ترس لە مردن یا تۆخکردنەوەی بیری خۆکوشتن لەدنیابینی محمد عومەر عوسمان دا

جمال نوری

, “مردن” _ پانتایەکی فراوانی لەناو ئەدیب و نوسەراندا درووست کردوە و کەم شاعیرو نوسەر هەیە خۆیان لەم مەسەلەیە نەدابێ ، بە گۆشە نیگای جیاوازەوە لە خودی( مردن) ڕاماون .
(شێرکۆ بێ کەس ), بەر لەمردنی بەچەند ساڵێ مردن لە قەسیدە یەکی درێژدا بەناوی ،
(خێراکە مردن واخەریکە بگات ).*۱ ئاماژە بە و حاڵەتە دەکات ، کەمردن وا نزیک بۆتەوە ، موخاتەبەی خۆی پێ دەکات ، واتە لای شێرکۆ مردن وەک ڤیگەرێک حەقیقەتێکی بەڵگە نەویستە ، بەڵام نایەوێ زەمەنی بیرکردنەوەی لە نوسینی شیعر (مردن )پێی ڕابگرێ ، بەڵکو ئەو دەیەوێ خۆی گورجتربکات بۆ ڕاپەراندنی ئەرکەکانی لەبواری ئەدەبدا و پاش تەواوکردنی پرۆژە ئەدەبیەکانی ئیدی گرفتێکی نی یە لەگەڵ پەیدابوونی مردن دا ،
گەر بە وردی لە خودی مردن بکۆڵینەوە ، ئەوا مردن ،ئەو حاڵەتە مەترسی دارە نیە ، بەڵکو جۆرێکە لە کەشفکردنی دیوی ناوەوەی خود ،بۆیە بۆ کەسانی ڕەخنەگری ئەدەبی کە ئیش لەسەر هەڵکۆڵینی ناو دەق دەکەن ، گەر توانیان لەو ڕێگایەوە بتوانن بەر خودی مەرگ خۆی بکەون و خوێندوەیەکی ماریفی بۆ دۆزینەوەی گرێ کوێرەکانی ژیان ، بکەن و توانای وە تەماشاکردنی پرسیارە ماریفیەکانیان هەبێ بۆ دروست بونی گومانخوازی بەمەبەستی کردنەوەی کۆدەکانی ناو دەق ، یا بەدیوێکی تردا کەشڤکردنی ئەو ئەگەرانەی کە دەق نەیووتون. ، ئەوا دەتوانن لەمسی مردن بکەن و ئەو دیوی بخوێننەوە .

(ئەپیکور ),٭۲ فەیلەسوف لەئاست جدی بوون لەبەرامبەر بەمەرگ ، جۆرە دەرچە و دەرکەیەکی گاڵتەجاڕانەیان بۆ قوتار بوون دۆزیوەتەوە ، دەرگەیەک کەڕەنگە هەندێک خستبێتیانه سەر پشت یان لانی کەم ئاشنا بن پێی کەدەڵێ تا ئەوکاتەی من لێرەم مردن بوونی نییە، وەختێکیش من لێرە لەژیان نه مام .، ؟

بۆیە زۆرێ لە شاعرو نوسەران ،توانیویانە بیکەنە کەرەستەیەک بۆ شێوازی نوسین وداهێنان ، هەتا ئامڕازی ڕووبەرووبوونەوه ی دڵڕەقیەکانی نێو جیهان و بوون ، چونکە هەندێ جار دەکرێ( سینیزم) زادەی خودێکی بریندار بێ لانی کەم بەپێی سەرتاکانی مێژووی فەلسەفە و بیرکردنەوە٫ محمد عومەر عوسمان (پرسی مردن ، لەڕێگای بەرکەوتنی خۆکوشتنەوە تاقی دەکاتەوە و دەیەوێ خۆی لێ بدات ، یا لەم ڕێگایەوە بۆ ئەبەد خودی کردەی مردن نەمێنێ. .
محمد عومەر عوسمان لە شیعری (خۆکوشتن) دا , بەوردی لەڕێگای وێنای خەیاڵ و چنینی ووشەو ئیقاعی شیعریەوە ،تەوزیفی حاڵەتە دەرونیەکەی خۆی دەکات و لەڕێگای قەسیدەی خۆکوشتنەوە ،ململانێ لەگەڵ ئەم کردەیە دەکات ، بەردەوام بارە دەرونیەکەی ئاماژەن بۆ ناجێگیری بۆ یەکلایی نەکردنەوەی پرسی (مردن )، بۆیە هەمیشە بەردەوام کردەی خۆکوشتن لای بیری شاعر و لەناو تێکستە شیعریەکانیدا حزوری هەبوە ، وە بەردەوامیش لەدۆخێکدا جێگیر نەبووە ، حاڵەتی خۆکوشتنەکە، بەڵام قۆناغەکانی کردەی خۆکوشتن لای حمە عومەر لە دۆخە جیاوازەکانی ژیاندا گۆڕانی بەسەردا هاتوە ، وەک کردەی ڕۆشنە پێکهاتن ، تیشکی خۆر لە ئاوی دەریا کان دەداو دەبێتە هەڵم ، هەڵمیش بەهەورو ، هەوریش بەباران بارانیش جارێکی تر دەڕژێتەوە نێو دەریا ، بەواتا بەم پێیە میتۆدی( خۆکوشتن) لای ژەنەڕاڵی پایز ، ڕەسەنە و وێڕای گۆڕانە فیزیکیەکان بەسەریدا بەڵام هەر حزوری هەیە لە هزرو ئەندێشەی محمد عومەر عوسمان دا ، ، هەر ئەم (ڤیگەری خۆکوشتن )ە یشە ، دەبێتە کەرەستەیەک بۆ نوسینی شیعر و موبارزەکردنی لەگەڵ خودی مەرگ خۆی لەناو شیعرەکانیدا . ، واتە پرسی (خۆکوشتن ), لای حمەعومەر بە فلتەری مردن خۆیدا ناڕوات ، بەڵکو بەپێچەوانەوە کردەی خۆکوشتن ،ئەو ڤاکتەرەیە بۆ هاتنە ناوەوەی هەستە باڵاکانی شاعر بۆ ناو دەریای پڕ لە ئازارو تەنهایی و ژیانی پڕ لە غوربەتی خۆی ، شاعر لەڕێگای دەستبردنی ، خۆکوشتنەوە ، جۆرێک لە یاری و تەموتومان و دەستبازی دەکات ، تا نوقتەی توڕە کردنی کردەکە و ورژاندنی تایاخی بوون ، واتە توڕەکردنی کردەکە کە خۆکوشتنە بەم هۆیە شاعر توانیویەتی تەوزیفی شعری پێ بکات و کردەی خۆکوشتنەکەش بدوێنێ ، بەڵام کاتێک توڕەی دەکا لەجیاتی نوسینی قەسیدەیەک ئەمجارەیان دەست دەداتە بینی شاعر خۆی ،
، پرسی خۆکوشتن ، چ وەک پرسیارێکی فەلسەفی و فکری بۆ کەشفکردنی خودی مردن ، محمد عومەر عوسمان ، لە قەسیدەی خۆکوشتن دا جوان وێنای ئازارو ناخ و بیر و ئەندێشەی ئاڵۆزاوی، بکات ، شاعر لەقەسیدەی خۆکوشتن دەستی بردوە بۆ پرسی خۆکوشتن ، تاوەکو لە دەرگا داخراوەکانی ناخی خۆی بدات دواتر بەسانایی بتوانێ بیکاتەوە ، یا لەم ڕێگایەوە، هەرچی گرێ و گولی ژیانی وجود و عەدەم هەیە لەتەک پرسە وجودیەکانی تردا بەناویاندا ڕاگوزەربێ ،لەڕێگای نوسینی شیعرەوە داهێنانی پێ بکات..
بۆ نموونە (نیتشە )*۳ , ی فەیلەسوفی ئەڵمانی بەم جۆرە تەماشای مردنی بەشێوەیەکی گاڵتە جاڕیانە گوزارشتی لێکردوەو ڕاشکاوانە بۆ( الیزابێس )ی خوشکی
دەنووسێت :
“ئەوکاتەی مردووم و توانای بەرگری لەخۆکردنم نی یە ، تۆ نابێت ڕێگە بدەیت ، کەشیشێک بێت و لەسەر تەرمەکەم توڕەهاتەکانی تیلاوەت بکات ، یاخود ڕێگەی پێبدەیت جەستەم پیس بکات “
تێڕوانین لەبیروباوەڕو بیرکردنەوە و ئایدیاکان یاخود بەڕوانین لەئەزمونی زیندەگی ئینسان بەگشتی ئەوەندە ڕوون و ئاشکرایە ، کەترس لە مردن هات ئیدی من لە ژیاندا نەماوم ، لەبەر ئەم هۆکارە ترس لەمردن چ مانایەکی نی یە..، بەڵام گەر هاتوو دڕکەکانمان وەک چزووی دووپشک ڕاستکردەوە لەدژی ئەوی دی ئیدی
ئەمەدەبێتە ترسناکترین شتێ لە ئاست مردن دا بەفکتەرێکی سەرەکی دابنرێ ،
ئەو دڕکانە لەمێژە ڕاستیان کردبۆوە و دەینکرد بە هەستە باڵاکانی محمد عومەر عوسماندا تاوەکو بەدرێژای زەمەن ببێتە گرێ و لە هەستەوە بگوازرێتەوە بۆ نەستی و جێگیر ببێ لەوێدا ، تا سەرئەنجام سەر ی بخوات ، بەڵێ هەرئەوەیشیان لەگەڵیدا کرد . .

لەغوربەتا ی محمد عومەر عوسمان بەزمانێک نوسراوە جیاواز لەزمانی شاعیرانی سەردەمەکەی ، بەڵام لەسەر بنەمای ئەدەبی کلاسیک شیعری پێ نوسیوە ، بەڵام بە فیگەر و دنیا بینینی خۆیەوە ، جوانترین داهێنانی شیعری کردوە وخۆی نمایش کردوە ، زمانی شیعریی ،ژەنەڕاڵی پایز لێوان لێوە لەوێناکردنی وێنەی شیعری و زمان و دولیزمی ووشە جورێک لە ( پارادۆکس) ی ووشە هەیە ، کە دژە یەکن شاعر هاتوە لە ناو زمانی شیعریدا گونجاندنێکی ئێستاتیکیانەی پێ بەخشیون ، ئەم حاڵەتە و چونێتی بەکارهێنانی ئەو ووشانە بەئاگایی بوونی شاعر نیشان دەدات لەدنیای ئەدەب . لەلایەکی ترەوە لەغوربەتا لەڕووی دنیای فکرو تەوزیفکردنی پرسیارە وجودیەکانی دەربارەی خودی مرۆڤ و بوونی مەرگ و ژیان و بوون و نەبوون خوداوەندو شەیتان خاچ و مەسیح جەللادو قوربانی بوروژێنێ ، بەزمانی شیعر . بەشێوەیەکی زۆر سەرنج ڕاکێش و سەر سوڕهێنەر توانیویەتی تەوزیفیان بکات ، لەغوربەتا هەر لەسەرەتایەوە سنوری لۆکاڵی بڕی و ئەودیوی سنورە داخراوەکان ببڕێ و بە جیهان خۆی بناسێنێ ، ، واتە کاتێک تاکێکی ئەوروپی یا ئاسیەوی ، ئەمریکی استرالی لەغوربەتا بخوێنێتەوە ، هەست بە مەلەل ناکا ،بەڵکو هەت دەکات کەسێکی ئەوروپی نوسیویەتی
ئەمەش خاڵێکی گەشی سەرکەوتنی دیوانی لەغوربەتایە ، ،کەتوانی بەمیل دەقەکانی تری سەردەمەکەی بەجێ بهێلێ.
محمد عومەر عوسمان زۆر بەئاگایانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەقدا کردوە لەڕوی فۆرم وناوەرۆکەوە ، بە جوانترین شێوە توانیویەتی تەوزیفیان بکات .
شاعیر ، بەر لە دەستپێکردنی بۆ نوسینی شیعر ئاستی ڕۆشنبیری و چۆنێتی و چەندێتی نوسینی زانیوە ، کە بۆ کێ ئەنوسێ و بۆچیش ئەنوسێ ، ، پاشان تێر بوونی لە بیری بوون گەرایی و چۆنێتی هاتنەوەوەی شاعیر لەڕێگای زمانی شیعرەوە بۆ بەتاڵکردنەوەی باری دەروونی و ناخ و بیری ،کەبەردەوام دۆخێکی ناجێگیر دایە ،دەیەوێ جورە ئارامیەک دروست بکات بۆبارە سایکۆلۆژیەکەی.

وێناکردنی باری سایکۆلۆژی لەناو دقی شیعری

باری دەرونی شاعرلەڕێگای بیرو فەلسەفەی بونەوە ، سەرچاوە دەگرێت ، پاشان ئەو پرسیارانەی هەمیشە حزوریان هەیە لەلای ئەو و وەڵامیان لای شاعر چنگ ناکەوێ وەک مردن . بۆ نوسینی شیعرەکانی ، پایز دەکاتە ئەو ڤیگۆرەیە بەردەوام لەگۆڕاندایە ئەم شێوازەی محمد عومەر عوسمان بۆ تەوزیفکردنی شیعر ، داهێنانی پێکردوە . ئەمە خاڵی بەهێزی شیعریی محمد عومەر عوسمان نیشان دەدات و لەوانی تری جیادەکاتەوە .شاعیر پایز لە شوناسێکدا نابینێ ، جیاواز لە و پایزەی گورانی شاعر ، پایز لای حمەعومەر عوسمان لە گۆڕانی بەردەوام دایە لە بازنەیەکدا جارێ پایز مناڵە و جارێکی دی دەبێتە باوک و جارێکیتر نیشتمانە ، جارێکی تر ژەنەڕاڵە ، جارێکی ئازیزەکەیەتی ، جارێکی تر ئەو وری ئیلاهی یە لای شاعیر ، جارێکی تر مەسیح و خاچەکەیەتی ئەم ڤیگۆرە لەنوسینی شیعر داهێنانە لەناو دنیای ئەدەبی شیعری ، وە محمد عومەر عوسمان زۆر ورڕیاو ورد و بەئاگا تێکستە شیعرەکانی وێناکردوە ،دەتواام بڵێم دەقەکانی لەغوربەتا شیعری لیریکین ، کت و مت بۆ ئاوازی گۆرانی داڕێژراون بە ئیقاع و ئێستاتیکا یەکی سەردەمیانە.

مۆتەکەی خۆکوشتن لەناو دەقی شیعری لەغوربەتا..

محمد عومەر عوسمان ، وەک خوێنەرێکی بەئاگا ، بەئاگابووە لە نوسینەکانی نوسەری بەناوبانگی جیهانی ئەدگار ئالان پۆ کاریگەرێتی فکری نوسینەکانی ئالان پۆ لەچیرۆکدا ڕەنگدانەوەی لای حمە عومەر جێدەهێلێ وەک ڕەشبینی بەڵام حمە عومەر تەئویلاتی جیاوازی بۆ ڕەشبینی کردوە لەلایەکی ترەوە گرێی مەرگ لای حمە عومەر هەمیشە حزوری هەیە ، لێرەوە ئیتر (بیری خۆکوژی) ئەو (ڤیگۆرەیە) دەبێتە مەدلولی واتا
شیعریەکەی کە بەردەوام لە هەڵبەزین و دابەزیندابێ ، لە نزیک کەوتنەوە و دوورکەوتنەوەدابێ ،واتە گرێ ی خۆکوشتن بەردەوام حزوری هەبوە لای شاعیر ، کاتێک هەوری خۆکوشتن لەلای دەڕەوێتەوە ، کە خودی( مەرگ) خۆی ، (بمرێ ), !!؟
بەواتە شاعیر قەدەری خۆ کوشتن ی دەخاتە بەردەم مەکرەمەی مردنەوە ، کە مردن بمرێ و نەمێنێ ، ئەوکات ئیدی هەوری خۆکوشتن لای شاعر دەڕەوێتەوە نەک کۆتایی هاتبێ و نەمابێ ، شاعر تێگەیشتوە لەوەی خۆکوشتن تازە لای ئەوی شاعر ڕەسانایەتی هەیە ، دەکرێ زەمەنەکەی بگۆڕێ بەڵام خودی خۆکوشتن خۆی لەدەست نادا کەنەیەتەوە بۆ لای شاعر . بەڵکو بە ڕەوینەوەی هەوری (خۆکوشتن ) , تەنها ڕۆشتوە بەڵامجارێکی تر دەگەڕێتەوە، ، کردەی خۆکوشتن لای حمە عومەر عوسمان ئەو کاتە بەکۆتا دەگات کە خودی مردن خۆی (بمرێ ) ! وەک دەزانین کردەی خۆکوشتنەکە دەبەستێتەوە بە مردنی مردن خۆی ەوە ، ئەمەش مەجازیە تە لە فکرو خەیاڵ و فەنتازیا ی شیعر ، کە زمانی نوسینی محمد عومەر عوسمانی پێی جیادەکاتەوە لەشاعرانی سەردەمەکەی خۆی ، شاعر قەدەری خۆکوشتن دەبێ بە فلتەری مردن دا تێ پەڕی بێ ئینجا بە کۆتا دێت چون مردن ، واتە نەمان و لەناو چون ، ئەو کاتێک دەڵێ (مردن )بمرێ ، ، ئینجا هەوریی خۆکوشتن دەڕەوێتەوە.

ڕەواندنەوە بەو مانایە دێت ، کردەی خۆکوشتن بەکۆتا
نەهاتوە و بنەبڕ نەبوە، بەڵکو کاڵ بووتەوە ، ئەمەش تەنها زەمەنی خۆکوشتنی شاعیر دووردەخاتەوە لەسەر ئەرزی واقیع ، وەک کات ، بەڵکو جارێکی ترو لە زەمەنێکی تردا سەرهەڵدەداتەوە.وەک لێرەدا دەڵێ

ئای ئاخۆ کەی بێ
چەقۆی ژێر سەرینەکەتم
لەقوڵپی خۆێنتا گەرم بێتەوە
یا مردن بمرێ
هەوری خۆ کوشتن لەژوورەکەتا بڕەوێتەوە

کردەی خۆ کوشتن لای شاعیر ، ئەم گرێ ئەنتۆلوجی یە ی خۆ کوشتن له ساتە وەختی بڵاو کڕدنەوەی دیوانی لەغوربەتای شاعیرەوە دەست پێدەکات واتە لەساڵی ۱۹۸٥ تا شەوی/ ۲۲/ ۱۰ /۲۰۱۹ بەپراکتیکی کردەی خۆ کوشتن لای محمد عومەر عوسمان ئەنجام دەدرێ،، لەدەقی( خۆکوشتن) دا ئاماژەی پێکردوە ، شاعیر
تەوزیفی کردەی خۆکوشتنەکەی دەکات ، بەڵام لەو قۆناغانەدا
مەدلولی پشت نوسینی شیعرەکانی ئێنرجی پێ دەبەخشن و موخاتەبەی دیوی ناوەوەی شاعیر دەکەن و بەناو دنیا پڕ لە گرێ و گۆڵی فکری شاعیردا دێن و دەچن ، هەربۆیە لەقۆناغی نوسینی شیعرەکانی شاعر هانا بۆ کردەی خۆکوشتن نابات ، چون هەموو نیوە شەوێ کاتێک بیری لای خۆکوشتن بوبێ ، و دەستی بردبێ بۆ چەقۆی ژێر سەرینەکەی ، ویستبێتی خۆی بکوژێ ، لەناکاودا ڕوخسارێکی کاڵ لەدوورەوە دێ … کاڵ هەر ..وەکو تەم
هەتا دێ تۆخ و تۆختریش ئەبێ
لەپڕا ئەڵێم ..ئای خۆ هاتوە ..!
سەری ناوەتە سەر پەنجەرەکەم
زەردە ئەیگرێ .. و
زۆر بەخامۆشی لە سیمای مردوم وورد ئەبێتەوە
منیش چەقۆکە ئەشارمەوە
نەفرەت لە بیری خۆ کوشتن ئەکەم

کاتێکیش شاعیر هەنگاو هەڵدەگرێ تاوەکو بەرەو ڕووی رووخسارە کاڵەکە بچێ ، ئینجا ئەو دوور ئەکەوێتەوە، لێ ، بەدوورکەوتنەوەی جارێکی تر بیری خۆ کوشتن دێتەوە و واتە بیری خۆکوشتن هەمیشە لە دیوی ناوەوەی بیری شاعیردا ئامادەگی هەبووە ، ، هێندە نەبێ لەڕووی زەمەنەوە جارناجارێ دوورکەوتۆتەوە . وەک لێرەدا دەڵێ

پێی ده ڵێم.. گیانه.. ئاگر له گیانی ته زیوم به رده..
با دڵ و سینه ی پڕ له ئازارم له ت و په ت نه که م
زه رده ئه یگرێ و
که هه نگاوێکیش به ره و ڕووی ده نێم..
به جێم ئه،هێڵێ..
سیمای کاڵ.. کاڵتر.. کاڵ ده بێته وه
دیسان ژووره که م که یل ئه بێته وه له زایه ڵه ی گۆڕ..
هه زاران تابووت.. له ناو چاوانما.. ئه خولێته وه
له ته م و مژا.. په ل ده هاوم و
جارێکی تریش هانا بۆ چه قۆ ڕه شه که ئه به م..
چه ند ساتێک نابا.. به ر له مردنم.. ده گه ڕێته وه
سیمای تۆخ.. تۆختر.. تۆخ ئه بێته وه
سه رله نوێ ده ستم سارد ئه کاته وه
کوشتنی خۆمم بیر ده باته وه.
جمال نوری
بۆ نوسینی ئەم نوسیە
سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوە..
۱-دیوانی خێراکە مردن واخەریکە بگات، شێرکۆ بێکەس.
۲-ئەپیکۆر ی فەیلەسوف
٤-زەردەشت وەهای گووت
٥- لەغوربەتا ، محمد عومەر عوسمان




10 هەنگاو بۆ دووركەتنەوە لە گوشاری دەروونیی … فاتیمە احمەد

مرۆڤەكان لەم سەردەمەدا بەهۆی ریتمی خێرای ژیان و زۆریی كاروبار و سەرقاڵی پێوەیان، رووبەڕووی گوشاری دەرونیی دەبنەوە، بەڵام مرۆڤەكان دەتوانن بە چەند هەنگاوێكی سادە خۆیان لە گوشاری دەرونیی دووربخەنەوە و لە كاریگەرییەكانی لەسەریان كەمبكەنەوە.

سایتی ” گیزۆنهایت بۆنكێت دی ئەی ” ئەڵمانی كە بایەخ بە تەندروستی جەستەیی و دەرونیی مرۆڤ دەدات 10 هەنگاوی دیاریكردووە كە هاوكاردەبن لە زاڵبوون بەسەر گوشارە دەرونییەكاندا و ئەو دە هەنگاوەش ئەمانەن:

• وەرزش: وەرزشكردن یەكەمین هەنگاوە بۆ كەمكردنەوەی گوشاری دەروونیی، بە تایبەتی وەرزی بەپێ رۆیشتن و مەلەكردن هاوكاری مرۆڤ دەكەن لە رزگاربوون لە گوشاری دەرونیی ، هەروەها رۆیشتن و پشوودان لە هەوای كراوەدا بەسن بۆئەوەی مرۆڤ لە كاریگەرییەكانی گوشاری دەرونیی رزگاری ببێت.

• خواردن و ئامادەكردنی: سایتە ئەڵمانییەكە دەڵێت پرۆسەی سەوزە پاككردن بۆ نمونە كاریگەری لەسەر هێوركردنەوەی جەستەی مرۆڤ دەبێت و هەروەها چەند خۆراكێك كە دەوڵەمەندن بە كالسیۆو و مەگنسیۆم و ڤیتامین بی وەك مۆز، برۆكلی، پێكهاتەكانی شیر، گەنم، گوێز كاریگەری ئەرێنییان لەسەر باری دەرونیی مرۆڤ دەبێت.

• پێكەنین: هەنگاوی سێیەم بۆ نەهێشتنی گوشاری دەرونیی پێكەنینە كە زۆر بە سودە بۆ جەستەی مرۆڤ و هاوكاردەبێت لە دەردانی مادەی سیرۆتۆنین كە رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە رێكخستنی مەزاجی مرۆڤ، هەروەها پێشی دەوترێت ” هۆرمۆنی خۆشبەختی”، بەڵام ئەگەر نەشتوانیی پێبكەنیت، ئەوەندە بەسە هەردوو چاوت بنوقێنیت و پشووبدەیت و زەردەخەنە بكەیت بۆئەوەی هۆرمۆنی خۆشبەختی دەربدرێت.

• كوپێك چایی لە توانایدا دەرونت ئارام بكاتەوە، و لەلایەن سایتە ئەڵمانییەكەوە بە هەنگاوی چوارەم دانراوە بۆ دووركەوتنەوە لە گوشاری دەرونی بەڵام مەرجی ئەوەشی داناوە كە پێویستە مرۆدد لەكاتی خواردنەوەی چاییەكەدا دانیشتوبێت نەك بەپێوە بۆئەوەی چێژ لەو ساتە وەربگرێت.

• هەنگاوی پێنجەم بریتیە لە تەماشاكردنی وێنەكانی كاتی پشوو، چونكە ئەو هەنگاوە هەستكردن بە پشوودان و ئارامیی و خۆشبەختیش پێدەبەخشێت.

• لە هەنگاوی شەشەمدا پسپۆرانی بواری دەرونناسی ئامۆژگاری مرۆڤ دەكەن بەوەی هەندێك لە كات بۆخۆی تەرخان بكات، وەك بیركردنەوە لەو كارەی كە ویستوە هەفتەی رابردوو بیكەیت و بۆت نەكراوە، یان كاتێك بۆ خوێندنەوە تەرخانبكەین یان گەشتێك بكەیت.

• تەرخانكردنی كاتیی تەواوەتی بۆ نوستن هەنگاوی حەوتەمە بۆ كەمكردنەوەی گوشاری دەرونیی، كەمخەویی یەكێكە لە هۆكارەكانی گوشاری دەروونیی و تێكچوونی كارو فەرمانەكانی جەستە.

• هەنگاوی هەشتەم بریتیە لە دووركەوتنەوە لە هۆكارەكانی گوشاری دەرونییی وەك مۆبایل و پسپۆران ئامۆژگاری مرۆڤ دەكەن بۆ ماوەی 24 كاتژمێر دەستبەرداری ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان بێت.

• هەنگاوی نۆیەم بریتیە لە هەڵپەڕكێ‌ و سەماكردن كە رێژەیەكی باش كالۆری لە جەستەی مرۆڤدا دەسوتێنن و رۆڵی دەبێت لە باشتركردنی دەرونیی مرۆڤ.

• هەنگاوی دەیەم و كۆتایی خۆی لە باش دركردن لە هەموو شتێكی چێژبەخش، ئەگەر پارچەیەك شوكۆلاتەت خوارد، بۆ نمونە پێویستە بە هێواشی بیخۆیت و لێبگەڕێت لە دەمدا بتوێتەوە، لەبەرئەوەی شوكولاتە هاوكاریی دەردەبێت بۆ دەردانی هۆرمۆنی خۆشبەختی” سیرۆتۆنین”.

فاتیمە احمەد




قاسدێکم وەک خۆم تەنیا …. زانا سامان

چی دەبێت … چی
بەم هەموو ڕژانەوە
بەم تێکشکانی وجووەوە بێم و
بێم و خۆمت تێدا بخوێنمەوە،
چی دەبێت چی ..
بەخۆم و بێ
ژەنەڕاڵەوە
بە خۆم و خۆم و حەمەوە٭
لە دەرگای نائومێدی بدەین و
ئیدیی
پێکەوە بڕژێین
‌پێکەوەڕا هەردووکمان
هەڵوەرێین
ئاخر کێ ناڵێ کێ ….
دەستم ناچێتە سەر شیعرێکی مەحوی
کێناڵێت‌کێ …
لە نازم حیکمەتەوە
دوور … زۆر دوور
نامەیەک ناگات
منیش بەچرپە
دڵنەوایی
٭دلاور نادەمەوە
ڕەنگە وابێت
بە خۆم و کۆڵێ نیگارانییەوە
بەخۆم و تێکشکانێکی ئەبەدییەوە
بێم و لە‌خۆمدا
ونتکەم.

زانا سامان

—————————————————–

ژەنەڕاڵ
واتا حەمە عومەر عوسمان
دلاوەر
واتا دلاوەر قەرەداغی




ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی عیراق چین كه‌ له‌دژی كورد ده‌كه‌ونه‌وه؟‌ … عیماد عه‌لی

ئه‌گه‌ر رووداوێكی زۆر گه‌وره‌ نه‌قه‌ومێت، زۆرترین ئه‌گه‌ری زنجیره‌ی هه‌نگاوه‌ له‌به‌رچاوه‌كانی عیراق له‌مرۆ به‌دواوه‌ ئه‌مانه‌ن ؛ وازهێنان یان وه‌لانان و وازپێهێنانی پله‌ باڵاكان به‌هه‌موویانه‌وه‌، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ یان سڕكردنی په‌رله‌مان، دانانی حكوومه‌تێكی له‌ناكاو یان نائاسایی،هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌، هه‌مواركردنه‌وه‌ یان دووباره‌ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور.

ئه‌گه‌ر له‌ ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی قازانجی كورد له‌م قۆناغه‌ و گۆڕانكاریه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان قسه‌بكه‌ین ئه‌وا به‌ كورتی و پوخته‌كه‌ی هیچ هه‌نگاوێك له‌ قازانجی كورددا نیه‌، واته‌ به‌گشتی هه‌ر گۆڕناكاریه‌كی چاوه‌ڕوانكراو هه‌ڵوێست و پێگه‌ی كورد ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ و له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا دوارۆژێكی نادیار و سه‌ختی لێده‌بینرێت و ئه‌گه‌ری دووباره‌ی ناوه‌ندێتی زۆر به‌هێزه‌ نه‌ك به‌م جموجوڵ و چالاكیانه‌ی نێوخۆی عیراق به‌ته‌نها به‌ڵكو به‌ بۆچون و كار و هه‌وڵی وڵاتانی ده‌وروبه‌ریش.
جا ئه‌و به‌شبه‌شێنه‌ی كه‌ كوردی تێدابوو، به‌ شێنه‌یی وه‌كو پێشتری لێده‌ێته‌وه‌ و مه‌گه‌ر كوردێكی پاشكۆی ناوه‌ند ببینیت رۆڵی كاریگه‌ریهه‌بێت له‌ به‌غدا ئه‌گینا له‌جیاتی لامه‌ركه‌زیت له‌چاڵده‌نرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وازپێهێنان و ده‌ركردنی له‌مه‌ودوا سه‌رجه‌م پۆسته‌كانی كوردیش ده‌گرێته‌وه‌ و جگه‌ له‌ شیعه‌ سونه‌ش ئه‌مجاره‌ به‌ پوختی به‌ پشتگیری وڵاتانی هاپشتی ده‌وره‌بری له‌دووره‌وه‌ و به‌جیا له‌وكاته‌ی سه‌ره‌تای روخانی سه‌دام” ئێستا خۆی مه‌ڵاسداوه‌ و ئه‌گه‌ری ناوه‌ندێتی له‌ قازانجی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب به‌ته‌نها ده‌كه‌وێته‌وه‌.

پاش ده‌ركردنی ئه‌و بڕیارانه‌ی پێویستن بۆ ناوه‌ندگه‌رێتی عیراق، په‌رله‌مان به‌خۆی هه‌ڵده‌وشێته‌وه‌ یان سڕده‌كرێت و ئه‌مه‌ش حكوومه‌تی له‌ناكاوی كاتی خۆی ده‌سه‌پێنێت كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی زاڵبونی ناوه‌نده‌ و ته‌نانه‌ت هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن به‌ شێوه‌یك ده‌بێت كه‌ كورد كه‌مینه‌یه‌كی بێ كاریگه‌ر ده‌بێت له‌ په‌رله‌مان و رۆڵی له‌ یاسا گرنگه‌ دواخراوه‌كان نامێنێت و ماده‌ی 140 فت ده‌بێت و چاره‌نوسی ناوچه‌دابڕاوه‌كان ده‌كه‌و‌ێته‌ سه‌ر شاخی شه‌یتانه‌كه‌ی به‌غداوه‌، كه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت زیاتر رێگه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت كه‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان زاڵبن و له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ یان دووباره‌ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عیراق یه‌كه‌م لایه‌ن كورد زه‌ره‌ر ده‌كات و ته‌نانه‌ت فیدراڵێزمیش ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌ست قه‌ده‌ری ناوه‌ندگه‌راكانه‌وه‌.

بۆیه‌ كورد له‌م كاته‌دا له‌ دووریانێكی مه‌ترسیداردایه‌ و خۆشی له‌ نێوخۆی خۆیدا ئه‌م حاڵه‌ بێفه‌ڕه‌ی هه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ هه‌ستیار نه‌بێت و له‌زه‌ره‌ی میله‌ته‌كه‌ نه‌بێت له‌م كاته‌دا وا فه‌رزه‌ خه‌ڵك هه‌ڵسێت، به‌ڵام ئه‌و فشارانه‌ چین وا له‌ لایه‌نه‌كان بكرێت كه‌ ئێستا هه‌نگاوی خودپارێزی بنێن و به‌ربه‌ستی یاسایی و میلی له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ره‌ نه‌خوازراوه‌كانی به‌غدا دانێن؟




عێراق به‌ره‌و كوێ مل ئه‌نێت ؟ … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ { تشرینی یه‌كه‌م ــ ئوكتۆبه‌ر } له‌ شاری به‌غدای پایته‌خت و شاره‌كانی خوارووی عێراق دژ به‌ گه‌نده‌ڵی و پشكپشكێنه‌و دزێ خۆپێشاندانه‌و تا ئێستا درێژه‌ی هه‌یه‌ وله‌ { 25 } ی مانگه‌وه‌ خۆپیشاندانه‌كان چرتر بووه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كانی بووه‌ هوێ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ و زیاتر له‌ { 100 } كه‌س شه‌هیدو زیاتر له‌ { 4000} برینداری لێكه‌وته‌وه‌.
به‌ هوێ بارودۆخه‌كه‌و، بێتوانایی حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بۆ داخوازییه‌كانی جه‌ماوه‌ر، ژماره‌ی خۆپێشاده‌ران له‌ هه‌ڵكشان و زیادبووندایه‌ و، هێزه‌كانی پۆلێس و ئه‌من و ئاسایشی عێراق ده‌ستیان كراوه‌یه‌و، ته‌قه‌ له‌ خه‌ڵك و خۆپیشانده‌ران ئه‌كه‌ن و، ژماره‌ی شه‌هیدوبرینداران رۆژ له‌ دوای رۆژ به‌رزتر ئه‌بێته‌وه‌.
له‌ به‌ر نه‌چوونی حكومه‌تی عێراق به‌ ده‌م داخوازییه‌كانی خۆپیشانده‌ران دوو په‌رله‌مانتاری ئه‌نجومه‌نی عێراق وه‌ك ناره‌زایه‌تی ده‌ربرین ده‌ستیان له‌ كاركێشایه‌وه‌ و، وتیان په‌رله‌مان جێگه‌ی ئێمه‌ نییه‌و، باشتروایه‌ بچینه‌ ناو خه‌ڵك و، ئه‌و دوو په‌رله‌مانتاره‌ له‌ حزبی شیوعی عێراق بوون به‌ ناوه‌كانی : رائید فه‌همی { سكرتێری حزبی شیوعی عێراق} و ، هه‌یفاء ئه‌لئه‌مین { پێشمه‌رگه‌ی دێرین و شیوعی ناسراو} و، له‌ پاش ئه‌وان چه‌ندان په‌رله‌مانتاری تر ده‌ستیان له‌ كار كێشایه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی جێی ئاماژه‌یه‌ گه‌نده‌ڵكاران و تاقمی پشكپشكێنه‌و ده‌ستوپه‌یوه‌ندی وڵاتانی به‌ناو دراوسێی عێراق، داوای چاكسازی و، كۆنترؤلكردنی دۆخی ئه‌منی وڵات ئه‌كه‌ن و، زوربه‌ی خه‌ڵك و خۆپیشانده‌ران ئه‌زانن ئه‌و گه‌نده‌ڵكارانه‌ هوێ سه‌ركین، له‌ دزی و فرت وفێڵ به‌رامبه‌ر به‌ داخوازییه‌كانیان و، ئه‌مرۆ خۆیان شاردووه‌ته‌وه‌و، ده‌مدرێژی وچه‌نه‌بازی ئه‌كه‌ن.
هادی ئه‌لعامری به‌رپرسی تاقمی بدرو ‌لیستی (الفتح) و، نوری ئه‌لمالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق و به‌رپرسی لێستی ( ده‌وڵه‌تی یاسا) داوایان له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران كرد، كۆنترۆڵی بارودۆخی عێراق بكات و، هێزه‌كانی ئاسایش (ئه‌من) رووبه‌رووی “” ئاژاوه‌كێران”” ببنه‌وه‌و، لێره‌وه‌ ده‌رئه‌كه‌وێت ئه‌و دوو به‌رپرسه‌ خوازیاری خوێنرشتنن و خۆپیشانده‌ران به‌ ئاژه‌وگێران ناو ئه‌به‌ن، كه‌ پایته‌خت و نۆ پارێزگای عێراقی گرتووه‌ته‌وه‌ و، شه‌و رۆژ هاوار ئه‌كه‌ن وداوای چاكسازی ئه‌كه‌ن ، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك و، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق داوای چاكسازی ئه‌كات و، ئه‌ڵێت عادل عه‌بدولمه‌هدی داواكاری خۆپیشانده‌ران بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی جێبه‌جی بكات و، هه‌روا وتی : عێراق له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گه‌نده‌ڵكاران مه‌سوتێنن و، ئه‌وه‌ی له‌ پیرچووه‌ته‌وه‌ زوربه‌ی گه‌نده‌لییه‌كان ودزی و خراپه‌كاری پاشماوه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی خودی خۆیه‌تی و، نابێت كه‌س حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ بیر بكات وه‌ك شۆڤه‌نیستێك وخوێنرێژێك و، كرده‌وه‌و هه‌نگاوه‌ قیزه‌وه‌نه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كوردستان له‌ پاش پرۆسه‌ی ریفراندۆم و، ئه‌وه‌ ده‌بابه‌كانی عه‌بادی بوون له‌ كه‌ركوك پێشمه‌رگه‌یان شێلاو هێزه‌كانی نارده‌ سه‌ر سنووره‌كانی كوردستان له‌ گه‌ڵ ” عێراقی قیدراڵ “” و، فه‌رمانیپێدان به‌ره‌ورووی پێشمه‌رگه‌ ببنه‌وه
بارودۆخی عێراق مه‌ترسیداره‌و، ئاسۆیه‌كی رونی نییه‌ و، كه‌س نازانێت به‌ره‌و كوێ ئه‌روات و، كی سه‌ركردایه‌تی تووره‌یی و رقی خۆپیشانده‌ران ئه‌كات و، له‌ كوێ زانیاری و رێنه‌مایی وه‌ر ئه‌گرن و، كێ ئه‌م بارودۆخه‌ ئه‌قۆزێته‌وه‌و، به‌رپرسانی شیعه‌كان (عه‌مامه‌ به‌ سه‌ره‌كان) خۆیان مه‌لاسداوه‌و، جارو بار چه‌نه‌بازی ئه‌كه‌ن و، زوربه‌ی دانیشتوانی عێراق ئه‌زانن هه‌ر ئه‌وانن فه‌رمان به‌ چڵكاوخۆرو پاسه‌وانه‌كانیان ئه‌ده‌ن خۆپیشانده‌ران ئه‌كه‌نه‌ ئامانج و ئه‌یانكوژن و، شاراوه‌ نییه‌ ئه‌مریكاو ئێران كارگه‌ریان هه‌یه‌ به‌ سه‌ر شیوازو ره‌فتارو ئاراسته‌ی جموجوڵه‌كانی حكومه‌ت.
حزبی شیوعی عێراق و لێسی سائرونی موقته‌دا ئه‌لصه‌درو كۆمه‌ڵیك په‌رله‌مانتار داوا ئه‌كه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ست له‌ كاربكێشێته‌وه‌ چونكه‌ ناتوانێت داخوازییه‌كانی خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ بكات ، و له‌ ئێستادا عێراق دوو رێگای له‌ به‌رده‌مه‌ : مانه‌وه‌ی حكومه‌ت یان گۆرینی نه‌خشه‌ی سیاسی و، ئه‌م دوو رێگایه‌ش به‌ په‌له‌و كتوپرخواستی خۆپیشانده‌ران ناهێنێته‌دی و، ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستله‌كار نه‌كێشێته‌وه‌ ، ئه‌بێ كاتێكی دیاریكراوی بدرێتی بۆ چه‌ند مانگێك و، له‌ ژێر چاودێری بێت و، ئایا ئه‌توانێت خواست وداواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران بهێنێته‌دی و، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ متمانه‌ی لێبسێنرێته‌وه‌.
نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و بریتانیاو وڵاتانی تر هوشداری ئه‌ده‌نه‌ حكومه‌ت و، داوا ئه‌كه‌ن بچن به‌ پیر داخوازی خۆپیشانده‌ران و، گوێیان لێبگیرێت و، هه‌وڵبده‌ن چیتر خوێن نه‌رژێت و، منیش ئه‌ڵیم وریا بن حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی خوێنمژ نه‌گه‌رێته‌وه‌.
خوێن شه‌قامه‌كانی به‌غدای پایته‌خت و پارێزگاكانی خوارووی عێراقی سوور كردووه‌و، لیسته‌كانی په‌رله‌مان وكه‌سایه‌تییه‌كان داوا له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌كه‌ن ده‌ستله‌كار بكشێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ بۆچی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتگیری له‌ حكومه‌تی عێراق و سه‌رۆك وه‌زیران عه‌بدولمه‌هدی ئه‌كات؟ هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان عه‌بدولمه‌هدی و مالكی و عه‌بادی نییه‌و، هه‌ر هه‌موویان له‌ ژێر چه‌تری ئێران و مه‌رجه‌عییه‌تن…
30/10/2019




سەرۆک … نووسینی: د. چیا زەنگەنە وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

گەلێکی سەرکردەی
نیشتمانێکی سەرکردە
باوکی سەرکردە
كوڕی سەرکردە
كوڕەزاری سەرکردە
كوڕەزازای سەرکردە
خانەوادەی سەردکردە
برای سەرکردە
كوڕانی برا سەرکردەکان
كوڕ و کچانی خوشکە سەرکردەکان
هاوپەڕینەوە سەرکردەکان
بنەماڵە سەرکردەکە
خێڵە سەرکردەکە
یەک جل لەبەرە سەرکردەکان
نووسینگە و سکرتاریەتە سەرکردەکان
پاسەوان و یاساوڵە سەرکردەکان
بەرێز زاوا سەرکردەکە
بەڕێز ئاوەڵ زاوا سەرکردەکە
خانەوادە سەرکردەکانی زاواکان
خەبەر لێیەری ئازیزی سەرکردە
سیخوڕی بەشوشی سەرکردە
كۆنە جیمی سەرکردە
جەللادە ڕۆح سووکە سەرکردەکە
قەحبە و گەوادە دەستڕۆشتووەکان
سەرکردەی سەر
سەرکردەی ژێر
هەمووتان سەرکردەمن..!!
پرسیار :
كێ میللەتە ؟
کێ بنکردە ؟
و
شوێنی من کوا
لە نێوانی سەر و کردە !




ئایە زمان کردارە؟ … کامۆ ئاراز ئەحمەد

زمان تایبەتمەندیەکی گەلێ سەیری مرۆڤە، هەموو مرۆڤێکی ئاسایی ڕۆژانە بە لایەنی کەمەوە حەوت هەزار وشە دەردەبڕێت*، هەسارەکەشمان لە ئێستادا ماڵی حەوت بلیۆن و نیو مرۆڤە، ئەگەر هەر تاکێک (بێ جیاکردنەوەی ئەو منداڵانەی کە هێشتاکە توانای قسەکردنیان نییە) ڕۆژانە بە ئاسایی بدوێت ئەوا خۆت بیریکاریانە هەژماری بکە کە ڕۆژانە چەند وشە بە زمان دەردەبڕدرێن، وەلێ هێشتا دەسەوەسانین لەوەی بە تەواوی بزانین زمان چییە.

کاتێک لە مرۆڤیک دەپرسیت زمان چییە؟ ئەوا لە وەڵامدا دەبێژن ‘زمان ئامرازی پەیوەندییە’. بێگومان ئەوە ڕاستە بەڵام ئەمە ئەرکی سەرەکی زمان نییە. بەلای منیشەوە ئەوە گەلێ سەیر بوو کە وردە وردە لە چۆمسکی* ورد دەبوومەوە، هەرگیز کۆمیوکانیسیۆنم بەسەرەکی نەدەبینی. تەنانەت فێردیناند دێ سێسۆر دەڵێت ‘بە بێ زمان، هزر تەمەئەستێرەیەکی لێڵ و ناڕێکوپێکە’. ئاخر زمان تەنها بریتیی نییە لە کۆمەڵە دەربڕێنێک زانیاری دەدەن دەربارەی شتەکان یاخود وەسفیان دەکەن، بەڵکو لە هەمان کاتیشدا کردار بە ئەنجام دەگەینن وەک لەوەی پێمان بڵێن چی دەگوزەرێت لە چواردەورمان.

ئەم هزرەی زمان ئاکسیۆنە تیۆرێکە کە لقێکە لە مەبەستناسی پێی دەگوترێت ‘تیۆری کردارە گوفتارییەکان’ speech acts theory. کاتێک دادوەرێک لە دادگا بە تاوانبارێک دەڵێت ‘بەڕێز فڵان، سزای مەرگت بەسەردا دەسەپێنم’ ئەم ڕستەیە لە پێدانی زانیاری گەلێ زیاتری هەڵگرتووە، ئەم دەربڕینە بە جێگەیاندنی کارێکە کە دونیای دەوروبەر و سایکۆلۆژیمان دەگۆڕێت. هەروەکو چۆن ماسولکەکانمان دەجولێنین بۆ هەڵسان بە کردنی ئاکتێک، بەهەمان شێوەش دەربڕینێکی هاوشێوەی ‘بەڵێن بێت دەتکوژم’ کردارە.

ئەم تیۆرە دەگەڕێتەوە بۆ کارە فەلسەفییەکانی جۆن لانگشاو ئۆستن*، لە ساڵی ١٩٦٢ کتێبێکی کۆکراوەی وانەکانی زانکۆی بڵاوکرایەوە دوای مردنی لە ژێر ناویhow to do things with words. ئەم کتێبە زۆر گرنگ بوو بۆ بنیادنانی تیۆرەکە وە لە هەمان کاتتدا وای لە فەیلەسوفەکان و زمانەوانەکانی دوای خۆی کرد کە گرنگی بە لایەنەکانی دیکەی زمانیش بدەن نەک تەنها زمان وەکو ڕستەگەلێکی ڕاگەیاندنکاریانە ببینن. بە شێوەیەکی دیکە دەتوانین بڵێین، زمان تەنها کۆمەڵێک گفت نییە ڕاست یان هەڵە بن، بەڵکو کۆمەڵێک ڕستە ئەرک بە ئەنجام دەگەیەنن وەک لەوەی تەنها ڕاست بن یان هەڵە. کاتێک دادوەرەکە بە تۆو خۆشەویستەکەت دەڵیت ‘ئێستا ڕایدەگەیەنم ئێوە هاوسەری یەکترین’ دونیای سایکۆلۆژی و فیزیکی تۆ بەم کردارە دەگۆڕدرێت. یانیش کاتێ وڵاتێک لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت ‘ ئێمە جەنگ بەرامبەر بە وڵاتی x ڕادەگەیەنین’ ئەمە تەنها وەسفکردنی ڕووداوەکە نییە، بەڵکو کردارێکە کە دەرئەنجامێکی خوێناوی لێدەکەوێتەوە.

ئەکتە گوتەییەکان دەکرێت لە سێ ئاستدا شیکارییان بۆ بکرێت:
١.ئاکتی دەربڕین locutionary act ئەم ئاستە بریتییە لە کرداری دەربڕینی ڕستەکە لە پاڵ مانا و دەربڕین و پڕۆنانسیاسیۆنەکەی.
٢.ئاکتی نا-دەربڕین illlocutioanry act ئەم ئاستەش بریتییە لە هێزی دەربڕینەکە، بە واتایەکی دیکە لەم ئاستەدا ڕستەکە کردارە و هاوشانی بە ئەنجامگەیاندنی شتێکە وەکو بەڵێندان، بڕیاردان، داخوازیکردن، هتد.
٣.ئاکتی پەیبردن pre-locutionary act ئەم ئاستە کاریگەرییەکانی ئاستی دووەم و یەکەم لەسەر قسە لەگەڵ کراودا دەردەخات کە وای لێدەکەیت پەی بەشتێک بەرێت یاخود وای لێدەکەیت ئەرکێک بە ئەنجام بگەیەنێت.

بەهەرحاڵ، مابەستناسی و لقەکەی تیۆری ئاکتە گوفتارییەکان بابەتێکی قووڵی فەلسەفەی زمانە، بۆیە لە وتارێکی پێناساندن کاریدا ناتوانرێت زۆر لێی قوڵببینەوە. هەرچۆنێک بێت، جیا لەوەی زمان خودی خۆی سەرنجڕاکێشە هەمیشەش سەرنجڕاکێشترە کاتێک لە گۆشەی جیاوازەوە لێی دەڕوانین. ئیتر کاتێک بەڕێوبەرەکەت خۆی مۆن دەکات و بە تۆنێکی دەنگی زیاد لە پێویست پێت دەڵێت ‘تۆ دەرکرایت!’ خەم لەوە مەخۆ دەرکراویت، خەمبخۆ ئەگەر نەزانی ئەوە نموونەیەکە بۆ ئاکتی گوفتاری speech act.

پاشکۆ:
*مرۆڤ ڕۆژانە بە لایەنی کەمەوە ٧٠٠٠ وشە دەردەبڕێت: https://learning.linkedin.com/blog/advancing-your-career/you-speak–at-least–7-000-words-a-day–here-s-how-to-make-them-
*نۆوام چۆمسکی، باوکی زمانەوانی مۆدێرنە و فەیلەسوفێک و زمانەوانێکی بەناوبانگە.
*فێردینان دێسێسور توێژەر و زانایەکی سویسری بوو کە بە باوکی زمانەوانی ناسراوە.
*جۆن لانگشاو ئۆستن John L. Austin فەیلەسوفێکی بەڕیتانییە، کارەکانی گرنگ بوون بۆ مەبەستناسی.




مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی سیاسی له‌شانۆدا !! … ڕێباز محەمەد جەزا


خوێندنه‌وه‌ی مرۆڤ و كاركردن له‌ سیاسه‌ت و شانۆدا ، هه‌وڵێكی فه‌لسه‌فیانه‌ی پوخته‌و له‌هه‌مان كاتیشدا ئاڵۆزو هه‌ستیار و وورد . له‌به‌رئه‌وه‌ به‌گرنگی ده‌زانم ئه‌م دۆزه‌ به‌كێشه‌ بكه‌م و هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌ی بده‌م . هه‌ رچه‌نده‌ خۆم نابه‌ستمه‌وه‌ به‌میتۆدێكی دیاریكراوه‌و باسه‌كه‌ش كه‌مێك چڕو پڕو پانۆرامی ده‌خوێنمه‌وه‌ ، به‌ڵام فه‌رامۆشكردنی هه‌ستنه‌كردنه‌ به‌به‌رپرسیارێتی و خۆگێلكردنه‌ له‌ و مێژووه‌ی شانۆكه‌ هه‌یه‌تی كه‌ تائه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت قسه‌و باسه‌كان به‌رده‌وامن و كۆتاییان نه‌هاتووه‌ و چاوه‌ڕاونیش ناكرێت به‌م زوانه‌ كۆتاییان بێت .

هه‌ربۆیه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌م هه‌ڵبژارد تا ئه‌و په‌رده‌یه‌ لابه‌رم كه‌ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ڕوخساری هه‌ندێك له‌وانه‌ی وه‌ك “ئایدلۆژیایه‌كی تۆتالیتار” ی خۆیان مه‌ڵاس داوه‌و گورزی قورس له‌ژیانی شارو ژیار ده‌وه‌شێنن له‌ ڕێگه‌ی شانۆوه‌ ،. ئه‌مه‌ ئه‌و غه‌دره‌ قورسه‌ ژیاریه‌یه‌ كه‌ئێمه‌ له‌و مێژووه‌ نزیكه‌ی شانۆدا هه‌مانه‌ و زۆربه‌ی كات ، (نزعه‌ – ڕه‌وت) ێكی بازاڕی نه‌وه‌یه‌ك سه‌رقاڵ ده‌كات به‌ وه‌ك یه‌ك لێكردن و یه‌ك ڕه‌نگكردن و كارتی سوور فڕێدان بۆ په‌راوێزخستنی ئه‌كتیڤیست و كاراكانی ناو ئه‌و فه‌زا شێواوو ناته‌ندروست و ناهونه‌ریه‌ی كه‌ ته‌نها چه‌ند كه‌سێكی هه‌ڵگری ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ خاوه‌ندارێتی ده‌كه‌ن و به‌رگری له‌مانه‌وه‌و پاراستنی ده‌كه‌ن .

بۆئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی شایسته‌ و گشتگیر ڕه‌نێو بهێنین له‌شانۆدا ده‌رباره‌ی مرۆڤ ، پێوسستمان به‌ جیاكردنه‌وه‌یه‌تی له‌ بوونه‌وه‌ره‌كانی تر و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ڕه‌چه‌ڵه‌كی دۆزه‌كه‌ كه‌بوونی مرۆڤه‌ و لێڕه‌دا ته‌نها ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ بوونی (مرۆڤ) له‌شانۆدا هه‌بوویه‌كی ئاگامه‌ندانه‌یه‌و ده‌بێت مرۆڤ خۆناس بێت و بیر له‌ بوونی خۆی بكاته‌وه‌ و بزانێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی جیهاندانیه‌ ، جه‌گه‌له‌و ناته‌واوی و كه‌م و كورتیانه‌ی كه‌ له‌بوونیدا هه‌ن سیفه‌تێكی تریشی هه‌یه‌ كه‌ كاركردن و تیشك هاویشتنه‌ بۆ سه‌رشته‌كانی ده‌ره‌وه‌ .

ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت لێره‌دا باسی ده‌كه‌م ، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌نیاز نیم ڕه‌چه‌ته‌یه‌ك به‌یان بكه‌م بۆچاره‌سه‌ر ، به‌ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت گفتوگۆی جدی و به‌رهه‌مدار بخه‌مه‌ سه‌ر خوانی بیری شانۆییمان خۆئه‌گه‌ر مرۆڤ رادیكاڵیست بوو ئه‌وا مانای وایه‌ مرۆڤ روئیایه‌كی دیاریكراوی هه‌یه‌ بۆ كۆی دۆزه‌كه‌ و توانایه‌كی شاردراوه‌ی مێژوویی لادروست ده‌بێت . له‌م ڕووه‌وه‌ تێگه‌یشتنی شانۆكارێك بۆ ڕادیكاڵیزم ڕزگاربوونه‌ له‌ كۆت و به‌ندی ڕابردوو!! به‌ڵام ئه‌ی چی ده‌رحه‌ق به‌و مرۆڤه‌ دۆگمایه‌ ی كه‌ بۆهه‌ڵته‌ كاندنی سیستم و به‌ها دووباره‌كان دووباره‌ هه‌مان دۆگم بینابكاته‌وه‌ به‌ سه‌ره‌و نخونی یان به‌ لنگه‌و قوچی !! بیه‌وێت رۆحی شۆڕش دروست بكات و به‌ تیۆرێك بیسه‌ پێنێـت ، له‌كاتێكدا نه‌خوێنده‌وارێكی ته‌واو عه‌یاره‌ 24 بێت !!؟ بیرۆكه‌ی شۆڕش هه‌رگیز چاره‌نووسی دیاریكه‌ری ڕادیكالًیزمی سیاسی نه‌بووه‌ ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ دواوه‌و بۆمێژوویه‌ك كه‌ ته‌حه‌كومی پێوه‌ بكرێت . هه‌روه‌كو چۆن سایمۆندیس ووتی : ” ئه‌گه‌رچی په‌یوه‌ندی به‌دیمه‌نه‌ جوانه‌كانه‌وه‌ هه‌بێـت ئه‌واله‌بارێكی خراپدا ده‌بیتَ”.

بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆئه‌و سه‌ره‌تایه‌ی كه‌تێگه‌یشتن له‌مرۆڤ گه‌لێك ئاڵۆز و سه‌خته‌ و خوێندنه‌وه‌كانیش هه‌مه‌ جۆرن و هه‌رهێزێكی نۆستالیژی و خاوه‌ن ته‌كنیكی كۆن ، بیه‌وێت ئه‌و فه‌ زاگشتیه‌ داگیربكات جاڕی مه‌رگی خۆی ده‌دات و دووباره‌ تۆتالیتاریزم به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه‌ . ئه‌مه‌ش بانگی راِستیه‌كه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان وایه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێـت مرۆڤ بكه‌نه‌ پێوه‌رو پێودانگی هه‌موو شته‌كان .
باشتر وایه‌ مرۆڤ بن تاله‌مرۆڤ پچن یان تێی بگه‌ن !!
قسه‌كردن له‌سیاسه‌ت له‌ رۆژهه‌ڵات به‌گشتی و له‌كوردستان كه‌مێك ئاڵۆزو ناڕوونه‌ ، به‌ڵام تێًگه‌یشتن له‌ڕوانگه‌ی شانۆوه‌ بۆ سیاسه‌ت یان بینینی شانۆییانه‌ بۆسیاسه‌ت و تێروانین و په‌یوه‌ندی نێوانیان و چێتی و ته‌ندروستی مامه‌ڵكردنیان كێشه‌ی قورس و هه‌مه‌جۆر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت و ده‌بێت بڕیار بده‌ین له‌وه‌ی (شانۆوسیاسه‌ت ) به‌واتا دۆگم و باوه‌كه‌ی وه‌ربگرین یان به‌شێوه‌ ڕاسته‌قینه‌و فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی ؟َ ! كه‌له‌ڕاستیدا بۆهه‌ركامیان قورسه‌ سه‌رپێی بیخوێنمه‌وه‌ به‌ڵام به‌گشتی سه‌رنج و تێڕاوانینی خۆم به‌یان ده‌كه‌م له‌ڕیی ئه‌و میراته‌ شانۆییه‌ی كه‌هه‌مانه‌ له‌مامه‌ڵه‌كردنی سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ شانۆدا !! بۆچی؟ چونكه‌ كاریگه‌ریه‌كانی سیاسه‌ت و سیاسیه‌كان له‌دنیای ئه‌مرۆدا كه‌شێكیان دروستكردووه‌ ده‌توانن ده‌ستكاری ته‌واوی ژیان و شانۆش بكه‌ن وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی ژیانی و شارستانی و ژیاری پشكیان به‌رده‌كه‌وێت .
به‌ڵام گه‌ربمانه‌وێت به‌دیوه‌ فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی دا بیخوێنینه‌وه‌ هه‌ر زوو ڕووبه‌ڕووی نه‌بوونی پێشینه‌ی فكری و فه‌لسه‌فی ده‌بینه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی شانۆكه‌ی ئێمه‌ به‌و ڕابردووه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی هه‌ر زوو ده‌پچڕێین و تووشی بێ ئومێدی ده‌بین . ئه‌مه‌جگه‌له‌وه‌ی ئێمه‌ی وه‌رگرو بینه‌رانی شانۆ، پێویستمان به‌هه‌ماهه‌نگی كلتوری و مه‌عریفی هه‌یه‌ تابزانین ئێمه‌ له‌كوێی دۆزه‌كه‌داین ؟ ده‌كه‌وینه‌ كوێی قه‌له‌قیه‌كانی جیهانی نوێ‌ و شانۆ وه‌ وه‌كو كورد شانۆو سیساسه‌ت له‌م ئاسته‌ لۆكاڵی و ناوچه‌گه‌رێتی و تایفه‌گه‌رێتیه‌دا بۆكوێ‌ ؟ كه‌ئه‌مانه‌ش په‌یوه‌ستن به‌ هوشیاری و جێگیری جه‌ماوه‌ری شانۆو بكه‌ره‌كانی شانۆ (شانۆكار) به‌گشتی ده‌توانم بڵێم شانۆ (له‌كوردستان) له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك له‌مامه‌ڵه‌دایه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت ئه‌اونیش بریتین له‌ :

  1. دارایی و بودجه‌ .
  2. هێزو پاوه‌ری ڕاگه‌یاندن و بڵاوكردنه‌وه‌.
  3. له‌سه‌ر ئاستی بازاڕو ماركێتینگ به‌ ئایكۆن كردنی كه‌سه‌ نزیكه‌كانی ناو دنیای سیاسه‌ت و قسه‌كردن له‌سه‌رهه‌ندێك به‌رهه‌م و وونكردنی هه‌ندێكی تر و گه‌روه‌كردنی هه‌ندێك كه‌سایه‌تی و پووچه‌لًَكردنه‌وه‌ی هه‌ندێكی تر ..
    به‌هه‌رحاڵ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م دنیا ناڕون ونادیاره‌ پێویستی به‌ خوێندنه‌وه‌و تێبینی قوڵ و تیۆری هه‌یه‌ له‌ڕووی (فه‌لسه‌فی و زانستی ) و چونه‌ ناو قۆناغه‌كانی ئه‌و ژیانه‌ نیمچه‌ ( هونه‌ری – سیاسی )یه‌وه‌ كه‌ دنیایی ئێمه‌ له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌رم ده‌كات و نائاگا له‌ شارستانیه‌تیه‌ فره‌ چه‌شن و جۆراو جۆره‌كان كه‌ده‌بنه‌ پێش مه‌رجی دروست بوونی شانۆیه‌كی پوخت و هونه‌ری كه‌به‌دوای خۆیاندا دیالۆگ و مشت و مڕی (جددی – ڕژد) به‌رهه‌م ده‌هێنن ، به‌ڵام ده‌رهه‌ق به‌م باسه‌و لێره‌دا نامه‌وێـت بچمه‌ناو ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌وه‌ به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی لام گرنگه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ كاریگه‌رو فره‌ لایه‌نه‌ ببه‌ستمه‌وه‌ به‌ ته‌اووكه‌ری پرۆسه‌كه‌ ئه‌وانیش :
    یه‌كه‌م : سیستمی شانۆ كه‌نیمانه‌
    دووه‌م : سه‌رچاوه‌ی دارایی شانۆ كه‌نیمانه‌
    سێهه‌م : هێزو ده‌سه‌ڵات و كاریگه‌ری شانۆ (دیسان كه‌نیمانه‌ )
    چواره‌م : بازاڕی شانۆ كه‌ئه‌میش له‌و په‌ڕی لاوازیدایه‌ .
    واته‌ له‌كۆتاییدا باسكردن له‌ كێشه‌كانی شانۆ په‌یوه‌ستن به‌ حیزب و تیۆرو فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی نیه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م مامه‌ڵه‌نازانستی و ناهونه‌ری و ناكارگێڕیه‌ هه‌ر ئه‌و شێوازه‌ ی لێدروست ده‌بێت كه‌ جۆرێك له‌ خۆهه‌ڵواسین به‌ جه‌ماوه‌ری لێ سه‌وزده‌بێت كه‌ ئامانج پڕكردنی هۆڵه‌كان ده‌بێت نه‌ك بینینی شانۆیه‌كی هونه‌ری وئه‌مه‌ش دووره‌ له‌و بیانوووه‌ی كه‌ به‌ناوی دروستكردنی بینه‌ره‌وه‌ ڕووده‌دات به‌ڵكو ئه‌وه‌ له‌بینین خستنی ئه‌و بونه‌وه‌ره‌یه‌ كه‌ شانۆده‌كات و شانۆ ده‌بینێت .



مێژوو له‌ دوو ئاراسته‌ی تۆماركراودا … نووسینی: ئه‌حمه‌د كامه‌ران

هه‌ركاتێك كه‌ ناوی مێژوو ده‌هێنرێت پێویسته‌ له‌ دوو ئاراسته‌دا كۆی بكه‌ینه‌وه‌:
*ئاراسته‌ی یه‌كه‌م (مێژووی سپی)
*ئاراسته‌ی دووه‌م (مێژووی ڕه‌ش)

هه‌ربۆیه‌ مێژوو ده‌كرێته‌ دوو ئاراسته‌ چوونكه‌ گێرانه‌وه‌ی رووداوه‌كانه‌ له‌ رابردودا, وه‌ هه‌روه‌ها من له‌م باسه‌م دا ده‌مه‌وێ تیشك بخه‌مه‌ سه‌ر مێژووی كه‌سه‌ فه‌رمانڕاوه‌كان كه‌به‌ درێژایی مێژوو له‌ نێو لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا گوزه‌ریان كردوه‌ به‌, به‌ دووئاراسته‌ی جیاوازدا.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ كاتی نووسینه‌وی مێژوو پێویسته‌ هه‌وڵی دووركه‌وتنه‌وه‌ بدرێت له‌ نه‌ته‌وه‌ په‌رستی و شۆڤێنیزمی و نه‌چوونه‌ ژێر باری ئاینه‌وه‌, هه‌ركاتێك له‌ نوسینه‌وه‌ی مێژوودا بكه‌وینه‌ ژێر ئه‌م سێ ئایدیاوه‌ , له‌ ده‌رئه‌نجام دا لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو ده‌شێوێنین و له‌هه‌مان كاتیشدا سته‌می مێژوویی ئه‌نجام ده‌ده‌ین,بۆیه‌ پێویسته‌ مێژووی ڕه‌ش وه‌ هه‌روه‌ها مێژووی سپی وه‌كو خۆیان تۆماری بكه‌ین بۆ نه‌وه‌كان پاش خۆمان.

له‌ كاتی هاتنه‌ سه‌ر ته‌ختی هه‌ر فه‌رمانڕه‌وایه‌ك به‌ درێژایی مێژوودا, هه‌موو جۆره‌ كارو كرده‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌دات و له‌ هه‌موو خۆشیه‌كانی ژیاندا خۆی بێ به‌ش ناكات به‌ڵام ئه‌وكاته‌ی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر لێواری مه‌رگدا, ئیتر هه‌موو شتێكی له‌ یاد ده‌چێته‌وه‌ وه‌ ته‌نها بیری لای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن خۆی له‌م لێواری مه‌رگه‌دا ڕزگار بكات, بێگومان ڕزگار بوون له‌ لێواری مه‌رگ شتێكی مه‌حاله‌ چوونكه‌ ئیتر زه‌نگی مردن بۆ ئه‌و كه‌سه‌ لێدراوه‌ ده‌بێت خۆی بۆی ملكه‌چ بكات,به‌ڵام پاش كۆتایی هاتنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و فه‌رمانره‌وایه‌ وه‌ نه‌مانی له‌سه‌ر ژیان دا,تاكه‌ شت له‌ پاش خۆی به‌جێی ده‌هێڵته‌وه‌ ئه‌ویش مێژووه‌كه‌یتی به‌ درێژایی ئه‌و رۆژگارانه‌ی كه‌ به‌ڕێیان كردوه‌,واته‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵات داره‌ به‌ درێژایی ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی كه‌ ژیاوه‌ و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات بووه‌ چ جۆره‌ كارو كرده‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام داوه‌,بێگومان ئه‌وه‌ ته‌نها مێژوو بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵات داره‌ شاهێتی ده‌دات,بۆیه‌ ئێستا لێره‌وه‌ دووباره‌ ئاراسته‌ی مێژوو خۆی له‌ دوو ئاراسته‌دا ده‌بینێته‌وه‌, كه‌ ئه‌ویش له‌ سه‌ره‌تادا باسم لێوه‌ی كرد كه‌ گوتمان بریتیه‌ له‌ مێژووی ڕه‌ش و مێژووی سپی, واته‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵات داره‌ی كه‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی به‌رده‌وام هه‌وڵی خۆش گوزه‌رانی و ئاوه‌دانی داوه‌ بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی وه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا خۆیشی پاراستوه‌ له‌ هه‌موو جۆره‌ جه‌نگێك و كاولكاریه‌ك بۆ سه‌ر خاك و نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌رامبه‌ری دا, بۆیه‌ له‌ نێو لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵات داره‌ به‌ مێژووی سپی تۆمارده‌كرێت كه‌ ئه‌مه‌ش بۆنه‌وه‌كانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ و وه‌له‌هه‌مان كاتیشدا بۆ نه‌وه‌كانی هه‌موو جیهان به‌ جێگای شانازی داده‌نرێت ,هاوكاتیش به‌ پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی یه‌كه‌م دا ئاراسته‌ی دووه‌میش له‌نێو لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا خۆی ده‌بینرێته‌وه‌, ئه‌م ئاراسته‌یه‌ش ده‌توانم بڵێم زۆرترین ئاراسته‌یه‌ كه‌ له‌ نێو مێژوودا به‌رچاومان ده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌ویش (مێژووی ڕه‌شه‌) ئه‌م ئاراسته‌یه‌ پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌كه‌ی تره‌, واته‌ هه‌ر ده‌سه‌ڵات دارێك له‌ پاش ماڵئاوایی كردنی له‌ژیان دا,وه‌ به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌ ده‌سه‌ڵات داریه‌ی كه‌ هه‌یبووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ی دا كه‌ تێیدا به‌به‌رده‌وامی هه‌وڵی چه‌وسانه‌وه‌ی خه‌ڵك و ئاره‌زووكردنی بۆ به‌رپاكردنی جه‌نگ وكاوڵكاری داوه‌, هه‌ربۆیه‌ ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵات داره‌ له‌ (مێژووی ڕه‌ش) تۆمارده‌كرێت, كه‌ زۆرجاران ده‌بێته‌ مایه‌ی شه‌رمه‌زاری بۆ ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات دارێكی له‌م جۆره‌ی دا هه‌بووه‌.

هه‌ركاتێك گوێبیستی چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی مێژوویی ده‌بینه‌وه‌ وه‌كو (غاندی وگیڤارا و ماندێلا)…هتد له‌گه‌ڵ چه‌ندین كه‌سایه‌تی تری هاوشێوه‌ی ئه‌وان, كه‌ توانیویانه‌ ئه‌م كه‌سایه‌تیانه‌ بۆ خۆیان مێژوویه‌كی سپی تۆمار بكه‌ن له‌ نێو لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا, كه‌ له‌هه‌مان كاتدا نه‌ته‌وه‌كانی خۆیان و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ش شانازیان پێوه‌ بكه‌ن, چوونكه‌ ئه‌م كه‌سانه‌ خۆیان به‌ ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ژاران داناوه‌ و ته‌واوی ژیانی خۆیان و هه‌موو خۆشیه‌كانی ژیانیان پشت گوێ خستووه‌ له‌ پێناو به‌ده‌ست هێنانی خۆشگوزه‌رانی بۆ نه‌ته‌وه‌كانیان و به‌رپاكردنی ئاشتی و ئارامی له‌ ته‌واوی جیهاندا, كه‌چی له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا كه‌سانی له‌م جۆره‌ به‌به‌رده‌وامی ڕوبه‌رووی هێرش و زیندان و تیرۆكردن ده‌بنه‌وه‌,هۆكاره‌كه‌یشی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر گۆیه‌كی زه‌ویدان ڕێژه‌ی كه‌سانی خراپه‌كار و خوێن رژ زۆرتره‌ له‌ كه‌سانی باش و ئاشتی خوازدا.

*جیاواز له‌وانه‌ی كه‌ باسم لێوه‌ی كرد ئه‌گه‌ر باسی كه‌سێكی تری ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا بكه‌م كه‌ به‌رده‌وام خۆی له‌نێو لاپه‌ڕه‌ ره‌شه‌كانی مێژوودا تۆمار ده‌كات كه‌ ئه‌ویش (ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه‌) كه‌ كه‌سێكی خراپه‌كارو شه‌ڕخوازی مێژووه‌, به‌رده‌وام ئاره‌زووی له‌ جه‌نگ و كاوڵكاریه‌ وه‌ به‌هۆی ئه‌و جه‌نگ و كاوڵكاریانه‌ی كه‌ به‌رپایان ده‌كات بۆ سه‌ر وڵات و ناوچه‌ی دیكه‌دا بووه‌ته‌ بكوژی سه‌ربازی وڵاتی خۆی دا,كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێت كه‌س و كاری ئه‌و سه‌ربازانه‌ له‌ كه‌سێكی له‌م جۆره‌دا خۆش نه‌بن چوونكه‌ له‌سه‌ر شتی بێكه‌ڵدا گیانی خۆیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن, ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رۆكه‌كه‌یانه‌ ئه‌م جه‌نگ و كاولكاریانه‌ی, به‌ڵام ئاخۆ كه‌سێكی له‌م جۆره‌دا كه‌ به‌رده‌وام خوێنی بێ تاوان ده‌ڕژێنێت له‌سه‌ر خاكی خۆیدا به‌بێ هیچ تاوانێكدا, ده‌بێت ئه‌م كه‌سه‌ ویژدانی چۆن ئاسووده‌ بێت له‌ وكاته‌ی سه‌ر ده‌نێته‌وه‌ به‌سه‌ر بالیفه‌كه‌ی , بۆیه‌ ئه‌م كه‌سانه‌ ویژدانیان كۆچی دوایی كردوه‌,وه‌ ده‌بێتیش میژوو به‌ بێ ویژدانی باسی ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ بكات.

*ئه‌م دنیایه‌ كه‌ ئێمه‌ی تێداین زۆر كورته‌ وه‌ موڵكی هیچ كه‌سێك نیه‌ بۆ هه‌تا هتایه‌, بۆیه‌ هه‌مووی به‌جێی ده‌هێڵێته‌وه‌ هه‌تا تۆ له‌م ژیانه‌دای و هه‌ناسه‌ ده‌ده‌یت به‌رده‌وام كاری چاكه‌ و ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی به‌رپا بكه‌ بۆ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ت به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست چوونكه‌ ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی مێژوویی ده‌كه‌وێته‌ سارشانی.




ورووژان … سەلام محەمەد

چیت بۆ بنووسم..
دەریای ئارام هەدادانی پێكەوتووە
بوومەتە جۆگەلەیەكی باریك
سەرتاسەری كەنارەكانی ئازاری سوور و سپین
باڵایان، لە باڵای دارچنار درێژترە
نە ڕۆژ، نە شەو لە یادم دەرناچیت
سۆراغت دەكەم و لێت دەپرسم
بەڵام چیت بۆ بنووسم..
ئەگەر باسی زەردەپەڕ و گزنگت بۆ بكەم
تۆ خۆت فریشتەی هەتاونشینی
ئاوی نەرمە پڕووشەت..
بەسەر ئاگری هەناسەمدا دەبارێت
دەزانم جوانیی تۆ
لە چوارچێوەی وشەدا دەستەمۆ نابێت
بەڵام چی بكەم
شەپۆلی وشە لە سینگمدا پەنگی خواردووه‌ته‌وە
ئەگەر نەخشەی چاوەكانت نەكێشم
چیدی باران خاك ماچ ناكات..
چیدی كانیاو بۆ ئەستێرە پێناكەنێت
وەرە خوارەوە
تەنیا شەوێك تەختەكەی ئاسمانت جێبهێڵە
بمكەرەوە منداڵە مەمكخۆرەكەی جاران
هەتا پێكەوە لەسەر ئاوازی
قرچەقرچی سووتانی ئەرخەوان
سه‌ما بكەین و
گوڵە وەریوەكانی ناخم بلاوێنینه‌وه‌
تۆ دەزانی:
ناخم لە بەفر دەچێت و
دەفتەری زریان و سەرما و سۆڵەیە؟
ئای بۆ ڕۆژانی برسیه‌تیم..
تەمەنم چواردە ساڵان بوو
حەزم لە كچێكی لاوازی چاوقووڵ كرد
ئەوسا تۆ لە ناخی سپیمدا نووستبووی
دوای ساڵێك دڵداری..
دوای ساڵێك سروودی فرمێسك
وتی: ئەگەر تامەزرۆی هەڵمژینی
لێوی ناسك و مەمكۆڵەی پڕبدەمی
دەبێ خوێنی گیانمان تێكەڵاوبێت
وتی: من لە نەوەی (ڤینۆس)م
باوەڕم بە خۆشەویستی خوێنە
لێوەكانیم گەزی.. مەمكۆڵەیم مژی..
ئەویش لێوەكانی گەستم
یەكمان گرت و دوای چەند مانگێك
ڕێمان كەوتە شاری دڕكوداڵ
جیابووینەوە ئەو پەیمانی خوێنی لەگەڵ لاوێكی تردا بەست..
منیش كچە قوتابییەك، ئاشنا و دراوسێ
هەراسانی كردبووم..
تۆ هێشتا لە ناخی سپیمدا نووستبووی
شەوێك، لە ناكاودا، وەك تەلیسم
دەرپەڕیت و بەرامبەرت لێمگرت
ئێرە فڕۆكەخانەی (تیگل)ە
ئای: كە شۆخێكی نازداربووی
سەرو پەرداخێك (ڤاین)ی سوورمان نۆشكرد.
ویستم شیعرێكت بۆ بڵێم..
تۆ باڵت گرت، فڕیت، فڕیت..
لە چاو ون بووی پاڕامەوە.. نەڕۆی
گریام.. نەڕۆی
وتت: كەی وەرزەكانی ساڵ
یه‌كیان گرت دێمه‌وه‌ بۆ لات
چەپكێ گوڵە ئەستێرەشت بۆ دەهێنم
پانتۆڵی تەسكی كاوبۆی فڕێدەدەم و
سوخمە و كەوای كوردی دەپۆشم
لەو ساكەوە هەر دەنووسم و دەنووسم
بەڵام چیت بۆ بنووسم؟
خۆ جوانییت بە وشە دەستەمۆ نابێت
دڵت دزیم و كۆچت كرد
وەرزەكانی ساڵ هەتادێ
زیاتر لە یەك دووردەكەونەوە
ئەوەتانێ: بەم هاوینە گەرمە ژیانی من
شەختەبەندە، كڕێوەیە، تەرزەیە،
ئازارێكی مەییوە..
پێدەشتی بەستەڵەكم داوەتەبەر
چاوم بڕیوەتە ئاسمان، من دڵم وا لە ئاسمانە
ئێرە فڕۆكەخانەی (تیگل)ە
كە نووری خودا، بە لەشمدا ڕادەبوورێ
ترووسكەیەك
بە ئاستەم گیانی تاریكم ڕۆشندەكات..
دەق لە مۆمێكی زێڕین و بچكۆڵانەی
ناوجەرگەی شەوەزەنگێكی چڕ دەچێت
(كێ دەڵێ – ئاوس لاندەر-ی
تۆ لە منیش – ئاری – تری)
جەستەم وەك پووشێك سووك دەبێت
دەڵێم ئۆخەی..
ئێستا باڵەفڕەم پێدەكەوێت و
شاخە موگناتیسی خۆشەویستی
بۆ لای (پیترا) ڕامدەكێشێت
كەچی لە جیاتی بەیەك گەیشتن
بارانی شیعر دایدەكات
دایدەكات و پەڵەدەدات
لێزمەكانی، گۆرانی بەختەوەری دەڵێن
بەختەوەری منیش لای تۆیه
چ شیعرێكت بە شمشاڵ بۆ لێدەم؟
دەزانم حەز لە شیعر ناكەی..
تۆ هۆگری بێدەنگیی و خامۆشییت
ئەی دەزانی شیعری شمشاڵ
وڕێنەی هاواری تەنیایییە..
پاڕانەوە و گریانە
ئێرە فڕۆكەخانەی (تیگل)ە
پاڕامەوە.. نەڕۆی گریام.. نەڕۆی
بێداربوومەوە:
من لە كوێ و (پیتراخان) لە كوێ
بشێ بەر له‌ مردنم وەرزەكانی ساڵ یەك بگرن؟
بشێ بە دیداری (پیترا) شادببمەوە؟
ئای لە ئازاری جودایی..
ڕەوە پەپوولەی ناڵینم
بەدەم فڕینەوە نوێژدەكەن
دڵم كڵێسای ئەوینە..
من دڵم دزراوە.. شیعر نانووسم!
شەپۆلی وشە لە سینگمدا پەنگی خواردووه‌ته‌وە
چاوەكانم دەنووقێنم.
كۆشكێكی مەڕمەڕم لێدیاره
چواردەورەی نێرگزەجاڕە
تا چاو هەڵخەی، سەوزاییە
لەو كۆشكەدا:
مردن نییه
نەخۆشی نییە
پیربوون نییە
برسێتی نییە
بەهەشتە و بەهەشتیش نییە
لەو كۆشكەدا:
نە بەهارە
نە زستانە
نە پاییزە
نە هاوینە
ئەوەتانێ (پیترا)م دەركەوت
هەر كچۆڵە پڕەكەی جارانە
كراسێكی تەنكی سوور و
پانتۆڵێكی كاڵی كاوبۆیی لەبەردایە
بە دیار گۆمێكی شینەوە ڕاوەستاوە
ڕووی كردووەتە پەڵەهەورێكی سپی و پێی دەڵێ:
ئەگەر بوویتە باران و
ڕژایتە سەر چاوی كوڕە كوردێكی چۆغه‌لەبەر
پێیبڵێ: زۆر بیری دەكەم
كەی وەرزەكان یەكیان گرت، دەچمە سەردانی
پێیبڵێ: كۆشكێكی مەڕمەڕم كڕیوە
دوو دەرگای پێوەیە
دەرگای یەكەم ناوی منی لێ نووسراوە
كە ئەویش هات..
بە لێو، بەڵێ بە هەردوو لێو
پەیكەری ناوەكەی
لەسەر دەرگاكەی تر دەتاشم
چاو دەكەمەوە:
من لە كوێ و (پیتراخان) لە كوێ؟
وەرزەكان هاروهاج بوونە
یاخیبوونە..
بەهار بووەتە هاوین و پایزیش بە زستان
وەرە خوارەوە
بەر لە مردنم بۆ شەوێك
كۆشكی مەڕمەڕت، جێبهێڵە
چاوەڕوانیم ورووژاوە، وەرزەكان سەرخۆشن
وەرە خوارەوە
خۆ لە ناخی سپیمدا پەروەردەبووی
دەفتەری بەفر و زریانت خوێندووەتەوە
با پێكەوە
سەرو پەرداخێك (ڤاین)ی ترێ بنۆشین
ئێرە فڕۆكەخانەی (تیگل)ە
ئەگەر هاتی:
تەنیا بە چاو ماچت دەكەم
تەنیا بە دڵ بۆنت دەكەم
پاڕامەوە.. نەڕۆی
گریام.. نەڕۆی، هەر نەهاتی
سۆمایی چاوم داهات و تۆ نەهاتی
فرمێسكم دەبێتە ئاوێنە
ژەهر و دووكەڵ سییەكانم داگیردەكەن
من هەر دەگریم
بۆ (پیتراخان)ی خۆم دەگریم
تا لە شەوێكی سامناكدا..
تارمایی مەرگ، دێتەسەرم
بە دەنگێكی گڕه‌وە دەڵێ:
چركەكانی گیان دەرچوون بێ ئازارن
ناسك و پڕ ئاوازن
تۆسقاڵێ ئەشكەنجە نابینی
وابزانە ڕۆحت تاڵەموویەكی باریكە و
لەناو ماستدا، دەری دێنم
ئای .. كە لە مردن دەترسم
دەڵێم كەی وەرزەكان یەكیان گرت
هەرگیز لە مردن ناترسم
ئەوسا خۆم دێمە پێشوازیت
ئەویش قاقا پێدەكەنێ و
خوداحاوفیزی دەكا و دەڕوا
دەڵێ: بە ئومێدی دیدار!
بەهار بووەتە هاوین و هاوینیش هەر هاوینە
كچە لاوازە چاوقووڵەكەی جاران..
چوار منداڵی خورتی هەیە
چەند تاڵێكی پرچە ڕەشە قەترانییەكەی
سپی بوونە
تۆش لەناو ناخی سپیمدا پەروه‌ردەبووی
وتی: دەمناسیتەوە؟
وتم: شێوەت دەكەم و نازانم
وتی: چاكبوو دەبەنگێكی وەك تۆ نەبووە مێردم
گوایە خۆشەویستی خوێنت لەبیرچووە؟
وتم: گەردەلوول فڕاندی و دایە دەم لافاوەوە..
پەڵەهەورێكی سپی دەبینم
ئەی هەورە جوانەكە.. بڕۆ
ڕوونه‌كەیتە خاكی بایەقووش
ببە بە پاپۆڕێكی باڵدار..
سه‌رهه‌ڵبڕه‌ و ته‌ماشاكه‌
دەریای گەردوون.. بێ كۆتایی و بێ سنوورە
هەوری سپی ڕەشهەڵگەڕا..
باران بە سەر و ڕوومدا هات
باران نامەی (پیتراخان)ی بۆم هێناوە
من ناخم دەفتەری بەفر و زریانە..
بەڕەوانی نامەی باران دەخوێنمەوە
دەزانم چی دەڵێ و چی دەوێ!
لە سووچێكی نیوە تاریك و تەڵخدا..
داوای دوو پەرداخی سووری (ڤاین)م كرد
هەردووكیانم بەرزكردەوە
دوو مۆمیشم داگیرساند..
فڕێك لەمیان.. مژێك لەویان..
دەتۆش ئەی خۆشەویستەكەم
بە هەنگوینە ماچی گەرم
ناوەكەی من، نەك بۆ هاتن، بۆ یادگاری
لەسەر دەرگای كۆشكی مەڕمەڕدا بنووسە
تازە كار لە كار ترازا..
وا پایز بووتە زستان و
زستانیش بەگڕ داگیرسا..

1988

ڤاین: شەراب.
ئاوس لاندەر: بێگانە.
تیگل: فڕۆكەخانەی بەرلینی ڕۆژئاوایه.
پیترا: كچە ئەڵمانێكی هاوڕێم بوو.

سەرچاوە:
ڕۆژنامەی هاوكاری، ژمارە (1010)، دووشەممە: 26/9/1988. ل: 6




بەرەبەیانی بەهار …شیعر : محمد علی اصفهانی … وەرگێڕانی پشکۆ ناکام

شیعر : محمد علی اصفهانی
ئاواز : محمد شمس
گۆرانی : داریوش اقبالی
“”””””””””””’

هەوری باراناوی ،
باران ببارێنە..باران
لە بەهارا وەرەوە
ئەی خوڕە خوڕی باران
بۆ جەستەی دەریا
ڕووباری عەشق ڕزگار کە
لە دڵی بیابانا هەڵقوڵە
ئەی کانیاوی ڕوون
درز بخە خاکەوە
تا باغ و و سەوزایی بەرپا بێ
جرۆ بکرێتەوە
و
گوڵ سەر دەرهێنێ

شەماڵ بەدەم ڕێگەوە
عەتری سبەی بێنێ
ڕۆژهەڵات ، باڵندە
لەخەو ڕامانچڵەکێنێ
بانگخواز، دەنگ بەرزکاتەوە
تا خەڵک بکەوێتە خۆی ، بجوڵێ
ناوی خودا بێنە
تا ” دێو” هەڵبێ..وون بێ
شایەتی بە
بیسەلمێنە
پشتیوان بە
بڵێ : ئەمە..ئەم و ئەو
هەر چیت ئەوێ بڵێ
بڵێ : شەو ڕۆشت
و
هێڵی جیاکردنەوەی دوێنێ
لە ئەمڕۆ لە ئارایە
بە خەبەر بوون و چاوکراوەیی
كە ئەڕوانێتە سبەی
لە شاخەکان ، ڕووناکی
ڕوو لە بەرزییە

پشتیوان بە…پشتیوان بە
لە خۆمانەوە تا خۆمان بە ڕێ کە

بمبارێنە..بمبارێنە
هەور منم…
بمڕوێنە..بمڕوێنە
بەهار منم…
رەوانەی دەریام کە
ڕووباری شیرین و پاک منم
لە بیابانا هەڵمقوڵێنە
كانیاوی تەقیو منم
خاکم … درز ئەبەم..هێنانە کایەی باغم
شەماڵم..گوڵ ئەگرم
عەتری سبەیم
باڵندە : خودی خۆمم
فڕین لە منەوەیە
پاکیی خاوەن بوونی خۆمم
ناوی خودا بێنە
كۆڵە پشتم پێ یە
وورەی ڕێ بڕینم هەیە
……….ئەیسەلمێنم

“””””””””””””’
وەرگێڕانی
پشکۆ ناکام

Sept/2019
“”””””””””””””




ترامپ ده‌ڵێ په‌كه‌كه‌ خراپتره‌ له‌ داعش. منیش ده‌ڵێم ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ هه‌روه‌ها من توركم.

نووسینی: توونه‌ به‌كله‌ڤیك *…….
وه‌رگێڕانی: گۆران عه‌بدوڵڵا
…….

من توركم و خه‌ڵكی ئیدرنه‌ ( Edirne )م. ژیانی خۆم ته‌رخان كرد بۆ سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌م. بۆ چه‌ندین ساڵ خزمه‌تمكرد له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، بڕوام وابوو پارتی داد و گه‌شه‌ ده‌توانێت گه‌شه‌ی ئابوری و ڕیفۆرمی سیاسی وه‌دیبێنێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م حكومه‌ته‌ شێوازێك له‌ سیاسه‌تی پیاده‌كرد من ناتوانم لێخۆشبم. ئه‌ردۆگان هێزی خۆی ده‌سه‌پێنێت له‌ ڕێی زوڵم و زۆرو هه‌روه‌ها له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی ساده‌. ئه‌و كارناكات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی توركیا، ته‌نانه‌ت بۆ حكومه‌تی توركیاش – به‌ڵكوو ته‌نها بۆ خۆی. ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه‌ بڕوام هه‌بوو چه‌ند ساڵ له‌مه‌وپێش ڕووبدات، به‌ ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی هه‌مووی له‌ گۆڕنان.

له‌مه‌ ئاشكراتر ده‌بێت چی بێت هه‌ستان به‌ هێرشێكی توندو تیژی بێ مانا بۆ سه‌ر باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا. له‌به‌رانبه‌ر ئابورییه‌كی داڕما و ئۆپزسیۆنێكی شێلگیردا، ئه‌ردۆگان له‌ ڕێی شه‌ڕه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی خۆی بسه‌پێنێت. سوپای توركیا هیچ پێشڕه‌وییه‌كی نه‌كردووه‌، ئه‌وه‌نه‌بێت سه‌دان كه‌س له‌ خه‌ڵكی سیڤیل كوژران و به‌هه‌زارانیش ئاواره‌بوون به‌ هۆكاری بۆمبابارانی كوێرانه‌وه‌. هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌رهه‌ڵستكاری سیاسه‌ته‌كانیان ده‌كرد له‌ توركیا خرانه‌ زیندانه‌وه‌ ته‌نها به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی وتیان ئه‌م شه‌ڕه‌ بۆ! ئاكامه‌كانی ئه‌م شه‌ڕه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاشتی و سه‌قامگیری و دیموكراتی له‌ ناوچه‌كه‌دا بۆ ده‌یان ساڵی داهاتوو.

هه‌میشه‌ بڕوام وابووه‌و به‌لامه‌وه‌ گرنگ بووه‌ به‌ ئاشكرا دژ به‌م دوژمنكارییه‌ قسه‌بكه‌م. له‌ساڵی ٢٠١٨ له‌ ئه‌نقه‌ره‌وه‌ بۆ دیاربه‌كر زیاتر له‌ هه‌زار كیلۆمه‌ترم به‌ پێ بڕی داواكاربووین كێشه‌ی ده‌وڵه‌ت و گه‌لی كورد به‌ ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌بكرێت. به‌پشت به‌ستن به‌و ئه‌زموونه‌ پێم وایه‌ ده‌توانم كاری زۆرتر بكه‌م بۆ تێكشكاندنی ئه‌و گریمانانه‌ی كه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ خۆی له‌سه‌ر بنیات ده‌نێت.

من توركم. فه‌رمانبه‌رێكی ده‌وڵه‌تی بووم. بڕوام وایه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان PKK كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆك ترامپ ه‌وه‌ وا پێناسه‌ی كرد كه‌ له‌ داعش خراپترن، منیش ده‌ڵێم ئه‌وان ڕێكخراوه‌یه‌كی تیرۆریست نین.
بۆ ده‌یان ساڵ سه‌ركرده‌ توركه‌كان وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك PKK تیرۆریسته‌ یان به‌ كار هێنا وه‌ك بیانوویه‌ك بۆ هه‌موو كاره‌ وه‌حشیانه‌كانی ده‌وڵه‌ت دژ به‌ خه‌ڵك، هه‌موو ئه‌و پێشێلكاریەکیان کرد دژ به‌ مافی مرۆڤ و یاسا نێوده‌وڵه‌تێكان. وامان بیر ده‌كرده‌وه‌ هه‌موو كورد هه‌ڕه‌شه‌ن به‌هۆی PKK ه‌وه‌، به‌ بێ ئه‌و شتێك نابێت ناوی كێشه‌ی كورد بێت.

ئه‌وه‌ی كه‌ نامانده‌زانی ئه‌وه‌ بوو كاتێك ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ درووست بوو به‌ ملیۆنه‌ها ژن و پیاو و مناڵی ئه‌م گه‌له‌ به‌ هۆكاری سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌ت خاوه‌نی ناسنامه‌ی تایبه‌تی خۆیان نه‌بوون. هه‌رگیز فێری ئه‌وه‌ نه‌بووین بۆچی خه‌باتی چه‌كدارییان ده‌ستی پێكرد؟ ‌ڕابه‌ره‌ سیاسێكانیان بۆچی خرانه‌ زیندانه‌وه‌ و ئازاردران؟ بڕیاری دامه‌زراندنی ڕێكخراوه‌ی سیاسی به‌ دڵنیاییه‌وه ئه‌وكاته‌ درا كه‌ ده‌یان ساڵ بوو‌ ده‌وڵه‌ت به‌وپه‌ری توندوو تیژییه‌وه‌ سه‌ركوتی ده‌كردن. ئێمه‌ هه‌رگیز دان به‌وه‌دا نانێین هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ڕێی هێزه‌وه‌ خه‌ونی كورد پێشێل بكات، هه‌موو ئه‌وه‌ وا ده‌كات هێز و پشتیوانیان زیاتربێت نه‌ك كه‌متر.

حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دووای یه‌كه‌كانی تورك هەمیشە ڕێگا چاره‌ی سه‌ربازییان هه‌ڵبژاردووە له‌گه‌ڵ ترساندنی خه‌ڵك، چونكه‌ نایانه‌وێت دان به‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی تردا بنێن، بۆیه‌ ئه‌و ململانێیه‌ هه‌رده‌بێ رووبدات.
پیاو و ژنه‌ گه‌نجه‌كان ماڵه‌كانیان جێناهێڵن بۆ شه‌ڕێكی وه‌حشیانه‌ی دوورو درێژ ئه‌گه‌ر بڕوا بكه‌ن بژارده‌یه‌كی تریان هه‌یه‌. ئه‌و كاتانه‌ بژارده‌ی شه‌ڕ هه‌ڵده‌بژێرن كاتێك به‌به‌ر چاویانه‌وه‌ لادێكانیان ده‌سوتێنرێت، نوێنه‌ره‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كانیان لاده‌برێن یان ده‌خرێنه‌ زیندانه‌وه‌، زمان و كه‌لتوریان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت. ئه‌وه‌ ته‌نها ده‌وڵه‌ته‌ هه‌ڵده‌ستێ به‌م كارانه‌، زیندانیكردنی هه‌زارانیان به‌ ناوی پروپاگه‌نده‌ی تیرۆره‌وه‌، ئه‌م ڕه‌فتارانه‌ باشترین خزمه‌ت به‌ PKK ده‌كات بۆ په‌یوه‌ست بوونی خه‌ڵك پێیانه‌وه‌.

له‌به‌رانبه‌ردا، لایه‌نه‌كه‌ی تر خوازیاری چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بووه‌ له‌ ڕێی ئاشتییه‌وه‌. له‌ پێش نه‌وه‌ته‌كانه‌وه‌ تاوەکوو ئێستا چه‌ندین جار ئاگربه‌ستیان ڕاگه‌یاندووه‌ و به‌رده‌وام داوای دیالۆگیان له‌ حكومه‌ته‌كه‌مان كردووه‌. سه‌ركرده‌كانیان ڕۆشنن داوای چی ده‌كه‌ن، كێشه‌كه‌ له‌به‌ر چاوه‌ ماف و دان پێدانانه‌ ئه‌مه‌ش به‌ هێزی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر ناكرێت.
پێیان وتین لێیان بترسێین و ڕقمان لێیان بێت چونكه‌ ئه‌وان جوداخوازن. ئێستا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ وه‌ك توركێك ده‌توانم بڵێم، ئه‌وه‌ سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌ته‌ بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی ڕق و جیاوازی له‌ نێوانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌مان. ئامانجی بزوتنه‌وه‌ی كوردی كه‌ چڕبۆته‌وه‌ له‌ پلۆرالیزم و لامه‌ركه‌زیه‌ت ته‌نها ئومێده‌ كه‌ بتوانێت ئه‌م وڵاته‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر كۆبكاته‌وه‌.
كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی تاوه‌كوو ئێستا به‌شێك بوونه‌ له‌ كێشه‌ نه‌وه‌ك چاره‌سه‌ر. ساڵانێكی زۆر پشتگیری شه‌ڕیان كردووه‌ دژ به‌ كورد، بێ ئه‌وه‌ی پرسیارێك بكه‌ن له‌و باره‌وه‌. پشتگیری وڵاتان بۆ شه‌ڕی توركیا دژ به‌ خواستی سیاسیانه‌ی كورد، به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ پاڵپشتیكردنی ده‌سه‌ڵاتداران و له‌ به‌رانبه‌ریشدا بێهێزكردنی ئه‌و به‌ره‌یه‌ی كه‌ كار بۆ هێنانه‌دی ئاشتی ده‌كه‌ن. هه‌ر به‌م هۆكاره‌ داوا له‌ حكومه‌تی ئه‌مریكا ده‌كه‌م كه‌ ناوی PKK له‌ لیستی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستێكان لابەرێت.

ده‌ستبه‌رداربوون له‌و چوارچێوه‌ ته‌سكبینیانه‌ی دژه‌ تیرۆریزم و سووربون له‌سه‌ر تێگه‌شتنێكی ڕاسته‌قینه‌ بۆ ئه‌م كێشمه‌كێشه‌‌، ته‌نها ڕێگه‌یه‌ بۆ گه‌شتن به‌ دیموكراسی و ئاسایش و كۆتایهێنانێكی ڕاسته‌قینه‌ به‌م شه‌ڕه‌. ئه‌گه‌ر من توانیبێتم گێڕانه‌وه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ كه‌ تێیدا له‌ دایك بووم، ئه‌و حكومه‌ته‌ی كه‌ كارم له‌گه‌ڵدا كرد سه‌رده‌مانێك ڕه‌تكردبێته‌وه‌، كه‌واته‌ هۆكارێك نییه‌ ئه‌وانی تر نه‌توانن هه‌مان كاری من بكه‌ن. ئه‌گه‌ر نا هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌م و وڵاته‌كه‌شم له‌وه‌ زیاتر ناتوانن ئه‌و باره‌ هه‌ڵگرن.

Nov 25,2019

  • *Tuna Beklevic – نووسه‌ر و چالاكوانێكی به‌ڕه‌گه‌ز تورك ه‌و ئێستا له‌ له‌ واشینتن نیشته‌جێیه‌.

سەرچاوە:
https://www.washingtonpost.com/opinions/2019/10/22/us-president-says-pkk-is-worse-than-isis-i-say-hes-wrong-im-turk/




ئەدەب وەک هەڵگری فیکری فەلسەفی … محەمەد سەرابی

یەكێك لەو ڕەگەزانەی كە دەكرێت ئەدەب لەخۆی بگرێت، بیرو فیكری فەلسەفییە. گێڕەرەوەی ئەدەبی كاتێك ڕووداوێكمان بۆ دەگێڕێتەوە، ناكرێت هیچ مەبەست‌و هیچ پەیامێكی فیكری نەبێت‌و نەیەوێت لەڕێگەی تێکستەكەیەوە بیپەڕێنێتەوە بۆ وەرگر. ئەمە ئەركی هەر نوسینێكەو ناكرێت نوسەر وەلایبنێت، وەك ڕۆمانوسێکی فەلەستینی‌یش دەڵێت: ”نوسین بریتییە لە دامەزراندنی بناغەی پڕۆژەیەكی فیكری”. كاتێك ئەدیب بەر دیاردەو ڕوداوەكانی ژیان دەكەوێت‌و كەناڵەكانی هەستكردنی دەهەژێت، دەبێت لەكاتی وەرگێڕان‌و گواستنەوەی ئەو بەركەوتنانەدا، بیرو تێڕوانینی فەلەسەفی خۆیشی بۆ ئەو بەركەوتن‌و دیاردانەی ژیان، لە دەقەکەیدا بخاتەڕوو. بەو پێیەیەی فەلسەفە خۆیشی، وەك ئەوەی ”ڕابوبرت” لەبارەیەوە دەدوێت، وەک كایەكی مەعریفی فروان لە چییەتی شتەكان‌و بنەچەو پەیوەندییان بە یەكترەوە دەكۆڵێتەوە.
[ا.س.ڕابوبرت ۲۰۱۷ : ۱۰] هەروەها ئاماژە بەئەوەش دەكات كە هیچ مرۆڤێكیش نییە لەكاتێك لەكاتەكاندا ئەم كارە نەكات. بۆیە دەكرێت بڵێین، هەر مرۆڤێكی بیرمامناوەند فەلسەفە دەكات. لێرەشەوەیە كە دەبێت ئەدیب خاوەنی تێڕوانین‌و بیركردنەوەیەكی وەها بێت كە دیوی شاراوەی دیاردەكان ببینێت‌و پەنهانەكان ئاشكرابكات، كە ئەركی فەلسەفەش هەر ئەمەیە.
فەلسەفە وەك چالاكییەكی عەقڵی بریتییە لە تێڕامان‌و بیركردنەوە لە كۆ ئەو شتانەی كە ئێمە ڕووبەڕویاندەبینەوە، یان لە تەكیاندا دەرگیرین، بەلەبەرچاوگرتنی یاخود چاوبڕین لە زانینی دواهۆكانیان. لێرەوە فەلسەفە بریتییە لە پرۆژەیەكی مانادارو بگرە زۆر پێویستە كە مرۆڤ، وەك بوونەوەرێكی مەعنەوی‌و ڕوحانی نەتوانێت دەستبەرداریبێت، یاخود ناتوانێت بژی، ژیانێكی مانادار بێ ئەم پڕۆژەیە.[ن.د] بۆیە پەیوەندییەكی پتەو لە نێوان ئەدەب‌و فەلسەفەدا هەیەو تەنانەت ڕەنگدانەوەی فەلسەفە وەك ڕەگەزێكی فراوان‌و كاریگەر لە هەندێك لە تێكستە ئەدەبییەكاندا، وایكردووە زاراوەیەكی وەكو ”ئەدەبی فەلسەفی”یان بۆ بەكاربهێندرێت.

ئەدیب دەبێت ڕواڵەتی ڕوداوەكان تێپەڕێنێت‌و بە هۆشیارییەوە مەمەڵەیان لەتەكدا ببەستێت، جەوهەرو ڕاستییەكان بخاتەبەرباس‌و تێڕوانینی خۆیەوە. ئەم ئەرکەش تەنها لەڕێگەی فەلسەوە دەکرێت، کە جیهانبینییەكی ژیرەكییە، چالاكییەكی تیۆرییە لە ڕێگای بیركردنەوەو سرنجدانی هۆشیارانەی ڕێبازەكییەوە هەوڵدەدات جەوهەرو ڕاستەقینەی شت نەك ڕواڵەت، دواهۆ نەك هۆی نزیكی قەومانی شت بزانێت. وڵامی ئەو پرسیارو كێشانە بدۆزرێتەوە كە لە بەسەرهات و ڕووداوەكانی ژیان دەكەونەوە.
[د.حەمید عەزیز ۲۰۰۹ : ۹] لەم ڕوانگەیەشەوە، ناكرێت نوسەری بۆ نمونە ڕۆمانێک، ڕووداوو بەسەرهاتەكان وەكوخۆی بگواسێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ جەوهەرو حەقیقەتێكی ئەودیو ڕودەوەكان كەشف نەكات، چونكە ئەوكات ئەركی گێڕەرەوە جگە لە چاوێكی فۆتۆگرافەرانە، هیچی‌تر نییە. ئەدەب‌و فەلسەفە لەوەدا یەكانگیرن، كە دوو كایەن كار لە دیوی ناوەی شتەكاندا دەكەن، نەک هەر تەنها دەرکەوتەو فۆڕمی ڕووداوو سەرهاتەکان.

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئەدەب، كە جیایدەكاتەوە لە كایەگەلێكی وەكو دین‌و سیاسەت‌و.. یەكانگیریدەكاتەوە لەگەڵ كایەی فەلسەفەدا، وروژاندن‌و خستنەڕووی پرسیارگەلێكی فیكرین لە تێكست‌و دەقە ئەدەبییەكاندا، لەكاتێكدا کایەکانی سیاسەت‌و دین هەمیشە لە هەوڵی وەڵامدانەوەی ئامادەكراودان. کە بێگومان ئەمەش یەکێکە لە هەمان ئەرکە دیارەکانی فەلسەفە، کە وەك چالاكییەكی عەقڵی بریتییە لە خسنەڕووی پرسیارەكان، تێڕامان لە پرسیارەكان.

ئەدەب‌و فەلسەفە دوو كایەن ئەگەرچی لە فۆڕم و كەرەستەی كاركردنیاندا جیاوازن، بەڵام هەردوو خاوەن دیدێكی گوماناویین‌و هەمیشە بە تێڕوانینێكی ڕەخنەگرانەوە گومان دەخنە سەر وەڵامەكان‌و پرسیاری نوێ كە لە پڕۆسەی بیركردنەوەی قووڵەوە دێت، بەرهەمدەهێننەوە. هەردوو جیاواز لە كایەكانی‌تر كە لەوهەوڵی پاراستنی وەڵامە دۆگماییەكانی خۆیاندان، دەستكاری سنوورە قەدەغەكراوەكان دەكەن‌و پیرۆزییەكان دەخنەوە ژێر تیشكی عەقڵ‌و ڕووبەڕووكردنەوەی پرسیارەكان.
ئەگەربێت‌و هەر دەقێکی ئەدەبی خاڵیبێت لە بیركردنەوەی قووڵی دیارەدەكان‌و پەیامیكی فیكری، ئەوا بەمانا هایدگەرییەكەی، دەبێتە بەرهەمێكی بازاڕی‌و ناڕەسەن. ”مارتن هایدگەر” لە تێڕوانینیدا بۆ شیعر، پییوایە كە شیعریش وەكو فەلسەفە بیركردنەوەیەكی داهێنەرانەیە.

هەروەها لای هایدگەرـ شیعر وەكو بیركردنەوەیەكی فەلسەفیانەی ئەنتۆلۆجی، ڕاستی بوون دەردەخات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بەوە دەكات، كە مەرج نییە هەموو شیعرێك خاوەنی ناوەڕۆكی وەها بێت. هەر لەو ڕوانگەیەشەوە دووجۆر شیعر دیاریدەكات: ئەو شیعرەی ڕاستی بوون دەردەخات‌و ئەو شیعرەی ڕاستی بوونی لەبیرچووەتەوە، یەكەمیان شیعری ڕەسەنەو دووەمیان ناڕەسەنەو سەر بە كولتورێكی بازاڕیانەیە، لەنێو كولتوری بازاڕیانەشدا، بیركردنەوەی داهێنەرانە دەوری نامێنێت‌و وەكو ناپێوست دەردەكەوێت.[د.محەمەد كەمال ۲۰۱۷ : ۲۹] ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە گرنگە، ئەو پەیوەندیەیە لە نێوان فەلسەفەو ئەدەبدا، كە هایدگەرـ پەیوەند بە ئەنتۆلۆجیاوە، وەك لقێكی گرنگی فەلسەفە، دەیهێنێتەكایەوەو شیعـر نوێنەرایەتی دەكات.

لێرەوەیە دەكرێت بڵێیـن، هەردەقێکی ئەدەبی دەبێت پەیامێكی مەعریفی‌و فەلسەفی لە خۆیدا هەڵگرتبێت‌و سەر بە كولتورێكی بازاڕیانە نەبێت، كە بیركردنەوەی داهێنەرانە فەرامۆشبكات‌و بچێتە كاتیگۆری ئەو جۆرە لە شیعرەوە، كە هایدگەر بە شیعری ناڕەسەن دیاریدەكات‌.
دواجار ئەدیب هەر بیرو پەیەماێكی هەبێت، ئامانج لێی گەیشتن‌و گواستنەوەیەتی بە وەرگر، دەبێت كاربكاتە سەر وەرگرو لەهەوڵی نیشاندانی بیری نوێدابێت‌و ڕێگەی جیاوازی بیركردنەوە بخاتە بەردەم خوێنەر. بیر ئەو بیرو باوەڕەیە كە نووسەر دەیەوێت بیگەیەنێتە خوێنەر، ئەمەشیان یەكەم بنەڕەتی ڕازیكردنی خوێنەرە. لە ئەدەبیشدا بیر ئاوێتەی دەق دەبێت‌و بە شێوەیەكی ناڕاستەخۆ دەگەینرێتە خوێنەر. هەندێك كات لەپشتی سیمولەكانەوە دەشاردرێنەوەو جاریش هەیە لە زاری كاركتەرەكانەوە ڕاستەوخۆ گوزارشتی لێدەكرێت.

بە كورتی، بیر یان فیكرێكی فەلسەفیانە ڕەگەزێكی بایەخداری هەر دەقێكی گێڕانەوەییەو ناكرێت نوسەر بۆ ئەوەی دەقێكی زیندوو بەرهەمبهێنێت، بە بایەخەوە لێینەڕوانێت. لە دونیاشدا ئەو دەقانە زیندووییەتی خۆیان پاراستووە، كە هەڵگری بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانەن‌و پەیامێكی فەلسەفی گرنگیان لەخۆدا هەڵگرتووە.
نمونەی ئەو چیرۆكنوس‌و ڕۆمانوسانەش كە خاوەن بەرهەمگەلێكی وەهان، کەم نین لە مێژووی ئەدەبیاتی میللەتاندا، (فیۆدۆر دۆستۆیفسكی، ولیام شكسپیر، فرانز كافكا، ئەلبێر كامۆ، ژان پۆل سارتەر، ئارتۆر شۆپنهاوەر، ڤۆڵتێر، جورج ئورویل، جوبران خەلیل جوبران…هتد) كە بێگومان، هەندێكیان لەگەڵ ئەدیبوونیاندا، فەیلەسوف‌یشن‌و خاوەنی پڕۆژەی فەلسەفی گرنگن.




پێنج وردە شیعر بۆ ڕۆژئاوا … ناڵە حەسەن

   ناڵە حەسەن ....
( بۆ ئێمەی کورد ژیان لەنێو مردن دایە )١ 

گەر بۆ ئیسلامییە درۆزنەکان و چاوبرسییەکان
ژیان لەنێو بەهەشت و لەپاڵ حۆرییەکانی خودا دایە
بۆ ڕۆژئاوا و ئەمریکاش
ژیان لەنێو تەکنەلۆژیا و دیموکراسییە درۆینەکەیان دایە
بۆ ئێمەی کوردیش / ژیان لەنێو مردن دایە
بۆیە / نە پاڕانەوە و دوعا و نزا
جگە لە یەکبوون و لە بەرگری و بەرخودان
هیچ شتێکیتر دادمان نادا
هیچ هیچ هیچ هیچ / هیچ شتێکیتر نا …!

( شکۆی کوردبوون )٢/

هەڵۆ و هیوای نیشتیمانن ئێوە
باران و بەهاری ئایندەمانن ئێوە
خۆرەتاوی خەونی ڕزگاربوون
لەنێو چاوەکانتانەوە هەڵدێ
شادەماری ئازادی و شکۆی کوردبوونمانن ئێوە …!

( من ڕۆژئاوام )٣/

من ڕۆژئاوام
هانێ ئەوە دەستم
تاقە ڕێگای مانەوەمان بەس یەکبوونە
گەر ناسیۆنالیستێکی نیشتیمانپەروەری / دەستت بێنە
گەر کۆمۆنیستێکی مرۆڤپەروەری / دەستت بێنە
گەر ئایینزادەیەکی هەقپەروەری / دەستت بێنە
ئەگەر فەلەی یان زەردەشتی یان کاکەیی یان یەزیدی
لە باشوور بی یان لە باکوور یان ڕۆژهەڵات
لە هەر کوێیەکی ئەم دنیایەی / دەستت بێنە
من ڕۆژئاوام
جەستەم پڕ لە برین و
جەرگ و دڵیشم ڕووباری خوێنە
دەستت بێنە
تەنها تاوانم کوردبوونە و هیچیتر …!

( وەهم )٤/

خودا / دۆست / مرۆڤایەتی
چ درۆیەکی شاخدار و
چ وەهمێکی گەورەن
لەنێو زەڵکاوی ئەم ژیانە بێڕەحمەدا …!

٥/ ( هەموو خوداکان فاشیستن )

خوداکانی سەرزەمینیش
وەک خوداکانی ئاسمان
مرۆڤ دەسووتێنن
کەواتە /
هەموو خوداکان فاشیستن …!




ترس … شه‌ونم زه‌ندی

هه‌موو شه‌وێ ..
له‌ ئاسمانی شاری ئازار …
له‌ گه‌ڵ ته‌قه‌ی هه‌ناسه‌ی شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ و
سه‌گوه‌ڕی دوای نیوه‌ شه‌و
ترس دام ده‌گرێ و ڕاڕام ده‌كا
ترسی مه‌رگ ،
ترسی … زه‌نگی پایانێكن ،
(( هه‌ناسه‌ی یاد )) مه‌رگم به‌یان ده‌كا …
ئه‌و كاتانه‌ …
ئاوڕ بۆ سێبه‌ری خۆم ده‌ده‌مه‌وه‌ ،
به‌ دوای سێبه‌ر
ته‌می گومان به‌ دوو دڵییه‌وه‌
به‌ تروسكه‌ هیواكان
نامۆم ده‌كا …… ن ا م ۆ

هه‌ولێر
1993




کورتەنامەی شیعریی – 9 – …فەتاح حەسەن

بەشی نۆهەم

بەمن چی
هەموو دنیا، خۆشیبوێم
ئەتۆ،نا!!


لەهەندێك شوێن
لەهەندێك کات
شەرمنانە خۆشتدەوێم
بەڵامدا لەکات لەشوێن
کەی ئەوانە
بەخۆشەویستی ئاشنان.


کە:
هەنگ شیلەی گوڵ دەمژێت
نازانم
خۆزگە بەکامیان بخوازم
بەهەنگ ..
یاخود بەگوڵ؟!


کە دیوارێك،
لە بەینی خۆم و تۆدا هەڵدەچنم.
بۆ ئەوەمە، کەبزانم
دەتوانیت تۆ بیڕوخێنی؟


بەمنداڵی
زۆر لەداخکردن دەترسام
ئێستاش
لەجێهێشتنی تۆ.


تاڵاو لەوە تاڵتر دەبێ چی بێ
ژنێکت خۆشبوێ و..
پێتبڵێ کاکە.


چیدی..
بیرناکەمەوە لەتۆ،
ئەتۆ
خۆت لە تەنهایی مارە بڕیوە
ئەمنیش..
قینمە لە تەنهایی،
هێندەی خۆشویستنی ئەتۆ.


هەرگیز نەمدەزانی
هێندە ئارامگرم
تا، تۆم ناسی.


هەروەك چۆن ناتوانم رقم لێتبێت
ناشتوانم، وەکو جاران خۆشمبوێی.

         فەتاح حەسەن 
       دانیمارك / ڤالبی    
                2018



نمایش کردنی فیلمه‌ دیاره‌کانی ساڵی 2019ی جیهان له‌ چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی

مەنسوور جیهانی ـ فیلمه‌ به‌رچاو و دیاره‌کانی ساڵی 2019ی جیهان له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” له‌ چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” چوونه‌ سه‌ر په‌رده‌ و خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێڕین و زێوینی ئه‌م رووداوه‌ سینه‌ماییه‌یان به‌ده‌ستهێنا.

بە پێی ڕاپۆڕتی لێژنەی ڕاگەیاندنی گشتیی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، فیلمه‌ به‌رچاو و دیاره‌کانی ساڵی 2019ی جیهان له‌وانه‌ براوه‌ی چڵه‌ خورمای زێڕینی باشترین فیلم و براوه‌ی خه‌ڵاتی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی به‌شی “جۆرێک روانین” له‌ حه‌فتاودووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فه‌ره‌نسا، نمایش کراو له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی شه‌ست‌ونۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “به‌رلیناله‌” له‌ ئه‌ڵمانیا، کاندیدی باشترین فیلم له‌ حه‌فتاوپێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” له‌ ئیتاڵیا، براوه‌ی خه‌ڵاته‌کانی سه‌ره‌کیی بیست‌وپێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی شانگهای چین و هتد له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” (نێوده‌وڵه‌تی) له‌ چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” Slemani چوونه‌ سه‌ر په‌رده‌ و و خه‌ڵاته‌کانی سنه‌وبه‌ری زێڕین و زێوینی ئه‌م رووداوه‌ سینه‌ماییه‌یان به‌ده‌ستهێنا.

ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی فیلمه‌ سینه‌ماییه‌کانی “سینه‌مای جیهان” (نێونه‌ته‌وه‌یی) پێکهتاوو له‌ به‌رهه‌مه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی چواره‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” بریتی بوون له‌؛ “هینز هێرمانس” Heinz Hermanns ده‌بیر و به‌رپرسی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی CEO و ده‌بیر و به‌رپرسی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی به‌رلین ـ سه‌رۆکی ده‌سته‌ی ناوبژیوان له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا، خاتوو “پووران دره‌خشه‌نده‌” سیناریۆنووس، ده‌رهێنه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر له‌ وڵاتی ئێران، “ئادریان بیلچ” Adrian Belic ـ ده‌رهێنه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌هه‌ڵگرتنی فیلم و به‌رهه‌مهێنه‌ر له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریکا به‌ پێشێنه‌ی یه‌ک جار پاڵێوراویی بۆ ئۆسکار، “یوهانی ئالێنین” Juhani Alanen ـ به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێکاری فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “ته‌مپره‌” Tampere له‌ وڵاتی فینله‌ندا و خاتوو “زولفیه‌ ئاکولاک” Zülfiye Akkulak ـ به‌ڕێوه‌به‌ری فیلم و راگه‌یاندن و سه‌رۆکی کۆمپانیای “نوا فیلم” له‌ به‌رلینی وڵاتی ئه‌ڵمانیا.

ئه‌و فیلمانه‌ی که‌ له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” (نێونه‌ته‌وه‌یی) له‌ چواره‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” چوونه‌ سه‌ر په‌رده‌ و، بریتی بوون له‌؛ فیلمی سینه‌مایی “پارازیت” (ئه‌نگه‌ل) PARASITE له‌ ده‌رهێنانی “بۆنگ جوون ـ هۆ” له‌ وڵاتی کۆریای باشوور، براوه‌ی خه‌ڵاتی چڵه‌ خورمای زێڕینی باشترین فیلمی حه‌فتاودووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “کان”ی فه‌ڕه‌نسا، نمایش کراو له‌ فێستیڤاڵه‌کانی نێودەوڵەتی فیلمی مۆنیخ له‌ ئه‌ڵمانیا، سیدنی له‌ ئۆستڕاڵیا، وه‌نکۆڤێر و تۆرینتۆ له‌ که‌نه‌دا و براوه‌ی خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێوینی باشترین ده‌قی سیناریۆی فیلم له‌ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، فیلمی سینه‌مایی “چیرۆکی سێ خوشک” A Tale of Three Sisters له‌ ده‌رهێنانی “ئه‌مین ئالپێر” Emin Alper له‌ وڵاتانی تورکیا، ئه‌ڵمانیا، هۆله‌ند و یوونان، نمایش کراو له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌رکیی شه‌ست‌ونۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “به‌رلیناله‌” له‌ ئه‌ڵمانیا، براوه‌ی خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان، ئه‌کته‌ری، مۆسیقای فیلم و فیپێرشی له‌ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئیستانبول له‌ تورکیا، براوه‌ی خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان له‌ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سارایه‌گۆ له‌ سێربستان و براوه‌ی خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێڕینی باشترین فیلم و خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێوینی باشترین ئه‌کته‌ری ژن بۆ “جه‌میره‌ ئێبووزیه‌” له‌ فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، فیلمی سینه‌مایی “قه‌سری شیرین” (قصر شیرین) Castle of Dreams له‌ ده‌رهێنانی “ره‌زا میرکه‌ریمی” له‌ ئێران، براوه‌ی خه‌ڵاتی باشترین فیلم، باشترین ده‌رهێنان و باشترین ئه‌کته‌ری پیاو بۆ حامید بێهداد له‌ به‌شی کێبڕکێی سه‌ره‌کیی بیست‌وپێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی شانگهای له‌ چین، خه‌ڵاتی سه‌ره‌کیی باشترین ده‌رهێنان و باشترین فیلم له‌ روانگه‌ی ره‌خنه‌گرانی دوازده‌هه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمه‌ هونه‌رییه‌کانی “باتۆمی” له‌ گورجستان و براوه‌ی خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێوینی باشترین ده‌رهێنان له‌ فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی.

له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” (نێوده‌وڵه‌تی) له‌ چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” چه‌ندین به‌رهه‌می سینه‌مایی دیکه‌ش نمایش کران، له‌وانه؛ فیلمی سینه‌مایی “ماڵئاوا کوڕه‌که‌م” So Long my Son له‌ ده‌رهێنانی “وانگ ژیائۆشوای” Xiaoshuai Wang له‌ چین، براوه‌ی خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی پیاو له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی شه‌ست‌ونۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “به‌رلیناله‌” له‌ ئه‌ڵمانیا و کاندیدی چه‌ندین به‌شی سه‌ره‌کیی خه‌ڵاته‌کانی ئاسیا په‌سیفیک له‌ ئۆستڕاڵیا، فیلمی سینه‌مایی “شۆفێری ئسکرێیۆ” Screwdriver له‌ ده‌رهێنانی “به‌سام جه‌براوی” Bassam Jarbawi له‌ فه‌له‌ستین، کاندیدی باشرین فیلم له ‌حه‌فتاوپێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” له‌ ئیتاڵیا و براوه‌ی خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێوینی تایبه‌تی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوبژیوان له‌ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، فیلمی سینه‌مایی “نوێنه‌ر” The Delegation له‌ ده‌رهێنانی “بوجار عه‌لیمانی” Bujar Alimani له‌ ئالبانی، براوه‌ی خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی وه‌رشۆ له‌ پۆڵه‌ندا، براوه‌ی خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێوینی باشترین ئه‌کته‌ری پیاو بۆ “ویکتۆر ژوستی” Victor zhusti له‌ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، فیلمی سینه‌مایی “بێ ده‌نگ” The Mute له‌ ده‌رهێنانی “بارتۆز کۆنۆپکا” Bartosz Konopka له‌ وڵاتانی پۆڵه‌ندا و به‌لژیک، براوه‌ی خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێوینی باشترین وێنه‌گرتنی فیلم بۆ “جاسک پۆدگۆرسکی” Jacek Podgorski له‌ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، فیلمی سینه‌مایی “ئاگر ده‌که‌وێته‌وه‌” Fire will come له‌ ده‌رهێنانی “ئۆلیڤێر لاکس” Oliver Laxe له‌ وڵاتانی ئیسپانیا، فه‌ره‌نسا و لۆگزامبۆرگ، براوه‌ی خه‌ڵاتی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی به‌شی “جۆرێک روانین” له‌ حه‌فتاودووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فه‌ره‌نسا، فیلمی سینه‌مایی “ئامینه‌” Amina له‌ ده‌رهێنانی “ئه‌یمه‌ن زه‌یدان” Ayman Zeidan له‌ وڵاتی سووریا براوه‌ی دیپلۆمای شانازیی ئاشتی له‌ سی‌وحه‌وته‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فه‌جر له‌ وڵاتی ئێران و هه‌روه‌ها فیلمی سینه‌مایی “خۆییه‌کان” Insiders له‌ ده‌رهێنانی “حوسێن کارابای” Hüseyin Karabey له‌ وڵاتی تورکیا.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی “سلێمانی‌” له‌ لایه‌ن کۆمپانیای سینه‌مایی “مه‌ستی فیلم” به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی “فوئاد جه‌لال”، به‌ سه‌رۆکایه‌تی “مه‌لا به‌ختیار” به‌رپرسی به‌شی پاڵپشتیی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ و له‌ که‌سایه‌تییه‌کانی به‌رجه‌سته‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ریی “دانه‌ر عومه‌ر فارس” و به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رنامه‌داڕشتنی خاتوو “لینا ره‌زا” و به‌ نمایش کردنی 134 فیلم له ده‌رهێنه‌ره‌کانی ٧9 وڵاتی جیهان؛ له‌ دوو به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” (نێوده‌وڵه‌تی) و به‌شی رکابه‌ریی “سینه‌مای کوردی” (نه‌ته‌وه‌یی) و هه‌روه‌ها سازدانی وۆرکشۆپه‌کانی پیشه‌یی و پسپۆڕانه‌ی سینه‌مایی و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش؛ به‌ دروشمی “شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی” له‌ 5 هۆڵی “سیتی سینه‌ما”، “سینه‌ما سالم”، هۆڵی “ئه‌منه‌ سووره‌که‌” و هه‌روه‌ها له‌ ته‌لاری “هونه‌ر” له‌ شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی.




دوو پارچە جیھانی وێران … نەوزاد بەندی

ئەمە بانگەشەی بێدەسەڵاتیی ڕەھای مرۆڤ نییە ،بەڵام ڕاستیەکی حاشا ھەڵنەگرە کە ئێمەی مرۆڤ ھەزاران جەبھەی چۆڵ و ھۆڵمان ھەیە کە یەک سەربازیشی تێدا نییە و لە ھەر ھەموویشیانەوە خوای گەورە ئەتوانێ ھێرشمان بۆ بکات ئەوەی کە سێکولارەکان پێی ئەڵێن سروشت یان تەبیعەت ..
جەبھەی کارەساتە سروشتیەکانی وەک بومەلەرزە و لافاو و زریان و ..کارەساتە دەسکردەکانی مرۆڤ وەک ئوتومبیل و چەکی کوشندە و جەنگ و ….جەبھەکانی نەخۆشییە جەستەییەکانی وەک شێرپەنجە و جەڵتەی دڵ و مێشک و ..نەخۆشیە دەمارییەکانی وەک ئۆتیزم و شیزۆڤرینیا و خەمۆکی و شێتی و ..چەندەھا جەبھەی دیار و نادیاری تر کە لەھەر چرکەیەکدا ڕێی تێ دەچێ ھێرشمان بۆ بکرێ و لەناو ببرێین یان بریندار و شپرزە بکرێین ..
گەلێ پیاوی دەوڵەمەند و خاوەن ھێز و حیمایە و دەسەڵاتمان بینی کە پێش مرۆڤە بێ دەسەڵات و ھەژارەکان فەوتان و ..ئەو ھەموو ملیار دۆلار و سەدان ھەزار سەرباز و پزیشک و زانا و دانایە نەیانتوانی فریایان بکەون و وایان لێ بکەن لە کاروانی ژیان بەردەوام بن ..
ئەوروپا کە بەھۆی پشت بەستن بە دەسەڵاتی تێکنۆکرات و تەکنۆلۆژیا و زانست ، بە حیسابی خۆی چارەسەری بۆ ھەموو کێشەکان دۆزیوەتەوە و مرۆڤێکی بەختەوەری ڕەھای بەرھەم ھێناوە ،بێ ئاگا لەوەی لە جەبھەی خڕۆکە سپیەکانەوە و خڕۆکەی تی لیمفۆسایتەوە کە سەرکردەی بڕیاردەری بەرگریی لەشە ،ھێرشی بۆ دەکرێت لەلایەن ڤایرۆسێکەوە کە پێی دەووترێ ڤایرۆسی نەھێشتنی بەرگری HIV و ملیۆنەھا تاکی ئەوروپی گرفتار ئەبن ..
بێ ئاگا لەوەی کە لە جەبھەی دەمارە خانەکانەوە ھێرشی بۆ دەکرێت و ..دەیەھا نەخۆشی دەروونیی سەرھەلدەدەن و خۆکوشتن دەبێتە دیاردەیەکی ئاشکرا و بێ چارەسەر لە کۆمەڵگای ئەوروپا و ئامریکادا ..
ئەمە بۆ ؟
ئەمە لەبەر پشت گوێخستنی بەھا ڕۆحیەکانی مرۆڤە و ..سەرقاڵکردنی مرۆڤە بە شێوەیەکی ڕەھا بەمادە و دەسکەوتە مادییەکانەوە ، بە بێ حیسانکردن بۆ ئاین و دەروون و شعور و ویژدان و ھیوا و دووربینی و مەسەلەی دوای مەرگ و پاداشت و سزا کە زۆر لە مادە زیاتر قەبارەی ھەست و نەستی مرۆڤ داگیردەکەن..
پزیشکی خاوەن خەڵاتی نۆبڵ ،ئەلێکسیس کاریل کە ووتی : مرۆڤی نوێ لە بواری ئەنسرۆپۆلۆجیدا ( مرۆڤزانیدا ) زۆر داماو و دەستەوسان و نەزانە ، شارستانیی نوێ تاوانباریان کرد بە شێتی و تێکچوونی دەروونیی ، کەم و زۆریش ئەو بیریار و زانا دانایانەی کە قوڵبوونەتەوە و حیسابێکیان بۆ بەھا ڕۆحی و ئاینییەکان کردووە بە لەڕێلادراو و دەروون نەخۆش حیسابیان بۆ کردوون وەک تۆڵستۆی و ئیحسان تەبەری و نیکۆلای گۆگۆڵ و کۆستۆ و ڕۆجێ گارودی و چەندانی تر..
بە ھەمان شێوە زۆربەی ئەوانەی کە پابەندن بە بەھا ڕۆحییەکانەوە ، دنیا و زانست و تەکنۆلۆژیایان پشتگوێ خستووە و خۆیان بۆ بەھەشتی بێ کۆتا و پڕ لە حۆریی ئامادە کردووە ،ئەمەیش وایکرد جیھانێکی ئیسلامیی پڕ لە نەخۆشی و برسێتی و ھەژاری و تەمەڵیی بێتە دی ، کە بە تەمای خودای باڵادەستە کاروبارەکانی بۆ ڕاپەڕێنێ و فریشتەکان بێنرێ مافە زەوتکراوەکانی بۆ وەربگرنەوە و دیکتاتۆرەکانی بۆ ڕیسوا بکەن و وەک تیمی پزیشکیش چارەسەری دەرد و نەخۆشیەکانی بکات ، ئەم تەرزە بیرکردنەوەیەیش کۆمەڵگاگەلێکی دواکەوتووی وای لێکەوتەوە کە لە جیھانە سێکولارەکە زیاتر قوڕی کرد بەسەر بەھا ڕۆحی و ئاینییەکاندا و ..مرۆڤ و بەھاکانی وێرانتر کرد

نەوزاد بەندی




چەند پرسیار و وەڵامێک لەبارەی (هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵا و گەشتی تورکیە)

هەژێن
22-ی ئۆکتۆبەری 2019

پرسیاری یەکەم : ” ئایا بایکۆت نابێتە هۆی بێکاریی کوردانی باکوور؟

وەڵام: پێش هەموو شت، پرسیارەکە لە ڕوانگەی ناسیونالیستییەوە خەریکە سۆزی نەتەوەچییانەی کوردان بورووژێنێت، ئاراستەکەرانی دەسەڵاتدارانی هەرێمن، ئەوانەی کە نانیان لەنێو ڕۆنی تورکیە و ڕێکەوتنی پەنجا ساڵەی “ئیمتیازی” نەوتی هەرێم بۆ تورکیە دەستەگوڵی دەستی ئەوانە و هەر بایکۆتێکی ئابووریی دەبێتە هۆی نەمانی ڕۆنەکەی تورکیە و وشکبوونەوەی نانەکەی خۆیان.

بە بۆچوونی من، وەک کەسێک کە ناسیونالیزم بە ئایدیۆلۆجیای سەروەریی چین و توێژێک لەسەر کۆمەڵ دەزانم، بۆ من لەنێوان بێکاربوونی کرێکارێکی ئیزمیر و ئامەد و هەولێر و فەلووجە جیاوازی نییە. بێجگە لەوە، کاتێک بڕیاردان لەنێوان بێکاربوونی کرێکارێک و لاقپەڕینی منداڵێک بێت، بێکاربوونی ملیاردان کرێکار لە لاقپەڕین و بێ دایک و باوک-بوون و ئاوارەبوون و کوژرانی منداڵێک، تەنانەت لە کوژرانی ئاژەڵێک و شکانی درەخت و گوڵێک، باشتر دەبینم؛ کرێکارێک بەبێ کاری کرێگرتە ئەگەری زیندوومانەوەی هەیە، بەڵام منداڵێک و دەروون و خەونەکانی لەژێر بۆمبێک کۆتایی ژییان و مێژووە، بۆ من وەک کەسێک کە منداڵیی و لاویی من لەژێر بۆمبارانی جەنگی عیراق-ئێران تێپەراندبێت!

ئەگەر لەوەش بگوزەرێم، فرمێسکی تیمساحیانەی ڕامیاران و کاناڵە میتییەکەی ئەوان (ڕووداو) بۆ نەمانی نانە چەورەکەی خۆیان و زیانی سەرمایەدارە کوردەکانی باکوور و لەوەش بێئابڕوانەتر ئەوەیە، کە زۆریک لە پرۆژە ئابوورییەکانی باکوور پشکی سەرانی پدک و ینک لەنێو هەیە، هەر ئاوا کە بەناوی کەسانی دیکە لە ئۆروپا ڕێستورانت و نانەواخانە و پیتزەری و ڕێزە ئاپارتمان دەکڕن و پارەی دزراو سپی-دەکەنەوە!

پرسیاری دووەم: ئەی بۆچی کاڵای کارخانەکانی ئاڵمانیا و برتانیا و ئەمەریکا بایکۆت-ناکەن؟

وەڵام: ئەوەی کە سەرمایە و سەرمایەداران لەم سەر تاکو ئەوسەری دونیا لەنێو ئەو جەنگە بەرژەوەندییان هەیە، گومانی وەرناگرێت. بەڵام بەرهەمی کارخانەکانی دیکەی جیهان [مەبەست کارخانەکانی چەکسازیی و بواری سەربازیی نییە، چونکە ئێمە کڕیاری کاڵای ئەو کارخانانە نین] وەک بەرهەمی کارخانەکانی تورکیا ڕاستەوخۆ بەو جەنگەی ئێستا خزمەتناکەن و ڕاستەوخۆ پشتیوان نین. بێجگە لەوەش، هەر ئاوا کە لە هەرێمی کوردستان هیچ پڕۆژەیەکی بازرگانیی بەبێ پشک و ڕەزامەندیی دەسەڵاتدارانی ینک و پدک بوونی نابێت، هەر ئاواش لە تورکیە، بەبێ ڕەزامەندیی ڕامیاریی تورکیە هیچ پڕۆژەیەک بوونی نییە و زۆربەی پڕۆژە گەورەکان هی ئەردۆگان و زاواکەی ئەون، هەر کەس گومانی هەیە، با فیلمە دۆکومێنتەرییەکان لەبارەی ناچارکردنی خەڵکی گەڕەکە هەژارنشینەکانی ئیستانبوڵ و ئانکارا و شارەکانی دیکەی تورکیە و پرسی مەیدانی تەقیسم لە ئیستانبوڵ تەماشابکات!

بە بۆجوونی من، ئەگەر بایکۆتکردنی کاڵای هەر کارخانەیەکی جیهان و بایکۆتکردنی گەشتی هەر گۆشەیەکی دیکەی جیهان وەک بایکۆتکردنی کاڵاکانی تورکیە و بایکۆتکردنی گەشتکردن بۆ تورکیە ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ کارایی چارەنووسسازی هەیە، پێویستە بیخرێتە نێو لیستی بایکۆتکردن!

بێجگە لەوەش، ئەو بایکۆتکردنەی ئێستای خەڵکی هەرێمی کوردستان هەنگاوی یەکەمە و دەکرێت لە بەردەوامی و درێژەی بەرەو بایکۆتکردنی کارخانە و هێڵە هەواییەکان و گەشتی ئەو وڵاتانەش کە وێرای ناڕەوایی جەنگەکە و کۆمەڵکوژیی دانیشتووانی ڕۆژاوا [ڕۆژاوا بەس کرمانجی-زمان نین، چەندین ئێنتنیی و ئایین و کولتووری دیکەن] کۆمەکی حکومەتی ئاکپارتیی و ئەردۆگان دەکەن، پێویستە دەستبەجێ ئەوانیش بایکۆتبکەی.، بەڵام وەک دەبینین بایکۆتکردنی ئەوان لەسەر خێراڕاگرتنی جەنگەکە کارایی نابێت، چونکە کاڵای ئەوان ناچێتە هەرێم و ئێران و …تد، تاکو خەڵکی هەرێم ئەوانە بایکۆتبکەن. وێرای ئەوەش، ڕێپێوانەکانی ئۆروپا بۆ درووستکردنی فشارێکە بە داچلەکاندنی رای گشتیی ئۆروپا و کەم نین، ئەو ئۆروپییانەی کە چەندین ساڵە وەک هاوپشتییەک لەتەک خەڵکی فەلەستین و ڕۆژاوا کاڵای کارخانە و کێڵگەکانی ئیسرائیل و تورکیە بایکۆتدەکەن!

ئەوەی کە دەبێت وەک کاڵای کارخانەکانی تورکیە و گەشتکردن بۆ ئەوێ، کاڵای هەموو کارخانەیەک لە یەک کات و هەر ئێستا و بە چاوتروکاندنێک بایکۆتبکەین، فرەتر پاساوە بۆ بایکۆتنەکردنی کاڵای کارخانەکانی تورکیە. هەر ئاوا ناچارکردنی خەڵکە بەوەی کە یان بایکۆتی کاڵای هەموو کارخانەکان یان کاڵای کارخانەکانی تورکیەش بایکۆتنەکرێت!

بە بۆچوونی من، ئەگەر ئاستی هوشیاریی کەسە نەدار و بێدەسەڵاتەکان بە ئاستی خۆهوشیاریی بەرهەمهێنانی هەرەوەزیی و ناکرێگرتەیی و نامشەخۆریی گەییشتبێت، ئەی بۆچی نا، بەدڵنیاییەوە ئەوە بەشێکە لە ستراتیجی هەموو کەسێکی سۆشیالیستی دژە-دەوڵەت، بەڵام تاکو ئەو کاتەی کە ئەندامانی کۆڵانێک، گەڕەکێک، گوندێک، سارێک، ناوچەیەک، هەرێمێک بەو ئاستە لە خۆهوشیاریی نەگەییشتبن و بەرهەمهێنانی هەرەوەزیی و خۆکۆمەكیی و گەلکاریی و هەر ئاوا کێڵگە و کارخانەکان کۆمەڵایەتیی نەکرابنەوە، بڕیارێکی ئاوا لە جەنگێکی خۆتڕێن زیاتر نابێت. ئەوەی کە ئێستا نەتوانین ئەوە بکەین، نابێتە پاساوی ئەوەی نابێت کاڵای کارخانەکانی تورکیە وەک فشارێکی ئابووریی بۆ ڕاگرتنی جەنگ و هێرشکردنی فەرمانداریی ئاکپارتیی و ملهوڕیی ئەردۆگان، بەکارنەبەین.

بە بۆچوونی من، هیچ لۆجیک و ڕەوایەتییەک لەنێو ئەو پرسیارە نییە. ئەو پرسیارە چ بخوازێت و چ نەخوازێت ماری تۆپیوە بۆ بەرپێی جەماوەر، کە خەریکە پاش نیو سەدە بۆ یەکەم جارە خۆخۆیی و دابڕاو لە دەسەڵات و ڕامیاران و پارتییەکان بڕیارێک دەدات و هەنگاوێکی سەربەخۆ دەنێت.

پرسیاری سێیەم: لەنێوان بایکۆتکردنی کڕینی کاڵای کارخانەکانی تورکیە و گەمارۆی ئابووریی لەسەر وڵاتێک جیاوازی چییە؟

وەڵام: جیاوازییەکە ئەوەیە، بایکۆتکردنێک کە خۆبەخۆ کەسانی نەدار و بێدەسەڵات وەک هاودەردیی لەتەک دانیشتووانی جەنگ-زەدەی ڕۆژاوا بانگەوازیدەکەن، بۆ کۆتاییهێنانە بە جەنگ و ملهوڕیی حکومەت و دەوڵەت و پارتیی و سەرۆکی تورکیە، بۆ ڕزگارکردنی خەڵکە لە مەرگ، نەک برسیکردنی خەڵکی تورکیە.

بەڵام ئابڵۆقەی ئابووری وەک ئابڵۆقەی هاوپەیمانان لەسەر عیراق و ئابڵۆقەی هاوپەیمان و حکومەتی بەعس لەسەر هەرێم و ئئابڵۆقەی ئێستای دەوڵەتی ئەمەریکا لەسەر ئێران و کوبا و کوریا و …تد فشاری دەوڵەتانە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی نێوان خۆیان لەسەر دابەشکردنی کێکی چەوسانەوەی ئێمە؛ ئەگەر ئێران وەک سعودیە بە مەرجەکانی بانکی جیهانی و سندووقی نیودەوڵەتیی دراو و دەوڵەتی ئەمەریکا ملبدات، گرفت و ئابڵۆقەیەک بوونی نامێنێت، هەرچەندە وەک سعودیە ئەگەر نەریتی ملپەراندن هێشتا پیشەیەکی پەسەندکراوی پاسایەتی ئەو وڵاتەش بێت. هاندەری ئابڵۆقەی ئابووریی بۆ سەر “وڵاتێک” سەپاندنی جەنگ و مەرجی ملهورانەی دەوڵەتێکە لەسەر وڵاتێکی دیکە و هیچ پەیوەندی بە خواستی خەڵک و هاوپشتی و هاودەردیی لەتەک خەڵک نییە!

بێجگە لەوە، ئێمە بایکۆتکەرانی گەشت و کاڵای کارخانەکانی تورکیە دەستپێکەری ئەو جەنگە نین، بایکۆتکردن پەرچەکرداری مرۆڤە بێدەسەڵات و نەدارەکانە لە دژی جەنگ، لە دژی کوژرانی منداڵان، لە دژی ئاوارە بوون ، لە دژی داگیرکاری، لە دژی ملهوڕیی و ئەوە هێرش و جەنگی دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانی تورکیەیە، کە ئێمە بە بایکۆتکردن ناچاردەکەن، ئێمە بایکۆتکەران وەک بڕیاردەرانی ئابڵۆقەی ئابووریی لەسەر وڵاتان، هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتیی و کەسیی و مشەخۆرانە و ملهوڕانەمان نییە؛ ئێمە خوازیاری کۆتایی هێڕش و جەنگین؛ ئێمە خوازیاری لێدانین لە بازار و سیستەمەکە، هەنگاوی یەکەمیش لە پێداویستیی خەڵکەوە دەستپێدەکات، کە پێداویستیی خەڵکی ڕۆژاوا [خەڵکی ڕۆژاوا بە هەموو ئێتنی و ئایین و کولتوورەکان نەک بەس کوردانی ڕۆژاوا]یە بە هاوپشتی ئێمە و ئێمەی بێ چەک و نەدار و بێدەسەڵاتیش تاقە یەک چەکی شۆرشگەرانە شکدەبەین، ئەویش بایکۆتکردنی کڕینی کاڵا و گەشکردنە بۆ تورکیە وەک لێدان لە ئابووریی و بازاری جەنگ!

بە کورتی جیاوازی نێوان بایکۆتی ئابووریی و ئابڵۆقەی ئابووریی ئەوەیە، کە بایکۆتکەران کڕینی کاڵای کارخانەیەک یان کاڵا و گەشتی وڵاتێک بایکۆتدەکەن نموونە (بایکۆتکردنی خواردنەوەی کۆلا، خواردنی مێکدۆناڵد، کاڵای کارخانەکانی دەوڵەتێک لەپێناو سەپاندنی ماف و داخوازییە ڕەوەکانی کۆمەڵێک بەسەر کۆمپانییەکان و دەوڵەتەکان، زیندووترین نموونە: بزووتنەوەی بایکۆتکردنی کاڵا و گەشتی تورکیە.

بەڵام ئابڵۆقەی ئابووریی دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەتێک هەناردە و هاوردەی کاڵا بۆ دانیشتووانی ناوچە و هەرێمێک قەدەخەدەکەن، تاکو خەڵکی ئەو شوێنانە و فەرمانداریی ئەو شوێنە بە داخوازییەکانی کۆمپانییەکان و بانکەکان و نێوەندە جیهانییەکان ملبدەن. زیندووترین نموونە : ئابڵۆقەی حەوت ساڵەی دەوڵەتی تورکیە و فەرمانداریی هەرێم لەسەر خەڵکی ڕۆژاوا. بە واتایەکی دیکە، جیاوازی نێوان (بەدەستهێنانی ماف و داخوازییەکانی خەڵک) و (سەپاندنی بەرژەوەندی کۆمپانییەکان و ملهوڕیی دەوڵەتەکان لەسەر خەڵک)!

چوارەم توانج و تاوانبارکردن : شێواندن و تۆمەتبارکردنی بزووتنەوەی جەماوەریی بایکۆتکردن بە بزووتنەوەی “کۆنەپەرست و ناسیونالیستی” لەلایەن چەپی دەسەڵاتخواز

وەک دەبینین و دەردەکەون، پێشەنگی ئەو چەواشەکارییە ڕامیارییە و ئەو تۆماتبارکردنە، قۆمۆنیستە* کوردیی-زمانەکانن. قۆمۆنیستەکان لە کاتێکدا دەبنە هەڵگری ئاڵای ڕێفراندۆمی “دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان”، کە پڕۆژەیەکی ئەردۆگانی بوو بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگی کۆنی ئوسمانی و سەفەوی و جەنگی ئێستای نیئۆ-ئوسمانی و کۆماری ئیسلامی ئێران لەنێو عیراق، لەوێ بە کێکخواردن لەتەک نێردراوی حکومەتی ئەردۆگان بۆ هەرێم ئۆکتۆبەری 2018 شاگەشکە بووبوون و بە کورسی دەسەڵاتی سێکیولاستیکیی خۆیان خەونیان دەبینی، کەچی هاودەردی و هاوپشتی خۆخۆیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی هەرێم و ئازادیخوازانی جیهان لەتەک لێقەوماوانی ڕۆژاوا بە “ناسیونالیستی و کۆنەپرەستانە” ناودەبەن.

من وەک خۆم، باشترین وەڵام بۆ ئەوان بەس ئەوە دەبینم، کە ىڵێم “قومارچی ئەگەر نەڵێت بە هینم، دڵی دەتەقێت”؛ ئەوان کە کاتی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 1996 دایکی خۆشیان دەنگی نەدانێ؛ ئەوان کە ساڵی 2000 لەنێو جەنگێکی خۆتڕێن پێنج کەسیان بەکوشتدا و دواتر خۆیان بەرەو هەندەران هەڵهاتن؛ ئەوان کە دواتر لە بەرانبەر مۆڵەت و پشک لەتەک بکوژانی ئەندامەکانی خۆیان ڕێکەوتن و چوونە یادی هەمان ڕادیۆی ینک، کە کوشتنی ئەندامەکانی ئەوانی ڕەوادەکرد؛ ئەوان کە کاتی هاتنی داعش هەڵای “دەستەی چەکداری جەماوەریی”یان بەرپاکرد و هیچ کەس بە کڵاوی ئەوان … نەپێوا؛ ئەوان کە لەنێو پڕۆسەی “خۆتڕاندنی دەوڵەتی کوردی” ڕسواترین هێز دەرچوون؛ ئەوان کە هەموو مانگێك ڕێکخراو پارتییۆکەیەک درووستدەکەن و بێجگە لە خۆیان هیچ کەس ناوی خۆیان و ڕێکخراوە بەناو جەماوەرییەکانیان و خۆیان نازانێت، زۆر ئاساییە کە لە بەرانبەر بزووتنەوەی خۆخۆیی جەماوەریی بکەونە سووکایەتی و شێواندن، ئەگەر نا وەک قومارچییەکە دڵیان شەقدەبات! چونکە بزووتنەوەی بایکۆتکردن بزووتنەوەیەکە، کە هیچ شوانە “ڕابەر ” و “حزبی قائد” و شێخ و تەریقەتێکی نییە و بە چەند ڕۆژ بووە بە دەنگێک و حکومەتی ئاکپارتیی و ئەردۆگان و کۆمپانییەکانی هەرێم و کارخانەکان هەژاندووە و ناچاربوون دەزگە میدیاییەکانیان بۆ پاشگەزکردنەوەی خەڵک بەگەڕبخەن و قۆمۆنیستەکانیش وەک دەسەڵاتخواز و هاودەردی دەسەڵاتداران و کارخانەکان کەوتوونەتە سووکایەتی و شێواندنی ڕەوایەتی بزووتنەوەی بنایکۆتکردن!

ئەگەر لەوەش بگوزەرێن، کە ئاوا تۆمەتبارکردنێک بەس شێواندن و ئێرەییەکی ڕامیارییە وەک بەرەنجامی ناکارایی بۆچوون و بڕیارەکانی خودی ئەوان. پرسیارێک کە تۆمەتی “ناسیونالیست-بوونی بایکۆتکەران” لەبارەی خودی (ناسیونالیزم) دەیورووژێنێت، ناکرێت بەبێ وەڵام بمێنێتەوە.

ساڵی 1993 کاتێک ڕێکخراوەکانی (قۆمۆنیزمی کرێکاری) لە هەرێمی “کوردستان” خەریکبوون پارتییەک لەسەر بنەمای بۆچوونەکانی (مەنسووری حیکمەت) پێکبهێنن، بۆ ئەو مەبەستە خودی مەنسووری حیکمەت بە نامەیەکی ئاراستەکراو کۆمەڵێک پرسیاری لە “فەعاڵین”ی ئەو کات کردبوو و منیش وەك چالاکێکی کۆمونیستی ئەو ڕۆژگارە دەبوو بە پرسیارەکانی نێو ئەو نامەیە وەڵامبدەمەوە. یەکێک لە پرسیارەکان ئەوە بوو “بە ڕای تۆ حزب عیراقی بێت یان کوردستانی، بۆچی؟” [ئەگەر داڕشتنی پرسیارەکە بە درووستی لەنێو هۆشی من مابێت، ئاوا بوو].

ئەو کات کە من بە بۆچوون و بڕوای (پارتیی کۆمونیستی جیهانی) گەییشتبووم و هیچ بڕوایەکم بە پارتییە ناوچەییەکان نەمابوو، بە پرسیارێك کەوتمە وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی (مەنسووری حیکمەت)؛ ئەگەر “کوردستان”یی-بوونی پارتییەک ناسیونالیستبوونی ئەو بێت، ئەی جیاوازی کوردستانیی-بوون و عیراقیی-بوون چییە، ئایا هەر دووکیان شوناسەیەکی جوگرافیی نین و شوناسی ڕامیاریی تایبەتیی کۆمەڵە خەڵکێک نین؛ بە چ پێوەرێک یەکەم “ناسیونالیست”یی دەبێت و دووەم “ئینتەرناسیونالیست”یی؟

ئێستا با بە جۆرێکی دیکە ئەو پرسیارە لە ئێوە دەروێشەکانی (مەنسووری حیکمەت) بکەینەوە؛ ئێوە کە حزبەکانتان شوناسی “کوردستانی”ی و “عیراقی”یان هەیە و لە هەر گۆشەیەکی جیهان بژین، بە هیچ شێوەیەک لەنێو تێکۆشانی ئەو کۆمەڵانە بەشدارییناکەن، بەڵام هەموو درووشم و بانگەواز و بڕیار و هەوڵێکی ئێوەی (قۆمۆنیست) لەپێناو “کوردستان” و “عیراق”ەکەی خۆتانە و بە هەزار و یەک شێوە و ڕێگە بەناوی دەیان ڕێکخراوی بەناو”جەماوەریی”یەوە بووجەی خەرجە کۆمەڵایەتییەکانی [بیمە کۆمەڵایەتییەکانی] ئەو کۆمەڵانە بۆ “عیراق” و “کوردستان”ەکەی خۆتان دەدزن، کەچی خۆتان بە “نا-ناسیونالیست” و کەسانێک کە دژی جەنگی فەرمانداریی تورکیە بۆ سەر کۆمەڵی ڕۆژاوا لە باکووری سوریە وەستاونەتەوە و بایکۆتکردنی کاڵا و گەشتی تورکیە وەک بەرەنگارییەکی ئابووریی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاوا بەکاردەبەن، ئێوە ئەوان بە “ناسیونالیست” ناودەبەن؛ ئەرێ بەڕاست، بە کامە پێوەر و لۆجیک ئەوە درووستە و بۆ ئێوە (ناسیونالیزم) و (ناسیونالیست)-بوون چ واتایەک دەبەخشێت؟


  • پەراوێز:
    قۆمۆنیست:قۆم/ قۆمون = نەتەوە، نەتەوەچی، (ئیست) پاشگری بکەرە، وەک (چی). قۆمچی یان قۆمۆنیستەکان ئەو ڕەوت و ئاراستە چەپە هەلپەرست و دەسەڵاتخوازانەن، کە لەپێناو دەسەڵات و ناوبانگ و بەرتەریی دەستەبژێرانەی خۆیان، هەر ڕۆژە درووشم و بەرنامەیەک بەرزەدەکەنەوە: “حکومەتی کرێکاری” ، “دەوڵەتی سۆشیالیستی“ ، “کۆماری سۆشیالیستی” ، “حکومەتی شورایی” ، ” کۆماری شورایی”، „ حکومەتی عیلمانی“ ، “حکومەتی سێکولاریستی” ، “حکومەتی مەدەنی” ، ” دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان” ، “دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی” و بەدڵنیاییەوە وەک هەموو ڕەوتێکی دەسەڵاتخواز بەیانی پارلەمان دوا مەنزڵگەی ئەوان دەبێت!

بۆ من و بە لێکدانەوەی و تێگەییستنی ئەنارشیستییانەی من لەبارەی کۆمونیزم [کۆمونیزم نەک کۆمۆنیزم]؛ (کۆمونیزم) و دەوڵەت، (کۆمونیزم) و پارتیی، (کۆمونیزم) و ڕابەر، (کۆمونیزم) و دەستەبژێر، (کۆمونیزم) و سەرۆک و لیدەر؛ کۆمونیزم و ئەو شتانەی دیکە کۆمەڵێک چەمکی پارادۆکسی یەکدین و کۆمونیزم یان نییە، یان دژی کۆمەڵی چینایەتی، دژی سیستەمی چینایەتی، دژی ڕێکخستنی چینایەتی، دژی خەونی چینایەتیی دەبێت. تکایە سەرنجبدە، من لەبارەی کۆمونیزم دەدوێم، نەک مارکسیزم!




جۆر و شێوه‌كانی بوونی كاریكاتێر له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا به‌شی 3 … هه‌ندرێن خۆشناو

به‌ گوێره‌ی ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌ی كه‌ كاریكاتێر باسی لێوه‌ده‌كات، ده‌كرێ كاریكاتێر دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر چه‌ند جۆرێكدا، دابه‌شبوونه‌ كلاسیكیانه‌كه‌ش كاریكاتێر به‌سه‌ر چوار جۆردا دابه‌ش ده‌كات، به‌ گوێره‌ی گرنگی له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا:
1- كاریكاتێری گاڵته‌جاڕیی
كاریكاتێری سیاسی- 2-
كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی- 3

4- كاریكاتێری پۆرترێت:

بێجگه‌ له‌و چوار جۆره‌ ئاماژه‌پێكراوانه‌، ده‌توانین تێبینی جۆری پێنجه‌میش بكه‌ین، كه‌ له‌ دۆخی جینیدایه‌ و هێشتا روون نه‌بۆته‌وه‌ و ناتوانرێت به‌ كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی یان سیاسی ناوبنرێت، چونكه‌ باسی بابه‌ته‌ فه‌لسه‌فیه‌كان ده‌كات، كه‌ گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان نایگرێته‌خۆ، یان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حاڵه‌تێكی ده‌روونی ناخی مرۆڤ ده‌كات، كه‌ ئه‌ویش ناكه‌وێته‌ خانه‌ی گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌، وه‌كو وێنه‌كانی تۆماس ڕۆلاندسۆن بۆ نمونه‌ (پینه‌دۆزێك چاره‌سه‌ری ژنه‌ خراپه‌كاره‌كه‌ی ده‌كات)، ڕۆلاندسۆن له‌م ێنه‌یه‌دا باسی حاڵه‌تی ناوه‌خۆی ناخی مرۆڤایه‌تی ده‌كات، سه‌باره‌ت به‌و كاریكاتێرانه‌ش كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌ فه‌لسه‌فیه‌كان ده‌كه‌ن، بۆ نمونه‌ باس له‌ كاریكاتێرێكی هونه‌رمه‌ندی سوریایی عه‌بدولهادی شه‌ماع ده‌كه‌ین، كه‌ وێنه‌ی پیره‌مێردێك و نه‌وه‌كه‌ی كردووه‌ و هه‌ریه‌كه‌یان خه‌ونی خۆی هه‌یه‌، خه‌ونی پیره‌مێرده‌كه‌ بچووكه‌ و خه‌ونه‌كانی منداڵه‌كه‌ش گه‌وره‌ن. هه‌ركه‌ مرۆڤ گه‌وره‌ بوو خه‌ونه‌كانی بچووك ده‌بنه‌وه‌.
له‌ وێنه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ندی بیلاڕوسی كۆلیادینكۆ بابه‌تێكی هاوشێوه‌ی بابه‌ته‌كه‌ی پێشوو، وێنه‌ی سه‌گێكی كۆتكراو خه‌ون به‌ سه‌ربه‌ستیه‌وه‌ ده‌بینێت. له‌ وێنه‌ی دووه‌میشدا سه‌گێكی ئازاد خه‌ون به‌ ئێسكێك و ماڵێكه‌وه‌ ده‌بینێت، هونه‌رمه‌ند لێره‌دا دوو بژارده‌ی دژبه‌یه‌ك ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ شادی نایه‌ته‌دی ته‌نیا به‌ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردووكیانه‌وه‌ نه‌بێت، ئه‌م جۆره‌ كاریكاتێرانه‌ ده‌توانین ناوبنێین به‌ كاریكاتێری فه‌لسه‌فیانه‌ یان ده‌روونیانه‌ به‌پێی ئه‌و بابه‌ته‌ی كه‌ باسی لێوه‌ده‌كه‌ن، ئه‌م جۆره‌ش هێشتا روون نه‌بۆته‌وه‌ و وه‌كو ئاڕاسته‌یه‌ك له‌ دایكبووه‌ له‌ناو هه‌ناوی هونه‌ری كاریكاتێره‌وه‌، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ له‌ قۆناغه‌كانی داهاتووی ڕێڕه‌وی پێشكه‌وتنیدا ببێته‌ هونه‌رێكی جیا له‌ كاریكاتێر، هۆی سه‌ره‌كی ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ش كه‌می توخمی كۆمیدیایه‌ له‌ زۆربه‌ی ئه‌و وێنانه‌دا، به‌ پشت به‌ستن به‌ پارادۆكسه‌كانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كاریكاتێردا به‌یه‌كده‌گه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا له‌ خانه‌ی هونه‌ری كاریكاتێردایه‌ و لێی جیانه‌بۆته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌توانرێت به‌ ئاراسته‌یه‌ك له‌ هونه‌ری كاریكاتێری دابنرێت.

ئه‌م جۆره‌ وێنانه‌ واباوه‌ كه‌ ئامانج لێیانه‌وه‌ چالاك كردنه‌وه‌ی هزر و پاڵدانیه‌تی بۆ ده‌ره‌نجام هه‌ڵهێنان، سه‌ره‌ڕای ئه‌م دوو نمونه‌ ڕوونانه‌ی كه‌ هێنامانه‌وه‌، زۆربه‌ی ئه‌و وێنانه‌ ڕوونی و ڕاشكاوی تێدا وونه‌ و هه‌ندێ جار پێویستی به‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵ هه‌یه‌ بۆ تێگه‌یشتنی ئاماژه‌ و سیمبوله‌كانی، هه‌ندێ جار ئه‌وانیش شیكردنه‌وه‌یان ئه‌سته‌مه‌، ئه‌مه‌ش وای لێده‌كات كه‌ هه‌واداری زۆرنه‌بن و ‌جه‌ماوه‌رێكی به‌رته‌سكی هه‌بێت له‌ بایه‌خده‌رانی‌ هونه‌ری كاریكاتێر، كه‌ جه‌ماوه‌رێكی نوخبه‌ و ڕۆشنبیرن، بۆیه‌ ده‌توانرێت بگوترێت كه‌ ئه‌م ئاڕاسته‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ له ‌كاریكاتێر جیاببێته‌وه‌، هه‌تا له‌ خواسته‌كانیشی بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ و به‌جه‌ماوه‌ریی بوون.

بریتیه‌ له‌ وێنه‌كردنی ڕوخساری كه‌سێكی دیاریكراو به‌ به‌كارهێنانی شێوازی زێده‌ڕۆییكردنی كاریكاتێری له‌ وێنه‌كێشاندا، له‌وانه‌شه‌ ته‌نیا نه‌وه‌ستێت به‌ وێنه‌كردنی ده‌موچاوه‌وه‌، به‌ڵكو به‌ وێنه‌كردنی به‌شه‌كانی تری له‌شیش، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی فۆكه‌سكردن له‌سه‌ر ده‌موچاوه‌.
ئه‌وه‌ی باوه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر دوو به‌شدا، كاریكاتێری دڵسۆز یان بێلایه‌ن و دووه‌میش كاریكاتێری زه‌مكردن. ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ له‌یه‌ك جیاده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ یه‌كه‌مدا ته‌نیا زێده‌ڕۆیی به‌كاردێت له‌ وێناكردنی روخساره‌كاندا، به‌بێ خستنه‌سه‌ری هیچ ئامرازێكی دیكه‌ كه‌ ئاماژه‌ بێت بۆ شتی دیكه‌ی مه‌به‌ستدار، زۆربه‌ی كه‌سایه‌تیه‌ ناسراوه‌كان و سیاسه‌تمه‌داران ئه‌م جۆره‌ كاریكاتێره‌یان بۆ كراوه‌، زۆرێك له‌ هونه‌رمه‌ندان كاریكاتێری هاوڕێ و ناسیاو و ناوداره‌‌كان ده‌كێشن، كه‌ به‌جۆری دڵسۆزانه‌ ده‌ژمێردرێت، بۆ نمونه‌ كاریكاتێره‌كه‌ی (عه‌بدوڵڵا په‌شێو)ی كاریكاتێریست هه‌ندرێن خۆشناو، ئه‌و كاریكاتێرانه‌ی بۆ سیاسه‌تمه‌دارانیش ده‌كرێن ده‌توانین به‌ جۆری كاریكاتێری بێلایه‌ن بیانژمێرین، چونكه‌ به‌ پاڵنه‌ری دیكه وێنه‌كراون بێجگه‌ له‌ ڕالێبوون، بۆ نمونه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ ڕۆژنامه‌یه‌ك‌ داوا بكرێت كه‌ كاریكاتێرێك بۆ سیاسه‌تمه‌دارێك بكێشی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بابه‌تێكی دیكه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، به‌ڵام كاریكاتێری زه‌مكردن بریتیه‌ له‌وه‌ی بێجگه‌ له‌ خستنه‌سه‌ری زێده‌ڕۆیی هونه‌ریی، چه‌ند توخمێكی دیكه‌ی بۆ زیادده‌كرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سه‌كه‌ ڕوخساری مه‌یمونێك یان هه‌ر ئاژه‌ڵێكی دیكه‌ی پێببه‌خشرێت، یان زیادكردنی هه‌ر ماده‌ و بابه‌تێكی دیكه‌، كه‌ ئاماژه‌بن بۆ چه‌ند بابه‌ت و شتێكی دیاریكراو، بۆ نمونه‌ ئه‌و كاریكاتێره‌ی كه‌ (هێنری دۆمیێ) بۆ شا (لویس فیلیپ)ی كێشابوو له‌سه‌ر شێوه‌ی هه‌رمێ، له‌ زمانی فه‌ره‌نسیدا هه‌رمێ به‌ مانای گێل و گه‌وجیش دێت، به‌ كورتی جیاوازی نێوانیان، كاریكاتێری دڵسۆزانه‌ وبێلایه‌ن، ڕوخسارێكی دیاریكراو وێناده‌كات ته‌نیا به‌ به‌كارهێنانی ته‌كنیكه‌كانی زێده‌ڕۆییكردن و به‌ڵام كاریكاتێری زه‌مكردن، جیا له‌ ڕوخساری كه‌سایه‌تی، هه‌ندێ زێده‌ڕۆییكردنی تری بۆ زیادده‌كرێت بۆ شه‌رمه‌زاركردنی كه‌سایه‌تیه‌كه‌.




دیدێكی ڕه‌خنه‌یی بۆ كتێبی- له‌بومه‌لێڵه‌وه‌ بۆ زه‌رده‌ په‌ڕ … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

بێگومان، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ مێژووی سه‌ده‌یه‌كی ناوچه‌یه‌ك له‌ هه‌ر بوارێكه‌وه‌ بێت به‌ تایبه‌تیش ئه‌ده‌بیات، كارێكی سه‌خته‌ و ورده‌كاریی و لێكۆڵینه‌وه‌ و ساغكردنه‌وه‌ی مێژوویی به‌ به‌لگه‌وه‌ ده‌وێت. چونكه‌ سه‌ده‌یه‌ك، سه‌د ساڵ ده‌كات و به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و مێژووه‌دا هه‌ر ده‌قێكی ئه‌ده‌بی نووسرابێت، ده‌بێت ئاماژه‌ی پێ بكرێت.
ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌ده‌بیات چه‌مكێكی به‌ر فراوانه‌وه‌ به‌ ته‌نها ژانرێكی ئه‌ده‌بی ناگرێته‌وه‌. بۆیه‌ ناتوانین به‌ ته‌نها ژانرێكی ئه‌ده‌بی بكه‌ینه‌ پێوه‌ر بۆ كۆی به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی ناوچه‌یه‌ك. چونكه‌ ئه‌ده‌بیات، شیعرو ڕۆمان و چیڕۆك و حیكایه‌تی میللی و فۆلكلۆری و ئه‌ده‌بیاتی سه‌ر زاره‌كی و چه‌ندین لایه‌نی دیكه‌ش ده‌گرێته‌وه‌.كه‌ پێویست ده‌كات هه‌ر لایه‌نه‌ و له‌ ژێرناونیشانێكدا، لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ باره‌وه‌ بكرێت.
چونكه‌ دواجار ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ڵاپه‌ڕه‌كانی مێژوو له‌ ڕابردوودا، كه‌ ده‌شێ له‌ ئێستاوه‌ بگه‌ ڕێینه‌وه‌ سه‌ری. كه‌چی ده‌بینین به‌شێك له‌و هه‌وڵانه‌ی له‌و بواره‌وه‌ ده‌درێن، چه‌ندین كه‌م و كورتییان له‌ ڕووی مێژوویی و فه‌رهه‌نگییه‌وه‌ هه‌یه‌. چونكه‌ نووسه‌ره‌كانیان نه‌یانتوانیوه‌ وه‌كو پێویست ئه‌و بابه‌تانه‌ شه‌ن و كه‌و بكه‌ن. كتێبی( له‌ بومه‌لێڵه‌وه‌ بۆ زه‌رده‌په‌ڕ) كتێبێكه‌ له‌ باره‌ی مێژووی ئه‌ده‌بیاتی سه‌د ساڵی ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی له‌ ساڵی 1800تاكو 1900زایینی.
خوێنه‌ر كاتێ ئه‌و ناونیشانه‌ ده‌بینێت، بیری بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت كه‌ ئه‌م كتێبه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد و پوخت و چڕی ئه‌ده‌بیاتی باڵه‌كایه‌تییه‌. كه‌چی كاتێ ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌،به‌ر ڕایه‌كی جیاوازترده‌كه‌وێت. چونكه‌ ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند وتارێكی ساده‌ كه‌ له‌ ڕووی ئه‌رزشییه‌وه‌ ناتوانرێت پشتیان پێ ببه‌سترێت، هیچی ترله‌ خۆناگرێت.خه‌وشێكی دیاری ئه‌و كتێبه‌ له‌ ناونیشانه‌كه‌یه‌تی، كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی مێژووی سه‌د ساڵه‌ی ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی. كه‌چی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ ته‌نها باسی چه‌ند كورته‌ شیعرێكی چوارشاعیرده‌كات.

به‌بێ ئه‌وه‌ی باسی ژانره‌كانی دیكه‌ بكات. بۆیه‌ ده‌بوو ناونیشانی ئه‌و كتێبه‌، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ شیعری ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی بوایه‌. هاوكات كتێبه‌كه‌ ته‌نها له‌ چوار وتار پێكهاتووه‌. وتاری یه‌كه‌م له‌ باره‌ی ئیبن و ئاده‌مه‌وه‌ نووسراوه‌ كه‌ بێگومان یه‌كێكه‌ له‌ ناوداترین زاناكانی سه‌ده‌ی پێشووتر، كه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌شیان له‌ ئێستاشدا پێگه‌یه‌كی ئایینی دیارییان هه‌یه‌. ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌ له‌م وتاره‌یدا، هێنده‌ی له‌ سه‌ر بیۆگرافیا و ژیانی تایبه‌تی و ئایینی ئیبن و ئاده‌م ده‌وستێت، ئه‌وه‌نده‌ باسی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و زانایه‌ و ده‌قه‌ شیعرییه‌كانی ناكات.
به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی مێژوویی ناخاته‌ ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ری كورد له‌ تواناو ئاستی دنیابینی ئه‌و شاعیره‌ به‌ ئاگا بێت. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وباسی خه‌سڵه‌ته‌ دینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئیبن و ئاده‌م ده‌كات. بۆنموونه‌: ده‌نووسێت ئیبن و ئاده‌م دژه‌ سته‌مكار بووه‌. ئه‌مه‌ چ په‌یوه‌ندی به‌ دنیابینی و پاشخانی ئه‌ده‌بی ئه‌و زانایه‌وه‌ هه‌یه‌؟ گریمان دژی سته‌مكارانیش بووه‌، وه‌لێ كامانه‌ن ئه‌و شیعرانه‌ی له‌ دژی سته‌مكاران نووسیویه‌تی؟ بۆچی ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌ به‌ ده‌ق نایانخاته‌ ڕوو؟ له‌ كاتێكدا له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئیبن و ئاده‌م ژیاوه‌، چه‌ندین هه‌ڵه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بووه‌.

ته‌نانه‌ت میری سۆران میری محمه‌د، سته‌مكاری دژی كه‌سه‌ نزیكه‌كانی خۆشی ده‌كرد و چه‌ندین كه‌سی له‌ناوبرد. بۆچی ئیبن و ئاده‌م له‌و باره‌یه‌وه‌ شیعری نه‌نووسیوه‌؟.
ده‌بوو نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی دیاربخاته‌ ڕوو. نووسه‌ر هه‌ر له‌ درێژه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌یدا، له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی ئیبن و ئاده‌م به‌ زانایه‌كانی دیكه‌وه‌ ده‌دوێت، كه‌ ئه‌مانه‌ش ده‌چنه‌ خانه‌ی ژیانی تایبه‌تی كه‌سه‌كانه‌وه‌ نه‌ك پاشخانی فیكری و ئه‌ده‌بییان. له‌ كۆتایی ئه‌و باسه‌شدا، ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌، چه‌ند په‌ره‌گرافێكی شیعری وه‌ك نموونه‌ی شیعره‌كانی ئیبن و ئاده‌م دێنێته‌وه‌ كه‌ به‌ بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك شیعری یه‌كجار بێ ناوه‌ڕۆك و لاوازن. یه‌كێك له‌و شیعرانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت:_
هه‌وران كرده‌ گۆله‌ گۆڵ..
میكایلا ئه‌تۆش ده‌ی..
توتن و ماشان بڕشێنه‌..
ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌و چه‌ند وێنه‌ شیعرییه‌ بده‌ین، به‌ ئاسانی درك به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ ڕووی كێش و سه‌روا و فۆڕمی شیعرییه‌وه‌، شیعرێكی چه‌ند ساده‌ و ناهونه‌رییه‌. هاوكات وه‌ك خوێنه‌رێك گومانم هه‌یه‌ ئیبن و ئاده‌م كه‌ زانا و مه‌لایه‌كی یه‌كجار تێگه‌یشتووبووه‌، شیعری له‌و شێوه‌یه‌ بنووسێت.
ئاخر تۆ بڵێی ئیبن و ئاده‌م هوشیاریی شیعری هێنده‌ لاوازبێت، نه‌زانێت توتن (ده‌چێنرێت و ناڕشێنرێت)؟! ئه‌م دنیابیینییه‌ لاوازه‌ له‌ شیعر، به‌رهه‌می دیدگای شاعیرێك نییه‌ كه‌ ده‌یان نووسین و كتێبی هه‌بووبێت و یه‌كێك بووه‌ له‌ ناودارترین زاناكانی سه‌ده‌ی خۆی. ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌، كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ باره‌ی سه‌ده‌یه‌كی ئه‌ده‌بیاتی باڵه‌كایه‌تی كردووه‌، بۆچی نموونه‌ی له‌ده‌یان شیعری دیكه‌ی ئیبن و ئاده‌م نه‌هێناوه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ران باشتر ئاشنای ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بن.وتارێكی دیكه‌ی نێو ئه‌و كتێبه‌، باسی (مه‌لامحمه‌د)ناوێك ده‌كات.
وه‌لێ ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌ به‌ بڕوای من بیری چۆته‌وه‌ كه‌ ناونیشانی كتێبه‌كه‌ی ئه‌ده‌بیاتی باڵه‌كایه‌تییه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی باسی شێخ ڕه‌زا و نالی وحاجی قادری كۆیی ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ باسی مه‌لا محمد و شاعیرانی دیكه‌ی باڵه‌كایه‌تی ناكات.ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌ ده‌بوو ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ شێخ ڕه‌زا و حاجی قادر و نالی، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به‌ ئه‌ده‌بیاتی ناوچه‌ی باڵه‌ كایه‌تییه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ شیعره‌كانیاندا، ئه‌گه‌ر ئاماژه‌یه‌كییان به‌و ناوچه‌یه‌ دابێت. كه‌چی ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌ ده‌یان نموونه‌ی له‌ شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ هێناوه‌ته‌وه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك نموونه‌ له‌ شیعری مه‌لامحمه‌دی وه‌تمان هێنابێته‌وه‌.وێرای ئه‌م دوو وتاره‌ كورته‌، دوو وتاری دیكه‌ش له‌و كتێبه‌دا هه‌ن، كه‌ ئه‌وانیش هیچ بایه‌خێكی فه‌رهه‌نگی و مێژوویان نییه‌، چونكه‌ پتربیۆگرافیان له‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بێت له‌ ئه‌ده‌بیاتی باڵه‌كایه‌تی.

به‌ بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك، ناكرێت له‌ ژێر ناونیشانێكی گه‌وره‌، كارێكی كرچ و كاڵ بكه‌ین. لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ مێژووی سه‌ده‌یه‌كی ناوچه‌یه‌ك، پێویستی به‌ هێنانه‌وه‌ی ئه‌رگۆمێنتی مێژوویی و ده‌یان به‌ڵگه‌ و ده‌ستنووس هه‌یه‌. لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی باڵه‌كایه‌تی له‌ ماوه‌ی سه‌د ساڵدا، به‌وه‌ ناكرێت ژیاننامه‌ی ته‌نها چوار كه‌س له‌ دوو توێی نامیلكه‌یه‌كی بچووكدا بنووسینه‌وه‌. به‌ڵكو ده‌بێ نموونه‌ له‌ ده‌یان شیعری سیاسی و ئایینی و نه‌ته‌وایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و ناوچه‌یه‌ و شاعیرانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ ئه‌گه‌ر هه‌بن بێنینه‌وه‌. ده‌بێ ئاگاداری هه‌موو ئه‌و نووسین و ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییانه‌ بیت كه‌ له‌ ماوه‌ی سه‌دساڵ له‌و مێژووه‌دا نووسراون. ئه‌وه‌ی من وه‌ك خوێنه‌رێك له‌و كتێبه‌دا كه‌وته‌ به‌رچاوم، شتێكی پێچه‌وانه‌ی ناونیشانی كتێبه‌كه‌ بوو.

چونكه‌ جگه‌ له‌ چوار وتاری زۆر ساده‌ و ساكار(كه‌ خوێنه‌ران خۆیان ده‌توانن كتێبه‌كه‌ بخوێننه‌وه‌) هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانستی و مێژوویی له‌و كتێبه‌دا ناكه‌وێته‌ به‌رچاو. دواجار بڕوام وایه‌ ئه‌م كتێبه‌، ناكرێ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆنووسینی دیكه‌ له‌ باره‌ی ئه‌ده‌بیاتی باڵه‌كایه‌تییه‌وه‌ پشتی پێ ببه‌سترێت. چونكه‌ بابه‌ت و زانیارییه‌كانی له‌ ڕووی مێژووییه‌وه‌ ورد نین و هێشتا پێویستییان به‌ ساغكردنه‌وه‌ و به‌دواداچوونی زیاتر هه‌یه‌.
به‌ تایبه‌تیش له‌ ڕووی ده‌قی ئه‌ده‌بییه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌ده‌بیات هه‌ر ته‌نها شیعر نییه‌، هاوكات مێژووی سه‌د ساڵی ناوچه‌یه‌كیش ته‌نها له‌ چوار كه‌سایه‌تی و چه‌ند وێنه‌یه‌كی شیعری لاواز كورت ناكرێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و سه‌د ساڵه‌دا چی نووسراوه‌ كه‌ بچێته‌ خانه‌ی ئه‌ده‌بیاته‌وه‌، ده‌بێ باس بكرێت و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ باره‌وه‌ بكرێت.

*په‌راوێز: ناوی كتێب(له‌ بومه‌لێڵه‌وه‌ بۆ زه‌رده‌په‌ڕ)/ ئاماده‌كردنی ڕێبین مه‌لا ئه‌حمه‌د/ ساڵی چاپ 2019……….

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ ژماره‌(1109)ی ڕۆژی 24/10/2019بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…




ئەو هەفتەیەی حەوت ڕۆژ و شەوێكە … دڵشاد مەریوانی

ڕۆژی یەكەم:
تۆ لە دڵمایت
كە نەتوانم بتبینم و بۆنت بكەم
كە نەتوانم تامت بكەم و بتگرم
كە نەتوانم گوێت لێ‌ بگرم.


تۆ لە دڵمایت و زۆر دووری
ئای كە دووری میوانی دڵ.


من لە دڵتام
كە نەتوانی بمبینیت و بۆنم بكەی
كە نەتوانی بمگریت و تامم بكەی
كە نەتوانی گوێم لێ‌ بگری.


من لە دڵتام و زۆر دوورم
خانەخوێكەم.. ئای كە دوورم!

ڕۆژی دووەم:
تەڕ دەبم و سەرمام دەبێ‌
لەبەر ئەو شەستەبارانە.. سەما مەكە
هەنسكەبڕكێم تووش دەبێ‌
لەبەر ئەو تۆف و زریانە.. هەڕا مەكە
بۆ وا دەكەی؟
كەی وتومە: هەرچی دەردێ‌
تووشی تۆ بێ‌
تووشی دڵی منیش دەبێ.‌

ڕۆژی سێیەم:
من نێرگسیم،
زۆریش حەزم لە نێرگسە
كەی وتومە تۆ لەو دەچی
وەك (مەولەوی)
وتم نێرگس لە تۆ دەچێ‌!


من زەردم و ئەتۆش سپی!
زوویر مەبە
بڕوا بكە
بە (خۆم)م وت.. لەگەڵ (ئەو)دا
تۆش لەو دەچی!

ڕۆژی چوارەم
ڕاستت دەوێ‌
ئەو ژیانە بێهوودەیە و هوودەی من تۆی!
درۆت دەوێ‌
ئەو ژیانە بێهوودەیە و هوودەی من تۆی
هوودەیی بێ‌
یان بێهوودە
ئەو ژیانە
هەردوو هەر تۆی!
ئاشنا
یان دڵ پڕ غوربەت
بەم ژیانە
هەردوو هەر تۆی!
تەنیا خۆم بم
یان تەنیا تۆ
لەم ژیانە
هەردوو هەر تۆی.

ڕۆژی پێنجەم:
ئەم جیهانە دووكانێكە
سەودام بكەی
سەودات دەكەم
كڕیار و فرۆشەر، خۆتی.


ئەم ژیانە پەرستگایە
بتپەرستم
بمپەرستی
ژیاو و ژیێنەر خۆتی.


بیانوو مەگرە
كام كامتری زۆر خۆشدەوێ‌
ئەوەی دڵی من دەیەوێ‌
تۆش دەتەوێ‌.

ڕۆژی شەشەم
دوێنێ‌ لای تۆ
نامەیەك هات
ئەمڕۆ لای من
بووە شیعر
ئەمڕۆ لای من
نامەیەك چوو
سبەی لای تۆ
دەبێتە سیحر.


نامە
شیعرە!
شیعر
سیحرە!

ڕۆژی حەوتەم:
(ئەمڕۆ) (سبەینێ‌)ی (دوێنێ‌)یە
هەفتە هەر (حەوت) ڕۆژی پێیە
كێ‌ دەڵێ‌ (شەوی هەشتەم)ی هەفتە نییە؟
من دڵنیام (خۆر) ڕووی نایەت سەر دەربێنێ‌
تا شەوی (هەشتەم)ی هەفتەم بۆ نەهێنێ‌.

شەوی هەشتەم:
ڕووت و تەنیای
ڕووت و تەنیام
وەرە باخەڵمەوە بنوو
كەی لە (من) جیای
كەی لە (تۆ) جیام
ئەی حەقیقەت!

    7\1\1988
 دڵشاد مەریوانی

سه‌رچاوه‌:
گۆڤاری به‌یان، ژماره‌ (143) مایسی 1988. ل:41 – 42.




ماچە مێژووییەکان … شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

بۆ ئەو ماچەی ئەحلام مەنسوور کە دڵی شیعری ڕاگرت

ئەحلام لەنێو چیرۆکێکیا
دیوارێکی سفتی لە ماچ هەڵچنیبوو
تا ئیرۆتیکی وشەکان
لەودیو پەردە تەنکەکانی خەیاڵەوە ئیحراج نەبن
ئەو نەسەبی دەچۆوە سەر ئەڵوەنی ماچ
جگەرەی جوانی دەکێشا و
باڕەکانی فێر کردبوو پێک بێ وشە غەمبارەکان هەڵنەدەن و
بەر لە خەوتن شیعری عەشق بخوێننەوە
پێنجشەممان دەچووە سەر دیجلە و
کەرتە بسکیتی خەیاڵی دەدایە ماسییەکانی خەم
ئەم گڕێک بوو گڕ لە ناخیا گڵپەی دەکرد
لەشی هەموو گڕی ماچ بوو
چاوی پڕ بوو لە خۆشەویستی ناکام و
دڵیشی دابوو بە وشە
ئەحلام ئێواران دەفڕی
ئەحلام جارجار دووربینی ماچێکی دەنا بەچاوەوە و
دەیڕوانییە پێدەشتە کاکی بەکاکییەکەی ئەوین و
لەگەڵ نووسینی چیرۆکێکی تازەدا تێر دەگریا
بە قژی خۆی هەڵدەگەڕایە سەر بانی خۆشەویستی
سووتووی جگەرەی دەنایە کوونەگوێی بیم
زوو زوو لە ترس زویر دەبوو
بەدیار زمان و وشەوە دادەگیرسا
ئەو عاشق بوو بۆیە دەسووتا لە خەما
ئەو دیوێکی پەنهانی ئەو دیرۆکە بوو
بوو بە دووکەڵ لەنێو هەوری کپ و تەما.
*
کاتێ ئەحلام ریز ڕیز ماچی دەنایە بەر پێی عەشقێکی خۆڵەمێشیی
کاتێ دەچوو لەناو پەروەندەی دادگایی زمانی غەم
یەک یەک وێنەی ماچەکانی بە کامیرای لێوی دەگرت
تاکو دۆسیەی خۆشەویستی بباتەوە
کاتێ دەچوو لەگەڵ شیعرا پەرداخی مەی پڕ دەکرد و
مەست مەست وشەی دەنایە نێو شیعر و چیرۆک
ئەو کاتانەی لەسەر لێواری حەژمەتی کسپەیەکدا دەبوو بە حەز
ئەحلام دەمی دەنایە نێو دەمی شیعر
دڵی دەخستە سەبەتەی یاخیبوون و
مەرزەکانی ئەودیو تخووبی جوانیشی دەهێنایە رەقس و سەما
وشەکان دەستی یەکتریان دەگرت و
چیرۆک دەفڕی بەسەر زەریای خەیاڵاتی پاکیزەیی
مێنەیی دەبوو بە فانتازیای نووسین
جوانی ڕەگی لەنێو ژوورێکی بچووکدا دادەکوتا و
تەحەداکان هەموو ئێوارەی پێنجشەممە کۆڕیان لەسەر
سێکس و ئیرۆتیک و مەمک و ماچە مێژووییەکان دەبەست.
ئەحلام ببوو بە باڵندە و
بەسەر شەقامەکانی نووسیندا دەفڕی
ببوو بە غەدرێکی جوان و لە پەنجەرەی باڵەخانەی دژە کلتوور
هەموو ئێوارەیەکی غەمگین خۆی دەکوشت
خۆی دەدایە بەر فیشەکی کلتووری کۆن
خۆی دەدایە بەر ساتووری دواکەوتوویی
خۆی دەدایە بەر چەقۆی ڕقی شەهوەتەکانی ڕۆژهەڵات
چ ڕۆمانێک بوو ئەو ژنە
چ چیرۆکێک بوو ئەو کەتنکەرەی مێژوو بۆ خۆی بردی!
*
بۆ یادی ئەو ماچە کوژراوانەی ئەحلام
جار جار دەچمە ڕۆخی دیجلە و گوێم لە هەناسەی ئەو دەبێ
دەنگی تەقەی پێلاوە پاژنە بەرزەکەی
دەبینم لە ئەرشیفی دڵەخورپێی نێو نووسیندا دانیشتووە
تەپڵەکێکی جگەرەی حەز
قەڵەمێکی پەمەیی بە کورتە ژێرکراسێکەوە
لەنێو ژووری یادەوەری سەر کاغەزێکی وەک دڵی ئەحلام سپی
ماچی شیعر و ماچی وشە و ماچی نووسین و ماچی مەی بە دووکەڵی جگەرەوە
دەبنە تابلۆی ژیانی سەر لاپەڕەیەک لە کتێبی ژیاننامەی ئەحلام مەنسوور
دەبن بە فیلم و سەرگوزشتەی ژنێکی یاخی لە خوا و شیعر و شەراب
دەبن بە بانیژەی ڕووخانی دیوار و بەربەستەکان
دەبن بە دەنگ لەسەرزەمینی بێدەنگی
دەبن بە هەسارەی سووری نێو ئاسمانی دڵی گوناهە گەورەکان
دەبن بە زایەڵەی ڕۆحی سەرمەدییانەی عەشقی ئەڵوەن
لەنێو بێستانەکانی گریانی تەنیایی شەوانی بەغدا
دەبن بە ڕیتمێک مۆسیقا و بە ڕستێک سەمای ئەبەدی
دەبن بە ئاوازی ماڵئاوایی ژین و
بە دارخورمای خەونی ژنەکانی نێو قەسری دڵڕەقی

شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ – ئایاری ٢٠١٩

ژێدەرەکان :
ئەحلام مەنسوور ئەمینی چیرۆکنووس و مامۆستای زانکۆ لە ساڵی ١٩٥١ لە خانەقین لە دایکبووە و لە ٢٠١٣لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.
ئەڵوەن ڕووبارێکە بەنێو شاری خانەقیندا ڕەت دەبێت و ناوی ڕۆمانێکی ئەحلام مەنسوورە.




بەستەڵەکی دەروون و سەفەرێک بە ناو خوددا … شوان عەباس بەدری

تیک تاکی ئەم کاتژمێرە نەفرەتیە هەڵواسراوەی سەر دیوارەکە مێشکمی شڵەژاندووە ، دەرەوە بەستەڵەکە و بێ دەنگیەکی سامناک شەقامەکانی شارەکەی داپۆشیوە و منیش وەک هەمیشە لە ماڵەوە بە دیار دوکەڵی جگەرەکەم و پیاڵە چاکەم دانیشتووم و خۆم خزاندۆتە باوەشی تەنیاییەکی سامناکتر لە بێدەنگی و ساردی بەستەڵەکی شەقامەکان !
حەز ئەکەم بە چەکوشێک بەر بمە گیانی ئەم کاتژمێرە لە خۆم ماندووتر و خەمۆکە و چرکەژمێرەکانی لە جوڵە بخەم تا ئیتر ئەمەندە سەختی تێپەڕبوونی چرکەکانم بەڕوا نەکێشێت ، ئیمرۆ بۆ چەندمین جار لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکەی تاعونی ئەلبێر کامۆ و زندە بگور و بوف کوری سادق هدایەت بوومەوە و حەزم ئەکرد دەفتەری شیعرەکانی ڕامبۆشم لابوایە ، سەیرە بەم ساتە سامناک و بێ دەنگە سەرشێتی سەفەرێک لە مێشکی داوم و حەز ئەکەم پانتۆڵە شینە کاوبۆکەم و پۆستاڵە ڕەشەکانم لەپێ بکەم و بلوزێکی ڕەش و قەمسەڵەیەکی ئەمریکی سەوز ڕەنگ لەبەر بکەم و مل پێچێکی درێژ لە ملم بئاڵێنم و کۆڵە پشتیە ڕەنگ خاکیەکەم هەڵگرم و لە ژێر نەرمە بارانێک بە ئارامی بەرەو ژوانگەیەکی نەزانراو و نەبینراو هەنگاو بنێم
. بە گەیشتنم قەمسەڵەکەم بە دیواری زەردهەڵگەراوی میوانخانەیەکی شێداری شەست حەفتا ساڵ لەمەوبەر هەڵواسم و لە تاو ماندوویەتی وەک ساوایەکی برسی کە ئەنووسێ بە مەمکی دایکیەوە خۆم فڕێ بەمە سەر نوێنی ژوورەکەم و تاوناتاوێ سەیری جاڵجاڵۆکە پیر و ماندووەکەی سووچی لای ڕاستی دیوارەکە بکەم کە چۆن چاوەڕێی نێچیرێکی نوێ ئەکات و دوای ئەوە بڕوانمە سیسرکە ڕەنگ قاوەییەکەی لای دەستشۆرەکە کە لە ترسی ماچی تاکە نەعلێک یا پێڵاوێک بە خێرایەکی زۆر لەم کون بۆ ئەو کۆن ڕائەکات و تاوێ هەستمە سەر پێ و بچمە بەردەم پەنجەرەی ژوورەکەم لە میوانخانەکەدا و بڕوانمە کیوسکی تەلەفۆنی سەرشەقامەکە کە کیژێکی دەم بە پێکەنین لەناویا قسە لەگەڵ یارە دوورەکەیدا ئەکات، دوای ئەوە بگەرێمەوە و جارێکی تر خۆم فڕێ بەمەوە سەر نوێنەکەم ، چاوەکانم داخەم و گوێ لە دڵۆپەی بەلوعە ژەنگاویەکەی مەخسەلەی لای چەپی ژوورە پیس و هەرزانەکەی میوانخانە کۆنەکە بگرم، بە خۆم بڵێم : هۆوووو غوربەت نشینە تەنیا و خەمۆکەکە، لێرە لە ئۆروپا هەموو شتێک هەیە جگە لە بیرەوەری.
لە دەر و دیواری ئەم قاڕە نەفرەتییە بە ناو بەهەشت ئاسایە تەنیایی ئەبارێت و مرۆڤەکانی ئەم بەشەی گۆی زەوی بە دەست چەندین شڵەژانی دەروونیەوە ئەناڵێنن ، لێرە بەزەیی و مرۆڤدۆستی تەنها و تەنها لە ناو فیلم و ریکلامەکانیان بەدی ئەکرێت و لە ناو جیهانە ڕاستەقینەکەیان هەموان ڕۆبۆتێکی قورمیشکراوی بە سیستەم کراون و کەس ئاگای لە سێبەرەکەی خۆیشی نییە چ جای دەوروبەری ! لێرە ئەبێت سەگ بیت تا گورگەکان لەت و پەتت نەکەن و بە ناوی یاساوە پانت نەکەنەوە ، لێرە کە کەوتی هەموان لە سەر جەستە بریندارەکەت سەما ئەکەن و کەسێک نییە بۆ دووبارە هەستانەوە دەستت بگرێ ، ژن لێرە کاڵایەکی بە نرخ و نایابە و لەش و لاری بە هەموو جۆرێ بۆ قازانجی دارایی بە کار ئەهێنرێت و بازرگانی پێوە ئەکرێت ، پیاوانیش کۆیلەگەلێکی بەهێز و باشن بۆ کاری قورس و سەخت و حەقدەستێکی نەچەندان زۆر و سودێکی لەڕادە بەدەری خاوەن کار .
هەموان لە ناو پوچیەکی سامناکا ئەخولێنەوە و سەریان لێشێواوە ، کە هێزیشیان لێ بڕا فڕێ ئەدرێنه دەرەوەی یاری و سیستمەکە و لەناو ئاسایشگەیەکی حکومی بە ناوی چارەسەرەوە بەند ئەکرێن و جۆرها حەپ و دەرمانی جۆراوجۆریان لەسەر تاقی ئەکرێتەوە و زۆربەی کات لە ژێر کاریگەری ئەو حەپ و دەرمانانە بێهۆشانە ژیانیان بە سەر ئەبەن و خۆ گەر شانسیش بێنێ و پارەی هەبێت و بچێتە ئاسایشگەیەکی ئەهلی ئەوا لەوێ وەک مرۆڤ مامەڵەی لە گەڵ ئەکرێت بۆ ؟!!! وەڵامەکەی ئاسانە چونکە ساڵانە هەزاران یۆرۆ ئەبەخشێتە ئەو ئاسایشگە ئەهلییە ، قسەی سەرەتا و کۆتایی پارەیە و پارەیە و پارە و مرۆڤ و مرۆڤدۆستی کیلۆی بە چەنە ؟ گوزەشت ئەو ئەیامەی نامەبەر نامەی مەجنونەکانی جیهانی ئەگەیاندە لەیلاکان و لەیلاکان دڵیان ئەکەوتە خورپە و سەعاتێک بۆنی نامەکانی مەعشوقیان ئەکرد ، پرسیارەکانی ئەم سەردەمە پرسیارگەلێکی بێ مانان و وەڵامەکانیش لە پرسیارەکان بێماناتر ! بۆنی خیانەت و درۆ و دوڕویی سەرتاپای هەوای شارەکەی ئاڵودە کردووە و دەمێ ساڵە مڕۆڤ لە ناو مەکینەی عەولەمە و پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا هاڕاوە و قەسەم بە گەورەیی خودا ئێستا ئەو جاڵجاڵۆکە و سیسرکە لە مرۆڤەکان عاشقتر و دڵپاکتر و جوانترن .
دانیشەو تەمەنی خۆت بە دیار جگەرە و چا و کتێب و وڕێنەکانی دەروونت بەسەر بەرەو چیت داوە لە گەمژەیی و جەهلی مرۆڤ ؟!!!




کتێبی: هونەری وەرگێڕان

“هونەری وەرگێڕان” ئەمە ناونیشانی کتێبێکە، کە لە دوو بەش پێک هاتووە، بەشی یەکەمی بابەتێکە لەبارەی وەرگێڕانەوە، ئامادەکاری کتێبەکە بۆچوونی خۆی لەمەڕ ئەم پڕۆسەیەدا خستووەتە ڕوو؛ بەشی دووەمی کتێبەکە چاوپێکەوتنی کۆمەڵێ وەرگێڕی بەتوانان، ئامادەکاری کتێبەکە لەبارەی وەرگێڕانەوە پرسیویەتی.

لە کتێبەکەدا، چەندان لایەن و کەلەبەری تاریک سەبارەت بە وەرگێڕانەوە، تیشکی خراوەتە سەر، وەرگێڕە بەشدارەکانی نێو کتێبەکە، بە چوونگە و بۆچوونی خۆیان پرسەکانیان بە وەڵام گەیاندووە. پرسەکان هونەرییانە پرسراون، وەرگێڕەکانیش وەڵامی هونەرییان داوەتەوە.

ئەم کتێبە کۆشین و ئەزموونی چەند وەرگێڕێکی بەتوانان، کە دەمێکە لەو پانتاییییە ڕەنجیان کێشاوە و ماندوو بوون؛ ئامادەکار ئیشی لەسەر دەرخستنی گەوهەری دەریای هزری بەشداربووان کردووە، لەوانە مامۆستا “عەبدوڵا حەسەن زادە” نێزیکەی نیو سەتەیە لەو مەیدانە ئەسپی خۆی لنگ داوە. بێگومان کۆشان و ئەزموونی گەورە پیاوانی وەک مامۆستا، بۆ نەوەی داهاتوو گرنگە، کورتکردنەوەی ڕێگەی فێربوونن لەم بوارەدا.

کتێبی “هونەری وەرگێڕان” لە لایەن “ژیڤان بەکر”ەوە نووسراوە و ئامادە کراوە، خانەی کولتوور لە شاری هەولێر بۆی چاپ دەکات. دیمانەی نێو کتێبەکە لە ڕۆژنامەی جیا جیا و گۆڤاردا، بڵاو کراونەتەوە. بڕیارە ئەم حەفتەیە چاپ بکرێ و بە هەموو شار و شارۆکەکانی کوردستاندا، بڵاو بکرێتەوە.




كاڤاری به‌خت … سه‌ردار جاف

له‌ قامه‌تی كام غه‌دره‌وه‌ هه‌ڵهاتیت و
له‌ كام ڕسته‌ی شه‌ڕانگێزی
هه‌ڵقوڵاوی
چه‌پۆكت به‌ سه‌ر دڵی سپیما كیًشا
له‌ كام هه‌واری گێژه‌ڵوكه‌
فیراقی خۆت نوسییه‌وه‌ و تێم ئاڵاوی
ده‌مژاكێنی
له‌ كام فیرده‌وسی وه‌همه‌وه‌ ئاوابوون ئۆغر پێ ده‌كه‌ی
نیگاكانم ته‌ڵخ ده‌كه‌ی
له‌م ژوانی به‌ركۆژه‌یه‌
تۆیش هه‌روه‌ك من دڵت ئێشا
ده‌وه‌ره‌وه‌ و
له‌م ناوه‌خته‌ ببه‌ فنجانه‌ قاوه‌كه‌ی نێو ده‌ستم و
په‌نجه‌كانم بله‌رزێنم
با مه‌رامت بخوێنمه‌وه‌
له‌ غه‌فڵه‌تیم مه‌ئاڵێنه‌
مه‌ی وڕ و كاسی نه‌كردووم
ئه‌وه‌ ترپه‌ی وشه‌ ناوازه‌كانته‌ ختوكه‌ی بێهۆشیم ده‌دا
به‌ره‌و مه‌ستبوون ملی رێگای ئاشق بوونم پێ ده‌گرێ
ئه‌مه‌ چ ئیشقێكی نوێیه‌ به‌ گه‌ردنمه‌وه‌ ده‌ئاڵێ
ئاونگ ئاسا
له‌ به‌ر نیگام ڕۆیشتوویت و لێم یاخی بووی
له‌ جاڵجاڵۆكه‌ی بیلبیله‌م خۆ ون ده‌كه‌ی
ناتبینمه‌وه‌
حه‌زه‌كانت بوونه‌ شه‌پۆل وه‌كو ئیجه‌
پێم نه‌وێران
له‌ كام تخوبی سیحره‌وه‌ ڕێت به‌ره‌و شاری دڵم گرت
له‌ جۆلانه‌ی هزریشمدا ، هزر خوێنی ….؟
له‌ كاقاری به‌ختمه‌وه‌ سه‌ره‌تاتكێم له‌ ته‌ك ده‌كه‌ی
چاوه‌كانم
له‌ پیاسه‌ی له‌شی خاوت خۆ ون ده‌كا
نازانم له‌ كام هه‌وارت
بارگه‌ی ده‌خا
چیرۆكی قاوه‌ تاڵه‌كان
به‌ ده‌م ماچی
عه‌تره‌ شیری هه‌نگوینیتا
بۆ لای مه‌ی و خه‌یاڵ ده‌مبا

5 / 10 / 2019

سه‌ردار جاف
ئه‌ڵمانیا




گوناح و بڤە و نەکەی ها … کەنعان مەدحەت

گاڵتە نییە ،
لەگەڵ هەر لە گەڵ بەربوونێکا
خشتەیەکی بێفەڕی لێوان لێو لە گوناح و
بڤە و
نەکەی ها – ت
لێ بار بکرێ
دوعای کارامە شێخێکت بە بەرۆک و
دوان بەم بەر و بەو بەری ژێر سەرینت
گوایە لە چاونەفەس و
قەزاوبەڵا..
دورت بخەن
خزم و خێزان و قەومانی نزیگیش
پیرۆزت کەن و
جەژن و هانگت لۆ بگێڕن .
ساڵانێ دوای هەڵزنانیش بە پەیژەی
کۆک و
ناکۆک و
فرە سەقەتا…
کەسانێکت لێ پەیدا ببن
بە پاچی دەستیانەوە
کێڵی هەرە مردووە نزیگەکانتت
پێ تەخت بکەن !
رۆژانەش ، پێنج وەختە ، لە ترس و
بە هۆی چاولەیەککەریی
رووی کۆمت رووەو ئاسمان وەرگێڕی و
بە خەیاڵی ڕیزبەند بڕین
سنوری بێسنوریی تراویلکە دابەزێنی
لە دوایشدا فریشتەکان بە تاک و کۆ
جرتت لێ بکێشن و
بە فەرشە گو پێشوازیت لێبکەن .
بۆ لات سەیرە دارەمێو ، بێ ئیزن ،
ترێ بگرێ ؟
یان ڕەشەبا
بۆڵ بە بۆڵی لە بار ببا و
( نیعمەت ) لە پڕا هەڵوەرێ؟
هەر بۆیە داهاتوو
ئەو ساتانەی لە پەڵە و پاکخاوێنی پێکدێن
هەر هەمو ، لە سەرێکەوە بۆ سەرێ
بێ ژەنگ و بێ بریقە
هەڵناکەن
نا……….
هۆنراوەی : کەنعان مەدحەت




ته‌مه‌ن … نووسینی: ئه‌حمه‌د كامه‌ران

ته‌مه‌نی من…
وه‌كو ڕه‌شه‌بایه‌كی به‌هێز وایه‌.
خێرا دێت …
خێرا ده‌ڕوات…


ئه‌گه‌ر كۆنترۆلی ته‌مه‌نم به‌ده‌ستی خۆم بوایه‌
راسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی كه‌,
پڕبوون له‌ یاده‌وه‌ری جوان جوان بۆم, كه‌ هیچ
كاتێك ناتوانم له‌ یادیان بكه‌م,به‌ڵام
هه‌ركاتێكیش ئه‌و ته‌مه‌نه‌م به‌ نێو هزرم دا دێته‌وه‌
گڵپه‌یه‌كی ئاگر له‌نێو ناخی دڵم دا هه‌ڵده‌گیسرێت
هه‌ڵگیسرانی ئه‌و گڵپه‌ ئاگره‌ی نێو ناخی دڵم
هه‌روه‌كو هه‌ڵگیرسانی جه‌نگێكی خوێناوی وایه‌


یاده‌وه‌ریه‌كانی ته‌مه‌نی منداڵیم له‌ به‌شێكی
كووچه‌ و كۆڵانه‌كانی ئه‌م شار و ئه‌و شار كه‌وتوه‌
كه‌ هیچ كاتێك ناتوانم كۆیان بكه‌مه‌وه‌,چوونكه‌
له‌گه‌ڵ تێپه‌ربوونی هه‌رته‌مه‌نێكم یاده‌وه‌ریه‌كانیشم
كه‌وتۆته‌ نێو دیلی ته‌مه‌نه‌وه‌.


ئه‌م شه‌و له‌ كووچه‌یه‌كی ئه‌م شاره‌وه‌ …
دڵۆپ دڵۆپ فرمێسكی نێو ناخم هه‌ڵده‌ڕێژم
بۆ دیله‌كانی ته‌مه‌نم…


ته‌مه‌نم هه‌روه‌كو گه‌ڵای داره‌كانی لێهاتووه‌
ساڵ به‌ ساڵ له‌ هه‌ڵوه‌رین و ماڵئاوایی دایه‌
ئه‌م ساڵیش له‌ چاوه‌ڕوانی ساڵێكی تردام
بۆ ماڵئاوایی له‌ ته‌مه‌نێكی ترم…


ئاخۆ ده‌بێت له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌و ڕۆژه‌ش دا بم
كه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ماڵئاوایه‌كی گه‌رم
له‌ هه‌موو ته‌مه‌نه‌كانم دا بكه‌م .

18|10|2019




نه‌وه‌ی پاییز … ستار ئەحمەد

زستان په‌رچه‌می پاییز ته‌ڕ ده‌كا
له‌نیگای خۆڵی شه‌وا ده‌یدوێنێ
مانگ وه‌ك چاوانی برۆی زه‌رد ده‌كا
له‌بسكی هه‌ورا سه‌ری ده‌ردێنێ
…………………………..
خۆر كه ئاوا بێت وه‌ك زامی پاییز
ده‌لاقه‌ی شوێن پێت له‌دووی نه‌خش ده‌كا
هه‌ور به‌سورمه‌ی تاریكی شه‌وان
تارمایی باڵات وه‌ك شه‌و ره‌ش ده‌كا
……………………………….
چه‌نده‌ تامه‌زرۆی پاییزێك ئاڵم
رووی زه‌ردی هه‌تاو بدره‌وشێته‌وه‌
جیلوه‌ی كانیه‌ك ناخت پاراوكا
دورگه‌ی ده‌روونم بگه‌شێته‌وه‌
……………………….
بیرته‌ پاییزێك له‌سه‌ر گه‌ڵایه‌ك
تریفه‌ی نیگای چاوانتم كێشا
بووه‌ ناسنامه‌ی ڕازێكی شه‌و رۆم
له‌تیشكی گزنگ جوانتر دره‌وشا
…………………………………
خۆمن ده‌مزانی بارخانه‌ی پاییز
له‌كۆچ و باری رۆژئاوا ده‌چێ
به‌ڵام هه‌تاكه‌ی چوار وه‌رزی ساڵم
كۆرپه‌ی خاكه‌كه‌م به‌خوێن هه‌ڵقرچێ
……………………………..
ساڵ پاییزێكه‌و چوار مێخه‌ی رۆژه‌
خۆری ئاوابوون ئاورنگی بایه‌
كۆرپه‌له‌ی هه‌ستم زمانی پژا
كه‌وته‌ دوای پاییز به‌دایه‌ دایه‌
………………………..
نه‌وه‌ی پاییزم …ڕووت ڕووتم وه‌ك ئه‌و
شیعر نابێته‌ كاڵاو سه‌رینم
له‌كوێ لوتكه‌یه‌ك سنگیم بۆ وازكا
له‌زامی جه‌رگیا ئاگر ده‌بینم

ستار ئه‌حمه‌د




زووبێت یان درەنگ، ئەردۆگانیش دەبێت بڕوا.. رەزا شـوان

گەر لاپەڕەکانی دوور و نزیکی مێژوو هەڵبدەینەوە، بە لیستی ناوەکانی ئەو دیکتاتۆرە داگیرکەر و خوێنڕێژ و ستەمکارانەدا بچینەوە، سەرگوزشتە و رەفتار و کار و تاوانە قێزەوەنەکانیان بخوێنینەوە.. ئەم راستییەمان بۆ دەدەکەوێت کە هەموویان لە خۆبایی و خۆبەزلزان و بە زۆر خۆسەپاندن و قورخکردنی دەسەڵاتەکان و تاکڕەوی لە بڕیاردان و پێشێلکردنی دەستور و یاساکان و زەبر و زەنگ و توندڕەوی ستەمکاری و زۆرداری و سەرکوتکردن و خوێنڕشتنی بێتاوان و دزینی سامانی وڵات و خۆدەوڵەمەندکردن و رابواردن و داوێن پیسی و درۆ و دووڕوویی و ناپاکی، لە خەسڵەتە هاوبەشەکانیانن.
ئەم دیکتاتۆر و ستەمکارانە وایان دەزانی تا هەتایە دەمێننەوە و نامرن. وایان دەزانی بە برسیکردن و سەرکوتکردن و دەمگرتن و بەندکردن و تۆقاندن و تیڕۆرکردن و کوشتن، دەتوانن گەلانی ژیانخواز و ئازادیخواز و ئاشتیخوازان سەرکوت و دەمکوت بکەن، ملکەچیان بکەن و کڕنۆشیان بۆ بەرن.. بەڵام نیازە گڵاوەکانیان بردنە گۆڕەوە.
(عەبدوڵڵا پەشێو) دەڵێ:
ئاغا گوتی: من پەیکەری خوام کوتومت
دەبێ گشت لا بمپەرستن هەر وەکو بت!
راستبوونەوە مۆسۆلینی و هیتلەر لە گۆڕ
گوتیان: راستە! ئێمەش دوێنێ وامان دەگوت
هەر دەسەڵات و حوکمڕانییەک، لەسەر بنەمای ستەمکاری و زۆرداری خۆسەپاندن و خوێنڕشتن و گەندەڵی و نادادپەروەریی بنیات بنرێت.. تەمەنی کورتە و دەڕووخێت.
دیکتاتۆرە داگیرکەر و ستەمکارەکان، کە نوقمی تاوان و خوێنن، دڵڕەق و لەخۆبایین.
خۆیان لە سەرووی یاساکانەوە دەزانن. لە زمانی چەک زیاتر نازانن، بڕوایان بە زمانی وتووێژ و چارەسەی دیموکراتییانە و ئاشتییانە نییە.. رەخنە و ناڕەزاییش لە کەس قبووڵ ناکەن.. درێژە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و بە ستەم و تاوانەکانیان دەدەن.

(عەلی کوڕی ئەبو تالیب) دەڵێ:”گەر ستەمکارت بینی کە درێژە بە ستەم دەدات، ئەوە بزانن کۆتایی مسۆگەرە.. گەر ستەملێکراویشت بینی کە درێژە بە بەرگری دەدات، ئەوە بزانە کە سەرکەوتنی مسۆگەرە”
سەدام حوسێنی دیکتاتۆری دڕندە و خوێنڕێژ و رژێمە فاشست و رەگەزپەرستەکەی، چی ناشێت بە بە کوردیان.. کیمیابارانی شاری هەڵبجە کە بووە هۆی شەهیدبوونی پێنج هەزار و برینداربوونی دە هەزار کورد، لە شاڵاوەکانی ئەنفالی بەدناویشدا، نزیکەی دووسەد هەزار کوردیان زیندەبەچاڵکرد، پێنج هەزا گوندی کوردستانیشیان وێرانکرد، بە هەزاران کوردیشیان زیندانی کرد، بە سەدان کوردیان لە سێدارەدا.. بەڵکوو نیازی گڵاوی سەدام حوسێن، قڕکردن و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد بوو.
هێندە لە خۆی بایی بوو، نەوەت و نۆ نازناوی بۆ خۆی دانابوو، دەیوت: من پاڵەوانی عەرەب و من تەنیا سەرۆکی عەرەب، من ئیسرائیل لەناودەبەم و من.. من..هتد.
بەڵام ئەم فسفس پاڵەوانە، کە رۆژی رەشی هات، لە چل و پێنج سەخترین قایمترین لە کۆشکەکانی جێی نەبۆوە، کەسیش نەیگرتە خۆی، بە هەزاران پاسەوانیشی هەبوو، کەسیان بە دەورییەوە نەمان.. کوشتنی کوڕەکانیشی بە چاوی خۆی بینی.. ئەم پاڵەوانە بێغیرەتەی عەرەب، کونەمشکی لێبو بە قەیسەری.. وەکوو جرج لە کونێکدا دەریان هێنا و رەشمەیان کرد. شایەنی باسیشە، سەدام لە لایەن دوو دادوەری کوردەوە دادگایی کرا. دادوەرێکی کوردی خەڵکی شاری هەڵبجەی شەهید، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرکرد و جێبەجێ کرا.. هێیندە تاوانی قێزەوەنی دەرهەق بە گەلی کوڕد و شیعە کرد.. داخلەدڵان لە گۆڕەکەشیدا لێی نەگەڕان و سوکایەتییان بە تەرمەکەشی کرد.
سەدام گۆڕبەگۆڕبوو و نەما.. بەڵام کورد ماوە و دەمێنێت.
بە چاوی خۆشمان دیکتاتۆر و ستەمکار (موعەمەر قەزافی) یشمان بینی، کە چۆن لە ناو زێرابێکی چڵکاودا خۆی شاردبۆوە، بە چ رەزالەتێکیش کۆتاییان بە ژیانی هێنا.
پێشتریش بە چاوی خۆمان بینیمان، کە چۆن گەلی رۆمانیا، دیکتاتۆر چاوچیسکۆ و ژنەکەیان گوللـەباران کردن.
ئەی ئەردۆگانی دیکتاتۆر و ستەمکار، تاوانباری خوێنڕێژ، رەگەزپەرستی دڵڕەق و توندڕە و ویژدان مردوو، تۆش تا تەپڵاکی سەرت بە خوێنی منداڵانی بێتاوان و سڤیلی گەلی کوردمان نوقم بووە.. تۆش وەکوو سەدامی هاوتاوانت، بە چەکی کیمیاوی و فسفۆری و بە بۆمبی لەرینەوەی کاولکردنی قەدەغەکراوی نیودەوڵەتی، لە رۆژئاوای کوردستاندا بەکارهێنا، بە دەیان منداڵ و ژن و پیر و گەنجی کوردت شەهيدکرد.. هەڕەشەی کۆمەڵکوژی و سەرپان کردنەوەی کورد دەکەی.. بەڵام بەم نیازە گڵاوەتەوە سەر دەنێیتەوە.. تۆ تاوانبارێکی جەنگیت، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیت ئەنجام داوە.. پێویستە بتگرن و لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە لاهای دادگایی بکرێیت و سزای تاوانەکانت وەربگریت.. بکرێت بە پەند بۆ هەموو تاوانبارێک و سیکۆپاتییەک.
ئەردۆگانی لەخۆبایی، هەش بەسەرت.. دڵنیابە کە رۆژی رەشی تۆش نزیک بۆتەوە. چارەنووسی تۆش، لە چارەنووسی ستالین و مۆسۆلینی و هیتلەر و چاوچیسکۆ و سەدام و قەزافی باشتر نابێت.. چونکە کورد وتەنی:”هەموو شتتێک لە باریکی دەبچڕێت.. تەنیا ستەم لە ئەستووری دەبچڕێت”
بەوەوە دەنازیت و تڕت زل بووە، کە بە هەزاران ماستاوساردکەر و تەشیرێس و شانتەکێنت بە دەورتەوەن.. بەوەوە دەنازیت کە زەبەلاحترین سوپا و کوشندەتری چەکت هەیە.. بە هەزاران جاشی بەکرێگیراوی داعش و بەرەی نوسرەت هەیە.. خۆ سوپاکەی سەدام لەوەی تۆ زەبەلاحتر بوو، پێنج بە قەی پاسەوانەکانی تۆش، پاسەوانی هەبوو، کەچی فریای خۆی و ماڵ و منداڵەکانی نەکەوت.. رسوایان کرد بوو بە پەندی زەمانە.

ئەردۆگانی ملهوڕی خەیاڵ خاو، وا دیارە پەند و وانەت لە چارەنووسی رەشی ئەو دیکتاتۆرانە وەرنەگرتووە و درێژە بە تاوانەکانت دەدەیت و دەست لە کوشتنی کوردی بێتاوان هەڵنەگرتووە.. گێلەپیاو باش بزانە، کە کورد ماوە و دەمێنێت و هەرگیز لەبن نایەت. بەڵام هاکا تۆ رسوا و گۆڕبەگۆڕت بکەن و فڕێت بدەنە سەر زبڵخانی مێژوو .
خوشك و برایانی کوردمان، لە رۆژئاڤا و باکوور و رۆژهەڵات و باشووری کوردستان. کوردستان پەروەرانی دڵسۆز، شەڕڤانانی ئازا و خۆڕاگر و کۆڵنەدر و قارەمانی بێوێنە، پێشمەرگە دلێر و نەبەزەکانمان.. گەشبین بن، متمانەتان بەخۆتان هەبێت و هیواداربن.
راستە کە بە پیلانێکی قێزەوەنی تری ناوچەی و نێودەوڵەتی، بە گەلەکۆمەیەکی ناڕاوا، کە دەوڵەتە داگیرکەرانی کوردستان و ئەمریکا و روسیا، لەم پیلانە چەپەڵەدا بەشدارن و رۆڵێکی ناڕەوا و گڵاویان هەیە. بێ شەرمانە پشتگیری لە داگیرکەران و ستەمکاران دەکەن و پشتیان لە ئێمەی کوردی کوردستان داگیرکراو و ماف زەوتکراو کردووە..
بەرژەوەندییەکانیان خستوونەتە سەرەوەی رەوشت و یژدان و مافەکانی مرۆڤەوە.
ئێمە نابێت کۆڵبدەین و لە خەبات و تێکۆشان ساردبیننەوە.. گرنگ کەوتن نییە.. هەڵسانەوە گرنگە. ئێمە گەلێکین پێمان باشترە بە پێوە بمرین، نەک بە ملکەچی بژین.
ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بە یەکگرتن و یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی و یەکدەنگی هەیە.. تەنها بە یەکێتی و یەکدەنگی دەتوانین هەڵبسینەوە و سەربکەوین.
ئەی نووسەران و رۆشنبیران و هونەرمەندانی کوردستانی شیرین.. ئێوەش ئەرکێکی پیرۆزی نیشتمانی گەورەتان لە ئەستۆدایە.. پێویستە بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبن.. بە ئەوپەڕی تواناتانەوە.. بەرگری لە کورد و کوردستان بکەن.. مەترسن و بنووسن.. سروود و هۆنراوەی نیشتمانی ببهۆننەوە.. بە راشکاوی گوزارشت لە بیر و سۆز و هەستی ناختان بکەن.. دەشێت، چیرۆکێک، هۆنراویەک، سروودێک، شانۆیەک، یا وێنەیەکی کاریکاتێری لە فیشەکێک زیاتر دڵ و هەناوی دوژمنانی گەلەکەمان بپێکێت.
هونەرمەندانی دڵسۆز، بێگومان هونەر بە هەموو لقەکانییەوە چ وێنەی فۆتۆگرافی و فیلمی سینەمایی و درامای تەلەفزیۆنی و تابلۆی وێنە و کاریکاتێر یا شانۆ یا موزیک و سروود و گۆرانی.. چەکی بەهێزی بەرگرین و کارتێکردن و کاردانەوەیەکی ئەرێنی گرنگیان هەیە.. چەکن لە بەرگری و لە رووبەڕووبوونەوەی داگیرکەرانی کوردستان. گۆرانیبێژان، سروودچڕان، دەی پڕ بە گەرووتان، سروودی نیشتمانی تۆماربکەن.. سروود بۆ رۆژئاوای کوردستان بچڕن.. بەسەر شەرڤانانی پاڵەوانماندا هەڵبدەن.
رەزا شوان
نەرویج: ٢٣ی/ئوکتۆبەر/٢٠١٩




لەگەڵ باوکم … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

لەگەڵ باوکـم یاری دەکــەم
کاتێکی خۆش بەسـەر دەبەم
ئەو کاتــانەی لەلای ئەوم
ھەرگیز حەزناکـەم بخەوم
چونکە کە دەمکــاتە کۆشی
بەشیعرو چیرۆکی خــــۆشی
دەمبات بەرەو دنیای خەیـاڵ
تا دڵخــــۆشبم منی منداڵ
کاتێک دەست بەسەرما دێنێ
نمەی ســـــۆزی دەبارێنێ
دایە و بابە ھـــاوڕێی منن
زۆر میھرەبـــــان و مەزنن
………….




ماڵی بێ ماڵ … به‌ختیار محه‌مه‌د

له‌ ماڵی خۆم بێ ماڵم
كێ ده‌ڵێ نیشتمان ماڵ نییه‌؟
له‌ ماڵی خۆم هه‌میشه‌ تاوانبارم
كێ ده‌ڵێ مرۆڤایه‌تی براله‌یه‌ و
پڕ له‌ تاوان نییه‌؟
له‌ ماڵی خۆم خواپه‌رستم
به‌ڵام هه‌رگیز خوا لێره‌ نییه‌:
فه‌تحم ده‌كه‌ن، فه‌تحی موبین!
له‌وه‌ته‌ی هه‌م
مێژووم فه‌تح ده‌كرێ و
برینی پڕ له‌ زوخاوی عروبه‌ و
عوسمانلی و سه‌فه‌ویم تێ ده‌كرێ.
له‌وه‌ته‌ی هه‌م
دایك و خوشه‌كه‌كانم كه‌نیزه‌كن
بۆ خه‌لیفه‌ و والی و سوڵتان.
هه‌موو دنیا
پشتم تێ ده‌كا
وه‌ك بڵێی من گه‌وره‌ترین
تاوانباری جیهان بم.
هه‌مووان له فریشته‌ی ئازادی من تۆقیون
هه‌مووان له‌ جوگرافیای له‌تكراوی من تۆقیون:
جوگرافیای من دوورگه‌یه‌كه‌ و
له‌سه‌ر ده‌ریای پڕ له‌ گێژاوی خوێنه‌.‌
لای زلهێزه‌كانیش من به‌چكه‌ ئاسكێكم،
كه‌ ده‌بێ ده‌رخواردی گورگه‌ برسییه‌كانی دۆستیان بدرێم.
ئاخ! له‌وه‌ته‌ی هه‌م
من گه‌لێكی ساده‌ی فریوخواردووم:
فریوی كه‌عبه‌ و سه‌رمایه‌ و
چه‌كوش و داس ده‌خۆم.
له‌وه‌ته‌ی هه‌م
من بۆ ژیان ده‌جه‌نگم،
به‌ڵام ڕوویه‌كم له‌ خیانه‌ته‌ و
ڕوویه‌كیشم له‌ شاخه.‌
هه‌ندێك جاریش
له‌سه‌ر مناره‌ی خه‌باتم
له‌ق له‌قی ده‌نووك سووری
ئازادی خۆم ده‌كوژم.
ئاخ!
ئه‌ی شۆڕشی ڕۆژئاوا،
تۆ برینێكی چه‌ند بزێوی
له‌ جه‌سته‌ی بۆگه‌نی ئه‌م جیهانه‌دا!
برینێك، كه‌ یاخی
له‌ لاشه‌ی تۆپیوی
سیاسه‌تی دنیادا.
ئه‌ی ڕۆژئاوا،
تۆ گۆرانی،
كاتێك تفه‌نگ بۆ ئازادی ده‌یڵێ.
تۆ لاوكی،
كاتێك خوێن بۆ عه‌شق ده‌یچرێ.
تۆ حه‌یرانی،
كاتێك خاك بۆ ئازادی ده‌یچرێ.
تۆ قه‌تاره‌ی،
كاتێك به‌رگریی بۆ شه‌ره‌ف ده‌یچرێ.
تۆ نه‌عره‌ته‌ی
كاتێك وه‌ك شێری بێشه‌ڵان
داگیركه‌ری تورك ده‌تۆقێنی.

به‌ختیار محه‌مه‌د




وەرە هاوڕێ چ ڕێکەوتێکی سەیر بوو! … شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

بۆ حەمەزەکی هاوڕێم

چ ڕێکەوتێکی جوان بوو وەختێ هاتی و
لەسەر سووچی کۆڵانێکی تفت و تاڵدا مێژووی برسێتیت دەخوێندەوە
بێ ئەوەی شەقامی ترس دڵت بێنێتە لەرزین و
بێ ئەوەی مانای مردنیش ببێتە شڕۆڤەی ژینت
دەتگوت دەڕۆم هاوڕێ دەڕۆم زۆر درەنگە
ناکرێ لە تەمەشای هەتاوی ڕەش ببمە تەماشاکەر
ناکرێ لە مەرگی کانییەک پشت لە شەپۆڵی دەریا کەم
ئێ چۆن دەکرێ دایکم بگری و منیش فرمێسک نەبینم
ئاخر چۆن دەشی باوکی دەستگێڕ بتوێتەوە و منیش تامی مردن نەکەم
چ بێتامە هاوڕێ ژیان ڕەنگاوڕەنگی خۆی کوشتووە
هاوڕێ شەوەکانم درێژ بوونەتەوە وەک درێژبوونەوەی ستەم
خەمەکانم گەورە بوونە وەک گەورەبوونی ژێردەستیی
ئومێدیشم گەڵەگەت وەک باڵای بەرزی بەیداخی سووری تێکۆشان
هاتی و بە بێدەنگی نامیلەکەی ڕزگاریت لەسەر سکت لەژێر کراسەکەت شاردەوە و
گوتت ئەڕۆم..
گوتت هاوڕێ ئەڕۆم هەتا لەناو گەرووی برسییەکانا ئەبم بە زایەڵەی هاوار
لە مشتیانا ئەبم بە زەبر
لە کتێبی نێو دەستیانا ئەبم بە پەنجەرەی وشە و
بە ئاوێنەی پیتەکانی بیرکردنەوەیان لە ژیان
ئەبم بە دەروازەی گڕ و
بە دەربەندی پێکەنین و
بە جەنگەڵی چڕی باوەڕ
ئەبم بە نەخشەی خەونە ڕەنگاڵەییەکانی کچانی شار
ئەبم بە شیعرێکی دەستی ئازاد سوبحی
بەو سەرزەمینە خەمڵیوەی کە هەر خەیاڵ سنوورەکانی دەبینێ
گوتی ئەڕۆم هاوڕێ ئەڕۆم
گوتم نەء هێشتا وەرزەکان بێکەسترن لە زیندانییەکی تاک و تەنیا
هێشتا ڕوون نییە بارانی سوور دەبارێت
یان دەبێتە وشکەساڵییەکی بێوێنە
گوتم هاوڕێ هەتا تاڤگەی ئەوێنێکی سەوداسەر
جوگرافیای دڵ جێ نەهێلێ و نەچێتە نێو دوو توێی ژیان
تا لەژوانی هەتاو نەبین بە عاشقێکی لەخەم وەڕس
تا مەشخەڵی سەرفرازی شەوەکانمان نەسپێرێ بە کازیوەی خوشنوودی
هەتا هاوارە دیلەکان شەقام لەباوەش نەنێن و
تا تروسکەی ئاسۆی ڕەوینەوەی ترس و ژان و ئازار
نەبێتە چەتری سەرسەری ڕژگارەکان
بیر لە چوون و سەفەری نێو وەرزەکان و
بیر لە داگرتنی هەور و
نووسینی کتێبی عەشق مەکەوە
گوتم هاوڕێ کەی بە شەرابی خەستی سووری تەنیایی خۆت مەست بووی و
فێری فڕینی نێو ئاسمانی سروودە مەزنەکەی بووی
کەی باخچە ڕاز و گلەییەکانی خۆی بۆ کردی
کەی پێکەنین لێوی دایە و بابەکانی ئێمەی کردە مۆڵگا و جێژوان
ئەوکات وەرە بەیەکەوە دەبین بەگۆرانییەکی جوان
دەبین بە سروەی ئازادی ژیانی سەرجەم هەژاران
دەبین بە شیعرێکی درێژ تێکەڵ بە خۆشەویستی و عەشق
دەبین بە ڕێگا بۆ هەموو شۆڕشگێڕانی ڕێی رزگاری کرێکاران
دەبین بە دەریای ڕووناکی و
بە سەمای دار و درەختەکانی ڕووی ژیان
هاوڕێ وەرە با لە ئەوینی سوورەوە
لە کێڵگە بەپیتەکانی ئەزموونی ئۆکتۆبەرەوە بڕۆینە نێو دڵی شۆڕش
با لە هەمان مانیفێستی مارکس و ئەنگڵسەوە دەست پێبکەین و
ببین بە شوراکانی بناغەی دەسەڵاتی ئومێد و خەون
بەئاڵایەکی سوورەوە ئاسمان بکەین بە هێلانەی هاوارێکی بێوێنە و نوێ
هاوارێکی بێئەندازە تازە و ڕەوان
نەک لێدانەوەی هەر هەمان بەیت و بالۆرەی جاران و
وتنەوەی هەمان کۆنە قەوان
وەرە هاوڕێ چ ڕێکەوتێکی سەیر بوو
چ ناسینێکی دڵتەنگ و
چ پێکەوەبوونێکی سادە و ساکار بوو
هەردوو بە هەمان ڕێگادا ملمان نا بۆ ناسینەوەی گوڵەکانی کەنار ڕووباری هاوڕێتی
بە هەمان ڕێگا کەوتینە ناسینەوەی دژوارەکان
بووین بە قەرەج
بووین بە مەشخەڵ
بووین بە چیرۆکی بە چێژی دەم ئاگردانی شەوانی خەباتی چینی کرێکار
بووین بە دڕکەزی نێو چاوی ژان و ستەم و تەواوی سەرمایەدار.

ئایاری ٢٠١٩

دوو تێبینی :

یەک : محەمەد زەکی کەریم قادر ناسراو بە حەمەزەکی لە بنەماڵەیەکی دەستەنگ و کرێکاری گەڕەکی ئازادی لە شاری کەرکووک چاوی بە دونیای نایەکسانی و پڕ لە ستەم هەڵهێناوە. هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە مێشکی بەوپرسیارانەوە جەنجاڵ بوو کە مێشکی زۆرێک لە ئێمەی جەنجاڵ کردبوو. ئەم دونیایە بۆ وایە؟ بۆچی ستەم هەیە؟ بۆچی هەندێ کەس هەژارن و هەندێکیش دەوڵەمەند؟ چی بکەین بۆ ئەوەی ئازاد بین؟ ڕێگای ڕزگاری کامەیە؟ و دەیان پرسیاری تر. حەمە لەپاڵ خوێندنی قوتابخانەی، منداڵی و گەنجی خۆی بە یارمەتیدانی باوکی و ئیشکردنی لەپێناو پەیداکردنی بژێوی خێزانەکەیان بەسەر برد.

بۆیە هەر لە تەمەنی لاوییەوە دەستی کرد بە خوێندنەوە و جگە لە کتێبە ئەدەبییەکانی ئەو سەردەمە کە بەچڕی دەیخێندنەوە، دواتریش کەوتە خوێندنەوەی نووسراو نامیلکە سیاسییەکان بەتایبەتیش نووسراوەکانی مارکسیزمی ئەرسەدۆکس و مارکسیزمی شۆڕشگێڕ و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران. حەمە کوڕێکی لاوازی بڕێک ڕەشتاڵەی قژخاوی دەموچاو بە خوریکە بوو، بەڵام تا بڵێی چوست و چالاک بوو.

ئەم ئینسانە ڕوحێکی شۆڕشگێڕانەی جوانی بوو، بڕوای وابوو کە لە ڕێگای شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکارەوە دەتوانرێ دونیای ئازاد و یەکسان دابمەزرێ و چەوسانەوە نەمێنێ. هاوڕێتی من و حەمە زەکی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٠ کاتێ هەردووکمان خوێندکاری قوتابخانەی ئامادەیی (عبدالملک بن مروان ئەوسا و ئامادەیی کوردستانی ئێستا) بووین لە کەرکووک. ئەوکات کورێکی شیرین و جوان، هێمن و دڵسۆز،پاک و ڕاستگۆ بوو و دواییش هەر بەو سیفاتانەوە مایەوە. کاتێ کە ئەم دێرانە دەنووسم ئەوەی بۆم گرنگە ئەوەیە کە وەک هاوڕێیەکی بەوەفای ئەو یادی بکەمەوە.

یادی پێکەنینەکانی، نوکتەکانی، پیاسەکەنمان، موناقەشەکانمان، کتێب گۆڕینەوەکانمان، ئومێدمان بە مارکس و و سۆشیالیزم و زۆر شتی تر. حەمە زەکی جگە لەوەی شاعیرێکی باش بوو، لەهەمان کاتیشدا چرایەک بوو لە تاریکستانی کۆمەڵگەی ئینسانی داگیرسابوو، بەڵام بەداخەوە ئەو چرایە لە ساڵی ٢٠٠٢دا بۆ هەمیشە خامۆش بوو.

دوو : ئازاد سوبحی نووسەر و شاعیری جواننووسی لە دایکبووی شاری کەرکووکە و لە ساڵی ٢٠١٤ لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی سەرچنار لە شاری سلێمانی ماڵئاوایی لەژیان کرد.(ئاگرەکەم مەسڕنەوە) ناوی یەکێک لە کتێبە چاپکراوەکانییەتی.

شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)




لەوانەیە … سەلام عومەر

لەوانەیە وەکو گەرمیان
رۆژئاواش بخەنە ژێر خاک و هەڵیگرن
هەر بەخواستن
تورک سورەتی ئەنفال
لە عەرەبی برا وەرگرن
٭٭٭٭
لەوانەیە
جوگرافیای وڵاتی خۆمان
هەروەکو خۆمان نەناسین
دەرسیم و مهاباد یەک شار بن
هەڵەبجەو سەرێکانیش
دوو لقی…..
یان دوو جۆگەی یەک روبار بن.
٭٭٭٭٭٭
لەوانەیە
مێژوو هەریەک رۆژو شەوبێ
رێکەوتنی جەزائیرو
واژووی لۆزان
ئەوەی ترەمپ و تورکەکانیش
تەنیا خەوبێ
٭٭٭٭٭
لەوانەیە وەک دەعبایەک
بۆ بەرژەوەندی زلهێزەکان
لەم زەمینە مت کرابین
وەک جەنگاوەرێکی ماندوو
لەودیو پەردە
فت کرابین
٭٭٭٭٭
لەوانەیە
دیسان بۆ هەرزان فرۆشیمان
بڵێین ئەزموونە وانەیە
ئاخر بۆنا
لەوانەیە.

سەلام عومەر




کێ هەیه ئەم منداڵه نە ناسێ … هاوار_تەیب

ئەم منداڵه نە ناسراو نییه
لەم کەونەدا گەڕیدەکە
هەر ڕۆژەی له شارێكە
ڕۆژێک لە ئۆرشەلیمە
نزا بۆ پاکبوونەوە دەکات
ڕۆژێکی دی لە پاریسە و
دەپرسێ ئێرە شاری تیرۆرکردنی ناسنامەی منە
شەوێکیان میوانی تارانە و خەریکی لابردنی ماسکەکانە
بەيانییەک لە ئەنقەرە سەر خەوێک دەشکێنێ و
دەڵێت:ئازادی دیل ناکرێ و
پەیامێک ئاڕاستەی بەغدا دەکا و
ئێژێ وڵات بە خوێن ئاو نادرێ
لە دیمەشقەوە هاوار دەکات
سەرۆک ئەوە ڕۆژی ڕەشی تۆیە
کە پەپوولەکان بە ئاسمانتا نافڕن و
بیرکردنەوەکانت دیلی جەنگن.

ئەم منداڵە
گەڕێدەیەکی عاشقه
له مهاباد و ماردیندا به دوای ئازادیدا
له هەڵەبجه به دوای هەناسەیەکی بێ بۆنی سێو
له لالش به دوای ناسنامەی منداڵانی دوای شەڕ ئەگەڕێ
له کوبانی بەدوای خەندەی سەر لێوی دایکیدا
دەگەڕێ.
ئەو منداڵە
گەڕیدەیەکه بۆ ژیان نزا دەکا
گەڕیدەکی ڕووتە وەک ڕووتی حەوا
ئەو نازانێ سەر بە کام ڕەگەزە و
بۆ هێندە دەگەڕێ
ئینسانیبوونی ئەو منداڵە
لە حەقیقەتی مێژووەوە هاتووە و خەون دابەش دەکات
وەهم تا ئەوجی بیرکردنەوە
دیل دەکات.

گەڕیدەیی ئەو کۆنترە لە مێژوو
گەڕیدەیی ئەو کۆنتره له شەڕ
پێش شەڕ بانگەوازی ژیانی کرد
پێش باران گوڵەگەنمێك بوو
پێش تفەنگ عاشقێکی وێڵ بوو.
گەڕیدەیەک بوو لە چوار کانی ئاوی خواردەوە،
بەڵام هێشتا تینوو بوو.
ئاوێنەیەک بوو
دەم و چاوی ڕاستەقینەی مێژووی خۆی تیادا دەبینی.
ئێستاش ئاوارەیەکە لە باخچەکانی پووچگەراییەوە
وەهمەکانی تۆ باڵ دەکات و
لە پشت پەنجەرەکانەوە خەیاڵ تا ئەوجی نغرۆبوون لە لای هابیل و قابیل دیل دەکات.

ڕانیه
هاوار_تەیب




شه‌یتانێكی ئیسلامی فاشیست و بازرگانێكی سیاسی … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

ئه‌كشێته‌وه‌و ناكشێته‌وه‌و له دواییدا به‌ بریاری سه‌رۆكه‌ شێتۆ‌كه‌كه‌ی ئه‌مریكا دۆناڵد ترامپ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا كشایه‌وه‌و به‌ پێی یاساورێسای وڵاتێكی زلهێزو داگیركه‌ر وه‌ك بڵێێت خاوه‌نی عێراقه‌ ئه‌و هێزانه‌ ‌ بۆ رۆژئاوای عێراق ره‌وانه‌ ئه‌كرێت و له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌ گه‌وره‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌ پارێزگاری ئه‌لئه‌نبار جێگیر ئه‌بن.
ئه‌ردۆگانی تیرۆریست له‌ یه‌كه‌م رۆژی هێرشه‌ درندانه‌كه‌ی بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، كه‌وته‌ قسه‌كردن و، ئه‌و “” ئیسلامه ‌ئیمانداره “” سه‌ر به‌ بیری بۆكه‌نی ئیخوان ئه‌لموسلمین‌ زۆر ناوو ناتۆره‌ی ناشیرین و نه‌شیاوی به‌رامبه‌ر به‌ كورد به‌كارهێنا و، له‌ هه‌مووی زه‌قتر ئه‌وه‌ بوو وتی كورد ئیسلام نییه‌و، زه‌رده‌شتییه‌ و پێویسته‌ له‌ناو ببرێن.
دۆناڵد ترامپ بازرگانێكی شێتۆكه‌یه‌و، بووه‌ته‌ جێی باس و گاڵته‌جاری له‌ زووربه‌ی وڵاتان و، ره‌خنه‌ی لێئه‌گرن .به‌ تایبه‌ت له‌ ئه‌مریكاو، ئه‌م سه‌رۆكه‌ شه‌ری كوردو توركیای به‌ شه‌ری منداڵان ناوبردووه‌و، وادیاره‌ له‌ مناڵیدا له‌ سه‌ر شه‌قام و كۆڵنه‌كان وه‌ك كابرایه‌كی به‌ره‌ڵا ژیانی به‌ سه‌ر بردووه‌و، به‌ یادی جاران حه‌زی له‌ شه‌ره‌‌ گه‌ركه‌و، له‌ كوێ ره‌خنه‌ی لێبگیرێت وه‌ك سه‌گی هار ئه‌وه‌رێت و په‌لامار ئه‌دات.
رژێمی توركیای ره‌گه‌زپه‌رست له‌ مێژه‌وه‌ تا ئه‌مرۆ به‌ فه‌رمانی سوڵتانه‌ ئیسلامییه‌كه‌ی عوسمانلییه‌كان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سوپای توركیا ئوپراسیۆن له‌ دووای ئۆپراسیۆن و هێرش دژ به‌ كوردو كوردستانیانی باكورو باشورو رۆژئاوا به‌رێوه‌ ئه‌بات و، تاوانی جینوسایدو قه‌لاچۆكردنی پێكهاته‌ ئێتنیكییه‌كان ئه‌نجام ئه‌دات و، شارو گوندو ماڵی هاوڵاتیان وێران و خاپور ئه‌كات و، له ‌لایه‌ن جه‌نده‌رمه‌و سه‌ربازانی تورك ماڵ و موڵك وسامانیان به‌ تاڵان ئه‌برێت ته‌نانه‌ت مریشك ومراوی وپه‌له‌وه‌ریش له‌ ده‌ستیان قوتاریان نه‌بووه‌ و، ئه‌و كوردانه‌ی ‌ له‌ده‌ستی سوپای تورك رزگاریان بووه‌ ‌ بوونه‌ته‌ كۆچبه‌رو، ژیانێكی تاڵ به‌سه‌ر ئه‌به‌ن.
رەجەب تەیب ئەردوگان خاوەنی ھێزی چەکدارییە و پەیرەوی سیاسەتی پاکتاوکردنی کورد وپێكهاته‌كان ئه‌كات و، ئه‌یه‌وێت خه‌لافه‌تی( ده‌وڵه‌تی عوسمانی) زیندوو بكاته‌وه‌و، توركیا وه‌ك وڵاتێكی داگیركه‌ر هه‌لی بۆ ره‌خساوه‌ درێژه‌ به داگیركردنی خاكی وڵاتان بدات و، له‌ رابووردوودا قوبرسی داگیركردو، وبارگرژی له‌ گه‌ڵ یوناندا دروستكردو، به‌ هوێ دروستبوونی شه‌ر له‌ سوریا، توركیا به‌ یارمه‌تی تیرۆریست و چه‌ته‌كانی به‌ناو ئیسلام و شام و سوڵتان توانی به‌شێك له‌ خاكی سوریاو رۆژئاوای كوردستان وه‌ك جرابلوس و ئه‌لباب و عه‌فرین و به‌شێك له‌ مه‌نبج داگیر بكات و، له‌ ئێستاشدا په‌لی هاویشتووه‌ بۆ لێبیا له‌ دووری هه‌زاران كێلۆمه‌تر ( 1675 كیلومه‌تر دووری سنووری نێوانی ئیسته‌نبول ـ توركیا و ته‌رابلوس ـ لیبیا) یه‌و، له‌وێ { هه‌سه‌ده‌و شه‌رڤانانی} لێ نییه‌و، توركیا بۆ یارمه‌تیدانی داعش و گروپه‌ ئیسلامییه‌ رووره‌شه‌كان رووزی له‌و وڵاته‌ كردووه‌..
له‌ مرۆشدا توركیا له‌ سه‌ر خاكی باشوری كوردستان خاوه‌نی ژماره‌یه‌كی زۆره‌ له‌ بنكه‌و پێگه‌ی سه‌ربازی و، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌و، خواكوركی داگیركردووه‌و به‌ره‌و قوڵایی خاكی باشوری كوردستان ئه‌روات.
ئه‌ردۆگان و مه‌لا به‌دناو بێفه‌ره‌كانی له‌ 98 لە مزگەوتەکانی تورکیا لە ڕۆژی هەینی ڕابردوودا بەم شیوەیە ئاماژە و پاساو بۆ کوشتن و لە ناو بردنی کورد ئه‌كه‌ن .
( کورد نەتەوەیەکی بێ خودایە و کافرە ، کوردەکان زەردەشتین ، ئەم نەتەوەیە جیاوازن لە شوێن کەوتوانی دین و بەهاکانی ئێمە بۆیە ئه‌بێ لە ناو ببرێن).
ئه‌ردۆگانی تیرۆریست وفاشیست و خوێنرێژ بیره‌ ئیسلامییه‌ بۆگه‌نه‌كه‌ی، بیری ئیخوان ئه‌لموسلمینی چه‌په‌ڵ پاڵی پیوه‌ ئه‌نێت یارمه‌تیده‌ری توندره‌و تیرۆریسته‌كان بێت، بۆ له‌ ناوبردنی كوردو پاكتاو كردنی پێكهاته‌ ئاینی و ئیتنییه‌كان.
به‌ گوێره‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا رێكه‌وتنه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆك دۆناڵد ترامپ مایك پێنس و ئه‌ردۆگان، رێكه‌وتنێكی پر له‌ شه‌رمه‌زارییه‌و، زوربه‌ی وڵاتان و گه‌لان به‌ چاوی سووك سه‌یری وڵاته‌كه‌مان ئه‌كه‌ن و، له‌ هه‌مان كاتدا رێكه‌وتنێكی فریوده‌رانه‌یه‌و ، ئێداره‌ی ترامپ زۆر لاواز ده‌ركه‌وتووه‌و، هه‌موو شتێكی راده‌ست توركیا كردووه‌.
ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بووترێت : ترامپ وه‌ك بازرگانێكی سه‌رمایه‌داری خیانه‌تی له‌ كوردو پێكهاته‌كانی تر كرد.
توركیا به‌بێ شه‌ر گه‌یشته‌ ئامانجه‌كانی كه‌ چه‌ند ساڵه‌ بیری لێئه‌كاته‌وه‌و پلان و نه‌خشنه‌ی بۆ دارشتووه‌و، ده‌ستیگرت به‌ سه‌ر پانتایه‌كی گه‌وره‌ له‌ خاكی كوردستان.
ئه‌ردۆگانی تیرۆریست له‌لایه‌ن هێزی خیرخوازو پێشكه‌وتنخواز ناوی وه‌ك : دیكتاتۆر، تێرۆریست، فاشیست وگومرا ناوی ده‌ركرد، ( خوێ هه‌ر وابووه‌) حه‌زی له‌ كوشتن و خوێنرشتنه‌.
زۆر له‌ وڵاتانی ئه‌وروپاو، حزبه‌كان له‌ چه‌په‌وه‌ بۆ راستره‌وه‌كان دژی ئه‌ردۆگان و، ده‌ستدرێژی توركیان بۆ سه‌ر خاكی وڵاتانی ترو، داوا ئه‌كه‌ن توركیا له‌ په‌یمانی ناتۆ ده‌ربكرێت.
ئه‌ردۆگان ئه‌یه‌وێت ببێت به‌ پێشه‌نگی ئێسلامیه‌كان و ئیخوانه‌ سه‌ركیشه‌كان و، به‌ ناوی خواو ئه‌ڵلاهو ئه‌كبه‌ر مرۆڤی بێ تاوان و مناڵ و پیری په‌ككه‌وته‌ ئه‌كوژێت.
خۆبه‌ده‌سته‌ودان دۆراندنه‌ و، راسته‌ شه‌ر به‌رامبه‌ر به‌ وڵاتێكی گه‌وره‌ له‌ بلۆكی ناتۆو، خاوه‌ن سوپایه‌كی گه‌وره‌و تانك و توپ و فرۆكه‌ی جه‌نگی و چه‌كی مۆدێرنه‌، ئاسان نییه‌ به‌ڵام مردنمان له‌ ژیانی ژێرده‌سته‌ی دوژمن باشتره‌، كه‌ وابوو پێویسته‌ هێزی شه‌رڤانان بگه‌رێن به‌ دوای چاره‌سه‌رو، قه‌ت متمانه‌ به‌ ئه‌مریكا نه‌‌كه‌ن.
حكومه‌تی سوریا لاوازه‌و، رۆسیا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و حكومه‌ته‌ كار ئه‌كات، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی دانوستان له‌ گه‌ڵ سوریا و روسیا ئه‌كه‌ن زۆر وریا و هوشیار بن.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بۆ باشوری كوردستان
جێی خۆشحاڵییه‌ زوربه‌ی حزب و كه‌ساییه‌تییه‌كان پشتگیری خۆیان له‌ رێی سه‌ته‌لایت و ته‌له‌فزیۆن و راگه‌یاندن وبه‌یان ده‌ركردن بۆ رۆژائاوا ده‌ربری و، هه‌روا تاقمێك دووره‌ په‌رێز بوون و، له‌رزو تاو ترس دایانیگرتبوو نقه‌یان لێوه‌ نه‌هات.
له‌ كۆتاییدا پێویسته‌ حكومه‌تی كوردستان به‌ پشتبه‌ستن به‌ توانای هێزی پێشمه‌رگه‌ی دلێرو خه‌ڵكی خۆراگری كوردستان هه‌ننگاو بنێت بۆ ده‌ركردنی بنكه‌ ومۆڵگاكانی توركیا له‌ ناو خاكی باشوری كوردستان.
دوور نییه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان به‌ كوده‌تای سه‌ربازی یان به رابوونی جه‌ماوه‌ر له‌ناو ببرێت.

ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

21/10/2019




هه‌روا بوون و هه‌ر واش ده‌بن … عیماد عه‌لی

ئه‌و كه‌سه‌ی تۆزێك قۆناغی پێش جێبه‌جێكردنی په‌یمانی سیڤه‌ر و هه‌ڵوێستی كورد له‌ توركیا بێنێته‌وه‌ یادی خۆی، ده‌زانێت كه‌ سه‌ركردایه‌تی تورك و به‌تایبه‌تی ئه‌تاتۆرك چۆن به‌ فرتوفێڵ و چه‌واشه‌كاری و ده‌مچه‌وركردنی ئیسلامی كوردی به‌ناوی گیڕانه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی عوسمانی شه‌ڕی رزگاری توركیای به‌به‌شداری به‌هێزی گه‌لی كورده‌وه‌ كرد و، به‌ناوی گێڕانه‌وه‌ی حوكمی ئیسلامی عوسمانی و بێ قسه‌كردن له‌و ئامانجانه‌ی دژ به‌ ئێسلام و لایه‌نگیری عه‌لمانیه‌ت هه‌ڵیگرتبوو كوردی هه‌ڵه‌خه‌ڵه‌تاند و، ڕه‌وتێكی له‌و جۆره‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاو به‌ ئاواتی گه‌ڕانه‌وه‌ی حوكمی خه‌لافه‌تی ئیسلامی عوسمانی له‌دژی په‌یمانی سیڤه‌ر له‌ نێو كورددا دروست كرد و به‌كاری هێنان، به‌ ده‌یان هه‌زاریان له‌ شه‌ڕی به‌ناو رزگاری توركیا كوژران و دواتر ئه‌تاتۆرك ته‌نانه‌ت نه‌ك خه‌لافه‌تی نه‌گه‌ڕانده‌وه‌ به‌ڵكو زۆر هه‌نگاوی دژه‌ ئیسلامی گرته‌به‌ر و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانی كوردیشدا ته‌نانه‌ت نه‌یهێشت ناوی خۆیان به‌كوردی بلین و په‌رشوبڵاوی كردنه‌وه‌( ئه‌گه‌ر ئه‌تاتۆرك ئه‌وه‌ی له‌ دلێدا بوو به‌ نهێنی به‌كاریهێنا، ئه‌م ئه‌ردۆگانه‌ی نه‌وه‌ی ئه‌تاتۆرك به‌ ئاشكرا ئه‌و فێل و چه‌واشه‌كاریه‌‌ به‌كاردێنێت).
كه‌س ئه‌وه‌ی له‌بیر ناچێت كه‌له‌ ئێران چۆن ره‌وتی ئیسلامگه‌را و به‌تایبه‌تی شیعه‌گه‌رایی له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانه‌وه‌ به‌كارهاتووه‌ و، چ ره‌وتێكی ئیسلامگه‌رایی بۆ ئه‌و هه‌موو ماوه‌ دوورودرێژه‌ له‌ ناوچه‌ سونی و شیعه‌نشینه‌كانی دورستكرا و به‌و هۆیه‌وه‌ توانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌گه‌ڵ فارسدا تا راده‌یه‌كی زۆر سه‌رخرا و به‌ كزبونی روحی نه‌ته‌وه‌یی پشتی كورد و شۆرشه‌كانی له‌و وڵاته‌ شكاند و سه‌رجه‌م جموجوڵ و بزوتنه‌وه‌كانی شكستپێهێنا و، تا ئێستاش ئه‌و فریودانه‌ كاریگه‌ریی خۆی له‌سه‌ر فكر و بیروباوه‌ڕ و عه‌قیده‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و به‌شه‌ی به‌جێهێشتووه‌ و خه‌ڵك و ره‌وتی شۆرشگێری كوردستانی رۆژهه‌ڵات به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، جا ئه‌گه‌ر ئه‌و كاریگه‌رییه‌ به‌ هۆش و ئاگایی خۆیانه‌وه‌ بێت یان به‌ بێ ئاگاییه‌وه‌ بێت.
كه‌س شۆڕشه‌كانی گه‌لی كورستانی باشووری زه‌مانی پێش ده‌رتۆقینی ده‌وڵه‌تی عیراق و پاش دروستكردنی له‌لایه‌ن به‌ریتانیای كۆڵۆنۆیأڵی به‌رژه‌وه‌ندخواز و به‌تایبه‌تی بزوتنه‌وه‌كه‌ی شێخ مه‌حمودی له‌بیر ناچێته‌وه‌، كه‌ جه‌وهه‌ری بیرو جموجوڵه‌كانی و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل به‌ریتانیا له‌سه‌ر بنه‌مای ئاینی ئیسلامی( ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ هێزی ره‌وانه‌ی به‌سرا كرد) و سڵكردنه‌وه‌یان له‌ هاوكاری خه‌ڵكی نائیسلامی و، دابه‌شبونی كوردستان به‌سه‌ر هه‌ر چوار پارچه‌كه‌، چه‌ند كاریگه‌ریی سه‌لبی له‌سه‌ر ره‌وتی ژیانی خه‌ڵك و شۆرشه‌كان هه‌بوو وئاسته‌نگی له‌به‌رده‌م گه‌یشتن به‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی دانا.
ئه‌مرؤش له‌ توركیا ئه‌و ره‌وته‌ ئیسلامیه‌ ئه‌ردۆگانیه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاوه‌ به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌ درێژه‌پێده‌ری زه‌مانی پێش سیڤه‌ری ئه‌تاتۆرك و شۆرشه‌ ئیسلامیه‌ كوردیه‌كانی تره‌ له‌ كوردستانی گه‌وره‌دا، بۆیه‌ ئێستا وا ئه‌ردۆگان له‌ ناوچه‌ كوردیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ ده‌نگ دێنێت و، له‌ كوردستانی باشوریش چه‌ند شه‌رمنانه‌ باسی دستدرێژیه‌كانی ئه‌ردۆگان بۆ سه‌ر كورد ده‌كرێت و ته‌نانه‌ت یه‌كێكی وه‌كو عه‌لی قه‌ره‌داغی به‌و شێوه‌ بیره‌ كۆنه‌ تازه‌یه‌وه‌ هه‌ڵوێست ده‌نوێنێت.
كه‌س هه‌یه‌ به‌شی رۆژئاوای كوردستانی لێ روون نه‌بێت، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی باسه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شۆرشی كورد له‌م‌ به‌شه‌ نوێ یه‌ واهاتووه‌ كه‌ ئه‌و ره‌وته‌ ئیسلامیه‌ كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر نه‌بێت‌، بۆیه‌ تا ئێستاش جێگه‌ی ئومێده‌ بۆ هه‌مووان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ره‌وتی عه‌لمانی له‌ زوڵم و زۆر له‌به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌مان قسوری نه‌كردووه‌، چ له‌ توانه‌وه‌ و له‌بیركردنی كه‌لتور و رۆشنبیری و دابونه‌ریتی خۆیان بۆ ماوه‌یه‌كی دورودرێژه‌ هه‌موو رێگایه‌ك به‌كارهێنراوه‌، یان به‌سه‌ركوتكردن و ته‌عریب كردن و گۆڕینی دیموگرافی ناوچه‌كه‌یان پاشه‌كشه‌یان پێكراوه‌. به‌ڵام كاریگه‌ریی ره‌وتی ئیسلامی تا ئێستا وه‌كو پارچه‌كانی تر زاڵنه‌بووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی؛ له‌لایه‌كه‌وه‌ له‌چاو شۆرشه‌كانیتر تازه‌ن و له‌سه‌رده‌مێكدا سه‌ریانهه‌ڵداوه‌ كه‌ ره‌وتی ئیسلامی ئه‌وه‌نده‌ له‌ حاڵه‌تی په‌ره‌سه‌ندا نه‌بوون له‌ نێو كورد له‌و پارچه‌یه‌ و، ئه‌وان له‌ كه‌شی پێشكه‌وتنخوازیدا رۆڵی خۆیان ناگێڕن و، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی سووریا به‌ناو عه‌لمانی بوون و ئه‌م كارته‌یان وه‌كو به‌شه‌كانی تر له‌دژی گه‌لی كوردستانیان به‌كارنه‌هێناوه‌.
بۆیه‌ ئه‌وه‌ی پێویسته‌ لیره‌دا بوترێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌س سه‌ری سوڕنه‌مێنێت له‌ هه‌ڵوێستی زۆرینه‌ی ئیسلامی سیاسی و ره‌وتی ئیسلامی له‌هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی كوردستان له‌مه‌ڕ شۆرشه‌كانی كورد و له‌به‌رامبه‌ر قڕكردن و له‌ناوبردنی كورد له‌ یرۆسه‌كانی ئه‌نفال و كیمیابارنی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌مرۆش له‌ ناوباردنی كورد له‌ كوردستانی رۆژئاوا له‌ لایه‌ن ئه‌ردۆگان و چڵكاوخۆر و به‌كرێگیراوه‌ ئیسلامیه‌كانیه‌وه‌.
ده‌كرێت بڵێین ئه‌گه‌ر دوژمنان به‌تۆپ وته‌یاره‌ و هه‌موو چه‌كێك دژی گه‌لی كورد وه‌ستاون و شۆرشه‌كانیان له‌ناوبردووه‌، ئه‌وا ره‌وتی ئیسلامی فاكته‌رێكی سه‌ره‌كیتر و یامه‌تیده‌ر بووه‌ بۆ له‌ناوبردنی سیاسیانه‌ و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ و ته‌نانه‌ت سه‌ربازیانه‌ی گه‌لی كورد چی راسته‌وخۆ بێت یان به‌ ناراسته‌خۆ له‌ یارمه‌تیدانی دوژمنان، یان به‌خۆیان به‌ناوی ئیسلام و گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ناو فكر و فه‌لسفه‌ی ئیسلامیه‌وه‌ زه‌بری كوشنده‌یان له‌ پرسی كه‌لی كورد داوه‌. بۆیه‌ ده‌بێت كورد راشكاو بێت و رۆپه‌رمایی نه‌كات بۆ خاترجه‌می ئیسلامی سیاسی به‌ناوی چه‌واشه‌كارانه‌ی یه‌كێتی و یه‌كبوونی گه‌لی كورده‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت بۆ نه‌وه‌كان روون بكرێته‌وه‌ كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی دابه‌شبون و په‌رشوبڵاوی گه‌له‌كه‌مان له‌پاش ره‌فتاری دوژمنان و زه‌بروزه‌نگیان ئه‌وان ره‌وتی ئیسلامی بووه‌ و، تا ئێستاش و هه‌میشه‌ و به‌ره‌ده‌وامی خاڵی لاوازی ئه‌م گه‌له‌ بوون و ده‌بن، به‌ پێچه‌وانه‌ی دوژمنه‌كانمان كه‌ ئیسلامیان بۆ به‌هێزبون و پاراستنی نه‌ته‌وه‌ و گه‌لی خۆیان به‌كارهێناوه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌هه‌ر شێوه‌یكی بێت چاره‌سه‌رێكیان بۆ نه‌دۆزرێته‌وه‌، ئه‌م ره‌وته‌ ئێسلامیانه‌ هه‌روا بوون و هه‌رواش ده‌بن.




کۆمپانیای مردن … نەوزاد بەندی

لێرە
مردن
بە
جوملە و
موفرەد
دەست دەکەوێ ، ئازیز ..!
وەرە
سەرژمێرم کە ،
بزانە
نەیانکوشتووم ، ئازیز ..؟!
بزانە
خۆم نەکوشتووە ..
یان
تۆیشم نەکوشتووە ، ئازیز ؟!

ئێرە
پڕ پڕە
لە
کۆتایی و
ھیچ
دەست پێکردنێ
لێرە
دەست پێ ناکا
ئازیز ..
سەیرم لێ دێ
بەھار
گیا سەردەردێنێ و
ناترسێ
درەخت
چرۆ دەردەکا و
ناترسێ ..
باران
دەست لە ھەور
بەرئەدا و
ناترسێ ،
بەمردوێتی
لەسەر
خاکێ
لقی دارێ
گۆماوێکدا
بە کوژراویی
بیدۆزنەوە ..
سێ چوار کەناڵ
حەوت ھەشت
بۆینباخ لە ملی
داخ لە دڵ ،
بابەتەکەی
بقۆزنەوە ..
ئازیز ..!

نەوزاد بەندی




ئێمەی زارۆک … ڕۆستەم خامۆش

ئێـمــەی زارۆکــی دڵ پـــڕ لـــە هیـوا
بــە ئـومێـد دەژیــن وا لـــە ڕۆژئــاوا

واری خــۆمـــانــە ئــەم نـیـشـتـمـانـە
زێـدی خــۆمــانـە ئــەم کوردســتـانـە

ناخوازیـن شـەڕ بـێ لـە ئـامێزی خاک
خەندەمان دەوێ ئێمەی دەروون پاک

ســـتـران دەبێژین بـــۆ ژیـنـی شــادی
دەبێژین بـــژی ئـــاشـــتـی و ئـــازادی

ئەم خاکە جوانە با دوور بێ لە جەنگ
دوور بـێ لـە دەنـگـی فـڕۆکـەو تفەنگ

خـۆشــە وڵاتــمــان بـــێ ئـــاژاوە بــێ
هـــەر ئـــــاوەدان و هـــەر ڕازاوە بــێ

        ڕۆستەم خامۆش
       هەولێر ۲٠۱۹/۱٠/۱۹



قسه‌و باسی بێری وایزڵه‌ر سكرتری گشتی سۆشیالیست ئاكشن له‌ كه‌ندا له‌ ڕێپێوانی شاری تۆرنتۆ دژ به‌ هێرشه‌كانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر ڕۆژاڤا

خۆشك و برایان، هاوڕیێیان و دۆستان … بژی ڕۆژاڤا… بژی ڕۆژاڤا….

سوپاس بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی پێتان به‌خشیم له‌وه‌ی ده‌نگم بخه‌مه‌ پاڵ ده‌نگتان و داوابكه‌م: توركیا له‌ سوریا بڕۆ ده‌ره‌وه‌! ده‌ست هه‌ڵگره‌ له‌ ڕۆژاڤا! سه‌ربه‌خۆی بۆ خه‌ڵكی كورد!

كاتێك دۆناڵد ترامپ چرای سه‌وزی هه‌ڵكرد بۆڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان بۆ بۆمبارانكردن و داگیركردنی ڕۆژاڤا، ئه‌وه‌ خیانه‌تێكی تر بوو له‌ درێژه‌ی ئه‌و هه‌موو خیانه‌تانه‌ی كه‌ ئیمپریالیزم ده‌رحه‌ق به‌ خه‌ڵكی كورد ئه‌نجامیداوه‌.

ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌ ڕاده‌به‌ده‌ره‌كانی دونیا پێیان وایه‌ مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ چۆنیان بوێت ئاوا یاری به‌ چاره‌نووسی خه‌ڵكه‌وه‌ بكه‌ن، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكوو بۆ ده‌ست گه‌شتنی زیاتریان به‌ سه‌رچاوه‌ جیهانێكان، ئاماده‌ن هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ له‌ ناو به‌رن كه‌ له‌ ڕوویاندا ده‌وه‌ستێته‌وه‌.

له‌به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا، كرێكارانی جیهان ده‌ڵێن: نا! نا بۆ پاكتاوی ڕه‌گه‌زی. نا بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا. نا بۆ كوشتن و بڕین له‌ باكوری سوریا كه‌ ملیۆنه‌ها كوردی تێدا نیشته‌ جێیه‌.

ڕێكه‌وتنامه‌ی سایكس پیكۆ په‌یماننامه‌یه‌كی نهێنی بوو له‌ نێوانی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا به‌سترا له‌ ساڵی ١٩١٦. له‌ ١٩١٧ له‌ لایه‌ن به‌لشه‌فێكانه‌وه‌ ئاشكرا كرا. له‌ ١٩١٩ له‌ كۆنگره‌ی پاریس بۆ ئاشتی خرایه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ به‌ پشتیوانی هه‌ریه‌ك له‌م وڵاتانه‌: ئه‌‌مریكا، ئیتاڵیا و یابان پاش هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی. سنووره‌كانیان له‌سه‌ر لم كێشا بۆ به‌ده‌ستهێنانی نه‌وتێكی زۆر. سه‌ده‌یه‌ك دواتر جیهان خه‌ریكه‌ بخنكێت به‌ هۆكاری شه‌ڕ و تێكچوونی كه‌ش و هه‌وا.

بڕیاری ترامپ به‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ باكوری سوریا، هه‌روه‌ك كشانه‌وه‌یه‌تی له‌ ئه‌فغانستان، وه‌ك ده‌سته‌ پاچه‌بوونیه‌تی به‌رانبه‌ر به‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێته‌ سه‌ر سه‌فینه‌ بارهه‌ڵگره‌كان، تانكه‌ نه‌وتێكانی سعودییه‌ و خستنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كانی، ئه‌مانه‌ نیشانه‌ی به‌سه‌ریه‌كدا كه‌وتنی ئیمپریالیزمی ئه‌مریكایه‌ كه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ هه‌ژمونی هێزی خۆی به‌سه‌ر دونیادا سه‌پاندووه‌. به‌ڵام جانه‌وه‌ری بریندار ترسناكه‌.

ڕووداوه‌كانی ئه‌م دووایانه‌ ده‌ریان خستووه‌ نائومێدییه‌ هاوپه‌یمانێتیكردن له‌گه‌ڵ ئیمپریالیزم و هێزه‌ دیكتاتۆره‌ نوێیه‌ كۆڵۆنیاڵه‌كانی ناوچه‌كه‌. هه‌موویان ڕقیان له‌ ڕۆژاڤایه‌، بۆ؟ نه‌ك ته‌نها به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی ئۆتۆنۆمی زۆرینه‌ كورده‌، به‌ڵكوو لایه‌نگری چینی كرێكاره‌، لایه‌نگری ئازادی ژنانه‌، و دیموكراتی خه‌ڵكه‌. ئیمپریالیزم قاعیده‌ و داعش و زایۆنیزم و پاشایه‌تی سعودیه‌ی پێباشتره‌ له‌ ڕۆژاڤای سۆشیالیست و فیمینیست. به‌ڵام ئێمه‌ به‌رگری له‌ ڕۆژاڤا ده‌كه‌ین.

ڕۆڵی ئۆتاوا چییه‌ له‌م باروو دۆخه‌ ترسناكه‌؟

جه‌ستن ترودۆ فرمێسكی تیمساحی ده‌ڕێژێت بۆ كورد و یه‌مه‌ن. له‌ هه‌مان كاتیشدا ڕێگه‌ به‌ فرۆشتنی چه‌ك ده‌دات به‌ سعودیه‌ی عه‌ره‌بی. حكومه‌تی لیبراڵ میزانییه‌ی هێزه‌ سه‌ربازێكانی زیاد كردووه‌ به‌ ڕێژه‌ی ٧٠%. درێژه‌ به‌ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ده‌دات له‌ لاتڤیا و ئۆكرانیا، هێزی پۆلیسیش له‌ هایتی و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا پشتیوانیكردنی له‌ گروپه‌كه‌ی لیما دژ به‌ حكومه‌تی هه‌ڵبژێردراوی ‌ڤنزوێڵا. جه‌نه‌راڵێكی كه‌نه‌دی له‌ نه‌یتۆ ڕابه‌رایه‌تی بۆمبارانكردنی لیبیای كرد.

ئێمه‌ له‌وه‌ زیاتر فرمێسكه‌ درۆینه‌ و به‌ڵێنه‌ ناراسه‌كانی ترودۆمان ناوێت، گرنگ نییه‌ ده‌مووچاوی خۆی چۆن پیشان ده‌دات. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردداین و به‌ده‌نگی به‌رز ده‌ڵێین:

  • یه‌كخستنی خه‌بات له‌ پێناو دیموكراسی و ئازادی نه‌ته‌وه‌ییدا.
  • له‌ پێناوی شۆڕشی سۆشیالیستیدا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست! درووستكردنی پارتی شۆڕشگێری كرێكاران لێره‌، له‌وێ و له‌ هه‌موو شوێنێكی تر.
  • تركیا بۆ ده‌ره‌وه‌ له‌ سوریا.
  • له‌ جاری داهاتوودا با خۆپیشاندانه‌كه‌مان به‌رینه‌ پێش كونسڵخانه‌ی توركیا له‌ تۆرنتۆ.
  • پشت نه‌به‌ستن به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكا.
  • ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌ ئیمپریالیستێكانی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست برۆنه‌ ده‌ره‌وه‌.
  • كه‌نه‌دا له‌ نه‌یتۆ وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌.
  • سه‌ربه‌خۆی بۆ گه‌لی كورد.



بە هەزاران کەس داوای بایکۆتکردنی کالای تورکیا دەکەن … ڕیاز حاجی

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ داواکردنی هاوڵاتیان بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی زیاتر دەبێت، لە ئێستادا لە گرپی “بایکۆتی شتومەکی
تورکی” لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، زیاتر لە۱٥۰ هەزار کەس بەشداری کەمپەینێک بوون و پێکەوە داوا لە تەواویی هاوڵاتیان دەکەن کە شتومەکی تورکی نەکڕن، لەمیانەی هێرشە بەردەوامەکانی چەکدارانی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لەبەرامبەردا کوردانی باشوور و دەرەوەی کوردستانیش بایکۆتی کالای تورکیان ڕاگەیاندووە، دروستبوونی قۆناغێکی نوێ لە شۆڕش گەر نەشتوانن بەژداری لەهێرشەکانی چەکدارەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا بکەن ئەوا دەتوانن لەڕێگای بایکۆتکردنی کاڵای تورکیا و زەرەرگەیاندن بە ئابووری تورکیا بەژداربن. ئەم قۆناغە پێویستی بە پشتگیریەکی زۆری هاوڵاتیان هەیە یەکەم کارێک هۆشیاری هاوڵاتیان لەسەرووی هەموویانەوەیە بۆ بایکۆت کردنی کالای تورکیا..

شۆڕشێکی جیاواز

کورد بە درێژای مێژوو خاوەنی دەیان سەرکردەو دەیان شۆڕش و شێوازی بەرگری بوونە گەر لە سەدەی نۆزدەهەمەوە بڕوانیین لەسەردەمی میرنشینەکان میرەکانی کورد خاوەن دەسەڵات و زەوی بوونە لەگەڵ هێزێکی زۆر لە چەکدار کە ڕێژەیان بە نموونە میرنشینی سۆران خاوەن ۳۰ هەزار سەرباز بووە جێگای باسە خەرجی ئەم سووپایە لەسەر گوند نشینان بووە ئەمەش وایکردبوو بارگرانیێکی زۆر دروست ببێت ئەمەش ڕێک پێچەوانەی ئەو شۆڕشە نوێیەیە کە باسی دەکەم؛
“سەرکردەیەکی جیاواز، شۆڕشێکی جیاواز”
مەهتما گاندی کاتێک سەرکردایەتی هیندییەکانی دەکرد شۆرشێکی نوێ بەکارهێنا بۆ ئەوەی لە دژی بەریتانییەکان بوەستێتەوە کە ئەم شۆڕشە کە بە بێ شەڕ و چەک وە بێ ئەوەی ئاژاوە بنێتەوە داوای لە هاوڵاتیان دەکرد بایکۆتی کاڵای بەریتانی بکەن و هیچ بازگانی و مامەلەیەک لەگەل بەریتانییەکان نەکەن ئەمەش وایکرد کە دەسەڵاتدارانی بەریتانیایی ناچار بە گفتووگۆ کرد توانیانیان مافی زیاتر وەدەست بخەن.
بایکۆتکردنی کاڵای تورکی جوانترین و هێمنترین شێوازی پیشاندانی توڕەی خەڵکی باشوورە بەرامبەر بە هێرشە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها زەرەر گەیاندن بە ئابووری تورکیا بۆ ئەمەش پێویستی بە ڕێژەیەکی زۆر هاوڵاتیانە بۆ ئەوەی پشتگیری ئەم کەمپینە بکەن بۆ بایکۆتکردنی ئەو بەرهەمانەی کە کاریگەری ناکاتە سەر ژیانمان بەتایبەتی، وە ڕێگرینەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم جۆرە کەمپینانە، لە کاتێکدا دەبێ زیاتر گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆی بدرێ بۆ پڕکردنەوەی شوێن بەرهەمەکانی وڵاتانی تر و بەتایبەت تورکیا چونکە جەنگی ئێستا ڕووبەڕوبوونەوەی تورکە، داخوازی زیاتری هاوڵاتیان بۆ بەرهەمە ناوخۆیەکان وادەکات بیر لە دروستکردنی کارگە و کارخانەی زۆری وەبەرهێنان بکرێت بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر بەرهەمە ناوخۆیەکان و ئەمەش وادەکات ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان دابەزێت بۆ ڕێژەیەک گەر هاوکاری و بەدواداچوونی باش لەلاین سەرمایەدارانی ناوخۆ و حکومەتی هەرێمی کوردستان.. جێگای باسە حکومەتی ناوەند بایکۆتی هێلکەی تورکیایان کرد لە ماوەی یەک هەفتە هەشت بازرگانی تورک ئیفلاسیان کرد ڕوونە بە تێـپەڕ بوونی کات و هەوڵدان و بەردەوامی لەسەر ئەم جۆرە کەمپینە، دەرەنجامێکی باشی دەبێت و گورز بە ئابووری تورکیا دەگەیەنێت و ئەم کەمپینەش هیچ بڕیارێکی سیاسی لە پشتەوە نییە بۆیە گەر هاوڵاتیان پشتگیریەکی تەواوبن دەبێتە کڵتور.

ڕیاز حاجی




داهۆڵ … شوان عەباس بەدری

                                                     

ئەمرۆ شەش مانگی تەواوە خۆمم لە ناو ژوورە بچوکەکەم بەند کردووە و بە دیار جگەرە و کتێبەوە ڕۆژگاری خۆم بە سەرئەبەم ، شەش مانگ لەمەوبەر لە ئێوارەیەکی باراناوی ساردا دەستم کرد بە بۆیاخ کردنی ژوورەکەم و سەرتاپای ژوورەکەمم بە بۆیاخی ڕەش بۆیە کرد و پەنجەرەی ژوورەکەشم بە تەختە گرت .

بۆنی جگەرە و عەرەقی لەشم و خەو تێکەڵ بە یەک بووە و هەوای ژوورەکەمی ئاڵودە کردووە ، کەم نییە شەش مانگی ڕەبەقە دەرگای ژوورەکەمم نەکردۆتەوە و بە دیار مۆمێکەوە شەوم بە ڕۆژ گەیاندووە و ڕۆژم بە شەو !

کۆمەڵە کتێبێکی زەردهەڵگەڕاوەی داڕزاو لەسەر فەرشی ژوورەکەم کەوتوون و لەولاشەوە کیسێکی پڕ لە جگەرەی سووتاو و تەپڵەکێکی ڕەش هەڵگەڕاو.
شەش مانگ لەمەوبەر بوو کە بۆ دواجار هەنگاوم نایە ناو کۆڵانە باریکە کۆنەکەمان ، زۆرم ڕق لەم کۆڵانەیە بە نەفرەت بێ ، ئەمەندە باریک و تەنگە کە ناچار ئەبێت لە هەموو ئەوانە بڕوانی کە بەرامبەرت دێن و سەلامت لێ ئەکەن ، سەلامەکەیان جگە لە بۆنی دووڕوویی و خیانەت و بێ ویژدانی هیچی تری لێ بەرز نابێتەوە و منیش بە ناچار ئەبێت وەڵامیان بدەمەوە و هەنێ جاریش لەبەر تەنگی ئەم کۆڵانە نەفرەتیە شان بەم لە شانیان. هەشت مانگێک لەمەو بەر دەر و دراوسێ لەبەر بۆنی زێراب و مەنهۆڵی ناو کۆڵانەکە هاواریان لێ هەستابوو ، گەن و گوو سەرتاپای کۆڵانەکەی تەنیبوو کە ئەمەش خۆی نەگبەتییەکی تر بوو.

ئاە ئەو ڕۆژەی بڕیاڕمدا ئیتر خۆم لە هەموو شتێک و هەموو کەسێ دابڕم هەستم بە وزە و هێزێکی سەمەرە ئەکرد لە دەروونمدا ، بەیانییەکەی وەک هەمیشە کاتژمێر پێنج لە خەو هەستام و بە دیار جگەرە و قاوەوە بە نوکی پەنجەم ئەمکێشا بە تەپڵەکەکەی بەرامبەرم و تاوناتاوێ چاوم ئەبڕیە مێچی ژوورەکە و تاو نا تاوێکیش سەیری عەرزەکەم ئەکرد ، کە هەنگاوم نایە دەرەوەی ماڵەوە هاواری ژنەکەی دراوسێمان ئەگەیشتە حەوت تەبەقەی ئاسمان ، مناڵی ئەبوو، خەڵک دەبەنگە مناڵ لە دوای مناڵ ئەخەنەوە و بە بێ ئەوەی ئایندەیەکیان هەبێت ، تەنها ژمارەی ناو ئەم کۆڵانە نەفرەتییە زیاتر ئەکەن و هیچی تر ، لەولاترەوە پیرەپیاوەکەی دراوسێم وەک هەمیشە لە ناوەڕاستی دەرگای دەرەوە گۆچان بە دەست و گوڵ بە ئێخە وستا بوو و وەک هەمیشە سەیری کاتژمێرەکەی ئەکرد و بە خۆی ئەووت : بۆ نەهات ؟ و هایەکی لە شووشەی کاتژمێرەکەی ئەکرد و بە پەڕۆیەکی سپی پاکی ئەکردەوە ، دەمێ ساڵە پیرەپیاوە چاوەڕێی میوانێکی نەناسراو ئەکا و بۆ نەهاتەکەی بۆتە پرسیارێکی بێ وەڵامی ئەزەلی !

ئاااخ ئەوە لاڤەی کچە شۆخ و شەنگەکەی جارانی کۆڵانەکەمان بوو بە لاما تێپەڕی بە بێ ئەوەی هیچ سەلامێک بکات ، سەردەمانێ شۆخی و شەنگی لە حەوت گەڕەک ئەولاتریشەوە باس ئەکرا ، شوخێکی دەم بە خەندە و میهرەبان و زیرەک بوو کە لە نیوەڕۆیەکی شوومی هاوینا بە زۆر لە پیرەمێردێکی حەفتاساڵە مارەیان بڕی و هەموو خەون و ئاوات و خەندەکانیان لە گۆڕنا و دوای سێ مانگ بە تەڵاق دراوی گەڕایەوە ماڵی باوکی و ڕۆژ نییە بە دەستی باوک و براکانی لێدان نەخوا.

ئەو ڕۆژەی بڕیاڕمدا خۆم زیندانی بکەم کە گەیشتمە سەر کارەکەم چایەکم خواردەوە و جگەرەیەکم کێشا و نامەی دەست لە کارکێشانەوەکەم پێشکەش کرد و بە بێ ئەوەی چاوەڕێی وەڵامەکەیان بکەم چوومە ناو بازاڕ و بۆیاخی ڕەشم کڕی و بەرەو ماڵەوە بەڕێکەوتم ، لەسەر سووچی هەموو شەقامێکا کۆمەڵە مناڵێکی پێ پەتی جل دڕاوی سواڵکەر و لەولاتریشەوە کۆمەڵە سەربازێکی چەک بە دەستی پۆستاڵ لە پێ کە چاودێری ورد و درشتی چواردەوریان ئەکرد ئەبینران، دەسەڵاتداران کۆمەڵە یاسایەکی سەمەرەیان بە سەر خەڵکی و ئاسمانی ووڵاتا سەپاندبوو ، بۆ نموونە فەرمانیان بە کووشتنی هەموو کۆترەکان دەرکردبوو و لە بەرامبەریشا تا حەزت بکردایە قەلەڕەش و قەلەباچکەت ئەبینی ، لە سەر شەقامەکان ئاوێنەیەکی گەورە دانرابوو کە گەر سەربازەکان فەرمانیان پێ بکردیتایە ئەبوایە بچیتە بەر دەمی و بە زەردەخەنەوە سەیری خۆت بکەی و پاشان ستایشی فەرمانڕەوای ووڵات بکەی کە تۆی لە نەخۆشی و ناخۆشی و برسێتی و هەژاری پاراستووە و ژیانی پێ بەخشیوی !

بە نەفرەت بن ئەو شەقام و کۆڵان و خەڵکە ، شەقامگەلێکی پڕ لە چاڵ و چۆڵی کە گەر ئاگات لە خۆت نەبێ و بکەویتە ناویان قاچت ئەشکێ یا گەر شوێنیکیشت نەشکێ سەربازەکان بە تۆمەتی کەمکردنەوە لە هەوڵ و ماندووبوونی فەرمانڕەوا بۆ خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان خۆیان دەست و قاچت ئەشکێنن !

شارەکەمان لە کۆمەڵە شەقام و کۆڵان و پردێکی داڕوخاو و گڵی و داتەپیوی بە مشک و جرج تەنراو پێکدێ کە دەور تا دەوری بە تەلی دڕکاوی و دڕک و داڵ تەنراوەو تەنها یەک ڕێگەی هاتوچۆی هەیە بۆ دەرەوەی شار و بە پێچەوانەوە بۆ ناوەوە کە ڕۆژانە تەنها بۆ ماوەی سێ سەعات ڕێگەکە ئەکرێتەوە !

تامی دەمم تاڵ بووە و هێزم لێ بڕاوە ، گاڵتە نییە شەش مانگی ڕەبەق خۆت لە دنیای دەرەوە دابڕی و تەنها بە جگەرەو خواردنێکی کەم خۆت بژێنیت و کاتەکانی خۆت بە کتێب خوێندنەوە پڕ کەیتەوە کە گەر بێتو لایەنە ئەمنییەکان پێی بزانن کتێب ئەخوێنیتەوە بە تۆمەتی بڵاوکرنەوەی فکری دوژمنکارانە و کەوتنە ژێر کاریگەری فەرهەنگ و کەلتووری بێگانە بە کۆمەڵگە لە سێدارەت ئەدەن ، مۆمی ژوورەکەم تروسکایەکی کەم ئەبەخشێتە ژوورە تاریک و ڕەش هەڵگەڕاوەکەم و بە کەشەنگی لەسەر ئەو عەرزە ساردە ڕاکشاوم ، چەند شەوێ لەمەوبەر خەوم بە فەرهەنگەوە بینی ، ئەم بەیانییەش هەرلە خۆیەوە هاتە بەر چاوم و بینیم کە بە چ جۆرێ خۆی هەڵواسی ،قۆڵ کورتێکی سوور و پیجامەیەکی خەت خەتی لە بەرا بوو، بەڵێ بە جوانی بینیم تەنافەکەی وەک پاپیۆنێک خستە دەوری ملی و مێزە بچوکەکەی ژێر پێی وەک تەمەن و ژیانی خۆی فڕێدا و بە دەم گیان دەرچوون و باوەش کردن بە مەرگەوە بە زەدەخەنەیەکی تاڵەوە سەیری ئەکردم ، چاوەکانی سوور سوور هەڵگەڕا بوون و خەریک بوو لە پڵێنە بێنە دەرەوە ، جوان بوون سەرنج ڕاکێش بوون ، دوو چاوی دەرپەڕیو و سیمایەکی دەم بە کەنینی شین هەڵگەڕاوە، نا نا خەو نەبوو ڕاستی بوو ئەم بەیانییە بوو لە بەر چاوما خۆی هەڵواسی ، من بینیم ،خەوەکە چەند شەوێ لەمەوبەر بوو ، خۆ هەڵواسینەکەی ئەم بەیانییە بوو ، بەڵام نازانم بۆ تەرمەکەی لە ناو ژوورەکەما نییە ، کە خۆی کووشت دیار نەما ئەی خۆ من بینیم ئەی بۆ ئێستا هەر چەند سەیری مێچ و دیوار و عەرزی ژوورەکە ئەکەم هیچ نابینم ؟ هیچ دیار نییە !

ئاە فەرهەنگ بیرم کەوتەوە چەن مانگێ لەمەوبەر پیاوە ئاینییەکەی کۆڵانەکەمانی نارد بۆ خوازبێنی کچە دراوسێکەیان کەچی ئەو ناکەس بەچەیە بۆ خۆی داوای کردبوو فەرهەنگیش خۆی کووشت دوای ئەوەش لایەنە ئەمنییەکان بە تۆمەتی وەرنەگرتنی مۆڵەتی ئەمنی بۆ خۆکووشتن باوکیان لە سێدارە دا !

باشە ئەی ئەمە کێ بوو ئەم بەیانییە لەبەرچاوما خۆی هەڵواسی و ئێستا سێبەرێکی تەناف لە مل لە سەر دیواری ژوورەکەم یاری ئەکات و کەچی تەرمەکەشی دیار نییە؟!
قۆڵ کورتە سوورەکەم لەبەر عەرەق و دوکەڵ سپی و ڕەش هەڵگەڕاوە و پیجامە خەت خەتەکەشم لە چەن لایەک بە جگەرە سووتاوە و چڵک سەرتاپای داپۆشیوە، ئەم نیوەڕۆیە لە خۆمەوە کتێبێکم گرتە دەست و کە کردمەوە ئەم دێڕە هاتە بەر دەمم : ئەی خۆکووشتن ئەی دەزگیرانە دێرینەکەم ئاخۆ کەی بێ ڕۆژی گواستنەوە دیاری بکەین و بە یەک بگەین؟

لە دەرەوە دەنگی غەڵبەغەڵبی خەڵکی دێ و سات بە سات ئەو غەڵبەغەڵب و هات و هاوارە لە ژوورەکەم نزیک و نزیکتر ئەبێتەوە ، زۆر ئەترسم ئەم خەڵکە نەفرەتییە هێرشم بۆ بێنن و لەم تەنیایی و گۆشەگیرییە دەرم بێنن .
لەو دیو دەرگاکەوە گوێم لە خەڵکە کە ئەڵێن : دەرگاکە بشکێنن بۆگەنی کردووە .
٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭
بە شکاندنی دەرگای ژوورەکە چەند پیاوێکی سمێڵ زلی کەڵەکەت خۆیان ئەکەن بە ژوورەکە و یەکێکیان کە بە لایتێک تەرمە هەڵواسڕاوەکەی ناو ژوورەکەی ئەپشکنی بە هاوڕێکەی وت :ڕەنگە شەش مانگێک بێ کە خۆی کوشتبێت.

کۆتایی




دوو شیعر له‌ (فازڵ عه‌ززاوی)ـه‌وه‌

و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1)
فلیمێك لە وێستگەیەكی شەمەندەفەردا

زستان ، لە وێستگەیەكی شەمەندەفەردا
لە سەفەرێكی درێژ دەگەڕامەوە
خۆم دیتەوە
لە ساڵۆنێكی سینەمای ڕێبواران دانیشتووم
فلیمێك دەبینم ، چیرۆكەكەی نازانم
پێش هاتنی من ، دەستی پێ‌ كردبوو ..
فلیمێك هەرگیز تەواو نابێ ‌ ..
گرینگ نییە لە كوێڕای دەبینی
چوون هەموو بەشەكانی ، وەك خودی ژیان
دووبارە دەبنەوە..

قارەمان ماسكی دزان دەپۆشن .
لەشكر بۆ ئەوەی بگەنە شارێ‌ ،
بەسەر شەختەدا هەڵمەت دێنن .
گاڵتەجاڕ بە پێش عارەبانان كەوتوون
ئەسپی شەكەت ڕایاندەكێشێ ‌ ..
پیاو بە باڵی مۆمییەوە
مەلە لە هەوادا دەكەن ..
زیندەوەر ڕێی سەیریان
لەژێر خۆری سووتێنەردا
بەرەو هەساران دەبڕن ..
تێیاندایە مروارییان دەدۆزێتەوە ،
پاشان بزری دەكاتەوە
ئێمەش بە سەر چەرچەفانەوە
لەسەر پێخەفی موسافیران
لە ئوتێلێكی هەرزان بۆ شەوێك ،
خوێنمان لەبەر دەڕوا ..

تەماشاكه‌ری مردوو.. تەماشاكه‌ری زیندوو
هەیە دێتە ژوورەوە ، هەیە دەچێتە دەرەوە ..
هۆڵ هەمیشە تاریكە
فلیمەكەشمان بێ‌ دیماهیهاتن بەردەوامە ..

كەژاوەی بێدەنگ
دەستەكانم لە گیرفانی كون كونمدا ناوە ،
بە شەقامدا ڕادەبوورم
بینیمن به‌دزیەوە ، لەو دیو مینای چایخانە و مغازان
سەیرم دەكەن ..
پاشان بە پەلەپروزێ‌ دێنەدەرێ‌ و دوام دەكەون .

بە ئەنقەست وەستام جگەرەیەك دابگیرسێنم
ئاوڕم لە دواوە دایەوە
وەك كەسێ‌ بە پشتی
خۆی لە با دەپارێزێ ‌ ..
نیگایێكم بۆ كەژاوەی بێدەنگ هاوێت:
دز ، پاشا ، بكوژ ، پەیامبەر و شاعیر
لە هەموو شوێنێكەوە باز دەدەن و بەدوامەوەن ،
چاوەڕێی ئاماژەیێكی منن..

سەرم بە سەرسڕمانەوە بادا و
ڕێگەم گرتەبەر ، فیكەشم لێ‌ دەدا ..
ئاوازی گۆرانییەكی باو
خۆم وانیشان دەدا ڕۆڵ لە فلیمێكدا دەبینم
هەموو ئەوەی لەسەرمە بیكەم
تا كۆتاییە تاڵەكە ، هەمیشە بەرەوپێش بڕۆم.

(2)
لە پەنجەرەیەكی كراوەوە
بەسەر شەقامێكی تاریكدا
لە كاتێكدا چاوم لە پەنجەرە بڕیوە
گوێم بۆ ژاوەژاوی داگیركه‌ران لە شەقامدا هەڵخستبوو ،
پەیتوونەكانیان لە تاریكیدا لێ‌ دەخوڕی ..
كوڕوكاڵیان بەدواوە بوو دەفیان لێ‌ دەدا و
كۆیلەی دیلیش زنجیربەند ..
مۆتەكە پەنا بۆ من دێنن
لە دەرگای ماڵەكەم دەدەن:
جەللاد و قوربانییەكەی
پاشاو گاڵتەجار و
نهێنیپارێزی .

جەللاد دێ‌ دەستی بەخوێنی
لەبەر لوولەی ئاوی مندا بشوا
قوربانیی دێ‌ پیاڵەیێك فرمێسكی سوێری
پێشكەش دەكا ..
پاشا دێ‌ عەرشی خۆی
لە باخچەی مندا هەڵدەدا .
گاڵتەجاڕ دێ‌ یارییەكانیم پیشان دەدا
نهێنیپارێز نهێنی خۆیم بۆ دەدركێنێ ‌ ..

دوا مۆمم پێ‌ دەكەم
شەو لەبەر پەنجەرە دەوەستم
زۆرن ئەوانەی پێش بەیانیدان
لە دەرگام دەدەن .

  • له‌ فازڵ عه‌ززاوی ، كۆشیعری ( فراشة في طريقها الى النار )
    بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌زگای ( المدی) 1998 – كراون به‌ كوردی .



كتێبێكی دیكه‌ی سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی له‌ ژێر چاپدایه‌

دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، كتێبی(په‌یڤه‌كان ده‌دوێن)ی چاپ و بڵاو كرده‌وه‌، له‌ ئێستادا كتێبێكی دیكه‌ی سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی به‌ناوی(په‌روه‌رده‌ی ڕواندز له‌ ده‌ ساڵه‌ی ته‌مه‌نیدا)له‌ ژێر چاپدایه‌ و له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا بڵاوده‌بێته‌وه‌. ئه‌م كتێبه‌، ناساندنێكی كورت و ئاماری ده‌ ساڵی كاروچاڵاكییه‌كانی په‌روه‌رده‌ی ڕواندز له‌خۆ ده‌گرێت. چونكه‌ پێشتر نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی نۆ ساڵ به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی په‌روه‌رده‌ی ڕواندزبووه‌..




چیرۆک بۆ منداڵان.. گورگێکی هـار.. رەزا شـوان

لە گێڵگەیەکی فراوان و بەریندا، پـڕ لە کانی و جۆگەلە و چەم و باخ و دار و دەوەن و سەوزەگـیا، چەند مێگەلـێک ئاسکە و مـەڕ و بـزن و ئەسـپ دەژیـان. بێـوەی بـوون و زیانیان بۆ کەس نەبـوو. کێڵگەکەیان زۆر خۆشدەویست، شوێنی باو و با پیرانیان بوو.
رۆژێک کۆمەڵێکی زۆری چەقەڵ و رێـوی نامۆ، بە هـاندان و یارمەتی گورگێکی هـار، هـێڕشیان کـردە سەر ئاژەڵـەکـانی کـێڵگەکە، بەشـێک لە گـێڵگەکـەیـان لێ داگـیرکـردن. شەڕێـکی زۆر سـەخـت لـە نێـوان ئـەو چەقـەڵ و ڕێـوییـە داگـیرکـەرانە و ئـاژەڵـەکـان، دەستی پێکرد.. کەڵە ئاسکەکان و مامزەکان بە شاخە تیژەکانیان و ئەسپەکان بە جووتە لـێـدان و سەگەکـانیش بە قەپـاڵگـرتن شەڕیـان دەکـرد.. ژمـارەیـەکی زۆر لـە چەقـەڵ و رێوییەکان لەم شەڕانـەدا کـوژران.. ئەوانەشی کە مانـەوە بەزین و لە تـرسا هـەڵهـاتن. پەنـایـان بـۆ گورگـە هـارەکە بـرد.
گورگە هـار و دڕندەکە هەڕەشەی لە ئاژەڵەکان کرد، کە گێڵگەکەیان چۆڵ بکەن، ئەگینا قـڕتـان دەکـەیـن.
ئاژەڵەکان لە هەڕەشەی گورگە هارەکە نەترسان.. پێکەوە بڕیاریان دا، کە بە ئەوپـەڕی هـێزیانەوە بەرگری لە خۆیان و لە گـێڵگەکەیان بکەن، کە نیشتمانی شیرین و جوانیانە.

سەگـەکـانیش دەیانـزانی، کـە گـورگ لـە دەنـگی دەهـۆڵ زۆر دەتـرسێـت.. چـوون دوو دەهـۆڵـیان پەیـداکـرد.
ئاژەڵەکـان کـۆبـوونـەوە و پێکـەوە پـلان و شـێـوازی چـۆنـێـتی بەرگـریکـردنیـان دانـا.
دوای چەند رۆژێک، چەندین گەلەگورگ، لە گەڵ ئەو چەقەڵ و رێـوییە هەڵهاتـووانەدی هاوپەیمانیان، لە چەندین شوێنـەوە، هـێڕشیان کردە سەر ئاژەڵەکـان.. شەڕێکی سەخت هەڵگیرسا.. ئاژەلەکـان قـارەمانانە بەرگریـیان دەکـرد.. سەگەکانیش دەچـوونە پێشەوەی شەڕەکەوە و بە قـایمی لە دەهـۆڵەکـانیان دەدا.. چەنـدین گـورگ و چەقـەڵ و رێـوی لەم شەڕەدا کوژران.. گورگەکان لە بەردەم خـۆڕاگـری و کۆڵـنەدانی ئاژەڵەکـان و لە دەنگی دەهـۆڵەکـان تـۆقـین و ناچـاربـوون کە پـاشەکشێ بکـەن و لە کێـڵگـەکە بچـنە دەرەوە.
ئاژەڵەکـان بـەم سەرکەوتنانەیـان شـاد و دڵخـۆشـبوون.. لەم شـەڕانەشـدا کۆمەڵـێک لە هاوڕێکانیان بوون بە قوربانی رزگارکردنی کێڵگەکەیان لەو گورگ و رێوی و چەقەڵانە.
ئامادەیی خۆشـیان راگەیـانـد.. کە بە گـوڕ و تینێکی زیاتـر و بەهـێزترەوە، رووبەڕووی هـەر هـێڕشێک دەوەسـتنەوە، گەر ئەو گورگ و چەقـەڵ و رێوییـانە بیکەنە سەریـان.

رەزا شـوان
نەرویـج: ١٥ی/ ئوکـتۆبەر/ ٢٠١٩
(*) ئـەم چـیرۆکە بـۆ منـداڵانی تەمـەن (یـانـزە ـ بۆ ـ سـیانـزە) سـاڵان نـووسـیومە.




داوادەکەین ئەردۆگان وەک تاوانبارێکی جەنگ دادگایی بکرێت … کۆمەڵەی منداڵانی کورد ـ لە نەرويج

بە ناوی سەرجەم ئەنـدامانی کۆمەڵەی منـداڵانی کورد لە وڵاتی نەرویج، زۆر بە توندی پرۆتستۆی تاوانە قێزەوەنەکانی دیکتاتۆری رەگەزپەرست و دڕندە و خوێنڕێـژ، تاوانبار ئەردۆگـان دەکەیـن، کە دەرهـەق بـە منـداڵان و بـە سڤـیلی بێـتاوانی گـەلی کـوردمان لە رۆژئـاوای کوردسـتاندا کردوونی و دەیکات.
ئەردۆگانی ستەمکار، زۆر نامەردانە و بە دڵـڕەقی و بێدەست پارست لە منـداڵان و پیـر و پەکەوتـەی کورد، بە بەرچـاوی جیهـان و بـە ئـاگـاداری پەیمانی ناتـۆ، کوشـندەتـرین چەکی قەدەغەکـراوی نێودەوڵەتی بۆ کوشتـنی کورد بەکـاردەهـێنـێت. لەوانەش (چـەکی فسفـۆری سپی سووتێـنەر) کە لە رێی فـرۆکە جەنگـییەکانییەوە، لە رۆژی پێنج شەممە (١٧ی/ ئوکتۆبەر/٢٠١٩) شاری (گرێـسپی) لە رۆژئاوای کوردستان بـە بۆمبی فسفـۆر بۆردومان کرد.. ژمارەیەکی زۆر لە منداڵ و ژن بەرکەوتن و شەهـیدبوون و ژمارەیەکی یەکجار زۆریش بریندان هەن.. لە نێو بریندارەکاندا منداڵێکی تێـدان کە نـاوی (محـەمـەد حەمـید)ە، تەمـەنی سیانـزە سـاڵە و قـوتـابی پۆلی پێنجەمی سەرەتـاییە. بە فسفـۆرەکەی سوڵتان ئەردۆگانی ئیخوان الشیاطین، هەموو گیانی سوتاوە و برینەکانی سەخت و قوڵن و زۆر ئازاری هەیە.. ئێستا لە نەخۆشخانەی شاری (قامیشلو)ە، محەمەد هـاوار دەکات (دایکە.. دایکە گیان.. سوتام)،(بابە.. بابە.. سوتام.. ئازارم هەیە) چ دڵێک چ وژدانێک جگە لە ـ دڵ و ویـژدانی ئەردۆگان ـ کە گوێی لە هـاواری محـەمەد و دەیـان منداڵی تری کورد ببێت، تەزوو بە لەشیدا نایات و سۆزی نابزوێت؟ ئەردۆگانی نامەرد، ئایە محەمەد ئەو منـداڵە بێـتاوانانەی تری کورد (یە پە گە)ن یان (شەڕڤـانان)؟ چ تاوانێکیان هـەیە؟
بەڵام تـۆ تا سەر ئـێسـقان رقـت لە کوردە، تینوی خوێنی کـوردی. سێـبەرەکەی خۆشـت لێبووە بە کورد و رقت لێیەتی.. ئەردۆگانی سەدرۆ، تۆ فرمێسکی تیمساحیت بۆ منداڵانی (غـەزە) هەڵدەڕشت.. بەڵام دەستە قـێزەوەنەکـانت بە خـوێنی منـداڵانی کـورد سـوورن.. هەمـوو گـیانت هـەر تـاوانـە. هەزار تـف و نەفـرەتت لێبێت ئەی خوێنڕێـژی ستەمکـار.
بێگومان ئەردۆگان تاوانباری جەنگە، هەموو ئەو تاوانانەی دەرهەق بە منداڵ و سڤیلی گەلی کوردی بێتاوانمان کردوونی لە رۆژئاوا و لە باکووری کوردستان، تاوانی جەنگەن و دژ بە مرۆڤـایەتـین.. بە پێی یاساکانی نێودەوڵەتی دەبێت بگـیڕێت و دادگـایی بکرێت.
داوا لە دادگای باڵای نێودەوڵەتی دەکەین، چاویان لەم تاوانانەی ئەردۆگـان نەپـۆشن و بڕیـاری گـرتنی بـدەن و وەکوو تاوانبارێکی جـەنگ لەسەر ئـەو تـاوانـانەی لە کـورد کـردوونی ـ کە هەمـوو بەڵگـەکـان لە بەردەسـتـدان ـ دادگـایی بکـەن.
چاوپۆشین و بێدەنگیتان لە تاوانەکـانی ئەردۆگـان.. تاوانـە. دەبێتە هـۆی هـانـدانی بۆ ئەوەی تـاوانی گەورەتـر و قـێزەوەنتر ئەنجـام بـدات.
ئەردۆگان شانازی بە تاوانەکانییەوە دەکات و دوێنێ زۆر بێ شەرمانە، هەڕەشەی لە کورد لە رۆژئاوای کوردستان کرد و وتی:” بۆ ئەوە هاتووین سەرتان پانەوەبکەین” واتا نیازی گڵاوی ئەردۆگان رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی کـوردە.. نیازی داگیرکردن و دەرکردنی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافـیای رۆژئاوای کوردستانە.

ئێـمە ئۆبـاڵ و بەرپرسـیارێتی ئەو تاوانـانەی ئەردۆگان کە لە ئێمەی کورد کـردوون و دەیکات، دەخەینە ئەستۆی نەتەوە یەکگـرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش و یەکـێتی ئەوروپا و ئەمریکا و روسیا و پەیمانی ناتۆ، چونکە ئەردۆگان بێدەنگی و چاوپۆشینی ئێوەی قـۆزتـۆتەوە.. بۆ درێـژەدان بە تاوانەکانی لە دژی کورد.
بێدەنگی و هەڵەوێستی لاوازتان لە ئاستی تراژیدیای کوردکوشتن شەرمەزارییە بۆتـان.

رێکەوتنەکەی ئەمریکـا و تورکیا، بۆ (ئاگـربەست) هیـچ خاڵـێکی ئەرێنی بۆ کورد تێدا نییە، کە لە بەرژەوەنـدی کورددا بێـت.. تورکیـاش درۆدەکـات و شـەڕی نەوەسـتانووە.. بەڵکوو بە پێچەوانەوە هـێزی زیاتر و چەکی قورستری ناردوو بۆ رۆژئاوای کوردستان و بە چـڕی و بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی (فسفۆر) و کیمیاوی دێ و شارەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆردومان دەکات.. تا ئێستا (٢٢) منداڵ و (٢٣٥) سڤـیلی کوردی شەهیدکردوونە.. ئەگەر ئەم تاوانانە بە تاوان نەزانن.. ئەی چی بە لاتانەوە تاوانن؟!
جارێکی کەش ئەمریکا ناپـاکی لە کورد کرد.. بە ناوی (ناوچـەی ئـارام) ەوە، دەیەوێت گـورگ بکات بە شـوانی مەڕ.. لە کاسەیەکی زێڕیندا کوردی پێشکەش بە تورکیا کـرد.
داوا لە گۆمەڵگای نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ و دەوڵەتانی ناڕازی دەکەین.
کە فشار بخەنە سەر تورکیا بۆ راگرتنی شەڕ و دەست هەڵگرتن لە کوشتنی منداڵان و سڤیلی کورد. بێدەنگیش نەبن لە تاوانی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی.
پەیامێکیش بۆ هەموو منداڵانی جیهان دەنێرین، کە ئێمەی منداڵانی کورد لە کوردستان
ئەمساڵ لە یـادی جـەژنی (رۆژی جیهـانی منـداڵان) دا، ئاهـەنگ ناگـێڕین.. چونکە بە دەستی ئەردۆگانی ستەمکار بە دەیان منداڵی بێتاوانی کوردمان شەهیدبوون.. بە سەدان منـداڵانمان بـریندارن.. بە هـەزاران منـداڵمان ئـاوارەن و لە کەمپەکـانـدا، ژیـانێکی زۆر ناخۆش و سەخـت بەسەردەبەن.. بە هـەزاران منـداڵ و مێردمنـداڵانمان، لە بەنـدیخـانە سامناکەکانی تورکیا و ئێرانـدا بە توومەتی ( کوردبوون) بەندکراون و رۆژانە پیسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییان دەدەن.
ئەی منداڵانی جیهان پشتگیریمان بکەن، پێتان دەڵێین، تاوانەکـانی ئەردۆگان لە دژی منداڵانی کورد، هـێندە زۆرن نایـەنە هەژمـارکـردن.
ئەی منداڵانی جیهان، داواتان لێدەکەین، بە هانای منداڵانی کوردەوە بێن، لە رۆژئاوا و لە باکووری کوردستاندا، بە هەزاران پەیـامی نـارەزەایی و ئیـدانەکـردن و رسواکـردن ئـاراستەی ئەردۆگـانی تـاوانبـار بکەن.. داوای لێبکەن بەس مـنداڵانی کورد بکـوژێت.
ئێمە دڵنیاین کە هەموو زۆردارێک رۆژێکی رەشی هەیە. گۆڕبەگۆڕبوونی ئەردۆگانیش نزیک بۆتەوە.. چـارەنووسی لە چـارەنووسی سـەدام و قـەزافی باشـتر نـابێـت.

رەزا شوان
سەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد لە نەرویج
٢٠ی/ ئوکتۆبەر/ ٢٠١٩




ئیمپریالیزم ئازاری کورد نابڕێنێتەوە … نووسینی: ئەڵێکس کڵینکۆس … و: گۆران عەبدوڵڵا

لەئەرشیڤی دەنگەکان ەوە …. لەبەر گرنگی بابەتەکە پێمان باش بوو جارێکی تر بڵاوی بکەینەوە …..

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناڵێنێ بەدەستی داگیرکاری ئیمپریالیزمی ڕۆژئاواوە، نەتەوەی کوردیش یەکێکە لە قوربانییە گەورەکانی ئەو داگیرکارییە.
کاتێک بەریتانیا و فەرەنسا پێش بە یەک سەدە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیان پارچە پارچە کرد، کورد لە مافی چارەنووسی خۆی بێبەش کرا، لە بەرانبەردا دابەشکرا بەسەر چەند وڵاتێکدا – تورکیا، سوریا، عێراق و ئێران. بە دڵنیاییشەوە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە سەرکوتکران.
ئەم ئازارە درێژەی کێشا تاوەکوو ئەمڕۆ. کۆتایی هەفتەی ڕابردوو عەفرین کەوتە بەر تۆپبارانی سوپای تورکیا، ئەو ناوچەیەی کە لە ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سوریەدان و بە ڕۆژاڤا دەناسرێت. بەڵام کێشەکە لێرەدا هەر دەوڵەتە داگیرکەرەکان نییە، کێشەکە ئەوەیە هەندێک جار ڕابەرە کوردەکان هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە ئیمپریالیستێکان دەبەستن، بەتایبەتی ئەمریکا.
ئەمە ستراتیجیەکی دوورو درێژی هەردوو پارتە نەتەوەییەکەی باکوری عێراق بوو، پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP)و یەکێتی نیشتمانی کوردستان(PUK ) . لە ئاکامی شەڕی کەنداودا کە لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانانیەوە دژ بە سەدام حوسین و عێراق کرا، کوردەکان توانییان سودمەندبن لەو دەرفەتەو ناوچەیەک بۆ خۆیان داببڕن و بەهرەمەند بن لە ناوچەی دژەفڕین کە لەلایەن فرۆکەکانی ئەمریکاوە دەپارێزران.
پاش هێرشی ئەمریکاو بەریتانیا لە 2003 بۆ سەر عێراق، ڕێگا درا بە کوردەکان زیاتر خۆیان تۆکمەبکەن و ناوچەکانیان ئارامتر بوو لە چاو بەشەکانی تری عێراق.
دەرکەوتنی داعش و دەستگرتنی بەسەر موسڵدا لە 2014 دا هەلی زۆرتریان بۆ هاتە پێشەوە، لە ئاکامی باری شێواوی بەغدادا توانییان دەست بەسەر زۆرێک لە ناوچە جێناکۆکەکاندا بگرن، لەسەروی هەموو ئەوانەشەوە چاڵە نەوتەکانی کەرکوک. پاڵپشتیەکی زۆریان لێکرا لە لایەن ئەمریکاوە، هەروەها شانبەشانی حکومەتی عێراقی شەڕی داعشیان کرد بۆ وەدەرنانیان لە ناوچەکانیان.
لە سێپتامبەری ڕابردو، پاش ئەوەی هێزە هاوپەیمانێکان بە ڕابەرایەتی ئەمریکا تەوقی موسڵیان کرد، مەسعود بەرزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، وە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بانگەوازی ڕیفراندۆمی کرد بۆ سەربەخۆیی. سەرباری بردنەوەی بەدەنگی زۆرینە، بەڵام کارتەکانی دەستی مردبون.
حکومەتی عێراقی موسڵی گەڕانەوە، لە سای نەک هەر ئەمریکا بەڵکو ئێرانیش. میلیشیا شیعێکان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت، ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی لە شکستی داعشدا.
لە ئۆکتۆبەردا پاش کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی داوای گەڕانەوەی ئەوناوچانەی کردەوە کە کوردەکان لە 2014 دا دەستیان بەسەردا گرتبو. کوردەکان زۆر بە خێرایی شکستیان هێنا، ئەوەش وا مەزەندە دەکرێت سەودایەک بوبێت لەگەڵ ئێران لە ڕێی دژەکانی بەرزانی لە ناو PUK.
پاش گۆڕانکارێکانی سوریا و کشانەوەی هێزەکانی بەشار ئەسەد لە ڕۆژئاوا لە 2011 کە شەڕی لە پێناوی مانەوەدا دەکرد لەدەستەڵات، زۆر بەخێرایی هێزەکانی YPG (یەکێتی پاراستنی گەل) بەڕێوەبەرایەتی ئەو ناوچانەیان گرتە دەست. ئەم ڕێکخراوەیە پەیوەندییەکی پتەویان هەیە بە PKK وە (پارتی کرێکارانی کوردستان) کە لەشەڕێکی درێژ خایەندایە لەگەڵ وڵاتی تورکیادا.
بەهەمان شێوەی عێراق، واشنتن هاوپەیمانییەکی سازکرد لە گەڵ YPG . هێزەکانی سوریایی دیموکرات کە کوردەکان ڕابەرایەتی دەکەن، بە پشتیوانی 2000 سەربازی ئەمریکاوە، ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی لە شکستی داعش و وەدرنانی لە ڕەقەی پایتەختی. لە ئێستاشدا %٢٥ی خاکی سوریایان لە ژێر دەستدایە.
کێشەی ئەمریکا ئەوەیە، تێکشکانی داعش بە قازانجی ئێران دەزانێت کە یارمەتیدەری ئەسەد و عەبادییە. هەفتەی ڕابردوو واشنتن بڕیاری مانەوەی هێزەکانی دا لە سوریا. پاساوی مانەوەشی مەشق پێکردنی 30 هەزار سەربازی بەرگریکارە بە درێژایی سنوورەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
لەڕاستیدا نانی ئەم هەنگاوە بەڕووی ئێراندایە، چونکە دۆناڵد ترامپ بڕوای بە ڕووبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ هەیە لەگەڵ ئێراندا. سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەکو یاری شەترەنج وایە، ڕەهەندی جۆراو جۆری هەیە، ئەمەشیان بەباری دوژمنایەتی تورکیادا کەوتەوە. حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە چەند ساڵی ڕابردودا شەڕی گەرمتر کردووە لەگەڵ PKK، ئامادە نەبوو دوژمنەکانی خۆی لە بارێکی بەهێزدا ببینێ.
فاکتەرێکی تری هاوکێشەکە ڕوسیایە، کە لە 2016 ڕاستەوخۆ بە قازانجی بەشار ئەسەد دەخاڵەتی لە شەڕی ناوخۆ کرد لە سوریا. ڕوسیاش بە هەمان شێوە پشتیوانی لە YPG کرد، بەڵام پاش ئەو دانیشتنەی هەفتەی ڕابردووی ڕوسیا و تورکیا لە مۆسکۆ، هێزەکانی پۆلیسی ڕوسیا لە عەفرین کشانەوە.
لەڕاستیدا ئەوکارەی ڕوسیا هەڵکردنی گڵۆپی سەوزبوو بۆ هێزەکانی تورکیاو ئەوانیش دەستیان بە هێرشەکانیان کرد.
ئەمریکا لە کاتێکدا دۆستە کوردەکانی لە عێراقدا شەرمەزارکرد، ئایا هەمان کار ناکاتەوە لە سوریا؟
بەهەرحاڵ، وەڵامی پرسیارەکە هەرچییەک بێت، ئەوەی هەیە خەڵکی کورد ئازار دەچێژێت. با هیواداربین ڕابەرایەتی سیاسی کورد وانەیەک وەرگرن و دڵنیابن هیچ دەستکەوتێک وەدەست ناهێنن، لە هێزە دڕندە ئیمپریالیستێکانی وەکوو ترامپ و پۆتین.

و: گۆران عەبدوڵڵا




خۆرئاوای کوردستان و هەنگاونان بۆ دووتاکتیکی یەک ستراتیژ..! … سەروەرکەریم

ئەوڕاستیە دەمێکە سەلماوە شەڕدرێژەپێدانی سیاسەتە بەشێوەی توندوتیژی ،هەرکاتێک کێشە سیاسیەکان ناگەنە ئامانجی خۆی شەڕدەبێتە ئەلتەرناتیڤی سیاسەت و کۆتایی بەگوتاری سیاسی و دبلۆماسیەت دێت.
مێژووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پڕیەتی لەجەنگ و کاولکاری و داگیرکاری و تابەئێستا دەگات جەنگ و ماڵوێرانی بوونی هەبووەو،هەرکاتێکیش زلهێزەکان نەیانتوانی بێت ئەوەی دەیانەوێت بەسیاسەت و تەڵەکەبازی دبلۆماسی بەدەستی بهێنن پەنایان بۆجەنگ و کاولکاری بردووەو ئەمەشیان ناوناوە ،لەپێناوی مرۆڤایەتی دا.
لەکاتێک دا کۆی زلهێزەکانی دنیا هیچ کات شەڕەکانیان کوشتنی خوێن ڕشتنی ئینسانەکان بوەو لەپێناوی مرۆڤایەتی دانەبووەو داگیرکاری ئابووری و سیاسی و زەوی و فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆیان بووە،لەپێناوی تاڵانکردنی وولاتانی تر.
ئەگەر ئێستا بەشێوەیەکی گشتی داگیرکاری وەک سەردەمی ئیستعماری نەماوە،بەلام بەجۆرێکی تر بەتایبەت دوای جەنگی جیهانی دووەم و گەیشتنی سەرمایەداری بەقۆناغی باڵای ئیمپریالستی داگیرکارەیەکان و دروست کردنی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان وبەناو ئەنجومەنی ئاسایش وکۆمپانیا فرەڕەگەزەکان و چوارچیوەکانی تری هاوشێوە بەڕێۆەدەبرێت و ئیمپریالیزم بۆداگیرکاری پەنای بردوەتە بەر بانکی نێودەوڵەتی ،لەڕێگەی پاوانکاری ئابوری ووڵاتانەوە سەرمایەگوزاری خۆی دەکات و هەرکاتێکیش دووچاری ئاستەنگەی پاوانی ئابوریی بوەوە،هێرشی میدیایی دەکاتە سەروولاتان بەناوی نادیموکراسی و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ بۆداگیرکاری ڕاستەو خۆ.

زیاتر لەشەست ساڵە ئیمپریالیزم بەوشێوەیە پاریزگاری ،لەدەسکەوتەکانی خۆی دەکات و باڵادەستی بەسەر جیهاندا دەسەپێنێت و هەر هیزو ڕێکخراوێکیش دژی ئەو دڕندەییە ئیمپریالیزم بوەستێتەوە بەتیرۆریست ناوزەد دەکرێت ،بەوێنەی سەرجەم ڕێکخراوە شۆڕشگێڕو دژە ئیمپریالیستیەکانی ئەمریکای لاتین و مەکسیک و ئیسپانیا تادەگات بە پارتی کرێکاران .

هەمیشە دەوڵەتە ئیمپریالستیەکان پشتیوانی دەوڵەتە فاشستیەکان دەکەن دژی هەربزووتنەوەیەکی شؤڕشگێڕو ئینسان دۆستەکان و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانیش چوارچێوەیەکە بۆ شەرعێەت دان بە دەوڵەتەفاشستیەکان .هەزاران تاوان و پێشێلکاری دەوڵەتەکان بەبەرچاوەیەوە ڕوویداوە ،لەجینوسایدو کوشتن و ئیبادەکردنی گەلێک ،جارێک نەبووە سزای ووڵاتێکی فاشی بدات و بیداتە دادگای نێودەوڵەتی .لەنموونەی هەڵبجەو ئەنفال و کیمیاوی باران و قەتڵوعامی کوردانی باکور لەلایەن ئەردوغانی ئیسلام فاشی و ئێستاش ئەوەی دیسان ئەردۆغانی فاشی دەیکات بەرامبەر خۆرئاوای کوردستان و هەوڵی جینۆساید کردنیان ،نەمان بینی ئەو ڕێکخراوە ئیدانەی ئەو تاوانە بکات ،تەواوی ووڵاتانی سەرمایەدارو ئیمپریالستی لەژێر لێوەوە باسی دەکەن و هیچ هەڵوێستێکیان نی یە بۆ وەستانی ئەو جینۆسایدەی ئەردۆغانی فاشی دەیکات .نەئەنجومەنی ئاسایش و نە نەتەوە یەکگرتوەکان ،چونکە ئەو چوارچێوانە پارێزەری ئیمپریالیزم سەرمایەداری یە نەک ئینسانە چەوساوەکان.

بەدرێژایی بوونی نەتەوەیەکگرتوەکان پشتیوانی یەک بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی نەکردووە دژی دەوڵەتەفاشی و دیکتاتۆرەکان ،بۆیە دەبێت تەنها لەڕووی تاکتیکیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانە بکرێت، ناکرێت بزووتنەوە شۆڕشگێڕو حەقخوازەکان چاوەڕوانیەکیان ،لەوڕێکخراوە ئیمپریالستیە هەبێت ،کەبەدژی هەنگاوەکانی ئیمریالستی بوەستێتەوە.
لەوڕوانگەیەوە دەبێت خۆرئاوای کوردستان دووتاکتیکی یەک ستراتیژ بگرێتەبەر و هەنگاو بنێت ،لەڕووی تاکتیکیەوە ماڵەڵە لەگەڵ دەوڵەتە ئیمپریالستیەکان بکات و دبلۆماسیەتی سیاسی بەکاربهێنێت جەبهەی دژی داگیرکاری وە شەڕبەهێزبکات و لەلایەکی تریشەوە هەوڵی پەیوەندی بدات ،لەگەڵ بزووتنەوە هێزە شۆڕشگێڕەکانی دنیاو جەبهەی شەڕی دژی سەرمایەداری ئیمپریالستی فروان بکات و پشتیوانی بۆستراتیژی گەیشتن بەئامانجەکانی بنێت .وەک تاکتیکیش بەردەوام بێت لەوەی کە دژی بەکارهێنانی هیزو بەردەوام شەڕبێت و لەهەمان کاتیش داخەریکی بەهێزکردنی خۆیی بەدەست هێنانی پشتیوانی ڕاستەقینەو بەژداری پێکردنی هێزە شۆڕشگێڕو دژە سەرمایەداری ئمپریالستیەکان بێت و،لەو ڕێگەیەوە جەبهەی بەرگری فراوان بکات فشاری هەمە ڕۆژە لەناو دڵی دەوڵەتە ئیمپریالستەکان دروست بکات .

گرتنەبەری دووتاکتیکی یەک ستراتیژ بۆ ئێستای خۆرئاوای کوردستان زۆرگرنگەو دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی هەبێت بۆ هەنگاوەکانی دواترو گەیشتن بەئامانجەکان ،هەڵبەت خۆرێکخستن و ئامادەکاری بۆ بەرنگاریش نابێت خاوبکرێتەوە ،بەلکو لەمیانەی کارکردن بەتاکتیک دەبێت هێزی بەرەنگاربوونەوە تۆکمەتربکرێت و هەموو ساتێک ئامادەی بەرنگاری بێت .

هۆڵەندا
١٨/١٠/٢٠١٩




ڕازیبوونی کورد بە ناوچەی ئارام، تەسلیمبوونە، یان ئاشتی؟ … جیهاد موحەمەد

بە بڕوای من پیلانەکە لە یەکەم ڕۆژەوە بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لە لایەن تورکیاوە، یاریەکی سیاسیی سەخیف بوو دژ بە کەمکردنەوەی هێزی کوردی ڕۆئاوا. تورکیا وەک لایەنە فاشیە نەتەوەییە حوکمڕانییە مێژوویەکەی، هەمیشە خەونی بووە گەلی کورد لە سەر گۆی زەوی بە یەکجاری جینۆساید بکات و بیسڕێتەوە، بە تایبەتی لەسەر دەمی حوکمڕانی ئەردۆغان و ئاکپارتیدا، هەروەها لەگەڵ ئەوەی خەونی ئەردۆغان و ئاکپارتی دروستکردنەوەی خەلافەتی عوسمانیە، لەگەڵ ئەوەی ئیخوانەکانی ناوچەکە بە پشتیوانی ئەردۆغان خواستیان بوو لێدانێکی بەهێز لە بەرەی سیکۆلار و پێشکەوتووخواز و دیموکراتخواز بدەن، بە تایبەتی کە زانیان ڕۆژئاوا دەستپێکێکی سەرکەوتووی ئەم بەرە سیکۆلارەیە. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا لای ئەردۆغان و ئیخوانەکانیش ئاشکرا بوو، کە بە ئاسانی بە هێرشێکی سەربازی بۆ سەر خاکی سوریا و کوردەکانی ڕۆژئاوا ناتوانن ئەو خەونانە بهێننە دی.
یەکەم/ چونکە ئەم هێرشە بۆ سەر ڕۆژئاوا کە ڕەهەندی توانەوەی گەلی کوردی لە خۆگرتووە،لە لای ئەو سۆزە گەورەیەی لە دنیادا بۆ گەلی کورد بە گشتی و بە تایبەتی گەلی کوردی ڕۆژئاوا دروست بووە قبووڵ نەکراو دەبێت. وەک بینیشمان ڕای گشتی خەڵکی ئەمەریکا و ئەوروپا هەروا کەوتەوە و بوو بە فشارێکی گەورە دژ بە ئۆپەراسوێنەکەی ئەردۆغان و سوپاکەی.
دووەم/ لە لایەکی تر ئۆپەراسوێنەکە بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوا کە بەشێکە لە خاکی وڵات و دەوڵەتێک، کە بە رسمی لە دنیادا ناسراوە، ڕۆژ بە رۆژیش دژایەتی ئەم وڵاتە بە پشتیوانی ڕوسیا و ئێران لە کەمبوونەوەدایە، وا خەریکە جارێکی تر دەستوری بۆ دادەڕێژرێتەوە، ئەمەش ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی لە خۆ دەگرێت، بۆیە داگیرکردنی خاکی سوریا لە لایەن تورکیاوە، جێگەی قبووڵکردن نییە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
سێیەم/ جگە لەمانەش داگیرکردنی سوریا لە لایەن تورکیاوە، ڕەهەندی لاوازکردنی بەرژەوەندی ڕوسیا و ئێرانی هەیە لە سوریادا، کە لە دواجاردا ئەمانیش ئەم ئۆپەراسیۆنەیان پێ هەرس ناکرێت.

چوارەم/ لە هەموو ئەمانە زیاتر ئەردۆغان و ئاکپارتی باش دەیانزانی کە هێزی کورد و هەسەدا هەروا پارویەکی ئاسان نییە بۆیان قوت بدرێت، بە تایبەتی لە ئۆپەراسیۆنێکی وادا کە چەندین ملیار دۆلار لەسەر دەوڵەتی تورکیا دەکەوێت، لە کاتێکدا کە لە قەیرانێکی ئابووری قووڵدان.
کەواتە ئێستا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە، ئەی بۆچی ئەگەر وایە، ئەردۆغان ئەم ئۆپەراسیۆنەی دەست پێکرد و هەڕەشەی گەورەی لە گەلی کورد و هەموو هێزە نێودەوڵەتیەکان کرد؟
لە ڕاستیدا، بە پاڵپشتی حوکمڕانییە مێژوویە فاشییەکەی تورکیا دژ بە گەلی کورد ئەگەر “لە ئەفەریقاشدا بێت نایەڵن بگەن بە ئامانجی خۆیان”، هەروەها بە پاڵپشتی هێزە کۆنەپەرستییە ئیسلامییەکەی ئەردۆغان و ئاکپارتی و، پاڵپشتی ئیخوانەکانی ناوچەکە، دژایەتیەکی سەرسەختی هەرچ بزاوت و جوڵەیەکی سیکۆلارن لە ناوچەکەدا، هەر ئەمەشە کە خەونی گەڕانەوەی خەلافەتی عوسمانییان هەیە. لەم پێناوەدا ئۆپەراسوێنەکەیان دەست پێکرد، بۆ ئەوەی هێزی گەلی کوردی ڕۆژئاوا لاواز بکەن، تا لە نووسینەوەی دەستوری سوریادا گەلی کورد هیچ مافێک بە دەست نەهێنێت، یان کەمترین ماف بە مسۆگەر بکات.

جگە لەمەش بۆ لاوازکردنی بەرەی سێکۆلار بوو لە ڕۆژئاوادا.
ئەردۆغان و تامپ، لە کاتی ڕێکەوتنە تەلەفوونیەکەیاندا، هەموو ئەم ڕاستیانەیان لەبەرچاو بووە، بەڵام بەم ئۆپەراسێنە ئەگەر کەمترین خەونی ئەردۆغانیش بێتە دی، کە لاوازکردنی گەلی کورد و بەرەی سێکۆلارە ئەوە براوەن، ئێستاش بە گوێرەی قسەی ئەردۆغان و وەزیری درەوە و بەرگریەکەی براوەن! جگە لەمەش ترامپ وەک سەڕۆکێکی بزنسکار و بازرگان، یەکەم سەربازەکانی ئەمەریکا دەپارێزت لە کوشتن و بریندارکردن، دووەم دۆستایەتی خۆی لە گەڵ تورکیادا نۆژەن دەکاتەوە، لە دوای ئەوەی کە تورکیا خەریکبوو بە تەواوەتی بچێتە باوشی پۆتین و ڕوسیاوە.
خەونی سوریا و ئێرانیش بەم ئۆپەراسێونە هاتە دی، ئەم دوو لایەنەش خەونیان ئەوە بوو، کە گەلی کورد بەو هێزە گەورەیەوە داوای تۆمارکردنی مافە ڕەواکانی خۆی نەکات لە دەستوری سوریدا.
کەواتە پیلانەکە دژ بە گەلی کورد و بەری سیکۆلار بوو، لە لایەن تورکیا و ئەمەریکا و سوریا و ئێرانەوە، هەروەها ڕوسیاش لەم کەین و بەینەدا نەک زیان ناکات، بەڵکو خەونی ئەوەی هاتە دی کە سوریا بەهێز دروست بکاتەوە.
بەڕای من بە گوێرەی ئەم پیلانە گڵاوە ناوچەیی و نێودەوڵەتیە، هێشتا گەلی کورد بەهێزە و، ڕازیبوونی بە رێکەوتن لەسەر ناوچەی ئارام، تەسلیمبوون نییە.

جیهاد موحەمەد
١٨/٠٩/٢٠١٩




ڕێکخراوە جەماوەریەکانی چینی کرێکار… بەشی دووەم … و: کاوە عومەر

دیمانەی مەنسور حیکمەت لەگەڵ کۆمۆنیست سەبارەت بە بڕیارنامەی پەسەندکراوی پلینۆمی دەهەم…
بەشی دووەم

کۆمۆنیست: لەڕاستیدا درێژەپێدانی مەنتیقی ئەم باسە ئەوەیە کە ئایا شوراکان دەتوانن لەسەردەمی ناشۆڕشگێڕانەدا بوون و خەباتکاری خۆیان وەک ڕێکخستنی جەماوەری کرێکاران بپارێزن؟لەبارودۆخی ناشۆڕشگێڕانە و سەرکوتی سیاسیدا نوێنەری وشیاری و ڕابەرانی ڕادیکاڵی چینی کرێکار توانای خۆ دەرخستنیان نییە لە کۆبونەوە گشتییە کرێکاریەکاندا، باشتر وایە بڵێین بەبەردەوامی، وە ئەم مەیدانە بەچۆڵی دەهێڵنەوە بۆ ڕابەرانی سازشکار و خۆپارێز کە جەماوەری کرێکاران راکێشن بەدوای خواستی بۆرژوازیدا.
تەنانەت ئەگەر ئەو کرێکارانە لەشوراشدا کۆبووبێتنەوە. ئایا بەواقعی دەکرێت لەژێر سایەی یەک ئیستیبدادی رەشدا ریکخراوێکی جەماوەری ئەوتۆ هەبێت کە بەگوێرەی ئەوەی خۆیان دەناسێنن( نایانەوێ لەچوارچێوەی ئەو یاسایانەدا بمێنێتەوە کە ئیستا هەن)؟

مەنسور حیکمەت: ئەوەی کە ڕێکخراوێکی جەماوەری لەبارودۆخێکی ناشۆڕشگێڕانەدا بەجەنگاوەری بمێنێتەوە دەگەڕیتەوە بۆ چەند هۆکاری زۆر. دەبێ بزانین پارسەنگی هێزەکان لە کۆمەڵگەدا کە جێگای باسەکەمانە چۆنە؟ چوارچێوەی قانوونی خەبات تا چ رادەیەک تەسک بۆتەوە. پەیوەندی بەزۆر هۆکارەوە پەیوەستە. ئەبێت سەیر بکەی لەکۆمەڵگەی جێگە سەرنجی ئێمەدا هاوسەنگی هێز بەچ جۆرێکە. چوارچێوەی یاسای خەبات تا چ ئاستێک بەرتەسکراوەتەوە. سونەتە خەباتکارەکانی کرێکاران تا چ ئەندازەیەک ڕیشەیان داکوتاوە، ڕابەرانی کرێکاران لەم دەورەیەدا بەدوای چ سیاسەتێکەوەن، وە بەگشتی ئامادەیی و ڕاوەستاوی خەباتکاری لەو هەل و مەرجەدا دەکرێ چ ماناو چ رێژەپێدانێکی دیاریکراوی هەبێت، بەڵام بەهەرحاڵ هەر وەک تاقیکردنەوەی بزوتنەوەی نەقابی دیارە بەشیوەی گشتی سنفی بووە، نیشانی داوە، بەردەوامی و ڕاوەستاوی و ئامادەیی ڕیکخراوێکی کرێکاری بەتەواوی پەیوەندی بەوەوە هەیە کەتا چ ئەندازەیەک بتوانێ جەماوەری کرێکاران لەمەیداندا ڕابگرێ، تا چ ئەندازەیەک بتوانێ ببێتە هەلومەرجی خەباتی فراوانی جەماوەری وچەندە کرێکاران ڕۆڵیان هەبیت لە بڕیاردان و سیاسەت داڕشتن و بەرەوەپێشەوە بردنیان. بەم شێوەیە شورا ئێستاش ئیمکانی زیاتری هەیە، چونکە فەلسەفەی بوونی ڕێکخراوکردنی کاری جەماوەری و دەرخستنی وجودی کرێکارانە، بە پێچەوانەی تاقیکردنەوەی زۆرێک لە نەقابەکان.

بەهەر شێوەیەک بێت خستنەڕوی پرسیارەکە بەم شێوەیە زۆر موجەڕەد وگریمانەییە. حزبی کۆمۆنیستی ئێران لە کات وشوێنی دیاریکراودا، لەوڵاتی دیاریکراو وە لە قوناغێکی دیاریکراوی خەباتی چینایەتیدا لە ئێران، بانگەوازی کرێکاران دەکات بۆ کۆبونەوەی گشتی و بزوتنەوەی شورایی، هەر ئەمڕۆ ئەو سەرکوتە ڕەشەو ئەم بارودۆخە ناشۆڕشگێڕانەیە لەئارادایە، وە هەر ئەمڕۆ خەباتی بەردەوامی کرێکاران نەک لەلایەن ئەو یەکێتیانەی کە یاسای بوونی بۆرژوازیان قبوڵ کردوە، بەڵکو بەتوانای ئەو کرێکارانە ئەڕواتە پێشەوە کە ئامادەن پێیەکانیان لەسنورداری توانای یاسایی خەبات (کەلە ئێراندا زۆربێ بایەخە) بخەنە دەرەوە.
بەپێچەوانەی دەستورو بەبەرچاوی سەرکوتگەرەکانیەوە، بەشێوەیەکی نایاسایی کۆبونەوەی گشتی پێکدەبهێنن. بەشێوەی نایاسایی مان بگرن، خۆپیشاندان بکەن و هیتر، ئەگەر کەسێک پەیدا ببێت کە بەشێوەیەکی جگە لەمە واتە بەڕێگەی “یاسایی”، یەکێتیەک پێکبهێنێت کەلە ڕوانگەی دەوڵەتەوە مافی یاسایی هەبێت مان بگرێت وە یاساکانی کاری لا پەسەند نەبێت وبتوانێت کرێکاران لەدژی ڕێکبخات، دەرگای ئەنجومەنە ئیسلامیەکان دابخات و شورا ئیسلامیەکان ڕاماڵێ و بواری هەڵسوڕان بدات بە ڕابەرانی کرێکاری، ئێمە یەکەمین کەسانێک دەبێن کە دەستەکانی بگوشین!
کێشەکە ئەوەیە کە یەکێتیەکی یاسایی لەو شێوەش ئەبێت بەسەر دەوڵەدا بسەپێنرێت. سەرکوت ئەوەندە ڕەش و قورسە کە هەر ناڕەزایەتیەکی کرێکاریی نایاساییە. لەم بارودۆخەدا تەنها بزوتنەوەیەک لەگەڵ ئەم واقعیەتەدا دێتەوە کەبتوانێت ئەوخەباتە کرێکاراییەی نایاساییەی کە هەرچۆنێک بێت هەیە، ڕابەرایەتی بکات، ڕێکبخات وە یەکگرتوی بکات، بزوتنەوەیەک کە بتوانێت مافە بنەڕەتیەکانی کرێکاران بەسەر بۆرژوازی ویاساکانی بۆرژوازیدا بسەپێنێت. ئەو بزوتنەوەیە، بزوتنەوەی شوراییە، بزوتنەوەی کۆبونەوە گشتیەکانە، نەک بزوتنەوەیەک کە خاڵی بەهێزی خۆی لەڕەسمیەتی یاسایی لەپێشەوەی خۆی لەلایەن دەوڵەتە سەرکوتگەرەکانی ئیستاوە دانابێت. بزوتنەوەی تریدیۆنی پێوستی بەپلەیەک ئارامی هەیە لە یاساکانی بۆرژوازیدا وپلەیەک لە مۆڵەتی کارکردنی یاسایی کە لە ئێران زۆر بەکەمی هەبووەو ئەمڕۆش لەهەموو کاطیک کەمتر هەیە.

خەباتی ئابوری کرێکاران بەلای ئێمەوە گرنگیەکی حەیاتی هەیە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە سیاسەتی تریدیۆنی لەپێشترە بەبەروارد بە سیاسەتی شورایی. ئەوە بەبیر دەهێنمەوە کەلەڕاستیدا ئەمڕۆ کەسێک نییە لەو جۆرە خۆشباوەریەی هەبێت، مەگەر لە پێڕی تودەیی وئەکسەریەتی (حیزبی شوعی ئێران وباڵی زۆرینەی چریکە فیدایەکان.و)، بێت. هەر سەندیکالیستێک کە بیەوێت بەڕێژەیەک واقیع بین وبەناچاری کەمێک ڕادیکاڵ بێت، ئەوە تیدەگات کەتەنانەت دامەزراندنی سەندیکاکان پێوستی بە خەباتێکی بەرفراوانی “نایاسایی” کرێکارانە کە ڕێکخراوەی خۆیان دەوێت. لەم ڕوەوەیە کە هەندێک باس لە “سەندیکای نهێنی” دەکەن، واتە نەقابەی نایاسایی، نەقابیەتی نا ئاشکرا و نا جەماوەری، کە ئەمە بەتەواوەتی لادانە لە مەبەست، چونکە بڕیار بوو باسی شوراو سەندیکا وەڵامی کیشەی ڕیکخراوبونی ئاشکراو جەماوەری کرێکاران بداتەوە. باسەکەی ئێمە ئەوەیە کە تەنانەت لە بارودۆخی ئیستبدادی بۆرژوازی و ئیسلامی ئیستادا توانای پێکهێنانی ڕێکخراوەی ئاشکراو جەماوەری کریکاریی هەیە کە بوونی خۆی بەسەر دەوڵەتدا بسەپێنێت. ڕێکخراوێکی ئەوتۆ بیگومان پەیوەندی نزیکی دەبیت لەگەڵ ڕێکخراوە نهێنییە حیزبیەکان و دەستە نهێنییە کرێکارییە پێشرەوەکان.
نەسەندیکای یاسایی وەڵامی کێشەکەیە و نەسەندیکای نهێنی. یەکەمیان خەیاڵاوی و خەیاڵ بزوێنە خەیاڵاتی ڕیفۆرمیزمی لەئێران دەرئەبرێت دوهەمیش نیشانەیەکی تری داماوی سۆشیالیزمی خەڵکی ئێران لە تیگەیشتنی نیازەکانی خەباتی کرێکاری لەبواری ئاشکراو جەماوەریدا و ئەلتەرناتیڤیکی زەینگەرایانەو ڕۆشنبیرانەیەو پەیوەندی بەو مەسەلەیەوە نییە کەباسی دەکەین.
ڕێگای واقیعی، ڕێگای کۆمۆنیستی، بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی و لە پێگەشتنیدا بزوتنەوەی شورا کرێکاریەکانە. ئەوەی کە ئەگەر ئەم بزوتنەوەیە گەشە بکات ودەورەی شۆرشگێری دواتردا بچێتە لوتکە، دواتر ئەگەر هات و شۆرش تێکشکا چارەنووسی چی بەسەر دێت، ئەمە باسیک نییە لە ئێستادا یارمەتیمان بدات بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو مەسەلەیەی کە لەسەری ناکۆکین.

کۆمۆنیست: لە پیشەکی بڕیارنامەکەدا مەیلە نەقابیەکان هەر وەکو مەیلە خۆپارێزەکان بەشێوەیەکی مەنفی ئاماژەیان پێدراوە، ئایا نەقابیەت جیا لەو ڕۆڵەی کە دەتوانێت بیبێت لەسەردەمە مێژوویە جیاوازەکان و هەلومەرجە جیاوازەکانی بزوتنەوەکەدا، مەیلێکی مەنفییە لەناو بزوتنەوەی کرێکارییدا؟

مەنسور حیکمەت: پێشەکیەکانی بەشی گشتی بریارنامە بەهیچ شێوەیەک ئاماژەیکی ڕاستەوخۆی بە سەندیکا تێدانییە. لەوانەیە مەبەستتان لەپێشەکی بەشی کۆتایی (بەشی د:”سەبارەت بە سەندیکا”)یە لێرەشدا باسی سەندیکالیزم وەک مەیلێکی نەرێنی نەکراوە.
باس لەسەر وردبینی تێرو تەسەلی ئەزمون و واقیعیەتێکە کە تییدا خاڵە لاوازەکانی سەندیکا ئاشکرابووە. ئەزمونی سەندیکاکانی هەتا ئێستا، مێژوی بزوتنەوەی سەندیکایی مێژوی مەبەستی سەندیکالیستەکان نییە، مێژوی خودی سەندیکاکانە. بێتوانای لە بەدیهێنانی یەکیتیەکی فراوانی چینایەتی، بەکردەوە نزیک بونەوە تا ئاستی پەیوەندی زۆرنزیکیان لەگەڵ سیاسەت و ڕەوتە حیزبی و ڕیفۆرمیستی و سۆشیال دیموکراسیەکان، دورکەوتنەوە لە دیموکراسی ڕاستەوخۆ و دەرکەوتنی سیستەمێکی بەڕێوەبردنی بیرۆکراتی (تا ئاستی دیاریکردنی سەرۆکی هەتاهەتایی لە زۆرێک لە یەکیەتیەکان و بێ ئیرادەی کۆبونەوەکانی ئەندامان و جەماوەری ئەندامی نەقابە)و هتد. کە لە بڕیارنامەکەدا بە کورتی ئاماژەیان پێدراوە، بەشێکن لە تایبەتمەندیە دیاریکراوەکانی تریدیۆنیزم.

بەوشێوەیەی کەبەکردەوە ئەم بزوتنەوەیە کاریکردوە، بەڵام هیچ یەکێک لەوانە بەس نییە، بۆ ئەو بانگەشەیە کە سەندیکالیسم بەشێوەیەکی گشتی “مەیلێلی مەنفی”یە. ئەبێت لێکۆڵینەوە لەڕۆڵی سەندیکاکان لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی و مێژوویی دیاریکراودا بکەین. لەبەشی زۆربەی سەردەمەکاندا سەندیکاکان، تەنها وەسیلەی خەباتی جەماوەری کرێکاران بوون. مەعدەنچیەکانی بەریتانی ئەمڕۆ بەکردەوە جگە لە یەکێتی کرێکارانی مەعدەنچی شتێکی ترشک نابەن بۆ بەرگری لەمافەکانیان. یەکێتیە کرێکاریەکانی ئەفریقای باشور دەورێکی زۆر پێشڕەوانەتر لە سەندیکاکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا دەگێڕن. کەموکوڕی ئەم ڕێکخراوانە هەرچی بێت، ئەوان لە قوناغێکی دیاریکراودا وەسیلەکانی خەباتی کرێکاران بوون.

بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە ڕێکخستنی تریدیۆنی لەو پیگەی هەیەتی بە بەراورد لەگەڵ چ ئەڵتەرناتیڤێک و لە چ بارودۆخێکدایە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت. دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر، لە ڕوسیا یەکیتی کرێکاریەکان، بۆماوەیەک ببوونە حەشارگەی باڵە سازشکارو ڕیفۆرمیستەکان. بۆ کرێکارانی ئێران، ئەمڕۆ هەبونی یەکێتیەکی بەردەوام کە تەنانەت بەرگری لەمافی بەشێک لە کرێکاران بکات، دەستکەوتێکی ئەرێنی وبەنرخە، بەڵام ئەگەر ئێمە لەبارودۆخێکدا قسە دەکەین کە ئەم یەکیەتیانە بوونیان نیە، بارودۆخێک کەبزوتنەوەی کۆبونەوە گشتی و شورایی خۆی ئەڵتەرناتیڤێکی واقیعی تر دەخەنەڕوو، ئیتر ناکرێ ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەی “سەندیکا هەرچۆنێک بێت لە هیچ باشترە” ناوەندی قورسایی سیاسەتی حیزبێکی کرێکاری بە پێکهێنانی سەندیکاوە ئاراستە بکەین.

ماویەتی…..

وەرگێرانی: کاوە عومەر
چاوپێداخشاندنەوەوهەڵەبرێ: بۆپێشەوە




دڵم … سەلام عومەر

لەخاکێکی بەپیت و
ئێجگار جوان و رەنگاورەنگداین
کەچی هەمیشە ئاوارەو
بەردەوامیش لەنێو جەنگداین
+++++
پێشتر کە رقم هەڵدەستا
چەند ئەستووربا
بەسەرکەوتنێک دەوەستا
+++++
ئاخر دڵم زۆر نەرم بوو
جەنگ رەقی کرد
هەستم ناسک
بەڵام دوژمن شەق شەقی کرد
+++++
ئێستا دڵم
بەم هەموو درزی و رەقیەوە
بۆتە بۆمبێ
هاکا لە دڵی ئەردۆغان
یان ناودەمی ترامپ تەقیەوە.




خه‌وێکی سوریال … شه‌یدا

لێره…
له‌وێ …
له‌ هه‌موو شوێنێ
له‌ خه‌ونیشدا…
ئێمه‌ نامۆین

*
وا دلاوه‌ر ره‌حیمی
گوریسێکی له‌ خۆ ئاڵاندووه‌و
له‌سه‌ر شاخێكی به‌رزه‌وه‌
خۆ ده‌هاوێته‌ نێو ده‌ریا
سه‌دایه‌کیش ئاوها ده‌ڵێ:

  • تۆیش به‌ دوایدا …

*
ده‌ریا بووه‌ زه‌وی و
له‌ سه‌ر شه‌قامێک
له‌ بیری ئه‌وه‌دای
گیرفانه‌کانت خاڵی بکه‌ی
له‌ ورده‌ی وڵاتێکی نه‌فرینیی
که‌ ره‌گه‌کانی وشك کردی‌
تا نه‌زانن له‌ کوێ هاتووی
به‌ڵکو له‌ سپارتا
مافی په‌نابه‌ری وه‌رگری

*
ره‌نگه‌ له‌وێ
بۆنی ره‌سه‌نیی:
شته‌کان…
ژیان…
مرۆڤه‌کان…
فه‌لسه‌فه‌و مێژوو…
نه‌مامی هیواکان
جارێکی تر
سه‌ر له‌ نوێ
بگه‌شێنێته‌وه‌!

*
له‌ ناکاو
قاقایه‌کی ناقۆڵای بڵند
له‌ قولایی شه‌وه‌وه‌
به‌رزده‌بێته‌وه‌
به‌ جنێوی پێشه‌وکان ده‌کا
که‌ به‌ کوردی به‌ میلله‌تی ده‌ده‌ن
یان به‌ تورکی و فارسی عه‌ره‌بی
یان هه‌ر ته‌نێ فلاشباکی
ئازاره‌کانه ؟……




ڕۆژئاوا و پەیڤێک لە هەزاران!؟ … برایم فەڕشی

کورد کە کیانی نییە و ئاڵاکەشی لە ڕێکخراوەکانی ناونەتەوەی ناشەکێتەوە و لە هیچ شوێنێک کورسی نییە، ناتوانێ لایەنێکی ڕەسمی ناو سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی بێ. بە پێچەوانە تورکیا، ئێران، عێراقی و سووریای نیوەمەرگ، لایەنی مامەڵاتی ڕەسمی هەن و لەوە زۆرتر تورکیا لە سەر چەقی ڕێگای ئووروپا هەڵکەوتووە، ئەندامی نیزامی و سیاسی ناتۆیە، بە وتەیەکی تر ژاندارمی ڕۆژئاوا و کاندیدی چوونە ناو یەکیەتی ئووروپایە. زیاتر لە سەت ساڵە جووتە لە گەڵ وڵاتی ئاڵمان، لە سەردەمی قەیسەر و سەردەمی فاشیستەکانەوە هەتا ئێستا.

قوورسایی کورد لە چاو ئەو حکوومەتانە و ئاکتۆرەکانی سیاسی جیهان چییە؟ تەنانەت باشووری کوردستان لە حاند بەغدا و دمێشق و ئانکارا و تاران بۆ ڕۆژئاوا قوورسایی نییە و دیترا کە چۆن لە بەر چاوی هەموو جیهان، کەرکووک لە ژێر چنگی کوردەکان و حکوومەتەکەی دەرکێشرا.

ئەوانەی باس کران، ڕاستی تاڵی ژیانی سیاسی کوردە. کورد قوورسایی سیاسی گەر هەبێش گووم و نادیارە. جەلال تاڵبانی، فواد مەعسووم و بەرهەم ساڵح کوردبوون و سەرۆک کۆماری عێڕاق، بەڵام یەک جاریش لە ساحەی سیاسی جیهان بە دەمیاندا نەهات کە بێژن” من سەرۆککۆماری وڵاتی دوو نەتەوەی کورد و عاڕەبم” واتە ئەو فیگورانەش، هیچ قورساییەکی سیاسی بۆ کورد نەبووە. حزبەکانی کورد هەموو حزبی ئێرانی، تورکی بوون و هەن و ئەوانەش کە لە ڕۆژئاوای وڵات حەماسەیان خوڵقاندووە و دەخوڵقێنن لە جەغزی سووریی بوون لە بیر وهزر و تێگەیشتن و سیاسەت، دەرباز نەبوون. ئەوانەش ڕاستی تاڵی ژیانی سیاسی کوردە.

ئێستا کە لە ڕۆژئاوا هەمیسان حەماسە دەخوڵقێ، سەرجەم حزبەکانی کورد لە ئامێدەوە هەتا هەولێر و کرماشان بێدەنگی بێدەنگن، هیچ قوورسایی سیاسییان نییە و نابیندرێ، ئەوەش ئەو ڕاستیە دەردەخات کە حزبەکانی بەناو کورد، هێشتا بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی قەیرە و باڵغ نەبوون. ئەوەش ڕاستی تاڵی ژیانی سیاسی کوردە.

ئێستا ڕۆژئاوا لەم بارودۆخەدا، چ قوورساییەکی سیاسی بنوێنێ؟ کورد لە کەمی شەڕەکەر، لە کەمی شەڕڤان، پێشمەرگە، فیداکار، لە کەمی حەماسە مامەڵەی سیاسی نەدۆڕاندووە، لە کەمی قوورسایی سیاسی، لە کەمی کیان، لە کەمی ستراتێژی نەتەوەیی، لە کەمی یەکیەتی نەتەوەیی، لە کەمی ئەرتەشی نەتەوەیی، لە کەمی دیپلۆمات و لە سەر مێزی گفتوگۆ دۆڕاندویەتی. مستەفا بارزانی ئەو کاتەی لە سەر مێزی سیاسی دۆڕاندی، حەفتا هەزار پێشمەرگەی هەبوو، دەیان هەزار گیانبەختکردووی هەبوو، پارە و چەکی هەبوو، حزبی هەبوو.

ئامریکا ڕێگای خۆش کرد بۆ هێرشی نیزامی تورکیا، ئێستا سەرۆکەکەیان خۆی وەک” فریشتە”ی نەجاتی کوردان بە کورد دەفرۆشێ و هەمان داوای ئەردۆغان دەکا بە پرۆتۆکۆلی سیاسی، ئەو داوایەی کە ئەردۆغان بە شەڕ و کووشتار و وێرانکردن پێینەگەیشت.

داواکەی تورکیا لە ڕاستیدا پارچەکردنی خاکی وڵاتێکی تری ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە. داگیرکردنی خاک بە ئیمزای سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بە ناوی سیاسەتی سەدەی بیست ویەک، لە کاری چەتەکانی ناو دەریا و کۆلۆنیالیستەکانی سەدەی پازدە و شازدەی سپانیا و فەڕانسە و بریتانیا دەچێ.

ئەو خاکەی کە داوای دەکەن بە قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتر و درێژایی ٥٠٠ کیلۆمەتر، دەبێتە پانتایی سێ بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ورمێ هەتا کرماشان.

یەک ڕێگا ئێستا لە بەردەمی کورد هەیە، ڕێگای فشار و زەختی سیاسی – ئابووریی. ئایا کورد هەر ئێستا دەزگایەکی سیاسی وای هەیە کە بتوانێ لە هەر چوار سووچی وڵات و لە وڵاتانی ڕۆژئاوا خەڵکەکەی خۆی، هێزیی سیاسی خۆی بێنێتە مەیدان؟

برایم فەڕشی
ئۆکتۆبەری ٢٠١٩




ئه‌وه‌ی به‌ شه‌ر نه‌یانتوانی به‌ ناوی ئاشتیه‌وه‌ نه‌یدزن عیماد عه‌لی

ئه‌و به‌رگریه‌ ئازایانه‌ی یه‌په‌گه‌ شایانی رێزێكی گه‌وره‌یه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ لایه‌ن كورد به‌خۆی به‌ته‌نها به‌ڵكو لایه‌ن سه‌رجه‌م جیهانه‌وه‌. به‌ڵی قوربانی به‌ گیان و ماڵ درا و خه‌ڵكی سڤیل بوونه‌ شه‌هید بوون ده‌ربه‌ده‌ركران، به‌ڵام به‌ راستی شه‌ڕڤانان و كوردی كوردستانی رۆژئاوا شكۆی كوردیان پاراست و له‌به‌رده‌م جیهان ده‌ریانخست ئه‌وه‌ی خاوه‌نی مافه‌ ئه‌گه‌ر توانایشی كه‌م بێت ده‌توانێت به‌رگری له‌ خۆی بكات و سته‌مكار بشكێنێت.
ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی به‌ شه‌ڕ به‌ده‌ستهات ده‌بێت وریابین به‌ ئاشتی نه‌یدۆرێنین. بێگومان ئه‌وه‌ی ده‌ریده‌خات كه‌ خاڵه‌كانی رێكه‌وتنی ئه‌مریكا و توركیا بۆ راگرتنی شه‌ره‌كه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ كورد به‌قازانج ده‌شكێته‌وه‌، كه‌ ناهێلێت بۆ ماوه‌یه‌كیش بێت خوێن برێژرێت، به‌ڵام ده‌بێت وریایی له‌ كاتی راگرتنی شه‌ر له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ره‌كه‌ زیاتر بێت و ئه‌مه‌ش بۆ سیاسه‌تمه‌دارانی كوردستانی رۆژئاوا جێگه‌ی گومان نابێت، به‌ڵام:

  • ئه‌و جیاوازیه‌ی نێوان ترامپ و كۆنگرێس و سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌مریكای ئه‌مڕۆ له‌به‌رچاو بگیرێت و ئه‌م رێكه‌وتنه‌ كه‌ له‌ قازانجی سه‌رۆكی ئه‌مریكایه‌ به‌ تایبه‌تی وانه‌كات ده‌رگا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌كورد پشتوێنی لێبكاته‌وه‌ وا دانریت كه‌ فرتوفێڵێ توركیا كۆتاییهاتووه و، بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌كه‌ چۆن ده‌بێت كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ ئه‌مریكا ده‌ستبه‌ری روونه‌دانی پاشقوله‌كانی توركیا بكات.
  • جارێك به‌ ئاگربه‌ست یه‌كێك له‌ قسه‌كانی ئه‌ردۆگان شكێنرا، كه‌ مكوڕبوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تا به‌دێهێنانی ئامانجه‌كه‌ی شه‌ڕناوه‌ستێنێت، به‌ڵام مه‌رجه‌كانی نێو رێككه‌وتنه‌كه‌ جێگه‌ی گومانه‌، به‌تایبه‌تی ورده‌كاریه‌كانی هه‌ر دوو خاڵی 11 و 12‌ كه‌ باس له‌ كشانه‌وه‌ی یه‌په‌گه‌ به‌و درێژاییه‌ و راده‌ستكردنی چه‌كه‌ قورسه‌كان ده‌كات، كه‌ فرتوفێڵی شه‌یتانی تێدا به‌دیده‌كڕێت، ئه‌گینا خاڵه‌كاتی تر هه‌مووی شتی ئاسایی و به‌ڵگه‌نه‌ویستن.
  • هه‌وڵی ساردكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی نێوخۆیی ئه‌مریكای تێدا به‌دیده‌كرێت كه‌ ده‌شێت توركیا به‌ ساردبونه‌وه‌ی وه‌زعه‌كه‌ هه‌له‌كه‌ بقۆزێته‌وه‌ و واقعێك فه‌رز بكات كه‌ نه‌یتوانی له‌ شه‌ردا فه‌رزی بكات و له‌وێدا كه‌س لۆمه‌ی ناكات و ترامپیش له‌ سه‌لبیاته‌كانی خۆی قوتار بكات كه‌ هه‌ر رووداوێك و پێشهاتێك به‌ بێ ده‌نگی تێپه‌رێنرێت.
  • ده‌بێت ئێستا له‌م پیگه‌ و هه‌ڵوێسته‌ به‌هێزه‌ی یه‌په‌گه‌ له‌رۆژئاوا وتویژ له‌گه‌ڵ روسیا و رژێمی سوریا زیاتر بكرێت و رێككه‌وتنه‌كه‌یان جێبه‌جێ بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ هه‌موان ده‌ركه‌وت كه‌ ترامپ جێگه‌ی متمانه‌ نیه‌ و له‌هه‌ل ده‌گه‌رێت و ئه‌م هه‌نگاوه‌یشی بۆ رێكه‌وتن له‌م كاته‌دا له‌ ژێر فشاری نێوخۆی ئه‌مریكاوه‌ هات.
    *جگه‌ له‌ ئاگربه‌ست، یان وه‌ك توركیا له‌ شه‌رمه‌زاری خۆیدا پێی ده‌ڵێت مۆڵه‌تدان، به‌ڵێ جگه‌ له‌شه‌ر وه‌ستان هیچ مه‌رجێكی له‌سه‌ر توركیا تێیدا نیه‌ كه‌ هێزه‌كانیان كه‌ی و چۆن ده‌كشێننه‌وه‌ و چۆن زامنی شه‌رنه‌فرۆشتنی توركیا به‌ به‌هانه‌ی‌ ئاگربه‌ست ده‌كه‌ن، بۆیه‌ له‌ لایه‌ن توركه‌وه‌ بواری خافڵگیری له‌ ئارادایه‌ و، هه‌مووان ده‌زانن ئه‌وان له‌و لایه‌نه‌وه‌ مێژوویه‌كی ڕه‌شیان هه‌یه‌.
  • فشاری جه‌ماوه‌ری و خۆپیشاندان و هاوكاری سه‌رجه‌م پارچه‌كانی كوردستان له‌م كاته‌دا پێویستره‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س پشتی لێنه‌كاته‌وه‌ و به‌رده‌وامی وریایی خه‌ڵك وا له‌ توركیا بكات كه‌ بیر له‌ ئاشتی بكاته‌وه‌ زیاتر له‌ شه‌ڕ، به‌ تایبه‌تی ئه‌وان له‌ یه‌كگرتوویی كورد زه‌نده‌قیان ده‌چێت.
  • هه‌وڵی ریكه‌وتنی سیاسی و به‌ گره‌نتی له‌گه‌ڵ روسیا زیاتر بدرێت له‌وه‌ی تائێستا به‌ ته‌واوی پشت به‌ ئه‌مریكا به‌ستراوه‌ و هه‌وڵ بدرێت به‌ نزیكبونه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌رز هێزی روسیا له‌ سنوره‌كان و له‌نیوان توركیا و كورد بونی هه‌بێت بڵاوبكرێته‌وه‌، بۆ زیاتر دڵنیایی فه‌راهه‌م بێت و، هه‌روه‌ها له‌ پێناو نه‌هێشتنی هه‌ر گومانێك له‌ جموجوڵه‌كانی توركیا ده‌كرێت.
  • شه‌رمه‌زاری ئۆردوگان له‌ ئیمزاكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ی و ناچاربونی واده‌كات بۆ پاراستنی رووسوری خۆی چه‌ند جموجوڵێك بكات وه‌كو شه‌رێكی لێره‌ و جوڵه‌یه‌ك له‌وێ ، ، بۆ ئه‌وه‌ی وا پیشان بدات كه‌ ئاگربه‌ستی شه‌ره‌كه‌ به‌ده‌ست ئه‌وه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ وریایی و ئاگاداریی كوردی پێویسته‌.
    بۆیه‌ تائه‌م كاته‌، ناچاربونی تورك بۆ ئاگربه‌ست وه‌كو خۆیان ده‌لێن له‌گه‌ڵ كورد دا كاتیه‌، واته‌ له‌ نێوان هێزێكی گه‌وره‌ی ناتۆی وه‌كو توركیا كه‌ خۆی به‌ كه‌ڵه‌گای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ده‌زانێت له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌ی بێ ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن گه‌لێكی سته‌ملێكراو، به‌ڵام خاوه‌ن هێزی ماف و ئامانجی گه‌لی زوڵملێكراو سه‌ركه‌وتنێكی مێژوییه‌، به‌ڵام ده‌بێت چاوه‌رێی پێشهاته‌كان وه‌كو خۆی بكرێت و له‌مه‌ودوا ترامپ و ئه‌ردۆگان و وه‌زعه‌كه‌ جوانتر بخوێنڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر دۆخی نێوخۆیی ئه‌مریكا ئاسایی بێته‌وه‌، چاوه‌ڕێی هه‌موو شتیك له‌ ترامپ بكه‌ن و ده‌بێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێزه‌ هه‌مه‌جۆره‌كان و ناوه‌نده‌ بریاربه‌ده‌سته‌كانی ئه‌مریكا به‌رده‌وام بێت. به‌ڵێ ئه‌وه‌ی به‌شه‌ر به‌ده‌ستهات با به‌ ئاشتی نه‌یدۆڕێنین. ‌‌



نمایش کردنی “چوکا ئێستا کاتژمێر چه‌نده‌یه‌” له‌ ده‌رهێنانی بێهرووز بوچانی له‌ فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی به‌ڵگه‌یی “چوکا ئێستا کاتژمێر چه‌نده‌یه‌” له‌ ده‌رهێنانی “بێهرووز بوچانی” و “ئارش که‌ماڵی سه‌روێستانی” له‌ به‌شی “نمایش کردنی تایبه‌ت” له‌ چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” چووه‌ سه‌ر په‌رده‌.

بە پێی ڕاپۆڕتی لێژنەی ڕاگەیاندنی گشتیی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، فیلمی به‌ڵگه‌یی “چوکا ئێستا کاتژمێر چه‌نده‌یه‌” Chauka, Please Tell Us the Time له‌ ده‌رهێنانی “بێهرووز بوچانی” رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ری کورد و “ئارش که‌ماڵی سه‌روێستانی” سینه‌ماکاری ئێرانی دانیشتووی وڵاتی هۆڵه‌ندا به‌ دیمه‌ن و وێنه‌گه‌لی راسته‌قینه‌ له‌ دوورگه‌ی مانووس له‌ وڵاتی ئۆستڕاڵیا به‌ فێلمهه‌ڵگرتنی شاراوه‌ و به‌دزیی له‌ لایه‌ن “بێهرووز بوچانی” به‌ مۆبایله‌که‌ی به‌ دوور له‌ چاوی سه‌ربازان و لێپرسراوانی ئه‌م دوورگه‌یه‌ که‌ تیایدا زیاتر له‌ هه‌زار په‌نابه‌ر ده‌ژین، به‌ ئاماده‌بوونی “ئارش که‌ماڵی سه‌روێستانی” له‌ به‌شی ده‌ره‌وه‌ی رکابه‌ریی واته‌ “نمایش کردنی تایبه‌ت” له‌ چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” Slemani له‌ هۆڵی سیتی سینه‌ما” له‌ شاری سلێمانی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق نمایش کرا‌.

دوورگه‌ی مانووس ئه‌و شوێنه‌یه‌ که‌ ده‌وڵه‌تی ئۆستڕاڵیا له‌م شوێنه‌ پڕله‌ کێشه‌یه‌ بۆ راگرتنی هه‌میشه‌یی زیاتر له‌ هه‌زار په‌نابه‌ر که‌ڵک وه‌رده‌گرێت. ئه‌م شوێنه‌ هه‌روه‌ها شوێنی ژیانی “بێهرووز بوچانی”یه‌ که‌ براوه‌ی خه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی ژیاننامه‌ی ئۆستڕاڵیا، براوه‌ی خه‌ڵاتی گرینگی رۆژنامه‌وانی شیکاری “ئانا پۆلیتکۆفسکایا”، براوه‌ی خه‌ڵاتی “ڤیکتۆریه‌ن پرێمیر” گرینگترین خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیی ئۆستڕاڵیا، براوه‌ی خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی “نیو سات ویڵز پرێمیر”، خه‌ڵاتی پیشه‌سازی کتێبی ئۆستڕاڵیا و هه‌روه‌ها براوه‌ی خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی ئیندێکس بۆ په‌یامنێره‌ راپۆڕتنووسه‌کانی دژی سانسۆر بووه‌.

په‌یامنێران ئیجازه‌ی چوونه‌ ناو دوورگه‌ی مانووسیان نیه‌ و بوچانی که‌ بۆ خۆی ئه‌زموونی ژیانی راسته‌قینه‌ی له‌م دوورگه‌یه‌دا هه‌یه‌، هیوا ده‌خوازێت که‌ له‌ به‌ڵگه‌ فیلمی “چوکا ئێستا کاتژمێر چه‌نده‌یه‌” بارودۆخی مه‌ترسیدار و تاقه‌ت پرووکێنی ئه‌م ناوه‌نده‌ی راگرتنی په‌نابه‌ران به‌ دونیا نیشان بدات.

به‌ڵگه‌ فیلمی “چوکا ئێستا کاتژمێر چه‌نده‌یه‌” له‌ دوای به‌شداریی له‌ فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سیدنی له‌ وڵاتی ئۆستڕاڵیا، له‌ نوێترین نمایش کردنی جیهانیی خۆیدا له‌ شه‌ست و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی له‌نده‌ن له‌ وڵاتی به‌ریتانیا چووه‌ سه‌ر په‌رده‌.

ناوی ئه‌م فیلمه‌ که‌ له‌ ناوی باڵنده‌یه‌کی خۆجێیی له‌ دوورگه‌ی “پاپۆوا گینه‌ی نوێ” به‌ ناوی “چوکا” وه‌رگیراوه‌، له‌ راستیدا ناوی به‌ندیخانه‌یه‌کی تاکه‌که‌سیشه که‌ له‌ ناو ئۆردووگاکه‌دا بۆ په‌نابه‌ران کراوه‌ته‌وه‌. باڵنده‌ی چوکا به‌ بڕاوی که‌سانی خۆماڵی ناوچه‌که‌، هێمای پێناسه‌ی خه‌ڵکی خۆجێی ئه‌م ناوچه‌یه‌‌یه‌ که‌ به‌ ئاواز و ده‌نگی به‌رز و سه‌رسووڕهێنه‌ری خۆی، کات راده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی که‌ وێنه‌یان له‌م فیلمه‌دا گیراوه‌، له‌و رۆژانه‌ی که‌ له‌ چوکا تێپه‌ڕیان کردووه‌، وه‌کوو خراپترین رۆژه‌کانی ژیانی خۆیان ناو ده‌به‌ن.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی “سلێمانی‌” له‌ لایه‌ن کۆمپانیای سینه‌مایی “مه‌ستی فیلم” به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی “فوئاد جه‌لال”، به‌ سه‌رۆکایه‌تی “مه‌لا به‌ختیار” به‌رپرسی به‌شی پاڵپشتیی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ و له‌ که‌سایه‌تییه‌کانی به‌رجه‌سته‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ریی “دانه‌ر عومه‌ر فارس” و به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رنامه‌داڕشتنی خاتوو “لینا ره‌زا” و به‌ نمایش کردنی 134 فیلم له ده‌رهێنه‌ره‌کانی 79 وڵاتی جیهان؛ له‌ دوو به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” (نێوده‌وڵه‌تی) و به‌شی رکابه‌ریی “سینه‌مای کوردی” (نه‌ته‌وه‌یی) و هه‌روه‌ها سازدانی وۆرکشۆپه‌کانی پیشه‌یی و پسپۆڕانه‌ی سینه‌مایی و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش؛ به‌ دروشمی “شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی” له‌ 5 هۆڵی “سیتی سینه‌ما”، “سینه‌ما سالم”، هۆڵی “ئه‌منه‌ سووره‌که‌” و هه‌روه‌ها له‌ ته‌لاری “هونه‌ر” له‌ شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی.




“پارازیت” براوه‌ی خه‌ڵاتی چڵه‌ خورمای زێڕینی “کان” له‌ فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی نمایش کرا

مه‌نسوور جیهانی ـ فیلمی سینه‌مایی “پارازیت” (مشه‌خۆر) براوه‌ی خه‌ڵاتی چڵه‌ خورمای زێڕینی باشترین فیلمی حه‌فتاودووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “کان”ی فه‌ڕه‌نسا له‌ چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ و خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری باشترین ده‌قی سیناریۆی فیلمی به‌ده‌ستهێنا.

بە پێی ڕاپۆڕتی لێژنەی ڕاگەیاندنی گشتیی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، فیلمی سینه‌مایی “پارازیت” (مشه‌خۆر) PARASITE له‌ ده‌رهێنانی “بۆنگ جوون ـ هۆ” Bong Joon-ho له‌ وڵاتی کۆریای باشوور براوه‌ی خه‌ڵاتی چڵه‌ خورمای زێڕینی باشترین فیلمی حه‌فتاودووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “کان”ی فه‌ڕه‌نسا، له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” له‌ چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” Slemani له‌ هۆڵی سینه‌ما سالم له‌ شاری سلێمانی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ و خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێوینی ئه‌م به‌شه‌ی فێستیڤاڵه‌که‌ به‌ “بۆنگ جوون ـ هۆ” Bong Joon-ho و “هان جین ـ وون” Han Jin-Won بۆ نووسینی ده‌قی سیناریۆی فیلمی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ پێشکه‌ش کرا.

فیلمی سینه‌مایی “پارازیت” (مشه‌خۆر) که‌ ئه‌مساڵ پڕفرۆشترین فیلم له‌ نێوان هه‌موو براوه‌کانی چڵه‌ خورما له‌ گیشه‌ی جیهانییدا بۆ خۆی مسۆگه‌ر کرد؛ له‌ لایه‌ن وڵاتی کۆریای باشوور له‌ لقی باشترین فیلمی زمانی بیانی بۆ نه‌وه‌دودووهه‌مین خولی خه‌ڵاته‌کانی ئه‌کادیمیای ئۆسکار له‌ ساڵی 2020 ناسێندرا.

ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” (نێونه‌ته‌وه‌یی) پێکهاتوو له‌ به‌رهه‌مه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی چواره‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێونه‌ته‌وه‌یی “سلێمانی” بریتی بوون له‌؛ “هینز هێرمانس” Heinz Hermanns ده‌بیر و به‌رپرسی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی CEO و ده‌بیر و به‌رپرسی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی به‌رلین ـ سه‌رۆکی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا، خاتوو “پووران دره‌خشه‌نده‌” سیناریۆنووس، ده‌رهێنه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر له‌ وڵاتی ئێران، “ئادریان بیلچ” Adrian Belic ـ ده‌رهێنه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌هه‌ڵگرتنی فیلم و به‌رهه‌مهێنه‌ر له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریکا، “یوهانی ئالێنین” Juhani Alanen ـ به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێکاری فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “ته‌مپره‌” Tampere له‌ وڵاتی فینله‌ندا و خاتوو “زولفیه‌ ئاکولاک” Zülfiye Akkulak ـ به‌ڕێوه‌به‌ری فیلم و راگه‌یاندن له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی “سلێمانی‌” له‌ لایه‌ن کۆمپانیای سینه‌مایی “مه‌ستی فیلم” به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی “فوئاد جه‌لال”، به‌ سه‌رۆکایه‌تی “مه‌لا به‌ختیار” به‌رپرسی به‌شی پاڵپشتیی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ و له‌ که‌سایه‌تییه‌کانی به‌رجه‌سته‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ریی “دانه‌ر عومه‌ر فارس” و به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رنامه‌داڕشتنی خاتوو “لینا ره‌زا” و به‌ نمایش کردنی 134 فیلم له ده‌رهێنه‌ره‌کانی ٧9 وڵاتی جیهان؛ له‌ دوو به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” (نێوده‌وڵه‌تی) و به‌شی رکابه‌ریی “سینه‌مای کوردی” (نه‌ته‌وه‌یی) و هه‌روه‌ها سازدانی په‌نێلی “شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی” و په‌نێلی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش واته “ده‌زگای فیلم”؛ له‌ 5 هۆڵی “سیتی سینه‌ما”، “سینه‌ما سالم”، هۆڵی “ئه‌منه‌ سووره‌که‌” و هه‌روه‌ها له‌ ته‌لاری “هونه‌ر” له‌ شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو.

وێنه‌ و فۆتۆکان: مه‌نسوور جیهانی

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی.




خێرایی تەکنەلۆژیا و ئیستیعابی کومەڵگەی کوردی … دانا محەمەد عەبدوڵا

لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی بە لێشاو هاتن و خێرای تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت و تۆرەکۆمەڵایەتیەکان و تێکەڵ بونی لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا بەشێوەیەک تاک ئەبێتە قوربانی و ون دەبێت کەنازانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم هۆکارە سەردەمیانە بکات بۆیە زۆر جار دەبینین لە رووداو و کارەسات و تاوانەکاندا بەشێکی زۆری بەکارهێنەراکانی تۆرەکۆمەڵایەتیەکان بەراست و چەپ قسە دەکات بۆیە زۆرجار تاک فرە پسپۆری وەردەگرێت و
بەشێوەیەک خۆی دەرئەخات کە پسپۆریانە قسە لە سەر هەموو شتەکان ئەکات بەڵام لەو بوارەی کە خوی پسپۆری تێدا هەیە کەمترین زانیاری هەیە واتا جاری واهەیە تاک قسە لەسەر هەموو بابەتێک دەکات و کەتەنانەت کەمترین زانیاریاریشی لەسەری هەیە یان لە بوارێک قسەئەکات کە هیچی لێ نازانێت ئەمەش لەناخود ئاگادا یان لە بەرامبەردا دەرفەت بۆ کەسانی پسپۆریش کەمدەبێتەوە یان ون دەبێت
ئەمەش دیاردەیەکی ناو کومەڵگا دواکەوتووەکانە
کەتاک لە لاشعورا ئەبێتە قوربانی و ناخی و کەسایەتی وەک چێشتی مجەوەری لێدێت
لەگەڵ رێز و خوشەویستی بۆكەسانی پسپۆر ، بەڵام كەسانێک دەبینی لەیەك كاتدا شیکەرەوەی سیاسیە ۰ دکتۆرە۰ پۆلیسە مامۆستایە ،رۆژنامەنوسە، موهەندیسە، شاعیرە ، وەرزشوانە ، سحربازە، چاودیری سیاسیە، هونەرمەندە , شۆرشگیرە، بەرپرسە، مە لەوانە، شارەزای بواری ئەمنیە، شۆفیرە، موسەلمانە ، مەسیحیە ، ماركسیە، سەلەفیە ، راوچیە، ژینگەپاریزە ،جووتیارە، كریارە ، فرۆشیارە، شوانە، كریكارە، رەخنەگرە، بەقالە، سەرتاشە ،قەسابە هتد ۰۰۰
کە ئەمەش تاک لە شعورەوە ( هەست ) بۆ لاشعوری (نەست) ی دەبات ئەم رووداوەش دەبێتە گرفتێک لەبەرامبەر پێشکەوتنی کومەڵگادا۰

نوسینی : دانا محمد عبدوڵا




حەساسێت … نەوزاد بەندی

هەرشتێ
زۆر بەکاربێ
دوای ماوەیەک
حەساسێت دروست ئەکا

گۆشت
هێلکە
ئاو
میوە
دەرمان

بەڵام
ئەم دەسەڵاتە
۳۰ ساڵە
هیچ حەساسێتێکی نیە ،
نە به کورسی
نە به پاره
نە بە خۆ قۆزکردنی ڕۆژانە
نە بە گەشتی ڤی ئای پی
نە بە زەوی
نە بە مۆڵ و تاوەری
بەرز و خەیاڵیی ..

لەوە ئەچێ
حەساسێتیشیان کڕی بێ ..
Nawzad Bandy




ڕۆژئاوا لە نێوانی قڕکردن و سازشکردنا … زاهیر باهیر

ڕۆژئاوا بە بارودۆخێکی یەکجار سەختدا تێدەپەڕێت، سەرەنجامەکەی هێشتا نادیارە بەڵام ئەوەی کە تا ئێستا ئاشکرایە بژاردەی یەكێك لەو دوانەی سەرەوەیە.
ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات لە ڕۆژئاوا پاشخانی ئاڵۆزی خەباتی کوردانی ڕۆژئاوا و پێکهاتەکانی دیکەیەی هەیە و دەگەڕیتەوە بۆ شەڕی ڕەوای بەرگریی جەنگاوەرانی کۆبانی و هاتنە ناوەوەی ئەمەریکا وەکو یارمەتیدەر و کۆمەكکەر.
ئەوەی کە لە مێشکی مندا هەرلە سەرەتاوە تا ئێستاش چەسپبووە، هاتنی ئەمریکا دوای ئەوەبوو کە زانرا کۆبانی ناکەوێت و هاوکاتیش ڕێگایەکی دیکە نەبوو بۆ لەباربردنی ئەو ئەزموونە ساوایەی ڕۆژائاوا، جگە لە نزیکبوونەوە و هەوڵدانی کۆنترۆڵکردنی نەبێت بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لە ئامانج و ستراتیجییەتی ئەمەریکا.
زەمینەی دروستبوونی ئەو واقیعەش نەبوونی هاوپشتی و هاریکاری نێونەتەوەیی چەپ و نقابیی و کۆمۆنیست و سۆشیالیت و ئەنارکیستەکانی جیهان بوو وەکو پێویست. هاوکاتیش ڕوونەدانی جۆرێك لە ڕاپەڕین لە وڵاتانی دەرودراوسێ و ناوچەکەدا دژ بە حوکمڕانەکانیان، بوو.

بەڕای من ئەمەریکا بە پلان هاتە ناوەوە و پلانەکەش بە بەشداریکردنی و تورکیا و ڕوسیا و قەتەر و سعودییەو و تەنانەت حکومەتی هەرێمیش، بوو. نەدەکرا ئەزموونێكی ئاوا سەکەوتوانە لە شوێنێکی ناوچەیەکی بارگاوی بە چەندەها گرفت و دەوڵەمەند بە چەندەها سامانی سروشتی قەبوڵبکرێت. ئەزمونێك کە چەندەها لایەنی گرنگی وەکو کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکرات و خۆسەریی و پرسی ئیکۆلۆجی و ئافرەتان و پێکەوە ژیانی بە هارمۆنی پێکهاتەکانی دیکەی ڕۆژئاوا و کردنی دین بە پرسێكی خودی شەخسی و بیرکردنەوە و کارکردن لەسەر کاری هەرەوەزیی … هەموو ئەمانە ئامانج و پایەکانی بزوتنەوەی ڕۆژئاوا بوون، چۆن دەکرێ و دەکرا قەبوڵبکرێت.!!!!
ئەمانە بەردی بناخەی پیلانە گەورەکەی ئەو لایەنانەی کە لە سەرەوە ناوم هێنان دژ بە ڕۆژاوا دانا.

پلاندانانی ئەم پیلانەش هەر ئاوا ئاسان نەبوو. بۆ ئەمە ئەمەریکا لە پەیەدە نزیك بووەوە نەك لەبەر ئەوەی کە پەیەدە هێزێكی سیاسی بە هێز بوو و پێگەیەکی گەورەی هەبوو، بەڵکو بە هێزیی سەربازیی یەپەگە و یەپەژە و کە دواتر بوون بە هەسەدە، بوو. ئەمەریکا ئەوەشی دەزانی کە تەنها ڕێگایەك بۆ ئەوەی ئەو هێزە چەکدارە خۆبەخشەی کۆمۆنێتییەکە، تا ڕادەیەك بکەوێتە ژێر ئاراستە و ڕێڕەوی ئەوانەوە ، تەنها و بە تەنها بە حیزبی پەیەدە دەکرا و دەکرێت. کەواتە هەنگاوی یەکەم ڕێکەوتن بوو لەتەك پەیەدە، دووهەم دەرهێنانی هێزی یەپەگە و یەپەژە بوو لە هێزی خۆبەخشی کۆمیتییەکە و بەرگریی لە کۆمۆنێتییەکە و بردنیان بەرەو هێزێکی گەورەی دیسپلینی حیزبی و هێڕشبەر بۆ ئەو شوێنانەی کە پەیەدە و ئەمەریکا نەخشەیان بۆ دەکێشان. بە گەوەرەکردنی ئەم هێزە و گۆڕینی ئاڕاستەیی و بەردەومدان بە شەڕەکە و دابینکردنی ژیانیان و جلوبەرگیان و چەك و تەقەمەنیان ئەوەندەی دیکە نەك پەیەدە و هێزەکەی خستە باوەشی ئەمریکاوە بەڵکو دووریشی خستنەوە لە بیناکردنەوەی ڕۆژئاوا لە بناخەوە هەر لە ڕووی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتوریی و فەرهەنگیی و کار و ئەرکی دیکەشەوە.

ئەمە هەنگاوی سێیەمی پێكهێنا. لە هەنگاوی چوارەمدا کە ئیدی ئامانجی ئەمەریکا و ستراتیجییەتی لە تەواوبووندا بوو فراوانکردنی شەڕەکە و ناردنی دەیەها بارگە و بنەی سەربازیی و زیادکردنی دانەجیڕەی دەوڵەتی تورکیا لێیان و دوورخستنەوەیان لە پەیوەندییان لەتەك ڕوسیا و کەمکردنەوەی پاڵپشتی نێونەتەوەییی لێیان هەموو ئەمانە پرۆسەی بزوتنەوەکەی گۆڕی بە بەرژەوەندی ئەمەریکا نەك ڕۆژاوا. هاوکاتیش دەرکنەکردنی پەیەدە، یاخود فەرامۆشکردنی ئەوەی کە مانەوەی ڕۆژاوا بەستراوە بەمانەوەی داعشەوە بە تایبەت پاش نەبوونی کۆمەکی نێونەتەوەیی و ڕوونەدانی ڕاپەڕین لە وڵاتانی دەروودراوسێ، کە هەر سەرکەوتنێك بەسەر داعش-دا نزیكبونەوەیان بوو لە لێواری قەبر.

بەم شێوەیە پەیەد ئەوەندە بەهێز و گەورە بوو هاوسەنگی خۆی لە تەك تێڤدەم و ئیدارە خۆسەرییەکە، لەدەستدا، ئیدی گەڕانەوە بۆ خودی خەڵکەکەی لە بڕیارە گەورە و یەكلایکەرەوەکانا، هەرگیز بە خودی خەڵکی ڕۆژاوا،ڕەوانەبینی.
هەموو ئەمانە هەر وەکو چۆن داعش-ی لاواز کرد، پەیەدەشی لە روی پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەوە لە ڕۆژاوادا لاوازکرد. ئیدی ئەو هاوپیەیمانییە بێ بەند و مەرجەی کە پەیەدە لەتەك ئەمریکادا بەستبووی، لە هەفتەی پێشودا هەرەسی هێناو ڕۆژئاوای بەرەو ئەم بارودۆخە برد.
وەکو لەسەرەوە وتم چەند هۆکارێکی سەرەکی هەبوون لەبردنی ڕۆژاوا بەرەو ئێستای، بەڵام سەرکییەکەیان هۆکارە ناوخۆیی، یا ناوەکییەکە بوو. ئەوەش پەیەدە بوو کە سسیاسەتی هەڵەی نەخشە دەکێشا جگە لە سیاسەتی ” نە ئاشتی و نەشەڕ” لەتەك سوریادا کە سیاسەتیێکی زۆر سەرکەوتوانە بوو. کە تەماشای ئەزموونی ناوچەکە بەگشستی و کوردیش بە تایبەتی دەکەیت ئەوە دەبینیت بۆ ئەوەی هەر گەلێك شکستێك بهێنیت، ئەوە پێویستت بە حیزبێكە. بەواتایەکی دیکە لە پشتی هەموو شکستێکەوە حیزبێك خۆی مەڵاس داوە.

لە ئیستادا ئەوەی کە کوردان و پێكهاتەکانی دیکە لە ڕۆژاوا ڕووبەڕووی دەبنەوە قڕکردنیانە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە هیچ لایەنێكیش ناتوانێت بیوەستێنێ گەر بیشوەستێ، درەنگ دەوەستێ ، کاتێکە کە کار لەکار ترازاوە و کارەسات قەوماوە. بۆیە لەو دوو بژاردەی سەرەوە ” قڕبوون یاخود شازشکردن” بژاردەی سازشکردن بە خاتری قڕنەکردن لەم بارودۆخەدا، بژاردەیەکی ژیرانەیە. ڕێکەوتنی پەیەدە لەتەك سوریا بە نێوەندگەریی ڕوسیا، تاکتیكێکی زۆر چاکە کە ئاراستەی شەڕو بارودۆخەکە دەگوڕێت. لەبەر ئەوەی کە پەیەدە لە پێگەیەکی لاوازەوە ئەو ڕێکەوتنەی کردووە، ناتوانین پێشبینی بەدەستهێنای زۆر داخوازی بکەین و پرسی کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیك و ئیکۆلۆجی و کۆموونەکان و ئەوانی تر دەبنە خەون . بەڵام لە ئێستادامیللەت لە قڕکردن دەپارێزێت .

هاوکاتیش من پێشبینی ئەوە دەکەم کە ڕێکەوتنەکە دەبێتە وەستانی شەڕەکە چونکە زەحمەتە ڕێگە بە شەڕی نێوانی تورکیا و سووریا بدرێت، پێشبینی دوەهەمم، بەردەوامبوونی شەڕەکەیە کە ئەو کاتە پێدەچێت خۆپیشاندان و ناڕەزایی ومانگرتن لە تورکیادا دروستبکات و ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ڕوخاندنی حکومەتی ئاکەپە .
بریا پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش لە 1975 دا بژاردەی قڕنەکردنی کوردی هەڵبژاردایە لە بری بەرژەوەندی خۆی و ئاغا لۆکاڵی جیهانییەکانی، هەروەها یەکێتی نیشتمانیش، بزوتنەوەی کوردی دروست نەکردایەتەوە میللەتیان بە هاوکاری بەعس بە قڕدان نەدایە هەم لە دۆخی شەڕ و هەم لەدۆخی ئاشتی ئێستاشا.

15/10/2019
Zaherbaher.com




ژانری سایکۆ لە سینەمادا … و : شوان عەباس بەدری

                                                   

لەم ژانرە سینەماییەدا کاروکاردانەوەکانی کارئەکتەری سەرەکی فیلمەکە دەبێتە
هۆی خوڵقاندنی کۆمەڵە ڕووداو و بەسەرهاتێکی جیاوازی هەمە چەشنە و ڕیتمی چیرۆکی
فیلمەکە بەرەو سینەمای ڕووداوی و ترسناک و تێک هەڵکێش هەنگاو دەنێت هەر لە بەر
ئەمەش دەتوانین ژانری سایکۆ بە ژێرخانی ژانری ترسناک و دڵەخۆرپێ پێناسە بکەین .

ژانر چییە ؟ لەنێو ئەو هەموو فیلمە سینەماییانەی کە لە سەر بناغەی ژانری
سایکۆ بەبەرهەم هێنراون دەتوانین  فیلمی (سایکۆ
) ی  ئالفرید هیچکۆک کە لە ساڵی 1960
بەبەرهەم هێنراوە بە پێشەنگ و بناغە دارێژەری ئەو جۆرە فیلمانە ئەژمار بکەین .

لەم فیلمەدا کەسایەتی سەرەکی فیلمەکە بە ناوی (نۆرمەن بیتس ) کە
کەسایەتیەکەی لەلایەن ( ئانتۆنی پرکینز ) ەوە بەرجەستە دەکرێت و کەسێکی دەروون شێواوە
و بە دەست نەخۆشی دەروونییەوە ئەناڵێنێ ، ( نۆرمەن ) گەنجێکی تەمەن 30 ساڵە و
مۆتێلێک بەرێوە ئەبات ولەبەر ئەوەی بە ڕووکەش هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ کەسێکی
ئاساییدا نییە  کەس ئاگاداری ئەو دۆخە
دەروونیە شێواو و پەشۆکاوەی نییە بەڵآم لە ڕاستیدا (نۆرمەن) لە دوای مەرگی دایکی
دووچاری شۆکی دەروونی بووە و نالەبارییە دەروونییەکەی گەیشتۆتە لووتکە و تەنانەت
جەستەی دایکیشی لە ژوورێکی پشتەوەی هوتێلەکە بە بێ ئەوەی بینێژێ شاردۆتەوە .

هەروەها فیلمی ( شاتر ئایلەند) ی مارتین سکۆرسیزی دەرهێنەر یەکێکە لە فیلمە
بەناوبانگەکانی ناو ئەم جۆرە ژانرە سینەماییە ، لیۆناردۆ دیکاپریۆ کە مارشالێکی
ئەیالەتییە هەڵدەستێت بە کووشتنی هاوسەرەکەی و دوای ئەو تاوانەش دەخرێتە
ژێرچاودێری پزیشکی و چارەسەری دەروونیەوە بەڵآم ئەو هەرگیز ناچێتە ژێرباری قبوڵ
کردنی ئەو تاوانە و هێشتا خۆی با پلەدارێکی بەرزی ناو پۆلیس دەزانی .

لە فیلمەکانی دیکەی ئەم جۆرە ژانرەدا کاروکاردانەوەکانی کارئەکتەری سەرەکی
چیرۆکەکە نابنە هۆی کووشتن و کاری تاوانکارانە بەڵآم ڕیتمی ڕووداوەکان بینەر
ڕووبەڕووی چەندین بابەتی دەروون بەریشانە دەکاتەوە ، بۆ نمونە فیلمی
دەروونناسیانەی ( سەرەتا) ی کریستۆفەر نۆلانی دەرهێنەر یەکێکە لەو جۆرە بەرهەمانە.

لە هەندێک فیلمی دیکەی  ژانری
سایکۆدا ناوەرۆکی فیلمەکە بە گشتی لە دەوری کارئەکتەرێک دەخولێتەوە کە لە ئەنجامی
چەند دۆخێکی دژواری بە زۆر بە سەردا سەپێنراو و لە ڕێی ژمارەیەک کورتە ڕوداوی
جیاوازەوە کەسەکە کەم کەم دوچاری دەرۆن شێواوی و نالەباری دەروونی دەبێتەوە.

گەر لە فیلمی ( سایکۆ ) ی ئالفرێد هیچکۆکدا کەسایەتی ( نۆرمەن ) هەر لە
سەرەتاوە خاوەن کەسایەتییەکی ناهاوسەنگ و لێوانلێوە لە کێشە و تەنگەژەی دەروونی
مەترسیدار ئەوا لە فیلمی ( درەوشانەوە ) ی ستانلی کۆبریکی کۆچکردوو کارئەکتەری (
جاک تۆرنس ) کە ( جەک نیکلسۆن ) ڕۆڵەکەی بەرجاستە دەکات هەنگاو بە هەنگاو و بە پێی
ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە دووچاری نالەباری دەروونی دەبێت و دواجار هاوسەنگی هزری
خۆی لە دەست ئەدات .

نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە ژانری سایکۆ یەکێکە لە سەختترین ژانرەکانی ناو
سینەما و لە ڕاستیدا بۆ بەرهەم هێنانی ئەم جۆرە فیلمانە ئەوا دەبێت سیناریۆیەکی
بەهێز و قوڵمان هەبێت کە بە باشترین شێوە کورتیلە چیرۆک و ڕووداوەکان پێکەوە
ببەستێتەوە و لۆژیکیانە باس لە کەسایەتییەکان بکات و سیناریست
و نووسەر و دەرهێنەر و تا ڕادەیەکیش ئەکتەرەکان شارەزاییەکی باشیان لە بواری
دەروونناسیدا هەبێت .




یادداشتی نێوان په‌نجه‌كانم كه‌ هه‌میشه‌ غلۆر ده‌بنه‌وه‌ … ئه‌حمه‌د حاجی سامی

(مرۆڤ ده‌یهه‌وێ له‌ ناخۆشییه‌كاندا ته‌نها نه‌بێت. هه‌میشه‌ حه‌ز به‌وه‌ده‌كات، كه‌سێكی دیكه‌ی له‌ته‌ك بێت. چونكه‌ هه‌موو ئازارێك پێویستی به‌ دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ خوود، ئه‌و ئازاره‌ی هه‌میشه‌ ویستووته‌ كه‌سێكی تریش پێی بزانێت).

بیركردنه‌وه‌ له‌ ژیان، بوێری ده‌وێت. له‌ناو ئه‌و هه‌موو باڵه‌خانه‌ شوومه‌دا، ترسم له‌ ونبوونی خۆم هه‌بوو. به‌ڵام له‌ ژێر سێبه‌ری باڵه‌خانه‌كان ونبووم. سه‌یری ئه‌و ژوورانه‌مان ده‌كرد، كه‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كیان نه‌بوو با بیگاتێ. ده‌لاقه‌یه‌كیان نه‌بوو ته‌نهاییم هه‌ڵبواسێت. كه‌چی من به‌ زه‌ڕینی ئه‌و گوێدرێژانه‌ی پیرتربوون له‌ با، دڕنده‌تربوون له‌ بومه‌له‌رزه‌كان و تۆفانه‌كان و ڕه‌شه‌باكان، بانگی مه‌رگم كرد. له‌ لێواره‌ خامۆشه‌كانی قه‌راغ ده‌ریا، چاوه‌كانی خۆم نوقاند و په‌نجه‌كانم ناشت. كه‌ تۆ یادداشتێكی و له‌ نێوان په‌نجه‌كانم جێگه‌ت نابێته‌وه‌.

كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌، له‌ هه‌وه‌ڵین لاپه‌ڕه‌ی له‌دایكبوونه‌وه‌مدا، دۆڕانی خۆم به‌و ئه‌ستێرانه‌ نووسییه‌وه‌، كه‌ شه‌وێك به‌ ڕووناكییه‌ درۆینه‌كانی گومڕای كردم و چاوه‌كانی لێ سه‌ندم. به‌ڵام من گوێم به‌و ده‌نگانه‌ نه‌دا، كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌هاتن و وڕێنه‌یان بۆ ده‌كردم. گوێم به‌و فریشتانه‌ نه‌دا، كه‌ ده‌یانگوت: “مرۆڤ بۆ شكست به‌دینه‌هێندراوه‌”. نا .. من گوێم به‌ نووزه‌نووزی كابووسه‌كان نه‌دا، كه‌ به‌سه‌ر كڵپه‌ی ئاگری سینه‌مه‌وه‌، بته‌كانیان سه‌رخۆش ده‌كرد. چونكه‌ تۆ له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئه‌و فریشته‌یه‌یی، تاریكتره‌ له‌ من. پیرتره‌ له‌ من. خه‌مگینتره‌ له‌ من.

وا بیر مه‌كه‌وه‌ ئومێدێك نه‌ماوه‌ بۆی بژین! با وه‌ك تارژه‌نێكی خه‌مگین و سۆزانییه‌كی پیر، سه‌رینه‌كانمان بگۆڕینه‌وه‌. جێگه‌كه‌مان بۆ ئاگر و كڵپه‌ پاكه‌كانی دۆزه‌خ جێبێلین. با ئه‌مڕۆ له‌ بیر بكه‌ین و بیر له‌ داهاتوو بكه‌ینه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ ئیدی به‌یانییه‌ك نه‌بێت، كه‌له‌پچه‌كه‌ی ده‌ستمان داكه‌نین و كڕنووش بۆ ژیان به‌رین. وا بیرمه‌كه‌وه‌ له‌ كۆتا ساته‌كانی ژیانمانداین. كه‌ من نه‌ عه‌شقم ماوه‌ پێتی بفرۆشم، نه‌ وه‌سیه‌تێك له‌ دوای خۆم جێده‌هێڵم. ئه‌گه‌ر له‌ دوای ئه‌و ژیانه‌، ژیانێكی تر نه‌بێت، ئه‌و ژیانه‌ نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌. كه‌ ئێره‌، شوێنی په‌زمه‌نده‌كردنی فرمێسكه‌ وه‌ریوه‌كانی خاك و هه‌ناسه‌ شه‌هیدبووه‌كانی ناو بایه‌.

له‌و كه‌رنه‌ڤاڵی مردنه‌دا، به‌دگومانم له‌ هه‌موو حه‌رفه‌كانت. شكسته‌كانی خۆم ده‌گێڕمه‌وه‌ و خه‌ونه‌كانم كۆده‌كه‌مه‌وه‌. ئه‌و خه‌ونانه‌ی مزگێنی گه‌یشتنی من بوون؛ به‌و ده‌ریایانه‌ی به‌ڕۆژوون له‌ خنكاندنی په‌پوله‌ ئالووده‌بووه‌كانی نێو ئه‌و نه‌سیمانه‌ی به‌سه‌ر ئۆقیانووسه‌ دووره‌كاندا، مۆسیقا كۆده‌كه‌نه‌وه‌. من به‌سه‌ر ئه‌و شه‌وانه‌تدا هاتمه‌وه‌، كه‌ په‌نجه‌كانی خۆت ده‌ناشت. كه‌ گۆڕت بۆ شه‌وه‌كانت هه‌ڵده‌كه‌ند. كه‌ مه‌قامت بۆ ئاینده‌مان ده‌ژنه‌وت. به‌ڵام من گه‌ڕامه‌وه‌ دۆزه‌خ و جێ په‌نجه‌كانی تۆم نه‌دۆزییه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی شه‌و لێمانده‌بات، ئاینده‌مانه‌. ئه‌وه‌ی دۆزه‌خ لێمانده‌ستێنێت، ئازادییمانه‌. كه‌ تۆ له‌ جنسی برووسكه‌كان و گێژاوه‌كانی هه‌قیقه‌تێكی ڕه‌های، من شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌و تارمایییه‌ بچووكانه‌ ده‌كه‌م، كه‌ ڕووناكییان لێ دزین. كه‌ تۆ شیره‌خۆری مانگ بوویت و من له‌ ئاسمانه‌وه‌؛ میراته‌ به‌جێماوه‌كانی هه‌ور و بارانم كۆده‌كرده‌وه‌. كه‌ هه‌موو شتێك وه‌همبوو. كه‌ كۆتاییه‌كان ته‌نها جیابوونه‌وه‌ بوو.

ئێمه‌ كه‌ له‌ خۆڵه‌مێشییه‌كه‌ی خۆمان دروستبووینه‌وه‌، به‌ عه‌رعه‌ر ئه‌و شه‌وانه‌مان شارده‌وه‌، كه‌ گوناهه‌كانمان تێلاوه‌ت ده‌كرد و ده‌پاڕاینه‌وه‌ .. به‌ڵام منی شه‌كه‌ت و ماندووی ناو ئه‌و جه‌نگه‌ – كه‌ ژیانه‌ – ویستم ته‌نهایی خۆم بسووتێنم. ویستم سه‌ودای برینه‌كانم بكه‌م و به‌ مردنێكی تر، ئه‌و یادداشتانه‌ت بۆ بنووسمه‌وه‌: كه‌ به‌هه‌شت ده‌رگه‌كانی خۆی له‌سه‌ر من داده‌خات و دۆزه‌خ نامگۆرێته‌وه‌ به‌ لاشه‌یه‌كی زیندوو.¬¬¬¬¬¬ كه‌ من سزای ئه‌و ڕۆژانه‌م وه‌ك ملوانكه‌یه‌كی زێڕین، له‌ مل ده‌كه‌م و فرێ ده‌درێمه‌ به‌رده‌م پاشماوه‌كانی به‌هه‌شت. به‌ڵام بیرت بێت، ئه‌وه‌ی له‌ نێوان په‌نجه‌ جوانه‌مه‌رگه‌كانی مندا غلۆربۆوه‌، تۆ بوویت .. كه‌ له‌ یادداشتێكی ڕه‌ش و برینێكی ئه‌به‌دی و فانۆسێكی كوژاوه‌، زێتر نیت. تۆ كه‌ بایه‌كی تووڕه‌ و په‌تێكی پساویی؛ له‌و مه‌یدانانه‌ی كه‌ عاشقان فه‌نا ده‌بن و چیدی هۆگری مۆم و ده‌فته‌ر و شیعر نابنه‌وه‌.

من وه‌ك كاغه‌زێك بۆ ته‌نهایی ئه‌و ڕۆژانه‌ت سووتام، كه‌ له‌ناو به‌له‌مێكی كوندا، قه‌وزه‌كانی ده‌ریات به‌سه‌ركرده‌وه‌ و ده‌ستت به‌سه‌ر تاشه‌ به‌رده‌كان داده‌هێنا، به‌غیلیت به‌و شه‌پۆلانه‌ ده‌برد، كه‌ به‌ره‌وو ڕابردوو كێشیان ده‌كردی. به‌ڵام من بێزاری خۆمم؛ به‌ خۆر و پڕشنگێك له‌ زووڵمه‌تدا ئاواكرد. كه‌ من عه‌وداڵی سفره‌ی سیحربازه‌كان و كابووسی سه‌رۆكه‌كان و جانتای په‌یكه‌ره‌كان و مه‌ره‌كه‌بی لافیته‌نووسه‌كان بووم. تۆیش كه‌ له‌و سه‌دده‌ی ڕۆبۆته‌دا، چیدی مرۆڤ نیت، بڕوا به‌ پێشبینییه‌كانی ڕاهیبێكی دڕنده‌ مه‌كه‌، كه‌ سوێندی به‌ ڕابردوو خواردوه‌ و باوه‌ڕی به‌ داهاتوو نییه‌. ئێمه‌ هه‌رچه‌نده‌ گومڕا بین، ڕۆژێك به‌و مێهره‌بانییه‌ ڕه‌هایه‌ ده‌گه‌ین، ئه‌وكات ده‌سته‌كانمان پڕ ده‌كه‌ین له‌ نوێژی به‌جێماو له‌ منداڵیماندا. له‌ دووعای دووباره‌ و كوشنده‌ی ته‌نهاییماندا. چونكه‌ ده‌نگێك له‌ یاده‌وه‌رییمان ده‌له‌رێته‌وه‌ و ئه‌و خۆره‌ ئه‌سیركراوه‌ی سینه‌ت هه‌ڵده‌مژێت، كه‌ قه‌ڕنێكه‌ له‌نێوان په‌نجه‌كانی مندا ده‌سووتێت. كه‌ تۆیش هه‌میشه‌ له‌ نێوان په‌نجه‌كانم غلۆرده‌بوویه‌وه‌. كه‌ هه‌میشه‌ له‌ نێوان په‌نجه‌كانم ده‌كه‌وتی. كه‌ هه‌میشه‌ له‌ نێوان په‌نجه‌كانی مندا، نامه‌كانی خۆت به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌رێكی هه‌تاهه‌تایی ده‌سپارد و به‌سه‌ر فه‌رشی سوور و قه‌ترانی ڕه‌شی وندا، دووكه‌ڵت ماچ ده‌كرد. كه‌وایه‌ ئێمه‌ له‌ فیتنه‌گێڕه‌كانی ئاگرین. ئێمه‌ له‌ سه‌رخۆشه‌كانی جه‌هه‌نه‌مین.

ئه‌ی په‌ڕجوو .. به‌ یادی تۆ، دڵه‌كان ئۆغژه‌ن ده‌گرن. ئه‌و فیڕاقه‌، ئه‌و دنیایه‌، سه‌به‌ته‌یه‌ك شه‌هوه‌ته‌، له‌ خه‌نه‌ی ده‌ستی ژنێك؛ ژیان ڕه‌نگ ده‌كات. ماره‌ییت، جیابوونه‌وه‌ی دوو دڵ بوو، له‌ دڵڕه‌قییه‌كانی ئێره‌. كه‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی من و تۆیان، كرده‌ هیوایه‌كی چنراو، له‌ ته‌ونێكی مێژوویی. له‌ ڕۆژگارێكدا په‌یامبه‌ره‌كان له‌سه‌ر پشتی فریشته‌كانه‌وه‌، گره‌ویان له‌سه‌ر پاكێتی تۆ ده‌كرد، من وه‌ك پیاوێكی دڕنده‌، به‌ گاڤی ڕاڕاوه‌ ڕێم ده‌كرد. به‌ڵێ، ئیدی كاتیه‌تی شیعر و په‌نجه‌كانم، له‌و ئاسمانه‌دا بنێژم، كه‌ تاعونی به‌سه‌ر ده‌باراندین. به‌سه‌ر ئه‌و خاكانه‌دا بفڕم، كه‌ تیری له‌ حیكایه‌ته‌ سپییه‌كانی مندا و چیدی نه‌بوومه‌وه‌ مرۆڤ. چیدی په‌نجه‌كانم به‌ شیعرم پیس نه‌كرده‌وه‌.

ئه‌و كارخانه‌ گه‌وره‌یه‌یی كه‌ مرۆڤی گه‌مژه‌ به‌رهه‌مده‌هێنێت، له‌ سووچێكی ئه‌و دۆزه‌خه‌دا به‌ عه‌شق به‌ندمان ده‌كات. چونكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ هی ئێمه‌ نییه‌ و ئێمه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ین. من ته‌پۆلكه‌یه‌كی با بردوو، كراسه‌ خوێناویییه‌كه‌م خاوێن مه‌كه‌وه‌ و بمخه‌ره‌ ناو تابلۆیه‌كی خۆت. كه‌ من له‌ ته‌رمی باڵنده‌كان و لاشه‌ی دره‌خته‌كان و جه‌سته‌ی ئاگرینی ده‌رگاوانه‌كانی جه‌هه‌نه‌م، ڕه‌نگه‌كانم بۆ ته‌فسیر كردی. كه‌ من به‌ ڕووخساری ڕه‌شی خۆمه‌وه‌؛ به‌ناو زیندانه‌كانی مه‌رگدا غلۆربوومه‌وه‌ و دواهه‌مین سووڕه‌تم بۆ خوێندیه‌وه‌: دروود بۆ ته‌نهایی و نه‌فره‌ت له‌ سوێنده‌ جوانه‌مه‌رگه‌كانی سه‌ر لاشه‌ت. من وه‌كوو ڕه‌به‌نێكی ته‌نیا، به‌سه‌ر خامۆشی ڕۆژگاردا چه‌قیم. ئه‌و ڕۆژگاره‌ی ناپاكی له‌ ڕابردوومان كرد و ته‌نهای كردین. ئه‌و ڕۆژگاره‌ی فریوییداین و نه‌مری به‌ برینه‌كانمان به‌خشی.

ئه‌و ئێواره‌یه‌، هه‌موو له‌ خۆتان جێتان ده‌بێته‌وه‌، من نه‌بێت. هه‌موو له‌ خۆتان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، من نه‌بێت. هه‌موو له‌یه‌ك ده‌چن، من نه‌بێت. كه‌ له‌ زه‌خره‌فه‌ و تاریكیی و خوێن ده‌چم. من كه‌ له‌ سێبه‌ری شه‌ودا قه‌قنه‌سه‌كانم ماچ كرد، له‌ قه‌فه‌سێكدا زیندووبوومه‌وه‌، موڵكی خوداكانتان بوو. كه‌ هیچ خودایه‌ك له‌سه‌ر زه‌مین بوونی نییه‌. جگه‌ له‌و خودایه‌ی له‌ ئاسماندا، باوه‌شی به‌ حه‌رفه‌كانمدا كرد و زمانی بڕیم.

سروودی من و وه‌رزی تۆ. دۆزه‌خی من و زیندانی تۆ. برینی من و سوێندی تۆ. ته‌نهایی من و په‌نجه‌كانی تۆ. شه‌وێك ده‌ستی تۆ و په‌یكه‌ره‌كانت ده‌گرم. به‌ سروود و دۆزه‌خ و برین و ته‌نهاییه‌كه‌ی خۆمت، ئاشنا ده‌كه‌م. شه‌وێك خۆڵه‌مێشییه‌كه‌ت ده‌كه‌مه‌ دیاری هاتنه‌وه‌ پایزێكی تر و خه‌زێنه‌كانی تاڵانده‌كه‌م. وه‌ك فاحیشه‌یه‌كی دووڕوو، به‌ وه‌رز و زیندان و سوێند و په‌نجه‌كانت شۆڕده‌بمه‌وه‌. كه‌ قیامه‌ت دێت و له‌یه‌كتر جیامانده‌كاته‌وه‌. كه‌ تۆ له‌ فریشته‌كان ماره‌ ده‌كرێت و من له‌زه‌مهه‌ریردا، ده‌ستی شه‌یتانێكی به‌جێماو ده‌گرم. كه‌ قیامه‌ت دێت و یه‌كتر نابینینه‌وه‌.

له‌ جه‌نگێكدا، كه‌ سه‌ودای جه‌نگاوه‌ره‌ شه‌كه‌ته‌كان ده‌كه‌م، مس به‌سه‌ر لافاوه‌كان ده‌به‌خشمه‌وه‌. زێڕ به‌سه‌ر گیاكان و ئاگر به‌سه‌ر له‌نگه‌ره‌كان به‌شده‌كه‌م. به‌سه‌، من ئیدی مه‌رجانه‌كانی ناو ده‌ریاتم خۆشناوێت، كه‌ وه‌ك شه‌قاوه‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌ون. ئیدی بۆ دواجار حوورمه‌تی دواهه‌مین شه‌وی مه‌ستت ده‌گرم و ده‌ڕۆم. ئه‌ی ستوونێكی بڕاو له‌و زه‌مه‌نه‌ پلاستیكییه‌دا، من له‌و شیعرانه‌ تێناگه‌م كه‌ تۆ ده‌یانخوێنیته‌وه‌. حه‌ز به‌ بایانه‌ ناكه‌م، كه‌ شه‌ڕانگێزییه‌كانی خۆتی تێدا ده‌شاریته‌وه‌. وه‌ك ئه‌و ڕاوچییه‌ سه‌رسه‌خته‌ مه‌به‌، كه‌ قولاپێكی له‌ ڕۆح و قولاپێكی له‌ كه‌مه‌رم چه‌قاندوه‌. وه‌ك ئه‌و سیمرغه‌ مه‌سته‌ مه‌به‌، كه‌ تاڵه‌ تیژه‌كانی له‌ سینگمدا كۆكرده‌وه‌. من مرۆڤێكم له‌ حوزن، له‌ گۆرانی، له‌ ئایین، له‌ شیعر. تۆیش كه‌ مرۆڤێكی حه‌زینی، خه‌م بۆ ڕابردوومان مه‌خۆ، كه‌ ئێمه‌ پێیه‌كمان له‌ ڕابردوو و پێیه‌كمان له‌ داهاتوودایه‌. ئه‌و خۆئه‌شكه‌نجه‌دان و شه‌ونخونی و دابڕان له‌ دنیای ماددییه‌، تاكه‌ ڕێگه‌ی نزیكبوونه‌وه‌یه‌ له‌ خودا. ئه‌ی ئاگر .. خه‌م مه‌خۆ، ڕۆژێك ئه‌وانه‌ كۆتایی دێت و ده‌بیته‌وه‌ مرۆڤ. كه‌ تۆیش ده‌ستت به‌ پیرۆزییه‌كانی دره‌خت و گه‌ڵا مه‌ست كردوه‌، له‌ ئۆقیانووسه‌كان یاخیبوویت و خیانه‌تت له‌ به‌له‌مه‌كان كرد. نه‌كه‌ی به‌ خه‌ونی ڕه‌ش و ئاڵۆزی شاعیران هه‌ڵخه‌ڵه‌تێی. به‌خشنده‌به‌ و ته‌نهایی من پینه‌ بكه‌، كه‌ له‌ نێوان په‌نجه‌كانم غلۆرده‌بییه‌وه‌ و شیعر ده‌رگه‌كانت له‌سه‌ر داده‌خات. ته‌واو من چیدی شیعرم خۆشناوێت.

ئه‌وه‌ی سواغی ئازاره‌كانی ئێمه‌ ده‌كات، پێكه‌نینه‌ .. هه‌رچه‌ند تووڕه‌بین، هه‌رده‌بێ هێور ببینه‌وه‌. هه‌رچه‌ند دوور بڕۆین، چاره‌مان نییه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌. هه‌رچه‌ند بنووسین و هه‌رچه‌ند هاوار بكه‌ین، ناتوانین نه‌مرین، چونكه‌ عاشقان هه‌رگیز ناگه‌ن به‌ نه‌مری. هه‌رچه‌ند به‌هێزبین، دواجار له‌ نێوان په‌نجه‌كان غلۆر ده‌بینه‌وه‌. ئه‌ی ئه‌فسانه‌یه‌ك، كه‌ هه‌رگیز بوونت نه‌بوه‌، چه‌رچه‌فه‌كه‌ت له‌ ده‌سته‌كانم قوفڵ مه‌ده‌، لێگه‌ڕێ با پێكه‌نین ببێته‌ سواغی ئازاره‌كانی ئێمه‌.

ئه‌حمه‌د حاجی سامی – 2019




هەنگاوەکانی تارماییەک … شوان عەباس بەدری

لەم دارستانە ڕێگەی دەرباز بوون لە کوێیە ؟
بەرەو کوێوە هەنگاو ئەنێم ؟!
من لە کام گۆشەی ئەم شەوە
لە سەر گەڵای کام داری تەنیای
نێو ئەم تولە ڕێیە پڕ لە جەنجاڵە
وەک شەونمێک دلۆپەم کردووە ؟
بە دیار قاسپەی کام خەونەوە
سەرخەوێکم لە گەڵ تەنیاییدا شکاندووە ؟
حەقیقەتی ژیان منی لە ناو
جەنگەڵێکی پڕ لە ڕووباری درۆ و
پانتاییەکی پڕ لە خیانەت و
قەدپاڵێکی پڕ لە دەمامەک
یەخسیر کردووە و
لە ناو بازنەیەکی تەژێ لە
گومان ئەخولێمەوە !
جار نا جارێ بە خۆم ئەڵێم :
خۆزگە هەورە تریشقەیەک بوومایە
تا بە جارێ بە گرمەیەک دەروونم بەتاڵ بەتاڵ بکردایە
لە برینەکانی قامچی تەمەن
خۆزگە شەکرۆکەیەک بوومایە
بە دەست مناڵێکی بەرگ دادڕاوی بێ لانەوە
تا لە گەڵ هەموو مژێکا
لێوەکانی تامی ژیان لە یاد نەکەن
خۆزگە ئومێدێک بوومایە
لەناو دڵی گەردوونێکی تاریکی تەنیاکەوتوودا
خۆزگە خودا بوومایە
تا بە جارێ شەڕگەی سەربازەکانم ڕۆشن بکردایە و
پێم بوتنایە : هۆۆۆۆۆۆ کەرینە
ژیان لەوە گەورەترە تا بۆ کورسییەک
خوێن بڕێژن و
لەوە بچووکترە تا نیشانێک لە سەر سنگتان بە ناوی ئازایەتییەوە هەڵواسن و
لەوە پووچترە
تا وەک ئاڵایەک
خەون بە ئازادی خاکەوە ببینن !
ژیان جگە لە چیرۆکێکی تراژیدی
سواغ دراو بە کۆمیدیا هیچی تر نییە .
لە جیاتی نیشان لەسەر سنگتان
وێنەی بەچکە ئاسکێک هەڵواسن و
لە جیاتی سەمفۆنیای تۆپ
گوێچکەکانتان بە ئاوازی کەنارییەک سەوز بکەن .
دەمەو غروب
لە کەنار دەریایەک
جگەرەیەک داگیرسێنن و
باوەش بە گەرمی لما بکەن .
گۆرانی بۆ شەپۆلی ئاو بڵێن
بە دیار هەورێکەوە
لای لایەی خەون و خەیاڵ بڵێنەوە و
کۆڵە پشتییەکانتان پڕ بکەن لە
خەندەی سبەی و وەک دیاری بەسەر
مناڵە ئاوارەکان بیبەخشنەوە
بۆنی ئەڤین لە هەناسە دامەماڵن
دڵی پیرە زەوی بە ئاوازی مەرگ و مۆتەکەی وێرانی مەڕەنجێنن !
ئاااااااااە ئەی دارستانی تەژی لە
خوێن و غوربەت و ڕەو
منی ماندوو
بۆ دەرباز بوون بەرەو کوێوە هەنگاو بنێم ؟
بەرەو کوێوە هەنگاو بنێم
کاتێ ڕێگەکان بە کلیتێکی داڕزاوی پڕ لە کابووس و غوربەت و کۆچ کۆتاییان دێ !
بەرەو کوێوە هەنگاو بنێم
کاتێ ئایندە بە چەقۆیەکی کول سەر بڕاوە ؟!
بەرەو کوێوە هەنگاو بنێم
کاتێ ئەزانم مرۆڤ
لەناو زەمهەریری نائومێدی قۆڵبەست کراوە !
بەرەو کوێوە هەنگاو بنێم
کاتێ بن بەستێک بە ناوی
م
ە
ر
گ
ڕێی لێگرتووم !




ئه‌م سێ شیعره‌م خوێنده‌وه‌ … له‌تیف بێوار

…………………
جوانی ماڵپه‌ری سه‌نگه‌کان له‌وه‌دایه‌ که‌ موفاجه‌ئه‌ی له‌لایه‌و له‌پڕێکدا ناوی شاعیرانی وا دێنێته‌وه ‌یادو به‌رهه‌مه‌کانیان پێشکه‌ش ده‌کات که‌ سه‌رساممان ده‌که‌ن به‌ بێده‌نگییان، بۆ نموونه‌ شێعری (میری مه‌ره‌كه‌ب) … ئه‌مین بۆتانی، که‌ وه‌ك دیاری بۆ گیانی عه‌بدلغه‌نی بۆتانی نووسیویه‌تی، به‌شێکی یاده‌وه‌ریی جوانی خۆیانه‌، به‌شێكی تری باسی جوامێری ئه‌و خامه‌ به‌ده‌سته‌ کوردپه‌روه‌ره‌ ده‌کات، به‌شێکیشی ئاخ و حه‌سره‌ته‌کانی شاعیرن که‌ له‌گه‌ڵ خه‌مه‌کانی ره‌حمه‌تی (غه‌نی) دا یه‌کده‌گرنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی باسه‌ لێره‌دا و سه‌رنجی خوێنه‌ر راده‌کێشێت توانای شاعیرێتی شاعیر ئه‌مین بۆتانییه‌، که‌ زۆر قه‌شه‌نگ و داهێنه‌رانه‌ وێنه‌ شیعرییه‌کانی داهێناوه‌وله‌مه‌شدا چاوی له‌که‌س نه‌کردووه‌و خۆماندووکردن و هزرکردنیشی تێدا ده‌خوێنرێته‌وه‌و هه‌ڵهێنجراوی زاده‌ی بیرو ئه‌ندێشه‌ شیعرییه‌کانی خۆیه‌تی وه‌ك ده‌ڵێت:
هه‌رچی هێلكه‌ی فڕین هه‌یه‌
ده‌یگرنه‌ به‌رسیله‌ی مراز.
لێره‌دا وێنه‌یه‌کی قووڵی شیعری په‌لکێشی مانایه‌کی تازه‌مان ده‌کات به‌وه‌ی ده‌زانین که‌ باڵنده‌ له‌ هێلکه‌یه‌و ده‌فڕێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ نه‌تروکاوی ئاماده‌ین بیگرینه‌ دارمێوه‌کان که‌ به‌رسیله‌یان پێوه‌یه‌و پاشتر ترێمان بۆ ده‌گرن، هه‌م هێلکه‌ نه‌تروکاوه‌و هه‌م به‌رسیله‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌، ئه‌مه‌ش په‌له‌کردن وناکامڵی ده‌رده‌خات له‌ پێناو گه‌شتنه‌ ئامانج که‌ بێگومان که‌سانێك به‌و جۆره‌ تێده‌کۆشن.
……….
یان له‌ به‌شێکی تردا ده‌ڵێت:
له‌ته‌ك سه‌به‌ته‌ی چاوه‌ڕوانیی
خه‌ریكه‌ مێوژی ئه‌مه‌ل ده‌ڕسكێ‌؛
چه‌ند جوانه‌ بردنه‌ لای سه‌به‌ته‌ بۆ چاوه‌ڕوانی، ئه‌مه‌ وێنه‌یه‌کی شیعریی داهێنه‌رانه‌یه‌و خوازه‌یه‌کی تازه‌یه‌و شاعیری تری په‌ی پێنه‌بردووه‌، مێووژیش لێره‌دا مێووژی ئاسایی نییه‌، به‌ڵکو ئاماژه‌یه‌ بۆ پێگه‌یینی هیواو به‌ڵکو لایره‌دا وشك بوونیشی قۆناغی دوای کامڵبوونه‌، که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌رسیله‌ که‌ پێشتر شاعیر باسی کردو په‌یوه‌ندییه‌کی جوان پێکه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه‌. یان که‌ پاشتر دوو پارادۆکس له‌ یه‌ك کۆپله‌دا کۆده‌کاته‌وه‌ وه‌ك: (زه‌هری گومان) ‌و (شه‌كری یه‌قین)‌،
……..
لێره‌دا ده‌توانین بڵێین هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م کۆپله‌یه‌ وه‌ك لاواندنه‌وه‌یه‌ك وایه‌ و تاڕاده‌یه‌ك ساده‌یی و پیاهه‌ڵدانی که‌سی پێشکه‌شکراو ده‌رده‌خات و هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ ئامانجی شیعرنووسین بۆ که‌سێك یان مه‌سه‌له‌یه‌ك یان رووداوێك ؛ که‌ تیایدا هه‌ر زه‌قکردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ره‌وانبێژی و ئیستاتیك به‌هێند گیراون و ببینن چۆن کاسه‌وکه‌وچك که‌ هۆکاری تێربوونی برسییه‌ و به‌ هۆی دادپه‌روه‌رییه‌وه‌ ئه‌و یه‌کسانییه‌ دێته‌ دی، لێره‌دا وه‌ك زۆر له‌ نه‌هامتییه‌کانی میلله‌تی کورد هێزی شه‌ڕ کاولی ده‌کات و ناهێڵێت به‌رقه‌رار بێت تا مرۆڤه‌کان به‌ ئاسووده‌یی و یه‌کسانی ژیان بکه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌یتوانی (فه‌قیری بکات به‌ هه‌ژاریی و ئه‌مه‌ل به‌ هیوا) و به‌ڵام هێشتا ساده‌یی و ره‌کیکی له‌م کۆپله‌یه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، جگه‌ له‌وه‌ی ده‌بوو بینووسیاه‌ (ئه‌و هه‌موو فه‌قیره)نه‌ك ئه‌و هه‌موو فه‌قیرییه‌) چونکه‌ له‌ ده‌ربڕیه‌ راسته‌که‌ی زماندا ئه‌وه‌ فه‌قیره‌ که‌ ده‌خه‌وێت نه‌ك وه‌سفی فه‌قیریی.. به‌ڵام ئه‌م سه‌رنجه‌ بچووکانه‌ توانای شاعیرێتی شاعیر ناشارێته‌وه‌.
كاسه‌ و كه‌وچكی عه‌داله‌ت
به‌ سه‌مای ئه‌هریمه‌ن
ورد و خاش..
ئه‌و هه‌موو فه‌قیری یه‌
چۆن خه‌وی لێ ده‌كه‌وێ‌ غه‌نی؟!،
له‌ هیچی به‌لاش.
بڵێ من خه‌ریكی نووسینم؛
كاتم نیه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌!!!؛
………………
له‌م کۆپله‌یه‌ی خواره‌وه‌شدا ئه‌و ئامانجه‌ی پێشتر شاعیر باسی لێوه‌کردو لای که‌سی پێشکه‌شکراو جێی گرنگی بوو لێره‌دا زیاتر به‌ شێوه‌یه‌کی زه‌ق و روونتر ده‌خرێته‌ روو و خوێنه‌ر به‌رچاوی روون ده‌بێت که‌ کرۆک و سه‌بجێکتی شیعره‌که‌ ده‌رباره‌ی چییه‌و هه‌روه‌ها به‌به‌شێك له‌ ژیانی (غه‌نی) ئاشنا ده‌بین و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا شاعیر کارامانه‌ توانیوویه‌تی ده‌ست به‌ به‌لاغه‌ی زمانه‌که‌یه‌وه‌ بگرێت و هێنده‌ نزمی نه‌کاته‌وه‌ هه‌ر وه‌ك قسه‌ی رۆژانه‌ بخوێنرێته‌وه‌، ببینن چۆن له‌ کۆتاییدا چه‌ند جوان ئه‌و به‌رز ده‌کاته‌وه‌و تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر به‌شێك له‌ موعاناته‌کانی که‌ باسی (سه‌رو هه‌ندرێن) و (قاچ و سه‌فه‌ر) ده‌کات:
پێم بڵێن كورد چی به‌سه‌ر دێ‌؟
كوا ته‌عقیبی خه‌به‌ری كورد له‌وێ‌؟!
ئه‌و له‌ مووسڵ
داد و بێدادی بوو
به‌ده‌ست وادی حه‌جه‌ر و دیجله‌وه‌،
هه‌میشه‌
سه‌ری لای هه‌وری هه‌ندرێن و
قاچه‌كانی له‌ نێو گیرفانی سه‌فه‌ر،
له‌ راستیدا ئێمه‌ شاعیری باشی ناو ونمان هه‌ن و جارجار لێره‌و له‌وێ به‌رهه‌مێکیان ده‌رده‌که‌وێت و ئێمه‌ وه‌ك خوێنه‌ری شیعر به‌دوای ئه‌و ده‌نگانه‌دا ده‌گه‌ڕێین و ئاواته‌خوازین ئاوها داهێنه‌رانه‌ بنووسن و ره‌سه‌نایه‌تی بۆ شیعری کوردی بگێڕنه‌وه‌، به‌ڵام لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ جارێکی تر خۆی زه‌ق ده‌کاته‌وه‌ که‌ وه‌کو ره‌خنه‌ له‌ (بونیاتگه‌ریی)گیرا به‌وه‌ی ئایا چۆن ده‌ق له‌ هه‌موو هۆکارێکی ده‌ره‌کی داببڕین، ئه‌ی چۆن لێره‌دا ده‌توانیین به‌ ته‌واوی له‌م ده‌قه‌ تێبگه‌ین گه‌ر نه‌زانین مه‌به‌ستی شاعیر له‌(عه‌بولغه‌نی بۆتانی) کێیه‌و چۆن ژیاوه‌و چ که‌سایه‌تییه‌کی هه‌بووه‌؟ چ په‌یوه‌ندیی و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر شاعیر بووه‌ که‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی شیعری بۆ بهۆنێته‌وه‌و له‌ یادی نه‌کات.
……………………………………..
دووه‌م شیعر که‌ له‌سه‌ری ده‌وه‌ستین : ” پەساپۆرتی سەفەرێکی نامۆ ” … شه‌ونم زه‌ندی یه‌، ئه‌م شاعیره‌ش ده‌نگێکی بزربووه‌و ته‌نانه‌ت گرنگترین پرسیار له‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌که‌ لای من دروست بوو ئایا بۆچی دوای 20 ساڵ ئه‌م شیعره‌ی بڵاوکرده‌وه‌؟ ئایا مانای وایه‌ بابه‌تی شیعره‌که‌ هێشتا گه‌رموگوڕه‌ که‌ موعاناته‌کانی ئافره‌تی کورده‌ له‌ کۆمه‌ڵگای کوردیدا و ئه‌وسا نه‌یتوانیبێت بڵاوی بکاته‌وه‌ یان ڕێگر له‌به‌رده‌میدا هه‌بووبن؟ یان شاعیر ده‌یه‌وێت وه‌ك یادگارییه‌ك و بۆ حه‌زو ویستی خۆی ئه‌و ئه‌رشیفه‌ هه‌ڵبداته‌وه‌، یان چی تر شاعیر ئێستا شیعر نانووسێت و شانازی به‌و شیعرانه‌وه‌ ده‌کات؟
بابه‌تی شیعره‌که‌ باسی یاخیبوونی ئافره‌ت ده‌کات له‌و قه‌ده‌رانه‌ی به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێنن، به‌ڵام زمانه‌ شیعریه‌که‌ی جارجار ده‌بێته‌ دروشم و ساده‌بوونه‌وه‌و نائیستاتیکی، به‌ڵام وێنه‌ی جوانی به‌کارهێناوه‌ هه‌رچه‌نده‌ زۆر سه‌رنجڕاکێش و تازه‌ نین، وه‌ك ده‌ڵێت:
بە دیار تەرمی هیواکانتا
فرمێسکی سوور هەڵدەڕێژی
به‌ڵی هیوا نابه‌رجه‌سته‌یه‌و ته‌رم به‌رجه‌سته‌یه‌و ئاوهاش وێنه‌یه‌کی شیعریی تێکه‌ڵ له‌ واقیع و مه‌جاز دێته‌گۆڕێ، هه‌رچه‌نده‌ زۆر نوێگه‌ری له‌ خۆ ناگرێت و بێهیوایی له‌ ناخی گوێگردا ده‌ڕوێنێت به‌ڵام هه‌وڵێکی شاعیرانه‌ی جوانه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی شکۆ بۆ شیعر.
ئه‌و ئاوها له‌م ده‌قه‌ شیعریه‌ییدا ‌ده‌ست پێده‌کات:
دەنگێک لە ناخەوە : ” ئێوارەیەکی نامۆیەو” ،
هەموو شتێ لە بەر چاوتا .. نامۆ دیارن …
هەر خۆتی و
لە نێو چوار دیواری ژوورەکەتا …
بە دیار تەرمی هیواکانتا
فرمێسکی سوور هەڵدەڕێژی …و
هێدی هێدی …
بە سەر ئەم تەرزە مەرگەت …
چرکەکانی کاتژمێری عومری بەهار نەدیوت …
دەژمێری و میلی کاتژمێری ژوورەکەت …
بە ئاوازە خەمناکەکەی ناخت
هاوبەشی ئەم خەمەتە …
……………….
گه‌ر ته‌ماشایه‌کی ئه‌م کۆپله‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ بکه‌ین ده‌بینین له‌ دوای پیاچوونه‌وه‌ ده‌توانین زۆر زاراوه‌و ده‌سته‌واژه‌ی زیاده‌ی لێ لابه‌رین و پته‌وترو تۆکمه‌تری بکه‌ین و هه‌مان ماناش بگه‌یه‌نێت، جا ئه‌مه‌ کاری شاعیره‌کانه‌ که‌ چه‌ندان جار به‌ شیعره‌کانیاندا بچنه‌وه‌و یان نیشانی که‌سی شاره‌زاتری بده‌ن و گوێ له‌ ڕێنماییه‌کانیان بگرن، لابردنی (ده‌نگێك له‌ ناخه‌وه‌ ) شتێکی باشه‌ جونکه‌ هیچ سوودێکی نییه‌ له‌وێدا، به‌ڵکو ئه‌و دوو دێره‌ی دوایی وته‌ی ناخ نین به‌ڵام واقیعێکن که‌ ده‌بینرێت، 2 جار وشه‌ی نامۆ به‌کارهێنانیش له‌ دوو دێڕدا خزمه‌تی پته‌وکردنی زمانی شیعر ناکات، پاشتر ئه‌وه‌ ده‌ربڕینێکی نادروسته‌ که‌ ده‌ڵێت: (به‌سه‌ر ئه‌م ته‌رزه‌ مه‌رگه‌ت) دیاره‌ هه‌ڵه‌ی ڕێزمانی تێدایه‌و به‌ره‌نجامیش مانایه‌کی ئه‌وتۆ نابه‌خشێ، هه‌رچه‌نده‌ ره‌نگه‌ خوێنه‌ر بزانیت شاعیر مه‌به‌ستییه‌تی چی بڵێت! دواتر ئه‌م رسته‌ درێژه‌ تاقه‌تپڕوکێنه‌ زیاتر به‌ داڕشتن ده‌کات و هیچ جوانیه‌ك به‌ شیعره‌که‌ نابه‌خشێت و هیچ هونه‌رێکی ده‌ربڕین و زمانی تێدا نادره‌وشێته‌وه‌، به‌ڵکو وه‌کو گێڕانه‌وه‌یه‌کی ناهونه‌ریی وایه‌:
چرکەکانی کاتژمێری عومری بەهار نەدیوت …
دەژمێری و میلی کاتژمێری ژوورەکەت …
له‌پاشتردا زیاتر په‌یامی شاعیر روون ده‌بێته‌وه‌ که‌ ئه‌و به‌دوای جوانکاریی شیعریدا نه‌گه‌ڕاوه‌ هێنده‌ی هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ په‌یامێك له‌ژێر ناوی شیعردا بۆ خوێنه‌رانی ساده‌ی هاوڕه‌گه‌زی خۆی بنووسێت و هانیان بدات تا گیانی جورئه‌ت و ئازایه‌تییان تێدا بخولقێنێت، ده‌شکرا ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ گوتارێکی مه‌نتیقی و سۆسیۆلژی دابڕێژرێت و زۆر جوانتر ڕێڕۆشنی به‌ ئه‌و خوێنه‌رانه‌ش بدات که‌ هه‌نگاوه‌کانی ده‌ستپێکردن به‌و گۆرانکاریی و یاخیبوونه‌ چۆن ده‌بێت و چۆن ته‌نانه‌ت ده‌توانن ڕێکخراوه‌ دروست بکه‌ن و چالاکی جۆراوجۆر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نن و رابگه‌یه‌نن، تا دوا هه‌ناسه‌ی شیعره‌که‌ ئه‌م خاڵه‌ لای شاعیر جێی مه‌به‌ست ده‌بێت و هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تا به‌ گوته‌ی ناخی خۆی ده‌ست پێده‌کات، به‌ڵام ئاوها کۆتایی پێده‌هێنێت:
…………………..
چ سەردەمێکە ” کچی ناسۆر ”
لە یا خی بوون … بسڵەمییەوە ؟
گەر ئەمڕۆ یاخی نەبیت …
سبەی بێ شک …نامۆتر دەبیت …
……………
ببە بە دەنگ …
بە زریانی تووڕەیی …
دنیا پڕکە بانگی سەربەستی
ورە بەرز … هەنگاو بنێ ….
ببە بە ڕەنگ …
بە ” نیگای خۆرێکی گەش ”
شەوی تاریک ڕاو بنێ .
ئێمه‌ ده‌خوازین ئه‌م شیعرانه‌ به‌رواری تازه‌یان له‌سه‌ربووایه‌و نوێبوونه‌وه‌ی ئه‌م زه‌مه‌نه‌ تازه‌یه‌ی له‌خۆ بگرتایه‌و به‌ زمانێکی هونه‌ری بڵندتر بنووسرانایه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئیتر ئه‌و پرسیاره‌ هه‌ر لای شاعیره‌ که‌ خۆی وه‌ڵامی بداته‌وه‌ ئایا هۆکار چییه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و مێژووانه‌ی له‌سه‌ر شیعره‌کان نووسراون، دواجار هه‌ر ئومێدی سه‌رکه‌وتن و پێشکه‌وتنمان له‌ ده‌ست دێت به‌ ئه‌و خانمه‌ به‌ڕیزه‌ بڵێین و هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت بنووسن و هه‌نگاوی پێشکه‌وتن هه‌ڵبنێن..
……………………….
سیهه‌م شیعر : (وێنه‌ شیعری نوێ) … سمكۆ محه‌مه‌د ، ئه‌م شیعره‌ زیاتر کاریگه‌ریی زمانی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌سه‌ره‌، ده‌ربڕین و شێوازه‌که‌شی زیاتر به‌ گوته‌ی نه‌سته‌ق و حیکمه‌ت ده‌چێ وه‌ك له‌ شیعرێکی هونه‌ریی که‌ یه‌کێتی بابه‌تی تێدا ره‌چاوکرابێت و گرنگییه‌کی ورد به‌ ده‌ربڕین و خوازه‌و مه‌جاز درابێت تیایدا، جگه‌ له‌مه‌ش زۆر شاعیر پێش ئه‌و باسی نه‌ك ره‌نگه‌کانیان کردووه‌، به‌ڵکو رۆژه‌کانی هه‌فته‌ و وه‌رزه‌کانی ساڵ و کاراکته‌ریی پیته‌کان و ئه‌ندامه‌کانی له‌ش و زۆر شتی تری له‌م بابه‌ته،‌ که‌واته‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئه‌م شیعره‌ وێنه‌کانی ناوی نوێ نین، ئه‌گه‌ر وێنه‌یه‌کی شیعریشیان له‌ خۆ گرتبێت! بۆ نموونه‌ با سه‌رنج بده‌ین که‌ چۆن به‌ ساده‌یی ده‌ست پێده‌کات و رسته‌ی ئاسایی قسه‌کردن به‌کاردێنێت و هیچ وێنه‌یه‌کی شیعریی تیا نییه‌، چونکه‌ که‌ ده‌ڵێین وێنه‌ی شیعریی مانای وایه‌ وێنه‌یه‌کی فه‌نتازی تێکه‌ڵ له‌ واقیع یان ته‌نیا ئه‌ندێشه‌ئامێز له‌ خۆ بگرێت و له‌ واقیعدا به‌ جۆرێکی تر بێت، ئه‌گینا ئێمه‌ هه‌ر ب رۆڵی گواستنه‌وه‌ی وێنه‌ی واقیع هه‌ڵده‌ستین و کامێرای مۆبایله‌کانیش ده‌توانن وێنه‌ی بگرن، ئه‌و ده‌ڵێت:
شه‌و هه‌میشه‌ ره‌شپۆشه‌
خه‌ڵك زۆر به‌ ناشیرینی باسی قه‌له‌ ره‌ش ده‌كه‌ن
ئه‌مه‌ راستییه‌کی ساده‌یه‌و ته‌نانه‌ت منداڵیش ئه‌و وه‌ڵامه‌ ده‌داته‌وه‌ که‌ شه‌و ڕه‌شه‌، یان قه‌له‌ ره‌ش ده‌نگێکی ناخۆشی هه‌یه‌ و رۆشتن و ره‌نگیشی جوان و دڵخواز نییه‌. بۆیه‌ لای خه‌ڵك ناشرینه‌..ئیتر چ پێویست ناکات ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ بئاخنینه‌ ناو ده‌قێکه‌وه‌و ناوی شیعرو به‌ڵکو وێنه‌ی نوێی شیعریی لێبنێین! پاشتر هه‌روا به‌ ساده‌یی شاعیر سه‌بجێکت ده‌گۆڕێ و دێته‌ سه‌ر خه‌ڵک و ژیان و دوپشك و دڕنده‌کان …ئیتر نازانم ئه‌وانه‌ چ په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌ ره‌نگی ره‌شه‌وه‌یه‌، له‌ راستیدا ئه‌م ئاسته‌ی نووسین زۆر کاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر شاعیره‌که‌ی ده‌بێت گه‌ر بیه‌وێت وه‌ك شاعیرێکی پرۆفیشناڵی جیاواز بخوێنرێته‌وه‌ و به‌رهه‌می نه‌گوتراو و سه‌رنجڕاکێش و سه‌نگین پێشکه‌ش به‌ دونیای شیعری کوردی بکات، له‌ ڕاستیدا شاعیر له‌ مێژه‌ ده‌نووسێت و له‌مباره‌دا ئه‌زموونی هه‌یه‌ ، به‌ڵام نازانم بۆچی شیعری خۆی ده‌خاته‌ ئاستێکی واوه‌، خۆ که‌س زۆری لێنه‌کردووه‌ که‌ هه‌ر ده‌بێت بنووسێت، پاشان مه‌رج نییه‌ هه‌رچییه‌ک بنووسین بڵاوی بکه‌ینه‌وه‌و ناوی شیعری لێبنێین، خۆ ئه‌مه‌ هیوایه‌تی رۆژنامه‌نووسی نییه‌و خوێنه‌ران چاوه‌ڕوانی کاری جدی ده‌که‌ن، ‌به‌ تایبه‌تی و له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ له‌ واقیعدا دۆخی شیعری کوردی هه‌نوکه‌ زۆر له‌ خراپیدایه‌ و که‌سانێكی زۆر هه‌ن به‌ زۆر خۆیان به‌سه‌ر شیعردا هه‌ڵواسیوه‌و ته‌بیعه‌تی خوێنه‌ر تێک ده‌ده‌ن و که‌سانێکی تریش هه‌ن یان رانانی کتێب ده‌که‌ن یان رۆژنامه‌نووسی هونه‌رین که‌چی خۆیان لێ ده‌بێته‌ شاره‌زای شیعرو ره‌خنه‌نووسی شیعرو که‌چی ئه‌مانه‌ له‌ کۆتاییدا هه‌ر خوێنه‌ران چه‌واشه‌ ده‌که‌ن و دووریان ده‌خه‌نه‌وه‌ له‌ شیعرو سه‌ره‌نجام ناو و بابه‌تی شیعریش بێ به‌ها ده‌که‌ن…
دواتر شاعیر له‌باسی ره‌نگی سه‌وزدا باسی قاوه‌یی ده‌کات، که‌ له‌ راستیدا ته‌نیا گێڕانه‌وه‌یه‌کی ژیانی منداڵییه‌و به‌ زمانێکی ناشیعریی ده‌ربڕینی لێکراوه‌، دواتر ده‌پرسین مه‌سه‌له‌ی شه‌خسی و خزمایه‌تی و نزیکیی خانه‌واده‌یی شاعیرو باسکردنی چ سوودێك به‌ گوتارو په‌یامی ده‌ق ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌گمه‌ن و رازاوه‌ی ده‌کات؟ ئایا ئه‌م کۆپله‌یه‌ چ رامانێك و نوێبوونه‌وه‌یه‌کمان لا جێدێڵێت؟ باخوێنه‌ر خۆی سه‌رنج بدات و بزانێت چ چه‌شه‌یه‌کی ئیستاتیکی له‌و ده‌قه‌ ره‌کیکه‌ دا هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ڵێت:
(سه‌وز)
له‌نێو باخچه‌كه‌ماندا خاڵخاڵۆكه‌یه‌ك شك ده‌به‌م
له‌ قاوه‌ییدا ره‌نگی بریقه‌ی دێت
من هێنده‌م خۆشده‌وێ‌ . هه‌ندێجار ده‌بمه‌وه‌ منداڵه‌ وڕكنه‌كه‌ی جاران
هه‌رگیز بیری خاڵم ناكه‌م كه‌ ره‌نگی سه‌وزی ئه‌و قاوه‌ییه‌
ئه‌و شا پیاوی ئه‌م ژیانه‌یه‌
من له‌ کۆتاییدا تکا ده‌که‌م هێنده‌ی چاره‌کێکی ئه‌وه‌ی شیعر ده‌نووسرێت با بخوێنینه‌وه‌و خۆمان پڕ مه‌عریفه‌تی شیعریی بکه‌ین و به‌ دوای بابه‌تی ره‌خنه‌یی تازه‌دا بگه‌ڕێین و خۆ فێری زمانی تر بکه‌ین، با له‌بری ئه‌وه‌ی شیعر ده‌نووسرێت چه‌ند ره‌خنه‌گرێکیش دروست ببن خه‌میان گرنگیدان بێت به‌ لایه‌نی (شیعرێتی) شیعرو ئه‌کادیمیانه‌ ره‌خنه ‌بگرن و دوور بکه‌ونه‌وه‌ له‌ هاوڕێیه‌تی و من و تۆیی، هه‌رچه‌نده‌ به‌ سوپاسه‌وه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ له‌ سنوورێکی بچووکدا له‌ ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کاندا بوونی هه‌یه‌و زۆر باشیش ڕێژه‌ی شیعره‌ خراپه‌کانی سنووردار کردووه‌، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پێویستمان به‌ زیاتره‌ هه‌م له‌ رووی چه‌ندێتی و هه‌م چۆنییه‌تییه‌وه‌.




باش بوو كەس بە قسەی عارفی نەكرد …عەلی مەحمود محەمەد

كاك عارف قوربانی سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان, لە دیدارێكی تەلەفزیۆنی كەناڵێكدا دەڵێت”لە بەرامبەر كوشتنی یەك منداڵدا دە منداڵ بكوژینەوە…… بۆ ماوەیەك كورد ببیتە میلەتێكی فاشی”, ئەم قسانە هی یەكێكە لەوانەی لە بواری بە دیكۆمێنتكردنی لایەنێكی جینۆسایدی ئەنفال كاری باشی كردووە, هەر لەم روانگەیەوە دەبێت شارەزایشی لەو جۆرە تاوانەدا هەبێت كە بانگەشەی بۆ دەكات كە دەچێتە چوارچێوەی چ تاوانێكی نێونەتەوەیەوە, ئەم بانگەشەیە بۆ خەڵك یەك تاوان بێت بۆ ئەو چەندین جارە, چونكە لەو بوارەدا وەك خۆی ناساندووە كار دەكات, كاركردن بۆ جینۆساید ئەركێكی ئەخلاقی و ویژدانییە, مرۆڤ كە لەو بوارەدا كاری كرد دەبێت باوەڕی بە پرنسیبە ئەخلاقییەكانی هەبێت, بە تایبەتیش عارف قوربانی كە بابەتەكانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەكانی دی, ئایا ئەم دوو رستەیە لە پاڵ كتێبەكانی دابندرێن, خوێنەری بێگانە چی دەڵَێن؟
ئایا بۆ خۆی دەزانێت ئەم بانگەشەی منداڵ كوشتنە دەچێتە چوار چێوەی چ جۆرە تاوانێكەوە, بە پێوەری نێو نەتەوەیی, ئەدی ئەو منداڵانە چۆنە كوژێت و چ ئامرازێك بەكار دەهێنێت بۆ كوشتنیان, خۆ ئێمە فڕۆكەو تۆپخانەمان نییە, یان ئەویش وەك داعشەكان منداڵی خەڵك هانە دات خۆیان بتەقێننەوە, یان وەك بۆكۆ حەرام دەست بەسەر قوتابخانەكاندا دەگرێت و قەسابخانە سازە كات, هاوكات فاشیست بوون كاتی و نا كاتی نییە, شێر پەنجەیەكە كێی گرت تا مردن لە كۆڵی نابێتەوە, وەك هیتلەرو مۆسۆلۆنی تاسەریان پان نەكرێتەوە لە مێشك و جەستەیان هەر دەمێنێت.

خۆشبەختانە نەك سەركردەكانی رۆژئاوا بە قسەی ئەم دەنگە نا شازەی سیاسەتیان نەكرد, بگرە یەكێك لە سەركردەكانی بوونە قوربانی تاوانێكی وا كە كاك عارف بانگەشەی بۆ دەكات ئەویش هەڤاڵ ” هەفرین خەڵەف”ە, لە گەڵ 8 هاوڵاتی سڤیلی دیكە, لە تاونێكی هاوشێوەی ئەوەی كاك عارف بانگەشەی بۆ دەكات بوونە قوربانی, كوشتن و ئیعدامی دەرەوەی دادگا و سوكایەتیكردن بە جەستەیان, ئەم دۆسیەیە وا تقییەوە مەزڵومیەتی كوردی نیشان هەموو جیهاندا, بارتەقای هەموو شەڕی داعش خەڵكی هێنایە پشت كوردەوە وەك هەورە تریشقە مەترسی ئەنجامدانی كۆمەڵ كوژی توركیای دەرخست, لێ ئەگەر بە قسەی عارفمان بكردبایا, ئێمە بكەری منداڵ كوشتنەكان بوینایا, ئەوا چارەنووسمان وەك هێزێكی فاشستی روخاوی ناشرین دەرەكەوت , هەموو ئەو جوانیانەی لە رابردوو بەدەستمان هێناوە, لە گەڵ چەقۆی سەر ملی منداڵێك ناشرینە بوو, مرۆڤ بوونمان لە دەستە دا, وێنەی داعشمان هەڵدەگرت, داعش ئاسا كۆتا شوێنیان زیندانەكان و كۆمەڵ كوژی و دادگاییكردن دەبوو, چارەنوسمان لە چاو 198 رۆژەكەی ئەنفال جەژنە بوو.

تامیلەكانی سریلانكا ئێستاش باجی ئەوە دەدەن رێگایان لە خەڵك گرتووە شارو شارۆچكەكان جێ بهێڵن و وەك بارمتەی شەڕ بەكاریانیان هێناوە, لە پاڵیانەوە شەڕیان كرووە, لە كاتی شەڕ لە گەڵ سوپای سریلانكا, كە ئێمە نموونەی هەزاران حالەتی وامان لە هەشتاكان هەیە, بۆیە وەك تاوانباری جەنگ سەیرە كرێن و دۆسیەی جینۆسایدی تامیلیان بەم كارو كردەوەیە بەتاڵ كردۆتەوە, ئێمە نەك بە قسەی عارفەكان ناكەین, بگرە پرنسیبێكی مرۆیانە, بەرگرییەكی سپی ئەنجامدەدەین, بۆ ئەوەی رۆژئاوا وەك كۆمۆنە هەر بە رو سپێتی وەك توكی سەری ئاپۆیا ما بمێنێتەوە.

لەبەر ئەوەی بانگەشەی جینۆساید دە كات, پێشنیارە كەم, تا بە فەرمی داوای لێبوردن نە كات, هەموو نووسین و كتێبەكانی لە بواری جینۆساید هەڵبگرترێتەوە, وەك خۆی دەزانێت بانگەشەكردن بۆ جینۆساید لە رێگای كەناڵێكی راگەیاندنەوە دەچێتە چوارچێوەی هاندانەوە, تاوانەكەی كەمتر نییە لە گەڵ بكەری راستەقینە.




كورد له‌ دوو ئۆكتۆبه‌ری تراژیدیادا … نوسینی|ئه‌حمه‌د كامه‌ران

  

هه‌ركاتێك باسی نه‌ته‌وه‌یه‌كی سته‌ملێكراوی گه‌وره‌ی جیهان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش نه‌ته‌وه‌ی (كورده‌), راسته‌وخۆ ساڵ و مانگ و ڕۆژی تراژیدیامان به‌ر گوێمان ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ بێگومان ئه‌مه‌ش جێگای ئازاره‌.
وه‌ هه‌ركاتێكیش كه‌ گوزه‌رێك به‌ نێو مێژوودا بكه‌ین به‌تایبه‌تیش مێژووی گه‌لی كورد ,راسته‌وخۆ رووبه‌روی كۆمه‌ڵێك شتی خه‌ماوی و كاره‌سات بار ده‌بینه‌وه‌,چوونكه‌ به‌رده‌وام به‌ درێژایی مێژوودا ئه‌م گه‌له‌ خێر له‌ خۆ نه‌دیوه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی تووشی هێرش و كووشتن وده‌ستدرێژی بۆته‌وه‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی ده‌وروبه‌ریه‌وه‌ یاخود وڵاتانی جیهان, كه‌تێیدا به‌ هه‌زاران كورد خوێنی له‌سه‌ر ئه‌م خاكه‌ی خۆیدا به‌بێ تاوانی ڕژاوه‌, یاخود له‌سه‌ر ماڵ و حالی خۆی دا شه‌ق باران كراوه‌.
ئه‌م هه‌موو ڕوودا و كاره‌ساتانه‌ی كه‌ كراوه‌ته‌ سه‌ر میله‌تی كورد مێژوو به‌رده‌وام بۆ نه‌وه‌ پاش نه‌وه‌ی خۆی باسی ده‌كاته‌وه‌ و هیچ كاتێك له‌یاد ناكرێن, وه‌ له‌ هه‌مان كاتیشدا دوو روداوی گرنگ تری میژوویی كه‌ دووباره‌ رووبه‌رو كورد كراوه‌ته‌وه‌,
ئه‌ویش ڕووداوی 16 ئۆكته‌به‌ری باشوری كوردستان وه‌ 9ی ئۆكۆبه‌ری ڕۆژئاوای كوردستانه‌, واته‌ دوو رووداوی گه‌وره‌ له‌ یه‌ك مانگی جیاوازدا كه‌ كوردی تێدا بووه‌ته‌ سووته‌مه‌نی.
16 ئۆكتۆبه‌ر: رووداوێكی تراژیدی و كاره‌سات باری گه‌وره‌یه‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد كرا پێش دووساڵ له‌مه‌و به‌ر , له‌ باشوری كوردستان له‌ نێو جه‌رگه‌ی قوودسی كوردستان (كه‌ركوك) له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ ئه‌نجام درا ,عێراق یه‌كێكه‌ له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌ به‌ درێژایی مێژوو چه‌ندین كرده‌وه‌ی قێزه‌وه‌نی به‌رامبه‌ر كورد ئه‌نجام داوه‌. له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ڕووداوه‌دا به‌ چه‌ندان كوردی بێناز بوونه‌ته‌ قوربانی و وه‌هه‌روه‌ها له‌نێو ماڵ وحالی خۆشیان دا ده‌ربه‌ده‌ر كران, وه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا رووداوه‌كه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌و رووداوه‌ مێژوویه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می به‌عس دا كرا كه‌ تێیدا كورده‌كان راگواسران یاخود به‌ زۆری ته‌عریب ده‌كران, وه‌ هه‌رچه‌نده‌ش كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌دا گوێبیستی ئه‌وه‌ ده‌بینه‌وه‌ كه‌ خیانه‌تێكی ناوخۆیی ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌م رووداوه‌دا هاوشێوه‌ی مێژووی سه‌ده‌كانی رابردووی كورد كه‌ زۆرجار ان له‌ ناوخۆدا خیانه‌تێك یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام درا,به‌ڵام رووداوه‌كه‌ی ئه‌م جاره‌ ئه‌گه‌ر به‌خیانه‌ت لێدانی ناوخۆیی له‌ قه‌له‌م بده‌ین كه‌ له‌لایه‌ن هێزێكی كوردی كرا , ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ بۆ ئێستا قورس بێت كه‌ ئێمه‌ لایه‌نێك به‌ خیانه‌ت بزانین له‌م رووداوه‌دا كه‌ ئه‌ویش یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌, چوونكه‌ ئه‌و هێزه‌ش به‌ درێژایی مێژوو خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك خه‌باتی كوردایه‌تیه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ چاوه‌ڕێی داهاتوو بكه‌ین كه‌ بزانین چیمان بۆ روون ده‌كاته‌وه‌.

رووداوه‌كان و كاره‌ساته‌كان به‌رامبه‌ر كورد هیچ كاتێك به‌ كۆتایی نایه‌ت چوونكه‌ پاش دووساڵ به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ مێژوویه‌دا, راسته‌وخۆ رووداوێكی تری تراژیدی بینه‌ قاقای گه‌لی كوردی گرته‌وه‌ , ئه‌م رووداوه‌ ش وای كرد كه‌ دووباره‌ مێژوو رووداوێكی تری ناخ هه‌ژێنی گه‌لی كورد تۆمار بكات كه‌ ئه‌ویش 9ی ئۆكتۆبه‌ره‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان ئه‌نجام درا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌ ره‌گه‌ز په‌رسته‌كه‌ی جیهان كه‌ ئه‌ویش توركیایه‌,وه‌ هه‌ركاتێكیش باسی (كورد وتوركیا) دێته‌ گفتگۆ كردن راسته‌وخۆ پره‌ له‌ مێژوویه‌كی ململانێ و كوشتاری دا, وه‌هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تی توركیا به‌ درێژایی مێژووه‌كه‌ی خۆیدا به‌رده‌وام بووه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ سه‌ركوتركردنی گه‌لی كوردا, به‌ڵام له‌باسكردنی مێژوودا زۆر ناگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژوویه‌كی دوورو درێژی كورد و توركیا یاخود كورد و عوسمانی چوونكه‌ مێژوویه‌كی دوورو درێژه‌ كه‌ هیچ كاتێك له‌ گێرانه‌وه‌یه‌دا یاخود له‌ نووسینی دا كۆتایی نایه‌ت, به‌هۆی ئه‌و سته‌مكاریانه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردیان كردۆته‌وه‌ كه‌ ته‌نها ئامانجیان سڕینه‌وه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ بووه‌.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می توركیای كۆماریدا كه‌ هه‌ر له‌ سه‌رده‌می مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتوركه‌وه‌ هه‌تا وه‌كو سه‌رده‌می ئه‌ردۆغان دا ده‌بینین هه‌وڵی گه‌وره‌ گه‌وره‌یان خستۆته‌ گه‌ڕ بۆ نه‌هیشتنی ناسنامه‌ و خاكی نه‌ته‌وه‌یه‌ك دا كه‌ ئه‌ویش كورده‌ , به‌ڵام تاوه‌كو ئێستاش نه‌یان توانیوه‌ له‌و هه‌وڵه‌ی خۆیان دا سه‌ركه‌وتووبن چوونكه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی بچووك نیه‌ تاوه‌كو به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی كۆتایی پێ بێت, وه‌ ده‌بێت ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ ببێته‌ درزێك بۆ نێو دڵی دووژمنه‌كانی خۆیدا. به‌ڵام لێره‌دا جیاوازیه‌كی سیاسی درووست ده‌بێت ده‌رباره‌ی دژایه‌تی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك به‌رامبه‌ر به‌ كورد,وه‌ له‌گه‌ڵ دژایه‌تی كردنی ئه‌ردۆغان به‌رامبه‌ر به‌ كوردان, ئه‌و جیاوازیه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می ئه‌تاتورك دژایه‌تی كردنه‌كه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر به‌كورد به‌هۆی هه‌ستێكی نه‌ته‌وایه‌تی كۆنه‌ په‌رستانه‌ی بوو, به‌ڵام كاتێك كه‌ دژایه‌تی كردنه‌كه‌ دێته‌ سه‌ر ئۆردۆغان به‌رامبه‌ر به‌ كورد له‌ دوو ئاراسته‌ی جیاوازدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌, ئاراسته‌یه‌ك زاڵبوونه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ كۆنه‌په‌رستكه‌یه‌ , وه‌ دووه‌م ئاراسته‌یشی له‌ژێر به‌كارهێنانی ناوی ئاینی ئیسلامه‌وه‌یه‌ , وه‌ هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێت خۆی وه‌كو كاره‌كته‌ری عوسمانی نیشان بدات یان به‌ میراتگری عوسمانی خۆی بناسێنێت كه‌ ئه‌وه‌ش ته‌نیا خه‌ونێكی خۆیه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌ره‌و نێو گۆردا ده‌یبات.

*نووسینی هه‌ر وشه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی گه‌لی كورد به‌خشینی ئازارێكی گه‌وره‌یه‌ به‌ نووسه‌ر یاخود مێژوونووس ,چوونكه‌ به‌ درێژایی مێژوو به‌ ئه‌سته‌م ده‌بینرێت یاخود به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابینرێت كه‌ ئه‌م گه‌له‌ له‌ خۆشی و ئارامی دا ژیانی خۆی به‌ڕێكردبێت هه‌ر به‌رده‌وام له‌ جه‌نگ وكوشتاری و ماڵ وێرانكردندا ژیانی خۆی به‌رێ كردوه‌, وه‌هه‌ركاتێك تاكێكی كورد سه‌ری خستۆته‌ سه‌ر بالیفه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ ئاواتی ئه‌وه‌ خه‌وتووه‌ كه‌ به‌یانیه‌كه‌ی به‌ ئارامی هه‌ڵسێته‌وه‌ و تووشی هیچ كاوڵكاریه‌ك یان ده‌ربه‌ده‌ریه‌ك نه‌بێته‌وه‌.

15|10|2019




فاكته‌ره‌ راسته‌قینه‌كانی پشت روودانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر … عیماد عه‌لی

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی كورد به‌خۆمان له‌ بارودۆخی هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ وردبینه‌وه‌ و به‌سه‌رپێی رووداوه‌كانی مێژووی دوور و نزیكی هه‌ڵسه‌نگێنین، به‌ پێی ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستماندایه‌،‌ وامان لێدێت كه‌زۆر هه‌ڵوێستی پشت په‌رده‌مان بۆ ده‌ركه‌وێت و وا ئێستاش ده‌بینین رۆژانه‌ به‌ ڕوونی گۆڕانكاریی زۆر و خێرا له‌ ڕه‌وتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵك و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانمان ده‌بینین و ئه‌و ره‌هه‌ند و دوورایی و لیكه‌وتانه‌ی ئه‌و روروداوانه‌ی به‌ میراتی ماونه‌ته‌وه‌ نه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر خۆمان هه‌بێت به‌ڵكو به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌سه‌ر پێشهاته‌ نوێكانیش ده‌بێت، كه‌زیاتر ورد ده‌بینه‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌ كه‌ چۆن به‌ بێ گرنگیدان به‌ گۆڕانكاریه‌كان و به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی ژیانی سیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تی وئابووری و رۆشنبیری خۆمان به‌ڕێ ده‌كه‌ین، به‌ڵام زۆرجار رووداویێكی ئه‌وتۆ دێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ كاریگه‌ریی زۆر گه‌وره‌ی له‌ هه‌موو بواره‌كان له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك له‌ كاتی رووداوه‌كه‌ و بۆ ئاینده‌شی ده‌بێت.
زۆر شت روده‌ده‌ن و ده‌ڕۆنه‌ باری له‌بیرچونه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی رێژه‌یه‌كیشیان له‌ یاده‌وه‌ریمان بمێننه‌وه‌ و سودیكی ئه‌وتۆشیان نابێت بۆ په‌ندوه‌رگرتن لێیان، به‌ڵام رووداوی وا هه‌یه‌ كه‌س نیه‌ له‌ ئێمه‌ له‌بیری بكات و خۆی فه‌رزده‌كات، چ ئه‌وانه‌ی له‌ رابوردووی دوور واته‌ له‌ مێژوودا تۆماركراون، یان ئه‌وانه‌ی له‌ ژیانی خۆماندا بینیومانن، له‌وانه‌ش شۆرشه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی كوردستان و چۆنێتی سه‌ركوتكردن و دامركاندنه‌وه‌یان له‌ل ایه‌ن دوژمنانه‌وه‌. كه‌س هه‌یه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت كۆماری كوردستان و ره‌وتی سیاسی ئه‌و قۆناغه‌ و ورده‌كاری به‌ڕێوه‌چونی و چۆنێتی له‌ناوبردنی له‌بیر بكات، مه‌گه‌ر به‌خۆی بیه‌وێت له‌بیری بچێته‌وه‌، یان نسكۆی شۆرشی ئه‌یلول، یان ئه‌نفال و ماڵوێرانی كورد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌لێنی گه‌وره‌یه‌ و خاڵی هاوبه‌شی ره‌وتی ژیانی ئه‌م گه‌له‌یه‌ په‌ندوه‌رنه‌گرتنه‌ له‌ رووداوه‌كان و نه‌بونی سه‌ركردایه‌تی بلیمه‌ت و ژیر كه‌ قۆناغه‌كه‌ و داهاتووی بخوێنێته‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات و هه‌نگاوی راست و دروستی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی دوارۆژی بهاوێت.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ململانێی نێوخۆیی و ركابه‌ری و دووبه‌ره‌كی و خودپه‌رستی به‌ هۆكار و پاڵنانی نه‌رجسیه‌تی باڵاده‌ستان و به‌رژه‌وه‌نخوازی و، خیانه‌تكردنی نێوخۆییش له‌ مێژووه‌كه‌ماندا كه‌م نه‌بوون، به‌ڵام خه‌ڵكی ئازا و چاو نه‌ترس و فیداكار و بلیمه‌تیشمان زۆر بوون كه‌ ده‌رفه‌تیان بۆ نه‌ره‌خساوه‌ رۆڵی گه‌وره‌ی خۆیان بگێرن، ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ هه‌میشه‌ بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و زۆرجار فرتوفێڵی كه‌سیی كۆمه‌ڵیك خه‌ڵك یان عه‌شیره‌ت یان تیره‌ خۆی فه‌رزكردووه‌ بۆ رابه‌رایه‌تی كردنی قۆناغێك كه‌ زاده‌ی ئاستی رۆشنبیری و باری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری قۆناغه‌كه‌ بووه‌ و به‌ تۆپزی خۆیان فه‌رزكردووه‌.

به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌ و پاش هه‌ره‌س و شۆرشی نوێ. ده‌بێت راشكاو بین و ئه‌وه‌ رابگه‌یه‌نین به‌ پێی پێوه‌ره‌كانی شۆرش، به‌ راستی سیفه‌ته‌كانی شۆرشی نوێی تێدا نه‌بوو یان نه‌یانهێشت و له‌سه‌رتادا هه‌بوو له‌ناویانبرد، بۆیه‌ بوو به‌ درێژكراوه‌ی شۆرشه‌كلنی پێشوتر و به‌ ناحه‌ق ناوی لێنرا شۆرشی نوێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌رجه‌كه‌كانی شۆرشی نوێی له‌خۆی نه‌گرتبوو، به‌ڵكو هه‌موو سه‌لبیه‌ته‌كانی شۆشه‌كانی پێشووی له‌خۆهه‌ڵگرتبوو، به‌گۆڕانێكی زۆر كه‌مه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عه‌قڵیه‌ت و سه‌ركردایه‌تی و بیروبۆچون و پێكهاته‌كانی شۆرشی نوێ جیاوازیه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی پێشو نه‌بوو، به‌ڵكو زۆرێك له‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كانی هاوزه‌مانی هه‌ردوو شۆرش بوون كه‌ ئه‌مه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانرێت به‌ شۆرش ناوی به‌ریت نه‌ك به‌ شۆرشی نوێش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شۆرش ئه‌وه‌ی پێشوتری راده‌ماڵێت و هیچ پیكهێنه‌رێكی پێشووی تێدانابێت و به‌ عه‌قڵیه‌تی تازه‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌برێت و دابڕانێكی ره‌ها له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م سیفه‌ته‌كانی پێشتردا ده‌بێت و ئامانج و دروشم و بیروبۆچون و فه‌لسه‌فه‌ و سه‌ركرده‌ و توخمی نوێ له‌خۆ ده‌گرێت، كه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی بابه‌تی وخودی قۆناغه‌كه‌دا‌ بگونجێت، یان راستر بڵیین زاده‌ی سه‌رجه‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی خودی قۆناغه‌ نوێكه‌ بێت نه‌ك سیفه‌ته‌كانی قۆناغ و شۆرشی كۆنی به‌میراتی بۆ مابێته‌وه‌.

بۆیه‌ له‌و روانگه‌یه‌وه‌ ده‌تولنین بڵێین پاش هه‌ره‌سی شۆرشی ئه‌یلول، شۆرشێكی نوێ به‌ واتای كرۆكی وشه‌كه‌ نه‌هاتۆته‌ ئاراوه‌، به‌ڵكو ئه‌وكه‌سانه‌ی پێشتر له‌ ململانێدا بوون له‌ مه‌ودایه‌كی كورتدا زاڵبون به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ چه‌كداریه‌كه‌ و جموجوڵ و بزاوتێكیان هێنایه‌ ئاراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك عه‌قڵی نوێ له‌ سه‌ره‌تادا ئارادابوون یان له‌ناوبران یان شه‌هید بوون یان له‌سێداره‌دران یان ئاوێته‌ بیرو كۆن بونه‌وه‌ و به‌ناو شۆرشی نوێ بووه‌ درێژكراوه‌ی سه‌رجه‌م ململانێ و ره‌فتار و ئه‌خلاقیات و بۆچون و عه‌قڵی سه‌ركردایه‌تی شۆرشی كۆن( جه‌لالی مه‌لایی) به‌ درێژكراوه‌ی ناوی شۆرشی نوێوه‌.
بۆیه‌ ئه‌و ناكۆكی و ركابه‌ری و دژایه‌تی و ململانێیه‌ی هه‌بوو كتومت وه‌كو خۆی تا پاش راپه‌رینی ئازاری 1991 ی كوردستان و ته‌نانه‌ت تاوه‌كو ئه‌مرۆش درێژه‌ی كێشا و هه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ هۆكاری نه‌هامه‌تی بۆبه‌ناو شۆڕشه‌كه‌ و بۆ گه‌لی كوردیش، تاوه‌كو هه‌لگیرسانی شه‌ری براكوژی نێوخۆی كوردستان وه‌كو شه‌ڕه‌كانی پێشتری شاخ له‌ نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كاندا رویدا؛ تاوه‌كو رێكه‌وتنامه‌ی واشنتۆن به‌ده‌ستی ده‌ره‌كی هاته‌ئاراوه‌ و فه‌رزكردنی ئاشتیه‌كی فشه‌ڵی روكه‌ش له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ده‌كرێت بلیین سه‌پاندنه‌كه‌ی به‌ فه‌رمانی عه‌سكه‌ری هێزی ده‌ره‌كی بووه‌.
بۆیه‌ به‌درێژایی ئه‌م ره‌وته‌ سیاسیه‌ به‌ ناوه‌رۆكه‌ باوه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ په‌نجا ساڵ درێژه‌ی كێشا، به‌ ره‌فتار و سیاسه‌ت كردن و مامه‌ڵه‌ و جموجوڵی عه‌سكری و به‌ركه‌وتن، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی تر فێری هه‌مان عه‌قڵیه‌ت و بیركردنه‌وه‌ و سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ بوون كه‌ زاده‌ی ئه‌و ناكۆكی و دوبه‌ره‌كی و ركابه‌ریه‌ كۆنانه‌ بوون. به‌ڵی سه‌ركردایه‌تی كۆن هه‌مان عه‌قڵیه‌تی خۆی به‌ شێوه‌یه‌كی كرده‌یی ئه‌گه‌ر به‌ مه‌به‌ستیش نه‌بوبێت به‌خشی به‌وانه‌ی له‌ته‌مه‌ن له‌ خۆیان منداڵتر بوون، به‌ڵام له‌ سه‌رده‌می خۆیاندا نه‌ژیان و كتومت گه‌رێندرانه‌وه‌ بۆ زه‌مانی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی كه‌ ئه‌و وه‌زعه‌یان دروست كردبوو، نه‌ك‌ ئه‌مان وه‌كو بیركردنه‌وه‌ و بۆچون و تێگه‌یشتنی خۆیان و به‌ بارودۆخی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیان و عه‌قڵیه‌تی نوێ و جیاواز له‌وان ره‌فتار و سیاسه‌ت بكه‌ن و شۆرش به‌ڕێوه‌به‌رن.
هه‌ر ئه‌مه‌ش به‌ هه‌مان جه‌وهه‌ر و شێواز و روخسارو پێكهاته‌یه‌وه‌ و وه‌كو خۆی گواسترایه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌ی پاش راپه‌ڕین و ئه‌وانه‌ی وه‌ك حزب یان بنه‌ماڵه‌ یان بازنه‌یه‌كی ته‌سك له‌ نێو حزبه‌كان سیاسه‌تیان ده‌كرد، بۆیه‌ رایه‌كی یه‌كگرتوو و بۆچونیێكی هه‌مه‌گیری هاوبه‌ش و عه‌قڵیه‌تی رابه‌رایه‌تی كردنی حزبی مۆدیرن و ده‌وڵه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی باڵا له‌به‌رچاو نه‌گیرا و؛ له‌ نێو سه‌ركردایه‌تی نوێ نه‌هاته‌ ئاراوه‌، وه‌زعه‌ نوێكه‌ش كه‌وته‌ ده‌ست هه‌زار و یه‌ك به‌ناو سه‌ركرده‌ی به‌روكه‌ش تازه‌ و به‌ ناوه‌خن كۆنه‌وه‌.

له‌مه‌شدا و له‌ دوای ڕاپه‌رین زۆر رووداوی دلته‌زێن روویاندا، هه‌ر له‌شه‌ڕی نێوخۆوه‌ بگره‌ تاوه‌كو خیانه‌تی 31 ئاب و هێنانی تانك و سوپای به‌عس بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر هۆكار و پاڵنه‌ره‌كان هه‌رچیه‌ك بووبن.ده‌كرێت ئه‌وه‌ی پێشتر باسمان كرد هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م نه‌هامه‌تیانه‌ بووبن له‌ نێوشیاندا روودانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر .
به‌و شێوه‌یه‌ وه‌زعی كوردستان له‌ژێر ره‌حمه‌تی ئه‌م دوو زلهێزه‌دا ده‌یناڵاند و فه‌راهه‌مبونی هه‌لی چاوه‌روانكراوی چه‌ندین ساڵه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ ستراتیجیه‌كه‌ی خۆی تا راده‌یه‌ك زۆر له‌ ده‌ستی ئه‌م میله‌ته‌دا نه‌مایه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر به‌وردی ته‌ماشای ئاماده‌باشی و زه‌مینه‌خۆشكردنی دروست و ئه‌و فاكته‌رانه‌ی بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت بكه‌‌یت و له‌ سه‌رخان و ژێرخانی ئابووری كوردستان وردبیته‌وه‌ و حاڵی ئه‌م حكومه‌ته‌ بزانیت كه‌ توانای پێدانی تاكه‌ مه‌عاشێكی موچه‌خۆرانی نه‌بێت به‌بێ به‌غدا و متمانه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵات و میله‌ت گه‌یشتبێته‌ سفر، ئه‌وه‌ت بۆ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ بڕیاری ڕیفراندۆم سه‌ركێشیه‌ك بوو، ئه‌گه‌ر ژێربه‌ژێریش بۆ هه‌ر مه‌رامێكی حزبیش بوبێت به‌ڵام له‌ خۆیدا ئامانجێكی پیرۆزه‌ و پێویستی به‌ قوربانیدانه‌ و ده‌بێت به‌ حاڵ و ماڵ له‌ خزمه‌تی رێگه‌ی ئه‌و ئامانجه‌ له‌ مێژینه‌ گه‌وره‌ ستراتیجیه‌دا هه‌مووشتێك پێشكه‌ش بكه‌یت.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی راستی بێت، له‌ و كاته‌دا زۆر شت روویدا كه‌ له‌ رای گشتی و چاودیڕانیش به‌ هه‌ر مه‌به‌ستێك بوبێت ده‌شاردرایه‌وه‌ و ده‌رنه‌خرا، یه‌كێك له‌وانه‌ش تا ئمڕۆ راستیه‌كی نازانرێت كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی چۆن بووه‌ و كێ نوسیویه‌تی و كێ به‌رپرسیارێتی هه‌ڵگرتووه‌ نامه‌كه‌ی تیله‌رسۆن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاته‌ی ئه‌مریكا بوو كه‌ دوایی دزه‌ی پێكرا و خرایه‌روو و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بینرا، ئه‌وه‌ی تێیدا هاتووه‌، هه‌رچه‌ند جێگه‌ی دڵخۆشی زۆر نیه‌ به‌ڵام به‌ به‌راورد به‌و هه‌موو ناره‌زایه‌تیه‌ حیهانی و ناوچه‌ییه‌ی له‌مه‌ڕ ریفراندۆم هاته‌ئاراوه‌، ده‌كرا له‌به‌رچاو بگیرێت و پابه‌ندبونی كاتی پێوه‌ی له‌ لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كورده‌وه‌ هه‌نگاوێكی زۆر سه‌ركه‌وتوانه‌ بوایه‌.

ئه‌وه‌ی كرا ریفراندۆم به‌رێوه‌چوو، ئه‌وه‌ی روونیشه‌ له‌ مه‌ودایه‌كی دووردا سودی تایبه‌تی خۆی ده‌بێت، له‌ پیاده‌كردنی پرۆسه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتو بوو، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زیانی كاتیانه‌ی قۆناغه‌كه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م رووه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخ بوو سه‌رنه‌كه‌وتنی ریفراندۆم نه‌بوو به‌ڵكو فراوانبون و توندبونی ناكۆكی و كێبڕكیی نێوخۆیی گه‌وره‌ دروست بوو كه‌ یه‌كێتی و یه‌كبون و یه‌كگرتوویی كوردی خسته‌ په‌راوێزه‌وه‌، ململانێی حزبی كه‌سی بووه‌ كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ و له‌نگه‌ری به‌ست له‌به‌رده‌م گه‌یشتن به‌ ئامانجێكی پیرۆز و سترایتجی وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی كوردستان( ئه‌گه‌ر مه‌زه‌نده‌ ئه‌وه‌ش بكرێت كه‌ مه‌به‌سته‌كه‌ شتێكی بچوكتریش بوبێت له‌ئامانجی ئه‌و پرۆسه‌یه‌) بۆیه‌ گه‌وره‌ترین زیان ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ سوپای عیراق نیوه‌ی خاكی كوردستانی داگیركرد به‌ڵكو ناته‌بایی و نایه‌كگرتوویی و كێبڕكێی نێوخۆیی به‌زیان بۆ پرسه‌كه‌مان كه‌وته‌وه‌ و تاهه‌تایه‌ ته‌نانه‌ت له‌ نێو نه‌وه‌كانی داهاتوشدا درێژه‌ ده‌كێشێت و هه‌ر ئه‌و ناكۆكیانه‌ زیانه‌كه‌ی فراوانتر كرده‌وه‌.

به‌ڵێ كه‌س نه‌بوو به‌ راسته‌وخۆ دژی ریفراندۆم بێت جگه‌ له‌ كۆمه‌لێك خه‌ڵكی نه‌شاز و كورتبین و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ند و دارده‌ستی ئه‌م و ئه‌و ( هه‌رچه‌ند كاره‌كه‌یان به‌ سۆز و عاتیفه‌ له‌قه‌ڵه‌مدا)، ئه‌وه‌بوو رووداوی 16ی ئۆكتۆبه‌ری هێنایه‌ ئاراوه‌، كه‌ هۆكاره‌كی به‌شدلربوانی كورد له‌م روورداوه‌ نه‌ك ناره‌زایه‌تی بوبێت له‌مه‌ر ڕیفراندۆم به‌ڵكو كاردانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی كورتبینی كاڵفام له‌مه‌ڕ كێبركێ و بیروبۆچی به‌ میراتی ماوی مێژوویی میراتگرانه‌ی نه‌وه‌كانی نێوان هه‌ردوو حزب یه‌كێتی و پارتی بوو و هیچیتر. به‌ڵكو ئه‌گه‌ر وردتری بڵێین، 31ی ئابێكی تر بوو له‌لایه‌ن لایه‌نی زه‌ره‌رمه‌ندی 31 ی ئاب پێشتره‌وه‌، به‌ڵام به‌ زه‌ره‌ر و زیانێكی گه‌وره‌تره‌وه‌ و وه‌ڵامی حزبیانه‌ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ بوو له‌سه‌ر حسابی ئامانج و خۆفیداكاری و خوێنی شه‌هیدانی گه‌لی كوردستان به‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌ و لایه‌ن و چین و توێژه‌كانه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌ وردی و زانستایانه‌ شیكاریی پرۆسه‌ی ریفراندۆم و لێكه‌وته‌كانی و به‌ تایبه‌تی رووداوی 16ی ئۆكتۆبه‌ر بكه‌ین، ده‌بێت تێڕامان و توێژینه‌وه‌ له‌و رووداوه‌ و مێژووی رووداوه‌كانی رێره‌وی ده‌یان ساڵه‌ی پێش ئه‌وه‌ له‌به‌رچاوبگرین كه‌ چه‌ند زیانی به‌ میله‌ت و ئامانج و دوارۆژه‌كه‌ی گه‌یاندوه‌ و به‌ وردی ناوه‌خنی رووداوه‌كان بخوێنینه‌وه‌ نه‌ك به‌ روكه‌شی و بارودۆخی قۆناغ و كاته‌كه‌ی به‌ته‌نها له‌به‌رچاو بگرین. ئه‌مه‌ش توێژینه‌وه‌یه‌كی دوورودرێژی ده‌وێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر پێیانه‌ش بێت ده‌كرێت ئاماژه‌ به‌ فاكته‌ر و پاڵنه‌ر و به‌رژه‌وه‌ندی كاره‌كته‌ره‌كانی بكه‌ین كه‌ بووه‌ هۆكاری كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌ی 31ی ئاب و به‌ڵكو زۆر زیاتریش كه‌ قه‌ت له‌بیر ناچیته‌وه‌ و دووباره‌ كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی له‌ جه‌سته‌ی گه‌لی كوردی دروست كرد. ده‌كرێت ئه‌وه‌ش له‌م چه‌ند خاڵه‌ چڕیان بكه‌ینه‌وه‌:
!- پابه‌ندبونی كاره‌كته‌ره‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ فه‌رمانه‌كانی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر له‌ ده‌رئه‌نجامی دابه‌شكردنی رۆڵه‌كانی هه‌ردوو زلهێز و دابه‌شبونیان به‌سه‌ر توركیا و ئێراندا، ئه‌میش له‌ پیناو تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌یه‌كتر.
2- قه‌تیسبونی گیانی رق وكینه‌ له‌ دڵ ده‌روونی هه‌ردولا و له‌به‌رچاو نه‌گرتنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكانی كوردستان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك و كورتبینی و كاڵفامی زۆرێك له‌ كاره‌كته‌ره‌ سه‌ركیه‌كانی رووداوه‌كه‌.
3- نه‌بونی سه‌كردایه‌تیه‌كی بیرقووڵی خاوه‌ن ستراتیجی و سه‌نگ و قورسایی و خوێنه‌ری قۆناغه‌كه‌ و پێشهاته‌كانی پاش ریفراندۆم به‌ روونی و نه‌بونی پێشبینیكه‌ری ئاینده‌ .
4 – جگه‌ له‌ ململانێ حزبیه‌كان، بوونی كێشه‌ و گیروگرفته‌ نێوخۆییه‌كانی نێو حزبه‌كان كه‌ بأڵ بالێن و جه‌مسه‌ره‌كان له‌ ركابه‌ری و كێبڕكێدا، ئه‌م رووداوه‌یان به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان كرده‌ ئامرازێك بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ره‌سیدی خۆیان له‌به‌رامبه‌ر ركابه‌ره‌ نێوخۆییه‌كانیان.
5- هه‌وڵی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ تۆماركردنی مه‌جد و رۆژێكی مێژوویی بۆ خۆی وحزبه‌كه‌ی بێ ئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌كه‌ی بخوێنێته‌وه‌ ((من وام دانابوو كه‌ له‌ شه‌كستهێنانی پرۆسه‌كه‌، سه‌رۆكی هه‌رێم به‌خۆی وازبهێنێت و بڵێت ئه‌ركێكی مێژوییم له‌سه‌ر شان بوو و سه‌ركه‌وتو نه‌بووم له‌م قۆناغه‌ و هیوادرام نه‌وه‌ی نوێ و خه‌لكی ته‌نانه‌ت به‌ده‌ر له‌ حزبه‌كه‌ی خۆیشی بێت ئه‌و ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كیانه‌ له‌ ئاینده‌دا بگرێته‌ ئه‌ستۆ و ته‌نانه‌ت حزبه‌كه‌شی بۆ نه‌وه‌ی نوێ نێوخۆیی به‌حێبهێڵیت، به‌مه‌ش راستگۆیی و پێگه‌یه‌كی مێژوویی بۆ خۆی تۆمار ده‌كرد و به‌ خۆی ده‌بووه‌ مه‌رجه‌ع ئه‌گه‌ر له‌ ماڵیشه‌وه‌ دانایشتیا( داخه‌كه‌م په‌ندی له‌ هه‌ڵوێستی جه‌مال عه‌بدولناسر وه‌رنه‌گرت له‌ شكستی شه‌ڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا و كه‌ بڕیاری وازهێنانی له‌ سه‌رۆك كۆماری دا جه‌ماوه‌ر رژانه‌ سه‌رجاده‌ و به‌زۆر بواریان نه‌دا وازبێنێت)…)).
6- بێسه‌روبه‌ری له‌ رێكخستنی سیاسی پرۆسه‌كه‌ نه‌ك به‌رێوه‌چونی كاری هونه‌ری خودی پرۆسه‌كه‌، بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بكرێته‌ خاوه‌نی وانیشان ده‌درا كه‌ كه‌سێك و حزبێك ده‌یكات و ئه‌مه‌ش پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رپرسیارێتی هه‌ڵده‌گرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و و سه‌رۆكه‌كه‌ی بوو كه‌ ویستی ئه‌م مێژووه‌ بۆ خۆی و حزبه‌كه‌ی تۆمار بكات نه‌ك ئامانجێكی هه‌موو كورد بێت و خه‌ڵك خاوه‌نی بێت و دوور بێت له‌ ئماناجی كه‌سی و پاتڵنه‌ری نه‌رجسیه‌ت، هه‌ر خه‌ڵكه‌ كه‌ قوربانی بۆ داوه‌ و هه‌ر به‌خۆی مێژوو بۆ خۆی دروست ده‌كات، به‌ چاكی و خراپیه‌وه‌، بۆیه‌ شكستهێنانی كورتمه‌ودای ئه‌م پرۆسه‌یه‌ هه‌ر ده‌بێت پارتی به‌رپرسیاریه‌ته‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و باجی بدات، به‌ڵام روودانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی هه‌مو كه‌س لایه‌نه‌ به‌شجاربووه‌كان.
7- كورتكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئاوها بۆ فیستفاڵی حزبیانه‌ و خه‌ڵك كۆكردنه‌وه‌ به‌دوور له‌ راسپاردنی خه‌ڵكی پسپۆر و چاودێر و شیكه‌ره‌وان بۆ كۆبونه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ و رێگه‌ دۆزینه‌وه‌ یان رینمایی و دیاری كردن راسپارده‌.
8- نه‌خوێندنه‌وه‌ی وه‌زعی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و رۆڵی وڵاتانی دراوسێ و جیهان له‌ مه‌ڕ ئه‌و ناوچانه‌ و هه‌ستیاریی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌وێدا (له‌وانه‌یه‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆم له‌وناوچه‌یه‌ دوابخرایه‌ پێشهاتی تر و ده‌رئه‌نجامی جیاوازمان بینیبایه‌).
9- له‌به‌رچاو نه‌گرتنی كۆمپانیا جیهانیه‌كان و رۆڵ و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر پرسی سیاسه‌تی جیهان و كارنه‌كردن له‌ زامنكردنی هه‌ڵوێستی ئه‌وان ( برتیش پترۆلیۆم) مان بینی له‌دوای 16 ئۆكتبه‌ر چۆن گوژمی كاركردنی سه‌ره‌كیان خسته‌ كه‌ركوك و تا ئێستاش گومان له‌ ره‌فتاره‌كانی ده‌كرێت و به‌ڵكو تا ئێستاش به‌ریتانیا و ئه‌م كۆمپانیایه‌ پترۆڵی كه‌ركوك و خانه‌قین و ناوچه‌كانی تر به‌ مافی خۆی ده‌زانێت.
10 – پێكنه‌هێنانی لیژنه‌ و وه‌فدی بێلایه‌ن و ئه‌كادیمی بۆ سه‌ردانی وڵاتان و زانینی هه‌ڵوێستی راسته‌قینه‌یان، ئه‌وه‌ی هه‌بوو له‌ ژێر ده‌ستی تاكه‌ حزبێك و تاكه‌ كه‌سێكه‌وه‌ مایه‌وه‌ و هیچ زانیاریه‌كیش له‌و باره‌وه‌ به‌ وردی بڵاونه‌كرایه‌وه‌ و ده‌رئه‌نجامه‌كان خرایه‌ ده‌ست قه‌ده‌ر و شه‌فافیه‌ت بونی نه‌بوو.
بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین؛ روودانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵه‌كانی چۆنێتی پراكتیزه‌كردنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم به‌و ناكۆكیانه‌وه‌ له‌ نێوخۆیی كوردستان بوو زیاتر له‌وه‌ی لێكه‌وته‌كانی ره‌فتار و هه‌ڵوێستی به‌غدا و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و جیهان بێت.
لێره‌شدا ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ ئه‌گه‌ر ریفراندۆم زۆرێك لێكه‌وته‌ی زیانبه‌خشی گشتی و كورتمه‌ودای لێكه‌وته‌وه‌ به‌ڵام به‌شداری ئه‌و حه‌شاماته‌ خه‌ڵك و رێژه‌ی زۆرینه‌ی ره‌های به‌ڵێیه‌ی هێنایه‌ ئاراوه‌، خۆی له‌ خۆیدا پرۆسه‌یه‌كه‌ تاماوه‌ به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌ و له‌ بارودۆخ و زه‌مینه‌ی بابه‌تی و خودیدا ده‌توانرێت قازانجی یه‌كجار گه‌وره‌ی ێببینرێت و بۆ كاروباری سیاسی و ته‌كتیكی رۆژانه‌ش تا گه‌یشتن به‌ ستراتیجی گه‌وره‌ به‌كاربێت و كارتێكی یه‌كجار گرنگه‌ به‌ده‌ست سیاسه‌تمه‌داری عاقڵه‌وه‌.
له‌ كۆتاییداه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ بخه‌ینه‌ به‌رچاوی خه‌ڵك كه‌ ئاكامی ئه‌م رووداوه‌ و زه‌ره‌ر و زیانه‌كانی بۆ پرسه‌كه‌ و لێكه‌وته‌ دوورمه‌وداكانی چۆن ده‌بێت. به‌ڵێ 16ی ئۆكتۆبه‌ر و داگیركردنی ناوچه‌دابڕواه‌كان به‌ كشتی و زاڵبونی بێهوده‌یی به‌سه‌ر بیر و هۆشی خه‌ڵك و بێمتمانه‌یی به‌ شۆرش و ده‌سه‌لات وپرسه‌كه‌ به‌ گشتی نه‌رێنیترین ده‌ركه‌وته‌ی چۆڕاوی زوخاوی ئه‌م رووداوه‌ بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر كاریگه‌ری هه‌بوو ناكۆكیه‌كان زۆرتر و سه‌ختر و فراوانتر بوون، نه‌ك رووداوێكی نه‌ته‌وه‌یی وه‌كو رێفراندۆم یه‌كێتی و یه‌كبون و ته‌بایی و تۆكمه‌یی له‌ نێوان ریزه‌كانی خه‌ڵك به‌هێزتر و مكۆمتر بكات وه‌كو له‌ سه‌رجه‌م پرۆسه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی گشتگیری چاره‌نوسساز چاوه‌روان ده‌كرێت.
ئه‌وه‌ی زیاتر جێگه‌ی داخ بوو كه‌س به‌رپرسیارێتی شكستهێنانی پرۆسه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌گرت و خرایه‌ سه‌ر شانی هه‌مووان و دووڕویی و نكوڵی كردن جێگه‌ی به‌ڵێن وپه‌یمانه‌كانی پێش ریفراندۆمی گرته‌وه‌. له‌ ده‌رئه‌نجامی 16ی ئۆكتۆبه‌ریش خه‌لك سه‌رجه‌م كرده‌وه‌ نابه‌جێكانی رێره‌وی شۆرشه‌كان و هه‌ڵه‌ی سه‌ركردایه‌تی و ناپاكیه‌كانی كه‌وته‌وه‌ یاد و ئه‌زمونی حوكمڕانیش چه‌ندین هه‌نگاو پاشه‌كشه‌ی كرد و قورسایی هه‌مه‌چه‌شنی بواری ئابوری و سیاسی كه‌وته‌ سه‌ر شانی سه‌رجه‌م چین وتوێژه‌كانی گه‌لی كوردسنان و چاكسازی راسته‌قینه‌ و هه‌نگاوه‌ ئه‌رێنیه‌ چاوه‌روانكرواه‌كان ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر پشتی كیسه‌ڵیشدا نه‌رۆیشتن. بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین ئه‌گه‌ر له‌ نسكۆی شۆرشی ئه‌یلول و ئاشبه‌تاڵ بێئومێدی باڵی به‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی و شكستی سه‌ركردایه‌تی بووبێت نه‌ك خه‌ڵك به‌گشتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی به‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی بوو نه‌ك نێوخۆیی، به‌ڵام 16ی ئۆكتۆبه‌ر و ده‌رئه‌نجامه‌كانی به‌ گه‌وره‌ترین هۆكاری بێ ئو‌مێدی داده‌نرێت له‌ نێو دڵ و ده‌روونی خه‌ڵكی كوردستان به‌ گشتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هۆكاری شكسته‌كه‌ زیاتر نێوخۆیی بوو نه‌ك ته‌نها ده‌ره‌كی بێت. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر راست بڵێن شكست به‌ یه‌كگرتوویی ئه‌زمونه‌ به‌ڵام ته‌نانه‌ت سه‌ركه‌وتن به‌ په‌رشوبڵاوی و ناكۆكی بێته‌ئاراوه‌ له‌ جه‌وهه‌ردا شكسته‌.




لە گەمەی دامە وە، بەرەو تەختەی شەترەنجی سیاسی! … برایم فەڕشی

سەرباز و ئەسپ و فیل و وەزیر و قەڵا، هەر کام بە فۆڕم و جولەی خۆیانەوە لە سەر تەختەی شەترەنج لە پێناو سەرکەوتن و پاراستنی کیان, بە پێی ستراتێژی و تاکتیک بەکاردەهێندرێن.
بە پێچەوانەی شەترەنج، لە گەمەی دامە، سیستەمی گرێدان و هاوکاریی مۆرەی جیاواز بۆ یەک مەبەست، واتە پاراستنی کیان(پاشا) و سەرکەوتن لە گۆڕێدا نییە. ئەرک و شێوەی جولە و ڕواڵەتی مۆرەکان وەک یەکن، مۆرەکان هیچ ڕواڵەتکێان نییە و دەتوانن هەر شتێک بن، هەروەک چۆن مەیدانی گەمە، دەتوانێ هەر شوێنێک بێ.
ئامانج لە کێبەرکێی نێوان مۆرە یان خاوەن مۆرە، بوون بە ئاغایە. بە پێچەوانەی شەترەنج، هەر مۆرەیەکی دامە بۆی هەیە ببێ بە ئاغا، ئاغاکان شەڕی یەکتر دەکەن بۆ سەرکەوتن بە سەر یەکتردا. کاتێک لایەنێک تەنیا یەک مۆرەی لە مەیداندا مایەوە، دەبێتە داشە هارە، واتە سەرجەم یاسا ژێر پێ دەخرێ و داشەهارە دەتوانێ قەلەمباز بدا و دەوری ئاغا بگێڕێ. کە هیچ لا سەرنەکەوتن و یەک مۆرەیان لە مەیداندا مایەوە، مەیدان بۆ تەڕاتێن بە شوێن یەکتردا دەکرێتەوە، بە بێ ئەوەی گەمە سەرئەنجامی هەبێ.
لە گەمەی دامە، کیان و پاراستن و ئەرکی گشتی بوونیان نییە، ئەوەی هەیە، کێبەرکێی نێوان مۆرە و لایەنەکانە بۆ بوون بە ئاغا و سەرکەوتن بە سەر ئەویتردا!
خەڵکی بێ کیان لە ناو شەترەنجی سیاسی جیهان دەوریان نییە، گەر هێندرانە ناو گەمە، ئەرکی پاراستنی کیانی ئەم و ئەوەیان پێدەسپێردرێ!
بە “بیر و ئامانج و تێگەیشتن و مێتۆدی دامە” لە سەر تەختەی شەترەنجی سیاسی، گەمە ناکرێ.

برایم فەڕشی

  • دامە گەمەیەکی کۆنی کوردییە.



ناپاکییەکانی ئەمریکا دەرهەق بە گەلی کوردمان … رەزا شـوان

بە لای خوێنەران و رۆشنبیران و نووسەران و هەمـوو تاکـێکی کـوردوە، ناپاکیکردنی ئەمریکا و رووسـیا، لە گەلی کوردمـان لە رۆژئـاوای کوردسـتان و لە بەشەکـانی تری کوردستاندا، ناپـاکی و کـارەسات و بەسەرهـاتێکی نامۆ و کوتوپڕ نییە، ئـەوەی کەمێک ئاگاداری لە سیاسەت و لە هەڵویست و لە رەوشت و لە پیلانە نەگریس و گڵاوەکانی ئەم دوو دەوڵەتە زلهێزە، ئەمریکا و روسیا و چەند وڵاتێکی زلهـێزی تر ببێت، ئەو راستییە تاڵە و ئەو ستەم و تـاوان و ناهەقییە گەورەانە دەزانێت، کە دەرهـەق بە گـەلی کوردمان کردوویانە و دیکەن، لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. مافەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و مافی سەربەخۆیی گەلان تەنها درۆ و دروشمن.. ئەوان بازگـانی و ئالـوێـل بە خوێـنی سڤیلی کوردەوە دەکەن.
بە هـەزاران کورد بە نـاڕەوا شەهـید بکرێن، بە سەدان گونـد و شارەکـانی کوردستان بسووتێـنرێن و کاولبکرێن.. بـە هـەزاران کـورد لـە مـاڵی خۆیـان دەربەدەر و سەرگەران و ئـاوارە بکـرێن.. ئەوان باکیان پێ نییە و ویـژدانی مـردوویـان نابـزوێـت.. ئەمـانە لەگـەڵ گـورگـدا گـۆشت دەخـۆن و لەگـەڵ مەڕیـشدا شـین دەکـەن.. دابەشکـردن و داگـیرکـردنی کوردستان و هـەر هەمـوو ئەو نەهـامەتـییانەی کـە بەسەر کورددا هـاتوون، پیلان و دەستی گـڵاوی ئەم دەوڵـەتە زلهـێزەیان لە پشتەوەیە.
کۆماری کوردستان لە مەهـاباد کە لە ساڵی (١٩٤٦) دا دامەزرا، پشتیان بەوە قایم بوو کە رووسیا، بە ناوە میللەلیخواز و ئاشتیخوازە، لە پشتیانە و پشـتیان بەرنـادات، بـەڵام رووسیا بەەرانبەر بە وەرگـرتنی نـەوت و گـازی ئـێران، بە پیلانێکی هـاوبـەش لەگەڵ ئەمریکـادا، رووسیا سوپـاکەی لە رۆژهـەڵاتی کوردستان و لە ئازەربیجـان کێشایەوە و لە و گـڵۆپی سەوزی بۆ ئـێرانی داگـیرکەری رۆژهـەڵاتی کوردسـتان هـەڵکـردن، کە بە سوپایەکی زەبەلاحەوە پەلاماری کۆماری کوردستانی دا. بەم پیلانە سێ قۆڵییە کۆماری کوردستانیان جـوانەمەرگ کرد.. کورد هەرگـیز ئەم نامەردییەی رووسیا لەیاد ناکـات.

شۆڕشی ئەیلـوولی ساڵی (١٩٦١) لە باشووری کوردسـتان، کە ئەمریکـا ئـەو بەڵـێنەی بە کورد دابـوو، کە پشتگـیریمان دەکەن، لە هـێنانەدی مافـە رەواکـانمان، سەرکردەکانی کوردیش هێندە خۆشبڕوابـوون و لە سـیاسەت و لە گەمەی سیاسی نێودەوڵـەتی نابەڵـەد بوون، یەکسەر بڕوایان بە درۆکانی ئامانج شاراوەی ئەمریکا کرد و خـۆیان و شۆڕشی ئەیلـوولیان خسـتە باوەشی ئیـرانی داگیرکەری رۆژهـەڵاتی کوردسـتانەوە.. رووسیاش بەرژەوەندی ئابووری و فرۆشتنی چەکی بە عێراق، بە لاوە گرنگتر بوو لە چارەنووسی کورد، بە بەرچاوییەوە فـرۆکە سیخۆ و مێکەکانی بە شەستیر و ناپاڵ کوردیان دەکوشت و کوردستانیان وێران دەکرد، کەچی چەکی زیاتری بە عێراق دەفـرۆشت بو رەشەکوژی و لەناوبردنی کورد و شۆڕشەکەی.

ئەمریکا نەخشەکێشی رێکەوتنی شومی جەزائیرە کە لە ساڵی (١٩٧٥) لە نێوان ئێران و عێراق واژۆکرا بۆ کۆتاییهێنان بەو شۆڕشە گەورەیە، ئەنـدازیاری ئەم رێکـەوتنەش (هێنری کیسینجەر) وەزیری دەرەوەی ئەوسای ئەمریکا بوو، کە رۆڵی سەرەکی هەبوو لە توانـەوەی شـۆڕشی ئەیلوولـدا. کیسنجەر لە بیـرەوەرییەکـانیدا نووسـیوێتی: ” ئـێمە زۆر بێڕەوشتیمان بەرانبەر بە کورد کرد.. نە ئەوەبوو پشتیان بگرین و ببن بە شت.. نە لێشیان گەڕاین کە خۆیـان ببن بە شـت” بەڵی گەورەتـرین بێڕەوشتیـتان دەرەق بە گەلی کوردمان کرد. لە ئەمڕۆشدا ئێوەی ئەمریکا کە بە درۆ دروشمی ئازادی و دیموکـراتیتان بەرزکـردۆتـەوە، هەمان سیناریـۆ و ناپـاکی ساڵی (١٩٧٥)ی جەزائیـرتان لە رۆژئـاوای کوردستان دووبارە کـردەوە و بێڕەوشتیـیەکی گەورەتـرتان دەرەهەق بە گەلی کوردمان کـرد.. بە هەڵەشدا ناچـم گـەر بڵـێم لە فەرهـەنـگی ئێـوەدا رەوشـت هـەر بـوونی نییە و بەرژەوەندییەکانتان لە سەرەوەی رەوشـت و مرۆڤـایەتییەوەیە.

لە راپەڕینەکەی کوردستان لە ساڵی (١٩٩١) لە باشووری کوردستان دا، پێشمەرگە و گەلی راپەڕیومـان بە تەواوی باشووری کوردستانیان لە سەدامی دڕندە رزگارکـرد، بە شاری کەرکووکی کوردستانیشەوە.. کەچی ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ سەدام هەڵکرد و رێی پێدا، کە سوپای دڕندەی عێراق بە تانک و تۆپ و فـرۆکە، پەلاماری کوردسـتان و خوارووی عێراق بدات.. بە بەرچاوی ئەمریکاوە بە سەدان کەس کوژران و بە سەدان کەس گیران کە تا ئێستا گۆڕونن. کۆڕەوی ملێونی کوردتان بینی و ویـژدانی مردووتان
نەبزوا و سۆزتان نەجووڵا و مانەوەی دیکتاتۆرێکتان پێ باشتر بوو لە کۆمەڵکوژی و و چارەنووسی گەلی کورد.. نە ئەمریکا و نە رووسـیاش لەسەر کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالی بەدناو کە زیاتـر لە دووسەد هـەزار کورد زیندەبەچاڵ کـران، نە هاتنە جواب؟!
بەڵام کە سەدام کوێتی داگیرکرد، هاوپەیمانییەکتان لە سی دەوڵەت پێکهێنا و سەربازی ئەمریکیتان هێنا و لە کوێت شەری سوپای سەدامـتان کرد.. ئایـا لەبـەر چـاوی رەشی کوێتییەکان بوو.. یا بۆ پارە و نەوتەکەی کوێت لەسەر کوێتییەکان داکاڵان و سەربازی ئەمـریکیتان بە کوشت دا.. ئایـە سۆز و بەزەییـتان بە کوێتییەکان دەهـاتـەوە.. یان بۆ بەرژەوەنـدییەکانتان بـوو؟! بێگومان گەر کوێت پـارە و نەوتی نەبـوایە مەرحەباشتان ناکـردن.. ئەمەیە دوو روویی و دووفـاقی و هەلپەرستی ئەمریکییەکـان لە سیاسەت و لە هەڵوێستیان بەرانبەر بە گـەڵانی ژیـردەستەی نیشـتمان داگـیرکراوی وەکـو کورد.

لە پرۆسەی ئازادی عـێراقیشدا، لە (٢٠٠٣) دا، کورد هاوکاری سوپای ئەمریکا بوو، کورد بەبێ یارمەتی ئەمریکا هەموو ناوچەکانی باشووری کوردستانی رزگار کرد، بە شاری کەرکووکی کوردستانیشەوە تا دەگـاتە زنجـیرە چیاکـانی حەمـرین کە سنووری باشووری کوردستانە لەگەڵ عێراقدا.. دیسان ئەمریکا لەسەر داوای تورکیا داوای لە سەرکردەکانی کورد کـرد، کە هـێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکـووک بکـشێـننەوە. ئـەوبوو سەرکردە ترسنۆکەکانی کورد، بە زوویی هێزەکانی پێشمەرگەیان لە شاری کەرکووک کێشایەوە. ئەمەش گەورەترین هەڵە و ترسنۆکی سەرکردەکانی کورد بوو لە باشووری کوردستان دا.. گەر کەرکووکیان جێنەهـێشتایە.. ئەو کاتە سوپای عـێراق نەمابوو، گەر لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکاشدا بەشەر بهاتنایە، هەر هێندەی ئەو شەرە بـراگوژییانەی کە لە پێـناوی دەسەڵات و خۆسەپاندنـدا لەگـەڵ یەکـتریـدا کـردیان کە زیاتـر لە (٥٠٠٠) پێشـمەرگەیان بە کوشت دا، زۆر کەمتر لەم ژمـارەیە، پێشمەرگەمان لەسەر بەرنەدانی شاری کەرکـووک شەهـید دەبـوون.

هەر بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لە لایەن ئەمریکاوە، بە گەلەکۆمەیەی سێ قۆڵی عێراق و ئێران و تورکـیا، بە بەرچاوی هـێزەکانی ئەمریکا و بە دەبـابەی (هامەر)ی ئەمریکی، سوپای شیعەی عێراق و حەشـدی وەحـشی و سوپای پاسدارانی کۆماری سێدارە و میتی زۆڵی تورکیا لە رۆژی (١٦ی/ ئوکتۆبەری/٢٠١٧) دا، شاری کەرکووک و خورمـاتوو، و خانەقـینیان داگیرکرد و بە دەیان پێشمەرگە و خەڵکی سڤـیلی کوردیـان شەهـید کرد.. ماڵ و دوکان و بازاڕی کوردیان تاڵان کرد و سووتـاندیان و بە هـەزاران خـێزانی کورد لە کەرکووک و خورماتوو لە ترسا ئاوارە بوون، تا ئەمڕۆش زۆربەیان نەگەڕاونەتەوە.
حەشدی وەحشی بەکرێگیراوی تورکمانەکان، لە داگیرکردنەی کەرکووک و خورماتوودا رۆڵێکی زۆر نامەردانە و گڵاویان هەبوو بەرانبەر بە کورد، ئەوان بـوون لە خورماتوو کوردیان کوشت و تاڵانی کۆگاکانی بازاڕ و ماڵەکانی کوردیان کرد ودوایش سوتانـدیان، حەشدی وەحشی تورکمانی، سوکـایەتی و بێرێزییەکی زۆریشیان بە کورد کـرد.. کەچی کورد لە چاکە زیاتـری بۆیـان نەبـووە.
ئەمجـارەش بە پیـلانێکی پێنـج قـۆڵی، ئەمریکـا، رووسـیا، تورکیا، ئێـران، سـووریا، گەورەتـرین پیلانیان لە دژی گەلی کوردمان لە رۆژئـاوای کوردستان دا جێبەجێ کـرد.
رووسیا بوو لە ( ١٨ی/ئادار/٢٠١٨) شاری (عەفـرین)ی کوردستانی رادەستی تورکیا کرد، لە پێناوی فـرۆشتنی چەک و کـردنەوەی بـازار بـۆ کەلوپەلە پیشەسازییەکـانی لە تورکیادا. لە پێناوی رەتکـردنی بۆڕی گازی رووسیا بە تورکیادا بۆ ئەوروپـا.
ئەمجارەش بە ناپاکـیکردن لە کـورد، بە گەلـەکۆمەیی و بە پیلانێـکی هـاوبەشی نێـوان ئەمریکا و تورکیا و رووسیا و سوریا، ئێران، لە رۆژی (٩ی/ ئوکـتۆبەر/٢٠١٩) دا، رۆژئـاوای کوردستانیان رادەستی دڕندەتـرین و خوێنڕێژتـرین و رەگەزپەرسترین سوپا لە جیهاندا کرد، کە سوپای تورکیا فـاشتە، کە بە مۆدێرتـرین چەکی قورسی کوشندەوە، بێ دەسـت پاراسـتن، بە رقـێکی رەشـەوە، بەرچـاوی ئەمریکا و رووسیا و جیهانەوە، کەوتوونـەتە رەشەکـوژی و کۆمەڵکـوژی کـورد.. ئەمـەش گـەورەتریـن بێـڕەوشتی و نامەردی ئەمریکایە و شەرمەزاریشە بۆ جیهان.
ئەو داستانانەی کە شەڕڤانانی کورد لە دژی داعش تۆماریـان کرد لە جیهاندا بێـوێنەن، ئەمـریکا و هـاوپەیمانەکانی لە دژی داعـش، بە تازەتـرین فـرۆکەی جەنگی و تـانک و تۆپـەوە، لەسەر ئـەرزی راستیدا، ئەوەیـان پێنەکـرا کە شەرڤـانـانی کورد کردیـان، ئەفسانەی داعـش بە شەهـیدبوونی یانـزە هـەزار شەرڤـانی قـارەمانمان کۆتـایی هـات. لە جیاتی سوپاس و پێزانین و رێزگرتن لە بەرخودانی کورد.. بەم ناپاکی و نامەردییە ئەمریکا و رووسـیا پیـاوەتی کورد دەدەنـەوە.
دوێنێ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نیوان پۆتین و گەورە تیرۆریست ئەردۆگاندا، رووسیا داوای لە ئەردۆگان کرد کە سوپای توکیا لەگەڵ سوپای سووریادا شەرنەکات. ئەردۆگان بەڵـێنی دایی کە بەگـژی سوپـای سووریـادا ناچـێت.. لە پێـش هـێڕشکردنـەکەیدا، ئـەمە رێکەوتـن بوو لە نێوان ئەو پێنج وڵاتـەی لە سەرەوە ناومـان بـردن.. تورکـیا تەنیا بـۆ داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان و بۆ کۆمەڵکوژی کورد و بۆ دەربەدەرکردنی کورد و بۆ گـۆڕینی دیمۆگـرافیـای رۆژئـاوای کوردستان و بۆ سەرهـەڵـدانەوەی داعـش و، بۆ بردنەدەرەوەی کێشە ناوخۆییەکـانی و بە لابـردنی سەرنـج لەسەر داڕمـانی ئابـووری تورکیا و دابەزینی بەهـای لیرەی تورکی و بەرزبوونەوەی رێژەی بیکاری و هەژاری و بەرزبوونەوەی دەنگی نارازی لە سیاسەتە شکستخواردووەکانی.. بۆ پەردەپۆشکردنی دۆڕاندنی ئیستەنبوڵ و کێشەکانی نێو پارتەکەی، رۆژئـاوای کوردستانی داگیرکـرد.
شەرمەزارییە بۆ پۆتین کە داوای شەڕ راگرتن و پاراستنی منداڵ و ژنی بێتاوانی کورد ناکات، تەنها ئەو داوایـەی لە ئەردۆگان کرد، کە شەڕ لەگەڵ سوپای سووریادا نەکەن.

لە جیهاندا لە ئەرۆگان دیکتاتۆتر و لەخۆباییتر و رەگەزپەرستر و سیکۆپاتر و نامەردتر نیـیە. ئەردۆگـان سەرسەخـترین دوژمـنی کـوردە، ئـەوەی کـە ئەتـاتورکی گـۆڕبـەگـۆڕ تەواوی نەکـرد، ئەم رەەگەزپەرەسترە، دەیەوێت لەو زیاتر بە کورد بکـات.. بە خوێـنی کـورد تیینووە.. ئەردۆگان فـرمێسکی تیمساحی بۆ منـداڵانی (غـەزە) دەڕشـت.. کەچـی دەستە قێزەوەنەکانی بە خوێـنی سەدان منـداڵی بێتاوانی کورد سوورن”
(نیلسون ماندێلا) راستی وت:”گـەر دەتەوێت تورک بناسیت.. رۆژێـک ببە بە کـورد”
ئەمجارەش ئەمریکا کوردی بە گورگان خوارد دا و ئەوپەڕی بێڕەوشتی دەرهـەق بە کورد کرد. ئەمەش لەسەر ئەمریکا زۆر دەکەوێت. گوزارشتە لە شکستی سیاسەتیان. ئەم ناپاکییەی ترامپ لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان، ناوبانگی ئەمریکای زڕاند و شکۆ و پێگە و هـەژموونیشی هـێنایە خوارەوە. ئەمریکا پێشینەی خۆشی لە دەسـت دەست دا. لەمەوە دواش گەلان و وڵاتانیش متمانەیـان بە ئەمریکا و بە سیاسەتەکانی نامـێنێت. بە دووریـشی مەزانـن کە ئەمریکـا چۆکـیش بۆ ئێران دابدات.. هێندەتـر حەیـای بچـێت.
لە سایەی سەرۆکـایەتی ترامپ، سەرۆکە حولحـولیـەکەی ئەمریکـا، کە کابرایەکی هەرزەگـۆی قەولوبەولییە و فـری بەسەر سیاسەتەوە نییە و لە مێـژوو و لە جوگرافیادا زۆر کۆڵەوار و نابەڵەدە، هەرجارەی قسەیەک دەکات.. ترامپ لە هەڵبژارنی سەرۆکی ئەمریکا، بە پارە دەنگەکانی کڕی و رووسیا یارمەتی دا، ئیستاش دوور نییە کە بۆ ئەوە لەگەڵ رووسیادا لەسەر بە دەستەوەدانی رۆژئاوای کوردستان رێکەوتن، تا رووسیا یارمەتی بـدات بۆ دووبارە خۆکانـدیـدکردنەوەی بۆ پـۆستی سەروک کۆمـاری ئەمریکا. رووسیاش پێ باشترە، کە سەرۆکێکی هیچ لەبـار و کۆڵـەوارسیاسی وەک تـرامپ ببـێت بە سەرۆکێ ئەمریکا، کە بەرژەوەندییەکانی خۆی لە هەموو شتێک لا لە پێشـترە.. تەنات حیزبەکەشی (کۆمارییەکان) متمانەیان پێ نەماوە.

ترامپ لەو رۆژانەی رابردوودا، کۆمەڵێک قسەی هەلەق و بەلەق و تورەهاتی دەرهەق بە گەلی کوردمان کرد.. دەیەوێت بە هـەنـدێ قسەی پـروپوچ و بیمانە لە پێگە و رۆڵی کـورد کـەم بکـاتە، کە لە منـداڵێ سـاوا و لە شێتـیش ئـەو قســانە ناوەشێـنەوە، تـرامپ بەم قسانەی دەیەوێت ناپاکییەکەی بەرانبەر بە کورد و سیاسەتە دۆڕاوەکەی پەردەپۆش بکات. گوایە کورد لە شەڕی جیهانی یارمەتی نەداون بە تایبەتیش لەشەڕی (نۆرماندی) وتیشی کورد و تورک دوو سەد ساڵە شەڕ لەگەڵ یەکتری دەکەن.. ترامپی هیچ نـەزان، کوردێـکی بێ دەوڵـەت و بێ سـوپا و بێ چـەک، کـوردێکی سەرکـوتکـراوی کوردسـتان داگـیرکـراو، دەبێـت لە شـەڕێکی جیهـانیـدا، بە تـاپـڕ و مـاوزەڕەوە چی پێ بکـرێـت؟ سەرۆک تامپی نەزان، لە پاداشتی ئەوەدا شەڕی بۆتان بکردایە، کە ئێوە و هـاوپەیمانە زلهـێزەکـانتان، گەورەترین ناپـاکیتان لە کورد کرد و کـوردستانی نیشـتمانمانتان، بەسەر چوار وڵاتی دڕندە و رەگەزپەرسـتدا دابەش کرد..؟! سەرۆک ترامپ، راستگۆبە و پێمان بڵـێن، تا ئێـستا ئەمریکا لە خـراپە و ناپـاکی و درۆ زیـاتـر، چی پیـاوەتییەکتان بۆ ئێمەی کورد هەبـووە؟؟ ئێوە بازرگانی جەنگـن و چەکفـرۆشـن، بەرژەوەندییەکانتان لە سەروی شـەرف و مـرۆڤـایەتییەوەیـە.

سەرۆک ترامپی بێ ئاگـا لە مێـژوو و جوگـرافیا، ئەی خـۆ تورکیـای موشتەریتان، لە جەنگی جیهانی یەکەمەدا لە دژی هاوپەیمانان شەڕی کرد، کە ئێوەش دەگـرێتەوە. بۆ ئەوەندە ناڕاستگۆ و دووروو و دووفـاقـیت، ئەی بۆ بە تورکیا ناڵـێی نەک یارمەتیتان نەدایـن، بەڵکو لە دژمـان شەڕتان کـرد.. سەرۆک ترامپ، بە گویرەی قسە بێ مانا و پووچەکانت بێت، نابوایە ئەمریکا مەرحەبـای ئەلمانیاشی بکـردایە و لە پەیمانی ناتـۆ لەگەڵتانـدا نەبـوایـە.
راستە ئێمە دوو سەد ساڵە لەگەڵ تورکـدا شەڕەکەین، بەڵام هەر ئێوەش ئەم شەڕەتان بۆ ناینەوە. هەرگـیز ئێمەی کورد حەزمان لە شەڕ نەبـووە و نییە و هەردەم ئاشتیخواز بووینە، ئێستاش سەد ساڵی گفـتوگۆ و رێکەوتنمان لە رۆژێـکی شەڕ پێ باشـترە.. دژی هیچ گەلێکیش نەبووینە و نین، پەلاماری هیچ گەلێکیشمان نەداوە کە بستێک لە خاکیان داگیربکەین. ئێمە کوردستانی نیشتمانمانیان بە بڕیار و رێکەوتنی ئێوە، لە لایەن تورکیا و ئێران و عێراق و سووریاوە داگیرکراوە، ناچارین کە بەرگـری لە مانـەوەی خۆمـان و لە کوردستانی پیرۆزمان بکـەین.. ئێمە تیرۆریست نین، ئێمە شۆڕشگـێڕین و لە پێناوی ئازادی و رزگاری و ئاشتی و پێکەوە ژیاندا خەبات دەکەین.. تورکیا تیـرۆریستە.. ئێـوە باش ئەم راستییە دەزانـن، بەڵام بەرژەوەندییەکـانتان کوێـر و کەڕ و لاڵی کـردوودوون، راستییەکانتان هەڵگـێراونـەتەوە.. بە رەش دەلـێن سپییە و بە سپیش دەڵـێن رەشـە! پشتی تورکیا تیرۆریست دەگرن و بە شۆڕشگێڕانی کوردیش دەڵێن تیرۆریست. ئەمەیە دووفـاقـیتان.. بە هەلوێستە ناڕەوایەتانن زیاتـر هانی بۆ داگیرکەرانی کوردستان دەدەن، بۆ ئەنجامـدانی تاوانی زیاتر لە دژی گەلی کورد.. هەر بە چەکە کوشندە قـەدەغەکـراوە نێودەوڵەتییەکـانی ئێـوەیە، کۆمەڵکـوژی ئێمەی کـورد دەکـەن و دەیانـەوێت ناسـنامەی نەتـەوەییـمان بسـڕنـەوە.
سەرۆک ترامپ، ئەوە منداڵە کوردانەی کە تورکیای بێڕەوشت لە رۆژئـاوای کوردستان شەهیدی کردن، چی تاوانێکیان کردووە؟ تاوانیان هەر ئەوە نییە کە کوردن..؟ ئایە ئەو منـداڵانە پەکەکە و یەپەکەن؟! گەر ویژیـدانـت مـردوو نیـیە و تنـۆکی بەزەییـت هـەبێ.. سـەد تـف و نەفـرەت لە ئەردۆگـان دەکەیت.. ئینجاش لە خـۆتی دەکـەیت.. چـونکە تـۆ هۆکاری ئەم تاوانانەی کە لە کورد دەکرێن.. زۆر قسەی تر هەیە گەر بمانەوێت بیڵێین.
سەرۆک تـرامپ، وا باشترە کە بە خوت و بە قسەکاندا بچیتەوە و جـوان بیربکەیتەوە.. ئینجا شەکـر بشکـێنیت.
دەڵێیت گەورەتـرین سزام بەسەر تورکیادا سەپانـد، بڕیارەکەت مایەی پێکەنینە، چونکە کەمترین سزات بەسەر تورکیادا سەپاندووە.. بێگومانیشم، کە بڕیارەکەت تەنها قسەی رووتە و بە کرداری جێبەجێی ناکەیت. ئەم بريارەشت دوای ئەوەدێت، کە بەشێکی زۆر لە دەوڵەتـان و گەلانی جیهان لۆمە و نەفـرەتیان کردیت، لەسەر ئەو ناپـاکییەی کە لە کوردت کرد.. ئۆباڵی شەهیدبوونی بە دەیان منداڵان و ژن و شەڕڤـانانی بێتاوانی کـورد لە ئەستۆی تـۆ وپـۆتین دایـە.. ئۆبـاڵی و گونـاهی ئـاوارەبـوون و سەرگەردانی بـوونی هـەزاران خـێزانی کوردی بێدەرتـان لە ئەسـتۆی تـۆ و هـاونـاپـاکت پـۆتین دایـە.
بە داخیشەوە، تا ئەمڕۆش سەرکردەکانی کوردمان، پەند و وانەیان لە نەهامەتییەکانمان و لە هەڵەکـانی بـردوویان و لە هۆیەکـانی شکستییەکانمان وەرنەگـرتـوون، دووبـارە و دەبارەیان دەکەنەوە، تا ئەمـڕۆش دوست و دوژمنی راستـیمان نانـاسن، تـا ئەمـڕۆش لە گەمە و هـونەری سیاسەت و دیپلۆماتیـدا نابـەڵـەدن و هـەمیشە هـەڵخەڵـەتـا و دۆڕاون. تا ئەمڕۆش خۆشباوەڕن و بە بەڵـین بە درۆ شیرینەکـان و بە زەردەخـەنە و پێـکەنینی دوژمنانی گەلەکەمان بـڕوا دەکەن.. لە خوێندنەوە و بە وردی پێشبینیکردنی داهـاتوو و لە ئەگەر و گریمانەکـاندا کۆڵـەوارن.
ناڵێم هەموویان، بەڵام زۆربەی سەرکردەکانی کورد کەسی شیاونین لە شوێنی شـیاودا. هـێندەی لە هۆڵی دەسەڵات و پایـە و بەرژەوەنـدییەکـانی خۆیـانـدان دان، نیو ئەوندە بە تەنگی چارەنـووس و داهـاتووی گەلەکەمانەوە نین.. گەر وا نەبـوایە بەم دۆخ و رۆژە نەخـوزراو و ناشایستەیە نەدەگەیشتن.
راستە کە کورد بێکـەس و بێدەرەتـانە و هـاوڕێی تەنگانەی زۆر کەمە.. بەڵام گەلێکی کۆڵـنەدەر و خۆڕاگـرین و هەرگـیز ملکەچی داگیرکەرانی کوردستان نەبووینە و نابین.
گەشبینم کە نەوەی نوێمـان بە گوڕ وتینێکئ زیاترەوە درێـژە بە خەبات و و شۆڕشی رزگاریخـوازی گەلەکەمان دەدەن و بـڕوایان بەوە هـەیە، کە سەرکەوتن بۆ گەلەمـانە ومردنیـش بۆ داگـرکەرانی کوردسـتانە.. مێژووشمان چەندین زوحاک ناوی خستە چاڵ. ئەوەش دەزانین کە.. ئازدی لە لوولـەی تفـەنگـدا هەڵـدێـت.

لە ئەمڕۆدا هەموومان رۆژئاڤـایین و.. لە سەنگەرەکانی بەرگری و سەربەرزییدا، تێکڕا لەگـەڵ خـوشـک و بـرا شـەرڤــانـە دلـێر و قـارەمانەکـانماندا.. شـەڕڤـانیـن.
رەزا شـوان
نەرویـج : ١٦ی/ ئوکتۆبەر/ ٢٠١٩




هێرشی توركیا ودەست و پێوەندەکانیان … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ گه‌ل هێرشه‌ درندانه‌كه‌ی خه‌لیفه‌ی ئیسلام ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی ئیخوان ئه‌لموسلمینی تیرۆریست بۆ سه‌ر رۆژئاوا جارێكی تر دوژمنانی كوردو ئازادی و هه‌موو پێكهاته‌كانی ناو كومه‌ڵگا كه‌وتنه‌گه‌رو چه‌نه‌بازی وبوختان كردن به‌ مه‌به‌ستی شێواندن و شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كان و جوانكردنی ده‌موچاوی دێزی ئاغاكانیان.
دوژمنان زۆرن و نه‌‌ته‌وه‌كانیان جیاجیایه‌ به‌ڵام لێره‌دا باس له‌ چوار ( جۆر) یان ئه‌كه‌ین و، ئه‌م چواره بریتین له‌: جێنس ستۆلتێنبێرگی‌ نه‌رویجی ــ Jens Stoltenberg ، تارق هاشمی “”عه‌ره‌ب”” ، ئه‌رشه‌د ساڵحی “” تورك”” و عه‌ڵی قه‌ه‌داغی “”كورد””.
** سه‌رۆكی ئه‌مریكا هاری ترومان، له‌ 4 ی نیسانی ساڵی 1949 واژووی ( په‌یمانی ئه‌تله‌سی ــ ناتۆ) ی كردو، و هه‌ر له‌ دروستبوونی ئه‌و په‌یمانه‌ تا ئێستا دژی ئازادی و پێشكه‌وتنی گه‌لان بووه‌و، ئاساییه‌ له‌مرۆدا، سكره‌تێری گشتی ناتۆ ــ جێنس ستۆلتینبێرگ پشتگیری له‌ هێرشی توركان بۆ سه‌ر رۆژئاوا بكات و، هه‌ر به‌و پشتگیرییه‌ش رووی خوێ و هاوشێوه‌كانی زیاتر ره‌ش ئه‌كات و، جێی ئاماژه‌یه‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌ندامی ناتۆ دژ به‌ هێرشه‌كه‌ی توركانن.
**تارق ئه‌لهاشمی “”عه‌ره‌ب”” : كۆنه‌ به‌عسییه‌كی چه‌په‌ڵی درنده‌ترین رژێمێ شۆڤینیستی عه‌ره‌به‌ و، سه‌رۆكی قاودراوی حزبی ئیسلامی عێراقی عروبه‌یه‌ و، جێگری پێشووتری سه‌رۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ بوو، به‌ هوێ تیوه‌گلانی له‌ گه‌نده‌ڵی و دزی و كوشتن ، له‌ لایه‌ن ده‌زگاكانی دادو دادپه‌روه‌ری ناوی به‌ تاوانبار ده‌رچوو‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ دادگای نه‌كرێت هه‌ڵات بۆ كوردستان و، بووه‌ مێوانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێم و، ماوه‌یه‌ك به‌ پاره‌ی خه‌ڵكی ره‌شورووت و هه‌ژاران ژیانێكی خۆشی له‌ هه‌ولێر برده‌سه‌رو، له‌ گه‌ڵ میوانێكی تر به‌ ناوی رافع العیساوی كه ئه‌ویش‌ به‌ هوێ گه‌نده‌ڵی و دزییه‌وه‌ هه‌ڵاتبوو بۆ هه‌ولێر، كونگره‌یان به‌ست و، هێرشان كرده‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌و گه‌ڵی كوردستان ، له‌ كاتێكدا پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان هێزێكی سه‌ره‌كی‌ بوون له‌ به‌رنگار بوونه‌وه‌ی داعش و له‌ناو بردنیان و، به‌ خوێنی خۆیان كوردستانیان پاراست، به‌ڵام جێی داخه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ئه‌و جووته‌ به‌عسییه‌ هه‌ڵاتووانه‌ له‌ سه‌ته‌لایته‌كان و كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆن ، پێشمه‌رگه‌یان به‌داگیركه‌ری گونده‌ عه‌ره‌ب نشینه‌كان ناو بردو، پاشان چۆۆنه‌ توركیاو، هاشمی له‌وێ له‌ بن هه‌نگڵی ئه‌ردۆگان جێگیر بوو، ئێستا ئه‌ڵێت : هێرشی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوا ره‌وایه‌ و مرۆڤدۆستانه‌یه و‌. توركیا داگیركه‌ر نییه‌ بۆیه‌ پشتیوانی لێئه‌كه‌م.
**ئەرشەد ساڵحی “” تورك””: ئه‌م كابرایه‌ له‌ گه‌ڵ برایه‌كی به‌عسی بوون و، دژی خه‌ڵكی كركوك ره‌فتاریان ئه‌كردو، له‌ پێناوی سه‌دام حوسه‌ێن و رژێمه‌ خوێناوییه‌كه‌ی چالاك بوون و خۆیان به‌خت ئه‌كردو، له‌ هه‌مان كاتدا براكه‌ی ده‌ستی له‌ گه‌ڵ تاقمێكی سه‌رسه‌ری و به‌دره‌وشت تێكڵاو كردبوو، حزبی به‌عس پێیزانی و له‌ سێداره‌یداو، ئه‌رشه‌د مایه‌وه‌و، له‌ گه‌ڵ روخانی رژێمی به‌عس بوو به‌ سەرۆكی بەرەی توركمانی و پەرلەمانتاری عێراق و، ئه‌ویش وه‌ك دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی كوردو، هاوشێوه‌ی ئایدن مه‌عروف ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان چۆن پشتگیری توركیای كرد له‌ كاتی شه‌ری عه‌فریندا ئه‌ڵێت : ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا لە دژی رۆژئاوای كوردستان جوڵەیەكی ئەرێنییە بۆ پاراستنی یەكپارچەیی وڵاتانی ناوچەكە و، لێره‌دا حێی ئاماژه‌یه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌رشه‌دو ئایدن توركمانه‌كانی كه‌ركوك خاوه‌نی ئه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی شیوعی ناودارن وه‌ك: شه‌هیدی ئازاو چاونه‌ترس عه‌تا جه‌میل ، ئیسماعیل تاهیرو خورشید عه‌زیز.
**عه‌لی قه‌ره‌داغی “” كورد”” : ئەمینداری گشتی یەکێتیی زانایانیی موسڵمانانە و ، سەرۆکی ڕابیتەی ئیسلامییه‌ له‌ كوردستان و، ئه‌م ئیسلامه‌ وه‌ك هاوشێوه‌و هاو پێشه‌كانی شه‌وو رۆژ شیوه‌ن ئه‌كات بۆ لابردنی سه‌رۆك محه‌مه‌د مورسی میسری و مردنی و، بۆ حه‌ماس وتوندره‌وه‌كانی به‌نگلادیش وفه‌له‌ستین و رووداوه‌كه‌ی نیوزلانده‌و موسلمانانی میانمار ـ روهینگا به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی جینوسایدی كورد له‌ سه‌ر ده‌ستی ئه‌ردۆگان ناكات و، به‌ڵكو عەلی قەرەداغی وەك مەلایەكی تورك مامەڵە ئه‌كات و، پۆستەكەی هه‌رده‌م لەخزمەتی دەوڵەتی توركیادا به‌كار ئه‌هێنێت و لەئاست تاوانەكانی تری ئه‌ردۆگان و توركیای ره‌گه‌زپه‌رست كوێره‌و بێده‌نگه و، بۆ ناسینی ئه‌م مسوڵمانه‌ ” كورده‌”” ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ ئه‌خه‌مه‌روو:
له‌ به‌رامبه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیای فاشست له‌ شارو شارۆچكه‌و و گوندو دێهاتی باكووری كوردستان، به‌ به‌‌شداری ده‌یان هه‌زار سه‌رباز، جه‌نده‌رمه‌، پۆلیس و جاش و، به‌ به‌كارهێنانی هه‌موو جوره‌ چه‌كێك: قورس، تۆپ، تانگ، هه‌لیكۆپته‌رو فرۆكه‌ی جه‌نگی و، به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆژیای جه‌نگی مۆدێرن ، عه‌لی قه‌ره‌داغی چڵكاوخۆرو، گوێرایه‌ڵی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی تیرۆریست وه‌ك مه‌لایه‌كی توركی دڵره‌ش ‌ لاڵ و بێده‌نگ بوو.

عه‌لی قه‌ره‌داغی بێشه‌رمانه‌ وه‌ك توركێك له‌ گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی توركیا ئیبراهیم تاتلسیس خاوه‌ن چل ئه‌لبۆمی گۆرانی و، مێژوویه‌كی پر له‌ كه‌یف و خۆشی و سه‌فاو، ئالووده‌ی مه‌ی خواردنه‌وه‌و، دۆستی كچ و ئافره‌تانی به‌ره‌ڵاو له‌شفرۆش و، له‌ پێش هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا بانگه‌شه‌و ریكڵام بۆ ئه‌ردۆگان و ئاكپارتی ئه‌كات و، به‌وه‌ش ناوه‌ستێت و، به‌یاننامه‌ ده‌ر ئه‌كات و، به‌ناو ئاینی ئیسلامه‌وه داوا له‌ موسڵمانان ئه‌كات و، ئه‌ڵێت باشه‌ ده‌نگ به‌ هاورێم ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان بده‌ن و، خۆتان و دنیاو دینتان نزا بكه‌ن و بپارێنه‌وه‌و، له‌ پاڵ ئه‌ردۆگان و ئاكپارتی بوه‌ستن.
عه‌لی قه‌ره‌داغی له‌ روانگه‌ی كێشه‌كانی موسڵمانان هه‌ڵوێستی حكومه‌تی توركیای به‌رز نرخاندوو تی: له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی توركیا پشتگیری له‌ كێشه‌كانی موسڵمانان له‌ فه‌له‌ستین و میانمارو سۆماڵ و یه‌مه‌ن ئه‌كات، پێویسته‌ كاری باشه‌ به‌ باشه‌ وه‌ڵام بدرێته‌وه‌و، بۆیه‌ یه‌كێتییه‌كه‌مان، یه‌كێتی جیهانی زانایانی موسڵمان له‌ ریزی پێشه‌وه‌ بوون بۆ پشتگیری له‌ حكومه‌تی هه‌ڵبژێراوی توركیاو، قه‌ره‌داغی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ كێشه‌ی فه‌له‌ستین چاره‌سه‌ر بكرێت و، نابێت قه‌ت فه‌له‌ستین له‌ بیر بكه‌ین و، هه‌میشه‌ له‌ دڵماندایه‌ و، پێویسته به‌رامبه‌ری‌ دڵسۆز بین و، ئه‌وانه‌ی به‌ره‌نگاری ئه‌ردۆگان ئه‌بنه‌وه ‌لاده‌رو زاڵمن و، قه‌ره‌داغی نایشارێته‌وه‌و بێباكانه‌و به‌بێ ترس ئه‌ڵێـت: سه‌ركرده‌یه‌كی باشتر له‌ ئه‌ردۆغان له‌ ناوچه‌كه‌دا نییه..
عه‌لی قه‌ره‌داغی و ئوممه‌ی ئیسلامی و زانایانی جیهانی ئیسلامی و هه‌موو ئیخوانه‌كان كرده‌وه‌كانی قه‌ره‌داغی به‌رز ئه‌نرخێنن و ، هه‌ر وه‌ك ئه‌و بیرئه‌كه‌نه‌وه‌و، گشتیان یه‌ك مۆدێلن و، چاویان هه‌موو شتێك ئه‌بێنێت، ته‌نها كورده‌كانی باكووری كوردستان نابینێت كه‌ به‌ ئاگری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی تیرۆریست و ئاكپارتی دێزو رژێمی توركیای شۆڤه‌نیست ئه‌سووتێن و، چاوه‌كانی عه‌لی قه‌ره‌داغی له‌ ئاستی باكووری كوردستان داخراون و، ته‌نها كوێر كۆمه‌ڵكوژی كوردان له‌ جزیره‌و سڵۆبی و سورو و هه‌زاخ و نسێبین و وان و شرناخ و ئامه‌دو مێردین و جۆڵه‌مێرك و شه‌مزینان و هه‌كاری و گه‌ڤه‌رو ناوچه‌كاتی تر نابینێت.
زیاتر له‌ ساڵێكه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپای توركیا له‌ شاره‌كانی باكووری كوردستان وسه‌دان گوندو دێهات به‌رده‌وامه‌و، ئەو ئۆپەراسیۆنە سه‌ربازییه‌ش به‌ به‌شداری ده‌یان هه‌زار سه‌رباز، جه‌ندرمه، پۆلیس، ئاسایش و جه‌رده‌وان ( جاش) و، به‌ به‌كارهێنانی سه‌رجه‌م جۆره‌كانی چه‌كه‌ قورسه‌كان و ته‌كنۆلۆژیای جه‌نگ و فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كان و هه‌لیكۆپته‌ره‌ سه‌ربازییه‌كان و تانك و تۆپه‌وه‌ بەڕێوەئه‌چێت و، عه‌لی قه‌ره‌داغی و ئوممه‌ی ئیسلامی بێده‌نگن.
هه‌ر زوو له‌ پاش ته‌قینه‌وه‌كانی ئیسته‌نبول عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی زانایانی موسڵمان و سه‌رۆكی رابیته‌ی كورد، داوای لەهاوڵاتیانی كوردستان كرد بە مەبەستی گەشتوگوزار سەردانی وڵاتی توركیا بكەن و تەقینەوەكانی‌ فرۆكەخانەی ئەتاتورك نەبنه‌ هۆی سارد بوونه‌وه‌تان و، عه‌لی قه‌ره‌داغی ئه‌گه‌ر چڵكاوخۆری رژێمی شۆڤه‌نیستی توركیا نییه‌، بۆ ئه‌و داوایه‌ ئه‌خاته‌روو، له‌باتی هاندانی خه‌ڵك بۆ نوێژو عیباده‌ت، ئه‌م كابرایه‌ هانی خه‌ڵك ئه‌دات بۆ پۆخڵاوات و فاحیشه‌و سیكس كه‌ سه‌رتاپای كۆمه‌ڵگه‌ی توركیای داگیر كردووه‌و، كومه‌ڵكه‌ش به‌و نه‌خۆشییانه‌ ئه‌ناڵێنێت و، به‌زمی عه‌لی قه‌ره‌داغی زۆره‌و، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك داكۆكی له‌ توركیای ره‌گه‌زپه‌رست و، تیرۆریست ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان ئه‌كات و، ئه‌وه‌نده‌ بێ رێزه‌ ناوی له‌ لێستی تیرۆریستانه‌ له‌ سعودیه‌ و میسرو ئیماراتی عه‌ره‌بی.
16/10/2019




زانایه‌كی بێ ناسنامه‌ی شیعر … سه‌ردار جاف

زۆرن ئه‌و خودان قه‌ڵه‌مانه‌ی بێ ناسنامه‌ی شه‌ونخونیان ماڵئاوایی له‌ ئێمه‌ و دونیای ئه‌ده‌ب و شیعر ده‌كه‌ن و ئیدی ونبوونی ناو و شیعره‌كانیان له‌ ته‌ك خۆیاندا له‌ گۆڕه‌ تاریكه‌كاندا توند ده‌كرێ , حه‌یف كه‌وتووینه‌ته‌ زه‌مه‌نێكه‌وه‌ كه‌م كه‌س ته‌پ و تۆزی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ده‌ته‌كێنن و له‌ كونه‌ تاریكستانه‌كان قورتاری ده‌كه‌ن، شه‌هید زانا مه‌حموود یه‌كێكه‌ له‌و خودان قه‌ڵه‌مانه‌ی بی ناسنامه‌ی نێكسته‌كانی هه‌ر ونبووه‌ و وه‌ك چۆن گڵی هه‌ولێر جه‌سته‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ خه‌باتكاره‌ی شاردۆته‌وه‌ ، خۆڵی ده‌ست و په‌نجه‌ی ئێمه‌یش به‌رهه‌مه‌كانی زینده‌ به‌چاڵكردووه‌، شاعیری ڕه‌وان شاد به‌ ساكار زه‌ندی ناسراو بووه‌ و ساڵی 1968 له‌ شاری هه‌ولێری قه‌ڵا و مناره‌ چاوه‌ ڕه‌نگینه‌كانی به‌ خاك و نیشتیمانی دایكیدا هه‌ڵدێنێ و ژیانێكی پڕ ئازار و ده‌رده‌سه‌ری و بن ده‌ستی ده‌گوزه‌رێنێ, هه‌ر له‌ پبَناوی ڕه‌وینه‌وه‌ی ته‌می داگیركه‌ران له‌ 17 / 7 / 1991 به‌ گژ داموده‌زگا داپڵۆسێنه‌ر و داگیركه‌ره‌كه‌ی به‌عس ده‌چێته‌وه‌ و له‌ هه‌ولێری پایته‌خت و بۆ هه‌ولێرییه‌كان گیانی به‌خت ده‌كات، لێ كۆمه‌ڵێ ده‌قی شیعری جوان جوانی بۆ جێ هێشتووین شایسته‌ن جرای ئه‌م رووناكیه‌ی وڵات په‌ی به‌ ده‌قه‌كانی كاكه‌ زانا ڕه‌وانشاده‌كان ببا كه‌ مۆمی ته‌مه‌نی گه‌نجیان بۆ ئێمه‌ به‌خت كرد و پێكی جوانه‌مه‌رگیان له‌ ئاودامانی خۆیان هه‌ڵكێشا..
ئه‌مه‌یش دوو ده‌ق له‌ شیعره‌كانی شه‌هید زانا مه‌حموود ( ساكار زه‌ندی )

مێژوو

چه‌نده‌ سه‌یره‌
مێژوو منی له‌ بیر ماوه‌
منێك تا ئێستا نازانم
مێژوو كه‌نگێ ……بۆیه‌ ژانم…..

ئه‌ڵێن : مێژوو
به‌ ئێسكی نێو … كۆسپی گڵكۆی ژێر
مناڵێكی سه‌رما بردوو
له‌ دایك بوو ….
كه‌چی مێژوو ….
خۆی شه‌و و ڕۆژ
هاوار ئه‌كات … لاشه‌م له‌ ژێر
زێرابێكا …. هاته‌ دنیا
ناوه‌كانم له‌و ساته‌دا له‌ دایك بوون
كه‌ مه‌ردووم فێری درۆ بوون

ته‌نیام

وه‌ك شه‌قامی … چۆڵ و تاریك ,
ناخم له‌ گه‌ڵ شنه‌ی بادا.. به‌لادا دێ,
په‌نجه‌ره‌كان.. هه‌موو یه‌ك یه‌ك.. داده‌خرێن و
ده‌نگی چرگه‌ی .. سه‌عاتێ دێ ,
ئه‌ستێره‌كان له‌ خۆش خه‌ودا ڕاده‌په‌ڕن ،
به‌ نێو ده‌ریای تاریكی دا نغرۆ ده‌بن ..
سێبه‌ری دره‌خت و مرۆڤ …
پریشك ده‌هاوێن …
دره‌خته‌كان.. ده‌توێنه‌وه‌.. ده‌بنه‌ مرۆڤ …
به‌د مه‌سته‌كان .. ده‌ڕوێنه‌وه‌ .. له‌ جێی داره‌ ،
بێ گه‌ڵاكان , هێدی هێدی ..
سه‌گوه‌ڕێك چه‌شنی باڵنده‌ی كفت و ترساو ..
لقی دره‌خته‌ سه‌وزه‌كان .. بێزار ده‌كا ..
په‌نجه‌ره‌ێی .. ده‌كرێته‌وه‌ ..
مۆمێكی تر داده‌گیرسێ ..
ئه‌وه‌ شه‌وی ته‌نیاییمه‌ ..
تا به‌یانی .. ده‌كرێته‌وه‌ ,
ئه‌ویش خۆمم .. به‌ حاڵ .. له‌ به‌ر ڕه‌شه‌بادا
خۆم ڕاده‌گرم
به‌ هیواین كاكه‌ زاناكانی نیشتیمان ناو به‌ ناو یاد بكرێنه‌وه‌ و زیندوو و له‌ به‌ر چاو و دید بن , د‌وزینه‌وه‌ی ئه‌وان ون نه‌كردنی خۆمانه‌ ….

سه‌ردار جاف
ئه‌ڵمانیا




ڕۆژ … ئاوا نابێت ناچەمێت …. زانا سامان

من هیچ ناڵێم
ناچمەوە سەر مێژووی غەدر
کوردبوونی خۆمم خۆشئەوێ و
لایەکی دڵم پڕژانە،

من هیچ ناڵێم
خوشکەکانمان لە ڕۆژئاوا
عاشقی خاکەکەیانن
براکانمان لە ڕۆژئاوا
مەعشوقەکەیان وڵاتە،

من هیچ ناڵێم
دەستی ناپاک لەهەرکوێ بێت
دوژمنی گەل لە هەر جێ بێت
شیعری منیش
وا لەوێیە،

من هیچ ناڵێم
ڕەنگە خودا کوێچکەی کەڕ بێت
چۆن هاواری
مناڵ و دایک نابیستێ،

من هیچ ناڵێم
ئەم ئایەتەم
بۆ نیشتیمان پەخشدەکەم
ئازارێکە لە ڕۆحمایە،

من هیچ ناڵێم
چل و دوو ساڵی تەمەنمە
بەر زوڵمەتی فاشیست کەوتووم،

من هیچ ناڵێم
لە جێی قورعان
شەهیدەکان دەخوێنمەوە و
پڕ بە خۆم
لەبەریان دەکەم،

من هیچ ناڵێم
خۆشەویستی کوردستانم و
دڵم نوقمی گریە بووە
بۆ قامیشلۆ و سەرێ کانی
یان هەولێر و
مەهاباد
دیاربەکر
سوژدە ئەبەم.

زانا سامان




قه‌ره‌برووت … شه‌ونم زه‌ندی

پێشكه‌شه‌ به‌ دڵه‌ پڕ سۆزه‌كه‌ی دایكم ،
به‌و فرمێسكانه‌ی له‌ جێی خه‌نده‌ی جارانی … به‌ ڕووخسارییه‌وه‌ن.

له‌ ئامێژه‌نی به‌فرستانێ له‌ سپی
به‌ ڕه‌شایی شه‌وستانی كڕ له‌ كپی
ئه‌فسوس دایه‌ …
به‌ ئاوابوونی ڕه‌نگ
به‌رگی خه‌مت پۆشی
ناخت بوو به‌ خه‌مستان و
قه‌ده‌ر تاڵاوی پێت نۆشی
چ ساتێك بوو
خه‌نده‌كانتی كرد به‌ گریه‌ و
سوپرانۆی دابڕان ؟
خه‌مهێنی رۆح
به‌ سه‌ر ترازانی دیمه‌نه‌كانه‌وه‌
درزێكی گه‌وره‌ی
خسته‌ ڕۆژه‌ ڕه‌نگ په‌خشه‌كان
ئه‌و ساته‌
ئاوێته‌ی گه‌رده‌لوولی ڕه‌شه‌بای مه‌رگ و
هه‌ناسه‌كان بۆ تۆماری ساڵی قاتی
ئه‌و دنیایه‌یش له‌ ناختا
سه‌رتاپای ته‌مستان و
ڕه‌نگه‌كانیش نغرۆی لێڵایی له‌ ماتی
ئاخ له‌و ساته‌ دایه‌ گیان ..!
دڵی میهرت پڕ خه‌می هه‌ڵچووت
چاوانت تا هه‌تا هه‌وری گریه‌ن….
ناخیشت قه‌ره‌برووت

31 / 12 / 1991
هه‌ولێر




فاشیست بوونی کورد چارەسەر نییە، تێکۆشان دژی فاشیزم چارەسەرە … ئاسۆس

میللەتی کورد، یەکێکە لەو میللەتانەی قوربانی دەستی هزری فاشیزمە، لە هەمانکاتدا لە هزری ناسیۆنالیزم نەگەیشتووە و نەیتوانیوە وەک گەلانی تر لە ڕێگەی ناسیۆنالیزم بوونەوە ببێتە خاوەن دەوڵەتی خۆی. لە کوردستانی باشوردا ئێمە بووینەتە قوربانی ناسیۆنالیزمێکی کوێرانە، بەجۆرێک نەتەوەیی بوون و ناسیۆنالیست بوون لە عەشیرەتێک و بنەماڵەیەک و پارتێک و گووتارێکی پۆپۆلیستی کورتکراوەتەوە. جگە لەمەش، ناسیۆنالیستی بۆرژوایی هەڵگر و فوتێکەری ئەو گووتارەیە، کە هەمیشە پرسە گەورە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان دەقۆزێتەوە بۆ خۆێ و بەرژەوەندیی چینایەتییان. قوربانی یەکەمی هزری فاشیزم و ناسۆنالیستی خێڵەکیی چینی خوارەوە و ڕەنجدەرانە.

سەرکەوتنی هەرەگەورەی ڕۆژئاڤا کۆکردنەوەی گشت نەتەوەکان بوو لەژێر چەتری پێکەوەژیانی گەلان و وەلانانی هزری ڕق و قینەی نەتەوەیی و دروستکردنی هێزێکی هاوبەش، کە لە گشت نەتەوەکان پێکهاتووه و هەر دوو رەگەز، ژن و پیاو بەیەکەوە بەرگری لەو ئەزموونەیان دەکەن. یەکێک لەو سەروەریانەی شەڕڤان و گەلانی ڕۆژئاڤای کوردستان پێیانبڕاوە تێکۆشانە دژی فاشیزم و بەربەرییەتی ئاین. لە هەمان کاتدا، کاڵکردنەوەی هزری ناسیۆنالیزم لەناو گەلانی ناوچەکە و هێنانە پێشەوەی هزرێکی نوێ و پێکەوە ژیانی گەلان و مرۆڤانە. هەر ئەمەش وایکرد جیهان بە دیدێکی جیاوازی لەو ئەزموونە نوێیەی ڕۆئاوای کوردستان بڕوانێت و هاوسۆزی بێت. لەناو زۆنگاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە هەمیشە فاشی بوون و شۆڤێنی بوون و ناسۆنالیزمێکی ڕق هەڵگر بەسەر هزری کۆمەڵگە و تاکەکانی ئەو ناوچەیە زاڵ بووە، ئەم ئەزموونەی ڕۆژئاڤا ئومێد بەخش و ئیلهام بەخشە بۆ تێپەڕاندنی ئەو هزرە و سیستەمی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی نەتەوەیی. ئەم ئەزموونە وەک شکۆفەی گوڵێکە لەناو باو و بارانی هزری بەربەریەت و دژە ئازاردی و یەکسانی نەتەوەیی و چینایەتیی.

زۆرێک لە بەناو ڕۆژنامەنووس و چاودێرانی سیاسی لەژێر کاریگەریی هزری ناسیۆنالیستییە خێڵەکییەکەیان هوتافی فاشی بوون لێدەدەن. بەجۆرێک ئەگەر دەسهەڵاتیان هەبێت ڕەنگە هەمان ئەزموونی قێزەونی فاشیزم و دووبارە بکەنەوە. “عارف قوربانی” کە وەک نووسەر و چاودێری سیاسی ناسراوە ڕێگە چارەی فاشی بوون دەخاتە بەردەم کورد و دەڵێت: “دەبێت بیسەلمێنین بەهای خوێنی کورد ئاسان نییە، ئەگەر منداڵێکی کورد کوژرا دەبێت 10 منداڵی تورک بکوژین.” هەروەها دەڵێت: “ئەگەر بمانەوێت بمێنینەوە دەبێت بۆ ماوەیەک ببین بە میللەتێکی فاشی.” کاتێک کورد خۆی قوربانی فاشیزمە، بە فاشیزم بوونی ناتوانێ چارەسەری کێشەکانی بکات، بەڵکو هەمیشە گرێیەکی دەرونیی بۆ پەیدا دەبێت کە نەتەوە بچوکەکان بچەوسێنێتەوە و هەمان ئەزموون و شێوەی وڵاتە فاشییەکان دووبارە بکاتەوە. وەک چۆن تورک هەمیشە پەلاماری کوردەکان دەدات و گرێی خۆ بەکەمزانی بەرامبەر ڕۆژئاوا بەکوردەکان بەتاڵ دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا گرێی خۆبەگەورە زانیش هەر بەسەر سەرکورددا بەتاڵ دەکاتەوە و کورد وەک نەتەوەیەکی بچوک و بێدەسهەلات دەبینێت و هەوڵی قڕ کردنی دەدات. هەروەها دروست بوونی دەوڵەتی تورکیا لەسەر هزری فاشی و تواندنەوەی نەتەوەکانی تر وای کردووە ئەو نەتەوانەی کەمینەن بەتورکی بکرێن. ئەمەش بە لێساندنەوەی هەموو مافە نەتەوەییەکان. بۆیە دەبینن ئەو وڵات و نەتەوانەی هزری فاشیزمیان هەیە هەمیشە له دۆخێکی ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتیدان، ئەمەش بەهۆی ئەو زۆرداریی و تواندنەوەی نەتەوەکانیتر لە پێناو نەتەوەیەکدا.
عارف قوربان دەیەوێ، کورد ئەم ئەزموونە کۆنەی هیتلەر و مۆسۆلینی و ئێستای ئەردۆغان دووبارە بکاتەوە و پێشنیازی بۆ دەکات! بەڵام، بۆ سەرکەوتن بەسەر فاشیزم پێویست بە یەکگرتن و ڕێکخستنی ئایدۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و سەربازری گەلان هەیە بۆ مانەوە و تێکۆشان دژی هزری فاشیزمی قەومی و بەربەریەتی دینیی. ئەمە بەوە ناکرێت گەلی کورد دەستبەرێت بۆ فاشیزم، وەک ئەوەی فاشیزم بوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاکە ئەلتەرناتیف بێت بۆ چارەسەری کێشە و پرسی کورد. لە کاتێکدا لە ڕۆژئاڤای کوردستان پێکەوەژیانی گەلان بەکردارەکیی سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.

جەنگان و وەستانەوەی هێزەکانی ڕۆژئاڤا بەرامبەر فاشیزم و هێزە ئاینخوازەکان، خۆی سەرکەوتنە. ئەم شۆڕش و بەرەنگارییەی ڕۆژئاڤا بەهەمان شێوەی شۆڕشی ڤێتنام دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و وەستانەوەی لینینگراند دژی نازیزم شکۆمەندە و جێگەی شانازییە. هەمیشە هێزە داگیرکەرەکان لەبەردەم ئیرادە و خۆ ڕێکخستن و ئایدۆلۆژیای تەنداو بە ئازادیخوازیی و یەکسانی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی و یەکسانی ڕەگەزیی شکست دێنێت. جێگەی ئاماژەیە لە ڕۆژئاڤا ئەزموونێکی نوێی سیستەم و بەڕێوەبردن جێبەجێ دەکرێت، سیستەمی بەڕێوەبردنی کانتۆنات دەتواندرێت وەک ئەلتەرناتیڤی دەوڵەتی نەتەوەیی جێگەبگرێت، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئاسۆس




هەولێر: گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاڤا

ڕۆژی سێشەممە گردبوونەوەیەک لە پيش پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدريێت بۆ پشتیوانیکردن لە ڕۆژاڤا.

سێشەممە 15/10/2019

کاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی




ئیمڕۆ ئەو سبەی من! … د.هەژار مەعروف

هێتلەر کە جڵەوی دەسەڵاتی گرتە دەست لە پێشا جولەکەکانی کوشت، ئینجا کۆمۆنیستەکانی کوشت، ئینجا سۆشیالدیموکراتەکانی کوشت ، ئینجا زانا و هونەرمەند و ئەدیبە مرۆڤدۆستە ناسیاسییەکانی کوشت،ئینجا کەوتە گیانی مەسیحییەکان، کە لە ناو ئەڵمانیا هەموی بێدەنگ کرد ئینجا یەک لە دوای یەک کەوتە گیانی دراوسێکانی: نەمسا، چیکوسلافیا، بەلجیکا و هۆڵەندا و فەرەنسا دانیمارک و پۆلۆنیا، ئینجا خۆی گەیاندە میسر و ڕوسیا و … ئەوەی ئێستا ئۆردوگان لە ناو تورکیا و لەگەڵ سوریا و عێراق دەیکات لە ڕوی واتا و ناوەڕۆکەوە ڕێک وەک ئەوەی هێتلەرە بەڵام بە حەجمێکی بچوکتر چونکە هەر ئەوەندەی لە دەست دێ.ئۆردوگان یەک بەڵگەی پێنیە کە پێشمەرگەکانی یەپەگە لە ڕۆژاوای کوردوستانەوە دەسدرێژی بکەنە سەر تورکیا.

خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە لە موسوڵمان و مەسیحی و کورد و عەرەب و سریانی و ئێزدی ڕۆژێک نەهاتنە سەرجادە دژی دەسەڵاتی یەپەگە خۆپیشاندان بکەن، هەمو ئەو ڕۆژنامەنوسە ئەمریکی و ئەوروپییانەی هاتونەتە ڕۆژاوای کوردوستانەوە و ڕێپۆرتاجیان لەسەر دۆخی خەڵکەکە کردوە سەرسامبون بە شێوازی ئیدارەی باش و مرۆڤدۆستی یەپەگە. سریان و عەرەب و کورد ئازادانە لە کەشێکی دیموکراتیدا پێکەوە دەژین و ناوچەکە بەڕێوەدەبەن و بە زمانی دایک دەخوێنن، زانکۆیان لە قامیشلو گەشاندۆتەوە، دەیان دەسکەوتی تریان بۆ خەڵک دابینکردوە. ئەوروپای یەکگرتو و کۆنگرێسی ئەمریکی بە دیموکرات و کۆمارییرکانەوە دژی هێرشی تورکیان بۆ سەر ڕۆژاوا، هاوار و ناڵەی ژن و منداڵ و پیری عەفرینی ژێر نێزەی تورک و ئیسلامییە توندڕەوەکان ڕۆژانە دەگاتە حەوت تەبەقەی ئاسمان، ئیتر ئۆردوگان بۆ دەیەوێ ڕۆژاوا داگیر بکات؟

بەڕای من بۆ نەتەوەپەرستانی تورک و عەرەب و فارس ، سەری مارەکە هەرێمی کوردوستانە، چونکە لەم هەرێمە دا بڕێک سەربەخۆیی و ئازادی ، بڕێک دیموکراتی و مافی مرۆڤ بۆ دانیشتوانەکەی دابینکراوە ، موعارەزە و دەسەڵات لە هەرێمدا هاودەنگن لەسەر ئەوەی دەبێت کەموکورتییە زۆرەکان نەهێڵرێن. هەرێمی کوردوستان لەگەڵ هەمو کەموکورتییە جەوهەری و ترسناکەکانی دەسەڵاتی کوردیدا هێشتا هەر ئومێد و قیبلەی هەمو کوردانی دنیایە، لە ئامێزی گەرمی خەڵکەکەی و لە چیاودۆڵەکانیدا پارتە خەباتگێڕەکانی کوردوستانی ڕۆژهەڵات و باکور بڕێک حەساونەتەوە، هەروەها سەدان هەزار کوردی ئاوارەی بەشەکانی تر پەنایان بۆ هێناوە و بە ڕیز و خۆشەویستییەوە ڕەفتاریان لەگەڵ دەکرێت. شۆڤێنیەکانی تورک و عەرەب وفارس دەیانەوێ ئەم تروسکاییەش بە خوێنی هەزاران ئینسان بکوژێننەوە و کوردانی لای خۆیان پێ بترسێنن و نائومێدیان بکەن لە درێژەدان بە خەباتە ڕەواکەیان.
ئیسلامی سیاسیی توندڕەویش، بە داخەوە هەندێ لە لایەنە کوردییە ئیسلامییەکانیش،هەرێمی کوردوستان، کە تیایدا سیاسەت لە ئاین جیاکراوەتەوە و دۆستایەتیی هەیە لە گەڵ جیهانی ڕۆژاوادا بە تایبەتی ئەمریکا، بە پرۆژەیەکی زایۆنیستیی جولەکە دەزانن و نیگەرانن لەوەی هەرێمی کوردوستان لە ئایندەدا بکرێتە ئیسرائیلی دوهەم واتە کافرستان.

ئەگەر تورکیا کوردستانی ڕۆژاوا داگیربکات :

سەدان هەزار کەس ئاوارەی باشوردەبێت ، سەربازانی تورکیا ڕاستەوخۆ بەرامبەر سەنگەری پێشمەرگەی هەرێم ڕادەوەستن و سنورمان بۆ سوریا لێدادەخەن کە بێگومان ئەمە زیانێکی گەورە بە ئابوریی هەرێم دەگەیەنێ.
ورە و هیوای کوردانی دنیا دادەبەزێ.
پەستان و گوشینە جۆراوجۆرەکانی تورکیا بۆ سەر حکومەتی هەرێم زیاددەکات، بۆ نمونە سوپای تورکیا فراوانتر و قوڵتر دێتە ناو خاکی هەرێم و ئەگەری بەهێز هەیە کە دەیان شوێنی ستراتیجی تا نزیک هەولێر و سلێمانی داگیربکات .
بۆیە بەڕای من دەبێت حکومەتی هەرێم و موعارەزە ، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ، میدایاکان و کوردانی ئەوروپا و ئەمریکا و … هەمو تاکێکی بەهەست و مرۆڤدۆست بە چالاکیی جۆراوجۆر دژی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوا بوەستێتەوە و بەهێرشی بزانێت بۆ سەر خۆی.
کەمترین کاردانەوە کە ئێستا بیکەین ئەوەیە لە زاخۆوە تا خانەقین، بە تایبەتی لە بادینان و هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و … خۆپیشاندانی ملیۆنیی ناتوندوتیژ و مەدەنییانەی پێشکەوتو بکەین دژی شەڕی تورکیا بەرامبەر بە کورد، لە ژێر دروشمی سەرەکیی : هەزار نا بۆ شەڕ، بەڵێ بۆ ئاشتی.




…بۆ په‌یه‌ده‌ هه‌نگاوێكی به‌ئازاره‌ به‌ڵام ژیرانه‌یه عیماد عه‌لی

دیاره‌ هه‌ناگوی عه‌سكه‌ری له‌ شه‌ڕ و ته‌نانه‌ت له‌ كاتی ئاشتیش بارودۆخ و پێویستیی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه‌ و بۆ ئه‌م قۆناغه‌ ی پێشكه‌وتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی دونیای زانست ته‌نها ئازایه‌تی رۆڵی خۆی ناگێڕێت، سیاسه‌تیش هه‌روایه‌ پێگه‌ی لایه‌ن و ده‌وڵه‌ت و توانای ته‌كنۆلۆجی و ئابووری له‌ ژیری و عه‌قڵمه‌ندی له‌به‌رتره‌.
ئه‌مرۆ و پاش دابه‌شبونمان به‌ ده‌ستی كۆڵۆنیاڵی به‌ریتانیای خوێنمژ و فه‌رنسای بێفه‌ر و زامنكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌ندین ساڵه‌یان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر حسابی كورد، كه‌چی ئێستاش ئه‌وان به‌رووكه‌ش خۆیان به‌ مرۆڤدۆست و مافخوازی گه‌لان ده‌زانن و خه‌ڵكیش ئه‌و ره‌فتاره‌ مێژوییه‌ قێزه‌ونانه‌یان له‌بیر كردووه‌ و هه‌وڵی ره‌زامه‌ندیان ده‌دات.
پاش به‌ناو به‌هاری عه‌ره‌بی و گۆرانكاریه‌كانی هاوكێشه‌كان، چمكێكی به‌ر كورد كه‌وت و به‌ تایبه‌تی له‌ كوردستانی رۆژئاوا و ئه‌وه‌تا تا ئێستا یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه‌ و هه‌ر جاره‌و به‌ شێوه‌یه‌كی ده‌كه‌وێته‌وه‌ و ئه‌مڕۆش گه‌یشتۆته‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه‌ به‌ ده‌ستدرێژی توركیا قۆناغێكی نوێی له‌ ناوچه‌كه‌ هێنایه‌ ئاراوه‌ و به‌ پیلانێكی دوورمه‌وداوه‌ خۆی خزاندۆته‌ حاڵه‌تێكه‌وه‌ كه‌ ده‌بیت به‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ به‌ره‌ی به‌رامبه‌رن به‌ دۆست و دوژمنه‌وه‌ شكستی پێبهێنن.
به‌ رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ سوریا، هه‌سه‌ده‌ هه‌نگاوێكی ته‌كتیكی ژیرانه‌ی باشی گرته‌به‌ر كه‌ پیلانێكی گه‌وره‌ی له‌ناوبرد، ئه‌م رێككه‌وتنه‌ له‌ پێشهاتی چاوه‌ڕوانكراوی خراپتر باشتره‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌كو خۆیان به‌جوانی باسیان كردووه‌؛ ئه‌م كاره‌یان سازشێكی به‌ ئازاره‌، به‌ڵام ئه‌مریكا و توركیای خستۆته‌ هه‌ڵوێستێكی ئه‌وه‌نده‌ رووگیری زۆر لاوازه‌وه‌ كه‌ په‌نجه‌ی خۆیان ده‌گه‌زن و، ئه‌وه‌تا یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی بێ مۆڕالی ئه‌وان به‌ بوردومانكردنی سوپای سوریا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ده‌ستی پێكرد، كه‌چی ‌ ئه‌مه‌ چه‌ندین رۆژه‌ توركیا هێرش ده‌كات و خه‌ڵكی سڤیلی كردۆته‌ ئامانج به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌وان خه‌وتوون و ئه‌وه‌ی جێگه‌ی گاڵته‌جاڕیه‌ خه‌مساردانه‌ باسی مێژوو ده‌كه‌ن كه‌ گوایه‌ كورد له‌ چه‌نگه‌كانیان یارمه‌تی نه‌داون.
چاوه‌رێ ده‌كه‌ین، ئه‌م یاریه‌ درێژه‌ بكێشێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ باری ململانێی گه‌وره‌ی نێوان میحوه‌ره‌كان واده‌رده‌كه‌وێت هه‌ویره‌كه‌ ئاوی زۆرتری بوێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دلخۆشه‌كه‌ره‌ كه‌ بۆ سیاسه‌تمه‌داران و گه‌لی ئه‌مریكا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ترامپ چه‌ند بێ ئاگایه‌ له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ و ته‌نها بازرگانێكی پوڵ په‌رسته‌ و به‌ خۆی ده‌كه‌وێته‌ حاڵه‌تێكی ده‌رونی و سیاسی زۆر نه‌خوازراوه‌وه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌ دواجاردا توركیا به‌ دۆڕانه‌وه‌ له‌ یاریه‌كه‌ ده‌رده‌چێت و یه‌كه‌مین زه‌ره‌مه‌ندی گه‌وره‌ ده‌بێت ،،، به‌هه‌ر حاڵ بۆ كوردیش خراپ له‌ خراپتر باشتره.‌




لە دوای خۆپیشاندانەکـان چیبکەیـن؟ … رەزا شـوان

لە خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکانی رۆژی شەمە (١٢ی/ئوکتۆبەر/٢٠١٩) کە(رۆژی جیهانی پشتگـیری لە رۆژئـاوای کوردستان) بوو، لە شارەکـانی کوردسـتان و لە پایتەختەکـان و لە زۆربـەی شارە گەورەکـانی وڵاتـانی ئـەوروپـا و ئەمـریکا، بە ئـاڵای کوردسـتان و بە دروشمی نـاڕەزایی لە دژی تورکیا و ئەرۆگـان.. بە هەزاران کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە گۆڕەپان و لە شەقامە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتانە خۆپیشانـدان و رێپـێوانی تووڕەیی و ناڕەزاییان لە دژی داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان سازکرد، زۆر بە توندی پـرۆتستۆی تـاوانە قـێزەوەنەکانی تورکیای فـاشست و ئەردۆگـانی رەگەزپەرستیان کـرد. داوایـان کـرد کە تورکیا بە زووتـرین کـات، هـێڕشەکانی بۆ سـەر رۆژئـاوای کوردسـتان رابگرێت و دەست لە تـاوانی رەشـەکـوژی و لە کۆمـەڵکـوژی سڤـیلی کورد هەڵـبگـرن. داویان کرد کە سوپای دڕندە و جاشە بەکرێگـیراوەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان دەربچـن.. بەسیش بە نامەردی و دڕنـدانە منـداڵان و ئافـرەتانی بێتاوانی کورد بکوژن.

شایـەنی باس و سوپـاس و پێزانینیشە کە لەم خۆپیشاندانانەدا، کورد بە تەنها نەبوویـن، بە هەزارن دۆستی دڵسۆزی کورد لە گەلانی جیاواز و بە هەزاران کەسانی ئاشتیخواز و ئازادیخوازی ناسراوی دژ بە رەگەزپەرستی و داگیردنی کوردستان و کۆمەڵکوژی کورد بەشـداربوون.. لـەم خۆپيشانـدانـانەدا، نـارەزایی و تـووڕەیی خۆیـان لە دژی تاوانەکـانی ئەردۆگانی دیکتاتۆری سیکۆپاتی و رژێمە فاشستییەکەی دەربـڕی.. پـڕ بەدەم هـاواریان دەکرد (تورکیا راوەستە و دەسـت لە کوشتنی کورد هەڵبگرە..). هەر بۆ نمـوونە ئێمـەی رەوندی کورد لە شاری (بێـرگن) کە دووەمین گەورە شاری نـۆروێـژە، زیاتـر لە حەوت سـەد کورد لە رۆژی شەمەدا بەشداریمان لە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە دژی داگیرکردنی رۆئاوای کوردستان کرد..(بەنـدەش) بە ناوی کۆمەڵەی کولتـووری کـوردی و رەوەنـدی کـوردەوە لە شاری بێرگن، پەیـامێکی ناڕەزایی و پـرۆتستۆکردنی ئەردۆگـانم بە کوردی خوێندەوە و پشتگیریمان بۆ برایانی کوردمان لە رۆژئـاوای کوردستان دووپات کردەوە. زیاتریش لە پێنج سەد نۆرویژی بەشدارییان لەم خۆپیشاندانەی بێرگن کرد. کە نوێنەری پارتە سیاسییەکـان و کەسانی ناسراویان تێدابوون و بە نۆرویـژی وتـاریان خوێندەوە و نـارەزایی و نیگـەرانی خـۆیـان لـە دژی داگـیرکـردنی رۆژئـاوای کوردسـتان دەربـڕی و داوایان لە تورکیا کرد کە دەسـت لە تاوانەکانی لە دژی کوردی ئازادیخواز هەڵبگرێت و لە رۆژئاوای کوردسـتان دەربچـێت، ئەگـینا باجێکی زۆری ئەم سەرکێشییەی دەداتەوە. پاڵپشتی خۆشیان، بـۆ خەباتی رەوای گەلی کوردمان لە رۆژئـاوای کوردستان دەربڕی. زۆریش ستایشی ئازایەتی و خۆڕاگری و بەرگری شەڕڤـانـانی قارەمانی کوردیان کرد.

گەنجـەکـانیشیان پـڕ بە گەروویـان هـاواریان دەکـرد: (ئوسـتۆپ تورکیـا) (ئۆردوگـان تیـرۆریست) ، (تورکیا تیـرۆریست) ، (تورکـیا رەگـەزپـەرست) ، (بـژی کوردســتان).
دێینە سەر کرۆکی ناونیشانی نووسینەکەمـان.. لە دوای ئەم خۆپیشانـدانانە چـیبکەین؟
من وەکو کوردستان پەروەرێک، پێشنیاری ئەوە دەکەم، نابێت وسکتبین و راوەستین و هەڵوێستی ترمـان نەبێت، پێویستە زیاتـر داوا لە گەلانی جیهان و لە پەرلەمانەکـانیان و لە حکومەتەکـانیان بکـەین، کـە بە هەنگـاوی کـرداری هەڵـوێسـتی ئەرێنـیان هـەبێت و پشتگیری لە رۆژئاوای کوردستان بکەن و نەک هـەر تەنها سەرکۆنەی رژێـمی تورکیا بکەن.. بەڵکو، گەمارووی ئابـووری و گەشـتیاری و دیپلۆمـاتی بخـەنە سـەر تـورکیا و داوای لێبکەن دەستبەجێ شەڕ رابگـرێت و دەست لە رەشەکـوژی و کۆمەڵکوژی کورد هەڵبگرێت و بەزووتـرین کـاتیش لەشکـرەکەی لە رۆژئـاوای کوردستان بکـێشێـتەوە.

پێشـنیاری دووەمـم ئەمـەیە، کە رۆژی شەمـەی داهـاتـوو، لـە پـایتەخـتەکـانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، لە بەردەم کۆشکەکـانی پەرلەمانەکـان و بارەگـاکانی یـوئـێن و لە بەردەم بارەگـای یەکـێتی ئەوروپـا و و کۆشکی سـپی و کـرملین دا، لە هـەریـەکە لـەم شوێنانەدا، کۆمەڵێک لاوی خۆبەختمان، خەیمە هەڵدەن و بڕیاری نان نەخواردن بدەن، مـن وەکـو خـۆم ئامـادەم کە لەگـەڵ کۆمـەڵـێک لاودا، گـەر بـشــمرم بەشـداری لـە نـان نەخـواردن بکـەم.. بەمـەش دەبینە هەواڵی راگەیاندن و میدیاکان و دەتوانین داوایەکی زیاتر بکەین لە حکومەتەکـانی ئـەو وڵاتـانە بۆ پشتگـیری بـە کـرداری لـە رۆژئـاوای کوردستان و راگـرتنی شەڕی تورکـیا… بە ئاشکرا تورکیا لەم هێڕشەیدا، بۆ کوشتنی سفیلی کورد بۆمبی فسفۆری بە کارهـێنا، کە چەکێکی قەدەغـەـکراوی نێودەوڵەتییە.
پێشنیاری سێیەمم، ئەو تاوانانەی کە ئەردۆگان دژ بە گەلی بێتاوانی کوردمان کروونی و دەیانکات، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، تاوانی جەنگن، تاوانی کۆمەڵکـوژین و تـاوانی دژ بە مرۆڤایەتین.. پێویستە زیاتر لە (١٠) ملێون واژۆی کورد و هاوڕێ و دۆستانمان کۆبکەینەوە و بیدەینە ئەنجوومەنی ئاسایش و رێکخـراوی نەتەوە یەکگرتووەکـان و بە دادگای باڵای نێودەوڵەتی و داوایان لێبکەیـن، بڕیـاری گـرتن و دادگـایی کـردنی تاوانبـار ئەردۆگـان دەربکەن، لەسەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی کورد کردوونی.. هەروەکو چۆن بڕیاری گـرتن و دادگایی کردنیان بۆ تاوانبار (عومەر حەسەن بەشیر) ی سەرۆکی رسوابووی لادراوی سوودان دەرکرد و گەشتکردنیان بۆ وڵاتانی جیهان لێ قەدەغەکرد. بە هـۆی تاوانەکـانی ئەو کۆمەڵکـوژییەی کە لە (گەلی دارفـۆر) ی کرد. خۆ تاوانەکـانی ئەردۆگان، دە هێندەی تاوانەکانی عومەر حەسەن بەشـیرن.. پێویستە گەشـتی دەرەوەی تورکیاش لە ئەردۆگـان و لە ژن و لە منداڵەکانی و لە وەزیرەکانی بەرگـری و دەرەوە و ناوخـۆی تورکیا قـەدەغـە بکـرێـت.
بۆ چۆنییەتی واژۆ کۆکـردنەوە و داواکـردنی دادگـایی کـردنی ئەردۆگان لە دادگای باڵای نێودەوڵـەتی، پێویستە لێـژنەیەک لە یاساناسانی کـورد، کە پسپـۆرن لە بواری یاسا نێو دەوڵەتییەکـان پێکبهێنرێت. ئەم لـیژنەیـە میکـانـزم و شێوازی کۆکردنەوەی واژۆکان و داواکـردن لە دادگای نێودەوڵـەتی دابنێن و ئەم ئەرکە پێویستە بگـرنە ئەستۆ، چەنـدین لـیژنـەی لـقی تریش لە کوردسـتان و لە وڵاتـانی ئەوروپـا و ئەمـریکا هـاوکـاریان بـن.
نازانم تا چ رادەیەک ئەم سێ پێشنیارەی من لای خوێنەران کوردمان پەسەند و بەجێیە.
مەبەستی من ئەوەی کە بێـدەنگ و دەستەوستان دانەنیشن و هەڵوێستی ترمـان هەبێت.

زۆم پێخۆشە، هەر کوردستان پەروەرێک پێـشنیاری تری پەسەنـدتـر و بەجـێتـری لایـە، با بێدەنگ نەبێت و دەری ببڕێت و بیگـەیەنێت. تا بگـەیەنە پێشنیار و رایـەکی جـوان و پەسەنـدی یەکگرتــوو، کە لە دوای خۆپیشاندانـەکـانی نـاڕەزای چـیتر بکـەین باشـە..؟
بێگومان را و بۆچوون و پێشنیاری جیاوازتـر هـەن.. وەکو دەشـڵێن رای دوو کەس لە رای کەسێک باشـترە.. رای چـوار کەسیش لە رای دوو کـەس باشـترە.. رای…هـتد.
ئەم پـرسـەش پـرسی هەمـوو کوردێـکی دڵسـۆزی کـورد و کوردســتان پـەروەرە.
رەزا شـوان
نۆروێـژ : ١٤ی/ ئوکتۆبەر/٢٠١٩




قارداش … پشکۆ ناکام

                                           

…..دوابەدوای هێرشە بەڕبەڕییەکەی سوپای دەوڵەتی پاشماوی عوسمانی بۆ سەر رۆژئاوا ، زۆرێک لە ووڵاتان و دامەزراوە جیهانییەکان هەریەک بەجۆرێک و بە ئاستێک ئیدانەی ئەو هێرشەیان کردوە لە ئیدانەی زارەکی تا سزادانی ڕژێمەکەی ئێردوگان ، بەڵام نە ئەوەی ناویان ناوە پارلەمان و نە ئەوەش کە خۆی ناوناوە حکومەت!!! لە هەرێم تا ئێستا و بەڕەسمی هیچ هەڵوێستێکی پشتگیریی لە رۆژئاوا دەرنەبڕیوە و” کالعادة” خۆیان کردوە بە کەڕەی شەربەت نەبادا پریشکێکی ئەم ئاگرەیان بەرکەوێ چونکە خۆیان لە فیتی خۆیان باش ئەزانن و خۆیان چاک ئاناسن ، پارلەمانی “سوید” کە پارلەمانی بەشێک لە کوردستان نیە بەهەزاران کیلۆمەتر لە رۆژئاواوە دوورە و ئاڵای کوردستان بەسەرییەوە نیە و لەوحەی هیچ جامانەبەسەرێکی لێ نیە بڕیاری سزایانی تورکیای دەرکردوە، بەڵام بەناو پارلەمانەکەی هەرێم!!نقەی لەخۆی بڕیوە ، ئاخۆ پارلەمانێک کە پاشکۆی حیزب نەک خەڵک بێت بە هیچ تەڕ ئەبێت..؟ لەوانەشە پارلەمان سەرقاڵ بێ و نەپەرژێتە سەر ئەوی چی ئەقەومێ ئەوەی پارلەمانتاران لە گفت و گۆیەکی مێژوویی و فەرهەنگیان کە ئاخۆ ڕێکەوت یان بەروارە!!
تا ئێستا بۆیان ساغ نەبۆتەوە کامیانە تا ئەگەر بەیاننامەی ئیدانەیان دژی تورکیا نووسی بزانن لەسەری بنووسن ڕێکەوت یان بەروار.هەر حکومەتیشە خۆی گرمۆڵە کردوە و ئەوەنەی تر بچووک بۆتەوە ، خواخوایەتی کەس پێی نەڵێ ” بۆ قسە ناکەی؟” چونکە باش ئەزانێ بڵێ لەل تورکیا هەموو نهێنییەکان ئەخاتەڕوو” نهێنی گرێبەستە نەوتی و سەربازییەکان” ، جگە لەوە بەناو حکومەتەکەی هەولێر ڕۆحی چوە گەر خوانەکردە زمانی زەلەی کرد و منجەمنجێکی کرد بەدڵی تورکەکان نەبێت ئەو کاتە تورکیا بکشێتەوە لە پارێزگاری کردنی بنەماڵە و پارتی پاشکۆی لە ناکۆکیەکانیان لەگەڵ هێزی گەریلای باکور ، جگە لەوەش داخستنی سنوور بە ڕووی بەقاچاخ بردنی نەوت و داهاتی گومرگ و لەلایەکی تریشەوە “ئەنقەرە” گرێ بەستە نەوتیە نهێنییەکان هەڵبوەشێنێتەوە ، جا بەناو حکومەتەکەی هەولێر کە بنەماڵە وەک “کێک” خۆی دروستی کردوە تا بینەقاقای لەقەرزایە ئەو کاتە گۆڵمەزەکە خۆش ئەبێت…
ئەمانە هەمووی لە لایەک و ئەوەی ئەمڕۆ تورکیا ئەیکات دەسەڵاتی هەولێر بەشێوازی بچووکتر و پێشتر ئەنجامی یاوە هەر لە هەڵکەننی جاڵ بەدرێژایی سنووری ڕژئاوا و نەهێشتنی گەیشتنی هاوکاری ئینسانی و پزیشکی بۆ خەڵکی مەدەنی و چاوساغی کردن بۆ ” میت” و دروستکردنی هێز و حیزبی کارتۆنی،، کەواتە زیا ووتن نیە گەر بڵێین ئەم هێرشە تورکیە بە جۆرە ئەجندایەک لە خزمەتی دەسەڵاتی هەرێم و دژ بە خەڵکە ، دەسەڵاتێک خەڵکی بەشەکانی تری کوردستان لە کەمپێکا ئابڵۆقە بات چۆن بڕوا بەهاوسۆزی ئەکرێت. كاتێک کە چەن سەربازێکی تورکی کوژران بەناو سەرۆکی حکومەتی ئەوکاتە بە پەلەپروسکێ و لەخۆیان لاوانەوەوە گەشتە تورکیا و پرسەی بنەماڵە و حکومەتەکەی ڕاگەیان ، ئاخۆ جورئەتێک شک ئەبرێت کە هەمان بنەماڵە و هەمان دەسەڵات ئیدانەی ئەم هێرش و مەرامە داگیرکارییەی تورکیا بکات..!!
ئەوەی لەڕۆژئاوا رووئەیات زامێکی کوشەندە و تراجیدیایەکی ئینسانیە ، هەرچیەک بکرێت بۆ تیمار کردنی کەمە ، بەڵام ئێمەش خۆمان لە باشوور تووشی زامێکی درێژخایان بووین کە رێگرە لە بەتەنگەوە چوونی رۆژئاوامان و یارمەتی و هاوکارییان ، ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی هێرشی تورکیا بۆتەوە ، ئێمەش لەژێر دەستی دەسەڵاتێکی گرێ دراوی هەمان تورکیا کەنەفت کراویین ، تورکیا نازی ئاسا بەربۆتە ڕۆژئاوا ، حکومەتی هەرێمیش خەریکی نەوەت ناردنە بە بەلاش ، چونکە پارەکەی دەمێکە وەرگیراوە و خەشنۆش کراوە…ئێمە شەرفانانمان لە سەردەمە ئەوانیش قارداش….




توورەج ئەسڵانی خەڵاتی فێستیڤاڵی ئازادی ئەمەریکای پێشکەش بە خۆڕاگری خەڵکی ڕۆژئاوا کرد

مەنسوور جیهانی ـ توورەج ئەسڵانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئازادی” ئەمەریکای وەرگرت و خەڵاتەکەی پێشکەش بە خۆڕاگری خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها منداڵانی ڕۆژئاوا کرد.

فیلمی سینەمایی “14ی تیرمە” (14ی Tîrmeh) لە دەرهێنانی “هاشم ئایدێمیر” Hashim Aydemir، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد حیسامەدین یوورک” Mehmet Husamettin Yurek لە کۆمپانیای “یاپیم 13” Yapim 13 و لە بەڕێوەبەری وێنەگرتنی توورەج ئەسڵانی سینەماکاری ناودار و نێودەوڵەتی کورد، بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئەڵمانیا و تورکیا، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئازادی” Freedom لە ویلایەتی کاڕۆلینای باشوور لە وڵاتی ئەمەریکا نمایش کرا و توورەج ئەسڵانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتن و هەروەها خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم ڕووداوە سینەماییەی بەدەستهێنا.

توورەج ئەسڵانی دوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئازادی” ئەمەریکا، ئەم خەڵاتەی بە نەتەوەی ئاشتی خوازیی کوردستان و بە تایبەت خۆڕاگری قارەمانەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها منداڵانی ڕۆژئاوا پێشکەش کرد.

فیلمی سینەمایی “14ی تیرمە” لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە بڵندەکانی “سینەمای کوردی” لە پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” لە هەرێمی کوردستان نمایش کرا و خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە هۆی وێنەگرتنی بەرچاو و ستایلی وێنەیی بەرجەستە، بە توورەج ئەسڵانی بەڕێوەبەریی ئەم فیلمە سینەماییە بەخشرا و هەروەها کۆمەڵەی ئەکتەرانی ئەم فیلمەش بە هاوبەشیی خەڵاتی باشترین ئەکتەریی ئەم خولەی فێستیڤاڵیان بەدەستهێنا.

“14ی تیرمە” تا ئێستا لە 17 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیهان بەشداریی کردووە، لەوانە: نمایشی تایبەت لە بەشی “سینەمای جیهان” لە بیست و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کامێڕائیمەیج” CAMERIMAGE فێستیڤاڵی پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەمای جیهان لە وڵاتی پۆڵەندا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لاپاز” La Paz لە وڵاتی بۆلیوی، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئاڵتێڕناتیڤ” Alternative لە شاری تۆڕێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئێسکاندیناڤیا” SCANDINAVIAN لە وڵاتی فینلەندا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڕێۆدۆژانیرۆ” لە وڵاتی بڕازیل، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دنیای کۆمەڵایەتی” Social World لە وڵاتی ئیتالیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “میلان” لە وڵاتی ئیتالیا، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “تگێن” Tagen لە هامبوورگ، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “بەڕڵین” و فێستیڤاڵی فەرهەنگی کوردی “نۆرمبێرگ” لە وڵاتی ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “لەندەن” لە وڵاتی بەریتانیا، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “ئەستەنبووڵ” لە تورکیا و … .

ئەم فیلمە بە بەشداری لەم ڕووداوە سینەمایانە چەندین خەڵاتیشی بەدەستهێناوە، لەوانە: خەڵاتی باشترین وێنەگرتن بۆ توورەج ئەسڵانی و باشترین ئەکتەری پیاو لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کرالا” Kerala لە وڵاتی هیندستان، خەڵاتی تایبەتی داهێنان لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” لە هەرێمی کوردستان، خەڵاتی باشترین دەرهێنان بۆ فیلمی یەکەم لە خەڵاتەکانی وێنەگران لە وڵاتی کەنەدا، خەڵاتی باشترین فیلم، خەڵاتی باشترین سیناریۆ، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ، خەڵاتی باشترین دیزاینی دەنگ بۆ بەهمەن ئەردەڵان و هەروەها خەڵاتی باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن بۆ توورەج ئەسڵانی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “پێنج قاڕە” لە وڵاتی وینزۆئێلا و … .

فیلمی سینەمایی “14ی تیرمە” بۆ ماوەی سێ مانگ لە 145 هۆڵی سینەمایی لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەورووپا چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن هۆگرانی هونەریی سینەمایی پێشوازیی لێکرا.




کزە شیعرێک بۆ ڕۆژاڤا ….. ملکۆ

تەماشاکە
پێرێ ئەنفال
دوێنێ ھەڵەبجە و
ئەمڕۆش ڕۆژاڤا
تەماشاکا ووڵاتم نووقمی خوێناوە
تەماشاکا لەسەد لاوە زۆرێک گوێ ھەیە نابیستن
زۆرێک دەم ھەن کە گۆناکەن
زۆرێک چاو ھەن کە نا بینان
پف لەووشەی مافی مرۆڤ
تڕحێو ووشەی دیموکراسی
خوێنی زاڕۆڵە دەفرۆشن
ڕیشی چەرمووی باپیرە گەورەی مێژوومان
لەمۆزەخانەی جیھانا
بەنرخێکی کەم دەفرۆشن
مێژووی ئێمە پڕ ھەڵوێستە و
مێژووی ئەوان پڕ خەوش و عار
پیرۆزی گڕی ئاڤێستا والەلوولەی تفەنگتانا
نەک بۆ ئەمڕۆ بۆ ئایندەش
پێشەنگی ڕۆژێکی ڕوونن
ڕۆژاڤاکەم
بێشەڵانی نوێھەڵکەوتووی شۆڕشگێڕان و جیھانم
سەلمانتان کە تیشکی خۆرن
زەنگۆڵەکەی ملی ڕاستین
لە نەبوون ھەن
لە بوون بوونن




ئیتر من وام … نەوزاد بەندی

نە سیاسەت ئەزانم
و
نە شارەزای گەمە و
فێڵی سیاسیشم ..
بەڵام کە مناڵێ ئەبینم
وا ئەکوژرێ
لە کۆرپەکەی
عومەری خاوەر
ھەتاکو
محەمەد دوڕە و
ئەیلانی لە ئاوا خنکاو
تا کۆرپەکانی
عەفرین و کانی سپی
زامدارکراو..
ھەرچی تف و
جنێوێ درکی پێ بکەم ،
بۆ زلھێز و چڵکاو خۆرانی
ئەنێرم..
ھەرچی چۆن بێ بیانوو
بەڵگە و
لێکدانەوە سیاسیەکان
بە قەدەر وەڕینی سەگێ
من گوێیان بۆ ڕانادێرم ..




هـۆنراوە بۆ مێردمنـداڵان- نابـەزین.. رەزا شـوان

ئەمــــڕۆ هـەمــــــــوو رۆژئـــــــاوایـن
خوشـک و بـرا ، پشـت و پەنــــــــایـن
یەک هەڵـوێســـــت و یەکـــــــــڕیـزیـن
کـۆڵـنـــــــــــادەیـن و نـابــــــــــــەزیـن
ئەردۆگــــــــــــــــانی گـێــــــــــلەپـــیـاو
رەگـەزپـەرســـــــتی بــــــــــــــەدنــــاو
دیـکـتــــــــاتـۆری ســـــــــــتـەمـکــــار
لەخـۆبــــــــــــــایـی و نـالـــــــــەبـــــار
ئـەی خـوێــــــنـڕێــژی تـاوانـــــــنـبـار
بـوویـــــتە بـە گــــــــورگـی هــــــــــار
کـــورد بــووە بـە چـقـــــڵـی چــــــاوت
بـە رێـگــــــری نـیــــــــازی گــــــڵاوت
گەمـــژە ، کــــورد هــەر دەمـــــێـنـێـت
مـــــافـی خــــــۆی هــەر دەســــێـنـێـت
هـــــاکـا تـەخـــــــــــتـت هـەڵـــــــدێـرن
بـۆ دۆزەخـــــــــــــــت بــــــــــــــنـێـرن
نەرویـج: ١٢ی/ ئوکتۆبەر/ ٢٠١٩




نرخی رازییکردنی ترامپ بەهێرشەکەی تورکیا ……

نرخی رازییکردنی ترامپ بەهێرشەکەی تورکیا بۆ داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان، بۆندێکی 100 ملیار دۆلاریی بوو

وەرگێڕانی : مستەفا چوارتایی

لە” واشنگتۆن پۆست”ەوە:


ترامپ:” لەبیرتان نەچێت، پێش هەموو شتێك؛ تورکیا ئەندامی ناتۆیە.”

بۆ کارکردنە سەر تورکیا، ترامپ بەتویتەر دار و گێزەری پێشانی تورکیا دا

گفتوگۆی تەلەفۆنی “ترامپ و ئەردۆغان” بەهەواڵێکی خۆش دەستیپێکرد. بەگوێرەی وتەی چەند بەرپرسێکی ئەمریکیی کە مەرجیان هەبوو ناویان نەبرێت، کورتەی پێوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترامپ و ئەردۆغانیان ئاشکرا کرد. کە لەم هەفتانەی دواییشدا باسیلێوەکراوە چۆن پەیوەندیی هەردوولا باشتر بکرێت. ئەویش بە بۆندێکی بازرگانیی 100ملیار دۆلاریی و لابردنی گەمارۆی بەشداریی تورکیا لەپەرەپێدانی فڕۆکەی F-35 و، هەروەها سەردانی ئەردۆغانیش بۆ ئەمەریکا؛ هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر رێککەوتنی نێوانیان بۆ بەڕێوەبردنی کۆمیتەی گەڕۆکی ناوچەی ئارام لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و بەدرێژایی سنووری تورکیا کرد. تورکیا دەیەوێت بەدرێژایی سنوورەکەی، ئەو ناوچانە لە چەکدارە کوردەکان پاکبکاتەوە، ئەو شەڕڤانانەی لەجەنگی دەوڵەتی ئیسلامییدا زۆر پێوست بوون. بەلای تورکیاوە ئەوانە هاوپەیمانی کوردە تێرۆریستەکانی تورکیان کە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمیی دەدەن. ئەردۆگان گوتوویەتی ئەو چەندین مانگە هێزەکانی ئامادەکردووە و دەجووڵێت.

کاردانەوەی کۆشکی سپیی روون نەبوو. کارتژمێرێك پێش نیوەشەو؛ راگەیاند: تورکیا ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام دەدات کە لەمێژە پلانی بۆ داناوە، ئەمەریکا پشتیوانی ئەو ئۆپەراسیۆنە ناکات و بەشداریی تێدا ناکات و، لەناوچەکە دەکشێتەوە.” سەرکردەکانی پارتی کۆماریی کاتێك بەهەواڵی کشانەوەی هێزەکانیان بەئاگا هاتن، بەتوندی سەرکۆنەیان کرد کە بۆچی ترامپ بۆ تورکیا پشتی کردووەتە کوردەکان. بەرپرسانی پەنتاگۆن کەوتنە پینەکردنی دۆخەکە و، لەبواری مرۆییانەوە هۆشدارییان دەدا کە زیانی گیانی بەر دانیشتووان نەکەوێت. فەرماندە کوردەکانیش دەیانگوت ئەوان پاراستن لەسەر ئەو هۆردوگایانە هەڵدەگرن کە هەزاران شەڕکەری دەوڵەتی ئیسلامیی تێدا دیلکراون و هێزەکانیان دەبەنە بەرەی پێشەوە لەگەڵ تورکیا.

ترامپ بە زریانێك لە جووکەی تویتەر بەرگریی لەبڕیارەکەی کرد و گوتی:”لەم جەنگە سەخیفە بێ کۆتاییە بێینە دەرەوە.” یاریدەدەرەکانی ئاسایشی نەتەوەیی کە وتەکانی شەوی پێشوویان نەبینیبوو، بەپەلە کەوتنە چاککردنەوەی زیانەکانی و گۆڕینی تۆنی دەنگی ترامپ. بۆیە لە کاتژمێر 10:38 ی بەیانی رۆژی دووشەممە، لە تویتێکی دیکەدا ترامپ رایگەیاند:”ئەگەر تورکیا کارێك بکات و بەدڵی نەبێت، ئەوا ئابووری تورکیا لەناو دەبات.” بەڵام بەیانی رۆژی سێشەممە ئەو تویتەی کشاندەوە! تویتی گێزەرەکەی گۆڕیی بۆ تویتی دار(کوتەك)کەکە.
هەروەها لیستێکی درێژیی لەگازاندە دژ بەتورکیا خستەڕوو لە گەمارۆی ئابووری و باجی گومرگیی ئەمریکا و پێوەندیی تورکیا بە ئیران و فەنزێللا و گوتی ئەردۆغان کێشەی ئابووریی و سیاسیی هەیە و هەندێکیش لەوانە هۆکارەکەی ئەمەریکایە. تورکیا وڵاتێکی ئەندامی ناتۆیە و لەهەڵوێستی ئەمریکا و ئەوروپا نیگەرانە بەهۆی ئەو هەڕەشانەی لە ئەنجامی جەنگی ناوخۆیی سووریاوە تووشیهاتوون و ناچاری کردووە، سیستەمی بەرگریی هەوایی رووسیی S-400 بکڕێت. ئەمەش پێشێلکردنی یاسای ئەمریکیی و پرتۆکۆڵەکانی هاوپەیمانێتییە.

بەرامبەر ئەمەش بەڕێوەبرایەتی ئەمریکا تورکیای لەبەرنامەی پەرەپێدانی فڕۆکەی F-35 دەرکرد. هەروەها ئەمەریکا بڕیاری فرۆشتنی 100 فڕۆکەی جۆری F-35 راگرت. ترامپ سێشەممە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دەکرێت هەموو کێشەکان لەگەڵ تورکیا چارەسەر ببن. لە تویتێکی دیکەدا گوتی:”خەڵکانێکی زۆر ئەوەیان بیردەچێت کە تورکیا هاوبەشێکی گەورەی بازرگانیی وڵاتە یەکگرتووەکانە. لەراستییدا ئەوان ئاسنی پێویستی قاڵبی فڕۆکەی F-35 دابین دەکەن، لەبیرتان نەچێت، پێش هەموو شتێك؛ تورکیا ئەندامی ناتۆیە.”
ئەردۆغان لە 13ی نۆڤێمبەردا سەردانی ئەمەریکا دەکات. کەمێك دوای ئەوە جارێکی دیکە و لە تویتێکی دیکەدا ترامپ باسی کوردەکانی کردەوە گوتی:”لەهەموو حاڵێکدا کوردەکانمان جێنەهێشتووە، ئەوانە خەڵکانێکی دیارن و جەنگاوەری ئازان”. بەرامبەر ئەوەش پێوەندییمان لەگەڵ تورکیا کە هاوبەشی ناتۆ و بازرگانییە زۆر باشە”.
دوای چەند چرکەیەك دووبارە هۆشداریی دایەوە بە تورکیا لەبارەی وێرانکردنی ئابوورییەکەی. ئەم هەڵوێستە پچڕپچڕانە رەخنەیەکی زۆری بەدوای خۆید هێنا لەبارەی تورکیاوە، چونکە ئەمە گەڕەلاوێژەی خوڵقاندووە. بەرپرسێکی باڵای ئەمریکیی دەڵێت؛”سەرۆك بەشێوازی خۆی کارێکی باش دەکات، لە پێوەندییە تەلەفۆنیەکەشدا ئەوەی کرد کە لێی چاوەڕوان دەکرا. ئەو بەرپرسە گوتی، ئەوەی کە دەیبینن و ئێمە دەیکەین، بەشێوازی کێویانەی رۆژئاوایی بە تویتەکانی؛ زۆر زیاتر یان کەمترە لەوەی بەشێوەیەکی ئاقڵانە رۆژی یەکشەممە لەسەر مێزەکەی دادەنرێت.
ئێمە هەوڵدەدەین دوو کار بکەین. یەکەم بۆ چاککردنەوەی پێوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا هەنگاو دەنێین و هانی دەدەین. دووەم نامانەوێت لەباکووری سووریا کارەسات ببینین. لەمبارەیەوە رۆژی سێشەممە وەزیری بەرگریی تورکیا تویتێکی کردو نووسیی:”ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکە تەواوبوون”. بەرپرسانی ئەمریکیش گوتیان:”کەمتر لە 50 کەسی هێزەکانی ئەمەریکا کە لەهێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتن، لەدەرەوەی ناوچەی ئارام جێگیربوونەتەوە و، چاوەڕوانی ئۆپەراسیۆنی تورکیا دەکەن تا بیبینن و حوکمی لەسەر بدەن کە چۆن بووە و، تەواوی پرۆسەکە لگەڵ کشانەوەی ئەماندا چۆن بەرێوەچووە.
شارەزایان هۆشدارییان داوە کە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی تورکیا دەبێتە هۆی تێکچوونی باری ئارامیی لە هۆردوگای دیلەکانی داعشدا. ئازادبوونیان دەبێتە هۆی کشانەوەی زیاتری ئەمەریکا لە سووریا، ئەمەریکا نزیکی 1000 سەربازی لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا هەیە. کە بە مەفرەزەی بچووك بەسەر خاڵی چاودێری زۆردا دابەشیکردبوون.
مەزڵوم کۆبانی عەبدی کە فەرماندەیەکی هێزەکانی سوریای دێمۆکراتییە، پەیامێکی بۆ هێزەکانی ئەمەریکا ناردووە و، گوتوێتی:”ئێمە دەزانین کە ئەم کشانەوەیە بڕیاری ئێوە نییە، ئێمە وئێوە براین و بە برایەتیی دەمێنینەوە”. بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمەریکا دەڵێن دڵنیا نین کە تورکیا هێرشێکی سنووردار دەکات و رێ بە هێزەکانی ئەمەریکا دەدات بەگەڕانەوە و چالاککردنەوەی ناوچەی ئارام، یان ناچاری دەکات بەرەو قووڵایی سووریا بڕۆن.

هەروەها لەبەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە داعش هەوڵی دا سەرنج بۆلای خۆی رابکێشێ و، بەکەمێك پێش کاتژمێر دوو، سێ خۆکوژی چوونە ناو هێزەکانی سوریای دێمۆکراتییەوە لە ڕەققە و خۆیان تەقاندەوە. لەگەڵ ئەوانیشدا کۆمەڵێك چەکداری دیکە کەوتنە شەڕەوە. لەو کاتەی هاوپەیمانەکان و لایەنە پێوەندیدارەکان لەهەوڵی ئەوەدان کۆدی تویتەکانی ترامپ بکەنەوە، تورکیا سوورە لەسەر داگیرکاریی و ئەوە بە دروست دەزانێت و ئامانجیشیێتی، ئامانجەکەش هێزەکانی سوریا دێمۆکراتییە کە هەرەشەیە بۆ سەر ئاسایاشی نەتەوەیی تورکیا.
رۆژنامەی “سەباح”ی تورکیی نزیك لە ئەردۆغان رۆژی سێشەممە راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە ونووسیویە:”هێزەکانی تورکیا چاوەڕوانی کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن، پێشئەوەی هێزی تورکیی هێرش بکەن. سەرەتا فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپەکانمان شوێنەکانی دوژمن دەکوتن، ئنجا هێزەکانی تورکیا لەچەند خاڵێکی سنوورییەوە لە رۆژهەڵاتی “فورات”ەوە دەچنە ناوەوە. ڕاپۆرتەکە لەدرێژەیدا دەڵێت:”سوپای تورك بە قووڵاتیی 18 میل دەچێتە ناو خاکی سووریاوە(ناوی سەرچاوەی سەربازییشی نەبردووە) و، تورکیا لە کاری مرۆڤانەی خۆی بۆ گێڕانەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەردەوام دەبێت”.

  • فەهیم لە ئەستانبوڵ،
    سارا دادوش لە بەیروت،
    میسی رییان لە واشنگتۆن،
    لەئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا بەشداربوون.

    The Washington Post – 09.10.2019



خۆرئاوای کوردستان، چی بکات دوای هێرشی ئەردۆغانی فاشی! … سەروەرکەریم

ئەگەر ئەوبۆچوونە دروست بێت،کەسیاسەت هونەری مومکینە ئەوا خۆرئاوا نەیتوانی وە لەودیدەوە لەسیاسەت بڕوانێت و هەوڵی بەدەست هێنانی مافەکانی بدات .شۆڕشی خۆرئاوای کوردستان بەهەنگاوێکی خێرابەروێش رۆیشت و توانی جێگای خۆی ،لەهاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوسوریا بکاتەوەو کۆمەڵێک دەستکەوت بەدەست بهێنێت و ناوچەیەکی فراوان بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوەو هەنگاو بۆ گەیشتن بەدەریا بنێت ،ئەوەش دەبووە پاڵپشتێکی گەورە بۆ دابین کردنی ئابوری گونجاو.
هەنگاوە خێراکان کەمێک بوغرایی لەلای دەسەڵاتی خۆرئاوا پەیداکردو هیچ دووربینیەکیان بۆ ئایندەی حکومڕانی خۆرئاواو بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکان نەکرد ،کەدوای کۆتایی داعش ڕووبەڕوویان دەبێتەوە ،بەڵکو هەرسەرگەرمی ئەو بەڵێنە درۆینانەبوون ،کەئەمریکای شەریکی تورکیای فاشی پێی دابوون ،کەگوایە دەیانپارێزێت و ناهێڵێت تورکیا هێرش بکاتە سەریان .

ئەو خۆشخەیاڵیە زۆرەی خۆرئاوا بەئەمریکای باوکی سەرمایەداری ڕێگەی گرت لەبینینی واقیعەکە ،کەئەمریکا خۆرئاوا وەک کارتێک بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی و فرۆشتنی چەکی زیاتربەکار دەهێنێت و هەرگیز ئەمریکا پشت ناکاتە تورکیای فاشی دووەم گەورەهێزی ناتۆ .لەگەڵ کۆتایی هاتنی بەشێکی زۆری هیزەکانی داعش ووردە ووردە سیاسەتی ئەمریکا ئاشکرابوو ،کەهەموو لێدوانەناکۆک توندەکاندەکانی دژ بە ئەردۆغانی هاوپەیمانی ،جگەلەسیناریۆیەک هیچی ترنەبووە .ئەوەش بەڕوونی لەهێرشی تورکیای فاشی بۆسەرعەفرین ئاشکرابوو ،کەئەمریکا نەک پشتیوانی لەخۆرئاواناکات ،بەڵک بەرامبەر بەهێرشی دڕندانەی دەوڵەتی فاشی تورک بێدەنگی هەڵبژراد .
دوای لەدەست دانی عەفرینیش دیسان سیاسیەکانی خۆرئاوای کوردستان دەست بەرداری خۆشخەیالیەکانیان نەبوون بەئەمریکاوبەردەوام بوون لەدەستەو وەستان و بەستنەوەی هەموو شتەکان بەبەڵێنی درۆیینانەی ئەمریکا ،بەوەی دەیانپارێزێت ،ئەوە جارێکی تر کەوتن بەسەر ئەو واقیعەتاڵەی دوای ڕاگەیاندنی کۆتایی داعش ،لەلایەن ئەمریکاوە و هەنگاوی یەکەی ئەوەی ڕاگەیاند لەسوریا دەکشێتەوە ،دیسان ئەوەش ڕاینەچڵەکاندن و بیریان لەوە نەکردوە ،ئەمریکای هاوپەیمانی هەمیشەیی ئەردوغانی فاشی ،لەبەرخاتری ڕۆژئاوا دەست بەرداری دەوڵەتی فاشی تورک نابێت .ئەگەر لەهەنگاونان بۆکشانەوە ماوەیەک دوای خست ،بەڵام ئەوەتا دیسان ترامپ  بەڵێنەکەی خۆی بردە سەربۆ ئەردۆغانی ئیسلام فاشی و گڵۆپی سەوزی دایە دەست ئەردۆغان و فەرمووی لێکرد ڕۆژئاوا داگیربکات .

ئەوەی نەزانی یە عەقڵی هەژاری خەڵکی کوردە لەهەر چوارپارچەکی دەڵێن ئەمریکا خیانەتی لێکردین و خەنجەری لەپشتەوە لێداین .بەلام کام خیانەت و کام خەنجەر ئەی هەژارانی سیاسی  کورد .ئەمریکای دڕندەو باوکی سەرمایە هیچ رێکەوتنێکی لەگەڵ خۆرئاوادا بەنووسراو نەبووەو هەمیشە بەقسەی سۆزداری باسی کوردی خۆرئاوای کردوە ئازان و جەنگاوەری باشن .بەلام بیرتان نەجێت ئەمریکیەکان بەردەوام ئەوەناکەن کەدەیڵێن ،بەڵکو پێچەوانەکەی دەکەن و ئەوەتا کردیشیان .هەردوای هێرشی ئەردۆغانی فاشی  زۆرێک هاتو هاوار دروست بووە فڵان و فیسار خۆشخەیاڵیان بەتویت و لێ دوانەکان دەردەبڕن ،بەلام لەو ستراتیژە تێناگەن ،کەئەمریکاو ڕوسیا پاڵپشتی ئەو هێرشەن و ئەوەتا لەئەنجومەنی ئاسایش دژی ئیدانەکردنی ئەو داگیرکاریەی ئەردۆغانی فاشی بوون.

هەرگیز نابێت خۆرئاوا بەتەمای ئەوەبێت سەرانی مافیای باشور هاوکاریان بکات ،چونکەئەوان دەمێکە خزمەتی ئەردۆغانی فاشی دەکەن و باشوری کوردستانیان کردوەتە مۆڵگەیەک بۆیان و ئابوری باشوریان تەسلیم کردووەو ئەویش بەوئابوریە  چەک و چبەخانی پێدەکڕێت و بەسەر ئێوەدا دەیبارێنی .ئەوان ئەوەندە جورئەتیان نی یە ئیدانەی داگیرکاری ئەردۆغان ئیسلام فاشی بکەن کۆمپانیاکانیان دەرکەن و نەوت ڕاگرن و قونسوڵگەریەکەیان دەربکەن .ئەگەرنەڵێم دڵخۆش دەبن بەکەوتنی خۆرئاوا چونکە لەژێر دەسەڵاتی مەسعودی مافیادانی و نەبوون بەجاشی ئەو ،وەک ئەنەکەسە .
ئەگەر خۆرئاوا بەهەڵەسیاسیەکانی دا نەچێتەوە بەرامبەر بەئەمریکا دەست بەرداری خۆش خەیاڵیەکانی نەبێت و ستراتیژی پشت بەخۆبەست نەکاتە ئامانجی درێژخایەنی خۆیی و شیوازی بەرنگاری نەگۆڕێت ،ئەوا لەباشترین حاڵەت دا ماوەیەک گیانبازی دەکەن و قوربانی یەکی زۆر دەدەن ،بەڵام ئەوەش بەومانایە نی یە کەخۆرئاوا لەبەرخۆتان دەوەستێت ،لەوانەیە دووچاری شکستی سیاسی ببێت ،بەالم دەبێت زۆرزیرەکانە هاوكێشەکان هەڵبسەنگێنی و لە وە دەرچێت بەتانها بڵێت خۆرئاواناکەوێت دروشم گەل ناگاتە ستراتیژی بەڤێتنام کردنی خۆرئاوا و پشت بەستن بە ستراتیژی شەڕی  ڤێتنامیەکان .دەست بەدژەهێرش بکەن ،لەناو تورکیادا و هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندیە ئابوریەکانی ئەردۆغانی فاشی و لەناویشەوە بەشیوەی  ستراتیژی شەڕی ناوشارەکان ڕووبەڕووی لکەشکری داگیرکەرببنەوە .ئەوە هەنگاوێکە دەتوانێت شکست بە داگیرکاری بهێنێت .
هۆڵەندا

دوای لەدەست دانی عەفرینیش دیسان سیاسیەکانی خۆرئاوای کوردستان دەست بەرداری خۆشخەیالیەکانیان نەبوون بەئەمریکاوبەردەوام بوون لەدەستەو وەستان و بەستنەوەی هەموو شتەکان بەبەڵێنی درۆیینانەی ئەمریکا ،بەوەی دەیانپارێزێت ،ئەوە جارێکی تر کەوتن بەسەر ئەو واقیعەتاڵەی دوای ڕاگەیاندنی کۆتایی داعش ،لەلایەن ئەمریکاوە و هەنگاوی یەکەی ئەوەی ڕاگەیاند لەسوریا دەکشێتەوە ،دیسان ئەوەش ڕاینەچڵەکاندن و بیریان لەوە نەکردوە ،ئەمریکای هاوپەیمانی هەمیشەیی ئەردوغانی فاشی ،لەبەرخاتری ڕۆژئاوا دەست بەرداری دەوڵەتی فاشی تورک نابێت .ئەگەر لەهەنگاونان بۆکشانەوە ماوەیەک دوای خست ،بەڵام ئەوەتا دیسان ترامپ  بەڵێنەکەی خۆی بردە سەربۆ ئەردۆغانی ئیسلام فاشی و گڵۆپی سەوزی دایە دەست ئەردۆغان و فەرمووی لێکرد ڕۆژئاوا داگیربکات .
ئەوەی نەزانی یە عەقڵی هەژاری خەڵکی کوردە لەهەر چوارپارچەکی دەڵێن ئەمریکا خیانەتی لێکردین و خەنجەری لەپشتەوە لێداین .بەلام کام خیانەت و کام خەنجەر ئەی هەژارانی سیاسی  کورد .

ئەمریکای دڕندەو باوکی سەرمایە هیچ رێکەوتنێکی لەگەڵ خۆرئاوادا بەنووسراو نەبووەو هەمیشە بەقسەی سۆزداری باسی کوردی خۆرئاوای کردوە ئازان و جەنگاوەری باشن .بەلام بیرتان نەجێت ئەمریکیەکان بەردەوام ئەوەناکەن کەدەیڵێن ،بەڵکو پێچەوانەکەی دەکەن و ئەوەتا کردیشیان .هەردوای هێرشی ئەردۆغانی فاشی  زۆرێک هاتو هاوار دروست بووە فڵان و فیسار خۆشخەیاڵیان بەتویت و لێ دوانەکان دەردەبڕن ،بەلام لەو ستراتیژە تێناگەن ،کەئەمریکاو ڕوسیا پاڵپشتی ئەو هێرشەن و ئەوەتا لەئەنجومەنی ئاسایش دژی ئیدانەکردنی ئەو داگیرکاریەی ئەردۆغانی فاشی بوون.

هەرگیز نابێت خۆرئاوا بەتەمای ئەوەبێت سەرانی مافیای باشور هاوکاریان بکات ،چونکەئەوان دەمێکە خزمەتی ئەردۆغانی فاشی دەکەن و باشوری کوردستانیان کردوەتە مۆڵگەیەک بۆیان و ئابوری باشوریان تەسلیم کردووەو ئەویش بەوئابوریە  چەک و چبەخانی پێدەکڕێت و بەسەر ئێوەدا دەیبارێنی .ئەوان ئەوەندە جورئەتیان نی یە ئیدانەی داگیرکاری ئەردۆغان ئیسلام فاشی بکەن کۆمپانیاکانیان دەرکەن و نەوت ڕاگرن و قونسوڵگەریەکەیان دەربکەن .ئەگەرنەڵێم دڵخۆش دەبن بەکەوتنی خۆرئاوا چونکە لەژێر دەسەڵاتی مەسعودی مافیادانی و نەبوون بەجاشی ئەو ،وەک ئەنەکەسە .
ئەگەر خۆرئاوا بەهەڵەسیاسیەکانی دا نەچێتەوە بەرامبەر بەئەمریکا دەست بەرداری خۆش خەیاڵیەکانی نەبێت و ستراتیژی پشت بەخۆبەست نەکاتە ئامانجی درێژخایەنی خۆیی و شیوازی بەرنگاری نەگۆڕێت ،ئەوا لەباشترین حاڵەت دا ماوەیەک گیانبازی دەکەن و قوربانی یەکی زۆر دەدەن ،بەڵام ئەوەش بەومانایە نی یە کەخۆرئاوا لەبەرخۆتان دەوەستێت ،لەوانەیە دووچاری شکستی سیاسی ببێت ،بەالم دەبێت زۆرزیرەکانە هاوكێشەکان هەڵبسەنگێنی و لە وە دەرچێت بەتانها بڵێت خۆرئاواناکەوێت دروشم گەل ناگاتە ستراتیژی بەڤێتنام کردنی خۆرئاوا و پشت بەستن بە ستراتیژی شەڕی  ڤێتنامیەکان .
دەست بەدژەهێرش بکەن ،لەناو تورکیادا و هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندیە ئابوریەکانی ئەردۆغانی فاشی و لەناویشەوە بەشیوەی  ستراتیژی شەڕی ناوشارەکان ڕووبەڕووی لکەشکری داگیرکەرببنەوە .ئەوە هەنگاوێکە دەتوانێت شکست بە داگیرکاری بهێنێت .

هۆڵەندا




ترامپ لەبایەخی کوردەکان کەم دەکاتەوە! … وەرگیڕانی: مستەفا چوارتايي

لە”واشنگتۆن پۆست”ەوە:

ترامپ دەڵێت:”ئەوان لەجەنگی دووەم جیهاندا یارمەتییان نەداین، دۆزینەوەی هاوپەیمان بۆ جەنگی داعش ئاسانە.
رۆژی چوارشەممە، سەرۆك ترامپ گوتی:” ئەگەر کوردەکانی سووریا بەهۆی جەنگی تورکیاوە ئەوێ چۆڵ بکەن و بڕۆن، زۆر ئاسانە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هاوپەیمانیێتی نوێ بنیاتبنێ. خۆ ئەوان لە جەنگی دووەمی جیهانیشدا یارمەتیان نەداوین، ئەوان بەس خەمی خاکی خۆیان بوو، بۆ خاکی خۆیان تێدەکۆشان.”

لەوەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی چوونەناوەوەی تورکیا بۆ سووریا ترامپ گوتی:”لەگەڵ هەموو ئەم شتانەدا، ئێمە کوردمان خۆشدەوێت”. ئەم لێدوانانەی ترامپ نافەرمیی بوون و لەئاهەنگێکی کۆشکی سپییدا کە بۆ ئیمزاکردنی هەندێ بابەت کەپێوەندیی بەم کێشەیەوە نەبوو، گوتران. ئەمەش لەکاتێکدا، بەڕێوەبەرایەتیی ئەمەریکا هەموو هەوڵی خۆی خستبووە کار بۆ راستکردنەوەی گوتە چەوتەکانی ترامپ دژی کوردەکانی هاوپەیمانی ئەمەریکا و، لەبارەی هێرشەکەی رۆژی چوارشەممەی تورکیا و گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەی رۆژی یەکشەممەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان.

لەبەیانێکی نووسراودا؛ ترامپ هانی تورکیا دەدات کە خەڵکی سڤیل بپارێزێ و هۆردوگای دیلەکانی شەڕکەرەکانی داعش بپارێزێت. دەڵێت:’وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرپرسیارێتیی دەخاتە ئەستۆی هاوپەیمانەکەی خۆی لەناتۆ دەربارەی ئەنجامەکانی هێرشکردنەسەر شەریکێکی سەرەکیی ئەمریکیی لەنەهێشتنی تێرۆردا، هەروەها لەبەیانەکەدا دەڵێت:ئەم هێرشە بیرۆکەیەکی خراپ بوو”. دەشڵێت تورکیا بەڵێنی داوەکە نەهێڵێت قەیرانێکی مرۆیی رووبدات، گەرەنتی ئەوەش بکات کە نەهێڵێت داعش خۆی بەهێز بکاتەوە.

لە دیمانە رۆژنامەوانییەکەشیدا گوتی:”پێشبینی ئەوە دەکەم ئەردۆغان هێرشەکەی بەشێوەیەکی مرۆڤانە ئەنجام بدات، پێویستە ئەمە دیاریی بکەین و لەسەری سووربین، دەتوانێت نەرم بێت. دەشتوانێت بەسەختی ئەنجامی بدات. ئەگەر کەبەشێوەیەکی دادوەرانە نەیکات، ئەوا تورکیا باجێکی گران دەدات. هەر لەم هەفتەیەشدا ترامپ گوتبووی:(ئەگەر تورکیا خراپ هەڵسوکەوت بکات ئابووری وڵاتەکەی وێران دەکات، بەڵام دیاریی نەکردبوو، خراپ چییە.بەڵام تا رادەیەکی زۆر دژی ئەو جەنگەی نێوان تورکیا و کوردەکان بوو کە ئەنجامی چەندین سەدەی رقی نێوانیانە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کەنابێت ئەمەریکا بەشداریی تێدابکات.

کۆمارییە دیار و ناودارەکانی ناو کۆنگرێس، دەربارەی کێشانەوەی 50 تا 100 سەرباز لەسنووری سووریا و تورکیا و وازهێنانی لە کورد؛ رەخنەی توندیان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمەریکا کرد، ئەوان وەك هێزێکی نێوانگرخزمەتیان دەکرد. ترامپ شەوی یەکشەممە رایگەیاند کە تورکیا لەنەخشەی خۆیدا بۆ باکووری سووریا بەرەوپێش دەچێت. هێزەکانی ئەمەریکاش نە لەوێ دەبن و نە لەدەوروبەری و نە لەپشت پەردەوە و نە وەزارەتی بەرگریی بەدوایدا دەچێت.
ئەمە وای لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکیی کرد کە بکەونە خۆ و بەپەلە هاوپەیمانەکانی دیکەیان کە هێشتا لەسووریا ماون وەك بەریتانیا و فەرەنسا دڵنیا بکەنەوە و، بڵێن ئێمە هێزێکی کەممان لەسوریا کشاندووەتەوە و هێشتا 1000 سەربازمان لەباکووری سووریا ماوە. ئەوان گۆڕانیان بەسەردا نایەت. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هێرشی یەکلایەنەی تورکیای لە سووریا سەرکۆنە کرد و، بەیانی پێنجشەممە؛ داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی کرد. لە توێتیکیشدا و لەناو کۆشکی سپیشدا لەتێبینییەکانی خۆیدا ترامپ دەڵێت:(کێشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بەئامانجی کۆتاییپێهێنانی شەڕی یاخییبوانێکە کە دوو دەیەیە فۆکوسی سەربازیی ئەمەریکای سەرقاڵ کردووە). هەروەها لەکۆشکی سپییدا ترامپ گوتی: بەرای من خراپترین هەڵەیەك کە وڵاتەیەکگرتووەکان کردبێتی؛ ئەوەیە کە خزاوەتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە. “ئێمە بووینە پۆلیسی ناوچەکە، ئێمە کارێك دەکەین کە دەبوایە وڵاتانی تر خۆیان بیکەن”.

هاوکات کۆمارییەکانی ناو کۆنگرێس لەهۆشدارییدان بەردەوامن و پێیانوایە کە هێرشی تورکیا هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژوەندییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان، پێشڕەویی تورکیا بۆ سوریا لەگوڕو تینی دژایەتیی داعش کەمدەکاتەوە و دەستدرێژیشە بۆسەر هاوپەیمانەکانمان لە هێزی بەرگریی، ئەم هەنگاوە بۆی هەیە کە دووبارە ئەلقاعیدە و ئێران لەناوچەکەدا جێپیی خۆیان بکەنەوە، ئەمە گوتەی سەرۆکی کەمایەتیی ناو کۆنگرێس کیڤن ماکارثی بوو. هەروەها
داوای لەتورکیا کرد دەستبەجێ هێرشەکەی بوەستێنێ و لەگەڵ ئەمەریکا پێکەوە ئارامی ناوچەکە لە داعش بپارێزن. سوریای دێمۆکراتی بەو هێزانە دەگوترێت کە کوردەکان بەسەریدا زاڵن و، دژی توندڕەوەکان؛ لەسەر زەویی، هاوپەیمانی سەرەکیی وڵاتە یەکگرتووەکان بوون. هەروەها “لیز چینی” سەرۆکی گرووپی کۆماری لە ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی:”ئەم بڕیاری کشانەوەیە لێکەوتەی خراپی دەبێت و دەتوانین پێشبینی بکەین”.

ئەم بڕیارەش یارمەتی دژەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان دەدات وەك رووسیا و ئێران و تورکیا هاوکات دەبێتە هۆی بوژانەوەی داعش. هەروەها نوێنەر “ماك کول” (ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لە پارتی کۆماریی) و کۆمارییەکی دیارە لە کۆمیتەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا گوتی:”ئەو دیمەنەی ئەمڕۆ لەسووریا دەیبینین جێی قەبووڵكردن نییە و دەبێت دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بوەستێنێت کە بەڕاستیی زیانی گیانیی بە خەڵکی سڤیل گەیاندووە. من لەگەڵ هاوکارانمدا لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەیەکەوە؛ خەریکی چارەسەری ئەم رەوشە دینامیکییەین”.

دێمۆکراتەکان:

دێمۆکراتەکان کە تائێستا و لەدەستپێکی کشانەوەی ئەمەریکاوە زۆربەیان بێدەنگ بوون کەوتنە رەخنەگرتن. رۆژی چوارشەممە؛ زیاتر لە 50 ئەندامیان لە ئەنجوومەنی نوینەران وتەیەکی نووسراویان ئاراستەی ترامپ کرد و، داوایان لێکرد؛ پێشئەوەی کار لەکار بترازێت لەم بڕیارە پەشیمان ببێتەوە. ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا دەخاتە مەترسییەوە، هەوڵەکانی نەهێشتنی تێرۆر دەخاتە مەترسییەوە. دەبێتە هۆی لەدەستانی متمانەی وڵاتە یەکگرتووەکان لەلایەن هاوپەیمانەکانی ئێستامان و هی داهاتووشمان.” ئەوانەی ئەم نووسراوەیان ئیمزاکردبوو، لەناو حیزبدا نوێنەرایەتی رای سیاسیی فراوان دەکەن.

چاودێرانی سەربازیی ئەمەریکیی کە بەچڕی ئاگاداریی رەوشەکەن؛ دەڵێن: تورکیا دامەزراوە سەربازییەکانی کوردەکانی کردووەتە ئامانج و بڕێکی لەو چەك و کەرەستە سەربازییانەش لەناوبردووە کە ئەمەریکا پێیداون. بەرپرسێکی دیکە بەو مەرجەی ناوی نەبرێت، دەڵێت:”ئێمە بۆمان نییە بەئاشکرا لەم باسە بدوێین، هەندێ لەو هێرشە هەواییانەی تورکیا؛ تەواو لەشوێنی پڕ لەدانیشتوانی سڤیلیان داوە، لەبەر ئەو هێرشانەش بەرپرسێکی هێزەکانی سووریای دێمۆکراتی گوتوویەتی؛ ئەوان هێزەکانی خۆیان لەدەوری هۆردوگای دیلەکانی داعش کەم کردووەتەوە. لە کۆشکی سپیش ترام گوتی:”وڵاتە یەکگرتووەکان ژمارەیەکی دیاریکراوی لە شەڕکەرە خراپەکانی داعش دەستگیرکردووە و گواستوونییەوە، ئەو پێشبینی ئەوە دەکات تورکیا دەست بەسەر ئەو هۆردوگایانەدا بگرێت کە کوردەکان جێیدەهێڵن. زۆر لە شەڕڤانە کوردەکان ئەوێیان بەجێهێشتووە و بەرەو بەرەکانی پێشەوەی شەڕ رۆیشتوون. بەرپرسێکیان گوتوویەتی؛ لەئێستادا هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی تایبەت بە دوڵەتی ئیسلامیمان وەستاندووە.

رۆژنامەی “واشنگتۆن پۆست ـ 10.10.2019
وەرگیڕانی مستەفا چوارتايي




وێنه‌ شیعری نوێ … سمكۆ محه‌مه‌د

ره‌ش
شه‌و هه‌میشه‌ ره‌شپۆشه‌
خه‌ڵك زۆر به‌ ناشیرینی باسی قه‌له‌ ره‌ش ده‌كه‌ن
ره‌ش … ماڵه‌ گه‌وره‌ی ره‌نگه‌كانه‌
خه‌ڵك خۆیان ره‌ش ده‌چنه‌وه‌
سرووشت به‌بێ‌ مار و دوپشك و دڕنده‌كان درۆیه‌كه‌ له‌ ره‌نگه‌كان
ژیان وای لێهاتووه‌ له‌سێبه‌ری ره‌شی خۆی بترسێ‌
چونكه‌ ره‌شه‌


سه‌وز
له‌نێو باخچه‌كه‌ماندا خاڵخاڵۆكه‌یه‌ك شك ده‌به‌م
له‌ قاوه‌ییدا ره‌نگی بریقه‌ی دێت
من هێنده‌م خۆشده‌وێ‌ . هه‌ندێجار ده‌بمه‌وه‌ منداڵه‌ وڕكنه‌كه‌ی جاران
هه‌رگیز بیری خاڵم ناكه‌م كه‌ ره‌نگی سه‌وزی ئه‌و قاوه‌ییه‌
ئه‌و شا پیاوی ئه‌م ژیانه‌یه‌


سپی
هێند موغرییه‌ به‌خه‌یاڵیش له‌سه‌ری بنووی
تامی ژن ده‌دات.
هێنده‌ش قیزه‌ونه‌ كه‌ هه‌مان ره‌نگی هه‌یه‌
بۆ مردنیش ده‌شێ‌ و
خیانه‌تیشی له‌سه‌ر ده‌كرێ‌ و
ده‌بێته‌ كراسی پیاوێكی روحانیش


شین
زه‌مه‌ن پێوه‌رێكه‌ بۆ نه‌گبه‌تی و درۆزنه‌كان
كوێره‌كانیش ده‌زانن كه‌ ژیان نوقمی زه‌مه‌نه‌
هه‌ر بۆ شكاندن باشه‌
چوون زه‌مه‌نی له‌نێو رووداوه‌كاندا لێخن كردووه‌
ئاسمانی شین نه‌بێ‌ كه‌س هه‌قیقه‌ته‌كه‌ی نه‌نوسیوه‌ته‌وه‌


سوور
ره‌نگی شتێكی یاخییه‌ له‌ ئینسان
هێنده‌ به‌كه‌ڵكه‌ كه‌ دژی سه‌رماو زه‌قێته‌یه‌
كه‌چی هێنده‌ش خراپه‌ كه‌ ره‌مزی جه‌نگه‌
له‌هه‌مووی ناشیرینتر
سوور ..
شاهیدی خۆ سوتاندنی جه‌سته‌ی ژنه‌


خۆڵه‌مێشی
خه‌ڵك كه‌ بۆ سه‌ردانی ده‌چن و له‌بن سێبه‌ری كێله‌كاندا ده‌گرین
له‌وبه‌ره‌وه‌ گوێم له‌ پێكه‌نینێكی بێتامه‌
وه‌ختێك ده‌بینم مه‌نزڵگه‌یه‌كی ئارامه‌
كه‌ ئاوڕیش ده‌ده‌مه‌وه‌
بووه‌ته‌ مه‌نزڵگه‌ی بووده‌ڵه‌ و پاڵه‌وانه‌كان





دوو هۆنراوە … نەوزاد بەندی

عەمودێک لە ئازار

ئەمڕۆ
بە لای قوتابخانەی
مناڵیمدا تێپەڕیم
(ناوەندیی کاوە )
سەرسام بووم
کە ٤٠ ساڵ زیاترە
عەمودی کارەبای بەردەرگاکەی
ھەر وەستاوە
یەک ھەنگاو چیە
نەیناوە ..
سەرتاپای ژەنگ لێیداوە..

دەستم کردە ملی و
تێر تێربۆی گریام..

ئەبێ چەند جەژن،
بەم جلە ژەنگاویەوە،
دڵی لە خۆی دامابێ ؟؟
ئەبێ چەند جەنگ
فیشەکی پیا کێشا بێ ؟
چەند زستان تا بەیانی
ھەڵلەرزی بێ ؟
بە دیار سایەقەی ساماڵەوە
دەست و پەنجەی تەزی بێ ؟؟

ئەبێ تەنیایی و
بێکەسیی
ئەو ھەموو ساڵە ،
چەند تەنگیان کردبێ
دڵ و دەروونی ؟؟
چەنێ گریابێ ،
بە دیار خۆیەوە ؟
کەس نەیزانیوە
ساتێ بە بوونی ..


بارانێکی دڵڕەق

باران
چەند دڵ ڕەقە ..
بێ پێشەکیی ،
لە پڕ تۆی بیر ھێنامەوە ..
دیسان ڕۆیشتی و
ھەمدیسان تەنیا مامەوە ..

ئاساییە ..
ئاساییە بەلامەوە ..

باران نەبووایە
وا خێرا
بۆ گوڵێکی پاییزیی
نەئەگەڕامەوە.

نەوزاد بەندی




یه‌كه‌م دیدار: دكتۆر عزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

5/12/2009 له‌ هۆڵی شه‌هید تاهیر به‌كر – زانكۆی كۆیه‌، فا‌كه‌ڵتی په‌روه‌رده‌. تاوتووێی نامه‌ی دكتۆرای قوتابی حوسێن غازی كاكئه‌مین بوو، به‌ناونیشانی: (ڕه‌وتی نوێكردنه‌وه‌ی شیعری كوردی له‌ باشووری كوردستان – له‌ ساڵانی: (1980 – 1991)دا، یه‌كێك بووم له‌ ئاماده‌بووان.
لێژنه‌ی تاوتووێی نامه‌كه‌ بریتیبوون له‌:
1- دكتۆر عزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ: سه‌رۆكی لێژنه‌
2- دكتۆر عه‌زیز گه‌ردی: سه‌رپه‌رشتیار
3- دكتۆر عادل گه‌رمیانی: ئه‌ندام
4- دكتۆر سه‌ردار گه‌ردی: ئه‌ندام
5- دكتۆر فوئاد حوسێن: ئه‌ندام
6- دكتۆر نه‌وزاد وه‌قاس: ئه‌ندام
له‌نامه‌كه‌دا له‌و شاعیرانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌وه‌ كرابوو‌، له‌ هه‌موویان زیاتر به‌رهه‌می من به‌ نموونه‌ ده‌هاته‌وه‌ و دووباره‌ده‌بووه‌وه‌، ده‌بووه‌ ماكی نوێبه‌خشیی.
دوا كه‌س دكتۆر عزه‌دین بیروڕاكانی له‌باره‌ی نامه‌كه‌ ده‌ربڕی، گوتی: زۆر دڵم به‌ نووسینی ئه‌م نامه‌یه‌ خۆشه‌ و زانیاری زیادكردم، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ك پێویست زانیارییه‌كی باشم له‌باره‌ی شاعیرانی نه‌وه‌ی نوێی هه‌ولێر نه‌بوو، به‌تایبه‌تی گرووپی: (پێشڕه‌و)، كه‌ قوتابیم مه‌حموود زامدار ناوه‌ناوه‌ پێی ده‌گوتم پشتگیرییت له‌ گرووپی: (ڕوانگه‌) كرد و سه‌ركه‌وتووی و سه‌ركه‌وتن.
ئه‌م گرووپه‌ به‌ یارمه‌تی خه‌یاڵی چالاكیان له‌ گرووپی: (ڕوانگه‌) زیاتر به‌رهه‌می ئێستێتیكییان به‌رهه‌مهێناوه‌ و به‌خشیویانه‌. منیش گوێم لێی ڕانه‌ده‌گرت، كارێكی باشم نه‌كردووه‌.
له‌درێژه‌ی بۆچوونه‌كانی گوتی: سه‌باح ڕه‌نجده‌ر (گۆران)ی ئێستای شیعری كوردییه‌. به‌گوێلێبوونی ئه‌م بۆچوونه‌ هه‌م ترسێك دایخستم و هه‌م له‌رزه‌یه‌كی ڕووناك له‌ جه‌سته‌م گه‌ڕا و هه‌موو هه‌سته‌كانم پلیان دا. شاگه‌شكه‌بووم، حه‌په‌سام، تاسبردمییه‌وه‌، چاوم بووه‌ دوو كۆتری خۆشباڵی ئاسمانێكی خودایی، هێنده‌ی نه‌مابوو له‌ناو هۆڵه‌كه‌دا‌ پڕبه‌ده‌م هاواربكه‌م من سه‌باح ڕه‌نجده‌رم.
دوای ته‌واوبوونی تاوتووێیه‌كه‌، پله‌ی (نایاب) به‌ نامه‌كه‌ به‌خشرا.
له‌ (كانیوه‌تمان) مێوانه‌كان به‌پڕی مێوانداریی كران.
له‌گه‌ڵ دكتۆر عزه‌دین كه‌وتینه‌ سه‌ر یه‌ك مێز، به‌شه‌رمه‌وه‌ پرسیم دكتۆر چی ئه‌م سه‌باح ڕه‌نجده‌ره‌ت خوێندووه‌ته‌وه‌، به‌م ئاست و شێوه‌یه‌‌ ئاماژه‌ت پێدا. گوتی: هیچ، تا خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌ هه‌ر ناویشیم نه‌بیستبوو، به‌ڵام نموونه‌كانی له‌نامه‌كه‌دا هاتوون‌، نموونه‌ی به‌رز و ناوازه‌ن، نه‌رمن له‌خۆده‌ربڕین. منیش بێده‌نگییم لێكرد و خۆم ئاشكرانه‌كرد.
ئه‌م بۆچوونه‌ ڕه‌خنه‌گرانه‌ و لۆژیكانه‌ نه‌بوو، (گۆتره‌) و (خۆڕایی) بوو.
چێژێكی ڕوون و ڕه‌وان و خواستێكی له‌ڕاده‌به‌ده‌رم بۆ بنیادنانی له‌سه‌ره‌خۆی شیعر هه‌یه‌، له‌كاتی نووسینیدا ئاگام له‌ گه‌رمایی ده‌روون و لۆژیكیشه‌. له‌نێوانیشیاندا له‌ په‌یوه‌ندی زمان و ناوه‌وه‌ی ده‌ستپێده‌كه‌م و ناوه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌ره‌وه‌ تا نزیك سڕینه‌وه‌ زاڵده‌كه‌م، واته‌: سه‌رسامیین، ئه‌م سه‌رسامیییه‌ له‌ فه‌زا و دۆخی شیعره‌وه‌ ده‌گاته‌ ئێمه‌ و بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ لامان ده‌مێنێته‌وه‌.
(گۆران) چه‌تری بلیمه‌ته‌كانه‌ و كۆنوێبه‌خشییه‌. ئاوا به‌سه‌رپێی هاوتای بۆ ده‌ستنیشان ناكرێت.
خۆم ڕازینیم به‌و پێوه‌ر و هاوتاییكردنه‌، به‌وپه‌ڕی ڕاشكاوییه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نم ئه‌م ئاستی به‌راورده‌ شایه‌ن و شایسته‌ نه‌بوو، داوای لێبووردن ده‌كه‌م، له‌ یه‌كه‌م دیداردا سڵه‌میمه‌وه‌.

تێبینی:
نامه‌كه‌ وه‌ك كتێب له‌ 235 لاپه‌ڕه‌دا، ساڵی 2010 له‌ ئه‌كادیمیای كوردی چاپكراوه‌.

تشرینی یه‌كه‌می2019 هه‌ولێر




بێنە ماچ کچم … سمکۆ ئەحمەد

دەمت بێنە نەبا ئەمە دوا ماچمان بێ
دایکت دەڕوا مێژوو بکڕێ
گەر ڕۆژێ گەورەبووی
وینەی منت لە گۆڤارێکی تورکیدا دی
نەکەی بڕوا بکەی بەو مانشێتەی دەڵێ
تیرۆریستێكی ئەتایست ئەمڕۆ کوژرا
مێژووی ڕاستی پشتی دایکتە
خەتێکی چەقۆی عوسمانەو
یەکیکی دی سەدامەو وئەوی تریشیان
ترامپ و نازانم کێ و کێ و ئۆردوغانە

بێنە کچم دەمت بێتە ئەز دچم
نەبا ئەمە دواماچمان بێ
من دەڕۆم هەتاو بکڕم
گەر ئەم بەهارەش گوڵی نەگرت
دوو دڵ نەبی
بەهارێك دێت نەك لە خونچە گوڵ
لە خونچەوە
چۆلەکەکانی بەهەشت سەریان هەڵدێ
ئەو بەهارەش ئەبەدیەو هەرگیز نامرێ

بێنە ماچ کچم دەمت بێتە
کات درەنگە دەبێ بڕۆم

سمکۆ ئەحمەد
۲٠۱۹




ئەزم کوردێ ڕۆژئاڤا … ڕۆستەم خامۆش

ئـــــەزم زارۆکـــێ ســاڤـا
ئـــــەزم کوردێ ڕۆژئــاڤـا

وارێ مـەیـە کـوردسـتـان
جـهـێ مـەیـە نیـشـتـمـان

زۆر جوان و زۆر شیرینـە
پـــڕ دیـــرۆک و دێـریـنـە

خۆشەویستیی ئەم خاکـە
وا لــــە نێـــو دڵـــی پـاکـە

هـەمـوو پێـکـڕا دەبێـژیـن
مـافـە بـە ئــاشــتی بـژیـن

  ڕۆستەم خامۆش
 هەولێر ۲٠۱۹/۱٠/۱۱



وانەی بیرکاری … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

چەندە خۆشـــە ئەو ڕۆژانەی
وانــــەی بیرکــاریمان ھەیە
لە ســـــەرەتا تــا کۆتایی
مامۆســـتا لێو بەخــەندەیە

وانەکــەی وەک یــاریی وایە
ھەر ھەمــوومان بەشدار دەبین
بەســـۆز و بە میھرەبـــانی
مامۆستا گشت بەختیار دەبین

لەگەڵ پرسیار شیکارکــردن
بە ھـۆنراوەو بە چــــالاکی
دڵخۆش و ئاســـــودە دەبین
وانەش تێدەگـەین بە چاکی

بۆیە بەیەکــــــەوە دەڵێین
ئای چەندە خۆشـــە بیرکاری
مێشک و بیرمان چـالاک دەبێت
ھەروەکــــو وەرزش و یاری

٢١/٢/٢٠١٩




شۆڕشێك له‌ مه‌ترسیدایه‌ …. نووسینی: ئێدوارد هانت … و: گۆران عه‌بدوڵڵا

لە ئەرشیڤی دەنگەکان ەوە……

ساڵی پار و لەم مانگەدا ئەم وتارەمان وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی، ئەوە ئەمساڵ کەوتە بەر مەترسێکە….. شۆڕشيک وەک دەیان لە نووسەر و ئەکادیمی و چالاکوانی سیاسی ئەوانەی دڵیان بۆ دونیایەکی باشتر لێدەدات وتیان: ڕۆژاڤا سەلماندی دەکرێت کۆمەڵگەیەکی باشتر بنیاتبنريت…… دڵ و ڕۆحمان لەگەڵتاندایە ڕۆژئاڤا.
دەنگەکەکان.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ……..




ساته‌كانی نێوان مه‌رگ و ژیان له‌ ڕۆمانی شوره‌ییدا … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

ڕۆمانی شوره‌یی، چیرۆِكی توندوتیژی ئیسلامییه‌ توندڕۆكانی به‌نگلادیش به‌رامبه‌ر هیندۆسه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ به‌گشتی و خێزانێكی هیندۆسیش كه‌له‌ شاری تیكاتۆلی ده‌ژین به‌ تایبه‌تی ده‌گێڕێته‌وه‌. چیڕۆكێك كه‌ هێمای دڵڕه‌قی و شكاندنی شكۆی مرۆڤ و بێ به‌ها كردنیه‌تی، له‌ په‌راوێزی ناسنامه‌ی ئایینی.سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌ ڕووخاندنی مزگه‌وتێك له‌ وڵاتی هیندستانه‌وه‌ له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووله‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات.
مزگه‌وته‌كه‌ ناوی(بابری) یه‌و كه‌وتۆته‌ شوێنێكی هیندۆس نشین. ئه‌م ڕووداوه‌، له‌ ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا، كاردانه‌وه‌یه‌كی توندی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و به‌و پێیه‌ی ئیسلامییه‌كان به‌ پیلانی هیندۆسه‌كانی ده‌زانن و زۆربه‌ی دانیشتووانی هیندیش هیندۆسین، ئیدی هیندۆسه‌كانی وڵاتی به‌نگلادیش، له‌ تۆڵه‌ی ڕووخانی مزگه‌وته‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر شاڵاوی ده‌ستدرێژی ئیسلامییه‌كانی به‌نگلادیش و هه‌زاران شوێن و په‌رستگه‌ی ئایینی هیندۆسه‌كان وێران و خاپوور ده‌كه‌ن و هاوكات هه‌زاران گه‌نج و ژنی هیندۆسیش ده‌ڕفێنن و ئه‌تكیان ده‌كه‌ن و ده‌یانكوژن. ڕۆمانه‌كه‌، چركه‌ساتی ڕووداوه‌كان له‌ سه‌رده‌می خێزانێكی هیندۆسی ده‌گێڕێته‌وه‌.

چركه‌ساتێك كه‌ ده‌كه‌ونێته‌ نێوان مه‌رگ و ژیان و هه‌موو كاتێك مرۆڤ له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ دایه‌ بكوژرێت.ئه‌و خێزانه‌ له‌ دایكێك و باوكێكی خانه‌نشین و كچێكی گه‌نج و برایه‌ك پێكهاتووه‌. دوای ئه‌وه‌ی هیندۆسه‌كانی به‌نگلادیش ده‌كه‌ونه‌ به‌ر توندووتیژی،ئیدی ئه‌و خێزانه‌ش وه‌ك هه‌موو خێزانێكی دیكه‌، ده‌كه‌ونه‌ به‌ر ده‌ستدرێژی وباجی ڕووخاندنی ئه‌و مزگه‌وته‌ ده‌ده‌ن كه‌ سه‌دان میل له‌وانه‌وه‌ دووره‌.سودهاموی باوك پزیشكێكی خانه‌نشینه‌،پێشتر بۆ ساڵانێكی زۆر له‌ ڕێزی ئازادیخوازه‌كانی به‌نگلادیش له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌كه‌ی جه‌نگاوه‌، وه‌ك تێكۆشه‌رێكی ڕێگای نیشتمان، باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌بووه‌، كه‌ وڵات له‌ ده‌ستی پاكستان ئازاد ده‌بێت و ده‌بنه‌ خاوه‌نی خاك و ئاڵاو نیشتمانی خۆیان.

هه‌ربۆیه‌ به‌نگلادیش به‌ وڵاتی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌زانێت و له‌ سه‌ره‌تادا ئاماده‌نییه‌ وه‌ك سه‌دان هه‌زار هیندۆسی تر، كۆچ بكات بۆ هیندستان. سودهامو بڕوای وایه‌، به‌نگلادیش هه‌ر ته‌نها وڵاتی ئیسلامییه‌ییه‌كان نییه‌، به‌ڵكو هی هندۆسه‌كانیشه‌،چونكه‌ هه‌موویان بێ جیاوازی بۆ ئازادبوونی تێكۆشاون، كه‌ واته‌ بۆچی ده‌بێ مافی ئه‌وه‌ی نه‌بێت له‌وڵاتێك بژی كه‌ خوێنی بۆ داوه‌ و تێكۆشانی له‌ پێناودا كردووه‌؟بۆیه‌ له‌ نێوان ئه‌ودۆخه‌ پڕ له‌ ترس و دڵڕاوكێییه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.
ڕۆژانه‌ بلێسه‌ی توندووتیژییه‌كان زیاتر ده‌بێت و ئیسلامییه‌كانی به‌نگلادیش ڕووخانی مزگه‌وتی بابری ده‌كه‌نه‌ پاساوێك بۆ ئه‌وه‌ی هیندۆسه‌كانی وڵاته‌كه‌یان ئازار بده‌ن و بیانچه‌وسێننه‌وه‌.سورنجان كه‌ كوڕی سودهامویه‌، گه‌نجێكی بێ كاره‌، بڕوای وایه‌ به‌نگلادیش كه‌وڵاتێكی ئیسلامییه‌، هه‌رگیز نابێته‌ وڵاتی هیندۆسه‌كان و ئه‌و خه‌باته‌ی باوكی كردوویه‌تی، هه‌رگیز ناتوانێت هاوشێوه‌ی ئیسلامییه‌كانی لێ بكات. چونكه‌ ئه‌وان ئایینێكی جیاوازیان هه‌یه‌ و شوێنی ئه‌وان هندستانه‌.

به‌ڵام خێزانه‌كه‌ی ناتوانن به‌ ئاسانی پشت بكه‌نه‌ نیشتمانێك كه‌ به‌ هی خۆیانی ده‌زانن، گه‌رچی دڵنیاشن له‌وه‌ی كه‌ هاوشێوه‌ی هه‌زاران هیندۆسی دیكه‌، ئه‌وانیش ده‌كه‌ونه‌ به‌ر شاڵاوی ئه‌و توندووتیژییانه‌ و باجی هیندۆسیبوون ده‌ده‌ن.سودهاموی باوكی به‌رده‌وام ئه‌و پرسیاره‌ ده‌كات كه‌ بۆ ده‌بێ له‌ وڵاتی خۆی نامۆ بێت و بڕوات؟ له‌ كاتێكدا وه‌ك هه‌موو ئیسلامییه‌كان خه‌باتی له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆیی به‌نگلادیش كردووه‌. وه‌لێ هیندۆسه‌كان وه‌ك ته‌نێكی نامۆ ده‌بینرێن و به‌ هاووڵاتی كه‌متر له‌وانی ترته‌ماشا ده‌كرێن و به‌نگلادیشییه‌كان پێیان وایه‌ ده‌بێ ئه‌وان بچنه‌وه‌ لای هیندۆسه‌كانی هیند.
دوای ڕووخانی مزگه‌وته‌كه‌، پرووشكی توندووتیژییه‌كان به‌نگلادیشیش ده‌گرێته‌وه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ هه‌زاران شوێن و جێگه‌ و په‌رستگه‌ی هیندۆسه‌كان له‌ تۆڵه‌ی مزگه‌وته‌كه‌ له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌كانه‌وه‌ ده‌ڕووخێنرێت. سه‌دان كچ دستدرێژییان ده‌كرێته‌ سه‌ر، هه‌زاران ماڵ ده‌سووتێنرێن و خاپوور ده‌كرێن.

خێزانی سودهاموش، وه‌ك هه‌موو هیندۆسه‌كانی دیكه‌ له‌ نێو ئه‌و ترس و دڵه‌ ڕاوكێیه‌دا ده‌مێننه‌وه‌ و ڕۆژانه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی ترسی ئیسلامییه‌ توندرۆكان دانه‌ ئاخۆ كه‌ی په‌لاماری ئه‌وانیش ده‌ده‌ن.ژیانی ئه‌و خێزانه‌، هاوشێوه‌ی هه‌موو هیندۆسییه‌كانی تره‌، كه‌ له‌ تۆڵه‌ی ڕووخاندنی مزگه‌وتی بابری، كه‌وتۆنه‌ته‌ ترس و فۆبیاو له‌ چاوه‌ڕوانی كوشتندان. مایای كچی ئه‌و خێزانه‌، له‌ هه‌مووان زیاتر هه‌ست به‌ ترس ده‌كات، چونكه‌ ئه‌و له‌لایه‌كه‌وه‌ كچه‌ و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ هیندۆسیشه‌.
بۆیه‌ هه‌موویان ترسیان هه‌یه‌ مایاش وه‌ك كچه‌كانی دیكه‌ بكه‌وێته‌ به‌ر ئه‌تككردن.
له‌ نێو ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌دا، سودهاموی سه‌رۆك خێزان، نۆره‌ی مێشك لێی ده‌دات و نیوه‌ی جه‌سته‌ی ده‌مرێت و له‌ نێوجێگه‌دا ده‌كه‌وێت. ڕۆژێكییان، كه‌ سورنجانی كوڕ له‌ ماڵه‌وه‌ نییه‌، چه‌ند گه‌نجێك هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌یان و به‌ داخه‌وه‌ مایای خوشكی ده‌ڕفێنن. ئه‌م ڕووداوه‌ بۆ خێزانه‌كه‌ به‌گشتی و سورنجانی برای مایاش به‌ تایبه‌تی، تراژیدیاو كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه‌، مایا ئه‌گه‌رچی پێشترخۆی له‌ ترسی ئیسلامییه‌ توندڕۆكان حه‌شاردابوو، ماڵی جێهێشتبوو،به‌ڵام دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌.

براكه‌ی ده‌زانێت ڕفاندنی كچێكی گه‌نج یانی چی؟ ده‌زانێت تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ له‌ كچی خێزانێكی هیندۆس چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت. بۆیه‌ نائومێدییه‌كی گه‌وره‌ ده‌یگرێت و هه‌موو كوچه‌ و كۆڵانه‌كانی شار به‌ دوای مایادا ته‌ی ده‌كات به‌ڵام نایدۆزێته‌وه‌ و دواجار چاره‌نووسی ئه‌ویش وه‌ك چاره‌نووسی ئه‌و كچانه‌یه‌ كه‌ به‌ده‌ستی ئیسلامه‌ توندرۆكانی به‌نگلادیش له‌ تۆڵه‌ی ڕووخانی مزگه‌وتی بابری ده‌ڕفێنرێن و ئه‌تك ده‌كرێن.

خێزانی سودهامو، كه‌ تا ئه‌و كات خۆیان له‌به‌رده‌م هه‌موو ئه‌و سه‌ختییانه‌ ڕاگرتبوو، به‌ڵام به‌ ڕفاندنی مایا ده‌ڕووخێن وده‌زانن تازه‌ به‌هادارترین شتیان له‌ ده‌ستداوه‌ كه‌ ئه‌ویش كچه‌كه‌یانه‌. كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ په‌یوه‌ندی به‌و ڕووداوانه‌وه‌ هه‌بێت باجی هه‌ڵه‌ی كه‌سانێك ده‌دات كه‌ له‌ شوێنێكی ترو له‌ جێگه‌یه‌كی تر هه‌ڵه‌ یه‌كییان كردووه‌. ده‌زانن تازه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی مایا مه‌حاڵه‌،بۆیه‌ دوای ئه‌و كاره‌ساته‌، سودهامو ده‌گاته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ ئیدی به‌نگلادیش وڵاتی ئه‌و و هه‌موو هندۆسه‌كانی تر نییه‌ و ده‌بێ كۆچ بكه‌ن بۆ هیندستان، بۆیه‌ له‌ به‌یانییه‌كی زوودا، دوای ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی دڵنیا ده‌بن كه‌ مایا ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌تایه‌و ده‌بێ هه‌ر چاوه‌ڕوان بن، به‌ نهێنی ئه‌و وڵاته‌ جێدێڵن و كۆچ ده‌كه‌ن بۆ هیندستان. به‌مه‌ش كۆتایی به‌ ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ دێت.

ئه‌م ڕۆمانه‌، دیوێكی توندووتیژییه‌كانی مرۆڤ به‌رامبه‌ر به‌ هاوڕه‌گه‌زه‌كه‌ی،پیشان ده‌دات. ڕۆمانێكه‌، جیاوازییه‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لانێك ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ ناتوانن به‌یه‌كه‌وه‌ بژین و هه‌ریه‌كه‌یان ئایینی تایبه‌تی خۆیان هه‌بێت، له‌ كاتێكدا دواجار هه‌مووشیان هه‌ر مرۆڤن. ئه‌م ڕۆمانه‌ پێمان ده‌ڵێت چۆن ده‌بێت مرۆڤ هێنده‌ بێ باك و دڕنده‌ بێت، كه‌ به‌ئاسانی هاوڕه‌گه‌زه‌كه‌ی بكوژێت و ئه‌تكی بكات.ڕۆمانێكه‌ له‌ په‌راوێزی خوێندنه‌وه‌یدا، مرۆڤ شه‌رم دادیده‌گرێت كه‌ هه‌میشه‌ بێ به‌هاترین شت له‌و گه‌ردوونه‌ خوێنی مرۆڤ بووه‌و ده‌بێت!!!.دواجار ده‌ستخۆشانه‌ له‌ وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه‌ ده‌كه‌م، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جوان و سه‌ركه‌وتووانه‌ ڕۆمانه‌كه‌ی وه‌رگێڕاوه‌ و خوێنه‌ر چێژ له‌ خوێنه‌وه‌ی ده‌بینێت.

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

*په‌راوێز:_شوره‌یی/ڕۆمان/ نووسینی(ته‌سلیمه‌ نه‌سرین)/ وه‌رگێڕانی ئه‌رده‌لان هه‌ڵه‌بجه‌یی.




باڵندە گوولەکانی کوردستان، تاکەی عاشقی داری ژەقنەبووتی داگیرکەرانن؟! عێراق بە نموونە!..

ھەڵۆ بەرزنجەیی
٢٠١٩/١٠/٩

لە ڕاستی و بابەتێتی دوور ناکەوینەوە، گەر بێت سەرەتا ئاماژە بەوە بکەین، عێراق دەوڵەتێکی دەستکردی زۆڵەکە و ئیمپریالیزمی ئینگلیزییە و لەسەردەمی کۆلۆنیالیزم دا، لەسەر دەستی ونستن چەرچلی وەزیری کۆلۆنیالیست و سیر پیرسی گوکس و مس بیل و لۆڕانسی عەرەب دروست کرا و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییە دوور و نزیکەکانی خۆی دروستی کرد – وەک دابەشکردنی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی و لاوازکردنی تورک، دۆزینەوەی نەوت و بەجێھێشتنی چەند گەرایەک بۆ ئەو پێشھاتانەی لە ئایندەدا لە ناوچەکەدا چاوەڕوان دەکرا- …
دروستکردنەکەش ئەوەمان پێدەڵێ: عێراق ڕاستەوخۆ بەرھەمی خەبات و تێکۆشانی ھیچ میللەتێک نییە!. بەپێی سەرچاوە مێژوویی و دیکۆمێنتەکان، کورد وەک میللەتێک تا دوا ھەناسە بەرگری لە دروستکردنی ئەم دەوڵەتە کردووە و چ وابەستەییەکی بەرامبەری نیشان نەداوە… لە ئەنجامی بەربەرەکانی توندی کورد بۆ لکاندنی کوردستان بە عێراقی تازە دروستکراوەوە. ئەم حاڵەتی نەبوونی ھەست بۆ پێوەندارێتی عێراق و ھیچ خۆ بە عێراقی نەزانینە بەدەوام دەبێت. پاشان ئینگلیز لە گەلێ ھەوڵی سیاسیدا بۆ چەسپاندنی کوردستاب بە عێراقەوە بەھۆی شۆڕشەکانی شێخی نەمرە سەرکەوتوو نابێت. ئەوسا بیری بۆ بواری دیکە دەچێ. لەوانە لە ساڵی ١٩٢٦ دا، پێشنیاز بۆ مەلیک فیصل دەکات رێکخراوێک لە بەغدا دروست بکات بۆ یەکێتی و کۆکردنەوەی ئەندامانی نێوان کورد و عەرەب… تا کورد لە عەرەب نزیک ببنەوە و ھێدی ھێدی ناسنامەی عێراقیبوونیان لا شیرین بێت.
ئەوە بوو یانەی سەرکەوتن دروست کرا… پاشان نامیلکەی «عرب والاکراد» بڵاوکرایەوە. ھەموو ئەم ھەوڵانە بۆ سازدانی ژینگەیەکی لەبار بوو بۆ عێراقچێتی و بەتایبەت کورد سۆز و وابەستەیی بۆ ئەم دەوڵەتە تازە دامەزراوە نیشان بدات و لەژێر تاجی پادشایەتی فەیسەڵ دا، ئۆقرە بگرێت و پێکەوە ژیان لەگەڵ عەرەب دا پەسەند بکات!. مامە ئینگلیز مەرامەکانی بێ قڕە و بڕە جێبەجێ بکات .
:لە کۆنگرەی قاھیرە١٩٢١ دا بڕیار دەدرێ: »» کوردستان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە لایەن ماندات/ مندوبی سامی بەڕێوە دەبرێ و بە سەربەخۆیی لەعێراق دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی بیروڕایەکی گشتی کوردی باوەڕپێکراو ساز دەبێت، بلکێن بە عێراقەوە»»+
ئینگلیز عێراقێکی دروست کرد، لە ڕێگای کەمینەیەکی شەڕانگێزی خوێناوییەوە، بە کولتوورێکی دواکەوتووی شوومەوە ، بە ئاگر و ئاسن حوکمی کردووە. ھیچ مافی نەتەوەیی و ئازادییەکی کەسی تێدا نەبووە. یەک ناسنامەی عەرەبی بەسەر تەواوی پێکھاتەکاندا سەپێندرا.. گەر بھاتایە، میللەتان و ئەقڵ و کولتوور و دەستوورێکی وەک ئەوەی سویسرایان بھێنایە و عێراقێکی چەشنی سویسرایان پێ قووت بکردایەوە، ئەوە ڕەنگە ھەستی خۆ بەھاوڵاتی زانین بەرامبەر بەم عێراقە دروست بوایە!؟، بە ساردی وکزیش بوایە سەری ھەڵدەدا..
ئەودەم ستراکچەری ئەقڵ و ستراتیژی کوردیش لەسەر بنەمایەکی تر دادەڕێژرا. بەڵام ئینگلیز عێراقێکی بە مێژوو ھەڵکشاو لە خوێن و بە سیستەم دیکتاتۆری کودەتاچی تەواو سەربازی قووتکردەوە و ھەموو پشتیوانییەکی لۆگیستی لێ کرد،تا توانی لەسەر پێی ڕاگرێ.

عێراقچێتی لە ڕوانگەی ئیسلامەوە:
لە ئاینی ئیسلام دا جێگای حیزب و دەوڵەت و نیشتمان نابێتەوە… ھەموو لەسەر زەوی لەژێر چەتری « ئوممەی ئیسلام دا» کۆبووینەتەوە و کەس خاوەنی ھیچ نییە بەڵکو ھەموو شتێ لە ڕێی خوا و پێغەمبەرەکەی محەمەد دا دەکرێ و جیاوازی نێوان کەس و ڕەنگەکان نییە. نەتەوە و نەتەوایەتی و دەوڵەت و حیزب داھێنانی رۆژئاواییە کافرەکانن بۆ پارچەپارچەکردنی ئوممە و سەرزەمینی موسڵمان . بەس بۆ فەلەستینییەکان ھەموو شتێ ڕەوا بوو. حیزب و دەوڵەت دروستکردن و فەلەستینچێتی، تەناتەت وەک موسڵمانێکی کورد خۆیشی بچێ بۆ غەزای جولەکە پێی ڕەوایە، بەبیانووی شەڕی زایۆنیزم!.
وەک زانیمان عێراق دروستکراوە بەم میکانیزمە و بۆ ئەو ئامانجە . کەواتە باوەڕ و خەبات و شەڕی پاراستنی ئەم کیانە دەستکردەی کۆلۆنیالیزمی گڵاوی دوژمنی باوەکوشتەی ئیسلام، ئامانج لێی پارچەپارچەکردنی جیھانی ئیسلامییە، چ مانایەک دەبەخشێ؟!. ئاخر ناسیونالیزم و دەوڵەتی نەتەوەیی داھێنانێکی رۆژئاوایە، بۆ ھەڵتەکاندنی جیھانی یەگکرتوو و بەھێز و پیرۆزی ئیسلام … چۆن پەسەنددی دەکەن.. کە کراوە واتە بۆ خۆت رحمان الرحیم و بۆ خەڵکی تر شیطان لعین. دەمێنێتەوە بڵێم گەلێ ڕۆڵەی زانا و تێکۆشەری کوردی موسڵمانمان ھەبوون و ھەن، بۆ کورد و کورجستان گیانی خۆیان بەخشیوە.مەلا مەعشوق خەزنەوی بە نموونە…

عێراقچێتی لە ڕوانگەی مارکسایەتی و ماوێتی « چەپ و کۆمۆنیستەکان» ەوە:
ئیمپریالیزم دوا پلەی گەشەسەندنی سەرایەدارییە و دەوڵەتە کۆلۆنیالیستە رۆئاواییەکان، چەوسێنەر و خوێنمژ و دکتاتۆر و دژی ئازادی و چینی کرێکار و سۆسیالیزمن .
مارکسییەکی کورد نیە نەزانێ ، پەیمانی سایکس پیکۆ یەکەم مۆری ھەردوو دەسەڵاتی کۆلۆنیالی ئینگلیزی و فەرەنسی پێوە دیارە. ئەم پەیمانە ھێڵە گشتییەکانی ستراتیژی ئینگلیز و فەرەنسای تێدا بەرجەستە بووە و پاشانیش ئەمەریکا بەری رەنجی ئەوانی چنییەوە و بووە خاوەنی زۆری سیاسەتەکانی دوو دەوڵەتی ناوبراو، کە بەنموونە بە مامانی عێراق و زۆر دەوڵەتۆکەی تری دەڤەرەکە دادەنرێن…

بەم شێوەیە پرسیارێ خۆی دەسەپێنێ و لە مێشکمان دا دەزرنگێتەوە: بۆچی داکۆکی لە سنوورەکانی ئەم دەوڵەت و چوارچێوەی یاساییەی ناونراوە عێراق، بەلای مارکسییەکانەوە ستراتیژی خەبات بوو؟؟. بۆ دەیانویست کورد بکەنە کرێکار و لەگەڵ ھی عەرەبدا یەکی پێبگرن و خەباتی سەرتاسەری لە عێراق دا بکەن ؟ بۆ کوردستانی بوون تاوان و دواکەوتوویی بوو؟ئاخر نەیاندەزانی ھەر سیاسەتێ لە پێناوی پاراستنی ئەم قەوارە دەستکردەدا دەکاتە خزمەتی بێ چەندوچوونی ھێزە جیھانخۆرەکان. ئەم دەستەیە لەگەڵ خەباتی گەلانی ھەموو دنیادا بوون لەدژی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم و سەرمایەداری و زایۆنیزم، جگە لەخەباتی ڕەوای کوردستانی کورد.
شایانی ئاماژە پێدانە لەم دەستە و تاقمەش دا، کەسانی کوردستانی زۆرمان ھەبووەو ھەیە، کە بە ڕێبازی خۆیان تێکۆشاون بۆ سەربەخۆیی کوردستان و تا ئێستاش زۆریان ھەر لە سەنگەردان.شێخ شەھاب و مەزڵوم دۆغان وەک نموونە.

عێراقچێتی لەڕوانگەی مۆدێرنێتییەوە.

مۆدێرنێتی کە زرینگەی لەگوێی گەلێ کەسدا خۆش دێت، یەکێکی ترە لەئامڕازەکانی دەستی ھێزە کۆلۆنیالتستەکانی جیھان، بۆ گەیشتنە مەرامە گڵاوە نامرۆڤایەتییەکانیان…لە ڕێی مۆدێنێتەوە بۆ دروستکردنی نەتەوە و کولتوور و دەوڵەتی نەتەوەیی یەکشوناس لەسەر ھەژماری زمان و کولتوور و نیشتمان و جەستەی نەتەوە و کولتوور و خاکی تر داھێنا و پەیڕەو کرد.
عێراق لەڕێی زاڵبوون و سەپاندنی ناسنامەی عەرەبی بەسەریدا، یەک پارچە بۆتە بەشێکی نیشتمانی عەرەبی و لە نێو چوارچێوەی نەخشەی سیاسی عەرەبدایە. ئەودەسەڵات و ھێزە چاوچنۆکانەی لە پشت مۆدێرنێتەوە وەستاون، بە ھەموو توانایەکیان داکۆکی لە یەکپارچەیی عێراق دەکەن وەک بازاڕ و جێ نفوزی سەربازی و سیاسی خۆیان ، ڕێگە نادەن پارچە پارچەبێت. ھەر دوێنێ نزیک بوو ھەموو لە بیرمانە ، بە کورد و کێشە ڕەواکەی دەووترا دۆزەکەتان «کێشەی ناوخۆیی» ییە . لە کاتێکدا چ رۆژئاوا و چ رۆژھەڵات بە دوا چەکی قڕکەر و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو یارمەتی حکومەتی ناوەندیان دەدا.

کەواتە ئەو داوایە لە ژێر ناوی مۆدێرنێتیدا لە کورد دەکرێ، خۆی بدات بەدەستەوە چونکە کار لە کار ترازاوە و ھێزە زەبەلاحەکان لەسەر شێواز و فۆڕمی سیستەمی سیاسی جیھانی پێکھاتوون، ئیدی نەخشەی جیھان ناگۆڕێ و پێویستە ئێوەش مل بدەن .، چونکە چ دەرەتانێ بۆ کورد نەماوە، ھەردەبێت بێتە عێراقی و دەستبەرداری مافەنەتەوەیی و مێژووییەکانی خۆی بێت.
ھەر داکۆکییەک لە عێراق لەژێر ناوی مۆدێرنێتیدا ، دەکاتە عێراقچێتی و ئاماژەمان بەوە داوە، کەعێراقچێتیکردن خزمەتە بە ھێزی بێگانەی ئەھریمەنی و ئەوەی پێی دەوترێ ئیمپریالیزم و سەرمایەداری و کۆلۆنیالیزم.

عێراقچێتی لە ڕوانگەی کوردایەتیشەوە:

ئەوە جگە لەوەی عێراچێتی بەتاوان و ناپاکی دادەنرێ، لە نموونەدا ڕێک دەکاتە ئەوەی کەسێک بیەوێ باوک و دایکی خۆی بکوژێ و بسڕێتەوە و باوەپیارە و باوەژنی بخاتە جێی ئەوان.. تۆ لەبری ھەڵگری ھەموو بنەما و مۆرک و خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆت بیت و ناسنامەی کوردستانیت لە باخەڵدا بێت، دەبێت واز لە ھەموویان بھێنیت و خۆت بکەیتە عێراقی و تورکیایی و ئێرانی و سووری. خۆت لە ھەموو بەھایەکی کوردبوون داماڵەخاس بکەیت و خۆت بدەیت بەدەم شەپۆلی نێرجسێتی ئایین و ئایدۆلۆژیا و کۆسمۆپۆلێتییەوە…دەنا داگیرکەرچێتی بە کەس ھەرس ناکرێ..
کەواتە لۆمەی توند و گەورەی ئێمە ، بە پلەی سەرەکی ئەو ھێز و کەسانە دەگرێتەوە، کە بانگاشە بۆ عێراقی بوون دەکەن و بەغدای تاوان دەکەنە، قیبلەی ئاواتەکانیان و سەرسەختانە داکۆکی لە سنوورە دەستکردەکانی مامە ئینگلیزی گڵاو و ئیمپریالیزمی جیھانی دەکەن…

دەرئەنجام گەشتینە ئەوەی بڵێین، ھەر چوار ئاڕاستەکە، بە عێراقچێتییەکەیانەوە، جۆگەلەی بیر و خەبات و ھەوڵیان، دەڕژێتە ناو ئەستێڵکی عێراقەوە. ئەمەش گەورەترین تاوان و ناھەقییە بە شێوازی جیاواز جیاواز ، بەرامبەر بە پرسی کورد لەژێر دەمامکی ناکوردستانی دەکرێت.
ئۆباڵی بە لاڕێدا بردنی ویست و خواستەکانی نەتەوەی کورد و شێواندنی ڕاستییە مێژوویی و نەتەوەییەکان و بە فیڕۆدانی وزە و توانا و تێکۆشانی ڕۆڵەکانی بۆ عێراقچێتی ، دەکەوێتە ئەستۆی ئەو قوتابخانە و مامۆستا و حیزب و سەرکردانەوە، کە ڕۆڵیان لە برەودان بەم ڕێبازە چڵکن و نەگریسەی داگیرکەرچێتییەدا ھەبووە و تا ئێستاش ھەیە.
ئاخر ئەم ڕاستییە بەڵگەنەویستانەیە، وامان لێ دەکات ، بڵێین : عێراقچێتی/ داگیرکەرچێتی سیفەتێکی نیمچە ناپاکییە بەرامبەر بە کوردستانچێتی و مێژووی قوربانی و تێکۆشانی کورد، بەردەوام نەفرەتی خەستی لێ دەکات.
دیارە تورکیاچێتی و ئێرانچێتی و سووریاچێتی، بە ھەمان خوێندنەوە و پێوانە ڕوو ڕەشترو بێ ماناترن لە عێراقچێتیی.
—————————

  • کرکوک وتوابعھا حکم التاریخ والضمیر د. کمال .مطھر احمد



ئەردۆگـان بە خوێنی کورد دەستـنوێـژ دەشوات… رەزا شـوان

ئەردۆگانی رەگەزپەرست و خوێنڕێژ، تا ناقڕگەی لە تاوان و ستەمکاریدا نوقم بووە، تا سەر ئێسقان دژایـەتی گەلی کوردی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی بیتاوانمان دەکات، تا بڵێی کابرایەکی دڕنـدە و بەدرەفـتار و نامـەرد و کـردار قـێزەوەنـە، هەلپەرست و خـۆپـەرست و لەخـۆباییە و تووشی نەخـۆشی شیـتی گەورەبـوون بووە، دیکتاتـۆرێکی سکـۆپاتییە و خـۆشی و چـێژ لە ئەشکـەنجـەدان و سەرکوتکردن و کـوشـتن و خوێنڕشتـنی بێتاوانـان دەبینـێت، بە تایبەتیش کورد، زەلامێکی سەدڕووە و دڕنـدەیـەکی بێـوێنەی ناهـەمـوارە.

قورئان دەگرێتە دەستەوە و بەرزیدەکاتەوە، وا خۆی پیشان دەدات، کە فریشتەیە، کەچی بە خوێنی کوردی بێتاوان دەستـنوێژ دەشوات.. وا دەزانێت کە خەڵکی هـێندە ساویلکەن و نەزان و بێ ئاگـان و تاوانەکـان و کـردارە قـێزەوەنەکانی نـابینن و بە درۆ و دەلـەسە و بە سیناریۆ هەڵبەستراوەکانی بـڕوا دەکەن و خـۆڵ لە چـاویـان دەکـات.
لە سایەی ئەم دیکتاتۆرە لەخۆباییەدا، کە هەموو دەسەڵاتەکانی تورکیای قورخکردووە و تاکـڕەوانە بڕیـار دەدات و خـۆی لە سەرووی یاساوە دادەنێت.. لە سایـەی سیاسەتی شکستخواردووی لەسەر ئاستی ناوە و دەرەوەدا، تورکیای تووشی قەرزاری و دەیـان قەیـرانی سیاسی و ئابـووری کـردووە. تورکیـای کـردووە بـە دەوڵـەتـێکی لەشکـرتاری سەرکـوتـکەر و داپڵـۆسین، تورکیای کـردووە بە زینـدانستان، ئـازادی و دیمـوکـراتی و دادپەروەری و یەکسانی و مافەکـانی مـرۆڤ ئـازادی رۆژنـامەوانی، لە تورکیادا لەژێـر بوونیان نییە و سفـرەوەن. تا دێت نـرخـی ليـرەی تورکی لە بـەرانبەر دولار لە دابەزین دایە و ئابووری تورکیا بەرەو دارووخان دەڕوات.

رێژەی هەژاری و بێکاری و گەندەڵی و هەڵکشندایە.. لە رووی سیاسیشەوە حـزبە دەسەڵاتـدارەکەی ئەردۆگـان کەلەبەڕێکی گەورەی تێکەوتووە و دووچـاری شکـستی گەورە بـووە.. ئەوەبـوو لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکانـدا، شاری ئیستەمبـوڵ و چەنـدین شاری تـریـان لەدەسـت دا، جیابوونەی عەبـدوڵڵا گول و داود ئەحمەد ئۆغـڵۆ و عـەلی بابـاجان لە سەرکـردایەتی پـارتی داد و گەشەکردن، گورزێکی تر بوو لە ئەردۆگـان درا.. ئەم کێشە ناوخـۆیی و دەرەکیـانە لە سایەی سیاسەتی تاکڕەوی و شکستخواردووی ئەردۆگان دا سەریان هەڵـداوە.. تابێت نارەزایی و تووڕەیی خەڵکی و دوژمنـانیەتیکردنی ئەردۆگـان لە زیـاد بوونـدان.

ئەردۆگان دەیەوێت ئەم کێشانە بەرێتە دەرەوەی تورکیا، بە ناوی پارستنی سنوورەکانی تورکیا و دروستکردنی بە ناوە ناوچەی ئـارام، بە قـورسترین چەکی کوشندەی زەوی و ئاسمانی هێڕش بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان و ژینۆسایدی کورد بکات و کوردستان وێـران بکات و خەڵکەکەی دەربەدەربکات و سێ ملیۆن ئاوارەی عەرەبی سووری و بە سەدان خێزانی تورک لە رۆژئاوای کوردسـتان نیشـتەجێ بکـات و دیمۆگـرافیای ناوچـە کوردسـتانییەکـان لە بەرژەوەنـدی عـەرەب و تـورک بگـۆڕێـت.. مـاڵ و زەوی و زاری کـورد بەسەر عەرەب و تورک و جاشە بەکرێگیراوەکانیدا دابـەش بکـات.

لە دوای داگـیرکردنی رۆژئـاوای کوردستان، ئەردۆگـان ئەم نیازە گڵاوەشی هـەیە کە بە بیانـووی بـوونی پەکەکە لە چیـای قەنـدیـل هـێڕش بکاتە سەر باشـووری کوردسـتان و داگـیری بکـات.. هەر وەکوو لە رۆژنـامەی (دیلـیـش)ی تورکی کە سەر بە ئەردۆگـانە، نەخشە خەونییەکەی سوڵتان ئەردۆگان بڵاوکراوەتەوە. کە نەخشەیەکی نوێی بۆ تورکیا داڕشتووە، بە پێی ئەو نەخشەیە بەشێک لە سووریا و عێراق و و بولگاریا و ئەرمینیا و باشـووری کوردستان (کەرکـووک، مووسڵ، هەولـێر) و لە رۆژئـاوای کوردستانیشدا (حەلەب، حەسەکە، ئەدلەب) لە ناو نەخشەکەیدان، ناوی فەلەستینیشی تێدا نییە، تەنها ئیسرائیلیان دانـەوە.. بەڵی ئەمەیە وڕینە و زینـدەخەوی سوڵتـان ئـەردۆگـان.

بەڵام نازانێت کە گوڵەڵەی هەڵوەشـاوەتەوە و بەرەو لێژبنەوە دەڕوات، بە پەلامـاردانی رۆژئـاوای کوردستان، دەیـەوێت ئەو تنۆکە شەرمەزارییانەی دەموچاوی نەچـۆڕێنەوە.
دەستێوەردانی ئەردۆگان لە لێبیا و میسر سەرئێشەیەکی زیاتری بۆ تورکیا زیادکردووە، خەریکە عـەرەب وشـیاربنەوە و لـە خـەون و نیـازە گڵاوەکـانی ئەردۆگـان تێـبگەن.

بەداخەوە کە ئەمریکا و رووسیا، زۆر بیـڕەوشتی بەرانبەر بە کورد دەنوێنن، تورکیا لە لایـەن ئەمریکـا و رووسـیاوە تیـشکی سـەوزی بۆ هـەڵکـراوە. بۆ ئـەوەی کە پەلاماری رۆژئـاوای کوردسـتان بـدات و داگـیربکـات.. هەروەکوو چـۆن ئاشبەتاڵییان بە شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان کرد، دەیانەوێت ئاشبەتـاڵیش بە شۆڕشی ئازادیخوازی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بکەن.. ئەمەش یەکەمین جار نییە کە ئەمریکا و رووسیا ناپـاکی دەرهـەق بە گـەلی کوردمان بکەن و پشتی داگـیرکەرانی کوردسـتان بگـرن و بە گەلەکۆمەیی و بە پیلانێکی قیزەوەنی نێودەوڵەتی، کورد لە گەیشتن بە هـیوا و بە مـافە رەواکانی بێ ئومید بکەن. هەر بە پیلانێکی سێ قۆڵی کۆماری کوردستانیشیان تاسانـد. ئەو قسەیەشمان راستە کە تەنیا شاخەکانی کوردستان پەناو پشتی کوردن.. لە ئەمڕۆدا رەوشـت و مـافی مـرۆڤ و مرۆڤـایەتی و مافی چارەنووسی گـەلان، بوونـەتـە کۆیلـەی بەرژەوەنـدییەکانی وڵاتـە زلهـێـزەکـان.

سیاسەتی ئەمریکێش، بە تایبەتیش لە سایەی ترامپ دا، کە زۆر کۆڵەوارە لە ستراتیژی سیاسەتـەدا، لە سووریا و عـێراقـدا شکستی هـێنا.. ترامپ خـاوەنی را و هـەڵویستێکی بـرواپێکراو و نەگـۆڕ نییە.. سەرۆکـێکی هـەرزەگـۆیە.. نەیتـوانیوە بە وردی پێشبـینی داهـاتـوو و گـریمانەکـان بکـات.. لێدوان و بەڵـێنەکـانیـشی جـێی بـڕوا و متـمانە نـین.
بڕیاری کشانەوەی لە ناکاوی هێزەکـانی ئەمرێکـا لە رۆژئاوای کوردستان، رێخۆشکەرە بۆ سەرهـەڵـدانـەوەی داعـشی تیـرۆریست.. بۆ ناسەقـامگـیری و شـەڕ و بـۆ مـانـەوە و بەهـێزبوونی دەسـەڵاتی بەشـار ئەسەد و بەهـێزبوونی پـارتی بەعـسی فـاشتی عـەرەبی لە سـووریا و عـێراق دا.

پشتـێکردنی ئەمریـکا لە کورد لـە رۆژئـاوای کوردستان دا، بێـڕەوشـتی و نامەردییەکی گەورەیە.. چونکە کورد دەکـەوێتە نێـوان دوو بـەرداشـەوە، دەکەوێتە نێوان دوو هـێزی دڕندە و رەگەزپەرستەوە، سوپا و جاشـە بەکرێگـیراوەکانی تورکـیا و سـوپـای سووریا.
کورد شەهـیدێکی زۆری دا تا ئەفسانەی داعـشی تێکشکاند. گەر بەرگری و قوربانیدانی کـورد نەبـوایە، زۆربـەی شارەکـانی سووریا و عـێراق دەکـەوتنە ژێـردەستی داعـشەوە. کەچـی بـەم نامـەردییە پـاداشـتی چاکە و پیـاوەتی کـورد قـوربەنییەکـانی دەدەنـەوە.
ئەردۆگان پێی شەرم نییە و ئامادەیە کە دەست بخاتە نێو دەستی شەیاتنیش لە دژیایەتی کـردنی گەلی کوردمـان.. توشی کوردفـۆبیا بـووە و سێبەرەکەی خۆشی لێبووە بە کورد.

بەڵام ئەردۆگان با باش بزانێت کە رۆژئاوای کوردستان، پاروویەک نییە کە بتوانێت بە ئاسانی قـووتی بـدات، باجێکی زۆری ئەم کەرێتییەی دەداتەوە.. با ئەوەش بـزانن کە تا دان بە مافـە رەواکـانی گەلی کـورددا نەنێـن و کورد نەبێت بە خـاوەنی دەسەڵاتی خۆی، ئەستەمە کە تـورک و فـارس و عـەرەبیش بتوانـن بە ئاشـتی و ئـاسودەیی بـژیـن.
مەبەستێکی تـری ئەردوگـان لە داگیرکردنی رۆژئـاوای کوردسـتان، نانەوەی ئـاژاوە و شـەڕ و دوژمنـایەتییە لە نێـوان کـورد و عـەرەب دا، بـۆ لاوازکـردنی هـەردوو لایـان.

بۆ هەموو جیهانيش ئاشکرابوو، کە ئەردۆگان دامەزرێنەری راستی داعشی تیرۆریستە و بە هەموو شێوە و شێوازێک یارمەتی داعشی دا و دەدات.. هەر ئەویش بـوو داعشی بۆ مووسڵ و ئەنبار و شەنگار و سووریا و رۆژئاوای کوردستان هـێنا، بە تایبەتیش بۆ کۆبانی.. گومان لەوەدا نییە، کە ئەردۆگـان و ئەبوبەکر بەغـدادی دوو رووی دراوێکن، بە دووریشی نازانم کە ئەبوبەکر بەغـدادی ئێستا لە تورکیا لە خۆشترین شوێندا بـژیت.
شایـەنی باسیشە کە رێـژەیـەکی زۆر لە داعـش و لە سەرکردەکـانیان تورکـن.

مەبەست و ئامانجێکی گڵاوی تری ئەردۆگان سەرهەڵدانەوەی داعشە و پـڕچەکـردنیانە بۆ ئەوەی بیان کات بە گـژی گەلی کوردمان و رێیان بۆ خۆشبکات بۆ هێڕشکردنە سەر دێ و شارۆچـکە و شارەکـانی کوردستان و ئەنجامـدانی تەقـینەوە و کاری تیرۆریستی.
هێڕشی تورکیا بۆ سەر رۆژئـاوای کوردسـتان گەلێ کـارەساتی مـرۆیی بە دوای خوێـدا دەهێنێت.. شـەر و ناسەقـامگـیری و ئـاوارەبوون و تونـد و تیـژی و ئاڵـۆزییـەکی زۆر دەخـاتە ناوچەکەوە و خـودی تورکیا لە هەڵگیرسانـدنی ئاگـری ئەم شـەڕە، بە وشکی دەرناچـێت و گـڕ و پـریشـک و پشـکی گـەورەی زیانـەکـانی بەردەکـەوێت.

ئەمەو هەریەکە لە ئەردۆگـان و تـرامپ ( کە بـریاری کشانەوەی هێزەکـانی ئەمریکا لە رۆئـاوای کوردستان) دا، ئامانـج و دەستکەوتی سـیاسی تایبەتی خـۆیان لە پشـتەوەیە، کە هەریەکە لە ئەردوگان و ترامپ، چاویـان بڕیوەتە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا و ئەمریکا، کە دەنگ بەدەست بهێنن و جارێکی تر بۆ پۆستەکانیان هەڵـیان بژێرنەوە.
داوا لە کـۆمەڵگەی نێودەوڵـەتی و لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لە رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و لە هەموو ئازادیخوازان و لە خاوەن ویژدانی زیندوو و لە گەلانی ئاشتیخواز دەکەین، کە بێدەنگ نەبن لە ئاستی ئەو ستەم و تاوانانەی کە تورکیای تیرۆریست و رەگەزپەرست بە ئاشکرا و بە رۆژی روونـاک، کە بە بەرچاوی کۆمەڵـگەی نێـودەوڵـەتییەوە لە کـوردیان کـردووە و دەکـەن.. بێـدەنگی و خۆگـێلکـردن لە ئاستی ئـەو تاوانـانە، پەڵەیـەکی شەرمەزارییە بە نێـوچـەوانی نەتـەوە یەکگـرتووەکـان و وڵاتـە زلهـێزکان و ناتـۆوە.. بێدەنگی و چـاوپـۆشین لە تـاوانەکـانی تورکیا لە دژی گەلی کوردمان، بە واتا هاندانی ئەردۆگانە بۆ دڕێژەدان بە ستەمکاری و ئەنجامـدانی تاوانی گەورەتـر و قـێزەوەنتـر.
بێگومان ئەوەی تورکیا دەیکات داگیکـردنە و تاوانەکانیشی، تاوانی دژ بە مرۆڤـایەتین.

پێویست ئەردۆگـان لەسەر تاوانەکـانی لە دژی کورد و پێشێلکردنی مافەکانی مـرۆڤ و رێکەوتـن و یاسا نێـودەوڵەتییەکـان، کە بە تـاوانی جەنــگ دادەنـرێن، بـدرێتـە دادگـای نێودەوڵـەتی و دادگایی بکـرێت و سزای یاسایی بدرێت.. هەروەکوو چۆن بڕیاری گرتن بۆ تاوانبـار عـومەر حەسەن بەشـیری سەرۆکی سـودان دەرکـرا، خـۆ ئەردۆگـان دە بە قـەدەر عومەر بەشـیر، تاوانی لە دژی کورد ئەنجام داوە و نیازی تاوانی تـری هـەیە.
داواش لە جەمـاوەری گـەلی کوردمان دەکـەم، لە کوردسـتان و لە هەنـدەراندا، ئامادەی ئەوەبن، کە بچنە سەر شەقـامەکان و گۆڕەپانەکان.. خۆپێشاندانی تووڕەیی و ناڕەزایی و سەرکۆنـەکردنی ئەردۆگـانی تورکیای رەگەزپەرست سـازبکەن و بە دەنـگی بـەرز و تـوڕەییـەوە داوای دادگـایی کـردنی ئەردۆگـانی تـاونبـار بکـەن.. یـاداشـتـێک بنـێرن بۆ نەتەوە یەکگـرتووەکان و ئاسایشی نیۆدەوڵـەتی.. لۆمەی هەڵـویستی شەرمەزارییانەی نەتەوە یەکگـرتووەکـان و کۆمەڵگەی نێـودەوڵەتیش لە ئاسـتی ئەم تاوانـانـەی تورکـیا بکەن.. ئامـادەیی خـۆشـتان بـۆ پشتگـیری بـرایـانی کوردمان لە رۆژئـاوای کوردسـتان دەربڕن.. کە قارەمانانە بە گیانی خۆبەختکردنەوە بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەکـەن، بە چەکێکی سادەوە رووبەڕووی دڕندەتـرین و زەبەلاحترین و تازەترین چەکی کوشندەی مودێرزمی سوپای تورکیا بوونەتـەوە.

شەرمەزاریشە بۆ هەندێ لە کەناڵە تەلەفزیۆنییە بەکرێگیراوەکانی باشووری کوردستان
کە زنجـیرە درامـا بێـڕەوشتـییەکـانی تـورکی پێـشکـەش دەکـەن و ریكـلام بۆ بەرهـەم و کاڵاکانی تورکیا دەکەن.. بەڵام کە تورکیا روژانـە بە فرۆکەی جەنگی ئێف شانزە دێهات و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان بۆردومان دەکەن و خەڵکی سڤیلی کورد دەکوژن و ماڵ و باخ و دارستانی کوردستانن دەسووتێنن.. کەچی ئەم کەناڵانە زۆر بێ شەرمانە دەڵـێن فـرۆکەکانی تورکـیا بارەگـاکانی پەکـەکەیـان لە بنـاری قەنـدیل بۆردومـان کـرد.! تەنانەت وشەی (شەهـید) یش بۆ قوربانییەکانی ئەم تاوانـانەی تورکـیا بەکـارناهـێنن!؟
میـتی تورکیاش لە هـەولـێر و دهـۆک بە ئاشکـرا تەراتیـن دەکـەن و سیخـوڕی دەکەن.
دڵنیام کە چارەنووسی ئەردۆگـانی دڕنـدە و رەگەزپەرست، لە چارەنووسی قـیزەوەنی سەدام حوسێن و قەزافی باشتر نابێت.. ئەو رۆژە نزیکە کە بە سزای خۆی بگەیەنن.
سەرکـەوتن بۆ کـورد و کوردسـتان
شکـۆداری و نەمـری بۆ سەرجـەم شەهـیـدانی کوردسـتان
رسـۆایی و رووڕەشی و مـردن بۆ شەڕخـوازان و داگـیرکەرانی کوردسـتان

نەرویـج : ٩ی/ئوکتۆبەر/ ٢٠١٩




ده‌ بێره‌وه‌ … سه‌ردار جاف

ده‌بێره‌وه‌
جگه‌ر سوتاوی دوێنێم
له‌ خه‌م و بێداری ڕابووم، هه‌ناسه‌م له‌ شنه‌ی ده‌ریاوه‌
به‌ شه‌ونمی سپێده‌ سپاردووه‌
وا تیشكه‌ڵانی هه‌تاویش كرانه‌وه‌ و
ئه‌و ده‌مه‌ی به‌سته‌ڵه‌كیش ده‌توێته‌وه‌
ژانی گوڵێ
له‌ قه‌د باخچه‌ی ئه‌وین ڕا
بۆن و به‌رامه‌ی خۆی به‌ به‌ژن و باڵای منا كردووه‌
ده‌بێره‌وه‌…….
با ئیدی ئازاره‌كانم
به‌ مه‌رقه‌دی یاخی بوونتا هه‌ڵنه‌زنێ
شه‌رابی مه‌ستبوونی ئیشقم
پێ بنۆشه‌
له‌ حزووری حه‌رزه‌تی تۆدا ئه‌ی یارم
هه‌ی نمه‌ شه‌ونمی خه‌ونم
ڕاچه‌نینی هاتنه‌وه‌كه‌ت
به‌ لێوی وشك هه‌ڵاتووما
دابپۆشه‌
ده‌بێره‌وه‌ …….
با درێژه‌ی نامه‌ی ئیشقم ، ته‌زووی ته‌زینم سڕ بكا
له‌و ڕێگاوه‌ ئولفه‌ت بگرێ
ئیدی له‌رزۆكی هه‌ڵ بێت و
ئاشنای بوخچه‌ی چاوانت بێ
ئه‌زیزه‌كه‌م
له‌ نیگا غه‌مزه‌ی چاوته‌وه‌
موژده‌یی خۆتم پێ بده‌
با مه‌ستی ئه‌و ڕێگا دووره‌ی پێ بشكێنم
ژوانم به‌ باڵات بگرم
ئۆخه‌ی بوونم له‌ به‌ر ده‌رگای
باوانت بێ
ده‌بێره‌وه‌ …….
ئاونگبارانی چیمه‌نی بیلبیله‌كه‌ی چاوی من به‌
سۆمام ده‌بێته‌ ژیّر ڕاخه‌ری پڕ باران و
هه‌نگاوێكی شه‌ونمی به‌ سه‌را بنێ
ژینی نوێم پڕ بۆن بكه‌وه‌
په‌نجه‌كانم
تینووی تاڵ تاڵی پرچتن، كه‌ بێ من بژ و ژاكاون
چاوه‌كانم بۆ دیده‌نی قامه‌تی تۆ
دوا سه‌فه‌ری ڕێی كردووه‌
له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ت
ئیشق و دڵی تازه‌ مه‌یلت
به‌ زه‌مه‌نی كۆن بده‌وه‌

ئه‌ڵمانیا

3 / 10 / 2019




ناوچه‌ ئارامه‌كه‌ی توركیا بۆ نه‌مانی كورده‌ … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

ماوه‌یه‌كه‌ توركیا به‌ ناوی ناوچه‌ی ئارام وه‌ك وڵاتێكی داگیركه‌ر هه‌وڵئه‌دات خاكی وڵاتێكی تر داگیر بكات و بۆ ئه‌نجامدانی هه‌وڵه‌كانی چاوساغ و یارمه‌تیده‌ری سه‌ره‌كی داعش بوو له‌ رێی ئه‌وانه‌وه توانی‌ هه‌رچی ئیسلامی توندره‌و تیرۆریست و سوپای ئازادو پۆخڵه‌واتی ناو كۆمه‌ڵگه‌ هه‌بوو له‌ ژێر سێبه‌ری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆمارو سه‌رۆكی حزبی به‌ناو “” دادو گه‌شه‌پێدان “” ئاكپارتی كۆبكاته‌وه‌.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكایه‌تی حزبی ئاكپارتی ئیخوان ئه‌لموسلیمینه‌ ئه‌كات و، ئه‌و حزبه‌ له‌ بنچینه‌وه‌ حزبێكی تیرۆریستییه‌ و، له‌ زوربه‌ی وڵاتان ناوی له‌ لیستی ره‌شه‌و قه‌ده‌غه‌كراوه‌ و، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ ناسنامه‌ی ئه‌ردۆگان وه‌ك كابرایه‌كی ملهورو بێفه‌رو تێرۆریست و، هه‌مووكات ئاماده‌ بووه‌و ئێستاشی له‌ گه‌ڵدا بیت بۆ لێدان و له‌ ناوبردنی كوردو، ووه‌ك سه‌دام حوسه‌ێن و عه‌لی كیمیاوی و سه‌رانی ئێرانی ئێسلامی درنده‌یه‌..

به‌رامبه‌ر به‌ داواكانی ئه‌ردۆگان ” سه‌رۆكه‌ شیتۆكه‌كه‌ی ئه‌مریكا دۆناڵد ترامپ بۆ جاری دووه‌م بریاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌یداو، به‌و كاره‌ش جارێكی تر خیانه‌تی كردو، گڵۆبی سه‌وزی بۆ توركیا هه‌ڵكرد بۆ داگیركردنی ئه‌وخاكه‌ی له‌ ژێر كو‌نترؤڵی هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌ { هه‌سه‌ده‌ } و، ئه‌و كردوه‌ دوژمنكارانه‌ی ئه‌مریكا، به‌ڵگه‌و وانه‌یه‌كه‌ پێویسته‌ به‌هه‌ند وه‌ربگێرێت كه‌ ئه‌مریكا قه‌ت جێی متمانه‌ نه‌بووه‌و نابێت و، له‌ كوێ به‌رژه‌وه‌ندی خوێ هه‌بێت كار بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌كات و پاشان له‌ په‌یمان و رێكه‌وتنه‌كانی پاشگه‌ز ئه‌بێته‌وه‌.

رێكه‌وتنی ئه‌مریكاو توركیا رێگا خۆش ئه‌كات جارێكی تر داعش یان رێكخراوێكی تیرۆریستی تر له‌ داعش درنده‌تر سه‌ر هه‌ڵبدات و، له‌ هه‌مووحاڵه‌تێك كاركردنه‌ له‌ پێناو نه‌مانی كوردو داگیركردنی خاكه‌كه‌ی و ، هه‌نگاوه‌كه‌ی ترامپ تاوانێكی قیزه‌وه‌ن و،كارێكی خیانه‌تكاران و ناپاكییه‌‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد.
نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتی ئه‌وروپاو فه‌رانساو ئێران و هاوڵاتیانی خودی توركیا داوا له‌ ئه‌ردۆگان ئه‌كه‌ن توركیا هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان ، به‌ڵام ئه‌ردۆگان به‌ پشتبه‌ستن به‌ تیرۆریسته‌كانی داعش و توندره‌وه‌ ئیسلامییه‌كان وئیخوانه‌ موسلمانه‌كان سوره‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی هێرش بكات و، جارێكی تر سوپاكه‌ی بخاته‌ ناو زه‌ڵكاوی شه‌ر له‌ سوریاو، ناوچه‌كه‌ توشی كاره‌ساتی مرۆیی بكات و، وادیاره‌ ئه‌ردۆگان حه‌زی له‌ خوێنرشتنه‌ و ،گوێ بۆ كه‌س شل ناكات و، عه‌فرین و “” چڵه‌ زه‌یتونه‌كه‌ی “” له‌ بیرچووه‌ته‌وه‌.

له‌ عه‌فرین سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی توركیای داگیركه‌ر به‌ چه‌كی قورس و مۆدێرن و هه‌لیكۆپته‌رو فڕۆكه‌ی جه‌نگی شاره‌كه‌ی بۆردومان كردو، شه‌رڤانانی ئازاو قاره‌مان و خه‌ڵكی كۆڵنه‌ده‌ر ( 58 ) رۆژ به‌رامبه‌ر به‌ دوویه‌مین سوپای هه‌ره‌گه‌وره‌ی ناتۆ، به‌ سه‌رماوسۆڵه‌ی زستانه‌نه‌وه‌ به‌رگری مه‌ردانه‌یان كردو، زه‌ره‌روزیانێكی گه‌وره‌یان له‌ سوپای توركیای داگیركه‌ردا.

له هه‌رێمی كوردستان پێشمه‌رگه‌ ئازاكان پاڵه‌وانانه‌ به‌رنگاری ده‌وڵتی ئێسلامی (داعش) بوونه‌وه‌و ، له‌ رۆژئاوای كوردستانیش شه‌رفانانی ئازاو دلێر توانیان هێزی داعش و، هه‌موو گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان تێكوپێك بشكێنن و، گشت ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستیان كو‌نترۆڵ بكه‌ن و، بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌و، تۆماركردنی سه‌ربه‌رزی و سه‌روه‌ری بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد قوربانییه‌كی زۆریانداوه‌.
به‌ فه‌رمانی ئه‌ردۆگانی دێزو تیرۆریست سوپای توركیا په‌ره‌ به‌ ئۆپراسێونه‌كانی بۆ سه‌ر خاكی كوردستان { هه‌رێم و رۆژئاوا} داوه‌و، ئه‌وه‌تا سه‌ره‌رای بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاسانی و ( كارئاسانی) له‌ خواكورك به‌ره‌و سیده‌كان تۆز ئه‌كات و، هه‌روا له‌ رۆژئاوا به‌ داگیركردنی جرابلوس و عه‌فرین و شوێنی تر تێری نه‌خواردووه‌و، هێز ره‌وانه‌ی ناوچه‌ سنوریه‌كانی توركیا له‌ گه‌ڵ سوریا ئه‌كات و، مه‌به‌ستی گڵاویان له‌ دروستكردنی “” ناوچه‌ی ئارام “” روون و ئاشكه‌رایه‌و، له‌ باتی گه‌رانه‌وه‌و نیشته‌جێبوونی هه‌زاران خێزانی خه‌ڵكی سوریا، هه‌زاران خێزانی تری ناوچه‌كان هه‌ڵدێن و، سه‌دان و هه‌زاران هاوڵاتی سڤیل و هه‌ژارو جوتیار ئه‌كوژرێن و ئه‌بنه‌ قوربانی.

له‌ كاتی نووسینی ئه‌م وتاره‌ هێرشی توركیا ده‌ستیپێكردو، هێرشه‌كه‌ له‌ لایه‌ن فه‌رانساو، ئه‌ڵمانیاو، بریتانیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا ریسواو ئیدانه‌ كراو، سکرتێرى گشتى پەیمانى ناتۆ داواى لە تورکیا کرد هێرشەکانى بوەستێنێت و ئارامى ناوچەکە نەشێوێنێت و، هاوكات لەسەر داواى هەریەکە لە بەریتانیاو ئەڵمانیاو فەڕەنسا و هۆڵنداو بەلجیکا کۆبوونەوەى ئەنجومەنى ئاسایش بەرێوە دەچێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كورد له‌ سوریا ( ئه‌نكه‌سه‌) له‌باتی ئه‌وه‌ی هانی ئه‌ندامه‌كانی بدات چه‌ك هه‌ڵبگرن و رووبه‌رووی سوپای توركیا ببنه‌وه‌و خاكی كوردستان بپارێزن داوای ئیداره‌ی نوێ ئه‌كات.
له‌ عه‌فرین {58} رۆژ توركیا به‌ سوپایه‌كی گه‌وره‌و، به‌ چه‌كی تازه‌و مۆدێرن و تۆپ و فرۆكه‌ی جه‌نگی و، ئێستا توركیا به‌ هه‌مان كه‌ره‌سته‌ و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هێرش ئه‌كات و، چاوه‌روان ئه‌بین شه‌رڤانان و گه‌نجانی كوردستان چۆن سه‌ر به‌ توركیای داگیركه‌ر شۆر ئه‌كه‌ن.

9/10/2019
.




هاوڕێی پێنووس … ڕۆستەم خامۆش

منــداڵـــی ژیـــــرم ، هاوڕێی پێنووسم
بە پێنووسەکەم چەند جوان دەنووسم

بـەڵـێ دەنـووســـم بـــە ڕێــک و وردی
پـیـتـی قـەشــەنـگـی زمــــانـــی کوردی

زمــــانــــی کـــوردی خـــۆش و دێرینـە
لام خـۆشـەویـستـە و ئـای کــە شیرینـە

مـــن دەیــپــارێـــزم زمــــانـــــی بــاوان
زمــــانـــــی دایـــک ، ڕەســـەن و ڕەوان

خـۆشــحـاڵـم ، کــە مــن خــاوەن زمانم
ســەربــەســت دێـمــەگــۆ لــە نیشتمانم

            ڕۆستەم خامۆش
            هەولێر ۲٠۱۹/۲/٤



جۆر و شێوه‌كانی بوونی كاریكاتێر له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا -2- هه‌ندرێن خۆشناو

(به‌شی 2)
هه‌ندرێن خۆشناو

به‌ گوێره‌ی ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌ی كه‌ كاریكاتێر باسی لێوه‌ده‌كات، ده‌كرێ كاریكاتێر دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر چه‌ند جۆرێكدا، دابه‌شبوونه‌ كلاسیكیانه‌كه‌ش كاریكاتێر به‌سه‌ر چوار جۆردا دابه‌ش ده‌كات، به‌ گوێره‌ی گرنگی له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا: 1- كاریكاتێری سیاسی 2- كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی.

3- كاریكاتێری گاڵته‌جاڕی (پێكه‌نین):

ئه‌و وێنه‌ كاریكاتێرییه‌ كۆمیدیایه‌ داڕێژراوه‌یه‌ كه‌ هیچ ڕه‌خنه‌گرتنێكی تێدانیه‌، ئامانجی ته‌نیا به‌ پێكه‌نین هێنانه‌وه‌یه‌، بابه‌ته‌كانیشی دیارینه‌كراو و بێ سنووره‌، له‌ سیاسه‌ته‌وه‌ بگره‌ تا سێكس، ئه‌وه‌ی جیایده‌كاته‌وه‌ له‌ جۆره‌كانی تر، كه‌ ئامانجی ته‌نیا به‌ پێكه‌نین هێنانه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ جۆره‌كانی تر به‌ تایبه‌تی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، پێكه‌نین تێیدا به‌كاردێت بۆ به‌دیهێنانی چه‌ندین ئامانجی تر. له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه‌ به‌ده‌ست خوێنتێزانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن واباوه‌ كه‌ به‌چاوێكی سوك و كه‌مه‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌م جۆره‌ كاریكاتێره‌ بكه‌ن، به‌ تایبه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگاكانی وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا به‌ كاریكاتێرێكی به‌تاڵ و بێ ناوه‌ڕۆكی بژمێرن، ئه‌مه‌ش له‌ چه‌ندین چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كاریكاتێریسته‌ عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌ تێبینی كراوه‌، ئه‌م‌ تێڕوانینه‌ش هه‌ڵبه‌ته‌ تێڕوانینێكی هه‌ڵه‌ و هه‌ڵه‌كاره‌‌، چونكه‌ یه‌كه‌م كرداری ئه‌فراندن به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی په‌یوه‌سته‌ به‌ سروش و هزره‌وه‌، مه‌رجیش نیه‌ هه‌موو ئه‌و بیرۆكانه‌ی كه‌ به‌ مێشكی كاریكاتێریسته‌كه‌وه‌ دادێن بیرۆكه‌ و بابه‌تی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بن، ئه‌ویش به‌ خولانه‌وه‌ی به‌ده‌وری سیاسه‌ت و
كۆمه‌ڵگاوه واقیع وێناده‌كات، واقیعیش ته‌نیا سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵایه‌تی نیه‌، به‌ڵكو پشوگه‌ی گاڵته‌ و پێكه‌نینی ساده‌شه‌.

وێناكردنی ئه‌م بابه‌تانه‌ش له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌نده‌وه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ وازی له‌و‌ دۆزه‌ هێنابێت كه‌ گرتویه‌تیه‌ خۆی، هه‌رچیه‌كیش بێت ئه‌و دۆزه‌‌، نابێت هونه‌رمه‌ند بیرۆكه‌ بكوژێت و له‌ یاده‌وه‌ری هونه‌ری خۆیدا پشتگوێی بخات، چونكه‌ ئه‌مه‌ ڕێك وه‌ك كرداری زینده‌به‌چاڵكردنی كچان وایه‌ له‌ سه‌رده‌می نه‌زانیه‌وه‌، پێمانوایه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند ده‌بێت هه‌موو ئه‌و بیرۆكانه‌ بپارێزێت كه‌ به‌ هزریه‌وه‌دا دێن، دووه‌میش هه‌ڵه‌یه‌ كه‌وا بیربكه‌ینه‌وه‌ كه‌ گاڵته‌وگه‌پ دیارده‌یه‌كی نه‌رێنیه‌،‌ ناتوانین كردای به‌ پێكه‌نین هێنانێكی ساده‌ به‌ جۆرێك له‌ بۆشایی و به‌تاڵی بژمێرین، چونكه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی حاڵه‌تێكی مرۆڤانه‌ی ئه‌رێنیه‌، ئه‌مه‌ش به‌سیه‌تی بۆ زانینی ئه‌وه‌ی كه‌ كاریكاتێری گاڵته‌وگه‌پ بێ سوود نیه‌، هه‌روه‌ك وای بۆ ده‌چن.

سێیه‌میش كاریكاتێر كار و ئه‌ركی تری هه‌یه‌ له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا بێجگه‌ له‌ هاندان و پروپاگه‌نده‌كردن هه‌روه‌ك ده‌بینین، كاریكاتێری گاڵته‌وگه‌پیش ڕۆڵی ته‌واوكاری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ و به‌ند نیه‌ له‌سه‌ر پێكه‌نین به‌ته‌نیا، مه‌ترسیش له‌ ڕۆڵی بێهۆشكاری كاریكاتێری گاڵته‌وگه‌پ كه‌ به‌رده‌وام دوژمنانی ئه‌مجۆره‌ ده‌یخه‌نه‌ڕوو ڕاست نیه‌، چونكه‌ تاقیكردنه‌وه‌كان به‌ڵگه‌ن بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه‌ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا ره‌نگدانه‌وه‌یان هه‌یه‌‌ له‌سه‌ر هه‌موو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كاندا، ئاساییه‌‌ له‌ وڵاتێكدا كه‌ بۆ نمونه‌ به‌ده‌ست شه‌ڕی ناوه‌خۆدا بناڵێنێت، كاریكاتێری گاڵته‌ پله‌ی یه‌كه‌می به‌رنه‌كه‌وێت، چونكه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا بارودۆخی گشتی رێگه‌ به‌مه‌ ‌نادات، بۆیه‌ ئه‌م مه‌ترسیه‌ هه‌ر بوونی نیه‌، له‌به‌ر‌ئه‌وه‌ی بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ وێنه‌ گشتیه‌كه‌ له‌ نه‌خشه‌ی ئه‌فراندنی هونه‌ریدا په‌رچاوه‌ی تابلۆ هونه‌رییه‌كه‌یه‌ له‌سه‌ر واقیعدا به‌ هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانیه‌وه‌.

بۆیه‌ ئێمه‌ وایده‌بینین كه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ دژ به‌ كاریكاتێری گاڵته‌وگه‌پ جۆرێكه‌ له‌ پێوه‌ندبوونی ئازادی ئه‌فرێنه‌ره‌كه‌ و ده‌چێته‌ خانه‌ی تیرۆركردنی ده‌روونی، كه‌ پاڵ به‌ ئه‌فرێنه‌ره‌وه‌ ده‌نێت بۆ كوشتنی ئه‌و بیرۆكانه‌ی‌ كه‌ به‌ هزر و خه‌یاڵیه‌وه‌دا دێن، و نه‌خستنیانه‌ سه‌ر كاغه‌ز له‌ ترسی تۆمه‌تباركردنی به‌ به‌تاڵی و هیچی، له‌ ڕاستیشدا ڕێژه‌ی 10%ی كاریكاتێره‌كانی گاڵته‌وگه‌پ و قۆشمه‌ له‌ كۆی به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندێكی كاریكاتێری، بیانوو ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌ بۆ پێنه‌دانی متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی به‌ كاره‌كانیه‌وه‌، له‌ كاتێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌م وێنانه‌ 1%ی كاره‌كانی پێكدێنن.




چەند شیعرێکی شاعیری ئەمریکی ” سۆلماز شەریف” … و: بەکر ئەحمەد

لە دیوانی: look
سولماز لە ساڵی 1986 لە ئەستەنبوڵ لە دایک و باوکێکی ئیرانی لە دایک بووە. لە تەکساس، ئالاباما و کالیفۆرنیا گەورە بووە. ئێستا لە سانفرانسیسکۆ دەژی و لە دانشگای ستانفۆرد وانەدەڵێتەوە. سالێ 2016 بە کۆمەلە شیعری “لووک” یەکەمین بەرهەمی بلاوکراوەی خۆی چاپدەکات و کۆمەڵێک خەلاتی گەورە بەدەست دینێت. واشینتۆنپۆست دیوانی look ی بە باشترین کتێبی شیعری ساڵ ناساند.

Solmaz Sharif, 2016, look, Ramus Bokförlag
لەلایەن ئیدا بۆرێل و جێنیفەر هەیاشیدە و لە ئینگلیزیەوە کراوە بە سویدی

گەیشتنە گوانتانامۆ

سالمی خۆشەویست،

خۆشەویستم، چۆنیت تۆ؟………………. ئەتدەن؟
من نیگەرانم. لەم ماوەیەی دوایدا قژم تەواو…………….
تەنانەت پێستیشم ………………….
دکتۆرەکان دەڵێن…………….
من لەگەڵ ئەواندا هاوڕام. دەبوایە…………………..
داواکارم دڵگیر نەبیت.
……………………… لە باخچەکەدام و خەریکی هاڕینم
دەستیان بە دایکت گەیشتووە………………..
…………………تۆ لە یادتە.
هەندێکم بۆ خستۆیتە ناو پاکەتەوە ……………….
بە تەنها بۆ تۆم دروستکردووە. هەوڵ بدە بە ڕێک و پێکی نان بخۆیت
بۆچی………….. من دەبوایە من شوویەکی دیکە بکەمەوە
بۆمگێرایەوە……………ئەو خۆی نەیدەتوانی……………..ئەوە
من قەت نەمتدەتوانی………………
خۆشەویستم، من ئەم گۆرانییەت بۆ دەلێم……….تۆ حەزت لێی بوو
ئەو دێرەیانت بیر نییە ……………………..
من خەریکم………………..
تەنها بۆ تۆ
هی خۆت،

سالمی خۆشەویست،

هەموو دوێشەو لە ئاسماندا چەخماخە بوو، ………….ڕووناک کردەوە
بەڵام باران هەر نە باری. هیچ
کە دەگەمە ماڵەوە، هەموو شتێک
…………….. تەپ و تۆز. جووتێک…………………
لە تەنیشتی……………… خاولییەک و
………………….و ……………….
لە بەیانیدا. هەر چۆنێک بیت، من نەمتوانی………………
لای پەنجەرەکەوە دانیشتم و سەیرمدەکرد
سەیریان دەکرد………………و
دەیانزانی من لە هین دەچم………
………………….واهی
هی خۆت،

سالمی خۆشەویست،

ئەوان لە گەڵ هیندا هاتن………………….دوکانەکە
……………… پیشتر
لووتم تەقی بە لووتیانا……………………
بەڵام هێشتاش هەر ئاودارە
ترشییەکەیم تەواو دەرکرد
………………. هەموو رۆژەکە. لاپەرەی رۆژنامەکە
…………….بەهۆی شەربەتەکەوە.
دەیخەمە ناو قوتویەکەوە تا ئەو کاتەی تۆ دێیتەوە.
………………………هەندێک هەڵوژەیشم.
من هێشتاکە نەمکردۆتەوە…………..دوای ئەوەی ئەوان…………….. یت
تاقەتی ئەم هەمووەم…………..ئەو هەموو……………ددانانە
یان لەوانەیە……………….
چۆن چەرچەفەکەیان پیس کرد
هیوادارم تۆ لە من……………..
هیوادارم رێت پێبدەن کەمێک…………………
هی خۆت،

سالمی خۆشەویست،

……………. دەیووت من پێویستە زمانم.
تووند تر بووە. من پێموت کە ئەو ………………….خۆی تێنەخات
کە………………هی خۆی……………… ژنەکەی
ئەو …….نابێ
گەر ئەو هی من ………………هیچ کاتێک لێم …………….
جارێکی دی. هەندێک جار نامە بۆ تۆ دەنووسم و پۆستی ناکەم.
عاجز نەبی!
دەمەوێ ئەوان……………
وەختێ دەیکەیتەوە…………
………………..وەک گردێک لە گوڵالەسوورە
هی خۆت،

سالمی خۆشەویست،
…………………..هێلانەیان دروستکردووە
لە ژێر………..
و ئێستاش ………….بەچکەکان هەمیشە…………….
……………..هێلەکەیان بردووە
و برنجیش. چایش. نازانم کێ…………………
بریاردەدا……………..ئەم شتانە
هی خۆت،

سالمی خۆشەویست،

دراوسێکان لێبووردنێکیان وەرگرت و
…………… چەندە هەزار دۆلارێکیش
ئەوان وا حسابیان کردبوو……………….لەسەر ……………….و

…………… تەمەنیش.
قیمەتی…………….هی ئینسانێک…………………….
……………….شتی وا روویدا کاتێک کردیانەوە و دراندیان……………..
…………………وەک تۆپەلێک، ئاگریان دا هەر لەوێدا و لەبەرامبەر…………….
……………….دەڵێن بۆ دەنێرن. چەکێک……… بۆ……………..
من ……………..! …………………….!
…………………………….؟
هەرگیز.
هی خۆت،

سالمی خۆشەویست،

لە ……………..حیکمەت دەخوێنمەوە.
ئینسانی……………….نیشتیمان
ژنەکەی نامە بۆ ………….دەنێرێ
…………….وەک من.
ئێستا ناخوێنمەوە. ئەو وا بوو……………وەک تۆ
من هەموویانم هەیە…………………… کتێبەکانی
هەموویان.
تەحەموولی ………………….
………………………………..
هەموو کتێبەکان بەریز لە ناو رەفەکەدان
وەک چۆن تۆ…………….
دەوەستایت و بۆنی لاپەرەکانت دەکرد
هەموو دەلێن…………………..
هەمان………………….مێژوو
بەڵام کەسێک هی ئێمە ناگێڕێتەوە.




له‌گه‌ڵ هه‌موواندا ته‌نیا … ده‌ق: چارلس بوکۆفیسکی

ا

وه‌رگێڕانی: سۆران محه‌مه‌د

گۆشته‌که‌ ئێسکه‌که‌ی داپۆشیوه‌
ئاوه‌زیشیان تێخست
هه‌ندێكجاریش گیان،
ژنه‌کان ئینجانه‌کان ده‌شکێنن
له‌ دیواره‌کاندا
و پیاوه‌کان زۆر ده‌خۆنه‌وه‌
هیچ که‌سێکیش که‌سێکی دی
نابینێته‌وه‌
به‌ڵام هه‌ر
ده‌نواڕ‌ن
به‌ گاگۆڵکێ ده‌چنه‌ ناو جێ و
لێی ده‌رده‌چن.
گۆشت دایپۆشیوه‌
ئێسك و گۆشته‌که‌
بۆ زیاتر له‌ گۆشت
ده‌گه‌ڕێ.
.
هیچ شانسێ نییه‌
هه‌رگیز:
هه‌موومان که‌وتوینه‌ته‌
نێو داوی تاکه‌
چاره‌نووسێکه‌وه‌.
.
هیچ که‌سێك هه‌رگیز
که‌سێکی دی نابینێته‌وه.‌
.
شار پڕ ئه‌بێ له‌ پاشه‌ڕۆ
باخه‌کان پڕ ده‌بن له‌ شڕه‌
خانووه‌کان پڕ ده‌بن له‌ شێت
خه‌سته‌خانه‌کان پڕ ده‌بن
گۆڕستانه‌کان پڕ ده‌بن
.
هیچ شتێکی تر
پڕ نا بێ
………………………………
بایۆگرافی/

ساڵی له‌دایك بوون و مردن: 1920-1994
شوێن: له‌ ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات له‌دایك بووه‌و له‌ 2 ساڵیدا له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌که‌یدا کۆچیان کردووه‌ بۆ ئه‌مریکا
بواری تایبه‌تمه‌ندیی: رۆمان و شیعرو په‌خشان و چیرۆکی نووسیون.
ئه‌و زۆر کاری جۆراوجۆری کردووه‌ له‌ ژیانیدا بۆ به‌ڕیوه‌چوونی زینده‌گی، باوکی زۆر توند بووه‌ له‌ ره‌فتاریدا، ‌ئاده‌م کیرش سه‌باره‌تی گوتوویه‌تی ئه‌و بریتییه‌ له‌: به‌ره‌نگاریی ، شێتێتیی، نه‌فرین..
خۆی له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا ده‌ڵێت : به‌ڵێ زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانم ره‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی خۆمه‌.
به‌رهه‌مه‌کانی زیاتر ره‌نگدانه‌وه‌ی پوچه‌ڵیی ژیانی هاوچه‌رخ و زه‌قکردنه‌وه‌ی ژیانی چه‌وساوه‌کانی ئه‌مریکایه‌. ئه‌و چه‌ندان جار به‌ندینخانه‌ی بینیوه‌و به‌ هۆی سه‌رمه‌ستییه‌کانی و لاموبالاتی ژیانی خۆی توشی زۆر دۆخی کوێره‌وه‌ری ژیان بووه‌و له‌ ئاکامدا هه‌ستکردن به‌ جیاوازبوونی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا تیا دروست بووه‌و سه‌رئه‌نجامیش رق له‌ به‌شێکی مه‌ردومانی هاوچه‌رخ دایده‌گرێت.

ئه‌م شیعره‌:

ده‌توانم لێره‌دا بڵێم؛ گه‌ر که‌مێك له‌م شیعره‌ رابمێنین ده‌بینین که‌ چۆن شاعیر به‌ ناونیشانێکی جیاواز له‌ که‌سانی تر ده‌ست پێده‌کات، ئه‌ویش به‌ هه‌ڵبژاردنی ناونیشانێك مانای ئه‌وه‌یه‌ جیاوازبوونیی که‌سانێك یان (خود) به‌ گیرۆده‌بوونی ته‌نیاییه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ئاکامی زۆر هۆکاری ئیجابی و سلبی دروست ده‌بێت، کاتێك شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگاو شێوازی تێگه‌شتن و ژیانکردن جۆراوجۆر ده‌بێت، ده‌بێته‌ له‌مپه‌رێك له‌ سه‌ر ڕێی نزیکبوونه‌وه‌ له‌وانی تر، ئه‌وانیش ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر که‌سانێك وه‌ك خۆیان نه‌ژی به‌ جیاواز تێی بڕوانن و لێی دوور بکه‌ونه‌وه‌، ئه‌م ترسه‌ بارێکی ده‌روونی وا ده‌خولقێنێت مرۆڤ زیاد له‌ پێویست هه‌سته‌وه‌ر بکات، له‌به‌رانبه‌ریشدا که‌سه‌کانی ده‌وروبه‌ر شتێك له‌ دڵره‌قی و خودپه‌رستیی و خۆ به‌زلزانییان تیا دروست ده‌بێت کاتێك ناتوانن قبوڵی جگه‌ له‌ خۆیان بکه‌ن، واقیعیش لایه‌نی ئه‌وان ده‌گرێت چونکه‌ ئه‌وان زۆرو ئه‌م که‌م، شاعیر له‌م شیعره‌دا به‌زاراوه‌ی گۆشتی له‌شی مرۆڤ و باری پێکهاته‌ی بایۆلۆژی ئاده‌میزاد ده‌ست پێده‌کات، که‌ نه‌خێر هه‌رگیز ته‌نێ له‌ مادده‌ پێکنه‌هاتووه‌ به‌ڵکو ژیریی و لۆژیک جارانێك هاوڕێیه‌تی و گیانیش زیندووێتی و ویژدانی تیا به‌ئاگا دێنێت، بۆیه‌ ده‌ڵێت (جارانێك) دیاره‌ که‌سانی زیندوش هه‌ن که‌ ده‌ژین و له‌ شوێنی مردووانن و هیچ رۆڵێکیان له‌ ژیاندا نییه‌، و له‌باره‌ خراپه‌که‌یدا به‌ کاولکاریی و زیانگه‌یاندن وێرانکردنیش هه‌ڵده‌ستن به‌ هۆی کرداره‌ هه‌رزه‌ییه‌ نابه‌رپرسیارو نامرۆییه‌کانیانه‌وه‌. تووڕه‌یی وه‌ك سیمبوڵێك بۆ رۆڵی ژن یان روونتر بڵێین ئه‌و ژنانه‌ی به‌ر دیدو ئه‌زموونی شاعیر که‌وتوون و هه‌روه‌ها به‌دمه‌ستی پیاوان دوو هۆکاری زه‌قن له‌م شیعره‌دا که‌ ده‌مانگه‌یه‌ننه‌ ئه‌وه‌ی تێبگه‌ین بۆچی (ئاده‌م و حه‌وا) وا له‌م زه‌مه‌نه‌دا له‌یه‌کتر دوور که‌وتوونه‌ته‌وه‌؟ نه‌ك ئه‌مه‌ به‌ڵکو نه‌دۆزینه‌وه‌ی هاوده‌م و هاوڕێی (گیانیی به‌ گیانیی) کێشه‌یه‌کی چه‌رخی نوێی ته‌کنه‌لۆژیاو مانگه‌ ده‌سکرده‌کانه‌، به‌ڵکو مرۆڤ که‌ شاعیر لێره‌دا زاراوه‌ی گۆشتی بۆ به‌کارهێناوه‌و له‌ زمانی ئینگلیزیشدا به‌م جۆره‌ به‌کاردێت، ئه‌وا ئه‌و بۆ زیاتر له‌ مرۆڤ ده‌گه‌ڕێت، یان بۆ زیاتر له‌ بینینینه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌گه‌ڕێت، ده‌بێت ئه‌وه‌ چی بێت؟
شاعیر لێره‌دا هیچی زیاتری له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌و بابه‌ته‌ نه‌نووسیوه‌، ئێمه‌ش لێکدانه‌وه‌ی بۆ ناکه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌هامه‌تییه‌ به‌ره‌نجامی ئه‌م ژیانه‌ سه‌ره‌وبنه‌ی پۆستمۆدێرنه‌ که‌وا له‌ ژینگه‌ ده‌کات به‌ جۆرێك پیس ببێت و مرۆڤه‌کان ئاوها شێت ببن و مردنی له‌ناکاو و خێرای وا په‌یدا ببێت، به‌ره‌نجامی تێکدانه‌کانی ده‌ستی مرۆڤ هه‌ر زوو درك پێ بکه‌ین که‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئێمه‌و به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌کان (دره‌نگ یان زوو) تاڵاوه‌که‌ی نۆش ده‌کات.
که‌واته‌ ئه‌مه‌ش دیمه‌نێکی تری مرۆڤی هاوچه‌رخه‌ به‌ په‌ڕه‌موچی شیعریی شا عیر وێناکراوه‌و ره‌نگه‌ زۆرمان له‌مڕۆدا ئه‌زموونی بکه‌ین به‌ڵام که‌متر ده‌توانین ئاوها ده‌ربڕینی لێ بکه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ زمانه‌که‌ی تاڕاده‌یه‌ك ئاڵۆز نییه‌ به‌ڵام دڵخوازی خوێنه‌ری هاوچه‌رخه‌، به‌ڵام من وای ده‌بینم شاعیر زیره‌کانه‌ زاراوه‌ی (گۆشت)ی له‌م ده‌قه‌دا به‌ 3 مانا به‌کارهێناوه‌- گۆشتی له‌شی ئاده‌میزاد- ئاده‌میزاد خۆی- ئه‌ندامێکی له‌ش … هه‌روه‌ها گه‌ر دیقه‌تی ئه‌و ته‌کنیکه‌ شاردراوه‌یه‌ بده‌ین که‌ چۆن شاعیر به‌ 4 هه‌ناسه‌ی شیعری 4 وێنه‌ی جیاوازی ده‌قمان بۆ ده‌نه‌خشێنێت و به‌ 4 پله‌ی جیاوازی مانادا ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ خاڵی مه‌به‌ست، که‌ هه‌ریه‌که‌یان به‌ په‌تێکی زۆر باریك به‌وه‌ی تره‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌و له‌ کۆتایشدا هه‌مووشیان به‌ ناونیشانه‌که‌وه‌، به‌لام گه‌ر بێینه‌ سه‌رباسی ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانی مرۆڤایه‌تی سه‌رده‌م، ئه‌وا ده‌پرسین ئه‌ی ده‌بێ چاره‌سه‌ر چی بێت؟ بۆ ده‌ربازبوون له‌م هه‌موو ته‌نگژه‌یه‌ی له‌ ئاکامی جوڵه‌و زیره‌کی مرۆڤ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌و ژیانی شێلو کردووه‌، هه‌ر خۆی له‌ کۆتایی پرسیارێکی چاوپێکه‌وتنێکدا وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت:

“له‌ ڕێی به‌هیزیی و گیان و ئاگرو جورئه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌ندێك ڕێگاوه‌ ئێمه‌ ده‌توانین قوربانیی خنکاوی مرۆڤایه‌تی رزگار بکه‌ین، هیچ رووناکییه‌ك ده‌رناکه‌وێت هه‌تا ئه‌و ده‌ربازی نه‌بێت، با بجه‌نگێین وه‌ك پیاوان نه‌ك جرجه‌کان”
جا وه‌ك چۆن له‌م شیعره‌دا باری ژیان و دنیابینی و کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی شاعیر وه‌ك تۆمارێك بۆ ژیان و زه‌مه‌نه‌که‌ی خۆی وه‌ك ئه‌رشیف و مێژوو ده‌مێننه‌وه‌، ئاوهاش ئه‌و پرسیاره‌مان لا دروست ده‌بێت که‌ ئه‌و شاعیره‌ به‌ڕێزانه‌ی لای خۆشمان که‌ به‌ بێهیوایی و ره‌شبینییه‌کی زیاد له‌ پێویسته‌وه‌ ده‌نووسن ده‌بێت نه‌ناڵێنن به‌ ده‌ست خه‌مۆکی و نیگه‌رانی ده‌روونییه‌وه؟‌ که‌ میهره‌بانانه‌ پێویستیان به‌ چاره‌ بێت تاکو بگه‌ڕێنه‌وه‌ خولگه‌ی ئاسایی و پێگه‌ی مرۆڤایه‌تی خۆیان و شیعری ئه‌فرێنه‌رو نوێگه‌ری ئاوها بنووسن، سه‌رساممان بکه‌ن به‌ تۆن و وێنه‌و ته‌کنیك و بابه‌ت و هو‌نه‌رو زاراوه‌سازیی و گه‌مه‌کانی ناوی؟!

the flesh covers the bone
and they put a mind
in there and
sometimes a soul,
and the women break
vases against the walls
and the men drink too
much
and nobody finds the
one
but keep
looking
crawling in and out
of beds.
flesh covers
the bone and the
flesh searches
for more than
flesh.
**
there’s no chance
at all:
we are all trapped
by a singular
fate.
**
nobody ever finds
the one.

the city dumps fill
the junk yards fill
the mad houses fill
the hospitals fill
the graveyards fill
**
nothing else
fills.
……




عێراق لە بەردەم هەڕەشەی گۆڕانکاریدا … شوانە حەسەن ئەبوبەکر

بە تەفسیرێکی لۆژیکیانە دەکرێت وای بناسێنین کە خۆپیشاندان کارێکی سیاسی بە کۆمەڵە کاتێک چەند دیاریدەیەکی نەشیاوو نامۆ باڵدەکێشن بەسەر جومگەکانی تەواوی وڵاتتدا ناڵە لەگەڵ هەڵدەستێت و ناتوانێت تا کۆتای لەژێر ئەم بارە سەخت و دیاریدە ناشیاوانەدا بژیت .

ئەم خۆپیشاندانانەی چەند ڕۆژێکە لە عێراق سەریهەڵداوە دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری دەرئەنجامی داواکاری هاوڵاتیانی عێراقە لە دەسەڵاتداران، بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان بەتایبەت داوای گۆڕانکاری سیستەمی سیاسی لە عێراق لە 2003، عێراقیەکان هیوایەکی زۆریان لەسەر دیموکراسی و سیستەمە پەرلەمانیەکەیان هەڵچنی بوو، بەڵام دوای 16 ساڵ لە حکومڕانی، عێراقیەکان ئەمڕۆ هاتونەتە سەرشەقام و داوای گۆڕانکاری و چاکسازی دەکەن، چەندین هۆکار هەیە بۆ ئەوەی خۆپیشاندان کارتێکی بەهێزی گەل بێت لە عێراقدا بۆ گۆڕانکاری، چونکە لەگەڵ هەموو ئەو تێبینانەی لەسەر سیستەمە سیاسیەکەی و شێوازی حکومڕانیەکەی هەیە کە تاڕادەیەک شیعەکان مۆنۆپۆڵی دەسەڵاتیان کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە عێراق دامەزراوە هەیە، وە دیموکراسی پەرلەمانی تەوافقی پەیڕەوی لیکراوە، ئەمەش وایکردووە کەم تا زۆر هەموو پێکهاتەکانی عێراق بەشداربن لە حوکم، بۆیە گۆڕانکاری واردە، هەلومەرجی عێراق دوای شەڕی داعش زەمینە سازی گونجاوی کردووە بۆئەوەی هاوڵاتیان سەرنجیان زیاتر لەسەر ئەدای حکومڕانی بێت وە داوای حوکمی ڕەشید بکەن، هۆکارێکی تر لاوازی سەرۆک وەزیران لە دەستگرتن بەدەسەڵات و موماڕەسەکردنی، وەک ئاشکرایە”عادل عەبدول مەهدی” کوتلەی پەرلەمانی نیە، تا بەرگری لێبکات لە پەرلەمان، وە شەرعیەتی جەماوەری نیە چونکە لەناو گەلدا هەڵنەبژێردراوە، بەڵکو سەرئەنجامی ڕێکەوتنی نێوان چەند هاوپەیمانیەکی سیاسیە بۆ دانانی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، کەئەمەش وایکردووە پێگەکەی هەردەم لەژێر هەڕەشەی گۆڕانکاری دابێت، بەتایبەت کە لەگەڵ بەرژوەندی ئەو لایەنانە یەکانگیرنەبێت، سەرەڕای کاریگەری عێراق بەوڵاتانی ئیقلمی و دەرەوە هەردەم موعەرەزە بە گۆڕانکاری، چونکە دەوڵەتی عێراق لە داوی 2003 نەیتوانیوە خاوەنی سیادەی خۆی بێت، بەشێک لە دەوڵەتەکان بە ئاشکرا تەداخول لە عێراق دەکەن ڕووە و بەرژەوەندییەکانیان ئاڕاستەی سیاسەت دەکەن لەم وڵاتە، بوونی میلیشای زۆری چەکدار کەسەر بەگروپ و ئەخرابە جۆربەجۆرەکانی شیعەن، مەترسی لەسەر دەسەڵاتی حکومەت دروستکردووە، نزیکە تێکەڵی خۆپیشاندانەکان ببن گۆڕانکاری دروستبەکەن، کاریگەری هەرێمی کوردستان و فشارەکانی بۆ سەر حکومەتی ناوەند، بەتایبەت رێکەوتنی پڕۆژە بودجەی 2019 کە هەرێم پابەند نەبووە بە ڕادەستکردنی نەوت، وەهەروەها ناوچە جێناکۆکەکان و هەوڵی گەڕاندوەی پیشمەرگە و دەسەڵاتی کوردی بۆ ئەم ناوچانە ئەرکی عەبدول مەهدی قورس تر کردووە و نەیارە سیاسیەکانی بەهێزترکردووە، دواجار خۆپیشاندانەکان ڕەنگدانەوەی گەلی عێراقە وە داواکاری ئەوانە بۆ گۆڕانکاری وە مافی ڕەوای هەموو کەسێکە لەڕێگەی خۆپیشاندانەوە دواکاریەکانی بگەیەنێت و فشاربکات و مانبگرێت، پێویستە ڕێز لەخواستی گەل بگیرێت داواکاریەکانیان بەهەند وەربگیرێت و کۆتای بەکوشتن و هەڕەشەو ڕفاندن و تۆقاندنی خەڵکی سڤیلی خۆپیشاندەر و چالاکونانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان بهێنرێت.

لەکۆتای ئەم باسەدا دەمەوێت ئەوە بیربخەوە کە توڕەیی ئێستای لاوان و خۆپیشاندەرانی عیراق ، هەمانتوڕەیی خۆپیشاندانەكانی هەرێكی كوردستان بوو لە ستەم و نادادی و مافیای نەوت و گەندەڵی ، بەڵام جیاوازیەكە ئەوەیە لە عیراق بەغدا سەنتەری توڕەبونەكەیەولە هەرێم هەرگیز رێگەی هەناسە دان بە هەولێریەكان نەدرا ، دەنا هەرێمی كوردستانیش لیپە لەنادادی ، سەیر نەكردنی دۆخی خەڵك ، لەوەڕاندنی كەمینەیەك بۆ جوانكردنی سیستمەكە و لە پەل و پۆ خستنی زۆرینە ، ئەوە جگەلەوەی ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان ،بە دەر لەوەی خۆیانباسی نزیكەی 25 ملیاردۆلار قەرزاری دەكەن ، كە كەس نازانێ‌ لە پای چی ئەو هەموو قەرزە ،چارەیەكی خەیاڵی هاووڵاتیانیش كەوتوەتە لایانەوە كە زۆر ئەستەمە بدرێتەوە ، ئەوانیش لە كۆشك و ڤێللاو شەوە سورەكانی خۆیاندا هیچ ئاگایانلە دۆخی هاونیشتمانیەكانیان نیە دواجار ئەگەرێکی زۆری هەیە دەرئەنجامی بەردەوام بونی خۆپیشاندەکانی عێراق بتەقێتەوە و پەلبهاوێتە هەرێمی کوردستان و خەڵکی بەشمەینەت تۆڵەی ئەو چەندین ساڵەی ژیانی دەردەسەری مەمرەو مەژیەی ڕۆژانەی لە حکومەتی کوردی بکاتەوە.

شوانە حەسەن ئەبوبەکر




پووکانەوەی گەرای گومان … شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

بە ڕاپەرینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ی عێراق پێشکەشە

بزانن چۆن هەنگاو لەنێو گلێنەکانا ڕێ ئەکا
هاوار دەبێ بە کوانووی دڵێکی جۆشدراو
چاویش بە پەنجەرەی بیر و زەردەخەنەش بە ئاڵای بەرزی تووڕەیی
ئیتر گەرای گومان لە کوێی شیعر دانێم
کاتێ شەقام سوور دەبێت و شار دەبێتە تابلۆیەکی برسی و یاخی
کاتێ ترس جانتای سەفەر هەڵدەگرێت و
کۆچ دەکا بۆ سنوورەکانی ئەودیو ژین
ئیتر گومان لە چیبکەم ؟
لە تیژیی نووکی شمشێری ئیمامەکان
یان لە تەقەی چەکی دەستی فریوخواردووە بێچاوەکان
لە خوێندنی نزای دایکانی نێو کۆلیتە قوڕاوییەکان
لە جەربەزەی گەنجەکان و بیم شکێنی ڕاپەریووی نێو کۆڵانە بێ ناسنامەکان و ژمارەکان
لە برسێتی چۆلەکەیەک
لە تینووێتی ماسییەکی کوژراوی نێو ڕووباری خەم
لە ئارەقەی ڕژاوی سەر نێوچەوانی کرێکارێکی سفرە چۆڵ
نا..نا ئەوەی ئەمڕۆ شەقامەکان دەهەژێنێ
سۆراخی نانێکی گەرم و
گەڕانە بەدوای ژیان و
قۆڵ کردنە قۆڵی پێکەنینێکی سادەی
هەناسە و ئۆخەی دڵێکی شەقار شەقاری پڕ خوێیە
ئەوەی ئەمڕۆ گڕ لە ستەمکار بەردەدا
ڕوحێکی پڕ لە شۆڕش و پڕ لە برینی بە سوێیە.

چواری تشرینی یەکەمی ٢٠١٩




فێربوونی شێوە زاری کرمانجی ژوور لە 3 بەرگدا

فێری زاراوەی کرمانجی ژوورین بەئاسانترین شێوە

ئەنستیتۆی کوردی لە ئەستەمبول بە هەوڵ و هیمەتی چوار بەرێز: سامی تان، رۆنایی ئونەن، سادق ڤارلی و مەولود ئایکۆچ سێ بەرگی کتێبی هینکەریان – فێرکەریان ئامادەکردووە بۆ فێربونی شيوەزاری کرمانجی بە ئاسانترین شێوە…….

بۆ خوێندنەوەی ئەو کتێبانە کلیکی بەرگەکان بکەن لە خوارەوە…..

بەرگی یەکەم ….

بەرگی دووەم ….

بەرگی سێیەم ….




ناڕەزایەتیەکان لەعێراقدا،بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟ … تاهیر حاجی حەسەن

بەگیان،بەخوێن،گیان فیداتین ئەی عێراق،دروشمێکی لێڵی ناسیۆنالیستانەیە و لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەکار دەهێنرێت. نیشتیمان کاتێک ڕزگاری دەبێت کەکۆتای هێنرابێت بەدەسەڵاتی چینێکی چەوسێنەری قازانج پەرست. لەکۆی ئەم سەرزەمینەدا،مادام چینێکی چەوسێنەر بونی هەیەو هێزوئیرادەی چینێکی بەرهەمهێنەر بەکاردەهێنێت لەپێناو قازانج و کەڵەکەی سەرمایەدا،کەوایە،لەوێدا سروشتیش یان ئەو شوێنەی ناوی نیشتیمانی لێنراوە،ئەویش داگیرکراوە لەلایەن ئەو چینەی دەسەڵاتی بەدەستەو پارێزگاری لەمانەوەی خاوەندارێتی تایبەت دەکات.

کێشمەکێش و ململانێکان لەعێراقدا،دەرهاویشتەی کۆی ململانێ چینایەتیەکانە و لەم نێوەشدا پێگەی ئابوری و ئیستیغلال کردنی ئەو پێگەیە لەپێناو بەرژەوەندی چینێکی چەوسێنەری دەسەڵاتداردا،ئیتر لێرەوەیە پێگەی سیاسیەکەیشی ناجێگیر دەبێت. نابەرچاو ڕونی چینەهەژار کراوەکە لەوەی لەڕوی هۆشیاری سیاسی چینایەتی خۆیەوە ئاشنانیە،یان خۆی نامۆ دەبینێت لەبەرانبەر پێگەی کاردابەش کردنی چینایەتیانەدا،ئەوا لەوێدا،دێت و بانگی ناڕەزایەتیەکانی بەو جۆرە دروشمانە دەدات بەگوێی دەسەڵاتداراندا،بێ ئەوەی بزانێت،ئەو بانگدانە،دەکرێت لەسبەینێی هەر ئاڵوگۆڕێکیتردا دیسانەوە چینێکیتر هاوشێوەی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا بێن و جارێکیتر چینەهەژار کراوەکە بخەنەوە نێو هەمان پێگەی ئێستای.

دروشمی سیاسی و واقعی و چینایەتیانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان تەنها بەدەنگ هەڵبڕینە بۆ هێنانەوەی ناوی سۆسیالیزم و کۆتای هێنان بەکۆی سیستەمی سەرمایەداری. چونکە تەنها بەکۆتایهێنان بەم سیستەمە دڕندەیە،دەتوانرێت کۆی نیشتیمان و سروشت و ژینگەیش ئازادو ڕزگار بکرێن.
ناڕەزایەتیەکان،بەهەمو خوێندنەوەیەک،ناڕەزایەتیەکی چینایەتیانەیەو تاچەند ئاستی ڕێکخراوبونیەکەی بچێتەپێشەوە،بەو ئەندازەیەش،دەتوانێت پێگەی دڕندانەی دەسەڵاتەکەیش بلەرزێنێت. بێگومان،لەم سەردەمەدا و لەغیابی بزوتنەوەی سیاسی چینایەتیانەی خودی چینی کرێکار لەجیهاندا، ئیتر وادێتە پێش چاو،کەسۆسیالیزم تەنها خەونێک بو،کۆتای پێهاتوە،یان تەنانەت ناوهێنانەکەیشی کراوە بەجۆرێک لەشەرم،بەڵام گەر مرۆڤ بەدیدێکی قۆڵەوە لەم حاڵەتە تێبگات،باش دەزانێت،کەسۆسیالیزم،تەنها ئەڵتەرناتیڤێکی واقعی وزانستیانەیە دەتوانێت کۆتای بەسیستەمی چینێکی چەوسێنەر بهێنێت،خودی ئەم چینەچەوسێنەرەیش باش لەو ترسەی لەو ئەڵتەرناتیڤە تێگەیشتوە،بۆیەش،هەمیشە ئەرک و کاری ئەوەیە،کەچینەچەوساوە بەرهەمهێنەرەکە دور بخاتەوە لەو ئەڵتەرناتیڤەو هەمیشە لەڕێگەی میدیاو ڕیکلام و پێگەی پراتیکیانەیەوە،کار لەسەر هەلومەرجێک دەکات،کەپێمان بڵێت،ئەوە خەتای سیستەمەکە نیە کەژیانی چینێک خراپەو ژیانی چینێکیتر باشە،بەڵکو خەتا،لەجۆری دەسەڵات یان کەسی یەکەم یان حزبەکەوەیە. ئەم پاگەندانە ڕۆژانە دەبیستین،بەڵام ئاخۆ لەڕاستیدا وایە؟ بێگومن نەخێر. ئەم جیهانە بەکۆ،جمەی دێت لەململانێی چینایەتی و کۆی سیستەم و دەسەڵاتەکانیش،بەکۆ،لەپارێزەری و مانەوەی ئەم سیستەمە چینایەتیەدان. بەڵام تاکەی؟ بێگومان،خەون نیە بڵێین ئەم سیستەمە دەتوانرێت کۆتای پێ بهێنرێت و سیستەمی سۆسیالیستی زانستیانە بخرێتە جێگەی. ئەویش بەرهەمی خودی پێگەی نەگونجاوی سیستەمی سەرمایەداریە. ئەم سیستەمە ناتوانێت یەکسانی بەرقەرار بکات،هەربۆیەش،ئێمە شێوە ژیانێک پراتیک دەکەین،کەشێوە ژیانی جەنگەڵستانەیە.
هۆشیاربونەوەی سیاسی چینایەتیانە،ئەو دەست کەوتە گەورەیە بۆچینی چەوساوە،کەدەتوانێت بەر دیدی ڕوناک بکاتەوەو کۆی دیمەنەکە بەتێری ببینێت،هۆشیار بونەوەی چینایەتیانەش،هەربۆخۆی،وەحیەک نیە لەدەرەوە بگات بەچینی چەوساوە،بەڵکو،ڕۆژانە و لەو شێوە ژیانەی هەیەتی پێی ئاشنا دەبێت،بەڵام ناگاتە قۆناخێک کەتەواو بەرچاوی ڕوناک ببێتەوە،هەربۆیەشە،حزبی پێشڕەوی خۆی پێویستە.

حزبێک،کەبتوانێت،جەسورانە،پێشڕەوایەتی ئەو چینەکۆمەڵایەتیە زۆرینەیە بکات،کەکۆمەڵگە پێک دەهێنێت. لەکۆی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا،وڵاتێک نابینینەوە،کەلەناوەخۆیدا قوڵپەی تەقینەوەی چینایەتیانەی لێ نەکرێت،هەربۆیەشە،لەڕێی کۆی دەسەڵات و دەوڵەتان و سیستەمی باوی سەرمایەداریەوە،بەردەوامی دەدەن بەجەنگ و قەیرانەکانیان دەگوازنەوە بۆ ئەو کیشوەرەی هێشتاکە،ئاستی هۆشیاری سیاسی چینایەتی چینی کرێکار لەشوێنێکدا نیە،کەبڵێین ئەمڕۆ دەست دەبات بۆ شۆڕشی کرێکاری خۆی،بەڵام هەر خودی ئەم هەلومەرجەناجێگیرەی نێو ململانێو بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیە جیاوازەکانی سیستەمی سەرمایەداری،هەنگاوەکانی بەرەو کۆتای خۆی دەیبات. ئاستی پێشکەوتن و زانست،لەجێگەیەکدایە،کەمرۆڤایەتی،دەخاتە بەردەم دو ئەگەرەوە،یان بەربەریزم،ئەویش برەودانە بەم جەنگەڵستانە،یان هەڵبژاردنی سۆسیالیزمە وەک ئەڵتەرناتیڤی واقعی و زانستی و کۆتای هێنان بەکۆی ئەو پایانەی تائێستا سیستەمە چینایەتیەکانی لەسەر بنیات نراوە.

تاهیر حاجی حەسەن07/10/2019




چەند پۆینتێک بۆ پێشھاتەکانی بەردەم ڕۆژئـاوا … چالاک ئـاغجەلەری

سیاسەت ئـەگەر بە ڕادیکاڵیانە تەماشا بکرێت میتۆدێکە لە بازنەی
ڕەوشتە ئـینسانیەکاندا خۆی ئـاراستە دەکات، ئـەم دەستەواژیە بۆ سیاسەت لە کێبڕکێ و پاوانخوازیەدا تێپەڕ ناکات ھەروەھا وەک ڕەھەندە تیۆرییەکەی و نموونەی داڕشتنێکی جوان لە دووتوێی کتێبەکاندا دەمێنێتەوە.
ئـەم کورتە بۆڵەیە وەک نموونەیوک دەھێنمەوە بۆ ئـەم ڕاستیەی ئـەمڕۆ لە ژیانی سیاسی و بەرژەوەندیەکاندا جوڵەی پێدەکرێت.

دووھێز یەکێکیان ئـەمریکایە بە ھەموو تواناکانی بەرژەوەندیە باڵاکانی باڵادەستی ھێزی لە کۆی کونجەکانی ژیانی سیاسی و ئـابورییەوە بۆ مەبەستە ، ھێڵێک نیە بە سور نەخشێنرابێت لە پەیوەند بە وەستان و ڕامانی بەرامبەر کۆی نابەرابەرییەکانی مرۆڤایەتی کە لە دونیای دەروەییدا دەگوزەرێت ، ھاوکات خۆشی بەشداری سەرەکی تەواوی ئـاڵۆزییەکانە.
لە بەرامبەردا تورکیا و مێژووەکەی ئـەو ڕاستیەی سەلماندوە تاوەکو چەند پشتیوانی ناجێگیری ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوینە، ئـەمە بەجیا لەو کێشە زھنیەی ئـاڵودەی تێڕوانی بووە لە پەیوەند بە پرسی ئـازادی بە گشتی بە تایبەت بەرامبەر بە خواستی کورد.

ئـەگەر ئـەم دوو بۆ چوونە سەرپێییەی ئـامەژەم پێکرد بەشێکە لە ناسینی ئـەم دووھێزە ، کەواتە حاڵەتی ئـەمڕۆ لە بە جێھێشتنی ئـەمریکا و مانەوەی ڕۆژئـاوا بەتەنھا دەبێت بە ئـاسایی وەربگیرێت، دیارە ئـەم ئـاسایی بوونە حاڵەتێکە دەکرێت ھەر لەسەرەتاوە ھێزەکانی ڕۆژئـاوا ئـەم خەمڵاندنەیان پێش چاو بوایە کە دڵنیام کاریان لەسەری کردوە.
ئـەم ھەوڵە بە ئـامانج گرتن و کەمکردنەوەی تا ئـاستی کۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی ڕۆژئـاوا لە لایەن تورکیاوەیە بە ھاوکاری ھێزە گەورەکان ( ئـەمریکا و ڕووسیا) ، ھەرچەندێک ئـاراستەی بەرژەوەندیەکانی تورکیا بۆ ئـەمریکا و ڕووسیا چەندە باڵا بێت لە کۆتاییدا ھێلکەکان بە تەنھا ناکرێتە سبەتەی تورکیاوە ئـەمەش بە پشت بەستن بۆ ئـەو دەلاقانەی سیاسەت و ئـەنجام گیریەکانی.

لەم چاوگەوە دەکرێت ڕۆژئـاوا دەست بەرێت بۆ پلان ( B )بۆ ھەرچی دەرچوونی بە کەمترین زیان ، دیارە ڕێگە چارە بۆ ئـەم ڵۆدە سیاسیە و کە پەلدەکێشێت بۆ فشاری عەسکەریش دەستبردن بۆ ئـاشتەوایی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندا(سوریا) بە جیا لەم بژادەریە بەرنگار بوونەوە قوربانیدانە ، لە کاتێکدا من پشتیوانی شەڕێک ناکەم ئـەو ناوچەیە بکات بە سوتماک وەک بیر ھێنانەوەیەک عەفرین نموونەیەکی زیندوە.

کارێکی تر بۆ هەرچی خۆپارستن لە توڕەیی وخواستی پەلاماردنی ئەردۆغان بۆ سەر ڕۆژئاوا دەستبردنە بۆ ئەو هاوسۆزییەی جیهان بەرامبەر بە داعش کردیان و تێکۆشان، وەکو خاڵێکی پۆزەتیڤ لە پەیوەند بە بەگەڕخستنی شەقامی نیودەوڵەتی و حکومەتەکانیان بۆ ڕێگەکرتن لە خواستە شەڕەنگێزیەکەی تورکیا بەرامبەر ڕۆژئاوا ، بەتایبەتی یەکێتی ئەوروپا توانای وەستانی ئەم جەبەڕووتیەی تورکیا هەیە، ووڵاتی فەرەنسا یەکێکە لەو هێزەی دەستی بەهانا چوونی لەمەڕ پرسی سوریا بەگشتی و ڕۆژئاوا دیارە ،پێویستە کاری لەسەر بکرێت.

دوا پۆینتیش بۆ ئـەم پرسە ھەڵوێستی پەکەکەیە ئـەرکە لەسەریان زۆر بە ھوشیاریەوە بەخود بەم پرسە بکەن لە حاڵی ئـێستادا چونکە ھەر جوڵەیەکی سیاسی یان عەسکەری خواستی شەڕنگێزی گەرمتر دەکات بیانووی بەردەست دەھێنێتەوە بۆ ئـەردۆگان لە بە ئـەنجام گەیاندی خواستەکەی ئـەویش بە لەباربردنی ئـەو حکومەتە خۆجێیەی لە ڕۆژئـاوا خۆی دەبینێتەوە کە ھەموو مرۆڤێکی ئـازادیخواز بە گشتی کوردەکان شانازی بە پێشکەوتن و سەرکەوتنەوەکانیان دەکەن.

چالاک ئـاغجەلەری




بزربوونی گوتاری عیشق له‌ شیعری (زمانی باڵنده‌م ده‌زانی)دا … له‌تیف بێوار

1-پێش ده‌ستپێك:

هه‌رکاتێك ئه‌گه‌ر خوێنه‌رێك به‌ عاتیفه‌ بیربکاته‌وه‌ نه‌ك به‌ ئاوه‌ز ئه‌وا حاڵی به‌ره‌و وێرانه ده‌چێت به‌ره‌و بڕیاری نالۆژیکیی، به‌ڵێ له‌باری شێعردا هه‌موو پێکهاته‌کانی هه‌ست و سۆزو هزرو گیان هه‌ندێكجار زمانێك پێکدێنن که‌ راڤه‌کردن و ده‌ربڕینی ماناکانی ئاسته‌م بێت.
ره‌نگه‌ هۆیه‌کی دروستبوونی ئه‌م ‌زه‌مینه‌ سیاسییه‌ شلۆق و نادادپه‌روه‌ره‌ی ئێستا هه‌ر ئه‌وه‌ بێت و به‌ره‌نجام هه‌موو به‌هایه‌كی تیادا شکێندراوه‌ به‌ خودی دڵ و سۆزی مه‌ردومه‌کانیشه‌وه‌‌، ئێمه‌ زۆرجاران به‌ چاو بیر ده‌که‌ینه‌وه‌، کاتێکیش باسی (شۆخ) دێته‌ پێش زۆربه‌ی ره‌گه‌زی نێر قه‌ڵه‌می ئه‌ژنۆی ئه‌شکێت و ره‌نگی ره‌شی لێ ده‌بێت به‌ سپی و سپیش به‌ ره‌ش، له‌ لایه‌کی تر وێنه‌ی یه‌که‌می ئه‌و که‌سه‌ تا دوا هه‌ناسه‌ له‌ مێشکماندا ناگۆڕێت، بۆ نموونه‌ که‌سێك له‌ قۆناغێکدا شیعری جوانی نووسیبێت ئیتر هه‌ر ئه‌و پێوه‌ره‌ ده‌مانباته‌ سه‌ر زه‌وقی گوێگرتنمان له‌ شیعری ئێستای ئه‌و شاعیره‌، بێ ئه‌وه‌ی بپرسین ئایا ئه‌و شاعیره‌ له‌ شێعری داهێنه‌رانه‌ چووه‌ته‌وه‌ یان نا؟ ئایا هه‌ڵوێستێك یان به‌رنامه‌یه‌ك و گوته‌یه‌کی بوێرانه‌ له‌ بابه‌تێكدا بۆ ساتێکی دیاریکراوی کۆمه‌ڵگای کوردی چ په‌یوه‌ندییه‌کی هه‌یه‌ به‌ ده‌قێکی لاوازه‌وه‌ که‌ دوای لێچوونه‌وه‌ له‌ هه‌موو شتێك به‌رهه‌م هاتووه‌؟ تاکو بیه‌کینه‌ سه‌نگی مه‌حه‌ك؟

هه‌ر بۆ نموونه‌ی راستی ئه‌م قسه‌یه‌ ئێوه‌ بنواڕن چۆن له‌ پاشکۆیه‌کی وه‌ك (ئه‌ده‌ب و هونه‌ر) ی هه‌موو ژماره‌یه‌کدا ره‌سمێکی گه‌وره‌ی خانمێك و بابه‌ت یان چاوپێکه‌وتنێك له‌باره‌یه‌وه‌ له‌ یه‌که‌م لاپه‌ڕه‌یدا داده‌نرێت و دوا لاپه‌ڕه‌ش هه‌ر بۆ خۆمانه‌، ئێ باشه‌ ئه‌مه‌ مافێکی ره‌وا نییه‌ بۆ که‌سه‌که؟‌ له‌ کاتێکدا مه‌سئوله‌ دزه‌کان له‌ ته‌ڕو وشك ده‌خۆن و ده‌دزن و ته‌خشان وپه‌خشان ده‌که‌ن، ئه‌ویش ده‌ڵێت جا چییه‌ با منیش وا بکه‌م، که‌مێك به‌ کامی دڵ بڕیاربده‌م و هه‌ناسه‌ بده‌م و وه‌ڵامی غه‌ریزه‌کانم بده‌مه‌وه‌ که‌ کۆمه‌ڵگاو حیزب له‌ ده‌یان ساڵی رابردووه‌وه‌ ئاوهایان لێکردووم، چیمداوه‌ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تی پیاوه‌ بۆزه‌کان، خۆ شته‌کانی تر له‌ ژێر کۆنترۆڵی مندا نه‌بێت ئه‌وا ئه‌م چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ به‌ده‌ست خۆمه‌و هیچ ئاغایه‌کم به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌.

2-وه‌ستانێك له‌سه‌ر شرۆڤه‌که‌ی سه‌عید سه‌دیق ره‌واندوزی:

هاوڕێی شرۆڤه‌کار (سه‌دیق سه‌عید ره‌واندوزی) له‌ نووسینێكدا جوان رۆچووه‌ به‌سه‌ر شرۆڤه‌کردنی دیوانی ئه‌م دواییه‌ی‌ خانمی شاعیر(که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د)داو زیاتر له‌ رووی واتاو دنیابینیی له‌ شێعره‌کانه‌وه باسه‌که‌ی تاوتوێ کردووه‌،‌ منیش هاوڕای ئه‌وم به‌ڵام لێره‌دا من ده‌مه‌وێت له‌ رووی پێگه‌ی شیعرییه‌وه‌ تیشك بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و شیعره‌ی که‌ ناونیشانی کتێبه‌که‌شی هه‌ڵگرتووه‌، منیش له‌گه‌ڵ کاک سه‌دیقدا ده‌ڵێم: به‌ڵێ ئه‌و 10 ساڵ پێشتر زمانی باڵنده‌ نا، به‌ڵکو زمانی شیعری ده‌زانی به‌ڵام بیری چووه‌وه‌، که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی شیعره‌ کۆنه‌کانی شاعیره‌وه‌ نه‌ك یه‌ك لایه‌نی شێعرییه‌تی تێدا ره‌چاونه‌کراوه‌ به‌ڵکو گوتارێکی ساده‌و زۆر زمانێکی سه‌رپێیی تێدا‌ به‌کارهاتووه‌ و هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌کی تر له‌ پشت ‌داله‌کانی ده‌قه‌وه‌ نییه‌ جگه‌ له‌و مانا راسته‌وخۆیه‌ی شاعیر له‌م شیعره‌دا که‌(غه‌ریبی شوێن ده‌کات)، که‌واته‌ نامۆ بوونه‌که‌ نابه‌رجه‌سته‌ نییه‌، یان فیکریی نییه‌، ئه‌گه‌ر جاران وێنه‌ شیعره‌کانی تازه‌ بوون و بابه‌ته‌کان جیاوازو پڕ جورئه‌ت و سه‌رنجڕاکێش بوون (له‌مه‌ڕ فیمێنیستی و کێشه‌کانی ئافره‌تان و مافه‌کانیان)، به‌ڵام شاعیر نه‌وه‌ی زه‌مه‌نه‌که‌ی خۆیه‌تی و ئێستا بابه‌تی گه‌رمی شێعر شتێیه‌کی تره‌وه‌ و لێره‌دا زمان نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ زمانی به‌کارهێنانی رۆژانه‌، بۆ نموونه‌ شاعیر له‌وێ بیری خزم و که‌سوکار ده‌کات و راسته‌وخۆ ده‌ڵێت:
…………….
له‌م وڵاته‌
بچکۆلانه‌، کاسبه‌دا
که‌ نازانێ دانیشتن و
سه‌یران و
ته‌مبه‌ڵی چییه‌،
خزمم نییه‌..
…………….
3-ناشێعریبوونی زمان له‌م ده‌قه‌دا:

جارێکی تر به‌ زمانێکی ناشیعریی؛ بابه‌تی سیاسی تێکه‌ڵی ده‌ق ده‌بێت و تیایدا به‌های ئیستاتیکاو ره‌وانبێژی ده‌ق به‌ هێند ناگیرێت و لایه‌ن و دۆخی گشتی کاره‌ساته‌که‌ی شاعیرو په‌شیمانی ئه‌و وای لێده‌کات ئاوڕ له‌و لایه‌نانه‌ نه‌داته‌وه‌، هه‌رواش به‌ دڵخۆشکردنی خودو دڵنه‌وایی کردنی خود به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێژووی سیاسی و خه‌باتی شێخ مه‌حموود ده‌یهه‌وێت ئه‌و که‌لێنه‌ گیانییه‌ پڕ بکاته‌وه‌ که‌ به‌هۆی جیاوازیی و که‌لێنی شوێنه‌وه‌ توشی هاتووه‌و بۆیه‌ شیعره‌که‌ش نزیک ده‌بێته‌وه‌ له‌ دوواندن له‌گه‌ڵ که‌سێکی ئاستنزمی وه‌ك منداڵداو ته‌نانه‌ت فۆمی شیعره‌که‌ش سیمای شیعری مێردمنداڵان له‌ خۆ ده‌گرێت و ده‌ڵێت:
……………
وڵاتی منیش مه‌لیکی هه‌بوو
خۆ ئه‌گه‌ر چی
ئه‌و بێ تاج بوو
بێ ده‌وله‌ت بوو
به‌لام مه‌لیکی کوردستانی ناو بوو
ئه‌و شێخ مه‌حمه‌دی حه‌فید بوو
…………….

4-پاساوی هه‌ڵه‌ یان سوودوه‌رگرتن لێی:

مرۆڤ زۆر زاڵم و له‌هه‌مان کاتیشدا زۆر لاوازیشه‌، هه‌میشه‌ بیانوویه‌ك ده‌هێنینه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌کانی خۆمان و پێشتریش رۆنه‌چوون به‌ بڕیاره‌ سه‌رپێیه‌ رووکه‌شه‌کانماندا وامان لێده‌کات په‌شیمانییه‌کانیش به‌ ئازایه‌تی له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین، لێره‌دا بۆ تێگه‌شتن و رۆچوون به‌ قوڵایی ده‌قدا خوێنه‌ر پێویستی به‌ خۆ ماندووکردن نییه‌و خۆی له‌به‌رده‌م هیچ پرسیارێکی ده‌سه‌وسانکارو تییمای تازه‌و دیوی شاراوه‌ی ده‌ق دا نابینێته‌وه‌ تا بڵێت ئه‌مه‌ هه‌وڵێکی جیاوازی شاعیره‌و توانیویه‌تی بره‌و به‌ شێوازو جیاکاریه‌کانی شێعری خۆی بدات له‌ ئێستادا ، ئه‌و راسته‌وخۆ ده‌ریده‌بڕیت و ده‌یڵێت که:
بیری‌ شێخی چۆلی، ئه‌ڵوه‌نی خانه‌قین، چاڤی لاند، چای خه‌ڵوزی به‌حره‌که‌ی چوارقوڕنه‌ و ڕێواسی قه‌ندیل، پارکی ئازادی، باباگورگور، گڵکه‌ند، سه‌رچنار، هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه‌و ….. ده‌کات و رانه‌هاتنی له‌ گه‌ڵ دۆخی تازه‌دا وای لێده‌کات هیچ فێر نه‌بێت له‌ یاساو دابونه‌رێت و هه‌له‌کانی گه‌شانه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی نوێدا که‌ به‌راورد به‌ پایه‌ی ئیداریی و دۆخی سیاسی کۆمه‌ڵگای کوردی زیاتر یاسای تیا جێگیره‌و ده‌وڵه‌تێکه‌ دانپیانراو له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌، ئه‌و ده‌ڵێت:
………………
له‌م وڵاته‌ ترش و تاڵ و مۆنه‌دا.
دره‌ختی غه‌ریبی هه‌ر غه‌ریبی ده‌گرێت.
……………..
ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر شتێک ده‌ربخات ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت که‌ چه‌ندێك ڕێزو ئاسووده‌یی و مافه‌کان له‌ کلتووری یه‌که‌مدا بۆ هاوڕه‌گه‌زه‌کانی فه‌راهه‌م هاتبوون، که‌چی گه‌ر سه‌رنج له‌ ده‌قه‌ کۆنه‌کانی شاعیر بده‌ین ده‌بینین به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت هه‌ڵبێت له‌و ناقۆڵاییانه‌ی گوشاری ده‌روونی ئاده‌میزاد له‌و ژینگه‌یه‌دا زیاتر ده‌که‌ن و دووڕوویی و درۆکردنی که‌سه‌کان وایان لێده‌کات نه‌فره‌ت له‌ ئینسان و نیشتیمانپه‌روه‌رییش بکات، ئه‌مه‌یه‌ ئاکامی په‌له‌کردن و بڕیاری هه‌ڵه‌:
له‌ شیعری (به‌رد باشتره) ئاوها دێته‌ دووان:
……………
ئه‌مه‌وێ به‌عه‌شق بڵێم خودا حافیز
به‌رد باشترێکه‌ له‌مرۆڤ
…………..
هه‌روه‌ها له‌ جێیه‌کی تریشدا ده‌ڵێت:
………….
من ده‌بێ خۆم بسمیل بكه‌م
ئاوى ده‌ریاكان ده‌ڕێژم به‌سه‌ر خۆما و
ده‌ڵێم خوایه‌
وسڵى نیشتمانپه‌روه‌رییم ده‌رده‌كه‌م!
…………..

5- بزربوونی گوتاری عیشق:

گه‌ر سه‌رنج بده‌ین بۆ نموونه‌ له‌ شێعره‌ کۆنه‌کانی شاعیر واتا پێش ئه‌و 10 ساڵه‌ی غوربه‌ت ده‌بینین بابه‌تی عیشق به‌شی شێری به‌رده‌که‌وێت، هه‌ر بۆ نموونه‌ وه‌ك له‌ شیعری (وه‌کو به‌رسیله‌ عاشقم)دا ده‌ڵێت:
چه‌ند عاشقم…
هه‌ر ئه‌ڵێى پرچى کچێکم
که‌ ته‌ڕوبڕ، هه‌میشه‌ ئاوى لێ بتکێ و
هه‌رگیز وشک نه‌بێته‌وه‌…….
به‌خوا کۆنه‌ ته‌مه‌نى ئه‌وینم و
تازه‌یه‌ دڵداریم
هه‌میشه‌ تازه‌یه‌
ئه‌وه‌تا من، به‌هه‌زاران هه‌زار جار له‌ناو بینینتا
مردووم و
که‌چى هه‌رده‌م وائه‌زانم یه‌که‌مجاره‌ ئه‌تبینم!
چه‌نده‌ شه‌یدام…
که‌چی ده‌بینین له‌ شیعری (زمانی باڵنده‌م ده‌زانی)دا هیچ ئاماژه‌و سیمبوڵێك نییه‌ بۆ عیشقی دوو دڵ، که‌ به‌ ئارامی گه‌شتبێتنه‌ یه‌ك و بۆ یه‌کتر بسووتێن، به‌ڵکو ئه‌م عیشقه‌ گۆڕاوه‌ بۆ نیشتیمان و ئاوو دارو به‌ردی کێوه‌کانی، ده‌بێت ئه‌م هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ سه‌یره‌ له‌ ئاکامی چییه‌وه‌ قه‌ناعه‌ته‌کانی شاعیری گۆڕیبێت؟
کاتێك خولیاو حه‌زه‌کانی شاعیر له‌ کۆمه‌ڵگای نوێ و شێوه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی نوێدا ده‌که‌وێته‌ ژێر خواستی که‌سانی ترو دابونه‌رێتێكی جیاوازو دۆخێکی تره‌وه‌ که‌ شاعیر تیایدا هێند هه‌ست به‌لاوازیی خۆی بکات، ئه‌وا زوو بێت یان دره‌نگ ڕێگای په‌شیمانی هه‌ڵده‌بژێرێت و وه‌کو نه‌وه‌ی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی هه‌موو ئه‌زموونه‌کانی پێشووی خۆی و هۆکاره‌کانی بڕیاردانی هه‌ڵبژاردنی وڵاتی نوێ له‌ یاد ده‌کات و سه‌ر ئه‌وه‌ی ناپه‌رژێت بیر له‌ هونه‌رکاریی و ئیستاتیکای ده‌ق بکاته‌وه‌ جگه‌ له‌ گه‌یاندنی گوتاری نائارامیی و ته‌نیایی و نامۆیی خۆی، ئاوها درێژه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ی مه‌راقه‌کانی ده‌دات و په‌رده‌ی شکست به‌سه‌ر دوا دیمه‌نی ژیانی ئه‌وێی دا ده‌داته‌وه‌:‌
له‌م وڵاته‌ ده‌ست به‌خورما ‌و
قاوه‌یه‌دا،
هه‌ر خوێندنه‌وه‌ ‌و
نووسینه‌وه‌ی مه‌راق نه‌بێ!
شه‌وێك نییه‌،
به‌چه‌پكێ خه‌یاڵی سه‌وزی
كوژراوه‌وه‌
سه‌رنه‌كه‌مه‌ سه‌ر سه‌رین!
ناتوانم دڵخۆشبم
له‌م خه‌ونه‌ كابوسه‌دا!!
نه‌خێر.. ناتوانم رێگایه‌ك بدۆزمه‌وه‌
له‌م شه‌وه‌ رووناكه‌ كوێره‌دا!!

6-دوا ئاماژه‌:

له‌ کۆتاییدا حه‌ز ده‌که‌م ئاماژه‌ به‌و چاوپێکه‌وتنه ڕاشکاوه‌ی شاعیر بکه‌م له‌ رۆژنامه‌ی (رۆژان) که‌ چه‌ند بابه‌تێکی گرنگ زه‌ق ده‌کاته‌وه‌و تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌ندێك له‌ ڕاستییه‌کان ئه‌گه‌ر تاڵیش بن و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆشی نه‌بن، بۆ نموونه‌ تیایدا به‌ زمانی فه‌رمان ده‌ڵێت:
(شاعێر ئەبێ سەیری دڵی خوێنەرەکانی بکا و لە خۆی بپرسێ ئایا شێعرەکەم گەییشتووە؟ کە نەگەییشتووە خواحافیز، واز ئەهێنم لەم بوارە، نە خۆم هیلاک ئەکەم و نە گوێگرەکانم).
هه‌روه‌ها ئه‌و راست ده‌کات که‌ له‌ جێگایه‌کی تری هه‌مان چاوپێکه‌وتندا سه‌باره‌ت هۆی ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی باشی خوێنه‌ران له‌ شیعره‌کانی پێشووی ده‌ڵێت:
(من هەمیشە لە خۆم ئەپرسم ئەوانەی کە شێعری منیان وەرگێڕاوە و لە شێعرم گوێ ئەگرن بە دوای چیا ئەگەڕن؟ خۆ شاعێری لە من باشتر زۆر هەیە. لام وایە کە ئەوان بە دوای هەستی ژنانە ئەگەڕن ئەگینا شاعێری زۆر ناسک خەیاڵتر‌ و باشترمان زۆرە).

له‌تیف بێوار




دیـدار لەگەڵ نووسەری منـداڵان مامۆستا عـەلی حەمەڕەشـید بەرزنـجی … دیدارسـاز: رەزا شـوان

مامـۆسـتا عـەلی حەمـەڕەشـید، نـووسـەرێـکی بـە تـوانـا و ناسـراوی نووسـین هەمەڕەنگەیە، لە بواری لقەکـانی ئـەدەبی منـداڵانی کورد دا، هـۆنـراوەنـووس و چـیرۆکنووس و ئۆپـەرێت نـووسـێکی شارەزایە.. تا ئێـستا چەنـدیـن هـۆنـراوە و چـیرۆک و ئۆپەرێتی بۆ منـداڵانی کوردمان نووسـیوە و لە پەرتـووکی چاپکراو و لە گۆڤارەکانی منداڵان دا بڵاوی کردوونەتەوە. مامۆستا عەلی حەمەڕەشید وەکوو مامۆستایەک و سەرپـرشـتیارێکی پـەروەردەیی، تێکەڵ بە جـیهـانی وەنەوشەیی سەیر و سەمەرەی منـداڵانی کوردمان بـووە، لە نـزیکە لە هـیوا و لە خـواست و لە خەونە سەوزەکانیان و لە راز و نیازی پاکی منداڵانی دڵـپاک و بێـتاوانی کـورد تێگەیشـتووە و شارەزای لە فەرهـەنگی زمـانیان بـووە.. بیرۆکەی نووسینەکـانی نامۆ نین و لە ژیان و ژینگەی منداڵانی کوردەوە ئیلهامی بۆ هاتوون و کـردوونی بە هـەوێنی بابەتەکانی نووسینەکـانی و بە زمانیـێکی شـیرین و ئاسان و رەوان و پەتی کوردی لە چوارچـێوەی هـۆنراوەی شـیرین و چـیرۆکی جـوان و ئـۆپـەرێتی خۆشدا بە شیوازێکی ناسک و ستایلێکی سەردەمیانە بۆی داڕشتوون.. توانیوێتی خۆی لە دڵی منداڵانی کورد دا شـیرین و خۆشەویست بکات.. کێشی هۆنراوەکانی خۆماڵی کوردین (بڕگەیین) و سەروای هۆنراوەکانی سووک و ئاسانن و رەوانن، دێڕەکانی کورتن.. بە ئاسانی منداڵان چـێژیان لێوەردەگـرن و لەبەریـان دەکـەن و بەشێکی زۆری هۆنراوکانی ئاوازیان بۆ داناون و کـراون بە سروود و گۆرانی و بە دەنگی منداڵانی کورد تۆمارکراون لە هەنـدێ لە کەناڵە تەلەفـزیۆنییەکانـدا، لە ماوەی منداڵانـدا پێشکەش دەکـرێن.. مامۆسـتا عـەلی حەمـەڕەشـید نووسەرێکی هۆشیار و داهێنەرە و باش لەوە تێگەیشتووە، کە منـداڵانی ئەمـڕۆمـان، نـەوەی شـۆڕشی تـەکـنەلـۆژیـا و داهـێـنانی سەیـر و سەمـەرەن.. نـەوەی تەلـەفـزیـۆنی رەنگاوڕەنگ و ئینتەرنێت و ئایپادن. پێویستە ئەدەبی منداڵانیش بەپێی خواست و هـیوا و حـەز و خـەونـەکـانی منـداڵانی ئەم سـەردەمـە بێـت و هـانیـان بـدات بـۆ دۆزینـەوە و داهـێنان.
لەم دیدارەدا لەگەڵ مامۆسـتا عـەلی حەمەڕەشید، دەربارەی ئەمـڕۆ و داهـاتووی ئـەدەبـی منـداڵانـی کـورد و خـۆنـاسـانـدنـی بـە خـوێنـەرانـی ئـەم بـوارە، چـەنـد پرسیارێکمان لە مامۆستا عـەلی کـرد. بە پێخۆشحـاڵی و راشکـاوییەوە، وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.. ئەمەش دەقی پرسیارەکانی ئێمە و وەڵامەکانی مامۆسـتا عەلی حەمەڕەشیدە.

پرسیار: مامۆسـتا عـەلی هەرچەنـدە بەڕێـزتـان نووسەرێـکی ناسـرای بـواری ئـەدەبی منداڵانن.. بە لای خوێنەرانی ئەم بوارەوە ناسراون.. حەزەکەین زیاتر خۆتان بە خوێنەران بناسن.

وەڵام: ناوم(عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی) یە لە ساڵی ١٩٦١ دا لە شـارۆچکەی بەرزنجە لە دایک بووم، خوێندنی سەرەتایی و نـاوەنـدیم لە بەرزنجە و لە شاری سلێمانی تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٨٣ بووم بە مامۆستا و لە گوندی مۆریـاس لە ـ سنوری شارۆچکـەی بەرزنجـە دامەزرام.. دواتـر گواسترامەوە بۆ بەرزنجە. چەند ساڵێکیش لە ئۆردوگای باریکە و لە قوتابخانەی (برایـەتی) مامۆستا بووم. پاشان گوازرامەوە بۆ قوتابخانەی (ئـاری) لە سلێمانی کە مـاوەی ١٦ ساڵ لەوێ مامۆسـتا بووم، وانەی بیرکـاریم دەوتـەوە. ھەرچەنـدە پسپۆڕی گشتی بووم. لەو ماوەیـەدا کە لە قـوتابخـانەی (ئـاری) بـووم کـە لـە ئێسـتادا نـاوەکـەی کـراوە بـە قـوتـابخـانـەی (ئیـبراھـیم پـاشـا) بـە ھــاوکـاری بـەڕێــوەبـەر و یـاریــدەدەران و مامۆسـتیانی قوتابخـانەکە (٧) ژمارەمان لە گۆڤارێک دەرکرد کە ساڵانە بـوو، بە ناوی(گـۆڤـاری ئـاری) و بێ بەرامبـەر دابـەشـمان دەکـرد بەسـەر پەروەردەکـانی دەورو بـەر و قـوتـابخـانـەکـانی نـاو شـاری سلـێـمانـی دا.
کـە زیـاتـر ئـەرکەکــان لەسـەر شـانی مـن بـوون و یەکـێکە لـەو کـارانـەی کـە شـانـازییـان پێـوە دەکـەم. دوو سـاڵ سەرپـەرشـتـیار بـووم، ھـەر ھــاوکـاریـان بـووم. کـۆمـەڵـێک بـابـەتی پـەروەردەیی و زانسـتی و کۆمـەڵایەتی تێـدابوو، لە گـەڵ مـێژووی دروسـبـوونی قوتابخـانەکە و چالاکییەکـانی. لە ساڵی ٢٠١١ دا، بەشـداری تاقـیکـردنـەوەوەی سەرپەرشـتیاریم کرد و پلـەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی/ بیرکاریم وەرگرت و نزیکەی ٨ ساڵ لە بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سیدێـادق سەرپەرشتیاری بیرکاری بووم کە لەو ماوەیەدا لەگەڵ ناسینی کۆمەڵێک ھـاوڕێی نوێ لەو سنورەدا، توانیم خزمەت بە بواری پەروەردە بکەم و ببمە ھـۆی دابینکردنی پەرتوک و نامیلکە و گۆڤـاری تایبەتی منـداڵان، بۆ سەرجـەم قـوتابخـانە بنەڕەتییەکـان و بـاخچـەکـانی منـداڵانی سـنورەکە و دەوڵەمەنـدکردنی پەرتوکخـانەی قوتابخـانەکـان .ھەروەھـا لەگەڵ چەنـد سەرپەرشتـیارێکی ھـاوڕێم بەھـاوکـاری بەڕێوەبـەر و یـاریـدەدەری بەڕێـوەبـەرێـتی گـشـتی سـەرپـەرشـتیکـردنی پـەروەردەیـی سـلـێمانی، تـوانیـمان گۆڤاری(ئاراستەی پەروەردەیی) دەربکەین کە گۆڤارێکی وەرزییە و (٦) ژمارەی لـێـدەرچـووە و بـەردەوامـە.. ئەمـسـاڵ ٢٠١٩ گـوازرامـەوە بـۆ بـەڕێـوەبـەرێـتی پەروەردەی ڕۆژھـەڵات / یەکـەی سەرپـەرشتیکـردنی پـەروەردەیی/ ڕۆژھـەڵات، کۆتا کـارم لە سیدێادق پەرتوکێک بوو بە ناوی(چـنار و ھـێمن) کە پەرتوکخانەی بێخـود بۆیـان چـاپکـردم زۆر سـوپـاسیان دەکـەم، بێـبەرامبەر بەسەر سـەرجـەم قوتابخانە بنەڕەتییەکـانی سنوری سیدێادق دا دابەشکرا، ھەروەھـا لە سەرەتـای دەست بەکـاربوونیـشم لە یەکـەی سەرپەرشتیکـردنی پـەروەردەیی/ ڕۆژھـەڵات، سلێمانی، پەرتوکێکی ترم لەسەر ئەرکی خۆم چاپکرد بەناوی(ئاوازی شادی) کە بریتی بـوو، لە ئۆپـەرێت و ھـۆنـراوەی تایبـەت بە منـداڵانی باخچـەی منـداڵان و لەلایەن بەشی پرۆگرامەکان لە بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلـێمانی یەوە گەیشتە سەرجەم باخچەکـانی منـداڵانی سنوری بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانی کە زۆر سوپـاسیان دەکـەم.
ھەر گۆڤـارێک لە ھەرشوێنێکی کوردسـتان دەرچوو بێت و دەربچێت ھەوڵمداوە کە بابەتیان بۆ بنـێرم و لەوێ بڵاو ببێـتەوە. لەم گۆڤـارە تایبەتانەی منـداڵان دا ھـۆنـراوە و چـیرۆکم بۆ منـداڵان بڵاوکردۆتەوە (پەپـولە، جگەرگۆشەکان، گوڵەکان، خەنـدە، جۆلانێ، حاجـیلە، کۆلارە، کەنـاری، تـۆم وجـیری، منـداڵی ســەردەم، سـمۆرە، کـانی،سـڤـۆرە، ماڵی سـمۆرە، بـەرات، پێنوسەکـەم، بەرخـەکەم، ھـیوای تـۆ، نایـە، زەنـگ و بەنـگ، گـۆران، شەمـامە)
ھەروەھـا لە زۆربـەی ماڵپـەڕە ئەلکـترۆنییەکـانیشدا، بابەتەکـانم بڵاودەکـەمەوە.

پرسیار: لە کەیـەوە ھۆگـری جیھانی ئـەدەبی منـداڵان بـوون؟

وەڵام: ھەر لە منداڵییەوە کە لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتی بووم خولیای خوێندنەوە و نوسین بووم کە ئەو کاتە برا گەورەکەم کۆمەڵێک پەرتوکی باشی ھەبوو لەگەڵ دیوانی زۆربەی شاعیران و ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی ئەو کاتە دەردەچوون، من لەگەڵ پەرتوکەکـانی قوتابخـانە ھـەوڵم دەدا کە ئەوانیش بخـوێنمەوە، حەزیـشم بە شانۆیی دەکرد و بەشداریم دەکرد وەک ئەکتەر لە پۆلی حەوت و ھەشتی بنەڕەتی دا ، بەڵام زیاتر حەزم بە نوسینی ھۆنـراوە دەکرد، کە ئەمەش ھـاوڕێ نزیکەکانم دەیانـزانی.
دوای بنـەڕەتی چەنـد ھـاوڕێیەکـم لە خوێنـدن دا، بە ھـۆی نوسیـنەوە ناسیوە و تا ئێستاش پەیوەندیمان ھەیە و ئەوانیش لە بوارەکەی خۆیانـدا کەسانی دیـارن ،وەک ھاوڕێی ھونەرمەنـد (بەختیار بەمـۆ) و ھـاوڕێی ھونەرمەنـد (ئـازاد سەوزە) ، بەڵام کە بووم بە مامۆستا و یەکەم دامەزراندنیشم لە گوندی(مۆریاس) بـوو لە سنوری بەرزنجە کاتێک لەگـەڵ قوتـابییەکـانـدا دەدوام و وانـەم پێـدەوتن، ھەستم کرد کە بۆشاییەک ھەیە و منداڵان تینووی ھـۆنراوە و چیرۆکی تایبەت بۆ خۆیانن و منیش دەتوانم بەشداربم لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەدا، بۆیە لەوێوە و لـە سـاڵی ١٩٨٤ وە، وردە وردە دەسـتـم کـرد بـە نـوسـین و بـۆ قـوتـابیـیەکــانـم دەخوێنـدەوە و مامۆستایـانی ھـاوڕێشـم ھـانـدەرم بـوون، ئیـتر بەردەوام بـووم و چونکە بەھـرەی نوسینم ھەبـوو، ئیتر ئەو کاتە یەکـەم ھۆنةراوەم لە ڕۆژنـامەی ھاوکـاری دا بڵاو کردەوە، کە لە کۆتـا لاپەڕەیدا چیرۆک و ھـۆنراوەی بۆ منداڵان بڵاودەکردەوە، ئیتر بەردەوام ھۆنـراوەم دەنارد و بۆیان بڵاو دەکـردمەوە لە ساڵی ١٩٨٥ دا، ئیتر بەتەواوی ھۆگـری ئەدەبی منداڵان بـووم و لەو کـاتەوە تا ئەمـڕۆ بەبەردەوامی بۆ ئەو جیھانە جـوان و پاک و شـیرینە دەنووسم و شانـازیشی پێوە دەکـەم.. ھـیوادارم کە خـزمەتێکی بچـوکم بـە ئـەدەبی منـداڵانی کورد کـردبێت.

پرسیار: ناوی ئەو پەرتوکـانەی تا ئەمڕۆ بۆ منداڵانی کورد لە بواری چـیرۆک و ھـۆنـراوە و ئۆپـەرێتـدا چـاپتان کـردوون .. ناوەکـانیـان چـین؟

وەڵام: بەخۆشحاڵییەوە تا ئێستا ئەم بەرھەمانەم پێشکەش بە دنیای ڕەنگاڵەیی و جـوانی منداڵان کـردووە.

١ـ سـرودی کوردسـتان….ھـۆنـراوە… ساڵی ٢٠٠٩.
٢ـ ڕازی قوتابییەکی زیـرەک…. چیرۆک و ھـۆنـراوە… ساڵی ٢٠٠٩.
٣ـ دیـاریی….. ھـۆنـراوە… ساڵی ٢٠١٠.
٤ـ بولبولـێکی زیـرەک…. چیرۆک.. وەرگێڕان لە عەرەبییەوە ٥ـ فـڕفـڕۆکە…. ھـۆنـراوە…. ساڵی ١٩٩٥.
٦ـ خەنـدەی ئـاوات…. ھـۆنـراوە…. ساڵی ١٩٩٨.
٧ـ ئافـەرین…. ھۆنـراوە…. ساڵی ٢٠٠٠. کە ٣جـار چـاپکـراوەتەوە
٨ـ دیـاری و سەردان…. چـیرۆک… ساڵی ٢٠٠٤ کە ٣ جار چاپکـراوەتەوە.
٩. کۆڤـین و ھاوڕێکانی… ھۆنراوە … ساڵی ٢٠٠٨. دوو جار چاپکراوەتەوە
١٠ـ جەژن…. ھـۆنـراوە… ساڵی ٢٠٠٩.
بەدەستکارییەوە.. ٢٠١٢ کە ٢ جـار چاپکـراوەتـەوە.
١١ـ مامۆستای کوردی….. چـیرۆک و ھـۆنـراوە… ساڵی ٢٠١٠.
١٢ـ بوکەکەم بە کوردی گۆرانی دەڵێت….. چـیرۆک… ساڵی ٢٠١٣.
١٣ـ گەشتەکەی گـوڵێ….. چـیرۆک… ساڵی ٢٠١٣.
١٤ـ ئەسپ و فـیل….. چـیرۆک… ساڵی ٢٠١٣.
١٥ـ یـاریی بیرکـاری….. چیرۆک وھـۆنـراوە… ساڵی ٢٠١٣.
١٦ـ منـداڵ و فـیلم کـارتۆن….. شانـۆیی و ئۆپـەرێت… ساڵی ٢٠١٣.
١٧ـ چنار و ھـێمن.. ئۆپەرێت و ھۆنراوە بۆ منداڵان … ساڵی.. ٢٠١٩
١٨ـ ئاوازی شادی.. ئۆپەرێت و هۆنراوە بۆ منداڵانی باخچـەی منداڵان ٢.١٩
١٩ـ مریشکە کونج. بە ( PDF ) کراوە کە چیرۆک و ھۆنراوەیە. ساڵی ٢٠١٧
٢٠ـ جۆلانێ… ھـۆنـراوە… ساڵی ٢٠١٩. چاپەکەنی مانگ لە شاری بانە بۆیان کـردووم.
چەند بەرھەمێکی تریشم ئامادەن و لە دەرگەی چاوەڕوانی چاپدان !

پرسیار: لە ئێستادا ئەدەبی منداڵانی کورد، لە چ ئاستێکـدا بەدی دەکەن؟ ئایا پێتان وایە، کە لە ئاسـتی ھـیوا و خـەون و حـەز و خواسـتەکـانی منـداڵانی کـورد دایـە؟

وەڵام: ئەدەبی منداڵانی کورد وەکو ئەدەبی منداڵانی وڵاتانی دراوسێ خۆشبەختانە ھەنگـاوی باشی نـاوە و، کۆمەڵـێک شاعـیر و نووسەری دڵسۆز و خـەمخـۆر بـۆ ئەدەبی منـداڵان کـار بۆ ئـەو دنیا جـوانەی منـداڵان دەکەن، بە ھەموو توانایەکەوە ھەوڵی خۆیان خسـتۆتە گەڕ و بەردەوامن لە خـزمەتکردنـدا.
ھەرچەنـدە تا ئێـستا نوسەری یان شاعـیرمان نییە کە بەتایبەتی ھـەر بۆ منـداڵان بنوسـێت و خـۆی بـۆ ئەو بـوارە تەرخـان کردبێت، بەڵام لە ئاستی تەواوی خـواست و ھـیوا و خـەون و حەزەکانی منداڵانی کورددا نین، کە ئەمەش بۆ کۆمەڵـێک ھۆکـار دەگەڕێتەوە، کە ئەوانیش کەمی تیراژی ئەو پەرتوک و نامیلکـانەیە کە بۆ منـداڵانی کورد چـاپ و بڵاودەکـرێنـەوە، کە بەگـشـتی لـە (٥٠٠) دانـە تێـپەڕ نـاکـات، نەبـوونی مـەرجی پەرتـوکی منـداڵان لـەو چـاپکـراوانـەدا، وەک رەنگـاوڕەنگی، لەمـمـاعی، وێنـەی رەنگـاورەنگ و گونجـاو، نەشارەزایی ھەندێک لەوانەی کە بۆ منداڵان دەنووسن بـە تایبـەتی بـواری سـایکـۆلـۆژی منـداڵ، کـاریگـەری بـواری ئـابـوری خـێزان و رۆشنـبیری خـێزان دەربـارەی خوێندنـەوەو سود و گرنگی خوێندنەوەی منداڵان.

پرسیار: بەڕێـزتان وەکـو مامۆسـتایەک و سەرپەرشـتیارێکی پەروەردەیی، تـا چ ڕادەیەک ئەدەبی منـداڵان کارتێکـردنی لەسەر پـەروەردە و بنیاتـنانی کەسـایـەتی دروسـت و لە ئاینـدەی منـداڵان ھـەیە؟

وەڵام: ئێـمە بمـانەوێ و نەمـانەوێ، ئـەدەبی منـداڵان کـاریگـەری بـاشی ھـەیە و ھەبووە لەسەر پەروەردەی منداڵ، لەسەر ڕۆشنبیر کـردنی منداڵ، دروستبوونی کەسـێـتی منـداڵ، کـە زۆربـەی زانـایـانی دەرونـنـاسی لەســەر ئــەوە کـۆکـن کـە دروستبوونی کەسێـتی منداڵ لە تەمەنی باخچە و پۆلی یەکەمی بنەڕەتی دایە بۆیە گـرنگـیـدان بـەو قـۆنـاغە پێـویستە و ئامـادەکـاری بـاشی دەوێـت، چـونکە منـداڵ بنچـینەی بنیاتنـانی کۆمـەڵگـەیە و دەتـوانیـن لـە ڕێگـەی چـیـرۆک و ھـۆنـراوەی پەروەردەیی گونجـاو بۆ ئەو قـۆنـاغە ئەو کـارە ئەنجـام بدەین. تا ئایندەیـان گەش بێت و کەسێکی وریـا و چـالاک و وشـیار دەربچـن.

پرسیار: یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی ئەدەبی منداڵان، ئامانجێکی نیشتمانییە.. تا چ ڕادەیەک نووسەرانی ئەدەبی منـداڵانی کورد ،توانیویاـنە ئەم ئامانجە بقۆزنەوە و لە ڕێی نووسینەکانیانەوە، ھـانی منـداڵانی کـورد بـدەن بۆ زیاتر شیرینکـردن و ھـاوبەستەبوونیـان بۆ گـەلی کـوردمان و بـۆ کوردسـتانی نیـشـتمانی پیـرۆزمـان؟

وەڵام: ھەر کەسـێک بۆ منـداڵان دەنـوسـێت ئاگـاداری ئەو پەیامـەیە کە پێویسـتە لەڕێـی ھـۆنـراوە و چـیرۆک و ئۆپـەرێتە تایبەتەکـانەوە بیگـەیـەنێت بـە منـداڵان، خۆشەویستی دایـک و بـاوک و مامۆسـتا و خـاک و نیشـتمان و ژینـگە و …..، دروستکـردن و بنیاتنانی کەسایەتییەکی مـرۆڤـدۆست و دادپـەروەر و ڕاسـتگۆ و جـوان بین و چـالاک و ڕۆشنبیر و ئازا و ئازاد، پێویستە ڕەنگدانەوەی ھەبێت و بەپێی قۆناغەکـانی تەمەنی منـداڵی نوسرابن، تا کـاریگەرییان ھـەبێت،ن یشتمان پەروەریی و خۆشەویستی خاک و وابەستە بوون بە کوردستان و ژینگە جـوان و نازدارەکەی ئامانجێکی گرنگە و نوسەرانی بواری ئەدەبی منداڵانی کورد ھەوڵیان داوە کە باسی بکەن و بیـگەیەننە منـداڵ بە جۆرێک کە کاریگەری تەواوی خـۆی ھەبێت. من دەتوانم ھۆنراوەیەکی خۆم لێرەدا بە نمونە بھێنمەوە کە بۆ کوردستانم نوسیوە.
کوردســتانە کوردسـتان
خـاکە پیــرۆزەکـەی من
خۆشەویستە و بێ وێنە
نیشـتـمانـێــــــکە مەزن
……….
بستێک لەم خاکە جوانە
لای من گـشت دنیا دێنێ
با ھەموو ھـەوڵ بـدەین
تا بـە جـــــوانی بمــێـنێ
ھەرکەس لە کـارەکەیـدا
دڵسـۆزی خـۆی بنـوێنێ

لای شاعیرانی تریش نمونەی لەم شێوەیە ھەیە و پەیامێکی پێویستە کە بگاتە منـداڵانی کـورد.

پرسیار: لە ئەمـڕۆدا نووسـین بۆ منـداڵان لەبـەردەم شـۆڕشێکی تەکنەلـۆژیـا و گـۆڕانکـاری خـێرا و داھـێنانی سەیـرو سەمـەرە دایـە، لـە ھـەمـوو بوارەکـانی ژیاندا، منداڵانی ئەمڕۆشمان منداڵانی سەدەی ڕابردوو نین، ھــیوا و خـەون و خواستەکانیشیان ھەمان ھیواو خەون و خواست و پێویستییەکان نین، پێویستە نووسەرانی ئەمڕۆی ئـەدەبی منـداڵانی کوردمان ئەم ڕاستییانە لەبەرچاو بگرن، نووسینەکانیان پڕ بە پێستی ژیانی ئەم ڕۆژگـارە تازەیە بن، نووسەری داھـێنەر ئەدەبێکی رەسەن و نوێ، کاریگەری و ڕەنگـدانەوەیەکی قووڵی ئەرێنی لەسەر گەشەکردن و فـراوانکردنی بیر و ھۆش و ئەندێشە و لایەنی بایۆلـۆژی منداڵان ھـەیە، منـداڵان دەتـوانن باشـتر چارەسەری کێشەکـانیان بکـەن، ڕای مامۆسـتا عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی لەم ڕووەوە چـییە؟

وەڵام: ڕاستە ئەمڕۆ تەکنەلـۆژیا وەکو شـۆڕشێکی دیـار و کاریـگەر بە لـێشاو گۆڕانکـاری و داھـێنانی نـوێ دەخـاتە بەردەم مـرۆڤ بەگەورە و بچـوکەوە و ھـەرگـیز منـداڵانی ئەمـڕۆ وەکـو منـداڵانـی دوێـنێ نیـن و هــیوا و خـواسـت و پێداویستییەکانیشیان زۆر و جیـاوازن، بەڵام ئەمـە ئەوە ناگـەیەنێ کە ئـەدەبی منـداڵان فەرامـۆش کـرابێت ،بەڵام نوسەری بواری ئەدەبی منداڵان واباشە کە ئەویش زیـاتر ئاگـاداری گۆڕانکـاری و داھـێنانە نوێکـان بێـت و ھـەوڵ بـدات بەشێوەیەکی سەردەمیانە لە نوسینەکانیدا جێیان بکاتەوە و وەکو پێویست باسیان بکات و سـود و زیانەکانی ئەو ئامێر و یارییە ئەلکـترۆنییانە بکـات و بە زمـانی منـداڵ و شێوازێکی شیاو، لای من نوسین بۆ منداڵ بەشێوەی پەرتوک و گۆڤاری تایبـەت بـۆ منـداڵان کاریگـەری باشـتری دەبێـت لەسـەر منـداڵ و چـێژی تایبـەتی خۆیشی دەبێت. من لە چـیرۆک و ھۆنراوەشدا ھەوڵی ئەوەم داوە کە ئەو داھێنانە لە نێو چـیرۆک و ھۆنـراوەکانمدا جێ بکەمەوە. لە ھۆنراوەی (ئایپـاد) و چیرۆکی (خەونەکەی بـاران) بە روونی دیـارن.
خەونەکەی(بـاران)

(بـاران) لەگـەڵ ئـەوەی کە زۆر حـەزی لە قـوتابخـانە بوو، بەڵام ھەنـدێک جـار بێـزاری خۆی دەردەبـڕی، چونکە پەڕاو و پەڕتوکەکـانی زۆر قورس بوون، کە دەگـەڕایـەوە جـانتـاکـەی دەکـردە شـانـی، پـشـتی دەیـدایـە ئـازار. ڕۆژێــک دوای گەڕانەوەی لە قوتابخـانە پشـوویەکی کەم، ئایپـادەکەی ھـێنا و لە دڵی خۆیدا وتی خۆزگە لە جیـاتی پەڕاو و پەڕتـوک تەنھا ئەم ئاپیـادەم دەبرد بۆ قوتابخانە. بەدەم بیرکـردنەوە لەو بابەتە، چونکە مانـدوو بوو خەوێکی ئـارام ئامێزی بۆ کـردەوە.

(بـاران ) خەونێـکی خـۆشـی بیـنی، کە بـە ئاگـا ھـاتـەوە چـووە لای ھـاوڕێکـانی وخەونەکەی بۆ گـێڕانەوە، لە خەونمدا مامۆسـتا بووم ، لەگەڵ مامۆستاکانی تردا ھەموو پەڕتوکەکانی پۆلی یەکمان سکان کرد و بە قوتابییەکانمان وت کێ ئایپادی ھـەیـە، بەیـانی لەگـەڵ خـۆی بیھـێنـێت! چـەنـد خـۆشـبوو ھـەمـوو ھەیانبـوو. بـۆ بەیانی ھەمـووان ئاپادەکـانیان ھـێنابوو ناوی خۆشیان لەسەر نوسی بوو . لێمان وەرگـرتن و بابەتە سکانکـراوەکانمان لەسەر ئایپـادی ھەریەکەیـان دابەزانـد. بۆ ڕۆژی دواتـر لەسـەر ئـاپیـادەکە وانەیـان دەخـوێنـد و ھـەر لەسـەر ئـایپـادەکـەش ئەرکەکانیان دەنوسیەوە, لە وانەی پێنجەمدا پێمان وتن بۆ بەیانی پێویست ناکات جانتا قورسەکانتان بھـێنن. چونکە ئێستا ھەمـوو بابەتەکـان لەسـەر ئایپادەکـانتان ھـەن. بـاران بە پێکـەنینەوە وتی: بەداخـەوە کە بە ئاگـا ھـاتمـەوە تەماشـادەکـەم مامۆسـتا نیـم وھـەروەک جـاران قوتـابیم! جـانتا و ئایپادەکەشم ھـەروەک خۆیـان ماونەتەوە، ئیتر ھەمـووان دایـانە قـاقـای پێکـەنین و وتـیان: خۆزگـە خەونەکەی بـاران دەھـاتە دی بـۆ ھەمـووان.

پرسیار: ئایـا تـا ئێـستا بەڕێـوەبـەرێتـی ڕۆشـنبـیری منـداڵان سـەر بـە وەزارەتـی ڕۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وەکو پێویست ئـاوڕیان لە ڕۆشـنبیری و ئـەدەبی منـداڵان داونەتـەوە؟

وەڵام: ئەوەندەی ئاگاداربم وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابـردوودا لە ڕێگەی (بەڕێوەبەرێتی زنجـیرە کتێبی منداڵان) لە ھەولێر و (بەڕێـوەبـەرێتی خـانەی سمۆرە ) وە لە سلـێمانی کۆمەڵێک کـاری زۆر جـوان و باشـیان کـردووە بـۆ منـداڵان ئـەویـش بـە چـاپکـردنی کـۆمەڵـێکی زۆر کـتـێب و نامیلکەی منداڵان کە بەشێوەیەکی سەردەمییانە و گونجاو چاپیان کـرد بوو ، کە بە سوپاسەوە ئـەو دوو بەڕێـوەبـەرێتـییە یەکی نامیلـکەیەکیـان بـۆ چـاپ کـرددم ،(وانـەی کوردی و دیـاریی)، بەڵام تیراژیان کـەم بووە کە دەبـووایە زۆر بووایە چـونـکە بـۆ منـداڵانـی ھـەمـوو کـوردســتانـیان دەکـرد. بەداخـەوە کـە ئـەو دوو بەڕێوەبەرێتییە لە ئێستادا نەماون و تەنھا گۆڤاریش کە گۆڤاری(ھەنگ) بوو کە ھی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردسـتان بوو بۆ منـداڵان ئەویش وەستاوە، خۆزگە ھەرسێکـیان دەکەوتنەوە کار،بچونکە ئەوانە پێویستییەکی دنیا جوانەکەی منداڵانن. دەتـوانـیین بڵێـین کە وەکو پێویسـت ئاوڕیـان لە ڕۆشـنبیری منـداڵان نەداوەتەوە. چونکە حکومەت واباشە گۆڤاری تایبەت و دەزگای تایبەتی پەخـش و بڵاوکـردنەوەی تایبـەتی بۆ منـداڵان ھـەبێت.

پرسیار: گۆڤارەکانی منداڵان، ڕۆڵێکی کارتێکەرییان لە ڕۆشنبیرکردن و لە گەشە کردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منـداڵانی کوردمان ھەیە، لەوانەش گۆڤـاری(پەپـولە) و (گوڵەکان) و (سڤۆرە).. ئایا ئەم گۆڤارانە لە ڕووی چەندێتی و چۆنییەتییەوە لە ئاسـتی خواسـت و هـیوا و تمـوحی منـداڵانی کـورد دان؟

وەڵام: دەربارەی رۆڵی گۆڤـارەکانی منـداڵان لە پەروەردەکرد و بەرەوپێشچوونی ئەدەبی منداڵانی کورددا بابەتێکم بڵاوکردۆتەوە کە لە سایتەکانیشدا دامبەزاندووە، بە وردی باسی ئەوەم کـردووە، بەڵێ گۆڤـارەکانی منـداڵان ڕۆڵی زۆریان ھەیە لە رۆشنبیر کردن و گەشەکردن و پیشکەوتنی ئەدەبی منداڵان دا. گۆڤاری (گوڵەکان) کە تائێستا (١٣٨) ژمارەی لێدەرچووە و (پەپولە) کە (٢٦٢) ژمارەی لێدەرچووە و (سڤـۆرە) کە ٢٢٠ ژمارەی لێدەرچووە، ھەریەکـێک لەو گـۆڤـارانە لە ئاسمانی رۆژنامەگەری منداڵانی کورد دا بە گەشی دیـارن و خزمـەتێکی باشیان بە منداڵ و بە ئەدەبی منـداڵان کـردووە، بەڵام ماویـەتی بەتەوای بگـەنە ئاسـتی خواستەکـانی منداڵان، گوڵەکان لەم ٣ ژمارەی دواییدا گۆڕانکـاری و پێشکەوتنی پێـوە دیـارە و لـە ھـەوڵی باشـترکـردنی گـۆڤـارەکە دان، پەپـولـەش یەکـێکە لـەو گۆڤـارانەی کە بەردەوامی لە ساڵی ١٩٩٢ وە دەردەچـێت پێشکەوتنی باشی بە خۆیـەوە بینیوە و تا ڕادەیەک جیاوازی پێـوە دیارە و سڤـۆرەش کە لە شاری دھۆک دەردەچێت و بە کەمی دەگاتە سـنوری سلێمانی ئەمیش پێشکـەوتنی بەخـۆیەوە بینیوە بەڵام زیاتر بابەتەکانی بە شـێوەی بادیـنی بـڵاو دەکـاتەوە و مـن چەنـد بابەتێکـم بـۆ نـاردوون بەسوپاسەوە بڵاویان کردۆتەوە کە لەو ژمارانەدا تەنھا ھۆنراوەکەی من سـۆرانی بووە. بەگشتی من پەیوەنـدی باشم لەگەڵ ئەوان و گۆڤـارەکانی تریش دا ھـەیە و بە ھەموو توانایەکیانەوە ھەوڵی خزمەتکردنی ئەدەبی منداڵان دەدەن و کۆمەڵێک لە نوسەران و شاعـیران و وەرگێڕکارانی بواری ئـەدەبی منداڵان لەو گۆڤـارانە و گۆڤـارەکانی تری منـداڵان دا بەرھەمەکـانیان بڵاو دەکەنـەوە.

پرسیار: نووسـەرانی بـواری ئەدەبی منـداڵانی کورد، تا چ رادەیـەک توانیوویـانە سـوود لە کەلەپـووری نەتەوەیی و لە داستان و لە مێـژووی پـڕ لە شانـازی و لە بەسەرھـاتەکانی گەلەکەمـان وەربگرن؟ لە ھـۆنـراوەکـانی (لەتیـف ھەڵمـەت) دا، بۆ منداڵانی کورد، ئەم ڕەنگـدانەوەیە بەدی دەکـرێت؟ ڕای ئێوە لەم ڕووە چییە؟

وەڵام: نوسین وەک بەرپرسیارێتی وایە لەسەر ئەو کەسانەی کە دەنووسن و بە تایبەتیش لە نوسـین بۆ منـداڵان دا بەرپرسـیارێتییەکە زیـاترە، بۆیە نووسـەر بۆ ھەوێنی نوسینەکاـنی ھەمیشە دەتـوانێت سود لە بیرەوەرییەکانی منداڵی خۆیشی وەربگـرێت و ھـەوڵی ئەوەش بـدات کە سود لە کەلەپـور و فۆلکلۆری نەتەوە و گەلەکـەشی وەربگـرێت تا وەک سەرچـاوەیەکی گـرنـگ بەکـاریان بھـێنـێت و لە ھەمـان کاتیـشدا بە منـداڵانی کوردی بناسێنـێت. ئەگـەر سەرنـج بدەین بێجگە لە لەتیـف ھەڵمـەت نوسەر و شاعـیرانی تریش سودیـان لێوەرگـرتووە و بەکـاریان ھـێناوە، کە چـێژێکی تایبـەتی بە بابـەتـەکە بەخـشیوە و مـۆرکی کوردانـەشی بە جـوانی پێـوە.. دیـاربـووە من بەکـارم ھێناوە وەک خۆم، بۆ نمـونە لە ھۆنراوەی بــاران دا، دەڵـێم:
مـنـــداڵی وردیــلە و جـــوان
ســـروود دەڵــێن بـۆ بـــاران
پێکەوە گشت بە یەک دەنگ
بـە ئـاوازێـــکی قـەشـــەنگ
دەیـڵـــێـنەوە بـێ وەســـــتان
((ھـەیــــاران و مـەیـــــاران
یا خــوا داکــــــاتـە بــــــاران
بـۆ فـەقـــــیـر و ھـــــەژاران

پرسیار: قەیران و کێشەی دارایی گەورەترین کێشەیە لە ڕێی چاپکردنی پەرتوکی منـداڵان بە شـێوەیەکی ھونەری پێویست و لەبـار، ھەروەھـا نەبوونی دەزگایەکی تایبەت بە چاپکـردن و بڵاوکردنەوەی پەڕتووکەکـانی نووسەرانی بـواری ئەدەبی منـداڵان ھـۆکـارێکی سـەرەکی دواکـەوتـنی ئـەدەبی منـداڵانی کوردمـانە.. بـە ڕای مامۆستا عـەلی ئەم کـێشەیە چـۆن چارەسـەر دەکـرێـت؟

وەڵام: بـاری ئـابـوری کـارێکی وای کـردووە، کـە نوسەران و شـاعـیرانی بـواری ئـەدەبی منـداڵان نەتـوانن وەکـو پێـویـست بەرھەمەکـانیان چـاپ و بڵاوبکـەنەوە، بەشێوەیـەکی جـوان و گونجـاو و سەردەمیـیانە کە ھەمـوو مەرجەکـانی پەرتوکی منـداڵانی تێـدا بێت، ھـەروەھـا نەبـوونی دەزگـایـەکی تایبـەت کە گـرنگی بـدات بە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی بەرھەمی نوسەران و شاعـیران، کاریگەری ھـەیە لە دواکەوتنی و بەرەوپێشچوونی ئەدەبی منداڵان لە کوردستاندا ،ھەروەھا وەک من ئاگـاداربـم زۆربـەی ئـەو پـەرتـوکـانەی کە لـە ئێـسـتادا و پێـشـتریش بـۆ منـداڵان چاپکـراون تیراژیـان زۆر کـەمە (٢٠٠، تــــــا ٥٠٠ ) دانـەی لێ چاپ دەکرێت کە لە ڕاستیدا نوسەرەکـەی بۆ منـداڵانی گـشت کوردسـتانی نوسیوە و ئەو تیـراژە کەمەش بەشی منـداڵانی چەنـد قوتابخانە ناکـات، ھەنـدێک لـەو شوێنـانەش کە پەرتـوکی منـداڵان چـاپ دەکەن ھەر ھـێندەی لێ چاپ دەکەن.. پەرتوک ھەیە کە چەنـد ساڵـێک پێـش ئێستا چـاپ کـراوە، بەلاتاـنەوە سـەیر نەبێـت نوسـەرەکەی نوسـخەی لا نەمـاوە و دەسـتیـشی ناکـەوێـت.. بـۆ چـارەسەری ئـەم کـێشەیەش دامەزرانـدنی دەزگـایەکی چاپ و پەخـشی تایبەت بە منداڵانـە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشـنبیری یان ئەنجومـەنێکی تایبەت بە نوسەرانی بواری منداڵان، کە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ سەرپەرشتی بکەن.

پرسیار: مـن دامـەزرانـدنی (یەکـێتی نـووسـەرانی منـداڵانی کـورد) بـە پێـویسـت دەزانم، تا نووسەرانی ئەدەبی منداڵان کورد لەژێر چەترێکی ئەدەبی یەکگرتوودا، بتـوانن زیـاتر خزمەتی ئەدەبی منداڵانی کورد بکەن، چونکە (یەکێتی نووسەرانی کـورد) وەکو پێویـست ئـاوڕیـان لـە ئـەدەبی منـداڵان نـەداوەتـەوە و پەراوێـزیـان کـردووە. پێـم باشە بۆ ئـەم مەبەسـتە کـامپـینـێک رابگەیەنین، کە تـا چ رادەیەک نووسـەرانی بـواری ئـەدەبی منـداڵان لەگەڵ ئـەم پێـشـنیارە دان.. ئێوە چـیدەڵـێن؟

وەڵام: بابەتێکم دەربارەی بەرەوپێشچوونی ئەدەبی منداڵان نوسیوە و بڵاوبۆتەوە لە سایتەکانیشدا ھـەیە، باسی زۆر شتم کردووە، یەکێک لەو کـارانە کە ئیشارەتم پێداوە کـارێکی لەو شـێوەیـەیە، من پێم باشـە (ئەنجـومەنی نوسـەرانی منـداڵانی کورد) یان ھـەر ناوێکی لەو شـێوەیە بۆ ئێستای ئەدەبی منـداڵان زۆر پێویستە و ئەگەر لەلایەن دڵسۆزانی ئەدەبی منداڵانەوە ھـەوڵی بۆ بـدرێت، بێگـومان دەبێتە ھـۆی بەرەوپێـشچـوونی ئەدەبی منداڵان و دڵـنیام کە کـاری باشـتر و جوانـتر بـۆ منداڵان ئەنجام دەدرێت، ھەروەھا لەو ڕێگەیەشەوە و ڕێگە بە ھەندێک نوسین جا چ چیرۆک، یان ھۆنراوە نادرێـت کە گونجـاو نین و تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی منـداڵانی تێـدا نیـیە بڵاوببێـتەوە، ھەروەھـا من ھەر لەو نوسینەمـدا باسی ئەوەم کردووە کە گۆڤارێکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی ئەو گۆڤار و پەرتوک و نامیلکانەی کە بۆ منداڵان دەردەچـن و دەرچـوون،لە ئێستادا زۆر پێویستە، کە دەبێـتە ھـۆی ناسانـدنی زیاتـری بەرھەمـە بـاش و سـەردەمی و گـونجـاوەکـان و جیاکـردنەوەیان لەوانەی کە بەنـاوی ئـەدەبی منـداڵانـەوە نوسراون و ھاندانێکی چاکیش دەبێت بۆ ئەو نوسەرانەی کە ھەنگاوی باش دەنێن و ھەوڵی باش دەدەن لەو بوارەدا. بە بڕوای من بە بوونی ئەو ئەنجومەنە ئەوەش دەکـرێت و لەگەڵـیدا گۆڤارێکی تایبەتی منداڵانی سەرتاسەری بۆ ھەموو منداڵانی کورد کە بەتیراژێکی زۆر بێت تا بگاتە دەست گشت منـداڵـێکی کورد لە ھەر شـوێنێکی ئەم کوردستانە ئازیـز و خۆشەویسـتەدا.

پرسیار: چـیتر هـەیە، کـە پەیـوەنـدی بـە ئـەدەبی منـداڵانەوە هـەیە، مامـۆسـتا عـەلی حەمـەڕەشـید بەرزنجی حەزدەکـات بـۆ خـوێنەرانی بـاس بکـات؟

وەڵام: زۆر سـوپاسـتان دەکـەم، حـەز دەکـەم ئـەوەش بـڵـێم کـە زیـاتر لە ٢٠٠ ھۆنراوەم ئاوازیان بۆ دانراوە و کراون بە گۆرانی بۆ منداڵان و لە تیڤـییەکـاندا پەخش دەکرێن، کۆمەڵێک ئۆپەرێتیشم بە ھەمان شێوە کـاریان بـۆ کـراوە و لە باخچەکانی منداڵان دا نمایش کراون، بۆ کـۆمەڵـێک لە قوتابخانە و خوێندنگە و باخچـەکـانی منـداڵان سـرودم بۆ نوسـیـون و ئاوازیـان بۆ دانـراوە. ھـۆنـراوەی (پاکوخاوێنی ژینگە) کە کراویشە بە گۆرانی لە پەرتوکی (خوێندنەوەی کوردی) پۆلی یەکەمی بنەڕەتی دا لە چاپێکـیانـدا ھەبـوو دوو ساڵ خوێنـدرا دوایی لایـان برد، نازانم بۆ؟ کە ھۆنراوەیـەکی پەروەردەییە و ئـاوازی بۆ دانراوە و کـراوە بە گۆرانیش. ھەروەھـا ھۆنـراوەیـەکم لە پەرتـوکی (ھـۆشـیاری مـین) کە بۆ پـۆلی پێنجەم و شەشەمی بنەڕەتی بوو بە ئاگاداری خۆم دانرابوو کە ئەوسا دەخوێندرا، کە لە لایەن ڕێکخراوی ( MAG) یەوە دانرابوو.
لە ڕۆژھەڵاتیش ھۆنراوەیەکم لـە پـڕۆگـرامـی خـوێـنـدنی کـوردی دا دانـراوە. ھـەروەھــا تـوانـیـومـە لـە ڕووی دڵسۆزیمەوە بۆ ئەدەبی منداڵان خۆبەخشانە و بێبەرامبەر ھاوکاری ھەندێک لەو نـوسـەر و شـاعـیرانە بکـەم لـە چـاپکـردنی بەرھەمەکـانیاـن دا و پێشەکـیشم بـۆ ھەنـدێکیان نـووسـیوە. لـە زۆربـەی ئـەو گـۆڤـارانـەی کـە بـۆ منـداڵان دەردەچـن بابەتەکـانم بڵاو دەکەمەوە، ھەروەھا لە سایتە ئەلکترۆنییەکانیشدا تا بگـاتە گشت منداڵێکی کورد لە ھەر شوێنێک بێت.. دەمەوێت زۆر سوپاسی ئێوەی بەڕێز بکەم و دەستخۆشیـشت لێ بکـەم بۆ ئەو نووسیـنە جوانـانەی کە لـە زۆری لە سـایت و گۆڤـار و ڕۆژنامەکاندا دەربارەی ئەدەبی منداڵان و پەروەردەی منداڵان ئەنجامتان داوە.

زۆر سوپـاس مامـۆسـتا عـەلی حەمـەڕەشـید، بـۆ دەربيـینی را و بـۆچـوونـەکـانت دەربارەی ئەو پرسـارانەمان لەسەر ئـەدەبی منداڵان لێمان پرسین.. هـیواداریشین کە درێـژە بەم خـزمەتە پیـرۆزەتـان بـدەن و بە چاپکـردنی پەرتـووکی نـوێ زیـاتر چاوەکانی منـداڵانی کوردمـان روون بکـەنەوە و خـۆشی و شادی و هـیوای زیـاتر بخـەنـە دەروون و دڵـە پـاک و قـنجەکـانیـانـەوە.

رەزا شـوان
کوردسـتان: ٢٠١٩/٩/ ٣




ناوچەی شیعر، لە »لەنێو ماساییەکان«ی پێشەوا کاکەیی‌دا … دیار لەتیف

 سەفەرێکی مەجازی جوگرافیبڕە، شیکارێکی واڵای شیعریانەی کلتوورخوێنە و لەو ڕێگەوە زەمەنێک بەرباس دەدرێ دوور کیشوەر، دەستبردن بۆ ڕیشەکانی نەریت و سازاندنەوەی مێژوو. قووڵبوونەوە بەناو ژینگە و ژیان و خووڕەوشتە میللییەکان. دەقێکی کوردی ئەفریقینووس، زمانێکی ڕەوان، پەیڤی و لە فەرهەنگێکی دێرین، لە میللەتێکی سادە ژیانکردووی سرووشتخواز.

 لەنێو ماساییەکاندا؛ ئەو گەشتە شیعرییە بان نەتەوەییەیە، کە خۆی دەکاتە هەناوی ڕۆحانییەتدا، پەیڕەو لە شێوازێکی نا لاسایکەرەوە و خوودکاری تازە داهێنراو، جۆرێک لە فۆڕم خۆی بەیان دەکات لە چەشنی پەراوێزی شیعریی، کە ئەمە هاوکات نوێکارییەکی سەربارخراوی وێژەییە.
 ئەم دەقە بزێوە درامییە؛ لە تەنیشت ڕۆچوون بە ناوکی ماساییەکانەوە، ڕەخنەیەکی توندە لە سەرمایەداریی و شێوە ژینی ئێستایی و هاوکات کەمینەیەک دێڕ بە زمانێکی گەپ، توانجدەر و قامچی وەشێن!

دووزەنەی ناونیشان لەم دەقی واڵایـەدا، چینە ڕووداوییە و گێڕانەوەخوازییە، ئەمەش تەرزە مانشێتێکی نوێسازە بەپێی مامەڵەی ڕەخنە.

چەمکی ڕوانین،
لە »منم، دیدەوانی گوڵ دەکەم«ی پێشەوا کاکەیی‌دا.

ئەى گوڵ: تۆ موحیبەتیت،
چۆن دڵم دێت ڕۆحت بکێشم؛
سەرت لە لاشە جـیا بکەمەوە و
بتکەمە قوربانى خۆم… بۆ یارەکەم.
ئیزنم بدە ئەى گوڵ…
بە خاکەوە بتگوێزمەوە بۆ لاى یارەکەم.
تا ببینێت…
دەستێکم، بە قەدتەوە بێت و
دڕکەکانیشت بە پەنجەکانما بچن و خوێناوى بێت.
دەستێکیشم، لە ژێر ڕەگوڕیشەى نێو خاکتەوە بێت.
تا تێبگات یارم کە تۆش موحیبەتیت.
ئیزنم بدە ئەى گوڵ…
دیدەوانیت بکەم و نەهێڵم کەس لە دژت بجەنگێت،
تا ئەوساتەى تەمەن یەخەت دەگرێت؛
تا خودا، پلانى مەرگت بۆ دەکێشێت.
٭

 ئەمە کڕۆکی چامەشیعرییەکەی کتێبەکەیە، گۆشە و سێنتەری نیگای هەڵێنجاوی ناوەڕۆک و بیرۆکەی بابەتی چەمکە هزرییەکەی شاعیرە.
 لەم خاڵەوە پشکنینە وێژەییەکە دەست پێ دەکات، واژەی گوڵ وەک گوزارەیەک، ڕەهەندی جوایەز دێنێتە گۆڕێ، لەوێوە کێبڕکێ و تێپەڕاندن و دەستکارییەکان و  دونیابینین دێتەئارا و بۆچوونێکی نوێ سەربار دەخرێت. واتە ئەمە ڕوانگەیەکی ترە بۆ چەمکی گوڵ؛ گوڵ جارێک تەسەووفانە و جارێکیش ژینگەدۆستانە و ئەوجاریش مرۆدۆستانە مژار دەکرێت.
 گوڵ چیتر یار نییە لێرەدا و یاریش چیتر ئەو گوڵە نییە وەک بەرتر لە ئەدەبیاتی کلاسیک و سۆشیالیزم و هتد... ئامادەیە، بەڵکوو یار پاژە تەوەرێک و گوڵیش نا قووربانیکراو؛ بڕیارنییە کەس قووربانیی ئەویتر بکرێ. شاعیر هزرمەندانە تەوەر لەسەر گوڵ دەگرێ، دەلاقەیەکی تر لە ڕوانین سەرخان دەکات.
 ئەفسووس دەخوازێت لەوەی ڕۆژێک هەرزانە بووەتە کوشتیاری چڵەنێرگزێک و بۆ ڕەگەزی هەمبەری بردووە، دواتر لە دانپێدانگەی شیعریدا، سروودی لێخۆشبوون و پاقژبوون دەڵێتەوە، تەنانەت داوای پەنجە کرتاندنی خۆی لەهەمبەر تاوانەکەی دەکات!
 ئەم گوڵ پەرستییە تەسەووفانە و جیهانییە، خەمخۆری سرووشتە و ناچڕاڵییەتی خۆی مۆرک دەکات. بۆ ڕەگەزی ناونیشان، لە ئاستێکی هەم جوان، لەگەڵ ئەوەشدا ڕستەسازییەکی نوێ و بارگاویکراو بە ڕەهەندی ئاراستەکراوی هزریی ـ عیرفانی. 
 دەبێ ئەوەش بوترێ، کە جوانتر و ئابووریتر دەبوو ناونیشانی «منم دیدەوانی گوڵ دەکەم» بە «منم دیدەوانی گوڵ» بهاتبا؛ چونکە ئابووریبوون لە ئەدەبیات و زمانەوانیدا کۆڵەکەن.

دیار لەتیف



با یەکێک بێت پێمان بڵێت گوێگرتن لە موزیک وانابێت…. هەتوان یاسین

لەهەفتەی ڕابردووەوە چەند چالاکییەک هەبوو،ڕۆیشتم بۆ دوانیان (فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی) یەکەم ڕۆژ کە ڕۆشتم و یەکەم فیلمم سەیرکرد،لە کاتی سەیرکردنی فیلمەکە ئامادەبووان لە نێوان بەشێکی زۆر لە دیمەنە هەستبزوێنەکان وەک ئەوەی کارێکی باش بکەن چەپڵە و فیکەیان لێدەدا،کە ئەوە پێناسێکی خراپ بوو بۆ نیشاندانی ئاستی هۆشیاریمان بە میوانە بیانییەکان.
دووەمیان کۆنسێرتی ساڵانەی ئۆرکێسترای سلێمانی بوو،کە دوو بارە بەر ئەو کلتوورە ناشرینە کەوتمەوە و بینیم وەک چۆن نازانین چۆن سەیری فیلم بکەین،چۆن بخوێنینەوە،چۆن بخەوین،چۆن پیاسە بکەین،چۆن یەکتریمان خۆشبوێت…هتد بەهەمان شێوەش نازانین گوێگرتن لە موزیک چۆنە.
ئەو ڕۆژە بە چاوی خۆم بینیم کە پێش نمایشەکە ئاگەدارکراینەوە لەوەی کە فلاشی کامێرە بەکارنەهێنین،بەڵام چەند چرکەیەکی نەخایەند دوای ئەوەی ڕابەری ئۆرکێسترا هاتە سەر ستەیج فلاشێکی بەهێزی کامێرا بەر ستەیجەکە کەوت.
ئاگەدارکراینەوە کە دەنگە دەنگ و حەتتا چپەچپیش نەکەین،بەڵام لەلایەکەوە گوێم لە گریانی منداڵ و لەلایەکیشەوە گوێم لە قاقای پێکەنینی گەورەکان بوو.
ئاگادار نەکراینەوە،بەڵام کاتێک بڕیاردەدەین بچین بۆ کۆنسێرتێکی ئۆرکێسترالی،پێویستە هۆشیاری ئەوەمان هەبێت کە دەشێت پارچە هەبێت لە چەند جووڵەیەک پێکبێت،کە ناکرێت لە نێوانییاندا چەپڵە لێبدەین،بەڵام دوبارە گوێم لە چەپڵە بوو و هۆڵی سینەماکەی بیرخستمەوە،،ئەگەر من ژەنیارێکی ئەو ئۆرکێسترایە بم،،بێگومان هیچ شتێک پاڵم پێوە نانێت بۆ ئەوەی بەباشی ڕاهێنان بکەم و تۆنی پاک و ڕەنگی جوان پێشکەشی گوێگرێک بکەم کە ڕێزی کارەکەمی لەلا نییە،بۆیە بەتەواوی پێموایە ئەو دوو لایەنە ڕاستەوانە هاوڕێژەن،بوونی گوێگری باش یەکسانە بە بوونی ئۆرکێسترا و دانەر و ژەنیاری باش.
بۆیە هیوادارم یەکێک بێت پێمان بڵێت گوێگرتن لە موزیک وانابێت




كتێبی_ فه‌لسه‌فه‌ و فه‌یسبووك یان فه‌لسه‌فه‌ی فه‌یسبووك … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

نكۆڵی له‌وه‌ ناكرێت كه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ گشتی و فه‌یسبووكیش به‌ تایبه‌تی، پانتایه‌كی گه‌وره‌یان له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌ی مرۆڤی كورد له‌ ئێستادا گرتووه‌. بۆیه‌ ده‌ڵێین پیشه‌ییش، چونكه‌ له‌كات و ساتی ده‌وامیشدا، جا له‌ كه‌رتی گشتی یا تایبه‌تی بێت، كه‌سانێكی زۆر هه‌ن، ده‌رفه‌تێك ئه‌گه‌ر بچووكیش بێت، وه‌رده‌گرن و سه‌رقاڵی چات و لایك و گۆڕینه‌وه‌ی كۆمێنت ده‌بن.
ئه‌گه‌رچی ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م، بۆته‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ پێداویستییه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌ی مرۆڤه‌كان، وه‌لێ ئه‌وه‌ی له‌ كۆمه‌لگای ئێمه‌دا ده‌گوزه‌رێت،جۆرێكه‌ له‌ ئاڵووده‌بوون به‌ ته‌كنه‌لۆژیا، نه‌ك بینینی وه‌ك ئاسانكارییه‌ك بۆ ڕاییكردنی ئیش وكاره‌كانی.بۆیه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هێنده‌ی سه‌كۆیه‌كن بۆ خۆده‌رخستن و گۆڕینه‌وه‌ی نوكته‌ و كۆمێنتی بێ بنه‌ما، هێنده‌ نه‌بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردنی مرۆڤی كورد له‌ ڕووی پاشخانی ڕۆشنبیریی و فه‌رهه‌نگییه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی له‌ كوردستاندا،فه‌یسبووك بۆته‌ دیارده‌، به‌ڵام تاكو ئێستا زۆر به‌كه‌می له‌ ڕوانگه‌یه‌كی زانستی و مه‌عریفی، فه‌لسه‌فی و ده‌روونزانی، له‌ كاریگه‌ریه‌تی ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌ سه‌ر ژیانی مرۆڤی كورد به‌ هه‌ردوو دیوی ئه‌رێنی و نه‌رێنی كۆڵراوه‌ته‌وه‌. له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌، یه‌كێك له‌ دیارترین ئه‌و كتێبانه‌ی كه‌ له‌ باره‌ی فه‌یسبووك و كاریگه‌ریه‌كانی به‌سه‌ر ژیانی ڕۆژانه‌ی ئێمه‌ ده‌دوێت كتێبی( فه‌لسه‌ و فه‌یسبووك یان فه‌لسه‌فه‌ی فه‌یسبووك)ه‌ كه‌ كتێبێكی گرنگه‌.
بایه‌خی ئه‌م كتێبیه‌ هه‌ر ته‌نها له‌وه‌دانییه‌ كه‌ له‌ باره‌ی دیارده‌یه‌كی ته‌كنه‌لۆژییه‌وه‌ ده‌دوێت كه‌ ئه‌ویش فه‌یسبووكه‌، به‌ڵكو له‌وه‌ زیاتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كتێبه‌كه‌ وێرای ئه‌وه‌ی دیدێكی فه‌لسه‌فی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژیی قووڵه‌ بۆ به‌كاربه‌رانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ڵام به‌زمانێكی ساده‌، پاراو و ڕه‌وان نووسراوه‌ كه‌ بشێ هه‌مووان بیخوێننه‌وه‌ و له‌ ناوه‌ڕۆكی بگه‌ن.

كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ خوێنه‌ری كورد، كه‌ زۆرینه‌یان خوێنه‌رێكی میللییه‌ وبژارده‌یی نییه‌، میتۆدێكی باشه‌ بۆ خوێنه‌وه‌ی كتێب. ئه‌م كتێبه‌، له‌ چه‌ند به‌شێكی سه‌ره‌كی پێكهاتووه‌ و له‌ هه‌ریه‌ك له‌و به‌شانه‌ش، نووسه‌ر هه‌وڵیداوه‌ به‌ پوختی له‌ باره‌ی كاریگه‌ریه‌تی فه‌یسبووك له‌ ژیانی ئێمه‌وه‌ بدوێت.
نووسه‌ر له‌ده‌سپێكی باسه‌كاندا، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ مرۆڤی كورد به‌گشتی،له‌به‌ركه‌وتن و كۆنتاك دایه‌ له‌ گه‌ڵ ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌كاربه‌رێكی ئه‌كتیڤی ئه‌و بواره‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌، نه‌بۆته‌ هۆی دروستكردنی مرۆڤێكی بیركه‌ره‌وه‌، پرسیار دروستكه‌ر. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ته‌نها له‌ خۆخافڵاندن و سه‌رقاڵكردن و كۆمێنتی بێ مانادا كورتی كردۆته‌وه‌.

به‌ بڕوای نووسه‌ر، مرۆڤی كورد زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان فه‌یسبووك وه‌ك پانتییه‌ك بۆ خۆده‌رخستن و نه‌رجسیه‌ت و نماییشی جه‌سته‌یی و ڕواله‌تی ده‌بینن. ئه‌وان فه‌یسبووك، وه‌ك ئامرازێكی گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا، گه‌نگه‌شه‌ و دیالۆك،گه‌ڕان به‌ دوای مه‌عریفه‌ و زانستدا نابینن. به‌ڵكو ته‌نها وه‌ك ڕۆتینێكی ژیانی ڕۆژانه‌یان ته‌ماشای ده‌كه‌ن. په‌یوه‌ندی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا،ته‌نها په‌یوه‌ندییه‌كی ڕووكه‌شی و لاساییكه‌ره‌وه‌یه‌.

بۆیه‌شه‌ فه‌یسبووك له‌ نێو ئێمه‌دا، نه‌بۆته‌ هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هوشیاریی و ئاگایی مرۆڤه‌كان. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، هێنده‌ی خوانێكی ڕازاوه‌ ده‌بێته‌ جێی سه‌رنج و گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕای به‌كاربه‌رانی، هێنده‌ پرسیارو بۆچوونێكی فه‌لسه‌فی نابێته‌ جێگه‌ی له‌ سه‌روه‌ستان. بابه‌تێكی دیكه‌ كه‌ نووسه‌ر تیشكی ده‌خاته‌ سه‌رو ڕه‌خنه‌ی ده‌كات ئه‌وه‌یه‌، كه‌ تێگه‌یشتنێكی هزریی و میللی له‌ كۆمه‌ڵی ئێمه‌دا دروست بووه‌ كه‌ هه‌موو بوونێك ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ فه‌یسبووك و هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ك له‌وئامرازه‌دا كۆده‌كاته‌وه‌. واتا ئه‌گه‌ر فه‌یسبووكت هه‌بوو، ئه‌وه‌ تۆ هه‌یت و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش.

له‌ ڕاستیدا، ئه‌و بۆچوونه‌ی نووسه‌ر نه‌ك هه‌ر لۆژیكی و ڕاست و له‌ جێی خۆیه‌، به‌ڵكو به‌ ئه‌رگۆمێنتیش ده‌ركه‌وتووه‌. بۆنموونه‌:شاعیرێك له‌ فه‌یسبووكی خۆی، ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ من گرتبوو،كه‌چۆن ده‌بێت من نووسه‌ربم و وتاربنووسم، به‌ڵام فه‌یسبووكم نه‌بێت؟ ئه‌مه‌ ده‌رخه‌ری ڕاستی بۆچوونی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌یه‌، كه‌ كه‌سانێك چه‌ند ساویلكانه‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌ و چۆن بوونی مرۆڤ له‌ بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی نازیندوو، بێ ڕوح و بێ چێژ، كورت ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر بۆچوونی شاعیرێك بێت كه‌ شاعیران، ده‌بێ پاشخانێكی ڕۆشنبیریان هه‌بێت، ئاخۆ به‌كار به‌رانی ئاسایی فه‌یسبووك، چه‌ند تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ دڵخوازی خۆیان ده‌بینن؟هه‌ربۆیه‌ به‌ بڕوای نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، یه‌كسانكردنی بوونی مرۆڤه‌كان به‌ بوونی نێو فه‌یسبووك و به‌ستنه‌وه‌یان به‌یه‌كتری، نه‌ك هه‌ر بۆچوونێكی نالۆژیكییه‌، به‌ڵكو نه‌زانییه‌كی دیاریشه‌.

چونكه‌ هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پێمان وابێت، ئه‌و تۆڕه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ وبه‌ستراو به‌ هه‌موو دنیاوه‌، ده‌بێته‌ شوێنگره‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ڕاسته‌قینه‌ و ڕوحیه‌كانی ئێمه‌. چونكه‌ مرۆڤه‌كان له‌ نێو فه‌یسبووكدا، بوونێكی ئه‌ندێشه‌ییان هه‌یه‌ نه‌ك واقیعی.
به‌و مانایه‌ له‌ به‌ریه‌ككه‌وتن دابن له‌گه‌ڵ واقیع. لێره‌وه‌ش نموونه‌ی ئه‌وه‌ دێنێته‌وه‌، كه‌ سه‌دان دروشم و هوتاف و بانگه‌واز له‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ده‌كرێن، به‌ڵام چه‌ند له‌و به‌كاربه‌رانه‌ ئاماده‌ن به‌ پراكتیكی له‌ واقیعدا ئه‌و ڕۆڵه‌ ببینن و دروشمه‌كانیان بكه‌نه‌ كردار؟هه‌موومان له‌ فه‌یسبووك قسه‌ ده‌كه‌ین، بیروڕا ده‌گۆڕینه‌وه‌، وه‌لێ هه‌موو ئه‌و دیالۆگانه‌ تا ئه‌و كاته‌ بڕده‌كه‌ن كه‌ له‌ نێو فه‌یسبووكداین، له‌وه‌ به‌دواوه‌، هه‌ركه‌سه‌ و به‌دوای كاری خۆیدا ده‌ڕوات.

هه‌ربۆیه‌شه‌ نووسه‌ر جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ فه‌یسبووك نییه‌ هاتۆته‌ نێو ژیانی ئێمه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئێمه‌ین بووینه‌ته‌ كۆیله‌ی فه‌یسبووك، به‌بێ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆرمان توانای پرسیارو گه‌ڕان به‌ دوای مه‌عریفه‌مان هه‌بێت. خاڵێكی دیكه‌ی گرنگ كه‌ نووسه‌ر له‌ كتێبه‌كه‌یدا تیشكی ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر پێوه‌ره‌كانی پێشكه‌وتن و فراوانبوونی دنیای زانینی مرۆڤه‌كان، به‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و فه‌یسبووك بووایه‌، ده‌بوو ئێستا ئێمه‌ كۆمه‌لگایه‌كی زۆر پێشكه‌وتوومان هه‌بووایه‌. كه‌چی به‌ بڕوای ئه‌و، هیچ كاتێك هێنده‌ی ئێستا، مرۆڤی ساده‌، بیرنه‌كه‌ره‌وه‌،هیچ نه‌زان و گه‌مژه‌، بوونییان نییه‌. چونكه‌ له‌ فه‌یسبووكدا، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت قسه‌ بكات و خۆی نماییش بكات.

له‌ فه‌یله‌سوفێكه‌وه‌ بۆ نه‌زانێك، له‌ پڕۆفیسۆرێكه‌وه‌ بۆ نه‌خوێنده‌وارێك. فه‌یسبووك فلته‌رێكی نییه‌ كه‌ تیایدا ئه‌و گه‌مژه‌یه‌ دوور بخاته‌وه‌ له‌ بۆچوونی مه‌عریفی و زانستی. بۆیه‌ ده‌بینین، وێرای ئه‌و هه‌موو ئامرازه‌ پێشكه‌وتوو، دوا مۆدێلانه‌ی سه‌رده‌م، كه‌چی زۆر به‌ده‌گمه‌ن، فه‌یسبووك وه‌ك سه‌كۆیه‌كی مه‌عریفی و دڵكارای گۆڕینه‌وه‌ی بیرو ڕاكان ده‌بینرێت. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی(مه‌نجه‌ڵێك دۆڵمه‌!) ده‌بێته‌ جێی كۆمێنت، لایك و شه‌یركردن، ئه‌وه‌نده‌ بۆچوونێكی فۆكۆ، یان شیعرێكی بێكه‌س نابێته‌ مایه‌ی دروستكردنی پرسیار لای مرۆڤی كورد. كه‌واته‌ به‌و شێوه‌ په‌یوه‌ندیی و به‌یه‌كه‌وه‌به‌ستنه‌، ده‌توانرێت مرۆڤێكی پرسیار دروستكه‌رو گومانكه‌ر بێته‌ ئاراوه‌؟ خاڵێكی دیكه‌ كه‌ نووسه‌ر باسی ده‌كات ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌بێ نووسینی نێو فه‌یسبووك،كورت، ڕاگوزه‌رو وێنه‌یی بن، تاكو بخوێنرێنه‌وه‌. واته‌ ئه‌گه‌ر نووسین و كۆمێتێك بچووك و كورت نه‌بێت، به‌كاربه‌رانی فه‌یسبووك ده‌یخه‌نه‌ دواوه‌. چونكه‌ ئه‌وان زۆرتر له‌ گه‌ڵ وێنه‌ له‌ په‌یوه‌ندیدان، نه‌ك خوێنه‌وه‌.

بۆیه‌ ده‌بێ نووسینه‌كان خێراو ئاسان خۆیان بده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌نا پشتگوێ ده‌خرێن. كه‌واته‌ ئه‌وستایله‌ له‌نووسین، ده‌توانێ وا له‌مرۆڤ بكات بیربكاته‌وه‌ وبچێته‌ قووڵایی نووسین و مانا؟دواجار نووسه‌ر بۆچوونی وایه‌، ئه‌وه‌ فه‌یسبووكه‌ ئێمه‌ به‌كاردێنیت وكردوومانی به‌ ڕۆبۆت، نه‌ك ئێمه‌ فه‌یسبووك به‌كاربێنین.ئه‌مانه‌ و زۆر بابه‌تی دیكه‌ش له‌ كتێبه‌كه‌دا هه‌ن.
له‌ ڕاستیدا، دوور له‌ هه‌موو جۆره‌ سازش و پێدا هه‌ڵگوتنێك ده‌ڵێم: ئه‌م كتێبه‌، یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین ئه‌و كتێبانه‌ی شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو كه‌سێك، نه‌ك خوێنه‌ران به‌ ته‌نها بیخوێننه‌وه‌. چونكه‌ كتێبێكه‌، له‌ باره‌ی دیارده‌یه‌كی سه‌رده‌مه‌وه‌ ده‌دوێت، كه‌ وه‌ك هه‌ناسه‌دان، به‌ داخه‌وه‌ بۆته‌ به‌شێك له‌ بوون و ژیانی ئێمه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆرمان، بزانین چییه‌ وچۆن به‌كاربه‌رێكی فه‌یسبووكین كه‌ ئه‌مه‌ش گرنگه‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی ئێستامان.دوای خوێنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌، خوێنه‌ر پرسیارو سه‌رنجی زۆری لادروست ده‌بێت به‌ ئاراسته‌ی ئه‌وه‌ی چۆن ببێته‌ به‌كاربه‌رێكی دیكه‌ی فه‌یسبووك.

بۆیه‌ ده‌ستخۆشانه‌ له‌ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ ده‌كه‌م و هیوای به‌رده‌وامیش بۆ ناوه‌ندی ڕه‌هه‌ند ده‌خوازم، كه‌ ئه‌گه‌رچی ماوه‌یه‌كی كه‌مه‌ ده‌ستییان به‌وه‌شان كردووه‌، به‌ڵام له‌وماوه‌ كه‌مه‌دا، چه‌ندین كتێبی نایابی ئه‌ده‌بی و زمانه‌وانی و فیكریان خستۆته‌ به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران.

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

*په‌راوێز/ ناوی كتێب( فه‌لسه‌فه‌و فه‌یسبووك، یان فه‌لسه‌فه‌ی فه‌یسبووك)نووسینی(نه‌وزاد جه‌مال) بڵاوكراوه‌ی (ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ڕه‌هه‌ند)_2019




ڕێکخراوە جەماوەریەکانی چینی کرێکار … و:کاوە عومەر

دیمانەی مەنسور حیکمەت لەگەڵ کۆمۆنیست سەبارەت بە بڕیارنامەی پەسەندکراوی پلینۆمی دەهەم…
بەشی یەکەم

کۆمۆنیست: لە بەشی یەکەمی بڕیارنامەکەدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە چینی کرێکاری ئێران بەدرێژایی مێژوو بێ بەش بووە لە ڕێکخراوەی جەماوەی ئاشکرا. گرنگترین هۆکارەکانی بەردەم ئەم بێ بەشییە چیە؟ ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە لەگەڵ هەبونی ئەم هۆکارانە پێکهێنانی شورا چۆن گونجاوە بتوانێت بە شێوەیەکی فراوان پێکبێت وە بەشێوەی بەردەوام درێژە بەبوون وکارو چالاکیەکانی بدات؟ ئایا جیاوازی ڕێکخراوەی شورایی لەگەڵ بەدیلە ڕیکخراوەییە جەماوەریەکانی تردا بەو ئاستە جدیە کە ئەم ڕیگرییە واقعیانە لەبەرامبەریدا پوچەڵ دەبێتەوە؟ ئایا ڕێکخرای شورایی خۆی لە خۆیدا بەرگری زیاتری لەبەرامبەر سەرکوتگەریەکانی بۆرژوازیدا هەیە؟

مەنسور حیکمەت: رێگام بدە سەرەتا ئەوە بڵێم کە نابێت “بێ بەشبوونی مێژویی” چینی کرێکاری ئێران لە ڕێکخراوەی جەماوەری بە شێوەیەکی ڕەها نیشان بدەین. سەردەمانێک لە مێژوی بزوتنەوەی کرێکاری ئێراندا بوونی هەبووە، وەکو سەردەمی پێش سەرکوتی ڕەزاخانی، سەردەمی پاش جەنگی جیهانی دووهەم هەتا کودەتای ٢٠ ئاپ( ٢٨ مردا) و بەکورتی سەردەمی شۆڕشی ٧٩، کە گەواهی دەدەن لەسەر پێکهاتن وپەرەسەندن لە شێوازە جیاوازەکانی ڕێکخراوەی جەماوەری هێنابووە دەرەوە، بەڵام بەهەرحاڵ ئەگەر ٢٠-٣٩ ساڵی دوای (واتە ئەزمونی یەک تا دوو نەوەی ئەم دواییانەی کرێکاران) وەک بنەما دابنێین، سەیر دەکەین چەند جیاوازییەکی جدی هەیە لە ئاستی ڕێکخراوکردنی جەماوەری کرێکاران لە ئێران و تەواوی وڵاتان، وە نەک تەنها وڵاتانی سەرمایەداری پیشکەوتوتردا، بەڵکو زۆریک لە وڵاتانی ژێردەسەڵاتی ئیمپریالیزم دەبین.
ئەم بارودۆخە هۆکاری جۆراوجۆری هەیە کە لە ئاستی جیاوازدا دەتوانیت لەبارەیانەوە قسە بکەین. یەکەمین هۆکار کە بەبیردێنەوە ئەوانەن: یەکەم گۆڕانی خێرای پێکهاتەی چینی کرێکارە پاش چاکسازی زەوی دەیەی چل و هاتنە ناوەوەی بەشێکی زۆر گەورەی دانیشتوانی دیهاتەکان بۆ مەیدانی کاری بەکرێ لەشارەکاندا، ئەمە هەم ململانی ناوخۆی چینی کریکاری توندکردەوە (ململانێیەک کە تەنها لە ناوەڕاستی دەیەی ٥٠ ی هەتاویدا لەگەڵ چوونە سەری داهاتی نەوت زۆربوونی ئاستی کارکردنی کەمکردوە) وە هەم کاریگەریشی لەسەر ئاستی خۆهوشیاری چینی کرێکاری ئێران دانا. ئەزمونی خەباتی سەندیکایی ڕابردوی هاوپیشە و پیشەوەرانێکی دیاریکراودا ئەبێت، وەکو ڕستنەکان، پیشەی چاپ و هتد، کە لە دەیەی ٤٠ و٥٠ کان، پێگەی خۆیان لە بەرهەمهێنانیش و بەڕادەیەکی زۆریش لە کارکردنی کرێکاراندا لەدەستداوە. نەوەی نوێی کرێکارانی بەکرێی ئێران هاوڕێ لەگەڵ پێشەسازی نوێدا، تەکنەلۆجیای جیاوازو بەشەنوێیەکانی بەرهەمهێناندا گەشەیان کرد. سونەتە ڕێکخراوەییەکانی دەیەکانی ڕابردو، کە ئیتر هێندە بەهێزو درێژە کار نەبوو.
لەم بارودۆخەدا لاواز بووە. چینی کرێکارێکی تازە پێگەیشتو کە پێی ناوەتە مەیدان کە بەشی زۆریان لەگەڵ سونەتی خەباتی ڕێکخراوەی کرێکاریدا ڕانەهاتبوو وە لە مێژوچەی خەباتی ڕێکخراوەیی کرێکاری کاریگەری جدی وەر نەگرتبوو. هۆکارێکی تربوونی کەم تا زۆر سەرکوتی توندی سیاسی ودەسەڵاتی ڕژێمە سەرکوتگەرە پۆلیسیەکانە لە ئێرانی سەدەی بیستدایە کە تەنها لە ماوەی قۆناغ گەلێکی دیاریکراو، لە بارودۆخی تەنگژە سیاسیەکان، لە دامێنەی ئەودا داشکاوەتەوە. هەوڵەکانی بزوتنەوەی کریکاری لە ئێران بۆ ڕێکخراوبوون وڕێکخراومانەوە بەردەوام لەگەڵ توندترین سەرکوتی پۆلیسیدا ڕووبەڕوبووە و ڕابەران وهەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاریان لەژیر توندترین چاودێریدا داناوە.
ئەمانە ئەو هۆکارە گشتیانەن کە پێکهاتن وبەردەوامی ڕیکخراوە کرێکاریەکانیان لە ئێراندا دژوار کردووە، بەڵام بیرهێنانەوەی ئەمانەش بەڕێکی وەڵامی کێشەکە ناداتەوە. پرسیارەکە دەتوانرێت بەم شێوەیە بێت کە بۆچی بزوتنەوەی کرێکاری نەیتوانیوە بەسەر ئەم گیروگرفتانەدا سەرکەوێت؟ لێرەدا ئەبێت هەندێک تایبەت تر قسە لە’ڕێکخراوەی جەماوەری” بکەین. وە ئەمە پەیوەندی بە بەشی دوهەمی پرسیارەکەتانەوە ئەبێت. لەوجێگایەدا کە باس لە شوراو، سەندیکا، وەکو “ئەلگۆکانی” ڕێکخستنی جەماوەری بیردێنیتەوە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە شورا، سەندیکا، کۆمیتەکانی کارگە وهیتر… تەنها “ئەلگۆکانی”ڕێکخراوی جەماوەری نین، ئەو ئەلگۆیانەی کە گوایە وەڵام بە پێوستیەک ئەدەنەوە وە کرێکاران سەرپشکن کە ئەم ئەلگۆ یان ئەو ئەلگۆیە بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن. سەندیکاو شورا بەدیلەکانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکانن لە ناو بزوتنەوەی چینایەتیدا.
بەدەستەواژەیەکی تر نابێت ئەوانە بەشێوەی پێشنیار وئەلگۆکانی ڕێکخراوی تەجریدی ولە دەرەوەی کات و شوێن وبەبێ پێشینەو ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی و مێژویی دیاریکراو وەربگرین.
بزوتنەوەی سەندیکایی وبزوتنەوەی شورایی و بزوتنەوەی کۆمیتەی کارگەکانیش و هیتریش، بزوتنەوە جیاوازن لەناو دەرونی چنی کرێکاردا. ئەوبزوتنەوانەی کە ناوەرۆکی سیاسی وئاسۆ و کردەوەیەکی جیاواز نونەرایەتی دەکەن وە تەنانەت کاریگەریان لە توێژە جیاوازەکانی چینی کرێکاردا وەک یەک نییە. بەم پێیە ئەبێت ئەم پرسیارە بەشێوەی دیارتر بخرێتەڕوو. هۆکاری سەرنەکەوتنی بزوتنەوەی سەندیکالیستی و تریدۆنیۆنی لە ئێراندا چی بووە؟ وەیان، بزوتنەوەی شورایی بەیاریکراوی بۆچی نەیتوانیەوە وەڵامدەرەوەی پێویستیە ڕێکخراوەیەکانی جەماوەری کرێکار بداتەوە؟ لێرەدایە کە ئیتر ئەبێت لەباسی ڕێگری وئاستەنگە گشتیەکان واوەتر بچین و وەڵام بە دینامیزمی جوڵانی ئەم بزوتنەوە دیاریکراوانە وکێشەکانیان لە ئێران بدەینەوە.
ئەگەر کێشەکە بەو جۆرە لەبەرچاو بگرین، یەکسەر ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بزوتنەوە واقیعیەکان بۆ ڕێکخستنی جەماوەری کرێکاران، بەشێکن لە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی فراوانتر کە نەک تەنها لەبەرامبەر بە ڕێکخراوەی کرێکاران، بەڵکو لەپەیوەند بە هەموو بارودۆخی ئابوری وساسیەوە لە کۆمەڵگەدا ئەڵتەرناتیڤی خۆیان نیشان ئەدەن. بزوتنەوەی سەندیکایی یان بزوتنەوەی شورایی، بەشیکن لە جوڵانەوەیەکی فروانتر بۆ گۆڕینی هەموو کۆمەڵگە لە لایەنێکی تایبەتدا. ئەبێت ئەو بۆچونە ساویلکە سونەتیانەی چەپ بخەینە لاوە کە گوایە حیزبە سیاسیەکان خەباتی وشیارانەو ئامانجدارانەی سیاسی نوێنەرایەتی دەکەن وڕێکخراوە کرێکاریەکان کارو کاردانەوەی “خۆبەخۆی” کرێکاران بۆ باشکردنی بارودۆخیان پێچەوانە دەکەنەوە.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە تریدیۆنیزم وبزوتنەوەی سەندیکالیستی بەهەر ئەندازەیەکیش کە لە هەنگاوەکانی یەکەمی خۆیدا لەسەدەی ڕابردودا بزوتنەوەیەکی “خۆبەخۆ” بووبێت (کەنەبووە)، دەیان ساڵە بەشێکی جیانەکراوەیە لە ڕێبازێکی گشتی کۆمەڵایەتی، واتە ڕیفۆرمیزم وسۆسیال دیموکراسی. تریدیۆنیزم، ئەڵتەرناتیڤی دیاریکراوی ڕیفۆرمیزم و سۆشیال دیموکراسیە وەک بزوتنەوەیەکی دیارو پێناسەکراوی سیاسی و چینایەتی بۆ ڕیکخستنی کرێکاران. ئەم ئەڵتەرناتیڤە زۆر زیاتر لە چوارچیوەی کرێکاری و پێکهێنانی یەکێتیەکان تێدەپەڕێ. لەگەڵ ئەمەشدا، ئاسۆیەکی دیاریکراوی سەبارەت بە شێوەی دەوڵەت بەگشتی، گرفتی شێوەکانی بڕیاردانی ئابوری و تەنانەت تیئۆریەکان و بەرنامە کاری ئابوری دیاریکراو دەخرێتەڕوو. ئەگەر ئێوە بەشەکانی ئەم ئەڵتەرناتیڤە کۆمەڵایەتی-ڕیفۆرمیستی وسۆسیال دیموکراسیە، خەت بکێشن، ئەوکاتە سەندیکالیزم” نەقابەگەری” خۆی لەخۆیدا توانای بوونی بە جوڵانەوەیەکی فراوانی کۆمەڵایەتی نییە. بزوتنەوەی نەقابی، باڵێکی کرێکاری جوڵانەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیە کە بەشەکانی تری وەک ڕابەران وحیزبە سیاسیەکان، ئەڵتەرناتیڤە ئابوریەکانیان بۆ هەموو کۆمەڵگە، سیستەمی ئابوری تایبەت بەخۆی و هیتریش داوادەکات وە پێویستی پێیەتی، هۆکاری بێبەشی کرێکاری ئێرانی لە نەقابە تەنها ئەوە نییە کە بۆرژوازی ڕیگری پێکهێنانی نەقابەکان بووە، بەڵکو لەبنەڕەتدا لەوەدایە کە لانی کەم لە پاش ٢٠ئاپ(٢٨مرداد)وە ڕیفۆرمیزم لە ئێران گەیشتە کۆتایی سەردەمێکی چارەنوس سازی خۆی وە لەدوای ئەوکاتەوە جێگایەکی گرنگ لە مەیدانی سیاسی لە ئیراندا داگیر ناکات.
هەر ئەو مەسەلەیە لەبارەی بزوتنەوەی شواریشەوە دروستە. ئەویش تەنها نموونەیەک نییە، بەڵکو ئەڵتەرناتیڤیکی بزوتنەوەیەکی تایبەت و مەیلێکی تایبەت لەناو چینی کرێکاردایە بۆ ڕێکخستنی کرێکاران. ئەگەرچی لەڕوی مێژویەوە بەڕێژەیەکی زۆر شوراکان جێگای سەرنجی ئانارشیستەکان بووە، بەڵام دەمێکە کە بەشێوەیەکی روولەگەشە لەگەڵ کۆمۆنیزم هاتۆتەوە و لەگەڵی لێکهەڵپێکراوە. ئەزمونەکانی وەکو کۆمۆنەی پاریس و شۆڕشی ئۆکتۆبەر، بیرۆکەی شوراکان و ڕێکخستنی شورایی کرێکارانی بەتیئۆری کۆمۆنیزم وسیاسەتی کۆمۆنیستیەوە جۆشدراون. بزوتنەوەی شورایش بەم ڕیزبەندیە بەشێکە لە جوڵانەوەیەکی جیاواز، بە ئاسۆ و دورنمای سیاسی، ئابوری و بەڕیوەبەری تایبەت بەخۆی. بارودۆخی بزوتنەوەی شوراییش بەتەواوەتی پەیوەست ئەبێتەوە بە بارودۆخی کۆمۆنیزمەوە لە ئێران.
ئەوەی کە بیرۆکەی شورا لە شۆڕشی٥٧(٧٩م)زاڵ بوو بەسەر بیرۆکەی سەندیکاییدا لەناو چینی کرێکاردا، ڕەنگدانەوەی بێ پایەیی و لاوازی ڕیفۆرمیزم و سۆشیال دیموکراسی و سەرکەوتنی گشتی بیری کۆمۆنیستی وسیاسەتی ڕادیکاڵ لەنێو کرێکاراندا بوو. (لەژێرسایەی بارۆدۆخی شۆڕشگێڕانەدا).وە ئەوەش کە ئەم بزوتنەوەی شوراییە نەیتوانی ئەو هێزو پەرەسەندنە بەدەست بهێنێت لە سنورداری فکری وکردەیی تایبەتی کۆمۆنیزمی ئێرانەوە لەوسەردەمە دیاریکراوەدا سەرچاوە دەگرێت.
بەکورتی باسی شوراو سەندیکا، باسێک نییە بۆ هەڵبژاردن لەنیوان یەکێک لە”نمونە”کانی ڕێکخراوبونی جەماوەریدا. ئەمە ڕەنگدانەوەی کێشمەکێشی ئەڵتەرناتیڤەکانی دوو مەیلی بنەڕەتیە لەناوخۆی چینی کرێکاردا. مەیلی کۆمۆنیستی و ڕادیکاڵ ومەیلی ڕیفۆرمیستی وسۆسیال دیموکراسی. ئەگەر شوراکان (لەبەراورد لەگەڵ… یەکێتیەکاندا)بە باوەڕی ئیمە، لە پایەیەکی مادی زۆر گونجاوتر لە بۆ پێکهاتن وگەشە لە ئێراندا بەهرەمەندن، تەنها بەهۆی گونجاوی نمونەی ڕیکخراوەیەکەیانەوە نییە… بەڵکو لە کارامەیی زۆرتریش سەرچاوەی گرتوە لە… سەرکەتنی مەیلە ڕادیکاڵەکان لەناو کرێکارانی پێشڕەو و ڕابەرانی عەمەلیدا، وە بەهێزتربوونی زەمینە مادیەکانی هەژمونی سیاسەتی کۆمۆنیستی لەدەرونی بزوتنەوەی چینی کرێکار لە بەراورد لەگەڵ سیاسەتەکانی سۆسیال دیموکراسی و ڕیفۆرمیستیدا. ئەزمونی شۆڕشی٥٧(١٩٧٩)، شێوە کارکردی کرێکارانی پیشڕەو، بارودۆخ و هەواڵی جوڵانەوەی سەندیکالیستی لەبەراورد بە جوڵانەوە شوراییەکانی ئەمڕۆش دەوری روولەگەشەی کۆبونەوە گشتییە کرێکارییەکان لە خەباتی ئیستای کریکاراندا بەڵگەی ئەم راستیەن.
پێویستە بڵێم کە ئەم قسەیە ئەوە ناگەیەنێت کە کۆمۆنیستەکان لەسیاسەتی خۆیاندا جێگایەک بۆ نەقابە قایل نین، و، نابێت ببنە هەڵسوڕای یەکیەتیەکان و لە مێژوشدا نەبوون، باسەکەی من ئەوەیە کە هەمیشە کۆمۆنیستەکان نەقابەکانیان وەک ڕاستیەکی بابەتی لە بزوتنەوەی کرێکاریدا، وەک بەرئەنجامی کاری مەیلە کۆمەڵایەتیە نا کۆمۆنیستیەکانی بینیوە لەنیوان کرێکاراندا وە بوونیانی بە فەرمی ناسیوە. هەر بۆیەشە کە ئێمە هەمیشە لە ئەدەبیاتی کۆمۆنیستیدا لەگەڵ کێشەی “شێوە مامەڵە”ی کۆمۆنیستەکاندا لەگەڵ بزوتنەوەی تریدیۆنیستی ڕووبەڕوو دەبینەوەو کەمتر لەگەڵ وەڕێخستنی بزوتنەوەی تریدیۆنی لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە. (ئەزمونی سەندیکا سورەکانی کۆمینترنیش هەوڵیک بوو لە پێناو پێکهێنانی ئەڵتەرناتیڤێکی ڕادیکاڵ لەبەرامبەر تریدیۆنیزمیکدا کەلەژێر کاریگەری سۆشیال دیموکراسی) دا بوو.
باسەکە ئەوەیە کە تریدیۆنیزم ئەڵتەرناتیڤی تایبەتی کۆمۆنیزم نییە بۆڕێکخراوکردنی کرێکاران. ئەم ئەڵتەرناتیڤە تایبەتیەی کۆمۆنیزم بزوتنەوەی شوراییە. لەگەڵ ئەوەشدا کۆمۆنیستەکان لەزۆر دۆخدا لەژێر کاریگەری بارودۆخێکی دیاریکراودا، لەگەڵ ئەرکی بەشداری کاریگەر لە یەکیەتیە کرێکاریەکان وە یان تەنانەت هەوڵ لە پێناو دامەزراندنی یەکێتیدا ڕووبەڕوو دەبنەوە. کۆمۆنیستەکان هەمیشە توخمی کاریگەری بزوتنەوەی یەکێتیەکان بوون، بەڵام مێژوییەن بزوتنەوەی کرێکاری پیشانیداوە کەلە هەر جێگایەک سیاسەتی کۆمۆنیستی بووبێتە سیاسەتیکی سەرکەوتو لەبزوتنەوەی کرێکاریدا، شوراکان سەریان دەرهێناوەو پەرەیان پێداوە.

دواتر بەرگری ئێمە لەشورا تەنها سەرچاوەی لەوەوە نەگرتوە کە ئەم نمونەیە شانسی زۆرتری بۆ پیادەکردن هەیە، وەیان لەبەرامبەر سەرکوتگەریەکانی بۆرژوازیدا باشتر بەرگری دەکات، ئەگەر بەو شێوەیەش نەبێت ئەبێت کارێک بکەین کە بەوشێوەیەی لێبێت. ئێمە ئەمانەوێت، وەک کۆمۆنیست، ئەڵتەرناتیڤی بزوتنەوەی خۆمان بۆ ڕێکخستنی چینەکەی خۆمان جارێکی تر دەخەینە ڕوو. ئەلێین جارێکی تر، چونکە مێژوی کرێکاری بەردەوام مەیدانی ڕوبەڕوبونەوەی ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی وڕیفۆرمیستی مەیدانی ڕێکخستن وکاری کرێکاری بووە. ئەوەی کە یەکێتیەکان لە وڵاتانی سەرمایەداری پیشکەوتودا گۆڕدراون بەشێوەیەکی بەردەوامتر بۆ یەکگرتنی کرێکاران (ئەڵبەت بە ئاسۆ و سنورداریەکانی یەکیەتیەکان)، بەو دەلیلە نەبووە کە کرێکاران چونەتە بنج وبناوانی و لە سودەکانی ئەم”نمونا”نەیان لێکداوەتەوەو سەندیکایان بەگونجاوتر دیاریکردوە، بەڵکو بەو دەلیلە بووە کەسیاسەتی ڕادیکاڵ بەشێوەی گشتی، بەسەرنجدان لە سەقامگیری سەرمایەداری لەدوای شەڕی جیهانی دووهەم. بەسەرنجدان لە پشتیوانی چەپی بۆرژوازی لەئەو وڵاتانە لە ڕیفۆرمیسم پاشەکشەی کردوە.

ئەم کێشمەکێشەی نێوان ئەم ڕێبازەدا لە بارودۆخی شۆڕشگێڕانە و تەنگژاویەدا باشتر دەبینین. لەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر، ڕوبەڕوبونەوەی یەکیەتیەکان لەگەڵ شوراکان وکۆمیتەی کارگەکاندا توندبۆوە. هەر ئەمڕۆش ئەبینین کە چۆن لەگەڵ لاوازبوونی بزوتنەوەی سەندیکایی لە ئەورپای ڕۆژئاوادا، هەوڵدان بۆ دامەزردانی ئەڵتەرناتیڤی کرێکاری لەپێناو ڕێکخستنی جەماوەر لەدەرەوەی بونیادی یەکیەتیەکاندا فراوان بۆتەوە.
ئێمە ئەڵتەرناتیفی تایبەتی خۆمان جارێکی تر دەخەینەڕو، بەبێ ئەوەی پشت بکەینە بزوتنەوەی سەندیکایی (ئەگەر هەبێت) وەیان زەرورەتیان (بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئیستا کرێکارانی ئێران) نکوڵی لێبکەین. بەدڵنیایی ئەگەر سەندیکاکان، تەنانەت بەگریمانەی ئەوەش کە ئەگەر ڕیفۆرمیستیش بوونایە، لەئێرانی ئەمڕۆدا بوونیان هەیە، ئەمە وەک خاڵێکی بەهێزی جدی بۆ چینی کرێکاری ئێران هەژمار دەکرێت. بەدڵنیایەوە کۆمۆنیستەکان بەفراوانی بەشداریان دەکرد، بەدڵنیاییەوە بارودۆخی کڕێکاران لەوە باشتر دەبوو. بەڵام تەواوی کێشەکە لەسەر هەر ئەو “ئەگەرە”یە.
کەبزۆتنەوەی سەندیکایی لەئێران زۆرتر دورترە لەبزوتنەوەی شورایی بۆ ئەوەی بگۆڕدرێت بەبوونێکی مادی. لەبارودۆخێکی وادا هۆکارێک نییە بۆئەوەی کە کرێکاری ڕادیکاڵ وسۆسیالیست ئەڵتەرناتیڤی خۆی نەخاتەڕوو، ئەڵتەرناتیڤێک کەبەهۆی بارودۆخی تایبەتی ئێرانەوە، کە لەبڕیارنامەکەدا باسی لێکراوە تەنانەت پێشوازی گشتی کرێکاران بۆ ئەو زیاترە وە ئێستاش ماتریاڵێکی زۆر بۆ پێکهێنانی ئەوە پەیدابووە. ئێمە دەڵێن شوراکان ڕێگایەکی چینایەتی تر بۆ ڕێکخستنی چینی کرێکار نیشان ئەدەن ئیرادەی ڕاستەوخۆی کرێکاران باشتر دەرئەخات، یەکگرتویەکی قوڵتر دێنێتە ئاراوە، کەلێنی دەستەو تاقمی لەنێوانیاندا قایمتر ناکاتەوە،. کەمتر ڕێگا بە کاریگەری بۆرژوازی ئەدەن، چوارچێوەی باشترن بۆ نیشاندانی ڕادیکاڵیزمی کرێکاری، لەم ڕوەوە خۆمان بە هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی شورایی لە ئێران هەژمار دەکەین وکرێکاران بانگەوازی کرێکاران دەکەین بۆ خەباتکردن بەرەو پێکهێنانی شوراکان.
کۆمۆنیست: ئەزمون نیشانی داوە کە تەنانەت کاتێکیش کە ڕێکخراوە کرێکاریەکان خۆیان بەسەر بۆرژوازیدا ئەسەپێنن و دەوڵەتەکان ناچار ئەبن کە بوونیان بە فەرمی بناسن، هەوڵێکی ڕێکخراو بەڕێدەخرێت بۆ ئەوەی لەناوەوە ملکەچیان بکەن و ئیتر نەتوانن وەسیلەیەکی سەربەخۆی کرێکارانبن. ئایا ناکرێت کە ڕێکخستنی شورایی کرێکارانیش توشی هەمان چارەنوس ببێت هەر وەک چۆن هەندێک لە یەکێتیەکان لە ئەمریکاو ئەوروپا دوچاری بوون؟
مەنسور حیکمەت: ئەزمون ئەوەی لەبارەی یەکێتیەکانەوە نیشانداوە، بەڵام نمونەی ئەو شورایانە زۆرکەمن کە لە”ناوەوە” ملکەچ کرابن و درێژەیان بەتەمەنی خۆیان دابێت. شوراکان، ئەگەر هەربەوشێوەیەی کەجێگەی مەبەستی ئێمەیە چوارچێوەی کاری ڕاستەوخۆی کرێکاربووبن، بەگشتی لەگەڵ سەرکەوتنی بۆرژوازیدا سەرکوت ولەکاردەخرێن. ئەڵبەت دەرکرێت کەبتوانی بارودۆخێک بسەپێنیت کە شوراکان بە ناوەرۆکی واقیعی خۆیانەوە ئامادەببن. بەڵام لێرەدایە کە بۆ بۆرژوازیش شورا تەنها شێوازێکی ڕێکخراوەی کرێکاران نیە، بەڵکو بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵ و واقعییەو ئەبێت سەرکوت بکرێت، بەشێوەیەکی باو لاوازی شوراکان و سەرکەوتنی کۆنەپەرستی لەشکست پێهێنان وداخستنیان و کێش دەبێت بۆ دامەزراندنی شێوازی پارێزگارانەترو جێگەی کۆنترۆڵتری ڕێکخستنی کرێکاران.
وەرگێرانی بۆ کوردی: کاوە عومەر
چاوپێداخشاندنەوەو هەڵەبڕی: بۆپێشەوە




برێگزت و درێژەی قەیرانی بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە بەریتانیا … نوری بەشیر

قەیرانی سیاسی و ئابوری حکومەتی بەریتانیا لەچوارچێوەی قەرێرانێکی فراوانی جیهانیدایە و کێشەکانی ئێستای بۆرژوازی بەریتانیا بەتایبەت لەسەر مەسەلەی برێگزت زیاتر فراوان بۆتەوەو حزبەکانی دەسەڵاتی قوتبەندی کردۆتەوە، بەتایبەت بەدوای ئەوەدا کە بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیران بڕیاری داخستنی پەرلەمانی بۆ ماوەی پینچ هەفتە راگەیاند بەپاڵپشتی شاژنی بەریتانیا، ئەمە کۆمەڵگەی لەسەر گاڵتەجاڕی دیموکراسی و پەرلەمانی هێنایە ژێر رەخنەی جۆراوجۆرو هەر بۆیە دادگای باڵای بەریتانیا بەناچار ئەم کارەی بۆریس جۆنسنی بەنایاسایی ناساند. سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا ڕۆژی ٢٤/٩ ڕایگەیاند پەرلەمان دەوامی خۆی دەست پێدەکاتەوەو ئەمەش سەرۆک وەزیرانی ناچارکرد کە کۆبوونەوەی نەتەوە یەگرتووەکان بەجێبهێڵێت و بە توڕەیی و قسەی ڕەقەوە بەشداری دووهەم ڕۆژی دانیشتنی پەرلەمان بکات کە بووە شوێنی نیگەرانی و رەخنەی زیاتری ئەندامانی پەرلەمان و حزبەکان و کۆمەڵگەش. وە ئەمەش وایکرد هێندەی تر ئەم سێهەم سەرەک وەزیرانە و حزبەکەیشی بکەونە بەر نەفرەت و ناڕەزایەتی و هەتا لەناوخۆشیاندا زیاتر لەیەک بترازێن و تا دەگاتە ئەوەی جۆن بیركۆ، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا رایبگه‌یەنێت کە ده‌ست له‌كار ده‌كێشێته‌وه‌.

بەڵام جێگەی خۆیەتی ئیشارەتێکیش بەوە بکەین کە ئەم هەنگاوەی دادگای باڵا بەنایاسایی ناساندنی هەڵپەساردنی پەرلەمان لەژێر ناوی پێشێلکردنی یاسا و دیموکراسی وڵاتدا، شتێکە کە روویەکی تری ئەو قەیرانە دەردەخات کە کە بۆرژوزای بەریتانیا تێیدا ژیان بەسەر دەبات و حکومەتی نەهێشتووە لەم وڵاتەدا، بۆیە بەناچار دەبێ قوربانی بە بۆریس جۆنس و هەتا حزبەکەشی بدەن بۆ رزگارکردنی حکومەت و دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی لەو هەلومەرجەی کەتێیدایە، کە حزبی پارێزگاران نەیتوانی رزگاری بکات، هەر بۆیە خەریکن فایلی کۆنی بۆریس جۆنس کە کاتێک مەیەری لەندەن بووە هەڵدەدەنەوە، بۆ دۆزینەوەی رێگایەک کە حکومەت و دەسەڵاتی بۆرژوازی پێ نەجات بدەن، ئەم رێگایەش ئێستاش لەبەردەم حکومەتی ئەمریکادایە لەبەرامبەر شەڕ ئەنگێزی و پەلامارەکانی ترەمپدا، کە بۆریس لەبەریتانیا لاسایکەرەوەیەکی گاڵتەجاڕی ترەمپە!.

ئەم قەیرانەی بۆرژوازی بەریتانیای تێکەوتووە، تەنیا لە ناو پەرلەمان و قوتبیبوونی حزبەکاندا نەماوەتەوەو شۆڕبۆتەوە بۆ خوارەوە و کۆمەڵگەی قوتبی کردۆتەوەو دەوارانێکی پر جەنجاڵی و ئاڵۆزی هەموو میدیاکانی ناوخۆو جیهانی داگرتووە. لەلایەک ناڕەزایەتیەکان کۆمەڵگەی داگرتووە، حزبەکانی تری بە راست و چەپەوە خستۆتە بەردەم خۆکۆکرنەدەوە، لەوەش واوەتر لە چەندین مناسەبەی جیادا خەڵک لە نەخۆشخانەکان و سەر شەقامەکاندا ڕووبەڕووی بۆریس جۆنسن دەبنەوەو یەخەیان گرتووە کە کۆمەڵگەیان داغان کردووەو خزمەت گوزاری نەماوەو پێیان وت کە ئێوە یاری بە چارەنوسی کۆمەڵگە دەکەن.

لەلایەکی ترەوە ئەم قەیرانەی کە بۆرژوازی بەریتانیا پێدا تێدەپەڕێت، کۆمەڵگەی خستۆتە هەلومەرجێکی ناجێگیرو تاریکەوە، حزبەکانی لیبراڵ دیموکرات و حزبی کرێکاران “لەیبەر پارتی” لەبەرامبەر حزبی پارێزگاراندا زیاتر بەرچاو خستووە و ئەندام پەرلەمان لە حزبی دەسەڵاتەوە بەرەو حزبەکانی تر دەڕۆن و ئەندامانێکی تر بەدژی سیاسەتی جۆریس جۆنسن دەوەستنەوەو وە حزبەکانی خستۆتە بەردەم کۆنفراس و خۆئامادەکردن بۆ شەڕەکانی دواتری هەڵبژاردن و یەکدەست بوونی باڵەکانی ناویان. لەوانە کۆنفراسی چەند رۆژی رابردووی حزبی کرێکاران کە باڵی چەپی گەیاندە ئەو رادەیەی وەک هێزی سەرەکی ناو ئەم حزبە خۆی نمایش بکات و وەک باڵی سۆسیالیست خۆی بناسێنێت و لەناو کۆنفرانسەوە بانگەوازی ئەوە بکات کە دەکرێ داهاتوو سۆشیالیستی بێت، ئەمە نەک تەنیا ڕاچڵەکانی حزبی دەسەڵاتدار “پارێزگارن” بوو، بەڵکو بووە هۆی ڕاچڵەکان و پاشەکشەی باڵی ڕاستی ناو حزبی کرێکاران کە بە بلێریستەکان ناسراون.

کاریگەریەکانی برێگزت تەنیا کۆمەڵگەی بەریتانیای لە ڕووی سیاسیەوە نەگرتۆتەوە وەک سەرخەتەکانمان باسکرد، بەڵکو لە ڕووی ئابووریەوە پاوەندی بەریتانی لە خوارترین ئاستدا ڕاگرتووەو نرخی کەلوپەل و پێداویستیە ڕۆژانەییەکانی خەڵک لە بەرزبوونەوەدایە. ڕۆژانە هەواڵی داخستنی کۆمپانیاکان دەبیسترێت و بیکاری کرێکاران فراوان تر دەبێت، ئەمانە لە ئێستادا بوونەتە خواست و بەرنامەیەک بۆ حزبی کرێکاران ئەگەر بێنە سەر دەسەڵات چاکسازی بۆ دەکەن.
لەبەرامبەردا حزبی پارێزگارانی دەسەڵاتدارو سەرۆک وەزیرانەکەی هیچ کێشەیەکیان نییە لەبەرانبەر ئەو هەلومەرجە ڕوو لە خوار و قەیرانەی کۆمەڵگە، بەڵکو تەنیا قسەیان لەسەر ئەوەیە کە چۆن لە ٣١ی ئۆکتۆبەردا بێنە دەرەوە لەئەوروپاو بەم هەنگاوەیان حزبەکەیان لەو قەیرانەی کە تێی کەوتووە رزگار بکەن.

بەجیا لەوانەش لەناو ئەو کێشانەدا بەریتانیا، حزبی دەسەڵات و حکومەت ڕووبەڕووی کێشەی سکۆتلەنداو ئێرلەندا بۆتەوە کە پێداگری مانەوەیان لە ئەوروپای یەکگرتوو دەکەن، بەپێچەوانەی حزبی پارێزگارانی دەسەڵاتدار کە بەهەموو شکستەکانیەوە سەرۆکەکەیان هەر سورە لەسەر برێگزت واتە دەرچوون لە ئەوروپای یەکگرتوو.
لەم قەیرانە سیاسی و ئابوریەی ئێستادا بەجیا لەو فرسەتەی کە هاتۆتە بەردەم باڵی چەپی حزبی کرێکاران کە ئێستا خۆی لە پەرلەماندایە، کە خەریکی خۆ یەکدەستکردن و ئامادەکردنە بۆ هەڵبژرادنی داهاتوو تا بتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست، وە قسەوباس و ئامادەکاری دەکەن بۆ چاکسازی کەلەبەرنامەیدایە. هەروەها ئەمەش فرسەتێکە کەچینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان خۆیان ئامادە بکەن، وە لەم دەورانەی نەبوونی رێکخراوی چینایەتی کرێکاران و کۆمۆنیستی و مارکسیستی خۆیاندا، دەتوانرێت فرسەت و دەرسێک بێت بۆ خۆئامادەکردن بۆ دەورەی داهاتوو و هاتنە مەیدانی سیاسیان بۆ دەرکردنی باڵی راستی بۆرژوزای لەدەسەڵاتداو نواندنی هێزو نفوزی چیانیەتی خۆیان نمایش بکەن و خۆیان ئامادە بکەن بۆ دەسەڵاتی سیاسی کۆمەڵگە، کە فرسەت و خواستەکانی کۆمەڵگە بۆ رزگار بوون لە زەلکاوێک کە سەرمایەداری دروستی کردووە کۆمەڵغا لەبارە بۆ کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی هەر ئێستا.

٢٩ی سێپتێمبەری ٢٠١٩




کتێبی: بەها و هەڵەی پێشبینییەكان … سەباح ڕەنجدەر

●ناوی كتێب: بەها و هەڵەی پێشبینییەكان
● شاعیر: سەباح ڕەنجدەر
● بابه‌ت: شیعر + په‌خشانه‌شیعر
● پیتچنین: یاد سەباح ڕەنجدەر
● هەڵەگری: محەمەد عەبدولڕەحمان خدر
● نەخشەسازی: جەوهەر فەتاح
● چاپ: چاپی یەكەم 2019 ،چاپخانەی تاران- تاران
● ئەژمار: 500 دانە
● نرخ: )1000 )دینار
لــە بەڕێوەبەرایەتــی گشــتیی كتێبخانــە گشــتییەكان/ هەرێمــی كوردســتان
ژمــارەی ســپاردن،)4)ی ســاڵی )2019)ی پێــدراوە.

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ……




عەشق / ترسناکترین وشەی دۆزەخی … ناڵە حەسەن

عەشق / لەنێو سێبەری مردن و
لەنێو بازنە شینەکانی شێتبوون دا
ترسناکترین وشەی دۆزەخی و
بێهوودەترین ڕەنگی لێوەکانی خۆرنشینە
کە / جۆگەلەی ئاگر بەژێر پیتەکانیدا دەڕوات
دارمێوێکە چوار وەرزی ساڵ
هێشوە ترێی تەنیایی دەگڕێ
لە نیوان بۆشایی پیتەکاندا
زیندانێکی گەورە هەیە
لە ناوەڕاستی یەکێک لە ژوورەکانیش
پەتێکی ئەستوور هەڵواسراوە
عەشق / خەونەکانی پڕ کردووم لە فۆبیا
چاوەکانم پڕ لە بەفر و
سییەکانیشم پڕ لە با
عەشق / هاواری شەپۆلەکانە
لەناو بێدەنگی سروشتدا
تاڤگەی زەردەخەنەیە
لە لێواری ڕووباری تووڕەبووندا
جەستە تێکشکاوەکەی وەهمە
لەنێو خەیاڵی جەلادێکی دڵ مردوودا
( ع .. ە .. ش .. ق )
ع / عەنکەبووتێکە یەکبەیەک دەمارەکانی عاتیفە
دەقرتێنێ
ە / ئەستێرەیەکە پڕ لە وردە گەڵای نائومێدی و
پڕ لە کولیکە سوورە و حاجیلۆکە قژ زەردەکانی
خۆکوشتن
ش / شەوێکی تەماوی و تاریکە
وەک شەوە ڕەشەکانی بەر لەدایکبوونی خۆرەتاو
ق / قوڕقوشمێکی ژەهراوییە
بەقوڕگی ژیان دەچێتە خوارەوە
عەشق / ژیان و مردنە لەنێو سەدەفی ڕووناکیدا
مردنی ڕووناکییە لەنێو سەدەفی ژیاندا
ڕووناکی ژیانە لەنێو سەدەفی مردندا
لەگەڵ ئەوەش / سیحراویترین و ئایرۆنیترین
پارادۆکسی ئەم وشەیە
لەوەدایە
گەر عەشق نەبێ
ڕووبارەکان و
درەختەکان و
کاتژمێرەکان / هەموویان دەمرن
شیعریش وەک کچۆڵە نامرادەکان
ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدا
گەر عەشق نەبێ
ئەستێرەکان و
باڵندەکان و
باخچەکان / هەموویان دەمرن
پەپوولەکانیش بێماڵئاوا گوڵەکان لەنێو مەرکانەکاندا
بە تەنیا جێدەهێڵن
گەر عەشق نەبێ
ئاگر و
ئاو و
ئەستێرەکان / هەموویان دەمرن
سپیدەش لە گۆڕستانی نێو دارستانێک دا
لە سەعات بیستوپێنجی مردنی کات
بەدیار مەرگێکی ناکام
هێدی هێدی / بەستە لاوژەییەکانی
دەست پێدەکاتەوە
گەر عەشق نەبێ
ژیان و سروشت و سەوزایی
قەڵەم و شیعر و خەون
دواجار …
ئێمەش / هەموومان بەیەکەوە دەمرین …!

   سیپتەمبەری ٢٠١٩
  ناڵە حەسەن



گەرمایی شەقام … ئیسماعیل سابیر

بە پەیڤەکانتەوە، بە ڕۆیشتن و هاتنەوەکانتەوە، دەڵێم: تۆی
بەگەمەی تێپەڕین و تێنەپەڕینەکانتەوە، من هەر دەڵێم: تۆی
بە نەگەیشتن و دیسان دەیڵێمەوە؛(بە چاوەکانیشتەوە) پەخشانە شیعر تۆی، کە لە قورگ و کەلێنی ددان و زمانم ڕادەپسکێ، ڕەشاییت له جیات گلێنە بەسەر وشەمدا شۆڕدەبێتەوە. گوێبگرە دەڵێم: تۆی…

کات مناڵێکی سەرەڕۆ بوو وەک دیارنەمانی تەڕایی لە نێوانمان بێئاگا هەڵخلیسکا
(چەشنی سووڕت لەسەر کاشییەکاندا خوێنم لێ دەڕۆیی بانگت نەیپەرژاندمەوە ناو ڕێزمان، بۆیەش ڕام دەکرد بەدوای ئارەزووی زیاتردا)
بەشکستەکانمەوە پانتایم بووەتە قەرەباڵغیت،
دیارنەمانت زەوی چاومی تەنیوە، هەوا(لەشێوەتدا نیە)
دەستم لە وێنەکاندا تۆی بۆ نادۆزرێتەوە،
کەچی بۆ خۆ گەرمکردنەوەی شەوان، مقەبای تەڕ دەکەمە ئەلبوم و بۆ داگیرسانی پێکەنینەکانت عەرد دەسووتێنم،
لە داخان شۆفێری دەکەم، بەماشێنەکەم پێ لە قوتووە بەتاڵەکانی” ئیسکان “دەنێم
کەچی لە شەقامەکان وەک عارەبانەی هەژارانی شەو پارێزراو بووم چونکە دڵم لە گەراجەکاندا بۆی بەجێما
کەڕووم لێ نیشت چونکە بەتەنیا هەوای گەرم لێیدام
چونکە دەستم هەمیشە چاوەڕوانبووە لەناو کەلێنی پەنجە ساردەکانیدا عەمباربکرێت.
زمانم بوو وابزانم قەت نەبووە لە سەر نینۆکەکانیدا هاوشێوەی فلچەیەک غەمباریم نەنەخشێنێ؟
خۆ پۆلیسی بازگەکان شاهێدی ئەوەن
سەرخۆشێکی هاوڕێت لە خەمی تۆدا بتڵێکی زیاتری بۆ بێ غیرەتیت هەڵدا
سەربادان و دەست ڕاوەشاندنەکانت لە مەستیەوە نەبوون
دەنگبەرزیت گوتت چەن خۆشە لەناو ماشێنەکاندا باوشی پێدابکەم!
لە ڕیتمی هەموو گۆرانیەکان ئەوکاتم باڵات پێ خۆشتربوو،
چونکە دارستانی ئەوکاتم بووی زیاتر لەو وشە خراپانەی گوتم.

لەبەر ئەوەشە گۆرانیەکان بەهەمانشێوەی تۆ،
ئەوکاتیان وەک ئێستا بریندار نەدەکردم.

شۆستەکان شاهێدبوون، شارەوانی و زێرەڤانی تەنیا تووڕەییان بۆم دەهاوێشت
چونکە دەیانزانی پیاوێکی (بێکێشەم) دەمێکە پسولەی باجم لەداگیرکردنی ئەو هەموو ڕووبەرەی ئەڤین داوە
هەربۆیش داڕماوی و کەلوپەلەکانی شکستم دەهێنا دەرەوە و
لەسەر جادەکاندا ئازارم تێدا نمایش دەکرد.

سێبەرەکەشت بەهەمانشێوەت شاهێدبوو کە تێدەپەڕی؛
زۆر غەمگین بووی زۆر زۆر…




شۆرشه‌كان چۆن سه‌رده‌كه‌ون؟ عیماد عه‌لی

لاو تسی حه‌كیمی چینی بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ر شۆرشیك چه‌ند مه‌رجێكی بنه‌ڕه‌تی دیاریكردووه‌ كه‌ بریتین له‌وه‌ی:

  • ده‌بێت شۆرشی نوێ بنبڕی كۆن بكات و سیستمی كۆن ریشه‌كێش بكات.
  • له‌گه‌ڵ فه‌له‌ك گونجاو بێت واته‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخ و زه‌مینه‌ی خودی و بابه‌تی به‌ چه‌مك و زمانی ئه‌مرۆ گونجاو بێت .
  • ده‌بێت داواكاریه‌كانی سه‌رجه‌م به‌شدارانی شۆرشه‌كه‌ی دابین بكات.
  • پهی‌وه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ سیستمی كۆن به‌ یه‌كجاری و به‌ ڕه‌هایی دابڕێت و بۆ بنیاتنای ژیانی نوێ هیچ شتێك له‌ كۆن وه‌رنه‌گرێت.
    جا به‌دوور له‌مه‌ی ئه‌مرۆ له‌به‌غدا رووده‌دات كه‌ بۆنی شۆرشی لێنایه‌ت، ئایا شۆرشه‌كانی كوردستان وابوون و ئه‌م مه‌راجنه‌یان تێدابوو؟ بنه‌مای سه‌ره‌كی هیچ تازه‌گه‌ریه‌كیان تێدابوو؟ پێكهاته‌ و فكر و سه‌ركرده‌ و سیستمی كۆنیان وه‌لاوه‌ خست و به‌كارنه‌هێنا و ته‌نانه‌ت كێشه‌ و بێشه‌و گیروگرفته‌كانی پێشتریان نه‌گواسته‌وه‌ بۆ نێو هه‌ر شۆرشێكی نوێ؟ بارودۆخی بابه‌تیان له‌به‌رچاوگرت بۆ شۆرشی چه‌كداری یان مه‌ده‌نی؟ ئه‌وه‌ی هه‌بوو پێشتر ریشه‌كێشیان كرد یان به‌ریز و به‌ هه‌ژمون و هه‌یبه‌ته‌وه‌ لێیان ده‌ڕوانی؟
    ئه‌مڕۆش گه‌ر عیراق له‌م وه‌زعه‌یدا به‌هه‌مان شێوه‌ شته‌ كۆنه‌كان ریشهكێش نه‌كات و وابه‌سته‌ی ئه‌وه‌بێت كه‌ له‌ ئارادایه‌، هیچ گۆڕانكاریه‌ك ناكات و ئه‌گه‌ر گۆڕانی رێژه‌ییش بكرێت هیچ سودێكی بۆ خه‌ڵكی ره‌شورووت و هه‌ژاری تێدا نابێت.
    هه‌روه‌ها بۆ گۆرانكاری ریشه‌یی له‌كوردستانیش له‌كاتی دیاریكراو و تایه‌بتی خۆیدا، ده‌بێت قۆناغێك بێته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م سه‌لبیاتانه‌ی هه‌یه‌ و ئه‌م واقیعه‌ نه‌سرێته‌وه‌ و به‌ رێشه‌یی نه‌گۆڕێت و پشت به‌ شتی كۆن ببه‌سترێت و وه‌كو پێشتر تازه‌ و نوێ تێكهه‌ڵكێش بكرێت، خۆی له‌قه‌ره‌ی شۆرش و قازانجه‌كانی شۆرش نادات.
    بۆیه‌ زه‌مینه‌ی له‌باری سه‌رهه‌ڵدانی شۆرش زۆر وردو هه‌ستیاره‌ و ئه‌گه‌ر مه‌یسه‌ر نه‌بێت هه‌ر جموجوڵێك ناگاته‌ ئه‌وه‌ی كرۆكه‌كه‌ی به‌ شۆرشی راسته‌قینه‌ ناوببرێت، بۆیه‌ تا ئێستا له‌كوردستاندا شۆرشی راسته‌قینه‌ رووی نه‌داوه‌ و هه‌میشه‌ جموجوڵ و هه‌وڵی شۆرشگێرانه‌ی كۆنه‌به‌ ناوی شۆرشی نوێوه‌ به‌رده‌وام بووه‌. ئه‌مرۆ یا سبه‌ی كه‌ زه‌مینه ‌له‌بار بوو كوردستان پێویستی به‌ شۆرشێكی نوێی نوێگه‌ری راسته‌قینه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌مرۆی سه‌رساحه‌ به‌ هه‌موو ناوه‌رۆك وهه‌ر هه‌مویانه‌وه‌ بسرێته‌وه‌ و گۆڕانكاری نوێ و ژانی نوێ دروست بكات و قۆناغی رزگاری یه‌كجاره‌كی بێنێته‌ كایه‌وه‌.



هەلوو تەنیایی هەلوو … زانا سامان

من لە وجوودی خۆمدا
عاریفێک بووم …
تەنیا …
بۆیە خودا
لە دەرگەی دڵمی دا و
عاشقی کردم،
لە خۆمدا ونببووم و کەچی
لە بەرەبەیانی عیشقێکدا
هاتمەوە سەر خۆم،
من وابووم …
دەبوو تەنیایی غەرقی خۆیم بکات و
لێنەگەڕێ ..
وەک ساوایەک
گڕوگانی ڕاکردن بکەم،
نەیەڵێت ..
ئەلف و بێی شیعرم
بچزێت بە عیشقێکی ئەبەدیدا
ڕێگە نەدا غلۆر ببمەوە
تا بارین
لەتوێی ڕامووسانێکی ئەبەدیدا،
بەڵام هات ….
مەعشووقێک
بەخۆی و کۆشێک موحیبەتەوە
بەخۆی و داڕشتنێکی نوێوە
بە خۆی و خۆیەوە هات،
هات و وەک بڵێی چەمێکی ڕژاو
یان بارانێکی بەلێزمە بێت
هاتوو لێرە .. لە سینەمدا
وەک دیلبەرێک …
هەناسەمی هەڵمژیی.

زانا سامان




وڵاتی بێ ھاوڵاتی … نەوزاد بەندی

حەقە
مناڵبون قەدەغە بکرێ
بەکاری چی دێ مناڵێ ،
نان و ڕزقی لێرە نەبێ ..؟
کە ھاواریش کا :برسیمە..
بیکوژن و
پێی بڵێن گێرە شێوێنە ..؟

ئەم وڵاتە
وێستگەی ووزەی مافیاکانە ،
خەڵکەکەی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر
بێ ڕێز و دەستەمۆ ئەکرێن..
بە ھەزار و یەک ڕێگا
قەڵاچۆ ئەکرێن ..

ئەم وڵاتە
وڵاتێکە بێ ھاوڵاتی ..
دانشتووانی وەکو
بزن و مەڕ و سابرێن
لەلایەن کۆمەڵێ گورگ و چەقەڵەوە
(بە حیساب) بەڕێوە ئەبرێن ..

لە نەھاتیەوە بۆ نەھاتی..
ئەرێ ئێوە
وڵاتتان دیوە
بێ حوکمەت و ھاوڵاتی ؟!!!

نەوزاد بەندی




چه‌مكی شیعرییه‌ت له‌ ئه‌زموونی شیعریی “ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د”دا … ئه‌دیب نادر

ئه‌مه‌ ئه‌و ساته‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌رت چامه‌یه‌ك بنووسی و
به‌ شێوه‌یه‌كی جیاواز, جیاواز, ته‌واو جیاواز بیڵێیت.. ڤلادیمێر هۆڵان

ته‌قریبه‌ن هه‌موو شتێكی جیددی سه‌خته‌, هه‌موو شتێكیش جیددییه‌.. ڕێلكه‌

*پێشه‌كی

له‌ نامه‌یه‌كی كراوه‌دا, عه‌بدوڵڵا په‌شێو, سه‌ركۆنه‌ی”ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د” و ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی شاعیرانی ئه‌و سه‌رو به‌نده‌ی ساڵانی حه‌فتاكانمان ده‌كات و له‌ ناسنامه‌ی شاعیرێتیی بێبه‌شیان ده‌كات! ئه‌گه‌رچی”ئه‌نوه‌ر”ناوه‌ڕۆك و ستایه‌ڵا و به‌رهه‌ستیی ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌كه‌ی له‌وانه‌ی هاوسه‌رده‌مه‌كانی خۆی جیاوازه‌ و وه‌كو هه‌موو داهێنه‌رێكی دنیا سیحرێك له‌ هه‌ناوی تێكسته‌كانیدا قه‌تیس ده‌كات و ئه‌م سیحره‌ ئه‌فسانه‌ییه‌یش, كه‌ به‌تایبه‌تی كۆشیعری “زریان”له‌ خۆیدا مه‌ڵاسی ده‌دا و”ع. په‌شێو”بۆچوونی نه‌گه‌تیڤ و پێچه‌وانه‌ی له‌باره‌وه‌ هه‌یه‌, ته‌مومژێكی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ به‌گژ خوێنه‌ردا ده‌كات و وه‌كو جووڵه‌یه‌كی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ بۆ ناخی هه‌سته‌كانی ده‌یگوازێته‌وه‌ و به‌ر سه‌رسامییه‌كانی ده‌كه‌وێت و ته‌قینه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی تێدا به‌رقه‌رار ده‌كات. دیاره‌ ئه‌و ده‌قانه‌ی ناو دووتوێی كۆشیعری ناوبراو, ده‌قگه‌لێكی دژوار و تاڕاده‌یه‌ك ئاڵۆزن و مه‌عریفه‌ی ئه‌ده‌بییانه‌ی ڕووكه‌ش ناتوانێ‌ هه‌رسیان بكات و پێی قبووڵا بن, بۆیه‌ له‌و نامه‌یه‌دا, كه‌ له‌ پاشكۆی عێراقی ژماره‌”25″دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ په‌شێو ده‌ڵێت:

(خوێندنه‌وه‌ی چه‌شنه‌ بێگارێك بوو, تا من جارێك ئه‌وم ته‌واو كرد, ئه‌و هه‌زارجار منی ته‌واو كرد!) كه‌چی هه‌ر ئه‌م كۆشیعره‌ سه‌رده‌می نووسینی ئه‌م نامه‌ كراوه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین له‌ دنیای شیعرماندا وه‌كو كتێبێكی دانسقه‌ و بێهاوتا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه‌ و تائێستایش له‌گه‌ڵیدا ده‌كرێت, ئه‌گه‌ر بۆ كه‌سانی تریش وانه‌بێ‌, ئه‌وا لانیكه‌م بۆ نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ و زۆریش له‌وانه‌ی سه‌رده‌مانێكی زوو گڕوگاڵی شیعرییان ده‌كرد و ده‌یانویست تیایدا گه‌وره‌ بن, هه‌روه‌ها گه‌لێك له‌وانه‌ی ناوبانگی شیعرییشیان په‌یدا كردبوو, ئه‌م دیوانه‌ شیعره‌ سه‌رمه‌شقێكی بێوێنه‌ بوو, “ئه‌نوه‌ر”یش مامۆستا بوو, مامۆستایه‌كی هاكه‌زایی نا, به‌ڵكو مامۆستایه‌كی ژیانگۆڕ و بینۆگه‌گۆڕ و چێژ و هه‌ستی جوانیی گۆڕ بوو, چونكه‌ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی ئه‌م كۆشیعره‌ ئه‌و خوێندنه‌وه‌ ئاساییه‌ نه‌بوو, به‌و تێگه‌یه‌ی كه‌ زۆربه‌ بۆی چوونه‌, نه‌خێر! ژیانكردن بوو له‌ناو داهێنانێكی جیاوازدا, چونكه‌ ڕه‌وتێكی جیای به‌رهه‌م هێنا, ستایه‌ڵا و زمان و بابه‌ته‌كانیشی تێكه‌ڵا به‌ ئه‌زموونه‌كانی دوای خۆی بوون, ژیانكردنیش بوو له‌ناو كتێبێكی ناوازه‌ و گه‌ڕانیش بوو به‌دوای قووڵایی شته‌كاندا هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی”ڕێلكه‌”بۆی چووه‌, پێبه‌پێی ئه‌وه‌ی سروشتی كاری داهێنه‌رانه‌یش قووڵێتییه‌كه‌ی و ئه‌به‌دێتیی بوونه‌كه‌یه‌تی, بێگومان خاوه‌نی قووڵاییگه‌لێكی زۆر سه‌خیی بوون. له‌ڕاستییدا ئه‌و نامه‌یه‌ی”ع. په‌شێو”وه‌ك بڵێی سرووشی له‌ مانیفێستی فیووچه‌ریسته‌كانی ڕووس وه‌رگرتبێ‌, كه‌ له‌ ساڵی 1912دا بڵاویان كردبۆوه‌ و تیایدا به‌یانی ئه‌وه‌یان كردبوو پووشكین و دۆستۆیڤسكی و تۆڵستۆی و…تاد له‌ كه‌شتیی مۆدێرنه‌ فڕێ‌ بدرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و بخرێنه‌ ده‌ریاوه‌..! پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م باڵا ئه‌ده‌بییه‌ زۆر بڵندانه‌ی نه‌ك هه‌ر ئه‌ده‌بی ڕووسیی بگره‌ ئه‌ده‌بی جیهانییش له‌ كه‌شتیی مۆدێرنه‌ فڕێ‌ بدرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و فه‌رامۆش بكرێن, ئیدی ئه‌و كه‌شتییه‌ چی لێ‌ ده‌مێنێته‌وه‌؟

ئایا مایاكۆفیسكی فیووچه‌ریست و هاوڕێكانی لێ‌ ده‌مێنێته‌وه‌؟ یان هه‌تاهه‌تایه‌ هه‌ر ناوبراوانی پێشوو ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ی ئاسمانی ئه‌و ئه‌ده‌به‌ن و فیووچه‌ریسته‌كانیش نه‌یزه‌كی تێپه‌ڕن و وێڵی ناو ئه‌و ئاسمانه‌ن, یاخود ده‌مێكه‌ به‌ربوونه‌ته‌وه‌؟ به‌ڵێ‌, جیهانێتیی ئه‌مانه‌ ڕاستییه‌كه‌ كه‌س ناتوانێ‌ نكووڵی لێبكات و به‌ قسه‌ی مایاكۆفیسكییه‌ك – سه‌رباری ناسراویی و به‌رجه‌سته‌یی داهێنانه‌ له‌ نكووڵیی به‌ده‌ره‌كانیشی – ئه‌و ناوه‌ دره‌وشاوانه‌ له‌ ئه‌ده‌بی ڕووسیی ئه‌فه‌رۆز بكات و ئه‌و سێ‌ زاته‌ نه‌مره‌ بمرێنێت و ئه‌و ئه‌ده‌به‌ سه‌رئاسا و نایابه‌ ئینسانییه‌یان پشتگوێ‌ بخات و بۆ ئه‌به‌د وه‌لایان بنێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌كانیش ناشاردرێنه‌وه‌ و هه‌ر كه‌سێكیش یاد زیندوو بیهێڵێته‌وه‌ له‌ جێی شایسته‌ی خۆی داده‌نرێت و هه‌میشه‌ به‌ زیندووییش ده‌مێنێته‌وه‌.
دیاره‌ ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵا ئه‌زموونی”ئه‌نوه‌ر”یش هه‌ر ڕێكدێته‌وه‌, چونكه‌ به‌ڕاستیی له‌ حه‌فتاكاندا له‌ سه‌ر ده‌ستی چه‌ند شاعیرێك – كه‌ یه‌كێكیان بێچه‌ند و چوون ئه‌نوه‌ره‌ – ئاڕاسته‌ی ترادیسیۆنیی شیعرمان بۆ هه‌میشه‌ گۆڕرا و بوو به‌و دنیا تازه‌یه‌ی نه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی وێنای ده‌ره‌وه‌ خۆی ده‌كات, وه‌كو ئه‌وه‌ی”دكتۆر فاتیح عه‌لاڤ” بۆی چووه‌, نه‌ جه‌ختیش له‌ خستنه‌ڕووی ده‌ره‌وه‌ ده‌كات, به‌ڵكو بینۆگه‌یه‌كی نوێی له‌باره‌ی ئه‌و ده‌ره‌وه‌یه‌ هه‌یه‌, یاخود دنیابینییه‌كی تازه‌یه‌, هۆش و هزر و تێگه‌یشتنی شاعیر به‌رانبه‌ر پرسی ژیان و هونه‌ر و بوون نمایش ده‌كات و گوتاری شیعریی ده‌كات به‌ ئه‌ركێكی مرۆیی ترانسێندێنتاڵا. جا له‌ درێژه‌ی ئه‌مه‌دا, ئه‌گه‌ر نامه‌كه‌ی”په‌شێو” بكه‌ینه‌ سه‌رپشكی بڕیاره‌كانی خۆمان و ئه‌نوه‌ر و شێركۆ و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و كێ‌ و كێی تریش كه‌ خوێندنه‌وه‌یان چه‌شنه‌ بێگارێك بێت و فڕێیان بده‌ینه‌ كیشوه‌ره‌كانی بیرچوونه‌وه‌ و پشتگوێ‌ خستنه‌وه‌, ئایا ئیتر شیعری نوێی ئێمه‌ چی تێدا ده‌مێنێته‌وه‌؟

به‌شی یه‌كه‌م
(1)

بێگومان دوای خوێندنه‌وه‌ی”ئه‌نوه‌ر”, چه‌ندین پرسیار یه‌خه‌ی هزر و ئه‌ندێشه‌ ده‌گرێت, دیاره‌ وه‌ڵامه‌كان, هه‌روه‌كو “مایكڵا شمیدت”له‌ شوێنێكدا ده‌ڵێت, وه‌ك ئارگومێنت ده‌رناكه‌ون, به‌ڵكو وه‌كو فۆرمی زمان ده‌رده‌كه‌ون و بۆ هه‌موو وه‌ڵامێكیشمان ده‌بێ‌ بۆ ده‌ق و زمانه‌كه‌ی بگه‌ڕێینه‌وه‌.
به‌هه‌رحاڵا, یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ ئه‌وه‌یه‌: بۆچی ئه‌م شاعیره‌ به‌و سیحره‌ حه‌په‌سێنه‌ر و ته‌لیسماوییه‌ جیاكار و تایبه‌تمه‌نده‌؟ ئه‌مه‌ ده‌مانخاته‌ سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ی بزانین كه‌ ئه‌ده‌بی داهێنه‌رانه‌,”تۆدۆرۆڤ”گوته‌نی, هه‌ر له‌ناو بۆشاییدا بنیادنانرێت, یاخود له‌ بۆشاییه‌وه‌ نایه‌ت تاكو خاڵیی بێت له‌ ئه‌فسوون و ڕه‌گه‌زه‌كانی سه‌رنجڕكێشان, بۆیه‌ پێویسته‌ به‌دوای ڕه‌گه‌زه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی ئه‌ده‌به‌كه‌یدا بگه‌ڕێین, به‌ هه‌ردوو دیویدا قووڵبینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیمان بده‌ن به‌ شێوه‌یه‌كی به‌جێتر له‌ ئینسان و جیهان تێبگه‌ین, هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌مه‌ندیی بوونه‌كه‌ی خۆمان بدۆزینه‌وه‌ و یارمه‌تی ئه‌وه‌مان بدات به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر له‌ خۆمان تێبگه‌ین, كه‌ ئه‌مه‌یش دواجار بێسێودوو وه‌كو بوونه‌وه‌ری ده‌وڵه‌مه‌ندتر نمایشمان ده‌كات و هه‌سته‌وه‌رییه‌كی ئه‌وتۆمان پێده‌به‌خشێ‌ جیهانی ڕاسته‌قینه‌ به‌رینتر و بارگاوی تر و ڕه‌ونه‌قدارتر و جوانتر ببینین, ئه‌م پرۆسه‌یه‌یش بێچه‌ندوچوون به‌ به‌ركه‌ماڵمان بگه‌یه‌نێ‌.


“ئه‌نوه‌ر”به‌ گوزاره‌یه‌كی ساده‌ شاعیرێكی ئاسایی نییه‌, تازه‌كه‌ره‌وه‌ی دنیابینییه‌, دنیابینیی شیعریی. یان شیعری ئه‌و دنیابینیی نوێی به‌ ئێمه‌ به‌خشیی تاكو واقیعه‌كه‌ی خۆمان به‌ شێوه‌یه‌كی جیاواز ببینین. ئه‌و, دیارده‌یه‌, نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌, به‌ڵكو ئه‌فسانه‌ی حه‌فتاكانمانه‌, ئه‌زموونێكی دووباره‌نه‌بووه‌وه‌ی ناو ڕه‌وت و دیمه‌نی شیعرییمانه‌.

به‌ پێگه‌یشتوویی هاتۆته‌ ناو كایه‌ی نووسینه‌وه‌ بۆیه‌ هیچ زیاده‌ڕۆییه‌ك له‌ به‌كارهێنانی وشه‌ له‌ نووسینیدا په‌ی پێنابرێت, به‌ پێی پێویستیی زمان به‌كارده‌هێنێ‌, هیچ تێئاخنرانێك له‌ شیعره‌كانیدا به‌رچاو ناكه‌ون و ته‌نانه‌ت وێنه‌یه‌ك, ده‌سته‌واژه‌یه‌ك, یان هه‌تا دێڕێكیش وه‌زیفه‌ی خۆیان جێبه‌جێ‌ ده‌كه‌ن و له‌ ده‌قه‌كانیدا دووباره‌ نابنه‌وه‌. ئێستایش, پاش نزیكه‌ی نیوسه‌ده‌یه‌, تێكسته‌كانی هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ نائاسایین و ڕه‌نگه‌ بۆ خوێنه‌ری كه‌م ئه‌زموون وابنوێنن كه‌ هه‌ر له‌ پێناوی شیعردا نووسراون, به‌ڵام له‌ڕاستییدا ئه‌وه‌ شیعره‌ له‌ پێناوی شته‌ گرنگه‌كانی دیدا نووسراوه‌ و ئه‌و نووسیوونی, چونكه‌ له‌ باكگراوه‌ندێكی هزریی و خه‌یاڵیی قووڵا و خوێندنه‌وه‌ و ڕۆشنبیرییه‌كی بێتانوپۆوه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌, بۆیه‌ كاریگه‌ر و پڕ بایه‌خن و ئه‌ركێكی دیار و مرۆییش به‌دی ده‌هێنن, هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زه‌رووره‌تیش هێناویانێتییه‌دی وامان لێده‌كه‌ن ڕه‌هه‌نده‌ نادیاره‌كانی دنیا بدۆزینه‌وه‌ و بێگومان بۆ بیر كردنه‌وه‌یه‌كی جیددییش هانمان ده‌ده‌ن و ڕامان ده‌چه‌نێنن و دنه‌ی ئه‌وه‌مان ده‌ده‌ن بیر له‌ ڕێگای دیكه‌ بكه‌ینه‌وه‌ بۆ وێناكردن و ڕێكخستنی ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌.
ئه‌و, هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و شێوازه‌ تاككه‌وتووه‌ مۆركێتی كه‌”ڕێلكه‌”بۆ شیعر به‌ گرنگ و بایه‌خدار ناوی ده‌بات. بێ‌ شك تێكه‌ڵنه‌بوونی ستایه‌ڵا و ئه‌تمۆسفیر و هاوبابه‌تنه‌بوون و گشتیینه‌بوونی ئه‌زموونه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو خودی خۆ و كه‌شفكردنی ئه‌و قووڵاییانه‌ی ژیان تیایاندا به‌ جۆشوخرۆش ده‌كه‌وێت و ده‌ڕسكێت, وایان كردووه‌ شاعیرێكی ڕه‌سه‌ن بێت و هاوتا بابه‌تییه‌كه‌ی ژیان بۆ ئه‌و نووسین بێت, نووسینیش وه‌فادارانه‌ لایه‌نه‌ شاراوه‌كانی ژیان و ئه‌زموون و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و له‌ خۆ بگرن, بۆیه‌ به‌ هیچ كلۆجێك هه‌وڵی ئه‌وه‌ی نه‌داوه‌ نه‌یكات به‌ خه‌می پله‌ یه‌ك له‌ ژیانی خۆیدا.
واته‌ ڕه‌نگه‌ له‌ ژیانی نووسه‌ردا یه‌كه‌مین پرسیارێك كه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی نووسین ڕووبه‌ڕووی خۆی بكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ بێ‌: ئایا نووسین پرسێكی ژیانییه‌, یان نا؟ ئه‌گه‌ر پرسێكی ژیانییه‌ بۆی و هه‌ر ئه‌ویش به‌سه‌ریدا ده‌یسه‌پێنێ‌, ئه‌وا ژیانی سه‌رپشك نییه‌ له‌ ده‌ستبه‌رداربوون لێی. ئه‌مه‌یش چی ده‌گه‌یه‌نێت, خودی ژیانی نووسه‌ر پێویستبوون و پێداویستبوونی نووسین ده‌سه‌پێنێ‌ و به‌ پێداگرییه‌وه‌ فه‌رزی ده‌كات به‌سه‌ریدا و ئه‌وسایش ده‌ست هه‌ڵگرتن لێی, ده‌ست هه‌ڵگرتنه‌ له‌ خودی ژیان خۆی, بۆیه‌ نووسه‌ر ده‌كه‌وێته‌ به‌رامبه‌ر پرسیاری ئه‌وه‌ی: ئایا ده‌توانێت وه‌كو هه‌بوویه‌ك, بوونی خۆی له‌ نووسین ئافه‌رۆز بكات و جه‌وهه‌رێك له‌ ژیانی خۆی وه‌ده‌رنێت؟ بۆ ئه‌مه‌یش ته‌نها یه‌ك وه‌ڵامی هه‌یه‌: ئه‌ویش نه‌خێره‌. چونكه‌ نووسین, بۆ ئه‌و, هاوتایه‌كی بابه‌تییانه‌ له‌گه‌ڵا خودی ژیان پێك ده‌هێنێ‌, ئه‌گینا به‌های نابێت و نابێته‌ داهێنان.

(2)
قسه‌كردن سه‌باره‌ت به‌”ئه‌نوه‌ر”ژیاندنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌ دانسقه‌ دیاره‌كه‌یه‌تی, یانی زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌و شاعیرێتییه‌ی هه‌ر به‌ ڕوواڵه‌تی شته‌كان كارتێكراو و سه‌رسام نییه‌, به‌ڵكو ئامانجی سه‌ره‌كیی كه‌شفكردنی جه‌وهه‌ری شته‌كانیشه‌ و هه‌رده‌م به‌دوای ئه‌و هۆكارانه‌شه‌وه‌یه‌ كه‌ دنه‌ی نووسین ده‌ده‌ن و له‌لایه‌ن زۆرێكه‌وه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست پشتگوێ‌ خراون, هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌زموونه‌شی پشتگوێ‌ خراوه‌, كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌ ڕه‌سه‌نه‌كان و شه‌قڵا به‌خشێكی دیكه‌یه‌ به‌و ڕه‌سه‌نێتییه‌. به‌های ئێستێتیكییش له‌ جه‌سته‌ی ڕۆشنبیریی و كولتووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیمانه‌وه‌ دزه‌ ده‌كاته‌ ناو ده‌قه‌كانی و تیایاندا ده‌ڕسكێت, چونكه‌ ده‌قی ئه‌و ته‌نها له‌ هه‌یكه‌لێكه‌وه‌ به‌ركه‌ماڵیی خۆی وه‌رناگرێت, به‌ڵكو پێكهاته‌گه‌لێكی زۆری پێویسته‌ تاوه‌كو به‌ كه‌ماڵا بگات. ڕاسته‌ ئه‌و دنیا شیعرییه‌كه‌ی خۆی به‌ر له‌ هه‌موو شته‌كانی دی به‌ زمان بنیات ناوه‌ و زمانیش لای ئه‌و له‌ كۆمه‌ڵێ‌ شتی كۆنكریت پێكهاتووه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی”ئیزرا پاوه‌ند” بۆی چووه‌, كه‌ره‌سته‌یه‌كی گرنگ و بێهاوتای نووسینیشه‌ و ده‌یكات به‌ بۆته‌یه‌ك بۆ له‌ خۆگرتنی سه‌رجه‌م چه‌مكه‌ شیعرییه‌كانی و هه‌ر به‌ ڕاستییش ده‌یكات به‌ ئه‌سڵی شته‌كان هه‌روه‌كو له‌ كتێبی ئینجیلیشدا هاتووه‌ كه‌ – زمان, وشه‌ – یش ژیانی تێدایه‌ و ڕووناكیی به‌گژ تاریكاییه‌كه‌ی دنیادا ده‌كات و تاریكییش ناتوانێ‌ بیكوژێنێته‌وه‌.


“ئه‌نوه‌ر”یش وه‌كو “بایرۆن”ه‌, هه‌ر به‌ ویست شیعری نه‌نووسیووه‌, شیعر لای ئه‌و هونه‌رێكی ڕه‌سه‌نه‌, هه‌ر وه‌ك خۆیشی له‌ شوێنێكدا ده‌ڵێت: زاده‌ی فیكرێكی خه‌ست و چڕی مرۆڤێكی به‌ئاگایه‌ له‌ دنیای ڕۆشنبیریی…دیاره‌ هه‌ست و سۆز و هه‌ڵچوونیشه‌ خراوه‌ته‌ ناو پێوه‌ر و پێودانگه‌وه‌, به‌ ده‌ربڕینی”تۆماس هاردی”یش, هه‌ست و سۆز و هه‌ڵچوونه‌كه‌ ده‌بێ‌ سروشتییانه‌ هه‌ڵبقووڵێت, به‌ڵام پێوه‌ر و پێودانگه‌كه‌ ده‌كرێ‌ به‌ هونه‌ر به‌ده‌ست بهێنرێت. شیعریش له‌ ڕاستییدا ئه‌و ژانره‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌موو ژانره‌كانی دی زیاتر مشتومڕ هه‌ڵده‌گرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ درێژایی سه‌رده‌مه‌كان ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ دژی سنوور و به‌ربه‌ست و كۆت و پێوه‌نده‌, هه‌روه‌كو”دكتۆر عه‌بدوڵڵا حه‌ممادی”ڕه‌خنه‌گر له‌ كۆنتێكستێكدا ئاماژه‌ی پێداوه‌.
به‌مه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌و, شاعیرێكه‌ پێگه‌یشتن و كامڵبوونی دوو ڕووداوی ناوه‌كییانه‌ن, یانی له‌ناو خودی خۆیدا ڕوویان داوه‌ و دوو پڕۆسه‌ی ده‌ره‌كییانه‌, یاخود یارییه‌كی زمانه‌وانییانه‌ نین و زۆر ئاگامه‌ندانه‌ ده‌ڕوانێته‌ هونه‌ره‌كه‌ی و گۆڕانكارییه‌كانی سه‌روبه‌نده‌كه‌ی, چونكه‌ ئه‌ویش”سه‌رگۆن پۆڵس”ئاسا ده‌زانێت:”نووسه‌ر شایه‌دحاڵه‌ به‌سه‌ر سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ و پێویستیشه‌ له‌ تانوپۆی ئا ئه‌و هه‌موو هه‌راوزه‌نا و شێتیی و جه‌نگ و كوشتوبڕانه‌دا هۆشیار بێت و ته‌نانه‌ت درك به‌و ده‌نگه‌ كزانه‌یش بكات كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕابردوو بۆمان ده‌دوێن”و بۆ ئه‌و, وه‌كو پێشتریش گوتمان هاوتای بابه‌تییانه‌ی ژیان و بوونه‌, یانی پڕۆژه‌یه‌كه‌ بۆ چوونه‌ ناو ئایینده‌وه‌ نه‌ك قه‌تیس بوون له‌ هه‌نووكه‌دا و مانه‌وه‌ له‌و هه‌نووكه‌یه‌ی زۆر نابات ده‌بێته‌ ڕابردوو و به‌ شێوه‌یه‌كیش له‌ شێوه‌كان بیرده‌چێته‌وه‌.


شیعر, بۆ ئه‌و, ده‌كرێ‌ بوترێ‌ گه‌شتكردنه‌ به‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌, كه‌شفكردنی شته‌كانی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌یشه‌, تایبه‌تانه‌تریش بڵێین گه‌شتكردن و كه‌شفكردنی ناوه‌وه‌یه‌, چونكه‌ ئه‌و به‌ر له‌ ده‌ستكردن به‌ نووسین گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ناو ناخی خۆی و په‌ی به‌و شتانه‌ بردووه‌ كه‌ ده‌بێ‌ ئاشكرا بكرێن. كه‌واته‌ ئه‌و پتر ئاشكراكه‌ری ناوه‌وه‌یه‌, ناوه‌وه‌یش جه‌وهه‌ره‌ و ناوه‌ڕۆكه‌, چونكه‌ بۆ ئه‌و ئه‌وه‌ی له‌ نووسیندا جه‌وهه‌رییه‌, ناوه‌وه‌یه‌, قووڵاییه‌كانه‌, بێگومان له‌به‌ر ئاوێنه‌ی ده‌ره‌وه‌دا, نه‌وه‌ك وه‌ستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی شته‌كاندا, یان هه‌ر له‌ نزیك ڕووكه‌شه‌وه‌ ڕووانین و نه‌بینینی ئه‌و ده‌لاله‌تانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ ژێر ناوه‌ڕۆكه‌وه‌:
كه‌ی چاوی مه‌یووی ئاسمان
كڕێوه‌ی به‌فرێكی تینوو
بۆ ژه‌نگی سه‌ر شه‌قامه‌كان ئه‌بارێنێ‌؟!
كه‌ی ئاگری مه‌شخه‌ڵه‌كان
سنووره‌كانی ده‌روونمان ئه‌پچڕێنێ‌؟! (پشكۆكانی ناخم- زریان)

ئه‌مه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ڕاستییدا هیچ ده‌ربڕینێك نییه‌ بێ‌ ئاماژه‌ بێت, یانی زمانێك نییه‌ پێی بنووسرێت و ئاماژه‌ به‌ شتی دیاریكراو نه‌دات. یان ده‌ربڕین, وه‌كو ئه‌وه‌ی”ڕۆبه‌رت فرۆست”وتوویه‌تی: شتێك ده‌ڵێت و مه‌به‌ستی شتێكی تره‌.
(3)
“ئه‌نوه‌ر”, ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی”سانت بووڤ”وه‌ربگرین كه‌ ده‌ڵێت:”كاره‌كانی شاعیر نه‌خشه‌ی كه‌سایه‌تی ئه‌ون” ئه‌وا شاعیرێكه‌ شه‌قڵا به‌خۆ به‌خش و خۆڕسكێنه‌ره‌, له‌ خۆی تێده‌گات و ئاشنای بیر و هزری خۆیه‌تی, خۆی شێوه‌ به‌ بیركردنه‌وه‌ی خۆی ده‌دات, دنیای خۆی له‌ دنیای هاوبه‌شی ئه‌وانی تر جیاده‌كاته‌وه‌ و به‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ڕادێت و ئه‌و ناوه‌نده‌ شیعرییه‌ی كه‌ دنیای حازربه‌ده‌ست و بیركردنه‌وه‌ و كه‌شوهه‌وای حازربه‌ده‌ستی تێدایه‌ خۆی لێ داده‌بڕێت و دنیای خۆی و بیركردنه‌وه‌ و گۆشه‌نیگا و كه‌شوهه‌وا و ڕه‌گه‌زه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات و ئاوێته‌یان ناكات له‌گه‌ڵا ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆی, یانی سه‌ره‌نجام پڕۆسه‌ی درك و تێگه‌یشتن, هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی”دكتۆر كه‌مال ئه‌بو دیب”ده‌ڵێت, ده‌بێته‌ هاوتای پڕۆسه‌ی داهێنان و ئافراندن.

واته‌ ئه‌و وه‌كو قه‌قنه‌س نییه‌ له‌ خۆڵه‌مێشی شاعیرانی پێش خۆیه‌وه‌ زیندوو بووبێته‌وه‌ و ڕۆحێكی شیعرییانه‌ی تێگه‌ڕابێت, به‌ڵكو به‌ شێوه‌یه‌كی شیعرییانه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ خۆی ڕسكاندووه‌ و وه‌كو بوونێكی شیعریی سه‌ربه‌خۆ خۆی ئافراندووه‌ و ئه‌زموونێكی ڕه‌سه‌ن و تاكڕه‌وانه‌ هانی نووسینی داوه‌, ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ڕه‌سه‌نیش نه‌بێت, ئه‌وا ڕۆحی ناچێته‌ به‌ر ئه‌زموونی هه‌ندێ‌ له‌ هاوسه‌رده‌مه‌كانی خۆی و دوای ئه‌وانیش نابێت به‌ نموونه‌یه‌كی باڵا بۆ سه‌رمه‌شق كردن. به‌ڵام هزری ئه‌و به‌ سه‌رمه‌شق بوونه‌وه‌ قاڵا نییه‌, به‌ڵكو ئه‌و خاوه‌نی بوونێكی نیگه‌رانه‌ و هه‌میشه‌ بیری لای كامڵكردنی خۆیه‌تی, به‌ جۆرێكی تر بڵێین, كامڵبوون بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌كی شیعرییانه‌ی هه‌رده‌مییه‌ ژیان به‌سه‌ریدا ده‌یسه‌پێنێ‌, هه‌ر ئه‌م نیگه‌رانییه‌شه‌ ده‌یكات به‌ خاوه‌نی ئامانجێكی دیار كه‌ ئه‌ویش ژیانی هه‌میشه‌ییه‌ له‌ ئایینده‌دا.
ده‌ڵێن هه‌ر كه‌ تاریك دایه‌ت,
كاروانی ته‌م, ته‌مێكی ئاڵا له‌ شاخه‌وه‌ به‌ره‌و شار دێ‌ و
مه‌ل ده‌نیشێ‌..
دڵه‌ڕاوكه‌ وه‌ك دڕكه‌زی ده‌ئاڵێته‌ ده‌وری دڵت,
به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌ت به‌ر ناده‌یت,
ده‌ڕوانیته‌ گشت ڕێگاكان,
وه‌ك بووبێتم به‌ باڵنده‌,
ده‌ڕوانیته‌ هه‌موو ئاسمان… (چه‌ند هۆنراوه‌یه‌ك بۆ دایكم- زایه‌ڵه‌)

بێگومان به‌ به‌رده‌وامیی له‌ ئایینده‌دا ژیان بۆ شاعیر پڕۆژه‌یه‌كی زۆر گرنگه‌, به‌ڵام ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ چۆن دێته‌دی؟ بێ‌ شك ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ داهێنان ده‌یهێنێته‌دی و ئه‌و جێگایه‌ به‌ شاعیر ده‌به‌خشێ‌ تا له‌ناو ئایینده‌دا بژیت, ئه‌م نیگه‌رانییه‌ یش هۆكاره‌ بنچینه‌ییه‌كه‌ی له‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ داهێنه‌ر په‌ی به‌وه‌ ده‌بات بوونێكی ناته‌واوی هه‌یه‌ و پێویسته‌ كامڵی بكات, ته‌نها به‌ داهێنانیش كامڵا ده‌بێت نه‌ك به‌ شتێكی تر, بۆیه‌ تاقه‌ خه‌می ئه‌و خه‌می داهێنانه‌ كه‌ هه‌ر ته‌نها ئه‌ویشه‌ وای لێده‌كات جیاوازیی خۆی به‌رجه‌سته‌ بكات. ئه‌م قسه‌یه‌ وامان لێده‌كات بڵێین”ئه‌نوه‌ر”, خاوه‌نی پڕۆژه‌یه‌كی ئۆنتۆڵۆژییه‌, یانی شیعر پڕۆژه‌یه‌كی ئۆنتۆڵۆژییه‌, ئۆنتۆڵۆژیی به‌ مانای هه‌ستكردنێكی قووڵا به‌ ناكامڵیی, یان ناته‌واوكۆیی و هه‌وڵدان بۆ خۆ ته‌واو كردن به‌ مانا داهێنه‌رانه‌كه‌ی. واته‌ داهێنان گرنگترین پێش مه‌رجییه‌ له‌لای شاعیری جیاواز بۆ به‌دی هێنانی ئه‌و ته‌واوكۆییه‌.
ئه‌م هه‌وڵدانه‌ بۆ كامڵێتییه‌یش هه‌وڵدانه‌ بۆ به‌خشینی ناوه‌ڕۆكێكی تایبه‌تمه‌ند به‌ خۆ و جیابوونه‌وه‌ له‌ یه‌كڕه‌نگیی و بوون به‌ خاوه‌نی ڕه‌نگی تایبه‌تمه‌ند و تاكڕه‌و. كه‌واته‌ بوون بۆ مرۆڤی جیاواز یانی داهێنان, داهێنانیش هاوتای بابه‌تییانه‌ی بوونی شاعیره‌ و شیعریش نیشتیمانێتی. شیعر, یان ده‌ق هێلانه‌یه‌, ماڵه‌, نیشتیمانه‌, وه‌كو ئه‌وه‌ی هایدیگه‌ر ده‌یڵێت, ته‌نانه‌ت له‌وه‌دا هاوبۆچوونه‌ له‌گه‌ڵا”ڕێلكه‌”دا كه‌ ئه‌گه‌ر داهێنان ئه‌نجام بدات ئه‌وا به‌رجه‌سته‌یه‌, ڕاستییه‌, پێبه‌پێی ئه‌م ڕاستییه‌یش هێز و توانا ده‌سته‌به‌ر ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی خۆی وه‌كو ده‌قێكی بێڕاده‌ هونه‌ریی و بێڕاده‌ شیعریی بونیاد بنێت.

هه‌تا چاو هه‌ڵخه‌ی ئاسۆ بێ‌ بنه‌
پۆل ڕۆپسن ئه‌گری و ده‌نگی هه‌ڵئه‌بڕێ‌
بۆ پۆلی مه‌لی ماندووی شه‌وانی
كڕێوه‌ی زستان…
بۆ بێزراوانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌
گۆرانی ئه‌ڵێ‌…
ئه‌سپی كه‌حێله‌ی هۆنراوه‌كانی
به‌سته‌ی وشكه‌ڕۆی ئه‌م شاعیرانه‌ به‌جێ‌ ئه‌هێڵێ‌
له‌ كاسكێته‌كه‌ی, له‌ بناری دڵیا,
له‌ بری ناونیشان
وێنه‌ی ڕووباری سیروان نه‌خش ئه‌كا
سیروانیش وه‌كو ڕووخساری دایكی
مات و خه‌مناكه‌…
سیروانیش وه‌كو فرمێسكی دایكی
به‌سه‌ر ڕوومه‌تی توونكه‌ توونكه‌كه‌ی”باوه‌عه‌مره‌”دا
دێته‌ خواره‌وه‌ و به‌ بێ‌ سه‌روشوێن هه‌ر له‌ كۆچدایه‌
ئای ئه‌ی پۆل ڕۆپسن!
بۆچی یاره‌كه‌ت سه‌مه‌نده‌رێكه‌
له‌ دارستانی برووسكه‌ و گڕا هێلانه‌ ئه‌كا؟! (پۆل ڕۆپسن ئه‌م ئێواره‌یه‌ كۆچ ئه‌كات- زریان)

داهێنان به‌ گوته‌ی”ئه‌دۆنیس”هه‌میشه‌ نوێیه‌, بۆیه‌ شاعیری داهێنه‌ر كه‌ ده‌نووسێ‌, له‌ ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌ندایه‌, به‌و واتایه‌ی ئه‌و هه‌میشه‌ له‌ نازه‌مه‌ندا ده‌ژێت و ئه‌ستێره‌یه‌كه‌ هه‌رگیز ناكوژێته‌وه‌, چونكه‌ ئه‌م زه‌مه‌نه‌ دیاریكراوه‌ جێگای كه‌سانی تره‌ كه‌ داهێنه‌ر نین و هه‌میشه‌ ده‌بێته‌ ڕابردوو, ئه‌گه‌ر شتی گرنگیشی تێدا ڕووینه‌دابێ‌ ئه‌وا هه‌ر زووبه‌زوو له‌بیر ده‌چێته‌وه‌ و ده‌ڕه‌وێته‌وه‌. ژیانی بێ‌ داهێنانیش له‌ڕاستییدا وه‌كو حاڵه‌تی ئه‌منیژیا وایه‌, یانی هه‌موو شتێكی له‌ له‌بیرچوونه‌وه‌یه‌كی بێكۆتاییدا خولده‌خوات و خاوه‌نی هیچ ناسنامه‌یه‌ك نییه‌, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو یاده‌وه‌رییه‌كی له‌ده‌ستداوه‌, یان باشتر بیڵێین بێ‌ یاده‌وه‌رییه‌. به‌ڵام ئاڕاسته‌ی زه‌مه‌نی داهێنه‌ر هه‌رده‌م ڕوو له‌ پێشه‌وه‌یه‌, چونكه‌ ئه‌زموونه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ ڕه‌سه‌نه‌, ئه‌وه‌نده‌ تاكمه‌نده‌, له‌ خۆی به‌ولاوه‌ كه‌س له‌ناو ئه‌و ئه‌زموونه‌دا بوونی نییه‌, كاتی ئه‌و هه‌ر له‌ ده‌ستپێكه‌وه‌ كاتی ئایینده‌یه‌, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندی كات هه‌میشه‌ به‌ده‌ست داهێنانه‌ وه‌یه‌ و هه‌میشه‌یش یه‌ك ئاڕاسته‌ی هه‌یه‌, ئه‌ویش سه‌قامگیربوونێكی هه‌میشه‌ییه‌ له‌ناو ئایینده‌دا و هه‌ر ئه‌م ئه‌زموونه‌یشه‌ شیعرگه‌لێكی ئه‌وتۆی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ له‌ فه‌زای ئایینده‌دا نه‌بێ‌ له‌ هیچ فه‌زایه‌كی تردا به‌رقه‌رار نابن. واته‌ شیعر له‌م ئه‌زموونه‌ ڕه‌سه‌نه‌دا شاعیر هه‌ڵده‌گرێ‌ و له‌ ده‌رباری ئایینده‌دا جێگای شایسته‌ی خۆی پێده‌به‌خشێ‌.
مه‌ل له‌ دره‌خت دڵگیر نابێ‌
ئه‌و له‌ شه‌قام
شه‌قام له‌ ته‌نیایی شه‌وان
من له‌ دڵم..دڵم له‌ تۆ دڵگیر نابێ‌
“چراش خامۆش بێ‌..دڵا خامۆش نابێ‌” (خاك و زریان و خۆشه‌ویستی- زریان)

(4)
ئه‌م ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌ هه‌ر كه‌ ده‌ڕسكێت, یه‌كسه‌ر چه‌مكه‌ شیعرییه‌كان له‌ قاڵبی خۆی ده‌دات و ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ سه‌رله‌نوێ‌ بنیات ده‌نێته‌وه‌ كه‌ لێیان پێكدێت. له‌وانه‌: زمان, فیكر, هه‌ست و سۆز, وێنه‌, ڕیتم, بابه‌ت, فه‌زا…تاد. به‌رجه‌سته‌بوونی ئه‌م ڕه‌گه‌ز و چه‌مكه‌ شیعرییانه‌یش له‌ تێكستدا هۆكاره‌ بۆ هاتنه‌كایه‌ی داهێنانێكی ئه‌وتۆی له‌ ئایینده‌دا سه‌قامگرتوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌یش ئه‌م ئه‌زموونه‌, ئه‌زموونێكی تاكمه‌نده‌, چه‌مكه‌كانیش ئه‌و تاكمه‌ندییه‌ی ئه‌زموون ده‌گونجێنن, یان ده‌یانگۆڕن له‌ باو و نه‌ریتگه‌راوه‌ ده‌یانكه‌ن به‌ ناباو و نانه‌ریتگه‌را, یان شته‌ ئاساییه‌كان, هه‌ر وه‌كو وردزوێرس ده‌ڵێت, به‌ شێوه‌یه‌كی نائاسایی پێشكه‌ش به‌ هزر و یاد ده‌كرێت. چه‌مكه‌كانیش به‌ر له‌ هه‌موویان زمان(فۆرم), بابه‌ت(بیرۆكه‌ی شیعریی و ناوه‌ڕۆك), ئه‌زموون(تایبه‌تمه‌ندێتی تاكڕه‌وانه‌), هه‌ست و سۆز (په‌یوه‌ندیی ڕۆحیی), خه‌یاڵا(فه‌زای گشتیی سێنته‌مێنتاڵیی), ئه‌مانه‌ هه‌موو له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی هارمۆنییدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بن و كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندی تازه‌ دروست ده‌كه‌ن و سه‌ره‌نجام ده‌ق پێكده‌هێنن, به‌ڵام ئه‌م ده‌قه‌ ته‌نها بریتی نییه‌ له‌م په‌یوه‌ندییانه‌, به‌ڵكو نه‌وتراوێكی تێدایه‌ – ئه‌گه‌ر ئه‌م چه‌مكه‌ له‌”تێری ئیگڵتن”ه‌وه‌ وه‌ربگرین – یانی په‌یوه‌ندییه‌كی تریشی هه‌یه‌, ئه‌ویش په‌یوه‌ندی ده‌قه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی, واته‌ واقیع, چونكه‌ هه‌رگیز ده‌قێكی كامڵا پێكنایه‌ت ئه‌گه‌ر بێت و خود بابه‌ت نه‌كات به‌ سه‌رچاوه‌ی كامڵییه‌كانی خۆی, چونكه‌ خود هه‌میشه‌ ناته‌واوه‌ و پێداویستیی به‌ ته‌واوكه‌ر هه‌یه‌, ئه‌ویش دواجار دنیابینییه‌كه‌ی شاعیری لێ‌ پێكدێت, ئه‌گینا نه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی بابه‌تییانه‌ ده‌ق له‌ گرنگترین چه‌مك بێبه‌ریی ده‌كات, كه‌ ئه‌ویش چه‌مكی دنیابینییه‌, چونكه‌ ده‌لاله‌ته‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ناپۆشێته‌به‌ر, وه‌كو ئه‌وه‌ی”لووسیان گۆڵدمان” بۆی چووه‌, ته‌نیا و ته‌نیا به‌وه‌ نه‌بێ‌ كه‌ تێكه‌ڵا بێت به‌ ڕه‌وتی ژیان و له‌گه‌ڵیدا بگونجێ‌ و هاوڕێك بێت.


دیاره‌ ئه‌وه‌ی به‌ وردیی هه‌ر سێ‌ كۆشیعره‌كه‌ی”ئه‌نوه‌ر”یش بخوێنێته‌وه‌ ده‌زانێ‌ هه‌ر كۆشیعرێكی قۆناغێكه‌ له‌ ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌كه‌ی ئه‌و – به‌ڵام قۆناغێكی ناهاوئاسته‌ له‌گه‌ڵا قۆناغی یه‌كه‌مدا – و جگه‌ له‌وه‌ به‌ئاسانیش هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ شێواز, زمان, ئه‌تمۆسفیر, بابه‌ت, وێنه‌, مامه‌ڵه‌ی هونه‌ریی له‌ هه‌ر قۆناغێكدا گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه‌ و ته‌واو جیاوازن. هه‌ر كۆشیعرێك له‌مانه‌ پڕۆژه‌یه‌كی جیاوازه‌ و پارێزگاریی له‌ تایبه‌تمه‌ندێتی قۆناغه‌ هزریی و هه‌ستیی و تاكڕه‌وییه‌كه‌ی خۆی ده‌كات و به‌ڕاده‌یه‌ك له‌ هه‌ر یه‌كێكیاندا ئه‌زموون پۆشاكێكی دیكه‌ ده‌پۆشێته‌به‌ر و دوڕیانێك له‌گه‌ڵا ئه‌وی پێش خۆیدا به‌رقه‌رار ده‌كات و له‌ كۆمه‌ڵێك خاڵدا لێی جیاده‌بێته‌وه‌ و تایبه‌تمه‌ندێتی تر ده‌گرێته‌ خۆی, تایبه‌تمه‌ندێتی جیاوازییه‌كانی خۆی ده‌ڕسكێنێ‌ و پارێزگارییان لێده‌كات..ده‌توانین بڵێین هه‌ر كۆشیعرێكی تایبه‌تمه‌ند و جودایه‌, یان ئاستێكی دیكه‌ی جیاوازی ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌كه‌یه‌تی, بۆیه‌ له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌یاندا هه‌ست به‌ به‌یه‌كداچوونی ستایه‌ڵا, بابه‌ت, زمان, تێكه‌ڵبوونی ئه‌تمۆسفیر و..تاد ناكه‌ین. بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین:
زریان: پێگه‌یشتنی دیدی تاكڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌كیی شاعیره‌. تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ ڕه‌هه‌نده‌ گشتیی و تاكڕه‌وه‌كان و ئاڕاسته‌ی نووسینیش له‌ ناوه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌یه‌. بوونیش تیایدا ته‌فسیرێكی فێنۆمێنۆڵۆژییانه‌ هه‌ڵده‌گرێت. هه‌وڵێكیشه‌ بۆ جێگیر كردنی ڕیتم- هارمۆنیا- له‌ فۆرمدا, یانی دال, جگه‌ له‌وه‌ی مه‌دلوول به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌, ڕووبه‌رێكیشه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی ڕیتم و ئیقاع.
زایه‌ڵه‌: پێگه‌یشتنی دیدی تاكڕه‌وانه‌ی ناوه‌كییانه‌یه‌. دنیابینییه‌كی نیمچه‌ سۆفییانه‌ی نامیتافیزیكییانه‌ به‌رانبه‌ر به‌ ده‌ره‌وه‌ی خود – جیهان – ده‌گرێته‌خۆ و ئاڕاسته‌ی نووسینیش تیایدا له‌ ده‌ره‌وه‌وه‌ بۆ ناوه‌وه‌یه‌. بوونیش تێیدا ته‌فسیرێكی فینۆمینۆڵۆژییانه‌ هه‌ڵناگرێت. ڕیتمیش ڕه‌گه‌زێكی ناوه‌كییانه‌یه‌ له‌ تانوپۆیدا, یانی زیاتر مه‌دلوول به‌رهه‌می ده‌هێنێت و سه‌رچاوه‌یه‌تی.
زنار: پێگه‌یشتنی دیدی تاكڕه‌وانه‌ی ناوه‌كییه‌ دیسانه‌وه‌. دنیابینییه‌كی سۆفییانه‌ی نامیتافیزیكییانه‌ به‌رانبه‌ر به‌ خود ده‌گرێته‌خۆ و ئاڕاسته‌ی نووسینیش له‌ ده‌ره‌وه‌وه‌ بۆ ناوه‌وه‌یه‌. لێره‌یشدا بوون تێیدا ته‌فسیرێكی فێنۆمێنۆڵۆژییا نه‌ هه‌ڵناگرێت. ڕیتمیش له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی مه‌دلووله‌وه‌ دێته‌ ئارا.

له‌ زریاندا, خود خۆی له‌ دنیایه‌كی به‌رینتردا ده‌بینێته‌وه‌, له‌ زۆر شوێندا له‌گه‌ڵا ڕه‌هه‌ندی گشتییدا تێكه‌ڵا ده‌بێت, له‌ هه‌ندێ‌ شوێنیشدا له‌ خۆی جیاده‌بێته‌وه‌, به‌ڵام له‌ زایه‌ڵه‌دا هێدی هێدی ئه‌م خوده‌ خۆی له‌ دنیایه‌كی دیاریكراودا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش زۆر و كه‌م دنیای نۆستاڵژیایه‌ و هه‌وڵی خۆنمایش كردن ده‌دات. له‌ زناریشدا, ئه‌م خوده‌ زیاتر به‌خۆدا ده‌چێته‌وه‌ و لێناگه‌ڕێ‌ دنیا تێكه‌ڵی بێت, به‌ڵام سێبه‌ری دۆخه‌ مرۆییه‌ تاكڕه‌وه‌كه‌ هه‌ر به‌سه‌ریدا زاڵا ده‌بێت و لێی جیانابێته‌وه‌. كه‌ زریان ده‌خوێنینه‌وه‌, ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌ پڕۆژه‌یه‌ك بێت له‌ پڕۆژه‌كانی داهێنان, ئه‌وا ناتوانین هه‌وراز و نشێوه‌كانی به‌ئاسانی تێپه‌ڕێنین و ته‌واوی بكه‌ین, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ قووڵاییدا شتگه‌لێك ڕامانده‌كێشن و ئیدی جاروبار بۆ هه‌ناسه‌دان, پشوویه‌كی فیكریی و خه‌یاڵییش وه‌رده‌گرین و سه‌رله‌نوێ‌ تێهه‌ڵده‌چینه‌وه‌, دواجاریش كه‌ له‌ قووڵاییه‌كانه‌وه‌, كه‌ له‌ودیوی ده‌لاله‌ته‌كانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌,”نیتشه‌”وته‌نی: په‌ی به‌وه‌ ده‌به‌ین كه‌ چیدی هیچ شتێك ئاسایی و مه‌ئلووف نییه‌ له‌ ده‌وروبه‌رماندا..چونكه‌ له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر چامه‌یه‌كیدا, هه‌ست به‌وه‌ ناكه‌ین دوای چه‌ند دێڕێك بارگه‌ شیعرییه‌كان ده‌كوژێنه‌وه‌, به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ تا دوادێڕ ئه‌و بارگه‌ شیعرییانه‌ هه‌ر ده‌مێنن و بوونێكی پێداگر و بێڕاده‌ زیندوویان هه‌یه‌ و پارێزگارییه‌كی سه‌رسه‌ختانه‌ له‌ مانه‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن.

(5)
“ئه‌نوه‌ر”به‌ چه‌مكی په‌یگیری زمان په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵا جیهاندا به‌رقه‌رار ده‌كات, به‌واتا له‌گه‌ڵا مانادا په‌یوه‌ندی ده‌به‌ستێ‌ و دنیابینییه‌كی قووڵی سه‌باره‌ت به‌ كرۆكی شیعر هه‌یه‌ و به‌ قووڵیی له‌ بارودۆخ و پێداویستییه‌كانی سه‌روبه‌نده‌كه‌ی تێگه‌یشتووه‌ و ده‌زانێت پێویستیی به‌چی هه‌یه‌, پێگه‌یشتوویی ئه‌زموونه‌كه‌شی هه‌ر له‌م تێگه‌یشتنه‌وه‌ هه‌ڵده‌قووڵێت, هه‌روه‌ها له‌ تێگه‌یشتنه‌وه‌ بۆ چه‌مكه‌ شیعرییه‌كان دێت و به‌رزه‌فتیان ده‌كات و به‌سه‌ریاندا زاڵا ده‌بێت. جگه‌ له‌وه‌ ده‌زانێت به‌ په‌یڕه‌و كردنی نووسینی شیعری باو ناتوانێ‌ گوزاره‌ له‌ سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی بكات, بۆیه‌ شیعری خۆی به‌ ڕێچكه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌نددا ده‌بات و شێوازێكی تاكڕه‌وانه‌ی ئه‌وتۆ و ڕه‌سه‌نێتییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ش ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی گره‌و له‌ زه‌مه‌ن به‌رێته‌وه‌ و موماره‌سه‌ی كاریگه‌رییه‌كی به‌رده‌وام له‌سه‌ر ڕه‌وتی ئه‌وسا و تاڕاده‌یه‌ك ئێستای شیعریشدا هه‌بێت. چونكه‌ شیعره‌كانی,”به‌یاتی” گوته‌نی: وه‌كو دامه‌زراندنێكی نوێ‌ ده‌رده‌كه‌ون له‌ هونه‌ری شیعردا. ده‌یشتوانین ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو به‌ سه‌رده‌می”ئه‌نوه‌ر”ناوبه‌رین, ئه‌مه‌یش بێگومان به‌ پشتبه‌ستن به‌ هه‌قیقه‌ته‌ شیعرییه‌ به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌كان و ڕامان له‌ ڕووبه‌ره‌ شیعرییه‌كانی زۆربه‌ی شاعیرانی ئه‌و ده‌یه‌یه‌ و په‌ی بردن به‌وه‌ی كه‌ له‌ چ پاڵتۆیه‌كی شیعرییه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

ئه‌ڕۆی ئه‌گریا, دڵی ئاوێنه‌ی ته‌ماویی و لێڵا بوو,
ئاسمانێ‌ بوو دووایی نه‌هاتوو, ئه‌سپی سه‌ركه‌ش و
تینووی ئاره‌زووی هه‌ر ئه‌یحیلاند و چه‌پۆكانی بوو…
له‌سه‌ر دره‌ختی ماتی ته‌نیایی, پۆلێ‌ باڵنده‌ی لانه‌شێواو و
وێڵا هه‌ڵئه‌نیشتن…ئه‌ڕۆی هاواری (خانیی)له‌ كه‌ژی
نه‌بڕاوه‌ی بیریا…ده‌نگی ئه‌دایه‌وه‌ (ئێوه‌ ئه‌و بایه‌ن كێو له‌بن دێنن- زریان)


ئه‌وه‌ی له‌م ئه‌زموونه‌دا جێبایه‌خه‌, نیشته‌جێبوونی شاعیره‌ له‌ نیشتیمانی شیعردا, به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ كه‌ شیعریان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و نیشتیمانه‌دا نووسیووه‌ و هه‌رگیزیش نه‌یانتوانیووه‌ له‌ تانوپۆیدا نیشته‌جێ‌ بن, چونكه‌ كورت و پوخت ئه‌و نیشتیمانی شیعر له‌ سه‌رووی هه‌موو نیشتیمانێكه‌وه‌ ده‌بینێ‌ و یه‌كه‌م كێشه‌ی ئه‌وه‌ كه‌ ته‌واوی بوون له‌ قاڵبی شیعر بدات, ته‌واوی ژیان به‌ شیعر زه‌ڕكه‌فت بكات, ته‌واوی دنیا له‌ یۆتۆپیای شیعردا جێبكاته‌وه‌, بۆیه‌ شیعر لای ئه‌و خاوه‌نی به‌هایه‌كی دیكه‌یه‌, هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كان له‌ خۆیدا كۆده‌كاته‌وه‌, هه‌موو ڕێگاكان ده‌هێنێته‌وه‌ ناو شیعر و تیایدا یه‌كانگیریان ده‌كات, هه‌موو جۆگه‌له‌كان ده‌ڕژێنێته‌ ناوییه‌وه‌, هه‌موو هه‌وره‌كانی تیادا ده‌بارێنێت, گه‌ڵاكانی تیادا هه‌ڵده‌وه‌رێنێت, ئه‌ستێره‌كانی تیادا ده‌بریسكێنێته‌وه‌, گشت په‌لكه‌زێڕینه‌كان وێنه‌ی تاج ده‌خاته‌ سه‌ر ئاسۆكانی ناوی, خۆر و مانگ له‌وێدا هه‌ڵده‌هێنێت, یانی قورساییه‌كی تر به‌ ده‌قی شیعریی ده‌دا, به‌های ڕاسته‌قینه‌ی بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌یكاته‌ ڕووبه‌رێك بۆ كۆمه‌ڵێك چه‌مكی جوان داڕێژراو و سه‌ره‌نجام بێجگه‌ له‌ چه‌مكه‌ گرنگه‌كان, هونه‌رێكی باڵایش ده‌بێته‌ باكگراوه‌ند بۆ شیعری ئه‌و و ئه‌مانه‌یش له‌ زمانێكی ترانسێندێنتاڵدا دێنه‌دی , كه‌ دواجار ئه‌ركه‌ بنچینه‌ییه‌كه‌ی جێبه‌جێ‌ ده‌كات ئه‌ویش سه‌رسووڕمان به‌خشین و چێژدان و هه‌ڵبژاردنی زمانێكی باڵا و سه‌رئاسا بۆ په‌یوه‌ستكاریی تاكڕه‌وانه‌مان و ئینجا ژیان به‌ شێوه‌یه‌كی ویژدانمه‌ندانه‌ و شتی تریش..ئه‌مه‌یش مانیفێستی شیعریی ئه‌وه‌ و ده‌یخاته‌ ناو دنیای چه‌قبه‌ستووی شیعری ئێمه‌وه‌.

تینویه‌تیی من وه‌كو ده‌ستی زریان وایه‌
له‌گه‌ڵا پڕی دایه‌ مه‌مكی سپی به‌فر
نه‌ك هه‌ر به‌فر
په‌نجه‌ی زریانیش ئه‌یبه‌ستێ‌
تینویه‌تیی من ده‌فته‌رێكه‌
چاوی گه‌شی كچێكی شه‌نگ, نیوه‌ شه‌وێ‌
لێی بێزار بوو, فڕێی دایه‌ گه‌رد و تۆزی
كتێبخانه‌ی بیرچوونه‌وه‌… (ساماڵا- زریان)

پرسی سه‌ره‌كیی “ئه‌نوه‌ر”, پرسی شیعره‌ و پێشكه‌ش كردنی ده‌قێكه‌ له‌ ده‌قه‌كانی قۆناغه‌كه‌, ده‌قێكه‌ جیاوازه‌ و كواڵیتییه‌كی ئێستێتیكییانه‌ی به‌رزی هه‌یه‌. وه‌كو چۆن هه‌ر له‌ ده‌ستپێكه‌وه‌ له‌و ترادیسیۆنه‌ شیعرییه‌ لایدا و له‌و ناوكۆییه‌ نه‌ریتگه‌رایه‌ نه‌مایه‌وه‌ كه‌ شیعری كوردی تیایدا قه‌تیس ببوو, ئه‌گه‌ر وا نه‌بوایه‌ ئه‌زموونێكی به‌و ئاسته‌ هونه‌رییه‌ی نه‌ده‌هێنایه‌دی, چونكه‌ شیعر, شیعری ڕاسته‌قینه‌, شیعری داهێنه‌ر, به‌ هه‌موو مانایه‌كی وشه‌وه‌ هونه‌ره‌ بۆ ئه‌و و لادانیشی كرده‌یه‌كه‌ بۆ به‌پیتیی و گه‌شه‌كردن و دواجاریش هه‌وڵێكه‌ له‌پێناوی داهێنانی به‌رده‌وامدا. ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ی له‌ تانوپۆی به‌رهه‌مه‌كانیشیدا په‌یان پێ‌ ده‌برێت هه‌ر له‌ خۆڕا و به‌ ڕێكه‌وت نه‌هاتوونه‌ته‌دی, به‌ڵكو به‌ هۆی تێگه‌یشتنێكی قووڵا له‌ سه‌رده‌مه‌كه‌ و پێداویستییه‌كانی و قووڵبوونه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیددی بۆ قۆناغه‌ مێژووییه‌كه‌ و ئاگاداربوون له‌ داهێنانه‌كانی دنیا و كرانه‌وه‌ و گوشادبوونی فیكریی سه‌باره‌ت به‌ خودی ژیان خۆی و درككردن به‌ پێداویستییه‌كانی بوونه‌ته‌ ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر, جگه‌ له‌وه‌ به‌ هه‌رسكردنی ڕابردوویش هاتۆته‌دی, چونكه‌ ڕابردوو, هه‌روه‌كو”جه‌برا ئیبراهیم جه‌برا”بۆی چووه‌: له‌لای تازه‌گه‌ره‌كاندا ده‌بێته‌ هێزی ده‌رپه‌ڕین و به‌رز بوونه‌وه‌ و ڕه‌گوڕیشه‌ و قه‌دێكیشه‌ زمان وزه‌ی خۆی لێیه‌وه‌ هه‌ڵده‌هێنجێ‌. جا شیعر هه‌ر به‌ سروشت و خه‌سڵه‌تی خۆی ده‌بێ‌ دنیا هه‌رس بكات تاكو دنیایه‌كی تر بخوڵقێنێ‌, ده‌بێ‌ شۆڕش به‌رپا بكات, هیچ نه‌بێ‌ له‌ناو خۆیدا و هه‌میشه‌یش پێویسته‌ له‌گه‌ڵا گۆڕانكارییدا بێت و شانبه‌شانی بووه‌ستێت وه‌كو ئه‌وه‌ی “ئه‌دۆنیس”ئاماژه‌ی پێداوه‌, یانی به‌ قبووڵكردنی ئه‌و واقیعه‌ شیعرییه‌ی پێش خۆی و سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیشی به‌رهه‌می خۆی له‌ هه‌موو شیعرییه‌تێك بێبه‌ریی ده‌كات.


بێگومان له‌ دوای قۆناغی زریانه‌وه‌ گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی به‌سه‌ر ئه‌زموونه‌كه‌یدا هاتووه‌, ڕاسته‌ ئه‌و له‌ زریاندا شیعری پێش خۆی و سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیشی تێده‌په‌ڕێنێ‌, به‌ڵام دواجار وه‌كو ئه‌وه‌ی پێویسته‌ زریان تێناپه‌ڕێنێ‌, یانی, به‌ ده‌ربڕینی”دكتۆره‌ خالیده‌ سه‌عید”, خۆی تێناپه‌ڕێنێ‌, كه‌ له‌ ڕاستییدا تێپه‌ڕاندنی خۆ پێویسته‌ له‌ ژیانی شاعیردا به‌رده‌وام بێت. ئه‌گه‌رچی گۆڕانكاریی به‌سه‌ر شیعریشیدا دێت, به‌ڵام به‌راوورد به‌ “زریان” گۆڕانكاریی پۆزه‌تیڤ نین, ئه‌گه‌ر ئه‌و بیروڕایانه‌ی له‌ یادوه‌رییه‌ شیعرییه‌كه‌یدا سه‌باره‌ت به‌ قۆناغه‌كانی پاش زریان هاتوون له‌به‌رچاو نه‌گرین.

هێدی..هێدی, به‌فره‌بارێ‌,
كۆتره‌كانیش به‌ خه‌مباری هه‌ڵنیشتوون,
ئه‌و گڵۆپه‌ شیرییانه‌ش,
وه‌ك عاشقێ‌ له‌ تاریكیدا ده‌سووتێن,
په‌نجه‌ره‌ی ماتی ژووره‌كه‌م,
ڕووخساریشم, ده‌ڕواننه‌ شه‌قامی چۆڵی نیوه‌شه‌و
ده‌ڕواننه‌ دارستانی سپی و خامۆش
سه‌راسیمه‌ن, تێی كردووه‌ و هه‌ر ده‌بارێ‌,
ئاسمانی ئه‌م شاره‌ شه‌نگه‌ش,
هه‌ر له‌ چاوی دایكم ده‌چێ‌,… (زه‌نگڵه‌ی یاد- زایه‌ڵه‌)
دۆزینه‌وه‌ی هاوچوونییه‌ سۆزداریی و هزریی و ئاسۆییه‌كانی چاوه‌ڕوانیی ده‌قه‌كانی له‌ وه‌رگر نزیكتر خستۆته‌وه‌ و چڕوپڕیی به‌ ئه‌زموونه‌كه‌شی به‌خشیووه‌.
ده‌شته‌كان ته‌م دایپۆشیون,
داران گه‌ڵایان وه‌ریوه‌,
شه‌و له‌ هه‌ساره‌ی زامم جمه‌ی دێ‌,
چراوگی دڵا,
شه‌وه‌زه‌نگ بینی گرتووه‌…
نه‌ دۆستێ‌ دێ‌, به‌م ناوه‌دا ڕاببوورێ‌ و
چۆڵه‌ چراوێ‌ هه‌ڵبكا…
نه‌ یارێ‌ دێ‌ دوگمه‌ی سینه‌ی بترازێنێ‌ و
پڕ به‌ دنیا:
بۆی به‌هار و
ڕۆشنایی به‌یان بهێنێ‌…. (ته‌م و…- زنار)

ئه‌گه‌رچی ئه‌و بۆ ئه‌زموونه‌كه‌ی چه‌مكه‌ شیعرییه‌كانی خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌ و ده‌یانكات به‌ به‌ریدا و هه‌میشه‌یش ده‌یان خوڵقێنێته‌وه‌ و كاژیان پێ‌ فڕێده‌دات و به‌ شێوه‌یه‌كی تر تازه‌ ده‌بێته‌وه‌ – هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی گۆڕانی بارودۆخه‌كه‌ی – ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌كه‌شی شه‌قڵێكی دیكه‌ وه‌رده‌گرێ‌. شوێن گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت, نیشتیمان هه‌ست و سۆزێكی نۆستاڵژییانه‌ ده‌یپێچێته‌وه‌, په‌یوه‌ستبوون”ئینتیما”له‌ دووره‌وه‌, له‌ تاراوگه‌وه‌ ڕه‌هه‌ندێكی قووڵتر له‌خۆ ده‌گرێت. نامۆییش هه‌ست و سۆزێكی جیاوازی له‌لادا ده‌هێنێته‌ كایه‌وه‌. ئه‌مانه‌ هه‌موو به‌ شێوه‌یه‌كی تر ئه‌زموونه‌كه‌یان ڕه‌نگڕێژ كردووه‌ وه‌ك بڵێی شه‌یداییه‌كی سۆفییانه‌یان پێبه‌خشیبێت. به‌ مانایه‌كی تر ئه‌گه‌ر “زریان” ئاستێك بووبێت له‌ ته‌جره‌به‌ی نووسین له‌لای ئه‌ودا, ئه‌وا”زایه‌ڵه‌”و”زنار”ئاستی جیاوازی هه‌مان ته‌جره‌به‌ بوونه‌, به‌ڵام به‌ مانا پۆزه‌تیڤه‌كه‌ی تێپه‌ڕاندن نه‌بوونه‌, به‌ وردبوونه‌وه‌یش له‌ چه‌مكه‌ شیعرییه‌كان ئه‌م ڕاستییه‌مان بۆ ساغده‌بێته‌وه‌, ئه‌گه‌رچیش به‌ قووڵاییه‌كاندا شۆڕده‌بێته‌وه‌ و گره‌و له‌سه‌ر ڕووكاری ده‌ره‌وه‌ی شته‌كان ناكات, به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌كی به‌تینتر له‌گه‌ڵا ناوه‌وه‌ی شته‌كاندا به‌رقه‌رار ده‌كات و به‌هاكان و ڕه‌هه‌نده‌كان گۆڕانكاریی جیددییان به‌سه‌ردا دێت.

(6)
“شه‌یمه‌س هینیی”له‌ كۆنتێكستێكدا ده‌ڵێت: نووسه‌ری مه‌زنی ناو هه‌ر كولتوورێك هه‌موو شتێك ده‌گۆڕێت. یانی ئه‌گه‌ر به‌ پێی ئه‌م وته‌یه‌ له‌ شیعر و ئه‌ده‌به‌كه‌مان بڕوانین ئه‌وا ڕاستیی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ دوای”گۆران”زمان و شیعر و دنیابینیی شیعرییمان گۆڕا, پاش “گۆران”یش ئه‌وه‌ی له‌ناو كولتووری شیعرییماندا جارێكی تر ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجامدا به‌ پله‌ی یه‌كه‌م “ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د”بوو, كه‌ هه‌ر به‌ سروشتی خۆی له‌ناو ئه‌م كایه‌یه‌دا یاخی و سه‌رپێچ بوو, هه‌میشه‌یش ڕووبه‌ری نووسین بۆ ئه‌و گه‌ڕان بوو به‌دوای شێوازی تر و دیدێكی تیژ و قووڵا و به‌ربڵاویشی هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌ شیعری خۆی و ئه‌مه‌یش بوو به‌ هه‌وێنی ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ شیعرییه‌كه‌ی. له‌ویشه‌وه‌ ئیتر هیچ شتێكمان – مه‌به‌ست زمان و شیعر و دنیابینیی شیعرییمانه‌ – وه‌كو خۆی نه‌ما و خوێنه‌ریش خۆی هه‌ر وه‌كو خۆی نابینێ‌ و جیاواز په‌ی به‌ خۆی ده‌بات. چونكه‌ ئه‌و ڕه‌تكردنه‌وه‌, یان تێكدانه‌ی هایدیگه‌ر لێی دواوه‌, چركه‌ساتی بونیادنانێكی تازه‌ بوو لای ئه‌و و ده‌بوایه‌ خوێنه‌ریش پێبه‌پێی ئه‌وه‌ خۆی بونیادبنێته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی تر له‌ ئه‌زموونی تازه‌ی ده‌ق تێبگات, به‌و پێیه‌ی نووسین دایه‌ڵۆگێكی دیالێكتیكییه‌ له‌ نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ردا و تێگه‌یشتنیش له‌ كاری ئه‌ده‌بیی- تێگه‌یشتنی هونه‌رییانه‌ – له‌ خودی تێكست خۆیه‌وه‌ هه‌ڵده‌قووڵێ‌, وه‌كو ئه‌وه‌ی”دكتۆر عه‌نناد غه‌زوان”ئاماژه‌ی پێداوه‌.


ئه‌وی ڕاستیی بێت بۆ”ئه‌نوه‌ر”شیعر شه‌قڵی حازربه‌ده‌ست و پێشوه‌ختی نییه‌, چونكه‌ لای ئه‌و پێناسه‌یه‌كی دیاریكراوی نییه‌, ئه‌و له‌ دنیایه‌كدا گه‌شونما ده‌كات, به‌ ده‌ربڕینی”تۆدۆرۆڤ”, لێوانلێوه‌ له‌ وشه‌كانی ئه‌وانی تر و ئه‌ویش له‌ ناویاندا به‌دوای ڕێگاكه‌ی خۆیدا ده‌گه‌ڕێت, یانی به‌ هیچ شتێكی ده‌ره‌كییانه‌ قایل نییه‌, ئه‌وه‌تا خۆی له‌ شوێنێكدا ده‌ڵێت: هه‌میشه‌ له‌ شیعر نووسیندا ده‌بێ‌ بچیت به‌گژ مه‌نتیقی وشكوبرینگی یاسا و ڕێساكانی ژیاندا.. كه‌واته‌ بۆ ئه‌و نووسینی شیعر هه‌میشه‌ ململانێیه‌ له‌گه‌ڵا شته‌كانی ژیان, به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵا زماندا, چونكه‌ زمان هه‌میشه‌ ناتوانێ‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یه‌وێ‌ به‌وی دی بگه‌یه‌نێ‌, یانی زۆرجار سرك و به‌له‌سه‌یه‌ و نابێته‌ قاڵبێكی ڕاستگۆ بۆ گرتنه‌خۆ و به‌رجه‌سته‌كردنی بیر و ئه‌ندێشه‌, به‌مه‌یش ئه‌وه‌ له‌ هزری خوێنه‌ر ئاماده‌ ناكات كه‌ ئه‌وی شاعیر مه‌به‌ستێتی. بۆیه‌ ده‌قه‌كانی نه‌ك هه‌ر شیعری نه‌وه‌كه‌ی خۆی, به‌ڵكو بۆ شیعری نه‌وه‌كه‌ی دوای خۆیشی ئاوێنه‌ن و ڕه‌نگدانه‌وه‌یانی تێدا به‌ئاشكرا دیاره‌, شیعرێكیش نییه‌ دوای”زریان”نووسرابێ‌ و سه‌دای ئه‌و شێواز و ده‌لاله‌ت, یان ئه‌و زمان و فه‌زا و چه‌مكانه‌ی تێدا نه‌بێ‌ كه‌ تیایدا به‌كاربراون, یانی به‌وه‌ ده‌چێ‌ شیعره‌كان, هه‌روه‌كو”نیڵا ئاستلی”ده‌ڵێ‌:
قسه‌ له‌گه‌ڵا یه‌كدا بكه‌ن, هامانا په‌یوه‌ندییه‌كی به‌تین و تاو له‌ نێوانیاندا به‌رقه‌راره‌. ئه‌گه‌ریش ئه‌و, شیعر له‌ پێناسه‌یه‌كی نه‌گۆڕدا له‌ قاڵب بدات, ئه‌وا به‌رانبه‌ر به‌ چامه‌ و به‌رانبه‌ر به‌ پره‌نسیپی نووسینی شیعریش, به‌پێی ده‌ربڕینی”دكتۆره‌ خالیده‌ سه‌عید”ناپاكی ده‌كات, سه‌رباری بوونی كه‌له‌پوور و بۆماوه‌یه‌كی شیعریی دوورودرێژ و هه‌ست نه‌كردنیش به‌ دابڕان له‌گه‌ڵیدا. به‌ڵام “ئه‌نوه‌ر”به‌ پێناسه‌ و بونیاد و په‌یكه‌ره‌یه‌كی ته‌واو جیاواز و كۆمه‌ڵێ‌ چه‌مكی شیعریی جیاكاره‌وه‌ تێهه‌ڵچووه‌ و دابڕانیشی له‌گه‌ڵا پێش خۆی نه‌كردووه‌, لێی ڕاماوه‌, ئه‌گه‌ر كێشه‌شی له‌گه‌ڵدا هه‌بووبێ‌ كێشه‌ی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ چۆن نووسراوه‌ و چی نووسراوه‌؟ یانی چی نووسراوه‌ و چۆن نووسراوه‌؟ لێره‌وه‌, له‌م ده‌ستپێكه‌ گرنگه‌وه‌ تێهه‌ڵده‌چێت و گۆڕانكارییه‌كانی خۆی به‌دی ده‌هێنێت و گۆڕانكارییش له‌ چی نووسین و چۆن نووسین ده‌هێنێته‌ كایه‌وه‌..ئه‌مه‌یش هه‌موو هاوكێشه‌ شیعرییه‌كانی پێشووی بۆ شیته‌ڵا ده‌كاته‌وه‌ و هاوكێشه‌ی نوێی بۆ داده‌هێنێ‌, چونكه‌ كاری ئه‌ده‌بیی هه‌رده‌م ده‌ربڕی شتێكه‌ و ئامانجی خوێندنه‌وه‌یش بێگومان گه‌یشتنه‌ به‌و شته‌, بۆیه‌ ڕووبه‌ری ئه‌م نووسینه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ ئاشكرا كردنی ئه‌و هاوكێشه‌”ئه‌نوه‌ر”ییانه‌ی ته‌نیا و ته‌نیا تایبه‌تن به‌ خۆی و ئه‌زموونه‌كه‌ی.


بێگومان ئه‌و, به‌تایبه‌تی له‌”زریان”دا, به‌رده‌وام تاسه‌ی شتێكی پێوه‌ دیاره‌, ئه‌ویش خۆتێپه‌ڕاندنه‌ كه‌ جه‌سته‌ی ئه‌زموونه‌كه‌ی ده‌ته‌نێته‌وه‌, چامه‌كانیش, به‌ڵگه‌نه‌ویستانه‌ گه‌واهیده‌ری ئه‌م قسه‌یه‌ن, چونكه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان ئاستێكی جیاوازه‌ له‌ دنیای ئه‌زموونه‌كه‌ی و ئه‌گه‌ر لێكنزیكیی, یان لێكچوونێكی كه‌میش له‌ نێوانیاندا به‌دی بكرێت ئه‌وا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌و قه‌ڵه‌مه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌ كه‌ هه‌مان ئه‌زموون به‌رجه‌سته‌ ده‌كات و هه‌مان ئه‌و چه‌مكه‌ شیعرییانه‌ به‌كارده‌هێنێ‌ كه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شاعیرێكی داهێنه‌ر هه‌ڵده‌گرن.

جووتێ‌ ڕه‌شماری ئاشقه‌ و ماشقه‌ی شێت
له‌ بن دارێكدان یه‌كتر ئه‌گه‌زن
دوو كۆتری سپیی به‌ ده‌می یه‌كدا ئه‌ڕشێنه‌وه‌
دیوار ئه‌ڕووخێ‌..سنوور ئه‌سووتێ‌
له‌ كووره‌ی جوانیی و نه‌مریی تۆدا ئه‌توێته‌وه‌
من ئه‌بم به‌ تۆ, تۆ ئه‌بی به‌ من
دره‌خت خۆی ئه‌سوێ‌ له‌ كۆشی ئاسمان
ڕووبار له‌ ده‌ریا, هه‌رچی شت هه‌یه‌
ئه‌سووڕێته‌وه‌.. (ئێوه‌ ئه‌و بایه‌ن كێو له‌ بن دێنن- زریان)

ئه‌و, وه‌كو وتمان, له‌گه‌ڵا كه‌له‌پوور و میراتی شیعرییمان دابڕانی دروست نه‌كردووه‌, وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بڕێك له‌ لاوه‌كان ده‌یكه‌ن, ئه‌و وه‌كو ئه‌مانه‌یش نه‌كه‌وته‌ لاسایی كردنه‌وه‌ی شیعری فارسیی – بۆ نموونه‌ – به‌ڵكو خوێندنه‌وه‌ كانی كرد به‌ به‌شێك له‌ ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌كه‌ی خۆی و سوودی له‌و كاریگه‌رییه‌یان وه‌رگرت و بونیادی شیعری خۆی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵچنی و په‌ره‌ی پێدا. شیعریش ئه‌گه‌رچی ئه‌زموونێكی تاكڕه‌وانه‌یه‌ بۆ ئه‌و, به‌ڵام ئه‌زموونێكی مرۆییشه‌, بۆیه‌ ده‌لاله‌تێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی مرۆییش هه‌ڵده‌گرێت و ده‌ق به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی مرۆیی پانوبه‌رینتر ده‌بات, ئه‌مه‌یش وزه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ی تر به‌دیار ده‌خات و فه‌زای تر بۆ ده‌لاله‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی تریش گه‌شه‌ی ناوه‌كییانه‌ی شیعر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌بات و دووری ده‌خاته‌وه‌ له‌ ڕووكه‌شیی و ڕاسته‌وخۆیی و نزیكیشی ده‌خاته‌وه‌ له‌ ئیشكردنێكی جیددییانه‌تر له‌ بونیادی ده‌لالیی جیاواز.

كاكه‌ ده‌ڵێن: سواری گلاو ڕاست بۆته‌وه‌ و
ئه‌مجاره‌یان ئه‌سپی ژێری,
باهۆزێكه‌ له‌ گڕی سوور,
كاكه‌! نه‌ شار ئه‌ستێره‌كه‌ی
له‌ هه‌وری خوێندا نوقووم بووی
جاران و میری به‌به‌یه‌ و
نه‌ تۆش خوواپه‌رستی بێ‌ خووا و
نه‌ من غه‌ریبی تاهه‌تا.. (كاكه‌- زایه‌ڵه‌)
یان له‌ شوێنێكی تردا ده‌ڵێت:
دایه‌ نه‌ تۆ و نه‌ كۆتر و نه‌ شمشاڵیش ئیتر مه‌گرین
دوێنێ‌ خۆم دیم, ئه‌رخه‌وان بوو بڕیبووشیان
به‌سه‌ر شه‌قامدا ڕای ئه‌كرد..لاوكیه‌ وت (بمده‌ره‌ ده‌س سه‌رما و سۆڵه‌- زریان)

به‌شی دووه‌م
(7)

شتێك كه‌ له‌ ئه‌زموونه‌ چۆنایه‌تییه‌كه‌ی”ئه‌نوه‌ر”دا زۆر سه‌رنجڕاكێشه‌ – به‌ركه‌ماڵه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی له‌و لاوه‌ بووه‌ستێ‌, كه‌ هه‌ر ته‌نها هه‌وڵگه‌لێكی ئێستێتیكییانه‌ نین, به‌ڵكو چڕوپڕكردنه‌وه‌ و به‌خشینی وزه‌یه‌كی سه‌رئاساشه‌ به‌ ده‌ق و كردنێتی به‌ منداڵدانێك بۆ هه‌ڵگرتنی جوانییه‌ك, جوانییه‌كی جیاواز, كه‌ ده‌كرێ‌ ناوی مانای لێ‌ بنێین – شیعرییه‌ته‌ چڕه‌كه‌یه‌تی, كه‌ سه‌ره‌نجام ئه‌م شیعرییه‌ته‌ی له‌ پاڵا چه‌مكه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی دیكه‌ی چامه‌دا به‌های ئێستێتیكییانه‌ی شیعره‌كانی به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن, كه‌ سه‌رنجڕاكێشترین لایه‌نه‌ له‌ دنیا شیعرییه‌كه‌یدا. ده‌ركه‌وتنی ئه‌م چه‌مكه‌یش له‌ ناوكۆی ده‌قه‌كانیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای ڕسكانی ئه‌و وه‌كو شاعیرێك و ئاماده‌ییه‌كه‌ی له‌ناو ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌كه‌ی كه‌ نهێنی جوانییه‌كانی ده‌ق له‌ ڕێیه‌وه‌ له‌ لای ئه‌ودا ده‌رده‌كه‌ون. لێره‌دا مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌ نییه‌ پێناسه‌ی شیعرییه‌ت بكه‌ین, چونكه‌ شیعرییه‌ت به‌ گوته‌ی”دكتۆر به‌شیر تاوریریت”, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ملكه‌چی دنیای گۆڕانه‌ بۆیه‌ دژواره‌ پێناسه‌ بكرێت. زمانی شیعرییش- له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جێگا و فه‌زای ده‌ركه‌وتنی شیعرییه‌ته‌- پڕاوپڕه‌ له‌ شه‌هوه‌تی ڕه‌تكردنه‌وه‌ و له‌ڕاستییدا داهێنان, پڕاوپڕه‌ له‌ شه‌هوه‌تی جووڵانه‌وه‌ و گه‌ڕان و تێپه‌ڕاندن و جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌سه‌ر تاقه‌ ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتی شیعره‌, وه‌كو ئه‌وه‌ی”دكتۆره‌ خالیده‌ سه‌عید”بۆی چووه‌. زمانێكیشه‌ له‌ناو زماندا, به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی”پۆل ڤالیری”ده‌ڵێت, یانی زمانێكه‌ له‌ناو زمانێكی تردا.

واته‌ زمانێكی تایبه‌تمه‌نده‌ له‌ناو زمانێكی گشتییدا. یانی به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ندانه‌ له‌گه‌ڵا زمانی گشتییدا مامه‌ڵه‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی زمانییانه‌ی جیاكار به‌دی بهێنێت كه‌ خود تیایدا به‌رجه‌سته‌ بێت نه‌ك بابه‌ت, یانی قسه‌كه‌ر خود بێت نه‌ك ئه‌وی دی سووننه‌ت و كه‌له‌پوور و كولتوور..چونكه‌ زمانی شیعریی ئافراندن و داهێنانه‌ نه‌ك به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌یه‌كی ساده‌ی سووننه‌ت و كه‌له‌پوور و كولتوور. ده‌قیش, وه‌كو ئه‌وه‌ی”ده‌بلیوو. ئیزه‌ر”وه‌سفی ده‌كات, بریتییه‌ له‌ دوو جه‌مسه‌ر, یه‌كه‌م جه‌مسه‌ری هونه‌ریی, كه‌ ئه‌مه‌یان په‌یوه‌سته‌ به‌ نووسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌, دووه‌میش جه‌مسه‌ری ئێستێتیكیی, كه‌ ئه‌مه‌یشیان په‌یوه‌سته‌ به‌ وه‌رگره‌وه‌, پێبه‌پێی ئه‌مه‌ كاری ئه‌ده‌بیی له‌ نێوان ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌دا سه‌قامگیره‌. لایه‌نه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی بگرین, ئه‌وا – شاعیر – پێیكراوه‌ تیایدا به‌ره‌و پێش چوونێكی به‌رچاو و له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر به‌ده‌ست بهێنێ‌, ئه‌م به‌ركه‌ماڵه‌ هونه‌رییه‌یش وای كردووه‌ بۆ وه‌رگر تێكسته‌كانی ڕه‌زامه‌ندبه‌خش بن و چێژ و له‌زه‌تیان لێ‌ وه‌ربگرێت. ئه‌مه‌یش به‌دی هێنانی هاوسه‌نگییه‌كه‌ ئه‌و شیعرییه‌ته‌ی لێ‌ كه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌زموونێكی شیعریی ئامانجێتی پێی بگات, به‌ڵام هه‌موو ئه‌زموونێك به‌ده‌ستی ناهێنێت. شیعرییه‌تیش, بێگومان, بابه‌تێكه‌ مشتومڕ هه‌ڵگر و به‌ شێوه‌ی جیاجیا له‌ زۆربه‌ی زمانه‌كانی دنیادا به‌ تێروته‌سه‌لی ئاووڕی لێدراوه‌ته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی تیۆریی و پراكتیكیشی له‌ مه‌ڕه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌, له‌لای ئێمه‌یش نه‌ختێك بایه‌خی پێدراوه‌ و له‌ملاو له‌ولا شتی له‌سه‌ر نووسراوه‌ و هه‌وڵدراوه‌ له‌ ڕێگایه‌وه‌ كه‌شفی به‌رهه‌مه‌ ئێستێتیكییه‌كان بكرێت و چێژه‌ دانسقه‌ و تایبه‌تمه‌نده‌كانیان دیاری بكرێت.

هه‌ڵبه‌تا شیعرییه‌تی هه‌ر شاعیر, یاخود هه‌ر ئه‌زموونێكیش, خه‌سڵه‌ت و جیاكاریی خۆی هه‌یه‌ – نابێ‌ ئه‌وه‌یش له‌ یاد بكه‌ین كه‌ هه‌موو ئه‌زموونێك خاوه‌نی شیعرییه‌ت نییه‌ – و په‌یوه‌ندی به‌ مامه‌ڵه‌ كردنی شاعیره‌وه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵا زمان, بابه‌ت, وێنه‌, ڕیتم و ئه‌و فه‌زایه‌ی ئه‌م ڕه‌گه‌زانه‌ ده‌یخوڵقێنن و هه‌روه‌ها چۆنێتیی مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵا ئه‌و كۆنتێكستانه‌ی وشه‌ به‌شداریی له‌ دامه‌زراندنیان ده‌كات و ده‌بنه‌ هۆی داهێنانی ده‌قی داهێنه‌رانه‌. شیعرییه‌تیش چه‌مكێك نییه‌ ته‌نها له‌ شیعردا په‌ی پێ‌ ببرێت, به‌ڵكو له‌ ژانره‌كانی تریشدا بوونی به‌رچاوی هه‌یه‌, به‌ڵام ئه‌وی ڕاستیی بێ‌ ته‌نها له‌ شیعردا بوونێكی چڕوپڕ و ده‌وڵه‌مه‌ند له‌خۆ ده‌گرێت و ئه‌و مامه‌ڵه‌ جیاكاره‌ ده‌یهێنێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵا ڕه‌گه‌زه‌كانی تێكستدا ده‌كرێت و ده‌خرێنه‌ ناو كۆمه‌ڵه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی جیاوازه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی تازه‌یان له‌ نێواندا دروست ده‌كرێت و سه‌رله‌نوێ‌ شیعر وه‌كو فۆرمێكی تر, یان وه‌كو ژانرێكی تر داده‌هێنێته‌وه‌ و پێكهاته‌ نه‌گونجاوه‌كان له‌ناو بونیادێكی زمانییانه‌ی گونجاودا داده‌نێت و به‌م شێوه‌یه‌یش ئه‌وه‌ی به‌رقه‌رار ده‌بێت شیعرییه‌ته‌, چونكه‌ سه‌ره‌نجام شاعیر گونجانێكی گشتگر له‌ نێوان شته‌كاندا دروست ده‌كات.

ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ جیاوازانه‌یش له‌ كاتی شرۆڤه‌ كردن و شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و وشانه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانیاندا بۆمان ڕوونده‌بنه‌وه‌, كه‌ ده‌ق پێكده‌هێنن. هه‌روه‌ها ده‌شێ‌ شیعرییه‌ت ئه‌ركێك بێت له‌ ئه‌ركه‌كانی په‌یوه‌ندی نێوان بونیادی قووڵا و بونیادی ڕووكه‌ش, ئه‌م ئه‌ركه‌یش له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هاوتابوونی ڕه‌ها, یاخود هاوتابوونی ڕێژه‌یی له‌ نێوان ئه‌م دوو بونیاده‌دا ده‌رده‌كه‌وێت, ئه‌گه‌ر ئه‌م چه‌مكه‌ی”ناعووم چۆمسكیی”وه‌ربگرین, چونكه‌ كاتێ‌ هاوتابوون ڕه‌ها بێت ئه‌وا پله‌ی شیعرییه‌ت نزم ده‌بێته‌وه‌, یان هه‌ر نامێنێ‌, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمان كۆكه‌ره‌وه‌ی هاودژ نییه‌ تیایاندا – ئه‌م لایه‌نه‌ پتر له‌ هه‌ردوو كۆشیعری زایه‌ڵه‌ و زناردا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت – كاتێكیش له‌ نێوان دوو بونیاده‌كه‌دا جیاوازیی و ناهاوسه‌نگیی گه‌شه‌ بكات, ئه‌وا شیعرییه‌ت له‌ ده‌قدا هه‌ڵده‌قووڵێت و ته‌قینه‌وه‌ به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ‌, هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی”دكتۆركه‌مال ئه‌بو دیب”ئاماژه‌ی پێداوه‌- ئه‌مه‌یش به‌ چڕیی له‌ زریاندا ده‌رده‌كه‌وێت-. یان ده‌توانین به‌ جۆرێكی تر بڵێین په‌یوه‌ندییه‌ زمانییه‌كان بڕیار له‌سه‌ر شیعرییه‌تی ده‌ق ده‌ده‌ن و بارودۆخه‌ سروشتییه‌كان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك شیعرییه‌ت به‌رهه‌م ناهێنن, وه‌كو ئه‌وه‌ی”دكتۆر كه‌ریم حه‌سه‌ن ئه‌للامیی”بۆی چووه‌, به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ده‌هێنێت ده‌ركردنی وشه‌كانه‌ له‌ سروشته‌ چه‌قبه‌ستوو, یان جێگیره‌كانی خۆیان و خستنه‌ ناو, یاخود به‌خشینی سروشتێكی تازه‌ پێیان ئه‌و شیعرییه‌ته‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌,
ئه‌مه‌”دكتۆر كه‌مال ئه‌بو دیب”یش له‌ كتێبه‌ گرنگه‌كه‌ی خۆیدا – له‌باره‌ی شیعرییه‌ته‌وه‌ – ئاماژه‌ی پێداوه‌ و ده‌ڵێت: به‌كار هێنانی وشه‌كان به‌ بێ‌ ده‌ركردنیان له‌ سروشته‌ جێگیر و فه‌رهه‌نگییه‌كه‌ی خۆیان شیعرییه‌ت به‌رهه‌م ناهێنێت, چونكه‌ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ مه‌ودایه‌ك له‌ نێوانی زمانی جێگیر و له‌ نێوانی زمانی داهێنراودا, به‌ پێی تیۆره‌كه‌ی خودی”دوكتۆر ئه‌بو دیب”, تیۆریی كه‌لێن:
یاخود مه‌ودای پشێویی, یان گرژیی شیعرییه‌ت داده‌هێنێ‌ و هه‌رچه‌نده‌ ڕاده‌ و توند و تیژیی پشێویی و گرژییش زیاد بكات ئه‌وا كاریگه‌رییه‌ شیعرییه‌كه‌ی پتر ده‌بێت و گه‌شه‌ی زیاتر به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ‌. ده‌یشكرێ‌ بڵێین شیعرییه‌ت ئه‌ركێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانی ئه‌م كه‌لێنه‌ی كه‌ بێگومان ئه‌ركه‌كانی هه‌مه‌جۆرن, مه‌به‌ستیش ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌م تیۆرییه‌ی(كه‌لێن: یاخود مه‌ودای پشێویی), كه‌ وه‌كو چه‌مكێك بۆ دیاریكردنی سنووره‌كانی شیعرییه‌ت و ڕسكاندنی تێگه‌یشتنێكی گشتیی له‌باره‌یه‌وه‌ به‌كار ده‌هێنرێت و له‌گه‌ڵا ئه‌م ئه‌زموونه‌دا ده‌گونجێت و ڕه‌نگه‌ باشترین شتیش بێت بۆ چاره‌سه‌ر كردنی پرسه‌كه‌ی, كه‌ بێچه‌ندوچوون ده‌مانباته‌وه‌ سه‌ر چه‌مكی(لادان, یان ترازان)ی جان كۆهین, مه‌به‌ستیش له‌ لادان, ده‌رچوون نییه‌ له‌ بنه‌ماكانی زمان, هه‌روه‌كو”دكتۆر كه‌ریم حه‌سه‌ن ئه‌للامیی” ئاماژه‌ی پێداوه‌, به‌ڵكو هونه‌رمه‌ندێتییه‌ له‌ داڕشتنی زمانه‌وانیی بۆ گه‌یشتن به‌ شیعرییه‌ت, كه‌ به‌ خه‌سڵه‌تێكی جه‌وهه‌ریی ده‌ق داده‌نرێت. به‌ ده‌ربڕینێكی دیكه‌ ترازانی پێكهاته‌یی زمانه‌وانییه‌, ترازانی پێكهاته‌یی زمانه‌وانییش جۆرێكه‌ له‌ جۆره‌كانی ترازانی كۆنتێكستیی, كه‌ ئه‌ویش به‌ تێكشكاندنی سه‌مت و ڕێكوپێكیی ئاستی زمان نمایش ده‌كرێ‌, یانی پێشخستن و دواخستنی یه‌كه‌ زمانه‌وانییه‌كان له‌ شیعردا, واته‌ به‌ تێكدانی ڕیزبه‌ندیی و ته‌رتیبی زمانه‌وانیی شیعر بێگومان له‌ ڕێگای گۆڕینی پێكهاته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ده‌ق له‌ناو كۆنتێكستدا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌لاله‌ت له‌ شیعرییه‌ت بكات, هه‌ر وه‌كو”دكتۆر به‌شیر تاوریریت” ده‌ڵێت و ببێته‌ تاقه‌ پێوه‌رێك بۆ دیاریكردنی ئه‌م چه‌مكه‌, به‌ڵكو ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك میكانیزم بۆ گه‌یشتن به‌و چێژه‌ی شیعرییه‌ت ده‌یبه‌خشێت و له‌ سایه‌یه‌وه‌ ده‌بینه‌ خاوه‌نی و یۆتۆپیایه‌كیشه‌ بۆ خوێنه‌ر, ئه‌وه‌تا”ئه‌نوه‌ر”خۆی له‌ بڕگه‌یه‌كی یاده‌وه‌رییه‌ شیعرییه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات و ده‌ڵێت:
مرۆڤ بێ‌ یۆتۆپیا ناتوانێ‌ بژی..! ئێمه‌یش ده‌كرێ‌ بڵێین ده‌قه‌ شیعرییه‌كانی باشترین یۆتۆپیان كه‌ ئه‌و خوڵقاندوونی و ساته‌وه‌ختانه‌یش بووبێت به‌ خوێندنه‌وه‌یان بووینه‌ته‌ هاوڵاتی ئه‌مه‌كداری ئه‌و شاره‌ جوانه‌ی قه‌ت له‌یاد ناچێت. له‌ تاوتوێ‌ كردنی ئه‌م ئه‌زموونه‌ دیاره‌یش, ئامانج ئه‌وه‌یه‌ بزانین ئه‌زموونی نووسینی”ئه‌نوه‌ر”چیمان پێده‌ڵێت و سه‌ره‌نجام چیمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت, ئایا وامان لێده‌كات خودی دنیا خۆی به‌ شێوه‌یه‌كی جیاواز ببینین, وه‌كو ئه‌وه‌ی”واڵاس فاوڵی”بۆی چووه‌, ئایا وه‌ڵامه‌كه‌ شیعرییه‌تێكه‌ بۆ هه‌میشه‌ به‌ خۆیه‌وه‌ گرێمان ده‌دات و وه‌كو یه‌كێك له‌ لووتكه‌ به‌رزه‌كانی دنیای شیعرییمان سه‌ركه‌ش ده‌مێنێته‌وه‌؟

(8)
با هه‌ندێ‌ تیشك بخه‌ینه‌ سه‌ر چه‌مكی(كه‌لێن: مه‌ودای پشێویی)كه‌ بێگومان له‌”دكتۆر كه‌مال ئه‌بو دیب”ه‌وه‌ خواستوومانه‌ و ئامانجی سه‌ره‌كیش لێی گه‌یشتنه‌ له‌ ڕێگایه‌وه‌ به‌ چه‌مكی شیعرییه‌ت. دیاره‌ شیعرییه‌ت, به‌گوته‌ی خودی”دكتۆر ئه‌بو دیب” ناشێ‌ وه‌سف بكرێت, ته‌نها ئه‌و كاته‌ نه‌بێت كه‌ له‌ناو بونیادێكی گشتگیردا شه‌قڵده‌گرێت و ده‌ڕسكێت, ئه‌م چه‌مكی”كه‌لێن”ه‌یش ڕێك به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و بونیاده‌ گشتگیره‌یه‌. چه‌مكی(كه‌لێن: یاخود مه‌ودای پشێویی) له‌ بونیادی زمانه‌وانییانه‌ی ده‌ق – واته‌ بونیادی زمانه‌وانییانه‌ی تاكڕه‌و و جیاوازییه‌كانی له‌گه‌ڵا بونیادی زمانه‌وانییانه‌ی گشتیی – و ئه‌و دنیابینیی و هه‌ڵوێستانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ په‌یوه‌ندی ده‌ق به‌ دنیاوه‌ به‌رجه‌سته‌یان ده‌كات. ئه‌م كه‌لێنه‌یش هه‌میشه‌ له‌ نێوانی”من”و”ئه‌وی دی”دا دروستده‌بێ‌, مه‌به‌ست منی شیعریی و ئه‌وی دی خوێنه‌ره‌, به‌ دیوێكی تردا, گونجان یان نه‌گونجانی ده‌ق و خوێنه‌ره‌, بێگومان به‌هۆی دوانه‌ هاودژه‌كانه‌وه‌ , به‌ڵام له‌گه‌ڵا هاودژبوونیشیاندا ته‌واوكه‌ری یه‌كترین و له‌ په‌یوه‌ندییاندا مانای به‌شه‌كییانه‌ی ده‌ق بونیاد ده‌نێن و سه‌ره‌نجامیش ده‌لاله‌ی گشتیی ده‌ق پێك ده‌هێنن و به‌ركه‌ماڵا به‌ ده‌ربڕین ده‌ده‌ن. له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا له‌مانه‌ پێك دێت: دانانی شتی نه‌گونجاو..و دروست كردنی په‌یوه‌ندی ناكۆك و شتی چاوه‌ڕوان نه‌كراو..و دانانی دوو كۆمه‌ڵه‌ شت كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ده‌لالییانه‌ ناشێ‌ پێكه‌وه‌ یه‌كانگیریان بكه‌یت, هه‌روه‌ها دانانی هاودژی كاتییانه‌ و هاودژی شوێنییانه‌یش پێكه‌وه‌, یانی پاڕادۆكس, پاڕادۆكسیش واته‌ ده‌ق – شیعرییه‌تی خۆی:

یه‌ك: له‌ جه‌سته‌ی ده‌سته‌واژه‌یه‌ك هه‌ڵده‌هێنجێ‌.
دوو: له‌ نێوانی ده‌سته‌واژه‌یه‌ك و ده‌سته‌واژه‌یه‌كی تردا هه‌ڵده‌هێنجێ‌.
سێ‌: له‌ نێوانی دوو ئاستدا:
ئه‌لف – زمانی پاڕادۆكس.
بێ‌ – زمانی تاكڕه‌هه‌ند.

جگه‌ له‌مانه‌ ده‌ق شتێك قیت ده‌كاته‌وه‌, یان ده‌ربڕینێك داده‌نێ‌, ئه‌م ده‌ربڕینه‌ مه‌ودایه‌ك دروست ده‌كات, به‌ڵام وشه‌یه‌ك, یان ده‌سته‌واژه‌یه‌كی دیكه‌ی له‌پاڵدا زه‌قده‌كاته‌وه‌ و به‌و شێوه‌یه‌یش بونیادی چاوه‌ڕوانیی خوێنه‌ر ده‌شێوێنێت و تێكوپێكی ده‌شكێنێت, لێره‌دا ئه‌و كه‌لێنه‌ دێته‌ ئاراوه‌ كه‌ به‌ پشێویی و شپرزه‌ییه‌كی چڕوپڕ ده‌وڵه‌مه‌نده‌. له‌ بنچینه‌یشدا هاوته‌نیشتبوونی كتوپڕییانه‌ له‌ نێوان ئه‌و شتانه‌ی له‌ نێوانی خۆیاندا هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك شكنابه‌ن, هه‌روه‌كو”میشێل فۆكۆ”ده‌ڵێت, شیعرییه‌تی ده‌ربڕین ده‌خوڵقێنن, شیعرییه‌تی ده‌ربڕینیش ئه‌ركێكی تره‌ له‌ ئه‌ركه‌كانی كه‌لێن, جا ئه‌م شیعرییه‌ته‌, یان كز و ئاست نزم ده‌بێت, یانیش توند و تۆڵا و ئاست به‌رز و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت. جگه‌ له‌مانه‌ نامۆكردنیش یه‌كێكی تره‌ له‌ سیماكانی ئه‌م چه‌مكه‌, یانی مه‌ئلووف كردن به‌ نامه‌ئلووف, ئه‌مه‌یش له‌ نێوان دنیا و ده‌قدا ڕووده‌دات. هه‌روه‌ها گۆڕانكاریی كتوپڕ له‌ زماندا:
له‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ناوه‌وه‌, یانی له‌ وه‌سفه‌وه‌ بۆ ڕاناوی قسه‌كه‌ر و ئینجا گۆڕانی كرداریش”كه‌لێن”دروست ده‌كات, ئه‌مانه‌ و گه‌لێك شتی تریش كه‌ هه‌موو له‌ بونیادێكی زمانییانه‌ی كۆك و گونجاودا ڕێكده‌خرێت, ئه‌وا كاریگه‌رییه‌كه‌ی سه‌رئاسا و هه‌ڵاوێرده‌ ده‌بێت. خوڵاسه‌ له‌ نێوانی شاعیر و دنیا, شاعیر و زمانی بۆماوه‌ – یان گشتیی -, شاعیر و وشه‌, شاعیر و شیعر, درزێكی بناغه‌یی هه‌یه‌, به‌ ده‌ربڕینی”دكتۆر ئه‌بو دیب”, به‌ بێ‌ ئه‌و درزه‌ هیچ شیعرییه‌تێك بوونی نابێ‌. هه‌ندێجار جووڵه‌ی- یان به‌ره‌و پێشچوونی – چامه‌یش, نه‌ك هه‌ر ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی ڕیتمییانه‌, به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی بونیادی گشتیی چامه‌یش – مه‌ودای پشێویی – ده‌خوڵقێنێ‌ و ئه‌مه‌یش ده‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌شوهه‌وایه‌كی شیعریی ده‌وڵه‌مه‌ند دابمه‌زرێنێ‌ و چوست و چالاكیی و جووڵه‌یه‌كی هارمۆنیی به‌ بونیادی چامه‌ ببه‌خشێت, هه‌روه‌كو له‌ چامه‌ی “شه‌وانی باران”دا باسی ده‌كه‌ین. بێگومان ملكه‌چی پێوه‌رێكی ده‌ره‌كییانه‌شی ناكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی بكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵا ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا, به‌ڵكو خودی خۆی ده‌بێته‌ پێوه‌ر بۆی و له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی ئاگادارمان ده‌كاته‌وه‌ و زانیاریی ته‌واومان پێده‌به‌خشێت.

(9)
وا شه‌و داهات, چراش خامۆش, مه‌ل كۆچی كرد,
به‌فری ناوه‌خت, ده‌شتی دڵی دڵدارێكی سه‌رانسه‌ر گرت,
وا شه‌و داهات… (شه‌وانی باران- زایه‌ڵه‌)

له‌م شیعره‌دا, كه‌ ڕابردوو بونیاده‌كه‌ی داده‌مه‌زرێنێت, جیهان, یانی ده‌ره‌وه‌ – هێنده‌ی ناوه‌وه‌ – ژینگه‌ و سه‌رچاوه‌ی ئه‌زموونه‌كانی شاعیره‌ نه‌ك هه‌ر به‌ ته‌نها خه‌یاڵێكی قووڵا و به‌پێز, چونكه‌ پێكهاته‌كانی خۆی له‌ واقیع ده‌قۆزێته‌وه‌ و گه‌شونمایان پێده‌دات و واقیعێكی تازه‌یان لێ‌ ده‌ئافرێنێ‌ كه‌ ئه‌ویش واقیعی شیعرییه‌.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه‌ جووڵه‌ی یه‌كه‌می ناو چامه‌كه‌یه‌ – كه‌ له‌ دێڕی یه‌كه‌مه‌وه‌ تا دێڕی سێیه‌م درێژه‌ ده‌كێشێ‌ – له‌م جووڵه‌یه‌دا, زمان به‌ وزه‌یه‌كی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر بارگاوییه‌, جیهانێكمان بۆ سكێچ ده‌كات ڕوون و شه‌ففاف, جیهانی هاوپه‌یوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌. ڕاسته‌ هه‌موو هه‌ست و نه‌ستێك,”ئه‌نوه‌ر”گوته‌نی, له‌ فۆرمێكی هونه‌رییدا و به‌ ساكارییش ده‌رنابڕدرێ‌, به‌ڵام له‌م جووڵه‌: به‌ره‌وپێشچووه‌ پڕ وزه‌یه‌دا ده‌ربڕدراوه‌ و هاودژییه‌كی له‌ نێوان شه‌و و چرای خامۆش هاتۆته‌ ئاراوه‌, چونكه‌ چرا له‌ شه‌ودا ده‌بێ‌ دابگیرسێ‌, ئینجا له‌ نێوان به‌فر و دڵا دا دژوازیی قووتكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش داكردنی به‌فره‌ به‌سه‌ر ده‌شتی دڵێكدا – كه‌ ئێمه‌ ده‌زانین دڵی دڵدارێكه‌ و زانیارییه‌كه‌ چامه‌كه‌ پێشكه‌شمانی ده‌كات – هه‌روه‌ها له‌ جووڵه‌ی دواتریشدا – كه‌ له‌ دێڕی چواره‌مه‌وه‌ تا دێڕی بیست و دووه‌مه‌ – ده‌ڵێت:

ئه‌و مه‌مكانه‌ت ئا له‌م په‌نجه‌ سووتاوانه‌ی من به‌ولاوه‌,
نیشتمانێ‌ به‌دی ده‌كه‌ن؟ (شه‌وانی باران- زایه‌ڵه‌)
ئه‌م وێنه‌یه‌, كه‌ پرسیاره‌ و به‌ وه‌سفی چڕوپڕ بونیاد نراوه‌, له‌ ده‌قی(نوقڵانه‌ی خۆشه‌ویستیی و باران)یشدا ئاماده‌یی هه‌یه‌, به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی جیاواز خۆی ده‌رده‌بڕێت.
وام ئه‌زانی قومری سپی سركی مه‌مكت
چڵی شاشی ده‌س و په‌نجه‌م بۆ خۆی ئه‌كا
به‌ هێلانه‌… (نوقڵانه‌ی خۆشه‌ویستیی و باران- زریان)

لێره‌یشدا- ده‌لاله‌تی جیاواز به‌ وشه‌كان ده‌دات و په‌یوه‌ندی نوێی نێوان یه‌كه‌ زمانییه‌كان داده‌هێنێ‌, هه‌ر بۆ نموونه‌: وشه‌ی نوقڵانه‌ و به‌كارهێنانی بۆ مه‌دلوولێكی ناباو, وشه‌ی خه‌م و چوواندنی به‌ دره‌خت, ته‌م و په‌ڕوباڵا, ئاسمان و مه‌رگ, كڕێوه‌ی ئازار, چه‌م و چاوه‌ڕوانیی و هی تریش.

ئه‌ی وردیلانی دێیه‌كه‌م!
بۆچی په‌نجه‌ی تووڕه‌ییتان
ئه‌خه‌نه‌ ناو چاوی سووری هۆنراوه‌كه‌م؟!
هۆنراوه‌كه‌م به‌فرماڵه‌,
به‌فری كه‌وتووی سه‌ر كۆختی دڵتان ئه‌ماڵێ‌
هۆنراوه‌كه‌م مانگی خه‌پله‌ی گه‌رمی گاڵه‌
له‌ناو شه‌وی سكی وشك و برسیتانا
هه‌وری ئازار ڕائه‌ماڵێ‌
هۆنراوه‌كه‌م, كڵۆمێكه‌
ده‌روازه‌ی شاری گریانتان بۆ دائه‌خا
كلیلێكه‌…ده‌رگای شاری
نان و گوڵا و به‌هارتان بۆ ئه‌كاته‌وه‌…
وردیله‌ینه‌!
هۆنراوه‌كه‌م بارانێكه‌ ته‌پ و تۆزی
سه‌ر ڕوومه‌تی دێیه‌كه‌مان ئه‌شواته‌وه‌ (نوقڵانه‌ی خۆشه‌ویستیی و باران- زریان)

بونیادی ئه‌م ده‌قه‌یش – وه‌ك زۆربه‌ی ده‌قه‌كانی تری كۆشیعری”زریان” – له‌سه‌ر نه‌گونجان و هاودژیی نێوان وشه‌كان هه‌ڵچنراوه‌, یان یه‌كانگیربوونی هاودژ و نه‌گونجاوه‌كان هه‌ڵچنراوه‌ و تیایدا ڕووبه‌ڕووی ترازانی زمانه‌وانیی, یاخود ئه‌و كه‌لێنه‌ ده‌بینه‌وه‌ كه‌ شه‌قڵا به‌ پشێوییه‌كی ئه‌ودیوییانه‌ی زمان ده‌به‌خشێت و شیعرییه‌ت به‌رهه‌م ده‌هێنێت. دیاره‌ ئه‌م چامه‌یه‌یش هه‌روه‌كو ئه‌وانی تر سیخناخه‌ به‌ دوانه‌ هاودژه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی كه‌لێن, بۆ نموونه‌: په‌نجه‌ی تووڕه‌یی – چاوی سووری هۆنراوه‌, هۆنراوه‌ – به‌فرماڵا, به‌فری كه‌وتوو- كۆختی دڵا, هۆنراوه‌ – مانگی خه‌پله‌, شه‌وی سك – هه‌وری ئازار, هۆنراوه‌ – كڵۆم, ده‌روازه‌ – گریان, هۆنراوه‌ – كلیل, هۆنراوه‌ – باران..دروست ده‌كه‌ن و به‌گوێره‌ی پێكهاته‌ و كۆنتێكستی ڕسته‌كانیش ده‌لاله‌ی ئه‌وتۆ له‌ هه‌ناوی زمانه‌كه‌دا دروست ده‌كه‌ن جگه‌ له‌وه‌ی كه‌لێنێك به‌جێده‌هێڵن كه‌ شیعرییه‌ت هه‌ڵده‌قووڵێنێ‌ چه‌ند پێداویستییه‌كیش بۆ په‌ی بردن به‌و شیعرییه‌ته‌ له‌به‌رده‌م وه‌رگردا قوتده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ تێڕامانی قووڵا و هه‌ڵوه‌سته‌كردن به‌رامبه‌ر به‌م ده‌ربڕینه‌ جیاوازانه‌ی لێ‌ ده‌خوازن و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ زیاتر لێخوردبوونه‌وه‌ له‌ بونیاده‌ پێكهێنه‌ره‌كانی چامه‌كه‌ بكات.
به‌ڵام با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ده‌قه‌كه‌ی پێشوو – ده‌قی: شه‌وانی باران – بێگومان له‌م ده‌قه‌دا ڕه‌هه‌ندێكی نوێ‌ به‌ داستانی (محه‌مه‌د و سێوێ‌)ده‌دات و ده‌یكاته‌ به‌ر ئه‌زموونێكی مۆدێرن, به‌م شێوه‌یه‌ شاعیر ده‌توانێ‌ به‌ بینۆگه‌ و ڕوئیه‌یه‌كی تازه‌وه‌ باسی سه‌برده‌یه‌كی كۆن بكات, یاخود بابه‌تی ڕابردوو و ته‌نانه‌ت ئه‌فسانه‌یش تاوتوێ‌ بكات و ده‌قی داهێنه‌رانه‌یان لێ‌ به‌رهه‌م بهێنێت – دیسانه‌وه‌ له‌ نێوانی په‌نجه‌ و نیشتیماندا په‌یوه‌ندییه‌كی ناباو دروست ده‌كات و خه‌یاڵا زۆر كاریگه‌رانه‌ وێنه‌ی ئه‌و جیهانه‌ ڕه‌نگڕێژ ده‌كات كه‌ ئه‌زموون ده‌یڕسكێنێ‌. وه‌كو وتمان لێره‌دا هاودژییه‌ك هه‌یه‌, یانی ئه‌م وێنه‌یه‌, ئه‌دۆنیس گوته‌نی, دوو خاڵا له‌ نێوان به‌شه‌ هاودژه‌كان پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها به‌ش و گشتیش پێكه‌وه‌ ده‌لكێنێ‌, ئیدی كه‌لێنێك دێنێته‌دی. ئه‌گه‌ریش شیعر, ده‌ربڕی هه‌ست و سۆز و نه‌سته‌ دانسقه‌كانی چركه‌ساته‌ نه‌مره‌كانی ژیان بێت, ئه‌وا ئه‌م چامه‌یه‌ پانۆڕامایه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ته‌واوی چركه‌ساته‌كانی ژیانه‌, یانی ئه‌م تێكسته‌ ده‌ربڕی هه‌موو شته‌كانی ژیانه‌ نه‌ك هه‌ر به‌ ته‌نها به‌شێكی ناچیزه‌ی.

وا شه‌و داهات, چراش خامۆش,
تاوی باران, به‌فری كه‌وتووی
ده‌شتی دڵی دڵدارێكی كاژوواژ كرد
ڕووباری نوور, چراخانی خسته‌ دنیا,
شه‌پۆل ده‌دات و سۆز ده‌كا.. (شه‌وانی باران- زایه‌ڵه‌)

ئیتر ئا به‌م جۆره‌, زمان لای ئه‌و ده‌ستاوێژێكه‌ به‌های شیعریی تازه‌ی پێ‌ داده‌مه‌زرێنێ‌ و بۆ به‌خشینی شیعرییه‌ت, وه‌كو پێشتر وتمان, هونه‌رمه‌ندێتیی له‌ داڕشتنی زماندا ده‌كات و لادان دێنێته‌كایه‌وه‌, به‌ڵام ئه‌م لادانه‌ ده‌رچوون نییه‌ له‌ نه‌گۆڕه‌ك و جێگیره‌كانی زمان, به‌ڵكو ڕێكخستنێكی تایبه‌ته‌ به‌ شیعر و پێكهاته‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ندیشه‌, هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گری عێراقی”دكتۆر حاته‌م ئه‌لسه‌گر”ئاماژه‌ی پێداوه‌ و كۆمه‌ڵێك بیر و بابه‌ت ته‌وزیف ده‌كات كه‌ ڕوونییان چێژی هونه‌ریی و ئێستێتیكییمان پێده‌ده‌ن و بونیادی شیعرییان له‌و ڕێگایه‌وه‌ ده‌دۆزینه‌وه‌. ده‌ربڕین و گوزاره‌ هاودژه‌كانی تری ده‌قه‌كه‌یش هه‌ر بۆ نموونه‌: ماڵی ناو له‌پ, كانی لێو, كانی لێوی”سێوه‌خان” ئاوێنه‌ بوو, لێوێ‌ نه‌بوو تینوێتی لێوی بشكێنێ‌, لێوی وشكی”حه‌مه‌”نه‌بێ‌ – كه‌ بێگومان ئێمه‌ له‌ میتافۆربوونی ئه‌مانه‌ به‌ئاگاین -, دارستانی ئه‌به‌نووسیی كه‌زیی, دارستان هه‌ناسه‌ ده‌یهێنێته‌ جۆش و سه‌ما..تاد.
له‌ جووڵه‌ی سێیه‌می چامه‌كه‌یشدا – كه‌ له‌ دێڕی بیست و سێیه‌مه‌وه‌ تا دێڕی سیوسێیه‌مه‌ – هه‌ور شۆڕبۆته‌وه‌ و ده‌ستی كردۆته‌ گه‌ردنی دره‌ختێكی برینداری شێت و سه‌ركه‌ش, دره‌خت و هه‌ور ده‌م ده‌نێنه‌ ده‌می یه‌ك و سه‌ما ده‌كه‌ن, ئینجا تاوی باران, به‌فری كه‌وتووی ده‌شتی دڵێك كاژوواژ ده‌كات و ڕووباریش له‌گه‌ڵا چراخان هاودژییه‌ك قووتده‌كاته‌وه‌ و..تاد. لێره‌دا خاوبوونه‌وه‌ی جووڵه‌كان و كرانه‌وه‌یه‌ك ڕووده‌دات, كرانه‌وه‌ به‌ڕووی كردنه‌وه‌ی گرێی ده‌ق, واته‌ چاره‌سه‌ركردن.
بێگومان هه‌موو دالێك به‌ پێویست و زه‌رووره‌ت دالێكی تێهه‌ڵكێشی پێده‌وێت تاكو هاودژیی بكات و ده‌لاله‌تێك به‌رهه‌م بهێنێت, هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی”دكتۆر عیسام واسڵا”ئاماژه‌ی پێداوه‌. له‌ پێكگه‌یشتنی ئه‌م هاودژانه‌یشدا, وه‌كو”یووسف ئه‌لخال”بۆی چووه‌, چامه‌ پشێویی هه‌ڵده‌گرێت و ده‌لاله‌تگه‌لێكی جوان به‌رهه‌م دێن كه‌ پڕاوپڕن له‌ شیعرییه‌ت. له‌ كۆی هه‌موو ئه‌مانه‌یشدا ئه‌و كه‌شوهه‌وا شیعرییه‌ شه‌قڵده‌گرێت كه‌ له‌ نێوانی شته‌كاندا جێگیر ده‌بێت. كه‌شوهه‌وای شیعرییش لێره‌دا كه‌شوهه‌وایه‌ك نییه‌ پێمان نه‌كرێ‌ بیقۆزینه‌وه‌, چونكه‌ ئه‌وی شاعیر فه‌زایه‌كی دینامیكیی له‌ ڕۆحی سه‌رده‌مێك ده‌خوڵقێنێ‌, سه‌رده‌مێك نامۆ نییه‌ به‌ ئێمه‌, سه‌رده‌مێكه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان و كاتێك له‌ كاته‌كان له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌ ئه‌زموون كراوه‌, یانی سه‌رده‌می هه‌موومانه‌. به‌مه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت شاعیر هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای سه‌ره‌تاوه‌ خه‌می ئه‌وه‌ بووه‌ داهێنانی په‌یوه‌ندی تازه‌ له‌ نێوان ڕه‌گه‌زه‌ بنیاتنه‌ره‌كانی چامه‌, هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی”عه‌بدولكه‌ریم عه‌بباس ئه‌لزوبه‌یدی” ئیشاره‌ی بۆ كردووه‌, به‌رجه‌سته‌ بكات. هه‌ر بۆیه‌ شێوازه‌ شیعرییه‌كه‌ی گۆڕاوه‌ و پێگه‌یشتنێكی ئه‌رێنیی به‌ خۆیه‌وه‌ بینیووه‌ كه‌ ته‌واو گونجاوه‌ له‌گه‌ڵا پێگه‌یشتنی خودی ئه‌و و هۆكاره‌ سروشتییه‌كانی ئه‌و واقیعه‌ نوێیه‌ی كاتی نووسینی ئه‌م ده‌قه‌ هاتبووه‌ پێشه‌وه‌.

(10)
ئه‌گه‌ر زمان, به‌گوێره‌ی”دێریك واڵكۆت”, هه‌موو شتێك بێت و بونیادی ده‌ق بگه‌یه‌نێ‌, یاخود”ڕیڤاتێر”گوته‌نی له‌ بونیادی زماندا – ده‌ق – بوونی هه‌بێت, ئه‌وا هه‌وڵی خۆمان هه‌ر له‌وه‌دا چڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌ تا له‌ چوارچێوه‌یدا ئامانجی خۆمان – كه‌ شیعرییه‌تی چامه‌یه‌ – بپێكین, چونكه‌”تۆدۆرۆڤ”گوته‌نی, شیعرییه‌ت بایه‌خدانه‌ به‌ بونیاده‌ ئه‌بستراكته‌ كانی كاری ئه‌ده‌بیی, كه‌ ئه‌مه‌یش بێگومان له‌ فۆرمدایه‌. هه‌روه‌ها به‌پێی”ستێڤان مالارمێ‌”یش ئه‌و كاریگه‌رییه‌یه‌ كه‌ شت ده‌یهێنێته‌دی, نه‌ك – كاریگه‌ریی – خودی شته‌كه‌ خۆی.
یانی مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵا مانای خودی شته‌كان خۆیاندا نه‌ك له‌گه‌ڵا مانای وشه‌كاندا وه‌كو ئه‌وه‌ی”ڕۆڵان بارت”بۆی چووه‌, له‌م حاڵه‌ته‌یشدا كه‌لێنێك له‌ نێوان شته‌كان و وشه‌كاندا له‌ لایه‌ك و له‌ نێوان په‌یوه‌ندی شیعر به‌ شته‌كانه‌وه‌ و په‌یوه‌ندیشی له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ به‌ وشه‌كانه‌وه‌ دێته‌دی. شیعرییه‌ت زۆرجار له‌ پته‌ویی و یه‌كانگیرییه‌ ناوه‌كییه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌, زۆرجاریش له‌ پته‌ویی و یه‌كانگیرییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌, چونكه‌ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ هه‌میشه‌ پڕۆسه‌یه‌كی په‌یوه‌ندگه‌رایه‌, یانی تۆڕێك له‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ناو ده‌قدا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات – هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی”دكتۆر ئه‌بو دیب”ده‌ڵێت – و جووڵه‌یه‌كی سه‌رومڕیشه‌ له‌ نێوان دنیا جیاوازه‌كاندا. ڕاسته‌ ئێمه‌ له‌ ده‌قدا ته‌نها به‌دوای كارنامه‌ی شیعریی, یان به‌دوای ئێستێتیكادا ناگه‌ڕێین, به‌ڵكو له‌ لایه‌نی ده‌لالییانه‌وه‌ ده‌مانه‌وێ‌ شتێكی پراكتیكییش بێت, به‌ چ مانایه‌ك؟ به‌و مانایه‌ی شێوه‌ و بوونی له‌ واقیع بدۆزینه‌وه‌, یانی بێجگه‌ له‌ به‌خشینی جوانییه‌كانی, به‌ باڵای واقیعیشدا هه‌ماهه‌نگ بێت و وامان لێبگات هاوچوونییه‌كی ڕه‌وا له‌ نێوانی ئه‌و ده‌قه‌ و تێفكرینماندا بدۆزینه‌وه‌, ئه‌گینا ئاسۆی چاوه‌ڕوانییمان تێك ده‌شكێت.

چونكه‌ ئه‌ده‌ب به‌گشتیی و شیعریش به‌تایبه‌تی یه‌ك ڕه‌هه‌ندی نییه‌, ئه‌ویش وه‌كو واقیع چه‌ند ڕه‌هه‌ندییه‌, یانی ئێمه‌ له‌ ده‌قدا ته‌نها به‌دوای ده‌لاله‌تی بیۆگرافیانه‌ ناگه‌ڕێین, به‌ڵكو پێداویستییمان به‌ ده‌لالاته‌ ده‌ره‌كیی و فیكرییه‌كانی ده‌قیش هه‌یه‌ – ده‌لالاته‌ وه‌زیفیی و ئێستێتیكییه‌كانی – ئه‌گه‌ر ته‌نها وامان كرد ئه‌وا به‌رهه‌می داهێنه‌رانه‌ له‌ كۆنتێكسته‌ ڕۆشنبیریی و ئێستێتیكییه‌كه‌ی دوور ده‌خه‌ینه‌وه‌, یانی وه‌زیفه‌ بایه‌خداره‌كه‌ی ئه‌ده‌ب پشتگوێ‌ ده‌خه‌ین و فه‌رامۆشی ده‌كه‌ین. كه‌واته‌ به‌گوێره‌ی ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌, ده‌ق لای”ئه‌نوه‌ر”ڕێك وه‌كو ئه‌وه‌ی”تیمۆسی ماسیووس” ده‌ڵێت: به‌رجه‌سته‌ی ئه‌زموون ده‌كات, ئه‌زموونیش یانی به‌ریه‌ككه‌وتنی تاك له‌گه‌ڵا ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا, یانی یاده‌وه‌ریی و پڕۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یتا په‌یتاش بۆ ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌, یاده‌وه‌ریی هه‌روه‌كو”سه‌رگۆن پۆڵس”یش ده‌ڵێت:
كارێكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر گرنگه‌, بۆیه‌ به‌ خۆیه‌وه‌ په‌یوه‌ستت ده‌كات و له‌گه‌ڵا هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و ئه‌زموونی ژیانت ئه‌ویش هه‌ر له‌ پێكهاته‌یدا جێگیر ده‌بێت. پرسیاری ئێمه‌ بێگومان له‌ ئه‌زموون ئه‌وه‌یه‌ چی داینه‌مۆیه‌تی؟ ڕه‌نگه‌ وه‌ڵام بێ‌ سێ‌ و دوو زمان بێت, به‌ڵام زمان نه‌ك هه‌ر داینه‌مۆی ئه‌زموونه‌, به‌ڵكو داینه‌مۆی فیكریشه‌. له‌وانه‌یه‌ ئه‌زموونی نووسین بۆ”ئه‌نوه‌ر”یه‌ك مانا بگه‌یه‌نێ‌, كه‌ ئه‌ویش یاخی بوون و پرسیاركردنی به‌رده‌وامه‌. بێگومان یاخی بوون له‌ هه‌موو شتێكی مه‌ئلووف و پرسیاركردنیش, كه‌ شیعر دیاری ده‌كات, ئه‌ویش پرسیاركردنه‌ سه‌باره‌ت به‌ خودی چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و بابه‌تانه‌ی ئه‌ده‌ب زه‌قیان ده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام شاعیر, مادامه‌كێ‌ په‌یوه‌ندی به‌و زمانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ ده‌سته‌ویه‌خه‌ی بوون و خود ده‌بێته‌وه‌, ئه‌وا ناتوانێ‌ دابڕان له‌گه‌ڵا هیچ شتێكدا بكات. چونكه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی به‌ زمان و مێژووی زمانیشه‌وه‌ ده‌یبه‌ستێته‌وه‌, په‌یوه‌ندییه‌كی پێكهێنه‌رانه‌یه‌ و دابڕانیش لێی كاری نه‌كرده‌ و مه‌حاڵه‌.


ئیدی له‌م تانوپۆیه‌وه‌ دێینه‌ سه‌ر چامه‌ی (غه‌ریبی) – كه‌ چاره‌سه‌ری بابه‌تێكی نۆستاڵژییانه‌ ده‌كات و ڕه‌هه‌ندێكی هونه‌رییانه‌ی قووڵتر به‌ تێكست به‌خشراوه‌ و به‌هایه‌كی گرنگتری گرتۆته‌خۆ و ئه‌گه‌ر ئامانجێكی دیاریكراویشی هه‌بێت ئه‌وا هه‌ر كایه‌ی ڕیتواڵێكی سۆفی گه‌رانه‌یه‌ وه‌كو”پۆل ڤالیریی”ده‌ڵێت و ئه‌فسوونئامێزیشه‌. گێڕانه‌وه‌یه‌كی شه‌ففاف له‌م چامه‌یه‌دا باڵاده‌سته‌, یانی پێكهاته‌كه‌ی گێڕانه‌وه‌گه‌رایه‌ و هیچ هاودژییه‌ك له‌ نێوان یه‌كه‌ زمانییه‌كاندا به‌دی ناكرێت و زمانی ده‌ق تابڵێی لۆژیكیی و گه‌ردوونییه‌, هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی”كۆڵیریج”ئاماژه‌ی پێداوه‌, جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ شیعرییه‌ت ده‌كه‌وێته‌ شوێنێكی دیكه‌ی ده‌قه‌وه‌. ئه‌م چامه‌یه‌ له‌ سێ‌ جووڵه‌ پێكهاتووه‌:
جووڵه‌ی یه‌كه‌م: له‌ دێڕی یه‌كه‌مه‌وه‌ بۆ دێڕی شه‌شه‌م
جووڵه‌ی دووه‌م: له‌ دێڕی حه‌وته‌مه‌وه‌ بۆ دێڕی نۆیه‌م
جووڵه‌ی سێیه‌م: له‌ دێڕی ده‌یه‌مه‌وه‌ بۆ دێڕی شانزه‌هه‌م
له‌ جووڵه‌ی سێیه‌مدا خاوبوونه‌وه‌ ڕووده‌دات و گرێی ده‌ق ده‌كرێته‌وه‌, ئیدی ده‌زانین كه‌ چاره‌سه‌ر نیشتیمانه‌, نیشتیمان ئه‌و شته‌یه‌ ده‌ق له‌ هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵیگرتووه‌ و كۆنتێكست ده‌یهێنێته‌دی.

وتی: قوربان! ئه‌و ئافره‌ته‌ی,
كه‌ به‌ ته‌نیشتما تێپه‌ڕ بوو..
ڕووخساری هه‌ر له‌ ڕووخساری دایكم ده‌چوو,
هه‌ر كه‌ بینیم, سلێمانیم كووچه‌ كووچه‌ هاته‌ پێش چاو,
یه‌كسه‌ر ئاگرم تێ‌ به‌ر بوو, دڵم پڕ بوو,
ببووره‌ لێم! خۆت ده‌زانی قوربان سۆز و
قوربان! كه‌ڵكه‌ڵه‌ی نیشتمان.. (غه‌ریبی- زایه‌ڵه‌)

به‌ قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتر به‌ناو ئه‌م شیعره‌دا په‌ی به‌ ئاسته‌كانی ده‌به‌ین و ده‌زانین خاوه‌ن وزه‌ و ڕۆحێكی ئه‌فسانه‌ییه‌ و ده‌ربڕی خه‌مێكی بێپایانه‌ كه‌ ڕه‌هه‌ندێكی گه‌ردوونیی له‌خۆ ده‌گرێت و نۆستاڵژیایه‌كی قووڵا دایمه‌زراندووه‌. ئه‌وه‌ی لێره‌یشدا به‌ڕوونی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌یه‌ شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی موماره‌سه‌ی خه‌یاڵه‌ داهێنه‌رانه‌كه‌ی خۆی بكات, پێویسته‌ دابڕانێك له‌گه‌ڵا تانوپۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ مرۆییه‌ جۆراوجۆر و ئاڵۆزانه‌ بهێنێته‌دی, ئه‌گه‌رنا فیكر و خه‌یاڵی له‌ناو ته‌پوتۆزی ژیانه‌ ڕۆژانه‌ییه‌كه‌دا قه‌تیس ده‌بێت و به‌رهه‌مێكی ناوازه‌ ناكه‌وێته‌ ناو به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه‌. بێگومان ڕووبه‌ری ئه‌م ده‌قه‌ كۆمیوونیكاسیۆنێكی توند و تۆڵا له‌گه‌ڵا وه‌رگردا فه‌راهه‌م ده‌كات, چونكه‌ ئه‌زموونێكی هاوبه‌ش ده‌رده‌بڕێت – ئه‌زموونی غه‌ریبیی دایك و نیشتمان و بیركردنه‌وه‌ لێیان – و هه‌موو شتێك له‌ ڕێگای خۆیدا ده‌گۆڕێت, زمانه‌كه‌ی وه‌كو ئاماژه‌مان بۆ كرد لۆژیكییه‌ و به‌هایه‌كی جوانی هونه‌رییانه‌ داده‌هێنێ‌ و هه‌ر به‌ ته‌نها ده‌ستاوێژێك
نییه‌, به‌ڵكو جه‌وهه‌ری ده‌قیشه‌, هه‌روه‌كو “پۆل ڤالیریی” بۆی چووه‌, ئه‌مه‌یش تاڕاده‌یه‌ك بۆ خوێنه‌ر چاوه‌ڕوانكراوه‌.

چونكه‌ ئێستێتیكای ده‌ق و ئێستێتیكای خوێنه‌ر یه‌كده‌گرنه‌وه‌ و كارلێك له‌ نێوانیاندا دێته‌ ئاراوه‌, لێره‌یشدا مه‌به‌ست له‌ كارلێك, هه‌ڵبه‌تا هاتنه‌ ئارای كارلێكی ده‌روونییانه‌ و هونه‌رییانه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ردووكیشیان هاوسه‌نگ بن, ئه‌وه‌ی دێته‌ ئاراوه‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی بونیادی چاوه‌ڕوانییه‌كانه‌ و دواجاریش له‌م بونیاده‌ی یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین ڕه‌گه‌زه‌كانی چه‌مكی ئه‌و(كه‌لێن)ه‌ی ده‌ق به‌رهه‌می ده‌هێنێ‌ فه‌زای شیعرییه‌ت ده‌ڕسكێ‌ و به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ‌. ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر بونیادی چاوه‌ڕوانییه‌كان یه‌كبگرنه‌وه‌, به‌ڵام ئه‌گه‌ر بونیاده‌كان هاوسه‌نگ نه‌بن و یه‌كنه‌گرنه‌وه‌, ئه‌وا پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ ڕووده‌دا و بونیادی چاوه‌ڕوانیی خوێنه‌ر تێكده‌شكێ‌ – كه‌ هاوكات ده‌ق به‌رهه‌می ده‌هێنێت, یاخود تێكی ده‌شكێنێت – واته‌ چاوه‌ڕوانیی خوێنه‌ر خۆی به‌دی ناهێنێت, بۆیه‌ ئه‌م كه‌لێنه‌ پشێویی دروست ده‌كات و شه‌قڵا به‌ سه‌رسامییه‌كی ئه‌وتۆ ده‌به‌خشێ‌ كه‌ سه‌ره‌نجام هێنانه‌ ئارای شیعرییه‌تی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی”هایدیگه‌ر”هه‌ڵبشێلینه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ‌: له‌بیرچوونی بوون دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ وڵات و له‌ڕاستییدا بێ‌ وڵاتیی و تاراوگه‌یه‌ و بڵێین: دووركه‌وتنه‌ له‌ وڵات و بێ‌ وڵاتیی و تاراوگه‌, بۆ شاعیرێكی ڕاسته‌قینه‌, له‌بیرچوونی بوونه‌, ئه‌وا”ئه‌نوه‌ر”له‌م چامه‌یه‌دا, كه‌ جێگۆڕكێ‌ له‌گه‌ڵا”مه‌ولانا خالید”دا ده‌كات باكگراوه‌ندێكی میتافیزیكییانه‌ به‌م جێگۆڕكێیه‌ نابه‌خشێ‌, چونكه‌ ڕوئیه‌یه‌كی واقیعبینانه‌ی تێدا ده‌كات به‌ سێبه‌ر و هه‌ست به‌ بێ‌ بوونییه‌كی گه‌وره‌ ده‌كات, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ڕاستییدا بوون له‌ شتی تردا ده‌بینێ‌ و بوونیش وابه‌سته‌یه‌ به‌ نیشتمانه‌وه‌, یانی ئه‌گه‌ر نیشتیمان نه‌بێت, چ شتێك ئیدی گرنگه‌؟ پاش ئه‌م پرسیاره‌ ده‌توانین بڵێین ئه‌م تێكسته‌ له‌ حاڵه‌تێكدا نووسراوه‌ كه‌ شاعیر تێیدا هه‌ستی به‌وه‌ كردووه‌ شوێن(نیشتیمان)پێش بوون ده‌كه‌وێ‌..كه‌ پێیه‌كانیشی له‌ناو نیشتیمان و زێددا نه‌بوو ئه‌وا پێویسته‌ له‌ ڕێگای شتێكی تره‌وه‌ وابه‌سته‌بوون به‌رقه‌رار بكات, چونكه‌ ئه‌گه‌ر وابه‌سته‌بوون نه‌بوو, بوونیش نابێت, به‌ڵام زمان له‌م كۆنتێكسته‌دا ئه‌و ئه‌ركه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌بینێت, یانی ئه‌گه‌ر نیشتیمان – زمان بێت, هه‌ر به‌گوێره‌ی “هایدیگه‌ر”خۆی, ئه‌وا شاعیر له‌ ڕێگای زمانه‌وه‌ ئینتیمای خۆی به‌رجه‌سته‌ ده‌كاته‌وه‌ و ناهێڵێت هه‌رگیز ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بپچڕێت. واته‌ دیسانه‌وه‌ زمان ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤێكی ڕاسته‌قینه‌یه‌ بۆ دنیا, یان له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ به‌دیلی ئه‌و دنیایه‌ی شاعیر ده‌یخوازێت, هه‌روه‌كو”عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د ئه‌لغه‌ززامی”ده‌ڵێت..بۆیه‌ نه‌بوونی نیشتیمان له‌م سیاقه‌دا نابێته‌ هۆی نه‌بوونی بوون.

هه‌ر كه‌ بینیم, سلێمانیم كووچه‌ كووچه‌ هاته‌ پێش چاو,
یه‌كسه‌ر ئاگرم تێ‌ به‌ر بوو, دڵم پڕ بوو… (غه‌ریبی- زایه‌ڵه‌)

دیاره‌ له‌ تانوپۆی ئه‌م ده‌قه‌دا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت بیر و باوه‌ڕه‌كانی شاعیر هاوتایه‌ له‌گه‌ڵا ئه‌و بیر و باوه‌ڕانه‌ی چامه‌كه‌ ده‌ریانده‌بڕێ‌, بۆیه‌ به‌های شیعرییه‌ت به‌ توند و تۆڵیی و به‌هێزانه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت, هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی “ماڵكۆڵم به‌دد”بۆی چووه‌, هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌مان هاوكێشه‌ سه‌باره‌ت به‌ خوێنه‌ر دێته‌ ئارا, یانی ئه‌گه‌ر ئه‌و بیر و باوه‌ڕانه‌ی له‌ چامه‌دا ده‌ربڕدراون و ئه‌و بیر و باوه‌ڕانه‌ی خوێنه‌ر یه‌كنه‌گرنه‌وه‌ و هاوتا نه‌بن, ئه‌وا خوێنه‌ر نه‌ چێژ له‌ تێكسته‌كه‌ وه‌رده‌گرێ‌, نه‌ پێشیشی قبووڵا ده‌كرێ‌ و به‌های ڕاسته‌قینه‌یش به‌ چامه‌ نابه‌خشێ‌. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر ئاسۆی چاوه‌ڕوانیی ده‌ق یه‌كسان بێ‌ به‌ ئاسۆی چاوه‌ڕوانیی خوێنه‌ر ئه‌و كاته‌ ده‌ق ده‌بێته‌ خاوه‌نی به‌هایه‌كی به‌رهه‌ست و باڵا, ئه‌مه‌یش له‌ ڕاستگۆیی شاعیره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌ و هیچ شتێكیش ڕاست نابێ‌ و كاریگه‌رییشی نابێ‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئۆرگانه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی ڕاستگۆییه‌وه‌, له‌ دڵا و كرۆكی ئه‌زموونه‌وه‌ هه‌ڵنه‌قووڵا بێت, چونكه‌ ناڕاستگۆیی, ئێڵیه‌ت گوته‌نی هه‌موو به‌ها شیعرییه‌كان ته‌فروتونا ده‌كات. هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی”ئه‌نوه‌ر”یش له‌ چامه‌كانیدا ده‌ریبڕیوون بێچه‌ند و چوون له‌و دڵا و كرۆكه‌وه‌ هه‌ڵقووڵاون و باوه‌ڕی پێیانه‌, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌كو وتمان له‌ ڕاستگۆیی ده‌ربڕینه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌, ڕاستگۆییش به‌ها شیعرییه‌كان بۆ هه‌میشه‌ ده‌پارێزێت, چونكه‌ ئه‌گه‌ر شاعیر باوه‌ڕی به‌و شتانه‌ نه‌بێت كه‌ ده‌یانكات به‌ بابه‌ت, ئه‌وا ده‌قه‌كه‌ی ده‌نگێكی تری لێوه‌ زایه‌ڵه‌ ده‌كات, كه‌ ده‌نگی خۆی نییه‌. یان وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ ده‌قی كه‌سێكی تری نووسیبێته‌وه‌, به‌ڵام به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی بتوانێ‌ تایبه‌تمه‌ندیی و بۆن و به‌رامه‌ی خۆی پێببه‌خشێ‌.

(11)
له‌ چامه‌ی(كۆچی شازاده‌)یشدا, كه‌ بریتییه‌ له‌ حه‌وت جووڵه‌ و جووڵه‌كانیش به‌مشێوه‌یه‌ن:( جووڵه‌ی یه‌كه‌م: دێڕه‌كانی 1 بۆ 7- جووڵه‌ی دووه‌م: دێڕه‌كانی 8 بۆ 13- جووڵه‌ی سێیه‌م: دێڕه‌كانی 14 بۆ 19- جووڵه‌ی چواره‌م: دێڕه‌كانی 20 بۆ 25- جووڵه‌ی پێنجه‌م: دێڕه‌كانی 26 بۆ 33- جووڵه‌ی شه‌شه‌م: دێڕه‌كانی 34 بۆ 45- جووڵه‌ی حه‌وته‌م: دێڕه‌كانی 46 بۆ 51), به‌ كه‌ڵكه‌ڵه‌یه‌كی تاكڕه‌وانه‌ ده‌قه‌كه‌ی بارگاویی ده‌كات و ده‌یكات به‌ گه‌واهیده‌ری ئه‌زموونێكی تایبه‌تمه‌ند و تاكڕه‌و, چونكه‌ پڕۆژه‌ی داهێنه‌ر”دكتۆره‌ خالیده‌ سه‌عید”گوته‌نی, هه‌میشه‌ تاكانه‌ و تایبه‌تمه‌نده‌.
ئیمشه‌و گیانه‌ خه‌ومه‌بینی:

زریان داری له‌ بن و بێخ هه‌ڵئه‌كێشا
گه‌رداو ده‌ریای ڕائه‌فڕان
كه‌شتی ئه‌شكا… (كۆچی شازاده‌ – زریان)

له‌ڕاستییدا شیعری ڕاسته‌قینه‌ خۆی سه‌رپشكی تێكشكاندن و بنیاتنانه‌وه‌ی زمانه‌, شاعیر به‌دوایدا ناگه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵا ئه‌و خه‌یاڵه‌ داهێنه‌ره‌یدا بیگونجێنێ‌ كه‌ ئیش له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌كه‌ی ده‌كات. زمانیش بێ‌ نكووڵیی, لێره‌دا هه‌موو خه‌سڵه‌ته‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی”ئه‌نوه‌ر”ی هه‌ڵگرتووه‌. سه‌ره‌تا سه‌رنج بۆ كۆنتێكستی گشتیی چامه‌كه‌ ڕامانده‌كێشت و له‌ كه‌شوهه‌واكه‌یدا له‌نگه‌ر ده‌گرین و له‌وێوه‌ سه‌رنج له‌ زمان ده‌ده‌ین, زمان ئه‌زموونێكی دیكه‌ و جیاوازی خۆی به‌رقه‌رار ده‌كات, ئه‌زموونی جیاوازی زمانیش له‌م ناوكۆییه‌دا سه‌رسامیمان پێده‌به‌خشێ‌ و له‌گه‌ڵا خۆیدا گۆڕانكارییه‌كی جوانمان بۆ فه‌راهه‌م ده‌كات. چۆن ئه‌م ئه‌زموونی زمانه‌ تێده‌گه‌ین, چۆن له‌ زمانی شیعرێك ده‌گه‌ین كه‌ ناڕاسته‌وخۆیه‌؟ بێگومان به‌ به‌راوورد له‌گه‌ڵا زمانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق و ئه‌و كه‌لێنه‌ی له‌ نێوانیاندایه‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ ده‌بێته‌ ڕاستیی. ئه‌مه‌ی باسی ده‌كه‌ین له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ شاعیر هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی به‌سه‌ر زماندا هه‌یه‌ و له‌ میانه‌ی ئه‌مه‌شه‌وه‌ هه‌ژموونی به‌سه‌ر ئه‌زمووندا هه‌یه‌ و هاوتای ئه‌زموونی زمانی ده‌كات و به‌و شێوه‌ هونه‌رییه‌ بۆمانی هه‌ڵده‌بژێرێت. له‌م ڕووبه‌ره‌دا چاره‌سه‌ری یاده‌وه‌رییه‌كی تاڵا و ئازاراویی ده‌كات , ئه‌زموون گۆڕاوه‌ و بۆته‌ یاده‌وه‌ریی, خه‌مڵاوه‌ و قووڵییه‌كی شه‌ففافی له‌خۆ گرتووه‌, یاده‌وه‌رییش هه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ كی كاتییانه‌ نییه‌ بۆ دواوه‌, به‌ڵكو تێفكرینێكی قووڵیشه‌ له‌و ئه‌زموونه‌ به‌سه‌رچووه‌ی بۆته‌ مایه‌ی تێگه‌یشتن له‌ خود و ئێمه‌یش ده‌توانین له‌وێوه‌ سنووره‌كانی ئه‌و خوده‌ له‌میانه‌ی وابه‌سته‌بوون و جێكه‌وته‌یه‌وه‌ له‌ناو په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵا بابه‌تدا دیاری بكه‌ین.

ئیمشه‌و گیانه‌!
سه‌رم له‌شمی به‌جێ‌ ئه‌هێشت
په‌نجه‌كانم هه‌ڵئه‌وه‌رین
دڵم سنگمی به‌ ده‌س ئه‌دڕی و به‌ شه‌قامه‌كاندا ڕای ئه‌كرد.. (كۆچی شازاده‌ – زریان)
بێگومان ئه‌مه‌ جووڵه‌ی دووه‌می چامه‌كه‌یه‌, لێره‌دا خود تێگه‌یشتنێك ده‌رده‌خات, تێگه‌یشتنی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌نجامی دوای له‌ده‌ستدانی خۆشه‌ویستێك چییه‌!

دیاره‌ ئه‌گه‌ر شیعر تۆڕێك بێت له‌ وێنه‌ و وێنه‌یش, پێبه‌پێی ئه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زێكی دینامیكییه‌ له‌ڕه‌گه‌زه‌كانی پێكهاته‌ی ده‌روونیی ئه‌زموونی شیعریی شاعیر, وه‌كو ئه‌وه‌ی”دكتۆر كه‌مال ئه‌بو دیب”ده‌ڵێت, ئه‌وا له‌م شیعره‌دا وه‌ك له‌ زۆربه‌ی ده‌قه‌ كانی تریشیدا, دیمه‌نی وێنه‌یی دوابه‌دوای تێدایه‌ به‌ مه‌حكه‌میی پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ستن و یه‌كانگیربوونی ڕه‌گه‌زه‌كانی دی ده‌ق داده‌هێنێ‌, هه‌روه‌كو چۆن”تیمۆسی ماسیووس”ئاماژه‌ی پێداوه‌, ئێمه‌ به‌ره‌و فه‌زایه‌كی شیعریی ئاڕاسته‌ ده‌كات, ئه‌م فه‌زایه‌, فه‌زایه‌كی ئه‌بستراكت نییه‌, چونكه‌ له‌ بابه‌تێكی ئه‌بستراكته‌وه‌ شه‌قڵی نه‌گرتووه‌, به‌ڵكو به‌ ڕه‌نگی هه‌مه‌جۆری ئه‌زموون و هه‌ژموونه‌ زمانییه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌, له‌ پێناوی به‌رجه‌سته‌بوونی خۆیدا كۆنتێكستی وێنه‌كان له‌ناو یه‌كدا ده‌توێنێته‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كی گشتگیر ده‌ئافرێنێت, كه‌ سه‌ره‌نجام به‌ یه‌كانگیر كردنی جووڵه‌كانی ناو ده‌قه‌ شیعرییه‌كه‌ یه‌كێتییه‌ك له‌ناو ده‌قدا به‌دیار ده‌خات.

بێگومان له‌م ده‌قه‌یشدا پله‌یه‌كی دیاریكراوی پشێویی هه‌یه‌ و بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی چه‌مكی (كه‌لێن: یاخود مه‌ودای پشێویی) ببێته‌ پێوه‌ری خوێندنه‌وه‌.
سه‌رم له‌شمی به‌جێ‌ ئه‌هێشت,
په‌نجه‌كانم هه‌ڵئه‌وه‌رین
دڵم سنگمی به‌ ده‌س ئه‌دڕی و به‌ شه‌قامه‌كاندا ڕای ئه‌كرد.. (كۆچی شازاده‌ – زریان)
له‌ جووڵه‌ی چواره‌میشدا:
ڕووباری ئه‌م دنیا هه‌موو له‌ناو دڵما
تێر تێر گریان..وتیان بگری.. (كۆچی شازاده‌- زریان)

به‌ڵام له‌ جووڵه‌ی حه‌وته‌مدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا, بۆ جووڵه‌ی دووه‌م, كه‌ كاردانه‌وه‌ی كرده‌یه‌كه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی نێوان ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌دا سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ – ئه‌ویتر و خود – یانی ڕۆیشتنه‌ له‌ بێده‌نگییه‌وه‌ بۆ ده‌نگ – جووڵه‌, به‌ تایبه‌تیش ناوه‌كییانه‌ جووڵه‌ی خود به‌ ئاڕاسته‌ی كاردانه‌وه‌ ده‌بات. له‌ تانوپۆی ئه‌م ده‌قه‌دا, دووركه‌وتنه‌وه‌ و هاودژبوونی یه‌كه‌كانی ناو ده‌ق, كه‌ چاوه‌ڕوانییه‌كانی وه‌رگر تێكده‌دات و ئێمه‌ به‌ مه‌ودای پشێویی ناودێری ده‌كه‌ین, زمانی دووه‌م پێكده‌هێنن, واته‌ زمانی مانا, كه‌ تێهه‌ڵكێشی زمانی یه‌كه‌م ده‌بێ‌ و له‌و كه‌لێنه‌دا شیعرییه‌ت به‌رهه‌م دێت, چونكه‌ ده‌لاله‌تی وشه‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت, یان ده‌لالاتی تازه‌مان بۆ داده‌هێنن له‌ پشت ئه‌و ده‌لاله‌تانه‌ی ئێمه‌ ده‌یانزانین, به‌مانای به‌تاڵكردنه‌وه‌ی وشه‌كان له‌ ده‌لاله‌ته‌كانی خۆیان و بارگاویی كردنیان به‌ ده‌لاله‌تگه‌لی نوێ‌, به‌مه‌یش وشه‌كان زیاد له‌ ده‌لاله‌تێك هه‌ڵده‌گرن و ده‌بنه‌ هه‌ڵگری خوێندنه‌وه‌ی جیاواز.

(12)
ئه‌گه‌ر شیعر, وه‌كو ئه‌وه‌ی”ئه‌ندریه‌ بریتۆن”بۆی چووه‌, په‌یوه‌ندی گرتن بێت له‌ نێوان ئه‌وه‌ی ده‌شێ‌ دركی پێبكه‌ین و ئه‌وه‌ی ناشێ‌ دركی پێبكه‌ین, ئه‌وا شیعری”ئه‌نوه‌ر”ئه‌گه‌ر خود و بابه‌تی تێنه‌په‌ڕاندایه‌ پردێكی له‌و نێوانه‌ ڕایه‌ڵا نه‌ده‌كرد و دنیایه‌كی جیاواز و تازه‌ی بۆمان نه‌ده‌خوڵقاند, چونكه‌ لای ئه‌و هیچ شتێك وه‌ك خۆی نییه‌, خود و بابه‌ت به‌ فیلته‌ره‌ هونه‌رییه‌كه‌یدا ئاواده‌كات و چیدی ڕه‌گ و ڕیشه‌یان له‌ واقیعدا به‌ شێوه‌ ئاساییه‌كه‌ی خۆی نادۆزرێته‌وه‌, به‌ڵكو واقیع تێده‌په‌ڕێنن و ده‌كه‌ونه‌ ئه‌و دیوییه‌وه‌, یانی واقیعێكی دیكه‌ ده‌خوڵقێنن, واقیعێك ته‌نها له‌ ده‌قدا بوونی هه‌یه‌ و هیچ له‌و واقیعه‌ ناهونه‌رییانه‌یه‌یش ناچێت كه‌ سه‌رچاوه‌ی كاری ئه‌ده‌بییه‌ و “یوری لۆتمان”به‌ مه‌رجی هونه‌ری داده‌نێت. ئه‌گه‌ر به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ بوایه‌ و هه‌موو شتێكی وه‌ك خۆی وێنا بكردایه‌ ئه‌وا چۆن ده‌یتوانی شته‌كانمان بۆ جوان بكات, بۆمان ئه‌فسوونئامێز و سه‌رنجڕاكێش بكات له‌كاتێكدا كه‌ وانین”نیتشه‌”گوته‌نی. ده‌قه‌كانی ئه‌و له‌پاڵا وه‌زیفه‌ شیعریی و فیكرییه‌كاندا وه‌زیفه‌ی ئێستێتیكیی خۆیان ده‌بینن, مانیفێستی داهێنانێكی جیاوازیش ده‌كه‌ن و به‌هایه‌كی ئه‌ده‌بیی باڵا هه‌ڵده‌گرن و ئه‌و ئیلهامه‌ به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشن”ئێف. ئێڵا. لووكه‌س” گوته‌نی چیدی ژیان نایبه‌خشێ‌ پێی. دیاره‌ له‌ بابه‌تێكه‌وه‌ بۆ بابه‌تێكی تر و له‌ دیمه‌نێكی ژیانه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی تر و له‌ بیرۆكه‌یه‌كیشه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی تر فه‌زای خۆی ده‌گوازێته‌وه‌ و مانای تایبه‌تی خۆی به‌مانه‌ ده‌دات, فه‌زای چامه‌یش ده‌توانین بڵێین له‌ لای”ئه‌نوه‌ر”له‌ سێ‌ فه‌زادا گه‌شت ده‌كات:

یه‌كه‌م- فه‌زای خودییانه‌ی تایبه‌تمه‌ند
دووه‌م- فه‌زای خودییانه‌ی گشتیی
سێیه‌م- فه‌زای خودییانه‌ی مرۆیی باڵا

ئه‌مانه‌یش هه‌موو ئه‌و كارلێككردنه‌ قووڵانه‌ی نێوان وێنه‌كان و پێكهاته‌كانی ده‌ق دایده‌هێنن كه‌ ده‌كرێ‌ به‌ سروشتی هه‌سته‌كییانه‌ی چامه‌ ناودێر بكرێ‌, ئه‌مه‌یش بوارێكی هه‌ستییانه‌ و وێناگه‌ریی خه‌یاڵییانه‌یه‌ كه‌ ته‌واوی چامه‌كه‌ تیایدا مه‌له‌ ده‌كات, هه‌روه‌كو”دكتۆر ئه‌بو دیب”ئاماژه‌ی پێداوه‌. ئه‌و له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وێكدا قه‌تیس نامێنێ‌, چونكه‌ شیعری داهێنه‌رانه‌ – كه‌ وامان لێده‌كات ڕۆڵی له‌ ژیانماندا بزانین و به‌هاكانی بۆ خۆمان به‌ پێویست له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین – له‌ شوێنێكدا چه‌قنابه‌ستێت, یانی له‌ شیعرێكدا له‌ مۆڵه‌ق ناوه‌ستێ‌, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعر جووڵه‌ی هه‌میشه‌ییه‌, مه‌به‌ست له‌وێدا چه‌ق ببه‌ستێ‌ و یه‌ك ده‌ق كێشمان بدات و هه‌تاهه‌تایه‌ هه‌ر خۆی به‌رهه‌م بهێنێته‌وه‌, به‌ڵكو ئه‌ندێشه‌ی ئه‌و به‌ بیرۆكه‌یه‌كه‌وه‌ ناچه‌سپێ‌, كاژ فڕێ‌ ده‌دا و خۆی ده‌گۆڕێت, خۆی نوێ‌ ده‌كاته‌وه‌, له‌پێناوی داهێنانی فه‌زایه‌كی تر كه‌ پڕاوپڕ بێت له‌ وێنه‌گه‌ل و دیمه‌نگه‌لی دانسقه‌, به‌و فه‌زایه‌ دنیایه‌كی جیاكار له‌ شیعرێكدا ده‌خوڵقێنێ‌ كه‌ لاسایی دنیایه‌كی پێشتر خوڵقاو ناكاته‌وه‌ و به‌دوایشیدا یه‌كێكی وه‌كو خۆی له‌ ئه‌زموونی شاعیردا نائافرێنێ‌.

سه‌ر هه‌ڵئه‌گرم, له‌ وڵاتی غه‌ریبیدا
دوور دوور له‌ تۆ, ئه‌چمه‌وه‌ باوه‌شی خاك
ئێوارانێ‌..
وه‌ك شمشاڵێ‌ لێو و په‌نجه‌ و به‌رۆكی شوان به‌جێ‌ بێڵێ‌
جێت ئه‌هێڵم..
وه‌كو شووشه‌ كه‌ په‌نجه‌ره‌ جێ‌ بهێڵێ‌ و ده‌س بكاته‌ ملی
وردبوون
جێم ئه‌هێڵی و جێت ئه‌هێڵم… (كۆچی شازاده‌- زریان)

(13)

له‌ ده‌قی(گوڵسورخی له‌ هه‌رێمی مه‌رگا سۆز ئه‌كا), كتوپڕیی ڕه‌گه‌زێكی دیاره‌ له‌ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵا ده‌ربڕیندا, سه‌رسامیی له‌م كتوپڕییه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات, تێكست, هه‌روه‌كو”تیمۆسی ماسیووس”بۆی چووه‌, ئێلیمێنته‌ جیاوازه‌كان پێكه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌, به‌مه‌یش په‌یوه‌ندیی جیاواز له‌ نێوانیاندا دروست ده‌بێت: هه‌ر وه‌كو له‌ جووڵه‌ی یه‌كه‌م و جووڵه‌ی دووه‌م و تاڕاده‌یه‌ك جووڵه‌كانی تریشدا به‌ ڕاشكاویی سه‌رنج ده‌درێت..لێره‌دا زمان په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی به‌ ئه‌زموونی ناوه‌كییانه‌وه‌ هه‌یه‌ و بۆته‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی هونه‌ریی و له‌ لێكچوونی به‌ زمانی یه‌كه‌م- زمانی هاوبه‌ش- داماڵراوه‌ و كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌رییه‌ خودیی و بابه‌تییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌تینی خودیی و بابه‌تییانه‌ی به‌ ژینگه‌یه‌كی مرۆییه‌وه‌ به‌رقه‌رار كردووه‌, چونكه‌ كه‌له‌پووری مرۆیی سه‌رچاوه‌یه‌كه‌ له‌و سه‌رچاوه‌ ڕۆحییانه‌ی سه‌رله‌نوێ‌ شاعیر به‌رهه‌میان ده‌هێنێته‌وه‌ و له‌ ده‌قه‌كانی خۆیدا ته‌وزیفیان ده‌كات, هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی”دكتۆر عیسام واسڵا”ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌.
تیایدا به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان”ته‌واوی ڕۆحی مرۆڤ”به‌رجه‌سته‌ ده‌كات وه‌كو ئه‌وه‌ی”كۆڵیریج”ده‌ری بڕیووه‌, لێره‌دا شاعیر له‌ به‌رگرتنه‌وه‌ی دنیا ئه‌نجام نادات, به‌ڵكو به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان چالاكییه‌كانی ته‌واوی ڕۆحی شاعیر ده‌توانێ‌ دنیا وه‌ربچه‌رخێنێ‌, بۆ نموونه‌ به‌خشینی تێگه‌یشتن و دركێكی نامه‌ئلووف و تازه‌ و سازگار به‌ شته‌ كۆن و ئاساییه‌كان, پێبه‌پێی ئه‌وه‌ی”گره‌یهام ئالێن”وتوویه‌تی. بێگومان بابه‌تی شاعیریش چیدی ئه‌و شته‌ نییه‌ كه‌ به‌وه‌ وه‌سف بكرێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاعیردایه‌, به‌ڵكو له‌ ڕاستییدا “ته‌واوی ڕۆحی مرۆڤ”و ته‌نانه‌ت ڕۆحی شاعیر خۆیشییه‌تی. چونكه‌ شیعر- وه‌كو ئه‌وه‌ی ناوبراوی پێشوو ده‌ڵێت – ئه‌ركی به‌رینتركردنی دنیای هه‌ستیاریی ئاده‌میزاده‌ و مه‌ودای فراوانتر به‌خشینه‌ به‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی ڕۆحی مرۆڤ.
له‌م ده‌قه‌دا زمانی شیعریی پێبه‌پێی ده‌ربڕینی”دكتۆر فاتیح عه‌للاڤ”زمانێكی وێنه‌ییه‌ و تازه‌ و جیاوازه‌ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ ژیان و ئه‌زموون, بیركردنه‌وه‌ی شاعیریش هه‌ر وێنه‌ییه‌, چونكه‌ له‌ ناوه‌وه‌ شته‌كان ده‌بینێ‌ و ڕێك خستنێكی چۆنێتییانه‌ی وشه‌كان ئه‌نجام ده‌دات, نه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌وه‌تا لێره‌یشدا دیسانه‌وه‌ كۆنتێكست دیاریكه‌ری شیعرییه‌ته‌, یانی شیعرییه‌ت دوای زمان كه‌وتووه‌, واته‌ زمان وه‌كو گشتێك شه‌قڵا ده‌گرێ‌ ئینجا ئه‌و دێته‌دی, نه‌ك له‌ وشه‌كاندا قه‌تیس بمێنێ‌, چونكه‌ ئه‌گه‌ر وشه‌ وزه‌یه‌كی گه‌وره‌شی هه‌بێت و له‌ كۆنتێكستێكی دینامیكییدا جێی نه‌كرابێته‌وه‌ ئه‌وا له‌ ده‌لالاتی جیاوازدا ناته‌قێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ‌ شیعرییه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی شیعردا بوونی نییه‌, له‌ ده‌ره‌وه‌یدا پێكنایه‌ت, له‌ ناوه‌وه‌ی خۆیدا ده‌ڕسكێت, له‌ واقیع و ژیانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و ده‌ره‌نجامی ئه‌زموون و دنیابینیی و گۆشه‌نیگای شیعریی جیاواز و تایبه‌تمه‌نده‌. به‌ڵێ‌ له‌ ده‌ره‌وه‌یدا بوونی نییه‌, به‌ڵكو په‌یوه‌ندی نێوانی وشه‌كان دیاریی ده‌كات, واته‌ له‌ناو كۆنتێكستی شیعردا قه‌تیسه‌ و بونیادی ئه‌و كۆنتێكسته‌ ده‌یهێنێته‌دی.

پۆلێ‌ مه‌لی سه‌ركه‌شم دی بۆ وڵاتی به‌فر ئه‌ڕۆیشتن
وتم بۆ كوێ‌؟!
دره‌ختم دی نیازی كۆچی سارای هه‌بوو
وتم بۆ كوێ‌؟!
له‌ به‌رزایی بێده‌نگییا…من ئه‌سووتام
له‌ دامێنی خامۆشییا…وه‌ستابووم و هه‌ر ڕائه‌مام
وتیان هه‌تاوی ئه‌م شاره‌ مردوویه‌كه‌
له‌ تابووتی هه‌وره‌كاندا ڕاكشاوه‌
وتیان هه‌تاوی ئه‌م شاره‌ شێ‌ سوارێكه‌
سه‌رتاپای نوقمی خوێناوه‌.. (گوڵسورخی له‌ هه‌رێمی مه‌رگا سۆز ئه‌كا- زریان)

له‌م چامه‌ به‌یارا و سه‌رزینده‌یه‌دا, به‌ هێمنیی سه‌رنجی ئه‌وه‌ ده‌درێت كه‌ ئه‌م وێنه‌ پڕاوپڕ له‌ ڕۆح و جووڵانه‌, چۆن ده‌لاله‌ته‌ جیاوازه‌كانی خۆیان داده‌مه‌زرێنن و مانای ته‌واو جیاوازمان پێده‌به‌خشن, یانی ئه‌م وێنانه‌ – له‌ڕاستییدا له‌ نه‌بوونه‌وه‌ نایه‌ن, به‌ڵكو له‌ واقیعدا بوونیان هه‌یه‌ و شاعیر سه‌رله‌نوێ‌ هونه‌رییانه‌ بونیادیان ده‌نێته‌وه‌, بێگومانیش پێبه‌پێی هه‌ڵچوون و باری ده‌روونیی و كاریگه‌ریی ده‌ره‌وه‌ و ئه‌و شتانه‌ – پاش بونیادنانیشیان چیدی وێنه‌ی واقیعی نین وه‌كو گوتمان, به‌ڵكو وێنه‌ی خودیین, وێنه‌ی هونه‌رییانه‌ی خودیین و له‌ واقیعدا بوونیان نادۆزرێته‌وه‌, به‌م پێیه‌ش جیهانێكی داهێنراوی ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌ربه‌خۆن نه‌ك كۆپی كراو. به‌شێكیش له‌ وێنه‌كان لێره‌دا له‌ جووڵه‌ی یه‌كه‌مدا به‌ وه‌سف دروست كراون و له‌ جووڵه‌ی دووه‌میشدا به‌ لێكچوواندن دروست كراون: هه‌تاو مردوویه‌كه‌- هه‌تاو شێ‌ سوارێكه‌..و لێكچوواندن له‌ نێوان یه‌كه‌ زمانییه‌كانیشدا په‌یوه‌ندییه‌كی تابڵێی پشێویان تێدایه‌, هه‌روه‌كو”تۆدۆرۆڤ” وتوویه‌تی. لێره‌یشدا شیعرییه‌ت دینامیكییه‌تێك ده‌خاته‌ ناو زمانه‌وه‌, یاخود پڕۆسه‌ی جووڵه‌ی ناوه‌كییانه‌یه‌ هه‌ر وه‌كو”پۆل ڤالیریی”ناوی بردووه‌, یان ئه‌و یه‌كانگیرییه‌ ناوه‌كییه‌یه‌ كه‌ شیعرییه‌تی لێ‌ هه‌ڵده‌قووڵێ‌, ئه‌مه‌ش واته‌ پڕۆسه‌ی خوڵقاندنی زمانێكی تازه‌یه‌ له‌ناو زمانێكی تردا.
چامه‌كه‌ له‌ پێنج جووڵه‌ پێكهاتووه‌ و جووڵه‌كانیش به‌م شێوه‌یه‌ن: جووڵه‌ی یه‌كه‌م: دێڕه‌كانی 1 بۆ 6- جووڵه‌ی دووه‌م: دێڕه‌كانی 7 بۆ 12- جووڵه‌ی سێیه‌م: دێڕه‌كانی 13 بۆ 21- جووڵه‌ی چواره‌م: دێڕه‌كانی 22 بۆ 31- جووڵه‌ی پێنجه‌م: دێڕه‌كانی 32 بۆ 46. بونیاده‌كه‌شی له‌ جووڵه‌ و كارلێكی نێوانیان پێكدێت و كۆنتێكستی ده‌قه‌كه‌ ته‌واو ده‌كه‌ن و ئیدی ده‌ق له‌ كۆتاییدا خاوده‌بێته‌وه‌ و له‌ جووڵه‌ ده‌كه‌وێت, یانی به‌ركه‌ماڵا له‌خۆ ده‌گرێت و ناكرێت بخرێته‌ ناوكۆییه‌كی له‌مه‌ باشتره‌وه‌.

مردن ڕێیه‌ و ئه‌چم نه‌خشه‌ی شه‌نگ و تازه‌ی
نیشتمانی غه‌ریبانی لێ‌ ئه‌هێنم… (گوڵسورخی له‌ هه‌رێمی مه‌رگا سۆز ئه‌كا- زریان)

ده‌كرێ‌ لێره‌دا بووترێ‌ تاقه‌ ئامانجی شیعر, وه‌ك شیعر خۆی, هه‌ر ته‌نها ئه‌وه‌ نییه‌ په‌یامێك بگه‌یه‌نێ‌, به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی”ماڵكۆڵم به‌دد”ده‌یڵێت, چونكه‌ شیعر, ئه‌گه‌رچی ده‌بێ‌ خاوه‌نی په‌یام بێ‌, به‌ڵام په‌یام ته‌نها ئامانجی ئه‌و نییه‌, به‌ڵكو ناوبراو وته‌نی, خودی ئه‌ركی چامه‌ ئه‌وه‌یه‌ خۆی ئه‌زموون بكرێت و ببێته‌ سه‌رمه‌شق, كه‌ ده‌كرێ‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تر ئه‌مه‌ ده‌سته‌واژه‌ بكرێ‌, یانی پێویسته‌ ئه‌ركه‌كه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ فه‌راهه‌م بكات كه‌ بجه‌ڕبێنرێت, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ بایه‌خداره‌ و به‌های پێده‌ده‌ین, چونكه‌ هه‌وڵه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ شتێكی دیاریكراو وه‌كو ئه‌وه‌ی “عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لبه‌یاتی”ده‌ڵێت. بۆیه‌ هاوكات ئه‌و ئه‌زموونه‌ بریتییه‌ له‌ ئه‌زموونی زمانه‌وانیی و هزر و حه‌ز و ئاره‌زوو و هه‌ست و سۆز و یاده‌وه‌ریی, ئه‌مه‌یش واده‌گه‌یه‌نێ‌ كه‌ شته‌كانی ڕابردوو له‌ناو پێكهاته‌یه‌كی گێڕانه‌وه‌ییدا ئاماده‌ ده‌كاته‌وه‌.

-مردن..مردن كه‌نارێكی شین و ته‌ڕه‌
ئێواران پیاسه‌ی تیا ئه‌كه‌م..
وائه‌زانم شه‌سته‌ی گولله‌بارانێكی گورگه‌زێیه‌ و
له‌سه‌ر سینگ و ئاسۆی شانم په‌لكه‌زێڕینه‌ نه‌خش ئه‌كا.. (گوڵسورخی له‌ هه‌رێمی مه‌رگا سۆز ئه‌كا- زریان)

(14)
نووسین بۆ شاعیر, وه‌كو”به‌ختی بن عه‌وده‌” ده‌ڵێت, به‌و پێیه‌ی هه‌ڵگری تمووحێكی ئایینده‌خوازانه‌یه‌ و خواستی مانه‌وه‌ی هه‌یه‌, پێوه‌ره‌ شیعرییه‌كانی به‌ر له‌ خۆی به‌جێهێشتووه‌, ئه‌م به‌جێهێشتنه‌ دابڕان ناگه‌یه‌نێ‌- به‌ مانای پشت كردن له‌ كه‌له‌پوور و داهێنانی ڕابردوو- چونكه‌ ئێمه‌ له‌دایكبووی ناو كه‌له‌پوورێكین و بۆ هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵدا به‌رقه‌رار ده‌كه‌ین له‌پێناوی ئه‌وه‌ی دیاڵۆگمان له‌گه‌ڵیدا به‌رده‌وام بێت, هه‌روه‌ها له‌پێناوی ئه‌وه‌یش ده‌سته‌به‌رمان بێت بۆ ئه‌وه‌ی دواجار بتوانین ده‌وڵه‌مه‌ندی بكه‌ین و تێیپه‌ڕێنین, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ڕاستییدا داهێنان, یان نوێگه‌ریی گه‌شه‌ كردنێكی هزریی و ڕۆحییه‌ و قووڵبوونه‌وه‌یه‌ به‌ ناو سه‌رده‌مدا و هه‌ڵوێستێكی نوێیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پرسه‌كانی ژیان و هاوكات هه‌روه‌كو”دكتۆر فاتیح عه‌للاڤ”یش بۆی چووه‌: په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رده‌وامیشه‌ له‌گه‌ڵا كه‌له‌پوور و هه‌روه‌ها دابڕانیشه‌ لێی. تێگه‌یشتن و په‌ی بردنی”ئه‌نوه‌ر”یش به‌وه‌ی كێشه‌ی داهێنان له‌ڕاستییدا گه‌وهه‌ری تازه‌گه‌رییه‌ و هه‌وڵی بۆ چاره‌سه‌ركردنی له‌ ڕه‌وتی شیعر نووسیندا پۆزه‌تیڤانه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت و ئاووڕدانه‌وه‌ی تێدا نابێت و یه‌كبین به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌ڕوات.
ڕه‌نگه‌ ئه‌میش هاوبیری”به‌در شاكر ئه‌لسه‌ییاب”بووبێ‌ كه‌ له‌ شوێنێكدا وتوویه‌تی: (ده‌بێ‌ شتگه‌لێك بنووسین له‌ سه‌رووی ئاستی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ بێت, چونكه‌ جه‌ماوه‌ر له‌ لایه‌نی شارستانییه‌وه‌ دوا كه‌وتووه‌, ئه‌گه‌ریش بمانه‌وێ‌ شانبه‌شانی بڕۆین, ئه‌وا پێویسته‌ كلتوورییانه‌ و شارستانییانه‌ دواكه‌وتووبین و واز له‌ قووڵایی و هونه‌ر و زۆر شتی تریش بهێنین.) بۆیه‌ له‌ ده‌قی (وه‌ره‌ خوارێ‌..ئه‌ی خواكه‌ی غه‌ریبان له‌ كه‌لكه‌ی هه‌وری ئاڵه‌وه‌ وه‌ره‌ خوارێ‌..)دا په‌یوه‌ندییه‌ باوه‌كان تێكده‌شكێنێ‌ و په‌یوه‌ندی دیكه‌ بنیات ده‌نێت و به‌م چامه‌یه‌ ده‌مان گێڕێته‌وه‌ كۆنتێكستێكی مێژوویی و گرنگیشه‌ له‌و كۆنتێكسته‌ زه‌مه‌نییه‌ حاڵی بین بۆ ئه‌وه‌ی به‌های ده‌قه‌كه‌مان بۆ ڕوونبێته‌وه‌ و له‌ بارودۆخه‌ مێژووییه‌كه‌ی تێبگه‌ین.

به‌ڵام گیانه‌ هه‌ر كه‌ ویستم ته‌نیا شیعرێ‌ بۆ تۆ بڵێم
لێزمه‌ی فرمێسك بوو به‌ دێڕ و بوو به‌ سنووری
وڵاتێ‌..
ناویان نا وڵاتی گریان.. (وه‌ره‌ خوارێ‌..ئه‌ی خواكه‌ی غه‌ریبان…زریان)

شیعر, هه‌روه‌كو”وردزوێرس و شێلییش”بۆی چوونه‌, هه‌میشه‌ به‌ر له‌ كۆمه‌ڵگا خۆی تازه‌ ده‌كاته‌وه‌, ئه‌وسا له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا و مێژووش كاریگه‌ریی گرنگی ده‌بێت, چونكه‌ شاعیر كه‌سێكه‌ ده‌توانێ‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان په‌ی به‌ داهاتوو به‌رێت, ئه‌مه‌یش له‌”تێگه‌یشتنی بابه‌تییانه‌ی ئه‌و پارادۆكسانه‌ی یاسای ژیان تژی ده‌كه‌ن, هه‌روه‌ها تێگه‌یشتن و كه‌شفكردنی لۆژیكی جووڵه‌ و بزووتنه‌وه‌ی مێژوو و كارلێككردن له‌گه‌ڵا ڕووداوه‌كانی سه‌رده‌م دا, دید و دنیابینییه‌كی گشتگر و توانای تێپه‌ڕاندن و ڕووكردنه‌ ئایینده‌ی پێده‌به‌خشن”ڕێك وه‌كو ئه‌وه‌ی “عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لبه‌یاتی”ئاماژه‌ی پێداوه‌.
له‌م چامه‌یه‌شدا, كه‌ به‌ هۆی ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌ به‌رزه‌ و به‌ هۆی خۆتێپه‌ڕاندنی تاكه‌وه‌ تیایدا و هاتنه‌گۆی منی كۆوه‌, ده‌توانین بێ‌ دوودڵیی به‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین و جوانترین چامه‌كانی شیعری ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو و دواتریشی له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین, چونكه‌”ڕێلكه‌”وته‌نی له‌ زه‌رووره‌ته‌وه‌ هه‌ڵقووڵاوه‌ و ئه‌زموونێكی به‌رهه‌ستمان بۆ وێنا ده‌كات. جگه‌ له‌وه‌ ده‌قێكی خودگه‌رایشه‌, به‌ڵام خود, هه‌روه‌كو “لووسیان گۆڵدمان”ده‌ڵێت: له‌ كرده‌ی مرۆییانه‌دا چین و توێژه‌, ڕه‌هه‌ندی ئێمه‌ هه‌ڵده‌گرێت, ئێمه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ستی كۆ ته‌نها له‌ناو هه‌ستی تاكی هه‌موو مرۆڤێكدا هه‌یه‌, یانی ئه‌گه‌ر ڕه‌هه‌ندێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ تاك بده‌ین, ئه‌وا خود, خودی تاك, نماینده‌یی خودی گشتیی ده‌كات و له‌ڕاستییشدا پێكهاتووه‌ له‌ تۆڕێكی په‌یوه‌ندی ئاڵۆزی نێوان خۆی و بابه‌ت و سه‌ره‌نجامیش ئه‌و داهێنانه‌ی خود ده‌یهێنێته‌ ئارا بنیاتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌, هه‌ر به‌ پێی بۆچوونی “گۆڵدمان”خۆی.
واته‌ له‌ خۆگرتنی ڕه‌هه‌ندی دیكه‌ بۆ خود پڕۆژه‌ی وێران كردنی خود نییه‌, هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی”پۆل ڕیكۆر”ده‌ڵێت, به‌ڵكو پڕۆژه‌ی خوده‌ بۆ خۆ بنیاتنانه‌وه‌, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژیان پاڵنه‌رێتی, نه‌ك مردن پاڵنه‌ری بێت. ئه‌و مه‌ودایه‌ی ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئه‌و دوو پاڵنه‌ره‌شه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ هانی ده‌ده‌ن, هانی ده‌ده‌ن كۆتایی به‌ شێوه‌یه‌كی دی ببینێ‌ و مردنیش تاقه‌ ئامانجی ژیان نه‌بێت.

كه‌ ئه‌نووسم, ئه‌بم به‌ پۆسته‌به‌ری تۆ و
نامه‌ی شادیی بۆ ئاواره‌ی ناو شه‌قام و باغچه‌ی هه‌موو
شاره‌كانی دنیا ئه‌به‌م
ئه‌بم به‌ لاوكی ناو گه‌لیی و چیا و
له‌سه‌ر دوو شه‌پۆلی زۆر كورت
به‌ناو سنگی ئه‌وانه‌دا په‌خش ئه‌بمه‌وه‌
مردنیان ئه‌كرده‌ پێیان… (وه‌ره‌ خوارێ‌..ئه‌ی خواكه‌ی غه‌ریبان…زریان)

بۆیه‌ لێره‌دا ده‌ق له‌گه‌ڵا جیهاندا یه‌كانگیر ده‌بێت و جیهانیش ده‌بێته‌ چامه‌, وه‌كو ئه‌وه‌ی خۆمان و خودی ئه‌وانی تریش له‌ میانه‌ی چامه‌وه‌ ببینین. بێگومان پێشوه‌خت ناونیشانه‌كه‌یش فه‌زایه‌ك بۆ ئه‌م جێگۆڕگێیه‌ فه‌راهه‌م ده‌كات كه‌ بریتییه‌ له‌ فه‌زایه‌كی ناسه‌قامگیر و پڕ پشێویی, ئینجا كۆمه‌ڵێك ته‌داعی چڕوپڕ و به‌دوای یه‌كدا هاتوو تۆنێكی گێڕانه‌وه‌ئامێز, یاخود وه‌كو ئه‌وه‌ی”تۆدۆرۆڤ”به‌ مۆنۆڵۆگی شیعریی ناودێری ده‌كات, به‌م تێكسته‌ ده‌به‌خشن و ئه‌ویش ڕابردوو ئاماده‌ ده‌كاته‌وه‌ و وامان لێده‌كات ئه‌زموونه‌ ناوازه‌كانی دنیاكه‌مان بژێین و ژیانمان ده‌وڵه‌مه‌ندتر و ڕه‌نگڕێژتر بكه‌ین.

خۆ من چه‌مه‌ زستانه‌ نیم هه‌ر هاوین هات هه‌ڵپڕووكێم
ئه‌ستێره‌ نیم, شه‌و نه‌بێ‌ نه‌توانم بفڕم
خۆریش نیم, به‌ باڵه‌ مه‌له‌, به‌ ڕۆژدا ئاسمان ته‌ی بكه‌م.. (وه‌ره‌ خوارێ‌..ئه‌ی خواكه‌ی غه‌ریبان..زریان)

زمان لێره‌دا شتێكی تر به‌رهه‌م ده‌هێنێت, عه‌شقێك كه‌مه‌ندكێشی وه‌رگر ده‌كات, وشه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی پیرۆز له‌گه‌ڵا وشه‌دا په‌یدا ده‌كات, وشه‌ له‌به‌ر وشه‌ی تر دێته‌ ناو ڕسته‌ی شیعرییه‌وه‌, وشه‌كانیش به‌ سروشتی خۆیان شیعریی نین, به‌ڵكو ته‌وزیفی شیعریی شیعرییه‌تیان پێده‌به‌خشێ‌, یانی وشه‌ شیعرییه‌ته‌كه‌ی به‌دی نایه‌ت ته‌نها له‌و سیاقه‌دا نه‌بێ‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوییه‌وه‌. یاخود با ئه‌مه‌ به‌ جۆرێكی تر ده‌ربڕین, شیعرییه‌ته‌كه‌ی ئه‌و كاته‌ به‌دی دێت كه‌ وشه‌كان په‌یوه‌ندی نوێ‌ به‌دی ده‌هێنن و سیاقێكی جیاواز به‌رقه‌رار ده‌كه‌ن. ئه‌و وێنانه‌ی كه‌ به‌ چه‌مكی به‌راووردكردنیش لێره‌دا دروست كراون, له‌ به‌یه‌كداچوونی ڕه‌هه‌نده‌ مرۆییه‌كانه‌وه‌ به‌رهه‌م هاتوون, ڕه‌هه‌ندی سروشتیی, یانی خودیی و ڕه‌هه‌ندی گه‌ردوونیی, یانی بابه‌تیی به‌ ده‌ربڕینی”دكتۆره‌ خالیده‌ سه‌عید”و خود شه‌قڵی پێبه‌خشیوون, خود كۆكه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ده‌قه‌ كه‌ له‌ جیهانه‌وه‌ وه‌ریان ده‌گرێ‌, جیهانیش پڕاوپڕه‌ له‌و ده‌قانه‌ و هه‌وڵی هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی مانا و ناوه‌ڕۆكه‌كانی ده‌دات و هه‌روه‌ها له‌ ده‌لاله‌ته‌كانی خۆیشیان به‌تاڵیان ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌زموونه‌كه‌ی خۆی و دنیابینیی خۆی بۆ گه‌ردوون و ژیان و بوون بارگاوییان بكات. ئه‌م ده‌قه‌ ئاوێنه‌یه‌كه‌ نه‌خشه‌ی ده‌روونیی تاكی پاش نسكۆی”هه‌زار و نۆسه‌د و حه‌فتا و پێنجی” ئێمه‌ پیشان ده‌دات كه‌ چۆن هه‌ستی خۆی له‌ كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و كۆسته‌ گه‌وره‌یه‌ خاڵی ده‌كاته‌وه‌ و به‌ وزه‌یه‌كی باڵای تره‌وه‌ بارگاوی ده‌كات.

چۆن كپ ئه‌بم؟!
سه‌رم پێشانگای مردنه‌ و تابلۆكانی هه‌موو ڕه‌شن,
سوورن, ئاڵن, خۆڵه‌مێشین..
سه‌رم ژوورێكی چوار گۆشه‌ی یه‌ك پێ‌ ییه‌
تۆی تیا دیلی, سه‌رت به‌سه‌ر ئه‌ژنۆكانتا شۆڕبۆته‌وه‌.. (وه‌ره‌ خوارێ‌..ئه‌ی خواكه‌ی غه‌ریبان..زریان)

به‌پێی”جان كۆهین”یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌ جه‌وهه‌رییه‌كانی شیعرییه‌تی ده‌ق ناڕوونیی و ته‌مومژاوی بوونێتی, ئه‌مه‌یش له‌م ده‌قه‌ی”ئه‌نوه‌ر”دا له‌وه‌وه‌ دێت كه‌”ئه‌نوه‌ر”زمانی ئاماژه‌ به‌كار ده‌هێنێ‌ و شێوازی ناڕاسته‌وخۆ له‌ ده‌ربڕین به‌كار ده‌بات و چڵه‌پۆپه‌ی ده‌ربڕینیش له‌ شیعردا, هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی”دكتۆره‌خالیده‌سه‌عید”ده‌ڵێت, ده‌ربڕینی ناڕاسته‌وخۆیه‌.
دوێنێ‌ ڕووباری گریانی دایكم
ته‌می ئاسۆی ئه‌شۆرده‌وه‌ و به‌هه‌ڵه‌داوان ئه‌یپرسی
كوانێ‌ به‌نده‌ری پێكه‌نین؟!
یان:
بمكه‌ به‌ سه‌ر, بمكه‌ به‌ باڵا
بۆ مه‌لی سه‌ر و باڵا كراو
بمكه‌ تابلۆی ئاگرینی به‌ر هه‌تاوی”گۆیا”كرده‌ و
به‌ په‌نجه‌ی ئه‌و ڕه‌نگه‌كانم ئاوێته‌كه‌ و
با هه‌ژاران له‌ناو ژووری ده‌روونیانا هه‌ڵمواسن
چۆن كپ ئه‌بم؟! (وه‌ره‌ خوارێ‌..ئه‌ی خواكه‌ی غه‌ریبان..زریان)

ئێمه‌ بۆیه‌ له‌م زمانه‌ حاڵی ده‌بین چونكه‌ هه‌ر ته‌نها ئێسك و پرووسك نییه‌, به‌ڵكو خوێن و گۆشتیشه‌, ته‌نها قاڵب نییه‌, به‌ڵكو ڕۆحیشه‌, هه‌وڵێكی جیددیشه‌ بۆ تێگه‌یشتنی جیهان, كه‌ له‌ڕاستییدا ڕۆڵێكی گه‌وره‌ و گرنگی بینیووه‌ له‌ خوڵقاندنی دنیای شاعیر خۆی وه‌كو”عه‌بدولوه‌هاب به‌یاتی” له‌ شوێنێكدا ده‌ڵێ‌ و شه‌قڵیش به‌ كاتێكی دیاریكراو ده‌به‌خشێ‌ و چاره‌سه‌ری كۆستێكی بێپایان ده‌كات. له‌م تابلۆ ئێستێتیكییه‌دا هه‌موو ده‌ربڕینێكی هونه‌رییانه‌ جووڵانه‌وه‌ی پشێوییه‌كه‌ له‌ نێوان هه‌نووكه‌ و یاده‌وه‌ریی, له‌ نێوان تازه‌ و كۆن و یه‌كانگیربوون و یه‌كبوونی بابه‌ت, میزاج و باری ده‌روونیی و دنیابینییه‌كی جیاواز و زمان, كه‌ زمان ملكه‌چی سروشتی ئه‌م دنیابینییه‌ جیاوازه‌یه‌, وه‌كو ئه‌وه‌ی”دكتۆر عیززه‌دین ئیسماعیل”بۆی چووه‌, له‌ناو یه‌ك بۆته‌دا و لێكدابڕینی یه‌كگرتووه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی لێكدووره‌كان به‌پێی”تۆدۆرۆڤ” فه‌زایه‌كی جیاوازیان بۆ ده‌ق دروست كردووه‌ و كارێكی داهێنه‌رانه‌ی به‌هاداریان خوڵقاندووه‌, چونكه‌ بونیادی چامه‌كه‌, یاخود یه‌كێتییه‌ بابه‌تییانه‌كه‌ی بریتییه‌ له‌و داوه‌ده‌زووه‌ی وێنه‌كان و ده‌ربڕینه‌كان ڕێكده‌خات پێبه‌پێی گوته‌ی “دكتۆره‌ خالیده‌ سه‌عید” و چنینێكی زیندووانه‌ی نه‌شونماكه‌ری پێده‌به‌خشێ‌.

ئه‌گه‌رچی چامه‌ی(وه‌ره‌ خوارێ‌..ئه‌ی خواكه‌ی غه‌ریبان…) وه‌كو گوتمان مۆنۆڵۆگێكی قووڵه‌, مۆنۆڵۆگیش وه‌كو ده‌زانین له‌گه‌ڵا خۆدایه‌, به‌ڵام ئه‌م خۆیه‌ خۆیه‌كی ده‌سته‌جه‌معییه‌ و به‌ كه‌ڵكه‌ڵه‌ی میلله‌تێك بارگاوییه‌ و دایه‌ڵۆگێكی له‌گه‌ڵا دنیاكه‌ی به‌رقه‌رار كردووه‌ و ئه‌مه‌یش ئاماده‌گییه‌كی هونه‌ریی پێبه‌خشیووه‌. وه‌كو ئاماژه‌مان پێدا ئه‌م خۆیه‌ ڕه‌هه‌ندێكی گشتیی وه‌رگرتووه‌ و له‌و ناپاكییه‌ی بابه‌ت له‌گه‌ڵا خوددا كردوویه‌تی سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ و سه‌ره‌نجامی كاریگه‌ریی ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ مێژوویییه‌یه‌ كه‌ ده‌سته‌ویه‌خه‌ی ڕه‌هه‌نده‌ ناوه‌كییه‌ ته‌نیاكه‌ی- ڕه‌هه‌نده‌ ده‌روونییه‌كه‌ی- ئه‌و بۆته‌وه‌ و هه‌وڵده‌دات له‌ ڕێگای ئه‌م مۆنۆڵۆگه‌وه‌ گرێكانی بكاته‌وه‌.

گه‌ر شێت نه‌بم من له‌ كوێ‌ و ده‌س له‌ ملی وڵات كردن له‌ كوێ‌؟!
گه‌ر شێت نه‌بم من له‌ كوێ‌ و هه‌ڵمژینی هه‌ڵاڵه‌ی لێوی
“كابوول”ی یار له‌ كوێ‌؟!
من نامه‌وێ‌ له‌ وڵاتی غه‌ریبیدا سه‌ری تاسه‌م بنێمه‌وه‌
من دڵا..دڵم له‌ بۆته‌ی له‌شما غه‌ریبه‌
ئه‌ی خواكه‌ی غه‌ریبان تۆ!
له‌ كه‌لكه‌ی هه‌وری ئاڵه‌وه‌ به‌ پێی په‌تی
كه‌ی دێیت و كه‌ی تۆ په‌یامێ‌ بۆ مه‌ دێنی و
كه‌ی به‌ هه‌موو جیهان ئه‌ڵێی:
ئا ئه‌مانه‌ جگه‌ر گۆشه‌ی بێ‌ ناز كه‌وتووی زه‌وی منن؟! (وه‌ره‌ خوارێ‌..ئه‌ی خواكه‌ی غه‌ریبان..زریان)

“هێنری جه‌یمس”ده‌ڵێت: قووڵترین كواڵیتی كارێكی هونه‌ریی هه‌میشه‌ كواڵیتی هزر به‌رهه‌م هێنه‌كه‌یه‌تی, یانی ڕه‌نگه‌ شیعر هزر پێشكه‌ش بكات – وه‌كو لێره‌دا له‌م شیعره‌ و له‌ چه‌ندین شیعری تریشیدا – ئه‌ویش به‌ به‌رجه‌سته‌ كردنی ئه‌م هزره‌ له‌ناو ڕێكخستنی وشه‌كاندا. به‌ڵام به‌های شیعرێك وه‌كو شیعر ته‌نها بریتی نییه‌ له‌ گرنگیی ئه‌و هزره‌ی ده‌ری ده‌بڕێت, چونكه‌ ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌وا شیعره‌كه‌ پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و هزره‌ ده‌قۆزرێته‌وه‌ كه‌ پێشكه‌شی ده‌كات ئیتر وه‌لا ده‌خرێت, ئه‌مه‌ نزیكه‌ له‌ قسه‌یه‌كی”ماڵكۆڵم به‌دد”ه‌وه‌ و مانای ئه‌وه‌یه‌ شیعر له‌پێناوی یه‌ك ڕه‌هه‌ند, یاخود یه‌ك لایه‌نی دیاریكراوی ناخوێنرێته‌وه‌, به‌ڵكو خاوه‌نی ڕه‌هه‌ندی دیكه‌شه‌, كه‌ پێویسته‌ بۆ وه‌رگر, چونكه‌ خوێندنه‌وه‌ هونه‌ره‌, هونه‌ری چوونه‌ ناو دنیای ده‌ق و په‌ی بردنه‌ به‌ شاراوه‌كانی ناوی و ئه‌وه‌ی گرنگیشه‌ تیایدا ئه‌و ئه‌زموونه‌ خه‌یاڵییه‌یه‌ كه‌ له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌یدا تاقیده‌كرێته‌وه‌ و له‌ته‌كیدا ژیان ده‌كرێت, نه‌ك هه‌ر ته‌نها ئه‌و هزرانه‌ی به‌ وشه‌ ده‌ریانده‌بڕێ‌, ئه‌مه‌یش ڕووانینه‌ چامه‌ وه‌كو گشتێك ده‌گه‌یه‌نێ‌ نه‌ك كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندێك له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی.

ئه‌بم به‌ سواره‌ی گه‌رده‌لوول له‌ هه‌موو لووتكه‌ و یاڵێكتا
ئه‌چریكێنم
ئه‌بم به‌ كاروانی هه‌ور و له‌ كۆچه‌كه‌ی هات و نه‌هات
گوڵی باران و پێكه‌نین بۆ سه‌ر لێو و كه‌زیی زه‌ردی
“زین”ئه‌هێنم..
به‌چی..به‌ چیم ئه‌كه‌ی بمكه‌ و مه‌به‌ره‌ دره‌ختی پایز و
به‌ خه‌مباریی تێم مه‌ڕوانه‌
گه‌ر گه‌ڵاكانت وه‌ریون..ده‌ها ئه‌وه‌ شیعره‌كانم!
ئه‌گه‌ر زه‌ویت ده‌س ناكه‌وێ‌
ڕه‌گ و ڕیشه‌ی توند و تۆڵا تر تیا داكوتی
په‌نا بۆ قووڵایی دڵم بێنه‌..
به‌ چیم ئه‌كه‌ی بمكه‌ و مه‌گری.. (وه‌ره‌ خوارێ‌..ئه‌ی خواكه‌ی غه‌ریبان..زریان)

سه‌ره‌نجام خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م چامه‌یه‌ گه‌شتێكی سه‌یره‌, گه‌شتێكی ته‌مومژاوییه‌ نه‌ك به‌ناو ئاسته‌ ڕووكه‌شه‌كه‌یدا, به‌ڵكو به‌ناو ئاسته‌ قووڵه‌كه‌یدا, چونكه‌ وه‌ك دیاره‌ گه‌شتێك نییه‌ به‌ناو وه‌سف و ڕاسته‌وخۆییدا, به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕۆچوونه‌ به‌ناو قووڵاییه‌ ئه‌فسووناویی و سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی ده‌قدا – ده‌ق كه‌ بریتییه‌ له‌ جه‌سته‌ و ڕۆح – ڕه‌نگه‌ جه‌سته‌ له‌م گه‌شته‌دا ئه‌وه‌نده‌ ماندووكه‌ر نه‌بێت, به‌ڵام ڕۆح, بێگومان به‌ ئاسانی ده‌سته‌مۆ ناكرێت, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌كو جه‌سته‌ ماددیی و فیزیكیی و به‌رهه‌ست نییه‌, به‌ڵكو بوونێكی میتافیزیكییانه‌یه‌, بوونێكی مه‌عنه‌وییانه‌یه‌ و دنیایه‌كی پڕ ته‌مومژ و ئه‌بستراكتئامێزه‌ و پێویسته‌ دید و زه‌ین و هۆش و هه‌سته‌كان گه‌ڕانی تێدا بكه‌ن و بیپشكنن و شه‌قڵا به‌ ده‌لاله‌ته‌ قووڵه‌كانی ببه‌خشن.

چۆن كپ ئه‌بم؟!
“به‌مۆ”ئه‌گرمه‌ كۆڵا و”سیروان”له‌ چاوما هه‌ڵئه‌گرم
له‌ لیته‌ و هه‌ڕگی مێژوودا دێم و ده‌چم
گۆرانی بۆ ڕووبارێكی كه‌نار ون ئه‌ڵێم.. (وه‌ره‌ خوارێ‌..ئه‌ی خواكه‌ی غه‌ریبان..زریان)

ئیتر لێره‌ به‌دواوه‌ جووڵه‌كانی چامه‌كه‌ ده‌ست به‌ خاوبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن و دوا جووڵه‌ ده‌بێته‌ جووڵه‌یه‌كی بازنه‌یی, به‌واتا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا كه‌ كۆتایی شیعره‌كه‌شه‌, هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ختێك بێت له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی گشتیی ده‌قه‌كه‌ و به‌رده‌وامبوونی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ و هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی به‌ركه‌ماڵییه‌كیش بخوڵقێنێ‌.

(15)

له‌ڕاستییدا ئه‌گه‌ر چامه‌ خاوه‌نی دنیابینیی و بینۆگه‌یه‌كی تازه‌ و جیاواز بێت, ئه‌وا بێجگه‌ له‌ فۆرمێكی جیاواز ئاسۆی چاوه‌ڕوانییه‌كی تازه‌ و جیاوازیش به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌ و مه‌رجیش نییه‌ له‌گه‌ڵا ئاسۆی چاوه‌ڕوانیی هه‌موو خوێنه‌رێك بگونجێ‌, یان یه‌كبگرێته‌وه‌. دیاریشه‌, نه‌ك هه‌ر ئه‌م چه‌ند ده‌قه‌ی كه‌ نه‌ختێك به‌ دوورودرێژی هه‌ڵوێسته‌مان له‌سه‌ر كردن, به‌ڵكو ده‌كرێ‌ قسه‌ی زۆری تریش له‌باره‌ی به‌رهه‌م هێنانێكی جیاوازی شیعرییه‌ت له‌ هه‌ندێ‌ ده‌قی تریشیدا بكرێت, كه‌ ئاستی هونه‌ریی و شیعرییان هیچ له‌مانه‌ كه‌متر نین, بۆ نموونه‌: زریان, نوقڵانه‌ی خۆشه‌ویستیی و باران, ئای تاتیانای شه‌نگ, بمده‌ره‌ ده‌س سه‌رما و سۆڵه‌ و هی تریش. دیاره‌ له‌دوای”زریان”یشه‌وه‌ ئه‌گه‌رچی بونیادی فۆرمییانه‌ی ده‌قه‌كانی ساده‌تر ده‌بنه‌وه‌, به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ‌ كه‌ شیعر له‌لای”ئه‌نوه‌ر”دا سه‌ره‌ولێژ بۆته‌وه‌, به‌ڵكو ته‌نها یه‌ك مانای هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ بونیادی قووڵا و مه‌عنه‌وییانه‌ی ده‌قه‌كانی قووڵتر بوونه‌ته‌وه‌ و پتر سه‌رقاڵی مانا بووه‌ و جگه‌ له‌وه‌ به‌ نه‌فه‌سێكی سۆفیی مه‌شره‌بانه‌شه‌وه‌ ئیشی تێدا كردوون.

شیعر, وه‌كو”مایا ئانجیلۆ”ده‌ڵێت, ده‌توانێ‌ پێمان بڵێ‌ مرۆڤه‌كان چین..ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌یش پڕ به‌ پێستی به‌رهه‌مه‌ كانی”ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د”ه‌, بێگومان ئه‌و له‌ ڕێگای ده‌قه‌كانییه‌وه‌ پێمان ده‌ڵێ‌ ئێمه‌ چین و پێبه‌پێی ئه‌مه‌یش هه‌ڵگری ناسنامه‌ن, هه‌ستی مرۆڤبوونمان پێده‌به‌خشن, چونكه‌ له‌ بۆشاییه‌وه‌ نه‌هاتوون, به‌ڵكو له‌ كۆمه‌ڵێك هه‌ست و سۆز و هه‌ڵچوونی مرۆیی هاوبه‌شه‌وه‌ هه‌ڵقووڵاون, یانی له‌ خودی بوون خۆیه‌وه‌ هاتوون و بۆ بوونیش نووسراون و دوای ئه‌م گه‌شته‌ دوورودرێژه‌یش كه‌ كۆمه‌كی كردین له‌ چه‌مكێكی پڕ بایه‌خی دیكه‌ی شیعر زیاتر حاڵی بین و به‌ تێگه‌یشتنیش لێی ببینه‌ خاوه‌نی مه‌عریفه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندتر و ئه‌گه‌ر(هه‌موو كارێكیش له‌لایه‌ن خوێنه‌رێكه‌وه‌ بنووسرێته‌وه‌) هه‌روه‌كوئه‌وه‌ی”تۆدۆرۆڤ”ده‌ڵێت, ئه‌وا هه‌وڵی نووسینه‌وه‌, یان باشتره‌ بڵێین خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زموونه‌ ئامانجی سه‌ره‌كیی ته‌نها ئه‌وه‌ بوو له‌ كواڵیتی شیعرییه‌ته‌كه‌ی وردببێته‌وه‌ و پێبه‌پێی گۆشه‌نیگا و دیدێكی هونه‌رییانه‌ به‌های ئێستێتیكیی و هونه‌رییانه‌ی ئه‌زموونه‌كه‌ی كه‌شفبكات و به‌ شێوه‌ هونه‌رییانه‌كه‌ی سكێچی بكات. وه‌كو پێشتریش ئاماژه‌مان دایێ‌ به‌ناو گوتاری شیعره‌كاندا شۆڕنه‌بووینه‌وه‌, چونكه‌ مه‌به‌ستمان به‌رباسدانی چه‌مكی شیعرییه‌ت بوو, شیعرییه‌تیش په‌یوه‌ندی به‌ ده‌ق و بونیاده‌وه‌ هه‌یه‌, شیعرییه‌تی ده‌قیش چه‌مكێكی تره‌ له‌ میانه‌ی زمانه‌وه‌ سه‌رنجی ده‌درێت و ده‌شێ‌ یه‌كه‌مین به‌های ده‌قیش شیعرییه‌ته‌كه‌ی بێت.

ئه‌گه‌رچیش”ئه‌نوه‌ر”له‌ شوێنێكی یاده‌وه‌رییه‌ شیعرییه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: مه‌رج نییه‌ شاعیر به‌ یه‌ك نه‌فه‌س بتوانێ‌ شیعر له‌ دوای شیعر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕوا..ئێمه‌یش هاوڕاین له‌گه‌ڵیدا و ئه‌وه‌یش ده‌زانین كه‌ به‌دیهێنانی شیعرییه‌ت كارێكی ئه‌وتۆ نییه‌ كه‌ شاعیر له‌ توانایدا بێت له‌ هه‌موو كۆنتێكستێكی زمانه‌وانییانه‌دا بیهێنێته‌دی, بۆیه‌ ته‌نها ئاووڕمان له‌و چه‌ند ده‌قه‌ دیارانه‌ی ئه‌زموونه‌كه‌ی دایه‌وه‌, به‌و ئومێده‌ی بێ‌ لایه‌نانه‌ و بابه‌تییانه‌ توانیبێتمان ڕووناكیی شایان به‌ داهێنانه‌كانی ببه‌خشین و تۆز و گه‌ردی زه‌مه‌نێكی بێ‌ مروه‌ت و دڵڕه‌ق له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌ بێڕاده‌ گرنگه‌كه‌ی ته‌كاندبێت و له‌ تێفكرین و سه‌رنجه‌كاندا شوێنی شایسته‌ی خۆیمان پێدابێ‌ و كۆی ئه‌م نووسینه‌ مانایه‌كی جیاوازی به‌ كاره‌ به‌رجه‌سته‌كانی به‌خشیبێ‌ كه‌ جودا بێت له‌و مانایه‌ی پێشتر ئه‌زموونه‌كه‌ی له‌ ڕوانگه‌ی خوێنه‌ره‌كانییه‌وه‌ بێگومان خاوه‌نی بووه‌. دیاره‌ ئه‌م به‌سه‌ر كردنه‌وه‌یه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ تێكسته‌كانی ئه‌و شیعرییه‌تێكی جیاواز تیایاندا هاتۆته‌ ئاراوه‌ و دینامیكییه‌تێكی به‌رده‌وام و قووڵا هاوشانیانه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردن و جه‌خت كردنه‌ سه‌ر لایه‌نی شیعرییه‌تیش مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌ نه‌بوو بیسه‌لمێنین”ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د”هه‌ر به‌ ته‌نها له‌ زمان ئیشی كردووه‌, به‌ڵكو ئه‌م لایه‌نه‌مان ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵبژارد تاكو چه‌مكی شیعرییه‌ت له‌ میانه‌ی ئاووڕدانه‌وه‌ له‌ ده‌قی شیعره‌كانی ئه‌و ڕوون بكه‌ینه‌وه‌, چونكه‌ پێشمه‌رجییه‌كانی ئه‌م تیۆرییه‌ به‌ ته‌واویی له‌گه‌ڵا به‌شێك له‌ ئه‌زموونی نووسینی ئه‌ودا یه‌كدێته‌وه‌ و تیایدا ڕێگایه‌ك بۆ پراكتیزه‌كردنی خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زموونه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندتریش ده‌كات كه‌ڵه‌كه‌یه‌كه‌ له‌ یاده‌وه‌رییه‌كی زیندوو و مه‌عریفه‌یه‌كی به‌ربڵاو و به‌ئاگاییه‌كی ورد له‌باره‌ی كه‌له‌پووری خود و ئه‌وی تر و ویژدانێكی ئینسانییانه‌ی ڕۆشن و ئه‌مانه‌یش هه‌میشه‌ له‌ ده‌قدا ده‌وڵه‌مه‌ندیی و چڕوپڕییه‌ك به‌ مانا ده‌به‌خشن و ئه‌زموون به‌پیت تر و چوست و چالاكتر ده‌كه‌ن و سه‌رئاسایی به‌ به‌های هونه‌ریی كاره‌ داهێنراوه‌كان ده‌ده‌ن.

“ئه‌نوه‌ر”كۆڵۆمبسی شیعری جیاوازی كوردییه‌, ئه‌و ئه‌تمۆسفیرێكی تازه‌ و جیاكاری هێناوه‌ته‌ كایه‌ی شیعره‌وه‌ و شه‌قڵێكی نوێیشی به‌ زمانی ده‌ق به‌خشیووه‌, به‌ مانایه‌كی تر, كیشوه‌رێكی دیكه‌ی له‌ دنیای شیعری ئێمه‌ دۆزیووه‌ته‌وه‌ و وه‌ك پڕۆمیسیۆسێك ئاگری شیعرێكی جیاواز, شێوازێكی تری نووسینی بۆ هێناوین, تاكو وشه‌كانی, “نیتشه‌”گوته‌نی, نامه‌ئلووف بكه‌نه‌ مه‌ئلووف و مه‌ئلووفیش بكه‌نه‌ نامه‌ئلووف, زمانیش به‌ وزه‌یه‌كی تر داگیرسێنێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگایه‌ك ڕووناك بكاته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ هات و نه‌هات له‌ قه‌ڵه‌میان دابێ‌ و یارایان نه‌بووبێت پیایدا بگوزه‌رێن و بگه‌ن به‌و شته‌ نائاساییانه‌ی كه‌ ده‌بوو ده‌ربڕینی بۆ ئه‌نجام بده‌ن و له‌ڕاستییشدا بیكه‌ن به‌ بابه‌تی سه‌ره‌كی داهێنانه‌كانیان. به‌ڵێ‌..ئه‌و پڕۆمیسیۆسێك بوو, هه‌وڵیدا سه‌رتاپای تێگه‌یشتنی شیعرییمان بگۆڕێ‌ و له‌ هه‌وڵه‌كه‌شیدا سه‌ركه‌توو بوو, وایشی لێكردین چێژ له‌ هونه‌ر وه‌رگرتنیشمان بگۆڕێ‌ و ئه‌و تاریكاییه‌شی بۆ ڕۆشن كردینه‌وه‌ كه‌ دنیای شیعر و چێژ و زه‌وقه‌ هونه‌رییه‌كه‌مانی ئابڵووقه‌ دابوو.

ئێستا ئیتر ته‌نها ئه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین هه‌وڵماندا ڕه‌هه‌نده‌ شیعرییه‌كانی هه‌ندێ‌ له‌ ده‌قه‌كانی”ئه‌نوه‌ر”كه‌شفبكه‌ین و تیشكیش بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌زموونه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی, به‌ڵام چامه‌كانی سه‌رباری تێهه‌ڵكێش كردنی ڕه‌هه‌نده‌ خودیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌ردوونییه‌كان و گۆڕینی ده‌لاله‌ته‌كانی خود بۆ ده‌لاله‌ته‌ بابه‌تییه‌كان, كه‌چی هێشتا هه‌ر په‌زڵێكن, هێشتا هه‌ر بریتین له‌ چه‌ندین پارچه‌ و په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و پارچانه‌ یه‌كێتی ئۆرگانی ناو ده‌ق پێكده‌هێنن. بۆ گه‌یشتن به‌جوانیی و جه‌وهه‌ری داهێنان و ئه‌زموونه‌ پێكهێنه‌ره‌كه‌شی پێویسته‌ ئه‌و پارچانه‌ له‌ جێگای دیاریكراوی خۆیان دابنێین و كۆنتێكستێكی هونه‌رییانه‌ به‌ ده‌قێك ببه‌خشین و له‌به‌ر چاوی خۆماندا به‌رجه‌سته‌ی بكه‌ین كه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی تێدا بێت كه‌ ئێمه‌ له‌ ده‌قدا به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێین, یاخود بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شته‌ بدۆزینه‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌قدایه‌, نه‌ك ئه‌و شته‌ی ئێمه‌ چاوه‌ڕوان بووین تیایدا بیدۆزینه‌وه‌, هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی”سی.

ئێچ. سییوون”ده‌ڵێت. له‌ڕاستییشدا ئه‌وه‌ی له‌ بارته‌قای ئه‌م نووسینه‌دا په‌ییمان پێ‌ برد و دۆزیمانه‌وه‌ كیمیاگه‌رێك بوو هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا كه‌ره‌سته‌یه‌كی خاو بكات به‌ شتێكی تر, بیكات به‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی تر كه‌ به‌هایه‌كی باڵاتری بۆ وه‌رگر و شاعیرانیش هه‌بێت, چونكه‌ شاعیری ڕاسته‌قینه‌ وه‌كو چرا كار ده‌كات و ڕووناكیی به‌ جیهان ده‌به‌خشێ‌, وه‌كو ئه‌وه‌ی”گره‌یهام ئالێن”ده‌ڵێت, وه‌كو ئاوێنه‌یش ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕووناكییه‌یه‌ كه‌ له‌ بووندایه‌, هه‌ر ڕه‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بێ‌ كه‌ “مایكڵا شمیدت”ده‌ڵێت: هه‌موو شاعیرێك ده‌ستێكی له‌ گیرفانی شاعیرێكی تردایه‌ – ئه‌گه‌رچیش”ئه‌نوه‌ر”له‌ یاده‌وه‌رییه‌ ناوبراوه‌كه‌ی خۆیدا ئاماژه‌ به‌ كاریگه‌ریی”مه‌وله‌وی” له‌سه‌ر ئه‌زموونی خۆی ده‌دات – سه‌رباری ئه‌وه‌یش ئێمه‌ ده‌ستی ئه‌ومان له‌ گیرفانی هیچ شاعیرێكدا نه‌بینی و هه‌ستمان پێی نه‌كرد, به‌ڵام به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ كه‌ له‌ ده‌مێكه‌وه‌ ده‌ستی شاعیرانێكی زۆری هاوسه‌رده‌می خۆی و دوای خۆیشی له‌ گیرفانی ئه‌ودا گیریان خواردووه‌..و به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و وته‌ به‌ناوبانگه‌یش كه‌”تۆماس هاردی”له‌ شوێنێكدا ده‌یكات و ده‌ڵێت: جیهان قێزی لێمان نایه‌ته‌وه‌ , به‌ڵكو ته‌نها پشتگوێمان ده‌خات..و به‌گوێره‌ی ئه‌م وێسته‌ دوورودرێژه‌یش بێت – ئه‌گه‌رچی زۆر دره‌نگیش كه‌وتووه‌ – كه‌چی سه‌رباریش ده‌كرێ‌ په‌ی به‌ ده‌لاله‌تی ئه‌وه‌ به‌رین كه‌ نه‌ دنیا هه‌رگیز به‌رانبه‌ر به‌ شاعیرێكی داهێنه‌ر قێز په‌روه‌رده‌ ده‌كات كه‌ باڵا شیعرییه‌كه‌ی”ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د”ی هه‌بێت و نه‌یش هه‌رگیز تێپه‌ڕاندنێكی ئه‌وه‌نده‌ شیعرییانه‌تر تیایدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت تاوه‌كو پێویستی به‌م جۆره‌ داهێنانه‌ نه‌بێت و پشتگوێی بخات.

ئاب – تشرینی دووه‌می2018: هه‌ولێر- له‌نده‌ن

———————————————————————–
*سه‌رچاوه‌كان:
1-عه‌بدوڵڵا په‌شێو – نامه‌یه‌كی كراوه‌ – پاشكۆی عێراق – ژماره‌(25) مارت و نیسانی 1979
2- بڵاوكراوه‌ی گۆڤاری شیعر – ژماره‌ 6.
3- ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د – دڵێكی واڵا و نامه‌یه‌كی تریش – پاشكۆی عێراق – ژماره‌(30) ئه‌یلوولی 1979.
4- ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د – كورته‌یه‌ك له‌ ئه‌زموونی شیعری و نووسین – گۆڤاری باران – ژماره‌(2) ساڵی یه‌كه‌م ئه‌یلوول 2016.
5- د. محه‌مه‌د كه‌مال – هایدیگه‌ر و شۆڕشێكی فه‌لسه‌فی – ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م – چاپی یه‌كه‌م – سلێمانی 2007.
6- بابه‌ك ئه‌حمه‌دی – ئه‌فراندن و ئازادی – وه‌رگێڕانی: مه‌سعوود بابایی – ده‌زگای توێژینه‌وه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی – به‌رگی دووه‌م – چاپی یه‌كه‌م – هه‌ولێر 2010.
7- ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د – زریان – زایه‌ڵه‌ – زنار – به‌ڕێوبه‌رێتی گشتیی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ – سلێمانی 2004.
8- الانجیل الشریف – یوحنا – دار الكتاب الشریف – بیروت – لبنان 2008.
9- د. محمد ندیم خشفه‌ – تأصیل النص- المنهج البنیوی لدی لوسیان غولدمان – مركز الانماْ الحچاری – الگبعه‌ الاولی – حلب 1997.
10- د. كمال أبو دیب – فی الشعریه‌ – موْ سسه‌ الابحاپ العربیه‌ ش.م.م – الگبعه‌ الاولی – بیروت 1987.
11- تزفیگان گودوروف – ألادب فی خگر – ترجمه‌: عبدالكریم الشرقاوی – دار توبقال للنشر – الگبعه‌ ألاولی 2007.
12- د.كمال أبو دیب – جدلیه‌ الخفاْ و التجلی – دراسات بنیویه‌ فی الشعر – دار العلم للملایین- الگبعه‌ الپالپه‌ – بیروت 1984.
13- د. خالده‌ سعید – حركیه‌ الابداع – دراسات فی ألادب العربی الحدیپ – دار الفكر للگباعه‌ والنشر و التوزیع – الگبعه‌ الپالپه‌ – بیروت 1986.
14- د. فاتح علاڤ – مفهوم الشعر عند رواد الشعر العربی الحر – دار التنویر للنشر و التوزیع – الگبعه‌ الاولی – الجزائر 2010.
15- د. عصام واصل – فی تحلیل الخگاب الشعری – دراسات سیمیائیه‌ – دار التنویر للنشر والتوزیع – الگبعه‌ الاولی – الجزائر 2013.
16- تزفیگان گودوروف – الشعریه‌ – ترجمه‌: شكری المبخوت و رجاْ بن سلامه‌ – دار توبقال للنشر – الدار البیچاْ – الگبعه‌ الپانیه‌ 1990.
17- د. كریم حسن اللامی – شعریه‌ الماْ فی مجموعه‌ – یغیر ألوانه‌ البحر ل(نازك الملائكه‌) – الموسوعه‌ الپقافیه‌ – العدد 161 – الگبعه‌ الاولی – بغداد 2017.
18- عبدلكریم عباس الزبیدی – فی الخگاب النقدی العراقی – شعر الرواد أنموژجا – سلسله‌ نقد – الگبعه‌ الاولی – بغداد 2017.
19- عبدلوهاب البیاتی – تجربتی الشعریه‌ – دیوان البیاتی – الجلد الپانی – الگبعه‌ الپالپه‌ – دار العوده‌ – بیروت 1979.
20- د. بشیر تاوریریت – الشعریه‌ و الحداپه‌ – بین أفق النقد ألادبی و أفق النڤریه‌ الشعریه‌ – دار رسلان للگباعه‌ والنشر والتوزیع – دمشق 2010.
21- بختی بن عوده‌ – ڤاهره‌ الكتابه‌ فی النقد الجدید – مقاربه‌ تأویلیه‌ – قدم له‌ و راجعه‌: د. عبدالقادر فیدوح – صفحات للنشر و التوزیع – الگبعه‌ الاولی – سوریه‌ – دمشق 2013.
22- سركون بولص – الهاجس ألاقوی – عن الشعر و الحیاه‌ – منشورات الجمل – الگبعه‌ الاولی – بغداد – بیروت 2018.
23- حاتم الصكر – ترویچ النص – دراسه‌ للتحلیل النصی فی النقد المعاصر – اجراْ ات.. و منهجیات – الهیئه‌ المصریه‌ العامه‌ للكتاب – 1998.
24- Rainer Maria Rilke- Letters to A Young Poet- Translation by: M.D.Herter Norton- Norton&Company- NewYork-London- Revised Edition 1993.
25- The Dedalus Book of Decadence( Moral Ruins)- Edited by: Brain Stableford- Dedalus- UK- 1990
26- Michael Tanner- NIETZSCHE- A Very Short Introduction- Oxford University Press- Oxford- 2000
27- Imagist Poetry- Introduced and edited by: Peter Jones- Penguin Books- London- 2001
28- Malcolm Budd- Values of ART- PICTURES, POETRY, And MUSIC- Penguin Books- London- 1995
29- Michael Schmidt- Lives of The Poets- Phoenix- London- 1999
30- Approaching Literature- Romantic Writtings- Edited by: Stephen Bygrave- Routledge- Taylor& Francis Group- In Association With Open University- London- 2009
31- Timothy Mathews- Reading Apollinaire- Theories of Poetic Language- Manchester University Press- 1987
32- T.S.ELIOt- The Waste Land- A Selection of Critical Essays- Edited by: C.B.Cox And Arnold P. Hinchliffe- MacMillan- London- Tenth Reprint- 1991
33- BEING HUMAN-The Companion Anthology to Staying Alive and Being Alive- Edited By: NEIL ASTLEY- Bloodaxe Books-Third Impression-G.B-2015




(الابتكار – به‌دی هاتوو به‌دیهێندراو – Inovation )… ڕێباز محه‌مه‌د جه‌زا

ئینۆڤه‌یشتن ( Inovation ) زاراوه‌یه‌كه‌ به‌واتای گه‌شه‌سه‌ندنی دروستكردن یان گه‌شه‌كردنی هه‌ر به‌هایه‌كی نوێی به‌كارهاتوو له‌چاره‌سه‌رو داواكاری نوێ‌ یاخود كۆن یان بازاڕ به‌ هه‌رڕێگه‌یه‌كی تازه‌(1) ده‌سته‌كه‌وته‌ ( ئینۆڤاتیه‌كان – مبتكر – به‌دیهاتووه‌كان )له‌ڕێی جۆری پسپۆڕی له‌ پرۆژه‌كان و به‌كارهێنراوه‌كانی ته‌كنۆلۆجیاو بیركردنه‌وه‌ ڕێپێدراوه‌ ئاسانه‌كانی بازاڕ یان حكومه‌ته‌كان یان كۆمه‌ڵگا یان كاره‌ باڵاكان و له‌زۆربه‌ی كاته‌كاندا به‌كارده‌هێندرێت له‌ڕێ پرۆگرامه‌كانی گه‌شه‌ی به‌دیهاتن . (ابتكار – Inovation – “داهێنراو “به‌دی هاتوو ) له‌بنچینه‌دا به‌واتای ڕووداوه‌كانی شتێك به‌زوویی كه‌ هاو واتای (دیناو – مكاشفه‌) به‌زوویی دێت .
وشه‌ی (ئینۆڤه‌یشن) ی ئینگلیزی وه‌رگیراوه‌ له‌وشه‌ی (In novare) ی لاتینی به‌واتای نوێكردنه‌وه‌و گۆڕان . له‌زمانی عه‌ره‌بیدا له‌به‌رامبه‌ر زاراوه‌ی ( ابتكار )دا زاراوه‌كانی وه‌كو : ( ابداع – ابتداع – اخترع – استحداپ – تجدی – حدپ – مبتكر – مخترع – مستحدپ ) به‌كارهاتوون (2). ئه‌م زاراوه‌یه‌ ( ابتكار- به‌دی هاتوو) : ئاماژه‌یه‌ بۆ به‌كارهێنانی بیرۆكه‌و شێوازی ئاڵوگۆڕ به‌باشترین شێوه‌ . یان هه‌ڵده‌سێت به‌ شتێكی جیاوازتر له‌بری گه‌شه‌كردن به‌ شته‌كه‌ خۆی و به‌شێوه‌یه‌كی باشتر .

  • پێناسه‌كانی ابتكار – Inovation – “داهێنراو “به‌دی هاتوو: – له‌ڕووی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ : به‌رهه‌م هێنانی شتێ:ی نوێیه‌ له‌ ماوه‌و كاتێكی دیاریكراودا بۆكارلێكردنی تاك و شاره‌زاییه‌كه‌ی . – له‌ڕووی كرداریه‌وه‌ : ده‌سته‌واژه‌یه‌كی كرداری دیاریكراوه‌ ، په‌رچه‌كردارێكه‌ به‌جیاكردنه‌وه‌ی بێژه‌ به‌وه‌ی له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا . – (دالتما – Daltman Ducan) : و (هۆڵباك – Holbek ) : ئیبتكار : كرده‌یه‌كی گشتگیری داهێنانه‌ . نزیكه‌ له‌ پێشنیاز . ده‌ربڕینه‌ له‌واژه‌ی كرداری داهێنان . به‌رهه‌مهێنانی وێنای تازه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌یه‌كی دیاریكراو ، هه‌روه‌ها به‌شێكه‌ له‌رۆشنبیری تاك .
  • شیمیر هورن – Shermer Horn .R. J: ده‌ستكه‌وتی بیری نوێ‌ و دروستكراوه‌ له‌ كاتی ئه‌نجامدان و ئه‌زموونكردنیدا . ئیبتیكار به‌ (فكره‌ – بیرۆكه‌ ) ده‌ستپێده‌كات پاشان جێبه‌جێده‌كرێت .
  • مایكڵ پۆرته‌ر – Michael porter : ئیبتیكار : كرده‌ی چونه‌ ناو ته‌كنۆلۆجیای نوێیه‌ ، بۆهه‌ر فرمانێك و هه‌ستان به‌كاری هێنه‌رانه‌ له‌هه‌مان كاتدا .
  • دكتۆر سه‌عید أوكیل : ئیبتیكار ده‌سته‌واژه‌یه‌كه‌ له‌كرده‌یه‌كی هه‌ڵسوڕاو به‌هه‌ر كارێكی ئه‌رێنی كه‌ ڕێگاو هۆكاری به‌رهه‌مه‌كه‌ بۆ به‌رهه‌مه‌ جیاوازو جۆراوجۆره‌كان .
  • گرنگی و بابه‌خی زاراوه‌ی : (الابتكار – به‌دی هاتوو به‌دیهێندراو – Inovation ): 1) چاكسازی له‌چۆنێتی به‌رهه‌مه‌كان . 2) گه‌شه‌پێدانی به‌هره‌ی بیری كه‌سی له‌كاتی كارلێكردنی به‌كۆمه‌ڵ و ئه‌زموونی ئاڵو گۆڕی هه‌ست و سۆز. 3) لای به‌شداران ( وێنه‌ ) بایه‌خدارو گرنگ ده‌كات . 4) گیانی ململانێ دروستده‌كات له‌ناو به‌شداراندا . 5) چاره‌سه‌ری به‌شێك له‌كێشه‌ هونه‌ریه‌كانی به‌رهه‌م ده‌كات .
  • تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی (الابتكار – به‌دی هاتوو به‌دیهێندراو – Inovation ):
    1) نواندن به‌شێوه‌یه‌كی نوێ‌ ئه‌نجامده‌درێت . 2) له‌ڕووی( به‌ش و كۆ) وه‌ ده‌چێته‌ ناو شته‌ تازه‌كانه‌وه‌ . 3) له‌ڕێی ململانێوه‌ تواناكانی جیاوازی و جوڵاًندن زیاد ده‌كات . * ئه‌و هۆكارانه‌ی كارده‌كه‌نه‌ سه‌ر (الابتكار – به‌دی هاتوو به‌دیهێندراو – Inovation ):
    = پۆلێنكردنی هۆكاره‌كانی ئیبتكار ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سێ كۆمه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ست به‌ :
  1. هۆكاره‌كانی كه‌سێتی . 2. هۆكاره‌كانی ڕێكخستن . 3. هۆكاره‌كانی ژینگه‌یی .
    به‌گشتی ئه‌م زاراوه‌یه‌ له‌زۆربۆنه‌و كات و شوێنی هه‌جۆرو جیاوازدا به‌كاردێت و شانۆش سوودی له‌م زاراوه‌یه‌ بینیوه‌ و زیاتر له‌ڕووی فه‌نتازی و شاره‌زایی و تاقیكردنه‌وه‌ی وزه‌ی خه‌یاڵ و ئاماده‌كارییه‌كانی كاری نواندندا به‌كاردێت و پێویسته‌ ئه‌كته‌ر له‌ته‌مه‌ن و قۆناغه‌جیاوازه‌كاندا بایه‌خ بدات به‌مه‌شقه‌كانی ئه‌م بابه‌ته‌و به‌گرنگی و بایه‌خه‌وه‌ ته‌ ماشای به‌كات له‌هه‌ر به‌كارهێنانه‌كانی : ” ده‌نگ و جه‌سته‌و خه‌یاڵ و ئازادی و سنوره‌كانی خه‌یاڵ و ڕاهێنان له‌سه‌ر ڕووناكی و موزیك و ئارایشت و هتد …” كه‌ بۆچوونی به‌نده‌ ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ پێشمه‌رجی كاری پراكتیكی له‌ شانۆی نوێ‌ و هاوچه‌رخدا .

    ڕێباز محه‌مه‌د جه‌زا

ژێده‌رو سه‌رچاوه‌كان :
خوێنه‌رانی به‌ڕێز بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ سوودم له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگرتووه‌ :
https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%A7%D8%A8%D8%AA%D9%83%D8%A7%D8%B1
2) https://www.almaany.com/ar/dict/ar-en/innovation
3)https://mawdoo3.com/%D9%85%D8%A7_%D9%87%D9%88_%D8%A7%D9%84%D8%A5%D8%A8%D8%AA%D9%83%D8%A7%D8%B1
سه‌رچاوه‌ی پێشنیاز كراو بۆ خوێندنه‌وه‌ :
1) https://almadapaper.net/view.php?cat=86987
2)https://hivhealthclearinghouse.unesco.org/sites/default/files/resources/iiep_trousse_ar.pdf
3) https://elaph.com/Web/Culture/2009/3/417199.html




چیرۆكی لیلی و گورگه‌ فێڵ بازه‌كه‌ … وه‌ڕگێرانی : ئه‌حمه‌د كامه‌ران

  

تێبینی: ئه‌م كورته‌ چیرۆكه‌ له‌لایه‌ن نوسه‌ر و شاعری فه‌ره‌نسی (شارل بیرۆ) نووسراوه‌.

ده‌گێرنه‌وه‌ كه‌ له‌ گوندێكی بچوكدا, كچێكی جوان و بچووك هه‌یه‌ ناوی لیلی یه‌ وه‌ خه‌ڵكی گونده‌كه‌ پێی ده‌ڵێن كچه‌ عه‌با سۆره‌كه‌, چوونكه‌ لیلی زۆر حه‌زی له‌ ڕه‌نگی سوور بوو , به‌ تایبه‌تی كه‌ له‌ ڕۆژی له‌ دایكبوونی , داپیری به‌ دیاری عه‌بایه‌كی سووری بۆ ده‌هێنێت , كه‌ ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه‌ لیلی بچكۆله‌ ئاره‌زووی له‌ ڕه‌نگی سوور ده‌بێت,دایكی لیلی به‌یانیه‌كی زوو چه‌ند پارچه‌ كێكی گه‌رم ئاماده‌ ده‌كات و, ده‌یانخاته‌ نێو سه‌به‌ته‌یه‌كی بچووكه‌وه‌ , وه‌ به‌ لیلی ده‌ڵێت: كچه‌ بچووكه‌كه‌م ئه‌م پارچه‌ كێكانه‌ بۆ ماڵی داپیرت ببه‌ ,داپیری لیلی زۆر نه‌خۆش بوو ته‌ندروستیه‌كی زۆر خراپی هه‌بوو, لیلیش ده‌ڵێت: به‌چاوان دایكه‌ گیان ئێستا ده‌یان به‌م بۆ داپیرم, به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بڕوات دایكی پێی ده‌ڵێت: له‌ ڕێگا ئاگه‌داری خۆت به‌ كچه‌كه‌م ته‌نها ڕێگای به‌ره‌و ماڵی داپیرت بگره‌,وه‌ به‌ره‌و هیچ شوێنێكی تر نه‌ڕۆیت با دوایی شتێكت به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت.
لیلیش گوێرایه‌لی قسه‌كانی دایكی خۆی ده‌بێت و ته‌نها ڕێگای ماڵی داپیری ده‌گرێته‌ به‌ر , وه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا ماڵی داپیری له‌ كۆتایی ڕێگای دارستانه‌كه‌یه‌ , ئیتر لیلیش به‌نێو دارستانه‌كه‌ به‌ڕێ ده‌كه‌وێت , به‌ڵام له‌ ناكاو گورگێك ده‌بینێت كه‌ به‌ڕویه‌وه‌ دا دێت,كه‌چی لیلی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناترسێت چونكه‌ ئه‌و زۆر بچووكه‌ ته‌نها له‌ مانای خۆشه‌ویستی ده‌زانێت, بۆیه‌ واده‌زانێت كه‌ ئه‌م گورگه‌ كه‌سێكی به‌ سۆزه‌ بۆی, به‌ڵام نازانێت كه‌ چه‌ند ئاژه‌ڵێكی خراپه‌ كار و فێڵبازه‌,
گوركه‌ خۆی له‌ لیلی نزیك ده‌كاته‌وه‌ وه‌ پێی ده‌ڵێت : ناوت چیه‌ بچكۆل؟ ناوم لیلیه‌ به‌ڵام خه‌ڵكی گونده‌كه‌مان به‌ كچه‌ عه‌با سۆره‌كه‌ بانگم ده‌كه‌م, گورگه‌كه‌ پێی ده‌ڵێت: به‌م به‌یانیه‌ زووه‌ به‌ره‌و كوێ ده‌ڕۆیت لیلی؟ لیلیش ده‌ڵێت: ده‌ڕۆم به‌ره‌و ماڵی داپیرم چوونكه‌ ئه‌و زۆر نه‌خۆشه‌ وه‌ هه‌روه‌ها دایكم كه‌مێك كێكی بۆی ئاماده‌كردوه‌ , وه‌ به‌منی داوه‌ كه‌ بیبه‌م بۆ داپیره‌م,
گوركه‌كه‌ش به‌ ڕوویه‌كی پێكه‌نیناوی پڕ له‌ فێڵه‌وه‌ پێی ده‌ڵێت: تۆ كچێكی جوان و زیره‌كی, لیلیش به‌ گورگه‌كه‌ ده‌ڵێت: سووپاس گورگه‌كه‌ تۆش زۆر باشی من تۆم خۆم خۆشده‌وێت, كه‌چی لیلی هیچ كات هه‌ستی نه‌ده‌كرد ئه‌مه‌ گورگێكی فێڵبازه‌,وه‌ هه‌روه‌ها
گورگه‌كه‌ زۆر دڵخۆش بوو كه‌ توانی به‌ قسه‌كانیه‌وه‌.لیلی بچكۆله‌ هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنێت و متمانه‌ی ته‌واوی لیلی به‌ده‌ست بهێنێت, ئه‌مه‌ش وای كرد كه‌ گورگه‌كه‌ له‌ پلانه‌كه‌ی نزیك بێته‌وه‌ كه‌ بۆ لیلی دایڕشتبوو , گورگه‌ به‌ لیلی ده‌ڵێت: ماڵی داپیرت له‌ كوێیه‌؟ لیلیش به‌ هه‌موو پاكی و ساده‌ییه‌كه‌ی ده‌ڵێت: ماڵی داپیرم له‌ كۆتایی دارستانه‌كه‌ له‌ خانوویه‌كی بچوك دا كه‌ له‌ دار درووست كراوه‌.
گورگه‌ش ده‌ڵێت : زۆر چاكه‌ لیلی وه‌ره‌ با من و تۆ یارییه‌ك ئه‌نجام بده‌ین, هه‌ردووكمان به‌ڕاكردن به‌ره‌و ماڵی داپیرت ڕاده‌كه‌ین , بزانین كێ زوو ده‌گات به‌ره‌و لای ماڵی داپیره‌ت, لیلیش ده‌ڵێت: زۆر چاكه‌ گورگه‌ من ئاماده‌م,گورگه‌كه‌ش پێی ده‌ڵێت: تۆ به‌و ڕێگایه‌ بڕۆ منیش به‌م ڕێگایه‌دا ده‌ڕۆم,
ئیتر هه‌ردووكیان ده‌كه‌ونه‌ ڕێ وه‌ گورگه‌كه‌ به‌خێراییه‌كی زۆره‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت تاوه‌كو بگاته‌ ماڵی داپیری لیلی, به‌ڵام لیلی له‌ ڕێگادا كۆمه‌ڵێك گوڵی زۆر جوان و ڕه‌نگاو ڕه‌نگ به‌ر چاوی ده‌كه‌وێت, وه‌ لیلی ناتوانێت به‌ره‌نگاری جوانی گوڵه‌كان ببێته‌وه‌ , بۆیه‌ ده‌ست ده‌كات به‌هه‌ڵكه‌ندنی چه‌ند دانه‌یه‌كی زۆر , وه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا چه‌ند دانه‌یه‌ك بۆ داپیری وه‌كو دیاری بۆی ئاماده‌ ده‌كات , وه‌ ده‌ڵێت : دڵنیام به‌ بۆن كردنی ئه‌م گوڵه‌ جوانانه‌ داپیرم هه‌ست به‌ چاك بوونه‌وه‌ی خۆی ده‌كات.
له‌ كۆتایی دا گورگه‌كه‌ توانی بگاته‌ پێش ده‌رگای ماڵی داپیری لیلی .وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ گورگه‌كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ له‌ نێو ئه‌م دارستانه‌ ژیان به‌ ڕێده‌كات, بۆیه‌ توانی به‌ خێرا بگاته‌ پێش ده‌رگای ماڵی داپیری لیلی, كاتێك كه‌ گه‌یشته‌ پێش ده‌رگا گورگه‌گه‌ له‌ ده‌رگای ماڵی داپیری لیلی ده‌دات و داپیری ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ كێیه‌؟ گورگه‌كه‌ ده‌نگی خۆی ده‌گۆڕێت و ده‌ڵێت: منم داپیره‌ لیلیم ده‌رگاكه‌ بكه‌وه‌, به‌ڵام داپیری لیلی ناتوانێت هه‌ڵسێته‌وه‌ سه‌ر پێكانی به‌هۆی نه‌خۆشیه‌كه‌یه‌وه‌, بۆیه‌ پێی گوت: ده‌توانی ده‌رگاكه‌ ڕابكێشیت و بێیته‌ ژووره‌وه‌, گورگه‌كه‌ش ده‌رگاكه‌ ده‌كاته‌وه‌ ده‌ڕواته‌ ژووره‌وه‌, كاتێك داپیری لیلی گورگه‌كه‌ ده‌بینێت زۆر تووشی شپرزه‌یی ده‌بێت و هه‌وڵ ده‌دات هه‌ستێته‌وه‌ سه‌رپێیه‌كانی و داوای یارمه‌تی بكات, به‌ڵام گورگه‌ ڕاسته‌وخۆ پاڵێك به‌ داپیری لیلی ده‌دات و ده‌یخاته‌ نێو دۆڵاپێكه‌وه‌ وه‌هه‌روه‌ها داپیری لیلی له‌ هۆش خۆی ده‌چێته‌وه‌. وه‌ گورگه‌گه‌ش خۆی ده‌خاته‌ شوێنی داپیری لیلی واته‌ گورگه‌ خۆی ده‌كاته‌ داپیری لیلی ده‌ڕواته‌ نێو جێگاكه‌ی داپیری, وه‌ چاوه‌ڕێی لیلی ده‌كات تاوه‌كو ئه‌و پلانه‌ی دایناوه‌ جێ به‌جێی بكات, لیلی نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌لای ماڵی داپیری و له‌ ده‌رگا ده‌دات , گورگه‌كه‌ش ده‌نگی خۆی ده‌گوڕێت ده‌یكاته‌ هاوشێوه‌ی داپیری , ده‌ڵێت ئه‌وه‌ كێیه‌؟ منم داپیره‌ لیلیم, گورگه‌كه‌ش ده‌ڵێت:ناتوانم كچم هه‌ڵستمه‌وه‌ سه‌ر پێ من زۆر نه‌خۆشم ئه‌توانی له‌لای خۆته‌وه‌ ده‌رگاكه‌ بكه‌یته‌وه‌ و بێیته‌ ژووره‌وه‌, لیلیش ده‌رگاگه‌ ده‌كاته‌وه‌ ,وه‌ ده‌ڕواته‌ ژووره‌وه‌,ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانیه‌ بۆ لیلی بچكۆله‌ كه‌ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ڕووخساری داپیری خۆی نه‌بینیوه‌. گورگه‌كه‌ش پێی ده‌ڵێت: به‌خێربێت كچه‌ بچكۆله‌كه‌م ئه‌وه‌ چیه‌ بۆمنت هێناوه‌, داپیره‌ ئه‌وه‌ گوڵه‌, لیلی گوڵه‌كان ده‌خاته‌ ناو شووشه‌یه‌كی ئاوه‌وه‌ له‌ شوێنێك دایان ده‌نێت , به‌ڵام لیلی بێ ئاگایه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ناو جێگا پاڵكه‌وتوه‌ داپیری نیه‌ به‌ڵكو گورگه‌ فێڵبازه‌كه‌یه‌, لیلی ده‌ڕوات به‌ره‌و لای داپیری و له‌ته‌نیشتیه‌وه‌ داده‌نیشێت, به‌ڵام لیلی هه‌ست به‌شتی زۆر نامۆ ده‌كات, ده‌ڵێت: داپیره‌ بۆ چاوه‌كانت زۆر گه‌وره‌ بوونه‌, گورگه‌گه‌ش ده‌ڵێت: كچم ئه‌وه‌ چاویلكه‌م له‌ چاوكردوه‌ تاوه‌كو تۆ به‌جوانی ببینم,به‌ڵام لیلی گومانه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت, ده‌ڵێت:باشه‌ ئه‌ی داپیره‌ بۆ گوێچكه‌كانت گه‌وره‌یه‌,گورگه‌كه‌ش به‌ڕوویه‌كی فێڵاوی , پێی ده‌ڵێت: تاوه‌كو به‌ جوانی گوێبیستی قسه‌خۆشه‌كانی تۆ بم, تاوه‌كو ده‌هات لیلی هه‌ستی به‌گومانی زیاتر له‌سه‌ر شێوه‌ی داپیری ده‌كرد, بۆیه‌گورگه‌كه‌ هه‌ستی كرد كه‌ كاره‌كه‌ی به‌ره‌و ئاشكرابوون ده‌ڕوات بۆیه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ نێو جێگادا هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لیلی بخوات به‌ڵام لیلی به‌ ده‌نگی به‌رزه‌وه‌ هاوار ده‌كات و , چه‌ند ڕاوچیه‌ك له‌ شوێنه‌وه‌ نزیكن بۆیه‌ خۆیان ده‌كه‌نه‌ ژووره‌وه‌ و دوو ته‌قه‌ له‌ گورگه‌كه‌ ده‌كه‌ن و ده‌یكوژن.
به‌ڵام لیلی زۆر ده‌گریا و به‌دوای داپیری ده‌گه‌ڕا له‌گه‌ڵ ڕاوچیه‌كان, به‌ڵام توانیان بیدۆزنه‌وه‌ و له‌ نێو دۆڵابه‌كه‌ ده‌ری بهێنن, به‌ڵام لیلی زۆر هه‌ستی به‌ شه‌رمه‌زاری ده‌كرد چوونكه‌ ئه‌و له‌نیوه‌ی ڕێگا ئامۆژگاریه‌كانی دایكی توانی پشت گوێی بخات و به‌قسه‌ی گورگه‌ فێڵبازه‌كه‌ هه‌ڵبخه‌له‌تێنرێت,بۆیه‌ ڕاوچیه‌كان به‌ لیلیان گوت: بچكۆل گیان جارێكی تر له‌ ئامۆژگاریه‌كانی دایكت هه‌رگیز ده‌رنه‌چیت, چوونكه‌ ئه‌وه‌ دایكی تۆیه‌ تۆی زۆر خۆش ده‌وێت نایه‌وێت هیچ شتێكت به‌سه‌ردا بێت…

                                                           كۆتایی...  



” پەساپۆرتی سەفەرێکی نامۆ ” … شه‌ونم زه‌ندی

دەنگێک لە ناخەوە : ” ئێوارەیەکی نامۆیەو” ،
هەموو شتێ لە بەر چاوتا .. نامۆ دیارن …
هەر خۆتی و
لە نێو چوار دیواری ژوورەکەتا …
بە دیار تەرمی هیواکانتا
فرمێسکی سوور هەڵدەڕێژی …و
هێدی هێدی …
بە سەر ئەم تەرزە مەرگەت …
چرکەکانی کاتژمێری عومری بەهار نەدیوت …
دەژمێری و میلی کاتژمێری ژوورەکەت …
بە ئاوازە خەمناکەکەی ناخت
هاوبەشی ئەم خەمەتە …
تۆش بێ هوودە …
یادەکانت … لە ناو دڵتا دەنێژی
تابلۆی داهاتووی ڕەشت … وا لە بەر چاوەو
چاک دەزانی ….
هەر ئەم شەوەت بە دەست ماوە ….
سبەی ئازارستانێک
دوورگەیەکی ئێجگار نامۆیەو
چاوەڕوانتە ….
هەر ئەم شەوەت بە دەست ماوە
ئەم ئازارستانە نامۆیە نامۆیە … چاوەڕوانتە ……
بێ ئەوەی ” ڤیزەی ئەم سەفەرەت ” بڕیبێ …
پەساپۆرتی کۆچکردنت لە دەستایە …
پەساپۆرتی کۆچکردنت لە دەستایە و
ئۆقرەت نەماوە ….
چاک دەزانی …
گەر دڵت هاواری کرد ….
پەردەی بێ دەنگی دڕی ….
‘” چەقۆی ئازار ‘” سێبەری لێ کردوویت و
بە تۆمەتی یا خیبوونت
دڵی پڕ سۆزت … شەق دەکات
نا چار ….
چارەنووست دەدەیتە دەست قەدەری شوومی
لێک دابڕان …
ڕووەو هەواری خەم …
چە پکێک ئازاری تر و ” کۆتەڵی خەمی نوێ ”
سەرباری خەمەکانت دەبێ ،
تا هە تایە …لە ” دوورگەی ئاوارەیی ”
بە پە ساپۆرتی ئەم سەفەرەت
دە گۆڕییەوە ” خەونت ، هیوات ..”
ئەسەف ” کچی ناسۆر ” چ سەردەمێکە ؟
” خەون و هیواکانت ” بە پە ساپۆرتی ئەم سەفەرەت
دەگۆڕییەوە ….
چ سەردەمێکە ” کچی ناسۆر ”
لە یا خی بوون … بسڵەمییەوە ؟
گەر ئەمڕۆ یاخی نەبیت …
سبەی بێ شک …نامۆتر دەبیت …
نەکەی ” کچی ناسۆر ”
سوجدە بۆ ” وەرزی وەرین ”
ببەی ….
نەکەی…
بەم ڕازیبوونەت ” دەرگای ڕەهایی ”
بە ڕووی هیواکانت داخەی …
نەکەی….
دوورگەی نامۆ ….
بکەی بە هەواری تازەت ….
تۆش مرۆڤیت …
خاوەن هەست و چاو و دڵ و بیری خۆتیت …
ببە بە دەنگ …
بە زریانی تووڕەیی …
دنیا پڕکە بانگی سەربەستی
ورە بەرز … هەنگاو بنێ ….
ببە بە ڕەنگ …
بە ” نیگای خۆرێکی گەش ”
شەوی تاریک ڕاو بنێ .

هه‌ولێر
٨ /٣ /١٩٩٩




لە ئەنتۆلۆژیای شیعری ژاپۆنی نوێوە … و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

درەخت
شیعری: خاتوو كورا – ڕۆمیكۆ

لە درەختێكدا
درەختی دی هەیە هێشتا لەدایك نەبووە ،
ئێستا چڵی لە بەر (با)دا دەلەرزن .

*
لە تاقە ئاسمانێكی شیندا ،
ئاسمانی شینی تر هەیە ..
هێشتا لەدایك نەبووە .
ئێستا باڵدارێك ئاسۆی تەی دەكا ..

لە جەستەیێكدا ،
جەستەی دی هەیە
هێشتا لەدایك نەبووە .
ئێستا منداڵدانی ،
خوێنی تازە دەگرێتەوە .

*
لە شارێكدا ،
شاری دیكە هەیە
هێشتا لەدایك نەبووە و
گۆڕەپانەكانی
ئێستا لە پێشمدا بەلادا دێن..

سۆناتای 32
شیعری: شۆنارتۆ- تانیكاوە

كە لەسەر كورسی جیهان دادەنیشم ،
ئەو كورسییەی خاڵی نییە
ناكاو ون دەبم ، پاشان هاوار دەكەم :
تەنیا وشە بە زیندوویی دەمینێتەوە .
*
خوداوەند بۆیەی دووڕووییان
بەسەر ئاسماندا ڕژاند ..
چەندی هەوڵماندا لاسایی ڕەنگی ئاسمان بكەینەوە
تابلۆ و مرۆڤ دەمرن
بەتەنیا درەخت لە ڕووی ئاسماندا بەهێزە !

دەمەوێ لە ڤیستیڤاڵدا شایەد بم
چەندی لە گۆرانی چڕیندا بەردەوام بم
بەختیاری دێ درێژاییم بپێوێ .
*
كتێبی زەمەن دەخوێنمەوە
هیچ نەنووسراوە ، چونكە هەمووی نووسراوە
بۆیە بە پرسیاران به‌ ڕووی دوێنێدا ده‌وه‌ستم ..

چوار هەزار ڕۆژ بە شەوەكانییانەوە
شیعری: تامورا – ڕیئۆچی

بۆئەوەی قەسیدەیەك لەدایك بێ ،
چار نییە دەبێ بكوژین
زۆر شت بكوژین كە خۆشمان دەوێن
بە گوللە… بە ژەهر بیانكوژین .
*
سەیری !
تەنیا لەبەرئەوەی
چوار هەزار ڕۆژمان بە شەوەكانییانەوە
لە ئاسمان ویست ،
زمانی چۆلەكە دەلەرزێ ..
بە گوللە كوشتمان .
بێدەنگی چوار هەزار شەو و ڕوناهی پشتی
چوار هەزار ڕۆژ
بێدەنگ بوون .

گوێ بگرە!
تەنیا لەبەرئەوەی
لە هەر شارێك
پێویستیمان بەوە بوو
ئاسمان ببارێنی ،
پێویستیمان بە فڕنی كانزایی
بەسەر شۆستەی بەندەران لە هاویندا و
بە كانگایان ..
پێویستیمان بە فرمێسكی
منداڵێكی برسی بوو
كوشتمان .
خۆشەویستی چوار هەزار ڕۆژ و
بەزەیی چوار هەزار شەو ..

ئەزبەری كە!
تەنێ لەبەرئەوەی
تەمەننای ترسی سەگێكی بەڕەڵڵامان كرد
ئەوەی دەبینێ ، ئێمە نایبینین ،
ئەوەی دەبیێ ، گوێمان لێی نابێ
بەژەهر كوشتمان ..
خەیاڵدانی هەزار شەو و
یادگاری ساردی چوار هەزار ڕۆژ ..
*
بۆ ئەوەی قەسیدەیەك بنووسین ،
بێگومان دەبێ شتێكی گرانبەها بكوژین
ئەوە تاكە ڕێگەی زیندووكردنەوەی مردووانە
چار نییە دەبێ ئەو ڕێگەیە بگرین .

  • له‌ چاپی دووه‌می (سفينة الموت – انطولوجيا الشعر الياباني الحديث – )
    ده‌زگای ( التكوین) ی دیمه‌شقی ساڵی 2006 وه‌



زیندانی سیاسی و زیره‌كی حكومه‌ت… ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

هه‌ر له‌ دوای دروستبوونی وڵاتێك به‌ ناوی عێراق و تا ئه‌مرۆ تێهه‌ڵدان و راونان و گرتنی ئازادیخوازان و ئه‌ندامانی حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و گرتنی كه‌سوكاریان بووه‌ته‌ پیشه‌ی حكومه‌ته‌ كۆنه‌په‌رست ودیكتاتۆرییه‌كانی ئه‌و وڵاته.‌
له‌ دوای هاتنی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی راونان وگرتن و داپڵۆسین به‌ره‌و هه‌ڵكشان چوو، ده‌رگای زیندانه‌كان واڵا بوون و، رۆژانه‌ به‌ هوێ سیخوری و ده‌زگاكانی هه‌واڵگیری كه‌سانی ئازادیخوازو، ئه‌ندامانی حزبه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كان ئه‌گیران و له‌و زیندانانه‌ ئه‌مانه‌وه‌و، ژماره‌یه‌كی زۆرش له‌و كه‌سانه‌ له‌ ژێر ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌دان شه‌هید بوون و، ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش بێ سه‌رو شوێنن و، . و به‌و كه‌سانه‌ش له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان ئه‌وترێت‌ زیندانیانی سیاسی.
سه‌رجه‌م گیراوه‌كان خۆیان به‌ زیندانی سیاسی ناساندووه‌و، سوودیان له‌ بارودۆخی نائاسایی وڵات وه‌رگرتووه‌و، له‌وانه‌ش كۆمه‌ڵێك دزو جه‌رده‌و پیاوكوژو به‌رتیل خۆرو فێڵبازو گه‌نده‌ڵ و بێ ئه‌خلاق و، له‌ پاش روخانی رژێمی خوێنرێژی به‌عسییه‌كان توانیویانه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ و بروانامه‌ی‌ زێندان له‌ رێی خزم و ناسیاوو به‌رپرسان و ته‌زویره‌وه‌ وه‌ده‌ستبێنن.
به‌ هۆێ رژێمه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كان خه‌ڵكیكی زۆر بوونه‌ته‌ زیندانی سیاسی و تا ئێستا ژماریه‌كیان هیچ سوودیكیان له‌ حكومه‌ت به‌رنه‌كه‌وتووه‌و، تاقمیكی تر هه‌یه‌ هه‌فته‌یه‌ك یان دوو هه‌فته له‌ سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌ گیراوه‌و، خوێ كردووه‌ به‌ زیندانی سیاسی و، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌ و، بووه‌ته‌ به‌رپرسی زیندانیان و، له‌ پاڵ ئه‌وانه‌ش ژماره‌یه‌كی نیشتماپه‌روه‌رو تیكۆشه‌ر هه‌ن موچه‌ی مانگانه‌كه‌یان به‌ رێكوپێكی وه‌رناگرن یان هێشتا ناویان تۆمارنه‌كراوه‌.
حكومه‌ت زیره‌كانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌ گه‌ڵ زیندانیانی سیاسی ئه‌كات و، له‌لایه‌ك موچه‌ی مانگانه‌ی زیندانیان دوا ئه‌خات و له‌ كاتی خوێدا نایدات و، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ زیندانیانی سیاسی زیاتر له‌ سێ و چوار ساڵه‌ كۆدیان وه‌رگرتووه‌ و، به‌ ناوی قه‌یران و بێ پاره‌یی موچه‌یان پێنادرێت و، به‌ ته‌واوه‌تی پشتگوێ خراون ..
پێویسته‌ حكومه‌ت بیر له‌ خه‌ڵك بكاته‌وه‌ به‌گشتی و، زیندانیانی سیاسی به‌ تایبه‌تی و، به‌لای كه‌مه‌وه و، بۆ دڵنیایی زیندانیان حكومه‌ت دیاری ‌( منحه) ‌ی زیندانیان و دابیكردنی زه‌وی نێشته‌جێبوونیان بداتێ و، ئێجا هه‌وڵبدات كێشه‌ی موچه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكات و، ئه‌بێ حكومه‌ت چیتر خه‌ڵك فریو نه‌دات، گوایه‌ پاره‌ نییه‌ و قه‌یران درێژه‌ی هه‌یه‌ و، ئه‌وتا حكومه‌تی عێراق مانگانه‌ پاره‌ ئه‌نێرێت ، به‌ڵام له‌ كوردستان خه‌ڵكی سودمه‌ند هه‌یه‌ له‌ فرۆشتنی راسته‌خۆێ نه‌وت و، هه‌وڵ ئه‌ده‌ن عێراق و هه‌رێمی كوردستان نه‌گه‌نه‌ رێگكه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی دۆلاری زیاتر كۆ بكه‌نه‌وه‌.
كارێكی باشه‌ حكومه‌ت بیر له‌و كه‌سانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ تووشی ئازارو ئه‌شگه‌نجه‌و قوربانیدان و ماڵوێرانی و، رووبه‌رووی بارودۆخێكی سه‌خت و دژوار بوون و، كاتی ئه‌وه‌ش‌ هاتووه‌ هه‌ندێك له‌ مافه‌ ره‌واكانیان وه‌ربگرن و، قه‌ره‌بووی ساڵانی كوێره‌وه‌ری و زیندانی كردنیان بكرێت و، پێویسته‌ زیندانیانی سیاسی له‌ زیندانیانی تر كه‌ له‌ سه‌ر خراپه‌كاری و گه‌نده‌ڵی و دزی و مرۆڤكوشتن گیراون جیابكرێنه‌وه‌ و، .
كێشه‌ی زیندانیانی سیاسی پرسێكی ئه‌خلاقی و كۆمه‌ڵایه‌تی گرنگه‌و، پێویسته‌ حكومه‌ت بایه‌خی پێبدات و، پشت گوێی نه‌خات و، ئه‌م پرسه‌ به‌ دوور بگرن له‌ سیاسه‌ت و حزبایه‌تی و، حزبه‌كانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات واز بێنن له‌ دانانی كه‌سانی نه‌شیاو له‌ پۆسته‌ باڵاكانی زیندانیانی سیاسی و، دوور بن له‌ سیاسه‌تی قورغكردن و داشكان به‌ لای ته‌نها حزبێك و كاركردن ته‌نها بوو ئه‌ندام و لایه‌نگیرانیان و، ئه‌بێ حكومه‌ت رؤڵی هه‌بێت بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی زیندانیانی سیاسی.
به‌ هوێ ته‌مه‌نه‌وه‌ ساڵانه‌ به‌شێك له‌ زیندانیانی سیاسی كۆچ ئه‌كه‌ن و پرسیار ئه‌وه‌یه‌:كه‌ی حكومه‌ت ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ر ئه‌كات.

1/10/2019




لە سێپتێمبەردا … زانا سامان

ئایندە وەهای خواست
دەستم بچێتە گەردنی پیرۆزیی عیشقەوە،
تووند بەخۆمەوە بیوشم و
ئیدی ئاگایم
لای غەریبی و
تەنیایی دراوسێم نەمێنێت،
لە سێپتێمبەردا
خووڵقی ژنێک
لە شیعر ناسکتر
بەگەرووی قەسیدەما نووسا
تا ڕادەی بەرکەوتن
هەتا بارینێکی ئەبەدی
تا حاڵگرتنی ئەوینێکی درووست
هەتا لای خودا،
ئەو هاتوو منی بە فەقیانەی ڕۆحی خۆیەوە لکاند
مناڵیمی ئاوەدانکردەوە
لەمسی ڕابردووی کردم
تا سڕینەوەیەکی مەحاڵ،
ئەو دەڵێت:
چەند خۆشە لەگەڵ تۆ
دەربڕینی شیعر
چەند بەتامە
گوێگرتن لە ماملێی٭ ژێی دەنگت،
چەند ناسکترە
ئیسماعیل سابووریی٭
کە تۆ بۆم دەڵێیتەوە
وەهای وت ئەو …
وتی خانەنشینی ڕۆحی خۆمم کردوویت
وتی ئیتر ناترسم
باشترین پاسەوانی دڵی خۆمم هەیە،
لە سێپتێمبەردا وەهای وت
لە سێپتێمبەردا عاشق بەیەکدی بوون
لە سێپتێمبەردا بووین بەیەک.

زانا سامان

٭ماملێ، واتا مامۆستا محەمەدی ماملێ، کە دەنگم دەچێتەوە سەر ئەو زادەیەی گۆرانی کوردی
٭ ئیسماعیل سابووریی، هاوڕێی کۆچکردووم یادی بەخێر




شیعری مناڵان/ ئێمەی قوتابی … ڕۆستەم خامۆش

ئێـمـەی قـوتـابـی ژیـــر و بــە ئـاگـا
لەسەرخۆ دەڕۆین بەرەو خوێندنگـا

ئــەوێ هـێــلانـەی ســـەدان ئـاواتــە
تیـشــكـی زێــڕیـنـی خـــۆری وڵاتــە

خوێندن چـرایە بـۆ ڕێی هەموومان
هێمـای بەرزیەتـی گەل و نیـشـتـمان

تەنها بە خوێندن پێشكەوتوو دەبین
لـە گشـت جیهانا سەركەوتوو دەبین

            ڕۆستەم خامۆش



جۆر و شێوه‌كانی بوونی كاریكاتێر له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا (به‌شی 1) … هه‌ندرێن خۆشناو

به‌ گوێره‌ی ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌ی كه‌ كاریكاتێر باسی لێوه‌ده‌كات، ده‌كرێ كاریكاتێر دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر چه‌ند جۆرێكدا، دابه‌شبوونه‌ كلاسیكیانه‌كه‌ش كاریكاتێر به‌سه‌ر چوار جۆردا دابه‌ش ده‌كات، به‌ گوێره‌ی گرنگی له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا:

1- كاریكاتێری سیاسی:

هه‌موو بایه‌خداران به‌ هونه‌ری كاریكاتێر كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كاریكاتێری سیاسی گرنگترین جۆره‌كانی كاریكاتێره‌، بریتیه‌ له‌و كاریكاتێره‌ی كه‌ ڕاسته‌وخۆ باس یان چاره‌سه‌ری بابه‌تێكی سیاسی ده‌كات، یان ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌ به‌ بابه‌تێك ده‌كات، كه‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌. بابه‌ته‌كان هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی و نا په‌رله‌مانی، و په‌یوه‌ندی و ململانێ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، و كێشه‌ و كاروباره‌ جیاوازه‌كانی چالاكی حكومه‌ت، و كێشه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كان، و هه‌ر وێنه‌یه‌ك كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی له‌ چالاكی دیبلۆماسی یان حكومی یان نێوده‌وڵه‌تی وه‌رگرێت، ده‌كرێت بكرێنه‌ بابه‌تی كاریكاتێرێكی سیاسی.

كاریكاتێری سیاسی جه‌ماوه‌ریترین و كاریگه‌رترین جۆره‌كانی كاریكاتێره‌، زۆربه‌ی ئه‌و كاریكاتێریستانه‌ی كه‌ ناوبانگیان ده‌ركردووه‌ له‌ بواری كاریكاتێردا، ئه‌و ناوبانگه‌یان به‌هۆی كاركردنیانه‌وه‌ بووه‌ له‌ جۆری كاریكاتێری سیاسی، له‌ سه‌رده‌می ئێستاماندا یان له‌ سه‌رده‌مانی پێشودا. له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا به‌ هۆی هه‌ڵكوڵانی سیاسی له‌ ته‌وه‌ره‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كاندا، كاریكاتێری سیاسی گرنگییه‌كی تایبه‌تی وه‌رگرت. كاتێك له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا به‌رده‌وام ململانێی سیاسی له‌ ئارادایه‌ و پێویست به‌ نمونه‌ هێنانه‌وه‌ ناكات. بۆیه‌ چه‌ندین هونه‌رمه‌ند تایبه‌تمه‌ندێتیان وه‌رگرتووه‌ له‌ وێنه‌كردنی كاریكاتێری سیاسیدا، له‌ نێو هه‌موو جۆره‌كانی تری كاریكاتێردا.

2- كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی:

ئه‌و وێنه‌ گاڵته‌جاڕییه‌یه‌ كه‌ باس یان چاره‌سه‌ری بابه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات، ئه‌و بابه‌تانه‌ش بێ ژمارن، بۆ نمونه‌ كێشه‌كانی ژنهێنان و له‌یه‌ك جیابوونه‌وه‌ و ئاڵوده‌بوون و مه‌ی خواردنه‌وه‌ و كێشه‌كانی له‌شفرۆشی و گه‌نده‌ڵی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌كو به‌رتیل، و كێشه‌ ئابوورییه‌كان وه‌كو گرانی و كه‌می كرێ و نه‌مانی كه‌لوپه‌ل وكه‌ره‌سته‌كان له‌ بازاڕه‌كاندا، و دابونه‌ریته‌كان و زۆر بابه‌تی تر.

كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ زۆر خاڵدا له‌گه‌ڵ كاریكاتێری سیاسی به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون، له‌ كاتی باسكردنی بابه‌تێك وه‌كو بابه‌تی به‌رتیل، كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی پێهه‌ڵده‌گرێ له‌ نێوان گه‌نده‌ڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ چوارچێوه‌ی كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ باس له‌ دیارده‌یه‌كی گشتی ده‌كات، به‌ڵام كاتێك كاریكاتێره‌كه‌ باس له‌ دیارده‌ی به‌رتیلێكی دیاریكراو بۆ پیاوێكی دیاریكراو له‌ پیاوانی سیاسه‌ت بكات، له‌م حاڵه‌ته‌دا كاریكاتێره‌كه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی كاریكاتێری سیاسیه‌وه‌، چونكه‌ كاریكاتێره‌كه‌ چه‌ند ئامانجێكی سیاسی له‌به‌رده‌م خۆی داده‌نێت، بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ دیاریكراوه‌وه‌، نه‌وه‌ك چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی به‌رتیل وه‌كو دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی.
له‌ گرنگیدا كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی هیچی له‌ كاریكاتێری سیاسی كه‌مترنیه‌، كه‌چی له‌ پله‌ی دووه‌مدا دێت، ته‌نیا له‌به‌ر یه‌ك هۆ، ئه‌ویش كاریگه‌ری كاریكاتێری سیاسی زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌ كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی، چونكه‌ كاریكاتێری سیاسی رووداوێكی دیاریكراو، زۆرجاریش كه‌سانێكی دیاریكراو وێناده‌كات، كه‌ وایلێده‌كات خێراتر له‌ كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌روبوومه‌كانی بڕنێته‌وه‌، جا چ به‌روبوومی ئه‌رێنی بێت یان نه‌رێنی، به‌ڵام كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رده‌وام كێشه‌ گشتیه‌ ڕه‌گ داكوتاوه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگا چاره‌سه‌رده‌كات، كه‌ هه‌ندێك جار پێویستی به‌ ره‌نجدان و توانایه‌كی رێكخراو و درێژخایه‌ن هه‌یه‌ بۆ بنبڕكردنیان، بۆ نمونه‌ دیارده‌ی تاوان پێویستی به‌ هه‌ڵمه‌تی رێكخراو هه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی پۆلیسه‌وه‌ بۆ له‌ناوبردن و بنبڕكردنی یان كه‌مكردنه‌وه‌ی، هه‌روه‌ها پێویستی به‌ چه‌ندین هه‌نگاوی درێژخایه‌ن هه‌یه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌ ڕه‌گه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌م دیارده‌یه‌، هه‌نگاوی ئابووری و فێركاری و ته‌نانه‌ت سیاسیش، چۆن كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانێت چاره‌سه‌ری بكات؟ به‌ڵام له‌ كاریكاتێری سیاسیدا، چه‌ند تابلۆیه‌كی كاریكاتێری له‌ ڕۆژنامه‌كاندا ده‌توانن له‌ جه‌ماوه‌ری ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ یان ئه‌وی تر دابه‌زێنن، و بیكات به‌ گاڵته‌چی(قه‌شمه‌ڕ) و دواڕۆژی سیاسی له‌ناوبه‌رێت.




ئایا هیچ جیاوازیەک هەیە لەنێوان کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆ تەکنۆلۆجی و تەکنیکیەکان لەگەڵ زانکۆ کلاسیکەکان؟

هێرش محەمەد

زۆر جار ئەو پرسیارە دەکرێ ئایا هیچ جیاوازیەک هەیە لەنێوان کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆ کلاسیکەکان بۆنمونە زانکۆی سلێمانی ، زانکۆی سەلاحەدین یان زانکۆی جیهان لەگەڵ کۆلێژە ئەندازیاریەکانی زانکۆ تەکنۆلۆجیەکان و زانکۆ تەکنیکیەکان وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، زانکۆی تەکنۆلۆجیای بەغدا یان زانکۆی تەکنۆلۆجی چیکی-لە هەولێر ؟ وە ئەگەر جیاوازی هەیە ئایا کامەیان باشترە؟ لە وڵاتانی دونیا ئەمە چۆنە؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە سەرەتا پێویستە بەکورتی پێناسەی هەریەک لە زانست، ئەندازیاری، تەکنۆلۆجیا بکەین پاشان بۆ زیاتر ڕونکردنەوەو تێگەیشتن چەندین بەڵگە دەخەینە بەردەستان کە هەمو کەسێک بتوانێت بەدواداچونی بۆ بکات، هەرچەندە پێناسەی ئەو چەمکانە بەکورتکراوەیی شتێکی ئاسان نیە:

زانست: بریتیە لە بەدواداچونێکی سیستەماتیک بۆ ئەو ڕوداوە سروشتیانەی لەدەوروبەرمان ڕودەدەن بۆئەوەی لێیان تێبگەین هەروەها هاوکێشەو یاسای تایبەتیان بۆ دابڕێژین، لە ئەنجامی ئەو بەدواداچونانەدا هەیکەلێکی کەڵەکەبوو دروست دەبێت کا قابیلە بۆ ئەوەی تێست بکرێ هەروەها لە بواری جیاجیا بەکاربهێنرێ. بۆنمونە (سەدان ساڵە بەشێوەیەکی سیستەماتیک مرۆڤ هەوڵدەدات لە کارلێکی مادەکان بکۆڵێتەوەو زانیاری نوێ لەبارەیان دەدۆزێتەوەو کەڵەکەیان دەکات کە ئەمەش زانستی کیمیایە) لقەکانی زانست وەکو کیمیا، بایۆلۆجی، ماتماتیک …هتد.
ئەندازیاری: بریتیە لە ئەپلیکەیشنێک کە بنیاتنراوە لەسەر ئەساسی زانست بۆ دروستکردنو پێشخستنی بیناو ئامێرو ڕێگاوبانەکان مەبەستی ئەندازیاری ئەوەیە دونیایەکی نوێ دروستبکات کە لەگەڵ خواست و پێداویستی مرۆڤ بگونجێ. بۆنمونە ( لە بواری ئەندازیاری بیناکاریدا ئەگەر بمانەوێت خانویەک دروستبکەین ئەوا ئەپلیکەیشنێکمان هەیە کە هەمو هاوکێشەو زانیاری پێویستی تێدایە بۆ دروستکردنی خانوەکە، سەدان ساڵە ئەو ئەپلیکەیشنانە لە دوتوێی کتێبێکدا چاپدەکرێن، ئەندازیاران بەبەکارهێنان و سود وەرگرتن لەو هاوکێشانە دەتوانن دیزاینی پێویست بۆ خانوەکە بکەن و لە کۆتایدا دروستی بکەن ئەوە پێی دەوترێت زانستی ئەندازیاری بیناکاری).

تەکنۆلۆجیا: بریتیە لە پرۆسەیەک کە ئەپلیکەیشنەکانی ئەندازیاری هەروەها زانیاریە کاڵەکەبوەکانی زانست بەکاردەهێنێ و بەڕێوەیان دەبات لە کۆتاییدا بە کاتێکی کەمتر وە بە دقەیەکی زیاتر ئەنجامی کارەکەمان پێدەدات. مەبەست لە تەکنۆلۆجیا هەمان مەبەستی ئەندازیاریە بەڵآم هێزی تەکنۆلۆجیا زیاترە لە هێزی ئەندازیاری. بۆنمونە ( لەبواری ئەندازیاری بیناکاریدا پرۆگرامێک هەیە بەناوی ئیتابس، ئەو پرۆگرامە دروستکراوە بەسود وەرگرتن لە زانیاریەکانی زانست هەروەها هاوکێشە ئەندازیاریەکان، پرۆگرامەکە لە توانایدایە دیزاینی پرۆژەی زۆر گەورەبکات لە کاتێکی زۆر کەم وە بە دیقەیەکی خەیاڵی کە بە زانستی کلاسیکی ئەندازیاری ئەنجامی لەو شێوەیە مەحاڵە، کە ئەمە نمونەیەکی جوانە بۆ تێگەێشتن لە تەکنۆلۆجیا)
سەرەتا پێش هەمو شتێک دەرچوانی هەردوو جۆری زانکۆکان دەبنە ئەندازیارو ناسنامەی سەندیکای ئەندازیاران وەردەگرن هەم لە وڵاتانی دونیا وە هەم لێرەش هەمان شتە.

بەڵام لە هەمان کاتدا جیاوازیەکی سەرەکی هەیە لەنێوان خوێندنی ئەو دوو جۆرە کۆلێژانە جیاوازیەکەش ئەوەیە لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆ تەکنۆلۆجیو تەکنیکیەکان گرنگیەکی زیاتر بە لایەنی پراکتیکی دەدرێت و هەوڵدەدرێت خوێندکاران ئەو دەرسانەی بە تیۆری وەریانگرتوون لە مەیدانی عەمەلی بیانبینن ئەمەش پێویستی بە تاقیگەی پێشکەوتوو هەیە کە لەوانەیە زۆر جار کولفەیان بگاتە ملیۆنان دۆلار بەڵام لە زانکۆ کلاسیکەکان ئەو گرنگیە بە لایەنی پراکتیکی نادرێت و گرنگیەکە تەنها بە لایەنە تیۆریەکان دەدرێت، لە بنەڕەتدا ئەوە جیاوازیەکەیانە بەڵام لە واقیعدا لە زانکۆکانی کوردستانو عێراقدا ئەو جیاوازیە زۆر کەم دەبینرێت وە دەتوانین بڵێین مەنهەجەکە هەمان مەنهەجە هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زانکۆ تەکنۆلۆجیەکانی عێراق و کوردستان هێشتا لەڕوی موختەباڕاتەوە پێشکەوتو نین وە موختەبەراتیان هەمان موختەبەرە کە لە زانکۆ کلاسیکەکانی تر هەیە لەبەر ئەوە بە ناچاری هەوڵدراوە دەرسی تیۆری زیادبکەن بۆیە ئەگەر سەیری مەنهەجەکانیان بکەی هەمان مەنهەج دەخوێنن. لە لایەکی تر سەبارەت بە زانکۆ کلاسیکەکان هەم لە ناوخۆ وە هەم لە زانکۆکانی دونیادا لەو ساڵانەی دوایی کۆلێژەکانی ئەندازیاریان هەوڵدەدەن زیاتر لایەنی پراکتیکیان بەقوەت بکەن چونکە ئەگەر خوێندکار لایەنی پڕاکتیکی بینیبێت زیاتر لە بازاڕی کار دەوردەبینێت ئەمەش دیسان وادەکات مەنهەجەکە لەیەک نزیک بێتەوە بۆیە لەوانەیە جیاکردنەوەی مەنهەجی خوێندن لە کۆلێژەکانی ئەو دوو جۆرە زانکۆیە کارێکی سەخت بێت لەبەر ئەو هۆکارانەیە کە بەشێوەیەکی گشتی جیاوازیەکی ئەوتۆ لە مەنهەجەکاندا نابینرێت.

دەربارەی ئەوەی کامە جۆر لەو زانکۆیانە باشترن؟ هەریەکەیان ئەوەی خۆیان بە باشتر ناو دەبەن، بۆنمونە ئەوانەی کۆلێژی زانکۆ کلاسیکەکان بە باشتر دادەنێن بەڵگەی ئەوە دەهێننەوە کە لایەنی تیۆریان بەهێزترەو بۆ داهاتوو ئەوان سەرکەوتوتر دەبن لە خوێندنی باڵا(ماستەرو دکتۆرا) چونکە بۆ خوێندنی باڵا زیاتر لایەنی تیۆری دەور دەبینێت، وە ئەوانن کە زیاتر بەشدارن لە دۆزینەوەی زانستی نوێ و هەوکێشەی نوێ و ئەوان زیاتر زانستی ئەندازیاری پێشدەخەن وە هەر ئەوان کۆنترن و زانستی ئەندازیاری لە بنەڕەتدا ئەوان تا ئێرەیان هێناوەو پێشیان خستوە. لەبەرامبەردا ئەوانەی کە کۆلێژەکانی زانکۆ تەکنۆلۆجیەکان و تەکنیکیەکان بەباشتر دادەنێن ئەو بەڵگانە دەخەنە ڕوو کە ئەوان ئەندازیاری زیرەکترو چالاکتر دەخەنە بازاڕەکانی جیهان وە ئەندازیارەکانی ئەوان زیاتر کاریان دەستدەکەوێت لەبەر ئەوەی شارەزاترن لەسەرکار جگە لەوەش ئەندازیارەکانی ئەوان داهێنەرترن زۆرجار نمونە بەو ئەندازیارە دەهێننەوە کە پرۆگرامی (ئیتابس) ی دروستکردوە ناوی (ئەشرەف حبیب اللە)یە کە دەرچوی (زانکۆی ئەندازیاری و تەکنۆلۆجیا نید)ە. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی هەرکامێک لە دوو جۆرە دیسپلینە شتێکی زەرورن بۆیە لە وڵاتانی جیهان هەردوولا گرنگیان پێدەدرێ بۆ ئەوەی هەر یەکێکیان دەوری خۆی بگێرێت لە بەرەپێشبردنی زانستی ئەندازیاری وە هەر یەکەیان بەڕێگای خۆی کاربکات بۆ پێشخستنی وڵاتەکانیان.

مێژووی زانکۆ تەکنۆلۆجی و تەکنیکیەکان نوێیە لەگەڵ بەرەوپێشچونی تەکنۆلۆجیا وڵاتانی پێشکەوتوی ئەوروپاو یابان و ئەمریکا بیریانکردەوە کە زانکۆی تەکنۆلۆجی دروستبکەن وەک دیسپلینێکی نوێ خوێندنێکی نوێ لەو جۆرە زانکۆیانە سەریان هەڵدا کە خوێندنەکە گرنگیەکی زیاتری دەدا بەلایەنی پراکتیکی. ئەو جۆرە زانکۆیانە ڕاستە مێژویان کۆن نیە وەک زانکۆ کلاسیکەکان بەڵام لەهەمان کاتدا لە هەندێ وڵات بە شێوەیەک پێشکەوتن کە پێشی زانکۆکانی تر کەوتنەوە لە داهێنان و زانستدا بۆنمونە لە وڵاتی هیندستان لە ژمارە یەک تاوەکو ژمارە دەی ڕیزبەندی باشترین زانکۆکان زانکۆی تەکنۆلۆجین لە ئەمریکا دووەم زانکۆ لەسەر ئاستی وڵات زانکۆی تەکنۆلۆجیە کە پێی دەوترێت (ماساچوسێتس ئینستیتوت تەکنۆلۆجی)ە هەروەها دووەم زانکۆیە لەسەر ئاستی دونیا، لەوڵاتی سویسڕا یەکەم زانکۆ لەسەر ئاستی وڵات زانکۆی تەکنیکیە، لە ئەڵمانیا زانکۆی تەکنیکی مونشن لە پلەی دوەمی وڵات دێت، لە سویدو هەڵەندا زانکۆی دووەم و سێیەم زانکۆی تەکنۆلۆجین. لە سەنگاپورە لەکۆی دە زانکۆ یەکەمەکە حەوتیان زانکۆی تەکنیکین، لە کۆریا دووەم زانکۆ لەسەر ئاستی وڵات زانکۆی تەکنۆلۆجیە، زانکۆی تەکنۆلۆجی مالیزیا دووەمە لە وڵات. هەروەها لە وڵاتانی جیرانیشدا لە تورکیا یەکەم زانکۆ زانکۆی تەکنیکی ئەستەنبۆلە هەروەها لە ئیران زانکۆی شەریفی تەکنۆلۆجی دووەمە.




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!! -11- مۆری بۆکچین … و: زاهیر باهیر

By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر
بەشی شازدە:

وەهم و ئەفسانەی پارت/ حیزب

شۆڕشەکان و ڕاپەڕینەکان بایاخی تێبینی و سەرنجدانن نەك بە تەنها لەبەر ئەوەی قۆناخێکی سەرەتاییان هەیە کە زۆر دیارە بێ سەروبەرەیە، بەڵکو ڕەوتێکی خۆڕسکیشی هەیە لە ئافراندنی شێوەکانی خۆبەڕێوەبەریی شۆڕشگێڕانە کە خۆی دەیەوێت. کەرتە پاریسییەکانی 1793-1794 بەرچاوترین فۆرمەکانی خۆبەڕێوەبەریی بوون کە توانرا لە لایەن هەر شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییەوە لە مێژوودا، ئافریندەبکرێت. [15]. لیژانەکان یاخود ” سۆڤێتاتەکان”ی کرێکارانی پترۆگراد کە لە ساڵی 1905دا دروستیانکرد زۆر نزیکییان لە فۆرم و شێوازدا لە تەك ئەواندا، واتە کەرتە پاریسییەکاندا، هەبوو. گەرچی ئەم لیژان و سۆڤێتاتانە کەمتر دیمۆکراتی بوون لە کەرتە پاریسییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە لە ژمارەیەك لە شۆڕشەکانی ئەم دواییەدا دەردەکەوتنەوە. ئەوەتا دەبینین کە فۆرمێك لە شۆڕشی خۆبەڕیوەبەریی، ئەنجوومەنەکانی کارگەکان بوون کە ئەنارکیستەکان لە شۆڕشەکەی ئیسپانیای 1936 دا، دروستیانکردن. دواتریش کەرتەکان وەکو ئەنجوومەنەکانی قوتابییان و کۆمیتەکانی چالاکیی لە ڕاپەڕین و مانگرتنە گشتییەکەی مانگی ئایار و حوزەیرانی پاریسی 1968 دا دەرکەوتنەوە. [16].

ئا لەم بارەدا دەبێت پرسیاری ئەوە بکەین کە پارتی ” شۆڕشگێڕ” لەم ئاڵوگۆڕ و گەشەکردنەدا چ ڕۆڵێك یاریدەکات. هەروەکو لە سەرەتادا بینیمان ڕۆڵێکی سەرکوتکەریان بینیوە، ئەوەش ڕۆڵی ” پێشڕەو” نەبوو. ئەم پارتە لە هەر شوێنێکدا هەژموونی خۆی بەکاربهێنێت ئامانجی هێواشکردنەوەی تەوژمی ڕووداوەکانە، نەك ” کۆمەك و هاوکاریی” هێزە شۆڕشگێڕەکان، ئەمەش بە ڕێکەوت نییە. خودی پارتیی خۆی پێكهاتەیەك یاخود قەوارەیەکی قووچکەیانەیە و هێڵێكە کە ڕەنگدانەوەی تەواوی ئەو کۆمەڵەیە کە خۆی بانگەشەی دژبوونی دەکات.

گەرچی بە تیئوریی بانگەوازێکی یاخود ئیدیعایەکی دیکە دەکات بەڵام ئۆرگانێکی بورجواززییە، دەوڵۆتکەیەکی بچوکە، لەگەڵ هەبوونی جیهاز و کادیرەکانیا کە وەزیفەیان گرتنەدەستی دەسەڵاتە، نەك هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵات. ڕیشەی پارتیی لە قۆناخی پێش شۆڕشدایە، هەموو ئەو فۆرمانەی کە بەخۆیەوە دەیگرێت و تەکنیکەکان و عەقڵییەتیی، بیرۆکراتیانەیە. ئەندامەکانی لە قوتابخانەی گوێڕایەڵیی و چەمك و فکرە بەسەرچوەکان لە عەقیدەی وشكهەڵاتوو لەتەك ڕێز و سەرسامبوون بە سەرکردە، دەخوێنن.

سەرکردەکانی پارتیی-ش بە ڕۆڵی خۆیان زادەی قوتابخانەی خوو و نەریتی کۆماندارانن [ ئەوامیر] ، ڕابەرێتی، دەسەڵاتدارێتی، گەمە و نێرجسییەتن. ئەم بارودۆخە خراپتردەبێت کاتێك کە پارتی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەماندا دەکات. لە سەروبەری کەمپەینەکانی هەڵبژاردنا پارتی پێشڕەو لەسەر مۆدێلی فۆرمی بورجوازیی مەوجود دەڕوات، تەنانەت هەمان ئامراز و جیهازیش بۆ هەڵبژاردنی بەکاردەهێنێت.
کاتێکیش کە بەرەو هەڵمەتی [کەمپەینی] هەڵبژاردنەکان دەچێت لە ڕاستیدا بارودۆخەکە ڕووبەڕوی مەترسییەکی ئێجگار گەورە دەبێتەوە لە کاتێکدا کە حیزب دەبێتە خاوەنی چاپەمەنییەکی بەرفراوان، چەند بنکەیەکی گرانبەها، کۆمەڵێك بڵاوکراوەی دەوریی بە سەنتراڵی کۆنترۆڵکراو لە گەڵ پێکهێنانی ئامێرێکی مووچەخۆردا- بە کورتیەکەی. بیرۆکراتیەتێك کە هەڵگری بەرژەوەندی مادییەکانە.

کاتێکیش کە پارتیی گەورە و بەرفراوان دەبێت مەسافەی نێوانی سەرکردایەتی و خوارییەوە هەڵدەکشێت و گەورەتردەبێت، سەرکردەکانی نەك بە تەنها دەبنە ” شەخسیات” بەڵکو پەیوەندییان لەتەك باری ژیانی ئەوانەی خوارەوەدا، نامێنێت. گروپە لۆکاڵییەکان کە دروست زروفی خۆیان باشتر لە سەرکردە دوورەدەستەکانیان،دەزانن، ناچارن کە بۆچون و ڕوانگەی خۆیان بکەنە قوربانی وەرگرتنی ئامۆژگاری و ڕێنمایی لە سەرەوەی خۆیان.
سەرکردایەتی بێئاگاش لە هیچ زانیارییەکی ڕاستەوخۆ و لە گرفتە لۆکاڵییەکان، بە هێواشی و بە حیکمەتەوە وەڵامدەداتەوە. گەرچی داخوازیەکەی ئەوان لە لایەن سەرکردەکانەوە ” گەورە دەبیینرێت” بۆ نیشاندانی ” کارامەییەکی گەورەی تیئوریستیانە” بەڵام کارامەیی و لێهاتوویی سەرکردە کە بەسەر پەیژەی هەرەمییدا بۆ سەرکردایەتی سەردەکەوێت، کەمدەبێتەوە.
چەندێك زیاتر نزیك لەو پلەیە دەبیتەوە کە بڕیارە سەرەکیی و گرنگەکانی تیادا دەدرێت، ئەوەندە زۆرترین تەحەفوز لە سروشتی پرۆسەی بڕیاردانەکانا دەکرێت، چەندێك زۆر بیرۆکراتییەت و ناپەیوەستبوونەوە دەبنە ئەو فاکتەرانەی کە ڕۆڵی خۆیان دەبینن، ئەوەندە زیاتر لەبەرچاوگرتنی هەیبەت و شەخسییەت دەبینرێت و ئەمەش زیاتر جێگای دەستپێشخەریی و ئەندێشە دەگرێتەوە، هەروەها زیاتریش خۆتەرخانکردن بە شتی بێبایاخەوە لە جێگای ئامانجەکانی شۆڕش، جێی سەرنج دەبێت.

کاتێك کە پارت-حیزب لە ڕوانگەی شۆڕشگێڕییەوە بێتوانا و ناچالاک دەبێت، ئەوەندەش زیاتر لە ڕێگای قوچکەیی و کادیرانی و نێوەندەوە [ مەرکەز] بەدووی کەفائەت و چالاکییەوەیە. گەرچی هەمووکەس لە حیزبدا لەشانی یەکەوە هەنگاودەنێن، بەڵام فرمانەکان [ئەوامیرەکان] ئاسایانە هەڵەن، بە تایبەت کاتێك کە ڕووداوەکان بە پەلە دێن و دەڕۆن و دەچنە پێشەوە و شێوازێكی چاوەڕواننەکراو وەردەگرن، هەر وەکو چۆن لە هەموو شۆڕشەکانا ڕوودەدەن.
پارت تەنها لە یەك ڕووەوە چالاك و کارایە ئەویش لە قاڵبدانی کۆمەڵە لە ڕوانگەی شێوازی قووچکەیی خۆیەوە ئەگەر شۆڕش سەرکەوتو بێت. بەوەش بیرۆکراتیتەت، مەرکەزییەت و دەوڵەت دروستدەکات و کار لەسەر چەسپاندنیان دەکات. لە هەوڵی بیناکردن و ڕاهێنانی ئەو زەمینە کۆمەڵایەتییانەدایە کە پاساوی بوونی ئەم جۆرە کۆمەڵانە دەکات. لەبری ئەوەی کە ” هەڵوەشێتەوە” کەچی دەوڵەت کە لە لایەن ” پارتی شکۆدارەوە” دەپارێزرێت، پارێزگاری لەو هەموو بارودۆخە دەکات کە “دابینی” وجودی دەوڵەت و هەروەها ئەو پارتی-یەی ” پاسەوانێتی”، دەکات.

لە لایەکی دیکەشەوە ئەم جۆرە پارتە لە کاتی سەرکوتکردنا زۆر باریخوارە، بورجوازییەت تەنها ئەوەندەی بەسە کە سەرکردایەتییەکەی دەستبەسەر بکات بۆ تێشکانی بزوتنەوەکەی. بە گرتنی سەرکردەکانی یاخود خۆشاردنەوەیان پارتی توشی شەلەل دەبێت و کەس نامێنێت بۆ ئەندامانی گوێڕایەڵ و وەلاکارانیی تاکو وەلای بۆ بەرن، ئیدی وەکو ئەو ماسیانە کە بە هۆکارێك دەکەونە قەراخی ڕوبارەوە سەرگەردان و سەرلێشێواو و بارخوارن. ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە نەك بە تەنها لەبەر هۆکاری سەرکوتکردن بەڵکو لەبەر هەژاریی و نەبوونی سەرچاوەکانی ناوخۆش.
ئەو باس و خواسانەی کە پێشتر باسکران سەرەنجامی گریمان نیین ،بەڵکو ئەوە وێنەیەکی ئاوێتەی سەراپای حیزبە مارکسییە جەماوەرییەکانی چەرخی ڕابوردووە هەر لە پارتە سۆشیالدیمۆکراتەکان و کۆمۆنیستەکان و هەروەها حیزبە ترۆتسکییەکەی سیلۆن ( کە پارتێکی جەماوەری کەم هاوتا بووە) [ لەوە ناکات بوکچین زانیاری لەسەر حیزبە شیوعییەکان، کۆمۆنیست و دیمۆکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەبووبێت، دەنا دەیتوانی ئەمانیش بۆ بەڵگەکانی زیاد بکات- وەرگێڕ] .
قسەکردن لەسەر ئەوەی کە شکستی ئەم پارتانە لە وەرنەگرتنی جددیانەی مەبادیئە مارکسیەکاندایە، تەنها داپۆشینی پرسیارێكە: بۆچی ئەم شکستە هەر لە یەکەم جاردا، لە سەرەتادا ڕوویدا؟ ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەم پارتانە هاوبەشیی کۆمەڵی بورجوازییان هەڵبژاردووە و لەبەرئەوەی کە لەسەر هێڵ و بنەماکانی بورجوازیی، پێکهاتبوون یاخود ڕێکخراو بوون، هەر لە دروستبوونیانەوە میکرۆبی خیانەتیان هەڵگرتووە.
درێژەی هەیە
…………………………………………
15– بڕوانە ” شێوازەکانی ئازادیی” [نیویۆرك ، جێنیوەری 1968 ] 16– لەتەك بەخۆنازینێکی زۆردا، کە بەشێکی بە هۆکاری بێدەربەستییەوە [ ئیهمالییەت] بوو، ژمارەیەك لە گروپە مارکسییستەکان بەکردەوە ناوی یاخود لەقەبی ” ” شووراکان/ سۆڤێتاتەکان”یان، بەسەر ئەو شێوازانەی سەرەوە لە خۆبەڕێوەبەریی، دەردەبڕی. هەوڵدان بۆ دانانی هەموو ئەم شێوازە جیاوازانە لەژێر تاکە ناوێکدا یاخود تاکە لەقەبێك تەنها کارێکی نەزانانە و کوێرانە نەبوو، بەڵکو بە مەبەستیش بوو. لە ڕاستیدا شووراکان ئاستی کەمی دیمۆکراتی بووون لە شێوازە/ فۆرمە شۆڕشگێڕەکان، بەلشەفیکەکان زیرەکانە بەکاریانهێنان بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ دەستی پارتەکەیان. شووراکان وەکو کەرتە پاریسییەکان یاخود ئەنجوومەنەکانی قوتابییانی ساڵی 1968ی فەرەنسا لەسەر بناخەی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆ نەبوون. نەک هەر ئەوە بەڵکو لەسەر بناخەی خۆبەڕێوەبەریی ئابووریانەش، وەکو لە کۆمیتەکانی کارگە ئەنارکیستییەکانی ئیساپانیا [ بوکچین مەبەستی ئیسپانیای 1936 بۆ 1939یە- وەرگێڕ] نەبوون. لە هەقەتا شووراکان پەڕلەمانی کرێکاران، ڕێکخراوێکی قوچکەیانەیان دروستکرد کە نوێنەرەکانیان لە کارگەکانەوە و دواتر لە یەکینەکانی میلیتەرییەوە هەروەها جوتیارانی گوندەکانەوە دەهێنا.




نیچەو محمد و ژن … مەحمود عەبدوڵڵا

لەتەواوی قورئاندا ناوی یەک ژن هاتوە بەبێ پیاوەکەی،ئەمەش واتا خودا چۆتە ژێر باری نەریتی عەرەب. ئەگەرچی مەلاکان پاساوی بەلاغییان هەیە ،بەڵام لەڕاستیدا پاساوەکان لەهەڵپەتەگەری زیاترنین ،. ناوهێنانی مریەمیش لەبەردوهۆیە ئەویش پێش ئیسلام ناوبانگی هەبو مەشهوربو،دوەم ئەوەیە کە مریەم مێردی نەبو،چونکە لەفەلسەفەی ئیسلامدا ژن کۆیلەی پیاوەکەیەتی و تەنانەت نابێت ناویشی بێت تەنها وەک موڵکی پیاوەکەی نەبێت. وەک چۆن دەڵێی سیارەکەی احمد،ئاواش دەڵێیت ژنی فیرعەون و .

ئیسلامیەکان زۆر دژی نیچەن لەبەر ئەوەی دژی میتافیزیکە،بەڵام لەڕاستیدا لەبابیژندا نیچە گەورەترین مەلای ئیسلامییە،محمدێکی پۆست مۆدێرنە. نیچە زمانێکی پڕ سوکایەتی هەیە بەرامبەر ژن . نیچە دەڵێت،پیاو دەڵێت: من دەمەوێت ،ژن دەبێ بڵێت ئەو”پیاو”دەیەوێت. وەک چۆن لە ئیسلامدا ژن پردێکە کە لێیەوە مرۆڤی موجاهید پێیدا دەپەڕێتەوە بۆبەهەشت،ئەوا لە فەلسەفەی نیچەشدا ژن پردێکە بۆ پەڕینەوەی مرۆڤی بەرز. جیاوازی نیچە و مەحەمەد لەوێدایە کەنیچە ئاگاییانە وادەڵێت و واقیعیەتی ژنی نەکردۆتە حەقیقەت،چونکە نیچە دەزانێت کە ئەوە پیاوە ژنی دروستکردوە ڕێک لەپەراسوی خۆی،وەلێ محمد تێگەیشتنی هەزاران ساڵەی پیاوی وەک حەقیقەت و سروشت و دەستکردی خودایی ناساندووە.

محمد لەپێناو ئامانجێک وایکردوە ئەویش داگیرکردنی دونیا یە وەک بابەتێکی لەزەت پێشکەشی موجاهیدەکانی کردووە،محمد لەوەدا جیاوازە لەنیچە کە داوای بەزەیی دەکات بۆژن،بەڵام نیچە چونکە پێی وایە بەزەیی دەبێتە هۆی لەدەست دانی هێز و وەڕسکەرە بۆیە خۆی لەوەبەدور دەگرێت کە پیاوی باڵا توشی شتی سوک و چروکی وەک بەزەیی بکات. ئێرە شوێنی ئەوە نیە ڕەدی پاساوی مەلاکان بدەمەوە کە گوایە بەهۆی سروشتی زمانی عەرەبیەوە ژن لەدەرەوەی زمانی خودایە،بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە دژە ژن بون پێش ئەوەی نەریتی ئیسلامبێت نەریتی خێڵە سامیەکانە،پێش ئەوەی نەریتی ئیسلام بێت نەریتی “سەردەمی جاهیلیە” بەڵام بەشێوە فەلسەفیەکەی نەریتێکی تەواو ئەرستۆییە،بەجۆرێک کە ئیسلام شتێکی ئەوتۆی زیاد نەکردووە،بۆ “فەلسەفەی ژن”ی ئەرستۆ. ئەگەر ئێمە سەرنج بدەین دەبینین خودا هێزی خۆی لەزماندا نیشانداوە،لەزمانیشدا جێگای ژن نەبۆتەوە،ژنکراوەتە دەرەوەی زمان،بەم شێوەیە زمانیشی لێ سەندراوەتەوە. زمانیش گرێدراوی هزرە.مسعود محمد دەڵێت:زمان تەرجومانی هۆشە.

بەم شێوەیە دەبینین ژن ڕێگەی پێنەدراوە گوزارشت لەخۆی بکات و لە ڕێگەی زمانەوە گوزارشت لەهۆشی خۆی بکات،هەربۆیە دەبینین وەک چۆن بێزمانە،ئاواش بێ ئەقڵە. بەڵام بەتێپەڕینی کات و لەگەڵ ڕەخساندنی دەرفەت بۆژن و کرانەوەی زمانی مێشکیشی کرایەوە،بەجۆرێک کە تەنانەت هۆشی لە پیاو زیاتر نەبێت کەمتر نییە. نیچە لەیەک شت دا خزمەتی ژن دەکات ئەویش “هەڵوەشاندنەوەی دوالیزمی دژەکانە” چونکە بە پێی ئەو دونیابینییە ژن و پیاو دوشتی دژ نین بەڵکو دوشتی جیاوازن،دوشتی جیاواز لەگەڵ دوشتی دژ جیاوازی هەیە.
لە ئەنجامی ئەونکۆڵیکردنە هەزاران ساڵەیەی ژن ،هەندێ لە فێمینیستەکان کەوتونە دۆخێکی واوە کە نکۆڵی لەژن بکەن ،بەڵام ئەوە تەنها زیان لە ژن دەدات و وای لێدەکات داوای شتێکی جگە لەئازادی و یەکسانی بکات،و تایبەتمەندیە ژنانەییەکانی لەدەست بدات،ئەمەش خۆکوشتنە .ژن دەبێت خۆی بێت بەوشێوەیەی خۆی دەیەوێت خاوەن کلتورێکی ژنانە بێت،ئەوەش کاتێک دەبێت کە پیاو لە بارەی ژنەوە زۆرتر مێشکی بەکار بێنێت و کەمتر زمانی.

مەحمود عەبدوڵڵا




میری مه‌ره‌كه‌ب … ئه‌مین بۆتانی

دیاری بۆ گیانی عه‌بدلغه‌نی بۆتانی

حه‌رفێكی ره‌شتاڵه‌
چۆله‌كه‌ی مه‌عنای
به‌ ئاسمانی مه‌تنه‌وه‌ نه‌هێشت!!،
خڕیلانه‌یه‌كی بزێو
له‌و پێده‌شته‌ی بۆتان
له‌ گرده‌پان،
حوبری پرسیار
له‌ ماسیه‌كانی تینوێتی
ده‌پارزنێ‌.
له‌ ریوایه‌تێكدا هاتووه‌؛
له‌سه‌ر خه‌ره‌ندی زه‌ینالی
خۆی و پۆلێك وشه‌ی هاوڕێ ی
به‌ پێخواسیی
به‌ ناو ته‌باره‌ی ره‌شگوڵ ده‌كه‌ون،
هه‌رچی هێلكه‌ی فڕین هه‌یه‌
ده‌یگرنه‌ به‌رسیله‌ی مراز.
كه‌وشه‌كانیان
پڕ ده‌كه‌ن له‌ گوڵه‌ گۆگه‌م،
ده‌ستوپه‌نجه‌ی كه‌لام
ره‌شهه‌ڵده‌گه‌ڕێ و
له‌و رۆژه‌وه‌
غه‌نی و وشه‌
كتومت له‌یه‌ك ده‌چن و
ده‌بنه‌ میراتگری حوبر.
جار هه‌بوو له‌ جیاتی خۆی
وشه‌یه‌كی عاقڵی ده‌نارده‌وه‌ ماڵ،
خۆیشی له‌گه‌ڵ مه‌له‌كانی مانا
به‌دوای سڕی بێماناییدا
ده‌بووه‌ عه‌وداڵ.
له‌ته‌ك ره‌وه‌زی رسته‌دا
نشتیمانێك وا ده‌پشكوێ‌؛
ئه‌م هه‌موو خۆڵه‌
له‌ كوێ ی ته‌ڕبوون هه‌ڵخه‌م؟.
له‌ته‌ك سه‌به‌ته‌ی چاوه‌ڕوانیی
خه‌ریكه‌ مێوژی ئه‌مه‌ل ده‌ڕسكێ‌؛
من ئه‌م هه‌موو بارانه‌
له‌ كوێ ی وشكبوونه‌وه‌ هه‌ڵگرم؟.
قه‌رسیل قه‌رسیلی خودایه‌
بنووسه‌ ئاگر؛
له‌ یه‌ك رسته‌ی موبییندا:
” كێ‌ ئه‌جری بێ وڵاتییم ده‌داته‌وه‌”؟،

له‌ جزمی فه‌نا
كێ‌ غوربه‌ت و هۆگریی
هه‌ڵدێنێ‌ له‌ چیڕۆكی ماڵ؟،
له‌ جزمی به‌قا
كێ خڕنووكی قه‌فه‌س ده‌سوێ‌
بۆ په‌ڕ و باڵ؟،
سه‌برێكم لێ بگرن
من هێڵكاریه‌ك ده‌كێشم
بۆ جه‌ور و سته‌م،
برین موسیبه‌ته‌
یان سه‌به‌ته‌ی زۆر و كه‌م؟!.
گوتم سه‌برێكم لێ بگرن؛
هه‌ر هه‌موویتان وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه‌،
ل جزیرا بۆتان
هه‌تا پونگینه‌،
زه‌هری گومانم راونا
به‌و شه‌كری یه‌قینه‌،
ئه‌و شه‌وه‌ كاغه‌زم پێ نه‌بو
به‌ڵام هه‌ر هه‌موویم له‌ بیره‌،
ئێمه‌ هه‌تا لای ئه‌شكه‌وته‌كه‌
یه‌ك بووین؛
په‌ڵه‌ هه‌ورێكی سپی
به‌ ته‌وێڵی جوودی یه‌وه‌،
دواتر
سه‌گی ئه‌و خه‌ونه‌
پێنجه‌ممان بوو،
ئاااای گابه‌ڵه‌كی دنیا
ئه‌و شه‌وه‌ چی كرد!!!
كاسه‌ و كه‌وچكی عه‌داله‌ت
به‌ سه‌مای ئه‌هریمه‌ن
ورد و خاش..
ئه‌و هه‌موو فه‌قیری یه‌
چۆن خه‌وی لێ ده‌كه‌وێ‌ غه‌نی؟!،
له‌ هیچی به‌لاش.
بڵێ من خه‌ریكی نووسینم؛
كاتم نیه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌!!!؛
بڵێ من
ده‌سته‌ راستی
حوبرێكی تووڕه‌م،
پێی گوتووم
ئه‌گه‌ر هیچت شك نه‌برد؛
مه‌خوێنه‌وه‌
هه‌تا وشه‌یه‌كی ته‌ڕ ته‌ڕ
به‌ فرمێسكی شۆڕش نه‌یه‌ته‌ خه‌ونت،
هه‌تا چاپی نوێی ئازادی
نه‌گاته‌ كتێبخانه‌ی نه‌وازش
هیچ مه‌ڵێ.
بڵێ من
ده‌سته‌ چه‌پی ئه‌و هێڵه‌ راسته‌م
به‌ خواروخێچی
به‌رتاندایه‌ له‌وحی ئختیار.
من كاتی خۆی
هه‌موو شتێكم به‌ زیاده‌وه‌ نووسیبوو؛
داتانه‌ كێ‌؟!
به‌ كام ده‌ست وه‌ریگرت؟،
ناشێ دڵیتان ره‌نجاند بێ!!!
ده‌ترسم
له‌سه‌ر ئه‌و كڵپه‌ی هه‌ناوی
باسی ئاگر و ماگرتان لا كرد بێ!!!
ئه‌و مه‌شخه‌ڵی
راهاتووی كوێستانه‌؛
به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك
پشتاوپشتی رێبه‌ندانه‌؛
جه‌فای ده‌ورانی كوردی چه‌شتووه‌
هه‌رگیز خه‌می ئه‌وتان نه‌بێ؛
ده‌یان ساڵ
ئه‌و به‌رده‌ستیی تاڵیی كردووه‌،

زه‌مهه‌ریری
بۆ سه‌رما ماڵیی كردووه‌.
حه‌یف…
حه‌یف… ده‌ترسم
دوای گوڵزاری وه‌ته‌ن؛
باڵكۆنی خه‌یاڵی ره‌نگینی ئه‌وتان
به‌ فیرده‌وس فریو دابێ!!!
ئامممان…
ئه‌و شتانه‌ی له‌گه‌ڵدا باس نه‌كه‌ن!
دوای ئه‌و هه‌موو ته‌راتێنه‌
تاقه‌تی پیاسه‌ی نه‌ماوه‌.
به‌ بیانووی ئاخیره‌ت
دنیای بیر نه‌هێننه‌وه‌؛
ده‌نا غه‌ریبی مه‌ینه‌تیی كورد ده‌كا و
له‌و چۆڵه‌وانییه‌ نشتیمان كوا؛
له‌و جه‌ننه‌تولمه‌ئوایه‌
به‌ كام ئومێده‌ی ئیستیقلال ژیر بێته‌وه‌؟!،
پێم بڵێن كورد چی به‌سه‌ر دێ‌؟
كوا ته‌عقیبی خه‌به‌ری كورد له‌وێ‌؟!
ئه‌و له‌ مووسڵ
داد و بێدادی بوو
به‌ده‌ست وادی حه‌جه‌ر و دیجله‌وه‌،
هه‌میشه‌
سه‌ری لای هه‌وری هه‌ندرێن و
قاچه‌كانی له‌ نێو گیرفانی سه‌فه‌ر،
ئه‌و له‌ هه‌ولێر
ره‌شنووسی راز و نیازی
ده‌نارده‌ لای حه‌زره‌تی خه‌ته‌ر،
ئه‌و پیاوه‌ به‌ كه‌ڵكی ئێوه‌ نایه‌
بۆ بردتان؟!.
بۆ ئێوه‌ زانیتان؟
ئێمه‌ كێ بووین؟؛
هه‌تا دوو فه‌رسه‌خ نزیك ئه‌شكه‌وته‌كه‌ش
ده‌ست و دڵمان یه‌ك بوو،
هه‌ر كه‌ سفره‌ی رازاوه‌ی خه‌یاڵ
ئه‌ژنۆكانی لێ سه‌ندین؛
چوارمشقی به‌ربووینه‌ وێزه‌ی مه‌حاڵ.
ئه‌و هه‌موو ته‌پ و تۆزه‌
مه‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی كه‌س؛
من به‌ پێ هاتم.
ده‌مێك بوو
ئه‌سپه‌شێكانی ئه‌زه‌ل
تڕوتفاقی جه‌نگیان
بۆ گه‌یاندبووینه‌ بناری ئه‌جه‌ل.
ئه‌جه‌ل…
ئه‌وه‌ هه‌موو چیڕۆكی خه‌تاكه‌ نیه‌!!!
كه‌س كاغه‌زی كه‌سی نه‌خوێنده‌وه‌
ئێمه‌ش له‌ناچاریی
ده‌ستمان كرد به‌ نووسین…

ئه‌مین بۆتانی
22/7/2019




ئاسمانی پاییزی … سه‌ردار جاف

پاییز كه‌شكۆڵی ئافاتیم لێ ده‌به‌ستێ
خه‌م له‌ ئاقاره‌وه‌ دێت و
رووه‌و ترۆپك و قوڵایی سه‌خته‌نی ئه‌وینم ده‌با
تنۆك تنۆك ڕێم پێ ده‌گرێ و بۆ جه‌سته‌ما
ڕۆنیشتووه‌
پاییز له‌ ئاسمانی خۆیا
له‌ ئاستما كڕنوش ده‌با و
له‌ نێو شینا دڵم هه‌ر شین ده‌كاته‌وه‌
نوقمی زه‌رده‌گه‌ڵای خه‌م و شه‌ونمێكی ده‌م سپێده‌م
كه‌ نه‌یتوانی خه‌نده‌كانی جه‌سته‌ی برینم ماچ بكا
منی له‌ سه‌یوانی ئه‌رخه‌وانیدا
له‌ زه‌مه‌نی غوربه‌تییا جێهێشتووه‌
ئه‌ی خودایه‌ ….
ئاوی هه‌ناری ده‌م حه‌وا بڕژێنه‌ به‌ سه‌ر ژیلوانی ته‌مه‌نمدا
په‌رته‌وازه‌ی چاوه‌ نافوره‌كانمی كه‌
ده‌با شه‌وچره‌ی ئه‌و چراتۆڕه‌ی ماهم به‌ ئه‌وینم
ئولفه‌ت بگرێ
له‌ میتۆدی
كولبه‌یه‌كی قاوه‌ تاڵه‌كانی ته‌مه‌ن ، نه‌ی ده‌ژه‌نم
خۆ تۆ چه‌شه‌ی ژه‌هرم ده‌كه‌ی ، ئولفه‌تگری چركه‌كانی كاتژمێرمی
سه‌رخه‌وێكی كه‌ساسی خۆم ده‌شكێنم و
ده‌تۆیش ڕێ به‌و دڵه‌ت بده‌
له‌ نێو هه‌ناسه‌ی هه‌ستما
هێور هێور تێمدا بمرێ

كات دووی به‌ره‌ به‌یانی 30 / 9 / 2019




گەڕانێکی درەنگ وەخت … نەوزاد بەندی

دڵت خۆش نەبێ لە کۆمەڵگادای ..
زۆربەی ئەو خەڵکە بۆ ئەوە لای تۆن ،
ھەتا لە سەرەی سەموندا سەعاتێ ڕاوەستی ..
ھەتا بە دوو ترافیکلایت فولکەیەک نەبڕی ..
ھەتا دوکەڵی جگەرە و ئەگزۆز بکەن بە قوڕگتا..
ھەتا خۆڵەکانیان ھەڵدەنە بەردەرگاکەت ..
ھەتا سەعات دووی شەو لە گۆرانی و قاقا و قڕەقڕیان لە خەو ڕاچڵەکی..
ئەو خەڵکە بۆ ئەوە لە چواردەورت کۆبوونەتەوە،
ھەتا کە چوویتە بەر دەرگاکانیان بڵێن لێرە نیە ،سبەینێ وەرەوە ..
پێت ڕابوێرن و بڵێن ژمارەی مۆبایلەکەت جێ بێڵە خۆمان پەیوەندیت پێوە دەکەین
و
پەیوەندیشت پێوە ناکەن ..
ھەتا لە شەودا فول لایت بەن لەچاوت
لە سایدی ئەوبەری شەقامەکەوە بە خۆیان و ئوتومبیلەکانیانەوە بێنە سایدی ئەمبەر بۆ سەر سەرت ..
ھەتا کارێ بکەن بازاڕ بوەستێ ..
ھاتون ھەتا تۆ بکەن بە سەنگەر
لە شەڕی نەوت و گازی سروشتی ..
ئەو خەڵکە لە چوار دەورت کۆ بوونەتەوە ھەتا فێرت بکەن کە وەزعەکە ھەروایە و خراپتریش ..
ھەتا فێرت بکەن کە دنیا ئەوە ناھێنێ ..

لە چۆڵەوانییەک بگەڕێ برادەر ..
چۆڵەوانییەک
دوور بێ لە قنگە جگەرە و
جڕت و
دروشم و
عیبادەت و
بۆنی گۆرەوییەکانیان..
چۆڵەوانییەک
دووربێ لە لەگەنە برنج و
سەرەی بەردەم ئاودەستخانەکانیان ..

لە چۆڵەوانییەک بگەڕێ ھاوڕێ ..
دوور بێ ..
دوورتر لە دووریی
لەو ھەموو داستان و
سەرکەوتنە وەھمیانە ..
لەو ھەموو پیاوچاکەی نەیانتوانی
ڕێگایەک بدۆزنەوە ..
لەو ھەموو پڕۆفیسۆرە نەخوێندەوارە ..
لەو ھەموو چاوەڕوانییە ..




پۆلی یه‌ك … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ســه‌یری چه‌نده‌ دڵخۆشم
خــــه‌نده‌م له‌سه‌ر لێوانه‌
چــونكه‌ بووم به‌ قوتابی
ده‌چــم بۆ قوتابخـــــــانه‌


له‌وێ‌ ده‌چمه‌ پۆلی یه‌ك
چــــالاك و وریــاو زیره‌ك
وه‌ك په‌پووله‌و گوڵی جوان
ســروود ده‌ڵێم بۆ ژیـــان

ڕۆژی پێشوازی

من كه‌ ئێســــــتا له‌م پۆلــه‌م
ئێٍسـك ســــــــوك و بچكۆله‌م
ئه‌مساڵ هاتووم بۆ خوێندن
خوێندن پێویســـــــته‌ بۆ من
یه‌كه‌م رۆژ زۆر خۆشبوو لام
هـــه‌ر كــــه‌ پێشــــوازی كرام
دیارییه‌كیان پێ به‌خشـــــیم
بووه‌ مایه‌ی دڵخــــۆشـــــــیم
یه‌كـــــــــــــه‌م رۆژم ئاوا بوو
دڵســـــــۆزم مامۆســــــتا بوو
بۆیه‌ سه‌ركــــــــه‌وتوو دیارم
زۆر ئاســـــووده‌ و به‌ختیارم

دارا

دارا لــه‌ پۆلی یه‌كــــــــه‌
منداڵێكی زیره‌كــــــــه‌
پاكو خاوێن و جــــوانـه‌
كه‌ دێت بۆ قوتابخـانــه‌
زۆر بێ‌ ده‌نگ و وریــــایه‌
ئه‌و كاته‌ی له‌ پۆلـــدایه‌
قسه‌ له‌گه‌ڵ كه‌س ناكات
قسه‌ بكـــــات تێ‌ ناگات
ئێوه‌ش هــه‌ر وه‌كــــو دارا
جوان دانیشن لــــــه‌ پۆلا
گوێ‌ بگرن له‌ مامۆســـــتا
هه‌تاكـــــــو زه‌نگ لێ‌ ده‌دا


پۆلی یه‌ك

كه‌ مـــــامۆســــــتای ئـــه‌لفوبێ‌
بــۆ پۆله‌كــــــه‌ی ئێمـــــــــه‌ دێ‌
به‌ جــــــوانی دائـــــــــه‌نیشــین
به‌ملا و بـــــه‌و لادا ناچـــــــــین
ئه‌ویش له‌ســــه‌رخۆ و هـــێواش
ئـــــه‌ڵێت گــــوڵه‌كــــان رۆژباش
به‌ڕووی خـــۆش و پێكـــــــه‌نین
پێمان ئــــــــــه‌ڵێت ئافــــــه‌رین


له‌ پۆلی یه‌كدام

ئه‌مســــــــاڵ له‌ پۆلی یه‌كدام
وه‌ك گوڵێكی بۆنخۆش وام
دڵ پڕ له‌ خۆزگـــه‌ و هیوام
ئه‌م قوتابخانه‌ جــــــــــــــوانه‌
خۆشـــــــــــترین جێگایه‌ لام


ئه‌و مامۆســــــتانه‌ی له‌وێن
هه‌مـــــــوویانم خۆش ده‌وێن
گۆرانی خۆش خۆش ده‌ڵێم
بۆ مناڵانی هـــــــــــــــــــــاوڕێم


پۆلی یه‌كه‌م

مامۆســتا گیان ئه‌وا ئه‌مســـاڵ
منــــــی منداڵا
هـــــاتوومه‌ته‌ پۆلی یـــه‌كــه‌م
وه‌ك گوڵی ئـاڵا


بــه‌ هــێمــــنی تــۆ بمــــدوێنه‌
كــــــــاتی وانه‌
تـــــا خۆشتربێ‌ لام خــــــوێندن و
قــــــــوتابخانه‌


چه‌نده‌ خۆشــــــه‌ له‌ نــــــــاو پۆلا
وته‌ی شـــــــیرین
خــــــۆشه‌ویستی خـــــــۆت بنوێنی
به‌ پێــــــــكه‌نین


خۆشترین ڕۆژ

ئــــه‌مڕۆ خــــۆشـــــترین ڕۆژه‌
لای ئێمه‌ی بچــــكــــــــــۆلانه‌
چـــونكه‌ به‌ دڵێكی خـــــــــۆش
ده‌چــــــین بۆ قــــــوتابخـــانه‌


وه‌ك په‌پووله‌ وخونچه‌ی گـــوڵ
به‌خــــــــۆشی ودڵنیــــــــــــا یـــی
ئێمـــــــــــــه‌ ده‌چـــــــــــــــــینه‌ پۆلی
یه‌كــــــــــه‌می ســــــــــــــه‌ره‌تا یــی


چــــــــــونكه‌ ته‌مــه‌نی ئێمه‌ی
نه‌شمیله‌ وچـــالاك و جـــــــوان
بۆته‌ شـــــــه‌ش ســـاڵی ته‌واو
خوایه‌ چه‌ند خۆشــه‌ دڵـــــمان


ده‌چــــــینه‌ لای مـــــــامۆستای
وه‌ك دایه‌ وبابه‌ دڵســـــــــــــۆز
تا هێمن بمـــــــــــــــاندوێنێ‌
به‌ خۆشـــــــه‌ویستی وبه‌ ســـۆز


ئه‌وســــا ئێمه‌ش به‌ یه‌ك ده‌نگ
هه‌موو ده‌ست له‌ناو ده‌ســـــــــتا
ده‌ڵێینه‌وه‌ ســـــوپاس بـــــــــــــۆ
هه‌ســـــــتی به‌رزی مــــــامۆســــتا