دەوڵەت*: -2 – نوسینی جۆزیف پرۆدۆن … و: زاهیر باهیر


نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر
بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:
بەشی دوو:

Louis Blanc و Pierre Leroux دڵنیایی لەسەر پێچەوانەکەی دەکەنەوە، سەرەڕای ئەوەی توانای ئەم دووانە لەناو سۆشیالیستەکانا دیارە، ئەمەیان لە سیاسییەکانەوە بۆ ماوەتەوە، ئەمانە پیاوانی حکومەت و دەسەڵاتن، پیاوانی دەوڵەتن.

بۆ ئەوەی جیاوازییەکان لابەلابکەینەوە دەبێت ئێمە دەوڵەت وەکو پرسێك بەرچاو بگرین، نەك لە ڕوانگەی کۆمەڵە کۆنەکەوە کە ئاساییانە و بە زەروورە بەرهەمیهێناوە، بەڵام ڕووبەڕووی نەمانی دەبێتەوە، بەڵکو لە دیدی کۆمەڵە نوێیەکەوە کە ئاوایە و دەشبێت ئەنجامی کردنی ئەو دوو چاکسازییە بنەڕەتییە و بەیەکەوەگرێدراوی وەکو سیستەمی متمانە و ڕەسید [ کرێدت] و باجگەریییە، ئەو کێشانە لابەلابکرێنەوە.

سەبارەت بەمەی دووهەم کە دەوڵەتە، گەر ئێمە ئێستا ئەوە بسەلمێنین کە خودی دەوڵەت بە سروشتی بە تەواوی لەسەر گریمانێکی بێ بنەما ڕاوەستاوە، لە پێگەی یا هەنگاوی دووەمدا لە خودی پلان و وجودیی دەوڵەتا هیچ پاساوێك بۆ هەبوونی و پاراستنی نادۆزرێتەوە کە زیانبەخش نەبێت. لە گریمانی دووهەمیشدا دەوڵەت لە هەردو بارەکەدا یەکسانە بە درۆ و دواتریش هۆکارەکانی بۆ بەردەوامبوونی، تەنها دەتوانێت پەنا بۆ گریمانێک وەکو دوانەکەی دیکە بەرێت کە ئەمەش هەر بێ بنەمایە، بەم جۆرە کە ئەم سێ خاڵە، سێ لایەنە،[ پرۆدۆن مەبەستی ئەو 3 لایەنەی دەوڵەتە کە لێرەدا هەر یەکەیان بە نۆرەی خۆی قسەی لەسەر دەکرێت – وەرگێڕ] ڕوونکرانەوە پرسەکە/ کێشەکە لابەلا دەکرێتەوە و دەوڵەتیش ناپێویست و لە زیادە حسابی بۆدەکرێت، سەرەنجامیش ئامرازێکی زەرەرمەند و شتێکی مەحاڵ دەبێت، بوونیی حکومەت لەخۆیدا ناکۆكە.

لێگەڕین با بە تەواوی شیبکەینەوە:

1- سەبارەت بە سروشتی دەوڵەت:
Louis Blanc پرسیار دەکات “دەوڵەت چییە؟”
وەڵام دەداتەو و دەڵێت:
” دەوڵەت لەسای تەختی پادشایەتیی –دا دەسەڵاتی تەنها پیاوێکە ، حوکمی زۆردارانەیە و جەوری تاکە کەسێکە.
“دەوڵەت لەژێر فرمانداریی ئۆلیگارکیدا، دەسەڵاتی ژمارەیەکی کەمی پیاوانە، حوکمی زۆردارانەیە و جەوری چەند کەسێکە .
“دەوڵەت لەسای فرمانداریی ئەرستۆکراتەکانا، دەسەڵاتی چینێکە، حوکمی زۆردارانەی زۆرینەیەکە.
“دەوڵەت لەسای فرمانداریی ئەنارکییەتا، دەسەڵاتی ئەوەی یەکەم جار هاتووە کە وا ڕێکەوت هەرە ڕۆشنبیر و بەهێزەکەیە، حوکمی زۆردارانەی بێ سەروبەرەیە[ فەوزایە].
“دەوڵەت لەسای دیمۆکراتەکانا دەسەڵاتی هەموو خەڵکە کە لە لایەن بەربژێرەکانیانەوە خزمەتیان دەکرێت، حوکمی سەردەمی ئازادییە”

لەم پێناسەیەی Louis Blanc بۆ دەوڵەت لە بیست وپێنج هەزار یاخود سی هەزار خۆێنەری خۆی، ڕەنگە دە کەسیان ئەم پێناسەیەیLouis Blanc یان، بۆ دەوڵەت، لەلا تەواو و لابەلاکەرەوە نەبێت و لە دوای مامۆستاکەیانەوە نایڵێنەوە: کە دەوڵەت دەسەڵاتی کەسێکە، هەندێکە، یاخود زۆربە ، هەمووان، یاخود ئەوەی یەکەمجار هاتووە. بەگوێرەی وشەکان دەوڵەت بە یەکێك لەم ئامرازانە وەسفکراوە : پاشایەتیی، ئۆلیگارکیی، ئەرستۆکراتیی، دیمۆکراتیی یاخود ئەنارکیی. نێردراوەکانی [مەندوب] لۆکسەمبەرگ کە خۆیان باوەڕیان وایە کە فێڵ و دزییان لێکراوە – بەوەی کە ئاوای دەبینن گەر کەسێك بیەوێت ڕایەکی جیاواز لەوان دەربڕێت سەبارەت بە مانا و ئاڕاستەکانی شۆڕشەکەی شوبات.- لە نامەیەکدا کە بڵاوکرایەوە شەرەفمەندیان کرودم کە ئاگەداریان کردمەوە کە وەڵامەکانی Louis Blanc زۆر سەرکەوتوانە بوو کە من ناتوانم شتێکم لە وەڵامیا هەبێت.

لەوە دەکات هیچ کام لە هاووڵاتییە نێردراوەکان هەرگیز دیراسەی یۆنانییان نەکردبێت. گەر بیانکردایە ئەوەیان دەبینی کە مامۆستاکەیان، برادەرەکەیان، Louis Blanc ، لەبری پێناسەکردنی دەوڵەت تەنها هاتووە وشەکانی یۆنانیی، وەکو: monos ، یەک دانە، aligoï ، هەندێك یا چەند دانەیەك، aristoï, ، گەورە یاخود مەزن، demos ، خەڵك، هەروەها privative a ، یانی نا، نەخێر-ی بۆ فەرەنسی وەرگێڕاوە. ئەرستۆ بە بەکارهێنانی ئەم چەمکە [کۆنسێپت] شیاوانە فۆرمەکانی دەوڵەتی جیاکردۆتەوە، کە پێناسەی بە بەکارهێنانی وشەی archê ، [ وشەیەکی کۆنی یۆنانییە کە بۆ دەسەڵات یا یەکەم شوێنی دەسەڵات بەکارهێنراوە-وەرگێر] بە واتای دەسەڵات، حکومەت، دەوڵەت، کردووە و چواندووە. داوای لێبوردن لە خوێنەرمان دەکەین، ئەوە هەڵەی ئێمە نییە ئەگەر زانستی سیاسەت لە لۆکسەمبەرگ نەیتوانیبێت توێژینەوەی سەرچاوەی وشە بکات، کە لەو ڕێگایەوە دەزانرێت مانای ئەم وشانە لە ڕێڕەوی مێژوودا، گۆراون.

درێژەی هەیە
……………
*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.

خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.




لە هەولێر لە گەڵ (باوك) بە یەك گەیشتین … حه يده ر عه بدولره حمان

واتێ‌ بگەم راستەوخۆ بچینە نێو كرۆكی بابەتی شانۆگەری ( باوك) باشترەو و دوو سێ‌ قسە لە سەر ئەو نمایشە بكەین، ئەوەندە لە سەر تێكستەكەی ئۆگیست سترانبیرگ ـ ی گەورە نووسەری سویدی نەوەستین ، چونكە فەلسەفەو ئامانجی شانۆیی (ئۆگیست سترانبیرگ ) وەك خاوەن میتۆدێكی سروشتی و واقیعی ، پێگەی تایبەتی خۆیان هەیە لە بواری رۆمان و شانۆ و ئەدەبی جیهانی و پرسی ململانێی كۆمەڵایەتی و دەروونی، بە تایبەت دوای نمایش كردنی شاكارە مەزنەكەی ( باوك ) كە زۆرینەی شانۆكانی جیهانی هەژاندووە.
ئۆگیست سترانبیرگ ـ ئەو نووسەرە بلیمەتەی ئەدەب و كولتوورو، شانۆی سویدی و شانۆی جیهانیی بە هزرو رۆمان و بەرهەمە بە پێزەكانی دەوڵەمەند كردووە، یەكێكە لە سێ‌ جومگەكانی وەك چیخەف و ئەبسن، كە پێشەنگی شانۆی نوێی جیهانی بوونە، تا سەدەی بیستەم.

سترانبیرگ ساڵی 1887 ئەم شانۆگەریەی بڵاو كردۆتەوە، كە یەكێكە لە دیارترین ئەو شانۆگەریانەن لە ئەدەبی جیهانیدا زۆر بە تێرو تەسەلی بەرجەستەی ملمڵا نێ‌ ی نێوان پیاوو ئافرەت دەكەن، ناوداریەتێكی زۆری بە هەردوو شانۆگەری سروشتی و تەعبیر ییەكانی وەك ( باوك ) و (خاتوو جولیا ) و چەند شانۆگەری تر، دەربارەی ملمڵانێی ئافرەت و پیاو پەیدا كرد، دواتر بوو بە پێشەنگی شانۆی دەروونی، بە تایبەت دوای نووسینی شانۆگەری (خەون و ئەقلی قوڵایی)
چمكی نمایشەكەی (باوك) ی سترانبێرگ ، سەربوردەی ( ئەدۆلف ) ی كابتنە، كەسێكی بە مەعریفەو زانست پەروەرە، ئەو پیاوەی هەموو ژیانی بۆ بایەخ پێدان بە توێژینەوە زانستیەكان تەرخان كردووە، بە بەردەوامی بە دوای كتێبدا دەگەڕێنت و ماڵەكەی پڕ كردووە لە فەلسەفەو زانست، هاوسەرگیری لە گەڵ ( لۆرا ) ی خوشكی قەشە كردووە، بیست ساڵی تەمەنیان بە یەكەوە بە سەر بردووە، كچێكیان كەوتۆتە نێوان بە ناوی (بیرتا) كە سەرچاوەی سەرەكی كێشەی نێوانیان بووە.

لورا ـ ئارەزووی ئەوەی دەكرد ( بیرتا ) لە گەڵیاندا بژی و فێری هونەری رەسم كردن بێت، بەڵام ئەدۆلیفی باوكی بە پێچەوانەوە دەیویست كچەكەی لێیان بە دوور كەوێتەوەو لە گەڵ ژنانی تر دابڕێ‌ ، ببێت بە مامۆستا،تا ئەگەر هاوسەرگیریشی نەكرد، بتوانێت خۆی بەڕێوە ببات
كابتن لە سەر بیرو ڕاكەی خۆی مكوڕە، چونكە خۆی بە بەرپرسی یەكەم دادەنێ‌ بەرامبەر بەئایندەی كچەكەی،
لورا ـ دڵگرانە بەوەی كابتن هەموو ئەو پارەو پوولە بۆ كڕینی كتێب و توێژینەوەی زانستی خەرج دەكات و دژایەتی ژنەكەی دەكات بۆ پەروەردەكردنی كچەكەی.

ئەم كێشەیەی پەروەردە كردنی منداڵ و و رێكخستنی كاروباری نێو خێزان، كێشەی سەرەكی مل مڵانێی نێوان ئەو ژن و مێردە بوو، ئەو كاتە كابتن لە پۆپەی دەسەڵات بوو، قسەی یەكەم لەو ئیمپراتۆریەتە بچووكەی ماڵ، قسەی ئەو بوو، بەڵام دواتر كە پەتای گومان و رارایی رووی تێ‌ كرد و هەست و دەروونی داگیر كرد، بە هۆی گومان كردن لەوەی بیرتا ـ كچی راستەقینەی ئەو بێت و ژنەكەی خیانەتی لێ‌ نەكردبێت ، گومان ئەدۆلیفی كابتنی خستە قۆناغێكی ترسناك لە ژیانیدا، تەنانەت كاتێ‌ پزیشك سەردانیان دەكات ، لورای هاوسەری ئەدۆلیف بە شێت بوون لە قەڵەم دەدات، چونكە ئەدۆلیف گومان لەوە دەكات كە بیرتا كچی ئەو بێت، بەڵام كاتێ‌ پزیشك دەیبینێ‌ ، زۆر پێی سەرسام دەبێت و رێز لە توێژینەوەكانی دەگرێ‌ ، ئەدۆلف وا لە پزیشك دەگەیەنێت كە هۆكاری توڕە بوونی ئەوەیە خاوەن كتێبخانەكات كەمتەرخەمن لە ناردنی كتێب بۆ توێژینەوەكانی، ئەگەرچی چەندین نامەی بۆ ناردوون.
بۆیە پزیشك بە لورا دەڵێت كە ئەو هەست بەهیچ نیشانەیەكی شێت بوونی ئەدۆلیف ناكات، ئەو توێژینەوانەش هەمووی نیشانەی بیرمەندی مێردەكەیەتی.
بەڵام (لورا) پێداگری دەكات لەسەر بە شێت بوونی مێردەكەی و داوای لێ‌ دەكات چاوەڕوانی بكات تا نیشانەكانی شێتی تیا دەردەكەوێت.

كاتێ‌ كابتن لە پۆستە خانە دەگەڕێتەوەو دەزانی ژنەكەی ناردنی هەندێ‌ نامەی لێ‌ قەدەغە كردووە، توڕە دەبێت ، ئەوەندەی تر لورا دەیهەژێنێ‌ كە پێی دەڵێ‌ هەموو دۆست و برادەرانی بە شێت بوونی ئاگادار كردۆتەوە و بەم زووانە دەست بە سەر سەرو سامانیدا دەگرێ‌
ئەدۆلیف ئاگاداری ژنەكەی دەكاتەوە ئەگەر ئەو مەبەستی شێت كردنی بێت ، ئەوە پێش ئەوەی ئەوە روو بدات خۆی دەكوژێت، بەمەش ئاواتی دەست بە سەر داگرتنی قرۆشێكی بۆ نامێنێتەوە لە سەرو سامانەكەی .لە ئەنجامی ئەو روو بە روو بوونەوە توندو تیژە ئەدۆلیف لە حاڵەتێكی توڕە بووندا،چرایەكی هەڵگیرساوی بۆ داوێ‌ ..
(لورا) قەشەی برای و پزیشك بانگ دەكا، بۆ ئەوەی رووداوەكەیان بۆ بگێڕێتەوە، بۆیە پزیشك داوا دەكات بە زووترین كات بۆ چارەسەر كردنی شێت بوونەكەی ئەدۆلیف رەوانەی نەخۆشخانە بكرێت، داواش لە مارگرێتی دایەن دەكات كراسی شێتخانەی لە بەركات، بەڵام ئەو رەتی دەكاتەوە.
(ئەدۆلیف) بە تەنیا لە ژوورەكەی خۆی دادەنیشێ‌ و دەردە دڵی خۆی دەكات، یادی ئەو ئافرەتانە دەكاتەوە كە لە ژیانیدا خیانەتیان لە گەڵدا كردووە،
ئینجا (بیرتا)ی كچی دێتە ژوورو لە هۆكاری پەلامارەكەی باوكی دەپرسێ‌ بۆ سەر دایكی ..ئەویش لە تاو گەورەیی كارەساتەكە لەویش توڕە دەبێت و بە بێ‌ ئەوەی ئاگای لە خۆ بێت بە دەمانچە هەڕەشەی لێ‌ دەكات، بۆیە (بیرتا) هاوار دەكا كە باوكی شێت بووە.

دواتر (مارگرێت)ی دایەن دێت و بە دەم گێڕانەوەی یادگارە كۆنە بە چێژەكانی، بە ئەسپایی كراسی شێتخانەی لە بەر دەكات و بەو كراسەوە دەیبەستێتەوە، كابتن كە هەست بە بەستانەوەی خۆی دەكات ، بە گلەییەوە بە مارگرێت دەڵێت : تۆش مارگرێت ؟
ئەدۆلیف ـ تووشی داهێزران دەبێت و بە دەم ئێش و ئازارە دەروونییەكانی، خەو دایدەگرێ‌،كاتێ‌ دەزانێ‌ پاڵتۆكەیان لە بەر كردۆتەوە، كە ئەو بە پێستی شێر ناوی دەبات، دەزانێ‌ ئیدی هەموو شتێ‌ بەرەو كۆتایی هاتن دەچێت ، بۆیە داوا لە مارگرێتی دایەن دەكات، رانی بۆ بكاتە سەرین، بۆ ئەوەی پشوویەك بدات و بە ئارامی رادەستی مەرگ بێت.
بەم دیمەنە كۆتایی بە ئیمپراتۆریەتی كابتن دێت لە ماڵەكەو ژنەكە سەركەوتوو دەبێت لە بەدی هێنانی خەونەكانی و دەست بە سەرداگرتنی دەسەڵات و سەرو سامانی كابتن.

سترانبیرگ نەیویستووە واقیع رتوش بكات، بەڵكو وێنەیەك وەك خۆی نیشان بدات، چونكە ئەو هەمیشە مۆركی بە ململانێ كۆمەڵایەتیەكانەوە گرتبوو، بە تایبەت ئەو نەخۆشییانەی لە ناو خودی خێزانەوە تەشەنە دەكەن.
ململانێی ژن و مێرد لە شانۆیی ( باوك ) دا ئەو دژایەتیە فیكری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی و دەروونی و پەروەردەییەیە، كە دەرهاوێشتەی زەمەنێكە لێواو لێوە لە نیگەرانی و گومان و دوو دڵی ، لە دوای روخانی خۆشەویستی بە ئەلتەرناتیفی خۆپەرستیەتی و نەرگزیەت و تەماعكاری
زەمەنێك نغرۆی گومانە، لە بۆشاییەكدا كە مرۆڤ هەموو شتێك دەكات لە پێناو سەپاندنی غەریزە ئەهریمەنیەكانی خۆی، ئەم گومانە لە یەكەم رۆژی ناوك بڕانی مرۆڤایەتیەوە هەیە، تا ئەو دەمانەش و دوای ئەو دەمانەش ، بەردەوام دەبێت.

لە شانۆیی ( باوك) دا ئەو گوتارەی سترانبیرگ بۆ سەردەمی خۆی هەیبووە، رەنگە درێژەی هەبێت بۆ زۆر لە سەردەمەكانی دوای خۆشی، لە سنووری كۆمەڵگایەكی دیاری كراوەوە بپەڕێتەوە بۆ زۆر لە كۆمەڵگاكانی جیهان، لە زەمەنێكەوە بۆ چەندین زەمەنی تر.. بێ‌ ئەوەی سترانبیرگ بە سنوورێكی جوگرافی و زەمەنێكی دیاری كراوەوە بەسترابێتەوە.
بە هەمان شێوەش ( باوك) تەنیا ئەو رەسمە نامێنێتەوە كە سترانبیرگ كێشاویەتی ، لەوانەیە دەرهێنەرێكی هۆڵەندی لە رەسمی باوكدا وێنەو چمكێكی تر هەڵێنجێ‌، كە پێشتر بە رەنگێكی تر نیشان درابێت، دەرهێنەرێكی كوردیش ، بۆی هەیە بەو شێوەیە باوك نیشاندا كە لە خەیاڵی ئەو دایە، گرنگ ئەوەیە ئەو داهێنەرێكی تر بیت جودا لەوانی تردا
ئەوەی گرنگە ئەوە یە، دەرهێنەر ئاشنا بە عالەمی سترانبیرگ بێت و بزانێت ستایلی سترانبیرگ جیاوازی هەیە لە گەڵ ئەوانی تر، چونكە زۆر لەوانەی پێشتر ئاشنا بە عالەمی چیخەف و ستایلەكەی نەبوونە، هەمیشە شكستییان خواردووە، تۆ وەك دەرهێنەر پێویستیت بە میتۆدی تایبەتی هەر یەك لەوانە، كە لە رێگەی بە بە پراكتیك كردنی تیۆرو بە پیشە بوونی شانۆییەوە ئاشنایان دەبیت، رەنگە كەم دەرهێنەری كوردیش ئەگەر ئەكادیمی و دەرهێنەرێكی پیشەیی نەبێت بتوانێت بچێتە ناو دنیای هەندێ‌ لەو بلیمەتانەی كە میتۆدو ستایلی تایبەتی خۆیانیان هەیە
سترانبیرگ ، شێوازی سروشتی خۆی هەیە لە شانۆدا، لە پاڵ ئەندریە ئەتوان ، چیخەف ، ئەبسن ، بە دوای گەڕان بە دوای ئەشكەنجەو ئازارەكانی كۆمەڵگاو نەخۆشییەكانیدا دەگەڕێن، بۆیە ئەو ئەكتەرانەش كە لەو جۆرە نمایشانەدا كار دەكەن، دەبنە وێنەیەك لەو ستایلە سروشتیە، دەبێت خۆیان دوورە پەرێز رابگرن لە گوتار بێژی و دایەلۆژی راستەوخۆ و دوور لە هاتو هاوارو جولانەوەی زێدە ڕۆیی.

دەرهێنان:
دەرهێنەر( سدیق عەزیز) كەمتر وەك دەرهێنەر بە بینەری كورد ئاشنایە، تا ئێستا هیچ بەرهەمێكیمان لە كوردستاندا نەبینییووە، ناشزانین لە كوێوە چۆتە ناو پیشەی دەرهێنانی شانۆییەوە، بەڵام ئەركی ئێمە گەڕان بە دوای ئەو باگ راوندەدا نیە، هەڵسووكەوت لە گەڵ بەرهەمێكی شانۆیی دەكەین كە ئەو دەرهێنەرەكەیەتی، ئەو توانی وێنەیەكی ترمان لە شانۆی واقیعی نیشان بداتەوە ، بەڵام هەموو ئەزموونێكیش مەرج نیە لە هەموو بۆشاییەك بە دەر بێت،بۆیە من وا هەست دەكەم شوێن پەنجەی هەندێ‌ خاڵی لاواز لەسەر پانتایی نمایشەكەدا دەبیندرێت ، لەوانە:
1.رانەگرتنی هاوسەنگی لە ریتمی نمایش، بە هۆی چارەسەر نەكردنی كێشەی تێكست و دیالۆگی درێژو دادڕ
2.لاوازی لە بونیاتنانی ئەو دیمەنانەی هەمە رەنگی لە فۆرم دا دروست دەكەن، نمایش رزگار دەكەن لە فۆرمی چەقیوو.

  1. لاوازی لە سینۆگرافیا و ستاتیكای شانۆیی و بەجێ‌ هێشتنی فەزای شانۆ بە رووناكی و رەنگی كراوەو فلات، سوود وەرنەگرتن لە تەكنیكی شانۆیی ، بە تایبەت بۆ نمایشێكی دەروونی و سایكۆلۆژی بۆ بەرجەستە كردنی ناخی ئەكتەر بە سینۆگرافیا، كە رەنگە هەندێ‌ جار نمایش هەر تەنها جەستەو ئەدای ئەكتەر بەس نەبێت بۆ دەرخستنی هەندێ‌ هێمای دەروونی.
    4.لە دەست دانی چێژ بە هۆی ریتمی چەسپاوو بۆشایی سینۆگرافیا، لە هەندێ‌ دیمەندا.
    5.بە گشتی دەرهێنەر هەموو پشت بەستنێكی بە ئەكتەر بوو، زۆرینەی پێكهاتەكانی دیكەی فەرامۆش كردبوو، رەنگە ئەگەر رەگەزەكانی دیكەی ستاتیكای شانۆیی كارا بوونایە، ئەوە نمایشەكە ئاستێكی تری وەردە گرت ، كە زۆر لەوەی ئێستا باشتر بێت.
    6.كاتێ‌ دەرهێنەر بڕیاری بژاركردنی ئەو تێكستەی دا، خۆی خستە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی زۆر سەخت ، كە رەنگە هەموو دەرهێنەرێك دەرەقەتی نەیەت، بە هۆی پێداویستیە هونەرییەكانی ، كێشەی هەرە گەورەی دەرهێنەرێك كە خۆی لە قەرەی شانۆیی (دیالۆگ ) دەدات ئەوەیە، دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت دیالۆگ لە چوارچیوەی تەنیا وشەو رستەو دەستەواژە دەربێنێ‌ و بیخاتە نێو چوارچیوەیەكی هونەریی ئەوتۆ بینەر دووچاری خاوبوونەوە نەكات، كاتێ‌ بینەر سەعات و نیوێك لە سەر كورسیەكی رەق دادەنیشێ‌ ، لە چاوەكانیشەوە چێژ وەرگرێ‌، خۆ بینەر هەر تەنها بۆ گوێ‌ گرتن نایەتە هۆڵی شانۆیی ئەگەر رەگەزەكانی تر نەیوروژێنن و هەست بە تێپەڕبوونی كات نەكات.
    بۆیە بینەر چۆن پێویستی بە بیستنە، زێتر لەوەندەش پێویستی بە بینینە، خۆ ئەگەر لە نمایشی باوك دا بەراوردی نێوان بیستن و بینین بكەین، بە روونی هەست بە لەنگ بوونی هاوسەنگی دەكەین و لەوە بە ئاگاین كە سێ‌ بەشی رووبەری نمایش بە دیالۆگ داگیر كراوەو تەنیا بەشێكی بۆ چاو و رەگەزەكانی دیكەی وروژاندن ماوەتەوە.
    ئەكتەر :
    راستە هەر پێكهاتەیەكی شانۆیی كاریگەری تایبەتی خۆیان بە سەر نمایشەوە هەیە، بەڵام هەندێ‌ لەو پێكهاتانە جومگەیەكن لە هەیكەلی شانۆیی دا،بۆ راگرتنی ریتمی نمایش .
    ئەو ئەكتەرانەی لە باوك ـ دا دەركەوتن بە گشتی ئەكتەری پرۆفیشنالن و زۆرینەیان ئەزموونێكی دەوڵەمەندییان هەیە چ لە گەڵ شانۆی كوردستان چ لە گەڵ شانۆی ئەوروپا، ئەم چانسەی گرد بوونەوەی ئەو كۆمەڵە ئەكتەرە بە توانایە لە دەوری ئەو نمایشەدا، بوون بە فریاد رەزی نمایشەكەو رزگار كردنی لە تاقیكردنەوە سەختەكە.
    دەرهێنەر لە كاتی هەڵسووكەوت كردن لە گەڵ ئەكتەری پرۆفیشنال و خاوەن ئەزموون ، ئەركە هونەرییەكانی ساناتر دەبێت ، لە رووی وەرگرتن و لە رووی ئیزافەی نوێ‌ لە لایەن ئەكتەرەكان خۆیانەوە، بەو ناوەی كە ئەوان خاوەن مەعریفەن بۆ ناساندنی ستایلی كاركردن و ناسینی كاراكتەرەكانی خۆیان، ئەگەر دیقەت بدەیت دەبینی كە جگە لە شەماڵی عەبە رەش كە ئەو لە دەرەوەی بازنەی بەراورد پێكردن بوو، ئەوە زۆرینەی كاراكتەرەكانی دیكە، ئەكتەری ئامادە بوون ..دەكرێ‌ بڵێن نمایشەكە نمایشی ئەكتەر بوو، چونكە ئەكتەر بوو بە ئەلتەرناتیف بۆ پڕ كردنەوەی هەموو بۆشاییەكان، سەرچاوەی چێژ لای بینەر لە پێرفۆرمانسی ئەكتەر دابوو، ئەگەر شەماڵی عەبە رەش دیارترین نیشانەی نواندن بێت ، ئەوە خەرمان هیرانی ، سیروان جەمال، دلشاد ئەحمەد ، شادان فوئاد ، دییە عەلی و ئەوانی تر هەر یەكەو بە قەد رۆڵی خۆی كاریگەری هەبووبە سەر ئاستی نمایشەكە.
    ئەكتەرەكان لە نێًوان خۆیاندا هێزیان بە یەكتر دەبەخشی، بۆ ئەوەی ویًَڕای ئەو بارە قورسەی لە دیالۆگدا لە سەر شانیان بوو، ریتمی نمایشەكە لە دەست نەدەن .
    شەماڵی عەبە رەش كە هەموو پێكهاتەكانی جەستەی هەر لە ئەداو ئیلقاوە ، تا دەگاتە سیماو روخساری سپی رەنگی، لەو نمایشەدا شوێنەوارێكی لە دوا تاقیكردنەوەكانی تەمەنی هونەری خۆی بە جێ‌ هێشت، كە لەو بڕوایە دانیم هیچ لە ئەكتەرەكانی شانۆی سترانبێرگی لە ئەوروپا دەسەڵاتی ئەو ئەدا بەرزو بڵندەی بووبێت ، بۆیە هەر كات ناوی نمایشی (باوك) بێت، ئەوە ئەو دیمەنەی كۆتایی شەماڵ بە زاكیرەماندا دێتەوە، جارێكی تر چێژێكی دیكەمان پێ‌ دەبەخشێتەوە.



پرسی شۆڕش … کاوە جەلال .. بەشی چوارەم

1
ئێمە بۆ نزیکبوونەوە لە پرسی شۆڕش گەرەکە سەرەتا تێگەی “ستاتۆی سروشتی” (natural state) دیاری بکەین، کە یەکێکە لە تێگە کرۆکییەکانی “تیۆری ی مافی سروشت” (natural law) و فەیلەسوفانی وەک هۆبس، لۆک، ڕووسۆ، لە نوێنەرە سەرەکییەکانین. لەم تیۆرییانەدا، سەرباری جیاوازیی ئەنترۆپۆلۆژییەکانیان، ستاتۆی سروشتی وەک هەقیقەتێکی کۆمەڵایەتی پێش دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا وەردەگیرێت، ئەمەش بەو ئامانجە کە گرفتەکانی ئەو جۆرە دەوڵەتە وەردتر دیاربهێنرێن. پرسیارەکە ئەوەیە کە داخۆ چۆن ڕەوایەتی (لێگیتیماسیۆن) بە دەسەڵات دەدرێت.
مرۆڤان لە ستاتۆی سروشتیدا ژیانیان بەگوێرەی یاسای سروشتی بەڕێوەدەبەن، لێ “مافی بەهێزتران” بریتییە لە گرنگترین مۆرکی ئەو ستاتۆیە. لێرەدا مەبەست لەو کەس و گرووپانەیە کە خاوەنی هێزی فیزیکین (لەشەکی یان باندی تاڵانی)، هەروەها هێزی ئابووری، کۆمەڵایەتی-ئابووری یان هەردوو هێزی ناوبراو پێکەوە لەتەک هێزی سەربازیدا. ئەوان هێزەکەیان وەک ماف ڕادەگەیەنن و بەسەر بێهێزەکان یان کەمهێزەکاندا (“خەڵک”دا) دەیسەپێنن. لەم ڕوانگەیەوە موڵکدار بە هێزی توانستی ئابوورییانەی بەهێزترە لە بێموڵک؛ گرووپی چەکدار، بۆ نموونە پارتێکی سیاسی کە بە چەک خەریکی شەڕ و شۆڕە، بەهێزترە لە باقییەکەی نێو ئەو کۆمەڵە، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە لە هەلی هەڵکەوتوودا بۆی دەلوێت “ویستی تایبەتی”ی خۆی (ڤۆلۆنتێ پارتیکولاری خۆی) بەسەر هەموواندا بسەپێنێت. کەواتە دەسەڵاتداران “خۆیان” ماف بە “خۆیان” دەدەن ڕێگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری دیاری بکەن.

لە ستاتۆی سروشتیدا تەنیا یاسا سروشتییەکان سەروەرن، وەک: مافی بەرگری لە موڵکی خۆ، ئەوە تەنانەت بە هێزی چەک، ئەوجا تۆڵە، یان مۆڕە وەک دیاریکەری سنوور بۆ کەسانی دی و هتد. لێ هەروەها یاسای دیکە هەن، وەک سوڵحکردن، ئاشتکردنەوە، هەستان لەبەر میوان یان بەڕێکردنی و هتد. بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو یاسا سروشتییانە نەشیاوە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بپارێزرێت.
لێ ئەو یاسایانە کە دەسەڵاتداران بە هەر شێوازێک دایاندەنێن، چواندنیان بۆ خۆیان و کەس و کاریان نییە، بەڵکو تێیاندا ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کراوە و لە دەرەوەی خۆیان بەسەر “خەڵک”دا دەیانسەپێنن. بۆ نموونە ئەو دەسەڵاتدارانە کە وەک گرووپ بە دەسەڵات دەگەن و تەواو هەوەسئاسا دەسەڵات دەئاژوێن. لێرەدا دەسەڵاتدارانی گرووپی چەکدار ویستی خۆیان بەسەر کۆمەڵدا دەسەپێنن، ئەوجا هەر بە ویستی خۆیان و سەرۆکیان پۆستە دادوەری و بەجێگەیەنەری و بەڕێوەبەرایەتییەکان دیاری دەکەن، یان بە ویستی سەرۆک دەسەڵاتی باڵا بە کوڕەکانی ئەو دەدەن، بە ویستی خۆیان زەوی بەسەر ئەندامانی گرووپەکەیان یان لایەنگرانیاندا دابەش دەکەن، جگە لەوە بە ویستی خۆیان کارەبای زیاد لە پێویست بۆ ماڵی خۆیان ڕادەکێشن، ئەوجا گەر حەزیان چووە سەر باخی کەسانی دی، ئەوا دەشێت بەزۆر لێیان بکڕن یان تەنانەت لێیان داگیر بکەن، هەروەها زۆر دەشێت دەسەڵاتدار خۆی و کوڕەکانی، یان پیاوەکانی نزیکی بە کوڕەکانیانەوە، تەعدا لە کچی خەڵک بکەن و دەست بۆ شکۆی ژن لە ماڵی خۆی یان لە دامەزراوەیەکدا ببەن و هتد.

ئێمە لەم جێیەدا گەرەکە جیاوازی لە نێوان “زەبری دەسەڵاتداری ڕاستگۆ و نامەرد”دا بکەین: دەسەڵاتداری ڕاستگۆ هەرگیز نکۆڵی لە زۆرداری یان دیکتاتۆرێتیی خۆی ناکات، نەخێر، ئەو بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت کە لە وڵاتی ئەودا تەنیا جێی دیکتاتۆری دەبێتەوە. لێ دەسەڵاتداری نامەرد ئەو ناکەسەیە کە لە کرۆکەوە دیکتاتۆر و مافخۆر و درۆزنە، هەروەها ڕێ نادات هیچ یاسایەکی وڵاتەکە چواندنی بۆ خۆی و نەوەکانی هەبێت، بەڵێ تەنانەت چواندنی بۆ خزم و کەس و دەستوپێوەندەکانی هەبێت، کەچی هەمیشە جەخت لە پێچەوانەی دەروون و ڕەفتاری دیکتاتۆریانەی خۆی دەکات، بۆ نموونە لە دێمۆکراتی، یان لە ڕاستگۆیی و نەبوونی هیچ کەس لە سەرووی یاساوە. دەتوانین لەبارەی ئەم بەدڕەوشە ببێژین، کە لێرە “بەدجۆربوونی (پێرڤێرزیۆنی) دەسەڵاتی سروشتی” چووەتە جێی دەسەڵاتی ڕاستگۆیانەی سروشتی لای سەرۆکی هۆز و تیرە یان ئاغای چەوسێنەر و هتد.

گومانی تێدا نییە کە هەردوو ستاتۆی ناوبراو سەر بە ژیانی ڕیالی کوردەکان بوون: شار و شارۆچکەکانیان لە سەردەمانی دەوڵەتی عوسمانییەوە، لێ بە تایبەتیتر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراقەوە، لەژێر ڕکێفی پەیوەندیی دەوڵەتیانەی مۆدێرنیزەکراودا بوون و تا ساڵی 1991 بە شێوەی سەنترال لە بەغدادی پایتەختی ئێراقەوە ڕێکدەخران، بە پێچەوانەشەوە لەو ناوچانەدا ستاتۆی سروشتی بە ڕەهایی یان نزیکەی بە ڕەهایی باڵادەست بوو، کە بە دەست پێشمەرگەوە بوو، یان گوندی عەشایەری بوون و سەرۆک عشیرەت پەیوەندییەکانیانی بە هەماهەنگی لەتەک دەسەڵاتی دەوڵەتیدا ڕێکدەخست. لێرەدا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە دەوڵەت لە ناوچەکانی ژێر ڕکێفی خۆیدا هێشتا هەر نەیتوانی بوو بە یاسای پۆزەتیڤ (واتا دانراوی مرۆڤ) یاسا سروشتییەکان لەکاربخات، بۆ نموونە یاسای تۆڵە. بە هەر حاڵ، گرنگ بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە ئەوەیە کە دوای ڕاپەڕین ی 1991 ستاتۆی سروشتی لە لایەن پارتە کوردییەکانەوە درایە پاڵ ئەو ستاتۆ دەوڵەتییە، کەواتە ستاتۆی سروشتی-دەوڵەتییان هێنایەگۆڕێ. ڕوونتر ببێژین، چەکدارانی نێو چیاکان کە نوێنەر و پیادەکەری شەڕانگێزی بوون، جگە لەوە لە ڕەوتی پیادەکردنی یاسا سروشتییەکاندا گەیشتبوون بە ئەزموونی چێژبینین لەو ڕەوشە دەروونییە شەڕانگێزەی خۆیان و بەو ڕێیەشەوە کەسێتییان پتر تێکچوو بوو یان تەنانەت بەدجۆر )پێرڤێرز) بوو بوو، دەستیان بەسەر شارەکاندا گرت و دامەزراوە دەوڵەتییەکانیان خستە ژێر ڕکێفی ویستی خۆیانەوە. ئاشکرایە کە ئەوان بەهۆی تێکچوون و بەدجۆربوونی کەسێتییانەوە تەنیا لەنێو دەسەڵاتدارییەکدا جێیان دەبۆوە کە بە کەسێتییان بگونجێت. ئەوان کە شەیدا و ڕاهاتووی بەڕێوەبردنی سروشتی بوون، لە بارەگای پارت و ماڵ-دیوەخانی خۆیاندا دەستیان کرد بە ئاژووتنی دەسەڵات، هەروەها تا ئەمڕۆ بە ویستی خۆیان دەیئاژوێن، لێ هاوکات بەجێگەیاندنی کاروبارەکانی بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەیی سیاسییان “وەک لاوەکی” بۆ فەرمانبەرانی پسپۆر تەرخان کرد. لێرەدا گرنگە ئاماژە بۆ دامەزراوەی دیوەخان بدەین کە مەسئولی حیزبی وەک میراتێک لە ئاغایەتیی وەردەگرێت و دەیکات بە نێوەندی ئاژوتنی دەسەڵات: ئەم دامەزراوە ترادیسیۆنییەی گوند دەهێنێتە نێو سیاسەتی حیزبایەتی و بەڕێوەبەرایەتییەوە، ئەوەش بە چەشنێک کە کاریگەرییەکەی تەنانەت دەگات بە ژووری سەرۆکی زانکۆکان.

بێگومان چێبوونی ستاتۆی سروشتی-دەوڵەتی لای کوردەکان سەرەنجامی ئەقڵیەتی باڵادەستی قەومگەلەکە بوو کە گشت بوارەکانی تەنی، واتا سیاسەت، بەڕێوەبەرایەتی، کاری مەلایەتی، دەرکردنی گۆڤار، کاری ئەکادیمی، پیشەی پزیشکی و ئەندازیاری و مامۆستایەتی و هتد. جگە لەوە هەر ئەم ئەقڵیەتە بوو کە لەتاو هەڵپەی دامرکاندنەوەی حەزە کەسییەکان بە تەواوی لە بەردەم بەددۆخی ئابووریانەی نەوەدەکاندا وشکهەڵهات. لە بنەڕەتدا بەهۆی چێژی دەسەڵاتەوە کە هۆبس واتەنی ئەندێشەی چێژبینینی پتری ئایندەیی لەتەک خۆیدا دەهێنێت (ئەوە کە کوردەکان ناوی دەنێن “بەهیچ دانامرکێتەوە”)، هەر نەیدەبینی کە چۆن ئەو دۆخە کۆتایی پێدەهێنرێت.

ئێمە گەرەکە لەم جێیەدا پەزڵێکی کەسێتی لە پێناوی دەرخستنی ڕەوشی ئەخلاقیدا بنیاتبنێین. گرنگیی ئەم پەزڵە لەوەدایە کە پێکهاتەکانی لە پەیوەندیی پاڵیەکییاندا دەرفەتمان پێ دەدەن گۆڕانی کەسێتیی کوردەکان لە 1961 بەدوواوە ڕوونتر ببینین. ئێمە “ئەمڕۆ” لەم پەزڵەدا سەرەتا جۆرە کەسێتییەکی ترادیسیۆنییانەی کەم یان زۆر سەقامگیر دەبینین، کە ڕەوشتمەندە، کۆششکەرە، کەم یان زۆر گلەییکەرە، لێ لەبەر ئەوەی وەک گۆتمان ترادیسیۆنییە، ئەوا بەدەرە لە ئاگایی و هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە، جا گەرچی تەسلیمی ویستی دەسەڵاتدارانی تێکچوو یان بەدجۆربوو نابێت؛ ئەوجا جۆرە کەسێتییەکی دیکەی دەرکەوتوو بە چەندین ئاڕاستەی جیاوازەوە هەیە کە نەوسنە، ملنەوێنە بۆ مەسئولی دەرکەوتوو، دەیەوێت بە هەر شێوازێک بێت بە پەلە پارە پەیدا بکات، ئەمڕۆ چەپە و سبەینێ ڕاست، ئەمڕۆ ڕاستە و سبەینێ چەپ، هەروەها وەک جرپن و پەتپەتێنکەر عەوداڵی دەرکەوتن یان خۆنواندنە. ئەم جۆرە کەسێتییە لەنێو سەرجەم پارتەکاندا بە “گۆڕان”یشەوە زۆرینەیە، هەروەها هەر لەنێو ئەم جۆرە کەسێتییە زۆرینەیەدا ئاڕاستەی دی هەن، بۆ نموونە: دەنگزلی ڕەخنەگر کە لە کرۆکەوە هەیەپارێزە، یان کەسانی خۆ دانەر بە ڕۆشنبیری بلیمەت و دژبەری چەوساندنەوە و دەسەڵاتی ناڕەوا، لێ لە کرۆکدا موخەننەتتر و نەخۆشترن لە مەسئولە بەردەوام پەنجە بۆ ڕاکێشراوەکان و هتد.

توخمێکی دیکەی پەزڵەکەمان بریتییە لە کەسێتییەکی نەخۆش، ئەمانە ژن و پیاوی نەخۆشی حیجابدار و ڕیشنی سەلەفین؛ مۆرکی ئەم کەسێتییە نەخۆشە ئەوەیە کە ترسنۆکە، وەک هەیەپارێز تۆقیوە لە دەرهاویشتە نوێکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی، هەروەها خۆویست و تەمەڵە و هاوکات ئەرەبیستانە جیهان و ژیان دەبینێت. پاشان توخمێکی دیکە بریتییە لە کەسێتییەکی بەردەوام بەرهەمهێنراوەی ترادیسیۆنی؛ ئەم کەسێتییە خاوەنی نەریتێکی دێرینی حەزەرمەندییە، بۆیە لە شار یان گوند بە خشکەیی دوای بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکەوێت، واتە هەقی بەسەر سیاسەتەوە نەبووە و نییە، یان هەرگیز گرنگیی بە کوردایەتیی چەکداریی نێو چیاکان نەداوە، بە پێچەوانەوە لەو سەردەمانەی شەڕی چەکداریدا بەرژەوەندیی خۆی لای حکومەتەکانی دەوڵەتی مەرکەزی بینیوە، ئەمڕۆش درێژە بە ژیانی ڕاهاتووی خۆی دەدات. ئێمە هەر لە پەزڵەدا گەرەکە ئاماژە بۆ جۆرێکی دیکەی کەسێتی بدەین کە ئاڵۆز و خاوەن ناوەرۆکی ڕەخنەییە، لێ کەمینەیە، جا گەرچی کەسانی سەرجەم نەوەکان لە پیرەوە تا گەنج لە خۆ دەگرێت و نەک تەنیا تەسلیمی ڕەوشی هەنووکە نابن، بەڵکو تەنانەت هەڵوێست بەرانبەری وەردەگرن.

بە چاوخشاندنمان بەم پەزڵەی کەسێتییانی کۆمەڵایەتیدا خێرا بەدگۆڕانێک لە ئەخلاقی سوننەتیدا دەبینین: شێوان. لێ شێوان تەنیا ئەدگارێکێتی، چونکە ئەو بەدگۆڕانە تا ڕادەی داوەشان بڕدەکات، بۆ ئەمەش نموونەی بەرجەستە زۆرن، وەک: هەوڵی پاشقولگرتن لە هەڤاڵ و تەنانەت برای خۆ، ئەنجامدانی یەکجار نابەرپرسانەی کاری پزیشکی لە چارەسەری نەخۆشدا، تەزویرکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، فەوتاندنی نووسینی وەرگێڕراوی کەسێکی دی یان دزینی هۆزانی (شیعری) کەسێکی دی و بڵاوکردنەوەی بە ناوی خۆوە، ئەوجا گۆڵمزی سادە بەپاڵ ئۆتۆمبێلەوە لە کەناری ڕێگە دەرەکییەکانی شار، یان پەیداکردنی پارە “عەلسەریع” کە تێیدا نزیکەی لەکارکەوتنی “قودسیەتی وەستای ترادیسیۆنی” دەردەکەوێت کە سەرەتا شانازیی بە “دەستڕنگینی”ی خۆیەوە دەکرد و هتد؛ بەڵێ بێکولتووریی کەس دەگات بە ڕادەیەک، کە ئیدی مرۆ بێشەرمانە سەر شەقامەکان دەگرێت و بە بەر چاوی کامێرای تەلەڤیزیۆنییەوە سکاڵا دەکات کە پارەی نییە ژن بهێنێت، یان ڕایدەگەیەنێت کە دەرەقەتی ڕێژەی زۆری بابەتەکانی خوێندن لە فێرگە و زانستگەدا نادات!!!

ئێمە لەنێو هەمان ئەو ڕەوشەدا هەروەها بەڕوونی دەبینین کە چۆن نوێنەرانی ستاتۆی سروشتی-دەوڵەتی لەتاو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و نەوەکانیان تەواو شپرزە بوون و لە هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردن بێئابڕووانەتر تەزویر دەکەن. ئەوان بەهۆی تاوانەکانیانەوە کە لە شێوەی کوشتن و فڕاندن و هتد ئەنجامیان داون، هەروەها بەهۆی کەڵەکەبوونی لەڕادەبەدەری سەروەت و سامان لایان، تەواو تێوه‌گلاون و لە ترسدا تۆقیون، بۆیە نەشیاوە بتوانن لە خۆیانەوە واز لە دەسەڵات بهێنن، بەوەش هێندەی دی بوون بە تۆپی پێی دەوڵەتانی دراوسێ، کە گرووپ گرووپ یەکیان پێ گرتوون و پێکڕا لەنێو دوو میرنشینی بچووکی مۆدێرنیزەکراوی “نێو” کوردستانی “نێو” ئێراقدا خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ئەوان دەکەن.

ئێمە بە یاریدەی دەستەواژەی “باندی کریمینێل” (ئیجرامی) دەتوانین ئاساتر لە تاقم-تاقمێنەی نوێنەرانی ستاتۆی سروشتی-دەوڵەتی نزیک بکەوینەوە. ئاشکرایە کە باندی کریمینێل جیاوازە لە کتلەی نێو پارتی سیاسی. ئاخر کتلە بۆ بەرژەوەندیی سەرجەمەکە کە پارتە، پێکدەهێنرێت، واتا ئامانجی کتلە بەرەوپێشبردنی سەرجەم قەوارەکەیە، لێ باند تەنیا دوای بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکەوێت و بەرژەوەندییەکانی سەرجەم قەوارەکە (پارتەکە) دوای بەرژەوەندییەکانی خۆی دادەنێت. کەواتە لەم ڕەوشەدا “ویستی تایبەتی” (ڤۆلۆنتێ پارتیکولار) بە شێوەی جیاواز لەگۆڕێیە، نەک “هەرێمێک” کە گەر هەبێت، ئەوا لە بنەڕەتدا دەرهاویشتەی “ویستی گشتی”یە (ڤۆلۆنتێ ژێنێرالە). بەڵێ، باند خۆی ویستێکی تایبەتیی هەیە و لەنێو پارتدایە، کە ئەویش وەک پارت خاوەن ویستێکی تایبەتییە لەنێو قەوارەیەکی گەورەتردا کە گەلێکە. ئەمە بە تایبەتی بەوەدا ڕوون دەبێتەوە کە بەرپرس وەک سەرۆک باند کوڕانی خۆی دەهێنێتە نێوەندی بڕیاری سیاسییەوە، بەبێ ئەوەی هیچ گرنگییەک بەو “شتە” بدات کە ناو دەنرێت پەیرەوپرۆگرامی پارت یان یاسای پەرلەمان (!!)، بەڵێ ئەو هەروەها هاوشێوەی هەر باندێک پیاوەکانی بەگەڕ دەخات و دەیانکاتە سەر ئەم و ئەو، تەنانەت دەیان نێرێتە نێو پەرلەمانەوە تاکو سزای پەرلەمانتار بدەن، یان هانیان دەدات دەستڕێژ لە بارەگای پارتی دیکە بکەن، هەروەها بە ئارەزووی خۆی بازرگانی دەکات، دەکوژێت و دەبڕێت بەبێ ئەوە هیچ ئینستانسێک هەبێت بتوانێت لێی بپرسێتەوە. جگە لەوە باندەکانی دەسەڵات “تەواو پێرڤێرزانە” شایی بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان دەگێڕن، هەروەک گەل دێمۆکراتییانە بە دەنگی خۆی ئەو ڕەوایەتییەی پێدابن! ئەوجا ئەو لایەنانە کە کەمتر تەزویریان پێکراوە، بەگوێرەی یاسای مافی بەهێزترانی نێو سروشت هەڵوێست وەردەگرن و دەبن بە ئاستەنگ لە بەردەم تەزویرچییە درۆزنەکەدا، کە ئیدی ناهێڵن هێندە ئاسان حکومەت پێکبهێنێت. لێرەدا فێڵلێکراو تەواو پێڕڤێرزانە، لێ هاوکات تەواو “ڕەوایانە” دەنگهەڵدەبڕێت: “شێتیش بیت ئەو زۆرێتییەی کورسییەکانت لێ قبووڵ ناکەم، چونکە تۆ زۆردارانە تەزویرەکانت کردووە ڕێژەکەیت بێشەرمانە تەقاندۆتەوە! لێ من بەهۆی هاڤرکێی پارتانی دیکەوە ئەو دەرفەتەم نەبووە، کەواتە بۆت نییە بە کەیفی خۆت حکومەت پێکبهێنیت. تەنیا شەراکەتی ڕاستەقینە چارەسەرە!”

به‌م شێوه‌یه‌ لای کوردەکانی ئێراق سەرباری دۆخگۆڕیی کۆمەڵایەتی، ئەتککردنێکی باندئاسای دەسەڵات هەیە، بەوەش دامه‌زراوه‌کان، واتا: په‌رله‌مان، دادگاکان، زانکۆکان، میدیاکان و هتد‌ پڕ ده‌بن لە که‌سانی چڵێس کە ئاشکرایە بە ملنەوێنی و سەرشۆڕی بۆ سەرۆکباندەکان پێی دەگەن، ئەوجا هەر ئەو جۆرە بیچمانە دێنە نێوەندی دامەزراوەکانەوە یان تەنانەت دەبن بە بەڕێوەبەریان. لێ گەرەکە لێرەدا جەخت لەوە بکەین، کە ئەم جۆرە بەدڕەوشە ناگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی سەرۆکباند و باندەکانیان، واتا لەنێو ئەوانەوە بۆ نێو بوارە ناوبراوەکان و خەڵک نەتەنیوەتەوە، بەڵکو ئەوە بەرژەوەندیی کەسێتییە چڵێس و بەدجۆربووەکان یان بۆ ئەمڕۆ ژیاوەکانە کە ئەو باند و سەرۆکباندانە دەهێنێتە گۆڕێ.

2
ئێمە گەرەکە لە پرسی شۆڕشدا وردتر ئاستەنگی مرۆڤی دیاربهێنین کە دروستکەری ئەو پەیوەندییە دیارهێنراوانەی سەرەوەیە.
لە چەند جێیەکی دی ڕوومان لە کێشەی ئاستگەرایی لای کوردەکان کردووە، ئێستاش سەرلەنوێ ڕووی تێدەکەینەوە و لەم کۆنتێکستەی ئێرەدا پتر تایبەتمەندیی پێدەدەین. ئاستگەرایی لای کوردەکان ئامانجێکی چەسپێنراوە لەنێو هۆشی هەرکەسدا، وەک ئەوەش مایەی هەستی کەمنرخی یان شانازییە. بۆ نموونە کاتێک سیاسییەکان شەڕی پۆستی جیاواز دەکەن، یان پارتە سیاسییەکان لە دانوستانەکانیاندا تەرکیز ناخەنە سەر پرۆژەی چاکسازی و هتد، بەڵکو دەیخەنە سەر پۆستەکانی پەرلەمان و بەجێگەیاندن (حکومەت) و بەرێوەبەرێتی، ئەوە تەنیا مۆرکی ئەوان نییە، بەڵکو کێشەیەکی کەسێتیی کوردە کە ئەوها جیهانی سیاسی دەبینێت و بۆیە تەنیا بەو شێوەیە سیاسەتی پێدەکرێت. بێگومان خوازیاربوونی سەرکەوتنی لە هەموو کۆمەڵگە و کولتوورێکدا هەیە، هەروەها هەموو مرۆڤێک پێویستی بە ناساندنە بەگوێرەی توانستەکانی، لێ کاتێک ئێمە تایبەت بە کوردەکانەوە پێوەی خەریک دەبین، ئەوا دەبینین کە کوردەکان پۆستی بەرز لە ژیانی کەسی و سیاسیدا وەک “ئامانجی ژیان” دادەنێن، واتا ئەوان پێویستیی بۆ کارکردن وەک لاوەکی دەبینن، کە ئاشکرایە دەشێت پۆستێک بێت و بەگوێرەی لێهاتوویی بە کەسێک درابێت: پۆستێکی نزم، ناونجی یان باڵای فەرمی.

لە بنەڕەتدا لای زۆرینەی هەرە زۆری کوردانی ئێراق “دەمێکە” پرسی لێهاتوویی و حەوسەڵەی هەر کارێکی شیاو وەلاوەنراوە (ڕەنگە هەڵە نەبێت گەر ببێژین لە 1991 بەدوواوە ڕووی داوە)، بە پێچەوانەوە، لای ئەوان گەیشتنی “سانا و خێرا” بە بڕوانامە، بوون بە وەستای بینا یان وەستای پی-ڤی-سی و بۆیاخچی، بە تەنکی-ساز و دارتاش و دەلاک و هتد، بووە بە نەریت. بەڵێ، خوێندنی زانستگەیی بە سەرجەم ئاستەکانی بەکالۆریا و ماستەر و دکتۆراوە لای زۆرینەی هەرە زۆری خوێندکاران بۆ مەبەستی گەیشتنە بە بڕوانامە نەک کۆشش بێت بۆ بوون بە زانای بوارێکی دیاریکراو. بڕوانامە بە تایبەتی دەسوێژێکە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی فەرمی، کە نزیکەی ئامانجی سەرجەم خوێندنی خوێندکارانە.

لەم جێیەدا تەواو گونجاو دەبێت کە وردتر ڕووبکەینە دیاردەی “ڕق”، چونکە نزیکەی سەرجەم پۆستخوازانی تەنیوە و مەهزەلەیەکی کۆمەڵایەتیی خستۆتەوە. لێ ئێمە گەرەکە هاوکات واتای جیاواز بە “رق” و “کیین” بدەین، تاکو دیاردەی یەکەمیان ڕوونتر دیاربهێنین. ئێمە کیین تەرخان دەکەین بۆ کیینی هەڵگیراو لە پەیوەندیی بێداد، لە درۆزنی و ساختەچێتی و جەبانی، لە جیاوازیی چینایەتی و مافخۆریی لە لایەن دەسەڵاتداران و هتد. لە بنەڕەتدا ئەوە کیین بوو کە شۆڕشگێڕەکانی ڕوسیای لە باقییەکەی دیکەی گەل جیاکردەوە و بوو بەهۆی تەفروتووناکردنی دەسەڵاتی تسار، ئەوە کیین بوو کە پاڵهێزی کردارەکانی ڕۆبسپیا و سان ژەست بوو. کەواتە دەشێت کیین مرۆڤ لە بەرژەوەندیی گشتیدا چالاک بکات. لێ مرۆڤی ڕقاوی تەنیا خۆی دەبینێت، ئەوجا لەبەر ئەوەی بوێریی بۆ ژیان نییە، ئەوا بەزۆریی تاقمئاسا یان لە شێوەی گەلەکۆمەکێدا خۆی پێ ڕادەگیرێت – ئەوە بێگومان لەنێو پارتی بەناو سیاسیشدا. کەسی ڕقاوی تەنانەت وەک دوورەپەرێز، هێشتا هەر لە سادەترین کاروباری ژیانی ڕۆژانەدا حسسی و خەمۆک و جەبانە، یان حسسی و ملگرژ و چاودەرپۆقیوە.

گرنگ بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە ئەوەیە کە ڕق هاوکات لای سیاسەتکارانیش بە هەمان شێوە کارایە – سیاسەتکاران کە هەمان کارەکتەر و کەسێتیی کولتوورییانەی خەڵکیان هەیە. بۆ نموونە: “سەرۆک”ی چەند دەستە و تاقمێک کە پێكرا بەرەیەکی سیاسی پێکدەهێنن، بەگوێرەی کارەکتەری تەنیا پێی دەکرێت میرۆچکەی دانراو بێت لە لایەن دەسەڵاتی دەرەکییەوە، یان لە باشترین هەلی ڕەخساودا تەنیا پێی دەکرێت میر بێت، کەچی وەک نامۆبوویەک هێندە لە خۆی ڕازییە، کە لە ڕقی هەموو لایەک دەست دەکات بە پرتەوبۆڵەی پۆستێکی تایبەتی، لایەنگرانیشی دەخوازن بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی خۆیان پۆستێکی ناڕەوای وەک “بارەگای تایبەت” لە سەرووی پۆستەکانی سەرۆکایەتی و سەرۆکوەزیران و هتد بۆ زیتبکەنەوە. یان کوڕەکەی بە ڕقەوە دێتە نێو ژیانی سیاسییەوە، تەنانەت داشەکانی لە ڕقی خزمی نزیکی خۆی بەگەڕدەخات، خزمی نزیکیش لە ڕقی ئەو و باوکی و سەرجەم گەل شەقاوانە بەرەو پێش هەڵمەت دەبات. کوڕە شێخی سیاسەتباز کە کەمترین دیدی ئایندەیی لە سیاسەتدا نییە، بەڵکو تەنیا بۆ ئەمڕۆ دەژی و بۆ ڕەحەتکردنی دەروونی خۆی پێگەیەک لە ئەمڕۆدا دەخوازێت، لە ڕقی دژبەرەکانی چاو لە جیهانی مۆدێرنی دەرەکی دەکات، ئەوجا دەستەواژەی “سکرتێری گشتی” قبووڵ دەکات و بە شانازییەکی شارراوەوە بەسەر ناخی تەواو شێخانەی خۆیدا هەڵدەواسێت. هەروەها: ئەندامانی ڕقاوی لەم حیزبدا لە ڕقی ئەندامانی ڕقاوی لەو حیزبدا کە لە ناوچەی نفوزی خۆیاندا هەراسانیان کردووە، پێداگری لە هەموو شتێکدا دەکات و بەردەوام پەنجەی لەسەر پەلەپیتکەی چەکە، حیزبی هەراسانکەریش تۆڵەی بەجێنەگەیاندنی ڕێککەوتنێکی نێوانیان و دۆڕاندنی دەنگەکانی خۆی لە حیزبی گڕۆز و شەقاوە دەکاتەوە، ئەویش بەوە کە لە ڕقدا دەچێتە چاوبازییەوە لەتەک ئەو پارتەی خێڵەکییەکاندا کە خۆی وەک مایەی نەهامەتییەکانی سەرجەم گەل دەیبینی. لێ بەدڕەوشە ڕقاوییەکە لای تاکەکەسانیش لەگۆڕێیە: ئەمی خۆ گرێداو بە سیاسەتەوە لە ڕقی ئەوی خۆ گرێداو بە سیاسەتەوە گوڕدەبەستێتەوە. لە گشت لا مرۆڤی ڕقاوی لەژێر زەردەخەنەی وڵاتانی دراوسێوە کەوتۆتە هەڵپەی پۆست و دەرکەوتن: ئەم لە ڕقی ئەو دەچێتە پارتێکی دیاریکراوەوە، لێ ئەو لە ڕقی ئەم دەبێت بە ئەندامی پارتی دژبەر. ئەم لە ڕقی ئەوی مارکسی دەبێت بە وجودی، ئەم لە ڕقی هەردووکیان ناوی فەیلەسوفێک دەدۆزێتەوە هەر نەبیسترابێت. ئەم لە ڕقی نزیکترین مامۆستایانی هەڤاڵی دەبێت بە ئەندامی پارتێک تاکو پۆستی ڕاگری کۆلێژ بۆ خۆی مسۆگەر بکات، ئەو لە ڕقدا سەختتر دەکەوێتە مەرایی سەرانی پارتێک تاکو بە پۆستی سەرۆکی زانکۆ بگات.

لێ ئێمە بەڕاستی دەتوانێن ئەم بەدڕەوشە بگەیەنین بە ئاستی بێهودەیی (ئەد ئەبزوردوم) و ببێژین: ئەم لە ڕقی ئەو گۆشت ناخوات، ئەویش لە ڕقی ئەوێکی دی پاشەڵی بە سیلیکۆن زل دەکات؛ ئەو سمێڵ دەهێڵێتەوە، لێ ئەم لە ڕقی ئەو نەک سمێڵ، بەڵکو ڕیشیش دەتاشێت؛ ئەو لە ڕقی دراوسێکان خانووەکەی دەکات بە سێ قات، لێ براکەی لە ڕقی ئەو خانووەکەی لە بناغەوە تێکدەدات و یەکێکی نوێ هەڵدەچنێتەوە، هەروا لە ڕقیشدا کاشیی ئیتالیی تێدەگرێت. ئەم ڕانکوچۆغەی شاڵی هەورامی بەکرد دەدات، ئەو لە ڕقدا خۆی دەکات بە تەوێڵەدا و باشترین شاڵ دەکڕێت، ئەوجا لە نزیکی ئەوەوە دەیسووتێنێت. ئەم و ئەو کە لە ناخەوە ڕقیان لە یەکدییە، لە ڕقی ئەم و ئەوانی دی گۆڤارێک دادەمەزرێنن و تێیدا هزری بە ئارەبی خوێنراوەی ئەوروپی دەدەنەوە، لێ ئەم و ئەوی دیکەش لە لاوە، لە ڕقی ئەوان گۆڤارێک بۆ خۆیان زیتدەکەنەوە. ئەم تەلارسازیی کۆنی ئیتالی دەدزێت، ئەو لە ڕقدا تازەترین تەلارسازیی دوبەیی کۆپی دەکات و تێکهەڵکێشی ڕێنیسانی ئیتالیی دەکات… و هتد.

بە هەر حاڵ، مەهزەلەتر لەم مەهزەلە کوردییە ئێراقییە ئەوەیە، کە گەر کەسێک بە هەر یەکێکی ئەو ڕقاوییانە ببێژێت، گۆیا ئەوان نەخۆشن، ئەوا هەموویان نزیکەی هەمان وەڵام دەدەنەوە: “ئەشهەدو ئاوایە”. ئاخر کەسیان سەر بە نەخۆشەکان نییە! ئەوجا گەر مرۆ لێیان بپرسێت کە بۆچی ناتوانن بۆ خاتری ئایندەی زارۆکانیان کەمێک ژیان سەوز بکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە تەنانەت لە گوندەکانیش هەوای ژەهراوی هەڵدەمژن، ئەوا پێکڕا بە یەک دەنگی جەسوور وەڵامدەدەنەوە: “هەمووی خەتای مەسئولەکانە”.

بە کورتی، ئەم بەدڕەوشە کوردییە خاڵسە پێکڕا لەتەک سەرجەم دەرهاویشتەکانیدا ئۆبژێکتی پرسی شۆڕشن، چونکە هەر تاکێکی ئەو دەڤەرەی کوردان خۆیان دەگرنەوە. ئاخر ئاشکرایە شۆڕشگێڕ لەو جیهانبینییە کوردییە خاڵسە و دەرهاویشتەکانییەوە “سەر-هەڵ-دەدات”، لێرەشدا چەندپاتی دەکەینەوە کە ئەو ڕەوشە هێندە ئاسان نایەتە گۆڕێ، وەک چۆن زۆر کەس بە سانایی پێشبینیی دەکەن!

-ماویەتی –




كروزانه‌وه‌و نوزانه‌وه‌ له‌ شیعری كوردیدا … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

كۆمه‌ڵه‌ شیعری چۆڕاوی تریفه‌ به‌نموونه‌

به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ ئێستادا،دابڕانێكی گه‌وره‌ له‌ نێوان شیعرو خوێنه‌ری شیعردا هه‌یه‌. به‌شێكی گه‌وره‌ و سه‌ره‌كی ئه‌م دابڕان و تۆرانه‌ له‌شیعر، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ له‌ ئه‌زموونی ئێستای شیعری كوردیدا، خاڵییه‌ له‌ چێژی شیعری و مانای شیعری. له‌ئه‌ده‌بی كوردیدا، له‌قۆناغی كلاسیكه‌وه‌ بۆ ڕیالیزم و بۆ ڕۆمانسییه‌ت و بۆ نوێكردنه‌وه‌ی شیعر له‌ سه‌رده‌ستی گۆرانی داهێنه‌رو پاشان شه‌سته‌كان و قۆناغی ڕوانگه‌ و هه‌شتاكانی سه‌رده‌می سیمبولیزم و كه‌مێكیش دوای ڕاپه‌ڕین، ئه‌زموونی شیعری كوردی هه‌ڵگری چێژی شیعری و په‌یامی شیعری بووه‌. ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێ كاتدا، شاعیرانی ئێمه‌ ڕۆڵی منه‌وه‌ڕو ڕێ نیشانده‌رو كه‌سایه‌تییه‌كی ڕیفۆرمخوازده‌بینن له‌ شیعره‌كانیاندا. هه‌موو ئه‌مانه‌ش، له‌ ڕێی گوتاری شیعری و دنیابینی شیعرییه‌وه‌ بووه‌.شیعر لای ئه‌وان، هه‌ر ته‌نها پانتایه‌ك نه‌بووه‌ بۆ ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆز،به‌ڵكو ماناو په‌یامێكیشی هه‌بووه‌.

قانع به‌ شیعره‌كانی به‌گژ جیاوازی چینایه‌تی و نادادی كۆمه‌ڵایه‌تی دادێته‌وه‌. بێكه‌س ڕه‌خنه‌ی ئه‌قڵی دۆگماو دواكه‌وتووی كۆمه‌لگه‌ ده‌كات و هانی تاكه‌كان ده‌دات چاو له‌ غه‌رب بكه‌ن و كه‌شتی دروست بكه‌ن. ئه‌حمه‌د موختارجاف خه‌ون به‌ ڕاكێشانی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌بینێت. گۆران سروشت جوان و ڕازاوه‌ترده‌كات، ڕه‌فیق سابیرو شێركۆ بێكه‌س و عه‌بدوڵا په‌شێو، نیشتمان ده‌كه‌نه‌ دایكی دووه‌می مرۆڤه‌كان و ئه‌و هه‌سته‌یان لادروست ده‌كه‌ن كه‌ هیچ زێدێك شوێنی نیشتمانی ڕاسته‌قینه‌ ناگرێته‌وه‌. چه‌ندین نموونه‌ی دیكه‌ش.بۆیه‌شه‌ به‌ درێژایی زه‌مه‌ن ئه‌وشیعرانه‌ له‌ یاده‌وه‌ری ئێمه‌ ماونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ڵگری په‌یامێك بوونه‌.ئه‌گه‌رچی له‌ ڕووی چێژو ئه‌زموونی شیعرییه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ گونجاو نه‌بێت به‌راوردی شیعری ئێستا به‌وهه‌موو پێشكه‌وتنه‌ ژیاریی و ئاڵۆزه‌ی ژیانه‌وه‌، به‌ شیعری هه‌شتا ساڵ له‌مه‌و به‌ربكه‌ین. به‌ تایبه‌تی كه‌ ئێستا، دنیا دنیای تاكگه‌رایی وبه‌ ڕۆبۆتكردنی مرۆڤ و دابڕانه‌ له‌ ژیانی گشتی و ئه‌زموونی گشتی كۆمه‌لگه‌.

به‌ڵام پرسیارئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئاخۆله‌ هه‌رقۆناغ و كات و ساتێك دابێت،خوێنه‌ران بۆ چی شیعرده‌خوێننه‌وه‌؟ئه‌گه‌رشیعرله‌ پێناو په‌یامێك و ئامانجێكیش نه‌بێت، ئه‌وا دواجار نابێ ئه‌وه‌مان بیربچێت كه‌ شیعرچێژو جوانی به‌ خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت. وه‌ك چۆن له‌ خوێنه‌وه‌ی ڕۆمان وچیڕۆكیشدا هه‌مان چێژ وه‌رده‌گرێت. به‌ڵام كاتێ شیعر داده‌ماڵدرێت له‌ هه‌موو سیمایه‌كی هونه‌ری و ئستاتیكی و زمانی ئه‌وه‌نده‌ تیادا ساده‌ و میللی ده‌بێته‌وه‌ كه‌ شیعرله‌ شیعربوونی خۆی ده‌كه‌وێت، بێگومان خوێنه‌ر ناتوانێت ئه‌وجۆره‌ ده‌قانه‌ بخوێنێته‌وه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ له‌ ئه‌زموونی ئه‌مڕۆی شیعری كوردی، خاڵییه‌ له‌ چێژوجوانی و مانا. بگره‌ كاتێ خوێنه‌ر ده‌یخوێنێته‌وه‌، واهه‌ست ده‌كات هه‌رگیز ئه‌وه‌ شیعر نییه‌ ده‌یخوێنێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌رده‌ دڵێكه‌ له‌ نموونه‌ی فه‌یسبووكه‌ شیعر كه‌ بینینی هه‌ر ئه‌و ساتانه‌یه‌ كه‌ به‌ریده‌كه‌وین. له‌كاتێكدا، ده‌قی داهێنه‌رانه‌ ده‌بێ زه‌مه‌ن ببڕێت و سنووری قۆناغه‌كان ته‌ی بكات، وه‌ك: لاوكی هه‌ڵه‌بحه‌و ئه‌ی ڕه‌قیب و شیعره‌كانی پیره‌مێرد.كۆمه‌ڵه‌ شیعری(چۆڕاوی تریفه‌)ناونیشانی كۆمه‌ڵه‌ شیعرێكی(عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی)یه‌. كه‌ چه‌ند ده‌قێكی شیعری له‌ خۆده‌گرێت، كه‌زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان به‌ زمانێكی ساده‌ و ساكار نووسراون. كه‌ ئه‌گه‌ر چه‌ند وێنه‌یه‌كی كه‌می شیعرییان لێ ده‌ربهێنین و له‌ بێژینگییان بده‌ین، ئه‌وا به‌ بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك شتێكی ئه‌و تۆی لێ نامێنێته‌وه‌ به‌ ناوی شیعر، جگه‌ له‌ چه‌ند ده‌رده‌ دڵێك كه‌ سیمای سه‌ره‌كییان كروزانه‌وه‌ و نووزانه‌وه‌یه‌.

وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌داخه‌وه‌ له‌ پانتایی گۆرانی كوردی و به‌شێكی یه‌كجار زۆری ئه‌و بنووسانه‌ ده‌یبینین كه‌ گوایه‌ شیعری لیریكی و شیعری گۆرانی ده‌نووسن. عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی، له‌ به‌شێكی زۆری شیعره‌كانیدا زمان تا ئاستێكی هێنده‌ فراوان ساكارو ساده‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هیچ خاسیه‌تێكی زمانی شیعری نه‌مێنێت. له‌ كاتێكدا ئه‌ركی سه‌ره‌كی زمان له‌ شیعردا، به‌رجه‌سته‌كردنی وێنه‌یه‌كی هونه‌ری جوانه‌ كه‌ سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕابكێشێ. شیعر له‌ڕێی زمانه‌وه‌ چێژبه‌ خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت.چونكه‌ چیڕۆك و ڕۆمان نییه‌ تا گێڕانه‌وه‌ی تێدا بێت. كه‌رسته‌ی شیعری لای فه‌رهادی، هه‌مان ئه‌و وشه‌ ساده‌و بێ ناوه‌ڕۆك و نائستاتیكیانه‌ن، كه‌ ده‌شێ مرۆڤ ڕۆژانه‌ سه‌دان جار گوێبیستیان ببێت.له‌كاتێكدا، ئه‌گه‌ر له‌ نێوان زمانی شیعرو زمانی میللی ڕۆژانه‌، هیچ جیاوازییه‌ك نه‌مایه‌وه‌، ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌نووسرێت شیعر نییه‌، به‌ڵكو هه‌ڵڕشتنی ده‌رده‌ دڵه‌كانی ژیانه‌ له‌ زماندا وه‌به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌. نابێ له‌نێوان زمانی ئاسایی ڕۆژانه‌ و زمانی شیعردا وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی، هیچ خاسیه‌تێكی هونه‌ری نه‌مێنێت له‌ یه‌كتریان جیابكاته‌وه‌. به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی گوایه‌ شیعر ده‌نووسن، درك به‌و خاسیه‌تانه‌ ناكه‌ن، هه‌ر بۆیه‌شه‌ شیعره‌كانیان وه‌ك قسه‌ی میللی و ڕۆژانه‌، هیچ پرسیارو هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك لای خوێنه‌ر جێناهێڵن. بگره‌ خوێنه‌وه‌ و نه‌خوێندنه‌وه‌یان وه‌ك یه‌كترییه‌. لێره‌وه‌ش كاتێ سه‌رنج له‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و شیعرانه‌ ده‌ده‌ین، زۆر به‌ ئاسانی هه‌ست به‌و میللیی بوونه‌وه‌ی زمان ده‌كه‌ین لای فه‌رهادی. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌شیعرێكدا ده‌ڵێت:_

بیری منداڵیم ده‌كه‌م..
ئه‌و كاته‌ی ده‌ستی عه‌بدولره‌زاقی برامم ده‌گرت و..
به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چووینه‌ مه‌كته‌بی بۆتان..

بڕواناكه‌م هیچ شاعیرێكی كورد هه‌بێت به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان و له‌ده‌مێك له‌ده‌مه‌كان، خه‌یاڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی منداڵی نه‌كات.به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین ئه‌گه‌ر خه‌یاڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی منداڵی له‌ شیعردا ئه‌وه‌ بێت كه‌ ئێمه‌ ڕۆژگارێك له‌ ڕۆژگاره‌كان ده‌ستی براكه‌مان گرتووه‌ و بردوومانه‌ته‌ قوتابخانه‌، ئه‌وا ئێستا هه‌موومان شاعیر ده‌بووین. چونكه‌ كه‌س نییه‌ له‌ ئێمه‌ ده‌ستی براكه‌ی نه‌گرتبێت و نه‌یبردبێته‌ قوتابخانه‌.جا باوكی بێت یان براكه‌ی. ئه‌و وێناكردنه‌ بۆ منداڵی له‌ شیعردا، هیچ چێژو جوانییه‌كی شیعری تێدا نییه‌ كه‌ بشێ له‌ خانه‌ی شیعردا پۆڵینی بكه‌ین. فه‌رهادی هه‌ر له‌و به‌ ناو شیعره‌یدا، هه‌رچی دیارده‌كانی سه‌رده‌می منداڵی وه‌ك: كرێمستی و نازانم چی و چی، ئاخنیویه‌تییه‌ ده‌قه‌كه‌ی، ناویشی ناوه‌ شیعر. له‌ كاتێكدا په‌شێو له‌ شیعرێكدا خه‌یاڵی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و خه‌یاڵی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لای كێ ده‌كات؟ بێگومان بۆ لای شێته‌كان. واته‌ لانه‌وازترین وپه‌رپووترین مرۆڤه‌كان. ئه‌مه‌ ده‌لاله‌ته‌ له‌چی؟ له‌فراوانی دنیابینی په‌شێو و ژیاندۆستی ئه‌و شاعیره‌ كه‌ شیعر ده‌كاته‌ مینبه‌رێك بۆ نیشاندانی خه‌مه‌كانی مرۆڤ.ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ گرنگه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ین كه‌ ده‌شێ زمان له‌ شیعردا ساده‌ بێت، به‌ڵام ئه‌و زمانه‌ چه‌ند هێزی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ وێنه‌ی شیعری باڵا بخوڵقێنێت. من وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌یان و سه‌دان نموونه‌ی شیعریم لایه‌، كه‌ زمان تیایاندا زۆر ساده‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و په‌ڕی چێژی و جوانیش به‌ خوێنه‌ر ده‌ده‌ن كه‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌رفه‌ت نییه‌ نموونه‌یان لێبێنینه‌وه‌.به‌ڵام گرفتی به‌شێكی زۆری له‌ وانه‌ی شیعر ده‌نووسن له‌وه‌ دایه‌،كاتێ زمان ساده‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، مانا ونده‌كه‌ن.بێ ئاگا له‌وه‌ی شیعرئه‌گه‌ر ساده‌ش بێت، ده‌بێ هه‌ڵگری ماناو په‌یامێك بێت. من لێره‌دا نموونه‌یه‌ك له‌ ساده‌یی زمان له‌ شیعرێكی شێركۆ بێكه‌س ده‌هێنمه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی ئیبداعی ئه‌و شاعیره‌ له‌ ساده‌یی زماندا پیشان بده‌ین. شێركۆ له‌ شیعره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:_

ئه‌گه‌ر له‌ناو شیعره‌كانما گوڵ ده‌راوێژنه‌ ده‌ره‌وه‌
له‌ چوار وه‌رز وه‌رزێكم ده‌مرێ…
گه‌ر یار بێننه‌ ده‌ره‌وه‌ دووانم ده‌مرن..
گه‌ر نان بێننه‌ ده‌ره‌وه‌ سیانم ده‌مرن
گه‌ر ئازادی بێننه‌ ده‌ره‌وه‌ ساڵم ده‌مرێ و خۆشم ده‌مرم..

هه‌موو ئه‌م وشانه‌ی له‌و كۆپڵه‌ شیعرییه‌ی بێكه‌سدا به‌كارهاتوون، كه‌رسته‌ی وشه‌ی ساده‌ن كه‌ ئێمه‌ ڕۆژانه‌ هه‌زاران جار گوێبیستییان ده‌بین. به‌ڵام ده‌بینین شێركۆ له‌ پاڵ ئه‌و وشه‌ سادانه‌وه‌،چ ماناو چ مه‌دلولێكی قووڵی شیعرییانه‌ی به‌ چه‌مكی ئازادی داوه‌، كه‌ ئازادی هاوتا كردووه‌ به‌ مه‌رگی مرۆڤه‌كان.به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر ئازادی نه‌بێت، ژیانیش نابێت. لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رهه‌ڵئه‌دات كه‌ ئه‌وه‌ چییه‌ وا ده‌كات شاعیرێك له‌ زمانێكی ساده‌ شیعرێكی پڕ مانا بخوڵقێنێت و یه‌كێكی تریان نه‌توانێت؟ بێگومان خه‌یاڵ و وزه‌ی شیعرییه‌ كه‌ زمان پێكهاته‌ی سه‌ره‌كییه‌تی.چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌نێوان زمانی ئاسایی ڕۆژانه‌ و زمانی شیعرییانه‌ هیچ سنوورێك نه‌ما،ئه‌وا دواجار ئه‌وه‌ی ده‌نووسرێت شیعر نییه‌ به‌ڵكو قسه‌كردنه‌ وه‌ك هه‌ر قسه‌كردنێكی دیكه‌ی ئاسایی.فه‌رهادی له‌ به‌شێكی زۆری ده‌قه‌كانی نێو ئه‌و كتێبه‌ی به‌زمانێك شیعر ده‌نووسێت كه‌ هیچ داهێنانێكی تێدا نییه‌، بگره‌ هه‌موو كه‌سێك و به‌ ئه‌وانه‌شی ئه‌لف و بێی شیعری نازانن، ده‌توانن به‌و شێوه‌یه‌ گوزارشت له‌ ده‌رده‌ دڵی خۆیان بكه‌ن. ئاخر ئه‌گه‌ر شیعر بووه‌ ده‌رده‌ دڵ، ئیدی چیتر ئه‌و ئاسكه‌ ڕامنه‌كراوه‌ نییه‌ كه‌ هه‌موو نێچیرێك نه‌توانێت ڕاوی بكات. ئه‌گه‌ر نووسینی شیعر ئه‌وه‌ بێت كه‌ فه‌رهادی له‌ به‌شێكی زۆری ده‌قه‌كانیدا گوزارشتی لێكردووه‌،ئه‌وا مانایه‌ك بۆ شیعرو شاعیربوون نامێنێته‌وه‌.چونكه‌ ئێستا به‌ هۆی زۆربوونی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌رفراوانبوونی سه‌كۆكانی بڵاوكردنه‌وه‌، ڕۆژانه‌ هه‌زاران ده‌رده‌ دڵ له‌ ڵاپه‌ڕه‌كانی فیسبووك بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌.

گوتاری زه‌قی ئه‌و نووسینانه‌ش كروزانه‌وه‌ و نووزاننه‌وه‌یه‌ بۆ یار تا ئاوڕێكییان لێبداته‌وه‌، یاخود ته‌ماشایه‌كییان بكات. بگره‌ هه‌ندێكییان ئاماده‌ن ببنه‌ كۆیله‌ش،بێ ئاگا له‌وه‌ی مه‌سیح وته‌نی:(چی به‌كه‌لكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو دنیا به‌ڕێته‌وه‌ و خۆی بدۆڕێنێت). بۆمن وه‌ك خوێنه‌رێك ئه‌وه‌ ئاساییه‌ ئه‌وجۆره‌ له‌نووسین لای له‌شكرێك له‌ بنووسه‌كان هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئاسایی نییه‌ شاعیرێك كه‌ گوایه‌ ته‌مه‌نێكی درێژه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌ و شیعر له‌ ده‌ست له‌ملانێدایه‌،هه‌مان ئه‌و ده‌رده‌ دڵانه‌ به‌ شیعر به‌ خوێنه‌ر بفرۆشێته‌وه‌ و به‌هه‌مان هه‌ناسه‌ و تێگه‌یشتنی ئه‌ودڵشكاوانه‌ شیعربنووسێت، كه‌ له‌داخی دۆڕانی خۆشه‌ویستییه‌كه‌یان شتێك به‌ناوی شیعر ده‌نووسن.من كاتێ وه‌ك خوێنه‌رێك چه‌ندین نموونه‌ی له‌و شێوه‌یه‌م له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری چۆڕاوی تریفه‌ دیت،له‌ڕاستیدا وه‌ك خوێنه‌رێك ته‌ریق بوومه‌وه‌.چونكه‌ شاعیری داهێنه‌رو خاوه‌ن په‌یام، ناچێ به‌دیار هاتنی یاره‌وه‌ دۆش دابمێنێت، به‌ڵكو ژیان و مرۆڤه‌كان ده‌گۆڕێت،شیعر ده‌كاته‌ په‌یامێك بۆ هوشیاری كۆمه‌لگه‌،ده‌سه‌ڵات ڕاده‌چله‌كێنێ وه‌ك بیست و هه‌فت ساڵه‌ی بێكه‌س.شیعر ده‌بێت هه‌ڵگری خه‌مێكی گه‌وره‌ی ئینسانی بێت،ده‌بێ ئاوێنه‌یه‌ك بێت خۆی و خه‌مه‌كانی تیادا ڕه‌نگبده‌نه‌وه‌،ده‌بێ هه‌وڵی جوانتركردنی ژیان بدات.ئه‌گه‌ر ده‌رده‌ دڵ و خه‌مه‌كانی ڕۆژ له‌ژانری شیعردا پۆڵین بكه‌ین،ئه‌وا هه‌موومان ده‌بینه‌ شاعیر. عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی له‌ شیعرێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت:

ئه‌و شاعیره‌ سه‌رشێته‌ی خۆت…
كه‌ نان و ئاوی ڕۆژانه‌…هه‌رگریان و زارییه‌ بۆت..ڵا119
شك له‌وه‌ دانییه‌ ئه‌گه‌ر شاعیرێك نان و ئاوی ڕۆژانه‌ی هه‌رشین و واوه‌یلا بێت بۆ یار، ئه‌وا نه‌ ده‌توانێ داهێنان بكات، نه‌ ده‌شتوانێت شتێكی جیاوازتر له‌كه‌سانی تر بڵێت.سه‌یرم پێدێت وه‌ك خوێنه‌رێك كه‌سێك خۆی پێ شاعیرێكی به‌ناو و ده‌نگ بێت و ساڵانێكی زۆره‌ گوایه‌ شیعر ده‌نووسێت،كه‌چی ده‌رده‌ دڵی ڕۆمانسییانه‌ی هێنده‌ ساده‌، كه‌ خه‌می ڕۆژانه‌ی هه‌زاران هه‌رزه‌كاری دڵشكاوی ئێمه‌یه‌،به‌ناوی شیعره‌وه‌ بنووسێت. ئایا هیچ جیاوازییه‌ك هه‌یه‌ له‌ ئاستی زمان، په‌یام، ماناو ناوه‌ڕۆكی شیعری له‌ نێوان ئه‌و نووسینه‌ی فه‌رهادی له‌گه‌ڵ هه‌زاران ده‌رده‌دڵی تركه‌ ڕۆژانه‌ ڵاپه‌ڕه‌ بێ ماناكانی به‌شێك له‌ په‌یحه‌كانی فه‌یسبووك ده‌گرن؟ ئایا كاری شاعیر ئه‌وه‌یه‌ بكروزێته‌وه‌ یان یاخی بێت؟ په‌یامی هه‌بێت و شیعر له‌ پێناو مرۆڤ بنووسێت یان خه‌می ڕۆژانه‌ی ببێته‌ چاوه‌ڕوانی یار. به‌ڕاستی جێگه‌ی پێكه‌نینه‌ له‌نێو ئه‌و هه‌موو خه‌مه‌ مه‌زنانه‌دا،له‌نێو ئه‌و هه‌موو بێ مانایی و ئاڵۆزییه‌ی ژیاندا، له‌سه‌رده‌مێكدا كه‌ هه‌موو جوانییه‌كان و پیرۆزییه‌كانی خه‌ریكه‌ تیادا نامێنێت، كه‌سێك هه‌بێت نان و ئاوی ڕۆژانه‌ی خه‌می یار بێت! ئاخر بۆیه‌ كه‌س شیعری ئێستا ناخوێنێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌زانن له‌ خه‌می ڕۆژانه‌و ده‌رده‌ دڵی بنووسه‌كانیان تائه‌و لاوه‌ ناڕوات. شاعیر له‌ بری ئه‌وه‌ی هه‌وڵی جوانتركردنی ژیان بدات، داوای یه‌كسانی و نه‌بوونی جیاوازی چینایه‌تی و ژیانێكی شكۆمه‌ندانه‌ بۆ ئه‌وانی تربكات،دێت ده‌كروزێته‌وه‌.به‌ڵام بابزانین كاتێ ئه‌مه‌ حاڵی شاعیره‌، ئایا هه‌ڵوێستی ئه‌و كه‌سه‌ چۆنه‌ كه‌ نان و ئاوی ڕۆژانه‌ی له‌ شاعیر كردۆته‌ خه‌م و خه‌فه‌ت؟ ئایا ئه‌ویش هه‌مان هه‌ست و هه‌مان خۆشه‌ویستی و هه‌مان تێڕوانینی هه‌یه‌؟ یان بێ ئاگایه‌ له‌شاعیر؟ تۆبڵێی ئه‌و ئاگاداری حاڵی شاعیر بێت و به‌زه‌یه‌كی پێدا نه‌یه‌ته‌وه‌؟ ئێمه‌ لێره‌دا هیچ ناڵێین، به‌ڵكو هه‌ر به‌ شیعره‌كانی ئه‌مه‌ ده‌رده‌خه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌یان ده‌ڵێت:_

كه‌به‌سه‌یاره‌ی جام ڕه‌ش پێچ ده‌كه‌یته‌وه‌…
بۆماڵه‌وه‌..حه‌زده‌كه‌م چاوێكم لێبكه‌ی…ڵا47
شاعیر ته‌نانه‌ت به‌وه‌ش ڕازییه‌، یار تیله‌ چاوێكی بداتێ.ئه‌م هه‌ژارییه‌ له‌ده‌ربڕین له‌ ڕووی زمانی شیعرییه‌وه‌،ده‌ره‌نجامی نه‌بوونی خه‌یاڵی شیعرییه‌.یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌ دیاره‌كانی شاعیرانی ڕاسته‌قینه‌ بوونی خه‌یاڵێكی به‌رفراوانی شیعرییه‌ كه‌ ده‌كرێت هه‌موو گه‌ردوون به‌هه‌موو پێكهاته‌ فیزیكییه‌كانه‌وه‌ له‌ خۆبگرێت.دنیابینی هیچ شاعیرێك، نابێ هێنده‌ دۆگماو قه‌تیس كراوبێت كه‌ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی وێنه‌یه‌كی ناشیعری و ناهونه‌ری خۆی ببینێته‌وه‌.هه‌رشاعیرێك نه‌یتوانی ئه‌و خه‌یاڵه‌ شیعرییه‌ فراوانتربكات، بێگومان ناشتوانێت ڕووبه‌ری زمان و ده‌ربڕین له‌ شیعردا مه‌زنتر بكات.شێركۆ بێكه‌س بۆیه‌ تا مردیش توانی له‌ لوتكه‌ی شیعری كوردی بمێنێته‌وه‌،چونكه‌ ئه‌و خه‌یاڵه‌ شیعرییه‌ی هه‌بوو.پێچه‌وانه‌ی به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنیان هه‌رله‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌پووكێنه‌وه‌. چونكه‌ شیعر وزه‌ له‌زمان وه‌رده‌گرێت.چه‌ند زمان به‌ چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌ و ده‌ربڕینی نوێ تازه‌ بێته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ش شاعیر ده‌توانێت به‌رده‌وامی به‌ شیعر بدات.له‌نێو ئه‌و هه‌موو دیارده‌ جه‌نجاڵانه‌ی ژیان و ئه‌و هه‌موو شه‌كه‌تییه‌ی بووندا، خه‌یاڵی شاعیر لای ئوتومبێلی جام ڕه‌شه‌!به‌ومه‌رجه‌ی كچێكی تیابێت. بیرم ناكه‌وێته‌وه‌ كێیه‌ ده‌ڵێت:

(له‌دوای هۆلۆكۆست نووسینی شیعر كارێكی بێ مانایه‌).وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ كاریگه‌ریه‌تی ئه‌و كاره‌ساته‌ به‌سه‌ر ژیانی مرۆڤایه‌تیدا،كه‌چی له‌لای ئێمه‌ به‌شێك له‌وانه‌ی گوایه‌ شیعرده‌نووسن،دێن له‌ شیعره‌كانیان ڕیكلام بۆ(وه‌نه‌وشه‌ و لیگزز) ده‌كه‌ن. وه‌ك ئه‌وه‌ی قه‌یرانی وشه‌ و ده‌ربڕین بێت له‌ شیعردا.شاعیرله‌ ده‌مێكدا ئه‌و شیعرانه‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌ ،كه‌ هیچ ماڵێكی ئه‌م كوردستانه‌ نه‌بوو ڕۆژانه‌ شه‌هیدێكییان بۆ نه‌چێته‌وه‌ به‌رده‌رگا. ئه‌و له‌ كاتێكدا ئه‌م ده‌رده‌ دڵانه‌ به‌ناوی شیعر بڵاو ده‌كاته‌وه‌،كه‌ خه‌ریك بوو ڕێكخراوێكی تیرۆرستی وه‌ك داعش هه‌موومان سه‌رببڕێت و ئافره‌ته‌كانمان بكاته‌ كه‌نیزه‌ك. چه‌ند كیلۆمه‌ترێك مابوو شاره‌كه‌ی ئه‌و داگیربكات. كه‌چی ئه‌و تازه‌ به‌ تازه‌ فۆكسی له‌سه‌ر ئوتومبێلی جام ڕه‌شه‌و شه‌و و ڕۆژ شین و واوه‌یلایه‌تی بۆ یار.خوێنه‌ر كاتێ له‌ نێو ئه‌و هه‌موو ناشرینی و ئاڵۆزییه‌ی ژیاندا،خه‌یاڵی به‌شێك له‌ به‌ناوشیعری هه‌ندێك شاعیر ده‌بینێت،نزیكه‌ له‌وه‌ی هه‌رچی شیعری دنیا هه‌یه‌ له‌ به‌رچاوی بكه‌وێت.ئه‌فلاتوون كه‌ شاعیرانی فڕێداوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆماره‌كه‌ی، بڕوام وایه‌ له‌به‌ر ئه‌وجۆره‌ شیعرانه‌ بووه‌.شاعیربه‌رده‌وام ده‌بێت له‌ڕشتنی كه‌ف و كوڵی ناخی به‌ناوی شیعرو له‌ شیعرێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت:
تاڵێ له‌ قژت ده‌دزم..
تا له‌ جیاتی ناسنامه‌كه‌م..
له‌نێوجانتای گیرفانم بێت…ڵا41

باس له‌وه‌ناكه‌ین كه‌ چۆن جزدان و جانتای تێكه‌ڵ كردووه‌،چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ گیڕفان هه‌ڵده‌گیرێت جزدانه‌ نه‌ك جانتا، ته‌نها ده‌پرسین ئایا ده‌كرێت مرۆڤ هه‌مووناسنامه‌ی خۆی له‌ ژنێك و له‌ ژنیشدا له‌ تاڵه‌ قژێكی ببینێته‌وه‌؟هیچ كه‌سێك هه‌یه‌ ئاره‌زووی ئه‌وه‌بكات ببێته‌ كۆیله‌ و ده‌سته‌مۆی تاڵه‌ قژێكی یاره‌كه‌ی بێت؟ئه‌گه‌ر مرۆڤ چه‌ند ئاشقی مه‌عشوقه‌كه‌شی بێت،هیچ سنوورێكی بۆ ئه‌و كه‌سه‌ نه‌بێت كه‌ خۆشی ده‌وێت، ئایا مانای وایه‌ ناسنامه‌ی خۆی له‌ ئه‌ودا بتوێنێته‌وه‌ و هه‌موو بوون و ژیانی خۆی له‌ تاڵه‌ قژه‌كه‌ی ببینێته‌وه‌،تا سه‌ره‌نجام بوونی خۆشی نامێنێت.لۆركا كه‌ فاشسته‌كان شه‌هیدیان كرد، ئایا له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ تاڵه‌ قژێكی یاره‌كه‌ی له‌ گیرفاندابوو،یان داوای ئازادی و سه‌ربه‌ستی بۆ مرۆڤ ده‌كرد؟تۆبڵێی ئه‌گه‌ر هه‌رته‌نها له‌و جۆره‌ شیعرانه‌ی بنووسیبا، ئێستا لای مرۆڤایه‌تی نه‌مرببا؟یان ده‌كه‌وته‌ په‌راوێزی مێژوو. له‌ ئه‌زموونی ڕابردووی شیعری ئێمه‌دا،شیعر په‌یامێك بووه‌ كه‌ زۆرجار وه‌ك ڕیفۆرمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆڵی بینیوه‌ له‌ نێوكۆمه‌لگه‌دا.نه‌وه‌د ساڵ له‌ مه‌وبه‌ر، بێكه‌س داوا له‌ مرۆڤی كورد ده‌كات چاو له‌ ڕۆژئاوا بكه‌ن و كه‌شتی دروست بكه‌ن،كه‌چی تازه‌ به‌تازه‌ گوتاری به‌شێك له‌ شیعری ئه‌وانه‌ی شیعر ده‌نووسن، له‌ده‌وری تاڵه‌ قژو قردێله‌ی سوورو كوڵمه‌ی ئاڵ ده‌خولێته‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ به‌لاشیانه‌وه‌ جێی نیگه‌رانی بێت كه‌ بۆچی له‌باره‌ی شیعره‌كانییانه‌وه‌ هیچ نانووسرێت.زمانی به‌شێكی زۆر له‌و شیعرانه‌ چ له‌ ڕووی فۆڕمی شیعریی، یاخود له‌ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌،زمانێكی ساده‌ و میللین،وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌كان،هیچ جوانكارییه‌ك به‌ده‌قه‌كه‌ ناده‌ن كه‌ بشێ خوێنه‌ر ڕابگرن.به‌ڵكو ده‌توانرێت هه‌مان ئه‌و وشانه‌،له‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی نووسیندا، به‌ده‌ر له‌ ژانری شیعر ده‌رببردرێن. ئیدی ناونانیان به‌ شیعر نازانم چ نوێكارییه‌كی تێدایه‌.بۆنموونه‌ له‌ شیعرێكدا ده‌ڵێت:_

ژووری كتێبخانه‌ی ماڵه‌وه‌مان..
ده‌كه‌ن به‌ ژووری نان خواردن..
پڕی ده‌كه‌ن له‌كاونته‌ر،كه‌وچك و پلیت وقازان..
ڕۆژانی هه‌ینی ده‌عوه‌تی قه‌به‌ قه‌به‌ی لێده‌كه‌ن..ڵا78

خاڵێك كه‌ بۆمن وه‌ك خوێنه‌رێك جێگه‌ی سه‌رنجه‌ له‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و شیعرانه‌ی ئه‌مڕۆ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌،كه‌ هه‌موویان دواجار جۆرێك له‌ بره‌ودان به‌ تێركردنی گه‌ده‌ و خواردن ده‌ده‌ن. ئێمه‌ له‌ ئێستادا به‌شێكی زۆری لایه‌نه‌كانی ژیانمان بۆته‌ خه‌می خواردن و گه‌شت و سه‌یران. له‌ هه‌ر شارێك ڕوو له‌ هه‌ر كوچه‌ و كۆڵانێك بكه‌ین، مه‌حاڵه‌ چه‌ندین چێشتخانه‌ نه‌بینین.ئه‌و هه‌مووبایه‌خدانه‌ به‌خواردن، به‌بڕوای من گوزارشته‌ له‌وه‌ی كه‌ مرۆڤی كورد خه‌می گه‌ده‌یتی نه‌ك هزر. ده‌یه‌وێت گه‌ده‌ی تێر كات نه‌ك مێشكی.ئاشكراشه‌ كاتێ به‌شێكی زۆری تاكه‌كان،خه‌می سه‌ره‌كی ژیانیان بووه‌ پێداویستییه‌ جه‌سته‌ییه‌كان،ئه‌وا هزر هیچ بایه‌خێكی نامێنێت. كه‌ هزریش بایه‌خی نه‌ما،ئه‌وا گۆڕانكاریی و پێشكه‌وتن و به‌ره‌و ژیاریی چوون نایه‌نه‌ ئاراوه‌.كه‌م شیعری ئێستام بینیوه‌،به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان، دواجار شاعیره‌كانیان نه‌یانگێڕابێته‌وه‌ سه‌رخواردن.

نكۆڵی له‌وه‌ ناكرێت كه‌ هه‌موو بوونه‌وه‌رێك به‌خواردن ده‌ژیت،به‌ڵام ئایا ده‌بێ مرۆڤ خه‌می سه‌ره‌كی خواردن بێت؟بۆچی ده‌بێ خه‌یاڵی به‌شێكی زۆر له‌ شاعیرانی ئێمه‌ له‌ ئێستادا هه‌رته‌نها لای چێشتخانه‌ و كه‌وچك و قاپ وده‌عوه‌ت بێت؟ یاخود دنیابینی شیعرییان هێنده‌ سنووردارو بێ هێز بێت، ته‌نها ئه‌و كه‌رسته‌ و دیارده‌ سواو و بێ به‌هایانه‌ی ژیان ببینن؟ له‌كاتێكدا نیو سه‌ده‌ زیاتر له‌مه‌وبه‌ر، قانع له‌ ڕێی شیعره‌كانی به‌گژ هزری جیاوازی چینایه‌تی دادێته‌وه‌ و داوا له‌مرۆڤه‌كان ده‌كات پارووی نانه‌كانیان له‌گه‌ڵ براكانیان به‌ش بكه‌ن. له‌ڕاستیدا، هه‌موو ژانرێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری ده‌بێ دۆزێكی هه‌بێت و په‌یامێكی هه‌بێت. سه‌یری شانۆی كوردی بكه‌ن له‌ هه‌فتاكان وبه‌راوردی بكه‌ن به‌ شانۆی ئێستا، سه‌یری هونه‌ری گۆرانی و به‌شێكی زۆری شیعری ئێستا بكه‌ن به‌ به‌راورد به‌ قۆناغی هه‌شتاكان. ئه‌و كات چونكه‌ دۆزێك هه‌بوو، مرۆڤ چه‌قی بابه‌ته‌كان بوو، هه‌موو شتێك له‌ پێناو مرۆڤ و بۆ ئه‌ویش بوو،شانۆو گۆرانی و شیعر چه‌ند به‌هایان هه‌بوو، چه‌ند پیرۆز بوون و چۆن جه‌ماوه‌رێكی بێ شووماریان هه‌بوو.به‌ڵام له‌ ئێستادا چونكه‌ هه‌ڵگری په‌یامێك نین، چونكه‌ له‌ خزمه‌ت ئینسانیه‌ت وجوانتركردنی ژیان دانین و هه‌ر ته‌نها ده‌رده‌ دڵێكی ساده‌ و ساكارن به‌زمانێكی هه‌ژار، ده‌بینین چۆن شیعر باوی نه‌ماوه‌ و چۆن هۆڵی شانۆكانمان خاڵین.چۆن شیعر له‌ پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌ دایه‌ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی دوایین ژانره‌ بیر له‌ چاپكردنی بكرێته‌وه‌ له‌ نێوه‌نده‌كانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌.له‌ چۆڕاوی تریفه‌دا، له‌ به‌ شێكی زۆری شیعره‌كاندا نووسه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستی بووه‌ كێش و سه‌رواو ڕیتمی شیعره‌كه‌ی تێكنه‌چێت، ئه‌وه‌نده‌ وێنه‌ی هونه‌ری و ڕه‌هه‌ندی واتایی شیعره‌كانی مه‌به‌ست نه‌بووه‌. به‌ده‌ربرینێكی تر،شاعیربه‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ خه‌یاڵی دابێت كه‌ هاوتاكردنی سه‌رواكان گۆڕانكاری له‌مانای وشه‌كان دروست ده‌كات یاخودنا،وشه‌كانی هاوسه‌روا كردووه‌.بۆنموونه‌:له‌دێره‌ شیعرێكدا ده‌ڵێت:_

مه‌دالیاوكلیله‌كانم…
سه‌عاته‌ زنجیرداره‌ سێ قورمیشیه‌كه‌ی…
باسكم….ڵا113

بۆ ئه‌وه‌ی، له‌ڕووی ریتمی ناوه‌كییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌ی كلیله‌كانم بێته‌وه‌، هاتووه‌ كاتژمێری خستۆته‌ باسكی.چونكه‌ هه‌ردووكیان به‌پیتی میم كۆتاییان دێت.واته‌ جیاوازی نه‌كردووه‌ له‌نێوان باسك وده‌ست. چونكه‌ ده‌بووبزانێت سه‌عات له‌ده‌ست ده‌كرێت نه‌ له‌ باسك. هه‌رگیز ناوترێت سعاتێكی له‌باسك دابوو، به‌ڵكو هه‌میشه‌ ده‌وترێت سعاتێكی له‌ده‌ست دابوو.چونكه‌ ده‌ست و ئانیشك و قۆڵ،هه‌موویان هه‌رباسكن،به‌ڵام سێ واتای جیاوازو ئاماژه‌ن بۆسێ شوێنی جیاواز له‌ قۆڵی مرۆڤ.به‌هه‌مان شێوه‌ له‌شوێنێكی تریشداده‌ڵێت:(نه‌ی بژه‌نن)له‌كاتێكدا،نه‌ی ناژه‌ندرێت به‌ڵكولێده‌درێت.چونكه‌ نه‌ی له‌ئامێره‌ ژێداره‌كان نییه‌،به‌ڵكو له‌ فووداره‌كانه‌.ژه‌نین بۆئامێره‌ ژێداره‌كانه‌.ئه‌م ورده‌كاریانه‌ له‌ده‌ربڕین له‌ زماندا، بێگومان وردبینی و هه‌ڵوه‌سته‌كردنی ده‌وێت. چونكه‌ زمانی نووسین به‌گشتی یه‌كه‌یه‌كی بابه‌تی به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدراوه‌،به‌هه‌ڵه‌ نووسینی هه‌ر وشه‌یه‌ك، ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی گۆڕینی ته‌واوی مانای ڕسته‌كه‌. خاڵێكی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ گرنگه‌ ئاماژه‌ی پێ بكه‌م له‌ چۆڕاوی تریفه‌دا ئه‌وه‌یه‌، كه‌له‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌دا خوێنه‌ر به‌ به‌ر سه‌دان وشه‌ی دووباره‌بووه‌وه‌ ده‌كه‌وێت.به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و وشانه‌ له‌ شیعره‌كان ده‌ربهێنین، ڕه‌نگه‌ شتێكی ئه‌وتۆیان له‌په‌یڤی شیعری لێ نه‌مێنێته‌وه‌.له‌كاتێكدا زمان فابریكای به‌رهه‌م هێنانی شیعره‌.شاعیرچه‌ند له‌ زماندا پێشبكه‌وێت و نوێبێته‌وه‌،ئه‌وه‌نده‌ ده‌توانێت به‌رده‌وامی به‌شیعر نووسین بدات.ده‌نا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وجه‌نگاوه‌ره‌ی لێدێت كه‌ به‌ چه‌ند گولله‌یه‌ك ده‌یه‌وێت شه‌ڕێكی درێژخایه‌ن و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بكات و سه‌ره‌نجامیش ده‌دۆڕێت.دنیابینی به‌شێك له‌ شاعیرانی ئێمه‌ له‌ئاست وشه‌دا هێنده‌ هه‌ژارو سنوورداره‌،وشه‌یه‌ك ده‌یان جار دووباره‌ و سه‌دباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌شیعر وهه‌رجاره‌ و به‌شێوه‌یه‌كیش.بۆ ئه‌وه‌ی واپیشانی خوێنه‌ری بده‌ن، كه‌ شتێكی جیاوازییان نووسیوه‌.له‌ چۆڕاوی تریفه‌دا،ده‌یان وشه‌دووباره‌كراونه‌ته‌وه‌.وه‌ك:(شالوور-قژ-قردێله‌مه‌ره‌كه‌بقه‌له‌می شیڤه‌رو پاندانخۆرشوهبتیشك
پاییزتاڵ-ڕوخسارخه‌زه‌ڵ_تریفه‌).ئه‌مانه‌ و گه‌لێك وشه‌ی دیكه‌ش كه‌ ئه‌گه‌رله‌ دیوانه‌كه‌یان ده‌ربهێنین،شتێكی ئه‌وتۆ له‌شیعره‌كان نامێنێته‌وه‌.له‌كاتێكدا وه‌ك باسمان كرد زمان بنه‌مای سه‌ره‌كی شیعره‌.هیچ شاعیرێك ناتوانێت به‌رده‌وامی به‌شیعرنووسین بدات و داهێنان بكات ئه‌گه‌ردنیابینی ته‌نها له‌ده‌وری چه‌ند وشه‌یه‌كی دیاریكراوخولایه‌وه‌.دواجارده‌مه‌وێ ئاماژه‌به‌وه‌ بده‌م كه‌ شیعرژانری نوخبه‌یه‌.شیعربه‌ندبێژی میللی نییه‌ هه‌زاران و ملیۆنان گوێگری هه‌بێت. بۆیه‌ ده‌بێ به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی شیعر ده‌نووسن ئه‌وه‌ بزانن كه‌ خوێنه‌ر ناتوانێت ده‌رده‌ دڵه‌كانیان به‌ ناوی شیعر بخوێنێته‌وه‌.شیعر په‌یام و جوانی و مانایه‌.ده‌بێ خوێنه‌ر ڕابگرێت و هه‌ستی ڕامان و بیركردنه‌وه‌ی لا دروست بكات.ده‌نا هه‌رگیزاو هه‌رگیزخوێنه‌ره‌ وشیاره‌كانی شیعر ناتوانن ده‌رده‌ دڵه‌كان له‌ شیعردا پۆلین بكه‌ن وببینن. چونكه‌ بڕواناكه‌م هیچ كه‌سێك نه‌بێت له‌ ئێمه‌ ده‌رده‌دڵێكی نه‌بێت،جا تایبه‌تی یاخود گشتی.ئه‌گه‌ر ده‌رده‌ دڵیش به‌ شیعر بزانین، ئه‌وا دواجار هه‌موومان بێ جیاوازی شاعیرین!!!!…

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

*په‌راوێز/چۆڕاوی تریفه‌/شیعر/ عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی/ساڵی چاپ 2017_هه‌ولێر…

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر) ژماره‌(3069)ڕۆژی 24_4_2019بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…




برياروابوو ئەم بەهارە زەويەكە بژار بكەین، نەك تەرمەكەت دفنكەن!

بەهادین حاجی بەکری دارتاش ناسراو بە ریبوار عارف

لە یەکەمین چرکەساتەکانی بینینیدا لە سیمای ئەم ئينسانەدا ھەستم بە ماندویەتی و خەمۆکیەکی یەکجار گەورە دەکرد…. سیَ مانگ لەمەوبەر بەهۆي برادەريكمەوە هەوالی ئەوەم بیست کە فەریدون گۆمانی ئەوەی لی دەکریت کە دەرمانخواردکرابیت و ئیستە لە خستەخانەیەکی سلیمانی کەتووەو دەیەویت بگەریتەوە بۆ فینلاند. بەلام لەوی دەبیت کەسیک هاوکاری بکات بۆ ئەوەی کە تا چەند رۆژیک کارەکانی دەکەویتە سەرپی خۆی …. پاش گەرانەوەی بۆ فینلاند هەمان رۆژ چووم بەدەمیەوە… ھێشتا دەستووپەنجەم لە نێو دەستیدا بوو بەکشانەوەی دەستی ئەو پەیامەی پێگەیاندم کەناتوانیت ئەوەندە نزیکی ھیچ کەسیک بیتەوە…

دواتر بەمەبەستی گەرانەوە بۆ مالی خۆمان چووین بۆ مێترۆو گەڕاینەوە بۆ ماڵی خۆمان… بەریگەوە دەمووێست ئەو دیواری نائاشنابوون یەکترنەناسینە تێکبشکێنم و واھەست نەکات کە دەچێتە ماڵی کەسێکێ زۆر نائاشناو نامۆوە… دەستمکرد بە قسەوباسو هەوالپرسی… بەڵام ئەو ھەندێجار بە ’’ بەڵێ، ڕاستە، وایە، ئەیچی و جاجارەش بەبادانی سەری وەڵامی دەدامەوە…’’ پیَشوەخت کەمیکم لە نەهامەتیەکانی ژیانی ئەم ئینسانە لە زمانی کەسە نزیکەکانی خۆیەوە بیستبوو، کەمیَک ئامادە بووم بۆ تیَگەشتن لەحالەتەکە. درەنگ وەختیَک لە هۆلی دانیشتنەکەی مالەوەمان بۆ تیکشکانی ئەو بیدەنگیە تەلەفزیونەکەم داگیرساندو کەوتمە قسەکردن… لەراستیدا ئەو هەر لەسەر سکەی خۆی بوو بەهەمان شێوە لەگەل بێدەنگیدا ژوانی دەگرت…

بۆ ئەوەی هەست بەگوشاریکی ئەوتۆ نەکات من کەمیک خۆم بە پرکردنەوەی فۆرمی شوینی وەرگیرانەکانی سبەینیمەوە مشغول کردو دواتر ووتم حەتمەن کەمیک ماندویت ئەگەر حەزدەکەیت پشوو بدەیت ئەوا پیداویستیەکانت بۆ دینم و لیرەدا پشوو بدەو پاشان بخەوە …. هیشتا قسەکەم لە دەما تەواو نەکردبوو لیوەرگرتم و بەخیرا ووتی ئەریوەلا هەر زۆر ماندو باشترە بخەوم، ئەگەر بتوانم…. بەهەرحال بۆ سبەی بەیانی زوو من لەخەو هەستام و چوم بۆ سەرکارەکەم… دوای نیوەرؤی رۆژی دواتر لە دەرەوە تەلفونیکم بۆ کردو ووتم وەرە دەرەوە بە بچین بەدەم کارەکانەوە…. ئاخەر ئەو کاتیک کە گەرایەوە بۆ فینلاند لەسەر تەختی نەخۆشخانە هەستابووەوەو دەبوو فەحس و چاودیریەکی تەواوی بکریت، چونکە حالەتیکی گوماناوی هەبوو بەوەی کە ئایا دەرمانخواردکراوە یان خۆی دەرمانی خواردوە… بۆیە دەبوو دەست بەجی بیگەیەنینە لای پزیشك، دواتر چوین بۆ ئیدارەی سوسیال و بانک و بەدواچوونی ئەوەی کە پیشتر کەمیک قەرزاربوو… بۆ ئەوەی کە ناوی رەش نەبیتەوە چوین پارەکەمانداو کیشەی بانک و هەندی کاری تری ئیداریمان تەواوکردو دواین کاریک کە زۆر ماندوی کردین دۆزینەوەی خانوویەک بوو کە سەرئەنجام پاش دوو هەفتە خانووشمان دۆزیەوە ئیتر فەریدون چوون مالی خۆی !

زۆرم بۆ گرنگ بوو لەو ماوەیەدا کۆدی قسەکردنی فەریدون بدۆزمەوە بزانم بە چ باس و بابەتیک دیتە سەرخەت، دەبیت دان بەوەدا بنیم کە کاریکی ئاسان نەبوو… بەلام ئاگاداربووم کە پیشتر برایەکی لەنیو ریزەکانی پیشمەرگەی کۆمەلەدا گیانی لەدەست دابوو… دواتر بە گیرانەوەی دەورانی رابردو باسی مالەوەو براکانی و دایکی… لیرەوە ئیتر زمانی پژاو هەندیک جار بە رۆچونیکی زۆر پر تاسەو حەسرەتەوە دەکەوتە سەر گیرانەوەی باسەکان… لەهەموو شت ناخۆشترو پر ئازارتر شیوازی ژایان وهەژاریەک بوو کە هەر لە مندالیەوە دامنگیری ئەم خیزانە ببوو… فەریدون باسی ئەوەی دەکرد کە چۆن بەهۆی برا پیشمەرگەکەیەوە ئیتلاعات و دەزگا ئەمنیەکانی حکومەتی جمهوری ئیسلامی وەک ریگەی کانی بە دەستگیرکردنی ئەم دایکی مالەوەیان ئاشناببوون… بە تایبەت ئەمە لەکاتیکدابوو کە دایکیشی ژنیکی زۆر چالاکو هەلسورابووەو هەواداری کۆمەلە بووە… دەیگیرایەوە کە یەکەمین جار کە لەگەل دایکیدا زیندانی کرا تەمەنی 13 سال بوو بەلام بەهۆی نەبوونی خواردنی پیوست لە زیندانا جاربەجار ریگەیان پێدەدا کە بچیتە دەرەوە شتێک بکرێت…

لەبەر نەبوونی دایکی هەرجارە دەینارد بۆ لای ئاشنایەکی کەمیک پارەی بەقەرزو پیبدات بۆ کرینی هەندیک نان و تەماتەو خەیار بیهینیتەوە بۆ زیندان… کاتیَک کەباسی ئەشکەنجەی زیندانیەکانی تری دەکرد بەشیوەیەک سیمای دەگۆرا کەهەستت بە ژان و جێی ئەشکەنجەکە بە جەستەی ئەمەوە دەکرد … لەکاتیکدا کە ئەم تەنیا داستانی نیو زیندانەکەی دەگیرایەوە… بە کورتی داستانی ژیانی پر نەهامەتی ئەم ئینسانە یەکجار زۆر پر ئازاربوو، هەستم دەکرد هەندیک جار پیخۆش بوو وەک دەردە دلیەک باسیان بکات و ئاوریکیان لی بداتەوە… ئەوەی جیگەی سەرنج بوو لە گیرانەوەی داستانی ژیانی دایکیدا جۆریک دلخۆشکردن بوو بەوەی کە چۆن دایکی وەک تەنیا ریگەیەک بۆ بژیوی ژیانیان پەنای بردوەتە بەر جل شتن و نانی کردنی مالان، بەجۆریک کە هەندی جار نیوەی پارەکەی وەردەگرت و بەشیکیش چەند مووچەیەک نانی لەباتی پارەکە وەردەگرت و چەند رۆژیک لەگەل قابلەمەیەک ماست و کەمیک تەماتەدا ژیانیان لەگەلدا بەسەر دەبرد ….
لەماوەی ئەو دوو هەفتەدا ئەوەی کە لەهەموو شتیک زیاتر منی ئازار دەدا ئەوە بوو کە شەوانە دەخەوت بەدەم خەوەوە دەینالاندو هاواری دەکرد دایە گیان دایە گیان… دواین رۆژیک کە ئەو ئیتر چووە مالی خۆیان پیکەوە چووینە دەرەوە، من بۆ سەر کارو ئەویش بۆ پاك کردنەوەو شتنی مالەکەی خۆی… پیمووت فەرە گیان من تەنیا بەرۆژدا تەلفونت بۆ دەکەم بەلام هیوادارم تۆ هەرگیز سەیری سەعاتەکەت نەکەیت کەی ویستت تیلیم بۆبکە… لەوەلامدا ووتی هەول دەدەم ئەگەر کاریکم هەبوو تەلفونت بۆ بکەم، بەلام بەراستی زۆریش بۆ سەختە … ووتم بۆ وادەلیت…

وتی کاک ریبوار تۆ زۆر جیاواز بیر لە ژیان دەکەیتەوەو منیش هەست دەکەم میوای ئەمرۆ سبەیم لەم ژیانەدا…. زۆرباش لە پەیمامەکەی حالی بووم بەلام خۆم کرد بە گیل و ووتم ’’ ئی کاکە گیان خۆ ئیمە ژیانمان قۆنتەرات نەکردوە ئیمەش ئەمرۆ سبەی هەر ئەم ژیانە بەجی دیلین، بەلام مرۆڤ تا ئەو شوینەی کە هەیە دەبیت لەهەولی بنیادنانی ژیاندا بیت…’’ دواتر ووتی من کاتیک کە سەیری ئەو گرتەیەم کرد کە بۆ مەرگی ئەو خزمەتان قسەت کردوە لەمە حالی بووم … کە دیاربوو مەبەستی گرتەیەک بوو کە پیشتر بۆ چلەی کاکە ریهاتی حەمە عەزە قسەمکردبوو … لە وەلامدا ووتم بۆ خراپم کردوە؟ ووتی نا تۆ خراپت نەکردوە بەلام تۆ نەتوانی ریگە لە بریاری ئەو بگریت تا دەستی نەچیتە خۆی و کۆتای بە ژیان بهینیت… بەجۆریک قسەکەم گوری و بەلام لەو ساتەوە بەردەم لە دلە خورپەی چارەنووسی ئەم ئینسانەدا بووم… هەربۆیە دەموویست ریگەو رەوشتی جیاواز بگرمەبەر بۆ بینین و بەسەر کردنەوەی بەلام بەداخەوە زۆر بە ئاساتەم ریگەی نزیک بوونەوەی دەدا کاتیکیش کە دەمبینی ئەوەندە بیدەنگ وجوڵە بوو هەستم بەوە دەکرد کە من فشار بۆ ئەم ئنیسانە دینم. ئاخەر دوانین ریگەیەک کە گرتمەبەر لەگەلیا ئەوەبوو کە بە جموجۆل و مەلەو ریگە رۆشتن مشغولی بکەم، بەلام بۆئەوەی کە ریگەم لی بگریت دەیگوت کاک ریبوار من هەموو رۆژیک چوار سەعات بە تەنیا دەچم بۆ پیاسەکردني نيو دارستان…

دواین جار کە بینیم پیشنیاری ئەوەم پیکرد کە زەویەک لە شارەوانی بگرین بەکریَ بۆ ئەوەی ئەم بەهارە سەوزەی تیدا بکەین… پیشنیارەکەمی پەسەندکرد بەلام بەداخەوە فریای بژارکردنی زەویەکە نەکەوت لەگەلماو ئەو بيشتر گەرايەوە بؤ كوردستان و دوینی ( پۆلیسی راپەڕین ئااشکرای کرد کە تەرمی کەسێک گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی رانیە، کە ڕەگەزنامەی فینلاندی هەیە بە نای ( ف. ئـ) … هەرچەندە لێکۆڵینه‌وه‌ش له‌سه‌ر ڕووداوه‌که‌ به‌رده‌وامه‌و تائیستە روون نەبووتەوە کە ئەو کەسە خۆی خنکاندووه‌ یان خنکێندراوه. بەهەرحال بەدەر لەوەی کە لیکولینەوە بە چ ئەنجامیک دەگات، بەلام لە مەرگی ئەم ئینسانەدا زۆر بەداخەوە دەبیت بلیم فەرە گیان یادت بەرزو بەریز بیت ئەی ئینسانە ستەمدیدەو ژیان پرکارساتەکە، خۆزگە بەلێنەکەت دەبردە سەرو ریگەت دەدا ئەم بەهارە پیکەوە بژاری ئەو زەویەمان بکردایە کە لەخەیالی خۆمدا هەنگاویکی باش بوو بۆ بژارکردنەوەی ژیانی خۆشت بە دەر لە هەر مناقەشەو قسەوباسیک کە تۆ ئەهلی نەبوویت، وویستم لە ریگەی چاندن و تووکردن و ئاودان و بژارەوە جاریکتر پیکەوە تۆی سەرلەنوی ژیانەوە بچینینەوە… بەلام بەداخەوە فەرە گیان من سەرکەوتوو نەبووم و ئاخەر تۆ بەلینەکەی خۆت نەبردە سەرو پەلەت بوو بۆ مال ئاوای کردنی تەواوەتی لە ژیان!




لكه‌كان … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

ڕێژه‌ن

ئاشنای هه‌موو پیته‌كانی هێمای چاوبووم

دڵم گه‌لێك ئارامه‌و هه‌سته‌كانم كه‌وتوونه‌ته‌خه‌ونبینین

پشوویه‌ك به ‌ئه‌سپه‌كه‌م ده‌ده‌م و ئه‌و شادییه‌ده‌دره‌وشێنمه‌وه‌

فرمێسكی به ‌تاسه‌گه‌یشتن به‌ڕوومه‌ته‌كانمه‌وهببینن

به‌هیوام ڕۆژێك له‌زه‌نگ و ده‌فی فرمێسكه‌كانمدا

من له‌خودادا و خودا له‌مندا شه‌ڕ بكه‌ین

سوپه‌ری به‌رگری بشكێ و یه‌ك یه‌كمان شه‌هید بكه‌ین

باوه‌شێنه ‌حه‌سیره‌كه‌م له‌سه‌ر به‌ردێكی به‌هره‌مه‌ند داده‌نێم

گۆزه‌یه‌ك شه‌رابی قه‌رد وه‌رده‌گرمه‌وه‌

ده‌ستنوێژ ده‌شۆم و ڕۆژووی پێ ده‌شكێنم

خه‌یاڵم بۆ هه‌موو شوێنێك ده‌ڕوا

له ‌هه‌موو شوێنێكیش دێته‌وه‌

ئاهه‌نگ بۆ ئه‌و گوڵانه‌ده‌گێڕم به‌هار پشكووتنی دواخستوون

هێزی پشكووتنیش مێوانی وه‌خته‌و پرسیارێكم له‌به‌رده‌م باڵنده‌یه‌كی خۆشبێژ

جارێكی تر ده‌رده‌كه‌وم و به‌رهه‌وا ده‌كه‌ومه‌وه‌

من به‌ناو دڵسۆزییه‌ك كه‌هه‌مه‌تێده‌په‌ڕم و ده‌چمه‌ئه‌نوای

تا هه‌ست به‌ئاوێنه‌ی به‌رانبه‌ر بكه‌م

ئه‌میش به‌ناو مندا دێته‌وه‌و دیارییه‌كانی ده‌گه‌یه‌نێ

شه‌و و ڕۆژ له‌جوانی به‌دی هاتووه‌و به‌ده‌ستیده‌هێنین

چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆری ویست تا مرۆڤ هاته‌ناو ئاوێنه‌

به ‌ده‌ستی به ‌نێرگزه‌وه‌له‌گه‌ڵی دوام

ئاداری 2019 هه‌ولێر

خودا

ڕێبوارێكی خومار و به‌ختیارم له‌شه‌قامی تۆدا

خۆر له‌سه‌ر ناوچه‌وانم ماوه‌ته‌وه‌و هه‌زار جیهانی تێدا دره‌وشاوه‌یه‌

هه‌زاریش شاراوه‌

هه‌موو خواستێكی خۆم له‌بیركردووه‌

ته‌نیا بیر له‌ئه‌ستێره‌گوێڕایه‌ڵه‌كانی‌تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌

له ‌زاتتدا بوێر ده‌ژیم و مۆسیقای تاسه‌م لێ ده‌تكێت

مه‌یه‌كم ناسی و خواردمه‌وه‌

واتای تاهه‌تایی دامێ

تاهه‌تایی ته‌واوی هه‌قیقه‌ته ‌‌و نه‌ناسراوم پێ ده‌ناسێنێ و خۆم تێدا زیندوو ده‌كاته‌وه‌

ڕیزێك مۆم له‌سه‌ر سینی ماڵ داده‌گیرسێت

مۆم دڵی ده‌هێنێته‌ناو دڵمان و خوماری هه‌مووانه‌

ئاداری 2019 هه‌ولێر

نزایەك بۆ دیدار

بای چاوسووربوو زەوی بریندار دەكات

هێلكەش لە هێلانەی خۆشنوود دەترووكێ

باڵندە لە هەوای پاراودا باڵی تەواو دەكاتەوە و بۆنی خۆشی خودا چاوی گەورە دەكات

گوللەش لە ئاسمان ڕووەو ناپاكی دەڕوا

زەوی بریندار چاوەڕوانی قوربانییەكانییەتی

گوللەی ناپاكیش ڕێوڕەسمی چاوەڕوانی نازانێت

چی چلچرا لە ناوچەوانی كۆشك هەڵواسراوە فریودەرە

چاو دادەخەم گوڵ و خەون دەسووتێن

چاوی ڕوونی پێغەمبەر لە خەوهەڵسا و نەرم و سووك پەنجەیبە پێڵوومدا هێنا

چاوی گوڵەبەڕۆژەی لەچاومدا چاند و بە هەموو دەنگێك لەگەڵم دوا

شاعیرێكی شەهید بەسەر زینی ئەسپەكەیەوە دێتەوە

دەڵێت خوێنم بۆ كۆكردنەوەی پەراوێزەكان بەكاربهێنن

حیكمەتی بەكارهێنان هەزار و یەك جەزبەی هەیە

یەكەمینیان نزا و نوێژی منە بۆ دیدار و بۆنی خۆشی خودا

تا زووە كەشتییەكەم دەخەمە ئاوەوە

وەك نائومێدی بەپەلە دەگەمە قووڵایی

قووڵایی له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتن له‌جیهان و زه‌منناسین به‌رانبه‌ره‌

                                            نیسانی 2019 هەولێر

جەللاد

بە كراسێكی سووف و چاوی خومارەوە

لە جەستە و گیانی خۆمدا خەوتم

كوشتمی و خەنجەرەكەی لەسەر كتێبەكانی دانا

لە كتێبخانەی لەیادچوواندا

لە هەواڵەكە بپرسن و خەنجەرەكە ببەنە پزیشكی دادوەریی

كەسێك لە بیرەوەرییە سەرپەڕه‌كان مابێتەوە و لە گۆرانی سەرچاوەكاندا ئاواز بێت

بە گەرمایی نیگایەك بەهرەی بە شاخی كەڵەكێویی وەبكات

پیت لە حیكمەتی ناوی ئەو پاراوتر نییە بۆ ناوێكی بەختیار

دەبینین لە ڕاوی دووپشككوژیی دێتەوە

دەچێت ژێر كووپەی غەزەل دەڕشێنێ

لە مەیخانەی مەحوی مێزێكی تاكییم خەمڵاندووە

پیاڵە ئه‌ی ئاگری گه‌وره‌ی ڕێبواری ته‌نیا لە دڵەوە دەمناسی

بۆ پڕ نابی

تكایە دڵڕاگرییم بكە

تا لێت نەڕژێ ناتخۆمەوە

  • * *

تاوانبارم داوای پەقرەجێكی كرد ئازاد نەمڕشتێ و جۆنیم نه‌كوتا

چووم له ‌ڕووناكترین شوێنی جیهان

له ‌په‌نا شیعردا وه‌ستام

  • * *

هەموویان هەتاوی پڕی سەر شووشەی كتێبخانە دەناسن

تەنیا له‌گه‌ڵ دڵی خۆم دانیشتووم و زۆر بیردەكەمەوە

شیعر ژیانی ڕووناك كردم بینیم

ڕوخساری لەبیرناكەم

مانگ لە ڕوخسارە لەبیرنەكراوەكان پشكووتووه‌و په‌ڕۆی نه‌زری به‌ستووه‌

نیسانی 2019 هەولێر

پرسیاری سپی

لە هەموو جەنگەكاندا جەنگام و لە ناوی سەركەوتووی تۆم پرسی

گەیشتمە خەونی جوانكردنی جیهان

ناشمەوێ ناوی پاشاكان بزانم

وەڵامدەر خاوەنی هیچ زمانێك نەبوو

شكۆی چاوەڕوانی بۆڕژاندم

تكایە بەردەوامبە

لە ماندووبوونی خۆم نزیك بوومەوە

بێهاوتایی هەمووڕۆژێ لە دایك نابێت

نازانم چارۆگە هاوڕێی بایە یان بەگژیدا دەچێتەوە

وریابە ئەی پرسیاركار

قەقنەس قەتاوقەت لەوە بە گومان نییە كە نافڕێ

باڵندە لەئاسماندا خاچی بە دەنووكەوەیە

هێلانەی زەینی پێ دادەنێ

نامەردان سڕ و داماو دەبێ چاویان بشۆن

ئاویش لە حەوز و گۆزەیان نییە

ئایاری 2019 هەولێر




فیلمه‌کانی خه‌ڵکناسیی وڵاتی ئازه‌ربایجان له‌ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی وارش نمایش ده‌کرێت

مه‌نووچێهر جیهانی ـ به‌ مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندیی و هاوکاریی زیاتر له‌گه‌ڵ سینه‌ماکارانی وڵاتانی به‌شی ناوچه‌ی ده‌ریای کاسپیه‌ن، فیلمه‌کانی خه‌ڵکناسیی وڵاتی ئازه‌ربایجان له‌ نۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش” نمایش ده‌کرێن.
به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش”، نۆهه‌مین خولی ئه‌م رووداوه‌ فه‌رهه‌نگییه‌ به‌ ئامانجی به‌هێزکردن و پاڵپشتی کردن له‌ به‌رهه‌م گه‌لێک به‌ ته‌وه‌ری بابه‌تی خه‌ڵکناسی، جه‌خت کردنه‌وه‌ له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگ و که‌له‌پووری گشتی و په‌یوه‌ندیی و هاوکاریی زیاتر له‌گه‌ڵ سینه‌ماکارانی وڵاتانی به‌شی ناوچه‌ی ده‌ریای کاسپیه‌ن و به‌ستێنی شارستانییه‌تی میراتی کلتووریی هاوبه‌ش، فیلمه‌کانی خه‌ڵکناسیی وڵاتی ئازه‌ربایجان نمایش ده‌کات.
نۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش” Varesh هه‌روه‌ها بابه‌ت گه‌لێکی وه‌کوو؛ دابونه‌ریت و سونه‌ته‌کانی هه‌ڵسوکه‌وت و کرداری، گوتاری و ژین و ژیاری خه‌ڵک له‌خۆ ده‌گرێت.
به‌پێی بانگه‌وازی ئه‌م فێستیڤاڵه‌، دابونه‌ریت و سونه‌ته‌کانی هه‌ڵسوکه‌وت و کرداریی خه‌ڵک پێکهاتووه‌ له‌؛ فیلم گه‌لێکی سینه‌مایی و به‌ڵگه‌یی سه‌باره‌ت به‌ بۆنه‌ و رێوڕه‌سمه‌کان، شێوازه‌کانی ژیان، دابونه‌ریت و ره‌سه‌نایه‌تییه‌کان، هۆگری و خوو خده‌ و عاده‌ته‌ باوه‌کان، جه‌ژنه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی، یارییه‌کانی گشتیی و خۆماڵی جه‌ماوه‌ری و هتد.
فیلم گه‌لێک به‌ ته‌وه‌ری چیرۆکه‌کانی گشتیی خه‌ڵک، چیرۆکه‌کانی ئه‌خلاقی، په‌ند و نه‌سیحه‌ت ئامێز و ئه‌ویندارانه‌، لای لایه‌کان، سۆز و ده‌نگ و ئاوازه‌کان، به‌سته‌ و مه‌قام و گۆرانییه‌کان‌‌، شینگێڕییه‌کان، هۆزان و شیعره‌کانی خۆجێیی و خۆماڵی، ئه‌فسانه‌ کۆنه‌کان و په‌ند و مه‌ته‌ڵ و ته‌مسیل و هتد ده‌چنه‌‌ ده‌سته‌ی نه‌ریته‌ ره‌سه‌نه‌کانی گوتاری و ئاخاوتنی و هه‌روه‌ها به‌شی ره‌سه‌نایه‌تییه‌کانی ژیان پێکهاتووه‌ له‌ فیلم گه‌لێک به‌ ته‌وه‌ری بیناسازیی خۆماڵی، شێوازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له‌ ژیانی کشتوکاڵی، ئاژه‌ڵداری و ڕاوکردن و که‌ڵک وه‌گرتن له‌ جه‌نگه‌ڵ و دارستانی چڕ، پیشه‌ ده‌ستییه‌کان و مافووره‌ و ده‌ستچنه‌کان و جلوبه‌رگ، فه‌رهه‌نگی چیشت و خواردنه‌کانی خۆماڵی، بازاڕ و ئاڵوگۆڕ کردنی شتومه‌ک.
نۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش” به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی “مێهدی قوربان پوور” له‌ مانگی ئه‌پڕیلی 2019 رێکه‌وتی گوڵانی 1398ی هه‌تاوی له‌ هه‌ندێک له‌ شاره‌کانی پارێزگای مازه‌نده‌ران له‌ باکووری وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.




جوگرافیای شوێن و ئەدەبی نائومێد … نیهاد جامی

شوێنەکان لەخەیاڵی مرۆڤدا زادەی فانتازیان، شارەکان هێندە دوورن مەودای نێوان ئێمە و شارەکان ڕووبەری خەیاڵین، گەیشتن بەشارەکان ڕزگاربوونە لەبێمانایی ئێرە، ئەو بیرکردنەوەیە لەکوێوە هات کەوا خۆرئاوا شوێنەکە بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤ؟
هەر چەشنە پرسیارێکی لەم جۆرە کاتێک لەساتەوەختێکی بەرایی تەمەن داگیرمان دەکات، وابەستەی یەکەم ساتەوەختەکانی خەون بینینە، کتێبێک یا فیلمێک بەسە بۆ ئەوەی لەڕێی خەیاڵەوە بفڕین و سەفەر بکەین بۆ دوورترین شوێنی دنیا، ئەوە گەڕانەوەیە بۆ نێو مناڵی، هەڵدانەوەی لاپەڕەی لەیادکراوی تەمەنە، بۆ ڕۆژگارێک کە خەون بینین بە پایتەختەکان هێندە فانتازی بوون، کاتێک دەچینە ناو شارەکان تێدەگەین، لەنێوان فانتازیاکانی ئێمە و جوگرافیای شوێن، جیاوازیەکی گەورە هەیە، ئەوە ئێمە بووین شارەکانمان هێندە جوان کردبوو، دەنا شوین چەندە هەڵگری مانای ئازادی و جوانی بێت، هێشتا ئەو مانا فانتازیە ناخوڵقێنێت کە لەزهنی ئێمەدا بوونی هەیە.

ئەوە خوێندنەوەی کتێب و سەیرکردنی فیلمەکان بوو وای لەشارەکان کرد وێنەی فانتازیمان بۆ بخولقێنن، دەنا لەواقیعدا شوینێک نیە هەڵگری فانتازیا بێت، دەبێت خۆمان فریوو نەدەین، شارە خەیاڵیەکان زادەی ناو ئەدەب و هونەرە، لەدەرەوەی بونیادە خەیاڵیەکەی، شوێن هەڵگری بونیادی جوگرافی خۆیەتی، وێناکردنی خۆرئاوا وەک شوێنی خەیاڵ پەیوەست نیە بە شوێنەوە، بەڵکو زادەی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیە، ئەوە گەشەسەندنی کولتوور وئازادبوونی فەردە، وایکردووە تێکەڵبوونی مرۆڤ بە شوێن وێنەی دنیایەکی نوێ بخوڵقێنێت، دنیایەک لەدەرەوەی فیکری توند وتیژی بژیێت.

کاتێک لەناو دڵی خۆرئاوا رووبەرووی پرسیار دەبیتەوە، شوێن بەتەنیا شتێک نیە، ئەوە مرۆڤە وای لەشوێن کردووە، وەک چۆن بێمانایی ژیان لەخۆرهەڵات و تراژیدیە بەردەوامەکانی، دیسان ئەوە مرۆڤەکانن بۆ خۆیان شەرعیەتێکی دواکەوتویان بۆ ژیان وێناکردووە، توندو تیژی دینی و ئازادنەبوونی تاک و بەرپرسیاربوون لەیەکتری، بنەمای وێرانبوونی دنیایەکە وایکردووە خۆرهەڵات و دنیای ئێمە وەک دۆزەخ ببینرێت، لەکاتێکدا پێویستە ئەو وێنەیە بخەینە ئاستی گومانەوەو بپرسین: کێ ئەو دۆزەخەی خولقاند؟ چۆن دۆزەخ لەژیان بکەینە دەرەوە؟
پرسیاروگومان سەرەتای کۆتایی هاتنە بەلۆژیکی بە دۆزەخبینین، بۆیە چیتر ناکرێت لەترسی وننەکردنی شوناسی کۆمەڵایەتیمان بێدەنگی لەو بیرکردنەوەیە بکەین، کە خولقێنەری تراژیدیایە، ئەوە بێمانایی ژیانی ئێمەیە لەخۆرهەڵات وای لەخۆرئاواکردووە، خۆی وەک نمونەی باڵا بخاتە ڕوو، ئەوەش جەندە دنیای ئەوانیتر درێژەیان پێداوە، بەڵام گاڵتەجاریەکەی ئەوەیە کۆمەڵگای کوردی درێژکراوەی ئەوان بێت، ئێمە گەر نیشتمان بخەینە ناو گومانەوە، ئەو گومانە پاککردنەوەیەتی لە وێنەی دۆزەخ، کە وێنەیەکی دینی و عەرەبیە، پەیوەست نیە بە ئێمەوە، بەڵکو وابەستەی عەقڵیەتی ئەویتری عەرەبیە، ئەو دەمەی بە پڕۆژەی ستراتیژی ویستمان گۆڕان بخولقێنین، تێدەگەین نیشتمان چۆن وێنای بەهەشتی بۆ دەکەین، دەتوانین وەک ئەویتری خۆرئاوایی ببینە جێ سەرنجی ئەوانیتر.
دیارە لەو نێوەندەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین ئێمە ئەدەب و هونەرەکەشمان هەر زادەی ئەو دۆخەی کولتووریەمانە، کێشەی کولتووری ئێمە ئەوەیە نەمانتوانیووە کولتوور بەشداری لەگۆڕانکاریە عەقڵیەکانمان بکات، تێکستە ئەدەبی و کارە هونەریەکانمان دڕیژەی بە دۆزەخ بینینی کۆمەڵگای کوردیە، بۆیە نەمانتوانییووە ئەو وێنەیە لەزهنی مرۆڤی کوردیی بگۆڕین.

نیشتمان لەئەدەبی نوێی ئێمەدا چیتر خاکی گەوهەر نیە و ئاوی کەوسەر نیە، نیشتمان شوێنێکە بۆ نائومێدی مرۆڤی کوردیی، رۆژە بەراییەکانی ڕاپەرین سەرەتای تێگەیشتنی ئەدەبی ئێمەیە لەو نائومێدیە، ئەوە لێدانە لەگەشبینی ودڵەڕاوکە خستنە ناو خەونە، کاتێک بەختیار عەلی لەدیوانی گوناه وکەرنەڤاڵ دەمانخاتە بەردەم وێنەیەکی جیاوازی نیشتمان، دواتر ئەو وێنەیە لە “ئیشکردن لەدارستانەکانی فیردەوس و کتێبی پیاو کوژان” تێماندەگەیەنێت، شوێن ئەو ڕووبەرە جوگرافیەی ئێمە تیایدا دەژین، ڕووبەرێک نیە بۆ ژیان، ژیان لەدەرەوەی ئێرەیە، لێرەوە نیشتمان دەبێتە شوێنی خائین و پیاوکوژەکان، ئەو نەوە نوێیە کە ئەدەبەکەی و دەنگی نەوەکەی رووبەری دۆخێکی تاریکی نێو ژیانی دەکاتەوە، زادەی دۆخە کولتووریەکەی کۆمەڵگای کوردیە، کۆمەڵگایەک کولتوور ناتوانێت بەشداری لەبەرەو پێشچوونی بکات، هەموو گەڕانەوەیەک بۆ نیشتیمان گەڕانەوەیە بۆ سەر خاکێکی سووتاو، وەک لەلای شێرزاد حەسەن لە ڕۆمانی “تەمی سەر خەرەند” هەموو گەڕانەوەیەک تەنیا سۆزێکە بۆ ڕابردوو لەناو مناڵی کوژراودا، چوونەوەیە بۆ سەر خاکێکی سووتاو، سرووشتی کوژراو لەلای شێرزاد حەسەن و شێرکۆ بێکەس وێنەیەکی دیاری ئەدەبی نوێی ئێمە پێکدێنێت، سرووشتێک گەر لای شاعیرێکی وەک گۆران مانای جوانی بگرێتە خۆی و بکەوێتە ستایشکردنی، بەلام لەلای شێرزاد سروشتێکی کوژراوە بەهۆی دۆخی سیاسی لەلایەک و لەلایەکیتریش کولتوور هۆکارێکیتری ئەو مەرگەیە، چونکە نایەوێت بەسەر خۆیدا بکرێتەوە، وەک لە چیرۆکی “تێکئاڵان” سەرەنجام دوو عاشقەکە دەگەڕینەوە دڵی سرووشت، ئەو بێئومێدیە وابەستەی داخرانی کولتووریە، وەک چۆن لەلای شێرکۆ لە “دەربەندی پەپوولە” خودی سرووشت خۆی کوژراوە، بۆیە گەڕانەوەی شێرکۆ بۆ نیشتیمان گەڕانەوەیە بۆ ناو سرووشتی کوژراو.

ئەوە تەنیا شیعر و ڕۆمان نین وێنای نیشتمان لەو فۆڕمە دەخەنە ڕوو، فیلمی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” ی بەهمەنی قوبادی وێنەیەکی تری شوێنە وەک ڕووبەری نائومێدی مرۆڤ، جیتر ئومێد خاڵێک نیە ئێمە لێی بڕۆینە ناو ژیان، بەڵکو ئەوە ئازار وکارەساتەکانن، خەونی ئێمە لەژیاندۆستیەوە دەگۆڕن بۆ خەونی مانەوە لەژیان، ئەوەی هەیە خەون نیە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ نەمردن، دووبارەکردنەوەی هاوارێکیتری دڵداری شاعیرە بۆ ئەوەی کەس بەئێمە وەک نەتەوە نەڵێت مردووین، بەڵکو زیندووین، بەڵام بەڕاست ئێمە زیندووین؟ ئاخۆ جێهێشتنی نیشتمان هەڵەیەکە و گەنجان پێی هەڵدەستن؟ لەکاتێکدا نیشتمان وێنەیەکی نێو کولتوری ئێمەیە بۆ جێهێشتن، ئەوەش دەرگا لەنووسینیتر و قوڵبونەوە دەکاتەوە کە بچینە نێو بابەتی ترەوە، هەوڵ دەدەین لەداهاتوودا سەر لەنوێ بگەڕێینەوە سەری، تاوەکو لەوێنەی نائومێدێکەوە سەیری ئومێدێک بکەین لەدەرەوەی ناشوێن.

بەبێ تاریکردنی وێنەی ئومێد سەختە بتوانین خەون ببینین، ئەوەی ئێمە لەبەردەم نائومێدی ڕادەگرێت، ئەو وێنەیە نیە، بۆچی سەریاسی سوبحدەم لەدواهەمین هەناری دونیا وەک نەوەیەک نەک هەر خاکەکەی سوتاوە، بەڵکو خۆشی سوتاوەدا ڕامانبگرێت، بەڵکو ئەو پرسیارەی گرنگر ئەوەیە، ئایا ئێمە وەک موزەفەری سوبحدەم لەدەریادا ڕووداوەکان دەگێڕینەوە، نیشتمان جێدێلین و ڕووەو دەریا هەنگاو دەنێین، ئەوانەی لەوێ دەمێننەوە کێن؟ ئاخۆ ئێمە ئەدەبێکمان هەیە وێنەی نیشتمان وەک شوێنی ئومێد بخاتە ڕوو؟ کاتێک باس لەئومێد دەکەین، قسەمان لە ئومێدە وەک خەونی مرۆڤ، نەوەک فریودانی مرۆڤ بێت، بەوەی جوانی نیشتمان بە ئاستێکە لەدەرەوەی ستایش ناتوانین شتێکیتری لێ بکەین.
کێشەی ئێمە ئەوەیە ئەدەبی ئێمە وێنەیەکی بۆ نیشتمان خستە ڕوو، ڕووبەرێکی بۆ ئومێد نەهێشتەوە، ئەو نائومێدیە وایکرد “جوگرافیای شوین ببێت بە منداڵدانی ئەدەبی نائومێد”

نیهاد جامی/ پۆڵەندا




ساراڵ، ساڵاڵ یان ساڕاڵ؟ تێبینییه‌کی زمانه‌وانی …لێکۆڵینه‌وه: زانکۆ یاری

🔸پێشه‌کی
زمان له‌دوای پێشکه‌وتنێکی دوور و درێژ و دڕۆنگانه پێک‌هاتووه و هەر نەتەوەیەک زمان و ئه‌دەبی نەتەوایەتیی خۆی بپارێزێ، بە نەتەوەیەکی زیندوو ده‌ژمێردرێ.(۳) وادیاره که ئاخا‌وتن واتا تواناییی مرۆڤ بۆ قسەکردن که ڕووداوێکی لە نه‌کاو و کتوپڕی نییه، سروشتیه و له‌گه‌ڵ ئه‌ودا پێگه‌یشتووه.
سەبارەت به هۆی پەیدابوونی زار و سەرهه‌ڵدانی زمان، زۆر شت ڕوون کراوه‌ته‌وه. هه‌ندێ که‌سێش ده‌ڵێن که له سەرەتاوە به جیاوازی دەربڕین و کۆکردنی دەنگەکان و وشەکان ده‌ست‌پێدەکات و لەگه‌ڵ بڵاوبوونەوە و فراوان‌بوونی سنووری بەکارهێنانی زمانەکه گەشه ده‌ستێنێ.(۱) کۆڵینەوە لەسەر مێژوو و ڕه‌وتی پێک‌هاتنی وشه‌کان (کە لێرەدا زمانی کوردی مەبەستە‌) زۆر شتمان بۆ ده‌رده‌خات.

🔸تێبینی
لێرەدا بۆ نموونە بەکورتی باسێک لەسەر وشەیه‌کی ڕه‌سه‌ن و سه‌رنج‌ڕاکێش ده‌خه‌ینه ڕوو که له بنه‌ڕه‌ت‌دا بۆ کوێستانێکی ناوچه‌یه‌کی کوردستان (باشووری ڕۆژئاوای شاری دیوانده‌ره) گوتراوە؛ به‌ڵام سه‌رده‌مانێکه به سێ شێوه‌ی جیاوازی ساراڵ، ساڵاڵ یان ساڕاڵ ده‌نووسرێت. له‌و ناوچه‌یه له‌ وه‌رزی به‌هاردا کوێستانەکانی‌ سه‌رسه‌وز و پڕگوڵ و کانیاو لەوێ‌دا، دیمه‌نێکی جوان پێک‌دێنێ و هەروها له‌و ناوچه‌دا ئاسه‌واره زۆر کۆن و مێژووییه‌کان وه‌ک: ته‌پۆڵکه کۆنه‌ و شێوه‌کارییه به‌ردینه‌کان دۆزراوه‌ته‌وه.
ئێستا ده‌مانه‌وێ درووستیی پێک‌هاتنی ناوی ئه‌و ناوچه‌یه (واتا “ساڕاڵ/Saral”) پشت‌ڕاست بکه‌ینه‌وه.
1-ساراڵ: سار-Sar (ن/پ)، لێره‌دا وشه‌یه‌کی فارسییه و له فه‌رهه‌نگه‌کاندا به واتای باڵنده‌ی ڕه‌شیڵه-گاوانی هاتووه(۲) که پێکه‌وه ده‌بن به “گاوانیی [ڕه‌نگ] سووری گه‌ش”. که هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌وه‌و نییه.
2-ساڵاڵ: ساڵ-Sal (پ)، که لێره‌دا به‌رانبه‌ری “سال”ی فارسییه که پێکه‌وه ده‌بن به “ساڵی سووری گه‌ش!”. که دیسان ئه‌مه‌ش بێ‌واتایه و په‌یوه‌ندییه‌کی به‌ هیچ شتێک نییه.
3- ساڕاڵ: تێکه‌ڵ-لە دو وشەی ساڕ و ئاڵ [ساڕ+ئاڵ] پێک‌هاتووه(٤).
(3-1): ساڕ-Sar’ (ئاوه‌ڵناو)، ئه‌م وشه‌یه له زاراوه‌کانی کورمانجیی ژوور‌دا واتا “سارد” (٥) و بۆ شوێن یان مەڵبەندێکی فێنک و سارد که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرن. له فه‌رهه‌نگه‌کانی: “کانی، فه‌رهه‌نگا کورمانجیی پاک‌سرشت-عومه‌رزاده و هه‌نبانه‌بۆرینه”ش‌دا به واتای سارد هێنراوه. هه‌روه‌ها له فه‌رهه‌نگی شێخانی‌(٦)، دوو وشه‌ی “سارد” و “شوێن” له‌به‌رانبه‌ری‌دا بۆ نووسراوه.
(3-2): ئاڵ-al: ئاوه‌ڵناوه و واتا ڕه‌نگی سووری گه‌ش یان کاڵ. “ئاڵ” له پاشگره نەناسراوه‌کانی زمانی کوردییه که له زۆربه‌ێ وشه‌کانیش‌دا به ناوه‌وه ده‌لکێت و واتای وێک‌چوونی و ڕێژه‌یی لێ زیاد ده‌کات و ده‌یکاته ناوێکی نوێ. وه‌کوو: هه‌رزاڵ-قرژاڵ-چه‌نگاڵ و هتد.
نموونه‌ واتاکانی: “ده‌نکی هه‌نار ئاڵه..”
یان:
له ئه‌شکی خوێن به‌یادی لێوی ئاڵت
که‌نارم بوو به کانی له‌عل و یاقووت.. (دیوانی سالم)

به‌س ده‌بێ به‌وه‌ش ئاماژه بده‌م که وشه‌ی “ئاڵ”، له زمانی کوردی‌دا به چه‌ند جۆری تریش تێکه‌ڵ ده‌کرێ و زۆرجاریش ڕه‌نگه هه‌مان واتای هه‌بێ؛
میناک:
1-ئاڵایی/al’ayî: [ئاڵ+ئایی]، شتی ڕه‌نگاوه‌ڕه‌نگ.
2-ئاڵبوونه‌وه/albûnewe، (ئاڵ+بوون+ه‌وه).(۷)
مه‌ته‌ڵی کوردی: “هه‌موو که‌س ددانی به تورشی ئاڵ ده‌بێته‌وه، قازی نه‌بێ به شرینی..”

🔸ده‌ره‌نجام
هه‌روا که ده‌زانن زمانی کوردی پڕه له پێشگر-پاشگری ڕەسەن یان نەناسراو که ده‌بێ بدۆزرێتەوه و لێکۆڵینەویان لەسەر بکرێ؛ له‌م باسه‌دا و‌شه‌کانی ساراڵ و ساڵاڵ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی مێژوویی-زمانی ـیان به‌و ناوچه و کوێستانه‌وه نییه و درووستی وشه‌که ده‌بێته “ساڕاڵ”. واتا: “دەشت و کوێستانی فێنک و [پڕ لە گوڵ و کانیاوی] سووری گه‌ش”. مەولەوی کورد (1882-1806) له شێعرێکی دیوانه‌که‌ی‌دا ئاماژه به‌م جوانییه‌ دەدا و ده‌فه‌رموون:
هه‌ر ساڕاڵ وه خوسووس وه‌ته‌ن بۆ
ئه‌رچی سه‌فای ڕۆح، ڕاحه‌تیی ته‌ن بۆ
به‌ڵام دووری تۆ یه‌ند زۆر ئاوه‌رده‌ن
ده‌ردێ وه ده‌روون هامده‌ردان به‌رده‌ن
وه هه‌رجا ته‌شریف تۆ ئه‌رزانییه‌ن
هه‌ر دیده په‌ی تۆ هه‌زار کانییه‌ن..

——————————————————

🔸سه‌رچاوه‌کان
۱- د. شوانی، چەند بابەتێکی زمان و ڕێزمانی کوردی، ۲۰۰۱.
۲- فەرهەنگی فارسی-کوردی کاوە.
۳- د. کاکل تۆفێق، ئاسایشی نەتەوەیی و پلانی زمان، ۲۰۰۷.
٤- ح، کاکەوەیس، لسان الکرد، ۱۹۸۷.
٥- هەژار، هەنبانە بۆرینە.
٦- فەرهەنگی فارسی-کوردی زانستگای کوردستان.
۷ـ فەرهەنگی کوردی-کوردی درنج-Dirinc.
┄┄┄❅✾❅┄┄┄

ئه‌م نووسراوه، له ڕێکه‌وتی 1ی گوڵانی 2719دا ئاماده کراوه.
zanko.yari@yahoo.co.uk




منداڵانی توخمی پیاوە داعشییەکان بێ تاوانن… جیهاد موحەمەد

لە ناو کولتووری ئیسلامدا، قسەیەک هەیە، دەڵێت”بەزۆرگاین لەش پیس ناکات”، لەم ئیدیۆمەوە دەمەوێت بچمە ناو بابەتەکەوە!
پێش هەموو شت، ئەم ئیدیۆمە، تەنها بە قسەیە و بە کردەوە جێبەجێ ناکرێت، ئەوتا وەک چۆن ئەو ژن و کچانەی لەسەر خۆشەویستیی و عەشق دەکوژرێن، بە هەمان شێوە ئەو کچ و ژنانەشی، کە دەستدرێژیی سێکسیان دەکرێتە سەر، ئەگەر نەشکوژرێن، چ لای خەڵکی بێگانە، چ لای کەسوکاری خۆیان،بە چاوێکی نزم تەماشا دەکرێن، واتا تیرۆری کەسایەتیان دەکرێت.
ئەم کولتوورە باو و ناشیرینەی کۆمەڵگای ئیسلامیی لە ناو ئێزیدیەکانیشدا هەمان کولتوورە، لە بیرمان ناچێت، چۆن دۆعایان بەردباران کرد. ئێستاش بەرامبەر بە ژنە ئێزیدییە سکپڕەکانی پیاوە دڕندەکانی داعش و ئەو ژنانەی منداڵیان لە داعشەکان بووە، ئێزیدیەکان هەمان ڕەفتار دەکەن.

داعش، لەسەر بنەمایەکی زەقی ئیسلام، کە هەموو سەروەت و سامان و کچ و ژنی ئێزیدیەکانی حاڵ کرد و بە دەستکەوت(غەنیمە)ی دانا. کارەسات و تاوانێکی هێندە قێزەون و گەورەیان ئەنجام دا، ڕووی مرۆڤایەتی و هەموو ئەو دین و بیروڕا ئایدۆلۆجییەی دژی ئەم بێ ڕەوشتیی و ئابڕوویە نەوەستانەوە، ڕەش کرد. هەرچ کەسیک و هەرچ ئایدۆجیی و دین و ئاینزایەک لایەنگری ئەم کارە قێزەونە بووبێت، بە دڵنیاییەوە ئەو پەڕی دڵڕەقیی و بێ ویژدانییە.
ئایا تەنها داعش، یان ئەو گروپە تووندڕوە تیرۆریستییە ئیسلامییانە خاوەنی ئەم عەقڵیەتە دڕندەیەن؟ یان لای ئێزیدیەکانیش هەمان دڕندەیی و عەقڵیەت هەیە. بە بڕوای من لای زۆرێک لە دین و ئایدۆلۆجییە دۆگماتیزمییەکان، لای هەموو گروپە تیرۆریست و سیکتاریزمیەکان هەمان عەقڵیەت هەیە، بەڵام جێبەجێکردنی و جێبەجێنەکردنی کەوتوەتە سەر ئەوەی تا چەند ئەو دینە، یان ئەو گروپە تیرۆرستی و سیکتاریزمیانە دەسەڵاتیان هەیە. هەرچ کات دەسەڵاتیان هەبوو لە هیچ جۆرە ستەم و تاوانێک بەرامەبەر بە دین و بە بیروباوەڕەکانی دەرەوەی خۆیان سڵ ناکەنەوە.
دڕندەیی و تاوان لای هەرچ گروپێکی سیکتاریزمیی، لای هەرچ نەتەوەیەکی نەژاد پەرست، لای هەرچ ئاینزایەکی وەک سوننیەکان و شیعەکان بەرامبەر بە یەکتری، لەسەر کات و دەسەڵات وەستاوە، هەرچ لایەنێک لەم لایەنانە دەسەڵاتی هەبوو، هەستی بە هێز کرد، سڵ لە هیچ نامرۆڤبوون و تاوان و دڕندەییەک ناکاتەوە بەرامبەر بەوی دەروەی خۆی، تا دەگاتە ئەوەی کە تاوانی پاکتاوکردنیش بکات.

داگیرکارییەکانی ئیسلام، هەر لەسەر دەمی پەیامبەر(محەمەد)ەوە تا دەگات بە ٦٠٠ ساڵەی تەمەنی عوسمانیەکان، جگە لەوەی سەدان وڵاتانیان داگیرکرد، دەیان دین و ئاینزایان پاکتاو کرد، دەیان گروپ و نەتەوەیان پاکتاو کرد، هەزاران مەکتەبە و شوێن و پێگەی ڕۆشنبیرییان سوتاند، بە هەزاران و دەیان هەزار ژن و کچیان حەڵاڵ کرد بۆ خۆیان و کردیانن بە کەنیزەک، یان بە گوێرەی شەرعەکەی خۆیان مارەیان بڕین. ئەمانە هەمووی لەو کاتەوە بوون کە دەسەڵاتیان پەیدا کرد، پێش ئەوە نەرم و نیان بوون و داوای پێکەوە ژیانێکی دیموکراتیانەیان دەکرد و ڕێزیان لە هەموو دین و بیروباوەڕێکی دیکە دەگرت.

کاتێکیش دەوڵەتگەلێکی عەرەبیی ئیسلامیی و دەوڵەتی سەفەویەکان و فارسەکان و تورکەکان دروست بوون و هەڵگری دینی ئیسلام بوون، ئەمانیش هەر یەکەیان لای خۆیەوە و لە ژێر قەڵمڕەویی خۆیدا دەیان نەتەوە و کەمەنەتەوییان پاکتاو کرد. کورد یەکێک بووە لەو نەتەوانەی هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی پاکتاوکردندا بووە، بۆ چەندین جار لێرە و لەوێش گروپی گەورە و ژمارەی گەورەی لێ پاکتاو کراوە، تەنانەت زمانەکەی لێ قەدەغە کراوە، تا ئێستاش تاوان بەرامبەر بە گەلی کورد نەوەستاوە. کەمەنەتەوایەتی عەرەب لە ئێراندا بەردەوام لە ژێر هەڕەشەدایە، ئازەریەکان کە نەتەوەیەکی گەورەن لە ئێراندا بەردەوام لە ژێر هەرشە و چەوساندنەوەدان، لە تورکیادا چەرکەسەکان پاکتاو کران، ئەرمەنیەکان بە سەدان هەزاریان لێ پاکتاو کرا، گەلی کورد نەک چەندین جار پاکتاو کراوە، تا ئێستاش لە ژێر هەڕەشەی پاکتاوکردندایە.

سوننیەکان و شیعەکان، کە دوو ئاینزای ئیسلامن و یەک خوا و یەک قورئان و یەک پەیامبەریان هەیە، ١٤ سەدە زیاتر لە شەڕ و پێکداداندان و تیرۆر و پاکتاوی نەک زیندووکانی یەکتری دەکەن، تیرۆری کەسایەتی ئەوانەی چەندین سەدەشە مردوون بەردەوامە.
فینیقیەکان و کلدانیەکان و ئاشوریەکان و قبتیەکان و ئەماغیزیەکان، بە تەواوەتی لە لایەن داگیرکاریی ئیسلامەوە پاکتاو کراون.
ئەگەر تۆزێک وردبینەوە لە مێژووی خوێناوی دینەکان و نەتەوەپەرستەکان، بە چاوێکی بێ لایەنییەوە سەیر بکەین، هیچ نەتەوە و دین و ئاینزایەک، چ وەک خۆیان دەڵێن ئاسمانی بێت یان زەوینیی لە کاتی دەسەڵاتیدا سڵی نەکردوەتەوە لە تاوان و دڕندەیی بەرامبەر بەوی دەروەی خۆی. کەواتە ئەمە عەقڵێتێکی نەخۆشی نامرۆڤییە هەموو ئەمانەی گرتوەتەوە. هەتا ئەم عەقڵیەتە بەردەوام بێت، دڕندەیی و سڕینەوە و پاکتاوکردن و تاوانی مرۆڤیی بەردەوام دەبێت.

زۆربەی خەڵک، وا سەیری ئێزیدیەکان دەکەن، کە گوناح و بێ تاوانن، وەلێ ئەگەر لە سۆنگەیەکی عەقڵانییەوە سەیری تاوان بکەین، سەیری کۆمەڵگە و گروپی مەدەنیی بکەین، سەیری عەقڵیەتی مرۆڤبوون بکەین، هەڵسەنگاندنمان لەسەر بنەمانی مرۆڤبوون و عەقڵانیی و پێکەوە ژیان بێت، ئێزیدیەکانیش هەر ئەوەندە ستم و زوڵم ناکەن، کە دەسەلاتیان نییە، بەڵام کە دەسەڵاتیان هەبوو ئیسلام چیی دەکات، ئەوانیش کەمتر ناکەن. لایەنداریی ئێزیدییەکان و هەرچ دین و ئاینزا و گروپ و نەتەوەیەک، دەبێت لەسەر بنەمای دژایەتی چەوساندنەوەیان بێت، نەک لایەندارێتیەکە سەرمان لێ بشێوێنێت و ئەم دین و ئاینزا و گروپە سیکتاریزمیی و نەتەوە پەرستییانە برەو پێ بدات. ئازادیخوازان، ئەوانەن کە بە بیرکردنەوەیەکی مرۆڤییانە و عەقڵانییانە دژایەتی هەرچ جۆرە چەوساندنەوە و تاوانێک دەکەن، نەک لایەندارێتیە کە ئەوە لە بیر بەرێتەوە، کە لە ڕاستیدا،عەقڵیەتی هەموو ئەمانە، یەک عەقڵیەتە،لە کاتی دەسەڵات و هێزیاندا هەمان شتن.

بیروباوەڕیکی دینیی وەک ئێزیدیەکان، ئەگەر دڵی نەسوتێت بەو کەسانەی لە گۆشت و ئێسکی خۆیین، دڵی نەسوتێت بە جگەرگۆشەکەی خۆی وەک ئێزیدیەکان، ئەبێت چۆن جێگەی بڕوا و متمانە بن کە دەسەڵاتیان هەبوو لە داعش خراپتر ناکەن؟
ئاخر وەک ئەو ئیدۆمەی ئاماژەم پێدا: “ئەوی بە زۆر بیگێن لەشی پیس نابێت” لەو ڕووەوە زۆر ڕاستە، کە کەسانێک بە زۆر دەستدرێژی سێکسی بکرێتە سەریان، بە زۆر دزیی پێ بکرێت، بە زۆر سواڵی پێ بکرێت، بە زۆر هەرچی پێ بکرێت گوناحبار و تاوانبار نییە. کچ و ژنێکی داماو و بێ دەسەڵات کە کەوتوونەتە دەستی داعشە دڕندەکان، بە زۆر سکیان پڕکردوون، کردوونیان بە ژنی خۆیان، ئەبێت چ تاوانێکیان هەبێت، ئێستا بە چاوێکی قێزەونەوە لە لایەن دایک و باوکیانەوە سەیر دەکرێن و وەریان ناگرنەوە. ئەم تاوانە بە بڕوای من هیچی کەمتر نییە لە تاوانی داعشەکان، هیچیش کەمتر نییە لەو منداڵانەی لە پیاوە ئەڵەمانیاکان لە دایک بوون لە وڵاتانەی داگیریان دەکردن، بەڵام کۆمەڵگا و وڵاتانی ئەوساش بە منداڵی”نەشیاو” دایان دەنان و وەریان نەدەگرتنەوە ـ لە بابەتێکی دیکەدا باسی کۆمەڵێک لەو منداڵانە دەکەم ـ .

ئەوەی ئەمرۆ ئێزیدیەکان دەیکەن بەرامبەر بە کچ و خوشکەکانی خۆیان، کە منداڵە باوک داعشەکانیان پێ فڕێ دەدەن گەورەترین تاوانە، ئەم تاوانە لە سەربڕینی منداڵ و ژن خراپترە. ئەم تاوانە دەمێکە ساڵە دەگوزەرێت و هۆکارێکی سەرەکیشە بۆ چاندنی دڵەڕەقیی و نامرۆڤیی لە هەموو جیهاندا.

جیهاد موحەمەد/ نەرویج
٢١/٤/٢٠١٩




نۆڤلێتی “من لەماڵی سەرۆک بووم” … نیهاد جامی

نۆڤلێتی “من لەماڵی سەرۆک بووم” لەئێستادا لەسەرجەم کتێبفرۆشیەکانی کوردستان دەست دەکەوێت لەداهاتووشدا وەک کتێبی ئەلکترۆنی لە دەنگەکان بلاو دەبێتەوە .




په‌ریا … ئه‌حمه‌دی شاملو … و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

یه‌كێ بوو ، یه‌كێ نه‌بوو
له‌ژێر گومبه‌زێكی شینا
بانگی شێوان
ڕووت و قووت
سێ په‌ری ڕونیشتبوون
به‌ كوڵ ده‌گریان په‌رییه‌كان
وێنه‌ی هه‌وری به‌هاران
فرمێسكیان هه‌ڵده‌باران
كه‌زییه‌كانییان ، قه‌دی كه‌وان ، ڕه‌نگی شه‌به‌ق
شكۆفه‌یان له‌ داركه‌موون زیاتر ده‌ركردووه‌
له‌ ڕه‌نگی شه‌به‌ق تۆخترن
به‌ره‌و ڕوویان ،
ڕێك شاری كۆیله‌ی دیله‌
پشته‌وه‌شیان سارد و سڕ قه‌ڵای ئه‌فسانه‌ی پیره .
له‌ ئاسۆوه‌ زرینگ زرینگ ، زڕه‌ی زنجیر ده‌هاته‌ گوێ
له‌و دیویشدا ، له‌ناو قولله‌ ، ناڵه‌ ناڵی ئێشكچیێ .

  • فریشته‌كان برسیتانه‌ ؟!
    فریشته‌كان تینووتانه‌ ؟!
    فریشته‌كان ماندوو بوون ؟!
    یا باڵنده‌ی په‌ڕبه‌سته‌ن ؟
    چییه‌ ئه‌و هایهایه‌تان ؟
    گریان و وای وایه‌تان ؟
    فریشته‌ چییان نه‌ده‌گوت هه‌ر ده‌گریان
    وێنه‌ی هه‌وری به‌هاران
    فرمێسكیان هه‌ڵده‌باران ..
  • فریشته‌ نازه‌نینه‌كان !
    چیتانه‌ ئاوه‌ها ده‌گرین ؟
    له‌م بیابانه‌ دووره‌دا
    ئا به‌م بانگی شێوانه‌
    ناڵێن به‌فر ده‌كه‌وێ ؟
    ناڵێن بارانێ ده‌بارێ ؟
    ناڵێن گورگ دێ و ده‌تانخوا ؟
    ناڵێن دێو دێت و ده‌تانكا به‌ یه‌ك پاروو
    ئێوه‌ ناترسن په‌رییه‌كان ؟
    نایه‌ن بۆ شاره‌كه‌مان ؟
    شاری ئێمه‌ ده‌نگی دێ ، زڕه‌ی زنجیره‌كانی دێ ..

فریشته‌كان
باڵای ڕێكی من ببینن
ئه‌سپی سپیم ببینن
ئه‌سپی سپی ناڵ زیوین
كلك و بژی ڕه‌نگی هه‌نگوین
تیژڕه‌و و خۆشبه‌زۆكه‌ی من
ئاسكی ده‌مارئاسنی من
په‌ل و گه‌ردن
با ی تفنكانی ببینن ..
ئه‌مشه‌و له‌ شار هه‌رایه‌
مۆڵگه‌ی دێوان داخ كراوه‌
ئاده‌میی میوانمانن
به‌ به‌زم و هه‌را دێنه‌ شار
دۆڵ و زوڕنایێ لێ ده‌ده‌ن
ده‌له‌یزن و ده‌له‌یزێنن
خونچه‌ی پێكه‌نین په‌رش ئه‌كه‌ن
نوقڵی بیابان ده‌ڕێژن
های ده‌كێشن ، هۆی لێ ده‌ده‌ن :

  • شار بووه‌ جێگای خۆمان
    جه‌ژنی ئاده‌مییانه‌ ، دێو به‌گله‌یین
    دونیا دونیای خۆمانه‌ ، دێو به‌گله‌یین
    سپییه‌تی پاشایه‌ ، دێو به‌ گله‌یین
    ڕه‌شایی ڕوو سیایه‌ ، دێو به‌ گله‌یین .

فریشته‌كان
ئیتر ئه‌وا خۆر له‌ ئاوابووندایه‌
ده‌روازه‌ی قه‌ڵا داخراوه‌
بۆیه‌ تا زووه‌ هه‌ستن
سواری ئه‌سپی من ببن
ده‌گه‌ینه‌ شاری ئاده‌مییان
سه‌یر كه‌ن ده‌نگی دێ
قڕ قڕ پچڕانی زنجیری كۆیلان دێ
ئه‌دی زنجیری گران و ستوور ، ئه‌ڵقه‌ به‌ ئه‌ڵقه‌ لا به‌ لا
هه‌ڵده‌وه‌رێن له‌ ده‌ست و پا
ڕزیو له‌ باڵ یه‌كدی ده‌ردێن
دێو و درنج به‌دبه‌خت ده‌بن .

سه‌ر به‌ دارستاندا بكه‌ن ، دارستانێ به‌ دڕكستان ده‌بینن
سه‌ر به‌ بیاباندا بكه‌ن ، تراویلكه‌ و( شۆره‌زارێ) ده‌بینن
له‌ باتی وه‌ش له‌ شاری ئێمه‌ ، ( ئاخ فریشته‌ینه‌ نازانن )
ده‌رگای قوللان ده‌كرێنه‌وه‌
كۆیله‌داران ڕیسوا ده‌بن ، كۆیله‌ ئازاد
ئاوا ده‌بنه‌وه‌ وێرانه‌
هه‌ر كه‌س خه‌مێكی هه‌بێ
خه‌مه‌كه‌ی له‌ بن گڵ ده‌نێ
حه‌سیر ده‌بن به‌ مافوور
دیل ئازاد
دیل داخ له‌ دڵن
ده‌ست بۆ داسه‌كانییان ده‌به‌ن
ده‌بنه‌ لافاو ، شڕ شڕ شڕ
ده‌بنه‌ ئاگر ، گڕ گڕ گڕ
له‌ دڵی شه‌وا كه‌ ناشیرنه‌
ئاگربازی چه‌ند جوانه‌
ئاگر ئاگر ! چه‌ن چاكه‌
ئێستا كه‌ بانگی شێوانه‌
چی وا به‌ شه‌و
به‌ جۆشی گه‌رمی نه‌ماوه‌
های ڕاپه‌ڕین
له‌ حه‌وزی زێڕین ده‌رقولین .

ئێستا كۆیله‌كان وه‌ستان ، ڕووی چرایان وه‌ربگێڕن
له‌ گیانی شه‌و به‌رببن ، دڕ به‌ تاریكایی بده‌ن
مامۆ زنجیران ده‌چنێ ، با ئاپۆره‌ی خه‌ڵكی ڕێ ده‌ن(1)
بیهێننه‌ مه‌یدان و
له‌ جێیێ هه‌ڵیپه‌ڕێنن
بیكه‌نه‌ بایی یه‌ك پوول
ده‌ست له‌ناو ده‌ستی یه‌ك بنێن
له‌ ده‌وری یار بكه‌ونه‌ سه‌ما
(( حه‌مامۆك مێرووله‌ی هه‌یه‌ ، هه‌ستن و دانیشن ))(2)
لاسایی بكه‌نه‌وه
(( سندووق و قفڵیان هه‌یه ، هه‌ستن و دانیشن ))
لاسایی بكه‌نه‌وه‌
فریشته‌كان
ئیدی به‌سه‌ های هایتان
گریان و وای وایتان
هیچیان نه‌گوت ، به‌ كوڵ ده‌گریان فریشته‌
هه‌وری به‌هاران ئاسا ، فرمێسكیان هه‌ڵده‌باران ..

فریشته‌ خه‌ت خه‌تییه‌كان(3)
ڕووت و قووت و پا په‌تییه‌كان
شه‌وانی چله‌ی بچووك
له‌ ژێر كورسیدا قرچ قرچ
برێشكه‌مان ده‌قرتاند و بارانیش دای كردبوو
له‌ سولاوكه‌وه‌ ده‌نگی ده‌هات
نه‌نه‌گیانیش هه‌قایه‌تی ده‌گێڕانه‌وه‌
قسه‌ی پڕ له‌ نهێنی
چیرۆكی فریشته‌ی سه‌وز و فریشته‌ی زه‌رد ..
چیرۆكی خاتونی شای په‌رییان
ئه‌وه‌ ئێوه‌ن فریشته‌كان
هاتونه‌ته‌ دونیای ئێمه‌
ئێستا ته‌ماح گرتوونی كه‌ف و كوڵتانه‌
كڕ كڕ بێده‌نگ خه‌م ده‌خۆن
دنیای ئێمه‌ خاڵ خاڵییه‌ ،
ده‌رد و خه‌می تێدا نییه‌
دنیای ئێمه‌ چیرۆك و سه‌ربرده‌ نه‌بوو
په‌یامێكی سه‌رمۆر نه‌بوو
هه‌ر كه‌س بییه‌وێ بزانێ
دونیای ئێمه‌ ئاشكرایه .‌

دنیای ئێمه‌ دڕكاوییه‌
بیابانی پڕن له‌ مار
هه‌ر كه‌س كاری به‌ویدییه
دڵی باخه‌به‌ر ئاگادار ..
دنیای ئێمه‌ بوزورگه‌
پڕ له‌ چه‌قه‌ڵ و گورگه‌
دنیای ئێمه‌ – هێ هێ هێ
ئه‌ودیو ئاگر – لێ لێ لێ
ئاگرت ده‌وێ – له‌ باڵا گرمۆڵه‌ بووه‌
تا پاژنه‌ی پێت ده‌ستت له‌خۆ شوشتووه‌
دنیای ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌
بتانه‌وێ و نه‌تانه‌وێ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ !

باشه‌ فریشته‌ی چیرۆكان
باڵداره‌ باڵ شكاوه‌كان!
ئاوتان نه‌بوو ، چایی و نێرگله‌تان نه‌بوو؟
كێ پێی گوتن بۆ دونیای ئێمه‌ بێن ؟
دنیای واوه‌یلای ئێمه‌
كێ پێی وتن قه‌ڵای چیرۆكتان وێڵ بكه‌ن
كێشه‌ بۆ خۆتان دروست كه‌ن
هیچیان نه‌گوت ، به‌كوڵ ده‌گریان فریشته‌‌‌
وێنه‌ی هه‌وری به‌هاران ، فرمێسكیان هه‌ڵده‌باران
ده‌ستم برد بۆ شانیان یه‌كاڵایان بكه‌مه‌وه
‌قیژاندیان ، هاواریان كرد
جادووگه‌ر بوون ، بوون به‌ دووكه‌ڵ
ژۆرداچوون تاریك بوو
ژێرداگه‌ڕان ، دره‌وشانه‌وه‌ .. پیر بوون
بوون به‌ گریان ، بوون به‌ ڕۆح ، به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌
بوون به‌ خان ، به‌ زیندانی ، به‌ كه‌ڵه‌شێری سه‌ركه‌نده‌
بوون به‌ میوه‌ ، به‌ دانی میوه‌ ،
بوون به‌ هه‌ناری سه‌ربه‌سته‌ ،
به‌ ئومێد ، به‌ یه‌ئس
بوون به‌ ئه‌ستێره‌ی نه‌حس ..
وه‌ختێ دییان ئه‌ستێره‌
كاری به‌ منه‌وه‌ نییه‌
ده‌بینم و حاشا ده‌كه‌م
ته‌ماشای گه‌مه‌یان ده‌كه‌م
سه‌رسام و گێژو وڕ نابم
به‌ جادووگه‌ر نابم به‌ به‌رد ..

یه‌كێ بوو به‌ گۆزه‌ی شه‌راب
یه‌كێ بوو به‌ ده‌ریای ئاو
یه‌كێكیش بوو به‌ كێوی برنگ و
چه‌قیه‌ ئاسمان ..
شه‌رابه‌كه‌م هه‌ڵقوڕاند
كه‌وشه‌كانم توند كردن
له‌ ده‌ریام دا ته‌ڕ بووم و په‌ڕیمه‌وه
ڕام كرد ، ڕام كرد
گه‌یشتمه‌ سه‌ر چیا
‌له‌وبه‌ری چیا ، ساز و ئاوازیان لێ ده‌دا :
( ترینگ ترینگ شاد بووین ..
له‌ ده‌ست سته‌م ئازاد بووین ..
خۆره‌خان تاوی هاوێت
فه‌رده‌ی برنجی ده‌ ئاوێ كرد )

خۆره‌خاتۆن بفه‌رموو
له‌و به‌رزاییه‌ وه‌ره‌ خوارێ
ئێمه‌ زوڵم و زۆرداریمان تێكشكاند
( ئازادی)مان كرد به‌ قیبله‌ ..

له‌و ده‌مه‌ی خڵكی ڕاپه‌ڕین
ژیان بووه‌وه‌ هی خۆمان
له‌ شادی بێزار نابین
چیتر به‌نده‌ و دیل نابین

به‌رز و نزم بووینه‌وه‌
له‌ حه‌وزی زیوین كه‌وتین
سێوی ئاڵتونمان ڕنی و
به‌ ماڵی خۆمان گه‌یشتین

سه‌ركه‌وتین دۆ بوو
چیرۆكی بێ ترس درۆ بوو
ژێرداگه‌ڕاین ماست بوو
چیرۆكی ئێمه‌ ڕاست بوو
چیرۆكمان گه‌یشته‌ سه‌ر
مێرده‌زمه‌ نه‌گه‌یشته‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی
هه‌ڵبه‌زین ، دابه‌زین
زنجیره‌كانمان هه‌مووی پێچایه‌وه‌ .

ئاماژه‌ و سه‌رچاوه‌
(1)مامۆ زنجیران ده‌چنێ ، كه‌سییه‌تیه‌كی دژمنانه‌یه‌ له‌ یارییه‌كی منداڵاندا.
(2)حه‌مامۆك مێرووله‌ی هه‌یه‌ ، ئه‌وه‌ له‌ یاری نا ، به‌ڵكو جۆره‌ ئاگادار كردنه‌وه‌یه‌كی ساده‌دڵه‌ كه‌ له‌ ناو هاوته‌مه‌ناندا باو بووه‌ ، ئه‌وان ده‌ستیان
له‌ نێو ده‌ستی یه‌كتر ده‌نا و ده‌ستیا تێك ده‌گرت و حه‌ڵقه‌یه‌كیان دروست ده‌كرد و له‌ كاتی وه‌رچه‌رخانداده‌یانگوت :
حه‌مامۆك مێرووله‌ی هه‌یه‌ ، ئه‌وانی دیش ده‌نگیان له‌ ده‌نگی ده‌دایه‌وه‌ و
ده‌یانگوت : هه‌ستن و دانیشن .
بۆ دێری دووه‌میش ، هه‌ر به‌و جۆره‌ كه‌ هه‌ندێ ده‌یانگوت
سندوقۆكه ‌و قفڵیان هه‌یه‌ .. ئه‌وانی دی لێیان ده‌گێڕانه‌وه‌ :
( هه‌ستن و دانیشن .. ) ئه‌وه‌ش وه‌ك وتمان ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی پاكدڵانه‌یه‌ .
(3)په‌رییه‌ خه‌تخه‌تیه‌كان: ڕاستیی ئه‌وه‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌ك بوو ، كوڕه‌ بچكۆله‌كه‌م له‌ كاتی نووسینی ئه‌م شیعره‌مدا دووباره‌ی ده‌كرده‌وه‌
منیش به‌ ته‌واوی په‌سندم كردكه‌ ئه‌و به‌ چه‌ندخه‌تێك ته‌عبیری لێ ده‌كرد ، دوایش به‌كارم هێنا .

  • ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ له‌ ئه‌سڵی فارسییه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی
    بڕوانه‌ : احمدی شاملو – هوای تازه‌ ( كۆمه‌ڵه‌ شیعرێكی هه‌ڵبژارده‌ ) – بڵاوكردنه‌وه‌ی ( نیل ) تاران چاپی پێنجه‌م
    1355ی هه‌تاوی لاپه‌ڕه‌ 172- 182
    شاملو شیعره‌كه‌ی پێشكێشی ( فاتی ئه‌لبه‌تحی ) كردووه‌ .

‌‌




دەوڵەت*: .. نوسینی جۆزیف پرۆدۆن

نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر

بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:

شۆڕشەکەی مانگی شوبات[ پرۆدۆن مەبەستی شۆڕشی شوباتی 1848 – وەرگێڕ] دوو پرسیی سەرەکیی ورووژان: یەکەم ئابووریی: پرسی کار و موڵکییەت، ئەوی تریان سیاسییە: پرسی حکومەت یاخود دەوڵەت-ە

لە پرسیی یەکەمدا، پرسە ئابوورییەکە، سۆشیالیستە دیمۆکراتەکان لە جەوهەردا تا ڕادەیەکی زۆر هاوڕان و لە تەك یەکدیدا دێنەوە، ئەوان دان بەوەدا دەنێن پرسەکە داگیرکردن و بەشکردنی موڵکییەت نییە، بگرە کڕینەوەیشیان نییە . تەنانەت پرسیاریی دانانی باجی بێ ئابڕوانەی زیادەش لەسەر چینە ساماندار و خاوەنموڵکەکانیش نییە کە لە کاتێکدا تەجاوازی بنەماکانی ناسینی خاوەندارێتییان، کە لە دەستوورا ناسراوە ، کردووە، کە ئەمەش تەنها خزمەتی ئاوەژووکردنەوەی ئابووریی گشتی دەکات کە بارودۆخی پڕۆلیتاریا خراپ دەکات. ڕیفۆرمە ئابوورییەکە لە لایەکەوە پێكهاتووە لە مونافەسەکاریی و سەرەنجامیش زیانگەیاندن بە سەرمایە [کاپیتاڵ] بە لەدەستدانی داهاتەکەی، بە واتایەکی دیکە بەم ڕیفۆرمە چونیەککردنی توانای هەموو کەسەکان بۆ هەمان ئاستی کار و توانای کرێکار لە ڕوی داهاتیانەوە، لە لایەکی دیکەشەوە، هەڵوەشاندنەوەی سەراپای سیستەمی هەبوونی باجەکانە ، کە تەنها لەسەری کرێکاران و پیاوانی هەژارادا دەشکێنەوە ئەمەش بە شوێنگرتنەوەیان بە تاکە باجێك لەسەر سەرمایە کە لە قیستی بیمەی تەئمین، دەچێت.

لای Louis Blanc و Pierre Leroux بە کردنی ئەم دوو چاكسازییە گەورەیە، ئابووریی کۆمەڵایەتی لە سەرەوە بۆ خوارەوە ڕێکدەخرێتەوە، پەیوەندی نێوان بازرگانی و پیشەسازیی پێچەوانە دەبێتەوە، قازانجەکانیش کە ئێستا بۆ سەرمایەدارە بۆ کرێکاران دەگەڕیتەوە. مونافەسەش کە لە ئێستادا بێ سەروبەر و تێکدەرانەیە، دەبێتە ئامرازێکی بنیاتنەر و بەردار، چی تر بازاڕ پێویست نییە ، کەسانی کارگەر و خاوەنکار بەیەکەوە بە خۆشییەوە پەیوەستدەبنەوە، ئیدی لەمەولا ترسێك لە داکشان [رکود] و هەڵپەساردن نابێت و نامێنێت. ڕژێمێکی نوێ بنیاتدەنرێت، دامەزراوە کۆنەکان یا هەڵدەوەشێنرێنەوە یاخود دروستدەکرێنەوە.

بەم شێوەیە ڕەوتی شۆڕشگێڕانە دیاریکرا و مانا و ئامانجی بزوتنەوەکەش زانرا. هەرچییەکیش کە ڕەنگە لە هەنگاوە کردەییەکانا [عەمەلی] دەرکەوێت، چاکسازییەکە چارەسەریدەکات. بە گوێرەی ئەم پرنسپانە و لەسەر ئەم بنەمایانە ئیدی شۆڕشەکە هیچ پرسێکی دیکەی نابێت و دواتر کێشەی ئابووریی ڕەنگە ئاوا حسابی بۆ بکرێت کە لابەلاکراوەتەوە.

هەرچی سەبارەت بە کێشە سیاسییەکەشە، لەتەك کێشەکەی پێشترا، ‘ئابوورییەکە ‘، دوورە لەوەی وەکو یەک بن، کە ڕزگاربوونە لە حکومەت و دەوڵەت لە ئایندەدا . ئا لەم خالەدا تەنانەت باسی حکومەت و دەوڵەت، لای ئەوان نەکراوە، ئەم گرفتە لە لایەن ویژدانی گشتییەوە و زیرەکی و هۆشیاریی جەماوەرەوە لەبیرکراوە، یاخودهەر تێبینی نەکراوە. بەو شێوەیەی وەکو بینیمان شۆڕشی ئابووریی تەواوکرا، بەڵام ئایا حکومەت، دەوڵەت دەتوانێت لە بوونیا بەردەوامبێت؟ پێویست بە بەردەوامبوونی دەکات؟. لێرەدا هیچ کەسێك نە لە دیمۆکرات و نە لە دەرەوەی ئەوان زاتی [ جورئەت] ئەوە ناکات پرسیاریی بکات، کەواتە ئەوە هێشتا کێشەیە، گرفتە ، ئەگەر ئێمە توانیمان لە کارەساتە نوێیەکان قورتاربین، دەبێت ئەوەی ئایندەش لابەلابکرێتەوە.

ئێمە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەین، هەر تەنها ئێمەشین کە دڵنیایی دەکەینەوە کە لە شۆڕشی ئابوورییدا، ئەوە لەلای ئێمە بڕاوەتەوە، کە دەوڵەت بەتەواوی دەبێت وجودی نەمێنێت، ئەم لەبەینچونەی دەوڵەتیش بەرەنجامی زەروورەتێکە لە ڕێکخستنی سیستەمی پشتیوانە ” ڕەسید” (credit ) و چاکسازی سیستەمی باجگەریی کە کارایی لەسەر ئەم جووتە نۆژەنکردنەوەی [ ئابووریی و سیاسیی ] حکومەت دادەنێت،[ سیستەمی باجگەریی و پشتیوانە “کرێدت” لەو سەردەمەی فەرەنسەدا قورساییەکی یەکجار زۆری لەسەر خەڵکی دانابوو و سزادانی جێبەجێنکەکردنەکەی زۆر سەخت بووە، هەبوونی ڕەسید گرنگ بووە کە بوونی دارایی بووە لە شێوەی جیادا، بێ بوونی ئەم ڕەسیدە نە مافی دەنگدان و نە مافی تر هیچیان نەبووە – وەگێڕ] ئیدی یەکەم، حکومەت دەبێتە ناپێویستیی [ بێ کەڵک] دواتریش بوونی مەحاڵ دەبێت، هەر ئاواش هەمان شت بۆ توێژاڵە خاوەندارە فیوداڵەکان، سووخۆرەکان، دەستوری پاشایەتی ڕەها، دەزگە قەزاییەکان،…تد پێشبینی دەکرێت، ئەمانە هەمووی لەژێر ناوی ئازادیی لە پەروەردە و ڕۆشنبیرییدا ناونووسکراون، بەڵام کاتێك کە خودی ‘ئازادیی’ دەگات، هەموو ئەوانە بە تەواوی دەکەون و لەبەرچاو وندەبن.
بە پێچەوانەی ئەوانی دیکە، کە لە ڕیزی پێشەوەیان ئێمە جیایان دەکەینەوە،Louis Blanc و Pierre Leroux ن، کە لە دوای شۆڕشە ئابوورییەکەوە، مانەوە و بەردەوامبوونی دەوڵەت بە زەرووری دەزانن، بەڵام لە فۆرمێکی ڕێکخراودا، بینای بکەنەوە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا لە لایەن ئەمانەوە نە پرنسپڵێك هەیە و نە پلانێکیش بۆ ڕێکخستنەوەی دەوڵەتەکە.

پرسی سیاسیانە لای Louis Blanc و Pierre Leroux لەبری لەناوبردنی دەوڵەت لە ڕیشەوە و دیارکردنی و بەستنەوەی بە پرسی ئابورییەوە کە پرسێکە و تا ئەمڕۆش هەر پرسە، ئەوان داکۆکی لە فراوانکردنی بەرتەلەکانی دەوڵەت، دەسەڵات، دەسەڵاتدارێتی، حکومەت، دەکەن. ئەوان تەنها ناوەکان دەگۆڕن، بۆ نموونە لەبری دەوڵەتی سەروەر[master-State ] دەڵێن دەوڵەتی خزمەتکار [servant-State ] وەکو بڵێی گۆڕینی وشەکان کافییە بۆ گۆڕینی شتەکان! سەرەڕای ئەمەش، دەربارەی ئەم سیستەمەی حکومەت هیچ شتێك نازانرێت وەك سیستەمێکی دینی لە بۆشایی ئاسمانا خۆی ڕادەگرێت و هیچ دەربارەی نازانرێت، تقوسە دینییەکەی و ڕواڵەتی لەسەر زەوی و لە بەهەشتا، نەزانراوە.

لەئێستادا پرسیارێك هەیە کە لە هەنووکەدا سۆشیالیست دیمۆکراتەکانی لەم مەسەلەیە و لە کێشەکانی دیکەدا دابەشکردووە وەکو ئایا دوای حەلبوونی بەکردەوەی پرسی کار و سەرمایە، دەوڵەت هەر دەبێت بمێنێتەوە و بەردەوامبێت ؟ بە مانایەکی دیکە ئایا دەبێت هەر دەوڵەتمان وەکو ئەوەی کە ئێستا هەمانە ببێت، ئایە دەستورێکی سیاسی بەجیا لە دەستورە کۆمەڵایەتییەکە دەبێت؟.
وەڵامی ئێمە پێچەوانەیە، ئێمە پێداگریی لە سەر ئەوە دەکەین هەر کە کار و سەرمایە دیاریکرا و کێشەکە لابەلاکرایەوە، کۆمەڵ لەسەر پێی خۆی ڕادەوستێ، ئیدی چی تر پێویستی بە حکومەت نابێت. ئێمە لەبەر ئەوە زیاتر لە جارێك بانگەشەی ئەنارشیبوونی خۆمانمان کردووە. ئەنارشیەت هەلومەرجی بوونی کۆمەڵێکی پێگەییوە [ ڕوشدە]، هەر وەك چۆن قوچکەیی/ هەرەمیی هەلومەرجی کۆمەڵی سەرەتایی بووە[ پرۆدۆن لێرەدا مەبەستی سەرهەڵدانی قوچکەییە پێش بەرەوچوونی کۆمەڵی سەرەتایی بۆ کۆمەڵی چینایەتیی- وەرگێڕ]، بەردەوام پێشەوەچونێک، بەردەوام وەرچەرخانێك لە کۆمەڵی مرۆڤایەتییدا لە قوچکەییەوە بۆ کۆمەڵی ئەنارشیی هەیە.

درێژەی هەیە.
……………..

**لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.

خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگەداری ئەوە بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .

لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.




ئەركێك لە یادی 104 ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنییەكاندا …عەلی مەحمود محەمەد

ئەركێك لە یادی 104 ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی خوشك و برا ئەرمەنییەكاندا

رێگات بكەوێتە مۆنمێنتی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە شاری یەریڤانی پایتەختی ئەرمینا, تژییە لە وێنەی سەرۆك عەشیرەتە كوردەكان بەشێوەی دڕندە دەردەكەون یان وێنا كراون كە بەشدار بوونە لە جینۆسایدكردنیان, ئەم وێنانە بونەتە بەشێك لە زاكیرەی ئەو گەلە, وێنەی دەرەبەگ و سەرۆك خێڵ و شێخە كوردەكان كە هیچ پەیوەندییەكان بە خەڵكە عامییەكەوە نییە, ئەم زاكیرە رەشە بە سانایی ناسڕدرێتەوە, بە دیدار و مجامەلەی كاتی دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە كۆتایی نایات, لەبەردەم هەڵوێستدا رامان دەگرێت, لە بەرامبەردا نابێت تا كۆتایی سەرمان لە ژێر لمدا بشارینەوە لە ترسی هەڵوێست دەربڕین, باجی دڕندەیی و تاڵان و بڕۆی ئەو ئاغاو دەرەبەگ و سەرۆك خێڵانە دەبێت عامیەی خەڵك بیداتەوە, پێویستە هەنگاو بنێین بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەكان رابردوو, ئەویش دانانە بە راستیەكان وەك ئەوەی لە حەقیقەتدا هەیە نەك وەك ئەوەی دەمانەوێت و پینەو پەڕۆی بكەین, یاخود ناسیۆنالستە توندڕەوەكانی ئەوان دەیانەوێت بیسەپێنن, یان ئەوەی ناسیۆنالستەكان هەردوولا كردویانە بە مەیدانی شەڕی موقەدەسە پوچەكانیان, دەبێت رێگا لە ناسیۆنالیزمی هەردوولا بگرین نەوت بە ئاگری رابردوودا بكەن, ئەوان لە پاڵ توركیا سەرۆك عەشیرەتە كوردەكانی باكور و سەرۆك عەشیرەتە عەرەبەكانی سوریا بە هاوبەشی تاوان دەزانن، ئەدی ئێمە وەڵاممان چییە لە كاتێكدا وێنەو دۆكۆمێنتەكانی ئەوكات ئامادەن.

نكۆڵیكردن بۆخۆی درێژەدانە بە تاوان, رێگە گرتنە لە سارێژ بوونی بیرینەكانی رابردوو, درێژەدانە بە شەڕی باوباپیران بە نەوەی نوێ, گەلی كورد بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵناگرێت بەرامبەر بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان, بەڵام دەبێت بەرپرسیارێتی تاوانی هەندێك لە هاووڵاتیانی بگرێتە ئەستۆ, كە هاوكاری سوپای عوسمانی بوونە لە تاوانەكە, دەبێت دان بە حەقیقەتی یاسایی تاوانەكە بنێت وەك چۆن ئێمە داوادەكەین كەیسەكانی جینۆسایدمان بە جیهان بناسرێت, پێویستە لە بری ئەو كوردە خۆفرۆشانەی بەشدار بوونە لە تاوانەكە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی هەڵبگرێت, دەبێت جێگاو رێگای مرۆڤەكان لە مێژوودا وەك خۆی نیشان بدرێت, ئیتر سەردەمی بە پیرۆزكردنی پاشا كۆرەكان بە كۆتا گەیشتووە, ئێستا سەردەمی دادگاییەكانی تاوانەكانی رابردوو و داوای لێبوردنكردنە لە دڕندەییەكان نەوەكان پێشوو.

نابێت هاشا لە بەشداری هەندێك لە سەرۆك عەشیرەتە كوردەكان بكرێت لە تاوانەكە, كە هەندێكیان تاوانی قێزەونیان ئەنجامداوە وەك بەشێك لە سوارەی حەمیدیە, بەڵام بەشێوەی سستامتیك وەك بڕیاردەر كوردەكان بەشداریان نەكردووە لە تاوانەكە, چونكە دەوڵەتیان نەبووە و بڕیار لای ئەوانەوە دەرنەچووە, ئەوەی كراوە وەك نۆكەری بووە و هاوبەشی تاوانە, یاخود لە ژێر كاریگەری بیری ئاینیدا وەك بەشێك لە خەلافەت ئەنجامدراوە, بۆیە پێویستە تاك لایەنە نابێت سەیری روداوەكان بكرێت, نابێت هەڵوێستی ناسیۆنالزمە راستگەراكانی پۆڵەندا و فەرەنساو …هتد دوبارە بكرێتەوە, لە كاتێكدا خۆمان قوربانی جینۆسایدین, دامەزرێنەری بەرەی نیشتمانی فەرەنسی ئینكاری هۆلۆكۆست دەكات,د ەڵێت بە بەشێك لە وردەكاری جەنگی جیهانی دووەمی دەزانین, تەنانەت لە یاداشتەكانی بە توندی داكۆكی لە فلیپ بیتان سەرۆكی حكومەتی فیشی پاشكۆی هیتلەر دەكات لە فەرەنسا, حكومەتی راستگەرای پۆڵەنداش بڕیاری 3 ساڵ زیندانی بۆ ئەوانە دەركردووە كە هەندێك لە هاوكارانی پۆڵەندی نازیەكان بە هاوبەش دادەنێن لە تاوانی هۆلۆكۆست, ئەمەش وەك داكۆكیكردن لە كەرامەتی نیشتمانی دەزانن, ئەمە بۆخۆی نكۆڵی تاوانی هاوبەشانی نازییەكانە و داكۆكیە لە هاوبەشانی تاوانەكانی نازیەت, دەسەڵاتی شاری سربرنیتشا بەرزترین رێز لێنانی بەخشی بە میلواراد دودیك سەرۆك ئەركانی سوپای بۆسنە كە نكۆڵی كۆمەڵكوژی سربرنیتشا دەكات, ناسیۆنالیزم ئەمەی دەوێت, لە كوردستانیش بهانە بۆ تاوانەكانی پاشای كۆرە دەهێنرێتەوە بەرامبەر بە ئێزیدییەكان , تاوان لە چ ژینگەو بەهانەیەك ئەنجام بدرێت تاوانە, دادپەروەری مامەڵە لە گەڵ ئەنجامەكان دەكان نەك بهانەكان.
نكۆڵیكردنی تاوان, بۆخۆی درێژە دانە بە تاوان بەشێوەی نەرم, مرۆڤایەتی رۆژ لە دوای رۆژ دەگات بە حەقیقەتەكانی رابردوو, سسەردەمی شاردنەوەی زانیاری و حەقیقەتەكان بەسەر چووە, پیرۆز كردنی دڕندەیی لە هیچ چوارچێوەیەك ئاینی یان ناسیۆنالستی جێگای نەماوە, بۆیە رۆژێك زووتر دان نان بە حەقیقەت , ئارام بەخشترەو جوانكردنی سیمای گەلە, كریس ئەندەرسن سەرنووسەری گۆڤاری وایەرد رایگەیاند “زانیارییە زۆرو زەبەنەكان لە سەردەمی ئەنتەرنێت, هەموو راستیەكان ئاشكرا دەكات, پێویست بە زانست و تیۆری ناكات”, بۆیە نكۆڵی كردن وەك سەركردنە ژێر لمە لە سەردەمی ئەنتەرنێت و زانیارییە بێ كۆتاكاندا.

نەتەوەپەرستی و ئاین پەرستی چاوی مرۆڤەكان لە ئاست دانان بە راستیەكان و حەقیقەتی مێژویی كوێر دەكات, مرۆڤایەتی لە بیركردنەوەدا دەكوژێت , هەڵوەدای پاكیزەیی نەتەوەو ئاینە, بۆیە بە نەنگی دەزانێت دان بە ناشرینیەكان رابردوودا بنێت, با ئێمەش نەكەوینە داوی ناسیۆنالیزمی تورك موتوربە كراو بە ئاینەوە, سەیری هەڵوێستە شەرمەزارییەكانیان بكەن نەك لە شاری قۆنیای بگرە لە لاهای و برۆكسل,لە 2ی حوزەیرانی دا2016, بۆندستاغی ئەڵمانیا دانی نا بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان, پێشتریش بەلجیكا هەمان هەنگاوی نابوو, ئەوەی لای من گرنگە لە پرۆسەی دان نان بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا و بەلجیكا, بۆچونی دوو پەرلەمانتاری توركە لە پەرلەمانی ناوەندی ئەڵمانیاو پەرلەمانی هەرێمی برۆكسل لە بەلجیكا, هەردووك بە پاشناوی ئۆزدەمیر ناوەكانیان هاتووە, یەكیان پیاو چەپی ژینگە پارێز و ئەوی دیكە ژنی حیجاب لەسەر نەتەوەیی ئیسلامی, هەردوكیان لە دایك بووی دەرەوەی توركیا و پەروەردەی ژینگەی رۆژئاوا, ئەم دوو ئۆزدەمیرە بە دوو هەڵوێستی پێچەوانە سەبارەت بە دۆسیەی جینۆسایدی ئەرمەن دەناسرێنەوە, یەكیان پێشەنگ لە بواری ناساندنی, بیركردنەوەیەكی مرۆڤدۆستانەی ئەنتەرناسیۆنالستانە, ئەوی دیكە سەرسەخت لە ئاست رەتكردنەوەی حەقیقەتەكان, بە بۆچونی ئاینی و ناسیۆنالیزمەوە لە ئاست ئەو هەموو وێنە پڕ تاوانە قێزەون و ئێسك و پروسكە هەڵوێست وەردەگرێت, چاو دادەخات و كاروانی قوربانییەكان نابینێت.

جیم ئۆزدەمیر لە دایك بووی 21ی دیسەمبەری 1965ی شاری باد ئۆراخی ئەڵمانیا, بنەچە چەركەسی توركیا, سەرۆكی لیستی سەوزەكان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا, كە پێشتر لە ساڵی 2007 بە پێی بڕگەی 301ی دەستوری توركیا سزا درابوو, بە تاوانی پێشێلكردنی ( یاسای سوكایەتی بە ناسنامەی توركی) بە پێی یاساكە تاوانە دان بە كۆمەڵكوژی لە توركیا بنرێت وەك ئەوەی لە پۆڵەندای ناو یەكێتی ئەوروپا پەسەندكرا, ج ئۆزدەمیرو و چەند پەرلەمانتارێكی پارتەكەی تۆمەتباركران بە پێشێلكردنی ئەو بڕگەیە لە دەستوری وڵات, بەهۆی هەڵوێستیانەوە لە سەر دۆزی ئەرمەن و عەلەویەكان كە هەیانبوو, كە پێشتر بەهەمان تاوان و پێشێلكردنی هەمان بڕگەی دەستوری توركیا نووسەری گەورەی ئەرمەنی هرانت دینك سزا دراو دواتر تیرۆر كرا, هاوكات رۆمانووسی ناسراو ئۆرهان بامۆك هەڵگری خەباتی نۆبڵی ئەدەب بەهەمان بڕگەی دەستور سزادراوە, واتا ئەوەی جیناتی مرۆڤبوونی هەڵگرتبێت دەبێت سزاكەی بخوات, ج ئۆزدەمیر پارتەكەی بە بۆنەی یادی 101 ساڵەی وەبیرهێنانەوەی تاوانەكەوە لە 24ی نیسانی 2016 دا, پرۆژەی ناساندنی تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنیەكانی لە توركیا بە جینۆساید پێشكەش بە پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد, لە رۆژانی پێش دەنگدانەكە جیم ئۆزدەمیر بەهۆی هەڵوێستە شێلگیرانەكەیەوە لەسەر دۆسیەكە, دەكەوێتە بەر هەڕەشەی توركە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەكان, لێ گوێی نەدا بە هەڕەشەكان لە وتەكەیدا لە پەرلەمان لە چركە ساتی پێش دەنگدانەكە وتی: ( 80-90%ی سەرجەم هاووڵاتیانی ئەرمەن, 98%ی پیاوانیان,100%ی پیاوانی ئاینیان لەناو براون لەو تاوانە) هاوكات لە بەشێكی دیكە لێدوانەكەی هەمان رۆژی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا وتی: هەموو ئەو تاوانانەی ئەڵمانیا بەرامبەر بە گەلانی ئەوروپا ئەنجامی داوە دەبێت بە جینۆساید بناسرێت , ج ئۆزدەمیر لە درێژەی بۆچونەكەیدا رایگەیاند گرنگە دان بە رابردووماندا بنێن, نابێت توركیا شانازی بە رابردووی خۆیەوە بكات, دەبێت رابردوو قەبوڵ بكرێت وەك خۆی.

تەواو دژ بەم هەڵوێستە ئەخلاقیانەیەی ج ئۆزدەمیر بەرامبەر بە كۆمەڵكوژی گەلێك كە گەلەكەی خۆی ئەنجامی داوە, خاتوو ئۆزدەمیر لە دایك بووی 7ی دیسەمبەری 1982 ی شایربێكی بەلجیكا, یەكەم پەرلەمانتاری حیجاب لەسەرە لە ئەوروپا, پەرلەمانتار لە پەرلەمانی هەرێمی برۆكسل لەسەر لیستی پارتی ناوەندی دیموكراسی مرۆڤایەتی CDH, هەڵوێستێكی دژ بە هەڵوێستەكەی ج ئۆزدەمیر وەردەگرێت, نكۆڵی تەواو لە بوونی تاوانەكە دەكات, ئەو لە یادی 100 ساڵەی ئەم تاوانە قێزەونەدا, لە بەرامبەر ئەوەی رەتی كردەوە وەڵام بە پرسیارەكانی كەناڵی ئاڕ تی ئێڵ ی تایبەت بداتەوە سەبارەت بە پرسی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە توركیا, لە بەرواری 29ی ئایاری 2015 لە پارتەكەی دەركرا, ئەمەش روداوێكی گرنگ و هەنگاوێكی ئەخلاقیانەی گرنگ بوو, لیژنەی ئەخلاقی پارتی ناوبراو نای.
هاوكات لە بەرواری 24ی نیسانی 2015 كە یادی 100 ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان بوو, 6 پەرلەمانتاری بەلجیكی بە ڕەگەز تورك ئەو رۆژە ئامادەی پەرلەمان نەبوون, بۆ ئەوەی بەشداری نەكەن لەو خولەكە بێدەنگیەی لە پەرلەمانی بەلجیكا راگەیەنرا بۆ گیانی پاكی قوربانیانی ئەرمەنی لە یاداوەری 100 ساڵەی تاوانەكە, بۆیە خۆیان دزییەوە, ئەمە چ كارێكی نا ئەخلاقیانەیە, سەیر كەن ئاین شەو رۆژ ئیدعای ئەخلاق دەكات, كەچی هەندێك جار دەبێتە فاكتەر بۆ كاری نا ئەخلاقانە.

بە دوای دەركردنی خاتوو ماهینۆر ئۆزدەمیر لە پارتەكەی توركە ئیسلامی و ناسیۆنالستەكان لە برۆكسل و ئەستەمبوڵ خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان بۆ پشتیوانیكردن لە هەڵوێستەكەی بەڕێوەبردو وەك قارەمان ناساندیان, زۆر لەو قارەمانانە كە پیرۆز كراون لەسەر هەڵوێستی شەرمنانە بە پیرۆز كراون لە مێژوودا, تەنانەت ئەردۆگان و كچەكەی سومەیە هاتنە سەرخەت بە توندی رەخنەیان لە دەركردنی ناوبراو لە پارتی ناوەندی دیموكراسی مرۆڤایەتی CDHگرت, خۆپیشاندەران لەسەر لافیتەكانیان نوسیبویان ماهینۆر ئۆزدەمیر شەرەفمانە, شەرەف لای ئەوان داكۆكیكردنە لە دڕندەییەكانی رابردوو.

هەر لەم بارەیە وە رۆژی پێنج شەممە 22ی شوباتی 2018, پەرلەمانی هۆڵەندا بە زۆرینەی 142 دەنگ لە كۆی 150 دەنگ , بڕیاری بە جینۆساید ناسینی كەیسی جینۆسایدی ئەرمەنی دا, هاوكات بڕیاری دا وەزارەتی دەرەوە 5 ساڵ جارێك بەشداری مەراسیمی ساڵوەگەڕی تاوانەكە بكات.
لە دەنگدانەكە 3 پەرلەمانتار دژ بە بڕیارەكە وەستانەوە, ئەوانیش هەر سێكیان بە رەگەز تورك بوون” Farid Azarkan, Tunahan Kuzu, Selçuk Öztürk” لە پارتی ” DENK “, ئەمە لە كاتێكدا پارتی ناوبراو خۆی بە چەپ و سۆسیال دیموكرات دەزانێت و لە 9ی فیبریوەری 2015 لە پارتی كاری هۆڵەندی جیابوەوە, ئەدی دەبێت هەڵوێستی ناسیۆنالست و ئیسلامیەكان چۆن بێت؟.

ساڵی 2015, 49 پەرلەمانتاری كورد, لەسەر پێشنیاری رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید وەك دەستپێشخەرییەك, جینۆسایدی ئەرمەنی وەك جینۆساید ناسی, كەنامەكە دراوە بە چالاكوانانی بواری جینۆسایدی ئەرمەنی, وەك هەنگاوێكی سەرەتایی بۆ ساڕێژكردنی ئەو زامە قولەی هەندێك دەرەبەگ و سەرۆك عەشیرەتی كورد ئەنجامیان داوە, وەك بەشێك لە دەزگا سەركوتكەرەكانی عوسمانی, هاوكات لە رۆژی سێشەمە 17ی یەنایەری 2018, پەرلەمانی ئەرمینیا دانی نا بە جینۆسایدی ئێزیدیەكان, دەكرێت ئەم هەنگاوانە بكرێنە سەرەتایەك بۆ دان نان بە حەقیقەتەكانی رابردوو و سارێژ كردنەوەی برینە قولەكان.

ئیتر ئێمە ئایا سەیری هەڵوێست لەسەر جینۆساید و تاوان بەرامبەر بە گەلان, وەك هەڵوێستی ئەخلاقانەی مرۆڤ دۆستانە دەكەین, یان بەرچاو تەسكانە, لە روانگەی نەتەوەپەرستی و ئاینی و نكۆڵی كردن لە ناشرینیەكانی رابردوو تێی دەڕوانین, وەك ئەو سیاسی و رۆشنبیرانەی نەتەوە سەردەستەكان كە نكۆڵی لە حەقیقەتی تاوانەكانی دەوڵەتەكانیان دەكەن بەرامبەر گەلەكەمان, یان دەمانەوێت ببین بە ئیسماعیل بێشكچی و هادی عەلەوی و كازم حەبیب و ئەحمەد تورك…, یان باخچەلی و میشل عەفلەق….و نموونەكانیان, مێژوو پڕە لە هەڵوێستی بەشی دووەم, وەلێ داهاتوو بۆ نموونە دگمەنەكانی بەشی یەكەمە, لە كردنەوەی گرێكانی گرێ كوێرەكان مێژوو, زۆر لە مرۆڤە موقەدەسەكانی رابردوو وردو خاش دەكات, مرۆڤە پیرۆزەكانی رابردوو زۆریان وەك پاشای كۆرە لە ئاست گەورەیی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدیەكان لە پیرۆزی دادەماڵرێن و چاوەڕوانی دادگایی دەكەن, بۆیە با چاوەڕوان بین مێژووش خوێندنەوەی تازەی بۆ بكرێت و سەرلەنوێ بنوسرێتەوە, با ئێمەش بچینە پاڵ فەرەنسییەكان, وڵاتی فەیلەسوف و دەستپێشخەرە مێژوییەكان كە سبەی دەكەنە رۆژێكی نیشتمانی.




سێ ڕۆمانی عومەر سەید، ئەنفال لە نەستی تاکی کورددا … محەمەد سەرابی

ئەگەر لە مێژووی هەر نەتەوەیەک، یان هەر کۆمەڵگایەکی دونیا بڕوانیین، ئەوا دەکرێت لە فۆڕمی جیاوازدا مێژووییان پڕبێت لە کارەساتی گەورە، پڕبێت لە جەنگە کاولکارییەکان، لە داگیرکاری و کارەساتی سروشتی و جینۆسایدو سڕینەوەی نەتەوەییان. بەهەمانشێوە ئەگەر بەدیوێکی دیکەدا لە مێژووی ئەدەبیاتی ئەو نەتەوانە بڕوانیین، دەبینین ئەم دوو تەوەرەیە، واتە مێژووی کارەسات و ڕووداوە گەورەکان، لەگەڵ مێژووی ئەدەبیاتدا پەیوەندییەکی تووندیی کارو کارتێکردنیان بەیەکترەوە هەیە، کە تێیدا مێژوو وەک کارتێکەرێک کاریگەری و ڕەنگدانەوەی گەورە لە ئەدەبیاتدا دێنێتەئاراوە. بەچەشنێک دەکرێت گۆڕانکاری گەورە لە ڕەوت و قوتابخانەو ڕێبازە ئەدەبییەکاندا دروستبکات و تەنانەت ڕەوت و قوتابخانەو ڕێبازی نوێی تاقینەکراوە بێنێتەکایەوە. بە مانایەکی تر، ڕەوت و ئاراستەی ڕووداوە مێژووییەکان، دەکرێت ڕۆڵێکی گەورەی هەبێت لە گۆڕینی ئاراستەی ڕەوتە ئەدەبی و هونەرییەکان.

لە دونیادا ڕەنگە بەڵگەنەویست بێت، کارەساتێکی وەکو هۆڵۆکۆست، جینۆسایدکردنی ڕەگەزی جوولەکەکان لەلایەن پارتی سۆسیالیستی کرێکارانی ئەڵمان، ناسراو بە نازییەکان و بە سەرکردایەتی ”ئادۆلف هیتلەر” لە ماوەی جەنگی جیهانی دووهەمدا، پاش ئەو ڕوداوە چی کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئەدەبیات و هونەرو سینەمای نە تەنیا هەر جوولەکەکان دادەنێت، بەڵکو کاریگەری گەورە دەکاتە سەر بەرهەمە ئەدەبییەکانی بەشێکی زۆری ئەورپا بە گشتی. هۆڵۆکۆست، ئەو کارەساتەی ژمارەی قوربانییەکانی بە یانزە ملیۆن کەس مەزەندەدەکرێت. هەرچەندێک بێت، دواجار ئەم کارەساتە دەبێتەهۆی ئەوەی سەدان تێکستی ئەدەبی لەبوارەکانی شانۆ، یاداشتنامە، چیرۆک و ڕۆمان و فیلمی سینەمایی و…هتد، لێبکەوێتەوە. بێگومان ئەگەر باس لەوەش بکرێت، کە دواجار ئەم کارکردنە لەم بوارانەدا بەتایبەت لەلایەن جوولەکەکان خۆیانەوە، چی دەرئەنجامێکی هەبووە، ئەوا ڕەنگە بە دیکۆمێنتکردن و پاراستنی بەڵگە مێژووییەکان، ناساندن و نیشاندانی ئەو کارەساتە بە نەوەکانی خۆیان و هەموو دونیاو بەکارهێنانەوەی بۆ وەرگرتنەوەی ماف و پاراستنی حەقی مرۆیی و سیایی گەورەی خۆیان، بەزیندووهێشتنەوەو ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتە، بۆ جوولەکان کەمترین بایەخی ئەو بەرهەمانە بێت، لەپاڵ دەرئەنجامە گرنگەکانی دیکەدا، ئەگەر لێکۆڵینەوەی تایبەت لەوبارەوە بکرێت، کە لێرەدا مەبەستی سەرەکی من نییە.

ئەوەی لێرەدا بۆ من گرنگەو دەمەوێت بە کورتی وەڵامی بدەمەوە، ئەو پرسەیە کە ئەگەر پەیەوەندی کارەساتە گەورەکانی دونیا، نەتەوەو کۆمەڵگا جیاوازەکان لەگەڵ ئەدەبدا پەیوەندییەکی تووند هەبێت و بەو چەشنەی هۆڵۆکۆست کاریگەری لەسەر ئەدەب دابنێت، ئەی کاریگەری ئەنفال و جنیۆسایدی بەشێکی گەورەی میللەتی کورد لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە، کە پەیوەندییەکی تەواو لاوازە، بە چەشنێک لە بێدەنگییەکی تەواو ترسناکی ئەدەبی و هونەری دونیای کوردیدا فەرامۆشدەکرێت و کەمترین دەقی ئەدەبی لە بوارەکانی شیعرو ژانرە جیاوازەکانی دیکەی پەخشانی لێدەکەوێتەوە، بۆچی دەگەڕێتەوە؟ هەر لەم لایەنەشەوە، یەکێک لە هەرە خاڵە گرنگەکانی بایەخی سێ ڕۆمانی ”عومەر سەید”، کە سێ ڕۆمانن لەناو ئەو بێدەنگییە ترسناکەدا لەبارەی کارەساتی ئەنفالەوە نوسراون، ئاماژەپێبدەم.

زۆرن ئەو سەرچاوەنەی دەکرێت هۆکاری ئەم بێدەنگییە بۆ هەست و سۆزو هەڵچوونە دەروونییەکانی شاعیران و نووسەران بگەڕێننەوە، بەڵام ئەگەر ئەمە وەڵامە بنەڕەتییەکە بێت، هۆکار چییە شاعیرو ئەدیبانی سەر بەم نەتەوە کارەساتبارە دەکەونە بۆشاییەکی وەهاوە؟ لەکاتێکدا لە قۆناغەکانی (شۆڕش)و بەرەنگاری نەتەوەی ئێمەدا، بەتەواوی خواستەکانی بەرەی (شۆڕش) بەسەر ئەدەبیاتی دوانیای ئێمەدا باڵدەکێشێت و تەنانەت ئەو تێمایانە درێژدەبێتەوە بۆ قۆناغەکانی دوای ڕاپەڕین و تاوەکو ئێستاش بەردەوامی هەیە. ئیتر چی ئەوەبێت لە قۆناغەکانی پێش ڕاپەڕیندا ئەدەبیاتی ئێمە بچێتە سەنگەری بەرگری و خواستەکانی بەرەی (شۆڕش)ەوە، یاخود لە قۆناغەکانی دوای ڕاپەڕینەوە ئیتر ئەو مێژووە ببێتە ڕوداوێک هەڵوێستەی لەسەر بکرێت و شیکاربکرێت، وەک ئەوەی ”هیوا قادر” لە لە ڕۆمانی (منداڵانی گەڕەک)و ”جان دۆست” لە ڕۆمانەکانیدا کاریان لەسەرکردووە، یان بە دیدێکی ڕەخنەئامێزەوە لێیبڕواندرێت، وەک ئەوەی ”بەختیار عەلی” زۆرترین ڕۆمانەکانی خۆی بۆ تەرخاندەکات، بەتایبەت درێژترین ڕۆمانی لە سێ بەرگدا (کەشتی فریشتەکان).

لێرەوە ئەگەر ئەم دوو لایەنە جیاوازە بەراود بکەین، واتە ڕەنگدانەوەو باڵکێشانی (شۆڕشی کورد) لە ئەدەبیاتی کوردیداو ئەو بێدەنگییە فراوانەی جینۆسایدو ڕەوی بەکۆمەڵ و ئەنفال و کۆمەڵکوژی هەڵەبجە، ڕەنگە کەمێک لە وەڵامی هۆکاری ئەو بێدەنگییە نزیکمان بکاتەوە.
ئەنفالی سەدو حەفتاو دوو هەزار کوردی ناوچەکانی کوردستان و کۆمەڵکوژی پێنج هەزار مرۆڤی بێ گوناهی هەڵەبجەو هەوڵی پاکتاوی تەواوی کوردو سڕینەوەو کاولکاری چوارهەزارو پێنجسەد گوندو بەتەعریبکردنی شارو وێرانکردی خاکی کوردستان، بێ بەهاکردن و قەدەغەکردنی زمانی کوردی و تەواوی هەوڵ و دەرئەنجامەکانی دیکەی شاڵاوی ئەنفال و پاکتاوی مرۆڤی کورد، نەبوونەتە ڕوداوێکی وەها کە ببێتە بەشێک لە نەستی مرۆڤەکانی دوای ئەو کارەساتگەلە بە گشتی و نووسەران و ئەدیبانی کورد بەتایبەتی. لەحاڵێکیشدا ئەگەر بووبێتە بەشێک لە نەستی پاشماوەکانی ئەنفال، ئەوا ئەو بەشە لە مرۆڤی کومەڵگای ئێمە؛ نوخبەی ئەدیبان و نووسەران نیین، تاوەکو ئەو ڕووداوە بگێڕنەوەو بیگواسنەوە ناو ئەدەبیات. ”تەیمور”و پیرێژنێکی قوربانی دەستی ئەو غەدرە، نە تەنیا خاوەن زمانێکی گێڕانەوەی هونەری نیین، بەڵکو خۆیان ئەنفالن و پێویستیان بە ئەوە هەیە ئەدیبێک ئازارو چاوەڕوانییەکانیان بۆ دونیا بەیانبکات و بگێڕێتەوە.

نەست ئەوەندەی لێرەدا بەمانا سایکۆلۆژییەکەی گرنگە، کە بریتییە لە عەقڵی پەنهان(باطن)ی مرۆڤ و پێکهاتە خودی و زاتییەکانی مرۆڤ دەگرێتەوە، ئەوەندەش بەمانا لێکۆسیکۆلۆژییەکەی گرنگە، کە بریتییە لێکسیکۆنی مرۆڤ و کۆی زانیارییەکانی مرۆڤ بە گشتی و تایبەتییەکانییەوە لەخۆدەگرێت. بەم مانایەش بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت بڵێین؛ نەست بریتییە لە بوونی مرۆڤ. بایەخی ئەم دوو پێکهاتەیە بۆ ئەدەب لێرەوەیە، چونکە ئامرازی سەرەکی و بنەڕەتیین بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرهەمێکی هونەری لەهەر بۆارێکدا بێت. ئەوەش لەو سۆنگەیەوە، کە لەلایەنە سایکۆلۆژییەکەیەوە ”سیمگوند فرۆید” لە تیۆرییەکانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە چەندە چەپاندە سایکۆلۆژییەکانی مرۆڤ، کە لە زاتی مرۆڤەوە سەرچاوەیانگرتووەو لە نەستیاندا کەپتدەکرێن، دەشێت لە ئاستێکی دیکەدا سەرهەڵبدەنەوە، وەک ئەوەی لە ئاستی هونەرییدا دەشێت بەرهەمێکی هونەری لێبکەوێتەوە. هەرچی بەمانا لێکسیکۆنییەکەشییەتی، بێگومان ناکرێت نووسەر بەبێ گەڕانەوە بۆ زانییارییە فەرەهەنگی و ئاوەزمەندییەکانی هیچ تێکستێک بەرهەمبهێنێت. ئەوەشی لەم ئاستەدا بۆ گێڕانەوەی دەقێکی هونەری گرنگە، زانیارییە تایبەتییەکانی نووسەرن لە هەمبەر بابەتی دەقەکەیدا، بەتایبەت لە بەرهەمێنانی دەقێکی هونەری ئەدەبیدا. زانیاری تایبەت بەمانای ئەزموونی تایبەتی مرۆڤ لەگەڵ چەمک، یان هەر دیاردەو ڕووداوێکی دیارکراودا کە مرۆڤ ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

ئیشکال و بۆشاییە گەورەکەی ئەنفال بۆ تاکی کورد لێرەوە دەستپێدەکات، ئەنفال وەک کارەساتێکی گەورە نەبووەتە بەشێک لەو پێکهاتە سایکۆلۆژییەی نەستی مرۆڤی کورد پێکدەهێنێت. بەمانایەکی تر وەک وتمان، نەبووەتە بەشێک لە بوونی مرۆڤی کورد. ئازارو نەهامەتییەکانی کورد تاوەکو ڕاپەڕینی نەوەدو یەکی سەدەی ڕابردو درێژدەبێتەوەو لەوێدا دەوەستێت. لەوێدا ئیتر دیوارێک لەنێوان قوربانییەکانی ئەنفال و نەوەی دوای ڕاپەڕیندا دورستدەبێت، یاخود دروستدەکرێت. بەپێچەوانەی سەردەمی (شۆڕش)ەوە، لە دەیان کەناڵی جیاوازەوە (شۆڕش) دەخرێتەوە ناو نەستی مرۆڤی کورد. (شۆڕش) قەدەغەدەکرێت و ئەو قەدەغەکردنەش دووبارە دەبێتەوە پاڵنەرو پاوەری ئەو کەناڵانە، بەڵام ئەنفال تەواوی ماناو هالە بنەڕەتییەکانی خۆی لەدەستدەدات و ماناو هالەی دەستکردی دیکەی دەدرێتەپاڵ کە لە ئەنفالبوونی دادەماڵێت. مینۆی ئەنفال دەشێوێندرێت و دەمامکی ساختەی بەبەردادەکرێت. ئەنفال لە تراژیدیاو کاراساتێکی نەتەوەیی گەورەوە دەکرێتە ئامێرو کەرەستەیەکی کەسابەتی حوکمی. لێرەشەوە ئەنفاڵ وەک پێکهاتەیەکی گەورە لە پێکهاتەی گشتی کوردبوون جیادەکرێتەوە.

بەدیوەکەی تردا، ئەنفال وەک چەمکێک کە خاوەنی دەلالەتی مێژوویی و وجودی خۆیەتی، لە پرسی (ئەنفال چییە؟)وە، بچوک دەکرێتەوە بۆ پرسی ”کێ ئەنفالی کردو کێ ئەنفالکراو کەی ئەنفال ڕوویدا؟” وەڵامی کێ ئەنفالکرا؟ بەتەواوی جیاکردنەوەی ئەنفالە لە جەستەی (من). وەڵامی کەی ئەنفال ڕوویدا؟ دابڕانی ئەنفالە لە ئێستاو ئایندەو جێهێشتنێتی لە ڕابردوودا. بەم مانایە، ئەنفال نابێتە ڕووداوێکی تایبەتی کە تاکی کورد ئەزموونی بکات، ڕووبەڕوویبێتەوەو بێتە زانیارییەکی تایبەت و لە لیکسیۆنیدا تۆماریبکات. بەڵکو تەنها زانییارییەکی گشتی ئەزموننەکراوەو دەکرێت کەمترین کات لەیادیبەرێتەوە. لەوێشەوە ئەنفال لە نەستی تاکی کوردیدا هیچ ئامادەییەکی نییەو نابێتە جووڵینەری مرۆڤی ئێمە لە هیچ ڕووییەکەوە.
تەواو پێچەوانەی ئەو دۆخەی ئەدەبی ئێمە دەرگیرە لەگەڵ ئەنفالدا، لەپاڵ دەقی شیعری (گۆڕستانی چراکان)ی ”شێرکۆ بێکەس”دا، ئەنفال دەبێتە ماتریاڵی بنیاتنانی سێ ڕۆمانی ”عومەر سەید”، (بازنە ڕاخراوەکانی بابل، سەرزەمینی زیکزیکە، ئەسپەرە).

من لێرەدا باس لە ڕەگەزو پێکهاتە هونەرییەکانی ئەم سێ ڕۆمانە، ئەندێشەکاری، ڕووداو و کەسێتی، کات و شوێن و تەکنیکی گێڕانەوەیی، وێنەو ئاوەزمەندی باسناکەم و دەکرێت هەر یەکێک لەو لایەنانە لەژێر تیشکی میتۆدو تیۆرە ڕەخنەییەکاندا لێیبکۆڵدرێتەوە، کە بەشێوەیەکی گشتی ”عومەر سەید” هونەریانە کاری لەسەرکردوون و سێ دەقی سەرکەوتووی ئەدەبی لێبەرهەمهێناون. خاڵێک کە لێرەدا بۆمن جێگەی بایەخ و لەسەروەستانە، گێڕانەوەو هاتنی ئەنفالە لەو بێدەنگییە ترسناکەی ئەنفالی تێدا جێماوە. پێش ئەوەی ئەم سێ دەقە بڵندگۆیەک بن و بەیانکردنی ئەنفال بێت بە گوێی دونیادا، نیشاندانی ئەو کارەساتە بێت بە ڕووی درەوەی کورددا، بەگوێدادان و نیشاندانی ئەنفالە بە گوێ و ڕووی ناوەی کورد خۆیدا. چیتر لەم سێ دەقەدا، ئەنفال لەودیو دیوارەکانی پێش ڕاپەڕینەوە نامێنێتەوەو لە چرکەساتێکی دیاریکراوی مێژوویی، دێتەدەرێ و لەدەرەوەی زەمەن خۆی مانیفێستدەکاتەوە. ئەنفال لە نەستی ”عومەر سەید”ەوە دێت و بەر نەستی وەرگرەکانی دەکەوێت. واوەتر ئەوەی گرنگە چی دیکە زانیارییەکی گشتی نییەو بەڵکو وەرگر دەکەوێتە ئەنفالەوەو ئەزموونی دەکات. من وەک نەوەیەکی دوای ڕاپەڕین، لەناو ئەو سێ دەقەدا، سێ هەناسە وەردەگرم و دەیاندەمەوە، هەناسەیەک وەک هەناسەی ساردی چاوەڕوانییە بێکۆتاییەکانی میمکێکی گەرمیانی، لە (سەرزەمینی زیکزیکە)دا، هەناسەیەک وەک دوا هەناسەی تاساوی منداڵێک کاتێک لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا، لە (بازنە داخراوەکانی بابل)دا زیندەبەچاڵدەکرێت، هەناسەیەک وەک دوا هەناسەی سەڕبڕاوێکی ئێزیدی دەستی جەللادێکی داعش، لە (ئەسپەرە)دا.

کاتێک ئەنفال وەک زانیارییەکی مێژوویی نەوەکانی دوای ڕاپەڕین لە دەرەوەی خۆیاندا وەریدەگرن و وەک بەشێک لەخۆیان درکیناکەن، وەک ئاماژەمان پێدا، دەکرێت لە هەر چرکەساتێکدا بێت فڕێبدرێتەوە دەرەوەی لێکسیکۆن و لەیادبچێتەوە. ڕۆمانەکانی ”عومەر سەید”، بەرگرییه لەو فڕێدانەوەیە، درکردنی ئەنفالە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پێکهاتەی بوونی ئێمە، وەک کورد. کاتێک ڕووداوێکی مێژوویی وەک زانیارییەک لەدەرەوەی خود-ەوە مامەڵکراو فەرامۆشکرا، دەکرێت لە هەر چرکەساتێکی دیکەدا بێت خۆی دووبارەبکاتەوە. خۆدووبارەکردنەوەی کارەساتێکی وەک ئەنفال بەرگری مانەوەی خۆیەتی، کاتێک کورد لە ئێستادا جێیدەهێڵێت و وەک بەشێک لە مێژووی ڕابردووی مامەڵەی لەتەکدا دەکات و لێدەڕوانێت.

بەڵام ئەنفال وەک چۆن لە واقیعدا ئەو دەمامکە ساختەیە فڕێدەدات، بەهەمانشێوەش لە ڕۆمانەکانی ”عومەر سەید”دا ڕەوتی واقیعی خۆی وەردەگرێتەوە. کاتێک عومەر سەید لە ڕۆمانەکانیدا بوونی ئێمە، کە بەشێکی گەرەی بریتییە لە ئەنفال، لە سێ ڕۆماندا دەگێڕێتەوە، خۆنەویستانە ئەنفال وەک خۆی، وەک ئەو ڕەوتەی وەریگرتووە خۆی بەیاندەکاتەوە. ئەگەرچی لە فۆڕمی ڕۆمانەکاندا هەرسێ بەرهەمەکە سێ تێکستی سەربەخۆن، بەڵام ئەنفال هێڵی گشتی بەیەکتربەستنەوەی هەرسێکییانەو دواجار دەبنەوە بەسێ بەرگی کتێبێک، کە ئەنفالمان بۆ دەگێڕنەوە. لە (سەرزەمینی زیکزیکە)دا ئەگەر دەستپێکی ئەو پڕۆسەیە بگێڕدرێتەوە، ئەوا هەمان ئەو بێسەروشێوێنانەی دەخرێنە زیلێکەوەو بەرەو بیابانەکانی بابل دەبرێن، لە (بازنە داخراوەکانی بابل)دا لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا دەدۆزرێنەوە. تەواو لەو چرکەساتەی نەوەکانی دوای ئەو کارەساتە پێیوایە ئەنفالی جێهێشتووە، لەئێستاو ئایندەیدا دەردەکەوێتەوەو لە (ئەسپەرە)دا عومەر سەید بۆماندەگێڕێتەوە، گێڕانەوەی ئەنفال لە ئایندەی ئێمەدا.

بەکورتی ڕۆمانەکانی عومەر سەید، ئەو دەنگە بڵندەی ئەنفالە، لەو بێدەنگە ترسناکەوە دێت، کە باڵیکشاوە بەسەر نەستی تاکەکانی کۆمەڵگای ئێمەدا بە گشتی و دونیای ئەدەبی بەتایبەتی. لێدان و نەشتەرکارییەکی تووندە بەڕووی ئەو وەهمە ترسناکەی لە نەستی مرۆڤی کورددا ئامادەیی هەیە؛ کە ئەنفال وەک ڕووداوێکی مێژوویی لە ڕابردوودا سەیردەکات و پێیوایە جێهڵدراوە. هەوڵێکە بۆ هێناوەی ئەنفال بۆ ناو ئێستا، بۆ ناو نەست و بوونی ئێمە وەک کورد کە ئەنفال بەشێکی پێکهاتەیی وجودی ئێمەیە. بایەخی ئەم بەرهەمانە چەندە بەیانکردنی بەڕووی دونیای دەرەوەی ئێمەدا گرنگە، زیاتر لەوە بەڕووی ناوەوەی خۆماندا گرنگی و بایەخی هەیە. سێ گورزن نە تەنیا بۆ ئەو بێ دەنگیە فراوانەی ئێستای دونیای ئێمە، بەڵکو سەداو کاریگەری خۆی دەگەیەنێت بە ئایندەش.




وه‌ڵامێك بۆ نووسینه‌ چه‌واشه‌كارییه‌كه‌ی عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی!.. سه‌دیق سه‌عید رواندزی

ماوه‌یه‌كه‌ له‌مه‌و به‌ر، وتارێكم له‌ باره‌ی كتێبێكی نووسه‌رێكه‌وه‌ نووسی و چه‌ند ڕه‌خنه‌یه‌كم له‌ كتێبه‌كه‌ی گرت و له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێردا بڵاومكرده‌وه‌. كه‌چی دواتر عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی كه‌ خۆی پێ ئه‌راگۆنی كوردییه‌!! به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ په‌یوه‌ندی به‌ كتێبه‌كه‌وه‌ یاخود نووسینه‌كه‌ی منه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ داخه‌وه‌ له‌ فه‌یسبووكی خۆی ئه‌و ڵاپه‌ڕه‌یه‌ی كه‌ وتاره‌كه‌می تێدا بڵاوبۆته‌وه‌، هاتووه‌ سكانی كردووه‌ و هه‌موو وتاره‌كه‌ی به‌ قه‌ڵه‌می سوور نیشانه‌ كردووه‌.كه‌ گوایه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ من ده‌گرێت و وا خوێنه‌ر چه‌واشه‌ ده‌كات كه‌ من هیچ له‌ زمان و نووسین و ڕه‌خنه‌ نازانم.
له‌ ڕاستیدا، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌به‌ستم نه‌بوو وه‌ڵامی فه‌رهادی بده‌مه‌وه‌،چونكه‌ كاتی ئه‌وه‌م نییه‌ به‌ نووسینی بێ مانا خۆم سه‌رقاڵ بكه‌م و ئه‌گه‌ركات قه‌رزكرابایه‌، قه‌رزم ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی فریای خوێنه‌وه‌ی كتێبی زۆرتر بكه‌وم. وه‌لێ چونكه‌ به‌شێك له‌و كۆلكه‌ نووسه‌رانه‌ی من پێشتر ڕه‌خنه‌ی لۆژیكیم له‌كتێبه‌كانییانه‌وه‌ گرتووه‌ و خۆیان بوێری ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌ وه‌ڵامم بده‌نه‌وه‌ ، به‌ده‌رفه‌تیان زانیوه‌ وهاتوون به‌و نووسینه‌ چه‌واشه‌كارییه‌ی فه‌رهادی شاگه‌شكه‌ بوونه‌ (وه‌ك ئه‌وپه‌نده‌ كوردییه‌ی ده‌ڵێت: دوژمنی دوژمنم دۆستمه‌) كه‌وتوونه‌ته‌ نووسینی كۆمێنت له‌ دژی من و به‌ داخه‌وه‌ هه‌ندێكییان په‌لاماری كه‌سیه‌تیشیان داوم، ئیدی به‌ پێویستم زانی كورته‌ وه‌ڵامێكی بده‌مه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی واز له‌و چه‌واشه‌كارییانه‌ بێنێ، له‌خواره‌وه‌ش سه‌رنجه‌كانم ده‌خه‌مه‌ ڕوو:_

1_ فه‌رهادی وتاره‌كه‌ی له‌ فه‌یسبووكی خۆی نووسیوه‌، چونكه‌ ده‌زانێت به‌ ئاسانی بۆی ده‌چێته‌ سه‌رو تێده‌په‌ڕێت،خۆزگه‌ كه‌مێك ئازایه‌تی و بوێریی ئه‌وه‌ی هه‌بووایه‌،له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر سه‌رنجه‌كانی بنووسێ!!!.
2_ له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌ڕی ڕێزو خۆشه‌ویستیم بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی فه‌یسبووكییان هه‌یه‌ و به‌كاری دێنن، به‌ڵام سێ به‌شی ئه‌و نووسینانه‌ی له‌ فه‌یسبووك بڵاوده‌كرێنه‌وه‌،لای من به‌هایان نییه‌.چونكه‌ فه‌یسبووك سه‌كۆیه‌كی بێ دایك و باوكه‌ و هیچ فلته‌رو سانسۆرێكی نییه‌ و هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت چه‌واشه‌كاریی، ته‌شهیر، جوێن،ڕه‌تكردنه‌وه‌، وتاری بێ مانای لێ بڵاو بكاته‌وه‌.
بۆنموونه‌: من له‌ فه‌یسبووك ده‌نووسم( شێرزاد حه‌سه‌ن چیڕۆكنووس نییه‌، به‌ختیار عه‌لی ڕۆماننووس نییه‌، مه‌ریوان قانع ڕووناكبیر نییه‌، ئازاد عه‌بدولواحید ڕه‌خنه‌گرنییه‌، عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵا لێكۆڵه‌ر نییه‌، عه‌تا قه‌ره‌داغی نووسه‌ر نییه‌…تد كێ ده‌توانێت ڕێگریم لێ بكات؟ به‌ڵام ئاخۆ ده‌توانم ئه‌وانه‌ له‌ ڕۆژنامه‌یه‌ك یان گۆڤارێك بنووسم؟.
3_ خۆزگه‌ فه‌رهادی بوێری ئه‌وه‌ی هه‌بووایه‌ له‌ ڕۆژنامه‌یه‌ك وتاره‌كه‌می شه‌ن و كه‌و بكردایه‌ و خاڵ به‌ خاڵ هه‌ڵه‌كانی دیاربكردایه‌، نه‌ك بۆ چه‌واشه‌كردن، هه‌مووی به‌ خه‌تی سوور وه‌ك قوتابییه‌كی قۆناغی بنه‌ڕه‌تی تێوه‌ربدات.چونكه‌ ئه‌و هێڵی به‌ ژێر وشه‌ی وه‌ها داهێناوه‌، كه‌ هیچ هه‌ڵه‌یه‌كییان تێدا نییه‌.

4_ خودی فه‌رهادی، به‌ واژۆی خۆی دیوانه‌ شیعرێكی بۆ ناردووم به‌ بێ ئه‌وه‌ی بیناسم. من ئه‌گه‌ر له‌ باره‌ی ده‌رده‌ دڵه‌كانییه‌وه‌ نه‌ك شیعره‌كانی، وتارم نووسیباو به‌شان و باڵی ئه‌وه‌م هه‌ڵبدایه‌،دڵنیام ئه‌گه‌ر هه‌موو نووسینه‌كانیشم هه‌ڵه‌ بان بێ ده‌نگی لێ ده‌كردم.

5_ من تا ئێستا كه‌م ڕۆژنامه‌ و گۆڤار هه‌یه‌، وتارم لێ بڵاو نه‌كردبێته‌وه‌. تۆبڵێی فه‌رهادی له‌ ستافی ئه‌و بڵاوكراوانه‌ ڕۆشنبیرتروبه‌ تواناترو زمانزانتر بێت؟ڕێی تێ ده‌چێت كه‌سێك هیچ له‌ زمان و ڕێنووس نه‌زانێت و به‌سه‌دان وتاریشی بڵاوكردبێته‌وه‌؟

6_ فه‌رهادی له‌ كاتێكدا ڕه‌خنه‌ له‌لایه‌نی زمانه‌وانی و ڕێنووسی وتاره‌كه‌ی من ده‌گرێت، به‌ڵام هه‌ر خۆی له‌ چۆڕاوی تریفه‌دا، وشه‌ هه‌یه‌ به‌ دوو شێوه‌ و به‌ دوو ڕێنووسی جیاواز نووسیویه‌تی.

7_ له‌ڕاستیدا، له‌ هه‌رێمی كوردستان زمانێكی ستاندارو یه‌كگرتوو نییه‌ تاكو وه‌ك فۆڕمێكی جێگیری نووسین هه‌مووان په‌یڕه‌وی بكه‌ن، بۆیه‌ هیچ كه‌س ناتوانێت ڕێنووسی خۆی گشتاندن بكات به‌ سه‌ر نووسه‌رێكی دیكه‌. ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌كان،له‌ ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی تر ده‌گۆڕێت.بۆنموونه‌: ئێمه‌ له‌ ڕواندز ده‌ڵێین:(ته‌نشت) واتا پیتی(ی) تێدانییه‌.

8_ فه‌رهادی به‌ لایه‌وه‌ سه‌یره‌ كه‌ من فه‌یسبووكم نییه‌ و ده‌ڵێت:_ چۆن ده‌بێت نووسه‌ر فه‌یسبووكی نه‌بێت!! ئه‌و به‌ڕێزه‌، به‌ داخه‌وه‌ هێنده‌ بێ ئاگایه‌ له‌ دنیا، نازانێت دانان و دانه‌نانی فه‌یسبووك، به‌شێكن له‌ ئازادیی و ژیانی كه‌سی و تایبه‌تی هه‌ر مرۆڤێك. وه‌ك چۆن ئه‌و فه‌یسبووكی هه‌یه‌ و چه‌واشه‌كاری تێدا بڵاو ده‌كاته‌وه‌،به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌بێ باوه‌ڕیشی به‌وه‌ هه‌بێت كه‌سانێك هه‌بن فه‌یسبووكییان نه‌بێت. به‌ڵام من ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی فه‌رهادیم به‌لاوه‌ ئاساییه‌، چونكه‌ ده‌زانم به‌شێكی زۆری به‌ناو نووسه‌ران و به‌ناوڕووناكبیرانی كورد، هه‌موو سمێڵ سوورێك لایان هه‌مزه‌ ئاغایه‌،بۆیه‌ لاشیان وایه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك فه‌یسبووكی نه‌بوو ئیدی نووسه‌ر نییه‌ به‌تێگه‌یشتنی خۆیان!!..

9_ له‌ ڕاستیدا، نووسینه‌كه‌ی فه‌رهادی نیگه‌رانی نه‌كردم، ئه‌وه‌نده‌ی كۆمێنتی به‌شێك له‌ كۆمێنتچییه‌كان( هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌موویان نا)ئازارییان دام. چونكه‌ ئه‌وان به‌بێ ئه‌وه‌ی نووسینه‌كه‌ی منیان بینیبێت و خوێندبێته‌وه‌، به‌ به‌غایانه‌(له‌گه‌ عامێ بڕۆ شامێ) كه‌وتوونه‌ته‌ ستایشكردن و ده‌ستخۆشانه‌ له‌ فه‌رهادی، كه‌ باش ده‌زانم ئه‌مانه‌ شینه‌كه‌یان بۆچییه‌. له‌وكۆمێنتچییانه‌ هه‌یه‌ شاعیر نییه‌، هه‌یانه‌ په‌نجا ساڵه‌ چیڕۆك ده‌نووسێت، به‌ڵام له‌ هه‌ولێر كه‌ شاره‌كه‌ی خۆیه‌تی كه‌س نایناسێت!!هه‌یانه‌ پسپۆرییه‌كه‌ی بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تووندوتیژی دژی ژنانه‌ و فڕی به‌ سه‌ر ئه‌ده‌ب و زمان و ڕه‌خنه‌ و ڕێنووسه‌وه‌ نییه‌، كه‌چی نووسیویه‌تی سه‌دیق هیچ له‌زمان نازانێت. من له‌ ئێستادا، هیچ قسه‌یه‌كم بۆ ئه‌وان نییه‌، به‌ڵام له‌ داهاتوودا خوا یاوه‌رم بێت یه‌ك به‌یه‌ك نووسینه‌كانییان شڕۆڤه‌ ده‌كه‌م،ئه‌و كات به‌ به‌ڵگه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت و ساغ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ كێیه‌ له‌ نووسین و ڕه‌خنه‌ نازانێت؟ من یان به‌شێك له‌و كۆمێنتچییانه‌؟

10_هیوادارم فه‌رهادی، ڕێز له‌كاتی من بگرێت و سه‌رقاڵم نه‌كات به‌وه‌ڵام و وه‌ڵامكاری،چونكه‌ ئه‌و هه‌رچییه‌ك بنووسێت، ئیدی لای من وه‌ڵام نادرێته‌وه‌.چونكه‌ (حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن) كه‌ ڕه‌خنه‌گرێكی هه‌ره‌ به‌توانای كورده‌ و فه‌رهادیش چاكی ده‌ناسێت! به‌و پێیه‌ی پێشتر له‌ باره‌ی شیعره‌كانی ئه‌و نووسیویه‌تی، قسه‌یه‌كی جوانی هه‌یه‌ و ده‌ڵێت: (نووسه‌رانێك هه‌ن وتارت له‌ سه‌ر ده‌نووسن، باست ده‌كه‌ن، ناوت ده‌هێنن، بۆ ئه‌وه‌ی تۆش وه‌ڵامیان بده‌یته‌وه‌ و له‌ نووسینه‌كانتدا ناویان بهێنی، تاكو له‌ په‌راوێزی ناوی تۆوه‌ بناسرێن)..
له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ خوێنه‌ران و داوای به‌خشین ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر له‌شوێنێكدا كاردانه‌وه‌یه‌كم هه‌بووبێت، چونكه‌ بلێسه‌ له‌گڕهه‌ڵده‌ستێت!!!…




خه‌ته‌نه‌كردن به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌میكردووه‌ … شه‌ماڵ ره‌ئووف

پێویسته‌ گۆڕانكاری له‌ یاساكان بكرێت ، تابتوانرێت به‌ته‌واوی ئه‌و دیارده‌یه‌ بنبڕبكرێت

به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی به‌رده‌ستن، دیارده‌ی شێواندنی ئه‌ندامی مێینه‌ یان خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌كوردستان كه‌میكردووه‌و حكومه‌ت و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان هاوشانی یه‌كتر كار بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و دیارده‌ خراپ و ناشارستانییه‌ ده‌كه‌ن.
خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ دیارده‌یه‌كی له‌مێژینه‌ی كۆمه‌ڵگاكانه‌ ، هه‌ردوو رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ منداڵان (UNISEF) له‌ ساڵی 1997 به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان له‌ دژی شێواندنی ئه‌ندامی مێینه‌ی ژنان ده‌ركردوو به‌تاوان دژی مرۆڤ ناساندیان. به‌پێی ئامارێك كه‌ له‌ 2016 دا له‌لایه‌ن رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانییه‌وه‌ ئاماده‌ كراوه‌ نزیكه‌ی 200 ملیۆن ژن به‌ده‌ست شێواندنی ئه‌ندامی مێینه‌یانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن ،عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش له‌م دیارده‌یه‌ بێبه‌ش نییه‌.

له‌ ساڵی 2004 رێكخراوی (وادی ئه‌ڵمانی) له‌ میانه‌ی سه‌ردانی تیمه‌ گه‌ڕۆكه‌كانیان بۆ چه‌ند گوندێكی گه‌رمیان بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر ژنانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌ندامی مێینه‌یان شێوێندراوه‌. به‌پێی راپۆرتی رێكخراوه‌كه‌ چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی 1500 ژن و كچی ئه‌و ناوچانه‌ كردووه‌، بۆیان ده‌ركه‌وت 907 ژن و كچیان روبه‌ڕوی ئه‌و بارودۆخه‌ ببونه‌وه‌و دواتر له‌به‌دواداچون لێكوڵینه‌وه‌یه‌كی هاوشێوه‌ له‌سه‌ر هه‌مان دیارده‌ له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر ده‌ركه‌وت له‌ 440 ژن 380 یان خه‌ته‌نه‌كراون! ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی ئێجگار به‌رز بوو .
له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌و زانیاریه‌ مه‌ترسیدارانه‌ كاردانه‌وه‌ی زۆری ده‌سه‌ڵاتداران و رێكخراوه‌ جیهانیی و ناوخۆییه‌كانی به‌دوای خۆیدا هێنا، دوای ماوه‌یه‌ك (ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان) و ژماره‌یه‌كی زۆر رێكخراوی ژنان كه‌وتنه‌ جوڵه‌و كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌، هه‌رچه‌ند ئاماری نوێ و ورد به‌رده‌ست نییه‌، به‌ڵام به‌قسه‌ی رێكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان و چالاكوانان، ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی له‌پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه‌و كه‌میكردووه‌.

دكتوره‌ سه‌نا ره‌شید پسپۆری نه‌خۆشیه‌كانی ژنان ده‌ڵێت ” خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ دیارده‌یه‌كی ناشارستانیه‌و ژیانی ژن ده‌خاته‌ مه‌ترسی گه‌وره‌وه‌ ، وا ده‌كات نه‌توانێت سه‌ركه‌وتوو بێت له‌ ژیانی هاوسه‌ریدا ، چونكه‌ بڕینی به‌شێك له‌ كۆئه‌ندامی زاوزیی ژن راسته‌وخو كار ده‌كاته‌ سه‌ر ژیانی ، له‌ لایه‌ك شیوه‌كه‌ی ناشیرین ده‌كات ، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ هه‌ستی سێكسی كه‌سه‌كه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیرییه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی نیوان ژن و مێرد لاواز بكات، زۆر جار كۆتاییه‌كه‌ی جیابونه‌وه‌ ده‌بێت .
دكتۆره‌ سه‌نا ده‌شڵێت ” به‌داخه‌وه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌وتو به‌رده‌ست نیه‌ تا ئه‌وانه‌ی خه‌ته‌ كراون چاره‌سه‌ریان بۆ بكرێت، گرفتی گه‌وره‌ش ئه‌وه‌یه‌ زۆرینه‌ی ئافره‌تان ناتوانن گوزارشت له‌و تاوانه‌ بكه‌ن كه‌ به‌رانبه‌ریان ئه‌نجام دراوه‌”
ن.ع ژنێكی جیابووه‌وه‌ له‌ مێرده‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌گه‌ڵ كچانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان خه‌ته‌نه‌كراوه‌و كاریگه‌ری خراپی خستووه‌ته‌ سه‌ر ژیانی ، ئه‌و به‌م شێوه‌یه‌ دوا ” ته‌مه‌نم نزیگه‌ی 12 ساڵ ده‌بوو له‌ ماڵێك كۆیان كردینه‌وه‌ له‌ بۆنه‌و ئاهه‌نگ ده‌چوو ، هه‌ستمان ده‌كرد له‌ ژورێكی به‌رانبه‌رمان خه‌ڵكی تری لێیه‌، ئێمه‌یان ریز كردبوو هه‌ر جاره‌و یه‌كێكمانیان ده‌كرده‌ ژووره‌وه‌ ، كه‌ چوومه‌ ژوره‌وه‌ بینیم ژنێكی پیر دانیشتووه‌ ، دوان به‌ توندی ده‌یان گرتین و ئه‌ویش كاری خۆی ده‌كرد ، كه‌ ته‌واو ده‌بوین توانای رێكردنمان نه‌بوو ئه‌وه‌نده‌ ماندویان ده‌كردین و ئازاریان ده‌داین “
ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ریه‌كانی خه‌ته‌نه‌كردنه‌كه‌ له‌سه‌ر ژیانی گوتی ” من له‌و ته‌مه‌نه‌ منداڵیه‌ هه‌ستم به‌ هیچ نه‌ده‌كرد ، به‌ڵام كه‌ گه‌وره‌ بووم و هاوسه‌رگیریم كرد و تێكه‌ڵ به‌ خه‌ڵك بووم زانیم كه‌ من جیاوازترم له‌وان و حه‌زی سیكسیم كه‌مه‌ ، هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كرد نێوانی من و مێرده‌كه‌م پر بێت له‌ بۆشایی و هاوسه‌رگیریمان به‌ جیابونه‌وه‌ كۆتایی هات .

س.ع ژنێكی خه‌ته‌نه‌ كراوه‌ ، ته‌مه‌نی له‌ نیوان 50 – 60 ده‌بێت ، ئه‌و به‌ سوعبه‌ته‌وه‌ باسی خه‌ته‌نه‌كردنی خۆی بۆ كردین و سور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و كلتوره‌ ده‌بێت به‌رده‌وام بێت ، ئه‌و ده‌ڵێت “من له‌ پۆلی 3ی ناوه‌ندی بووم هه‌موومانیان كۆكرده‌وه‌ و نزیكه‌ی چل منداڵ ده‌بووین ، هه‌موومانیان له‌ماڵ دراوسێیه‌ك كوكرده‌وه‌ ، ده‌رگاكه‌شیان داخست تا كه‌س رانه‌كات ، هه‌موومانیان خه‌ته‌ كرد ، زیڕه‌و گریانی منداڵ ئه‌و ناوه‌ی گرتبوو ، هه‌بوو رای ده‌كرد و ده‌یان هێنایه‌وه‌ ، به‌ بیرم دێ خوشكێكم هه‌رچه‌ن هه‌وڵیان له‌گه‌ڵدا نه‌هات ، بابم زۆری لێدا سودی نه‌بوو هه‌ر نه‌هات ”
ئه‌و به‌ سوربونه‌وه‌ له‌سه‌ر دیارده‌كه‌ گوتی ” ئه‌وه‌ عاده‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌و شتێكی باشه‌ ده‌بێ هه‌موو كچێك بۆی بكرێت ، من خۆم له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی هه‌ولێر كچه‌كه‌ی خۆمم خه‌ته‌نه‌ كرد ، هیوادارم ئه‌و كه‌لتوره‌ هه‌ر بمێنێت و رێزی لێ بگیریت “

له‌یلا ئه‌حمه‌د والی كارمه‌ندی تیمی گه‌ران له‌ رێكخراوی وادی ئه‌ڵمانی وتی ” رێكخراوه‌كه‌مان ساڵی 2004 یه‌كه‌م رێژه‌ی شێواندنی ئه‌ندامی مێینه‌ی بلاو كرده‌وه‌، هه‌ر ئه‌و كات كه‌مپینێكمان راگه‌یاند دژ به‌ دیارده‌كه‌و تا ئێستاش به‌رده‌وامین ” له‌یلا ده‌ڵێت ” خۆشبه‌ختانه‌ ئاماری نوێی ئێمه‌ ئه‌وه‌ روون ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ دیارده‌كه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌می كردووه‌، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ وشیاربونه‌وه‌ی كومه‌ڵگا، كه‌ به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چالاكی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌ هۆشیاریی ته‌ندروستی تا ده‌گاته‌ هۆشیاریی یاسایی به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی “
له‌یلا باسی ئامارو زانیاریی نوێی رێكخراوه‌كه‌یانی كرد” ئێمه‌ له‌ ساڵی رابردوو بۆ ماوه‌ی 10 مانگ له‌ كوكردنه‌وه‌ی زانیاریی، شێوازێكی نوێمان په‌یره‌و كرد، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژنانی به‌ته‌مه‌ن یان ئه‌وانه‌ی له‌ رابردوو به‌و دیارده‌یه‌دا تێپه‌ڕێون نه‌مانخسته‌ ناو ئامارو زانیارییه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ منداڵی ساواوه‌ تا 14ساڵیمان وه‌رگرت، دوای وه‌رگرتنی زانیارییه‌كان بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌مترین دیارده‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر كه‌میكردووه‌، به‌پێی ئه‌وه‌ی بینیمان زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی پێشتر واقعه‌ تاڵه‌ تێپه‌ڕیون نایانه‌وی نه‌وه‌كانیان توندوتیژیان به‌رانبه‌ر بكرێت” ئه‌و ده‌شڵێت ” له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان دیارده‌كه‌ ته‌واو كه‌مبۆته‌وه‌، ئه‌و رێژه‌یه‌ زۆر كه‌مبۆته‌وه‌، به‌پێی ئامارو زانیاریی ئێمه‌ كه‌كراوه‌ له‌ته‌مه‌نی یه‌ك ساڵییه‌وه‌ تا 25 ساڵی ده‌ركه‌وتووه‌ ته‌نها له‌ 5%ی ژنان یان كچان به‌رامبه‌ریان كراوه‌ “

بۆ دڵنیابوون له‌و زانیاریی و به‌راوردكردنی ئامارو زانیارییه‌كان، چوینه‌ لای ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان كه‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌داكۆكی كردن له‌ژنان-ه‌ له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كورستان، ده‌ركه‌وت ئاماره‌كان له‌یه‌كترییه‌وه‌ نزیكن. په‌روین حه‌سه‌ن ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان پێی وتین ” ئێمه‌ له‌ ساڵی 2015 به‌هاوكاری هه‌ردوو رێكخراوی یونسێف و هارتلاند كه‌ رێكخراوێكی تایبه‌تمه‌نده‌، ئامارو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردمان كرد كه‌ شه‌ش هه‌زار كچ و ژن وه‌رگیران و له‌ 2016 ته‌واو بوو، له‌ كۆتاییدا ده‌ركه‌وت كه‌ رێژه‌ی شێواندنی ئه‌ندامی مێینه‌ی ئافره‌ت زۆر كه‌میكردووه‌ “
ئه‌و لێپرسراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان وتی “به‌شداربوان له‌ ته‌مه‌نی 4 ساڵ بۆ 14 ساڵی بوون، جگه‌له‌وه‌ی كه‌ روپێوی دایكانیشمان وه‌رده‌گرت تا بزانین جیاوازی نیوان ئه‌وان و كچه‌كانیان چه‌نده‌ تا بۆمان ده‌ركه‌وێت دیارده‌كه‌ زیادی كردووه‌ یان كه‌می كردووه‌. له‌ كۆتاییدا ده‌ركه‌وت دیارده‌كه‌ زۆر كه‌می كردووه‌، واته‌ جیاوازییه‌كی ئێجگار زۆر له‌نێوان ئامارو زانیارییه‌كانی پێشوو ئێستادا هه‌یه‌.

لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان به‌ نامیلكه‌یه‌ك له‌ ژێر ناوی (پوخته‌ی راپۆرتی روپێوی رێژه‌ی بڵاوی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان – عێراق 2015-2016 بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ ، تێیدا هاتووه‌ له‌نێوان ئه‌و ژنانه‌ی زانیارییان لێوه‌رگیراوه‌44,8 % خه‌ته‌نه‌كراون ، له‌به‌رانبه‌ردا كچ و نه‌وه‌كانیان كه‌ زانیاریان لی وه‌رگیراوه‌ رێژه‌ی خه‌ته‌نه‌كردنیان 10,7 % ه‌ ، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌مترین رێژه‌ی دیارده‌كه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كان .
له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا جیا له‌ وه‌رگرتنی داتای دروست، به‌راوردیشكراوه‌ له‌ نێوان دایكان و كچان، واتا له‌به‌دواداچونه‌كه‌دا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوكیاندا كراوه‌، له‌ لایه‌ك ژنانی به‌ته‌مه‌ن، واته‌ ئه‌وانه‌ وه‌رگیراوه‌ كه‌ له‌رابردوو كراون، هاوكات ئه‌و كچانه‌ش كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ 4 – 14 ساڵیه‌، به‌م شیوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
پارێزگای سلێمانی 60,3%ی دایكان و ژنانی به‌ته‌مه‌ن به‌ خه‌ته‌نه‌كردندا تێپه‌ڕیون، به‌ڵام 11,8 %ی نه‌وه‌كانیان خه‌ته‌نه‌ كراون.
پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ 40,0% ی دایكان و ژنانی به‌ته‌مه‌ن خه‌ته‌نه‌كردندا تێپه‌ڕیون به‌ڵام 1,1%ی نه‌وه‌كانیان خه‌ته‌نه‌كراون.
پارێزگای هه‌ولێر 67,6%ی دایكان و ژنانی به‌ته‌مه‌ن خه‌ته‌نه‌كردندا تێپه‌ڕیون ، به‌ڵام 16,7%ی نه‌وه‌كانیان خه‌ته‌نه‌كراون .
له‌ پارێزگای دهۆك 7,4%ی دایكان و ژنانی به‌ته‌مه‌ن خه‌ته‌نه‌كردندا تێپه‌ڕیون به‌ڵام 4,1%ی نه‌وه‌كانیان خه‌ته‌نه‌كراون.

بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌و هه‌وڵدان بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و دیارده‌یه‌ هه‌م حكومه‌ت و هه‌میش رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێین نه‌وه‌ستاون، ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان له‌گه‌ڵ رێكخراوی سندوقی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بۆ دانیشتوان UNFPA كار له‌سه‌ر بنبڕكردنی دیارده‌كه‌ ده‌كه‌ن . پسپۆری تایبه‌تمه‌ندیان هێناوه‌و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هه‌وڵه‌كانیان .
له‌پاڵ گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تیدا هاوكات، به‌شێك له‌ ده‌زگاكانی حكومه‌ت و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی گله‌یان له‌ یاسا و كاراكردنی یاساكان هه‌یه‌، كه‌ نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ رێگرو له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م ئه‌و دیارده‌ خراپه‌.

په‌روین حه‌سه‌ن ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان گله‌یی هه‌بوو ، ئه‌و گوتی” گرفتی گه‌وره‌ی یاساكه‌ ئه‌وه‌یه‌ تاوانی خه‌ته‌نه‌كردنی نه‌كردووه‌ته‌ مافی گشتیی، بۆیه‌ ده‌بی ئه‌و كه‌سه‌ی تاوانی به‌رانبه‌ر كراوه‌ سكاڵا بكات یاخود كه‌سێك له‌ خێزانه‌كه‌ی سكاڵا بكات، كه‌ ئه‌مه‌ زۆر قورسه‌ كه‌سه‌كه‌ خۆی بتوانی ئه‌و كاره‌ بكات. یاخود زۆر جار خودی خیزانه‌كه‌ خۆی ئه‌و توندوتیژییه‌ كردووه‌و به‌شێكه‌ له‌ تاوانه‌كه‌، ئیتر چۆن ده‌چێته‌ دادگا و سكاڵا تومار ده‌كات؟! بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نی خانمان داوامان كردووه‌ كه‌ یاساكه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌، یاخود یاسایه‌كی نوێی تایبه‌ت به‌و دیارده‌یه‌ ده‌ربكرێت، بۆ ئه‌مه‌ش دیسان ئێمه‌ به‌ پرۆژه‌ كارمان له‌سه‌ر كردووه‌ “
رازاو محمد چالاكوانی بواری ژنان و ئه‌ندامی پێشوی په‌رله‌مانی كوردستان لیژنه‌ی به‌رگری له‌ مافی ئافره‌ت له‌ خوڵی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌و خوله‌ی كه‌ یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی تیا نوسراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت “خه‌ته‌نه‌كردنی مێیینه‌ دیارده‌یه‌كی زه‌ق بوو، ئه‌م دیارده‌یه‌و ته‌واوی دیارده‌كانی تر له‌ پرۆژه‌ یاسای (توندوتیژی دژ به‌ژنان) كۆكرایه‌وه‌، دواتر كه‌ له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی به‌رگری له‌ مافی ژنان و لیژنه‌ی كار و باری كۆمه‌ڵایه‌تی په‌رله‌مان كاری تێداكرا ، گه‌شتینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی توندوتیژیه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و خیزانن، پرۆژه‌كه‌ بگۆڕدرێت بۆ (به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی) و له‌ ساڵی 2011 بوو به‌ یاسا “

رازاو پسپۆره‌ له‌ یاسای باری كه‌سێتی به‌ گله‌ییه‌وه‌ گوتی ” یاساكه‌ كه‌موكورتی زۆری تێدایه‌و ده‌بێ ده‌ستكاری بكرێت، لایه‌ن هه‌یه‌ پێی وایه‌ ده‌بێت ئه‌و یاسایه‌ نه‌مێنێت و یاسایه‌كی نوێ دابنرێت، ئه‌مه‌ش بۆته‌ ترسێكی گه‌وره‌ له‌ به‌رده‌مماندا. ده‌ترسین به‌دیلی باش نه‌بێت، بۆیه‌ له‌ دوڕیاندا ماوینه‌ته‌وه‌ ” . ئه‌و گله‌یی له‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن هه‌بوو ” له‌ سه‌ره‌تاوه‌ لایه‌نی جیبه‌جیكار كه‌مته‌رخه‌مبووه‌ له‌ جیبه‌جێكردنی برگه‌و ماده‌كانی قانونه‌كه‌، به‌ڵام دواتر له‌سه‌ر داوای په‌رله‌مان كارا كرایه‌وه‌”
به‌قسه‌ی زانایانی ئاینی ئیسلام، هیچ پاڵپشتییه‌ك یان ده‌قێكی ئاینی نییه‌ رێ به‌م دیارده‌ خراپه‌ بدات. به‌ڵكو به‌شێكی زۆر له‌ زانایانی ئاینی خۆیان شانبه‌شانی رێكخراوه‌كان به‌شداربوون له‌ رۆشنبیركردنی كۆمه‌ڵگا دژ به‌دیارده‌كه‌، وه‌ك چۆن مامۆستایه‌كی ئاینی ئیسلام پێمان ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی زانست ده‌ریبخات زیانی بۆ مرۆڤ هه‌یه‌ ئاین دژی ده‌وه‌ستێته‌وه‌.

مه‌لا ئیدریس ژاڵه‌یی مامۆستای ئاینی و به‌رپرسی ئه‌وقافی گه‌رمیان ده‌ڵێت ” له‌ كاتی خۆیدا عورف و عاده‌ت هه‌بوو بووه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ وڵاتانی روژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ، به‌ڵام فه‌توای ئاینی پیروزی ئیسلام به‌پێی سه‌رده‌م و قۆناغه‌كان گۆڕاوه‌، ئاینی ئیسلامیش له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی مروڤ بیناكراوه‌. هه‌رشتیك دژی مروڤ بیت ئه‌وه‌ ئاینی ئیسلام دژی ده‌وه‌ستیته‌وه‌، بۆیه‌ دڵگرانین كه‌ زۆر جار خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ دراوه‌ته‌ پاڵ ئاینی ئیسلام، له‌ كاتێكدا جگه‌ له‌ عاده‌تی كۆمه‌ڵگا هیچی دیكه‌ نه‌بووه‌ “




گەردووننامەی پێشەوا کاکەیی

دووەم کتێبی بڵاوکراوەکانی نووسیار بڵاوکرایەوە.

    بڵاوکراوەکانی نووسیار لە یەکەمین دەرکەوتنیدا، لە زنجیرە کتێبی «خەرمانەی نووسیار» کتێبی «گەردووننامە»ی پێشەوا کاکەیی چاپ و بڵاو دەکاتەوە.
    ئەم بەرهەمە: لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ۲۰۱۸ نووسراون، پێک هاتووە لە ۱۰ شیعر، لە دووتوێی ١٠٨ لاپەڕەدا. کە کاری ڕێنووس و هەڵەچن: وشیار عەلی، بەرگ و نەخشەسازی ناوەوە: محەمەد زاری ئەنجامی داوە، هەروەها لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی چاپ کراوە.
   ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی نوێی شاعیرە، کاکەیی لەم بارەوە دەڵێت: ئەم بەرهەمەم: لەمەڕ دونیای فیزیکی و میتافیزیکییەوەیە، لە لایەکەوە خۆدانەوەیە بەر حیکمەی بوون و لەلایەکی دیکەشەوە زمان چۆن دەڕوانێتە ئەو دوو دیوە، چۆن زمان دەخاتەوە نێو ماڵی بوون. ئەوەی من گەرەکمە بيكه‌م، ئه‌وه‌يه‌ هاوسەنگییەک بۆ وشە بگێڕمەوە و چیدی وشە لە خودێتیی مرۆڤدا قەتیس نەکرێتەوە. قووڵبوونەوە لە شەو، یان تەنیایيی چەکچەکیلەیەک، سەفەرکردن بە نێو جیهاندا یان چوونەنێو-جیهانه‌وه‌ بچووک نەکرێتەوە بۆ خودێتی(ـى من و تۆ و ئێمە)، بەڵکوو کارکردن بێت لەسەر شەو، گەردوون وەک ڕووبەری گشتی، ئەستێرە، یان هەرهەسارەیەکی دیكه‌، بگرە گەمەی مەیموون، ڕوانین لە گیاندار، جوانيی ڕووەک، ڕامان لە باڵندە و... تا دوایی. لە ڕووبەرێکی گشتیدا خۆی وەک خۆی بناسرێت و خۆی لە کایەی شیعریدا وەک خۆی بەشدار بێت، نەک ببنە کەرەستەیەکی شیعری بۆ خودێتیی شاعیر. هاوکات، گفتوگۆیەک لە نێوان «یاسین حوسێن و پێشەوا کاکەیی،» لەمەڕ «شەونامە، بە تامی ڕۆشنایی» ئەنجام دراوە، کە شیعرە دەپاڵ گەردووننامەدا. هەروەها، «شەنیار جەلال» خوێندنەوەیەک بە نێوی: «ئەدەبی زانستییانە و زانستی ئەدەبییانە» بۆ کتێبەکەی نووسیوە.

    «شەنیار جەلال» لەبارەی دەقی شەونامەی نێو گەردووننامە، دەڵێت:
   ئەدەبی زانستییانە ناونیشانێکە بۆ هەوڵەکانی «پێشەوا کاکەیی»ـى دادەنێم، کە لە دەقەکانیدا تەقـەڵای ئاشتکردنەوەی سروشت و مرۆ دەدات. ئاخر هەر لە ئەزەڵەوە مرۆ وای ڕوانیوە كه‌ خۆی لە گەردوون قەبەترە و چۆن «بوون»ـی لە خزمەتدایە، بەو چەشنە لە دەقەکانیشدا خۆی بەسەر سروشت و گەردووندا دەسەپێنێت. ھەروەتر لێرە و لەوێ قامکبەدەستی چوون کاکەیی دەخوێنینەوە، دەروونمان گـوڵاوپژێن دەکات. ئاخر گرنگییەکەی لەوەدایە بەسەر تەختەشانۆی تاریکییەوە سەمای ڕووناکیمان نیشان دەدات. ستێرکی وێنەکێشمان نیشان دەدات بە ترووسکەبۆیەی دەست‌ و قامکی.

    «یاسین حوسێن» لەبارەی دەقی شەونامەی نێو گەردووننامە، دەڵێت:
    ئەم هەوڵەی تۆ جێی دەستخۆشییە كاكە پێشەوا، بە تایبەت لەگەڵ ئەو ڕستەیەدام، کە دەڵێیت: «چیدی شەو تاریک نییە.» ڕۆژ ڕووناكییەكی نییە، ئه‌گەر شەو ڕۆشنی نەكات، گەشاوەييی ڕۆژ گەشاندنەوەی شەوە، دۆزینەوەی ڕووناكیی شەو كارێكی گرنگە، چونکە ئه‌گەر لە شەودا نەبینیت، بینینی ڕۆژ مانای نییە. لە شەودا تاریكییەک نییە، جگە لەو نابیناییەی مرۆڤ كە بەسەر شەودا سەپاندوویەتی. پرسیار ئەوەیە ئه‌گەر چاو و زمان نەبـێت، مرۆڤ چۆن ڕووناكی و تاریكی بە وشەكانی وەسف دەكات، بەڵام ئەگەر ئاگاهیی مرۆڤ كار بكات كە سروشتی بوونە، ئەوا لە شەودا باشتر دەبینێت و لە بێدەنگیدا باشتر دەدوێت. ئاگاهی واتە دۆزینەوەی تەواوی بوونەكان لەناو خوددا.
    پێشەوا کاکەیی، خاوەنی چەند کتێبێکی شیعرییە، هەروەها خاوەن پڕۆژەی شیعرییە، بە نێوی: «شعرە/ڕێ» کە کارنامەکەی لە هەشت پڕۆژە پێک هاتووە، ئەوانیش:

۱- ئەفریقانامە، بە تامی شیعر.
۲- زەمیننامە، بە تامی شیعر.
۳- ئەمریکای باشوور، بە تامی شیعر.
٤- ئەمریکای باکوور، بە تامی شیعر.
٥- زەریا و بەستەڵەکی باشوور، بە تامی شیعر.
٦- ئۆقیانووسیا، بە تامی شیعر.
۷- ئاسیانامە، بە تامی شیعر.
۸- ئەورووپانامە، بە تامی شیعر.
شاعیر، لە ساڵی ۲۰۱٦ەوە تاکوو ئێستا، چوار پڕۆژەی نووسیوە، ساڵی ۲۰۱۸، لە دوو کتێبدا بە چاپی گەیاندوون، بە نێوی: «ئەفریقانامە و زەمیننامە، بە تامی شیعر» و «ئەمریکانامە، بە تامی شیعر»
پارچە شیعرێک لە کتێبەکەوە:
شەو لەوەتی چووەتە دونیای مۆدێرنەوە،
مانگ تووشی نەخۆشیی لەبیرچوونەوە بووە؛
لە نەخۆشخانەی گەردووندا پاڵ کەوتووە و
یەک ئەستێرەش ناناسێتەوە.

بڵاوکراوەکانی_نووسیار Nûsyar Books

    لە هەوڵێکی نوێ و لەژێر ئەو کەلێنە زۆرەی دونیای چاپ و بڵاوکردنەوەدا، «نووسیار» هەوڵ دەدات ببێتە دەروازەیەک بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب بە چەندین زمانی جیهانی. ئەم خانەیە دەبێتە پردێک لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و چەندین کتێب بە زمانی کوردی و زمانەکانی تر بڵاودەکاتەوە، هەروەها جەخت لەسەر کاری وەرگێڕانیش دەکات لە زمانەکانی تر بۆ کوردی و بە پێچەوانەوە. خانەیەکی سەربەخۆیە و تەنها ئامانجی گەیاندنی ڕۆشنبیرییە و ئیشکردنە لەسەر بەدەرخستنی ڕۆشنبیری و دیدی جیاواز و دونیای جوانییەکان.

    وەک کارێکی نوێ بڵاکراوەکانی «نووسیار» هەڵدەستێت بە دابینکردنی ژمارەی پێناسەی هەر کتێبێک کە بە ژمارەی ISBN ناسراوە یان ژمارەی نێودەوڵەتی کە نووسینگەی تایبەتی خۆی هەیە کە سەر بە ڕێکخراوێکی نێودەڵەتییە بە سپاردن و پێدانی ئەو ژمارەیە، هەتا لە زۆربەی تۆڕەکانی نێت یان فرۆشگاکانی کتێب و کتێبخانەکان کتێبکە پێناسەی خۆی هەبێت. بڵاوکراوەکانی نووسیار لە ئێستادا ئەو کۆدەی دەستەبەر کردووە لەلایەن سەنتەری کتێبخانەکانی دانیمارک و هەروەها کتێبەکانی نووسیار لە ئەرشیفی کتێبخانەی شانشینی دانیمارک پارێزراو دەبن.

سەرەتا بە دوو پرۆژە دێتە مەیدانی چاپ و بڵاوکردنەوە:

  • پرۆژەی زنجیرە کتێبی «خەرمانەی نووسیار» کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی کتێبی شیعریی و دەق و چیرۆک و کورتە ڕۆمان.
  • پرۆژەی «نووسیار» بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی چەندین کتێبی جیاواز لە زۆربەی بوارەکانی ڕۆشنبیری و فەلسەفە و هونەر و وەرگێڕان.

بڵاوکراوەکانی نووسیار لە کۆتایی ساڵی 2018 دامەزراوە.




ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م … ئاری زێندینی

                                       

زاراوەی دەستەڵاتی چوارەم بە ھەموو کەرەسەکانی ڕاگەیاندن دەبێژن بە گشتی و ڕۆژنامەوانی بەتایبەتی لەلایەکی ترەوە ئەوەندەی ئەم زاراوە بۆ کاریگەری لە سەر ڕای گشتی چ بۆ گۆڕینی و یان زەمینە سازکردن بۆ خوڵقاندن و ڕازیکردنی وەرگر واتە کۆمەڵاتی خەڵک بۆ بابەتێک کە ئامانجێکی گرنگی لە پشتەوە بێت بۆ ڕێنوێنی و ھاندانی ڕای گشتی ، ئەوەندە پەیوەندی بە بواری ڕۆشنبیری ھۆشیاری مەعریفەوە نیە ھەرچەندە بیر و بۆچوونەکان جیاوازان لەسەر ناونان و سەرھەڵدانی ئەم زارەوە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەمەوە دوای ئەو پێشکەوتن و بازدانە خێرانەی کە ڕۆژنامەوانی بە خۆیەوە بینی ھەندێک بە وەی دەبەستنەوە کە ئەمیش دەستەڵاتی چوارەمە دوای دەستەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێ کردن و دادوەری بەو پێ یەی کە کاریگەری و زۆری لە سەر خەڵکی ھەیە کە کاریگەرییەکەی لە حکومەت دامودەزگاکانی تر کەمتر نیە .


لەلایەکی ترەوە  ڕاو بۆچوونی جیاواز ھەیە لە سەر سەرھەڵدانی ئەم زاراوەو کێ بووە
 یەکەم جار بەکاری ھێناوە.
 ڕایەک ھەیە کە یەکەم جارمێژوونووسی ئسکتلەندی(توماس کارلیل) بەکاریھێناوە لە کتێبی (پاڵەوانەکان و پەرستنی پاڵەوان ) ساڵی ١٨٤١ زاینی
 کە چەند ڕستەو دەستەواژەیەکی لە بیرمەندی ئێرلەندی( ئیدمۆند بیرک ) وەرگرتبوو کە باسی سێ پارتەکە  یان سێ چینەکە 
کە حوکمڕانی وڵاتیان دەکرد ئەو سەردەمە واتەپیاوانی ئایینی و دەوڵەمەندەکان و ڕەشە خەڵکەکە (گەل) کە وتوویەتی پەیامنێران و ڕۆژنامە نووسانیش چین و پارت و دەستەڵاتی 
چوارەمن و کاریگەری زۆریان ھەیە لە سەر کۆمەڵگا بگرە لە سێ چینەکەی دی زیاتر.
ئەمڕۆ لەم سەردەمی پێشکەوتنە خێرایانەی زانست و تەکنۆلۆجیادا کە جیھان بووەتە گوندێکی بچکۆلانە و لە ھەمانکاتدا سیستەمی دیموکراسی چ بەڕاست وچ بە درۆش 
بە ئاست و ڕادەی جیاجیا لێرەو لەوێ پیادە دەکرێت ھەموو ئەمانە بە چی پێوانە و ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکریًت کە کێ دیموکراسی و دیموکراسخوازە و لەکوێ
 مافەکان پێشێل دەکرێت ئەگەر میدیا و ڕۆژنامەنووسان نەبێت.

لەبەرئەوە بە بێ میدیا و ڕۆژنامە نووسان و ڕاگەیاندنەکان زۆر ئەستەمە دیموکراسی جێبەجێ بکرێت و لەبەرئەوە میدیا و میدیاکاران کۆڵەکەو بنەماو ڕگەزێکی زۆر کاریگەر و پێکھێنەرو خوڵقێنەری سیستەمی دیموکراسین و بەبێ میدیا ستەمە باس لە دیموکراسی بکرێت تەنانەت بۆ نموونە ھەڵبژاردن کە سەرەتاو دەستپێکی سیستەمی دیموکراسیە بەبێ میدیاو ڕاگەیاندن بەڕێوەناچێت چ لە ھاندانی خەڵک بۆ بەشداری چ بۆ بانگەشەی لیست و کاندیدەکان دواتر چۆنێتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و ئاستی پاکی و بێگەردی پرۆسەکە کە میدیا ڕۆڵی چاودێری کردنی لە گەڵ داموودەزگاکانی تردا دەگرێتە ئەستۆ .بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٥ دا کۆنگرەی نێو دەوڵەتی ساڵانەبۆ ئازادی ڕۆژنامە نووسی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند ( کە میدیای ئازادو سەربەخۆ و فرە ڕەنگ فاکتەرێکی بنەڕەتیە بۆ مسۆگەرکردنی لێپرسینەوەو شەفافیەت و بۆ بەشداریکردن وەکو ڕەگەزێکی بنەڕەتی بۆ حوکمڕانیەکی ڕەشید وە گەشەکردن لەسەربنەمای مافەکانی مرۆڤ ).

بۆ ئەوەی میدیا ڕۆڵی ڕاستەقینەو کاریگەری خۆی ببینێت پێویستە لە ئاستێکی باڵای بەرپرسیارێتی دا بێت بە تەواوی پیشەیی و ورد بین و ڕاستگۆ و بێلایەن بێت لە ڕووماڵەکانیدا بۆ ڕووداوەکان و ڕێزگرتن لە یاساو پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی چونکە وەکو پێشتریش ئاماژەم پیێدا ئەمڕۆ بە ھۆی پێشەکەوتنی تەکنۆلۆجیاوە میدیا کاریگەری ڕاستەوخۆ و خێرای لەسەر ڕووداوەکان ھەیە ھەر سەرپێچی یەک یان گواستنەوەی ھەر بابەت و مەسجێکی نابەرپرسانە و ناپیشەیی بۆی ھەیە کارەسات و ڕووداوی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە بۆیە دەبێت میدیاکاران لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیە مێژووییەدا بن و لە ھەمان کاتدا پێویستە مافی میدیاکاران پارێزراو بێت بە یاسا و ئازادی و نان و سەرچاوەی ھەواڵ و زانیاری پێویستیان بۆ فەراھەم بکرێت.




بریقەی شەو … شیعر: شەهیار قنبری وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

” شبتاب”

دڵی خەیاڵاویی ، چ مۆتەکەیەکە ، مەگەر نا
نە جەواڵی ، نە ئەسپی
نە فانۆسی ،مەگەر نا
نە دەسکە گوڵ، نە سەکۆی نوێژ
نە زەنگی ، مەگەر نا
نە طاووسی
لەم عەرشی شکەنجەیە ، مەگەر نا
لەم خەوە شیرینە
من و تۆ ، باشی “باش”ین
من و تۆ ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژ ئاواییم
باکورییم و باشوورییم

چ خەیاڵێکی سەیرە
هەموو بێ سەر ، مەگەر نا
یەكێ لە ئەرزا
بووە بە باڵی کۆتر ، مەگەر نا
گوڵی فەرشی سەردار
سیس بووە ، مەگەر نا
چڵی ساختە
چيرۆکێکی
تراجیدیایە ، مەگەر نا

لەم تارییکیانە مەترسە
تۆ بریقەی شەوی ، مەگەر نا
تۆ خۆت ئاوی ، مەگەر نا

ئێستا دەستی تۆ
بە تەنها خود کارە” دەستی خۆتە ” ، مەگەر نا
بۆ تۆ هەینی دڵگیر
چ دڵ فڕێنە ، مەگەر نا
ئەم خەوی خەجاڵەتی ڕۆژ هەڵاتییە
چەن نەرم و نیانە ، مەگەر نا

لەم تارییکیانە مەترسە
تۆ بریقەی شەوی ، مەگەر نا
تۆ خۆت ئاوی ، مەگەر نا




له‌ ساڵیادی نووسه‌رو رۆشنبیری تیكوشه‌ر دانا جه‌لال … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

دانا جه‌لال ئه‌حمه‌د موفتی له‌ ساڵی 1957 و له‌ ناو خێزانێكی شیوعی ناسراو له‌ خانه‌قین چاوی بۆ ژیان هه‌ڵهێناو پاشان به‌ هۆی ئه‌وه‌ی باوكی فه‌رمانبه‌ر بووه‌ له‌ گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یان چوونه‌ته‌ ناحیه‌ی مقدادییه‌ (شاره‌بان) و له‌وی نیشته‌جی بوون و هه‌ر له‌وێ ده‌ستیكردووه‌ به‌ خویندن و خیزانه‌ تیكۆشه‌ره‌كه‌یان وه‌ك هه‌زاران خێزانی شیوعی دووچاری گرتن و تێهه‌ڵدان بووه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ پاش ئه‌وه‌ی باوكی چووه‌ رێزی پێشمه‌رگه‌كانی حزبی شیوعی عێراق.
دانا ده‌رچووی كۆلیجی ئیداره‌و ئیقتیسادی زانكوی المستنصریه‌ بوو.
سالێك پێش ئێستا وله‌ 24/4/2018 به‌داخ وبه‌ژاره‌یه‌كی دڵهه‌ژێنه‌وه ‌هه‌واڵی كۆچی نووسه‌رو رۆشنبیری تیكۆشه‌ری كورد دانا جه‌لال ئه‌حمه‌د موفتی گه‌یشت و، سته‌مه‌ به‌ وشه‌و نووسینی چه‌ند دێرێك باسی ئه‌و مروڤه‌ خۆنه‌ویست وساده‌و پاك و ئازاو چالاك وگوێ رایه‌ڵ و خۆشه‌ویسته‌ بكرێت و،
ئه‌و هاورێی رۆژانی سه‌خت و دژوار بوو، هه‌ر ئه‌وان بوون به‌خێزانه‌وه‌ له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی خه‌بات و تێكۆشان‌ له‌ پێناو گه‌ل و نیشتمان و كوردایه‌تی و حزبی شیوعی و شیوعییه‌ت خۆیان و ماڵ و سامانیان به‌خت كردو، دانا جه‌لال كوردێك بوو به‌ عه‌ره‌بیئه‌ینووسی و به‌كوردی قسه‌ی ئه‌كرد، ڕاستگۆ بوو له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕی خۆیدا، كه‌سێك بوو بۆ خۆی نه ئه‌‌ژیا به‌ڵكو بۆ ده‌وروبه‌رو هاوڕێكانی.

به‌ڵێ خێزانه‌ سه‌ر بڵنده‌كه‌یان، باوكی جه‌لال ئه‌حمه‌دموفتی و مامیان قادر ئه‌حمه‌د موفتی بوون به‌ چرا، به‌ مامۆستا بۆ هه‌موو شیوعییه‌كان و دۆستانیان و هاوڵاتیان و، به‌ شانازییه‌وه‌ له‌ فێرگه‌كه‌ی ئه‌وان ده‌یان و سه‌دان كه‌س فێری شیوعییه‌ت و تێكۆشان بوون و، ئه‌وان به‌بێ وچان به‌ گوروتێنێكی گه‌رم و ئازایانه‌و دوور له‌ ماندوو بوون په‌ره‌یان به‌ خه‌بات و تێكۆشاندا له‌ پێناو: نیشتمانێكی ئازادو گه‌لێكی به‌ختیار.
دانا جه‌لال نووسه‌رو رۆشنبیروو چالاكه‌وانی مه‌دنی و سیاستمه‌دار له‌ رێی نووسین و وتاره‌كانی داكۆكی له‌ هه‌ژاران و چینی چه‌وساوه‌ ئه‌كردو، هه‌روا وه‌ك شیوعی و كه‌ساییه‌تییه‌كی چه‌پ به‌رگری له‌ مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی كوردستان و نه‌ته‌وه‌ی كورد ئه‌كرد.
به‌ڵێ هاورێ دانا : ئێوه‌ دڵێكی فراوانتان هه‌بوو، كه‌سێكی لێبوردوو بوون و، ، پیاوێكی مه‌ردو به‌ شه‌هامه‌ت ولێهاتوو راستگۆ بوون و، هه‌موو كات دژ به‌ كرده‌وه‌ی ناپاك و سته‌م وه‌ستان و به‌رگریتان له‌ هه‌ژاران وبێ مافه‌كان كردو، له‌ تافی لاوێتیدا له‌ گه‌ڵ دلێری برا گه‌وره‌تان تێكه‌ڵ به‌ كاری سیاسی بوون و، ده‌ستان كرد به‌ جموجوڵ له‌ ناو رێكخستنه‌كانی لاوان و قوتابیانداو، پاشان چوونه‌ ناو حزبی شیوعی عێراق و، سه‌ربه‌رزانه‌ له‌ دژی رژێمی خوێناوی دیكتاتۆر سه‌دام حسه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی درێژه‌تان به‌ تێكۆشاندا.

.له‌ رۆژێكی سه‌رماو سۆڵه‌ی زستان به‌فر زه‌وی داپۆشیبوو به‌سه‌ر به‌سته‌ڵه‌كه‌دا خۆم گه‌یانده‌ باره‌گای هه‌رێمی كوردستان – حزبی شیوعی عێراق له‌ دۆڵه‌كه‌ی سه‌روی نۆكان و، كاتێك چوومه‌ ژووره‌وه‌ هاورێیان پێشوازییان لێكردم و، له‌وێ بۆ یه‌كه‌مجار چاوم پێتان كه‌وت و، له‌ درێژه‌ی ئاخافتن وباسكردن بۆم ده‌ركه‌وت ئێوه‌ له‌ خێزانی موفتی تێكۆشه‌رن له‌ خانه‌قین و، هاتوون ببن به‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌ك هاورێیان دلێر جه‌لال (دڵشاد) ی برا گه‌وره‌تان و سه‌لام عبدالقادر (ئاشتی) ئامۆزاتان كه‌ له‌ كاتی هێرشكردن بۆ سه‌ر مۆڵگایه‌كی رژێمی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی خوێنرێژ له‌ ده‌وروبه‌ری گاپیڵۆن له‌ دۆڵی جافایه‌تی شه‌هید بوو.
ئێوه‌ مرۆڤێكی دڵسوزو ساده‌و دڵساف و خاوه‌ن توانایه‌كی پۆڵایین و سیفاتێكی جوان و سیماو ره‌واڵه‌تێكی كه‌سایه‌تییه‌كی رێزدارو خۆنه‌ویست بوون، دڵسۆز ونیشتمانپه‌رو ده‌ستپاك و جێی متمانه‌و، خاوه‌ن موراڵێكی بی وێنه‌و تیكۆشه‌رێكی بێ هاوتاو ئازاو قاره‌مان و رۆڵه‌یه‌كی به‌ ئه‌مه‌كی گه‌ل بوون.

ئێوه‌ی نووسه‌رو رۆشنبیرو سیاستمه‌دار نه‌ك هه‌ر دیارو ناسراو بوون، به‌ڵكو له‌باره‌ی بارودۆخی كوردستان و ناوچه‌كه‌ له‌ رووی سیاسییه‌وه‌‌ تێڕامان و خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تیتان هه‌بوو له‌ سه‌ر بارودۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و دۆزی كورد به‌ گشتی و، له‌ روژئاوابه‌ تایبه‌تی، له‌ دوای به‌رگری قاره‌مانانه‌ی كۆبانی دژ به‌ چه‌ته‌كانی داعش و، رژێمی توركیای داگیركه‌ر، خۆتان به‌خت كردو په‌ره‌تان به‌ تێكوشاندا و، تواناكانتان چر كرده‌وه‌و، زیاتر په‌یوه‌ست بوون به‌ روج ئاڤاو خه‌مه‌كانتان زۆرتر بوون و، هه‌موو كات بیرتان لای قه‌ندیل و دوژمنانی قه‌ندیل بوو، دڵه‌ گه‌وره‌كه‌تان و بیرو هۆشتان له‌ لای ئه‌فرین بوو.

ئێوه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی دلێرو چالاك له‌ ئه‌نجامدانی كاروبارو ئه‌ركی رۆژانه‌ مرۆڤێكی جوامیرو هێمن و له‌ سه‌رخۆ بوون، له‌ لایه‌ن دۆست و پێشمه‌رگه‌و سه‌رجه‌م هاورییان و هاوڵاتیان جێی رێزو خۆشه‌ویستی بوون، هه‌موو كات ده‌م به‌ پێكه‌نین و قسه‌ خۆش و دڵپاك و راستگۆو، به‌ درێژایی ته‌مه‌نی ژیانتان مه‌ردو و خاوه‌ن هه‌ڵوێست و، به‌ سه‌ر به‌رزی و چاونه‌ترسانه‌ له‌ به‌ره‌ی پێشكه‌وتووخوازو ئازادیخوازان و گه‌ل بوون.

هاورێ دانا له‌ دوا دیدارمان له‌ یه‌كێك له‌ كافتریاكانی شه‌قامی سالم له‌ سلێمانی باس و گفتوگۆمان له‌ سه‌ر چه‌ندین ته‌وه‌ر كردو، راو بۆچوونمان وه‌ك یه‌ك وابوون، له‌و ته‌وه‌رانه‌ : بارودۆخی كوردستان له‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ رۆژئاوا، رۆژهه‌ڵات وباكور، حكومه‌تی سه‌قه‌ت، بێ موچه‌یی‌ و گوزه‌رانی خه‌ڵك، بێ ئاویی وبێ كاره‌باو، گه‌نده‌ڵی ودیارده‌ی له‌شفرۆشی و گرتن و كوشتنی چالاكه‌وانان و رۆژنامه‌نووسان و گرانی بازارو نه‌بوونی ده‌رمان ونرخه‌كانی و، هێرشی جه‌ندرمه‌ی توركیاو یارمه‌تیدانی داگیر كه‌ران له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی حكومه‌ت و چه‌ند پارتێكی كوردستان و جاشه‌ ئیسلامییه‌كان، له سیداره‌دانی كوردان و، كوشتن برین و رۆڵی چه‌په‌ڵی ئه‌مریكاو، به‌درێژی باسی شیوعییه‌ت و قه‌ندیلمان كرد.
له‌ده‌ستدانی مرۆڤێكی شیوعی وه‌ك دانا جه‌لال ئه‌حمه‌د موفتی خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌یه‌. دانا له‌خێزانێكی شیوعی بوو، چه‌ندین قوربانییان داوه‌، له‌ دوا دیدارم له‌گه‌ڵ كاكه‌ دانا ئه‌وه‌ی دووپات ئه‌كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌یوت : من شیوعیم و ئاپۆچیم.

22/4/2019

.




چاوپێکەوتنی وەرزنامەی ڕۆژهەڵاتان لەگەڵ مەنسوری حیکمەت… و: کاوە عومەر

سزای لە سێدارەدان دزیەوترین شێوازی کوشتنی دەسەنقەستە!

چاوپێکەوتن لەگەڵ وەرزنامەی ڕۆژهەڵاتان(خاوەران)، کە بڵاوکراوەی ڕیکخراوی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی ئێران

پێشەکی خاوەران:
بابەتێک کەلە خوارەوە هاتوە وەڵامی مەنسور حیکمەتە بە پرسیارەکانی ئیمە لەبارەی هەلومەرجی هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان کە لەبنەڕەتدا بۆ کتێبێکی تەواونەکراو(هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدان بۆچی) لەبەرچاوگیرابو.کە بەهۆی ئامادەنەبونی کتێبی ناوبراوئیستا لە خاوەراندا بڵاوی دەکەینەوە.لەگەڵ سوپاسمان بۆ مەنسور حیکمەت کە سەرەڕای سەرقاڵیە زۆرەکانی خۆی هات بەدەم داواکەمانەوە.

خاوەران:حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە بەڵگەنامەکانیدا بە ڕاشکاوانە لەبارەی پێویستی هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدان قسەدەکات دەکات،بەڵام ئیوە لە چ گۆشەنیگاو لەچ تێڕوانین ولەگەڵ چ لێکدانەوەیەک هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدان بە پێویست دەزانن؟

مەنسور حیکمەت:سزای لەسێدارەدان ناوێکی دەوڵەتیە بۆ وشەی کوشتن.کەسەکان یەکتر دەکوژن،بەڵام دەوڵەتەکان بڕیاربۆ “لەسێدارەدان”ی کەسەکان دەرئەکەن.
خواستی هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدان و قەدەغەکردنی کوشتن هەردوکیان لە یەک سەرچاوەوە ئیلهام وەردەگرن،بەرهەڵستی لەگەڵ کوشتنی دەسەنقەست وئاگاهانە وبە نەخشەی لەپێشدا داڕێژراوی کەسێک لەلایەن کەسێکی تروە.ئەوەی کە لایەنێکی ئەم کوشتنە دەوڵەت وە یان لایەنێکی باڵادەستی سیاسیە بچوکترین گۆڕانکاری لەم ڕاستیەدا دروستناکات کە ئێمە لەگەڵ کوشتنێکی دەسەنقەستدا ڕوبەڕوین.سزای لەسێدارەدان بێ شەرمانەترین وپیسترین شێوازی کوشتنی بەدەستقەستە.چونکە دامەزراوەیەکی سیاسی لەبەردەم جەماوەردا بڕیار ئەدات، پیش وەخت ڕاگەیەنراو،لەبەردەم ڕایگشتی،لەوپەڕی خۆبەخاوەن ماف زانینین ولەوپەڕی خوینساردی،بڕیار لە سەر کوشتنی کەسێک ئەدرێت وە ڕۆژو کاتی ڕودانەکەشی ڕادەگەیەنن.

خاوەران:لەگەڵ هەڵوەشانەوەی سزای لە سێدارەدان،تاوانباران وبکوژان ئەبێت چۆن سزاکەیان ببینن؟

مەنسور حیکمەت:پرسیارێکی سەرنج ڕاکێشە.بە هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان بەر بە بکوژێکی بەکۆمەڵ،واتە دەوڵەت،کە هیچ کاتێک بەهۆی کوشتنی کەسێکەوە سزانەدرواوە دەگیرێت.پرسیارەکەی ئیوە ئەو بۆچونە دێنێتە گۆڕێ کەگوایە سزای لەسێدارەدان بۆ سزایدانی بکوژانیان داهێناوە.وەیان ئەوەی کە ئەوەی کە ئەمە سزایەکە کە یاسادانەران پاش قوڵبونەوەو پشکنین بەگونجاویان داناوە بۆ تاوانی کوشتن.بەڵام سزای لە سێدارەدان هیچ پەیوەندیەکی بەکوشتنەوە نیە لە کۆمەڵگەدا.میژوی خۆی هەیە.ماف ودەسەڵاتی دەوڵەتی ئەمڕۆ لەبەرامبەر هاوڵاتیان،درێژکراوەی ماف ودەسەڵاتی دەوڵاتانی دوێنێیە.کاتێک ئاغا محمەد خانی قاجارتەواوی خەڵکی شارێک کوێر دەکات وەدەکوژێت،سەرقاڵی سزادانی کەسێک لەبەر ئەنجامدانی تاوان نیە.کاتێک ئەسپ دزێک لە ئەمریکا ئەدەن لەدار وەیان سەبازانی هەڵهاتو لەسێدارە ئەدەن،سەرقاڵی سزادانی کەسێک بەمانای دادوەری وشەکە نین.بەڵک وبە سادەو ساکار ئەیانەوێت خەڵک بێدەنگ بکەن،ئەیانەویت خەڵک ناچاربکەن کەمل بە یاساو ڕیساکانیان بدەن.ئەوان دەیانەوێت بترسێن،ئەیانەوێت حکومەت بکەن،هەر لەم دونیای ئەمڕۆیەدا لەسێدارەدان سزای کوشتن نیە،سزای سێکسی ڕێ پێنەدراوە،سزای پاوان کردن،سزای باوەڕ بون بەئامانجی سۆسیالیزم،سزای دامەزراندنی حیزبی ئۆپۆزۆسیۆن،سزای نوکتەکردن لەسەر خوداو پەیامبەرو ئیمام،سزای هاوڕەگەزبازی وهیتریشە.کوشتنی خەڵک،کوشتاری خەڵک هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی دەسەڵاتداریەتیەوە لە کۆمەڵگەدا،پایەیەکی ملکەچ پیکردنی خەڵک بوەو ئیستاش هەر هەیە.مێژوی سزای لەسێدارەدان نەک لە باسە حقوقی ودادوەریەکان سەبارەت بە تاوان وسزا،بەڵکولەمێژوی دەسەڵاتی چینایەتی ودەوڵەتدایە.ئەمڕۆ دەوڵەتەکانیش هاوڵاتیەکانیان دەکوژن.ئەبێت بەربەمە بگیرێت.
ئەپرسن ئەگەر سزای لە سیدارەدان نەبێت ئەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ بکوژاندا بکریت.کوشتنی بکوژ دوبارەکردنەوەی کوشتنە ئێمە دەڵێین ئەم کارە بەهیچ جۆرێک نابێت بکرێت.ئەوەی کە چ کارێکی تردەبێت بکرێت پەیوەندی بە فەلسەفەی دادوەری کۆمەڵگەوە هەیە.لەهەمان سیستەمی ئیستادا ئەتوانرێت بکوژ زیندانی بکرێت.لە کۆمەڵگەیەکی هەرەباش(ایدآل) بۆی هەیە بتوانرێت کارێک بکرێت کە خەڵک لە دوبارەبونەوەی تاوان بپاریزرێت وتاوانبار والێ بکەیت تێبگات لەترسناکی وقیزۆونی تاوانەکەی خۆی بەبێ پەنابردن بۆ زەوتکردنی ئازادیەکانی.لە کۆمەڵگەیەکی هەرەباشدا(ایدآل) ئەشێ کارێک بکەیت کە کوشتنی ئەنقەست ڕونەدات.

خاوران:حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەگەڵ پاسدارانێک(سەربازی سوپای ئیران .و:) وئەشکەنجەدەرانێک کەلەڕوبەڕوبونەوەکاندا بەدێل ئەگیرێن،لە حاڵەتێکدا دڵنیابون لەوەی کە دەستیان بەخوێنی خەڵک سورە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن؟

مەنسور حیکمەت:لە یاساکانی ئێمەدا لەسێدارەدان وزیندانی هەتاهەتایی نیە.وەک چاوەڕوان دەکرێت ئەو جۆرە ئینسانانە ئەبێت بڕیاری زیندانی کردنیان بەسەردا بسەپێنرێت و کاریان لەسەر بکرێت لەوانەیە بتوانن ڕۆژێک بگەڕێنەوە باوەشی کۆمەڵگە وە کارێک بکەن هەتا خەڵک لێیان خۆش بێت.

خاوەران:بەلەسێدارەنەدانی بکوژ دادپەروەری سەبارەت بە خیزانی کوژراوەکە چۆن جێبەجی دەکرێت؟

مەنسور حیکمەت:ئەوەی کە خێزانی کوژراو خاوەنی خوێنە.و عەدالەت، داخوازێکە کە خیزانی کوژارەوەکە لە کۆمەڵگەی ئەوێت،تێگەشتنێکی خێڵەکی ودواکەوتوانەو جێگەی قوبوڵ نیە.خەم وناخۆشی خێزانی کوژراو نکوڵی لێ ناکریت،بەڵام ئەگەر لە سێدارەدان بۆ ئارامکردنەوەی خەم وپەژارەی کەسانێک ڕیپێ دراوبێت،چۆنە کوشتن بەهۆی هەستە هاوشێوەکانەوە ڕیگە پێدراو نیە؟ئایا کەسێک کە بەدەستی کەسێکی تر سوکایەتی وشکێنراوە،ماڵ وێران بوە،ئالودە بوە،تیکشکاوە،ئاوارە بوە ئەتوانێت بۆ ئارام بونەوەی هەستی ناخۆشی خۆی دەس بۆ کوشتنی ئەو بەرێت؟
ئایا دەوڵەت ئینسان کوژێکی ڕێپێدراوە، کە کەسەکان بۆ وەرگرتنەوەی تۆڵەکانیان پەنای بۆ ئەبەن؟ئایا دادپەروەری چەمکێکی (مفهوم)جێگرەوەیەلەبەرامبەر توڵەسەندنەوەی خێڵەکیدا؟سەبارەت بەمەفهومی دادپەروەری ئەبێ لە دەرفەتێکی تردا بەدرێژی قسەوسباسی لەسەر بکەم.ئەم دەستەواژەیە بەو ئەندازەیە ئۆبژکتیڤ و سەرو چێنایەتی نیە کە هەنێک تیگەشتون.

خاوەران:ئایا بەهەڵوەشانەوەی سزای لە سێدارەدان ،ڕیژەیەک تاوان لە کۆمەڵگەدا ناچێتە سەروە؟

مەنسور حیکمەت:نەخێر.بەپێچەوانەوە،هەربەشێوەیەی کەوتم هەر لەسەرەتاوە پێش بەلیستێکی باڵابەرزی کوشتاری دەوڵەتی دەگیریت.وەزارەتی دادی دەەوڵەتی ئەمریکا گەورەترین بکوژی پیشەی ئەو وڵاتەیە،هەڵوەشانەوەی سزای لە سیدارەدان تیدا وەک ئەوە وایە کە زنجیرەیەک بکوژی ١٥٠ کەسیت دەستگربکرێت!دوهەم هەر کۆمەڵگەیەک پیی وابێت کە کوشتنی ئینسان لەگەڵ یاسادا ئەگونجێت،هیچ کاتێک ناتوانێت ڕێگا لە دوبارە نەبونەوەی هەرئەو کارە بگرێت لەناو هاوڵاتیاندا.هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان وڕاگەیاندنی بەهای گیانی ئینسان،هەنگاوی یەکەمە لە خەبات دژی کەلتوری ئینسان کوشتن لەکۆمەڵگەدا.ئامارەکان بەڕۆشنی نیشانیان داوە کەلە هۆڵنداو ئیسکەندینفیا وبەریتانیادا کە سزای لە سێدارەدان هەڵوەشاوەتەوە.ڕیژەی کوشتن (بەلەبرچاوگرتنی دانیشتوان) بەشێوەیەکی بەرچاو کەمترە لە ئەمریکا.

خاوەران:بەبۆچونی ئێوە سزای تاوانباران ئەبێت بەچ ئامانجێک ئەنجام بدرێت؟

مەنسور حیکمەت:نازانم وشەی سزا باشە لەگەڵ سیستەمی دادوەریدا یان نا.بەبۆچونی من،باسی پشتگیری لەنێوبردنی زەمینە کۆمەڵایەتی و ئابوری وکلتوریەکانی تاوان بەتەنیشت،یەکەم،کۆمەڵگە ئەبێت خۆی بپارێزیت لە تاوان بەکەمترین ئەگەری کاری توندوتیژی وبەکەمترین پەنابردن بۆ زەوتکردنیکی مۆڵەتی ژیانی ئاسای تاوانباران،خۆی لە دوبارە کردنەوەی تاوان لەلایەن ئەوانەوە بپارێزێت.دوهەم:هاوکاری بکەن بۆئەوەی ئەوکەسانە بگۆڕێن.بەبۆچونی من سزای تۆڵەسندنەوانەو پەندوەرگرانە ئەبێت هەڵوەشێتەوە.ئەبێت بگەینە جیگایەک کە کۆمەڵگە بەشێوەیەک لە توندوتیژی دورکەوێتەوە کە لەگەڵ بابەتەکانی توندوتیژیدا وەک کارەساتی سروشتی مامەڵەبکات،بەهانای قوربانیەکانەوە بچیت،هەوڵبدات پێش بەدوبارەبونەوەی دواتری بگرێت وەیان زیانەکانی بگەیەنێتە کەمترین ئاستی،بەبێ ئەوەی کەسێک وەک تاوانبار بخاتە ناوگڕکانی ئاگرە وەیان فڕێی دەیتە دەریاوە.

خاوەران:ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان،کەسێک بەهۆی دانانی بەها بۆ جەهەری ئینسان ومافی ژیانیەتی، لەو کاتەدا داواکاری ئازادی ئەو زیندانیە سیاسیانەی کە لە ئەنجامی چالاکیەکانیان مرۆڤێکی زۆری بێ تاوان گیانیان لەدەستداوە،ئەبێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؟بۆنمونە لەگەڵ خەباتکارێک کە نجامی دانانی بۆب لەناو پاسێک وەیان شوێنێکی تر،بۆتە هۆکاری کوشتی کەسێک یان چەند کەسێک ئەبێت چی بکرێت؟ئایا ئەبێت داوای ئازادی ئەو بکرێت؟

مەنسور حیکمەت:من کەسێک کە بۆمبی لە ناو پاس وفڕۆکەی خەڵکی سیڤیل دانابێت ناو نانێم خەباتکار.بەداخەوە لە سەردەمێکی دیاریکراودا بەم شێوەیە کارکراوە لە هەندێک لە بزوتنەوە حەقخوازانەکاندا،وە دواتر لەلایەن هەندێک لە بزوتنەوە کۆنەپەرستەکانەوە وەکو هونەری ئینسان کوژی لەژیر ناوی سیاسەتدا برەوی پێدراوە.چارەسەرێکی سەرتاپاگیرم نیە لەبەرامبەر ئەمانەدا.پەیوەندی بەدەوڵەتیکەوە هەیە کە ئەوان لە کاتی شەڕدان.پەیوندی بە پێوەری دادوەری ئەو وڵاتەوەو ڕەوایی حقوقیەوە هەیە تێیدا.
پەوەنیدی بە بارودۆخی ڕودانی ئەو ڕوداوەوە هەیە.بەبۆچونی من دۆسیەی ئەو خۆکوژانەی کە هیرشیان کردوەتە سەر ئامانجی ناسەربازی دۆسیەیەکی سیاسی نیە.بۆی هەیە بیانوی جیاوازی سیاسی زۆر بۆ ڕودانی ئەم ڕوداوانە بهێنرێتەوە وهەتا تاوانەکە سوک بکات وەیان بێتاوان دابنرێت،بەڵام خودی دۆسیەکە دۆسیەیەکی سیاسی نیە.لەکۆتایدا شتێک بیر بهێنینەوە.ئەگەر بڕیاربێت کەسانێک دەستگیر ودادگای بکەن کە بەبۆمب هێرشیان کردوەتە سەر خەڵکی بێ چەک ،حەوت هەشت سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانی ڕۆژئاوای وسەدان بیرۆکرات وجەنەراڵ وفەرماندەی ئەمریکی وئەوروپی لە ڕیزی یەکەمی تاوانباران دا هەبن.من جیاوازیەک لە نێوان تیموتی مەک وای کەلە ئوکلاهوما تاوانێکی گەورەی ئەنجامدا وکەسانێک کە بۆمبارانی حەشارگەو خانو قوتابخانەی خەڵکیان دەکرد وە ئەوانەیان هەموو کوشت نابینم.

خاوەران:ئەگەر وەڵامەکەت نیگەتیفە لەو دۆخەدا ئەبێت چ دەسەڵاتێک ئەوانە دادگای بکات؟

مەنسور حیکمەت:هیزێک کەلە ڕوی یاساییەوە ڕەوایەتی هەبێت.حکومەتە سەرکوتگەرەکان بەپێی پینساە ڕەوایەتیان نیە.بەڕای من بۆ دادگایی کردنی جەنەراڵ شوارسکۆفەکان وبن لادنەکان و دەتوانرێت هەر لەم دونیای بۆرژوازیەدا دادگای جێگا پەسەند پەیدابکەیت وەیان دایمەزرێنیت.

خاوەران:ئەگەر وەلامەکەت ئەرێنیە لەو دۆخەداسەبارەت بەزیندانی سیاسی پیناسەی ئیوە چیە؟

مەنسور حیکمەت:بەڕای من لیرەدا دوو دەستەواژە هەن کە ئەوانیش زیندانی سیاسی و دیلی جەنگی هەن کە هەردوکیان پەیوەندیان بەم باسەوە هەیە.زیندانی سیاسی کەسێکە کە بەتاوانی چالاکی سیاسی لەدژی دەوڵەتەکەی کردوە زیندانی کراوە.زیندانی سیاسی لەسەر بنەمای پیناسەکەی ئەبێت ئازادبکرێت.هەر نابێت دادگایی کردنێکش لەگۆڕیدا هەبێت.کەسێک کە چالاکی سیاسی لە دژی حکومەتتێک ئەنجام داوە لەبنەڕەتدا هەرنابێت دەستگیر بکرێت.دیل-جەنگیش تاوانێکی نەکردوە وە نابێت لە مافە مەدەنیەکانی خۆی ولەناویشیاندا لەئازادیەکانی خۆی بێ بەشبکرێت.وە ئەمە تەنها کێشەی نیوان دەوڵەتان نیە،بەبۆچونی من ئەندامی ئەو ڕێکخراوە پارتیزانانەش کە جەنگیان لە دژی دەوڵەتەکانیان ڕاگەیاندوە و لە کاتی چالاکی سەربازیدا دەستگیر دەکرێن ئەبێت لە هەمان مافی دیلەکانی شەڕی نیوان دەوڵەتەکان بەهرەمەندبن.یاساکانی ئیستا ئەبێت بەقوڵی لەبەرژەوەندی ئەو بەدیل گیراوانە ئاڵوگۆڕی بەسەردابێت.بەبۆچونی من زیندانی کردنی کەسەکان وڕیگری لە ژیانی ئاساییان ئەبێت قەدەغەبکرێت.بەڵام ئەتوانرێت یاسایەک هەبێت کە هەتا ئەوکاتەی شەڕ کۆتایی دێت وەیان دڵنیابون لەوەی کەسەکە ئارەزوی دوبارە بەشداری کردنەوەی نیە بۆ بەشداری لە شەڕدا، ڕیگری دوبارە پەیوەست بونەوەی بەسوپاوە لێبکات.لە کۆتایدا چەمکێکمان هەیە بەناوی تاوانی جەنگ،ئەم چەمکە ئەبێت بەشێوەیکی جدی دوبارە پیداچونەوەی بۆ بکرێت وەلە تەواوی ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیان هیزی کەسانی بێ چەک و کەلوپەل و هۆیەکانی خۆشگوزەرانیان دەخاتە بەر هێرش لێ دەربکێشریتە دەرەوە.لەم ساڵانەی دوایدا فراوانترین تاوانەکانی جەنگمان بینی کەلەلایەن سوپاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناوچەیی لە وڵاتانی جۆراو جۆری وەک عێراق ویوغۆسلافیا، بیین.ئەمڕۆ تاوانبارانێکی جەنگی زۆر دەبینین کە وەک ڕابەران وقارەمانانی نەتەوەو کوڕانی نیشتیمان پەرست لە نەتەوەو وڵاتە جیا جیاکان بەشەقامەکاندا ڕاستەو ڕاست بەناو خەڵکدا تێدەپەڕن کە ئەبێت دادگایی ئەوانە ببینین.

خاوەران:هۆکاری پێداگری وسوربونی موسوڵمانانی بنیاتگەرا (و:بنەڕەتخواز)بۆ کوشتن و سڕینەوەی فیزیکی نەیارەکانیان وبەتایبەتیش ئەوانەی کە جیاواز بیردەکەنەوە لە چیدا ئەبینیت؟

مەنسور حیکمەت:ئەوەی کە ئایا کەسەکە لەسەرەتا حەزیلە ئینسان کوژشتن بوە ودواتر ئەبێتە موسڵمانی(بنڕەتخواز.وەرگێڕ) بنیادگەرا ،یان بەپێچەوانەوە یەکەمجار ئەبێتە موسڵمانی بنیاتگەراو دواتر بەیاسای شەرع ئەبێتە ئینسان کوژ،شتێکە کەمن وەسیلەی لیکۆڵینەوەو وردبینیم لە وەدا نیە.بەڵام دڵنیام کە وەڵامی یەکلاکەرەوە هەر لەو یەک ڕستەی ئیوەدا شاراوەتەوە.

وەر گێڕانی لە فارسیەوە:کاوە عومەر
١٨\٤\٢٠١٩




دیسان شۆڤینیزمی کوێری زمانی بەرامبەر بە زمانی هەورامی!! … موختار کەریمی

ماویەک لەمەو پێش لە ساڵیادی شیمیایبارانی هەڵەبجەدا بابەتێکم بە زمانی دایکیم، زمانی هەورامی لە ژێر سەردێڕی:”شیمیاییوارانوو ھەڵەبجەی و وەرپەرسی وەڵاتە زلھێزە جەھانیەکا”، واتە “کیمیایبارانی هەڵەبجە و بەرپرسیاریەتی وڵاتە زلهێزە جەهانیەکان” لە فەیسبووک و چەند سایتێکیتری ئینترنێتی بەڵاو کردەوە. ئەم بابەتەم بۆ سایتی „NNS ROJ“ یش نارد و تکام لێ کردن کە ئەوانیش بەڵاوی بکەنەوە. سەرەتا بێدەنگیان لێ کرد. دوایی کە لێم پرسینەوە کە هۆکاری بەڵاو نەکردنەوەی بابەتەکەم چی بووە، وەڵامێان دامەوە.

وەڵامی یەکەمی „NNS ROJ“ وەکوو خۆی:” ئێمە وتار بڵاوناکەینەوە”. ئەم وەڵامەم زور پێ سەیر بوو. ئەم وەڵامە کاڵ و بێمانایە لە کاتێکدا بە پەلە وهەڵنەسەنگێدراو دەدرێتەوە کە سایتەکەیان لێوانلێوە لە وتار و دەیان وتار سەبارەت بە کێمیایبارانی هەڵەبجەشیان بەڵاو کردوەتەوە، بەڵام هەر بە سۆرانی و فارسی. کاتی خۆی کە هەورامی زمانێک لەو سایتە بەرپرسیاریەتی هەبوو، بابەتەکانم بەڵاو دەکرانەوە(تا ساڵی 2015). لەو کاتەو ئەو نەماوە، هەر بابەتێکم بۆ ناردوون بەڵاویان نەکردوتەوە و بەگشتی خۆیان لە بەڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک بە زمانی هەورامی پاراستوە.

منیش دیسان لێم پرسیەوە: ” بەڕێزم، ئەی ئەو هەموو وتارە چیە بەڵاوی دەکەنەوە؟؟؟؟ کارەساتی هەڵەبجە بایەخی ئەوی نیە کە بەڵاوی بکەنەوە؟؟؟ یان چوون بە زمانی هەورامیە بەڵاوی ناکەنەوە؟؟؟؟ “
وەڵامی ئەمجارەی وەکوو خۆی: ” ئێمە هەم شت بە زمانی هەورامی بڵآو ناکەینەوە هەمیش وتار بڵاوناکەیەوە. واتا لە دوو لاوە کێشەیە”!!

لێرەدا وەڵامدەری „NNS ROJ“ ڕاستیە سەرەکیەکە دەر دەخات. هەرچەند بۆ خڵەفاندن و کەمکردنەوەی باری بیرۆکە شۆڤینیستیەکەی، دیسان “بەلاونەکردنەوەی وتاریش” بە گشتی دووپات دەکاتەوە(فارس گوتەنی: قافیە چو بە تنگ آید، شاعر بە جفنگ آید)، بەڵام لە ڕاستیدا و لە ڕوانگەی شۆڤینیستی ئەوانەوە بەڵاو کردنەوەی وتار یان هەر شتێک بە زمانی هەورامی، با سەبارەت بە کارەساتی هەلەبجەش بێت، هەر کێشەیە. چوون ئەوان وەکوو کەمال ئاتاتورک و ڕەزاشا و … لە بنەڕەتدا بوونی زمانە جیاوازەکان، کە دیاردەیەکی سرووشتی و ئاساییە و ئاساییە و مایەی دەوڵەمەندی زمانی و فەرهەنگی هەر وڵاتێکی فرەزمانییە، بە کێشە دەزانن. ئەئەمەیە هۆکاری سەرەکی.!!

ئەم شێوە ھەڵسوکەوتە ڕەگەزپرستانە لە وشەنامەی سیاسیدا بە “شۆڤینیزمی زمانی” پێناسە کراوە. شۆڤینیزم بە مانای لەخۆبایی بوونی لەڕادەبەدەر و خۆبەباشتر زانینێکی بێ بنەما و مەترسیدارە بەرامبەر بە ڕەگەز، نەتەوە، کەمینیەی زمانی و یان ھەر گرووپێکی کۆمەڵایەتی تر. شۆڤینیستەکان ھەمووشتێکی خۆیان بە باشترین و پیرۆزترین دەدەنە قەڵەم و ھی کەسان یان کۆمەڵە خەڵکانیتر بە خرابترین و بێبایەخترین پێناسە دەکەن و بە چاوێکی زۆر نزمەوە سەیریان دەکەن و حازریشن بەرهەڵستی و تەنانەت خۆنواندنی ئە و کەسوو گرووپانە بە ھەموو شێوە و ئامرازێک سەرکوت بکەن و تەنانت لە نێوێشیان بەرەن. پەراوێز خستن، قەدەغە، سووکایەتی، تواندنەوە و زمانبڕین…….لەو ئامرازانەن کە شۆڤینیستەکان بەرامبەر بە زمان و کولتور و تایبەتمەندی گرووپەکانیتر بەکاریان دەھێنن.

جارێکیتریش لێ دەپرسمەوە: ” تکایە پێم بڵێ، بۆ چی بابەت بە هەورامی لای ئێوە کێشەیە؟؟ تکایە با منی هەورامی زمان تێبگەم “
وەڵامدەری „NNS ROJ“ دەڵێ: ” چونکە ئێمە بە زمانی سۆرانی و کرمانجی و عەرەبی و تورکی کارەکانمان بڵآودەکەینەوە. واتا بە هەورامی و کەلهوڕی و زازاکی و خانەقینی و …هدت بڵاویان ناکەینەوە”.
لێرەدا بە ئاشکرا دەبینین کە وەڵامدەری „NNS ROJ“ چۆن بەرەبەرە بیر و مەبەستە شۆڤینیستانەکەی بە زەقی ئاشکرا دەکات و بە هەورامیشەوە ڕاناوەستێت و کەلهۆڕی و زازاکی و خانەقینی و …هتد دەخاتە ڕێزی قەدەغەی زمانی سایتەکەیەوە. لە بەرامبەردا بە ئاشکراش کرنۆش بۆ زمانە داسەپاوەکانی داگیرکەرانی وڵاتەکەی دەبات و بۆ خەباتە چەوتەکەی پیویستی بەوانە و کار بەوان دەکات. دەبێ لەو شۆڤینیستانە بپرسین ئەمە چ خەباتێکی ڕزگاریخوازانەی نەتەوایەتیە کە کڕنۆش بۆ زمانی داسەپاوی داگیرکەری وڵاتەکەت دەبەیت، بەلام زمانی هاوخەباتەکارەکانی خۆت قەدەغە دەکەیت؟؟؟ ئەمجار چاوەڕێ ئەوەیش هەیت کە منی هەورامی و کرمانجی و کەلهۆڕی و لەکی و لۆڕی و زازاکی متمانەت پێبکەین و هاوسەنگەرت بین؟؟ دوایش کە بە دەسەڵات گەئیشتیت هەموو ئەو دەسەڵاتە بۆ سەرکوت و بیبەش کردن و زمانبڕینی من و ئێمەمانان بەکار بێنیت، وەکوو لە قسەکانی خالێ عەزیزی دیارە و حکوومەتی 28 ساڵەی باشووریش هەر ئەو سیاسەتە پێڕەۆ دەکات؟؟ زهی خیال باطل ‼

لە کۆتاییدا لە „NNS ROJ“م پرسیەوە کە ئەم هەلوێستەی ئەو چ جیاوازیەکی لە هەڵوێستی زمانبڕانەی داگیرکەرانی وڵاتەکەی خۆی هەیە؟. ناوبراو بە بێڕێزی کردن کۆتایی بە قسەوباسەکەی هێنا.
ئەم ھەڵوێستەی سایتی„NNS ROJ“ بەرامبەر بە زمانی ھەورامی و کەلهۆڕی و زازاکی و…. هیچ جیاوازیەکی لە وتە شۆڤینیستانەکانی خالێ عەزیزی نیە کە هەڕەشەی خڕکردنەوەی زمان و زاراوەکان دەکات و دەڵێ:
“ئەرێ سبەی لە کوردستانی ئێران شکاکم هەیە، هەورامیم هەیە، جافم هەیە، کەلهۆڕم هەیە، یارسانم هەیە، لەکم هەیە، هەمووی ئەوانە، هەر گرووپێک پەیدا دەبێت هۆویەتێک بۆ خۆی دروس دەکات. ئاوا مێللەت دروس دەبێتن؟ نە. ئاڵمان کە بوو بە مێلەتێکی موقتەدێر، تەنەوعاتی زمانی و لەهجەیان خڕ کردەوە، فەرانسە کە بۆ بەوە خڕیان کردەوە…… بۆیە دەبێ بە ئیقتێدارەوە کۆمەک بەوە بکەین یەک نەتەوە، یەک ئادرەس و یەک زمان دروس بکەین”‼

و یان شۆڤینیستیکیتر بە ناوی ئەمجەد شاکەلی کاتی خۆی، ساڵی ٢٠١١ سەبارەت بە کۆنفەرانسی “زمانی کوردی” لە ھەولێر نوسیویەتی:
” ئەگەر بڕیار بێت ئەم زمانە ستانداردەی ئێستای کوردی نەمێنێت و ببێتە جووتستاندارد(بە دیدی جووتزانایان و جووتسیاسییان و جووتمۆدێرنان و جووتپرۆفێسسۆران و جووتمامۆستایانی کورد) و ئەگەر بڕیار بێت، لە تەنیشت ئەم زمان و ئەلفبێیە ستانداردەی ئێستای زمانی کوردیدا، ئەلفبێ لاتینی بەکار ببرێت و زاراوەگەلی ھەورامی و فەیلی و کرمانجی و دملی و ھەموو ئەوانی دیکەش ببنە زمانی ستاندارد و ڕەسمی، ئەوا من بەشبەحاڵی خۆم زۆرزۆرم پێ باشترە و پێ خۆشترە و پێ ڕاستترە، کە کورد دەستبەرداری ئەم زمانۆکانەی خۆی ببێت و زمانانی عەرەبی و فارسی و تورکی ببنە زمانی خەڵکی کورد و شتێک بە ناوی زمانی کوردی تەنێ لەنێو ماڵاندا بمێنێتەوە و ئەویش بە تێپەڕبوونی کات و ساڵان بەرەبەرە نەمێنێت و لەبەین بچێت. من ھیچ لەم قسەیەم پەشیمان نیم، چونکە نەتەوەیەک، بەتایبەت خوێندووانی، ھێندە بیرکۆڵ و نەزان و گێل و گەوج بن، ھەرگیز شایستەی ژیان و مانەوە و سەربەخۆیی و ئازادی نییە. (سەرچاوە: ماڵپەڕی دەنگەکان – ئەمجەد شاکەلی – ٢٣\٩\٢٠١١).”‼

وەکوو ئاماژەم پێکرد، ئەم جۆرە بیرۆکە و هەڵوێستە ڕەگەزپەرستانە بە ئاشکرا شۆڤینیزمی زمانییە و زۆر مەترسیدارە و بە هیچ شێوازێک و لە هیچ شۆڤینیستێک لە هەر لایەنێکەوە بێت، قبووڵ ناکرێت و هاوکات لە تەک خەبات بۆ دادپەروەری و ڕزگاری و دژی داگیرکاری و شۆڤینیزمی داگیرکەر، خەبات دژی شۆڤینیزمی زمانی ناوخۆییش بە ئەرکی سەرەکی شۆڕشگێڕانە و مرۆڤیانەی خۆمان دەزانین. ئەمانە دەبێ بزانن کە یەکەمین ئاکامی ئەم بیرۆکە چەوتە و نامرۆڤیانە دژوار کردنی پێکەوەژیانێکی ئاشتیخوازانە و دادپەروەرانەی ئەم قەوارە و زمانە جۆراوجۆرانەن کە بە درێژایی مێژوو دراوسێ یەکتری بوون و هەن و لە زور شار و گوندیشدا تێکەڵاون. ئەم قەوارە و زمانە جۆراجۆر و ڕەنگینانە، کە سەرمایەی فەرهەنگین، دەبێ هەرکامیان هەموو ئەو مافانەیان هەبێ، کە بۆ نموونە سۆران بۆ خۆی بە ڕەوای دەبینی، نە زیاد، نە کەم. ئەمەش یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و مامەڵەی لە سەر ناکرێت و پێشێل کردنی ئەم مافە ڕەوایە تاوانە و پێشلکەرانی ئەم مافەش وەکوو تاوانبار مامەڵەیان لە تەک دەکرێت. ‼

✌ خەبات بۆ دادپەروەری و ڕزگاری گشت لایەنە و دژی داگیرکاری و شۆڤینیزمی داگیرکەر جیا لە خەبات دژی شۆڤینیزمی ناوخۆیی نیە.✌

موختار کەریمی، ئاڵمان، 19.04.2019 —




گەنجێتی … پشکۆ ناکام

                               

…….ماوەیەکە باس لەوە ئەکرێ کە خەڵکانێک خۆزگە بە زەمانی بەعس ئەخوازن و لێرە و لەوێ وێنەیەکی سەددام بڵاو ئەبێتەوە تا ئەو حەدەی کە سەعاتی دەستی بە وێنەی ” زێڕە” ەوە لە بازاڕا ئەفرۆشرێت ، رەنگە وەک دیاردەیەک لای خەڵکە ئاساییەکە سەیر و سەمەرە بێ ، بەڵام گەر تۆزێک لە دەور و پشتمان وورد بینەوە بەعس وەک ” فیکر ” ئێستاش ” نافذ المفعول “ە و بەعسیەکانیش لە ناومانا سەربەرز و گیرفان پڕتر لەوانەی تا دوێنێ بوو لەشاخ دژیان ئەجەنگان ، ئەو کەسەی لە سی و یەکی ئابا ووتی ” ئێستا سەددام هاوڕێمانە ” ئەمڕۆ ببڕ و بکوژی هەرێم خۆیەتی …نزار خزرجی ” ئەفسەری بەعسی نا صدامی” کرا بە پەپولە و ئەنفال کراوەکانیش بە زەردەواڵە” لە هەولێر ئەبێ بڵێیت ” سەوزەواڵە ” ، کاکە موفق سامرائی ئیرشاد و وەعز و نەسیحەتی ئەیا بە کۆشکی کۆماری ( جا نازانین لە بواری ئیستخباراتی بوو یان بواری برایەتی کورد و عەرەب !!) ئەوانەش کە شان بە شانی سوپای بەعس وەک جاش و نۆکەری ڕژێم دڵ رەقترانە لە خودی بەعسیەکان بەشداری ئەنفالیان کرد و ئێستا زۆربەیان کاربەدەست و خانە نشین و ساحێب دیوە خانن، زۆربەیان ئەوانەی کە چەکداری حیزبەکانن هەر وەک چۆن دوێنێ نەوطی شەجاعە و وحدە و حریە و ئیشتراکیەیان بە شانەوە بوو ، ئەمڕۆ بە جلی خاکیەوە ئاڵای کوردستانیان بە یەخەوەیە !! سەرەک جاشێکی بەشداربوی ئەنفال لە گەرمیان زەمانی بەعس سەیتەرەی نەبوو، ئێستا ئەبێ بە سەیتەرەیا بگەییتە خزمەتی..!! ئیتر بێ فرۆشتنی سەعایتش بە رەسمی سەددامەوە کێ ئەڵێ بەعس وەک ئەفراد نەماون و لە ناومانا نین و لەچەن لایەنێکیشەوە نامان بەن بەڕێوە ؟.. كێ ئەڵێ رەفتاری بەعس بێ سەعاتەکەش چرکە چرکی نایەت ؟.. خۆ قوربانیەکانی 17/ی شوبات بەدەستی مولازم موحسین و قوات خاصەی بەعس نەبوو ، ئەوە مەفرەزەی ئەمنی بەعس نەبوو کە هێرشیان کردە مامۆستایەک چونکە داوای مافی خۆی ئەکرد لە پایتەختەکەی هەرێم !..بە جیاوازی کاتەوە یەک جۆر رەفتاری بەعسیانە ، ئەی دەهۆڵ لێیان بۆ یەک حیزب و یەک کەس و یەک ڕێباز ، هەمان دروشم و سروودەکانی بەعس نین جاران بە عەرەبی و ئەمڕۆ بە کوردی !. خۆ” تاریق رەمەزان” مونەزەمەی بەعس لە هەڵەبجە نەینارد بۆ بەریتانیا ، خۆ ئەوانەی ناردیان بۆ بەریتانیا سەعاتیان بەرەسمی سەددامەوە لە دەستا نەبوو..لە قادسیە ئەو کوردەی بکوژرایە ئیمتیازی پێ ئەبخشرا ، بەڵام ئەوەی خیانەتی لێبکردایە هەرگیز لێخۆش بوونی نەبوو، کەچی ئە کوردە جاشانەی لە خزمەتی بەعسا خیانەتیان لە خاک و میللەت کرد ئێستا لە کوردستانا ئیمتیازیان زۆر زیاترە لە پێشمەرگانەی دوا فیشەکیان بۆ خۆكوشتنی خۆیان دانابو تا بە ساغی نەکەونە بەر دەستی سەپا و هەمان ئە جاشانەی ئێستا بزەی سمێڵیان یەت، جا ئیتر بەعس و رەفتار و شێوەی بەعس بە ستایل و پاساوێکی ترەوە کێ ئەڵێ نەماوە و چۆن ئەسەلمێنرێ کە وانیە ؟
كێشە لەوە گەورەترە کە بۆچی کەسێک ئەوەنە بگاتە لووتی کە ئاواتە خوازی زەمانی بەعس بێ؟ کێشەکە زۆر جدی ترە لەوەی کە بە ئاسانی وەربگیرێت ، کام حیزب و کام زانکۆ و کام دەزگای ئەکادیمی و چەن میدیا ئیشی لەسەر ئەوە کردوە ئاواتە خوازبون بە بەعس بۆ؟ چارەسەر ؟ ..بەداخەوە کەس ، نەوت و دۆلار و بە سەلطەنەت کردنی هەرێم لە پێشە سیاسەت و سیاسیەکان! وخۆ دەوڵەمەن کردنی حیزب و مشەخۆرەکانی دەوروپشتی سفرەکە هەرێمی غەرقی وەزعێک کردوە کە پێویست نەکا زۆر لە خۆمان بکەینەوە بۆ هێنانەوەی بەعس بە بەچاومانا ، چونکە رۆژانە بە دەیان وێنە و سەعات ئەیبینین ..
لە برادەرێکی ئەیام زەمانی موعارەزەیان پرسی بوو کە ڕاوێژکارێکی شەش ملیۆنی پارلەمانی هەرێم بوو، راستە تۆ کاتی خۆی بەعسی بوویت ؟! ئەویش زۆر بە بێزارییەوە ووتبوی : ئۆە ..ئەرێ ئەوە نەبڕایەوە ، کاکە ئەوە زەمانی ” گەنجێتی”م بوو…………..




دوو هۆنراوە … ستار ئه‌حمه‌د

ــ هاواری گڕ ــ

ناڵه‌ ..مه‌گه‌ر خاك لێی بگا
سووتان .. دره‌خت چاك ده‌یناسێ
خنكان.. په‌ت ئازاریت بۆ باس ده‌كا
مناڵ … دوا خه‌ونی دایكه‌ و
شیعر … شاعیر بۆی ده‌گه‌ڕێ
نیسانیش دێ “ته‌نها كورده‌
سنگ و به‌رۆكی داده‌ڕێ
په‌پووله‌ .. داڵاش تێر ناكا
زه‌مین .. زیندووی بۆ هه‌رس ناكرێ
كه‌ی ره‌وایه‌ … جه‌سته‌ی مناڵ
به‌قه‌ل و ده‌ڵه‌ سه‌گ بدرێ
ده‌مێكه‌ ماڵ
له‌خاوه‌ن ماڵی بێبه‌شه‌
فرمێسك .. دیده‌ ده‌خنكێنێ
چاوه‌ڕوانی .. دڵ ده‌مرێنێ
گوێ .. سه‌دایه‌ك رووی تێناكا
ماف.. له‌سێداره‌ی داد ده‌درێ
هه‌ر تاوانه‌و
به‌ناوی خوداوه‌ ده‌كرێ
یاسا ..له‌زاری كه‌س ناگا
خه‌سڵه‌ت.. له‌مرۆڤ ته‌ریوه‌
زه‌مه‌نێكه‌ زیندوو خۆرین
ویژدان له‌ناخمان گه‌نیوه‌
ئه‌نفال..به‌نووسین نانووسرێ
قه‌ڵه‌م ..ناتوانێت گوڵ كوشتن
له‌په‌ڕه‌دا شیكاته‌وه‌
جه‌رگی هه‌وارم سووتاوه‌
كێ وه‌ڵامی بڵێسه‌و گڕ ده‌داته‌وه

————————-

سه‌رچۆپی مه‌رگ

ماڵه‌كان بار ده‌كه‌ن
په‌نجه‌ره‌ له‌دیوارو
دیوار له‌بنمیچ لالووته‌
گۆڕ له‌گۆڕستان دێته‌وه‌
ته‌رمه‌كان
شانۆیه‌كی نوێ ده‌گێڕن
ئه‌كته‌ر مردوو
خوێنی بینایی تابووته‌
خاك له‌هه‌نگاوو
هه‌نگاو له‌پێی و
پێ له‌په‌نجه‌ی خۆی وه‌ڕسه‌
شه‌و به‌دوای رۆژا راده‌كاو
تاریكی هاوده‌می ترسه‌
دڵه‌كان
خاڵین له‌سۆزو
بۆ باری بێ باری ده‌گرین
عه‌شق تارمایی ده‌روونه‌
ژوورێك نییه‌ بۆ ده‌رگایه‌

جێیه‌ك نییه‌ بۆ دوو سه‌رین
باران ئاسمانی قووت داوه‌
بێ پاسه‌پۆرت
چووه‌ته‌ ئه‌و دیوی زه‌مین
خاك تینووی نمه‌ی ئاونگه‌
مانگ روومه‌تی داپۆشیوه‌
بروسكه‌ی ئاسمانی جه‌نگه‌
ئه‌ستێره‌كان
گڕی فیشه‌كی دوژمنن
خۆر سه‌نگه‌ری سته‌مكارو
توێشووی جه‌نگه‌
شاره‌كان
سنگیان واز ده‌كه‌ن
بۆ هه‌ڵاتن
ئاڵای هه‌موو سنووره‌كان
بوونه‌ته‌ ده‌رپێی سه‌ركرده‌و
ستیانی ژن
گڕده‌بارێ
گڵ ده‌سووتێ
نه‌وت ره‌نگی خوێنی گرتووه‌
په‌ككه‌وته‌و مناڵ و كه‌نه‌فت
بۆ نانێك ره‌ق
سه‌رچۆپی مه‌رگیان گرتووه‌
شیعر په‌رچه‌م و بسك ده‌ڕتێت
قه‌ڵه‌م زمانی خۆی ده‌بڕێ
هه‌روا میره‌
رووته‌ كچ و
ژیله‌ ژن و
بێوه‌ پیاوی ـ برسی ده‌كڕێ
ئابڕوو له‌خۆی شه‌رم ده‌كات و
خاك سنگی
ده‌شارێته‌وه‌
چیا مه‌مكی داده‌پۆشێ
ئاسمان خه‌رمانێك هه‌نسكه‌
خه‌ریكه‌ به‌رده‌بیته‌وه‌
نیشتمان كه‌ڕو كاس بووه‌
گیانی له‌سه‌ر ده‌ست داناوه‌
ده‌زانێت دڵ و ده‌روونی
ده‌كه‌ن به‌سوتووی كه‌لاوه‌
سات له‌گه‌ڵ جوانی رۆژگارا
به‌سه‌ر ته‌رمی
مێژوو شه‌هیدا باز ده‌دات
له‌رۆخی ده‌ریایه‌ك خوێنا
به‌گڕی خاك ده‌توێته‌وه‌
گه‌واڵه‌ به‌سته‌ی رووخان و
كۆچ و مردن ده‌ڵێته‌وه‌
سه‌رده‌می كۆتایی هه‌ست و
ئه‌تك كردنی ویژدانه‌
بێشه‌ی سته‌م
دورگه‌ی ئاگر
ئاڵای گه‌ل و نیشتمانه‌

ستار ئه‌حمه‌د




وەرزش … فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

ئەدەبی منداڵان

بۆئەوەی تەندروستبم
ڕۆژانە وەرزش دەکەم
بەبازو جوڵەو یاری
جوانیی بەلەشم دەدەم۰

شادم کەوەرزش دەکەم
گەشاوەن چاوەکانم
جوان و ڕێک وبەهێزن
ئێسک وماسولکەکانم۰

ئەوەی کەوەرزشکارە
گورجوگۆڵ و ئازایە
هەمیشە تەندروستەو
خاوەن حەزو خولیایە

تائاسودەو دڵخۆشبم
لەماڵ و قوتابخانە
لەگەڵ هاوڕێکانی خۆم
وەرزش دەکەم ڕۆژانە۰




خەیاڵی ئەدەبی و مرۆڤی بێ خەیاڵ … نیهاد جامی

تێکستی ئەدەبی نووسینەوەی مێژوو نیە، وەک چۆن وێنەگرتنەوەیەک نیە بۆ دنیای واقیع، بەڵکو بەرهەمهێنانەوەیەکی نوێیە، وا دەکات هەر یەکە لە مێژوو واقیع لەناو تێکستەوە بخوێنرێنەوە، نەوەک تێکست لەنیگای واقیعەوە سەیر بکەینەوە، ئەو تێگەیشتنە ئەدەبیەی دەیەوێت تێکستی ئەدەبی ئاوێنەیەک بێت بۆ وێنەی واقیع و مێژوو، لەبنەڕەتدا بێبەهاکردنی تێکستی ئەدەبی و کوشتنی ڕۆحی داهێنانە، چونکە تێکستی ئەدەبی دەیەوێت ژیان لەناو ژانری تێکستەکەوە ببینرێت، نەوەک تێکست دادگایی بکرێت لەناو دیکۆمێنتی مێژوویدا.

ئەدەب نووسینەوەی مێژوو نیە، ئەدەب خوڵقاندنەوەی دنیابینیەکی نوێیە، ئەوانەی دەیانەوێت ئەدەب تێکستی مێژوویی بنوسێتەوە، باشتر وایە بگەڕێنەوە ناو کتێبە مێژوویەکان، ئەدەب خوڵقاندنەوەی چیرۆک و نووسینەوەی ساتەوەختێکی کەشف نەکراوە، ئەوە لادانە لە مێژوو.. وەک چۆن لێدانیشە لەتۆماری ڕوداوەکان.. چونکە ئەدەب مێژوو ناگێڕێتەوە، ھێندەی مێژوو دەکاتە بیانوویەک بۆ چوونە ناو تێکست.

ئەو دیدگا ڕەخنەییەی تێکست دادگای دەکات لەڕوانگەی مێژوودا، دیدێکی دەروونیە نەوەک میتۆدی، کێشەی لەگەڵ تێکست نیە، بەڵکو کێشەکە لەدەرەوەی بونیادی نووسینەوەیە، کێشەیە لەتەک شوناسی نووسەردایە، کوردیی بوون بۆتە گرفتی ئەو دیدگا ڕەخنەییە، دێت بەپێی لۆژیکی مێژوویی و دنیای واقیع سەیری تێکستی نووسەری کورد دەکات، بەڵام لەسەیرکردنی بۆ تێکستی جیهانی ئەو لۆژیکە فەرامۆش دەکات، لەسەر بەرواری ڕووداوێکی مێژوویی نێو ڕۆمانێک باس لەوە دەکات کەوا مێژوو شێوێندراوە، بەڵام هەرگیز بوێری ئەوەی نیە بەهەمان لۆژیک قسە لەڕۆمانێکی جیهانی بکات، ئەویان وەک بەرهەمی خەیاڵی نووسەر دەیبینێت، بەڵام بۆ تێکستی کوردی وەک شێواندنی مێژوویی سەیری دەکات.

بۆیە ئەو ڕوانینە ڕەخنەییە لەدەرەوەی خوێندنەوەی تێکستەوە هاتۆتە بوون، هێندەی بڕوا نەهێنانە بەتوانای نووسەری تێکست، نەک خودی تێکستەکە، ئەوەش چەندە پەیوەندی بە دۆخی دەرونی ئەو بانگەشەکارە ڕەخنەییەوە هەیە، هێندەش وابەستەی کورتبینی دیدی ئەدەبیە، توانای جیاکاری نێوان تێکستی ئەدەبی و تێکستی مێژوویی نیە، ئەدەب ڕووبەرێکی زمانەوانی سەربەخۆیە، پەیوەندیە دەلالی و سەستمە زمانەوانیەکەی وێنای سەر لەنوێی پەیوەندیەکان دەکات، لێرەوە مرۆڤەکان بەرهەمی دۆخی کۆمەلایەتی و سیاسی و مێژوویی نین، هێندەی وابەستەی دنیای ناو تێکستن، رووداوێک نیە ڕوویدابێت، ئەوە دنیایەکە لەناو تێکست دێتە بوون، دنیایەک هەڵگری گوتارێکی جوانیناسیە، دەرخستنی قێزەونی دنیایەکە، وەک کاردانەوەیەکی ئەخلاقی ناو تێکست، ئەوەش بۆ خۆی گومانکردنە لە مەعریفەی زانراوی مێژوو، گومان دەگۆڕێت بە پرسیار لەبارەی نووسین و جوانی.

لەو کاتەدا نووسین به‌ته‌نیا پێویستی به‌عه‌قلێكی بیركه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، عه‌قلێك په‌یوه‌ست بێت به‌دیدی‌ جوانیناسیانه‌، بۆیه‌ ئه‌و جۆره‌ نوسینانه، ڕه‌نگه‌ نه‌گه‌ڕێن به‌دوای سواڵكردنی خوێنه‌ر، هێنده‌ی ڕووبه‌رێك ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ خۆی خوێنه‌ر هه‌ڵبژێرێت، لێره‌وه‌ په‌یوه‌ندیی نووسه‌رو خوێنه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان تاك نیه‌ به‌ كۆمه‌ڵگاوه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی دوو مرۆڤ ده‌بێت كه‌ هه‌ردووكیان به‌دوای جوانی ده‌گه‌ڕێن، لێره‌وه‌ پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ وه‌ك كرده‌ی نووسین دێته‌ بوون، چونكه‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌دایكبوونه‌وه‌، بۆیه‌ گه‌ر ئه‌و نمونه‌یه‌ی ئه‌فلاتون كه‌ مرۆڤ له‌فڕێدانی بۆ سه‌ر زه‌وی له‌یه‌كتر جیابۆوه‌، له‌سه‌ر زه‌ویش به‌دوای ئه‌ویتری له‌ده‌ست دراو ده‌گه‌ڕێت، لێره‌دا نووسین دابه‌ش ده‌بێت بۆ سه‌ر نووسه‌رو خوێنه‌ر، ئه‌گه‌ر پۆلینێكی ده‌روونشیكاری بۆ بكه‌ین ده‌بێت بڵێین له‌و كاته‌دا نوسه‌روخوێنه‌ر مرۆڤێك بنیات ده‌نێن، به‌وه‌ی نوسه‌ر ده‌بێت به‌ (عه‌قڵی مرۆڤه‌كه‌) و خوێنه‌ریش به‌ (نه‌ستی مرۆڤه‌كه‌) بۆیه‌ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ده‌بنه‌ خوڵقاندنه‌وه‌ی مانا له‌ناو تێكستدا.

پرسیاركردن له‌باره‌ی جوانی، داڕشتنه‌وه‌ی ماناكانی بوونی مرۆییه‌، به‌وه‌ی ده‌بێت به‌و پرسیاره‌دا بچینه‌وه‌: جوانی چیه‌؟ ڕاستر وایه‌ پرسیارەکەمان فراوانتری بكه‌ین به‌وه‌ی چی جوانیه‌؟ چۆن سه‌یری جوانی بكه‌ین؟ لێره‌وه‌ وه‌ستان له‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ ڕه‌نگه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت، بۆشاییه‌كی تر بخوڵقێنێت، تاوه‌كو گومانه‌كانمان بۆ جوانی بنوسینه‌وه، گومان له‌وه‌ی هه‌یه‌ ناوی بنێین جوانی له‌ڕاستیدا گومانه‌ له‌مه‌عریفه‌ی جوانی‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ وه‌همی جوانیه‌، جوانیه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ له‌ناو ئه‌و زه‌مه‌نه‌ موزه‌یه‌فه‌ شاردراوه‌ته‌وه‌.

لێره‌دا كاتێ ده‌مانه‌وی بزانین جوانی چیه‌؟ ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین ئه‌وه‌ی هه‌مانبووه‌ جوانی نه‌بووه‌، چونكه‌ جوانی ئه‌و بابه‌ته‌ نووستوه‌ی ناو ناخی مرۆڤه‌، كه‌ هه‌موومان به‌هۆی وه‌همه‌كانه‌وه‌ جوانیمان خنكاندووه‌، بۆیه‌ به‌ده‌گمه‌ن كه‌سانێك هه‌ن كه‌ بتوانن ئه‌و جوانیه‌ی ناو خۆیان نه‌خنكێنن، خه‌ڵكانێك به‌ ماتریاله‌كانه‌وه‌ خۆیان فریو ده‌ده‌ن به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی جوانی ئه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌و ده‌مانه‌ی باس له‌جوانیه‌كی شاراوه‌ ده‌كه‌یت‌‌‌، ڕه‌نگه‌ وه‌ك شێت سه‌یرمان بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ تێبگه‌ن، ئه‌وه‌ی ئه‌وان هیچ نیه‌ جگه‌ له‌خۆفریوودان ودرۆكردن به‌ناوی جوانی‌.

كه‌واته‌ چی جوانیه‌؟ جوانی بریتیه‌ له‌كۆی ئه‌و چالاكیه‌ رۆحیانه‌ی مرۆڤ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ خه‌ونه‌وه‌، خه‌ون زینده‌گی سرووشتیانه‌ی مرۆڤه‌، كه‌واته‌ سه‌یركردنمان بۆ جوانی ده‌بێت به‌ڕوانینی شاعیریانه‌، زینده‌گی شاعیریانه‌ هه‌وڵدان نیه‌ بۆ شاعیربوون، به‌ڵكو هه‌وڵدانه‌ له‌وه‌ی چۆن شاعیریانه‌ بژین وعاشقانه‌ خه‌ونی ژیانمان هه‌بێت.

خەونی ژیان وێناکردنەوەی بوونە لەناو تێکستدا، زیندەگی شاعیریانە تێپەڕینە بەناو زمان، کێشەی ئەو جۆرە مرۆڤە ئەوەیە ناتوانن بوناو زمان تێپەڕن، بۆیە تۆمەتی مێژوویی و زمانەوانی دەبەخشنەوە، ئەوان کە لەبونیادی کەڕنەڤاڵی تێکست و فرە ئاستی زمان تێنەگەیشتن.. خێرا لیستی تۆمەت بەخشینەوەیان هەیە، ئەوە کێشەیەک نیە لەگەڵ تێکست، کێشەی فراوانی زمانی نووسەرە کە تێکستێکی بەرهەم هێناوە سنوری عەقڵی ئەو جۆرە مرۆڤەی تێپەڕاندووە، بۆیە دێت دەکەوێتە سەنگەری دادگایی کردنی نووسەر لەناو تێکستدا، پڕۆسەی دادگایی کردنەکە هەوڵێکە بۆ کوشتنی خەیاڵ و گەڕانەوەی تێکست بۆ ناو بونیادی مێژوویی و واقعی، لەو ساتەشدا ئەوەی دەکوژرێت خەیاڵی ئەدەبیە، کە نایەڵن زیندەگی خۆی بژیێت.

لێرەدا ڕووبەری ئەو پرسیارە دەبینەوە، مرۆڤی بێ خەیاڵ بۆچی دەیەوێت، ئەزموونی بێ خەیاڵی خۆی بگوازێتەوە ناو زیندەگی تێکست؟ ئاخۆ ژیانی دەرەوەی خەیاڵ و نووسینەوە لەناو ڕووداوەکان وەک ئەوەی ڕوویداوە، نەک وەک ئەوەی تێکست پێیدا تێدەپەڕیت، چی بە مەعریفەی ئێمە دەبەخشێت و چێژی گێڕانەوەو خولقاندنەوەی نووسین لەکوێدایە؟ ئەوە پرسیارێک نیە لەهیچ خوێنەرێکی بەئاگا بکرێت، بەڵکو پرسیارێکە بۆ گێڕەرەوەکانی نێو مێژوو کە خوازیارن تێکستی ئەدەبی تێکستی مێژوویی بێت، لێرەدا پێویستە ئەو پرسیارە لەخۆیان بکەن؛ ئێستابوونی تێکستێکی ئەدەبی لەکوێدایە کە سەر لەنوێ مێژوو بنووسێتەوە؟ با نەچینە سەر ئەدەبی نوێ، هەر چاوێک بە ئەدەبی کلاسیک بگێڕین، چەندین نووسەر هاتوون کاریان لەتەک ڕووداوێکی مێژوویی کردووە و سەردەمی نوێی خۆیان پێ خوێندۆتەوە ئاخۆ ئەو کەسانە بوێری ئەوەیان هەیە بلێن بۆچی مێژوویان شێواندووە؟ بەدلنیاییەوە جگە لەبێدەنگی هیچی تریان لێ نابیستین، بۆیە گرفتەکە لە بێ بەهرەیی مرۆڤە بێ خەیاڵەکانە کە خوازیاری کوشتنی خەیاڵی ناو تێکست و بونیادە زمانەوانیەکانن.




پەیوەندی نێوان موسڵمان ومەسیحی لە گەڵ خودادا …. تاهیر ڕەحیم

پەیوندی نێوان ئیماندار و خودا، لە ئایینێکەوە بۆ ئایینێکی تر دەگۆڕێت,لە ئایینی ئیسلامدا، پەیوەندی خودا لەگەڵ مرۆڤ پەیوەندی نێوان خاوەن کۆیلە و کۆیلەیە. لە هیچ سەردەمێکیشدا خاوەن کۆیلە بەزەیی بە کۆیلەدا نەهاتووەتەوە. پەیوندی خاوەن کۆیلە لەگەڵ مرۆڤ، پەیوندییەکی دڵڕەقانە و بێبەزەیییانەیە.

لە ئیسلامدا ئیماندار لەبەردەم خودا؛ کۆیلەیەکی بێدەسەڵات و بێئیرادەیە. موسڵمان خۆی تەسلیم بە خودا دەکات. وەک هیگڵ دەڵێت: تەنها شتێک موسڵمان دەتوانێت بیکات، لەپێناوی خودا خۆی بەکوشت بدات.
کەسایەتیی کۆیلەش هەردەم کەسایەتییەکی لاواز و بێئیرادە و بێدەسەڵاتە. ئەم پەیوندییەی نێوان خودا و مرۆڤ یان خاوەن کۆیلە و کۆیلە لەناو ژیانی واقیعی موسڵمانەکاندا، بۆ پەیوندی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵات بەرجەستە بووە. تاک، کەسایەتییەکی لاواز و کۆمەڵگاش توانای گۆڕینی نییە. کەسایەتییەکە هەردەم لەبەردەم شکست و بێئومێدییە. لە چاوەڕوانی گۆدادایە. تەنها شتێک، کە بتوانێت بیکات، چاوەڕوانییە. چۆن لە خودا دەترسێ، ئاوهاش لە دەسەڵات دەترس واتا ژیانێکە پڕە لە ترس و بێئومیدی.

شیعە هەنگاوێگ زیاتریش دەچێتە دواوە و پەیوەندی نێوان خودا و مرۆڤ بۆ پەیوەندی نێوان خۆی وەک کۆیلە لەگەڵ مەرجەع وەک خاوەن کۆیلە دەگۆڕێت ، واتا خۆیان هەر بە کۆیلەی خودا نازانن، بەڵکوو خۆیان بە کویلەی محەمەد و عەلی و حەسەن و حوسێن دەزانن. زۆر جاریش ناو منداڵەکانیان دەنێن.

عەبدلنەبی، عەبدلعەلی، عەبدلحەسەن یان عەبدلحوسێن … واتا کویلەی پەیامبەر، کۆیلەی عەلی، کۆیلەی حەسەن و حوسێن…
موسڵمان وا هەست دەکات بەردەوام لەژێر چاودێڕیدایە. بڕوایان وایە، خودا دوو فڕیشتەی لەسەر شانی داناوە بۆ چاودێری. هەر وەکوو چۆن لە قورئاندا هاتووە، رۆژی کۆتایی دەستەکانی، قاچەکانی دێنە قسە و شایەدی لەسەر دەدەن، ئاوهاش لە ژیانی رۆژانەیدا لە ترسێکی گەورەدایە و وا هەست دەکات، لەژێر چاودێریی دەسەڵات و ئاساییشدایە. هەر وەکوو خۆیان دەڵێن: دیواریش گوێی هەیە چۆن لە خودا دەترسێ، کە لە جەهەنەم خودا هەر کات پێستی بسووتێنێ، پێستی نوێی بۆ دروست دەکات، بۆ ئەوەی بەردەوام ئازار بچێژێ ئاوهاش لە دەسەڵات دەترسێ. هەر ئەمەش وایکردووە. هاوڵاتی لە وڵاتانی موسڵمان توانای گۆڕینی نەبێت. گەر گۆڕانکارییەکیش دروست بێت، ئەوە تەنها لە گۆڕینی دەموچاوەکانە، نەک گۆڕینی بنچینەیی.
واتا شۆڕشکردن بۆ گۆڕینی کەسایەتیی تاک نییە، لە تاکی هیچەوە بۆ تاکی باڵا. لە تاکی سووک و بێدەسەڵات بۆ تاکی بەئیرادە و خاوەن بڕیار.
بەڵام پەیوەندی نێوان خودا و مرۆڤ لە ئایینی مەسیحیدا، پەیوەندی نێوان کوڕ و باوکە. باوکیش هەردەم حەز بە ئاسودەیی کوڕەکەی دەکات. باوک حەز ناکات کوڕەکەی ئازار بچێژێ.
مەسیحییەکان بڕوایان وایە، عیسا لەپێناوی مەسیحییەکان لەخاچ دراوە. لە ژیانی کۆتاییشدا خودا لە هەموو گوناحەکانی مەسیحییەکان خۆش دەبێت. هەر لەبەرئەمەیە کاتێک قەشەکان لەکاتی سەرەمەرگی یەکێکدا ئامادە دەبن پێی دەڵێن: تۆ دەچیتە ژیانێکی نوێوە و عیسای باوک چاوەڕوانتە، عیسا/ باوک هەموو گوناحەکانی ئێمەی هەڵگرتوو!!!! لەبەر ئەوە ئیمانداری مەسیحی کەمتر لە مردن دەترسێت.

هەستێکی وای لەلا درووست دەبێت، کە گەشتێک دەکات و ژیانێکی نوێ دەستپێ دەکات، نەک عەزابی قەبر و ئاگر …
بە پێچەوانەوەی مەسیحییەکانەوە، ئیمانداری موسڵمان چۆن لە واقیعیدا هەموو ژیانی هەر ناخۆشی و ئازار و دڵەڕاوکێ و بێئومێدییە، لە سەرەمەرگیشدا لە ترسی عەزابی گۆڕ و سووتاندن بەئاسوودەیی نامرێت. چونکە هێشتا لەوە دڵنیا نییە، کە ناچێتە ناو ئاگر و ئازار نادرێ.
هیگڵ دەڵێت: مرۆڤ لە ئیسلامدا لەبەردەم خودایەکە، ناتوانێت پەیوندی پێوە بکات. تاکە شتێک، کە دەتوانێت بیکات، خۆی تەسلیم بکات و گوێ رایەڵی بێت. لە ئیسلامدا مرۆڤ ناتوانێت بەرزبێتەوە لەگەڵ خودا پێکەوە بێت.

لەناو ئایینەکان، ئایینی مەسیحی بە ئایینێکی عەقڵانی دەزانێت و ئایینی ئیسلامیش وەک دینێکی بەربەر و ناماقووڵ و بێڕوحانییەت وێنا دەکات. بە پێچەوانەی هیگل، ماکس ڤێبەر بڕوای وایە، ئەوە عەلمانییەتە ئایینی مەسیحی کردۆتە ئایینێکی عەقڵانی بە پێچەوانەی هیگل و ڤێبەر، فەیلەسووفی بەناوبانگ نیتشە دەڵێت: لە کوێ دین هەبوو، لەوێ ژیانی لێ نییە، ئامادەگی دین مانای وێرانبوون و داخزانی تەواوەتی ژیانە.

تێبینی:
وتەی فەیلەسوفەکان لە کتێبی ( ئایین و علمانیەت) لە نووسینی مەریوان وەریا قانع وەرگیراوە.




Cab Driver storiesئەو دەستە خاڵییەی كە پڕ لە عەشق بوو(تاکسی) :

جەلال قادر

ئەم بەیانییە لە ( حەسیرەكە) دایكێك وكوڕێكی هەرزەكار داوایان لێكردم بیانگەیەنمە گەڕەكی (رەحیم ئاوا).
لە كوڕە هەرزەكارەكەم پرسی: ببورە ئێوە لە رەحیم ئاوا دادەنیشن؟
_ نەخێر..ئێمە خەلكی (سلێمانین).
هەركە ناوی شاری سلێمانی هێنا بروسكە بەر دڵم كەوت.
لە ئاوێنەكەوە سەیرێكی دایكەكەم كرد چاوەكانی فرمێسكی لێ دەباری…یەكسەر ناسیمەوە (سەیران ) بوو…ئەو كچەی هەر كە چاو بچووقێنم ڕووخساری دەبینم… دلم كەوتە لێدان و برینم كولایەوە
كوڕە هەرزەكارەكە سەرگەرمی تێكست كردن بوو…من و سەیرانش ناو ناوە تێكستی چاوی یەكترمان دەخوێندەوە:-
ئاخ بۆ ئەو ڕۆژە خۆشانە چ زوو تێپەڕین ..كە هەر شەو یەكترمان لەباوەش دەكرد و بە گریانەوە لەیەكتر دادەبڕاین…ئاخ چەند خۆش ناوی دەبردم و هاواری دەكرد : (بەختیار بەخەكەم خۆشمدەوێی ).
لەبیرمە ئەو ڕۆژەی گواستیانەوە بە كول بۆی دەگریام. بۆ یەكەمینجار كۆپڵە شعرێك لەناخمدا هەڵقولی:
لەپاش تۆ
دەتوانم بە هەموو كۆلانەكانی شار بسوڕێمەوە
لەشەقامەكان پیاسە بكەم
بە بەردەم ماڵتان سەدان جار
هاتووچۆ بكەم
بەلام من بە بێ تۆ تەنیام
كەسش ناتوانێت وەك تۆ
بە عەشقەوە ناوم بهێنێت و
هاواركات:، (بەختیار بەخەكە) خۆشمدەوێت.
نزیك بە گەڕەكی رەحیم ئاوا بووینەوە…سەیران لە پشتەوە بە هێواشی وتی: كاكی شوفێر بۆ وا بێدەنگی كەمێك باسی كەركووكت نەكردین؟
بە دڵتەنگییەوە و وەلامیم دایەوە : بەخێربێن بۆ ئەم شارە داماوە. كەركووك وەك ئەوە وایە عاشقێك لە مە عشوقەكەی دابڕابێت!.
كوڕە هەرزەكارەكە قسەكەی پێ بڕیم : من هەموو جار كەدێم بۆ سەردانی ئەم شارە دڵتەنگ دەبم.
سەیران : لە پشتەوە سەری هێنایە پێش و وتی : بە پێچەوانەوە من هەر كە دەگەینە (قەرە هەنجیر و چیمەن ) دڵم دەگەشێتەوە..
كەمێك بێدەنگ بووین وەك ئەو بێدەنگیەی نێوان دوو دڵبەر!.
نزیك بە بازاڕی رەحیم ئاوا كەوتینەوە…سەیران دەمی خستە بن گوێم بە دەنگ و ئاوازی ڕۆژگاری عەشقەوە ، بە ناسكی وتی : بەختیار بەخەكەم كوڕە شیریینەكەم با ئێمە لێرە دابەزین..
بە ناو هێنانی (بەختیار ) ئاگری لە جەرگم بەردا….ئاخ عەشق چ دەردێكە.
خێرا ماشێنەكەم ڕاگرت و لەكوڕە هەرزەكارەكەم پرسی: تۆش ناوت بەختیارە؟
_ بەلێ….
پێشئەوەی دابەزن. سەیران دەستی درێژ كرد و وتی: فەرموو كاكی شوفێر ئەمەش كرێكەت ..
ئاگام لە خۆم نەمابوو دەستم بۆ پان كردەوە .. ئەویش شەیتانانە وەك سەردەمی هەرزەكاریمان بە دەستی خاڵی تووند دەستی گووشیم.
ئەو دەستە خاڵییەی كە پڕ لە عەشق بوو!.




نامه‌كانی ئیشق … 14 .. سه‌ردار جاف

هه‌موو به‌یانییه‌ك

30 – ئه‌م به‌یانییه‌ ژنێك له‌ باران ده‌چێ و منی شله‌ هه‌ور، له‌ كۆژانی فیرقه‌تمه‌وه‌ هاوێر بووه‌ و په‌رتبوونم ده‌شواته‌وه‌، ژوانمان روونتر له‌ زنه‌ ته‌قیوێكی ته‌لیسماوی كه‌نار زه‌نوێرستانی نیشتیمان ده‌چێ، روحمان له‌ هه‌ڵم بوونیشا ئۆقره‌ی نه‌گرت تا نه‌ڕژاینه‌ سه‌ر عاردی، ئه‌وینمان به‌ باڵی كۆتره‌ په‌ڕه‌ نه‌خشین و سه‌رمه‌سته‌كانی دونیای ناگایی جووتبوونا سپارد و پێكه‌وه‌ خه‌ونێكین هێشتان زه‌مه‌نمان ڕۆنه‌چۆته‌ جۆگه‌ و دۆڵ و ڕووبار و ده‌ریا و زه‌ریاكان، ئه‌و خه‌ونانه‌ی به‌ر له‌ زمستان به‌ پارساریمانه‌وه‌ ده‌دیت، له‌ گڵه‌ شینه‌ و باران ڕه‌شماڵی غوربه‌تی ئیشقمان ڕه‌وانده‌وه‌ و ئه‌وینمان به‌ باڵه‌كانی ساسه‌وه‌ لكان، ئیدی هه‌ر له‌ خۆوه‌ گومانه‌كان ڕه‌وینه‌وه‌، نیگاكانمان به‌ سه‌ر گه‌ڵا و گوڵا پرژاندۆراندۆرمان پڕپڕ بوو له‌ ئاپۆڕای ده‌سله‌ملانێی ئاشقان، وانه‌ی رۆمانسیه‌تمان ده‌گوته‌وه‌، هێدی هێدی ته‌مه‌ن ئێمه‌ی بچوك كرده‌وه‌ و ئه‌وان باڵا، له‌ سه‌ر ڕففه‌ شینه‌كانی ئاسمان دڵۆپ دڵۆپ داباراینه‌ خوارێ بووینه‌ باران و به‌سه‌ر لێوی ئاشقان نیشتینه‌وه‌، بوینه‌ سه‌ربورده‌ی گوێ ئاگردانی زمستانان و چیرۆك و نۆڤێلت و ڕۆمان گه‌نجان ده‌مانخوێننه‌وه‌ …. ئه‌وه‌ نوخشه‌ و نوقڵانه‌ی له‌ گوڵ گوڵتری تۆیه‌ په‌خش ده‌بێ….. 31/ 3

31 – به‌یانییه‌ك هێشتا ناگات به‌ جوانی تۆ ، هه‌ر ده‌بێ بێژم له‌ تۆ ده‌چێ، به‌یانییه‌ك له‌ تۆ به‌كه‌یفتر ، له‌ تۆ به‌جۆشتر بۆ خه‌ڵوه‌تی زه‌ماوه‌ندێ …. ڕه‌شبه‌ڵكی گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و كۆرپه‌ڵه‌یی، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئازاری دایك و چریكه‌ی گریانی تۆ، به‌ درێژایی شه‌و خه‌یاڵدانم له‌ خه‌نه‌به‌ندانی هاوێربوونتدا خه‌مڵی بوو مه‌له‌ی ده‌كرد، له‌ دڵه‌ی سه‌فین به‌ نێو دۆڵی شه‌قڵاوه‌ و نزرگای پیاو چاكانی ئاشقانه‌ی كیژان و كوڕانییه‌وه‌ له‌ سۆراغی هه‌گبه‌ی پیرۆزی ساڵێكی دادێی به‌خششی موحیبه‌ت و جوانیتا پیاسه‌یه‌كی ئه‌ویندارانه‌م ده‌كرد، به‌ نێو تووله‌ ڕێ و ئه‌و ڕاسته‌ ڕێیانه‌دا له‌ ته‌ك شنه‌ی باغی شه‌قڵاوه‌دا په‌نجا و یه‌ك نمه‌ی ته‌ڕته‌ڕی ئاونگی سپێدان كه‌ زمزمی ژینمه‌ له‌ سه‌ر په‌ڕه‌ ڕه‌یحانه‌كانی شه‌ونخونیم بۆ ئه‌مڕۆت ده‌كه‌مه‌ سوورخه‌ڵاتی ته‌ریقه‌تی ئیشقم، به‌ شه‌وچه‌ره‌ی پایته‌ختی به‌فری ده‌به‌ستمه‌وه‌، ژنه‌ به‌خشنده‌كه‌ی دڵم له‌ دایكبوونت پیرۆز و سپێده‌یه‌كی خۆشده‌ورانیت نه‌غمه‌ی گۆرانی كوردی هۆبه‌ و خانوو و ئه‌پارتمانت لێوانلێو له‌ تریفه‌ی دڵ ئارامی و شادی و به‌خته‌وه‌ری كا….. 1 / 4

32 – ئه‌م به‌یانییه‌ نامه‌وێ نه‌غمه‌ی بولبولمان لێ ئاوا بێ، خه‌ونه‌ په‌مه‌ییه‌كانت له‌ ئامێزی بێشكه‌ی ئاوه‌زم ڕاده‌ژه‌نم، لێره‌ له‌ به‌ر نمه‌ ته‌وژمی ئه‌و شنه‌ی شه‌ماڵه‌ی ئاونگی ئه‌م به‌یانییه‌وه‌ چاوه‌ شه‌پۆله‌ به‌لرفه‌كانت ماچ ده‌كه‌م، دروێنه‌ی خرمژنی به‌یانیانت ته‌ی ده‌كه‌م، سرته‌ و چرپه‌ به‌ حه‌سره‌ته‌كانت به‌ ئاوی سۆمام ده‌شۆمه‌وه‌، چراخانی ته‌مه‌نت داده‌گیرسێنم ، فوو له‌ ڕه‌شه‌بای شووم ده‌كه‌م ، ئاو به‌ گێژه‌ڵوكه‌دا، ته‌پوتۆزی به‌ر پێت ڕاده‌ماڵم، فه‌توا ده‌ده‌م كه‌ڵچه‌ری دوێنێ مه‌حوو كه‌نه‌وه‌ و بشۆنه‌وه‌، پرچی ئیشق ده‌كه‌مه‌ كه‌زێ و ده‌یهۆنمه‌وه‌، شۆڕشێ بۆ ئه‌وین به‌رپا ده‌كه‌ین، جه‌ساره‌تبارانی خانمان ده‌كه‌ین، پرچی په‌شمه‌كینت به‌ به‌ شانه‌ی برژانگه‌كانم دادێنم، باخچه‌ و دره‌ختی مه‌یله‌كان ئاو ده‌ده‌م، شه‌قامی شۆڕه‌ بی به‌ هه‌ناسه‌كانمان سێبه‌ر ڕێژ ده‌كه‌ین، ده‌نگیش تێكه‌ڵ به‌ دۆل و نساران و چه‌م و قاسپه‌ی كه‌و و باڵنده‌ خۆشخوانه‌كان ده‌كه‌ین، وڵاتی خه‌زانمان ده‌كه‌ینه‌ به‌هار و پێكه‌وه‌ گۆرانی ئاشق ئاشقێنه‌ بۆ هه‌ساره‌ی گه‌نج ده‌ڵێینه‌وه‌…….. 2 / 4

ئه‌لِمانیا




خەونەکان لە خومان باشتر دەژین … دانا ئەحمەد

بە جورێک کات بەسەر دەبەین
ژیانمان بە درۆ خستەوە
بەوەی ژیان جگە لە ژیان
بۆ شتی دیکەش دەست دەدات

لە شەو تاریکتر
ئەو ئاسویە بوو
چاوی هیوامان تێبڕی

لێرە هەموو رێگاکان یەک ئاراستەیان هەیە
ئایەتەکان لە تەفسیرێک زیاتر هەڵناگرن
هەموو گورانیەکان وەک مردن لە یەک ئەچن

بێداری جگە لە راکردن لە خەوێکی درێژ
هیچی جوڵەیەکی بۆ ژیان تێدا نەبوو
خەونەکانمان کرد بە چیرۆک
تا لە سەرزەنشتی داهاتوو دوربین
کە شتێکمان نەبێت بە کەڵکی گێرانەوە بێت!




له‌ لێواری مه‌رگه‌وه‌ بۆ بوون به‌ پزیشك

چیرۆكی په‌نابه‌رێكی عێراقی له‌ به‌له‌مێكی قاچاخی كۆچبه‌راندا

ماڵپه‌ری هه‌واڵی ده‌یلی مه‌یڵ ، چیرۆكی پڕ نه‌هامه‌تی خێزانێكی عێراقی له‌زاری یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ به‌ قاچاخ و به‌به‌له‌م له‌ساڵی 2000 دا ڕوویان له‌ ئوسترالیا كردووه‌ و دواتر و له‌ ئێستادا ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌و خێزانه‌ عێراقییه‌ بووه‌ته‌ پزیشك و خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگای ئوسترالی ده‌كات.

به‌تول، ناوی ئه‌و كچه‌ په‌نابه‌ره‌ عێراقییه‌یه‌ كه‌ هه‌ژده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ به‌له‌مێكی قاچاخدا خه‌ریك بوو ژیانی كۆتایی بێت به‌جۆرێك له‌پاش چه‌ند ڕۆژ مانه‌وه‌ له‌و به‌له‌مه‌دا ، ئیتر خۆراك و ئاویان لێده‌بڕێت و به‌له‌مه‌كه‌شیان كون ده‌بێت.
به‌تول، له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا ئه‌وه‌ ده‌گێڕته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌ خێزانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی شاری به‌سره‌ بوون به‌ڵام له‌ده‌ست ڕژێمی سه‌دام حوسێن هه‌ڵهاتوون و ده‌بوایه‌ به‌ هه‌ژاری له‌ هه‌ردوو ووڵاتی مالیزیا و ئیندۆنیسا بژیانایه‌، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی بڕیاریاندا به‌ به‌له‌مێكی قاچاخ ڕوو له‌ ئوسترالیا بكه‌ن. نقومبوونی به‌له‌می قاچاخ كۆچبه‌ران له‌و ساڵانه‌دا بووبووه‌ هه‌واڵێكی دڵته‌زێنی ڕۆژانه‌ و له‌ یه‌كه‌م هه‌وڵی ئه‌وانیشدا به‌له‌مه‌كه‌یان تێكده‌شكێ‌ و له‌ دوورگه‌یه‌كی نزیك ئیندۆنیسیا له‌نگه‌ر ده‌گرن كه‌ به‌ ووته‌ی به‌تول، ده‌ریاكه‌ پڕ بووه‌ له‌ گیانداری ترسناكی وه‌ك تیمساح و گیانداری ئاوی تری ترسناك. له‌پاش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ كه‌سوكاریانه‌وه‌ نامێنێت، خانه‌واده‌ی به‌تول واده‌زانن ئه‌وان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ چونكه‌ نه‌مانی هه‌واڵی ئه‌وان هاوكات بووه‌ له‌گه‌ڵ نقومبوونی به‌له‌مێكی تری په‌نابه‌ران له‌و كاته‌دا، بۆیه‌ خانه‌واده‌كه‌یان ده‌ستیانكردووه‌ به‌ دانانی پرسه‌ بۆیان.

پاشان قاچاخچییه‌كان به‌له‌مێكی تریان بۆده‌هێنن كه‌ لێوان لێو بووه‌ له‌ په‌نابه‌ری تر و ئه‌وانیش ناچار ده‌كه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌له‌مه‌دا بڕۆن.
له‌ پاش ڕوودانی نقومبوونی ده‌یان به‌له‌می په‌نابه‌ران له‌ پێش گه‌یشتنیان به‌ ئوسترالیا، حكومه‌تی ئوسترالیا ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ بڕیاریداوه‌ له‌سه‌ر گرتن و گێڕانه‌وه‌ی كۆچبه‌رانی ده‌ریایی قاچاخ ، واته‌ له‌ ئێستادا ، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت به‌ قاچاخ و به‌به‌له‌م ڕوو له‌ ئوسترالیا بكات ، ده‌ستگیر ده‌كرێت و ڕه‌وانه‌ی ئه‌و ووڵاته‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی داوه‌ لێوه‌ی بچێت بۆ ئوسترالیا یان ڕه‌وانه‌ی ووڵاتی خۆی ده‌كرێته‌وه‌.
به‌ڵام له‌و ساڵانه‌ی سه‌ره‌تای 2000 دا ، په‌نابه‌رانی وه‌ك به‌تول، له‌پاش نزیكبوونه‌وه‌یان له‌ سنوره‌ ئاوییه‌كانی ئوسترالیا كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ختیان هه‌بووایه‌ و نقوم نه‌بوونایه‌ ، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوری ئوسترالیاوه‌ ده‌بران بۆ دوورگه‌ی كریسمسی ئه‌و ووڵاته‌.
له‌پاش گه‌یشتنیشیان به‌ ئوسترالیا، به‌تول له‌ساڵی 2001 دا مافی په‌نابه‌رێـتی وه‌رگرتووه‌ و له‌پاش خوێندنی له‌و ووڵاته‌، له‌ ئێستادا پزیشكه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌و ووڵاته‌. به‌تول، ده‌ڵێت كه‌ زۆر خۆشحاڵه‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌ ئوسترالیا پێشوازی لێكراوه‌ و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ ببێت به‌ پزیشك له‌و ووڵاته‌.

ئامادەکردنی: هەژار تەها




بۆشاییەکانی نووسین ڕووی دووەمی تێکست … نیهاد جامی

ئاخۆ لەڕێگەی بۆشاییەکانی نووسینەوە دەتوانین ڕووی دووەمی تێکست ببینین؟ ئەو بۆشاییانەی ناو نووسین لەکوێدان؟ ئەی ڕووی دووەمی تێکست چیە؟
سارتەر پەیوەندی نێوان خوێنەر ونووسەر ناو دەبات بە کەلێنێک،ئەوە بۆشاییەک لەنێوان نووسەر وخوێنەر، بەواتای پەیوەندیەک درزێکی هەیە، هەمیشە پێویستی بە ئیشکردنەوەیە، ئەو تێگەیشتنە سارتەریە لەوێ تەواو دەبێت، خوێنەر لەڕێگەی ماناوە بۆشاییەکە پڕ دەکاتەوە.
بۆشاییەکانی نووسین کارێکە بێویستی خۆمان گەڕانە بەدوای بەدوای منی خوێنەرو ئەوی نووسەر، ئەوەی دەکەوێتە نێوان ئێمە ئەوە بۆشاییەکانی نووسینە، ئەو بۆشاییانە لەڕێگەی سەر لەنوێ نووسینەوە دەکەوینەوە ناو خوڵقاندنەوەی مانا.

بۆشاییەکانی نووسین ھەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەساتەوەختی کردەی خوێندنەوە تاوەکو مانا بە تێکست ببەخشینەوە، بەخشینێک وابەستەی خوێندنەوەی بۆشاییەکانە لەڕێگەی نووسینەوە.
ئەوە خوێندنەوەی ڕەخنەیی نیە، ھێندەی ئامادەبوونی منی خوێنەر لەبەردەم کردەی خوێندنەوەدا، منی خوێنەر چۆن ھەوڵی نووسینەوەی ئەو بۆشاییانە دەدەم کە دەکەونە نێوان من و تێکست، ئاخۆ ئەو نووسینەوەیە ڕزگارکردنی منە لەناو پەیوەندیی نووسەر بە تێکست؟ یاخود ئازادبوونی منە لەناو تێکستدا؟
خوێنەر لەناو تێکستدا وەک نووسەر دەردەکەوێتەوە، پڕۆسەی خوێندنەوە بەرهەمهینانەوەی مانایە، ئەوەش وادەکات خوێنەر ڕووی دووەمی تێکست ببینێت، ڕووی دوەمی تێکست بەرەنجامی یادەوەری زمانەوانی تێکستە.
فەیلەسوفێکی وەکو ژۆلیا کریستیفا لەکتێبی “زانستی تێکست” ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، تێکست ببێتە ناوەندی زانینێک توانای ڕووبەرێکی زمانەوانی هەبێت بۆ ناسینی کۆمەڵگا لەتەواوی ئاستە کۆمەڵناسی و دۆخی دەروونی مرۆڤەکانی ناو تێکست.

ئەو ڕوانینە کریستیڤیە بەتەنیا لەلای دستۆفسکی دەیبینین، هەر بۆیە شتێکی سەیر نیە، خۆشی بۆ ئەو بگەڕێتەوە، چونکە هەردوو ڕۆمانی “تاوان وسزا” و “برایانی کارامازۆف” دوو تێکستن لەئاستی کۆمەڵناسی و دەروونشیکاری و گومانی فەلسەفی مرۆڤ، ئەوەیان دەشێت لەداهاتوودا ڕووبەری نووسینی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت.
هەڵبەت ئەو تێگەیشتنە بۆ تێکست وێنەیەک نیە ڕۆماننوسەکانیتر بتوانن لەو ئاگاییەوە ڕۆمان بنووسن، ئەوە وەک گریمانەیەکی تایبەتی دستۆفسکی دەیبینین، بەڵام بەو مانایەش نیە کە نەتوانرێت تێکست بێتە ناویەوە، بەڵام کاتێک ئەو ئاگاییە لەلای میلان کۆندێرا دەبینینەوە، دەکرێت ناوی بەرین بە ” ڕووی دووەمی دستۆفسکی”
کۆندیرا لە ڕۆمانی «ئاھەنگی ماڵئاوایی» كە ڕەووف بێگەرد کردوویەتی بە کوردیی، جگە لەخوڵقاندنی ڕووبەرێکی فراوانی زمان بۆ ئازادی ئینسان، ھەوڵی خوڵقاندنی چەمکی جیاوازی پەیوەندی و تێگەیشتنەکانی دەدات، وێنەی ڕاستەقینەی مرۆڤی ھاوچەرخ لەنێوان مەعریفە و ویست بەرجەستە دەکات، چیتر وێنەکان خاوەنی دیدێکی ئەخلاقی نین، بەڵکو ویستی نیتچەیی مەعریفەش زەوت دەکات، وێنەیەکی فرەیی مرۆڤەکان بۆ تاکە کەسێک بەرجەستە دەکەن، ئەو فرەییە خوڵقاندنی مانای جیاوازی مرۆڤە بۆ دۆخی دەروونی و شوناسە ئەخلاقیەکەی، ئەوەش لە کارەکتەری رۆزینا دەردەکەوێت، ئەو کچەی یاکوب لەدوایەتی تا حەبە ژەھرەکەی لێ وەربگرێتەوە نەبادا لەگەڵ ئەوانیتر بیخوات و بمرێت، لێرەدا یاکوب نمونەی کارەکتەرێکی مرۆڤدۆستە لەھەمان کاتدا گوناھێک دەکات نەک لەبەر ئەوەی ئارەزووی دەکات، بەڵکو بۆ تێکنەشکاندنی ناخی کەسێکیتر، بۆیە کاتێک ئۆلگا ناچاری دەکات سێکسی لەگەڵ بکات، لەکاتێکدا ئەو خۆی ئەو کچەی پەروەردە کردووە، وەک ھەستی باوکێکی ڕۆحی گۆشی کردووە، لێرەدا ئۆلگا وێنەیەکیتری لۆلیتا بەرجەستە دەکات بۆ تێکشکاندنی وێنەی باوک، فرانتا گەنجێکی ترەو بەراستی عاشقیەتی، عەشق بەرەو شەرکردن و سەرە ڕۆیی دەبات تا لەوانیتر بیپارێزێت، کلیما مۆسیقارێکی گەریدەی ژنە لەلایەک خۆشەویستی بۆ ھاوسەرەکەی کە ناتوانێت دەستبەرداری بێت، کەچی شەوێک سێکسی لەگەل رۆزینا کردووەو سکی پڕ کردووە، دواتر دەیەوێت فریووی بدات کە گەر مناڵەکەی لەبار بەرێت ئەوە دەیکات بە ژنی خۆی.‬

لەنێوان فرە تێگەیشتنی پیاوەکان بۆ رۆزینا، کەچی ڕۆزینا لەئەنجامی خەوتن لەگەل بارتلیف تێدەگات، دنیا پەناو یەک پیاو کۆ نەبۆتەوە، ئەوەتا لەسێکسکردنی لەگەڵ بارتلیف دەزانێت سەرباری جیاوازی تەمەن کەچی گەیشتووە بە چێژ و شادیەکی ڕۆحی وجەستەیی، ئەوەش وایکردووە کۆندێرا مۆتیڤێکی فرەیی بۆ تێگەیشتنی مرۆییانە لەسەر پەیوەندی و چۆنیەتی ڕوانین بۆ ژیان بخاتە ڕوو.

کاتێک پێشبینیەکان کە دەڕەونەوە، دواتر لەشوێنێکیتر سەر ھەڵدەدەنەوە، کە دەبنە مەرگی رۆزینا، لێرەوە نووسەر وەزیفەی ڕۆمانووس بەتەنیا لەناوکۆیی تێکست ناھێلێتەوە، بەڵکو دەیھێنتە قسەکردن، لێرەدا ئەو ڕووەی دستۆفسکی بەڕوونی لەلای کۆندێرا دەبینینەوە، ھەڵبەت کۆندێرا لەڕوانینە تیۆریەکانی بۆ ڕۆمان ئەو باسەی کردۆتەوە کە چۆن ئەو ڕووبەرە کراوە بە تێکستی ڕۆمان ببەخشێت، لەو ڕۆمانەشدا تێکست وەک ڕووبەری ئاخاوتنی مرۆڤ لەژیان دەبینین کە چۆن ئاگایی مەعریفی کارەکتەر وەک زھنیەتی خۆی ڕووداوەکانی ژیانی پێ دەخوێنێتەوە.
لێرەوە تێدەگەین کەوا میلان کۆندێرا دەیەوێت وەک ڕوویەکی ئەخلاقی کارەکتەر دیوی دووەمی دستۆفسکی بنووسێتەوە، تەنانەت کارەکتەری ئۆلگا کە ناوێکی ڕووسیە وەک دەنگی ناو تێکستی دستۆفسکی و کولتوورەکەی ھاتۆتەوە، کە ئەوەیان لای میخائیل باختین بە ئیدیۆلۆژیم ناو براوە.

مرۆڤی ھاوچەرخ لەڕووی سایکۆلۆژیەوە مرۆڤێک نیە خاڵی لەو وێنە ئەخلاقیەی دستۆفسکی وێنای کردووە، سەرەنجام کلیما چەندە ھونەرمەندێکی بەتواناو ناسراو بێت، ھەر وەک ڕاسکۆلینکۆف ڕەوایەتی بە کوشتن دەدات، بۆیە دڵخۆشە بە مەرگی ڕۆزیناو تەنانەت بەو تۆمەتە ئەخلاقیانەی کە دکتۆر سکریتا درووستی کردووە، لێرەدا دەردەکەوێت دامەزراوە فەرھەنگی و ئەخلاقیەکان بەپێی ویستی خۆیان دەسەڵات بەرھەم دێننەوە، کلیماو سکریتا دوو نموونەی زیندووی ئەو دەسەڵاتەن.

ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییە کە پیاوێک نیە بێگوناھ بێت، گوناھبار نەبێت، ھەموویان کە دەمامکی عاشق بوون و مرۆڤی مۆدێرنیان لە ڕووخسارە کەچی لەبنەڕەتدا ڕووی شاراوەیان وێنەی گوناھباربوونیانە، وێنەی دووەم کە وێنە ڕاستەقینەکەیە وێنەیەکی شاردراوەیە لە ژنەکان، بۆیە ژنەکان عاشقی وێنەی یەکەم بوونە، کە وێنە ساختەکاریەکەیە. وێنەیەک کۆندێرا ڕۆمان وەک تێکستێک دەخاتە ڕوو، کەتەنیا تێکستێکی ئەدەبی نەبێت، بەڵکو توێژینەیەکی کۆمەڵناسیانە بێت لەڕووی پەیوەندی کولتووریی مرۆڤەکان بە کۆمەڵگاوە.‬‬

لێرەدا پێویستە ئەوە فەرامۆش نەکەین، کە کارەکتەری ئۆلگا لەو ڕۆمانەدا بەتەنیا ناوێکی ڕووسی نیەم بەقەد ئەوەی گەڕانەوەیە بۆ ئەو پڕۆژە کریستیڤییە، کە تێکست ڕووبەرێکی زانستیە بۆ ناو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، لەهەمان کاتیدا یادەوەری ئێمە بەشداریەکت پتەو دەکات لەناو تێکستدا، ئەویش بەگەڕانەوەی دستۆفسکی لەڕێگەی ئۆلگا و ئەو گؤڕانکارییەی لەناو تێکستدا خولقاندویەتی، دستۆفسکی دەبێتەوە بەشێک لەناو زانستی تێکست.




تارمایی دیكتاتۆر له‌چیڕۆكی په‌یكه‌ره‌كانی سه‌لاح زه‌نگه‌نه‌دا … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی


                                         

یه‌كێك له‌و سیما سیاسییانه‌ی له‌ سه‌رده‌می دیكتاتۆردا له‌ عێراقدا بوونی هه‌بوو، ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی خودی سه‌دام بوون كه‌ هه‌موو شارو له‌ شاره‌كانیشدا، زۆربه‌ی شه‌قامه‌كانی ته‌نیبوو. به‌ ڕاده‌یه‌ك مرۆڤ بۆهه‌ر لایه‌ك ڕووانیبای ئه‌وا په‌یكه‌رێكی دیكتاتۆری ده‌كه‌وته‌ به‌رچاو.بوونی ئه‌و ژماره‌ زۆرانه‌ له‌په‌یكه‌ره‌كان، گه‌رچی به‌قه‌باره‌و شێوه‌ و شوێنی نماییشكردنیان جیاوازبوون له‌ یه‌كتری، وه‌لێ هه‌موویان یه‌ك ئاماژه‌یان ده‌گه‌یاند كه‌ ئه‌ویش دیكتاتۆر ئه‌گه‌ر خۆشی له‌ هه‌موو شوێنه‌كان نه‌بێت، ئه‌وا تارماییه‌كه‌ی وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ترس و تۆقین، بوونی هه‌یه‌.له‌ هه‌موو ڕووبه‌ره‌ جیاوازه‌كانی ژیان ده‌بینرێت و بینینی ئه‌ویش واته‌ ترس و سڵه‌مینه‌وه‌ و كوشتن و خوێن.واته‌ ئه‌گه‌ر په‌یكه‌ر وه‌ك هونه‌رێك هێمایه‌ك بێت بۆ ژیاریبوون و هونه‌رێكی به‌رز، ئه‌وا په‌یكه‌ره‌كانی دیكتاتۆر سیمبولی ترس و به‌ سیخوڕیكردنی كۆمه‌ڵگه‌ و چاودێریكردنی تاكه‌كان بوو. له‌ڕاستیدا، له‌ ژیانی هه‌موو دیكتاتۆره‌كانی دنیا خاڵێكی هاوبه‌ش هه‌یه‌، ئه‌ویش نه‌رجسیه‌ت و شه‌یدابوونه‌ به‌ خود.

ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی بیناكردنی ئه‌و په‌یكه‌رانه‌وه‌، خۆشه‌ویستییه‌كی ساخته‌ ببه‌خشنه‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌گه‌له‌كانیان ئه‌وه‌نده‌یان خۆش ده‌وێن، په‌یكه‌ریان له‌هه‌موو شوێنێك بۆ دروست كردوون. كاتێكیش كۆتایی به‌ سته‌م و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان دێت، ئه‌وا په‌یكه‌ره‌كانیان به‌رله‌ هه‌موو شوێنێك زووتر ده‌كه‌ونه‌ به‌ر ڕووخاندن و ئه‌تككردن. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ مه‌یدانی فیرده‌وس به‌رامبه‌ر په‌یكه‌ری زه‌به‌لاحی سه‌ددام كرا، كاتێ بینیمان له‌ گۆڕه‌پانی فیرده‌وه‌س منداڵان یارییان به‌كه‌لله‌ سه‌ره‌كۆنكریتییه‌كه‌ی ده‌كرد.ئه‌و په‌یكه‌ره‌ زه‌به‌لاحه‌ی سه‌رده‌مانێك هێمای تارمایی دیكتاتۆرو ترس و تۆقین بوو بۆ هه‌مووان.چیڕۆكی(په‌یكه‌ره‌كان)هه‌ڵگری ئه‌و گوتاره‌یه‌ كه‌باسمان كرد. ئه‌ویش ئاماده‌یی دیكتاتۆره‌ له‌ ژیانی عێراقییه‌كان له‌هه‌موو شوێن و جێگه‌یه‌كدا.چ به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ، یان له‌ ڕێگه‌ی سێبه‌ری په‌یكه‌ره‌كانییه‌وه‌ بێت. ئه‌م چیڕۆكه‌ باس له‌ ته‌نینی هه‌موو شوێنێك به‌ په‌یكه‌ره‌كان ده‌كات. تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی دواجار په‌یكه‌ره‌كان ده‌بنه‌ مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌ و هاوشێوه‌ی هه‌موو مرۆڤێك،قسه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڕۆن.

پاڵه‌وانی ئه‌م چیڕۆكه‌، كه‌ كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌ ڕقێكی زۆری له‌ په‌یكه‌ره‌كانه‌. بۆیه‌ هه‌ر كاتێك به‌لایاندا ڕه‌ت ده‌بێت و سه‌یرییان ده‌كات، تفێك ده‌كاته‌ په‌یكه‌ره‌كان. ڕۆژێكییان كاتێ هه‌مان ڕه‌فتار به‌رامبه‌ر به‌ په‌یكه‌ره‌كه‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ و به‌ خێرایی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌، واهه‌ست ده‌كات په‌یكه‌ره‌كه‌ له‌ سه‌كۆكه‌ی دێته‌ خواره‌وه‌ و له‌ماتریالێكی بێ گیان وجوڵه‌، ده‌بێته‌ مرۆڤ و دوای ده‌كه‌وێت. پاڵه‌وانی چیڕۆكه‌كه‌ كاتێ ده‌گاته‌وه‌ ماڵه‌وه‌، ده‌یه‌وێت پشووێك بدات، له‌ وكاته‌دا له‌ده‌رگا ده‌درێت. ئیدی ئه‌و واخه‌یاڵ ده‌كات ئه‌وه‌ په‌یكه‌ره‌كه‌یه‌ دوای كه‌وتووه‌، بۆیه‌ داوا له‌ ژنه‌كه‌ی ده‌كات ده‌رگاكه‌ نه‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ژنه‌كه‌ی گوێ به‌و داوایه‌ی ئه‌و نادات و ده‌رگاكه‌ ده‌كاته‌وه‌،دواتریش په‌یكه‌ره‌كه‌ دێته‌ ژوره‌وه‌و به‌ به‌رچاوی ئه‌و،ده‌ستی ژنه‌كه‌ی ده‌گرێت و له‌گه‌ڵی جووت ده‌بێت. دوای ئه‌مه‌ش منداڵێكی له‌ شێوه‌ی په‌یكه‌رێكی بچووك له‌ ژنه‌كه‌ی ده‌بێت.ناچار ماڵ جێدێڵێت و خۆشی ده‌بێته‌ په‌یكه‌ر. ئه‌مجاره‌یان پاڵه‌وانی چیڕۆكه‌كه‌، ده‌یه‌وێت وه‌ك حه‌زره‌تی ئیبراهیم هه‌رچی په‌یكه‌ر هه‌یه‌ به‌ده‌سته‌كانی وردوخاشییان بكات.

چونكه‌ خۆی وته‌نی هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ ڕقی له‌ په‌یكه‌ره‌كانه‌. بۆیه‌ڕۆژێك ته‌ورێك هه‌ڵده‌گرێت و به‌ گژپه‌یكه‌ری ئه‌لسعدون دادێته‌وه‌،بۆ ئه‌وه‌ی وردوخاشی بكات، به‌ڵام په‌یكه‌ره‌كه‌ لێی دێته‌ قسه‌و پێی ده‌ڵێت:( هه‌ی گه‌مژه‌ ونبه‌ له‌به‌رچاوم ئه‌گینا سه‌رت پان ده‌كه‌مه‌وه‌).پاڵه‌وانی چیڕۆكه‌كه‌ش به‌ترس وپه‌شۆكاوییه‌وه‌ واز له‌ په‌یكه‌ری ئه‌لسعدون دێنێت و ئه‌مجاره‌یان به‌ شه‌قامی ڕه‌شیددا شۆڕده‌بێته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت په‌یكه‌ری ڕه‌سافی بڕووخێنێت،كاتێ له‌و په‌یكه‌ره‌ش نزیك ده‌بێته‌وه‌،ئه‌ویش پێی ده‌ڵێت:(هه‌ی كوڕی سۆزانی)دیسانه‌وه‌ به‌ترس و دڵه‌ ڕاوكێه‌وه‌ واز له‌په‌یكه‌ری ڕه‌سافییش ده‌هێنێت، كاتێك له‌ شه‌ودا به‌ره‌و ماڵ ده‌بێته‌وه‌ په‌یكه‌ره‌كه‌ی شا فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م ده‌بینێت،هه‌وڵده‌دات به‌ته‌وره‌كه‌ی ده‌ستی ئه‌ویش بڕووخێنێت،به‌ڵام دیسانه‌وه‌ شا فه‌یسه‌ڵیش پێی ده‌ڵێت:(هه‌ی نۆكه‌ری ئینگلیز).ناتوانێت ئه‌ویشیان بڕووخێنێت، به‌م جۆره‌ سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كانی پاڵه‌وانی چیڕۆكه‌كه‌ له‌وردوخاشكردن و ڕووخاندنی په‌یكه‌ره‌كان كه‌زۆر ڕقی لێیانه‌، شكست ده‌هێنێت.ناتوانێت وه‌ك حه‌زره‌تی ئیبراهیم بوێری ئه‌وه‌ی هه‌بێت،په‌یكه‌ره‌كان تێكبشكێنێت.به‌ڵام چونكه‌ ئه‌و زۆر ڕقی له‌ په‌یكه‌ره‌كانه‌،بۆیه‌ ئه‌مجاره‌یان پیلانێكی تر بۆ له‌نێوبردنیان دائه‌نێت،ئه‌ویش مینڕێژكردن و ته‌قاندنه‌وه‌یانه‌ به‌ دینامێت. بۆیه‌ هه‌موو په‌یكه‌ره‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێت و كاتێكیان بۆ دیاری ده‌كات. له‌كات و ساتی دیاریكراودا، پاڵه‌وانی چیڕۆكه‌كه‌ به‌ڕیمۆت كۆنترۆل په‌یكه‌ره‌كان ده‌ته‌قێنێته‌وه‌، به‌لام شتێكی سه‌یر ده‌بینێت كاتێ هه‌ست ده‌كات كه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌نێوماڵی خۆی بووه‌.واته‌ په‌یكه‌ره‌كان له‌هه‌موو جێگه‌ و شوێنێكدا بوونیان هه‌یه‌.

دوای ته‌قاندنه‌وه‌ی په‌یكه‌ره‌كانیش، هه‌ست به‌خۆشحاڵی ده‌كات كه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌كاره‌كه‌ی. به‌ڵام ده‌بینێت، كوڕه‌كه‌ی دیسان په‌یكه‌رێكی بچووكی له‌ماڵه‌وه‌ شاردۆته‌وه‌.باوكی چه‌ند هه‌وڵی له‌ گه‌ڵ ده‌دات كه‌ په‌یكه‌ره‌كان هێمای نه‌هامه‌تین و ده‌بێ له‌نێوببرێن، به‌ڵام منداڵه‌كه‌ی پێی ده‌ڵێت: كه‌ئه‌م په‌یكه‌ره‌یان بچووكه‌ و هیچ مه‌ترسییه‌كی نییه‌.له‌م چیڕۆكه‌دا، ده‌كرێ چه‌ندین مه‌غزای شاراوه‌ له‌ په‌یكه‌ره‌كان بینین. به‌تایبه‌تیش كه‌ ئه‌م چیڕۆكه‌ له‌ سه‌رده‌می به‌عس نووسراوه‌.بوونی په‌یكه‌ره‌كان، له‌ڕاستیدا هێمایه‌ بۆ بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی تۆقێنه‌ربه‌سه‌رژیانی كۆمه‌لگاوه‌. ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ پایه‌كانی خۆی له‌ سه‌ر كوشتن وخوێن و سڕینه‌وه‌ی هه‌موو ئازادیخوازێك كه‌ بشێ مه‌ترسی بن بۆ سه‌ری ڕاگرتووه‌. ده‌سه‌ڵاتێك كه‌تیایدا له‌ ڕێگه‌ی تۆڕێكی سیخوڕی گه‌وره‌وه‌، به‌شێكی زۆری تاكه‌كان ده‌كاته‌ سخور به‌سه‌ریه‌كترییه‌وه‌. بۆئه‌وه‌ی كه‌س نه‌توانێت وشه‌یه‌ك یاخود هه‌ڵوێستێك له‌ ئاست سته‌می ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌رببڕێت.

كاتێ په‌یكه‌ره‌كان دێنه‌ نێوماڵه‌كانمان،هێمایه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان له‌ سه‌رده‌می به‌عسدا له‌و په‌ڕی بڕوانه‌بوون به‌ یه‌كتری و بێ متمانه‌یی له‌ نێوانیان ده‌ژیان. چونكه‌ هه‌موومان ده‌زانین كه‌م نه‌بوون ئه‌وانه‌ی دواجار ناپاكییان له‌ هاوڕێ و كه‌سه‌ هه‌ره‌نزیكه‌كانی خۆشیان ده‌كرد.ئه‌مه‌له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ چیڕۆكنووس له‌چیڕۆكه‌كه‌یدا مه‌به‌ستییه‌تی ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌نێت كه‌ عێراق وڵاتی په‌یكه‌ره‌كان بووه‌،به‌ومانایه‌ی خودی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ بێده‌نگییه‌كی كوشنده‌دا ده‌ژیا. دیكتاتۆر چی مه‌به‌ستی با ئه‌وه‌ ده‌كرا. له‌سه‌رده‌می به‌عسدا، له‌ ژێر سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی سیاسییانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسدا، هه‌موویان هاوشێوه‌ی په‌یكه‌رێك بوون.ده‌ره‌نجامیش ئه‌وه‌ دیكتاتۆر نییه‌ بێ ده‌نگی دروست ده‌كات، به‌ڵكو بێ ده‌نگییه‌ دیكتاتۆر دروست ده‌كات.به‌ په‌یكه‌ره‌یبوونی مرۆڤه‌كان, واته‌ داماڵینیانه‌ له‌و هه‌سته‌ مرۆیی و ڕوحی و هزرییه‌ی، كه‌جیای ده‌كاته‌وه‌ له‌بوونه‌وه‌ره‌كانی تر.كاتێ له‌ چیڕۆكه‌كه‌دا، هه‌موو شوێنه‌كان و جێگاكان ده‌بنه‌ موڵكی په‌یكه‌ره‌كان،ده‌لاله‌ته‌ له‌ وه‌ی كه‌عێراق و عێراقییه‌كان، بچووك و به‌رجه‌سته‌كراون له‌ كه‌سیه‌تی دیكتاتۆردا.چونكه‌ نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت كه‌ له‌و وڵاتانه‌ی سیسته‌م تاكه‌كه‌سی و دیكتاتۆرییه‌، كۆمه‌ڵگه‌ جگه‌ له‌مێگه‌لێك كه‌ سه‌ركرده‌ چۆنی بووێت به‌و شێوه‌یه‌ ئاراسته‌ی ده‌كات، هیچی تر نییه‌.چیڕۆكی په‌یكه‌ره‌كان هێمایه‌كه‌ بۆ نیشاندان و به‌رجه‌سته‌ كردنی ژیانی تاكه‌كان له‌ سه‌رده‌می به‌عس و سه‌ددامدا له‌ وێناكردنێكی جوانی ئه‌ده‌بییانه‌.

به‌ڵام لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئایا ،چیڕۆكی په‌یكه‌ره‌كان دواجار كۆتایی دێت؟چیڕۆكنووس له‌ چیڕۆكه‌كه‌یدا، دوای ته‌قاندنه‌وه‌ی په‌یكه‌ره‌كانی پێشووترده‌ڵێت:(په‌یكه‌ره‌كان هه‌ڵسانه‌وه‌،ڕۆژی هه‌ڵسانه‌وه‌ی په‌یكه‌ره‌كانه‌،په‌یكه‌ره‌كان په‌یكه‌ری ئێمه‌ن له‌ خه‌و ڕاكشان هه‌ڵسانه‌وه‌).به‌م جۆره‌ چیڕۆكنووس ده‌یه‌وێت ئه‌وپه‌یامه‌ بگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌رگیزاو هه‌رگیز،بته‌كان له‌وڵاته‌كه‌یدا كۆتاییان نایه‌ت.دواجار ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م، كه‌ ئه‌مه‌ دووه‌م چیڕۆكی وه‌رگێڕدراوی ئه‌م چیڕۆكنووسه‌ عێراقییه‌یه‌ ده‌یخوێنمه‌وه‌. به‌ڕاستی وه‌ك خوێنه‌رێك هه‌م چێژم له‌ خوێنه‌وه‌یان بینیوه‌ هه‌میش سه‌رنجیان ڕاكێشاوم. هیوادارم كۆی چیڕۆكه‌كانی وه‌ربگێڕدرێنه‌ سه‌ر زمانی كوردی…

*چیڕۆكی په‌یكه‌ره‌كان/نووسینی سه‌لاح زه‌نگه‌نه‌/وه‌رگێڕانی تاهیر عوسمان/ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ژماره‌ 3050له‌29-3-2019……

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ هه‌فته‌نامه‌ی(هه‌واڵ)ی ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 13-4-2019بڵاوكراوه‌ته‌وه‌………..




رۆمانی پاسه‌وانانی خودا له‌نێوان زه‌مه‌نی داخراو و زه‌مه‌نی كراوه‌دا….عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا

گفتوگۆی برگسۆن* و ئاینشتاین* له‌ باره‌ی زه‌مه‌نه‌وه‌ گفتوگۆیه‌كی سایكۆلۆجی/ فیزیاییه‌، به‌ڵام هه‌ندێ‌ له‌ فیزیاییه‌كان ده‌یانه‌وێ‌ تێگه‌یشنێكی تاكڕه‌هه‌ند به‌ زه‌مه‌ن ببه‌خشن و ئه‌و كه‌لێنه‌ دابخه‌ن، كه‌ ئه‌پیكۆرییه‌كان به‌ كراوه‌یی جێیانهێشتووه‌! لێره‌دا گرفتی قسه‌كردن له‌ سه‌ر زه‌مه‌ن له‌ لای برگسۆن قسه‌كردنه‌ له‌ زه‌مه‌ن وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی خودی، وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌ك كه‌ به‌ مرۆڤه‌وه‌ به‌نده‌، به‌ڵام لای ئاینشتاین و قسه‌كردنه‌ له‌ سه‌ر حه‌قیقه‌تێكی بابه‌تی كه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌ ده‌لكێ‌.
زه‌مه‌ن چییه‌؟ ئه‌و پرسیاره‌ دێرینه‌ی، كه‌ (ئۆگستین)* ی مه‌زن به‌رزی كرده‌وه‌، وه‌ك ده‌بینین لای برگسۆن له‌ ده‌یموومه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌… برگسۆن ره‌هایی له‌ به‌رده‌وامییدا ده‌بینێته‌وه‌، پێیوایه‌ به‌رده‌وامی زه‌مه‌نی حه‌قیقییه‌.. ئه‌و زه‌مه‌نه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ تێیدا ده‌ژی، بۆیه‌ ده‌بێ‌ مرۆڤ له‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ دوور بكه‌وێته‌وه‌، به‌ره‌و ناوه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر له‌ ناوه‌وه‌ هه‌ست به‌ هه‌ڵقووڵینی زه‌مه‌نی حه‌قیقی ده‌كات، زه‌مه‌نێك كه‌ رابردوو و ئێستا له‌یه‌ك باردا كۆده‌كاته‌وه‌ و سه‌ر له‌ نوێ‌ به‌ره‌و داهاتوو پاڵی ده‌نێت. برگسۆن ده‌یه‌وێ‌ (بوون) له‌ سه‌ر ده‌یموومه‌ وێنا بكات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (ده‌یموومه‌-به‌رده‌وامی) دێ‌ و ده‌ڕوا، بۆیه‌ قبولی دابه‌شبوون و به‌ش به‌شبوون ناكات.. به‌رده‌وامی پێشكه‌وتنی رابردووه‌، كه‌ داهاتوو به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌، هه‌رچه‌نده‌ پێشبكه‌وێت گه‌وره‌ ده‌بێت. هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش (من/الانا) لای ئه‌و یه‌كێتییه‌كه‌ دابه‌ش نابێت. ئازادیش به‌ ده‌یموومه‌وه‌ به‌ند ده‌كات، ده‌یموومه‌یه‌ك كه‌ جیابوونه‌وه‌ ناس ناكات، یه‌كێتییه‌ك پێكده‌هێنێ‌ كه‌ ناشێ‌ به‌ سه‌ر ساته‌وه‌ختدا دابه‌ش بكرێت. به‌مجۆره‌ ئازادی ته‌عبیر له‌ كه‌سێتی ده‌كات. هه‌ڵبه‌ته‌ برگسۆن بۆ جه‌ختكردن له‌ تێزه‌كه‌ی مۆزیكا و شێوازی ئاگایی وه‌ك نموونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌..* كه‌واته‌ لای برگسۆن جه‌وهه‌ری ئێستا، رابردووه‌.

زه‌مه‌ن له‌ چه‌ندین وێنه‌دا

كتێبی (جدلیه‌ الزمن)ی باشلار* دیموومه‌ی زه‌مه‌ن به‌و مانایه‌ی كه‌ لای برگسۆن هه‌یه‌، ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت زه‌مه‌ن به‌یه‌كه‌وه‌لكاو نییه‌، به‌ڵكو به‌یه‌كه‌وه‌نه‌لكاوه‌ (متصل نییه‌، منفصله‌).. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌ به‌ هۆی فیكری به‌یه‌كه‌وه‌نووساوه‌وه‌ (متصل) ناتوانین به‌ شێوه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری به‌ره‌و یه‌كێكی دیكه‌ بگوازینه‌وه‌.. ئه‌گه‌رچی ده‌یموومه‌ پێدراوی راسته‌وخۆی ئاگاییه‌، به‌ڵام ئه‌و دیموومه‌یه‌ ده‌سته‌مۆیه‌، كه‌واته‌ ئاگایی له‌ شاره‌زایی ده‌ره‌كی وه‌رگیراوه‌، چ به‌ هۆی (دابڕان یان به‌رده‌وامی) بێت. به‌و مانایه‌ش لای باشلار ئاگاییمان به‌ زه‌مه‌ن، ئاگاییه‌ به‌ ساته‌وه‌خت: زه‌مه‌ن واقیعی نییه‌ ته‌نها له‌ چركه‌ساتدا نه‌بێت. كه‌واته‌ باشلار له‌گه‌ڵ تێزی فه‌لسه‌فی (ساته‌وه‌خت/چركه‌سات- اللحڤه‌-Instant) و كتێبی (Siloce)ی (گاستۆن رۆبناڵ- Gaston Roupnel) یه‌كده‌گرێته‌وه‌ و له‌ ته‌واوی كتێبی (حدس اللحڤه‌) پشتگیری له‌ تێزه‌كه‌ی ئه‌و ده‌كات. (رۆبناڵ-Roupnel) پێیوایه‌ واقیعی زه‌مه‌ن ته‌نها له‌و چركه‌ساته‌دایه‌، یان به‌ مانایه‌كی دیكه‌ زه‌مه‌ن واقیعێكه‌ به‌ چركه‌سات ئابڵوقه‌دراوه‌ و ده‌كه‌وێته‌ نێوان دوو عه‌ده‌مه‌وه‌. كه‌واته‌ زه‌مه‌ن له‌ نوێوه‌ ده‌ژی، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ بژی، ده‌بێ‌ بمرێ‌، چونكه‌ ناتوانێ‌ خۆی له‌ ساتێك بۆ ساتێكی دیكه‌ بگوازێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ده‌یموومه‌.*

له‌ رسته‌یه‌كی فه‌لسه‌فیدا باشلار ده‌ڵێت: من هه‌موو شتێكم ونكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێ‌ به‌ده‌ستبهێنم. به‌مجۆره‌ لای باشلار هونه‌ر، دابڕان له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی ژیانی رۆژانه‌ی باو دروست ده‌كات. چونكه‌ به‌رده‌وامی ژیان نابه‌رده‌وامی له‌دایكبوونه‌.* ئێمه‌ له‌و ساته‌وه‌خته‌دا ده‌ژین، هه‌ر له‌و حاڵه‌ته‌دا هه‌ستده‌كه‌ین هه‌ین، واته‌ له‌و ساته‌وه‌خته‌ و به‌ هۆی ئه‌و چركه‌ساته‌وه‌ هه‌ست به‌ بوونی خۆمان ده‌كه‌ین. له‌ نێوان هه‌ستكردن به‌ ئێستا و هه‌ستكردن به‌ ژیان هاویه‌كییه‌كی (وه‌كیه‌كی) ره‌ها هه‌یه‌. لێره‌ له‌ دیدی ژیانه‌وه‌ ده‌توانین هه‌وڵده‌ین به‌ هۆی ئێستاوه‌ له‌ رابردوو بگه‌ین، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام هه‌وڵده‌ین به‌ هۆی رابردوو راڤه‌ی ئێستا بكه‌ین.

زه‌مه‌ن چییه‌؟ ده‌توانم بڵێم له‌ كۆی گێڕانه‌وه‌كانی (عه‌تا محه‌مه‌د)دا مرۆڤ له‌ چه‌ندین وێنه‌دا به‌ زه‌مه‌نی ساته‌وه‌خته‌وه‌ ده‌لكێ‌، به‌رده‌وام زه‌مه‌ن به‌ كراوه‌یی به‌جێده‌هێڵێ‌، به‌و مانایه‌ش وێنه‌كانی عه‌تا محه‌مه‌د ناڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌ونه‌ ساته‌وه‌خته‌وه‌، له‌ رۆمانی پاسه‌وانانی خودا- مێژووییه‌كی تر بۆ بینینی خۆمان (له‌ ناوه‌ندی رۆشنبیری و هونه‌ری ئه‌ندێشه‌ چ 2 ساڵی 2016 پێدراوه‌) وێنه‌كان به‌ دوای خه‌لق كردن و عه‌شق و عه‌ده‌مه‌وه‌ن، كۆی رووداوه‌كانی ئه‌و رۆمانه‌ له‌ ساته‌وه‌ختێ‌ له‌ دایك ده‌بن، كه‌ ده‌یموومه‌ی نییه‌، وه‌ك چۆن هێل له‌ خاڵ پێكهاتووه‌، ئه‌و رۆمانه‌ش له‌ كۆمه‌ڵێ‌ رووداو پێكهاتووه‌. (هیچ ئه‌سڵێك بوونی نییه‌، ژیان بریتییه‌ له‌ ژیانی وێنه‌كان… ئه‌وه‌ی پێشیده‌وترێت رۆح یان جه‌وهه‌ری مرۆڤ، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ هه‌وڵێك بۆ ده‌ربازكردنی مرۆڤ له‌و وێنه‌ سێڕه‌هه‌ندییه‌ی درێژی و پانی و به‌رزی، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌هه‌ندێكی تری بداتێ‌، كه‌ قوڵاییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گیانداره‌كانی تری جیا بكاته‌وه‌. پاسه‌وانانی خودا ل153).

زه‌مه‌ن چییه‌؟ ده‌توانم بڵێم كاراكته‌ره‌كانی پاسه‌وانانی خودا به‌رده‌وام بایه‌خی كرده‌ی ئاگایی له‌ ئه‌زموونی ساته‌وه‌ختیدا تۆمار ده‌كه‌ن، چونكه‌ هیچ حه‌قیقه‌تێكی به‌ڵگه‌نه‌ویست به‌بێ‌ ویست (ئیراده‌) و بێ‌ هه‌ستكردن بوونی نییه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ تا بڕیار له‌ سه‌ر كرده‌ بدات. به‌مجۆره‌ خودی گێڕه‌ڕه‌وه‌كانی عه‌تا محه‌مه‌د ته‌نها وه‌ك بكه‌رێكی زه‌مه‌نی نه‌بێ‌، ناتوانن بڵێن هه‌ین. زه‌مه‌نیش بوونه‌وه‌ره‌، چركه‌ساته‌، جیابوونه‌وه‌یه‌، دابڕانه‌، داهێنان و خه‌لقكردن و عه‌شق و كرده‌ی چوونه‌ ژووره‌وه‌ی له‌پڕه‌…

كه‌واته‌ زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانه‌ ده‌لاله‌ت له‌ جه‌وهه‌ری گۆڕاو، مرۆڤی خاوه‌ن قاچ… ده‌كات، كاراكته‌ره‌كان هه‌موو شتێكیان ونكردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێ‌ به‌ده‌ستبهێنن، بۆیه‌ قبولی دابه‌شبوون و به‌ش به‌شبوون ده‌كه‌ن، چونكه‌ زه‌مه‌ن به‌یه‌كه‌وه‌لكاو نییه‌، به‌ڵكو به‌یه‌كه‌وه‌نه‌لكاوه‌، به‌و مانایه‌ش وێنه‌ی كاراكته‌ره‌كانی ئه‌و رۆمانه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ی زه‌مه‌ن و جه‌وهه‌ر و سه‌ر… ناناسرێنه‌وه‌؟! پرسیار ئه‌وه‌ نییه‌ مرۆڤ وه‌ك كۆپیكه‌ری شته‌كان، ئه‌و چیڕۆكه‌ خه‌یاڵیانه‌ وه‌ك سروشتێكی خولقێنه‌ر یان دروستكه‌ر به‌رجه‌سته‌ ده‌كات… قسه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زه‌مه‌نی سروشتی خولقێنه‌ر كراوه‌یه‌ و زه‌مه‌نی سروشتی دروستكه‌ر داخراوه‌! به‌و مانایه‌ش زه‌مه‌نی داخراو وێنه‌ی گێڕانه‌وه‌ی زه‌مه‌ن ده‌كێشێ‌، زه‌مه‌نی كراوه‌ وێنه‌ی زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ ده‌نه‌خشێنێ‌…

مرۆڤی دروستكه‌ر هه‌ر ته‌نها به‌ خاكه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌، به‌و شوێنه‌وه‌ كه‌ لێی له‌ دایكبووه‌، هه‌ر ته‌نها به‌ نشتیمان، ره‌گه‌ز، نه‌ته‌وه‌، ئایین، كلتور… په‌یوه‌سته‌، سه‌رچاوه‌ی جه‌وهه‌ر نه‌گۆڕ مرۆڤی دروستكه‌ره‌… به‌ڵام كاراكته‌ره‌كانی رۆمانی پاسه‌وانانی خودا وه‌ك مرۆڤی خولقێنه‌ر پێیه‌كانیان ئامرازی بڕینی ریگا دووره‌كانه‌ و هه‌نگاو ده‌نێن و سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرن و له‌ ره‌گ و ریشه‌ و ره‌چه‌له‌كی خۆیان هه‌ڵدێن! مرۆڤی خولقێنه‌ر ده‌ستكاری بوونی خۆی ده‌كات، ناسنامه‌ی خۆی ده‌گۆڕێت، سه‌رچڵانه‌ش له‌ جه‌وهه‌ری نه‌گۆڕ ده‌بێته‌وه‌… ئه‌و ده‌ڵێ‌ من كێم؟ وێنه‌یه‌كێت، وه‌ك من كه‌ ته‌نها وێنه‌یه‌كم… پاسه‌وانانی خودا، ل206.

مێژووی فیكری پاسه‌وانانی خودا

رۆمانی پاسه‌وانانی خودا- مێژووییه‌كی تر بۆ بینینی خۆمان، له‌ رێگای زه‌مه‌نه‌وه‌ كۆمه‌ڵێ‌ بابه‌ت ده‌خاته‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌ و چاره‌سه‌رییه‌وه‌، وه‌ك گیروگرفته‌كانی ئازادی، په‌یوه‌ندی نێر و مێ‌، كێشه‌ی یاده‌وه‌ری، كێشه‌ی مردن و بوون، كێشه‌ی زمان… عه‌تا محه‌مه‌د پێیوایه‌ مێژووی مرۆڤ وه‌ك مێژووی ململانێی نێوان نێر و مێ‌ خۆی ده‌نه‌خشێنێ‌! ئه‌و پێیوایه‌ ته‌نانه‌ت داگیركردن و ئیمپریالییه‌ت، ململانێی نێوان رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا، ده‌ستگرتن به‌ سه‌ر سامان و سواربوونی ئۆتۆمبیل و جنێودان و سیستمی زمان… له‌ مێژووی ململانێی نێوان نێر و مێدایه‌! ئه‌و دیده‌ی عه‌تا محه‌مه‌د بۆ كێشه‌ی ئافره‌ت و كێشه‌ی بوون و مردن و كێشه‌ی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا، دروستكردن و خه‌لقكردن، عه‌شق و خۆشه‌ویستی… و هه‌موو ئه‌و كێشه‌ مرۆییانه‌ی له‌ رێگای ئه‌فسانه‌ و گێڕانه‌كانه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ گه‌یشتوون… هه‌موو ئه‌و كێشه‌ مرۆییانه‌ی له‌ چیرۆك و رۆمانه‌كانیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌، هه‌موو ئه‌و كێشه‌ مرۆییانه‌ بۆ ململانێی نێوان نێر و مێ‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بڕوانه‌ ل107.

ئه‌و بۆچوونه‌ی عه‌تا محه‌مه‌د بۆ مێژووی ململانێی مرۆڤایه‌تی له‌و قسه‌یه‌ی (جان بیار بریسه‌ 1837-1923 زانای زمانه‌وانی فه‌ره‌نسی) نزیك ده‌بێته‌وه‌، كه‌ پێیوایه‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی له‌ ناوه‌ڕۆكی زماندایه‌… به‌ڵام هه‌ر ته‌نها له‌ وشه‌وه‌ -word-ه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ جیهان -world- ه‌وه‌یه‌! وشه‌ مێژووه‌، ئه‌و مێژووه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی مێژووی به‌دواداگه‌ڕانه‌، وشه‌ وه‌ك زانستی رێزمان له‌ ناو هه‌ڵێنجراوه‌، هیچ شتێكی نوێ‌ و سه‌یری تێدا نییه‌… به‌ كورتی ره‌نگدانه‌وه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی ره‌نگدانه‌وه‌ی زمانه‌ له‌ جیهاندا… بڕوانه‌: عنف اللغه‌، جان جاك لوسیركل، ترجمه‌ وتقدیم/ د. محمد بدوی، المنڤمه‌ العربیه‌ للترجمه‌، بیروت، گ2، 2006، ص133. 137. ده‌شێ‌ ئه‌و تێڕوانینه‌ی بریسه‌ به‌ جۆرێ‌ له‌ جۆره‌كان په‌یوه‌ندی به‌ كتێبی (دی مایسترۆ) ئۆگستینه‌وه‌ هه‌بێت، كه‌ به‌ڵگه‌ی بوونی خودا به‌ زمانه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌كات و ده‌ڵێت خودا له‌ ده‌روونی مرۆڤ دایه‌ و له‌ رێگای زمانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت.
جوانی له‌ ناكامڵیدایه‌

ئێمه‌ له‌ ناوه‌وه‌ی خۆمانه‌وه‌ جیهانێكمان ((world)) هه‌ڵگرتووه‌، وه‌ك چۆن له‌ جیهانێكدا (word) نیشته‌جێین كه‌ زمانه‌.* گێڕانه‌وه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نێوان جیهان و زمان جۆرێك له‌ ئاوێته‌ بوون و هاوگونجان دروست بكات! هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ (خودی مرۆڤایه‌تی) پێگه‌یه‌كی سێنترالیانه‌ له‌ كرده‌ی گێڕانه‌وه‌دا وازی ده‌كات، وه‌ك ریكۆر* ده‌ڵێت:- ژیانی مرۆڤ چیرۆكێكه‌ له‌ حاڵه‌تی له‌ دایكبووندا.*
ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ له‌ رۆمانی پاسه‌وانانی خودا په‌یوه‌ندی به‌ زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ك گێڕانه‌وه‌ی زه‌مه‌ن! ده‌مه‌وێ‌ بڵێم زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به‌ خه‌لق كردنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ی زه‌مه‌ن به‌ دوای دروستكردندا ده‌ڕوات، یه‌كه‌میان ده‌كه‌وێته‌ نێو زمان و دووه‌میان جیهان! زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو زمان و گێڕانه‌وه‌ی زه‌مه‌ن ده‌كه‌وێته‌ نێو جیهانه‌وه‌. خه‌لقكردن ده‌كه‌وێته‌ نێو زمان و دروستكردن ده‌كه‌وێته‌ نێو جیهان، عه‌شق ده‌كه‌وێته‌ نێو زمان و خۆشه‌ویستی ده‌كه‌وێته‌ نێو جیهان، مێ‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو زمان و نێر ده‌كه‌وێته‌ نێو جیهان… جوانی زمانیش له‌ ناكامڵیدایه‌، مرۆڤیش هه‌وڵده‌دات هه‌میشه‌ جیهان جوانتر بكات، چیرۆك و كاراكته‌ره‌كانی عه‌تا محه‌مه‌دیش له‌و هاوگونجانه‌ ناكه‌ون ؟!

لێره‌وه‌ پرۆسیسه‌كردنی گێڕانه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ دووتوێی ئه‌و ماوه‌ شاراوه‌یه‌ی، یان ئه‌و بۆشایی و خه‌یاڵه‌ی، كه‌ له‌ نێوان زمان و جیهاندا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش واته‌ ئاشنابوونی خود (كه‌ له‌و رۆمانه‌دا له‌ كاراكته‌ری سه‌ره‌كی رێبواردا ده‌یبینینه‌وه‌) له‌گه‌ڵ جیهانی شته‌كان و دیارده‌كان له‌ رێگای پرۆسه‌ی خه‌ڵقكردنی مانا و ده‌لاله‌ته‌كانی ئه‌و دیاردانه‌ و بردنیان بۆ بواری ئاگایی فه‌ردی و پاشان ئاگایی ده‌سته‌جه‌معییه‌وه‌! به‌و مانایه‌ش خودی گێڕه‌ڕه‌وه‌ له‌ میانی زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌دا بوونی هه‌نووكه‌یی خۆی به‌ مانا هایدیگه‌رییه‌كه‌ی له‌ رێگای زمانه‌وه‌ واڵا ده‌كاته‌وه‌.*

زه‌مه‌نی زمانه‌وانی

ئه‌وانه‌ی به‌ ئاڕاسته‌ی (رۆمانی نوێ‌) كاریان ده‌كرد, واته‌ (رۆب گرێیه‌ ‌و میشیل بۆتۆر ‌و ناتالی سارۆت ‌و كلۆد سیمۆن ‌و جان ریكاردۆ) پێشبینی ‌و تیۆره‌كانیان له‌ باره‌ی ته‌وزیفكردنی زه‌مه‌ن, له‌ ئاماژه‌ی زمانه‌وانی به‌ زه‌مه‌نه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌, وه‌ك چۆن (لاینس) روونی ده‌كاته‌وه‌ ‌و ده‌ڵێ‌: خه‌سڵه‌تی بنه‌ڕه‌تی گوته‌زای زه‌مه‌ن خۆی له‌ پشت ساته‌وه‌ختی رووداو له‌ رسته‌دا ده‌بینێته‌وه‌, واته‌ له‌ (هه‌نوكه‌ی) به‌زارداهاتندا خۆی هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌.

رۆمانی پاسه‌وانانی خودا له‌ زه‌مه‌ندا وازی ده‌كات، بۆیه‌ رووداوه‌كانی قسه‌ له‌ كێشه‌كانی سه‌رده‌م ده‌كات، هه‌موو شتێكیان، هه‌موو كێشه‌كانیان له‌ ئێستاوه‌ نزیكه‌, رابردوو, داهاتوو هه‌ر ته‌نها ده‌بنه‌ كۆمه‌ڵه‌ لقێكی به‌رهه‌مهاتووی ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی كه‌ ساته‌وه‌خت به‌رهه‌می هێناوه‌. له‌ رۆمانی پاسه‌وانانی خودا (زه‌مه‌نی زمانه‌وانی) زه‌مه‌نێكه‌ خۆی به‌ گوتنه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌كات, به‌و مانایه‌ش سێنته‌ری ئه‌و زه‌مه‌نه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی گوتندایه‌. زه‌مه‌نی زمانه‌وانی كرده‌/ چالاكییه‌ (فعل/فعالیه‌: Acte). نه‌ك كار) عمل: (Actio ئه‌وه‌ی دووه‌میان به‌رده‌وامه‌ و ده‌كه‌وێته‌ نێوان بڕیار و ئامانجی ده‌یموومه‌وه‌، چونكه‌ كار هه‌ر ده‌بێ‌ سه‌ره‌تای هه‌بێ‌ و هه‌ر ده‌بێ‌ وه‌ك بنچینه‌ رووداوی هه‌بێ‌. به‌ڵام كرده‌/ چالاكی ساته‌وه‌ختییه‌، جگه‌ له‌ ئه‌بستراك هیچ واقعێكی نییه‌. كار به‌ پشتبه‌ستن به‌ حاڵه‌تی چه‌سپاو نه‌بێ‌ وێنا ناكرێت.* به‌ڵام كرده‌ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك بڕیارێكی راسته‌وخۆی هه‌نووكه‌ییه‌، پێشكه‌وتنێكی داهێنه‌رانه‌یه‌ رووداوه‌كان فه‌رامۆش ده‌كات.

كه‌واته‌ سه‌رچاوه‌ی زه‌مه‌ن ئێستایه‌ و هه‌نووكه‌ی زمانه‌وانیش بنه‌مای هه‌موو رووبه‌روو بوونه‌وه‌یه‌كی زه‌مه‌نی زمان له‌خۆ ده‌گرێ‌. زه‌مه‌نی زمانه‌وانی هه‌ر یه‌ك له‌ (رێبوار، نیان، سنور…) له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ به‌رده‌وام له‌ باره‌ی ئێستا ده‌نووسن. به‌و مانایه‌ش ئیشكالیه‌تی گێڕانه‌وه‌ لای عه‌تا محه‌مه‌د له‌ جه‌وهه‌ردا ئیشكالیه‌تێكی زه‌مه‌نییه‌, ئیشكالیه‌تی زه‌مه‌نی وه‌ك روونمان كرده‌وه‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ فره‌ زه‌مه‌نیدا هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌.

مێژووی زه‌مه‌ن/ مێژووی هه‌ڵه‌

به‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ چیڕۆكی ئاده‌م و حه‌وا، ده‌توانین ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی مرۆڤ بدۆزینه‌وه‌، كه‌ بوونه‌وه‌رێكی هه‌ڵه‌كه‌ره‌، ل115. ئه‌و رسته‌یه‌ مێژووی ململانێی هه‌ڵه‌ و راستی وێنا ناكات، به‌ڵكو هاوگونجانی زه‌مه‌ن و زمان ده‌كێشێ‌، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم هه‌ڵه‌ پێیه‌كانی زمانه‌ و سه‌ری زمان ده‌كه‌وێته‌ نێو زه‌مه‌نه‌وه‌، به‌ڵام زمان و زه‌مه‌ن به‌یه‌كه‌وه‌ نالكێن، زه‌مه‌ن و زمان رووبه‌رووی یه‌ك نابنه‌وه‌، به‌ڵكو زمان زه‌مه‌نی خۆی رۆده‌نێت، زه‌مه‌نیش زمانی خۆی هه‌یه‌! به‌و مانایه‌ش به‌رده‌وام (رێبوار) كاراكته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانی پاسه‌وانانی خودا وه‌كو زمان له‌ چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ردایه‌، نه‌ك وه‌ك زه‌مه‌ن! خوێنه‌ریش ده‌سه‌ڵاتی زمان له‌ شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌ ده‌گرێ‌، ده‌سه‌ڵاتی زه‌مه‌نیش له‌ شێوه‌ی ساته‌وه‌خت! كه‌واته‌ وه‌ك چۆن ناتوانین هه‌ڵه‌ بخه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانه‌وه‌، ناشتوانین كاراكته‌ره‌كانی عه‌تا محه‌مه‌د بخه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌ی زمه‌نه‌وه‌.

كاراكته‌ره‌كانی عه‌تا محه‌مه‌د (به‌ مانا لاكانییه‌كه‌ی) دالی زمانن، زه‌مه‌نی گێرانه‌وه‌ش له‌ كاره‌كانی سه‌رگه‌وره‌ی هه‌ڵه‌ن، زه‌مه‌نی گێرانه‌وه‌ له‌ رۆمانی پاسه‌وانانی خودا هه‌ڵه‌ رێكده‌خات، به‌و مانایه‌ش كاراكته‌ره‌كانی عه‌تا محه‌مه‌د له‌ هه‌ڵه‌ دروست كراون، كه‌واته‌ كاری كاراكته‌ره‌كان ئاگایانه‌ نییه‌، وه‌ك زه‌مه‌نی گێرانه‌وه‌ ده‌یكێشێ‌، به‌ڵكو له‌ خۆوه‌یه‌ و ده‌كه‌وێته‌ ژێر زمانه‌وه‌ یان ملكه‌چی زمان ده‌بێ‌! هه‌موو ئه‌و قسانه‌ش ته‌رجه‌مه‌كردنی جیاوازبینی نێوان (فرۆید)* و (لاكان)* له‌ باره‌ی سوبێكت و نه‌ست له‌ لایه‌ك و ئیگۆ و نه‌ست له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌. هه‌موو ئه‌و جیاوازییانه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ لای فرۆید ئیگۆ سه‌رگه‌وره‌ی نه‌سته‌ و نه‌ست رێكده‌خات، نه‌ستیش عه‌قڵ به‌ڕێوه‌ ده‌بات، كه‌چی لای لاكان زمان نه‌ست به‌ڕێوه‌ ده‌بات و ئه‌وه‌ زمانه‌ قسان به‌ نه‌ست ده‌كات.
به‌ كورتی عه‌تا محه‌مه‌د له‌ كۆی كاراكانیدا به‌ دوای زماندا ده‌ڕوا، بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مه‌ن بێ‌ به‌ڵگه‌ نه‌كه‌وێته‌وه‌… گێڕانه‌وه‌ زمان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، بۆ ئه‌وه‌ی كاراكته‌ره‌كان رێكبخات! كه‌واته‌ مێژووی له‌ دایكبوونی كاراكته‌ره‌كانی عه‌تا محه‌مه‌د مێژووی هه‌ڵه‌كانی زمان ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌كه‌وێته‌ نێو چركه‌ساته‌وه‌.

زه‌مه‌نی نێر یان مێ‌

ئه‌گه‌ر زه‌مه‌ن به‌ ره‌گه‌زی مێ‌ دابنێین، ئه‌و مانا ئایینییه‌ زاڵ ده‌بێ‌، كه‌ به‌ ره‌گه‌زی مێی ده‌فرۆشنه‌وه‌؟ ئایا سه‌ركه‌وتن نێر ه‌ و دۆڕاندن مێ‌، ره‌شبینی نێره‌ و گه‌شبینی مێ‌، دۆزه‌خ/ ژیان، تاریكی/ رۆناكی… ئایا له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌بێ‌ تێڕوانینمان بۆ هه‌ڵه‌ به‌ نه‌گۆڕی بمێنێته‌وه‌؟ ئه‌و هه‌موو تێگه‌یشتنانه‌ له‌ بۆچوونی نێر و نێرسالاری هاتۆته‌ ئاراوه‌، كه‌ پێیوایه‌ ئافره‌تان له‌پاش پیاوانه‌وه‌ دێن، چونكه‌ وشه‌ی (Female- مۆنپ) له‌ وشه‌ی (Male- مژكر) وه‌رگیراوه‌.. یان له‌ وشه‌ی لاتینی (Femina) هه‌ڵهێنجراوه‌، مانای وشه‌ی (Femina)ه‌ش به‌ (أدنی ایماناً) دێت!*
ئه‌و دوالیزمه‌ هه‌ر ته‌نها له‌ زماندا به‌رجه‌سته‌ نییه‌، خودا له‌ سه‌ره‌تادا ئاده‌می دروست كردوه‌، كاتێك ئاده‌م له‌ ته‌نیایی خۆی وه‌ڕس ده‌بێت، خودا له‌ په‌راسووی چه‌پی ئاده‌م حه‌وا دروست ده‌كات… ئه‌وه‌ش دواتر له‌ ده‌قه‌ ئایینییه‌كان زۆر جوان ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌. له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌، فیكری مۆدێرنه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پشتگیری بزاڤی ئافره‌تانی كردووه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری وشه‌ی (woman – اِمرأه‌) بكه‌ین، ده‌بینین له‌ ده‌سته‌واژه‌ی (Woe to man- الویل للرجل) هه‌ڵێنجراوه‌.*
ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئه‌گه‌ر دوێنێ‌ گوتاری فیكری، بۆ ته‌ماشاكردنی (جه‌سته‌) كه‌وتبێته‌ نێو سیستمی ئه‌خلاقییه‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌مڕۆ قسه‌ له‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ جه‌سته‌ وه‌ك شتێكی ماددی له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ هه‌موو به‌ها ئه‌خلاقییه‌كانه‌وه‌ دووره‌، نه‌ پیرۆزه‌ و نه‌ پیس، به‌ڵكو ئه‌وه‌ به‌های ئه‌خلاقییه‌ خۆی به‌ جه‌سته‌وه‌ هه‌ڵواسیووه‌، بێگومان ئه‌وه‌ش بۆ سرووشتی كۆمه‌ڵگا و رۆشنبیریی نێرایه‌تی باو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

كه‌واته‌ ده‌بێ‌ واز له‌و حوكمانه‌ بهێنین كه‌ جه‌سته‌ ده‌خه‌نه‌ نێو جیهان و بینین ده‌خه‌نه‌ نێو جه‌سته‌وه‌، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ جیهان و جه‌سته‌ به‌نێویه‌كداچوونه‌، یه‌ك له‌ نێو ئه‌ویدیكه‌دا ده‌بینرێت.* به‌و مانایه‌ش وه‌ك رۆمانی پاسه‌وانانی خودا جه‌ختی لێده‌كاته‌وه‌، ئه‌سته‌مه‌ وێنای زه‌مه‌ن بكرێ‌، به‌وه‌ی زه‌مه‌ن نێره‌ یان مێیه‌… وه‌ك چۆن ئه‌سته‌مه‌ كه‌ ته‌نها بڕوامان به‌ یه‌ك رووی مرۆڤ هه‌بێت… زه‌مه‌ن له‌ هاوگونجانی هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌وه‌یه‌، مرۆڤ چه‌ندان رووی جیاوازی هه‌یه‌، ئه‌و رۆمانه‌ پێمان ده‌ڵێ‌ زه‌مه‌ن هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه‌ی له‌ خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌، به‌ڵام سه‌رده‌مێ‌ رووه‌ نێره‌كه‌ی زاڵ ده‌بێ‌ و سه‌رده‌مێكی دیكه‌ به‌شه‌ مێیه‌كه‌ی…

زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه‌

بێگومان زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌, زه‌مه‌نی رووداوه‌كانی گێڕانه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ په‌یوه‌ندی به‌ كه‌سێتیه‌كانه‌وه‌ خۆی ده‌نوێنێ‌، به‌ڵام زه‌مه‌نی وه‌رگر (خوێندنه‌وه‌) واته‌ زه‌مه‌نی ته‌له‌قیكردنی ده‌ق له‌ خوێنه‌ره‌وه‌یه‌, زه‌مه‌نی وه‌رگر زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه‌یه‌, ساته‌وه‌ختێكه‌ له‌ هه‌موو زه‌مه‌نه‌كانی دیكه‌ جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه‌, ئه‌وه‌ جیاوازییه‌ زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه‌ ته‌واو ده‌كات! بێگومان به‌ لكاندنی (زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه‌ ‌و زه‌مه‌نی خوێنه‌ر) زه‌مه‌نی ده‌ق- واته‌ زه‌مه‌نی ده‌لالی دێته‌ به‌رهه‌م.
(تزیڤیتان تۆدۆرۆف) زه‌مه‌نی نوسین (گوتن به‌ زار) ‌و زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه‌ (درككردن)، لێكجیا ده‌كاته‌وه‌، زه‌مه‌نی نوسین هه‌ر له‌و ساته‌ی كه‌ زه‌مه‌ن ده‌خرێته‌ دووتوێی گێڕانه‌وه‌وه‌، ئیتر زه‌مه‌نی نوسین ده‌بێته‌ ره‌گه‌زێكی ئه‌ده‌بی, واته‌ له‌و كاته‌ی كه‌ گێڕه‌ڕه‌وه‌ قسه‌مان له‌ باره‌ی گێڕانه‌وه‌وه‌ بۆ ده‌كات! به‌ڵام زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه‌, زه‌مه‌نێكی بێ‌ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌, زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه‌ درككردنمان به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێك ده‌ق دیاری ده‌كات, بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مه‌ن وه‌ك ره‌گه‌زێكی ئه‌ده‌بی له‌ ناو ده‌قدا ده‌ربكه‌وێت، ده‌بێ‌ دانه‌ر له‌ناو گێڕانه‌وه‌دا حیسابی بۆ بكات، له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌یدا به‌رجه‌سته‌ی بكات.
رۆمانی پاسه‌وانانی خودا ده‌نگی ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ ده‌نگیان نییه‌، رۆمانی پاسه‌وانانی خودا ته‌عبیر له‌ جیهانێكی دابه‌شبوو ده‌كات, به‌و مانایه‌ی كه‌ دابه‌شبوون مه‌رجی جێبه‌جێكردنی دنیابینییه‌كی جیاوازی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌, به‌و مانایه‌ی كه‌ دابه‌شبوون ئازار به‌ دنیاوه‌ ده‌چێژێ‌, هه‌رگیز رۆماننوس به‌ یه‌ك بۆچونی دیاریكراوه‌وه‌ مه‌حكوم نییه‌, به‌و مانایه‌ش رۆمانی پاسه‌وانانی خودا ته‌عبیركردنێكی نادیار ‌و فره‌ ‌و كراوه‌ ‌و نیگه‌ڕانئامێزه‌… هه‌موو ئه‌و دابه‌شبوونانه‌ش رۆڵی زه‌مه‌نی گوتار ده‌نوێنن…
زه‌مه‌نی گوتار زه‌مه‌نێكی خه‌تییه‌ و رێكخستنی به‌نده‌ به‌ رێكخستنێكی به‌ دوایه‌كدا هاتوو، كه‌ یه‌كێك له‌ دوای ئه‌ویدیكه‌وه‌ دێت, به‌ڵام خوێنه‌ر له‌ پێناو ئیستێتیكا و چێژ وه‌رگرتندا، پشت به‌ گۆڕینی زه‌مه‌نه‌كان ده‌به‌ستێ‌، وه‌ك چۆن له‌ پێناو گوتاردا پشت به‌ زه‌مه‌نی به‌ دوایه‌كداهاتوودا ده‌به‌ستێ‌، كه‌واته‌ له‌و ئه‌و رۆمانه‌دا خوێنه‌ر له‌ پێناو دنیای جوانی و چێژ، له‌ پێناو فره‌ زه‌مه‌نیدا، دنیای پێناسه‌ ‌و حه‌قیقه‌ت جێ‌ ده‌هێڵێ‌… وه‌ك چۆن له‌ پێناو دنیابینی سه‌رده‌م و پاش ‌و پێش خستنی زنجیره‌ی رووداوه‌كاندا زه‌مه‌نی گوتاره‌ جیاوازه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌لكێنێ‌…

—————————————————-

سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان:

*- هنری برگسۆن لویس له‌ 18 ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1859 له‌(1859/10/18) پاریس- فه‌ڕه‌نسا له‌دایكبووه‌ ، له‌ 4 ینایری 1941 واته‌ له‌(1941/01/04) (81 ساڵی) له‌ Paris, Franc پاریس- فه‌ڕه‌نسا كۆچی دوایی كردووه‌. له‌ ساڵی 1927 خه‌ڵاتی نۆبلی ئه‌ده‌بی وه‌رگرتووه‌.
*- ئاینشتاین، ئه‌لبیر (1879-1955) فیزیایی ئه‌مریكی، له‌دایكبووی ئه‌ڵمانیا. به‌ یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین زانایانی بواری زانستی ته‌واوی سه‌رده‌مه‌كان دێته‌ ژماردن. له‌ ساڵی 1933 بڕیاری دا حوكمی نازییه‌كان جێبهێڵێ‌ و له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا نیشته‌جێ‌ بێت. تیۆری رێژه‌یی داناوه‌. له‌ ساڵی 1921 خه‌ڵاتی نۆبلی له‌ زانستی فیزیا به‌ ده‌ست هێناوه‌.
*- (سانت ئۆگستین saint Augstine) له‌ جیهانی فره‌ كلتوری ئیمپراتۆری رۆمانی له‌ دایكێكی باوه‌ڕ مه‌سیحی و باوكێكی بێ‌ باوه‌ڕ له‌ ئه‌فریقیای سه‌روو، شاری تاگاسته‌ (Thagate) واته‌ (ئه‌هراس)ی جه‌زائیری ئێستا چاوی به‌ دنیا هه‌ڵێناوه‌. زمانی فینیقی زانیووه‌ و ئاشنایی بیروڕای سامییه‌كان بووه‌، له‌ (9) ساڵان په‌یڕه‌وی ئایینی (مانه‌وی) كردووه‌ و هه‌ر له‌و رێگایه‌شه‌وه‌ كلتور و شارستانیه‌تی ئێرانی كۆنی ناس كردووه‌، ئه‌ده‌بیاتی یۆنانی و رۆمانی خوێندۆته‌وه‌ و شاره‌زایی له‌ به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌كانی (فێرجیل) هه‌بووه‌، له‌ ته‌مه‌نی (30) ساڵیدا هه‌ر له‌ شاری (تاگاسته‌) ده‌بێته‌ مامۆستای ره‌وانبێژی، به‌ڵام دواتر ئه‌و پیشه‌یه‌ واز لێده‌هێنێ‌ و له‌ سه‌ر ده‌ستی (ئه‌میرۆزا) له‌ ته‌مه‌نی (32) ساڵی واته‌ 387ز باوه‌ڕ به‌ ئایینی مه‌سیحی ده‌هێنێ‌، چونكه‌ پێیوایه‌ هونه‌ری ره‌وانبێژی به‌ ماناكانی راستی ناگه‌یه‌نێت، ئه‌ویش له‌وێوه‌ كه‌ ئه‌فلاتوون ده‌ڵێت هونه‌ری ره‌وانبێژی راستی پێچه‌وانه‌ ده‌كاته‌وه‌ و ده‌یشێوێنێ‌ و ناتوانێ‌ به‌ یه‌قینمان بگه‌به‌نێت. هه‌ڵبه‌ته‌ كۆی ئه‌و قسانه‌ی ئه‌فلاتوون به‌ دژی سۆفیسته‌كان ده‌كه‌وێته‌وه‌. ئۆگستین له‌ ساڵی 395ز به‌ پله‌ی (ئه‌سقه‌ف) ده‌گات. له‌ ته‌مه‌نی (76) ساڵیدا واته‌ ساڵی 430ز كۆچی دوایی ده‌كات.
*- گاستۆن باشلار، حدس اللحڤه‌، ترجمه‌، رچا عزوز و عبدالعزیز زمزم، بغداد، گ 1، 1989، ص 81. – گاستۆن باشلار له‌ 27/6/1884 له‌ (بار سیر ئاوب) ی هه‌رێمی (شیمبانی) فه‌ره‌نسا له‌ دایكبووه‌، بڕوانامه‌ی دكتۆرای له‌ فه‌لسه‌فه‌دا به‌ ده‌ستهێناوه‌، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1962 له‌ پاریس كۆچی دوایی كردووه‌. كتێبی (جدلیه‌ الزمن) دكتۆر (خلیل احمد خلیل) ته‌رجه‌مه‌ی كردووه‌ له‌ بیروت-لبنان چاپكراوه‌، بڕوانه‌ چاپی دووه‌م ساڵی 1992 ل38. (باشلار له‌ كتێبی “حدس اللحڤه‌” ده‌مه‌ته‌قێ‌ له‌گه‌ڵ برگسۆن و لایه‌نگرانی تیۆری زه‌مه‌نی به‌دوایه‌كداهاتوو ده‌كات و پشتگیری له‌ كتێبی Siloce ی گاستۆن رۆبناڵ و تێزی ساته‌وه‌ختخوازه‌كان ده‌كات، به‌وه‌ی كه‌ حه‌قیقه‌تی زه‌مه‌ن جگه‌ له‌و چركه‌ساته‌ی تێیدا ده‌ژین شتێكی دیكه‌ نییه‌، بۆ زێتر شاره‌زایی بڕوانه‌: نڤریه‌ الزمان عند غاستون باشلار: أو ابداعیه‌ اللحڤه‌، د. سعید بوخلیگ، saidboukhlet@hotmail.com –جاستون باشلار، حدس اللحڤه‌، ترجمه‌، رچا عزوز و عبدالعزیز زمزم، بغداد، گ 1، 1989، ص 22.
-* ه.س.پ. ل114.
*- پۆل ریكۆر له‌ 27ی شوباتی ساڵی 1913 له‌ شاری “فالنس”ی فه‌ره‌نسی له‌دایك بووه‌، له‌ دوای شه‌ش مانگ دایكی كۆچی دوایی كردووه‌، به‌ڵام باوكی كه‌ مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو له‌ ساڵی 1915 له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م كوژراوه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی به‌خێوكردنی خۆی خوشكه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی مامییه‌وه‌. خوێندنی دواناوه‌ندی له‌ “رین” ته‌واو كردووه‌، پاشان چۆته‌ زانكۆو بڕوانامه‌ی ماجستێری له‌ فه‌لسه‌فه‌ به‌ده‌ست هێناوه‌، ئینجا چووه‌ بۆ زانكۆی “سۆربۆن” له‌ پاریس و له‌وێ‌ نیشته‌جێ‌ بووه‌. بۆ زێتر شاره‌زایی بڕِِِوانه‌: بول ریكور، فلسه‌فه‌ الاراده‌، الانسان الخگّا‌و، ترجمه‌: عدنان نجیب الدین، دار البیچا‌و- المغرب،گ1 2003، مقدمه‌.
*- جاستون باشلار، حدس اللحڤه‌، ص29.
– فروید سیغموند Freud Sigmund (1856_1939) پزیشكی ده‌روونی نه‌مساوی، به‌ به‌ناوبانگترین زانای ده‌روونی له‌ فیكری نوێ‌ دێته‌ ژماردن. دامه‌زرێنه‌ری رێبازی ده‌روونشیكارییه‌ (Psychoanalysis). –– ژاك لاكان له‌ 13ی ئه‌پریلی 1901 له‌ فڕه‌نسا شاری پاریس له‌ دایكبووه‌ و له‌ 9ی سپته‌مبه‌ری 1981 له‌ ته‌مه‌نی 80 ساڵی هه‌ر له‌ پاریس به‌ نه‌خۆشی سه‌ره‌تانی قۆلۆن كۆچی دوایی كردووه‌.
*- بۆ زێتر شاره‌زایی بڕوانه‌ (جان جاك لوسیركل، عنف اللغه‌، ترجمه‌ و تقدیم: د. محمد بدوی، النڤمه‌ العربیه‌ للترجمه‌، بیروت-لبنان، گ2 2006، ص100-101.
*- ه.س.پ. ل101.
*- بونتی، موریس میرلو ، المرئی واللامرئی ، ت. د. سعاد محمد خچر، دار الشۆون الپقافیه‌ العامه‌ ، بغداد ، 1987 ، ص126.




له‌په‌راوێزی نمایشی شانۆیی كێشه‌كانی ژیانی هاوسه‌ری … ڕێباز حەمەجەزا

ناوی نمایش / كێشه‌كانی ژیانی هاوسه‌ری
نووسینی / ئێریك ئیمانوئێل شمیت
وه‌رگێڕانی / مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی
سینۆگرافیاو ده‌رهێنان / جه‌بار محه‌مه‌د
نواندنی / شایی نه‌جار ، زمناكۆ كه‌ریم

نه‌ریتم نییه‌ له‌باره‌ی هه‌موو به‌رهه‌مێكی شانۆییه‌وه‌ بنووسم یان قسه‌ی له‌باره‌وه‌ بكه‌م ، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێك به‌رهه‌م كه‌زیندوون یان قسه‌ كردن ده‌رباره‌یان قورس و زه‌حمه‌ته‌ ، ده‌بینین بێده‌نگی لێده‌كرێت یان زۆرێكیش له‌و باسانه‌ ده‌چنه‌ خانه‌ی ڕوپامایی و پیا هه‌ڵدان وه‌ یان پیا هه‌ڵشاخان ..به‌هه‌رحاڵ من لێره‌دا وه‌كو بینه‌رێكی شانۆ سه‌رنجی خۆم ده‌رباره‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ ده‌خه‌مه‌ ڕوو كه‌ به‌باوه‌ڕی من به‌رهه‌مێكه‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ قسه‌ی جددی تر و زیاتری له‌باره‌وه‌ بكرێت بۆئه‌م بۆنه‌یه‌و لێره‌دا من ته‌نها به‌م جۆره‌ ده‌دوێم .
گرنگترین شت بۆتێگه‌یشتن له‌ شانۆ كاركردنه‌ له‌ناوسیستم و به‌رنامه‌یه‌كی توند وتۆڵ و بوونی پێشینه‌ی تیۆری و مه‌عریفیه‌ ده‌رباره‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ ، به‌كورتی : شانۆ له‌ڕووی تیۆریه‌وه‌ له‌ دوو شه‌ق پێكدێت و له‌ دوو هێڵی گشتیدا به‌یان ده‌بێت : “هونه‌ری ژیانكردن و هونه‌ری نمایشكردن ” دواتر ئه‌مانه‌ش ورد ده‌بنه‌وه‌ بۆئاسته‌كانی خواره‌وه‌ و قوتابخانه‌و میتۆدی هه‌مه‌ جۆری جیاوازی یان لێ ده‌بێته‌وه‌ .. به‌هه‌رحالً كاتێك به‌رهه‌مێكی شانۆی ده‌كه‌وێـته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دوهێڵه‌ ته‌ریب و جیاوازه‌ مل ملانێی فیكری و فه‌لسه‌فی دروستده‌كه‌ن وڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه‌ له‌ته‌واوی نمایشی شانۆییدا و ده‌چنه‌ ناو ستیل و شێوازه‌كانی كاركردنه‌وه‌ ..

دمه‌وێت بڵێم : ئێمه‌ كاتێك ده‌توانین ، شانۆ له‌ڕووی كه‌لتوریه‌وه‌ بخوێنینه‌وه‌ كه‌ توانیبێتمان چێژ و مه‌عریفه‌ی هه‌مه‌جۆرو جیاواز به‌رهه‌م بێنین نه‌ك له‌دۆخێكدا زۆرێك له‌به‌رهه‌مه‌كان هاوچه‌شن بن و له‌یه‌ك بچن و فره‌جۆر نه‌بن ، ئه‌وكاته‌ له‌ گرنگی خوێندنه‌وه‌ ی به‌رهه‌مه‌كان تێده‌گه‌ین ، جاگرنگ نیه‌ له‌ڕووی تیۆریه‌وه‌ بروامان به‌چیه‌و چۆن كاری تێداده‌كه‌ین !! واته‌ ناكرێت به‌رهه‌مه‌كان به‌ یه‌ك جۆر و به‌یه‌ك شێوه‌ بخوێنینه‌وه‌و لێكبده‌ینه‌وه‌ به‌ئه‌ندازه‌ی پێویستی و شێوازی ئه‌وه‌ی كاری تێدا كراوه‌ نه‌ك ئێمه‌ چۆن تێده‌گه‌ین وچی ده‌كه‌ین ؟
ئیریك ئیمانوئیل شمیت : نووسه‌ری (كێشه‌كانی ژیانی هاوسه‌ری)له‌دایكبووی 28ی مارس 1960 رۆمانووس وشانۆنامه‌ نووس و ده‌رهێنه‌رێكی فه‌ڕه‌نسی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك به‌لجیكیه‌ چه‌ندین به‌رهه‌می جیهانی هه‌یه‌ ناسراوترینیان : ” مسیۆ ئیبراهیم و گوڵه‌كانی قورئان ” و شانۆنامه‌ی :” دانپێدانه‌ كانی ژن و مێردێك “(1) و ئه‌م ده‌قه‌ی كه‌ ئه‌م ستافه‌ كاریان له‌سه‌ر كردووه‌ سه‌ربه‌ قوتابخانه‌ی “ته‌عبیری ” یه‌و له‌ڕووی تیۆریه‌وه‌ سه‌ربه‌ قوتابخانه‌ی ” ژیانیه‌” و توانیویه‌تی سیستم و نۆرمی دیاریكراوی خۆی هه‌بێـت و به‌شێوه‌یه‌كی سایكۆلۆژی كاری تیاكراوه‌ و لێره‌دا خوێندنه‌وه‌یه‌كی پانۆرامی بۆنمایش ده‌كه‌م له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك به‌م جۆره‌ی لای خواره‌وه‌ :

ده‌ق و نووسه‌ر سینۆگرافیا نواندن ده‌رهێنان

قسه‌كردن له‌سه‌ر به‌رهه‌مێكی شانۆیی له‌ ڕووی تیۆری و زانستیه‌وه‌، پێویسته‌ له‌ ده‌قی شانۆنامه‌كه‌وه‌ بێت چونكه‌ بنچینه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ پێكد ێنێت و ده‌یكات به‌به‌رهه‌مێكی سه‌ركه‌وتوو هونه‌ری یان به‌رهه‌مێكی لاواز و نا هونه‌ری بۆئه‌وه‌ی به‌وردی له‌و پرۆسه‌یه‌ بكۆڵینه‌وه‌ له‌نمایشه‌كه‌دا دووئاست دیاری ده‌كه‌م كه‌ په‌یوه‌ست به‌م قسه‌كردنه‌ په‌نا بۆده‌قی نمایش ده‌به‌م نه‌ك ده‌قه‌كانی تر كه‌ئه‌وانیش بریتیتن له‌ : یه‌كه‌م /ناسینی نووسه‌ر دووه‌م / ده‌ق له‌نمایشدا چونكه‌ شێوزاو جۆری مامه‌ڵه‌كه‌مان بۆده‌ستنیشان ده‌كات واته‌ كه‌ زانیمان نووسه‌ر چۆن هاتۆته‌ ناو نمایش بێگومان كارئاسانی مان بۆده‌كات تاپێگه‌ی نووسه‌ر بدۆزینه‌وه‌ له‌نمایشدا كه‌ به‌پێی سیستمی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ به‌م جۆره‌ ده‌یخوێنمه‌وه‌ :

  • ده‌ق و نووسه‌ر له‌نماشی شانۆیی : (كێشه‌كانی ژیانی هاوسه‌ری) دا :
    ناسینی باكگراوندی نووسه‌ر : بریتیه‌له‌ قوتابخانه‌ی ته‌عبیری و كاریگه‌ری ( فه‌لسه‌فه‌ی كانت) چۆن ؟ گه‌ركه‌مێك بابه‌ته‌كه‌ ساده‌و ڕونتر بكه‌مه‌وه‌ كه‌ده‌ڵێن كاریگه‌ری قوتابخانه‌ی ته‌عبیری واته‌ له‌ڕووی ئه‌ده‌بی و هونه‌ریه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ كوێی ئه‌م ده‌قه‌ نمایشكراوه‌وه‌ یان چۆن ته‌عبیری لێكراوه‌ ؟ له‌ڕووی فه‌لسه‌فه‌ی كانت زیاتر له‌ڕووئیای هاوبه‌شدا به‌دیارده‌كه‌وێت كه‌روئیای ئه‌م به‌رهه‌مه‌ بریتیه‌له‌ بوونی : ( بیری فه‌لسه‌فی و بیری سه‌ره‌كی و بینای درامی ) كه‌به‌شێوه‌ی جۆراو جۆر به‌یان كراون . ته‌عبیریه‌ت چیه‌؟ و چۆن هاته‌ ناو پرۆسه‌كه‌وه‌؟
    ( ته‌عبیریه‌ت غه‌ریبایه‌تی مرۆڤ له‌جیهانی سه‌رمایه‌داریدا ده‌رده‌بڕێت . ئه‌ومرۆڤه‌ی له‌ناو هه‌زاراندا ده‌ژیا به‌ڵام غه‌ریبه‌ لێیان … زۆری خه‌ڵك و جه‌نجاڵی شار ، پتر نامۆیی ده‌ڕسكێنێت .. مرۆڤیش ده‌بێته‌ به‌شێشتێك له‌شته‌كان ، ته‌نانه‌ت بێ هێزترینی شته‌كانیش ) (2)گه‌ر له‌وچه‌ند ڕسته‌یه‌ ورد بینه‌وه‌ هه‌ردووكاره‌كته‌ری ژن و پیاو له‌م ده‌قه‌دا غه‌ریبیان به‌یه‌كتر له‌ ئاستێكدایه‌ كه‌ مرۆڤ سه‌ری ده‌ سوڕمێت له‌و په‌یوه‌ندیه‌ تاڕاده‌ی زۆربه‌ی كات ده‌كه‌وێته‌ گومانی ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی ئه‌م دوانه‌ چی یه‌كترن ؟ له‌ناو خه‌ڵكێكی زۆره‌وه‌ بۆ گۆشه‌ی ماڵێك و له‌وێشه‌وه‌ بۆخواردنه‌وه‌ی مه‌ی و ته‌نانه‌ت یه‌كتر به‌كارهێنانیش بۆ ئه‌وه‌ی بڕوا به‌یه‌كتری بهێنن ئه‌مه‌ ئه‌و دۆزه‌یه‌كه‌ ڕیبازی نووسه‌ر له‌ئه‌ده‌بدا ده‌كاته‌ ئاماده‌بوویه‌كی گرنگ و كاریگه‌رو به‌جۆرێك هه‌ست نه‌كه‌ین نووسه‌ر له‌نمایشدا بوونی نییه‌ .
  • كه‌ باس له‌ ڕوئیاش ده‌كه‌ین بۆهه‌رسێ دۆخه‌كه‌ به‌بی َتێگه‌یشتن له‌ فه‌لسه‌فه‌ی كانت كه‌مێك بابه‌ته‌كه‌ ئاڵۆز ده‌كات ئه‌وه‌ی من مه‌به‌ستمه‌ لێره‌دا بیڵێم به‌هیچ جۆرێك قسه‌كردن نیه‌ له‌فه‌لسه‌فه‌ی كانت به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌وكاریگه‌ریانه‌یه‌ كه‌له‌ده‌قدا به‌دی ده‌كرێت بۆنمونه‌ : (كانت له‌بابه‌ته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و ئاوه‌ز ده‌كات به‌ پێوه‌ر بۆ توانای هه‌ڵسه‌نگاندن و حوكمدان ئه‌وجا ویست و توانای تاكه‌كه‌س بۆ تێگه‌یشتن و خه‌مڵاندن ، دواتر هه‌ڵبژاردن و بڕیاردان (3)گه‌ رله‌م تێگه‌یشتنه‌وه‌ بڕوانینه‌ باسه‌كه‌ ده‌بینین له‌ناو بازنه‌ی ناسینی نووسه‌ردا به‌ته‌واوی له‌هه‌ریه‌كه‌ له‌ كاره‌كته‌ره‌كانی (ژن وپیاو ) دابه‌دی ده‌كرێن و هه‌مووئه‌وه‌ی كه‌باسم كرد ده‌ی سه‌لمینێت كه‌ ده‌قی نمایش له‌سنوری بازنه‌ی نووسه‌ردا و له‌فه‌له‌كی نووسه‌ر دوورنه‌كه‌وتۆته‌وه‌ .
    سینۆگرافیای نمایشی شانۆیی : (كێشه‌كانی ژیانی هاوسه‌ری):
  • نه‌خشه‌ ی هونه‌ری یان ته‌قه‌نی (4)به‌كوردی دیمه‌نسازی، Scenographyسینۆگرافیا به‌ ئینگلیزی –
    مه‌به‌ست له‌ هه‌مووبه‌شكانی پێكهاته‌ی دیمه‌نێكی شانۆییه‌ هه‌رله‌ “دیكۆر ، رووناكی ، ئارایشت ، جل وبه‌رگ ، ئێكسسوار، موزیك وهتد ” گه‌رته‌ماشا بكه‌ین ئه‌م به‌رهه‌مه‌ به‌شی زۆری پێكهاته‌كان له‌ ناو دیكۆردا به‌دی ده‌كرا له‌گه‌ڵ ئێكسسوارات وكه‌ل و په‌له‌كانی تر و به‌شێوه‌یكی كه‌متر بۆڕووناكی و كه‌متریش بۆ موزیك و جل و به‌رگ و ئارایشت و هتد ساده‌و ساكار ڕێك وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ژیانی ئاسایی و كه‌توار –واقع- یدا هه‌یه‌ وبێگومان من وه‌كو وه‌رگرێك هه‌ستم كرد ئه‌وه‌ ڕێك ئه‌كاردانه‌وه‌یه‌كه‌له‌ ئه‌نجامی ژیانی رۆژانه‌وه‌ به‌ده‌ست دێت و هه‌ستم نه‌كرد شتێكی تر هه‌بێت كه‌ زه‌رور بێت له‌نمایشه‌كه‌دا و زیانێكی به‌كه‌ش و بارودۆخه‌ ده‌رونیه‌كه‌ گه‌یان بێت هه‌ر له‌ مزاج و بیرو بۆچونی كه‌سه‌كان و سروشتی ئه‌م ماڵه‌ و هه‌ڵواسین و شێوازی دانانی تابلۆكان و په‌رت و بڵاویه‌كه‌ی و كۆكردنه‌وه‌ و كتێبخانه‌و په‌رده‌و هتد كه‌ به‌بۆچوونی من ئه‌و په‌رته‌وازه‌یی و نارێكیه‌ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆئه‌و ژینگه‌یه‌ی پێشووی ئه‌وماڵه‌ كه‌به‌و جۆره‌ به‌جێیان هێشتووه‌و چونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و له‌گه‌ڕانه‌وه‌یاندا هه‌وڵی ڕیكخستنه‌وه‌ی ده‌ده‌ن به‌گشتی پێم خۆشه‌ له‌سه‌ردوو ئاست سینۆگرافیا بخوێنمه‌وه‌ .
    سینۆگرافیای نمایشی شانۆیی : (كێشه‌كانی ژیانی هاوسه‌ری):

ته‌عبیریه‌ت : هه‌موو ئه‌و مانیفێستوو به‌رنامه‌ تیئۆریانه‌ی له‌ته‌عبیریه‌ته‌وه‌ ده‌رچوون هاوبه‌شن : له‌ڕوانگه‌ هه‌مه‌لایی یه‌كه‌یان بۆئاده‌میزادی خاوه‌ن رۆح و له‌ش و ده‌روون و هه‌ست له‌یه‌كتدا … له‌به‌ر ئه‌مه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌رهه‌ڵستی ئه‌ ڕه‌وته‌ فۆرمالیست و ئیستاتیكی یه‌ په‌تیانه‌یان كردن كه‌ته‌نها بۆ به‌دی هێنانی فۆرمی ته‌واو(…) ئازادكردنی واقیع له‌ چوارچێوه‌كانی ، ئازاد كردنی ئێمه‌ له‌واقع وه‌تێپه‌ڕكردنی نه‌ك به‌ په‌نا به‌ر ئامڕازه‌ تایبه‌تی یه‌كانی (5) ئه‌مه‌ش به‌ڕونی له‌ سینۆگرافیای نمایشی شانۆیی كێشه‌كانی ژیانی هاوسه‌ری دا بینراون و هه‌ستم پێكردوون .

سایكۆلۆجیا
به‌لای یۆنگه‌وه‌ كاری هونه‌ری دیارده‌یه‌كی سایكۆلۆژی ، ره‌نگه‌ زۆر هۆی كه‌سی و ڕه‌گه‌زی بێ ئاگایی ڕوون بكاته‌وه‌ (….) قوتابخانه‌ی فرۆید، هه‌موو هونه‌رمه‌ندان به‌(نه‌رجسی) داده‌نا ، واته‌ پێگه‌یشتنی سایكۆلۆژیان ته‌واو نه‌بووه‌ (7) ئه‌مه‌ ده‌مانبات به‌ره‌و ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ بۆ بارسته‌و ڕه‌نگ و شێوازی دانان وپه‌رت و بڵاوی ئه‌و سینۆگرافیایه‌و دواتر هه‌وڵدان بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و شپرزه‌ی و دۆخه‌سایكۆلۆجیه‌ی به‌تایبه‌تی له‌ تابلۆكاندا ته‌واو كه‌شێكی ده‌رونی هه‌مواركراوی هونه‌ریمان پێده‌به‌خشن و دۆخی مزاجی بۆ نمایشه‌كه‌ ڕاده‌گرت و یارمه‌تیده‌رێكی باشی به‌هامیزاجی و ده‌رونیه‌كانی نمایش بوو .

نواندن له‌ نمایشی شانۆیی : (كێشه‌كانی ژیانی هاوسه‌ری):
یه‌كێك له‌توخمه‌ جددی و كاریگه‌ره‌كانی نمایش بریتی بوو له‌و نواندنه‌ قوڵ و سایكۆلۆژیه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ئه‌كته‌ره‌ به‌شداربووه‌كانی نمایش كه‌له‌ڕووی ڕیتم و ده‌نگ و جه‌سته‌ وته‌كنیكی نواندنه‌وه‌ له‌ئاستێكی باڵاو به‌رزدا ده‌بینرا به‌جۆرێك كرداره‌كان هه‌ستێكی قوڵ و ناوه‌كی و جوانیان پێشكه‌ش ده‌كرد ده‌توانم به‌م هێلكاریه‌ نمایشه‌كه‌ له‌ڕووی نواندنه‌وه‌ بخوێنمه‌وه‌ :
كردار + هه‌ست) به‌ یارمه‌تی سایكۆلۆژیا (نواندن + ئیستاتیكا ) )
كرداره‌كانی نواندن له‌ناوه‌وه‌ بۆده‌ره‌وه‌و نه‌رم و ناسك و هه‌ندێكجار تووندو پڕبه‌جۆرێك من وه‌ك بینه‌رێك هه‌ستم نه‌ده‌كرد ئه‌وه‌ نواندنه‌ به‌ڵكو دیالۆگ وتنه‌كان و ددان پێدانان و ده‌رچه‌ی پیته‌كان و هێزی ده‌نگی ئه‌كته‌ره‌كان له‌ ڕووی چینه‌كانی ده‌نگ و دروست به‌كارهێنانیان وای ده‌كرد زیاتر چێژ له‌و شێوازه‌ پێشكه‌شكردنه‌وه‌ربگرم ، به‌ڕاده‌یه‌ك هه‌ندێك جار ئه‌وه‌نده‌ تێكه‌ڵ به‌نمایش ده‌بووم به‌دیار ئه‌و دۆخه‌ سایكۆلۆژیه‌وه‌ خه‌نی و ئاسووده‌بم كه‌ نواندێكی ڕاستگۆیانه‌و ئیستاتیكی و پڕله‌ چێژبوو بۆ من .
ده‌رهێنان له‌نمایشی شانۆیی 🙁 كێشه‌كانی ژیانی هاوسه‌ری):
ئه‌گه‌ر چی بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی كاری ده‌رهێنان له‌م نمایشه‌دا بوونیان هه‌بوو به‌ڵام له‌ڕاستیدا وه‌كو كاری ده‌رهێنه‌ر وده‌رهێنان وون بوو به‌ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی نمایشه‌كه‌ كه‌وتبووه‌ سه‌رپێكهاته‌كانی تری نمایش بۆنمونه‌ : ( پێكهاتن و تصویرو ئیقاع و پانتۆو جولًَه‌ ) وه‌ربگرین ده‌بینین وه‌ك ڕه‌گه‌زێك كاری وردی تیانه‌كرابوو ئه‌وه‌ی تری كه‌هه‌بوو له‌ ڕێی سینۆگرافیاو نواندنه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بوو نه‌ك وه‌ك پسپۆڕیه‌ك كه‌له‌ڕاستیدا بۆی هه‌بوو چه‌ند ڕیسكێك –مجازفه‌- یه‌كی هونه‌ری بكردبایه‌ له‌ به‌ركارهێنانی جوگرافیاو پانتایی نمایش و رێتمی نمایشه‌كه‌دا به‌ڵاًم به‌گشتی وه‌ك نمایشێكی هونه‌ری شایسته‌و سه‌نگین بووكه‌ ده‌كرێت مرۆڤ به‌و جۆره‌ به‌رهه‌مانه‌ ئاسوده‌ بێت .
له‌كۆتاییدا ده‌مه‌وێـت بڵێم ئه‌م سه‌رنجانه‌ی من ته‌نها وه‌كو بینه‌رێكی ئاسایی و ستاده‌ی شانۆ وه‌ربگرن ، له‌به‌ر گرنگی به‌رهه‌مه‌كه‌ به‌شایسته‌ی قسه‌كردنم زانی و ئومێدی به‌رده‌وامی وكاری زیاتر بۆستافی نمایش و سوپاس بۆئه‌وه‌ی كه‌چێژو هونه‌ریان پێداین .

سه‌رچاوه‌كان :
1) https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%A5%D8%B1%D9%8A%D9%83_%D8%A5%D9%8A%D9%85%D8%A7%D9%86%D9%88%D9%8A%D9%84_%D8%B4%D9%85%D9%8A%D8%AA
2)كه‌مال میراوده‌لی ، فه‌لسه‌فه‌ی جوانی وهونه‌ر (ئیستاتیكا) له‌بڵاوكراوه‌كانی زانكۆی سلێمانی ساڵی 1979ل298 3) كه‌ریم مسته‌فا ، فه‌لسه‌فه‌ بۆمنداڵان P4Cزنجیری كتێبی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ،كتێبی سه‌رده‌م ژماره‌(583) ل45 4) https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%B3%D9%8A%D9%86%D9%88%D8%BA%D8%B1%D8%A7%D9%81%D9%8A%D8%A7
5) كه‌مال میراوده‌لی ، فه‌لسه‌فه‌ی جوانی وهونه‌ر (ئیستاتیكا) له‌بڵاوكراوه‌كانی زانكۆی سلێمانی ساڵی 1979ل300 6) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل329




دەرسەکانی ناڕەزایەتی سودان و جەزائیر … نوری بەشیر

پێشڕەویەکان و لاوازیەکان
ناڕەزایەتی و خرۆشانە جەماوەریەکان لە هەردوو وڵاتی سودان و جەزایر لەگەلێک روەوە لێکچونیان هەیە، چ لە ناڕەزایەتی و داواکاریەکانیان چ لە چوونە پێشەوەو بەردوامی بوونداو چ لە زوعف و ناڕۆشنیەکاندا.
ئەم وڵاتانە وەک دوو لە وڵاتانی سەرمایەداری و کۆمەڵگەی چینایەتی کە دەسەڵاتی دیکتاتۆرو عەسکەرتاریەتی بوتەفلیقەو عومەر حەسەن بەشیر کە هەر یەکەیان بۆ چەند دەیە دەسەڵاتدار بوون و سەرچاوەی نەهامەتیەکان بوون کە کۆمەڵگەیان نوقمی سەرکوتی سیاسی و بێکاری و برسیتی و کوشتار کردووە، بۆیە ناڕەزایەتیەکان راستەوخۆ لەخوارەوەی کۆمەڵگەوەیە لەبەرامبەر دەسەڵاتێکی سەرکوت و تاڵانکاری عەسکەریدایە و داواکاریەکان بۆ نان و ئازادیە.
پێشڕەویەکان لە ناڕەزایەتیەکانی ئەم دوو وڵاتەدا
خاڵی بەرجەستەی ئەم ناڕەزایەتیانە بەردەوامییەتی لەدوای دەست لەکارکێشانەوەی هەریەک لە عەبدولعەزیز بوتەفلیقەو عومەر حەسەن بەشیردا، لەوەش واوەتر داواکاری دەست لەکارکێشانەوەو زیندانکردن و دادگاییکردنی هەموو کەسایەتیەکانی سەر بەو دوو دیکتاتۆرانەن کە ئێستا دەیانەوێت ببنە جێگرەوەیان، وەک ئەوەی لە جەزایر دژی دەسەڵاتی عەبدولقادر بن ساڵحن کە سەرۆکی ئەنجومەنی گەل دەڵێت تا ماوەی ٩٠ رۆژ بەشێوەی کاتی بکرێتە سەرۆکی وڵات، بەڵام خۆپیشاندەران کە داوای ئاڵوگۆڕی ریشەیی دەکەن و دەڵێن ناوبراو دەستوپێوەندی رژێمەکەی بوتەفلیقەیەو دەڵێن دەبێت بڕوات.
بەهەمانشێوە لەسودانیش بەدوای ئەوەی دەست لەکارکێشانەوەی عومەر بەشیرداو وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازی لەلایەن عەوەز بن عەوفەوە، ناڕەزایەتیەکان دانیشتووانی سودانی گرتەوە کە بن عەوف رەمزی دەسەڵاتی عومەر حەسەن بەشیرەو دەبێت لاچێت و وەک ئەو دەبێت زیندان و دادگایی بکرێت، بۆیە هەر بەزووی پاش رۆژێک لە سویند خواردن دەستی لەکار کێشایەوەو ئێستا کەسێکی تریان داناوە بەناوی فەريقی یەکەم “عبدولفتاح البرهان” کە کۆمەڵێک وەعدەو بەڵێنی داوە، بەڵام خۆپیشاندەران بەردەوامن و داوای دەسەڵاتی مەدەنی دەکەن .
خاڵیکی پرشنگدار لە ناڕەزایتیەکانی ئەم دوو وڵاتەدا بەشداریکردنی ژنان و لاوان و زۆربەی جەماوەری چەوساوەو کەمدەرامەتی کۆمەڵگەیە، هەروەها لەسودان بەشداریکردنی حزبی شیوعی سودانە “بەجیا لەوەی من هەر تێبینیەکم لەسەر ئەم حزبە هەبێت، بەشداریکردنیان لەناو ئەو هێزگەلە قەومی ئیسلامیانەدا لەپاڵ ژنان و لاواندا گرنگە” لە ناڕەزایتیەکاندا کە داواکاری ئاڵوگۆڕی ریشەیی و حوکمی مەدەنی دەکەن لە وڵاتدا.
لاوازیەکانی ئەم ناڕەزایەتیانەی سودان و جەزائیر
ناڕەزایەتی و داواکاری سودان و جەزائیر، هەروەک ناڕەزایەتیەکانی عێراق، کوردستان، ئێران و زۆریک لە وڵاتەکانی تر دژی دەسەڵاتدارانێکی سەرکوت و مافیاو عەسکەرتاریەت و میلشییایی و بنەماڵەییەو بۆ داواکاری نان و ئازادی و خۆشگوزەرانیە.

ئەوەی ناڕەزایەتی ئەم دوو وڵاتە لە خرۆشان و ناڕەزایەتیەکانی وڵاتانی تونس و میسرو لیبیا و یەمەن و سوریا جیادەکاتەوە ئەوەیە، کە داواکاری رۆشتنی هەموو… دەستوپێوەندەکانی دەسەڵاتەو لە جێگەیدا داوای دەسەڵاتێکی مەدەنی دەکەن، بەڵام هەموو ئەو رووداوانەو، بەم رووداوە تازانەشەوە ناڕۆشنیەک هەیە کە دەیانەوێت دەسەڵات بڕوخێنن، بەڵام بەدیلێکی چینایەتیان نییە کە بە قازانجی زۆربەی خەڵکی بەشمەینەت بێت کە هاتوونەتە مەیدان.
لەبەرئەوەی بۆرژوازی لەهیچ وڵاتێکدا تەنیا نییە، رۆشتی ئەو سەرۆکانەی ڕابردوو کە چەندین دەیە دەسەڵاتێکی گەندەڵ و دکتاتوریان هەبوو دەکەنە قوربانی کە نوێنەرەکانیان عومەر حسن بەشیرو بۆتەفلیقە بوو، بەڵام سیستەم و دەسەڵاتێک کە بەرژەوەندی هەموویان دەپارێزێت دەستبەرداری نابن.
بۆتەفلیقە نەک تەنیا کەیسی کوشتاری ناوخۆی جەزایری هەیە، بەڵکو کەیسی گەندەڵێشی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا دەیانەوێت وەک ئەوکاتی علی عبدوڵا ساڵح و بەشار ئەسەد بیپارێزن و زەمانەتیان بە شێوەیەک بۆ بکەن هەتا ئەگەر ئەمانەش بکەنە قوربانی و لەدەسەڵات لایان بەرن ئەوە دەسەڵاتی خێزانی بۆرژوازی دەپارێزن و نایانەوێت دەسەڵات بکەوێتە دەست خەڵک و نوێنەری خەڵك.

بۆ عومەر بەشیریش بەهەمانشێوەیەو لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا هێشتویانەتەوەو دەیانەوێت فریوکاریەک بکەن، لە کەیسی ناوخۆو دەرکی تاوانەکانی دەربازی بکەن لەدادگایی و هەم بەشێک لەدەستوپێوەندی بهێڵنەوە بۆ پارێزگاری لە ستەم و دەسەڵاتی بۆرژوازی سودانی و سەرمایەدارانی ناوخۆو دەرەوە.
ناڕەزایەتیەکانی کوردستان لە ٢٠١١ دا هەمان نموونەیەکی ترە لەناوچەکەدا بۆ رزگارکردنی دەسەڵات و خێزانی بۆرژوازی کوردی کە ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی گۆڕان توانی پێی هەستێت، باشترین ناڕەزایەتی لەم ساڵانەی رابردوودا کە وەک تەجروبەیەک سەیری بکرێت ناڕەزایەتیەکانی کرێکارانی حەوت تەپەی ئێرانە، بەڵام لەبەر سەراسەری نەبوونەوەی ئەم ناڕەزایەتیانە بۆرژوازی جمهوری ئیسلامی ئێران بە فریوکاری و سەرکوت و زیندان پاشەکشەیەکی بەسەردا سەپاندوون.

نەبوونی بەدیلی دەسەڵاتی شورایی لە ناڕەزایەتیەکانی سودان و جەزایردا !
ئەم ناڕەزایەتیانە راستەوخۆ داواکاری خواستی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ژنان و لاوانی کۆمەڵگەیەو دەیانەوێت دەسەڵاتی سەربازی و سەرکوت و دیکتاتۆری بڕوات و لە جێگەیدا دەسەڵاتی مەدەنی بێتە سەرکار، بەڵام ئەمە هەموو خواست و دواکاریەکانی خەڵک ناهێنێتەدی، لەبەر ئەوەی هەر لەسەرەتاوە دەیانەوێت دەسەڵات بڕوخێن و بەڵام بەدیلێکی ڕۆشن بەقازانجی خۆیاننیان نییە لە جێگەیدا.
لە زۆرێک لەوڵاتانی دنیادا دەسەڵات مەدەنیە، هەتا لە ئەوروپادا زۆرێک لەمافە مەدەنیەکان پارێزراوە، بەڵام دەسەڵات سەرمایەداریەو لەبەرژەوەندیەکانی چینی بۆرژوازی سەرمایەداران دەسەڵات دەکەن و پەیوەندی وڵاتانیش لەسەر ئەمە دادەمەزرێنن.

بۆیە ئەم خۆپیشاندانانەی ئێستای سودان و جەزایریش لە غیابی دەسەڵاتی شورایی و جەماوەریدا، لە غیابی چینی کرێکارو حزبی چینایەتی کرێکاری و کۆمۆنیستی کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی ژنان و لاوان و کەمدەرامەتی کۆمەڵگە بکات، لە ناو زەلکاوی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەو جەنگی ترسناکی لیبیاو دەسەڵاتی سەربازی و ئیسلامی و قەومی ناوچەکە و زۆرێک وڵاتانی تردا بەبێ بەدیلی چینایەتی و گرتنەدەستی دەسەڵات لەرێگای شوراکانی خەڵكەوەو لەناوبردنی سەرجەم دەسەڵاتی دیکتاتۆری وعەسکەرتاریەت و میلیشیایان، ئەوا لەباشترین حاڵەتدا چەند ریفۆرمێکی بۆرژوازی بۆ پاشەکشە بەناڕەزایەتی و داواکاریەکان سەرەنجام خەڵک رەوانەی ماڵەوە دەکەن و جارێکی تر دەسەڵاتی بنەماڵەی بۆرژوازی بەشێوەیەکی ترو رەنگێکی ترەو شەخسێکی تر بۆ سەرۆکایەتی بەردەوامی بەدەسەڵات دەدەن.

ناوەڕاستی ئەپریلی ٢٠١٩




ئایا مەسرور بارزانی هەلەکانی نێچیرڤان بارزانی دوبارە دەکاتەوە ؟ … عەبدولڕەحمان مەولود

کاتی پێکهێنانی حکومەتی مەسرور بارزانی نزیك بۆتەوە. گۆڕان ڕازییە و یەکێتیش لە ڕازیبوون نزیك بۆتەوە؛ یەکگرتوو لە گیرفانی پارتییەو کەسیش لەسەر ڕازیبون و نەبونی کۆمەل ناوەستی. هەر بۆیە، بەم نزیکانە مەسرور بارزانی حکومەتی نوێ پێك دێنێت.
بەڕای من خالی هەرە گرنگ لەم حکومەتە نوێیە کە پێویستە چاودێری بکریت ئەوەیە: ئایامەسرور بارزانی هەلەکانی نێچرڤان دوبارە دەکاتەوە؟
لە کەس شاراوە نییە کە نێچیرڤان بارزانی پیاو یەکەمی تورکیایە لە کوردستان. لە بیست ساڵی ڕابردو نێچیرڤان بارزانی لە رووی ئابوری و سیاسی پشتوانی بێنسوری ئوردوگان و حیزبەکەی بوە.
نێچرڤان بارزانی، لە باری ئابوریەوە:
١. کوردستانی کردە بازاری تورکیا و شوێنی ساغکردنەوەی کەلوپەلی تورکی. ساڵانە تورکیا بای چەندین ملیار دۆلار کاڵا لە بازاری کوردستان دەفرۆشێت.
٢. هەرچی داهاتی نەوت و داهاتیتری کوردستانە خستە بانکەکانی تورکیا و ئەوان سودی ڕۆژانە لەو پارانە وەردەگرن.
بۆ نمونە، ئەگەر تورکیا لە سالێکدا بۆ هەر سەد دۆڵار قازانجی سێ دۆلار بکات، ئەوا لە ڕۆژێکدا زیاتر لە ٨٢ هەزار و ١٩١ قازانج دەکات بۆ هەر ملیارێك دۆلاری کوردستان لە بانکەکانی تورکیا بێت (0.03/365*1،000،000،000).
٣. ئەو کاتەی نەوتی کەرکوك لە ڕێگای کوردستان دەفرۆشرا، پارەی ئەو نەوتەشی لە تورکیا دانا.
٤. نەوتی کوردستان و کەرکوکی هەرزان فرۆش دەدا بە تورکیا و کەمپانیەکانی گواستنەوەی نەوتی تورکی.
لە باری سیاسیشەوە:
١. دژایەتی بێکۆتایی پارتی کرێکارنی کوردستانی کردوە
٢. دژایەتی بێ سنوری ڕۆژئاوای کوردستانی کردوە.
٣. کۆلان بە کۆلان لە کوردستانی باکور دەگەرا دەنگ بۆ ئۆردوگان کۆبکاتەوە لەسەر حیسابی هەدەپە.

نێچیرڤان لەبەرامبەر ئەم خزمەتی بۆ تورکیا چی دەست کەوتوە ؟
تەنها شتێك نێچیرڤان لە بەرامبەر بونی بە پیاوی یەکەمی تورکیا دەستیکەوت پشتیوانی ئۆردگان بووە لە پێگەی نێچیرڤان بارزانی لە ناو پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.
با بزانین بۆ پشتیوانیکردن تەنها شتە نێچیرڤان بەدەستی هێناوە:
سەیرکە، سەرەرای ئەو هەمو خزمەتەی نێچیرڤان بە تورکیای کرد، لە ئێستاشدا ڕای گشتی تورکیا سەبارەت بە کێشەی کورد زۆر لە دوای ڕای گشتی عەرەب و فارسیشە.
لەسەرو بەندی ڕیفراندۆم کەباس لە پێکهێنانی دەولەتی کوردی دەکرا، ژمارەیەكی زۆر لەسەرکردە عیراقیەکان، لە نێویان کۆنە سەرۆکی پەرلەمانی عیراقی و سەرۆك وەزیرانی ئێستاش دژایەتی دوژمنکارانەیان نەکرد. ئەوەی یەکەم(مەحمود مەشهەدانی ) پشتیوانی دەکرد و ئەوەی دواییش (عادل عەبدولمهدی) پێی باش نەبوو. بەگشتی، ڕای گشتی عێراقی و عەرەبی سەبارەت بە کوردستان بە ئیجابیانە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە . لە ئێرانیش هیچ نەبێت ولایەتێك هەیە بەناوی کوردستان و دژایەتی ناوی کورد و کوردستان ناکەن.
تەنها شوێنێك لە گۆی زەوی کە خەلك و حکومەت دژایەتی کورد بکەن تورکیایە؛ حکومەت ئاگری ئەم دوژمنکاریەش دژی کورد ڕۆژ دوای ڕۆژیش خۆشتر دەکات.
ئەگەریش دەلێن تورکیا لە کوردستان بیناسازی کردوەو فرۆکەخانەی کردۆتەوە، ئەوا جگەلەوەی بەپارەی خەیالی کراون، پاش چەند سالی تری بیناکان لە نەبوونی خزمەتی بەردەوام (Maintenance) دەبنە بارگرانی (Liability) و فرۆکەخانەش هەرکاتێك تورکیا ئارەزوی لێ بێت دایدەخات، وەك ئەوەی سەبارەت بە فرۆکەخانەی سلێمانی کردویەتی.
تورکیا نەك چارە نییە بۆ کێشە سەرەکیەکانی کوردستان وەك کارەبا و بەپیشەسازیکردنی کوردستان، بەلکۆ ڕێگرە لە چارەکردنی هەر کێشەیەکی کوردستان. تورکیا خوازیاری ئەو بوو هەرێمی کوردستان گۆڕگان خواردوی داعش بکرێت بۆ ئەوەی بەیەجارەکی دەست بەسەر هەرێمدا بگرێت
هەر بۆیە، بەڕای من هەرکەسێك بێتە سەر کار دەبێت خۆی دوور بخاتەوە لە ڕابردووی (Legacy) نێچیرڤان بارزانی. سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ لای عادل عەبدولمەهدی لە دوای ڕیفراندۆم ئەگەر مەبەست لێی گۆرانی سیاسەتی پارتی بێت بەئاراستەی ڕاگرتنی پارسەنگی هێز لە نێوان عیراق و تورکیا کارێکی باش بوو.
هەرێمی کوردستان پێویست ناکات لە نێوان عیراق و تورکیا یەکێكیان هەلبژێرێت وەك نێچیرڤان تورکیای هەلبژارد. هەرێمی کوردستان پێویستە بە هاوسەنگی پەیوەندی لەگەل هەموان ڕاگرێت.
هەرێمی کوردستان پێیوست ناکات دژایەتی تورکیا بکات، بەلام ناش بێت ئەوەی لە بەرژەوەندی تورکیا بێت بە لە بەرژەوەندی کوردستانی بزانێت.
ئیستا کە تورکیا ناهێلێت پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوك دابنرێت، دانانی پاریزگارێكی کورد لە کەرکوك نیشانەی سەرەتای کۆتایی دەسەلاتی تورکیا وسەردەمی نێچرڤان بارزانی دەبێت بەسەر حکومەتی هەرێمی کورستان. پێویستە ئەم کارە زوو یان درەنگ بکرێت. مەسرور بارزانی پێویستە لەم بابەتە تێبگات و یەکێتیش نەیبەستێتەوە بەمەسەلەی پێکهێنانی حکومەت، بەڵام پێویستە بکرێت و مافی هەلبژاردنە.
سەردەمی شێوە حکومرانی تورکیا هاوشیوەی سەردەمی ئۆتۆمۆبیلی لادا و مۆسکۆفیس بەسەرچوە. تورکیا نایەوێت بگۆریت و دژایەتی گۆڕانکاری دەکات. تورکیا دەیەویت لە ڕێگەی کرینی سیستەمی دژە فرۆکەی (S-400)ی دژی گۆرانکاری حەتمی تورکیا بوەستێتەوەو دریژە بەم شێوە حکومرانیە ناسەردەمیانەی ئێستای بدات کە لەسەر بنەمای هالاواردنی نژادی (apartheid) وەستاوە.
بەڵام، چۆن بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران ناتوانیت ڕێگای بە روخانی حەتمی ئێران بگرێت، ئاواش کرینی سیستەمی (S-400)یش دادی تورکیا نادات، . تورکیا دەروخێت و هەلدەوەشێتەوە، تەنها مەسەلەکە کاتە. هەرێمی کوردستان پێویستە خۆی بۆ ئەو گۆڕانکاریە گەوەرانە ئامادە بکات.
تورکیا تاکو ئیستا دەستی لە نێچیرڤان بازانی بەرنەداوە، بە ناراستەوخۆش دژایەتی حکومەتی مەسرو بارزانی دەکات. ئەوەندە بەسە وتارەکانی ڕیبوار کەرێم وەلی لە ڕوداو بخوێنیەوەو بۆ ئەوەی لەم ئاراستەیە بگەیت.
پێویستە هەموان لە بیری ئەوە دابن، کە حکومەتی نوێی کوردستان کار بۆ بەرژەندیە بالاکانی کوردستان و خەلکی کوردستان بکات و سیاسەتێکی هاوسەنگی لەگەل عیراق و هاوسێکانی هەبێت. بۆ پارتیش پێویستە کێشە سیاسەکانی لەگەل هێزە سیاسەکانی ناوچە (پەکەکە) بەڕێگای دانوستاندن چارەسەر بکات. پێویستە هەموان بێگومان بن کەوا کێشە گەورەکە تورکیایە، هەمو کێشەکانیتر بەبەراورد بە دژایەتی تورکیا بۆ کورد لاوەکین.
تۆ سەیرکە، بزانە ساڵانە نێچیرڤان چەند سەردانی بەغدا، سلێمانی و کەرکوك دەکات بەبەراورد بە ئەنقەر و ئەستەمبۆل ئینجا لەوە دەگەی کە تورکیا لە کێوە گوڵی لە کوردستان کردوە؛کۆتایی هێنان بەژێردەستی تورکیا و حوکمرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن تورکیا پێویستی بەکاری هاوبەش و هاوکاری هەموانە.

عەبدولڕەحمان مەولود
پرۆفسۆری یاریدەر/ زانکۆی لۆریێ
واترلو/کەنەدا




فه‌رهاد پیرباڵ، جیاواز و ڕاسته‌قینه‌ … ئاری زێندینی

فه‌رهاد پیرباڵ , نووسه‌روشاعیرومامۆستایی زانكۆ یه‌ك له‌و نووسه‌رانه‌ی دوایی ساڵی 1991 له‌ باشووری كوردستان به‌ ستایلێكی نوێ‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و ئه‌ده‌بی كوردی خۆی نیشانداوهاته‌ مه‌یدانی ڕۆشه‌نبیری وفه‌رهه‌نگی كوردی, فه‌رهاد پیرباڵ ته‌واو جیاوازو ڕاسته‌قینه‌ به‌ ویژدانه‌وه‌ بۆ پیشه‌كه‌ی كه‌ ڕۆشه‌نبیره‌ له‌ به‌رهه‌م و هه‌ڵوێسته‌كانی ده‌رده‌كه‌وێ‌ دوور له‌ ریكلام وقازانجی شه‌خشی به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بی و رۆشه‌نبیری و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی شاهێدی 90% ژیانی ئه‌و نووسه‌ره‌یه‌.
فه‌رهاد پیرباڵ جیاوازوڕاسته‌قینه‌ بۆ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر خوڵقاوه‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ئه‌وی جوانكردووه‌ ئه‌ویش ئه‌ده‌ب و هونه‌ری جوانكردووه‌, ئه‌م نووسه‌ره‌ یه‌ك له‌و نووسه‌رانه‌یه‌ ژیانی خۆی وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك ته‌رخانكردووه‌ بۆ خزمه‌تی میلله‌ته‌كه‌ی هه‌رده‌م خه‌مخۆری ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌ هوشیاروچاوكراوه‌و ئازاد وشتی نوێ‌ ومۆدێرن تا ئاستی داهێنان كۆمه‌ڵگه‌ پێشبخات, به‌ پێی پێوه‌ری ڕۆشه‌نبیر ڕۆشه‌نبیره‌ هه‌ڵوێستی مرۆیی و مرۆڤایه‌تی و نیشتیمان په‌روه‌ری نواندووه‌ و بوێر بووه‌ له‌ قسه‌و رەفتاره‌كان و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ داهاتووه‌ له‌ رابردوو و ئێستادا,له‌ زۆربه‌ی هه‌ڵوێست و بواری رۆشنبیروئه‌ده‌ب و هونه‌ر جێگایی سه‌رنجی گه‌نج و لاوان و تاكی كورد بووه‌ نزیكه‌ی چاره‌گه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ له‌ ئاسمانی ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی دره‌وشاوه‌یه‌ .
ئه‌و فه‌رهاد پیرباڵه‌ زۆر پێویست بوو له‌ دوایی ساڵی 1991وه‌ خۆیشی ده‌زانی كه‌سانیكیش ده‌زانن رۆلی كاریگه‌رووروژێنه‌ری هه‌بووه‌ له‌ ده‌رخستنی ڕاستیه‌كان و ڕاشكاو ئاسا وه‌ك سیمبولێك بۆ ئاشتی و هۆشیاری كۆمه‌ڵگه‌ و هه‌ڵوێست .

فه‌رهاد پیربال له‌ ڕێی كتێبه‌ ناوازه‌وبه‌ پێزه‌كانی توانیویه‌تی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب و كایه‌ی رۆشه‌نبیری كوردی ده‌وله‌مه‌ند بكات و بگه‌شێته‌وه‌ قۆناغێكی نوێ‌ و به‌ نرخ ده‌سپێبكات و بخوڵقێنێ‌ له‌ خه‌باتی رۆشنبیری و هونه‌ری وه‌ك ئه‌دیبێك و نووسه‌رێكی پرۆَفیشناڵ وئه‌كادیمی و دوور له‌ لۆكالی و جیهانی خۆی پیشانبدات, فه‌رهاد پیربال توانیه‌یه‌تی پرس و كێشه‌ بوروژێنی وگۆم بشڵه‌ قێنی بوێرانه‌ رووبه‌روویی نه‌هامه‌تیه‌كان ده‌بێته‌وه‌ چونكه‌ فه‌رهاد پیربال بۆ ئه‌وه‌ خوڵقاوه‌و ڕاسته‌قینه‌یه‌ گه‌ر نا فه‌رهاد پیرباڵ نییه‌ونه‌بووه‌, قسه‌وره‌فتاره‌كانی نزیكه‌ له‌ هونه‌ره‌كانی ڕه‌وانبێژی و هونه‌ری ریالیزم و هونه‌ری سوریالیزم و هونه‌ری سیمبۆلیزم ! , قسه‌و ره‌فتاره‌كانی هونه‌ره‌ شیعره‌ وچیرۆكه‌ و رۆمانه‌ وشانۆیه‌ ! ته‌بیعه‌ت و خوڵق و زه‌وقی فه‌رهاد پیرباڵ شه‌كر نییه‌ به‌ڵكو هه‌نگوینه‌!

دڵنیام ئه‌م نووسه‌ره‌ جیاوازه‌وڕاسته‌قینه‌ تادوا هه‌ناسه‌ی هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ تا رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی رۆشه‌نبیری و ئه‌ده‌ب و هونه‌روكۆمه‌ڵگه‌ ! هه‌رده‌م مایه‌ی دڵخۆشی و بزوێنه‌ری گه‌نجان و لاوانه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ گشتی , وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ له‌ ئاسمانی باشووری كوردستان, گه‌ر فه‌رهاد پیرباڵ نه‌بووایه‌ ده‌بووایه‌ ئه‌م بۆ شایه‌ له‌ ئه‌ده‌ب ورۆشنبیری وهونه‌ری كوردی هه‌ر به‌ به‌تاڵ ده‌مایه‌وه‌ چونكه‌ وای ده‌بینم ئه‌م نووسه‌ره‌ خه‌ڵق نه‌كراوه‌ به‌ڵكو دروستكراوه‌ بۆ خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌ی !
فه‌رهاد پیرباڵ ده‌توانێ‌ وه‌ك كه‌سانێك كه‌ ڕۆشه‌نبیرن و نووسه‌رن به‌ كڕیی و ماتی و بێده‌نگ بنووسێت و قسه‌ بكات و گیرفانی خۆیی گه‌رم بكات ژیانی تایبه‌تی خۆیی بپارێزێ‌ به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ وای نه‌كرد ئه‌وه‌ جیاواز و ڕاسته‌قینه‌یه‌ ئه‌وه‌ ڕۆشه‌نبیره‌ .




نامه‌كانی ئیشق … 12 …سه‌ردار جاف

هه‌موو به‌یانییه‌ك

27 – به‌یانیه‌ك به‌ جوڵه‌ی شنه‌ ته‌نگبوونی دڵم هه‌ڵوه‌رێنه‌، خه‌نده‌ و بزه‌یه‌ك به‌ دیاری ڕه‌اون بكه‌ با كه‌نه‌فتی دوو ڕۆژی بووریم له‌ هه‌گبه‌ی سه‌فه‌ری بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بنێم ، جارێكی دی ئه‌و مۆته‌كه‌ سپڵه‌ و وه‌یشوومه‌ نه‌ك ده‌رگای ناخمان گوزه‌ری هاموشۆی ئه‌وینداریشمان په‌ی پێ نه‌با، ئه‌مڕۆ به‌ باوه‌شێك بۆخچه‌ی پڕ موژده‌وه‌ بگه‌ڕێوه‌، خانمه‌ ئه‌وینداره‌كه‌ی سه‌ر به‌ڕه‌ی ئیشقی كه‌مانجه‌ژه‌نینم ئه‌م دوو ڕۆژه‌ قه‌ڵه‌می سڕم ته‌زیوی زویر بوون نییه‌ وا نامه‌كانی ئیشقی بۆ به‌ر كۆڵانی به‌ر نیگاكانت نه‌نوسیوه‌، ئه‌زیزه‌كه‌م وه‌ك هه‌ر پشوویه‌ك هه‌فتانه‌ دوو فرسخه‌ رێ دێڕه‌كانم ده‌بنه‌ ڕچینی به‌ر مه‌رقه‌ده‌كانی حه‌وانه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیمان خۆی له‌ هه‌گبه‌ ده‌خزێنێ و زه‌نگی مۆبیله‌كه‌م به‌ نامه‌ی تۆ وه‌ئاگام دێنێ ، هێشتان شڕه‌وشاتاڵی پێخه‌فمان نه‌پێچاوه‌ته‌وه‌ له‌ ئامێزن و ده‌نگه‌كانمان ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ین، هه‌سته‌كانی یه‌ك له‌ نامه‌ی به‌یانیانمان جوانتر ده‌كه‌ین، نه‌ورۆز به‌ جوانتر ده‌بینین، دۆراندۆرمان ده‌كه‌ین به‌ گوڵ گوڵه‌كه‌م له‌ گوڵ گوڵتر….25 / 3
28 – به‌ نێو كارێزی سپێده‌ما هه‌نگاو بنێ جه‌سته‌م زیغ و چه‌وی ڕه‌نگاوڕه‌نگی بن ئاوه‌ و پێی لێبنێ با ئه‌و تابلۆ جوانه‌ بێ كه‌ هێشتان فڵچه‌ی هیچ هونه‌رمه‌ندێ سكێچی نه‌كێشاوه‌، وه‌ره‌ و پێم لێبنێ با ئه‌وین فێری گه‌نجان بكه‌ین، ته‌لیسمی كه‌ڵچه‌ڕی نیشتیمان تێك بشكێنین، ئیره‌یی له‌ به‌رده‌رگای ئه‌ویندارانی ئه‌وێ بچنینه‌وه‌، نه‌سته‌له‌ی شیرینی ڕاستگۆیی ئیشق ببارێنین، هه‌تا به‌ چێژ ه‌ چه‌شه‌ی ئیشقه‌وه‌ وه‌ئاگا بێینه‌وه‌، تۆ ئه‌و ژنه‌ی وانه‌ی ژیانت بۆ وتمه‌وه‌، با كیژانی وڵاتم له‌ تۆوه‌ فێر بن په‌یامی جوانی ناخ توێشه‌به‌ره‌ی سه‌فه‌ری ژینیان بێ به‌ر له‌ جوانی ستایل، شكۆمه‌ندی باڵابوونی ژن په‌خش بكا به‌ر له‌ پرچ و بسك ڕووسووری هاوتایی دابێنێ به‌ر له‌ سووركردنی كوڵم و لێو، جوانی مه‌عریفه‌ بێ پاشان فۆرمه‌له‌كردنی جه‌سته‌ وه‌ك ژن ، تۆ ژنێكی له‌ گوڵ گوڵتر … 29 / 3
29 – ئه‌م به‌یانییه‌ هه‌ستی بیستنت بجوڵێنه‌ گوێ بۆ ده‌نگی ده‌ف و ته‌هلیله‌ی ئه‌وینم هه‌ڵخه‌ ، له‌ ئای ئای و قه‌تار ئه‌ڵلا وه‌یسی ئیشقم ڕامێنه‌، تۆ ئه‌و ژنه‌ ته‌ژیه‌ی له‌ من، منیش كتێبێكی موحیبه‌ت كه‌ تا ئێستا بۆ هیچ ژنێك نه‌نوسراوه‌ و نه‌گوتراوه‌، تۆ ئه‌و ده‌ریا شین و قووڵه‌ جوانه‌ی تا ئێستێ هیچ پیاوێ نه‌یتوانیوه‌ له‌ ڕۆختا سه‌وڵی كه‌شتی تاو بدا، ئه‌و شه‌پۆله‌ به‌ لرفه‌ی كه‌ناری لماوی ڕاده‌ماڵی و بۆ ئامێزی ئیشقتی په‌لكێش ده‌كه‌ی، زریان و تۆفانی تووڕیی ژنب وونت مرۆڤگه‌لی وڵات شه‌رمنده‌ و خه‌جاڵه‌ت ده‌كا، تۆ ژنێكی كه‌س له‌ ئۆقیانوسی ئیشقت ناگا، ئه‌و كتێبه‌ جه‌نجاڵ و ئاڵۆسكاوییه‌ی هێشتان جگه‌ له‌ من هیچ پیاوێ حه‌رفێكتی نه‌خوێندۆته‌وه‌، تۆ وشه‌ و ڕسته‌ و نوسینه‌ جوانه‌كانی منی، هه‌ر منیش ده‌زانم چیت ……. ؟ تۆ له‌ له‌ گوڵ گوڵتری.. 28 / 3
ئه‌ڵمانیا.




تەنیا پێش پێنج چرکە … هونراوەی: نەوال شەریف … وەرگێڕانی: ئاری بابان

نا، نا تەنها پێش پێنج سانیە
لە بێهۆشیەکی دورودرێژ
رزگارم بوو،
ئاسواری لق وپۆپی لەشم مابوو.
جەستە ئایرۆسیەکەم
وەک دارستانی چڕ دەسووتا و
چاڵەکانی ناو بەدەنم
نهێنی بێسەروشوێنی ئەژدیهایەکی دڕندەبوو.
ئێستا من وەک کەنغەرێک دەنوسم
ئەو گیرفانەی بێچوەکانی تیاهەڵدەگرم
لەت لەت بوون و
شتەکانم لەکوێ کەوتوون؟
دوای پێنج چرکە،
لەناو چوارگۆشەیەکدا
جەستەم دەبێتە مەڕمەڕێکی بێهەست و
گشت چالەکانی جەستەم لەشوێنی خۆی نامێن و
ئەخزێن و ئەتوێنەوە
چەشنی کانی بەرد دەردەن
جەستە گڕی لەزەتی نامێنێ و
وەک مەیمونێک خۆم ئەبینم
توێکڵە مۆز کۆ ئەکاتەوە و
ئاسودەیی لەژێر پێێ جیهاندا بخلیسکێنێ و
بۆ هەتا هەتایە
فەناببێت




ئەنفال … پشکۆ ناکام

                             

ـ…….لەسەر ئەنفال زۆر ئەووترێت ، هەمووی قسە و پەخشان و موزایەدە و فرمێسکی تیمساحە ، تا ئێستا جگە لە تاوانباری بریاردەر کە ” بەعس” بوو ، کوردە جێ بەجێکارەکانی ئەو جینۆ سایدە لە ناومانا، لە گەڕەکەکانمانا ، لە شارەکانمانا موعەزەز موكەڕەم ئەژین ،،!! بۆیە باشترین یاد کردنەوە ئەوەیە کە لە هۆڵێکی گەورە هەرچی جاش و موستەشاری بەشداربووی ئەنفال هەیە بۆ نان خواردنێکی شایەستە ، بانگ بکرێن و مناڵان و کەس وکاری ئەنفال کراوەکان خواردنی دەعوەتەکە حازر بکەن و بیخەنە بەر دەم میوانەکان … هۆڵەکەش بە دوو تابلۆی گەورە بڕازێنرێتەوە ، تابلۆی یەکەم ” سورەی ئەنفال” و تابلۆی دووەم وێنە ” پورترێت” ێکی فرۆکەوان ” تاریق ڕەمەزان” دیواری هۆڵەکە داپۆشن ، کۆتایی دەعوەتەکەش بە پێشکەش کردنی گوڵێکی زەرد و گوڵێکی سەوز بە میوانە خۆشەویستەکان کۆتایی پێ بێ……




کەرکووک بۆتە قوربانیی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی … رەزا شوان

نەگەڕانـەوەی کەرکـووک بۆ سەر کوردسـتان و هەمـوو ئـەو نەهـامەتییانەی کە بەسەر خەڵکی کورد لە کەرکووکـدا هاتوون، هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ ململانێ و ناکۆکییەکانه نێـوان پـارتی و یەکـێتی لـە پێـناوی بەرژەوەنـدیی تـەسکی حیـزبایـەتی و کەسایەتیـیان. ئەگەرچی هەر ئەو رۆژە کەرکووکیان دۆڕانـد کە سەرکردە نەزانەکـانی ئەم دوو حـیزبە بە راپـرسی لەسەر کوردستانیەتی کەرکووک رازیبوون. ناسیاسییەکانی ئەم دوو حـیزبە لـە گـەمە و هونـەری سـیاسەتـدا، زۆر کۆڵـەوار و نـەزان و هیـچ لەبـارن.. یاریـزانـانی نەزانن و هەمیشە گۆڵیان لێکردوون و لێیان دەکەن.. لە گڤتوگۆ و لەگەمە سیاسییەکاندا دۆڕانـدوویانە.. خەبـات و قـوربانیـدانی چەنـد ساڵـەی گەلەکەمـانیان هـێناونەتـەوە سەر سەفـر. بێ ئـەوەی کە شەرمەزاربـن و وازبهـێنن و سەری خۆیان هەڵبگرن. کەچی ئەم میراتە شەرمەزارییانەیان بێ شوورەیی بـۆ وەچـە و بنەماڵەکـانیان بەجێهێشتوون.
تا ئەمڕۆش پارتی و یەکێتی و هەموو ئەو پارتانەی لە کوردستان دان، ستراتیژییەتێکی سیاسی و نەتـەوەیی یەکگرتوویان نییە، نەخشەرێگایەک و پلانێکی تۆکمەی داڕێژراوی سیاسی و نەتەوەیی کوردیان نییە، لاوازن و نەیان توانیوە ژیـرانە پێشبینی و دووربینی و وردبینی بکەن و هەموو گریمانە و ئەگەرەگانی داهاتوو لەبەرچاو بگـرن.. ئەوەی بە دەریایەکی فرمێسک و خوێن و بە کیمیاباران و ئەنفال و هەزاران شەهید و وێرانکردنی کوردستان هـاتنەدی. سەرکردەکانی ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە بە ئاسانی لەسەر مێزی گـفتوگـۆدا دۆڕانـدوویانە.. تـا ئێسـتاش بـە هیچ کلۆجێک پەنـد و وانەیـان لە شکـستی و لە نەهـامەتییەکـانمان و لە هـەڵە مێـژوویەکـانی رابردوومـان وەرنەگـرتوون. ئەگـینا بـۆ جـاری دووەم و سێـیەم کەرکووک و ناوچە داگـرکراوەکانی تری باشووری کوردستانیان نادۆڕانـد.. لـە رۆژی (١٦ی/ ئوکتـۆبەری/٢٠١٧) دا لە سەدا پەنجـای خـاکی باشووری کوردستانیـان لە دەسـت دان.. لە ئێستاشـدا کەرکـووکـییەکان بـاجـی ناپـاکی و ناکـۆکی و ململانییەکانی و رقەبەرایەتیی ئەم دوو حـیزبە دەسەڵاتـدارەی کوردسـتان دەدەنـەوە.
ئەگـەر پـارتی و یەکـێتی بیان ویسـتایە ماددەی (١٤٠) جـێبەجی دەکـرا، بەڵام لە ماوەی شانزە ساڵدا چ فشارێکیان خستە سەر حکومەتی عێراق تا ئەم ماددەیە جێبەجی بکات؟!
بەڵام هـەردوو لایـان لەبـەر بەرژەوەنـدیی حـیزبیـیان نەک نەتـەوەیی، نەیـان ویست کە ماددەی (١٤٠) جێـبەجێ بکـرێت. تا ئێستا بە جـدی دوای جێبەجێکـردنی ئـەم مـاددەیە نەکەوتوون.. تەنها لە کـاتی بانگـەشەی هەڵـبژاردنەکانـدا، بۆ بەدەستهـێنانی دەنگەکـان دروشمی بریقـەداری (کەرکووک دڵی کوردسـتانە) و (کەرکووک قـودسی کوردستانە) و (کەرکووک هێڵی سوورمانە) و(سازشکردن لەسەر کەرکووک ناپاکییە)، ئەی کوا دڵ و قودستان؟؟ لە هەڵبـژاردنەکانی ساڵی (٢٠٠٥) دا، کە شەڕە پەڕۆی زەرد و سەوز بـوو لە کەرکووک. دکتۆر مەحموود عـوسمان وتی:”کەرکـووک دڵـە مڵـە.. قـودسـە مدسـە.. گـرنـگ ئەوەیـە کـە لـە دەسـتمـان نەچـێـت” بـە داخـەوە کـە کەرکـووک و خانــەقـین و خورماتوو و دووبـز و پـردی و مەخموور و شەنگال و قەرەتەپە و جەلەولا و چەنـدین شارۆچکە و شـوێـنی تـری باشووری کوردسـتانیـان لەدسـت دادیـن.. وەکوو بـەرزەکی بانانیش بۆی دەرچوون. وەک ئەوەی کە نە بایان بینیبێت نە باران.. ئێسـتا تەنـانەت لە دووریشەوە، نـاوی کەرکـووک ناهـێنن و ناوێـرن بـە قـسە و لە راگەیانـدنـەکـانیشیانـدا ئەو دروشمە بـریقەدارانەیان دووبـارە بکەنـەوە.
دەپـرسین لە دوای داگیرکردنی کەرکووکەوە، کـام سەرکردە و کـام دەسەڵاتـداری بـاڵای حکومەت و حیزبە کوردستانییەکـان سەردانی کەرکووکیان کرد؟! بـۆ ناویـرن بچـن بـۆ کەرکـووک؟ چـۆن لە روویـان دێت کە لە هەڵبژاردنەکانـدا داوا بکەن دەنگیان پێبدەن؟
ماوەیەکی زۆرە کەرکووک بۆتە گرێ کوێـرەی نیوان پارتی و یەکێتی، نەک لە پێناوی گەڕانەوەی بۆ سەر کوردستان، بەڵکوو لە پێناوی سەپانـدنی حیزبایەتییان. تا نـەوتی کەرکووکیان دەدەزی و دەفـرۆشت، گەورەترین هێزی تایبەتییان لە دەوروبەری بیـرە نەوتەکانی کەرکووک دامەزرانـد. کە نەوتی کەرکووکیان لێ سەنـدنەوە. پاشەکـشێیان کـرد و کەرووکیان بە گورگـان خواردا.. ئێمە هەمـیشە رۆڵ و قـارەمانێـتی پێشـمەرگە دڵسۆزەکانمان لەبیرناکەین. کە کوردانە و مەردانە سنگیان کردن بە سوپەر و قەڵغان، سەرسەخـتانە بەرگـرییان لە کەرکـووک کرد، بە سـەدان رۆڵـەی دلـێر و بەجـەرگـمان شەهیـدبوون.. گەر بەرگری و بەرخـودانیی پێشمەرگـە نەبوایە لە کەرکووک، داعـش نـەک هـەر کەرکـووک، بەڵکـوو هەولـێر و سلێـمانی و دهـۆکـیشی داگـیردەکـرد.
لە ئێستادا پارتی و یەکـێتی کەرکووکـیان کردووە بە دووبەشـەوە. لای زۆربەی خەڵکی کوردسـتان ئاشکـرایە، کە ئـەوان حـیزبایەتی دەکـەن نـەک کوردایـەتی.. ئەگـینا پۆستی پارێـزگاری کەرکووکـیان نەدەکرد بـە کـێشە و بـە گرێ کوێـرەی نێوانیان، دوای دەیـان کۆبوونەوە تا ئێستا رێکنەکەوتوون.. کێشەی کەرکووک لە کێشەیەکی نەتـەوەییەوەیی
و کوردستانییەوە، لە کێشەی گەڕانەوەی گـەورەترین شاری داگیرکراوی کوردستان بۆ سـەر کوردسـتان.. هێـندە بچووکیـان کـردۆنەتەوە.. لـە دانـانی پارێـزگـارێکی کـورد دا بچووکیان کردۆنەتـەوە، پارێزگـارێک کە تەشیـڕێس و ئەڵقـەلـەگـوێی کـام لایـان بێـت.
پارێزگـارێکی کـورد لە کەرکووکێکی داگیرکـراودا، لەژێـر دەسـەڵاتی عەسکەرتـاری و حەشـدی شـیعی دا بێت و زۆربەی بەڕێـوەبەرەکـان و پۆسـتە باڵاکـان، لە لایـەن کونـە بەعسییە جبورییەکانەوە قورخ کرابن.. دەبێت پارێزگارێکی کورد چ دەسەڵاتێکی ببێت؟ چ بڕیـار و فـرمانێکی جـێبەجێ بکـرێت؟ هـەر بـە قـەدەر (تەهـا محـێـدیـن) ی جیگـری سەرکۆمـاری گـۆڕبەگـۆڕ سـەدام حوسـێن دەسـتی دەڕوات ! دەی باشـە ئێمەش وەکوو کەرکووکییەک، پێمان خۆشـە کە پارێزگـاری کەرکـووک کورد بێت، گەر موقەبـایەکیش بێت. ئەی لەسەر چی رێک ناکەون؟ ئایە لە پارێزگای کەرکووک دا کوردێکی دڵسۆز و کوردسـتان پەروەری لێهـاتوو نییە کە شـایەنی پـۆستی پارێزگـاری کەرکـووک بێت؟ با پارتی و یەکێتی و حیزبیش نەبێت؟ یان بە لای ئێوەوە ئەوەی حەپە زەرد و سەوزەکەی قـووت نەدابێت بە کـورد و بـە دڵسۆزی نـازانـن؟ ئێـوە لە چـیدا رێککەوتـون تا لەسەر ئەم پـۆستەش رێکبکەون؟ ئێوە لە دوای چەندین کۆبوونەوە و دانیشتن.. هاتنەوە سەر خاڵی سفـر. چونکە بـڕوا و متمانەتـان بە بڕیارەکانی یەکتری نیـیە.. تەنها لەسەر ئەوە (رێکـەوتـوون کە رێکـنەکـەون) ئێـوەی پـارتی و یەکـێتی هۆکـار و بەرپـرسن لە بـاری ناسەقامگـیری و لە دڵـەڕاوکی و ترسی کەرکووکییەکـان و لە چارەنووسی کەرکـووک.
گـۆڕان و پـارتە ئیسلامییەکانی کورددتانیش، لە بردنی کەرکوک بەم دەردە و بەم رۆژە
ناهەموارە، ئەوانـیش خەتـابارن و بەرپـرسن و پشکـیان هەیە، ئەگینا دوورەپەرێزی و بێـدەنگی و قـوڕوقـەپیان و هەڵنەدەبـژارد و هەڵـوێست و قسەی خۆیان دەبوو. چونکە
کەرکـووک کێشەیەکی نەتەوەییمانە، گەڕانـەوەی کەرکووک و ناوچە داگیرکـراوەکـانی ترمـان بـۆ سەر کوردسـتان، ئـەرک و داوا و خواسـتی هەمـوو کوردێـکە.
عەرەبەکانی کەرکووک بە سوننە و شیعەوە، بە کۆنە بەعسی و تازە بەعسییەکـانەوە، یەک هەڵوێست و یەک وتارن، هاوکار و هـاوڕان، لەسەر پرسی کەرکووک. هەروەها تورکمانەکانیش کە چەند پارتێکی سیاسییان هەیە ئەوانیش هـاوڕا و یەک هەڵـوێستن. ناکۆکییەکان و رێنەکەوتنی ئێوەیان قۆستوونەتەوە.. لە دژی کورد لەگەڵ عەرەبەکاندا، راو هەڵوێستیان یەکخستوون، دژایەتی کورد دەکەن لە کەرکووک.. راکـان جبوری کە بە وەکالەت پارێزگاری کەرکووکە، کە کۆنە بەعسییەکی شۆڤـێنیی رەگەزپەرسـتە، بـە ئەوپـەڕی دەسەڵات و تـوانـایەکییەوە، دژایـەتی کورد دەکات لە کەرکـووک، بێگـومان حکومەتی عێراقـیشی لە پشـتە و بێ ئاگـانین لە رەفـتارەکانی لە دژی کورد.. خەریکە بارودۆخی کەرکووک بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعـس و لە کەرکووکـدا تەنگ بە کورد هەڵبچنن.. بە شـێوازێکی تریش دێـژە بە بەعەرەبکـردنی کەرکووک دەدەن و کورد لە کەرکووکی زێدی هەزاران ساڵەی باب و باپیرانیان دەربکەن و ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرام بکەن.. دەست بە سەر زەوی و زاری کورد و تورکمان دا بگـرن و لەسەر عەربە شیعە و سننە هاوردووەکان تاپۆیان بکەن.. ئەوەتـا زیاتـر لە پێـنج سەد پارچە زەویی کورد و تورکمانیان بەسەر حەشــدی شـیعی لە کەرکـووک دا دابـەش کـردووە.
بە هـانـدان و کـارئاسانیی راکـان جبوریش، عەرەبەکانی حەویجە و ریاز بە تایبەتیش جبورییەکـان دێـن خانووی زیـادەڕۆ لە کەرکووک دروست دەکەن و فۆرمی خۆراک و تۆماری خێزانییان دەگۆێـزنەوە بۆ کەرکوک، راکان جبوری دەیەوێت کەرکووک بکات بە جبورستان و دیموگرافیای کەرکووک لە بەرژەوەندیی زیادبوونی رێژەی عەرەب لە کەرکووکدا بگـۆڕن و کورد و لە نەتەوەیەکی زۆرینەوە بکەن بە کەمینەی کەرکووک.
تا ئێستا نە پـارتی و نە یەکـێتی هیـچ هەڵـوێستێکی کردارییان نەبووە لە درێـژەدان بە بەعەرەبکـردنی کەرکووک و لەم ستەمـانەی کە لە کـورد لـە کەرکووکـدا دەکرێن.. نە لـە نێو پەرلەمانی عێراقیشدا باسیان نەکردوون.. یـادداشـتێکی ناڕەزاییشیان نەداونەتە حکومـەتی عێراق کە داوابکەن تەعریبی کەرکووک رابگرن و درێژە بە بڕیار و پیلانە گڵاوەکانی سەردەمی رژێمی بەعسی شۆڤـێنیی رەگـەزپەرستی عەرەبی نەدەن و رایـان بگـرن. سیاسەتی درێـژەدان بە بەعـەرەبکـردنی کەرکـووک لە لایـەن دەسەڵاتـدارانی شیعەوە، ئەوە راستییە دەگەیەنێت کە شیعەکـانیش رەگەزپەرست و مەزهـەبـپەرستن. نیاز و پیلانیان لە داگیرکردنی کەرکووک بە عەرەبکردن و بە شیعەکـردنی کەرکووکە. درێژە بە پرۆژەی رەگەزپەرستیی بەعسییەکـانن دەدەن.. ئەمانیش هەڵگری ڤایرۆسی رەگەزپەرستین.. ئەمەو گـۆمانیش لەوەدایە کە پارتی و یەکێتی گوێـرایـەڵی تورکـیا و ئێران بن و بە ویست ئەوان داوای گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر کوردستان نەکەن. نەشـوێـرن بەبـێ ئـەوان پەنـجـە بنێـنە نـاو ئـاو.. نەبـاکـا دەسـەڵات و بـەرژەوەنـدییە حـیزبییەکـانیان بکەونـە مەتـرسـی و لە دەسـتیان بـدەن و سـڕ و تریـان ئاشکـرا بـبن.

لـە دوای (١٦ی/ ئوکتۆبەری/ ٢٠١٧) وە، چەنـد جـارێک دەسەڵاتـدارانی حکـومەت و ئەندامانی باڵا و سەرکردەی حیزبە کوردستانییەکان چوون بۆ بەغدا و لەگەڵ حکومەت و کاربەدەستانی عێراقـدا دانیشـتن، بەڵام هیچیان باسی داگیرکردنی کەرکـووک و ناوچە داگـیرکراوەکانی تـری باشووری کوردستانیان نەکرد.. تەنیا لە پێـناوی پۆسـت و پـارەدا چوون و باوەشیان بـە داگیرکەرانی کەرکووک دا کرد و ئەمـلا و ئەولایـانـن ماچکـردن.
ئەودوای قسە و بـڕیـار و حوکمی مێـژوو، بـۆ ئێوەی خوێنـەرانی دڵسۆز بەجـێدەهـێڵـم.




مـرواری … محەمەد بەرزی

دایــکـم بــەبــەیــەکـی بــوو
شـێـوەی هـەر لـە مـن دەچـوو

ڕوومـەتــەکـانی ئـاڵـبــوو
قــژە خــاوەکـەی کـاڵـبـوو

هـەمـوو بـۆ نـاو دەگــەڕان
نــاوێ وەکـو بـەبـە جـوان

بــاوکــم وتـی : فــاتــمـە
خـۆشــە نـاوی نـەنـکـمـە

دایــکـم تــۆزێ پـێـکـەنـی
گـەڕایـن بـۆ نـاوی کـوردی

بـەبـەی جـوانـتـر لـە پـەری
نـــاومـان لـێـنـا مــرواری

٢٥ / ٢ / ٢٠١٩




ئایدەلۆژی ناسیۆنالیزمی عەرەب لە خیتابی ئەنفالدا! … رزگار عومەر

ئەم بابەتە لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە وەرگیراوە… 2005

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ….




ئە نفال برینێکی بێ هه توانە ، ئازارێکی بە سوێیە ، خەمێکی قوڵە . … ئە سرا جلیل محمد

ئە نفال بریا پە لە هه ورێکی رە ش دە بووی لە ئاسمانی نیشتمانە فرۆشراوە کە م بە سە ر سە ری جە لادە کانتە وە ، بریا گولێک دە بووی بە یە قە ی سۆزانیەک ، شە رابێک دە بووی لە سە ر مێزی بە رپرسان ، وە رە قە یە کی قومار دە بووی لە دە ستیان تا لە پێش چاویان ون نە بوویتایە. خۆزگە فایلی تۆ کۆشکە بە رزە کان و بە لگە نامە نهینیە کان دە بوو تا سە رکردەکان لەپیناوتا جەنگیان هەل گیرسانایە. بە لام ئە فسوس من چی بکە م کە تۆ هیچ کام لە مانە نە بوویت، تە نها برینێکی لە سە ر دلی دایکە رە ش بۆشە کان کە چاویان بە خشیە چاڕوانی رۆیشتوە کانیان ، فرمێسکی مندالێکی بێ سە رپە رەشت و بێ نە وابوویت ، ئاهو نزولە ی پیرە پیاوی ماندوو بوویت . برینێک بووی لە سە ر دلی ئە وکچانە ی کە لە چاوە روانی خۆشە ویستە کانیان بە ختیان وە کو جلەکانیان و چرجە کانیان سیا پۆش بوو .
ئەنفال تۆ برینێکی نە کە س دە تبینت نە سارێژ دە بیت و نە لە یاد دە کرێیت، هه ر وە ک ئە و سۆفیانە ی کە ئە شقی خودا لە یاد ناکە ن ، ئەنفال تۆ لە و بالندە دەچوت کە بالەکانی خۆی پیشکەش بە فرینی نیشتمان کرد، هه ر ئە و نیشتمانە ئیستا ژنە لێو سوڕە کان و پیاوە ورگ زلە کان بۆین باخ لە بە رە کان و ئە قلە پوچە کان گیرفان پرە کان و نە زانە بە ناو زاناکان خۆیان کرد بە خاوەنی . ئە نفال تۆ هه ر ئە و گە لا سارد و تە زیوە ی پایز بووی کە جوانی بەهارت پێشکە ش بە زستانیکی سەخت کرد .
بە هارێک کە گولە کانی لە سە ر هاوپە یمانی مە رگی گە لاکان ژیان . برینە بە شکۆکە م دە نگی گریانی مندالە برسیە کانت نامترسێنێت ، دە نگی تۆپ و بۆنی مردووە کانت نامترسێنێت ، چاوە روانی دایکە پیرە کان و ئاشقە ماندووە کانت نائومێدم نا کات ،
بۆنی ئاڕە قە ی جلە دڕاوە کانت وە ڕەسم ناکات، بینینی ئێسکو پروسکی ژێر دە نکە لمە کانت نام روخێنت ، من کچی خاکێکم بە بۆنی خوێن و باروت وئارەقەت راهاتووم . بە لام برینە بەسویکە م مشە خۆری خەلکە کە ت و بۆنی عه تری بە رپرسە کان و ئەم بازاری هەوەسبازی ومە یلە و غافل بوونەی خە لکە کە ت دەم ترسێنت .
ئە نفال ئە ی ئە وپرۆسەبەدناوەی بەرمبەر میللەتیک گیراییتە بەر کە لاوەکانی بە خوینی خۆیان ودلۆب دلۆب بارانی ئە شک سرودی خۆشە ویستیو ئازادیان دەنوسیەوە لەپیناو نیشتمانە کە یان ، بەلام ئەفسوس نەخاک تێر بوو لە خوین و نە نامەکانیش گەشتن بە بەرپرسەکان و نە بەرچاوی دنیا کەوت کەس نەی بینیت و نەی خویندیتەوە ، تۆ نەبوی بە بابەتی کۆروو کۆبونەوەی بەرپرسان و کەسیش یادی نەکردی تەنها لەم رۆژەدا نەبیت کەس تۆی لەبیر نیە دەنا دەمیک بوو دەبوی بە پە لەیەکی رەش بەنیو چاوی دنیاو پەرەیەک لە میژووی رەشی مرۆڤایەتی، ئەی نیشتیمان، ئە و شەوانە ی لاوەکان لە سە ر شە قام و کۆلان و کوخە ساڕدو بێ نازە کان خە وت بوون ئەو شەوانەی هەزاران ئازیز لە نوگرە ی سەرماو بە برسیەتی و تینویەتی مردن ، هه ر لە و شە وانە زۆریک لە بەرپرسەکانت لە میوان خانە کانی دە رە وە ئا هه نگی رسوابوونی خۆیان دە گێرا ، ئەو رۆژەی کە خودایش نە فرە ت و تورە ی خۆی بە سە رتا باراند هه ر لە و رۆژەشدا دنیا چاوی لە ئاستی رۆلەکانی نیشتیمان بەستبوو کەس بەلایانەوە نەهات ئا ئەو رۆژە هه زاران پەپولە رۆحی خۆیان بەخشی و دنیایان شەرمەزار کرد . رۆژیک دانرابوو میللەتیک قر بکەن و بۆئەبەد بیسرنەوە لە سەر زەوی ، بە لام بێ خە بە ر لە وە ی ئە م میللەتە نە سزای ئاسمان دە یوە ستێنت نە هێزی زەوی دە یروخینت وە بۆ هەمیشە دەمینیتەوە ،

نووسینی : ئە سرا جلیل محمد




نامه‌كانی ئیشق … 11… سه‌ردار جاف

هه‌موو به‌یانییه‌ك

25 – له‌ ده‌فته‌ری ئه‌م سپێده‌ سپییه‌ی ئه‌ندێشه‌مه‌وه‌ له‌ ده‌وری باڵات ده‌گه‌ڕێم، هه‌ڵسه‌ به‌ده‌م ئه‌و تاڤگه‌ی خه‌یاڵه‌وه‌ پیاسه‌یه‌كی نه‌ورۆزانه‌ بكه‌ین، له‌ مه‌لا ئۆمه‌ره‌وه‌ پێكه‌وه‌ چاو ده‌بڕینه‌ تونێله‌ داخراوه‌كه‌ی پیرمام و به‌ نیگایه‌كیش له‌ نه‌ینۆكه‌كه‌وه‌ ده‌ڕوانمه‌ ئه‌و ئاپۆڕا و حه‌شاماته‌ی له‌ پیره‌ هه‌ولێره‌وه‌ هه‌ڵساوه‌ و بۆ توانه‌وه‌ی به‌سته‌ڵه‌كی زمستانه‌ی ناخیان به‌رێ كه‌وتوون و كه‌فو كوڵی به‌ جۆشیان تاو داوه‌ بۆ شایی لۆغانی ئه‌م نه‌ورۆزه‌، سنه‌وبه‌ره‌كانی خانزاد جوانی رۆژئاوای به‌ نیگای هه‌ردووكمان نیشان دایه‌وه‌، هه‌ر كه‌ داگه‌ڕینه‌ خواره‌وه‌یش له‌ سیدی ترومبێله‌كه‌وه‌ باكووری ده‌نگه‌ به‌ سۆزه‌كه‌ی لێ هه‌ڵبڕی …..
هه‌ڵسه‌ هه‌ڵسه‌ كیژی جوان ………………… به‌ هاره‌و كاتی سه‌یران
دره‌نگه‌ خۆت بگۆڕه‌ …………………….. با بڕۆین بۆ به‌ستۆره‌
گوێ مله‌ ده‌نگه‌ ناسكه‌كه‌ته‌ به‌ چرپه‌یه‌كی به‌یانیانه‌ت ده‌ڵێی بشێ به‌ هه‌ورازه‌كه‌ی پیرماما هه‌ڵزنێین یا تونێله‌كه‌ ده‌بێته‌ ڕێمان، ئیدی قه‌ده‌ری من و تۆی دووره‌ وڵات وابوو به‌ پیًَچاپێچه‌ كه‌مكراوه‌كانی چیای پیرمام هه‌ڵگژاین، له‌و دیویشه‌وه‌ بۆ كۆڕێ و شێره‌سوار ملمان نا، ئیدی تا حاجی باییز گۆرانیه‌ خرۆشه‌كانی ناو ترومبیله‌كه‌ هه‌ر وه‌ك شه‌وانی ڕابردوو مه‌ست مه‌ستی نێو نه‌ورۆزی كردین، به‌یانیت ڕه‌نگین وه‌ك ئه‌و ده‌شت و ده‌ره‌ی كوردستان گوڵه‌كه‌م له‌ گوڵ گوڵتر …. 21 / 3
26 – به‌یانیت جوان، به‌یانیت روحی من ، به‌یانیت خه‌یاڵدانی رۆژ و شه‌وانم، جوانیت ئیلهامی شیعرم، هه‌ناسه‌ت نوكی قه‌له‌مم، روحت ده‌فته‌ری نوسینه‌كانم، سینكت كتێبخانه‌ی كتێبم، جوانه‌كه‌م، دوو رۆژه‌ ئافاتی مه‌رگ تێم ئاڵاوه‌ نازانم ئه‌و زویر بووه‌ له‌ كام یاخی بوون و هه‌ڵه‌وه‌ ئیلهامی وه‌رگرت، له‌ كام ژیله‌مۆی منه‌وه‌ پێیه‌كانتی ئه‌زیه‌ت دا و له‌ دڵه‌وه‌ داخورپای و ئه‌و ئازاره‌ به‌ دڵی میهره‌بانت گه‌یشت، په‌نجه‌كانم هه‌ڵوه‌رێن كه‌ بێ ڕێزیان نواند و خه‌میان كرده‌ دیاری ، له‌ بری نوقڵانه‌ی خێر ئاته‌شگای له‌ دڵی من به‌ردا، شیرینه‌كه‌م گه‌ر نیازت ه‌ایه‌ له‌ ده‌رگای دڵته‌وه‌ سنوورداشی ئه‌ودیوی ئه‌وینم بكه‌ی ئه‌وا من له‌ په‌نجه‌ره‌ی چاوه‌كانته‌وه‌ ئاوێته‌ی ئیشقت ده‌بمه‌وه‌ و له‌ خه‌ڵوه‌تی ئه‌به‌دییه‌تت هۆگر ده‌بم، تۆ ئه‌و جوانه‌ی گوڵت پێ ناگا، ده‌ڵێم داڕزێ ئه‌و په‌نجانه‌م نمه‌ك حه‌رامی ده‌رهه‌ق به‌ بوونت بكه‌ن…… 12 / 4
ئه‌ڵمانیا




جه‌للاد … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

بۆ بوختانچی ترین ناسیار: ئا

به‌ كراسێكی سووف و چاوی خوماره‌وه‌ خه‌وتم
كوشتمی و خه‌نجه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر كتێبه‌كانی دانا
له‌ كتێبخانه‌ی له‌یادچوواندا
له‌ هه‌واڵه‌كه‌ بپرسن و خه‌نجه‌ره‌كه‌ ببه‌نه‌ پزیشكی دادوه‌ریی
كه‌سێك له‌ بیره‌وه‌رییه‌ ناوازه‌كان مابێته‌وه‌ و ئاڵایه‌كی به‌ سێبه‌ر و هه‌تاو بێت
پیت له‌ پیتی ناوی ئه‌و پاراوتر نییه‌ بۆ ناوێكی به‌ختیار
ده‌بینین له‌ ڕاوی دووپشك كوژیی دێته‌وه‌
ده‌چێت ژێر كووپه‌ی غه‌زه‌ل ده‌ڕشێنێ‌
له‌ مه‌یخانه‌ی مه‌حوی مێزێكی تاكییم خه‌مڵاندووه‌
پیاڵه‌ باش و له‌ دڵه‌وه‌ ده‌مناسی
بۆ پڕ نابی
تكایه‌ دڵڕاگرییم بكه‌
تا لێت نه‌ڕژێ‌ ناتخۆمه‌وه‌

  • * *
    تاوانبارم داوای په‌قره‌جێكی كرد نه‌مڕشتێ‌
    نیسانی 2019 هه‌ولێر



شاعیری ئه‌رمه‌نی ئاودیك ئاساكیان به‌ گۆچانی ده‌ستم … و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

به‌ گۆچانی ده‌ستی له‌رزۆكم
خه‌مبار ، پشت كۆم ، داماو
دوای ساڵانێكی دوور و درێژ
وه‌ڵامێكی نیوه‌چڵ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ،
نهالی ئازیزمان ده‌بینم ..

حه‌فت چیای سه‌ركه‌شم بڕین
له‌ حه‌فت ده‌ریای قووڵدا په‌ڕیمه‌وه‌ ..
هه‌موو شتێكم له‌ده‌ست دا
سواڵكه‌رێكی غه‌ریب ، له‌م وڵاته‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵات
به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئاكام
به‌ پێیان ده‌گه‌مه‌وه‌ وڵاته‌كه‌م
به‌ دڵێكی تژی خه‌م ،
له‌ گوندی نزیك ده‌بمه‌وه‌ :
گه‌یشتمه‌ براده‌رێك له‌ براده‌رانی مناڵیم
له‌ كێڵگه‌ڕا ،
له‌و دیو په‌رژینی گوندییه‌وه‌ بانگم كرد :

  • ( هۆ براده‌ری دێرین ، خوا قه‌وه‌تت بدا …
    نامناسییه‌وه‌ ؟ زۆر گۆڕاوم ها ؟ )
    براده‌ره‌كه‌م تێمه‌وه‌ ڕاماو هیچی نه‌گوت ..
    ئه‌وسا چووم به‌ گۆچانه‌كه‌م شه‌قام بپێوم ،
    ئا ئه‌وه‌تا كۆنه‌ په‌رژینی دارینه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌م
    ئه‌وه‌تا ئه‌ویش له‌به‌ر ده‌روازه‌كه‌یدا
    به‌ گوڵی بۆنداری ده‌ستییه‌وه‌ ..
  • ( سڵاو خوشكۆڵه‌ !
    خوا حه‌زی كرد جارێكی دی پێك بگه‌ینه‌وه‌ .. )
    سه‌ری دانه‌واند و
    ده‌ربه‌ده‌ر و غه‌ریبی به‌جێهێشت …

به‌ پشتی كۆماوه‌وه‌ ژێرداگه‌ڕام ،
كۆخه‌كه‌مانم به‌ كۆنه‌په‌رژینی دارینه‌وه‌
لێ ده‌ركه‌وت ..
له‌ وێدا
پیره‌دایكم وه‌ستاوه‌

  • ( ئه‌ی خانه‌خوێ ، ئه‌مشه‌و میوانێكتان هه‌یه‌! )
    دایكم هه‌ڵده‌له‌رزی ، به‌ ده‌ستیش په‌كوپه‌كوی بوو:
  • ئه‌وه‌ تۆی لێره‌ ؟!
    به‌ ماچ و فرمێسك له‌ ئامێزی گرتم :
    ( ئای كوڕی خۆشه‌ویستم ، كوڕه‌ داماوه‌كه‌م ..! )



بۆ یەکەمجار ئۆرکێسترای سیمفۆنی تۆرۆنتۆ مۆسیقای کوردی دەژەنێت … ئامادەکردنی: ئاسۆ جەبار

ئۆرکێسترای سیمفۆنی تۆرنتۆ یەکێکە لە ئۆرکێسترا گەورەو شایستە ئەکادیمییەکانی جیهان لەئاستی ئۆرکێسترا بە نێوبانگەکانی ئەمریکا و کەنەدا دایەو ساڵانە بەبەشداری چەندین موزیکدانەرو کۆمپۆزەرو موزیکژەنی بە توانای کەنەدی و جیهانی چالاکییە هونەرییە ئەکادیمیی و جیهانییە بەرزەکانی پێسکەشدەکات.
لە درێژەی چالاکیە هونەریاکانی هونەرمەندی مۆسیقادانەر و پیانۆژەنی کورد نەورۆز تەنیا، ڕۆژی 27 ی ئەپریل لەسەر شانۆی Roy Thomson Hall سەمای کوردی ژمارە 1 ی نەورۆز تەنیا لە نێو کۆمەڵێک کاری جیهانی پێشکەشدەکرێت.
لەم کۆنسێرتەدا ستایڵە جیاوازەکانی سەما لە جیهاندا پێشکەشدەکرێت. ئەم پڕۆژە هونەرییە پێشتر لە ئۆرکێسترای بەناوبانگی سیمفۆنی نۆڤاسکۆشیا پێشکەشکرا و لە هەمان کۆنسێرتدا داواکرا بۆ جاری دووهەم پێشکەشبکرێتەوە.
لەو مۆسیقا دانەرانەی ناویان لەم کۆنسێرتە دەبینرێت Dvorak, Schostakovitch, Tchaikovsky و چەندین دانەری دیکە لەپاڵ ناوی نەورۆز تەنیای موزیکدانەری کورد دەبینیت.

نەورۆز تەنیا وەک تەنیا موزیکدانەرێکی ئەکادیمی کورد لەپاڵ ناوە دیارەکانی موزیکدانەراکاندا ریزبەندی چالاکییەکی ئاست بەرزی ئەکادیمی و جیهانی دەبێت.
Daniel Bartholomew-Poyser کە مایسترۆی ئەم کۆنسێرتەیە؛ مایسترۆیەکی بە نێوبانگی جیهانی و کەنەدییە و شانازی بەبەشداریی کورد و موزیکدانەرێکی وەک نەورۆز تەنیاوە دەکات و دەڵێت:
“كارێکی گرنگە لە کەنەدا بەرهەمی هونەرمەندێکی کورد بژەنرێت به‌مشیوه‌‌یه‌، ئێستا تەنیا بە نوسینی وشەی کورد و ئۆرکێسترای تۆرۆنتۆ ڕاستەوخۆ لینكی ئەم کۆنسێرتە دەبینرێت. پێشتر لەم ئۆرکێسترایە مۆسیقای ئۆرکێسترالی کوردی پێشکەش نەکراوە.”
بایەخ و گرنگی بەشداری کۆمپۆزەرو موزیکدانەرێکی کورد لە ئاوەها ئۆرکێسترایەکی گەورەی جیهانیدا راماندەگرێت لەبەردەم بەرپسیارێتییەکی راستەقینەی ئەکادیمیدا؛ کورد خاوەنی چەندین ئەکادیمیست و هونەرمەند و پەیکەرساز و نوسەر و نیگارکێش و رۆمانوسی بە توانایە؛ بەشداریی و شاکارە هونەری و ئەدەبی و ئەکادیمییەکانی کورد لەدەرەوەو ناوەی کوردستان شایستەی ئاوێتەبوون و بەرجەستبوونن لە دنیای هاوچەرخدا. ئەوەی شاکارییەکی موزیکی و رۆمانێکی گەورە و شاکارێکی هونەریی دەتوانێت لەدنیای مۆدێرندا بە داهێنان و جوانیی و ئەکادیمیبوونەوە کورد وەک کۆمەڵگەیەکی زیندوو بە جیهان بناسێنن هەرگیز سیاسەت و سیاسەتمەندارو ململانێکان ناتوانن ئەو هەنگاوە جیهانییە هەڵبهێن.
شایەنی وتنە نەورۆز ده‌رچوی زانكۆی ویلفریردە و چه‌ندین خه‌ڵاتی‌ له‌ كه‌نه‌دا و چه‌ندین وڵاتی دیکە بەدەستهێناوە، ساڵی 2019 به‌ نوێنه‌ری كه‌نه‌دا هه‌ڵبژیردرا له‌ نمایشی سه‌مای جیهانی. به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی كوردستانه‌ و ساڵانێكه‌ له‌ كه‌نه‌دا ده‌ژی، وەک بەڕێوبەری کارەکانی ئۆرکێسترای شاری گوێڵف لە ئۆنتاریۆ کاری کردوە. هاوکات چەندین شاکاریی جیهانی و کوردی لە کوردستان و ئەوروپا و کەنەدادا پێشەکەش کردووە.
کۆنسێرتەکە ڕۆژی 27 مانگی چوار پێشکەش دەکرێت. دەتوانرێت لە ڕێگای ئەم لینکانەوە تەواوی زانیاریەکان ببینرێت:

https://www.tso.ca/sites/default/files/fact_sheet_april_10_1.pdf
https://www.youtube.com/user/Nawrozmusic
https://www.tso.ca/concert/relaxed-performance-let%E2%80%99s-dance#performance-2291




ئەوکاتەی حەقیقەت دەگۆڕێت بۆگومان گۆڕانکاری ئامادەیە..! … سەروەرکەریم

ئیشکردن ،لەسەرچەمکی حەقیقەت ومانەوەی بەڕەهایی کۆیلەیەتی بەردەوام بەرهەم دەهێنێت و هیزی بیرکردنەوەوگۆڕانکاری لەناودەبات و کۆمەڵگاو مرۆڤی بێ ئیرادەو دەستەمۆ دروست دەکات و هەمووڕیگاکانی پرسیاروگومان دادەخات.
هەمیشە دەسەڵاتەکان کاریان لەسەرفرۆشتنی حەقیقەتی ڕەهابەکۆمەڵگاو مرۆڤەکان کردووەو مانەو ووجودی خۆیان بەحەقیقەتی ڕەها داناوە.لەڕێگەی ئایین و پیرۆزیەکانی تری نیشتیمان و سەرکردەی پیرۆز قبووڵ کردنی دۆخی مەووجود ،بەوەی ئەوە حەقیقەتی میژووە ،کەئەوانی کردوەبەسەرداروسەروەری کۆمەڵگاو دەبێت ڕێزلەپیرۆزیەکانیان بگیرێت.
کاتێک دەسەڵاتەکانیان دەکەوێتەبەرمەترسی و گومانی خەڵک و هەنگاو بەرەوگومانکردن ،لەحەقیقەتی تاڵی ئەوان دەنێن ڕاستەوخۆ دێنە وەڵام باسی ئەوەدەکەن نابێت خەڵک دەست بۆپیرۆزیەکان بەرێت وهەوڵی شکاندنیان بدات چونکە ئەوە حەقیقەتە .لەڕێگەی ئایینە وە سەرتاهەوڵ دەدەن گومانی دۆخی خراپ بڕەوێننەوە بەوەی ،هەژاری و دەوڵەمەندی لەلای خوداوەیەو دەبێت هەمووان بەبەشی خۆمان ڕازی بین ،ئەگەر ئەمەش نەیتوانی گومانی هاوڵاتیان بڕەوێنێتەوە لەجەبەروتی حەقیقەتی زاڵمانەی دەسەڵات و کاری هۆڤیانەیان بۆسەرمافەکانیان ،ئەوا دەست بۆ هەستی نیشتیمانی و پیرۆزی سەرکردە دەبەن و دەیانەێت لەڕێگەی نیشتیمان پەروەری و پیرۆز ڕاگرتنی سەرکردەکانیان ،کەبەقەولی دەسەڵات داران لەخزمەتی ماف و ئازادیەکانی خەڵک دابوون .گومانی خەڵکی بڕەوێنەوە ڕیگای کۆتایی هێنان بە حەقیقەتی زاڵمانەیان نەگرنەبەر.
هەموو دەسەڵاتە دیکتاتۆرو شمولی و فاشستەکان ،لەسەر هەمان تیئۆر ئیش دەکەن ،کەمانەوەی کۆمەڵگا بەمانەوەی ئەوانەوە بەندەو دەبێت ئەوە ،وەک حەقیقەتی ڕەهاقبووڵ بکەن وڕێز لەسەروەری و سەردار بوونیان بگرن و ،وەک کۆیلەیەکی گوێڕایەڵ ئەو دەسەڵاتە ناحەقیقیەی بەزۆر سەپێنراوەو پیرۆزکراوە قبوڵ بکەن پەننا بۆگومانکردن نەبەن و بەڵکو ملکەچ بن .
گومان نەکردنی کۆمەڵگا و بێدەنگ بوون ،لەتاوانەکانی سەرانی دەسەڵات هەمیشە ترس و تۆقاندن بەرهەم دەهێنێت و کۆمەڵگا بەروملەکەچ بوون و مێگەل بوون دەبات .تائەوکاتەی گومان لەحەقیقەتی دەسەلات نەکەین ناتوانین تاوانەکانیان ببینینن ،لەوکاتەی گومان لە حەقیقەتی دەسەڵات و سەرکردەمافیاکانیان دەکەین ،ئەوکات ڕاستی دەسەڵاتی هۆڤیانەیان دەبینین و دەتوانین هەنگاو بنێین بەئاڕاستەی گۆڕانکاری .زانینی جەبری دەسەڵات بەرەو ئیختیارمان دەبات و هەنگاوی سەرتای گومانکردن ،لەحەقیقەتی جەبری دەسەڵات ئیختیارمان نیشان دەدات.
هەروەک ئەنگلس دەڵێت جەبرکوێرە ،تابەئیختیارمان نەزانی و ئیختیاریش.بریتیە لەپێزانینی جەبر،خەڵکی کوردستان زیاتر لەچارەکەسەدەیەکە دەست وپەنجە لەگەڵ دەسەڵاتی سەرانی مافیای کورد نەرم دەکات و ئەوانیش ئەوەیان بەحەقیقت بەخەڵکی کوردستان فرۆشتوە ،کەئەوە حەقیقەتی مێژووە ئەوانی کردووە بەحاکمی ڕەها بەسەریانەوە و دەبێت خەڵکی کوردستان ملکەچی ئەو حەقیقەتەبێت و نابێت هیچ گومان بکات ،لەوەی ئەو دەسەڵاتە مافیاگەریە .(تەوای دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی شیوەی دەسەڵاتی مافیای کوردی هەمان قسەو گفتاریان هەبووە ،لەشیوەی دەسەڵاتەکانی موبارەک و سەدام و قەزافی و زەین بن عابدین و بۆتەفلیقەو بەشیروبەشار …هتد) .دەسەڵاتێکی هۆڤی ناحەقیقین ،چونکە مانەوەی خەڵکی کوردستان پەیوەستە بەمانەوەی ئەوان و دەسەڵاتیانەوە .
هەڵبەت ماوەی زیاتر لەچارەکە سەدەیەکە خەڵکی کوردستان تاڵاوی ئەو دەسەڵاتە فاشیەی سەرانی کورد دەنۆشێت بەناوی حەقیقەتی مێژوو ،کەمترین گومانیان خستوەتەسەرڕابورووئێستایان و هەڵوەشاندنەوەی حەقیقەتی وەهمیانەیان .
دوای ئەوەی ڕۆژانە دیکتاتۆرەکان ،کەدەسەڵاتیان بەحەقیقەت بەسەرخەڵکدا سەپاندوە هەڵدەوەرن کۆتاییان دێت ،ئایاخەلکی کوردستان ،کەی دەست بەرداری ئەوناحەقیقەتە دەبن و بەدەسەڵاتی حەقیقی خۆیان کۆتایی بەمافیاگەری دەهێنن و ڕەوڕەوەی مێژووی ناحەقیقی دەسەڵاتیان هەڵدەگێرنەوەو دەبنە خاوەنی خۆیان و ماف و ئازادیەکانیان.
هۆڵەندا
١١/٤/٢٠١٩




چەند سەرنج و خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک ١٩٧٥ ـ١٩٩١

هەڵۆ بەرزنجەیی ١٤/٤/٢٠١٩

کتێبی: پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک (١٩٧٥ ـ ١٩٩١) … لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی سیاسییە.
پێشەکی، پ.ی.د.یاسین سەردەشتی چاپی یەکەم،٢٠١٨….٢٧٢ لاپەڕە و نزیکەی ٣٤ بەڵگەنامەی دانسقە. نووسینی: زانا فەقێ
لەدەرەوەی مەودای وتار و بابەتی سیاسی حیزبایەتی دا, بۆیەکم جار کاک “کاوە ئەمین” بە بابەتێکی زانستی لەسەر پاسۆکی نووسیوە. بەناونیشانی” ناسیۆنالیزمی کوردی، خەبات بۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی، کاوە ئەمین/٢٠٠٦ کوردستان”.
ئەم کارەی ئێستای کاک زانا فەقێ لەسەر پاسۆک، وەک ماجستەرنامە لە زانکۆی سلێمانی پێشکەشکراوە، بە دووەم سەرچاوە و هەوڵ دادەنرێ، وەک کارێکی زانستی و بەرهەمی قوتابییەکی زانکۆ. هەڵبەت لێرەدا جێی ڕێزێکی زۆرە، دەستخۆی لە کاک زانا بکەم، بۆ هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بۆ ماستەرنامەکەی. گرنگییەکە لەوەدایە، بەتایبەت لاوێکی گەرمیانی،نزیک گڕی نەوتە تاڵانکراوەکەی کەرکووک، بابەتێکی وا تایبەت و قورس و هەستیار و پڕ لە سەختی و کەم سەرچاوەی هەڵبژاردووە، کە بەجۆرێک لە جۆرەکان مێژووی ڕووداوەکانی دوای ڕاپەرین و میدیای بێ ڕوحمی کوردی، خێرا و دوور لە بەرپرسیارێتی و لەبەرچاوگرتنی مێژووی هاوچەرخ، لەبیری کردووە.
ئاخر کەسێک نەزانێ پاسۆک بە چ نانەسکی و زەحمەت و ئەرک گرانییەک، تێکۆشانی کردووە، وا سەرپێی سەیری ئەم کار و حاڵەتە دەکات. بەڵام ئەوانەی خۆیان سووتەمەنی ئەم خەباتە سەختەن، و وردتر و بەویژدانتر و ئەقڵانیتر، خوێندنەوەی بۆ ڕووداوەکان و مێژووی سەردەم دەکەن، باشتر بایەخ بەم کارە دەدەن و پێیان وایە، ئەوەی کراوە، نەک هەر شتێکی ئاساییە، بەڵکو ئەوپەڕی مایەی شانازیشە.
کارەکەی کاک زانا ماندووبوون و پەرۆش و دڵسۆزییەکی بێشوماری پێوە دیارە، مەگەر هەر ئەو توانیبێتی سەراسۆیی و سۆراخی ئەرشیف و بەسەرکردنەوە و پەیوەندیگرتن لەگەڵ هاوبیرانی پاسۆک دا بە گرانی و سەختییە بکات. هاوکات سەر بەسەر دەیان سەرچاوەی جۆراوجۆردا شۆڕ بکاتەوە، تاوەکو سەرەداوی باسێکی لێ ڕوون دەبێتەوە. هۆکارەکەش لە پلەی یەکەمدا، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، حیزبێکی وەک پاسۆک بۆی نەکرا، خاوەنی ئەرشیفێکی پارێزراو بێت و تۆماری مێژوو و ڕووداو و هەڵوێستەکانی لەخۆ گرتبێت، ـ ئەمەش هۆوهۆکاری خۆی هەیە ـ تاوەکو کەسانێکی وەک کاک زانا، بتوانن بۆ کارەکەیان پشتی پێ بەستن و سوودی لێوەرگرن.
کاتێک، بەندە هەواڵی لەخۆبووردوویی و پەرۆشی بەردەوام و گرتنە ئەستۆی ئەم کارە سەختە و لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕێگا پێچەڵپێچەی کاک زانام بیست، زۆر خۆشحاڵ بووم.
ساتەوەختێکیش کاک زانا بۆ یارمەتی و پرسیارکردن و چاوپێکەوتن و هاوکاری ، پێوەندی پێوە کردم، بێ یەک و دوو بەهانایەوە چووم و هەوڵم دا، مەڵۆیەکی جوان و دروست و دوور لە گیانی حیزبایەتی و شێواندنی ڕاستی بخەمە سەرت خەرمانی کارەکەی. تاوەکو ئەم هەنگاوە بێتە سەرەتایەکی باش و پێویست بۆ ئەو مێژووەی پاسۆک، بێ ڕتووش بەدرێژایی تەمەنی خۆی نەخشاندوویەتی. بەڕاستی کارەکەی کاک زانا، جێی دەسخۆشی و پیرۆزبایی لێکردنە.
لێ ئەم هەموو ڕاستی و ستایش و ڕێز و خۆشەویستییە، بۆ کارەکەی کاک زانا. ناکاتە ئەوەی ڕێگرێک هەبێت لەبەردەممان دا، هەندێ ڕەخنە و و باری سەرنج لەسەر ئەم کارە بەهادارەی نووسەر دەربڕین. تا ئێستاش بەدەگمەن نەبێت،کاری سەڕومڕی بێ کەلێن لەلایەن کەسەوە،پێشکەش نەکراوە. هاوکات،دەبڕینی ڕەخنە و باری سەرنج و تێبینی،مۆتیڤگەلێکن، بۆ باشترکردنی هەنگاوەکانی ئایندە و فروانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوە، پێشکەشکردنی کاری پوختەتر.
لەڕاستیدا نازانم لێکۆڵینەوەی زانستی، تا چەند خوێندکار ناچار دەکات چی ئامادە بکات و چۆن هەڵسوکەوت بکات؟ یاخود گەرەکە چی بنووسێ و چی بڵێ!؟ .. لێ ئەوە باش دەزانم کەوا مێژوو و ڕاستی دەڵێن، چ ڕەوای هەق نییە منداڵی دایک و باوکێک، بە زۆردارەکی یاخود مەبەست و لە نەزانییەوە، بدرێ بە باوک و دایکێکی بێگانە!.
بۆیە وا لەبەرەوە لە ڕێی شەنوکەوکردنی ماستەرنامەکەی کاک زاناوە، تەواوی سەرنجەکانم بە چەند فاکتێک، دەخەمە بەرچاو و ڕوونکردنەوەیان لەسەر دەدەم. بەو هیوایەی کاک زانا، بە دڵێکی فراوانەوە و کارێکی سوودبەخش بۆ ئایندەی خۆی لێم قبووڵ بکات. خوێنەری هێژاش زیاتر بەڕاستییە مێژووییەکان ئاشنا بێت، ئەو ڕاستی و هەقیقەتانەی کەموزۆر تەپوتۆزی هەڵمەتێکی بێویژدانانەی چەواشەکاریی و شێواندنیان لەسەر نیشتووە، تاوەکو، وەک ئەوەی کە هەن نەخڕێنە بەردەست و چاو.

کاک زان لە کتێبەکەیدا، شۆرشی ١٧ی تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ لە عێراق دا، کردۆتە پاشخانی ماستەرنامەکەی. لەکاتێکدا نووسەر لەسەر پارتێکی نەتەوەیی وەک ” پارتی سۆسیالیستی کوردـ پاسۆک”ی خاوەن فەلسەفە و ستراتیژێکی دیا و ڕوون و گەشی بیری نەتەوایەتی نووسیویەتی.
سەرەتا:
١ـ بەرگی کتێبەکە جگە لەناونیشانی کارەکە، نەخشەیەکی کوردستانی لەسەرە و لەتەک ئارمێکی پاسۆک دا. لەڕاستیدا ئارمەکە هی پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک نییە. ئەو پارتەی کاک زانا لێکۆلینەوەی لەسەر کردووە، بەڵکو ئارمی “پارتی سەربەخۆیی دیموکراتی کوردستان”ە. کە لە کۆنگرەی یەکەمی پاش دامەزراندنی پاسۆکەوە لە دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١وە، بووە ناو و ئارمی حیزبی ناوبراو. هەق نەبوو کاک زانا بکەوێتە ئەم هەڵەیەوە، چونکە باسەکەی ئەویش باس لە پاسۆک لە نێوان ١٩٧٥ ـ ١٩٩١ دا دەکات.
٢ـ توێژینەوەکە لە ٣ بەش پێکهاتووە. کەچی نووسەر هاتووە وەک سەرەتا و پێشخان، ئەوەی ناسراوە بە شۆرشی ١٧ی تەمووزی ١٩٥٨ لە عیراق دا، کردۆتە پاشخان و زەمینەی لێکۆڵینەوەکەی لەسەر بیری نەتەوەیی کوردیی و لە چوارچێوەی پاسۆک دا. لەکاتێکدا بۆ نموونە، دەبوو لە کۆنتێسێکی وا مێژوویی دا حیزبی ” هیوا، ژ. ک یاخود خۆیبون” بکاتە پێشخانی کارەکەی. چونکە شۆڕشی ١٤ تەمووز ڕووداوێکە لەچوارچێوەی دەوڵەتێکی داگیرکەردا، بەناوی عێراق ڕووی داوە. عێراقیش چ ئەوسا و چ بە ئێستاشەوە، یەکێکە لە دەوڵەتە داگیرکەرە سەرسەختەکانی کورد و کوردستان و پاسۆک ئەم قەوارە سیاسییە زۆڵەکەی قەبووڵ نەبووە و بەهی کوردی نەزانیوە و بۆ تێکشکاندنی خەباتی کردووە.
پاسۆک نەک باوەڕی بەو شۆرشە نەبووە و نییە، لەوەدا کە چ پەیوەندییەکی بە دروست بوونیەوە نییە، بەڵکو خودی عێراقیش بە داگیرکەر و دوژمن دەزانی. کەواتە گەڕانەوە بۆ گرێدانی سەرهەڵدانی بزاڤی نەتەوە و کۆمەڵەیەکی نەتەوەیی وەک ” کاژیک” و پاشان حیزبێکی سیاسی وەک “پاسۆک” بەشۆڕشی تەمووزەوە، هەڵەیەکی کوشندەیە.
٣ـ لە لاپەڕە/ ل ٦٥ دا، کاتێ باس لە بەرنامەی بەرەی کوردستانی پاسۆک دەکات،گوایە بەس پێشکەشی کۆمەڵەی کردووە. لەڕاستیدا ئەو بەرنامەیە خرایە بەردەم هەموو هێز و لایەنەکان.
٤ـ لە ل ١٠٣ باس لەوە دەکات، پاسۆک تا دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ کۆنگرەی نەبەستووە. هەڵبەت هەلومەرج و ژینگەیەکی لەبار لە ڕووی خودیی و بابەتییە، نەڕەخسا، تا پاسۆک بتوانێ کۆنگرەی خۆی بگرێ. کۆنگرە نەگرتن لەترس و لە بێباويرییەوە نەبووە،بگرە لە نەبوونی زەمینەوە بووە. بۆیەکا دەبینین لە کورتترین ساتەوەختی دوای ڕاپەڕینی١٩٩١ دا و لەسێبەری ئازادیدا، پاسۆک یەکەم حیزب بوو لە کوردستان،هەمان ساڵی ١٩٩١ ،بە شەش مانگێ دوای ڕاپەڕین کۆنگرەی خۆی بەست. پاشان ئەوە هەر تەنها پاسۆک نییە، کۆنگرە نەبەستبێت ، ی. ن. کوردستانیش و هەندێ لایەنیش بۆیان نەلوابوو کۆنگرە بگرن.
٥ـ لە ل ١٠٤ دا باس لە کۆنگرە و گۆڕینی ناوی “پارتی سۆسیالیتی کوردـ پاسۆک” بۆ “پارتی سەربەخۆیی دیموکراتی کوردستان ـ پاسۆک ” و گۆڕینی دروشمەکەی لە “کوردستانێکی ئازاد…گەلێکی یەکسان”ەوە دەکات بۆ “کورستانێکی سەربەخۆ… گەلێکی ئازاد” . بنۆڕە خاڵی یەکەم.
٦ـ لە ل ١٢٢ دا باس لە گۆڤاری سەربەخۆیی دەکات. سەربەخۆیی ڕۆژنامە بوو. تەنیا ئاڵای سووری کوردایەتی و چریکەی ئازاد دوو گۆڤار بوون پاسۆک دەری دەکردن.
٧ ـ لە ل ١٣٢ دا باس لە داخوازییەکانی پاسۆک دەکات بۆ ئازادکردنی خوێندکارە عەرەبە گیراوەکان. ژمارەکانی هەڵەی تێدایە ڕاستییەکەی بەم شێوەیەیە:
ئازادکردنی ٢٠ خێزانی ی. ن. ک، ئازادکردنی ٢٠ خێزانی حشع ، ئازادکردنی ٢٠ پ. د. ک، ئازادکردنی ٢٠ خێزانی حسک، ئازادکردنی ١٠ خێزانی کۆمەڵە و ئازادکردنی ١٠ خێزانی پاسۆک. جا بنۆڕن هیچ حیزبێ هەیە لەدەستکەوتدا،کەمترین بەش بۆ خۆی هەڵگرێ و دانێ؟!.ئەم خاڵە شایانی ئەوە بوو، نووسەر تیشکێکی زیاتری بخاتە سەر،چونکە تاقانە و بێوێنە و تژی لە مانا و بەهای بەرزی کوردایەتییە. هەر نەبێت، پاسۆک داوای ئازادکردنی کەسوکاری هاوڕێ کۆمەنیستەکانیشی کردووە.
٨ ـ لە ل ١٤٤ دا باس لە دروستبوونی بەرەی جوقد دەکات. لە زمانی ملازم مەنسوورەوە دەنووسێ: ” گوایە پاسۆک ئامادە بووە، بێتە ئەندام لە جوقد دا، بەڵام ئەوان حسابیان بۆ نەکردووە و پشتگوێیان خستووین”.
ئەم باسە زۆرلۆژیکی نایەتە بەرگوێ و هیچ بەڵگەیەک لەم ڕووەوە نییە، سەرەتا چونکە جوقد یەکێتی لێ دەرچێ، ئەوانی تر هەمووی هێزی عەرەبی و کەس و دووکەسی چایخانەکانی دیمەشق بوون. بەوەرگرتنی هەر کەس و لایەک نەک هەر ڕازیبوون،بگرە پاداشیشیان دەدا. لە لایەکی دیکەوە، هیچ خاڵێکی هاوبەشی نێوان ئەوان و پاسۆک نەبووە. بۆیە پاسۆک باوەڕی بەو خڕبوونەوەیە نەبوو. لەکاتێکدا پاسۆک بۆ بوونە ئەندام لە جوددا، کە لە هێزە کوردستانییەکانی پ. د. ک، حشع و حسک پێکهاتبوو، ئەمانە هاوسەنگەر و دۆست و هاوپەیمانی سەر گۆڕەپانی کوردستانی پاسۆک بوون. بە پارێزەوە و لەوپەڕی ناچاریدا بێتە ئەندام، ئەویش دوای تێپەڕبوونی ٢ ساڵ بەسەر تەمەنی جوددا. جود لە ١٩٨٠ دا دامەزرا، پاسۆک ١٩٨٢ دوای سەرهەڵدانی کێشەکانی لەگەڵ ی. ن. ک دا و ئەقڵێت و سیاسەتی پاوانخوازی یەکێتی، ئینجا چووە ناو بەرەوە بە پارێزەوە. واتە گەر یەکێتی تەنگی پێهەڵنەچنییایە، پاسۆک نەشدەبووە ئەندامی جود، چونکە پاسۆک جەختی لەسەر یەکێتی ڕیزەکان و دروستکردنی بەرەی کوردستانی و سازدانی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکردەوە، نەک سەنگەربەندی دژ بەلایەنەکانی سەر گۆڕەپانەکە. ئەو دوو بەرەیە لە بنەڕەتدا سەنگەربەندیی بوون. یەکێتی لە پارتی و پارتی لە یەکێتی. وەک بەڵگەش بۆ نێت و مەرام و ئامانجی پاسۆک، لە ١٩٧٦ و ١٩٨٠ و ١٩٨٣ و ١٩٨٦دا بە پرۆژەوە بۆ یەکڕیزیی دیالۆگی لەگەڵ لایەنەکان و بەرەی جوددا کردووە. جا بیهێنەرە بەر چاوت، چ لۆژیکێک دەیسەلمێنێ، کەوا پاسۆک بچێتە ناو جوقدەوە، کە بەرەیەکی تەواوی عێراقی بوو.
٩ ـ لە ل ١٥١ دا لە پەڕاوێزی باسکردنی کێشەکانی یەکێتی و پاسۆک دا، باس لە شەڕی مامەخەلان دەکات. لێرەدا دوو هابیر(بێستون و فارس) ی پاسۆک بەدەستی یەکێتی کوژراون، نەک پاسۆک لە یەکێتی کوشتبێ. پاشان بەسەر ناوی بێستون دا، تێدەپەڕێ و پەراوێزێکی دوورودرێژ بۆ فارس دەکاتەوە. گوایە گوناحی فارس ئەوە بووە پێشمەرگەیەکی شۆڕشی ئەیلوول و نزیک لەڕەوانشاد فەتاح ئاغا بووە. ئەوجا لە زمانی ملازم مەنسورەوە، جارێکی دیکە باس لەوە دەکات، یەکێتی گومانیان لەوە بووە، فارس بەعسییە و هاتووە خوالێخۆش بوو نەوشیروان مستەفا بکوژێ.
بەڕاستی هەڵبەستی ئەم چیرۆکە هەر لە هونەری ئەقڵی یەکێتی دێت. چونکە فارسێ لە شارباژێر و نەوشیروان مستەفای خوالێخۆش بوو لە توژەڵە و ناوزەنگ، فارس چۆن چۆنی دەتوانێ پلانی کوشتنەکە جێبەجێ دەکات؟!. لەوەش زیاتر، دەبوو یەکێتی بەڵگە بدات بە پاسۆک لەمەڕ ئەم شتەوە. پاسۆک دەبێت لێپێچنەوە لە هاوبیرەکانی بکات، بە دڵنییایشەوە دەیکرد، نەک هێزێکی تر. یەکێتی لەو زیاتر چ مافێکی نییە دەستخاتە ناو کاروباری حیزبێ تر و چارەنووسی هاوبیرێکی پاسۆک بخاتە مەترسییەوە. کەچی بەداخەوە نابەرپرسانە دێت و فارس دەکوژێ؟؟!!.
ڕەنگە پاسۆکیش لەسەر دەیان ئەندام و بەرپرسی یەکێتی تێبینی و گومانی هەبوو بێت. جا ئایا دەبێت پاسۆک ئەوانە بگرێ و بکوژێ، وەک یەکێتی کردی!؟.

کاک زانا لێرەدا نەیتوانیوە، بێلایەنی بپارێزێ و لە چوارچێوەی کارە زانستییەکەیدا بمێنێتەوە. بەڵکو جۆرە پاساوێک لە ڕێی ئەو چیرۆکە هەڵبەستراوانەوە بۆ کارەکەی یەکێتی دێنێتەوە. ئاخر ئەو ورتە و چیرۆکانەی یەکێتی باسی دەکات،بە پێوەری زانستی ناخوێندرێتەوە و منداڵی سەر بێشکەش دەزانێ وانییە. هەرچەند لە لاپەڕەکانی دیکە،نووسەر باس لە گێچەڵ و شەڕفرۆشتنە بەردەوامەکانی یەکێتی بە پاسۆک دەکات. لێ شەهیدکردنی بێستون و فارس، کە سەرەتا و خاڵی بنەڕەتییە، دروست نایخاتە بەردەم خوێنەر و تەمێکی گومان و ناڕوونی بەسەرەوە جێ دێڵێت. پاشان نووسەر خۆی بۆ فاکتە گرنگەکانی ئەم سیاسەی یەکێتی ماندوو ناکات. بە باوەڕی من ئەم سەرەتا تاڵە، هۆکارێکی گرنگی پەکخستنی پاسۆک و هێنانە دی دروشم و ئاواتەکانی بوو.

هەڵبەت چ ئەو ڕۆژە و چ ئێستاش، بەهەر بیانوویەک بێت کوڕی کورد بەکوشتدان و کوشتن،جێی شانازی نەبووە و نابێت. پاسۆک کە مەفرەزەکەی یەکێتی لەبری تۆڵەی خوێنی دوو هاوبیرەکەی گرتبوو، داوایان لێیان کرد بوو، وەک بارمتە لای پاسۆک بن، تاوەکو سەرکردایەتی یەکێتی ، ڕوونکردنەوە لەسەر ڕووداوەکان دەدەن. بەڵام بەداخەوە، یەکێتییەکان دەست دەکەن بە تەقە و دەرئەنجام ئەوەی نەدەبوو ڕووبدات، ڕووی دا. شایانی ئاماژە پێدانە، لە کوژراوەکانی ناو یەکێتیدا هاوبیری پاسۆک (فەرهاد) هەبوو.

١٠ـ لە ل ١٥٢ دا لە زمانی فوئاد ڕەوەند ناوێکەوە، باس لەوە دەکات، گوایە ساڵی ١٩٨١ لە ناوچەکانی شارباژێڕ پێشمەرگەی پاسۆک چاوساغیان بۆ هاتنەخوارەوەی پێشمەرگەی پارتی کردووە.
بەڕاستی ئەم باسە نەدەبوو، لەو کتێبەدا جێی بێتەوە، چونکە پێشمەرگەکانی پارتی هەم خەڵکی ئەو ناوچەیەبوون و هەمیش بە ڕێکەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی هاتبوونە ناوچەکە. یەکێتیش مافی هەبوو بچێتە ناوچەکانی بادینان.ئەمەش بەپێی ڕێکەوتنی مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی بوو لە سەرەتای هەشتاکان لە دیدارێکیان دا لە لەندەن لەسەری رێک کەوتبوون. ئەوەی ڕاستی مەسەلەکەیە، پارتی لە زۆر شوێندا ڕازی نەدەبوو، پێشمەرگەی پاسۆکیان لەگەڵ دا بێت و زۆرجار بەجێیان دەهێشتن، لەبەرخاتری ڕاگرتنی پەیوەندییەکەیان لەگەڵ یەکێتیدا.ئەو دەم یەکێتی بەس ڤیتۆی لەسەر پاسۆک هەبوو. دیارە خودی خوالێخۆش بوو مام جەلال،بەگشتی هەڵوێستێکی نەرم و ئەرێنی هەبووە بەرامبەر بە پاسۆک،لێ دەروێشەکانی دیکە، کە بەگژ ئەرز و ئاسمان دا دەچوون توندبوون.
هۆکار بۆ دەرپەڕاندنی پاسۆک لە ناوچەی سلێمانی بەدەستی یەکێتی زۆرە، هەر لە هەڵگیرسانی شەڕی عێراق و ئێرانەوە، پەیوەندی بە لێشاوی خەڵک بە پێشمەرگەوە، چاوهەڵنەهاتن بە تا باڵادەستی رێکخستن و مەفرەزەکانی پاسۆک لە شاری سلێمانی ـ کە یەکێتی بە قەڵای خۆی دەزانی و بانگاشەی ئەوەی دەکرد حاکمی گۆڕەپانەکەیە ـ ،ئەنجامدانی چالاکی گەورە لە ڕووی چۆنایەتیەوە و گەلێ هۆوهۆکاری دیکەش. ئەم باسە جێدێڵین بۆ دەرفەتێکی تر.
١١ـ لە ل ١٥٦ و ١٥٧ دا جارێکی تر باس لەوە دەکات، پاسۆک لە بەرەی جوددا، بەیاننامەی ناڕەزایی دژ بە سیاسەتی جود دەرکردووە. جارێک لەبەر ئەوەی بزوتنەوەی کورد بە بەشێک لە بزوتنەوەی عێراقی و عێراقیش بە هی عەرەبی و دژ بە کۆلۆنیالیزم و زایۆنیزم دادەنێن . جارێکی تر لە ١٩٨٣ دا بەرەی جود بانگاشەی شەڕ دژی یەکێتی دەکەن و پاسۆک دژ دەوستێتەوە و بەیاننامە دەردەکات.
بەڵی پاسۆک زۆر بەپارێزەوە چووبووە ناو جودەوە، وەک تاکتیکێکی سەربازی لەناو جوددا بوو، بۆ خۆپاراستن لە هێزەکانی یەکێتی و شەڕی بە کۆمەڵی دەوڵەتی عێراق و ڕژێمەکەی. دەنا لەڕووی فکر و ستراتیژەوە،لەتەک بەشێکی زۆری هەرسێ لایەنەکەدا، ئاسمان و رێسمان نێوانیان بوو.
١٢ ـ کاک زانا لە ل ١٦١ ـ ١٦٢ دا، بە دەستپاکانە ئاماژە بە پێشوازییەکانی پاسۆک بۆ هەوڵەکانی حشع بۆ ئاشتەوایی دەکات. ئەمەش بەڵگەیەکی تری زیندووی، نێت پاکی و باوەڕی بەرزی پاسۆک بۆ پاراستنی یەکێتی و تەبایی نێوان هێزەکان دەسەلمێنێ.لە سەخترین ڕۆژەکانی ناکۆکی پاسۆک لەگەڵ لایەنەکان،دیسان پاسۆک بەوپەڕی باوەڕ و قەناعەتەوە،جەختی لەسەر یەکڕیزیی و تەبایی و یەکگرتنی لایەنەکان کردۆتەوە. ئەم مێژووە گەش و دیارە،بە هەنییەی خەباتی پاسۆک و باوەڕی کوردایەتییەوە.
١٣ ـ لە ل ١٦٦ ـ ١٦٨ دا، لەسەر هەڵوێست و سیاسەتی پاسۆک بەرامبەر بەشەڕی یەکێتی و رێکەوتنیان لەگەڵ ڕژێمی بەعس دا، زۆر شت دەڵێ. من بۆ دەستنیشانکردن و نیشاندانی جیاوازی بیرکردنەوە و هەڵوێست و نووسینەوەی مێژوو، تەنها ئاماژە بە دوو نووسینی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا و شێخ محەمەد شاکەلی دەکەم و هەڵسەنگاندنەکە بۆ خوێنەر بەجێ دێڵم:
” ئازاد مستەفا کەوتە نووسینی بەیان و وتار دژی یەکێتی لە بواری موهاتەراتی سیاسیدا بۆڕی هەموو ئەوانەی پێش خۆیدا” نەوشیروان مستەفا، پەنجەکان یەکتر دەشکێنن،ل ٢١٠
” لەکاتی دانیشتنەکانی نێوان ئێمە و ی.ن.ک ، سەرکردایەتی ی. ن. ک داوایان لێکردین ناوەندگیریی بکەین لە نێوان ی.ن.ک و پاسۆک،بۆ ئاشتبووەیان،چونکە ی.ن.ک دەیویست لە وتار و بەیاننامەکانی پاسۆک ڕزگاریان بێت،کە لە دژیان دەیاننووسی، لەبەر ئەوەی پاسۆک لە ڕووی نووسین و بەیاننامەوە زۆر بەتوانا بوون.” چاوپێکەوتن لەگەڵ شێخ محەمەد شاکەلی و لەبیرەوەرییەکانی خۆشیدا” لە بزووتنەوە وە بۆ حزبی سۆسیالیستی کوردستان١٩٧٦ ـ١٩٩٣” ، دا ئاماژەی بەم خاڵە کردووە.
١٤ ـ لە ل ١٩٩ دا، باس لەوە دەکات کە ئازووقە و پێداویستی پاسۆک لەلایەن یەکێتییەوە دابین کراوە. ئەم خاڵە زۆرجار لێرەولەوێ باسکراوە و دەکرێ. ڕاستییەکەی بەشێکی هی ئەوەیە کە پاسۆک وەک هێزێک زۆری پێ ئابڕوومەندانەترە و شانازی پێوە دەکات، کۆمەک و یارمەتی لە جەماوەر و پارتێکی کوردی وەرگرێ، تاوەکو لە سەرچاوە گوماناوییەکان!!. هاوکات دیوێکی تری ئەم مەسەلە بریتییە لەوەی، پاسۆک بڕوای بەوە نەبوو، ئەویش شان بەشانی پێشمەرگەی چەند لایەنێکی تر، پێشمەگەیەک یان دووانی خۆی لە خاڵێکی گومرگدا دابنێ و بەشی خۆی ببات، ـ ئەگەرچی پارە هەم خۆشەویست و هەمیش گرنگە بۆ حیزب و حیزبایەتی ـ بەڵکو دەیقەبڵاند بە بڕەک یارمەتی دیاریکراو.
١٥ـ لە ل ٢٠٠ ـ ٢٠٦ جارێکی تر باس لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان یەکێتی و پاسۆک دەکاتەوە تا ڕووداوەکەی پشتئاشان،کە دەست بەسەر بارەگا و ئەرشیڤی پاسۆکدا گیرا.. لەوەش زیاتر، کاتێ بارەگای پاسۆک و یەکێتی لە قەڵاچوالان نزیکی یەک دەبن و لەسەر بارەگای پاسۆک ئاڵای کوردستان بەرزکراوەتەوە، خوالێخۆشبوو مام جەلال هەڕەشە و گوڕەشە لەسەر ئاڵای کوردستان لە پاسۆک دەکات. کاک زانا، لەدوای درک پێکردن و هەستکردن و بینینی ئەو هەموو ڕاستییانە و زانینی خودی گەوهەری کێشەکان، تاوان و گوناحەکە لەبەرامبەر پاسۆک و یەکێتیدا بە کراوەیی دەهێڵێەوە،هەروەک ئەوەی ئەو دوو هێزە لە هەڵە و گوناحەکان دا،وەک یەک بن. هەرنەبێت لە لێکۆڵێنەوەکەیدا، ئەم دژایەتییە کوێرانە و ناپێویستەی بەردەوامی یەکێتی بۆ پاسۆک، ناکاتە فاکتێک بۆ نەمانی پاسۆک، یاخود گرتنبەری سیاسەتێکی دیکە لە لایەن پاسۆکەوە،ناگێڕێتەوە بە ڕیشەی کێشە سەرەکییەکان. ئاخر لە هاوکێشەی پەیوەندیی و کێشەی نێوان پاسۆک و یەکێتی دا، بارستاییەکان هاوسەنگ نین،بەڵکو کێشەکە لای یەکێتی بوو، ئەوان وا بیریان دەکردەوە، ئەوەی لەگەڵیاندا نەبێت،دژیانە. یاخود یەکێتی هەرچی بکات، لە شەڕ و ئاشتی، دەبێت ئەوانەی دەووروبەری بۆی بسەلمێنن و لەدووی بڕۆن. ئەمەش بۆ پاسۆک سەخت بوو.
١٦ ـ بۆ ئەوەی بە پشوویەکی ئارامەوە و بە لۆژیکێکی دروست و میتۆدێکی زانستانەوە،خوێندنەوە بۆ سەرجەم ڕوودا و پێشهاتەکان و خودی مێژووی پاسۆک بکەین، دەپرسین ئایا ئەگەر پاسۆکێک بتوانێ باشترین پەیوەندی لەگەڵ حیزبێکی وەک حشع دا ڕابگرێ،لەگەڵ حسک دا نیوە تێکەڵ بێت، لەگەڵ پارتیشدا،بەهەمان شێوە، پەیوەندییەکی تەندروستی هەبێت!، ئەی بۆ ناتوانێ و گەرەکی نییە، لەتەک هێزێکی وەک یەکێتیدا، لەدەڤەری خۆی پەیوەندییەکی ساغڵەمی هەبێت!؟.
پێموایە وەڵامی ئەم پرسیارە، کەموزۆر خوێنەری زیت و بەدیقەت، لە دووتوێی ماستەرنامەکەی کاک زانا و خەرمانی دیکۆمێنت و نووسراوی پاسۆک و خەڵکانی تردا هەستی پێدەکات و هەڵی دەهێنجێنێت.
١٧ ـ پاسۆک، وەک کاک ئازاد دەنووسێ: ” بەتەمەن منداڵ،بە ژمارە کەم،بە قەبارە بچووک،بە ئیمانیاتی سفر،بێ ئەزموون،دەوران دەورمان دوژمن و ناحەز” ،خاوەنی نووسرا و بڵاکراوەی زۆروزەبەند بوو،کە کاریگەریی گەورەیان لەسەر جەماوەر هەبوو. بەداخەوە دەزگای رادیۆی نەبوو،تا دەنگی بگاتە هەر شوێنێکی کوردستان. دۆستەکانیشی بەتابەتی پارتی، هەرگیز دەرفەتیان نەدەدا، تاکە بەیاننامەیەک، با لەسەر جەژنی نەتەوایەتی نەورۆزیش بوایە، لە ئیزگەکەیانەوە بخوێندرێتەوە. لێ پاسۆک توانی بە میتۆد و شێوازی دیکە، دەنگ و ڕەنگی خۆی، جگە لە بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەکانی، لە ڕێگای پۆستەرەکانی دروستی دەکرد و دروشمەکانی لەسەر دیوارەکان لەناو شار و شوێنە ئازادکراوەکان، هەڵیان دەواسی و دەیاننووسی . ئەم چالاکییەش کاریگەرییەکی بەهێز و زوڵاڵی دروست کرد بوو. بۆیەکا هەق بوو، کاک زانا ئەم لایەنەشی لە خەباتی پاسۆک لە بیر نەچوبایە.
١٨ـ دەبوو کتێبی ناوبراو، هەندێ وێنە و پۆستەری پاسۆکی لەخۆ بگرتایە. چونکە ئەو دوو توخمەش مانا و سیمبۆڵی گەورە و بەهادار دەنوێنن. چونکە وێنەکان بۆخۆیان بۆ خوێنەر دەدوێن.
١٩ ـ کاک زانا لەوە ئاگادارە،پاسۆک لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستانیش بەتایبەت، هەوڵی بەردەوام و زۆری بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی سەرتاسەری، لەنێوان هێز و لایەنەکانی هەموو پارچەکانی کوردستاندا دەدا. چەندین کۆبوونەوە لە سوید و ئەڵمانیا و دانیمارک بۆ ئەم ئامانجە کراوە. بەندە وەک نوێنەری پاسۆک لە چەندین کۆبوونەوەدا بە ئامادە بوونی کاک ئەمیری قازی وەک پارت سەربەخۆیی کوردستان، کاک عەدنان موفتی وەک نوێنەری سۆسیالیست و کاک جەلیل گادانی وەک نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان/ شۆڕشگێران و سەلاح بەدرەدین و چەندانێکی تر ئامادە بوون. پێشتریش کاک ئازاد و کاک ئەمیری قازی کە داینەمۆی هەڵسوڕێنەری ئەم بیرۆکەیە بوون، چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە. چونکە بەرەی کوردستانی، کە پاسۆک لایەنێکی پێکهێنەری بوو، تەنها لەنێوان هێزەکانی باشوور و بۆ باشووری کوردستان بوو. لێ پاسۆک گەورەتر دەیڕوانییە دۆزە نەتەوایەتییەکە. بۆیەکا توانا و وزەیەکی زۆری بەخشی بۆ هێنانە کایەی بەرەی کوردستانی سەرتاسەری. چەند پرۆژە و بەرنامەیەک گەڵاڵە کران و تۆڕی پەیوەندی بە لایەنە کوردی و کوردستانییەکانەوە فراوان کرا. بەداخەوە ڕووداوەکان هێندە بە خێرایی هاتن و تێپەڕین، ئەم ئاواتە بەدروستی نەهاتە دی. بەداخەوە ئەم ستراتیژە پیرۆز و گرنگەش لە سیاسەتی پاسۆک، نووسەر لە بەرهەمەکەی ئاماژەی پێ نەداوە.
٢٠ـ کەماسییەکی زەقی ئەم کارە،لەودایە، پەیڕە و پڕۆگرامی پاسۆک،وەک گرنگترین بەڵگەنامە و دۆکۆمێنت،کە هەموو هزر و فەلسەفە و ستراتیژ و تاکتیکی پاسۆکی تێدا بەرجەستە بووە، چ خوێندنەروەیەکی بۆ نەکراوە و لە هیچ ڕەهەند و کۆنتێکسێکی فیکری و مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە،کاک زانا هیچ قسەیەکی لەسەری نەکردووە. لە کاتێکدا پەیڕەوپرۆگرام ناسنامەی هەرە دیاری حیزبە و خاوەنی کارەکتەر و بەها و تایبەتمەندییەکی خۆیەتی.دیارە بۆ پارتێکی نەتەوەیی لەو هەلومەرجەی ئەوسەردەمەی کوردستان دا،چ هێزێک نەبوو، بوێری ئەوەی هەبێت لەدەرەوەی خولگەی مارکسایەتی و خەباتی کرێکاری داوای فشەمافی ئۆتۆنۆمی قسەیەکی تری لەکایەی سیاسەتی کوردی دا پێشکەش کرد بێ و ڕاگەیاند بێت. ئەوە تەنها پاسۆکە هەڵگری ، بیری جیاواز، ستراتیژێکی تر، ڕێبازێکی بێ سازش، بانگاشەیەکی دیکە و ناسنامەیەکی جودا لە کۆی ئەو تێز و بەرنامانەی دیکەی حیزب و لایەنەکان بوو.

ماوەتەوە بڵێم، ئەم چاوپێداخشانە خێرایەی من، بەم کارە ناوازەیەی کاک زانادا، ڕەنگە لێرە و لەوێ شتگەلێکم بەسەردا تێپەڕی بێت، یاخود بەکورتی ئاماژەم پێدا بێت و هەندێکیش هەر بۆ درێژنەکردنەوەی باسەکان، زۆر لەسەریان نەڕۆیشتووم. دەبێت جارێکی تریش جەخت لە کارە زەحمەتەکەی کاک زانا بکەمەوە و دەستی ماندووبوونی دەگووشم. دەزانم بەپەرۆش بوو، بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەی زۆر و گەیشتن بە ڕاستییەکان. لەو خەرمانە پەرشوبڵاوەی پاسۆک هەیەتی، لە نووسراو و نەنووسراو و گێڕانەوەی هاوبیران و گەواهەکانی ڕووداوەکان و بیرەوەی وکەسانی هاوسەردەمی پاسۆک و دۆکۆمێنتەکان، ،کاک زانا توانیویەتی بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەرانە، ئەم کارە زانستییەی لێ بەرهەم بهێنێت.
ئەم کۆمەڵە سەرنجەی منیش، هەر دەبێتە مەڵۆیەکی تر بۆسەر خەرمانی مێژووی پاسۆک و ئەم بەرهەمە نازدارەی زانا فەقی. ئەو مێژووەی بە خوێنی دڵسۆزترین کەسانی نیشتمان تۆمار کراوە و بە ڕەنجی خۆنەویستانە و خەباتی بێ پسانی تێکۆشەرانی ێێی کوردایەتی هاتۆتە بەرهەم و بە هزر و قەڵەم و لوولەی تفەنگ لە خزمەتی بەرجەستەکردنی ناسنامەی کوردبوون دا، هەموو توانایەکی خۆی خستۆتە گەڕ. تا ئێستاش لە فۆڕمێکی تری دەرەوەی حیزبایەتیدا،درێژە بە خەبات بۆ “کوردستانێکی ئازاد،گەلێکی یەکسان” دەدات.
بەواتایەکی تر، بەو هیوایەی سەرنجەکانم، بۆ کارەکانی ئایندەی کاک زانا و چاپەکانی داهاتووی ئەم بەرهەمە، بەسوود بشکێنەوە.





لە پەراویزی فیلیمیکی دۆکیومەنتاری، مندال قوربانیە گەورەکەیە! … ریبوار عارف

لەم ڕۆژانەدا کەنالی یەکی تەلفزیونی فینلاند فلیمێکی دۆکیومەنتاری بەناوی(ئەو بەزووی دێتەوە) بلاوکردەوە، کە کارکتەری فلیمەکە باوکی مندالیکی رفینراوبوو بەناوی (هێژا سادق)ەوە. بەدەر لەوەی زۆرێک لە خوێنەرانی ئەم بابەتە فلیمەکەیان نەدیوە، بەلام ئەوەی کە بەلای منەوە گرنگە ئاوریکی لی بدەینەوە خستنە رووی کۆدەکانی پشت ئەم فلیمە و ماف وجیگەوریگەی مندال لە حالەتی لێکترازان و جیابوونەوەی دایک و باوکە، نەک بەدواچوون و تاوتوی کردنی چۆنیەتی فیلیمەکە. بەتایبەت ئەوەی لێرەدا گرنگە ناوەرۆکی فلیمەکە باس ڕووداوێک دەکات کە بەرادەیەکی بەرچاو بەرۆکی بە کۆمەلگای ئێمە گرتووە، بەدیاریکراویش ئەو حالەت و خێزانانەی کە لە ئەوروپا ژیان بەسەردەبەن، بۆیە بە گرنگم زانی لێرەدا قسەیەکی لەسەربکەین.

بە کورتی ئەم فلیمە باس لە داستانێکی واقعی ڕفاندنی مندالێک دەکات لەلایەن دایکیەوە لە فینلاندەوە بۆ کوردستان؛ لەمبارەشەوە باوکی منداڵەکە لەهەوڵی گەڕانەوەی مندالەکەی دەبێت، بۆ ئەم مەبەستە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان بەهیوای بەدواچون لەسەر چارەنووسی مندالەکەی. بەلام لە فرۆکەخانەی سلیمانی دەستگیردەکرێ وپاش هەفتەیەک مانەوەی لە زیندان، دواتر نائومیدانە دەگەڕێتەوە فینلاندو هەول دەدات لە ڕێگەی یاسایەوەو بەهۆی بەدواچونەکانی پۆلیسی ئەنترپۆل مندالەکەی بگەڕێنێتەوە. بەلام ئەمە ماوەیەکی زۆری دەویت و رووبە ڕووی کۆمەڵێک ڕێگری دەبێتەوە کە ئەگەری پیکانی ئامانجەکەی دووردەخاتەوە. بۆیە دواتر لەگەل کۆمەلێک دۆست وئاشنایی خۆی دەکەویتە ڕاویژکردن بەمەبەستی هەنگاو نانێکی زیاتر بۆ گەیاندنی دەنگی خۆی بە لایەنە پەیوەندارەکانی ئەم ولاتە، بەهیوای گەرانەوەی مندالەکەی.

دواتر بەلەبەرچاوگترنی ئەوەی کەحالەتی مندال ڕفاندنی منداڵ لە فینلاندا رێژەیەکی بەرچاوی لە خۆگرتووە کە سالانە زیاتر لە 40 مندال دەرفینریت بۆیە سەرئەنجام کەمپەینێک بۆ ورووژاندنی کۆی ئەوحالەتانەی کە بەناوی رفاندنی مندالەوە دەناسریتەوەو راگەیەنراو کەسانیکی تریش پێوەی پەیوەست بوون. دەبێت ئاماژەیەک بەوەش بکەین کە بەشێک لەم فلیمە لە جەرگەی کارەکانی ئەم کەمپینەدابوو کە هاوکات بریاردرا کە نووسەری ئەم وتارە بکریتە بەرپرسی ئەو کەمپەینەی کە ماوەی سێ هەفتەی بۆ تەرخان کرابوو، بۆ داکۆکیردن لەمافی ئەو مندالانەو گەرانەوەیان بۆ فینلاند، بەناوی(نا بۆ رفاندن)ەوە دەست بەکاربوو کە لەو ماوەیەدا گرتەو راگەیاندنەکانی، سەدان هەزار کەس بینیان. جیاواز لەوەی کە هەزاران کەس پشگیریان دەکردو کۆمینتیان دەنووسی، هاوکات چەندین کەسی تر لە ولاتانی تری ئەوروپاو استرلیاوە هاتنە سەرخەت بەهۆی ئەوەی کە بەهەمان شێوە ئەوانیش مندالیان ڕفێنرابوو.

ئەوەی بۆ من زۆر جێگەی سەرنج ڕاکێشان بوو تێگەشتن و لێکدانەوەی کۆمەلگای ئێمەیە سەبارەت بە ڕفاندنی مندال و ماف وحورمەتیان، کە بەشێوەیەکی گشتی کەمترین قسەی لەسەرکراوە. تەنانەت زۆریک لەو کەسانەی کە کۆمینیتیان دەنووسی زیاتر جۆریک لە پشگیری یەکیک لە دایک یان باوکان دەکرد، تا بەدواچون لەسەر چارەنووسی مندالەکان. لەو شوینەشدا کە قسە لەسەر مندال دەکرا زیاتر باسەکە دەهاتەوە سەرئەوەی کە ئایا مندال دەبیت لای دایک بیت یان باوک، ئایا دایک زیاتر دلسۆزە بۆ مندال یان باوک… ئیتر ڕەنج وئازارو معاناتەکانی مندال لەپرۆسەی جیابوونەوەی دایک وباوکدا، بەتایبەت لەو حالەتانەدا کە یەکیِکیان مندالەکەیان بە بارمتە دەگرن ودژایەتی بەرامبەرەکەیان پێدەکەن، بەداخەوە کەمترین تیشکی دەخرایەسەرو نەدەبوو جێگەی بەدواچون. بۆیە بەگرنگمزانی لەمبارەوە قسەیەک بکەین!

مندال لە دووڕیانی مرۆڤ و کالادا

بەداخەوە لە کۆمەلگاکانی خۆرهەلاتی ناوەراستدا کاتیک باسی مندال دەکەین، هێشتا بەو شوێنە نەگەشتووین کە بە دەر لە گرێدانەوەی بە دایک و باوک، وەک مرۆڤێک مافەکانی بە ڕەسیمیەت بناسیریت و چوارچێوەیەک هەبێت کە تیدا بە دەر لە ڕۆلی دایک، باوک، ئاین و نژاد، کچ و کور بوون ماف و بەها ئینسانیەکانی پاریزراوبێت، وەک ئەوەی کە لە ولاتانی ئەوروپادا هەیە. کێشە هەرە گەورەکە ئەوەیە کە کۆمەڵگا بەرپرسیار نیە لەبەرامبەر و ماف و تەندروستی وئاسایشی ژیانی مندالان. هەربۆیە ئێستەشی لەگەڵدابێ بڕیاردەری دەستپێک و کۆتا لە هەر ڕوویەکەوە دایک و باوک و بەرپرسانی ڕاستەوخۆی مندالان خۆیانن. لێرەشەوەیە بە حوکمی سروشتی گەورەسالاری و کۆنەپەرستی داب و نەریتی کۆمەلایەتی و ئاینی سنورێک بۆ قەڵمڕەوی جوڵەی مندال و ئاراستەکردنی ژیانی دادەنرێت.

هەر بۆیە کاتێک کە دەلێن مندالەکەم ئیتر کەسێک هەیە کە بریار لە هەموو مقەدەراتی ژیانی ئەو مندالە دەدات لە دەرەوەی هەر یاساو ڕێسایەک و لە دەرەوەی زۆرێک لە مافە نیودەولەتیەکانی مرۆڤ و بەتایبەت مندالان. دروست تراژیدیاو بێ مافیە گەورەکە لێرەوە دەست پیدەکات، مادام تۆ باوک یان دایکی ئەو مندلەی ئیتر بەبی هیچ جۆرە کۆنترۆل وچاودیری و لیپرسینەوەیەک، تۆ مافی بریاردانت هەیە لەسەر کۆی ژیان و چارەنووسی مندالەکەت بە چاک و خراپیەوە؛ بەبێ ئەوەی کە هیچ بەهایەک بۆ بەدواچون و داوەریەکی یاسای بۆ مافەکانی مندال دابنێت کە لە دەرەوەی ویست وئارەزوەکانی تۆی دایک وباوکدایە. واتە لێرەدا تیشکی پلاجیکتورەکە بەدەوری بریارەکانی باوک ودایکدا دەسووڕیتەوە ، بەدەر لەوەی کە ئایا ئەو بریارە دەتوانێت چ کاریگەریەکی هەبێت لە ئایندەی ئەو مندالەدا، ئایا ئەو دایک و باوکە چەند شایەنی ئەوەبوون کە بتوانن بریاریکی تەندروستدارو بێکێشە بدەن، ئایا ئەو بریارەی دایک یان باوک دەیدەن چەند لەبەرژەوەندی ئایندەی ئەو مندالەدایەو چەندە توانیویەتی ئەمنیەت وئاسایش و کەرامەتی ئینسانی ئەو مندالە بپاریزیت؟ ئایا ئەو بریارەی کە باوک یان دایک دەیدات چەندە دەوریان هەبووە لە دروستکردنی بالانیسکی تەندروستدار کە تیدا مندال بتوانیت لە خۆشەویستی هەردوولا بەهرەندبێت… چەندە توانیویەتی کە مندال لەهەر جۆرە خەمۆکی و دلەڕاوکەو دابران و ناتەباییەکی باری دەرونی بپارێزرێت.

ئەمانەو گەلێک پرسیاری تر دەتوانێت پاشکۆی ئەو بریارانە بێت کە باوک یان دایک دەیدات. بەلام لە ڕاستیدا بەداخەوە زۆربەی زۆری ئەم حالەتانە لە بریارە یەک لایەنەکانی دایک یان باوکدا لەبەرچاو ناگریت و هیچ بەهاو مانایەک پەیدا ناکات، بە پێچەوانەوە ئەوەی کە ئێَمە دەیبین ئەوەیە بە تایبەت لەحالەتی جیابوونەوەی و لیکترازنی خێزاندا ئەوەی مانا پەیدا ناکات، تەندروستی و بەرژوەندی و ئایندەی ئەو منالانەو راگرتنی ئەو بالانسەیە کە بەر لەهەر کەسیک مندال پیوستی پیەتی. ئەوەی کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆر بەرجەستە دەبێتەوە ئەوەیانە کە مادام تۆ باوکیت یان دایکیت ئیترە چماقەکەت بەدەستەو چۆنی ئاراستە دەکەیت مافی خۆتانەو دەبێت هەروابێت. بەبێ ئەوەی کە تەنیا جاریکش لەخۆمان بپرسین کە ئایا بەراستی هەموو بریارەکانی دایک و باوک دروستە، کە ئایا باوک و دایک هەقیانە کە بەوشیوە بەپێ مەزاج و تێگەشتنی خۆیان بریار بدەن… لەهەموشی گرنگتر بەبی ئەوەی کە بۆ تەنیا جاریکیش لەخۆیان بپرسین کە ئایا ئەو مندالە هیچ مافێکی بەسەر دایک و باوکەوە هەیە؟ ئایا ئەو مندالە ئیجبارە کە لە نیوان دەساری بی رەحمانەی دایک و باوکدا بهاڕدرێت؟؟! وەک ووتمان کێشەکە ئەوەیە لە کۆمەلگای ئێمەدا باوک و دایک مافی خاونداریەتی متلەقیان هەیەو هیچ سنوریک وهیچ یاساوریسایەک وهیچ ناوەندیکی چاودیری کردن و بەدوا چوون و پلانیک نیە بۆ دیاری کردنی ئەو پیداویستیانەی کە دەبیت باوک و دایکیش پی هەلسن لە بەرامبەر بەژیانی جگەرگوشەکەیاندا و جێ بەجێ بکەن.

هەڵبەتە لێرەدا نابێت چاو لەو راستیەش بنوقینین کە کێشەیەکی گەورە لەم کۆمەلگایەدا وەک ئەوەی کە هیچ بیمەیەکی بیکاری و پشتیوانەیەکی مادی نیە، تەنانەت زۆریک لە پێداویستی ژیان وگوزەرانی مندالانیش دەکەویتە سەر شانی باوک و دایک کە ئەمەش هێندەی تر کێشەکان ئالوز ترو پڕ بەربەستر دەکاتەوە. دیویکیتری ئەم گرفتانە لەوشوێنەوە سەرچاوە دەگرێت کە سەرباری ئەوەی کە لە ڕووی پەروەردەییەوە ئەم کۆمەلگایە ویران بوونیکی زۆر گەورەی پێوە دیارە کە ئەمەش هەر لەباخچەی مندالانەوە دەگرێتە خۆ تا ئاستی هەموو ئەو قۆناغانەی کە مندالی خوار 18 سال پیدا تیپەر دەبیت، هاوکات زۆریک لە ئورگان وناوەندە هاوکارو ڕێخۆشکەرەکان بێ بەشە، کە منداڵ دەتوانێت لە سایەیاندا ژیانێکی ئینسانی ترو ئەمنتری بەهرەمەندبیت.

لە هەر کۆمەلگایەکی شارستانیدا چەندین بنکەو ئورگانی حکومی و نا حکومی هەیە بۆ بەداوچوون ولیپرسینەوە زامنکردنی ئەمنیەت و ئاسوودەی مندال هەر لەو کارمەندە تایبەتیانەی سوسیال، خستەخانە، باخچەی مندالان، قوتابخانە، دەرونانس، تویژەریی کۆمەلایەتی، مندال پاریزان، سەنتەری دژی تووندوتیژی، چەندین ئورگانی تری پەیوەندارو دەیان و بگرە سەدان پرۆژەی پەروەردەکردن وبارهینان و پاراستن و ئاسوودە کردنی ژیانی مندالان لە گۆریدایە. تیکڕای ئەمانە ئەگەر لە یەک دوو پرۆژەو ناوەندا کۆکەینەوە لە کوردستاندا هێشتا ئەوانش لە ئاست ئەم شارو ئەو شاردا کە ئەویش بەجۆریکە زۆربەی زۆری مندالانی ئەم کۆمەلگایە لێ بێبەشن. هەموو ئەمانە لەکاتیکدا کە کۆمەلیک داب و نەریت و ڕێگەو ڕەوشت لەم کۆمەلگایەدا بەرۆکی بە ژیان و چارەنوسی مندالان گرتووە کە چەند بەرامبەر ژیانیان و ئایندەیانی خۆستووتە بەردەم مەترسی یەکجار گەورەوە. یەکیک لەو حالەت و دیاریدە مەترسیدارانە بەکارهینانی مندالە لە نیوان کیشمەکیشەکانی دایک و باوکدا، بەجۆریک وەک بارمتەیەک مندال لە پەیوەندیەکانی نیوان دایک و باوکدا بەکاردەهینرین و دایکەکە باوکەکە بی بەش دەکات لە بینین و دیداری مندالەکەی، یان بە پیچەوانەوە باوکەکە دایکەکە بی بەش دەکات، هەروەها بەهەردوولایانەوە مندالەکەش لە بینی بەرامبەرەکەیان بی بەش دەکات. بالەوەشیان بگەرین کە چۆن لەهەولی میشک شۆردنەوەی مندال و تەلقینکردن و بە دیوەزمەکردنی دایک یان باوک لەلایەن ئەوەییانەوە کە مندالەکەی گرتووەخۆ. بەداخەوە زۆرجار دەبینین کەمندال وەک چەکێکی کارا بەکار دەهێنریت لە شەرەکانی نیوان دایک وباوکدا و بەرامبەرکەی پێ سزا دەدرێت. مادام تۆ دایکێکی بەو شێوە بوویت یان پێچەوانەکەی تۆ باوکیکی ئاوابوویت ئیتر مافی بینین و پەیوەندی کردنت لەگەلەکەدا نابیت. تەنانەت زۆرجاریش هەوڵ دەدرێت کە ئەو ڕق ئەستووری و قین وبیزاریە فێری مندالەکانیش بکەن و ئەوانیشی پی بارگاوی بکریت.

رفاندن مندالەکانمان دووچاری ژیانیکی پرمەترسی دەکاتەوە!

لیرەدا کیشەیەکی تایبەت تر کە بۆ مندالی ئەو دایک و باوکانە دیتە پیشەوە کە پیشتر لە هەندەراندا ژیانیان بەسەربردوە، ئەوەیە کە سەرئەنجامی قول بوونەی کیشەکانی نیو خیزان و جیابونەوەو هەندی جاریش رفاندنی ’’بردن’’ەوەی ئەو مندالە بۆ کوردستان، کەجیاواز لەوەی کە ئەمە شۆک و هەنگاویکی زۆر مەترسیدارە بۆ مندالیِک کە لە ئەمنیەت وئاسایشیکی زۆر بالاتردا ژیانی بەسەربردوە لەپڕ جیگوڕکیەکی گەورەی نەخوازراو بە مندالەکەت دەکەیت، تەنانەت زۆرجار رووبەرووی مەترسی ئەمنی و ئابوری و نائاسودەیەکی زۆری دەکەیتەوە. ئەمە جگە لەوەی کە تووشی شۆکی دابرن و دوورخستنەوەی دەکەیت لەو جۆرە لە ژیانی ئاسای و جیکەوتوانە لە کۆمەلگایەک کە پَیشتر ژیانی تیدا بەسەربردوە.

ئەم بریارە وادەکات کە هەموو بوارەکانی ژیانی ئەو مندالە گۆرانی گەورەی بەسەردابیت. هەر لە باخچەی مندال و قوتاخانە و ژینگەو هاوری و دۆستان و زمان وبەشێک لە کلتوریک کە چووتە ڕۆحی ئەو مندالە بەشیوازی زۆر جیاواز سیستەمی ژیانی بارهیناوەو تۆ لەپر دایدەبریت و دووری دەخەیتەوە. بۆ ئەم ئالوگۆڕە زۆر جار مندال دووچاری باری دەرونی ئالوزو ناتەندروستدار تووڕەی، خەمۆکی، سترێست، نامۆبوون، پەراویز بوون دەکاتەوەو لە پرۆسەیەکیدا جیاواز لە ویست و ئامانجی دایک یان باوک کاتێک کە لە یەکێکیان دوردەخرێتە، کۆی ئەم حالەتانە ئەو مندالە پەلکیشی ئایندەیەکی کارەساتبارو ناجێگیر دەکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی کە هەموو ئەمانە نەک تەنیا پێشلکاریەکی گەوەرەیە لە مافەکانی ئەو مندالە دەکرێت بەلکو هاوکات ستەم و چەوسانەوەیەکی کەم وێنەیە کە هیچ پاساوێکی دایک و باوک ناتوانیت وەلام دەرەوە بێت بەو ناهەقیە. بۆیە دەمەوێت ئەوە بلێم کە پۆلینکردن یا لایەنگیری کردنی دایک یان باوک و مافدان بەوەی کە ئەو مندالە دەبیت لەلای کامیان بمینیتەوە بەلاریدابردن وستەمێکی یەکجار گەورەیە لە ژیان و چارەنووسی ئەو مندالانە دەکرێ، ئەم جۆرە لە لوژیک و پشگیری کردنە ناوشیارانەو نا بەرپرسانە لە یەکێک لەو دوو لایەنە باری گران و ئایندەی ژیانی ئەوخیزانانەو بەتایبەت ئەو مندالانە گرانترو ناجیگیرتر دەکاتەوە.

بۆیە سەرئەنجام لە جیابوونەوەی خیزاندا، ماف وحورمەت وبەهاو ژیانی مندالمان بەلامانەوە پارسەنگی باشی و جوامێری و شایستە بوونی هەلویستی دایک یان باوک بیت. دایک یان باوک چۆن بریار دەدەن لەسەر ژیان و چارەنووسی خۆیان ڕەنگە تەنیا پەیوەندی بە خۆیانەوە هەبێت وهیچ کەس ولایەنێک بۆی نەبێت دەخالەتی تیدا بکات. بەلام هەموو ئەمانە لەکاتیکدا دەتوانرێت مۆری پشگیری کردن و داد پەروەرانەو بەرپرسیانەی لێبدرێت کە کۆی ئەو مافەنەی کە پەیوەندیان بە ژیانی مندالانەوە هەیە پاریزراوبن. لە چەشنی پەیوەندی و دیدارو سۆزو خۆشەویستی و ئامیزی هەردوولایان، نابێت مندال بەهیچ جۆرێک بکریتە ئارکتەری نیو کیشمەکێشەکانی دایک و باوک و وەک چەکێک بەکاربهێنرێت بۆ تۆلەکردنەوە لە یەک و دژیەتی کردنی یەک. نابیت حەزو ئارەزوەکانمان باڵ بکێشێت بەسەر بریاریکدا کە ئاسایشی مندالەکانمان رووبەرووی مەترسی بکاتەوەو لەسەرو ئایندەیەکی ئینسانی ئەوانەوە هەنگاوبنین!

ئەوەش بلین حالەتیک کە دەبیتە هۆی خۆلقاندنی کارەساتیکی گەورە بۆ کەسایەتی مندال لەکاتی جیابوونەوەی دایک وباوکدا ئەوەیە کە باوک یان دایک بەمافی خۆی بزانن کە مندالەکەی لەگەل خۆیدا بەبی رەزامەندی بەرامبەرەکەیان بەریت بۆ هەر گۆشەیەکی ئەم جیهانەو لە تەواو سۆزو محیبەت و لەئامیزگرتنی یەکیکیان بی بەش بکرێت. ئەم بریارو حالەتگەلە ئەگەر لوتکەی بی دەربەستی نەبیت بە چارەنووسی جگەرگۆشەکەتان؛ ئەوا دەبوو دنیای معاناتی ئەو مندالە دەرفەتی بۆ چاوگیرانەوە بەسەر بریارەکانماندا دروست بکردایە ریگەیەکی تر بەدەر لە رفاندنی مندالەکەمان هەلبژاردایە. چونکە لە راستیدا هەلویستی دروستو شایستە ئەوەیە کە ریگە بەو هۆکارانە بگرێت کە مندالان دەکاتە قوربانی بڕیاری جەوت وجەوێڵی گەورەکان لە قوناغی جیابوونەوەدا؛ چاوەروانیەکە ئەوەیە ئەو مرۆڤانەی کە سالەهای سال یەکتریان خۆشویستووە لە دەورانی جیابوونەوەیاندا، ئەگەر تەنیا لەبەر ئەو بوونەوەرە هاوبەشەی نیوانیشان بوایە بەڕیزەو ئەو دابرانەیان دروست بکردایەو خۆیان لە زەلکاوی رق وقین و تولەکردنەوە بپارستایە وجەگەرگۆشەکەشیان بە هەمان نەخۆشی بارگاوی نەکردایە!

دواجار ئەوەش بلین کە وەلام نەداوەی داواکاریەکانی پۆلییسی ئیتەرپول و نەگەرانەوەی ئەو دەیان وبگرە سەدان مندالە داواکراوانەی لە لایەن حکومەتی هەریمەوە بە هەمان شیوە باریکی یەکجار نەریی هەبووە لەلایەن دەسەلاتدارانی ولاتانی ئەوروپاوە، چونکە هەروەک چۆن کوردستان بووەتە پەناگای پاراستنی ئەوە کەسانەی کە تاوانی نامۆسپەرستی دەکەن و لە ئەوروپاوە دەگەرينەوە لەوي دالدە دەدرين، بەهەمان شیوە وەلام نەگەرانەوەی ئەو مندالانە بۆ ئەم ولاتانە ئاو بەئاشی هەمان پەناگادا دەکات کە کەسانیک لە دەرەوەی یاساویاساکانەوە مندالەکانیان دەرفینەوە بۆ کوردستان، لەوی دەپارێزرین و هیچ بەهایەک بۆ داخوازیەکانی ئەم ولاتانە دانانرێت؛ کەئەمەش هیندەیتر سیمای دەسەلاتداریەتی حکومەتی هەریم ناشیرینتر دەکات، دیوە کۆمیدیاکەی ئەم پیشلکاریانە لەوەدایە هەرکاتیکیش هەر نیهادو لایەنیکی نیودەولەتی رەخنە لە پیشلیکاریەکانی حکومەتی هەریم بگریت دەستبەجی دەکەونە پاکانەو پاکردنەوەی کارنامەی خۆیان، ئەلهەق پاریزگاری کردن لە جارنامەی مافی مرۆڤ هەر لەخۆتان دیت!




وێنەکە خۆی دەدوێت، پێویست بە قسەکردن ناکات! … جیهاد موحەمەد

لە فەیسبووک، هەر ئەو ناونیشانەی ئەم نووسینەم دەربارەی ئەو تاوانە نووسی، بە پێویستم نەزانی زیاتری لەسەر بنووسم، بەڵام تاوانەکە هێندە ناخ هەژێنە، نەمتوانی بێدەنگی لێ بکەم.
لە ڕاستیدا ئازاردان و کوشتنی ئاژەڵە بەستەزمانەکان، هیچ جیاوازی نییە لە ئازاردان و کوشتنی مرۆڤەکان، کوشتن و ئازاردانی هەرچ گیانلەبەرێک تاوانە، بە حوکمی وژیدانی زیندوو و بە حکومی یاساش لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا، تاوانە.
من نازانم پاساو چیی بووە بۆ کوشتن و ژەهەراویکردنی ئەو هەموو سەگەلە، چونکە هیچ پاساوێکی تەندروستیی لە وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگە تەندروستیەکانەوە نەهێناراوەتەوە بۆ کوشتن و پاکتاوکردنی سەگە بەرەڵاکان.
ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر پاساوێکی تەندروستییش هەبێت، من لەو باوەڕەدام کە چارەسەری تایبەتی هەیە بۆ پاکتاوکردنی سەگەلێکی بەرەڵا کە زیانبەخش بن بۆ تەندروستی مرۆڤەکان و ئاژەڵەکانی دیکە.
ئاخر ئێمە کۆمەڵگایەکین پاکتاوکراوین، دەبوو زۆر سڵ لە پاکتاوکردنی گیانلەبەرەکان بکەینەوە.

ئاخر خۆ ئەم تاوانە یەکەم جار نییە و دوا جاریش نابێت لە کوردستاندا کە دەکرێت بەرامبەر بە ئاژەڵە بەستەزمانەکان. بیرمان ناچێتەوە لە کاتی ئینفلۆنزای باڵندەدا، چەند بە دڵڕەقانە بە زیندوویی مریشکەکانیان فێڕێ دەدایە ناو چاڵەوە و ئاگریان تێ بەردەدان. بیرمان ناچێتەوە چۆن لۆریەکی پڕ لە جوجەڵە لەسەر ئەوەی کە گوایە قەدەغەیە بێتە کوردستانەوە ئاگریان تێ بەردا و لە جریوە و جوکە جوکی جوجەڵە هیچ کەسێک نەبوون ناخی نەهەژێت و هاواری لێ بەرز نەبێتەوە دژی ئەو تاوانە. دیسان بیرمان ناچێتەوە، چۆن چەند گەنجێکی عەرەب زۆرانیان لەگەڵ جاشەکەرێکی بەستەزماندا دەگرت و دەیان جار دەیانکوتا بە ئەرزدا و بە شەق تێیان هەڵدەدا.
ئەم تاوانانە، لە ڕاستیدا بەتاڵکردنەوەی ئەو تووندووتیژیەیە لە ناخی مرۆڤەکاندا، لە ناخی ئەوانەدا کە بێ دەربەستانە بە بەرچاویانەوە تاوانەکە دەکرێت و هیچ ڕاناچڵەکان. لە ناو کۆمەڵگە پێشکەوتوو و مرۆڤدۆست و ئاژەڵخۆشەویستەکاندا، ئەگەر کەسانێک هەبن بە بەرچاویانەوە تاوانێک ئەنجام بدرێت یان ئازاری ئاژەڵێک بدرێت و بێدەنگی لێ بکەن، ئەو کەسەش وەک تاوانبارەکە سزا دەدرێت.

حەق وایە دادوەرە گشتییە بەڕێزەکان لەسەر ئەم تاوانانە بێنە دەنگ و قبووڵی نەکەن. حەق وایە مامۆستا بەڕێزەکانی زانکۆکان، مامۆستا ئاینیەکان، خوێندکارەکانی زانکۆ، مێدیاکاران و ڕۆژنامەنووسەکان، نووسەران و ئەدیبەکان، ڕۆماننووس و چیرۆکنووسەکان، هونەرمەندەکان لەسەر ئەم تاوانانە بێنەدەنگ نەبن و قبووڵی نەکەن.
ئاخر چۆن زانست لە ئەزموونی مرۆڤەکانەوە لە تاقیکردنەوەکانی ژیانەوە سەرچاوەی گرتووە، یاسا کۆمەڵایەتیەکانیش بە هەمان شیوە دەبێت لە ویژدانی زیندووی مرۆەکانەوە سەرچاوە بگرێت. تۆ بلێی ویژدانی کۆمەڵگای کوردستان هێندە مردوو بێت ئەم جۆرە تاوانانە ناخی کەس نەهەژێنێت؟!

سەگ، ئەو ئاژەڵە بەوەفایەیە، کە ئەوەتی یەکەم شارستانیەتی مرۆڤایەتی دروست بووە، سەگیش بووە بە هاوڕێ و پاسەوانی مرۆڤەکان و سەروەت و سامانی خەڵک دەپارێزیت. ئێمە ئەگەر بەرامبەر بە بەوەفاترین ئاژەڵ ئەمە ڕەفتارمان بێت، ئەبێت ئیتر چ متمانەیەک بە یەکتری بکەین وەک مرۆڤ لە نێوان خۆماندا.
سەگە بەرەڵاکانی ناوشار، دیارە کارێکی خراپە، وەلێ چارەسەری زۆر هەیە بۆ دوورکەوتنەوە و نەهێشتنی ئەم سەگە بەرەڵانە. ئاخر لە کوردستاندا بەداخەوە، سەگ یان شەڕە سەگی پێ دەکرێت و سەگێک بەرەڵا دەکەنە گیانی سەگێکی تر بە بەرچاوی دەیان کەسەوە، یەکتری کەلەپاچە دەکەن، خوێن لە یەکتری دەهێنن، یەکتری دەخنکێنن، کەچی چەپڵەی بۆ لێ دەدەن و، کاکی مێدیاکاریش بە ئارەزووی خۆی وێنەیان دەگرێت بێ ئەوەی بۆ ڕەخنەگرتن بێت، تەنها لە پێناوی گەرم کردنی مێدیاکەیدا.

ئێوە تەماشاکەن، سەگ لە پاسەوانیەوە، لە کوردستاندا کراوە بە دڕندەیەک، کە سەگی هەوشاری شوانێک ورگی باخەوانێکی هەڵدڕی و پارچە پارچەی کرد، یان ئەوەتا دەبێت سەگ بەم جۆرە ژەهروی بکرێت و بە دەیان لاشەی لەو ناوەدا بڵاوبکرێتەوە. بە ڕاستی شار و شارنشینیی و شارستانیەت کەوتۆتە ژێر پرسایرەوە لەسەر ئەم ڕەفتارە دڵڕقانە.
بەڕاستی دادوەرە گشتییە بەڕێزەکانیس کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە، کە بێدەنگن بەرامبەر بەم ڕەفتارە دڵڕەقانە.
هیوا خوازم کۆتایی بەم دڕندەیی و دڵڕەقییە بهێنرێت لە کوردستاندا.

جیهاد موحەمەد/ نەرویج
١٠/٤/٢٠١٩




هونه‌ركاری له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ( نه‌ژاد عزیز سورمێ‌ ) … ئاری زێندینی

هونه‌ر, به‌تایبه‌ت و به‌ گشتی بۆ جوانكردنی ژیانه‌ ژیان به‌ بێ‌ هونه‌ر ماناكانی كاڵ ده‌بنه‌وه‌ تامێكی بێ‌ تامی هه‌یه‌ جوانیه‌كی ناشرینی هه‌یه‌ زه‌وقێكی كه‌م خایه‌نی هه‌یه‌ بینینێكی كه‌م خایه‌نی هه‌یه‌, گۆرانی هونه‌ره‌, وه‌رزش هونه‌ره‌ , شیعر هونه‌ره‌, ڕۆمان هونه‌ره‌, چیڕۆك هونه‌ره‌, فیلم و سینما هونه‌ره‌ , شانۆ هونه‌ره‌ , له‌ هه‌مووشی گرنگتر كاری خودا موعجیزه‌ی خه‌ڵقی بنیاده‌م له‌ ڕوویی بایلۆجی و فسیۆلۆجی هونه‌ركارانه‌یه‌ ! ( الله‌ جمیل یحب جمال ) سه‌رده‌می ئێستامان له‌ پاڵ داهێنانه‌ زانستیه‌كان هونه‌ركارانه‌ نه‌خشاوه‌وڕازاوه‌ته‌وه‌ ! شه‌قام و ڤیللاو ئۆتۆمبێل و خانووباڵاخانه‌وخواردن و كه‌ل وپه‌لی ناوماڵ له‌ سایه‌دا مرۆڤه‌كان ئاسووده‌و خۆشه‌ویستی دێته‌ كاییه‌وه‌ !

( نه‌ژاد عزیز سورمێ‌ ) یه‌ك له‌و نووسه‌روشاعیرووه‌ڕگێڕوڕۆژنامه‌نووس و خاوه‌نی پێنچ پێشانگای كۆلاژ, سه‌رله‌به‌ری ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ ده‌ستێكی باڵای هونه‌ری و هونه‌ركاری زاڵه‌, له‌ شێوه‌ی له‌ چاپدانی كتێبه‌كانی و ڕازاندنه‌وه‌ی هونه‌ریانه‌ی كتێبه‌كانی و به‌كارهێنانی ڕنگ و خۆشنووسی وشه‌وڕسته‌كانی نێو به‌رهه‌مه‌كانی به‌تایبه‌ت خاوه‌نی پێشانگه‌ی ( كۆلاژ ) بۆ پێنچ جار زه‌وقی هونه‌ری ئه‌م نووسه‌ره‌ واڵاو ئاشكرا ده‌كات كه‌ هونه‌رمه‌ندو هونه‌ركاره‌, وه‌ك له‌ كتێبی ( ساوی شتان ) كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ زانیاری و هونه‌ری فۆتۆگرافی وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك و به‌ قه‌د فۆتۆگرافێك شاره‌زایه‌ له‌ بواری هونه‌ری وێنه‌ گرتن خولیاو سه‌لیقه‌ی هونه‌رمه‌ندانه‌ی پێوه‌ دیاره‌.

گه‌ر ته‌ماشایی دوا دوو به‌ر هه‌می ئه‌م نووسه‌رو زه‌وق هونه‌ریه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌م ساڵ بڵابۆته‌وه‌ به‌ناوی ( خه‌ونمان بۆ زستان دی , ته‌لار سازو زینده‌حه‌ونه‌كانی ) كه‌ هۆنراوه‌و شیعری وه‌ڕگیڕدراون خه‌مێكی هونه‌ر كاری و هونه‌رمه‌ندانه‌ی نووسه‌ر پیشانده‌دات له‌ چاپدانی كتێبه‌كه‌ به‌ شێوه‌ی سه‌رده‌میانه‌و كتێبی گیرفانی بوونی وێنه‌و وێنه‌ی كۆلاژی له‌ سه‌ر به‌رگی ئه‌م دوو به‌رهه‌مه‌ ئه‌مه‌ش زه‌وقێكی هونه‌ری ده‌به‌خشێته‌ چاوومێشكی خوێنه‌ر .

بۆیه‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ پێمانده‌ڵێ‌ هونه‌ر زاڵه‌ له‌ هه‌موو كایه‌كانی ژیان ژیانی مرۆڤ به‌ هونه‌ر جوانه‌ هونه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ ناوه‌وه‌ی كتێبه‌كان ئاماده‌یی هه‌یه‌ له‌ هه‌ر پیت و وشه‌یه‌ك كه‌ ده‌نووسرێت و گۆ ده‌كرێت هونه‌ركارانه‌ بێت رۆژنامه‌كان هونه‌رمه‌ندانه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌ وێنه‌كان هونه‌رمه‌ندانه‌ بێته‌ چركاندن پێشانگاكان خه‌می هونه‌رییان پێوه‌ دیار بێت , من وای ده‌بینم لای ئه‌م نووسه‌ره‌ مرۆڤه‌كان بێ‌ هونه‌ر جه‌سته‌یه‌كی بێ‌ گیانه‌ !




ژیان ده‌مێكه‌ ته‌واو بووه‌! … وریا مه‌عروف

ده‌مێك ته‌نیایی ڕاو ده‌نێت و
ده‌مێكیش لێی ڕاده‌كه‌ی
له‌ده‌ستی ڕزگارت نابێت
دواجار ته‌مه‌ن ڕاو ده‌نێیت
ژیان ده‌مێكه‌ ته‌واو بووه‌
هه‌ناسه‌كان لێدانی دڵ قورس ده‌كه‌ن.
كه‌س لێت تێناگا
وه‌ك غه‌ریبه‌یه‌ك هه‌زار ڕێگا
هه‌زار كۆڵان
هه‌زار مه‌مله‌كه‌ت ده‌بڕی و
ده‌ره‌قه‌تی ته‌نیایت نایه‌ی
جگه‌ له‌ خۆ سه‌رقاڵكردن
چیترت به‌ده‌سته‌وه‌ نامێنێته‌وه‌.
خودایه‌
ئه‌و هه‌موو ئازاره‌ی چه‌شتوومانه‌
به‌چه‌ند به‌هه‌شت قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه‌!
بیانووه‌كانمان بۆ ژیان زۆر ساده‌ن
به‌ڵام هه‌موو شتێك دووره‌ .. دوور
ژیان ده‌مێكه‌ ته‌واو بووه‌

وریا مه‌عروف




ئەرشیف … پشکۆ ناکام

                                                                        

……..زۆر جار بە پێی هەڵکەوتەی جوگرافی، بەسەرهاتە مێژووییەکان، سایکۆلۆجیەتی خەڵکەکەی ، شارەکان جگە لە ناوە ڕەسمییەکانیان ناسنامەی تریان هەیە کە دربڕینێکە کە گوزاڕشت لە شارەکە ئەکات ، ” سلێمانی” یش جگە لە ناوە رەسمیە بابانیەکەی خۆی وەک ئیشارەتێک بە ڕابردووە پڕ لە شانازییەکەی لە مقاوەمەت و گیانی نیشتمان پەرەوری و ڕاهاتنی ژیانی ڕۆژانە لەگەڵ خوێن و فرمێسک بە شارەکەی “هەڵمەت و قوربابی ” وەک ناسناوێک لە ناو مێژووا جێی خۆی گرتوە و گەرچی هەیە ئەم ناسنامەیەی پێ هەزم ناکرێ بەڵام بەم و ئەو لاناچێ هیچ موزایەدەیەکی سیاسی و یارییەکی ناوچەگەریی ناتوانێ وەک تابلۆیەک بیگۆڕێ بە تابلۆیەکی تر ، دیارە ناوهێنانی سلێمانی بە ” سەری مارەکە” لە ئەدەبیاتی بەعسا زوو و فراوانتر لەو ناسنامەیە تێئەگەین ، لەوانەیە لای هەندێ لا لێرە و لەوێ ئەو ناسنامەیە زۆر مایەی خۆشحاڵی نەبێ ، جا بە مەبەستی ” کاڵ کردنەوەی” و ووردە ووردە لەبیر بردنەوەی، دەسەڵات هاتوە وەک خێرێک بە شارەکە ناوی لێ ناوە ” پایتەختی رۆشنبیری”!!!مەرامە شاراوەکانی پشتی ئەم خێر و سەدەقەیە شیاوی پێکەنینە ، چونکە بە تەبیعەتی حاڵ سلێمانی هەر لە دروست بوونیەوە شارێکی ڕۆشنبیریی بوە و پێویستی بە چوونە هیچ موسابەقەیەکەوە نیە تا ببێ بە پایتەختی بوارەکەی خۆی ،شاعیرە گەورە و ئەدیبە دیار و هونەرمەندە هەڵکەوتوەکانی خۆی بۆ خۆی باشترین و ڕاستگۆترین پشتگیریی مێژووە بۆ شارەکە کە سالم و مەحوی و گۆران و بێکەس و..و ..و..هتد.. ێەو ئەستێرانەن کە لەوە بەرزترن بتوانرێت کەس خۆی لێ گێل بکات ، رەوتی روانگە و رەهەندییەکان دوو نموونەی زیندوی زیندوبوونی هەمیشەیی ژیانی ئەدەبی سلێمانیە، سەیرە بە سێ چوار شاری هەرێم دەسەڵات وەک شەوی بەرات ناسنامە ئەبخشێتەوە، ئەم نقوڵ و ئەو خورما و ئەو پەنیر..إ!بێ ئەوەی دەسەڵاتداران ئەقڵیان بەوە بشکێ کە زۆر دەمێکە و ئەوکاتەی سلێمانی و شارەزوور و کۆیە سەرچاوەی ڕۆشنبیریی کوردستان بوون ڕەنگە ئەوان قەڵەمیان نەدیبێ ، خۆ ڕۆشنبیری وئەقڵ و مەعریفە بە “کتابنا و کتابکم” نایەتە کایەوە گەر بناغەی دانەڕێژرابێ ، هەندێک لە ئەدیبە بلیمەتەکانی سلێمانی لە تامەزرۆیی فێربوون و شارەزایی پەیا کردن لە ئەدەبی ووڵاتانی تر سەفەرییان کردوە و لەوێ کۆچی دواییان کردوە ، کەم نین ئەو شاعیر و ئەدیبانەی سلێمانی کە ئەوەنە ئاستی رۆشنبیرییان بەرز بوە کە بە فارسی و عەرەبیش بەرهمیان هەیە ، خۆ ئەمەش سلێمانچێتی نیە ئەمە واقیعێکی رابدوو و ئێستای سلێمانیەکە خۆی هەر بۆ خۆی نەک هەر پایتەخت نیمچە ووڵاتێکی ئەدەب و ڕۆشنبیریی بوە و هەیە ، ئەوەی ئەیەوێ بە نووسراوی حکومی !! وەک نووسراوی مووچە برین یان دامەزرانن مامەڵە لەگەڵ سلێمانیا بکا نەک هەر بە هەڵەیا چوە بە یەقینەوە فڕی بەسەر هەر هیچ نە بێ شارەکانی کوردستانەوە نیە، لەو سیاسەتەشا بوونی دایەرەیەک بەناوی رۆشنبیریەوە هیچ لەوە ناگۆڕێت کە سلێمانی لەکەیەوە پایتەخت و دیوانی ئەهلی ئەدەب و مەعریفەت بوە ، خۆ ” سالم” فەرمانبەری هیچ دەزگایەکی رۆشنبیریی نەبوە..خۆ “گۆران” لە شەڕە حیزبایەتیەوە نەبوە بە شاعیر.. ڕەنگە ئەو بلیمەتانە لە ژیانا بوونایە بۆ دامازرانن وەزارەتی بەناو رۆشنبیری داوای تەزکیەی حیزبی لێبکردنایە ، ، ئەمەیە جیاوازی لەوەی ناوچەیەک ، شارێک لەدروست بوونیەوە هەڵگری شانازی پایتەخت بوونی خۆی بکا لەگەڵ بیرکردنەوەیەکی حیزبیانەی نا مەعریفی گوایا ئێمەیان خۆش ئەوێ ناویان لێ ناوین پایتەختی رۆشنبیری!! بەڵکو ئەمە خوایە ئەو هەڵمەت و قوربانییەی هەندێک کەس و تەرەف بە بیستنی گوێچکەیان ئەخورێ ، لای خەڵک کاڵ ببێتەوە وبە تەنیا پایتەختی رۆشنبیرییە ، بەڵام نازانن ئێستا لای خەڵک شارەکەی هەڵمەت و قوربانی پایتەخت و بورجە بەرزەکەی ئەدەبی کوردستانە واتا پێکەوە دووانەیەکی مێژووی سلێمانین ، مقەستی قردێلەی دەزگا بەناو رۆشنبیرەکانیش ناتوانێ ئەو خراپ مامەڵەی دەسەڵاتی هەرێم بەرامبەر بە سلێمانی بپچڕێت بە مامەڵە رۆشنبییریەکانیشەوە ، سەیرم لێیەت دەزگایەکی رۆشنبیری هەبێ زۆر دڵی بەوە خۆش بێت گوایا سەر بە وەزارەتی رۆشنبیرییە!!و لە شارەکەیا هۆڵێکی شانۆیی نەبێ ، ستودیۆیەکی حکومی بۆ هونەرمەندان نەبێ ، گەر بەهانە قەیرانی داراییە بوە و هەیە ررۆشنبیر ئەبێ جورئەتی هەبێ و لەو دەسەڵاتە ” نا ڕۆشنبیر”ە بپرسێت ئەی داهاتی خەڵک کوا. !؟
خولاسەی کەلام ، گەر هەبێ بیەوێ رابردووی سلێمانی وەک پایتەختی مقاوەمە بە ناو و ناسناوی تر تێکەڵبکا و بشێوێنێ زۆر سەهوە ، چونکە پێش ئەوەی ئەم گەلە گورگەی بەربونەتە سفرەی بەرێوەبردنی هەرێم ” سلێمانی” خاوەنی ناسنامەی خۆی بوە و ئەبێ ، ئەوانەش کە ئەیانەوێ بە خێر ئاسا بە ناسنامەیەک یەکێکی تر بسڕنەوە با بچن ناسنامەی رابردووی خۆیان بدۆزنەوە چونکە لای ئێمە هەیە و وا لە لە ئەرشیفا…………..




زیانەکانی بەراوردکردن لە نێوان منداڵان … رەزا شوان

پەروەردەکردنی منـداڵان بە ئەرێنی و دروسـتی، بەرپـرسیارێتییەکی گەورە و ئەرکـێکی قورس و زۆر هەستیارە، لە ئەستۆی خێزانەکان بە گشتی و دایکاندا بە تایبەتی. هەندێ رەفتاری نادروست و هـەڵە لە لایەن دایکان و باوکانەوە، منداڵەکـانیان تووشی فـشار و گەلێ کێشەی دەروونیی نەخوازراو دەکەن کە لە ئەمڕۆ و داهاتووشدا رەنگـدانەوەیەکی نەررێنـیان لە کەسـایەتی و لە ژیـانیانـدا دەبـن.. منـداڵان باجـێکی زۆری ئـەم هـەڵانـەی دایکـان و باوکـانیان دەدەنەوە.
بێگومان هەموو دایکان و باوکان هیواخوازی ئەوەن، کە منداڵەکانیان باشترین منداڵبن و داهاتوویەکی گـەش و پایەیـەکی بەرزیـان هەبێـت و مایەی رێـز و شانـازییابن.. بەڵام
ئەمە ئـەوە ناگەیەنێت کە پاکـانە بۆ هـەڵە پەروەردەییەکـانیان بکەین لە پەروەردکـردنی منـداڵەکـانیاندا، هەرچەنـد کە ئـەم هەڵانـەشـیان بێ مەبەسـتبن و لە نەزانیـنیانـەوە بن.
یەکێک لە گەورەترین ئەو هەڵە زیان بەخشانەی باوکـان و دایکـان لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیانـدا تێیکەوتوون و تێیدەکەون، بەراوردکردنی منداڵەکانیانە بە مـنداڵانی تـر.
لەوانەیە ئەم هەڵەیە بەسەر کەسانێکی وەکوو ئێوەش هاتووبێت و دەرد و زیانەکـانی
بەراوردکـردنتان بە منـداڵانی تـر چێشـتووبێت.
بەشی زۆری دایکـان و باوکـان، سەرەڕای ئـەوەی کە دەزانـن بەراوردکـرن لە نێوان منـداڵانـدا کارێـکی هـەڵـە و زیـان بەخـشە و کـاردانەوەیـەکی خـراپی لێـدەکـەوێتـەوە،
کەچی درێژە بەم رەفتارە زیان بەخشە دەدەن، منداڵەکانیان لە گەڵ خوشک براکـانیان
و لەگەڵ منـداڵانی کەسـوکـار و هـاوڕێ و دراوسی و ناسـیاوەکانیادا بەراورد دەکەن.
بەراوردکردن لە نێوان منداڵانـدا، هەر بە دایک و باوک و خـێزانەکانەوە نەوەستاوە، بەڵکو تەشـنەی کـردووە و بەشـێک لە مامـۆسـتایانی قـوتابخـانەکانیش ئـەم هەڵـەیە دەکەن و قوتابییەکانیان بە یەکتری بەراورد دەکەن، لەگەڵ ئەوەی کە مامۆستاکان لە هەموو کەسێک باشتـر ئەم راستییە دەزان، کە لە رووی زیـرەکی و بەهـرە و توانـا زەینی و هـۆشییەکـانـدا، جـیاوازی لە نێوان منداڵانـدا هـەیە. پێویستە رەچـاوی ئـەم جیاوزیانە بکەن و هیـچ قوتـابییەک بە قوتـابییەکی تـر بـەراورد نەکـەن.
هـاوڕێیەکم وتی: من زۆ رقـم لە بابەتی بیرکـارییە، هۆکارەکەشی ئەوەیـە کە لە پۆلی
دووەمی قوتابخانەی ناوەنـدی بووم.. لەگەڵ ئامۆزاکەمدا لە هەمان پۆڵـدا بووین، ئەو بیرکاریـدا زیرەک بوو. ماموستای بیرکـاریمان هەموو جارێک پێی دەوتم: بڕوانە کە
ئامۆزاکەت چەند زیرەکە، چەند بە خێرایی وەڵامی پرسیار و راهێنانەکان دەنووسێت، ئەی تۆ بۆ وەکو ئامۆزاکەت نیت و ناتوانیت بە ئاسانی وەڵامی پرسیارەکان بدەیتەوە؟
ئەم بەرواردکـردنەی مـن بـە ئامـۆزاکەم و دووبـارەکـردنەوەی چەنـدین جـار.
تا رۆژێک خۆم پێنەگیرا و بە مامۆستاکەم وت: مامـۆسـتا ئەی تۆ بـۆ وەکو مامۆســتا
سامان دوکـتۆرات لە بیرکاریـدا وەرنەگرتووە؟ ئەم قسەیەم تەنگەی مامۆستای گرت و لەبەرچـاوی هـاوڕێ قوتابییەکـانمـدا زلـلەیەکی مـزری لـێدام.. هەستی بـرینـدارکـردم.
لەو رۆژەوە رقـم لە بیـرکـارییە، لەو کـاتەدا رقـیشم لە ئامـۆزاکـەشم دەبــۆوە.
لێکـۆڵینەوەیەک ئامـاژە بەوە دەکـات، ئـەو منـداڵانەی کە قـوربانیی بەراوردکـردنن بە منـداڵانی تر، دووچاری متمانە بە خۆنەبوون بوونە. زۆر جاریش هەست بەوە دەکەن، کە هیچیان لەباردا نییە و بە کەڵکی هیچیش نایەن، لە شوێنی شیاویشـدا نین. ئەمەش
بە شێوەیەکی گشتی لە خوێندن و لە ژیانیاندا رەنگیداوەتەوە و کاردانەوەیەکی نەرێنی
بۆ دروست کردوون. تا رادەیەک رەشبینیشی کردوون و هەست بە بێ ئومیدی دەکەن.
بەراوردکـردن لە نێـوان منـداڵانـدا، ئـەم لایەنـانە دەگـرێتەوە:
١ـ بەراوردکـردن لە زیـرەکی و بلـیمەتی لە توانـا هـۆشییەکانـدا.
٢ـ بەراوردکردن لە هـێزی بازووەکان و لە بەهـرە جـووڵەییەکاندا لـە نێـوان منـداڵاندا.
بۆ نموونە: دایکێک داوا لە کوڕەکەی دەکات خۆت لە قەرەی فڵانە منداڵ مەدە چونکە ئەو لە تۆ بەهـێزترە.. یا ئەی تۆ بۆ وەکو براکەت وەرزش ناکەیت و کێشت داناگـریت؟
٣ـ بەراوردکـرن لە خوێندندا: بەراوردکردنی قوتابییەک بە قوتابیانی تر لە لایەن دایک و باوک و مامۆستاکەیەوە.. وەکوو: تۆ بۆ وەکو فڵانە قوتابی نمرەی بەرز وەرناگریت؟
تۆ بۆ بە یەکەمی پۆلـەکەت دەرناچـیت؟
٤ـ لەبارای توانای هونەریدا: وەکوو بەهرە و توانای وێنەکێشان، گۆرانی وتن، نواندن.
ئەوە هەڵەیە کە دوو تابلۆی وێنەکێشانی دوو قـوتابی بە یەکتری بەراورد بکەین، با لە تەمـەنێک و لە پۆلێکـیشدا بن، چونکە هەر منـداڵێک بە شـێوازی خۆی گـوزارشت لـە هـزر و لە خەون و لەو بیرۆکەیەی کە لە خەیاڵـیدایە دەکـات.
٥ـ بەراورکردن لە جوانی و بەژن و باڵادا: بە تایبەتیش بەراوردکردن لە نێوان کچاندا،
بۆ نموونە: کە دایکـێک بە بـەر چـاوی کچـێکی بە کچـێکی تـری دەڵـێت تـۆ جـوانیـت.
خوشکەکەی غیرەی لێدەکات و ئەو هەسـتەی لا دروست دەبـێت کە خۆشـکەکەی لـەم جوانتر و شەنگتر و باڵا رێکترە، وا دیارە من ناشیرین و باڵا ناڕێکم، ئەگینا دایـکم بە منیشی دەوت جوانیت. ئەمە دەبێتە گرێیەکی دەروونیی لای ئەم کچەی، رەنگە رقی لە خوشکەکەشی بێتە. یا لە بەردەم کچەکەیدا، ستایشی کچی هاوڕێکەی دەکات و دەڵێت: کچی هاوڕێکەم، زۆر لەبلەبان و قسە قوت و خۆشە.. خۆزگە کچەکەی منیش وابوایە.
بەم خـۆزگەیەی کچی هـاوڕێکەی لە بەرچـاوی کچەکەی دەخات و رقی لـێدەبێتەوە.
زیانەکـانی بەراوردکـردن:

زیانەکانی بەراوردکردنی منداڵـێک بە منـداڵانی تـر زۆرن، لەوانـەش:
١ـ هەستکـردنی منـداڵ بە خۆبـەکەمـترزانین: گەر بە هەمیشەیی منداڵەکتان بخەنە ژێر فشاری بەراوردکردن بە منداڵانی تر. بارگرانی و بێزاری و وەرستبوون بۆ منداڵەکەتان دروست دەکەن. کارتێکردنێکی نەرینی لە راپەڕاندنی کارەکانیدا رەنگـدەداتەوە. چونکە ئەو منداڵەی بە هاوڕێکانی یا منداڵانی تر بەراورد دەکرێت، کە نەتوانێت خۆی یەکسان و هاوتابکاتەوە لەگەڵیاندا. متمانە و بڕوای بە توانای خۆی نامێنێت. سەرەڕای ئەمەش هەستی رق و ئیرەیی و چکوسی بەرانبەر بەو هـاوڕێ و ئەو منـداڵانە لادروست دەبێت و هـاوڕێتیشیان سارد و کـاڵ دەکـاتەوە.
دایـک و بـاوک لە بریتـیی ئـەوەی کە منداڵـەکەیان تـووشی دۆخـێکی نەخـوازراوی وا بکەن.. باشـتر و دروستر وایە، کە دەست بەسەر خاڵە لاوازەکـانیدا بگـرن و لەگەڵـیدا دابنیشن و پێکەوە چارەسەری گونجـاویان بۆ بـدۆزنەوە.. پێویستیشە سـتایشی لایـەنە ئەرێنییەکانیشی بکـەن.
٢ـ کەبوونەوەی رێـزگـرتن لە خـود: بەراورکردنی منـداڵێک بە منداڵانی ئاست بەرزتر ئـەو بـڕوایە لای ئـەو منـداڵە دروست دەبێت، کە هـاوڕێکانی لـەو زیاتـرن، ناتـوانێت. کارێکی باشی ئەوتۆ ئەنجـام بـدات، کە بە دڵی دایک و باوکی بێت و لێی رازیبن. ئەم
هەستەشی زیانێکی زۆری پێدەگەیەنێت. تەنگ بە گەشەکردنی کەسێتی و پێشکەوتنی ئاکادیمیی لە خوێنـدنـدا پێ هەڵـدەچنێت.
بۆیە پێویستە دایکـان و باوکـان بـروایان بە جـیاوازیی توانـا و بەهـڕەی تـاک هـەبێت، بە تایبەتیش لە منداڵانـدا، کە خاوەنی هەستێکی ناسک و دڵێکی پاکن.. گەر گەورەکان فـێریان نەکەن ئـەوان رق و کـینە و ئیـرەیی و چکوسی نـازانـن.
٣ـ کەمبوونەی بایەخدان بە باشکردنی کارەکانیان: گەر بێت و دایک و باوک کۆشس و بەهـرە و کارە ئەنجـامدراوکانی منداڵەکـەیان، پشتگوێ بخـەن و بایەخـیان پێ نـەدەن و
بە هەنـدیان نـەزانن، دەستخـۆشی و ئافـەرینی منـداڵـەکەیان نەکـەن و بە ئەنجـامـدراوە باشترەکانی هاوڕێکـانی بەراوردیـان بکەن و بە چـاوێکی کەمتر لە بەهـرە و تواناکانی منداڵەکەیـان بـڕوانن.. وا لە منـداڵەکەیـان دەکەن کە ساردبێتەوە و چـیتر خۆی مانـدوو نەکـات.. چونکە دایـک و بـاوکی لە بەهـرە و کارەکـانی نـاڕازیـن و بە هەنـدی نـازانن.
هەستیش بە شـەرم دەکـات و گۆشـەگـیر و دوورە پـەرێـز دەوستـێت، لـەوە دەتـرسێت
کە دایـک و بـاوکی بە منـداڵی میـوانەکــانیان بـەراوردی بـکەن و بیشکـێننەوە.
٤ـ لەدەسـتدانی بەهـرەی داهـێنان: گەر بەهـرە و خـەون و توانـا تایبەتمەنـدییەکـانی منداڵەکەتـان لەبەرچاونەگرن و هانی نەدەن بۆ درێـژەپێدان و پێشکەوتن و داهـێنانی
زیاتر و باشتر و، پەرپێدان بە بەهـرە و ئارەزووەکانیان. بەراوردیان بکەن بە بەهـرە و منداڵانی بەهرەمەنتر و داهـێنەرتر، منداڵەکەتان وا لێکیدەداتەوە کە شکستی هـێناوە
و پێویست بە درێـژەپێـدان ناکـات و حـەزی داهـێنانی تێـدا دەمـرێت.
٥ـ دابـڕانی نێوان منـداڵ و دایـک و بـاوکی زیاتـر دەبێت: بەراوردکـردنی منـداڵەکەتـان
لەگـەڵ منـدالانی خـزم و ناسـیاو و هـاوڕێ و دراوسـێ، یا لەگـەڵ خوشـک و بـراکـانی، هۆکارێکە بۆ دروست بوونی گـرێی دەروونی بۆ منـداڵەکەتان، هەست بـەوە دەکـات کە ئەو پەسەنـد نییە و خۆشـتان ناوێـت و لەبەردڵاتـان نییە و لێی رازی نین.. بۆیـە حـەز بەوە دەکات مـاوەی دابـڕان و دوورکەوتنەوەی لێتانەوە بپارێـزێت و هـێندە بەلاتـانەوە نەیات.. ئەمەش خاڵـێکی نەرێنییە و پەیـوەنـدی و خۆشـەویستیی بۆتـان لاواز دەبـێت.
٦ـ بەراوردکـردن دوژمنـایەتی دەخاتە نێـوان منـداڵانەوە: بەراوردکـردنی منـداڵەکەتان بە منـداڵانی تر، لە جـیاتی ئەوەی ستایشی ئەو منـداڵانە بکات، هەستی دوژمنایـەتی و رقـلێبوونەوەیانی لا دروست دەبێت، ئەم بەراوردە پاڵـنەریشە بۆ ئەوەی بە نادروستی رەفتار و هەڵسوکەوت لەگەڵیاندا بکات. چونکە غیرەیان لێدەکات و ئیرەییان پێدەبات، دووریش نییە کە دوژمنایەتی و شەڕ و ئاژاوە لە نێوانیاندا دروست بێت و ئەنجامێکی خـراپی لێبکەوێتەوە.
٧ـ بەراوردکردن پەیامێکی نێگەتیڤە بۆ منداڵەکەتان: کاتێک دایک و باوک بەراوردی منداڵەکەیان لەگەڵ منداڵانی تردا دەکەن، ئەو پەیـامەیان پێـدەگەیەنن، تـۆ بێ توانـایت
و هیچت لەدەست نایـات، بۆیە پێویستە خـۆت بە منـداڵانی تر بەراوردبکـەیت و چـاو لەوان بکەیت.. ئەم بۆچوونە هەڵەیەشتان، وا لە منداڵەکەتان دەکات کە بەهای خۆی لەدەست بدات و ببێت بە پاشکۆی منـداڵانی تر.. لە خـۆشی رازی نابێت و هەست بە دڵـنیایی و دەروون ئاسوودەیی ناکـات.
٨ـ بەراوردکردن وا لە منداڵەکەتان دەکات، کە رستەگەلێکی لەم جۆرە بەکاربهـێنن:
من لە فڵان منـداڵ باشـترم.. یا من لە فڵان منداڵ خەراپـترم.. یا من جیاوزتـرم لەگەڵ منداڵانی تردا..”باشترم ـ خراپترم ـ جیاوزاترم” ئەم وشانە خۆبەراوردکـردنە لەگـەڵ منداڵانی تردا. منداڵەکەتان وای لێدێت هەمیشە بە منداڵانی تر خۆی بەراورد بکات.
٩ـ منـداڵ دوای خۆشەویستی دەکەوێت: هەموو منداڵـێک دەیەوێت پـاراوی سـۆز و خۆشـەویستیی دایک و باوکی ببێت. کە منداڵەکەتـان دەیـەوێت بێ جـیاوازی وەکوو خوشـک و براکـانی تـری خۆشـەویستیی پێ ببەخـشن و نـازی هەڵـبگرن.. بـۆ ئـەم مەبەستەش دەیەوێت کاری لە توانـا بەدەر ئەنجام بدات، لە چـوارچـێوەیەکـدا دەژی
کە لـە توانـای سـروشتی خـۆی زیاتـرە. هـەر بـۆ ئـەوەی کە ئـێوەی دایـک و بـاوکی لێی رازی ببن.

١٠ـ زیـادەڕۆیی لە بەراورکـردنـدا: بێ لەبەرچـاوکـرتنی جـیاوزی لە بەهـرە و توانـا و بـارودوخ.. هەنـدێ لـە منـداڵانی جیاواز لەگـەڵ منـداڵانی تـردا، تـووشی لەخـۆبـایی و لەخۆدەرچـوون و فـیززلی دەبـن، لەوانـەیە ئەم خەسـڵەتە نەرێنییە ببـێتە خـوویـان.

١١ـ بەراوردکـردنی منـداڵ بە منـداڵانی تر، هۆکارێکە بۆ شەرمکردن و گۆشەگیری و خۆدوورگـرتن و ناکۆمـەڵایەتی. کەم دووە و حەزناکات تێکەڵاوی دانیشتن و کۆڕبێت.
١٢ـ منـداڵان لە هەموو بوارەکـاندا وەکوو یەک بەهـرەمەنـد و بە توانـا و پێرفێکت نین. منداڵ هەیە لە بیرکاریـدا زیرەکە.. هەیە لە زماندا زیرەکە.. هەیە لە وێنەکێشاندا.. هەیە لە نوانـدا.. هەیە لە موزیک و گۆرانیـدا، هەیە لە هۆنراوە و وتار خوێندنەوەدا،…هـتد.
دایکـان و باوکـانی خۆشـەویست، مامۆستایانی هـێژا و دڵسۆز: بەراوردکردن لە نێوان منـداڵەکـانتان و قوتابییەکـانتان و منـداڵانی تر و قوتابیـانی تر، زیـانێکی مەتـرسـیداری نەخـوازراوی لێدەکەوێتەوە، هۆکارێکە بۆ گەلێ کـێشە و گـرێی دەروونی و بارگـرژی.
رەنگـدانەوەیـەکی خـراپیشی لەسەر کەسـایەتی و ژیـانی ئەمـڕۆ و داهـاتووی منـداڵان دەبێت و هـۆکـارێکیشە بـۆ رق و دژایـەتی و دوژمنـایەتی لە نێـوان منـداڵانـدا.
خۆ ئەگەر بەراوردکـردن لە نێوان منداڵاندا، بە ئاراستەی پۆزەتیف بێت، واتا ئەگەر بۆ ئەوەبێت کـە منداڵەکـانتان چـاو لە منـداڵانی ئاسـت بەرزتـر و زانـا و دانـاتر لـە خۆیـان بکەن، هەوڵبـدەن وەکوو ئەوان ئاستی خۆیـان بەرزبکەنەوە و سـوود لە زیـرەکی و لە ئەزموونەکانی هاوڕێکانیان وەربگـرن، بە رووحێکئ وەرزشیـیەوە ململانێ و کـێـبڕکێ لەگـەڵ یەکتریـدا بکەن لە پێناوی زیاتـر فێربوون و داهێنان و پێشکەوتـن، ئەمە مایەی بەخـتەوەری و پێشکەوتـن و سوودبەخـشینە نەک زیـان پێگەیاندن.. پەروەردەکـردن و راهـێنانی منـداڵان بە ئاراسـتە ئەرێنییەدا، لە سایەی دایکاـن و باوکـان و مامۆسـتایانی هـۆشـیار و هـەستیار و دووربیـن و شـارەزایـانی پـەروەردەی ئـەرێنـیـدا دێتـەدی.

رەزا شوان
نووسـەر لە بـواری ئـەدەبی منـداڵان و پـەروەردەی منـداڵان.

r.shwan@hotmail.com

(*) تێبینی: تا رادەیـەک سـوودم لـەم سەرچـاوانە وەرگـرتـوون:
١ـ اضـرار المقارنة بین الاطـفال ـ مجـلة هـي ـ یمـام سـامی.
٢ـ المقـارنة بین الاطـفال ـ من اکـثر اخطاء الـتربیة شیـوعا ـ هالة الشحات.
٣ـ لماذا نصر علی المقـارنة بین الاطـفال ـ تربیة الاطـفال والصحة النفسیة.
٤ـ الاطـفال من الجنة ـ دکتور جـون جـرای ـ ٢٠١٨
٥ـ ادوات التهـذیب الایجابي في الـتربیة ـ دکتور جـین نیلسن و ماری نیلسن ـ ٢٠١٨




14-4 ڕۆژێك بۆ یاده‌وه‌ری تاوانی ئه‌نفال … … عه‌لی مه‌حموود محه‌مه‌د

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن …..

ئه‌نفال مه‌رگی له‌سه‌رخۆی گه‌لێك بوو جار جاره‌ له‌سه‌ر خۆو جاری دیش شێتانه‌ , ئه‌و تراژیدیای مه‌رگه‌ 196 ڕۆژی خایاند و درێژ بوه‌وه‌ بۆ ناو هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی ئه‌واه‌ی به‌ر شاڵاوه‌كه‌ی كه‌وتن , ئه‌وه‌شی به‌ ڕێكه‌وت ڕزگاری بوو لێی, ده‌ردو مه‌ینه‌ته‌كانی به‌شێوه‌و شێوازی دی ئه‌نفالی كرد, شوێنه‌واری له‌سه‌ر سه‌رتاپای ژیانی ئه‌م گه‌له‌ له‌ دوای خۆی دانا, ڕژێم شه‌وی ده‌دایه‌ ده‌م ڕۆژه‌وه‌ بۆ قه‌سابیكردنی لادێنشیینه‌كان كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ و سوتاندنی خاك و وێرانكردنی ئاوه‌دانی و وشككردنی سه‌وزایی و كانیی و نه‌هێشتنی مرۆڤێك به‌ ناوی هاووڵاتی كوردستانه‌وه‌ به‌ تایبه‌تیش كورد, سوپای عێراق له‌ سه‌رباز و جاش به‌ خه‌فیفه‌و مه‌فره‌زه‌ تایبه‌تییه‌كانه‌وه‌ وه‌ك حه‌زییایه‌كی چه‌ند سه‌ره‌ی ئه‌فسانه‌كان له‌ هه‌رچوار لاوه‌ په‌لاماری ته‌واوی لادێكانی كوردستانیان ده‌دا, ئه‌وه‌ی به‌ر كه‌وت و ڕِزگاری نه‌بوو له‌و ڕۆژه‌وه‌ قوتی داو ببڕیای ببڕای نه‌یانمان بینییه‌وه‌, هه‌موو چركه‌ و له‌حزه‌و سات و ڕۆژه‌كانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ شومه‌, مه‌رگه‌ساتێكی ترسناك بوو بۆ خۆی, ڕۆژگاره‌كانی پاشیشی ژیانی ناو مه‌رگه‌ساته‌كانی تۆپزاو و نگره‌سه‌لمان, چاڵ و په‌ناگای گوله‌بارانكردنی به‌ كۆمه‌ڵی ئه‌نفالكراوان هه‌موو مێژویه‌كی دانه‌بڕاون له‌ یه‌كتر , مێژوویه‌ك بوو پڕ له‌ یاداوه‌ری مه‌رگ و تاوان, جێی خۆیه‌تی یادی هه‌موو ئه‌و تاوان و كاره‌سات و قوربانیانه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و حه‌وت مانگه‌دا ئه‌نجام درا, ئه‌وه‌ مێژوییه‌كی ترسناك و پڕ تاوانه‌, ئه‌وه‌ی له‌ ناوییا نه‌ژیابێت, ئه‌وه‌ی به‌ چاوی خۆی وێنه‌ ترسناكه‌كانی نه‌بینیبێت, ئه‌وه‌ی ئێش و ئازاره‌كانی نه‌چه‌شتبێت, ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ڕۆژی نه‌دابێته‌ ده‌م شه‌وه‌وه‌ بۆ بینینه‌وه‌ی خۆشه‌ویسته‌كانی, ئه‌وه‌ی به‌ پێی خۆی ڕزگار نه‌بووبێت , ناتوانێت وینه‌ی چیرۆكه‌كانی ئه‌و مه‌رگه‌ ساته‌ بكێشێت, ئاخر خه‌یاڵدانی بڕ ناكات و ناتوانێت وێنای كاره‌ساته‌كانی, ئێش و ئازارو دڕنده‌ییه‌كانی بكێشێت , ئه‌مه‌ له‌ خه‌ونی شاعیرانه‌ زۆر ئه‌ولاتر و دوورتره‌, ئه‌وه‌ جیهانی مه‌رگه‌ساتی جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژییه‌ كه‌ ناوی ئه‌نفاله‌……

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن ….




دیموکراسی بۆرژوازی کامڵترین بەرگی سیاسی سەرمایەداری یە … نوسینی – نەجمەدین فارس

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)ی شاعیر لەبەردەم پرسیارەکانی (پەڕەمووچ)دا

                       

عەبدوڵا سلێمان (مەشخەڵ) لە ساڵی ١٩٦٤ لە شاری کەرکووک لە دایک بووە.خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنیکی لە ساڵی ١٩٨٦ هەر لە کەرکووک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە شیعر دەنووسێت و لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری ڕەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە. بەشداری چەندین کۆڕی شیعری کردووە لە شاری هەولێر لە ساڵی (١٩٨٣) و لە شاری کەرکووک لە ساڵی (١٩٨٥). پێنج کۆڕی شیعری تایبەتی کردووە لە شاری ڤانکۆڤه‌ر لە کەنەدا لەساڵی ٢٠٠١ و لە ساڵی ٢٠١٠ . هەروەها کۆڕێکی تایبەتی شیعر لەکەرکووک لەساڵی ٢٠١٢ و ٢٠١٨ لە کەنەدا و ٢٠١٩ دیسانەوە لە کەرکووک. لە ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ هاوڕێیان جەماڵ کۆشش و نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد(هۆشەنگ) “حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست” دادەمەزرینن و بۆ ماوەی سێ ساڵ یانزە ژمارە لە گۆڤاری “ڕابەر” دەردەکەن. سەرنووسەری چەندین ژمارەی ڕۆژنامەی “دەنگی بێکاران – زمانحاڵی ڕێکخراوی یەکێتیی بێکاران لە کوردستان” بووە لەنێوان ساڵانی ١٩٩٢ – ١٩٩٤ کە لە شاری هەولێر دەردەچوو. ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری هانا خوولی یەکەم بووە لەنێوان ساڵانی ١٩٩٧ – ٢٠٠٠ کەلەوڵاتی سوید دەردەچوو و ئێستاش ئەندامی دەستەی گۆڤاری هانا خوولی دووەمە و هەروەها ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کوردە لقی کەرکووک. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) بیست کتێبی لەبوارەکانی شیعر و وەرگێران و شانۆنامە بەچاپ گەیاندووە زیاتر لە پانزە کتێبی تریشی ئامادەن بۆ چاپ و ئێستاش لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی زیاتر لە دوو دەیەیە‌ لە وڵاتی کەنەدا دەژێت.

پەڕەمووچ: وەک هەر شاعیرێکى تر بێگومان سەرەتاى جوانت هەیە بە پەیوەندیت بەوشەى جادووئامێزو شیعری داهێنەرانەوە. سەرەتاى شیعریت بەچی دەستى پێکردووە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەرەتای شیعریم لە نیگەرانییەکی سادەوە دەستی پێکرد. ئەتوانم بڵێم سەرەتا لەسەر دووڕیانێکدا دووچاری نیگەرانی ببووم. دووڕیانی شیعرییەتی شیعر و وەڵامدانەوە بە خواستە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانی ڕۆژ. دیارە بە دڵنیاییەوە ڕووی وشەم ڕووە و خواستە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان وەرچەرخاند بێئەوەی تامی هەنگوینی ئەو شیعرییەتە بکەم کە لە شانەکانی شیعردا دادەچۆڕان. ئەمەش بۆ سەرەتا و بۆ گەنجێکی تەمەن شانزە ساڵان ئەگەر ڕەواش نەبێ، مەئلوفە. بۆیە لەو سەرەتایەدا بەهەموو توانایەکمەوە هەوڵم دەدا لەگەڵ شیعر ئاوێزانی یەکتر بین. ئاوێزانێک کە تا ئێستاش بەردەوامین. نایشارمەوە جادووئامێزی وشە و شیعرییەتم لە هەڵوێستدا بینیوەتەوە. وشە هەڵوێستدار و ئاگر ئاساکانی نێو خەبات و شۆڕش و ڕاپەڕینم لا جوانتر بووە لە ناسکترین دەربڕینی شاعیرانە. ئەمە هەر تایبەت نەبووە بە سەرەتای شیعرییمەوە، بەڵکو هەتا ئەمڕۆش وەک سێبەر بە دوامەوەیە و لێم جیا نابێتەوە.بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە بەدوای شیعرییەتەوە نەبم، بەپێچەوانەوە من دەخوازم جوانترین ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی چینایەتی بە بەرزترین فۆرمی شیعریی نمایش بکەم.

پەڕەمووچ: بەدەر لە هەر شاعیرێکى دیکە.. مەشخەڵ وەک رێبازێک شیعری بۆ چینى کرێکاران تەرخان کردووە.. شیعری کوردى تا چ ئاستێک خزمەتى بەو رەوتە کردووە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ڕەنگە ئەگەر ورد لەم پرسیارە ورد ببینەوە جۆرە ئەشکالیاتێکی تێدا بەدی بکەین. بۆ نموونە لە سیاقی پرسیارەکەدا شیعری چینایەتی کرێکاری کوردیی و بزووتنەوەی شیعری کوردیی لێکجیا کراونەتەوە و وەک دوو جەستەی جیاواز نمایش کراون. لەکاتێکدا ئەتوانم بڵێم ڕەوتی شیعری کرێکاریی کوردیی بەشێکە دانەبڕاوە لە بزووتنەوەی شیعری کوردیی. (دیارە مەبەستم لە ڕەوتی شیعری کڕێکاریی کوردیی ئەو دەقانەیە کە بە زمانی کوردی نووسراون یان دەنووسرێن و شاعیرەکەش کوردە.) کەواتە شیعری کرێکاریی ناکەوێتە دەرەوەی ئەو بزووتنەوەیە. شیعری کوردیی لە ڕەوتی گەشە و بەرەوپێچوونی خۆیدا دوو تێروانین و دوو ڕێبازی سەرەکی تیایدا بوونیان هەبووە و هەیە. ئەوانیش تێڕوانینەکانی نەتەوەیی و چینایەتین کە بەردەوام ململانێی و کێشمەکێشیان لەنێواندا هەبووە و هەیە.. شیعری کرێکاریی بەپێێ بڕگە مێژووییەکانی گەشە و بەرەوپێشچوونی خۆی هەژموونی خۆی لەنێو بزووتنەوەی شیعری کوردیدا باڵا دەست یاخود پاشەکشەی کردووە. بزووتنەوەی شیعری نەتەوەیی کورد بەو پێودانگەی کە پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی جیاوازترە لە کرێکاران، بۆیە نەک هیچ خزمەتێکی بە شیعری کرێکاریی نەکردووە، بەڵکو درێغیشی نەکردووە لە دژایەتی کردنی ئەو ڕەوتە لە شیعری چینایەتی کڕیکاران کە تیدەکۆشێ لەڕێگەی هونەرەوە ئەو ئاسۆ و ئامانجە ئینسانییە دەربخات کە مرۆڤایەتی هەوڵی بۆ دەدات و مارکسیزم بە زانستی ڕزکارگەری سەرجەم بەشەرییەت دەزانێ.

پەڕەمووچ: لە نێوان دوو بۆچوونى جیاجیا.. شیعر لە پێناو هونەرى جوانى و شیعر لە پێناو خزمەت بە مرۆڤایەتى.. لە کامیان زیاتر نزیکیت و هۆکار چییە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : من لە تێروانینی دووەمەوە نزیکم. من لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا پێداگری جیددیم کردوە لەسەر ئەوەی کە شوناسی جوانی شیعر بریتییە لە هەڵوێستە چینایەتییەکانی. واتە تا چ ئەندازەیەک شیعر گەڕاوەتەوە بۆ ئینسان و ئینسانی کردوە بە بناغە و خاڵی لێوە هەستانی خۆی. لایەنگرانی شیعر لەپێناو جوانی و هونەر بێئەوەی ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی دەقی شیعریی هیچ جێگا و شوێنێکی جیددی لە تێفکرینە هونەریی و ئەدەبییەکانیاندا هەبێت، بوونەتە بەشێکی دانەبڕاوی ئەو بزووتنەوە ئەدەبییە بەرفراوانەی کە جگە لە خۆ بواردن لە توندکردنەوەی زنجیرەکانی دەست و پێی ئینسان، کارێکی تری نییە و من ئەو بزووتنەوەیە بە بزووتنەوەی ئەدەبی بۆرژوازی ناوزەد دەکەم. هەرچەندە ئەوەشم لا ڕوونە کە نابێت شیعر خاڵی بێت لە جوانی و هونەر. شیعر واتا هونەری زمان و دەربڕێن و خەیاڵ و ڕەگەزەکانی تری هونەری دەربڕین. ئەگەر شیعر لە هونەر دابڕیت ئەوکات ڕەنگە قسەی ئاسایی بخوێنیتەوە نەک شیعر. من ئەم ڕاستییە ئەزانم و نکووڵی لێناکەم. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خزمەتکردنی ئینسانییەت و دەرخستنی ئاسۆی ڕزگاری بەشەرییەت لە ستەم و بێمافی و چەوسانەوە خاڵی بەهێزی دەقی شیعرییە و ئایدێندتی شیعریی نیشان دەدات. لەم گۆشە نیگایەوە من ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی دەق لای من دەستپێکی لەدایکبوونی دەقی ئەدەبییە و جا ئەو دەقە چ فۆرمێک بەباڵای خۆیدا دەبڕێت ئەوەیان باسێکی ترە.

پەڕەمووچ: ئایا شعر موڵکى شاعیرە یان نەتەوە هاوزمانەکەیەتى؟ ئیمڕۆ لە فراوانترین کرانەوەى شارستانیەتدا شیعری کوردى چۆن دەبینى؟ تا چەند دەتوانێت کاریگەرى بەسەر دەروونى خوێنەر یان بیسەورەوە هەبێت؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : شیعر دەتوانم بڵێم موڵکی شاعیرە و لەهەمان کاتیشدا موڵکی هاوچینەکانییەتی(ئەگەر موڵکایەتیمان وەک بارە ئابوورییەکەی بە مانای خاوەندارێتی قبوڵ بێت). شیعر موڵکی شاعیرە لەبەر ئەوەی لەدایکبووی دۆخی تایبەتی ئەفراندنە لە زمان و خەیاڵی شاعیر. وە موڵکی هاوچینەکانییەتی یان تۆ وتەنی هاوزمانەکەیەتی، چونکە شاعیر تاکێکە لەو گروپە کۆمەڵایەتییە گەورەیەی کە ناوی چین یان نەتەوەیە.. بەڵام کاتێک دەق بڵاو دەبێتەوە، ئیتر لە موڵکییەتی شاعیر دەکەوێت و چینێک یان نەتەوەیەک لێی بەرپرسیارە و خاوەندارێتی دەکات. واتە تا ئەو ساتە شاعیر خاوەنییەتی کە ‌هێشتا بڵاو نەبۆتەوە. کە بڵاو بۆوە ئیتر لە موڵکایەتی شاعیر دەچێتە دەرەوە. بۆ مەسەلەی بینینی شیعری کوردیی لە فراوانترین کرانەوەی شارستانی کە پێموایە مەبەستت گڵۆبەڵازەیشن بێت، هەست ئەکەم شیعری کوردیی دووچاری داخران و قوپانەوە بووە. شیعری کوردیی لەم سەردەمی کرانەوەیەدا لەبری گەشەی چلۆنایەتی دەرگیریی کێشە و ئاریشەکانی ئیندیڤیجواڵ بووە و بەمەش خۆی لە کێشە مرۆییەکانی سەردەم دابڕیوە. دیارە ئەمەش کاریگەریی هەیە بەسەر هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی. ئەم کاریگەرییەش هۆکارێکی جیددییە کە ناتوانێت بەپێی پێویست وەڵامگۆی پێداویستییە دەروونییەکانی خوێنەر یان بیسەری کرد بێت. شیعری کوردیی شیعرێکی نا کاریگەر و نا فەعالی کۆمەڵایەتییە و تاکو ئەم داخرانەی خۆی بەڕووی جەنگە چینایەتییەکانی سەردەم نەکاتەوە، تاکو نەبێتە بەشێک لە ململانێێ کۆمەڵایەتیی و سیاسیییەکانی کۆمەڵگە، تاکو لەسەر بەرژەوەندی چینایەتی زۆربەی ئینسانەکانی کۆمەڵگە پێداگری نەکات، تاکو ئاڵای خەبات و شۆڕشگێرێتی بەرز نەکاتەوە و ناتوانێت لەسەر گۆڕەپانی تێکۆشان بۆ ڕزگاری ئینسانییەت کاریگەری بەرچاوی دەروونی هەبێت لەسەر خوێنەر یان بیسەر.

پەڕەمووچ: سەردمانێک عەرەب شاعیرانى (مهجر)ى هەبووە کە هەندێکیان ئێستاش بەردەوامن و کاریگەری زۆر ئەرێنییان بەسەر دەروونى خوێنەرى غەیرە عەرەبەوە هەبووە، ئایا شاعیرانى کورد چ هەنگاوێکیان لەو مەودایە ناوەو تا چەند سەرکەوتنیان دەستەبەرکردووە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : کورد لەمێژ نییە توانییەتی لە سنوورەکانی کوردستانەوە بچێتە دەرەوە و سەرزەمینێکی تر وەک نێشتمانی خەونەکانی بەدەست بهێنێت. مێژووی مەسەلەی کۆچ و پەناهەندەیی کورد نزیک بە نیو سەدەیە. لەکاتێکدا کێشەی (هجرة) ی شاعیرانی نەتەوەی عەرەب مێژوویەکی چەند سەد ساڵەی لەپشتە. هەر بۆشە ئەزموونەکانیان دەوڵەمەند و هەوڵەکانیان بە پیت بووە لەسەر هەردوو ئاستی لۆکاڵی و ناوچەیی. هەرچی شاعیرانی کوردە هەتا ئێستاش نەیان توانیوە هەنگاوی بەرچاو بنێن. هەرچەندە لەسەر ئاستی تاک هەوڵی لێرە و لەوێ هەیە، بەڵام وەک ڕەوتێک یان تەوژمێک بوونیان نییە و بۆیەش هێشتا زۆر زووە باس لە سەرکەوتن یان نوشوستی ئەو هەوڵانە بکەین. سەبارەت بە ئەدەبی کوردی تاراوگەش کە لێرە و لەوێ و جاروبار بەرچاومان دەکەوێت دەتوانم لە ئاستی نەبووندا دایبنێم. چونکە تەواوی نووسەرانی دەرەوەی سەرزەمینی کوردستان بە جەستە لە دەرەوە و بە هەست لە ناوەوەن. ئینتمای ئەدیبان و نووسەرانی کوردی تاراوگە، ئینتمایە بۆ ناوەوە نەک دەرەوە. بۆیە بەدەگمەن شیعرێک دەبینی هەڵگری تایبەتمەندی جۆرێتی ژیانی دەرەوە بێت. لەبەر ئەوە ئەم نووسەرانە نەک نەیانتوانیوە ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی دەرەوە بگوازنەوە ناوەوە، بەڵکو تا ئەم ساتەی ئەم دێرانە دەنووسم، هەر نیازی لەوجۆرەشیان هەر لە خەیاڵدا نییە.

پەڕەمووچ: دەبینین گەنجێکى زۆر روویان کردۆتە نووسینى شیعر، لەکاتێکدا لە کایە مرۆییەکانى وەک فەلسەفەو کۆمەڵناسی و ئیستاتیکا ناخوێننەوە .. چ پەیامێکیان ئاراستە دەکەیت؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : من هیچ پەیامێکیان ئاراستە ناکەم. چونکە نە بروام بە مامۆستایی هەیە و نە نوخبەشم بەلاوە پەسندە تا وەکو کەسێکی خۆ بەنوخبەزان بێم خۆم بە ڕیش سپی دونیای شیعر دابنێم و ئامۆژگاری ببەخشمەوە. بەپێچەوانەوە من ئێستاش هەر خەریکی فێربوونم. ئێستاش لە ئەزموونی پیر و گەنج و تازە و نوێ ورد دەبمەوە و بەسۆراخی فێربوونەوەم. ئەوە ڕاستە گەنجێکی زۆر ڕوویان کردۆتە پێدەشتەکانی شیعر و شیعر دەنووسن، لەگەڵ ئەوەشدا توێژێکی بە ساڵاچووش هەر خەریکی شیعرن. ئیتر خەتاکە گەنجەکان نین، بەڵکو ئەتمۆسفیری ئەدەبی و کۆمەڵایەتی ژیانی کورد وایە. ئەو شاعیرانەی بێئەوەی زەخیرەیەکی مەعریفیی و پاشخانی ڕۆشنبیرییەکی کۆمەڵایەتیی – مێژوویی لە هەناوی دەقەکانیاندا هەناسە بدات. ناتوانن داهێنەر بن جا گەنج بن یان پیر. بێدەربەستی نیشاندان سەبارەت بە کایەکانی فەلسەفە و ئیستاتیکا و کۆمەڵناسی و ئابووری و زانست و تەنانەت ژینگەش و ئینجا دەستبردن بۆ نووسین، نیشانەی کەموکوڕیی و ناشارەزاییە کە نووسەر چ گەنج یان پیر بێت ڕووبەڕووی دەبێتەوە و خوێنەر ڕووبەڕووی ئەزموونێکی کاڵوکرچ دەکات. نووسەر چ گەنج یان پیر بۆ ئەوەی دەقی جوان بنووسێت، دەبێ خاوەن زانیاریی بێت و لەنێو کلتورێکی گەورەی خوێندنەوەدا قاڵ بووبێتەوە. دەبێت ئاگاداری ئەزموونەکانی دەرەوەی بازنەی ژینگە ئەدەبییەکەی خۆی بێت. ڕابردوو و ئێستای بزووتنەوەی شیعریی بناسێت و لە کایە جیاجیاکانی مەعریفەدا تینوێتی خۆی بشکێنێ. لێرەوە خوڵقاوی ئەدەبی جوان دێتە ئاراوە و دەتوانی لەژێر ناوی داهێناندا بەرهەمەکانی پۆلینی بکەین.

پەڕەمووچ: ئەزموونەکان بە پێی سەردەمان و شوێنەکان لە گۆڕانکاری بەردەوامدان، بەلام کاریگەری قوتابخانە شیعرییەکان هەمیشە لە ناوەڕۆکەوە لێک جودان و یەکناگرنەوە، هاوبار هیچ ناکۆکییەکیش لە نێوانیاندا نییە، ئەو هاوسەنگیەى ناو ناکۆکى ئەدەبی لە چ گۆشەنیگایەکەوە دەبینیت؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئەمە بەردەوامیی و بەرەوپێشچوونی کرۆکی ئەزموونی ئەدەبییە کە هەمیشە لە گۆڕاندا بێت و لە ئاستیکدا قەتیس نەبێت. ئەمە ناسنامەی زیندووێتی ئەزموون و دەقە. ئەمە ئەو ڕێڕەوەیە کە گۆڕانکاری ناوەڕۆکی دەقەکان و قوتابخانە شیعرییەکان تیایدا مانا پەیدا دەکەن. هەر قوتابخانەیەکی شیعریی تایبەتمەندی خۆی هەبووە و لە قۆناغێکی تایبەتی ژیانی سیاسیی – کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە و کاریگەریی خۆی جێهشتووە. کاتێکیش ئەو قوتابخانەیە ناتوانێت لەگەڵ گەشەی کۆمەڵگە برواتە پێشەوە و وەڵام بە پێداویستییە ئەدەبییەکانی ئەو قۆناغە بداتەوە، بێ کاریگەر دەمێنێتەوە و بەناچار ڕێگا بۆ قوتابخانەی ئەدەبی تر خۆش بکات. قوتابخانە شیعرییەکان پێویستی سەردەم و قۆناغی تایبەتی ژیانی ئینسانەکانن، بۆیە سەرباری هەر ناتەباییەک لە نێوانیاندا ، هەر هەموویان بە هێڵێکی راست لەگەڵ ڕەوتی گەشەی ژیانی مرۆڤ هەنگاویان ناوە و دەنێن. ڕەتکردنەوە و دووبارە ژیانکردنەوە لەسەر وێرانەیی ئەویتر بەپێێ یاسای ڕەتکردنەوەی ڕەتکردنەوە دەڕوات بەڕێوە و کۆن جێگا بۆ نوێ خۆش دەکات و ڕێگای بۆ دەکاتەوە. بەم تێگەیشتنەوە دەتوانین لەمانای گەشە و ململانێی نێوان تازە و کۆن تێبگەین و خوێندنەوەی خۆمان بۆی هەبێت. ئەگەر ئەمە بۆ فرماسیۆنی کۆمەڵایەتی – ئابووری کۆمەڵگەی کوردستان دروست بێت، ئەوا بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتنی ئەزموون و ناوەڕۆکی قوتابخانە ئەدەبیی یان شیعرییەکانیش مانادارە و دەتوانرێت تەواوی قۆناغەکان و قوتابخانە شیعرییەکانی بزووتنەوەی شیعری کوردی پێ هەڵبسەنگێنرێت.

پەڕەمووچ: مەشخەڵ جگە لە شیعر .. لە هیچ بوارێکى ترى ئەدەبی (چیرۆک، رۆمان، وتارى ئەدەبی، رەخنە، فەلسەفە.. هتد) دەستى نووسینى هەیە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : بەڵێ من جگە لە بواری نووسینی شیعر، گەلێ هەوڵی ترم هەیە لە بوارەکانی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە هەروەها نووسینی شانۆنامە و جاربەجاریش چیرۆک دەنووسم و چەند ئیشێکیشم لە بواری وەرگێڕاندا کردووە و چەند کتێبیشم لەم بوارانەدا چاپ و بڵاو کردۆتەوە.

پەڕەمووچ: پارچە شیعرێکمان پێشکەش بکە.
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : فەرموون لەگەڵ ئەم شیعرەم کە پێشکەشی ئێوە و خوێنەرانی هەفتەنامەی (هەواڵ)ی دەکەم.

                  چەند دیمەنێک لە پەنجەرەی ژیانەوە

بەچاوی پڕ فرمێسکەوە
ئەم ئافرەتە کرێکارە شۆخ و شەنگەی کارگەکەمان
لە نووسینگەی بەڕێوەبەر زۆر بە پەلە هاتە دەر و
توووند دەرگاکەی دوای خۆی داخست
دواتر وتی : ئەو بێئەخلاقە وا دەزانێ وەکو خۆیم
ئیتر فەرشی بێڕەوشتی بورژوازی
لە سەرەڕێی بیرکردنەوەی سەرجەم کرێکاران ڕاخست.
**
مەراقم بوو کە پێی بڵێم خۆشم ئەوێی
زۆر زیرەک و زۆر چاوکراوە و ئازا بوو
دوای چەند ساڵێک بووین هاوڕێی خەبات و تێکۆشانی یەک
بینیم ئەویش ئەنگێزەی ڕزگاری لایە
لەو ڕۆژەوە وەک دوو دڵ بەڵام یەک جەستەوەستاوین شانبەشانی یەک
**
لە قوتابخانەی دوا ناوەندی
مامۆستایەکمان شیوعی بوو
وانەی زمانی و ئەدەبی کوردی پێ دەوتینەوە
هەر یەکێکمان شتێکی دژ بە ویستی چینایەتی ئەو مامۆستایە بوتایە
خێرا بە چەند وشەیەکی مزر و ترش ناو دەمی دەکوتینەوە
ڕۆژێ قوتابییەکی هەستانە سەر تەختە ڕەشەکە و پرسی ئادەی باوکت چ کارەیە؟
وتی باوکم بەڵیندەرە.
زۆر تووڕە بوو وتی هەتیو دە فڵتەفڵت بەڵیندەرە بەڵیندەرە
بنووسە دەی باوکم کرێکارێکی ڕەنجدەرە.
**
گوێم لێبوو بە هاوڕێکەی وت
کوڕێکی تا بڵێێ بێدەنگ و کەمدووە
بۆ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ئەزانی
کتێبێکی کارڵ مارکسم بۆ سەندووە
دوو ساڵ پاشتر هاوڕێکەی بوو بە هاوکارم
چاوی چرا و
دەمی مژدەی سەرفرازی و
وشەکانی تک تک خەونیان لێ ئەچۆڕا
زۆری نەبرد بۆرژوازی
ئەم ئومێدەی قۆڵبەست کرد و
ئیتر هەتاو ڕۆژی دەیان جار ئەتۆرا
**
لە قوتابخانەی جمهووری
نامەی کەپڵەکەی نیشانی خوشکم دابوو
وتبووشی گەر ئیزعاج بووی
داوا دەکەم لێم ببووری
نا ئازیزم..کەپڵەکەت دیارە زۆر ڕێکە و شۆڕشگێڕە
وای دەبینم بۆ تۆ ڕێک پڕ بە پێستت بێ
خۆزگەم بە خۆت
ئای چەند خۆشە کە هاوژینت
هاوڕێگای مانیفێستت بێ.
**
لێرە ئەندامی سەندیکام
سەندیکایەک نە ڕەنگی سوورە و نە زەردە
لای خۆی وایە ساڕێژکەری چی ناسۆری و خەم و دەردە
بەڵام کاتێ بە زمانی مارکس لینین دەیدوێنی
هەر ئەو ساتە کە گوێبیستی وەڵام دەبی
دەیان نەمامی دوودڵی و شەتڵە گومان
لەسەر ڕێگای بیرکردنەوەی خۆت دەڕوێنی
**
ڕۆژێ خەریکی ئیدیتی کتێبی ئەنتۆلۆجیا بووم
نێرگز قاوەیەکی نیمچە تاڵی هێنا و
لە تەنیشتمەوە دانیشت و وتی مەشخەڵ :
گەلێ دڵم بۆت دەیەشێ
تۆ خۆت بۆ چینی کرێکار سووتاندووە و
وا چاویشت لەسەر دانا
پێمناڵێی کێ ئێستاکە ئاگای لە تۆیە
وتم ئازیز : ئەگەر کەسیش ئاگای لە سووتانم نەبێ
تۆ خۆت زۆر چاک ئاگاداری
تۆ بزانی بەسە گیانە ئاخر تۆ خۆت کرێکاری
**
بۆ ماوەی دوو ساڵی ڕەبەق شەو کار بووم و
بە ڕۆژیش نووستووی ناو جێگا
شەوان لەگەڵ ئەستێراندا کارم دەکرد
خۆریش ببوە خەمی ڕێگا
ئەمێستاکە ڕۆژکارم و بەشەوان دەنووم
ئەستێرەکان لێم هەڵدێن و
منیش بە شوێنیانا مانووم.

١٣ کانوونی دووەمی ٢٠١٩




مەحموود دەروێش لە ئەنتۆلۆگیای “شەبەنگی شیعر”ەوە و: پشکۆنەجمەدین

جوانترین ئەوین

هەر وەکوو گیا، چلۆن لەنێو قڵیشی بەرددا شین دەبێ،
ڕۆژێک ئێمە ئاوەکی بووین.
ئاسمانی بەهارەشەو، هەر نەخشاندنی ئەستێران،
منیش لیزگەی خۆشەویستیی چاوانی تۆم دەهۆنییەوە…
سترانی عیشقم بۆ چڕین!
داخۆ دەزانن چاوانت، من چەند چاوەڕێم کردووە؟
چاوەڕوانیم…
مینا چاوەڕوانیی هاوین بۆ باڵندە،
خەوتنیشم، وەکوو خەوی کۆچکردوویەکی بێ داڵدە.
چاوێک دەنوێ،
تا چاوەکەی دی ڕا ببێ و لەسەر هاوتاکەی بگریێ.
ئێمە خۆشەویستی یەکدین، هەتاوەکوو مانگ دەخەوێ،
دەیشیزانین، دەستلەملان و ڕامووسان، چەرەی شەوانی دڵدراین،
بەیانییەکەش، هەنگاوەکانم بانگ دەکات، تا لەسەر ڕێی ڕۆژێکی نوێ، بەردەوام بن!
ئێمە هاوڕێین،
لەتەکمەوە، دەست لەنێودەست، بابڕۆین و نان و سترانان چێ بکەین.
بۆچی لەم ڕێیە بپرسین، بۆ کام چارەنووسمان دەبا؟
لەکوێ ڕا هەنگاوەکانمان کۆوە دەکا؟
من پێم وایە و تۆش هەروەها،
تا ئەبەد پێکەوە دەڕۆین.
ئیتر بۆچی لە کۆنەدیوانی شیعرا،
لەدوی گۆرانیی گریان بگەڕێین؟
لە خۆشەویستیی خۆمان بپرسین،
کە چەندە دەژیێ؟
خۆشم دەوێی،
خۆشەویستیی کاروانەکان بۆ مێرگێکی پڕبژوێن و
خۆشەویستیی گەدا بۆ نان!
هەر وەکوو گیا، چلۆن لەنێو قڵیشی بەرددا شین دەبێ،
ڕۆژێک بە یەکدی نامۆبووین،
بۆ هەمیشەش هاوڕێ دەبین!

ئاوەکی: غەریب، نامۆ




دروستبوونی زمانی جۆکەر هەڕەشە یەکی گەورە بۆ مردنی زمان … نیگار نادر

زمانی كوردی ستوونه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كۆشش و ناسنامه‌ و چۆكدانه‌دانی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌ ، ئه‌و زمانه‌ی سیمبۆلی زیندوومانه‌وه‌ و شكۆی ملێۆنان مرۆڤی كورده‌ ، تاكه‌ چه‌كی به‌رگری ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌یه‌ كه‌ له‌ مێژوو ، جوگرافیا ، شارستانیه‌ت هه‌ڵپه‌سێردراوه‌ و مافی بوون به‌ ده‌وڵه‌تی لێ زه‌وتكراوه‌..
زمانی كوردی هه‌رچه‌ند زمانێكی ماندوو زامداره‌، زمانێكی بێ خزمه‌ت و سه‌ركوتكراوه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا هه‌ر زمانێكی نه‌به‌زه‌..، هه‌ر ئه‌و زمانه‌ به‌درێژایی مێژوو به‌سه‌دان مرۆڤی شكۆداری له‌پیناو بووه‌ته‌ قوربانی و له‌سێداره‌دا دراوه‌ ، به‌ هه‌زاره‌های له‌سه‌ر ئه‌نفالكراوه‌ به‌ سه‌دان ڕووناكبیری له‌سه‌ر په‌رته‌وازه‌ كراوه‌، زمانێكه‌ تا ئێستا وه‌رنه‌گێڕدراوه‌ته‌ ناو ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت و زانست له‌ جیهاندا ، به‌و مانایه‌ی زمانێكی به‌جێماو و سڕكراوه‌…

لێره‌ دا نامه‌وێ ئاماژه‌ به‌ كۆی مێژووی زامداركرنی زمانی كوردی بكه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌گه‌ر چه‌ند سه‌رنجێك له‌ چۆنیه‌تی رێكخستن و به‌كارهێنانی زمانی كوردی له‌ناو هه‌رێمی كوردستان كه‌ قه‌واره‌یه‌كی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ٢٧ ساڵه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌ بدرێ، سه‌ره‌ڕای خاوه‌نداریه‌تی داهات و سه‌رمایه‌كی بێئه‌ژماری سامانی سروشتی و نه‌وت له‌ ده‌ ساڵی ڕابردوودا..

ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنجكێشه‌ ئه‌و سنووره‌ جوگرافیایه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ربكرێت چونكه‌ به‌درێژایی مێژووی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ له‌هه‌ر چوارپارچه‌دا یه‌كه‌مجاره‌ كورد گه‌یشتۆته‌ ئه‌و پێگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی و ناوچه‌یی، هه‌م له‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌رێوه‌به‌ری و ڕامیاریی‌و هه‌م له‌ ڕووی ئابووری و سه‌رمایه‌دارییه‌وه‌ ، بۆیه‌ لێره‌ زۆر گرنگه‌ له‌ خۆمان بپرسین ئایا تا ئێستا چ پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانی، بۆ پاراستنی زمانی كوردی هه‌بووه‌؟ !
له‌ئێستادا وه‌كو به‌رپرسیارییه‌تێكی ڕۆناكبیری، ئه‌ركه‌مانه‌ بپرسین ئایا به‌ درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ له‌سه‌ر چ بنه‌ماو به‌ چ یاسایه‌ك زمانی كوردی پارێزراوه‌؟ ئایا چ هه‌نگاوێك بۆ به‌ ستانداردكردنی شێوه‌زاره‌كانی زمانه‌كان نراوه‌؟ ئایا ساڵانه‌ چ ستراتیژیه‌تێك بۆ پاراستنی زمانی كوردی، له‌سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ته‌وه‌ داڕێژراوه‌ ؟ چ جۆره‌ رێنماییه‌كی زماندروستی داسه‌پێنراوه‌؟ ئایا مه‌رجه‌كانی زمانزانی به‌سه‌ر وه‌به‌رهه‌مهێنانی بیانی له‌هه‌رێمی كوردستاندا سه‌پێنراوه‌؟ زانكۆیه‌كان چ پرۆژه‌یه‌كیان بۆ پێشخستن و ناساندنی زمانی كوردی پێشكه‌شكردووه‌ ؟ یان چ مه‌رجێكی زمانزانیان بۆ دیپلۆماته‌ بیانی و كونسوڵخانه‌كانیان ده‌ستنیشان كردووه‌؟

ئایا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ چ پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانی بۆ چه‌سپاندن و تۆكمه‌كردنی زمانی كوردی داڕشتووه‌و ڕاگه‌یاندوه‌؟ پێویسته‌ كۆڕی زانیاری كورد پلان و پرۆژه‌ و به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ئاماژه‌ پێبدات و بڵاوبكاته‌وه‌! ئه‌دی له‌و ماوه‌ زه‌مه‌نیه‌ی رابردوو ئه‌جێندای وه‌زاره‌تی ڕۆشه‌نبیری چی بووه‌ بۆ خزمه‌ت و پیشكه‌وتنی زمانی كوردی؟!

بۆ ده‌بێت له‌دوای ٢٧ساڵ ترازان له‌ به‌غدا زمانی عه‌ره‌بی كه‌ هۆیه‌كی پاشكه‌وته‌ییه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌م وه‌كو سه‌رچاوه‌ هه‌م وه‌كو شانازی هه‌م وه‌كو داسه‌پاندن له‌زۆربه‌ی داموده‌زگا ڕه‌سمی و ناڕه‌سمیه‌كاندا به‌زمانی سه‌ره‌كی و سه‌رچاوه‌ ئه‌ژمار بكرێت؟!
ئایا یاسای وه‌به‌رهه‌مهێنان چ سودێكی هه‌بووه‌ و چ زه‌برێكی له‌ زمانی كوردی داوه‌ ؟ ده‌بێت له‌سه‌ڕرا به‌ پرۆتۆكۆڵه‌ دیبلۆماسی و سیاسی و بازرگانی و سه‌ربازییه‌كاندا بێین و ، بپرسین كوا ده‌قه‌كانیان به‌زمانی كوردی؟ كوا مه‌رجه‌كانی زمانزانی بۆ هاووڵاتیه‌ نیشته‌جێ بووه‌ بیانییه‌كان له‌ هه‌رێم؟
ده‌بێت له‌ وه‌زاره‌تی كار بپرسین ئایا ڕینماییه‌كانی په‌یڕه‌وكردنی زمانی كوردی له‌كوێی مه‌رج و مۆڵه‌تدان به‌ كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌سنیشان كراون، كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌كارده‌بن؟ ده‌بێت وه‌زاره‌تی شاره‌وانی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بداته‌وه‌ ئایا تابلۆی سه‌ر باڵه‌خانه‌كانی هه‌رێم چۆن و به‌ چ پێوه‌رێكی سه‌روه‌ری زمانی كوردی هه‌ڵواسراون؟
ئایا مێدیای كوردی كه‌ ئێستا بۆته‌ ده‌مڕاستی حكوومه‌ت و سه‌نته‌ری رۆشه‌نبیری كوردی! له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كی زمانه‌وانی پرۆگرامه‌كانی ده‌وه‌شێنێت؟ ئایا مۆڵه‌تی زمانزانی له‌ كه‌س وه‌رده‌گرێت؟ ئه‌ی له‌ هۆتێل و ریستۆرانت و كافێ و یانه‌ و ئارایشگایه‌كاندا چۆن زمانی كوردی ده‌بڕدرێ؟ بۆ هیچ یه‌ك له‌ نۆڕینگه‌و تاقیگه‌و هوتێل و ئارایشگایه‌كان نرخیان هه‌ڵنه‌واسیوه‌؟ بۆ ده‌بێت هه‌ر بیانییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌ نه‌ك قۆڵ به‌ڵكو زمانی كوردیش ببڕیت؟!

زۆر گرنگه‌ سه‌رنج له‌ دامه‌زراندنی ئه‌و هه‌موو قوتابخانه‌ بیانییانه‌ بده‌ین كه‌ له‌ پرۆگرامه‌كانیاندا زمانی كوردی به‌ زمانێكی لاوه‌كی ده‌ژمێرن و به‌پێی ئه‌جیندای خۆیان زمانی كوردی ده‌شێوێنن و له‌ناویشیاندا هه‌ندێك قوتابخانه‌ی توركی و فارسی كه‌ به‌خۆڕایی كورسی خوێندن به‌زمانی خۆیان بۆ منداڵانی كورد دابین ده‌كه‌ن؟!
ده‌بێت بپرسین بۆ له‌و هه‌رێمه‌ گچكه‌یه‌مان تا ئێستا زانكۆ نا به‌ڵكو تاكه‌ ئه‌كادیمیایه‌كی تێدا نییه‌ بۆ فێربوونی زمانی كوردی؟ له‌هه‌مان كاتیشدا بۆ چه‌ندین زانكۆی ئه‌مه‌ریكی و فه‌ره‌نسی له‌ كێبڕكێی دامه‌زراندان دان؟! كوا شێوه‌زاری پایته‌خت كه‌ شێوه‌زاری هه‌ولێرییه‌ ، بۆ به‌شه‌كانی زمانی كوردی له‌ زانكۆیه‌كان لاوه‌كیترین به‌شن؟!

ده‌بێت بپرسین ئایا له‌چه‌ندین ساڵی ڕابردوودا چ جۆره‌ نه‌وه‌یه‌كی زمانزان به‌رهه‌م هاتووه‌، ئایا چ سیاسه‌تێك بۆ وه‌به‌رهه‌مهێنانی مرۆیی له‌ كوردستان هه‌بووه‌؟ كێ به‌رپرسیاره‌ له‌وه‌ی كه‌ ته‌واوی تاراوگه‌نشینانی كورد له‌ ئه‌وروپاو جیهاندا منداڵه‌كانیان به‌ زمانی كوردی فێر نابن ؟! بۆ ده‌بێت نه‌وه‌ی داهاتوو زمانی دایك باش نه‌زانێت؟
ئه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی دانیشتووی پایته‌ختی هه‌رێمن چ تاوانێكیان هه‌یه‌ له‌وه‌ی شێوه‌ گۆكردنی ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌یان زاڵتره‌ به‌سه‌ر گۆكردنه‌ كوردییه‌كه‌یان؟! ئه‌دی ئه‌و منداڵه‌ كوردانه‌ی له‌ له‌نده‌ن و ئه‌ڵمانیا و سوێدو… له‌دایك بوون و زمانه‌ كوردییه‌كه‌یان له‌نگ و پچرپچره‌!، ناكارێن ڕسته‌یه‌ك به‌ كوردی بنووسن گوناهیان چیه‌؟! له‌هه‌مان كاتدا نكۆڵی له‌وه‌ش ناكرێ كه‌ ناهۆشیاری كۆمه‌ڵگه‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر دروستكردنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌وه‌ی داهاتوو به‌ تایبه‌ت دایك و باوك، كاتێك هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تییان بۆ زمانی دایك لاوازه‌ و منداڵه‌كانیان به‌ زمانێكی بێگانه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن یان پتر زمانی ئینگلیزی به‌سه‌ر زمانی كوردی دا ده‌نرخێنن.

ڕاسته‌ چه‌سپاندن و پاراستنی زمان ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاته‌، به‌ڵام گه‌ره‌كه‌ بپرسین ئه‌ی له‌ چه‌ند ساڵی رابڕدوودا رووناكبیران چ پرۆژه‌یه‌كیان هه‌بووه‌ بۆ پاراستنی زمانی كوردی؟ ئایا سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و هه‌موو وه‌رگێره‌، كه‌ زۆربه‌یان زماننه‌زانن ، ڕێكه‌وتێكی ئاساییه‌؟ ئه‌دی له‌چاپدانه‌وه‌ی كۆ به‌رهه‌می هۆزانڤان و مێژوونووسانی كورد له‌ ئێران و لوبنان چ پرۆژه‌یه‌ك و به‌ چ ئاقارێكه‌؟ چ زه‌برێك له‌ زمانی كوردی ده‌دا!
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و كوولتووری كورد سروشتێكی ناوازه‌یه‌، بۆیه‌ یه‌كگرتن و یه‌كخستنیشی كارێكی ئه‌سته‌مه‌، یه‌ك له‌و ئه‌سته‌میانه‌ش دروستبوونی زمانێكی یه‌كگرتوو و ستاندارده‌، كه‌ دروست نه‌بوونی جێگای كه‌موكورتی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش زاڵبوونی زمانی ته‌كنۆلۆجیا، كه‌ زمانی كوردی به‌رامبه‌ری زۆر لاوازه‌، وه‌ داسه‌پاندنی زمانی ئینگلیزی له‌ ڕێگای په‌روه‌رده‌و بازاڕو بزنس ، هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ره‌كی بنكوڵكردنی زمانی كوردین.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ ئاماژه‌ی پێبده‌م دروستبوونی زمانێكی جۆكه‌ره‌ ، زمانی كوردی زمانێكه‌ هیلاككراوه‌ به‌ هه‌ڵه‌ به‌كارهێنان و پشگوێخستن ، خه‌ریكه‌ به‌ره‌به‌ره‌ هیچ بنه‌مایه‌كی ناهێڵدرێ گه‌شه‌ بكات، بۆئه‌وه‌ی زیندوو بمێنێته‌وه‌ هیچ یاسایه‌ك نییه‌ به‌رگری لێبكات و هیچ سزایه‌ك نییه‌ بۆ تێكده‌ران و زیان پێگه‌یه‌نه‌رانی…
ئه‌گه‌ر وردتر سه‌رنجبده‌ین ده‌بینین ئه‌و زمانه‌ له‌لای منداڵانی كورد زۆر بایه‌خی نییه‌، منداڵی كورد له‌ دڵه‌وه‌ زمانی ئینگلیزی ده‌نرخێنێ به‌سه‌ر زمانی خۆیداو زمانی كوردی پێ لاوه‌كییه‌..

له‌ ئێستادا ئه‌و زمانه‌ كوردییه‌ی ده‌رئه‌نجامی پشتگوێ خستنی ده‌سه‌ڵات ، لاوازیی ئه‌كادیمیای زمان ، وه‌رگێڕانی سه‌قه‌ت، مێدیای تازه‌ پێداكه‌وته‌ ، به‌ لاوه‌كی به‌كارهێنانی له‌ زانكۆیه‌كان ، ئه‌نجامنه‌دانی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر زمان، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌كرێ بێژین كۆی به‌سه‌ریه‌ككه‌وتنی ئه‌و دیاردانه‌ شێوه‌ زمانێكی جۆكه‌ری به‌رهه‌مهێناوه‌ كه‌ زمانێكی ئاسان و كاربه‌ڕیكه‌ره‌ ، له‌ ئاینه‌ده‌شدا مه‌ترسی گه‌وره‌ی لێ چاوڕێده‌كرێت..
له‌به‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌یان پێدرا، ئه‌ركی سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانه‌ زۆر به‌ په‌له‌و به‌ یاساو هه‌نگاوی كاریگه‌ر به‌رگری له‌ زمانی كوردی بكات و پێداچوونه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ هه‌موو ئه‌و بۆشایی و هه‌ڵانه‌دا بكات كه‌ زمانیان لاوازكردوه‌، هه‌روه‌ها به‌رگری له‌و هێرشه‌ بكات كه‌ دوژمنانی كورد له‌ڕێگه‌ی زمانه‌وه‌ خه‌ریكه‌ ئامانجی خۆیان دژی كورد ده‌پێكن …
هه‌روه‌ها پێویسته‌ به‌یاسای تایبه‌ت شكۆ بۆ زمانی كوردی بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ ، زانكۆیه‌كان پابه‌ند بكرێن به‌ ئه‌نجامدانی توێژێنه‌وه‌ی زمانه‌وانی‌و زانستی سه‌رده‌م، چه‌ندین جۆر ئه‌كادیمیای فێربوونی زمانی كوردی بكرێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بازاڕ بۆ ئه‌و زمانه‌ په‌یدابكرێت‌و زیاتر بناسرێت ، به‌ ستراتیژی تایبه‌ت مێژوو و ئه‌ده‌بی كوردی وه‌ربگێردرێنه‌ سه‌ر زمانی نه‌ته‌وه‌كانی تر، مه‌رج و رێنمایی توند، بۆ كوردیزانی و ڕه‌وانبێژی له‌ زمانی كوردیدا بسه‌پێنرێن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی داده‌مه‌زرێن.
له‌هه‌مان كاتیشدا ئه‌ركی زمانزان و ڕوناكبیرانیشه‌ چیتر كه‌مته‌رخه‌می نه‌كه‌ن و هه‌وڵبده‌ن زمانی كوردی له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌ ته‌كنۆلۆجییه‌كان بگونجێنن و زۆرترین كۆنفراس بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر زمان ببه‌ستن و به‌به‌رده‌وامی كۆمه‌ڵگا له‌و مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ لاوازبوونی زمانه‌ ئاگاداربكه‌نه‌وه‌ و زمانی كوردی بپارێزن و لیژنه‌یه‌ك له‌ كه‌سانی پسپۆرو زمانزان له‌ فه‌رمانگه‌و زانكۆو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان دابمه‌زرێن، بۆ پاراستن و سه‌لامه‌تی زمانی كوردی.

Negar nadir
2017




چاوە ڕەشەکانت … نووسینی: جیهان بن ڕابحی. .. وەرگێرانی: ئاری بابان

چاوه ڕەشەکانت دڵۆپێک هەنگوینن
لێوه كانم تەڕم دەکات و
ئاكر له تينيوتيم بەرئەدات
منیش یاری بە ئاونگ دەکەم و
تینوێتیم ناشکێت
چاوە ڕەشە ئەفسوناویەکانیت
خه و لە چاوەکانم دەتارێنێ و
بەرەو دەنگت ڕامدەکیشێت.
بێدەنگیەک ئەچرپێنێت
ئای ڕەشای چەنێک جوانە
چاوەڕەشەکانت بروسکەیەکە
تێکەڵ بە نەرمی و شەرمە
لەسەر ڕیتمی باران
سه مام پێ ئەکات و
هؤنراوه ش وه كو ئه فسون
له ئاميزم دەگرێت.
جاوه ره شه كانت
كزەبای بەیانیانەو
باسی لەرزینی کازیوەم بۆ ئەکات
باسی بریندارێکم بۆ دەکات
شەڕی لەگەڵ گیاو دارستاندا کردووە،
یان باسی خۆشەویستیەکی قەدیفەیی
یان ئەستێرەیەکی وون بوو
بەبێداری ئاشقان.
چاوەکانت چیرۆکەکانی خۆرئاوابوونی
بۆ هەڵگرتووین
کە چاوەکانت ئاوا دەبێت
کراس بە ئاسمان دەبەخشێت
کازیوە تاڵەکانی ئەهۆنێتەوە و
چۆلەکەکان ئەجریوێنن
چاوە ڕەشەکانت
ماندووبوون لەخشتە ئەبات و
باسی یاسەمینەکانیان بۆ دەکات،
باسی ئەو گۆرانیانەیان بۆ دەکات
باسی ئەو شمشاڵانەیان بۆدەکات
ئاوازەکانین دزراون و نایدۆزنەوە
پەرۆشی ئارامی لێهەڵگرتوون.
چاوەکانت بریسکەیەکە و ئەدرەوشێتەوە
چاوەکانت هەرچەندە لە ئامێزم بگرێت
ئەڵێم کەی بێت لەگەڵ ئەو ئازیزەم
لەدوای جودای بەیەک بگەین
ئەی خۆشەویست.




من سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە … ناڵە حەسەن

                                                            

ڕۆژگارێک لەنێو
شەوەدرێژەکانی کەنار ترۆپکی باکووری غەریبی
شەوە ونبووەکانی نێو ڕێڕەوەکانی تاریکی
تاریکییە ونبووەکانی نێو کۆڵانە پێچاوپێچەکانی تەنیایی
کاتژمێرێکیش بەبێدەنگی
لەنێو بێدەنگی / شەوەکان و شەپۆلەکان و شەونمەکاندا
نێولەپی عەشقێک دەخوێنێتەوە
عەشقێک کە بەتاقی تەنیا
لەکەنار ترۆپکی باکووری غەریبی
لە ژوورێکی جۆلوهۆڵ
لە باوەشی بێئۆقرەیی ڕاکشاوەو
تنۆک تنۆک تەنیایی لێدەڕژێ
منیش لەنێو ئەو شەوە درێژەدا وا هەستدەکەم
قوڕسایی هەموو /
زەمەنەکان و کاتژمێرەکان و سەدە ڕۆیشتووەکان
بەسەرشانمەوەیە
وا هەستدەکەم / لەنێو فارغۆنێکی بەتاڵی نێو میترۆیەکدام
هەردەڕۆم و ناگەم بە هیچ
منیش / لەم سەهۆڵبەندانی ئەم مردنە هێواشەم
بەبێدەنگی وەکو بەرد بیر لەتۆ دەکەمەوە
تۆش وەرە / ئەی وردە خۆرەتاوی نێو چاوەکانی تاریکی
ئەی شنەبایە گەرمەکەی نێو هەناسە سپییەکانی بەفر
ئەی تریفە غەمگینەکانی نێو شەوە درێژەکانی
کەنار ترۆپکی باکووری مردن
من سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە

٢
وەرە خۆت و سەبەتەیەک پڕ لە ئەستێرە
خۆت و خەونێک پڕ لە بروسکە
لەسەر نێو لەپی خەیاڵەکانت
چیڕۆکی برینەکان و
ئایەتە دڵتەنگییەکانی خاکم بۆ بنووسەوە
پەنجەکانت لەنێولەپی مندا بخشێنە
با خەم و خەون و خۆزگەکانت
کۆپی بن لەنێو مندا
با ڕووناکی چاوەکانت بێنە نێو تریفەی تەنیایی من
زەردەخەنە نەرمەکانیشت
وەک لاولاوە لە جەستەم بئاڵێن
وەرە لێوت لەسەر لێوەکانم دابنێ
بە گەڵا ئەوینییەکانی خۆت دامپۆشە
وەرە بمبەرەوە
لەنێو ئاگردانی ئارەزووەکانت و
لەنێو خەونی خۆرەتاو و
لەنێو مەمکۆڵەکانی نیشتیمانم / لەخاچمدە
دەوەرە دەی
من سییەکانم پڕن لەبۆنی ڕەیحانە

٣
ئەی شازادەی شەوەکان و
شەباهەنگە شلێرییەکەی من / بگەڕێوە
با مەودا دوورەکانی نێوانمان
لەنێو دەفتەری چارەنووس و
لەسەر نەخشەکانی عەشق بسڕینەوە
بگەڕێوە و ڕووی خۆت بەرەو ڕووناکی وەرگێڕە
بێ سلەمینەوە لە سەردەمە سەرسەرییەکانی مردن
لە ڕۆژە ڕەشەکانی ڕابردوو
لە ئاگرە سۆزاینییەکانی دۆزەخ
بگەڕێوە و بازبدە
بەسەر پشتی تیشکە یاخییەکانی شەو
حیکایەتی نەهەنگە پیرەکان / لەبیرخۆت بەرەوە
بگەڕێوە / با چیتر
عەشق لەنێو کاتژمێرە بەسەرچووەکاندا / نەزیف نەبێ
با ژیان لەنێو خەونەکانی نیشتیمان و
نیشتیمان لەنێو خەونەکانی ژیان / چاوهەڵبێنێتەوە
بگەڕێوە منیش لە چاوەڕوانیت
وەک ئاگر لە زیکر و
وەک خاڵخاڵۆکە لە خەڵوەت و
وەک نەوڕەس لە فڕیندام
دەبگەڕێوە دەی
من سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە

٤
تۆش لە چاوەڕوانیمبە ئەی شۆخ
منیش بۆ ئەوینی تۆ دەگەڕێمەوە نێو ژیان
دێمەوە و وەک دڵۆپە شەونمێک
بەسەر پەنجەرەکانی نائومێدی دێمەخوارەوە
وەک دڵۆپە بارانێک
بەنێو قژی عەشق و بەنێو دڵی خاکدا
شل شل شۆڕدەبمەوە
دێمەوە بەنێو ڕابردووی ڕازەکان و
بەنێو ڕازە ڕابردووەکاندا ڕەتدەبم
مۆمی نێو
ئاوێنە ئەستێرەییەکانی ئایندە / دادەگیرسێنمەوە
وەک پنجە گیایەک
سەردەردێنمەوە
لەنێو پێدەشتەکانی پرسیار و گەردانەکانی گومان
لەژێر خیوەتەکانی خۆشەویستیش ڕادەکشێمەوە
تۆش نەرم نەرم
بە پەیژەی نهۆمی نائومێدییەکانم هەڵگەڕێ
لەنێو خەونە بێدارییەکانم بمێنەرەوە
بمێنەرەوە و دوور بڕوانە دوور دوور
بمێنەرەوە و بفڕە بەنێو / قوڵاییەکانی هەور و
قوڵاییەکانی مانگ و قوڵاییەکانی کات
بفڕە بەنێو /
گەردەلوولەکانی گومان و نەسیمە نائومێدییەکانی من
بفڕە بەنێو خەونە خاپوربووەکانی خۆشەویستیم
نزیکبەرەوە لێم / نزیک نزیک نزیک
وەک نزیکی /
من و تەنیایی
وەک نزیکی
من و مردن
وەک نزیکی
من و نیشتیمان
گوڵەگیانم نزیکبەرەوە لێم
نزیک نزیک نزیک
من سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە

٥
ئەی فریشتە پەڕوباڵسپییەکەی عەشق
من ماندووم
وەرە دوورم خەرەوە
لە تۆزوغوبارە غەمگینەکانی غوربەت و
لە شەپۆلە شینەکانی شێتبوون و
لە خەیاڵە خواروخێچەکانی خۆکوشتن
دوورم خەرەوە دوور
لە تەلبەندە تاریک تاریکەکانی تەنیایی
بمگەڕێنەوە نێو ئاوێنە ئەوینییەکەی خۆت
با لەوێندەرێ
منداڵان لەگەڵ پێکەنین و
عاشقەکان لەگەڵ سەما و
مرۆڤەکان لەگەڵ میهر / ئاشتکەینەوە
با مەوداکانی سەرەتا و کۆتاییەکانی خەون
لەیەکتری نزیک بکەینەوە
ژیان لەگەڵ ئازادی و ئازادی لەگەڵ ژیان
عەشق لەگەڵ شیعر و شیعر لەگەڵ عەشق
تەنیایی لەگەڵ ئومێد و ئومێد لەگەڵ تەنیایی / ئاشتکەینەوە
وەرە بمبە لەنێو ئاوێنە ئەوینییەکەی خۆت
بوونم بڕازێنەوە
بە ڕەنگە ڕووناکەکانی خۆت
بە هەستە هێڤیدارییەکانی خۆت
بە سۆزە سەرمەدییەکانی خۆت
وەرە و بمبە
بارانە بەرائەتییەکانی خۆت
ببارێنە بەسەر جەستەی خۆڵەمێشیم
بێدارمکەرەوە / لەنێو نائومێدییە نەرمەکانی نەبوون
بە ئەوینی نێو ئاوێنە ئەبەدییەکەی خۆت
بێدارمکەرەوە / لەنێو خەیاڵە خرپنەکانی وەهم
بە ئاگرە ئیرۆسییە ئەزەلییەکانی خۆت
بێدارمکەرەوە / لەنێو ئەشکەوتە تاریکەکانی مردن
دەوەرە دەی
من لەتاو تامەزرۆیی تۆ و
تاسە گەرمەکانی نیشتیمانم
سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە

٦
بە بێدەنگی
لەژێر میلی کاتژمێرەکانی تەمەن ڕاکشاوم
ڕۆژەکان و مانگەکان و ساڵەکانم
ڕەتدەبن
پایزیش جارجارە
بە زەردەخەنەیەکی خەمناکەوە
بزەیەکم بۆ دەکات و دەڵێت
هاوڕێم دیسان وەرزێکی ترە و هیچی تر
چ ئافاتێکی بێهوودەیە
کاتێک عەشق دەلاقەیەکی پێنەبێت
بۆ کتێبی خەونە سپییە ئیرۆسییەکانمان
ڕووبار سەمفۆنیایەکی پێنەبێت
بۆ ئارامبوونەوەی ڕۆحە بریندارە ماندووەکانمان
بەهار باخچەیەکی پێنەبێت
بۆ ڕەنگە ناسکە نائومێدییەکانمان
لەولاوەش مانگی بەفرانبار
لە یاداشتنامەکانی خۆی دەنووسێت و دەڵێت
هاوڕێم تەنها ساڵێکی ترە و هیچی تر
چ ئافاتێکی ئاگرینە
کاتێک ژیان بوخچەیەکی پێنەبێت
بۆ وردە ئومێدە پەمەییەکان
خۆرەتاو ئاراستەی تیشکەکانی خۆی
بەڕووی شەوەکانی نیشتیمانی من بگۆڕێ
ئاسمان ڕووبەرێکی نەبێت
بۆ فڕینی پەپوولە ونبووە بێ شووناسەکان
کازێوەش لەنێو فرمێسکەکانی خۆی
مەسیجێک جێبهێڵێ و بڵێت
هاوڕێم تەنها ڕۆژێکی ترەو هیچی تر
منیش لە کەناری ترۆپکی باکووری ئەم غەریبییەم
سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە
٧
با بە پێخاوسی بەسەر وردە شووشەکانی عەشقدا بڕۆین
با خوێنە ڕەشەکان
لە جەستەمان جیا ببنەوە
با بە پێخاوسی بەسەر بەفردا بڕۆین
تا لە خەونە گەرمەکانی خاک نزیک ببینەوە
با بە پێخاوسی بەنێو ئاگردا بڕۆین
تا پاکبینەوە و
بگەڕێینەوە نێو ئاوێنە ئەوینییە ئەبەدەییەکان
با لەنێو ئۆقیانووسی خەیاڵەکانمان
وێنەی بەهەشتێکی تر بکێشین
بەهەشتێک /
بڕبێت لە هەناسە
پڕبێت لە سەما
پڕ بێت لە ژیان
با قوفلی دەورەی بازنەکانی
پرسیارەکان و نیگاکان و خەونەکان و
هاوارەکان و ئارەزووەکانمان / بکەینەوە
با خۆرەتاو لەنێو ماڵەکانمانەوە هەڵبێ
با شیلەی شەرم و نائومێدییەکان
تک تک بڕژێنە نێو تاریکی
تا وشکبوونەوە و ڕووتبوونەوەی ڕۆح
با لەژێر نەرمە ڕێژنەی بارانی بەهارێکی تر
خۆمان تەڕ بکەینەوە
منیش / لە چاوەڕوانی ئەم کەڕنەڤاڵە ڕەنگینەدا
لە دووری دوورەوە
لە کەناری ترۆپکی باکووری غەریبی
لەنێو قووڵایی تەنیایی خۆم
دەرگا و پەنجەرەکانی
خەونە نەخشینەکانی
نێو / ئاوێنە ئەوینییەکانی ئەبەدیم
دەخەمە سەرگازەرەی پشت و
من سییەکانم پڕن لە بۆنی ڕەیحانە …!

                                                         تەمووزی ٢٠١٨



نامه‌كانی ئیشق –10 … سه‌ردار جاف

هه‌موو به‌یانییه‌ك

22 – ئه‌م سپێده‌ خه‌یاڵدانم خه‌م و ئازاره‌كانی شه‌وی بووری شه‌ن و كه‌وی ده‌كا، ئه‌سرینم به‌ بارمته‌ی وشه‌ گریاناوییه‌كانی تارمایی ئه‌و بولێڵه‌ ده‌سپێرێ، بوغز و كینه‌ ده‌ته‌كێنێ، نمه‌ی ئه‌م سپێده‌ كۆڵێ خه‌من به‌ سه‌ر زێی زامی دووری و بێكه‌سیمانا ده‌بارێ، هه‌ورییه‌كه‌ت بكه‌ چارۆگه‌ و فرمێسكه‌كانمان بۆ یاده‌وه‌ری كه‌نه‌فتیمان بپێچینه‌وه‌، ئاااای ئه‌م دووری و نامۆبوونه‌ چ ئازارێكی سه‌خته‌، زیكر و ته‌هلیله‌ و ده‌روێشان و خه‌ڵوه‌تی پیاوچاكانی ئاشقانیش فریاد ڕه‌سمان نابن، جوانییه‌كانی ڕابردوو ده‌بنه‌ شه‌پۆله‌ به‌ چنگ و سه‌رشێته‌كانی ڕۆخی ده‌ریای دابڕان گریانه‌ به‌ كوڵه‌كانی پشتی ته‌مه‌نداریمان به‌ گوڕتر ده‌كا، ده‌ژین بۆ ڕۆژانی په‌نهانی و جاویدانی وه‌هم چاوه‌نواڕمانه‌، ئه‌و ده‌مانه‌ شینی من گه‌رمتر ده‌بێ ئافاتێ ڕووم لێ ده‌نێ هیچ ئاشقێ په‌ی پێ نه‌بردووه‌، گۆرانیه‌ ته‌ماوییه‌كانم گوزاره‌ی به‌دبه‌ختیمن، پێكه‌نینه‌كانم به‌ باری خه‌م و ئازارن خۆمیان فریوداوه‌، به‌یانیت له‌ ته‌ك حه‌سره‌ت و كه‌سه‌ربارییه‌كانم به‌ سه‌ر مه‌به‌، با ئازاره‌كانم هه‌ر خۆم بخۆن و تۆ رانه‌چڵكێنن، لێمگه‌ڕێ هه‌ر خۆم خۆم بخۆم، تۆ هه‌ر ئه‌و گوڵه‌ی كه‌ له‌ گوڵ گوڵتری……. 18 / 3
23 – ده‌مه‌ده‌می گزنگێ … ئه‌وینی ژنێك له‌ منا حه‌شاردراوه‌ ، ده‌سكه‌نه‌ و دروێنه‌ی هه‌ر به‌ بای وشه‌ سیحراوییه‌كانی غوربه‌تیما هه‌ڵواسیوه‌، تا چه‌خماخه‌ی ڕسته‌كانم له‌ تۆوبوونی خۆی له‌ منا بدینێته‌وه‌، ئاویش ڕێچكه‌ی خۆیم تیا بگرێ و ته‌ڕ و پاراوی روحتم بكا، ئه‌و ژنه‌ شۆخه‌ ئه‌و رۆزه‌ جیهانییه‌ جلوه‌كێشێكی گێلاسییه‌ و له‌ هه‌ناسه‌م خه‌راباتی شه‌و ده‌دوورێته‌وه‌، تو ئه‌ی ژنی به‌ژن ژن حه‌قیقه‌تی ژنبوونی خۆت له‌ خۆم نا له‌ منا چنگ بخه‌، ئه‌و به‌فره‌ له‌ سه‌ر یاخیبوونی تۆوبوونتا ڕاماڵه‌و با پێكه‌وه‌ به‌یانییه‌كی جوانی ئه‌و دیو په‌نجه‌ره‌ ته‌ڵخه‌كه‌م ببینین، هه‌ناسه‌سواریم به‌ره‌و پایته‌ختی ڕچینی تۆ ڕه‌وانبوونی شه‌به‌نگی شه‌وان ده‌ژمێرێ، تۆ دوندێك له‌ میهره‌بانی و ژنێك له‌ تریفه‌یی و چرۆیه‌ك له‌ گوڵ دڵه‌كه‌م ، له‌ گوڵ گوڵتر . 17 / 3
24 – له‌ به‌ره‌به‌ری سپێده‌وه‌ ئه‌ندیشه‌كانم بۆ به‌ر له‌ خۆرئاوابوونی نیشتیمان ده‌فڕێ، لێره‌ و له‌وێی ترۆپك و لاقه‌دپاڵ و ته‌لانی چیاكانه‌وه‌ ڕۆشنایی و گڕی ئاگری خۆشی و هه‌ڵهاتنی ڕۆژێكی نوێ و دڵی نه‌ته‌وه‌كه‌می بۆ شایی و ڕشبه‌ڵه‌ك جۆش داوه‌، ده‌شت و ده‌ر تارای ئاڵ و واڵای ڕه‌نگاڵه‌یی وڵاتی پۆشیوه‌، ئه‌و به‌زم و هه‌رایه‌ له‌ دووره‌وه‌ دڵی ته‌نیوم و له‌ كه‌یفسازییه‌وه‌ په‌نجه‌كانم دانه‌ دانه‌ی پیته‌كانی وشه‌ و ڕسته‌كانم ده‌چنێ و له‌م نامه‌ هه‌ست بزوێنه‌وه‌ دنه‌ت ده‌دا تۆیش خۆت بسازێنه‌ ژیكه‌له‌ نه‌شمیلانه‌كه‌م له‌ سه‌یرانی سبه‌ی به‌ ده‌م وه‌نه‌وزی خه‌یاڵدانمانه‌وه‌، بچینه‌وه‌ پیره‌ هه‌ولێرێ و پێكڤه‌ ده‌ستی گۆڤه‌ند و دیلانێ بگرین، وه‌ك مناڵه‌ لاساره‌كان له‌ ده‌وری ئاگرێكی نه‌ورۆزی ڕچینی ده‌ست و په‌نجه‌كانی ئێره‌مان گه‌رم بكه‌ینه‌وه‌، ته‌نها زێد و ئاوێزان بوونی گه‌رمبوونه‌وه‌مان پێ ده‌به‌خشێ له‌ كه‌شتی خۆشییه‌كانیا به‌ره‌و ڕۆخی ماڵێكی قشت شه‌پۆلمان پێ ده‌دا، ئه‌وده‌م گوڵیش ده‌كه‌وێته‌ خه‌نده‌، چونكه‌ له‌ گوڵ گوڵتر گه‌ڕایه‌وه‌ زێد .. 21 / 3

ئه‌ڵمانیا




ڤیستیڤاڵی ڕەنگەکان لەکوێوە دژایەتیدەکرێت؟ … مەحمود عەبدوڵڵا

مرۆڤ بۆی نییە ببێتە پارێزەری اخلاقی ئەوانیتر؛ بەڵکو ئەرکی هۆشیار کردنەوەیە ئەرکی بەرگری کردنە لەئازادی ئەوانیتر ۰ دەشێت خودی ڤیستیڤاڵەکە وەک ئازادی کەسی ببیندرێت، بەڵام مەبەستەکە دژی ئازادی بێت۰ سیاسیەکان لەدوو ڕێگەوە ئازایەتی لەمرۆڤدا دەکوژن تەرکە دنیایی و گوێ پێنەدان ، یان نغرۆبون لە چێژ پەرستی و بێ ئاگایی۰ زۆر لە بیرمەندان پێیان وایە کە هەوەسبازی دەبێتە هۆی کوشتنی ئازایەتی و گوێنەدان بە کێشەکانی ژیان و گێلێتی۰ بەهەمان شێوە دەشێت بڵێین ئاین پەیوەندی بە ئازادییەوە هەیە ، بەڵام ڕەنگە مەبەستی سیاسیەکان خەواندنی کۆمەڵگابێت ، کاتێک تەبەنی شێوەیەک لە ئاین دەکەن۰ ئەوەی ئاشکرایە چ چێژ بێ حیکمەت لە ژیاندا، چ دینداری ڕەنگە ببنە هۆی بێ باکی و خەواندنی کۆمەڵگاو کوشتنی گیانی یاخیبون ۰ کەواتا کێشە ڤیستیڤاڵە کە نییە ،کە کۆمەڵێک کەس دەچن کۆدەبنەوە و خۆشی خۆیان دەردەبڕن ، کێشە ئەوەیە کێ کۆیان دەکاتەوە و بۆچی ؟ ئایا بۆکرانەوە و چێژ بینین لەژیان و زیندوییە ، یان بۆ مەبەستێکی پێچەوانە۰ ئە گەرتۆ لەو ڕوانگەیەوە تەماشای دەکەی کە دژە دین و دژە خواستی تۆیە ئەوە دەبێت لێگەڕێیت ، ئەگەر لەو روانگەیەشەوە کە پێت وایە دە بێتە هۆی بێباکی بەراامبەر ستەمکاری ئەوە سەلەفیەتیش هەمان ڕۆڵ دەبینێت ۰ لەگەڵ ئەوەشدا تۆ ناتوانی بە مانە بڵێی بێڕەوشت ۰
لەوەشدا هاوڕا نیم کە لاساییکردنەوە بەتەنیا ببێتە هۆی پێشکەوتن، بە بێ بونی ئینتیمایەکی تایبەت و فەلسەفەیەکی تایبەتی پەروەردەیی، لاسایی کردنەوە دەبێتە لەهەردو دینان بوون، لەدولا مەست و حەیران دەبی۰
تاکێک پەروەردە نەکرا بێت هۆشیارو زیرەک نەبێت حەتمەن بەوجۆرە دەبێتە خاوەن عەقڵێکی مێگەلی سەرلێشێواو ۰ ڕەنگە لە ئێستادا رەفتاری ئاوا بۆ کوشتنی گیانی یاخیبون و بەرەنگاری بێت و کارێکی بەمەبەست بێت، رەنگە ستراتیژی خەواندنی کۆمەڵایەتی دەسەڵات بێت۰ درێژکراوەی ئەم هەموو دراماو هونەرە نزمە بێت کە پێشکە ش دەکرێت ودەیبینین ۰
من دەزانم زۆرینەی دینیەکان لە و ڕووە وە سەیری دەکەن کە نابێت هەردو ڕەگەز تێکەڵ بن و دەستی یەکبگرن ، ئەوە ئەگەر کلتوری کوردیش بێت وەک ڕەش بەڵەک پاساوی خۆیان هەیە۰ هەندێکیش لە نارەزایەتیەکەیاندا بەغالەتیا ن شاراوەیە ئەمە هۆیەکی دەرونی لە پشتە۰
هەندێک لە و ڕوانگەیەوە دژایەتی دەکەن کە ناکرێت مرۆڤی چە پێندراو ڕوبەڕوی ئەو ئازادیە ببێتەوە ، چونکە سەردەکێشێت بۆ بەرەڵایی.
هەندێکیش لەو ڕوانگەیەوە سەیری دەکەن کە ئەوە تەنیا هەوڵێکە بۆ نغرۆکردن و هەستبزواندن و دروستکردنی مرۆڤی سۆزاوی و بێباک و ، ستراتیژێگە بۆ دروستکردنی مێگەل و عەقڵی مێگەلی ، نەک دژایەتی خودی ڤیستیڤاڵ و تێكەڵ بونی هەردو ڕەگەزبن۰ لە هەموو حاڵەتێکدا ئەوەی باشەی لاوانی دەوێت دەبێت بزانێت لە پێش ئەم شتانەدا گەنجان پێویستیان بەپەروەردە و هۆشیاری هەیە۰ دەسەڵاتی کوردی دەسەڵاتێکی بێباکە و هەموو کات هەوڵی بێ ئاگاکردنی تاکیکورد بووە و متمانەی نییە ، هیچ کات متمانەی پێناکرێت کە کردەیەک ئەنجام بدات بە مەبەستێکی باش۰ پاشان لەوڵاتێکی دیموکرات و سیستەمێکی سیاسی جێگیر کە دەسەڵات خزمەتکار و پارێزەری ئازادیە کانە دەکرێت خەڵک بیر لە ژیان بکەنەوە و سەرگەرمی چێژبنین بن لە ژیان ۰بەڵام لەهەرێمی کوردستان سەرگەرمکردنی خەڵک ئەمرازێکە بۆ ئامانجێک ئەویش بێ ئاگابون لە سیاسەت لە پێناو چەسپاندنی سیستەمێکی بنەماڵەیی و دیکتاتۆری۰دەسەڵاتێک سیستمی پەروەردە وێران بکات لەکوێ بەختەوەری و کرانەوەی کۆمەڵگای دەوێت !

مەحمود عەبدوڵڵا




تۆمارگه‌ی شوێنه‌واره‌كان … ستار ئه‌حمه‌د

له‌نێوانی درزی دیواره‌كان و
برینی په‌نجه‌كانی تۆدا
فه‌رزنده‌یه‌ك به‌زه‌یی ده‌ڕوێ‌
له‌نێوانی برۆی شك و نیگای چاوه‌ڕوانیدا
هێشووه‌ژانێك
به‌رایی عه‌شقێكی نوێ‌ ده‌هێنێ‌
تۆ له‌دایكبووی …
بۆ ئه‌وه‌ی مێژووی كه‌ناریه‌كان بزانی
كه‌ده‌مریت …
له‌و دیوسنووره‌كانه‌وه‌ له‌گڕتێده‌گه‌یت
له‌دۆزه‌خی گوناهه‌كاندا
به‌رامه‌ی به‌رسیله‌ پاكه‌كان ماچده‌كه‌یت
له‌دیمه‌نی ئه‌و گه‌ڵایانه‌ وردبه‌ره‌وه‌
بولبولێك به‌ژوانیان شه‌یدابێ‌
سیمای گۆرانیه‌ك گوێی گه‌ڵاكان ده‌هه‌ژێنێ‌
هێلانه‌یه‌ك له‌رۆخیا بنیات بنرێ‌
چه‌ندین زه‌ڕنه‌قووته‌…
په‌نجه‌ی چڵه‌كان راده‌مووسن
چڵێك بمرێ‌، كانیه‌ك دڵی بۆ ده‌كاته‌وه‌
رۆژێك وه‌ك ئاوێنه‌ ده‌بێت به‌هاوڕێی
شه‌پۆلێك پرچی خه‌زانی ده‌شواته‌وه‌
شاعیرێك به‌دیار پیره‌ شیعرێكه‌وه‌
ردێنی سپی ده‌بێت
ئاوێنه‌یه‌ك….
له‌هه‌ڵوه‌رینی خۆی پاشگه‌زده‌بێته‌وه‌
وێنه‌یه‌ك حه‌ز به‌داكورمانی هه‌ناسه‌ی كوكوختیه‌ك ده‌كا
كه‌دابڕای له‌ده‌روونم
مردنم له‌گه‌ڵای ته‌مه‌نما تۆوكرد
ورد ورد، به‌توانه‌وه‌م
په‌یكه‌رێكم له‌تۆ دروستكرد
له‌وه‌ته‌ی به‌سێبه‌ری باڵی هه‌ور
گه‌ڵای عومرم ده‌پێچمه‌وه‌
به‌كراسی تریفه‌ی ئاو
زام پینه‌ ده‌كه‌م
له‌تۆمارگه‌ی شوێنه‌واره‌كاندا
ورده‌ به‌رد له‌كانی ناخم وه‌رده‌ده‌م
سه‌رده‌مێكه‌ داده‌ڕوخێیت
شه‌قامه‌كان بزه‌ی له‌ناوچوونت هه‌ڵده‌واسن
رێگایه‌ك، ماڵاوایی باڵداره‌كان
به‌لانه‌ی سۆز ناگه‌یه‌نێ‌
هه‌نسكێك ، گه‌رووی خاك
ناكاته‌ جۆگه‌ی فرمێسك
بۆیه‌ تینوو
به‌سه‌ر پردی راستیدا
له‌ ئه‌زمونی جودابوون ورده‌بمه‌وه‌
له‌ ته‌فره‌دانی بێشوێنی ده‌گه‌م
له‌رامانی سروشت
گول له‌سنگی په‌یكه‌ر ده‌رده‌كه‌م
گه‌ڕان سه‌ری دێوانه‌م
به‌لانه‌ی كه‌ناریه‌كان ده‌سپێرێ
نیشتمانێك له‌ ورده‌لم
بۆ گڕوگاڵی مناڵانه‌م شیده‌كه‌مه‌وه‌
ئه‌مڕۆ هه‌نگاوێك ده‌مگرێنێ‌
سبه‌ی رابردوویه‌ك
پاشه‌ڕۆژم ده‌كاته‌ هاژه‌ی ئاو
پرچی كانیه‌ك
له‌ گه‌ردنی لوتكه‌یه‌ك گیربێت
قژی هۆنراوه‌م
وه‌كو عه‌شقی تۆ ده‌بێته‌ خه‌زان
چرۆی ساڵێكی ته‌مه‌نم
به‌سه‌ر خه‌رمانی برینا هه‌ڵده‌وه‌رێ
نه‌گۆڕێك
راسپارده‌كان له‌ گه‌رووی خاك ده‌نێت
نه‌كه‌سێك بۆدواجار
له‌په‌ڕه‌ی یادێكما
په‌یڤێكی شێواوم هه‌ڵده‌گرێ

ستار ئه‌حمه‌د




چیرۆک بۆ منداڵان.. دیمەنێکی کوردسـتان.. رەزا شوان

ماڵمان لە شاری کەرکـووکە، لەسەر گـردەکەی گـەڕەکی رەحـیماوا یە.. لە قوتابخـانەی قـەنـدیلی بنەرەتیـدا دەخوێنـم.. پـار کە لە پـۆلی شەشەمـدا بـووم، لە یەکـەمین هەفـتەی کـردنەوەی قوتابخـانەدا.. لە یەکەمـین وانەی پـەروەردەی هونـەریـدا، مامـۆستا نـێرگـز
داوای لێکردین، کە بۆ هەفتەی داهاتوو، هەریەکەمان پەڕاوێکی وێنەکێشان و پاکەتێک
بۆیەی داریی بکـڕین. هەریەکەشـمان لەسەر یەکەمین لاپـەڕەدا، بە ئـارەزووی خۆمـان
“دیـمـەنـێکی کوردســتـان” بکـێشـین و بۆیـەی بکەیـن.
هەر ئەو رۆژە کە لە قـوتابخـانە گەڕامـەوە، پەڕاوێـک و پاکـەتێک بۆیەی داریـم کـڕی.
هەر ئەو ئێوارەیە، لە حەوشەی ماڵەوەمان، لە دیمەنی قـەڵا سەرکەشەکەی کەرکـووک و لە مەشخـەڵی ئاگـرە هەمیشەییەکەی باباگـوڕگـوڕم روانی.. لە سەر لاپەڕەی یەکەمی پەڕاوی وێنەکێشانەکەمدا کـێشام و ئاڵای پیرۆزی کوردستانیشم لەسەر قەڵادا کـێشا، لە ژێـر ئەم تابلۆیەمدا نووسـیم “دیمەنـێکی کەرکـووک”.. هەر ئەو شەوە وێنەی پەیکەرە بـاڵابـەرزەکەی پێشمەرگـەشـم کـێـشا، کە بـووە بە ســیمبـولێکی شاری کەرکـووک.
بۆ ئێـوارەی رۆژی دواتـر، دیمـەنی ئاگـرکـردنەوەی جـەژنی نـەورۆز و ئاهـەنگـێڕان و هەڵپەڕکێی رەشبەڵکی کوردی هاتە بەرچاوم، ئەم دیمەنەشم لە لاپەڕەی سێیەمـدا کێشا.
لە ئێوارەی سێیەمـدا، دیمەنێکی تاڤگەی بێخاڵم کێشا.. لە لاپەڕەی چوارەمدا دیمەنێکی دیمەنی چیای پیرەمەگروونی سەرکەشم کێشا.. دواتر دیمەنی پۆلێک لە کچە شەڕڤانانی قـارەمـانی کوردسـتانـم کـێشا.. چەنـد دیمـەنێکی تـریـشـم کـێـشان.
کاتـێکم زانی تەنها دوا لاپـەڕەی پەڕاوەکـەم ماوەتـەوە، کەچـی بە دەیـان دیمـەنی تـری کوردستان دەهـاتنە خەیـاڵ و بیر و بەرچـاوم.. لە دڵی خۆمـدا وتـم، گەر باوکـم موچەی هەموو مانگـانەکانی بـدات بە پەڕاوی وێنەکێشان و بۆیەی داریی، هـێشتا بەش ناکات.
دوای بیرکردنەوەیەکی قـووڵ، بیرۆکەیەکی جوانم بۆ هات و جـێبەجـێم کرد. لەسەر دوا لاپەڕەی پەڕاوەکەمدا، دڵـێکی گەورەم کێشا.. لە ناو دڵەکەدا نەخشەی کوردستانم کێشا، بە هەر چوار رەنگەکە جـوانەکەی ئـاڵای کوردستان بۆیەم کرد.. لە ژێـریـشیـدا نووسیم
“کوردســـتان لەنــاو دڵـــمـە”.
هەفـتەی دووەم لە وانەی پەروەردەی هونەریـدا، بینیم هـاوڕێکانم هەر یەکەیان، تەنها یەک دیمـەنی کوردسـتانیان کـێشاوە.. مامۆسـتا نێـرگـز تەمـاشی یەک بە یـەکی دیمـەنە کێشراوەکانی کرد و نمرەی بۆ دانان. کە گەیشتە من لەسەر دیمەنی کەرکووک نەوەت و پێـنجی بۆ دانام و ئافەرینی کردم. خەریکبوو رەتبێت، وتم: مامۆستا سەیری دیمەنەکانی لاپەڕەکانی کەشـم بکە.. مامۆستا نێـرگـز سەیری یەک بە یەکی دیمەنەکانی ترمی کرد و نمـرەی لەسەر دانـان.. کە گەیـشـتە دوا لاپـەڕە، زۆر گەشــایەوە و خەنـدە کەوتـە سـەر لێوەکانی.. بە گەرمی دەسـتخۆشی لـێکـردم و سـەد لە سـەدی بۆ دانـام. لای خـوارەوەی لاپەڕەکەشدا نووسی: هیـوای داهـاتوویـەکی هـونـەریی گەش و بـەرزت و بۆ دەخـوازم. هـاوڕێکـانیـشـم چـەپـڵەیـەکی قـایمـیان بـۆ لـێـدام.
مامۆستا نـێرگـز چـووە دەرەوە.. دوای ماوەیەک هـاتەوە.. پەڕاوێـکی تـازە و پاکەتێک بۆیـەی داریی بە دەستەوە بوو. وتی:” قەشـەنـگ گـیان، ئەمە دیـاریی منە پێشکەشتی دەکـەم” منـیش بـاوەشـم لـێـدا و سـوپـاسـم کـرد.
نەرویــج : ٢٠١٨




ئاراسته‌ فكرییه‌كانی ده‌رباره‌ی دیموكراسی … د. شه‌ونم یه‌حیا

ئه‌مرۆ مانای دیموكراسی له‌كه‌سێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی دیكه‌ ده‌گۆردرێت و بۆیه‌ هه‌ر ئه‌كته‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی پێناسه‌یه‌ك یاخود ماهیه‌تێك به‌ ناوه‌رۆكی ئه‌م كۆنسێپته‌ ده‌دات ، ئه‌مه‌ش به‌ گوێره‌ی ئاستی فیكری و تێگه‌یشتنی، كرۆكی دیموكراسی لای هه‌ندێ‌ خۆی له‌ رێزگرتن له‌ بیروبۆچوونی یه‌كتر ، یان ڕه‌فتارێكی ئه‌خلاقی و عه‌قڵانی ، لای به‌شێكی تریان كه‌لتووره‌ ، یان خزمه‌تگوزارییه‌ یان سیاسه‌ته‌ ، یان ئه‌وه‌تا ئه‌م سیسته‌مه‌ بوونی نیه‌، ئه‌م كۆنسێپته‌ هه‌ر ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌ كه‌س پێناسه‌ی جیاوازی بۆ ناكرێت ، به‌راوردیكردنی فۆرمی دیموكراسیش وه‌كو سیسته‌میش له‌سه‌ر ئاستی وڵاتان ماناو وێنای جیاوازی هه‌یه‌.

Demos دیموكراسی بۆ سه‌رده‌می یۆنانی كۆن ده‌گه‌رێته‌وه‌ ، له‌ دوو وشه‌ پێكهاتووه‌
واتا ده‌سه‌ڵات یان حوكم ، به‌یه‌كه‌وه‌ دیموكراسی Cratia دیمۆس مانای خه‌ڵك له‌گه‌ڵ كراسیا
“حوكمی گه‌ل”
ئه‌و پێناسه‌ی كه‌ بۆ دیموكراسی كراوه‌ ، به‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گه‌له‌ له‌گه‌ڵ هه‌قیقه‌تدا ناگونجێت ، چونكه‌ هه‌ندێ‌ كه‌س دیموكراسی له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا كورتی ده‌كه‌نه‌وه‌ وناكرێت دیموكراسی ته‌نیا ببسترێته‌وه‌ به‌ سیسته‌می سیاسی ، هه‌ندێكی تریش له‌و بڕوایه‌دان كه‌ دیموكراسی شیوازێكی مامڵه‌كردنی دادپه‌روه‌رانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هاوڵاتیاندا .

ئه‌مرۆ فیكره‌ی دیموكراسی له‌و پرسانه‌یه‌ كه‌ زۆرترین مشتومڕ و راوبۆچوونی جیاواز هه‌ڵده‌گرێت . له‌به‌رئه‌وه‌ی دیموكراسی له‌سه‌رئاستێكی فراواندا ئاراسته‌ی فیكری جیاواز تێدا به‌دی ده‌كرێت ، وای كردووه‌ ئه‌م كۆنسیپته‌ نادیار و قسه‌كردن له‌سه‌ر دیموكراسی راسته‌قینه‌ زه‌حمه‌ت بێت . ئه‌گه‌ر نه‌توانین پرنسیپ و پێوه‌ر و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م چه‌مكه‌ لێك جیانه‌كه‌ینه‌وه‌ و جێ‌ به‌جێ‌ نه‌كه‌ین ، ئه‌وا هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی قسه‌ی رووتدا ده‌مێنێته‌وه‌.
ئه‌رستۆ پێ‌ وابوو كه‌” دیموكراتی یه‌ك جۆر نییه‌ ، به‌ڵكو جۆره‌كانی زۆره‌ ، ئه‌م جیاوازییه‌ی نێوان جۆره‌كانی دیموكراسیشش تا ئه‌مرۆش ده‌بیندرێت”
دێڤید بیتهام و كێڤین بویل پێیان وایه‌ به‌ وڵاتێك ده‌لێن دیموكرات كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتبێت”
به‌ڵام بادیۆ بۆچوونێكی جیاوازتر هه‌یه‌ پێ‌ وایه‌ ” هه‌ڵبژاردن پرۆسه‌یه‌كی “فریودانه‌ ” ته‌نها ده‌سته‌واژه‌یه‌كه‌ بۆ دیموكراسی ساخته‌ ، ئه‌و دیموكراسیه‌ی كه‌ حزب و رێكخراو دروستیان كردووه‌ ، ئه‌و باس له‌ سۆزی هاوڵاتیان له‌ خۆپێشاندان و هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات ، ده‌ڵی ” هه‌موو ئه‌و سۆزدارییه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوێك یان گرووپێك یا پارتێكه‌وه‌ مه‌نیفێستكراوه‌ “
بۆیه‌ رۆسۆ پێ وایه‌ “نرخی دیموكراسی راسته‌قینه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر سه‌ندوقه‌كانی ده‌نگداندا نیه‌ ، به‌ڵكو له‌ ووشیار هاوڵاتیاندایه‌ “
بیركردنه‌وه‌ ودیدگای بیرمه‌ندان له‌سه‌ر دیموكراسی و به‌دیموكراتیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ به‌پێ‌ قۆناغه‌كان بووه‌ ، بۆ نموونه‌ “ژان ژاك رۆسو و تۆماس هۆبز ” بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌ت باس له‌ “گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی ” له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و هاوڵاتیان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ یه‌كێك له‌ پرنسیپه‌كانی دیموكراسی داده‌نرێت ، به‌ڵام ئه‌م گرێی به‌سته‌ی هاوڵاتیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات راسته‌ خواستێكی گشتیه‌ به‌ڵام ویستی هه‌ر ئه‌كته‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات بۆ بونیادنانی ده‌وڵه‌ت جیاوازه‌ ، بۆ نموونه‌ كه‌سێكی چه‌پ ویستی جیاوازه‌ له‌ كه‌سێكی كۆنسێرڤاتیڤ ، یا فیمێنستێك له‌گه‌ڵ كه‌سێكی ئاینی ئه‌مانه‌ هه‌موویان به‌شێوه‌یه‌ك ده‌یانه‌وێت لگه‌ڵ ده‌سه‌ڵات گرێی به‌ست ئه‌نجام بده‌ن .

هه‌ڵبه‌ته‌ كاركردن به‌ پێوه‌رو پرنسیپی عه‌قڵانی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵ بنه‌مایه‌كی گرنگی دیموكراسی هه‌قیقیه‌ ، تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی رۆسۆ ڕه‌فزی فیكری دیموكراسی نوێنه‌راتیكردن ده‌كات و بانگه‌شه‌ بۆ دیموكراسی راسته‌وخۆ ده‌كات ، بۆیه‌ كاریگه‌رییه‌كانی فیكری رۆسۆ له‌سه‌ر یه‌كه‌م ده‌ستوری فه‌ره‌نسی و به‌ڵگه‌نامه‌كانی مافی مربوو ، یه‌كێك له‌و ده‌سته‌واژانه‌ی رۆسۆ كه‌ ناوبانگێكی زۆری هه‌یه‌ ده‌ڵێ‌ ” مرۆڤ به‌ ئازادی له‌ دایك ده‌بێ‌ و به‌ئازادی ده‌ژیت و ده‌بێ‌ له‌ مافه‌كانیان یه‌كسان بن ، ئه‌مه‌ش بۆته‌ یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كانی ماڤی مرۆڤ.
به‌ڵام نیچه‌ بۆچووونێكی دیكه‌ له‌سه‌ر پرسی ئازادی و بوون هه‌بوون ، پێ‌ وابوو سنووری ئازادی مرۆڤ دیاریكراوه‌ له‌ نێوان بوونی و مه‌رگ دا “

هه‌روه‌ها سپینۆا له‌و فه‌یله‌سوفانه‌ بوو كه‌ پشتگیری سیسته‌می پادشایه‌تی نه‌ده‌كرد وه‌كو چۆن “هۆبز” ته‌فزیلی ئه‌و سیسته‌مه‌ی كردبوو ، سپینۆزا هه‌موو ئومێده‌كانی له‌سه‌ر بونیادنانی ده‌وڵه‌تی دیموكراسی له‌ فره‌نسا چڕكرده‌وه‌ ، پێوابوو حوكمی دیموكراسی له‌هه‌موو سیسته‌مه‌كانی دیكه‌ له‌ سروشته‌وه‌ نزیكه‌ بۆ دابینكردنی ئازادی تاك ، هه‌ر ئه‌ویش بو پێشنیاری ئه‌وه‌ی كرد هه‌موو ره‌گه‌زێكی نێر له‌ ته‌مه‌نی بیست ساڵیه‌وه‌ مافی به‌شداری ده‌نگدانی هه‌بێت ، ئه‌م بۆچونه‌ی سپینۆزا دوای سێ‌ سه‌ده‌ جێبه‌جێكرا.” ‌
له‌ فه‌ره‌نسا قۆناغه‌كانی پێدانی ماهیه‌ت به‌ دیموكراسی له‌ سه‌رده‌مانێك له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی كه‌نیسه‌ و چاكسازی ئاینی پێناسه‌یه‌كیان به‌ دیموكراسی دابوو ، له‌ پێناو ئازادی تاك ، پاشان قۆناغێكی دیكه‌ ده‌ست پێده‌كات ئه‌ویش سه‌رده‌می پادشایه‌تیه‌ له‌ فه‌ره‌نسا به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می شۆڕشی فه‌ره‌نسی له‌ساڵی 1789 پرسه‌كانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی به‌ره‌به‌ره‌ له‌ گه‌شه‌سه‌ندن دابوو، دوای ئه‌و سه‌رده‌می ناپلێۆن پۆناپه‌رت له‌ساڵی 1799 چه‌ند بڕیارێك له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی مافی كۆچبه‌رانی فه‌ره‌نسی و ئازادی و عه‌قیده‌ و بیرو ڕا بۆ هه‌موو هاوڵاتیان ، له‌به‌یانێكدا ناپلێۆن ده‌ڵێ‌ “خه‌ڵك پێویستی به‌یه‌كسانیه‌ نه‌ك هه‌ر ته‌نیا ئازاد” پاشان له‌سه‌رده‌می لویس فلیپ به‌هه‌مان شێوه‌ دیموكراسی ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت .‌.

هه‌روه‌ها دیموكراسی‌ له‌ سه‌ده‌ی‌ بیست له‌ به‌رامبه‌ر تۆتالیتاریاو شمولیه‌ت و دیكتاتۆریه‌ت دیسان پێناسه‌ و مانایه‌كی‌ دیكه‌ی‌ له‌ خۆ گرت، تا سه‌ده‌ی‌ بیست و یه‌ك به‌هه‌مانشێوه‌ فه‌یله‌سوفان و رۆشنبیران دیسان دێن شیكردنه‌وه‌ و پرسیار و گومان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌م چه‌مكه‌، بۆیه‌ ئالان تۆرین له‌ كتێبی‌ (دیموكراسی‌ چیه‌؟) دوای‌ ئه‌و هه‌مو خه‌بات و تیكۆشان و شۆڕشانه‌ی‌ كه‌ له‌ پێناو دیموكراسی‌ كرا، دێت دوباره‌ پرسیاره‌ له‌سه‌ر ناوه‌خنی‌ ئه‌م چه‌مكه‌ دروست ده‌كات. ئه‌م پرسیاره‌كردنه‌ له‌سه‌ر دیموكراسی‌ چییه‌؟ بۆ خۆی‌ ره‌خنه‌و گومان ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌م چه‌مكه‌ “ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ده‌ی‌ بیست ئه‌وروپا به‌ده‌ست سیسته‌می‌ تۆتالیتاری‌ و شمولیه‌ت دەیناڵاند، ئه‌م سیسته‌مانه‌ پێناسه‌یه‌كیان دابو به‌ چه‌مكی‌ دیموكراسی‌ بۆ دانانی‌ سنورێك بۆ ده‌سه‌ڵاتی‌ توندڕه‌و و تۆتالیتاریا، و چه‌سپاندنی‌ ده‌ستور و یاسایه‌ له‌ رێگای‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌دان به‌ مافی‌ مرۆڤ بنێت. دوای‌ ئه‌وه‌ تۆرین ئه‌و پرسه‌ ده‌وروژێنی‌ كه‌ چه‌سپاندنی‌ ده‌ستور و یاسا له‌ناو دامه‌زراوه‌كان دیسان ناتوانی‌ گه‌ره‌نتی‌ پاراستنی‌ مافی‌ مرۆڤ و دیموكراسی‌ بكات”

بۆیه‌ به‌لای‌ ئه‌و گرنگه‌ بو كه‌ ئه‌كته‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ به‌ فه‌لسه‌فەیه‌كی‌ سیاسی پۆزه‌تیڤ په‌روه‌رده‌ بكرێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای‌ له‌ تۆرین ده‌كات دوباره‌ سۆسیۆلۆژیا هاوچه‌رخ پێناسه‌ بكات به‌ دوباره‌ دیراسه‌كردن له‌ ره‌فتارو عه‌قڵیه‌تی‌ ئه‌كته‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ناو دامه‌زراوه‌كان، بۆیه‌ لێره‌دا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ گرنگه‌ له‌ رێگای‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ كار له‌سه‌ر دیراسه‌ی‌ حاڵه‌تی‌ ئه‌كته‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ناو دامه‌زراوه‌كان بكرێت، به‌ڵام لێره‌دا ده‌كه‌وینه‌ ناو ئیشكالیه‌تێك له‌ شیكردنه‌وه‌كانمان، له‌ نێوان سروشتی‌ خۆڕسكانه‌ی‌ ئه‌كته‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كورد له‌روی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ بۆ كه‌لتوری‌ دیموكراسی و ئه‌كته‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ نێو دامه‌زراوه‌كان، ئه‌و پرسیاره‌ له‌لامان دروست ده‌بێ‌ ئایا‌ دامه‌زراوه‌كان سروشتی‌ دیموكراسی خۆڕسكانه‌ی‌ ئه‌كته‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كوردیان شێواندوه‌؟ گرنگه‌ كه‌لتوری‌ دیموكراسی‌ رێكبخرێت و گه‌شەی‌ پێ‌ بدرێت له‌هه‌مو لایه‌نه‌كانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و سیاسی‌ و ئابوری‌، ئه‌مه‌ش پێویستی‌ به‌ ئه‌كته‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ لێهاتو و به‌تواناو ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ رۆڵیان هه‌یه‌ له‌ دروستكردنی‌ ئه‌كته‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ دیكه‌، به‌تایبه‌تیش له‌نێو دامه‌زراوه‌ په‌روه‌ردەییه‌كان، چونكه‌ دامه‌زراوه‌ په‌روه‌ردەییه‌كان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دامه‌زراوه‌ی‌ هه‌قیقی‌ نین. بگره‌ له‌لایه‌ن حیزب و گروپه‌وه‌ هه‌یمه‌نكراوه‌ و ئه‌وان ئه‌و كه‌لتور و ئه‌كته‌ره‌ په‌روه‌رده‌یان ده‌وێت، له‌گه‌ڵ سیسته‌م و ڕێساو یاسا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌وان بگونجێت.

هه‌روه‌ها “ئالان بادیۆ” رۆڵێكی‌ دیاری‌ له‌ شۆڕشی‌ مایو 1968ی‌ فەره‌نسی‌ هه‌بو، یه‌كێك له‌ دروشمه‌كانی‌ ئه‌م شۆڕشه‌ “هه‌ڵبژاردن ته‌ڵه‌یه‌ك بۆ گه‌مژه‌كان”، بادیۆ ده‌پرسێت؛ ئایا هاوڵاتیان هه‌مویان به‌ ئاگان یان كار به‌م ر‌سته‌یه‌ ده‌كه‌ن؟ له‌و بڕوایه‌دان گوتار و دانپێدانانه‌كانی‌ كاندیه‌كان به‌ كه‌ڵكی‌ ئه‌وان دێن و ئازار و ناخۆشیه‌كانیان كه‌م ده‌كاته‌وه‌!
بادیۆ ده‌ڵی له‌كام وڵاتی دونیا كه‌ به‌ دیموكراسیترین وڵات ناسراوه‌ هه‌ر ئۆلیگارشێك (دارایی و میدیای و سیاسی) هه‌یمه‌نه‌ی كردۆته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ و پێ‌ وایه‌ له‌ ئاینده‌ ره‌نگه‌ سیسته‌مێكی باشتر له‌ دیموكراسی په‌یدا بێت یه‌كێك بێت له‌ داهێنانه‌كانی مرۆڤایه‌تی “
به‌ڵام فرانسیس فوكۆیاما پێ‌ وایه‌ “دیموكراسی لیبرالی كۆتایی مێژووه‌ ، به‌پله‌ی یه‌ك له‌سه‌ر ئازادی تاك و بازاڕی ئازاد وه‌ستاوه‌ ، سنور یان چوارچێوه‌یه‌كی له‌به‌رده‌م ئومێد و گه‌شه‌ی ئایدیای مرۆڤ دانا، هیچ هه‌ڵبژاردیه‌كی له‌وه‌ باشتری له‌به‌ده‌م مرۆڤایه‌تی نه‌هێشتۆته‌ ، له‌ساڵی 1992 تیۆری فۆكۆیاما له‌سه‌ر “كۆتایی مێژوو و مرۆڤی كۆتایی” ده‌نگی دایه‌وه‌ ، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كۆتایی شه‌ڕی سارد وای كرد ئایدیۆلۆژییای دیموكراسی لیبرالی سه‌ربكه‌وێ‌ به‌سه‌ر ئایدیۆلۆژییا سیاسیه‌كانی تر ، پێ‌ وابوو ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی ئایدیۆلۆژییایه‌ش له‌سه‌ر ئاستی چیهان زیاتر فكری وه‌ك له‌وه‌ی پراكتیكی بێت.”

له‌نێوان ئه‌م دوو ئاراسته‌ فیكرییه‌ گرنگه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ ، له‌نێوان دوو قوتابخانه‌ی جیاواز به‌یه‌ك ، له‌نێوان ئالان بادیۆ و فۆكۆیا ، ئاراسته‌ فیكری بادیۆ له‌سه‌ر دیموكراسی ده‌مانگه‌رێنێته‌وه‌ بۆ لایه‌نێكی فه‌لسه‌فی هیگڵ له‌سه‌ر “تێز و ئه‌نتی تێز و سه‌نتێز ” دیموكراسی وه‌كو تێز پاشان ئه‌نتی دیموكراسی له‌ كۆتاییدا سه‌نتێزێكی نوێی دروست ده‌بێت ، به‌وه‌ی كه‌ ده‌لێت ڕه‌نگه‌ له‌ ئاینده‌ سیسته‌مێكی باشتر له‌ دیموكراسی په‌یدا بێت ئه‌ویش بۆ یه‌كێك له‌ داهێنانه‌كانی مرۆڤایه‌تی بگه‌رێته‌وه‌ ، به‌ڵام ئاراسته‌ فیكری فۆكۆیاما كۆتایی مێژوو ئه‌مه‌ تێۆرێكی هیگڵیه‌ ، هێگڵ مێژوو به‌سه‌ر سێ‌ جۆر دابه‌ش ده‌كات ، له‌وانه‌ (ئۆرگیناڵ ، تێۆری ، فه‌لسه‌فی)
هیگڵ پێ‌ وابوو كه‌ زنجیره‌ی رووداوه‌ مێژووییه‌كان به‌ كۆتایی ناگه‌ن ، به‌ڵكو پێویسته‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ئازادیخوازه‌كان بگاته‌ كۆتایی ، كه‌ ئه‌مرۆ نێونه‌رایه‌تی چیهان ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یش مه‌به‌ستی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراسی لیبراله‌. به‌پی ئه‌م تیۆره‌ی هیگڵ بێت دیموكراسی لیبرال هه‌موو ئه‌و بۆشایانه‌ی كه‌ خواستێكی ناعه‌قڵانی بوو پڕ كردۆته‌وه‌. ئاله‌م خاڵه‌دا فۆكۆیاما له‌گه‌ڵ ئاراسته‌ی فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵدا یه‌كده‌گرنه‌وه‌ .
فه‌یله‌سوفی یۆنانی ئه‌فلاتۆن ره‌فزی دیموكراسی ئه‌تنی ده‌كرد ، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ له‌ دیموكراسیه‌ته‌ له‌و كۆمه‌ڵگانه‌ی كه‌ ئه‌ناركیزمن ناتوانن له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و یه‌كپارچه‌ی ناوخۆی بپارێزن ، پێ‌ وایه‌ دیموكراسی ئه‌تنی گوزارشت له‌ خانه‌وه‌دایه‌ك زیاتر له‌ سیسته‌مێكی سیاسی ده‌كات “

له‌ كتێبه‌كه‌ی‌ (ئه‌لیكس دی‌ تۆكڤڵ) به‌ناوی‌ (دیموكراسی له‌ ئه‌مەریكا) ، له‌ سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌، تۆكڤڵ قسه‌ له‌سه‌ر دیموكراسی‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات كه‌ چۆن خۆشگوزه‌رانی‌ و به‌خته‌وه‌ری‌ دروست كردوه‌ و گه‌شه‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌دات. سه‌ره‌تا تۆكفیل هه‌وڵده‌دات خوێندنه‌وه‌یه‌كی‌ تازه‌ بۆ دیموكراسی‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ دیموكراسی‌ لیبراڵ بكات، له‌ روانگه‌ی‌ ئه‌و، دادپه‌روه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ یه‌كێكه‌ له‌ پرنسیپه‌كانی‌ دیموكراسی‌، ئه‌گه‌ر دادپه‌روه‌ری‌ نه‌بێت، هیچ مانایه‌ك بۆ دیموكراسیش نابێت، جگه‌ له‌ دادپه‌روه‌ری‌ فیكری‌ و ئابوریی، چونكه‌ دادپه‌روه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ سه‌روه‌ری‌ و كه‌رامه‌ت بۆ كۆمه‌ڵگه‌ دروست ده‌كات، له‌هه‌مانكاتدا دادپه‌روه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ خۆشگوزارەنییه‌كی‌ ئابوریش به‌ یه‌كسانی‌ بۆ تاكه‌كان فه‌راهه‌م ده‌كات. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌ “ناتوانی‌ ئازادی بونیادبنێی‌ ئه‌گه‌ر یه‌كسانی‌ نه‌بێ” بۆیه‌ ئه‌مه‌ جه‌وهه‌ری‌ فیكری‌ ئه‌لیكس (دی‌ تۆكفێل)ه‌ سه‌باره‌ت به‌ دیموكراسی. ‌.
ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ تێزه‌كه‌ی‌ “رۆچر سكرتۆن” فه‌یله‌سوفی‌ به‌ریتانی‌ پارێزخواز بكه‌ین، ئه‌وا بۆچونێكی‌ دیكه‌مان ده‌ست ده‌كه‌وێت ئه‌و له‌ ئارتكلێكی‌ به‌ناوی‌ (سنوری‌ دیموكراسی‌) بڵاوكردوەتەوە‌ كه‌ تێیدا ئاماژه‌ بۆ سه‌ره‌تاكانی‌ بنه‌مای‌ دیموكراسی‌ ده‌كات و ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ بۆ پرۆتستانه‌كان له‌ به‌ریتانیا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت “كه‌لتوری‌ پرۆتستانی‌ زیاتر له‌ كه‌لتوری‌ ئیسلام له‌گه‌ڵ دیموكراسی‌ ده‌گونجێت”.

ئه‌م وتاره‌ی‌ رۆچر كۆمه‌ڵێك شیكردنه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ ده‌توانرێت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی‌ عێراقی‌ به‌گشتی‌ و هه‌رێمی‌ كوردستان به‌نمونه‌ جێبه‌جێ‌ بكرێت، پێموایه‌ بنه‌ماو پرنسیپه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ دیموكراسی‌ ئه‌وكاته‌ ده‌چه‌سپێت كه‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ عه‌لمانیت هه‌بێت، دیموكراسی‌ ده‌رهاویشته‌یه‌كی‌ گرنگه‌ له‌ ده‌رهاویشته‌كانی‌ عه‌لمانیه‌ت، دیموكراسی‌ جومگه‌یه‌كی‌ گرنگی‌ عه‌لمانیه‌ته‌، یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كانی‌ دیموكراسی‌ عه‌لمانیه‌ته‌، به‌ڵام مه‌رج نیه‌ هه‌مو عه‌لمانیه‌تێك دیموكراسی‌ بێت، بەڵام مه‌رجه‌ هه‌مو سیسته‌مێكی‌ دیموكراسی عه‌لمانی‌ بێت. بۆ نمونه‌ “كۆمۆنیسته‌كان و فاشیسته‌كان و كه‌مالیسته‌كان” ئه‌مانه‌ هه‌مویان عه‌لمانی‌ بون بەڵام دیموكراسی‌ نه‌بون.

جۆن دیوی فه‌یله‌سوفی ئه‌مه‌ریكی پێ‌ وایه‌ “دیموكراسی په‌روه‌رده‌یی شێوازێكه‌ له‌ شێوازه‌كانی چۆنیه‌تی ڕه‌فتاركردنی مرۆڤ له‌ ژیانی رۆژانه‌ و تێكه‌ڵابوون له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رو و ئاڵوگۆركردنی بیروڕا ، به‌لای ئه‌و دیموكراسی ته‌نیا سیسته‌مێكی سیاسیه‌ نیه‌ ، گرنگی دانی جۆن دیوی به‌ دیموكراسی په‌روه‌رده‌ی بڕوابوونی عه‌به‌سی و یان به‌ خۆرای نه‌بوو ، به‌ڵكو بڕوا بوونێكی كرداری بوو ، چونكه‌ پێ‌ وابوو ئه‌م شێوازه‌ له‌ دیموكراسیه‌ته‌ گره‌نتی بوژانه‌وه‌ و پێشكه‌وتنی نه‌وه‌كانی داهاتوومانه‌ .”
ماركس پێ‌ وایه‌ ” دروستبوونی فه‌رمانڕوایه‌كی دیموكراسی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ یه‌كی سه‌رمایه‌داری كارێكی مه‌حاڵه‌ ، چونكه‌ دیموكراسی مه‌رجدار به‌ ترانسفۆرمانسیۆنه‌ له‌ بنه‌ماكانی كۆمه‌ڵگه‌ ، هه‌روه‌ها پێكهێنانی هه‌موو ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی له‌ پێناو یه‌كسانی سیاسی و گشتاندنی مافی ده‌نگدان به‌ هه‌نگاوێكی پۆزه‌تیڤ داده‌نێ‌ ، به‌ڵام ماركس له‌وبڕوه‌یه‌دایه‌ كه‌ توانای ئازدیخوازی دیاریكراوه‌ چونكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ جیاوازی چینایه‌تی ، و ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه‌ ئه‌م جیاوازییانه‌ دروستیان ده‌كات ، له‌ هه‌موو كایه‌كانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ، به‌لای ماركس هه‌ڵبژاردن ناتوانێ‌ چاره‌نوسی ده‌وڵه‌ت دیاری بكات ”

یۆرگن هبرماس یه‌كێك بو له‌ داكۆکیكاری‌ دیموكراسی به‌تایبه‌تی راوێژكاری‌ و دژی‌ هه‌مو دیارده‌یه‌كی‌ ناعه‌قڵانی‌ له‌ فیكری‌ سیاسی بو، به‌لای‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگای‌ هاوچه‌رخ له‌سه‌ر سێ‌ بنه‌مایه‌ كه‌ ئەخلاقیاتی گەیاندنە ئەویش پێکدێت لە (دیموكراسی‌و یاساو دادپه‌روه‌ری). ڤۆڵتێر به‌ گه‌وره‌ترین دوژمنی‌ چه‌وسانه‌وه‌ی‌ ئاینی‌ و سیاسی‌ ناسرا بو، دوای‌ ئازادی‌ بیروڕاو عه‌قیده‌ی‌ بۆ هاوڵاتیان ده‌كردو پارێزگاری كردن له‌ تاك له‌به‌رامبه‌ر توندوتیژییه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئاینی‌ و سیاسی”

له‌ روانگه‌ی‌ “ساموئیل هانتینگتۆن” گواستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ سیسته‌مێكی دیموكراسی بریتیه‌ له‌ “قۆناغی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ تۆقێینه‌ر به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتێكی‌ دیموكراتی‌، واتا گواستنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌ قۆناغی‌ دیكتاتۆرییه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی‌ تۆقێنه‌ر به‌ره‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دیموكراتی‌، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ عێراقی‌ بۆ نمونه‌ ئه‌م گواستنه‌وه‌یه‌ ئاراسته‌یه‌كی‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ بو، دوای‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ تۆقێنه‌ر و دیكتاتۆرییه‌ت، به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتێكی‌ تائیفی‌ و مافیایی‌ و كۆنترۆڵكردنی‌ سه‌روه‌ت و سامان له‌لایه‌ن گروپی‌ جیاجیا له‌ ژێر ناوی‌ ئاین و نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌ب..
لێره‌وه‌ بۆمان رون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ دیموكراسی‌ هێشتا نه‌بوەته‌ سیسته‌مێك كه‌ بێ‌ كه‌موكوڕی‌ بێت، هه‌روه‌ها ده‌كرێت سیسته‌مێكی‌ باشتر له‌ ئاینده‌ بۆ مرۆڤایه‌تی‌ دروستبكرێت كه‌ له‌ داهێنانه‌كانی‌ مرۆڤ بێت، گرنگه‌ بوترێت دیموكراسی‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ سیسته‌مێكی‌ سیاسی‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ بێت ئه‌وا گرنگه‌ سیسته‌مێكی‌ خزمه‌تگوزاری‌ مرۆیی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و كه‌لتوری‌ بێت. . كاتێك دیموكراسی‌ توانی‌ زیاتر له‌ فیگوری‌ خزمه‌تگوزای‌ وه‌ك له‌ فیگوری‌ سیاسی‌ نزیك بێته‌وه‌، ئه‌وكات ده‌توانین بڵێین “دیموكراسی‌ راسته‌قینه‌”. ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ بازنه‌ یاخود فیگوری‌ سیاسی‌ مایه‌وه‌ ئه‌وا دیموكراسیه‌تێكی‌ ساخته‌یه‌.

دیموكراسی‌ كه‌لتوره‌ ئه‌م كه‌لتوره‌ش هه‌روا به‌ شێوه‌ی‌ هه‌ره‌مه‌كی‌ دروست نابێت، یان ئه‌وه‌تا له‌ رێگای‌ “هابیتیویس” كه‌ كۆنسێتێكی‌ بۆردیۆیانه‌یه‌، مه‌به‌ستی‌ له‌ عاداتە كۆمه‌ڵگه‌ وه‌كو مه‌كینه‌یه‌كی‌ به‌رهه‌مێنێنه‌ری‌ هابیتیوس وه‌سف ده‌كات ، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا واتا پراكتیزه‌كردنی‌ خۆڕسكانه‌ له‌ سروشتی‌ ئه‌كته‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بونی‌ هه‌یه‌، هه‌بونی‌ ئه‌م كه‌لتوره‌ش بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پێشتر ئه‌و وشیاریه‌ی‌ له‌لای‌ دروست بوبێت كه‌ به‌شێكه‌ له‌ پرنسیپه‌كانی‌ دیموكراسی‌ پراكتیزه‌ی‌ كردوه‌، بۆیه‌ ده‌تونین بڵێن له‌سه‌ر ئاستی‌ كه‌لتوری‌ هابیتیوس دیموكراسی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناڕاسته‌وخۆ پراكتیزكراوه‌، بەڵام له‌سه‌ر ئاستی‌ دامه‌زراوه‌كان ئه‌م سیسته‌مه‌ بونی‌ نه‌بوه..

سه‌رچاوه‌كان

http://almoasher.ps/%D8%B1%D8%B5%D9%8A%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%8A%D9%85%D9%82%D8%B1%D8%A7%D8%B7%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%82%D9%8A%D9%82%D9%8A-%D9%84%D9%8A%D8%B3-%D9%81%D9%8A-%D8%B5%D9%86%D8%A7%D8%AF%D9%8A/
-تهانی صلاح ، الدیمقراگیه‌ فی عیون المفكرین الفلاسفه‌ ، الاهرام ، الخمیس 9 من رجب 1435 هــ 8 مایو 2014 السنه‌ 138 العدد 46539.
Alain Touraine ,Qu’est-ce que la démocratie? Paris: Fayard, 1994, 297 p
Alain Badiou: élections, piège à cons? France 2, “Avant-premières” 01/03/2012

  • د. ماهر الشریف ، فوكویاما و “نهایه‌ ” الدیمقراگیه‌ اللیبرالیه‌، حزب الشعب الفلسگینی ، 3/12/2017
    http://ramdane.marocprof.net/post/111960
    MARIA JOSÉ VILLAVERDE, La democracia en América: bicentenario de Tocqueville, https://elpais.com/diario/2005/12/26/opinion/1135551610_850215.html
    ، التربیه‌ و الدیمقراگیه‌ جون دیوی نموژجا – مغرس (مغرب برس) موقع مغربی یقدم خدمه‌ فریده‌ لڵاخبار ، 31/08/2013. حسانی محمد
    https://journals.openedition.org/philosophique/891



فرە سیمایی تاك، لە دەقەوە بۆ واقیع مەحوی سەیادێك(1) بۆ دۆزینەوەی خود … نەبەز گۆران

                        

پرسیارێك هەمیشە لە خۆمانیدەكەین، پرسیاری فرەسیمایی تاكە، بۆچی تاكی ئێمە تاكێكە، سیمایەكی راستەقینەی نییە و بۆ هەر فەزایەك سیمایەكی هەیە و، سیما راستەقینەكەی نادیارە؟ فرە سیمایی بەشێكە لە دونیای مۆدێرن، یان رەگوڕیشەكانی قوڵترن؟ فەزای خێزان و فەزای پەروەردە و، فەزای گشتی كۆمەڵگە، چ جۆرە مرۆڤێك بەرهەمدەهێنن؟ ئایا لە دونیای پێش مۆدێرنەدا ئەم فەزایانە چۆن بوون و، چ جۆرە مرۆڤێكیان بەرهەمهێنانەوە؟ بۆئەوەی فرەسیمایی بناسین، پێویستە خوێندنەوە بۆ كام لە دەقەكانی پێش مۆدێرنەتە بكەین؟ پرسیاركردن لە سیما راستەقینەكەی مرۆڤ، پرسیاركردنە لە ئێستای تاك، یان پرسیاركردنە لە رەگوڕیشەیەكی دورتر؟ نەریت و ئایین، وەك دوو چاوی گەورە بەسەر تاكەوە، چ كاریگەرییەكیان لە دروستكردنی تاكی فرە سیمادا هەیە؟
ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن، ئەم پرسیارانە رێگامان بۆخۆشدەكەن، لەناو دونیای فیكر و ئەدەبی كورددا بەشوێن وەڵامەكانییاندا بگەڕێین. دونیای ئێمە، دونیاییەكە بنەمای هەموو چەمكەكانی لەناو ئەدەبدان، چ ئەدەبی كلاسیك، چ ئەدەبی مۆدێرن و پاش مۆدێرن. ئەومیراسە ئەدەبییەی هەمانە، میراسێكە لەناو دەقەكانیدا كۆی ئەو چەمكانە بوونیان هەیە لە ئێستادا دەرگیریان دەبین. بۆ گەڕان بەشوێن رەگوڕیشەی فرەسیماییدا، خوێندنەوەیەك بۆ دەقێكی (مەحوی) دەكەم، تاكو ئەو دەقە بكەمە دەلاقەیەك لەوێوە بۆ ئێستا بڕوانم.

یەكەم دەقی ناو دیوانەكەی (مەحوی) یەكەم دەقە، دەمانباتە ناو ئەو فەزا گشتییەی كۆمەڵگە و لەوێوە فرە سیمایی و نەبوونی سیمای راستەقینەی تاكمان پێدەناسێنێت. هەڵبەتە ئەم دەقە، دەقێكە سەر بەدونیای پێش مۆدێرن. ئەو دونیاییەی دەسەڵات بریتی نییە لەو چاوە گەورەیەی بتوانێت تاك كۆنترۆڵبكات و بیخاتە ژێر هەیمەنەی خۆی و، ناچاریبكات لەبەر مانەوەی زوو زوو سیماكانی خۆی بگۆڕێت. یانی سەردەمی دەقەكە دەسەڵاتی كۆنترۆڵكەر و ئاراستەكەری مۆدێرن بوونی نییە و لەشوێنی ئەو تایپی دیكەی دەسەڵات بوونیان هەیە، كە ئەشێت بە نەریت و ئایین، وەك دوو تایپی هەژموندار بەسەر تاكەوە بە دەسەڵات وێنایان بكەین . بەهەمان شێوە سەردەمی دەقەكە پەروەردەی مۆدێرن وەك پەروەردەی چاودێریكەری تاك بوونی نییە.

تەنها سێ‌ فەزا هەیە تاك لە رێگایانەوە گەشەی خۆی تێیاندا ببینێتەوە، فەزای خێزان و فەزای گشتی كۆمەڵگە و، فەزای پەروەردەی ئایینی. هەریەك لەم فەزایانەش لەچوارچێوەی سنووری خۆیاندا، كاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی تاك دادەنێن. نە لە فەزا گشتییەكەدا شار بە واتا راستەقینەكەی بوونی هەیە، تا بتوانێك تاك بخاتە ژێر چاودێری خۆی و ناچاری فرە سیمایی بكات، نە فەزای خێزان خاوەن ئەو كەرەستە فیكر و نوێیانەن لە مۆدێرنەدا هەیە، تا تاك بخەنە دۆخی ناچاركردنی فرە سیماییەوە. تەنها فەزای پەروەردەی ئایینی و نەریت، وەك دوو چاوی بەهێز و دوو دەسەڵاتی گەورەی كۆمەڵایەتی، دنەدەر دەبن تاك بخەنە دۆخی ونكردنی سیماكانی خۆیەوە. واتە دەقەكە هی قۆناغێكە، قۆناغەكە چ لەرووی پەروەردەوە،چ لەرووی فەزای گشتییەوە، تاك ئەو فشارە گەورانەی لەسەر نییە، كە تاكێكی سەردەمی مۆدێرن، یان تاكێكی ئێستا لەسەرییەتی. ئەمما لەو فەزا كلاسیكیەشدا، فرەسیمایی دەبێتە یەكێك لە دەردە گەورەكانی تاك و، شاعیرێك دێت لە دەقێكدا ئەو فرە سیماییەمان بۆ وێنادەكات لە قۆناغی ئەودا بوونی هەبووە و، لە ئێستادا بوەتە شوێنی پرسیار و گومانی كۆمەڵناسەكان و بەردەوام بۆ رەگوریشەكەی دەگەڕێن.

لەگەڵ خوێندنەوەی دەقەكەدا، هەوڵدەدەم هەرسێ پایە بنەرەتییەكە خێزان، پەروەردەی ئایینی و مۆدێرن فەزای گشتی كۆمەڵگە_ بخەمە ناو چوارچێوەی دەقەكەوە. كە هەریەك لەم پایانە بنەوانێكن بۆ دروستكردنی تاك و، بەرهەم هێنانی تاك. تاك هەمیشە لەژێر سێبەری ئەم سێ‌ پایەوە تێدەپەڕێت و، هەریەك لەو سێ‌ پایە كاریگەرییەكی تەواو لەسەر ئەو خودە دروستدەكەن، كە لە كاتی هوشیاریی و گەشەكردنیدا، ئیشكالی گەورەی دەرونی و فرە سیمایی و كردەیی هەڵدەگرێت. بێگومان كۆمەڵگەیەك نییە، تەواوی تاكەكانی تەندروست بن، كۆمەڵگەیەك نییە تەواوی تاكەكانی دەمامكیان فڕێدابێت و حەقیقەتی خۆیان دەرخەن.

كۆمەڵگەیەك نییە تاكەكانی رووتی پەتی بن و، بەیەك سیماوە لەناو رووبەری ژیاندا نمایشی خۆیان بكەن. وەلێ‌ كاتێك فرە سیمایی و نەبوونی سیمای راستەقینە دەبێتە مۆدێلێك لە زۆرینەی تاكی ناو كۆمەڵگەیەك، ئیدی ئەم دۆخە دەبێتە شوێنی بیركردنەوە و قسە لەسەركردن. ئێستای ئێمە ئەو ئێستاییە مۆدێلێك لە ژیان بوونی هەیە، ئەم مۆدێلە تاكەكان بەرەو ئەو شوێنە دەبات بەبێ‌ دەمامك نەتوانن لەناو ئەو مۆدێلە ژیانەدا بژین. خود بوون، لەجەوهەرەكەی داماڵدراوە و كراوەتە خودبوونێكی رووكەشی. خودبوونێك لە جەوهەریدا هیچ واتایەكی ژیانی هەڵنەگرتووە و، بە جەوهەرێكی بەتاڵەوە ژیان دەكات بە نمایشێكی روكەشانە. ئەم خودە رووكەشە، خودێكی راستەقینەی خودبوون نییە، خودێك نییە بتوانێت بەبێ‌ فرەسیمایی بژیت. ئەشێت لە زۆر شوێندا ئەم خودە روكەشە، باس لە خودبوون بكات. یان بە زمانە باوەكە باسی (خۆت بە!) بكات. ئەما پێمان ناڵێت: چ جۆرە خۆبوونێك؟ خۆبوون لای ئەم كارەكتەرە بەستراوە بۆ جۆری نمایشەكانیی و بەستراوە بە جۆری كاڵاكانییەوە.

هەندێكجار ئەم خۆبوونە نمایشییە دەگاتە ئاستێك، ئیدی دەبەسترێت بە شێوازی جلوبەرگەو چاوی ئەویتری دەرەوەی خۆی! خودێك لە ئارادایە بە بێ‌ چاو زمانی ئەویدیكە ماناكانی خۆی لەدەستدەدات و، هەموو بوونێكی خۆی دەبەستێت بە دادانپیانانی ئەویترەوە. زۆری خاوەنانی ئەم مۆدێلە لە ژیان، دەبن بە دوو بەشەوە. بەشێكیان خودبوون دەبەستن بە شێوازی ئازادی جلوبەرگ و نمایشی جەستەوە، بەشەكەی دیكەیان دەیبەستن بە شێوازی داپۆشینی جەستەیان و گەڕانەوە بۆ نەریت و دووبارەكردنەوەی نەریت، واتە نەریت دەكەنە وێستگەی خودبوون! هەردوو بەشەكەش سیما راستەقینەكەی خۆیان دیارنییە و، لەناو دوو مۆدێل لە ونبوونی خوددا، سەرقاڵی نمایشن. نمایشەكانیان لەبری دەرخستنی سیما راستەقینەكەیان، سیمای دیكە و دەمامكی دیكەیان بۆ دیاری دەكات. هوشیاریەك لەم دوو مۆدێلەدا بەدیناكرێت، ئەوەی بەدیدەكەیت نمایشە لە دوو شوێنی جیاوازدا، شوێنێك زۆر روكەشی و جەستەیی، شوێنێك زۆر نەریتی و زمانی سەفسەتەیی.

هەردوو رووبەرەكەش دووانن لەو دوو رووبەرەی تاك لە خودبوون دوردەخەنەوە و، دەیكەنە تاكێك تەواوی كردەو وتنەكانی لێببێتە خودبوون! دەقەكەی (مەحوی) دەروازەیەكە تا لەوێوە لەناو فەزا گشتییەكە و فرە سیماییەوە خوێندنەوە بكەین بۆ تاك و سیماكانی و، بیبەستینەوە بە دونیای ئێستاوە. (خوێنەر دەبێت ئەوە بزانێت، من دەقەكە لە سیاقی تەفسیرە ئایینیەكە دەهێنمە دەرەوە و، لە سیاقێكی دیكەدا خوێندنەوەی بۆ دەكەم. بۆ من ئەم دەقە دەقێك نییە لە دیدگایەكی ئایینیەوە تەفسیربكرێت. بەڵكو دەقێكە پەیوەندی بە كوردبوون، خودبوون و، فرە سیمایی و ئەویتری فرە سیماوە هەیە. ئەم دەقە نیگایەكە لە سەر تاك و كۆمەڵگە. نیگایەك نییە بۆ تەفسیرێكی ئایینی پەتی و داماڵدرێت لە ماناكانی دیكە.)
“لەم بەحری فیتنە، بەڵكی نەجاتت بدا خودا…داوێنی باخودا بگرە، بەردە ناخودا.(2)”
فەزای گشتی فەزایەكی ناجۆرە. فەزایەكە زمانی سەفسەتە تێدا باڵادەستە. زمانێك كە هەموو بەهاكانی داماڵیوە و لە دونیایەكی گوتاربێژیدا وێنای ئەویتر و خۆی دەكات، فەزای فیتنە و پارچە پارچەكردنە. هیچ پەیوەست بوون و پەیمانێكی كۆمەڵایەتی لەشوێنی خۆی نەماوە. زمان وەك باڵادەستییەكی گوتاری، سەرجەم پەیمان و پەیوەندییەكانی هەڵتەكاندوەتەوە و سەرقاڵی دروستكردنی ناكۆكی و فیتنەیە. لەم فەزا فیتیەیی و پڕ ترس و گومانەدا. چینەكان و پێكهاتەكان و تاكەكان لە جیهانێكی ناتەندروستدا دەژین. جیهانێك ئەویتر و خود، لە دۆخێكی ناجۆری بەرامبەركێییدان. دۆخێك كە هیچ كام ناتوانێت ئەویتر قبوڵبكات و، خود لەناو جیهانێكی فیتنەیەدا جەوهەرەكەی خۆی لەدەست داوە. چەمكی فیتنە لە واتا ئایینیەكەی دێتە دەرەوە و، واتایەكی كۆمەڵایەتی وەردەگرێت. واتایەك هەموو تاكەكانی ناو رووبەرە گشتییەكە، سەرقاڵن بە وێرانكردنی یەكترەوە.

ئەم سەرقاڵبوونە بە وێرانكردنی خودەوە، ترسێكی دروستكردوە هیچ خودێك ناتوانێت لەم فەزایەدا مانا بەخۆی بدات و، هەر خودەو بە پێی وێناكردنی ئەویتر سیمایەك بۆ خۆی دروستدەكات. ئیدی ئەوەی بۆ نووسەر دەمێنێتەوە، پاڕانەوەیە لەو خودەی ناو فەزا فیتنەكە تا حەقیقەتێكی پیشانبدات. حەقیقەتەكە دەستگرتنە بە ئەویتری دەرەوەی جیهانی فیتنە. ئەویتر ئەوێكی باڵادەستە، ئەوێكە تاك دەتوانێت لەگەڵ دەستی پێوەگرت، ئیتر لەم جیهانە ناجۆر و فیتنەییە بچێتە دەرەوە و خودبوونی خۆی و بەشێك لە و حەقیقەتە بدۆزێتەوە، لە فەزا گشتییەكەدا لێیبونبووە.

بە دیوێكی دیكەدا، خودبوونەكە خودبوونێك نییە تەنها لەناو فەزای گشتی كۆمەڵگەكەیدا توشی فیتنە بووبێت، بەڵكو كۆی جیهانەكە فیتنەیەكە بۆ سڕینەوە و نەهێشتنی خود، جیهانێكە نایەوێت ئەو خودە بوونی هەبێت و خۆی بناسێت، لەبری ئەمە فەزایەكی فیتنەیی دروستدەكات، تا ئەو منە كوردییە، یان ئەو خودە كۆمەڵایەتییە، لە خودبوونی خۆی بكەوێت و ببێتە كارەكتەرێك كە ئەو نییە. گەڕانەوە بۆ دەستگرتن بە ئەوی خودای باڵاوە، گەڕانەوەیە بۆ ناسینی خودەكە. مانای خودا لێرەدا تەنها مانایەكی رەمزی ئایینی نییە بۆ باڵادەستێت، مانایە بۆ حەقیقەتێك لەناو ئەو حەقیەتەدا خودی فرەسیما لەناو فەزا گشتییەكە كۆتایی دێت و، سیما راستەقینەكەی خۆی دەدۆزێتەوە. ئەركێكی ئەوی باڵادەست شارێگای دەرچوونە لەو جیهانە فیتنەیەی (بەقەولی شاعیر)كە وێنای كردوە. (هەرچەندە پاڕانەوە وەك شیعری ناخوێنرێتەوە و، پاڕانەوە هەر پاڕانەوەیە، بۆیە لەم دەقەدا پاڕانەوە بە واتا شیعرییەكە خوێندنەوەی بۆ ناكرێت و، لە سیاقی كۆی دەقەكەدا خوێندنەوەی بۆ دەكرێت. ئەركی شیعر پاڕانەوە نییە و، یەكێك لە ئەركە بنەرەتییەكانی شیعر، دژ بە زەلیلبوون و دژ بە پاڕانەوەیە.) دەقەكە لەو ساتەی ئامۆژگاری خودی ناو جیهانە شێواوەكە دەكات، دەیەوێت دەست لە هەموو ئەویترێكی كەشتییەوان هەڵگرێت. ئەویتری كەشتییەوان، ئەشێت ئەویتری دەسەڵات بێت، یان ئەویتری دەسەڵاتی دەرەوەی دەسەڵاتی كورد بێت.

ئەو ئەویتری كەشتییەوانە، ئەوێكە بەسەر خوددا باڵادەستە و جۆرێكە لە فریودان، ئەشكرێت ئەوی تری كەشتییەوان خۆی بەرهەمهێنەری ئەو جیهانە فیتنەیە بێت. بۆیە دەقەكە ترس لە كەشتییەوان دەبەستێتەوە بە ترس لە جیهانە فیتنەیەكە. ترس لە جیهانە فیتنەیەكە و دەرچوون لێی، دەرچوونە لە كەشتییەوانیش. دەروازی دەقەكە دەروازەیەكە فەزایەكمان پیشاندەدات، لەو فەزایەدا جیهان لە دۆخێكی شێواوی فینتەیدایە، ئەم دۆخە شێواوە فیتنەیە كەشتییەوانی هەیە و خۆ بەستنەوە بە كەشتییەوانەكەوە، ناكاتە ئەوەی لەو دۆخە شێواوە بێیتە دەرەوە و خۆتی تیابناسیت. لە نێوان جیهانە فیتنەیەكە و كەشتییەوانەكەدا، دەقەكە رێگای سێهەم بۆ رزگاربوون پیشاندەدات.

رێگای ئەویتری باڵا. رێگای ئەویتری باڵاخودا رێگای دەرچوونی تاكە لە دۆخێكی شێواوە بۆ دۆخێكی خودبوون. خودا وەك حەقیقەت، نەك وەك تەفسیرە كلاسییكیەكەی گوتاربێژان و سەفسەتە چیان. چونكە دەقەكە بیركەرەوەیەك خاوەنییەتی، ئەو بیركەرەوە خۆی لەناو فەزایەكی سۆفیگەریدا سەیری دونیاو دین و حەقیەتی خودا دەكات. ئەو فەزا تەسەوفیییە فەزایەك نییە بۆ یەك جۆر تەفیسر و یەكجۆر تێگەیشتن، فەزایەكە چەندین رەهەند لەناوخۆیدا هەڵدەگرێت و، لەناو ئەو فەزایەدا دۆزینەوەی خود پەیوەستە بە دۆزینەوەی حەقیقەتەوە. بە واتایەكی تر، هەموو دەرەوەیەكی ئەم فەزایە، لای نووسەر، فیتنەیی بێت و جۆرێك بێت لە خۆونكردن. یاخود، بانگێشتكردنی تاك بۆ ناو حەقیقەت، بانگهێشتكردنێك بێت تاك بكاتە تاكی شەنیەر(3)ی. ئەو تاكەی نەتوانێت سیمای هەبێت تا حەقیقەتێك و هێزێكی باڵادەست سیمای پێببەخشێت. دەرچوون لەو هێز و حەقیقەتە باڵایە، دەرچوونە لە خودی خۆی و، خۆخستنە ناو فەزایەكەوە فیتنە و فرە سیمایی شوێنی سیما راستەقینەكانی خود دەگرێتەوە.

بێگومان لەناو ئەم دەقەدا سێ‌ پایەكە بوونیان هەیە. پایەی فەزای گشتی، جیهانی فیتنەیە. پایەی كەشتیەوان، فەزای دەسەڵاتە، پایەی داوێنی باخودا، پەروەردەی ئاینیی و دۆزینەوەی خودە. فەزا گشتییەكە بەتەواوەتی لێكترزاوە و دەقەكە بە فەزایەی فیتنەیی وێنای دەكات، ئەم فەزا فیتییە بوەتە رووبەرێك خود تێدا وندەبێت و هیچ سیمایەكی راستەقینە لە خودا نابینی. كەشتییەوانیش كە ئاماژەیە بۆ دەسەڵاتی بەرێوەبردن، یان دەسەڵاتی شوێن. نە دەتوانێت ئەو خودە لەو فەزا گشتییە پڕ فیتنەیە بهێنێتە دەرەوە، نە دەشیەوێت ئاڵوگۆڕێك بەسەر ئەو فەزایەدا بهێنێت و بیخاتە دۆخێكی تەندروستەوە. بۆیە دەقەكە جارێكی دیكە تاك هوشیار دەكاتەوە بۆ دەرچوون لەو دوو پاییە و تاك بەئاگا دێنێ‌ پەروەردەیەكی دیكە هەڵبژێرێت. ئەو پەروەردەیەی دەقەكە بەیانی دەكات، پەروەردەیەكی ئاینی سۆفیگەرییە. خاوەن دەقە خۆی لەناو ئەو پەروەردەیەدا دەژی و هوشیارە بە هەردوو پایەكەی دیكە، چ فەزا گشتییەكە و چ دەسەڵاتەكە. دەشزانێت تاكێك گەر داوێنی باخودا بگرێت، دەچێتە ناو جیهانێكی دیكەوە، جیهانێك بیركردنەوەی تێدایە و جۆرێكی دیكە لە دونیابینی تێدایە.

ئەو جیهانە سۆفیگەرییەی دەقنووس خۆی تێدا دەژیت و خۆی تێدا دەدۆزێتەوە، جیهانێكە دورە لەو وێنا فیتنەیەی فەزا گشتییەكە تێیدایە. بە شێوەیەكی دیكە بانگكردنی تاكە بۆ دونیایەكی تایبەت. دونیایەك تاك نەبێتە گشت و، لەناو گشتدا بوونی تاك وێنەی خۆی وننەكات و ببێتە بەشێك لە فەزا گشتییە ناتەندروستەكە بتوێتەوە. لەیەكەم رستەدا دوعا بۆ تاك دەكات لەو دۆخە بێتە دەرەوە، ئەما لە دووەم رستەدا راشكاوانەتر بانگی دەكات، بۆ ناو جیهانێك دەتوانێت لەوێدا خودبوونی خۆی بدۆزێتەوە و مانایەك بە بوونی خۆی بدات. سەرەتای دەقەكە سەرەتایەكە دژ ئەو مۆدێلە لە ژیانەیە لە فەزای گشتیدا تاك دەبێتە بەشێك لەو فیتنەیەی واتایەك بۆ تایبەتی بوون و ئازاد بوون و بیركردنەوە ناهێڵێتەوە. دژبوونە لەگەڵ فرە سیمایی و نەبوونی خودێكی روون. هوشیاری بە دونیای دەرەوە، هوشیارییە بە بوونی خۆت.

گەر دەقەكە لە سیاقە كۆمەڵایەتیییە دیاریكراوەكە بهێنینە دەرەوە و، لە فەزاكەی گەورەتردا تەماشای بكەین. دەتوانین جۆرێكی دیكە خوێندنەوەی بۆ بكەین، جۆرێك كە پەیوەندی بە منی كوردی و، ئەویتری بێگانەوە هەیە. ئەو منە كوردییە لەناو فەزایەكدایە ئەویتری بێگانە دروستیكردوە و هەمیشە كار بۆ ئەوە دەكات، منە كوردییەكە نەتوانێت خۆی بناسێنێت. دەقەكە بە ئاگاییەوە ئەو منە كوردییە هوشیار دەكاتەوە لەو فەزا نادروستەی كە ئەویتری بێگانە دروستیكردوە بێتە دەرەوە و، بەشوێن خۆیدا بگەڕێیت. بێگومان گەڕان بۆ منە كوردییەكە، لای دەقەكە لەناو خودی باڵادایە و، ئەو خودە باڵایە حەقیقەتێك و هێزێك و وزەیەك دەدات بەو منە كوردییە، تا سەرلەنوێ‌ خۆی هەڵبچنێتەوە و، خۆی بدۆزێتەوە. جیهانی فیتنە جیهانێكە هیچ منێك ناتوانێت لەناو ئەو جیهانەدا من بێت، هەمیشە جەماوەری بوون، شوێنی من بوون دەگرێتەوە.

جیهانی فیتنە جیهانێكە من دروستیناكات و گشت دروستیدەكات. ئەم گشتە بۆیە لەم جۆرە فەزایانە دروستدەكات، تا هیچ منێكی كوردی دروست نەبێت ببێتە مەترسی بۆ ئەویتری بێگانە. ئەركی كەشتییەوانیش لە دەقەكەدا، ئەركێكی رەدكراوەیە، ئەركێكە جیهانی فیتنەكە چەندە مەترسین لەسەر منە ونبووەكە، كەشتییەوانیش هێندە مەترسییە. دۆخی فیتنە بۆ ونبوونی من دروستكراوە، دەق وەك دەرگایەك لەو دۆخە ترسناكە تاك هوشیار دەكاتەوەو بانگێشتی سەر خوانی منی دەكات. جێهانە فیتنەكە گەمارۆ دراوە بە ئەویتری بێگانە، ئەویتری بێگانە دەیەوێت ئەم ئاڵۆزییە دروستبكات، تا منی كوردی لەو ئالۆزییەدا نەپەرژێتە سەر خۆناسینی و، لە رێگەی ئەو دونیا ئالۆِزەوە خۆی فەرامۆشبكات. هەر خۆ فەرامۆشكردنێكی و هەر خۆ لەبیركردن و پشتكردنێك لە خودناسینی، بەرگرییەكە لەو جیهانە فیتنەیەی ئەویتری بێگانە دروستیكردوە و كردویەتی بە فەزای ژیانی گشتی. بە پێچەوانەشەوە، دۆزینەوەی خود، دەركردنی جیهانی فیتنە و پاككردنەوەی فەزا گشتییەكەیە لە شێواوی بوون.

“بێكەس منم، كەسێك لە زوبانم بگا نییە… هەمدەم خودا نەناسن و دەم پڕ لە یاخودا.(4)”
جەوهەری فرە سیمایەكە لەم بەشەی دەقەكەدا رووندەبێتەوە. لەسەرەتاوە هوشیاری دەدرێت بەتاك تا لەو فەزایە خۆی رزگاربكات خودبوونی خۆی لێوندەكات. بەڵام لە بەشی دووهەمدا ئیدی فرە سیمایەكە وێنا دەكێشێت. بەر لەوەی بێینە سەر قسەكردن لەسەر فرەسیمایی لەم بەشەی دەقەكەدا. قسە لەسەر تاقانە بوون دەكەین. ئەو تاقانە بوونەی هیچ كات تاك بوونی خۆی لە گشتدا ونناكات. ” پرسی تاقانە لە فیكری دۆڵۆز و فۆكۆ گرنگییەكی زۆری پێدەدەن. لە كۆمەڵگەی مۆدێرندا سوژە شوناسێكی رەقهەڵاتوی بەسەردا سەپێنرا. سوژە گۆڕا بۆ ئۆبژەی ئەبستمە. بەڵام پرسی تاقانەیی بەتەواوەتی گرێدراوە بە پرسی ئازادییەوە. مرۆڤ بۆ ئەوەی مرۆڤی ئازاد و تاقانەیی بێت، دەبێت سوژەكەی نە گۆڕابێت بۆ ئەبستمە.

دەبێت ئازادی وەك پێگەیەكی مێژوویی، تایبەت، دیاریكرا و بێهاوتا لەبەرچاو بگیرێت. ئازادی و تاقانەیی شتگەلێكی میتافیزیكی نین كە درابێت بە سوژە.(5) تاقانەیی دروستكردنی رووبەرێكی تایبەتە، لەو رووبەرە تایبەتەدا تاك فەزایەكی تایبەت و جیاواز دروستدەكات. خودی تاقانە خودێكە لە هەرشوێنێك دەركی بە ونبوونی خۆی كرد، لەو شوێنە دێتە دەرەوە و دەچێتەوە ناو رووبەرە تایبەتییەكەی خۆی بۆ ئەوەی بوونی نەبێتە نەبوو. تاقانەی بوون پرسێكە بەستراوە بە ئازادییە و هوشیارییەوە، ئازادی بیركردنەوە و ئازادی جوڵە و ئازادی دونیابینی. ئازادییەكە ئەم ئازادییە لەناو گشتتدا واتایەكی دیكەی دەبێت و دادەماڵدرێت لە واتاراستەقینەكەی خۆی. سوژە بۆ ئەوەی نەبێتە ئەستمێكی رووت لەناو گشتدا، لە رووبەر خۆیدا تاقانەیی بوون هەڵدەبژێرێت و لەوێوە سەیری كۆی ئەو سوژانە دەكات، لەناو گشتدا بوون بە ئەبستمە. بێكەسبوونی دەق، كە هیچ كەسێك لە زمانی تێناگات، بێكەسبوونێكی تاقانەییە.

بێكەسبوونێكە چەندین خوێندنەوە هەڵدەگرێت و هەریەك لە خوێندنەوەكانیش دەمانبەنەوە سەر هێڵێكی گشتی كە هوشیاریی دەق و ئازادی دەق پیشانمان دەدەن. لەناو رووبەرە كۆمەڵایەتییەكەدا، ئەم بێكەسبوونە ئەو تاقانەیی بوونەیە، گشت بە مەترسیدەزانێت لەسەر رەنگی خۆی. لەدەرەوەی گشت بۆ خود دەگەڕێت و دەرەوە بوونەكەی دەیكاتە بێكەسبووێك ئەوانی تری دەرەوەی خۆی نە لە دونیاكەی تێدەگەن، نە لەو زمانەی دونیای پێدەخوێنێتەوە. تاقانەبوون نایكاتە بكەرێك ناچار بە دەرەوە بێت، ناشیكاتە بكەرێك دونیاكەی خۆی تێكەڵ بە دونیای دەرەوەی خۆی بكات، لە گۆشەی تاقانە بوونەوە نیگایەك لە ئەویتری دەرەوە دەكات و، تێنەگەیشتنی ئەویتری دەرەوە دەبێتە خەمێك بۆی. كاتێك دەرەوە یەك جۆر زمان، یەك جۆر دونیابینی، یەك جۆر فەزایان هەیە، ئیدی زمان و دونیای تاقانە دەبێتە زمان و دونیایەكی نەناسرا و نەزانراو. بەڵام ئەم نەناسراو نەزانراویی بوونە، نەبینینی ئەویتری ناو فەزا گشتییەكەیە. نەبینینێك كە ئیدی ئەوەی ناو فەزا باوەكە، بۆ خود ناگەڕێت و هەموو خودێكی راستەقینە بە نەناسراوی و تاقانەیی دەمێنێتەوە. نەیبنینێك فەزا گشتییەكە شێواویەك بەرێوەی دەبات، بۆ هەموو بكەرێكی هوشیار ئەو فەزا گشتییە نامۆ دەبێت و تاقانەیی بوونی دەردەخات.

خودی بێكەس و تاقانەكە، وێنای دەرەوەمان بۆ دەكێشێت. وێنایەك “هەمدەم خودا نەناسن و دەم پڕ لە یاخودا.” نە خۆیاندەناسن، نە حەقیقەت و، نە ئەویتری دەرەوەی خۆیان. ئەما بۆ فریودانی یەكدی، بەردەوام دەمیان پڕە لەو حەقیقەتەی نایناسن و حەقیقەتەكە لای ئەوان بۆ ناسینی نییە، بۆ فریودانە. سیمایەكی راستەقینە و زمانێكی راستەقینە لە ئارادا نییە، ئەوەی هەیە فرە سیمایی و زمانی فریودەرانەیە. ئەم زمانە فریودەرانەیە لەو سنوورەدا نامێنێ‌ لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا بەكار بێت بۆ یەكتر تەفرەدان، بەڵكو دەگوازرێتەوە بۆ حەقیقەتەكان و حەقیقەتەكان دەكاتە یارییەكی زمانەوانی و بەكاریاندەهێنێت. ژیان لەم فەزا تەفرەدراوەدا دەبێتە ژیانێكی پر لە دەمامك. “مرۆڤ تەنها لە رێگای هوشیارییەوە دەتوانێت، پێگەی شایەستەی خۆی بەدەست بهێنێت.(6) پرسی تاقانەی دەبەسترێتەوە بە پرسی هوشیاری و ئازادییەوە. لە دەقەكەدا ئەم پرسە راستەوخۆ گرێدراوە بە هوشیارییەوە و، تاقانە بوونەكە لەو گۆشە نیگایەوە دەردەكەوێت هوشیارییەك لە نووسەردا هەیە. ئەم هوشیارییە هەم دونیاكەی لەوانی كە جیاكردەوەتەوە، هەم زمانەكە بووەتە زمانێك ئەوانی كە لێی تێناگەن. خود ناسینەكە لەناو دونیایەكی هوشیاردا دەردەكەوێت و، دونیای ناهوشیار و بێئاگایی، دونیاییەكە فرە سیمای و تەفرەدان تێدیدا باڵادەست دەبن.

بێگومان واقیعی دەقەكە، بەستراوە بە واقیعێكی نەریتی و ئایینییەوە. باڵادەستی ئایین بە دیوە سەفسەتەییەكەدا، لەگەڵ نەریتدا دوو هێزی گەورەن تاك گەمارۆ دەدەن. ئەم دوو هێزە ناهێڵن حەقیقەتی تاك دەركەویت و، لەبری دەرخستنی دیوە راستەقینەكەی تاك، فرە دیوی و فرە سیمایی شوێنی دەگرنەوە. گەر بە زمانێكی میللی تر وێنای بكەین، (دوو ڕوویی، یان فرە ڕوویی.) دەبنە بنەمایەك بۆ تەماشاكردنی تاك. هەژموونی ئایین و نەریت، هەژمونێكن لە هەموو شوێنێك دەسەڵاتی خۆیان جێگردەكەن. دوو لەو پایە بنەرەتییانەن دەسەڵاتەكەیان نەبەستراوە بەشوێنەوە و دیار نییە. دەسەڵاتێكی نادیارە و بەردەوامیش ئامادەیی هەیە. ئەم دوو دەسەڵاتە نادیارە دەچنە ناو كونجە تاریكەكانی تاك و كۆمەڵگەوە.

لە هەموو كردەیەك و وتنێكی كۆمەڵگەی نەریتی و تاكی نەریتیدا ئامادەییان هەیە. كاتێك تاك دەیچەیەك نامێنێتەوە بۆی و لە لایەن ئەم دوو دەسەڵاتە تارمایی ئاساییەوە ژیانی گەمارۆدەدەن، بۆ خۆگونجان لەگەڵ ئەویتر و لەگەڵ كۆی گشتدا، پێویستی بە هەڵگرتنی دەمامكی جۆراوجۆر دەبێت. ژیان لە دەرەوەی نەریت و ئایین، ژیانێكە لە دەرەوەی قبوڵكردنی كۆمەڵگە و شگتەوە، تاك بۆ ئەوەی لەم بازنەیە نەكرێتە دەرەوە، لە چوارچێوەی بازنەكەدا بە دەمام پۆشینەوە نمایشی خۆی دەكات و پێویستی بەوە نابێت خۆی بێت، لەبری خۆبوون، دەمامك بوون دەیكاتە تاكێك لەناو بازنەكەدا گشت قبوڵی بكەن. دەقەكە بەبێ‌ ئەوەی دەست بخاتە سەر نەریت و ئایین بە دیوە سەفسەتەیەكەیدا و بەبێ‌ ئەوەی ناویان بهێنێت، كۆی فەزاكە بەروونی دەست نیشاندەكات. لەو شوێنەی بانگێشتی تاك دەكات بۆ گرتنی (دامێنی باخودا) لەو شوێنەدا ماڵێكی جیا پیشانی تاك دەدات. ئەو ماڵە جیاییە ماڵێكە خودی نووسەر تێدا هوشیاری خۆی بەدەست هێناوە.

ماڵی سۆفیگەری و ماڵی خانەقا، پێكەوە دەبنە ماڵێكی تاقانەیی، ماڵێك هوشیاری شوێنی دەمامكەكان دەگرێتەوە و بكەری ناو ئەو ماڵە، بكەرێك دەبێت چ خودی خۆی و چ ئەویتری دەرەوەی خۆی بە هوشیارییەوە دەناسێت. گەڕانەوە بۆ ئەو ماڵەی دەق لە تاكی دەخوازێت، گەڕانەوەیە بۆ خود ناسی و حەقیقەت ناسی.
” چ دیمەنێك! كۆمەڵگە خەریكی دابەشبوونی بێكۆتاییە بۆ جۆرەها رەگەز، كە بەرق و كینەی سوك، ویژدانگەلی ئازار چەشتو و سوكایەتیی دڕندانەوە دژی یەك وەستاونەتەوە. (7) ئەم دابەشكارییە لە دونیای فیتنەدا، دابەشكراییەكە پرسی ئازادی تاك دەخاتە پەراوێزەوە. بە واتای تێگەیشتن بۆ ئازادی بە مانا پەتییەكەی، دەقەكە نایەوێت لە دەرەوەی ئەم پرسە پڕفیتنەیە تاك بۆ خوانی ئازادی بانگهێشتبكات، لەبری ئەمە دەیگەڕێنێتەوە بۆ ماڵێك، خودی ماڵەكە بە دیوە میللییەكەیدا بەشێكە لە بەرهەمهێنانی مرۆڤی فرە سیما. بەڵام جیاوازییەكی گەورە لە نێوان ماڵەكاندا دەكات. ئەو ماڵەی دەق دەیكاتە چەقی دۆزینەوەی مرۆڤ راستەقینەی بێ‌ دەمامك، ماڵێك نییە لەو ماڵانەی لە رێگەی نەریت و ئایینی میللییەوە تاكی ناچاركردبێت بە بێ‌ دەمامك نەتوانێت بژیت. گەر دەقەكە هەمان تێگەیشتنی میللی هەبوایە بۆ جیانەكردنەوەی ماڵەكان، ئەوكات دەكرا خوێندنەوەیەكی دیكەی بۆ بكرێت، لێ‌ دەق زۆر بە روونی ماڵەكان جیادەكاتەوە و دەست دەخاتە سەر تایپێك لە هوشیاری، دەستخستنەكە بۆ سەردەمی دەق، دەبێتە رێگایەك بۆ دەرچوونی تاك لە خۆ ونكردن. لە هەمان كاتدا بێكەسبوونی نووسەر، هاتنە دەرەوەیەتی لە فەزا شێواوەكە و لە نەبوونی پانتاییەك بۆ ئازادی بیركردنەوە و ئازادی خۆناسین. پرسی ئازادی لەم دەقەدا كاتێك سەر هەڵدەدات، نووسەری دەق خۆی جیادەكاتەوە لە ئەوانی دیكەی دەرەوە و، زۆر بە روونی بانگی تاقانەیی بوون و غەریب كەوتنی خۆی دەدات، وەك بكەرێكی ئازاد و هوشیار بە دونیای دەرەوە. لەم بانگكردنەدا پرسی ئازادی بیركردنەوە بە شێوەیەكی تێوار دەردەكەوێت و بێ‌ ئەوەی قسە لە پرسی ئازادی بكات، خودی بیركردنەوەكە پەیوەستە بە پرسی ئازادییەوە و پرسەكەش لە وێستگەی خۆناسینەوە دەست پێدەكات.

واتە ئازادییەكە لە ناو دونیایەكی تایبەتدا، تا وا لە نووسەر بكات خۆی بە غەریب بزانێت و نەتوانێت ببێتە بەشێك لە فەزا شێواوەكە و نەشتوانێت بە هەمان زمانی تەفرەدانی ئەوانەوە بدوێت. زمانی دەقەكە زمانێكی باڵایە، زمانێكە تەنها ئەوانە لێیتێدەگەن یەك سیمایان هەیە و هوشیارن بە دونیا. زمانێكە تێكەڵناكرێت بەو زمانە تەفرەدانەی ئەوانی تر بەكاری دەهێنن و، حەقیقەت لە شوێنی خۆیدا بیریلێدەكرێتەوە و نابێتە بەشێك لەو زمانەی حەقیقەت بۆ مانادان بە سیماكانی خۆی بەكاری دەهێنێت. لەوەش مەترسیدارتر، فەزا گشتییەكە بەجۆرێك بووەتە فەزایەكی باو، ئەو نەریت و ئایینەی خۆیان دوو پاییەن بۆ بەرهەمهێنانی لەو جۆرە لە تاك، بوونەتە گەمەیەكی زمانەوانی و لەناو فەزاكەدا یاریان پێدەكرێت، تاكو تاك لە رێگەی یاریكردن بە موقەدەساتەكانی ئەم دوو تایپەوە، شوێنێك لەناو گشتتدا بۆ خۆی بكاتەوە. لە بەشێكی دیكەی هەمان دەقدا، زیاتر نووسەر دیمەنی فرە سیمایی تاكمان بۆ روندەكاتەوە و، ئەو خەمە دەردەخات، ئیدی حەقیقەتی ناو ئایین و حەقیقەتی ناو نەریت و كۆی حەقیقەتەكان، مانایەكیان نەماوە و بوونەتە كەرەستە بە دەست تاك و گشتەوە، بۆ ئەوەی ژیانی خۆیان پێ ڕەنگ بكەن و لە رێگەی بە كەرەستەكردنی حەقیقەتەوە، وێنای خۆیان بكەن.

“غەیری ئەمە كە سوێندی درۆی پێ بخۆن و بەس… قوربانی ناوی، ناوی لەناوا نەما خودا.”(8)
“هەر ئەوەی نزاو پاڕانەوەی بەردەم پەرستگای خودا رەتبكرێتەوە، بوونی ئەم جیهانە هەڵەیە رەت دەبێتەوە.” (9) رەدكردنەوەی پاڕانەوە، یاخود بە درۆ بەكار هێنانی لەناو فەزای گشتیدا، رەدكردنەوەی بوونی جیهانە. لەسەرەتای دەقەكەدا جیهانی فیتنە رەددەكرێتەوە، ئەما لەم بەشەی دەقەكەدا، بە درۆ پاڕانەوە و بە درۆ ناسینی حەقیقەتی خودا، رەدكردنەوەی تەواوی جیهانی راستەقینە و جیهانی ناو ئەو ماڵەیە دەق دەیەوێت خودناسینی تێدا ئەنجام بدرێت. كارەكتەرەكانی ناو كۆمەڵگە خودایان بۆ ئەوەی ناوێت دەقەكە دەیەوێت، خودایان بۆ ساتێك پێویستە دەمامكێكی خۆیانی پێ داپۆشن. خودایان وەك حەقیقەتێكی درۆیینە دەوێت سوێندنی پێبخۆن و كارەكانی خۆیان پێ رایی بكەن. لە خودا خستنی خودای حەقیقی، بۆ نووسەر دەبێتە خەمێكی گەورە و بەشوێن ماناكەی خۆی و حەقیقەتەكەی خۆیدا دەگەڕێت. بۆیە بەنیگەرانییەوە دەست دەخاتە سەر نەمانی واتا راستەقینەكەی ناوی خودا و حەقیقەت. هیچ حەقیقەتێك واتای نەماوە و لە حەقیقەت بوونی خۆی كەوتووە. باڵادەستی جیهانی تەفرەدان و درۆكردن و یەكتر فریودان، دۆخێكی دروستكردوە تاك تێیدا ناناسرێتەوە و ماهییەتی بوونەكان تێیدا وندەبن. زمانی گشتی زمانێكە ناتوانی لەناویدا بۆ جەوهەری شتەكان بگەڕێیت. هەرچۆن تاكێك بوونی نەماوە راستەقینە بوونی خۆی پیشانبدات، لەگەڵ ئەوەشدا حەقیقەتەكانیش بوونیان نەماوە و، ئەو زمانە گشتییەی كۆی ئەوانی ناو گشت پێیدەدوێن، ناتوانێت جەوهەری شتەكانت پیشانبدات و، شتەكان لە جەوهەر خاڵیدەكاتەوە و بە شێوەیەكی روكەشییانەی كاتی پێتدەناسێنن. لەم دەقەدا مەحوی سێ‌ خاڵی جەوهەری پیشانی ئێمە دەدات.

یەكەم: فەزای گشتی كۆمەڵگە، فەزایەكی فیتنەییە و تاك تێیدا ونە
دووهەم: بۆ دۆزینەوەی خودێكی راستەقینە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هوشیاری و ناسینی حەقیقەتی بوون.
سێهەم: لەناو فەزای فرە سیماییدا، هیچ حەقیقەتێك بوونی نییە و، تەنانەت حەقیقەتە راستەقینەكانیش، دەكرێنە كەرەستەی زمانەوانی بۆ تێپەڕینی تاك بەناو ژیانە تەفرەدراوەكەدا.

هەر سێ خاڵەكەی ناو دەقەكە. سێ‌ لەو پایە بنەرەتیانەن لە سەردەمی دەقەكەوە بۆمان روندەبێتەوە، تاكی فرە سیما یەكێك بووە لەو كێشە گەورانەی، دەبنە خەمی نووسەر و لە رێگەی دەقێكەوە ئەو دونیایەمان پێدەناسێنێت مرۆڤی فڕە سیما تێیدا دەژیت. گەر هەمان دەق وەربگێڕینە سەر ئێستا، دەتوانین بە هەمان لۆژیكی چەمكەكانی ناو دەقەكە، ئێستای تاكی فرە سیماش ببنین. راستە كاتێك مۆدێرنە دێت، لەگەڵ خۆیدا دونیایەك دەهێنێت، ئەو دونیاییە جیاوازییەك دەخاتە نێوان خۆی و دونیای پێشخۆی. ئەما بوونی تاكی فرە سیما، پەیوەندی بەهاتنی مۆدێرنەوە نییە، بەڵكو لەناو كۆمەڵگەی ئێمە رەگوڕیشەكانی قوڵترن و، دەقەكەی مەحوی بناغەیەكە تا ئێمە جارێكی دیكە رادیكاڵانە بگەڕێینەوە بۆ سەردەمێك پێشتر و ئەو نەریت و ئایینە سەفسەتەییە بناسین، بوونەتە بنەمایەك بۆ دروستكردنی ئەم تایپە لە تاك. لەناو كەوانەیەكدا (( دونیای سۆفیگەری، بە هەموو رەهەندەكانی خۆیەوە نەیتوانی دەسكارییەكی تەواوی تاك بكات. لەكاتێكدا دونیای سۆفیگەری دونیاییەكە پێویستی بە دەمامك نییە، دەقی نووسەران و شاعیرانی ناو ئەو دونیاییە، دەقگەلێكن زۆر بەروونی قسە لەسەر كۆی ئەو حەرام و نەبینراوانە دەكەن، لەناو كۆمەڵگەدا قسەكردن لەسەریان جۆرێكە لە دەرچوون لە ژیانی باو. دەقی شاعیرانی دونیای سۆفیگەری، لابردنی دەمامكەكانە بەسەر روخساری تاك و كۆمەڵگەوە. هەریەك لەو دەقانەی لە میراسی ئەدەبی ئێمەدا لەناو دونیای سۆفیگەریدا جێماون، گەر لە تەفسیرە ئایینییە تەقیدییەكە دەریانبهێنین و جۆرێكی دیكە خوێندنەوەیان بۆ بكەین، دەمانگەیەنن بە برینێك. ئەو برینە پەیوەندی بە تاك و كۆمەڵگەوە هەیە.

برینێك گۆشەیەكی ژیان و دونیابینی و حەقیقەتی خودا ناسیمان پیشاندەدات، كە كۆمەڵگە بە شێوەیەكی گشتی دوربووە لەم رووت بوونەوە فیكرییە. لە ئێستاشدا گەورەترین كێشەی ئەم دەقانە ئەوەیە، تەفسیری ئاینییان بۆ دەكرێت و ناتوانرێت لە سیاقێكی دیكەدا بناسرێن، لەكاتێكدا بەشێكی زۆری دەقەكان شوێنێكمان پیشاندەدەن، هیچ پەیوەندی بەو تەفسیرانەوە نییە، تەفسیركەرانی دەق پیشانمان دەدەن.))
ئەم دەقەی خوێندنەوەی بۆ كرا، یەكێكە لەو دەقە نووسراوانەی، نووسەر لەسەردەمەكەی خۆیەوە، وێنەی كۆمەڵگە و تاكێك دەكێشێت، ئەو كۆمەڵگە و تاكە، نە هوشیارییەك شك دەبات بۆ خۆناسین، نە دەیەوێت دەست لە فرە سیمایی خۆی هەڵگرێت. وێنەی هەمان ئەو كۆمەڵگەیەمان بۆ دەكێشێت، گیرۆدەیە بەو فرە سیماییەوە و لە ئێستادا بە شێوەیەكی بەربڵاوتر كار لەسەر فرەسیمایی خۆی دەكات.

ئێستای تاكی كۆمەڵگەی ئێمە، ئێستای هەمان دەقەكەی مەحوییە. ئێستایەكە چەندین رەهەندی جیاواز هەن لە سەردەمی دەقەكە جیاوازترن، بەڵام هیچ كام لەو رەهەندانە نابنە وێستگەیەك تاكو تاك دەست لەو فرە سیماییەی خۆی هەڵبگرێت و، بەشوێن خودناسیندا بگەڕێت. خودناسینی ئێستا بەجۆرێك ئاڵۆزبووە، هەركردە و جوڵەیەك پێچەوانەی ئەویتری دەرەوەی خۆی بێت، بە خودناسی پیشاندەدرێت! نیگای دەقەكە بۆ ئێستا، نیگایەكە بۆ سەرلەنوێ‌ پرسیاركردن لەسەر فرە سیمایی تاك. نیگایەكە فرەسیمای تاك نەبەستین بە دونیای مۆدێرنەوە و بەڵكو رەگوڕیشەكانی لەوە قوڵترن وەك تاكێكی مۆدێرن خوێندنەوەی بۆ بكەین.

نەریت و پەروەردەی خێزان و ئاییین بە دیوەی سەفسەتەیەكەدا، سێ‌ لەو پایە بنەرەتیانەن لە دەقەكەدا دەركیان دەكەن، جیهانێكیان خوڵقاندوە ئەو جیهانە نا هوشیارانە و میللییە. جیهانێكە سیماكان چەندین رەنگ و چەندین جۆر زمانیان هەیە. هەرچۆن لە ئێستادا و لە دونیای سەرمایەداریدا، ناسینی سیمای راستەقینەی تاك، قورس و ئاڵۆزە. دەقەكەی_ مەحوی_ وەك دەقێكی نووسراو هەمان ئەو تاك و فرە سیماییەمان بۆ روندەكاتەوە، كە دۆزینەوەی دیوە راستەقینەكەی قورس و ئاڵۆزە. لەم خوێندنەوە سەرەتاییەدا، نووسەر بە وێنەی سەیادێك، بەشوێن خودێكی راستەقینەدا دەگەڕێت. خودێك فەزا گشتییەكە لەگەڵ خۆی نەیبردبێت و خودێك بێت بە هوشیارییەوە سەیری خۆی و دونیای دەرەوەی خۆی بكات. خودێك بێت لەناو فەزای خێزان و فەزای گشتیدا، ماهییەتی خۆی لەدەست نەدات و نەریتەكان و مۆدێلە ژیانەكە نەیكاتە خودێك، ئیتر خود نەبێت. ئەم دەقە یەكێكە لەو وێستگانەی ناو فیكر و ئەدەب، بەشێوازێكی رژد، وێنەی تاك و سیماكانیمان بۆ دەكێشێت.

نەبەز گۆران

پەراوێز و سەرچاوەكان:
(1) سەیاد. وشەیەكی هەورامییە. دوو مانا لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت، مانایەكیان گەڕانی كەسێكە بەكێوەكاندا بۆ ناسین و بینینیان، مانای دووهەمی، راوچییە بۆ گەڕان بە كێوەكاندا بۆ نێچیر. لە هەردووماناكەدا، سەیاد كەسێكی گەریدەیە بەشوێن شتێكدا دەگەڕێت. لەم دەقەدا مەحوی دەبێتە ئەو سەیادەی، بەشوێن خودێكدا دەگەڕێت، ئەو خودەی یەك سیمای هەیە و نایەوێت دەمامك بپۆسێت.
(2) دیوانی مەحوی. لێكدانەوە و لێكۆڵینەوەی، مەلا عەبدولكەریمی مودەریس و محەمەدی مەلا كەریم. چاپخانەی كۆڕی زانیاری كورد بەغداد. 1977
(3)بۆ زیاتر ناسینی چەمكی شەنیەری، بگەڕێوە بۆ خوێندنەوەی (رۆشنبیری دیمەكی، رۆشنبیری شەنیەری) نەبەز گۆران، وتارێك لەبارەی دەقی نامەكەی نالی و سالم، دەقێكی ئەحمەدی خانی. ماڵپەری خەندان.
(4) دیوانی مەحوی. لێكدانەوە و لێكۆڵینەوەی، مەلا عەبدولكەریمی مودەریس و محەمەدی مەلا كەریم. چاپخانەی كۆڕی زانیاری كورد، بەغداد. 1977
(5) میشیل فۆكۆ. عارف دانیالی، وەرگێرانی سەروان ئەحمەد. چاپی ناوەندی غەزەلنووس. ل 240
(6) كارهای كە ماركس برایمان كردە. بی بی سی. صفح ویژە.
(7) زیاتر لە تلیاك. پێشەكی بەژداریكردن لە فەلسەفەی مافی هیگڵ. كارڵ ماركس. چەند وەرگێڕێك. چاپی ئەندێشە ل34
(8) دیوانی مەحوی. لێكدانەوە و لێكۆڵینەوەی، مەلا عەبدولكەریمی مودەریس و محەمەدی مەلا كەریم. چاپخانەی كۆڕی زانیاری كورد، بەغداد. 1977
(9) زیاتر لە تلیاك. پێشەكی بەژداریكردن لە فەلسەفەی مافی هیگڵ. كارڵ ماركس. چەند وەرگێڕێك. چاپی ئەندێشە ل33




٨/٤ داهاتو ڕوون دەبێتەوە … هیوا خۆشناو

چاوی تەواوی جیهان لە سەر کۆبونەوەی حەوتووی داهاتووی نێوان ئەردۆغان و پوتینە کە بڕیارە هەردولا دوابڕیاری خۆیان لەسەر کێسی سیستێمی بەرگری ئاسمانی ڕوسی ناسراو بە 400S بدەن. ئەردۆغان بەئەنقەست ئەو کۆبونەوەیەی لەگەڵ پوتینە خستە دوای هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا کە لە ٣١/٣/٢٠١٩ دا ئەنجامدراو، پارتی دادوگەشانەوە لە ٦ گەورەترین شاری تورکیا بە گشتی و ئەنکەرەی پایتەخت و ئەستەنبووڵی پایتەختی کولتوری/ئابووری توشی دۆڕان هات. ڕەنگبێ ناوبراو کاتی دانانی ئەو ڕۆژە بۆ کۆبونەوەکەی لەگەڵ پوتین لە ئەژێندای خۆی، بیری لەو دۆڕانە پشتشكێنە نەکردبێتەوە.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەییپ ئەردۆغان لە نوێژی هەینی هاتە دەرەوە لە لێدوانێکیدا “ئەردۆغانە ڕاستەقینەکەی” نیشانداین و دەربارەی قەیرانی ئەستەنبووڵ گوتی: “چاوەڕێی قسەی کۆتایی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەکەین، ئەوکاتە ئەگەر شتێک نەگۆڕا، قۆناغی هەڵبژاردن بەسەرچوە و دادگاکان بەسەردەکەینەوە”.
ئەو گوتەیەی ئەردۆغان جگە لە توڕەیی و نەفرەت، بێهیوایی ناوبراوی لێ دەکەوێتەوە کە ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکان ناتوانێ لە شارێکی گەورەی وەک ئەستەنبووڵ بەگوێرەی داخوازیەکانی ئاکپارتی ژمارەی دەنگەکان بگۆڕێ، لەکاتێکدا لایەنگرانی پارتی کۆماری بەرگریەکی زەق و بەرچاو لە سندوقەکانی دەنگداندا دەکەن و لەسەر ئەو کیسانە دەخەون کە دەنگەکانیان تێدا کۆکراونەتەوە، نەوەک لایەنگرانی ئاکپارتی گۆڕانکاری تێدا بکەن.
کەواتە ئاکپارتی و ئەردۆغان بەتایبەتی وەزیری دارایی و زاوای ئەردۆغان بێرات البیراک نایانهەوێ دەست لە ئەستەنبووڵ هەڵگرن کە ناوەندێکی جیهانی ئیخوانەکانەکانەو لەوێوە پڕۆژە ئابووری، کولتووری و سیاسیەکانی ناوچەکە لە هەولێرەوە تا دەوحە، لە دەوحەوە تا لیبیا و لە تەرابلوسیشەوە تا سۆماڵ و ئەریتیریا شۆڕدەبنەوە. کەواتە قۆناغی قەیرانی ئەستەنبووڵ بە ئاسانی چارەسەر نابێت و زۆر کات دەخایەنێ تا تەقینەوەیەکی ئاییندە.

دوو ڕوداوی گرینگ لە ئارادان کە هەردوکیان هەم لەیەکتری جیاوازن و هەم پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە، ئەوانیش: ڕێککەوتن و ڕێکنەکەوتنی ڕوسیا و تورکیا دەربارەی کڕینی سیستێمی بەرگری ئاسمانی ڕوسی لە لایەن ئەنکەرەوە، کە خەتی سورە لەلایەن ئەمریکا و ناتۆ، بابەتی دووەم جارێکی دیکە دەرکەوتنی گرینگی کێشەی کورد بەڵام ئەمجارە نەک لە سوریا کە گرێیەکی قوڵە لەناو چاوی ئەنکەرە، بەڵکو لەناو خودی تورکیا بەهۆی ڕۆڵی دەنگدەرانی لە هەڵبژاردنی دواییدا و ستراتیژی هەڵبژاردن.

ڕۆژی ٨/٤ ئەردۆغان بەوپەڕی لاوازییەوە دەچێتە بەردەم پوتین. بێگومان ئەردۆغانێکی گۆشەگیرکراو لەلایەن ناتۆ، ئەوروپا، ئەمریکا و لە هەمووی گرینگتر ئەردۆغانێکی دۆڕاو لە هەڵبژاردنەکاندا پارویەکی چەورە بۆ پوتین. پوتین و ئێران هەرچی لە دەستیان بێ ئەیکەن بۆ ئەوەی هەرچی زوە تورکیا لە ناتۆ بێتە دەرەوە. جارێ نازانین ئایا ئەردۆغان ئەو بڕیارە مەترسیدارە دەدات یان نا؟ لە دوای جەنگی جیهانیدا دامەزرێنەری تورکیا “کەمال ئەتاتورک” هەمان یاری ئەنجامدا واتە کارتی سۆڤیەتی دژ بە خۆرئاوا بەکارهێنا تا ئەوڕۆژەی بو بە ئەندامی ناتۆ. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەردۆغان بەو قەیرانە ئابووریەی تێیکەوتوە، بەو شکستەی هەڵبژاردن و سەرنەکەوتنی پڕۆژەکانی لە سوریا و گۆشەگیربوونی، دەتوانێ هەمان ڕۆڵی ئەتاتورک ببینێ و بە سەلامەتی لەنێوان یارییەکانی S400 و F35 دەربچێ؟
لە هەردو سەرەوە کۆتایی بە خەونەکانی ئەردۆغانەوە هاتوە. واتە ئەگەر تورکیا بەرەی ناتۆ بەجێبێڵێ، ئەوا قەیرانی ئابووری چڕتر دەبێتەوە، کێشەی کوردی لە بەرانبەردا زەقتر دەکەنەوە و مەترسی کۆدێتایەک لەلایەن سوپاشەوە دوورنیە.
هەروەها ئەگەر تورکیا لە بڕیاری کڕینی سیستێمی بەرگری ئاسمانی ڕوسی پەشێمان بێتەوە، باجەکەی لە ئیدلیب، عەفرین، الباب و جەرابلوس دەدات و ڕوسیا کێشەی کوردی بەرانبەردا بەکاردێنێ. هەروەها ئەردۆغان ئەوە باش دەزانێ دوای ئەو هەمو لێدوانە توندانەی دژی ئەمریکا و ئەوروپا، دوای ئەو هەمو شکستانە جێگای جارانی لەلای ناتۆ و ئەمریکا نامێنێ کە پێشتر هەیبو.

بابەتی دووەم کە پەیوەندی بە ڕۆڵی کورد هەیەو ئێستا پارتی گەلی کۆماری کە بە دەنگەکانی کورد لە ئەنکەرە، ئەستەنبووڵ و ئەنتاڵیا سەرکەوتوە، ڕاستەوخۆ کێشەی کوردی خستۆتە ناو ڕۆژەڤی خۆی. ئەگەرچی پارتی گەلی کۆماری پارتێکی سیستێمە و کێشەی کوردیش بەرلەوەی کێشەی حیزبێک بێ، دەبێ وەک کێشەی سیستێمی تورکیا ببیندرێ، بەڵام لەناو بنکەی ئەو پارتەدا ڕۆژ بە ڕۆژ گرینگی کوردان دەردەکەوێ. ئەو پارتە گەیشتە ئەو بڕوایەی کە جگەلەوەی بەبێ کورد هیچ قەیرانێک چارەسەر نابێ، هاوکات بەبێ پارتی دیموکراتی گەلان و جەماوەرەکەی، مەحاڵە چەپی سیکۆلار بگاتە دەستەڵات.
بە کورتی: ئەگەرچی تا ئێستاش کۆمەڵێک بەربەست لە بەردەم کراوەیی و دیموکراسیدا هەن، بەڵام تروسکاییەک هەیە بۆ کرانەو گۆڕانکاری نەوەک لە ئاستی تورکیادا بەڵکو لە تەواوی ناوچەکە. جارێ با چاوەڕێ بکەین بزانین ڕۆژی ٨/٤ چی ڕووئەدا.




یاداشتنامەی موسافیرێک کە هەر تەنها شیعری هەیە … شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

                                            

لە فڕۆکەخانەوەی نێودەوڵەتی شارەوە تا ژووری دانیشتنی ماڵ
کێوێک زبڵ و
گردێک غەدر و
ڕووبارێک لە درۆی سپی و
قەزناخێک لە وردەگلەیی خەست و
خۆڵ دێنە بەر دیدەی شیعرێکم
هۆپێک دەکەم بۆ دڵنیابوون دەستێ دەخەمە نێو دڵی وردە پێکەنینەکانی مرۆڤە برسییەکانی شار
گوللەی هاواری دەستفرۆشی گوزەرەکەش بەبن گوێما گیزە دەکا
لەسەر پشتی جادەکانی ئەم تەمەنە لەڕولاوازەی غەدردا
دەستگێرەکان بۆ چەند هەزار دینارێک و
سواڵکەرێکی چوار پێنج ساڵان بۆ
لەفەیەک
بێوەژنێک بۆ گەیشتن بە مەرزەکانی قورتاربوون
شوفێرێک لەتاو مەنگەنەی بێدەرەتانی ژیان و
کچێک لەحەژمەت تەنیایی و
گەنجێک بەنێرگەلەی نێرینەیی ژیانەوە
سواری سەری شیعرم دەبن و
هەڵی دەدەنە نێو ژوورێک لەبیرکردنەوە و لە ڕامان
وشەکانم یەک یەک دێننە قسە و دەڵێن هۆ شاعیرەکەی نێو خەمی مەملەکەتی چینایەتی
وەک هەمیشە بوویتە لێرە
تۆ باوەڕت خۆرەتاوە و
بۆچی بۆ برسییەکانی شار شیعر ناکەی بە کولێرە.
*
گەیشتمە شاری تۆقین و دڵەڕاوکێ
بە شەقامەکانی بیرکردنەوە تیژڕەوانە تێدەپەڕێم
تۆزی ترسی خەیاڵێکی فیرعەونانەم لێ دەنیشێ
پاسکیلێک لە تەپ و تۆز دەدات بەتەکما و
خۆم لادەدەم لە تەکسییەکانی لاموبالاتی خەڵک
بەنێو جادە دڵگوشراوەکانا هەتا ماندوو دەبم دێم و دەچم
تابلۆکانی سەر دیواری کارەساتە جەرگبڕەکان دەخوێنمەوە
کۆڕنیشی غەم دەمبا بەرەو پردی ڕقێکی ئەستوور کە دەبینم
یەک یەک دوو دوو یان بە کۆمەڵ دانیشتوون و
لەگەڵ دەنگی گۆرانی موسەجیلەکەی سەیارەکە پێکەکانیان هەڵدەدەن و
لەداخی وەزعەکە هەر وەک خۆیان دەڵێن، خۆ مەست دەکەن.
جادەکانم لا کورتتر و تەسکترە
هەنگاوەکانم خێراتر بێ ویستی خۆم بەرەو کۆڵانێکی کۆن بەس پڕ لەیادەوەری دەمبەن
دڵم دەگوشرێ و غەریبی ڕابردووم وەختە سەر بکا
دڵم دەبێ بەپارچەیەک لە خەم و ڕق و تووڕەیی
ڕێک وەک ئەو ساتەی لە
نزیک دەروازەی بازگە ڕەشەکەی شێراوە
دەستێ لەسەر جامی سەیارەکە دەبێتە چەسپی دووقلی وڕووت لیدەنێ
(ساعدنی حجي ساعدنی اللە خلیک)
دەبێ بە پەتێکی ئەستوور ودەچێتە ملی پێکەنینەکانی ڕۆژم
وشەکانم هەر لە تاوەی خەمێکی گەورەتر لە خەم دێنە قسە و
دەڵێن مەشخەڵ هۆ شاعیرەکەی نێو خەمی مەملەکەتی چینایەتی
وەک هەمیشە بوویتە لێرە
تۆ سەرچۆپی خۆت گڕ بدە
چونکە شیعرت جەنگاوەرێکی دلێرە.
*
بۆ بەیانیش بەلای قشڵەی نیگەرانیدا دەڕۆم و تێدەپەڕم
لە چەمی ئافاتی ژیان دەپەڕمەوە و بەناو خەمچییەکان و
گوزەری ئازار و ناڵیندا دەڕۆم
لای حەسیرەکەی نێو یاددا و لە دوکانی دوودڵیدا شەربەتێکی (عصیر رمان) دەخۆمەوە
گوێ لە دوو پیرەژنی بەردەم قاپییەکی دیوار نزمی کوێرلەمە هەڵوەریو دەگرم کەوا دەڵێن
(ئێستا خۆشترە لە جاران. بەڵام ڕەزای هەمەرە ڕەشەکان قورسە!)
لە چایخانەکەی نەفریندا
لەسەر سووچی بازاڕەکەی حەسرەت تیاییدا دێتە بارین
دەیان گورگی قژ لوول قژ لوول
چنگ پڕ لە غەدر دانیشتوون
چای ڕەشی تاوان و زوڵم ئەخۆنەوە
خەریکن خاوە ئەکەنە یاسای دارستانی بێخاوەنی ئەم شارە ڕەنگینە
دێمەوە ناو شار و لە دەرمانخانەی فەخری دەپرسم: ئاخۆ حەبی تاراوگە ڕەوێنیان هەیە؟
شەقاوێک لەملای گازینۆی منەوەرە دوو پیکابی پڕ لە شورتەی ئیتحادی
قۆڵم دەگرن دەڵین دەعوای نۆستالیژیات لەسەرە و تۆ بۆت نییە خەیاڵ بکەی ئەی تاوانبار
نەخوازەڵا باس لە مافی کرێکار کەیت و شانیشی بۆ بدەیتە بار
*
لەپاڵ دیوارە لەبغکراوەکانی کۆڵانە شەکەتەکان
ماندوو بوونم خەریکە بڕستی ڕۆژم لێ ئەبڕێ
زوو زووش لێم ئەپرسن ئاخۆ نیازت نییە بێیتەوە؟ نەکەی کوڕە نەجاتت بووە و هەڵەی وا هەرگیز نەکەی!!
نەکەی بێیتەوە قەدری خۆت لە دەست دەدەی
ئای چەند دڵپاک و چەند نەزاکەتن ئەو خەڵکە..ئاخر بۆیە خۆشم ئەوێن
ئەوان نازانن من بەروح لەگەڵ ئەوانم و
بەجەستەش لەناو تاراوگەی سارد و سڕدا
ئەوان نازانن من لەگەڵ هەر تەقینەوەیەک و رووداوێکدا چەند شپرزە دەبم
نازانن لەگەڵ هەناسەکانی ئەواندا چۆن دڵی شیعرم لێدەدا و
وشەم دەبێ بە نارنجۆک
دەڵین مەشخەڵ وەک چۆن بوویتە بە قەڵای شکۆ و جێێ شانازی
هەر وا بە و نەهێڵی هەرگیز وشەکانت لەبەردەم پارە و ستەمدا بێنە سەر چۆک

کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠١٩
کەرکووک – ڤانکووڤەر




نزایه‌ك بۆ دیدار… سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

بای چاوسووربوو زه‌وی بریندار ده‌كات
هێلكه‌ش له‌ هێلانه‌ ده‌ترووكێ
باڵنده‌ له‌ هه‌وای پاراودا باڵی ته‌واو ده‌كاته‌وه‌ و بۆنی خۆشی خودا چاوی گه‌وره‌ ده‌كات
گولله‌ش له‌ ئاسمان ڕووه‌و ناپاكی ده‌ڕوا
زه‌وی بریندار چاوه‌ڕوانی قوربانییه‌كانییه‌تی
گولله‌ی ناپاكیش ڕێوڕه‌سمی چاوه‌ڕوانی نازانێت
چی چلچرا له‌ ناوچه‌وانی كۆشك هه‌ڵواسراوه‌ فریوده‌ره‌
چاو داده‌خه‌م گوڵ و خه‌ون ده‌سووتێن
چاوی ڕوونی پێغه‌مبه‌ر له‌ خه‌وهه‌ڵسا و نه‌رم و سووك په‌نجه‌ی به‌ پێڵوومدا هێنا
چاوی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ی له‌چاومدا چاند و به‌ هه‌موو ده‌نگێك له‌گه‌ڵم دوا
شاعیرێكی شه‌هید به‌سه‌ر زینی ئه‌سپه‌كه‌یه‌وه‌ دێته‌وه‌
ده‌ڵێت خوێنم بۆ كۆكردنه‌وه‌ی په‌راوێزه‌كان به‌كاربهێنن
حیكمه‌تی به‌كارهێنان هه‌زار و یه‌ك جه‌زبه‌ی هه‌یه‌
یه‌كه‌مینیان نزا و نوێژی منه‌ بۆ دیدار و بۆنی خۆشی خودا
تا زووه‌ كه‌شتییه‌كه‌م ده‌خه‌مه‌ ئاوه‌وه‌
وه‌ك نائومێدی به‌په‌له‌ ده‌گه‌مه‌ قووڵایی

                                                                                            نیسانی 2019 هه‌ولێر



پیاسەکانی روحم، تەنیانین … شوان حەسەن

هەمیشە روحەکان لە گەڵماندان
لەو ساتانەی کە گوێچکەیان بۆ هەڵدەخەین
بەرەو ئەو گٶڕستانە خەمڕەڤینۆکیەمان دەبەن
دەنگێک…
لەوانەیە ئاینور بێت و ستران بۆ عەیشەشان بچڕێت
لەوانەیە حەسەن زیرەک بێت و
وەک قومری سەر باڵم شینە، بڵێت
لەوانەیە….
لەوانەیە…
لەو ساتانە زەوی زۆر بە شەرمنی دانیشتووە!
روحێک …
لە سیمای ئەو ژنە دەچێت، کە دەستی منداڵەکانی گرتووە
تا لە شەقام بیان پەڕێنێتەوە
بە نیگایەک ئاشنام دەبێت و دەیەوێت منیش بپەڕێنتەوە
روحێک…
قاوە دەخواتەوە
بەدزیی سەیرم دەکات، ئەو کاتانەی وا دەزانێت من ئاگام لێی نییە.
روحێک..
خواردن دەکڕێت لە فرۆشگایەک و
سەیرکە چەند لەتۆ دەچێت
ئەویش بە دوای زەمبیلەکەیدا دەگەڕێت و نازانێت لە کوێ داناوە؟
روحێک…
لە خەونمدا باسی ئەوەی بۆ کردم، بیری لە چی دەکردەوە، بەرلەوەی خۆی بکوژێت
روحێک…
چیتر ژمارەی تەلەفۆنەکەی ناگۆڕێت و
لە نێوان خەندەی ئەو و زەنگەکە
چاوەڕوانی ڕۆندک دەبارێنێ
روحێک…
گوڵە سپیەکان لە دەستیدا دەڕوێن و
تا زیاتر سەیریان بکەی
نەرمتر ڕۆدەچن
روحێک…
بەر لە بەر بوونەوە….
روحێک…
بەر لە خنکان
روحێک…
بەر لە نەشتەرگەری، داوام دەکات
گەشتی باریکترین وێستگەی ،پێکگەیشتنم پیدەکات
لەوێ مەرگ و چاوەڕوانیی، زۆریان نەماوە
( تیشۆرت)ەکانیان بگۆڕنەوە
ئاسمان خۆزگە تۆش، شوێن دەبووی
تا ڕەگم لە ڕەگت بئاڵاندبایە و
نهێنی ئەو کەسەم بۆ بدرکاندبای
پاش چەند دەمژمێریتر دەیبینم و نایناسمەوە
ناوی دێنم و چاو ناکاتەوە
تۆ، بڕوام پێدەکەیت ئەو …
روحێک…
کەسێک جولەی لە تۆ دەچێت، بەڵام ئەو نازانێت بۆیە خۆشم دەوێت
روحێک…
لەگەڵ مەرگا دەخەوێت
روحێک…
لە دەمی دەڤەرێک بەردەبێتەوە و
شوێنێک نادۆزێتەوە، تا بیکە بە نیشتیمان
روحەکان
بە تەنیا جێم نا‌هێڵن
ئەمڕۆ دنیایەک ڕاز و نیازم لە رۆخ دەریا کۆکردوە و
لە نزیکترین گۆڕستان بە ڕەلامکردن
تا لە ژێر کێلێ پشووێک بدەن
ماندووم و
چیتر بەرگەی شەڕ، دڵشکان و ڕەنجان ناگرم
بە ساتە بێ- ئومێدەکاندا دەچمەوە
سێبوریمان بەو سێبەرە دەهات، کە لە خۆمان دەچوو
هێندە دەترساین نەماندویست
باسی مەرگی چۆلەکەیەک و
وشکبوونی درەختێکمان بۆ بکەن
ساتەکان وەنەوز دەدەن لە دەستمان
کە منداڵەکان بەنیگایە شەرمنەکانیان پێمان دەڵێن:
ئەرێ دەتوانن ڕووی ئازار لە ئێمە وەرگێڕن؟
ئەی روحە نوستوەکە
دەترسم یاری ئێمە و ئەوان ئاشکرابێت
دەترسم پشتی خەندە و بزەکانمان بخوێنەوە و
لە لاوازیمان وەڕس ببن
چیتر بە دیاری وەرزی بەڵێن ناکڕوزێینەوە
چیترلە خۆشەویستی ناترسین
کە دڵنیاین جارێک دەژین
بۆ میهرەبانی بخەینە دوای مەرگ؟
دەتوانین وابکەین
جارێکیتر ڕووباری خەیاڵمان نەحیلێنێ !

Shwanhassan@hotmail.com




نامه‌كانی ئیشق …9 … سه‌ردار جاف

هه‌موو به‌یانییه‌ك

19 – ئه‌م سپێده‌ …. له‌ نێو هه‌نگوینی وشه‌كانما ڕاكشاوی، بووی به‌ دێر به‌ دێری نوسینه‌كانم و دێی به‌ سه‌خته‌ن و كووڕه‌نی ئالووده‌بوونما هه‌ڵزنای، په‌یوه‌ستبوونی هه‌موو به‌یانییه‌كم هه‌ڵواسینمه‌ به‌ په‌تی سێداره‌ی تۆزی پێتا، چرپه‌كانت تووڕم ده‌ده‌نه‌ هێلانه‌ی باڵداره‌ ئه‌وینداره‌كان، خورپه‌ی دڵم ژانه‌كانی سیه‌ینێم هه‌ڵده‌وه‌رێنێ، چرۆ و خونچه‌ی نوێ ده‌گری ده‌بیته‌ باغێك پڕپڕ له‌ بۆن، ژوانێك دادێنی بۆ خۆیشمان بێ ئاگا له‌ سات و شوێنه‌كه‌ی، هێنده‌ نه‌بێ هه‌ر سه‌ره‌تاتكێی ڕۆیشتن و مالئاوایی ته‌مه‌ن ده‌كه‌ین، كاته‌ كورته‌كانی دابڕان ده‌بێته‌ ساڵ و هه‌ر نابڕێته‌وه‌، لێ تۆیش له‌ نێو لانكه‌ی دوو كه‌ڵی جگه‌ره‌تا ڕامژێنه‌ با نه‌كه‌ومه‌ سه‌ر خاك و گێژه‌ڵوكه‌ی ناهومێدی لوشم نه‌دا و له‌ كۆیله‌ بوونی تۆیا بخولێمه‌وه‌، تا هه‌ناسه‌م هه‌بێ پیره‌ ڕێبواره‌كه‌ی سه‌ره‌ ڕێی ژینتم، خه‌ونه‌كانم له‌ دوو توێی پرچه‌كانتا حه‌شار بده‌، با به‌ سه‌ر سینه‌تا شۆڕ بێته‌وه‌نه‌با شنه‌ی به‌یان به‌ كزه‌ی خۆی بیڕچێنێ، ئه‌مجاره‌یان بێ توێشه‌به‌ره‌ی په‌نجه‌كانم دێ، ئه‌م به‌یانییه‌ت پڕ له‌ هه‌ناسه‌م، گوڵه‌كه‌م له‌ گوڵ گوڵتر …

20 – ئه‌م به‌یانییه‌ هه‌ولێر بۆنی تۆی گرتووه‌، روحت به‌ ئیسكانه‌وه‌ لكاوه‌ و چاوه‌ خومارییه‌كانت به‌ نێو ئه‌پارتمانه‌كانی زه‌كه‌ریایا پیاسه‌ ده‌كه‌ن، سۆزێكی فرزنده‌یی پڕ دڵت لێ ده‌چۆڕێ كه‌چی ئه‌و دڵه‌ت له‌ خیابانی ئیگه‌نۆڵفی فریكهۆڤنا جێماوه‌، ئازاره‌ سه‌خته‌كانم كپ ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌و هه‌توانه‌یه‌ حه‌كیم وه‌ك ده‌وای چاره‌سه‌ر بۆی نوسیومه‌ ته‌نها دڵت شیفای دڵم ده‌دا، ئه‌م سپێده‌ به‌ هه‌موو لرفه‌كانی تاڤگه‌ییته‌وه‌به‌ ته‌واوی پڕ خه‌یاڵته‌وه‌، وه‌ك جوانترین شۆخێ ده‌رده‌كه‌ویكه‌ وێنه‌ و شێوه‌یه‌كی وه‌ك تۆ نییه‌ ، ئه‌و سیما و ڕووخساره‌ت زه‌نگیانه‌ یاقوتییه‌كانی پڕ بریسكه‌ كردووه‌، له‌ جریوه‌ی ئه‌ستێره‌ی شه‌وی ده‌یجور به‌ زریوه‌تر و بریسكه‌ترن، بشێ په‌لكه‌ زێڕینه‌ ئیره‌ییت پێ نه‌با، گوڵه‌كه‌م له‌ گوڵ گوڵتر….

21 – سپێده‌یه‌كی سارد سارد، كزه‌ی با ڕاموسانی ڕچینمان له‌ ئامێزی خۆی ده‌نێ باوه‌شێنی باوه‌شێنی حووتبوونمان ده‌كا، دێیت و ته‌مه‌ سپییه‌ ته‌زیوه‌كانی ئه‌و دیو به‌سته‌ڵه‌كی په‌نجه‌ره‌كه‌مده‌تارێنی، وه‌ك دره‌خته‌كانی پاییز گه‌ره‌كته‌ هه‌موو گه‌ڵاكانی جه‌سته‌ت هه‌ڵوه‌رێنی و به‌ ده‌م تاریكستانی خۆره‌وه‌ مه‌حووی بكه‌یته‌وه‌، دڵم گه‌رمتر شانه‌ بكه‌یتا ئالووده‌تر و سوتاوت بێ، غوبارت له‌ خۆ ته‌كاندووه‌ و به‌ جوانی و ڕه‌ونه‌قی ئاونگه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووی، له‌ ته‌ك شه‌رابی غوربه‌تیمان كوانووی گێلاسێكم بۆ داده‌خه‌ی، سه‌ما به‌ده‌م كڵاوڕۆژنه‌ی نه‌یه‌وه‌ ده‌كه‌ی، ژوان ده‌خولقێنی، ئیشق گه‌وره‌ ده‌كه‌ی و بست بست بۆ زنه‌ی ئه‌وین له‌ داره‌ داره‌ ده‌كه‌وێ و پێ ده‌گرێ، چریكه‌ی حه‌یرانت باهۆزێ كپ ده‌كاته‌وه‌، چاوه‌كانت ده‌بنه‌ خۆری ده‌مكه‌لی گزنگی بولێڵی، ئاسمانی ته‌مه‌نم به‌ تیشكی تریفه‌ته‌وه‌ شه‌وق ده‌دا و په‌لكه‌ په‌شمه‌كینه‌ییت به‌ نێو هه‌رد و دۆڵ و نشێو و خه‌ره‌ندی دڵسوتاویم په‌خش ده‌كه‌ی، جوانیت ده‌بێته‌ سه‌مفۆنیا و نه‌شمیل نه‌شمیل ده‌بییه‌وه‌ ئه‌و ئاوازه‌ی ئه‌و شازاده‌ی له‌ ئه‌ندێشه‌كانما نه‌خشه‌ی تابلۆ بوونتم تیای دا كێشا بوو، با ئه‌م به‌یانییه‌ده‌ربكه‌وی كه‌ له‌ گوڵ گوڵتری ……

ئه‌ڵمانیا
14 و 17 و 16 / 3 / 2019




ئایەتەکانی سروشت … مەحمود عەبدوڵڵا

ئایەتەکانی سروشت شتێکن کە ئێمە دەتوانین بە بێ ئاینیش بیانبینین و بیانخوێنینەوە ۰ هیچ معجیزەیەک گەورەترنییە لەسروشت ، بەڵام ئەو معجیزانەی سروشت کاتێک تەرجەمەی ناو دەقەکان دەکرێن هانی بیرکردنەوە نادەن ۰ دەبن بە وشە و دەنگ وشک وبێتام و تێکەڵ بە مەرگ دۆستی دەکرێن ۰
سروشت تاکە پێغەمبەری مرۆڤە کە دەشێت خودا لە ڕێگەیەوە پەیوەندی بەمرۆڤەوە بکات ۰ سروشت تاکە کتێبی خودا و تاکە نامەی پەروەرێنە بۆگشت مەخلوقی سەرزەوی ۰ ساکارترین ئاینی سەرجەم مرۆڤایەتییە ۰ خودا تەنیا بەزمانی سروشت لەگەڵ مرۆڤ دەدوێت ۰ زمانی خودا نە عیبرییە ، نە عەرەبی نەهیندی و نەیۆنانی ۰ تاکە ئامرازێکە کە چەواشەکارنییە و ڕێ لە پێش تەفسیری درۆزنانە ناکاتەوە ۰ بەڵێ زمانی ئاینەکان زمانی قەومەکانە ، بەڵام زمانی خودا زمانی سروشتە ۰ تاکە زمانێکە کە سەر جەم مرۆڤایەتی لێی تێدەگات ۰ دەبێت بۆ پەیوەندی کردن بەخالقەوە لە ڕێگەی نامرۆڤەوە پەیوەندی پێوە بکەین ، خودا لەسروشدایە بەڵگەی ئاشکرای خودا تەنیا سروشتە ئەگەر ئێمە لەسروشتدا خودا نە دۆزینەوە لەهیچ کوێ نایدۆزینەوە ۰ لەجیاتی کەنیسە و مزگەو ت بڕۆ بۆناو سروشت ، ئەمە هەم بۆ ئیمان و هەم بۆ تەندروستیش باشترە ۰ خودا لەناو سروشتا لە ئێمە نزیکترە تا مزگەوت ۰

لەوەتای مرۆڤ ڕێگای چون بەرەو خودای گۆڕیوە بۆمزگەوت خودای لێونبووە ۰ لەبەر ئەوە خودا مێشکی لەسەری هەمومانداناوە تا هەمومان ئایەتەکانی سروشت لەبەر بکەین و بخوێنینەوە ۰ئایەتەکانی خودا بەوشە نانوسرێنەوە ۰ زمانی خودا لەسەروی زمانی مرۆڤەوە ۰ سیفە تەکانی سیفەتی سروشتن نەک مرۆڤ ۰ ئایەتەکانی سروشت تەفسیری جیاواز هەڵناگرن ناچنە بەرژەوەندی هیچ کەسێک ۰ بەڵێ ئازیم هەرگیز خودا ئامرازێک بۆمرۆڤ نانێرێت کە بۆ دوو مەبەستی دژ بەیەک بەکاربێت ۰ بۆئاشتی و جەنگ بۆچاکە و خراپە و لە کۆتایشدا زیاتر بۆخراپە بەکاربێت و لەدستی خۆی دەربچێت ۰
دواجار ئەو هەستە پڕلەژیانەی سروشت دە مانداتێ ئاینەکان ناماندەنێ ۰ ئێمە ناچارین بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش بچینەوە لای سروشت ، دوای نوێژکردن و دەرچون لەمزگەوت و کەنیسە ! چونکە لەناو سروشت لەخودا نزیکترین ۰ نابێت مرۆڤ لەسروشت دوربێت خودا مرۆڤی بۆناو سروشت خوڵقاندووە نەک بۆناو مزگەوت وکەنیسە ۰
دەبێت بگەڕێینەوە بۆناوسروشت ۰ پێغەمبەرایەتی هیچ نیە جگە لەتەرجەمە کردنی سروشت بۆ کەسانێک کە بیرناکەنەوە ۰ لەهەموو سەردەمێکدا مرۆڤانێک هەن کە تەنها شتەکان دەبینن هەستیان پێناکەن ۰ بە ڵێ سروشت پڕە لەنیشانەکانی خودا ۰ لەسروشتدا تە نها جێدەستی خودا دەبینین هیچ داوایەکیان لێمان نییە ، جگە لە بەبەرهەمی و جوانی و چڕین و عەشق ۰ بەڵێ خودا تەنها داوای بە بەرهەمی و جوانیمان لێدەکات ۰ داوامان لێدەکات لاسایی سروشت بکەینەوە و کۆدەکانی بکەینەوە۰ سروشت ڕازێکە هەتا دونیا هەبێت لەخوێندنەوە و کێشانەوەی تێرنابین ۰ بەهەشت هیچ نییە جگە لە کێشانەوە ی وێنەکانی سروشت ۰

مەحمود عەبدوڵڵا




پەنجەکانم … محەمەد بەرزی

دەستێکم پێنج پەنجەیە
هەموویان ناویان هەیە

توتەیە و برای توتە
بەرزەکە ، بەرزە لوتە

تەنیشتی دۆشاو مژە
کورتەکە ئەسپێ کوژە

پێنووسەکەم بۆ دەگرن
جل و بەرگم دەگۆڕن

نان و ئاویان پێ دەخۆم
دەموچاویان پێ دەشۆم

قژم بۆ دادەهێنن
بە جوانی دەمخورێنن

٤ / ٤ / ٢٠١٩




عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) سەبارەت بە کاری هەرەوەزیی …. سازدانی: دەنگەکان

کورتەیەك بۆ ناساندنی هەرەوەزی :

هەرەوەزی دیاردە و بوونێکی مێژوویی و جیهانیی هەیە، هەرچەندە زۆر جار ڕەنگ و دەنگی سەردەمی سەرهەڵدانەکەی خۆی گرتووە؛ هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی ئایینی گروپە ئایینی و ڕێڕەوییەکان دەرکەوتووە و هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی خێڵەکی و گوندەکان دەرکەوتووە و هەندێك جاریش وەك خۆبەسێی کۆمەڵە هاوچەرخەکان لە سەردەمی جەنگەکان و قاتوقڕیی وشکە ساڵەکان دەرکەوتووە، بەڵام لەنێو هەموو سەردەمەکان هەرەوەزی و بیرۆکە و ئاوەزی ژییانی هەرەوەزیی بەجۆرێك بوونی هەبووە .

لەنێو ئەم ڕۆژگارەش لە هەرێمی کوردستان خەریکە لەنێو دەروونی قەیرانە ئابووریی و کولتووریی و مۆڕاڵیی و ڕامیاریی و جەنگیی- سەربازییەکان بەجۆرێك هەروەزییەکان و بیرۆکەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی وەك ئەڵتەرناتیڤێك خۆی دەردەخاتەوە. سایتی دەنگەکان وەك بڵندگۆی دەنگە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و ناڕازی و بەهەڵوێستەکان بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر مێژووی بزووتنەوە و بیرۆکە هەرەوەزییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەم تەوەرەیەی بۆ گفتۆگۆ و لێدوان لەو بارەوە کردووەتەوە، بە هیوای سەرهەڵدان و درووسبوون و دروستکردنی دیالۆگ و لێدوانیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی لەبارەی هەرەوەزی و بزووتنەوەی هەرەوەزی وەك ئەڵتەرناتیڤ.

پرسیار : سەرەتا ئەگەر بکرێت کورتەیەك لەبارەی ڕابووردووی چالاکی خۆت و ئاراستەی بیرکردنەوەت بۆ خوێنەران بگێڕیتەوە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : لە رابردوودا بەتایبەتی لە دەیەی هەشتاکان لە حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست کارم کردووە و بۆ ماوەی سێ ساڵ یانزە ژمارە لە گۆڤاری (ڕابەر)مان دەرکرد. لەدوای راپەرینیش لە بزووتنەوەی شورایی کوردستان چالاک بووم بەتایبەتیش لە مەڵبەندی شورا کرێکارییەکانی شاری هەولێر. دوای ڕاپەڕینیش یەکێک بووم لە دامەزرێنەرانی یەکێتی بێکارانی لە کوردستان و هەروەها ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵەی ئاوارەکانی کوردستان بووم لە هەولێر. کاتێکیش لە تورکیا بووم بەرپرسی کۆمیتەی هاوپشتی کرێکاریی بووم و کە چوومە دەرەوەش لە گۆڤاری هانا هەردوو خولەکەی چالاکانە کارم کردووە و کار دەکەم.

پرسیار : بزووتنەوەی هەرەوەزی” ئەم دەستەواژەیە بۆ تۆ چی دەگەیێنێت ؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : بزووتنەوەی هەرەوەزی بزووتنەوەیەکە کە کاری هەرەوەزی خۆبەخشانە ئەنجام دەدات. دەست بۆ کارانە دەبات کە پێویستین و دەسەڵاتی لۆکاڵی یان ناوەند ناتوانێ یان ناپڕژێتە سەریان. بەڵام بەبڕوای من لە کوردستان شتێک نییە ناوی بزووتنەوەی هەرەوەزی بێت. ئەوەی هەیە دەستپێشکەری چەند ئینسانێکی خەمخۆر و ئینسان دۆستن بۆ خزمەتکردنی مرۆڤەکان لە دەڤەرێکی دیاریکراو. کاتێک دەتوانین ناوی بزووتنەوەی لێ بنێین کە هاوشێوەی ئەم دەستپێشکەرییە لە گۆشە و کەنارەکانی کۆمەڵگە بوونیان هەبێت، کە ئێستا بوونیان نییە. بەڵام دەتوانین بە سەرەتایەکی دابنێین بۆ جێکەوتە بوونی شێوازێک لە کارکردن بە قازانجی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش. ئەم شێوازە لە کارکردن گەر بە ئاسۆ و تێروانینێکی ئینسانی بارگاوی بێت ئەوا بە دڵنییاییەوە دەتوانێ سوود بەخش بێت و بەپێچەوانەوە گەر بارگاوی نەبێت بەو ئاسۆ و تێڕوانینە پێشکەوتووخوازەوە ئەوا دەست نەبردن بۆی باشترە.

پرسیار : بە بۆچوونی تۆ هەرەوەزییەکان ئامرازی ڕیفۆرمکردن یان ئەڵتەرناتیڤن؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : پرسیارێکی زۆر گشتیگیر و ناڕوونە. کام هەرەوەزییەکان؟ لە کوێدا؟ لە چ بڕگەیەکی مێژوویی؟ کوردستان لەم چارەکە سەدەیەی ڕابردوو بەهۆی برودۆخی سیاسیی ناهەموارییەوە نەک زەمینەی کاری هەرەوەزی خۆش نەکرددوە، بەڵکو بووە هۆی فەوتان و مردنی هەر هەولێکی دەستەجەمعی بۆ ئامانجێکی دیاریکراو. لەبەر ئەوە پرسیارەکەی بەڕێزتان هیچ پەیوەندییەکی بە کوردستانەوە نییە. ئەگەر وەک پرسیارێکی موجەرەدیش وەریبگرین و هەوڵ بدەین لە سیاقی مێژوودا بیبینین و وەڵامی بدەینەوە دەتوانین بڵێین کە ڕێکخراوە هەرەوەزییەکان کە کاری هەرەوەزییان کردووە نە ڕیفۆرم بوونە و نە ئەلتەرناتیڤ، بەڵکو جۆرێک لە بەرگریی و بەدەستهێنانی خۆڕاگیریی بووە لە بەرامبەر فشاری ئابووری چینە باڵا دەستەکان. چونکە ڕیفۆرم و ئەلتەرناتیڤ دوو دەستەواژەی سیاسیین و لە قاموسی سیاسیدا مانای تایبەت بە خۆیان هەیە کە بە هیچ جۆرێک ناتوانن وەک کاڵایەک بە باڵای کاری هەرەوەزیدا ببڕدرێن.

پرسیار : بە پشتبەستن بە کامە بنەما و ئەزموون هەرەوەزییەکان دەخرێنە خانەی ئامانجی بزووتنەوەی ڕیفۆرمیستی یان خزمەتکردن بە مانەوەی سیستەمە چینایەتییەکە ؟

عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ) : ئەم بزووتنەوە هەرەوەزییانە گەرچی تابعێکی سیاسییان هەیە بەڵام لە جەورهەردا کردەی سیاسیی نین. واتە ئامانج لەم بزووتنەوانە هەڵگیرساندنی شۆڕش و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی نییە لە کۆمەڵگە. ئەم بزووتنەوانە هەوڵ دەدەن لەبەرامبەر فشار و بەربەرییەتی چینایەتی دەسەڵاتی بۆرژوازی کارێک بکەن کە ببێتە هۆی سووککردنی باری قورسی سەر شانی ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش. بۆیە ئامانجەکانی ئەم جۆرە بزووتنەوانە ڕیفۆرمیستین. ئەم ڕیفۆرمەش لە بەرژەوەندی خەڵکی بەشمەینەتە نەک مانەوەی سیستمی چینایەتی.

پرسیار : کەسانێک پێیان وایە ئەم کارە هەرەوزێیانەی کە لە ناوچەی خانەقین دەستی بۆ براوە، لە بنچەدا کاری دەسەڵاتە و دەبێت فشار بۆ دەسەڵات ببرێت لە جیاتی کاری هەرەوەزی. ئەی ئێوە ئەمە چۆن دەبینن؟

عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ) : ئەو کەسانە دروست خاڵیان لەسەر پێتەکان داناوە. ئەوە ئەرکی دەسەڵاتە و دەبێت بە فشار و خەبات دەسەڵات بهێنرێتە پای ئەم کارانە، بەڵام لەهەمان کاتتدا کە فشار و خەبات دژ بە دەسەڵات لەئاستی پێویستدا نەبێ، دەستبردن بۆ کاری هەرەوەزیی پێویستی هەنووکەیی خۆی دەسەپێنێ.

پرسیار : چۆن دەتوانین هەرەوەزییەکان بە ئەڵتەرناتیڤ ببینین، ئەو گۆرانە پۆزەتیڤانە چین کە هەرەوەزییەکان وەك ڕەتکەرەوەی کردەوەیی سیستەمە چینایەتییەکە نیشاندەدەن، چ کاراییەکیان لەسەر خێراکردن و بەهێزکردنی ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی گشتی دەبێت ؟

عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ) : من لە وەڵامی پرسیارێکی پێشوودا وتم کە ئەم کارە هەرەوەزییانە و بینینیان وەک ئەلتەرناتیڤ و ڕەتکردنەوەی کردەیی سیسیتەمی چینایەتی لە جێی خۆیدا نییە. واتە لەڕووی سیاسییەوە ئەو بەدیلە لەڕێی ئەو کارە هەرەوەزییانەوە مومکین نییە. هاوکات دەبێ ئەوەش بڵێین کە کاریگەری دەبێت بەسەر ئاستی ئاگایی خەڵکی بەشمەینەت و بردنەپێشەوەی هۆشیاری و ناسینی ژیان و کۆمەڵگە.

پرسیار : چ ئاسۆ و ئامانجێك لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هەرەوەزی لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ) : ئەگەر بزووتنەوەی هەرەوەزی لە هەرێمی کوردستان لە درێژەی ئەم کار و چالاکییانەی ناوچەی خانەقینەوە ببینین و خانەقین بکەین بە چەقی ئەو بزووتنەوە سەتاسەرییە ئەوا تا ئاستێک جێگای دڵخۆشییە. بەڵام ئەم پەلوپۆ هاویشتنە لەم دۆخەی ئێستا ئاسان نییە لە هەرێمی کوردستان چ جای بگات بە خۆرهەڵاتی ناوین.

پرسیار : لە ڕووی مێژووییەوە، ئایا بزووتنەوەی هەرەوەزی لە ناوچەی لەدایکبوون و ژیانی خۆت هەبووە یان بەخۆت تاکو ئێستا لەنێو هەرەوەزییەك ژیاوی ؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : نەخێر هیچ ئەزموونیكم لەوبارەوە نەبووە و نییە

پرسیار : ئایا هەروەزییەکان تەنیا ئاڵووێرکردنی کۆمەکی کۆمەڵایەتین، یان واوەتر لەوە دەتوانن ببنە ئەڵتەرناتیڤی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی باوی بۆرجوازییانەی ئێستا؟

عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ) : نەخێر هەرەوەزییەکان تەنها ئاڵووێرکردنی کۆمەکی کۆمەڵایەتی نین، ئەم هەرەوەزییانە ڕەنگە بە جۆڕێک بتوانن لە هەلومەرجێکی سیاسی – ئابووری تایبەتدا ڕۆڵی گرنگ بگێڕن بەتایبەتی ئەگەر دۆخەکە قەیراناوی بێت و هەیەجانی کۆمەڵایەتی بەرێوە بێت.

پرسیار : ئایا هەر ئێستا هیچ ئەزموونێکی کردەیی و جێکەوتوو یان پەرەسەندوو لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ) : نەخێر هیچ ئەزموونێک نابینم.

پرسیار : چ پێشنیار و وانەیەك، ئەزموونێكت هەیە کە بیخەیتە سەر ئەزموونی تاکو ئێستای ئەو هەرەوەزییانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەن؟

عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ) : هەوڵ بدرێت هەرەوەزییەکان لەئەنجامی کۆبۆنەوەی گشتی ناوچە و گەڕەک و شارەکانەوە بێنە دەرەوە و عەمەلی بکرێنەوە و لێرەوەش ئەم سوننەتی کۆبوونەوە گشتییانە ببێتە عەقڵیەتی زاڵ بەسەر ژیانی ئینسانەکان. چونکە لەم نەریتە شۆڕشگێڕانەیەدا چاودێری جەماوەری دێتە ئاراوە و لەهەمان کاتیشدا هەرگیز گەندەڵیی دروست نابێت.

پرسیار : دوا پرسیاری ئەم جارە، چ پەیام و ڕێنوێنییەکت بۆ چالاکانی هەرەوەزییەکان هەیە ؟

عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ) : دیارە وێڕای دەستخۆشی لەو چالاکوانانە، هیوادارم بە نەفەسێکی درێژەوە بتوانن درێژە بەو چالاکییانە بدەن و پەلوپۆی پێبهاون بۆ ناوچەکانی تر تا لە ئەنجامدا بتوانێ وەکو بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری بەهێز لەسەر پێی خۆی بوەستێ.




شاعیری زه‌مه‌نه‌كان شیعر به‌ وێناكردنی فیگه‌ر … عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا

(نه‌زه‌ند به‌گیخانی وه‌ك نموونه‌)

زه‌مه‌ن له‌و تایتله‌دا واته‌ شیعر به‌ تێگه‌یشتنی كلتور وێنای فیگه‌ره‌ برینداره‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌كات. واته‌ كه‌شفكردنی واقیع به‌ خه‌یاڵ. زه‌مه‌ن لای نه‌زه‌ند به‌گیخانی واته‌ به‌ بیرهێنانه‌وه‌ی مۆدیلی دوێنێ‌ كه‌ به‌ قووڵی له‌ ناوماندا روواوه‌ و بۆته‌ به‌شێك له‌ دنیابینیمان! هه‌موو ئه‌و رستانه‌م بۆ ئه‌وه‌ نوسی رسته‌كه‌ی (باكۆن)تان بیر بخه‌مه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ‌: واقیع كچی زه‌مه‌نه‌! ئه‌و رسته‌یه‌ی باكۆن زه‌مه‌ن وه‌ك شیعر ده‌بینێ‌! پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا زه‌مه‌نی شیعر به‌رده‌وامییه‌ یان ساته‌وه‌ختییه‌؟
ئه‌گه‌ر وه‌ك نه‌زه‌ند به‌گیخانی پێمانوابێ‌ ئه‌ده‌ب به‌رده‌وامی زه‌مه‌ن ده‌گه‌یه‌نێت، نه‌ك وه‌ك ئۆگستین قسه‌ له‌ زه‌مه‌ن بكات… ئه‌گه‌ر وه‌ك نه‌زه‌ند به‌گیخانی خه‌یاڵی شیعری ئاوێزانی به‌رده‌وامیییه‌تی زه‌مه‌ن بكه‌ین و زه‌مه‌نی فیكری ئیبداعی له‌ به‌رده‌وامیدا به‌رجه‌سته‌ بكه‌ین… ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌ب ره‌نگدانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری و كلتور و كۆدی دیاریكراوی زه‌مه‌نێكی دیاریكراو نه‌بێت، ئه‌گه‌ر زه‌مه‌نی ئه‌ده‌ب زه‌مه‌نی به‌رده‌وامی بێت… له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا ناتوانین به‌و شێوه‌یه‌ ته‌ماشای پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ بكه‌ین، چونكه‌ پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ له‌ رێگای جه‌ره‌یانی زه‌مه‌ن به‌رده‌وام رابردوو و داهاتوو له‌ ساته‌وه‌ختی ئێستادا به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێ‌. به‌و مانایه‌ پرسیاری ئه‌وه‌ی زه‌مه‌ن له‌ ئه‌ده‌بدا چییه‌، ئه‌گه‌رچی هه‌رگیز له‌ كێشه‌ی ئیبداع و فیكری ئیبداعی نابێته‌وه‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ به‌رده‌وامی بێت، كه‌واته‌ پرسی زه‌مه‌ن چییه‌ پرسیارێكی پڕ كێشه‌یه‌ و لای شاعیر به‌ به‌رده‌وامی ئابڵوقه‌ ده‌درێت!
(1)
(هنری برگسۆن لویس) زه‌مه‌ن (پێشبینیكردن، حَدْس)ی ده‌یموومه‌یه‌، برگسۆن ره‌هایی له‌ به‌رده‌وامییدا ده‌بینێته‌وه‌، پێیوایه‌ به‌رده‌وامی، زه‌مه‌نی حه‌قیقییه‌.. برگسۆن ده‌یه‌وێ‌ بوون له‌سه‌ر ده‌یموومه‌ وێنا بكات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (ده‌یموومه‌-به‌رده‌وامی) دێ‌ و ده‌ڕوا، بۆیه‌ قبولی دابه‌شبوون و به‌ش به‌شبوون ناكات.. به‌رده‌وامی پێشكه‌وتنی رابردووه‌ كه‌ داهاتوو به‌رهه‌م دێنێ‌، هه‌رچه‌نده‌ پێشبكه‌وێت گه‌وره‌ ده‌بێت. كه‌واته‌ لای برگسۆن جه‌وهه‌ری ئێستا، رابردووه‌. ئه‌و شێوه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ لای نه‌زه‌ند به‌گیخانی له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (سبه‌ینێی دوێنێ‌) به‌ روونی دیاره‌.
(2)
(گاستۆن باشلار) دیموومه‌ی زه‌مه‌ن به‌و مانایه‌ی كه‌ لای برگسۆن هه‌یه‌، ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت زه‌مه‌ن به‌یه‌كه‌وه‌لكاو نییه‌، به‌ڵكو به‌یه‌كه‌وه‌نه‌لكاوه‌ (متصل نییه‌، منفصله‌).. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌ به‌هۆی فیكری به‌یه‌كه‌وه‌نوساوه‌وه‌ (متصل) ناتوانین به‌شێوه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری به‌ره‌و یه‌كێكی دیكه‌ بگوازینه‌وه‌.. ئه‌گه‌رچی ده‌یموومه‌ پێدراوی راسته‌وخۆی ئاگاییه‌، به‌ڵام ئه‌و دیموومه‌یه‌ ده‌سته‌مۆیه‌، كه‌واته‌ ئاگایی له‌ شاره‌زایی ده‌ره‌كی وه‌رگیراوه‌، چ به‌هۆی (دابڕان یان به‌رده‌وامی) بێت. به‌و مانایه‌ش لای باشلار ئاگاییمان به‌ زه‌مه‌ن، ئاگاییه‌ به‌ ساته‌وه‌خت: زه‌مه‌ن واقیعی نییه‌ ته‌نها له‌ چركه‌ساتدا نه‌بێت. كه‌واته‌ باشلار له‌گه‌ڵ تێزی فه‌لسه‌فی (ساته‌وه‌خت/چركه‌سات- اللحڤه‌-Instant) و كتێبی (Siloce)ی (گاستۆن رۆبناڵ- Gaston Roupnel) یه‌كده‌گرێته‌وه‌ و له‌ ته‌واوی كتێبی (حدس اللحڤه‌) پشتگیری له‌ تێزه‌كه‌ی ئه‌و ده‌كات.
(3)
زه‌مه‌ن گوزارشت له‌ به‌رده‌وامی بكات، یان ساته‌وه‌ختی… نه‌زه‌ند به‌گیخانی دیدی خۆی له‌ جوانی و چێژ و هونه‌ر و به‌های جوانیدا ده‌بینێته‌وه‌! زه‌مه‌ن به‌رده‌وامی بێت، یان ساته‌وه‌ختی… نه‌زه‌ند به‌گیخانی هه‌موو ئه‌ركی شاعیرانه‌ی خۆی له‌ ئاشتی و به‌ها مرۆییه‌كاندا كۆ ده‌كاته‌وه‌! زه‌مه‌ن به‌رده‌وامی بێت، یان گوزارشت له‌ ساته‌وه‌ختی بكات… نه‌زه‌ند به‌گیخانی به‌رده‌وام له‌ گفتوگۆی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی و دادپه‌روه‌ری نابێته‌وه‌ و وه‌ك فیمنستێك جه‌خت له‌ مافی ژنان ده‌كاته‌وه‌… ئه‌گه‌رچی هیچ كتێبێكی له‌و باره‌وه‌ بڵاو نه‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵام كۆی ئه‌و ره‌گه‌زانه‌ له‌ گفتوگۆكان و شیعره‌كانیدا ره‌نگدانه‌وه‌یان هه‌یه‌.
هه‌موو ئه‌و قسانه‌م بۆ ئه‌وه‌ كرد، ئاماژه‌ به‌ كرانه‌وه‌یه‌كی فیكری و جوانی له‌ شیعره‌كانی نه‌زه‌ند به‌گیخانی بكه‌م، به‌و مانایه‌ش ده‌توانم بڵێم ده‌ستبردنی شاعیر بۆ پرۆسه‌ی نوسینی شیعر ساته‌وه‌ختێكی ئیستێتكی و ده‌ستبردنی شاعیر بۆ پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه‌، كرانه‌وه‌یه‌كی دیاریكراوی فیكری له‌ پشته‌، هه‌ردوو ساته‌وه‌ختی شیعری و ساته‌وه‌ختی بیركردنه‌وه‌ له‌ ئه‌زموونی نه‌زه‌ند به‌گیخانیدا وه‌ك بنه‌مایه‌كی ئه‌زموونی مرۆیی به‌رجه‌سته‌یه‌.
(4)
ئه‌وه‌ی له‌ ساته‌وه‌ختی پرۆسه‌ی نوسینی شیعر جێگای تێڕامانی به‌رده‌وامه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ هێلێكی تۆخ به‌ ژێر شیعرییه‌تدا ده‌هێنێ‌، ئه‌وه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ فه‌زایه‌كی هێمن بۆ به‌دواداچوون ده‌خه‌مڵێنێ‌، ئه‌وه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ مه‌یل و خه‌یاڵی خوێندنه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌…
نه‌زه‌ند به‌گیخانی هه‌ر له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (ستایش)ه‌وه‌ وێڕای كۆمه‌ڵێ‌ بابه‌تی واقیعی بایه‌خی به‌ شیعرییه‌ت داوه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی بۆ ده‌نگی سروشتی وه‌فادار بووه‌، كه‌چی وێناكردنی خه‌یاڵی و سیحری بینین و بونیادنانی زمانێكی فره‌ ره‌هه‌ندی پشتگوێ‌ نه‌خستووه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌شی له‌ رێگای مه‌عریفه‌ی شیعرییه‌وه‌ هێدی هێدی تۆختر كردۆته‌وه‌. گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كۆمه‌ڵێ‌ بابه‌تی واقیعی له‌ رێگای خه‌یاڵه‌وه‌ خه‌مڵیووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گوزارشت له‌ ئازاره‌كان و خه‌مه‌ مرۆییه‌كان بكات، له‌ رێگای زمانێكی مرۆیی نه‌رم و هێمنه‌وه‌ فره‌ مانایی و مرۆڤدۆستی وێناكردووه‌، له‌ ریگای خه‌یاڵی زمانه‌وه‌ فه‌زایه‌كی سروشتی و فیكری بۆ شیعرییه‌ت ده‌خاته‌وه‌! به‌ كورتی شاعیر بابه‌تگه‌رایی و شیعر به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ رێگای چییه‌تی زمان و ئیشكالیه‌تی مه‌عریفی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، به‌مجۆره‌ ویستی بابه‌تگه‌رایی به‌ مه‌عریفه‌ی شیعری ده‌سپێرێ‌، ویستی مه‌عریفه‌ی شیعری بۆ بابه‌تگه‌رایی دێنێته‌ به‌رهه‌م. له‌ نێوان ویستی بابه‌تگه‌رایی و ویستی مه‌عریفی قه‌سیده‌ی (پاسیۆن) به‌ جوانی خۆی نمایان ده‌كات، له‌و قه‌سیده‌دا ده‌یه‌وێ‌ بڵێ‌ ئه‌وه‌ تێكه‌ڵبوونه‌ به‌ مه‌عریفه‌، (فه‌زیله‌ت) ده‌خاته‌وه‌، ئه‌وه‌ تێكه‌ڵبوونه‌ به‌ شیعر، (رۆشنایی) به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌، له‌ نێوان فه‌زیله‌ت و رۆشناییدا شیعرییه‌ت فه‌زایه‌كه‌ و خوێنه‌ر ده‌خاته‌ سه‌ر بیركردنه‌وه‌ و تێڕامانی جیاواز… رۆشنایی شیعری ده‌بێته‌ شوێنی به‌رده‌وامی بیركردنه‌وه‌ و له‌ فه‌زیله‌تدا سه‌ر ده‌كات، فه‌زیله‌تی بیركردنه‌وه‌ ده‌بێته‌ شوێنی ساته‌وه‌ختی شیعری و به‌ رۆشناییدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌… واته‌ له‌و ده‌قه‌دا بیركردنه‌وه‌ به‌ پاڵپشتی دوێنێ‌ خۆی نمایان ده‌كات، به‌ڵام رۆشنایی له‌ خه‌یاڵی زمان سه‌ر ده‌كات، به‌و مانایه‌ش بیركردنه‌وه‌ زه‌مه‌نی به‌رده‌وامی ده‌گه‌یه‌نێت و شیعرییه‌ت زه‌مه‌نی ساته‌وه‌ختی:
دوێنێ‌ شه‌و
شیعر
مینا كوڕێكی زراڤ
له‌ كه‌ناری لم
به‌ رووتی راكشابوو
منیش سپیتر له‌ مه‌وجی رۆشنایی
له‌سه‌ر روویا خۆم هه‌ڵخست
دواتر مه‌لائیكه‌تێ‌ به‌لامدا تێپه‌ڕی و فه‌رمووی
سه‌ڵاواتت لێ‌ بێ‌
ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ پڕیت له‌ فه‌زیله‌ت.
(ستایش، ل19)

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا




کەرنەڤـاڵی مەڕ لە کەلەبـێرەدان … رەزا شوان

یەکێک لە نەریتە فۆلکـلۆری و رەسەنە خۆشەکـانی کوردەواریمان لە وەرزی بەهـاردا، لە لادێیەکانی باشووری کوردسـتان دا، پێیان دەوت (مەڕ لە کەلەبێرەدان) کەرنەڤـاڵێکی ساڵانە بوو، کە شوانی مێگەلە مەڕەکان لە دێیەکانی خۆیاندا، بۆ خۆشی سازیان دەکرد. ئەوەیان نازانـم ئایە لە هەموو دەڤەرەکـانی تری کوردستان دا، هەمان نەریت هەبووە و کەرنەڤـاڵی لەم شـێوەیەیان سازکـردوون یان بە چەشنێکی تـر بووە.. ئـەوەی من باسی لێدەکەم (٦٨) ساڵ بەر لە ئێستایە. کە تەمەنم پێـنج ساڵ بوو، دوو جـار بە چـاوی خـۆم لە دێی (گـۆگجـە) لە ناوچەی (شـوان) ی سـەر بە پارێزگای کەرکووک، ئەم کەرنەڤـاڵەم بینی و وادازنم کە ئێستایە و لە یادم و لە بەرچاومە. دێی گۆگجە ئەو کاتە زیاتر لە سەد ماڵ دەبوو، زیاتریش لە (٢٥) مێگـەل مـەڕی تێـدا بوو. بۆیە باس لە دێی گۆگجـە دەکەم چونکە تەنیا بیرەوەریی منداڵیی ئەو دێیەم دێتەوە یـاد. لە ساڵی (١٩٥٢) دا، کە تەمەنم شەش سـاڵان بوو بەیەکجـاری بارمـان کـرد بۆ شـاری کەرکووک.

کەلەبـێرە چیـیە و چۆن لە گۆگجە دا دروست دەکرا؟

شەش خانووی گەورە لە خوارووی دێیەکەماندا هەبوون، کە دیـوار و پشتیان بەیەکەوە بـوون، شێوەیەکی بازنەییان پێکهـێنابوون، کە چێوەکەی نـزیکەی (٢٥٠) مەتـر دەبوو.
دارێکی ئەستووری درێژیان دەهـێنا، سەرێکی دارەکە لە زەوی و سەرەکەی تـری لەبـن گوێسوانەی دیوارێکی بەرزی یەکێک لەو خانـووانە گیریان دەکـرد، ئەو سەرەشی کە لە زەوی دا بوو، نزیکی دوو مەتـر لە بنکەی دیـوارەکەوە دوور دایـان دەنا، ماوەی نێـوان
بنکەی دیـوارەکە و سەری دارەکەی سەر زەوی و دیـوارەکە و دارەکـە، سێگۆشـەیەکی “٩٠” نمرەییان پێکدەهێـنا. بۆ رازانـدەوەش جاجـمێکی جـوانی رەنگـاوڕەنگیان بەسەر دارەکـەدا دەدا، بەمەیـان دەوت ” کەلـەبـێرە”.

کەی کەرنەڤـاڵی مەڕ لە کەلەبـێرەدان دەکـرا ؟

شوانەکانی ئەو مێگەلە مەڕانەی کە ئارەزووی بەشداری کردنیان لە کەرنەڤـاڵی مەر لە کەلەبـێرەدان دەکـرد، لـە بەهـاردا لە مانـگی گوڵانـدا رێکـدەکـەوتن لەسـەر دیاریکـردنی رۆژێک، کە لە دوای نیوەڕۆ، مەڕ لە کەلەبێرە بدەن، بە زۆریێش رۆژێکیان لە هەفتەی چوارەمی مانگی گوڵانـدا دیاری دەکردن.. بۆیە دوا هەفـتەی ئەم مانگەیان هەڵـدەبـژارد، چونکە کوشـندەی وەرزی بەهـارە، کـاتی زۆربـوون و باڵاکـردنی گیـا و گـۆڵ و دەغـل و دانـە.. مێگەلە مەڕەکـان شـەوان دەبـران بـۆ لەوەرگـاکـان، دەیـان وت ” شـەو بەکـێو” واتە مەڕ شەو لە دەشت دەبـوو. تێـر بە گەدەیـان گیـایان دەخـوارد.
پێش نیـوەڕوانیش دەهـێنرانەوە بۆ نـاو دێ و دەدۆشـران. کـاتی زۆربـوونی شـیر و ماست و سەرتوێـژ و کـەرێ و پەنیـر و مەشکەژەنیـن و رۆن و دۆ و تۆراغـە. کـاتی خـێر و بێـر و تـێری و خـۆشی و شـادی خەڵـکی دییەکـان بە تایبـەتی و خەڵـکی شـاران بە گـشتیـیە.
دوای ئەوەی کە شوانەکـان رۆژ و کاتی مەڕ لە کەلەبـێرەدانیان دیاری دەکردن، مێگەلە مەڕەکـانیان بۆ ئەم کەرنەڤـاڵە ئامادە دەکـردن.. ساڵانە لە دێی گۆگچـەی ناوچەی شوان، پانگـزە بـۆ بیسـت شـوان بەشـدارییـان لە کەرنەڤـاڵی مـەڕ لـە کەلـەبێـرەدان دەکـرد.

چـۆن مێگەلە مەڕەکان لە کەلەبێرە دەدران؟

لە دەوری داری مەڕ لە کەلەبێـرەدانەکەوە، لاوەکـان و منـداڵانی تەمەشـاکەر دەوەستان، ئافـرەتانیش لەسەربـانی ماڵـێکی نزیکـدا دەوەسـتان. منـداڵەکان تەنەکەیـان بە دەسـتەوە دەگـرتن بـۆ تەنـەکە لـێدان، لاوەکـانیش تفـەنگ و دەمانجەکـانیان بـۆ تەقـەکـردن ئامـادە دەکـردن و چـاوەڕێی دەست پێکـردنی کەرنەڤـاڵەکەیـان دەکـرد.
یەکەمین مێگەلە مەڕ لە دووری بیست مەتـر لە دووری داربێرەکە دەوەستا. شوانەکـان لە پێش مێگەلە مەڕەکانیانەوە دەوەستان، مێگەلەکانی کەش بە دوای یەکەمین مێگەلدا ریـز دەبوون.. هەر شوانێکیش بەرانێک یا مەڕێکی ئـازای دەخستە پێش مێگەلەکەی و لە دوای خۆیەوە. وا رایهێنابوو کە گـاڵە لە مێگەلە مەڕەکەی بکات، ئەو بـەرانە یا ئەو مەڕە دوای بکەوێت و مەڕەکانی کەش بە دوایـاندا.
لە یەکەم مێگەلەوە دەست پێدەکـرا.
دەسـتووری کەرنەڤـاڵی مـەڕ لـە کەلەبێـرەدانیـش وابـوو، کـە هـەر مێگـەلە مەڕێـک بە راکردن بە دوای شوانەکەیدا، بێ ئەوەی کە لە دەنگی تەنەکەلێدانی منداڵان و لە دەنگی تەقەکردنی لاوەکان بـڕەوێنەوە، بە ژێـر دار کەبێرەکەدا رەتبن.. گەر رەت بوایـە و هیـچ مەڕێک نەڕەوایەتـەوە، ئـەو مێگـەلە مـەڕە دەرچـوو و بـراوە بوو.. بـەڵام ئەو مێگەلە مـەڕەی کە لە دەنـگی تەقـەکـردن و تەنکەلـێدانی منـداڵان بترسایە و بـڕەوییایەتـەوە و بـە راکـردن بـە ژێـر داری کەلەبێـرەکـەدا رەت نەبـوایە ئـەوە بـە دۆڕاو دادەنـرا.

بـراوەی یەکەمیش ئەو شـوانە بوو، کە مێگـەلە مـەڕەکەی بە خـێراتـرین مـاوە، بە ژێر کەلەبێرەکەدا رای بکـردایـە. پیـرۆزباییان لە شوانی مێگەلی بە یەکەم دەرچوو دەکـرد و بـە زۆریـش تـورمەیـەکی رەنگـاورەنگـیان پێشـکـەش دەکـرد. شوانـەکەش تورمـەکـەی دەکـردە ملی خۆی و زەردەخـەنە دەکەوتە سەر لـێوەکـانی و لە خۆشیدا بسکەی سمـێڵی دەهـات. بە کورتی ئەمـە بوو نەریتی (مەڕ لە کەلـەبێـرە دان) کە ساڵیی یەکجار دەکـرا.

دێی (گۆگجـە) دوو جار لەلایەنی رژێمی بەعسی عەرەبیی شۆڤـێنی و رەگەزپـەرستەوە، تاڵان کرا و سوتێنراو کاول کرا، گۆگجە یەکێکە لە نزیکەی پێنج هەزار دێی تاڵان کرا و کاول کراو لە باشووری کوردسـتان. خەڵکی گۆگجە بە زۆر گوێـزرانەوە بۆ کۆمەڵگـای بنەسڵاوە و شاری شۆڕش لە چەمچەماڵ و بۆ کۆمەڵگای باینجان، چەند کەسانێکیشیان ئەنفال کران. لە ئێستادا هـەزار ماڵ دەبـن، بەڵام لەم ژمارەیە تەنها دە ماڵ گەڕاونەتەوە و گۆگجەیان ئاوەدان کـردوونەتەوە.
گەر شۆڤـێنی عەرەبی بۆ جـاری سێیەمیش تـاڵان و وێـرانی نەکـەن.. چونکە تا ئەمـڕۆش، ئەم رقـە رەشە و ئەو نیازە گڵاوەیـان لە خەیاڵە کە رەگ کێشی داب و نەریتی رەسەنی کوردیمان بکەن و ژینۆساید و ئەنفـالێکی ترمان بکەن. هەمیشە نیاز و پیلان و گڵاوی داگیرکەرانی کوردستان، ئەوە بووە کە ناسنامەی نەتەوەییـمان بسـڕنەوە.

بە داخـەوە بە کاولکـردنی دێیەکـانمان، نەریتی (مەڕ لە کەلەبێـرەدان) و چەنـدین داب و نەریتی رەسـەنی فـۆلکـلۆریمان کاڵـبوونەتەوە یا بە جـارێ لە یادکـراون.. چەنـد خۆشـە کە ئەم داب و نەریتـە کوردەوارییانەمـان بـژێنینەوە و نەوەی نوێمان پێـیان ئاشانا ببن.

رەزا شـوان
١ی/ئاپـریل/ ٢٠١٩




نامه‌كانی ئیشق ..8… سه‌ردار جاف

هه‌موو به‌یانییه‌ك

16 – ئه‌م حه‌زه‌ی من هه‌ر نه‌بڕایه‌وه‌، ئه‌م دڵه‌ی من هێنده‌ی ناسۆری و دووری تۆی چه‌شتووه‌ قه‌تماغه‌ی بریتی هیچ هه‌توانێ سارێژی ناكا، گۆشه‌گیربوونم له‌ ته‌ك ئاوابوونی خۆرا ده‌سله‌می خه‌م نایه‌وه‌، ئاسۆی روون به‌ نیگای رووخسارت سینه‌ و ئه‌وكی ڕه‌شم ئۆغری تونی بابای كرد، گۆرانیه‌كه‌ی ئه‌مه‌لی سه‌عید كورده‌ت هێنده‌ی تر شیرینتر و به‌ ته‌شویقتر كرد، شۆڕشت به‌ گوێی گه‌نجا چرپاند، ئاوێنه‌ی ئاكاره‌كانت ڕه‌نگاڵه‌ و پڕ حه‌سره‌تی ده‌روێشبوونی خوڵقداری یه‌كتر كرد، به‌ ژێی كه‌نجه‌كه‌ت تالییه‌كانت به‌ به‌سته‌ی به‌زمی چه‌پڵه‌كرد، تۆ ئه‌و ژنه‌ی غوباری رۆژگار و بولێڵی سبه‌ینان په‌ییت پێ نابات، ده‌بییه‌ شه‌ونم و گوڵ پاك ده‌كه‌یه‌وه‌، ده‌روونی جوانت بۆنێكی شانێلن و به‌ به‌یانا په‌خش ده‌بن ، گوڵه‌كه‌م له‌ گوڵ گوڵتر

17 – كه‌ی وه‌رزی به‌یانیان له‌ شه‌رما ئاسۆی خۆی له‌ ئاست تۆیا روونكردووه‌ خۆری له‌ بانێژه‌ی زه‌وی سه‌ره‌تاتكێی كردووه‌، كه‌ی خونچه‌ جورئه‌تی كردووه‌ له‌ هه‌مبه‌ر تیشكی ڕووتا چرۆ بكا، كه‌ی گه‌ڵا جه‌ساره‌تی نواندووه‌ و له‌ خه‌زانا سه‌ما بكا كه‌ سه‌مای تۆ عه‌رشێ بله‌رزێنێ، كه‌نگێ چنار وه‌ك تۆ به‌ ده‌م شنه‌باوه‌ جوانی له‌نجه‌ی تۆی نمایشكردووه‌، تۆ نه‌ك ژنێكی له‌ مرۆ تۆ دنیایه‌ك سروشتی دلرفێنی، بۆیه‌ به‌یانیانم به‌ تۆوه‌ جوان ده‌كه‌م، شیلانه‌كه‌م گه‌ر سڵاوی ده‌م سپێده‌م به‌ شه‌ماڵا ڕه‌وان بكه‌م، ئه‌وا گومانێك له‌ ئه‌وین و ئیشقی په‌یدا ده‌كا، گه‌ره‌كمه‌ هه‌موو به‌یانییه‌ك روحی مرۆڤبوونمان بگۆڕینه‌وه‌ له‌ ئامێزا قه‌ڵاچۆی رك و كینه‌ بكه‌ین، له‌ ده‌نگمانا به‌سته‌یه‌ك بۆ خۆشه‌ویستنی یه‌ك بچڕین، نامه‌وێ ده‌نگێكی سڕك بین ، گه‌ركمه‌ هه‌ست و نه‌ستێك بین له‌ شه‌ققه‌ی باڵی پاسارییه‌ك ڕاچڵه‌كێین و هه‌ناسه‌ ببه‌خشینه‌ یه‌ك، ژنه‌ جوانه‌كه‌م به‌یانیت هه‌نگوینتر و له‌ گوڵ گوڵتر .

18 بیرت ده‌كه‌م ….. په‌نجه‌ خه‌په‌كانت له‌ نێو ئه‌ڵقه‌به‌ندی په‌نجه‌كانم بلاولاوێنه‌، تۆ ژنێكی له‌ فریشته‌ی پاكی و جوانی و ئه‌وین و ئیشق و سروشتێكی ڕه‌نگین، ته‌مه‌نێك شه‌یدایی و هۆگری خۆی بۆت ده‌نوسێته‌وه‌، لێوڕێژم له‌ ئیشقی پاكیت، به‌ خه‌مزه‌ی چاوه‌كانت ده‌ستنوێژی پاكبوونه‌وه‌ ده‌گرم، زنه‌ی خه‌نده‌ی لێوه‌كانت كابه‌ی ئه‌وینمه‌ به‌ به‌رماڵی قریوه‌تا هه‌ڵده‌زنێم و بۆنی چاو و گه‌ردن و شه‌ده‌لاریت به‌ده‌م شنه‌ی مه‌یله‌وه‌ ده‌ده‌م، ئه‌م تریسكه‌ی له‌بی شیرینته‌ سه‌دای له‌ شیو و دۆڵ و چیای ناخما ده‌زرنگێته‌وه‌، ده‌نگه‌ به‌میلۆدییه‌كه‌ت چركه‌ی میلژمێره‌كه‌ ڕاده‌گرێ تا هیشكه‌ لێوی بیستم به‌ ماچی ئاوازه‌كانت ته‌ڕ ده‌بنه‌وه‌، ئه‌وینم ئه‌م سپێده‌ وه‌ك قومرییه‌ سه‌ر باڵ شینه‌كه‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌ سه‌ر ته‌نافی نیگاكانتا شۆڕ بۆته‌وه‌، خه‌ون به‌ دیدارته‌وه‌ ده‌بینم، شه‌كه‌ر باری سۆمات نه‌بات ده‌بارێنێ و تۆ ده‌پشكویت و خه‌ره‌ندێ جوان ده‌كه‌ی، سڵاو…… به‌یانیت به‌ كڕنووشی منه‌وه‌ قه‌شه‌نگ و به‌ ده‌نگی حه‌سره‌تمه‌وه‌ ڕۆشن، به‌یانیت ڕه‌یحانه‌ و بۆنی من، گوڵه‌كه‌م له‌ گوڵ گوڵتر.

ئه‌ڵمانیا
11 و 13 و 14 / 3 / 2019




کۆنسێرتی گەورەی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیی لە بۆکان بەڕێوەدەچێت

مەنسوور جیهانی ـ

کۆنسێرتی گەورەی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیی لە لایەن ئاکادیمیای مۆسیقای “زیرەک” و ئەنجوومەنی کۆمەڵایەتی “ئاوای زیرەک” لە شەوانی 3 و 4ی ئەپرێلی 2019 لە شاری بۆکان بەڕێوەدەچێت.

کۆنسێرتی گەورەی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیی لە لایەن ئاکادیمیای مۆسیقای “زیرەک” و ئەنجوومەنی کۆمەڵایەتی “ئاوای زیرەک” لە پێناو پاراستنی مۆسیقای ڕەسەنی کوردەواریی و بە ئامانجی پەرەپێدان و ناساندنی مۆسیقای دەوڵەمەندی کوردیی و هەروەها زیندووڕاگرتنی ئەم جۆرە مۆسیقایە کە بەداخەوە لە مەترسی لەبیرچوونەوە و لەناوچووندایە و بە مەبەستی دامەزراندنی بنەماکانی هونەریی و کەلتووریی و بەرزڕاگرتنی دوایین جیل لە مامۆستایانی بلیمەتی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیی کاتژمێر 9ی شەوانی 3 و 4ی ئەپرێلی 2019 لە هۆڵی فەرهەنگسەرای سیمورغ لە شاری بۆکان بەڕێوەدەچێت.

لەم کۆنسێرتەدا، کۆمەڵێک بەرهەمی هەرمانی مۆسیقای شادی کوردیی بە دەنگی گۆرانیبێژانی کورد “جەعفەر بوغدەداغی”، “عومەر فەرەجی” و “کەریم خاکی” بە هاوڕێیەتی مۆسیقای فۆلکلۆریی ناوچەی موکریان، لە لایەن مامۆستا “عوسمان محەمەدی” ناسراو بە “عوسمانە سوور” ژەنیاریی بەتوانا و بەرجەستەی ئامێری نەرمەنای، “ئیسماعیل کۆچەری” ژەنیاریی بەتوانا و ناوداریی زەربی کوردیی و “ئەیووب تازە کار” ژەنیاریی داهاتووڕوونی ئامێری دیوان پێشکەش دەکرێت.

پارچە مۆسیقا فۆلکلۆریی، گۆرانی و مەقامە ڕەسنەکانی کۆنسێرتی گەورەی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیی بۆکان لە دەزگای شوور، مەقامی بەیاتی تورک، گۆشەی شەهناز، دەزگای سێ گاە و مەقامەکانی مۆسیقای ناوچەی موکریان کە بە شێوەی پێکەوەژەنین، ژەنینی بوداهەی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیی، گۆرانی کوتنی تاکەکەسی و “گەڕە لاوژە” یا گۆرانی کوتن بە شێوەی گرووپی مەقامە تایبەتەکانی ناوچەی موکریان پێشکەش دەکرێت.

ناوی پارچە موزیک و گۆرانییەکانی ئەم کۆنسێڕتە بریتین لە: ئێران، شەوبۆ، تۆم دەوێی، وەرە لام، ڕیحانە، گریان، بەهاران، بریندارم، شیرین بەهارە، جەلسە، دڵسۆزان، لێوە ئاڵەکەی و چەپکە گوڵ.

زۆربەی ئەم گۆرانی و پارچە موزیکانە لە ساڵانی ڕابردوودا لە لایەن هونەرمەندانی مۆسیقای بلیمەت و ڕەسەنی کوردەواریی لەوانە: مامۆستا “حەسەن زیرەک” ئەفسانەی بێوێنەی مۆسیقای کوردی و گۆرانیبێژانی ناوداری مۆسیقای کوردستان لەوانە: مامۆستایان “عەلی فەیزی” ناسراو بە “عەلی خەندان”، “عەبدوڵڵا هووشمەند” ناسراو “بە عەبە دەڕژێ”، “ئیبڕاهیم فەتاحی” و سەید “عەلی ڕەحیم پوور” ناسراو بە سەید “عەلی سەردەشتی” پێشکەش کراون.

کۆنسێرتی گەورەی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیی بە بەرپرسیاریی و بەرهەمهێنەریی “محەمەد مەعڕووفی” بەڕێوەبەریی گشتیی ئاکادیمیای مۆسیقای “زیرەک”، ئەنجوومەنی کۆمەڵایەتی “ئاوای زیرەک” بە بەرپرسیاریی دکتۆر “ئیبڕاهیم عوسمانی” و بە هاوکاریی دایرەی فەرهەنگ و رۆشنبیری شارستانی بۆکان، ناوەندی هونەریی “نوور و سەدا” بە بەرپرسیاریی “ئەسعەد ئاسیابان” و پشتیوانی میدیایی کەناڵی هەواڵنێریی “بۆکان ئانلاینی موکریان”، کاتژمێر 9ی شەوانی 3 و 4ی ئەپرێلی 2019 لە هۆڵی فەرهەنگسەرای سیمورغ لە شاری بۆکان بەڕێوەدەچێت.

ناوەندەکانی فرۆشی بلیتی ئەم کۆنسێڕتە بریتین لە: لە نووسینگەی ئاکادیمیای مۆسیقای “زیرەک”، کیووسکی ڕۆژنامە فرۆشی “بەهمەن”، کیووسکی چاپەمەنی “کاریگەر” و فەرهەنگسەرای سیمورغی بۆکان.




رەنگدانەوە … ستار ئه‌حمه‌د

تروسكه‌ی گیانت وه‌ك نوور ده‌بارێ‌
له‌سیمای شه‌نگتا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌
خۆزگه‌ تاڵێكی برژانگت ده‌بووم
چۆن له‌گه‌ڵ چاوتا رۆژ ده‌كاته‌وه‌
………………………………….
ورده‌ به‌فرێكی ناوه‌خت دابكا
حه‌ز ده‌كه‌م ببمه‌ پاڵتۆكه‌ی به‌رت
نابینی جه‌سته‌م چۆن سپی پۆشه‌
بوومه‌ته‌ ناوو تابلۆی سێبه‌رت
………………………………….
راستی هاوارو ده‌نگی كزۆڵم
له‌گه‌ڵ شنه‌ی با به‌رگوێت ده‌كه‌وێ‌
موویه‌كی له‌شت نابزوێ‌ و بڵێی
بۆچی تاوانه‌ كه‌خۆشم بوێ‌
…………………………………
خامه‌ت وه‌ك په‌نجه‌ت جه‌فا ده‌ڕێژێ‌
سه‌دای ناخته‌و له‌سۆز بێ به‌شه‌
جه‌سته‌ت به‌ردێكه‌ له‌ بنی گۆما
رۆحی تیانییه‌و ته‌نها به‌س له‌شه‌
……………………………………
خۆت به‌شاعیرو نازدار ده‌زانی
شیعرت گۆڕستان وشه‌ی مردووه‌
له‌وه‌ بترازێ‌ كه‌خۆشم ویستووی
گوناهم چیه‌و چیم لیت كردووه‌
…………………………………
ستار ئه‌حمه‌د




عاشق … فەتاح حەسەن

یەکتاپەرست، یەك خوداو
عاشقیش، یەك مەعشوقی هەیە
گەر بڕوات بەوە نەبێ
موتڵەقەن ئەتۆ کافری.
**
بێجگە لەتۆ کەسم ناوێ
ئەرێ تۆ، لەکوێی ؟


بڵێی خودا کامیانی زیاتر خۆشبوێ
عاشق ومەعشوقێك
یا
حاخامێ،قەشەیەك
پیرێکی زەرادەشتی
ئیمامێك
کە،مانای عاشقبوون نەزانێ؟!


عاشقی سروشت و گیانەوەرانم
لەنێو هەموو ئەمانەشدا
زێتر عاشقی مرۆڤم
وەلێ، خۆم نا.
*


دوێنێ
سڵا لە میحرابی عیشقەوە
كۆتایی ھات.
ئەمڕۆ
بانگی خۆشویستنت دەدەم.
با نەیاران
گوێی خۆیان بئاخنن و
یارانیش بڵێن
لبیك.
ئەگەر گوێ لە سڵا دەگری ؟
دڵنیاش بە،میحرابی عیشق
ناگۆڕم بۆ
بەرچنەی ئەشك و حەسرەت.


هەندێك جار،
عیشق، شیعرم پێدەنوسێت
بە شیعر ناچێت،
بەڵام،چیبکەم
ئەمن سەربازێکی بەئەمەکی عیشقم.


عاشقم ،
عاشقی حەقیقەتم
لەپێناو گەڕان بەدوای حەقیقەتدا
ناچاردەبم
سەر بە گشت کۆڵانێکدا بکەم
کۆڵانێك : 1
چینی درۆ
خشتی درۆ هەڵچنراوە.
کۆڵانێك : 2
لە بەردەمیا، لافیتەیەك هەڵواسراوە : –
ئەم کۆڵانە کوێرەڕێیە
سەر بەو کۆڵانەشدا دەکەم
بێگومان بن کە، گەمژەنیم
ئەز نامەوێت
حەقیقەت ببینم لە ئاوێنەدا
نە من بتوانم بیگرم
نە ئەو بتوانێ بمگاتێ.
دەمەوێت، خۆم
وەك خودی خۆم
لەبۆ چرکەساتێکیش بێ
لەتەك خودی حەقیقەتا
دەست لە ملی یەقین بکەین.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی
2017




نووسەری لوکاڵ و ئەدەبیاتی جیهانی … عەتا میرەکی … بەشی یەکەم

پانتایی ئەدەبی شوێنێک نیە کە پۆلێن کردن و هاوکێشەی دەسەڵات تێیدا هەتایی بێ و نەکرێ دەستی بۆ بەری.
تەنانەت ئەگەر دابەشکردنی نایەکسانیی سەرچاوە ئەدەبییەکان زامنی مانەوەی فۆرمەکانی دەسەڵات بن, لە هەمان حاڵدا هەر ئەم دابەشکردنە سەرچاوەی خەباتێکی بەردەوامیشە, سەرچاوەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێز و مەشرووعیەت, بۆ شۆڕشەکان, نافەرمانییەکان, بەو واتایە کەمێژووی ڕاستەقینەی ئەدەبیات مێژوویەکە کە دەپەرژێتە سەر سەرهەڵدانەکان, مانیفێستەکان, داهێنانی فۆرمە نوێیەکان و زمانە نوێیەکان و وەسفیان دەکا.
بۆ ئەوەی نووسەران هەبوونی خۆیان دەستەبەر بکەن دەبێ هەر لە سەرەتای چالاکیی پیشەیی خۆیانەوە لەگەڵ بینراوبوونی خۆیان کە هەمووکات له بەردەم هەڕەشە دایە ڕووبەڕوو ببنەوە و بارودۆخێک وەدی بێنن کە لەو ڕێگەوە ببینرێن.

نووسەرانی وڵاتانی پەراوێز لە پێشدا نابنە خاوەنی ئازادیی داهێنەرانەی خۆیان. بەڵام دیاریکردنی ڕەفتاری ئەم نووسەرانە کاتێک قبووڵی بکەین کە هیچیان لەسەر ئەساسی ڕێوشوێنێکی ئاگایانە و دیاریکراو هەڵسوکەوت ناکا تەنانەت ئەگەر زیرەک ترین کەسایەتییەکانی دنیای ئەدەبیاتیش بن.
هەڵبژاردن لە نێوان کارکردن بۆ گۆڕانکاری لە ئەدەبیاتی میللی و نووسین بە زمانێکی مەزن دا, هەرگیز بەرهەمی بڕیاردانێکی ئاگایانە و لە ڕووی سەربەست بوون لەو هەڵبژاردنە دا نیە.
یاساکانی وەفاداریی میللی تا ئەو ڕادەیە دەروونین کە لە واقیع دا بە دەگمەن وەک کۆت و بەند سەیر دەکرێن و لە ڕاستیدا هەمیشە بەشێکی گرنگی شوناسی ئەدەبی پێک دێنن.

ئەوەی پیویستە باسی لێوە بکرێ بنەمایەکی گشتییە کە نووسەرانی پەراوێز بێ ئەوەی ئاگادار ی بن هەست بە ئاسەوارەکانی دەکەن و نووسەرانی ناوەند قەت گوێی لێ ناگرن و دۆخی یونیورساڵ بەربەستە بۆ دیتنی ئەو بابەتە.
سەرلەبەری ململانێی ناو پانتاییە ئەدەبیە میللییەکان لەسەر دوو ڕێکار دانراون. لە لایەکەوە پڕۆسەی ئاسیمیلەبوون لە گۆڕێ دایە یان پڕۆسەی تێکەڵبوون لە فەزای ئەدەبیی زاڵ دا لە ڕێگەی کەمڕەنگ کردنەوە یان سڕینەوەی جیاوازییە سەرەتاییەکانەوە, لە لایەکی ترەوە پڕۆسەی جیاوازبوون, واتە پرۆسەی دەربڕینی جیاوازی, بەتایبەت لەسەر بنچینەی شوناسی میللی.

ئەم دوو ڕێکارە سەرەکییە, کە لە سەروبەندی دەرکەوتنی ئەو بزووتنەوانەی خوازیاری سەربەخۆیی میللین هەمیشە بەڕاشکاوی دردەبڕێن, ڕێکارگەلێکن کە نووسەرانی لۆکاڵ زیاتر لەوانیتر پێوەی خەریک بوون و باش دەزانن لەگەڵ چ کێشەیەک ڕووبەڕوون.
ئیدوارد گلیسان شاعیری خەڵکی هیندی ڕۆژاوا(West Indies) دەڵێ: یان ئەوەتا دەبێ لە تەنیایی و دوورەپەرێزی دا بژین یان دەرکە لەسەر ئەوانیتر بکەینەوە, بۆ ئەوانەی دەیانەوەێ خاوەنی مافی ئاخاوتن بە زمانی خۆیان بن ئەم دوو بژاردەیە هەیە. نەتەوەکان بەس دەتوانن خاوەنی ئایندەیەکی فەرهەنگی و زمانی یەکسان بن. یان دەبێ لە ناو بابەتێکی تایبەتی سنووردارکەردا بتوێنەوە.

شیکردنەوەی گلیسان لە لایەن ئۆکتاڤیۆ پازەوە پشت ڕاست کرایەوە. پاز لە وتارەکەی دا کە بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێڵ پێشکەشی کرد کێشەی بنەڕەتی و گەورەی ئەدەبیاتە ئەمریکاییەکانی ئاوا وەسف کرد: ئەدەبیاتێک کە پێش هەمووان سەری هەڵدا ئەدەبیاتی ئینگلیزی زمان بوو, دواتر سەرەی ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین بوو بە هەر دوو بەشەکەیەوە واتە ئەمریکای ئیسپانیایی و بڕازیل. سەرەڕای ئەوەی کە زۆر لەیەک جیاوازن هەرسێکیان لایەنێکی هاوبەشیان هەیە: مشتومڕێک کە زیاتر ئایدیۆڵۆژێکە تا ئەوەی ئەدەبی بێ, مشتومڕێک لە نێوان لایەنگریی جیهان زێدی(Cosmopolitanism) و لوکاڵ دا, لە نێوان ئەورووپاگەریی و ئەمریکاگەریی دا.
یەک لە تایبەتمەندییەکانی پێوەندیی نووسەری بێبەش لەگەڵ جیهانی ئەدەبیات دا ئەم کێشە گرنگەیە, کێشەیەک کە هەموو ڕووبەڕووی دەبنەوە و بەشێوازێک لێی دەرباز دەبن, سەرەڕای جیاوازیی سیاسی, میللی, ئەدەبی یان مێژووە زمانییەکانیان لەگەڵ یەکتر دا.

لەکاتی ڕۆۆبەڕووبوونە لەگەڵ ئەو پاڕادۆکسەی تایبەت بە بارودۆخی ئەوانە, ناچار دەبێ هەڵبژاردنێکی دژوار و بەئێش بکا: یان دان بە جیاوازیەکان دا بنێ و بەو کارەش خۆی بە چارەنووسی دژوار و نادیاری نووسەرە میللییەکان بسپێڕێ و بە زمانە ئەدەبییە بچووکەکان بنووسێ, یان ئەوەی پشت لە میراتی خۆی بکا و وێڕای ئینکاری جیاوازییەکان فۆرم و بەهاکانی یەکێک لە ناوەندە ئەدەبییەکان هەڵبژێرێت.

لەم ڕووەشەوە ئیدوارد گلیسان ئاماژە بە ڕەنجە بەیانییەکان دەکا کە تایبەتە بە وڵاتە ژێردەستەکان. تا ئەو ڕادەیە کە بۆ وڵاتانی دیکە دەرک ناکرێ چۆنکە لێی بێ ئاگان.
بنەمای نایەکسانیی جیهانی ئەدەبی, فەزا ئەدەبیە گەورەکان لە بەرانبەر فەزا ئەدەبیە بچووکەکان دا دادەنی و زۆربەی کاتەکان نووسەری وڵاتانی بچووک لەبەردەم بارودۆخێکی تراژیک و دژوار دادەنێ. مەبەست لە بچووک بێ بەش بوونی ئەدەیییە.

سەرچاوەکان:

  1. Pascal Casanova, The world republic of letters, trans. Malcolm Debevoise ( Harvard Unuversity Press, 2007)
  2. Edouard Glissant, Poetic of Relation, trans. Besty Wing ( Ann Arbor: University of Michigan Press, 1997)
  3. Octavio Paz, In search of the present: 1990 Nobel Lecture, bilingual ed, trans. Anthony Stanton ( San Diego: Harcourt Brace Jovanovich, 1990)



عەشق جوانترە لە مردن … سەباح ڕەنجدەر- ناڵە حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….

ناوی کتێب: عەشق جوانترە لە مردن
بابەت: شیعر
تایب: یاد سه‌باح ڕه‌نجده‌ر – ناڵه حه‌سه‌ن
دیزاین: جه‌وهه‌ر فه‌تاح
چاپ: چاپی ئه‌له‌كترۆنی 2




مرۆڤی رۆژهەڵاتیی نە مێژووی هەیە و نە مێژووکردە … جیهاد موحەمەد

کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان بە گشتی، کۆمەڵگاگەلێکی بێ بەرهەمن، ڕەنگە ئەم بۆچوونە هەندێک گشتگیریی پێوە دیار بێت، بەڵام لە ڕاستیدا مەبەست ئەوەیە، کە هەموو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان بە ڕێژەیەکی یەجگار گەورە مشەخۆرن، هیچ بەرهەمێکی ئەوتۆی زانستیان نییە، ئەگەر هەشبێت بە بەراورد بە بەرهەمە زانستییە هاوردەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاواو و ئەمەریکاو و یابان و ئوسترالیاو و چاینا و وڵاتانی دیکە، ئەوەندە کەم و لاوازن کە پێوانەیەکی ئەوتۆیان بۆ ناکرێت.

کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان بەرخۆرن، بە جۆرێک بەرخۆرییان هەیە بۆ کەلوپەلە بەرهەمهاتووەکانی وڵاتانی دەرەوەی خۆیان، لە دەرزیەکی دروومانەوە تا دەگات بە هەموو کەرستەکانی جل و بەرگ و خۆگەرمکردنەوە و کەلوپەلی ناوماڵ و دامەزراوە حوکومیی و مەدەنییەکان، هەموو کەرەستەکانی پەیوەندیکردن و هاتوچۆکردن هاوردە دەکرێت و، زۆر بە دەگمەن کەرەستەگەلێکی خۆماڵیی هەبن. هەڵبەت هەموو ئەم ڕەوشی هەژارییەش لە نەبوونی نەزانین و زانستەوە سەرچاوە دەگرێت، واتا زانست و بەرهەمە زانستیەکان هەموویان هاوردە دەکرێن.
کاتێک دەگوترێت، کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان دواکەوتوو و هەژارن، مەبەست لە دواکەوتوویی و هەژاریی دەست و پێ سپێتیی ئەم کۆمەڵگایانەیە لە بەرهەمهێنانی هەموو ئەو کەلوپەلانەی کە بەرهەمی پێشکەوتنە زانستیەکانە. زانین و زانست و پەروەردە دواکەوتووە، بۆیە بەرهەمیش یان نییە، یان دواکەوتووە.

هۆکار و فاکتەری سەرەکی دواکەوتوویی و هەژاریی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان، قەتیسمانیانە لە یەک زەمەندا، مرۆڤی رۆژهەڵاتیی بە زەمەنە سروشتییەکانی خۆیاندا، کە “ڕابوورد، ئێستا و داهاتوو”ە تێنەپەڕیون. هەمان بیرکردنەوە، هەمان پەروەردە، هەمان کولتوور، هەمان بەرهەمی مەعریفیی، هەمان دیدگا و فەلسەفەی ژیان لە مێشکیاندا خۆی نوێ دەکاتەوە، ڕەنگە گۆڕانکاری تەنها لە فۆرمەکانیاندا هەبوو بێت، نەک لە ناوەڕۆکیاندا، بۆیە دەشێت بڵێین، مرۆڤی رۆژهەڵاتیی خاوەنی مێژوو نیە و مێژووکرد نیە.
دواتکەوتوویی و هەژاریی بوارە زانستیەکان و پیادەکردنی پەروەردەیەکی نەریتیی لە فێرگەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دیدگا و جیهانبینیەکی فەلسەفیانەی پێشکەوتووی دەسەڵات و حوکمڕانەکانی ئەم وڵات و کۆمەڵگانە، چونکە ڕێگرن لە هەرچ پێشکەوتنێکی بواری پەروەردە، بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی نەزانین و جەهالەتەوە درێژە بە حوکمڕانی خۆیان بدەن.

دەیان سەدەیە، یەک دیدگای چەقبەستوو خۆی سەپاندووە بەسەر کۆی کۆمەڵگاکانی ڕۆهەڵاتییدا، ئەو دیدگایە، دیدگایەکی دۆگماتیزمیی و نەریتییە، بە جۆرێک ئەم دیدگا چەقبەستووە زاڵە، کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئەم وڵاتانە لە واقوڕمانێکدا ماونەتەوە، پرسیارگەلێک لە مێشکیاندا دەسوڕێتەوە وەک: بۆچی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوام لە پێشکەوتندان و ئێمەش لە دواکەوتندا؛ بۆچی ئەوان تا ئاستێکی بەرز لەباروگوزارنێکی باشدا دەژین و ئێمەش لە باروگوزەرانێکی خراپدا؛ بۆچی ئەوان کەمترین شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا دروست دەبێت، ئێمە بەردەوام خەریکی شەڕی ئایین و دین و نەتەوە و نیشتیمانین؛ بۆچی ئەوان ئازادییەکی بەرفراوانییان هەیە و کەمترین ڕاسیستیی و ڕەگەزپەرستیی لە نێوانیاندا هەیە، بۆچی ئێمە کەمترین ئازادیمان هەیە و پێکەوە ژیانمان نییە و زۆرترین ڕق و کینەی دینیی و ناسیۆنالستیی و ڕەگەزپەرستیی لە نێونماندا هەیە؛ بۆچی ئەوان خاوەنی زانین و زانست و زانیارین، ئێمە مشەخۆرین بەسەر بەرهەمەکانی ئەوانەوە؛ بۆچی ئەوان بەرهەمهێنەرن و ئێمە بەرخۆرین؛ بۆچی ئەوان کێبڕکێ دەکەن لەسەر دۆزینەوە زانستیەکان و ئێمە کێبڕکێمانە لەسەر نەتەوەپەرستیی و ئاینپەرستیی؛ بۆی ئەوان فرۆشیاری بەرهەمە پیشەسازیی و زانسییەکانن و ئێمە تەنها فرۆشیاری بەرهەمە سروشتییەکان و وزەی ژێر زەوین؟ دەیان پرسیاری لەم شێوازانە لە خۆمان دەکەین بە بێ وەڵام!

ئەم پرسیارانە زۆر گرنگن،لە ژیانی دوروودرێژی ئەم کۆمەڵگانەدا سەرچاوەی دروستبوونی هەندێک لە حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی و کۆمەڵایەتیین، سەرچاوەی خەباتکردن و تێکۆشانێکی دوورودرێژ و گەورەن. لێرەدا نامەوێت بچمە سەر ئەوەی بۆچی ئەم حیزب و بزووتنەوە و ڕاپەڕینانەی خەڵکی شۆرشگێڕ سەرکەوتنیان بە دەست نەهێناوە، یان بۆچی لە ئەنجامدا هەموو ڕاپەڕین و شۆرش و بزووتنەوە ڕزگاریخوازیی و ئازادیخوازییەکان لەبار دەبرێن، یان دەستەوسانن لە گۆڕانکارییەکاندا؟ ئەمە بابەتی ئەم نووسینە نییە، هەوڵ ئەدەم بابەتێکی تایبەتی لەسەر بنووسم. بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵیم، کە هۆکار و فاکتەری مانەوەی دواکەوتوویی و هەژاریی و هەموو نەهامەتییەکانی ئەم کۆمەڵگانە، ئەوەیە کە نەیانتوانیوە گۆڕناکاری لە بیرکردنەوە و عەقڵەیتی خۆیاندا دروست بکەن. وەک چۆن لە ڕووی زانین و زانستەوە دواکەوتوو و هەژارن لە ڕووی هەڵگەڕانەوەش بەرامبەر بەم ڕەوشە خراپەی خۆیان هەژار و دواکەوتوون، کاتێکیش هەڵگەڕاونەتەوە، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا خۆیان ڕادەستی شۆڕش و بزووتنەوەگەلێک کردووە، خۆیان تووشی شەڕ و پێکدادانێک کردووە، کە بزووتنەوە و شەڕ و پێکدادانی ئەوان نەبووە، بەڵکو لە جیاتی دەسەڵاتخوازەکان کردوویانە.

کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان بە تاک و کۆ بوون بە ئۆبجێکت و کاریان لەسەر دەکرێت، هەم حوکمڕانە داگیرکەرەکانی خۆیان ڕاستەوخۆ کردوونییان بە ئۆبجێکت و کاریان لەسەر کردوون، هەم دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیا لە چەندین ڕێگەی ناڕاستەوخۆوە کردوونییان بە ئۆبجێکت و کاریان لەسەر کردوون، هەروەها ئایدۆلۆجیە ئاینیی و ناسیۆنالستییەکان و کولتووری باو کردوونیان بە ئۆبجێکت و کاریان لەسەر دەکەن.

لە ڕاستیدا جیاوازی گەورەی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ، ئەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێت مامەڵەیەکی شۆرشگێڕانە لەگەڵ خودی خۆی و سروشت و دەوروبەریدا بکات، وەلێ ئاژەڵ ئەو توانایەی نییە، چونکە بیری بۆ ناکرێتەوە، بۆیە ناچار خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ سروشت، ئاژەڵەکان یەک زەمنیان هەیە و هیچی تر، وەلێ مرۆڤ دەتوانێت مێژووی خۆی بە واتا فەلسەفییەکەی دروست بکات و زەمەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی خۆی تێپەڕێنێت. دەتوانین بڵێین مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیی تا ئاستێکی زۆر نەیتوانیوە خۆی لە ئاژەڵ جیا بکاتەوە، بۆیە بە هەمان شێوەی مێگەل هەوڵی داوە خۆی بگونجێنێت لەگەڵ سروشت و دەوروبەردا.

لە باشترین حاڵەتدا کە توانیبێتی بەسەر کارەساتە سروشتیەکانی وەک لافاو و بومولەرزە و زریان خۆی بپارێێت، یان خۆی لە سەرما و گەرما بپارێزێت، یان خۆی لە نەخۆشیە کوشندەکان بپارێزێت، لە ڕێگەی بەکارهێنانی کەرستەگەلێکەوە بووە، کە بەرهەمی خۆی نەبووە، بەڵکو بەرهەمی کۆمەڵگا زانستییەکانە، ئەمە هۆکاری سەرەکیە بۆ مانەوەی ئەم کۆمەڵگانە لە جێگەی خۆیاندا، هەتا بەرهەمێکی مەعنەویی و زانستیی بەرهەم نەهێنرێت، مەحاڵە بتوانن خۆیان لە مێگەلیی و ئۆبجێکتیی ڕزگار بکەن. بەکارهێنانی بەرهەمە زانستییەکانی کۆمەڵگاکانی دیکە، تەنها سەرسامیی لوی مرۆڤ و کۆمەڵگای رۆژهەڵاتیی دروست کردووە، لەم حاڵەتدا مرۆڤ لە واقوڕماندا دەمێنێتەوە و کولتوور و شێوازی بیرکردنەوەی خۆی بۆ ناگۆڕدرێت. مرۆڤی ئازاد و کۆمەڵگای ئازاد، ئەو مرۆڤ و کۆمەڵگانەن، کە توانیوایانە ببن بە سەبجێکت و خۆیان لە ئۆبجێکتیی ئایدۆلۆژییە دۆگماتیزمەکان ڕزگار بکەن، ئەمەش بە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و پەروەردەیی دەکرێت، نەک بە شەڕ و پێکدادانێک لە پێناوی دەسەڵاتخوازە نەتەوەپەرستەکان و ئایینپەرستەکان و ئایدۆلۆژییەپەرستەکان.

کۆمەڵگا رۆژهەڵاتیەکان زۆربەی جار کە دوای حیزب و بزووتنەوە سیاسییەکان دەکەون بۆ ڕزگاریی و ئازادییە، وەلێ ئەوەیان بۆ جیاناکرێتەوە، کە ئەم حیزب و بزووتنەوانە، لە ئەنجامی سەرکەوتنیشیاندا، ئەگەر سەربکەون، درێژەپێدەری هەمان ڕەوشی ستمکاریی و چەوساندنەوەن، لێرەشدا وەک چۆن دەسەڵات و حوکمڕانە ستەمکارەکان هەڵیاندەسوڕێنن، بەهەمان شێوە حیزبە دینیی و نەتەوەپەرستە دڵڕەقەکانیش لە پێناوی گرتنەدەستی دەسەڵاتدا هەڵیان دەسوڕێنن، چونکە ئەمانە دەسەڵاتخوازن نەک هێزی ڕزگاریی و ئازادیی و دیموکراسیی، کەواتە لێرەشدا، هەر ئەوەندە خۆیان لە ئاژەڵ بۆ جیا دەکرێتەوە، کە دژی چەوساندنەوە و ستەمن، وەلێ نەزانن و نازانن چۆن ئازادی و ڕزگاریی بە دەست بهێنن، بۆیە خۆیان ڕادەستی گرووپگەلێک و حیزبگەلێکی ناشۆرشگێڕ دەکەن، بەناوی شۆرشگێڕیەوە، ئەم خۆڕادەستکردنەش لە لایەک ناهۆشیاریی و نەزانینە لە لایەک ترسە لە ئازادی، ئاخر چۆن حوکمڕانەکان لە ئازادیی میللەت دەترسن بە هەمان شێوەش میللەتی ناهۆشیاریش بوێر و ئازا نییە بۆ ئازادی، هەر بۆیە هەرکەس لەگەڵ بیرکردنەوەیدا نەبێت، دەیخاتە خانەی خیانەتەوە، بە ناوی خیانەت لە ئایین، خیانەت لە نەتەوە، خیانەت لە نیشتیمان و خیانەت لە کولتوور. ئەم خۆڕادەستکردنە بە جۆرێک قووڵ دەبێتەوە لە ناخ و مێشکیاندا، کە هەرچی هەوڵ و خەبات و تێکۆشان و کوشتن و بڕینێکیان هەیە دەچێتە خزمەتی حیزب و گرووپە سیکتاریزمیی و دەسەڵاتخوازەکانەوە، ئەمانیش لە هەمان ژینگەی نەزانین و جەهالەتدا خول دەخۆن و لە مێژوویەکی ناهەمواری پڕ لە مەینەتییدا دەمێننەوە.

ئەبێت ئەوەش بڵێم، کە نەزانین و ناهۆشیاریی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، کە زانین و هۆشیارییان لێ داگیرکراوە، دەنا هیچ مرۆڤێک نییە، نەزان و جاهیل بێت. بۆیە شۆڕشی پەروەردەیی دایکی هەموو شۆڕشەکانە، واتە شۆڕشەکانی تر لە شۆرشی پەروەردەییەوە لە دایک دەبن. یەکێک لە خەسڵەت و پرنسیپە سەرکییە خراپەکانی سەرکردە ناشۆڕشگێڕەکان، کە بە ناوی شۆڕشەوە دەیان سەدەیە شەڕ و پێکدادان دروست دەکەن نەبوونی پەروەردەیەکە کە مرۆڤبوون بەرهەم دێنێت. هەرچ شۆڕشێک کە مرۆڤبوونی بەرهەم نەهێنا، دەچێتە خانەی شۆرشی چەواشەکارییەوە.
دیسان ئەبێت ئەوەش بڵێم، کە پەروەردە و شۆرشی پەروەردەیی بێ لایەن نییە، بۆیە دەسەڵاتی ستەمگەر هەمیشە دژی پەروەردەی نوێ و شۆرشی پەروەردەیی دەوەستێتەوە.

جیهاد موحەمەد/ نەرویج
٢٧/٣/٢٠١٩




هەڵهاتن ژ تەنیایی … هێمن حەمەجەزا

هەمووان لە تەنیایی هەڵدێین
تەنانەت، خوداش!

ڕۆژێک، لەو ڕۆژە زۆرانەی کە بە دەرمان خۆم بەپێوە بۆ ڕادەگیرا، دڵم دا بە خودا.
کە هاتەوە، بۆی ببووە ئاو!
بۆی دەسوتا و دەیووت:
تۆ سەرخۆش بوویت
لەوێندەر نەبوویت، نەتدەبینی کە خودا،
چ زەجرێکی دەکێشا بەدەست تەنیاییەوە.
لە کن دڵم وتبووی: هەمووان لە تەنیایی هەڵدێن
تەنانەت، منیش!
هەروەها وتبووشی: کە زۆر غەمگینە بەو بێکەسییەی و گەر بە خەیاڵیش بێت، هەموو ئومێدی هەر
بە هاتنی ڕۆژی قیامەتە و بە تاسەوە، لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی نەوەکانی ئادەمی فڕێدراودایە.

ڕۆژێک، لەو ڕۆژە زۆرانەی کە سەرخۆش بووم،
لە کن وی بوو دڵم.
لە کن خودای غەمبار، لە زیندانی ئینفرادیی.
لە کن خودای وەڕس، لە تاکوتەنهایی.
بۆی دەگریا و دەیووت:
خودا، لەو دوورەدەستییەی کە هەر داد دەکێشێ و
هیچ ئامبۆلانسێک بە فریادی ڕا ناگا، پەشیمانە.
خودا، لەو چۆڵەوانییە ساردەی کە بۆ خۆی خوڵقاندووە، پەشیمانە.

ئێستاش، هەر لەو ڕۆژە زۆرانەیە کە مەستم،
بەڵام
دڵم لە قەلبمدایە!
لە کن خۆمە و وەک دەف،
وەکو کەڕەنای نەفخی سوور، دەناڵێنێ:
کێ لە ئێوەی نەوەی ئادەم
تەنانەت،
نەوەی شامپاز و فیل و هەوا و ڕووناکی و تۆز و… هەرچییەک کە هەن و
ئەم بەکتریای تەنیاییە، وەک ئەفیوون بە دەمارەکانتاندا هاتووچۆ ناکا؟
بە هاوارمانەوە وەرن:

خودا، ژ تەنیایی هەڵدێ!
هەروەها منیش!

«هێمن حەمەجەزا ـ هامبۆرگ/ ۲۰۱۹»




نامه‌كانی ئیشق…. 7… سه‌ردار جاف

هه‌موو به‌یانییه‌ك

13 – له‌ گه‌ڵ كازیوه‌ی سپێده‌دا قه‌ڵه‌م له‌ وه‌سفی ژیری و جوانیتا له‌ خه‌ره‌نده‌ نایه‌ته‌گۆ و نڤیساندن، مه‌مله‌كه‌تی وشه‌ و ڕسته‌ و نووسین له‌ ئاست ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌تا هه‌گبه‌ به‌تاڵ و شه‌رمنده‌یه‌، هه‌روه‌ك چۆن بیركردنه‌وه‌كان ناگه‌نه‌ قوله‌پێی تێفكرین وگوڵ به‌ جوانیت ناگا و ده‌ژاكێ و سیس ده‌بێته‌وه‌، هیلالی به‌دری یه‌كشه‌وه‌یش نه‌ تیژی باڵه‌كانی به‌ تیژی بیرت ده‌گا نه‌ له‌ هه‌ڵهاتنه‌وه‌ تا ئاوابوون به‌ سه‌مای تیشك و تریفه‌یه‌وه‌ به‌ جوانی برۆكانت ناگاو له‌ شه‌رم و خه‌جاڵه‌تیدا خۆ له‌ چاوی مرۆڤان و ون ده‌كا و ئاوا ده‌بێ، به‌یانییه‌ك بۆنی ژنێتی سه‌رده‌مت گرتووه‌، بۆنێك به‌ داڵان و ژوورا پرژێن بۆنت كردووه‌، ڕه‌تگاڵیی په‌لكه‌زێڕینه‌ی پاش بارانی خۆریشت ناگاتێ، ڕه‌نگاڵه‌یی حه‌وت ته‌به‌ق خۆ ئاوێته‌ ده‌بن و هه‌ر پێت ناگه‌ن، ئه‌م به‌یانییه‌ ئیشقت گه‌رمتر له‌ ڕۆژان دنه‌ ده‌دا ناخ پاك ده‌كاته‌وه‌ روح به‌ فریشته‌یی ، ئه‌م به‌یانییه‌ك ژه‌مێك له‌ جوانی و میهره‌بانیت بۆته‌ نه‌خشی ڕۆژبوونه‌وه‌ی نوێ ، له‌ گوڵ گوڵتر ده‌ركه‌وتووی.

14 – ئه‌م به‌یانیه‌ت له‌ وه‌نه‌وشه‌ جوانتر و له‌ گوڵه‌باغ بۆندارترله‌ باران ته‌ڕ تر و له‌ شنه‌ی سپێدان فێنكتر، جه‌ژن و ڕۆژت پیرۆز، پیرۆزیی نه‌خشێك بێ ته‌نها به‌ باڵای ژیری تۆیا بدوورێت، ڕۆژێك له‌ ڕۆژانی دی ناچێ، په‌لكه‌زێڕینه‌ له‌ ته‌ك هه‌ور و نمه‌بارانا هه‌ڵپه‌ڕكێی ڕۆژی بۆ ژن دابه‌ستووه‌، مانگ خه‌رمانه‌ی كردۆته‌ بازنه‌به‌ندی پاراستنی ژن، ئاواز و ده‌نگی به‌ سۆز و خرمژن و ئۆغژنی دڵشادیت پیرۆز، هاوژین و ئزیزی سه‌فه‌ری ته‌مه‌نم یاقووته‌كه‌ی سه‌ر دڵ دڵنیام كێوه‌ سه‌خته‌كان ده‌بڕی و گاشه‌ به‌رده‌كانی سه‌ر ڕێی ژیان ده‌هاڕی ، هه‌وراز و نشێوه‌كان ته‌خت ده‌كه‌ی، خه‌ره‌ندی ته‌مه‌ن ده‌به‌زێنی، ژنێكی بڕوا به‌ خۆ بوونت له‌ هه‌موو ژنێ لا پیرۆز و به‌هێزتره‌، ژنێك له‌ بیر و زانست كامڵ ، ژنێك سه‌رچاوه‌ی ئیلهامی پێشخستنی كۆمه‌ڵ، تۆ ئه‌و چراتۆڕه‌ی ده‌روازه‌ی نه‌هامه‌تی و دواكه‌وتوویی و نه‌زانین ڕۆشن ده‌كه‌یته‌وه‌، تۆ ئاوه‌زێكی هاوچه‌رخی بۆ كۆمه‌ڵی كوردی، ژنێكی مانی چه‌مینه‌وه‌ نازانی و هه‌ر به‌ره‌و دوند و ترۆپك هه‌ڵده‌زنێی، هه‌نگاوه‌كانت له‌ دامێنی عه‌قڵانیه‌ته‌وه‌ هه‌ڵده‌نێی، ئاااای چه‌ند به‌ تاسووقی پێشكه‌وتنی كورد و تووڕدانی كه‌ڵچه‌ری نامۆی لای نه‌ته‌وه‌كه‌ت، به‌یانیت هه‌ر باش و جوان بێ, ئه‌زیزه‌كه‌ی هه‌مێشه‌ ڕۆشنه‌ ڕێم شه‌وێ سه‌رقاڵی ئه‌م نووسینه‌ بووم و سه‌ردل گرتن زێتر ئیشقی له‌ ناخما داچۆڕاند و به‌ سه‌ر ڕێی ته‌مه‌نمانا تكا، هه‌ر ده‌ڵێم تۆ ئه‌و ژنه‌ی بێوێنه‌ی.

15 – به‌یانییه‌ و سڵاوێ له‌ دڵێكی پڕ خۆشه‌ویستی و ئیشقداری بێگه‌رده‌وه‌ به‌ قامه‌تی نیگاكانتا هه‌ڵدێ، هه‌ر ده‌ په‌نجه‌كه‌م به‌ واڵایی و له‌رزۆكییه‌وه‌ له‌ سه‌ر ستوونی باڵه‌كانم خۆیان ڕاگرتووه‌ و به‌ كه‌فوكولی ناخی مه‌ینه‌تییه‌وه‌ رووه‌ و ئه‌و ئاسمانه‌ شینه‌ جوانه‌ی به‌ مانه‌ند ته‌وزیفی كردووه‌ و لێی ده‌پاڕێته‌وه‌، له‌ حه‌ژمه‌تا كڕنووش ده‌با تا چاكبوونه‌وه‌ت به‌ باڵا بدوورێ ، له‌ دوور ڕا هه‌ر هێنده‌م له‌ ده‌س دێ تاكه‌ ڕێی به‌ر په‌ناداری بێده‌سه‌ڵاتیمه‌ ، ئه‌م به‌یانییه‌ له‌ پڕ ڕه‌وی تاقه‌ت و هێزداریت مرۆیه‌كی سست و ڕزیلی به‌ردرگای ئیشقتم تۆیش له‌ عه‌وداڵ و سۆراغی بیمارستان و پزیشكێكی لای دۆراندۆرت به‌، نه‌با جگه‌ له‌ په‌تا سه‌رما ده‌رده‌ ئیشقیش ڕه‌واجی خۆی باراند بێت، به‌یانیت جوان و پڕ ساغله‌می ئازای به‌ده‌نت بێ ئێش و ئازار ، دولبه‌ره‌كه‌م له‌ گوڵ گوڵتر.

ئه‌ڵمانیا
5 و 8 و 9 / 3 / 2019