درەختێکی بەرز ، کە لە گۆماوەکەوە نزیکبوو ، هەرچەندە بۆقەکە هەوڵێکی زۆری دا خۆی ڕزگار بکات ، بەڵام نەیتوانی و لە ئەنجامدا هەڵۆکە هەردووکیانی خوارد .


جا منداڵە ئازیزەکان ئەم چیرۆکە پێماندەڵێت ، نە دەبوو بۆقەکە ئەو کارە خراپە بەرامبەر هاورێیەکەی بکات ، دەبووایە لە پێشدا گلەییەکانی خۆی بە مشکەکە بووتایە ، تا ئەویش بیتوانیایە داکۆکی لە خۆی بکات ، لەوانەیە هۆکاری تایبەتی خۆی هەبووبێت ، کە سەردانی بۆقەکەی نەکردووە . پاشان ئەم چیرۆکە ئەو پەندە کوردییەمان بیردەخاتەوە ، کە دەڵێت : ( ئەوەی چاڵ بۆ یەکێک هەڵبکەنێت خــۆی تێی دەکەوێت ) .
تێبینی : ئەم چیرۆکە بە دەستکارییەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە .




بۆ جوانیی ژینگە … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ئـــەم ژینگە یە نــازدارە
تـا خاوێن بێ جوان دیارە
گـــەورە و بچــوک پێکەوە
ھـەر ھەمووی بەرپرسیارە
با ھـەر کەسە و لەلای خۆی
دڵســــۆزیی بنوێنێ بـۆی
بەکـــــار و بە کــردەوە
وەک ئەرکێک بێ لە ئەستۆی
کە ھــــاوڕێیەک لە شوێنێ
دێ نــەمــــامێک دەڕوێنێ
ئێمەش وەکو ئـــەو دەکەین
خۆشی بۆ دڵمــــــان دینێ
ھاوڕێکــــانی تریش دێن
بەدوامــــــاندا دەگەڕێن
سەرو نەمــــــام دەھێنن
لـــــەو ناوەدا دەیڕوێنن
….
٢٤/١/٢٠٢٠




بــاڵــنــدە … لیۆ تۆلستۆی .. و: محەمەد بەرزی

منداڵە ژیرەکان ، توانا لە ڕۆژی جەژنی لە دایکبوونیدا ، دیاری زۆر جوانی بۆ هاتبوو . مامیشی دیارییەکی سەیری بۆ هێنابوو ، کە بریتیی بوو لە قەفەزێکی پچکۆلە و داوێک بۆ گرتنی باڵندە . توانا بەو دیارییەی مامی زۆر دڵخۆشبوو ، لە هەموو دیارییەکانی تریشی لا بەنرختر بوو ، بۆیە لە خۆشیاندا بەڕاکردن بردی بۆ لای دایکی و وتێ : ( دایە گیان لە ناو هەموو دیارییەکاندا ئەم دیارییەی مامم لە هەموو دیارییەکان پیێ جوانتر و باشترە ، چونکە دەتوانم باڵندەی پیێ بگرم ) . جا چونکە دایکی حەزی لە گرتن و ئازاردان و بەندکردنی باڵندە نەبوو ، بەو دیارییە زۆر دڵتەنگبوو ، بۆیە بە توانای وت : ( ئەو دیارییە دیارییەکی باش نییە ، چونکە نابێ باڵندە بگرین و ئازاریان بدەین و لە ناو قەفەزدا بەندییان بکەین ) . بەڵام توانا بە پێچەوانەی دایکییەوە زۆر شادمانبوو ، هەر بۆیە گوێی لە دایکی نەگرت ، هەر زۆر بە خێرایی ڕایکردە ناو باخچەکەیان و داوەکەی بۆ باڵندەکان نایەوە و تۆزێکیش دانی بە دەوری داوەکەدا بۆ ڕۆکردن ، لە پەنایەکیشدا خۆی شاردەوە و خوا خوایبوو داوەکە دانەیەکیان بگرێت . ئەوەی سەیر بوو باڵندەکان کاتیک لە دانی دەوری داوەکە نزیکدەکەوتنەوە ، دەترسان و بە خێرایی دووردەکەوتنەوە . جا ئەگەرچی توانا ماوەیەکی زۆر چاودێریکردن ، بەڵام هیچ باڵندەیەکیان نە چوون بە لای داو و قەفەزەکەدا ، ئیتر توانا بە تەواوی تاقەتی نەما ، بە ناچاری باخچەکەی بەجێهێشت و چوو بۆ خواردنی نانی ئێوارەی . پاش نانخواردن ، توانا زۆر بە پەلە گەڕایەوە بۆ ناو باخچەکە ، سەیریکرد داوەکە باڵندەیەکی پچکۆلانەی گرتووە ، هەر بۆیە لە خۆشیاندا نەیدەزانی چیی بکات ، باڵندەکەش لە ترساندا دڵی وەک بینی ئاو دەلەرزی ، بەڵام توانا گوێی نەدایە و گورج لە داوەکەی کردەوە و خستییە ناو قەفەزەکەوە و دەرگاکەشی خڕ لەسەر داخست و خێرا بە ڕاکردن و هاوار هاوار و خۆشییەوە چوو بۆ لای دایکی و وتی : ( دایە گیان ئەها داوەکەم چۆلەکەیەکی گرتووە ) . دایکی کە دیمەنی باڵندەکەی بینی وتی : ( ئەوە چۆلەکە نییە ، ئەوە بولبولە و دەنگیشی زۆر خۆشە ) … ئنجا بە توانای وت : ( تکایە ئەو بولبولە دەنگخۆشە بەرەڵڵابکە ، با تووشی ئازار نەبێت ) . توانا لە وەڵامدا وتی : ( نەخێر بەرەڵڵای ناکەم و زۆر حەزدەکەم لە لام بمێنێتەوە ، هیچ خەمێکیشت نەبێ ، ڕۆژانە هەر خۆم دان و ئاوی بۆ دادەنیم و ژێرەکەشی بە جوانی پاکدەکەمەوە و خزمەتی باشیشی دەکەم ) .
توانا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ زۆر بە پەرۆشەوە خزمەتی بولبولەکەیکرد . دان و ئاوی بۆ دادەنا و قەفەزەکەشی بۆ پاکدەکردەوە . بەڵام ڕۆژی سێیەم ، تۆزێک تاقەتی نەما و بولبولەکەی لەبیرکرد . کاتێ دایکی تەماشای بولبولوکەیکرد ، سەیریکرد نە دان و ئاوی بۆ دانراوە ، نە ژێریشی پاککراوەتەوە . هەر بۆیە بە توانای وت : ( تکایە واز لەو بولبولە بەسزمانە بهێنە و دەرگای قەفەزەکەی بۆ بکەرەوە با ئازاد بێت و بچێتەوە لای هاوڕێکانی . باشە ئەی تۆش حەزدەکەی ئاوا بتخەنە ناو قەفەزێکەوە و دەرگات لەسەر دابخەن ؟ ) . بەڵام توانا گوێی لەو قسانەی دایکی نەگرت ، تەنها وتی : ( تۆ خەمت نەبێت ، ئیتر هیچکاتێک پشتگوێی ناخەم و لە مەولا هەموو ڕۆژێک دان و ئاوی بۆ دادەنێم و بە جوانیش قەفەزەکەی بۆ پاکدەکەمەوە ) . هەر بۆیە گورج چوو بۆ لای قەفەزەکە و دەرگاکەیکردەوە ، تا پاکی بکاتەوە ، پاشان جامی ئاوەکەی دەرهێنا ، تا ئاوی تازەی بۆ بهێنێت ، بەڵام لەبیری چوو لە دوای خۆیەوە دەرگای قەفەزەکە دابخات ، بە مەش بولبولەکە فرسەتی هانی و بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە گڤەیکرد و باڵەکانی کردەوە و دەرپەڕییە دەرەوە و لە ناو ژوورەکەدا چەند جارێک بە خێرایی خولایەوە . پاشان لە ناکاو و زۆر بە قایم خۆیدا بە پەنجەرەیەکدا ، تا بڕواتە دەرەوە ، بەڵام نەیزانی ڕووی پەنجەرەکە شووشەیە ، هەر بۆیە یەکسەر بە تەوقی سەردا کەوتە خوارەوە و تەپەیەکی پچکۆلەی لیێ هەستا . کاتی توانا بولبولەکەی لەسەر زەوییەکە بینی ، گورج چوو هەڵیگرتەوە و خێرا نووسانی بە سنگییەوە ، بەڵام بە حاڵ دڵە پچکۆلەکەی لێی دەدا و بە گران هەناسەی دەدا .. توانا ڕوویکردە دایکی و وتی : ( دایە گیان : تکایە چیی بۆ بکەین باشە ؟ ) . لە وەڵامدا دایکی وتی : ( ئیستا ناتوانیین هیچی بۆ بکەین ) . ئەو ڕۆژە توانا بە خەمباری و زویری تا دەرنگانێکی شەو بە دیار بولبولەکەوە مایەوە . پاشان ئەوەندە ماندوو بوو چوو نووست ، بەڵام لەبەر خەفەتی بولبولە جوانەکەی نەیدەتوانی بنووێت ، ئەو شەوە چەند جارێک خەبەری بۆوە . بۆ بەیانی ، کە لەخەوە هەستا خێرا ڕایکرد بۆ لای قەفەزەکە ، تەماشایکرد بولبولەکە لەسەرپشت کەوتووە و قاچەکانی لێ بڵاوکردۆتەوە و گیانی دەرچووە . بەمەش توانا زۆر دڵتەنگ و پەست و بێزار بوو ، چاوەکانی پر بوون لە فرمێسک و زوو زووش دەیوت : ( من هۆکاری مردنی ئەم بولبولە جوانە بووم ، خۆزگە ئەو دیارییەم بۆ نەهاتایە و ئەم باڵندەیەم نەگرتایە ، خۆزگەش هەر زووش بە قسەی دایکە خۆشەویستەکەی خۆمم بکردایە و ئەم بولبولە جوانەم بەرەڵلابکردایە و ئاوا نەمردایە ) . ئنجا بە چاوی پڕ لە فرمێسکیشەوە وتی : ( مەرج بێت لەمەودوا نە هیچ باڵندەیەک بگرم ، نە هیچ باڵندەیەک ئازار بدەم و نە هیچ باڵندەیەکیش لە ناو قەفەزدا بەند بکەم . چونکە پێویستە ئەوانیش وەک من و دایکم و هەموو گیانلەبەرێکی تر ، بۆ خۆیان بە خۆشی و شادی و ئازادی بژین ) .


تێبینی : دەستکارییەکی زۆر کەمی ئەم چیرۆکەم کردووە .




دارێک … ڕۆستەم خامۆش

دارێـک لـە حـەوشــەمـانـە
ئای، كـە بەرز و زۆر جوانـە

كــاتـێ دەچـيــــنـــە ژێــری
چـەنــدە خـۆشــە سێبـەری

هەست پێدەكەين گرينگـە
بـــۆ پێويســتی لـــە ژینگـە

زۆر بــە ســـوودە و ناهێڵێ
تـــۆز و خـــۆڵ بێـتـە مـاڵێ

  ڕۆستەم خامۆش 
  هەولێر ۲٠۱۷/۷/۱۸



گــوڵ و کــۆرۆنــا … محەمەد بەرزی

کۆرۆنا بەندی کردووین
ژیانی خۆشی بردووین

خۆمان جوان دەپارێزین
بەرامبەری نابەزین

ورەمان دانابەزێ
هەر دەبێ ئەو ببەزێ

ئەوکاتە دێمە دەرێ
باپیرە دەستم دەگرێ

گوڵ دەبەین ، گوڵی بۆندار
بۆ پزیشک و پەرستار

بۆ کەسانی میهرەبان
پەنا بوون بۆ هەژاران

٩ / ٤ / ٢٠٢٠




هۆنراوە بۆ منداڵان.. کۆرۆنای هار و هاج.. هۆنراوەی: رەزا شوان

ئـەی کـۆرۆنـــای نـالـەبـــــــــــار
هـــار و هـــاجـی نـاهـەمـــــــوار

  • * * * * *
    بــــــڕۆ وازمــــــــان لـێـبـێــــــنـە
    ژیـانـمـــــان لـێ مـەشـێـوێــــــنـە
  • * * * * *
    ئـێـمـە مـنـــــداڵـیـن جـــــــوانـیـن
    دڵـپــــــــــاک و بـێ تـــــــاوانـیـن
  • * * * * *
    لـە بـەدكـــــــاریـت نــــــــاڕازیـن
    خـۆمـــــان لـێـت دەپـــــــارێـزیـن
  • * * * * *
    لـێــــــت بـە داخ و بـێــــــــزاریـن
    بـە تـیــاچـوونـت خـوازیــــــاریـن
  • * * * *
    بـــــــرۆ مـلــــــــت بـشــــــکـێـنـە
    واز لـە مـــــــرۆڤ بـهــــــــــێـنـە

نەرویـج: ٥/ ئەپـریل/٢٠٢٠




تەندروستی خۆم … شیعر بۆ منداڵان – ڕۆستەم خامۆش

ژیــرم، پــاکــم، خـاوێـنـم
مـــن پـابـەنـدی ڕێنوێـنـم

لـەبـۆ تـەنـدروســتی خۆم
دەستەکانم جوان دەشۆم

ناهێڵم هـەرگیـز پـیـس بم
نامەوێ جەستە سیس بم

بــەڕاســتـی خـۆپــارێـــزم
بـۆیــە ســاغ و بــەهێـــزم

دەژیـــم وا بــە دڵخۆشـیی
مـن دوورم لـە نـەخۆشـیی

دەروون و گیان ئـاسـودەم
بەختـیـار و لێـو بەخەندەم

    شیعر بۆ منداڵان
    ڕۆستەم خامۆش
   هەولێر ۲٠۲٠/۳/۳۱



ئەدەبی منداڵان- خۆپارێزی لەکۆرۆنا … فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

بەرەنگاری کۆرۆنا
بۆتە ئەرکی هەموومان
دەبا باش بیپارێزین
خۆمان و ژینگەکەمان۰

ڕێنماییەکان ئاسانن
کاتێک لەماڵ دەردەچین
دەستەوانە لەدەستکەین
دەمامکیش ببەستین۰

لەناوماڵ بۆ خاوێنی
پاکژکەر بەکاردێنین
دەبێت بەسابون و ئاو
زوو زوو دەستمان بشۆرین۰

من دڵنیام گەر وابین
بەدوورین لەنەخۆشی
ژینگەمان خاوێن دەبێ و
هەموو دەژین بە خۆشی۰

۳۱ـ۳ـ۲۰۲۰
فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی




شانۆ بۆ منداڵان.. ئاکامی لەخۆبایی .. رەزا شـوان

کەسایەتییەکان بە پێی دەرکەوتنیان لەسەر شانۆدا:( پەپوولەکان، ئاگـر، دار، چۆلەکە، شوورە، رووبار، ماسی.. کە پەردە لادرا، هەموویان لەسەر شانۆدان. تەنیا ئاگر نەبێ)
دیمەنی سەر شانـۆ: (دارێکی گەڵا سەوزی کەمێک بـەرز لە لای راستی شانـۆکە دایە.. شوورەیەکی دروستکـراو لە دار لە شـێوەی خـشت ـ تابـووک ـ و چـیمەنتـۆدا کە لە لای چەپی پێشەوەی شانۆکەوەیە.. رووبارێکی شین لە لای پێشەوەی شانۆکە دایە.. دیواری پشتەوەی شانۆکە، سەرانسەر دیمەنـێکی رەنگـین و جـوانە، گـوزارشت لە سروشـت و لە بەهاری کوردستان دەکا.. زنجیرە چـیایەک لەژێـر ئاسمانی شیـنـدا.. دامێـنی زنجـیرە چیاکـان، بە گوڵاڵە سوورە و بە جـۆرەهـا گـۆڵی رەنگـاوڕەنگ رازاوەتـەوە)
کە پەردەی شانۆکە لادەدرێت.. لە بەردەم دارە سەوزەکەدا، پێـنج کچـۆڵەی دەردەکەون کە بـەرگی کـوردی رەنگـاوڕەنگـیان لەبـەردایـە.. هـەریەکـەشـیان دوو بـاڵی پـەپـوولە ئاساییان لە لەسەر شانەکـانیان دایـە.. سەمـا دەکەن و پێکـەوە ئەم گـۆرانیـیە دەڵـێن:
پەپـوولـــــەی بـاڵ نەخـشــــیـنـیـن
شــۆخ و شــەنـگ و رەنـگـیـنـیـن
شـەیــــدای وەرزی بـەهـــــــاریـن
هـۆگــری گــــوڵ و گـوڵــــــزاریـن
پەپـوولــــەی کـوردســـــــــتـانـیـن
لە نــاو بــــــاخ و بـێـســــــتـانـیـن
نـــەرم و نـــۆڵ و ژیـــــــــکـاڵـیـن
هـــــاوڕێـی گـــــوڵ و مـنــــداڵـیـن
پەپـوولــــــــەیـن و دڵـپــــــــاکـیـن
یــــاری دەکـەیـن بـێ بـــــــــاکـیـن
دڵـخــــــۆشـیـن و دڵـشــــــــــادیـن
سـەمــــــا دەکـەیـن ئــــــــــازادیـن
یەکێک لە پەپوولەکان: ئەوە چییە؟ هەست بە شتێکی ترسناک دەکەم.. ئای کە گەرمە.. بۆچی ئەم هەموو ئارەقـەم کـردووە..؟ ئێمە لە وەرزی بەهـارداین.. ئەم گڕە گەرمایەی هـاوین لە کوێـوە هـات؟
لە دەرەوە دەنـگی گـڕەگـڕ و کـڵپەی ئـاگـر دێ.. ئـاگـرەکە بـە قـایـمی قـاقـا پێـدەکـەنی.. هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
پەپوولەکان بە ترسێکی زۆرە، سەیـری ئەو لایە دەکەن کە دەنگی قـاقـاکەی لێـوە دێ.
هەر ئەو پەپـوولەیە: ئـای.. ئـای.. ئەمـە چـییە؟.. ئاگـر.. ئاگـر.. بەرەو ئـێرەوە دێ.
ئاگرەکە دێتە ژوورەوە.. پەپوولەکان لە ترسی ئاگرە سەریان لێشـێوا.. بۆ لای راست و بۆ لای چـەپ و بـۆ دوا دەڕۆن.
ئاگرەکە (بە دەنگـێکی بەرزەوە پێـدەکەنێ): هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
پەپوولەیەکی تر: لێرە خۆمان دەشارینەوە.. نا لەوەێ.. لە پشتی شوورەکەوە باشترە.
ئاگرەکە دەست بە سەماکردن دەکات.. هـێز و توانای خۆی دەردەبـڕێت.. بە دەنگێکی بەرزەوە پێـدەکـەنێ.. دوایی لەپـڕێکـدا، لە بـەردەم دارە سەوزەکـەدا دەوەستـێـت.. بە لەخۆبایی و لـووت بەرزییـەوە دەیـدوێـنێ.
ئاگرەکە: ئەمە چـییە؟ لە رێگامـدا مەوەستە؟ تـا زووە لێـم دوورکـەوە.
دارەکە: من لە شوێنی خۆمـدام.. لە رێگـاکەدا نەوەستاوم.. رێگاکەش پان و بەرینە و دەتـوانی پێیـدا بـڕۆیـت.
ئاگرەکە: ئەوە ناترسی؟ لە ڕێمـدا مەوەسـتە و دوورکـەوە.
دارەکە: چـۆن دووربکەومەوە؟ چـۆن؟ چەنـد ساڵێکە مـرۆڤ منی لێرەدا رووانـدووە.
ئاگرەکە: دێـم و لـووشت دەکەم.
دارەکە: تکایە ئەقـڵی خۆت لە دەستمە.. من سوودێکی زۆرم بۆ مرۆڤ و باڵندە هەیە.
ئاگرەکە: سـوود؟.. تۆ سـوودت هـەیە؟ هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
دارەکە: بەڵێ.. من سوپاسی مرۆڤ دەکەم.. بەرەکەمی پێـدەبەخـشـم.. کـێش بیەوێت لە سێبەرەکەمدا دەحەسێتەوە.. رووەکە بچکۆلەکانیش لە رەشەبا و گەردەلوول دەپارێزم.. لە لقە وشکەوەبـووەکانیشم، شتی بەسوود دروست دەکەن.. لەسەر لقە بەرزەکانیشمدا، چـۆلکە هـێلانەیان کـردووە.. من جـوانی باخچـەکـان و شەقـامەکان و گۆڕەپانەکـانم.
ئاگرەکە: بەسە ئەی دار.. تۆ ناتـوانیت شوێنەکەت بەجـێبهـێڵـیت.. بەڵام مـن دەتـوانم بۆ ئێـرە و ئەوێ بـڕۆم.. دڵخـۆشم و یـاری و سەمـا دەکەم.. هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
دارەکە: مرۆڤ خـزمەتم دەکات و بایەخم پێدەدات و ئاگای لێمە.. دڵخۆشیش بۆ کەسێک باشە کە چاکە بکـات و خـراپە نەکـات و لەخـۆشی بایی نەبێت.. ئـازاری کەسیـش نەدا.
ئاگرەکە: مـرۆڤ.. مـرۆڤ لـە هـەزاران سـاڵ پێـش ئێـستا، بـە لـێـدانی دوو بـەرد بە یەکتریـدا منیان دۆزییـەوە.
دارەکە: ئەی ئەوە نـازانی.. کە مـرۆڤ پێـش ئەوەی کە تۆ بـدۆزنەوە.. منیان رووانـد.. ئەی ئەوەش نـازانی کە تۆ وەکو رەشەبا و گەردەلـوول وایت.. کە لە زستانـدا رەگەکانم هەڵـدەکـێشن.. لە پایـزیشـدا گەڵاکـانم دەوەرێـنن.. تـۆش دەتـەوێت گـڕم تێـبەردەیـت.
ئاگرەکە: رەشەبـا و گەردەلـوول.. هـاهـاهـا.. رەشەبـا و گەردەلـوول هـاوڕێـمن.. ئـەوان یارمـەتی گەشبوونەوە و گەشەکـردن و بڵاوبـوونـەوەم دەدەن.
دارەکە: ئـەی ئاگـر.. ئەوەش نازانی، کە هەموو کەسێک پێویستی بە کەسانی تر هەیە.. تا لـەم ژیانـەدا یەکـتری تەواوبکەیـن.
ئاگرەکە: واز لەم قـسە زل و فەلسەفـانەت بهـێنە.. پێویستە دان بەوەدا بنـێی، کە من لە تۆ بەهـێزتـرم.. ئەگـینا حەپـەلـۆشـت دەکەم.
دارەکە: نا.. لێم نزیک مەبەەوە.. ئەوەی دەتەوێت دەیکەم.. تا خۆم لە شەڕت لابدەدەم.. تۆ لە من بەهـێزتری.. تۆ لە من بەهـێزتری.. تۆ لە من بەهـێزتری.. (دارەکە دەگـری).
ئاگـرەکە بە قـایمی قـاقـا پێـدەکەنی و سەمـا دەکـا.. تا لە بـەردەم چـۆلەکەیـەکـدا خـۆی بینیـیەوە.. کە بە دەوریـا هەڵـدەفـڕی.. ئاگـرە بە تەڵـفـیسییەوە.. سەیـری چۆلەکەکەی کـرد و بە قـایمی پێی پێکـەنی.. هـاهـاهـا.
ئاگرەکە: چۆلەکەیەک لە رێگـامدا؟ ئەی چـۆلەکە بچکـۆلەکە.. دوورکەوە لە رێگاکەم.
چۆلەکەکە: لە رێگای تـۆدا نەوەستاوم.. رێگـاکەش فـروانە.
ئاگرەکە: ئەوە چۆن دەوێـری لە رووم بوەستیتەوە.. بەم جۆرە قسە لەگەڵمـدا بکەی؟
چۆلەکەکە: من سەرقاڵـم و لەسەر دارەکەدا هـێلانەیەکی تازە بۆ بێچـوەکانم درووست دەکەم و خـۆاردنیان بۆ دەهـێنـم.. کاتی چـەن و چـوون نیـیە.
ئاگرەکە: ئەی لە من ناتـرسی؟
چۆلەکەکە: من لە کەس ناتـرسـم.
ئاگرەکە: چـی؟ چـۆن وا دەڵـێی؟ دەزانی لەگەڵ کـێدا قـسە دەکەی؟.. بە گـڕێکی مـن هەڵـدەپـڕوکـێی و کۆتـایی بە ژیانـت دێ.. زوو بـڕۆ و لە رێگـاکەم دووربکـەوە.
چۆلەکە (دەترسێ و دەچـێتە دواوە و لە پەنـای دارەکەدا خۆی دەشارێتەوە و دەڵێ): قسەکـردن لەگەڵـیـدا سوودی نیـیە.
ئاگرەکە بە خۆشی و پێکەنینەوە دەست بە سەماکردن دەکا.. تا لە بەردەم شوورەیەکدا خـۆی دەبیـنـێتەوە.
ئاگرەکە: ئا ئـیرە کۆتایی رێگـاکەیە؟
شوورەکە: بەڵێ.. ئێرە کۆتایی رێگاکەیە.. پێویستە بگەڕێـیـتە دواوە.
ئاگرەکە: بگـەڕێمە دواوە.. نـا.. نـاگەڕێمە دواواە.. ئەی شـوورەکە، ناتـوانیت رێـم لێ بگـری.. رێـم بۆ چۆلکـە و لاچـۆ لەسەر رێگـاکەم.
شوورەکە: چـۆن.. من لێرە چەسپاوم.. ناتوانـم بجووڵـێمەوە.. من شوورەیەکی قـایمم و بە خـشت و بە چـیمەنتـۆ بنیادنـراوم.
ئاگرەکە: وا دیارە کەلەڕەقـیت و ناتـەوێ فەرمانی من جـێـبەجـێ بکـەی.
شوورەکە: نا.. ناتوانـم جـێـبەجـێی بکـەم.
ئاگرەکە: کەواتە دەبێ سزای ئەم چاوقایمی و سەرپێچییەت وەربگریت.. کاولت دەکەم.
شوورەکە: نا.. نا.. لێمگەڕێ.. لێم نزیک مەبەوە.. تۆ گێچەڵمان پێـدەکەی و بە دوای شەڕدا دەگەڕێی.. پێویستە ئەوە بزانی، کە ئـیرە کۆتایی رێگاکەیە.. لە پشتمەوە ماڵ و خەڵکـیان لێ هـەیە.. لە رەشەبـا و گەردەلـوول و لە دز و داگـیرکەر دەیانپارێـزم.
ئاگرەکە: پێویستە دان بەوەدا بنـێی، کە من لە تـۆ بەهـێزترم.. ئەگـینا وێـرانت دەکەم.
شوورەکە: نـا.. نـا.. وێـرانم مەکـە.. دان بەوەدا دەنـێـم کە تـۆ لە مـن بەهـێزتـری.
ئاگرەکە: هـاهـاهـا.. دارەکـە و چـۆلەکەش پێـشتر، دانیـان پێـدا نـا.. کە مـن لە ئـەوان بەهـێزترم.. ئێستاش تۆ دانی پێدا دەنێی کە من لە تۆ بەهـێزترم.. هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
ئاگرەکە بە لەخۆبـایی و خۆشـییەوە، دەستی بە سەماکـردن کـرد.. تا خـۆی لەبـەردەم ماسییەکـدا بینییەوە.. کە لە نێو رووبارێکـدا سەمـای دەکرد.. ئاگرەکە بە گرژییەکەوە سەیـری ماسیـیەکەی کـرد و لێی نـزیک بـۆوە.
ئاگرەکە: ئەی ماسییەکە، ئەوە وەکو مـن سەمـا دەکەی..؟
ماسییەکە: بەڵێ.. مـن لەنـاو ئەم رووبارەی لـێی دەژیـم.. مەلە دەکەم و سەما دەکەم.. ئەمـە هـێچی تیـا بەسـەرە؟
ئاگرەکە: ئـەی ناتـرسی؟
ماسییەکە: بۆ بترسم؟ باڵەکانم یارمەتیم دەدەن.. پوولەکەکانم دەمپارێزن.. کلکم ئاراستەم دەکات.. ئیتر بۆ بترسـم.. هیچ هەڵـەیەکـیـشـم نەکـردووە تـا بترسـم.
ئاگرەکە: بەڵام تـۆ وەکو مـن ناتـوانی سەمـا بکەی.
ماسییەکە: لە ناوی رووبارەکەدا، لە تـۆش باشـتر سەما دەکەم.
ئاگرەکە: ئەی ماسییەکە.. تـۆ رکەبەرایەتی لەگەڵ منـدا دەکەی؟
ماسییەکە: رکەبەرایەتی لەگەڵ کەس ناکەم.. بەڵام ئەمـە راسـتی و سـروشـتییە.
ئاگرەکە: ئەی ماسییە لاسارەکە. دەبێ بتـبـرژێـنم.
ماسییەکە: ناتـوانیـت.
ئاگرەکە: مـن ناتـوانـم؟ وا دیـارە گـاڵـتەم پێـدەکـەی.. کەس نەیـوێـراوە و نـاوێـرێ.. ملمـلانێی وا لەگـەل منـدا بکـا.. پێویستە دان بە هـێزی منـدا بنـێی.
ماسییەکە: چـۆن؟
ئاگرەکە (لێی نزیک دەبێتەوە): خۆمـت پێـشـان دەدەم.
ماسییەکە: باشـە چی دەکـەی؟.. ئـەی تـۆ لە رووبـارەکە ناتـرسی؟
ئاگرەکە: لە کەس ناترسم.. هەمووان لە من دەتـرسن.. تۆش پێویستە لە من بترسی.. ئەی ماسییە لاسارەکە، پێویستە بتـبـرژێـنم.
ئاگرەکە بەرەو لای ماسییەکەوە دەجـووڵـێ.
رووبارەکە: چاوەڕێکە ئەی ئاگـرە لەخۆبـاییەکە.
ئاگرەکە: ئەی رووبار، تۆ خۆت لە شتێک هەڵمەقـورتێنە.. کە پەیوەندی بە تۆوە نییە.
رووبارەکە: ئەم ماسییە لە ئاوی مندا مەلەوان دەکا و دەژی.. ئەی ئاگری لەخۆبایی بە خۆتـدا بچـۆرە.. ئایـا ئاکـامی ئەوەی دەتـوێ، دەزانـی بەچـی دەگـا؟
ئاگرەکە: بـاش دەزانـم کە چـیم دەوێ.
رووبارەکە: چـیت دەوێ؟
ئاگرەکە: مـن ئـەم ماسیـیە، کە لە رێگـامدا وەسـتا.. دەبـرژێـنـم.
ئاگرەکە زیاتـر و زیاتـر لەرووبارەکە نزیک بـۆوە.. تا گەیشت بە رووبارەکە.. خۆی بۆ ماسییەکەی نـاو رووبـارەکە هـەڵـدا.. ئاگـرەکە هـاواری لێ هـەسـتا: مـردم.. مـردم.. دووکەڵێکی رەشی لێ هەستا.. لە رووبارەکەدا نوقم بوو و خنکا.. دوایی لاشەی سارد و سڕیـان دەرهـێـنا و لەسەر شانـۆکەدا دایـان نـا.
ماسیـیەکە و دارەکـە و چـۆلەکەکە و شـوورەکە (پێکەوە): زۆر سوپـاس رووبـاری هـاوڕێمان.. کە ئەرکی خـۆت بەجێ هـێنا و لەم ئاگـرە لەخـۆبـاییە رزگارت کـردین.
رووبارەکە: شایـەنی سوپاس نیـیە.. بە ئەرکی سەرشـانـم زانی، کە لەو لەخـۆباییە رزگارتـان بکـەم.
چۆلەکەکە: ئیـتر بە ئـارەزووی خـۆم یـاری و سەما دەکەم.. کەس رێـم لێ ناگـرێـت.
پەپوولەکـانیش (هـاتـنە دەرەوە): زۆر سوپـاس رووبـاری هـاوڕێمـان.
رووبارەکە: شایەنی نییە.. بە ئازادی و بە هەوەسی خۆتان یاری بکەن و سەما بکەن.
یەکێک لە پەپـوولەکـان (کچـۆڵەیەکی دەنگخـۆش) ئەم هـونـراوەیە بە ئـاوازەوە بە دیار لاشـەی ئاگـرەکـەوە دەخـوێنـێـتەوە:
ئـەی ئـاگــــری لەخـۆبـــــایـی
وا تیـاچــووی لـە کۆتـــــــایی
بە هــــێـزی خـۆت دەتـنــازی
دار و دیـــــــوارت گــــــــازی
واتــــزانـی پـێت نـاوێــــــــرن
کـەس نیـیە رێـت لـێ بگـــرن
هـێندەش لەخۆت دەرچـوویت
بە گــژی ئـاویـشــدا چــوویت
بـمــرە گـــۆڕی گـیــــانـت بـێ
دواکـــــۆتـایی ژیــــــانـت بـێ
ئـەوەی لـەخـــــۆی بـایـــــیـە
ئـاکــــامـی ئـاوهـــــــــایـــــیـە

(کۆتــــایی …. شانــــۆکە)
تێـبینی:
() بە دەستکارییەوە ئەم شانۆیەم لە زمانی عەرەبییەوە، وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی.. شانۆکە لە نووسینی (ئبراهـیم ئەبولخەیـر)ە. لەژێر ناوی (عاقـبة الغـرور).
(
) هـۆنـراوەی پێشەکی و کۆتـایی، لە هـۆنینەوەی خـۆمـن.. لە دەقە عەرەبییەکەدا، هـیچ هـۆنـراوەیەکی تێـدا نیـیە.
() دەکريت رۆڵی ئاگر بدرێت بە منـداڵێکی زیـرەکی باڵابەرز.. بەدلەیـەکی سووری لەبەربێ، کە گوزارشت لە ئاگر بکات.. دەرهێنەر خۆی دەزانێ بۆ ئەم رۆڵە، چۆن گوزارشت لە ئاگر دەکات.
(
) رۆڵی دارەکە و چۆلەکەکە بـدرێـن بە دوو کچـۆڵە.
() رۆڵی شوورەکە بدرێت بە کوڕێک.
(
) رۆڵی ماسییەکە بدرێ بە کچۆڵەیەک.
() دەرهێنەر دەتوانێت بە نایلۆنی شینی تەنک گوزارشت لە رووبارەکە بکات.
(
) پێویستە جلەکانی ئەکتەرەکان لەگەڵ رۆڵەکانـدا بگونجـێن.
() پێنج کچـۆڵە رۆڵی پەپوولەکان ببینن.. جلی کوردی رەنگـاوڕەنگیان لەبەردابێت.. باڵی پەپوولە ئاسایی نەخـشینیش، لەسەر شانەکانیان ببەستن.
(
) هونەرمەنـدی ئاوازدانەر، دەتوانێت ئاوازی خۆش بۆ هەردوو هـۆنراوەکە دابنێت.
() ئەمانە را و پێشنیاری منن.. بەڵام من نە هونەرمەندم و نە دەرهـێنەرم.. دەرهێنەر خۆی دەزانێت، کە چـۆن رۆڵەکـان دابەش دەکا و بە چ شـێوازێکی هـونەریش شانۆکە دەردەهـێنێت.. جلەکـانیش چـۆن هەڵـدەبژێـرێـت.
(
) ئەم شانۆیە بۆ منـداڵانی تەمەن دە ساڵان تا دوانـزە ساڵان و بە سەرەوەتـریش لە گـوونجـاوە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٩/ ئـادار/ ٢٠٢٠




منـداڵان و کۆرۆنـا … رەزا شـوان

ڤایرۆسی کۆرۆنا (گۆڤـید ـ نـۆزدە) لە زۆربەی وڵاتانی جیهانـدا بڵاوبۆتەوە، بـووە بە پەتایەکی ترسناک و کوشندەی جیهانی و ژمارەی تووشبووان و مردووان رۆژ لە دوای رۆژ، لە زیادبوون و هەڵکشاندایە، مرۆڤی سەرقاڵکردوون هەموو بوارەکانی ژیانیشی سڕکردوون.. ڤایرۆسی کۆرۆنا جەنگـێکی بایۆلـۆژی و سایکۆلۆژی دەستەویەخـەی لە دژی مرۆڤ بەرپـا کردووە ، شەڕێکی گەردوونی وەهاش بەبێ زیان و قوربانیدان نییە.
تا ئەمڕۆ دەرمانێکی کاریگەری دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەدۆزراوتەوە.. بەڵام پزیشکان و دەرماسازان لە هەوڵ و کۆشش و تاقیکرنەوەی بەردەواماندا و زۆر نزیکبوونەتەوە لە بەرهەمهێنانی دەرمانی دژە کۆرۆنا. پێویستە گەشبین بین و بێ هیوا و بێ ئومێد نەبین.
پێویستە بە تەواوی پەیڕەوی رێنماییەکان خۆپاراستن لە تووشبوون بە کۆرۆنا بکەین و مەترسییەکانی ئەم پەتایە بە هەنـد وەربگرین.. وتراویشە: “خۆپـاراست.. باشترە لە چارەسەرکردن”.. هـیوادارم کە تـووش نەبـن و لەم بەڵایـە بەدووربـن.
دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان (منداڵان و ڤایرۆسی کۆرۆنا).. بۆچی منداڵان کەمتر یا بە دەگمەن تووشی کۆرۆنا دەبن..؟! ئەم پرسیارە پزیشکان و زانایانی بواری تەندروستی و توێژەرانی ئەم دیاردەیەیان سەرسام کردووە ، تا ئێستا نەگەیشتوونەتە وەڵامێکی راستی و گشتی کە بڕوایان پێی هەبێت.. ئەوەی تا ئێستاش لەم بارەیەوە بڵاویان کردوونەتەوە، بۆچوون و رای تایبەتییە. هەنـدێک پێیان وایە کە هـۆی تووشنەبوونی منداڵان بە پەتای کۆرۆنا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هـۆیانە:
١ـ لەبەر ئەوەی سییەکانی منداڵان پاکترن و هـەوای پيس کەمتر چووەتە سییەکانیان.
٢ـ منداڵان جگەرە و نێرگەلە ناکێـشن، کە زیان بە سییەکان دەگەیەنن.
٣ـ نەخۆشی درێـژخایـەن لە منـداڵانـدا کەمترە.
٤ـ لەبەر ئەوەی منـداڵان قەڵەو نین و لە جـم و جووڵی بەردەوامـدان.
٥ـ خانەکانی جەستەی منداڵان هوتێـل نین بۆ کۆرۆنا و بتوانن تێیانـدا بحەوێنەوە.
تا ئێستا وتـراوە کە کۆرۆنا مەتـرسی لەسەر تووشبوونی منداڵان نییە و نایگـرن.. بەڵام توێژینـەوەکـان ئەم بۆچـوونەیـان، بە هـەڵە خستەوە و بۆیـان دەرکـەوت کە منـداڵانیـش تووشی کۆرۆنا دەبـن و توانای گواستنەوەشیان بۆ کەسانی تر هـەیە.
ئەو هەواڵەش زۆر بە خێرایی بە جیهانـدا بڵاوبـۆوە، کە کۆرپەیەک دوای سی کاتژمێر لەدایکبوونی لە (٥ / فێبرواری/٢٠٢٠)دا لە وڵاتی چین، تووشی کۆرۆنا بوو، تا ئێستا بچووکترین منداڵی تووشبووی تـۆمارکراوە.

بە پێی تۆژینەوەکانی ناوەندی تەندروستی چین، ژمارەیەک منداڵانی خوار تەمەن (١٠) ساڵانیش تووشی پەتـای (گۆڤـید ـ ١٩) بوون، هەر ئەو ناوەنـدە رەتیشی کـردەوە، کە نیشانەکانی ئەم پەتایە لە منداڵانی تووشبوودا دەرناکـەون.
ئەو (٢٧) منـداڵەی کە لە نەخۆشخانەکـانی شاری (وۆهـان)ی چـیندا خەوێنـران و پشکنینیان بۆ کرا، لە سەرتا هـیچ نیشانەیەکی پەتاکەیان تێدا دەرنەکەوتووە، تەنیا ئێشێکی کەمیان هەبووە، کەمێ کێشەشیان لە کۆئەندامی هەناسەیاندا هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێکیان گیانی لەدەست دا.

بەڵام (لـویس بـۆنت) کە پزیشکێکی هـۆڵەندییە، کە لـێکۆڵینەوەی لە کـێسەکـەی ئـەم منداڵەی چینییە کـردووە کە گیانی لەدەست داوە، بـۆی دەرکـەوتـووە، کە ئەو منـداڵە کێشەی دیکەی تەندروستی هەبـووە. واتە مردنەکەی بە هـۆی نەخۆشی ترەوە بووە.
پزیشکە هۆڵەندییەکە، ئەوەشی بۆ دەرکەوتووە کە منداڵانی کوڕ زۆرتر لە منداڵانی کچ تـووشی کۆڤـید نـۆزدە دەبـن.. هـیچ ئاماژەیەکـیشی بە هـۆی ئـەم جـیاوازییە نـەداوە. سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی چین، ئەوانیش لە تۆژینەوەیەکی وردا لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە، کە ژنـان و منداڵان ئەگەری کەمتریان هەیە بە تووشبوونی ڤایرۆسی کـۆرۆنـا و گیان لە دەسـتـدان.
لەگەڵ ئەوەشدا، منداڵانی تووشبوو دەتوانن ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ گەورەکان بگوازنەوە.
تا ئێستا کەمترین رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا، لە ریزی منداڵانـدا هەیە.. تازەتـرین لێکۆڵینەوەش دەربارەی بڵاوبوونەوەی پەتـای کۆرۆنا، لە لایەن کۆمەڵەی پـزیشکی ئەمریکییەوە بڵاوکرایەـوە، توێـژێنەرەکان ئەوەیان لەم بڵاوکراوەکەیاندا راگەیانـد، کە تووشبووانی کۆرۆنا لە ریـزی منداڵانـدا، بە دەگمەن هـەیە.
مامۆستای زانستی ڤایرۆسەکان لە زانکۆی (ریدینگ) ی ئینگـلتەرا، دەڵێت:”بە هۆکاری نـاروون و نـاورد بە لامـانەوە، وا دەردەکەوێـت کە منـداڵان بە تـەواوی لەو ڤـایـرۆسە پارێـزراون، یان تووشبوونیـان بە قـورسی نیـیە”
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە منداڵان تووشی نموونەیەکی سووکی نەخۆشییەکە دەبن، بە جۆرێک کە هیچ نیشانەیەکیان پێـوە دیارنییە.. لە کۆتـاییدا دەبێتە هـۆی ئەوەی کە کەسوکاریان بە هەنـدی نەزانن و نەیان بەن بۆ لای پـزیشک یا نەخۆشخـانە.. بـۆیە حەڵەتەکانی تووشبوونیشیان تۆمارناکـرێـت.
مامۆستای وانەبێژ، خاتوو (ناتالی ماکدیرمۆت) لە لە زانکۆی لەنـدن، هاوڕایە و دەڵێت:
“ئەو منـداڵانەی کە تەمەنیان لە پێنج ساڵان زیاتـرە، لەگەڵ هەرزەکارانـدا، سیستمێکی بەرگری بەهێزی پارستنیان هەیە بۆ بەرگریکـردن لە دژی ڤایـرۆسەکان.. لەوانەیە کە تووشبن و ڤـایرۆس بچێتە گیانیانەوە، بەڵام بەسووکی نەخۆش دەکەون، لەوانەش کە هـیچ نیشانەیەکیان لێ بەدی نەکرێـت”
بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای ئێستا لە چـیندا، تەنیا روداو نییە، لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی (سارس) لە چیندا، کە هۆیەکەی ڤایرۆسێکە هەر لە جۆرێ کۆرۆنا. لە ساڵی (٢٠٠٣) لە کۆی (٨٠٠٠) توشبوو (٨٠٠) کەس گیانیان لەدەست دا.. لەو ژمارە تووشبووە، رێژەی تووشبوان لە ناو منداڵانـدا، نزیکەی (لە سەدا دە) بوون، بە سووکیش گرتیان.
لە ساڵی (٢٠٠٧) دا ناوەندی کۆنترۆڵی نەخۆشییەکانه ئەمریکی راگەیاند کە (١٣٥) منـداڵ تووشی ڤـایرۆسی (سارس) بوونە.. بەڵام هـیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستـدان لە نێوان منـداڵان و هەرزەکارانـدا تۆمار نەکـرا.
هەر (ناتالی ماکدیرمۆت) لەو بڕوایەدایە، کە منداڵان بۆیە تووشی ڤایرۆسەکە نەبوون وەکو گەورەکان، چونکە پەتاکە لە کاتی سەری ساڵی تـازەی چـینیدا بڵاوبـۆوە، لەو کاتەدا قـوتابخانەکان داخـرابـوون. بۆیە رێژەی منداڵانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگمەنە، هەروەها دایکـان و باوکـانیش، لە هەموو کەس زیاتـر جگەرگۆشەکـانیان لە تووشبووان دووریان دەخـەنەوە.. بـەڵام لەگەڵ ئەوشـدا ڤـایـرۆسەکە تەشـەنەی کـرد و بـڵاوبـۆوە.. ئەو بیرۆکەیەش بە هـەڵە کەوتـەوە، کە منـداڵان تووشی کـۆرۆنـا نابـن و نایگـرن.
هەر لەم بارەیەوە، توێـژێنەرانی (ناوەنـدی کۆنترۆڵی نەخۆشییەکانی ئەمریکی) دەڵـێن:
“ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو منداڵە تووشبووانە کردوون، ئەوانەی تەمەنیان لە دوانزە ساڵان کەمتر بوون، لە نەخۆشخانەکاندا پێویستییەکی کەمتریان بە چارەسەرکرن هەبووە”
سەرەڕای ئەوەی کە جەخـت لەسەر ژمارەیەکی کەمی منـداڵانی تووشـبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنان کرا، بەڵام شارەزایان بڕوایان بەوە نییە کە ئەم پەتایە بۆ منداڵان ناگوازرێتەوە و تـووش نابـن.
هەر لەم بارەیەوە (ئەنـدرۆ فـریمان) لە زانکۆی ( کاردیـڤ) لە (ویڵـز) کە شارەزایەکی نەخۆشییە گواستراوەکانە، دەڵێت:” ئەمە زیاتر راسترە کە منداڵان رادەیەکی بەرگـرییان لە دژی ڤـایرۆسی کۆرۆنـا هـەیە.. هـۆیەکی کەش بۆ ئـەوە دەگـەڕێتەوە کە دەسـەڵات بە دوادچوون بۆ حاڵەتەکانی منداڵان ناکات کە نیشانەکان لێیان دەرناکەون، یا بۆ ئەوانەی کە نیشانەکان بە سووکی لـێیان دەردەکـەون”
بەرزکردنەوەی ورەی منداڵان:
١ـ پێویستە بە شـێوازێکی ساکار و ئاسان، باسی ڤـایـرۆسی کۆرۆنا بۆ منـداڵان بکەین. ئەو مـژدەیەشیان پێـبدەین، کە منـداڵان زۆر بە کەمی تـووشی ئەم پەتـایە دەبـن، گەر خۆیان بپارێزن تووشینابن، گەر توشیشبن سووک دەیگـرن و زۆرش چاکـدەبنەوە.

٢ـ داوایان لێبکەن کە پابەنـدبن بە رێنماییەکـانی خۆپاراستن لە تووشبوون بە کـۆرۆنا. رۆژی چەنـد جارێک بە ئاوی شلەتـێن و بە سابوون، پاک دەستەکانیان و دەموچـاویـان بشـۆن.. گەر پێویستیشی کـرد لە گەڵ ئێـوەی دایکـان و باوکـانیانـدا بۆ شوێنێک بچـن، پێویستە دەمامک لە دەموچاویان بکەن و دەستکـێش لەدەستەکانیان بکەن.. تەوقـەش لەگەڵ کەس نەکەن، نەچنە شوێنی قەڵەباڵغی، پەنجەش بە دەم و لووت چاویان نەکەن.
٣ـ گەر تووشی تەنگەنەفەسی و کۆکە و ئازار بوون و تایان لێهات و هەست بە ئێش و بێ تاقەتی بکەن.. پێویستە بیانبـەن بۆ نەخۆشخانە و پشکـنینی پێویستیان بۆ بکەن.
٤ـ هەوڵبدەن بە چەند رێگایەک ورەی منداڵەکانتان بەرزبکەنەوە.. لە پێش منداڵەکانتان پێویستە خۆتانیش ورەتان بەرزبێت.. گەشبین و هیواداربن بۆ سەرکەوتن بەسەر پەتای کۆرانـادا.. تا منداڵەکانیشتان چـاو لە ئێوە بکەن و حاڵەتـێکی ئاسایی بێت بە لایـانەوە.
٥ـ چـیرۆکی خۆش و هـۆنراوەی ناسک و مەتەڵـیان بۆ بخـوێننەوە و نوکتەی خۆشیان بۆ بگـێڕنەوە و لەگەڵیانـدا پێبکەنن و یـاری بکـەن.
٦ـ قەڵـەمی رەنگـاوڕەنگ و کاغـەز بخـەنە بەردەستـیان.. با تاوێک بە وێنەکـردنـەوە سەرقـاڵـبن.. تێبـینی وێنەکـانیشیان بکـەن و بزانـن گوزارشـتیان لە چـی کـردوون.
٧ـ بە وانەکـانی قوتابخـانەدا بچـنەوە.. گەر دەتـوانن وانـەی تازەیـان فـێـربکـەن.
٨ـ رۆژی تاوێکـیش، با سەیـری بەرنامەکـانی منـداڵان لە تەلـەفـزیـۆنـدا بکـەن.
٩ـ لە ئیشوکاری ناوماڵـدا، ئەرکی سووکیان پێ بسپێرن و ستایشی کارەکـانیان بکەن.
١٠ـ بێگـومان خـواردن و خواردنـەوەی بـاش و پێویست، توانـای بەرگـری جەستەیی منـداڵەکـانتان لە دژی ڤـایـرۆسی کـۆرۆنـا و لە دژی هەمـوو جـۆرە ڤـایـرۆسەکـانی تر بەهـێز دەکات.. ئەمەش خاڵێکی گـرنگ و پێویستە لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنـادا.
١١ـ نووستن بە رادەی پێویست، بەرگری لەش لە دژی ڤایرۆسەکان بەهێزدەکات.. بۆیە پێویستە منداڵەکانتان رابهـێنن کە مەستی نووسـتن بـن.
١٢ـ بێجگە لەو خاڵانەی ئێمە باسمان کرد.. بە دڵـنیاییەوە ئێوەی دایکـان و باوکـانیش رێگای تر و بیـرۆکەی جـوانی ترتان هـەیە، بۆ سەرقاڵکـردنی منداڵەکـانتان و بۆ ورە بەرزکردنەوەیان لەم دۆخە نا ئاساییەی رووبەڕووی هەموو خێزان و تاکێک بۆتەوە.

رەزا شوان
نەرویـج: ٢٥/ ئادار/ ٢٠٢٠




خۆپارێزیی – شیعر بۆ منداڵان… ڕۆستەم خامۆش

ئێـمـە چــەنـد پـاک و ژیریــن
هــۆشـمــەنـد و ڕۆشنبـیریــن

بــەڵــــێ ئـێـــمــەی منـــداڵان
نـاچـیـنــە جـــادە و کـــــۆڵان

خـــۆپــارێـزیـــن بــە چــاکیی
بــۆ خـاوێـنــی و بـــۆ پــاکیی

بـەڵــکــو بـــە تـەنـدروســـتی
دوور لـــە دەرد و لــە سسـتی

بـژیـــن بـــەبـــێ نــەخۆشیی
لەشساغ بین هەر بە خۆشیی

     شیعر بۆ منداڵان
    ڕۆستەم خامۆش
      هەولێر 2020



شیعر بۆ مناڵان- نـــەورۆز … محەمەد بەرزی

ئەمڕۆ جەژنی نەورۆزە
یادێکی زۆر پیرۆزە

وڵات جوان و ڕازاوە
ئاڵای بەرزی شەکاوە

سەری ساڵی تازەیە
دنیا پڕ لە بزەیە

یەکەم ڕۆژی بەهارە
وەرزی گوڵ و گوڵزارە

جەژنی خۆشی و شادییە
پەیامی ئازادییە

مێژوی کوردی ئازایە
داستانی کاوەی تیایە

٢١ / ٣ / ٢٠١٧




بۆ نەورۆزی ئەمساڵ … عەلی حەمەڕەشید

ئەم نەورۆزە لە مـاڵ دەبین
بڕیارە بۆ ھیچ کـوێ نەچین
بەرگی کــوردی دەکەینەبەر
لەمـــــاڵەوە نایەینەدەر
مۆمی ڕەنگاو ڕەنگ دەھێنین
لەحـەوشە دایدەگیرسێنین
ئاوا یـــــادی دەکەینەوە
سرودەکــــەی دەڵێینەوە

٢٠/٣/٢٠٢٠

عەلی حەمەڕەشید




شیعر بۆ منداڵان … نەورۆز … ڕۆستەم خامۆش

نــــه‌ورۆزه‌ ئـــه‌مــــــڕۆ گـیـانـــه‌
وه‌رزی بـــــه‌هــــــاری جــــوانـــه‌
ســـــــه‌ری ســـــــاڵی كـوردیــیـه‌
ڕۆژێـــكــــی پــــڕ شــــــادیــــیـه‌
ســـه‌یری ده‌شـت و دۆڵ و شــاخ
بـبـینــن گـــوڵـــی نـێـــو بـــــــاخ
تـه‌مــاشـــا كــــه‌ن خـــه‌ڵــكـیـنــه‌
كـوردسـتـان چــه‌نــد ڕه‌نـگــیـنـه‌
دڵـــگـــــیــــــره‌ ، ئـــــــاوه‌دانــــــه‌
كــــاتی گـه‌شـت و ســـه‌یرانـــــه‌
یـاخــوا هـــــــه‌ر ئــــاوه‌دانــبــێ
ئـــــازادیــــی بـــــه‌رقـــــه‌راربـــێ

 

  ڕۆستەم خامۆش



کــۆرۆنــا … شیعر بۆ مناڵان – محەمەد بەرزی

پەتا و دەردی کۆرۆنا
گەیشتۆتە هەموو دنیا

ئەوەی پاک و وریایە
زۆر دوورە لەو بەڵایە

دەرمانەکەی لا ڕوونە
ئاوی گەرم و سابوونە

لە ماڵەوە خۆی ئەگرێ
تا ئەو پەتایە نەگرێ

ناوەستێ لە لای کەسێ
کۆکە کۆکی ناوەستێ

پژمە و کۆکەی ئەوانە
پڕ پڕە لە کۆڕۆنا

١٧ / ٣ / ٢٠٢٠




کۆڕۆنا … شیعر بۆ منداڵان – ڕۆستەم خامۆش

بــــــــــڕۆ بــــــــڕۆ کـۆڕۆنـا
بــــــڕۆ دوورکــــەوە لێمـان
ڕێـنـمــایـیـمـــان وەرگـــرت
چەند پاکە شوێن و جێمـان

تـا بـژیــــن بـــە لـەشـساغی
وا بـــە ڕێــکـــی پـابەنـدیـن
پـــابــەنـــد بـــە ڕێـنــمـایـی
واتـا ژیـر و هـۆشــمـەنـدیـن

بـەڵێــن بــێ و بـڕیـارمــانـدا
بـەردەوام دەسـتمان بشۆین
بـــــۆ شــوێـنـی قــەرەبــاڵـغ
نـاچیـن و هــەرگیــز نـاڕۆین

تـەنــدروســــتــیـمــان دەوێ
بــۆ خـۆمـان و ئــەو خـەڵـکە
ژینمان خۆشـدەوێ و دەڵێین
خــۆپــاراســـتـن بـــە کـەڵـکە

      شیعر بۆ منداڵان 
     ڕۆستەم خامۆش
    هەولێر ۲٠۲٠/۳/۱۷



پۆشاکی کوردی … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ڕۆڵــەی کــورد و کوردستانین
خاوەن کلتوری خۆمــــــانین
چونکەپۆشاکمــــان کـوردییە
زۆر جوانە لـــــە وێنەی نییە
وا شانازیی پێوە دەکـــــەین
دەیسەلمێنێ کە ئێمــــە ھەین
بەو پۆشاکــــەوە ناسراوین
دەیپارێزین ھەتــا مـــاوین
ڕازاوە و جــــــوان و ڕەنگینە
لــــەلای ھەموومــــان شیرینە
کاتێ دەیپۆشین ئاســــودەین
ھەست بە خۆشی و شادی دەکەین
لــە ھەمـــوو شوێنێکی جیھان
ناسنامەیەکــە بــــۆ کوردان

١١/٣/٢٠٢٠




دوو هۆنراوە بۆ منداڵان … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

خاوێنم

ھەتا خــــاوێن بم
کردوومـە بـــە خوو
وەکـــــو پێویستی
ڕۆژانــــــە زوو زوو
بــــۆ ڕاگــــرتنی
پاکیی جەستەی خۆم
دێم دەستەکــانم
بـە سـابون دەشۆم
…..

سابون

من سابونم کەف دەکــــەم….بـــــۆپاکیی ھەوڵدەدەم

چڵک و میکــرۆب و پیسی….ڕادەکــەن کـــە منیان دی

لەگەڵ ئاو دا دوو ھــاوڕێین….بەیەکەوە بەکـــــار دێین

تـــا لە نەخۆشی دوور بن….دڵخۆش و ڕومەت ســور بن

بــە سابون دەستتان بشۆن….پاشان بۆ خـــواردن بڕۆن

من ھــــۆی خاوێنی ئێوەم…..بــۆ خزمەتتان بەڕێوەم

2020/2/26
عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی




ئەدەبی منداڵان – ڤایرۆسی کۆرۆنا … فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

بۆ ئەوەی پەتای ڤایرۆس
نەمبات بەرەو نەخۆشی
خاوێنی خۆم ڕادەگرم
هەتا بژیم بەخۆشی۰

ئەمڕۆ کۆرۆنا باوە
پەتای ئەم سەردەمەیە
دەبێ خۆبپارێزین
لەو دەردە کوشندەیە۰

بۆیە بەسابون و ئاو
دەستەکانم جوان دەشۆم
بۆئەوەی تەندروستبم
گرنگی دەدەم بەخۆم۰

دەسڕ بەکاردەهێنین
لەکاتی پژمەو کۆکین
کۆبونەوەو جەنجاڵی
تاماوەیەک ڕادەگرین۰

ڤایرۆسی کۆرۆنایە
ژیانی زۆر کاتییە
پلەی گەرما بەرز بوو
ئیتر ئەو بوونی نییە۰

۵ ـ ۳ ـ ۲۰۲۰
فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی




لە ڕوانگەی سەرنجەوە … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ھەمیشە قوتابخانە و باخچەی منداڵان مەڵبەندێکی سەرەکی و باش بوون بۆپەروەردە وفێربوون و فێرکردن ،کاریگەری ئەرێنی تایبەتی خۆیان ھەبووە و ھەیە لەسەر منداڵ.ئەنجام دانی چالاکی ھونەری و وەرزشی و ئەدەبی لە ناو قوتابخانە و باخچەکاندا ڕۆڵی گرنگی خۆیان دەگێڕن لە پەرەسەندن و گەشەکردنی ھەموو توانا و بەھرە شاراوەکانی منداڵاندا و دەبێتە ھۆی خۆشکردن و جوانکردن و ڕازاندنەوەی ژینگەی فێربوون کە لە ڕێیەوە قوتابخانە و باخچە و مامۆستا و خوێندن لای منداڵ زیاتر خۆشەویست دەکات و ھانیان دەدات بۆ بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی زیاتر،ھەوڵ و ماندوو بوونی کارگێڕی قوتابخانە وباخچە و مامۆستایانیش وەک تیمێک دەبێتە ھەوێنی سەرجەم سەرکەوتنەکان لەو بوارەدا و گیانی ھاوکاری و ھاوڕێیەتی جوانتر و باشتر لە نێوانیاندا دەچەسپێت چونکە ھەموویان بۆ مەبەستێک کار دەکەن و گومانی تێدا نییە کە کاری لەو شێوەیەش بەبەشداری و ھەوڵی ھەمووان دێتە بەرھەم و دەبێتە ھۆی سەرکەوتن و پێشکەوتنی باخچە و قوتابخانە و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و پەروەردەیەکی باش و دروست. فیستیڤاڵ و ئەنجام دانی چالاکی جۆراو جۆر کە منداڵان و قوتابییانی بەھرەمەند و بەتوانا بەشداری تێدا بکەن زۆر گرنگە و پێویستە لە باخچە و قوتابخانەدا ساز بکرێت،تەنھا گرنگی نەدرێت بە خوێندن و ئەو لایەنانە فەرامۆش بکرێت بۆیە وا پێویست دەکات کە لە باخچە و قوتابخانەکاندا مامۆستای تایبەت و پسپۆڕی ھونەر و مۆزیک و وەرزش ھەبن وەکو چۆن مامۆستای تایبەت و پسپۆڕ بۆ وانەکانی تر ھەیە،کە ھۆکارن بۆ خۆشتر کردنی ژینگەی فێربوون و لە ھەمان کاتیشدا دەبێتە ھۆی نەشونماکردنی بەھرە و تواناکی منداڵ لەو بوارانەدا.نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت کە ھەر چالاکییەک کە ئەنجام دەدرێت پێویستی بە بەرنامە و پلانی تایبەت و باش ھەیە تا دوور بێت لە دوو بارە بوونەوە و سواوی و ھەوڵی کار و چالاکی نوێ و داھێنەرانە چونکە سەردەمەکە وا دەخوازێت .ھەوڵبدرێت کە ئەو چالاکییانەی کە پێشکەش دەکرێن لە ئاستی تەمەنی منداڵاندا بن .ئەگەر باخچە بوو ئەوا پێویستە سەرجەم چالاکییەکان بۆ ئەو قۆناغە بن و لە گشت ڕووەکانەوە گونجاو بن ،تەنھا مەبەست خۆشی بەخشین بە منداڵان نەبێت ،بەڵکو زانیاریشیان پێ ببەخشێت . ھەروەھا لە قوتابخانە و خوێندنگەکانیشدا بە ھەمان شێوە چالاکییەکان لە ئاستی تێگەیشتنی ئەواندا بن و بوارەکانیش فراوانتر بن،چونکە تەمەنەکەیان جیاوازە .ئەنجامدانی ھەموو ئەم چالاکییانە دەبنە ھۆکارێکی باش بۆ ئەوەی ھەنگاوەکان گورجتر و تۆکمە تر بن لە پێناو بەرەو پێشچوونی پرۆسەی خوێندن.




له‌ سێبه‌ری چیادا … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

پرسه‌یه‌ك

باران به‌ لێزمه‌ ده‌باری، به‌ڵام به‌لامه‌وه‌ گرنگ بوو، نمایشی ( له‌ سێبه‌ری چیادا ) ی هیوا سوعاد ببیننم ، بۆ ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌یه‌كی به‌راورد كاری نێوان ئه‌و به‌رهه‌مه‌ تازه‌یه‌و به‌رهه‌می پێشووی ( ئافره‌ت له‌ دۆزه‌خ دا) بكه‌ین و ئاستی پێشكه‌وتن یان شكست هێنانی ببینین، ئه‌گه‌رچی هه‌ر بینه‌رێك پێشتر پێشبینیه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و ده‌زانێ‌ هه‌ندێ‌ له‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ نوێ‌ بوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامیان پێوه‌ دیاره‌، هه‌ندێكی تریان وا خولقاون كه‌ توانای گۆڕانیان نه‌بێ‌ و نه‌توانن له‌و قالبه‌ چه‌ق به‌ستووه‌ی هه‌یانه‌ هه‌نگاوێك بچنه‌ پێشه‌وه‌.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بینه‌ره‌ له‌ قه‌یرانی شانۆدا نه‌ژیابا، ئه‌وه‌ خۆی به‌ربژێر ده‌بوو له‌وه‌ی كامه‌ شانۆگه‌ری ببینی َ و كامه‌ نه‌بینێ‌ ، چونكه‌ بینه‌ریش مافی خۆیه‌تی په‌روه‌رده‌یه‌كی دروست بۆ خۆی دابنێ‌ ، چۆن ئه‌كته‌رێك یان ده‌رهێنه‌رێك هه‌وڵی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چوونی خۆی و په‌ره‌پێدانی هوشیاریی خۆی ده‌دات، به‌هه‌مان ئاراسته‌ بینه‌ریش هه‌مان هه‌ڵسووكه‌وت له‌گه‌ڵ شانۆدا ده‌كات، چونكه‌ ئاستی نمایش كاریگه‌ری ئه‌رێنی و نه‌رێنی خۆی به‌جێ‌ دێڵێ‌ له‌سه‌ر مه‌عریفه‌و ئاستی چێژی بینه‌ر.
ره‌نگه‌ كاریگه‌رییه‌كانی بینینی به‌رهه‌می داته‌پیو بۆ كه‌سیك كه‌ كاری ره‌خنه‌یی ئه‌نجام بدات، قورستر بێت له‌ئه‌ركی بینه‌رێك، چونكه‌ هه‌میشه‌ به‌رهه‌می شانۆیی به‌پێز، گڕو تینێكی گه‌رم به‌ره‌خنه‌گر ده‌ده‌ن و پانتاییه‌كی ئه‌وه‌نده‌ به‌رفره‌وانت بۆ ده‌ڕه‌خسێنن، هه‌رگیز نه‌توانی ده‌ست له‌گه‌ردنی قه‌ڵه‌م هه‌ڵگریت، تۆ هه‌رچه‌ند له‌كرۆك و فانتازیای نمایش نزیك ده‌بیته‌وه‌، ئه‌و هه‌زار ئه‌وه‌نده‌ لێت دوور ده‌كه‌ویته‌وه‌و ناچاری ئه‌وه‌ت ده‌كات ره‌دووی كه‌ویت ..به‌ڵام به‌رهه‌می روخاو جگه‌ له‌وه‌ی هیچت پێ‌ نابه‌خشیت، له‌ هه‌مان كاتدا ده‌تخاته‌ نێو قه‌فه‌سیش و ده‌تخنكێنێ‌.
زۆر جاران ره‌خنه‌ به‌ها لۆژیكیه‌كانی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات، كه‌ بیه‌وێت، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌كان به‌ ئه‌نقه‌ست ئاراسته‌ راسته‌قینه‌كانی خۆی بگۆڕی، بۆَپه‌رده‌پۆش كردنی شكستی ده‌رهێنه‌ر خۆی له‌قه‌ره‌ی نمایشێكی روخاو بدات و موزایه‌ده‌ بۆ ده‌رهێنه‌رێك یا به‌رهه‌مێكی شانۆیی بكات، ئه‌و كات ره‌خنه‌ش دووچاری هه‌مان شكست ده‌بێت كه‌ رووبه‌رووی شانۆگه‌ریه‌كی روخاو بۆته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی له‌په‌راوێزی هه‌ندێ‌ له‌و نمایشانه‌دا ده‌ڕه‌خسێ‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فه‌شه‌ل هێنانی ده‌رهێنه‌رێك ته‌نها هاوكێشه‌یه‌كی نه‌رێنی نیه‌ بۆ ده‌رخستنی بێ‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌رهێنه‌رێك و شكست خواردنی ئه‌زموونێكی، به‌ڵكو ئه‌و كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنیه‌ هه‌ر به‌رهه‌مێكی شانۆیی كاریگه‌ری تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ر شانۆ به‌گشتی به‌ جێ‌ دێڵێ‌ و له‌رووی مێژوویی و رۆشنبیریی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری و ده‌روونییه‌وه‌ ئاسه‌وارو تێڕوانینێكی نه‌گه‌تیفانه‌ به‌سه‌ر قۆناغه‌كانی شانۆ به‌جێ‌ دێڵن كه‌ بینه‌ر تێیدا هه‌ست به‌نامۆ بوون و ره‌شبینی بكات به‌رامبه‌ر به‌ئاینده‌ی شانۆی كوردی و هه‌لومه‌رجه‌كانی.
هه‌رگێز به‌رهه‌می كرچ و كاڵ ناتوانێت له‌كه‌شو هه‌وای سڕ بووی شانۆ له‌ناوچه‌یه‌كدا بگۆڕێت، یان ته‌كانێكی پێ‌ بدات، یاخود ئاستی هوشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی پێ‌ به‌رز بكرێته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ مه‌ودای بینه‌رو شانۆ زێتر لێكتر دوور ده‌كاته‌وه‌، قه‌واره‌ی قه‌یرانی بینه‌ر به‌رفره‌وانتر ده‌كات.

بۆیه‌ ناشێت بینه‌ر وای بۆ بچێ‌ كه‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ته‌نها ناسنامه‌ی ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن و متمانه‌ی بینه‌رانی شانۆیان لێ‌ ده‌سێندرێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌وان ئه‌سه‌ف بۆ ئه‌وه‌ بخۆن كه‌ ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ له‌پای ئه‌و شانۆ فرۆشیه‌، هونه‌ری گه‌لێك ده‌خه‌نه‌ مه‌زاد و سووكایه‌تی به‌ كولتووری ئه‌وان ده‌كه‌ن .

بینه‌ری ئێمه‌ ئێستاكه‌ بینه‌ری ته‌نیا شارێكی تایبه‌تی نیه‌، به‌ڵكو بینه‌ری هه‌موو كوردستانه‌، به‌شارو شارۆچه‌كه‌كانیشه‌وه‌، كه‌سێكی نابه‌ڵه‌د نیه‌ له‌و بزاڤه‌ شانۆییه‌ گه‌رم و گوڕه‌ی ئێستاكه‌ له‌كوردستاندا له‌ ئارا دایه‌، ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی ئه‌و شانۆگه‌ریانه‌ی نه‌بینێت، ئه‌وه‌ ئاگای له‌ته‌واوی چالاكییه‌ شانۆییه‌كانه‌و ده‌زانێ‌ شانۆ ئێستاكه‌ وێڕای هه‌موو ته‌نگژه‌و ئاریشاكان له‌ ده‌ستپێكی قۆناغێكی نوێیه‌، بۆیه‌ به‌ئاسانی ده‌ست به‌رداری ئه‌و ئومێده‌ نابێت كه‌ به‌ئاینده‌ی شانۆی كوردی دروستی كردووه‌.
گه‌مه‌كردنی هه‌ندێ‌ ده‌رهێنه‌ر له‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ی خۆیان به‌ قۆناغه‌ تازه‌كه‌وه‌ هه‌ڵواسیووه‌ و ده‌رهێنه‌ری ماوه‌ به‌سه‌رچوویان پێ‌ ده‌ڵێن، به‌عه‌قلو مه‌زاجی بینه‌ر بێهوده‌ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر نایانه‌وێت نان و پیاز به‌ شانۆوه‌ بخۆن و به‌راسته‌قینه‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌له‌كه‌یان به‌لاوه‌ گرنگه‌، با هه‌رچی زووه‌ ئیعلانی ده‌ست هه‌ڵگرتن بكه‌ن له‌شانۆو دان به‌وه‌دا بنێن كه‌ زه‌مه‌نی ئه‌وان كۆتایی هاتووه‌و ناتوانن له‌و زه‌مه‌نی ئێستاكه‌دا به‌هه‌مان ریتمی رابووردوو بڕۆن ..
هیوا سوعاد ـ كه‌ ته‌مه‌نێكی زۆری له‌گه‌ڵ شانۆدا به‌سه‌ر بردووه‌، له‌دوا ئه‌زموونی خۆیدا ( له‌ سێبه‌ری چیادا ) جارێكی دیكه‌ سه‌لماندی كه‌ ناتوانێت ئه‌و سنووره‌ ته‌قلیدییه‌ تێپه‌ڕێنێ‌، چونكه‌ تێپه‌ڕاندنی سنوور رووه‌كێكی سروشتی نیه‌ له‌خۆیه‌وه‌ دروست بێت، ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌ر نه‌بێته‌ پارچه‌یه‌ك له‌گۆڕانكارییه‌كانی شانۆو پێشكه‌وتنه‌كانی، له‌رێگه‌ی گۆڕینه‌وه‌ی ئه‌زموون و ته‌فاعول كردن له‌گه‌ڵ ده‌رهاوێشته‌ نوێكانی شانۆو خۆته‌رخانكردن به‌پیشه‌ی شانۆیی و به‌شدار بوون له‌وۆرك شۆپ و به‌ پراكتیك كردنی تیۆره‌ شانۆییه‌كان ..

خۆ خزمه‌تكردن به‌شانۆ هه‌ر ته‌نها خۆ هه‌ڵواسین نیه‌ به‌كاری ده‌رهێنانی شانۆیی، ئه‌و له‌بری ئه‌وه‌ی پێگه‌ كارگێڕیه‌كه‌ی خۆی بۆ قۆرخ كردنی ده‌رفه‌تی كاركردن بقۆزته‌وه‌ بۆ خۆی، وا چاكتره‌ ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ به‌گه‌نجه‌ شانۆكاره‌كانی شاره‌كه‌ی ببه‌خشێ‌، كه‌ به‌حه‌سره‌تی ئه‌وه‌ن ساڵێ‌ جارێ‌ به‌رهه‌مێكی شانۆیی نمایش بكه‌ن .
ئه‌و پارساڵ ( ئافره‌ت له‌ دۆزه‌خ دا )ی نمایش كرد، هه‌موو بینه‌رانی خسته‌ گومانه‌وه‌، چونكه‌ ستایل و فۆرمی شانۆییه‌كه‌ به‌زه‌قی دیار بوو، ئه‌و كات گوتم: ده‌بێ ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ به‌ یه‌كجاری ده‌ست له‌شانۆ هه‌ڵده‌گرێ‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تازه‌ ناتوانێت رێكه‌وتێكی تری وه‌ك ئه‌م رێكه‌وته‌ بۆخۆی دروست كاته‌وه‌.
ئێستا دوای نمایش كردنی (له‌ سێبه‌ری چیا) و ئه‌و شكسته‌ی دووچاری شانۆگه‌ریه‌كه‌ بۆوه‌، گومانه‌كانی بینه‌ر بۆ نمایشی ئافره‌ت له‌ دۆزه‌خ یه‌كلا بۆوه‌.
ده‌رهێنه‌ر هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ ته‌قلیدێكی شانۆی یه‌كه‌م بكاته‌وه‌ له‌ رووی ستایل و فۆرم، به‌ڵام جگه‌ له‌ چڕنۆك گرتن نه‌بێت له‌و ته‌قلید كردنه‌وه‌یه‌ هیچی تری هه‌ڵنه‌هێنجاوه‌.

ره‌نگه‌ ده‌رهێنه‌ر دووچاری جۆرێك له‌ واهیمه‌ بووبێت كه‌ پێی وابێ‌ ئه‌و جگه‌ له‌وه‌ی ده‌رهێنه‌رێكی مۆدێرنی سه‌رده‌می نوێیه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا نووسه‌رێكی شانۆیی ده‌ست ره‌نگینه‌ له‌داڕشتنی فه‌لسه‌فه‌ی شانۆگه‌ریه‌كه‌و هونینه‌وه‌ی دیالۆگ و به‌رز راگرتنی كرۆكی ناوه‌رۆك و فۆرمی شانۆگه‌ریه‌كه‌ی، له‌مه‌شدا خۆ په‌رست بووه‌ كه‌ به‌و توانا په‌ڕپووته‌ی نووسین، ده‌قێكی پچڕ پچڕو دیالۆگ لاوازه‌وه‌، تێكستی شانۆگه‌ریه‌كه‌ی خستۆته‌ سه‌ر شانی خۆی.
ئه‌وه‌نده‌ش به‌لاوازی ده‌قه‌كه‌ی داڕشتووه‌، كه‌ ده‌قه‌كه‌ ببێته‌ بونیاتێكی داته‌پیوی ئه‌وتۆ، بوار نه‌ڕه‌خسێنێ‌ بۆ دروست كردنی وێنه‌ و دیمه‌نی لێكتر جودا كه‌ جۆره‌ هه‌مه‌ ره‌نگییه‌ك بداته‌ بونیاتی شانۆییه‌كه‌و بینه‌ر له‌و شیوه‌ن و گریان و سینگ كوتانه‌ی ژنان رزگار بكات و هه‌ناسه‌یه‌ك به‌ جێ‌ بێڵێ‌ بۆ بینه‌رو ده‌رباز بوون له‌و ماته‌م گێڕییه‌ به‌رده‌وامه‌ بێ‌ تام و چێژه‌، كه‌ فه‌زای شانۆگه‌ریه‌كه‌ی دووچاری خنكان كردبوو، ده‌رهێنه‌ر ده‌یه‌وێ به‌شێك له‌ چاوه‌ڕوانی و ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاری بێ‌ هوده‌ی سێ‌ ژن نیشان بدات، كه‌ به‌هاوسه‌رو كوڕو براكانیان قوربانیان داوه‌، كه‌چی قولاربانیه‌كان له‌پای له‌ بیركردنی ئه‌و قوربانیانه‌و پشت گوێ‌ خستنیان ئه‌و ژنانه‌ ده‌خاته‌ نێو بازنه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌و ئازارێكی ده‌روونی، به‌ڵام ده‌رهێنه‌ر هه‌ر سێ‌ ئافره‌تی به‌ یه‌ك شێوه‌ ده‌رخستووه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ بری سێ‌ كاراكته‌ر ته‌نیا یه‌كیش بوایه‌ هه‌ر وه‌ك یه‌ك بوو، دواتریش ئافره‌تی كوردی ئه‌وه‌نده‌ بێ‌ ده‌سه‌ڵات و بێ‌ بڕوا ده‌رخستووه‌، كه‌ جگه‌ له‌ گریان و شێوه‌ن نه‌بێت هیچ رۆحێكی دیكه‌ی مقاوه‌مه‌ت و ئازایه‌تی و خۆ راگری تێدا نه‌بێت ، نه‌ك هه‌ر ته‌نها له‌سه‌ربورده‌و چیرۆك و به‌سه‌رهاته‌كانیان، به‌ڵكو له‌ نواندنیش دا وه‌ك ته‌نها ئافره‌تێكن كه‌ دابه‌شی سه‌ر سێ‌ كاراكته‌ر كرابن، به‌ڵام به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و دابه‌ش كردنه‌ به‌ئامانجێكی هونه‌ری كرابێت و جوانیه‌ك به‌ نواندن ببه‌خشێت .
شانۆگه‌ریه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی داخراو به‌ ده‌وری ته‌نیا بازنه‌یه‌كدا خول ده‌خواته‌وه‌ و ده‌رهێنه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ده‌رچوونی نیه‌ له‌و بازنه‌ داخراوه‌دا، بۆ دروست كردنی دیمه‌ن و وێنه‌ی تر، كه‌ جۆرێك له‌ هه‌مه‌ ره‌نگی وێنه‌ دروست بكات ، تا ئه‌و شوێنه‌ی شانۆگه‌ریه‌كه‌ی له‌ نێو قه‌یرانی وێنه‌ی درامی و ستاتیكی دا نغرۆ ده‌كات و هه‌ناسه‌یه‌ك بۆ بینه‌ر به‌ جێ‌ نه‌هێڵێ‌ بۆ حه‌سانه‌وه‌ی مێشك و بینین .

له‌و لاشه‌وه‌ ده‌نگی ناوازه‌ و ژاوه‌ژاوی موزیك بینه‌ر كاس ده‌كات و هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌یت كه‌ نمایشه‌كه‌و دیمه‌نه‌ دوورو درێژو دووباره‌ كراوه‌كانی، ته‌نیا بۆ كات تێپه‌ڕاندن و درێژ كردنه‌وه‌ی نمایش و بێ‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌رهێنه‌ره‌ له‌ دروست كردنی وێنه‌ی درامی .
بینه‌ر به‌ درێژایی نمایش ته‌نیا دیمه‌نێكیش نابینێ‌ ، بیوروژێنێ‌، شتێ‌ له‌زاكیره‌ی دا به‌ جێ‌ نامێنێ‌ مێشكی زاخاو بداته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ كۆتاییه‌ ساردو سڕو مردووه‌كه‌ی نمایش دا ، به‌ده‌ست به‌ تاڵی له‌شانۆدا دێته‌ ده‌ره‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچی نه‌دیبێ‌ .




وا نەی ھونەر … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

کە مامۆستای ھونەر دێ
ئـای چەنــد دڵمان خـۆش دەبێ
بە پێنووسی ڕەنگاو ڕەنگ
دەکێشین وێنەی قەشەنگ
کام شت لامان زۆر جوانە
یاخود جێی سەرنج دانە
وێنەکەی دروست دەکەین
نیشان مامۆستای دەدەین
چون سەیری کرد ھەر کاتێ
تێبینیمــان دەداتــــێ
تا بۆ وانەی داھاتوو
سوود بەخش بێ بۆ ھەموو

١/١/١٩٩٨




لوتکەی ئەزمڕ … محەمەد بەرزی

ئەمڕۆ بەفر باریوە
شاخ و شاری تەنیوە

دنیا کپ و خامۆشە
سەما دەکات پڕوشە

چلورە وا تەزیوە
دەڵێی پارچەیە زیوە

خۆزگە دەچوومە ئەزمڕ
بۆ یاری لەسەر بەفر

لوتکە بەرزەکەی ئەوێ
زۆر خۆشە بۆ خلیسکێ

باکم نییە لە سەرما
کلێتە وا لە سەرما

١٣ / ١ / ٢٠٢٠




هاوڕێی ژینگه‌پارێز… نوسینی/ فازل كعبی

وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌/ فه‌رهاد ئه‌حمه‌د به‌رزنجی

سان له‌گه‌ڵ دایكیدا به‌شه‌قامێكی گشتیدا ده‌ڕۆیشتن،چاویكه‌وت به‌پیاوێك له‌سه‌ر شۆسته‌كه‌ وه‌ستابو به‌جلوبه‌رگێكی تایبه‌ته‌وه‌،ته‌ماشای زه‌وییه‌كه‌ی ده‌كرد.سان به‌ته‌واوی سه‌رنجی ده‌داو به‌وریایی لێی نزیكبووه‌.بینی گسكێكی درێژی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ریكی خاوێنكردنه‌وه‌ی زه‌وییه‌كه‌بێت،به‌ڵام به‌بێ‌ جوڵه‌ وه‌ستاوه‌.
سان به‌سه‌ر سوڕمانه‌وه‌ ڕویكرده‌ دایكی و پێیوت:ئه‌وه‌ چییه‌ ؟بۆچی ئه‌و پیاوه‌ وه‌ستاوه‌ وه‌كو به‌ردێكی بێده‌نگ و بێ‌ جوڵه‌؟! دایكی به‌پێكه‌نینه‌وه‌ وتی : ئه‌وه‌ په‌یكه‌ره‌ ،به‌ڵێ‌ ئه‌وه‌ ته‌نها په‌یكه‌ری هاوڕێیه‌كی ژینگه‌پارێزه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رێتی شاره‌وانی ئه‌م شاره‌مانه‌وه‌ دانراوه‌ وه‌ك ڕێزلێنانێك بۆئه‌و پیاوه‌و كاره‌گه‌وره‌وپیرۆزه‌كه‌ی كه‌خاوێنكردنه‌وه‌و جوانكردنی ئه‌م شاره‌یه‌.سان زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی كردو وتی:به‌ڕاستی جێگه‌ی شانازییه‌ دایه‌گیان.منیش حه‌زده‌كه‌م كه‌گه‌وره‌ بوم ببمه‌ هاوڕێی ژینگه‌پارێزو به‌شداری بكه‌م له‌خاوێنكردنه‌وه‌وجوانكردنی شاره‌كه‌م بۆئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ له‌ژینگه‌یه‌كی خاوین و جواندا بژین .

28/8/2019




مەلێک … شیعر بۆ منداڵان …ڕۆستەم خامۆش

مـەلێـکی زۆر جوان و قشت

هـەڵـفـڕی بـۆ شـاخ و دەشت

گوتـی: ئـۆخـەی ئـــازاد بووم

بە ژینگەکەی خۆم شاد بووم

دەمێـک بـوو لــە نێو زینـدان

دەمـنـاڵانـــد بــە ئێـش و ژان

لــە قـەفــەز بـووم بـە بێ هۆ

دوور بووم لە دەشت و لە کۆ

بـەڵام ئێـسـتـا ســەربــەسـتم

لـــە کـۆســـار و لــــە دەشـتم

وا دەژیـــــم بـــــە ئــــازادیـی

دەچـێــژم تـــامــــی شــادیـی

      ڕۆستەم خامۆش




بڕوا بەخۆبوون … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

حەزم دەکرد باخچەی گەڕەک
خۆشترین جێی ئەو نــاوە بێ
پڕ چیمەنی ســەوز و جوان و
بە دار و گـــوڵ ڕازاوە بێ
بۆ یاریی و حـەوانەوەمــان
گشت کـات دەرگەی کراوە بێ

یەکەم ھەنگاو دەستم پێکرد
بەرنامە بوو بۆ ئەو کــــارە
وتم تەنیا ئاســـــان نییە
زۆر پێویستیم بە ھاوکـــارە
کەوتمە راوێژ لەگەڵ باوکــم
وەک ھاوڕێ واین، ئەندازیارە

کە باخــــەوانی باخچەکە
بەم ھەڵوێستەی ئێمەی زانی
ھــات و پێشوازی لێکردین
بەدڵخۆشی و شادمـــــانی
وتی ھەرچی بە مـن بکـرێ
ئامــــادەم بۆ پشتیوانی

ئیتر لەگەڵ ھاوڕێکــــانم
بەدڵسۆزی دەست بەکار بووین
بەھاوکـاری خەڵکی گەڕەک
وەک تیمێکی چالاک دیار بووین
خـەریکی کێڵانی باخچـە و
رواندنی گوڵ و دار بـــووین

باخچەکەمــان ھێندە جوانکرد
لــــەو نــــاوەدا دەنگی داوە
ئاواتەکـــەشم ھــــاتە دی و
سـەربەرزیش بووم بەو ھەنگاوە
زانیم کــــە بڕوا بەخـۆ بوون
بۆ ســەرکـــەوتن تین و تاوە

١/١٢/٢٠١٦




هۆنراوە بۆ منداڵان.. پەرتووک و پەرتووکخانە.. رەزا شـوان

مـنـــــداڵــیـن و بـچـــــــووکـیـن
هـۆگـر و هــاوڕێی پەرتووکـیـن

  • * *
    پەرتـووک وەک مـامـۆســـتـایـە
    سـوودبـەخـش و بـێ هــاوتـایـە
  • * *
    پەرتــووک دەخـــــوێـنـیــــنـەوە
    زانـیـــــاری دەچــنــیـــــــــنـەوە
  • * *
    دەچـــیـن بـۆ پـەرتــووکـخــانـە
    شــوێـنـی رۆشـــــــــــنـبـیـرانـە
  • * *
    پـەرتـووکـخـــانـە گـوڵـــــــزارە
    پـڕ پـەرتــــووک و گـۆڤــــــارە
  • * *
    پـەرتـووک و پـەرتـووکـخــانـە
    هـێـمـای پـێـشـــکـەوتـنـمـــانـە

نەرویـج: ٢٠٢٠




ئەدەبی مناڵان/ دیـــاری جوان … محەمەد بەرزی

بۆ جەژنی هاوڕێکەمان
هەموو لای بووین بە میوان

شەش مۆمیان بۆ داگیرسان
کەوتینە چەپڵە ڕێزان

بە دەوری کێک و مۆما
یەک یەک کەوتینە سەما

مۆمەکان بە فووی خۆشی
کوژانەوە هەر شەشی

خێرا چووینە سەر دیاری
پڕ بوون لە بووک و یاری

دیارییەکەی من زۆر جوان بوو
پەرتووکی منداڵان بوو

١ / ١٢ / ٢٠١٩




ئەدەبی منداڵان / پروشەی بەفر … فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

پروشەی کرد بەفری جوان
دێتەخوارێ لەئاسمان
سپی بەوێنەی لۆکە
دنیا بوو بە بەفرۆکە
ئەم دیمەنە چەندجوانە؟!
وێنەی ناخی ئاسمانە
پێدەکەنێ بەجوانی
بۆمناڵانی سلێمانی
دەبەخشێ خۆشی ژیان
بە مناڵانی کوردستان
ئای چەند شادوئاسودەین؟!
لە بەفرا یاری دەکەین
شێوەکاری بچکۆلەین
لەبەفر پەیکەر دەکەین
لاوەند لامان وەستاوە
لەم دیمەنە ڕاماوە !
بەئایپادەکەی دەستی
تێکەڵ بەدنیای هەستی
زو زو وێنەمان دەگرێ
بۆیادگار هەڵیدەگرێ

۲۹ ـ ۱۱ ـ ۲۰۱۹
فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی




چیرۆک بۆ منداڵان.. میوانێکی نامـۆ … رەزا شـوان

خـێزانێک لە باوک و دایک و لە کوڕە بچـكۆلەکەیان پێکهاتبوو، کوڕەکەیان ناوی دیاکۆ بوو. لە خانوویەکی بچووکدا دەژیان. باخچـەیەکی جوانیشیان هەبوو. بەیانی رۆژێک لە زرمەیەکی زۆر قایم خەبەریان بۆوە، دەنگەکە لە باخچەکەیانەوە هات. باوک و دایکەکە و دیاکـۆ، بەرەو باخچـەکەیان رایان کرد.. بینیان”رۆکـێـتـێکی ئاسـمانی” خۆی کـێـشاوە بـە دارگـۆێـزەکەیـانـدا.. دووکـەڵـێکی رەش لـە رۆکـێـتە تـێکـشکـاوەکـەوە بـەرزبـۆوە.. بـاوکـەکـە زۆر بـە زەحـمـەت دەرگـای رۆکـێـتـە ئـاسـمـانیـیەکـەی کـردەوە، لـە نـاویـدا
“گـیانـلـەبەرێکی ئاسـمانی” بینی کە بـوورابـۆوە.. گیانـلەبەرە ئاسـمانیـیەکەی دەرهـێنا. باوەکـەکە نەیزانی، کە ئـەم گیانـلەبەرە ئاسـمانییە، دەبێـتە کێـشە بـۆ دیـاکـۆی کوڕیـان.
گیـانـلەبەرە ئـاسمانییەکە دوای مـاوەیـەکی کـەم هـۆشی هـاتـەوە.
باوکـەکە: نـاوت چـیـیە؟
گیانلـەبەرە ئاسمـانیـیەکە: نـاوم مـارکـۆ یـەکـە.
دایکەکە خواردنی بەیـانی ئامادەکـرد، هەموو پێکـەوە نانیـان خـوارد.. دایک و باوکەکە کەوتەنە پـرسیارکـردن و قسەکـردن لەگەل مـارکـۆدا. بـیریان لای ئاکـۆی کوڕیـان نەما. بۆیە ئاکۆ جلە وەرزشییەکانی لەبەرکرد و لەماڵ چووە دەرەوە، چوو لەگەڵ هاوڕێکانیدا تێـر یـاری کـرد.. ئیـنجـا گـەڕایـەوە بـۆ ماڵـەوە.. ئاکـۆ مـارکـۆی بیـنی لـە ژوورەکـەیـدا نـووستـبوو.. زانـی کـە بـاوکی هـەڵـیگـرتـووە و خستـۆیـەتـە سـەر جـێگـاکـەی.
دیـاکـۆ بـە هـۆی دەنـگی گـریـانی مـارکـۆوە، چـەنـدیـن رۆژ تـێـر خـەو نەبـوو.. سـەری سوڕمابوو کە بۆچی دەگريت، ئەوەشی دەزانی کە باوک و دایکی دلۆڤانن بە شێوازێکی زۆر نەرم و نیـان هەڵسوکەوتی لەگەڵـدا دەکەن و دەیلاوێننەوە، بۆ ئەوەی رازی بکەن. دیاکـۆ وا هـەستی کـرد، کە ئـەم گیـانـلەبـەرە ئاسـمانیـیە شـتـێکی بـاش نیـیە.

رۆژانـێکی زۆر تێپەڕیـن، دایک و باوکەکە، بە ئەوپەڕی توانـایانەوە، هـەوڵی ئەوەیان دا، کە خـۆشی و شـادی بخـەنـە دڵـی مـارکـۆوە.
دیاکـۆ لە دڵتـەنگی و خەمگـینی مـارکـۆ بێـزاربوو. بۆیـە داوای لە بـاوکی کـرد، کە داوا لە مـارکـۆ بکـات یەکـسەر ماڵەکەمـان بەجـێـبهـێـڵـێـت و روو لە شـوێنـێکی تـر بکـات.

باوکی: نا.. دیاکۆ گیان نابێ کارێکی وا بکەین.. تۆ نـازانی کە بە بـوونی ئەم گیانلەبەرە ئاسمانیـیەوە چەنـد بەخـتەوەر دەبـيـت.
دیاکـۆ دانـی بە خۆیـدا نەگـرت و بڕیـاری دا، کە سـنوورێک بۆ ئەو کێشەیە دابنـێت، کە لە مـاڵە خۆشەویسـتەکەیـانـدا رووی داوە.
شەو کە دڵـنیابوو، دایک و باوکی و مـارکـۆ نووستوون، چوو گـالـێسکەیـەکی بچـووکی هـێنا، مـارکـۆی نووستووی هـەڵگـرت و خستیـیە ناو گـالـێسکەکەوە.. بەرەو شوێنـێکی زۆر دوور لە ماڵـیانـەوە گـالـێسکـەکـەی راکـێـشا.. رێگـاکە زۆر تـاریک و سـارد بـوو. دیاکۆ تا زیاتر دوور دەکەوتەوە هەستی بە خراپی و دڵڕەقی خۆی دەکرد، لەبەر خۆیەوە وتـی: گـەر بێت مـن لە جـێی ئەم گیانـلەبـەرە ئاسمانییەدا بـم، بە تەنیـا لە شـوێنـێکی وا تاریک و ساردا بەجێم بهێڵن و لە خەو خەبەرم بێتەوە، چیم بەسەردێت، لەم بیرکردنەوە قـووڵەدا بوو.. لەپـڕ گوڕەی ئۆتۆمبیلێک هات و رووناکی لایتە بەهێزەکانی لە چاوەکانی دا، هـێندەی نەمابوو کە پانی بکاتەوە، لەپـڕ پاڵێکیان پێوە ناو لە رێکاکە دوور کەوتەوە و لە مردن رزگـاری بـوو، کـاتـێک کە زانی ئەوە مارکـۆی منداڵە ئاسـمانییەکە بـوو، کە پـاڵی پێـوە نـا. دیاکـۆ لـێی تـوڕەبـوو.. هـاواری لـێکـرد.
دیاکـۆ: مارکـۆ لـێـم دووربکـەوە، مـن نـامـەوێـت لـێـرەدا بـتـبـیـنـم.

مـارکـۆ(بەکـزییـەکەوە): دیـاکـۆ بـۆ بـەم شـێـوازە تـوڕەییـە رەفـتارم لەگـەڵـدا دەکـەیت؟ منـیش نامـەوێـت لـێـرەدا بـم.
دیاکۆ: بـۆچـی؟! خـۆ بـاوک و دایـکـم زۆر دلـۆڤـانـن، تا ئێـستا بە شـێـوازێـکی باش و بە زمـانێکی شـیریـن رەفـتاریـان لەگـەڵـدا کـردووی.
مـارکـۆ: هـیچ گـلەییـەکم لە دایـک و بـاوکـت و لە تـۆش نیـیە.. سوپـاسی هـەمـووتـان دەکەم.. بـەڵام مـن خـەڵـکی ئەستـێـرەیـەکی تـرم، کـە نـاوی “مـارکـۆ مـارکـۆیـان” ـە.
ئەستـێرەکەمان جـوانە، ئاسمانەکەی پەمـەییەکی گوڵـڕەنگـییە، گیایەکـانی پـرتەقـاڵـین، رەنـگی دەریاکانی وەنەوشەیین. من زۆر بـیری ئەستـێرەکەمان دەکـەم، بەڵام کـەش و هـەوای ئەستێرەکەمان بە هـۆی پیسبوون و کارەساتی سروشتییەوە، هەموو شتەکـان رەنگـیان گـۆڕا و بـوون بـە خـۆڵـەمێـشی.
باوکم ئەو تەنیا رۆکـێتەی دامی کە هەمان بوو، بۆ ئەوەی گەشـتی پێ بکـەم و بە دوای ژیـانـێکی باشـتردا، لە ئـەستـێـرەیـەکی تـازەدا بگـەڕێـم.
سواربووم و کەشتییەم دەرپەڕی. بەداخەوە کە یەکێک لە ئامێرەکانی رۆکـێـتەکەم لەکار کـەوت و بەربـوومـەوە سـەر ئەستـێـرەکەی ئێـوە، ئەستـێـرەی زەوی، بـە رێکـەوتیـش کەوتمـە ناو باخـچـەی ماڵەکەی ئێـوەوە. مـن زۆر بـیری دایـک و باوکـم دەکـەم.. بـیری خواردنە خۆشەکـانیان دەکەم.. بیری ئەو ئاژەڵە ماڵییانەش دەکەم کە بەخـێویانـم دەکرد.
ئاکۆ کە گوێی لەم قسانەی گیانلەبەرە ئاسمانییەکە بوو، بەزەیی پیاهـاتەوە، بە تـونـدی باوەشی لێدا و داوای لێبووردنی لێکرد. گەڕانەوە بۆ ماڵەکەیان، بوون بە دوو هاوڕێی دڵسۆز و خۆشەویست.. دیاکـۆ هەر شتـێکی بکـڕیایە، دووانی لێـدەکـڕی، یەکێکیان بۆ خـۆی و ئـەوی تـریـان بـۆ مـارکـۆ.
دیاکۆ رۆژێک دوو دووربینی کڕی، یەکێکیان بۆ خۆی و ئەوی تریانی دا بە مارکۆ، بە شەوان بە دووربینەکانیان سەیری ئەستێرەی جوانەکەی”مارکۆ مارکۆیان” یان دەکرد.

(*) ئەم چـیرۆکەم بە دەستاکارییەوە، لە زمانی عەرەبیـیەوە وەرگـێڕاوە بۆ سەر زمانی کـوردی.
چـیرۆکێکی خەیاڵی زانیارییە.. هەموو داهـێنانەکـانی ئەمـڕۆمان لە پێشا، خەون و خەیـاڵ بوونە.
هەندێ لە زانکانی ئەستێـرەناسی، لەو بڕوایەدان، کە ژیـان لە سەر ئەستـێرەکانی تریشدا هـەیە.

رەزا شـوان
٢ی/ یانـوار/ ٢٠٢٠




بۆ چنار و ھێمن … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

چنار و ھێمن ئەو دوو منداڵەی کە لە شاری سیدێصدق لە زستان دا ٧/١/١٩٩٢ گیانی بەفر ئاسایان تێکەڵ بەفر و سەرمای زستان بوو ساڵانە لە سیدصادق مەراسیمی تایبەتیان بۆ سازدەکرێت و یادیان دەکەنەوە و بوون بە سونبولی پەروەردە و زانست لەو شارەدا و تەنانەت بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سیدصادق باخچەیەکی منداڵانیان بەناوی(ھێمن) ەوە ناو ناوە و قوتابخانەیەکیشیان بەناوی(چنار)ەوە ناو ناوە ، کە ئەمەش بە کارێکی جوان دادەنرێت ..ھەروەھا پەیکەرێکی تایبەتیشیان لەلایەن ھونەرمەند زاھیر صدیقەوە بۆ دروست کراوە و لە باخچەیەکدا دانراوە کە ساڵانە لەلای ئەو پەیکەرەوە یادەکە ئەنجام دەدرێت.لەگەڵ ئەوەشدا وێنەیەکی گەورەیان کە وەک پەیکەرەکەیە لەگشت قوتابخانە و باخچە و خوێندنگەکانی سیدصادق دا ھەیە و لە شوێنێکی شیاودا دانراوە….منیش کە ساڵانێک وەک سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە سیدێادق و وەک شاعیرێک لەگەڵ ئەوەی کە ساڵانە بەشداری ئەو یادانەم بەھۆنراوەکانم کردووە و بەشداربووم ،ساڵی ٢٠١٩ کتێبێکم بەناوی (چنار و ھێمن) بەھاوکاری کتێبخانەی بێخود لە سیدصادق بەچاپ گەیاند کە بێجگە لە ئۆپەرێتێکی تایبەت بۆ چنار و ھێمن کۆمەڵێک ھۆنراوەی پەروەردەیی تریشی تایبەت بە قوتابخانە و باخچەکانی سیدصادق تێدا بوو ،ئەمساڵیش ئەم ھۆنراوەیەم ھەر بۆ ئەو یادە نوسیوە.

بۆ چنار و ھێمن

ئەو کاتانەی لەم شارە بووم……ھەرچەند ماندوو بووم و سەرقاڵ
چیرۆک و ھــــــۆنراوەی جوانم……دەکرد بە دیـــاری بۆ منداڵ
بۆ ھەر شوێنێک بچوومایە……….باخچە یاخود قوتابخانە
حەزمدەکرد دڵخۆشیان کەم………..ئاسوودەبووم بەو کارانە
ھەرکە دەچووم بۆ سەردانی……….باخچەی منداڵانی ھێمن
یاخود قوتابخانەی چنار……….خەمێک دەڕژایە دڵی من
لەنێو حەوشە و گۆڕەپانا………..باڵای ھێمن وەکو چنار
بووبوون بەتابلۆی نێو بەفر و…..خەمی قورسی گشت خەڵکی شار
چیرۆکێک بوون بێ کۆتایی…….ئازار ئامێز و پڕ لە سۆ
لەگەڵ یەکەم ھەنگاومدا…….بەشیرینی دەھاتنە گۆ
باسی خۆیان بۆ دەکردم…….وەکو دوو فریشتەی بەستوو
کە چۆن بوون بە سونبولی شار…….ناویان چووەتە نێو مێژوو
ئەوان ئێستا بەتەواوی……سونبولی دیاری زانستن
لەنێو شاری سەید سادق دا…..دوو ئەستێرەن گەش و مەزن
دەیان چرپاند بە گوێچکەمدا…….بابیزانن درشت و ورد
ئیتر ئاوارە نەبنەوە………منداڵانی ئازیزی کورد

١/١/٢٠٢٠
عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی
سلێمانی ٢/١/٢٠٢٠




بەرسیلە… زەکەریا تامر… و: موکەڕەم ڕەشید تاڵەبانی

چیرۆکی مناڵان….

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ……




گفتووگۆ لەگەڵ شاعیر و چیرۆکنووسی ناسراوی ئەدەبی منداڵانی کورد محەمەد بەرزی … رەزا شـوان

ئەنـدازیار “محـەمـەد بـەرزی” شاعـیر و چیرۆکنووسێکی بە توانـا و ناسراوی بـواری جیهانی ئەدەبی منداڵانی کوردمانە، بە تایەتیش لە نووسینی هۆنراوە و چیرۆکەهۆنراودا بۆ منداڵان دەستێکی باڵای هەیە. هـۆنـراوەکانی محەمەد بەرزی، هەموو بنەما و مەرج و تایبەتمەندییەکانی هـۆنراوەی سەرکەوتووی منداڵانی لەخۆگرتوون.. کورتن بە زۆری لە شـەش دێـڕی کـورتی ئـاوازداری سەروا و تـرپە سـووک و شـیرین، ئاسـان و رەوان پێکهاتـوون.. وشە و رستەکانی لە فەرهەنگی زمانی منـداڵانی کوردمانەوە وەرگرتوون. بە زمانی کوردی پەتی و ڕەوان و بە شـێوازێکی شـیرین و ئاسان دایڕشـتوون.. کـێشی هـۆنراوەکـانی خۆماڵـین “بـڕگەیین” هـۆنراوەکانی چوونەتە دڵی منداڵانی کوردمان و بە ئاسانی بەشێکی زۆریان لەبەرکـردوون. چەنـد هـۆنراوەیەکـیشی ئـاوازیان بۆ دانـاون و منداڵانی کوردمان بە ئـاواز و گۆرانیـیەوە دەیـان چـڕن.. لە کەنـاڵە تەلەفـزیـۆنییەکـانـدا پێـشکەش دەکرێن. محەمەد بەرزی، دوو پەرتووکئ زانستی بە ناوەکانی “وزەی خـۆر” و ” کوڵینەر” ەوە چاپکردوون.. پێنج پەرتووکیشی بۆ منداڵانی کورد چاپکـردوون، کە بەشێک لە چیرۆکە وەرگێڕاوەکانی لە ئینگلـیزییەوە بۆ سەر زمانی کـوردی بـۆ منداڵان، لەگەڵ بەشێکیش لە هـۆنـراوەکانی بۆ منـداڵان لەخـۆگرتـوون، نـاوەکـانیان: “نـاسک و ورچەکە، بازن، مریـەم، خۆزگە، بەرخەکەی لانە” لە دوای ئەم پێنج پەرتووکانەشەوە، کۆمەڵێک چیرۆکی وەرگێڕاوی تری و کۆمەڵکـیش هـۆنراوەی جوانی تری بۆ منداڵانی کوردمان نووسـیون کە هـێـشتا چـاپ نەکـراون.
من پێنج ساڵە هۆنراوکانی بـەرزی بۆ منداڵان دەخوێنمەوە. ئەو راستییەم بۆ دەرکەوت کە محەمـەد بـەرزی، حـەز بـە نـووسیـنی زۆربـێ و بـۆربـێ ناکـات، بەڵکـو حـەزی بە نووسینی کەم و پوخـتە.. محەمەد بەرزی نووسەرێکی بـوێـر و راستگـۆیە. بـێجگە لە هـۆنراوەکانی بۆ منداڵان، لە بوارەکانی سیاسەت و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و رەخنەشدا، بە توانایە، چەنـدین نووسینی جوانی هەمەچەشنەی لە گـۆڤـار و رۆژنامە کوردییـەکان و لە سـایتە ئەلکـترۆنییە کوردییەکـانـدا بڵاوکـردوونـەتـەوە.
لەم دیدارەداماندا لەگەڵ کاک محەمـەد بەرزی دا، چەند پرسیارێکمان دەربـارەی ئەدەبی منـداڵانی کـورد بە گـشتی و هـۆنراوەی منـداڵانی کورد بە تایبـەتی لێکرد.. بەڕێـزیان بە پێخۆشحـاڵییەوە وەڵامی پـرسـیارەکـانـمانی دایـەوە.. ئەمـەش دەقـی پـرسیارەکانی ئێمە و دەقـی وەڵامـەکـانی شـاعـیر و چـیرۆکـنووسی منـداڵان کـاک محـەمـەد بـەرزی یـە:

پرسیار: محـەمـەد بـەرزی چـۆن خـۆی بە خـوێنـەرانی خۆشـەویسـت دەنـاسـێـنێـت؟

وەڵام: ناوی تەواوم (محـەمەد قـادر محێدین)ە، لە رۆژی(٢٠/٧/١٩٤٦)دا، لە گەڕەکی “گۆیژە”ی شاری “سلێمانی” دا هاتوومەتە دنیاوە. قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەنـدیـم هەر لەو شارە سەربەرزەدا تەواوکـردووە. لە ساڵی (١٩٧١) دا، (بەشـی کـارەبـا)م لە کـۆلـیجی ئەنـدازیـاری زانکـۆی تەکـنەلـۆژیـای بەغـداد تەواوکـردووە.
هەر لە منداڵییەوە حەزم لە وانەی کوردی بووە. توانای لەبەرکردنی هۆنراوەم هەبووە. هەر بۆیـە زۆر جار لە قـۆناغی سەرەتاییدا، کاتـێک بەیانیان ریزدەکـراین، مامۆستاکـان هـێناومیانـەتە دەرەوە و گـۆرانی (مـن جوتیـارێکی وڵاتـم و گۆڵـە مێخـەک) م چـڕیـوە.
لە نێوەڕاسـتی ساڵەکـانی شەستەکـانەوە تـا ساڵی (١٩٧٥) لە ریـزەکـانی (کـاژیـک) دا کارمکـردووە.
لە سـاڵی (١٩٧٠) دا، بـۆ یەکـەمجـار لـە ژمـارە (٤١) ی رۆژنـامـەی (هـاوکـاری) دا، هۆنراوەی(هەڵـۆی کورد) م بڵاوکردەوە. لە ساڵی (١٩٧٢) دا لە گۆڤاری( زانیاری) دا، بابـەتێکی زانستـیـشم بە نـاوی (دەرچـە) ەوە بڵاوکـردەوە.
تا ئێـستا زیاتـر لە (٢٠٠) بابـەتی هەمەجـۆرەم لە گۆڤـار و رۆژنـامە و لە سایتەکـانـدا بڵاوکردۆتەوە.. ئەمە سەرباری دوو کتێبي زانستی بە ناوەکانی (وزەی خۆر ، کوڵینەر)
پێـنج کـتـێبی منـداڵانیـشم بـە ناوەکـانی (ناسـک و ورچـەکـە، بـازن، مـریـەم، خـۆزگـە، بەرخـەکـەی لانـە) چاپکـردوون.
لە ساڵی (١٩٧٤) دا، پەیوەندیم بە شۆڕشی ئەیلولەوە کردووە. لە دوای راپەڕینیش بۆ شکانـدنی تەوقی ئابلۆقەکـانی حکـومەتی بەعـس لەسەر هـەرێـمی کوردسـتان، یەکێک بووم لە دامەزرێنەرانی پاڵێوگە خۆماڵییەکەی نەوت لە ناو کارگەی شەکر لە سلێمانیدا.
پاش (٣١ی ئـاب)ی ساڵی (١٩٦٦)، لە تـرسی گەڕانـدنەوەی سوپـا دڕنـدەکەی سـەدام بۆ شاری سلـێمانی، خۆم و خـێزانەکەم کۆچـمان کـردووە بۆ (ئەمـریکـا) چونکە بەپـێی
یاساکانی ئەو کاتەی رژێمی بەعس:(ئەوەی بێ رەزامەندی حکومەت دەستکاری بواری نـەوتی کـردبێت، سـزاکـەی سـێـدارە بـووە) .

پرسیار: چـۆن و لە کەیەوە محـەمـەد بـەرزی هـۆگـری جیهانی ئـەدەبی منـداڵان بـوو؟

وەڵام: بە ماوەیەکی کەم دوای گەیشتنمان بە ئەمریکا، بۆ سۆراخی کتێبی کوردی، بە پەرۆشەوە سەردانی کتێبخـانەی گـشتی شارەکەم کـردووە، کە تێـیدا جێگیربـووین. لە سوچێکی زۆر زۆر بچکـۆلەدا، نـزیکەی چـل کتێبی کـوردی دانـرابـوون، بەو کتێـبانە دەتووت گەوهـەرێکی گـرانبەهـام دۆزیـوەتەوە. شـنەی شـادی بە جـۆرێک لە ناخـمدا هەڵیکرد، خەریکبوو لە خۆشیاندا وەک بـا بفـڕم. ئەو کاتەی سەرقـاڵی تەماشاکـردنی
ئەو کتێبانە بـووم، بە دەیان دایـک و باوکـم دەبینی لەگەڵ منداڵەکانیانـدا بەرەو هۆڵێک دەچوون. زۆری ژمارەی ئەو کەسانە سەرنجیان راکێشام، بۆیە منیش بەرەو ئەو هۆڵە چووم. دەرکەوت هـۆڵێکی گەورەی منداڵان بوو، لێوان لێو بوو لە جوانی. دارودیواری بە کاغـەزی بریسکەدار و وێـنە و قـردێلە و میزڵـدانی رەنگـاوڕەنگ رازابۆوە. دەیـان کۆمپیتەری بچکـۆلە و هـەزاران کـتێب و گۆڤـار و سـیدی و کاسـێتی ڤـیـدۆی لە خـۆی گرتبوو. لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا سەکۆیەکی نزم بە درێژی سێ مەترێک دروستکرابوو، چەندین قەفەزی پـڕ باڵـندەی رەنگاوڕەنگیان لەسەر دانرابـوون. دایـک و باوکـەکان بە تەنیشت منداڵەکانیانەوە دانیشتبوون. یا گۆڤار و کتێبیان بۆ منداڵەکانیان دەخوێندەوە، یا منـداڵەکـان بۆ ئەوانیان دەخوێنـدەوە. خـۆ ئەو منـداڵە ساوایـانەی کە لەگەڵ خوشـک و براکانیاندا هاتبوون و هێشتا توانای گوێگرتن و خوێندنەوەیان نەبوو، بە خۆشییەوە بە دەوری ئەو قەفەزانەدا وەک پەپـولە دەخولانـەوە.. کاتێک دەنـگی تـریقـەی پێکـەنینیان تێکەڵ جریـوە و جووکەی ئەو باڵنـدانە دەبـوون، دیمەنێکی وایان دروستدەکرد، مرۆڤ هەر حەزیدەکرد تەماشایان بکات. ئەو دیمەنـانە زۆر سەرنجیان راکێشام.

کە چـۆن لەو وڵاتە مەزندا بەو رادە زۆر بەرزە گرنگی بە منداڵان دەدرێت، هەر بۆیە وەک تەورێکی تیـژ بەر رۆحم کەوتبێت، خامۆشییەک ناخی گرتم، چونکە لەو ساتەدا ئەو هۆڵە بوو بە ئاوێنەیەکی پاک، بە ئاشکرا کەمتەرخەمی و بێ ئاگاییمی بەرامبەر بە منداڵەکانی خۆم و نەتەوەکەمی بۆ دەرخـسـتم. لە هەمان کاتـدا یەکێک لە هۆکارەکانی گەورەیی و مـەزنی ئەمریکاشی زۆر بە چاکی بە ئاگای هـێنامەوە. هـەر بۆیە ئەو شەوە خەمێکی گەورە و گـران سەرتـاپـا سـەر دڵـیان گـرتـم. رۆژی دوایـی گـەڕامـەوە بـۆ هـەمـان کتـێـبخـانە و پێناسەیـەکم دەرهـێنا و نزیکەی دە کتێب و گۆڤـارم وەرگرت و کەوتمە خوێندنـەوەیان، هەر زوو بە خێرایی (٢٧) چیرۆکم کرد بە کوردی. پاش ماوەیەک هەموویانم ناردەوە بۆ سلـێمانی و بـوو بە کتێبی (ناسـک و ورچـەکە) ئەگەرچـیش پەلە پەلی پێوە دیـارە، بەڵام ئـەوە یەکەم هـەنگـاوی ئـەو کـارانە بـوو، کە وردە وردە گەیشـتۆتـە ئەمـڕۆ.

پرسیار: ئەمە تا چەنـد بە لای ئـێوەوە راسـتە، کە نووسـەری بواری منـداڵان، منـداڵیی خۆی دەبێتە ئیلهامی نووسینەکانی؟ یا بڵێین لە ناخی هەر نووسەرێکی بـواری ئـەدەبی منـداڵانـدا، منـداڵـێک هـەیـە؟

وەڵام: بەڵی ئـەوە زۆر راستە، کاتێکیش نووسەرانی بـواری منـداڵان دەبـن بە دایک و باوک و بە نەنـک و باپیـر و بە چـاوی خۆیـان نەوەکـانیان دەبیـنن، ئـەوا ئەو ئیلهـامە شاڕراوەیە زۆر خێراتر گەشدەکات و باشتر خزمەتی بوارە جوانەکەی منـداڵان دەکات.

پرسیار: بابـەتی هـۆنـراوەکـانت بۆ منـداڵانی کوردمـان چـۆن هەڵـدەبـژێـریـت؟

وەڵام: هـۆنراوەکـانم لەبەر رۆشنایی بوارەکـانی: پـەروەردە و فـێرکـاری، نیشـتمانی و کۆمەڵایـەتی، بیرکـردنەوە و فـراوانکـردنی ئاسـۆی خەیاڵـدا هەڵدەبـژێـرم. تا لە رێگای
وێنەی هـۆنراوەی جـوانی چـیرۆک ئامـێزی مۆسیـقـادارەوە، پەیـامێک بگـەیەنێت بە منـداڵان و دڵـیان خۆشـبکات و پـرسیاریـان لا دروسـتبـکات.

پرسیار: ئـەو پەیـامـانە چـین، کـە لـە رێـی هـۆنـراوەکـانتـەوە، دەتـەوێت بـە منـداڵانی کوردمـانی بگـەیـەنیـت؟

وەڵام: منـداڵان سامـان و سەرمـایەی بەنـرخی نەتـەوەن، یەکـەم چـینی کۆمەڵگـان، کە دواڕۆژیان لەسەر بنیاتدەنرێ، جا بۆ ئەوەی چینێکی پتە و نەوەیەکی چاوکراوەی دانا و زیـت و زیـرەک بـن، ئەوا بە کورتی پەیـامەکـانم بریتین لـەم خـاڵانـەی لای خـوارەوە:

١ـ لە رێگای لەبەرکردنی هۆنراوەکانەوە، منداڵان بتوانن فـێری زمانی شیرینی کوردی ببن بە جـوانی قسەی رەوانی پێبکەن، فـێری نـووسین و هـۆگـری خوێندنـەوەی ببن.
٢ـ بـرەو بە بـەهـرە و تـوانـا و گـەشـە بە زەیـن و هـۆش و فـراوانکـردنی خـەیـاڵ و بیـرکـردنەوەیـان بـدەن.
٣ـ راهـێنانیان لەسـەر خۆشـەویسـتی خـێزان و نیـشـتمان و دەوروبـەر، بـە ژینـگە و ئاژەڵ و باڵندەشەوە. بە دڵێکی فراوانیشەوە و رێـز لە را و بۆچوونی جیاواز بگرن و رەخـنەش قـبووڵ بکەن.
٤ـ هەسـتی منـداڵان بجووڵێنن، پرسیاریان لا دروست بکەن، دەربارەی مانـای وشە و بیـرۆکەی هـۆنـراوەکـان، چـاوکـراوەبـن، بـێ دوودڵـی پرسـیار لە گەورەکـان بکـەن و
بێ شـەرم و تـرسیش را و بۆچوونەکـانی خۆیـان دەربـبڕن.

پرسیار: من پێم وایە هەر هۆنراوەیەک بۆ منداڵان، گەر منداڵان لە گەزۆ و هەنگوین زیاتـر چـێژی شیرینی نەکەن.. زۆر تێی نا ئاڵـێن و زووش لایان کـاڵ دەبێـتەوە.. را و بۆچـوونی بەڕێـزتـان لـەم بـارەیـەوە چـیـیە؟

وەڵام: بەڵی ئەمەش راسـتە، جا بۆ ئەوەی هـۆنـراوە لای منـداڵان شـیرین بێت و دڵـیان خـۆش و گـەش بکات، ئەوا پێویستە سوک و ئاسان بێت، زۆر درێـژ نەبێت، دوور بێت لە وشەی قـەبە و زبـر، کە منداڵان تێی ناگەن. وشە و دێڕەکـانی ئاوازداربن، بەیتەکانی پەیوەندییان بە یەکەوە هەبێت، بە ئاسانی بخوێنرێتەوە، زوو لەبەربکرێت، گوزارشت لە خواست و ئارەزوویـان بکات، لە ئاسـتی بیرکـردنەوەیـانـدا بێت. پاشان وەک تابلۆیـەکی جـوان یـا چـیرۆکـێکی خـۆش بێـتە بەرچـاویـان. خـۆ ئەگـەر وانـەبێت دیـارە زوو لەبـیر دەچـێتەوە و بە دڵـیانـەوە نانـووسـێت.

پرسیار: پەروەردەکـردنی منـداڵانی کوردمـان بە کوردستان پـەروەری و شـیرین کـردنی هەستی هاوبەستەبوون بۆ کوردستانی نیشتمانی پـیرۆز و شیرینمان، بوارێکی گرنگە و پانتاییەکی باشی لە هـۆنراوەکانی زۆربەی شاعـیرانی بـواری ئەدەبی منـداڵانی کوردمان گـرتۆتەوە.. ئێوەش چەنـد هـۆنراوەیـەکی جوانتان لەم بوارەدا نووسیون.. پێویستە ئـەم ئامانجـە نیشـتمانییە پشکی گەورەی هـۆنـراوەکـانی هەموو شاعـیران و چـیرۆکەکـانی هەموو چیرۆکنووسانی منداڵانی کوردمان پێکبهـێنیت. رای ئێوە لەم بارەیـەوە چـییە؟

وەڵام: بەڵی ئەمەش راستە.. کاتی خۆی ئێمە منداڵ بووین، نە باخچەی منداڵان هەبوو، نە گۆڤار و کتێب، پاشان زۆربەی دایک و باوکان نەخوێندەوار بوون، لەبەر پەیداکردنی بژێـوی رۆژانەیان، نە دەپـەرژان وەک ئێستا بیربکەنەوە و گـرنگی بە ئـەدەبی منـداڵان بدەن. کاتێک کە لە قـۆناغی سەرەتاییدا بووین، بەیانیـان ریـزیان دەکردین و هەموو بە یەک دەنگی ناسک و خۆشەوە سرودە نیشتمانییەکانی وەک: (خوایـە وەتـەن ئـاواکەی، چەنـد شیرینە لام، وەتەنی مـن کوردستانە، شاخی رەنگاوڕەنگی گۆیـژە) مان دەچـڕی. سەرجەم وشەکانی ئەو سـرودانە، تک تک سـۆزی گەرم و خۆشـەویستی نیشـتمانیـان تێکـەڵ بە نـاخمـان دەکـرد، کە هـەتا ئێستاش کـاریگەرییان کـاڵ نەبـوونـەتـەوە.
هەربۆیە ئەرکی نووسەرانی منـداڵانە، زۆر بە جـوانی خۆشەویستی نیشـتمان، ئاوێتەی هـونـراوە و چـیرۆکەکـانیان بکـەن و هەرگـیز ئەو لایـەنە گـرنگە فـەرامـۆش نەکەن.

پرسیار: ئایا پێـتان وایـە، کە ئەدەبی منداڵانی کوردمان لە ئاستی خواستەکان و تەماح و حەزەکانی منداڵانی کوردمان دایـە؟ ئەو هـۆ و کۆسپانە چـین کە وای کـردوون، ئـەدەبی منـداڵانی کوردمـان، کیسەڵ ئاسـایی هـەنگـاو دەنێـت؟

وەڵام: بەراورد بە سەردەمی پێش راپەڕین، هەنگاوی زۆر باش نراوە، ئەو بەڕێزانەی لا لە ئەدەبی منداڵان دەکەنەوە، ژمارەیان هەڵکشاوە و کاری زۆر کراوە، کە بە راستی ئەمەش دیاردەیەکی هـیوا بەخشە. هاوکات لەناو ئەو کارانەشدا چاک و خراپیش هەیە. جا بۆ ئەوەی ئەدەبی منداڵانی کورد لە ئاستی خـواست و حەزەکانی منـداڵانی کوردمـان بێـت و باشـتر گەشە بکات، ئەوا پێویسـتە رەخـنە رۆڵـی کاریـگەری خـۆی هـەبێت، بە وردی دەستـبخاتە سەر خـەوش و لایـەنە لاوازەکـانی ئـەو بەرهـەمـانەی ئەمـڕۆ.
رەخنەگـرتـن لە پاشەکشـێدایە و وەک پێویست نییە.. پاشان گـرنگی نەدانی دەوڵـەت بە منداڵان و هەستنەکردنی خێزان بە لایەنە چاکەکانی خوێندنەوە و دابین نەکردنی گۆڤار و کتـێب بۆ منـداڵان، هەموو نیشانەی خـراپـن.. نووسەری وا هەیە پاش ماندووبوونێکی زۆر، لە پارێزگایەکی گەورەی وەک سلێمانیدا (٥٠٠) دانە کتێب چاپدەکات، کە ژمارەی دانیشتوانـەکەی نزیکەی (دوو ملـیۆن و نیو ) کەسە، هەر پێنج هـەزار کەس کتـێبێکی بەردەکەوێت، کەچی ئەو ژمارە کەمە بۆ چـوار پێـنج ساڵ، لە کتێبخانەکانی ئەو شارەدا دەمێنێتەوە، کە بەلای خۆیەوە بە شاری رۆشنبیری ناسراوە. بەمەش نووسەرەکە ورە و تاقەت و حەوسەڵەی نووسینی نامێـنێت. لە ئەنجـامیشـدا ئەو ئـەدەبە کیسەڵ ئاسـایی هەنگاو دەنێت و بە گشتی نائومێدیش لای هەموو نووسەرە دڵسۆزەکان دروستدەکات.

پرسیار: بە لای شاعـیر محەمـەد بـەرزی یـەوە.. ئەو پێـویسـتی ومـەرج و پێـوەرانە چـین، کـە پێـویسـتە لـە هـۆنـراوەی نەمـری منـداڵانی کوردمـاندا هـەبـن؟

وەڵام: بە گشتی بۆ ئەوەی هۆنراوەیەک نەمر بێت، ئەوا پێویستە: بە چاکی دابڕێژرێت، دێڕەکـانی کەمترین وشـە بگـرنە خۆیـان، واتە بە کەمترین وشـە بیـرۆکەیەک بـدات بە دەستەوە، چونکە هۆنراوەی درێژ منـداڵ بـێزار دەکات. وشەکـانی سەر بە فـەرهـەنگی منداڵان بن، پێکەوە وێنەی شیعری جوان دروست بکەن، مۆسیقادار و راست و رەوان بن، دەنگیان لە بەرزییەوە دابەزێت بۆ نـزمی. کـێش و ترپـەیان تەواو بێت، سەروایان لە هەموو روویەکەوە هاودەنگ و نزیک بن لە یەک. بیـرۆکەی هـۆنـراوەکە چـیرۆکی پەیام ئامێزبێت. بـرەو بە بەهـرە و توانـا و بیرتیـژیـان بـدات، لە ئاستی بیـرکـردنەوەی منداڵانـدا بێت، گوزارشت لە خواستەکـانیان بکات. دڵـیان خـۆش و گـەش بکات. دوور بێت لە زمانی زبر و توند، تووشی سەرەگێژەیان نەکات. زوو لەبەربکرێت. خۆ ئەگەر وێنەی لەگەڵدا بێت، ئەوا باشتر تێکەڵ بە ناخیان دەبێت و تا درەنگ لە یادەوەرییانـدا دەمـێنێـتەوە.

پرسیار: ئایا نەبوونی رەخـنە لە بـواری ئـەدەبی منداڵانی کورد.. بە هـۆیەکی سەرەکی دواکەوتنی ئـەدەبی منـداڵانی کوردمـان نـازانـن؟

وەڵام: بواری ئەدەبی منداڵان زیاتر لە بوارەکانی تر، پێویستی بە وردبینی و تەتـەڵە و بـژاردن و لالێکـردنەوەیە. چونکە منـداڵان لەو تەمەنـەدا، ناتـوانـن بە ئاسانی بـاش و خـراپ لەیـەک جیـابکەنەوە. هـەر بۆیـە بـوونی رەخـنە بەسـود و قـازانج بـۆ هـەمـوو منـداڵانی کورد دەگەڕێتـەوە. ئـەدەبـەكـەش بـەرەو پێشـکەوتن و بـوژانـەوە دەبـات.
بە پێچەوانەشەوە، نەبوونی رەخـنە کاردانەوەی خراپی لێدەکەوێتەوە و هۆکارێکـيشە بـۆ شـێوانـدن و دواکـەوتنی ئـەو بـوارە زۆر گـرنگ و هـەسـتیارە.

پرسیار: پێشنیارتان چـییە.. بۆ گەشەکـردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵانی کوردمـان؟

وەڵام: بە کورتی هەندێک لە هۆکارەکانی پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵانی کورد، لەم چـەند خاڵـەدا دەستـنیشان دەکـەم:
١ـ بوونی دەزگـایەکی تایبەت، لەژێـر سەرپەرشتی شارەزای هەمـوو بوارەکـانی ئەدەبی منـداڵانـدا، بـۆ رەخـنە و چاپکـردن و بـڵاوکـردنـەوە و کـۆمـەکی نـووسـەران. بتـوانێـت تەکنەلـۆژیـای دنیای پێشکەوتووی ئەمڕۆ بەکـاربهـێنـێت، خاوەنی سایتێکی ئەلکـترۆنی تایبـەت بە خـۆی بێت. تا دەنـگ و بەرهـەم و جـموجـۆڵەکـانی بگـاتە هەموو شوێنـێکی دنیا و نووسەرانی دەرەوەی وڵاتیش بتوانـن بەشداری و کۆمـەک و هـاوکـاری بکـەن.
٢ـ بڵاوکراوکـان رەنگـاوڕەنگ و وێنەدار بن، چـونکە وێنە یەکـێکە لە هـۆکـارە هـەرە کاریگەرییەکانی سەرنج راکێشانی منداڵان و زیاتریش هانی خوێندنەوە و تێگەیشتنیان دەدات.
٣ـ باشترین بابەت چاپ بکرێت، هەڵگری پەیام بێت، چـێژ و خۆشی بدات بە منـداڵان، نابێ درێژ و وەرسکەربێت، بەڵکو نەخت و پوخت، تا منداڵان تاقەتیان لە خوێندنەوەی نەچـێت.
٤ـ هەوڵـدان بۆ دوورخستنەوەی منداڵان لە یارییە ئەلکـترۆنییەکان و سەرقاڵکـردنیان بە کـتێب و گـۆڤـارەوە.
٥ـ خـێزان بگـاتە ئەو بـاوەڕەی کە ئەدەبی منداڵان سەرچاوەی زیرەکی و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەی منداڵانە. ئەمڕۆ توێژێنەرەکان لە ئەمریکادا ئەوەیان سەلماندووە، ئەو کۆرپـەلەیەی لە سکی دایکـیدا کتێبی بۆ دەخوێنرێتەوە، لەو منداڵە وریا و زیرەکتر دەردەچـێت، کە کـتێبی بـۆ نەخـوێـندراوەتـەوە.
٦ـ گرنگـیدان بە شانـۆی منـداڵان، زیادکـردنی بەرنامەی منـداڵان لە تەلەفـزیۆنەکـاندا، وەرگـێڕانی بابـەتە نـاوازە جیهـانییەکـان، لە لایـەن دەزگـای ناوبـراوەوە.
٧ـ چەنـد پەیوەنـدی نێوان باخچـەی منـداڵان و نووسەرانی ئـەدەبی منداڵان پتەو بێت،
ئەوا چاکـتر ئەو ئەدەبـە رۆڵـی گـرنگی خـۆی دەبێـت و باشـتر و زیاتـر بڵاودەبێـتەوە.
٨ـ پێویسـتە وەزارەتی رۆشـنبیری گـرنگی تەواو بـدات بە ئەدەبی منداڵانی کوردمـان. هەروەهـا زۆر پێویسـتە بنکـەی رووناکـبیری گەلاوێـژیش ساڵانـە بە چـاوی ئـەدەبی گەورەکان سەیـری ئـەدەبی منـداڵان بکات و هەڵسەنگانـدن و دەستـنیشانی باشـترین بەرهـەم و نووسەرەکەی بکات. ئەمەش گوڕ و تینێکی زیاتر دەدات بە خـاوەنەکەی.
پاشـان بۆ نووسـینی بەرهـەمی نـاوازەش، جـۆرێک کـێبڕکێ لە نێـوان نووسـەرانـدا دروستدەکات.

پرسیار: بەڕێزتان چەند چیرۆکێتان بۆ منداڵانی کورد لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕوان بۆ سەر زمانی کوردیمان.. ئایـا نیازتان نییە کە چەند چـیرۆک و هـۆنراوەیـەکی جـوانی کوردیش وەربگێڕن بۆ سەر زمانی ئینگـلیزی و بە منـداڵانی ئینگـلیزی زمـان ئاشنایان بکەیـت؟

وەڵام: هـەتـا ئێسـتا (١١٢) چـیرۆکـم کـردووە بە کـوردی، هـەیـانـە چـەنـد دێـڕێـکە و هەنـدێکیشیان چەنـد لاپەڕەیـەکە،(٧٧) چـیرۆکیان لە کـتێبەکـانـمدا، بلاوکـراونەتـەوە، ئەوانەی تریان، هەنـدێکیان لە سایتەکـاندا و هەندێکیشیان هێشتا بڵاونەکـراونەتـەوە. دەربـارەی گـۆڕینی هـۆنـراوە و چـیرۆکی منـداڵانی کورد، بۆ سەر زمـانی ئینگـلیزی، هـیوادارم کە لە داهـاتـوودا، بتـوانم لەم بوارەشدا خـزمـەتێکی وا بکـەم.

پرسیار: ئەم پێشنیارەم خستە بەردەمی چەند نووسەرێکی تری بواری ئەدەبی منـداڵانی کوردمان.. ئایا لەگەڵ ئەوەدایت کە “یەکـێتی نـووسـەرانی منـداڵانی کـورد” یا “یەکـێتی نووسەرانی منداڵانی کوردستان” دابمەزرێنین تا ببێت بە چەترێکی ئەدەبی بۆ یەکگرتن و کۆکردنەوەی نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵانی کورد.. چونکە یەکـێتی نووسـەرانی کورد ئاوڕێکی ئەوتۆیان لە ئەدەبی منداڵان کوردمان نەداونەتەوە تا شایەنی باس بـێت؟ ئەی ئەوەتان پێ باشە، کە بۆ ئەم مەبەستە، کەمپینێک رابگەیەنین.. تا بزانین چەند لە نـووسـەرانی ئـەم بـوارە لەگـەڵ ئـەم پـێـشـنـیارە دان؟

وەڵام: بیرۆکەی دامەزراندنی (یەکێتی نووسەرانی منداڵانی کورد) یا کوردستان، کارێکی پیرۆزە، بە مەرجێک دەسەڵات دەستنەخاتە کاروبارەکانییەوە و کەسانی نەفام و نۆکەری سەربەخـۆی بە زۆر نەخـزێنێنە ناوییەوە و تـووشی ئیفـلـیجی نەکـات.
پاشان راگەیانـدنی کەمپـینـێک کارێکی زۆر چـاکە، بە هـیوای ئـەوەی ئەنجـامێکی باشی هـەبێـت. بەڵکـو ئەمە خـوایە ئـەو یەکگـرتنە سەرەتـاییـەی هـەتـا ئێستا بە سیاسییەکـان نەکـراوە، ئـەدەبـی منـداڵانی کـورد، بتـوانێت ئـەو ئامـانجـە پیـرۆزە بهـێنـێـتە دی.

پرسیار: چی نیـاز و رازێـکی تر لە دڵی محـەمەد بـەرزی دایە.. کە دەیـەوێت دەربـارەی ئـەدەبـی منـداڵانـی کـوردمان دەری بـبـڕێـت؟

وەڵام: هەموو خـەون و خولـیا و راز و نیـازێکـم ئەوەیـە، ئاستی بیرکـردنەوە و ژیـانی منـداڵانی نەتـەوەکەم، بگـاتە ئاستی منـداڵانی وڵاتـە پێشکەوتووەکـانی دنیـا، لە سـایەی نیشـتمـانێکی سـەربەخـۆی ئـازاد و گـەلـێکی یەکـگـرتـووی تـێروپـڕی بەخـتـیاردا، بـە ئاسـودەیی بـژیـن.
زۆر سوپاسیش بۆ دڵسۆزی و مانـدووبـوونی بەڕێـزتان، کە بەردەوام هەموو ژیـانتـان تەرخانکردووە بۆ گرنگـیدان بە بـوارە جـوان و هەستیارەکەی ئەدەبی منـداڵان و ئـەو هەمـوو کـتێب و تـوێـژینـەوە و نـووسـینە نایـابـانەی بـەردەوام پێشـکەشی منـداڵان و کۆمەڵگـای کوردی دەکـەن، کە بـوونـەتـە چـرایـەکی گـەشـیش بـۆ مـن.
سـەرلەنـوێ سـوپـاسیش بۆ ئـەم بەسەرکـردنـەوەیـە.. هـەر بـژیـن.
لە کۆتاییشدا حەزدەکەم لە پەراوێزی ئەم چاوپێکەوتنەدا، تازەترین هۆنراوەم (تەرزە) پێـشـکـەش بـە منـداڵـە ئـازیـزەکـان بکـەم، کـە رەنگـدانـەوەی بـۆچـوونـەکـانیشـمە.
تــەرزە
ئـەمـــڕۆ هـــەوارە بـــەرزە
کەوتــە بـەر تـــاوە تـــەرزە

  • * *
    وەکـو دەنــــــکی مـــرواری
    خــێـرا خــێـرا دەبـــــــــاری
  • * *
    بەربـــوونـە ریــــــزە دارێ
    گـــەڵا دەڕژایـە خــــــوارێ
  • * *
    بە دەنـــكی تــۆزێ گــەورە
    شەقــەی دەهــات پەنجـەرە
  • * *
    تـەرزەیـــە تــیـژ دابــــەزی
    زۆر بـە قـــایـم هـەڵــبـەزی
  • * *
    گـەر چـەتـرەکـەم نەبـــوایە
    رەنــگـە ســـەرم بـشــکـایە

لە کۆتایی ئەم دیدارەدا، زۆر سوپاسی برای خۆشەویستمان، شاعـیر و چیرۆکنووس و وەرگێڕي بـواری ئەدەبی منـداڵان کاک محەمەد بەرزی دەکەین. کە بە کورتی و پوختی وەڵامی ئەو پرسیارانەی داینەوە کە دەربارەی ئەدەبی منداڵانی کوردمان لە بەڕێـزیمان پرسی.. هـیوادارم خوێنەرانی خۆشەویستیش، سوود لە ڕا و بۆچوونەکـانی وەربگرن.

رەزا شـوان
٢٦ی/ دێسامبەر/ ٢٠١٩




ئەدەبی مناڵان/ خەونێکی تری باران … نوسینی:عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

(باران) ڕۆژانە جانتا قورسە کەی دەکردە شانی و بە دڵخۆشییەوە دەچوو بۆ قوتابخانە،ھەرچەندە قوتابخانەکەشی لە ماڵەوەیانەوە نزیک بوو، بەڵام قورسی جانتاکەی زۆر ماندووی دەکرد و ئازاری پشتی دەدا.شەوێک لە ماڵەوە هەموو پەرتوکەکانی دەرهێنا.و لەگەڵ خۆیدا کەوتە وتووێژ.(باشە من ڕۆژانە ئەم ھەموو پەرتوکە دەبەم ،کەچی ھەریەکەیان یەک لاپەڕەی لێدەخوێنیین، ھەندێک جاریش دایکم یان باوکم لەگەڵمدا دێن و جانتاکەم بۆ ھەڵدەگرن ،ئەوە براکەی دارای ھاوڕێم کە خاوەن پێداویستی تایبەتە ھەموو ڕۆژێک دەبێت کەسێک جانتاکەی بۆ ھەڵبگرێت) باران بیری لە چارەسەرێک دەکردەوە،بەڵام لەبەر ئەوەی کە زۆر ماندوو بوو خەوی لێکەوت،هۆشی هەر لای چارەسەر بوو،بۆیە خەونێکی زۆر خۆشی بینی ،کەلە خەو هەستا خەونەکەی بۆ ئارۆ و دایک و باوکی گێڕایەوە.لەخەونمدا ئەم بەیانییە کە چووم بۆ قوتابخانە جانتاکەم یەک پەڕتوک و چەند تیانوسێکی تێدا بوو،ئەوەندە سوک بوو نەبێتەوە !ئارۆ وتی شتی وا چۆن دەبێت؟! باران بە پێکەنینەوە وتی چۆن نابێت بەشی یەک مانگ خوێندنی ھەر وانەیەک لە یەک پەرتوکدا کۆکرابووەوە و مانگانە پەرتوکی نوێمان وەردەگرت ،ئارۆ وتی ئای کە خۆشە ئەو خەونە خۆشەت بێتە دی.

٢٠١٩/٩/٢٦
بیرۆکەی ئەم چیرۆکە لە ئینتەرنێتەوە وەرگیراوە…




چیرۆک بۆ منداڵان.. خۆڵی کوردسـتان … رەزا شـوان

مـریـەم کچۆڵەیەکی کوردی جوانکـیلە و زیرەک و رووخـۆشە، لە نەرویج لەدایکـبووە. دایک و باوکی لە ماڵەوە هەر بە زمانی شیرینی کوردی لەگەڵیدا دەدوێن. بۆیە بە باشی کوردی دەزانێت، لە باخچـەی منداڵانیشدا فـێری زمانی نەرویـجی بووە.
پـار مریەم شەش ساڵان بوو، لە بەهاردا لەگەڵ دایک و باوکیدا، بە سەردانی بۆ ماوەی سێ هەفـتە هاتنەوە بۆ شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان، کە کەسوکـاری دایک و باوکی لەم شارەدان. کەسوکاری دایـکی و باوکـی ناسی. بۆ گەڕان و سەیرانیش بردیـان بۆ گەلێ شوێنی کوردستان. مریـەم بە جـوانی دیمەنە جوان و قەشەنگەکـانی کوردستان و بە گـوڵ و گـوڵـزاری جـوان و بۆنخـۆشی بەهـاری کوردسـتان زۆر سەرسام بـوو.
مـریـەم ئێستا تەمـەنی حەوت سـاڵە، لە پـۆلی یەکـەمی قوتابخـانەی بنەڕەتی دایـە.
دایکی لە ماڵەوەدا، لە نێو خانە شووشەییەکانی رەفتەکانی چـێشتخانەکەیاندا، کۆمەڵێک شووشەی بچـووکی ریزکـردوون، کە پـڕن، لە کـاری و لە بەهـاراتی بـریانی و کـفـتە و شفتە و یاپـراغ و جاتـرە بۆ ناو نۆکاو و بیـبەری تیژ و زەردەچـێوە و چەنـدین ئاڵەت و بەهـاراتی تر.. کە بەتاڵ بوونایە دووبارە پڕی دەکـردنەوە.. لەسەر پارچە کاغەزیش بە کوردی نـاوی یەک بە یەکی بەهـاراتەکـانی نووسـیوون.. ئەوەی کە سەرنجی مـریـەمی راكێشا ئەو شووشەیە بوو، کە دایکی بە جـیا لە نێـو خانـەیەکی رەفـتەکاندا دایـان بوو، لەسەریشی نووسیبوو. مریەم وایدەزانی کە ئەوەش جۆرێکە لە بەهاراتی چـێش، بەڵام نەیبینی کە بۆ یەک جارێیش دایکی ئەوەی لەو شووشەیە دایە بەکـاربهـێنێت.
مریـەم: دایکە ئەو شووشە بە تەنیایە، چ بەهـاراتێکی تێـدایە؟ بۆ بەکـاری ناهـێنیت؟
دایـکی (بە زەردەخەنەیەکی ناسکەوە): مریـەم گیان ئەو شووشەیە خـۆڵی تێـدایە.
مریـەم (بە پێکەنین و سەرسامیـیەوە): خـۆڵی تێـدایە؟!
دایکی: بەڵی.. خـۆڵی کوردسـتانی تێـدایە.
مریـەم (هـێندەی تر سەری سوڕما): خـۆڵی کوردستان؟! ئـەی لە نەرویـج خـۆڵ نییە؟
دایـکی: بەڵی کچـە شـیرینەکەم، لـێرە و لە هەمـوو وڵاتێکـدا خـۆڵ هـەیە.
مریـەم: کەواتە خـۆڵی کـوردسـتانت بۆچـییە؟
دایکی: ئەم پرسیارەتم پێخۆشە. مریەم گیان، من و باوکت لە کوردستان لەدایک بووین. لە کوردستان گۆش و پەروەردە بووین و گەورە بووین، هەوای کوردستانمان هەڵمژی، ئاوی کوردستانمان خـواردەوە، لە بەروبـوومی خـاكی کوردستانمان خـوارد.
بۆیە کوردستان و هەموو شتێکی کوردستانمان لا پیرۆزە. کوردستان نیشتمانی یەکەمی ئێمەیە، زۆر خۆشـمان دەوێ و لامان شیرینە، هەمیشە لە بیرمانە و لە ناو دڵمان دایە.
مریـەم: ئەمانە تێگـەیـشـتم، ئـەی ئـەو خـۆڵـەی کوردسـتانتان بـۆ لـەوێ دانـاوە؟
دایـکی: تا رۆژانـە بیبینین و هـەمیشە کوردستان لە بـیر و خەیـاڵ و بەرچـاومان بێـت.
مریـەم: لە ئەمڕۆوە کوردستان نیشتمانی یەکەمی منیشە، خۆشـم دەوێت، ئەو خۆڵەشم خۆشـدەوێـت.
دایکی (لە باوەشی کرد و سی و چـوار ماچی کـرد): دەمخـۆش کچـە ژیـر و زیـرەکـم.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠١٩




چــاویــلــکـــە … محەمەد بەرزی

دوێـنـێ نـەنـکـم زویـر بـوو
چـاویـلـکـەکـەی بـزر بـوو

ئـەوەنـدە چـاوی کـزبـوو
هـەتـا مـنـی لـێ تـێـکـچوو

خـێـرا چـووم و نـەوەسـتـام
هـەمـوو ژوورەکـەی گـەڕام

لـە ژێـر سـوچـی سـەریـنـا
چـاویـلـکـەم بـۆ دەرهـێـنـا

وەکـو گـوڵ گـەشـایـەوە
خـۆشـی بـۆ گـەڕایـەوە

مـاچـمـکـرد و پـێـکـەنـی
وتـی : تـۆ چـاوی مـنـی

١١ / ٧ / ٢٠١٩




هۆنراوە بۆ منداڵان.. چۆن دەیخوێننەوە؟.. رەزا شـوان

مامۆسـتا: چۆن دەیخوێننەوە؟
ک ، و ، ر ، د ، س ، ت ، ا ، ن
قوتابییەکـان:
کوردستان.. کوردسـتان
پـیـرۆزتـرین نیشـــتمان
بەهـەشــــتی زەمـیــــنە
لە دڵـمـــان شــــیـریـنـە
مامۆسـتا: چۆن دەیخوێننەوە؟
ئا ، زا ، دی
قوتابییەکـان:
ئــــــازادی.. ئــــــازادی
مایەی خۆشی و شـادی
هــیوایـە و مـەبـەســتە
بـۆ ژیــــان پـێـویـســتە
مامۆسـتا: چۆن دەیخوێننەوە؟
رز ، گـا ، ری
قوتابییەکـان:
رزگـــاری.. رزگـــــاری
لـە زوڵـــــم و زۆرداری
رزگــاری کوردســــتـان
لـە رەگـەزپـەرســــتـان
مامۆستا: چۆن دەیخوێننەوە؟
یـەک ، گـر ، تـن
قوتابییەکـان:
یەکگــرتن.. یەکگــرتـن
یەکدەنگی و رێکـەوتـن
خەبــات و نەســرەوتـن
مایـەن بـۆ سەرکـەوتـن

رەزا شـوان
نەرویــج : ٢٠١٩




ئەدەبی مناڵان/ پەرتووک … محەمەد بەرزی

پەرتووکم زۆر خۆشدەوێ
پڕە لە بابەتی نوێ

هەمیشە لە گەڵمایە
باشترین مامۆستایە

پەڕەکانی ڕازاوە
بە چیرۆک و هۆنراوە

ئامۆژگاری و وێنەی جوان
وانەی چاکن بۆ ژیان

ئەوەی هاوڕێی پەرتووکە
دیارە ژیر و زیرەکە

وریایە و بە ئاگایە
بۆ نیشتمان چرایە

٩ / ٩ / ٢٠١٩




ئەدەبی منداڵان: دوو چیرۆک … و: فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

چیرۆکی /هێشووە ترێ
نویسنی/زوهێر رسام وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە /
فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

هێشووە ترێیەک شانازی بەبۆڵە گەورەکانی خۆیەوە دەکرد؛ بەدڵێکی خۆشەوە دەیوت:(من هێشوویەکی زۆر تایبەتیم لەهیچ رەزێکدا لەوێنەی من نییە)۰
قەدەکەی وتی:ئای چەند دڵخۆشم!کەبەم جوانییەوە دەتبینم؛بەڵام کاری منت لەبیر نەچێت که هەڵتدەگرم و خواردنت پێدەگەیەنم۰
گەڵاکان وتیان:ئێمەش لەگەرمای خۆر دەتپارێزین ؛تۆبەهۆی ئێمەوەئەو تامە خۆشە پەیدا دەکەیت و دەبیتە خۆراک؛تکایە ئەرکی ئێمەش لەبیرمەکە۰
دواجار ئەو چڵەی هێشووەکەی هەڵگرتبوو وتی: منیش بەرزمکردویتەوە تا بە ئاسانی هەوا هەڵمژیت وتیشکی خۆر لێت بدات۰ ئێمە دڵخۆشین کە هێشوویەکی جوانی وەک تۆمان پێوەیە؛بەڵام کاری ئێمەش لەبیر مەکە۰
پاش که مێک بێدەنگی کۆترێک هاتە لایانەوەو وتی:ببورن هەمووتان هەڵەکەی هێشووی هاورێتان دووبارەکردەوەو تەنها باسی خۆتان کرد؛تکایە گرنگی ڕەگ لەبیرمەکەن ۰ڕەگ خۆراک و ئاوتان بۆکۆدەکاتەوەو لەزەویتان دەچەسپێنێت تابەرگەی ڕەشەباو گەردەلوول بگرن۰
هەمووان بەیەک دەنگ وتیان ڕاستە
[ درەخت بەبێ ڕەگ ناژی]۰


تاقیکردنەوەیەکی چێژبەخش
نوسینی / عماد یونس
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە
فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

ئلیانا بەیانیباشی لەباپیرەی کردو پێیوت:باپیرە حەزدەکەم موگناتیسێک دروستبکەم۰هاوکاریم دەکەیت؟ باپیرە وتی :بێگومان!ئەمە کارێکی زۆر گران نییە؛چونکە پێ ویستی بەهەندێ کەلوپەل هەیە کەلەهەموماڵێکدا دەستدەکەون۰بزماری درێژ؛پارچەیەک وایەری مس و پیلێک۰ باپیرە بەدەم گفتوگۆوە کەلوپەلەکانی ئامادەکرد۰
باپیرەو ئلیانا دەستیانکردبەتاقیکردنەوەکە۰ سەرەتا بەشی ناوەڕاستی وایەرەکەیان نزیک لەیەکەوە ئاڵاند لەبزمارەکەوە؛پاشان هەردو سەرە بەرەڵاکەی وایەرەکەیان هێنا؛سەرێکیان لەجەمسەری نێگەتیڤ و سەرەکەی تریان لەجەمسەری پۆزەتیڤی پیلەکە توندکرد۰
بینیان کاتێک تەزوی کارەبای پیلەکە بەناو وایەرەکەدا تێدەپەڕێت؛بزمارەکە دەبێت بە موگناتیس و هەرپارچە ئاسنێکی لێ نزیک بکرایەتەوە؛ڕایدەکێشاو دەیگرت۰ کاتێکیش یەکێک لەسەری وایەرەکان لەجەمسەری پیلەکە دەکردەوە؛هەموئەو پارچە ئاسنانەی کەبەبزمارەکەوە نوسابون دەکەوتنە خوارەوە۰ باپیرە کەبینی ئلیانا بەو تاقیکردنەوەیە زۆر دڵخۆشە؛موگناتیسێکی بەدیاری دا بەئلیانا۰
ڕۆژی دواتر ئلیانا هاورێکانی کۆکردەوەوپێیوتن:سەیرکەن ئێستا چ جادویەک دەکەم!ئلیانا کۆمەڵێک دەرزی و بزماری لەسەر مێزێک داناو بەشێوەیەکی نهێنیش پارچە موگناتیسەکەی لەژێر مێزەکەوە دەجوڵاند۰ کاتێک هاورێکانی دەیانبینی دەرزی و بزمارەکان دەجوڵێنەوە؛سەرسام دەبون و دەیانوت:سەیرە؛ئەمەچۆن رودەدات؟ ئلیانابەسەهاتەکەی بۆگێڕانەوەو پێیوتن کەباپیرەی چۆن هاوکاریی کردووە لەو تاقیکردنەوە چێژبەخشەدا۰




شیعر بـــۆ منداڵان … خاوەنپێداویستی … ڕۆستەم خامۆش

ئـەی خـاوەن پێـداويسـتـی
بــەڕێـز و خـۆشــەويسـتـی

نـاڵـێـم كەمئـەنـدامـی، تــۆ
نـاڵـێـم لـــە لامــــــان بــــڕۆ

دەڵـێـم: وەرە بـــــۆ لامــان
يـاری بكەيـن هـەمـوومــان

تـۆش مـافـی خۆتـە گيـانـە
شـــــاد بــــژی لـــەم ژيـانـە

پێـم بڵـێ چيـت پێويســتـە
چيـت ئـومێد و مەبەســتـە

كــاری تـــۆ بـەســـەر چـاوم
لــە خـزمـەتـت وەســـتــاوم

   شیعر بـــۆ منداڵان
   ڕۆستەم خامۆش 
     هەولێر  2012



چیرۆکەشیعـر لە ئەدەبی منداڵانی کورد .. رەزا شـوان

لە ئێستادا، چیرۆکەشیعـر وەکو جۆرێکی جـیاوازی ئەدەبی دەنووسرێت و دەناسرێت.
چـیرۆکە شیعـر، بەشـێکە لە ئـەدەب بە گـشتی و لە ئـەدەبی منـداڵان بە تایبـەتی. چیرۆکەشیعـر دوو هونەرن لە هونەرێکدان. لە هەمان کاتدا شیعـرە و چـیرۆکـیشە. لە رووخساردا شیعـرە و لە ناوەڕۆکـيشدا چیرۆکە. بنەما و پێویستە سەرەکییەکانی شیعـر و چـیرۆکیشی تێدایە. وەکو چـیرۆک بـریتییە لە: پێشەکی، رووداو، فـۆرم، نـاوەڕۆک، گـرێ، کۆتایی. وەکو شیعـریش بریتییە لە: جـوانی زمان، شێوازی هونەری هۆنینەوە، کـێش و سەروا، لە تـرپـە و مـوزیـک. هەمووشیان پێکەوە چـیرۆکێک دەگـێڕنەوە، بە زۆریش چیرۆکێکی ئەنـدێشەیی زیاتر لەوەی کە چـیرۆکێکی ریالیزمی بێت. ئەمەش بە نەگی نازانـرێت، سروشتییە کە شاعـیران پشت بە خەیـاڵ ببەستن، دەشێ شاعـیرێک لە تاقـیکردنەوەیەکی خەیاڵـیدا هونەرێکی تەواو بنیاتبنێ و بـڕازێنێتەوە.
کە وابێ ئێمە لە چیرۆکەشیعردا چی دەخوێنینەوە، شیعـر یا چـیرۆک؟ بێ ئەوەی نوقمی بیرکردنەوە ببین، دەبینین کە ناوەکەی وەڵامەکەی لەخۆ گـرتووە، شیعـرە و چیرۆکیشە. چیرۆکەشیعـر، بەشێکی رەسەنە لە ئەدەبی کوردیمان، چ ئەدەبی گەورەکان یا منـداڵان.

چیرۆکەشیعر بۆ منداڵان، بە شێوازێکی ئاسان و سووک و بە زمانێکی پەتی و رەوان و شیرین دەهـۆنرێتەوە، کە لەگەڵ قۆناغەکانی تەمەنی منداڵان بگونجێت.. چیرۆکەشیعری درێـژ هەیە و چـیرۆکەشیعـری کورتیش هەیە.. بە زۆریش چـیرۆکەشیعـر هـێماییە و لە سەر زمانی باڵندەکـان و ئـاژەڵان دەینووسن و دەیگـێڕنەوە.
چیرۆکەشیعـر، زاخاوی بیر و هۆش و هەستی منداڵان دەدات و چـێژ و خۆشییەکی زۆر دەخاتە دڵ و دەروونیانەوە. بە ئاسانيش دەتوانن لەبەریان بکەن، بۆیە زۆربەی منداڵان حەز بە خوێنـدنەوە و بە بیستنی چـیرۆکەشیعـر دەکەن و سوود و چـێژیان لێوەردەگرن.
بۆیە پێـویستە کە بەشی منـداڵان، لە پەرتووکخـانە گـشتییەکـانی شار و شارۆچکەکـانی کوردستاندا، لەگەڵ پەرتووکخانەکانی قوتابخانەکان و کتێبخانە تایبەتییەکانی ماڵەکانیش، بەو پەرتووکـانە دەوڵەمەنـد بکـرێن، کە چـیرۆکەشیعـریان بۆ منـداڵان لەخـۆگـرتوون.
لە فـۆلکلۆری دەوڵەمەنـد و رەنگینی کوردیمانـدا، بە دەیان چـیرۆک و چـیرۆکەشیعـری خەیاڵئامێز و بە دەیان داستان و ئەفسانەمان هەن، كە بە چیرۆکە شیعر هۆنراونەتەوە، مـۆرک و رەسەنـایەتی کوردییان پێوە دیـارن و بەشێکـن لە ئـەدەبی گـەلی کوردمـان.
گەلێ لە شاعـیرانی کـۆن و نوێی ناسراوشـیمان، چـیرۆکەشیعـری جوانیان بۆ منداڵانی کوردمان نووسیون.. یا بە تام و چێژێکی کوردییەوە کۆمەڵێک چیرۆکەشیعری بیانیان وەرگـێڕاون بۆ سەر زمـانی کوردیمـان.. لەوانەش:
(پیرەمێرد) ی نەمر کە چیرۆکەشیعری (قەلەباچکە و باخەوان، رێوی و کەڵەشێری)ی لە عەرەبییەوە وەرگـێراوە بۆ سەر زمانی کوردیمان. (فایـق بێکـەس) چیرۆکەشیعـری (دوو کۆتر و بۆقێک، یا دوو مراوی و کیسەڵێک، دوو پشیلە و مەیموونێک)، (هـەژار موکریانی) چیرۆکەشیعری (کۆبوونەوەی مشکان)، (کاکەی فەللاح) یش چیرۆکەشیعری (شـێری ساخـتە) بەڵام بە تـام و چـێژێکی کوردیی گونجاو بۆ منداڵانی کوردمان وەریان گـێڕاون بۆ سەر زمـانی کوردی.
هەروەهاش (گـۆران) و (محەمەد ئەمین بوز ئەرسەلان) و (عومەر عەبـدولـڕەحـیم) و (عەلی عەبدوڵڵا شەونم) و (لەتیف هەڵمەت) و (سەبریە نوری قادر ـ دایکی سۆلاڤ) و (عەلـیڕەزا محەمەدیان) و (کونی رەش) و (محەمەد حەمە بـاقی) و (سـمین چـایچی) و (رێکاری مزیـوری) و (عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی) و (محەمەد بەرزی) و (عوسمان شکور) و چەنـدین شاعیری تری بواری منداڵان، چیرۆکە شیعـری کورت یا درێژیان بۆ منداڵانی کوردمان نووسیون. بەشێکیان سوودیان لە چیرۆکە فۆلكلۆرییە کوردییەکانمان بۆ منـداڵان وەرگـرتـوون، بە چـیرۆکەشیعـرەوە هـۆنیویـانەتـەوە.
کەڵە ئەفـسانەنووسی چیرۆکەشیعـر بۆ منداڵان، شاعیری فەرەنسی (جـان دی لاڤـۆتین: ١٦٢٠ـ ١٦٩٥) بە داهـێنەر و بە پێشەوای چـیرۆکەشیعـری ئەفسانەیی بۆ منـداڵان لە جیهانـدا دادەنرێـت. زیاتـر لە (٢٤٣) چـیرۆک و چیرۆکەشیعـری بۆ منداڵان نووسـیون و لە دوانگـزە پەرتـووکـدا چـاپکـراوان.. زۆربەیان وەریان گـێڕاون بـۆ سـەر زۆربـەی زمانەکانی گەلانی جیهان بە زمانی کوردیشـمانەوە.
میری شاعیرانی عەرەبیش شاعیر (ئەحمەد شەوقی: ١٨٦٨ـ ١٩٣٢) کە بە رەچەڵەک کـوردە، باوکی خەڵکی شاری سلـێمانی نیە. شـەوقی خـۆی لە دێـڕە شیعـرێکـیدا دەڵێت: “بە گـوێی خـۆم گوێـم لە باوکـم بوو، کە ئـەو وتی بە رەسـەن کـوردم و هـاتووم لە گەڵ عەرەبدا ژیاوم” ئەحمەد شەوقی ماوی چوار ساڵ لە فەرەنسا بوو، بڕوانـامەی لیسانسی لە زمـانی فەرەنسیدا وەرگـرت، بە خوێنـدنەوەی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـانی لاڤـۆنتین بـۆ منـداڵان زۆر سەرسام بووە، لە پێشەکی دیوانـەکەیـدا (شەوقـیات) نای شـارێتەوە و دان بەم راستییەدا دەنێت، کە چـیرۆکەکانی لاڤـۆنتین کاری تێکردوون و ئیلهـام و سوودێکی زۆری لێوەرگرتوون. بێرۆکەی بەشێک لە چیروکەشیعرییەکانی لە ئەوەوە وەرگرتوون. بەڵکـو بەشێکی زۆریـان لە فـەرەنسییەوە، بە تـام و چـێژێکی عـەرەبییەوە وەرگـێڕاون بۆ سەر زمانی عەرەبی، بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە لە فەرەنسییەوە وەگـێڕاون.
لە ساڵانی چلەکـان و لە پەنجـاکـانیشدا، زۆربەی قـوتابیانی قوتـابخـانە سەرەتاییەکـانی کوردسـتان، چـیـرۆکەشیعـری (رێـوی و کەڵەشـێـر) یان لەبـەربـوو، کە لـە بنـەڕەتـدا چیرۆکێکی (لاڤـۆنتین)ه (ئەحـمەد شەوقی) بە چـیرۆکەشیعـرەوە بـۆ منـداڵانی عـەرەب وەری گـێڕاوەتە سەر زمانی عـەرەبی. شاعیر و رۆژنامەنووس و بیرمەنـدی گەورەی گەلەکەشمان پـیرەمـێرد، وەرگـێڕاوە بۆ سەر زمـانی کـوردی، بەڵام بە تـام و چـێژێکی کوردی زۆر ناسک و شیریـن و بە کوردییەکی سـووک و پـاراو و رەوان، بۆ منـداڵانی کوردمانی هـۆنیوەتەوە، کە زۆر لە دەقەکەی لاڤۆنتین و لە دەقەکەی ئەحمەد شەوقیش ناسکتر و ئاسانترە بۆ منداڵان. دەقی چیرۆکەشیعری (ریـۆی و کەڵەشێر) ی پیرەمێرد:
رۆژێ مـــام رێـــوی دەهــــات
دەم بـە ویــــرد و ســـەڵـەوات

  • * *
    دوایـــی دەیــــوت بـە ئـــــاواز
    لەعـنـەتی خــوا لـە فـێـڵـبــــاز
  • * *
    دنـیـــا هـێـنـــدەی پـێ نـــــاوێ
    هـــــەژارێ بـخــــــەیـتـە داوێ
  • * *
    عـومــــرێــکـە دێــــت و دەڕوا
    وا چـــاکـە روو بکـەیـنـە خــوا
  • * *
    ئــــاخ رۆژێ بـەیــــــانـی زوو
    گوێـم لـە دەنـگی بانگ دەبـوو
  • * *
    خـۆزگـــــە بـۆ کـەڵـەشــــێـرێ
    بـەیـانـیـــان بـانــــگ بــدێــرێ
  • * *
    نـــاردی بـۆ لای کـەڵـەشــــێـر
    دانــی بـۆ دەڕژێـنـــــم تــــــێـر
  • * *
    ئـــەو بــێ بـانـگــــم بـۆ بـــــدا
    مــن دەبـمـــە پـیـــــاوی خــودا
  • * *
    کـەڵـەشــــێـر بـە راســــپـێـری
    وتـــی بــەم فـێـــــڵە فــــــێـری
  • * *
    بـەڵام بــــاب و بـاپـــــــیـرمـان
    ئـەوەی خـستـۆتـە بـــــیـرمـان
  • * *
    رێـــوی بـە فـێــــڵ نـاوەســتـێ
    مـەگـەر تـەڵــە پـێـی بـەســتـێ
    لەم چـیرۆکەشیعـرەدا، رێـوی هـێمایە بۆ مـرۆڤی فـێـڵباز و خەڵـەتێنەر، کە دەیەوێـت لە ژێر پەردەی ئاین و بە رواڵەت پیاوچـک و بە زمان لووسی، کەسانی دڵپاک و خۆشبڕوا بخـەڵـەتێـنێ و تەفـرەیان بـدات.. بـەڵام ئـەو کەسـانە نـاسـراون و نـاوزڕاون، خـەڵـکی شـارەزای فـێـڵ و پیـلان و نیـاز خـراپیـیان بـوونە، چـیتر بـڕوا بە قسەکـانیان ناکـەن و ناکەونە داویـانەوە.. پەیامی ئەم چیرۆکەشیعـرەش ئەوەیە: منـداڵان لە داهاتوودا، ئەوە دەزانـن کە دنیـا پـڕە لـە رێـوی فـێڵـباز.. واتە لە کەسانی فێڵباز و درۆزن و بەدکار.
    سێ نموونەی کورتی تر، کە دوانیان لە چیرۆکەشیعـرییەکانی شاعـیر و چـیرۆکنووسی گەورەی گەلەکەمان، لە بواری ئەدەبی منداڵانی کوردمان، کـاک (لەتـیـف هـەڵمـەت) ە، هەڵمەت کۆمەڵێک چیرۆکەشیعری بە شێوازێکی ساکار و ئاسان و بە زمانێکی شیرین و رەوان و پـەتی بـۆ مـنـداڵانی کوردمان نووسـیوە، وەکو خۆشی ئامـاژەی پێکـردوون سـوودی لە چـیرۆکی فـۆلکـلۆری کوردی و لە چیرۆکی بیانی وەرگرتـوون، یان زادەی خەیاڵ و هـزری خۆین.. نموونەی یەکەم چیرۆکەشیعری (کوردسـتان: دیوانی منداڵان)
    پـیـرەمــێـردێ
    چـووە قـوتـابخـانەی گـونـدێ
    لـە حـەوشــــدا راوەســتـا
    دەوریـان لـێـدا مامـۆسـتـا
    هــا خـاڵـــــە گـیـان
    چـیـت گەرەگـە هـا خـاڵـــە گـیـان
    پـیـرەمـێـردی بەســتـەزمــان
    کە لاواز بـوو وەک گـۆچــان
    وتـی تـوخـــوا مـامـۆســـــــتـا گـيــــــان
    فـێرم ناکەی چـۆن بنووسم کوردســتان
    لەتیف هەڵمەت، ئەم پیرەمێردەی کـردووە بە هـێمای دڵسۆزی و کوردستان پەروەری، دەیەوێـت لە رێی ئەم پیـرەمـێردەوە، پـەرۆش و خۆشـەویستی و هـاوبەستەبـوون بۆ کوردسـتانی نیشـتمـانی شـیریـنمان، لە دڵـی منـداڵانی کـوردمـان شـیـریـنـتـر بکـات.
    نموونەی دووەم لە چیرۆکەشیعـرەکانی لەتیف هەڵمەت ( راوە کـەڵ: دیـوانی منداڵان)
    کە لە چـیرۆکێکی روسیـیەوە وەری گـرتـووە، بە چـێژێکی کوردییەوە هـۆنیوێتـەوە:
    هەبـوو نەبـوو رۆژانی زوو
    راوچـی یـەک بـوو
    لـەم هـەرد لـەو گـرد
    رۆژێ کەڵـێکی راو کـرد
    خەیـاڵی پـووچ کـەوتە سـەری
    کـەوڵی کـەڵی کـردە بـەری
    راوچـی چـەپـەڵ
    بـە روواڵـەت خـۆی کـرد بـە کـەڵ
    وتـی ئـیـتـر کــەڵ و بـزن
    لـەو کـێوە سـڵ ناکـەن لـە مـن
    لـە مــلـی کـــرد رەزن و تـفـەنـگ
    لـە دۆڵـێکـدا مـات بـوو بێ دەنـگ
    چـــاوەڕێ بـوو وەکــو رێـوی
    بـە فـێڵ قـڕ کـات کـەڵە کـێوی
    راوچـی یـەکی تـر لـەولاوە
    بێ ئـاگـا لـەم بەنـد و بـاوە
    روانـی کــەڵێ راوەســتاوە
    خـۆی بـۆ خـسـتـە پەنــاوە
    تـەق دوو گـوللـەی لـە دڵـی دا
    زریکــانی و گـێـنـگـڵی دا
    راوچـی بـڕی چەنـد شـیو و کـەل
    چــووە ســەری بـە پــەلــە پــەل
    روانــی کــــەڵ نـیـیـە پـیــــاوە
    لەو کەوڵـەدا خـۆی مـات داوە
  • * *
    ئەوەی پێستی خـۆی بگـۆڕێ
    ئـەوەی لـە خـــۆی بـتــــۆرێ
    بـــەد و نـابـــــووت و زۆڵــە
    ئاخری هەر گـولـلـەی تـۆڵــە
    دڵ و مێـشـــکی دەپـــــژێــنێ
    لەنـاو خـوێنـا دەیگـەوزێــنێ
    بـژی مــــرۆی پـــاک نـیـــاز
    بـمـرێ مـــــرۆڤـی فـێـڵـبـــاز
    کاک لەتیف لە کۆپلەی دواییدا،مەبەستی چیرۆکەشیعرەکەی بۆ منداڵانی کوردمان روون کـردۆتەوە. (راو کـەڵ) وەکـو دەبیـنن، شیعـریشە و چـیرۆکیشە.. ئـەم چیرۆکەشیعـرە لە فـۆلکلۆری کوردی و لە فـۆلکـلۆری هـەنـدێ لە نەتەوەکـانی تـریشـدا هـەیە.
    دەمەوێـت ئـەوەش بڵـێم، کە بـۆ منـداڵان ئەو چـیرۆک و چـیرۆکەشـیعـرانە پەسەنـدن کە کوتـاییەکـانیان، بە گەشبـینی و هـیوابەخـشـیـن و سەرکـەوتن و خـۆشی کۆتاییان بێـت.. نـەک بە رەشـبـینی و خوێـن رشـتـن و کوشـتـن و کارەسـات و تراژیـدیـا کۆتـاییان بێـت.
    مەرجـیش نییە کە هەموو چـیرۆکەشیعـرێک کۆتاییەکی مەبەستداری هـەبێت.. لەوانـەیە بۆ خۆشی و شـادی و بۆ خەنـدە خستنە سەر لێوەکانی منـداڵان هـۆنرابێتەوە.. نموونەی ئەم جـۆرەش، چـیرۆکەشیعـرێکی شاعـیری ناسراوی رۆژهــەڵاتی کوردسـتان لە بـواری ئەدەبی منداڵانی کوردمان کاک (عەلـیڕەزا محەمەدیان) بە نموونە دەهێنینەوە کە لەژێـر ناوی (مـاسی خـانـم) دایە، کە بە دیالـێکـتی لـوڕی (بە شـێوەزاری ئـەردەلانی) دایناوە:
    مـاسـی خــــانـم نـــاو دەریــــا
    چـارشـــێـوی دا بـە سـەریــــا
  • * *
    کەفـتـە رێــگـا خــرتـە خــرت
    شـیـریـن شــیـریـن وردە ورد
  • * *
    مـاسی خـانـم کـەوشـی نــەوو
    مـاڵەکــەیـان حـەوشـی نــەوو
  • * *
    وەختی چوو بۆ سەر کووجـی
    چـاوی کەفـتــەو بـە جـی جـی
  • * *
    جـی جـی زەردەواڵـــــــە بـوو
    منـاڵ ئـەو بـەر ماڵـــــــە بـوو
  • * *
    وتـی قــــەزات لـە گـیـــــــانـم
    رێـگــەی هــەس و ئـــــەزانـم
  • * *
    مـاسـی کـەوشی لـە پـا کـەنـــد
    وتـی ئیمــڕۆ بـۆ تــۆم سـەنــد
    باسکـردن و لێکۆڵینەوە و شیکـردنەوە لە چیرۆکەشیعـر زۆر لەمە زیاتر هەڵـدەگرێـت.
    کـە بـە چـوار پێـنج لاپـەڕە کـۆتـایی پـێ بهـێـنین.. نـازانـم بـۆ هـەنـدێ لـە نـووسـەرانی کوردمان، کە پۆلـێنی ژانـرەکـانی چـیرۆکیان کـردوون، چـیرۆکەشیعـریان بە لاوە ناوە و لە ریـزبـەنـدی پـۆلـێن کـردنی چـیـرۆک یـا شـیعـردا دایـان نـەنـاوە..؟ وەکو ئـەوەی کە بایەخـێکی ئەدەبـی نەبێـت بـە لایـانـەوە.. بەڵام هـەر لێکـۆڵیـنەوە و باسـێک دەربارەی جۆرەکانی چـیرۆک، گەر چـیرۆکەشیعـر بەلاوە بنـێن، لێکۆڵینەوە و باسێکی ناتەواون.

    رەزا شوان
    نەرویـج: ١ی/دێسەمبەر/ ٢٠١٩




دیدی فێری ڕاهێنان ده‌بێت … نوسینی/ انور اللامی

وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌/ فه‌رهاد ئه‌حمه‌د به‌رزنجی

دایكه‌ چۆله‌كه‌ به‌ (دیدی ) وت: باڵه‌كانت لاوازن پێویستیان به‌ ڕاهێنانه‌،وه‌ره‌ باپێكه‌وه‌ كه‌مێك بفڕین. (دیدی) به‌ بێزارییه‌وه‌ وتی: دیسانه‌وه‌ ڕاهێنان؟ من ئاره‌زووم له‌ فڕین نییه‌،خۆت به‌ته‌نیا بفڕه‌.دایكی وتی:گیانه‌كه‌م نابێت كه‌مته‌رخه‌م بیت.
دیدی له‌سه‌ر چڵی دارێكی نزیك هێلانه‌كه‌یان وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌وتبێت چاوه‌كانی داخست و له‌ناكاو گوێی له‌ده‌نگێك بووده‌یوت:{زۆر باشه‌ خه‌وتووه‌.}،دیدی چاوه‌كانی كرده‌وه‌ بینی كونده‌په‌پویه‌ك به‌خێرایی به‌ره‌وڕووی ده‌هات و ده‌یویست بیگرێت.
چۆله‌كه‌كه‌ی هاوڕێی چاوی لێبوو خێرا هه‌ڵفڕی وخۆی گه‌یانده‌ دیدی ،پێی وت:دیدی خێرا بفڕه‌و لێم دوور مه‌كه‌وه‌. دیدی خێرا هه‌ڵفڕی و خۆی ڕزگاركرد.هاوڕێكه‌ی به‌ ئاسمانه‌وه‌ ڕێنمایی ده‌دا به‌ دیدی تا دڵنیا بوون له‌وه‌ی كه‌مه‌ترسیان له‌سه‌ر نه‌ماوه‌.دواتر دیدی زۆر سوپاسی هاوڕێكه‌ی كردو گه‌ڕایه‌وه‌ هێلانه‌كه‌ی. (دیدی ) به‌سه‌رهاته‌كه‌ی بۆ دایكی گێڕایه‌وه‌و وتی:[دایكه‌ له‌م به‌سه‌رهاته‌وه‌ وانه‌یه‌كی گرنگ فێربووم]،دایكی به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ وتی:((كه‌واته‌ ئێستا له‌گرنگی ڕاهێنان گه‌یشتووی؟)).

ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ ژماره‌ (265) ی گۆڤاری په‌پوله‌ به‌ لاتینی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




…سلێمانی … شیعر بـــــــــۆ منداڵان ڕۆستەم خامۆش

شــــــارەکــــــەم سـلـێــمــانــی
ئــای، کـــە دڵـگـیــرو جــوانــی
نـیـشـــتــمـــانـــی ئــەویـــنـــم
زێـــد و لانـــەی شـــیــریـــنـــم

خـۆشـــمـدەوێــی شـــارەکــەم
جـێــی ئــارامـیـی گـیـانـەکــەم
بــــۆتـــۆ ئــــەی ســلـێــمــانــی
مـــن هـــەر دەچــڕم گــۆرانــی

لـــە ســـایــەی چـرای ژیــریــی
پــایـتــەخـتـی ڕۆشـنـبــیـریــی
یــاخــوا هــــەر ئــــاوەدان بــی
هـەردەم ڕەنگین و جــوان بــی

نـــاوێــکــی بـــەرز و گــەشـــی
تـــۆ شــارێـکـی سـەر کــەشــی
خـۆشــەویـسـتـی هـەمـووانــی
شـــــارەکــــەم ســــلــێـمـــانــی

   شیعر بـــــــــۆ منداڵان 
      ڕۆستەم خامۆش 
         2012  هەولێر



چیرۆکە شیعر بۆ منداڵان – مەڕ … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ئێوە بمناسن مەڕم
ھەر خەریکی لەوەڕم
کە بۆ دەشت و دەر دەڕۆم
لەوێ گژ و گیا دەخۆم
شوانێکم لەگەڵدایە
ھەروەکو ھاوڕێم وایە
کوێ گیای سەوزی تێدایە
دەمبات بۆ ئەو جێگایە
لە لادێکاندا دەژیم
بوون بە مایەی دڵخۆشیم
ھەر کە تێر بووم دەستبەجێ
دەگەڕێننەوە ناو دێ
کابانی ماڵ دێت بۆ لام
دەزانێ ماندووی ڕێگام
ئاوم بۆ دادەنێ زوو
منیش دەکەومە پشوو
پاشان دێن و دەمدۆشن
بە شیرەکەم دڵخۆشن
دەبکەن بە ماست و بە دۆ
یاخود دەیخۆن ڕاستەوخۆ
قەیماغ و کەرە و پەنیر
زۆر بەسوودن بۆ ئێوەی ژیر
کێ لە ئێوە حەز دەکات
تەندروست بێت ھەموو کات
خۆشی بێت بە میوانی
پتەوتر بێت ئێسقانی
شیر و بەرھەمەکانی
بەکار بێنێت بەجوانی
….

عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی




رەزا شـوان: هـۆنراوە بۆ منداڵان.. مـن کـۆبـانـیم

مـن کـۆبــــــانـیــم ، کـۆبــــــانـيــم
شـارێــــکی کـوردســـــــــــتـانـیــم

  • * * * *
    زۆر دڵــــــــگـیـر و دێـــــــــریـنــم
    شـارێــــكی کــــورد نـشـــــــــيـنــم
  • * * * *
    جـــــوانـم بـــووکـی شـــــــــارانــم
    پـاڵــــــــــەوانـی جـیـهـــــــــــــانــم
  • * * * *
    مـــنـم داعــــش بــــــــــــــــەزێـنـم
    داگـــیرکەریـش تــــــــــــــــەزێـنـم
  • * * * *
    ئەگـەر گــــــورگـە بــۆرەکـــــــــان
    جــێـنـەهــــێـڵـن کـوردســــــــــتـان
  • * * * *
    شـەرڤــــــــانـانـم بـۆیـــان هـــــات
    ســووک و رســـــوایــان دەکــــات
  • * * * *
    لــەم دەشـــت و لــەم کـێـــــــوانـە
    دەبـنـــە پـەنـــــــدی زەمــــــــــانـە
  • * * * *
    داگـــــیـرکـەری بـێـــــــــــــــگـانـە
    ئـــــێـرە شـــوێـنـی کــــــــوردانــە

نەرویـج : ٢٠١٩




شیعر بـــۆ منداڵان … باڵندەیەکی بەندکراو … ڕۆستەم خامۆش

ئــەو بـاڵـنــدەی بـەنـدکـراوە
مــافـــی ژیـنـی لـێ خـوراوە

هــەمـــوو سـاتـێ دەنـاڵێنـێ
بـۆ سەربەستی دەجریوێنـێ

ئـەڵـێ: ئێـســتـا نـیـگـەرانــم
دوور لـە ئـاشنا و گوڵستانــم

بــە ئـــاواتــم ، کـــە بێـمـەوە
لــە ســـەر چـڵـدا بنیشـمـەوە

بــە ســۆزەوە لــە نـاخـی دڵ
تێر بخوێنـم بـۆ جوانـی گوڵ

خـۆشـــە فـڕیــن بــە ئــازادی
هــەردەم بــژی بـــە دڵـشـادی

   

ســاڵــی ( ۲٠٠٠ ) نـووسـراوە
ڕۆستەم خامۆش




شیعری مناڵان – چەژنی لە دایکبوون…محەمەد بەرزی

بـوونـی تـۆیـە بـە قـوربـان
دنـیـا بـۆتـە چـراخـان

هـەمـوو سـاڵـێ بـە خـۆشـی
دوور لـە خـەم و نـەخـۆشـی

جـەژنـت پـڕبـێ لـە شـادی
هـەزار سـاڵ بـکـەیـن یـادی

هـەمـیـشـە ئـاوا کـۆ بـیـن
هـەمـوو لـە دەوری تـۆ بـیـن

داواکـاریـن لـە یـەزدان
سـەرکـەوتـوو بـی لـە ژیـان

یـاخـوا بـبـی بـە سـایـە
بـۆ ئـێـمـە و هـەمـوو لایـە




ئۆپەرێتی: وەرزەکان …. نوسینی:عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی


زستان:

من زســــتانم
ھــــاوڕێتانم
لە باخچە وماڵ
لەگەڵتـــانم
وەرزێکم جـوان
بەفر و بـاران
تەرزە وسەرما
لەگـەڵ مندان
….
تا خۆش بژین
با گوێ بگرین
دەم بەقاقا و
بە پێکــەنین
..,.,
منداڵان:
دەبێ ھەمووان
وەرزی زستان
جل و بەرگی
ئەستور و جوان
……….
بکەینەبەر
ھاتینە دەر
کڵاوێکیش
بکەینە سەر
……..

بەھار:

من بەھـــارم
ڕەنگین دیــارم
ھاوڕێی ئێوەی
زۆر نــازدارم
……
کە دێم یەکسەر
گشت دەشت و دەر
بەرگی سـەوزیی
دەکــــاتە بەر
……..
خەڵکی ھەموو
بە ئـــارەزوو
بۆ ســەیران و
گەشت و پشوو

زۆر بە جوانی
بە خــێزانی
بە دڵخۆشی و
شادمــــانی

ھاوین:

منیش وەرزی ھـــــــاوینم
خاوەن گەرمـــــای بەتینم
ھـــــاوڕێی ئێوەی شیرینم

ھەر من ھـــــاتم بۆ وڵات
یەکســەر میوە پێدەگـــات
ھەر کەس بەشی خۆی دەخوات

میوەی ترش و شــــــیرینن
پڕ ســـــــود و ڤـیتامینن
جـــۆراوجــــۆر و ڕەنگینن

منداڵان:
وەرزی ھـــــاوین بۆ ھەموو
بۆ حـــــــەوانەوە و پشوو
بە پێی حــــــەز و ئارەزوو

پایز:

منیش پــایزە نـــــاوم
لەلای خەڵکی ناســراوم
کە من دێم بـــۆ لای ئێوە
خەندەتان لەســەر لێوە
چونکە بەھــــاتنی من
گشت دەچنەوە بۆ خوێندن
دەرگای قوتابخانەکان
لەگەڵ باخچەی منداڵان
دەکرێنەوە بـــۆ منداڵ
دەبێتە ســەرەتای ساڵ
منداڵان:
کــە پایز دێت گـەڵای دار
زەرد دەبن دەکـــەونە خوار
وەرزی گـــــەڵاڕێــزانــە
ئای کە دیمــەنی جـــوانە
بەڵام ھەندێک داریش ھـەن
کە تەواو پێچـــــەوانەن
کە گەڵایان چــــوار وەرزە
بە ھــەمیشەیی ســـەوزە

وەرزەکان:

ئێمە چـــوار وەرزی ساڵین
بۆ گـــەورە و بۆ منداڵین
ھەر وەرزێکیشمان بۆ خۆی
سێ مانگ دانــــراوە بۆی
دوانزدە مانگی تـەواوین
لەلای ھەمووان ناسـراوین




منداڵان و مردن و مردن لە ئەدەبی منداڵان دا … رەزا شوان

دایکان و باوکان بە رەمەکی دەیانەوێت منداڵەکانیان بپاڕێزن، لە هەموو زیان و ئازار و ناخۆشی و کەسەر و خەمێک دووریان بخەنەوە، نەک تەنیا لە ئازارە جەستەییەکان، بەڵکو لە ئازارە دەروونییەکانیش. گەلێ لە راستییەکان و رووداو و کارەساتەکانیان لێدەشارنەوە، یان بە شێوازێکی هەڵە هەواڵەکانیان تێدەگەیەنن. بۆ ئەوەی ئەو هەواڵە ناخۆشانە، نەبنە هۆی ناخۆشی و خەم و دڵتەنگی و خەمۆکییان. بە بیانووی ئەوەی کە هێشتا منداڵن و بچووکن، بەرگەی هەواڵ و کارەساتی ناکاوی وا ناخۆش و جەرگبڕ ناگرن. یا هێشا لە چەمک و راستی ئەو رووداوە ئاڵۆزانەی وەکوو: مردن، کۆچکردن، بێ سەرشوێن کردن، جیابوونەوەی دایک و باوک، دابڕان، تینەگەیشتوون.
بەڵام لەم سەردەمەدا، کە پڕە لە ئاژاوە و لە شەڕ و کوشتن و بڕین و لە وێرانکردن و لە کارەساتی تراژیدی.. کە رۆژانە بە دەیان منداڵ و گەنج و ژن و پیری بێتاوان دەبنە سووتەمەنی شەڕ و ستەم و زۆرداری و داگیرکردن و شەهـید دەبن. مردن بووە بە هەواڵ و بە دیمەنی رۆژانەی بەرچاویان.. ئەگەر بە چاوەکانی خۆشیان نەیان بینن، لە کەناڵە تەلەفزیونییەکاندا دەیان بینن، یان لە خەڵکییەوە دیان بیستن.
بۆیە منداڵانی کورد لە کوردستان و منداڵانی سوریا و عێراق و فەلەستین و یەمەن و ئەڤغانستان و چەندین شوێنی تر، هەر لە تەمەنێکی منداڵی بچووکدا لە چەمکی مردن تێگەیشتوون و بە هەواڵی مردن راهاتوون و ئاشنابوونە لە چاوی منداڵانی جیهانەوە.
مردن لە زماندا، بە واتا جیابوونەوەی رۆح لە جەستە و لە کارکەوتنی ئەندامانی لەش. مردن وشەیەکی کورت و سووک و ئاسانە لەسەر زمان، بەڵام ئەو راستییە ترسناک و تاڵەیە، کە منداڵان و گەورەکانیش، هەر بە ناوهێنانی دەترسن و خورپە دەکەوێتە دڵ و هەناویان و تەزوو بە ئازای لەشیاندا دێت.. گەر گەورەکان لە ئاستی مردندا، بترسن و بلەرزن، ئەی منداڵانی هەست ناسک چۆن لە مردن و لە دەستدانی ئازیزانیان ناترسن.
هەندێک لە دەروونناسان، پێیان وایە کە کارتێکردن و کاردانەوەی مردن لەسەر هەر هەرکەسێک، دەگەڕێتەوە بۆ رەگەز و رادەی رۆشنبیری و پەروەردەیی و تێگەیشتنی ئەو مرۆڤ لە چەمکی مردن و ژیان.. هەرکەسێک بڕوای بە راستی دینامیکی سوڕی ژیان هەبێت: لەدایکبوون، گەشەکردن، گەورەبوون، پیربوون، مـردن. دەتوانێت بە خۆشی بژێت وەکو ئەوەی کە مردن دیارەیەکی ئاساییە و بەشیکە لە ژیان.

تا ئێستا گەلێ راڤە و لێکدانەوە و را و بۆچوونی جیاواز دەربارەی مردن هەن.. بەڵام هەموویان گەیشتوونەتە ئەو راستییەی کە مردن ئەو راستییەیە، کە هیچ گیانلەبەڕێک، هەچ رێگا و چارسەرێک بدۆزێتەوە لێی رزگار نابێت.. هەر وەکوو چۆن لەدایکبوون سەرەتای ژیانە، مردنیش کۆتایی ژیانە.
بێگومان هەموو منداڵێک لەم جیهانە بەرینەدا، ئەوە دێتە رێی کە کەسێکی زۆر نزیک یا ئازیزێکی یا خۆشەویست و زۆر لەدڵ شیرینێکێ، بە شێوەیەک لە شێوەکانی مردن لە دەست بدات و هەرگیز جارێکی تر نەیبینێتەوە.
کەسیشمان حەزناکەین، باسی مردن لەگەڵ منداڵاندا بکەین، وامان پێ باشترە، منداڵان بە مردنی کەسێکی لەدڵ شیرینیان، هەستی ناخۆشییان تاقی نەکەنەوە.. بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەوە دەزانین، کە ئەستە بۆ ماوەیەکی درێژ مردن لە منداڵان بشارینەوە.
(فۆرتش) ئامۆژگاریمان دەکات و دەڵێت:”پێویستە بە زمانێکی روونی بێ پێچ و پەنا، لەگەڵ منداڵاندا، باسی مردن بکرێت، پێیان بوترێت: داپیرە گیان زۆر زۆر نەخۆشبوو، پزیشکەکان درێغیان نەکرد و زۆر بە دڵسۆزی و پەرۆشەوە، هەوڵی چارەسەرکردن و چاکبوونەوەیان دا، بەڵام لە توانایاندا نەبوو کە بتوانن چاکی بکەنەوە.. بۆیە مـرد”.
پێویستە وشەی”نەخۆش”بە جوانی بۆ منداڵان روونبکەنەوە، کە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی کە کەسێک سەرمای بووە و قۆڵنجی کردووە و تووشی کۆکە و سەر ئێشە و سک ئێشە و تای لێهاتووە، پێی دەڵێن نەخۆشە.. بە جوانیش تێ بگەیەنن، کە هەموو نەخۆشێک نامرێت، مەرجیش نییە کە ئەوەی پیربێت بمرێت.
پسپۆرانی دەروونناسی وایان پێ باشترە، منداڵان ئامادەبکرێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەی مردن، پێش ئەوەی کە بە راستی رووبدات.. باسکردنەکەش بە راشکاوی بێت و بەو زمانە بێت کە منداڵ لێی تێدەگات.. ئەو راستییەشی پێ بڵێن، کە هەموو مرۆڤێک دەمرێت، دایک، باوک، برا، خوشک. مردنێش بە واتا ئەو کەسە دەڕوا و ناگەڕێتەوە.
ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت، کە بیر لە مردووەکانتان نەکەنەوە و باسیان نەکەن.
پسپۆرە دەروونییەکان، کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێویستە، یارمەتی منداڵان بدرێن بۆ ئەوەی رووبەڕووی مردن ببنەوە.. بواریان بدەن با گوزارشت لە هەست و سۆزیان بکەن و مەستی حەزی خۆدەرخستن ببن. مەستی وەڵامی پرسیارەکانیان بن لە بارەی مردنەوە.. پرسیار گەلێکی وەکوو: مردن چییە؟ ئایا مردوو هەموو هەستییەکانی لە دەست دەدات؟ مردوو لە دوای مردنی هەست بە چی دەکات؟ ئەی لە نێو گۆڕەکەیدا هەست بە چی دەکات؟ ئایا رۆژێ لە رۆژان دەگەڕێتەوە؟ …هتد.
پێویستە منداڵ تێبگەیەنین، کە مردن لە دەرەوەی دەسەڵات مرۆڤ دایە. لە دەرەوەی خواستی خودی مردووەکەش دایە.
لە لێکۆڵێنەوەیەکدا کە لە لایەن زانکۆی (کوینزلاند) لە ئوسترالیا ئەنجام درا، کە (٩٠) منداڵ تێیدا بەشدار بوون، تەمەنیان لە چوار ساڵەوە بۆ هەشت ساڵان بوون. هەریەکە لە (فێرجینیا سلایت) و ( ماریا گریڤس) ئەویان سەلماند، کە گفتوگۆکردنی مردن لەگەڵ منداڵاندا، لە رووی بیۆلۆژییەوە، لە جیاتی شێوازی واتایی و نەستی.. ترس لە مردن لە لای منداڵان پاشەکشێ دەکات.
خاتوو (سلاوتەر) دەڵێت:”باشترین رێگا ئەوەیە، کە مردن بخرێتە چوارچیوەی تەوای سوڕی ژیانەوە ـ لەدایکبوون، گەشەکردن، پیربوون، مردن ـ ئەمەش راستیی هەموو گیانلەبەرانە و شتێک نییە کە ترس و تۆقین بورووژێنێت”
کاتێ کە باوکان و دایکان، لەم راستییە و لە مردن خۆیان بەدوور دەگرن.. خراپ تێگەیشتنیان زیاتر دەبێت و بابەتەکەش ئاڵۆزتـر و قورستر دەکەن.
گۆمان لەمەدا نییە، کە دایکان و باوکان لای منداڵان، جوانترین و خۆشەویسترین و شیرینترین و سۆزدارترین و دلۆڤانترین و دڵسۆزترین و نزیکترین کەسن. بەرزترین پێگە و پایەیان لە دڵ و دەروون و خەیاڵی منداڵانـدا هەیە.
لەدەستدانی دایک یا باوک یا هەردووکیان، بە لای منداڵانەوە زۆر سەخت و هەست تەزێنە.. بە تایبەتیش ئەو منداڵانەی کە مەست و دەستەمۆی خۆشەویستی و سۆز و زیادەنازی دایک و باوکیانن.. بە مردنیان، منداڵەکانیان دووچاری خەم و ئازار و داخ و سوێ و کەسەرێکی زۆر دەبن.. گەر فریاڕەسێکی دلسۆز و هۆشیار و خەمخۆر فریایان نەکەون و یارمەتییان نەدات و قەرەبووی خۆشەویستی مردووکەیان بۆ نەکاتەوە و لەسەر دۆخێ تازە رایان نەهێنن بۆ ئەوەی درێژە بە ژیانیان بدەن.. تووشی کێشەی دەروونی و جەستەیی و سەرگەردانی و بەرەڵایی و رەفتاری نەخوازراو دەبن.
لەو بڕوایەشدا مەبن، کە باسکردن لە چەمکی “ژیـان” و “مـردن” بۆ منداڵان، هێندە قورسبن، کە لە تواناتاندا نەبێت، کە خۆتانی لە قەرە بدەن.. دەتوانن لە رێی گفتوگۆی رۆژانەتاندا، لە ماڵ و لە باخچەی ساوایان و لە قوتابخانەی بنەڕەتی و لە بەرنامەکانی منداڵان لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکاندا، بە پێی تەمەنیان، بە هەستیاری و هۆشیارییەوە، باسی ژیان و مردنیان بۆ بکەن و رایان بهێنن.. دەتوانن سوود لەو پەرتووکانەش وەربگرن، کە بە شێوازێکی ئاسانی ئەدەبی، چیرۆکی مردنیان لەخۆگرتوون.
دەشتوانیت لە کاتی پاکرنەوەی باخچەی ماڵەکەت، لە گەڵا وەریوەکان و لە لق و چڵە وشکەوەبووەکان، کە منداڵەکەت لەگەڵدایە، لەوانەیە چۆلەکەیەکی مردوو، یا هەنگێکی مردوو، یا پەپوولەیەکی مردوو ببینن.. ئەم هەلە بقۆزەوە بۆ راڤە و روونکردنەوەی ژیان و مردن بۆ منداڵەکەت.. لە رێی ئەم چۆلەکە، یا پەپوولە مردووەوە، باسی مردنی مرۆڤـیشی بۆ بکە.. پێویستیش بەوە ناکات کە زیادەگۆیی بکەیت و بە دوورودرێژی باسی مردنی بۆ بکەیت.. باشترین شت ئەوەیە کە چاڵێک بۆ ئەو چۆلەکەیە یا پەپوولەیە پێکەوە هەڵبکەنن و تەرمەکەی بنێژن و بە خۆڵ دایپۆشن. دەتوانیت بیرۆکە و مەبەست لە ناشتنی مردوو بۆ منداڵەکەت باس بکەی. تێی بگەیەنە، ناشتن یا لە گۆڕنانی مردوو، رێزگرتنە لە مردووەکە، بۆ ئەوەی کەسانێکی بەدکار سووکایەتی بە تەرمەکەی نەکەن.
پێویستە ئەوەش بزانن، کە ترس رەمەکێکە لە دەروونی هەموو مرۆڤێکدا بوونی هەیە، وەکوو هەموو رەمەکەکانی تر.. ترسیش چەکێکی دوو دەمییە.. ئەگەر بە شێوەیەکی سروشتی و ئاسایی درێژەی هەبێت.. مرۆڤ لە مەتررسییەکان دەپارێزێت. بەڵام گەر ترس سنووری تێپەڕاند و بوو بە نەخۆشییەکی دەروونی، واتا بوو بە (ترسەنەخۆشی ـ فۆبیا) ئەوسا ترس دەبێت بە کۆسپ و بە گرێ کوێرەیەکی دەروونی لە رێی ئازادیی ترسنۆکدا. بێ دەسەڵاتیش دەبێت لە روووبەڕووبوونەوەی گرفت و کێشەکانی ژیانی.
خێزان بە لای منداڵانەوە، سەرچاوەی متمانە و بڕواپێکردنە، هەر درۆ و هەڵەیەک و هەڵخەڵەتاندنێکیان لێبدۆزنەوە.. متمانەیان بە خێزانەکەیان نامێنێت.. لە جیاتی کەم کردنەوە و سووک کردنی کێشەکانیشیان، زیاتر و گەورەتر و قووڵتر دەبنەوە.. بۆیە پێویستە خێزانەکان لەگەڵ منداڵەکانیاندا راسگۆبن و راستییەکانیان لێ نەشارنەوە.
مندالانی تەمەن سێ ساڵان، واتای مردن نازانن، لەوەش تێناگەن کە ئەو کەسەی بمرێت ناگەڕێتەوە.. بەڵکو وا تێدەگەن، کە دیارنەمانی ئەو کەسە جۆرێکە لە کۆچکـردن و دوورکەوتنەی کاتی و مردووەکە دەگەڕێتەوە.
پاراستنی رۆتینی ژیانیان و دابین کردن و مەستکردنیان بە پێویست و پێداویستییەکانیان و سۆز و خۆشەویسی و دڵنیایی بەخشین پێیان، دەشێ قەرەبووی شوێنی مردووەکەیان بۆ بکاتەوە و هاوسەنگی ژیانیان بپارێزێت.
منداڵان تا تەمەنی حەوت ساڵان، کاری واتایی (مجرد) و بێ هەستی تێناگەن، نازانن کە ئایین و خودا و مردن و بەهەشت چـین و چـینین.. چونکە هێشتا ئەو بەشە بەرپرسەی مێشکیان کامڵ نەبـووە.. ئەوە راست نییە کە هەڵیان بخەڵەتێنن و راستییەکانیان لا چەواشە بکەن و پێیان بڵێن مردووەکە:”چووە بۆ بەهەشت” منداڵان لەم تەمەنەدا لەم قسەیە تێ ناگەن.. زانایان لەو باوەڕەدان، کە بیرکردنەوە و روانینی منداڵان بۆ مردن، دوورە لە باوەڕی ئایینییەوە.. باشتر وایە پێیان بڵێن:”گیانی لە کارکردن کەوت” یا ” ئێستا ئەو مردووە و لە گۆڕدایە”.
بەڵام منداڵانی تەمەن دە ساڵان و بەسەرەوە، دەزانن کە مردن چییە، ئەو شتانەش کە پەیوەندییان بە مردنەوە هەیە، وەکوو دەرچوونی رۆح و شتی تر.. لەوانەیە لە سوێی لە دەستدانی ئەو کەسە ئازیز و خۆشەویستانەیان. هەست بە ترس و گرژی و توڕەیی و دڵتەنگی و خەمباری بکەن و گۆشەگیر ببن، لە قوتابخانەشدا دوابکەون، تووشی هەڵە و رەفتاری نەخوازراوی زیان بەخش ببن.. پێویستە، بارودۆخێکی دڵنیایی بۆ منداڵانی یەتیمی ئەم تەمەنە بڕەخسێنن.. پشتیان بەرمەدەن و گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەن.. هانیان بدەن لە رێی (وێنەکێشان، نووسین، ژەنینی ئامێرێکی موزیک، وەرزش)ەوە گوزارشت لە هەستی خۆیان بکەن. یادگارییەکان و بیرەوەرییە جوانەکانی مردووەکانیشیان بێننەوە یادیان.. بیان بەن با سەردانی گۆڕەکانیشیان بکەن.. هەموو ئەمانە یارمەتیدەرن بۆ تێپەڕاندنی ئەو دوخە تاڵە و ئەو بارە ناخۆشە دەروونییانەیان و بۆ درێژە بە ژیانیان.
گەر پێویستیشی کرد، بۆ ئەوەی دووچاری نەخۆشی دەروونی قووڵ نەبن، بیانبەن بۆ لای پزیشی پسپۆری شارەزای دەروونی.. تا چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە.
پێویستە بە پێی تەمەن و هەستی ناسکی منداڵان، بە ئەوپەڕی هۆشیارییەوە یارمەتی منداڵانی باوان مردوو بـدەن، نەشارەزایی و هەڵەکـردنتان لە بارەی تایبەتمەندیەکانی قۆناغەکانی منداڵی، رەنگە کارەساتی تراژیدی نەخوازراویان لێبکەوێتەوە. بۆ نموونە:
چیرۆکی دڵتەزێن و جەرگبڕی راستیی جوانەمەرگبوونی کاکەلەی جوان و هەست ناسک و سۆزدار (بـڕیـار)ی جگەرگۆشەی پێشمەرگەی شەهید (ئاسۆی مام جەلال مسۆیی).
کاک ئاسۆی مام جەلال، لێپرسراوی بەشی ئۆپراسیۆنی گەرمیان، لە رۆژی ( ٣١ی/ یوولی/٢٠١٩ ) دا، لەگەڵ سێ پێشمەرگەی تردا، لە شارۆچکەی (کۆڵەجۆ)ی سنووری گەرمیان، لە لایەن تیرۆریستانی داعـشی بەکرێگیراوەوە شەهیدکران.
ئەم هەواڵە ناکاوییە جەرگبڕە، کسپە و برینێکی قووڵ و سوێ و کەسەر و ئازارێکی زۆری خستە دڵی خانەوادەکەی کاک ئاسۆ و هەموو کوردێکی دڵسۆزەوە. بە تایبەتیش دڵە قنج و ناسکەکەی کاکە (بڕیار)ی تەمەن چوار ساڵانی کوڕە بچکۆلەی شەهید ئاسۆ، کە ئەو و کاک ئاسۆی باوکی زۆر هۆگـری یەکتری بوون.. بڕیـار تەرمەکەی باوکی و ریۆڕەسمی بە خاک سپاردن و گۆڕەکەی بە چاوی خۆی بینی.. بەڵام تا مردیش، بڕوای نەدەکرد کە باوکی شەهـید بووبێ، بڕوای بە مردن نەبوو، هەر دەیووت:”کوا باوکم..”

خاتوو (هەیفا ئیسماعیل)ی دایکی وتی:” دوای چەند رۆژێک باران باری.. بڕیار وتی: دایکە با نایلۆن بەرین و بیدەینە سەر گۆڕەکەی باوکم، با تەڕ نەبێ و سەرمای نەبێت” بڕیار دەشیوت:”ئێوە راست ناکەن باوکم نەمردووە”
کاکە بڕیاری بچکۆلە لە سوێی لە دەستدانی، خۆشەویسترین و شیرینترین کەسی، بەو هەواڵە ناکاوییە، تووشی نەخۆشی شەکرە بوو، رێژەکەشی زۆر بەرز بوو. بۆ ماوەی (٢٣) رۆژیش خواردنی نەخوارد و ئاوی نەخواردەوە، قسەی لەگەڵ کەس نەکرد. باری تەندروستی و دەروونی زۆر تێکچوون.. دڵە قنجەکەی وەستا و چەڵتەی مێشک لێیدا، پزیشکەکان توانیان دڵی بخەنەوە کار، بەڵام مێشکی نەکەوتەوە کار.. بەداخاوە کە کاکە بڕیاری پەپوولە ئاسا لە رۆژی یەکشەممە (٢٥ی/ ئاوگوست/ ٢٠١٩) لە نەخۆشخانەی سلێمانی، کۆچی دوایی کرد. لە گۆڕستانی گردی سەیوان لە شاری سلێمانی لە تەنیشت شەهید کاک ئاسۆی باوکییەوە بە خاک سپێررا.

دەبوایە بەو ناکاوییە و راستەوخۆ ئەم هەواڵە دڵتەزێنەـ کەس هەواڵی وای پێ نەدرێت ـ بە بڕیار نەوترایە.. کە زانیشیان باری دەروونی تێکچووە، رەنگە دایکی و مامەکانی بە هۆی شین و خەم و سەرقاڵبوونیان بە پرسەی ماتەمینی شەهید ئاسۆە، وەکوو پێویست نەپەرژابێتنە سەر کاکەلە بڕیار، لەو باوەڕەشدا نەبوونە، کە تێکچوونی باری دەروونی بیگەیەنێت بەو ئەنجامە جەرگبڕە.. دەبۆایە مامێکی یا خزمێکی نزیکی هۆشیار، بە شێوازێکی جوان و بە زمانی ئەو تەمەنەوە دڵی کاکە بڕیاری بدایەتەوە و کارەساتەکەی بۆ بچووک بکردایەتەوە، یا گەر هیچیشی پێنەکرایە، بڕیاری ببردایە بۆ لای پزیشکێکی پسپۆری دەرونناسی منداڵان لەوانەبوو لەژێر چاودێریدا بیتوانیایە چارەسەری دەروونی بۆ بکـردایە.. زۆر بە داخەوە بۆ جوانەمەرگبوونی کاکە بڕیار و بۆ شەهیدبوونی کاک ئاسۆی پێشمەرگە و بۆ هاوڕێکانی.. کەسیش ئەو دەسەڵاتەی نییە، کە بتوانێت پێش لە مردن بگرێت.

نموونەیەکی تری دڵتەزێن دەخەینە پێش چاوتان، کە لە تاوان و کارەساتێکی جەرگبڕدا. کاک (مستەفا گەرمیانی) نووسەری ناسراوی کوردمان، کە باوکی خونچەگوڵ (شاکار) و هاوسەری دڵسۆزی شاعیر و نووسەر و راگەیاندکار و چالاکوانی بواری ژنان مامۆستا (مەهـاباد قـەرەداغی) یە، لە تەقینەوەی لۆرییەکی بۆمب رێژکراو لە شاری کەرکووک کە رۆژی (١٦ی/ یوولی/ ٢٠٠٧) لەلایەن داعـشی تیرۆریستەوە، لە بەردەم بنکەی (کۆمەڵەی رووناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکووک) لە پشتی قەڵا سەرکەش و دێرینەکەی شاری کەرکووکی کوردستانی، تەقـێنرایەوە.. ژمارەیەکی زۆر کوردی بێتاوان شەهید و بریندار بوون.. یەکێک لە شەهیدەکان، شەهیدی جوانەمەرگ کاک مستەفا گەرمیانی یە.
با لە دەمی مامۆستا (مەهاباد قەرەداغی) خۆیەوە بزانین، کە زۆر بە هۆشیاری و دانایی و بە شێوازێکی زیرەکانە و گونجاو لەگەڵ شیکاری تەمەن هەشت ساڵانی کچیان دا، کە هەر ئەو شەوە، هەواڵی شەهیدبوونی کاک مستەفای بە کچۆڵە شیرینەکەی دەگەیەنێت، کە ئەوسا و ئێستاش باوکی زۆر لە دڵ شیرین بوو و لەدڵ شیرینە.. ئەمەش دەقی گڤتوگۆی مامۆستا مەهاباد قەرەداغی یە.. کە لە ژمارە (٢٨)ی گۆڤاری(شیکار) لەژێر: ناوی: چۆن منداڵان لە مەرگی باوان ئاگادار بکرێنەوە؟ بڵاوی کردۆتەوە.. هەر خۆشی سەرنووسەری شیکارە.

“کچە تاقانەکەم هەشت ساڵ بوو، لەو هەشت ساڵەدا خاوەنی باوکێکی نموونەیی بوو، خۆشەویستییەکی کەم وێنەی نێوان ئەم باوک و منداڵە بۆ ئەوە دەشێت ببێتە جوانترین چیرۆک و نایابترین دەقی ئەدەبی. لەناکاو؛ لە تەقینەوەیەکی تیرۆریستیدا، ئەو باوکە نایابە، کە هاوسەرێکی نایاب و نموونەییش بوو، شەهید بوو، هەواڵێکی جەرگبڕ لە ناکاو بگات، مرۆڤ چی لەبیر دەمێنێت و چۆن رەفتار دەکات؟ راستە مرۆڤ هاوسەرێکی باش لە دەست بدات وەک ئەوە وایە کۆتایی دنیای بە چاوی خۆی دیبێت، بەڵام ئەو ژنەی کە دایکە و مرۆڤێکی ئازیز و گرنگی لەدەستدایە، دەبێت لەو ساتەدا لەبیری بێت کە کەسی ئازیز و گرنگی تر لە ژیانیدا هەن و ماون و دەبێت بیانپارێزێت، ئەویش منداڵەکانە.
دەبوایە هەر یەکەم شەو بە شاکار بڵێم کە باوکی شەهید بووە و ژیانئاوایی کردووە. وەک شەوانی تر کە رامهێنابوو چیرۆکی بۆ بگێڕمەوە تا دەخەوێت، بە دەم دەستبەسەرهێنانێکی نەرمەوە کەوتمە گڤتوگۆوە لەگەڵی و سەرەتا پێم گوت:
ـ شاکار گیان ئەمشەو چیرۆکی مردنت بۆ دەگێڕمەوە. مردن شتێکی زۆر ئاساییە و هەموو کەسێک و هەموو گیاندارێک رۆژێ بێتە ژیانەوە، رۆژێک لە رۆژانیش دەمرێت. هەر کەسێ بمرێت رۆحی دەبێتە ئەستێرە و دەچێتە ئاسمان.
ـ ئەزانم، لە باخچەش دادەکەمان ئەوەی باس کردبوو بۆمان.
ـ ئافەرین. زۆرم پێ خۆشە ئەوە دەزانی و لە بیرت ماوە دادەکەت بۆی باس کردوویت.
کەواتە ئەمەوێ ئێستا پێت بڵێم ئەمڕۆ شتێک رووویداوە لە کەرکووک!
شاکار کەمێک شڵەژا و بە سەرسامییەوە تەماشایەکی کردم، چونکە دەیزانی باوکی لە کەرکووکە و ئێمەش باسی مردن دەکەین. نەرمتر دەستم بە پرچیدا هێننا و نەمهـێشت فرمێسک و خەمە قووڵەکەی خۆم ببینێت. چاوەڕێ بوو باسی رووداوەکەی بۆ بکەم.
ـ تەقینەوەیەک لە کەرکووک رویداوە و خەڵكێکی زۆر بوون بە ئەستێرە. بابە گیانیش لەگەڵیاندا بووە.
ـ باوکم مردووە؟<< فرمێسک لە چاوەکانی رژا و دەنگی کەوتە لەرزین>>. ئەی دوێنێ قسەمان لەگەڵ نەکرد بە تەلەفۆن؟
ـ وتمان ئەوەی بمرێ رۆحی دەچێتە ئاسمان و دەبێت بە ئەستێرە و تۆش وتت ئەوە دەزانم. بابە ئێستا ئەستێرەیە.
ـ ئاخر من دەمەوێ بابە ببینم، ئیتر بابە نابینم؟>> بە دەم هەنیسکەوە ئەوەی گوت و منیش وەختبوو دڵم لە قەفەزی سنگم بێتە دەرەوە، بەڵام دەبوایە دان بە خۆمدا بگرم و شاکار لە زەبری ئەو کارەساتە بپارێزم.
ـ بەڵی دەیبینی و منیش دەیبینم. ئەی کە شەوان سەیری ئاسمان بکەین ئەستێرە نابینین؟
ـ بەڵێ دەیبینین.
ـ کەواتە بابە دەبینین، بەڵام نەک وەک ئەوەی تا ئێستا دەمانبینی، وەک ئەستێرە دەیبینین.
ـ ئەی بە رۆژ نایبینین؟
ـ نا خۆت ئەزانی ئەستیرە بە شەو دەردەکەوێت. ئێمە ئەگەر بمانەوێت بیبینین بە شەو سەیری ئاسمان ئەکەین.
ـ ئەستێرەکان هەموویان لە یەکتری ئەچن، کامیان باوکی منە؟
ـ سەیرکە حەیاتم، هەر منداڵێک باوکی بووبێت بە ئەستێرە دەتوانێ لەناو هەموو ئەستێرەکاندا بیدۆزێتەوە. کام ئەستێرە پرشنگدارترین بێت لەبەر چاوی ئەوە باوکی ئەوە. هەر منداڵێک ئەستێرەی باوکی خۆی ئاوا دەدۆزێتەوە.
من و شاکار لە سوید بووین و باوکی لە کەرکووک شەهید بوو. سبەینێ گەڕاینەوە هەولێر و خۆم راستەوخۆ چووم بۆ کەرکووک و شاکارم نەبرد و پرسەی ماتەمینی نەبینی. لە هەولێریش پرسەم دانا و نەمهێشت هیچ خەم و ماتەمینییەک ببینێت.
نەمبرد بۆ سەر قەبران. ئەو تێگەیشت و زانی باوکی لە ژیاندا نەماوە، بەڵام ئەو ئەستێرە گەشەی لە خەیاڵی ئەودا دروستم کرد، بە درەوشاوەیی مایەوە. ئەو منداڵەی کە خۆشەویستییەکی بێپایانی هەبوو بۆ باوکی، ئەو مردنەی قبووڵ کرد. نەمهێشت کەسوکار بە هۆی مردنی باوکییەوە وەک یەتیم و گوناه تێی بڕوانن و رەفتاری تایبەتی لەگەڵدا بکەن کە هەست بکات ئەو بێ باوکە و گوناهە و جێی بەزەییە. خۆشم نە وەک تاقانە رەفتاری جیاوازم لەگەڵ دەکرد و نەش وەک باوکمردوو. بە تەواو ئاسایی و وەک پێشتر. لە چەندین ساڵی دواتریشدا لە رۆژی لە دایکبوونیدا دوو دیاریم پێشکەش دەکرد یەکێکیان هی خۆم و ئەویتریان هی باوکی. ئەو ئێستا بیست ساڵە و دوانزە ساڵ تێپەڕیوە بەسەر مەرگی باوکی و بۆ یەکەمین جار مانگی پێشوو چووین و لەگەڵ خۆمدا بردم بۆ گۆرستان. بەڵام زۆر پەشیمانم و نەدەبوو بیبەم، چونکە زۆر ناڕەحەت بوو بەوە. بە گفتوگۆیەک ئەو هەڵەیەی خۆم چاک کردەوە و پێم گوت:
ـ پێویست ناکات ناڕەحەت بیت، خۆت دەزانیت و منیش دەزانم، ئەوەی دەمرێت تەنیا بە جەستە بە جێمان دەهێڵێت و رۆحی لە دڵماندایە.
ـ دزانم. ”
هیوادارین کە هەموومان سوود و وانە، لەم نووسین و گفتوگۆیە بەسوودەی مامۆستا مەهـاباد قـەرەداغی وەربگرین، کە بە شێوازێکی گونجاو و سەرکەوتووانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو هەواڵە ناکاوییە جەرگبڕەدا کردووە، ژیرانە و زانستییانە هەواڵی ناکاوی شەهیدبوونی هاوسەرەکەی بۆ خونچەگوڵە شیرینەکەی باس کردووە، ئەمەش ئەو شێوازە راست و دروستەیە کە زانایانی دەروونناسی منداڵان جەختی لەسەر دەکەن. بێگومان منداڵان لەو قۆناغەدا، هێشتا دەستەمۆی خەیاڵن و بڕوایان بەوە هەیە، کە رۆحی هەر مردووییەک، ببێت بە ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمان و بە شەوان بدرەوشێتەوە، کە قۆناغی خەیاڵییان تێپەڕاند ئەوسا لە چەمکی راستی مردن تێدەگەن.
مردن لە ئەدەبی منداڵان:

مردن بابەتێکی ئاڵۆزە، لەبەر هەستیاری و تایبەتمەندی مردن، زۆربەی نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان خۆیانی لێنادەن.. لە لایەکی کەشەوە دەزگاکان و خانەکانی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی پەرتووک، زۆر بە کەمی ئەو پەرتووکانە چاپ دەکەن کە بابەتی مردنیان لەخۆگرتوون، رەنگە بازاڕی فـرۆشتن و کڕینیشیان گەرم نەبن.
خوێنەران و کەسوکاری منداڵانیش، بە دوای ئەو چیرۆک و رۆمانانەدا دەگەڕێن کە بیان خوێننەوە، کە باس لە ژیان و گەشبینی و هـيوا و داهاتوو و خۆشەویستی و شادی و پاڵەوانێتی و سەرکێشی و سەرکەوتن و بەختەوەری دەکەن و بە هـیوابەبەخشین و خۆشی کۆتاییان هاتوون.. بۆ هاندان و بەرزکردنەوەی ورە و تواناکانی منداڵەکانیان و پێکهێنانی کەسایەتی دروستیان.
نابێت ئەدەبی منداڵان، لە خستنەڕووی ئەو کێشانە خۆی بدزێتەوە، کە رووبەڕووی منداڵان بە تایبەتی و کۆمەڵگه بەگشتی دەبنەوە.. یەکێک لەو کێشانە مردنە. ئەدەبی منداڵانی کورد، لەم رووەوە هەژارە، ئەو چیرۆکنووسانەمان کە چیرۆک بۆ منداڵان دەنووسن، بە دەگەمەن باس لە مردن دەکەن، یان بە سەقەتی و نابەڵەدی باسیان لێکردووە، ئەگەرچی لە ئەدەبی جیهانیشدا، لەچاو ژانرەکانی تیری چیرۆکی منداڵان، ژمارەی ئەو چیرۆکانەی کە بۆ منداڵان نووسراون و بابەتی چارەسەری مردنیان لەخۆگرتوون، ناگەنە دوو سەد چیرۆک.
لێکۆڵینەوەکان دەربارەی مردن لە ئەدەبی منداڵاندا، گەیشتوونەتە ئەو ئاکامەی، کە بۆچوونی منداڵان لە بارەی مردنەوە، بە پێی جیاوازی تەمەنیان، لە قۆناغی منداڵیی بەرینییەوە تا قۆناغی تەمەنی ناوەندی، روویان زۆرە، لەم رووە زۆرانەش وەکوو لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان پێکـردوون، سێ رووی گرنگ هەن، کە ئەمانەن:
١ـ منداڵان درک بەوە راستییە دەکەن، کە ئەو شتانەی دەمرن ناگەڕێنەوە بۆ ژیان.
٢ـ هەموو گیانلەبەرەکان دەبێت بمرن و لە مردن رزگـاریان نابێت.
٣ـ لە کاتی مـردندا، هەموو چالاکییە جەستەییەکان دەوەستن.
چیرۆکی ئاراستەکراوی مەبەستداری منداڵان دەربارەی مردن، چارەسەری کێشەیەک دەکات، کە زۆربەی خەڵکی لێی هەڵدێن، فـێری منداڵان دەکات کە چۆن خۆڕاگربن و رووبەڕووی مردنی کەسە خۆشەویست و لەدڵشیرین و ئازیزەکانیان ببنەوە و مردن قبووڵ بکەن، دان بەم راستییەشدا بنێن کە ژیان دێـژەی هەیە و درێـژەی دەبێیت.
ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک کە لە لایەن زانکۆی (ئـۆهـایـۆ) وە ئەنجام دراوە، کە لەسەر ژمارەیەکی زۆری چیرۆکە وێنەدارەکان و بێ وێنەدارەکانی منداڵان ئەنجامیان داوە. ئەوەیان بۆ دەرکەوت، کە ئەو بابەتە سەرەکییانەی ئەو چیرۆکانە دەربارەی مردن لە خۆیان گرتوون. زیاتر لە رووی سۆزداری و خەمبارییەوە لە مردن دەڕوانن. کاتێ کە کەسانێکێ خۆشەویست و نزیکی منداڵان دەمرن، داخ و خەم و کەسەر دەچێتە دڵیانەوە.
لێکۆڵینەوەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە چیرۆکە وێنەدارەکانی منداڵان، بە شێوەیەکی گەورەتر و زیاتر لە هۆیە بیۆلۆژییەکانی مردنی کەسەکان وردبوونەتەوە.
لە وڵاتانی رۆژئاوادا ژمارەیەک لێکۆڵینەوە هەن، کە باس لە مردن لە ئەدەبی منداڵاندا دەکەن.. باسیش لە کاردانەوەی مردنی کەسانێکی نزیکی منداڵان دەکەن، کە مردن چ کاریگەرییەکی لەسەر هەست و دەروونی منداڵان هەیە.. لە پەرتووکخانە گشتییەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکادا، گەلێ پەرتووکی وێنەداری منداڵان هەن، کە بەشێوازێکی ئاسان و لۆژیکی و بەزمانێکی نزیک لە زمان و لە تێگەیشتنی منداڵان. باس لە مردن بۆ منداڵان دەکەن. بۆ ئەوەی ببنە سەرچاوەی یارمەتیدەری دایکان و باوکان و دادەکان و مامۆستایان بۆ گڤتوگۆکردنی یەکەمین جار دەربارەی مردن لەگەڵ منداڵانی بچووک و منداڵانی تەمەنی قوتابخانەی بنەڕەتی.. ناوی دووان لەو پەرتووکانە:(دڵ و شووشە) نووسینی (ئۆلیڤەر جێڤرس)، (هاری و هۆبەر) نووسینی (مارگرێت وایڵد). باسکردنی مردن بۆ منداڵان لە رێی خۆێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆکی منداڵانەوە، باشترە لە باسکردنی راستەوخۆی مردن بۆ منـداڵان.
زۆر لە نووسەرانی ئەم بوارە، کارتێکرردنی مردن لەسەر خۆێنەران کەمتر دەکەنەوە. بۆ نموونە، لە رۆمانی (تۆڕی شارلوت) دا، کەمکردنەوەی خەم و کەسەری مردن، لە رێی کارەکتەرەکانەوە کەم دەبنەوە، کە مرۆڤ نین.. بۆ نموونە، جاڵجالـۆکەیە.
چیرۆکی هیچ نووسەرێکی کوردیشیم لەلا نیە کە بۆ منداڵانی کوردمان نووسرابێت و چارەسەری کێشەی مردنی بۆ منداڵانی کوردمان کردووبن تا ئاماژەی پێیان بدایە. لەوانەشە کە هەمان بێت و بەرچاوی منی دوورە کوردستان نەکەوتوون.

مردن لە چیرۆکە میللییەکاندا:

چیرۆکە میللییەکان و ئەفسانەییەکان، بەشێکی گرنگن لە چیرۆک ولە فۆلکلۆر و لە کولتووری هەر نەتەوەیک.. گەلێ چیرۆکیان تێدان، کە بە تایبەتی بۆ منداڵان دانراون.
ئەم چیرۆکە میللییانە، منداڵان ناخەڵەتێنن و راستییەکانیان لێ ناشارنەوە، زیدەڕۆییش لە پاراستن و چاودێری منداڵان ناکەن، تەواوی راستییەکان دەخەنە بەرچاوی پاڵەوان و کاراکتەرەکان لە رێی سۆڕێکی ژیانەوە بە شێوازێکی ساکار و بەبێ ترس.
لەم چیرۆکانەدا، پاڵەوانە گەشبین و ئازا و سەرکێش و چاونەترسەکان، کە لە پێناوی ئامانجێکی تایبەتی یا گشتیدا، بە متما نەبەخۆبوونەوە رووبەرووی مەرگ دەبنەوە. ئەنجامی چیرۆکەکانیش بە سەرکەوتن و بەخۆشی و شادی کۆتاییان دێت. بۆ نموونە، چیرۆکی (کوڕە ئازاکە و ئەژدیها) کە چیرۆکێکی رەسەنی ئەفسانەی میللی کوردییە.
(ئەژدیهایەک كانی و چەمێک، لە خەڵکی دێیەکی کوردستان داگیرکردبوو.. ژمارەیەک گۆلک و مەڕ و بزنی دێیەکەی خوارد.. چەند کەسانێکی دێیەکە چوون بیگوژن، بەڵام دەرەقەتی نەهاتن. کۆرێکی لاوی ئازا و دلێر و خوێنشیرین، بڕیاری دا کە دێیەکەیان لەو ئەژدیها دڕندەیە رزگار بکات.. خۆی ئامادەکرد و خەنجەرە دەبانە تیژەکەی لەگەڵ خۆی برد. لە شەڕێکی دژواری کەم وێنەدا، کوڕە لاوەکە توانی ئەو ئەژدیهایە بکوژێت و خەڵکی دێیەکەیانی لێ رزگـار بکات و بە کانی و چەمەکەیان شادببنەوە.. ناوبانگی ئازایەتی و پاڵەوانێتی ئەم لاوە، گەیشتە لای كچە پاشاکەی وڵات.. ناردی بە شوێن لاوەکەدا.. سەرسام بوو بە ئازایەتی و جوانی و ژیری.. شووی پێکرد و بوون بە دوو هاوسەری دڵسۆز و بە خۆشی و شادی دەژیان)
لەم چیرۆکەدا متمانە بەخۆبوون و ئیرادەی بەهێز بەسەر ترس و مردندا، رزگاریخوازی بەسەر داگیرکرداندا سەردەکەون، کۆتایی چیرۆکەکەش بە خۆشی هاتووە” ئەگەرچی لە بنەڕەتدا ئەم چیرۆکە بۆ منداڵان دانەنراوە، بەڵام زۆر چیرۆک و رۆمانی جیهانیش هەن درێژن و بۆ گەورەکان نووسراون. بەڵام نووسەرانێکی شارەزای بواری جیهانی ئەدەبی منداڵان، کورتیان کردوونەتەوە و بە شێوازێکی سووک و ئاسان، بە زمانێکی منداڵانەی شیرین و رەوان، دووبارە بۆ منداڵان دایان رشتوونەتەوە. لە ئەمڕۆدا بوونە بە بەشێک لە ئەدەبی منداڵان. بۆ نموونە، چیرۆکی (رۆبنسن کـرۆزو) لە نووسینی (دانیال دیڤـۆ).

کە لە ئەنجامی کۆڵنەدان و ژیانخوازی و رووبەرووبوونەوەی تەگەرە و کۆسپەکان، ژیان بەسەر مردن و شێنەیی بەسەر تەنگانەدا سەردەکەون. بە خۆشیش کۆتایی دێت.
چیرۆکی (تیتیلە و بیبیلە) ش کە چیرۆکێکی ئەفسانەیی رەسەنی کوردییە بۆ منداڵان، کە گورگە (هێمای ستەمکارییە) هەردوو کارژۆڵەکە قووت دەدات، کە بزنە خانی دایکیان دێتەوە و نایانبینێت، دەزانێت کە گورگە بۆر خواردوونی، بە گیانێکی لەخۆبوردن و بە سۆز و خۆشەویستییەکی دایکانەوە، لە شەڕێکی دەستەویەخەی مردن و ژیاندا، بزنەکە بەسەر گورگە بۆرەکەدا سەردەکەوێت و سكی هەڵدەدڕێت و بە زیندووی تیتیلە و بیبیلە لە سکیدا دەردەهێنێت.
مەبەست لە زیندووکردنەوە لەم چیرۆکەدا، بۆ ئەوەیە کە بۆ جاری دووەم تیتیلە و بیبیلە وانە و پەند وەربگرن و زیاتر وریا و هۆشیاربن و دەرگـا لە نـامۆ و نەناس نەکەنەوە.
لە چیرۆکی (دەنکە هەنارە) شدا، کە چیرۆکێکی فۆلکلۆری تری کوردیمانە و بۆ منداڵان و مێردمنداڵان لەبارە. دەنکە هەنارە لە دوای مردنی دایکی دەبێتە ژێرچەپۆکەی باوەژنە دڵـڕەق و جادووبازەکەی، ئیرەیی بە جوانی و بە شۆخ و شەنگییەکەی دەنکە هەنـارە دەبات. بۆیە چەند جادوو و پیلانێکی بۆ داڕشت کە دووری بخاتەوە و لە ناوی بەرێت. دوای چەند پیلانێک، لە رێی سێوێکی ژەهراوییەوە دەیمرێنێت.. بەڵام مردنەکەی کاتی بوو، کوڕە پاشای وڵاتێکی تر دەیبینت و لەتە سێوە ژەهراوییەکەی لە دەم دەردەکات. دەنکە هەنارە زینددوو بۆوە.. شازادە سەرسام و هۆگری جوانی دەنکە هەنارە دەبێت. خواستی و شایی و زەماوەندێکی خۆشی هاوسەرگیرییان سازکرد.. ئەم هەواڵە گەیشتە باوەژنەکەی.. زۆری پێ ناخۆش بوو، لە داخا مـرد.

دەنکە هەنارە، کە کچۆڵەیەکی بێتاوان و دڵپاک بوو، شایەنی ژیانێکی ناخۆش و مردن نەبوو، بۆیە کورە پاشا بوو بە فریاڕەسی و لە چەوسانەوە و لە مردن رزگاری کرد.
لەم چیرۆکەشدا بێتاوانی بەسەر تاوانباری، خۆشەویستی بەسەر رق، ژیانیش بەسەر مردندا سەردەکەون. کۆتایی چیرۆکەکەش، بە خۆشی بۆ دەنکە هەنارە بە مردنیش بۆ باوەژنەکەی کۆتایی هاتووە.. ئەم کۆتاییە چێژ و خۆشی بە منداڵان دەبەخشێت.
کۆتایی هێنانی چیرۆکی منداڵان، بە سەرکەوتن و خۆشی و شادی و بەەختەوەری و بە گەیشت بە هـیوا و ئامانج.. یەکێکە لە بنەماکانی چیرۆکی سەرکەوتوو بۆ منداڵان.
گەلێ نەزیلە و هەقایەت و چیرۆکی میللی و فۆلکلۆریی رەسەنی کوردیمان هەن، بە تایبەتيش چیرۆکی ئەفسانەیی، کە بە شێوازێکی جوانی ئەدەبی و هونەری و راستی، بابەتی مردنیان لەخۆگرتوون، دەکرێ سوودیان لێوەربگرن بۆ ئامادەکردن و راهێنانی منداڵان، بۆ تێگەیشتنیان لە چەمکی مردن و بە دروستی رووبەڕووبوونەوەی مردن و قبووڵکردنی.. ئەم چیرۆکانە دەبنە یارمەتیدەرێکی باش و بە هاندەر، بۆ خۆڕاگرتنی منداڵان، لە کاتی لەدەستدانی کوتوپڕی خۆشەویستێکی نزیک لە ژیانیاندا. ئەم چیرۆکە میللییانە ئەو راستییە بە منداڵانن دەگەیەنن، کە مردن بەشێکی سروشتییە لە ژیان.. بە بیرکردنەوە و خۆڕاگری و رووبەرووبوونەوە دەتوانن بەسەر تەنگانە و ناخۆشییەکاندا سەربکەون و درێژە بە ژیانیان بدەن.. پێویستە لەم جۆرە نەەزیلە و چیرۆکانە بخرێنە پرۆگرامەکانی باخچەی منداڵان و کتێبەکانی خووێندنەوەی کوردی لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی کوردستاندا.. تا منداڵانی کوردمان لە منداڵییەوە لە چەمکی مردن تێبگەن و دەروون ئامادەبن و بتوانن رووبەڕووی مردنی باوانیان ببنەوە و قبووڵی بکەن.
(بتلهایم) دەڵێت:”بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەسەری مردنی هاوڕێ یا دایک و باوک، یەکێک لە رووەکانی بەرنگاربوونەوە لە ژیاندا، ئەو بیرۆکانەن کە چیرۆکە میللییەکان پێشکەشیان دەکەن، بە کورتی واتای ژیان، تەنیا لە رووبەڕووبوونەوە و لە خەبات و کۆڵنەدانـدا دێتەدی”

زۆر لە چیرۆکە میللییەکان، هانی منداڵی بچووکی باوکمردوو دەدەن و پێی دەڵێن: گەر ئازا و خۆڕاگر و کۆڵنەدەر و گەشبین بیت و متمانەت بە تواناکانی خۆت هەبێت و پشت بەخۆت ببەستیت، بێ ترس و ژیرانە رووبەڕووی کێشەکان و بەرهەڵستییەکانی رێگەی سەرکەوتنت ببیتەوە، سەردەکەویت و دەگەیت بە هیوا و بە ئامانجەکانت و بە خۆشی و بە کامەرانی دەژیت.. ئەگەر هەڵەشت کرد، دوای ئەوەی کە باجی هەڵەکانت دەدەیت، دەرفەتی راستکردنەوەی هەڵەکانت هەیە و دەتوانیت دوبارە درێژە بە رێڕەوی خەبات و تێکۆشان بدەیت و کۆڵنەدەیت و سەربکەویت و بگەیت بە خەون و هـیواکانت.
بەڵام گەر هاتو هەڵەکەت تاوانێک بێت دەرهەق منداڵێکی تر، یا تاوانێکی بەدڕەوشتی گەورە بێت و زیان بە کەسانی تر و گشتی بگەیەنێت، ئەوە بزانە کە لە سزادان دەرباز نابیت و دادپەروەری رێی خۆی دەگرێتەبەر.
لێکۆڵینەوە تازەکان، لە بارەی چیرۆکە میللییەکانەوە، ئەوە دەخەنە روو، ئەگەرچی چیرۆکە میللییەکان، لە فۆرم و لە بەرگێکی ئەفسانەییدان.. بەڵام لە ناوەڕۆکەکانیاندا رەنگدانەوەی تاقیکردنەوە راستییە مرۆییەکانیان لەخۆگرتوون. گەلێ راستی و بەهای مرۆڤایەتی و وانە و پەندی جوان و رێنمایی و ئامۆژگاری بەسوودمان فێردەکەن.

——————————————
سەرچاوەکان:
١ـ تهـاني مهـدي : المـوت.. کیف تخـبر الاطـفال عـنە.. دیـوان العرب.
٢ـ مەهـاباد قـەرەداغی : چـۆن منـداڵان لە مەرگی بـاوان ئاگـادار بکـرێنەوە؟
گۆڤـاری شیکـار.. ژمارە (٢٨) ساڵی (٢٠١٩)
٣ـ انـس سمحـان : ان تناقـش الموت معهـم.. موقع جـیل.. ٢٠١٥
٤ـ دکتورە فاطـمە انـور االلواتي: الموت في ادب الاطـفال.. مجلة القـافلة..٢٠١٩
٥ـ سهـیـل ابراهـیم عـیساوي : الموت في قـصص الاطـفال.. موقع دیوان العرب.
٦ـ حنـان کـرکبي جـرایسي و رافـع یحـیی: التعامل مع الموت في قـصص الاطـفال.
مجلة اللغـة العـربیة.. العـدد (٤) لسنة ٢٠١٣
٧ـ دکتورە امیـمة جـادو : قـراءة حـول المـوت في الادب الشعـبي للاطـفال.
موقـع نافـذة العـرب.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٣ی/ نۆڤەمبەر/ ٢٠١٩




هۆنراوە بۆ منداڵان.. رێـوی… رەزا شـوان

نـزیــک گـونـــدێکی کورســـــتان
شـەوێـــکی تـاریــــکی زســـــتان
* * * *
رێـویيـەک هـات ، بە مـاتە مــات
ویستی مریشکێ بگـرێ و بیـبات
* * * *
مـابـــووی بـگــات بـە کـــــولانـە
ســەری نـەگـــرت ئـەم پـيــــلانـە
* * * *
ســـەگـە بــــازە لـێـی دەرپــــەڕی
هـەڵـــــــــیـبـڕی و پـــێی دەوەڕی
* * * *
بـــــازە گــرتی و هـەڵـيشــــەپـان
رێـــوی دەگـــریـا و دەیــــزێــڕان
* * * *
تــۆبـە تــۆبـە ، هـەر ئـەمجـــارە
وازدەهـێــــــنـم لـــەم رەفـتـــــارە
* * * *
رێـــوی تــۆبـە تــۆبـەت درۆیـــە
فـێـڵــبـاز كـێ بــڕوای بـە تـۆیـــە
* * * *
ئیـتـر ئـەو رێـویـیـە بـەدفــــــەڕە
نـەهــــــــــاتـەوە بــۆ دەڤـــــــەرە

نەرویـج : ٢٠١٩




لەگەڵ باوکم … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

لەگەڵ باوکـم یاری دەکــەم
کاتێکی خۆش بەسـەر دەبەم
ئەو کاتــانەی لەلای ئەوم
ھەرگیز حەزناکـەم بخەوم
چونکە کە دەمکــاتە کۆشی
بەشیعرو چیرۆکی خــــۆشی
دەمبات بەرەو دنیای خەیـاڵ
تا دڵخــــۆشبم منی منداڵ
کاتێک دەست بەسەرما دێنێ
نمەی ســـــۆزی دەبارێنێ
دایە و بابە ھـــاوڕێی منن
زۆر میھرەبـــــان و مەزنن
………….




ئێمەی زارۆک … ڕۆستەم خامۆش

ئێـمــەی زارۆکــی دڵ پـــڕ لـــە هیـوا
بــە ئـومێـد دەژیــن وا لـــە ڕۆژئــاوا

واری خــۆمـــانــە ئــەم نـیـشـتـمـانـە
زێـدی خــۆمــانـە ئــەم کوردســتـانـە

ناخوازیـن شـەڕ بـێ لـە ئـامێزی خاک
خەندەمان دەوێ ئێمەی دەروون پاک

ســـتـران دەبێژین بـــۆ ژیـنـی شــادی
دەبێژین بـــژی ئـــاشـــتـی و ئـــازادی

ئەم خاکە جوانە با دوور بێ لە جەنگ
دوور بـێ لـە دەنـگـی فـڕۆکـەو تفەنگ

خـۆشــە وڵاتــمــان بـــێ ئـــاژاوە بــێ
هـــەر ئـــــاوەدان و هـــەر ڕازاوە بــێ

        ڕۆستەم خامۆش
       هەولێر ۲٠۱۹/۱٠/۱۹



چیرۆک بۆ منداڵان.. گورگێکی هـار.. رەزا شـوان

لە گێڵگەیەکی فراوان و بەریندا، پـڕ لە کانی و جۆگەلە و چەم و باخ و دار و دەوەن و سەوزەگـیا، چەند مێگەلـێک ئاسکە و مـەڕ و بـزن و ئەسـپ دەژیـان. بێـوەی بـوون و زیانیان بۆ کەس نەبـوو. کێڵگەکەیان زۆر خۆشدەویست، شوێنی باو و با پیرانیان بوو.
رۆژێک کۆمەڵێکی زۆری چەقەڵ و رێـوی نامۆ، بە هـاندان و یارمەتی گورگێکی هـار، هـێڕشیان کـردە سەر ئاژەڵـەکـانی کـێڵگەکە، بەشـێک لە گـێڵگەکـەیـان لێ داگـیرکـردن. شەڕێـکی زۆر سـەخـت لـە نێـوان ئـەو چەقـەڵ و ڕێـوییـە داگـیرکـەرانە و ئـاژەڵـەکـان، دەستی پێکرد.. کەڵە ئاسکەکان و مامزەکان بە شاخە تیژەکانیان و ئەسپەکان بە جووتە لـێـدان و سەگەکـانیش بە قەپـاڵگـرتن شەڕیـان دەکـرد.. ژمـارەیـەکی زۆر لـە چەقـەڵ و رێوییەکان لەم شەڕانـەدا کـوژران.. ئەوانەشی کە مانـەوە بەزین و لە تـرسا هـەڵهـاتن. پەنـایـان بـۆ گورگـە هـارەکە بـرد.
گورگە هـار و دڕندەکە هەڕەشەی لە ئاژەڵەکان کرد، کە گێڵگەکەیان چۆڵ بکەن، ئەگینا قـڕتـان دەکـەیـن.
ئاژەڵەکان لە هەڕەشەی گورگە هارەکە نەترسان.. پێکەوە بڕیاریان دا، کە بە ئەوپـەڕی هـێزیانەوە بەرگری لە خۆیان و لە گـێڵگەکەیان بکەن، کە نیشتمانی شیرین و جوانیانە.

سەگـەکـانیش دەیانـزانی، کـە گـورگ لـە دەنـگی دەهـۆڵ زۆر دەتـرسێـت.. چـوون دوو دەهـۆڵـیان پەیـداکـرد.
ئاژەڵەکـان کـۆبـوونـەوە و پێکـەوە پـلان و شـێـوازی چـۆنـێـتی بەرگـریکـردنیـان دانـا.
دوای چەند رۆژێک، چەندین گەلەگورگ، لە گەڵ ئەو چەقەڵ و رێـوییە هەڵهاتـووانەدی هاوپەیمانیان، لە چەندین شوێنـەوە، هـێڕشیان کردە سەر ئاژەڵەکـان.. شەڕێکی سەخت هەڵگیرسا.. ئاژەلەکـان قـارەمانانە بەرگریـیان دەکـرد.. سەگەکانیش دەچـوونە پێشەوەی شەڕەکەوە و بە قـایمی لە دەهـۆڵەکـانیان دەدا.. چەنـدین گـورگ و چەقـەڵ و رێـوی لەم شەڕەدا کوژران.. گورگەکان لە بەردەم خـۆڕاگـری و کۆڵـنەدانی ئاژەڵەکـان و لە دەنگی دەهـۆڵەکـان تـۆقـین و ناچـاربـوون کە پـاشەکشێ بکـەن و لە کێـڵگـەکە بچـنە دەرەوە.
ئاژەڵەکـان بـەم سەرکەوتنانەیـان شـاد و دڵخـۆشـبوون.. لەم شـەڕانەشـدا کۆمەڵـێک لە هاوڕێکانیان بوون بە قوربانی رزگارکردنی کێڵگەکەیان لەو گورگ و رێوی و چەقەڵانە.
ئامادەیی خۆشـیان راگەیـانـد.. کە بە گـوڕ و تینێکی زیاتـر و بەهـێزترەوە، رووبەڕووی هـەر هـێڕشێک دەوەسـتنەوە، گەر ئەو گورگ و چەقـەڵ و رێوییـانە بیکەنە سەریـان.

رەزا شـوان
نەرویـج: ١٥ی/ ئوکـتۆبەر/ ٢٠١٩
(*) ئـەم چـیرۆکە بـۆ منـداڵانی تەمـەن (یـانـزە ـ بۆ ـ سـیانـزە) سـاڵان نـووسـیومە.




هـۆنراوە بۆ مێردمنـداڵان- نابـەزین.. رەزا شـوان

ئەمــــڕۆ هـەمــــــــوو رۆژئـــــــاوایـن
خوشـک و بـرا ، پشـت و پەنــــــــایـن
یەک هەڵـوێســـــت و یەکـــــــــڕیـزیـن
کـۆڵـنـــــــــــادەیـن و نـابــــــــــــەزیـن
ئەردۆگــــــــــــــــانی گـێــــــــــلەپـــیـاو
رەگـەزپـەرســـــــتی بــــــــــــــەدنــــاو
دیـکـتــــــــاتـۆری ســـــــــــتـەمـکــــار
لەخـۆبــــــــــــــایـی و نـالـــــــــەبـــــار
ئـەی خـوێــــــنـڕێــژی تـاوانـــــــنـبـار
بـوویـــــتە بـە گــــــــورگـی هــــــــــار
کـــورد بــووە بـە چـقـــــڵـی چــــــاوت
بـە رێـگــــــری نـیــــــــازی گــــــڵاوت
گەمـــژە ، کــــورد هــەر دەمـــــێـنـێـت
مـــــافـی خــــــۆی هــەر دەســــێـنـێـت
هـــــاکـا تـەخـــــــــــتـت هـەڵـــــــدێـرن
بـۆ دۆزەخـــــــــــــــت بــــــــــــــنـێـرن
نەرویـج: ١٢ی/ ئوکتۆبەر/ ٢٠١٩




بێنە ماچ کچم … سمکۆ ئەحمەد

دەمت بێنە نەبا ئەمە دوا ماچمان بێ
دایکت دەڕوا مێژوو بکڕێ
گەر ڕۆژێ گەورەبووی
وینەی منت لە گۆڤارێکی تورکیدا دی
نەکەی بڕوا بکەی بەو مانشێتەی دەڵێ
تیرۆریستێكی ئەتایست ئەمڕۆ کوژرا
مێژووی ڕاستی پشتی دایکتە
خەتێکی چەقۆی عوسمانەو
یەکیکی دی سەدامەو وئەوی تریشیان
ترامپ و نازانم کێ و کێ و ئۆردوغانە

بێنە کچم دەمت بێتە ئەز دچم
نەبا ئەمە دواماچمان بێ
من دەڕۆم هەتاو بکڕم
گەر ئەم بەهارەش گوڵی نەگرت
دوو دڵ نەبی
بەهارێك دێت نەك لە خونچە گوڵ
لە خونچەوە
چۆلەکەکانی بەهەشت سەریان هەڵدێ
ئەو بەهارەش ئەبەدیەو هەرگیز نامرێ

بێنە ماچ کچم دەمت بێتە
کات درەنگە دەبێ بڕۆم

سمکۆ ئەحمەد
۲٠۱۹




ئەزم کوردێ ڕۆژئاڤا … ڕۆستەم خامۆش

ئـــــەزم زارۆکـــێ ســاڤـا
ئـــــەزم کوردێ ڕۆژئــاڤـا

وارێ مـەیـە کـوردسـتـان
جـهـێ مـەیـە نیـشـتـمـان

زۆر جوان و زۆر شیرینـە
پـــڕ دیـــرۆک و دێـریـنـە

خۆشەویستیی ئەم خاکـە
وا لــــە نێـــو دڵـــی پـاکـە

هـەمـوو پێـکـڕا دەبێـژیـن
مـافـە بـە ئــاشــتی بـژیـن

  ڕۆستەم خامۆش
 هەولێر ۲٠۱۹/۱٠/۱۱