وەزارەتی رۆشنبیری، وەزارەتی “داهێنان” …هەندرێن

راستییەکەی ئەو بڕیارە گشگر و ئاڵۆزەی وەزارەتی رۆشنبیریی، کە گوایە وەک دەگوترێت ئەو بڕیارە بەرەنجامی پێشنیازکردن و تیبینییەکانی نووسەرێکی ئەکادیمیی رۆژھەڵاتی کوردستان، دکتۆر بەختیار سەجادییش ئەنجامدراوە، چونکە دیارە لێرە ئاستی نووسەران و ئەکادیمییەکانمان زۆر داماون، بەردەوامی هەمان سیاسەتی کارکەنارخستنەکانی بواری رۆشنبیرییە. خەڵاتکردنی هەزاران کەس بە ناوی “داهێنان” لە لایەن ئەو وەزارەتەوە، سانسۆرکردنێکی “داهێنەر”انەی بەهای رۆشنبیریی بوو. کەواتە ئەو بڕیاری سانسۆرکردن بە رێگەی ژمارەی سپاردن، بە بیانۆی پاراستنی”بەها پیرۆزەکانی نیشتمان” و … تاد، کە راستییەکەی خودی ئەو حیزبابە و وەزارەتەیش رێزی ئەو “بەھا نیشتینانیی”ەنایەن ریسوا کردووە، هەمان سیاسەتی بە مشەخۆرکردن و بە دەمکوتکردنی زمانی رۆشنبیرییە بە ناو و پاساوی جیاوازەوە.
هەرچەندە لێرە سانسۆرکردنی کتێب تشتێکی زۆر نوێ نییە، چونکە رەنگە زۆر کتێب هەبن لە حکومەتی ئەولای چاپبکرێن، کەچی لێرە لەوەکەی دیکە چاپ نەکرێن و بە پێچەوانەشەوە. هەروەک زۆر کتێب هەن لە رووی ناوەڕۆک و زمانییەوە چاپ دەکرێن، هەقی قەدەغەکردنییان هەیە، چونکە هەم رووحی رۆشنبیریی بەد و بەدفەڕیی بڵاو دەکەنەوە و هەمیش زمان تاڵانکردن و چێژی داوەشاو.
لەوەش بترازێ، ئەگەر کۆمەڵگەی ئێمە خاوەن دەستەیەک “رۆشنبیر”ی خاوەن ئێتکی رۆشنبیریی بووایە، ئەو وەزارەتە لە سەرەتای تەشکیلبوونی حکومەتی کوردییەوە تا ئێستا نەدەبوو بە بەشێک لە بە مشەخۆرکردن و بەرخۆرکردنی رۆشنبیریی نووسەران، چونکە کەس نییە نەیزانێت، کە ئەو وەزرارەتە بووەتە بە مۆڵگەی حەشاماتێک لەو نووسەر و مووسەری بەناوی “مودیر” و “موەزەف”گەلەی بندیوار.
بۆیە ئێستایش بەشێک لەو”رۆشنبیرە داهێنەر”ە بندیوارییانەی خودی ئەو وەزارەتە، وەک پاسەوانی “ئازادی نووسین” لەگەڵ حەشامات واژۆیان کردووە. ئەوھا کورد بوو بە “داھێنەر”ی تەرزە “رۆشنبیر”گەلێک کە لە یەککاتدا ھەم شۆڕشگێڕی “داھێنەر”ی بندیوارن و ھەمیش “رۆشنبیر”ی بەرھەڵستکاریی پاسەوانی بێچەکی ئازادیی.
کەواتە ئەو بڕیارە “داهێنەر”انەی وەزیری رۆشنبیری!، هەرچەندە وێناچێت تشتێکی نوێ بێت، کە هەڵایەکی نوێی بە ناوی”ژمارەی سپاردن” لەناو هەڵایەکانی دیکەی کۆمەڵگەی مارانگازی ئێرە چێکردووە، کە ێەمەیش بەرهەمی ئەو ئەدا و ئەتواری نا-رۆشنبیرانەی کۆمەڵگەی ئێمەیە کە ساڵانێکە کەڵەکەی دەکات.
لێ ئەگەر کورد و حکومەتۆکە یەک بە دوای یەکەکانی پەرۆشییەکی “کولتووریی و زمانیی”یان هەبووایە، بەلای کەمییەوە دەبوو وەک تۆڵەکردنەوە لەو هەموو مێژووی سانسۆرکردنەی کە لەسەر بێدەنگکردنی زمان و نووسین بە کوردیی لە لایەن داگیرکارانییەوە پەیڕەو کراوە، خاوەن وەزارەتێکی کولتووریی بووایە کە “داهێنەر”ی سیاسەتی ئازادکردنی زمانی کوردیی بووایە، تا ئەو زمانە بیتوانیبایە بوونە دەمبەستکراوەکەی بەرهەڵدراو داھێنانی کردبایە.

هەندرێن
٢٠٢٠/٩/٢٨




شایەتییەک بۆ مێژوو منازەرەکەی مەلا بەختیار و نەوشیروان مستەفا … ستیڤان شەمزینی

لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2008دا، مەلا بەختیار داوای لە نەوشیروان مستەفا کرد، پێکەوە دیبەتێکی کراوەی تەلەفزیۆنی ئەنجام بدەن، لە ئەلفەوە تا یای هەموو شتێک باس بکەن. ئەم تەحەدایەی مەلا بەختیار پێش نۆ ساڵ لە مەرگی نەوشیروان مستەفا و چەند مانگێکیش پێش دروستبوونی گۆڕان بوو. ئەوەی ئامادەیی خۆی دەرنەبڕی بۆ ئەو دیبەیتە کراوەیە، نەوشیروان مستەفا بوو. من ئەو کاتە وتارێکی کورتم لە دوای لاپەڕەی گۆڤاری “نێوەند” لە ژمارەی “57”ی مانگی نۆڤەمبەری 2008دا بڵاوکردەوە کە داوام لە نەوشیروان مستەفا کرد بۆ روونکردنەوەی ئەو راستییە تەم لێ نیشتووانەی مێژوو بەشداریی بکات، هاوکات رووبەڕوو هەمان داوام لە نەوشیروان مستەفا کرد، ئەو بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو بێتە پای بابەتێکی لەو جۆرەوە. بۆیە پێموایە مەلا بەختیار مەرگی نەوشیروان مستەفای وەک دەرفەت نەقۆستووەتەوە لە بڵاوکردنەوەی کتێبەکەیدا بەڵکو پێش دوانزە ساڵ داوای دیبەتی تەلەفزیۆنی کردووە. بەهەرحاڵ ئەمەی خوارەوە ئەو وتارەیە ساڵی 2008 بڵاوم کردووەتەوە:

منازەرەکەی مەلا بەختیار و نەوشیروان مستەفا

وەک بینیمان “مەلا بەختیار”ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لە رۆژنامەی”چاودێر”ەوە بانگهێشتی نەوشیروان مستەفای کرد بۆ رووبەڕووبوونەوە، لە منازەرەیەکی کراوەی تەلەفزیۆنییدا. دیارە مەبەستی سەرەکیی”مەلا بەختیار” لەسازدانی ئەو منازەرەیە راکێشانی نەوشیروانە بۆ نێو گفتوگۆیەکی راستەوخۆ، کە بێگومان هەم دەبێتە هۆی بەتاڵبوونەوەی ئەو ئەفسوونەی لە دەوری ناوبراو دروستکراوە. هەمیش دەبێتە پەردە هەڵماڵینێک لە رووی راستینەی نەوشیروان مستەفا کە نەوەک چاکساز نەبووە بەڵکو بەقەبارەیەکی ترسناک بەشداربووە لە پەرەپێدانی ئەو کولتوورە سیاسییەی ئێستاکێ بەحیساب لە دژی وەستاوەتەوە و چاکسازیی تێدا دەکات. ئەم بانگهێشتەی مەلا بەختیار یەکێکە لە هەنگاوە هەرە زیرەکەکانی باڵی بەرامبەر لە دژی ئەو باڵەی نەوشیروان کە زیاتر لە وتاری “ئێمەو ئەوان”ەوە خەتەکانی دیاریکرد و خۆی لەباڵی گشتیی یەکێتی پێ جیاکردەوە. بێ هیچ سێ ودوویەک ئەو بانگێشە،دەستپێشخەریی و پێشنیارەی “مەلا بەختیار” بۆ ئەوە نییە لە رێگەی منازەرەیەکەوە بگەنە ئەنجامێکی ئیجابیی، بەڵکو جۆرێکە لە سەلماندن بە نەوشیروان ئەویش وەک ئەوان بە قەبارە و سەنگی خۆی بەشداربووە لەو”ناعەدالەتی”یەی ئەوڕۆ لە وتاری”ئێمەو ئەوان”دا بەتوندیی رەخنەی جیددی لێگرتووە.
لەباری واقیعیشەوە نەوشیروان مستەفا نە ئەوەیە خۆی لە یەکێتی دابڕیبێت و ئەوەی راگەیاندبێت ئەو ئیتر یەکێتی بە خێر و شەڕییەوە رەت دەکاتەوە، نە ئەوەشە وەک دەستی چەپی یەکێتی درێژە بە چالاکیی بدات، ئەو لەلایەکەوە وتاری”ئێمە و ئەوان” دەنووسێت و لەلایەکی دیکەشەوە خۆی بە هاوبەش و پشکدار دەزانێت لەو بودجە و داهات و سەروەتەی هەنووکە بەدەستی “یەکێتی”یەوەیە. لەسەرێکەوە دەیەوێت وەک باڵی ریفۆرمخواز و ئۆپۆزیسیۆن نمایشی خۆی و کۆمپانیای وشە بکات، لەسەرەکەی دیکەشەوە هێشتا خۆی بەبەشێک لەجیسمی یەکێتی دەزانێت و رەوایی بەخۆی دەدات چەندێک ئارەزووی دەکات لە داهاتەکان و سامانی ئەو حزبە پشکدار و برابەش بێت. ئیدی فەلسەفەی ئەو منازەرەیەی مەلا بەختیار داوای کرد و نەوشیروان رەتیکردەوە، هەر لەوەدا نەبوو ئەو دوو کەسە کە ناکۆکییەکی قووڵ و مێژووییان لەگەڵ یەکتر هەبووە و هەیە، کێشەیەکی شەخسیی نێوان خۆیان یەکلابکەنەوە، چونکە وەک وتمان مەبەستی سەرەکیی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو کەسایەتییە لە رێی منازەرەیەکی کراوەی تەلەفزیۆنیی و لەبەردەم چاوی جەماوەر، بەچۆکداهێنانی نەوشیروان مستەفا و کۆمپانیایەکەیەتی بەتایبەت لەرێی خستنەڕووی پانۆرامای کردەوە و چالاکییەکانی نەوشیروان مستەفا لە مێژووی یەکێتیدا، هەروەها لەرێگەی ئەو لێکدژیی و ناکۆکییەی ئێستاکەش بەهەڵوێستەکانییەوە دیارە، کە وەک ئاماژەمان پێدا لە روویەکەوە ئەندازیاری چاکسازیی و داینەمۆی هێزی بەرهەڵستکارییە و لەرووەکەی تریشەوە بەشێکە لە دەسەڵات و پارتێکی سەرەکیی دەسەڵات.
من وا تێدەگەم نەوشیروان مستەفا دەبێت رێگەیەکی رۆشن بگرێتە بەر. رێگەی خۆ یەکلاکردنەوەی یەکجارەکیی، یان هەڵبژاردنی بەرەو سەنگەری ئۆپۆزیسیۆنەکان، یاخود بەشدار و بەشێک لەرەوتە گشتییەکە. لەوە بەدواوە یاریکردن لەنێوان ئەو دوو سەنگەرەدا مەهامەکەی بەتاڵ دەکاتەوە و لەپێش چاوی هاووڵاتیانیش سەنگ و بەهایەکی ئەوتۆی نامێنێت. بۆیە ئەگەر ئەمڕۆش بەپاساوی بەهێز و تاراددەیەک قەناعەتپێکەر خۆی لە داواکەی مەلا بەختیار بدزێتەوە، ئەوە بێگومان لەداهاتوودا دەیان داوای تری هاوشێوەی بەرەو روو دەکرێتەوە، تەنانەت لەلایەن هێزەکانی تریشەوە ئەو داوایەی لێدەکرێت، بێگومانیش خۆدزینەوە لە هەموو داوا و پێشنیارەکان جگە لەوەی متمانەی کاڵ و کاڵتر دەکاتەوە، لەهەمان کاتیشدا دەبێتە هۆکاری داڕوخانی یەکجارەکیی پڕۆژەکەی کە ناوی چاکسازیی و شەفافیەتی لێناوە. رەنگبێ ئەم گلاستنۆس و پرۆسترۆیکایەش هێندەی ئەوی گورباتچۆف رۆڵی هەبێت و سەرئەنجامەکەی بەداخەوە ناخۆش و تراژیدیی بێت.

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە “57”ی گۆڤاری “نێوەند” لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2008دا بڵاوکراوەتەوە.

ستیڤان شەمزینی




سانسۆرکردن مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە… ئاراس سەعید

کام بەهاو کامە شیرازەیی کۆمەڵایەتی، لەپێناوی بەهاو نەریتە پیرۆزەکانی نیشتمان و نەتەوە، یان لەقاڵبدانی ئەقڵ و خەساندنی فیکر و سەرکوتکردنی ئازادی بیروڕا.

  1. سانسۆرکردنی نوسین و بیرکردنەوە نەک شتێکی نامۆ نیە بەکۆمەڵگای ئێمە، بەڵکو مێژوویەکی دورو درێژی هەیە. لەماوەی ئەم زەمەنە مێژویەدا سانسۆرکردن بەسیستماتکیکراوە و لەڕێگەی مۆنپۆڵ کردنی سێکتەری پەروەدە و کاروباری ئایینی و ڕۆشنبیریەوە. بازنەیەکی فیکری و کلتوری سەپاو و تواندنەوەی جیناوەکانی من و تۆ و ئەو لەناو ئێمە و ئێوەو ئەواندا. دەسەڵاتی سیاسی لەمێژە لەڕێگەی کارخانەکانی پەروەدەوە هەوڵی بەرهەم هێنانی تایپێک لەمرۆڤی پاسیڤ و دۆگامەیە. لەمنداڵیەوە وەکو تاکێکی گوێڕایەڵ پەروەدەدەکرێت و ئەقڵی منداڵ وەکو تەنەکەی خۆڵ پڕ دەکرێت لەزبڵ و خاشاکی باو. مرۆڤ بۆی نیە هیچ گومانێک لە وتەکانی مامۆستا و وانەکە هەبێ و هەمووان ئامادەدەکرێن لەسەر یەک شێواز بیربکەنەوە و گوێڕایەڵی مامۆستا و لەخۆیان گەورەتربن. وردە وردە ئەم مرۆڤە دەرونی دەق دەگریت بم شێوازە ڕاهێنانەوەو لەداهاتوشدا گومانی لەهیچ شتێک نیەو ڕۆبۆت و مەیمونێکی ئامادەکراوە بۆ لێخورێن. مامۆستایی ئایینی بەبێ هیچ سانسۆرێک پرسی ئەخلاق دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵێ حەرام و حەڵاڵی ئایینی، پرسی ئازادی دەگۆڕێت بۆملکەچبونی خودا و گومانکردن دەکاتە گوناهێکی گەورە و واوەیلا و گومڕایی بۆ ئەو کەسانەی وگومان لە بەرنامەی ئیسلام دەکەن. سێکتەری ڕۆشنبیریش لەڕێگەی ڕۆشنبیرە کۆنزیرڤاتیڤەکانیەوە بەردەوامە لەبەرهەمهێنانی فیکری کۆنەخوازی و ڕوحی ناسیۆنالیزم و پیرۆزکردنی سەرکردە. پوچەڵکردنەوەی هەر ڕوئیاو فکرێکی نوێ کە تابۆ و پیرۆزیەکانی تێک دەشکێنێ.
  2. بەها و نەریتە پیرۆزەکان چین؟
    کاتێک زۆرینە دەق دەگرێت بە کۆمەڵێک دەق و چیرۆک وئەفسانەوە ئیتر ڕاستەوخۆ دەبێتە تابۆیەکی پیرۆز، بەواتایەکی تر، هیچ کەسێک مافی فۆڕۆمەلە کردن و ڕیفۆرمکردنی نیە. ئەمانە جگە لەکۆمەڵێک ترادسیۆنی خێڵ و نەتەوە و یاسایی ڕەهایی ئایینی هیچی زیاتر نین. ڕێزگرتن و ملکەچی بوونی ئیتیکی دەستەجەمعی، چەپاندنی بیرکرنەوە و ڕوئیای تاکەکەسە لەلایەن زۆرینەوە. سانسۆر واتا، بیرکردنەو تێڕوانینی لەگەڵ ئەقڵیەتی خێڵە ژنکوژەکانی کوردستان و حیزب و ئیسلامی سیاسی جیاواز بێت دەبێت دەستکاری بکرێت یاخود ڕێگری لێبگرێت.
  3. ئەم بڕیاڕەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، گەڕانەوەیە بۆسەدەکانی ناوەڕاست و مۆنۆپۆڵکردنی ئازادی بیروڕا و دروستکردنی بەربەستە لەبەردەم هەر فیکری نوێ و هەوڵێکی کراونەوە لەکۆمەڵگادا. سانسۆر دانان بۆکتێب لەلایەن نوخبەیەکی حیزبی و ئایینەوە هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ سوتاندنی جیۆردانۆ برۆنۆ و سوکایەتی کردن بەگالیولۆ سوتاندنی کتێبەکانی ئیبن ڕوشد. وەزارەتی ڕۆشنبیری بەم بڕیاڕەی کلتور و فەرهەنگی کوردی لە باردۆخی وەستاو قەیرانی و فیکری و ئەخلاقیدا نەک بەرەو پێشەوە نابات، بەڵکو باردۆخی فەرهەنگ و فیکر و کلتوری کوردی دەگەڕێنتەوە بۆ سەردەمی کۆپەرنیکۆس و سەدەتاریکەکان و سەردەمی عێراقی دوای موعتەزیلە.



سەرەتای بە نەخوێندەوارکردنی کۆمەڵگەی کوردی … شوانە حەسەن ئەبوبەکر

یەکێک لەو پرسانەی کەدەسەڵات لەکوردستان چەندین ساڵە کاری جیدی بۆ دەکات بریتیە لەپرسی (بێ ئەهمیەتکردن)، دەسەڵات هەر لەسەرەتا دەستی برد بۆ بێ ئەهمیەتکردنی خۆشەویستی نیشتمان و کوردایەتی لەڕێگەی کوشتنی ئینتمای مرۆڤی کورد، چونکە لەفەرهەنگی حزبی کوردی هەمیشە پێناسەی حزب یەکسان بووە بەپێناسەی کوردایەتی و ڕێکخستنەکانی حزب بریتین لەهاوڵاتیانی ڕەسەن و پلەیەکی کۆمەڵگە، ئەم جیهانبینیە وایکرد کەپرسی هەڵاواردن لەسەر بنەمای ئینتما لەدایک بێت و تێرکردنی بەشێک و برسیکردنی زۆرینەی شەقامی کوردی لێبکەوێتەوە، بێگومان هەر ئەم سیاسەتە ناهاوسەنگەش بوو ئافرەتێکی بارزانی برسی پاشماوەی ئەنفالی ناچارکرد بە (کازمی) بڵێت: (کوردستان ئەمانەتی تۆ بێت)، لەدیدگای ئەم ئافرەتەوە دەسەڵات چەندین ساڵە لەپاراستنی ئەمانەتەکانی ئەم کوردستانە کە (خاک و خەڵک)ە ڕاستگۆ نەبووە، چونکە خەڵکەکەی وا برسی و هەژار خستوەو سنورەکانی نیشتمانیشی ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو بچوکبونەوەی زیاتر بردوە.
یەکێک لەو خەونانەی تریش کەدەسەڵات لەدوای دووهەزارەوە کاری جیدی بۆکردوە بریتیە لەپرسی بێ ئەهمیەتکردنی (بڕوانامە)، لەڕێگەی دوو ئاقاری جیاواز:
١- هەر لەدوای ساڵی (٢٠٠٠)ەوە ساڵانە خوێندکارێکی زۆر لەزانکۆو پەیمانگاکانی کوردستان دەردەچن، بەڵام ئەم دەرچونە چانسی ئەوەیان پێنادات لەکەرتی (تایبەت و حکومی) دابمەزرێن و مومارەسەی پسپۆڕی خۆیان و خزمەتیش بەکۆمەڵگەی کوردی بکەن، بۆیە بڕوانامەکانیان بەتەنیا بۆتە کاغەزێکی بەژمارەو لەماڵەوە تۆزی لێ نیشتوە، بەداخەوە زۆر جار بینیومانە لەخۆپیشاندانەکاندا خوێندکاران ئەو بڕوانامەیە دەسوتێنن کەزیاتر لە (١٦) ساڵە شەونخونیان بۆی کردوە وەک ئاماژەیەک بۆ بێ بەها بوونی، بەگشتی ئەم حاڵەتەش گەر سەرنج بدەین کاریگەری نەرێنی دروستکردوە و بۆتە خۆرەیەک و حەز و توانای خوێندکاری کوردی بەگشتی بۆ خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە کوشتوە.
٢- بڕوانامەدارکردنی کادری حزب فاکتەرێکی ترە بۆ بێ ئەهمیەتکردنی بڕوانامە لەکوردستان، چونکە حزب لەچەند ساڵی ڕابردودا بەلێشاو کادری بێتوانای خۆی نارد بۆ زانکۆکان بەمەبەستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا، بۆ ئەوەی دواتر پۆستە باڵاکانی زانکۆ و پەیمانگاکانیان پێپڕبکاتەوەو حزب ئەم ناوەندانە کۆنترۆڵبکات، لەکاتێکدا زۆرینەی ئەمانە لەبەرئەوەی بەرێگە ڕاستەکەدا کەکۆششکردنە نەڕۆیشتن بۆیە بەڕێگە ڕاستەکەشدا ناگەڕێنەوە و فێری پشتبەخۆبەستن نابن، کەواتە بینیومانە ئەوانە زۆرجار خوێندنیش تەواو دەکەن کەچی ناتوانن خاوەنی دوو قسەی مەعریفی و پڕۆژەیەکی ئەکادیمی بن لەپسپۆڕیەکەیان، لاتان سەیرنەبێ ئوستاذی زانکۆ هەبێت لەخوێندنی ئۆنلاینی پار ساڵدا نەیتوانی بێت کۆمپیوتەرەکەی بەباشی لەپڕۆسەکەدا بەکار بهێنێت، خاوەن دکتۆراشم بینیوە تاکو هێشتاش لەخەیاڵی ئەودا دونیا بەوجۆرەیە کە (زینی وەرتێ) بریتی بێت لە سنوری نێوان هەرێم و وڵاتی ئێران.
یەکێک لەو پرسانەی کەدەسەڵات لەم ساڵانەی دوای دەستی بۆبرد خەونی بە نەخوێندەوارکردنی جیلی داهاتووی کۆمەڵگەیە، نەخوێندەواری بەمانا تەقلیدیەکەی کەنەبونی توانای خوێندن و نوسینە بەشێوازێکی دروست، بەنەخوێندەوارکردن دەمێکە خەونی قوڵی دەسەڵاتە بەئامانجی بەڕەعیەتکردنی کۆمەڵگەی کوردی و کوشتنی توانای سۆراخکردن لای جیلی داهاتوو، سەرەتای ئەم بەرنامەیە بەدابڕینی ڕۆحی مامۆستا لەناوەندەکانی خوێندن دەستی پێکرد ئەوکاتەی کەپاشەکەوتکردن و لێدزینی موچەی مامۆستایان کرایە ئەمری واقع و بەئۆنلاینکردنی ناوەندەکانی خوێندنیش پڕۆسەی نەخوێندەوارکردنی تاکی کورد وا تەواو دەکات، لەکاتێکدا سیستمی ئۆنلاین ساڵی ڕابردو بەکەموکورتیەوە لەزانکۆ و پەیمانگا و خوێندنگاکان تاقیکرایەوەو سەرکەوتو نەبوو، بۆیە مەنهەجە خوێندراوەکە بۆ تاقیکردنەوە داخڵنەکرا، تخوا چ ڕەوای حەقە ئەمساڵیش بێئامادەکاری پێشوەخت بۆ خوێندنی ئۆنلاین پڕۆسەیەکی شکستخواردوی ساڵی ڕابردو دوبارە بکەینەوە، گەر تاکە ئامانج لێی بریتی نەبێت لە بەرنامەیەک کە خوێندکاری کورد ساڵێکی بێ بەرهەمی زانستی بخوێنێت و قۆناغی بنەرەتیش ئەوەی فێری بووە لەساڵانی ڕابردو گەر ماندونەبونی کارای ماڵەوەی لەپشت نەبێت ئەوا ئەویشی بیر دەچێتەوەو ئەنجام مرۆڤێکی نەخوێندەوار دەردەچێت.




دێرینکۆیۆ لە نێوان جیهانی ژێرەوەی داستانی دەمموزی و بەهه شتی ژێرزەمینی جەمشید دا…دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

پوختەی توێژینەوەکە :

ئەفسانەو ئایین و شوێنەوار سێینەی هه رەکۆنن کە مرۆڤ جێ دەست و هزری خۆی تێدا بە جێهێشتووەو چالاکی خۆی تێدا نواندووە ،بە پێی توێژینەوە زانستیەکان دەرکەوتووە کە مرۆڤ لە ڕۆژگارێکی یەکجار زووەوە لە سەر ئاستی( ئایین و ئەفسانەو فەلسەفە )ەو بیری کردووتەوەو بە پێی ئەو ئایین و ئەفسانەو فەلسەفەشەوە شاخی هه ڵکۆڵیوەو نەخشی کردووەو پەرستگاو پەیکەرو خانووی درووستکردووە . ئێمە بۆ سەڵماندنی ئەم ڕایە لەم توێژینەوەیەدا شاری (دێرینکۆیۆ ) ژێر زەوی لە باکووری کوردستان لە گەڵ ( جیهانی ژێرەوە )ی داستانی (ئینەننا و دەمموزی = عەشتارو تەموز) سۆمەری و (بە هه شتی ژێرزەمینی ) جەمشیدی پاشای کەیانیدا دەکەین بە بابەتی توێژینەوەویەکی بەراوردکاری و بە دوای زەمەن و خاڵە هاو بە شەکانیان دا دەگەڕێن و هه وڵدەدەین پەیوەندی نێوانیان بدۆزینەوەو ڕووداوی داستانەکان بهێنینەوە نێو جوگرافیای دێرێنکۆیۆ ولە مەشدا پەنا بۆ زانستیی شوێنەوارو مێژووی کۆن و هێما ئایینی و فەڵسەفیەکانی ئەو بیرو هزرە کۆنانە دەبەین کە سەرەداوو شوینەواریان لە جوگرافیای ڕووداوی داستانەکان دەستدەکەون .لەم لێکۆلینەوەشدا بە پێی پێویست سود لە زیاتر لە پسپۆریەک وەردەگرین ، ئەوێش ( زانستی ئەفسانە ناسیی و شوێنەوارناسیی و ئایینناسیی و مرۆڤناسیی و مێژووە ) کە لای ئێمە لێکۆڵینەوەکان سەڵماندوویانە کە پسپۆریەکان هه رهه موویان بەرهه می بیرکردنەوەی مرۆڤن لە هه موو سەردەم و شوێنێکدا، هه ربۆیە لەزۆر ڕووەو تێکدەکەنەوەو لێکدانابڕێن .
لە کۆتاییدا ئەو ئەنجامانە دەستنیشان دەکەین کە لێکۆڵینەوەکە پێی گەیشتووە ،
کلیلی وشەکان : جیهانی ژێرەوە ،بەهه شتی ژێرزەمینی ، عەشتار، دەمموزی ، جەمشید ، دێرینکۆیۆ

پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
زانکۆی سەلاحەدین – هه ولێر – ٦/٢٠١٩
Dr.Mawlud Ibrahim Hassan/
هێمابە کار هاتووەکان :
بۆناسینەوەی سەرچاوەو کتێبەکان ئەم هێمایانەمان بە کار هێناوە .
١-کتێبەکان ژمارەی زنجیرەیی بۆ نووسراوەو ئەگەر کوردی بێت –ک- لەگەل داندراوە ،-ع- بۆ کتێبە عەرەبیەکان و –ف- اس بۆ کتیبە فارسیەکان و لە گەل ناوی نووسەر .
٢-لە سەرچاوە ئەلەکترۆنیەکانیش دیسان بە دانانی –ک- ی کوردی و –ع- عەرەبی و –ف –ای فارسی کتێبەکان لیکجیاکراونەتەوە .

وشە کلیلییەکان : جیهانی ژێرەوە ، بە هه شتی ژێر زەمین ، دەمموزی ، عەشتار ، جەمشید ، دێرینکۆیۆ ،
پێشەکی :-
ئەفسانەو ئایین و شوێنەوار سێینەی هه رەکۆنن کە مرۆڤ جێ دەست و هزری خۆی تێدا بە جێهێشتووەو چالاکی خۆی تێدا نواندووە ، بە پێی توێژینەوە زانستیەکان دەرکەوتووە کە مرۆڤ لە ڕۆژگارێکی یەکجار زووەوە لە سەر ئاستی( ئایین و ئەفسانەو فەلسەفە )ەو بیری کردووتەوەوبە پێی ئەو ئایین و ئەفسانەو فەلسەفەشەوە شاخی هه ڵکۆڵیوەو نەخشی کردووەو پەرستگاو پەیکەرو خانووی درووستکردووە . ئێمە بۆ سەڵماندنی ئەم ڕایە لەم توێژینەوەیەدا شاری (دێرینکۆیۆ ) ی چین لە ژێر چێنی ژێر زەوی لە باکووری کوردستا لە گەڵ ( جیهانی ژێرەوە )ی داستانی (ئینەننا و دەمموزی = عەشتارو تەموز) سۆمەری و (بە هه شتی ژێرزەمینی ) جەمشیدی پاشای کەیانیدا دەکەین بە بابەتی توێژینەوەویەکی بەراوردکاری و بە دوای زەمەن و خاڵە هاو بە شەکانیان دا دەگەڕێن و هه وڵدەدەین پەیوەندی نێوانیان بدۆزینەوەو ڕووداوی داستانەکان بهێنینەوە نێو جوگرافیای دێرێنکۆیۆ ولە مەشدا پەنا بۆ زانستیی شوێنەوارو مێژووی کۆن و هێما ئایینی و فەڵسەفیەکانی ئەو بیرو هزرە کۆنانە دەبەین ، کە سەرەداوو شوینەواریان لە جوگرافیای ڕووداوی داستانەکان دەستدەکەون .لەم لێکۆلینەوەشدا بە پێی پێویست سود لە زیاتر لە پسپۆریەک وەردەگرین ، ئەوێش ( زانستی ئەفسانە ناسیی و شوێنەوارناسیی و ئایینناسیی و مرۆڤناسیی و مێژووە ) کە لای ئێمە لێکۆڵینەوەکان سەڵماندوویانە کە پسپۆریەکان هه رهه موویان بەرهه می بیرکردنەوەی مرۆڤن لە هه موو سەردەم و شوێنێکدا، هه ربۆیە لەزۆر ڕووەو تێکدەکەنەوەو لێکدانابڕێن .
لە کۆتاییدا ئەو ئەنجامانە دەستنیشان دەکەین کە لێکۆڵینەوەکە پێی گەیشتووە ،

گرفتی توێژینەوەکە :-
ئەوەی لە م توێژینەوە یەدا ئەوەی مەبەستمانەو وەک گرفت ماوەتەوەو تائێستا لە توێژینەوە جیهانیەکانیش چارەسەرنەکراوەو بە پرسیار ماوەتەوە ، بە واقیعکردنی هه ندێک لە ڕووداوە ئەفسانەیی و ئایینیەکۆنەکانە . لێر لە ئەفسانە مەبەستمان ئەو ئەفسانانەن کە بە شێکن لە میێژوو وئێستا وەک خەیاڵ و نەبوو دەناسرێن ، هه روەها لە ئایینیش مە بەست ئەو ئاینانەن کە لە دەرەوی ( ئایینە ئاسمانیەکان ) ن و ڕۆژگارێکی زۆریان بە سەردا ڕابردووەو لە دنیایی باوەڕو خەیاڵ ماونەتەوە . ئێمەش لەم توێژینەوەیەدا دەمانەوێ لە ئەفسانەو خەیاڵەوە جارێکی تر بیانکەین بە واقیع و شوێنی ڕووداوکانیان بدۆزینەوەو بیانکەین بە بەشێک لە مێژووی کۆنمان . لێرەش سی بابەتی هه رەگرنگمان هه ڵبژاردووە ، کە بێ شک گرنگیەکی جیهانیان هه یە ..ئەوێش (جیهانی ژێرەوە
)ی داستانی تەمموزو عەشتاری سۆمەری و( بەهه شتی ژێرزەمینی)ی جەمشیدی پاشای ئەفسانەیی کەیانیەکانی ئێران و ڕۆژهه ڵات و (شاری ژێرزەمینیی دێرینکۆیۆ)ی چەند ین چین بە ژێریەکەوەی ژێر زەویەکەی کوردستانی باکوورە و کە هه رئێستا ناوبانگیکی ئەفسانەیی هه یە .
لە ئەفسانەی خەیاڵەوە بۆ زەمینی بەرچاو
هه رئێستا لە نیو ئەو ئەفسانانەی کە لە نێو کوردەواری دگێڕدرێنەوە ، زۆر جار ئەفسانە دەگاتە شوێنێک و پاڵەوان لە – کونە شاخیک – یان لە – دەمی بیرێک – ەو دەچێتە جیهانیکی ترو لە ئەفسانەکەدا بە – بن دونیایێ – ناو دەبردرێ ، ئەو بن دونیایە هه مان ئەو – عالم السفلی – جیهانی ژێرەوە – یەی ئەفسانە ی سۆمەرییەکانە ! ئەرێ ناکرێ ئەو کونەشاخ و دەمە بیرە هه ر ئێستا ش لە نیو وڵاتدا هه بن بتوانین بە چاوی سەری خۆمان بیبێنین ؟ هه بن و بتوانین لە وێوە ئێمەش بچینە ئەو بن دونیاو جیهانی ژیرەوە یە!؟ بەڵێ ..هه رئێستا لە کوردستان زۆر ئەشکەوت هه ن تا ئیستا هیج کەس نەگەیشتوونەتە کۆتایی و لێکۆڵەران بۆیان ڕوون نە بووەتەوە لە نیو ئەم کونە بێ بنەدا دواجار چی هه یەو چی هه بووە ! لە( چیای قەرە چوغ) لە سەر قسەی دانیشتوانی ناوچەکە کونە ئەشکەوتی واهه یە کە جۆگە ئاوی بە ناودا دەڕواو زۆر کەل و پەلی تێدا بووە کە دەستیان داوەتێ بوون بە خۆڵ و ئەشکەوتەکە لە هه ندێ جیگادا زۆر فراوانەو لە هه ندێ جێگاش دەبێ لەسەر زگ بۆی بخشی و هێشتا کەس نە گەیشتووەتەبنی و لە ڕووی شوێنەواریەوە نەدۆزراوەتەوەو تۆمار نە کراوە .( ١-ک- حەسەن.٢٠٠٠) زۆر جار باسی بیرێک دەکرێ کە هێندە قووڵە هه رچی هه ردەدەنە خوارەوە ناگاتە بنی ! ئایا ناکرێ ئەم دەرگاو کون و دەمە بیرانە دەرگای شارێکی ژیر زەوی بن وەک دەرگای ( دێرینکۆیۆ ) ئەو دەرگاو کونەی لەساڵی ١٩٦٣ دا هاوڵاتیەک کە خەریک بوو خانووەکەی خۆی دەسکاری دەکرد لە پڕ کونیک پەیدابوو ، دواجار ئەو کونە دەرگای شاریک بوو کە ( ١١ ) چین لەژێر یەک هه لکۆڵراون و هێندە گەورەو سەیرە پسپۆران بە ( شاری جنۆکان ) ی ناو دەبەن ، ئەو شارە بە قسەی شوێنەوارناسەکان جێگای ٢٠ هه زار تا ٥٠ هه زار کەسی تێدا دەبیتەوە !! ئەو دێرینکۆیۆیە دەکەوێتە ناوچەی ( وێران شەهر) و لە کوردستانی باکوور . توبڵێ ئەو دێرینکۆیە هه مان ئەو شارە نەبێت کە( زەینە فۆن) سەرکردەی گەڕانەوی دەهه زاریۆنانیەکە لە ساڵی ٤٠١پێش زایین باسی دەکات ؟ زەینەفۆن لەبارەی شارێکی ژێر زەوی دەنووسێ 🙁 خانووەکانی ئێرە لەبن زەوی دروستکرابوون دەرگاکان وەکوبیروابوون بەڵام ، لەخوارێ فراوان دەبوونەوە ، تۆنیل بۆئاژەلەکان لی درابوو ، کەچی خەلکەکان بە پەیژە دەچوونە خوارێ ،لە نیوماڵە کانیشدا مەڕوبزن ومانگا هه موو بە بە چکەوە لەوی بوون،گەنم وجۆوشەڕابی جۆلە نیو کووپە دانرابوون کووپەکان پڕکرابوون و لییان دەڕژا ، قەمیشیان تێڕاکرابوون،کەسێک تێنووی بایەقەمیشی لە شەڕابەکە ڕادەکرد وهه لی دەلووشت ، شەڕابەکە توندبوو، دەبووایە ئاوی تێکەڵ بکرێت .پیاوکە لێی ڕاهاتبا پێی دڵخۆش دەبوو .)
(٢-ک- محمد، ل١٢٦،٢٠١٢) . زەینەفۆن ئەم باسکردنەی پآش ئەوە دێت کە لە ڕووباری خابوور دەپيڕێتەوە ودەگاتە کوردستانی باکووری ئێمڕۆ . ناکرێ ئەم خانووانەی ژێرزەوی هه مان دێرێنکۆیۆی ئێستابن کە هه موو ئەو باسانە دەیگرێتەوە کە زەینەفۆن بۆ – خانووەکان – شاری ژیرزەویەکەی کردوون !؟ هه ر زەینەفۆن لە درێژەی نووسین و بەردەوامی گەڕانەوەکەی کە هێشتا هه رلەکۆردستانە و پێش باسکردنی – خانووەکانی ژیر زەوێ – باسێکی سەیر دەگێڕیتەوە کە خۆی نازانێ چۆنی لێکبداتەوە . دەنووسێ : ( گەیشتینە دەشتاییەک لە دوورەوە خەلکیکی زۆرمان بینی لەنێو پوشووپاوانەوە بە مەڕوماڵات و ئەسپ و گاو ژن و منداڵەو دیاربوون ، کە چاویان بە سوپاکەی ئێمە کەوت ترسان و لە ماوەیەکی کەمدا ئەو هه موو حەشاماتە لە بەرچاو ون بوون و نەمانزانی ، ئاسمان هه ڵیکێشان یان زەوی قوتی دان ؟ ) (٢-ک-محمد،ل٤٤،٢٠١٢ ) ئەی ناکرێ ئەو خەڵکە چووبنەتەوە نیو ئەو شارەی ژێر زەوی کە ئەمڕۆ بە – دێرێنکۆیۆ – لە جیهاندا دەناسرێ ؟ بەتایبەت کەدەرکەوت ئەم شارە جێگای ژیانی دەیان هه زار کەسی تێدا دەبێتەوە بە مەڕوماڵات و گاو ئەسپەوە و هه موو پێویستیەکی ژیانیشی تێدا پارێزاراوە !یان شاریک بێت لەو شارە زۆرانەی ژێرزەوی کە هێشتا نەدۆزراونەتەوە مێژوو باسیان دەکات؟ئێمەش لە م توێژینەویەدا هه وڵدەدەین ئەم ڕووداوە ئەفسانەیی و خەیاڵاویانە بە شێوەیەکی زانستی بکەین بە ڕووداوی بەرچاوی مێژوویی و شوێنی ڕووداوەکان بدۆزینەوە .
شاری دێرینکۆیۆ :-
شاری دیرینکۆیۆ ئێستا وەک شارێکی گەشتیاری ناوبانگییکی جیهانی هه یەو ساڵانە بەهۆی ئەو شارەوە گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە ترکیا دەکەن ، ئەو شارە بە هۆی تاقانەییەوە لە جیهان بە زۆر جۆر باس دەکرێت .ئێستا جەند مانشێتێکی نێو میدیاکان هه ڵدەبژێرین کە بە سەر سوڕمانەوە باسی ئەو شارە دەکەن :-
-شاری دێرینکۆیۆ یەکێ لە جوانترین شارەکانی ژێرزەوی جیهانە .(٩-مدینە دیرینکویو اجمل-١/١٢/٢٠١٨٨)
-شاری دێرینکۆیۆی ژێرزەوی شاری جنۆکانە .(٨-شیار جمو-٢١/١٢/٢٠١٨)
-پیویستی دایکی داهینانە نهێنی شاری دێرینکۆیۆی ترکیایە .(منعم طالب-٢٠٠٨)
-دێرینکۆیۆ شاریکی تەواو لەژێر زەوی ترکیا.(٦-دیرینکویو مدینە-٢١/١٢/٢٠١٨)
-شاری دیرینکۆیۆ یەکێ لە شارستانیەتەکانی ژیر زەوی ترکیایە (١٣-مدینە دیرینکویو احدی-٢١/١٢/٢٠١٨)
-گەورەترین شاری ژیرزەمینی ترکیا دۆزرایەوە .(٧-ف-بزرگترین شهر-٢٢/١٢/٢٠١٨)
-دیرینکۆیۆ شاری ژێرزەمینی زەردەشتیان.(٨-ف-دیرینکویو شهر-١٤/١/٢٠١٩)
-پەناگای ژیرزەمینی ییەما جەمشید لە رۆژگارانی یەخبەندان (١٢-اربیل..١٠/١/٢٠١٨)
ئەگەر سەرنج بدەین ئەم ناونیشان و سەردێرانە هه موویان جۆرێک لە هه واڵی گرنگ و سەیرو نە زانراو لە خۆیاندا هه ڵدەگرن ، ئەمەش هه مووی بۆ سەیرو سەمەرەیی ئەو شارە دەگەڕێتەوە .
دۆزینەوەی شاری دێرینکۆیۆ :-
لە جیهان زۆر شاری ژیر زەوی هه ن، هه رلە ناوچەی 🙁 کابادۆکیا ٣٦شاری ژێرزەمینی میژوویی هه یە)(٧-مدینە دیرینکویو-٢١/١٢٢٠١٨) ساڵی (١٩٦٣ لەکاتی نوێکردنەوەی یەکێ لە خانووەکان لەناوچەی دێرینکۆیۆی سەربە شاری – نوشەهر- لە ناوە ڕاستی ترکیا دەرگایەک دەرکەوت ، دواجار دەرکەوت ئەودەرگایە دەرگای شارێکی ژیر زەوییە )(٨-شیار جمو-٢١/١٢٢٠١٨) لە پاشان لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرکەوت کە؛( هه ندێک دەڵین ٨چین و هه ندێکی تر دەلێن ١١ چین و هه شن دەڵین ١٨ چین لەژیریەکن ( ٨-شیار جمو-٢١/١٢/٢٠١٨) هه روەها دەڵێن ( قووڵیەکەی ٨٥ مەترەو جێگای ٢٠ تا ٣٦ تق ٥٠ هه زار کەسی تێدا دەبێتەوە هه روەها ٠ ستوونی هه واگۆڕی ئەوتۆی تیدایەکە درێژیەکەی ٥٥ مەترە )(٨-شیار جمو-٢١/١٢/٢٠١٨) ژمارەی دەرگاکانی ( نزیکەی ٦٠٠دەرگایەو بەبەردی خۆشکراو لە ژوورەوەڕا دادەخرێن و هه ردەرگایەک وەک بەردەئاش خۆشکراوەو پانی یەک مەترتامەترونێو ەوئەستوورای ٣٠سم تا ٥٠سم و گرانایی ٢٠٠ کگم ٥٠٠کگم دەبێت )٠(٨-شیار جمو-٢١/١٢/٢٠١٨) بۆ هه وا گۆڕی ٠( ١٥٠٠٠ دەلاقەی هه واگۆڕی تێدایە .)( ئەی ) دێرینکۆیۆ لە سەرقسەی ناشنال جوگرافیک لە ئاست ١١ چین زیاتر بەژێر یەکەوەیە و فراوانی دەگاتە ٤ میل چوارگۆشە دەکاتە ١٠/٤ کم ) (٧-مدینە دیرینکویو-٢١/١٢/٢٠١٨)ئەو شارەی ژیر زەوی دێرینکۆیۆ (هه موو ژوورە پیویستەکانی شاریکی تێدایە،تۆڕێکی ڕێڕەوی فراوان وتونێلی سەرکەوتووبەرەو سەرەوە تا دەگاتە ژووری خێزان و شوێنی کۆبوونەوەی گشتی بۆ کاروبارو خودا پەرەستی ،هه روەها ئەو شارە پڕبوو لە بیرو دوکەلکیش و هه ڵسوڕێنەری با ،لە گەڵ دەلاقەی چرای ڕۆنی و کۆگاو ستێری ئاو، لە هه مووان گرنگتربەردی خۆشکراووەک بەردەئاش، کە دەرگاکانی لە ژوورەوەڕا دادەخست و تەنیا لە ژوورەوەش کاری پیدەکرا .) (٧-مدینە دیرینکویو-٢١/١٢/٢٠١٨) ئەو شارەی ژێرزەوی وا دروستکرابوو کە ژیان تێیدا ئاسایی بیت و پر بوو( لە ژووری تری و زەیتوون گوشین و تەویلەو بەرهه یوان وژووری گەنجینەو ناندین وشوێنی نوێژوکۆمەلگەیی هه یەو فراوانەو سەربە گومبەتەو دەگوترێ ئێرە وەک هۆلی خوێندن بەکارهاتووە .) (٧-مدینە دیرینکویو-٢١/١٢/٢٠١٨) لە چینی پینجەم ٠( کە نیسەیەک هه یە زۆر وێنەی تێدا کیشراوە کەباسی چیڕۆکەکانی ئینجیل دەکات ، ئەم کە نیسەیە لە سەردەمی ڕۆمانیەکاندا مەسیحیەکان هه ڵاتوون و خۆیان تێدا حەشارداوە )(٦-دیرینکویو مدینە-٢١/١٢/٢٠١٨) هه روەها میژوو ناسەکان لەسەر ئەو باوەڕەن (کە لە نیو دێرینکۆیۆ دا تونیلی پەیوەندی هه یە لە نێوان دێرینکۆیۆو شارەکانی تری ژێر زەوی ، ئەمە بۆ ئەوەی پیویست نەکات بێنەوە سەرزەوی ، بۆ ماویەکی دوورو دریژ )(٦-دیرینکویو مدینە- ٢١/١٢/٢٠١٨)ئەگەر سەیری مانای دێرینکۆیۆ بکەین دەکاتە-(کونی قوول) هه روەها ئەم کونی قوولە ڕیک دەکاتە جیهانی ژێرەوە ، دیسان لەکتێبی ئاوڕێک لە زمانی سۆمەری هاتووە:(کە وشەی سۆمێری کور ( کور- ) بەگەلێک مانا هاتووە ،وەک کێو،هه روەها پتر بە مانای جیهانی ژێرەوە ( ئیرکاللا )ئیرکاللا هاتوە )(٤-ک- هه رشەمی شاسوار، ل١٨، ٢٠١٨) ئەگەر ئەم وشە یە بە کیو دەگوترێ ، ئەوا مەبەست کیوەکانی زاگرۆسە ، کونی قوولیش هه ر مەبەست ئەو کونانە بوون ، کە لە کیوەکانی زاگرۆس هه ن ، دیرینکۆیۆش کەو تووەتە بەردەوامی کێواکانی زاگرۆش و ئەم ناوش سۆمەریەو سۆمەریەکانیس لە و کیوانە ژیاون و پەرت بوون و داستانی جیهانی ژیرەوەش هه ر لە وکێوانە دروست بووە کە کونی قوول و جیهانی ژێرەوەی هه ن و بەشێکی کۆن وگرنگی کلتوری سۆمەریەکانە .ئەمەش جارێکی تر ئەم داستانی سۆمەری – داستانی دەمموزی و ئینەننا- و- شاری ژیر زەمینی دیرینکۆیۆ-ی ژێر زوەی دەباتەوە کن یەک کە ئامانجی ئەم لێکپلینەوەش هه رئەوەیە . . .

زەمەنی دروستکردنی شاری دیرینکۆیۆ :-
لە بارەی زەمەنی دروستکردنی شاری دێرینکۆیۆ ڕای لیک جیاواز هه یە ، هه ندێکیان پیان وایە زۆر کۆن نیەو هه شن بۆ- زەمەنی یەخبەندان -ی دەبەنەوە ( هه رچەندە تەمەنی دەگاتە هه زاران ساڵ . بەڵام ، بە شێوەیەکی سەر سوڕهێنەردروستکراوە و هه موو شتێکی تیدایە کە شار پێویستی پێیەتی .)(٦-دیرینکویو مدینە-٢١/١٢/٢٠١٨) لە بارەو چۆنیەتی دروستکردنی دیسان دەڵێن :(تا ئێستا ١٨چینی دۆزراوەتەوە ، لەوەدایە لە داهاتوو چینی زۆرتر بەدرەبکەوێ ،نەخشەسازی ئەوشارە بە پەرجووێکی سارستانیەتی دەزانن و دەڵێن ؛ کەمتر نیە لە نەخشەسازی ئەهرامەکانی شارستاینەتی فێرعەونێیەکان لە میسر .) (٦-دیرینکویو مدینە-٢١/١٢/٢٠١٨)ڕایەکی تر هه یە دەڵێ :(وای بۆ دەچن کە یەکەمجار لە نێوان سەدەی حەوتەم و سەدەی هه شتەمدا بە هۆی میللەتێک کە ناوی ( بەهریغیانس – phrygians)کە یەکێ لە میللەتانی هیندو ئۆروپییە ، هه روەها دەڵین لە سەردەمی ئەخمینی فارس فراوان کراوە )(٨-شیار جمو-٢١/١٢/٢٠١٨) ڕایەکی تر هه یە لای وایە (کە پەناگای ژیرزەمینی ییەما- جەمشید ە لە ڕۆژگاری یەخبەندانی بەستەلەکی دا ) (١١) دروستکراوە . ڕای واش هه یە کە دەڵی ئەم شارە قۆناخ بە قۆناخ دروستکراوە ( لە سەرچاوە زەردەشتیەکان و لە بەشی دووەمی ئاوێستا و لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی جەمشید دروستکراوە) vendidad( زۆرلە مێژوونووسان لەسەر ئەوباوەڕەن کە لەسەردەمی دەسەڵاتی کوردان فراوان کراوە )( ) (٨-شیار جمو-٢١/١٢/٢٠١٨) ، هه روەها کەنالی مێژوویی ئەمریکی سەر بە ناشنال جوگرافی لە فلیمێکی بە لگەەیی دا دەنووسێ :(( دێرینکۆیۆ شارێکی گەورەی ژێرزەویەوجێی ٣٠ هه زارکەسی تێدا دەبێتەوە و لە سەردەمی زەردەشتیەکان ١٢ هه زار ساڵ لەوە پێش بەدەستی کوردەکان دروستکراوە ) ،(١٢-دیرینکویو مدینە تحت-٢١/١٢/٢٠١٨) ،وەک دەبینین تائێستا زەمەنێکی جیگیر دانەندراوە ، بەڵام ، ئێمە سەرەتای دروستکردنی ئەم شارە بە زۆر کۆن دەبینین و دەیگێڕینەوە بۆ زەمەنی – بەستەلەک – وەک یەکێ لە رایەکان باسی دەکات و ئەو زەمەنەش زۆرتر لە گەڵ چوونە خوارەوەی جیهانی ژێرەوەی داستانی دەمموزی دەگونجێ و بە هه موو تەخمینەکان لەگەڵ ١٢ هه زار ساڵەکەی ناشنال جوگرافی یەک دەگریتەوە و ئەویش بۆ زەمەنی یەخبەندانی دروستکردنی بە هه شتی ژێرزەمینی جەمشیدو جیهانی ژێرەوە دەگەنەوە یەک . کە چوونە خوارەوەکەی دەمموزیی و عەشتار باسی حەوت قۆناخ دەکات کە کە هه رقۆناخەو بەشێک لە خۆڕازاندنەوەو بەرگی لێ دادەکەنن و دواجار ڕووت دەبێتەوە .ئەوەش لە زۆر لە ئەفسانە سۆمەرییەکان باسی جیهانی ژێرەوەدەکری و کە زەمەنی ئەفسانەکانە ، زەمەنی پێش چوونە خوارەوەی سۆمەرییەکانە لە کوردستان ، کوردستانی وڵاتی ئەشکەوتی زۆرو شاری ژێرزەمینی زۆرە .چونکە دووبارەبوونەوەی ئەو جیهانی ژێرەوە بە زۆری و لە نێو داستان و ئەفسانە سۆمەرییەکان ، نیشانەی واقیعی و هه بوونی ئەم شوێنانەیە لە بەشە واقیعی و مێژووییەکەی داستان و ئەفسانە کان دا.هه روەها زەمەنی دروستکردنی لەسەردەمی یەخبەندان تەواو لە گەڵ لافاوی ساردی بەستەلەک ئاسای سەردەمی جەمشیدو بە هه شتی ژێرزەمینەکەی دەگونجێ .
هونەرو زانستی دروستکردنی شاری دێرینکۆیۆ هونەرو زانستێکی زۆر پیشکەوتووە ، زاناکان دەیبەنە ئاستێک (کە کەمتر نیە لە نەخشەسازیی ئەهرامەکانی شارستانیەتی فیرعەونیەکان لە میسر .)(٦-دیرینکویو مدینە-٢١/١٢/٢٠١٨) هه ر بە هۆی ئەم ئاڵۆزیی و پیشکەوتنەی نەخشەسازییەکەی.
(زۆر کەس ڕایان وایە ئەم شارە دێو دروستی کردووە ، بەهۆی نەخشەسازییەکەی ناکرێ دەسکاری مرۆڤ بێت !هه ربۆ یە بە ناوی شاری جنۆکان ناو دەبردرێ !)(٨-شیار جمو-٢١/١٢/٢٠١٨) ئەم شار نەخشە ئاڵۆزو گرنگە ناکری لە زەمەنیکی کەم دا تەواو بووبێت ، واپێدەچێت قۆناخ بە قۆناخ دروستکرابێ . ئەگەر ئێمە گەورەیی و ئەستەمیی کارکردن و کەمی ئامێری کارکردنی پیشکەوتوو لە و سەردەمە ڕەچاو بکەین ، چاکتر ئەو ڕایەقبوڵ دەکەین کە دەڵی : قۆناخ بە قۆناخ دروستکراوە . هۆی درووستکردنەکەشی ئەگەر سەرنجی ناوچە کە بدەین و زەمەنی یەخبەندان بێنینەوە بەرچاو ئەوە بێ شک بۆ هۆی ساردیی دەگەڕێینەوە ! ئەگەر سەرنجی ژیانی ( جەمشید)یش بدەین ئەوا دیسان هۆیە ئاینییەکە باس لە داهاتنی زەمەنێکی سارد ی ئەتۆ دەکات کە مرۆڤەکانی سەرزەوی لە نێو دەبات و( ئاهورا مەزدا) دەردەکەوێت و خۆ بە جەمشید نیشان دەداو ئامۆژگاری دەکات و دەڵێ – پەناگاهێکی ژێر زەمینی- دروست بکە جونکە ( خراپترین زستان باڵ بە سەر جیهان دا دەکیشێ، کە زستانیکی مەرگ هێنەرە ، ئەو خرابترین زستانە کە باڵ بە سەر جیهاندا دەکێشی پڕ بە فرە ، بە فر بە بەرزایی کێوەکان ..)(٦-ف-پناگاه زیر زمینی ییما-٦/٤/٢٠١٩) ئەوا دیسان هۆیەکەی ساردییەکی زۆرو درێژخایەن و بە فرێکی ئەستوورە ، کە مرۆڤ ناچارە پەنا بۆ ژیر زەمین ببات ، چۆن ژێر زەمین گەرمترەو باشتر مرۆڤ دەپاریزێ . لە لایەکی تروەو ئەگەر سەرنجی گۆرانکاریی و پیشکەوتنی ژیانی مرۆڤ بدەین دەبینین لە دارستانەوە چووەتە نێو ئەشکەتی حازرو بەردەست و دواجار دەسکاری ئەشکەوتی کردووەو وەک دەر دەکەوێ ، بۆ خۆشی ژێر زەوی و ناو شاخی کۆڵیوەو بە پێی پیویستی خۆی و گۆرانکاریەکانی ژیان هونەری تێدا نواندووەو ماڵ و گوندو شاری بۆخۆی لە ژێر زەوی دروستکردووە ، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوی و ساردەکان ، کۆردستانیش ئەو وڵاتە ساردو شاخاویەیەو ئەوەتا سەدان ئەشکەوت و پەناگای ژێر زەمینی لە کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ دەردەکەون و ئەو ڕایە دەسەڵمێنن . ئەوش لە بیرناکەین کە هۆی شەڕو کوشتن و داگیرکردنیش هۆ یەکی بەرچاو بووبن بۆ دروستکردنی ئەم ئاوەدانیانەی ژێر زەوی و مرۆڤ بۆ خۆپاراستن لە کوشتن پەنای بۆ بردبیت .
لێکچوونی شوێنەوارو مێژوو
زەینەفۆن لە گێڕانەوەی مێژوویی بینینی ئەو شوێنانەی کە لە ڕێگای گەڕانەوە لە کوردستان بینیویەتی و باسیان دەکات لە گەل ئەم شوێنەوارەی – شاری دێرینکۆیۆ – زۆر وەک یەکن . کەباسی خانووەکانی ژیر زەویەکە دەکات لەوەی کە :-
🙁 خانووەکانی ئێرە لەبن زەوی دروستکرابوون دەرگاکان وەکوبیروابوون بەڵام ، لەخوارێ فراوان دەبوونەوە ، تۆنیل بۆئاژەلەکان لی درابوو ، کەچی خەلکەکان بە پەیژە دەچوونە خوارێ ،لە نیوماڵە کانیشدا مەڕوبزنومانگا هه موو بە بە چکەوە لەوی بوون،گەنم وجۆوشەڕابی جۆلە نیو کووپە دانرابوون کووپەکان پڕکرابوون و لییان دەڕژا ، قەمیشیان تێڕاکرابوون،کەسێک تێنووی بایەقەمیشی لە شەڕابەکە ڕادەکرد وهه لی دەلووشت ، شەڕابەکە توندبوو، دەبووایە ئاوی تێکەڵ بکرێت .پیاوکە لێی ڕاهاتبا پێی دڵخۆش دەبوو .) (٢-ک-محمد،مەسعود،ل ١٢٦،٢٠١٢) – ئەم باسکردنە هه مان پێکهاتەی دێرینکۆیۆیە کە توێژەرانی ئێستا باسی دەکەن .چۆن ئەم خانووانەی ژێر زەوی هه مان شاری دێرینکۆیۆی ژێر زەویە !لە جۆری خانوو کۆگاو هۆری مەڕو ماڵات و شوێنی هه ڵگرتنی زخیرەو دروستکردنی شەرابی ترێ و جۆو جۆری هه ڵگرتنەکەی ، وەک ئەوە وایە زەینەفۆن بە ئاوەدانی و لە سالی ٤٠١پ.ز چووبێتە ناوئەو شارەی ژیر زەمینی دیرینکۆیۆیەی کە ئێستا بووە بە شوێنەوار.
هه روەها کە باسی ئەوە دەکات لە دوورەوەو لە نیو پاوان و پوشوگیا خەلکێکی زۆرو مەڕومالاتێکی زۆر دەبینن و دواجار لە ترسی لەشکری دەهه زار کەسی زەینەفۆن لە پر بزردەبن و نازانرێ بۆکێ جووینە ! ئەوا بێ گومان چووەنەتە نێو شارێ دێرینکۆیۆی گەورەو فراوان و زۆر دەرگا .. کە هه ر لە و نزیکەبووە کە خەلکەکە مەڕومالاتیان تێدا لەوەڕاندووە ، هه ر بۆیە لە ماوەیەکی کەمدا خۆیان و مەڕومالاتیان لە بەر چاو بزر دەبن و زەینەفۆن و لە شکرەکەی سەرسام دەکەن لەوی نازانن چیان بە سەرهاتووە !. ئەوە بۆمان دەسەڵمێنێ کە شاری دێرینکۆیۆو شارەکانی هاو چەشنی ئەو ئەودەم ئاوەدان بوونەو هێشتا خەلک تێیدا ژیاون .هه ر بۆیە چێڕۆک و ڕووداوی نێو ئەو شارانە هاتوونەتە نێو دەقە مێژوویی و ئەفسانە و فۆلکلۆرەوەو توێژەر دەتوانێ شوێنە ڕووداوەکان و پەیوەندیە جۆراو جۆرەکان بدۆزێتەوەوئێستاو ڕابردوو بە یەکەوە ببەستێتەوەوسەرەداوی زۆر نهێنی ژیانیان دەربخات و لە بیرو بۆچوون و ئایین و جۆری ژیان و کەرەستەی ئەو سەردەمانە شارەزابێت و ڕاددەی پێشکەوتن و ئاستی ژیانیان بزانێت .
هه رەوها ئەو – وەر و بەهه شتی ژێرزەمینی و پەناگای ژیان –ەی جەمشید باسی دەکات ، بۆ ئەوەی – ژیان – لە مردن – و لە نێو چوون ڕزگار بکات ، تۆی ژیان بە هه موو چەشنە کانیەوە ، لە گیاو دارو درەخت و زیندەوەرو مەڕومالات و خواردن و خواردنەوە لە دەست بەفری زۆرو ئەستوورو سەرمای درێژخایەن بپارێزی ، ئەوا بێ شک ئەو جیگایە ، یان دێریکۆیۆیە..یا ئەوەتە شارێکی وەک ئەوە ! کە هه ر یەکیکیان بێت هه ر یەکەو ئاوەدانی ژێر زەمینییە ، کە ڕووداوەکانیش هه ر لەم ناوچەیە ڕوویانداوە ، ئەوا جارێکی تر بەلگەی ئەو شوێنە بەهێزتر دەبێت و ڕووداوەکان دەگەنەوە یەک شوێن، ئەگەر زەمەنەکەشێان جیا بیت .لە کتێبی عێراقولوجی دا هاتووە(لە کتێبی ئاوێستا کە پیرۆزە لای زەردەشتیەکان،پیاوێح هه ڵدەکەوێ و حەکیمە بە ناوی (میا=ییما)لە ئاهورا مەزدا نزیکەو لە سەردەمی ئەودا سێ جار زەوی فراوان دەبێت ،خەلکەکە زۆرو ئاهورا بڕیاری لە نێوبردنیان دەدات ، بر هۆی باران و سەرماوە ، ئامۆژگاری میای کرد هۆڵێکی گەورە دروست بکات و بە جوانی سەری بگرێ ولە هه ر گیانلە بەرێک جووتێکی و تۆی هه موو گژو گیاو دارو درەختەکانی تێباوێ ، سەرما دەستی پیکرد ئاوبەستای پاشان وەستاو میا ڕزگاری بوو لە گەل هه موو گیانلە بەرو گژوگیاکە )(١-ع- الماجدی ،ل٤١٣، ٢٠١٧)
میهرداد بەهار دەنووسێ :(جەم یان بە گێرانەوەیەکی تر ، منو( مونو- )یەکەمین مرۆڤی خوداوەند بووە …جەمشید دیسان (وەر) یان کۆشکی سەرکێوی هه را (هه را- ) ی لە ئەلبورزدا هه یە ،جێگایەک کە لەوێ نە شەو هه یەو نە تاریکی و نەسەرماو نەگەرما،نە نەخۆشی و نە مردن ) (١-ف- بەهار،میهرداد، ل٢٢٦،١٣١٨) ئەو جێگایەش هه مان ئەو جێگەیەیە(مورتەزاتوماهی):دەنووسێ : (وەرجەمکەرد لە ئیرانویچ لە ژیر زەوی دروستکراوە )
دیسان لە دابەزینی – عەشتاری خوداوەند – و هاو چەشنەکانی بۆ – جیهانی ژێرەوە – و لە داستانە سۆمەری ئەکەدی و بابلیەکان دا، هه مان دابە زینە بۆحەوت چینە لە ژێر یەکەکانی شاری – دێرینکۆیۆی ژێرزەمینی – کە بە پێی یاسای ئەم – شار – وڵات – ی ژێر زەمینە دابەزیوو پێویستە لە هه ردەرگایەک پارچەیەک لە بەرگ و پۆشاکەکەی داکەنێ و دوجار ڕووت بێتەوە !ئەگەر ئەم داب و نەریتی ڕووتبوونەوە هه ر هۆیەکی ئایینی و یاسایی نێو ئەم شارەی هه بوو بێت ! ئەوا بی شک هۆیەکی تەندورستیشی هه بووە . چۆن کۆ بوونەوی خەلکیکی زۆرو بە مەڕو مالات و هه موو کەرەستەو پێویستیەکانی ژیان و مانەوە بۆ کاتیکی زۆر ، هه وای نێو شارەکە لەگەل ئەم هه موو هەوا گۆڕە زۆرەش کە درووستکرابوون ، بەڵام ، بە هۆی ئاوەدانی و زۆری مرۆڤ و مەڕومالات و هه ناسەدانە ئۆکسجین لە کەمی دەدات و لەم ماوە دڕێژەو لە ژێر ئەم زستانە بەردەوامە هه وا بە پیی پێویست نابێت و ئەوەتا لە داستانی دەمموزدا کە باسی کەسەکان دەکات ، بە لاوازو ڕەنگ زەرد ناویان دێنێ و باسیان دەکات .کە ئەمەش سروشتیە لە ئەنجامی مانەویەکی زۆرو خەلکێکی زۆرو لەژێر زەوی و نەبوونی تیشکی هه تاو خەلکەکە لەش و لاوازو ڕەنگ و ڕوویان دەگۆڕێ و نەخۆش و ڕەنگ زەرد دێنە بەرچاو .

دابەزینی – عەشتار- بۆ- جیهانی ژێرەوەو – بن دونیایێ –

بڕوا بوون بە جیهانی ژێرەوە ، لە سەردەمی سۆمەری و دواتریش بڕوایەکی ئاینی کۆمەڵایەتی واقیعی بەرچاوی ڕۆژانەبووە . کە هه ر ئەم دابەزین و هاتنەوەیە لە گەڵ هه موو واقیعیەکەی پەیوەست بوو بە باوەڕی ئایینی سۆمەرییەکان و ئەوەش کە دادەبەزینە خوارەوە زۆرترو دیارترینیان خوداوەندەکان بوون .بۆنموونە .. ئینەننا – عەشتار – دەمموزی – دەچنە خوارەوەو بە نێو ئەم پڕۆسەیەدا ڕەت دەبن کە هه ر لە دەرگای یەکەمی – ئیرکالا- وە تادەرگای حەوتەمی جیهانی ژێرەوەو کە لە ژێر دەسەڵاتی – ئەریشکیگال – ی خوشکی ئینەننا دایە. پرۆسەی دابەزین دا دابەزیو هه ر لە دەرگای یەکەمەوە ، بەم شێوەیە پێ بە پێ ڕووت دەکرێتەوە :

دەرگای یەکەم:تاجی سەری دادەگیرێ .
دەرگای دووەم :گوارەی لە گوێ دەکرێتەوەو .
دەرگای سێیەم :خەناوکەی ملی دەدەکەندرێ .
دەرگای چوارەم :زیڕی سەرسنگی دادەکەندرێ .
دەرگای پینجەم : کەمەر بەندی لێدەکەنەوە .
دەرگای شەشەم :بازنی دەست و خلخالی پێی دادەکەنن.
دەرگای حەوتەم : ئەوجارۆگەی لە بەردادەکەنن کە جەستەی دادەپۆشێ. (٤-اسرار عشتار١٤/١/٢٠١٩)

لەنێو داستانە سۆمەرییەکان داستانی (عەشتارو تەموز
) لەتەک داستانی (گلگامش) بڵاوترینیانن، دیسان عەشتار ئامەدەترو بەردەوام ترە ، (عەشتار دەکاتە ئینەننا،ئینەننا کچی خوداوەند – سین – ی خوداوەندی مانگە، دایکی خوداوەند نەنکالە ،ئۆتۆی-ی براکەی خوداوەندی ڕۆژە .)(٢-عشتار الهە-٢٥/٢/٢٠١٩) .ئێشتار : ژنە خواوەندی خۆشەویستی و جەنگ، ناوە سۆمێریەکەی ئێستار بریتیە لە ئینانە، لە دەقە بنە ڕەتیەکەدا، لە جیاتی ناوی ئیشتار نووسراوە ) . ( ٣-ک-هه رشەمی، شاسوار، ل٢٥،٢٠١٧) پەرستنی عەشتاری خوداوەند بڵاوبوو، هه تا لە چەرخی کۆن لە سۆمەرەوە بۆ ئەکەدی و بابیلی وئاشووریەکان ، پاش نە مانی ئاشووریەکانیش هێشتا هه ر ناوی زیندووبوو ، جاری یەکەمیش پێش شەش هه زار ساڵ عەشتار لە سۆمەر دەرکەوتووە ، سەرەتاکەی دە گەڕێتەوە بۆ – ئینەننا –ی زەمەنی -کشتو کالی ئەشکەوت – هه ر بۆ یە دەبینین – ئینەننا- لە نێوان شوان و جوتیار زیاتر مەیلی بە ڵای جوتیارە ، ئەوەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەو سەردەمە ، سەردەمی سەر هه ڵدانی تازەی کشتو کال و( جوتیار)و مەڕداری و( شوان) ە ، ئەو دوو پێشەیە ڕەواج و ناوو ناوبانگ و بەرهه میان هه یە ، ئەوش سەرەتا لە ( گوند)ەوە بووە . هه ر بۆ یە – ئینەننا لە نیوان ئەم دووانە جوتیار هه ڵدەبژێری و دەڵێ 🙁 ئەوەی دڵی منی بردووە جوتیارە ، ئەو جوتیارەی زەوی دەکیڵی .جوتیار ، ئەو پیاوی دڵی منە .)(٢- ع- الماجدی .دکتور خزعل ،ل٣٣٩،٢٠١٨)

ئینەنناو هه ڵبژاردنی خۆشەویست :

لە دەقێکی گرنگ و پڕ لە گفتوگۆدا ئۆتۆی خوداوەندی ڕۆژ قسە لە گەڵ ئینەننای خوشکی دەکات و سەرەتا باسی ئامادەکردنی بارگەی بوکێ دەکەن ، ئینەننا دەپرسێ کێ ئەمانەم بۆ ئامادە دەکات؟ ئۆتۆی برای دەڵێ من هه موویت بۆ دەکەم .:
برا قسە بۆ خوشکە گەنجەکەی دەکات
خوداوەندی ڕۆژ ئۆتۆ قسە بۆ ئینەننا دەکات(٢-ع- الماجدی،-٣٣٥،٢٠١٨)
پاش ئەوەی ئۆتۆی خوداوەند هه موو شتێک بەدڵی ئینەننا ئامادە دەکات و بارگەی بوکێ تەواو دەبیت ، ئینەننا ڕوو لە ئۆتۆی برای دەکات و دەڵێ :
جی و بالینگانی بوکێت بۆ هێنام
ئەوە کێیە لە نیو ئەو نوێنەدا لەگەڵم دەنوێ ؟
ئەوە کێیە لە نێو ئەو نوێنەدا لە گەڵم دەنوێ ؟
ئای خوشکەکەم ؛
ئەو زاوایەی لە نێو ئەم نوینەدا لە گەڵت دەنوێ
ئەو کەسەیە لە پزدانی پیتەوە دەرچووە،
ئەو کە سە لەگەڵت دەنوێ ئەو تۆیەی پاشای لیکەوتەوە ،
ئەو کەسەی هاوسەرگیری پیرۆزی داهێنا،
هه ر ئەوە لە نیو ئەو نوێنەدا لەگەڵت دەنوێ ،
دەمموزی ؛
ئەوە لە گەڵت دەچێتە نێو نوێنێ .( -٢ع-الماجدی ،ل٣٣٨،٢٠١٨)
ئەوە دەموزی شوانە کە هه ڵبژاردەی ئۆتۆی برایەتی بۆ ئەوەی ببێتە زاوای ئینەننای بوک ؛ بەڵام وەک دەردەکەوێ ، بوک دڵێ لە لای کەسێکی ترە !
ئینەننا هاتە قسە :
نا..براکەم ،
ئەو پیاوەی خاوەنی دڵی منە ، ئەو کەسەیە زەوی دەکێڵێ ،
جوتیار؛
ئەو پیاوی بەردڵی منە ،
ئەوە کە دانەویلە لە ڕەوسەی بەرزدا کۆدەکاتەوە،
ئەوە کە بەڕێکی دانەوە وێلە دێنێتە عەمباری ماڵەکەم،(٢-ع-الماجدی، ٣٣٨-٣٣٩ ،٢٠١٨)
لێرەدا ئۆتۆ بە پیچەوانەی ئینەننا داوای لێدەکات شو بە دەموزی شوان بکات و دەڵێ؛
خوشکەکەم ،
شو بە شوان بکە،
بۆچی ئەتۆ ڕازی نیت..؟
سەر توێژەکەی بەتامە ..
شیرەکەی باشە ..
هه ر شتێکی ئەو شوانە دەستی بداتی ، دەبریقیتەوە ..!
ئینەننا ،
میرد بە دەموزی بکە ..
تۆ کە بە بەردی پیرۆز خۆ دەڕازێنیەوە ،
بۆچی ڕەتی دەکەیتەوە ..؟
ئینەننا دەڵێ :
شوان ..!
شو بە شوان ناکەم ..
جل و بەرگی زبرە ..
خوریەکەی خراپە ..
من شو بە جوتیار دەکەم ..
ئەو جوتیارەی کەتان بۆ جلەکانم بەرهه م دێنێ ..
ئەو جوتیارەی جۆ بۆ خواردنم بەرهه م دێنێ ..( ٢-ع-الماجدی، ل٣٤،٢٠١٨)
ئەمجارە دەموزی خۆی دیتە قسەو بەرهه می خۆی و جوتیار بەرابەردەکات و خۆی و بەرهه مەکەی لە جوتیارو بەرهه مە کەی چاکتر دەخاتە بەرچاوودەڵێ:
ئەو جوتیارە چی لە من زیاترە ..؟
ئەوە چی لە من زیاترە ئەو جوتیارە ..؟
بۆچی باسی ئەو دەکەی ..
چی لەمن زیاتر هه یە ..؟
ئەگەر ئاردی ڕەشت دەداتێ ..
خوریەکی ڕەشت دەدەمێ ..
ئەگەر ئاردی سپیت دەداتێ ..
من خوری سپیت دەدەمێ ..
ئەگەر شەرابی باشت بۆ تێبکا ..
ئەوە شێرەکی سپی و بەتامت دەدمێ ..
ئەگەر نانت دەداتێ ..
پەنیرێکی هه نگوینی زۆر نەرمت پێدەدەم ..
ئەوە بۆچی باسی جوتیار دەکەی ..؟( ٢-ع-الماجدی ،ل٣٤١،٢٠١٨)
لە گەرمەی ئەم گفتوگۆیە دەموزی شوان بە خۆ بە سەرتویژو شیرەوە دەچیتە بەردەرگاو داوا لە ئینەنا دەکات دەرگای بەڕوودا بکاتەوە ، ئینەننا پەنا بۆ خانمی دایەنی – نەننجال – دەبات و پرسی پیدەکاو نە نجال دەلی :
زوبە کچۆلە،
-دەرگای-ماڵی خۆتی بۆ بکەوە ..
ئینەننا بە قسەی نەنجالی دایەنی دەکات و خۆی دەشواو جل و بەرگی شاهانە لە بەردەکات و بە خەناوکەو ئەنگوستیلە خۆی دەرازینیتەوەو لە پر دەموزی دەرگا دەکاتەوە و باوش بە یەکدا دەکەن و قسە دەگاتە ئەوەی ، ئینەننا دەڵی : دامەنم وەک زەوی هه ڵپەنمایە، ئەو کێیە ئەو زویە دەکێڵێ ؟دەموزی دەڵێ ؛
ئەی خانمی مەزن ،
پاشا دامەنی تۆ دەکێڵێ ..
من ،
دەموزی پاشا ،
ئەوەی دامەنت بۆ دەکیڵێ..(٣٤٦)
ئینەنناش دەڵێ :
کەواتە دامەنم بکێلە،
ئەی پیاوی دڵی خۆم ،
دامەنم بۆ بکێڵە..(٢-ع-الماجدی،٣٤٦،٢٠١٨)
بەم جۆرە ئینەنناو دەموزی دەبن بە ژن و مێردو دڵ و ماڵ و وڵاتیان پڕ دەبیت لە خۆشی و بەرەکەت . ئەو خۆشیە هه رچۆنی بێت و هه رچەند ، دواجار کۆتایی دیت و دەگۆڕێ ؛(دەموزی ئینەننا- عەشتار – ی خواوەندی خواست ، بەڵام ؛ ئەم ژنخواستنە دەبێت هۆی فەوتانی لە دۆزەخ !کاتێ دابە زییە جیهانی ژیرەوە بۆ ئەوەی دەسەڵات لە ئەرشیکیگالی خوشی وەرگرێتەوە ، بەڵام سەرناکەوێتەوە ! بۆ ئەوەی بتوانێ لە جیهانی ژیرەوە ڕزگاری بێت دەبێ کەسیک لە جێگای خۆی بنێرێتەوە جیهانی ژیرەوە .ئەوەی بۆ ئەم کارەی هه ڵبژارد دەموزی هه ژار بوو.
( ٥-النص البابلی-١٤/١/٢٠١٩)
ئینە ننا بەڕقێکی زۆرو بە شێوەیەکی زۆر دڵڕەقانە و بە کۆمەڵێک شەیتانە دیو دەموزی ڕەوانەی خورەوە دەکەن .( ئەو جێیەی سۆمەریەکان پێی دەڵێن ؛ کور .ئەو جێگا بەتاڵەی دەکەوێتە نێوان زەوی و- دەریای یەکەم –کە هه موو تارماییەکانی مردووانی دەچنێ ،لە کاتیکدا دەبوو – کور –یان جیهانی ژێرەوە تەنیا بۆ مرۆڤە مردووەکان بێت ،بەڵام ، ئەوە دەبینین لە ئەفسانە سۆمەرییەکان خوداوەندەکان دەچنە خوارەوە ، دەموزی خوداوەندی گیاو ڕووەک و مەڕو مالات و عەشتار خوداوەندی خۆشەویستی و جەنگ ، کە توانی دەموزی خوداوەند بنێریتە جیهانی ژێرەوەو .) (١-الباحثون-١٩/١٢/٢٠١٨) باسکردنی ئەم پەیوەندیەی نێوان دەموزی و ئینەننا- عەشتار بۆ ئەوە بوو کە قۆناخە کانی چوونەخوارەوە ببێنین و بزانین دەستووری چوونە خوارەوەکە چۆنە !بۆ چوونە خوارەوە زیاتر لە کەسیک و دەقیک هه یە ، بەڵام ؛ بۆ ئێمە جوانترین دەق چوونە خواەوەی ئینەننا خۆیەتی ، کە زۆر لە گەڵ مەبەستی لێکۆڵینەوەکەی ئێمە دەگونجێ .
ئینەننا بۆ یارمەتی و ڕزگاربوون لەم چوونە خوارەویەو سزاکەی ڕوو لە زۆر خوداوەند دەکات کە یارمەتی بدەن ، بێ هیوادەبیت و بە ناچاری وەسیەت دەکات پاش چوونە خوارەوە چی بۆ بکەن و چۆن تازیەی بۆ دابنێن و شینی بۆ بگێڕن ،ئەوەش بە- نینشابور- دەڵێ و داوای لێدەکات قسەکانی لە بیر نەکات . پاش ئەوەی ئینەننا شاهانە و بوکانە خۆی دەڕازێنێتەوە ، بەڵام بە دڵێکی تەنگ و خەمبارەوە ڕوو دەکاتە دەرگای جیهانی ژێرەوە .
٠ئەودەم بانگی کرد وەرە ئەی -ناتالی –ئەی گەورە پاسەوانی دەرگاکانی – کور-
گوێ لە قسەکانم بگرە،
حەوت دەرگای جیهانی ژێرەوەو بکەرەوە،
لیگەڕێ با ئینەننا بچێتە ژوورەوە،
کاتێ دەچێتە ژوورەوە جلی شاهانەی لەبەر داکەنە ،
وەبکە خوداوەندی پیرۆزی ئاسمان بە داهاتنەوەو سەردانەواندن بچیتە ژوورەوە ،
ناتی گەورە پاسەوانی دەرگاکانی – کور – بەوردی گوێی لە فرمانەکانی ساژنەکەی گرت ،
ڕێسمەی دەرگاکانی جیهانی ژێرەوەی لادا ،
ئەوسا بە کچە گەنجەکەی گوت – ئینەننا – بچۆژوورەوە ،
کە لە دەرگای یەکەم بە ژوور کەوت ،
ئەلسوجارای تاجی دەشتە سەوزەکەی لەسەر داکەندرا ،
ئینەننا پرسی ؛ ئەمە چیە ؟
وەڵامی پێگەیشت :
بێ دەنگ ئینەننا ،ڕێگاکانی جیهانی ژێرەوەو سنووردارن ،
پێویست بە پرسیار ناکات .
کاتێ لە دەرگای دووەم چووە ژوورەوە ،دەنکە وردەکانی لاجوەردی لە گەردن کرایەوە ،
ئینەننا پرسی:ئەمە چێە ؟
وەڵامی درایەوە :
بێ دەنگیی ئینەننا ،ڕێگاکان بۆ جیهانی ژێرەوە سنوور دارن ،
پێویست بە پرسیار ناکات،
کاتێ لە دەرگای سێیەم چووە ژوورەوە ،دوو بەردەکەی لە سینە کرایەوە ،
ئینەننا پرسیی،
ئەمە چیە ؟
وەڵامئ درایەوە :
بێ دنگیی ئینەننا ،ڕێگاکان بۆ جیهانی ژێرەوەو سنووردارن،
پێویست بە پرسیار ناکات.
کاتێ لە دەرگای چوارەم چووە ژوورەوە ،ئەو پارچەیەی لە سنگی کرایەوە کە سینەبەندبوو،
ئەو پیاوەی پیویستە بابێت ،
ئینەننا پرسیی :
ئەمە چیە ؟
وەڵامی درایەوە :
بێ دەنگیی ئینەننا ،ڕیگاکان بۆ جیهانی ژێرەوەو سنووردارن ،
پێویست بە پرسیار ناکات .
کاتێ لە دەرگای پێنجەم چووە ژوورەوە ، ئەو بازنە زێڕەی لێکرایەوە کە بە زەنگەیەوە بەندبوو،
ئینەننا پرسیی:
ئەمە چیە ؟
وەڵام درایەوە :
بێ دەنگیی ئینەننا،ڕێگاکان بۆ جیهانی ژێرەوە سنووردارن ،
پێویست بە پرسیار ناکات .
کاتێ لە دەرگای شەشەم چووە ژوورەوە ،سەولەجانی پیوانەو سیمی بەردی لاجوەردی لێکرایەوە ،
ئینەننا پرسیی :
ئەمە چیە ؟
وەڵام درایەوە :
بێ دەنگیی ئینەننا ، ڕێگاکان بۆ جیهانی ژێرەوە سنووردارن ،
پێویست بە پرسیار ناکات .
کاتێ لە دەرگای حەوتەم چووە ژوورەوە ،کەوای پاشایەتی لە بەرکرایەوە ،
ئینەننا پرسیی:
ئەمە چیە ؟
وەڵام درایەوە :
بێ دەنگیی ئینەننا ،ڕیگاکان بەرەو جیهانی ژێرەوە سنووردارن ،
پێویست بە پرسیارناکات.
ڕووت و سەر داچەماوە ،
ئینەننا چووە هۆڵی پاشایەتی ،
ئەرشیکیگال لە سەر تەختی پاشایەتی وەک گوڵ دەرکەوت ،
ئینەننا لە تەختی پاشایەتی چووە پێش ،
ئانونەکان- قازیەکانی جیهانی ژێرەوە ، فەرمانی حوکمکردنەکەیان بەسەردا خوێندەوە ،
حوکمەکەی بەسەردا گوترا ،
هاوارێکی توڕەیی لێ هه ڵسا ،
کاتێ ئەرشیکیگال بە چاوی مردنێی لێڕوانی ،بە توڕەییەوە دژی دوا ،
دەستی بە تاوانبارکردن و دژایەتی کرد ،
لێی دا ،
خراپی پیکرد ،
کردی بە لاشەیەکی مردوو،
بە پەتێک بە دیوارەوە هه ڵیواسی،
پاش سێ شەوو سێ رۆژ
ئینەننا نە گەڕایەوە ،)(٢-ع-الماجدی ،ل٣٦٧-٣٧١،٢٠١٨)
ئەوەی بۆ ئێمە لیرە گرنگە ، دەرکەوتنی – حەوت دەرگا – یەک بەدوای یەک بۆ چوونە جیهانی ژیرەوە ، چونکە لەم توێژینەوەدا دەمانەوێ ئەوە بسەڵمێنیم کە – دەکرێ – ئەم جیهانی ژێرەوەی داستانی – ئینەنناو دەموزی شوێنە ڕاستیەکەی – شاری دێرینکۆیۆ-ی کوردستان بێت ، چونکە ئەم شارە لە حەوت چێنی بەژێر یەکەوەی زیاتر هه یە ، هه ندێک دەڵێن: (هه شت چێنە بە ژێر یەکەوە ! هه شن دەڵێن : یازدە چێنن.)(٨-شیار جمو-٢١/١٢/٢٠١٨ )لێرە ئەوەی پێویستە حەوت چێن و حەوت دەرگا هه یە، دیار بۆ دابەزین لە هه ر چێنێکەوە بۆ چێنێکی تر دەبێ لەدەرگاوە بێت . وەک جیهانیکی خاوەن دەستوور ، سزا دراو لە هه ردەرگایەک بەشێک لە بەرگ و پۆشاکەکەی لە بەر دادەکەنن .


جە مشید شآهی ئەفسانەیی !
جەمشید چ کەسێکە ؟

جەمشید کوڕێ (تەهمورث چونکە ڕووی وەک ڕۆژ دەگەشایەوە بە مانای گەشانەوە ناسراوبوو ، وەکو دەسەڵاتدارانی پێشەخۆی – پێشدادیەکان – خاوەنی – فەڕی ئیزەدی – بوو و پشتیوانی- ئاهورا مەزدا -ی هه بوو (٥-ف-داستان جمشید-٢٠/١٢/٢٠١٨)جەمشید گەورەترین و یەکەمین پاشای ئەفسانەیی ئێرانی کۆنە ، کە ناوو ناوبانگێکی زۆری هه یە وسەرچاوە کان باس لەوە دەکەن ، کە یەکەمینجار بە جەمشید گوتراوە – پاشا- !(جەمشید یەکێکە لە پاشا ئێرانیەکان کە تەواوی ژیانی تێکەڵ ئەفسانە کراوە ).٠(٢-ف-جمشید کیست-٣/١١٢٠١٨) هه روەها زۆرکاری گەوەرەو کە یەکە مجار لە مێژوودا کرابێ .. دراوەتە پال ئەو .وەک دەگوترێ:کە( هه رئەو پاشایەبوو جۆڵەیی و دوورمان وبیناسازیی وپزیشکی وپێشەسازی داهێنا )(٢-ف-جمشید کیست-٣/١١/٢٠١٨) ( کۆنترین سەر چاوە یەک کە باسی- جەمشید- ی کردبێ ئاوێستایە .)(١-ف-جمشید٠ایرانیوم-٢٢/١٢/٢٠١٨)لە بارەی ناوە کەیەوە دەلێن:(لە یەکێ لە دەقە هیندیەکان(ویشنویورانە،ل٢١٥بە ڕۆژ= خورشید ناوبراوە )(١-ف-جمشیە،ایرانیوم-٢٢/١٢/٢٠١٨) هه روەها ناوەکەی بە زۆر شێوە نووسراوە :(جەم ،جەمساد،جەمشاسب،جەم ئەلشیز ،هه روەها بە جەمشاه و جەمشازبەکار هاتوووە(٥-ف-داستان جمشئد-٢٠/١٢/٢٠١٨/)بۆ مانای ناوی جەمشید زۆرتر بۆ ئەوە دەچن کە :(لە ئاوێستا بە ئەمیام و لە پەهلەوی دا بە شێوەی یاما و لە سانسکریتیش یاما هاتووە ، کە هه ندێک مانای ئاوا لێکدەدەنەوە – گەشاوە –ڕۆشن )(٥-ف-داستان جمشید-٢٠/١٢/٢٠١٨)
وەک دەردەکەوێ دوو زەمەنی لێکدوور بە زەمەنی جەمشید دازانرێ ، یەکەم : زەمەنی زۆر کۆن و سەردەمی ساردیی و بەستەلەک و یەخبەندانە . دووەم : زەمەنی هاوکات لە گەڵ بابیلیەکان . بێگومان لە نێوان ئەم دوو زەمەنە هه زاران ساڵ هه یە ! کە ئێمەش جەمشیدی سەرەمی بەستەلەکمان مەبەستە .
یەکێ لە کارە گرنگەکان کە دەدرێتە پاڵ جەمشید (حەوت )کاری گەورەن .
یەکەم : چرایەکە بێ سووتەمەنی دەسوتێ و ڕووناکی دەدات .
دووەم :باڵندەیەکە لە بەرامبەر خانوو لە ئاسمانەوە وەستاوەو ڕۆژ لێیدەداتو سێبەری نیە .
سێیەم :سازێکە دەسکەکەی لە لاژوەردەو چوار تاری پێوە بەستراوەو کە بای لێدەدا وەک بەڕبەت ئاوازی لێ هه ڵدەستێ .
چوارەم : مێشێگەلێکە لە زێڕدروستکراون و کە دەفڕن و دەنگی فڕینیان دێت ، ئەگەر کەسێ ژەهری خواردبێت بەو دەنگە چاک دەبێتەوە .
پێنجەم : سوراحییەکە ئەگەر مەی بۆ سەت کەس تێبکەی هه ریکەو ڕەنگێکە و تادەگاتە ئەو کەسەی کە بەناوی ئەوکراوەو مەیەکە بەڕەنگی ئەو دەڕژێتە پیالە .
شە شەم : ڕووبارێکە و لە نێو ڕووبارەکە پردێکەو لەسەر پردەکە تەختێکەو لە سەر تەختەکە پەیکەرێکە ئاو بەیەکسانی دابەش دەکات ، ئەگەر دوو کەس کێشەیەکیان هه بوو چوونەلای پەیکەرەکە ، ئەوەی کە درۆی کردووە ژێر ئاودەکەوێ و ڕاستگۆیەکەش سەر ئاو .
حەوتەم :گومبەتێکی دروستکردبوو نێوەی سپی و نیوەی ڕەش ، ئەگەر کەسێ دەمرد شەوی سێیەم گیانی دەهاتەوەو ئەگەر ئەو گیانە لە سەر لایە سپییەکە بوایە ئەوە بەهه شتی بوو ، ئەگەر چووبایەسەر لا ڕەشەکە ئەوە دۆزەخی بوو .( د٤-ف-حفیفی، ص٦٣٥-٦٣٦،١٣٨٣-)
جەمشید بەو زانایی و دەسەڵاتە زۆرو پشتگیریە خوداوەندیەوە کە هه یبوو ، لە سەرتا زۆر کاری چاکی کردوو ژیان لە سەردەمی ئەو ژیانێکی بە هه شتیانە بوو لە هه موو ڕووێکەوە هه تا نەخۆشی و مردن نە بوو ، دواجار ئەهریمەن زەفەری پێ برد و کەوتە خراپە کردن و خوداوەندیش – فەڕی ئیزەدی – لێساندەوە .
چێڕۆکی ژیان و سەردەمی – جەمشید پاشای ئەفسانەیی – دوورەو درێژە ، ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لەم لێکۆڵینەوەیەدا ، ڕزگارکردنی خەڵکە کەیە لە( لافاوی بەفر) ی دونیاگر ومانەوەی ژیانە بە هه موو پیکهاتەکانی بەمرۆڤ و گیانلەبەرو گیاو دارو درەختەوە لە ئەنجامی دروستکردنی (بەهه شتی ژێرزەوی ) و پەنادانی تێیدا بەسەرکردایەتی و پێشڕەوایەتی جەمشید پاشآ
پێشتر گوتمان جەمشید خاوەنی – فەڕی ئیزەدی – بوو ، خوداوەند هێزو پشتگیری خۆی پێدا بوو ، جەمشید بە پێی ئاوێستا( خاونی سێ فەڕە، یەکێک لەوان فەڕی ئیزەدیە ، مەبەدیە- ئیماندار-یەودەگاتە میهر.فەڕی شاهی دەگاتە فەرەیدوون ، فەڕی پاڵەوانی و جەنگاوەری دەگاتە گورشاسب ).(١-ف-بهار،دکترمهرداد، ل٢٢٤،١٣١٨) لە بەرامبەر پێشهاتیکی گەورەی جیهانی – ئاهورا مەزدا – داوا لە جەمشید دەکات – وەر- دروست بکات ، وەر ئەو جێگایەیە کە هه رچی ئافەریدەی خوداوەندە تێیدا دەپارێزرێ .

کە جەمشید شمشێری پادشایەتی دەگرێتە دەست و زەمەنیکی پر لە خۆشی بەسەردەبات بە خۆی و خەڵکەکەوە سێ جار وڵات فراوان دەکات بە هۆی ئەوەی کەلەزەمەنی ئەو مردن نابێت و زەوی بەرە بەرە تەنگ دەبێت ، تا ئەو وەختەی کە (زستانێکی سەخت ڕوو لە وڵات دەکات ئەهورا مەزدا ئەنجومەنی خوداوەندان لە ئیریەنڤیچ کۆدەکاتەوەو جەمشیدیش لەو کۆبوونەوەدا دەبێت ،ئاهورا مەزدا ڕوو لە جەمشید دەکات و پێی دەڵێ : زستانێکی سەخت و ویرانکەر بەڕێوەیە و ئافەریدەکان لە نێو دەبات ،بۆ پاراستنی ئەمانە پێویستە وەرێ – قەڵا یا باغێک – دروست بکەی وو باشترینی کە هه یە هه ڵبژێری و لە وێ پەنایان دەی . جەمشید پرسی ئەم وەرە چۆن دروست بکەم ؟من فەرمانی دروستکردنەکەم پیدای وگوتم :بە پێی خۆت زەوی یەکان ڕیکبخەو بەدەستی خۆت وەر دروست بکە ! جەمشید ئاوای کرد . پاشان باشترین تۆی چوار پێی ومرۆڤ و سەگ وباڵندەوئاگری سووری داگیرساوی بردە ئەوێ .) .((٤-ف-حفیفی،دکتر رحیمی،١٣٨٣)
وەکو دەبینین ئەو – وەر – ەی کە جەمشید دروستی دەکات بۆ ئەوە دەبێت کە خەلک لەم سەرما کوشندەیە ڕزگاربکات ؛(..ئەوانە – هه موو باشترینەکان- ببە جێژیانی خەلکەکە..تەویلەیێ بۆ ئەسپ و –هۆر- بۆ مەڕەکان وگەورەترین و باشترین و جوانترین نێرینەو مێینەی سەرزەوی ببەرە خوارەوە ..توخمی چوار پێیە جۆراو جۆرەکانی سەر زەوی تۆی چنراوەکان وخوردەنیەکان ببە ئەوێ وجووت جووتیان کەو کە مەردوم لە بێن نەچووەکەی ئەوێ لە – وەر – نەوەک دوپشک و ..هه رچی ئەوانەی ئەهریمەنین ڕێبەدەری ئەوێ بکەن ).(٦-ف-پناگاه زیرزمینی ییما-٦٤/٢٠١٩)
شوێنی وەر لە سەرچاوە ئێرانیەکاندا
مرتضی توهامی دەنووسێ 🙁 یەکێ لە ناودارەکانی شارە ئیرانیەکان وەری جەمشیدە ، ئەو شارە لە ئیرانویچ وژێرزەمین و کێوەکان دروستکراوە ) ((مینوی خرد،پرسش٦١بند١٥)) وەر جەمکەرد لە نێو پارسەکان دایەوە وا بە سرواک ئێژێ کە (وەر)جەمکەرد لە ژێر کێوی چەمگانە )((بندهش،بخش چهاردم بند١٩٩))(٥-ف-تهامی،مرتض،ل٤٣-٦٣،١٣٨٣)
لەم سەرچاویەدا دوو خال دەردەکەون یەکەم :جێگای وەری جەمکەرد =دێرینکۆیۆ لە ئیران ویچە ، ئەو ئیران ویچەش دەکاتە ناوچەکانی شاری ورمێ و جێگای بە دنیاهاتنی زەردەشت پیغەمبەرە.ئەو ئیران ویچە درێژ دەبێتەوە هه تا (ویچی کێوەڕەش) لە ناوچەی ڕانیە و دەڕوا تادەگاتە( بوهتان ویچ)ی باکووری کوردستان شوینی ئیستای دێرینکۆیۆی شاری ژێرزەمینی .ئەوش یارمەتی دەرە کە جوگرافیای ڕوودانی لافاوی ساردی و وەری ژیر زەمینی جەمشید لە گەڵ جیهانی ژێرەوەی داستانی دەمموزی و عەشتار هه ردووکیان لە ئەو دێرینکۆیۆیەی ئێستا یەک دەگرنەوە و یەک شاری ژێرزەمینین .
دووەم: دەنووسێ شاری وەری جەمشید لە ژیرزەمین و لە ژیرکیوەکان دروستکراوە ، ئەوش لە گەڵ جیهانی ژێرەوەی داستانی دەمموزی وعەشتارو شاری ژێرزەمینی دێرینکۆیۆی ئێستا دیسان یەک دەگرنەوەو یەک شوێنن.
هه ر لە نووسینەکەی –مرتضی توهامی- داهاتووە کە ئاهورا مەزدا دەفەرمووێ جەمشید (وەریک دروست بکە هه رەباشەکانی چوارپاوهێسترو وڵاخ ومرۆڤ وسەگ وباڵندەوئاگری گەش وگەرم بەرە ئەوێ ) بۆ ئەوەئ ئافەریدەکان لە زەمانی ساردیە گەورە کە لەبین نەچن و تێیدا سەلامەتبن .ئەمەش هه مان کارە کە گەزنەفون باسی ئەوە دەکات :گە یشتینە جێگایەک لەدوورەو خەلکێکی زۆرو مەڕوماڵات و گاو ئەسپ دیاربوون ، کە چاویان بە لەشکری ئێمەکەوت ترسان و لەماویەکی کەمدا ئەو حەشاماتە زۆرە لەچاوبزربوون و نەمانزانی بۆکی چوون ! ئەو خەڵکە زۆرو ئەم هه موو مەڕوماڵات وئەسپ و گاوگۆڵکە – بێ شک – جوونەتەناو شاری ژیرزەمینی دێرینکۆیۆی هه شت چێن بەژێریەکەوەی ژێرزەوی کە جێگای تایبەتی بۆ مرۆڤ و ئەسپ و گاو گۆلک و مەڕوماڵات و تەواوی پیویستیەکانی ژیان هه بووەو لە لەشکری زۆری گەزنەفۆنی پاراستوون ، وەک ئەوەی لەسەرمای ئەستوور ئافەریدەکانی سەردەمی جەمشیدیش خەڵکەکەی پاراستووە .
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە :-
١-دێرینکۆیۆ وەک شارێکی ژێر زەوی زۆر دەگونجێ شوێنی دابەزینی ئینەناو ئەوانی تر بێت بەوەی کە لە حەوت چێنی بە ژێریەکەوە زیاترە، چونکە هه رکەس لە داستانە سۆمەریەکان دادەبەزێ دەىێ بە حەوت دەرگا دا تێبپەڕێ و لە هه ر دەرگایەک بەشێک لە پۆشاکەکانی دادەکەنێ .
٢- دێرینکۆیۆ زۆر لە گەڵ بە هه شتی ژێر زەمینی جەمشید دەگونجێ ، بەوەی کە جێگای ٣٠٠٠٠ تا ٥٠٠٠٠ هه زار کەسی تێدا دەبێتەوەو جیگای ئاژەل و گیاو گوڵێشی تێدا هه یە ، کە ئەمانە دەپارێزرێن لە دەست سەرمای زۆر و بۆ مانەوەی مرۆڤ و بەردەوامی ژیان .
٣-جێگای دێرینکۆیۆ لە کوردستانە ، بە هه مان شێوە جێگای ڕووداوکانی دەمموزی و ژیانی و سەردەمی جەمشیدیش هه رلە کوردستانە ، چونکە سەردەمی داستانی تەمموز سەردەمی بەستەلەکەوسەردەمی جەمشیدیش بە هه مان شێوە سەردەمی لافاوی بەفرو سەرمایە ،وەک دەرکەوت چۆن کە شوێنی جوگرافی دێرینکۆیۆ کوردستانە ، ئەوا هه ردوو ڕووداوی دابەزین بۆ( جیهانی ژێرەوە ) ی داستانی دەمموزی و( بەهه شتی ژیرزەمینی) جەمشیدیش هه ر دەبێت لە م شوێنەو شوێنە هاوچەشنەکانی بێت لە کوردستان.
٤- سەردەمی دروستکردنی دێرینکۆیۆ لەگەڵ سەردەمی بە هه شتی جەمشیدو سەردەمی دابەزینی ئینەننا وەک یەکەو بە هه موو حیسابان بۆ دوازدە هه زارسال پێش زاین دەگەڕێتەوە ، کە ئەمەش هه مان سەردەمی کشت و کالی ئەشکەوتە ، بەتایبەت کشت وکالی ئەشکەوتی شانەدەر و کۆنترین گوندی کستوکالی ئەشکەوت – گوندی زەڤیا چەمێ – زاوی جمی – ی نزیک ئەشکەوتی شانەدەر .
٥ – کە توانیمان ئەوە بسەڵمێنین کە شاری دێرینکۆیۆی ژێرزەمین ئەو (عالم السفلی)ی داستانی دەمموزو عەشتاری سۆمەریە ، کەواوتە لە هه مان کات دا ..جێگائ هاتنە دەرەوەو زیندووبوونەوەی دەمموزیشە ! ئەگەر جێگای زیندوو بوونەوەو هاتنەوە سەردنیای دەمموزی بیت ئەوا لە هه مان کات جێگای جەژنی سەری ساڵی سۆمەری ( زەگموک )ە کە جەژنی سەری ساڵ و زیندوو بوونەوەی دەمموزییە .. هه ر بۆ یە ئەم جەژن و سەری ساڵ و زییدوو بوونەوەی دەمموزی (جەژنی نەورۆز) ێشە ! ئەوەش ئەوە دەردەخات کە هه ر ئەو شاری دێرینکۆیۆیە یەکەمین شاری ژێر زەمینی و یەکەمین شارە کە جەژنی نەورۆزی تێدا پیرۆزکراوە .

.


ئەو سەرچاوەو کتێبانەی بۆ ئەم توێژینەوەیە سودیان لێبینراوە :
کتێبە کوردیەکان :

١-حەسەن،مەولود ئیبراهیم ،قەدەغەشکێنی ،چاپی یەکەم ،دەزگای سەردەم بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە ،٢٠٠٠ سلێمانی
٢-محمد ،مەسعود معمد،گەشتەکەی زینۆفۆن،وەرگێڕان ،وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ،چاپی دووەم ، ٢٠١٢ هه ولێر
٣-هه رشەمی ،شاسوار،داستانی گلگامش ئەو کە قوڵایی بینی ،وەرگێڕان لەسوێدیەوە ،چاپی یەکەم ،چاپخانەی تاران ،٢٠١٧ تاران
٤-هه رشەمی، شاسوار، ئاوڕێک لە زمانی سۆمێری ، ناوەندی توێژینەوەی مێژووییجەمیل ڕۆژبەیانی .،سلیمانی ٢٠١٨
کتێبە فارسیەکان:

١-بهار،مهرداد،پژوهش دراساتیر ایران، پارەئ نخست و دویم، چاپ اول،شاپک ،تهران
١٣٧٨
٢-هولد،جفری هاوس .گزنفون: بازگشت دە هزار یونانی ،ترجمە؛منوچهر امیری،انتشارات نیل باهمکاری موسسە انتشارات فرانکلین ،تهران –نیویورک ١٣٣٩
٣-فرای ، ریچارد نلسون،تاریخ باستانی ایران ،مترجم، مسحود ڤجب نیا ،انتشارات حلمی فرهنگ، چاپ دوم ، تهران ١٣٨٢
٤-حفیفی،دکتر رحیم،اساطیر و فرهنگ ایران ،در نوشتەهای پهلوی ،انتشارات توس ،چاپ دووەم ،حیدری شابک، تهران ١٣٨٣
٥-تهامی ،مرتضی.شاه ارمانی وارمان شهر ،جستارهای تاریخی پژوهشگاه علوم انسانی ومطالعات فرهنگ ،دو فضل نامە علمی –سال نهم ،شمارە ای اول بهار وتابستان ،ایران ١٣٩٧

کتێبە عەرەبیەکان:
١-الماجدی ، دکتور خزعل،عراقولوجی ،عراق ماقبل التاریخ،لاطبعە الاولی ،لبنان
٢٠١٧
٢- الماجدی، دکتور خزعل،انبیائ السومریون ،کیف تحول عشرە ملوک سومریین الی عشرە انبیاء توراتیین ؟الناشر مرکز الثقافی ، ، طبعە الاولی لبنان ،بیروت ٢٠١٨
٣-سعدالله، صلاح،زینفون مسیرە عشرە الاف عبرکردستان،ترجمە ،منشورات دار التاخی ،طبعە الاولی ،مطبعە السلام ، بغداد ١٩٧٣
٤- کریمە، صموئیل نوح،الاسطورە السومریە ، انانا،ارشیگیکال،دیموزی ،ترجمە؛وتقدیم : د.شاکر الحاج مخلف ،تموز طباعە ونشر.توزیع.طبعە الاولی ،دمشق ٢٠١٦
سەرچاوە ی پێگە ئەلیکترۆنیەکان-
تێبینی : بە هوی ئەوەی کە شآری ژێر زەمینی (دێرینکۆیۆ) بە شێوەی تێب هیچ سەرچاوەیەک دەست نەکەوت ناچار بووم پشت بە پێگە ئەلیکترۆنیەکان ببەستم و سودیان لێببێنم .
بەزمانی عەرەبی :
١-ع-الباحثوى السوريون- هلبوط الالهةالى العالم السفلى عذابات تموز الالهة الذى مات صبنا الجميع -19/12/2018
https://w.w.w.syr-res.comarticle/9772.html
٢-ع-عشتار الهة الحب والجمال- مهدي سلمان الرسام 25/2/2019
https;//w.w.w.alnoor.se/article.asp?d268624
3-ع-العالم السفلي عند السوريون و البابليون-محمدعلي يوسف-19/12/2018
اhttp://w.w.w.almothaqaf.com/b 1d/923516
4-ع-اسرارعشتار وتموز – امجد سيجرى -14/1/2019
http;//w.w.w.ahewar.org/s.asp?aid=610006&r=0
5-ع-النص البابلي لاسطورة نزوالالهة عشتار-انانا-الي العالم السفلي- 14/1/2019
http://w.w.w.aly-abbara.com/litteraturepoesie_arabe/Mythologie-_fables/Tammouz_ishtar_bael.html
6-ع-ديرينكويو مدينة كاملة تحت الارض في تركيا- اميرة الجمال18/12/2018
https://w.w.w.noonpost.org/content/23257
7-ع-مدينة ديرينكويو من اجمل المدن العالم تحت الارض-18/12/2018
https://w.w.w.almrsal.com/post/332975
8-ع-ماهية مدينة ديرينكويو ومن بناهاومن حكمها- شيار جمو-12/12/2018
https;//w.w.w.shiyarjemo.com2016/04/blog-post_2.htmi
9-ع-مدينة ديرينكويو من اجمل المدن العالم تحت الارض-
المدينة التيتقبع تحت الارض- 21/12/2018
https;//alpha-scl.org/threads/%d9%85
10-ع-صور مدينة الجن في منطقة ديرينكويو- 21/12/2018
https://w.w.w.dreamb0xgate.net/forum/dream384783/
11-ع-ماذا تعرف عن مدينة ديرينكويو- 21/12/2018
https://w.w.w.sbadalrehman.org/t544-topic
١٢-ع-هبوط سیدە الانوثە الی العالم السفلی -٢٠/٤/٢٠١٨
https;//w.w.w.facebook.com/IRAQ/WadyAlrafidyn/potos
١٣-ع-مدینە دیرینکویو احدی-٢١/١٢/٢٠١٨
http://klyoom.com/misceous%d9%85

سەرچاوە ئەلیکترۆنیەکان:
بە زمانی فارسی :
١-ف-ایرانیوم – جمشید -٢٢/١٢/٢٠١٨
http://iraniom.blogfa.com/post/1036%d8%ac%d9
٢-ف-جمشید کدست وچە دربارەاش می گویند؟
https://seemorgh.comculture/history-and-civilization/-and-civilition-of-iran/56046-56046
٣-ف-شهرهای زیرزمینی در ایران و جهان -٢٢/١٢//٢٠١٨
https://w.w.w.topnaz.com%d8%b4%d9%87
٤-ف-پیشدادیان (اولین پادشاهان عالم)اسطورەهاو افسانەها-١٦/١١/٢٠١٨
https://muth.tarikhema.org/article-1342%D9%BE%DC
٥-ف-داستان جمشید در شاهنامەی فردوسی و تحلیل ان –دکتر منصوەرستگارفسائی-٢٠/١٢/٢٠١٨
https://dr-rastegar.persianblog.ir/3MQ6bQXkdMiDDLOLypEx-%
٦-ف-پناگاه زیر زمینی ییما/جمشید در دوران عصر یخبندان-اینفو-١٤/١/٢٠١٩
https;//infu.ir%D9%BE%D9
٧-ف-بزرگترین شهر زیرزمینی کشف شدەدر ترکیە-٢٢/١٢/٢٠١٨
http;//namnak.com%d8%a8%d8
٨-ف-دیرینکویو،شهر زیرزمینی زردشتیان+تصاویر-تابناک-١٤/١/٢٠١٩
https;//w.w.w.tabnak.ir/fa/news/231865%D8
٩-ف-ایرانویچ گمشدە -٧، بهشت گمشدە ایرانیان ، ٢٢/١٢/٢٠١٨
http://mehrangjd.blogfa.com/post/22


خلاصە؛-
دیرینکۆیو ..
میان جیهان زیرزمینی داستان دموزی و بهشت زیر زمین جمشید
دکتر: مولود ابراهیم حسن
دانشگاه صلاح الدین /هولیر
دانشکدەای زبان –پخش کردی
Dr.mawlud@gmail.com
افسانه، آیین و باستان شناسی مثلث دیرینه ای هستند که انسان نقش و نگار اندیشة خود را در آنها به جا گذاشته است و فعالیت خود را در آن نشر ان داده است با توجه به تحقیقات علمی نشان داده است که انسان از روزگاران بسیار دیرین در در زمینة آیین، فلسفه و افسانه تأمل کرده است و بدان اندیشیده است و بر اساس همان آیین، فلسفه و افسانه در کوهها خندق زده است و نقش و نگار آفریده است و معبد، خانه و مسجمه درست کرده است ما برای اثبات این آراء نظر در این پژوهش شهر درینکو ی زیرزمین در شما کردستان را با جهان زیزین داستان ایننا و دموزی= عشتار و تموز) سومری و (بهشت زیرزمین) جمشید پادشاه کیانی را موضوع پژوهش مقایسه ای قرار می دهیم و به دنبال زمان و نقاط مشترک آنها می گردیم و تلاش می کنیم ارتباط بین آنها را بیابیم و وقایع داستنانی را وارد جغرافیای دیرینکو کنیم و در این مورد نیز به علوم باستان شناسی، تاریخ کهن و نمادهای آیینی و فلسفه این تفکر و اندیشه های کهن پناه می بریم که سررشته و آثار آنها در جغرافیای رویدادهای داستانها دیده می شوددر این پژوهش در حد نیاز از بیشتر از یک تخصص استفاده می کنیم و سود می بریم آن هم علومی چون افسانه شناسی، باستان شناسی، آیین شناسی و تاریخ است که در نزد ما تحقیقات نشان داده است که تخصصها به تمامی ثمره اندیشه و تآمل انسان در تمامی زمانها و مکانها است به همین دلیل در بسیاری از جوانب همدیگر را در بر می گیرند و از همه گسسته نیستند در پایان به نتایجی اشاره می شود که در این پژوهش به آن دست یافته ایم.
کلیداژگان: جیهان زیرزمینی،بهشت زیرزمینی، ایشتار ، دمموزی،جمشید ،دیرینکویو


دكتور: مولود ابراهيم حسن
جامعة الصلاح الدين /اربيل/كلية اللغاة-قسم الكردي
Dr.mawlud@gmail.com
ان الاسطورة والدين والاثار اقدم ثلاثية التي ترك الانسان فيهما اثربسمةالتفكيروالعمل , حسب الابحاث العلمية تظهران الانسان فكر في الكون والدين بداية تفكيرا اسطوريا , وحسب هذه الافكار حفر الجبال وبنيت المعابد والبيوت والهياكل ذات المعني الديني ورموزالاسطوري معا.نحن للاثبات هذه الراي نقارن (مدينة ديرينكويو التحت الارض )والتي تقع في الشمال الكردستان مع العالم السفلي السومري وجنة تحت الارض في زمن ملك جمشيد الكياني ,
ففي ملحمة انانا والدمموزى= عشتارتموز السومرى مع جنة تحت الارض والتي بناها في زمن جمشيد لحماية الانسانية من الفناء من البرد القارص . في بحثنا هذا نقارن ما يوجد من النقاط المشترك بين الملاحم والمدينة ديرينكويو , مدينة ديرينكويو مدينة ذات الطبقاة الثمانية او اكثر طبقة تحت الطبقة تعتبر من العجائب الدنيا يقارنونها الاثاريون مع الاهرامات الفرعونية من غرابة بنيانها وتكوينها العجيب .ونحن نحاول ان نجد ارض الاحداث المشترك لنزول الي العالم السفلي وبقاء في جنة تحت الارض في تكوين الجغرافي لديرينكويو والهندسة بنائها , ونعتكد في بحثنا هذا علي اكثر من التخصص كا( علم الاسطورة وعلم الاثار وعلم الانسان والتاريخ والدين ) نحن علي الاعتقاد ان الاختصاصات كلها نتائج للتفكير الانساني في كل الزمان والمكان , فلهذا ان الاختصاصات المذكور يتداخلان ويتكاملان معا . وفي النهاية نصل الي النتائج المرجوة للبحث .
کلمات مفتاحیە : العالم السفلی ، جنە تحت الارض ، دمموزی ، عشتار ، جمشید ،دیرینکۆیۆ .


Derinko between the Underworld of Dammuzi Mythy and Undjamsheed Heaven.

Dr.Mawlud Ibrahim Hassan
College of Languages of Kurdish / Salahaddin Univeerworld
rsity-Erbil

Derinko between the Underworld of Dammuzi Myth and Underworld Jamsheed Heaven Abstract This study encompasses all human attempts in triumph of mythical achievements. According to scientific researches, it has been proven that Man throughout ages has been a deep thinker, and this accomplishment is the result of several religious, philosophical, and mythical studies and inquiries. The human attempts for thinking and his wonders are found out in the scratched pictures of the caves, the maps, and the structure of temples, statues, and houses. In order to testify our hypothesis, the underworld City of Derinkoyo, the in Northern Kurdistan is carefully studied in relation to the underworld of the Sumerian Enanna and Dammuzi Myth (Ashtar and Dammuzi Myth), also in comparison with the Myth of Kayanida King’s Jamsheed. The study addresses the mutual points between these myths, and it also explains the times of their events and their repeated themes as well. The study is a bridge between these myths as it aims to study the very details of the events and their histories in relation to the geography of Derinko. In order to academically achieve this target, the study appeals to anthropology, classical history, religious symbolism, and philosophical cryptography. Besides, any hint, connotation or reference that illustrates the civilizational backgrounds of these myths is utilized. In order to complete the academic mission of this research, an interdisciplinary approach is taken into consideration; mythology, ecology, religious studies, anthropology and history are the crust of this scope. In regard to this, studies and researchers have found out that all these specialties are the results of human wonder no matter what time or place these specialties have been. That is why, in many aspects, these specialties mirror each other and lead us to profound joint results.
Keywords: Underword,Underword Heaven, Dammuzi, Ishtar,Jasheed, Dernkoyo.
Dr.Mawlud Ibrahim Hassan Assist Prof. Salahaddin University-Erbil


سوپاسی تایبەت:
زۆر بە گەرمی سوپاسی برایانی بەڕیزم دکتۆر جیهادو دکتۆر فهری ومامۆستا بوخاری عەبدوڵلای قەسرێ دەکەم ، کە کورتەی توێژینەوەکەیان بۆ کردووم بە فارسی و ئینگلیزی ، هه روەها سوپاسی هه موو ئەو بەڕیزانەش دەکەم کە پیشتر لە وەرگێڕانی کورتەی نامەی ماسترەو دکتۆراو توێژینەوکان هاوکاریان کردووم ، کە دەبوایە لەکاتی خۆی ناوم هێنابوان ..داوای لێبوردنیان لێ دەکەم . مەولود

دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
زانکۆی سەلاحەددین/هه ولێر
کۆلیژی زمان / بەشی زمانی کوردی
Dr.mawlud@gmail.com
٢٠١٨-
٢٠١٩




دانپیانانەکانی مەلا بختیارو هەڵوێستی گۆڕانخوازان! … مستەفا باهر

مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی، لە لێدوانێکدا کە بەبۆنەی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەیەوە ئەنجامی دا، چەندین ڕوداوی کوشتن و تیرۆری ئاشکرا کردکە لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە دژی نەیارانی سیاسیی ئەنجام دراوە. مەلا بەختیار زۆربەی ئەو تاوان و تیرۆرو کوشتنانەی خستە ئەستۆی نەوشیروان مستەفا .
هەرچەندە نەک مەلابەختیار بەڵکو کەسانێکی تریش باسی ئەو تاوانانە دەکەنو بە هەمان شێوە پەنجەی تاوان بۆ نەوشیران مستەفا ڕادەکێشن، بەڵام سەرانی ئەوکاتەی یەکێتی نیشتیمانی بیانەوێت یان نا، بەرپرسن بەرامبەر بەو هەمو تاوانەی کە نەوشیروان مستەفا ئەنجامی داوە،چونکە جیا لەوەی کە لە کۆبونەوەی خۆیان چی ڕوی داوە یاخود چی وتراوە بەجێی خۆی،بەڵام هیچ کام لە بەرپرسانی یەکێتی بەشێوەیەکی ئاشکرا ئەم تاوانانەیان ئیدانە نەکردوە بەخودی مەلابەختیاریەشەوە.
بەڵام لە ئیستادا کەمەلا بەختیار بەشێوەی ئاشکرا پەردە لەسەر ئەم تاوانانە هەڵدەماڵێت. لەبەرامبەردا گۆڕانخوازان بە تەواوی شپرزە بوون و بەشێوەیەکی زۆر فاشیستانە هێرشدەکەنە سەر مەلابەختیار،کار بەوە گەشتوەکە ژمارەی تەلەفونی خیزانی ئەو بڵاودەکەنەوە ،کە ئەمە یەکێکە لە قێزەوەنترین کارەکان کە دەستی بۆ دەبەن، ئەم کارە دواکەوتوە فەرهەنگی ئیخوانەکانی میسرە کە بەدیاری نێردراوە بۆ بەشێک لە گۆڕانخوازان لە گردەکە.
لە بری ئەوەی بە شێوەیەکی عەقڵانی و بە بەڵگە جوابی مەلابەختیار بدەنەوە،جگە لەوەی کۆمەڵێک جنێوی بازاڕی ڕیزدەکەن،دۆکیمێنتێکیان بڵاو کردوەتەوە کە باسی پەشیمان بوونەوەی مەلابەختیار دەکات کاتێک کە دیل بوە لای ئەوان. بەڵام لە راستیدا هیچ وتەیەکی زیندانی سیاسی لەژێر ئەشکەنجەدا بەهەند وەرناگیرێت،کەسانێک لەسەرهەربیرو باوەڕێک گیرابێتن ولە بەرامبەرمەرگدا ڕاگیرابێت کۆمەڵێک فاشیست لێکۆڵینەوەی لێ بکەن چۆن دەتوانێت بە ئازادانە قسەبکات، بۆیە ئەو بەڵگانە هیچ بەهەند وەرناگیرێت.
ئەوەی لەم ماوەیەدا بە تەواوی بۆ خەڵکی کوردستان ڕوون بوەوە لەزاری بەرپرسانی ئەو بزوتنەوەیەوە ، ئەوەیە کە بەرپرسانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە هەمو حزب و باڵێکیانەوە ،دەریان خستوە نەک شۆرشگێڕ نەبوون، بەڵکو کۆمەڵێک چەتەو ڕێگربوون لەو شاخانە خەریکی کوشتنی خەڵکی هەژاری کوردستان بوون،کە دەسەڵاتیشیان کەوتە دەست بوون بە مافیاو جگە لەوەی کە سەروەت وسامانی سەرزەوی ژێڕ زەویان تاڵانکرد بۆ خۆیان ،ئێستاش کەوتونەتە دزینیی پاروی دەمی منداڵانی هەژاران.
بۆیە دەبێت خەڵکی کوردستان تا زوە خۆیان ڕزگارکەن لەم دەسەڵاتە کە لە شاخ و شار هەمیشە بون بە مایەی دەردیسەری بۆیان. چونکە تا ئەمانە دەسەڵاتداربن ژیان و گوزەرانی خەڵکی ساڵ بە ساڵ بەرەو خراپی دەڕوات . بۆیە تەنها ڕێگا لەبەردەم خەڵکی کوردستان یەکگرتنی کرێکاران و هەژارنی کوردستانە بۆ ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە.

مستەفا باهر
٣٠/٩/٢٠٢٠




بە بۆنەو ڕۆ ئۆروپایی فرەزوانی، ٢٦ مانگەو سێپتامبری … موختار کەریمی

٢٦و مانگەو سێپتامبروو گرد ساڵێو جە ئۆروپانە ڕۆ ئوروپایی فرەزوانین. ئی ڕۆوە بە وەرنیاروو شۆراو ئۆروپای جە ساڵەو ٢٠٠١ی، کە ساڵەو فرەزوانی بێ جە سەرانسەرو ئۆروپاینە، پێسەو رۆ ئۆروپایی فرەزوانی دەسنیشان کریا. چا ساڵەولای گرد ساڵێو چی ڕۆنە بە مەراسمێ وچالاکیێ جۆراوجۆرێ جە وەڵاتە ئۆروپایەکانە جەژنەو ئی رۆیە گیریۆ و چی جەژنانە ڕێز جە فرەزوانی گێریۆ و بانگەشە کریۆ پەی پارێزنای فرە زوانی و فێربەی چنزوانی. ھەر پی بۆنەوە پەیوازەن کە ئێمەیچ بەشدارێ ئی جەژنا بیمێ و چالاکیەکاو وێما وزمێ پاڵوو ئوروپایەکا و پەی ئەشناسای و ھەرپاسە پەی پارێزنای زوانەکەیما ھەوڵ وتەقلاو وێما وزمێ ھەرمانە. پەڕ بەدل ئی ڕۆوە جە گردلایەتا پیرۆز بۆ.
نزیکەو ٨٠% حەشێمەتوو دنیاێ دوەزوانی یان چنزوانین. ئینە پا مانانە کە چنزوانی دیاردێو گردی و سروشتی و وەروەڵاوەن بەڵام تەکزوانی دیاردێو دەگمەن و وەرتەسکەن. ئا کەس و لایەنا کە ھیشتا چی واقێعیەتەیە نیاواێنێنە و یان گەرەکشا نیەن بیاوانە و وەرموو تەکزوانی وینا، یەکجار بە ھەڵەرە لوانێ و جە دماڕۆنە سەرەشا تەقۆ تەوەنە سەختەکاو کۆساڵانی و شاھۆیرە. بە تایبەت چی سەردەمەنە کە بە سەردەموو گلۆبالیزاسیۆنی نامێ نریۆ و یۆ جە تایبەتمەندیەکاش ئێژایی داین بە فرەزوانی، وەرم وینای بە تەکزوانیەو شەوێ(کابوس)ش ئینا شۆنیوە و هیچیەتەر!!. یۆ جە تایبەتمەندیەکاتەری ئی سەردەمیە دیاردەو کۆچکەردەی و یاگەفاڕێ حەشیمەتوو گلێرگاکان کە بۆ بە هۆکاروو بەوجووڎئامای گلێرگەی فرەزوانی. ئی دیاردە، دیادێو گلێرگەیی تازەن و سەرنجوو کۆمەڵشناسەکاش پەی لاو وێش ھۆرکشتەن و پەیچۆریێ فرێش سەرەو کریا. چی پەیچۆریانە فرەزوانی ئێژایی تایبەتوو وێش ھەن و زانایاو ویەروو کۆمەڵشناسی ئی ئێژایچشە پەنە مەڎا.
— فرەزوانی چێشەن و تایبەتمەندیەکاش کامێنێ
ئەلف. تاکی فرەزوان:
فرەزوان یان چنزوان بە تاکێو یان ئانزانێو وچیۆ، کە توانایی ئەنەیاوای و قسەکەردەی بە لای کەمەوە دوێ یان چن زوانێش ھەن و متاوۆ جە ویەرێ جۆراوجۆرێ ژیوای ڕوانەیشەنە بەکارشا بارۆ . ئینە لای کەموو ئی بەھرەمەنڎینە و پەی ئا تاکانە کە جە وانای و نویستەی بێ بەشێنێ. ئا تاکا کە جە وانای و نویستەیچ بەهرەمەنڎێنێ، جیا جە ئەنەیاوای و قسەکەردەی، تاوا پا زوانا بواناوە و بنویسایچ.
هۆکارێ فێربیەی تاکێ فرەزوانێ فرێنێ، پەی نموونەی:
فێرگە: زاڕۆڵێو هەورامی زوان کە جە مەریوانەنە ملۆ فێرگە، مجبورەن زوانی فارسی، کە زوانوو دەسەڵاتین فێر بۆ. هامکات چەنی ئانەیە پێوەنڎێ ڕوانەش ھەن چەنی زاڕۆڵێ سۆرانی زوانێ و چاڎێشایؤەو سۆرانی فێر بۆ.
گلێرگەی تێکەڵاو: جە گلێرگێوەنە کە فرەزوانی دیاردێو ئاساین و تەنانەت ھامسای دیوا بە دیوار زوانێتەرش ھەن و ڕوانە پێوەنڎی کۆمەڵایەتیش چەنی ھامساکەیش ھەن، ھۆکارێوەن پەی فێربیەی زوانوو ھامساکەیش.
کۆچبەری: ئا کۆچبەرا کە بە هەر هۆکارێو وەڵاتوو وێشا مازا جیای و جە وەڵاتێو غەریبەبنە گرساوە، مەجبوورێنێ زوانوو ئا وەڵاتیە فێرێ با، بەڵام یانەنە و دلێ وێشانە هەر بە زوانی ئەڎایی وێشا بەینوو وێشانە و چەنی زاڕۆڵەکاشا قسێ کەرا.
ھاندەری(انگیزە): تاکێو کە وێش پەنەش وەشەن یان بەرنامێو تایبەتش پەی ئایەندەیش ھەن و ملۆ زوانێو دیایکریا فێر بۆ.
ب. مەحاڵ یان شاری فرەزوان:
بیەی وەروەڵاوو دوێ یان چن زوانێ جە مەحاڵێوەنە کە ڕوانە ئی زوانا بەکار میا، چ دلێ خانەوادەکانە چ دلێ گلێرگەینە. مەریوان و هەڵەبجە دوێ نموونێنێ کە هەم هەورامی و هەم سۆرانی پاڵوو یۆینە بیەیشا هەن و هەم یانەنە و هەم گلێرگەنە شان بەشانەوو یۆی هەرمانەشا پەە کریۆ.
پ. وەڵات یان قەوارەی سیاسی فرەزوان
ڕەسمیەتی ئیداری و کۆمەڵایەتی و مێدیایی(دەنگوڕەنگیاونەری) دوێ یان چن زوانێ جە مەحاڵێوەنە یان شارێو تێکەڵەنە یان جە چوارچێوەو قەوارێو سیاسینە. چی یاگانە پەی نموونەی تابلوێ جاڎەکا، دووکان و بازارەکا، ئیدارە و ھەرمانگاکا، نامێ ئیداریێ، نویسیای ڕائەرمانیێ(دستورالعمل) پەی بەکارئاردەی دەواودەرمانی و کەلوپەیلی و… بە چننە زوانێ منویسیا و وچیا. سویس و بلژیک و… نمونێ ئی وەڵاتانێ.

جە کۆتایینە واتەو زانایاو ویەروو پەروەردەی جە ویر نەکەرمێ کە ماچا: زانای هەر زوانیو، کرێڵێوەن پەی کەردەیەو دنیایە تازێ و فەرهەنگێوە تازەی. هەر ئانزانێو کە چن زوانێ بزانۆ، پیسەن بیەی چن ئانزانا جە جەسێوەنە.

موختار کەریمی
ئاڵمان- ٢٠٢٠.٠٩.٢٦




دارستانێک لە تەمتومان … شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

خۆزگەیەک بۆ گەیشتنە..
کڵپەی چاوی ئاسمان،
دەربازبونێ ،
لە چەقۆی ڕۆشتن..
لەسەر ملی باڵندەی خەم،،،
تا شەونخونیەک لە دارستانێ..
لە تەم نەبینی،،
دەروازەی تەمتومان ناکرێتەوە،،
ئەبێ مەنزڵگەی ئەرخەوانی مانگ..
بەفرمێسکی نمەی شیعر..
چەند دووربێ ،،
بەڵام زۆر نامێنێ..
لە زەریای شەوێکی ڕەسشپۆشا،
دەربازم بێ،،
تا بۆنی گوڵاوی …
شنەبای سپێدە بکەمەوە ، سیسرکێ،،
دیارە جێماوە لە نێو ئەبەدیەتی ..
گژو گیایەکی تەڕ، خەونی..
خاڵخاڵۆکەیەکش پێش کەوتنەخوارەی..
ئاورنگی عیشقێک
……
لە ڕێگادا، بە چرپەیەک پێی ووتم،،
کات نەماوە، بچینەوە ئەو شوێنەی …
بریسکەی ئەستێرەکان،،
لە چەمی ئێوارەدا…
ئەبوونەوە بە پەری ئاو،،،
ساتێ بۆ مەرگ،،
ساتێکیش بۆ ئاوێزان،،
بە پرچی ڕژاوی هەتاوێک،،،
لەوانەیە برینی کراوەی ڕۆژەکان،،،
نەهێڵێ فریای بینینی..
سەمایەکی تری پۆلە کۆترە..
ئاڵتونیەکانی سەرمێرگی…
خۆشبەختی بکەوین،،
چەند خۆشە، هەورێکی مەست..
بەدەر لە کیمیای زانست و ماتماتیکی…
هاوکێشە سەختەکانی لۆژیک…
بکەیتە پێخەفێک،،
چیای تەمتومان..
شیبێتەوە بۆ وشە سرکەکان، درەخت،،
لەسەر پەنجە بڕوێتەوە ، چرای..
داگیرساوی چاوی ئەویش..
ڕێگای نووری خۆدۆزینەوە بێ..
…………
نزرگە کانی چاوەڕوانیش ئەبێ،،،
چەندە دووربن ،،
لە لێوی خوێنینی..
خونچەکانی بێهودەیی؟،
ساتێ پێش مەرگ و…
ساتێ دوای مەرگ،،
لە ویستگەیەک بەرەو شاری گومڕایی،
بینیمەوە، پاش ساڵانێک…
لە بەرد و خۆڵ و سەراب،
وەک پەیکەرێک لە تەم دەرکەوتەوە،،
چرکەکانیش خەریک بوو،،
لە گریان بوەستن،،،
وەڵامەکان باڵی فڕینیان قرتا بوو،،
بۆیە دیدەنی ترم سپاردەوە،،
بە شەپۆلە مەستەکان،،،
بەدەر لە کات و شوێنە کان.
………….
گەر ویستت بمبینیتەوە،
دارستانێ لە تەمتومان ناونیشانمە،،
سۆراخی ئەسپە هەڵهاتوەکانی
بەهەشت ئەکەم،،
تا بگەمەوە قەراغ وڵاتێ،،
نێوان ڕەشەبا و بەستەڵەک،،
کە لاتم،،
هەموو شتێک ئەبریسکێتەوە،،
ئاو ئاوریشمە،،
جەستە ئۆقیانوسی فڕیو،،،
شوێن و کات ،،
پانتایەکی بەرجەستە..
لە بونێک لە ئەفسانەی زیوینا
………..
هەڵەی شوێنێکە،
چیتر کۆیناکاتەوە،،
بە لمی وریوی ڕۆحی کۆچەرێک،،
هەیە بوونی،،
بە هەڵە لە تۆڕی ماسی ..
شوێن و کاتەکانا فڕێدراوە.
هەشە پێش کاتەکان هاتوە، هەشە
شوێنەکان بیریان چوە،
کە ئەو هەیە، هەشە
بێ شوێن ، بێ کات…
لە دورخەی نامۆیدا ئۆقرەی گرتوە،،
بەڵام گەرتۆ هەبی،
نەشوێن ، نەکات
لە یەک دورن، نە ڕۆح…
پێیان نامۆیە، کە نەشبی،،،
شوێنەکان لە کۆتایی میلۆدیای…
ئێستا پەراوێزن ،،
…………
شنەبایەکی سەرگەردان
لە نێوان مەرگێکی هاتوو..
مەرگێکی ڕۆشتوو..
یاداشتی شوێنەکان بە شەقامەکانا ،
ئەنوسێ دوای تۆ،
کتێبێکە تەنیایی…
هۆنراوە بە هۆنراوە،،
لە ڕۆحا پاشماوەی..
نوسینی سەر بارانی لێ جێدەمێنێ،،
کلیلی دەرچوون نیە، تۆ..
لە هەر شوێن و کاتێکا هەبیت،،..
لەگەڵ خۆت ئەتبرد،،
کلیلی سندوقی
کریستاڵی دڵ،
تەنها بەلەمێک لەوشە وخەم..
ئەمێنێتەوە، ناچارە سەفەر،،
لەسەر لەپی ئەستێرەی…
چارەنوسا بۆت بنوسێ،،
کۆچەری خۆی شوێنە، یان جێگەکان
پەرداخی ڕژاوی دوورین؟
زەریا لە چاوتە،
یان چاوت،،
زەریای قوووڵی کات ئەخولقێنێ؟
………………
کوپێ قاوە،،،
لە ژێر مانگێکی شین..
لە غەریبی و..
چنگێ شیعری شیرین،
لەگەڵ تۆدا خۆشە،،
ئەو ژنە گوڵپۆشەش،،
کە خەرمانی یادەوەریە لەبیرچوەکانی ..
بە پاسکیلێکەوە بردە…
دارستانێ،،
لە جادووی جوانی چرکەیەکا وونبوو

……………………
کام ئاگر بە کڵپەترە،،،
گەر ساتێ
بۆ مەرگ مابێ؟
تا چاو بڕکا لمە، هەڵبەتە..
دەربازبوون گەڕانە،،
بۆ دەروازەی گزنگێک،،
لەوبەر ڕۆخی ئەندێشە،،
چارە، تەنها پەرتووکێ ..
لە شەونم ونوورێ،،
لە دڵ خۆیدا،،
کورسیەک لەسەر شەپۆل،
کوخێک لە شیعر،
دارستانێک لە تەمتومان
لە ڕۆح خۆیدا،
تەنها پەرادیسە.




هایکۆ … ڕێبوار غەریب

لوتکەیەکی بەرز،
هه ڵۆیەکی پیر؛
چاوەکانم کز دەبینن!

تەم ومژه،
نابینێت کێوی حاڵم؛
چاوی دڵت!

لێزمەی باران،
لەژورەوە سەرینەکەی تەڕ؛
دایکی شەهید!

گەشتێکی دوور،
سێبەری پیرە دارێک؛
ماندو بەپێوە!

لەدامێنی چیادا،
کەوێک دەگری؛
قاقای ڕاوچیەک!

باران دەیشوا،
با دەی نێژێ؛
جەستەی گەڵا!

بەدزی ئەستێرەکانەوە،
جارجار لەکانی دەڕوانێ؛
مانگ !

ڕای دەژەنێ یاده وەریت،
دڵی مردووم؛
بێشکەی خەیاڵ!

دڵۆپێ فرمێسکی سوێر،
یادەوەریەکی شیرین؛
لەڕۆژگارێکی تاڵ!

بۆ هه ناسەیەکی گەرم،
ملیان ناوە بە هه ناسە ساردیەوە؛
کۆچبەر!

بەوتاڵیەوە،
یادێکی شیرینی بیرخستمەوە؛
گوڵە ژاڵە!

چاودێرە ،
بەسەرماڵی دەوەنەکانەوە؛
دارچنار!

خۆشترین ئاوازی هه یە،
شۆڕەبی حەیران دەکا؛
خوڕەی چەمێک!

بەشەوقەوە چاوەڕوانە،
بۆنی یەکەم باران بکات،
زەوی وشک وتینو!

بەژێر پیرەدارێکدا،
شوانێک تێ دەپەڕێ؛
بۆنی چاو سەدای شمشاڵ!

تینوی پرژە ماچە،
خاک لێوی وشک بووە،
نازدەکات سێبەر!




شیعـری هایکۆ بۆ منداڵان … رەزا شـوان

هایکۆ هونەرێکی شیعـری ساکار و کورت و ئاسان و کاریگەر و نایاب و زۆر کـۆنە لە شیعـری ژاپـۆنی دا، تا ئەو رادەیەی کە منـداڵانیش هـۆگـری بـوونە و لاسایی دەکەنەوە. هایکۆ شێوازێکی جیاوازە و ژانـرێکە لە ژانرەکانی شیعـری ژاپۆنی. هونەرێکی شیعری رەسەنی ژاپـۆنە. لە ژاپۆنـدا سەری هەڵـدا، رەگێکی مێـژوویی کـۆنی هـەیە و بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. تا ئەمـڕۆش بایـەخی هـایکـۆ کـاڵ نەبـۆتەوە و لە ژاپـۆنـدا بـاوی هـەیە و گـرنگی پێـدەدەن. هـەر لە منـداڵیشەوە بە شـێوازێـکی ئاسان و سـووک منداڵەکانیان فـێری خوێندنـەوە و نووسینی هـایکۆی ساکـار دەکەن.
هایکۆ لە قۆناغی یەکەمیدا، لە سەدەی حەڤـدەمین دا. بە هەوڵی شاعـیری هایکۆنووسی بەناوبانگی ژاپـۆنی (ماتسـۆ باشـۆ: ١٦٤٤-١٦٩٤) گەشەی کـرد. بێ رکابەرێتی ماتسۆ بە مامۆستای یەکەمی ئەم هونەرە ناسراوە، یەکێکە لە بەناوبانگترین هایکۆنووسەکانی ژاپـۆن. رۆڵـێکی گـرنگی بینی لە بڵاوکردنەوە و لە بە باوکـردنی هـایکـۆ لە ژاپـۆن دا.
ماتسۆ، وازی لە مامۆسـتایی و لە ژیـانی خـۆشی شار هـێنا. وەکو شەیـدایـەکی هـایکـۆ، دێ بە دێ دەگـەڕا، بۆ وەرگـرتنی ئیلهـام بۆ هـۆنـراوە و بۆ هـایکـۆکـانی.
(ماتسۆ باشۆ)، شاعیر و وێنەکێش (یۆسا بوسۆن: ١٧١٦-١٧٨٤ )، (كوبایاشی ئیـسا: ١٧٦٢ -١٨٢٦)، (ماساوكـا شـیـكی : ١٨٦٧-١٩٠٢ ) کە چـوار مامۆسـتای گـەورە و ناسراوی زامـانی ژاپـۆنی بـوون، بە کۆڵـەکـەکـانی هـایکـۆی ژاپـۆنی دادەنـرێن.
لە ئێستادا شیعـری هـایکۆ لە هەمـوو جـیهانـدا تەشەنەی کردووە. بە دەیـان شاعـیر لە ئەمریکا و ئەوروپـا و ئەفـریقیا و ئاسیادا هـەن، کە چـاویان لە هـایکۆنووسانی ژاپـۆن کردوون، بە سەدان هـایکۆیـان نووسیون و دەنـووسن. بەڵکـو منـداڵانێکی زۆریـش لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی جیهاندا، لەبەر سووکی و ئاسانی، شیعـری هـایکـۆ دەنـووسن.
هایکۆی ژاپـۆنی هۆیەکیش بوو بۆ سەرهەڵـدانی (شیعـری وێنـەیی) کە بزووتنەوەیەکی شیعـری (ئینگـلۆ ـ ئەمریکی) بـوو، لە سەرەتای سەدەی بیستەمـدا باوی بوو. هەروەها هـایکۆ کارتێکـردنی لەسەر کـارە ئەدەبییەکـانی تـری رۆژئـاوا هەبـوو.
هـایکـۆ لە چی پێکهـاتـووە؟
هایکۆ بریتییە لە هۆنراوەیەکی زۆر کورت، تەنیا بەیتێکە، بە شێوە کلاسیکییەکەی لە سێ دێـڕە شیعـری بێ کـێش و بێ سـەروا و بێ ئـاواز پێکهاتـووە. مەگەر بە دەگـمەن دێـڕەکانی سەرواداربن. هایکـۆ لە (١٧) بـڕگە پێک هاتـووە. بە گوێـرەی ریـزبەنـدیی دێڕەکان (دێڕی یه‌كه‌م پێنج بڕگه‌، دێڕی دووه‌م حه‌وت بڕگه‌، دێڕی سێیه‌م پێنج بڕگه‌) واته‌ (٥ بـڕگە، ٧ بـڕگە، ٥ بـڕگە) بە پێی زمـانی ژاپـۆنی.
بەڵام گەر هایکۆکانی ژاپـۆنی بۆ زمانەکـانی تر وەریان بگـێڕن، ژمارە بڕگەکان لە سێ دێـڕەکەدا وەکو خـۆیان نامـێنـنەوە، بـڕگەکـان کەمـتر یا زیاتـر دەکەن. بۆ نموونـە، ئەم هایکۆیەی ماتسۆ باشۆی ژاپۆنی، کە لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرمان گێڕاوە بۆ کوردی:
گـۆلـێکی کـۆن
بە دەنـگی ئـاو
لە بـۆقـێکەوە کە نـوقـم دەبێ
ئەم ئایکۆیەش کە لە نووسینی ئایکۆنووسی ژاپـۆنی کوبایاشی ئیـسا یە:
بەفـر دەتـوێتـەوە
دێیـەکە لە ئـاوا نوقـم بـوو
لەگەڵ منـداڵەکـانـدا.
لە پێـشا بـەم جـۆرە شیعـرەیـان دەوت (هـۆكـۆ) بـه‌ڵام لە دواییـدا، شاعـیری ناسـراوی ژاپـۆنی ماساوکـا شـیکی گـۆڕی بە وشـەی (هـایكـۆ).
هـایکۆنووس لە میانەی چەنـد وتەیەکی ساکاردا، لە کات و شوێنی خۆیـدا، بە زمانێکی سادە و باو، هـایکۆ دادەڕێـژێ و گوزارشـت لە هەستی قـووڵی خـۆی دەکا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەر وشەیەک لە وشەکانی سەنگ و مەبەستیان هەیە. بۆیە هـایکۆنووس بە وردی وشەکـانی هەڵـدەبـژێـرێ.
هایکۆ بە زۆری دەربارەی شتانێک دەنووسرێ، کە بە لای خوێنەرەوە زانـراوە و نامـۆ نین. وەکو ستایشی سروشت، خەسڵەتەکانی وەرزەکانی ساڵ، ئاژەڵان، باڵندەکان، دار و درەخت، گوڵ و گوڵـزار، بەفـر و بـا و باران، ئـاو،…هـتد. یا گوزارشتـێکی کوتوپـڕی و یەکسەری بێ بیرکردنەوە و بێ دواکەوتنە لە کارەسات و لە دیمەن و لە وێنەکانی ژیانی رۆژانەی مـرۆڤ دەکا، لە روانگەیەکی فەلسەفـەیی و جوانکارییەوە. بە زۆریش لە دوا دێـڕی هایکۆدا (دێڕی سێـیەم) تێبـینی و مەبەستی بابـەتـەکە بە دەستەوە دەدا.
ئێـوەی ئارەزوومەنـدی شیعـریش، دەتـوانن هـەوڵـبدەن و خۆتـان تـاقی بکەنـەوە و بە ئارەزووی خۆتان بابەتەکانتان هەڵبژێرن و هایکۆی تایبەتی خۆتان بنووسن، پێبەندیش مەبـن بە شـێواز و بە شـێوەی هـایکـۆی کلاسـیکی ژاپـوونی یەوە.
هـایـكـۆ بـۆ منـداڵان:
هایکۆ شایەنی گرنگـی پێدانە بۆ منداڵان، دەشی چـێژ و خۆشییەکی زۆریان پێبخەشێت. خوێندنی هـایکۆ لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانـدا، هـانی قوتابیان دەدا، بۆ ئەوەی کە فـێری بـڕگە و وشـە ببن، لەبەر ئەوەش کە هـایکۆ هـۆنراوەیەکی کورت و ساکار و ئاسانە و وشەکانی بـاون و بابەتەکانیان نامـۆ نین بە لایانەوە، لێـیان وەرست نابـن و بە ئاسانی وەریان دەگـرن. دەکرێ مامۆستای زمـان لە قوتابخانەدا، کۆمەڵێک هایکـۆی جـیاوازی گونجا و بە پێی تەمەنی قوتابییەکانی، بۆ خوێندنەوە بە قوتابییەکانی بـدا و فـێریان بکا بە دەنگەوە بیان خوێننەوە. یارمەتی قوتابیان دەدەن بۆ بیرکردنەوە لە واتای هایکۆکان. دواییش مامۆستا داوایان لێـبکا کە خۆیان هـایکۆ دابنـێن. بۆ ئەم مەبەستەش وردبیـنی زۆری لێیان دەوێ تا بە ئاسانی فێری بڕگەکان ببن. باشترین چالاکیش بۆ هانـدان و بۆ بە ئاسانی فـێربوونی بڕگە (شێوازی چەپـڵەلـێدان)ه‌، كە لە کاتی خوێندنەوەی وشەکان،
بۆ هەر بڕگەیەک، یەک چەپـڵە لێـبدەن. بۆ نموونە: لەگەڵ خوێندنەوەی وشەی (کورد) کە لە یەک بـڕگە پێکهـاتووە، یەک چەپڵە لێبدەن. بۆ وشەی (نەورۆز) کە لە دوو بڕگە پێکهاتووە، دوو چەپـڵە لێـبدەن، بۆ (کوردستان) سێ چەپـڵە لێـبدەن،….هـتد.
دەکرێ مامۆستای زمـان، بابەتـێکیان بۆ هەڵبـژێـرێت، بۆ نموونە (تـۆڕی جاڵجاڵـۆکە) داوا لە قـوتابییەکانی بکات، بیر لەم بابـەتە بکەنـەوە و هایکۆیەک بنووسن، لەوانەیە کۆمەڵێک نووسین و بیـرۆکەی جـیاواز لە هـایکۆکانیانی قوتابییەکانی دا بخوێنێـتەوە.
پێویستە مامۆستا هـانی قوتابییەکانی بدات، کە هەموو هەستیـیەکانیان بەکاربهـێنن. بۆ نموونە گەر هایکۆکە لەسەر (به‌هـار) بـوو. داوایـان لێ بکات کە بیـر لە دیمەنەکـانی بەهـار بکەنەوە و هـایکۆ بنووسن، ئەو دەنگـانەی گوێیـان لێی دەبێ، وەک خوێنـدنی مـەلان، بۆنی گـوڵان، دیمەنی پەپـوولەی رەنگـاوڕەنگ، تام و چـێژی رێـواس، هەموو ئەو شتانەش کە دەتووانن دەستیان لێـبدەن و خۆشییان پێدەبەخـشن، لێرەدا هـەر پێـنج هەستییەکەی بەکارهـێنا. دوای ئەوە پێویستیان بە بیرکردنەوە هەیە لە هەڵبژاردنی ئەو وشانەی کە پێویستییان پێیان هەیە، بۆ گوزارشتکردن و بۆ نووسینی وشە و بڕگەکانی هـایکۆکانیان. دوای نووسین دووبـارە پێیانـدا بچـنەوە و هەڵـەکـانیان راست بکەنـەوە. ئەمەش دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ منداڵان، بۆ درێژەدان بە خوێندنەوە و بە نووسینی هـایکۆ و بۆ زیاتر پێشکەوتنیان. لە ئەمـڕۆدا، لە بەر ئاسانی و کورتی شێوازی هایکۆ لە زۆر لە قوتابخانەکاندا، وتنەوە و فێرکردنی هۆنراوە، بە شێوازی هایکۆ بووە بە باو. هـیچ دەستوورێکی دیاریکـراو و پێویست و پێـبەندبوونیش بۆ نووسینی هایکۆ نییە، تا ببنە تەگەرە لە رێی نووسینی هایکۆدا، ئەوەی هـایکۆنـووس دەیەوێ، گوزارشتکـردنە لە بیـرۆکە و لەو تێبینـییانەی کە لە هـۆشـیدان.
ئەمەش بەلای منداڵانەوە جێی سەرسوڕمانە دەربارەی هایکۆ، کە دەتوانن بە ئـازادی و بێ دوودڵی، بە وشـەی سـادە، گوزارشت لە بیرو بۆچوونیان بکەن و هایکۆ بنووسن.
کە داوای نووسینی شیعرێکی هایکۆ لە منداڵان دەکەین، بە زۆری بە سادەیی گوزارشت لە هەستی خۆیان دەکەن، دەربارەی ئەو شتانەی پێیان ئاشانا بوونە، وەکو: کەشوهەوا، ئـاژەڵانی مـاڵی، باڵـندەکـان، گـوڵان، دەشـت و چـیا، دار و دەوەن، هـاوڕێیـان، یـاری، وەرزەکـان، رۆژ و شەو، بەفـر و باران و ئاو، دایکان و باوکانیان، مامۆستاکانیانن، خوشکان و براکـانیان، یا هـەر بابەتـانێکی تـری لەم شـێوانـە.
دەکرێ دایکان و باوکان مامۆستاکان لە چالاکی خۆشدا، بەشداری بە منداڵەکانیان بکەن و ناوی لێبـنێن هەڵـمبێـنە”مـن کـێم؟” کە لە شێوەی مەتەڵـۆکە دایە. لەم چالاکییەدا داوا لە منداڵان دەکرێ، لە شێوازی هـایکۆدا قسەکانیان یا وەڵامەکانیان بنووسن. ئەمە سێ نموونـەی هـایکـۆی”مـن کـێـم؟”:

بـۆرێـکی خـەت زەردم
بـۆ هەمـوو گوڵـێـک دەفـڕم
هـەنگـویـن دروسـت دەکـەم
ئەم هـایکۆ ئاسانە کوردیـەش:
بـەرزم وەک چـنار
نـە گـیـام و نـە دار
مـزرم وەک هەنـار
هـایکۆیەکی تر بۆ منداڵان لە شێوازی مـن کـێم؟:
مـن لـە ئاسـامــانـم
هـەڵـدێـم و ئـاوا دەبـم
گـەرمی دەبـەخـشـم
دەکرێ هایکۆ بۆ منداڵان، کەسێتی بێت یا لە شێوەی نوکتە و جەڤەنگیدا دابڕێژرێت، بۆ چـێژ و خۆشی بەخـشـین و بـۆ ئەوەی منـداڵان بهـێنـنە خەنـدە و پێکـەنین. بۆ نمـوونە ئەم دوو هـایکۆ فـۆلکلۆرییە کوردییەمان بۆ منداڵان کە بۆ خۆشی و پێکـەنین وتراون:
هە دۆینە.. دۆینە.. دۆینـە
دۆینــــەی مــاڵـی مـەلایـە
پـڕی لـە ســـەلـکە گــایـە

  • * *
    هـەلاتــران و مـەلاتــران
    دایـک و بـاوکی جـنـدۆکـان
    دایکـم نـاردوومی بـۆ هـێـلکـان
    هەنـدێ جاریش هایکـۆ گوزارشت لە سۆز و لە هەستەکانی نـاخی منـداڵان دەـکا، وەکو خۆشەویستی و دڵـڕاوکی و تەنـانەت ئـازاریـش.
    پێویستە منداڵانی کوردمان فـێربکەین و هـانیان بدەین کە هـایکۆ بخوێننەوە و بنووسن، بە تایبەتیش ئـەو منداڵانـەی، کە هـۆگـری خوێنـدنـەوە ونـووسینی شیعـرن.
    جۆرەکـانی هـایکۆی منـداڵان:
    یەکەم: (هـایكـۆ بۆ منـداڵان): ئەو هایکۆیانەن کە شاعـیرانی هایکۆنووس بۆ منداڵانیان دەنووسن. کە پێویستە ساکار و کورتبن و بە زمانێکی ئاسان بە پێی قۆناغەکانی منداڵی بیـان نووسن، بابەتەکانیش نامۆ نەبن و لەژینگەی منداڵانەوە ئیلهـامیان لێوەرگرتووبن.
    تا ئەمڕۆ لە کوردستان دا، مەگەر بە دەگمەن هـایکۆنووسێکی ناسراوی کوردمان هەبێ کە شیعری هـایکۆ بۆ منـداڵانی کوردمـان نووسیبـێت یا بنـووسێ.
    ئەمانە دوو نموونەی هـایکۆن، لە هەڵبەستی هایکۆنـووسانی بیـانی بۆ منـداڵان:
    یـاریی دووانـە
    منـداڵ بـۆ منـداڵ دەدوێ
    لـە ئـاوێنـەدا
  • * *
    جــەژنـی لەدایـکـبـوونـتــە
    هـیچ شتـێکـم نیـیە بـۆتی بهـێـنـم
    منـداڵان هـەمیـشە بێ پـارەن

دووەم: (هـایكـۆ لـه‌ نـووسینی مـندڵان) ئـەو هـایکـۆیانـەن، خـودی منـداڵان خـۆیـان، دەیان نـووسن، سادەیی و راستگۆیی و ساکارییان پێوە دیارە. ئەمانەی خوارەوە چەند نموونـەیەکی هـایکـۆن، کە لە لایەن منـداڵانی ئەمریکـاوە نـووسـراون:
مـن تەنیـا منـداڵـم
حەزدەکەم لەگەڵ هـاوڕێکانـم یـاری بکـەم
خەنـدە بکـە و شـادبـە

  • * *
    خـۆمـان بە هــیوا نـاودەبـەیـن
    داهـاتـوو لە دەسـتی ئـێـمە دایـە
    خـوێنـدنیـش بـۆ باشـترە
  • * *
    دەبـیـنــم لـەنـاو بـەفــردا
    ئـاسکەیـەکی بچکـۆلانــە
    هەوڵدەدەم یارمەتی بـدەم
    نووسینی: (تیم . ک)، (١٠) ساڵان ـ ئەمریکا.
    کـیت لە تەمـەنی هەرزەکاریـدا شەش گـۆڵی تـۆمـارکرد
    تـۆپی پێـیـەکە بەر سـتـوون کـەوت
    ئایـا گـۆڵـێکی تـۆمـارکـرد؟

نووسینی: (كـاتی)، (٩) ساڵان ـ ئەمریکا.
گوڵـە سـوورەکە جـوانـە
هەروەها نەمـامە گوڵەکانیش ناسکـن
هەمـوو گوڵـێک جـوانـە
نووسینی: (ئیـڤـان)، (٩) ساڵان ـ ئەمریکا.
بەهـار سـاڵی جـارێـک
دێـت وەک نـەڕەی شـێر
لە دەرەوە وەک بـەرخ، بـاع
نووسینی: (شتان)، (١٣) ساڵان ـ ئەمریکا
ئـەسـتـێـرەکـان هـەڵهـاتـوون
دەدروشـێـنەوە و گـەشـدەبـن
تـا رۆژ هـەڵـــدێـت
نووسینی: (میـتیا . م ) ، (٩) ـ ئەمریکا.
بە سەدان هایکۆ هـەن، کە لە لایەن منـداڵانەوە نوسراون، یا بۆ منـداڵان نـووسراون.
زۆر لە منـداڵانی قـوتـابی، لە بۆنـە و لە رۆژە تایبـەتی و جـیهـانییەکانـدا، وەکو: یادی جـەژنی لەدایکـبوونی هـاوڕێکـانیان، رۆژی جـەژنی نـەورۆز، رۆژی جـەژنی دایکـان، رۆژی جەژنی مامۆستایان. لەسەر کارتی پیرۆزباییکردن لە هاوڕێکانیان، لە دایکانیان، لە مامۆستاکـانیـان، بە نـووسینی سێ دێـڕ هـایکـۆی جـوان پیـرۆزبـاییـان لێـدەکـەن.
(*) بـۆ نـووسینی ئـەم بابـەتـە، سـوودم لە چەنـدین سـایتی ئینگـلیزی وەرگـرتـووە.
رەزا شـوان
٣٠/ سێپتەمبەر/٢٠٢٠




سەما … فەتاح حەسەن

مەرگ، شوێن و ساتی بۆ نییە
هەروەها (سەما) ش.
بەبیستنی مۆسیقایەك
ڕٶحی خۆمی ئاوێزان دەکەم
پڕبەدڵی خۆم سەما دەکەم،
کێ دەڵێ سبەی..
پێیەکانم سەما هەڵدەگرێ.. کێ؟؟
کەی بمەوێت
زۆر شێتانە،سەما دەکەم
.. سەما نەبێ
نە خۆر، لە خۆرهەڵاتەوە هەڵدێ
نە لە خۆرئاواوە ئاوادەبێ.
نە دڵ..
مانای عاشبوون دەزانێ
نە پەپوولە
بەدەوری شەمدا دەسورێ،
نە.. هەنگ،تامزرۆی
مژینی هەڵاڵەی گوڵ دەبێ
.. سەما نەبێ
سەرمای زستان و
گەرمای هاوین،
مرۆڤ، دەتەزێنێ،
دەپڕوکێنێ.
پێکی مەستانە، سەما
دەسا وەرە ئەی خانمەکەم
هەتا ماوین .. سەما بکەین.
سەما،
پیریی و گەنجێتیی نازانێ
گەر ..
گوێبیستی مۆسیقای ( زۆربا) ببی و
سەما نەکەی
دڵنیابە
ئەتۆ شێتی،
بۆیە..
هەر مەرگ، لە(سەما) م ، دەخات
دەنا، هەرچوار وەرزە
هەتا مابم
سەما دەکەم.

فەتاح حەسەن
دانیمارك /ڤالبی
2019




پیرۆزبێت رۆژی جـیهانی مامۆستایان.. رەزا شـوان

دوای ئەوەی کە بۆ یەکەمین جار لە ساڵرۆژی (٥/ ئوكتۆبه‌ر/١٩٩٤) بە فەرمی کرا بە (رۆژی جیهانی مامۆستایان)، لەو ساڵە و لە رۆژی (٥/ ئوکتۆبەر)ی هەموو ساڵێک دا، بە بۆنەی رۆژی جیهانی مامۆستایانەوە، لە هەموو قوتابخانەکان و لە شوێنانی تردا، لە زیـاتر لە (١٢٥) دەوڵـەت لە جـیهانـدا، بە فـەرمی بـەم بـۆنـەیـەوە ئـاهـەنگی شایستە و جـۆرەها چـالاکی دەگـێڕن. بە گەرمی پیرۆزبـیی لە مامۆستایان دەکـەن و چـەپکە گـوڵی رێزلێنان و ئەمەکداری و دیارییان پێشکەش دەکەن. هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا، خەڵاتی شایستە پێشکەشی کۆمەڵێک لە مامۆستایانی لێهاتوو و جیاواز و ماندوونەناس دەکەن.
مەبەست لە رۆژی جیهـانی مامۆستایان، ئـاوڕدانەوە و وەبیرهـێنانەوەی گـرنگی رۆڵ و پیشەی مامۆستایی و پەیـامە پیرۆزەکەی و گرینگی دانـە بە فـێرکردن و پەروەردەکردن وانە وتنەوە. هەروەها بۆ باشکردنی بارودۆخی ژیان و گـوزەران و پارستنی مافەکـانی هەموو مامۆستایـان لە جیهـانـدا.
بێگومان مامۆستایی پیرۆزتـرین پیشـەیە لە هەموو جـیهاندا، دایکی هەمـوو پیشەکـانە. مامۆستایان بە نرخـترین و گەورەتـرین سامان و ژێـرخـانی پەروەردەیی و رۆشنبیرین.
فـێرکردنی باش و پەروەردەکردنی دروست و ئاراستەکردنی راستی نـەوەی ئەمڕۆمـان، مژدەبەخشن بۆ هـێنانەدی ژیانێکی باشتر و خۆشتر و داهـاتوویەکی گەشتر و شیاوتر و ئاسوودەتر، بۆ کـورد و کوردسـتان.
لەم پێودانگەوە، دەزانین کە مامۆستایـان چی ئەرکێکی پیـرۆز و چی بەرپرسیارێتـیەکی گـرنگ و هەستـیار و زۆر چـارەنووسسازیـان لە ئەستـۆدان. (ئەلـیزابێـس مـاخ) دەڵێ:
“لە کـاتی ئەنجـامدانی پەروەردەکـردنی منداڵەکـانمانـدا، هەر هەڵـەیەک بکەین، دەبێـتە هـۆی دۆڕانـدنی جەنگـێک، کە لە پێـناوی دواڕۆژێـکی باشـتردا دەسـتمان داوەتـێ..”
مامۆستایانی دڵسـۆز، ئەی پێشمەرگە مانـدوونەسەکـانی گۆڕەپـانی پـەروەردە، کێ وەک ئێـوەی کورد و کوردستان پەروەر هـێندە خۆڕاگر و کۆڵنەدەر بوون، بەبێ مووچ و نیوە مووچـە درێـژەتان بە پـرۆسەی خوێنـدن دا و بە گیرفـانی بە تاڵەوە وانەتـان دەوتـەوە و دەڵـێنەوە.. زۆر بە داخەوە کە دەسەڵاتـدارانی کوردستان، پێـزانینیان بۆ خـۆڕاگری و بۆ دڵسۆزیتان نیـیە. ئەوەتـا زۆر بێ شەرمانە بە بەلـێدان و شەق تێهەڵـدان و تەقـەکردن و بە تونـدوتیـژی رێ لە خۆپێـشانـدانە هـێمنانە و ئاشتییەکـانتان و لە داواکـردنی مافـە رەواکـانتان دەگرن. بەڵام ئێوە زۆر لەوانە شکۆدارتر و دڵسۆزتر رەوشـت بەرزترن.
رۆژی دووشەممە (٥/ ئوكـتۆبه‌ر/٢٠٢٠) یـادی (٢٦) ی، ساڵـڕۆژی رۆژی جیهـانی مامۆستایانە، بەم بۆنە پیـرۆزەوە، جـوانترین پیرۆزبـایی لە هەموو مامۆستایانی کورد بـە تایبـەتی و هەمـوو مامۆستایـانی جیهـان بە گـشتی دەکـەین. بـە ئەوپـەڕی رێـزەوە سەری رێـز و نوازشتان بۆ دادەگریـن. هـیوای ئەوپەڕی تەمەندرێژی و تەندروستیتان بۆ دەخوازین.. هەردەم خۆمان بە قـوتابی دڵسۆز و بە ئەمەک و بە قەرزاربـاری ئێـوە دەزانـین و پێزانینمان بۆ دڵسۆزی و ماندووبوونتان هەیە.. زۆر بە شانازییەوە یادتان دەکەینەوە.. قەرزاری ئێوەین. کە یەکەمین پیت و یەکەمین وشە و یەکەمین رستەتان فێرکردیـن، لە ئێوەی کورد و کوردستان پەروەرەوە، ئەلفـوبێێ کوردایەتی فـێربووین. ئێوە هەسـت و سـۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبـوونمان بـۆ کوردستانی نیشـتمانی شیرینمان، لە دڵمانـدا، روانـدن و لامان شیرینترتان کرد. ئێوە هـیواتان پێ بەخـشین و پێتان وتین، لە بەردەم متمانە بەخۆبوون و بڕوای پۆڵاییندا، شتێک نییە ناوی ئەستەم بێـت.. ئێوە زۆر شتی ترتان فـێرکردین. بۆیـە وشەی زۆر سوپاس شەرمتان لێدەکات، چونکە چی وشەی جـوان هەیە کە بۆتانی بنووسین، چی گـوڵێ جـوانی جیهـان هـەیە پێشکەشتانی بکەین، مەحـاڵە ببن بە پاداشـت و هـاوسەنگ بۆ رادەی دڵسۆزی ئێـوە.
ێێوەی مامۆستایـانمان، خۆشـەویستی و پێگـە و شوێنێکی تایبەتیتان لە نـاخی دڵمانـدا هەیە کە هەرگیز کاڵ نابنەوە. ناتوانین بە قـسە و بە نـووسین گوزارشتیان لـێبکەین.
ئەی قـوتـابیانی دڵسۆز و خـۆشـەویست، لە (رۆژی جیهـانی مامۆستایـان) دا، لە کـاتێ ریزبـوونتان لە گۆڕەپـانی قوتابخانەکانتانـدا، وەکو گۆزارشتکـردن لە رێـز و ئەمـەک و پێزانینتان، بۆ دڵسۆزی و ماندووبوونی مامۆستاکانتان، بۆ ماوەی خولەکێک سەری رێز و نـوازش دابگرن، دوایی بە گەرمی پیرۆزباییان لـێبکەن و بە هەر یەکەیان گوڵێکـیان پێشکەش بکەن. هـۆنـراوە و سروودی دڵسۆزی و خۆشەویستی و سوپاسیان بۆ بڵـێن. ئەمـانەش کەمتـرین گـوزارشـتن لە ئـاستی شکـۆداری و دڵســۆزی مامۆستاکـانتـان.
هەر لەم رۆژەدا، داوا لە رژێـمی رەگەزپەرست و کۆنەپەرستی کۆماری سـێدارە (ئێران) دەکەین، کە مامۆستا (زارا محـەمـەدی) ئازاد بکەن، چونکە هـیچ تاوانێکی نەکردووە و نییە. ئایا فێرکردنی زمانی دایک (کوردی) تاوانە؟ مەگەر تەنیا لای شەمشەمەکوێرەکانی تاریکسـتانی دەسەڵاتی خـوێنڕێـژی ئێـرانی و کۆمـاری زینـدانستانی تورکـیا ئەردۆگـانی سیکۆپاتی تاوان بێ. نەک هەر زمـانی کوردی، بەڵکو کوردبـوونیش بە تـاوان دەزانـن.
دووبـارە پیـرۆزبێـت رۆژی مامۆستایـانی جـیهـان.
رەزا شـوان
نەرویـج: ١/ ئـوکتۆبـەر/٢٠٢٠




سانسۆر: بەرهەمی بیرێکی فاشیستانەیە … فەرهاد شاکەلی

ئەو ئاگادارییەی لەم چەند ڕۆژەی دواییدا وەزارەتی (ڕۆشنبیری!)ی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی فاشیستانەیە. با جارێ ئەوە لەولاوە بوەستێت کە ئاگادارییەکە پڕە لە هەڵەی ڕێنووس و ڕێزمان و ئەو کۆلکەخوێندەوارەی دایڕێشتووە، کۆلکەخوێندەوارەکانی سەردەمی بەعسمان بیر دەخاتەوە، کە زمان دوایین شت بوو، تێی بگەن یا بایەخی پێ بدەن.
ئاگادارییەکە هەبوونی ژمارەی سپاردنی کردووەتە بیانوو بۆ زیندووکردنەوەی سانسۆر. ژمارەی سپاردن هیچ پێوەندییەکی بە نیشتمانپەروەری و بەهای باڵا و ڕەوشتەوە نییە، بەڵکە تەنیا کەرەستەیەکە بۆ ناسینەوەی کتێبێک و بۆ کۆکردنەوەی ئاماری فەرهەنگی و سەرژمێری ڕەسمیی وڵاتان. ژمارەی (سپاردن) لە هەموو جیهاندا یەک سیستەمی هەیە و بە جۆرێک داڕێژراوە کە هەر وڵاتێک ژمارەی تایبەتی خۆیشی هەبێت. ئەو سیستەمە دوو زنجیرە ژمارە بە کار دەهێنێت، یەکێک بۆ کتب و یەکێکیش بۆ گۆڤار و بڵاوکراوەی دیکەی هاوشێوە. ئەگەر وەزارەتی ڕۆشنبیری (!) دەیەوێ شتێک لەو ڕووەوە فێر ببێت با لە ڕێگەی گووگڵ یا ویکیپێدیاوە تەماشای ئەم دوو بابەتە بکات:

International Standard Book Number (ISBN)
International Standard Serial Number (ISSN)

هەبوونی ژمارەی سپاردن نە نرخ و ناوەڕۆک و بایەخی کتێب دەباتە سەرەوە، نە پێوەندییەکی بە ئەرک و لێپرسراوی و ڕۆشنبیری و ئەخلاقەوە هەیە. ئەوجا لە هیچ جێیەکی دنیا، بۆ وەرگرتنی ئەو ژمارەیە (ISBN) پەخشخانە یا نووسەر پێویستیان بەوە نییە پێشەکی ڕەشنووسی کتێب بنێرن بۆ هیچ دەستگایەک، بەڵکە دەتوانن لە کتێبخانەی نیشتمانی ساڵانە ٤٠، ١٠٠، ٥٠٠ ژمارە وەربگرن و بۆ کتێبەکانیان بە کاریان ببەن. ئیتر نە لێژنەی شارەزا و نە هیی ناشارەزا پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ کتێب ناکەن.
هیوادارم نووسەران و ڕووناکبیران، پەخشخانە و چاپخانەکانی کوردستان، دوور لە چوارچێوەی تەسکی ئیدیۆلۆگی و حیزبی و سیاسی، لە پێناوی فەرهەنگی کوردیدا، لە پێناوی وشەی کوردیدا، لە پێناوی بیری ئازاد و داهێنەرانەدا دژی ئەم بڕیارە و هەموو بڕیارێکی هاوشێوەی بوەستن و بە هیچ جۆرێک جێبەجێی نەکەن. سانسۆر بەرهەمی بیرێکی فاشیستانەیە. ئازادیخوازان، بیرئازادان و مرۆڤدۆستان دژی فاشیزم و بیری فاشیستانەن.

فەرهاد شاکەلی
زانکۆی ئوپسالا، سوێد ٢٨-٩-٢٠٢٠




دووكتێبی نوێی سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی چاپ و بڵاوكرانه‌وه

له‌و ڕۆژانه‌ی ڕابردوودا،دووكتێبی دیكه‌ی سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی چاپ و بڵاو كرانه‌وه‌.كتێبی یه‌كه‌مییان كه‌ به‌ ناوی له‌ سێبه‌ری كتێبدایه‌، خوێندنه‌وه‌ و ڕانانه‌ بۆ بیست و دووكتێبی جۆراوجۆری ئه‌ده‌بی و سیاسی و مێژوویی و فیكری،.ئه‌م كتێبه‌ به‌رگی دووه‌مه‌، له‌ كۆی زنجیره‌یه‌ك به‌رگی كتێبه‌كه‌، كه‌ تیایدا خوێندنه‌وه‌ و ڕانان بۆ چه‌ندین كتێب به‌ مه‌به‌ستی ناساندنییان به‌ خوێنه‌ران ده‌كرێت.كتێبی دووه‌میشیان كه‌ له‌ شێوه‌ی نامیلكه‌یه‌كدایه‌، به‌ناوی كۆرۆنایه‌و كۆمه‌ڵێك كورته‌ وتار له‌ خۆ ده‌گرێت.




بەندەرێکە چاوەکانت… شیعر / کاوە عوسمان عومەر

تەنها یەک مەل بەسە بەیانی بێنێ،
کیشوەرێکە ڕۆژێکی تازە،،،
ئەمانبات و ئەمانهێنێ،
شاخێ خەمت هەڵچنی، بەڵام…
لە کوڵان و کوچەکانی عیشقما نەبووی،،،
تاڤگەی بوونتم بزرکرد،،،
نەمزانی بەندەرێکە چاوەکانت، ،
کەشتیە وێڵەکان ..
تا چەند سەدەی تر
بەدواتا بگەڕێن، تا لەنگەر گرن؟
………………

لەدوای خۆمان،،،
دەرگا دانەخراوەکانی ڕابردوو..
لە توڕەییا، ئەبنە پەرتووکی کراوە،،,
ئای چەند شیعری سەرگەردان..
لە ووڵاتی کۆچا،،
بای غەریبی ئەیبا،،،
هەموو شتێک بێدارە،،
گوڵە هەڵاڵەیەک ، بێدارە..
لە نەهاتنی هەنگێک،،،
سنەوبەرێک بێدارە..
لە دەرنەکەوتنی کوکوختیەک،،
شەوێک بەدیار هەورێکی..
چاو پڕ گریان، بێدار
زەریایەک بۆ کەشتیەکی وێڵ، بێدار
ئەستێرەیەک بۆ هاتنەوەی تۆ، بێدار،،
بێداریی من..
بۆ بینینی هەمویان
………………..

لە ناوشارام،،،
بەڵام شار وونە
لە کوچەکانم، بەڵام…
خەڵکەکەی خەونە،،،
لە کوێستانەکانیم، بەڵام..
شنەباکەی جەرگی کون کونە،،
لە بەردەم خۆرەکەیام..
بەڵام گوڵە بەڕۆژەی..
کێڵگەکانی منداڵی بزرە
………
گەر ڕوو بە ڕووش،،،
نەشتدۆزمەوە،،
پیاسەیەک بە قامیشەڵانی…
ووشەو ئەندێشەی گیا خەوتوەکانا ئەکەم،،
لە دەرگاوانی ڕازێ ،،،
داوای دەفرێک..
لە شەونمی تەنیایی و..
خاکە لێویش،،
چنگێ نێرگزی پەمەیی بێهودەیی بێ،،

……………………

ئەوەی لێرەیە بۆت ئەمێنێ،،
بەڵام زوو یان درەنگ…
فلوتی بای تەمەن،،
لێت ئەسەنێتەوە،،
خۆزگە ڕەها بوینایە،،
بۆیە باوەڕم نیە هیچ شوێنێک،،
لە دورخەکانی دڵا جێی بێتەوە،،
تەنها بەندەری چاوی تۆ نەبێ،،
……………………
لە حەسرەت خۆسوتانی دارستانی…
ئەسرینی عیشقێ،،
درەنگانێ چراکانی..
ئاورینگی شیعرم بۆت کوژاندەوە،،
ڕێگەم دا..
لەگەڵ پووش و پەڵاش و گەڵاکانا،،
پایز،،،،
بە ئاوی ڕۆحی لەدەستچووی…
گوڵی وەریو..و..
شەونمی فرمێسکی…
تکاوی جۆگەی چاوی تۆ
شەقامەکانی تەمەنم بشواتەوە
……………………
بەیانیان بێ تۆش
خۆرهەڵات هەر نایەت،،
ئاوێنەیەکی شکاوە ،،،
دەروازەی ڕۆژم
……………..

وەرزی هەتا هەتای جەنگ،
هەڵدێری ڕۆحپژانی هاوڕێکان بوو،،
تاسەی لەدەستدانی باڵەکان،،،
قرتانی ڕەگی شەوە شینەکانی ژوان، ،
تۆ ووتت، با کۆچ خۆی،،
نیشتمانی ترت بێ،،
خەمت نەبێ،،
تۆپی ڕەشی ئاسنی چارەنوس،،
هەمیشە وەک بەندۆلی کاتژمێرێکی مەزنە،،،
بەسەرمانەوە،،
بەڵام ئەوسا سرک ترو..
بوهەیمی تر بوین،،
ئەو گۆزانەش ڕۆژانێ…
بە خەندەوە پڕمانئەکردن لە هەنگوینی..
شیعر و شەرابی گیای بەرائەت،،
بە کێوی نسرمی گوڵا هەڵئەگەڕاین،،
تا ترۆپکی کازیوەیەک لە ئەفسوون..
بەڵام تەمەن وەک فڕەی..
نەورەسێکی سەرکەنار تێپەڕی،،
بۆیە وازوو لە بیابانەوە گەڕاینەوە،،
درەنگ زانیمان، ،،
گوندە سپیەکانی بەهەشت
لە ئاوازی ڕابردوو بوون،،،
درەنگ بە ئاگاش هاتین..
کە کانیە ئەرخەوانیەکەی..
زمانی ڕۆح ووشکی کرد،،
،، گەڕاین ، زۆر گەڕاین،
تا ئەو شوێنەی..
نە بەهەشت بوو، نە دۆزەخ،،
پێڵاوەکانی من هەم لە گیاو ،
هەم لە هەور بوو،،،
تا سپێدە،،،
دەستەکانم کڵپەی شیعر بوو بۆت،،
ئێستاش..
کانی ڕژاوی مانگێکی ئەرخەوانیە،،
ناخی منی کردوەتە..
یاقیق ڕژان و مرواری پرژان،،
بۆیە تا ئێستاش بە ئاو
قسە ئەکەم،،
ئەی بەهاری مەست،،
بە گەڕیدەیی ناکۆتای من،،
خۆشبەختم لە ناو گەلەری..
هەموو پەیکەرە مرۆڤەکان،،،
ڕۆحی عاشقی نەورەسێکم..
خستە ناو دەسڕی ئاوریشمی شیعر،،
سنگم گیاو هەور و شەپۆلە،،
چاوم بە کۆچی..
نێو گزنگی قازە پەمەیەکانی…
نێو دارستانی سپی پاکێتی تەنیایی…
ئەدرەوشێتەوە،،
ماڵئاوا،،
ئەی زەمەنی ڕۆبۆت و ماشینە..
نەفرەتیەکان،،،
چیای یاخی ڕەشی شیعرم،،
باڵاترە ..
لە بەهای ژەهرینی ماتریاڵی..
جیهانێک ئافات بردوو،،
خۆریش کۆنبوو،،،
چونکە ئەو خەڵکانەی..
لە ژێر ئاگردانی ڕۆژەکانا،،
جەستەی تەزیوو..
ڕوتیان گەرم ئەکەنەوە،،
سوپاس گوزار نین،
لە خۆسوتانی چاوی گەردوون،،
گەر خۆر نەبێ..
ئەم هەموو گوڵە بەڕۆژانەی کێڵگەی،،،
جوانی سروشت،،
چۆن لە هەناوی فوارە مۆرەکانی..
خەونەکانا باڵا ئاکا؟؟
ئەوەتا پایز،،
بە چاکەتی پرتەقاڵی گەڵاو
و کڵاوە هەورێ لە فرمێسک…
لەبەردەرگا..
چاەوەڕێیە،،
پێکەوە پیاسەیەکی..
سەر کەنار کەین،،
سەیرە، لەم شارە وێرانە، لەم،
وێرانە شارە، پایز،
جگە لە من،،
کەسی تری نەدۆزیوەتەوە
پیاسەی کەناری لەگەڵ بکا؟
سەیرە لەم وێرانە شارە،
ئاشووب زاڵە،
چەتە حوکمدارە،
نە ماسی ما، نە دارستان، نە مەل، نە دەریا
……………….

با پەنجە پیانۆی ئاو،
نامەی شەوم بۆت بنوسێ،،
ئەزانم کەس چیتر..
نامە بە پەنجەی شیعر نانوسێ،،
ڵام دێڕێک بۆنی..
قەوزەو گیای پەنجەی..
تۆی لێ نەیەت،،
با هەر نەمگاتێ




یاداشتنامه‌یه‌ك له‌ باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی سانسۆری سه‌ر نوسین و كتێب له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان

بۆ

  • ڕای گشتی
  • ناوه‌نده‌ رۆشنبیری كلتوری و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی
  • په‌رله‌مانی كوردستان

وه‌زیری رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌كۆتایی ئه‌م مانگه‌ به‌پێی فه‌رمانێكی وه‌زاری به‌ ژماره‌ 4\1\2077 له‌ رێكه‌وتی 24\9\2020 بریاریداوه‌، له‌مه‌ودوا به‌ر له‌ چاپكردنی كتێب، له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕه‌وه‌ پێداچونه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكرێت، ئینجا ژماره‌ی سپاردنی پێ بدرێت و چاپ و بڵاوبكرێته‌وه‌.
له‌ ناوه‌رۆكی فرمانه‌كه‌دا هاتووه‌ پێدانی ژماره‌ سپاردن ئه‌ركێكی گه‌وره‌ و لێپرسراویه‌تی رۆشنبیری و ئه‌خلاقیه‌. بۆیه‌ له‌ دوای ده‌رچوونی ئه‌م فه‌رمانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ركه‌زی له‌ لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كتێبخانه‌گشتییه‌كانه‌وه‌ ده‌درێت .
به‌ پێی په‌ره‌گرافی دووه‌می فه‌رمانه‌كه‌: “پێویسته‌ ئه‌م ئه‌ركه‌ زۆر به‌ گرنگییه‌وه‌ جێ‌ به‌جێ‌ بكرێت و تیایدا ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و پاراستنی به‌ها پیرۆزه‌كان بكرێت و شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و پاراستنی به‌ها و هێما پیرۆزه‌كان تێك نه‌دات “.
له‌ كۆتایدا هاتووه‌ : “بۆیه‌ بریارماندا پێش پێدانی ژماره‌ی سپاردن له‌ لایه‌ن لێژنه‌یه‌كی شاره‌زای ئه‌و بواره‌ له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ناوبراو پێداچونه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كتێبه‌كان بكرێت و دواتر ژماره‌ سپاردنی پێ‌ بدرێت “.
ئه‌م فه‌رمانه‌ به‌ ته‌واوی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی :
یه‌كه‌م، زیانی گه‌وره‌ به‌ فیكری ره‌خنه‌یی ده‌گه‌یه‌نێت و له‌ رووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییشه‌وه‌ بواری ڕاگه‌یاندنی نووسراو به‌ره‌وه‌ داخران ئه‌بات هه‌رچه‌نده‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا كتێب و نووسین هه‌ر بڵاو ده‌بنه‌وه‌، له‌ ڕێگه‌ی تۆڕی ئه‌نته‌رنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ سانسۆر له‌سه‌ر چاپه‌مه‌نیی داده‌نێت و ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ ڕێژه‌ییه‌ی ده‌زگاكانی چاپه‌مه‌نی هه‌یانبوو، لێیان ده‌سه‌نێته‌وه‌ و بۆنی ئه‌و سانسۆره‌ پێشوه‌خته‌ی لێ‌ دێت كه‌ له‌سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسدا هه‌بوو دژ به‌ بڵاو كراوه‌ و كتێب و ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كان .
دووه‌م، ئه‌گه‌ر ورد ببینه‌وه‌ له‌ په‌ره‌گرافی دووه‌می فه‌رمانه‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ دانانی ژماره‌ی جیهانی كتێبه‌وه‌ نییه‌ وه‌ك پێوه‌رێكی سه‌رده‌می جیهانی بازرگانی بۆ رێكخستن و ناسینه‌وه‌ی كتێب، به‌ناوی International Standard Book Number (ISBN)‏ . به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ لایه‌نی زۆر مه‌ترسیدارترمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت به‌ جۆرێك كۆمه‌ڵێك رسته‌و وشه‌ی لاستیكی جێگیركراوه‌ وه‌ك بۆمبێك هه‌ركاتێك مه‌به‌ستیان بێت لێژنه‌ حزبییه‌كه‌ ده‌یكه‌نه‌ بیانویه‌ك و رێگری ده‌كه‌ن له‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی.
ئه‌گه‌ر دیقه‌تی پێوه‌ره‌كانی بده‌ین وه‌ك ره‌چاوی “به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و پاراستنی به‌ها پیرۆزه‌كان بكرێت و شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و پاراستنی به‌ها و هێما پیرۆزه‌كان تێك نه‌دات “. هه‌موو ئه‌و چه‌مك و ناوو به‌هایانه‌ی ریزكراوه‌ هه‌ڵگری مانای لاستیكی و دیدی جیاوازن بۆ ره‌چاوكردن و پاراستنیان، زۆر به‌ ئاسنی هه‌ركتێبێك له‌ ئاستی فكری و سیاسیه‌وه‌ ناكۆكبێت له‌گه‌ڵ ئایدیای ده‌سه‌ڵات و له‌ ئاسته‌كه‌ی تر ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ به‌های پیرۆزكراو وجۆرێكی تایبه‌ت له‌ شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و پاراستنی به‌ها و هێما پیرۆزه‌كان، قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت و ژماره‌ی سپاردنی پێ‌ نادرێت، ئه‌م فرمانه‌ له‌رووی سیاسیه‌وه‌ پیرۆزكردن و مسۆگه‌ركردنی و جێگیركردنی ئه‌م مۆدێله‌ له‌ حكومرانییه‌، له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی وئاینی و كلتوریشه‌وه‌ بۆخۆبه‌رهه‌مهێناوه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك بازنه‌دا دژ به‌ هه‌ر هه‌وڵێك بۆ ره‌خنه‌گرتن و گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئاینی و كلتورییه‌ كه‌ راسته‌وخۆ هێرشه‌ بۆ سه‌ر هه‌ر هه‌وڵێكی زانستی به‌ ئاراسته‌ی ئیبداعی رۆشنبیری و كلتوری هاوشێوه‌ی (دادگای ته‌فتیش) سه‌ده‌كانی ناوه‌راست له‌ ئه‌وروپا .

ئیمزای به‌شداربووان
1- هیوا عمر – نوسه‌ رو هه‌ڵسوڕاوی سیاسی – هه‌ولێر .
2- هاوار محەمەد – نووسەر و وەرگێڕ
3-




مانیفێستی عەشق …16- تێکست: ستیڤان شەمزینی

بەشی شانزە..

لە دووریتا گلێنەکانم دڵۆپە بارانی رەنگ سوور
بەسەر پێدەشتەکانی دڵما ئەبارێنێ


لە ئاسمانی مندا تەنیا تروسکاییەک هەیە
ئەوەندە رەونەقدارە سەرزەمینی کردووە بە چراخان
ئایا ئەزانی باسی تۆ دەکەم؟


بۆ ژیاندنەوەی کانیاوی وشکبووی رۆحت
تەنیا بۆ چەند چرکەیەکیش بێ ئاشق بە


خۆر لە دەستەکانی تۆوە هەڵدێ
مانگ لە چاوەکانی تۆدا ئەبریسکێتەوە


بارانی ئەوینت ببارێنە بەسەر دڵمدا
چوونکە خەریکە دەبێتە بێروون


کلوە بەفری ئەشقت بەسەر رۆحما ببارێنە
ئاخر زۆر دەمێکە بووە بە بیابان


دەتوانم بەرانبەر بە یەک لەشکر سەرباز بوەستم
کەچی توانای بەرەنگاریی یەک نیگای تۆم نییە


لە دەستنووسێکی دێرینی دێوانەیەکدا نووسراوە
دەستنوێژی ئەشق بە فرمێسک نەبێت هەڵناگیرێت


ساتێ تەرمی من بە بەردەمتدا رەتبوو
لە هیچ بکوژێک مەپرسە سزای دڵڕەقی خۆت بدە


ئەوەی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێم پێکەوە ئەبەستێتەوە
تەنها و تەنها هێزی ئەشقی نەبڕاوەی تۆیە


لە بارەی دێوانەکانەوە ئەفسانە و کتێبە کۆنەکان دەخوێنیتەوە
لە بری سەیرکردنی رابردوو بڕوانە چۆن ئێستا منت کردۆتە دێوانە؟


ئەگەر چاخی کۆیلایەتی بگەڕێتەوە هەرگیز نابم بە سپارتاکۆس
نا.. نا.. زۆر ئارەزوومەندانە دەبمە کۆیلەی لار و لەنجەی تۆ


جۆگەلە بەستنی فرمێسکەکانم بوو بە ئۆقیانووس
پێم بڵێ چۆن بەرگەی شەپۆلەکانی دەگریت؟


کە رۆیشتیت تەنیا یەک شتت بەجێهێشت
ئەویش تەرمی هەلا هەلابووی من بوو


تۆ لە شەپۆلێکی تووڕە دەچی، منیش لە کەشتییەکی وێڵ
تۆ لە زریانێکی بەهێز دەچی، منیش لە کوخێکی وێران


ئێوارەیەک بۆ ئەبەد ون ئەبم لە ئێستاوە تەنیا وشەیەکم هەیە
ئەوی لە سەرابەوە هاتبێت بێگوومان دەبێت بە غوبار


ئازیزم هەموو رۆژێک لەگەڵ هەڵاتنی خۆردا دێم
ئەگەر رۆژێک نەهاتم، بزانە کە مەرگ هاتووە


بڕیارم دا سەفەر بکەم، سەفەرێکی بێ کۆتایی
بەرەو مەملەکەتی ئەوین و دڵی پڕ جۆشی تۆ





پانۆرامای ریفراندۆم پاش سێ ساڵ … بەختیار

لە ساڵی ٢٠١٧ و دروست لە ڕۆژەکانی پێش ٢٥ی مانگی ٩ (ڕۆژی ریفراندۆم)، شەڕ و کێشمەکێشیکی زۆر هەبوو لە نێوان ئەوانەی کە باوەڕیان پێی هەبوو (ریفراندۆم) و ئەوانەش کە باوەڕیان پێی نەبوو. لە زۆر جێگادا ئەبووە مایەی مشتومڕێکی وا کلکی کەری تیا ئەقرتا….
ئەو مشتومڕە بە پێی ڕادەی بیرکردنەوە و باوەڕی کەسەکان هەمەجۆر بوون.
جۆرێکیان ئەوانە بوون کە لە پێشەنگدابوون و ئەوانەی کە کوێرانە بڕوایان بە هەر بڕیارێک بوو کە لە دەمی مەسعود بەرزانییەوە بهاتایە دەر، جا ئەوانەش دوو بەش بوون بەشێکیان ئەوانەی لە لایەنی ماڵییەوە سودمەند بوون لە پارتی و بە جۆرێک ژیانی ماڵ منداڵیان پەیوەست بوو بەو پەیوەندی و داهاتەی لە پارتیەوە دەستیان ئەکەوت بۆ ژیان… بەشەکەی تریان ئەوانەبوون کە وەک پەندەکە ئەڵێ (ئاگایان لە مەحموی بێ زەوار نەبوو) هەرگیز ئاگاشیان لێ نابێت، سەرسەختانە بەرگرییان لەو بڕیارە ئەکرد بێ ئەوەی بیر لە هیچ ئەنجامێکی ئەو بڕیارە و کاریگەریەکانی بکەنەوە.
ئەتوانین لقێکی تریش لەم بەشە بکەینەوە کە ئەوانیش زۆرایەتیەکی زۆری کوردن، هەر شتێک بۆنی ووڵات و ماف و یان هەر باسێک لە بەرژەوەندی کورد بێت ئەوان لەگەڵین، بۆ نمونە ئەگەر لایەنێکی دڵسۆزی کورد و بەهێز هەبوایە لەو کاتەیا لەگەڵ ئەوەدا نەبوایە کە ریفراندۆم بکرێت، ڕەنگ بوو ئەم لقە بچونایەتە بەرەی ئەو هێزە، هەر بە هەمان مەبەست (بەرژەوەندی کورد).
ئەتوانرێت ئەمانە بە دڵسۆزەکانی کورد و دۆزەکەی ناوزەد بکرێت، چونکە کورد ئەوەندەی دەردەسەری بینیوە بەدەست دوژمن ناحەزەکانیەوە، نەوە دوای نەوە ئەم دەردەسەییانە هەر بەردەوام بووە، چینێکی ناو کۆمەڵگا هەیە شوێنکەوتوی هەر دیاردەیەکە کە بوترێت لە بەرژەوەندی کوردە.
جا ئەم یەکلاییکردنەوەیە لە بریارەکان لای ئەم لقە، تەنها لایەنی بەهێز دروستی ئەکات، بە هۆی دەسەڵاتی بەسەر میدیا و سەرچاوەکانی داهاتدا و هەروەها دەسەڵاتی چەکداری کە پارتی لەو کاتانەدا هەموو ئەوانەی بەدەست بوو.
ئەم جۆرەیان کە لە دوو بەش پێکهاتبوو، بە سەر و ماڵ هەموو شتێکیان خستبووە خزمەت ئەو دۆزەوە، ئەوانەیان بە خائن و داردەستی دوژمنی کورد ئەزانی کە لەگەڵ ریفراندۆم نەبوون.
بەڵام لە ڕاستیا لایەنەکەی تری ناڕازی بە ریفراندۆم، ئەوانیش لە چەند جۆرێک پێکهاتبوون.
بەشێکیان بێباوەڕییەکەیان لەوە سەرچاوەی گرتبوو کە مێژوی ڕابردوی بڕیاردەری دۆزەکەیان لەبەرچاو بوو، کە بەهیچ جۆرێک ڕوناکی تیا بەدی نەئەکرا.
ئەگەر بە ڕابردودا بگەڕێیتەوە و چاو لە پێچە ڕون و دیارەکانی ڕێڕەوی ئەو حیزب و بنەماڵەیە بکەیت بۆت دەرئەکەوێ، هیچیان خێرێکی بۆ کورد تیا نەبووە، نەک هەر ئەوە بەڵکوو ئەگەر بە چاوێکی بڕێک تیژ لێی بڕوانی ئەتوانی بڵێیت، خیانەتی ڕوت و حاشاهەڵنەگرە.
بەشێکی تر لەم بێ بڕواییە بەو بنەماڵەیە و هەڵبەت حیزبەکەشی لەگەڵدابێت… وردتر بیریان لەوە کردبوەوە بە لەبەر چاو گرتنی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لە نێوان ئەوان و تورکیا هەبوو، یان باشترە بڵێن ئەو بەڕێوە بردنەی کە تورکیا ئەیەوت بۆ کوردستان لە ڕێی پارتییەوە.
بێگومان هەر کوردێک بە ڕونی ئەزانێ کە تورکیا چاوی بە کورددا هەڵنایە چ جای ئەوەی کە کورد ببێتە خاوەن بڕیاری ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
ئەوان بە ئاشکرا بێ پەردە ئەڵێن ( لە هەر جێگایەکی جیهان ئەگەر چادرێک بە ناوی وڵاتی کوردستانەوە هەڵبکرێ ئێمە ئەیسوتێنین)، جا بیهێنە بەرچاوت ئەوان (پارتی) کە پەیوەندییەکەی بەو شێوەیە بێت لەگەڵ تورکیا، هەر ئەوان… بانگەوازی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بکەن ئەبێ چی و چۆن بێت…؟!.
ئەو گروپە یان ئەو بەشە کە بڕوایان نەبوو بەو دۆزە کە لە لایەن ماڵی بارزانییەوە پێشڕەوایەتی بکرێت، ئاوای بۆ ئەچوون و وایان لێکدابووە کە، ئەمە هیچ نییە جگە لە پیلانێک کە تورکیا ڕێکی خستبێت و ئێران و عێراقیشی تیا بەشدار کردبێت چونکە ئەوانیش ناحەز و دوژمنی پلە یەکەکانی کوردن هەمیشە.
ئەم پیلانە هەڵبەت بە خوێندنەوەیەکی زۆر ژیرانە لە لایەن تورکیاوە بۆ ڕاو بۆچون و هەڵوێستەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکاوە کراوە، کە ئەوان لەم کاتەیا بە هیچ جۆرێک پشتیوانی لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان ناکەن هیچ نەبێت لەم کاتەیا.
ئەگینا تورکیا چۆن ئەم پیلانە وا ڕێکئەخات کە دڵنیا نەبێت لە ڕای ئەمریکا و وڵاتە ڕۆژئاوایەکانی بڕیار بەدەست.
“بەڕاستی وایە، تورکیا وڵاتێکە خاوەن دەزگاکانی لێکۆڵینەوەیە، بڕیارەکانی لەسەر توێژینەوە ئەنجام ئەدا. هەڵبەت بریاری لە شێوەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی بۆ کوردستان، لەم کاتەیا تێفکرینی زۆری ناوێ کە ئەمریکا بەربەست ئەبێ لە پێشیدا. بە هۆی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ دوژمن و ناحەزەکانی کورد و ڕاگرتنی دڵیان لەم کاتە هەستیارەی کە لە کێشمەکێشێکی زۆردایە لەگەڵ ڕوسیا و چین، بۆ ئەوەی دۆستەکانی لەدەست نەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
لەو کاتانەدا بریارێکی لە شێوەی (ریفراندۆم) و سوربون لەسەری و دژایەتی کردنی ئەمریکا بەو ڕونییە، تەنها شکست پێهێنانی ئەو پرۆسەیەی لێ ئەکەوێتەوە.
هەروەها بەهانەیەکی باش ئەبێت بۆ هێزەکانی عیراق کە لەشەری داعەش بە سەرکەوتووی دەرچوون، هێرش بکەنە سەر کوردستان و دۆخەکە بگەڕێتەوە ئەو سەردمەی بەعسی سەدام کە دەسەڵاتی بەسەر هەموو عراقدا هەبوو.
ئەم سیناریۆیە ئەگەر بە ووردی و چاوێکی ڕەخنەگرانەوە چاوی لێبکەیت زۆر لۆجیکی ترە، لەوەی بنەماڵەی بارزانی و پارتی مەبەستیان بێت بناغەی ووڵاتی سەربەخۆی کوردستان دابمەزرێنن، لەبەر چەند هۆیەک، یەک لەوانە، بە دەنگەوە نەهاتنی دەسەڵاتی حاکم لە کوردستان بۆ دروستکردنی بناغە سەرەکیەکانی بوونی ووڵاتێک، لە لایەنی ئابورییەوە کە کوردستان بە هیچ شێوەیەک نییەتی، ئابوری کوردستان هیچ ئامادەییەکی تیا نییە کە خەڵکەکەی بژێنێ تەنانەت بۆ شەش مانگیش.
لە ماوەی ساڵانی زۆری دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی هیچ کارێک نەکراوە بۆ بنیاتنانی ئابورییەکی سەربەخۆ کە لە ڕۆژێکدا کە ناحەزەکانی کورد کە چواردەوریان گرتووە، بتوانێ خۆی پێ بەڕێوە ببات.
سەرەڕای ئەوەی کە لە کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر نەوت فرۆشراوە و داهاتی بووە. هەروەها گومرگی ناوخۆ و دەرەوە هەبووە و داهاتی باشی لێ پەیدا بووە، ئەم داهاتانەش هیچی نەنێردراوەتەوە بۆ حکومەتی مەرکەزی و موچەی خەڵکیش بە باشی نەدرواوە هەمیشە لێی بڕاوە بە کەموو کوڕی پێیان دراوە. بەڵام خەزینەکانی کوردستان هەمویان بەتاڵ هیچیان تیا نییە، کەواتە ئەم داهاتە و ئەو هەموو پارەیەی کە هاتونەتە کوردستان تەنها بۆ بەرژەوەندی تاکە کەسی بەکار هاتوون و نەکراوە بە کۆڵەگەیەک بۆ ڕاگرتنی دیوارەکانی دروست کردنی وڵاتی کوردستان.
دروست کردنی یەکدەنگی لە ناو حیزب لایەنەکانی کوردستان، کە ئەویش بە هیچ جۆرێک بوونی نییە و خەتاباری سەرەکی بە شێوەیەکی سەرەکی پارتییە، چونکە هیچ ڕایەکی تری قەبوڵ نییە کە ڕاستەوخۆ بەرژەوەندی پارتی بنەماڵەکەی خۆیانی تیا نەبێ، تەنها ئەو لایەن حیزب و کەسایەتیانەی پێ باشە کە بە پارتی نەڵێن “نەخێر”.
پاشان ئەم دەسەڵاتە تاکو ئێستا دامەزراوەیەکی نییە بۆ یەکخستنی زمانی کوردی و پەرەپێدانی ئەو زمانە.
لە هەموو وڵاتانی جیهان دامەزراوەیەکی لەو شێوەیە هەیە بۆ پەرەپێدانی زمان لەبەرئەوەی زمان هەمیشە لە گۆڕاندایە و زمانیش یەکێکە لە کۆڵەگەکانی بوونی هەر ووڵاتێک، چۆن ئەکرێت ئەوەندە بەخەمی دروستکردنی وڵاتێک بیت بەڵام خەمی زمانەکەیت نەبێت.
لەبەر ئەم هۆیانە و کۆمەڵێ هۆی تر ئەو بەشە ناڕازی بوون لەسەر ریفراندۆمێک کە ئەنجامەکەی لە لای هەر کەسێکی کە تۆزێک بیرکردنەوەی هەبێت، ڕوون بوو.
لە لایەن دارێژەرانی سیناریۆکەوە ئەو پیلانە وا مەحکەم دارێژرابوو کە ئاسان نەبوو هەر کەسێک وەڵامی نەخێر بێت(بۆ سەربەخۆیی کوردستان).
هەر وەکو لەسەرەوە باسکرا ئەوەی هاوڕا نەبوایە لەگەڵی بە خائن ناوزەد ئەکرا، بۆیە ئەو کەسانەی کە ووتیان نەخێر خرانە خانەی ناپاکەکانەوە.
ئەو کەسانەی کە هیچ بەرژەوەندییەکیان نەبوو لەگەڵ پارتیدا ئێستاش سورن لەسەر ئەوەی کە ئەو پرۆسەی ریفراندۆمە ڕاست بوو ئێستاش ئەگەر جارێکی تر بکرێتەوە ئەوان هەر بە بەڵێ دەنگی پێ ئەدەن، “ئێ خۆ ئەوەیان ڕاستە هیچ کوردێک نییە بۆ سەربەخۆیی کوردستان بڵێ نەخێر”.
بەڵام ئەگەر ووردبینانە چاوی لێ بکەی زۆر بە ئاسانی بۆت دەرئەکەوێت لە ئەنجامی ئەو پرۆسەیە، تەنها ناحەزە هەمیشەییەکانی کورد سودمەند بوون کە پاشان ئەو کارەساتەی لێ کەوتەوە کە بە ١٦ ئۆکتۆبەر ناوی دەرکرد، بەڵام بێگومان ئەوە ئەنجام بوو…
ئەگەر وای دابنێین کە ئەو پرۆسەیە ڕاست بوو بۆ مەبەستێکی ڕەوا بوو کە کوردستانێکی سەربەخۆیە، بەڵام کە سەری نەگرت ئەبوو ئەو دەسەڵاتە وازیان بهێنایە و دور بکەوتنایەتەوە بە هەموو ئەوانەی دەستیان هەبوو لەو پرۆسەیە و هاوڕاش بوون لەگەڵی. ئەوەیان ڕابگەیاندایە کە هەڵەیان کردووە و ئیتر مەیدان چۆڵئەکەن بۆ ئەوانەی کە باشترن لەوان.
بەڵام تەواو بە پێچەوانەوە دەسەڵاتیان هەر بەردەوامە و تەنانەت داوای لێبوردنیشیان نەکرد، لە جاران توند و تیژن وەک ئەوەی نە با بوبێ و نە باران.
لە کۆتایدا زۆر ڕونە بەردەوامی دەسەڵاتی ئەو لایەنانەی کە چەندەها ساڵە مەینەتی بەسەر خەڵکی کوردستاندا ئەهێنن سودیان لە ناهۆشیاری بەشی زۆری خەڵکی کوردستان بینیوە هەر جارەی بە درۆیەکی جیاواز خەڵک ئەخەنە سەما و “سود لەو سۆز و خۆشەویستیییەی خەڵک ئەبینن بۆ کوردستان، هەروەها بۆ تامەزرۆییان بە بینینی کوردستانێکی سەربەخۆ” بۆ بە ئەنجام گەیاندنی مەبەست و بەرژەوەندیەکانی خۆیان.

                    بەختیار 
                25/9/2020



ئایا ته‌نیا زلهێزه‌كان به‌رپرسیارن له‌ ئاست مافی گه‌لی كورد یا كه‌مته‌رخه‌می سه‌ركرده‌ كورده‌كانیش؟! ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

دڕنده‌یی و بێدادی به‌عس له‌ چاره‌كی كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌رامبه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌باشووری كوردستان گه‌یشته‌ ئاستێك له‌ كیمیاباران و ئه‌نفال و گرتن و ڕاگواستن و ته‌نانه‌ت قڕكردن و له‌ناوبردنی یه‌كجاری سه‌ری كێشا بۆ ڕاپه‌ڕینی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و دواتریش ده‌ربه‌ده‌ری و كۆچڕه‌وی گه‌وره‌ی ملیۆنی خه‌ڵكی كوردستان بۆ سنووره‌كانی وڵاتانی دراوسێی وه‌ك توركیاو ئێران، دیمه‌نه‌ ترسناك و سه‌رنج ڕاكێشه‌كانی ئه‌و كۆچڕه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ی له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵكوژی ده‌كرد، ئیتر له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا سۆزی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی جوڵاو ئه‌گه‌ر وه‌ك هه‌ستێكی مرۆڤدۆستیش بووبێت، به‌ده‌نگ خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ هاتن و له‌مه‌رگ و نه‌مان پاراستنیانن، هه‌ربۆیه‌ له‌ دوای كۆچڕه‌وه‌كه‌ له‌ساڵی 1991 وه‌ك سزایه‌ك هێڵی پانی 36ی دژه‌فڕین به‌سه‌ر سه‌دام دا سه‌پێنراو ناچار سوپاكه‌ی كشانده‌وه‌، خه‌ڵك گه‌ڕانه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان و به‌كوله‌مه‌رگیش بێت ده‌ستیان كرده‌وه‌ به‌ ژیانی ئاسایی خۆیان، دواتریش به‌بڕیاری ژماره‌ 986ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، بڕیاری نه‌وت به‌خۆراك به‌سه‌ر حكومه‌تی عیراقدا سه‌پێنراو و خه‌ڵكی كوردستان له‌م بڕیاره‌ سودمه‌ندبوو. به‌هۆی باروگوزه‌رانی خراپی ژیانی ئه‌و كاتی خه‌ڵكی كوردستان نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ڕێكخراوه‌ جیهانیه‌كانیان هاندا، هابیتات، فاو، یونیسف و هی تر، ڕژانه‌ كوردستانه‌وه‌، به‌پاره‌ی نه‌وت سه‌دان ملیۆن دۆلار له‌ پڕۆژه‌ی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ خه‌رج كرا، خه‌ڵكه‌كه‌ به‌جورێكی باش ژیانی بوژایه‌وه‌، پاشان كه‌ پاره‌كه‌وته‌ ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی كورد خۆی ئاراسته‌كه‌ی به‌شێوه‌ی تر گۆڕا. بۆ گرنگیدان زیاتر به‌ بارودۆخی كوردستان، ئه‌و كات‌ ئه‌مریكا داوای له‌ هه‌موو ئۆپۆزسیۆنی عیراق كرد، كه‌ بنكه‌ و باره‌گاكانیان ببه‌نه‌ كوردستان به‌مه‌ش پێگه‌ی كوردستان له‌عیراقی دوای سه‌دام به‌هێزتر بوو.
كورد خۆیشی وه‌ك گه‌لێكی هوشیار ویستی سوود له‌م بارودۆخه‌ ببینێت، ده‌زگاكانی یاسادانان و دامه‌زراندن و جێبه‌جێ كرد بخاته‌ خزمه‌ت كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ بڕیاری هه‌ڵبژاردنی سه‌رتاسه‌ری ئه‌نجامدا و په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی پێكهێناو كه‌وته‌ بوژانه‌وه‌ و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی.
بێگومان دوژمنانی كورد چاویان به‌م كیان و كاره‌ هه‌ڵنایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ر له‌ ڕۆژی دروستبوونی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم توركیا و ئێران و سوریا هه‌ر سێ مانگ جارێك كۆده‌بوونه‌وه‌ و له‌دوای كۆبوونه‌وه‌كانیشیان زۆر بێشه‌رمانه‌ ڕایانده‌گه‌یاند ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌مان له‌سه‌ر چاره‌نووسی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، تا له‌ئه‌نجامدا ئامانجه‌كه‌یان پێكا و سه‌ركرده‌كانی باشووریان ڕاكێشایه‌ ناو شه‌ڕێكی ناوخۆی خوێناوی و وێرانكه‌ر، به‌ڵام له‌مه‌شدا هاوپه‌یمانان هاوكارێكی باشبوون بۆ كوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره‌ بێ ئامانه‌، فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا له‌لای خۆیانه‌وه‌ هه‌وڵی زۆریاندا بۆ به‌رزه‌فت كردنی و تا دواجار سه‌ركرده‌كانی كورد له‌سه‌ر ئاستی گه‌وره‌ترین وڵاتی دنیا له‌ ساڵی 1998 بانگ كرانه‌ ئه‌مریكا و مادێلن ئۆلبرایت وه‌زیری ئه‌و كاتی ده‌ره‌وه‌ی وڵایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا سه‌ركرده‌كانی پارتی و یه‌كێتی بانگ كرده‌ ژوورێكه‌وه‌ و دوا په‌یمانی ڕێكه‌وتنی لێوه‌رگرتن، به‌مه‌ش كۆتایی به‌‌ شه‌ڕی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان هێنا.
وه‌ك ده‌ڵێن كورد بازی به‌سه‌ره‌وه‌ نیشته‌وه‌ و ڕۆژبه‌ڕۆژ به‌ختی له‌هاتی بوو، كاتێك ئه‌مریكا به‌رنامه‌ی ڕزگاركردنی عیراقی ده‌ست پێكرد له‌ ساڵی 2003 كه‌ ئه‌مریكا له‌شكركێشی بۆ سه‌ر سه‌دام ده‌ست پێكرد ڕۆڵی پێشڕه‌وی دابه‌ كورد، توركیا له‌و گرنگی پێدانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌كورد نیگه‌ران بوو، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا واز له‌ به‌هێزكردنی كورد نه‌هێنێ توركیا ئاماده‌نیه له‌ هێرشی بۆ سه‌ر سه‌دام به‌رده‌وام بێت، ئیتر توركیا له‌ هاوكاری ئه‌مریكا كشایه‌وه‌، ڕێگای نه‌دا بنكه‌ی ئینجه‌رلیك بۆ لێدان له‌عیراق به‌كاربهێنرێ، بۆیه‌ هێرش له‌ خاكی كویته‌وه‌ جێبه‌جێ كراو گوێ به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا نه‌درا، به‌مه‌ش ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌لایانه‌وه‌ ئاسایی بوو، ده‌یانویست بڵێن ئاماده‌ن وڵاتێكی وه‌ك توركیا كه‌ ئه‌ندامێكی چالاك و كارای هاوپه‌یمانی ناتۆیه‌ بتۆرێنن، به‌ڵام ئاماده‌نین واز له‌سیاسه‌ته‌كانیان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و پشتیوانی گه‌لی كورد بێنن، ئه‌گه‌ر سه‌رانی كورد خۆیان نه‌بان نه‌كه‌ن، ده‌زانن ئه‌م تۆراندنه‌ی توركیا له‌سه‌ر ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا چه‌ند گران كه‌وت له‌سه‌ریان، چونكه‌ توركیا خۆشی له‌بارێكی وادابوو ئه‌مه‌ بكات،‌ له‌وساوه‌ توركیا ڕووی له‌ ڕۆژهه‌ڵات و پشتی له‌ ڕۆژئاوایه‌،‌ توركیا تائێستاش به‌ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی هه‌نگاو ده‌نێت.
له‌لایه‌كی تر ئه‌وه‌ی بۆ كورد گرنگ و ڕه‌گی حه‌یاتی بوو، له‌ دامه‌زراندنی عیراقی نوێ دا كورد له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی توانی گه‌وره‌ترین پشتیوانی به‌ده‌ست بێنێ، له‌ دامه‌زاندنی عیرقی نوێدا كورد كرا به‌به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ نووسینی ده‌ستوری عیراق، چه‌سپاندنی فیدڕاڵی و به‌شه‌ بودجه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی و وه‌رگرتنی پله‌ و پۆست له‌ حكومه‌تی تازه‌ی عێراق به‌پێی پێویست…هتد.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئه‌مریكا كۆنسۆلخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێم كرده‌وه‌، به‌دوای ئه‌ویشدا به‌چاولێكه‌ری ئه‌مریكا زۆر له‌وڵاتانی دنیا كونسۆڵخانه‌یان له‌شاری هه‌ولێر كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش سه‌رمایه‌كی زۆر گه‌وره‌بوو، چونكه‌ ئه‌مانه‌ ڕۆژانه‌ زانیاری تازه‌یان له‌سه‌ر هه‌ڕێمی كوردستان ده‌گه‌‌یانده‌ وڵاته‌كانیان، بێگومان ئه‌مه‌ زۆر گرنگ بوو بۆ ئاشنابوونی ئه‌و وڵاتانه‌ مێژوو و ڕابردووی نه‌ته‌وه‌یه‌كی زوڵم لێكراو و چه‌وساوه‌ی وه‌كو كورد، كه‌ تاكو ئه‌و كاته‌ یه‌كه‌مجار بوو فریشته‌ی ژیان ده‌رگایه‌كی خۆشی به‌ڕووی نه‌ته‌وه‌ی كوردا ده‌كرده‌وه‌ و هیوایه‌كی گه‌شی بۆ ژیانی داهاتوو پێده‌به‌خشین.
كاتی داعش سه‌ری هه‌ڵدا ئه‌مریكا گه‌وره‌ترین پشتیوانی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد، به‌هۆی ئه‌و پشتیوانیه‌ كورد تا ڕاده‌یه‌ك توانی خۆی له‌نه‌هامه‌تیه‌كانی داعش بپارێزێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ كورد مایه‌ی شانازی بوو، كورد له‌به‌رامبه‌ر شه‌ڕی نه‌گریسی داعشدا به‌شێوه‌یه‌ك‌ ناوی به‌رز بووه‌وه‌ زۆرجار له‌ ڕاگه‌یاندنی وڵاتانی تره‌وه‌ ده‌وترا كورد له‌جیاتی مرۆڤایه‌تی شه‌ڕی داعش ده‌كه‌ن، بێگومان ئه‌مه‌ ناوبانگ و شانازییه‌كی پڕ سه‌روه‌رییه‌.
له‌ناو ئه‌و هه‌موو ناوبانگ و گرنگی پێدانه‌ی كورد له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه‌ بۆی ڕه‌خسابوو، ھیچ سەرکردەیەك لە مێژووی کوردا ھێندەی مسعوود بارزانی فرسەتی مێژوویی بۆ نه‌هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان تاكه‌ سه‌ركرده‌ بوو، بێ په‌روا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرا، بێگومان ئه‌و ده‌یتوانی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ بۆ سەرکەوتن و چەسپاندنی پێگەی بەھێزی کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا به‌كاربهێنێ، بە ھاتنی ھاوپەیمانان بۆ عێراق و ڕووخانی بەعسیەکان بناغه‌یه‌كی پته‌و دابنێت بۆ گه‌لی كورد له‌باشوور كه‌ بۆ هه‌میشه‌ ناوی ئه‌و له‌سه‌ردێڕی یه‌كه‌مه‌وه‌ بدره‌وشێته‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ختی كه‌چی كورد مسعوود بارزانی لە جیاتی بەھێزکردنی پێگەی کورد لە ھاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە ھەوڵیدا بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی و پارتی و بنەماڵەکەی، چونكه‌ بارزانی لای وابوو ئەگەر پێگەی خۆی و بنەماڵەکەی و پارتی به‌هێز بکات، ئه‌وا پێگەی کوردو حکومەتی ھەرێم بەھێزو پارێزراو ده‌بێت، ئەمەش وایکرد بارزانی ھەموو ده‌زگا و دامەزراوەکانی حکومەت و پەرلەمان بۆ بەھێزکردنی پێگەی خۆی و بنەماڵەکەی ده‌گرێوبنێ، ئەم سیاسەتە پێچه‌وانه‌ و له‌خۆبایی بوون و حاسب نەکردن بۆ دوژمنان كه‌ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تێكی دروست و ژیرانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیه، هه‌ر ئه‌م حیساب بۆ نه‌كردنه‌ش ڕای كێشایه‌ میدانێكه‌وه‌، به‌ناوی ئابووری سه‌ربه‌خۆ پشتی له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانی كرد و ڕووی كرده‌ نه‌یاره‌كانیان كه‌ توركیا یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی له‌سه‌ر هاوكاری كورد دژی ئه‌مریكا وه‌ستایه‌وه‌، كه‌چی گه‌وره‌ترین سوومه‌ندی یه‌كه‌م له‌ ئابووری كورستان وڵاتی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی بوون، چه‌ندین كێشه‌ی نه‌وت و لایه‌نی تری له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق زه‌ق كرده‌وه‌ كه‌له‌م كاته‌دا ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا نه‌بوو، هه‌میشه‌ جه‌ختی له‌یه‌ك پارچه‌یی خاكی عیراق ده‌كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی نه‌هامه‌تی و سیاسه‌تی پێچه‌وانه‌،‌ ھەربۆیە بارزانی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی پێویستی ئه‌م قۆناغه‌ نەیتوانی پێگەی نیشتیمانی نەتەوەی خۆی و پارتی بەھێزبکات و نە توانی سه‌رۆكێكی سه‌ركه‌وتوبێت بۆ ئه‌و هه‌رێمه‌ی هه‌موو كوردی دنیا چاویان تێوه‌بڕیبوو، دواتر ئه‌م مامه‌ڵه‌ چه‌وته‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی گه‌یانده‌ ئاستێك بەرەو مایە پوچی ئابوری بڕوات.
هه‌موو ئاماژه‌كان ئه‌وه‌یان پیشان ده‌دا له‌م بارودۆخی تایبه‌تی ناوچه‌كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ بارێكی ئاسایی و سه‌قامگیردابێت، له‌كاتێكدا دوژمنانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان چاویان به‌م كیانی سیاسی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌ڵنایه‌ و بێ په‌روا كارده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كیانی سیاسی ئه‌م هه‌رێمه‌، كه‌چی مسعوود بارزانی له‌م كاته‌دا له‌سه‌ر فڕوفیشاڵ و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێ ڕاوێژكاری ساخته‌چی داهاتووی وڵاته‌كه‌ی خسته‌ مه‌ترسی و گێژاوێكه‌وه‌ بڕیاری ڕاگه‌یاندنی ڕیفراندۆمیدا، به‌شێوه‌ك ڕیفرادۆمی لای خه‌ڵك شێواند، كردیه‌ سه‌ركێشه‌كی گه‌وره‌ و قاره‌مانانه‌ بۆ خۆی و پارته‌كه‌ی، له‌كاتێكدا خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌ باش ده‌زانن ڕیفراندۆم مافێكی ڕه‌وای خه‌ڵكی كوردستانه‌ و له‌ ده‌ستوری عیراقی بڕیاری لێدراوه‌ و هه‌رێمی كوردستان ده‌نگی بۆ ئه‌و ده‌ستووره‌ داوه‌ ، ته‌نیا نیگه‌رانی خه‌ڵك ئه‌وه‌یه‌ كاتی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم گونجاو نیه‌، ئه‌گینا كه‌س نیه‌ سه‌ركه‌وتن و سه‌ربه‌خۆیی وڵاتی خۆی ڕه‌ت بكاته‌وه‌، ته‌نیا نیگه‌رانی خه‌ڵك ئه‌وه‌بوو له‌ ده‌رفه‌تی له‌بارتردا ئه‌نجام بدرێت، ده‌كرا شێوه‌ و داوای ئه‌و كاره‌ به‌شێوه‌یه‌كی تر و له‌كاتی تردا بوایه‌ بۆ سه‌لامه‌تی داهاتووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، كه‌چی ئه‌و هه‌ردوو پێی خسته‌ كه‌وشێك و بڕیاری ڕیفراندۆمی دا بێ له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی تایبه‌تمه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێم و نه‌ته‌وه‌ هه‌ژاره‌كه‌مان، هه‌ر به‌وه‌ش نه‌وه‌ستان خه‌ڵكی كوردستانیان ده‌خسته‌ دووڕیانێكه‌وه‌ یان ده‌بێ ڕیفراندۆم قبوڵ بكه‌یت و كوردپه‌روه‌ری یان خائینی، ئیتر داهاتووی ئه‌م وڵاته‌ی له‌ناو كۆڵانێكی ته‌مومژاویدا جێهێشت.
بێ ئه‌وه‌ی هیچ حیساب و لێكدانه‌وه‌یه‌كی بۆ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و هاوپه‌یمانان و هیچ لایه‌نێك كردبێت، دۆست و دوژمنی تۆراند و به‌یه‌كجار پشتیان كرده‌ كورد و به‌چاوی نه‌یاره‌وه‌ لێیان ده‌ڕوانی، سایتی شارپرێس كۆمه‌ڵێك سه‌رنجی له‌ گۆڤاری نیوزویك ڕای گواستبوو كه‌ راپۆرتێكی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ له‌ كاتێكدا تیمه‌كه‌ی تره‌مپ هه‌وڵی دواخستنی ریفراندۆم ده‌ده‌ن، به‌ڵام بارزانی-كورد- ده‌ڵێت دوایناخه‌ین
له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتوه‌ هەر یەکە له‌ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا و توركیا و ئێران دژی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمن، به‌ڵام هێشتا مه‌سعوود بارزانی سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی له‌ ٢٥ ی مانگی داهاتودا،.
گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌ دوایین سه‌ردانی جه‌یمس ماتیس وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا داوه‌ بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، كه‌ تێیدا هه‌ڵوێستی ئه‌مریكای دووپاتكرده‌وه‌ بۆ دژایه‌تی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ واده‌ی راگه‌یه‌ندراودا.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌ی نیوزویكدا مایكل ستیڤنس توێژه‌ر له‌ سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ له‌نده‌نه‌ به‌ گۆڤاره‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌” ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌م دژایه‌تیه‌دا ریفراندۆم ئه‌نجامیش بدرێت ئه‌وا هیچ وڵات و لایه‌نێك دانیپێدا نانێت”.
ئه‌و توێژه‌ره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا بوو”ئه‌گه‌ر كورد ریفراندۆمه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ن ئه‌وا ده‌بێت نرخه‌كه‌ی بده‌ن، چونكه‌ زه‌نگی ته‌له‌فۆنی پێنتاگۆن لێبدات و وه‌ڵام نه‌درێته‌وه‌ ئه‌وا ئه‌مه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكیه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ كاردانه‌وه‌یان ده‌بێت، كاتێك بارزانی سه‌ركه‌وتو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ واشنتن پێیده‌ڵین ئێمه‌ زۆر سه‌رقاڵین ناتوانین بتبینین” به‌ڵام مه‌سعودی بارزانی له‌سه‌ر ڕای خۆی به‌رده‌وام بوو له‌ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم و سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و سه‌ركێشیانه‌ش ئه‌مریكا نه‌رمی نواند و وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێت ده‌یه‌وێت خه‌ڵكی كوردستان و سه‌رۆكه‌ پێداگره‌كه‌ی ئاگاداربكاته‌وه ” ریكس تیله‌رسن ” نامه‌یه‌كی ناوه‌رۆك پڕ خێری بۆ كورد گه‌یانده‌ مسعوود بارزانی، به‌ڵام بارزانی ته‌نانه‌ت گوێی له‌و نامه‌یه‌ش نه‌گرت، كه‌ گرنگی زۆر گه‌وره‌ی بۆ كورد تێدابوو، كه‌له‌و نامه‌یه‌دا هاتووه‌:‌
به‌ڕێز سه‌رۆك بارزانی
من به‌نوێنه‌رایه‌تی ئه‌مریكا ئه‌م نامه‌یه‌ ده‌نووسم تا ڕێزی بێ پایانی خۆم بۆ تۆ و بۆ گه‌لی هه‌رێمی كوردستانی عیراق ده‌رببڕم، پێكه‌وه‌ له‌چه‌ند ده‌یه‌یه‌كدا په‌یوه‌ندیه‌كی مێژوویمان ساز كردووه‌، مه‌به‌ستمانه‌ و پابه‌ندین به‌وه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌، به‌رده‌وام بێت، تا به‌هێزتر بێت له‌چه‌ند ده‌یه‌ی داهاتوودا له‌سێ ساڵی ڕابردوودا به‌تایبه‌ت هاوبه‌شی به‌هێزمان و بڕیاری ئازایانه‌ت بۆ هاوكاری كردنی ته‌واو له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عیراق وایكرد، شه‌ڕی دژی داعش پێچه‌وانه‌ بكه‌وێته‌وه‌، شه‌ره‌فمه‌ندییه‌ و هه‌رگیز قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌بیر ناكه‌ین له‌كاتی خه‌باتی هاوبه‌شماندا له‌ دژی تیرۆریزم له‌ئێستادا و بۆ ئێمه‌ بابه‌تی ڕیفراندۆم ده‌رباره‌ی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ كه‌ بڕیاره‌ 25ی ئه‌یلول بكرێت، نیگه‌رانی خۆمان ده‌ربڕیوه‌، ئه‌م نیگه‌رانیانه‌ شه‌ڕی به‌رده‌وامی داعش له‌خۆ ده‌گرێت، ئۆپه‌راسیۆنی داهاتووی حه‌ویجه‌ له‌خۆ ده‌گرێت، ژینگه‌ی هه‌رێمی ناجێگیر و پێویستی به‌ چڕی جه‌خت خستنه‌سه‌ر سه‌قامگیركردنی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت، تا دڵنیابین داعش هه‌رگیز نه‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌و جۆره‌ به‌ڕێزه‌وه‌ داوای قبوڵ كردنی به‌دیلێك ده‌كه‌ین كه‌ پێمان وایه‌ باشتر یارمه‌تی به‌ده‌ست هێنانی ئامانجه‌كانت و دڵنیایی ده‌داته‌ سه‌قامگیری و ئاشتی، له‌به‌رده‌م ئه‌م شه‌ڕه‌ پێویسته‌ی دژی داعش دا پڕۆپۆزه‌ڵه‌ به‌دیله‌كه‌ چوار چێوه‌یه‌كی نوێ وخێرا داده‌ڕێژێت بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق به‌سه‌ركردایه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران عه‌بادی ئه‌م چواچێوه‌ خێراییه‌ی دانوستان ئه‌جندایه‌كی كراوه‌ی تێدایه‌ و پێویسته‌ زیاد له‌ ساڵێك بمێنێته‌وه‌، به‌ئه‌گه‌ری نوێ كردنه‌وه‌وه‌ ئامانجه‌كه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌ مۆله‌قه‌كانی له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و سروشتی په‌یوه‌ندی ئاینده‌یه‌ له‌نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا هه‌روه‌ها تاوتوێی پێویستیه‌ دارایی و ئه‌منیه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانت ده‌كه‌ین، به‌ڕێز سه‌رۆك له‌نائومێدی ئه‌م ده‌یه‌ی دواتر تێده‌گه‌ین ڕاسته‌ له‌ 1921 ه‌وه‌ زوڵمی مێژوویی به‌رامبه‌ر به‌گه‌لی كورد كراوه‌ له‌عیراق، دان به‌بابه‌تی دۆزینه‌وه‌ی پێویستیه‌كی بنه‌ڕه‌تیدا ده‌نێین بۆ پێشكه‌وتن، كه‌بتوانی چاره‌سه‌ری پێویستی و داواكارییه‌كانی هه‌موو ڕه‌گه‌ز، باوه‌ڕ و ئیتیكه‌كانی ئه‌م خاكه‌ كۆنه‌ بكات ئه‌مه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ سه‌قامگیری هه‌رێمه‌كه‌ت، له‌گه‌ڵ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئاسایشی نیشتمانی ئێمه‌، له‌به‌ر هه‌موو ئه‌و هۆیانه‌ ئه‌وه‌ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكایه‌ له‌ژێر سیاسه‌تی ئیداره‌یه‌ی سه‌رۆك تره‌مپدا كه‌ هه‌ر شتێك له‌ده‌سه‌ڵاتماندا هه‌بێت بیكه‌ین تا یارمه‌تی ئێوه‌ و حكومه‌تی ناوه‌ندی بده‌ین، كێشه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانتان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و تا دڵنیایی بده‌ین له‌وه‌ی هه‌موو قورسایی و ده‌ساڵاتێكمان پابه‌نده‌ به‌م چوارچێوه‌ نوێیه‌ی دانوستانه‌وه‌ جیاله‌وه‌ش ئاماده‌ین ئاسانكاری بكه‌ین بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان تا زیاتر یارمه‌تی ئه‌م ‌پرۆسه‌یه‌ بدات له‌گه‌ڵ به‌شداری كردنی ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و هاوبه‌شه‌ گرنگه‌كانمان وه‌ك به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێكی ناوازه‌یه‌ كه‌ به‌ڕێزه‌وه‌ داوا له‌ ئێوه‌ ده‌كه‌ین قبوڵی بكه‌ن وه‌ك به‌دیلێك بۆ ڕیفراندۆمه‌كه‌، كه‌ پێمان وایه‌ كاردانه‌وه‌ی جدی ده‌بێت و ته‌نانه‌ت خراپتریش، پاشه‌كشه‌ به‌ ئامانجه‌كانمان ده‌كات، به‌ڕوانین له‌ مێژووی گه‌لی كورد، تێده‌گه‌ین ئه‌م دیالۆگه‌ پێشنیاز كراوه‌ به‌دوا هه‌ل ده‌زانێت، به‌ڵام پێمان وایه‌ ئه‌مه‌ هه‌لێكه‌ شایسته‌ی تاقی كردنه‌وه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می سه‌ركه‌وتنه‌ مێژووییه‌كانتان دژی داعش، هاریكاری بێ وێنه‌ی نێوان هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عیراق و پێشمه‌رگه‌ی كورد و پشتگیری به‌هێزی نێوده‌وڵه‌تی، به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا ئه‌گه‌ر گفتوگۆكان نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامێكی قبوڵ كراوی دوولایه‌نه‌ یان شكستیان هێنا، به‌هۆی كه‌می متمانه‌ی به‌داوه‌، بێگومان دان به‌پێویستی ڕیفراندۆمدا ده‌نێین، له‌به‌رامبه‌ر پابه‌ندیمان بۆ پشتگیری ئه‌م چوارچێوه‌ جدیه‌ له‌ دیالۆگدا، وه‌ك به‌دیلێك تا ڕیفراندۆمی بریارلێدراو دوابخرێت، داوات لێ ده‌كه‌ین پابه‌ندبیت به‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌:
یه‌كه‌م: دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا وه‌ك بنه‌مای گه‌یشتن به‌لێك تێگه‌یشتن و گه‌یشتن به‌ڕێكه‌وتنێكی هاوبه‌شی ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی داهاتوی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عیراق ده‌مێنێته‌وه‌ جا ئه‌مه‌ مانای فیدڕالیزمێكی ڕاسته‌قینه‌ی كارپێكراو بێت، یان هه‌ر هاوكێشه‌یه‌كی دیكه‌ی كۆنفیدڕاڵی، یان سه‌ربه‌خۆیی هه‌ر ده‌بێت له‌ڕێی دانوستانی ئاشتیانه‌وه‌ بێت.
دووه‌م: هه‌رێمی كوردستان پێشمه‌رگه‌ی كورد به‌رده‌وام ده‌بن و به‌هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كی ده‌مێننه‌وه‌ له‌نێوان هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شكست هێنان به‌داعش پاڵپشتی شیاوی هاوپه‌یمانیه‌كه‌ ده‌كه‌ن، تۆش به‌رده‌وام ده‌بیت له‌ هه‌ماهه‌نگی مێژووییت له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عیراق دا ئه‌مریكا پلان داده‌نێت بۆ خێراكردنی هه‌وڵه‌كانمان بۆپشتگیری كردنی میكانیزمی هاوبه‌شی ئه‌منی به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌كانی وه‌ك شه‌نگال كه‌ هێشتا ناسه‌قامگیرن دوای داعش ده‌بێت پێكه‌وه‌ به‌هاوبه‌شی كار بكه‌ن، بۆ دڵنیابوون له‌سه‌قامگیری له‌م ناوچه‌ هه‌ستیارانه‌.
سێیه‌م: سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق به‌دانوستان له‌گه‌ڵ عیراق ده‌ستنیشان ده‌كرێن، هاوته‌ریب به‌و پرۆسه‌یه‌ی به‌ ماده‌ی 140 دا چێكراوه‌، ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و هاریكاری له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق پشتگیری پرۆسه‌یه‌كی خێرای چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشانه‌ ده‌دات، له‌و ماوه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌دا باسم لێوه‌ كراوه‌.
چواره‌م: چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین به‌رده‌وام بیت، له‌هه‌وڵ دان بۆ هاریكاری له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئێستای عیراق به‌پێشه‌نگی سه‌رۆك وه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی، به‌به‌شداری كردن له‌ هه‌ڵبژاردنی نیشتمانی 2018 و كاریگه‌ریی ئه‌رێنی له‌سه‌ر به‌غدا، كاتێك دێته‌ سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ ده‌وڵه‌تداری و سه‌ركردایه‌تی پێویست ده‌بێت له‌ قۆناغی دوای داعش بۆ هه‌موو ناوچه‌كه‌ هاوته‌ریب به‌چوارچێوه‌ی دانوستانه‌كه‌، پشتگیری و ئاسانكاری چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشانه‌ ده‌ده‌ین له‌ماوه‌ی ساڵێكدا
یه‌كه‌م: ڕێكه‌وتنی مانادار له‌سه‌ر دابه‌ش كردنی ده‌سه‌ڵات و داهات.
دووه‌م: جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی 140.
سێیه‌م : چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك پێشمه‌رگه‌ ، فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی، نوێنه‌رایه‌تی دیبلۆماسی، پێمان وایه‌ ئه‌م نامه‌یه‌ و بڕیاری بوێرانه‌ت بۆ قبوڵ كردنی ئه‌م به‌دیله‌ ده‌بێته‌ به‌ردی بناغه‌ی ده‌رفه‌تێكی مێژوویی، به‌نێوان ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عیراق، له‌ده‌می قورباندانی هاوبه‌ش و سه‌ركه‌وتنمان له‌ دژی داعش به‌نوێنه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ و ته‌واوی تیمی ئاسایشی نیشتمانیمان شه‌ره‌فمه‌ند بووین به‌كاركردن له‌گه‌ڵت
له‌گه‌ڵ ڕێزماندا- ریكس تیله‌رسن
ته‌نانه‌ت ئه‌م نامه‌یه‌ش كه‌له‌ گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتی دنیاوه‌ ئاراسته‌كراوه‌، نه‌یتوانی مسعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم قه‌ناعه‌ت پێ بێنێ تا وا‌ز له‌ ئه‌نجامدانی یان لانی كه‌م دواخستنی ڕیفراندۆم بێنێ، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی نه‌هامه‌تی و به‌دبه‌ختیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، وه‌ك دواتر بینیمان، سه‌ره‌تا خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌م نامه‌یه‌ بێ ئاگابوو، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوونی ئه‌و نامه‌یه‌ی له‌ خه‌ڵك شارده‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بینینی ئه‌م نامه‌یه‌ هه‌قێكی ڕه‌وای خه‌ڵكی كوردستان بوو، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان باوه‌ڕیان به‌و به‌ڵێنانه‌ی ناو ئه‌م نامه‌یه‌ هه‌بووایه‌ و ڕێگایان گرتبا له‌ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم و هه‌ر نه‌بێت دواخستنی بۆ كاتێكی تر، كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش مه‌به‌ست بوو، به‌هۆی گوێنه‌گرتنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ ئه‌مریكا و دۆسته‌كانی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانداهات، ئه‌وه‌ش بمێنێ بۆ داهاتوو له‌وانه‌یه‌ ڕۆژێك بێت نه‌وه‌كانی داهاتوو له‌كه‌مته‌رخه‌می ئاشكرانه‌كردنی ئه‌م نامه‌یه‌ بكۆڵنه‌وه‌ و لایه‌نه‌به‌رپرسیاریه‌كانی دیاری بكه‌ن.

24- 9- 2020




پێشبڕکێی پێکوتە بەرەو کوێ؟ … شیرین عبدوڵڵا

یەک ساڵ پێش ئێستا ئەگەری سەرهەڵدانی پەتایەکی جیهانی پێشهاتێکی دوور و گریمانیەیی بوو، ئەمڕۆ بەپێی هەواڵەکان، پەتای کۆڤید-١٩ تا ئێستا زیاد لە ٢٦.٥ ملیۆن توش بووە و ٨٧١ هەزار کەسی لە سەرتاسەری جیهاندا کوشتوە. ئێستا هەموو جیهان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دۆزینەوەی پێکوتەیەکی کاریگەرە دژی ئەم پەتایە. پێکوتەیەکی کاریگەر نەك هەر مەترسی نەخۆشیەکە کۆنترۆڵ دەکات بەڵکو هیوا بە مرۆڤایەتی دەبەخشێت کە بە بێ دەمامک و دورکەوتنەوە پارێزراو بێت و ژیان ئاسایی ببێتەوە.
ئاشکرایە پێویستمان بە پێکوتەیەکە بۆچارەسەری پەتای کۆڕۆنا ڤایرۆس، وە بۆ ئەم مەبەستە پێشبيڕکێیەکی گەورە لەنێوان وڵاتە بەهێزەکان و کۆمپانیا جیهانیەکانی دەرماندا بەڕێوەیە. هێزەگەورەکانی دونیا کە زۆربەی کۆمپانیاکانی دەرمانیان هەیە، گرنگی ئەم پێشبڕکێیەمان نیشان دەدەن، ڤلادیمێر پۆتین ئۆپەراسیۆنەکەی ناو ناوە سپۆتنیك ٥، ڕۆژەکانی پێشبڕکێی فەزاییمان بییر دەهەنێتەوە، دۆنالد ترەمپ هەوڵەکانی ئەمریکای ناو ناوە ئۆپەراسیۆن وارپ سپیید (وارپ سپیید ١ یەکسانە بە خێرایی تیشك- لەزنجیرە فلیمی ستار ترێکدا خێرایی کەشتیە فەزاییەکان بە وارپ سپیید ١،٢،٣،…. باسدەکران !).
بە نیسبەت کۆڤید ڤ-١٩ چ ڤایرۆسەکە و چ پێکوتەکەش تازەن و کەس تا ئێستا نازانێت ئاکامی تاقیکردنەوەکان لەسەر بەشەر چیدەبێت.
لەدەیەی ڕابوردودا شۆڕشێکی گەورە لە بواری تەکنۆلۆژیای جیناتدا بەدەست هاتوە کە وای کردوە کاری ١٠-٢٠ ساڵی دۆزینەوەی پێکوتە کەم کاتەوە بۆ چەند ڕۆژ یان چەند حەفتەیەك. لە حاڵی حازردا زیاد لە ١٧٠ تیمی پزیشکی سەرقاڵی دۆزینەوە و دروست کردنی پێکوتەی پەتای کۆڤید١٩ن. زۆربەی ئەم تیمانە پشت بە تەکنۆلۆژیای تازەی جینات دەبەستن لەجیاتی پرۆسە کۆنەکان کە ڤایرۆسی مردو یان لاواز کراوی بۆ زیادکردنی بەرگری لەش بە دژی ڤایرۆسەکە بەکاردەهێنا. تا ئێستا هیچ کام لەم پێکوتانە بۆ بەکارهێنانی سەرتاسەری پەسەند نەکراوە بەڵام ٩یان گەیشتۆتە قۆناغی ٣ی تاقی کردنەوە.
ئەم پێشبڕکێیە، پێش ئەوەی بۆ ڕزگار کردنی مرۆڤایەتی و کەم کردنەوەی ڕێژەی گیان لەدەستدانی خەڵک بە ڤایرۆسەکە بێت، بە مەبەستی دابین کردنی قازانجی زیاتری کارتێلە گەورەکانی دەرمان و کەڵەکەی سەرمایەیە، و لە تێڕوانینێکی بەرتەسکی دەسەڵاتەکانەوەیە، کێ یەکەم کەس پێکوتەی دۆزیەوە و تۆماری کرد بۆ بەکارهێنانی سەرتاسەری ناوی، مافی خاوەندارێتی و مۆنۆپۆلی بازرگانی، دەچێتە مێژوەوە و لە هەڵبژاردنەکاندا بێگومان دەیباتەوە و ڕۆڵی خۆی لەناو هێزەکانی جیهاندا دەسەلمێنێت…هتد.
پێشبڕکێ لەم بوارەدا و گوێنەدان بە هاوئاهەنگی نێو دەوڵەتی و بیر تەسکی ناسیۆنالیستی پێکوتە، لە قازانجی هیچ لایەک نیە جگە لە کارتێلە گەورەکانی دەرمان دروست کردن و دەوڵەتە بە هێزەکان و ئەو نایەکسانیەی کۆڤید-١٩ لەسەری گەشە دەکات چەند قات زیاد دەکات. ئەو گروپە کۆمەڵایەتیانەی زیاترین قوربانیان لێ کەوتۆتەوە بە بۆنەی ڤایرۆسەکەوە چ لەباری تەندروستی و چ ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە نەهامەتەکانیان زیاتر و قوڵ تر دەبێتەوە.
ستاندەردەکان و لادان لێیان
چەند ستانداردێكی جیهانی دانراوە بۆ دروست کردنی پێکوتە:

  • ٥٠٪ کاریگەر بێت. لانی کەم ٣٠٪.
  • توانای دروست کرنی بە ڕێژەیەکی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا.
  • دەبێت بە ستانداردێکی زۆر بەرز لە سەلامەتی دروست بکرێت لەبەر ئەوەی لە ژمارەیەکی زۆر لە خەلکی تەندروست دەدرێت.
    یەکێک لە مەترسیەکانی ئەم پێشبڕکێیە لادانە لەم ستاندەردانە کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەگەری دروست کردنی پێکوتەیەکی لاواز و ناکاریگەر یان تەنانەت زەرەر مەندیش.
    بێگومان پێکوتەیەکی ناکاریگەر پاندەمیکەکە خراپ تر دەکات، نەک هەر بەرگری لەش زیاد ناکات بۆ نەخۆشیەکە بەڵکو خۆشخەیاڵی دەدات بە کەسەکان و دەسەڵاتەکان کە دەبێتە هۆی شلکردنەوەی پەیڕەویەکانی دەست شتن و دورکەوتنەوە و بەکارهێنانی دەست کێش و دەمامك و …هتد.
    ئەمانە هەموی نەك هەر متمانەیی خەڵک بە سیستەمەکان کەم دەکاتەوە بەڵکو بە زانست و سیستەمی زانستی و دەبێتە هۆی سڵەمینەوە لە وەرگرتنی پێکوتەکە و هەروەها بە فیڕۆ بردنی زۆرێک لە ئینەرجی و کەرەستە وەک دەرزی و سرینج و …هتد بە بۆنەی دروست کردن و دابەشکردنی پێکوتە یەکی بێ سود. ئەم بێمتمانەییەش دیسان دەبێتە ڕێگریەک لە بەردەم کۆنترۆڵ کردنی ڤایرۆسەکە. ئەمەش دوبارە دەرد و مەینەتیەکانی هەژار و بێ دەرامەتەکانی کۆمەڵگە و توێژە پەراوێزکراوەکان زیاتر دەکات کە خۆیان لە سەرەتاوە و تا ئێستا قوربانیانی سەرەکی ئەم پەتایە بون.
    لە مێژوی پێکوتەدا چەندین نمونەی کارەسات هەیە کە دەکرێت دەرسی لێ وەربگیرێت؛
  • لە ١٩٤٢پێکوتەی نەخۆشی پەتای زەرد (یەللۆ فیڤەر) تێکەڵ بوو بوو لەگەڵ ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر (التهابی کەبەدی ڤایرۆسی) کەدرا بە زیاد لە ٣٠٠ هەزار سەربازی ئەمریکی ونزیکەی ١٥٠یان مردن.
  • هەروەها لە ١٩٥٥دا ڕوداوی (کەتتەر) ڕویدا کە دروستکەری پێکوتەی ئیفلیجی مناڵ (شلل الاطفال) بوو. “تاقیگەی کەتتەر” ڤایرۆسەکەیان بە تەواوی لاواز نەکردبوو، بۆیە بەم پێکوتە خراپە ٤٠ هەزار کەس توشی نەخۆشی ئیفلیجی مناڵ بون و ٢٦٠ کەسیان لە دەست و قاچ کەوتن و١٠کەس مردن. ئەمانە لە کتێبی بەناوبانگی ستانلی پلۆتکین دا (پلۆتکینس ڤاکسینس) ئاماژەی پێدراوە.
    تەنانەت دوای پەسەندکردنیش پێکوتە هەر دەبێت لە ژیر چاودیریدا بێت، چونکە تاقیکردنەوەکان، مەترسیە درێژخایەنەکان دەستنیشان ناکەن. لە ١٩٩٩دا پێکوتەیەکی دژی ڕۆتا-ڤایرۆس (ڤایرۆسیکی سک چونە لەناو منداڵاندا یەکجار بڵاوە) قەدەغە کرا دوای ئەوەی ژمارەیەك لە منداڵ توشی ڕیخۆڵە گیران بون.

    ناسیۆنالیزمی پێکوتە

    بە پێی دەزگا هەواڵیەکان، کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە ٣١ی تەمموزی ئەمساڵدا، لەگەل چەند کۆمپانیایەکی پزیشکیدا، گرێبەستیان کرد بۆ دابین کردنی ٣٠٠ ملیۆن ژەم لە پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ ئەوەشدا کە هێشتا ناشزانین کە هیچ کام لەم پێکوتانە ئیش دەکات یان نا. وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیاش بەهەمان شێوە چەندەها ملیۆن ژەمی چەند پێکوتەیەکی کۆرۆنایان دابین کردوە لە ئێستاوە. ئەمەش بە مەبەستی بوژاندنەوەی ئابوری وڵاتەکە و دروست کردنی متمانە لای دانیشتوانی ووڵاتەکانیان و لەوانەیە بەهیوابن بەمە تا ڕاددەیەک کەموکوڕیەکانی سەرەتای پاندەمیکەکە لە بیر خەڵک بەرنەوە.
    ناسیۆنالیزمی پێکوتە نەک هەر لەڕووی مۆراڵیەوە نادروستە، بەلکو بە پێچەوانەی هەمو گرێبەستە نێودەوڵەتیەکان و مافی مرۆڤیشە.
    بە پێی ڕاپۆرتە هەواڵیەکان، لانی کەم لەسەرەتادا، توانای دروست کردنی پێکوتەکە سنوردار دەبێت و لەوانەیە چەند مانگێک یان زیاتر بخایەنیت هەتاکو بەشی زۆربەی وڵاتان دروست دەکرێت. ئەمەش مانای وایە، هەچ پێکوتەیەک لەسەرەتادا دروست دەکرێت دەچێت بۆ ئەو وڵاتانەی پێشوەخت کڕیویانە.
    هەروەها ئەو وڵاتانەی سیستەمی تەندروستی گشتی بەهێزیان نیە لە هەمان کاتدا سیستەمی گواستنەوە و خەزنکردن و دابەش کردنی پتەویشان نیە کە ئەمە زیاتر بەردەستبوونی پێکوتەکە دوا دەخات لە کاتێکدا کە ڤایرۆسەکە بەردەوامە لە بڵاوبونەوەدا، و دەبێتە هۆی قوڵتر بونەوەی گرفتە تەندروستی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی ئەم وڵاتانە.
    بە بێ هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی، پێشبڕکێی بەردەوام نرخی پێکوتە و کەلوپەلەکانی بەرز تر ڕادەگرێت، کە ئەمەش دوبارە بە قازانجی کۆمپانیای دەرمانی ووڵاتە بە هێزەکان دەکات.
    شاردنەوەی زانیاریەکان وئاکامی تاقیکردنەوەکان
    ئاشکرایە چەند سەدە لەمەوبەر و لە کاتی پەتای (تاعونی ڕەش)دا گۆڕینەوەی زانیاری شتێکی ئاسان نەبوە. ئەمڕۆ ئێمە ئەو گرفتەمان نەماوە بەڵام جۆرێکی تری گرفتمان هەیە، ئەویش ڕێککەوتن و پابەندە بازرگانیەکانن. کۆمپانیا گەورەکان پارەیەکی خەیالێان لە شاردنەوە و مۆنۆپۆلکردنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان دەست دەکەوێت و لەبەرژەوەندی خۆیان و هێنانی قازانجی زیاتر و کەڵەکەی سەرمایەکانیان و بەهێزکردنی پێگەیان لە بازاڕی جیهانیدا.
    ئاڵوگۆڕ پێ نەکردنی زانیاریەکان و بڵاونەکردنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان لەکاتێکدا کە ڤایرۆسەکە لە تەشەنە و بڵاوبونەوەدایە دیسان دەبێتە هۆی توشبون و مردنی زیاتری ئەو گروپە کۆمەڵایەتیانەی لەسەرەتاوە تا ئێستا بونەتە قوربانی و توشی فەلاکەتی تەندروستی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بون.


پەتای جیهانی کۆڤید-١٩ هەر وەک پەتاکانی تر لە مێژودا لەسەر نایەکسانی پەرەدەستێنێ و تەشەنە دەکات و سود لە خاڵە لاوازەکانی کۆمەڵگە وەردەگرێت. سیستەمی سەرمایەداری ئەم نایەکسانیانە بەردەوام دروست دەکاتەوە و لەژێر سایەی ئەم سیستەمەدا ئەگەری چەندین پەتا و کارەساتی تری وەک کۆڤید -١٩ و خراپتریش ڕۆژبەڕۆژ لەزیاد بوندایە. لەوانەیە پێکوتەی کۆڕۆنا ڕزگارمان بکات لەم پەتایە وەیان لانی کەم ئاکامەکانی لەسەرمرۆڤایەتی کەم بکاتەوە بەڵام ئاسەوارەکانی کۆڤید و تاوانەکانی سیستەمی سەرمایەداری و بێباکی لەبەرامبەر تەندروستی و گوزەرانی ژیانی ئینسانەکاندا بەردەوام دەبێت.
مرۆڤایەتی شایەنی ئەم کارەساتە نیە و دەبێت تەندروستی و ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی واقیعی ژیانی مرۆڤەکان بێت ئەمەش بەکۆتایی هێنان بە سەرمایەداری ئەنجام دەدریت.
6.9.2020




پەیمانم بە شیعر داوە تاکو تۆ هەبیت پرچی تەڕترین هۆنراوەت بۆ دابهێنم-11 – ستیڤان شەمزینی

بەشی یانزە…

خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

لیزا: ئەوەی لە تۆدا وەک ئەڵماس دەدرەوشێتەوە، ئەوەیە هیچ کات لە بەرامبەر بە پارە و ساماندا لاواز نیت!.
ستیڤان: زۆرجار بیر دەکەمەوە، جیاوازیی حەوجۆش و پارەی کانزایی چییە؟ جیاوازیی کاغەزی گوڵەبەڕۆژە و دۆلار چییە؟ تەنیا ئەوە نەبێت وەهمەکانی مرۆڤ بەهای بەوەی دووەمیان داوە.
لیزا: ئەمە هەمان پێناسەی منە تەنانەت بۆ خودی جوانیش!. پێموانییە هیچ شتێک جوان بێت، بێ ئەو بەهایانەی لە ناویدا دەردەکەون، خۆشەویستی جوانە، چوونکە هەڵگری بەهای یەکترویستن و توانەوەی گیان و جەستەیە لە یەکتردا، بۆ نموونەی توانەی منە لە تۆدا!. ماچێک یان باوەشێک هێمایەکی فیزیکیی ئەو توانەوەیە، بەڵام توانەوەی هەست و سۆز بێ ئامادەگیی فیزیکیش لە ئارادایە!. کەواتە من دەمەوێ پرۆسەکە بگەیەنمە کەماڵ، زۆر دەمێکە شەپۆلەکانی هەستم تێکەڵی کەناراوەکانی سۆزت کردووە، دەبا ئیتر مەلی جەستەم لەناو جەستەی تۆدا هێلانەیەک چێ بکات.
ستیڤان: تۆ بابەتەکەت بەلایەکی تردا راکێشا، لە باسی پارەوە بازتدا بۆ سەر پرسی خۆشەویستی!.
لیزا: من دوور نەکەوتوومەتەوە لە ناوەڕۆکی قسە، تەنها روونکردنەوەم دا لەسەر بەهای شتەکانی ناو ژیانمان، پارە کاغەزێکی بێ بەهایە و لە بازاڕ و ئابووریدا بەهای پێدراوە، ئەگەرنا ئەو خودایە نییە وەک ئەوەی ئێستا دەپەرسترێت!.
ستیڤان: لە راستیدا پارەپەرستی بتپەرستییە، بیر بکەوە مرۆڤی پێشان لە بەرد و قسڵ خودایان دەئافراند و دەکەوتنە پەرستنی، مرۆڤیش خۆی پارەی ئافراندووە و کەوتۆتە پەرستنی. بە پێچەوانەی ئەو بتانەی لە دوورگەی عەرەبیدا لە خورما دادەتاشران و لە کاتی تەنگانەدا دەکەوتنە خواردنی.!
لیزا: کەواتە تۆش لەناو هەمان پێناسەکەی مندا نموونەت هێناوە، بەڵام زۆرینە خودایان پارەیە، عەشق و ژیان لە خوار پارەوە دەبینن. ئێمە چۆن دەکرێت ئەو پێناسانە راست بکەینەوە؟.
ستیڤان: کاری من و تۆ نییە پێناسەکان دابڕێژینەوە، گرنگ ئەوەیە نەکەوینە دوای ئەو زۆرینەیە ئاینیان دۆلارێکە و قیبلەشیان بازاڕی رەش!.
لیزا: دوژمنایەتیکردنی زۆرینە بە جۆرێک لە جۆرەکان، ترسناکە. لە کاتێکدا زۆرینە بوونەتە مێگەلێک بۆ پارە شوانە دڵڕەقەکانیان رێی سەختترین کێوەکانیان پێ تەی دەکات.
ستیڤان: هەر لەبەرئەوەشە من کەسێکی خۆشەویست و قبوڵکراو نیم لای زۆرینە، چوونکە دەبینن لە مێگەلەکە یاخی بووم، بەڵام ئەوان چێژ لە مێگەلبوونی خۆیان وەردەگرن، وەک ئەو جۆرە بولبولەی پاش راهاتن لەگەڵ ژیانی ناو قەفەز، هەزار جاریش دەرگای قەفەزی بۆ بکەیتەوە، ئارەزووی فڕین ناکات!.
لیزا: کەواتە ئەمەش خاڵی ناوکۆیی من و تۆیە، لەبەرئەوەی هەوڵدەدەم دواى قوڵبوونەوە و خەمڵاندن و رامانێکى زۆر قەناعەتەکانم چەندیش ترسناک بن مانیفێست بکەم. لەوە نەترساوم لە پاشەوە گوللە لەسەرم دەدرێ یان بەشێوەى گەلە گورکێک شاڵاوم بۆ دێنن.
ستیڤان: جیاوازییەکەشمان ئەوەیە، من رەخنەی توند بە زمانێکی سۆفت و هێمن دەنووسم و حەزدەکەم بابەتی و عەقڵانیی بم لە شرۆڤەکردندا، نەک هەمان ئەو کەسەی لە شیعر و عەشقدا بوونم هەیە کە کەسێتییەکی عاتیفی و هەستەکیم، ئەم باڵانس راگرتنە کارەکەمی سەختتر کردووە.
لیزا: تەنیا ئەوەندە دەزانم مێشکم بورکانی وشەیە و دڵیشم کانگای عەشق، کاتێک تۆ دەبینم گڕکانی وشە بە زاخاوی دڵم دەبێتە شیعر!. کاتێکیش دەخوێنمەوە لە نێو هەموو رستەیەکدا بۆنی هەناسەت دەکەم!!.
ستیڤان: منیش دوو شت دەکەم لەگەڵ خوێندنەوەدا: بیردەکەمەوە و جڵەو شل دەکەم بۆ خەیاڵەکانم و بەربەستیان ناکەم، دەتوانم بڵێم زۆر کۆنتر و لە کۆڵانە دێرینەکانی خەیاڵدا تۆم لە زۆر بۆنە و جێگەدا دیوە!.
لیزا: من بێ هۆ خۆشم دەوێی، ناشزانم بۆچی خۆشم دەوێی! تەنها ئەوەندە دەزانم رۆحت هەزاران ساڵە لەگەڵ رۆحم ئاوێتە بووە و وەک دوو کۆتر بە ئاسمانی عەشقدا بە تەنیشت یەکەوە دەفڕن، لەوانەی ئەو دوو رۆحە جەستەمان لە یەکتر نزیک بکەنەوە، بەڵام هیچ کات جەستەمان لە یەکتر نزیک نابێتەوە رۆحمان لە یەکدی جیا ببنەوە و رێی ئاسمانەکانیان جودا بکەنەوە، رۆح لێرەدا ئەو مانا ئاینییەی نییە وەک هێزێکی نادیار پێناسەی دەکرێت، بەڵکو مەبەست لەو شەپۆلانەی هەست و سۆزە وەک تەزووی کارەبا پێماندەگەن.
ستیڤان: بیر لەوە دەکەمەوە دەبێت پێناسەکردنمان بۆ مەرگیش بگۆڕین، مەرگ خاڵی کۆتایی عەشقم نییە بۆ تۆ، بەڵکو سەرەتایەکی ترە!، من ون دەبم و تۆش لەناو دڵی خۆتدا دووبارە دەمدۆزیتەوە، بڕوام بە دۆنادۆن هەیە و ئێواران سەیری ئاسمان بکە وەک باڵندەیەکی غەمگین بەسەر تۆدا دەفڕم، تەنێ ئەوەیە بە مردنم لە زەوییەوە بەرەو ئاسمان دەڕۆم، بەڵام خۆ هەر لە گەردوونی تۆدام!.
لیزا: تۆ نامریت کە من ئێستا داستانی عەشقمان بە شیعر دەنووسمەوە. دڵم دەگری و دەستم دەلەرزێ و ئارەقێکی بۆنخۆش دەکەمەوە ئەو ساتەی دەستدەکەم بە نووسینەوەی تۆ لە شیعرێکدا!. ساتەوەختی تەواوبوون دەڵێم وای لە من چی جوانیم بیر چووە و چی هەستم ماوە بیکەمە دێڕەکانەوە لە پەسنی خۆشەویستیدا. بەم جۆرە دووبارە لەناو هەمان تەقسدا شیعرێکی تر دەنووسم، شیعرەکان هێدی هێدی دەبنە دیوانێک و دوو دیوان و چەندان دیوان، هێشتاش دڵم تێرئاو نەبووە لەو شیعرانەی لە سرووتێکی دێوانانەدا بۆ تۆ دەیاننووسم و کاتێک ئاوڕ دەدەمەوە بوومەتە داپیرەیەکی پشت چەماوە و لە کونجی تەنهاییدا لەگەڵ ئەو شیعرانەدا دەژیم باسی تۆم بۆ دەکەن، من ئەم سووڕە ناودەنێم سووڕی راستەقینەی ژیان!.
ستیڤان: ئای خودایە لەو هەموو هەستە جوانە. چەند بەختەوەرم کەسێک بەم شێوەیە هۆگری ژیانم بووە، لە کاتێکدا وەک پاشەڕۆکێک فڕێدرابوومە ناو زبڵدانی کۆمەڵگەوە!!.
لیزا: نەخێر تۆ ئەڵماسیت و دەگمەنیت. ئەگەر دیقەت بدەین خۆڵ و خاشاک لەهەموو شوێنێک دەبینین، لانیکەم لەسەر شەقامەکان دەبینین چەندان تەنەکەی گەورە گەورە بۆ پاشماوە و خاشاکە بێ ئەرزشەکان دانراون، بەڵام کێ دەتوانێت گەنجی ئاڵتون و گەوهەر لەسەر جادەکان بدۆزێتەوە؟ ئەمە پێناسەی تۆیە لە روئیای مندا. دەبێت قووڵایی دەریای شیعر و گەنجینە دوورە دەستەکانی خەیاڵت بۆ بگەڕێین، نەمدەویست بەم روونییە دانپێدانانی خۆمت بۆ بدرکێنم، بەڵام ناچارت کردم.
ستیڤان: من هەموو شەوێک دێمە خەونت، تۆ لە خەونی هەموو شەوەکانمدایت، بێ ئەوەی دووبارەی بکەمەوە دەڵێم دڵم زێیەکە لە شیعر و ئەوین، بە بەرچاوی هەموو سروشتەوە دەڕژێتە رووباری چارەنووستەوە.
لیزا: من بێ ماندووبوون هەموو رۆژێک نامەت بۆ دەنووسم، نامەکان هەموو دەگەنەوە بەیەک شت، دێڕەکان هەموو دەگەنەوە بە یەک شت، پیتەکان هەموو دەگەنەوە بە یەک شت، ئەو شتە من و تۆین! من و تۆ گووڵدانێکی سوورین لەبەر پەنجەرەی عەشقدا دانراوین. ئیدی وا نەزانی کانگای شیعرم لە هەڵقوڵان دەوەستێت، چوونکە پەیمانم بە شیعر داوە تاکو تۆ هەبیت پرچی تەڕترین هۆنراوەت بۆ دابهێنم.
——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون




تاوێک بباریت … شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

تەنها قسەکردنێکمان،،
لە ژێر بارانا بوو،،،
وای لێهات..
تەمەنێکم،،
لە ژێر بارانا بۆت بردە سەر،،
باش ئەزانم ،،،
ناتبینمەوە جارێکی تر،
گەر چەندین بارانیش..
دوای هاتن و چونەکانم..
ببارێ،،،
بۆیە بە ئاسمان ئەڵێم،،
چیتر لام گرنگ نیە،،
ببارێ یان نەبارێ،،
هیچ دەربەست نیم،،،
شەقامەکان…
لە خەڵکی هەڵهاتووی..
ژێر بارانا..
چۆڵ بێ،،
چی دەربەستم…
ئاسمان ڕەش بێ،،،
توڕە بێ ،،
خوێناوی بێ،،
من بە تۆفان و گەردەلوولا ..
تێئەپەڕم
با دارستانە تەڕەکانیش،،
مەنزڵگەی ژوانی …
جارانم بێ،،
کەسی تەنیاو ..
بێ نشینگە،،
کوا باکیەتی..
جەستەی شەختەو
پەشۆکاوی..
تۆفانێ ،،
لە تەرزە و ڕەهێڵە بیبا،،
کەی لای گرنگە،،
تارای سەری،،
تۆفانی هەڵچووی..
سەر زەریا بێ.

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری سویسری
( Firen Zos)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




پەرچەكرداری فەلسەفە لە كاتی تەنگژەكانا بەپێی كۆنت–سپۆنڤیل – بەشی 18– ئازاد حەمە

“هیچگەرایش مانای هەیە”
مۆریس بلانشۆ لەمەڕ كافكا

دەستپێك: وتاری فەلسەفی ڕۆژئاوا دەرگا لە پەرچەكرداری ڕەخنەیی دەكاتەوە، كێشمەكێش لەناو پەرچەكردارییەكان دەچێنێت و بەجۆرێكیش كێشمەكێشەكان وەلاوە دەنێت كە دەرگا بە ڕووی چارەسەری گونجاو و پێویست بكاتەوە. قسەكردن لە نەخۆشی و مەرگ ،كە بەشێكن لە پەرچەكرداری فەلسەفە، كارە سەرەتاییە هەمیشەییەكەی فەلسەفەیە. ڕووبەڕووبونەوەی فەلسەفییانەی مەرگ هەوڵێكیشە بۆ سنورداركردنی ترس لە مەرگ. ترس لە مەرگ بۆ فەلسەفە دووبارە و بەردەوامە. مامەڵەی فەلسەفە لەتەك مەرگا بۆ دروستكردنی وێنەی ترە لەسەر ژیان. بیركردنەوەی لەم جۆرەش چارەسەرە بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو ترسەی مەرگ لەسەری دەژیت. بێگومان ئاینیش هەمان شت دەكات. ئاین بەهۆی مەرگەوە بەردەوامی بە خۆی دەدات. شەڕی نێوان مەرك و ترس هەر شەر نییە پەیوەندیشە. مەرگ كە ترس دروستدەكات ترسیش لە مەرگ نزیكماندەكاتەوە. ئەم هاوكێشەیە لەگەڵ پەتای كۆرۆنا گەیشتە ترۆپك. گرفتەكە لێرەوە دەستپێدەكات كە مرۆڤەكان مەرگ وەك بەشێك لە مرۆیبوونی خۆیان نابینن. ئەمە و گەلێك دیاردەی دی (ڕەوشت، سیاسەت، ئازادی، گۆشەگیریی) لە ساتەوەختی كۆڤید-19 هاتەئاراوە و فەلسەفەش لەوبارەیەوە پەرچەكرداری خۆی نواند. سەرباری ئەوە، ئەم بەشە زەمینە دەڕەخسێنێت بۆ هێنانەگۆی بابەتی پەرچەكرداری فەلسەفە لە كاتی تەنگژەكانا، بۆنموونە تەنگژەیەكی وەك كۆڤید-19، كە تەنیا بە مەرگەوە تایبەت نییە، ڕەوشت، سیاسەت، ئازادی تادەگاتە كەرەنتین، گۆشەگیریی و تەنیاییش دەگرێتەوە. لەم ڕوانگەوە ئەم بەشە دەخەینە سەركار و گوێ بۆ دیتنە فەلسەفییەكانی كۆنت–سپۆنڤیل Comte-Sponville ڕادێرین و لە كەشێكی فەلسەفی ناهاوشێوەی ئەو بەشانە گۆشەنیگای ئەم بەشە بەرهەمدەهێنین کە پێشتر بەم بیرمەندەوە تایبەتبوون. ئەو شێوە پەرچەكردارییە فەلسەفییەی كۆنت–سپۆنڤیل سەبارەت بە كۆڤید-19 دەیجوڵێنێت وروژێنەر و خورپاوییە. وروژێنەرە چونكە لە شوێنە هەستیارەكانەوە دەستپێدەكات. خورپەهێنەریشە چونكە بە نەبیستراو و بە بیرلێنەكراو ئاشناماندەكات. وڕێنەیەكی ئەوتۆش لەئارادایە كە ئەم تەنگژەیە كۆمەڵگا دەگۆڕێت؟ ئەوانەی پێیانوایە ئەم تەنگژەیە هیچ شتێك ناگۆڕێت هەڵەن. ئەوانەش هەر هەڵەن كە پێیانوایە تەنگژەکە هەموو شتێك دەگۆڕێت. ئەم پەتایە هەموو جۆرە كێشەیەك دەخاتەڕوو حەیفیش هیچیان چارەسەرناكات. ئابووری هەر وەك پێشتر بەربەستەكانی دەهێڵێتەوە. تۆبڵێیت كرێدەستی هەندێك كار كە سودێكی كۆمەڵایەتیان هەیە بەرزببێتەوە؟ گەر ئەوە بكرێت باشە. یاریكەرەكانی تۆپیپێ هەر لەسەر بەدەستهێنانی پارەی زۆر بەردەوامدەبن بەس ئەمە كارمەندی تەندروستی ناگرێتەوە. كەواتە گۆڕانكاریەكان بەو جۆرە نیین كە پێشبینیدەكرێت. لەو وانانەش كە لەم تەنگژەیەوە فێریدەبین سێ وانەن: وانەی یەکەم هاریكارییە. واتە خۆپارێزی كە ئەویترپارێزییە و پێچەوانەكەشی ڕاستە. وانەی دووەم چێژی ئازادییە. واتە ئازادی پاش كەرەنتین. كۆتا وانەش بریتییە لە خۆشەویستی بۆ ژیان.
بێزاریمان لە ئێستامان، ساردوسڕی ژیانی هەنووكەمان وایلێكردووین هەر هەموو، بە بێ جیاوازی، پرسیارێكی زۆربارە بكەین: جارێكی دی بۆ ژیانی لەمەوبەرمان، بۆ پێش پەتای كۆرۆنا دەگەڕێیینەوە؟ زۆربەی ئاماژەكان پێماندەڵێن جارێكی دی ناگەڕێینەوە جیهانی پێش كۆرۆنا و هەرگیزیش مێژوو لە سفرەوە دەستپێناكات. مێژوو لاپەڕەیەكی سپی نییە. كۆنت–سپۆنڤیل لەم بارەوە سەرسامانە پێداگری لە تێگەیشتنێکی خۆی سەبارەت بە دیدی کۆتابوون دەكات: ئێستامان گەر بۆنی كۆتایبوونمانی لێبێت ئەوە تەنیا لەبەرئەوەیە كە كۆتایبوونمان بەشێكە لە ئێمە. موخابن، ئەم بیریارە وتەنی، ئەم لایەنە ژورنالیستەكان تێیناگەن. ئەوان تەنیا سەرقاڵی كاری ناڕوونی خۆیانن. ئەم پەتایە خستومانیەتە بەردەم نادیارییەوە، ئەمەش نادڵنیایی دروستكردوە و نادڵنیایش خەریكە دەبێتە بەشێك لە ژیانمان. ئەم فەیلەسوفە ئەوەش ڕەتدەكاتەوە ئەم پەتایە تۆڵەی سروشت بێت لە مرۆڤ، جەختیشدەكات بەرهەمی تێكچوونی هاوسەنگی نێوان مرۆڤ و دەوروبەرەكەیەتی، بەشێكیشە لە شەڕی نێوان مرۆڤ و میكرۆبەكان كە كۆتای نایەت و كۆتایشی بێت بە بەرژەوەندی میكرۆبەكان كۆتای دێت. بەمە هەموو لەسەر ئەوە كۆكین كە، ئەم پەتایە سیاسەت، تەندروستی، سیاسەتی تەندروستی، ئابووری و دەروونناسی تاكەكەكانی خستەژێرتاقیكردنەوەوە. دادوەری ڕەوشتی و بوونی مرۆیی سەرلەبەر كردەوە بە بوارێك بۆ تێڕامان و چەن و چونی فەلسەفی وورد.

پەرچەكرداری فەلسەفە لە كاتی تەنگژەی كۆڤید19

  • لەسەر ئاستی ڕەوشتی

    كۆنت–سپۆنڤیل مەرگی سوكرات دەكاتە مەحەك بۆ قسەكردن لەسەر ئازادی. سوكرات كە بە مەرگی ئازادی هەڵبژارد لە دادوەرەكانی ئازادتر بوو. لێرەشەوە فەلسەفە دەستپێدەكات، هەروەك ئەوەی كە ڕەوشت دەستپێدەكات. سەرنجڕاكێشترین بۆچوونی ئەم بیرمەندە، كۆنت–سپۆنڤیل، لەبارەی ڕەوشتەوە ئەوەیە كە گشت ڕەوشتێك پەیوەندی بە ئەویترەوە هەیە. ڕەوشت پێویستە بەرژەوەندی ئەویتر بەهەندوەربگرێت. هەر ڕەوشت ئەو شتەشە كە مرۆڤ بەسەر خۆیا دەیسەپێنێت یان ڕەتیدەكاتەوە. لەم سۆنگەیەوە، هێما بۆ ئەوە دەكەین كە كۆنت–سپۆنڤیل لە نووسینی””نامەی بچووك لەمەڕ پاكدامێنییە(پاكڕەوشتییە) گەورەكان”” دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسیارە ڕەوشتییە نەریتییەكان (چی پێویستە بیكەین، كێ پێویستە بیكات، چۆن پێویستە بژێین) كە بناغەیان بۆ فەلسەفەی ڕەوشت لە فەلسەفەی ڕۆژئاوا داناوە. كەواتە پرسیاری ڕەوشتی دەكارێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە كە بەم جۆرەیە: چی پێویستە لەسەرم كە بیكەم؟ ئەڵبەتە كۆمەڵێك ئەرك. گەر ڕەوشت پێویستیبێت دواجار لە كوێی ژیان ئەم پێویستییە خۆی نمایشدەكات؟ ئەو مانایەی ڕەوشت بۆ ئاین هەیەتی بە دیوەكەی تری ئاینیش بۆ ڕەوشت هەمان مانابەخشی خۆی هەیە. ڕەفتاری مرۆڤەكان كە لە نێوان باشە و خراپەدا دەخولێتەوە بۆ بەشێك باشەكان ئەو باشەیە نین و بۆ بەشەكەی تر خراپەكانیش ئەو خراپەیە نیین. مرۆڤایەتیش كە پێویستی بە شەڕی نێوان باشە و خراپە نییە لە دەرەوەی ئەو شەڕەش بەردەوامی بە بوونی خۆی هەر دەدات. چی كەی باشە سەبارەت بە خراپە دەبێتە چی كەی خراپە. بەدەر لەوە كۆنت–سپۆنڤیل گشت ڕەوشت یەكساندەكات بە ڕۆڵی خود لەناو پرۆسەی ڕەوشتیدا. ئەمەش لە زۆر ڕەوەوە پەیوەندی بە دەركەوتنی خودەوە هەیە وەک بابەتێکی فەلسەفی. لێرە قسەدێتە سەر فەلسەفەی خود لە دیدی دێكارت وەك بابەتێكی گرنگ لە فەلسەفەی مۆدێرنی ڕۆژئاوا. ئەمە وادەكات ویستی ڕەوشتی ئەم خودە جێگای باسی قوڵی كۆنت–سپۆنڤیل بێت و بۆ ئەو مەبەستەش لە ‘ كۆماری ئەفلاتون’ ەوە دەستپێدەكات و بە تونێلی فەلسەفی دێكارت و كانت، فەلسەفەی ڕۆشنگەری، دا تێدەپەڕێت. لێرەوە بەو تێزە دەگەین کە: ئەم خودەی، كە خۆی پێویستە چاودێری ڕەفتاری ڕەوشتی خۆی بێت، ویژدان و هۆشی خۆی مەحەكی گشت ڕەفتارە ڕەوشتییەكانیەتی نەك هێزە دەرەكیەكان(ئاین بەنموونە).

    لەسەر قسەی كۆنت–سپۆنڤیل، پێشتر هەندێك بەهای ڕەوشتی و ئاینی كۆیدەكردینەوە ئێستا ئەو بەهایانە لەسەرەمەرگدان. لەكاتێكا مرۆڤایەتی، خەڵك، پێویستی بە كۆبوونەوەیە بە دەوری هەندێك بەها و خەسڵەت وەك سەخاوەت، بەزەی و میهرەبانی. پێشیوایە ئەو دەمەی مرۆڤ لە ڕوبەڕووبونەوەی بەدیدا دەبێت پێویستیەكی زۆری بە چاكەیە. دیارە ئەم بەها و خەسڵەتانە هی سەردەمێكی دیاریكراو نیین، مرۆڤایەتی ئەوەتەی هەیە لە خەمیاندایە و هەمیشەش پێویستیپێیانبووە. لەئێستادا كە كۆڤید-19 لەئارادایە، ئەم جۆرە بەها و خەسڵەتانە (سەخاوەت، بەزەی و میهرەبانی) هەنووكەبوونەتەوە. لە وەڵامی پرسیاری لەئێستادا لە چی دەترسن؟ كۆنت-سپۆنڤیل هێما بۆ ئەوە دەكات، “دڵگرانم بەو شڵەژانەی لە سۆسیال میدیا و لەناو ڕای گشتیدا بڵاوبۆتەوە. وەك خۆشم هەست بە ترس ناكەم”. ئەم بیرمەندە ترس لە مردن بە كۆڤید-19 نابەستێتەوە، ترس لە مردن لای كۆنت –سپۆنڤیل ترسە لە مردن بە شێرپەنجە، جەڵتەی دڵ یان ئەلزهایمەر (كە باوك و دایكی ئەم بیریارەیان كوشتووە). لێرەوە ئەم فەیلەسوفە ئێمە بەرەو پرسیارگەلێكی ڕەوشتی ڕیشەی دەبات. هیچ نەبێت لەبەرئەوەی کۆڤید-19 سەرمایەداری خستەوە نێو گفتوگۆی فەلسەفی. بۆیە پرسیارە ڕەوشتییە گەورەكەی ئەم هزرەڤانە ئاڕاستەی سەرمایەداری دەكرێت. بۆ سەرمایەداری؟ لەبەرئەوەی نایەكسانی بەرهەمدەهێنێت. سەرمایەداری واتە پارە. پارە لای سەرمایەداری پارە دروستدەكات. “بۆئەوەی وەك دەوڵەمەند بمریت پێویستت بەوە دەبێت وەك دەوڵەمەند لەدایكبیت”. یەك لەو پرسیارە بنچینەییانەی ئەم بیریارە سەبارەت بە سەرمایەداری ڕووبەڕوومانیدەکاتەوە ئەمەیە: سەرمایەداری ڕەوشتی هەیە؟. باشە گەر سەرمایەداری ڕەوشتی هەبێت چ جۆرە ڕەوشتێكی هەیە؟ ئەی كە بێ ڕەوشت بوو؟ بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل سەرمایەداری نە ڕەوشتی هەیە و نە ڕەوشت هیچ مانایەكی بۆ سەرمایەداری هەیە. سەرمایەداری پێویستە ڕەوشتیبكرێت. ئەم بەڕەوشتیكردنەش مەرجە لە دەرەوەی سەرمایەداری بكرێت نەك لە ناوەوە. ئەمەش دەمێك ساڵە، 150 ساڵێك دەبێت، ڕۆژئاوا كاریتیادەكات: ئازادی سەندیكاكان، یاسای كاركردن، خانەنشینی، بیمەی كۆمەڵایەتی و…هتد بەشێكن لە دەستكەوتەكانی ئەو كارتیاكردنە.

  • لەسەر ئاستی سیاسی

بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل سیاسەت لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆڤید-19 كەوتە پەراوێزی تەندروستییەوە. پزیشكەكان بە هاوكاری سیاسییەكان لە فەرەنسا كەرەنتینیان سەپاند بێ ئەوەی بیر لە چارەنووسی ئابووری هاوڵاتیان بكەنەوە و بەساڵاچوانیشیان بەوە ترساند گەر لەماڵەوە نەبن دەمرن. كۆنت–سپۆنڤیل لە سەرەتادا ئەوەنەی قسەی لەسەر ماوەی كەرەنتینكردن هەبووە ئەوەنە دژی كەرەنتینكردن نەبووە. لێ دواتر دژی ئەوە وەستاوەتەوە کە بۆ ئەو هەموو بایەخە بە ژیانی بەساڵاچووان دەدرێت لەسەر حسێبی ژیانی لاوان و مناڵان! لێرەوە پرسیارە ڕەوشتیەكە بۆ ئەم بیریارە مەرگ نییە، مەرگ بێ كۆرۆناش بەهۆی نەخۆشی ترەوە بوونی هەر هەبووە. كەوابێت ترس لە مەرگ كەرەنتینی دروستكرد. بۆ ئەوەی كەرەنتین پیادەبكرێت سیاسەت بڕیاربەدەستبوو. سیاسەتیش كەوتەدەست پزیشكەكانەوە. پزیشكەكانیش بەناوی تەندروستی گشتیەوە سیاسەتیان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان پیادەكرد.
ئەوەی كە ئەم تەنگژەیە كۆمەڵگەی فەرەنسی بەرەو پتر مرۆی و هاریكارئامێزتر دەبات یان نابات بۆ كۆنت–سپۆنڤیل ئەمە پرسیارێكی گرنگی ئەم قۆناغەیە. شتێكی سروشتییە کە دواترمان وەك پێشتر نەبێت. بەس كەس ناتوانێت فەرەنسای 2021 بۆ 2019 بگەڕێنێتەوە. ئەوەی هەر لە ئێستاوە پێویستە بۆ هەمووان ڕوون بێت ئەوەیە كە فەرەنسای 2021 لە زۆر ڕوەوە جیاوازە. بەڵێ فەرەنسا دەگۆڕێت بەس نەك سەرلەبەر. بە وتنی ئەم فەیلەسوفە جگەلەوەی پێویستمان بە ئامرازەكانی ئەو گۆڕینە هەیە هاوکات ئەوەشمان پێویستە كە هەموو دەبێت كۆشش بۆهێنانەدی ئەو گۆڕینە بكەین. ئەوانەی پێیانووایە هیچ شتێك ناگۆڕێت هەڵەن. ئەوانەش هەر هەڵەن كە پێیانوایە هەموو شتێك دەگۆڕێت. گرنگە ئێمەی فەرەنسییەكان نەكەوینە ناو جۆرێك لە بەشیراككردن chiraquisationی ژیانی سیاسییەوە (ژاك شیراك مەبەستە). ئەمە بەو واتایە دێت كە سیاسییەكانی فەرەنسا خۆیان لە هەموو جۆرە ڕێفۆرمێك، هەموو شتێك لەپێناوی چاككردنی تەندروستی یان پاراستنی فەرەنسییەكان، دەدزنەوە: پلانی شیراك دژ بە شێرپەنجە، پلانی سەلامەتی ڕێگاوبان، پلان دژ بە نەخۆشی ئەلزاهایمەر، پلان دژ بە پەتا. كوان ئەم پلانانە؟
ئەم بیرمەندە ڕەخنەیەكی زۆر لە ڕۆژنامەوانە فەرەنسییەكان دەگرێت كە خۆیان بەپسپۆڕدەزانن لە هەموو بوارێک و ئامۆژگاری سیاسییە فەرەنسییەكان(سەرۆك كۆمار یان سەرۆك وەزیران) دەكەن و، كەچی سەر لە هیچیش دەرناكەن. هەر لەم هەل و مەرجانە ئەم فەیلەسوفە پێیباشە سیاسییەكان خاوەنی بڕیاری سیاسی خۆیان بن و ئامۆژگاری زانایان و پسپۆڕان نابینایانە وەرنەگرن. لە ئێستادا پسپۆڕەكان ، لە فەرەنسا، ڕۆڵی كەسی پیرۆز دەبینن. ئەمەش شتێكی شەرمهێنەرە!

  • لەسەر ئاستی ئازادی

ئازادی یەكێكە لەو چەمكانەی لە فەلسەفەی كۆنت–سپۆنڤیل دا گرنگیەگی زۆری پێدەدرێت. ئازادی واتە نەبوونی هیچ تەگەرەیەك لەبەردەم ڕەفتاری مرۆڤ، كردنی ئەوەی كە دەیەوێت بیكات. زۆربەی فەیلەسوفە گەورەكانیش(لۆك، هۆبز، رۆسۆ) جەختیان لەوە كردووە كە ئازادی بە ئازادی ڕەفتاری تاكەوە پەیوەستە. كێشەكە لەوەدایە كە ئازادی ڕەها بوونی نییە و خودی ئازادیش بێ تەگەرە نابێت. ئازادی ڕەها ڕەنگە بوونی نەبێت، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی دەوڵەت بوونی هەیە. دەوڵەت گەورەترین تەگەرەیە لەبەردەم ئازادی دا. لە گفتوگۆی قووڵی فەلسەفی بیریاران سەبارەت بە واتای ئازادی دەبینین ئەم واتایە بڕێك ئاقارێکی تەمومژاوی وەردەگرێت بەتایبەت كە واتاكە دەلكێت بە خود، ویستی خود، جەوهەری ویستی ئازاد و… تادەگاتە كردەی هزر. بگرە دەلکێت بەوانەش كە پێیدەڵێن هزری مرۆڤ و ویستی ئەم مرۆڤە، عەقڵ و كردەی ئازادی مرۆڤ. لەبەرئەوە كۆنت-سپۆنڤیل لەسەر بناغەی بۆچوونە فەلسەفییەكانی (سپینوزا، ماركس، هێگڵ) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئازادی هزر ئازادی عەقڵە و پەیوەندی بە ئازادی بژاردەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە ئازادی پێویستییەوە هەیە. واتە ئازادی دەكەوێتە ژێرسایەی پێویستیەكانی تاكەوە. هەموو ئەمانەش لە سێ ئاقاردا كورتدەكاتەوە: ئازادی كردار، عەفەویەتی ویست، ئازادی پێویست بۆ عەقڵ. گەر ئازادی ڕەها نەشهاتە دی خۆ گرنگە مرۆڤ ئەوەندە ئازاد بێت كە بتوانێت بژیت. ئەمە وادەكات كۆنت-سپۆنڤیل باوەڕی بەوە بێت كە ئێمە بە ئازادی لەدایك نابین، دواتر ئەو ئازادییە بەدەستدە‌ێنین. ئازادیش نە ڕەهایە و نەش بێسنوورە. لەبەرئەوە ئازادی هەر لوغز نییە ئامانجیشە. بۆ كۆنت-سپۆنڤیل گرنگترین شتێك سەبارەت بە ئازادی شایانی قسەبێت ئەوەمەیە: چۆن فێربین ئازاد بین. ئەم جۆرە ئازادیە بە ناوی دووەمی دانایی دەزانێت. واتە ئەوە داناییە كە مرۆڤ فێری ئەوە دەكات چۆن ئازاد بێت.
بەپێی كۆنت–سپۆنڤیل ئەوەی لە ساتەوەختی كۆڤید-19 بە كردەی ئازادییەوە تایبەتە ئەوەیە كە، بایەخدانی خەڵك لە فەرەنسا بە تەندروستی پتر لە ئازادی هەڵە بوو. ئەم هەڵەیە شیاوە وردە وردە بەرەو وڵاتانی تریش بچێت. لە فەرەنسا وشەی ئازادی (libéral) بەرەو جۆرە تەوهینێك دەچێت. ئەم بیریارە ناچارانە بەم جۆرە دێتەگۆ: ئێستا نازانم لێرە بمێنمەوە یان بچمە سویسرا؟ لە لێدوانێكیش لەگەل ڕۆژنامەیەكی بەلژیكی سەرسامانە قسەدەكات: “لێمانگەڕێن با بمرین”. بەمە هێما بۆ ئەوە دەكات كە تەندروستی ناكرێت سەرووی ئازادی بێت، یان شوێنگرەوەی هەموو شتێك بێت. نابێت تەندروستی شوێنی سیاسەت بگرێتەوە، حەیف لە ساتەوەختی پەتاکە گرتیەوە و ئەوەش ئازادی سنورداركرد.

  • لەسەر ئاستی كەرەنتین = گۆشەگیریی
    یان كوشتنی ئازادی تاك

كۆنت–سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ Le Télégramme باس لە شەكەتی خۆی و پارتنێرەكەی دەكات كە چۆن ماوەی كەرەنتینیان لە پاریس بردۆتەسەر. پێیوایە بۆ تەمەنی “ئەو” (68 ساڵە) كەرەنتین بۆ ماوەیەكی زۆر كاردانەوەی نێگەتیڤی دەبێت و پێویستیش ناكات. دەبایە ماكرۆن ،ئەو وتەنی، بیری لەم لایەنە بكردایەتەوە. پێشیوایە ترسناكترین شتێك ئەوە بوو كە هاوتەمەنەكانی ئەم كەرەنتینە درێژخایەنەیان بەخۆیانەوە نەبینیووە. ئاسایی بوو ماوەیەكی کورت ئەمە ڕووبدات نەك ماوەیەكی ئاوا زۆر (لە 11/03 تا 11/05). ئەم فەیلەسوفە خۆی بە سەرمەستی كەرەنتین نازانێت و دەستپێكردنەكەشی هەر لە سەرەتاوە پێناخۆشبووە. دانبەوەشدا دەهێنێت: ئەم جۆرە شتانە كە دەستپێدەكات لە هەژارترینەوە دەگرێتەوە و بژاردەی كەرەنتینش ستراتیژێك بوو لەبەردەم حكومەت. لە فەرەنسا كەرەنتین تووندكرابووەوە. لە ئەڵمانیا شتێك كەمتر دەردەكەوت. لە سوید لابرا بوو ،بەڵام بە ڕێنمایەكانەوە جوڵە هەبوو. كەرەنتینەكە بۆ كۆنت–سپۆنڤیل بریتی بوو لە زەوتكردنی ئازادی و ترسناكترین شتیش بوو كە نەوەی ئەم فەیلەسوفە بەخۆیەوە بینوبێتی. بەپێی تەماشاكردنی فەلسەفی كۆنت–سپۆنڤیل سەیرەكە لەوەدا بوو، ئەو ماوە زۆرەی كەرەنتین زۆرتر پزیشەكان لە شاشەكانەوە دەردەكەوتن تا ئابووریناسان و كۆمەڵناسان. ڕاشکاوانەش دەڵێت: “واملێهات لەماوەی كەرنتینەكە حەزبكەم تووشی كۆڤید-19 ببم و تەنانەت پێشیبمرم بەس ئەوەنە لە كەرەنتین نەمێنمەوە. حەزم لە ژیانە بەس زۆرتر حەزم لە ئازادیە. ناترسم لە نەخۆشی زۆرتر لە كۆیلایەتی دەترسم”.
كێ بەرامبەر بەم هەموو هەفتانەمان لە كەرەنتینبوون بەرپرسیارە؟ بێگومان هەموومان! ماكرۆن زوو وتی: دەوڵەت تێچوونەكان دەدات. مەگەر دەوڵەت ئێمە نیین! ماكرۆن لەكاتی بڵاوبونەوەی پەتاكە ئەوەشی وت كە پارەی ئەفسونایمان نییە. 100 ملیار یۆرۆ پێویستن بۆ تەمویلكردنی كارەكان. پێیوایە پێویستە ئەو ڕاستیە بزانین كە ئەم پارە زۆرە دواتر لەسەر لاوان و نەوەی ئایندەمان دەكەوێت. ئەم لایەنە بۆ ئەم بیریارە بێزاركەرە، ئەوەش هەر بێزارکەرە كە تەندروستی تەنیا بووە بەخەمی بەتەمەنەكان. ئەی ئەو زیانەی لەم هەلو و مەرجە لە لاوان دەكەوێت؟ كەس بیر لەم لایەنە ناكاتەوە. ئەو بڕە پارەیە هەر هەمووشی بەر نەخۆشخانەكان ناكەوێت. ئەم بیریارە فەرەنسییە كەرتی تەندروستی لە وڵاتی فەرەنسا بەو خراپە لەقەڵەمنادات لەچاو وڵاتانی تر. كێ ناڵێت كەرتە خراپەكە قوتابخانەكانن! ئایا مناڵانمان لە فەرەنسا باش دەنووسن و دەخوێننەوە؟ تا ئیملایان پێنەكەین نازانین چەند بێتوانان. تۆبڵێیت نەخۆشخانەكان لە فەرەنسا كەمتر بایەخیپێدرابێت لەچاو زانكۆكان، یان لەچاو: پۆلیسخانەكان، دادگاكان یان زیندانەكان؟ ئەمانە هەموو پرسیارن لەسەر دۆزی دامەزراوە گرنگەكان لە فەرەنسا. كەچی بایەخپێدانەكە تەنیا بە تەندروستی بوو. سەیرە!
كەرەنتین هەڕەشەیە لەسەر ئازادیەكان یان دیوێكە لە دیوەكانی مرۆڤایەتی؟ لای كۆنت–سپۆنڤیل ترسی منێكی 70 ساڵ لە تەندروستی خۆم نییە ترسە لە ئایندەی مناڵەكانم. كەرەنتین دوو دەرئەنجامی ترسناكی لێوەبەرهات: تەنگژەیەكی ئابووری مەترسیدار (بەبۆچوونی ئابووریناسان لە تەنگژەی 1929 ترسناكترە) و كەمكردنەوەیەكی زۆر لە ئاشتی، دێمۆكراسی و ئازادیەكانمان. ئەم بیرمەندە ترسی ئەوەشی هەیە كەرەنتین (گۆشەگیریەكەی كەرەنتین) خەڵكێكی زۆر بكوژێت لەچاو كۆڤید-19 بەتایبەت لە وڵاتە هەژارەكانا. كۆنت-سپۆنڤیل پێیباش نییە كەرەنتین بۆ ئەوانەی لە تەمەنی 70 كانن درێژەبكرێتەوە. ئەوان پتر لەوانیتر ترسناكتر نیین. بۆیە بەتوڕەبوونەوە دەڵێت: گەر گۆشەگیركردنم لەپێناوی خۆم بێت سوپاس نامەوێت. ئەم قسانەی كۆنت–سپۆنڤیل ئەوە دەگەیێنن كە بابەتی كەرەنتین تەنیا بابەتێكی تەندروستی نییە، بابەتە لەمەڕ ئازادیش. هەر تایبەت بەم لایەنە ئەوەش دەڵێت: “پزیشكەكانم خۆشدەوێت، بەڵام خۆمناخەمە ژێرزەبریانەوە. تێناگەم تاكەی پیرەكان لەناو چوار دیوار دادەنرێن. ئەم كەرەنتینەیە كەی كۆتای دێت؟ خستنەناو چواردیوارەوە بۆ سەرسەلامەتیمانە؟ پێویستە لەناو ماڵی خۆما بەندكرێم؟ پتر لە كۆیلایەتی دەترسم تا مەرگ. لەماوەی ڕابردوودا هەستم بە خەمباری دەكرد كە بۆ سویدی نەبووم. هیچ نەبێت لەبەرئەوەی ئازاد تر دەبووم لە جوڵانەوەكانم”.
بەبۆچوونی كۆنت-سپۆنڤیل زۆرجار و لەكاتی تەنگژەكانا ئازادییەكانی تاك دەكەونە ژێرفشارەوە. ئارگیومێنتی ئاسایش لە دەمووەختی پەلاماردانە تێرۆریستیەكان بووە پێشنیار، ئێستاش ئارگیومێنتی تەندروستی پێشنیاردەكرێت. سەختە هەر لەسەرەتاوە ڕێكاریەك بخرێتەگەڕ كە ژیانی زۆرینەیەك بپارێزێت. هاوكات دەشێت پرسیارێك بخەینەڕوو. زۆرێك گومان لەم كەرەنتینەیە دەكەن. هەندێكیتر پێیانوایە چەند مانگێك دەخایەنێت. دەكرێت ڕێكاریەكان توندتر بكرێنەوە، بەڵام ئایا دەشێت ئارگیومێنتی تەندروستی زەفەر بە ئازادیەكانی تاك ببات؟ بێگومان ناشێت.
كۆنت-سپۆنڤیل جەخت لەوە دەكات كە كەرەنتین پێش هەموو شتێك پارێزگاری لە بەتەمەنەكان دەكات و كاردانەوەی ئابووری خراپیش لەسەر لاوان دادەنێت. بۆیە پێماندەڵێت: وەك باوكێك بەمە قایلنییم! بەڵام مرۆڤایەتی بینینی بەجۆرێكی ترە. پێیوایە ئێمەی مرۆڤ هەموو یەكسانین لە مافەكانمان. لەبەرئەوە دەڵێت: ئەمە بۆ من بەو شێوەیە نییە. مرۆڤەكان لای كۆنت-سپۆنڤیل هەمان بەها و گەوهەریان نییە. هەموو ژیانەكان وەك یەك نیین. ژیانی فەیلەسوفێكی قارەمانی وەك كاڤایێس Cavaillès لە ژیانی قێزەوەنێكی وەك كلاوس باربی Klaus Barbie جیاوازە. تەنانەت هەموو مردنەكانیش وەك یەك نین. مردن لە تەمەنی 20 ساڵ یان 30 زۆر جیایە لە مردن لە تەمەنی 68 (كە تەمەنی فەیلەسوفە) یان 90 .
كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ Le Temps دەڵێت: بۆ ماوەیەكی كورت پێویستبكات كەرەنتین قبوڵدەكەم بەس نەك ببێتە مانەوەی زۆرەملێم لە ماڵەوە. هیوامەندە سێستەمی تەندروستی نەبێتە سێستەمی ڕەوشتی وەك ئەوەی لە سەردەمی ماكارتیزم McCarthyism داکرا (تۆمەتخستنە پاڵ كەسێك بەبێ بەڵگە).

  • لەسەر ئاستی مەرگ

كۆڤید-19 بووە كۆڵەكەی سەرەكی مەرگ. بەهۆی ئەم پەتایەوە مەرگ پتر لە هەر كاتێكی تر خۆی شیاوكرد. بەرۆكی گرتین و وتی هەم. كێشەكە ئەمە نییە كە مەرگ لێرە و لەوێ دەخولێتەوە یان بۆتە باسی هەمووان بەقەد ئەوەی کێشەکە ئەوەیە كە ئەمڕۆ مەرگ وەك شكست سەیردەكرێت نەك شتێكی سروشتی. ئەم لایەنە والە بیریارێكی وەك كۆنت-سپۆنڤیل دەكات داوامانلێكات بۆ خوێندنەوەی مۆنتاین Montaigne بگەڕێینەوە: “”مرۆڤ نامرێت لەبەرئەوەی نەخۆشە لەبەرئەوەی لە ژیاندایە””. ئەم گوزارە مۆنتاینییە بەنموونە بۆ داكۆكیكردن لەو تێگەیشتنە دەهێنێتەوە كە مەرگ بەشێكی لێدانەبڕاوە لە ژیان كە زۆرینەیەك بەهۆی كۆڤید-19وە بیریانچووەتەوە. وەكیتریش، مرۆڤەكان خەریكی ژیانی خۆیانن و چیانیشبوێت دەیكەن و مردنیان بیرنییە، ئەو دەمەش كە مەرگ لە خۆیان و خزم و كەس و هاوڕێكانیان نزیكدەبێتەوە دەست بە گازندە، گریان و هاوار دەكەن. لە ساتەوەختی ئێستادا كۆڤید-19 بڕیاردەری مەرگە، ئەمەش جۆرە پەشێویەكی دروستكردوە كە بۆتە هۆکاری دروستبوونی ڵێڵی لە تێگەیشتنمان سەبارەت بە هاتنی بەمشێوەیەی مەرگ. ئەم فەیلەسوفە گومانناكات كە هەموو دەمرین، ئەڵبەتە ئەوە بە هەواڵە ناخۆشەكە لەقەڵەمدەدات. هەواڵە خۆشەكەش لای ئەم ئەوەیە كە زۆربەمان بە نەخۆشیەكی تر جیا لە كۆڤید-19دەمرین. باشە ئەم چەرمەسەریەی بەهۆی كۆڤید-19وە دووچاریبووینە پەیوەندیمان بە مەرگەوە دەگۆڕێت؟ بەپێی كۆنت-سپۆنڤیل نەخێر نایگۆڕێت، چونكە مەرگ بەشێكە لە ژیان. ڕاستە بەهۆی نەخۆشییەوە دەمرین، بەڵام خودی مەرگ نەخۆشی نییە. مردنمان شتێكی سروشتییە و ئەمەش پێویستە وەك خۆی قبووڵبكرێت. پێویستمان بە پەسەندكردنی مەرگە ئەمەش بۆئەوەی چێژ لە ژیان وەربگرین، دواتر بۆئەوەی بتوانین باشتر بژین. كە لە مەرگ تێدەگەین باشتر دەژیین. دەژیین چونكە دەزانییین مەرگە هەقیقەتە. ئەم بینینە بەرەو ئەم تێزەمان دەبات: پێویستمان بەوەیە ڕوانینمان بۆ مەرگ چاکبکەینەوە. مەرگ ڕاستی ناو ژیانە.
كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ Le Temps داوامانلێدەكات كۆتای بە وڕێنەی بەختەوەری هەمیشەیی بێنین و خودی كۆتابوون، ناكامی و ئاستەنگ وەك بەشێك لە هەل و مەرجی مرۆی خۆمان ببینین. پێشیوایە تا لەگەڵ مەرگا كۆكنەبین هەموو پەتایەك زەفەرمانپێدەبات. بۆ كۆنت-سپۆنڤیل ئێستامان جێگای تێڕامانە كە پەتایەك بۆتە هۆكاری ئەوەی هەمووان دووچاری بێزاریەكی زۆر بكات لەكاتێكا شەڕێكی وەك شەڕی سوریا، كە وێرانی و ئاوارەیی لەگەڵ خۆی هێناوە، لەبیركرێت، ئەمەو جگەلەوەی مناڵان چیان لەناو ئاگری ئەم شەڕە بەسەرهاتووە تادەگاتە بەدخۆراكی و كاولكاریتر هەموو ئەمانە هێندەی كۆڤید-19 نەبۆتە باسی سوسیال میدیای فەرەنسی. “با لێگەڕێن بمرین”، ئەو گوزارە توڕەیەیە ئەم فەیلەسوفە دژ بەو بایەخدانە زۆرە بەكاریدەبات کە بەم پەتایە دەدرێت. پەتاكە مەرگی لەخۆیڕا بەرجەستەكرد، باشە ئەی مەرگەكانی تر؟ ئەلزهایمەر و شێرپەنجە زۆر زۆرتر دەكوژێت لەچاو كۆڤید-19 كەچی باسناكرێت. ئەمە وادەكات ئەم فەیلەسوفە ئەو ترسە گەورەیە لە پەتای ناوبراو بە هەڵە بزانێت و گازندەی ئەوەش بكات مەرگ بەهۆی كۆرۆناوە دۆزێكی هێنایەپێشێ كە جێگای سیاسەت، ئازادی و خۆشەویستیش بگرێتەوە و ئەوەشمان بیربباتەوە كە هۆكارەكانی مردن زۆرن، لێ نەخۆشی بەشێكە لەو هۆکارانە.
سەرئەنجام كۆنت–سپۆنڤیل دەڵێت: جارێكیان پاتۆلۆجێك (پسپۆر لە نەخۆشیناسی) پێیوتم شەڕی نێوان مرۆڤ و میكرۆبەكان كۆتای نایەت، تەنانەت گەر كۆتایشی هات بە بەرژەوەندی میكرۆبەكان كۆتای دێت. هەرچی مرۆڤایەتیە ڕۆژێك لە ڕۆژان هەر كۆتای دێت، جا ئەو كۆتایهاتنە بەهۆی ڤایرۆسەوە بێت یان بەكتریاوە، كەوتنەخوارەوەی پارچە نیازكێك بێت یاخود شەڕی ئەتۆمی یان بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە گەردوون. ئەو گفتوگۆ زۆرەش لەبارەی كۆڤید-19وە دەكرێت پێمانناڵێت ئەم پەتایە كۆتای بە مرۆڤایەتی دێنێت و بەهۆی ئەوەشەوە جیهان كۆتای دێت. شەڕی نێوان مرۆڤەكان و میكرۆبەكان زۆر دەخایەنێت. شەڕێكی بەردەوامە و ئەوان تیاشیا سەركەوتوون. كاتاسترۆفە (بەڵا) تەندروستیەكان بەردەوام هەن و كۆڤید-19 یەكێكە لەوانە. ئەم پەتایە كە زیانێكی زۆر لە مرۆڤایەتی دەدات ئەم كەرەنتین و دیستانسەشی لە سنووری خۆیدا پێویستكرد. هەر لەبەرئەوەی كە شەڕەكە بەردەوامە دەبێت خۆمان بۆ پەتای لەمە كوشندەتر ئامادەبكەین. سەرەڕای ئەمانە، شەڕی نێوان مرۆڤایەتی و میكرۆبەكان تازە نییە و ئەم نەخۆشیەش كۆتای جیهان نییە. لە ڕابردوودا ئەمە زۆر خراپتر بووە. خۆشبەختانەش لەم ماوەیەدا نەمبیستوە كەس باس لەوە بكات كۆڤید-19 سزایەكی یەزدانی بێت، كەسیش نوێژی لە كڵیسە بۆ سەركەوتن بەسەر ڤایرۆسەكە نەكردووە. ئەمەش نیشانەی پێشكەوتنە! بەڵگەیە لەسەر لەئارادابوونی باوەڕی كەمتر بە نەزانین و مەیلێكی زۆرتر بۆ عەقڵگەریی.
———————————-

ژێردەر:
http://www.gerardostermann.fr/wp-content/uploads/2017/09/ComTe-SponvillePM_N34_-18-23.pdf
https://www.challenges.fr/economie/andre-comte-sponville-face-a-la-crise-du-coronavirus-gare-au-pan-medicalisme_704287
André Comte-Sponville sur le confinement: “Sacrifier les jeunes à la santé des vieux, cest une aberration”
https://centerforpoliticsanalysis.ru/position/read/id/beregites-sanitarnogo-porjadka
https://www.letelegramme.fr/france/andre-comte-sponville-il-faut-sortir-du-confinement-a-duree-indeterminee-23-04-2020-12542774.php
https://www.lecho.be/dossiers/coronavirus/andre-comte-sponville-j-aime-mieux-attraper-le-covid-19-dans-un-pays-libre-qu-y-echapper-dans-un-etat-totalitaire/10221597.html
https://www.franceinter.fr/idees/le-coup-de-gueule-du-philosophe-andre-comte-sponville-sur-l-apres-confinement
https://www.philomag.com/lactu/dialogues/andre-comte-sponvillefrancis-wolff-preferons-nous-la-sante-a-la-liberte-43148
André Comte-Sponville. : « Laissez-nous mourir comme nous voulons ! ». Le Temps, 27 avril 2020
André Comte-Sponville, Nietzsche le briseur didoles, interview dans le Figaro Magazine du 18 août 2013, p. 76.
سەبارەت بە بابەتی دانایی، ئازادیی و ڕەوشت بڕوانە
André compte sponville,Présentations de la philosophie,éd.Albin Michel S.A,2000,pp : 15-27, 69-79, 143-152




ستراتیژی ناونیشان و پاش نەتەوەگەری لە ئەدەبیاتی سەباح ڕەنجدەردا … دیار لەتیف

دەق تەوەریی:

زمان كەرەستەی گەورەی فاشیزمە، با جیاوازی بكەین لە نێوان زمانی پیس و ڕەخنە و تەنزگەرایی. جۆرە ڕەخنەگرانێك هەن، كە زمانی سووكایەتی بە ڕەخنەسازی تێگەشتوون، لەكاتێكدا نەك بەلای شیكاری دەقدا ناچن، بەڵكوو كەسایەتی نووسەر دەكەنە ئامانج. ئەمە بۆخۆی ڕەنگێكیترە لە بەرهەمهێنانەوەی فاشییەت. دیاردەی گەندەڵی وەك شارچێتی و حیزبایەتی و پێرچییەتی لە ڕووخسارە بەرچاوەكانی كایەی ئەدەبیاتی ڕەخنەی كوردییە.
ئەوەی ئەدەبیاتمان لە دەرەوە ئاوها هەژارانە پێشوازی لێدەكرێت، هۆكەی لە خاڵێك زیاترە، بەڵام زەقترین خاڵی دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی و كەمایەتی و نەداریی بواری ڕەخنەیی. ڕەخنە بۆ دۆزینەوە و ئاشكراكردنی هێما نادیارەكان و شیتاڵكردنە، نەك گورز وەشاندن لە كەسایەتی و كەسایەتی بە ئامانج گرتن. هاوكات ڕوونكاری هەقیقەتە ئاڵۆزەكانە و گەیەنەری پەیامێكی دژوارە. پەردە هەڵماڵینە لەسەر سەختی ئاماژە پەنهانەكانی ناو دەق، ڕەوینەوەی تەمی سەر دەقە، هەڵوەشاندنەوەی پانتاییە نادیار و ناڕۆشنەكانە. گرنگی ڕەخنە لەوەدایە بێلایەنی خۆی بپارێزێت و نەچێتە هیچ بەرەیەكەوە.
هەرە گرنگترین بنەمایەك لە بنەماكانی ڕەخنە، خۆ دوورگرتنێتی لە سۆز. هەموو دەقێك بۆ ئەوەی گەشە بكات، پێویستی بە ڕەخنەیە، بەو ڕووناكییەیە، كە تاریكی دەق دەڕەوێنێتەوە. سەباح ڕەنجدەر ئەو شاعیرەیە، كە خاوەن مۆركی خۆبوونی خۆیەتی، بە فەرامۆشكردن و پەراوێزخستنی ئەزموون و ئەدەبیاتی، كایەی ڕەخنە ڕووبەڕووی كەموكورتی زانستی دەبێتەوە. ڕەنجدەر وێستگەیەكی ڕۆشنە لەناو ئەدەبی كوردیدا. لای ئەم هۆزانڤانە، شیعر پەڕینەوەیە بۆ ناوخۆ، خوودایەتی، بۆ خانەی بێگەردی. هەندێجار هێندە دەستگرتووە، تەنانەت بازدەداتە ناو پەڕناسییەتەوە و ئەم خۆتەرخانكردنە بەرەو هەنگاونان بۆ جوانی پەتی دەبات. ڕەنجدەر شاعیری ڕێزگرتووە لە وشە و لە زمان و لە جوانی لە هونەركاریی شیعریی.

ڕاڤەخوازیی شیعر:
ئایا ئەگەر دەسەڵاتی زمان لە شیعر دابڕین، ئەوكات هێزی ئەفراندن لەناو پێگەی دەق چی بەسەردا دێت؟
زمان كەرەستەییەكی شیعرییە، بەهۆی زمانەوە دەتوانین دەق بەرەو ئاستەكانی (خراپ، باش، باڵا) ببەین. زمان لە شیعردا جگە لەوەی هۆكارە، ئامانجیشە. شاعیر هەوڵدەدات توانا و لێهاتوویی خۆی لە جوانكاری وشەكان و یاریكردن بە وشەكان و بەكارهێنانی زمانێكی تایبەت بە خۆی، هەروەها پڕ وشە و خەیاڵی فراوان و هێما و وێنەی شیعریی و ئیدیۆم نیشان بدات، كە دەبێتە ئامانجی شاعیر. بەهۆی كارامەیی و شارەزابوون بەزمانی ڕەسەنی نەتەوە و ئاگاداربوون لە ئیدیۆم و فۆلكلۆر و هەبوونی ئەندێشەیەكی بەرینی شیعریی و پاشخانێكی ئەدەبی و فیكری، دەتوانین زمان لە ئاستی بەراییەوە بۆ ئاستێكی بەرزی شیعریی ببەین. دەبێت بەئاگابین لەوەی هەندێك چەمك و وشە و زاراوەی ناو یەكەكانی زمان، ناتوانن ببنە كەرەستەی شیعریی، ئەمەش بەوپێیە نییە، كە فەرهەنگێكی سنووردار بۆ شیعر دروست بكەین.

وێنە بڕبڕەی پشتی شیعرە، واتە بۆ ئەوەی ڕێكردن و سەركەوتنێكی تەندرووستانە لە شیعردا هەنگاو بنێین، دەبێت بایەخێكی فرە بەوێنەی شیعریی بدەین. لەبەر گرنگی وێنە جاحز لە كتێبی (الحیوان)دا دەربارەی ئەم ڕەگەزە دەنووسێت: (شیعر داڕشتنێكی تایبەتییە و جۆرێكە لە وێنەكێشان.) بەهۆی گەڕان و بینینی شوێن و ئاخێزگەی جیاواز و كولتوور و شارستانی جودا و فیلم و تابلۆوە ئەمە بە دیدێت. شیعر داگیرساندنەوەی ڕۆشنایی پرسیار و جوانییە، بە گەڕان و وردبوونەوە، خەیاڵاندن، خوێندنەوە، لایەنە ژیربێژی و ڕەوانبێژییەكان گەشە دەكات. شیعر كاركردنێكی ڕاستەقینەیە لەناو بوون، گەمە و ژیانكردنە لەگەڵ زمان. ئەگەر بێت و شیعر بناسێنین، ئەوە دەكرێت بنووسین: زیندووكردنەوەی بەهای مرۆڤانەیە.
شیعر ناتوانێت هەموو بابەتێك باس بكات، چونكە زمانی شیعر مەجازە، مەجازیش وادەكات شیعر نەتوانێت بە ئازادانە قسەی خۆی بۆ هەموو شتێك هەبێت. مەبەستم نییە موڵكی مەجاز لە شیعر وەربگرمەوە، ئەگەر كارێكی وامانكرد ئەوا كۆڵكەیەكی بڕبڕەییمان لە شیعر هێناوەتە خوارەوە. بەڵكوو دەمەوێت ڕایببگەیەنم، كە مەجاز نەبرێتە سەرەوەی هونەرەكانی تری شیعر و هاوسەنگییەك لە نێوانیاندا چێبكرێت.
شیعر بە بەراورد بە ڕۆمان و چیرۆك، مەودایەكی ئازادانە و بەرینتری بۆ وتن پێ نییە.
هەرچۆن بێت شیعر ناتوانێت پەنا بباتە بەر گێڕانەوەیەكی پەخشانیی نا شیعرییەت، ئەمە بۆ چیرۆك و ڕۆمان دەست دەدات، بەڵام بۆ شیعر ناشێت و هاوكێشەكە لە شیعردا پێچەوانە دەبێتەوە. ئەمەش هۆكارەكەی لەوەدایە شیعر زادەی كورت و چڕییە، چ لەڕووی وشە و چ لە ڕووی ڕستە و چ لە درێژەی داڕشتندا. دەقی شیعریی هەر چەندە هزر بەرهەمهێنەر بێت، هێشتا ناتوانێت پێبخاتە سنووری پەتییبوونەوە. شیعرییەتی ڕستە وادەكات شیعر بهزرێت، پاش شیعرییەتی ڕستە ئەوەی دێت فۆرمە، كەوا دەكات دەقی شیعریی هەناسە بدات، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو فۆرمێك ڕیتمێكی تێدایە، ئەوەش وشە دەیئافرێنێت.

شیعر پێش هەر شتێك لە بنەڕەتدا دەستبردنە بۆ حەرامەكان و گۆڕین و سڕینەوەی بنەمای حەرامكراو و حەڵاڵكراوە. شكاندنی سنووری پیرۆزییەكان و پیرۆزكراوەكانە، شۆڕشە بەسەر خود و كۆمەڵگەدا، گەڕانە بەدووی پرسیار و بەبێ بایەخدان بە وەڵامە ئامادەكان، سەرچڵییە بەناو زمان و زەماندا، هێڵنجدانە بەرامبەر بە شتەكان و مەلەكردنە بە ئاڕاستەی شوناسدا. شیعر نەپێشكەوتنە و نە دواكەوتووی، لەهەمانكاتدا هیچیان نییە.
شیعری باش ئەو دەقەیە، كە لە بەردەم خۆیدا ڕاماندەگرێت، دڵەكرمێمان دەكات و تووشی گێژاوی تێهزرین و ڕاوەستانمان لەژێر دووشی چێژدا دەكات. هەموو شیعرێك چنراوێكی زمانەوانییە و خزمەت بە ڕستەسازی زمان دەگەیەنێت. بەرانبەركێی شیعری تازە ئەوەیە لە خودی خۆیەوە دەست پێدەكات، نەك دەوروبەر. هەر دەقێك خاوەنی بیركردنەوە و ڕێڕەوی شێوازی خۆی نەبوو، ئەوە دەقێكی نەخۆشە. شیعر پێش هەر شتێك نیگارێكی هونەریی دەنگدارە و دەستلەملانی ڕەنگە، وەكچۆن وشەش. شیعر لەیەككاتدا هەم مانابەخشینە بە ژیان و هەمیش بێماناكردنی ژیانی باوە. شیعر چی شیعری كۆن یان تازە، خاوەنی دووجۆر فۆرمە، فۆرمی ناوەكی و فۆرمی دەرەكی.
فۆرمی ناوەكی لەو جۆرەیە، تاوەكوو لێنزی نەخرێتەسەر بە ئاسانی نابینرێت، ئەمجۆرە فۆرمە لە قوڵایی بونیادی دەقەكەدایە. كەرەستەی دروستبوونی ئەم فۆرمە، لە لادانی زمانەوانی و یاریكردن بە وشە و وازیكردن بە ڕستە لەناو پێكهاتەی ڕستەسازی شیعریدا و هەروەها هاوئاهەنگی ناو دێڕەكان و شیعرییەت و وێنە و چنین، لە خاسییەتەكانی چێبوونی فۆرمی ناوەكین. فۆرمی ناوەكی شاخوێنبەری دەماری دڵی دەقە، هەم دەق و هەمیش فۆرمی دەرەكی لە بەخشندەیی فۆرمی ناوەكییەوە سەرهەڵدەدەن. ئەمجۆرە لە فۆرم ڕۆحی دەقە و ڕۆڵی لە بوژاندنەوەی زمانی شیعریشدا هەیە.

ئەوەی وادەكات شێوازێك لە شێوازێكی تر دڵخوازترمان بێت، دواجار سیستمی داڕشتنەوەی زمانە لە دەقدا، هەر ئەوەیە شێوازێك دڵگیر دەكات و شێوازێكی تر نەخوازراو. فۆرمی ناوخۆیی دەقی شیعریی، خەسڵەتێكی ناباوی زمانە لە ئاماژە ڕەوانبێژیی و زمانەوانییەكانەوە وزە وەردەگرێت و زمان لەقاڵبی باوی ڕۆژانە لادەدات و فۆرمێكی تر و قۆناغێكی تر لە زمان دەستپێدەكات، كە بە زمانی دەق ناوزەند دەكرێت.
پاراستنی پێكهاتەی شیعر لە بارووتی وشەی زیادە بەكارهاتوو و ڕستەی ناپێویست و ئامڕازە ڕێزمانییەكان دەق پاراوتر دەكات، ئەو ئامڕازانەی ئەگەر خواستی دەقیان تێدانەبێت، ئەوا جگە لە قەیران و پەڵە و كەمكردنەوەی بەهای جوانی و ڕێكی و پۆشتەیی دەق، هیچیتر بەرهەم ناهێنێت. ئەوەی ڕێگە نوێنە بۆ ئەوەی شێوازی شاعیرێك لە شاعیرێكی دیكە جودا بكەینەوە، هەر فۆرمی ناوەكییە. گرانی و سركی فۆرمی دەق، دەگەڕێتەوە بۆچۆنییەتی بەكارهێنانی ئامڕازە شیعرییەكان، هەمیشە ئەو فۆرمانە دڵخوازن لە ناوەندان و زمان و وێنەو چێژ ئەبستراكت ناكەن.

ڕوونی زمانی شیعر هیچكات نیشانەی لاوازبوون ناگەیەنێت، ڕوونی زمانی دەق ئەوەیە گرێ و ئاڵۆزكاندنی تێدانەبێت، هەرئەمەیە دەق جوان دەكات و بێزاركەر نەبێت.
بەشێك لە قەیرانی شیعری كوردی لەدوای هەفتاكانەوە، بۆ خۆ دووبارەكردنەوەی ناوەڕۆكی زمان دەگەڕێتەوە. زمانی شیعریی قۆناغی پێش هاتنی شاعیرانی هەفتاكان، لە دەربڕیندا زمانێكی كۆنكرێتی بووە. نەوەی دەیەی حەفتاكانیش بەهەمان شێوە زمانێكی هونەری تا ئاستێك ڕوونیان بەكارهێناوە. وردتر بڕوانین شیعری كوردی لە قۆناغی دەیەی هەشتاكان –نەوەدەكان، بە دیاریكراوی نەوەدەكان، تا مەودایەكی بەرچاو توشی زمانێكی ئەبستراكت و شەتەحاتیانە لە دەربڕیندا دەبێتەوە، زمانی شیعریی بازنەیەكی خولاوەی هەندێكجار بێزاركەر وێنەدەكات. شیعری قۆناغی دەیەی هەشتاكان و دوای ڕاپەڕین، فۆرمی زمان تازە دەكەنەوە، ئەوەی مافی خۆی پێنادرێت ناوەڕۆكی زمانە، كەمتازۆر بەشێكی دیاری شیعری ئەو نەوه‌يه‌ وەكو دیاردەیەك لەڕووی ناوەڕۆكی زمانەوە لێكدەچن. جیاوازی زۆر لەنێوان فۆرمی زمان و ناوەڕۆكی زماندا هەیە، ناوەڕۆكی زمان لە كەرەستەی بەكارهاتووی بەرەو باوچوون و هەناسەی میتافیزیكانە و باسكردن و دەستبردن بۆ بابەتە واتایی و ناواتاییە بەرهەستەكان و وێنەسازی دەرەهەست پێكدێت.
گرفتی بەشێك لەشیعری كوردی بۆ دوولایەن دەگەڕێتەوە، هەم لەگەڵ كەرەستە بە شیعریكراوەكان ناژی و هەمیش زمان لەدەقدا یان لێڵە و مەیلی بولێڵی هەیە، یان پوخت و خاو نەكراوەتەوە.

لە نێوان چەمكی شیعری نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا:

شیعری كوردی كەمتەرخەم نەبووە لە خزمەت بە بەها نەتەوەیەكەی. ڕۆژگارێكی زۆر، لەڕیزی پێشەوەی بەرگری بووە، تەنانەت ئەمجۆرە لە بەرگری، زیانی خۆی بۆ سەر شیعرییەت و بەها مرۆیەكە هەبووە، بەڵام دۆخەكە ئەوەی ویستووە. شكستە سیاسی و سەربازییەكان پاڵنەری شیعر بوونە بۆ دانانی سەنگەر و بەرگری نەتەوەیانە. دوو دەیە بە دیاریكراوی (شەستەكان و هەفتاكان)ی سەدەی بیستی ئەدەبی كوردی، كارگەی بەرهەمهێنانەوەی قۆناغی شیعری ناسیۆنالیستی بوون. زمانی ئەدەبیات لەو دوو دەیەیە، قەڵغانی ڕووبەڕووبوونەوە بووە. شاعیر لە شاخەوە وەك پێشمەرگەیەكی ئەدیب، پاسەوانی وشە سوورەكانی بەرگری بوونە. پاشان دەیەی هەشتاكان دەبێتە سەرەتایەكی تازە بۆ گۆڕانكاری شێوە و ناوەڕۆكی شیعر و ئەدەیباتی كوردی. چیدی ئەدیب كۆتەكان ڕەچاو ناكات و پابەندێتی دەشكێنێت و ئاسۆی وێژەی پابەندگەرا ڕوو لە كزی دەكات. شیعر بۆ هاوكێشەی خوودی و بوونخوازی دەگەڕێتەوە، لەبری بەرگری، بەرەو جوانكاری و زمان و هونەركاری هەنگاو دەنێت. بە قوربانیكردنی ئەم ژانرەی ناوی شیعرە لە پێناو بەها ناسیۆنالیستەكە نامێنێت. هەشتاكان بەتەواوی دەبێتە وەچەرخان، هاوكات ئاڵەنگاری سەپاندنی قۆناغەكەش. ئەمە بێ‌ گرفت ناچێتە سەر، تووشی توانجی بێشومار دەبنەوە لە لایەن ناسیۆنالیست و ئەدیبانی كۆنەخوازەوە. بوژانەوەی قۆناغی ئەدەبی هەشتاكان، خەتكوژێنەرەوەی دوو دەیەی پێشووی خۆی بوو. شیعری ناسیۆنالیست بەرگریكردنە لە شوناس، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە پێڕەوی ڕەهەندەكانی جوانیناسی تێدا بكرێت.

لە دەیەی هەشتاكان گرووپی پێشڕەو دێتە سەرهەڵدان، لە دیارترینی شاعیرەكانی (سەباح ڕەنجدەر)ە. ڕەنجدەر جوایەز لە دەیەی پێش خۆی، قاچی شیعری كوردی لە نەتەوەییبوونەوە بەرەو نێونەتەوەیی وەردەسوڕێنێت. كەشوهەوای ئەدەبیاتی ئەو هاوچوون نابێت و نییە لەگەڵ هاوسەردەمەكەی. دەستكاریی ڕووخسار و ناوەڕۆكی شیعر دەكات، چەشەیەكی دیكە لە شیعر بەرهەم دەهێنێت. بەڕێگای شاعیرانی پێشوودا ناچێت، دەبێتە خاوەن دەنگ و ڕەنگ و مۆركی خۆبوون تۆماردەكات. زمان پاكێتی و نا بارگاویبوونی خۆی لە ئایدۆلۆژیا ڕادەگەیەنێت، پەنا دەباتە بەر بێگەردێتی و پاقژی لەپێناو شیعر ویستی. شیعری ڕەنجدەر جەماوەریی نییە، بە هۆكاری ئەوەی لە سادەیی و سادەگۆیی و هەرزە بیریدا ناژی، بەڵكو ڕایەڵە بەقووڵ ڕوانین و دوور مەودا نووسین و گرنگیدان بە ئەدەبێتی شیعر.
یەكێك لە گرفتەكان لە شیعری ڕەنجدەردا ئەوەیە، بێ‌ پێڕەوی خاڵبەندییە و هەندێكجار پۆلێن و بوونیادی ڕێكخستنی دێڕ و كۆپڵە لەبۆتەی خۆیدا نییە، كە ئەمە دەبێتە تێكدانی ڕەوڕەوەی خوێندنەوەی خوێنەر و بە جۆرێك لە جۆرەكان، ئەركی بەستنەوە و جۆشكاری و گرێدانەوەی نێوان دێڕەكان زەحمەتییەك درووست دەكات.
شیعری ڕەنجدەر نەك بە تەنیا خاوەن زمان، بەڵكو تێگەشتنێكی ئەبستراكتانەیە، پێرفۆرمانس نییە و درامی و ئیپیكییە. شیعری شاعیر لە نزمییەوە بۆ بەرزی دەفڕێت، نەك لە بڵندییەوە بۆ زەوین، هەرچەندە گرنگە شیعر پێی لە قوڕ و لیتەی زەوی دانەبڕێت و پەیام ئاڵۆز نەبێت. بوونیادی شیعری ڕەنجدەر لەژێر هەژموونی فیكر و ڕیتم و جوانكاری و عیرفانێكی دەرە ئاینیدایە، مكوڕە لەسەر گەڕانەوەی شكۆ بۆ شیعر و كاریگەرە بەخەونی خوڵقاندن لە شیعردا.

ڕەگەزی ناونیشان:

ناونیشان و دەق دوانەیەكی لێكدانەبڕاون، هەردوولا یەكتر تەواودەكەن. دەق بە بێ ناونیشان تەواوكۆ نابێت، هەروەها چەپەوانەكەشی. ناونیشان پوختكردنەوەی دەقە بۆ وشە یان گرێ‌ یان ڕستەیەك، كەواتە ناونیشان دەقێكیترە و لكاو بە ناولێنراوەوە.
ناونیشان لە پایە گرنگەكانی ژیانە، بازاڕ و دامودەزگاكان سوودمەندی سەرەكین لە تابلۆ ناونیشانییەكان. ئەو تابلۆ ناونیشانانە، ڕۆڵی ناساندن دەگێڕن و تەنانەت ناونیشانە ئاماژەییەكانی بواری هاتوچۆش. تابلۆ ئاماژەیەكانی هاتوچۆ زمانی نیشانە و ناساندن و بەرچاو ڕۆشنییە. ئەمە دەبێتە كارئاسانی بۆ لێخوڕەر و گەشتیاران، بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانیان. بیربكەوە لەوەی ناونیشانەكان نەبن، شار دەكەوێتە چی تەنگەژە و دژوارییەكەوە. چاوی شارەكان، تابلۆ ناونیشانەكانن بە هەموو جۆرەكانییەوە.
ناونیشان ڕەگەز و پاژێكی پێویستی ئەدەبی و زانستییە، وەك جومگەیەك لەگەڵ دەق جمك دەبێتەوە. خەسڵەتمەندی خۆی هەیە و بایەخدارترینی بۆ جیاكردنەوەی دەقە لە ونبوون و تێكەڵ نەبوون. دواتریان سودێكە بۆ برەوپێدان و هەوڵێكی بالگاشانەیە(ڕیكلام) بۆ دەق. ناونیشان یانی لە تاریكییەوە بۆ ڕۆشنایی، ئەمە گرنگترین ئەركێتی لە دەقدا.
ناونیشان لە شیعردا ڕۆڵێكی گرنگی هەیە، ڕەگەزێكی بنچینەییە و بە فەرامۆشكردنی ناتەواوی دەخاتە پێكهاتەی بۆتەی دەقەكەوە. بایەخی ناونیشان لای گۆڵدمان، وەكو چراخانی دەقە و پاشان ناونیشان چڕكراوی واتای دەقە، ئەوەی دەق هەندێجار ماناكانی خۆیمان لێ دەشارێتەوە، دەكرێت لە ناونیشاندا بەدوایدا بگەڕێین. وەك وتمان ڕێكدەكەوێت ناونیشان ئاماژە شاراوەكانی پشتەوەی دەقمان بۆ ڕۆشنبكاتەوە و كۆدەكانی بیشكێنێت.

ناونیشان پێشباسی دەقە، یەكەمین دەروازەیە بۆ چوونەژوورەوە بەرەو دەق. جۆرە ناونیشانێك هەن ڕستەیین و ماناگەیەنەرنین، ئەمە پتر لە شیعری هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەبینرێت. ئەم جۆرە لە ناونیشان، لاوازییەكەی لە دەستنەگرۆیی ئابووری وشە و ئەویتریش نەك لە تێكشكاندنی باوێتی زمان، بەڵكو لە پێنەدانی تەزووی واتایە بە وەرگر. ئەم شێوە ناونیشانە بارگرانیی دەقن، نەبوونیان شتێكی وا زیان لە دەق نادەن. نابێت ناونیشان پارسەنگیی جوانیسازی و زمانەوانی و ڕستەسازییەكەی نا هاوتابێت. ناونیشانی كرداریی كەمتر لە یادگەدا دەمێنێتەوە و مەزغزا ئاشكراكەرە. هاتنی فه‌رمان واتا( ناونیشانی فه‌رمانیی و داخوازى) بۆ ناو ناونیشان، دووركەوتنەوەیە لە چڕی و سفتی زمانەوانی، زمان كە خوڵقێنەری جوانیسازی و ژیربێژی و ڕەوانبێژییە.
شلوخاوێتی كردەی زمان، ڕەتاندنی خوێنەرە لە دەق، ناونیشانیش بەشێكە لە پێكهاتەی سازاندنی دەق. ناونیشانە ڕستەیەكان لەكاتێكدا سەركەوتوو دەبن، كە مۆسیقیبن و تەبایی و هاوماناییەك لە نێوان وشەكاندا هەبێت. ئەو جیاوازییەی دەكەوێتە نێوان ناوی كرداریی و ناوی تاك وشەیی، دەگەڕێتەوە بۆ خاڵگەلێك لەوانە چێژ و مانا و جوانسازی و سەرنجبەریی. خوێنەر زێدەتر بەلای ناونیشانە كردارییە پرسخوازەكاندا دەچێت وەك لە تاك وشەیی. سەركەوتوویی ناونیشانی تاك وشەیی لەكاتێكدایە كە بیژۆكانە بێت، ئەوەش بەو واتایەی دەگمەن و دانسقە و پشتەكییەكی چیرۆكئامێزانەی هەبێت. ناونیشانی تاك وشەیی ئەو كاتە ناگاتە یادگە و هەست و زەوقی خوێنەر، كە وشەی ناونیشانەكە سواو و باو بووبێت. گەر بڕوانین دەبینین قورئان بەشی زۆرینەی ناونیشانەكانی تاك وشەیین، بەڵام لەبیرمانبێت زۆربەی ناونیشانەكان، ئاماژەیە بۆ پاژێكی چیرۆكی ناو دەقەكە. ناونیشان لە قورئاندا پشت بە گێڕانەوە دەبەستێت، گێڕانەوە دەكاتە خاڵی دەستپێك.

لەگەڵ ئەوەشدا قورئان داهێنەری ناونیشانی پیتییە. ئەركی ناونیشان لە قورئاندا ئەوەیە هەڵتداتە ناو پانتایی دەقەوە، پەلكێشی خوێدنەوەت بكات، بەجۆرێك وەك تەلیسم لە وەرگر. ناونیشانی تاك وشەیی لە سادەترین پێناسەیدا دەتوانین بڵێین: دالێكی ناپەسنیی مەدلوول گشتێنراوی كۆخوازە، وەك ئەوەی لە ناونیشانی گرێیدا ئامادەیی هەیە.
لە قورئاندا (114) ناونیشان هاتوون، هەر ناونیشانێك لەگەڵ دابەزینی ئایەت و تەواوبوونی سورەتەكە، فەرمانی دانان و دەستنیشانكردنی ناونیشانەكەی دەركراوە. لەو سەد و چواردە ناونیشانە سەربەخۆیانە، سەد و سیازدەیان تاك وشەیین، تەنیا ناونیشانێك بە گرێ هاتووە، ئەویش ناونیشانی (ال عمران)ە، كە دەكاتە (خانەوادەی عیمران). لە قورئاندا ناونیشانەكان بەپێی ناوەڕۆك دیاریكراوە و هەڵبژێردراوە.
ناوەڕۆك باسی لەهەر ڕووداو یان چیرۆك یان شوێن یان كەسایەتییەك كردبێت، ئەوا ناونیشانەكەش ڕەنگدانەوەی كڕۆكی باس لێكراوبووە. نموونەمان بۆ ئەم سەرنجە ئەم ناونیشانانەیە( الانفال، النمل، نوح، الكهف، العنكبوت، النحل، الشعرا ْ).
جگە لەمانە ناونیشانەكانی( طه، ق، ص، یس)، جۆرەكانیان بە ناونیشانی پیتی ناوزەند دەكرێت. ئەمجۆرە ناونیشانانە ئاڵۆزن، ئاماژە بە هیچ ڕووداو یان چیرۆكێك نادەن. ناڕوونن و خزمەتێكی جوانكاری بە ناوەڕۆكی سورەتەكە نابەخشن، ئاسانكاری بۆ خوێنەر ناكەن و شیكاری ناوەڕۆك ناخەنە بەرباس، تەنیا ئەوەیە بەرەو ڕامان و پرس و وردبوونەوەت دەبەن. وەك ئەوەی كۆدەنگییەك هەیە لەسەر ئەوەی ئەم پیتانە بۆ بەرانبەركێ و بەزاندنی لاسایكەرانە، ئەمەش وەك ئایەت، ئایەتێكی سەربەخۆ، نەك ناونیشان. هاتنی ئەم پیتانە وەك سەردێڕ و مانشێتی سورەتەكان، ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە، كە هەموو وشەیەك لە پیت درووستبووە، پیتەكان دایكی وشەن، وشە كاتی گەردانكردنی دەچێتەوە سەر بنچینەكەی، كە پیتە. بۆیە دەكرێت پەندی هاتنی ئەم پیتانە و هەڵبژاردنی وەك ناونیشان، ئاماژەبێت بۆئەوەی هیچ شتێك نییە بەدەر بێت لە بنەڕەت.
ناونیشانە تاك وشەییەكانی قورئان، دوورن لە كەمایەتی، ئەمەش بە هۆكاری ئەوەی ڕاتدەكێشن و دەتجوڵێنن بەرەو دەق، ناباون، چیرۆكین، سەرنجبەر و ڕامانخوازن. ئەم هۆكارنەن وادەكەن بە ناونیشانی سەركەوتوو ناوزەندی بكەین.
لێرەوە دەگەڕێینەوە سەر ناونیشان لای سەباح ڕەنجدەر و سەرجەم ناونیشانی كتێب و دەقەكان دەخەینە بەرباسی شیكار و ڕاڤە، لە دوو بەرگ، كە دەكاتە دە كتێبی شیعری و لێی دەكۆڵینەوە.
(زێوان)، ناونیشانی كتێبە شیعرییەكەیە، دەقەكان بە ژمارە هاتوون، كۆمەڵە شیعرییەكەی ناو (زێوان)، چامەیەكی دابەشكراوە بەسەر ژمارەدا. (زێوان) ناونیشانێكی تاك وشەییە و لە جۆری گڕە دەنگەكانە و وشەیەكی كەم بەكارهاتووە. زێوان بەمانای پاسەوانی گۆڕستان دێت و ئەم ناونیشانە كیمیای وشەسازی كرابا، هونەریتر دەبوو، وەك لەوەی تاك وشەیی بێت. لەڕووی سازان لەگەڵ ناوەڕۆك، پڕاوپڕ تەبا و خۆگونجێنە، لەناو چامەكەدا ڕاستەوخۆ خۆی بەیان ناكات، ئەم ناونیشانە دەكرێت بە هۆكاری نامۆبوونی وشەكە و هاوڕایەڵی لەگەڵ ناواخنی دەق، كەمتر خاڵی لاوازی خۆیمان پێ پێشان بدات، بەڵام هونەری نییە و ئارەزووبەر نییە.
(ڕووەكەكانی خواوەند)، ئەمە ناونیشانی كتێبەكەیە و یەك لەو ناونیشانە نوێگەر و مەیلخوازانەیە، بە زوویی بەردەنگ ڕادەكێشێت و ڕامان چڕدەكاتەوە بۆ چوونە ژووری دەق. ناونیشانێكی ورد و قووڵ و فانتازییە، جگە لە ڕەهەندە ئەفسانەگەرییەكەی، هاوئاستیش پڕە لە وزەی هونەری. ڕاڤەی ناونیشانەكە بە ئاماژەیەك لە ئاماژەكان، دەمانباتەوە سەر ڕووەكە خوڵقێنراوەكانی پێش هەبوون، هەبوونی مرۆڤ لە دەرە كات.

گەڕانەوەیە بۆ ڕووەكێك، كە سرووشت لەگەڵ زادەی مرۆڤ چاندی و بووە هۆكاری بەردەوامی ژیان. ناونیشانی دەقەكان واهاتووە (سزای هەمیشەیی، جەنگی پرسیار، مەرگی ئاوێنە، ڕێزمانی كۆڵانەكان، خەونی خودایی). هەریەك لەو ناونیشانانە گرێین و پابەندی پێوەرە دڵخوازەكانی ڕەگەزی ناونیشانن. جگەلەوەی هەردوو ناونیشانی (ڕێزمانی كۆڵانەكان، خەونی خودایی)، تەكنیكێكی بەرزی تێدا بەكارهێنراوە. ناونیشانی (ڕێزمانی كۆڵانەكان)، كە ناونیشانی سەرەكیی دەقەكەیە، لە ژێر سێ‌ ناونیشانی دیكەدا لەگەڵ دەقەكان هاتوون وەك (كۆڵانەكانی زەوی، كۆڵانەكانی ئاسمان، كۆڵانەكانی ئاو). ناونیشانی (خەونی خودایی)یش، بەهەمانشێوە خاوەن سێ‌ ناونیشانە، نموونەی (خەونی سرووشت، خەونی زیندووان، خەونی مردووان). ئەمە تازەگەری و ئافراندنە، جیاوازكارییە، جوانی بەخشە و هاوكات لەزەتبەخشن. هەریەك لەو ناونیشانانە دەچنەوە تەوەری ناونیشانە سەرەكییەكە و مۆسیقیشن.
(خەون وا خۆی گێڕایەوە)، كە دەكاتە ناونیشانی ڕووبەرگ، كاری ڕابردووە، پەیوەندی خەونە لەگەڵ خۆ بەیانكردن. ناونیشانی دەقەكان (سرووش، بلیمەت، پێغەمبەر)، تەنیا دەقی(سرووش) تاك وشەییە، ئەوانیتر وەك (بلیمەت، پێغەمبەر)، هەریەكە و بە چەند ناونیشانێك دەقەكەیان تەواوكردووە، نموونەی ئەوەش ناونیشانی (بلیمەت) خاوەن دوو ناونیشانی دیكەیە بەناوەكانی ( ئاوێنەی یەكەمی سرووش، ئاوێنەی دووەمی سرووش)، هاوكات هەریەكەیان دووجار دووپات بووەتەوە. بۆ ناونیشانی (پێغەمبەر)، تازەگەری نا، بەڵكو نا باوییەكەی لەوەدایە، لە جۆری پیت هاتووە، ئەمە وایكردووە جیاواز خۆ بنوێنێت، بەڵام ڕیشەی بۆ كلاسیك دەگەڕێتەوە و بەشێوەیەك لە دەستكاری و داڕشتنەوە، بە هاتنی ناونیشانی سەرەكی و شا ناونیشان، ڕەنگێكیتر بێت له شێوەی ناونیشان.
(شەڕی چل ساڵە)، ئەمە ناونیشانی كتێبەكەیە، بەجۆرێك لە جۆرەكان پەنهانییەكی تێدایە، بە هۆكاری ژمارە هاتووەكە. ڕەنگە ئەو شەڕە جەنگێكی كەتواریی بێت، هەمانكات خەیاڵییش. دەكرێت ئەو شەڕە بەشێوەیەكی دەروونی و جەنگی سارد بێت، یان ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی. بەڵام دەشكرێت ئەزموونی چل ساڵ كاركردنی شاعیریش مەبەست هاتبێت. ناونیشانی دەقەكانی كتێبی (شەڕی چل ساڵە)، لەڕووی شێوەناسییەوە تازەخوازە، بەڵام مەرج نییە ئاستە وێژەییەكەی بڵندبێت، هاوسات هەندێجار زیانە بۆ پەیام و مانا!
ناونیشانی دەقەكان( ئەلف و بێ، مانگەكان، كەلووەكان، ئاسمانییەكان، هەفتە، قۆناغەكان، …)، ناونیشانی دیكە هاوشانی دەقەكان هاتوون. لە ناونیشانی ( ئەلف و بێ‌)، بایەخی زۆرتر بەشێواز دراوە، لەگەڵ ئەوەی لاواز دەردەكەون. لە ناونیشانی (مانگەكان)، هەم هونەرییە و هەمیش نادیارییەك لە خۆدا حەشاردەدات، وەك (شوبات لەگەڵ نەزانین) بەمشێوەیە هاتووە و ناونیشانەكانی دیكەشی بەمجۆرەیە. بە هەمانشێوە بۆ ناونیشانەكانی (كەلووەكان) هاوشێوەی (مانگەكان)، پەیڕەوی لە تازەگەری و شێواز و هونەریبوون كردووە و سەركەوتووانەیە. ناونیشانی (ئاسمانییەكان)یش، هەمان تەكنیكە و ناونیشانی (هەفتە)ش، سەرجەم ڕۆژەكان تێیدا تۆماركراوە و دڵخوازانەیە. سەرجەم ناونیشانەكانی دیكەش ئاوها هاتوون، ئەمكارە لە ناو ئەدەبی كوردیدا نەكراوە و ڕەنجدەر بە داهێنەری ئەم ستایڵە دەناسێنین.
(مردوویەك ئاگای لە هەمووانە)، ناسنامەی كتێبە شیعرییەكەیە، ئەم ناونیشانە دوو ئاماژەی مانایی لە خۆ دەگرێت. یەكەم ئاماژەی واتایی (مردوویەك)، كە لێرەدا دەستنیشانی تاكە كەسێكە و ناساندوویەتی، دەكرێت مەبەست لە مردووی مرۆڤێك هاتبێت.

ئەوەی لە كەلەپووری ئیسلامیدا باوە و هەیە، كە مرۆڤ مرد ڕۆح بەرزدەبێتە سەرەوە و جەستە دەپوكێتەوە، دواتر ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرم و بەڕێكردنییەتی بەرەو گۆڕستان.
بەڵام ڕوانگە زیندەوەرزانییەكە پێماندەڵێت: پاش لە دەستدانی ئاگایی و ڕۆح، لەش دەچێتە سوڕی لەناوچوون و خانەكانی لەش دەفەوتێن و وزە كارەباییەكەی لەش دەوەستێت و شتێك نامێنێت بەناوی ئاگامەندی مێشك و جوڵە. ئەم ناونیشانە هاوكات سوودمەندبووە لە چیرۆكە ئاینییەكە و لە ڕووی ئەدەبییەوە جوانی و سەرنجبەری و ئەدایەكی مۆسیقی تێدایە. شاعیر توانیویەتی چیرۆكەكە بەشێوەیەكی ئەرێیانە دابڕێژێتەوە. دووەم ئاماژەی واتایی (مردوویەك)، مەبەست لە چاخی تازە و شارستانییەتی نوێ و پۆست مۆدێرنەی ژیانی گۆڕاو بە ئامێر بێت. ئەگەر هەیە ئەم ناونیشانە سوودی لەو دەستەواژەی نیتشە وەرگرتبێت، كە دەلێت:(خودا مرد)!
خودا چوێنراوبێ‌ بە مردوو، بەڵام هێشتا لە زەوی و ئاسمانەكان و گەردوون و ئەوەشی، كە لەنێویدایە هەبێت، كەچی دەسەڵاتی لێ وەرگیرابێتەوە یانژی دوور لە بەكارهێنانی هەر دەسەڵاتێكی بڕیاردان. تازەگەری بانگەشەی دەركردنی دەسەڵاتی ئایینە لە دەر‌فەتەكانی ژیان. ئەم دوو ئاماژە، ڕاڤەیەكی نزیكراون لە مەبەستی شاعیرەوە. ناونیشانی دەقەكان وەك (تاج سەر گران دەكات- زمان و دڵی مانگ- ڕێوڕەسمی كردنەوەی پەیكەرێك- ڕژانی مورووی بەخت- كووپە لە مێوانداریی ماسیدا- سوڕی پاراوبوونی بۆن- ئاهەنگی ناولێنانی درەختێك).
هەریەك لەم ناونیشانانە،‌ هەست بە پۆلێنكاری و وردەكاری و كارسازی تێدا دەكرێت، وەك ئەوەی بە بەرنامەیەكی تۆكمەوە ئیشی لەسەر كرابێت، هەموو ناونیشانەكان سێ وشەیین. ئاوازدارن و چێژبەخش، كار دەكاتە سەر وەرگر بۆ خوێندنەوەی و دەبێتە دەروازەی پێشوازیكردن لە دەقەكان، جگە لەوەی پاراون و هونەرین، دەتوانین بە ئاسانی ڕایەڵەكانی داهێنان لە ڕەگەزی ناولێنانی دەق ببینین. ناونیشانەكان گوزارشتكەر و پردی پەڕینەوەن.
(سەد و یەكشەوە) ناونیشانی كتێبەكەیە و لە سەد و یەك ناونیشان و دەق پێكهاتووە. چوار ناونیشانی تاك وشەیی نین و ئەوانیتر هەموو تاك وشەیین.
(گوڵی فریو- قەتماغە ناگرتن- پاك كردنەوە- كێڵگەی بەهرە)، دوو لە چوار ناونیشانە( گوڵی فریو- كێڵگەی بەهرە) ناونیشانی گرێین، دووانەكەی دیكەیان (قەتماغە نەگرتن- پاك كردنەوە) ناونیشانی كرداریین و بكەریان نادیارە. ناونیشانی (سەد و یەكشەوە)، لەسەرەتاوە بەڕوونی دەردەكەوێت لەژێر كاریگەری ناونیشانی حیكایەتی (هەزار و یەكشەوە)دایە و لەو ئاراستەوە ئەم ناونیشانە درووستبووە.
دەكرێت بڵێین (سەد و یەكشەوە)، ناونیشانێكە خوێنەر دەباتەوە لای بیركردنەوە لە ناونیشانی (هەزار و یەكشەوە)، ئەم پاتەكردنەوە لە چێژ و داهێنان دەهێنێتەخوار.
سەرجەم ناونیشانی دەقەكان جگە‌ لەو چوار ناونیشانە، تاك وشەیین. لەهەمانكاتدا ناونیشان لەناو دەقەكەدا ئاماژەی پێدراوە. ئەمە لەو ڕووەوه گرفتسازە، ئەم پەیڕەوە لە قورئاندا بەو شێوە هاتووە و سورەتەكان ئاماژە پێدەری ناونیشانەكەن لەساتی گێڕانەوەدا. بۆ سەردەمی قورئان جۆرێك لە داهێنان دەكەوێتەوە، بەڵام بۆ بابەتی ناونیشانی زۆرینەی دەقەكانی (سەد و یەكشەوە)، كە ئاماژە پێدانی ناونیشان لە ناوەڕۆكدا، دەبێتە لاسایكردنەوەی هێڵی ناونیشان لە قورئاندا و هاوكات خۆ دووبارەكردنەوەش.

سەرجەم ناونیشانەكان جگە لە ناونیشانەكانی( گریان- ژماردن- مەلەوانی- گەردوون- خۆكوشتن- قەقنەس- بەرزبوونەوە- واقوڕمان- حەسانەوە- مۆتەكە- ویست)، خۆیان لە ناوەڕۆكی دەقدا دووبارە نەكردووەتەوە و نەهاتوون، ئەگینا تەواوی ناونیشانەكانیتری كتێبی (سەد و یەكشەوە)، لە ناو دەقەكەدا هاتوون و ئاماژەیان پێدراون. ئەمەش بووەتە خاڵی لاوازی ناونیشانەكان و سەركەوتووش نین لە ڕووەكانی وشەناسی و ئاوازداری و هێماسازی و خەیاڵ و وێنەكارییەوە، لەگەڵ ئەوەی كپن و خوێنەر ڕاناكێشن.
(ساڵی سفر)، ناونیشانی كتێبەكەیە و جۆرەكەی گرێییه و سەرتاپای دەقەكان لەبری ناونیشان بەژمارە هاتوون. ئەم دانان و هەڵبژاردنی ژمارە بۆ دەق، هەبووە، تەنانەت ڕەگەكەی بۆ ناو شیعری كلاسیك دەگەڕێتەوە، لە شیعری كلاسیكدا لەبری ژمارە، پیتی ئەبجەدی بەكارهاتووە لە نموونەی ( ئەلف، با، دال ..).
ناونیشانی كتێبەكە(ساڵی سفر)، بونیاد و ڕستەسازییەكەی وەرگیراوە لەو قسە باوەی سەرزاری خەڵك، كە دەوترێ:( دەقەی سفر – سەعاتی سفر).
باشی ئەمجۆرە لە وەرگرتن و كاریگەرییە لەوەدایە، كە ناونیشانەكە بە نوسراو نییە و نەبووەتە ناونیشانی كتێبێكی دیاریكراو، بەڵكو بەشێوەی زارەكی و میللی لەناو خەڵكدا بەكاردەهێنرێت. (ساڵی سفر)، ناونیشانێكی جوانپەروەرە و تەرزێك لە پەنهانی لە هەناویدایە. هەم وێكدێتەوە لەگەڵ ناواخن، هەمتریش لە یادگەی خوێنەر هەرس دەبێت و دەمێنێتەوە.

(سروودی زەوی)، ناونیشانی ڕووبەرگی كتێبەكە و یەكێكە لە ئەدەبیترین و جوانكار و پڕ ماناترین ناونیشانەكان. بەهێزی و وزەیەكی سەرسامكەرانەی كۆكردووەتەوە.
ناونیشانی دەقەكانی كتێبی (سروودی زەوی) ئەمانەن (لە كتێبخانەی تایبەتی بابا تاهیری هەمەدانیدا – هەڵاتن لە گۆرانی – دیداری خوداوەندە ناكامەكان – كەوانەیەك بۆ ناوی لەبیركراوەكان – ژیانی دووبارەی ئادەم – بەئارەزووی زەوی ناو لە درەختەكان نرا).
بەشێك لە درێژبڕی ناونیشانەكان، هیچكات نەبووەتە زیان بۆ سەر جوانی و چێژ، ئەوانیتریش تا ئاستێكی زۆر خاوەن چێژ و سەرنجەری و پەلكێشكردنن.
(حەزدەكەم ئەوەندە بژیم)، ناونیشانی ڕووبەرگە و جۆرێك لە نادیاری لە خۆدا هەڵگرتووە، توانای جوڵاندنی خوێنەری هەیە و پڕ وزەیە. داوا خواستنە بۆ دیاریكردنی تەمەن، جوانكارانەیە و هونەركارییەكی سەركەوتووانەی تێدا كراوە. بۆ ناونیشانی دەقەكانیش، ڕادەیەكی بەرزی ئەدەبییانەیە و دڵبزوێنن. لەم كتێبەدا ناونیشانی تاك وشەیی نەهاتووە و ئەو ناونیشانانەن، كە دڵخوازی مەرجی نایابی ڕەگەزی ناونیشانە، لە هەمانكاتدا كەمترین ناونیشانی ڕستەیی و درێژبڕی تێدایە. هەم ناونیشانی سەرەكی كتێبەكە لە ئاستێكی سەركەوتوودایە و هەمتر ناونیشانی دەقەكان. لە هەندێكی كەمدا، دووبارەبوونەوەیەكی ناونیشانەكان لەناو دەقەكاندا هەیە و بە زیان شكاوەتەوە و لەنگییەكە بۆ جوانیناسی ناونیشان، بەڵام نكۆڵی لە ئاست بەرزیان ناكرێت. نموونە(بانگەواز بۆ گۆڕ هەڵكەن – دڵی خڕۆشاوی پیاڵە – ئاوێنەی دەستی گورگ – فەرموو وەرە ناو ژیانەوە – درەختی دەنگخۆش – ڕووناكی گەنجبوونەوە – ئادەم لەسێ ئاوێنەدا).

گرنگە ئەوەش بەرباسبدەم، كە شاعیر لەچەند ناونیشانێكی دیاریكراودا، ئاوڕی لە وێنەسازی و مەجازیبوونی ناونیشان نەداوەتەوە و تەنیا وێنە واقیعییەكەی گواستووەتەوە.
ئەمەش نموونەیەتی (دووبارەبوونەوەی پیت – ناسینی هێز – هەواڵپرسین – باوك و دایكم – گەرمایی ناوچەوان – ئاوڕشێنی دەموچاو – شەڕی ناوەخۆ).
لە دەرەنجامدا ئەوەی لە ئەزموونی شیعریی سەباح ڕەنجدەر بۆمان یەكانگیر دەبێتەوە، ئەوەیە بایەخێكی باشی بە ڕەگەزی ناونیشان داوە و مامەڵەی بازاڕگەری لەگەڵ ناونیشاندا نەكردووە. ناونیشان لای ئەم شاعیرە بەپێی قەبارەی دەقە و زیادەڕەوی و فریودان نابینرێت. ناونیشانە فریودەرەكان دەبنە هۆكاری پەرتی لە نێوان خوێنەر و نوسەردا و متمانە كەم دەكاتەوە. زۆرینەی ناونیشان و دەقەكانی شاعیر، خوێنەر كەمەندكێش دەكەن بۆ كێوماڵكردن و بەدواداچوون. چەواشەكەرنین و هەڵقوڵاوی پاژ یان پوختەی ناوەڕۆكن.
ڕەنجدەری شاعیر، هەرێمی ناونیشان و دەق خاوەن مۆركی خۆیەتی و كارسازی تێداكراوە و ڕژدانە ڕووبەڕووی ناونیشان هەڵبژاردنی دەق بووەتەوە و چووەتە بنكۆڵ، لە هەمانكاتیشدا بێبەری نەبووە لە خاڵی لاواز و ناونیشانی نا هونەری.

——————————–

‌سەرچاوە:
1-القرأن, الكریم، دار طیبە، الطبعە الاولی 1986.
2-سەباح ڕەنجدەر، دیوانی سەباح ڕەنجدەر بەرگی یەك و بەرگی دووەم، چاپخانەی تاران، ساڵی 2018.




عیشق لە شیعرەكانی: خالید باشبڵاخیدا… نووسینی: ستار جەباری

شەهید شێخ مارف بەرزنجی دەڵێ‌:(لە ئەلفەوە تا یێ، هەموو شتێكی لێ پێكدێ‌) وەلێ‌ لەلای شاعیری عیشق و جوانی ، خالید باشبڵاخی ، ” لە ئەلفەوە تایێ تەنها عیشقی لێ پێكدێ‌”و لەو باوەڕەدام خالید بۆ عیشق و جوانی خوڵقاوە، چوون هەموو شیعرەكانی كۆن و نوێ‌ و كورت و درێژی تەنها لە قوتابخانەی عیشقەوە دەرچووە، مەولانای ڕۆمی ئاوها پێناسەی عیشق دەكات و دەڵێت“ عیشق پێناسە ناكرێت بەڵكو تاقیكردنەوەیە ” لێرەدا مەولانا هێندە بە جوانی ئاماژەی پێكردوە تەواو ئامانجەكەی پێكاوە تا ڕادەیەكی زۆریش ڕەنگە جوانترین وەسف بێت دەربارەی عیشق كە تا ئێستا لە ئەدەبیاتی جیهاندا بۆ عیشق نوسرابێت ، كە مەولانا باس لەوە دەكات عیشق پێناسە ناكرێت مەبەستی ئەوە نی یە كە عیشق شتێكی هیچ و بێ مانایە بەڵكو دەلێت عیشق هێندە جوان و پیرۆزە هەرچەندە پێناسەی بۆ بكرێت هێشتا پێناسەكان كەم و كوڕیان هەیە ،عیشق كلێكە چاوی دڵ دەڕێژێت. لە كن سۆفی، عیشق نهێنیی بوونە، ئاخر ئەوە عیشقە جیاوازیی لە نێوان ئەم و ئەودا دەسڕێتەوە و دوان بە یەك دەكات.
شاعیر خالید باشبڵاخی دەڵێ‌:
گوڵم،خۆ من لەجێی عەقڵیش
عیشقی تۆ وا لەسەرمدا..
خۆ دەڵێن: ئەوین شێتییە،
حەزناكەم شێتی بەرمدا..!!

نەك بەتەنها خالید باشبڵاخی بەڵكو هەموو شاعیرانی‌ كلاسیكی‌ كوردی‌ جەخت لەوە دەكەنەوە كە یەكەم هەنگاوی‌ عاشق بوون ئەوەیە مرۆڤ بەتەواوی‌ دەستبەرداری‌ دونیا بێت ، ئەوەتا لەم هۆنراوەیەدا باشبلاخی بووەتە موریدی نالی و دەڵێ‌ :
وەك چۆن “حەبیبە” وا لەنێو
ئــاوێنـەی عیشقـی “نالی”دا..
جگە لە”تۆ”یش كەس نییە ،
لە خـانـەی خـەیـاڵـی خـالیـدا….
…………………..
لێرەیشدا خۆی خستۆتە پلەی باڵای عیشق و خۆی بە وەلی دێوانەیەكی تر لەقەڵەم دەدات و دەڵێ‌:
” دڵێك ، لێوانلێو لەبرین! “
………………
دڵێك ، جاران..بەڕێڕەوییش،
ڕێی نەدەكەوتە..شاری خەم!
دڵێك،لە هی “وەلی”دەچوو،
عەوداڵ بوو،بۆ دیداری”شەم”!!
……………….
دڵێك،لە توولی تەمەنیا،
پەرستگای،هەر چاوی ئەو بوو
دڵێك،بەئاستەم لێی دەدا،
ترپەی پێی هەنگاوی ئەو بوو..!!
…………………….
دڵێك،پەنجەكانی دەستی
بەپشكۆی داخا جزاوە..!
دڵێك،بەندی داوی عیشقەو،
خزاوەتە نێو سزاوە..!!
…………………….
دڵێك،لێوڕێژ بوو لەئەوین،
ئێستا شەڵاڵی برینە..!
لەنەورەسێك دەچێ و،ملی
لەژێر چەقۆی سەربڕینە..!!!؟؟

عیشق لە سەرچاوەی دڵ پەیدا دەبیت نەك مێشك و هزر هەر بۆیە عیشق لەسەر سۆز و عاتیفە وەستاوە ئەوانیش دوو فرمانن لە دڵەوە دەردەچن و زۆرجار وا لە مرۆڤ دەكەن یان گەشبین بێت كاتێك بە ئامانجەكەی دەگات یان ڕەشبین بێت كاتێك لە عیشقدا شكست دەخوات . هەروەك لەم چەند دێڕەی باشبڵاخی دەردەكەوێت و دەڵێ‌:
ئەوشۆ ، دەڵێی پیری خەراباتم ئەز
مەستی بادەی چاوی مەیئاساتم ئەز
بۆناپرسیت، لەحاڵی عاشقی ڕووت؟
تا بزانیت،چەند پڕخەم و ماتم ئەز
شەهیدی ڕێی ئەوینم ، ئاڵە…كفنم،
كوژراوی ، تیری تیپی نیگاتم ئەز
لە خەرمەنی حوسن و جەماڵی تۆدا،
گەدایێكم ، بەتەمای زەكاتم ئەز
ماچی دەمی تۆم هەبێ،كەی وەك خدر
تینووی سەرچەشمەی ئاوی حەیاتم،ئەز
چركەساتێك،خاڵیی نییم،لە خەیاڵت،
دوورم ، وەلێ ، بەدڵ..هەر لەلاتم ئەز
كلی كۆی تۆڕی ناوێ چاوی “خالید”
حەسرەتناكی خاكەكەی ژێرپاتم ئەز..!!!
بەلام ئەگەر بێت و لە مێشك و هزر سەرچاوەی وەربگرتایە ئەوا هەرگیز مرۆڤ عاشق نەدەبوو . لەگەڵ ئەوەشدا عیشق تەنیا بەمانای ئەوە نایەت ئیتر مرۆڤ عاشقی رەگەزی بەرامبەری بێت! زۆر جاران مرۆڤ عیشق نیشتیمان و خودا لە دڵی چەكەرە دەكات و ئیتر ئەمانەش هەر عیشقن . هەروەها عیشق هەمە جۆرە پەیوەست نییە تەنها بە پەیوەندی‌ نێوان مرۆڤ و مرۆڤەوە بە ڵكو زۆرجار عیشق لەنێوان مرۆڤ و نیشتماندا یان مرۆڤ و خودا یان مرۆڤ و بونەوەرێكی‌ تر بوونی‌ هەیە شاعیرانی كلاسیكی كوردی چەندین بابەتی شیعری جوانیان لە سەر نیشتیمان و خاك نووسیوە.
ئەمانە عیشقی نیشتیمانن یان چەندان مەلا و شێخ و سۆفی شیعریان لە سەر ئاین هۆنیوەتەوە ئەمانەش عیشقی خودان . لە عیشقدا هەمیشە دەردەسەری‌ و دابڕان و ناخۆشی‌ و جودایی هەیە، عاشق قەت ناگاتە بە مەقسەدی‌ ئەگەر سەیری‌ هەموو چیرۆكە عاشقانەكان بكەیت ئەوە زۆر بەڕوونی‌ بەدیار دەكەوێت تاكو كۆتایی بەدوای‌ یەكەوەن و بەیەك ناگەن دەبینین دواتر بە رووداوێكی‌ تراژیدی‌ یان مەرگ كۆتایی پێ دێت ، هەروەك لەم هۆنراوەیەی باشبڵاخی دەردەكەوێت:
سەركردەی عاشقان منم لە گێتی دا،
نەك مەجنوونێك،
نێوی دەركرد لە شێتی دا.
………………….
ئەوینی تۆ،
بووە بە مۆخ لە ئێسكم دا.
گوڵم وریابە نەخنكێی،
لە نێو زەریای فرمێسكم دا.
ئەگەر سەیری‌ چیرۆك و داستانە كوردیەكانیش بكەین بەهەمان شێوەیە وەكو داستانەكانی خەج و سیامەند و شیرین و فەرهاد و مەم و زین و …هتد .وەكو ئاماژەم پێكرد لە عیشق دەبێت خۆت لە ئەقل بەدور بگریت بەجۆرێك هەر كاتێك ئەقل بیری كردەوە دەبیت تۆ سۆز و عاتیفە زاڵ بكەیت بەسەری تاكو عیشقكەت لەدەست نەدەیت ئەگەر عەقل پێوەر بوایە بۆ عیشق ئەوا هەرگیز فەرهاد پەنای بۆ كونكردنی كێوی بێستون نەدەبرد و كاتێك خوسرەوشا، مەرجی كونكردنی كێوی بێستونی بۆ فەرهاد دانا ، چونكە فەرهاد دەیزانی كێوی بێستون بەسەدان ساڵیش بە دەست و بازو یاخود بە قوڵینگ ناتاشرێت، بەڵام سۆز و عاتیفەی عیشقی شیرین زاڵ بوو بە سەر مێشكی فەرهاد بۆیە ئەم بریارە قورسەی قبوڵ كرد.
باشبڵاخی بەجۆرێكی باس لە فەرهادێكی تر دەكات، كە خۆی پاڵەوانی داستانەكەیە و دەڵێ‌:
پەنجەی شنەبایێك دەدات
لەپەنجەرەی ڕۆحی تەنیام!
پێدەچێت،بۆنی پرچی تۆی
هێنابێت..بۆ دڵی شەیدام..!!
………………………..
ئەگەر ژیان هاوكێشە بێت،
ئەوا..تۆ..سین و، من..صادم!
لە كێوی بێستوونێدا ،
ئەز،تەواوكاری “فەرهاد”م..!!
……………………
هوزاری نێو گوڵزاری تۆم،
گوێ بۆ ناڵینم..ڕادێرە..!
ئازاری عیشقت كوشتمی،
بەس بەتەنیاییم بسپێرە..!!
………………….
كانیی باخی”بلكیان” بووم،
گۆزەی دڵت ، پڕنەكرد لێم!
حەزمدەكرد..بمخۆیتەوە،
پرچەكەیشت،تەڕنەكرد لێم..!!
……………
ملوانكەی مرواریی ملی
خولیاو،خەون و،خەیاڵم بوویت!
تریفەی مانگی شەوگاری
تەنیایی و تفت و تاڵم بوویت..!!
…………………………
ئەوشۆ،بێتۆیی..دەمكوژێ و،
كەسیش نییە بەدیارمەوە..
تەرمی ئەم عیشقە سەرشێتە
لەكام گۆڕا..بشارمەوە…؟!!!!!
لە شیعری كلاسیكی كوردی سەدان شیعر لە سەر عیشق نوسراون چونكە ئەوكات وەكو ئیستا نەبوو بەهۆی ئامێری دەنگ بە ئاسانی پەیامەكەت بگەیەنیت بە گوێی یار دەبوایە بەشێوەی شیعر هەستی خۆشەویستی خۆت بۆ بەرامبەرەكەت دەرببڕیبایە ئەوەتا وەڵی دێوانە كە عاشقی شەم دەبێت و دواتر بەیەك دەگەن بەلام بەهۆی كێشەیەكی كۆمەلایەتی لەیەكتر جیا دەبنەوە هێند عاشقی شەمە تەنانەت وەسیەت دەكات كەوا كێلی قەبرەكەی بەقەد باڵای شەم بێت . باشبڵاخی ئاوها وەسفی شیتبوونی خۆی و قوڵبوونەوەی لە عیشق دەكات و دەڵێ‌:
ئەو دەمەی دێتە ژووانم، دڵ لەخەم خاڵیی دەكا
ڕۆحی‌ تینووم،مەستی‌ بۆنی عەتری‌ بن‌باڵی دەكا
هەركەسێ،ئاوری ئەوینێ،كەوتە خەرمانی سەری
هەروەكو مەجنوونی لەیلا،شێت و عەوداڵی دەكا
باخـەوانێكـم لـەباخـی حـوسن و جوانیـی دڵبـەرا
هەردەپەنجەم خزمەتی جووتێ بەهێی كاڵی دەكا
دڵ،هەمیشە،بولبولی خۆشخوانی باخی فیرقەتە،
مەیلی ماچی گەردەنی و،خاڵی چەنەی چاڵی دەكا
پێمدەڵێ:صەبرت هەبێ”خالید”دەگەیتە مەقصەدت،
{صەبر ئەگەر بیخەیتە ناو هەنگوینەوە،تاڵی دەكا}*
*دوانیوەدێڕی هی شاعیر”صابری”ە.
……………………………………..
ئازیزان ئەوەی سەرەوە مشتێكی بوو، لە نموونەی عیشق لە شیعرەكانی باشبڵاخیدا، دەنا دەریای عیشق نە ئەو سەری هەیە و نە شیعرە عاشقانەكانی كۆتایی دێ‌، و دەس بۆ هەر شیعرێكی بەرین لەوانتر عاشق ترە، لەكۆتاییدا پێمخۆشە ئەم شیعرەی خالید بكەمە دیاری و بەم شیعرە عاشقانە، كۆتایی بەم گەشتە شیعرییە بهێنم..
دە ساڵە،دڵم..لایەتی “
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
دە ساڵە ، دڵم لایەتی
ڕۆحم ، پاوانەی پایەتی
خاكی بەردەركەی،نادەمە
تەخت و تاجی پاشایەتی
سەرگەردان‌ و سەوداسەرم
سەرم..پڕ لە سەودایەتی
بولبولی خۆشخوانی دڵم
عیشقی گوڵی گۆنایەتی
مەجنوونی سەحرای جنوونم
بێباكم..لە شێتایەتی
دەردی ئەوینم سەختترە
لەوكەسەی ئیبۆلایەتی
ئەو شاهی خووبانی منە
كوا ئاگای لە گەدایەتی..؟!
خوێنی”خالید”ی،خواردەوە
وەكو شەراب ، “تۆ”..شایەتی..!!!

ــــــــ ــــــــــــــ ـــــــــــــ

ستار جەباری




كتێبی كوردی … نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئاستی ڕۆشنبیریی ، ته‌كنیكی چاپ ، بازاڕی بڵاوكردنه‌وه‌ ،
جوگرافیای خوێندنه‌وه‌ و پێویستی ڕۆژگار

(1)

(( ئینجا كێ زه‌وقی هه‌یه‌ كتێب بخوێنێته‌وه‌ ‌)) ئه‌مه‌ قسه‌ی گه‌نجێكی چاخی ئه‌نته‌رنێت و كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان و ئه‌وه‌ی ناوی لێنراوه‌ (ماسمیدیا) یه‌ ..،
هه‌رچه‌نده‌ ناتوانین ئه‌م حاڵه‌ته‌ وێنه‌یه‌كی گشتی بده‌ینێ ، به‌ڵام خاڵیش نییه‌ له‌ ڕاستی ..
زۆر به‌ ساده‌یی وه‌چه‌ی ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی بایه‌خ به‌شته‌ لاوه‌كیه‌كان ده‌دا ، ئه‌وه‌نده‌ له‌ڕاست شته‌ جه‌وهه‌رییه‌كان كه‌ مانایه‌ك به‌ژیان ده‌ده‌ن گه‌رم نییه‌ .
( كتێب) ئه‌و قه‌واره‌یه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا قوڕ بووه‌ و ده‌سنووس ، پاشان (ئینجا به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بووبێ ) ورده‌ ورده‌ له‌ پێستی ئاژه‌ڵ و داری خۆشكراو نووسراوه‌ته‌وه‌ تا به‌و حاڵه‌ی ئێستای گه‌یشتووه‌ كه‌ به‌هۆی ته‌كنیكی سه‌رده‌م چاپ ده‌كرێ ، بریتییه‌ له‌چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی پێكه‌وه‌ نووساو به‌ قه‌باره‌ و زمان و ڕووپێوێكی دیاریكراو بابه‌تێك یان چه‌ند بابه‌تێكی تێدا ده‌خرێته‌ ڕوو به‌ مه‌به‌ستێكی ئه‌بستمی بۆ وه‌چه‌ی ئێستا و هێشتنه‌وه‌ی له‌ زاكیره‌ی مێژوودا بۆ وه‌چه‌كانی ئاینده‌ و پێكهێنانی بزاڤی زانیاری له‌ پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌یدا له‌ به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ بۆ به‌ره‌یه‌كی ترو كه‌ڵه‌كه‌ پێكردنی مه‌عریفه‌ت …
كتێب: ئاوده‌نگێكی دڵسۆزی زه‌مانی ته‌نیایی ، زه‌مانه‌ ئه‌نگوست له‌ چاوه‌كان و ڕۆژگاره‌ غه‌در لێكراوه‌كان .. كتێب هاوڕێ و هاوده‌می ئازادی له‌ سه‌رده‌می كۆیلایه‌تیدا له‌ كه‌ش وهه‌وای نیگه‌رانی له‌ناخی دڵه‌ڕاوكێ و ڕه‌شبینیدا ئومێد و دڵنیاییمان ده‌داتێ ..
تۆ بڵێی دوای ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ ته‌كنۆلۆژییه‌ی هۆیه‌كانی پێكگه‌یشتن ، ئه‌ویش سایلی ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراو كه‌وتبێته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی..
بڵێی ئه‌و چرایه‌ گه‌شه‌ی شارستانیه‌ت له‌ ناو ژاوه‌ژاوی بێسه‌روبه‌ری سه‌رده‌مدا به‌ره‌و كزبوون و كوژانه‌وه‌ بچێ ؟
ئه‌ی بۆ ئێمه‌ هێشتا كتێبخانه‌یه‌كی له‌و چه‌شنه‌مان نییه‌ پشتی لێ بكه‌ینه‌وه‌ و ئاسووده‌ لێی پاڵ كه‌وین.. داخۆ ته‌كلیفمان چی ده‌بێ و چۆن ده‌بێ ، ئه‌گه‌ر له‌و ئاستانه‌ی هیواوه‌ نزیك ببینه‌وه‌ و ( به‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێك هه‌یه‌ ) خۆری چه‌ندین ساڵه‌ی ئاوا بوومان سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبێته‌وه‌؟
ئه‌م پرسیارانه‌ و زۆری دیش پێشه‌كی له‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی ده‌كرێ له‌وه‌ی ده‌چێته‌وه‌ ناو بازنه‌ی په‌روه‌رده‌ و كلتوورییه‌وه ‌ .

(2)
دیاره‌ ئامارێكی باوڕپێكراوی كتێبی كوردیمان له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌ بتوانین چاكی له‌ئاسایی و به‌ره‌ژێرتر جیا بكه‌ینه‌وه‌ و ئاستی ڕۆشنبیری و مه‌عریفی و گرینگ وگرنگتر و گرینگترینیان دیاری بكه‌ین ، له‌وه‌ی زیاتر كه‌ كاتی خۆی خوالێخۆشبوو مامۆستا مسته‌فا نه‌ریمان چاپی كردووه‌ هه‌روه‌ها ڕه‌نگڕێژێكی ئه‌و كتێبانه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین چاپكراون .
ئه‌م سه‌ر قه‌ڵه‌مه‌ له‌و ئاقارانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ :
پێش ڕاپه‌ڕین كه‌ ده‌وڵه‌تی عیراق ته‌واوی ڕۆشنبیری و كو‌لتووری كوردی خستبووه‌ ژێر ڕكێفی گه‌مارۆی سانسۆره‌وه‌ ‌ به‌ڵام دیسان لێره‌و له‌وێ ، به‌هه‌ر هۆیه‌ك بوو ، به‌تایبه‌تیش به‌ هه‌وڵ و كۆششی نووسه‌رانی كورد و هه‌ندێ له‌و به‌رپرسه‌ كورده‌ حكوومه‌تییانه‌ی كه‌ ویژدانێكیان تێدا مابوو… كتێب بڵاوده‌كرانه‌وه‌… له‌و سه‌ریشه‌وه‌ خوێنه‌ری كورد هه‌بوو ، جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌نگیزه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیش له‌و سه‌رده‌مه‌ دا ، ڕاده‌ی خوێنه‌ری له‌ ئاستێكی به‌رزدا نیشان ده‌دا كه‌كتێبی كوردی هه‌ڕمێن و بازاڕێكی گه‌رمی هه‌بوو .
ئه‌و كتێبانه‌ی له‌ حه‌فتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا چاپ كراون ئه‌گه‌ر ڕێژه‌به‌ندی بۆ بكه‌ین ره‌نگه‌ 60% ی كتێبی شایان و له‌ جێی خۆیدا بووبن به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی به‌گشتی له‌باره‌ی ئه‌ده‌ب و كو‌لتوور بوون ، چونكه‌ بێگومان ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندار به‌بیروبۆچوون و فیكر و فه‌لسه‌فه‌ و هوشیاركردنه‌وه‌وه‌ به‌ كوردی ، له‌ لایه‌ك به‌ هۆی مه‌قه‌ستی سانسۆر له‌ له‌ لایه‌كی دی به‌ هۆی بێ ئیمكانییه‌تی ماددی نووسه‌ری كورد و له‌ هه‌مان كاتدا به‌هه‌ند نه‌گرتنی یا هه‌ندێ جار پێ نه‌وه‌ستانی به‌م جۆره‌ بوارانه‌ ئه‌وسا مومكین نه‌بوو .

(3)
‌پێش ڕاپه‌ڕین كتێبی كوردی به‌و ڕه‌نگه‌ بوو… پاش ڕاپه‌ڕین و سه‌رده‌می ئازادی كه‌ به‌هه‌موو پێوانه‌یه‌ك به‌سه‌رده‌می زێڕین داده‌نرێ له‌ ڕووی( بڵاوكردنه‌وه‌) ، به‌ڵام دیسان به‌داخه‌وه‌ كاڵا له‌ قه‌د باڵا نه‌بووه‌ و ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ پێویستی ڕۆژگار ده‌یسه‌پێنێ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ند ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت به‌ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبیش دامه‌زرێنران له‌ بڵاوكراوه‌كانیاندا ده‌رده‌كه‌وێ پێ ناچێ به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان هه‌بێت یا هه‌بووبێت كه‌ له‌پێویستی ڕۆژگار و كتێبخانه‌ی هه‌ژاری كوردییه‌وه‌ به‌هره‌گر بووبن.. به‌ڵكۆ زیاتر بێ به‌رنامه‌یی و نزیك و دووری له‌فڵانه‌ نووسه‌ر و فڵانه‌ ده‌زگای پێوه‌ دیاربووه‌ ‌، جگه‌ له‌قه‌ڵه‌مڕه‌وی سیاسه‌ت… هه‌ر چه‌نده‌ ڕۆڵی هه‌ندێ له‌و ده‌زگایانه‌ نادیده‌ش نه‌بن .
ئه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ش له‌ ده‌زگا حزبی و حكوومیه‌كان بووه‌ ‌، لێره‌شدا كه‌رتی تایبه‌تی ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی پێوه‌ دیار نه‌بووه‌ ‌، (مه‌گه‌ر له‌مه‌ودوا ).

ئه‌و كتێبانه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین چاپكراون به‌گوێره‌ی ساڵانی حوكمڕانی به‌غدا له‌ڕووی چه‌ندایه‌تیه‌وه‌ كه‌م نین ، به‌ڵام له‌ ڕووی ئه‌وه‌ی كتێبخانه‌ی كوردی چی پێویسته‌ بۆی بكرێ ناتوانین بڵێین شتێكمان كردووه‌ له‌ كه‌ش و هه‌وای ڕاپه‌ڕین و سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی بوه‌شێته‌وه ‌، به‌تایبه‌تی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ تا ئێستاش كه‌لێنن له‌ كتێبخانه‌ی كوردی دا ، به‌نموونه‌:
كلاسیكیایه‌تی جیهان له‌وێنه‌ی فیكر و فه‌لسه‌فه‌ و ئه‌ده‌بیات و مێژوو و ئاركیۆلۆژیا و كۆمه‌ڵناسی و سایكۆلۆژیا و زانسته‌ په‌تیه‌كانی دیكه‌ی له‌ وێنه‌ی فیزیا و كیمیاو زینده‌وه‌رزانی و ئه‌ندازه‌و ماتماتیك و تاد ..
ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر بازاڕیش كتێبی كوردی ئه‌و بازاڕه‌ به‌هه‌ڕمێنه‌ی نه‌بووه‌ و نه‌ماوه‌ ، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ ، ته‌نانه‌ت له‌چاو ئه‌وان ڕۆژانه‌شدا ، سه‌رده‌می حوكمی ئه‌وسای به‌غدا ، كه‌ كتێب ڕه‌نگه‌ به‌ ئه‌نگیزه‌ی نه‌ته‌وه‌یییه‌وه‌ بازاڕی په‌یدا كردبوو… دیاره‌ بازاڕیش كه‌م و زۆر په‌یوه‌ندی به‌ جوغرافیای بڵاو كردنه‌وه‌ هه‌یه‌… له‌وه‌شدا جوغرافیای بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبی كوردی هێشتا له‌چاو خۆی سنوردار و پابه‌ندی چه‌ندین ئه‌گه‌ری سیاسیشه‌ له‌ هه‌مان كاتدا نه‌گه‌یشتووه‌ به‌و ئاسته‌ی قازانجێكی بێ سه‌ر ئێشه‌ی به‌دواوه‌ بێت تا وه‌ك چه‌ندین كاڵای تر به‌ قاچاخی ئه‌و سنوور ئه‌م سنوور ببه‌زێنێ و ڕووبه‌ری بازاڕی فراوانتر بكا (كه‌ ئه‌وه‌ له‌ هه‌شتایه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووكه‌م و زۆر
هه‌بووه‌ ) ئه‌مه‌ش له‌ گرفته‌ له‌پێشینه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێب و ڕۆژنامه‌ی كوردییه‌ كه‌ ئێستاش هه‌ر ماوه‌ .

ئێمه‌ له‌ باسی ئاستی ڕۆشتبیری كتێبی كوردیدا كه‌ پێداویستی سه‌رده‌م سه‌پاندوویه‌تی ، گوتمان كتێبخانه‌ی كوردی له‌ زۆر لایه‌نی گرنگی كو‌لتووری و شارستانیه‌تی دنیادا هه‌ژاره‌ .. لێره‌دا دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌ك بگره‌ چه‌ند ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت به‌ وه‌رگێڕان پێویستیه‌كی سه‌رده‌مه‌، به‌وه‌ی هێشتا بزاڤی وه‌رگێڕان له‌ كو‌لتووری كوردیدا له‌ كۆششی تاكه‌كه‌س تێنه‌په‌ڕیوه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ پێی چه‌ند دامه‌زراوه‌ێكی ڕێكخراو و به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو بێت… به‌تایبه‌تی له‌ ڕۆژگارێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ كه‌ ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م هه‌موو بواره‌كانی گرتووه‌ته‌وه‌…
وه‌رگێڕانیش وه‌ك له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی میلله‌تاندا ده‌ركه‌وتووه‌ پردێكی به‌ هێزو گرنگه‌ له‌ پێك به‌ستنه‌وه‌ و ئاڵوگۆڕی كولتووری مرۆڤایه‌تی و هۆیه‌كی له‌ پێشیشه‌ له‌ په‌ره‌پێدان و نوێكردنه‌وه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی خودی زمانه‌كه‌مان .
ئێمه‌ پێویستمان به‌ وه‌رگێڕی وا هه‌یه‌ وه‌رگێڕان بكاته‌ پیشه‌ی سه‌ره‌كی خۆی ، پێویستمان به‌ ره‌نگڕشتنی به‌رنامه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لی وه‌رگێڕان هه‌یه‌ به‌ ناونیشانێكی له‌وێنه‌ی ( هه‌زار كتێبی وه‌رگێڕدراو) سه‌ره‌تای ده‌سپێك بێت و بایه‌خی تایبه‌تی له‌ڕووی مادی و مه‌عنه‌ویه‌وه‌ به‌ ‌وه‌رگێڕ بدرێ ، ئه‌م ڕه‌وته‌ش ڕێی خۆی وه‌رناگرێ ئه‌گه‌ر كه‌رتی تایبه‌تی به‌شدارییه‌كی جیدی تێدا نه‌كا .

به‌ڵام كه‌رتی تایبه‌تیش له‌ كوردستان به‌داخه‌وه‌ هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ به‌و ئاسته‌ فه‌رهه‌نگییه‌ی مه‌سه‌له‌ی ئینتیمای نیشتمانیی پاڵی پێوه‌بنێ به‌شداری له‌ پڕۆسه‌یه‌كی فه‌رهه‌نگی له‌و چه‌شنه‌ بكا… كه‌واته‌ دیسان ناچارین بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ كه‌رتی گشتی كه‌ ‌له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمدا خۆی ده‌نوێنێ ، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ هه‌قه‌ حكوومه‌ت ڕێگاچاره‌یه‌ك دابنێ ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كه‌ به‌شێكی گرنگ و مێژوویی له‌ هه‌ستانه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی كولتووری نه‌ته‌وایه‌تیمان پێك دێنێ… دامه‌زراندنی ده‌زگای تایبه‌ت به‌ وه‌رگێڕان بۆ كوردی ، ده‌زگایه‌كی فراوانی باوه‌ڕپێكراو كه‌ ده‌وڵه‌ت پشتیوانییه‌كی جیددی بكا و به‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی به‌ بایه‌خ و ستراتیژییه‌وه‌ لێی بڕوانێ .
ده‌زگای له‌م جۆره‌ ‌ ڕێگه‌ چاره‌یه‌كیش ده‌بێ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنه‌كانی كتێبخانه‌ی كوردی ئه‌گه‌رێكی كارایشه‌ له‌ فه‌راهه‌م كردنی سه‌رچاوه‌ و ژێده‌ری پێویست بۆ قوتابی و خوێندكاران و كارێكی بێ وێنه‌ش له‌ په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌ی زمانه‌كه‌مان ده‌كا ..
گومانی تێدا نیه‌ ئه‌وه‌ی ده‌زگای له‌و چه‌شنه‌ دابمه‌زرێنێ حكوومه‌ت بێ یان كه‌رتی تایبه‌ت له‌ دواڕۆژدا گره‌و ده‌باته‌وه‌ ‌، به‌وه‌ی پێشكه‌وتن و له‌گه‌ڵهاتنه‌وه‌ی شارستانیه‌ت به‌بێ پرۆژه‌یه‌كی به‌ربڵاو و هه‌مه‌لایه‌نی وه‌رگێڕان شتێكه‌ نزیك له‌ مه‌حاڵ .
له‌ ڕووی هونه‌ری ده‌رهێنانیشه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر سه‌رنجی كتێبخانه‌ی كوردی بده‌ین ته‌ماشا ده‌كه‌ین، هونه‌ری ده‌رهێنان و ته‌كنیكی چاپ به‌هه‌مان ئه‌و هه‌وراز و نشێوانه‌دا تێپه‌ڕیوه‌ ‌، بواره‌كانی دیكه‌ی كولتووری پێداچووه‌…
جارێ پێشه‌كی چاپخانه‌ سه‌باره‌ت به‌ زۆر ئه‌گه‌ره‌وه‌ ‌، له‌ پێشه‌وه‌شیان دواكه‌وتوویی وڵات به‌دره‌نگه‌وه‌ هاتۆته‌ عێراق
وه‌ك (د. خلیل سابات) یش له‌ كتێبه‌كه‌یدا مێژووی چاپ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی عه‌ره‌ب ئاماژه‌ی پێده‌دا بایه‌خ نه‌دانی داگیركا‌ری تورك له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌كوولتووره‌وه‌ هه‌یه‌ و ڕێگاگرتنی له‌هاتنی هه‌موو هه‌وایه‌كی شارستانیه‌تی نوێ …
به‌م پێیه‌ كوردستانیش كه‌ له‌دواییدا به‌شێكی گرنگی به‌ عێراقه‌وه‌ لكێنرا له‌و گه‌مارۆیه‌ كولتووریه‌ بێبه‌ش نه‌بووه‌ ، درێژه‌یشی كێشا تا به‌رپابوونی بزاڤه‌ یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كانی كوردستان ، له‌ پێشه‌وه‌شیان شۆڕشی ئه‌یلوول… له‌م هاتووچوویه‌ و كه‌ین و به‌ینه‌شدا ئه‌وه‌نده‌ی ناوه‌رۆك مه‌به‌ست بووه‌ ئه‌وه‌نده‌ شێوه‌ و ته‌كنیكی چاپ له‌كتێبی كوردیدا مه‌به‌ست نه‌بووه‌ ‌، مه‌گه‌ر هه‌ندێ له‌و كتێبانه‌ نه‌بێ كه‌له‌ هه‌نده‌ران له‌ چاپدراون ..

(4)
سه‌ره‌تای شه‌سته‌كان بۆ كتێبی كوردی ده‌توانین له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ به‌ ده‌سپێكێك بژمێرین به‌ تایبه‌تیش له‌ ڕووی
چاپ و هونه‌ری چاپكردنه‌وه‌… چونكه‌ توانای چاپخانه‌كان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوو… كه‌ سه‌ره‌تا پیتڕیزكردن به‌ده‌ست بوو ، چاپیش به‌هۆی ڕێگای پرێس كه‌ هه‌م له‌ چاپدا له‌سه‌رخۆ بوو هه‌م زۆر جار ده‌بووه‌ هۆی دڕاندنی كاغه‌زه‌كه‌… جگه‌ له‌وه‌ی خێرایی هه‌ڵمشتنی مه‌ره‌كه‌بیشی به‌و ڕاده‌یه‌ نه‌بوو بتوانرێ ده‌ستبه‌جێ بخوێنرێته‌وه‌ ‌، یاخود له‌ سه‌ریه‌ك كه‌ڵه‌كه‌ بكرێ و لاپه‌ره‌كان یه‌كتر پیس نه‌كه‌ن…
له‌ ڕووی ده‌رهێنانیشه‌وه‌ كتێبی كوردی ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ وێنه‌ و تایپۆگرافیای به‌شێوه‌ی كۆڵینی تێدا به‌كارهاتووه‌ ‌، به‌ڵام ده‌رهێنانی هونه‌ری تێدا خاكه‌ڕاو هه‌روایی بووه‌…
به‌رگیش به‌هه‌مان شێوه‌ ‌، ساده‌ و له‌ ‌ڕووی هونه‌رییه‌وه‌ هه‌ژار بوو ‌، ئه‌م حاڵه‌ واده‌ڕوا تاوه‌كو سه‌ره‌تای حه‌فتاكان و ڕاگه‌یاندنی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری 1970 .. ئه‌گه‌رچی تاك و ته‌را له‌م لاو له‌ولا له‌دوادواكانی ساڵانی شه‌ستیش هه‌ندێ كتێب ده‌رچووبن له‌ ‌ڕووی ته‌كنیكی چاپ و هونه‌ری ده‌رهێنان و به‌رگه‌وه‌ ڕووی ئه‌وه‌یان هه‌بێت بێنه‌ ناو كتێبان ، به‌ڵام له‌ 1970ـه‌‌وه‌و پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئامێری چنینی لاینۆ و ئه‌نته‌رتایپ و پاشانیش په‌یدابوونی چاپی ئۆفسێت، ئیتر كتێبی كوردی له‌ ڕ‌ووی ته‌كنیكی چاپه‌وه‌ هاته‌ قۆناخێكی تر .
به‌م جۆره‌ له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ڕێگاكانی چاپ كتێبی كوردیش له‌ ‌ڕووی هونه‌ری ده‌رهێنان و ته‌كنیكی چاپ پێشكه‌وتنی زیاتری به‌خۆوه‌ دی به‌تایبه‌تیش ئه‌و كتێبانه‌ی له‌ چاپخانه‌كانی به‌غدا له‌ چاپ ده‌دران .
ڕاپه‌ڕینیش وه‌ك وه‌چه‌رخانێك بوو بۆ كتێبی كوردی به‌ تایبه‌تیش له‌ ڕووی هونه‌ری چاپكردنه‌وه‌…
ئێستا ئه‌و كتێبانه‌ی له‌ كوردستان له‌چاپ ده‌درێن هیچیان كه‌متر نیه‌ چ وه‌ك ده‌رهێنان یاخود چاپ له‌گه‌ڵ ئه‌و كتێبانه‌ی له‌ ده‌زگاكانی هه‌نده‌ران به‌نوێترین ڕیگای كۆمپیوته‌ری چاپ ده‌بن ،
ته‌نانه‌ت ئێستا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانین بڵیین هونه‌ری ده‌رهێنان و چاپی ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و كتێبی كوردی له‌ كوردستان له‌ پێشتره‌ له‌ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق .. ئه‌مه‌ش بێگومان به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤی كورد هه‌ر وه‌ختێ بواری بۆ بڕه‌خسێ ده‌سته‌وه‌ستان نییه‌ ‌و ده‌توانێ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ جیهانبینی خۆی هه‌بێ و لاسه‌نگیه‌كان ببێنێ و هه‌وڵی ڕاستكردنه‌وه‌یان بدا ‌و له‌ پارسه‌نگی هاوكێشه‌كان بگات .

(5)
ئه‌مڕۆ كتێبی كوردی به‌هۆی زۆر ئه‌گه‌ران له‌ پێشه‌وه‌شیان به‌هه‌ند نه‌گرتنی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كه‌ له‌ ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ به‌رپرسه‌كانی تایبه‌ت به‌ پرۆسه‌یه‌كی ئاوه‌هاوه‌ و كه‌ به‌ ئاشكرا ماكینه‌ی میدیایه‌كی قه‌تیس له‌ بازنه‌ی گه‌مه‌كانی سیاسه‌تدای له‌پێشتر گرتووه‌ هه‌روه‌ها كاڵ بوونه‌وه‌ی ده‌وری جارانی نووسه‌رانی كورد له‌و ڕاسته‌دا ( به‌ گه‌لێك هۆوه‌ كه‌ له‌ مووقه‌ڵێشان ون نین ) و ئاماده‌یی به‌رفراوان و به‌ر به‌ڕه‌ڵای ( ئه‌فیونی ماسمیدیا ) له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتووی به‌رهه‌منه‌هێن و به‌كاربه‌ری وه‌ك هی ئێمه‌ و كورتهێنانی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندن تا ڕاده‌یه‌كی نكۆلیلێنه‌كراو و بێسه‌روبه‌ری به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌كانی ، كتێبی كوردی داوه‌ته‌ پاشه‌وه‌ و له‌ قاوخێكی تاك ڕه‌هه‌‌‌ندیدا گیری كردووه‌ به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی جێی قسه‌ و باسانه‌ یا ژانرێكی دیاریكراوه‌ یاخود ئه‌و كتێبانه‌ن كه‌ ڕووكه‌شن و‌ لانی كه‌می مه‌عریفه‌ و پێویستی سه‌رده‌میان تێدا نییه‌ .. جوگرافیای بڵاوكردنه‌وه‌ش له‌و لاوه‌ بوه‌ستێ ، كه‌ وای لێ هاتووه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی نووسه‌ران كتێب به‌ تیراژێكی زۆر كه‌م ( كه‌ ئه‌ویش گرفتێكی دیكه‌یه‌ ) له‌ حسابی خۆیان له‌ چاپ بده‌ن ، بڵاوكردنه‌وه‌یشیان له‌سه‌ر خۆیانه‌ و تا ئێستا ده‌زگایه‌كی دابه‌ش كردنی گشتیی ( بۆ هه‌مووان نییه‌) ، كتێبخانه‌كانیش كه‌ هه‌میشه‌ ته‌نیا مه‌سه‌له‌ی قازانج و زه‌ره‌ریان له‌ پێش هه‌موو ئیعتوبارێكی دی داناوه‌ ( كه‌ هه‌قی خۆیانه‌ ) ، به‌ڵام سه‌یرایه‌تییه‌كه‌ له‌وه‌ دایه‌ ئه‌گه‌ر كتێبیشت لێ وه‌ر بگرێ ،فلسی ئه‌حمه‌ڕت ناداته‌وه‌ و هه‌ر جاره‌ی به‌ بیانوویه‌ك به‌ عاله‌می ئاشكرا حه‌قت ده‌خوا ( نۆشی گیانیان بێ ) ، هه‌ر بۆیه‌شه‌ كه‌ ئێستا بووه‌ به‌ باو نووسه‌ران كتێبه‌كانیان به‌ خۆڕایی له‌ كۆبوونه‌وه‌ و ئاهه‌نگان دابه‌ش ده‌كه‌ن ، ئه‌وانیش هه‌قی خۆیانه‌ ئه‌دی چی بكه‌ن و چۆنی بگه‌یێننه‌ خوێنده‌واران ، هه‌ر چه‌نده‌ من وه‌كو خۆم لایه‌نگیری ئه‌م به‌ خۆڕایی دابه‌شكردنه‌ نیم .ئا ئه‌مه‌یه‌ حاڵی ئێستای كتێبی كوردی .. تۆ بڵێی هه‌بن بیرێكی لێ بكه‌نه‌وه‌ و
به‌ هه‌ندی بگرن و خه‌مێكی لێ بخۆن ؟؟
———————————————————-

ئاماژه‌

  • دیاره‌ ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌سته‌ كوردستانی به‌ عیراقه‌وه‌ لكێنراوه‌‌ ،
    چونكه‌ بێگومان هه‌ر پارچه‌یه‌ك تایبه‌تایه‌تی و مێژوو و گرفتی خۆی له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌یه‌ .
  • ئه‌م سه‌ره‌قه‌ڵامانه‌ ‌ ساڵی 2005 له‌ ڕۆژنامه‌دا بڵاوكراونه‌ته‌‌وه ‌ .



بیرەوەری جەلاد و ڕاوێژکار … ئاسۆکمال

مەلا بەختیار لە کتێبی “لەبری بیرەوەری”دا دوکارەکتەری یەکێتی زەق کردۆتەوە کە یەکێکیان نەوشیروان مستەفایە وەک جەلادی کۆمۆنیست و نەیارەکانی خۆی ، وە دووەمیان شەخسی مەلا بەختیارە وەک چەپێک وئازادیخوازێکی ناو یەکێتی. بێگومان لە ناساندنی کارەکتەری یەکەمیاندا سەرکەوتوو بوە چونکە نەوشیروان وتە و کردارەکانی لە کاتی ژیانیدا هیچ نەشاردۆتەوە و خۆی شانازی بەو دەوری جەلادیەوە کردوە لە ژێر ناوی شۆڕشدا. بەڵام مەلا بەختیار لە ناساندنی کارەکتەری خۆیدا مێژووی کۆمەڵەی مارکسی-لینینی و کۆمەڵەی ڕەنجدەران و ئاڵای شۆڕشی بەکارهێناوە بۆ داپۆشینی دەورێکی ڕاستەقینە کە لە ٣٠ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتداری یەکێتیدا ئەو وەک ڕاوێژکارێکی جەلادەکان دەوری گێڕاوە.
ئێمە، خەسرەو سایە و من، لە نامیلکەیەکدا لە ساڵی ١٩٩٢ کاتێک مەلا بەختیار بانگەوازی گەڕانەوەی چەپەکانی دەکرد تا لەگەڵیدا بچنە ناو یەکێتی نیشتمانیەوە، پێمان وت کە تۆ جگە لە بونە ڕاویژکارێکی تاڵەبانی و حزبە سەرکوتگەرەکەی هیچی تر ناکەیت.
کارەکتەرەکان و کارەکانیان هەرچەند گرنگ بن لە ناساندنی مێژوودا بەڵام ئەوە خەباتی چینەکان و ململانێ سیاسیەکانیانە کە پێناسی دەور و جێگەی تاکەکان دەکا. دەوری ئەم کارەکتەرانەی یەکێتی دەبێ لە جەرگەی ئەو خەباتە چینایەتیەی کوردستان و دەوری یەکێتی نیشتمانی لەوێدا دیاری بکرێ.
کۆمۆنیزم لە کوردستان وەک بەشێک لە سیستمی سەرمایەداری جیهانی، وە وەک باقی شوێنەکانی تری جیهان، لە ژێرکاریگەری سۆڤیەت و چیندا گروپە سیاسی و ڕۆشنبیریەکانی شیوعی و ماوی تیایدا دەرکەوتن. کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستانیش وەک بەشێک لەم واقعیەتە پێکهات لە هێزی ڕادیکال و کۆمۆنیستی ڕۆشنبیران و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دژی حکومەتی بەعس و ناکۆک بە دەسەڵاتی عەشیرەتی و بنەماڵەیەیی بارزانی و دژی ڕێبازی ٦٦ی جەلالی و هاوکات ڕەخنەگر لە دۆستایەتی و بەرەی حزبی شیوعی لەگەڵ بەعس و پاشکۆیەتی بۆ سۆڤیەت بوون.
بەڵگەکانی ئەم نوسەرە باسی چۆنیەتی زاڵبوونی باڵی جەلالی و نەوشیروان دەکا بەسەر کۆمەڵەی ڕەنجدەراندا و سوود وەرگرتنی ئەم سەرکردە ناسیونالیستی و بورژوایانەی لەم هێزە ڕادیکاڵەی کۆمەڵەی مارکسی – لینینی دەکا. بێگومان بەرنامەی بەرەی ناسیونالسیتی و پۆپۆلیستی کۆمەڵە بوە زەمینەی ئەوەی بورژوازی کورد بتوانێ کە ئەم هێزە نوێی یە شۆڕشگێڕە بخاتە ناو چوارچیوەی حزبێکی بورژوازی ناسیونالیستی خۆیەوە لە ڕێگەی پاکتاوکردن و زیندانی کردن و سەرکوتکردنەکانەوە.
لە کاتێکدا شۆڕشی ئێران و حزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەی سازمانی کوردستانی ئەو حزبە لەسەرەتای هەشتاکانەوە کاریگەریان لەسەر چەپ و کۆمۆنیزم لە کوردستانی عێراق دانا جیابونەوەی زۆربەی کۆمۆنیستەکان لە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان ڕویدا و گروپە کۆمۆنیستیە جۆراوجۆرەکان دروست بوون. ئەم واقعیەتە کاریگەری لەسەر کەسانی کۆمۆنیست و ڕادیکاڵی شاخ و پێشمەرگایەتی ناو یەکێتیدا دانا و “ئاڵای شۆڕش”یش لە ژێر کاریگەری ئەم دۆخەدا دروست بوو . خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی شارەکانی سلێمانی و کەرکوک و هەولێردا کۆمۆنیستەکان وەک کەسانی چالاک دەرکەوتن لە ساڵی ١٩٨٣-١٩٨٤دا، پەردە لەسەر ڕووی سیاسەتی سەرکردایەتی بورژوازی کورد زیاتر هەڵماڵرا بەتایبەت لە کاتێکدا یەکێتی نیشتمانی خەریکی گفتوگۆبوو لەگەڵ بەعس. یەکێتی نیشتمانی لەو کاتەوە دژ بەم کۆمۆنیزمە تاقم و تفەنگی بەست بوو و هەرچیەک بۆنی ئەم کۆمۆنیزمە و ئۆپۆزسیۆن بوونی دەسەڵاتەکەی لێ بهاتایە بێ ئەملا و ئەولا و بێ سڵەمینەوە سەرکوتی دەکرد. ئەوەی لە شاخ بە “ئاڵای شۆڕش” ی کرد لە شاریش بە شوراکان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کرد.
بەڵام مەلا بەختیار، کە جگە لەم خەمخۆریە بۆ پۆست لە دەسەڵاتێکی سەرکوتگەری کوردیدا هیچ ئامانجێکی تری نیە، ئەو لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ ەوە کەوتە هەڵپە بۆ وەرگرتنی پۆستێک وەک ڕاویژکارێکی تاڵەبانی. ئەو ئەمڕۆش کە گلەیی و ڕەخنەکانی دەبیستین جگە لە نیگەرانی لە پۆستە خانەنشینیەی “ئەنجومەنی باڵای سیاسی” هیچی تری مەبەست نیە. ئەوسا و ئێستاش ڕەخنە و کێشەکانی هیچ پەیوەندی بە بەرژەوەندی وماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان ، وە یاخود بەو مێژووەوە نیە کە چەپ و کۆمۆنیزم لە کۆمەڵەی مارکسی – لینینی یەوە تا ئێستا هەیبوە.
لەم ٣٠ ساڵەدا ئەم کارەکتەرە کە بوەتەوە بە ڕاوێژکاری تاڵەبانی و کارگێڕی یەکێتی بوە بوەتە بەشێک لەو دەسەڵاتەی خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەتی کوردستان دەڕوتێنێتەوە و دەچەوسێنێتەوە و ئیتر هیچ ئیدعایەکی کۆنی ئەم کەسە تاوانی ئەم ٣٠ ساڵەی سەرکوت و شەڕ و کۆنەپەرستیە داناپۆشێ.
کاردانەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیش بەرامبەر بە مێژووی تاوانەکانی سەرکردەکەیان جێگای سەرسوڕمان نیە چونکە میراتگری کەلتووری پیرۆزکردنی تاوانکاریە بەرامبەر بە ئازادی سیاسی ڕوو بە نەیارەکانی و هەر ئەمەش کردویەتیە دەستە خوشکی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی.
ڕاستیەکانی مێژووی خەباتی خەڵکی زەحمەتکێش وئازادیخوازی کوردستان لە پێناو ئازادی و یەکسانیدا پێویستە لە بیرەوەری ئەو کەسانەدا بەدوایدا بگەڕێین کە دوورن لەوەی دەوری جەلاد و ڕاویژکارەکانی دەسەڵاتی کوردایەتیان بینیبێت. ئەم مێژوو و بیرەوەریە شۆڕشگێڕانانە پێویستە لە لایەن شۆڕشگێڕانی خەباتی چینایەتی دژی دەسەڵاتی حزبە سەرمایەدارەکانی کوردستانەوە بنوسرێتەوە تاببێتە هوشیاریەکی زیندووی هەڵسوڕاوان و خەباتکارانی ئازادی و یەکسانی لە کوردستاندا.

ئاسۆکمال




خوێندنەوەیەك بۆ رۆمانی “بەڕێگاوە” ی دڵشاد كاوانی … نووسینی: د. مستەفا ساڵح*

منیش (نارسیسم)، رۆمانی بەڕێگاوەم خوێندەوە، نووسەر (ئەوی نارسیس) لە رێگەی تواناكانییەوە كەمەندكێشی كردمە ناو جیهانێكی تایبەت، جیهانێك نزیك لەوەی (جێمس جۆیس) لە رۆمانی (وێنەی هونەرمەند لەتافی لاویدا)، جیهانی خەیاڵ و فەنتازیا و گەمەكانی رۆح، گەمەی خود لەگەڵ جەستە، خۆشەویستی و رقبوونەوە، خودپەسەندی و دژەخودی، مەرگ و زیندەگی و بێداری و شەونخوونی… هەڵكشان و داكشانی ئەمانە و چەندان لایەنی تری پەیوەست بە هەست و خولیا و ئازار و چێژەكانی مرۆڤەوەوە. لەمانەش گرنگتر گەمەی زمان و تەكنیك و شێوەی نووسین، كە مایەی تێڕامان و شایەنی هەڵوەستە لەسەركردنن. بۆیە هەوڵمدا هەندێ‌ وردە سەرنجی كورت لەم بارەیەوە بخەمە روو، چونكە بە دیاركردن و كردنەوەی كۆدەكانی نووسین و گێڕانەوە، خوێنەر ئاسانتر لە خوێندنەوەی دەقەكە دەگات و هەرسەرنج و تێبینییەكیش لەم رووەوە یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ نووسەر.
ئەوەی ئێمە لێرەدا دەمانەوێت باسی بكەین ، هەندێ هۆكار و ئامراز و تەكنیكی بواری گێڕانەوەن، نووسەر كەم تا زۆر لە گێڕانەوەی رووداوەكاندا سوودی لێوەرگرتوون، گێڕانەوەكەی خۆی پێ تۆكمە و بەهێزكردووە.
 لەرووی گێڕانەوەوە رۆمانەكە بەسەر چەند پاژێك دابەشكراوە، گێڕەرەوەی هەمانشتزانی بەشدار لە رووداوەكان، پاژەكانی (1 – 4 ) مان بۆ دەگێڕتەوە، هەر لە پاژی یەكەم و لە وشەی یەكەمەوە خۆیمان بۆ ئاشكرا دەكات و دەڵێت: ” من نارسیسم… من دوای تەواو كردنی ئەم رۆمانە دەستبەجێ‌، ….” رۆماننووس لە رێگەی درووستكردنی گێرەرەوەی هەمانشتزان، (بارت) گووتەنی:”لەكاغەز درووستكراو”ەوە سەرجەم رووداوەكانی ئەو پاژانەمان ، سەركەوتووانە بە نەفەسێكی درێژی گێڕانەوە، بۆ دەگێڕێتەوە، پاژەكانی (5 – 8) لە رێگەی گێڕەرەوەی هەمووشتزانی چاودێر بەسەر رووداوەكان، دەگێڕێتەوە،(فلۆبیر) لەبارەی ئەو جۆرەی گێڕەرەوە پێی وایە كۆنترین دەقەكانی گێڕانەوەی پێ گێڕدراونەتەوە و خاوەن دەستەڵاتێكی رەهایە و زانیاریی لەسەر ورد و درشتی رووداوەكان هەیە، نووسەر زۆر هەستیارانە و دووربینانە توانیویەتی لەسەرجەم رۆمانەكەدا بەگوێرەی پێویستی رۆڵەكە بەسەر هەردوو جۆری گێڕەرەوەكە دابەش بكات، لە هیچ جێگایەكی گێڕانەوەكەیدا دركمان بەوە نەكردووە، لە بێتوانایی و تەنگەنەفەسی دەرگای گێڕانەوەكەی داخستبێت، زۆربەی جاران داشی گێڕانەوەكەی بەسواری جێهێشتووە، ئەگەرچی لە هەندی شوێندا، بەتایبەتی كە گێڕەرەوەی هەمووشتزان رووداوەكانمان بۆ دەگێڕێتەوە، تارمایی نووسەر لە پەنا هەندێك لە بیروڕاكانەوە دیارە، بەتایبەتی كاتێك دەیەوێت هەندێك باسی فەلسەفی و فیكری لەسەر زاری كەسایەتییەك دەرببڕێت ، كە لە ئاستی بیركردنەوەی ئەو كەسایەتییە نین، وەك ئەوەی لە لاپەڕە (120) لەسەر زاری (شێمراز) ی كاركەرو پشتشۆری حەمامەوە ، كردوویەتی، چونكە تا ئێرە (شێمراز) ئەو دەرفەتەی بۆ نەرەخساوە كە بخوێنێت و ببێتە عاریفێكی گەورە، وەك دواتر پێی دەگات.
هەر سەبارەت بە گێڕانەوەوە نووسەر لە زۆر شوێندا، بە گوێرەی پێویستی سوودی لە تەكنیكەكانی كات (پێشخستن و پاشخستن) وەرگرتووە.
 (خۆدواندن) رێگایەكی ترە لەرێگا پەیڕەوكراوەكانی گێڕەرەوە، بەو پێودانگەی كە زۆربەی رووداوەكانی رۆمانەكە بەلای سایكۆلۆژیاوە دەچن، بۆیە بە بڕوای ئێمە پەیڕەوكردنی ئەو رێگایە زۆر پێویست بووە، رەنگە لە نەبوونیدا كێماسیێك لە شێوازی گێڕانەوەكەدا درووستببا ، بە دیوێكی دیدا دەتوانین بڵێین نووسەر لەبەر ئەو هۆیەی باسمانكرد، بەناچاری پەنای بۆ ئەم هۆكارە بردووە، ئەویش بریتییە لە قسەكردنی كەسایەتییەك لەگەڵ خودی خۆیدا، بەمەش هەر مەبەستێك بیەوێت، گێڕەرەوە دەتوانێت بەم هۆكار و رێگایە دەری ببرَێت، بۆ ئەم مەبەستەش سوودی لە چەندان وشەی وەك (وامزانی ، رەنگە ، دەشێ ، لەوانەیە ….) وەرگرتووە.
 قسەی ئەوانیدی (كلام الغیر) ، ئەمەشیان هۆكارێكی تری بەردەستی گێڕەرەوەیە بۆ دەولەمەندكردنی گێڕانەوەكەی بەكاری دەهێنێت، كە تێیدا گێڕەرەوە قسەی كەسایەتییەكانی تر وەردەگرێت و بە گوێرەی پێویستی خۆی دایاندەڕێژێتەوە، لەم رۆمانەدا هەردوو جۆری وەرگرتنەكە بەكار هێنراون، جۆری یەكەمییان قسەی كەسایەتییەكە وەك خۆی وەرگیراوە و لەنێوان جووت كەوانە دانراوە و وشەی (گووتی) و جووت خاڵی لەپێش دانراوە، جۆری دووەمیشییان قسە وەرگیراوەكەی لە سیاقی وتەكانی خۆی داڕشتۆتەوە. بەمەش توانای نووسەر بەسەر زمانی گێڕانەوە بە ئاشكرا دیارە.
 بۆگێڕدراو: ئاشكرایە كە هەر بابەتێكی گێڕدراوە بۆ كەسێك، یان چەند كەسێكە، جا ئەو كەسەی دەقەكەی بۆ دەگێڕدرێتەوە پێی دەگوترێت بۆگێڕدراو، ئەمیش لەلای خۆیەوە دوو جۆرە، جۆرێكیان بۆگێڕدراوی گشتییە، واتە ئەو كەسەیە كە نووسەر بەشێوەیەكی گشتی دەقەكەی بۆ دەگێڕێتەوە، لە دەقە نووسراوەكانیشدا خوێنەری دەق رۆڵی بۆگێڕدراو دەبینێت، كە ئەمەیان پێویستییەكی دەقی گێڕدراوەیە و یەكێكە لە سێ كۆڵەكە سەرەكییەكەی گێڕانەوە ( گێڕەرەوە ، گێڕدراوە ، بۆگێڕدراو) بوونی لەناو دەقدا شتێكی نۆڕمالە، بەڵام جۆری دووەمی بۆگێڕدراو، ئەوەیە كە نووسەری دەقەكە لەناو دەقەكە درووستی دەكات و گەلێك جاران رووی دەمی گێڕانەوەكەی تێدەكات، واتە جۆری دووەمی بۆگێڕدراو، بۆگێڕدراوێكی مەزەندەكراوە، وەك گێڕەرەوە لە كاغەز درووستكراوە، لە رۆمانی (بەڕێگاوە) لەچەند شوێنێك نووسەر بۆ جوانكاری گێڕانەوە هانای بۆ بۆگێڕدراوی مەزەندەكراو بردووە و رووی گێڕانەوەكەی تێكردووە، ” جیقن بزانم زیرەكی هەڵیبێنی، دەزانی ئەوجارە میوانەكانم كێبوون؟”ل 37. لەم پرسیارەدا گێڕەرەوە رۆڵی بۆگێڕدراو دەداتە بۆگێڕدراوی مەزەندەكراو، چونكە پێشتر لە تەواوی ئەو پاژەی گێڕانەوەكەدا، رووی دەمی لە بۆگێڕدراوی ئاساییە، بەڵام لێرەدا كەسێك یان بڵێن خوێنەر لەرێگەی وشەی (جیقن) بانگ دەكات و دەیكاتە بۆگێڕدراوێكی ناسراو لای خۆی. لە لاپەڕە (220)یشدا دیسان ئەم كردارە دووبارە دەكاتەوە، شایانی باسكردنیشە، لەهەر شوێنێك گێڕەرەوە پەنای بۆ ئەو جۆرەی بۆگێڕدراو بردبێت، ئەوا لەشێوەی پرسیارێكی كوورت بووە، واتە رۆڵەكە بۆ مەسافەیەكی كورت و كەم بووە.
 زمان: لە بەكارهێنانی زماندا نووسەر هەتا راددیەكی باش سەركەوتوو بووە، سەرەڕای پابەندبوونی بە زمانی نووسینی پەیڕەوكراو، هەتا بۆی لوابێ، تێكەڵەیەكی لە زار و بنزارەكانی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بەكارهێناوە، دەیان وشەی كەم بەكارهێنراوی خستۆتە ناو دەقەكەوە و خوێنەری پێ ئاشنا كردووە، وەك وشەكانی (قەلاقوپ ، زلحۆرت ، حینگ ، زێچەن ، حالۆری ، لەهیكەوە ، زۆرگێ‌ …..) بە مەبەستی ئاسانكاریش فەرهەنگۆكێكی بۆ وشەكان لە كۆتایی رۆمانەكە نووسیوەتەوە.
 وەسف: وەسف لە رۆماندا پانتاییەكی فراوانی بەردەكەوێت، زمان و گێڕانەوە لە وەسفدا بەرجەستە دەبن، هەركاتێ‌ پشوودرێژی لە وەسفدا هەبوو ئەوا نیشانەی دەوڵەمەندی هزر و فەرهەنگە، لەم رۆمانەدا وەسف هەتا راددەیەكی باش گرنگی پێدراوە، نووسەر دركی بە گرنگییەكەی وەسف كردووە، بۆیە لە هەر كەلێنێك بۆی گونجابێت لە وەسفی كەس و شوێن و رووداوەكان درێغی نەكردووە.
 ئاشكرایە كە هیچ دەقێك بە بێ كەم و كوڕی نابێت، رەنگە هەر كەسێك لە خوێندنەوەی هەر دەقێكدا بتوانێت لە چەند لایەنێكەوە سەرنجی ورد و تێبینی تایبەتی هەبێت، ئەوەی جێگای سەرنجی ئێمە بوو، بەكارهێنانی چەند وشە و دەستەواژەیەك بوو، بە بڕوای ئێمە شێوەی بەكار هێنان یان شوێنی بەكارهێنانییان نەگونجاوە، ئەمەش شتێكی ئاساییە و لە رۆمانێكی قەبارە گەورەی وەهادا، بۆ ئاسانكاری خوێنەر و نووسەر چەند وشە و دەستەواژەیەك بە نموونە دەهێنینەوە:
(قەڵەپراو = قەرەپڵاو)ل49
(لاكە = كەلاك) ل52
(بارگین = بارگیر) ل113
(دەست دەنێت بە روویانەوە)ل116، ئەم دەستەواژەیە بۆ رەتكردنەوەیە نەك بۆ میوانداری، وەك لە دەقەكەدا هاتووە.
(وەحشییەتناك = ؟) ل200
(قەدبڕ) لە زۆر شوێندا لە شوێنی وشەی (یەكسەر و راستەوخۆ) بەكارهێنراوە.
(یەك ئەلفاز = یەك لەفز) چونكە ئەلفاز كۆیە ناكری لەدوای یەكەوە بێت.
(قریشاندم = هاوارمكرد)ل51
(قرماند = خوارد)ل52
… ئەمانە و گەلێك وشە و دەستەواژەی دی.

 لە كۆتاییدا دەكرێ بڵێین رۆمانی بەڕیِگاوە سەرەڕای ناوەرۆكە دەوڵەمەندەكەی بە گێڕانەوەی كۆمەڵێك رووداو ، بە پشت بەستن بە چەند لایەن و پاژێكی تیۆرە سایكۆلۆژییەكانەوە، لەرووی تەكنیكی گێڕانەوەش رۆمانێكی تۆكمە و بەهێزە، شایانی خوێندنەوە و دەكرێ لەچەند لایەنێكەوە خوێندنەوەی بۆ بكرێت.

*دکتۆرا لە بەشی ئەدبیاتی زمانی کوردی زانکۆی سۆران.




ڕێ پێگرتن … نەوزاد بەندی

ناشیرینترین و دڕندەنترین و ساویلکەترین دیاردە ،دیاردەی ڕێ پێگرتنە .. مێروولەیەک حەقی بە تۆوە نیە وبە ڕێی خۆیدا ئەڕوا ، بۆچی ڕێی پێئەگریت و ئەیکوژیت یان برینداری ئەکەیت وپێی ڕائەوێریت ؟ ..هەنگێک بە هێمنی ئەفڕێت و بە دوای شیلەی گوڵدا ئەگەڕێ ، بۆچی چەپۆکێکی پیا ئەکێشیت و ..لە زەویدا ئەیگەوزێنی و ئەیتلێنیتەوە ؟ ..گوێدرێژێک ..سەگێک ..پشیلەیەک ..بەزاقە ڕووتەیەک ..چۆلەکەیەک ، لە خەیاڵ و لە ژیانی خۆیدا ئەژی و بە تەنیشتتا تێدەپەڕێت ، بۆچی ئازاری ئەدەیت ؟ بۆچی ئەیکوژیت یان کەمئەندامی ئەکەیت ؟ بۆچی ڕاوی ئەنێیت و ..چوار چاوی ئەکەیت و ئەیتۆقێنیت ؟..
بۆچی ڕێ بە ژیانی مرۆڤەکانی ووڵاتەکەت ئەگریت ؟ جارێ ڕێ بە سووتەمەنیەکەیان ئەگریت و ..وا دەکەیت هاووڵاتیان ٢٤ سەعات چاوەڕێی پڕکردنی تانکی ئوتومبیلەکانیان بکەن ..وا دەکەیت زستانەکانیان لە سەرماندا هەڵلەرزن و ئاگردانیان سارد و سڕ بێ ..وا دەکەیت دامەزراندن ببێ بە مافی خواپێداو و دەستڕۆیشتوان و سەدان هەزار لاو لە ماڵەوە بە دڵشکاویی دانیشن ..وا دەکەیت هەزاران لاو سەری خۆیان هەڵگرن و لە دەریاکاندا بخنکێن ..وا دەکەیت لاوانی نیشتمانەکەت لە دژی یەکتریی چەک بکەنە شانیان و یەکتر قەتڵ و عام بکەن ..وا دەکەیت خەڵک لە تاریکی و بێ ئاویو بێ ئومێدیدا ، تووشی هەزارو یەک دەردی دەروونی و جەستەیی بن ..وا دەکەیت مناڵان نەتوانن جلی جەژن بکڕن ..
بۆچی ڕێ لە موچە و قوتی هاووڵاتیان ئەگریت ؟ جارێ لە قۆڵی موچەوە و ..جارێ لە قۆڵی گەنم و دانەوێڵەوە و ..جارێ لە قۆڵی تەنگژەی سیاسی و هەرێمیەوە ..ئاخر لە هەموو سەردەمەکاندا کە سەگ و گورگ فەرمانڕەوایی ئەم خەڵکەیان کردووە ، کەسیان ڕوویان نەهاتووە و شەرمیان کردووە لەوەی ڕێ بە موچەی مامۆستا و فەرمانبەران بگرن ..خراپترین فەرمانڕەوا لە مێژووی مرۆڤایەتیدا پێی نەنگیی بووە ڕێ بە کاروانی موچەی فەرمانبەرەکانی بگرێت و بیبا بۆخۆی و ..مانگیان لێ بکا بە شەست و حەفتا ڕۆژ ..
عەیبە ..عەیب ..فەرمانبەران و کاسبکارانت لە ڕاسته شەقامی ژیاندا ڕاگرتووە و ..بە چاوی لە مۆلەق ڕاوەستاوەوە تەماشای قوتی ڕێپێگیراویان ئەکەن ..نازانن بە چ هاوارێ داوای مافی دزراویان بکەن ..نازانن بە چ قیژەیەک بچن بە گژتاندا ..نازانن چ جۆرە تفێک هەڵبدەن ..نازانن ئەمە ڕاستیە یان خەون ..نازانن چۆن بە گژ ئەم ڕێگرانەدا بچنەوە چونکە لە مێژوودا ڕێگریی لەو جۆرە ڕووی نەداوە هەتا پەند و بەرنامەی لێ وەربگرن ..
هەر بۆیە ئەم ڕێلێگرتنانە ئەیسەلمێنن، ئێوە نەک هەرکورد نین ، بگرە سەربە تیرەی مرۆڤ نین و ..دڕندەیەکی دروستکراوی وەک ڤایرۆسی کۆرۆنان ..ئێوە دروستکراون ، فوو دراون ..میوتەیشن و لێکدراوی کڕۆمۆسۆمەکانی کەمتیار و شەیتانن ..ئێوە مێژووی مرۆڤایەتیتان توشی شۆک کردووە و نازانێ بەچ زاراوەیەک ڕیکۆردتان بکا ..ئێوە ڕووی دڕندە و دژە مرۆڤ و دژە ژیانەکانی مێژووی مرۆڤایەتیتان سپی کرد ..
ئێوە ڕێگرن ..ڕێگر ..




سوتانێ لە جوانی کازیوەدا … شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

بێ هارمۆنیکای عیشقی لەدەستچووت،
سەفەر ناکەم،،
جیهان با لە خەونی قەترانی خۆیدا، شەپۆلبدا..
کەشتی سەرخۆشی من..
لە ئۆقیانوسی ترا تاودراوە،،
هەر ساتێکم تەم و مژو بارانێکە،،
تؤش ڕێگە بە،،،
با ڕەوە پەپولەی ..
ئەرخەوانی کازیوەیەکا،،
بە دەربەندی تەنیاییمدا..
تێپەڕکا،،،
هەر پروشە بەفری تۆیە،،
لەسەر لێوم،،
بریسکەی دێ،،
کە ئەگەمە هەرشوێنێ ،
دارستانێ وەک چاوی تۆ،،
پڕ تەمتومان،،
هاوسەفەرمە،،،
کە ویستگە لە دوای ویستگە،،
بە نێو کەژو گژو گیای جوانیتا ،،
ئەگۆڕم، مەستر ئەبم،،
لەگەڵ زەنگی هەر ڕۆشتنێکت،،
پریاسکەم لە خەووشیعرو..
مانگە شینە بوهەیمیەکان پڕ ئەکەمەوە،،
کە ڕشتەکانی بیرەوەریش ، بە باڵای..
بریسکاوی ئەستێرەکانا هەڵئەواسم،،
ڕەزی فرمێسکی تۆیە،،
تێشووی سەفەری دوور، قەراغ ..
زەریای چاوەڕوانیتە، شەوانی مۆری…
سەرهەڵگرتنم، چەند قەشەنگ بوو،،
وەک پەنجەرەیەک،،
لە پەلکە زێڕینە،،
نیگای ئەفسونت..
بەسەر کازیوەدا ئە کرایەوە،،
کڵپەی ئاگری سپی تەمەن،،
لە کەناری دیدەنیت دائەنێم،
فانوسی دەرنەکەوتنت،،،
لە هەموو بەندەرێک..
هەڵئەگیرسێنم،،،
هەر کە کۆچێکت..
بوە یاداشتی کەلێک..
لە ئاسۆی سەفەرا،،
لە خەوی بەسەرچوو،،
پۆلە فریشتەیەک،،،
لە وشە سرک تر،ئاوی تر
بەڵکو لە چاوانتەوە، بگاتە جێ
سپیتریش، لە گوڵی نێرگز،،،
ئەو خونچانەی..
لە مەنزڵگەی چاوەڕوانی، زیاتر..
پەلەی لە ئامێزگرتنی بەهاری بوو،
تا ئەبەد ناگا،،
کڵپەی مراویەکانی حەزیش، ،،
لە نەگەیشتن بە شنەبای هەناسەت..
ڕۆحیان دەرچوو،،
کە مەرگیش ، بە پێچەوانەی..
میلۆدیای کۆچی سەر کەناری من…
تاوی ئەسپەڕەشەکانی..
قەراغ زەریای ناهۆشیاری..
مرۆڤە خەیاڵاویەکان ئەدا،،،
من لە هەورە گرمەی تۆقینەری..
ڕۆحی یاخی ئەتلامەوە،،،
بەڵام مەرگ..
شکۆی لە زۆری قوربانیەکانیدایە،،
شەختە دڵی تەنیاییش،،
هەر کاتێک،،،
تیرە ئاڵتونیەکانی عیشق،،
کەوانی ئاوازی عەشقی..
لەدەستچوو جێ دێڵن،،،
لە بەندەری چاوەڕوانیدا با بتوێتەوە،،
تەنانەت تیرێکی…
نێو تاریکی جێهێشتنت…
ئاسکێکی ناو چاوی شەوەزەنگ ناپێکێ،،
بەڵام بڕیار ئەدەم،،
گەر ئەمجارە فڕیمەوە،
بە باڵی شیعری سرک و بزێو،،
وەک هەڵۆیەکی یاخی..
لە نسکۆی شکستی زەمین،،،
باڵەکانم ناکەمەوە،،،
لە بەرزترین ئاسۆدا،،
کەوتنە خوارەوە بەهای هەیە،،،
مەرگ بە شکۆی تەنیایی و جێ هێشتن..
و ڕژانی فرمێسک و ژاکان و ئەشکەنجەوە خۆشە،،،
بە فریشتە لاسارە ..
باڵ سوتاوەکانی پەرادیس ئەڵێم،
بۆ لێرە بوین، بۆ تەنیا بوین، بۆ چاوەڕێ بوین ؟؟؟
لە ژینێک، وەک بیابان،
نە سەرەتا..
نە کۆتا،،
پەیمان بێ، ،،
کە بە زنجیری ڕەشی دۆزەخیشا..
جەستەی کڵپەو تۆفانیان هەڵکێشام،،،
هەر قاقام بە یاریە بێ هودەییەکانی خواوەندە..
دڵ مسەکان بێ،
بەڵام من بە بریسکانەوەی..
خوێنی سەر خاچی شیعری خۆمەوە جوانم،،،
هییچ ناسڵەمێمەوە،،،
واز لە خوێنی ڕژاوی..
یەک دڵۆپە شیعری یاخی و..
بەدنەفرەتی دۆزەخیشم ناهێنم،،،
من بە گڕ و کڵپەو پشکۆی جەهەنەمی خۆمەوە قەشەنگم،،
لە سوتانی سوتماکی زومردی..
رۆح و جەستە ،،
هەزاران جار،،،
وەک سیمرخی ئاگر،
ئەگەمەوە قەڵای بڵندی خۆرسوتان،،،
بەڵام لۆژیکێک هەیە،،،
مرۆڤ هەرگیز ..
نابێتە هەڵۆ، مەرگیش..
ناهێڵی شکۆی کەوتنەخوارەوەی…
فڕینێکی مەزنی شایستە بێ،،،
بۆیە ڕۆحسوتان لە کازیوەیەک..
تاکە فریادڕەسە،،
ئای چی سیحرێکە،،
چی ئەبەدیەتیەکە،
لە دەربەندی ئاڵتونی پایزێکا،..
خۆسوتانێک…
لە جوانی کازیوەیەک،،
لە ئەفسوونی…
قەراغ زەریایەکا.

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەر
(Mabel Amber)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




مانیفێستی عەشق- بەشی پانزە- تێکست: ستیڤان شەمزینی

نیگام بکە لە رۆحی ئەفسانەکانەوە هاتووم
ئەمەوێ بتخەمە ناو حکایەتەکانی ئەشقەوە


بڕیارمدا زۆر دوور بڕۆم، زۆر دوور دوور رۆیشتم
کەچی هێشتا لە سنووری دڵی تۆ دەرنەچووم


تۆ چ موعجیزەیەکت؟ ساتێک لێوت خستە سەر لێوم
دەمم پڕبوو لە شیلەی ئەشق و
رۆحیشم تەژى بوو لە هەنگوینی شیعر


یادکردنەوەی ئامێزی گەرمت، تەنیا فرمێسک دەخوازێ
هەروەک چۆن زەوی بێروون شەستە بارانی پێویستە


بزانە من چۆنم؟
هەر کاتێک دەرگای خەونەکانم لێ دائەخەیت
لە پەنجەرەی خەیاڵەکانەوە دێمە ژوورەوە


بیرت ئەکەم
چیترم لە دەست نایەت جگە لەوەی لە شیعرێکدا بتنووسمەوە
چیترم لە دەست نایەت جگە لەوەی لە خەونێکدا بتبینمەوە


تووڕە مەبە لە سەرشێتییەکانم
ئاخر ئەوینت ئاگرێکی لە ناخمدا کردۆتەوە ئەبەد ناکوژێتەوە


کە تۆم ون کرد لە هیچ شوێنێک بۆت ناگەڕێم
چوونکە لەناو دڵی خۆمدا ئەتدۆزمەوە


تۆ ئاسمانێکی ئەوەندە فراوان و بەرینی
هەرچەند دوور بفڕم هێشتا لە تۆ نزیکتر ئەبمەوە


بڕیارێکی گرنگم بەدەستەوەیە
بڕیاری ماڵئاوایی لەهەموو شتێک، تەنیا ئەوینی تۆ نەبێت


مەرگ هیچ کات دەرەقەتم نایەت
چوونکە شەرابی نەمریی ئەوینی تۆم نۆشیوە


مردن لەبەر من هەڵدێ
چوون پەیمانی ژوانێکم لەگەڵ تۆ بەستووە


دووری تۆ، گوزارشتێکی جوگرافی نییە
دووری تۆ، گوزارشتێکی رۆحییە


زۆر سەیرە کە نابینیت
لە دڵی تۆدا وەک مەسیح لە خاچ دراوم!!


ئەی “شەم”ی من
تۆ دۆزەخی هەزاران “وەلی” وەک منیت


ئەی “جولێت”ی من
تۆ ئاسمانی هەزاران “رۆمیۆ”ی برینداری وەک منیت


لە کۆتاییدا هەموو شتێک لەناو دەچێت
تەنیا ئەشق دەمێنێتەوە، ئەشق!!!





تارمایی … ستار ئه‌حمه‌د

شه‌و به‌دیار بێداری مه‌رگه‌وه‌ نووچ ئه‌ده‌ی
به‌یانی تابلۆیه‌ك بۆ سبه‌ی ده‌كێشی
من له‌به‌ر ئاوێنه‌ی ته‌ڵخه‌وه‌
ده‌له‌رزم بۆ چاوی داهاتوو
تۆش هه‌نیه‌ی ئه‌ستێره‌ ده‌تاشی و
ده‌بیته‌ شنه‌ی ردێنی داری توو
شه‌قامێك له‌تاریكی
ده‌مپێچێته‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌و دیوی گوزارشت
تاوێك له‌وشه‌م ده‌ئاڵێی
نه‌له‌پاڵ مردنا گوزه‌رێ‌ تێمده‌گات
نه‌گه‌رمی هه‌ناسه‌ت
ده‌مخاته‌ سه‌مای حه‌ق
ئه‌زموونی باڵدارانم فێركه‌
ده‌مه‌وێ‌ بفڕم و
له‌لانه‌ی ته‌رزه‌دا
ماڵێكم هه‌بێت بۆ مه‌ودای سره‌وتن
نیگات له‌سروه‌ی شه‌ماڵدا
ده‌روازه‌ی ژیانی بێنه‌وام داده‌خا
دێمه‌وه‌ بۆ كه‌نار ئه‌و رۆحه‌ی
له‌تیشكی تابلۆدا
له‌ره‌نگی تاریكی بێزاره‌و
به‌ده‌نگی شه‌قژنت ئاشنایه‌
سه‌رابی كڕێوه‌ت
ژووره‌كه‌م ده‌كاته‌ ژوانگه‌ی مه‌رگه‌زێ‌
ناوێك نابینم بۆ پێناسه‌ت
رێگایه‌ك نامباته‌ هه‌ودای ره‌هابوون
له‌پاڵ شیعرێكی رزاوا
له‌نێو پاییزه‌ په‌یڤ و
رسته‌ی بێحه‌رفا
سپێده‌یه‌ك نابێته‌ هاوخه‌مم
ئه‌م دێڕی ئه‌لبوومی ئه‌وینه‌
له‌نێو هه‌ژانی یادگارما دیاره‌
زاراوه‌ی ته‌نیایی و
ئه‌دگاری وه‌رین و هه‌ڵبوونه‌
وێنه‌یه‌ك دیوارێ‌ رامووسێ‌
ته‌مومژ چوارچێوه‌ت ره‌نگده‌كا
ده‌بیته‌ تێكه‌ڵه‌ی به‌فرو خوێن
من پێكی ژه‌هری خۆر
به‌رۆحم ده‌پێوم
تۆش ئاڵای تاریكی هه‌ڵده‌گری
نه‌با نه‌خشه‌ی سینه‌ت ده‌سڕێته‌وه‌
نه‌له‌گه‌ڵ هوزانی به‌رداشا
بۆ خه‌می لوتكه‌یه‌ك
له‌كاڵای تارمایی چیایه‌كا ده‌مری..!

ستار ئه‌حمه‌د




دوو نەخۆش دەیانەوێ چارەسەری نەخۆشی سێیەم بکەن..نووسینی:خـیرالـلە خـیرالـلە – و: رەزا شوان

مینێکی ئێرانی بە تەنگەی عـێراقەوەیە، کە ناوی حەشدی شەعـبی یە.

نازانرێت ئایا شتێک لە لوبنان دا دەمێنێتەوە، دوای ئەوەی کە ئێران وێـرانی کرد.

تورکیا هەناسە بـڕکێیەتی بە دوای خەیـاڵپڵاوی سەرۆکەکەیدا، کە پێی وایە داهاتووی ناوچەکە لە بیری ئیخوانەکـان دایە.
ئێران پێویستی بەوە هەیە، کە بگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتێکی ئاسایی. ئەوەی لەسەر ئێران جـێبەجێ بکرێ.. پێویستە لەسەر تورکیاش جـبەجێ بکرێ.

دوو نەخۆش ناتوانن چارەسەری نەخۆشی سێیەم بکەن. لەوە زیاتریان پێ ناکرێت کە نەخۆشییەکانیان بۆی بگوازنەوە. ئێران نەخۆشە، بەر لە هەموو شتێک رەتی دەکاتەوە کە ببێت بە وڵاتێکی ئاسایی و دان بە نەخۆشییە هەمەجۆرەکانیدا بنێ کە تووشی بوونە.
دەشێ دانانێکی لەم شێوەیە، ببێت، بە هەنگاوێکی باشی یەکەم لە رێی چارەسەرکردنی راستەوخۆدا، کە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی بە ملهـوڕی و کەلەڕەقی رەتی دەکاتەوە.
تورکیاش رێی ئێرانی گرتـۆتە بەر، لە میانەی راکردنی بە دوای خەیـاڵی پووچـدا، کە ئەقـڵي کەسێکی وەک رەجەب تەیب ئەردۆگان دروستی دەکـا، بە داخاوە کە پێی وایە ئایندەی ناوچەکە لە بیری دواکەوتوو و کۆنەپەرستیی (اخوان المسلمین) دایە.
ئەردۆگان لەو بڕوایە دایە، ئایدۆلۆژیای (اخوان المسلمین) رێخۆشکەرە بۆ گەڕانەوەی شکۆداری دەوڵەتی عوسمانی. نازانی کە ئەم بیرۆکەیە، کورتـرین رێگایە بۆ گۆڕینی تورکیا بۆ دەوڵەتێکی دواکەوتـووی داخـراو. لە جیاتی ئەوەی کە ببێت بە دەوڵەتێکی نموونەیی و هەموو ناوچـەکە چـاوی لێـبکەن.
ئەم دوو نەخۆشە، ئێران و تورکیا، ناتوانن هیچ چارەسەرێک پێشکەش بە نەخۆشی سێیەم بکەن، ئەویش لوبنان و سوریا و عـێراقـن، تەنیا ئوردن نەبێت، کە سەرەڕای ئەو هەموو کێشە ئابوورییانەی کە هەیەتی، لە دەرەوەی بازنەی نەخۆشی دایە. دوای ئەوەی کە لە ساڵی (١٩٨٨) دا، لە رۆژانێکی هـاوشێوەی ئەمڕۆدا، ژیـرانە لەگەڵ راستییە تازەکانی ناوچەکەدا مامەڵەی کرد. زوو شای ئوردن خۆی دوورخستەوە، شا حوسین بڕیارێکی دەرکرد، کە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرەی رۆژئاوا (الضفة الغربیە) ی فەلەستین، نامێنێ و لە ئوردن جیای کردەوە. کە ئیسرائیل لە ساڵی (١٩٦٧) دا داگیری کرد. نەیـویست ببێت بە دیلێکی راستەوخۆی ملمانێی نێوان فەلەستین و ئیسرائیـل، کە زانییان ئەم کێشەیە، بەم نـزیکانە چـارەسەر ناکـرێ.
ئێرانی نەخۆش چی لە عـێراق و سوریا و لوبنان کرد. کە هەموویان دەوڵەتی نەخۆشن؟ هەموو ئەوەی کە کردی و هـێشتاش لەعـێراقـدا هەر دەیکا. لەو کاتـەوە کە ئەمریکییەکان، لە سەردەمی جـۆرج بۆشی کوڕدا، لە ساڵی (٢٠٠٣) دا، لەسەر سینییەکی زیـوینـدا دایـان بە دەست ئێرانەوە. کە بریتییە لە ورووژانـدنی رەمـەکی مەزهەبی. لەو بڕوایەدا بوو، کە رەمەکی مەزهەبی پێگەیەکی ئاینی هەمیشەیی بۆ دابین دەکات لەم وڵاتـە سەرەکییەی ناوچەکەدا، وەک قـووڵییەکی گرنگ بۆ دەوڵەتاـنی کەنـداو دەمێنـێتەوە.
ئێـران گـرەوەی لەسەر ئەوە کرد، کە عـێراق بکات بە پاشکـۆی خـۆی، لە رێی میلیشیاکانەوە، کە لە (الحشد الشعـبي) ی پێکهاتووە، لە هـاوشێوەی (الحرس الثـوري: پاسدارانی شۆڕش) لێی دەڕوانن. کە لە ئێراندا بە راستی کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان کردووە.
حەشدی شەعـبی، کۆمەڵێک میلیشیای ئاینین، کە سەرکردەکانیان فەرمان لە ئێرانـەوە وەردەگرن و بەرژەوەنـدی و داخوازییەکانی جـێبەجێ دەکەن و دەپارێـزن. ئێران لەو قەناعەتەش دایە، کە ئەمە بەس نییە بۆ دەستگـرتن بەسەر عـێراق و شیعەی عەرەبی عـێراقـدا، کە لە دژی راپەڕین و خۆپێشاندانی ناڕەزایی سازدەکەن، لە دژی پرۆژەکەشی کە هیچ ئاسۆیەکی دیاریکراوی نییە. بەڵەگەش (مستەفـا کازمی) کە لە پێگەی سەرۆک وەزیرانی عـێراق دایە. ئەگەرچی ئەم پیاوە بەربەرەکانی ئێران ناکا و بە هەنـدێ رێگا و کەناڵەوە، پەیوەنـدی لە گەڵیانـدا هـەیە. بە دڵنیاییەوە کە کارەکان بۆ پەرپرسانی ئێران بگەڕێنەوە و پێیان بکـرایە، مستەفـا کـازمی لەو پێگەیەی ئێستای نەدەبـوو.
عێـراقی نەخۆش دەیەوێ نەخۆشییەکەی چارەسەر بکا. بەر لە هەموو شتێک دەزانێ کە نەخۆشە، دەشزانێ کە یەکەمین هەنگاو، هەنگاو و بە هەنگاو گەڕانەوەی بوونی و دامەزراوە عێراقـییەکانە. بێ ئەوەی پەنا بۆ توندوتیژی بەرێت لەگەڵ حەشدی شەعبی، کە لەوە زیـاتر نییە، کە میـنێکی ئـێرانییە بە تەنگـەی عـێراقـەوە.
عـێراق هەنـدێ ئومیدی هـەیە.. بابـزانین ئایـا لەسەر زەوی راستـیدا دێتەدی، ئەویش ئەرێنییەکانی دوای هەڵـبژاردنە دەستوورییەکانە، کە بڕیـار وایە لە مانگی (یـۆنیـۆ) ی (٢٠٢١) دا بکریت. ئایا ئەو کـاتە دەکـرێ عـێراق بگەڕێتەوە و لەو نەخـۆشیـیانە رزگـاری ببێت، کە لە ئێرانـەوە بـۆی گوازراوەتەوە. کە هەریەکە لە بەڕێـوەبەڕێتی جۆرج بۆشی کوڕ و بـاراک ئۆبـاما بەشدارییان لە بڵاوکردنەوەیـدا کرد.
لە عـێراقـدا، بیرۆکەی رزگاربوون لە چەکدارنی میلیشیایی و مەزهەبی، لە بەرژەوەندی چەکـداری دەوڵەتی دا، لە پەرە سەنـدن دایـە.
سـوریا و لوبنـان نوقـمی نەخۆشییەکانیان بـوونە، کە لە لایـەن ئێرانـەوە تێر خـۆراک دەکـرێن، لە میانـەی سیاسەتێک بـۆ لەنـاوبـردنی یەکجـاری ئەم دوو دەوڵـەتە. ئێران پشتگیری لە مانەوەی رژێـمی کەمایەتی مایەپـووچی سوریا دەکا. کە بە هیچ کلۆجێک داهـاتووی نییە، تەنها ئەوە نەبێت کە بە یەکجاری هەڵـبوەشێنرێتـەوە.
لە لوبنان دا، دەوڵەتێک نییە کە لە ژیانـدا بوونی هەبێ. ئێران سوورە لەسەر ئەوەی، وەکو وەرقەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی ئێستای ئەمریکا بەکاری بهێنێت.
بارودۆخی لوبناـن لە ئاستێکی خـراپ دایـە. تا ئەو رادەیـەی کە لە سەرۆک کۆمـاری لوبنـان (میشال عـۆن) یان پرسی، وڵات بەرەو کوێ دەچـێت؟ وتی:”بێگومـان بەرەو دۆزەخ دەچـین” لە راستـیدا دامەزراوەکانی دەوڵـەتی لوبنان لاواز و بێ دەسەڵاتـن.
نازانرێت ئایا لە لوبناندا شتێک دەمێنێت. دوای ئەوەی کە ئێران وێرانه کرد. ئێران لەو بڕوایە دایە بە دەستهـێنانی سەرکەوتن بەسەر لوبنانـدا، بەسەر ئەم وڵاتـە بچووکـەدا، دەیخاتە دۆخ و هەڵـوێستێکی باشترەوە، لە هەر گـفتوگـۆیەک لەگـەڵ ئەمریکـا دا.
ئەی دەربـارەی نەخـۆشی ئێستای تورکیا؟ ئەم نەخـۆشە لەو بـڕوایە دایـە، کە رۆڵی داهـاتووی لە ناوچەکەدا دەبێت، دەـتوانێت سوود لە نەخۆشییەکانی دەوڵەتـانی تر وەربگرێ. کێشەی ئەم نەخۆشە، کە بوونی لە سوریادا بە لاوە بنێین، نەیتوانیوە کە پەیوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ هیچ لایەنێکی ناوچەیی دا بنیات بنێ. نازانێ کە دەبێت لە چی سنوورێکـدا دەبێ لێی بوەستێ. لەوانەیە کێشەی سەرەکی ئەوەبێ، نـازانێ کە ئەزموونێکئ سەرکەوتووی نییە، تا پێشکەشی دەوڵەتانی تری بکا. ئەردۆگان چوو بۆ لیبیا، دەتـوانێ چی پێشکەش بکا..؟ تورکیا چی رۆڵـێکی لە لیبیادا هـەیە..؟ لەو رۆڵە زیاتر کە لیبییەکان و ناوچەکانی لیبیای لە یەکتری دابڕین و یارمەتی رێکخراوە چەکدارە تونـدڕەوە بەکرێگـیراوکان بـدا؟
تورکیا لە جیاتی ئەوەی کە ببێ بە هاوسێیەکی باشی یۆنـان و قوبـرس، کەچی گێچەڵ بەم دوو دەوڵتە بێوەی و ئارامە دەکا، کە بەرپرسەکانیان لە پێناوی داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلەکانیان، لە چوارچێوەی یەکـێتی ئەوروپاـدا هەوڵـدەدەن.
یەکێتی ئەوروپا، یارمەتی یۆنان و تورکیای دا، بۆ ئەوەی کە کێشەی قووڵی ئابووریان تێپەڕێنن. بەڵام تورکیا بێ ئەمەک دەچوو، رەتی دەکاتەوە کە بە دروستی رەفـتار بکا. لە جیاتی ئەوەی کە لە زۆر بواری جیاوازدا، سوودیان لێ وەربگرێ. کەچی پەنای بۆ گێچەڵکردن و ئـاژاوە نانەوە ورووژانـدن و سازش نەـکردن بـردووە.
دەکـرێ (ئایـا سۆفـیا) بکرێتە مزگەوتێکی تری ئیستانبوڵ. کە (ئایـا سۆفـیا) کاتـەدرائی بوو دوایش کرا بە مۆزەخانە.. بەڵام لە دوای ئەمە چی تر؟ لە ورووژاندنی ئەم هەستە چی سوودێکی ئاینی وەردەگرێ لە لای هەندێ خەڵکی سادەی تورکیا نەبێ ؟ لە هەموو ئەمانە گرنگـتر.. تاکـەی ئەمە درێـژەی دەبێـت؟
ئایا رەجەب تەیب ئەردۆگان لەو بـڕوایە دایە، کە ئەو هـەل و کاتـانە بۆ گەڕانەوەی متمانە بە پارەی تورکی (لیرە) دەقـۆزێتەوە. کە رۆژ لە دوای رۆژ لە دابەزین دایە.
دوو نەخـۆش ناتـوانن نەخـۆشی سێـیەم چارەسەر بکـەن. دەبێ هەر نەخـۆشێ یەکەم جار چارەسەری نەخـۆشییەکانی خۆی بکـا.
ئێران پێویستی بەوە هەیە، کە بگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتێکی ئاسایی. ئەوەی لەسەر ئێران پێویستە، هەر ئەوەش لەسەر تورکیا پێـویستە.
نەخـۆش نەخـۆشی پێ چارەسەر ناکـرێت. ئەوپـەری کە بتوانێـت بیکات، ئەوەیـە کە نەخۆشییەکان بگوازێتەوە. ئەمە ئەوەیە کە ئێران دەیکا.. ئەمە ئەوەیە کە تورکیا لە ناوچەکەدا دەیکا.

(*) ئەم بابـەتە لە نووسینی، نووسـەر (خـیرالـلە خـیرالـلە) یە. کە رۆژی چـوارشەممە، رێکەوتی (٢٣/سێپتەمبەر/٢٠٢٠) لە سایتی (میدل ایست اونلاین) دا بڵاوی کردۆتەوە. لە زمانی عـەرەبییەوە وەرمگـێڕاوە بۆ کوردی.

رەزا شـوان
٢٤/ سێپتەمبەر/٢٠٢٠




تێگەی نامۆبوونی منداڵ لە دایک و باوک …مەحمود چاوش

کاتێک منداڵ دایک یان باوکی لێ نامۆ دەبێت، گرژترین و ئاڵۆزترین گرێ (کۆمپلێکس)ی لە ژیاندا بۆ پێکدێت. ئەم دیاردەیە بە سیندرۆم (لێسەرهەڵدانی نیشانەکانی نەخۆشییەک) ی نامۆبوونی منداڵ لە دایک و باوک، کە بۆ یەکەمین جار لە لایەن دکتۆرێکی دەروونناسی ئەمەریکییەوە بەناوی ڕیچارد ئێلن گاردنەر (1) ئاماژەی پێدراوە. بیروڕا و نوسراوەکانی ئەم دەروونناسە گیروگرفتێکی زۆری هێنایە مەیدانی کارکردن لەگەڵ منداڵ و توێژینەوەی نامۆبوونی منداڵ لە دایک و باوک. گاردنەر لەو باوەڕەدایە، کە ئەشکەنجەدان و بەدکرداری و لاقەکردنی منداڵ دیاردەیەکی نوێ و مۆرکی کۆمەڵگەی مۆدێرن نییە، بەڵکو ئەم کردارە قێزەوەنانە لە سەرجەم مێژوودا ئەنجام دراون. گاردنەر لە ساڵانی 1980 بەدواوە بایەخێکی زۆری بە لاقەکردنی منداڵ دا و توێژینەوەی زۆری لەسەر کرد. ئەو پێیوابوو، کە لاقەکردنی منداڵ لەلایەن گەورەکانەوە زۆر لەوە بەربڵاوترە کە باسی لێوەدەکرێت، لە بنەڕەتدا نەک تەنیا بەدکاری و چەوساندنەوەی منداڵان داب و نەریتیکی کۆنە و هەر بەردەوامیشە، بەڵکو لاقەکردنیش لە هەموو کولتوورەکاندا کردەیەکی لاوەکی نییە. ڕێگە و مێتۆدەکانی گاردنەر بۆ پاراستنی منداڵ لەم بەدکارییە بەرەنگاری گەلێک گیروگرفتی تیۆری و پراکتیک لەم مەیدانەدا بۆوە.

لە ڕاستیدا منداڵ بە درێژایی مێژوو قوربانیی گەورەکان بووە. کاتێک دایکان و باوکان دەخزێنە تەنگژەی هاوسەرێتییەوە و ناتوانن درێژە بە ژیانی پێکەوەیی بدەن، ئەوجا بەرەو ڕووی جیابوونەوە دەبن، ئیدی منداڵەکانیان دەبن بە قوربانیی ئەو بڕیارەی ئەوان. لەم بارەدا یەکێک لە دایک و باوک یان هەردووکیان لە منداڵەکانیان نامۆ دەبن، لەم کێشەیەشدا زۆر جار نامۆبوونەکە لایەنی باوک دەگرێتەوە، چونکە منداڵی کەمتەمەن بەزۆری لای دایک دەمێنێتەوە. ئەمە بە سەرەتای نامۆبوونی منداڵ لە باوانی ناوزەد دەکرێت. ئەم دۆخە / هەڵکەوتە خێزانییە (Familien-Konstellation) منداڵ پەرتەوازە دەکات و بە شێوەیەکی شاقوڵی / ستوونی دەیکات بە دوو بەشەوە، ئاخر منداڵ لە ڕووی دەروونی دەبێت بە دوو بەشەوە و ناتوانێت بڕیار بدات لای کام بەشەیان (دایک یان باوک) بمێنێتەوە. منداڵ لێرەدا دەبێت بە قوربانی دوو کەس، کە نەیانتوانیوە چارەسەرێکی ناوازانە بۆ گیروگرفتەکانی هاوسەرێتیان بدۆزنەوە، بەڵکو ئەویان لە ئەنجامی جیابوونەوەی خۆیان سەرگەردان کردووە. کاتێک منداڵ خۆی لەم نابەرانبەرییە خێزانیەدا دەبینێتەوە، دایکی یان باوکی لێ نامۆ دەبێت و هەستی ئەوەی لا نامێنێت، کە ئەو خۆی بەشێکی دانەبڕاوە لەوان. گەر وردتر لەم تێگەیە بڕوانین، دەگەین بەو دەرئەنجامە، کە نامۆبوونی منداڵ تەنیا لە دایک و باوکانی لێکجیابۆوە نییە، ئاخر لە خێزانی پێکەوەیشدا ئەم دیاردەی نامۆبوونە هەیە، هۆکانیشی دەگەڕێنەوە بۆ شەڕ و ناکۆکی بەردەوامی دایک و باوک و بەدکرداری بەرانبەر منداڵ. ڕەنگە ئەم بابەتە لە سنوری ئەم نوسینە دەربچێت و توێژینەوەی تایبەتی گەرەک بێت، لێرەدا دەتوانین ئەوەندە ئاماژەی بۆ بدەین، کە لە پرۆسەی نامۆبووندا و لە هەر بارێکیاندا (جیابوونەوە یان پێکەوەییەکی پڕ ئاستەنگ و ئاژەوە) منداڵ گرنگترین کەسی پەیوەندیدار بە خۆیەوە لەدەستدەدات، جا ئەوە بە شێوەی فیزیکی یان دەروونی (physisch / psychisch) بێت.

ڕوویەکی ترسناکی ئەم دیاردەیە کێشە دەروونیەکانی دایکان یان باوکانی لێکجیابۆوەن، کە منداڵیش دەخەنە نێو باری دەروونیی سەختەوە و پێوەیان دەناڵێنێت. هەندێجار باری دەروونی منداڵ بەرەو ئاستەنگێکی ئەوتۆ دەبات، کە بە نەخۆشییە دەروونیەکانی تراوما و غەمۆکی کۆتاییان دێت. یەکێک لە هۆکانی ئەم بارە سەختە ئەوەیە، کە دایکان و باوکان کە لای منداڵەکانیان بە شێوەیەکی نێگەتیڤ باسی یەکتر دەکەن، ئەو ڕەفتارەیان کۆمپلێکسی/گرێی دەروونی لای منداڵ بەئەنجامدێنێت. ئەمەش نەک لە سوودی منداڵدا نیە، بەڵکو زیانێکی زۆری لێدەدات. هەڵئاوسانی گرفتەکان لای منداڵ لەوەدا بەرجەستە دەبێت، کاتێک منداڵ ناچار بێت لە نێوان دایک و باوکدا وەفاداری و مەیل بۆ یەکێکیان دەرببڕێت و پەیوەندی بەرانبەر یەکێکیان نەرێنی بکات (بە شێوەیەکی نێگەتیڤ بڕوانێتە یەکێک لە دایک یان باوکی، ئەم بارەش بەزۆریی بەسەر باوکاندا دەشکێتەوە). ئەمەش جۆرێک لە تاوانبارکردن لای منداڵ بەرانبەر باوانی دروستدەکات، چونکە منداڵ پێیوایە کە باوک بووە بە هۆکاری کێشە و ئاستەنگە هاوسەرییەکانی (نێوان دایک و باوکی / نێو خانەوادەکەیان). لەم ڕەوشەدا دایک و باوک منداڵەکانیان بۆ مەبەستی تایبەتی و کەسی خۆیان بەکاردەهێنن، ئەمەش بە جۆرێک لە بەپڕۆگرامکردنی نامۆبوون لای منداڵ دادەنرێت. دایک و باوک خۆیان وێنەیەکی نێگەتیڤی ئەوتۆ بە منداڵ دەگەیەنن، کە ئەویش بڕیاری ئاڕاستەدانی پێکەوەژیان بۆ یەکێکیان بدات. ئەم پنتە سەرەتای نەمۆبوونی منداڵە لە باوانی و نیشانەی (Symptom) ی نەخۆشیە دەروونیەکانیش لای منداڵ بەڕوونی سەرهەڵدەدەن. ڕێچکەی نیشانەکانی نەخۆشیە دەروونیەکان بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەسەختی دیاردەکەون. ئەمەش بە پڕۆسەیەکی گەلەک هێواش و پڕئازاردا دەگوزەرێت، بە تایبەتی لای مناڵان. لە هەمووی سەمەرەتر ئەوەیە، کە دایکان و باوکان هەست بەوە ناکەن، کە ئەمان خۆیان بوون بە هۆکاری ئەم ئاستەنگە خێزانییە. هەندێجار دایکان و باوکان خۆیان بە قوربانیی ئەم باروجۆخە دەزانن و یەکتری بە شێوەیەکی ئاشکرا و نەویست نەفرین / ڕەفز دەکەن.

گەلێک لە پسپۆڕان و دکتۆر و چارەسازانی دەروونی (Therapeut)، کە لەم پڕۆسەیەدا بەشدار و پەیوەندیدارن، لە دیاریکردنی (دەستنیشانکردنی) نەخۆشیەکاندا بەرەنگاری سەختی و ئاڵۆزیی نەخۆشییە دەروونیەکانی دایکان و باوکان یان منداڵان دەبنەوە، ئاخر لە سەرەتادا ئەم نەخۆشیانە زۆر دژوار و نادیارن، تەنانەت دایکان و باوکانیش نازانن، کە دوچاری خۆشی دەروونی بوون. لەم بارەدا نەک هەر منداڵ، بەڵکو دایک و باوکانیش دەبێت چارەسەری دەروونی بکرێن (3).

نیشانەکانی کۆمپلێکسی نامۆبوون لە منداڵدا

لە سەرەتادا دەبێت ئەوە بوترێت، کە منداڵ پێیخۆشە بە خۆشەویستی دایک و باوک و لە باوەشی ئەواندا پەروەردە و گەورە بکرێت. لێ کاتێک دایک و باوک بەبێ پرس و ڕای منداڵ لە یەکتر جیادەبنەوە، ئەویش دەبێت بێئارەزوومەندانەی خۆی بەلای یەکێکیاندا بچەمێتەوە، واتە دەبێت بەناچاری بڕیار بۆ لایەنێکیان بدات). منداڵ چ لە ڕووی جەستەیی (physisch) و بە چ دەروونییەوە (psychisch) دەکرێت بە دوو بەشەوە بەبێ ئەوەی خۆی لە هۆکارەکانی تێبگات. ئاخر منداڵ ناتوانێت لەو تەمەنەدا بڕیارەکانی بە شێوەیەکی ناوازە بدات، بۆیە دەکەوێتە نێوەندێکی قەدەرئاساوە و سەرگەردان دەبێت. تا تەمەنی هەرزەکاری و گەنجێتی ئەم بارە دەروونییە دەبێت بە بەشێکی نەپچڕاوی ژیانی ڕۆژانەی ئەو و پێوەیان دەناڵێنێت، لێ منداڵ هاوکات نزیکترین و گرنگترین کەسە پەیوەندیدارەکانی ژیانی لێ نامۆ بوون. نیشانەکانی ئەمەش لە هەڵسوکەوتی منداڵەکەدا، جا لە فێرگەدا بێت یان لە کۆمەڵگەدا، دەردەکەون. زۆرجار ئەم منداڵە دوورەپەرێز دەبێت و ناخوازێت پەیوەندیی بە کەسانی دەووروبەریەوە هەبێت. هەندێک منداڵ ئەم بارە دەروونییە بە شەڕانگێزی و جۆرێک لە ئەگرەسیڤێتی (هەڵمەتبەری) دەردەبڕن.

کاتێک هەندێک کولتوور بەتایبەتی یان هاوکات چارەسەری نەریتی، بۆ نموونە سوڵحی خانەوادەیی و عەشایەری، لە کێشەی یان ئەگەری جیابوونەوەی دایک و باوکدا بەگەڕدەخەن تا ڕێ لە گۆڕانکاریی نالەبار بۆ خێزان و منداڵان بگرن، ئەوا زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی وڵاتانی خۆرئاوا، جیابوونەوەی فەرمی هاوسەرایەتی بە پڕۆسەی یاسایی، واتە لە دادگاکانی باری کەسی و خێزانیدا و بە هاوتەکی پسپۆڕانی تایبەتی خیزان بەئەنجام دەگەیەنن. ئەم پسپۆڕانە ڕاپۆرت و شیکاری تایبەتی لەسەر بارودۆخی خێزانی و لایەنە دەروونییەکانی منداڵانی نامۆبوو بە دایک و باوکانیان ئاڕاستەی دادگاو دادوەران دەکەن و لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتانە بڕیار و دوائەنجامی دادگایی لەسەریان دەدەن. لە دادگای مۆدێرندا پرس بەمنداڵ و و بیروڕای ئەویش وەردەگیرێت، لەڕابردوودا ئەمە پراکسیس نەکراوە. دادوەر لەپاش ئەوەی بەرودۆخی خێزانی هەڵدەسەنگێنێت، دوابڕیاری خۆی بەتاکی یان بەکۆ لەگەڵ دادوەرانی تردا بەشێوەی فەرمی لەسەر دابەشکردنی بەرپرسیارێتی و سەرپەرشتی منداڵ بۆ دایک و باوکان ئاشکرا دەکات پسپۆڕانی ئەم بوارە (تایبەتیی بۆ کاروباری خێزان) سورن لەسەر ئەوەی، کە بیروڕای منداڵیش لەم پڕۆسەیەدا (لە پرۆسە دادوەرییەکانی جیابوونەوەی دایکان و باوکاندا) وەربگیرێت و سەنگێکی زۆریشی بۆ دابنێت، ئاخر زۆر منداڵ لە لایەن یەکێک لە دایکان و باوانیانەوە بە شێوەیەکی نێگەتیڤ چەواشە دەکرێت و بەلایەنی یەکێکیاندا ڕووکێش دەکرێت. تەنانەت لە زۆرینەی دادگەکاندا دایک و باوکان دەکەونە درۆکردن و ڕاستییەکان لە دادگە یان دادوەر دەشارنەوە. لەم بارەدا بڕیاردانی دادگە و دادوەران و سەرپەرشتی بۆ منداڵانیش دەکەوێتە گێژاوێکی سەختتر، ئاخر لە سەرئەنجامی ئاڵۆزی ئەم بڕیاردانەدا دادگەکان دایکان و باوکانی جیابۆوە دەنێرنە لای پسپۆڕانی دەروونی بۆ چارەسەری دەروونی (Therapie). ئەم لایەنی چارەسەرکردنە ناودەنرێت پسیخۆتێڕاپی (Psychotherapie)، واتا چارەسەی ژیانی ناخەکی / دەروونی. پسپۆڕانی ئەم بوارە لەسەر ئەوە کۆکن، کە هەردوو لایەن (دایکان و باوکان) چارەسەری دەروونی بکرێن، بە منداڵەکانیشیانەوە، ئاخر هەموو لایەنە بەشدارەکانی ئەم پڕۆسەیە لەژێر بارێکی دەروونی سەختدا دەژین و پێویستیان بە چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە. منداڵی نامۆبووش دەبێت بە زووترین کات لە لایەن پسپۆڕانی ئەم بوارەوە چارەسەر بکرێت، لێ کاریگەری زۆری لە تەواوی ژیانیدا دەبێت و جێماوەی دەروونی ساڵانێکی زۆر دوای جیابوونەوە بە کاراکتەر و هەڵسوکەوتیەوە دەبینرێت (لە سەرەتادا باس لە نەخۆشیەکانی تراوما و شیزۆفرێنی کراوە).

منداڵانی کەمتەمەن دەبێت ڕاستەوخۆ لە دوای جیابوونەوەی باوانیانەوە تێڕاپی دەروونی بکرێن، ئاخر ئەوان بە نەبوونی ئەم چارەسەرە لە تەواوی ژیانیاندا بە ئازاری سەختی ئەم دیاردەیەوە دەناڵێنن. ڕەنگە هەندێک وا بیربکەنەوە، کە بە گەورەبوونی منداڵ و پڕۆسەی ژیانی ئەم تراومایە کەم ببێتەوە و تەنانەت نەمێنێت، لێ ئەم بیرکردنەوەیە نەئاوێزانە و خەیاڵێکە. ڕەنگە ئەم نامۆبوونە لە هەندێک منداڵدا بەو شێوە سەختییە ڕوونەدات و بارە دەروونیەکانیشی هێورتر بن لە منداڵێکی تر، بەڵام ڕاوێژ و چارەسەر دەبێت لە هەموو بارەکاندا بەئەنجام بگەیەنرێت. یەکێک لە پنتی کێشەکانی نێوان کەسانی یاسایی و پسپۆڕانی دەروونناسی ئەوەیە، کە ئایا منداڵی لێکجیابۆوە و نامۆبوو لە باوانی سەردانی هەردوولا بە یەکسانی بکات یان تەنانەت لە لای هەردوولا بەیەکسانی بژی. ئەم پرسیارە تاکو ئەمڕۆ پنتی ناکۆکی و دەمەقاڵێیە.

دەبێت ئەوەش بوترێت، کە لە پڕۆسەی جیابوونەوە و تەنگژە هاوسەرییەکاندا هەندێک دایک و باوک گۆڕانێکی خۆویست یان خۆنەویستی ئەوتۆ بەسەر باری دەروونییاندا دێت، کە لە کۆتایدا، بە زمانی میتۆلۆژی ببێژین، دەبن بە جۆرێک لە دێو و درنج (Monster)ی ئەوتۆ، کە هەندێک جار کاردانەوەی دڕندانە و تۆقێنەر بەرانبەر یەکتر، تەنانەت بەرانبەر منداڵیش، دەنوێنن. گەرچێ دەشێت دایک و باوک بەزۆری لە کۆتایی ناکۆکییەکانیاندا جیابوونەوە قبووڵ بکەن، تەنانەت لەو لایەنەشدا کۆک بن کە بۆ نموونە باوک بەپێی کاتی خۆی منداڵەکانی ببینێت، سەرەڕای ئەوە دەشێت ڕووبدات کە باوکی جیابۆوە ژنی خۆی لەناوببات تەنانەت هەندێک جار دەستی بچێتە منداڵەکانییەوە. یان ڕوودەدات کە دایکان لەو بارە سەختە دەروونییەدا منداڵی خۆیان دەکوژن و هەندێک جار کێشەکە بە لەناوبردنی خۆشیان کۆتایی دێت. ئەم دیاردانە لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا ڕوودەدەن. دیارە هۆکارەکانی جیابوونەوەی هاوسەری ژن و مێرد زۆرن و لە بازنەی ئەم نووسینە دەردەچن. ئەوەی بەڕوونی دیارە، کۆمپلێکسە کۆمەڵایەتییەکان، ئاڵۆزی ژیانی مۆدێرن، ئیندیڤیدوالیزم (تاکگەرایەتی) و نەبوونی تۆلێرانس (چاولێپۆشتن و بەخشندەیی بەرانبەر کەسانی تر، بەتایبەتی لە هاوسەرایەتیدا) هەندێکن لە هۆکارەکانی جیابوونەوەی دوو مرۆڤ، کە لە سەرەتای هاوسەرێتیاندا بڕیاری پێکەوەژیان و پێکەوەنانی خێزانێکی بەختەوەریان خواستووە. لە ڕاستیدا کۆمەڵگەی مۆدێرن گەلێک ئاستەنگ و گرفتی کۆمەڵایەتی لە هەناوی خۆیدا بەرهەمدێنێت، کە یەکێک لە دیاردە هەرە دیارەکانی سنوری ئەم ئاستەنگە داپچڕانی پەیوەندییە خێزانیەکانە (جیابونەوەی هاوسەرێتی) و لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و گەلێک گرفتی تری ئەم کۆمەڵگانەن. ئێمە دەتوانین کۆمپلێکسی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و بە ئیندیڤیدوالیستبوونی مرۆڤەکان و نەبوونی تۆلێرانس بە هۆکارەکانی جیابونەوەی هاوسەرێتی ناوزەدبکەین. خۆپەرستی و خۆپەسەندی و نارسیسزم (Narzissmus) پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان سنوردار دەکەن و دابڕان و گەلەک ئاستەنگ و گرفتی کۆمەڵایەتی بەرامبار کۆمەڵگە دەخەنەوە. لە کۆتایدا پێم باشە چەند ئامۆژگاریەکی ئینگرید یۆپە (2) لە کتێبی (منداڵانی بە کارەکتەر)دا لە ئەڵمانیەوە وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی و وەک سیتان وەربگرم. یۆپ دەنووسێت: “منداڵان خاوەنی هەستیاریەکی گەلەک بەهێزن و پێوستیشیان بەم هەستیارییە هەیە، بۆ ئەوەی بە کارەکتەرێکی بەتوانا و بەهێزەوە ببن بە کەسێکی گەورەی / کامڵی بەختەوەر”. لە پرۆسەی جیابوونەوەی دایکان و باوکاندا منداڵان ئەو هەستیارییە سروشتییەی خۆی لەدەستدەدەن و لە زۆرینەی کاتەکاندا دەبن بە کەسێکی گەورە / کامڵ بە کارەکتەرێکی لاواز و پڕگومانەوە.

—————————–
پەراوێز
1) ڕیچارد ئێلن گاردنەر Richard Alan Gardner لە 28.04.1931دا لە نیویۆرک-سیتی لەدایکبووە و لە 25.05.2003 دا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ناوبراو کۆلێژی پزیشکی و دەروونناسیی خوێندووە و لە دوا ساڵانی 1963 وە پڕۆفیسۆری دەروونناسی بووە لە خەستەخانەی دەروونیی کۆڵۆمبیا. کۆنترۆفێرس / ناتەبایی و گفتوگۆیەکی پڕ گیروگرفتی زۆر هەیە لەسەر تێز و تیۆرییەکانی ئەو لەمەڕ کێشەکانی منداڵ دوای جیابوونەوەی دایک و باوک. تاکو ئێستاش ئامۆژگارییەکانی لە بڕیاردانی یاسایی لەمەڕ منداڵی نامۆبوو بەرانبەر دایک یان باوک سەنگێکی یاسایی نەشیاوی لێدەستبەرنەدراون unverzichtbar لە زۆربەی دادگەکانی باری کەسی و خێزانیدا.
نووسینەکانی گاردنەر بەزۆری لەسەر تەنگژەی جیابوونەوەی هاوسەری دایک و باوکان بووە، لە کاتێکدا کە لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی زۆر ڕوویانداوە. ناوبانگی گاردنەر بە پێناساندنی مۆدێلی PAS (parental Alienation Syndrom)، واتە سیندرۆمی نامۆبوونی مندال لە دایک و باوک دەستیپێکرد، کە لە ساڵی 1985 دا بە شێوەی فەرمی بڵاویکردەوە. پاش ناساندنی ئەم مۆدێلە زانکۆی کۆلۆمبیا گاردنەری لە زانکۆ دوورخستەوە و پاشان لە زانکۆی نیویۆرک وەک و مامۆستایەک و پسپۆڕێک دەستی بە کار کرد. 40 کتێب و زیاتر لە 250 وتار و بابەتی جیاوازی لەم بارەیەوە نووسیوە. لە ساڵەکەنی 1980 بەدواوە گاردنەر تەرکیزی کردۆتە سەر بابەتی لاقەکردنی منداڵ لە لایەن دایک و باوکانیانەوە، کە بە لەدایکبوونی هیستریایەکی نەتەوەیی ناوزەدی کرد. گاردنەر لەو باوەڕەدابوو کە لاقەکردنی منداڵ لە لایەن گەورەکانەوە بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاوە، بەتایبەتی لە ناو خێزان خۆیدا و بە دیاردەیەکی پێدۆفیلی Pädophilie یان جووتبوون لەگەڵ خزم و کەسدا Inzest ناوزەد دەکرێت.
لە کتێبی بەرەنگاربوونەوەی کچان و کوڕان بەرامبەر جیابوونەوە Boys and Girls Book About Divorce، کە لە ساڵی 1970دا بڵاوی کردەوە، ئامۆژگاری و ڕاوێژی منداڵان دەکات، کە بە کام شێوە مامەڵە لەگەڵ سترێس (شەکەیتی دەروونی / ناڕەحەتی دەروونی) و هەڵسوکەوت لەگەڵ باوانیاندا بکەن.
2) Ingrid Jope: Charakter-Kinder, so fördern Sie die emotionale Entwicklung Ihres Kindes, Brunnen Verlag Giessen.Basel, 2011.
3) دیارە ئامانجی ئەم نووسینە توێژینەوەی لایەنی چارەسەرە دەروونیەکانی منداڵ و دایک و باوکان بەئەنجام ناگەیەنێت، زیاتر لەڕوانگەی سۆسیۆلۆژیەوە پەی بە هەندێک لایەنی ئاستەنگی کەسی (ئیندئڤیدوێل) و گەلەکی (کۆلێکتیڤ)ی ئەم دیاردەیە دەستنیشان دەکات).




یەڵماز گۆنای لە زیندان سەربوردەی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە .. حەیدەر عەبدولڕەحمان

نووسەری سینەمایی(بورهان شاوی) دەگێڕێتەوە دەڵێت: لەساڵی 1987كتێبێك بەناوی (یەڵماز گۆنای) لەنووسینی رۆژنامە نووسی ئازربیجانی (حوسینۆف ) لە دەزگای (ناوكا) لەمۆسكۆ بڵاو كرایەوە، بریتی بوو لەتەنها دیمانەیەكی دوورودرێژ لەگەڵ سینەماكاری بەناوبانگی كورد (یەڵماز گۆنای) لەو كاتەدا كە لەزیندان بوو.
ئەو كتێبە بڕوا پێكراوترین سەرچاوەیەكە كە دەربارەی یەڵماز گۆنای نووسرابێت، چونكە لەزاری هونەرمەند خۆیەوە وەرگیراوە.
بۆ دیكۆمینت كردنی بابەتەكە كە گرنگییەكی مێژوویی خۆی هەیە، ئێمەش بەشێك لەو دیمانەیە دەخەینە روو:
*ناوی تەواوتان ؟

  • یەڵماز حەمید، دایكیشم ناوی ( ئۆغلو بیتۆن ) ە
    *كەی و لە كوێ‌ لەدایك بوویت ؟
  • لە یەكی نیسانی ساڵی 1937 لەگوندی (ئینجە) بە دووری 27 كم لە شاری ئەدەنە .
  • ئەی بۆچی هەندێك ساڵی لەدایك بوونتان بە 1931 لە قەڵەم دەدەن ؟
    -ئەوانە بە هەڵە داچوونە .
    *تكایە ئەگەر هەندێك دەربارەی منداڵیت و داهێنانەكانت قسەمان بۆ بكەن.
  • دایك و باوكی من هەردوكییان كوردن، دایكم لەبنەماڵەیەكی خوا پێداو بووە، بەڵام لە كاتی جەنگی جیهانیی یەكەم و لەگەڵ هاتنی قەیسەرییەكان رایان كردووە، باوكم بە پێچەوانەی ئەو لەبنەماڵەیەكی زۆر هەژار لە دایك بووە، لەهەڕەتی لاویدا لەگەڵ دایكم یەكتریان خۆش ویستووە، لەترسی كۆمەڵگاو داب و نەریتە كۆنەكانی ئەو كاتە كە خۆشەویستییان بەلاوە گوناهێكی گەورە بووە، ئەو ناوە بە جێ‌ دیڵن و لەگەڵ دایكم پەیمانی ئەوە بەیەك دەدەن كە لەشاری ئەدەنە بەیەك بگەنەوە.
    ئیدی لەسەر ئەو پەیمانە لەوێ‌ یەكتر دەبیننەوە و باوكم دایكم دەخوازێ‌، بەڵام چونكە زۆر دەست كورت و نەدار بوونە، دووچاری زەحمەتیەكی زۆر دەبن، بەڵام دوایی هەلو مەرجەكە بەشێوەیەكی دیكە دەسوڕێ‌ و باوكم لەكۆمپانیای دەرەبەگێكی گەورە كاری دەست دەكەوێت و لەوی كار دەكات، ئیدی گوزەرانیان بەرەو باشی دەچێت، من ئەو كاتە تا تەمەنم گەیشتبووە حەوت ساڵی و باوكم ژنێكی دیكەی هێنا.
    منداڵیم پڕ بوو لە بەختەوەری، بەڵام دوای ئەو قۆناغە ژیانم لێ‌ بوو بەدۆزەخ، چونكە باوكم لەبەرچاوی ئێمەو بۆ خاتری ژنە تازەكەی، زۆر دڵ رەقانە لە دایكمی دەداو ئازاری دەدا، زۆر جارانیش ئێمەی بەو ناسكی خۆمانەوە بەدەر دەنا.
    هەر كاتێ‌ باوكم من و لەیلای خوشكمی (كە دوو سالان لە من بچووك تر بوو) بەدەر دەنا دەچووین لەژێر دارتووەكەی بەر ماڵمان دەخەوتین، بەڵام جارێكییان كە باوكم من و دایكم و لەیلای خوشكمی بەدەرنا، روومان لەماڵی ئامۆزایێكی دایكم كرد لەئەدەنە، قەت ئەوەم لەبیر ناچێتەوە كە دایكم بەدرێژایی ئەو رۆژە تا گەیشتینە ئەدەنە دایكم بەزمانی كوردی گۆرانییەكی غەریبی دەگوت و ئێمەش كە لە زمانی دایكم حاڵی نەدەبووین، بەڵام هون هون فرمێسكمان لەگەڵیدا هەڵدەڕشت، ئەو كاتە من دركم بەوە كرد كە ئەشكەنجەو ئازارەكانمان وا بەئاسانی كۆتاییان نایەت، بۆیە بەدەست خۆم نەبوو هەموو كات ئاواتی مردنم بۆ خۆم دەخواست .
    ئیدی بەناچاری لەو تەمەنە ساوایەی خۆمەوە دەستم بەكار كردن كرد، بەتایبەت لەوەرزی میوەو لۆكە رنین لەكێلگەكاندا، هەتا دەگاتە كۆڵ هەڵگری، ئەو كاتە من هەم كارم دەكردو هەم دەمخوێند، هەر لەوێ‌ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و سانەویشم تەواو كرد، بەڵام هەموو كارێكیشم دەكرد لەچەشنی تۆ فرۆشتن لە شەقامەكان و رۆژنامە پەخش كردن و بەقاڵی، دواتر ئامێرسازی دەزگا سینەماییەكان، بە تایبەت كەلو پەلەكانی كۆمپانیای (ئەند فیلم) و (كەمال فیلم) ئەو ئامێرانەم گوند بەگوند دەگێڕا و فیلمی سینەماییم پیشانی خەڵكی دەدا، هەندێ‌ جاریش دەوری كۆمبارسم لەهەندێ‌ لە فیلمەكاندا دەبینی ..
    ئینجا یەڵماز بە زەردەخەنەیەكەوە گوتی: دەتوانم بڵێم من بەو شێوەیە هاتمە دنیای سینەما .
    *ئەی پاشان لە كوێ‌ خوێندنت تەواو كرد ؟
  • ساڵی 1956 چوومە كولێژی ماف لەزانكۆی ئەنقەرە، بەڵام چونكە لەپاڵ خوێندندا هیچ كارێكم دەست نەكەوت كە پێی بژیم، بۆیە بەناچاری دوای دوو مانگ زانكۆم بەجێ‌ هێشت و رووم كردەوە ئەدەنە.
    لەوێ‌ لەكۆمپانیایێكی بەكرێ‌ گرتنی فیلم دەست بە كار بووم، لەساڵی 1957 چوومە ئەستەمبۆڵ و لە كۆمپانیای (دەزگای فیلم) دەستم بەكار كردن كرد، ساڵی 1958 یش چوومە كولێژی ئابووری لەزانكۆی ئەستەنبۆڵ، بەڵام پێش ئەوەی خوێندن تەواو كەم لە ساڵی 1961بۆ یەكەمجار دەستگیر كرام .
    *ئەی چۆن گەراِیتەوە نێو نێوەندی هونەری ؟
  • پیش هەموو شتێ‌ دەمەوێ‌ ئەوە بڵێم كە من خۆم بەقەرزاری دایك و باوكم دەزانم، دەڵێم باوكم چونكە ئەگەرچی ئەو پیاوێكی دڵ رەق بوو، بەڵام منداڵەكانی خۆی خۆش دەویست، بە تایبەت من، بە بیرمە زۆر جاران لەگەڵ دایكم بەیەكەوە گۆرانی خەماوی كوردییان دەچڕی و دەردی غەریبی خۆیان هەڵدەڕشت، جارو بارێكیش لەگەڵ گۆرانیەكان ئامێری سازی لێ‌ دەدا، هەندێ‌ جاریش كە دراوسێ‌ و خزمەكانمان باوكمییان بۆ ئاهەنگی خەتەنە كردنی منداڵەكانییان بانگ دەكرد، باوكم منیشی لەگەڵ خۆیدا دەبرد، لەو كاتانەدا دڵم زۆر بەگۆرانیەكانی خۆش دەبوو.
    دایكیشم زۆر جاران لەشەوانی دوورو درێژو ساردو سڕی زستانان چیرۆكی خۆشی لە ئەفسانەو حیكایەت خورافییەكان بۆ دەگێڕاینەوە، ئەو شەوانە ماڵمان پڕ دەبوو لەو دراوسێیانەی شەوان دەهاتنە ماڵمان، بۆگوێ‌ گرتن لەچیرۆكە بەتامو چێژەكانی دایكم، ئەو كاتانە ئاواتی ئەوەم دەخواست، هەر هەموویان بنووسمەوە، بەڵام ئەو دەسەڵاتەم نەبوو، بێجگە لەدایكم پیرەمێردێك بەناوی مام یەعقووب لەگوندەكەماندا هەبوو دەنگی لە گۆرانی گوتندا زۆر خۆش بوو، زۆر بەجوانیش ئامێری سازی دەژەنی، جارو بار شیعریشی دەنووسی، زۆر ببوو بەهاوڕێم و زۆر یەكترمان خۆش دەویست، ئەو فێری ئەوی كردم شیعر چۆن دەنووسرێ‌، بەڵام بۆ سینەما، من لەتەمەنی سێنزە ساڵییەوە هاتمە نێو دنیای سینەما، لەتەمەنی چواردە ساڵییەوە بوم بەئیش پێكەری ئامێری سینەماو پاشانیش ئەكتەری كۆمبارس، ئا بەم شێوەیە ژیانی من بەرەو ئاقارێكی تر رۆیشت .
  • كەی دەستتان بەنووسین كرد ؟
    -لە دووەم ساڵی قۆناغی سانەویدا قەسیدەیەكم نووسی بۆ پەخشنامەی سەر دیواری قوتابخانە، دەربارەی جوتیارێكی هەژار ی گوند نشین، كە ژنە نەخۆشەكەی لە گوندەوە دێنێتە شار بۆ چارەسەر كردن، كەچی پارەی دكتۆرو داوو دەرمانی نابێت، لە بریتی ئەوە كەڵەشێرێك بۆ دكتۆر دێنێ‌، كە بە نرخترین شتێك بووە لای ئەو، كەچی كاتێ‌ دكتۆر زانییوویەتی پارەی نیە پیاوەكەو ژنەكەو كەلەشێرەكە بە یەكەوە فڕێ‌ دەداتە دەرەوە .
    سەرچاوەی بیرۆكەی فیلمی مێگەل – م لەو قەسیدەیەوە وەرگرتووە، كاتی خۆشی هەوڵم دا قەسیدەكە بڵاو بكەمەوە، بەڵام بەبیانووی ئەوەی كە گوایە چەپڕەوە بڵاو نكرایەوە، كەچی من كاتی خۆی ئەو قەسیدەیەم نووسی نەمدەزانی مانای چەپڕەوی یانی چی ؟
    لە ساڵانی 1953 – 1954 دەستم كرد بەبڵاو كردنەوەی وتارو چیرۆكەكانم و بەرهەمەكانم بەشێوەیەكی زۆر فرەوان لەگۆڤارو رۆژنامەكاندا بڵاو بوونەوە.
    دیارترین ئەو چیرۆكانەش كە لەو كاتەدا بڵاو بوونەوە چیرۆكی (مردن بانگم دەكات) بوو كەباس لەخۆشەویستی دراماتیكییانەی كچ و كوڕێكی هەژار دەكات، ئەو كوڕەی كاری دەست ناكەوێت و ناتوانێت ژیانی خۆی دابین بكات، بۆیە بەناچاری كۆچ دەكات و كچەكەش لەداخان خۆی دەكوژێت و لەدوای خۆیدا نامەیەك بەجێ‌ دێڵێ‌ كە تێیدا نووسراوە ( بۆ منت كوشت من بۆ ئەوە ژیانم خۆش دەویست تا لەگەڵ تۆدا برەو بە خۆشەویستی نێوانمان بدەین)
    هەر لەو دەمەدا چیرۆكێكی ترم بڵاو كردەوە بەناونیشانی(هیچ كۆتاییەك بۆ سوكایەتی پێكردن لەئارا دانیە)
    لەو چیرۆكەشدا باسی كەسێكم كردووە كە بەدوای كاردا دەگەڕێت، كەچی بەو هۆیەوە دووچاری كۆمەڵێ‌ سوكایەتی پێكردن دەبێتەوە، بۆیە لەداخان خۆی لەپردێكی بڵند هەڵداوێ‌ و خۆی دەكوژێت .
    هەردوو ئەو چیرۆكانەم لە ساڵی 1956 لە گۆڤاری ( ئایتی ئۆفوكلار – ئاسۆی چاك ) بڵاوكردۆتەوە، بەڵام ئەو چیرۆكەی كە دەنگدانەوەیەكی زێتری هەبوو چیرۆكی (سێ‌ نهێنییەكە) بوو كە لە ژمارە 13 ی گۆڤاری ( لێكۆڵینەوەی هونەریی ) بڵاو كرایەوە، ئەم چیرۆكە ژیانی منی خستە قۆناغێكی ترەوە.
    كاتێكیش ساڵی 1957 هاتمە ئەستەنبۆڵ، زیاتر لەسی وتارو چیرۆكم بڵاو كردەوە، ئەو كاتە بوو كە برادەرەكانم نازناوی ( یەڵمازی چیرۆك نووس ) یان بەمن بەخشی .
    *من زۆر زۆر لە رۆمان و چیرۆكەكانتم خوێندۆتەوە فیلمەكانیشتم دیوە، ئاگاشم لە زەمینەی سیاسی تۆ هەیە، بەڵام پێم خۆشە لەو شتانە بگەم كە كاریگەرییان هەبووە لەسەر ئاستی هوشیاریت ؟
    -ژیان .. یان ئەو دەوروبەرەی تێیدا گەورە بووم، وای لێكردووم كە هەر لەمنداڵیدا هەست بەئینتیمای كوردانەی خۆم بكەم، چونكە من دەورو بەرەكەم بەتوركی ئاخافتونە، بۆیە لێرەدا دووبارەی دەكەمەوە كە من زمانی دایك زمانی رەسەنی خۆمم بەتەواوی نەزانیووە، لەكاتی یاری كردنیشدا لەمنداڵی، لەمانای جیاوازی چینایەتی گەیشتووم، چونكە زۆر جاران دایكم كە خزمەتكاری ماڵە دەوڵەمەندەكان و باوكم سەپانی ئەو دەرەبەگانە بوو، بەرماوەی خواردنی ئەوانی بۆ ئێمە دەهێنایەوە بیخۆین، بەڵام دواتر لە گەڵ تێپەڕ بوونی زەمەن بۆم دەركەوت كە ئەم كارە بۆ ئێمە ریسواییە.
    قەت لەبیرم ناچێتەوە كە باوكم هەمیشە خەونی بەوەوە دەبینی كە من خوێندن تەواو بكەم بۆیە زۆر جاران پێی دەگوتم: كوڕەكەم بڕۆ قوتابخانە تاتۆش وەك ئێمە نەبیتە كۆیلە، نەیدەزانی لەكۆمەڵگەی بورژوازی دا، هەر دەبێ‌ ببیتە كۆیلە هەتا ئەگەر خوێندەواریش بیت .



زۆر سەختە لە ناو جەنجاڵیی شارەکاندا هەست بە تەنهایی بکەیت-10– خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

بەشی دەیەم…

خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

ستیڤان: تۆ هەمیشە رەخنەی ئەوەم لێدەگریت، مرۆڤێکی رەشبینم، بەڵام تۆش زیاد لە پێویست غوربەت رۆحێکی گووشیویت.! من هێشتا نازانم تۆ باسی کام جۆرە لە غوربەت دەکەیت؟.
لیزا: غوربەت تەنها رەهەندێکی جوگرافیی نییە، بەڵکو کوشندەترین جۆری غوربەت نامۆبوونی رۆحییە!.
ستیڤان: پێتوانەبێ غوربەتی جوگرافیش شتێکی کەمە! بە”پاپلۆ نیرۆدا”یان وت: تۆ وشەى رەگ لەشیعرەکانتدا زۆر دووبارە دەکەیتەوە، ئەم رەگوریشە زۆرە لەبەرچى لە شیعرەکانتدا هەن؟ نیرۆدا لە وەڵامدا وتى (من ناتوانم بژیم ئەگەر لە خاکەکەى خۆمدا نەبێ، من ناتوانم بژیم بێ ئەوەى قاچ و دەست و گوێم لەسەر خاکى نیشتمانەکەم دابنێم، من ناتوانم هەناسەبدەم بێ ئەوەى هەست بە سوڕانەوەى ئاو و سێبەر بکەم، من ناتوانم نەشونما بکەم بێ ئەوەى هەست بە رەگەکانم بکەم کە لەناو قوڕى رەشدا لە خودى دایک لە کرۆکى بنەچەدا دەگەڕێن).
لیزا: کارەساتی من و تۆ ئەوەیە تاراوگە مۆرانەی رۆحە و نیشتمانیش کورەی مەرگ. کاتێک لە تاراوگە دەبیت بە ژمارەیەکی بێ ئەرزش، هەست بە ونبوونی خۆت دەکەیت. تاراوگە واتە دیوێکی تری تەنهایی، زۆر سەختە لە ناو حەشاماتی خەڵک و جەنجاڵی شارەکاندا هەست بە تەنهایی بکەیت. تەنهاییەک هیچ کەسێک نەبێ جوانی و خۆشی و ساتە شادەکانی لەگەڵ بەش بکەیت، ئاخر جوانی و خۆشی و شادییەکانیش پێویستیان بە بەشکردنە لەگەڵ کەسانی تردا.
ستیڤان: تاراوگە واتە تەنهاییەکی کوشندە، تەنهاییەک وەک مۆرانە بەردەبێتە رۆحت، بەردەبێتە خەیاڵە ئیستاتیکی و خەونە تەژی فەنتازییەکانت. ئێستاش بە یادی ئەو نیشتمانەوە دەسووتێم کە دووجار لەلایەن دەسەڵاتی خۆماڵی و دەسەڵاتی بێگانەوە ئیغتساب کراوە، ئای نیشتمانە بێ نازەکەم، دووریت جۆرێکە لە سووتان و ژیانیش لەناوتا جۆرێکی ترە لە سووتان. ئێستا لەم دوالیزمەدا نازانم کامیان هەڵبژێرم، سووتان لە دووریت یان سووتان لە ناو کورەی پڕ تینی ئامێزی تۆدا؟ خۆشم نازانم. خۆشم نازانم.
لیزا: ئای من کێم جگە لە ونبوویەک لە وڵاتی سەهۆڵ.! غوربەت وەک ئەسپ ساڵەکانی تەمەنم بە دوای خۆیدا رادەکێشێت بەرەو هیچ. غوربەت وەک ئاگر خۆزگەکانم دەسووتێنێت. غوربەت وەک کابووس خەونە شیرینەکانم دەزڕێنێ. غوربەت وەک پوازێک منی لە ئامێزی نیشتمان جیا کردەوە. ئیلاهی چەند حەز دەکەم ئەم خەونە تاڵە خەونێک بێ و ئێوارە لە باخێکی شارەکەم ژوانێکم هەبێت.
ستیڤان: ئەوەی لە عەشقدا ون بێت دواجار لە ئەشکەوتی دێوانەبووندا خۆی دەدۆزێتەوە. ئەوەی لە غوربەتدا ون ببێت دواجار لە دۆزەخی تەنهاییدا خۆی دەدۆزێتەوە، ئەوەی لە زادگە و نیشتماندا ون ببێت هەرگیزا و هەرگیز ناگاتەوە بە خۆی.
لیزا: لەو شوێنەی هەست بە نامۆبوونی خۆت بکەیت، نازانیت دەژیت یان مردوویت؟. نازانیت بە چ رێگەیەک خۆت لەو ئەختەبووتەی نامۆیی رزگاری بکەیت تا خۆت لە دەستێکی رزگار دەکەیت سەدان دەستی تری دەتگرێت و ناهێڵێت بڕۆیت؟!.
ستیڤان: لە راستیدا من بێزارم لە خۆم، لە مرۆڤ، دەمەوێت تەنهایی لە ئامێز بگرم. هەر کەس بە نیازی پارەدیس بێت لەسەر دەستی مرۆڤ مەحکوومە بە دۆزەخ. هەتا ماوین دەبێ بەردەکەی سیزیف بێهودە سەربخەین بۆ سەرەوە و ئێوارەش خلۆر بێتەوە. ژیان خۆی پووچە لەوەش پووچتر گەڕانە بە دوای بەختەوەریی ژیاندا. مەرگ فریادڕەس و راستییەکی تاڵە، بەڵام ژیان درۆیەکی شیرینە.
لیزا: تۆ هەمیشە بە مەرگ دەمترسێنیت. ئاشقتم ئەی یار، تۆ بۆ دەمسپێریت بە غروب کە من یەکەم تیشکی گزنگم؟ تۆ بۆ دەمترسێنیت بە مەرگی خۆت لە کاتێکدا من خەندەیەکی شەرمنی ژیانم؟ تۆ بۆ دەمسپێریت بە پایز و خەزان کە من گوڵی گەشی ئەوینم؟!!.
ستیڤان: تۆ سەیری فەلسەفەی شوپنهاوەر بکە، چیرۆکی ئەو مەتعەمچییە بهێنرێتەوە یادت وێنەی تابووتێکی گەورەی کێشابوو. دوای ئەوەش بیر لە وتەیەکی کیلەر بکەوە کە دەڵی: مردن سامناک نییە، سامناکی ئەوەیە بمریت. ئەوەم پێچەوانەوە کردۆتەوە و دەڵێم ژیان سەخت نییە، بەڵکو سەختییەکە ئەوەیە بتوانیت 60-70 ساڵێک بژیت. ئاخر لەم هەموو ساڵەدا چی دەکەیت؟ ئەم قەوانە سواوەی ژیان چی مانایەکی هەیە؟. بروام پێ بکە تەنیا عەشقت منی بە ژیانەوە بەستۆتەوە، هیچ هۆیەک نابینم بۆ ئەوەی درێژە بە ژیان بدەم، جگە لەو کاتانەی بۆ دڵخۆشی تۆ نەک خۆم بەسەری دەبەم، ئیدی ئەوە هەموو ژیانەکەیە. سەیری فیلمی تایتانیکیش بکە، هەست دەکەم هەموومان لە پاپۆڕێکی لەو شێوەیەداین و بەرەو چارەنووسی خۆمان دەڕۆین. قسەکەی داپیرەم لە هەموو فەلسەفەکانی دنیا راستترە: ئێمە هەموومان گیای مردنین.
لیزا: راستی وەک گۆران ئەڵێ “هەرچەند ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم، بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم” منیش لە ناخەوە حەزیایەک دەمخوات، گەرووم پڕە لە وشە، خەیاڵدانم مەشخەڵی ئاگرێکی بەتین تێیدا یەکەم جەخماخەی داوە، هەرچەند دەکەم ناتوانم گوزارشت لەم هەستە پەنگخواردووە بکەم، زمان لەوە دەست و پێ سپیترە بتوانێ ماف بدات بە شتێک کە لە ناخی مندایە و گەرووی تاساوە.
ستیڤان: بە هەرحاڵ، ئێستا من رۆژانە دەخۆمەوە زۆر زۆر دەخۆمەوە، کهول بووە بە پێکهاتەی سەرەکی جەستەم، رۆژێک دێ وێنەکەم دەخەنە سەر شوشەی خواردنەوەیەکی کهولی. هەست ناکەم کارێکی خراپ دەکەم چوونکە بێ هۆشی لەوەی لەم وڵاتەدا روو دەدات زۆر لەوە باشترە بە ئاگا بیت. ئەوەندە ناسک بوومەتەوە بۆ دڵۆپە بارانێک دەگریم، بۆ هەڵمەتی رەشەبا بۆ سەر لقى سەوزی دارێک جەرگم ژان دەکات، بۆ ئەو پەروانەیەش دەگریم تینی رووناکی دەیسووتێنێت، چوونکە خۆمم بیر دەخاتەوە. لە ئێستادا هەست دەکەم چیتر نیم جگە لە کهولیسێکی پاسیڤ، ئەم ژیانە زۆر لەوە زبرترە جێگەی ئەو هەست ناسکییەی ئێمەی تیا ببێتەوە، مەرگ تاکە فریادڕەسە، بیر لەوە بکەرەوە کاتێک هەمەنگوای بە گوللەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هینا و دوا پەیڤی خۆی بەم شێوەیە جێهێشت: کوێرەوەریی مرۆڤ هەرگیز لە بن نایەت.
——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون




کتێب/ گەیشتن بە ڕووبەری شیعر … ناڵە حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




چیرۆک بۆ منداڵان.. نيشتنەوەیەک لەسەر مانگ.. رەزا شـوان

ساڵانێک بەر لە ئێستا، دوو هاوڕێ هەبوون. ناویان نیل و باز بوون. مشتومڕیـان بوو، لەسەر ئەوەی کە بـڕوا و بـۆچـوونی کامیان لەسەر مانگ راستە.
نیـل : بە بڕوای من مانگ روویەکی زەبەلاحە. هەمووانیش هەر هەمان بڕوایان هەیە.
بـاز : نەخێر، وانییە، هەمووان دەزانـن کە مانگ لە پەنـیر دروست کـراوە.
لەسەری رۆێشتن و درێـژەیان بە مشتومڕەکەیان دا.. هەر یەکەیان بـڕواکەی خۆی بە راست دەزانی.
بـاز : بـڕواکەی مـن راست و رەوایـە.
نیـل : نـا، وانییە، بـڕواکەی مـن راسـتە.
لە کۆتاییدا، بـڕیاریان دا، کە لە هـیوای مامیان بـپرسن.
مامە هـیوا گوێی لە مشتومـڕ و هـاواریان بـوو. پێی وتـن:” کوڕەکـانم، پێـویستە بچـن بۆ سەر مانگ، تا راستیتان بـۆ دەربکەویت، کە بـڕوای کامتان راستە”
مامە هـیوای بە ساڵاچوو، بـڕیاری دا، یارمەتیان بدا، کەشتییەکی رۆکـێتی بۆ کوڕەکان دروست کـرد. نـاوی لێـنا ” ئـەپـۆلـۆ “.
کوڕەکان سەرکەوتـن و چـوونە نـاو رۆکـێتەکەوە. سویچەکەیان سوڕاند و هەڵـیان کرد. گڕە ئاگـرێک لە دوای رۆکـێتەکەوە دەرچـوو.. تەکانی دا و بە ئاسمانـدا بەرزبـۆوە، بە خـێراییەکی زۆر بەرەو لای مانگ دەڕۆیی. بەرزتـر و بەرزتـر بـۆوە، زۆر لە زەوی دوورکـەوتەوە. تا گەیشـت و لەسەر مانـگ نیشـتەوە.
نیل و باز لە رۆکێتەکە دەرچوون و بە پەیـژە لێژەکەی رۆکێتەکە هاتنە خوارەوە، نیل لە پێشا پێی خستە سەر مانگ و دواییش باز. لەوانەیە هەنگـاوێکی بچووکی پیاو، بازێکی گەورەبێ بۆ منـداڵان.
هەرکە گەیشتنە سەر مانگ، ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە شوێنێکی سارد و بەرداویـیە. لە پەنیـر دروست نەکـراوە، روویـەکی زەبـەلاحـیش نیـیە.
بـاز (بە بێ ئومێدییەکەوە) : باشە، بە هیچ کلۆجێک ئێرە شوێنێکی دڵگیر نییە. خۆزگە سینەما و یاریگـای تـۆپی پێ و بازاڕێـکی لـێـبوایە.
روانینێکی باشیان لەسەر مانگ هـەبوو. وێنەیەکی زۆریـان گرت. ئاڵایەکیشیان لەسەر مانگ چەقانـد. هەموو ئەو شتانەش مەبەستیان بوو جێبەجێیان کردن. توورەکەیەکیش خـۆڵ و بەردی سەر مانگـیان پـڕکـرد.
بـاز : دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە.
نیـل : هەروەها منیش حەزدەکەم بگـەڕێمەوە.
گەڕانەوە بۆ ناو ئەپـۆلۆکە. سویچەکەیان سوڕاند و خستیان ئیشکردن. بەرەو ئاسمان بەرزبـۆوە، بە هـێڵی دیـاری کـراودا، بەرەو زەوی بـۆوە.
رۆکێتەکە گەیاندیـانیەوە سەر زەوی.
کەمێک لە فـرۆکە دەچـوو. نیـل و بـاز دابەزین و مامـە هـیوا لە پێشوازییاندا دابـوو.
گەشتکـردنەکەیان بـۆ ئاسمان و بـۆ سەر مانـگ زۆر پێخـوش بـوو.
بەڵام بە گەڕانەوەیـان جـارێکی تـر بـۆ ماڵـەوە زۆر دڵـشاد و دڵخـۆش بـوون.

(*) بیـرۆکەی ئەم چـیرۆکەم لە هەڵبەستـێک لە نووسینی ( پـۆل پیـرۆ) بۆ منـداڵان، وەرگرتـووە، کە بە زمـانی ئینگـلیزی بڵاوی کـردۆتـەوە.

رەزا شـوان
نەرویـج : ٢٢/ سێپتەمبەر/٢٠٢٠




وەرزی چنینەوەی خەمەکانە … شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

بە سەبەتەیەک گوڵی زەرد و ئاڵەوە هات، پایز..
وەک بڵێی پەیامی چنینەوەی میوە تاڵەکانی…
بێستانی سپی خەمەکانە،،،
ئەو ڕوخساری لاوازترو..
پیرتر و بێزارتر،،
لە ساڵانی پار،،
نیگرۆی هەڵبزرکاوی..
قژێکی هەڵبزرکاو، ،
دوو چاوی ماندووی بێهز، کز،،،
وەک دوو ئەستێرەی کوژاوە ،
لەبەردەم پە نجەرەکە پشویەکی دا،
ویستم پێی بڵێم ..
جارێکی تر،،،
بەخێر بێیتەوە، پایزی ئازیز..
وەک ساڵانی پێشتر،،،
سەبەتەی پڕ گەڵای زەرد ،،
دار سێوی ووشکی عیشقی بەسەرچوو،،
دەرگای ژووێکی چۆڵ و تەنیا،،،
چاوەڕێتە،،
کەسی تر نیە،،،
تۆ خاوەن ماڵ،
خۆت هاوڕێ و شازادەی ..
سەفەری سەر قەراغ کەنار ،،
ببینە ماڵ بۆ دیدەنت..
چەند تامەزرۆیە ،
دڵ لە ئەشکەنجەوزامی ..
نەمانی تارمایی یارێ،،
مەلێکی سەرهەڵگرتووی بێئۆقرەیە،،
ڕۆح بۆ هەناسەی پڕ ئەسرینت،،
پەروانەیەکی،،
باڵ سوتاوی بێ مەنزڵگەیە،
ببینە ، پایزی ئازیز،،
ژێی چراوی،،
گیتاری باران،،،
وەک ساڵانی پێشتر،،
چاوەڕێی پەنجەی تەزیوی ..
شیعرپژانی تۆیە،،
پایزی ئازیز،
گەرچی کەمێکش درەنگ کەوتی..
مەگەر میلۆدی لێوی هەڵبزرکاوی تۆبێ،
کڵپەی فانوسی حەزێ..
بۆ پیاسەیەکی تری نێو کازیوەی..
قەشەنگی تەنیایی،،
بگەشێنێتەوە،،
ببینە پایزی ئازیز،،
شیعرە نوسراوەکانی سەر مێزی..
شەوانی چاوەوانی تاڵ،
وەک خوڕەی ڕوبارێ ..
سوور،،
وەک پێکێ شەرابی ئاڵ،،
خوێنی ڕژاوی خۆیان،،
بەسەر جەستەی گۆرانی..
سەفەرێکا ڕشتوە،،
شکۆفەی خونچە جێماوەکانی ئەویش،،
لەسەر رەفەی بیرەوەری ..
هەمان پەنجەرە ، ووشکبوە،
هەمان پۆلە مراوی پەمەیی..
ژوانێکی بەسەرچووش..
ڕێچکەی مەرگێکی زووگەیشتووی،،
قەشەنگی گرتوە،،
بمێنە، پایزی ئازیز،،،
لەم ماڵە چۆڵە،
بە جەستەی پڕ باهۆزو ڕەهێڵەت،،
دارە تینوەکانی ئەم باخچەیە
بهاژێنە،،
ئەمشەو کاتێکی لەدەستچوە،
خومار بە ئەفسوونی تۆیە، ،
هییچ نەبێ،،
بۆ چەند ساتێ ، لام بمێنە..
گفتوگۆی کۆچی..
سەر زەریا کەین،
هەریەکەمان،،،
یاداشتی نوسراوی..
ویستگە جێماوەکانی..
ڕۆژە پڕ ئەسرینەکان..
بۆئەوی تر باسکەین،
لە ژێر نەرمە وەرینی گەڵا
ئەرخەوانیەکانی..
هەگبەی تەزیوتا،،
سەمای ژینێکی بێ بەروا و…
بێ هودە کەین
بەڵام ئەفسووس،
پایزی شەکەت و..
لاواز و ماندوو ،
کەیف و خۆشی ..
بە فرمێسک ڕژانی ..
گەڵا نەئەهات،
زەردەی ساردی..
سەر لێوی قەشەنگیشی وون بوو،،
درەووشانەوە ئاڵتونیەکانی ..
زوڵفیشی ،،
وەک تارای بووککی زویر و ..
خەمگین، بێ ڕەنگ مابوو،،
ووتی بڕۆ ، ئەی شاعیری وێل،
بۆ نێو سەرابی ووشە و..
ژووری بێلانەو چۆڵ،
ببینە ئاسمان،،
لە حەسرەت ڕۆحکێشانی زەریا و کانی و..
دەشت و بێستان..
چی گڕکانە مەنجەنیقێکی..
ژەهرو مەرگی داگیرساندوە،،
نە نشینگەیەک بۆ ژوانی یارماوە،،
نە نمە هەوری سەمایەکی..
بەرائەت ، ،،
چەتەکانی شار،،
نەک تەنها شەقار شەقاری جەستەی
شاخ و چیاکانیان کردوە ،،
پەل و باڵی سنەوبەرە مەستەکانی ..
چیاو کەژو کۆسارانیان…
سوتاندوە ..

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری هۆڵەندی
( Karlo Kolumno)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ له‌گه‌ڵ نوسه‌ر و روناكبیر سمكۆ محه‌مه‌د له‌سه‌ر چه‌مكی ئیستاتیكا-6- ئاماده‌كردنی: عه‌باس جه‌میل جێماو

  • سمكۆ محه‌مه‌د: ئیستاتیكا به‌رهه‌می هونه‌ری له‌ده‌ستی رواڵه‌ته‌ ئه‌خلاقییه‌كان ده‌پارێزێ‌ و نایكات به‌ موڵكی تایبه‌ت.
  • دۆزینه‌وه‌ی ئیستاتیكا له‌هه‌ر شتێكدا، گرێدراوه‌ به‌عه‌قڵه‌وه‌

ئاماده‌كردنی: عه‌باس جه‌میل جێماو
به‌شی شه‌شه‌م

سمكۆ محه‌مه‌د نووسه‌ر و روناكبیر له‌م چاوپێكه‌وتنه‌یدا ده‌رباره‌ی ئیستاتیكا وه‌كو چه‌مكێكی فیكری و فره‌ مانا، تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و نهێنیانه‌ی كه‌ به‌ چاوی ئاسایی نابینرێن و هه‌روه‌ها له‌كوێدا ئیشی پێ ده‌كرێت.
پێی وایه‌ ئیستاتیكا ئه‌و بینینه‌یه‌ كه‌ له‌رێگه‌یه‌كی زانستییه‌وه‌ ته‌ماشای شته‌كان و بوونه‌وه‌ره‌كان ده‌كات و وێنایان ده‌كاته‌وه‌ به‌ستایلێكی هونه‌ری كه‌ وه‌رگر سه‌ره‌تاكه‌ی ناناسێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ واقیعدا ئه‌و ماتریاڵه‌ یان ئه‌و دیارده‌یه‌ شتێكی دیكه‌ بووه‌، ئه‌م بینینه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و وته‌ و توانایه‌ به‌رهه‌مدێت، كه‌ وه‌كو مه‌عریفه‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌، بابه‌تی جوانیش بۆ ئینسان ته‌نها ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ده‌توانێ‌ له‌نێوان هێزه‌كاندا باڵانس بكات كه‌ هه‌ردووكیان ده‌ركه‌وته‌ی جه‌سته‌ن، چونكه‌ هه‌موو شتێك پێویستی به‌ باڵانس بێت، ئیستاتیكا پێویستی نییه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی راهێنانی به‌رده‌وامی جه‌سته‌یه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری خه‌یاڵ بۆ شته‌كان و ده‌وروپشت و پێدراوه‌كانی ژیان، به‌تایبه‌تی ئه‌و جیاوازییه‌ی له‌نێوان نێر و مێ‌ دا هه‌یه‌، چه‌ند خۆرسكه‌ ئه‌وه‌نده‌ جوانه‌.

ده‌قی گفتوگۆكه‌

پرسیار: به‌و پێیه‌ی ئیستاتیكا چه‌مكێكی زانستی فره‌ مانایه‌ و به‌ر له‌وه‌ی زاراوه‌یه‌ك بێت، فه‌لسه‌فه‌یه‌كه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و نهێنییانه‌ی كه‌ به‌چاوی ئاسایی و به‌بێ‌ هوشیاری نابینرێن له‌ سرووشتدا، چونكه‌ هه‌موو ماناكانی جوانی پێكه‌وه‌نین و هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ له‌ سیاقی خۆیدا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه‌، له‌مڕوانگه‌یه‌وه‌ ئێوه‌ چۆن ده‌ڕواننه‌ ئه‌م چه‌مكه‌ و له‌كوێدا پراكتیك ده‌كرێ؟

سمكۆ محه‌مه‌د: له‌پێناسه‌كه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین كه‌ به‌مانای جوانی دێت یان جوانیناسی، مێژووه‌كه‌شی ئه‌م چه‌مكه‌ له‌ سه‌رده‌می هاتنه‌ كایه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانییه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ كه‌ ئه‌فڵاتون له‌نێو عه‌قڵدا به‌دوای فكری جوانی و له‌نێو بوونیشدا بۆ بزواندنی هه‌سته‌كان ده‌گه‌ڕا، ئه‌رستۆ ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ی له‌ ئه‌پستراكته‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ هونه‌ره‌ جوانه‌كان، وه‌كو جۆرێك جوانی كه‌ له‌سرووشتدا هه‌یه‌ و یه‌كسان نابن به‌یه‌ك، هه‌روه‌ها لۆژیكی خه‌یاڵی هونه‌ری له‌به‌رامبه‌ر ئیدراكی هه‌سته‌كی راگرت كه‌ له‌رێگه‌ی ئه‌زموونه‌وه‌ هاتووه‌، هه‌ر ئه‌م ده‌ستاوده‌ست كردنه‌ جوانی گواسته‌وه‌ بۆ زانست و ئه‌ده‌ب و گوتار كه‌ ناوی نرا ئیستاتیكا، زۆر بیرمه‌ند له‌سه‌ر ئه‌م تێرمه‌ قسه‌یان كردووه‌، هیگڵ پێیوایه‌ كه‌ جوانی له‌هه‌موو شوێنێك هه‌یه‌و به‌رده‌وام رووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه‌، به‌و پێیه‌ بێت هونه‌ر ئه‌وكاته‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ لاسایی كردنه‌وه‌ كۆتایی پێدێت، هونه‌ری فۆتۆگرافی یان ته‌لارسازی كه‌ شوێنێكی نیشته‌جێبوون باوی نامێنێت، ئه‌گه‌ر جێده‌ستی ئینسانی لێ‌ وه‌ربگرینه‌وه‌، به‌ڵام من تێڕوانینه‌كه‌ی (هێربرد رێد) م له‌لا په‌سه‌نده‌ كه‌ له‌كتێبی (المعنی الفن)، جوانی وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌بینێ‌ له‌نێوان شته‌كان، ئه‌وانه‌ش كه‌ دركیان پێده‌كه‌ین له‌رووی هه‌سته‌وه‌ریه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ش كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌سرووشته‌وه‌ هه‌یه‌، خۆی مانایه‌كی ئیستاتیكییه‌، به‌ڵام ئینسان پایه‌یه‌كی هونه‌ری پێده‌به‌خشێت، بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خۆڕسكی خۆیدا دایبڕێنێت، له‌كوێدا و له‌چه‌ند بواردا پراكتیك ده‌كرێ‌، ئه‌مه‌یان فه‌لسه‌فه‌كه‌یه‌ هونه‌رمه‌ند یان ئه‌دیب چۆن كار له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی كرده‌كه‌ ده‌كات، من پێموایه‌ هیچ كرده‌یه‌كی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و جه‌سته‌یی و ته‌نانه‌ت مێژووییش نییه‌ به‌بێ‌ ئیستاتیكای كه‌لێنی تیانه‌كه‌وێت، بۆیه‌ ناتوانین به‌بێ‌ ئیستاتیكا مانا بۆ هیچ تێكست یان هیچ كرده‌یه‌كی هونه‌ری دابنێین.

پرسیار: ئێستا بواری قسه‌كردنمان ده‌گوازینه‌وه‌ بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی، كه‌ له‌نێوان چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تی هه‌یه‌، ئه‌م چه‌مكه‌ له‌عه‌قڵه‌وه‌ بۆ عه‌فه‌ویه‌تی ماناكه‌ ده‌گوازێته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌سرووشت و خۆڕسكه‌وه‌ بۆ هونه‌ر و كرده‌ هونه‌رییه‌كان، ئایا به‌بێ‌ كه‌ره‌سته‌كانی به‌رده‌ست، ئێمه‌ چۆن ده‌توانین قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و جیاوازییه‌ بكه‌ین؟.

سمكۆ محه‌مه‌د: یه‌كێك له‌ ماناكانی جوانی بۆچوون نییه‌ له‌ باره‌ی ماتریاڵێك، یان كه‌ره‌سته‌كانی نێو سرووشت به‌پێی چه‌ندایه‌تی، به‌ڵكو ئیستاتیكا خۆی مانای چۆنایه‌تی شته‌كانه‌، ئه‌م تێرمه‌ سه‌ر به‌ ئه‌پستمێكی فه‌لسه‌فییه‌ كه‌ له‌به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و سرووشتیدا زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ چێژی لێوه‌رده‌گرێت، پێی ده‌ڵێن چێژوه‌رگرتن، هه‌ر وه‌كو ریمۆن باییر له‌كتێبی (تجلی الجمیل) هانز جیۆرج گادامیر پێیوایه‌ ئیستاتیكا سه‌ر به‌زانستی چۆنایه‌تی یه‌، واته‌ ئه‌پستمییه‌، ئه‌گه‌ر له‌ زانستدا چه‌ندایه‌تی هه‌بێت، ئه‌وا بۆ ئیستاتیكا چۆنایه‌تییه‌ و تایپێكی خودێتیشی پێوه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر خوددا ده‌بێت، هاوكێشه‌كه‌ كه‌مێك قورسه‌ بۆیه‌ پێویستی به‌ سه‌لماندنه‌، ئێمه‌ له‌نێوان عه‌قڵ و سرووستی پشت عه‌قڵ قسه‌ ده‌كه‌ین، لێره‌وه‌ باسه‌كه‌ بۆ میتافیزیكا ئاراسته‌ وه‌رده‌گرێت، به‌ومانایه‌ی له‌پشت سرووشته‌وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ جوانن، یان جوانیان تێدا ده‌دۆزینه‌وه‌، به‌ڵام به‌عه‌قڵ نه‌ك به‌خۆڕسك، مه‌به‌سته‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌ندایه‌تی گواستنه‌وه‌ی ماتریاله‌ له‌جه‌سته‌یه‌كی بێ‌ روحه‌وه‌ بۆ روحێكی زیندوو.
بۆ نموونه‌ ئێمه‌ له‌بینینی هه‌ر شتێكدا فۆڕمێك ده‌بینین كه‌ بۆمان ناكرێت به‌ ماتریاڵ، به‌ڵام لێره‌دا زه‌مه‌ن حوكم ده‌كات بۆ ره‌سه‌نایه‌تی، نه‌ك گواستنه‌وه‌ و ده‌ستكاری كردن و نوێكردنه‌وه‌ی ماتریاله‌كه‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ بازاڕی ئه‌نتیك هه‌یه‌ و به‌ماتریاڵی جوان ناسراوه‌ و گه‌شتیاره‌كان وێنه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌گرن، ئێمه‌ ده‌بێت له‌نێوان كرده‌ سرووشتییه‌كان و پارچه‌ كلاسیكییه‌كان جیاوازی بكه‌ین، شاخێك كه‌ وێنه‌ی پیاوێكی پیری كوڕی زه‌مانه‌ی وه‌رگرتووه‌، دارێك له‌ چه‌شنی ژنێكی سه‌ماكه‌ر خۆی ئاڵاندووه‌ به‌ دارێكی دیكه‌وه‌، به‌ردێك كه‌ له‌شێوه‌ی ماسی یان ئاژه‌ڵێك دێته‌ به‌رچاو، ته‌داره‌كی ژنان له‌ كل و كلدان و جوانكاریی جل و به‌رگ و هتد له‌ كه‌له‌پورێكی دیاریكراودا هه‌یه‌، جیاوازه‌ له‌و پارچه‌یه‌ی كه‌ له‌رێگه‌ی كنه‌ و پشكینینه‌وه‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌ و له‌ پێشانگا، یان مۆزه‌یه‌ك نمایشی ده‌كه‌ین، هه‌موو ئه‌مانه‌ پێمان ده‌ڵێن ئیستاتیكای ده‌ستكاری كراو كه‌ له‌رێگه‌ی عه‌قڵه‌وه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ جه‌سته‌یه‌كی ماتریاڵی، ئه‌مه‌ چه‌ندایه‌تییه‌ بۆ چۆنایه‌تی.

پرسیار: باشه‌ قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ئیستاتیكا ته‌نها له‌سرووشت و له‌هونه‌ردا نییه‌، به‌ڵكو له‌ده‌قی ئه‌ده‌بیشدا هه‌یه‌، چونكه‌ نووسین خه‌یاڵێكی هونه‌رییه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كی هاڕمۆنی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ی هونه‌ریدا، كه‌ به‌شێكیشه‌ له‌ئه‌ركی زمان، ئایا زمان ئه‌و فاكته‌ره‌یه‌ بتوانێ‌ ئیستاتیكا بخوڵقێنێ‌؟.

سمكۆ محه‌مه‌د: له‌گه‌ڵ بیستن و خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر تێكستی جوان و جوانییه‌ك له‌ تێكستدا كه‌ خوێنه‌ری جددی هه‌ستی پێده‌كات، په‌یوه‌ندیی ره‌سه‌نایه‌تی و موڵكییه‌ت ده‌بینین له‌زمانێكی بێ‌ روحه‌وه‌ بۆ زمانێكی زیندوو، چونكه‌ ئه‌ده‌ب یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی به‌ده‌ستهێنان و دۆزینه‌وه‌ی جوانیی له‌نێو زماندا، ئه‌و كاته‌ی كه‌ شیعره‌كانی سۆفۆكلیس و مه‌زمووره‌كانی داوود پێغه‌مبه‌ر و تێكسته‌كانی شكسپیر ده‌خوێنینه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ی رۆمانه‌كانی دایستۆفسكی و دانتی و هتد. ئه‌وكاته‌ی كه‌ (ئاڕنۆڵد توینبی) وه‌كو ئه‌فسانه‌ ناسێك ده‌خوێنینه‌وه‌، ده‌بینین چۆن ده‌ڕوانێته‌ لاماسۆ و بۆڕاق و كه‌ویاری زه‌رده‌شتی و كائینه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌كانی ژاپۆن و هیندستان و هتد، له‌وێوه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ ئیستاتیكا ته‌نها له‌ فۆڕمێكی بێ‌ زمان دا نییه‌، به‌ڵكو له‌ شته‌ ووردو بچووكه‌كاندایه‌ وه‌كو گاستۆن باشلار باسی ده‌كات، ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر پرسیارم ئاراسته‌ بكه‌ن بۆ ده‌ستنیشانكردنی سووده‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خانو یان ماڵ، (بێگومان له‌لای من ماڵ پارێزه‌رێكه‌ بۆ زینده‌خه‌ونه‌كانم، ماڵ كه‌سانی خه‌یاڵ پڵاو ده‌پارێزن، بوار بۆ مرۆڤ ده‌كاته‌وه‌ به‌ هێمنی و به‌بێ‌ ترس بخه‌وێت، رووداوێكی بچووك له‌ كاتی منداڵی و له‌جیهانی هه‌ر منداڵێكدا، رووداوی جیهانیی منداڵه‌كه‌یه‌) بۆ نموونه‌ وه‌كو ماڵۆچكه‌ی منداڵان كاتێك گه‌مه‌ی تێداكه‌ن و خۆیانی تێدا حه‌شارده‌ده‌ن و دواتر خۆیانی تێدا ده‌دۆزنه‌وه‌ و موڵكییه‌تی بۆ درووست ده‌كه‌ن، ئه‌و تۆپ و جل و به‌رگه‌ وه‌رزشییه‌ی كه‌ منداڵی هه‌ژار له‌زه‌مه‌نی خۆیدا ناتوانن به‌ده‌ستی بهێنین و گه‌مه‌ی پێبكه‌ین و خه‌ونه‌كانیان پێته‌دی، ئه‌و مه‌له‌وانگانه‌ی كه‌ به‌خه‌یاڵ وێنا ده‌كرێت و له‌بری ئه‌وه‌ پاشماوه‌ی ئاوی زستان به‌كارهاتووه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ یاده‌وه‌ریه‌كی جوانن و له‌زماندا وێنا ده‌كرێته‌وه‌، من بۆ خۆم نموونه‌ی منداڵانی كه‌ركوك و به‌كارهێنانی رووباری ئاوی خاسه‌ی كه‌ركوكم هه‌یه‌، كه‌ به‌نیسبه‌ت منداڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌بیر خۆمی ده‌هێنمه‌وه‌ بۆ نووسن یان بۆ نۆستالیژیا و یاده‌وه‌رییه‌كی مه‌زنی منداڵی، دوای ئه‌وه‌ش راوی ریشۆڵه‌ و مه‌له‌وانی كاتی پشووی قوتابخانه‌ و شه‌ڕی گه‌ڕه‌ك و هتد، یان ئه‌و گۆشه‌ نادیارانه‌ی ژیانی ماڵی بچووك و به‌رته‌سك به‌تایبه‌تی ماڵی كوردی كه‌ هیچ ئازادییه‌كی تاكی تێدا نه‌بووه‌ به‌درێژایی ژیانیان، هه‌موو ئه‌مانه‌ تێكستن به‌ڵام نووسینه‌وه‌یان ده‌وێت، رۆلان بارت له‌ كتێبی چێژی ده‌ق، باسی ئه‌و ستایله‌ نووسینه‌ ده‌كات، هه‌مان ئه‌و فه‌زایه‌یه‌ به‌ڵام وه‌ڵامێكی ئه‌پستیمی ده‌داته‌وه‌، چونكه‌ هیچ ده‌قێكی جوان نییه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی مه‌عریفه‌ی له‌پشته‌وه‌ بێت.
ئیستاتیكا ئه‌و بینینه‌یه‌ كه‌ له‌رێگه‌یه‌كی زانستییه‌وه‌ ته‌ماشای شته‌كان و بوونه‌وه‌ره‌كان ده‌كات و وێنایان ده‌كاته‌وه‌ به‌ستایلێكی هونه‌ری كه‌ وه‌رگر سه‌ره‌تاكه‌ی ناناسێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ واقیعدا ئه‌و ماتریاڵه‌ یان ئه‌و دیارده‌یه‌ شتێكی دیكه‌بووه‌، ئه‌م بینیینه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و وته‌ و توانایه‌ به‌رهه‌مدێت كه‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌، بابه‌تی جوانیش بۆ ئینسان ته‌نها ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ده‌توانێ‌ له‌نێوان هێزه‌كاندا باڵانس بكات كه‌ هه‌ردووكیان ده‌ركه‌وته‌ی جه‌سته‌ن، به‌ڵكو راهێنانی به‌رده‌وامی جه‌سته‌یه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری خه‌یاڵ بۆ شته‌كان و ده‌وروپشت و پێدراوه‌كانی ژیان، به‌تایبه‌تی ئه‌و جیاوازییه‌ی له‌نێوان نێر و مێ‌ دا هه‌یه‌، كه‌ دواجار له‌رێگه‌ی خه‌یاڵه‌وه‌ بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌بێته‌ هۆكار بۆ هه‌ڵچوونی ده‌روونی، له‌ كاتێكدا خه‌یاڵ خۆی به‌شێكه‌ له‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵچوونی ده‌روونی، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری بیركردنه‌وه‌دایه‌، ئه‌و فكره‌یه‌ی كه‌ به‌رهه‌می موماره‌سه‌ی واقیعی ژیانی ئینسانه‌، سابا ئه‌و فكره‌ فانتازی بێت، یان بریتی بێت له‌ سرووشتی ئینسان، وه‌كو به‌شێك له‌ ئه‌خلاق و ئه‌زموون كه‌ له‌رابردوودا ئینسان كردوویه‌تی به‌ نه‌ریت و به‌رده‌وامیشه‌ له‌و نه‌ریته‌ و له‌رێگه‌یه‌وه‌ هه‌م جوانی كردووه‌ به‌ به‌هانه‌ و ئه‌رگومێنت،

پرسیار: بۆچوونێكی سه‌لمێنراو هه‌یه‌ كه‌ تێگه‌یشتنی (مارسیل برۆسته‌) و هه‌ستاوه‌ به‌ په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌ده‌ب و هونه‌ری وێنه‌گرتن له‌ لایه‌ك و ئه‌ده‌ب و مۆزیكیش له‌لایه‌كی تر، ئه‌و پێیوایه‌ كه‌ تێڕوانینی هونه‌ری تێڕوانینی شۆڕشگێڕانه‌یه‌ و ته‌نها له‌لای به‌شێكی كه‌م له‌ داهێنه‌رانی سه‌ده‌ی بیست دۆزراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ وه‌كو نمونه‌یه‌ك، هه‌ر له‌مڕوانگه‌یه‌وه‌ مه‌به‌ستمه‌ بپرسم ئایا تێڕوانینه‌كان بۆ دۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ چۆن ده‌بینی، ئایا ئیستاتیكا كاریگه‌ری به‌بارته‌قای شۆڕش هه‌بووه‌؟

سمكۆ محه‌مه‌د: راسته‌ چه‌ند تیۆریه‌كی جیاواز هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئیستاتیكا، له‌وانه‌ش تیۆری هیگڵ و كانت و كرۆچه‌ و باشلار و هتد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مارسیل پرۆست ئیستاتیكای وه‌كو شۆڕش ته‌ماشا كردووه‌، ئه‌و پێیوایه‌ شۆڕشی جوان و ناشیرن وه‌كو نیگه‌تیڤ و پۆزه‌تیڤ وایه‌، یه‌كێك له‌و تێڕوانینانه‌كانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڕوای به‌ نموونه‌ی په‌یوه‌ندیی جوانی و هونه‌ری جوانیبینییه‌، هه‌روه‌ها ئاسانكاری بۆ ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ كردووه‌ له‌ نێوان هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و فۆتۆگراف هه‌یه‌ له‌لایه‌ك، له‌نێوان ئه‌ده‌ب و مۆزیك له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌م تێڕوانینه‌ شۆڕشگێڕانه‌یه‌، جگه‌ له‌ داهێنه‌رانی سه‌ده‌ی بیست به‌ولاوه‌، پێشتر هه‌ستی پێنه‌كرابوو، بۆیه‌ لێره‌دا سه‌ربه‌خۆیی هونه‌ر ده‌بینین و ئه‌و یه‌كێتیه‌ ده‌بینین كه‌ له‌نێوان هونه‌ری شێوه‌كاری و گوتار و نووسیندا هه‌یه‌، ئه‌و شتانه‌ش كه‌ جوانیان تیدایه‌ و هێشتا ئاشكرا نه‌كراوه‌، ورده‌كاری و تێگه‌ی تێڕامانه‌ فكرییه‌كانه‌ كه‌ له‌سرووشته‌وه‌ بووه‌ به‌ سه‌نعه‌ت هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ خه‌یاڵی شیعریدا هه‌یه‌ كه‌ زۆر جار وه‌زیفه‌ی شۆڕش ده‌بینێ‌.
هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ كه‌ باسی شۆڕشگێڕیم كرد، من پێموایه‌ كاریگه‌ری ئیدیۆلۆژیا هه‌یه‌ به‌سه‌ر ئیستاتیكاوه‌ كه‌ كه‌متر له‌ مه‌سه‌له‌ی هونه‌ردا باسكراوه‌، هه‌ڵویستی هونه‌ر كه‌ هونه‌رێكی چینایه‌تییه‌ یان هوڵوێستێكه‌ له‌ ململانێی بازنه‌یی له‌م چه‌رخه‌دا، كه‌ له‌نێوان چینی حاكم له‌ هێزی به‌رهه‌مهێنان و چینه‌ ناڕازییه‌كان له‌لایه‌ك هه‌یه‌، هه‌روه‌ها دیارده‌ی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ نێوه‌خنی كۆمه‌ڵگا كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی خودی كاری هونه‌رییه‌. له‌ راستیدا ئه‌مه‌ به‌شێكی مه‌سه‌له‌ی ئه‌خلاقی هونه‌رییه‌ جا له‌ رووی شۆڕشی پرۆلیتاریاوه‌ بێت، یان ئه‌و مێژووه‌ بێت كه‌ به‌های ره‌خنه‌ له‌ حوكمڕانی، گوتارێكی ئیستاتیكییه‌.
ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی پرۆست له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند و بیرمه‌ند و داهێنه‌رانی رابردوو به‌ چاوێكی ته‌واو شۆڕشه‌وه‌ ته‌ماشای نوێخوازی و رووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئیشكالیاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشیان ده‌كرد، نموونه‌ی ره‌وتی سوریالی و دادائیزم و بزووتنه‌وه‌ی رێنسانس تاده‌گاته‌ تێزه‌كه‌ی هێربرت ماركیۆز و شۆڕشی 1968 خوێندكاران و شۆڕشی رۆشنبیری سه‌ر شه‌قامی سارته‌ر بۆ پاڵپشتیكردنی شۆڕشی كرێكاران كه‌ له‌تێزه‌كه‌ی ماركسه‌وه‌ هاتووه‌، به‌شێك له‌و داهێنانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ده‌كانی پێشوو بینیمان، هه‌موو ئه‌وانه‌ شۆڕش بوون به‌سه‌ر تێڕوانینی كلاسیكی و سه‌پاندنی شێوازی ژیان به‌بێ‌ جوانی، بۆیه‌ له‌ زۆر شوێنیشدا ئه‌م بابه‌ته‌ داهێنه‌ری له‌سه‌ر تیرۆر كراوه‌ كه‌ نموونه‌ی گالیلۆ و كۆپه‌رنیكۆس بوون، چونكه‌ كاری بلیمه‌تی و داهێنه‌ر، كاری تێپه‌ڕاندنی گرێ‌ و گۆڵ و كێشه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو بووه‌، له‌كاتێكدا بینه‌ر و چاودێكه‌ری هونه‌ر له‌كاتی خۆیدا بڕوای به‌ شێوه‌ی داهێنانی نوێ‌ نه‌بوو، ته‌نها ئه‌و كاته‌ نه‌بێت كه‌ سه‌رده‌مێك و زه‌مه‌نێك به‌سه‌ر كاره‌كه‌دا تێده‌په‌ڕی و نوستالیژیایه‌ك بۆ ئازادی كاركردن له‌به‌رچاو گیرا، به‌شێك له‌ چه‌مكی داهێنانیش شێوه‌یه‌كه‌ له‌ نۆستالیژیای كار كه‌ له‌نێو شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌ستی پێده‌كرێت، له‌كاتێكدا هه‌ر ئه‌و نوستالیژیایه‌ بۆ ئازادی كار دواجار ده‌بێته‌ مایه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی داهێنه‌ر و جوانناس، چێژی كاریش هه‌روه‌ك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ فۆڕمه‌ مێژووییه‌كه‌یدا دیاره‌، له‌كاتێكدا له‌نێو جه‌وهه‌ری كاردا كه‌ له‌ڕووی مێژووییه‌وه‌ سه‌پاندنی زۆره‌ملێ‌ یی بوو له‌لایه‌ن سته‌مكاره‌كانه‌وه‌، گه‌ڕان به‌دوای ئازادیدا چێژی كار پێچه‌وانه‌وه‌ی ئازادی كاره‌، ماركس له‌مباره‌یه‌وه‌ چێژی كاری له‌ ناوه‌ڕۆكی ئیستاتیكی دوورخستۆته‌وه‌، لێره‌دا پشت به‌ هه‌لومه‌رجی خودی و بابه‌تی ده‌به‌سترێت، چونكه‌ كرێكار لێره‌دا بۆ خۆشی خۆی و بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئیستاتیكا له‌ به‌رهه‌مهێناندا كار ناكات، به‌ڵكو جگه‌له‌وه‌ی كارێك بۆ نه‌مری خۆی ده‌كات، كارێكی ناحه‌زیشی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت و له‌نێو كاڵادا ده‌بێته‌ كاڵای بازاڕی سیاسه‌تی سه‌رمایه‌داری، خۆ زۆربه‌ی په‌یكه‌ر و دیواربه‌ند و دیزاینی ته‌لاری ئیمبراتۆر و ده‌سه‌ڵاتداره‌ سته‌مكاره‌كان، به‌شێك بوون له‌و كاره‌ ئیستاتیكییانه‌ی سه‌پێنرابوون به‌سه‌ر هونه‌رمه‌نددا. به‌شێك له‌و فۆتۆیانه‌ی كه‌ له‌سه‌ده‌ی رابردوو له‌گۆڤار و رۆژنامه‌كان بڵاوده‌بوونه‌وه‌، فۆتۆشۆ بوون به‌ستایلی كلاسیكی، دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ وێنه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌، بۆ نموونه‌ من ئه‌لبومێكی گه‌وره‌ی وێنه‌كانی ستالینم بینی كه‌ وێنه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ ترۆتسكی تیابووه‌، یان ده‌ستكه‌وته‌كه‌ هی ئه‌و بووه‌، به‌ڵام له‌میدیاكاندا ده‌ستكاری كرابوو بۆ ستالین، ئه‌مه‌ كاری هونه‌ری سه‌پێنراوه‌ كه‌ كاریگه‌ری نیگه‌تیڤی هه‌یه‌ له‌سه‌ر دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌نگه‌ شۆڕش دوابخات بۆ كاتێكی نادیار.
بابه‌تی ئه‌وه‌ش كه‌ مۆزیك به‌شێكی گرینگی ئیستاتیكایه‌، ده‌بینین سیمفۆنیای سێهه‌می (ئۆریكا) ی بتهۆڤن كه‌ ماڕشێكی جه‌نائیزی یه‌، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتهۆڤن خۆی جه‌نازه‌ی ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌جه‌نگدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا دایانده‌نێت، بۆیه‌ جیاوازی له‌نێوان مۆزیك و هونه‌ره‌كانی دیكه‌ لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، به‌وپێیه‌ی كه‌ مۆزیك هه‌ندێكجار چاره‌سه‌ری كێشه‌ی هونه‌ری گه‌وره‌ی كردووه‌، یان چاره‌سه‌ری حاڵه‌تی سایكۆلۆژیشی كردووه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌ هونه‌ری شێوه‌كاریشدا په‌یكه‌ر یان تابلۆیه‌ك مانایه‌كی تایبه‌تمان پێده‌دات، بۆ نموونه‌ تابلۆی جۆرنیكای پیكاسۆ، یان كاتژمێره‌ تواوه‌كه‌ی سلڤادۆر دالی، یان گوڵه‌به‌رۆژه‌كه‌ی ڤان كوخ و هتد، له‌ نێو كورده‌واریدا هونه‌ری ته‌پڵ و ده‌هۆڵ و زوڕنا وه‌كو هۆكارێك بۆ به‌خته‌وه‌ركردنی چه‌ند چركه‌ساتێكی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی رابردوو، یان زه‌ماوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ ته‌پڵ و گۆرانی ئاسایی، به‌تایبه‌تی له‌ بووك گواستنه‌وه‌ و شێوه‌كانی تری خۆشبه‌ختی سووننه‌تی كولتووره‌ كلاسیكییه‌كان، وه‌كو ئه‌و هه‌سته‌ هونه‌رییه‌ وایه‌ كه‌ ئافریقیه‌كان وه‌ختێك مۆزیكی جاز به‌كاردێنن به‌ هه‌موو تواناكانیانه‌وه‌ چێژی لێده‌بینین، ئه‌م هونه‌ره‌ له‌لای ئه‌وان مانای تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، كه‌ شێوه‌یه‌كه‌ له‌ به‌رانگاری كردن له‌ دژی ئه‌وانی تر كه‌ دژی هه‌سته‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌وانن، ره‌نگه‌ له‌لای كوردیش هه‌مان مانای هه‌بێت، هه‌روه‌ك چۆن له‌لای لوڕ و كرمانشانی و ماچۆ و شێوه‌زاره‌ كوردییه‌كان كه‌ هه‌میشه‌ ژێر ده‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌به‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بووه‌، وه‌ختێك مردوویان لێ ده‌مرێت، ئه‌وان له‌به‌رمبه‌ردا به‌ شایی و به‌ هه‌ڵهه‌ڵه‌ و پێكه‌نین و گۆڕانی تایبه‌ت، له‌بری تازیه‌ و ناخوشی ئاهه‌نگ ده‌گێڕن.
جوانی و كرده‌ی جوان، بریتییه‌ له‌و ئه‌زموونه‌ی كه‌ له‌ڕێگه‌ی خه‌یاڵ و ره‌هه‌نده‌كانی دیكه‌ی ناكۆكییه‌ هه‌ستیارییه‌كانه‌وه‌ خۆی ده‌نوێنێ‌، ره‌هه‌ندێك كه‌ به‌رهه‌ست و دیالیكتیكی و ده‌ره‌نجامی لێكسووییه‌ واته‌ (لێكخشاندن) ی دوو جه‌سته‌ی جودایه‌ له‌یه‌كتر، ئه‌مه‌ ره‌هه‌ندێكی دیكه‌ی بینیینه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ش موفره‌ده‌ پێویستییه‌كانی سێكس و كرده‌وه‌ ئه‌خلاقییه‌كانه‌ له‌كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌م بابه‌ته‌ خه‌یاڵمان ده‌بات بۆ مایه‌ی فراوانی بینیین بۆ نۆستالیژیا كه‌ به‌شه‌رییه‌ت خدووی پێوه‌گرتووه‌ و به‌و خودووه‌ش ده‌ژی، زۆر كارێكته‌ری ناودار له‌دونیادا ته‌واوی شته‌كان به‌و كایه‌یه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌ كه‌ خۆیان كاریگه‌ر و شاره‌زان، بۆ نموونه‌ فیساگۆرس ئه‌گه‌رچی هه‌موو شتێكی له‌ تێگه‌یشتنی بۆ دونیا له‌ ئه‌ندازه‌ییه‌وه‌ ده‌بینی، به‌ڵام بۆ ئیستاتیكا پێوه‌رێكی فۆتۆیی داناوه‌، هه‌روه‌ك ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی بۆ كه‌ره‌سته‌ی ماڵ و چێشتخانه‌ دانراوه‌، به‌ڵام خه‌یاڵ له‌ كونجێكی ماڵدا كه‌متر مه‌ودای هه‌یه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی له‌ زانست هه‌یه‌تی.

پرسیار: ئه‌زموونكردنی كار له‌ره‌وتی په‌ره‌سه‌ندندا، یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی پێشكه‌وتن و ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر عه‌قڵ و گۆڕینی هه‌سته‌كانی مرۆڤ بۆ چێژی ژیان، ئه‌م ئه‌زمونی كاركردنه‌ تا چه‌ند فاكته‌ری نزیكبوونه‌وه‌یه‌ له‌ هونه‌ری كار، به‌و پێیه‌ی مێژوو سه‌لماندویه‌تی به‌رهه‌می كار دیالیكتیكی سروشت و خه‌سڵه‌ت و تێگه‌یشتنی مرۆڤه‌ بۆ شته‌كانی ده‌ورووبه‌ر؟

سمكۆ محه‌مه‌د: ئاره‌زووكردن بۆ ژیانێكی باشتر و له‌بارتر و خۆشتر، ئاره‌زووكردنه‌ له‌ به‌رده‌وامیدان به‌ كار و خۆ ئه‌زموونكردن له‌نێو كه‌ره‌سته‌ خاوه‌كانی سرووشت، بۆ نموونه‌ دۆزینه‌وه‌ و موتوربه‌كردنی میوه‌ و ره‌گه‌زی ماڵات كه‌ سه‌رنجی مرۆڤ به‌لای ژیانی شایسته‌دا ده‌گۆڕێت، ئه‌و چێژه‌یه‌ كه‌ زه‌مینه‌ بۆ گۆڕینی ململانێ له‌نێوان ئینسان و ئینسان به‌ بیانووی ره‌گه‌ز و نه‌ته‌وه‌ و ره‌نگی پێست، ده‌گۆڕێت بۆ ململانێ له‌نێوان مرۆڤ و سرووشت كه‌ عه‌قڵ رێنوێنی كردووه‌، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی كاری ئازاد و ئازادی كاره‌وه‌یه‌.
به‌بڕوای تۆماس هۆبز خه‌یاڵ گرێدراوی كۆنتڕۆڵی حوكمێكی عه‌قڵییه‌، بینینیش قودره‌تێكه‌ هاوكاری نووسین ده‌كات كه‌ بیركردنه‌وه‌ ئیعتیباری نوێ‌ و قه‌ناعه‌ت پێكه‌ر به‌رهه‌مدێنێ‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا قودره‌تی عه‌قڵی نییه‌ به‌مانا گشتاندنه‌كه‌ی، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی شیعر وه‌كو ده‌قێكی سه‌ربه‌خۆ، ستایلی نووسینه‌وه‌ی ئیدیۆمه‌ به‌زمانێكی ناڕاسته‌وخۆتر له‌ زمانی قسه‌كردنی رۆژانه‌، چونكه‌ خه‌یاڵ به‌ یاده‌وه‌رییه‌وه‌ گرێدراوه‌، ئه‌مه‌ش هه‌ده‌فی ئه‌ده‌بیاته‌ له‌نووسینه‌وه‌ی خود به‌مه‌به‌ستی به‌ ئیستاتیكا كردنی قسه‌.
دیسان دێمه‌وه‌ سه‌ر سرووشت، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌په‌یوه‌ند به‌ سرووشته‌وه‌ هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ جوانی و هونه‌ر، وه‌كو دۆزینه‌وه‌ی حاڵه‌تی دووهه‌می جوانی له‌ سرووشتدا، جۆرێكی تری شۆڕشی دیاره‌ به‌سه‌ر نادیاردا، له‌مباره‌یه‌وه‌ (بندیتۆ كرۆچه‌) كه‌ خاوه‌نی تیۆری مۆدێرنی ئیستاتیكی یه‌ و له‌ژێر كاریگه‌ری هیگڵ بووه‌، جگه‌ له‌مه‌ش به‌ زه‌عیمی سیاسی لیبرالی ناسراوه‌، به‌ڵام له‌رووی مه‌عریفییه‌وه‌ بۆ ئیستاتیكا، ئه‌و ره‌خنه‌ی له‌وه‌ش گرتووه‌ كه‌ مه‌عریفه‌ وه‌كو حدس تاك له‌ وێنه‌یه‌كی هه‌سته‌كیدایه‌، به‌ده‌لیلی عه‌قلانی دووری ده‌خاته‌وه‌، له‌بری ئه‌وه‌ش تاك ده‌خاته‌ ژێر كاریگه‌ری كۆمه‌ڵگه‌وه‌، له‌رووی ئه‌خلاقیشه‌وه‌ بڕوای به‌وه‌ هه‌بوو كه‌ مه‌سه‌له‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ سرووشتیه‌ چینایه‌تییه‌كان بشارێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ پشت میتافیزیكاوه‌ ئایدیایه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ئیستاتیكا بزربكات و فۆڕمێكی لێڵ و نادیاری پێبدات، به‌ڵام هونه‌ر خۆی ئامانجێكی ئیتساتیكی پێشكه‌ش ده‌كات، ئه‌و له‌وێدا هونه‌ر و جوانی وه‌كو سامانی خه‌یاڵ ده‌بینێ‌، له‌شوێنێكی دیكه‌دا بڕوای وایه‌ كه‌ ئینسان ته‌نها به‌ده‌ستی جوانی وێنا ناكاته‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ست له‌ كرده‌یه‌، به‌ڵكو به‌خه‌یاڵ وێنای ده‌كاته‌وه‌، له‌حاڵێكدا كه‌ ئینسان به‌ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ شته‌كانی ده‌وروبه‌ری خۆیدا ناژی، به‌ڵكو به‌ناڕاسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سیمبوله‌كاندا ده‌كات، بۆ نموونه‌ ئه‌فسانه‌ و ئایین و زمان وه‌كو تۆڕێك له‌ده‌وری ئینسان ده‌ئاڵێن و به‌ناچار ده‌بێت به‌ كارپێكه‌ری ئه‌و شتانه‌ی ویسته‌كان و غه‌ریزه‌كان دیاری ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌ شته‌كان و كائینه‌ ترسناك و شه‌ڕانگێزه‌كان و دڕه‌نده‌كان نیین ده‌بنه‌ مایه‌ی ترس بۆ ئینسان، به‌ڵكو ئه‌و فكر و بۆچوونانه‌ی ئینسانن له‌باره‌ی شته‌كانه‌وه‌ ترس به‌رهه‌مدێنن، بۆیه‌ ئینسان توانای به‌سه‌ر سیمبوله‌كاندا شكاوه‌ و خۆی كردووه‌ به‌ سه‌نته‌ری عه‌قڵ، چونكه‌ عه‌قڵی به‌كارهێناوه‌ و خۆی جیاكردۆته‌وه‌ له‌ سرووشت، بیرمه‌ندێكی ئامریكی هه‌یه‌ به‌ناوی (ستیفان كۆبرن) پێیوایه‌ ئیستاتیكا گه‌ڕانه‌ به‌دوای یاساكانی چێژوه‌رگرتن له‌ جوانی، ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ شته‌كانه‌وه‌ جوانن، ئه‌وانی دیكه‌ ئیستاتیكی نیین ته‌نها خۆشمان ده‌وێن وه‌كو هۆكارێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی جوانی له‌ شته‌كانی تردا كه‌ ره‌نگه‌ خۆشویستنه‌كه‌ كاتی بێت و له‌شوێنێكدا بووه‌ستێت، وه‌كو خۆشویستن بۆ په‌یكه‌ری خوداكانی سه‌ر زه‌وی، سیمبولی نێو ئه‌فسانه‌كان كه‌ ئینسان له‌سه‌ر شێوه‌ی خۆی به‌رهه‌میهێناون، ئه‌وان دیكه‌ش كه‌ چێژی تایبه‌ت ده‌به‌خشن.

پرسیار: وه‌ك ده‌بینین زۆر له‌ ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كان جۆرێك له‌ جوانی به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، نموونه‌ی به‌رگریكردن له‌ چینێك یان سه‌رخستنی كارێكته‌رێك له‌ كێڵگه‌وه‌ بۆ مه‌زنایه‌تی، له‌به‌رامبه‌ردا جوانییه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئینسان، روئیای ئێوه‌ بۆ ئه‌و دوو ره‌هه‌نده‌ چیه‌، ئایا جوانیناسی ناچێته‌ قاڵبی كێشه‌ فكرییه‌كانه‌وه‌؟ چونكه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌نها له‌ چاودا كۆناكرێته‌وه‌ و یه‌كلایی نابێته‌وه‌؟.

سمكۆ محه‌مه‌د: ده‌بێ‌ ئێمه‌ ئه‌و جوانییه‌ بدۆزێنه‌وه‌ كه‌ چۆن بارگاوی بووه‌ به‌ عه‌قڵه‌وه‌ كه‌ له‌پرسیاری پێشتووتر وڵامم پێدایه‌وه‌، نه‌ك جوانییه‌ك له‌فۆڕمدا له‌ده‌ره‌وه‌ی عه‌قڵ، ئه‌مانوئێل كانت له‌چه‌ند هه‌ڵقه‌یه‌كدا و به‌چه‌ند شێوه‌یه‌ك چاره‌سه‌ری كێشه‌ی جوانی كردووه‌ كه‌ له‌چوارچێوه‌ی عه‌قڵی ئینسانیدا بووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ كتێبی (ره‌خنه‌ له‌عه‌قڵی په‌تی)، ره‌خنه‌ی میتۆدی به‌كارهێناوه‌ و دواتریش ره‌خنه‌ له‌ عه‌قلی پراكتیكی ده‌گرێت، ئه‌و وه‌كو فه‌یله‌سوفێكی مۆدێرن كه‌ بڕوای به‌ ئه‌زموونگه‌ری خود هه‌بووه‌، له‌ كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌یدا له‌ژێر عێنوانی (نقد ملكه‌ الحكم) ئه‌وه‌نده‌ی باسی حوكمی ده‌ركراوی جوانی له‌ خودی سرووشتیدا یان له‌سه‌ر كاری هونه‌ری كردووه‌ و به‌ئه‌خلاقه‌وه‌ گرێیداوه‌ كه‌ له‌لای ئه‌و وشه‌ی ئه‌خلاقی جوانی یه‌ kalon، ئه‌وه‌نده‌ باسی هه‌قیقه‌تی نه‌كردووه‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌فه‌لسه‌فه‌، (كانت) حوكمی به‌سه‌ر دوو به‌شدا كردووه‌ و له‌رێگه‌ی پێناسه‌كردنییه‌وه‌ دابه‌شیكردووه‌، له‌وێشه‌وه‌ باس له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی گشتی و حوكمی تێڕامانی كردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ باسی هه‌ر ئه‌و حوكمه‌شه‌ بۆ جوانی هه‌یه‌تی كه‌ گرێدراوی خود و بابه‌ته‌، چونكه‌ هیچ بابه‌تێك نییه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ خوده‌وه‌ نه‌بێت مه‌گه‌ر خودێك هه‌ڵگری ئه‌و ئه‌خلاق و خه‌یاڵ و چێژه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ بابه‌ت خوڵقاندوویه‌تی، ره‌نگه‌ چێژوه‌رگرتن له‌ جوانی به‌شێك بێت له‌ نامۆبوون كه‌ تا ئیسَتا ئێمه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقی جوانیداین.
ماركس له‌ كتێبی سه‌رمایه‌دا و له‌به‌شی یه‌كه‌م باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ كاری جوانترین ته‌لارساز له‌ كاری كارامه‌ترین بوونه‌وه‌ر كه‌ هه‌نگه‌كان كه‌نوو دروستده‌كه‌ن بۆ خۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌، كاری ته‌لارسازه‌كه‌ له‌ ته‌ونی جانجاڵۆكه‌ جواتره‌، چونكه‌ ته‌لارسازێك به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست به‌كاره‌كه‌ بكات، بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌ چۆن فۆڕمێك به‌ ته‌لاره‌كه‌ بدات، به‌ڵام ئه‌مه‌ دواجار به‌رهه‌می ده‌ستی كرێكاره‌ به‌ر له‌وه‌ی به‌رهه‌می ته‌لارسازه‌كه‌ بێت، ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ له‌نێوان هه‌نگ و جانجاڵۆكه‌ وه‌كو كائیناتی به‌شه‌ری سرووشتی و كاری ته‌لارساز وه‌كو دیزاین كاری شار و ده‌وڵه‌ت و رازاندنه‌وه‌ی سیستم، له‌جوانیناسییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ دواجار خه‌یاڵ به‌رهه‌می ده‌هێنێت، كێشه‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئیستاتیكا ئایدیای نه‌گۆڕه‌ كه‌ مه‌به‌ست له‌ ئایینه‌.
ده‌بێ‌ له‌وێوه‌ ده‌ستپێبكه‌ین كه‌ جوانی ئاكتێكی سروشتییه‌، ئه‌و ئاكته‌ی ئه‌گه‌ر چاوێكی هۆشیاری له‌ پشته‌وه‌ نه‌بێت ناتوانرێت ببینرێت، واته‌ جوانی ناپێورێت، چونكه‌ ئه‌زموونێك له‌ رێگه‌ی چه‌مكه‌وه‌ ده‌ركی پێناكرێت و پێناسه‌ ناكرێت، بۆیه‌ خۆپاراستن له‌ له‌ چه‌مكسازی واته‌ ئه‌خلاقێك كه‌ عه‌قڵ مه‌به‌ستێتی هانده‌ری بینین بێت بۆ چاو، ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ تێڕوانینی چاوی هۆشیار بۆ سرووشت و كه‌ره‌سته‌كانی داهێنان.
لێره‌دا مه‌ودایه‌كی كاتی هه‌یه‌ كه‌ پێی ده‌گوترێت (بدیعی) واته‌ كاری داهێنه‌رانه‌، ئه‌م تێگه‌یه‌ له‌لای هه‌ندێك به‌ تێڕوانینی شه‌یتانی ناوده‌برێت، چونكه‌ خزانی شتی بچووك واته‌ دونیای شته‌ بچووكه‌كان بۆ نێو ده‌قێكی گه‌وره‌ و باڵا، واته‌ (الادب الرفیع) وه‌كو عه‌لی ئه‌لوه‌ردی كۆمه‌ڵناسی عێڕاقی ده‌ڵێ‌ (هه‌موو ده‌قێكی باڵا زیاتر له‌ تێڕامانێكی گه‌ره‌كه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی یۆنانی و جاهیلی و ئه‌فسانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانی وه‌كو هیند وچین و ئیتاڵیا و میسر و ئێران و هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌ ره‌سه‌نه‌كان، ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش بێت كه‌ زیاتر له‌ ئه‌فسانه‌یه‌ك له‌ دونیای ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ ره‌سه‌نانه‌ هه‌یه‌).
گه‌مه‌ی زمان به‌ته‌واوه‌تی به‌شێكی گه‌وره‌ له‌پانتایی ئیستاتیكا داگیرده‌كات، كه‌چی سه‌یر له‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌ی سه‌ره‌وه‌، (فینگشتاین) فه‌یله‌سوفێكی ناسراوی ئه‌م بواره‌یه‌، پێیوایه‌ زمان پێناسه‌یه‌كی گشتی نییه‌ و لێكیش جیانه‌كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و ده‌ڵێ‌ (گه‌مه‌ی زمان وه‌كو گه‌مه‌ی كه‌ره‌سته‌ پێویسته‌كانی ژیان وایه‌، خودی گه‌مه‌ لێره‌دا نموونه‌یه‌كی باشه‌ بۆ به‌كارهێنانی جیاجیاكانی وشه‌یه‌ك، بۆ نموونه‌ باسه‌كه‌ش وه‌كو شه‌تڕه‌نج و زارو مار گه‌مه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌توانین قسه‌ له‌باره‌ی گه‌مه‌یه‌كی سۆسیۆلۆژیا، یان پڕۆژه‌یه‌كی كۆمه‌ڵناسی بكه‌ین، یان بڵێین خه‌ڵك ده‌توانن فریوم بده‌ن، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌).
ئامانجی جوانیناسی هه‌مان ئه‌و ته‌باییه‌ی هه‌یه‌ به‌ڵام هارمۆنیای تێكسته‌كه‌ ئه‌گه‌ر سرووشت بێت یان كارێكی هونه‌ری، مه‌به‌سته‌ جیاوازه‌كه‌ دیاری ده‌كات، سڕینه‌وه‌ی ناكۆكی نێوان ئه‌و دوو پانتاییه‌ی كه‌ ژیانی تاك و جهانبینی تاك ده‌گۆڕێت، له‌لایه‌ك ئه‌و ئازادییه‌ ده‌پارێزێت كه‌ دوور كه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ تێڕوانینی گشت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌رهه‌می هونه‌ری له‌ده‌ستی كۆمه‌ڵگه‌ و رواڵه‌ته‌ ئه‌خلاقییه‌كان ده‌پارێزێ‌ و نایكات به‌ موڵكی تایبه‌تی، ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌ بۆ پاراستنی جوانی هاوئاهه‌نگی یه‌كێتییه‌كی ماناداری هه‌یه‌ بۆ هه‌ردوو ئایدیاكه‌ كه‌ دژی چه‌واشه‌كردنی جوانی راسته‌قینه‌ن له‌ تێكستی ده‌ستكرد و سرووشتگه‌رایی له‌لای هونه‌ر. بۆیه‌ ئه‌و گه‌شه‌یه‌ی كه‌ سه‌رمایه‌داری له‌رووی ئابورییه‌وه‌ به‌ خۆیه‌وه‌ بینیویه‌تی و هه‌موو فۆڕمه‌ جوانه‌كانی له‌ جه‌وهه‌رێكی بۆشدا كۆكردۆته‌وه‌ و دایپۆشیوه‌، ئه‌مه‌ پانتاییه‌كی خه‌یاڵییه‌ له‌ پێناو كوشتنی ئه‌و واقیعه‌ی كه‌ جوانی به‌رهه‌مدێنێ‌ له‌ نێو دیارده‌ ناشیرینه‌كاندا، لێره‌دا سه‌ربه‌خۆیی له‌ ئایدیادا بۆ تێڕوانینی واقیعیانه‌ی جوانی هه‌ستی پێده‌كرێت و ده‌زانین جوانی چییه‌ و مانای چییه‌، له‌حاڵێكدا ره‌نگه‌ ئه‌م چه‌مكه‌ زیاتر له‌ مانایه‌كی هه‌بێت.

پرسیار: كاتێ هونه‌ر ده‌بێته‌ شێوه‌یه‌ك له‌هه‌ڵچوونی بێداری و راگرتنی باڵانسی نێوان فۆڕم و جه‌وهه‌ر و یه‌كخستنیان له‌ كارێكی دانسقه‌دا، لێره‌دا رۆڵی زانستی جوانی به‌ چ ئاڕاسته‌یه‌ك شرۆڤه‌ی ئه‌و كاره‌ هونه‌رییه‌ ده‌كات به‌پێی پێوانه‌یی سه‌رده‌م، دیاره‌ بۆ هه‌ر سه‌رده‌مێكیش پێوانه‌ی تایبه‌ت هه‌یه‌، له‌كاتێكدا جوانی رێژه‌گه‌راییه‌ و ره‌ها نییه‌؟

سمكۆ محه‌مه‌د: هه‌موو شتێك راگرتنی باڵانسی گه‌ره‌ك بێت، ئیستاتیكا به‌هه‌موو جیاوازییه‌كانیه‌وه‌ كه‌ فره‌ییه‌ له‌ پێناسه‌ ئه‌مه‌ی ناوێ‌، بۆ نموونه‌ ئاو پێویستییه‌كی ژیانه‌ و موفره‌ده‌ و زاده‌ی جوانی سرووشته‌، كه‌چی له‌ده‌ریادا ده‌یان هه‌زار ئینسانی خنكاندووه‌، كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی ئاو له‌ ئاسمانه‌وه‌ یان له‌ پانتاییه‌كی دیاره‌وه‌، واته‌ كارێكی ناوازه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئینسانه‌، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ كاری سرووشتی بێت، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پیسكردن و ده‌ستكاریكردنی سرووشت كه‌ كرده‌ی ئینسانه‌، وه‌كو ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی ده‌قی (فاوست) ی گۆته‌ی ئاڵمانی لێدێت كه‌ ده‌بێته‌ كاری شه‌یتان و شته‌كان و موفره‌ده‌كان پیس ده‌كه‌ن، لێره‌دا شه‌یتان به‌مانای بۆچوونی ئیسلامگه‌رایی نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و شه‌یتانه‌ی كه‌ مانای دژه‌ فه‌زیله‌ته‌ بۆ كرده‌وه‌ی ئینسانه‌ كه‌ زۆر جار له‌نێو شته‌ بچووكه‌كاندا زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت، واته‌ له‌نێو هه‌موو شته‌ جوانه‌كان شتێكی خراپ و ناشیرین زه‌ق ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌و پێیه‌ی كه‌ فۆڕم وته‌زایه‌كه‌ كلیلی سه‌ره‌كی جوانیناسییه‌ و له‌وێوه‌ دوالیزمه‌كه‌ی خێر و شه‌ڕ جودا ده‌كاته‌وه‌ له‌رووی ماناوه‌، هونه‌رناسی لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ ئایا وه‌كو یاسا وه‌زعی یه‌؟ یان سرووشتی؟، ده‌ستكردی خودایه‌ یان ئینسان كه‌ پێی ده‌گوترێت داهێنان، یه‌كێكیان له‌ده‌ره‌وه‌ی ویست كرده‌ی ئینسانه‌ و ئه‌ویتر ویستی غه‌ریزی ئینسانه‌ كه‌ ئه‌مه‌ موناقه‌شه‌یه‌كی تره‌، بۆیه‌ فیگه‌رێكی داهێنه‌رانه‌یه‌ و به‌كاری سرووشتی وه‌كو ماتریالیستی و به‌ كاری خودایی وه‌كو میتافیزیكی ناوده‌برێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ مایكڵ ئه‌نجیلۆ و بیكاسۆ و داڤینشی و رامبرانت و تێكستی ئه‌فسانه‌ی یۆنانی و رۆمانی و سۆمه‌ری و میسری و هیندی و چینی و تا ده‌گاته‌ رۆژهه‌ڵات كه‌ بریتیین له‌ هه‌ردوو هونه‌ری ته‌لارسازی سامه‌ڕرا و بابل و هتد. له‌ حاڵێكدا ئه‌مه‌ جوانییه‌كی هه‌مه‌گیره‌ كه‌ خودێكی تایبه‌تیان له‌ پشته‌وه‌یه‌. هه‌روه‌ك چۆن له‌ پشت دوا شێو خواردنی عیسا كه‌ لیوناردۆ داڤینشی كردوویه‌تی و ده‌یه‌ها تێڕامانی بۆ كراوه‌ و فرۆید سایكۆلۆژیایانه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر كردووه‌، كه‌سێكی حه‌تمییه‌تی مێژوویی و تێكست و چیها قسه‌ی هونه‌ری له‌ پشته‌وه‌یه‌ كه‌ تائێستاش موناقه‌شه‌ی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ پێده‌گوترێت جوانیناسی ره‌نج. واته‌ كه‌سێك ره‌نجی داوه‌ بۆیه‌ جوانی دۆزیوه‌ته‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سرووشت، ئه‌مه‌یه‌ جیاوازی نێوان ره‌ها و رێژه‌گه‌رایی جوانی.
ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی كه‌ له‌نێوان موزیك و ده‌نگی سرووشتدا هه‌یه‌ له‌ خوڕڕه‌ی ئاو و ده‌نگی باڵنده‌كان و هتد، له‌ شوێنێكدا عه‌فه‌وییه‌تی پێوه‌دیاره‌، به‌ڵام كه‌ ئه‌كادیمیا و نۆته‌ و به‌رهه‌می زانستی موزیكی تێكه‌ڵ ده‌بێت، جوانییه‌كه‌ی به‌ بارته‌قای پێشووتری نامێنێت، چونكه‌ به‌ ناڕاسته‌وخۆ سانسۆڕی تێده‌كه‌وێت، من له‌دژی ئه‌و سانسۆڕه‌ قسه‌م هه‌یه‌، چونكه‌ هونه‌ر وه‌كو ره‌نگدانه‌وه‌ی كرده‌ی سرووشت وایه‌، وه‌ختێك سانسۆر كرا، ئیدی له‌ به‌های داهێنانه‌ نادیاره‌كه‌ی كه‌مده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها بۆ بیسه‌ر و بینه‌ریش چێژی نامێنێت، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نۆستالیژیای زه‌مه‌نی هونه‌ری ده‌ستكرد و خۆڕسك بۆ به‌رده‌وامی ژیان به‌تایه‌بتی له‌ ژیانی كورده‌واریدا، بۆ نموونه‌ لاوانه‌وه‌ی ژنێك و داكێك بۆ منداڵ و مێرده‌كه‌ی یان ئازیزه‌كه‌ی كه‌ له‌ده‌ستی داوه‌، یان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژیان خاكێتی له‌ گوندنشیندا هه‌مان مه‌به‌ستی پێشووترمه‌ له‌ باره‌ی لاسایكردنه‌وه‌ی زه‌مه‌نی به‌سه‌رچوو له‌باره‌ی هونه‌ری خۆڕسكه‌وه‌، یان دروستكردنی قالی و به‌ڕه‌ و جاجم بۆ خه‌وتن و خۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ كه‌ كاری ده‌ستی بووه‌ به‌تایبه‌تی له‌لای ژنان، نوستالیژیای هونه‌ری كوردییه‌.
هه‌روه‌ها ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ش بگوترێت كه‌ رێژه‌گه‌راییی بۆ هه‌موو دیارده‌یه‌ك كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ هیومانیزمی عه‌قلییه‌وه‌ هه‌یه‌ راسته‌، چونكه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ ره‌هاگه‌رایی ده‌ره‌نجامی بیری ره‌هایه‌ كه‌ سنوور بۆ عه‌قڵ و ژیان به‌گشتی داده‌نێت، ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م ژیانێكی نۆێین ئه‌ویش ستایلێكی دیكه‌ی تاكگه‌راییه‌، ئه‌و پارادۆكسه‌ی كه‌ ئینساگه‌لێك خۆی دوور خستۆته‌وه‌ له‌سرووشت ئه‌وانه‌ش كه‌ خۆیان به‌ به‌رهه‌می سرووشت ده‌زانن و پراگماتیكی له‌ جوانی تێده‌گه‌ن، واته‌ سوودگه‌راكان خاوه‌ن ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ن، ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌فسانه‌ بۆمانی ده‌گێڕێته‌وه‌ و ئینسان بریتییه‌ له‌ كائینێكی دیكه‌ی دوور له‌م نموونه‌یه‌ی ئێستا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و چێژوه‌رگرتنه‌ی ئینسانی ئێستا له‌گه‌ل رابردوو له‌ مه‌رجی ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ چۆن بتوانین ئه‌و دوو جۆره‌ ئینسانه‌ له‌یه‌كتر جودا بكه‌ینه‌وه‌، ئینسانی ئێستا كه‌ رۆبۆتێكی به‌كاربه‌ره‌ و ئه‌وه‌ی دوێنی ئینسانی راسته‌قینه‌ی تێكه‌ڵ به‌سرووشت بووه‌. كه‌وابوو رێژه‌گه‌راییه‌كه‌ش جێگه‌ی گومانه‌ ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین به‌ تێگه‌یشتنی هۆشیارانه‌ بو جوانی كه‌ له‌پشتیه‌وه‌ عه‌قڵ هه‌یه‌.

پرسیار: چۆن بتوانین خوێندنه‌وه‌یه‌كی مه‌عریفی بۆ جیاكاری نێوان جوانی و ناشرینیه‌كان بكه‌ین، وه‌ك دوالیزمێك له‌یه‌ك كاتدا، وه‌كو دوو حاڵه‌ت، ئایا ئه‌م جیاكارییه‌ قورس نییه‌ له‌رووی مه‌عریفییه‌وه‌؟

سمكۆ محه‌مه‌د: به‌ڵێ‌ زۆریش قورسه‌، چونكه‌ ده‌ركه‌وت هه‌موو شتێك رێژه‌ییه‌ و ره‌ها نییه‌، با له‌وێوه‌ ده‌ستپێبكه‌م كه‌ بۆچی ژیان بریتییه‌ له‌ دوالیزم، هه‌روه‌ك له‌ پرسیاری پێشووتردا باسمان لێوه‌كردووه‌، چونكه‌ سه‌ره‌تا و بونیادنانی ژیان ئایین و ئه‌فسانه‌ی نێو ئایین و ده‌سه‌ڵاته‌ ئاینییه‌ ئایدیالییه‌كان دایانمه‌زراندووه‌، ئه‌مه‌ وای كردووه‌ كه‌ ژیان بۆ هه‌موو شتێك دابه‌ش بكرێت و له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو كرده‌یه‌كی خێر، كرده‌ی شه‌ڕ هه‌بێت كه‌ دژه‌كه‌یه‌تی، ئه‌گه‌ر دوالیزم وه‌كو ئایدیالیستێك ته‌ماشا بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بێ‌ ناوی خێر و شه‌ڕی لێبنێین، به‌ڵام من بڕوام به‌ دیالیكتیك هه‌یه‌ بۆ سیستمی دژه‌كان، مادام ئیستاتیكا رێژه‌گه‌راییه‌، كه‌واته‌ جوانی هه‌یه‌ و ناشیرینیش هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ویستێكی سایكۆلۆژییه‌ زیاتر، بۆیه‌ له‌به‌رامبه‌ر خۆشیدا، ناخۆشی و له‌ به‌رامبه‌ر جوانیشدا و ناشیرینی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌ جیاوازی نێوان شه‌وو رۆژدا په‌یدا بوو. بۆیه‌ ده‌ڵێم تێڕوانینه‌كه‌ ئاینیی و تێگه‌یشتنێكی كۆنكریتی نه‌گۆڕه‌، بۆ نموونه‌ میسرییه‌كان كاتی خۆی له‌ شوێنێكی زۆر هێمن و دوور له‌ كێشه‌ ده‌ژیان و هه‌موو شتێك ده‌سته‌به‌ر بوو، به‌ڵام به‌ هۆی نزیكییان له‌ روباری نیله‌وه‌، ئیدی ساڵانه‌ دوچاری لافاوو و كێشه‌ سرووشتییه‌كان ده‌بوونه‌وه‌، ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ كه‌ڵكی لێوه‌ربگرێت بۆ ده‌سه‌ڵات و قه‌ناعه‌ت پێكردنی خه‌ڵك به‌وه‌ی روباری نیل دوو وێنه‌ی جوانی و ناشیرینی هه‌یه‌، كاتێك جوانه‌ كه‌ ئارامی به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ‌ و كاتێكیش ناشیرین كه‌ توڕه‌ ده‌بێت زریان به‌رهه‌مدێنێت و لافاو هه‌ڵده‌ستێت و ده‌بێته‌ مایه‌ی له‌ناوبردنی هه‌موو كائینه‌كان، هه‌روه‌ها ئه‌هرامه‌كانیش هه‌مان ئه‌فسانه‌ی تراژیدی به‌شه‌رییان له‌ پشته‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا بۆته‌ جوانییه‌ك گه‌شتیار سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
با بێمه‌ سه‌ر نموونه‌یه‌كی تری دوالیزم بۆ ده‌ربڕین له‌سه‌ر جوانی و ماناكانی دیكه‌ی كه‌ یاده‌وه‌رییه‌، بۆ نموونه‌ ماڵ ئه‌و جێگه‌یه‌ی كه‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌ و پاراستنمانه‌ له‌ گه‌رمای هاوین و سه‌رمای زستان، ئه‌مه‌ تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بۆ شوێن، به‌ڵام بچینه‌یه‌كی دانه‌ریشه‌ له‌ نووسین و ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا، بۆیه‌ نوسه‌ری جددی له‌ماڵه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات چونكه‌ ماڵی كۆن ماڵی منداڵییه‌ و سه‌نته‌ری راهاتنمانه‌ له‌ شته‌كان و دیارده‌كان، بۆیه‌ هه‌ركاتێك ده‌كه‌وینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ له‌دیارده‌كان ده‌ڕوانین كه‌ له‌ژیانی ماددی دوور ده‌كه‌وینه‌وه‌، واته‌ ده‌بینه‌ كه‌سێكی روحی، چونكه‌ دیارده‌ هه‌ستكردنه‌ به‌ ئه‌مانه‌ت و به‌رگریكردن ی مرۆڤ له‌ دووتوێی ماڵدا، ئه‌مه‌ ماڵ له‌ دوالیزمی تێگه‌یشتنی جوانیناسی و كۆمه‌ڵناسیدا به‌ دوو مانای جیاواز خۆی ده‌نوێنێ‌، ئه‌م تێڕوانینه‌ به‌ گشتی بۆ ده‌ربڕین له‌به‌رامبه‌ر شێوه‌ی جوانی كه‌ هونه‌ر مانای چالاكیه‌كی جوانه‌ و له‌ ماڵدا زیاتر بوونی ده‌سه‌لمێنرێت.
دیوێكی دیكه‌ی ئه‌م دوالیزمیه‌ی ئیستاتیكا كه‌ هه‌ندێكجار هه‌ستی پێناكرێت، نموونه‌ی سووربوونه‌ له‌سه‌ر پێداگیری ئاست نزمی و به‌رزی، ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ بۆ دیارده‌یه‌كه‌ كه‌ گوایه‌ عه‌قڵمه‌ند و ئه‌پستراكته‌، ئه‌مه‌ ئه‌و ده‌قه‌یه‌ كه‌ پڕۆژه‌ی فۆڕمی ره‌خنه‌یی جددی و رادیكاڵی له‌ سه‌رمایه‌داری گۆڕیوه‌ بۆ بۆچوونی جیاواز و قبوڵكردنی ئه‌ویتر كه‌ وه‌همه‌، ئه‌و ستایشه‌ی كه‌ ناڕاسته‌وخۆی به‌شێكی زۆر له‌ بیرمه‌ندانی رۆژئاوا ده‌یكه‌ن به‌رامبه‌ر ئه‌م سیستمه‌ نوێیه‌ كه‌ گوایه‌ لایه‌نه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی ته‌كنۆلۆژیا و عه‌قلانییه‌ت و گه‌شه‌ی مرۆیی له‌ بونیاده‌ ئابورییه‌كه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، فۆرمێكی وه‌زیفه‌یی هێنده‌ ناشیرینه‌ كه‌ به‌ ئیستاتیكای رۆژ ناسراوه‌ و له‌كه‌مترین كاتدا و له‌ ریكلامێكی چه‌ند رۆژه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر بۆ فرۆشی كاڵا به‌ولاوه‌ هیچی تر نییه‌، ئه‌م وه‌زیفه‌یه‌ تابلۆ یان شانۆییه‌ك یان جه‌وهه‌ری شتێكی دیار نییه‌، به‌ڵام له‌ دیوی ناوه‌وه‌یدا و له‌ كولتوورێكی رۆژانه‌دا كه‌ به‌سه‌ر ئینساندا سه‌پێنراوه‌، پێویستی به‌ شاهید نییه‌، سه‌رمایه‌داری دواهه‌مین سه‌پێنراوی به‌سه‌ر ئینساندا ئه‌و تێكه‌ڵكردنه‌ كولتوورییه‌ یه‌ كه‌ هه‌م كه‌ڵكی له‌ ئیشكالیاته‌كانی بینیووه‌ و هه‌م ئه‌و فۆڕمه‌ش كه‌ خودی ئینسانی پێ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه‌ و گه‌ره‌نتی ژیانێكی نوێی پێداوه‌، مه‌به‌ستم له‌و كۆنتڕۆڵه‌یه‌ كه‌ هه‌موو كایه‌كانی جیهانی گرتۆته‌وه‌ و ئینسانی ناچار كردووه‌ به‌ فۆڕمی ئیستاتیكی ته‌ماشای بكات و له‌شوێنێكی دیكه‌شدا به‌ناوی فره‌ كولتوور و مڵتی كه‌ڵچه‌ره‌وه‌ زه‌مینه‌ی بۆ كێبه‌ركێی نه‌ته‌وه‌ و كولتووره‌كان خۆش كردووه‌ و خۆشی وه‌كو ته‌ماشاكه‌ری ئۆپێرا نیشانداوه‌ به‌ناوی ئازادی یه‌وه‌.
به‌هه‌رحاڵ دێمه‌وه‌ سه‌ر باسه‌كه‌ به‌تایبه‌تی، قسه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی ئیدیالیستی هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێ‌ (هیچ ئینسانێك و شتێكی ناشیرین نییه‌ مه‌گه‌ر خۆی ناشیرین بكات)، هه‌موو ئه‌و شت و كه‌ره‌ستانه‌ هه‌ن، به‌رهه‌می سرووشتن و سرووشتیش هه‌م له‌رووی ئیدیالیستی و هه‌م له‌رووی ماتریالیستی یه‌ك مانایان وه‌رگرتووه‌ كه‌ خاڵقه‌كه‌ی دیار نییه‌، له‌وێ‌ خودایه‌ كه‌ هه‌ڵه‌ ناكات، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ بوونێكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئینسان كه‌ هێزێكی دیكه‌ی سرووشته‌ و هه‌ڵه‌ ناكات، كه‌واته‌ شتێك نییه‌ به‌ناوی ناشیرین مه‌گه‌ر له‌رووئیای ئینسانی تاك ره‌هه‌نده‌وه‌ بێت، چونكه‌ له‌لای ئه‌وان هه‌ندێك شت به‌ رێكه‌وتنێك به‌ جوان ناسراوه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ به‌ ناشیرین، بۆ نموونه‌ سه‌گ له‌لای كریستانی وه‌كو ئایین و كولتوور جوانه‌ و له‌گه‌ڵ ئینسان پێكه‌وه‌ ده‌ژین كه‌ ئه‌مه‌ له‌ یارانی ئه‌شكه‌وتدا وه‌رگیراوه‌ و قورئانیش باسی ده‌كات، كه‌چی له‌لای رۆژهه‌ڵات و ئاینی رۆژهه‌ڵاتی و ئیسلام، به‌بێ‌ هیچ بیانوویه‌كی لۆژیكی سه‌گ كائینێكی ناشیرین و به‌ده‌ و له‌هه‌ندێ‌ كاتیشدا جنێودان و قسه‌ی نه‌شیاوه‌، له‌حاڵێكدا ئه‌م كائینه‌ له‌گه‌ڵ ئینسان ده‌ژی كه‌چی ئینسان بۆ خزمه‌تی خۆی به‌كاری ده‌هێنێت ئه‌گه‌رنا به‌ كائینێكی ناشیرین و قیزه‌ون ته‌ماشای ده‌كات، ئه‌مه‌ جیاوازییه‌كه‌یه‌ له‌نێوان هۆشاری و ناهۆشیاری و دوو گوتاری ئایینی جیاواز بۆ ئه‌و كائینانه‌ی له‌گه‌ڵ ئینسان ده‌ژین.




ئەو کاروانەی بۆ هەواری ئێمە نەچوو … نەوزاد مەدحەت

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبێکی درێژ…..

ئەو کاروانەی بۆ هەواری ئێمە نەچوو، ئەمە ناونیشانی کتێبێکە کە لە ڕێی ئۆتۆبایۆگرافیاوە نووسەر توانیویەتی بەسەلیقەیەکی باشەوە گۆشەیەک لە مێژووی خەبات و چالاکی سیاسی شارێک لە زەمەنێکی دیاریکراودا بخاتە ڕوو، لە پاڵ ئەوەشدا بەپشت بەستن بەدەیان سەرچاوە باس لەدیارترین ڕووداوە سیاسێکانیی ساڵانی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان دەکات لەکوردستان و عێراقدا.
شار: کەرکوک، زەمەن: نیوەی دەیەی کۆتایی هەفتاکان تاکوو ناوەڕاستی هەشتاکان، ڕێکخراوی سیاسی: کۆمەڵەی مارکسی لینینی دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان.
ئەم کتێبە لە لایەن سالار رەشیدە وە نووسراوە بە قەبارەی ٦٠٢ لاپەڕە.

ناوەڕۆکی کتێبەکە:

چەقی ئەم کتێبە قسەکردنە لەسەر ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە و خوێندکاران وە بە تایبەت کۆمیتەی ئاگر کە یەکێک بووە لە رێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لەشاری کەرکوک. ئەم ڕێکخراوەیە تەمەنی کارکردنەکەی زۆر کورت بوو، بەڵام مانەوەی لە یادەوەری هەموو ئەوکەسانەی لەو ڕۆژگارەدا عەوداڵی کاری سیاسی بوونە یان تینووی هەواڵی چالاکی دژ بە دەسەڵاتی بەعس بوون لە شاری کەرکوک، کەڵەکەبوونی ڕۆژەکان و غلۆربونەوەی ئەو ڕۆژانە بۆ باوەشی مێژوو ناوی کۆمیتەی ئاگر و کوڕە گیان لەسەر دەستەکانی لە یادەوەرییاندا ڕەش ناکاتەوە.
نووسەر لەم کتێبەدا بەوردی چۆتە سەر فیگیورە سەرەکێکانی کۆمیتەی ئاگر و کارەکانیان و بەشێک لەو چالاکیانەی دژ بە دارو دەستەی ڕژێم ئەنجامیان داوە چ لە شاری کەرکوک یان دەرەوەی کەرکوک.
کاتێک کارو چالاکییەکانی ئەم کۆمیتەیە ڕوو لە هەڵکشان دەکات و زوو زوو دەست لە پیاوان و دارودەستەی ڕژێم دەوەشێنن، ئەمە وا لەدەزگای ئەمنێکان دەکات بەوردی بەدوای سەرەداوێکەوەبن بۆ ئاشکراکردنی ئەو کۆمیتەیە، ئەوە بوو ڕژێم توانیتی کەسێک دەسگیر بکات بەناوی عەلی مغاویر و ئەویش تەواوی نەخشەی ڕێکخستنەکەی خۆی ئاشکرا دەکات بۆدەزگا ئەمنێکان و لێرەوە لێدانە کوشندەکە بەر کۆمیتەی ئاگر دەکەوێت و کۆمەڵێکی زۆر لە ئەندامانی دەسگیر دەکرێن و زۆرینەیان لە سێدارە دەدرێن یان بزر دەکرێن.
خوێنەر پاش خوێندنەوەی ئەو مێژووە لە چالاکی و شێوەکاری چالاکی و ڕێکخستنەکان زیاتر بۆی ڕوون دەبێتەوە ئەوانەی خۆیان بە سەرکردە دەزانی و سەرکردایەتی ئەو تەقوتۆقەیان دەکرد کە ناویان لێنابوو شۆڕش، چەندە بێدەربەست بوونە لە بەرانبەر ژیانی ئەو هەموو لاوە خوێن گەرمە، چۆن هیچ ڕاهێنان و ئامادەسازییەکیان بۆ شێوەو چۆنیەتی کارەکان نەکردووە، بەڵکوو تەنها بە پشت بەستن بە زانیارییە تاکە کەسێکان کارەکان ئەنجام دراوە.
ئەوەی ناویان لێنا بوو شۆڕشی نوێ بە غەیری چەواشەکردنی خەڵک و بەلاڕێدابردنی ئەو بزووتنەوە ڕادیکاڵیەی کە خەریکی خۆ ڕێکخستن بوو بە تایبەت لە نێو شارەکاندا لەسەر بنەمای تێگەشتن لە ماهیەتی دواکەوتوانەی جوڵانەوەکەی بارزانی و شکستی سیاسی شوعێکان لە عێراق شتێکی تر نەبوو. واقعیەتی ئەمڕۆیان و هەموو ئەو یادەوەرییانەی کە لەدەمی زۆرێک لەکەسایەتییەکانی خۆیانەوە نووسراون و وتراون گەواهی ئەم ڕاستییە دەدەن.

لەم کتێبەدا کۆمەڵێک ناوت بەر چاودەکەوێت هەست دەکەیت ئەمانە پڕبوونە لە خۆڕاگری، ماندوونەناسی، دڵسۆزی، چاونەترسی و ئامادەی قوربانیدان! ئایا ئەم سیفاتانە خۆڕسک بوونە یان پەروەردەی دیدگایەکی سیاسی؟ وەڵامەکە هەرچییەک بێت ناتوانین باز بەسەر ئەوڕاستییەدا بدەین کە ئەم ئینسانانە لە کات و شوێنێکی هەڵەدا توانا و هێزیان بەهەدەر چوو.
نووسەر لە پاڵ گێڕانەوەی مێژووە سیاسێکە، دەستی مناڵیمان دەگرێت و بەناو گەڕەک و بازارو دوکانەکانی شاردا ئەو دوکانانەی کە پێمان وابوو هەرچی شتی ئەم دونیایە هەیە لەسەر ئەو ڕەفانەی شوێنێکیان بۆ چێکراوە، پیاسەیەکمان پێدەکات و جارێکی تر ئاشنامان دەکاتەوە بەشێتۆکەکانمان و چاوی ئەمڕۆمان لە سەر سەرنجەکانی دوێنێمان ڕادەمێنێت. ئەو دوێنێیەمان پیشان دەدات کە شار هێشتا باڵە خانە بەرزەکانی سێبەریان نەخستۆتە سەر دارە بییەکانی و خانووە زۆر و زەبەندەکانی سەوزاییەکانی شاریان هەڵنەلوشییەوە و سەرچاوەکانی بژێوی ئینسان دەکرێت ئامرازەکانی لادێبن یان شار.

سەرنجەکانم:

  • یادەوەری:

ئەم کتێبە لە ژێر ناوی یادەوەری تەسنیف کراوە وەلە لاپەڕەی یەکمدا نووسراوە یادەوەری. بەڕای من وشەی یادەوەری ئەو ڕەفە نییە ئەم کتێبە جێی تێدا بێتەوە چوونکە دەکرێت گێڕانەوەی بەسەرهاتێک یان چەند ڕووداوێک لە مێژوویەکی دیاریکراودا وەک یادەوەری بگێڕدرێتەوە، بەڵام ئەم کتێبە زۆر لەوانە زیاتر ڕۆشتووە لە باسەکانیدا وە هەموو ئەو بنەمایانەی تێدایە کە لە زمانی ئینگلیزیدا پێیدەوترێت Autobiography ڕەنگە وشەی خۆنووسینەوە نزیکترین وشەبێت بۆ ئەم تەرزە لە نووسین.

  • ناونیشانی کتێبەکە:

ناونیشان ئەو نیوەدێڕەیە یان ئەو ناوەیە کە دەبێتە یەکەمین بەرکەوتەی نێوان خوێنەر و نووسەر، هەر ئەم بەریەک کەوتنەیە زۆرجار پاڵ بە خوێنەرەوە دەنێت بۆ کڕین و خوێندنەوەی کتێبەکە، هەرچەندە وتەیەکی باو هەیە کە دەڵێت: کتێب بەبەرگەکەی هەڵمەسەنگێنە، بەڵام لەگەڵ درووستی ئەم وتەیەشدا هێشتا ناونیشان و بەرگ سحرێکی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ خوێنەر بەتایبەت ئەگەر پێش وەخت نووسەرت نەناسیبێت یان باسی کتێبەکەت بۆ نەکرابێت.
ئەوەی چۆن ناو نیشان هەڵدەبژێردرێت یان چەندە گرنگە پەیوەندی بە ناوەڕۆکی کتێبەکەوە هەبێت ئەوە باسێکی ترە.
ئەو کاروانەی بۆ هەواری ئێمە نەچوو، بەڕای من یەکێکە لەو ناونیشانە جوانانەی ئەو ڕیزە لە کتێبی یادەوەری کە لەم ساڵانەی دووایدا کەوتنە کتێبخانەی کوردییەوە.
ئەو کاروانەی بۆ هەواری ئێمە نەچوو، پەیوەندییەکی قوڵی بە ناوەڕۆکی کتێبەکەوە هەیە، واتە نووسەر کۆی ئەو هەموو بەسەر هات و کار و راوەدوونان و دڵە ڕاوکێ و تێداچوونانەی ئەو هەموو لاوە دڵسۆز و خوێن گەرمانە کە لەپێناوی ئامانجێکدا خەباتیان کردووەو قوربانییان بۆی داوەو پێیان وابووە ئەمە ئەو شۆڕشەیە کە هەڵگری خەون و ئارەزووەکانیانە، بەڵام ئەنجام دەردەکەوێت کاروانچیانی ئەو کاروانە کاروانچی نەبوون بەڵکوو کاروان کوژەبوون. خوێنەر لەڕێی ئەم ناونیشانەوە ئەوکاروانەی بۆ هەواری ئێمە نەچوو هەر زوو بیرۆکەی ئەوەی لا درووست دەبێت کە نووسەری پشت ئەم کتێبە ڕۆژگارێک بە حەماس و بڕوایەکی قوڵەوە ژیانی خۆی بۆ تەرخان کردبوو ئیتر هاوشانی ئەو بزووتنەوەیە ناڕوات و لەوەیان یەکلابۆتەوە کە ئەو کاروانە بۆ هەوارەکەی ئەم نایەت واتە ئەو دونیایەی کەڕۆژگارێک لە خەیاڵدانی نووسەردا بنیات نرابوو لەسەر ئەو بزووتنەوەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین ناونیشانەکە دەربڕی تەواوی میتۆدە فکرێکەی نووسەرە.

  • ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە

نووسەر لە باسی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەدا باس لە خەتی شەهید سیروان دەکات. لێرەدا پێم باشە ئیزافەیەک بخەمە سەر ئەو باسەی کە پێدەچێت بەهۆی نهێنی کارییەوە لەو سەردەمەدا ئاگاداری هێڵەکانی تری ڕێکخستن نەبووبێت لە شاری کەرکوک. هێڵێکی تری ڕێکخستن هەبوو هەر بەناوی خەتی ڕێکخستنی شەهید سیروان کە ڕاستەو خۆ پەیوەندی بە تیپی ٥١ی گەرمیانەوە هەبوو. تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربووم ئەم خەتە ڕێکخستنەکانی خۆی سەرباری شاری کەرکوک و دەوروبەری گەیاندە ڕومادی و دوزو بنار گل تا ئاوای کۆشک ڕۆشتبوو. ئەم خەتی ڕێکخستنە لە پێش ٨١ ەوە چ کادرێکی سیاسی لە تیپی ٥١ی گەرمیان سەرپەرشتی ئەو ختەی دەکرد ئەوەیان نازانم، بەڵام پاشتر لەلایەن حەسەن مەلا قادر ناسراو بە (شاهۆ) و دوواتر خەلیل سابیر سۆفی ناسراو بە (جوتیار) و پاشتریش خەلیل دەروێش ناسراو بە (بێستون)ەوە سەرپەرشتی دەکرا تا کۆتایی ساڵی ١٩٨٥. من (نەوزاد مەدحەت) لە چەند ساڵی دووایدا پاش چوونە دەرەوەی فریاد تاڵەبانی ١٩٨٢ەوە بەرپرسیارێتی ئەو هێڵەی ڕێکخستنم گرتبووە ئەستۆ لە شاری کەرکوک کەمن لێرەدا ناچەمە سەر تەواوی وردەکارێکانی چۆنیەتی کارو ژمارەو ناوی ئەندامەکان ئەوانەی لە ژیانداماون یان شەهید بوون. لە کۆتایی ١٩٨٥ پاش هاتووچۆکردنی زیاترمان بۆ سنوورەکانی پێشمەرگەو ڕۆشنبوونەوەی زیاتری چوارچێوەی کاری سیاسی ینک بەتایبەت لە مفاوەزاتیدا لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی و زیاد بوونی هەژمونی باڵی شۆڕشگێڕان لەسەر ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە لە سنوری ٥١ی گەرمیان، بۆمان ڕوونببوەوە کە کۆمەڵە تەنها قاوغێکی سیاسییەو هیچی تر. بۆیە ئێمەش لای خۆمانەوە پەیوەندی ڕێکخستنی خۆمان پچڕاند و چەندین جار لەلایەن شەهید بێستوونەوە چ بە نامە یان هەواڵی زارکیانە داوای دیداری کرد، بەڵام ئێمە یەکلا ببوینەوە لە وازهێنانمان و بەدەم داواکەیانە نەچووین.

  • زمان

زمانی گێڕانەوە هەمیشە زمانێکی سادەیە چوونکە زۆرتر هەڵسوکەوت لەگەڵ گێڕانەوەی ڕووداوەکان دەکات چ لە زمانی خۆیەوە بێت یان کاراکتەرەکانی ناو یادەوەری نووسەر.
زمان لەم کتێبە هەمان ڕۆڵی پێدراوە لەلایەن نووسەرەوە. لەکاتی خوێندنەوەدا کۆمەڵێک وشەمان بەرچاو دەکەوێت کە تا ڕادەیەکی زۆر چوونەتە خانەی فەرامۆشکردنەوە، بەڵام نووسەر جارێکی تر تیشکی خستوونەتەوە سەر و لە شوێنی پێویستدا بەکار هێنراونەتەوە. ئەو وشانە شایەنی ئەوەن ڕۆح بەبەریاندا بکرێێتەوە یان نا، ئەوە باسێکی زمانەوانییەو لێرەدا جێینابێتەوە، بەڵام من بۆ خۆم بڕوام بە مەرگی وشە هەیە بەتایبەت لە بواری نووسیندا چوونکە پرۆسەی نووسین جگە لەپەیامەکەی خۆی ئەرکی بەستاندراکردنی زمانەکە و گەشەی زمانیشی لەسەرە بەتایبەت لە وشە سازییدا.
سەرنجێکی ترم لەسەر زمانی نووسینی ئەم کتێبە ئەوەیە کۆمەڵێک وشە خزێنراونەتە ناو نووسینەکەوە لە زمانەکانی ترەوە لەکاتێکدا هەمان ئەو وشانەمان هەیە بە فۆرمێکی جوانتریش. دیارە زمانی ئەم کتێبە لە ڕووی جوانییەوە بەراورد ناکرێت بەو پاشاگەردانییەی میدیای ئەوڕۆی کوردی.

قەبارەی کتێبەکە:

ئەم کتێەبە وەک ئاماژەمان پێدا ٦٠٢ لاپەڕەیە، دەکرا ژمارەی لاپەڕەکانی کەمتر بووایە، ئەوەش لەڕێگەی خۆلادان لە نووسینەوەی بەشيک لەو ميژوانەی کە لە شوێنی تردا بە درێژی باسیان لێوەکراوە، یان هەست بە دووبارەبوونەوەی بەشێک لە بەسەر هاتەکان دەکرێت جارێک لەلایەن نووسەرەوە، جارێکی تر لەلایەن کارەکتەری نێو ڕووداوەکانەوە.

لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم دەتوانرێت ئەم کتێبە وەک پاسپۆرتی خەباتی سیاسی و بەرخۆدانی شارێک لە مێژوو زەمەنێکی دیاریکراودا کە ناوی کەرکوکە تەماشابکريت.

نەوزاد مەدحەت
٢٠/٠٩/٢٠٢٠
تۆرنتۆ




دەستەڵات و بنیادی بەدبینی کولتوری … جوتیار

تاوانکاری وەک چەمکێکی سایکۆ-سۆسیۆلۆژی کاتێک دەگاتە چڵەپۆپە لە کۆمەڵگادا، ئەوکاتەی (Legitimation) مەشروعیەتی دەستەڵات و حیزبی سیاسی دەچێتە ناو بیرکردنەوەی تاک و لە ناو هەموو وەتەرەکانی ووشیاری و هەڵچونە فیکری و ڕۆحیەکانماندا جێگیر دەبێت، ئەوکاتەی حیزب و دەستەڵات دەبێت بە بەشێک لە بەهاو تێکەڵ بە ڕیتواڵە کۆمەڵایەتیەکانمان دەکرێت.
ژن سوتاندن، پیاوکوشتن ، تۆقاندن، دەستدرێژی ، ڕفاندن و سەربڕین، تازەترینیشیان جنێودان و سوکایەتیکردن، کەوتنە سەرئەژنۆ و گریان و پاڕانەوەو خۆ بچوککردنەوە و دەرچون لە جوغزی ڕاستەقینەی مرۆڤبوون، خەریکە ببێتە خەسڵەت و دیاردەیەکی گشتگیر لە کۆمەڵگای کوردستاندا، کە دەکرێت وەک دیاردەیەکی زۆر نا کولتوری پێناسە بکرێت، ئەو شەرایتە کۆمەڵایەتیە کاتێک دێتە ئارا کە دەستەڵات و هێزەکەی وە هەروەها ئۆپۆزیسیۆن و میدیاکەی بە ئاگایەوە سیستێمێک بۆ بە سێنتڕالیزەکردنی دنیابینی خۆیان بنیاد دەنێن و لە ڕێگایەوە خەڵکی تێکەڵ بە ئاریشەیەکی هەرزانی دیدگا سیاسی و ئیدۆلۆژیکیەکانیان دەکەن و وپەکیان دەخەن لە هەر جوڵەو گەشەیەکی سروشتی و کۆمەڵایەتی خۆیان.
فاکتە بونیادەکانی تاکێکی ئیرادەگەرو ئینسانی ؛ پێویستە بەر لە هەر شتێک کولتورێکی ئیرادەئامێزو جیهانبینیەکی ئینسانی بۆ دەستەبەربکرێت، پێویستە دەوڵەت ئەگەر هەبێت، ڕایەڵەکانی (کولتوری سێنتڕال) وەکوو چەمکێکی پەروەردەو بونیادی بۆ کۆمەڵگاو تاکەکانی بەرهەمبێنێت، (کولتوری سێنتراڵ) وەکوو جێگرەوەی ڕەوایەتی قودرەت و دەستەڵات، دەتوانێت ڕۆڵبگێڕێت لە پێگەیاندن و سەرپێخستنی نەوەیەکی کاراو کۆمەڵگایەکی کراوەو بێ توندوتیژی و دنیابین.
با ئێمە باسی کولتور لە ڕوانگە تەقلیدی و شاراوەکەیەوە نەکەین ، با ئەو پرسانە ئاراستە بکەین کە کولتور وەکوو چەمکێکی زیندوو و ئامادە دەتوانێت چ ڕۆڵێک دروستبکات لە بونیادی مرۆڤێکی هۆشیار؛ ئیرادەگەر و وابەستە بە بونیەویەتی خۆی و کۆمەڵگاکەیەوە.
پرسیارکردن لەسەر جەوهەری کولتور هەمیشە وایە کە ئەوەی پەیوەندی بە کولتورەوە هەیە مرۆڤ ناتوانێت وەکوو خۆی نیشانی بدات، چونکە کۆمەڵگا خۆی کولتور بەرهەم دێنێت و وەکوو دیاردەیەک دەیخاتە دەرەوەی خۆی و نمایشی دەکات، ئەوەی کە ئێستا لە کوردوستان ڕوودەدات ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت ئەوەی دەگوزەرێت لە پەیوەست بە ژیانی خەڵکەوە بریتییە لە نمایشی راستەقینەی خراپترین جۆری بەها کولتوریەکان.
کولتور وەکوو میکانیزمێکی کاراو بەرجەستە، وەکوو بەشێک لە مێژوو و سۆسیۆلۆژیای مرۆڤ لە جوڵەو گەشەکردندایە، ئەوەش لەژێر هەژموونی بەرخوردو جوڵە ئەقلیەکانی مرۆڤ وەکوو هەر چەمکێکی تری کۆمەڵایەتی .
کولتور تەنها باسی مرۆڤ و هەڵسوکەوتەکانی نییە، بەلکوو دەرەنجامێکی نەبڕاوەی بەرهەمە کۆمەڵایەتیەکانی ئینسان و سروشتە بۆ بونیادو دروستکردنی ئیرادەی کۆمەڵگا، دکرێت ئەوانەی دەوڵەت و دەزگاکانی بنیاد دەنێن، ئەوانەی ڕایەڵەی یاساو ڕێساکان ڕێکدەخەن؛ کولتورێکی هیومانیستی سەرتاپاگیر بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی پڕ ئیرادەو ناتوندوتیژو ئارام فەراهەم بکەن.
بیرکردنەوە .. ئەقڵ و مۆڕاڵ.. دین و ئیلاهیەت،.. هزرگەرایی و فەلسەفە،.. ئەوانە هەموویان بەرهەمی تێکەڵەی ئاوزگەرایی مرۆڤن، بۆیە ناکرێت مرۆڤ وەکوو دەرهاوێشتەی کولتور سەیر بکرێت، بەڵکو تەواو پێچەوانەکەی دروستە کە کولتور بە هەموو دیاردەکانیەوە مرۆڤ بەرهەمی دێنێت و ئاوێتەی دیدگا فیکری و ئیدۆلۆژیکیەکانی خۆی دەکات.
ئەو پرسیارە هەندێکجار ڕوبەڕوی خەڵکانی پەنابەرو کۆچەری دەکرێتەوە لەو کۆمەڵگایانەی کە دەبێت بە ووڵاتی دووەمیان و تێیدا نەشتەجێدەبن، نمونەی ووڵاتانی ئۆروپای ڕۆژئاوا ، کاتێک لێت دەپرسن (تۆ سەر بە کام کولتوریت)!؟، بونیادی هێز و ڕەهەندی پرسیارەکە ئەوە نییە، بەڵکو ئەوان مەبستیانە بزانن ( تۆ چی کولتورێک پێشکەش دەکەی یاخود چی مۆڕاڵێک دەبەخشیت)!!
Oliver Scott کە زانایەکی ئینسرۆپلۆژی بەریتانییە دەڵێت،
لە سەرتاسەری جیهاندا خەڵکی بەشدارن لە بونیادی سیمبوڵێکی مۆڕاڵی هاوبەش، کەواتە گەیشتن بە کولتورو ئیرادەیەکی دادگەرا بۆچی دەبێت قورس بێت و کەی دروست دەبێت)، تێکەڵکردنی مۆڕاڵ بە بەها کولتوریەکان، دەمانگەیەنێت بە فەهمێکی باڵای مرۆیی و لەڕێگایەوە دەتواندرێت ستراکچەری بوونێکی مرۆییانە بۆ کۆمەڵگا دەستەبەربکات، هەروەکوو ئەوەی کە لە کۆمەڵگا پێشکەوتوو و لیبڕالەکاندا بەدیدەکرێت و بەردەوامیش هەوڵ دەدرێت لە ڕێگای دەزگا مرۆیی و مەدەنیەکانەوە ئەو چەمکە بکرێت بە بەهایەکی جیهانی و سەرتاپاگیر.
کولتوری ئیرادەو مرۆیی کە دەتوانێت هاوسەنگی لە ناو هەموو چینە جیاوازەکاندا بخولقێنێت، لە فەلسەفەی دووانەی (دەوڵەت و سیاسەتدا) لە کۆمەڵگای کوردستاندا لە سایەی دەستەڵاتە تۆتالیتاریستەکانیدا تەنها بەشێکە لە جوانکاری هەیکەلی حیزب و موقەدەساتەکانی ، کە ناتوانێت لە کولتوری تاوانکاری و ڕوخان و بێ ئیرادەکردنی مرۆڤ زیاتر شتێکیتر پێشکەش و نمایش بکات کە کۆمەڵگا بە دەستیەوە کەوتۆتە قەیرانێکی قوڵی کولتوری-مرۆیی گەورەوە، دەرەنجامی ئەوەش خەریکە تاوانکاری و توندوتیژی لە ناو هەموو یەکەکانی کۆمەڵگاو پەیوەندی و هەلسوکەوتە کۆمەڵایەتیەکانی ئێمەدا ڕنگدەداتەوە، پەیوەندیەکانمان نەک بە جەستەو فیزیک و هەست و تێڕوانین ، بەڵکو تەنانەت لە ناو سۆشیال میدیاشدا هەڵگری شوناسێکی تاوانکارانەن، لە تێکشاندنی یەکتر و بێقیمەتکردنی بەهاو دیاردە كولتوری و ئینسانیەکان، من پێموایە ئەوە (بەدبینی کولتوری) و دیپرۆسیۆن و تێکشکانێکی سەرتاپاگیری کۆمەڵایەتی و سیاسیە کە ئەو کۆمەڵگایە بە گەورەو بچوکەوە بە هۆی کولتوری دەستەڵات و حیزبگەراییەوە ڕووبەڕوی بۆتەوە.




دووبارە پێناسەکردنەوەی کوردبوون … ستیڤان شەمزینی

ناوی کتێب: دووبارە پێناسەکردنەوەی کوردبوون
ئاوڕدانەوە لە دوێنێ.. هەنگاوێک بۆ سبەی
نوسەر : ستیڤان شەمزینی
زنجیرەی حەوتەم
ساڵی باڵوکردنەوە: 2020
دیزاینەر: ڕەوا بورهان
ناوەندی چاوی كورد بۆ پەرەپێدانی سیاسی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




“کتێبی تەکنیکی گۆشەنیگا لە ڕۆمانەکانی بەختیار علی دا” لە نێوان ویست و پێویست دا … دڵشاد کاوانی

“کتێبێک بۆ نووسەران”

“کتێبی تەکنیکی گۆشەنیگا لە ڕۆمانەکانی بەختیار علی دا” ی د. مستەفا سالح مستەفا خرواتانی یەکێکە لە کتێبە نایابەکانی ڕەخنەیی کە گرنگی بە شێواز و تەکنیکی نووسین لای نووسەران و دیاری کردنی گۆشەنیگا لای نووسەران دیاری دەکات. ئەم کتێبە دەتوانم بڵیم ڕاستەوخۆ بۆ نووسەران نووسراوە و دەکرێ وەک رێبەرێکی نووسین یاخود سەرکەوتنی پایەکانی نووسین لای نووسەرانی کورد دیاری بکرێ
. بەدەر لە وەرگێڕان زۆرن ئەو کتێبانەی بۆ خوێنەرانی کورد دەنووسرێن بەڵام کەمن ئەو کتێبانەی بۆ نووسەران دەنووسرێن، هەر بۆیە من وەک خۆم سوودێکی زۆرم لەم کتێبە زانستییە بینی هەرچەندە من ناچمە سەر ناوئاخنی لایەنی پلەی زانستی و ئەکادیمی کتێبی گۆشەنیگا، بەڵام ئەم کتێبە خوێندنەوەی بۆ نووسەران خۆی لە زەروورەت دەبینێتەوە. چونکە نووسەر زیاتر لە (١٠٠) سەرچاوەی جیهانی و (٣٧٩) پەڕاوێزی وەک بنەما بۆ بیر و ڕاکانی بەکار بردووە.

بەمەش ئەرکیکی قورسی لە ئەستۆی نووسەران کەم کردۆتەوە، کە بە ئاسانترین شێوە نووسەران دەتوانن وەک بنەمایەکی زانستی پشتی پێ ببەستن، هەرچەندە ئەم کتێبە لە ناو و ناونیشانەکەی تایبەت کردووە بە تەکنیکی گۆشەنیگا لە ڕۆمانەکانی بەختیار علی دا، بەڵام نوووسەر ڕاستەوخۆ ڕووی لەسەرجەم نووسەرانی کوردە و لە خەمی جواننووسی و ڕێک نووسی نووسەرانی کورد دایە، تاڕادەیەکی زۆر خرواتانی سەرکەوتوو بووە لەوەی کە زانیارییەکانی ورد و درشت بە نووسەران بگەیێنی. بەتایبەتی دیاری کردنی گۆشەنیگا وەک چەمکێکی نا ئاشنا بە نووسینی کوردی، هەڕچەندە نووسەر خۆشی ئەو دەخاتە ڕوو کە بەر لەو چەند تێزی تر لەم بارەوە نووسراون، بەڵام هیچیان بە ئەندازەی تەکنیکی گۆشەنیگا لە ڕۆمانەکانی بەختیار علی دا لە ڕێباز و ڕێچکەکانی گۆشەنیگا لای نووسەرە جیهانییەکان بەو ئەندازەیە قووڵ نەبوونەتەوە.
جگەلەوەی کە د. مستەفا لە هەردوو قۆناغی کلاسیک و رۆمانسییەت، هیچێک لە دیدگاکانی سەرکەوتوو، شکستخواردووی لەبیر نەکردووە، گۆشەنیگای لە سەرجەم ژانرەکانی چیرۆک شانۆنامە و ڕۆمان و دراماشی دەگرێتەوە. هەر بۆیە بە دیدگای من بۆ چییڕۆکنووس و ڕۆمانووس وشانۆنووس و سینارستەکانی کورد زۆر گرنگە بۆ سەرکەوتنی دەق لە گیڕاونەوەدا پێویستە ئەم کتێبە لە یاد نەکەن. ئەو نووسەرە جیهانییانەی کە خرواتانی دیقەتی لێگرتوونە لەوانە بۆرس زۆزبەنیسکی ڕووسی و ئیینبۆس و تۆدۆرۆف و نورمان فریدمان و هنری جیمسجۆن، بۆیۆن، بیرسی لوبوک، کلیس بروکس، جۆن بۆیۆن و روبێرت بن وارین. ئەوی جیگای سەرنج بوو لای من بەشێک لەو نووسەرانە درێژەی هەمان قوتابخانەی پیشووترن و کە لە ئەفلاتون و ئەرستۆوە دەستپێدەکات و بەشێکیشیان دژی ڕێچکەی یەکتر بوون.
بەمەش د. مستەفا توانیویەتی بەرچاو ڕوونیەکی تەواو بخاتە بەردەست نووسەرانی کورد، کە پشت بە کام قوتابخانە و ڕێچکە و دیدگای گۆشەنیگاکان ببەستێ. ئەوەی ڕاستی بێت دەبێ ئەو راستییە بڵێین نووسەرانی کورد زۆر بە چڕی لەسەر شێوەوە و شیواز وبونیاد وەک گێڕەوەی ڕووداوەکان وەستاوون. هەر بۆیە دوای ئەم تێزە دەشێ گۆشەنیاش ببێتە بەشێک لە گەشەسەندنی هونەری تەکنیکی گێڕانەوە لای نووسەرانی کورد

دڵشاد کاوانی




شاری شین و دوو شیعری تر… ژیار ئەسوەد

شاری شین

بەفری شینی ڕۆژ، شەوی ماتەمی دەهێنێتە ئافراندن.
ئەمێستا تەنیایەک لەسەر ڕۆخی ڕووباری سێن ڕاوەستاوە و بوتڵێکی بەتاڵی بەدەستەوەیە.
لە شەوێکی ئاوها نووتەک، گڵۆپی دوو چاوی مەست هەر بەشی ئەوەندە دەکا کۆمەڵێ سیمای سپیهەڵگەڕاو و مەنگ ببینێ.
جلوبەرگی تەڕیش بەسەر ڕووی ڕووبارەوە مەلە دەکەن.
دەڕوانێ: تابووتێ، بزەیەکی مێیینەی فریودەری لەسەر لێوە.
دەبیستێ: لەگەڵ کرانەوە زریکەی لێوە دەردەپەڕێ.
شەو بە پێخاوسی ڕادەکا؛ سپێدەیە و شوێنەواری تابووت بووە بە مێژوو.
ئاوکوژێنەرەوەکان ئاگر بە شەختەبەنددا دەکەن؛ ئامبۆڵانسیش خەریکە تەرمێک و بوتڵێکی بەتاڵ هەڵدەگرێتەوە.

ئۆپەراسیۆن

لە شاری دروستکراو لە تەپوتۆز، ناوەکەی داتاشراو لە خۆڵ: ئارابخا، لە بازاڕەوە بە کیسەیەکی پڕ شیعرەوە دەگەڕامەوە ماڵ؛ ھەندێ کەرەستەی ئەوتۆم پێ بوو بۆ ئەم شیعرە نوێیەم. ناکاو پاسەکەمان وەستا و سەربازێکی دەموچاو پێچراو چەشنی تێرۆریست ھات و دەتگوت بەدوای تێرۆریستی ھاوچەشنیدا دەگەڕێ. ھەر بە بینینی چەکە درێژەکەی ناو دەستە ڕۆبۆت ئاساکانی، بیرۆکە ھەڵفڕی و بووە ھەڵم بە بنمیچەکەوە. نەموێرا ھەستمە سەر پێ بیگرمەوە، نەکا بە فیشەکێک خوێنم کانیلەی سەر خاشاک بێ. ناسنامەکەی پشکنیم و پێی دامەوە. ئۆپەراسیۆنەکە ئاسان تێپەڕی، بێ پرسیار لە بنەچەم کە دەگەڕێتەوە بۆ وشە و بێ پرسیار لە شوناسم کە نیمە. دواجار کاسەی سەرم ھەڵدایەوە کەرەستە نەمابوو، تەنھا: سەربازی ڕۆبۆت، چەک، ناسنامە و شیعرێکی ھەناو بەتاڵ.

ڕووخان
(یان شیعرێک بۆ دایک و باوکان)

ھەموو
سەرەتایەک
لە
قابیلەوە
دەستی
پێ
کرد.

ھەموو
ئێمە
لە
خوێنی
ڕژاوی
ھابیلەوە
ئافراین.




ئاونشین: تۆرۆنتۆ … هۆنراوە: جەلال عەبدوڵا ساڵح

١
نیوەشەو
کوشتی
شەپۆلێکی شێت
بێچووی
نەوڕەسێک
ئیتر هەرگیز
نهێنی خۆی
نەووت
بە ئاو
2
“مارف”ی هاوڕێم
خەڵکی ڕۆژهەڵات بوو
حەزی لە کچێکی
ڕەش پێست بوو
بەشەو
غەریبی یان ڕاودەنا
بە ڕۆژ
“هەتاو”یان ئەدواند
ئەوینی یان
گوڵێک بوو
لە ماڵی
شیعر
3
ڕۆژهەڵاتیم
ماڵی شەیتانەکان
گەڕام
بۆ تەنیایم
پێینەوتم
دۆستۆیڤسکی
٤
چل “ساڵ”ە
بیرەوەریم
ملوانکەیەکە
وا لە ملی
گوندەکەم
:




هەر یادێکت ڕۆحسوتانێکە … شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

کە تۆ ئەڕۆیت
کەشتیەکی تێکشکاو جێ دەمێنێ
مەرگ لە هەموو شوێنێکە
گەمە بە شتە جێماوەکان ئەکا
هەر دیمەنێک بە بێ بوونت
زامی قووڵی برینێکە
………….

لە ژەهری تاڵی..
،، لەدەستدانێکتا
کازیوەیەک،،
ئەکەمە دوا پەناگە،،،
دەروازەی پەرادیسێک،،
.. نێوان بەرزەخی عیشق و
ناعیشقا،،
بە نەخشی ڕەنگاڵەیەکا،،
واڵا ئەکا

……………….

بێ شنەبای تۆ..
هەناسەی ساردی پایزێکە
پیانۆی خەمگینی ..
پڕ ئەسرینی ئێوارەیەکە،،
ڕوبارێکە،، بیرکردنت،
سەرکێشە، بێ سنوور و بێ کەنارێکە
،، چی سیمفۆنیای وونبوونێکە
لە تەمی دارستانێکی دورا،،
بگەڕێی بە دوای…
تارماییەکتا،،
نەبوونێکتە
چی مەرگێکە،،
دەرکەوتنی سەرابیشت،،
چی خەیاڵیکی قەشەنگێکتە
ئیتر ئەی مرواریە
ڕۆژەپرشنگاویە..
وەریوەکانی..
نێو پەنجەکانم،،
لە باران و… بمنبینە چۆن
تەمی ئەودا،،
تواومەتەوە،،
لەم باهۆز و گەردەلولی زریانێکا،،
،، چیتر باکم نیە
جەستە بڕوا،،
بە نێو شەپۆلی گڕینی…
دورخەی کەنارێکا،،
لەم وەرزە ئافاتەدا..
،، هەر یادێکی پەریزادەی ئەو
.. ئەشکەنجەی بەزامی
مەرگێکە،،
چی ڕۆحسوتانێکە




فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە دەرهێنانی توورەج ئەسڵانی بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێت

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد “توورەج ئەسڵانی” لە ڕێگای ماڵپەڕەکانی “فیلمیۆ” و “نماوا” بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” Gold Runner لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد “توورەج ئەسڵانی” و لە نووسینی هاوبەشی “توورەج ئەسڵانی” و “هادی نادی” کە لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم لە ئاستی جیهاندا نمایشکراوە و چەندین خەڵاتی گرینگی بەدەستهێناوە، بە هۆی باروودۆخی سینەماکانی ئێران و بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا، نمایشە ئەنتەڕنەتییەکەی لە ڕێگای ماڵپەڕی “فیلمیۆ” بە ناونیشانی www.filimo.com و ماڵپەڕی “نماوا” بە ناونیشانی www.namava.ir دەستی پێکردووە و هۆگرانی هونەریی سینەما دەتوانن بە کڕینی بلیت ، لەم دوو ڕێگایەوە بە شێوەی ئۆنلاین ئەم بەرهەمە سینەماییە ببینن.

لە فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ”دا کۆمەڵێک ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: خاتوو ژالە سامتی، ئەکتەری ناوداری کورد سەعید ئاقاخانی، پەیام ئەحمەدی نیا، لوتفوڵڵا سەیفی، حەسەن زاهیدی، داوود محەمەدئابادی، عەلیڕەزا مێهران، ئومید ڕووحانی، محەمەد فەراهانی، مەحموود شەفیع خانی، ڕەزا شەفیع خانی و ئەمین فەرزانە.

“بارهەڵگریی زێڕ” کە لە لایەن کۆمپانیای بڵاوکەرەوەی نێودەوڵەتی “ئاڕت هوود” Arthood لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، بۆ یەکەمین جار لە سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و کاندیدی خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەم و دووهەمی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای ئێران بوو.

ئەم فیلمە لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی “ڕەوتە نوێیەکان New Currents لە بیست و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بووسان” Busan لە وڵاتی کۆریای باشوور، چووە سەر پەردەی سینەماکان و کاندیدی خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەم و دووهەمی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای ئاسیا بوو.

ئەم بەرهەمە سینەماییە لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” World Cinema لە حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” Duhok لە هەرێمی کوردستان نمایشکرا و “توورەج ئەسڵانی” بۆ دەرهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە خەڵاتی “بەهرەمەندی نوێی” New Talent بەدەستهێنا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە، خەڵاتی “گەڵای مێو” و لەوحەی فەخری پێبەخشرا.

“بارهەڵگریی زێڕ” لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “چاتراپاتی شیواجی” Chhatrapati Shivaji لە وڵاتی هیندستان، چووە سەر پەردەی سینەماکان و خەڵاتی باشترین سیناریۆی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە “توورج ئەسڵانی” و “هادی نادی” بەخشرا.

هەندێک لە ستافی فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” بریتین له:
دەرهێنەر: توورج ئەسڵانی، نووسەرانی سیناریۆ: توورج ئەسڵانی و هادی نادی، بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: حەسەن ئەسڵانی، دیزاینی دەنگ: عەلی عەلەوەیان، مونتاژ: ئەمیر ئەدیب پەروەر و حەمید عەلیقولیان، دەنگهەڵگر: محەمەد ساڵحی، موزیک: مەسعوود سەخاوەت دووست، بەرپرسی بەرهەم: سەعید هاشمی، دیزاینی دیکۆر و جلووبەرگ: مەجید عەلی ئیسلام، میکیاج: ڕەزا عەڕەبی، دانانی سەرمایە: فریشتە جوغەتایی و توورج ئەسڵانی، ڕاوێژکاریی بەرهەمهێنەر: مەنسوور سوهراب پوور، بەرنامەداڕێژ: عەقیل تەقی زادە و بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندن: مەنسوور جیهانی و مەنووجێهر جیهانی.

پەیجی فەرمی فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/goldrunnermovie




کوردایەتی چییە؟ / بەشی چوارەم … کاوە جەلال

1

کوردایەتی وەک پەرچەکرداری خوێندەوارانی شارنشین سەرەتا “بەزۆریی” سۆزمەندانە وەک هەڵوێستی کوردی لەدژی چەوساندنەوەی “گەل” ڕادەگەیەنرێت و خەباتگێڕانی بە گیانفیدایی لە نێویدا چالاک دەبن. بەڵێ، لە بنەڕەتدا ئەم ئەدگارەی سۆزمەندیی کەم یان زۆر لە سەرەتاکانی ڕێکخستنی کوردایەتیدا تا خلیسکانە کارەساتاوییە چەکدارییەکەی 1961 و ئەوجا درێژبوونەوەی تا ئاشبەتاڵی 1975، بەسەر خوێندەوارانی چالاکبوویدا زاڵ بوو، ئەمەش بەواتای، ئەوانی سۆزمەند بەبێ پرسیار سەبارەت بە چییەتیی بزاوتی ڕزگاریخوازی چالاک دەبوون، چونکە ئەوان وەک خۆشەکراو و بەرهەمهێنەرەوەی پەروەردەی سوننەتی هەر لە زارۆکییەوە فێرکرابوون لە پرسیار بترسن. ئاخر لەو جۆرە پەروەردەیەدا بنەماکانی ئیسلام ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کارایی وەردەگرن، کە هەڵبەتە ئاڕاستەیەک ڕووەو کۆنترۆلکردنی مرۆڤێتیی مرۆڤ و پاراستنی پەیوەندییە پیاوسالارییەکان وەردەگرن. کەواتە کوردایەتی لە لایەنی خۆیەوە درێژە بە پەیوەندییەکانی چەوساندنەوەی نێومرۆڤی دەدات، ئەوە تا ئەمڕۆ، ئەمەش بەواتای، کوردایەتی لە دەستپێکەوە هەموو بنەڕەتەکانی ستەمکاریی لەخۆگرتووە. ئاخر بەرهەمهێنانەوەی نەریتی سوننەتی لە کرۆکەوە هەموو چەوساندنەوەیەکی نێومرۆڤی دەچەپێنێت، وەلاوە دەنێت یان پێی پێدەکەنێت، هەروەها لە تێگەیشتنی خۆیەوە بۆ دەسەڵات پەیوەندییە جڤاکییەکان دەناسێنێت. لەم ڕوانگەیەوە چالاکانی کوردایەتی لە کانگای ناخیانەوە ئامادەباشییان بۆ قایلبوون بە شۆڕەسوارانی گوندی-خێڵەکی لەخۆگرتووە، واتا کوڕە شێخانی تەریقەت (قادری یان نەقشبەندی)، ئەم یان ئەو ئاغای ناودار، ئەم یان ئەو سەرۆکهۆز، کە هەر لایەنەیان کەسانی خاوەن نفوزن، و چەکدار و مرۆڤکوژی تایبەتیان هەیە. لێ لەبەر ئەوەی ناساندنەکە لەم دوو ئاستە چین-ئاسایەدا ڕوودەدات، ئەوا هاوکات نیشانەی ئەوەیە کە خوێندەوارانی کوردایەتی خۆیان بەسەرکزی دەخەنە ژێر ڕکێفی فەرمانی ئەوانەوە.
سەرکزیی شارنشینان بەرانبەر خێڵەکییانی گوندی هەقیقەتێکی زۆر تایبەتی کوردییە، کە هاوکات “هەڵوێست”ی ئەرێنییە بەرانبەر نەوەی ئەو دەسەڵاتدارانە، بۆیە شێخ و ئاغای بەرپەرس، بەڵێ شارنشینی خوێندەواریش کە وەک خۆشەکراوی ئەو پەیوەندیانە لەنێو کوردایەتیدا بە دەسەڵات دەگات و دەبێت بە مەسئول، پێویستیان بەوە نییە کوڕانی خۆیان بهێننە پێشەوە، چونکە خەڵک ئەوەیان بۆ دەکەن: خەڵک ناز بەو زارۆکانە دەدەن و دەیانهێننە پێشەوە، ئەوانیش وەک زارۆک بەبێ ئاگا چێژی لێدەبینن و وەک دەسەڵاتدار بەبێ پێگەیشتنی کەسێتی هەڵدەچن: وەک دەسەڵاتداری کاکۆڵزێڕین، لێ بەدخوو، کە تەنانەت پیاوانی تەمەندار بە “کاکە …” بانگیان دەکەن و نازیان دەدەنێ. لێ ئەم ناساندنەی ئەوان هاوکات خوێندەواری کوردایەتیش دەگرێتەوە، کە لەبەر ئەوەی بەرهەمهێنەرەوەی هەمان پەیوەندیی جڤاکییە، ئەوا هیچ لارییەکی لەوە نییە خۆی بخاتە ژێر ڕکێفی زارۆکی ئەوانەوە، بەڵێ ئەو بە ڕەفتاری خۆچەماندنەوە بەرانبەریان یەکسەر ئەوان وەک دەسەڵاتداری ئایندەیی دەناسێنێت.
2
پرسیارەکانی بەرهەمهێنانەوەی سوننەگەرییانەی پەیوەندییە جڤاکی و کولتوورییەکان گەرەکە هەروەها لە پەیوەندیی کوردایەتیشدا، ئەوە تەنانەت لە بەڕێوەبردنی سوننەتییانەی کاری دامەزراوەییدا، بهێنرێنە بەر باس، ئەمەش لەم پەیوەندییەی ئێرەدا بەواتای: خوێندەوارانی کوردایەتی لە ئاستی لێرەبوونی (وجودی) جڤاکی-کولتوورییەوە تەنیا دەتوانن و دەیانەوێت کار بە نموونەی دانراو بکەن، لێرەشدا بەگوێرەی سەردەم و بزاڤە جیهانییە مۆدەییەکان هانا بۆ ئیدیۆلۆژییەکان دەبەن کە ئاشکرایە بەتایبەتی خۆرئاوایین، ئەوجا لە کرداری سیاسیدا لاساییان دەکەنەوە و میکانیستییانە دەیانکەن بە “پەیرەو و پرۆگرام”ی ڕێکخستنی سیاسی. ئەوان هەڵوێستی لاساییکەرەوەی بەم چەشنەی ڕێکخراوەیی لەو کاتەشدا وەردەگرن، کە بە ئەندێشەی “زەردەشتایەتیی کوردەواری” دەژین کە گۆیا دینی ئارەبان ئەو کوردەوارییە “خاوێنە”(؟)ی لە خۆی نامۆ کردووە، ئەوجا خەمۆک و کییناوی (کەواتە نەخۆش) لە هەر گەلێکی دراوسێی کوردەکان دەڕوانن، بەبێ ئەوەی بە کەمترین شێوە بوێرن لەوە بهزرێن کە باب و باپیرانیان لە دێرزەمانەوە بچووکیی خۆیان بۆ ئەو گەلانە سەلماندووە و لە هەمان هەستەوە ئەوانیان گۆشکردووە.

لێ ئاشکرایە، لەبەر ئەوەی کرداری سوننەگەرییانەی سیاسەتی ڕیکخراوەیی لە جڤاکی کوردی-خۆرهەڵاتیدا دەنوێنرێت و مۆرکەکانی ئەو جڤاکەش بەگشتی بریتین لە لۆیالێتی، موراعات، لەخشتەبردن، ناخهەژاندن، پەرۆش، بەڵێ تەنانەت دەشێت لە ڕەفتاری سیاسی یان کولتووریدا دەستوێژە جەبانە بەدئەخلاقەکانی ماچ و پاشقول و هتد لەخۆبگرێت، ئەوا ڕێکخراوی سیاسیی کوردایەتی کە سوننەگەرییە، واتا لاساییکەرەوەیە، لەنێو خۆیەوە نەک تەنیا سەرجەم ئەو مۆرکانە بەگەڕدەخات، بەڵکو تەنانەت وەک دەستوێژی مامەڵەی جڤاکی و خۆهێشتنەوە برەویان پێدەدات و بۆ نەوەکانی دی دەیانکات بە نەریت. ئاخر کوردایەتییەکەی خوێندەوارانی شارنشین، وەک بەرهەمهێنەرەوەی باوکسالاریی ئیسلامی، ناتوانێت بە کەمترین شێوە ڕەچاوی پرسیارەکانی کەرامەتی مرۆڤ و شکۆفەپێدانی ئەو کەرامەتە لەنێو چالاکیی سیاسیی ئایندەبیندا بکات، بە پێچەوانەوە، خۆی لە سەرەتاوە وەک دوژمنی هەر پەیوەندییەکی مرۆڤخوازانەی نێوان کەسان ڕادەگەیەنێت و ڕەفتاری سەرشۆڕانەی خۆی بۆ ستەمکارانی سەرۆکهۆز و شێخزادان دەکات بە فەزیلە، هاوکات دەستوێژی سۆفیستی (سەفسەتەیی) بەگەڕدەخات تا ڕەوایەتی بە هەموو کێشەکانی چەوساندنەوەی چینایەتی لە لایەن سەروەرانییەوە بدات، واتا بەهێزی وشەی زارەکی کاردەکات کە بەدەرە لە هەر کرۆکێکی ئەخلاقییانەی واژە. ئاخر وەک گۆتمان، بنەماکانی ئیسلام کە دەستوێژی سەرەکیی سۆسیالیزەکردن (بەکەسکردن، پێرسۆنالیزاسیۆن)ی کەسن، هاوکات لە کرداری سیاسیی کوردایەتیشدا کاراییان پێدەدرێت، لەم لایەنەشدا ئاشکرایە کە ئیسلام بەبێ سەرکوتکردنی هەر پرسێکی سروشتی-مرۆڤی و بەبێ داواکاری بۆ وەلاوەنانی کەرامەتی خۆ ناتوانێت کاریگەریی لەسەر هیچ ناخێکی کەسیی بنوێنێت – بیکات بە تەسلیمبوویەکی بێپرسیار.
کەواتە چۆن لە ئیسلامدا پرسیار لە بنەماکان یاساغە، ئەویش چونکە پرسیار زیتبۆوەیی مێژووییانەی ئەو بنەمایانە دەلەقێنێت، یان ڕوونتر ببێژین: چۆن لە ئیسلامدا نەک تەنیا قورئان وەک نمونەی نەشیاوی پرسیارلێکردن دادەنرێت، بەڵکو هەروەها کردارەکانی پەیامهێنی ئیسلام بەتایبەتی و سەحابەکان یان تەنانەت “پیاوچاکان” (!)ی ئیسلامی بەگشتی وەک ئۆریجینال، پرۆتۆتیوپ، دەدانرێن و لەسەر ئەو بنەڕەتە هەوڵ بۆ بەرهەمهێنانی هەر دەروێنەیەک (ئیمیجێک) دەدرێت، بە هەمان شێوە خوێندەوارانی کوردایەتی (بێگومان هەروەها کۆمونیستیش!) لەو جیهانبینییەوە سەرۆکەکانی خۆیان، بەڵێ مرۆڤکوژانی دەمانچەییش، دەمەزنێنن، هاوکات هەموو پرسیارێک سەبارەت بە کرۆک و چییەتیی خیانەت، خۆفرۆشی، عەمالەت، موڕتەزەقەیەتی و هتد کە سەرۆکەکانیان بە شانازییەوە ئەنجامیان داون و دەدەن، ڕەتدەکەنەوە و ئاپۆلۆگێتییانە دەیانکەن بە حیکایەتی مەزنیی ئەوان. ئەم ڕەوشە لە ڕەوتی دازنانی بەردەوامی کوردایەتیدا ئیدی شێوەیەکی هێندە قێزەوەن وەردەگرێت، کە ئیدی دەتوانین ببێژین، خوێندەوارانی کوردایەتی کە زۆرینەیان بوون بە سەرکزی خۆویست، ئەمڕۆ لە سەرەنجامدا “زێراب”ێکیان لەنێو سەرجەم جڤاکی کوردیدا هەڵداوەتەوە و هاوکات داوا لە قەومگەلەکە دەکەن لە نێویدا بژین.
لە بنەڕەتدا جەختکردن و جەختکردنەوە لەو پرسەی سەرەوە بۆیە گرنگە، چونکە کوردایەتی تەنیا دەستوێژێکی فێڵبازانەی ئەو کەسانە نییە کە لەبەر بێتوانایی بۆ ژیان خۆیانی پێوە هەڵدەواسن، بەڵکو لە ڕووی کاریگەرییەوە هاوکات بە دروشم گەنجانی سادە و دڵساف و ساویلکە لەخشتە دەبات، بۆیە گەرەکە وردتر لە کەوتنەڕێی نێو کوردایەتی بڕوانین.
لە کوردایەتیدا کوڕەی سۆسیالیزەکراوی سوننەتی، بەبێ هیچ پرسیارێک کە هەڵوەستانی کەس ناچار بکات، “دەکەوێتە ڕێ”، لێرەشدا ئاشکرایە کە کەوتنەڕێی سوننەتی دەشێت سەرئەنجامی یەکجار ستەمی هەبێت، وەک: لەناوچوونی کەسی سۆزمەند، بەجێهێشتنی بێوەژن و زارۆکانی هەتیوکەوتوو کە زۆر جار دەبێت کەسوکار بییان ژێنێت، یان لە ڕووی نێگەتیڤەوە دەرفەت بۆ هەڵچوونی “سەرکزانی سیاسی” دەڕەخسێنێت کە خۆیان مشەخۆرانە بە کوردایەتی دەژێنن.
بێگومان کەوتنەڕێی سوننەتی تەنیا پەیوەند نییە بە خوێندەوارانی کوردایەتییەوە، بەڵکو لە سەرجەم بوارەکانی ژیانی کورداندا باڵادەستە، کەواتە لێرەوە لەنێو کوردایەتیشدا ڕەوتی نەریتییانەی خۆی وەردەگرێت. ئێمە بۆ نموونە کەوتنەڕێی بەو چەشنە لە خوێندنی خوێندکاران و بوونیان بە پزیشک و ئەندازیار، مامۆستا و فەرمانبەردا دەبینین، یان لە دەرکردنی بەناو گۆڤاری هزریدا کە لە نێویدا هزری بە ئارەبی خوێنراوەی ئەوروپی ناڕاستەوخۆ بەکوردی دەدرێتەوە، لەم پەیوەندییانەشدا کەوتنەڕێی سوننەتی تەنیا نموونەی جیاوازی لاساییکردنەوە وەردەگرێت. واتا: سوننەگەرییەکە لە بواری سیاسەتدا بە چەشنێکە کە خوێندەوارانی کوردایەتی تێگە مۆدێرنەکانی مارکسیزم-لێنینیزم وەردەگرن، بەتایبەتی هەیکەلی ڕێکخراوی لێنینیستی تەواو سوننەگەراییانە وەک مۆدێل / نموونە / پڕۆتۆتیوپ دادەنێن و هەر وا ئاسان (!) ڕایدەگەیەنن کە گۆیا “مارکسیزم-لێنینیزم ڕێبازی پارتەکەی ئەوانە” (ئەمە بۆ نموونە لە پەیرەوپرۆگرامی پ.د.ک.دا چەسپێنرابوو، یان بە حساب ڕێبازی “کۆمەڵە” بوو، جا گەرچی هەردووکیان لە کەسانی هەیەپارێز پێکهاتبوون!). بێگومان کوردایەتی لەو جێیەشدا کە تەنیا هەیکەلی ڕێکخراوی لێنینیستی وەردەگرێت و لە کرۆکیشدا لەنێو ئەندێشەی زەردەشتایەتیی کوردەواریدا مەلە دەکات، هێشتا هەر سوننەگەرییە ئیسلامییەکەی ڕێی لێدەگرێت خۆی ڕەخنەییانە بە داواکارییە بنەماییەکانی ئەو دینەوە خەریک بکات، بۆ نموونە داواکاریی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان یان ژینگەپارێزی، ئەوجا بۆ مەبەستەکانی خۆی هەر شێوەیەکی پرۆگرامی سیاسییان لێ چێبکات. بە پێچەوانەوە ئەم لایەنەی کوردایەتی لە کرۆکەوە وەک خەمۆکی ئەندێشەیی بە کیین دەژی و خۆی لە ژیاندا ڕادەگرێت. بە هەر حاڵ، لە گشت لایەنەکانی کوردایەتیدا کە پێكڕا سوننەگەرین، پرسیار لەبارەی کەوتنەڕێی “خۆ” لەگۆڕێ نییە، چونکە “خۆ” لە بنەڕەتەوە وەک گەرەکی پرسیارلێکردن نابینرێت. نەخێر، کەس لە گشت لا کەوتۆتە ناکۆکییەوە، تەنانەت کەوتۆتە شەڕەوە بۆ ئەوەی چاکێتیی خۆی بۆ هەمووان بسەلمێنێت. نزیکەی هەموو تاکێک بەو هیوایەوە لە ژیاندایە، کە دوای مردنی لە پرسەکەیدا پێی بگۆترێت “خوا عافوی بکات پیاوی چاک بوو”، یان پێی بگۆترێت “خوا عافوی بکات بەڕاستی کوردپەروەر بوو”. بێگومان ئاشکرایە کە ئەم جیهانبینییە گەورەترین درۆیە لەتەک خودی خۆدا، واتا ئەو “خۆ”یە کە هەردەم لە کرۆکدا ناتەبا و پڕکێشە و خۆویستە، کەواتە پێوەخەریکبوونی ڕەخنەیی گەرەکە کە ئیدی کەس هیچ نەبێت بتوانێت تا ڕادەیەک ئازاد بژی.
ئەم ڕەوشە پێویستە لەم پەیوەندییەی ئێرەدا بکرێت بە بابەتی پێوەخەریکبوون، چونکە ئێمە گۆیا بەندین بە بزاوتی ڕزگاریخوازییەوە، لە بزاوتیشدا هەردەم کەسان لە ژیانی ئاسایی ڕۆژانەیان دەردەکێشرێن و دەهێنرێن بۆ نێو پەیوەندییەکانی بزاوتەکە. مەبەستمان لەوەیە، کە ئەقڵیەتی سوننەتی بەگشتی ئەو پرسیارە بە پێویست نازانێت کە داخۆ چۆن بشێت یان بویسترێت لەو ئەقڵیەتە خێڵەکی (گوندی یان شارنشینییەوە) بکەری (سەبژێکتی) سیاسی ی کوردایەتی بنیاتبنرێت. نەخێر، ئەوە لای خوێندەوارانی کوردایەتی هیچ بەهایەکی نەبووە و نییە، بەڵکو سوننەگەرییانە کتێبەکان دەخوێننەوە و پرۆگرامیان لێ چێدەکەن. ئەوان وەک سوننەگەرا تەنیا دەستوێژەکانی واعیزێتی، شکاندن و جووڵاندنی هەست و سۆز و هتد، دەناسن و پەیڕەو دەکەن، ئەوان بە حیکایەت دەژین و لایەنگرانیان بۆ حیکایەت ڕادەهێنن، بۆ نموونە حیکایەتی: “گەلی کوردی قارەمان کە ئاخ (!) چیا سەختەکان نەیانهێشتووە ببێت بە یەک و دەوڵەت دابمەزرێنێت!”، “ئاخ خۆخۆریی ڕێگر بووە کە سەرۆکی مەزن ئەو ئامانجە باڵاترینەی هەموو کوردان بەدیبهێنێت!” و گەلێک حیکایەتی ساویلکەی دی. لێرەدا ئاشکرایە کە حیکایەت دەروونێکی هۆزانڤانیی گەرەکە نەک ئاگاییەکی بێداربۆوە لە پرس و ئاستەنگەکانی بنیاتنانی مەئریفە یان تێڕوانینی بکەرییانەی (سەبژێکتیڤیی) سیاسی. نەخێر ئێمە لە لایەک خوێندەواری کوردایەتیمان هەیە، کە لەنێو ئەندێشەی کوردەواریی زەردەشتیدا بە کیین تەنراوە، لێ هەروەها خوێندەواری کوردایەتیمان هەیە کە هەروا ئاسان مارکسیزم یان مارکسیزم-لێنینیزم کە ئیدیۆلۆژییەکی مۆدێرنە و بکەری ئاگامەند مۆتۆڕی ئامانجە سیاسییەکانێتی، مۆدەییانە بۆ خۆجێکردنەوە لەنێو پەیوەندییە سیاسییە جیهانییەکاندا وەردەگرێت (ئەمە هەروەها زۆرینەی بەناو چەپەکانی ئەمڕۆش دەگرێتەوە). ئەوان لەبەر ئەم هۆیە وەک درۆزن لە مەیداندا چالاک دەبن، چونکە لە لایەک هەرگیز کوردەوارییەکی مرۆڤدۆست و یەکسان لەگۆڕێ نەبووە کە هەوڵی ژیاندنەوەی بدرێت (جا با دینی سەرەتا داوای کردبێت)، هەروەها، لە لایەکی دی، بەناو چەپەکانی کوردایەتی کە پێکرا نوێنەر و درێژەپێدەری ستەمکاریی خێڵەکییانەن، دەست بۆ ئیدیۆلۆژییەک دەبەن کە جڤاکێکی مۆدێرنی (ناخێڵەکیی، ناسوننەتیی) یەکسان ئامانجێتی.
لێرەوە باشتر لە کرۆکی خوێندەوارییەکەی خوێندەوارانی کوردایەتی تێدەگەین.

ئەوان، وەک لاساییکەرەوە، سووک و ئاسان کار بە تێگەکانی وەک شۆڕش، ڕزگاری، گەل، نەتەوە و نیشتمان و هتد دەکەن، کە پێکڕا تێگەی خۆرئاوایین، ئەوان پێناسەی تێگە ناوبراوەکان بەبێ هێنانیان بۆ ژێر پرسیاری لێوردبۆوە بەکاردەهێننەوە – هاوشێوەی زۆرینەی هەرە زۆری مامۆستا و پرۆفیسۆرەکانی زانکۆ کە پێناسە دەرخکراوەکانی خۆیان بە خوێندکاران دەرخدەکەنەوە (یان زۆرینەی هەرە زۆریان دوای نزیکەی سیی ساڵ خوێندن و ژیان لە کۆمەڵگەیەکی ئەوروپیدا دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و هەردەم ئاماژە بۆ ئەوە دەدەن، کە “لەوێ” ئەوها کاردەکرێت و با “لێرە”ش بە هەمان شێوە بکرێتەوە، کەواتە نەیانتوانیوە لە پەیوەندیی سەروێنە و دەروێنە دووربکەونەوە).
با بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو ڕەوشەی سەرەوە تێگەی نیشتمان بە نموونە وەربگرین کە تێگەیەکە لە دەرئەنجامگیریی پەیوەندیگەلەوە، واتا: نیشتمان تەنیا کاتێک لەگۆڕێ دەبێت، گەر هەر تاکێکی “وڵاتەکە” سەرباری هەر ناکۆکییەکی جڤاکی و چینایەتی و هتد، ئەو نیشتمانەی لە خۆیدا بنیاتنابێت، لێرەشدا کەس پەیوەندییەکی هەیە لەتەک زەوی، ئاو، هەوا، ڕابوردوو و ئایندەی جڤاک و کولتوورەکەیدا، ئەوجا لەتەک خزم و هەڤاڵ و دراوسێکانیدا. لێ نەک تەنیا خوێندەوارانی کوردایەتی کە ئەو جۆرە تێگانە بەکاردەهێنن، بەڵکو زۆرینەی هەرە زۆری کوردەکان کە باسی گەل و وڵاتی کوردان دەکەن، لە بنەڕەتدا کەمترین ڕێزیان بۆ ئەو زەوییە نییە کە لەسەری دەژین، هیچ پەیوەندییەکیان بە ئاو و هەواکەیەوە نییە، بۆیە بەردەوام هەرسێکیان ژەهراوی دەکەن؛ ئەوجا کولتورەکەشی بەسادەیی دەرک دەکەن، بۆ نموونە لە هەڵبەستی کڕووزانەوە یان پەیکەری بت-ئاسادا، لە شایی چەپیدا کە سادەترین شایی میللییە، لە بەرگی ئاڵوواڵای پلاستیکیدا – بەتایبەتی لای کچان و ژنان. هاوکات نەک تەنیا خوێندەوارانی کوردایەتی، بەڵکو زۆرینەی هەرە زۆری کوردەکان، هیچ ئاگاییەکیان بۆ ڕابوردووی تاڵ و خوێناویی خۆیان نییە، بۆیە هیچ دیدێکی ئایندەییان نییە. جگە لەوە ئەمڕۆ بەگشتی لای کوردەکان کە کەوتوونەتە نێو تەنگژەی ژیانی کەسی و ئابوری و جڤاکییەوە، هاوکات کەسوکاری و خزمایەتیش کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە، ئاخر خۆویستییەکی ملداوەبەر بە چەشنێک تەنیوەتەوە کە پەیوەندییەکانی نێو تایەفەی (گەورە-خانەوادەی) تەواو سست و رواڵەتی کردووە. کەواتە ئێمە گەرەکە بپرسین: ئایا کوردەکان نیشتمانیان هەیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە هەوڵی خۆخۆشەویستکردن یان ڕەوانبێژی نادرێتەوە، بەڵکو بە هزرینی ڕەخنەیی.

لێ ئێمە گەرەکە لەم ئاستەدا نەچەقێین، بەڵکو لە هەڵوەشانگەرییەماندا پتر بەرەو ڕابوردوو ڕۆبچین، واتا پرسیارکەرانە ڕووبکەینەوە یاخیبوونە کوردییەکانی ڕابوردوو و شۆڕەسوارانیان. ئاخر ئایا شێخ عوبەیدوڵای نەهری، شیخ مەحمودی بەرزنجی، قازی محەمەد و قاسملۆ و شەرەفکەندی، مەلا مستەفا بەرزانی و جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مسەفا (لێرەدا ئیدی ناوی کەسێتییەکان تەواو دەبێت) کێ بوون و چییان ویستووە؟ ئایا بە چە پێورێک ئەو کەسێتییانە وەک مەزن ڕاگەیەنراون؟ ئایا ئەوە بە خەباتیان بۆ دادی سۆسیال یان بە سەرخستنی ئەو یاخیبوون و بزاوتانە کە ئەوان ڕێبەرییان کردوون؟ ئاخر ئەوە فاکتە کە ئەو کەسێتییە ناوبراوانە وەک کوڕی بەوەفای باب و باپیرانی خۆیان یاخی بوون، کەواتە ئاشکرایە ئەوان داکۆکییان لە پەیوەندییە سوننەتییەکانی چەوسانەوە کردووە و ویستوویانە بە یاخیبوونەکانیان بییانپارێزن و هاوکات بەرهەمیان بهێننەوە، ئەمەش بەواتای، ژیانێکی مرۆڤدۆست بۆ کوردان ئامانجی ئەوان نەبووە. کەواتە ئایا مەزنی چییە و ئایا زار بۆی هەیە هەر وا ئاسان دەریببڕێت؟ ئەوجا: ئایا ئەو کەسانە کێن کە ئەمڕۆ لەنێو خوێندەوارانی کوردایەتییەوە حیکایەتی مەزنی بۆ ئەو دەسەڵاتدارانە دەهۆننەوە؟ ئایا ئەوە جیهانبینیی سوننەگەرای هۆنەرانی ئەو حیکایەتانەیە کە وا دەکات کەسێتییەکان بەبێ لێهزرین “بەئیدیال بکرین” (وەک نموونەی باڵا دابنرێن)، یان ئەوان تەنیا مەبەستمەندانە وەک ئامرازی بەرژەوەندییەکانی ئەمڕۆی خۆیان ئەو کەسێتییانە دەخەنە ئاستی ئیدیالەوە؟

پێدەچێت گونجاو بێت کە ئێمە بۆ پتر نزیککەوتنەوە لەو پرسیارانەی سەرەوە کایەی سیاسەت جێبهێڵین و ڕووبکەینە کایەی ئەدەب، واتە مێژووی ئەدەب وەک تەریبێکی بەراوردکاری وەربگرین: ئایا هۆی چییە کە ئێمە ئەمڕۆ بەدەگمەن دەتوانین ڕەخنەییانە، واتا بە شێوەی “مۆدێرن”، لە نووسەران و هونەرمەندانی بەواتای ئەمڕۆمان بتوێژینەوە؟ هۆیەکی کرۆکیی ئەمە لەوەدایە کە ئێمە، بەتایبەتی بەشەکانی کوردی لە زانکۆکاندا، تا ئەمڕۆ نەمانتوانیوە / نەیانتوانیوە ڕەخنەییانە لە نووسەرانی دێرین بتوێژینەوە / بتوێژنەوە، هۆی سەرەکیی ئەم بێتواناییەش دەگەڕێتەوە بۆ سەروەریی شێوە هزرینی ئیسلامی. لێ گەر مرۆ بەرانبەر ئەم تێڕوانینەمان ئاماژە بۆ ئەو هەموو نامەی ماستەر و دکتۆرایەی بەشەکانی کوردی و مێژوو و هتد بدات، ئەوا بەڕوونی پێیان دەبێژین، کە گومانی تێدا نییە تا ڕادەیەک هەندێک کاری توێژینەوەی بەجێ هەن، سەرەڕای ئەوە زۆرینەی نووسراوە ئەکادیمییەکان سوننەگەرین، واتا ڕیشەیان لە تەفسیری ئیسلامیدا داکوتیوە، لێرەشدا ئاشکرایە کە تەفسیری ئیسلامی بریتییە لە ئاپۆلۆژی: تەفسیرەکە ئاپۆلۆژییە گەر هاتو پەیوەند بێت بە خودی خۆیەوە، لێ لێدانە / گورزهاویشتنە گەر هاتوو خەریکبوون بێت بە دژبەرانییەوە. ئەمەش بەواتای: ئێمە لە توێژینەوەی ئەدەبیشدا “بەزۆریی” ئاپۆلۆژی یان لێدانمان هەیە، “زۆر کەمتر” ڕەخنەی یان لێتوێژینەوەی هەڵسەنگێنەر، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە بەدەگمەن توانراوە لایەنی مرۆڤییانەی نووسەرەکان و موئاناتی کەسییان لەنێو کردەکێتیی سەردەمەکەیاندا بەهەند وەربگیرێن، بە پێچەوانەوە هەروا سانا بە ڕەوانبێژی ناونراون “شاعیری گەورەی گەل”، یان سوننەگەرییانە مێژووی ئەدەبی ئەوروپی بەسەریاندا بەکاربراوە، واتا خزێنراونەتە نێو چەکمەجەی کلاسیک و ڕۆمانتیک و نوێوە و هتد! لێ ئەوە فاکتە، کە ئێمە نەک تەنیا بەدەگمەن خانی و نالی و مەحوی و هتد، بەڵکو هەروەها بەدەگمەن گۆران و بێکەس و پیرەمێرد دەناسین: واتا کەسێتییان، شێوەی ژیانیان لە سەردەمی خۆیاندا، حەز و ئارەزووەکانیان، ڕەفتاریان لە پەیوەندیی هاوسەری یان لەگەڵ زارۆکاندا و زۆری دی، ئەوجا هزر و جیهانی-وێنەیی ئەدەبەکەیان و گەلێکی دی. نەخێر، نووسەران دێن و دەنووسن و دەمرن، لێ لەبەر ئەوەی کوردەکان کولتووری دانوستاندنیان نییە، ئەوا تا ئەوان لە ژیاندا بن، دەچەوسێنرێنەوە، ئەوجا کە مردن، بۆیان دەلاوێننەوە! ئەمە بە هەمان شێوە هەڵگیرسێنەرانی یاخیبوونە کوردییەکان دەگرێتەوە کە هەروا سانا کراون بە شەهیدی گەل و وڵات، بە سەرۆکی نەمر، بە پێشەوا، کە ئیدی تا ئەمڕۆ بە هەستی هۆزانڤانی پێیاندا هەڵدەدرێت، جا گەرچی هەندێکیان کەمترین ئەدگاری پێشمەرگەیان نەبووە، بەڵێ دوژمنی کارەکتەری پێشمەرگە بوون کە مەزنی و ئامادەییە بۆ مردن، بە پێچەوانەوە بە ترس و ملهوڕانە چوونەتە بەردەم دوژمنەکانیان، ئەوانیش بۆ شکاندنی کەرامەتی کوردان بەئاشکرا لەداریانداون! یان بە شەق ئاشبەتاڵیان پێکردوون!
بێگومان خۆپابەندکردنی خوێندەوارانی کوردایەتی بە هەر شێوەیەکی خێڵەکێتییەوە سەرەنجامی نەرێنیی بۆ کارەکتەری ئەوان خۆیان هەیە: سەرکزییان بەرانبەر خێڵەکییانی شارنشین یان گوندی هاوکات کردوونی بە لاساییکەرەوەی شێوەی ڕەفتار و ژیانی ئەوان، ئەوجا بۆ خاتری بەرژەوەندیی کەسییان ئەرکی داکۆکیکردنیان لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و هەر کردارێکی سیاسیی شۆڕسوارانیان وەرگرتووە. بێگومان ئەوان خۆیان وەک سوننەگەرا بەشێکی جیانەکراوەی ستەمکارین، هاوکات سەرکزییان، قبووڵکردنی پەیوەندی سەروەری-ژێروەری، زۆرینەی هەرە زۆریانی کردووە بە کەسێتیی ناڕاستگۆ، بەڵێ کردوونی بە خۆمەڵاسداوی ترسنۆک و چاوەڕوان بۆ هەلی خوازراو. بۆیە خوێندەواری کوردایەتی کە بەڕێزەوە لە بەردەم خێڵەکیی گوندی یان عەسابەی شارنشیندا دەچەمێتەوە، خۆچەماندنەوەکەی هاوکات لە ئەودا ئامادەباشی بۆ وەرگرتنی ئەرکی جیاواز دەهێنێتەگۆڕێ: ئەو کە بە شانازییەوە مۆدێلی دەسەڵاتی شێخایتیی تەریقەت قبووڵ دەکات و خۆی دەخاتە ژێر ڕکێفییەوە، سەرکزییەکەی بەتایبەتی بەرانبەر دانیشتوانی شار پێچەوانە دەبێتەوە، واتا وەردەچەرخێت بۆ ڕەفتاری دەنگزل و شەقوەشێن. بەم شێوەیە ئەو وەک خوێندەواری شارنشین نە شارییە، نە وەک خێڵەکییەکان گوندییە، بەڵکو بە سەرکزی لە نێوان هەردوو تەوەردا دەڕەنجێت، بۆیە دوورە لە هەر ئارامییەکی ناخەکی، بەڵێ تەنانەت ویژدانی ئارام نییە، چونکە ترس لە ژیان، هاوکات بەرژەوەندییە کەسییەکانی و خەبات بۆ گەیشتن بەو بەرژەوەندییانە، کردوویانە بە تێوەگلاوێک، کە ئیدی بۆ خاتری ڕاگرتنی دەستکەوت و خەونە بەدیهاتووەکانی بێوچان پەنجەی لەسەر دەمانچەیە و هاوکات بەردەوام چیرۆکی ستایش بۆ سەروەرانی دەهۆنێتەوە.
ئەو تازە لێبۆتەوە، بەڵێ وەک بەرژەوەندچیی سیاسی لە سەرەتاوە وەک لێبۆوە هاتۆتە نێو سیاسەتەوە، بۆیە پرسیاری ئەوە کە داخۆ ئەو سەروەرانە وڵاتفرۆش و داردەستی بێگانە بن، داخۆ عەمیلی دروستکەری مورتەزەقەی چەکدار بن، یان – لە ڕووی پۆزەتیڤەوە – وەک داماوی سیاسەتنەزانی گوندی و شەقاوەی خولەچەخمایی لە سیاستەدا تێکەوتبن، بەکورتی ئەمانە بۆ خوێندەواری کوردایەتی هیچ رۆڵێک ناگێڕن، کە ئیدی هۆنینەوەی بەردەوامی حیکایەت هێندەی دی بە ناخی ئەرزدا دەیباتە خوارەوە. ئایا ئەو پێی دەزانێت؟ نەشیاوە نەزانێت کە ئەو وەک خزمەتکارێکی هۆنەرەوەی حیکایەت کەرامەتی خۆی دەڕووشێنێت، بەڵێ تەنانەت دەیپلیشێنێتەوە. لێ ئەو تازە لێبۆتەوە، ئەو ئامرازێکی سەرکوتکردنە و بۆ خاتری رواڵەتەکانی ژیان ئەو خزمەتکارییەی ستەمکارانی قبووڵ کردووە.
ئێمە لێرە پەیوەندیی ماتەریالیستیمان هەیە، کەواتە لە بەرژەوەندییەوە، ئەمەش بەواتای: بە کوژاندنەوەی دوالیزمی چاکە و خراپە، یان بە وەلاوەنانی پرنسیپی شەیتانی، لە چییەتیی خوێندەواری کوردایەتی نزیک دەکەوینەوە. ئێمە پرسی مرۆڤیمان لەنێو جیهانی هاڤرکێکاندا هەیە. لێ ئێمە لەم کێشەیەدا هەمیشە لەنوێوە بەر “جوبن” دەکەوین، ئەوە بێگومان سەرجەمییانە، کەواتە تەنیا مۆرکی زۆرینەی هەرە زۆری خەریکبووانی نێو کوردایەتی نییە. نەخێر، “جوبن” گەورەترین نەخۆشیی کوردەکانی ئێراقە، ئاخر جوبن خۆمەڵاسدانی ترسنۆکە بۆ قۆزتنەوەی هەر هەلێکی ژیان مسۆگەرکەر، کە مرۆڤ زۆر جار تەنانەت بە پاشقول لە نزیکترین هەڤاڵانی خۆی پێی دەگات.

ماویەتی ….




ڕێگاوبانی کوردستان و چاکسازی بورژوازی کوردی … کامل احمد

لە وتاری “چاکسازی پڕۆلیتاریی و چاکسازی بورژوازی” دا، ئاماژەم بەوەدا کە چاکسازیەکانی بورژوازی کوردی و هەردوو حزبی دەسەڵاتدار کە خەریکن هەموو کوردستان لەژێر بەیداخی بە ناو حکومەتی هەرێمدا ڕادەستی کەرتی تایبەت دەکەن و خەریکن بەشێک لە “ئاوی کەوسەر و خاکی گەوهەرەکەشیان” هەڕاج فڕۆش دەکەن نەک هیچ پەیوەندیەکی بە باشبوونی ژیانی خەڵکەوە نیە، بگرە بە تەواوی دژ بە ژیان و گوزەرانی ئەوانە. هەموو ئەو چاکسازیانە بۆ شانخاڵیکردنەوەی خۆیانە لەژێر باری هەر بەرپرسیاریەتیەک لە بەرامبەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی کوردستاندا. ئەوان وەک لەو وتارەی پێشوودا ئیشارەم پێدا خەریکی جێبەجێکردن و بردنە پێشەوەی سیاسەتەکانی بانک و سندوقی دروای نێودەوڵەتین. ئەوان دەیانەوێت وەک بەشێک لە بورژوازی بیسەلمێنن کە هەوڵدەدەن لە کاروانی چینەکەی خۆیان دوانەکەون و مەرامی کۆمپانیا جیهانی و ناوخۆییەکان جێبەجێدەکەن. وە لە ڕاستیدا، بورژوازی کورد لەمبارەوە پێشڕەوە و تەواوی کەرتەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزای بەتایبەتکردووە و فەرسەخێک لە پێش بەغدا و تەنانەت وڵاتانی ناوچەکەوەیە بۆ خزمەتکردنی چینە جیهانیەکەی خۆی.

بۆ پشتڕاسکردنەوەی ئەم واقعیەتە تاڵەی ژیانی خەڵکی کوردستان با چاوێک بە بەرنامەی “لەگەڵ ڕەنج” لە تۆڕی میدیایی ڕووداو کە شەوی دووشەممە ١٤/٠٩/٢٠٢٠ پەخشکرا بخشێنین کە باسی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و کەموکوڕیەکانی لە هەرێمی کوردستان دەکرد و تیایدا سدقی ئامێدی، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەررێمی کوردستان یەکێک لە میوانەکانی بەرنامەکەی بوو . ئەم بریکارەی بورژوازی و ئەحزابی دەسەڵاتی کوردی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە ئەوان خەریکی چاکسازین و خەریکی لێدانی ڕێگاوبانی تازەن لە کوردستاندا کە ئەوان هیچ بەرپرسیارێتیەکیان نیە لێی و ڕادەستی کۆمپانیایان کردووە و هیچ تێچوویەکی ناکەوێتە سەر حکومەت. بە مانایاکی تر ئەوە هاوڵاتیانی کوردستانن کە ئەو ڕێگایانە لە داهاتوودا بەکاردەبەن و دەبێت باجەکەی بدەن و بە تێپەڕبوون بەو ڕێگا خێرایانەدا دەبێت بڕێک پارەبدەن. دیارە ئەم جۆرە لە چاکسازی کە بورژوازی کوردی دەیەوێت پێیدا ڕابگات سەردەمانێکە لە هەندێک لە ووڵاتانی ئەوروپی بەڕێوەدەچێت و هەمیشە جێگای ناڕەزایەتی خەڵک و بەکارهێنەرانی ڕێگاوبانەکانە. هاوکات دەسەڵاتی میلیشیایی بورژوازی کورد دەیەوێت ئەمە بە چاکسازی و باشبوون لە ستانداردی ڕێگاوبانەکان و باشبوون و بەرەوپێشچوونی خزمەتگوزاریەکان لە کوردستاندا بە خەڵکی ستەمدیدە و پڕۆلیتاریای بێبەشی کوردستان بفڕۆشێت.

ئەم جەنگاوەری بورژوازی نیولیبڕالی کورد ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە هیچ باکێکیشیان بە ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان نیە و ئامادەنین لەژێر هیچ فشارێکدا لەم بڕیارەیان پاشگەزببنەوە. ئەم بەڕێزە سەغاوەتێکی گەورەی نیشاندا کە ڕایگەیاند خەڵکی کوردستان دەتوانن ڕێگاو بانە کۆن و بێ خزمەتکان، کە بوونەتە مایەی مەرگی هەزاران هاوڵاتی کوردستان، بە خۆڕایی دەهێڵێتەوە و بەمە دەیەوێت فەزلفرۆشی بکات بەسەر خەڵکی کوردستاندا.
ڕاگەیاندنی ئەم بەڕێزە بۆ بە تایبەتیکردنی کەرت ڕێگاوبان و دانانی باج لەسەر ڕێگاکان و ڕادەستکردنیان بە کۆمپانیا وەبەرهێنەر و تایبەتەکان یەکێکە لەو بزمارانەی کە بورژوازی کوردی دەیەوێت لە تابوتی خزمەتگوزاریەکانی بدات. ئەم هەنگاوە درێژکراوەی هەمان ئەو بەرنامە و پلانەیە کە بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان، زاگرۆس فەتاح، هەر لە هەمان بەرنامەوە لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا ڕایگەیاند کە دەسەڵاتی بورژوازی کوردی بڕیاری داوە کە کەرتی خزمەتگوزاریە سەرەکیەکان بداتە دەست کەرتی تایبەت. هاوکات بێشەرمانە ڕاشیگەیاند کە کە بڕیاریانداوە هەرسێ سێکتەری ” ئاو، کارەبا و ڕێگاوبان” بدەنە کەرتی تایبەت. ئەم کەرتانەش پەیوەست دەبن بە بەشێکی زۆر لە خزمەتگوزاریەکانی تر کە هاوڵاتیان ناچارن بە پارەیەکی زۆر بیکڕن و لێی بەهرەمەندبن وەکو بەشێک لە کەرتی تەندروستی و شارەوانیەکان و چەندین خزمەتگوزاری تر. بەتایبەت خەڵک ناچارە کارەبا و ئاو و تەندروستی و خوێندن بکڕێت. بەم چاکسازییەی بورژوازی کورد، بەشی زۆری پرۆلیتاریا و نەوەکانیان لە کوردستان بێبەش دەبن لە تەندروستی گونجاو و کارەبای بەردەوام و خوێندنی گونجاو.
کەواتە بورژوازی خەریکی چاکسازیە بە قازانجی خۆی و چینەکەی و چاکسازی ئەو بە مانای ماڵوێرانی و نەهامەتی پڕۆلیتاریای کوردستانە. پرۆلیتاریای کوردستان ئەرکیەتی کە بە هێزی ڕێکخراو یەکگرتووی خۆی و بە هەموو شێوازێک لەبەرامبەر ئەم چاکسازیانەی ئەواندا بوەستێت و مل نەدات بە بێکاری و برسیەتی و گرانترکردنی نرخی کارەبا و ئاو و باجی ڕیگاوبان و بە تاڵانبردنی بەرووبوومی کۆمەڵگا لە لایەن ئەم کەمینەی بورژوازی دەسەڵاتدارەوە. ڕاگەیاندنی چاکسازی پرۆلیتاری، خەباتی یەکگرتوانەی پرۆلیتاریایە دژ بە چاکسازی بورژوازی، خەباتە لە پێناو موچەی تەواو و بەرزکردنەوەی موچە، خەباتە دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستی و خزمەتگوزارییەکان.

کامل احمد
kamil.ahmed.f@gmail.com
17.09.2020




بۆچی سەرکەوتنەکانمان دەدەین بە ئاودا ؟ … محەمەد خدر

  • خوێندنەوەیەکی فرۆیدیانە
    ڕەنگە ناونیشانی بابەتەکە بۆ هەندێک کەس شایەنی ڕامان بێت ، بۆ دەبێت سەرکەوتنەکانمان بە فیڕۆ بدەین ، ئایا مرۆڤی واهەیە قەدری کار و ماندووبونی خۆی نەزانێت؟
    ڕەنگە ئەمانەو چەندان پرسیاری تر لاتان دروست ببێت. لێرەدا هەوڵ ئەدەم ئەم بابەتە لە ڕوانگەیەکی دەروونی بە سودوەرگرتن لە تیۆریەکەی فرۆید شیبکەمەوە.
    دەبێت ئەوەش بڵێم کە دەکرا ئەم نوسینە چەندان ناویشانی تری بۆ دابنێیت؛ بەتایبەت ناویشانێکی تر کە زۆر پەیوەستی ئەکەم بەیەکەوە ، ئەویش ئەوەی: بۆچی مرۆڤە باشەکان کارانێکی خراپ ئەنجام ئەدەن؟
    پەردەلادان و چونە نێو ئەم تاریکیە دەکرێت توشی ئەنجامێکی کەمێک سەرسوڕهێنەرمان بکات. گفتوگۆکردن لەم بارەیەوە پڕ دەسکەوت ئەبێت ، چونکە مرۆڤەکان بەرامبەر بوونی خۆیان نابینان ، ڕەنگە ئەم جۆرە بابەتانە ببێتە دەسهەڵگرتن لە خۆوێرانکەری.
    بێگومان خۆوێرانکەری بەرەو چەندان گرفتمان ئەبات بەتایبەت نیگەرانی؛ من نیگەرانی بە ژەهراویترین شت لەقەڵەم ئەدەم بەوەی کە هۆکارێکی سەرەکیە بۆچی مرۆڤە سەرکەوتوو- بەناوبانگەکان کارانێکی خراپ ئەنجام ئەدەن. بیرمان نەچێت نیگەرانی یەکێک لە حساب بۆ نەکراوترین سەرچاوەکانی خۆوێرانکەریە کە لەژیانی مرۆڤی مۆدێرندا زۆر چالاکە.
    گرنگە ڕووبەڕوی خۆمان ببینەوە ، درک بەوە بکەین کە دابڕان لە سروشتی ڕەسەنی خۆمان خودێکی درۆینەمان بۆ دروست دەکات ، لێرەشەوە پەل دەهاوێژین بۆ ئەنجامدانی کارانێکی نەگونجاو.
    بۆچی مرۆڤەباشەکان ، ئەستێره سینەمایەکان، یاریزانەکان .. کارانێکی خراپ دەکەن؟
    لێرەدا پەیوەندیەکی بەهێزی بە شاراوەیی ناخمانەوە هەیە ، کە ڕاپێچمان دەکات بۆ کارانێکی خراپ. ئەم چیرۆکانەمان زۆر بیستوە و بونەتە سەردێڕی هەواڵ و ڕۆژنامەکان
    ” یاریزانێکی بەناوبانگی تۆپی پێ لەناو ئاپۆڕای جەماوەر بە ئەرزدا دەکەوێت بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە ، وتاربێژێکی ئاینی بە هۆی ئەنجامدانی دەستدرێژی بۆ سەر مێرمنداڵێک دەستگیرکرا ..
    لە کتێبی وانەکانی فرۆید بۆ ژیان ، لە نوسینی برێت کار نمونەیەکی دادوەرێکمان بۆ ئەهێنێتەوە کە پەیوەستە بەم بابەتەوە؛
    ( ئەلیۆت سپیتزەر ، حاکمی ویلایەتی نیۆرک کە خەڵکانێکی زۆر پێی سەرسام بوون ، کەمێک دوای ئەوەی بۆ ئەم پۆستە هەڵبژێردرا ، توشی ئابڕوچونێکی سێکسی هات و سەرەنجام پێگەی حکومڕانیەکەی لەدەستدا.
    خەڵکی توشی سەرسوڕمان ببون، چۆن دەبێ ئەم کەسە ئازادیخوازە دژی تاوانگەلی وەک بەرتیل بوو هەموان باسیان دەکرد ، توشی نەگبەتیەکی هاوشێوە ببێت ؟ )
    وێڕای ئەوەی ئەوانەی ئەم جۆرە کارەیان کردووە بە بۆچوونی زۆری خەڵکی کەسانێکی زۆر چاکن ،
    ئەگەینە ئەو دەرئەنجامەی ئەم جۆرە مرۆڤانە تاوانبار – شێت – دژی کۆمەڵگا و کلتور نین ، کە بتوانین لەسەر بنەمای پێشینەیان بڕیاریان لەسەر بدەین. ئەوەی بۆ چی ئەم کارە دەکەن لە بنیچنەدا کێشەیەکی جەوهەریە ، کاتێ ئیگۆمان ئەزموونی شۆکێکی توند دەکات ناشتوانین بەرگەی بگرین ، ئەوا جیادەبێتەوە و بەلاڕێدا دەڕوات.
    ئەم ئابڕوچوونانەی سەرکەوتن بەلای فرۆید جێی سەرسوڕمان نەبوو. پاش چەندین ساڵ لە شیکردنەوەی دەروونی نەخۆشە دەماریەکان ، فرۆید درکی بەوە کرد کە زۆر جار مرۆڤەکان لە ژیانی تایبەتی خۆیاندا نەک لە دوای شکستێک بەڵکو بەشێوەیەکی پارادۆکسانە لەدوای سەرکەوتێنک تووشی نائارامی دەروونی و شڵەژان دەبن.
    زۆر جار مرۆڤەکان ئەوکاتە توشی سەرسوڕمان ، تراوما دەبن کە ئارەزویەکی لەمێژینەیان دێتەدی لەم حاڵەتەشدا وادەرەدەکەوێ بەرگەی خۆشحاڵی خۆیان نەگرن.
    هەرچەندە دەبێ دانبەوەدا بنێین کەوا ئینسان هەم غەریزەی ژیان(ئیرۆس) هەم غەریزەی مردنیش تێدایە کە ( ساناتۆسی)پێ ئەوترێت. کەئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ منداڵیمان، لەمنداڵیماندا ژینگەی سایکۆلۆژیا و پەروەردەی خێزان و ماڵەوە دەورێکی سەرەکی ئەبینن لە پەروەردەکردن و گەورەکردنی هەریەکێ لەم غەریزانە لەناو تاکەکان.
    مرۆڤە باشەکان لەپاڵ بونی بەرزی غەریزەی ژیان تیایاندا ، هاوکات غەریزەی مردن و تێکشکانیش لەناویاندا وجودی هەیە ، کە ئەتوانین بەئاسانی هەستی پێبکەین لەڕێگای حەزو ویستی بەردەوامیان بۆسەیرکردنی فیلمی ئاکشن یاخود چێژبینین لەیاری بۆکسێن و زۆرانبازی هیتر ..
    کردنی ئەو یاریانەی کە تیایە هێزو چەک بەکار ئەهێنرێت بۆ کوشتن و تێکشکان وەکو (پۆبجی و فۆرتنایت و چەندانی یاری تری هاوشێوە….)
    با ڕۆمانی ( ڤیکۆنتی دوولەتبوو) هی نوسەر ئیتالۆ کالڤینۆ بەنموونە وەربگرین ، کارەکتەری ئەم ڕۆمانە ڤیکۆنت لە ناوەڕاستی جەنگدا تۆپێکی بەرئەکەوێت و ئەبێتە دووبەش ، بەشێکی شەڕ وە بەشەکەی تریشی خێر. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ڤیکۆنت خێرە یان شەڕە ؟ لەڕاستیدا ڤیکۆنت هەردووکیەتی ، ئێمە هەم فریشەتین هەم شەیتانیش بەڵام لەبەر کۆمەڵێ هۆ نەمانهێشتووە ئەو دڕندەی ناخمان بەئاگا بێت ، ئەبینین لە چرکەساتێکدا زۆر میهرەبان ، ڕۆمانسی ، لێبوردەین بەڵام لەناکاو کە توشی کێشەیەک ئەبین دەست ئەوەشێنین و چەقۆ دەرئەکەین ، ڕەنگە دوای ئەوە لەخۆمانی بپرسین ئەمە دڕندەیە کێ بوو ؟ ئەمە هەر ئەو خودەیە کەوا لەناومانە و نەماهێشتووە لەبەر کۆمەڵێک هۆ خەبەری ببێتەوە بەڵام لەهەر حاڵەتێکدا ئەکرێت چالاک بێتەوە.
    بەگشتی مرۆڤەکان بەهۆی بەئەنجام نەگەیاندن و نەهاتنەدی حەزو ئارەزوەکانیان و ئەو ڕوداوە ناخۆشانەی کەبەپێی مێژووی ژیانیان دوچاری ئەبنەوە دوچاری گەلێک کێشەو گرفتی دەرونی ئەبنەوە.
    بەڵام تاقمێکی تر هەن بە پێچەوانەوەن ئەوانە لەبەر ئەوە تێک دەچن چونکە بە ئاواتە هەرە گەورەکانیان گەیشتوون.
    لەم دوو حاڵەتەدا دژیەکیەک ڕوودەدات وەک برێت کار باسی ئەکات ئەوەیە کەوا ؛ بێ ئەمەلبونێکی دەرەکی شوێنی بێئەمەلبونێکی ناوەکی دەگرێتەوە.
    سەرئەنجام فرۆید گەیشتە ئەو خاڵەی کاتێک بەسەر دایک و باوکمان زاڵبووین یاخود واهەست دەکەین زاڵبووینە ، مەبەستی فرۆید لێرەدا ئەوەیە لە ڕووی دەوڵەمەندی ، تەمەن درێژی و ژیانێکی باشتر و بەرهەمدارتر ئەوا هەست کردن بە گوناهڕوومان تێدەکات ، وەک ئەوەی غەدرمان لە دایک و باوکمان کردبێت هەڵبەت فرۆید پێی وابو ئەم هەستە بەشێوەیەکی ناخودئاگایانە ڕوودەدات.
    ئاخیر خاڵ کەوا گرنگە باسی لێوەبکەم ئەویش ئەو ئایدیا نوێیەی سیگمۆند فرۆیدە کە هێنایە نێو دەرووناسیەوە بەوەی سەڕەڕای ئەوەی فرۆید ئەڵێت : مرۆڤەکان هەمیشە بەدەست گرێ دەرونیەکانیانەوە دەناڵێنن ، بەڵام جەختیشی لەسەر ئەوە کردۆتەوە ئەگەر ئارەزوەکانمان بەڕاستی بێنەدی ئەوا ئەگەری هەیە بەڕاستی توشی شڵەژانی دەرونی بین.
    وەک ئەم نموونانەی باسکران و چەندانی تریش هەن.



هاوڕێیانی فۆلکلۆریستی نەرویجی ئاسبیورنسن و مـۆ .. رەزا شـوان

دوو هـاوڕێی نەرویـجی (ئـاسبیورنسن و مـۆ) لەو کاتەوە کە لە قوتـابخانە یەکترییان ناسی، بوون بە هـاوڕێ، بەڵام دوو هـاوڕێی دڵسۆزی تا سەر ئێسقـان، لە هـاوڕێتیش زیـاتر، خـۆیان بە (بـرای هـاوخـوێن) دەزانی، تا مـردن لە یەکـتری دانەبـڕان.
ئەم دوو هاوڕێیە، لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی نۆزدەمیندا، چەند ساڵێک بە جیا و چەنـد ساڵێکـيش پێکەوە، بۆ کۆکـردنەوە و نووسینی چـیرۆک و حیکایەتە خەیـاڵی و ئەفسانەییە میللییەکان و داستانەکانی نەرويج، دۆڵ بە دۆڵ و لووتکە بە لووتکەی چیا بەرزەکان و رۆخ بە رۆخی دەریاکان و رووبارە بەستووەکان و دارستانە چڕەکان و دێ بە دێـی باشـوور و باکـووری نەرویـج، بـە پـێ گـەڕان، لە زاری خەڵـکی گونـدنشـین و شارۆچکە نشینەکانەوە، گوێیان لە گێڕانەوەی چـیرۆک و حیکایەت و نەزیلە و ئەفسانە و داسـتانە میللیەکـانی نەرويـج دەگرت و دەیـان نووسیـننەوە، هـەر بە دووقـۆڵـيش، بـە وردی لێیان دە کـۆڵینەوە، لە دوای تەتـەڵەکردن و پوخت کردنیان، بە زمانی نەرویجی و وشە تێکەڵ کردنی دانیمارکی، دایان رشتـنەوە، کە تا ئەو کاتە نـووسین لە نەرویجدا بە زمانی دانیمارکی بوو. لە (٣٥) پەرتووكی بچووکـدا بڵاویان کـردنەوە، لە نێـوان ساڵانی (١٨٤١ـ١٨٤٤) یەکەمین کۆمەڵەیان بە ناوی (چیرۆکە نەرویجییە میللیەکان)دا بڵاویان کردنەوە. لە دوای چەنـد ساڵـێک، ئەو چـیرۆکەکـانی پەرتـووکە بچووکانەیان، لە سێ بەرگی گەورەدا دووبـارە چاپکردنەوە. چـیرۆک و ئەفـسانە و داستانەکانی نەرویجـیان لە بیرچوونەوە و تێاچـوون رزگـاریانیان کرد. بەشێکی زۆری ئەم چـیرۆکانە لە زمانی نەرویجی و ئینگـلیزییەوە، وەریانیان گـێڕاون بۆ سەر زیـاتر لە سی زمـانی جیهـانی.
ئەگەرچی ئەم دوو هاوڕێیە (ئاسبیورنسن و مـۆ) لە کۆکردنەوەی چیرۆکە فۆلکلۆرییە میللییەکـانی نەرویجـدا، شێوازێکی هاوشێوەی (برایانی گریـم) ی ئەڵمانیان بەکارهێنا. بەڵام لە بەرهەمهێنانیاندا، جیاوازی هەیە، بە هـۆی شوێنی چـیرۆکەکـانەوە. چـیرۆکە میللییەکانی نەرویـج، جـیاوازن لەوەی كە جـوانییەکی سفـتیان هـەیە و رەنگـدانـەوەی سەرهەڵدانیان لە دۆڵە تەسک و قووڵەکان و لە دارستانە چڕەکان و لە لووتکە بەرز و سەختەکان، رووبارە بەستووەکانی نەرویجـیان پێـوە دیـارە.
بە کورتی ژیانی ئـەم دوو هـاوڕێ فـۆلکـۆریستە نەرویجییەتـان پێ دەنـاسێنین.
پیـتەر کریستـین ئاسبـیورنسـن: لە ( ١٥/ یانـوار/١٨١٢) لە شاری کریستیانیا (ناوه‌ كۆنه‌كه‌ی ئـۆسڵـۆ) لە دایکـبـووە. بـاوکی کـرێـکاری دروستکـردنی شـووشـە بـوو.
چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی (کریستینا بـۆرگەر) دوایش قوتابخـانەی (كاته‌دراڵ) بەڵام خوێندنی لەم قوتابخانەیەدا پێخۆش نەبوو، نەیتوانی لەناو کوڕانی پێاوە دەوڵەمەندەکان و قوتابیانی چـینی بەرزدا هـەڵبکا، بە هـۆی زۆر ئامـادە نەبـوونی، لـەم قـوتابخـانەیەدا دەریان کرد. ناردیان بۆ خولێکی خوێندن لە (رینگەریکە) لێرەدا بە (یۆرگن مۆ) گەیشت و یەکـتریان نـاسی و بـوون بـە دوو هـاوڕێی گـیانی بە گـیانی. دوای تـەواو کـردنی ئـەو خـوولە بـۆ مـاوەی سـێ ساڵ لـە (رینگـریکە) بـوو بە مامۆسـتای ماڵـداری. دەرفـەتێکی باشی بۆ نووسین بۆ رەخـسا، بۆ نووسینی چیرۆکە میللییەکان. بۆ ماوەی چوار ساڵیش پاسەوانی دارسـتان بـوو. لە ساڵی (١٨٣٣) لە زانکۆی ئۆسلۆ، دەستی بە خوێندنی بایـۆلـۆژی کرد و تەوای کرد.
لە تەمەنی (٢٠) ساڵییەوە، دەستی بە نووسینی چـیرۆک و بە کـۆکـردنەوەی چـیرۆکە ئەفـسانەییە ئەندێشەییەکان و داستانە میللییەکانی نەرویـج کرد. بۆ ئەم مەبەستەش بە پێ، بە درێـژی و بە پـانی نەرویجـدا گوزەری کـرد.
ئاسبیورنسن لە ساڵی (١٨٥٦) وەکـو زانـایـەکی ناسـراوی نەرویـج، لـە بـوارەکـانی زینـدەوەرنـاسی دەریـایی و رووەک و ئـاژەڵان، ناوبانگی دەرکرد. وەک مامۆستایەکی زانـاش ئۆسڵۆ وانـەی رێگـاکانی پـاراستی داری دارستانـەکـانی دەوتـەوە. وەکـو نووسەرێکی بـواری ئـەدەبی منـداڵانیش، چەنـدین چـیرۆکی بـۆ منـداڵان نـووسـیوە.
ئاسبیورنسن لە ساڵی (١٨٤٥-١٨٤٨) دا، کۆمەڵێک چـیرۆکی خەیـاڵی لەژێـر نـاوی (چیرۆكه ئەفسانەییە نەرویجییەکان و داستانە میلـلییەکان‌) دا بڵاوکردەوە. پەرتووکی (ره‌سه‌نی جـوره‌كـان)ی (تـشارلـز دارویـن) ی، وەرگـێڕایە سەر زمـانی نەرویـجی.
ئاسبیورنسن، ئەنـدامی کۆمەڵەی شاهـانەی نەرویـج بوو بۆ زانیـاری و ئەدەبیـات.
پیتەر کریستین ئاسبیورنسن، لە شاری ئۆسڵۆ لە رێکەوتی ( ٦/ یانـوار/١٨٨٥) کۆچی دوایی کرد. پەیکەرێکی بە نرخـیان لە ئۆسڵـۆدا بۆ دروست کردووە، چەندین شەقام و رێگا لە ئۆسڵۆ و شارەکانی تردا، بە ناوی (پیتەر کریستین ئاسبیورنسن) ەوە ناونراون.
لە ساڵی (٢٠٠٨) یشەوە، وێنەکەیـان لەسەر پـارەی (50 كـرۆن) ی نەرویجی دانـاوە.
یـۆرگـن ئینگـبریتسن مـۆ: لە (٢٢/ئه‌پـریـل/١٨١٣) لە شـارۆچـکەی (رینگـریکە) لە نەرویـج لەدایکبـوو. بـاوکی جووتیـارێکی دەوڵـەمەنـد و ئەنـدام پەرلەمـان بـوو.
یۆرگـن مـۆ لە (٢٧/ ئـادار/١٨٨٢) کـۆچی دوایی کرد. لە ژیـانیدا چەنـدین خەڵاتیکیان پێشکەش کـرد.

مـۆ زانایـەکی ئاینی بەرز و ناسراوبوو، نووسەرێکی هەڵکەوتـوو بوو، یەکـێک بـوو لە شاعـیرە بەنـاوبانگەکـانی نەرویـج. مـۆ بۆ مـاوی (٢٠) ساڵ، لە کەنیسەکـانی شارەکانی ئۆسڵـۆ و کریستیانسانـد و درامـین، قـەشە و رێنماییکەرێکی ئایـنی بـوو. نـووسەرێکی بـواری ئـەدەبي منـداڵان بـوو. چەنـدیـن چـیرۆکی بـۆ منـداڵان و مێردمنـداڵان نووسیوە.
مۆ هەمـوو ساڵێک بە پێ بە هەموو لایەکی وڵاتەکەی دەگەڕا، بۆ کۆکردنەوەی فۆلکلۆر و داستان و چیرۆکە خەیاڵی و ئەفـسانەییەکانی نەرویج. لە پەرتووکەکەی (له‌ بیر و له‌ دڵـدا) كه‌ له‌ ساڵی (١٨٥١) دا چاپکراوە، باس لە بیرەوەرییەکـنی تـافی منـداڵیی خـۆی، لە زێـدی لەدایکـبوونی دەکـا.
یۆرگن مۆ و پێتەر ئاسبیورنسن، لە پێشا بەوە دەستیان پێکرد، نووسینەکانی خۆیان بۆ یەکـتری دەناردن و را و بۆچـوون و تێبینییەکـانیان، دەربارەی نووسینەکـانی یەکـتری دەنووسین و هەڵەکـانی راسـت دەکـردنەوە.
یـۆرگن مـۆ، ئەنـدامێکی کۆمەڵـەی شاهـانەی نەرویـج بـوو بـۆ زانیـاری و ئـەدەبیات.
مـۆ لە تەمەنی (٢٢) ساڵیدا، بە کرداری دەستی بە نووسینەوەی ئەو چیرۆکە خەیاڵی و فـۆلکـلۆری و داستانە میللیاینە کرد، کە لە خەڵکی شارۆچکەی رینگـریکە بیستبوون.
لە نیوەی سییەکانی سەدەی نۆزدەمیندا، هەردوو هـاوڕێ، نـووسەر و فۆلکـلۆریست و کۆکەرەوەی حـیکایەت و چـیرۆکە فـۆلکـلۆری و ئەفـسانەیی و داستانەکـانی نەرویـج. یـۆرگن مـۆ و پێتەر ئاسبیورسن، پێکەوە ئەو چیرۆکانەی کۆیان کردبوونەوە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە و پوختکردن کردن و نووسینەوەیان بە زمانی نەرویجی و بە شێوازێک جـوان، نووسییاننەوە و لەژێـر نازنـاوی (ئاسبیورنسن و مـۆ) دا، کە لەسەر هەمـوو چیرۆک و پەرتووکە هاوبەشەکانیان ئەم نازناوەیان نووسیوە، خەڵکییش هەر بەم دوو ناوە ناویان دەبەن. چیرۆکەکانیان بە ناوی (چیرۆکە میللییەکانی نەرویج) ەوە چاپ کرد و بڵاویـان کردنەوە. لە سەرەتادا هەنـدێ لە نووسەرانی نەرویـج، رەخنەیەکی زۆریان لێـیان گـرتن و سووکـایەتییان بە نووسینەکـانیان و بـە شـێوازی داڕشـتنیان کـردن و مانـدووبوونیان بێ بایـەخ کـردن، بە تایبەتیش لە بەکارهـێنانی دیالێکتەکەیان (بـووك مـۆڵ) کە تێکەڵ بە وشەی دانیمارکی کـرابوون، چونکە تا ئەو کـاتە دانیمارکی زمانی نووسین بـوو لە نەرویجدا. گوایـە وشەکـانی دیالێکـتە بەکارهـێنراوەکەیان، وردبینی و جوانیان تێدانین. کە لە ئێستادا یەکێکە لە دوو دیالێکتە سەرەکییەکەی زمانی نەرویجی یە (بـووك مـۆڵ) و (نـی نـۆرسك) بـەڵام زۆربـەی خەڵـکی نەرویـج دەستخـۆشیـیەکی زۆریـان لێیان کـردن و چـیرۆکەکـانیان بە سامـانێکی گـرنگی فـۆلکـلۆری و ئـەدەبی نەرویـج نـاوزەنـد کردن و مـاندبـوونیان بـەرز نرخانـدن. لە راستیشدا، ئاسبیورنسن و مـۆ، نەک هـەر خـزمەتـێکی زۆری ئـەدەبی فـۆلکلۆریییان کـرد، بەڵکـو خـزمەتـێکی زۆری زمـانی نەرویجـیشیان کـرد و رۆڵـیان هەبـوو لە گەشەکـردن و پێشکەوتـنی. کارتێکردنێکی زۆریـان لە ناسنامەی رۆشنبیری نەرویجـدا کـرد.
لە ساڵی (١٨٥٦) دا، ئه‌و کۆمەڵە چیرۆکە فۆلکۆرییە نەرویجییەیانەیان وەرگێڕان بۆ سەر زمانی ئینگلیزی.
کەسایەتی (ئەسکیلادین) کە پاڵەوانی ئەفسانەیی چەنـدین لە چـیرۆکی فۆلکـلۆرییەکانی (ئاسابـیورنسن و مـۆ)ە، هـێمایـەکی جـیاوازە لـە رۆشنبـیریی و لـە ئـەدەبی منـداڵانی نەرویجـدا. تا ئەمرۆش لەسەر زاری هەمـوو خەڵکی نەرویجـیدان و شانازی پێـوەدەن.
ئەسکیلادین کوڕێکی هەرزەکارە بە زیرەکی و بلیمەتی و رەفتارباشی ناسراوە، هەميشە لە کۆتایی چیروکەکانـدا، دەزگـیرانێتی شـازادە و نیوەی وڵاتەکەی شای باوکی دەباتـەوە.
شایەنی باسیشە، دیۆ ودرنج، خێۆ و جنۆکە، چەتەوڵ، جادو وجادوباز، رێـوی، ورچ، و شتی ئەفسانەیی، پانتاییەکی زۆریان لە چـیرۆکەکانی ئاسبیورنسن و مـۆ گرتـوونەتەوە.

ئەمانە ناوەکانی هەنـدێ لە چیرۆکە چاپکراوەکانی هـاوڕێیان (ئاسبیورنسن و مـۆ) بـۆ منـداڵان و مێردمنـداڵانن (نـۆر، رۆژهـەڵاتی خـۆر و رۆژئاوای مانگ، چەتەوڵەکەی کە دڵ لە جەستەیدا نەبوو، ئەو مێردەی کە ئیشی ماڵەوەی کرد، کاتی و دنگلواک، لاسی و داپیرەی، شا فالـیمۆن ـ ورچـە سپییەکە، ئەو کوڕە منداڵەی چـوو بۆ لای بـای شەمـاڵ، منداڵانی مرۆڤ هەمیشە جوانترن، شازادە لیندۆرم، شازادە لەسەر گردێکی شووشەیی، قـەڵای سۆریـا مۆریـا، سێ بزنەکە و دێـوەکە. چـیرۆکەکـانی ئەسکیلادین، سێ شازادە، ورچ و رێـوی،… هتد)
تەنانەت دەرهـێنەر و شانـۆنووسی بەناوبانـگی نەرویجـی (هـێنری ئیبسن) سـوودی لە چیرۆکەکانی ئاسبیورسن و مۆ وەرگرتووە و کردوونی بە هەوێنی هەندێ لە شانۆکانی.
لە مۆزەخانەی (رینگریكه‌) له‌ شاری (هـۆنـۆفـۆس) لە نەرویـج. زۆربەی ئەو شـت و کەرەسـتانە دانـراون کە ئـاسبیورنسن و مـۆ لە ژیـانیانـدا بەکـاریان هـێـناون. وێنـەی هەردووکـیشیان پێکەوە خـراونـەتە سەر پـوولی پـۆسـت.

رەزا شـوان
١٦/ سێپتەمبەر/٢٠٢٠




چ ناگه‌هیته‌ سپیاتییا به‌فرێ‌ شه‌ڤا زمانی تێ‌ نه‌بیت …ئه‌دۆنیس -…وه‌رگێڕان/ ئه‌مین بۆتانی

(قه‌فته‌ك ژ هه‌لبه‌ستێن ئه‌دۆنیس ی، دیاری بۆ/ ساكار كامل،
ڤه‌هێل محسن، عیسا بۆتانی، ئیبراهیم یاسین. و هه‌می خۆرتێن
هه‌لبه‌ستڤان و خوه‌نده‌ڤانێن هه‌لبه‌ستێ‌، رێز و حورمه‌ت).
*

  • هه‌لبه‌ست –

وا هه‌لبه‌ستێ‌؟
ده‌ما دهێیه‌ جه‌م من،
ما تو ڤی جلكێ‌ خوه‌یێ ره‌شی درێژ
ناگهوڕی؟
چما ته‌ پێخوه‌شه‌
ئه‌ز گلمتكه‌كا شه‌ڤێ‌
بكه‌مه‌ دناڤ هه‌ر په‌یڤه‌كا ته‌دا؟
ته‌ ئه‌ڤ ده‌نگڤه‌دانه‌ ژكیڤه‌ ئانی
ئه‌وا سینگێ ئاسمانان شه‌ق دكه‌ت؟
ئو تو ب خوه‌
چه‌ند پیته‌كێن پرت و به‌لاڤا لسه‌ر كاغه‌زێ‌!
ئه‌وا ئه‌ڤرۆ
دێمێ ته‌ تژی كوریشك دكه‌ت
نه‌ پیراتی یه‌، نه‌ كالبوون
لێ ئه‌و زارۆكتی ب خوه‌یه‌!
بنێڕه‌، نها چه‌وا ئیرۆ دهوندرێ‌ ته‌ دا
سه‌رێ‌ خوه‌ دادنێته‌ سه‌ر ملێ رۆژێ،
كو به‌ری هینگێ‌ دهوندرێ ته‌ دا
له‌پتی بوو
دناڤبه‌را هه‌ردوو لنگێن شه‌ڤێ.
وی ده‌می ئه‌و عه‌ره‌بانك گه‌هشتبوو
ئه‌وا كو وان نامه‌یان بۆ ته‌ دگه‌هینیت
ژلایێ غه‌یبێ ڤه‌ هاتینه‌ نڤیسین.
وا هه‌لبه‌ستێ‌؟
بێژه‌ – با – ی
كه‌س رێكێ ل ته‌ ناگریت
بهێیه‌ دبن جلكێن من ڤه‌
ته‌ چه‌وا بڤێت و كه‌نگی بڤێت.
لێ‌ ژێ بپرسه‌: ئه‌رێ‌ بایۆ
كارێ‌ ته‌ چیه‌ و
تو بۆ كێ شۆل دكه‌ی؟
شادی و خه‌مگینی
دوو چپكێن خوناڤێنه‌ لسه‌ر ئه‌نیا ته‌،
ژیان ژی بیستانه‌كه‌
وه‌رز تێدا په‌یاسا دكه‌ن.
من چ جه‌نگ نه‌دیتینه‌
دناڤبه‌را رۆناهی و رۆناهیێ دا،
وه‌كی وێ‌ جه‌نگا
دناڤبه‌را ته‌ و
نافكا وێ‌ ژنێ دا قه‌ومی،
ئه‌وا ته‌ دزارۆكینیا خوه‌دا حه‌ژێدكر.
بیرا من دهێت
نه‌خاسمه‌ ئه‌ز هه‌ڤده‌مێ‌ وێ‌ جه‌نگێ بووم،
م لبیره‌ كو من گۆتیه‌ ده‌می:
هه‌كه‌ ته‌ دوو گوه پێڤه‌بانه‌
دا گه‌ردوونی ئێخمه‌ بن پیێن خوه‌ دا،
ئو دا پسپسه‌كێ ژخوه‌ ئینم:
چ ئێكه‌مین نینه‌ ژبلی دوماهیێ.
ڤێجا؟!
وا هه‌لبه‌ستێ‌
ما تو ڤی جلكێ‌ خوه‌یێ ره‌شی درێژ
ناهاڤێژی؟.


با- ئه‌و ب خوه‌ ئاخینكه‌
(1980-1982 به‌یرووت)

  1. رێكه‌فت
    كوشتن مه‌مكه‌كا به‌یرووتێ‌ بوو،
    خوین ژی مه‌مكا دیتر.
    دناڤبه‌را هه‌ردووا دا
    ئه‌ز فێر دبووم
    كا چه‌وا شیری بده‌مه‌ ده‌می.
    زێمارا كه‌نداڤان
    ژخوینه‌كا دی یا نه‌دیتی به‌ربوویه‌ جاد و كۆلانان.
    ئاگری گۆت: ئه‌ز دێ خوه‌لیێ كه‌مه‌ سه‌میان.
    خوه‌لیێ گۆت: ئه‌ز وه‌سیه‌تا خوه‌ نانڤیسم.
    با- ی گۆت: ئه‌ز دێ بمه‌ شاهێد.
    ده‌ستێن ژێڤه‌بووی و
    سه‌رێن ستویێ خوه‌ ناس ناكن،
    دناڤ بابه‌لیسكێ دا دفڕین.
    رۆناهیێ قێژی ڤه‌ددا و
    هه‌وارا خوه‌ دبره‌ به‌ر سهێ‌.
    گلۆپا هه‌را جان ئه‌م هه‌لكه‌ین
    نه‌ ئه‌وه‌ كو رۆناهیێ
    لێ ئه‌وه‌ كو سهێ ببینین.
  2. دۆرپێچ
    تۆز و دومان
    ب چه‌نگێن خوه‌
    دێمێ په‌یادان ڤه‌دمالیت.
    هن كونێن ئه‌ردی
    هه‌لما وه‌ستیانێ‌ ژێ بلند دبیت.
    باژێڕ پرتی پرتی
    د ده‌ڤێ‌ سرووش و وه‌حیێدا،
    خه‌مگینی ژی
    ب كێله‌كا ئاسمانی ڤه‌ هه‌لدچیت.
    ئه‌و غه‌یبا كو باژێڕی دكه‌ته‌ به‌رخوه‌
    كه‌له‌خ هه‌ینه‌ بڕێڤه‌ دچن.
    وان كه‌له‌خا
    پێ هه‌نه‌ مینا پیێن مه‌لكه‌زه‌نان.
    كه‌س دسهێ‌ دا بڕێڤه‌ ناچیت،
    كه‌س ل به‌ر هه‌تاڤێ‌ بڕێڤه‌ ناچیت.
    دناڤبه‌را هه‌ردووا ژی
    ئه‌ز چ رێكا نابینم.
    ئه‌ڤرۆ ڤه‌دچه‌میێت.
    ڤالاهی لسه‌ر چیچكا روودنێت.
    كۆلان رازی بوو ببیته‌ گۆپال
    بۆ ده‌ستێ‌
    وی پیره‌مێرێ رۆژناما دفرۆشیت.
    هه‌واره‌ك باژێڕی دبڕیت و
    له‌ڤه‌نێ ده‌مژمێرا دپرتكینیت.
    پێژنه‌ك هه‌لما دیرۆكێ هه‌لدگریت.
    ئه‌ڤ چ به‌رێ‌ كه‌ڤناره‌
    غه‌یبێ ڤه‌دخوینیت و
    ئاگر ژی وێ‌ ڤه‌دخوینیت؟
    ئه‌ڤ چ لێڤن
    داچه‌میاینه‌ سه‌ر داله‌ڤه‌یێن خوه‌؟
    شه‌وق و شه‌مالا پاشمایێن ته‌رمان
    د ده‌مه‌كیدا
    مینا زار و نه‌رده‌كێ ره‌ش.
    پرسیار بكه‌ن،
    ژ وێ‌ شانه‌دێرا بێده‌نگ
    پرسیار بكه‌ن،
    ئه‌وا هنداڤی كاڤلان هلاویستی.
    ده‌م بڕه‌خ منڤه‌ دبزڤیت
    دناڤ تێبایه‌كی دا
    گاڤان دهاڤێژیت و
    هه‌می رێك دایه‌ به‌رخوه‌.
  3. جاده‌
    جاده‌یه‌ك –
    هن په‌یڤ، هن تشت
    دهێن و دچن
    لسه‌ر ره‌نگێ ددان و نه‌ینیكان.
    كا ئه‌و كۆركا تێرا رۆندكان بكه‌ت؟
    تشت تشتی دكوژیت
    مرۆڤ ژی
    وه‌ریسان ژ ده‌مارێن خوه‌ چێدكه‌ن و
    خوه‌ پێ دادڤزینن.
    موشه‌ك پاشا
    كلكێن خوه‌ بسه‌ر كه‌له‌خان رادكێشیت
    زارۆ هه‌ڤوه‌لاتیێن وینه‌.
    دبن كاڤلاندا
    كه‌له‌خێ‌ زارۆیه‌كێ گه‌نی دبیت
    ناڤێ‌ وێ‌ ژیانه‌.
    ره‌فێن ئۆلان
    دناڤ باغێن مرۆڤته‌رمدا په‌یاسا دكه‌ن.
    كتێب پرتی پرتی دبن
    ژبه‌هیڤانی یا دایكا خوه‌یا ئه‌لفابێ.
    سوپاس بۆ وێ‌ تۆز و دومانا
    ته‌ڤلی دویكێلا شه‌واتێ‌ دبیت
    كو هینكاتیێ بده‌تێ‌.
    سوپاس بۆ وێ‌ ناڤبڕا
    ناڤبه‌را بۆمب و بۆمبه‌كا دی.
    سوپاس بۆ وێ‌ ده‌ربارێ‌
    هێژ پێنگاڤێن مه‌ هه‌لدگریت.
    سوپاس بۆ وی به‌ری
    وانه‌یا هه‌دارێ‌ دبێژیت.
    میرخوه‌لی
    روودنێت و به‌یعه‌تێ‌ وه‌ردگریت.
    ئاسۆ
    وه‌سیه‌تا ل كوڕێ خوه‌ – با -ی دكه‌ت
    ئه‌ڤرۆ ژمالا خوه‌ نه‌ده‌ركه‌ڤیت.
    ئه‌رێ‌ ما ڤی ئاسمانی
    مه‌مكه‌كێ‌ دی نینه‌؟.
  4. ده‌ریا
    ده‌ریایێ
    جلكێ‌ خوه‌یێ شین دانا و
    گینیكه‌كێ‌ ره‌ملێ‌ كره‌ به‌رخوه‌.
    ئاگر ب ره‌خوچانێن وێ‌ كه‌تیه‌،
    ئاسمان ل هنداڤێ‌ وێ‌
    بوویه‌ وه‌كه‌ ده‌سماله‌كا سۆر.
    خه‌لك دبزڤن و دپه‌یڤن
    نه‌ ژبه‌ر چ
    ته‌نێ‌ كو پشتڕاست بن
    ئه‌و هێژ زندینه‌.
    ژیان ب خوه‌ ئاڤا ژیانێ‌ بوو.
    جهێ‌ ئاخینكا نه‌مابوو.
    با، ئه‌و ب خوه‌ ئاخینك بوو
    دناڤ كه‌له‌خێ‌ گه‌میان دا،
    دناڤا پێژنێن ژ ره‌نگێ باچونكان.
    وه‌كه‌ خه‌مداری بۆ بایێ نه‌ساخ،
    داروباران نه‌خوه‌ستن سه‌مایێ بكه‌ن.
    و ئه‌لندێ گۆته‌ رۆژێ:
    ژئاخافتنێن ته‌ تێناگه‌هم.
    په‌یڤ هه‌می
    یێن بووینه‌ دارستان بۆ بیرئانینێ.
    بیرئانینه‌ك ژ ره‌نگێ له‌ڤه‌نان:
    تو ناگه‌هی خوه‌ بسه‌ردا بچه‌مینی
    ته‌ هه‌ند دیت شكه‌ست.
  5. شانۆ
    ماله‌ك
    جیهان تێدا مێهڤانه‌ك هه‌تا هه‌تاییه‌.
    هنه‌ك جاران زه‌حمه‌ته‌
    میًَهڤانگه‌ ژمێهڤانی بهێته‌ جوداكرن.
    ژنشكه‌كێڤه‌،
    مال وه‌كه‌ كه‌له‌خه‌كێ‌ دهێته‌ به‌رچاڤ
    نابزڤیت
    ته‌نێ‌ ب وان كێر و رمان نه‌بیت
    ئه‌وێن ژهه‌می ئالییان وێ‌ ڤه‌دكوژن.
    (ئه‌رێ‌ ئه‌ڤه‌ وێنه‌یه‌كا به‌یرووتێ‌ یه‌؟).
    دبیت كو شكه‌ستنا به‌یرووتێ‌ ڤه‌كێشیت:
    ئه‌ڤه‌ژی بهایێ وێ سه‌ركه‌تنێ یه‌
    ئه‌وا وێ‌ دڤێت بێقام بیت.
    له‌وا بڤی ئاوایی ته‌ڕابه‌را دبیت،
    نه‌ ته‌نێ‌ ل جیه و واران
    لێ به‌لێ‌ دپزدانكا تشتان دا.
    وه‌ها هه‌لبه‌ست
    بۆ شیاربوونا وێ‌
    چاڤێن خوه‌
    لسه‌ر ره‌نگێ ئه‌لندێ دڕێسیت.
    هه‌لبه‌ست وێ‌ ڤه‌ناگێڕه‌،
    لێ ئه‌ڤه‌ به‌یرووته‌ هه‌لبه‌ستێ‌ دبێژه‌.
    ئه‌و به‌یرووتا
    چ جار نه‌هاتیه‌ گۆتن:
    تێكستا ئاسێ، مژدار، تالوكه‌.
    ئه‌و نایێ نڤیساندن
    ته‌نێ‌ ب حبرێ‌ رۆژێ‌ نه‌بیت.
    جاده‌ ئاگر ژێ دهه‌ڕكن.
    ئاگر جاره‌كێ‌
    باچونكان بۆ وه‌غه‌رێ‌ دڕێسیت و
    جارناژی بۆ خه‌ندقینێ‌.
    هه‌چكو زارۆكتی
    ب خوه‌لییا پیربوونێ‌ خوه‌ دنخێڤیت.
    ته‌رم ته‌رم ته‌رم.
    رۆژ دكه‌ڤن مینا په‌رده‌یان
    به‌رێ‌ چاڤان دگرن.
    دناڤ رێوڕه‌سم و نه‌په‌ندێرێن كه‌ڤنار
    دناڤ تونێلێن ساوێریێ دكه‌ڤن.
    هن ئاخافتن
    كه‌له‌خێ به‌یرووتێ‌ دۆرپێچ دكه‌ن
    هه‌می ئاخافتن تێكده‌نه‌،
    ته‌نێ‌ ئه‌و نه‌بیت
    ئه‌وا ئه‌و ب خوه‌ دبێژیت:
    نا، دگه‌ل خوشكێن وێ‌ ژدایكێ‌ یان ژی شیری.
    ژ نانه‌كی، ژ لێكشریكبوونا ئاڤ و شیراڤێ
    ل پشت په‌لچمان
    د بن به‌لگێن زوها دا.
    ژ هه‌وارا سیپه‌لان
    هه‌چكو ئه‌و هه‌سپن دشهن.
    ژ شانۆیه‌كێ
    كه‌سه‌ك ته‌نێ قه‌هره‌مانێ‌ وێ‌ نیه‌.
    قه‌هره‌مانێ‌ وێ‌
    نه‌ستا ب هه‌ستا ئاشۆپدانكه‌.
    كه‌له‌خه‌ك
    یاریگه‌ها ده‌می
    تێرا پێنگاڤێن وی ناكه‌ت.
    كه‌له‌خه‌ك لێسه‌ر و تۆفانه‌
    هه‌می به‌راڤێن دیرۆكی تێكدشێلیت.
  6. كاڤل
    هه‌یڤێ
    خوه‌دیكێن خوه‌
    لسه‌ر كاڤلان دشكاندن،
    به‌یرووت ژی
    ژ خوین و خوه‌لیێ
    گۆپال چێ دكرن بده‌ته‌ به‌ر خوه‌.
    ئاسمان مینا زنجیران
    دپییێن وێ‌ دا خوه‌یا دكر،
    ئه‌ستێر ژی
    وه‌كه‌ خه‌نجه‌ران
    ل ته‌نشتا وێ‌ دا چقاندی.
    ئیرۆ چاڤێن خوه‌ دپه‌رخینیت و
    پێژنه‌كا كوور:
    ئه‌وا دقه‌ومیت نایێ باوه‌ركرن.
    وا به‌یرووت بگری
    لێ هێسرێن خوه‌
    ب ده‌سمالا ئاسۆیێ ڤه‌ماله‌.
    ته‌ جاره‌كێ‌ نڤیسی ئاسمان
    ئه‌و جار ژی خه‌له‌ت،
    له‌وا ئاسمان ژی نها
    ب وێ‌ گونه‌ها ته‌، ته‌ دنڤیسیت.
    ئه‌ز باوه‌رم
    كو ته‌ ئه‌لفابێیه‌كا دی هه‌یه‌.

ئه‌و ژن

ئه‌و ژن –
نها ته‌نێ بیرئانینه‌كه‌،
من ئه‌و دستویێ با – ی دا
وه‌كه‌ وێنه‌یه‌كێ‌ هلاویست
چ جاران ژێ بێزار نابم
هندی لێ‌ ب نێڕم.
*
چ جارا وێ‌ ئه‌ز دیتبام، دا بێژیت:
” خوه‌زی بشێم
ب ئاڤا چاڤان
دارا زارۆكینی یا خوه‌
ئاڤ بده‌م”.
*
بیرئانینه‌ك
ئاسمان تێدا
وه‌كه‌ برینه‌كێ خوه‌یا دكه‌،
خوینا وێ‌ دناڤبه‌را
دوو ئالیێن كتێبه‌كێ‌ دڕژیێت،
وانه‌یه‌ك تێدایه‌:
شه‌ڤا ئه‌ڤینێ
رۆژه‌ دفه‌رهه‌نگا ئه‌ڤرۆدا،
ئه‌ڤرۆیا بیرئانینێ‌
خه‌وڕه‌ڤكه‌ د فه‌رهه‌نگا شه‌ڤێ دا.
*
ب ناڤێ‌ وێ‌
نها د مالخوه‌لیانا مندا
ئۆده‌ و نڤینك و جه دبه‌زن،
پسپسێ بۆ من دكه‌ت:
به‌سه‌، بلا به‌س بیت
تو هند دناڤ نڤینكا شه‌ڤێ دا
خوه‌ دگه‌ڤزینی.
*
چ؟
ئه‌ڤه‌ ئه‌و كه‌ڤۆكه‌
ئه‌وا گمگما خوه‌
ته‌ڤلی ئۆرگۆنا دارێ‌ دكه‌ت؟.
*
بیرا من دهێت
ئه‌ز دچوومه‌ ناڤ مالا وێ دا
د وێ‌ شۆكا
ناڤبه‌را كه‌له‌خێن مه‌ هه‌ردووا.
*
جاره‌كێ،
ئه‌م هه‌ردوو شیاربووین و
شه‌ڤ ما رازای،
وێ‌ حه‌ز كر
روویێ من ب ئاڤا چاڤێن خوه‌ بشۆت.
چێ دبیت ژبه‌ر هندێ بیت،
كو نها پێدحه‌سم پیێن من
ژ ئاڤێ دترسن.
*
ده‌م
سڤك ژ عه‌ره‌بانكا خوه‌ هاته‌ خوار،
بدزیكیڤه‌ لێ نێڕی
گرت و ره‌ڤاند – ئه‌ڤ نڤیس ژی بۆ من:
” ئێدی خیچكا راستا وێ‌ بازنۆكێ
ئه‌وا لدۆرماندۆری ناڤته‌نگا وێ‌ دبرسقی،
هه‌تا هه‌تا
ژێڤه‌ بوو، چوو”.
*
وه‌ك وێ‌،
من ژی چ ژئاسمانا نه‌زانی
ژبلی وان تشتا
ئه‌وێن ژئه‌ردی ڤه‌نابن.
*
نها، پشتی دووربوونا وێ‌
ئه‌زێ‌ فێر دبم
چه‌وا وه‌ل خه‌مین خوه‌ بكه‌م
بڕژیێنه‌ ناڤ كانیكاندا و
چه‌وا هه‌لبه‌ستێن وان گه‌میان ژی ڤه‌خوینم
ئه‌وێن پاتكا خوه‌ دده‌نه‌ ماتماتیكا سیپه‌لان.
*
ناڤێ‌ من
بشكوژه‌ك چرمسی یه‌
د گولا ناڤێ وێ دا،
و ئه‌و كیژ (دوماهی)یه‌
ئه‌وا نه‌گه‌هشتبیته‌ تشته‌كی و
وێ‌ نه‌كربیته‌ (بێدوماهی)؟!.


دویكێله‌ك ژسیپه‌لان بلند دبیت

ئاسۆیێ
ئه‌ز فێری تیتالا عه‌وران كرم،
لێ من دویهی عه‌وره‌ك دیت
چاڤێن ئاسۆیێ دنخاڤت
بێی كو لێبوورینێ‌ ژێ بخوازیت.
*
ل ڤێره‌، كو نها لێ ئاكنجیمه‌
روونشتنا عه‌وران
لسه‌ر عه‌رشێ‌ ده‌می
گه‌له‌ك ڤه‌دكێشیت.
لێ ئه‌و مینا
رێزمه‌نده‌كێ سه‌یر خوه‌یا دكه‌ت،
بده‌ستوداره‌ و دگه‌ل كه‌سێ نائاخڤیت
ته‌نێ‌ دگه‌ل ئێكی نه‌بیت
ئه‌و بخوه‌ژی نزانیت كی یه‌ و چی یه‌.
هاویردۆری وی مرۆڤن
هه‌ر ئێك ژ وان ب یێ دی دكه‌ڤیت و
فه‌له‌ك داینه‌ به‌ر خوه‌ مینا گۆپالی.
*
ڤالاهی ب خوه‌ ژی
ژپه‌نجه‌ركێن به‌فرێ
سه‌رێ خوه‌ دئینته‌ ده‌ر.
*
چ ناگه‌هیته‌ سپیاتییا به‌فرێ
شه‌ڤا زمانی تێ‌ نه‌بیت.
*
پاله‌یه‌ك ل باژێڕی:
قه‌له‌ڕشكه‌ك دناڤ به‌فرێ دا،
وه‌ی سلاڤ بۆ ته‌
هه‌ی ته‌یرێ غه‌ریب و كۆچه‌ر،
ئه‌وێ‌ باژێڕی دشۆت و
قاپیتا به‌فرێ كریه‌ به‌رخوه‌.
*
به‌فره‌كێ كۆچه‌ر
ده‌لیڤێ‌ دده‌ته‌ كه‌سێ‌ خوه‌جه
هه‌می تخویبان ببڕیت و
دناڤ بیردانكا خوه‌دا
ببیته‌ رێڤینگ.
*
ئه‌ز هه‌رگاڤ حه‌ز دكه‌م
دمالخوه‌لیانا ئۆقیانوسا غوبارێ‌،
جیهانێ‌ ببینم و بخوینم.
ئه‌ڤرۆ باهۆزا به‌فرێ ژی
هه‌ر بوێ‌ یه‌كێ‌ من دئازرینیت.
*
ده‌مێ سپێدێ –
ده‌رازینكه‌ك بێزار نابیت
هندی پێنگاڤێن به‌رزه‌ مێهڤان بكه‌ت.
بنه‌داره‌ك سه‌رێ خوه‌
ب نكلێ ته‌یران دخورینیت.
ئه‌ڤ عه‌وره‌ ژی
ئه‌وا هێدی هێدی دهێته‌ خوار،
هه‌ما په‌یسك په‌یسك
لسه‌ر پێستركا به‌فرێ‌.
*
ده‌مێ‌ سپێدێ –
چه‌ند جانه‌
ئه‌و هێرشا
بیردانكا من دئینته‌ سه‌ر من:
حبرێ ژمن دستینیت و
ژبیركرنێ دده‌ته‌ من.
*
ده‌مێ سپێدێ –
ها ئه‌ڤه‌یه‌ رۆژ
یا دگه‌ل نمنمكا به‌فرێ دكه‌ڤیت.
*
ده‌مێ سپێدێ –
ته‌یرێ ده‌می مشه‌خت بوو.
*
ده‌مێ ئێڤاری –
هویرپه‌ڕ دناڤ لنگێن شه‌ڤێ شین دبن.


لحێفكه‌ك تژی كون
(كامبردج 17ی ئیلوون/سێپتامبه‌ر 1996)

  • 1 –
    هن كتێب لسه‌ر ته‌بلیكێ،
    لدۆرماندۆری فنجانا قه‌هوێ‌،
    لدۆر ده‌رازینكێ، لسه‌ر ته‌خچكان.
    هن كتێب – جه‌نگن:
    دناڤبه‌را عاشقان،
    دناڤبه‌را خه‌لكی
    دناڤبه‌را گۆتن و كریارێ، –
    په‌نجه‌ركێن سیڕسیڕك و
    ئۆده‌ ژی
    دایكه‌كا جه‌رگلێسۆتی.
  • 2 –
    هن په‌یڤ
    ناوه‌ستیێن ژئاڤاكرنا مالان،
    هن مال ژی
    ژیان ناوه‌ستیێت ژهه‌ڕفاندنا وان.
  • 3 –
    من ڤه‌خوند، ئه‌زێ‌ ڤه‌دخوینم
    چه‌ند هزره‌ك مه‌ بڕێڤه‌ دبه‌ن
    مینا بیرێن كه‌ڤنار و به‌رزه‌،
    ناهێنه‌ ڤه‌دیتن
    ب زانستا كه‌ڤزێ نه‌بیت.
  • 4 –
    تنێكی یا من چه‌ندا خوه‌شه‌ –
    نه‌ژبه‌ر هندێ من ڤه‌ده‌ر،
    لێ ژبه‌ركو من بژاله‌ دكه‌ت.
  • 5 –
    دویهی
    شه‌ڤێ سه‌ردانا من كر،
    و ژپێرڤه‌ –
    ره‌تكر بوێ‌ شه‌مه‌نده‌فه‌رێ‌ بچیت
    ئه‌وا ستێر لێ سوار دبن.
  • 6 –
    خوینا رۆژێ ب خوه‌
    دگۆسكا شه‌ڤێدا
    ره‌ش خوه‌یا دكه‌ت.
  • 7 –
    ئه‌ڤرۆ
    ب ته‌نێ و كه‌یفخوه‌شی ڤه‌
    دێ‌ دمالا خه‌مگینی یا خوه‌دا
    شه‌ڤبێركا خوه‌ بوورینم.
  • 8 –
    هه‌رگاڤ عه‌ور ناجح دبن و
    نه‌خشه‌یا ڤالاهیێ نیگار دكه‌ن،
    پا ده‌رچوونا ستێرا كه‌نگی یه‌؟
  • 9 –
    وه‌كه‌ هه‌ڤسۆزی دگه‌ل رۆژه‌كا سیسڤه‌بووی
    ده‌م ل كامبردج بڕێڤه‌ ناچیت
    هه‌كه‌ دعه‌ره‌بانكه‌كا ژعه‌ورا نه‌بیت.
  • 10 –
    قه‌له‌ڕه‌شكه‌ك
    ده‌نگێ وێ‌ گوڕێل دبیته‌ به‌ر پێت من.
  • 11 –
    هزرا خوه‌ دهنده‌كی ژ وان دكه‌م:
    ئه‌وێ‌ چ رێك وی نه‌بن،
    ڤه‌دقه‌تیێت
    هه‌تاكو بگه‌هیته‌ قۆناغێ‌.
  • 12 –
    كولیلكه‌ك –
    ده‌ستێن خوه‌ دادنێته‌ سه‌ر سه‌رێ خوه‌.
  • 13 –
    چ سڕ و سه‌رمایه‌،
    و ئه‌زێ ل هه‌مبێزا رۆژێ.
  • 14 –
    هێ ی به‌ژنا سۆرتاری یا هه‌سپان،
    تو راست دبێژی –
    جلكێن ڤێ رۆژا عه‌وردای
    بۆ ته‌ ته‌نگن.
  • 15 –
    هه‌یواخ –
    رۆژ نه‌گه‌هشت ده‌سمالا خوه‌ رابێخیت،
    عه‌وران جاردی ئه‌و قه‌دكرن.
  • 16 –
    ئه‌ز دڕازێم –
    خه‌مگینی
    دناڤ هه‌ردوو ده‌ستێن منه‌،
    كه‌یفخوه‌شی ژی
    دسینگێ مندا.
  • 17 –
    خه‌ونا من نه‌دزانی
    ئه‌وی ته‌یری لكیڤه‌ به‌رده‌ت،
    ئه‌وێ‌ دویهی
    دناڤ دارستانا شه‌ڤێ دا گرتی.
  • 18 –
    كه‌له‌خ
    دئێك ده‌مدا
    هه‌م نێرگزه‌ و هه‌م گۆل.
  • 19 –
    هێ ی رۆژێ
    من پێبگه‌هینه‌،
    من ژێ بكه‌ وا شه‌ڤێ‌.
  • 20 –
    هزر، جودایه‌ ژكه‌له‌خی،
    ئه‌و ته‌نێ‌ ته‌یر و ته‌واله‌ ژ قرشكا.
  • 21 –
    سه‌رمایێ ژبلی زمانی
    چ سه‌رپۆشك نینه‌ لڤێ جیهانێ‌،
    زمان ژی لحێفكه‌كه‌ تژی كون.
  • 22 –
    یا ژخوه‌یه‌،
    بزاڤا نڤیسینا ڤالاهیێ بكه‌ی
    یان ركمانیكرنا ژێبركا با – ی.
  • 23 –
    په‌ڕاڤ رازی بوون
    ببنه‌ مالا سیپه‌لان،
    ژبه‌ركو سیپه‌ل ب خوه‌ كۆچا په‌ڕاڤانه‌.
  • 24 –
    گه‌له‌ك باشه‌،
    ئه‌ز دێ‌ په‌ردێن ئۆدا خوه‌ ئینمه‌ خوار، –
    ما ته‌ تشته‌ك هه‌یه‌ بێژیه‌ من
    ئه‌ی ئه‌ڤین؟.




هێڕشێکی رەگەزپەرستی بۆ سەر سەربازێکی کورد.. لەسەر ئەوەی کە بە کوردی قسەی کرد … رەزا شـوان

سەربازێکی کورد بە ناوی (دۆگـان تـشاتین) لەناو هـێزە چەکدارەکانی سوپای تورکیای رەگەزپەرستدا سەربـازی بۆ تورکیا دەکا، لە رۆژی (١٥/ ئاوگوست/٢٠٢٠)، لە لایەن هـاوڕێ سەربازە تورکەکانیەوە کە لە هەمان یەکەی سەربازی لەگەڵی دان، بە کۆمەڵێ هـێڕشیان کردە سەر دۆگان تشتاتین، بە نیازی کوشتنی هەموویان بە قـۆنـاغە تـفەنگ، بەربوونە گیانی و بە شێوەیەکی زۆر نامەردانە و دڕندانە و بێ بەزەییانە کەوتنە لێدانی دۆگان تشتاین، هەر لەبەر ئەوەی کە بە زمانی کوردی قسەی کرد و داکۆکی لە خوێندن بە زمانی کوردی کرد. ئەمەیان بەکفـر و ناپاکی و تیرۆریستی لە قەڵـمدا، زۆر بە ناڕەوا و نامەردانـە رەفـتاریان لەگەڵ دۆگـان تشاتین دا کرد، دەموچاویان شکاندووە و لووتیان وێـران کردووە، پەراسووەکـانی درزیـان بـردووە، رانەکـانیشیان بریندار کردوون، جـێی سەرسوڕمانە کە لە مـردن رزگـاری بـوو. سەرکـردە سەربـازییەکەشی پێی وتـووە:”تـۆ تیرۆریستی” بەڵی هەموو کوردێک بێ جیاوازی، تەنانەت ئەو کوردانەش کە سەربازی و جاشایەتی بۆ تورکیاش دەکەن، لە دیـدی تورکانەوە، هەر لەبەر ئەوەی کە کوردن، بە ناپـاک و تیرۆریست دادەنـرێن و کوشتـنی کوردیـان رەوا کـردوون. ئەمـەش بە ئاشکـرا و بێ شەرمانە رایانگەیـانـدووە. پـێرار یەکـێک لە جـاشە مـەلا ئایینییەکـانی ئەردۆگـانی سـەرۆکی ئیخـوانـولشەیـاتین، لـە وتـارێکی نـوێـژی هـەینی دا، وتی: مـار و دوپشکـتان بینی مەیکوژن، بەڵام گەر کوردتان بینی سێ و دووی لێ مەکەن و رەوایـە کە بیکوژن.
ئـەوان هەموویـان بەم ئایـدۆلـۆژییە نەتـەوەییە بۆگەن و رەگـەزپەرستی و دەمارگـیرییە گـۆش و پەروەردە کـراون. کە تـا سەر ئێسقـان دوژمنـایەتی گـەلی کوردمـان بکـەن.
دۆگـان تشاتین لە نەخۆشخانە نەشتەرگەرییان بۆ لـووتی کـردووە. لە دوای دەرچـوونی لە نەخۆشخانە، پەیوەنـدی بە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی داد و سەرکردایەتی ئەڕکـانی هـێزە چەکدارەکانی تورکیاوە کردووە، بەڵام کەس لێی نەپرسیوەتەوە، هـیچ ئەنجامێکی دەست نەکەوتووە. ئەمەش پاڵی پێوەنا، کە سکاڵای یاسایی ـ گەرچی لە تورکیادا یاسا و دادپەروەری تەنیا ناویان هەیە و بوونیان نییە ـ لە دژی ئەو کەسانە تۆماربکات کە ئەم کارەساتە ناڕەوایەیـان بەسەر هـێناوە.
دۆگان تشاتین، هاوڕێکانی بەوە تاوانبار کرد، هەوڵی ئەوەیان دا کە بە لێدان بیکوژن، سوکـایەتییان پێکـرد، هـەڕەشەیان لێی دا، جـوێنی ناشیرینیان پێی وت، بوخـتانیان بـۆ هەڵبەست، بە رەگەزپەرستی نەژادی تاوانباریان کرد، دۆگان ئەوەشی وت کە سەرکرە سەربازییەکەی ئەو یەکە سەربـازییەی کە لێـیەتی ئەویش پێی وتـم:”تـۆ تیرۆریستی”
تورکیای رەگەزپەرست و فاشست بە هـیچ کلۆجێک رێ بە بەکارهـێنانی زمـانی کوردی نـادا،، تەنـانەت لە قـوتـابخـانەکانی ئەو شارانەش کە زۆرینەیـان کـوردن، رێ نـادا کە منـداڵانی کورد بە زمـانی کـوردی بخـوێنن و بـدوێـن. هەڵـواسینی نـووسینی کوردیشی قـەدەغە کردووە. لە ناوەندەکانی فـێربوونی زمانیشدا، رێ بەوە نادەن کە زمانی کوردی بوتـرێتەوە. تورکیا گەر بۆی بکرێ، هەڵـمژینی هـەوای پاکـیش لە کورد قەدەغـە دەکا.
هەر لە مانگی مای ئەمساڵدا بوو، مافیەکانی گورگە بۆرەکانی تورکیای لە (ئەنکەرا)ی پایتەختی تورکیادا، بە چەقۆ هـێڕشیان کردە سەر لاوی شەهـیدمان کاکە (بارش جاكان) و بە نامەردی و دڕنـدەیی تیرۆریان کرد، هەر لەبەر ئەوەی کە لە موبایلەکەیەوە گوێی لە گـۆرانی کـوردی گـرتـبوو. بکـوژەکـانیشی وەک بەرزەکی بانـان بـۆی دەرچـوون.
کەسایەتی و نووسەر و تێکـۆشەری کوردمـان، کـۆچکردوو، مامۆستا (موسـا عـەنتەر) پۆلیسی تورکیا بانگیان کردبوو، لێپرسینەوەیان لەگەڵیدا کرد، بەوە تـاوانباریان کرد، کە گوێیان لێی بـووە کە بە کـوردی فـیکەی کردووە. وریـابن لـە تورکیادا بە کوردی فـیکە مەکـەن و بـە کـوردیش پێ مەکـەنـن. تاوانبـار دەکـرێن و سزایەکی قـورس دەدەدرێـن.
کاکە (دۆگـان تشاتین) پێـم ناڵـێی تـۆ بـۆچی سەربـازی بۆ تورکیا دەکەیت؟ سەربازی بۆ رژێـم و بۆ وڵات و بۆ سوپایـەکی دڕنـدە دەکەیـت، کە بە خـوێنی میللەتـەکەت تـینوون؟
ناپاکییەکـانی (حەسەن خەیـری) و (دیـاب ئاغـا) بهـێنەوە بیـرت، کە دوو کورد بـوون و ئەندامی پەرلەمانی تورکیا بوون. بە ئەوپەڕی توانایانەوە خـزمەتی تورکیای داگیرکەری باکووری کوردستانیان کرد و سیخوڕی و ناپاکییان دەرەهـەق بە گـەلی کوردیـان کردن، ئایا دەزانیت کە لە پـاداشتی ئەو خزمەتەی کە بە تورکیان کرد، چ پاداشتێکیان وەگرت؟ بە فەرمـانی ئەتاتـورک (حەسەن خەیـری) یان لە سێـدارە دا، بەوە تاوانباریان کـرد، کە بە جـلی کوردییەوە چـوبـووە نـاو پەرلەمـانی تورکیاوە. کە خۆشیان داوایـان لێکردبوو.
کاتی خۆی پاڵەوانی جیهـانی لە بـۆکسێن دا، کۆچکردوو (محەمـەد عـەلی کـلای) لەبەر ئـەوەی کە ئامـادە نەبـوو، سەربـازی بـۆ ئەمریکـا بکات. بـۆ مـاوەی (٥) ساڵ سـزای زیندانیکردنیان دا. لە محەمـەد عـەلی کـلایان پرسی تۆ هـاوڵاتییەکی ئەمریکیت، بـۆچی رەتی دەکەیتەوە کە سەربـازیی بـۆ ئەمریـکا بکەیـت؟
کـلای وتی:” من لەوە ناتـرسم کە بکرێم بە سەربـاز و بۆ شەڕ بۆ (ڤـێتنام) بمنێرن، لەو فـیشەکەش ناترسم، کە سنگم بپێکـێت.. بەڵکو لەو فـیشەکە دەترسم کە لە دواوە پـشـتم بپـێکـێت” مەبەستی کلای، ئەوە بـوو کە سەربـازانی ئەمـریکی لە پـشتەوە دەیکـوژن.
جا کـاکە دۆگـان تشاتین، تـۆش بـۆ ئەوە سەربـازیی لە سوپـای تورکیای رەگەزپەرستدا دەکەی کە لە دواوە، سەربازانی تـورک فیشەکێکـت پێوەبنین و بتکـوژن؟ ئەمجارە نیوە مەرگیان کردووی، بۆ جاری داهاتوو، بە تەواوی هەناسەت لەبەر دەبڕن. وەکو خۆتیش وتت هەڕەشەیـان لێکـردووی. هـیچ بەرپـرسێکـیش بە دەنگی سکاڵاکەتەوە نەهـاتوون. دڵنیابە کە نە دادگا و نە سەرکردایـەتی ئەرکـانی سوپای تورکیا و نە هـیچ لایەنێکی تـر، وەڵامت نـادەنەوە. لەسەر ئەوەشەوە بـەوە تـاوانباریـان کـردووی کە بە زمـانی کـوردی قـسەت کـردووە. ئەمـەش بە لای هەمـوو تـورکێکەوە تاوانـێکی گـەورەیە و مامـەڵـەی تاوانبارت لەگـەڵـدا دەکەن و لـێت نابـوورن.
رەزا شـوان
١٧/ سێپتەمبەر/٢٠٢٠




چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین …بەشی یەکەم :- ناڵە حەسەن

  • ڕووبەری شیعر و ( شاعیر و شیعرنووس )
  • شیعر لە نێوان ( نائومێدی و ڕەشبینی ) دا
  • شیعر و ( نامۆبوون )

_ ڕووبەری شیعر و ( شاعیر و شیعرنووس )
ڕووبەری ڕاستەقینەی شیعر ئەو شوێنەیە کە / هەموو شیعرێک ناتونێ بیگاتێ و لە نێویدا بمێنێتەوە تەنها ئەو شیعرانە نەبێ کە ، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی جوانی نووسراون ، لەوێدا شیعر دەبێتە جووڵەیەکی بەردەوامی ئیستاتیکی و لە ئاستێکی بەرزی داهێناندا دەبێ ، چ لەڕووی زمانەوە یان لە ڕووی فۆرمەوە .. بە مانای ، شیعر وەکو ژیان دەبێتە پڕۆژەیەکی بەردەوام و تەواو نەبوو . لەنێو ئەم رووبەرە / شاعیر لەنێو بیرکردنەوە شیعرییەکانی لەژێر هیچ کاریگەرییەکی دەرەکی و کاریگەرە کەلتووری ئایدیۆلۆژییەکاندا نابێت ، هەر خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکە دەبێتە کرانەوەیەک بە ڕووی ژیان و گەردووندا ، کەواتە شیعرەکانی نێو ( ڕووبەری شیعر ) داهێنانەکانییان لە ئاستێکدایە و دەبنە بەشێک ، ( لە پڕۆسەیەکی بەردەوامی لە نەبوونەوە بەرەو بوون ، لەپێناو خۆ تەواوکردنەوە دەکەونە گەڕ …) بە مانایەکیتر / هاوتەریب دەبن لەگەڵ ژیان و بەها مرۆییەکان و چەمک و پێکهاتە گەردوونییەکان . ئازادی بوون توخمێکی سەرەکی نێو ڕووبەری شیعرە ، شاعیر دەبێ تەواو بیرکردنەوە و بوونێکی ئازاد بێت ، پڕ بێت لە خەون و جووڵە و نیگەرانی ، لەنێو رووبەری شیعر پەیوەندییەکان خۆڕسک و توندوتۆڵن ، تەنانەت پەیوەندی نێوان ( سیاسەت و شیعر )یش ، پەیوەندییەکی نزیک و لێکدانەبڕاوە چونکە ، شیعر لەنێو ڕووبەری زمان دەتوانێ قسە لەسەر هەموو شتێک بکات ، مەبەستمە بڵێم / لەنێو پانتایی جوانی ( شیعر و سیاسەت ) تەبا دێنەوە بەڵام ، بە دیوەکەی تر هاودژ و پێچەوانەن ( مەبەستمان ئەو دیوەیە کە سیاسەت و گوتاری سیاسی لە جوانی دوور دەکەونەوە ..! ) ، هەروەها زۆرێک لە قسەکانی نیو شیعر وەک قسەکردن لە خەون ، عەشق ، بوون ، .. بەشێکی دانەبراون لە سیاسەت ، بە مەبەستی بیناکردن و داهێنان یان گۆڕینی ئاسۆکانی نووسین بەڵام ، لەو شوێنەی شیعر دەبێتە هۆکار لەپێناو سیاسەت و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو لەوێدا ، شیعر ئامانجە سەرەکییەکەی خۆی لەدەست دەدات و دەچێتە دەرەوەی ڕووبەری شیعر . چونکە لە دواجاردا / زۆرێک لە شیعرە ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکان لە دەرەوەی ڕووبەری شیعر وەک ، ( مەلەف و بەڵگەنامەیەکی سیاسی و مێژوویی ) دەمێننەوە . دەقە زیندووەکانی نێو ڕووبەری شعر شێلگیرانە و بەردەوام لە هەوڵی بەرهەمهێنانی پرسیاری نوێدا دەبن ، ئیش لەسەر سڕینەوەی مانا پێشوەختەکان دەکەن . کەواتە شیعر گەڕانێکی بەردەوامە لەنێو پانتایی مانادا .. ئەو شیعرانەی لەئاستێکی بەرزی داهێناندان بە تۆخی ئیش لەسەر زمان و پێکهاتە شیعرییەکانی وەک ، ( هێما و میتافۆر و وێنە و پارادۆکس و جێگۆڕکی و دووبارەبوونەوە و گومان و پرسیار و گەمە کردن بە وشە ) دەکەن .. چونکە لەم ڕووبەرە شیعرییە باوەڕمان بەوە دەبێ کە / هەموو دەقێکی گەورە ڕوئیایەکی فەلسەفی گەورە و گومان و پرسیارێکی گەورە لەگەڵدا دەبێت .. چونکە قووڵایی بەهرە و توانا مەعریفییەکانی مرۆڤ لە وەڵامدانەوە نییە بەڵکو ، لە پرسیارکردن دایە ، ئەوە ئایین و ئایدیۆلۆژییەکانن کە هەمیشە وەڵامێکی جێگیر و نەگۆڕییان پێیە ، هەر لێرەوەیە شیعر ڕەنگ و ڕووبەر و سیمای خۆی لە ئایین و ئیدیۆلۆژیاکان جیا دەکاتەوە . لێرەدا دەمانەوێت ، ( شاعیر لە شیعرنووس ) جیابکەینەوە . واتە هەموو ئەو شیعرانەی لە ئاستێکی بەرزی داهێناندان و لەنێو ڕووبەری شیعر دەمیننەوە ، ئەوانە نووسەرەکانییان ( شاعیرن ) ، ئەو شیعرە سادانەی دەرەوەی ڕووبەری شیعریش نووسەرەکانییان شاعیر نین بەڵکو تەنها ( شیعرنووسن ) ، چونکە ( شاعیربوون ) جێگاکەی لە هەورازێکە هەموو شیعرنووسێک ناتوانێ بیگاتێ …! مەبەستمانە خۆمان لە هەندێ دەستەواژەی نائەدەبی ڕزگاربکەین وەک ( شیعری دەرەجە یەک و دوو و دەرەجە سێ و هتد ، یان شیعری باش و خراپ ، یان ئەو دەربڕینە نائەدەبییەی کە دەڵێن ( میللەتی کورد هەمووی شاعیرن ..! ) ، ئەو ڕوانگە و بیرکردنەوانە ، ڕوانگەی ئەو کەسانەن کە خاوەن ئەو مەعریفە شیعرییە نین کە هێزی ئەوەیان پێ بێت ،( شیعری نێو ڕووبەری شیعر و شیعرەکانی دەرەوەی ڕووبەری شیعر ) لە یەکتری جیابکەنەوە ، یان ناتوانن ئاستەکانی جوانی و هونەری لەنێو دەقەکان ببینن . یان بە دیوێکی تر ، هەموو وشە ڕیزکردنێک بە شیعر دەزانن ، بۆیە تاکو ئێستا ( شاعیر و شیعرنووسیش ) لە یەکتری جیانەکراونەتەوە .
تێبینی / ئەم کورتە وتارە لە کتێبی ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) وەرگیراوە کە ئێستا لەژێر چاپدایە ، کەمێک بە دەستکارییەوە .

  • شیعر لە نێوان ( نائومێدی و رەشبینی ) دا
    من ئێستا لە گەڕەکی نائومێدیدا دەژیم
    بە کەلوپەلەکانی عەشق ماڵێکم پێکهێناوە
    لە ژوورێکدا تابلۆی دۆڕانەکانی خۆمم هەڵواسیوە
    لە ژوورێکیتر / تابلۆی ترس و نیگەرانییەکانم
    لە ژوورێکیتر / تابلۆکانی مردنم
    لەژوورێکیتر / تابلۆکانی تەنیاییم
    لە دواهەمین ژووریش وا خەریکم
    هێدی هێدی /
    تابلۆکانی خۆکوشتنم هەڵدەواسم …!
    لەو شیعرەی سەرەوەو لە شیعری تریش کاتێک ، نائومێدییەکانی خۆمم دەربڕیوە و لە شیعرێکدا بەرجەستەم کردوون ، جاریوابووە ، پرسیاری ئەوەم لێکراوە کەوا ، بۆچی لەم شیعرەم هێندە ڕەشبینم ؟ ، منیش لە وەڵامدا گتومە / من نائومێدم نەک ڕەشبین ..! کەواتە بەپێی ئەو وەڵامەم دەبێ ( نائومێدی و ڕەشبینی ) ، دوو چەمکی جیاواز بن ، ڕەنگە لە هەندێ ڕووەوە نزیکایەتییان هەبێت بەڵام ، دوو وشەی تەواو جیاوازن .. هەوڵدەدەین لەم نووسینە زۆر بە کورتی ماناکان و جیاوازییەکانییان بخەینە ڕوو .. بە بروای من زۆر ئاساییە شاعیرێک یان نووسەرێک لەنێو شیعر و نووسینەکانییان ڕاستگۆیانە ( نائومێدییەکانی ) خۆیان دەرببڕن ، ئەوە هیچ بەمانای ئەوە نایە ، ئەو شاعیر و نووسەرانە کەسی ڕەشبینن ، یان ( نائومێدی ) چەمکێک و بارێکی نێگەتیڤ نییە ، کە دەڵێین نێگەتیڤ نییە ، مانای ئەوە نییە بڵێین پۆزەتیڤە ، بەڵکو دەتوانین بڵێین بارێکی ئاساییە ، کاتێک شاعیرێک نائومێدی دەردەبڕێت ئەوە مانای ئەوەیە ، ئەوکەسە ئومێد و خەونی گەورەی هەیە بەڵام لە ئێستادا پێی نەگەیشتوون ، واتە لەو چرکەساتەی شیعرەکەی نووسیوە کەسێکی نائومێدە و راستگۆیانەش ئەم نائومیدییەی خۆی دەربڕیوە ، بۆ یە دەڵێین / بارێکی نێگەتیڤ نییە ، چونکە هێشتا لە لەگەڵ خەونە و ئومێدەکانیی دەژی بە ئومێدی ئەوەیە یان لە هەوڵی ئەوەیە ڕۆژێکدا بێت پێی بگات . بەمانای ئەگەرچی بە ئومێدەکانیی نەگەیشتووە و لە ئێستادا کەسێکی نائومێدە بەڵام ، دەستی لە خەون و ئومیدەکانیی بەرنەداوە یان هەڵنەگرتووە . بەڵام / ( ڕەشبینی ) چەمک و بارێکی نێگەتیڤە . کەسی ڕەشبین هیچ ئومێدێکی بەژیان نەماوە ، ( بوون و نەبوونی ) خۆی لە نیو ژیاندا وەکیەک چاولێدەکات ، ژیان هیچ بەهایەکی تیا نەماوە تا بۆی بژی ، پڕبووە لە هەستەکانی پووچی ، بەمانای بەو پۆینتە گەیشتووە کە ژیان ئەوە ناهێنێ کە بۆی بژی ، زۆرێک لەو کەسانە پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن . ئەوکەسانە لەهەمانکاتیش لەبارێکی دەروونی ناهەمواردا دەژین تووشی نەخۆشی خەمۆکی و زۆرێک لە نەخۆشیتری دەروونی دەبن . لە لێکۆڵینەوەکمان لەبارەی ( شیعر و خۆکوشتن ) ئەوەمان خستبووەڕوو کە زۆربەی ئەو شاعیر و نووسەرانەی پەنایان بۆ خۆکوشتن بردووە ، ئەو کەسانە بوون کە دەرگیری نەخۆشی خەمکی ببوون و ئەوکەسە ( ڕەشبینانە )بوون کە هیچ باوەڕ و ئومێدێکیان بە ژیان نەمابوو ، حەز دەکەم دواقسەم لەمبارەوە ئەوە بێت کە / ڕاستە من لە هەندێک لە شیعرەکانم نائومێدی یان نائومێدییەکی گەورەشم بەرجەستە کردووە بەڵام / بۆ یەک چرکەش لە ژیانم ڕەشبین نەبووم .
  • شیعر و ( نامۆبوون )
    نامۆبوون چەمکێکی فرەمانا و فرە ڕەهەندە ، چ لەلای خەڵکی ئاسایی و چ لەلای نووسەر و بیرمەند و فەیلەسوفەکانەوە ، مانا و خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆکراوە ، ئێمە لەو کورتە نووسینەمان هەوڵدەدەین هەندێک لە خوێندنەوە و مانا جیاوازەکان بخەینە ڕوو ، وە هەروەها هەڵوێستە لەسەر ئەو خوێندنەوەیە بکەین کە / پەیوەندی بە شیعر و داهێنانەوە هەیە
    _ نامۆبوون لەلای ( هیگل ) / پەیوەندی بە ( دابڕان )ەوە هەیە ، یان هەر بەمانای ( دابڕان ) دێت ، وەکچۆن لە کاتی لەدایکبوون منداڵ لە دایک دادەبڕێ و دێتە نێو ڕووبەرو دنیایەکی نوێوە و تووشی حاڵەتی نامۆبوون دەبێت ، هەروەک لە کتێبی ( بوون و داهێنان )ی د. محەمەد کەمال دا هاتووە / لەلای هیگل پڕۆسەی داهێنانیش بە نامۆبوون دادەنرێت چونکە ، لە ڕێگەی داهێنانەوە
    بیرۆکەکان لە نووسەرەکان دادەبڕێن

_ نامۆبوون لەلای ( مارکس ) / پەیوەندی بەکاڵا و بەرهەمهێناوە هەیە / بەمانای کاتێک ( کرێکاران ) کاڵاکان بەرهەمدەهێنن و خۆشیان لێی بێبەشدەبن ، خێروبێری ئەوکاڵاو بەرهەمانەش دەچێتە گیرفانی سەرمایەدار و خاوەن کارەکانەوە ، لێرەدا کرێکاران بەرامبەر ئەو کاڵا و تەنانەت ئەو دنیایەش کە بەرهەمی دەست خۆیانە نامۆدەبن ، هەر لەسەر ئەو بنەمایە مارکس ڕەخنەی لە هیگل هەبوو کە داهێنانی بە پڕۆسەیەکی نامۆبوون دادەنا ، مارکس پێی وابوو ئەو جۆرە دابرانە نامۆبوون بەرهەم ناهێنن ، بەلای مارکس ئەوکاتە داهێنان نامۆبوونی لێدەکەوتەوە کاتێک بیرۆکەکان لە نووسەرەکان دادەبڕێن و لەلایەن کەسانیترەوە داگیربکرێن و خاوەنەکانی پێ بچەوسێننەوە ، وەک ئەو پەیوەندییەی لە نێوان ( کرێکاران و بەرهەمهێنانی کاڵاکان )

_ نامۆبوون لای ( مارتن هایدگەر ) / مرۆڤی دەستەمۆ کاتێک دەکەوێتە ژێرکاریگەرییە دەرەکییەکان واتە هێزە دەرەکییەکان ئاراستەی جووڵەکانییان کۆنتڕۆل دەکەن ئەوکەسانە کەسانی نامۆن . چونکە هەمووشتێکن بەس خۆیان نین . وە خاوەن بوونێکی دەستەمۆ و ناڕەسەنن . ناتوانن تەعبیر لە خواست و ئارەزووەکانی خۆیان بکەن . ئێمە لە پەیوەند بە شیعر و داهێنان هەڵوێستە لەسەر ئەو ڕایەی ( هایدگەر ) دەکەین و دەیکەینە سەرچاوەو بنەمای بیرکردنەوەکانمانە . هەروەک لە کتێبی ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) پێداگریمان لەسەر ئەم خوێندنەوەیەی هایدگەر کردبوو لە وتاری ( بوون و ئەدەب ) ، لە پەیوەند بە بوون و ئازادی نووسەرەرەوە . چونکە خودی داهێنان ( بە پێشمەرجی ئەنتۆلۆجی بوونی مرۆڤ ) دادەنرێت ، ( داهێنان و نامۆبوون )یش لەگەڵ یەکتریدا پەیوەندییەکی ناکۆکییان هەیە ، بۆیە کەسێکی نامۆ بە داهێنەر دانانرێت چونکە ( ناتوانێت خۆی بڕیار لەسەر پڕۆژەکانی بوونی خۆی بدات …! ) ، هەموو بڕیار و پڕۆژەکانی لەژێر کاریگەری دەسەڵات و هێزە دەرەکییەکان دەبێت ، بۆیە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە کەسی داهێنەر نامۆنییە و یان کەسی نامۆ ناتوانێ داهێنان بکات …!

تێبینی / بۆ نووسینی ئەم کورتە وتارەمان سوودمان لە کتێبی ( بوون و داهێنان ) ی د محەمەد کەمال وەرگرتووە .

                            _ درێژەی هەیە 



دەروازەیەک بەرەو گزنگ … شیعر/ کاوە عوسمان عەمەر

خولیای گژو گیایەکی مەست
،،بۆ تاڤگە تیشکێک
،،،لە گزنگێکەوە
….هەمیشە دەروازەی
ئەبەدیەت و خۆ بیرچوونە
لەسیحری بوون

…………….

،،کە لێرە نەبووی
..ویستم خۆرێک
لە جیاتی مۆم ، داگیرسێنم
…نەمزانی
،،ژوور چۆڵ
،، بەڵام ڕوناک
..هەیوانەکە پربوو
لە تریفە مانگی تۆ
…………

گوڵە هەنارەکان
خەندەی لێوی ئاڵت
،، ئەنوسنەوە، کە تۆ لێرە نیت
،،خەوەکان گالیسکەی کریستاڵین
…ناگەنە جێ، ئەسپی سپی
… بیرچونەوەش، چیاو مێرگی ئەرخوانی
…ژوانیان برد، شەلالی
،،،ڕیگاکانیش
،،،بە برینی ئەو پەنجەرانەوە ئەبەستینەوە
،،کە تا ئەبەد چاوەوانمانن
،،،باران تەنافی وشە سەرگەردانەکانە
،،ماڵێک لە تەمی بیرچوونەوە
… پڕ لە حەسرەتی
،،بایەکی لاسار و بێ ئۆقرە
،،وەک بڵێی سۆراخی تۆ بکا
…حەزێک بۆ ئاوێزان بوون
،،،بە جەستەی فڕیوی با
..هەردەم ئۆقیانووسی دڵ
شوێن و کات
،، نازانێ بۆ هەڵچوون
و هەڵدێر و تێکشکان
………………..
،،پێشتر
..من ئاو بووم
،،تۆش نمە
…باهۆزی جەنگ هات
من لم، تۆ لم،
ئەوانیش بیابان
……………
..گزنگ بە پەنجەی
،،سروشت
،،ئاسمانێکی بە ڕەنگی کڵپەو گڕ
،،بۆ خۆی کێشا
،، سەوڵی وشە
،،بەلەمێ شیعر
،، نیگایەکیش
،،پەلکە زێڕینەی هەڵکێشاوەتە
،، ، سەرتارای زەریایەک
تاکە دەروازەیە بۆ دەرچوون
……………..
زەردەی ئێوارە
… بێ دەنگی لەگەڵ دواهەمین
چۆلەکە
گەیاندەوە
،،کۆلانەی خەو
باڵە ڕەشەکانی شەو
،،لەسەر ڕۆخی ئێستا گیرسایەوە
،،تۆزێکی ترنابا
،،ڕۆحە شەکەت و ماندوەکان
..بەرەو ئەندێشەی
،، بێئاگایی لە گەردونێکا ئەبا
وەک کاتژمێرێکی مەزنە،،
،،،گەردوونی بێئاگا
…چرکەکانی
تنۆکە خونجەی قەترانی…
دڵە تەنیاکان ئەگرێ

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئیسپانی
(Enrique Lopez Garre)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە
.




مانیفێستی عەشق… بەشی چواردە…تێکستی: ستیڤان شەمزینی

شنەبایەک بووم چۆکم بۆ زریانی ئەوینت دادا
شاخێکی بەفرین بووم بە هێزی ئەشقت هەرەسم هێنا!


هەموو شەوێک خۆم و خەیاڵەکانم بێدارین
چون رۆژ بەشی تەفسیری جوانییەکانت ناکا


خەندەیەکت بەسە بۆ من تا مردن پێی دڵخۆش بم
ماچێکت وا ئەکا تاکو رۆژی پەسڵان سەرخۆش بم


ملوانکەیەکی درێژم لە دەزوولەی ماچ بۆ چنیوی
شیعرێکی تازەشم بە پەڕەمووچی دڵ بۆ نوسیووی


ئەوینەکەمان لەم سەرزەمینە فراوانە جێی نابێتەوە
دەستم بدەرێ، بڕۆین ئەستێرەیەکی تر ئاوەدان بکەینەوە


ئەتوانی چەندێک حەز بکەی دووربکەویتەوە لە جەستەم
کەچی دەستەپاچەی لە دوورخستنەوەی هەناسەی شیعرم


لەوانەیە رۆژێ بێت هیچ رێگەیەک نەمهێنێتەوە بۆ لات
ئەوساش شیعرەکانم تەواف ئەکەن لە دەوری باڵات


لە شیعرێکا ئەتنووسمەوە و هەر خۆشم ئەتخوێتنەوە
لە قاوەی تاڵی ژیانما وەک پارچە قەندێک ئەتتوێنمەوە


مەمکت دوو تابلۆی جوانن
بە دیواری سنگتەوە هەڵواسراون


مەمکەکانت دوو کانیاوی روونن
هەم ئاوی ژیان و هەم ئاوی چێژی لێ هەڵدەقوڵێ


مەمکەکانت دوو فریشتەی خوایین
ژیان دەکەنەوە بە بەر جەستەی مردووما


مەمکت شەکرەسێوی منە
ئاشتم دەکاتەوە لەگەڵ لەززەت


مەمکت ئاوازێکی دەگمەنە
بەدەست و پەنجەی من دەژەنرێت


نیگاکانم تەفسیر بکە، ماچەکانم بخوێنەرەوە
ئەوەی بەزمان نەموتووە، لە بێدەنگیمدا بیدۆزەرەوە


پێم بڵی چ جادوویەکت لێکردووم، خۆم داوەتە دەست دڵم؟!
دڵیشم کەشتییەکە تەنها بەرەو کەناری تۆ دێ




ژووری ڕووداوه‌كان سه‌رنج و تێرامان … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

ژووری ڕووداوه‌كان، ناونیشانی كتێبێكی جۆن بۆلتنه‌ و ماویه‌ك له‌مه‌و به‌رچاپ و بڵاو كرایه‌وه‌.ئه‌م كتێبه‌ له‌ سه‌ر ئاستی نێوه‌نده‌ سیاسی و ڕاگه‌یاندنه‌كانی دنیادا، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌بوو، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ببێته‌ جێگه‌ی سه‌رنجی خوێنه‌ران و به‌ تاسه‌وه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی خوێندنه‌وه‌ی دابن. له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌، كتێبه‌كه‌ وه‌رگێردرایه‌ سه‌ر زمانی كوردی و ته‌نانه‌ت كاتێ وه‌ك خوێنه‌رێك، كه‌ ده‌مێك بوو ده‌مویست بیخوێنمه‌وه‌، كتێبه‌كه‌م كڕی و نایلۆنی به‌رگه‌كه‌م هه‌ڵپچڕی، هێشتا كه‌تیره‌ی نێوان به‌رگ و لاپه‌ڕه‌كانی وشك نه‌بووه‌وه‌. واتا ئه‌وه‌نده‌ به‌ خێرای وه‌رگێڕدراوه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی هێنده‌ گرنگ و به‌ به‌ها بێت بۆ خوێنه‌ری كورد و نێوه‌ندی سیاسی كوردی، كه‌ ده‌بێ هه‌ر چاپ بكرێت، له‌ كاتێكدا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌.له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، جۆره‌ خوێنه‌رێكی ڕاگوزه‌رو بیرنه‌كه‌ره‌وه‌، كه‌ به‌رهه‌می شاشه‌ی مۆبایله‌ نه‌ك كتێب دروست بووه‌، ئه‌م ته‌رزه‌ له‌ خوێنه‌ر، ئه‌وه‌نده‌ی ناونیشانه‌كان و شوناسی نووسه‌ر ده‌بێته‌ جێی هه‌ڵوه‌سته‌ی، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر ماكینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئیعلامی و ڕیكلامسازیی له‌ پشت ناساندنی كتێبه‌كه‌وه‌ بێت، ئه‌وه‌نده‌ گوتارو په‌یام و ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كان نا. بۆیه‌ ده‌بینین به‌ گشتی شوناسی نووسه‌ر، له‌ پێشه‌وه‌ی شوناسی ده‌ق ده‌بینرێت.ژووری ڕووداوه‌كانیش به‌ ده‌ر نه‌بوو له‌م گه‌وره‌ كردنه‌ بێ ناوه‌ڕۆكه‌. ئه‌م كتێبه‌ هه‌ر ته‌نها له‌ به‌ر ئه‌وه‌، ئه‌و ده‌نگدانه‌وه‌ییه‌ی نه‌بوو كه‌ بۆلتن نووسیویه‌تی، چونكه‌ هه‌مووی باسی تره‌مپ و هه‌ڵوێسته‌ سه‌یره‌كانی ده‌كات، بۆیه‌ بووه‌ جێی سه‌رنج. نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت، كه‌ تره‌مپ به‌ هه‌ڵوێست و بۆچوونه‌ سه‌یرو پێكه‌نیناویی و ناسیاسییه‌كای خۆی، بۆته‌ جێی سه‌رنجی هه‌مووان له‌ سه‌ر تاسه‌ری دنیادا. ئه‌مه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه‌ بوو.بڕوام وایه‌، ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ باسی هه‌ر سه‌رۆكێكی دیكه‌ی بكردایه‌، ئه‌و بایه‌خه‌ی نه‌ده‌بوو. له‌ ڕاستیدا ناوه‌ڕۆكی ئه‌و كتێبه‌ نه‌ك هه‌ر هیچ به‌هایه‌كی بۆ خوێنه‌ری كورد نییه‌، بگره‌ دوورو نزیك په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌شه‌وه‌ نییه‌.
ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی باسی په‌یوه‌ندی نێوان تره‌مپ و جۆن بۆلتن، له‌ ساتی ده‌ست به‌كاربوونی وه‌ك ڕاوێژكاریی ئاساییشی نه‌ته‌وه‌ی، تا وازهێنانی له‌و پۆسته‌ ده‌كات.كاتێ به‌ وردی كتێبه‌كه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ درك به‌وه‌ ده‌كه‌یه‌ن كه‌ بۆلتن، ڕۆڵێكی خراپ و شه‌ڕانگێزانه‌ی بینیوه‌ له‌ ئارسته‌كردن و پاڵپشتیكردنی تره‌مپ، له‌ ده‌ر كردنی هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی به‌شێكی خه‌ڵكی سڤیل تێیدا بوونه‌ته‌ قوربانی. ته‌نانه‌ت بۆلتن له‌ كتێبه‌كه‌یدا، به‌ شانازییه‌وه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كت بۆ چاره‌سه‌ر نه‌كرا، گه‌وره‌تری بكه‌. سیاسییه‌ك به‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ بیر بكاته‌وه‌، ده‌توانێت خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی بكات؟. ئه‌مه‌ وێرای هه‌وڵدانی بۆ كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ده‌یان ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی و مرۆیی به‌ باربۆكردنی ماددی. هاوكات قوڵكردنه‌وه‌ی زیاتری ململانێی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل و دنه‌دانی تره‌مپ بۆ لێدان و دژایه‌تی به‌رده‌وامی ئێران و كۆریای باكوور و فه‌نزوێلا. ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌، بۆ ڕای گشتی ئه‌مه‌ریكا و كێبركێی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و وڵاته‌ كه‌ له‌ چه‌ند مانگی داهاتوودا ده‌ست پێ ده‌كات، ڕه‌نگه‌ گرنگ بن. به‌ڵام بۆ هاووڵاتییانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و كوردیش به‌ تایبه‌تی، هیچ به‌هایه‌كی سیاسی و مێژووییان نییه‌. چونكه‌ سمێلچی جۆن بۆلتن كه‌ سه‌رنجی تره‌مبی ڕاكێشاوه‌، چ گرنگییه‌كی هه‌یه‌ بۆ خه‌ڵك؟ تره‌مپ چۆن هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و چۆن بڕیار ده‌دات،شتێك نییه‌ شایه‌نی باسكردن بێت. چونكه‌ ئه‌مڕۆ كه‌س نییه‌ له‌ دنیادا، له‌ كردارو ڕه‌فتاره‌ سه‌یرو كۆمێدی و ناسیاسییه‌كانی تره‌مب ئاگادار نه‌بێت و نه‌یزانێت.
كتێبه‌كه‌ به‌شی زۆری په‌یوه‌سته‌ به‌ شه‌ڕی سوریا و ڕوانگه‌ی ئه‌مه‌ریكاو ئیداره‌كه‌ی بۆ كێشه‌ و ململانێكانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و چه‌كی ئه‌تۆمی كۆریای باكوور. ته‌نانه‌ت دوو سه‌د لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌، ته‌نها گه‌نگه‌شه‌كردنی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سزاكانی سه‌ر ئێران، چۆن توندتر بكرێن و چۆن ڕووبه‌ڕووی ئه‌و وڵاته‌ ببنه‌وه‌.ئه‌گینا له‌باره‌ی خستنه‌ ڕووی سیاسه‌تی نێوخۆی ئه‌م وڵاته‌ و ئالینگارییه‌ نێو خۆیه‌كانی، بچووكترین زانیاریشی تێدا نییه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش دیوێكی شاراوه‌ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ری خوێنه‌ره‌، كه‌ دوورو نزیك بۆلتن نایه‌وێت هیچ كه‌سێك بچووكترین زانیاریشی له‌ باره‌ی چۆنییه‌تی سیاسه‌ت و ئیداره‌دانی ئه‌مه‌ریكا هه‌بێت.بۆنموونه‌:ملیۆنان بێكار له‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌ن، به‌ جۆره‌ها شێوه‌ ڕه‌ش پێسته‌كان ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌ و جیاوازی ڕه‌گه‌زییان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.په‌نابه‌ران و ده‌یان كێشه‌ی دیكه‌ش، كه‌ بۆلتن باسییان ناكات. به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ بۆچی ئه‌و كتێبه‌ له‌ ئێستادا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌؟ بێگومان وه‌ڵامه‌كه‌ی دیارو ڕوونه‌، چونكه‌ له‌ سه‌رو به‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا داین و به‌هۆی دوورخستنه‌وه‌شی، بۆلتن نایه‌وێت جارێكی دیكه‌ تره‌مپ چانسی بوونه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای هه‌بێت.بۆلتن له‌كتێبه‌كه‌یدا، به‌چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك باس له‌ كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاو ڕاده‌ستكردنی كوردانی خۆرئاوا به‌ توركییا ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و له‌ كاتێكدا باس له‌و هه‌ڵانه‌ی تره‌مپ ده‌كات كه‌ خۆی له‌وپۆسته‌دا نه‌ماوه‌. مێژووی ئه‌مه‌ریكا بۆ كورد تاڕاده‌یه‌كی زۆر مێژووێكی شاراوه‌ نییه‌ و هه‌موومان ده‌زانین، ئه‌و وڵاته‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌ ده‌بینێت. بۆیه‌ به‌لایه‌وه‌ گرنگ نییه‌ قوربانی به‌ كوردانی خۆرئاوا بدات، له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌ گه‌ڵ توركییادا.به‌درێژایی مێژوو ئه‌مه‌ به‌شێك بووه‌ له‌سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا،ئیدی بۆلتن باسی بكات یان نا، هه‌مووان ده‌یزانن.

له‌ باره‌ی وه‌رگێڕانی كتێبه‌كه‌وه‌:_
وه‌رگێڕ له‌ پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا، به‌ شانازییه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ بیست ڕۆژ ئه‌وكتێبه‌ی وه‌رگێڕاوه‌. به‌ بڕوای من ئه‌مه‌ نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتووی وه‌رگێر نییه‌، به‌ڵكو هه‌ست نه‌كردنه‌ به‌ به‌رپرسیاریه‌تی و تێنه‌گه‌یشتنه‌ له‌ هونه‌ری وه‌رگێڕان. چونكه‌ كاره‌ساته‌ كتێبێكی شه‌سه‌د لاپه‌ِره‌یی سیاسی، كه‌ ڕه‌نگه‌ دووساڵ بخایه‌نێت، به‌ بیست ڕۆژ وه‌ربگێڕدرێت. ئه‌م جۆره‌ له‌ وه‌رگێڕان، جۆرێكه‌ له‌ وه‌رگێڕانی ئاسایی كه‌ مه‌به‌ست لێی خۆناساندن و دیوه‌كه‌ی تریشی بازرگانییه‌، كه‌ له‌ ڕێی فرۆشتنی كتێبه‌كه‌وه‌، ده‌ست وه‌رگێرو ده‌زگای چاپ ده‌كه‌وێت. ئه‌مڕۆ له‌ كوردستاندا، چه‌ندین وه‌رگێران ده‌كرێن، كه‌ جگه‌ له‌ به‌ عه‌ربیكردنی زمان و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ و تێكدانی ڕێساو یاساكانی زمانی كوردی هیچی تر نییه‌. له‌و كتێبه‌دا، له‌ چه‌ندین شوێن هه‌ڵه‌ی وه‌رگێڕان ده‌بینین كه‌ ڕه‌چاویی هیچ بنه‌مایه‌كی زمانه‌وانی كوردی نه‌كراوه‌و بگره‌ له‌ هه‌ندێ شوێندا، ڕووبه‌ڕووی وه‌رگێرانی حه‌رفی كتێبه‌كه‌ش ده‌بینه‌وه‌. له‌كاتێكدا، وه‌رگێڕان گواستنه‌وه‌ی ده‌ق نییه‌، به‌ڵكو به‌ كوردیكردن و گونجاندنیه‌تی له‌گه‌ڵ زمانی دووه‌مدا كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك بێت، مانا و ڕه‌هه‌ندی واتایی زمانی دووه‌م بگه‌یه‌نێت.هاوكات زمانه‌كان له‌ ڕووی ڕێزمانی وشه‌سازییه‌وه‌،جیان له‌ یه‌كتری.ئه‌م جیاكارییه‌، ده‌بێ له‌ كاتی وه‌رگێڕاندا ڕه‌چاو بكرێـت.لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ چه‌ند لایه‌نێكی وه‌رگێڕانی كتێبه‌كه‌ ده‌كه‌ین:_

*لا16 نووسراوه‌:_(ده‌رسێكی ئاگاداری دابین كرد).

  • لا 34 نووسراوه‌:_(ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت به‌ ئارامی بخه‌ون).ئه‌وه‌ی ده‌خه‌وێت ئه‌مریكییه‌كانن، نه‌ك ئه‌مه‌ریكا.
  • لا36 نووسراوه‌:_( هیچ نیوه‌ پۆستێكی حیز وه‌رمه‌گره‌).
  • لا 36 نووسراوه‌:(دووشه‌ممه‌ 31/6) له‌كاتێكدا حوزه‌یران، ته‌نها سی ڕۆژه‌. *لا 43 نووسراوه‌:(بڕیارێكی یاسایی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌رباره‌ی،ئایا ڕێكه‌وتنی سه‌ره‌تایی ده‌رباره‌ی). سه‌رنج له‌ داڕشتنی ڕسته‌كه‌ بده‌ن، له‌ ڕووی زمانه‌وانییه‌وه‌.
  • لا46 نووسراوه‌:_(ئه‌ندامی ماوه‌ درێژی تره‌مپ). كێ ده‌زانێت مه‌به‌ست له‌و ڕسته‌یه‌ چییه‌؟!.
  • لا61 نووسراوه‌:_( هۆڵی دۆخه‌ ئاڵۆزه‌كان).كۆبوونه‌وه‌ی دۆخه‌ ئاڵۆزه‌كان گونجاوتر بوو.
  • لا 61 نووسراوه‌:_(جێگری سه‌رۆك مه‌به‌ستی بوو له‌ یه‌كه‌م ڕۆژمدا یارمه‌تیم بدات له‌ ئه‌یلولی 2019). له‌ كاتێكدا، ئه‌و له‌ 9/4/2018ده‌ست به‌كاربووه‌.
  • لا 62 نووسراوه‌:_( ڕازیبوونی داوه‌ به‌ هاوكاری ئه‌فریقیا).
  • لا 67 نووسراوه‌:_( قه‌باره‌ی ده‌نگ).
  • لا68 نووسراوه‌:_(كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ڕوویدا).
  • لا 75 نووسراوه‌:_(تره‌مپ به‌ به‌رزكه‌ره‌وه‌یه‌ك هاته‌ خواره‌وه‌ له‌ قاتی سێیه‌م). به‌رزكه‌ره‌وه‌ لێره‌ به‌ مانای ئه‌سانسۆر به‌كار هاتووه‌، به‌ڵام وه‌رگێڕانه‌كه‌ هه‌ڵه‌یه‌. چونكه‌ به‌رزكه‌ره‌وه‌ واتا رافیعه‌،یاخود كڕێن.خۆ سه‌رۆك به‌ كڕێن نه‌هاتۆته‌ خواره‌وه‌!!.
  • لا لا86 نووسراوه‌:( ماكرۆن سه‌ردانی ئیداره‌ی تره‌مپی كرد پڕ بوو له‌ ئاهه‌نگ).سه‌رنج له‌ وه‌رگێڕانی ڕسته‌كه‌ بده‌ن. *لا 87 نووسراوه‌:(بۆ كردنی ئاماده‌كاریی كۆنفرانسه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌).
  • لا 91 نووسراوه‌:_(ده‌ستمان كرد به‌ تاوتوێكردنی ئێران و كۆریای باكور).
  • لا 93 نووسراوه‌:_(گڵدانه‌وه‌ی پڕۆگرامی ئه‌تۆمی).
  • لا94 نووسراوه‌:_(كۆمه‌ڵێ ترسیان هه‌بوو).ترس به‌ كۆمه‌ڵه‌ پێوانه‌ ناكرێت.
  • لا108 نووسراوه‌:_(تره‌مپ كه‌وته‌ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ چی ڕوو ئه‌كات).
  • لا109 نووسراوه‌:_(ئێمه‌ شه‌رعاندنمان بۆ كیم جۆن كرد).
  • لا114 نووسراوه‌:_(ئه‌وه‌نده‌ نابات تا پایته‌خت خۆی ببه‌ستێت). كێ ده‌زانێ مه‌به‌ست له‌و ده‌ربڕینه‌ چییه‌، كه‌ ڕسته‌یه‌؟
  • لا 115 نووسراوه‌:_( ئایا ئه‌یویست سه‌نگاپۆره‌ ڕووبدات). چی له‌ سه‌نگاپۆره‌ ڕووبدات؟.
  • لا120 نووسراوه‌:( له‌ كۆبوونه‌وه‌ سێ قۆڵییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكاو كۆریای باكوو). ئه‌مه‌ ده‌كاته‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی نه‌ك سێ قۆڵی *لا 133 نووسراوه‌:(هه‌ردووكمان دامان له‌ پێكه‌نین). سه‌رنجی ڕسته‌كه‌ له‌ ڕووی داڕشتنه‌وه‌ بده‌ن.
    *لا 125 نووسراوه‌:(چه‌ندین جار چوومه‌ته‌ مه‌ترسی له‌و شێوه‌یه‌). ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی گونجاوتره‌. *لا 153نووسراوه‌:( مێزێكی هێلكه‌یی، كۆنفرانسی ناوازه‌) ئه‌م دوو ده‌ربڕینه‌ له‌ ڕسته‌یه‌كدا به‌یه‌كه‌وه‌ هاتوون، به‌ڵام ئاخۆ كه‌س ده‌زانێ ڕسته‌كه‌ چ مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نێ؟!.
  • لا165 نووسراوه‌:_(له‌ به‌یانی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ من چووم لای تره‌مپ). ئه‌مه‌ له‌ زمانی كوردێك ده‌چێت، كه‌ هیچ كوردی نه‌زانێت.چووم لای تره‌مپ چییه‌؟.
  • لا187 نووسراوه‌:_(پابه‌ندنه‌بوون به‌ په‌یماننامه‌ی هێزه‌ ئه‌تۆمییه‌ ناوه‌ند مه‌وداكان).
  • لا189 نووسراوه‌:_(كه‌ من به‌ ڕاستی من نه‌مده‌ویست كاتییان پێوه‌ به‌ فیڕۆ بده‌م).
  • لا199 نووسراوه‌:_( كاتێك ڕاگه‌یاندن چووه‌ ده‌ر). ڕاگه‌یاندكاران گونجاوتره‌.
  • لا228 نووسراوه‌:_( كه‌شه‌كه‌ دڵته‌نگ بوو). كه‌ش دڵته‌نگ نابێت، به‌ڵكو نائارام ده‌بێت، جوانتره‌ بۆ وه‌رگێڕان.
  • لا263 نووسراوه‌:_(ئه‌مه‌ كارێكی سه‌یر كه‌ بكرێت بوو له‌ نێوان سه‌رۆكه‌ نوێكان).سه‌رنج له‌ داڕشتنی ڕسته‌كه‌ بده‌ن.
  • لا 285 نووسراوه‌:_( فڕینی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وێ جیاوازتربوو). له‌ كتێبه‌كه‌دا، مه‌به‌ست فڕینی هه‌لیكۆپته‌ره‌، كه‌چی ته‌نها به‌ نه‌نووسینی ئه‌م وشه‌یه‌، ته‌وای مانای ڕسته‌كه‌ شێواوه‌.
  • لا289 نووسراوه‌:_( پارچه‌ی ڕووداوه‌كانم به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ست).
  • لا351 نووسراوه‌_:(من هه‌ر خۆی له‌ خۆیدا،بابه‌تی په‌ڕینه‌وه‌ی گوایدۆم به‌ دڵ نه‌بوو). جێناوی من، پێویست ناكات.
  • لا363 نووسراوه‌:_(چه‌ندین پێداویستی له‌ وه‌زاره‌تی ده‌وڵه‌ت مه‌جبوور كرا).
  • لا386 نووسراوه‌:(دانوستانی كرد بۆ چوارچێوه‌ ڕێكه‌وتوو له‌ سه‌ره‌كه‌ی ساڵی 1994). *لا 433 نووسراوه‌:(چونكه‌ ئۆفیسی فیدڕاڵی كاروباری ده‌ره‌وه‌ تا ئاستێكی زۆر،چونكه‌ وه‌زاره‌تی خارجی شه‌ڕی خه‌نده‌قی ڕاگه‌یاندبوو). ناوه‌ڕۆكی ڕسته‌كه‌ هیچ مانایه‌كی نییه‌.
  • لا 440 نووسراوه‌:_(وایكردبوو له‌ ئێران كه‌ قه‌ناعه‌ت بكا چی بوێت له‌ ناوچه‌كه‌دا بیكات).
  • لا468 نووسراوه‌:_(تره‌مپ یه‌كێ له‌ جاره‌كان وت).
  • لا497 نووسراوه‌:_(به‌رده‌وامیدان به‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ هه‌رێمه‌ سنووره‌یه‌كه‌). سه‌رنج له‌ داڕشتنی ڕسته‌كه‌ بده‌ن.
  • لا542 نووسراوه‌:_(ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرد هه‌واڵێكی خراپ بوون).
  • لا544 نووسراوه‌:_( شه‌به‌نگی دارایی ساڵ).یه‌كه‌م جاره‌ شه‌به‌نگی دارایی ده‌بیستم..
  • لا564 نووسراوه‌:_( ئه‌و لێدوانه‌ی كه‌ من له‌ 6 ی كانونی یه‌كه‌می 2020)دام. كانونی یه‌كه‌م ده‌كاته‌ مانگی دوانزه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌.

وێرای ئه‌مانه‌ش، زمانی كوردی، له‌ ڕووی یاسای ڕسته‌سازیی و داڕشتن و پێكهاته‌ی گه‌یاندندا، جیاوازه‌ له‌ زمانی ئینگلیزی. له‌ زمانی كوردی، به‌زۆری كار ده‌كه‌وێته‌ كۆتایی ڕسته‌، پێچه‌وانه‌ی زمانی ئینگلیزی، كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ڕسته‌ دێت. وه‌رگێڕی ئه‌و كتێبه‌(داره‌وان حامید) ڕه‌چاوی ئه‌و جیاكارییه‌ی نه‌كردووه‌. به‌ڵكو كرداری ڕێزمانی له‌ زمانی ئینگلیزیدا، وه‌كو خۆی وه‌رگێڕاوه‌ بۆ زمانی كوردی.به‌مه‌ش تووشی چه‌ندان هه‌ڵه‌ بووه‌. وه‌ك:
*(تره‌مپ زوو هه‌ستا له‌خه‌و. لا236)
*(تره‌مپ و خانمی یه‌كه‌م چوون به‌ره‌و خێمه‌كه‌. لا239).
*(كه‌ ده‌توانن خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا بگۆڕن پێی. لا386).
*(ئێمه‌ وه‌ك ئه‌وه‌بوو كه‌ نزیكی دواهه‌مین هه‌لمان بین).
بێگومان، ده‌یان نموونه‌ی دیكه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ش هه‌ن. كه‌ كار كه‌وتۆته‌ ناوه‌ڕاستی ڕسته‌. ئه‌م كتێبه‌، نه‌ كتێبێكی گرنگه‌، نه‌ بایه‌خێكی ئه‌وتۆشی هه‌یه‌ بۆ خوێنه‌ری كورد. بگره‌ وه‌رگێڕان و وه‌رنه‌گێڕانی،هیچ له‌ مه‌سه‌له‌كان ناگۆڕێت، بایه‌خه‌كه‌ی ته‌نها بۆ ڕای گشتی ئه‌مه‌ریكایه‌، كه‌ چه‌ندمانگی داهاتوو، ده‌چنه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ كتێبه‌كه‌دا هه‌ن، له‌ دژی تره‌مپ و ده‌توانم بڵێم به‌شێكه‌ له‌ ڕیكلامێكی پێش وه‌خته‌ی ڕاگه‌یاندن، له‌ دژی تره‌مپ. ئه‌گه‌ر نا ئه‌م كتێبه‌، یه‌ك له‌ سه‌ر سێی كتێبی ئه‌رێ كورد بوونه‌ به‌رده‌باز، زانیاریی مێژووی گرنگی بۆ كورد تێدانییه‌. هه‌ر خوێنه‌رێكیش گومانی له‌و قسه‌ی من هه‌یه‌، بابه‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌، گومانه‌كانی نه‌هێڵێت.

*ناوی كتێب:ژووری ڕووداوه‌كان، نووسینی:جۆن بۆلتن، وه‌رگێڕانی: داره‌وان حامید_2020.

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ ژماره‌(8177)ی ڕۆژی 10/9/2020 بڵاو كراوه‌ته‌وه‌..




دەسەڵاتی”دوو ئیدارەیی” و سەرمایە، قۆڵپی شۆرش لە کۆمەڵگەی چینایەتی کوردستاندا … موئەیەد ئەحمەد

ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی کرێکاران و زەحمەتكێشان و کارمەندان و گەنجانی کچ و کوڕی تامەزرۆی ژیانێکی ئاسوودە و ئازاد و یەکسان، لە کوردستانی عێراقدا، بەردەوامە، هەم لە بەرامبەر مووچە بڕین و بێکاری و بێ خزمەتگوزاری و نەبوونیدا، و هەم بە دژی ستەم و گەندەڵی و سەرکوتی دەسەڵاتی مافیایای و میلیشیایی حزبەکانی دەسەڵات.
دیارە ئەم ڕووبەڕوبونەوە و بەرهەڵستکاریە جەماوەریە لە هەردوو ناوچەی ژیر دەسەلاتی یەکێەتی و پارتیدایە، وە ئەمەش لە کاتێکدا کە هەر یەک لە پارتی و یەکیەتی، بە گۆیرەی قورسایی هیزیان لە ناوچەکانیاندا، بە سەرکوت و گرتن و کوشتن وەڵامی جەماوەری ناڕازی و داواکاریەکانیان ئەدەنەوە. هەر بۆیە، ئەمڕۆ لە هەر کات زیاتر هیواو و ئارەزووی جەماوەر بۆ باشتر کردنی ژیانیان و فەرهەمهێنانی “چاکسازی” سیاسی و ئیداری و نەهێشتنی گەندەڵی بە بنبەست گەیشتووە، وە رێگەیەک لە بەردەمیاندا نەماوەتەوە جگە لە هەوڵوتەقەلا بۆ ڕاماڵینی ئەم رژێمە و هیز و حزبەکانی و پاشەکشەپێکردنیان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستاندا.
لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا، چێنی کریکار و تۆیژە نەدارەکان و ڕەوتە سیاسی و فیکری و رێکخرەویەکانی، ڕووبەرووی ئەرکی هەمەلایەنن. لەم راستایەدا، ناسینی دەسەڵات و نیشاندانی ماهیەتی چینایەتی بورژوازایانەی خاڵی دەست پێکردنە بۆ دەست راگەیشتنیان بە سیاست و تاکتیک و خۆیندەوەی دروستی بۆ دۆخەکە، وە بۆ گەلاڵە و پراتیککردنی ستراتیژی شۆرشگیرانە و فەراهەمهێنانی ئاڵوگۆڕی سۆشیالیستی و ڕیشەیی لە کوردستاندا.
ستراکچەری رژیمی سیاسی کوردستان و
“دوو ئیدارەیی”
پەیەکەری رژیمی سیاسی لە سەر کار بوو لە کوردستاندا وە بڕبرە پشتی ئەم رژیم و دەسەڵاتە، هەردوو حزبی بورژا ناسیونالیست و میلیشیایی کوردە؛ پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) و یەکیەتی نێشتمانی کوردستان (یەکیەتی)، کە بۆ خۆشیان بە سروشتی دوو ئیدارە و دەسەڵاتن و مۆرکی ئەم دابەشبوونەیان لە سەرتاپێی رژێمەکە داوە.
میژووی ئەم دابەشبوونە حزبی و میلیشیایەی دەسەڵاتداری و ناوچەگەری و نەخشەكێشانی کۆنە، و ئەگەڕیتەوە وە بۆ ساڵی ١٩٦٤ و ئینشقاقی ناسراو بە “مەلایی” و “جەلالی” لە ناو بزوتنەوەی کوردایەتی و چەکداری پارتیدا، کە دواتر لە پاش هەرەسی ١٩٧٤ و دروست بوونی یەکیەتی، لە ١حوزیرانی ١٩٧٥دا، لە فورمی ئیستایدا، وەک دوو حزب و بە دوو ناوی جیاوازەوە؛ پارتی و یەکیەتی، جێکەوتووە.
ئەوەی کە زیاتر پێویستە لێوەی دەست پێبکەین ئەو قۆناغە تازە چۆنایەتیەیە لە پرۆسەی ئەم دابەش بوونە کە لە دوای شەڕی ناوخۆییەوە (١٩٩٤-١٩٩٨ ) جێگیر بووە. ئەو شەرە ناوخۆیەی نیوان ئەم دوو حزبە کە بە کوشتنی هەزاران لە خەڵكی هەژار و بێدەرتانی کوردستان لە ناو بەرەکانیدا تەواو بوو، و ئامانجە سیاسی و ستراتیژەکانی لە فۆرمی ئەم دوو ئیداریی و دەسەڵاتە میلیشیایەدا تۆمار کرا و سنووری ئەمرۆی ڕاکێشرا، وە هەروەها لە ژێر سایەی ئیتفاقیەی واشنتۆن و ئیدارەی دەوڵەتی ئەمریکادا لە ١٩٩٨ دا ئیعترافی نێودەوڵەتیی وەرگرت.
ئەو دابەشبوونەی دەسەڵات و دوو ئیدارەیەی کوردستان دواتر لە گەڵ داگیرکردنی عیراق لە لایەن ئەمریکاوە و رۆخانی رژیمی بەعس و دامەزراندنی ڕژیمی سیاسی ئیسلامی و قەومی لەسەر بنەمای دابەشبوونی قەومی و تایفی عیراق، بە شیوەیەکی کۆتایی جێگیر بووە وە بوەتە بەشیک لە خۆدی نیزامی سیاسی لە سەرتاسەری عیراقدا. ئەمە جگە لەوەی کە بۆ خۆشی دەسەڵاتە لە کوردستاندا و بڕبڕەپشتی رژیمی فەرمانڕەوای بورژوا ناسیۆنالیستی کوردە. داینامیزمی سەرلەنوێ بەرهەمهینانەوەی ئەم رژێمەی کوردستان و ئەم دوو ئیدارەییە لە ئەمڕۆدا، بەدەر لە فاکتۆرە سیاسی و سەربازیەکانی، لە ناو پەیوەندەیە ئابووریەکانی کۆمەلگەدایە و پیداویستەیە سیاسیەکانی حەرەکەتی سەرمایە و سەرمایەداری ئەمڕۆیە بە شکلی کۆنکریتی لە کوردستاندا کە فەراهەمیان ئەهێنیتەوە.

بەرچاوڕوون بوون و دەستنێشانکردنی واقعیەتی سیاسی و سەربازی کوردستان و خۆی چۆنە ئاوابینینی و نیشاندانی پەیوەندی ئەم رژیمەی ئێستا و “خێروبێری” بۆ بۆرژوازی ئێمیریالسیتی و ناوچەیی و ناوخۆیی، سەنگی مەحەکە بۆ بەرگری کردن و خەبات لە نیو بەرەکانی جەنگی شۆرشگێڕانەی کریکاران و نەدارنی کوردستان.
دیارە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی دەسەلاتی میلێشیایی ئەم دوو حزبە، پارتی و یەکیەتی، و تەنانەت دوو ئیدارەکەشی، لە کەش و هەوای جیۆسیاسی و جیۆستراتیژی دەولەتانی ناوچەکە و کێشمەکێشی نیوانیان هەردەم ووزە و توانا وەرئەگڕیت بە تایبەت بۆ ڕاگرتنی تەروازووی هێزی نیوانیان. نمونە هەر نزیکەکان لەم بارەیەوە، پەنا بردنی پارتیە بۆ رژێمی بەعسی فاشی، و یەکیەتیش بە دوایدا بۆجمهوری ئیسلامی ئێرانی ئیعدام و کوشتار، لە ٣١ ئابی ١٩٩٦، و هەروها هاوپەیمانی پارتی و تورکیایە بۆ داگیرکردنی داعش بۆ موسڵ سالی ٢٠١٤، و هاوکاری یەکیەتیە لەگەڵ قاسم سولیمانی، بۆ هێرشی سەربازی و مێلیشی عیراق بۆ کرکوک و دەوروبەری لە ١٦ ئوکتۆبەری ٢٠١٧ .
مەسەلەی سەرکی ئەوەیە کە ئەم دابەش بوونە و ڕزگار بوون لە دوو ئیدارەیی و دامەزراندنی حکومەت و ئیدارەیەکی سەرتاسەری لە کوردستاندا ئەمرۆ گەێشتۆتە پلەیەکی ئەوتۆ کە کۆتایی هێنان پیی گرێدراوە بە سەرجەم تێکڕمانی ڕژیمی سیاسی فەرمانڕەوا لە کوردستاندا. وە نەک ئەمش بەڵکو پەیوەست بوەتەوە بە ڕزگار بوون لە ئاسۆ و سیاسیەتی بۆرژوا ناسیونالیزمی کورد و کۆتایی هێنان بە زاڵی ئەم ئاسۆیە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا. گەر ڕوون تر بڵیم، کۆتایی هێنان بە دوو ئیدارەیی و دوو دەسەلاتی نەک هەر بە چاکسازی و دەوڵەتداری بورژوا ناسیونالیست ناکریت بە هەموو بالەکانیەوە بەڵکو لە چوارچیوەی ئاسۆی ناسیونالیزمێشدا ئەنجام نادرێ.
بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کورد لە کوردستاندا وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی چینی بورژوازی کورد وە وەک ووزەی ئەم چینە بۆ دامەزراندنی نەزم و نیزامی بورژوا ناسیۆنالیستی کورد لە کوردستاندا، هەتا ئیستا توانیویەتی لە دەسەلاتداریەتی ئەم دوو حزبە میلیشیەدا خۆی بەرجەستە بکاتەوە و بەم تاڵان و بڕۆیە کریستەڵایز ببێ. ئەم دوو حزبە دەسەلاتدارە بۆ خۆیان جگە لەوەی کە میژووی هەوڵ و تەقەلا سیاسیەکانی ناسیونالیزمی کوردیان بەرجەستە کردۆتەوە و بە زەبری چەک و ئیمکانات و ساتوسەودای نیو دەوڵتی کردویانە بە هیزیکی سیاسی چەکدار هەم لە بەرامبەر دەوڵتی مەرکەزی و هەم وەک ئامرازی دەسەلاتداری و سەرکوتی چینی چەوساوەی کوردستان.
ئەوەی کە پاکانە ئەکات بۆ بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کورد و بەجیا ئەیبینێ لەم دەسەلاتە و لەم گەندەڵکاریە، ئەوە وەهم و فریوکاری پەخش ئەکات لە ناو جەماوەردا و رەخنەی باڵی لیبرال قەومیەکانە کە ئەیانەوێت دەوڵەتی کوردی بورژوازی دروست بکەن بەلام گوایه بەبێ هیزی مێلیشی و گەندەڵی. ئەزمونی دەسەڵاتی پارتی و یەکیەتی دروست کردنی دەوڵتی نەتەوەیی بورژوازیە لە کوردستاندا ئەوە گرنگ نیە کە لە کۆیووە هاتوون بەڵکو ئەوە گرنگە کە چۆن سەرلەنوێ خۆی بەرهەم ئەهێنیتەوە.
هەڵبژاردن و پەرلەمان و کابینەسازی بۆ وەلانانی
دەسەڵاتی دوو ئیدارەیی نیە
هەڵبژاردن و پەرلەمان و کابینە دروست کردن لە کوردستان کە لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ و ڕوخانی ڕژیمی بەعس دێتەئاراوە، بۆ دەستکاریکردنی ئەم واقعیەتە سیاسی و سەربازی و ئابووری و دوو ئیدارەیی و دەسەڵاتە حزبیە نەبووە و نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوە دەسەڵاتەکەیە کە ئەم ئاریشە پەرلەمانیە لە جەستەی خۆیدا هەرس ئەکات و ئەم رەنگ و ڕوخسارە سیاسیە “دیموکراسیە” بە خۆی ئەدا.
پرۆسەی هەڵبژاردن و پەرلەمان ئامرازی سیاسی بورژوازیە بۆ “شەرعیەت”! وەرگرتن لە جەماوەر، نەک مەبەست لێی هەڵپێچانی دەسەلات و گۆڕینی بێت وەک ئۆپۆزسێۆنی قەومی “نەوەی نۆی” و “گۆڕان” لە قەڵەمی ئەدەن. تێکەڵکردنی ئەم دوو مەسەلەیە، واتە پرۆسەی هەلبژاردن و پەرلەمان و کابینە سازی وەک گۆڕینی دەسەڵاتی”دەوڵەت” لە کوردستاندا شتیک نیە جگە لە فریوکاری بە دژی کرێکاران و چەوساوەکان و مەبەست لێێ ئامانجی سیاسی و ستراتیژی ترە.
لەگەڵ ئەوەشدا کە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن و پەرلەمان و کابینە دروستکردن بۆ خۆی پرۆژەی ئەمریکایە بۆ رژیم سازی لە کوردستان و عیراقدا، بەڵام لە لایەن ئەمریکاشەوە ئەم پرۆسەیە بۆ ئەوە نەبووە و نیە کە دەسەڵات و دوو ئیدارەیی بگؤڕیت بەڵکۆ بۆ جوانکردنی دیمەنیەتی بەم دیمۆکراسیە پەرلەمانیە. گەر وەک ئاکامی لاوەکی ئەم پرۆسەیە ئەم حزب یا ئەو حزب لە دەسەلاتدا بەهیز تر ببێ یا لاواز تر ببی ئەوە ‌هیچ لە ئەسڵی مەسەلکە ناگۆڕێ.
ئامانج و ستراتیژی دەوڵەتسازی و رژێمسازی بورژوازی،
بە پۆششی “چاک سازی” و “باشبژێوی” جەماوەر
“بزوتنەوەی گۆران” و کاریکاتۆرەکەی ئەمرۆشی، حزبی “نەوەی نۆێ “، کە لە بنەڕەتدا بۆ بە ئاکامگەیاندنی ئامانجی سیاسی و ستراتیژیان بۆ بونیاتنانی دەوڵتی بورژوازی کورد و دەوڵەتسازی بورژوازی هاتونەتە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە، و فەلسەفی هەبوونیان لیرەوە بووە و هەیە، ئەیانەوێت ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان بکەنە سووتەمەنی جیبەجیکردنی ئەو ئامانجە سیاسی و ستراتیژیانەیان.
بە کەمێ ووردبونەوە ئەبینین کە ئەو “چاکسازی”یەی ئەم ئۆپۆزسیۆنە باسی لێوە ئەکات پاشکۆی شتێکی ترە، وە بۆ شتیکی تر و ئامانج و سیاسەت و ستراتیژیەتێکی تر هاتۆتە ئاراوە. وادەدانیان بەوەی کە ئەمان خۆشگوزەرانی و باشبژێوی و “چاکسازی” و “گۆڕانکاری” ئەنجام ئەدەن، لە ڕاستیدا بۆ هاندانی سیاسی و هەڵخڕاندنی خەڵکی ناڕازیە بە دەوری ئامانجە سیاسی و ستراتیژیەکانیان. واتە بۆ دەوڵەتسازی بورژوا ناسیونالیزم تا بتوانن لە ڕێگەیەوە گەشەی سەرمایە و سەرمایەداری لە کوردستاندا هەرچی زیاتر بەرەوپێشبەرن. وە ئەمەش هێج پەیوەندیەکی بە دابین کردنی باشبژێوی و یەکسانی و ئازادی خەڵکی کرێکار و نەداری کۆمەڵگەوە نیە.
ئاشکرەشە ئەم ڕەوتە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەی بورژوازی بە دیاریکراوی ئەنجامدانی ئەم گەشەسەندنە ئەبەستێتەوە بە پیادەکردنی هەرچی خیراتر و هەمەلایەنەتری مۆدیلی ئابووری سەرمایەداری بە شیوازی نیولیبرالیزم، واتە گەشەدان بە جوڵە و کەڵەکەی سەرمایەی کەرتی تایبەت و خەسخەسەی کەرتی ئابووری و خزمەگوزاری گشتی و بێبەشکردنی زیاتر و چەوساندنەوەی توندوتیژ تری کریکاران و زەحمەتکێشان و بیکاری زیاتر …هتد.

ئەوانە هەمووی لە باری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە یانی، هەم سەقامگیرکردنی دەوڵەتی بورژوازی کورد، کە شتێک نیە جگە لە ئامڕازی سەرکوتی چینی کریکار و نەدارنی کوردستان، وە هەم تەختکردنی ڕێگەی بەردەم کەڵەکە و جوڵەی سەرمایە کە پیکەوە لە گەڵ دەوڵەتدا بە هەردوولایان یەکەیکەن و سیستمیکی سیاسی و کۆمەڵایەتی فەراهەم ئەهێنن. ئەمە کاكڵەی مەسەلەکەیە. دەوڵەت و دەوڵەت سازی بورژوازی و تەنانەت رژێمسازیش کە هەندی بە ناوی سۆشیالیزمەوە هەوڵی بۆئەدەن هەر لەم تەوەرەیەدایە، واتە دروست کردنی نەزم و نیزامی سیاسی سەرمایەی نەتەوەیی لە کوردستان و دابەش بوونی زیاتری “نەتەوە” بە دوو “نەتەوە”ی دژ بەیەک؛ بورژوازی و کرێکار و چەوساندنەوە و بێبەشکردنی هەرچی زیاتری دووهەمیان.

ئەم فریوبازیەی بورژوا ناسیۆنالیستی ئۆپۆزسیۆن وەک ئەوانەی ئێسلامیستەکانی کوردستان وایە، دیارە بە ئایدیۆلۆجیەکی ترەوە. لای هەمووان ڕوونە کە واژەکانی وەک “باشبژێوی” و “چاکسازی” و “گوڕانکاری”، بۆ حزب و ڕەوتە ئؤپؤزسینۆنە ئیسلامیەکانی ئەمڕۆی ئەم کۆمەڵگەیە، لە پەیوەند بە ستراتیژی بونیانت نانی دەولتی ئیسلامی و بە ئیسلامیکردنی کۆمەڵگە و ڕژیمی فەرمانڕەواوە مانای هەیە. هەر قسەوباسێکی ئیسلامیەکان لەوێوەیە کە “چارەسەری” مەسەلەکان لە هینانە سەرکاری ڕژێمێکی ئیسلامیدایە!!، واتە لە چەشنی ئەو دۆزەخەی کە زیاتر ل ە٤ ساڵە کۆمەڵگەی ئیرانی بەدیل گرتووە یا لە چەشنی ئەوەی کە ئوردوگان ئێستا کەوتۆتە سەر چەسپاندنی و یا دەوڵتی داعشی.
ئیسلامیزم لە کوردستاندا وەک هەر شۆینیکی تر لە جیهانی سەرمایەداری ئەمرۆدا بەر لە هەموو شتیک بۆ خنکاندنی وزەی شۆرسگیڕانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشان لە ئارادیە و هیزی دژە شۆرش و کوتەکی فاشیستی بورژوازیە بۆ سەر سەری چەوساوە و نەدارن. ئەمرۆ کە بورژوا ناسیونالیزمی دەسەلاتدار و ئۆپۆزسیون لە هاوکاریدان لە گەڵیاندا، لە بنەرەتدا لە سەر ئەم هاوپەیمانیە موقەدەسەوەیە بە دژی شۆرشی کریکاران و چەوساوەکان لە کوردستاندا، ئەمە نیشانی ئەدا چی لە هەبگەی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوا ناسیونالیستدایە بۆ نەداران و زەحمکێشان.
باشبژێوی و ئازادی و یەکسانی بۆ خەلکی نەداری کوردستان لە شۆینیکی تری کۆمەڵگەوە سەرچاوە ئەگرێ و بە هیزی چینایەتی سەربەخۆی کریکاران و نەداران و لاوانی کچ و کوڕی ئەم چینە فەراهەم ئەهێنرێ. بۆ ئەمان ئەنجامداندانیان هەم ستراتیژ و هەم ئامانجی سۆشیالیستی خەباتی چینایەتیانە وە پەیوەست بوەتەوە بە هیز و توانای سیاسی و فیکری و ریکخراوەیی سەربەخۆیان.
نەک هەر پرۆپاگەندەی باشبژێوی و ئاسودە بوون لە چوارچێوەی ستراتیژی و ئاسۆی ئۆپۆزسێۆنی بورژوا ناسیونالیست و هاوپەیمانانی کۆنەپەرستی ئیسلامیان، فریودان و خەڵەتاندنی جەماوەری نەداری کوردستانە، بەڵکو ئاسۆ و سیاسەت و ئامانجی ڕیفۆرمخوازی چەشنی (حزبی شیوعی کوردستان) و باڵی چەپی ناسیۆنالیزمی کورد لە چەشنی لایەنگرانی “کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی” سەروو چینایەتی هاوبیرانی (پ.ک.ک)ەش پەردەپۆشی و بەلارێدابردنی جەنگی چیناتی کریکارە بە دژی بورژوازی.
دەسەڵاتی دوو ئیدارەیی و سەرمایە،
خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە سەرتاسەری کوردستاندا
دوو ئیدارەیی و دوو دەسەڵاتی حزبی و مێلێشیایی، بە سروشتی، بۆ چەندین ساڵە بوەتە هۆی پەرژوبڵاوی ڕیزەکانی خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی هەردوو ناوچەکە. پڕوپاگەندەی ژەهراوی ناوچەگەریەتی و دووبەرەکی و كێشمەکێشی هیزەکانی بۆرژوا ناسیونالیزم و شەڕ و پێکدانەکانیان، بۆ خۆیان کاریگەری نێگەتیڤیان هەیە لەسەر هوشیاری جەماوەری چەوساوە و نەدار لە هەردوو لادا. ئەمە جگە لەوەی کە کۆنترۆڵی ژیان و چارەنوس و ئاسودەیی ئینسانەکان لە لایەن هیزی مێلیشیای ناوچەیەوە، خۆی لە خۆیدا، تیکدانی نۆرمی ژیانی ئاسایی دانیشتوانە. بە تیكرا هەموو ئەمانە ڕیگری دروست ئەکەن لە بەردەم خەباتی شۆرشگیرانە و ئازادیخوازنەی ناو کۆمەڵگە و کاری کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکان و چالاکەوانانی بزوتنەوەی کرێکاریش قورستر ئەکا.
هەر بۆیە دوو ئیدارەیی نەک هەر واقعیەتیکی سیاسی کوردستانە بەڵكو ستراتیژیەکی حوکمڕانێشە بۆ دریژەدان بە رژێمی ئیستای کوردستان و پاراستنی بەرژەوەندی دەسەلات بە گشتی و کۆنترۆڵ و سەرکوتی جەماوەری ناڕازی. پارتی توانیویەتی بە سەرکوت و کوشتوبڕ دەسەلاتی خۆی بە ڕووی خەلکی ناڕازیدا بسەپێنی و یەکەیتیش بە هەمان شیوە و تا بۆی لوا بێت ئەو کارەی کردووە.
مەسەلەی جەوهەری ئەوەیە: ئەم دوو ئیدارەیە لە فۆرمی ڕەسمی حکومەتی هەریم و پەرلەمان و دامودەزگاکانی تریدا، بواری ئەوەی خۆڵقاندووە کە کەسب و کاری ئەو سەرمایەیەی کە پەیوەستە بە دەسەڵاتداری ئەم دوو حزبەوە، و هەروەها سەرمایەکانی دەوربەریشیان، لە برەودا بێت و سوود لە چوارچیوەی ڕژێمێکی سەرتاسەری بکات کە حکومەتی هەریمی کوردستانە، ئەمە لە لایەک. لە لایەکی ترەوە تاڵان و برۆی سەروت و سامان و سەرچاوە سروشتیەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەلاتیان بە ئازادانە بکەن و بە زەبری هیزی چەکداری میلیشیایی و هیزە ئەمنیەکانیان درێژەی پێبدەن.
ئاشکرایە کە ئەم دابەش بوونە ناوچەیە بە گۆیرەی پەرەسەندنی دوو قۆناغی جیاوازی ئابووری ئەم دوو ناوچەیە سەریهەڵنەداوە، بە پێجەواونەوە دابەشبوونی ناو یەک قۆناغی ئابووری و کۆمەڵایەتیە کە سەرمایەداریە. لە هەردو لایاندا سەرمایە و سەرمایەداری لە کاردایە و تۆیژەکانی سەرمایەی مالی و پێشەسازی و بازرگانیە کە ژیانی ئابووریان بەدەستە، وە بە هەزارو یەک پەتەوە بەستراونەتەوە بە سەرمایەی جیهانی.
دەوڵەتی دیفاکتۆی کوردستان و سەرمایە لە کوردستاندا وەک هەر شۆینیکی تری جیهان لە یەکەیەکدان. هەر بۆیە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ئەم دوو ئیدارەییە، یا ڕونتر بڵیم، ئەم دوو دەسەلاتە مێلێشیەی بورژوا ناسیۆنالیست، هەر بە زەبری چەک و میلیشیا و هیزە ئەمنیەکانیانەوە نیە، وە تەنانەت بە هۆی فاکتۆری ئایدیۆلۆژی و سیاسی و حزبی و ناوچەگەریەتیشەوە نیە، کە سەرلە نوێ بەرهەم ئەهێنرێتەوە، بەڵکوئەمڕۆ بە دیارکراوی بە هؤی ئەوەوەیە کە لە باری ئابووریەوە ئەم دابەشبوونە ئیداریە تەبایە لەگەڵ کەڵەکەی سەرمایە و سەرمایەداری لە کوردستاندا و بەم فۆرمە کونکریتەیەوە.
هەربۆیە سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی گشتی لە کوردستاندا و سەرکەوتنی بە کردوەی گرێدراوەتەوە بە هیز و توانای سیاسی و ڕێکخراوەیی و فیکری چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و نەداران، و بە پلەی رێکخستن و یەکگرتنی ڕیزەکان و ئۆرگانەکانی خەباتیان لە سەرتاسەری کوردستان و عیراقدا. ئەم ئاڵۆگۆریە تەنها وەک ساتیک لە شۆرشی کۆمەلایەتی چینی کریکار ئەتوانی سەرکەوتوو بێت.
بورژوا ناسیونالسیتی ئۆپۆزسیون و ڕەوتە بۆرژواکانی تر نەک هەر لە توانایاندا نیە دوو ئیدارەیی و دەسەلاتی میلیشییایی کۆتایی پیبهێن بەڵکو دەستەوسانیشن لە بەرامبەر هەڵخراندنی جەماوەر لەسەر ئاستی سەرتاسەری کوردستان، چونکە بە کردەوە قوڵپی شۆرش لە شۆینیکی تری کۆمەڵگەی چیانیەتی کوردستانەوە لێئەدا.

٥ ئەیلول ٢٠٢٠




چاکسازی پڕۆلیتاریی و چاکسازی بورژوازی! … کامل احمد

سەرەتا دەبێت ئەوە ڕۆشن بێت کە هیچ بزوتنەوەیەکی بورژوازی لەم قۆناغەدا، چاکسازی ناکات بە قازانجی پرۆلیتاریا- کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەت وبێکار-. ئەمە وەک بەڵگە نەویست وایە لەم قۆناغەدا. مەسەلەکە ئەوەیە کە بزوتنەوەی سۆشیالیزمی کرێکاران، کە خۆی بەشێکە لە بزوتنەوەی پرۆلیتاریا، بێدەنگ و لاوازە. ئاگایی سۆشیالیستی لە نێو چینی پرۆلیتاریادا هێجگار لاوازە. لە کوردستان وعێراق ئاگایی چینایەتی هێجگار لاوازە و تەنانەت لە جیاتی ئەوە، هۆشمەندی تائیفی و نەتەوەیی و ئایینی و تاکگەرایی لیبڕاڵی و خێڵەکی جێگای گرتۆتەوە. ئەمە واقعیەتی ئەمرۆی چینی پرۆلیتاریا و بزوتنەوەکەیەتی لە عێراق و کوردستاندا.
بەم پێشەکیەوە، سەرەتا باسێک دەکەین بەگشتی لە ڕوانگەی مێژووییەوە، سەرنجێک لەسەر ڕیفۆرم-چاکسازی- دەدەین. پاشان باسی چاکسازییەک دەکەین لە عێراق و کوردستاندا، کە نەک هیچ پەیوەندییەکی بە چاکسازییە مێژووییەکەوە نیە، کە پرۆلیتاریا بە خەبات بەدەستی هێناوە، بەڵکو پڕاوپڕ دژی دەوەستێتەوە لە ژێر هەمان ناوی ڕێفۆرمخوازیدا. چاکسازی پێشوو، کە ناوی دەنێم چاکسازی کلاسیک، بە زۆر و خەباتی بزوتنەوەی کرێکاریی سەپێندرابوو بەسەر بورژوازی و دەسەڵاتەکەیدا لە ئەوروپا و ئەمریکاو زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهاندا، بەقازنجی پرۆلیتاریا و فەرمانبەرانی ئاستەکانی خوارەوە بوو بەگشتی و بەشێکی بەرچاوی لە قازانجی سەرمایە کەمدەکردەوە. بەشێکی ڕاستەوخۆ دەچووە گیرفانی پرۆلیتاریاوە لە ڕێگای موچە و بیمەی بێکاری یەوە، وە بەشێکی دیکەی لە خزمەتگوزایە گشتیەکاندا خەرج دەکرا.

بەڵام چاکسازییەک کە ئێستا لە ئاستی جیهانی و عێراق و کوردستان باس دەکرێت، چاکسازی چینی بورژوازی خۆیەتی، و بۆ خۆشیەتی. چاکسازییە بۆ زیاتر کەڵەکەی سەرمایە، چاکسازییە، بۆ زیاتر کرانەوەی بازاڕ و هەڵگرتنی تەواوی باج و گومرگ و موڵکانە لەسەر سەرمایە گەورەکان و کۆمپانیا جیهانیەکان. چاکسازییەکە لە پێناو لێوەرگرتنەوەی تەواوی بەرپرسیاریەتیەک کە دەوڵەت و دەسەڵاتەکانی سەرمایە بەرپرس بوون لێی. ئەم چاکسازییەی بورژوازی، پێمان دەڵیت کە تەواوی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، دەبێت کەرتی تایبەت بیبات بەڕێوە. وە بەم شێوەیە دەوڵەت و دەسەڵاتی سەرمایە هیچ بەرپرسیارێتیەکیان نیە، لە دابینکردنی کارەبا و ئاوی پاک وئاوەڕۆ و خوێندن و زانکۆ و دامەزراندنی دەرچوان و دابینکردنی تەندروستی و دەرمان و نەخۆشخانەکان و ئەمنیەتی هاووڵاتیاندا. بەڵکو ئەو خزمەەتگوزاریانە دەبێت کەرتی تایبەت دابینیان بکات و بە پارە بیفڕۆشێتەوە بە هاووڵاتیان، وەک هەر کاڵایەکی دیکە. ئەم چاکسازییە، چاکسازی گەورە سەرمایەی جیهانە بۆ خواردنی سەرمایە بچوکەکان، چاکسازی بانک و سندوقی دراوی جیهانیە، چاکسازیەکە لە ڕوانگەی بورژوازیەوە، چاکسازی ئاڕاستەی لیڕالیزمی نوێیە، کە لە باری مێژوویەوە و لەماوەی ٤٠ سالێ ڕابوردوودا دەستپێکردوەو لە ئاستی جیهانی و لە ناوچەکەدا بە کردەوە، فەشەلی هێناوە. سەرەتا باسی چاکسازییەک دەکەین کە بەزۆر و خەباتی پرۆلیتاری بەدەستهاتووە. دواتر، دەچینە سەر مۆدێلی چاکسازییەک کە ئێستا باس دەکرێت و بورژوازی دەسەڵاتداری عێراق و کوردستان و میدیای بن دەستیان وای نیشان دەدەن کە بە قازانجی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و مامۆستایان و فەرمانبەرانی پلە نزمە، بەڵام لە ڕاستیدا دژی بەرژەوەندی ئەوانە.

چاکسازی کلاسیک

پێویستە کەمێک باس لە پەیوەندیەکانی نێوان چاکسازی کلاسیک و شۆڕش لە دیگای سۆشیالیزمی کرێکارانەوە بکەم. هەر بۆیە هەمیشە پرسیارگەلێک خۆیان دێننە پێشەوە وەک ئەوەی کە ئایا چاکسازی و شۆڕش لە ڕێڕەوی خەباتی چینی پرۆلیتاریا دا دژ بەیەکن؟ ئایا چاکسازی وەک ڕتوشکردن و پینەوپەڕۆکردنی سیستەمی سەرمایەداری سەیردەکەین و قەبڵاندنی بەوەی کە هەر ئەمە موممکنە و هیچی تر ناتوانێت ببێت؟ یان وەک باشکردنی بارودۆخی چینی پرۆلیتاریا و فەراهەمکردنی بارودۆخێکی لەبارتر و گونجاوتر بۆ کۆتاییهێنان بە نیزامی سەرمایەداری و گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن چینی کرێکار و پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕەوە سەیردەکەین؟ ئایا مارکسیستەکان دژی چاکسازین؟ ئایا چاکسازی ناکۆکی هەیە لەگەڵ شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکاردا؟ ئایا ئەم دوانە تەواکەری یەکترن؟
ڕۆزا لۆکسمبۆرغ لە پێشەکی کتێبەکەی بە ناونیشانی “چاکسازی کۆمەڵایەتی یان شۆڕش” دا دەڵێت: “بە دڵنیاییەوە وەڵامی ئێمە نەخێرە. خەباتی ڕۆژانە بۆ بەدەستهێنانی چاکسازی، و لە پێناو باشترکردنی بارودۆخی کرێکاراندا لە چوارچێوەی نیزامی کۆمەڵایەتی مەوجوددا، و لە پێناو بەدەستهێنانی دامودەزگا دیموکراتیەکاندا تەنها ڕێگای سۆشیال دیموکراتیە بۆ چوونە مەیدانی شەڕی چینایەتی پڕۆلیتاریا بەرەو ئامانجی کۆتایی خۆی کە گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی و کۆتاییهێنان بە کارێ بەکرێ یە. بۆیە سۆشیال دیموکراتی پێی وایە کە پەیوەندیەکی لێکدانەبڕاو چاکسازی و شۆڕش پێکەوە گرێدەدات. بۆیە خەبات بۆ چاکسازی ئامرازی دەستی سۆشیال دیموکراتیە و شۆڕشی کۆمەڵایەتیش ئامانجی کۆتاییەتی. ” ل. ٨
لەو بڕگەیەی سەروەی ڕۆزادا ڕۆشنە کە چاکسازی کلاسیک، سازکردنی زەمینەیە بۆ شۆڕشی پرۆلیتاریا. لەوەش زیاتر لە ڕوانگەی ڕۆزاوە وەک ئامرازێک باسکراوە بۆ شۆڕش. باسەکە ئەوەیە کە پرۆلیتاریا لە خەباتیدا لە پێناو گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی و نەهێشتنی خاوەندارێتی تایبەتیدا، پێویستیی بەوە هەیە کە ژیان و گوزەرانی خۆی باشتربکات، موچەی بەرێتەسەرو سەعاتی کارەکانی کەمبکاتەوە و تەمەنی خانە نشینی دابەزێنێت و بیمەی بێکاری مسۆگەربکات و مافە سیاسی و ڕێکخراوەییەکان دابین بکات. بۆ ئەوەی لەسەر ئەم زەمینە بابەتی و کۆمەڵایەتی یە هەلومەرجی خەباتکارانەی باشتر و باشتر بکات و ئاگایی چینایەتی بەرێتە سەرەوە و زیاتر خۆی ڕێکخراو و ئامادە بکات. ئەو سەردەمە لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و شۆڕشی ئەڵمانیا و ڕاپەڕینە پرۆلیتاریەکان، و بە کاریگەری ئەوانە لە ئاستی جیهانیدا، هەروەها بەهۆی ئامادەبوونی ئاگایی چینایەتی و کۆمۆنیستی لە ئاستی جیهاندا و بەتایبەت ڕۆژئاوایی و ئەمریکیدا، هەموو ئەوانە پێکەوە، کاریگەری گەورەی کردە سەر کاری بورژوازی وەک چینێکی دەسەڵاتدار لە هەموو جیهاندا. کاریگەری ئەم هێزە پرۆلیتەریە جیهانییە، هێز هاوسەنگی نێوان پرۆلیتاریا و بورژوازی لە ئاستێکدا ڕاگرت، کە بورژوازی ناچار بێت چاکسازی بکات-چاکسازی کلاسیک- و لە نێو خۆی ئەم چینە بزوتنەوەی ڕیفۆرمیزم سەر هەڵبدات و گەشە بکات لە پێناو ڕزگارکردنی دەسەڵاتی بورژوازیدا و لە کەمێک قازانج و کەڵەکەی سەرمایەکەی خۆش بێت. لێرەوە ئێمە دەتوانین لە ئابوری کینزی و دەوڵەتی خۆشگوزەرانی ڕۆژئاوا تێبگەین. ئەو سەردەمە سەردەمی هێرش و پەلاماری پرۆلیتاریا بوو بۆسەر بورژوازی و دەسەڵاتەکەی.
هەروەها لینین لەم بارەوە لە نووسراوەی “مارکسیزم یان چاکسازی” دا دەڵێت: “چاکسازی هەڵخەلەتاندنی کرێکارانە لە لایەن بورژوازیە وە کە وێرای هەندێ باشبوون لە باریاندا هەمیشە وەک کۆیلەی کاری بەکرێ دەیانهێڵێتەوە، تا ئەو کاتەی سەرمایەداری دەسەڵاتدارە” ل. ١
لینین سەرەتا دەیەوێت پێناسەیەکی چاکسازی وەک بزووتنەوە بکات و لێرەوە دەتوانین ئەوە تێبگەین کە ئایا ئێمە دەتوانین بە هەندێک چاکسازی ڕازیبین کە بورژوازی بەم دەست دەیدات بە کرێکاران و بەو دەست لێێان دەستێنێتەوە؟ ئەگەر سەرنج لە ئاڵوگۆڕەکانی جیهانیش بدەین و تەنانەت هەموو ئەو چاکسازیانەی کە بورژوازی جیهانی ناچارکردووە بۆ هێشتنەوەی سیستەمی زاڵمانەی خۆی لە بەشێک لە قازانج و سوود و زێدەبایی خۆی بێتە خوارەوە و بیدات بە چینی کرێکار لەژێر فشاری شۆڕشی ئۆکتۆبەر و شۆڕشەکانی تر و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی چینی کرێکاردا بووە. واتە خێر و سەدەقەیەک نەبووە کە بورژوازی چاوچنۆک دڵی نەرمبووبێت و بەزەیی بە کرێکاراندا هاتبێتەوە وەک ئەوەی لەمڕۆی دنیادا وێنا دەکرێت، بەڵکو ئەو چاکسازیە کەمانەشی کە لەڕووی مێژوویی یەوە بەدەستهاتوون بەرهەمی خەبات و ناڕەزایەتی چینی کرێکار بوون. هەر بۆیە بورژوازی چەندە ناچار بووە ئەم چاکسازیانە بکات، چەند ئەوەندە کاری بۆ ئەوە کردووە کە بە هۆی ئەم چاکسازیانەوە ڕیزەکانی چینی کرێکار پەرشوبڵاو و پەرتەوازە بکات و هەمیشە هەوڵی داوە لەبەرامبەر یەکتردا ڕایانبگرێت.
لینین لە هەمان سەرچاوەدا و لە هەمان نووسیندا دەڵێت:
“ئەگەر کاتێک کرێکاران لە بیروباوەڕی مارکس تێگەیشتن و وەریانگرت، واتە هەر کاتێک لەوە گەیشتن کە کۆیلایەتی کاری بەکرێ حەتمیە تا ئەو کاتەی کە نیزامی سەرمایەداری لەسەر تەختی دەسەڵاتە، ئەوا بە پێچەوانەوە بانگەشە بۆ چاکسازیەکانی بورژوازی ناکەن و هەرچیەک بێت پێیهەڵناخەڵەتێن. کرێکاران لە پێناو باشترکردندا خەباتدەکەن لەگەڵ بە ئاگابوونیان لەوەی کە ئەم چاکسازیانە نەدەتوانێت بڕاوەبێت و نە بەهەندیش وەربگیرێت تا ئەو کاتەی کە نیزامی سەرمایەداری دەسەڵاتدارە، ئەوان تەنها ئەم باشتربوونە دەقۆزنەوە لە پێناو درێژەدانی سەرسەختانەتر لەبەرامبەرکۆیلایەتی بەکرێ دا. ڕیفۆرمیستەکان هەوڵدەدەن کە کرێکاران بەش بەش بکەن و هەڵیانخەڵەتێنن بە خێر و سەدەقە و لە خەباتی چینایەتیان دووریان بخەنەوە. بەڵام کرێکارانێک کە ئاشنان بە درۆودەلەسەکانی ڕیفۆرمیستەکان، چاکسازی دەقۆزنەوە بۆ گەشەدان و فراوانکردنەوەی خەباتی چینایەتیان.” هەمان سەرچاوە. ل ١
کەواتە بزوتنەوەی ئێمە، سۆشیالیزمی کرێکاران، سەرەڕای ئەوەی کە چاکسازی سەپاندووە بەسەر بورژوازی و دەسەڵاتەکەیدا، لە هەمانکاتدا بە ئاگابووە لەوەی کە پێویستە تاسەر بڕوات و شۆڕشی کۆمەڵایەتی خۆی بە ڕوخاندنی سیستەمی سەرمایەداری بەسەرکەوتن بگەیەنێت. چاوخشاندنێکی زۆر سادە بە مێژووی سۆشیال دیموکراتی لە ئەوروپا و قەتیسکردنی خەباتی کرێکاران لە نێو چوارچێوەی نەقابە و ئیتیحادیە کرێکاریە ڕیفۆرمیستخوازەکان و خۆ گونجاندیان لەگەڵ سەرمایەداری و پێخشاندنیان لە مافەکانی چینی کرێکار و چوونە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ ئەوەی وا لە چینی کرێکار بگەیەنن کە بە دەستهێنانی ئاوات و ئامانجەکانیان بە ڕێگای ئاشتیانە و لە ڕێگای ئەو چاکسازیانەوە مومکنە و پێویست بە شۆڕش ناکات. هاوکات برەودان بە بزووتنەوە ڕیفۆرمیستخواز و ووردەبورژوازیەکان و قەبڵاندنی ئەوە بە پڕۆلیتاریا کە شۆڕش پێویست نیە، تا ئەو کاتەی هەندێک لە مافەکانیان لە ڕێگای ئەم چاکسازیەوە دەستەبەردەبێت، هیچ نیە جگە لە بەلاڕێدابردنی خەباتی ئەم چینە و درێژەدان بە کۆیلایەتی کاری بەکرێ و هێشتنەوەی پایەکانی نیزامی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی بەسەر پڕۆلیتاریاوە.
بۆیە هەر چاکسازی و بانگەشەیەک بۆ چاکسازی لە نیزامی مەوجودی سەرمایەداریدا، ئەگەر ڕاستەوخۆ لەلایەن بزوتنەوەی کرێکارییەوە بەڕابەری سۆشیالیزمی کرێکاران نەچێتە پێشەوە، ئەوا لەهەلومەرجی ئەمرۆدا، هیچ پەیوەندییەکی نیە بەو چاکسازییە کلاسیکیەی لە سەرەوە باسمان کردووە.
سەرمایەداری بە شێوازێکی سەرسوڕهێنەر جیهانداگرە و چوونە ناویەکی ئەم سەرمایانە لە ئاستی جیهانیدا و هەڵئاوسان و ئەزمەی قوڵی نیزامی سەرمایەداری و کێبەرکیی هاوکاتیشیان لەگەڵ یەکتردا هیچ لەو ڕاستیە کەم ناکاتەوە کە کە ئەوان یەکدەستن بەرامبەر لێسەندنەوەی بچووکترین چاکسازیەکی کلاسیکی کە چینی کرێکار بە مێژووی خەباتی سیاسی و چینایەتی خۆی بەدەستیهێناوە لە ڕاستای گەشتنی بە دەسەلاتی خۆیدا، هەروەک ئێستا دەیبینین لە ژێر ناوی چاکسازیدا. لەمڕۆدا کە چینی پرۆلیتاریا وەک هێزێکی سیاسی لە پێناو دەسەڵاتی سیاسی خۆیدا ئامادەنیە و بورژوازی ناچار نیە کە مل بدات بەو چاکسازییە کلاسیکیە، بۆیە هەوڵی ڕیفۆرمیستەکانیش بۆ گەڕاندنەوەی کەرتی گشتی و دەسەڵاتداریەتی زیاتری دەوڵەت بەسەر پڕۆسەی بەرهەمهێنان دا، کە بۆ خۆی ئیمکانی نیە لەمڕۆی دنیای سەرمایەداریدا، ناتوانێت جگە لە بەلاڕێدابردنی چینی کرێکار و گومڕاکردنی هەنگاوەکانیان بۆ باشبوونی ژیان خۆیان و لە پێناو شۆڕشەکەیاندا، شتێکی تر بێت. ئەوان دەیانەوێت کە پایەکانی ئەم نیزامە زاڵمانەیە بهێڵنەوە و بە ئەبەدی لە قەڵەم بدەن. ئەمە جیاوازیەکی سەرەکی نێوان ڕیفۆرمی بورژوازی و بزووتنەوەکانیەتی لەگەڵ هەوڵی پڕۆلیتاریا بۆ باشبوونی ڕۆژانەی ژیانی لە ڕاستای شۆڕشەکەیدا.
بۆیە هەر باسێکیش لەسەر ڕەقابەی کۆمەڵایەتی و چاودێری دەوڵەت یان دەزگای تر بەسەر بەرهەمهێنانەوە دەکرێت هیچ شتێک نیە و نابێت جگە لە ڕەسمیەتدان و ڕێکخستنی ئەو بێمافیانەی بەرامبەر بە کرێکاران دەکرێت و هیچ هەڕەشەیەکی بۆ سەر سەرمایەداران و کۆمپانیاکانیان تیا نیە و ناتوانێت بە قازانجی چینی کرێکار بێت ئەگەر ئەو هەڵوێستە شۆڕشگێڕی و ئۆبژێکتیڤە لە خۆ نەگرێت کە کۆتاییهێنان بە نیزامی سەرمایەیە. هەر بۆیە بەکارهێنانی هێز و سەرکوتکردن و بڕاندنەوەی هەموو جۆرە ناڕەزایەتیەکی چینی کرێکاریش بە شێوازی عەسکەری وەڵامدەدرێتەوە هەم بۆ وەستانەوە بەرامبەر ڕەقیبەکانیان لە هێزە بورژوازیەکانی تر کە بیەوێت جێیان پێلێژبکات و هەم بۆ توندکردنەوەی ئەحکامەکانی سەرمایە بەسەر چینی کرێکاردا و تەئمینکردنی ئەم دەسەڵاتداریەتە لە ڕێگای بەکارهێنانی توندوتیژیەوە ئەگەر پێویست بێت. گرنگ ئەوەیە کە قازانجی سەرمایە نەکەوێتە بەرامبەر هەڕەشەوە و چینی کرێکار لە خوارترین ئاستدا ڕابگیرێت.

کەوابوو دەتوانین چاکسازی و ڕیفۆرمێک کە بە شێوەیەکی ڕێکخراو پڕۆلیتاریای سۆشیالیست ڕابەریدەکات و لە هەوڵی باشکردنی باری ئابووری و سیاسی خۆیدا دەبێت، وەک هێرشی پێشوەخت بۆ سەر دەسەڵاتی سەرمایە سەیربکەین و لە چوارچێوەی کۆتاییهێنان بێت بە نیزامی سەرمایەداریدا. ئەگەر لە ناو ئەو هاوکێشە جیهانیەی ئێستادا لە چاکسازی پڕۆلیتاری نەڕوانین و لە سیاسەتی ئەمڕۆی جیهان و بورژوازی نەگەین و لەم پڕۆسە باوەی گەشەی سەرمایەداری ئەمڕۆدا خوێندنەوەی بۆ نەکەین و سیاسەتی دروست نەگرینە بەر، ئەوا ئەم چاکسازی و هەوڵانەش بە ئاکامێک ناگات.

پێش ئەوەی بچینە سەر باسی چاکسازی قۆناغی ئەمڕۆ لە عێراق و کوردستاندا، پێویستە وەڵام بەو پرسیارە بدەمەوە کە دەڵێن ئەی خەباتی ڕۆژانەی پڕۆلیتەری کە ئەمڕۆ لەسەر تاسەری جیهاندا بەڕێوەدەچێت، مانای چیە یان بۆ چیە؟! وەڵامەکەی بەکورتی ئەوەیە؛ کە چینی پڕۆلیتاریا تەنانەت لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی وەکو فەرەنسا و ئەڵمانیادا، خەباتەکەی دیفاعیە و بەرگری لەوە دەکات کە هەیە، نەک خەباتێکی ‌هێرشبەرانە بۆ سەر بورژوازی کە خواستی بەرزکردنەوەی کرێ یان کەمکردنەوەی سەعاتی کار بسەپێنێت بەسەریدا، بەڵکو خەباتەکەی بۆ ئەوەیە کە کرێکەی کەم نەکرێتەوە یان تەمەنی خانشینیەکەی بەرزنەکرێتەوە، یان دەر نەکرێن لەسەر کار. واتە دیفاع لە خۆیان دەکەن لە بەرانبەر هێرشەکانی سەرمایەدا. ئەمە با هەڵئاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان و هاتنەخوارەوەی توانای کڕیاری لەولاوە بوەستێت. ئەم باسە فراوانە، بەڵام لیرەدا ئەوەندە کافیە.

چاکسازی بورژوای لەم قۆناغەدا

ئەم باسە جیهانیە، بەڵام باسەکە لێرەدا تایبەتە بە کوردستان و عێراق. ئەگەر لەم ڕوانینەوە سەیری ناڕەزایەتیەکانی کوردستان و عێراق بکەین و چینی پڕۆلیتاریا و سۆشیالیستە کرێکارییەکان خەبات بکەن و بخوازن چاکسازیەک لە ژیان و گوزەرانیاندا بکەن، مەسەلەی سەرەکیان ڕێکخراوبوون و ئاگایی چینایەتی و سۆشیالیستیە. بەڵام باسی ئێمە لێرەدا، باسی چاکسازی بورژوازییە کە هەموو هێزە بورژوازییە ئیسلامی و قەومی وتائیفیەکان لە عێرا ق و، لە کوردستان، هەموو ‌هێزە بورژوازییە کوردییەکان و ئیسلامیەکان و ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی و تەواوی میدیا حزبی و ئەهلیەکان و ڕۆشنبیرە بورژوازییەکان بۆی دەنوسن و پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن، کە گوایا چاکسازی بە قازانجی خەڵک دەکەن!! کە گوایا بە قازنجی کەمدەرامەتەکانە!!.کەواتە با بزانین ئەم چاکسازییەی بورژوازی کوردی وعێراقی و دەسەڵاتەکەیان چیە و چۆن بەتەواوی دژ بە ویست و ئیرادەی چینی پڕۆلیتاریای عێراق و کوردستان وخەڵکی کەمدەستە.

خاڵێکی گرنگتر ئەوەیە کە لەڕوانگەی سۆشیالیزمی کرێکارانەوە، بە شێوەیەکی گشتی و لە ناوەڕۆکدا، باسی سەرمایەداری دەوڵەتی و بازاڕی ئازاد نیە، بەڵکو لەم ڕوانگەیەوە هەردووکیان یەک ناوەرۆکن، مەگەر لە بواری تەکتیکی خەباتی ڕۆژانەدا، جیاوازییەکان هەبێت بۆ چینی کریکار. بەم مانایە چاکسازییەک کە پرۆلیتاریا دەیسەپێنێت بەسەر بورژوازیدا، بۆ ئێمە گرنگە. جا ئەوە بورژوازی خۆیەتی کە چ فۆرمێک دەدات بەخۆی و چۆن دەردەکەویت، لە سەرمایەداری دەوڵەتیدا دەردەکەویت یان لە لیبرالیزمی ئەمرۆدا. ئێمە خەباتی خۆمان ڕوو لە دەسەڵاتی سەرمایە دەکەین وەک سیستمێکی ئابوری سیاسی.

هەموو ئەو بانگەشانەی کە هێزە بورژوازیەکان بۆ چاکسازی دەیکەن، بانگەشەی ڕاست و دروستی بورژوازیە بۆ چاکسازی بە قازانجی چینەکەیان و بە دژی پڕۆلیتاریا. بورژوازی چاکسازیەک دەکات کە ئاڕاستەی سەرمایە و مەرامەکانی سندوق و بانکی نێودەوڵەتی پێویستی پێییەتی و دەیەوێت بیباتە بەرەوە. چاکسازیەکانی بورژوازی لە پێناو کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایەدایە و بۆ لێسەندنەوەی هەموو بەرپرسیارێتیەکە لە دەوڵەت و تەسلیمکردنیەتی بە کەرتی تایبەت و بازاڕی ئازاد. بۆیە بورژوازی درۆ ناکات کە دەڵێت چاکسازی دەکات. ئەوان وەک چینێک دەیانەوێت خۆیان و دەوڵەتەکانیان لەژێر باری هەموو بەرپرسیاریەتێکدا بێننە دەرەوە بەرامبەر بە چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگا. پیادەکردنی سیاسەتە چاکسازیەکانی ئەوانە بە قازانجی چینەکەی خۆیان کە بووەتە هۆی بێکاری ملیۆنی و کەمبوونەوەی هەلی کار و زیادبوونی سەعاتکاری کرێکاران و نەمانی بیمەی بێکاری و کەمکردنەوە و نەهێشتنی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکان و تەنانەت وەک لە سەرەوەش ئاماژەم پێدا لێسەندنەوەی هەموو ئەو ڕیفۆرمانەش کە چینی کرێکار لە ڕاستای خەباتی مێژوویی خۆیدا بەدەستیهێناوە. ئەوان چاکسازی دەکەن بەوەی کە نەک ئەوانەی ئامادەبەکارن بیانخەنە سەر کار، بەڵکو لەسەر کارەکانیش دەردەکەن. ئەوان باشترین چاکسازی بە قازانجی چینەکەیان دەکەن کاتێک هەموو کەرتە خزمەتگوزاریەکانی وەکو ئاو ئاوەڕۆ و تۆڕەکانی کارەبا و ئینتەرنێت و تەنانەت هەموو خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکانیش دەفڕۆشن بە کەرتی تایبەت. ئەوان چاکسازی دەکەن بۆ سیستەمەکەی خۆیان کاتێک لە مووچەی کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان کەمدەکەنەوە و وادار بە کاری زیاتریان دەکەن. لێسەندنەوەی هەموو ئەو مافانە لە چینی کرێکار و پڕۆلیتاریای جیهانی چاکسازیەکە کە نزیک بە چوار دەیەیە بورژوازی لە ئاستی جیهاندا دەستی بۆ بردووە و سیاستی بۆ دادەڕێژێت و بانگەشەی بۆ دەکات و دەیەوێت بە چاکسازی لە ژیانی خەڵکدا بە کۆمەڵگای بفڕۆشێت.

ئەم سیاستە لە ئەوروپا و ئەمریکا و ڕۆژئاوادا لە لایەن ڕێگان و تارچەر و سەرانی ئەو کاتی ئەو ووڵاتانەوە نەخشەی بۆ داڕێژرا و پیادەکرا کە چەسپاندنی تەواوی بازاڕی ئازاد و لیبڕالیزمی نوێ بوو. ئەوان دەستیانکرد بە هیرشێکی فروان بۆ سەر چینی کرێکار و دەستیان بە چاکسازی خۆیانکرد و کەوتنە دەستکردن بە لێسەندنەوەی ئەو ماف و بیمە و خزمەتگوازاریانەی کە چینی کرێکار بە نەبەردی چینایەتی بە دەستی هێنابوون. ئەوەی ئەحزابی ڕاستی ئەوروپا و نوێنەرانی تارچەریەکان و ڕێگانیەکان نەیانتوانی پیادەیبکەن، ئەحزابی سۆشیال دیمکراتی ئەوروپا بە سەرکردایەتی شیراک و هۆڵاند هۆڵمەت شمید و شرۆیدەر و تۆنی بلێر و ….. بۆیان تەواوکردن. پاشماوەکانی ئەحزابی سۆشیال دیموکراتی لە ئەوروپادا ئەم سیاسەتانەیان چەسپاند و توانیان بە بەکارهێنانی ناویان و مێژوویان چینی کرێکار هەم لە خەباتی ڕۆژانەیان دووربخەنەوە و هەم رۆژ بە ڕۆژ ئەم چاکسازیانەی بانکی نێودەوڵەتی بە قازانجی سەرمایە بچەسپێنن.

ئەگەر بێینە سەر کوردستان و عێراقیش، ئەحزابی بورژوازی و میلیشیا و هێزەکانیان ڕێکاوڕێک خەریکی ئەم چاکسازیەن و ئەوان ڕاستدەکەن کە دەڵێن چاکسازیدەکەن. ئەوان لەگەڵ خۆیان و چینەکەیان ڕاستگۆن و ناتوانن کارێک بکەن بەدەربێت لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و زلهێزەکانی جیهان لەم پڕۆسەی چاکسازی و تەقەشوفەی چینی بورژوازیدا. ئەوان دەقاودەق هەمان سیاسەت پیادە دەکەن لە محەللدا. ئەوان دەیانەوێت هەموو کەرتی نەوت ڕادەستی کۆمپانیا تایبەتەکان بکەن. ئەوان تەنانەت خەریکی فرۆشتنی چاڵە نەوتەکانیشن بە کۆمپانیا جیهانی و بازرگانیەکان. ئەگەر ئەم سیاسەتە بۆ بورژوازی بچێتە سەر ئەوا دەبێتە مایەی بێکاربوونی زیاتر لە نیوەی ئەو کرێکارانەشی کە ئێستا لەسەر کارن. ئەوان لە بڕینی مووچەی کرێکاران و فەرمانبەران و کەمکردنەوە و لێبڕینی مووچەکانیان هەمان سیاسەتی بانکی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکەن کە لە لایەن سەرانی بورژوازی جیهانەوە دەستخۆشیان لێدەکرێت و بە پێشرەو و سوارچاک لەم مەیدانەدا لە قەڵەمیان دەدەن. ئەوان پڕاوپڕ خەریکی ئەو چاکسازیانەن کە بورژوازی و چینەکەیان پێویستی پێیەتی. ئاواڵەکردنی کوردستان و عێراق بە ڕووی ئەو هەموو کۆمپانیا جیهانیانە ئەگەر مانایەکی هەبێت هەر ئەمەیە بە هاوکاری کۆمپانیا گەورەکانی وەک ئاسیا سێڵ و کۆڕەک و سەنکۆد و نۆکان و هەڵەبجە و قەیوان و نالیا و دابین و ستێر و کار و هتد. ئەم کارە تەنانەت لە لایەن حکومەتی بەناو هەرێمی کوردستانەوە چەندین یاسای ئاسانکاری بۆ دەرکراوە وەکو یاسای وەبەرهێنان و یاسای نەوت و گاز و چەندین یاسای تر کە هەموویان ڕێگا بۆ کەرتی تایبەت خۆشدەکەن کە ئەم چاکاسازیەی بورژوازی بەسەرئەنجام بگەیەنێت. هەموو ئەو کۆمپانیایانەی کەسەر بە دەسەڵاتی ئەم دوو حزبەن لە هەردوو زۆنی سەوز و زەرددا خۆیان لە نزیکەی ٥٠٠ کۆمپانیا دەدەن و هەموویان پشکی ئەم دوو حزبەیان تیادایە و هەمان ئەو سیاسەتانە دەبەنە ڕێوە کە بورژوازی پێویستی پێیەتی. دوور نیە لە دوور یان نزیک ماوەدا ئەم هێزانەی بورژوازی تەنانەت بەشێک لەم خاک و چاڵە نەوتانەش بە خاکەکەوە نەفڕۆشن و ئەوکات تەنانەت قسەیەکیش لەسەر ئابووری ڕەیعی نامێنێت و بە تەواوەتی شانیان خاڵیدەکەنەوە لە دابینکردنی سەرەتاییتریین پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک. بورژوازی عێراقی بە “کورد و عەرەبیەوە” خەریکی ئەم چاکسازیەن بە قازانجی خۆیان و هەر ئێستا باس لە فڕۆشتنی هێڵەکانی ئاسن و هەموو کەرتی تەندروستی و هەموو ئەو کۆمپنایا دەوڵەتیانەشدان کە ماونەتەوە، بۆ ئەوەی چاکسازیەکەیان بەسەرەنجام بگەیەنن.
هەر بۆیە چاکسازی ئەوان و ئێمە، چینی کرێکار و سۆشیالیستەکان، تەواو جیاوز و دژ بەیەکە و لەو کێشمەکێشە چینایەتیەوە سەرچاوەدەگرێت. چینی کرێکار و پڕۆلیتاریای کوردستان و عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت چاکسازی بکات دەبێت بتوانێت وەک چینێکی ڕێکخراو بە قەدوقامەی خۆیەوە و بە بوونی ئاگایی سۆشیالیستی خۆیەوە دەرکەوێت و بێتە مەیدان. بەهەر ڕادەیەک چینی کرێکار بتوانێت هەنگاو هەڵهێنێت بەرەوباشترکردنی باری گوزەران و ژیانی خۆی و بتوانێت لە بەرامبەر ئەم سیاسەتانەدا بووەستێتەوە بە هەمان ڕادە دەتوانێت هەنگاوێک لە خەباتی خۆی نزیکبێتەوە بە قازانجی چینەکەی خۆی و زۆرینەی کۆمەڵگا. ئەم کارەش بە بێ بوونی تێگەیشتن و ئاگاییەکی چینایەتی و بە بێ پڕوپاگاندەی کۆمۆنیستی بەردەوام و ڕێکخستنی پڕۆلیتاریا لە شێوازە جیاوازەکانی ڕێکخستنی خۆیدا، ناتوانێت بە مەیسەر بگات. چینی کرێکار و سۆشیالیستەکان ناتوانن شوێن ئەو چاکسازیانە بکەون کە بورژوازی بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنیەوە بانگەشەی بۆ دەکەن چونکە دژ بە بەرژەوەندیە چینایەتیەکانیانە. بۆیە پێویستە سیاسەتی سۆشیالیستیانەی خۆمان وەک چەکێکی فکری و سیاسی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا فەراهەم بکەین و چاکسازی خۆمان وەک بەشێک لەو سیاسەتە سۆشیالیستیە بخەینەڕوو بۆ کۆمەڵگا کە خۆی لە وەستانەوە لە بەرامبەر چاکسازیەکانی ئەواندا بنوێنێت. یەکەم هەنگاوی ئەم نەبەردە چینایەتیەش ئێستا دەبێت پێداگری بێت لەسەر دانی مووچەی تەواو بە هەموو کرێکاران و کارمەندان و دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ بێکارەکان. بەدەستهێنانی ئەم خواستە دەتوانێت هەنگاوێک و ئەڵقەیەک بێت لە ڕێگای دەرکەوتنی بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا وەک ‌هێزیکی چینایەتی سەربەخۆ و سەکۆیەک بێت بۆ نزیکبوونەوە لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی. لە هەمانکاتدا توانایی و ووزەی ئەوە بە چینەکەمان دەبەخشێت کە هەموو سیاسەتە قێزەون و چاوچنۆکەکانی ئەوان تووڕرهەڵدەین و لە گۆڕی نێین.

kamil.ahmed.f@gmail.com
کامل احمد
09.09.2020

————————————————




ئارکۆن و ڕەخنەی عەقڵی دینی … ئەحمەد ڕەسوڵ

کۆمەڵگای کوردستان وەکو بەشێک لە کۆمەڵگا خۆرهەڵاتییە “کە ناودەبرێن بە” ئیسلامییەکان، دەرگیرە لەگەڵ کێشەگەلی بونیادیی پەیوەندیدار بە عەقڵ و ڕۆشنبیریی دینییەوە. بەشێکی زۆر لە کێشەکانی ئێمەش هەمانشێوەی بەشێکی زۆر لە کێشەکانی کۆمەڵگا ئیسلامییەکانە لەسەر ئاستگەلی جودا، لەوانە: کێشەی نوێکردنەوەی بەها و نۆڕم، ڕۆڵی عەقڵ بە مانا ڕەخنەییە زانستییەکەی لە بەرهەمهێناندا لە نێو تەواوی لقە جیاواز و سەربەخۆکانی زانستدا، بە تایبەتی کایەی زانستە مرۆییەکاندا، کێشەی مێنتاڵێتیی کۆنزەرڤاتیڤانەی نێو کایەی سیاسی، کارگێڕیی، دەزگایی و دەوڵەتداریی بە گشتی. واتا زۆرینەی بوار و کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێمە کێشەی چەقبەستوویی و دواکەوتوویی لە پەیوەند بە عەقڵیەتێکەوەیە کە ڕەگەکانی بە قووڵی لە سەرزەمینی عەقڵیی دینیی چەقیون.

تێگەیشتنی لاهووتی

لێکدانەوە و ڕاڤەی دەقەکانی هەر کتێبێکی “کە ناودەبرێن بە” ئاسمانی بە توندی پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتدارێتیی سیاسیی هەر دەوڵەت، هەرێم یان ناوچەیەکەوە. لەو چێوەیەشدا لێکدانەوە و ڕاڤەی دەقەکانی قورئان بە توندی پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتدارانی ووڵاتانی دنیای عەرەبی و “ئەوەی ناودەبرێ بە” دنیای ئیسلامیی. واتا دەسەڵات لێکدانەوە و ڕاڤەی دەقە دینییەکان قۆرخدەکات بۆ خۆی و بەگوێرەی جۆری تێگەیشتنی دەسەڵات کە هەڵبەت لە خزمەت بەرژەوەندیەکانیدا، جۆرێکی دین دەکاتە تاکە تێگەیشتنی سەرەکیی و زاڵ هەم لە پەیوەند بە نێوخۆی ئەو کۆمەڵگایەوە کە ئەو دەسەڵاتە دەسەڵاتدارە بەسەریدا هەم لە پەیوەند بە دەرەوەی ئەو کۆمەڵگا و دەوڵەتەوە. واتا ئێمە لەبەردەم جۆرێک لە دینداین کە جۆری تێگەیشتن، لێکدانەوە و ڕاڤەی دەسەڵاتدارانە بۆ دین زیاتر لەوەی مانا و کڕۆکی خودی دین بێت کە هەڵبەت بانگەشەکردن بۆ ئەوەی کە هەر جۆرێکی دیاریکراوی تێگەیشتن بۆ دین کڕۆکی ڕاستەقینە و بێچەندوچوونی مانای تاک و تەنهای دین بێت ئەوە هیچ نیە جگە لە لێدان لە فرەمانایی تێکستە دینیەکان و دابڕینیی دین لە قووڵاییە فرە ڕەهەندییەکەی لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی دین و لە قاڵبدان و بەرتەسکردنەوەی جیهانیی ناوەکیی و دەرەکیی دین و ماناکانی . ئەوەش ئاشکرایە کە لێکدانەوە، ڕاڤە و تێگەیشتنێک بۆ دین سەروەر کراوە کە هیچ نییە جگە لە لێکدانەوە و ڕاڤەکردنێکی لاهووتیی بۆ دین و لەمەشەوە بەرهەمهێنانی تێگەیشتنێکی دەزگایی کۆمەڵایەتیی لاهووتیی لە ئاستێکی هەم جەماوەریی بەرفراوان و هەم چاندنی لەنێو وە هەم بونیادنانی تەواوی دەزگا و ئامرازەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتی لەسەر ئەو تێگەیشتن، ڕاڤە و لێکدانەوە لاهووتییە بۆ دین و دواتریش ناردنە دەرەوە و بڵاوەپێکردنی ئەم جۆرە لە دینو ئەم جۆرە لە تێگەیشتن بۆ دین بە تەواوی دنیادا. تێگەیشتنی لاهووتی بۆ دین ڕێگە بە ئازادییی لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی دین و تێکستە دینییەکان نادات و هەر جۆرە تێگەیشتنێکی دیکە بۆ دین دەخاتە خانەی کوفر و بە تەکفیرکردن وەڵام بە هەر جۆرە خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ دین دەداتەوە. واتا تێگەیشتنی لاهووتی بۆ دین، لێکدانەوە و ڕاڤە بۆ دین قۆرخدەکات و ڕێگە بە ئازادیی تێگەیشتن لە دین نادات و ئەمەش لە دۆخی دنیای عەرەبی و ئیسلامییدا دەسەڵات ئەنجامی ئەدات، لە نموونەی وەهابیزم و سەلەفیزم وەکو تێگەیشتنێکی لاهووتی بۆ دین و بەرهەمهێنانەوەی لە ئاستێکی بەرفراوانی جیهانییدا.
زۆرینەی زۆری توێژەرانی فیکری دینی، مانا پێکدژەکانی دەق، مێژووی ئیسلامی، ئاماژە زمانەوانییەکانی نێو دەق، خوێندنەوەی دەق لەنێو کۆنتێکستە کۆمەڵایەتیی مێژووییەکەیدا و لێکۆڵەرانی دەقە مێژووییەکان لە تەواوی جیهانی عەرەبی و ئیسلامییدا، لە خالێکدا یەکدەگرنەوە و لە چەقێکدا هەمان ئامانج دیاریدەکەن، ئەویش گەڕانە بە دوای ڕەسەنێتییدا “اصالە”. ڕەسەنێتی چییە؟ واتا گەڕانەوە بۆ ئەو دەقە مێژووییانەی جیهانی عەرەبیی ئیسلامیی کە شوناسی ئینسانی عەرەبیی ئیسلامییان لەسەر بونیادنراوە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەم گەڕانەوەیە بۆ ئەو دەقە مێژوویانە “دەقە فەلسەفی، سۆسیۆلۆژی، ئاکاریی، سیاسیی، ئەدەبی و زانستییەکان” بە کام ئامراز و کام کەرەستانە؟ بە کام مێتۆد؟ ئایا مێتۆدە فیلۆلۆژی، سۆسیۆلۆژی، ئەنثرۆپۆلۆژییەکان ڕەچاودەکەن؟ هەڵبەت نەخێر. ئایا توێژینەوە لە دەقگەلێکی مێژوویی پاڵپشت بە مێتۆدە فیلۆلۆژی، سۆسیۆلۆژی و ئەنثرۆپۆلۆژییەکان نەبێت دەرئەنجام دەبێتە چی؟ ئایا هەوڵدان بۆ خوێندنەوەی دەقگەلیی مێژوویی بە مێتۆد، کەرەستە و ئامرازە زانستییە مرۆییە هاوچەرخەکانی دنیای مۆدێرن نەبێت دەرئەنجام بە چی دەگات؟

داستانئامێزیی یان چیرۆکئامێزیی

تەواوی دینەکان پێکهاتەیەکی چیرۆکئامێز “قصصی” یان هەیە. ئەوەی بە زمانی ئینگلیزی “myth” و بە زمانی فەرەنسی ” le mythe ” ی پێدەگوترێ “کە دەتوانین لە زمانی کوردیدا بە داستان وەریبگرین نەوەک ئەفسانە” کاتێک بۆ زمانی عەرەبی وەردەگێڕدرێت دەبێت بگوترێ “قصص نەوەک اسطورە” چونکە ووشەی اسطورە کە لە قورئاندا هاتووە بەمانای درۆ و ناڕاستیی دێت و مانایەکی نێگەتیڤی هەیە “{إنْ هَذَا إلاَّ أَسَاطِيرُ الأَوَّلِينَ} “. هەروەها لە قورئاندا هاتووە “{نَحْنُ نَقُصُّ عَلَيْكَ أَحْسَنَ القَصَصِ} ” بۆیە ئەوە ڕاستە کە گوتاری دینی لەسەر چیرۆکگەل بینا کراوە. هەر لە سەرەتاکانەوە فەلسەفە “فەلسەفەی کلاسیک لە یۆنان” لە خوێندنەوەی میتۆلۆژیای یۆنانییەوە پەنا دەباتە بەر سەرجەم ئامرازەکانی کە عەقڵ دەستەبەریان دەکات لە بیرکردنەوە و شیکردنەوە و بەڵگاندن و سەلماندن لە پێناو ئەنجامگیری و تێگەیشتندا لە کاتێکدا و لە بەرامبەردا مێتافۆڕ، هێما و ئاماژەکان کە لە نێو ئەدەبدا هەیە و هەروەها لە نێو پانتایی گوتاری دینییشدا بە شێوەیەکی گشتی.
ئەو سێ پەرەگرافەی سەرەوە، سێ لە چەندین تەوەری نێو ئەو گفتوگۆیەی محمد ئارکۆنن لە بەرنامەی مەسارات لە کەناڵی ئەلجەزیرە لە ساڵی ٢٠٠٨ لەبارەی ئەو جۆرەی توێژینەوەی ئەکادیمی و لێکۆڵەرانی دنیای عەرەبیی ئیسلامییەوە بۆ مێژووی عەرەبیی ئیسلامیی و هەروەها سەروەر و باڵادەستکردنی جۆرێک لە تێگەیشتنی وەهابییانەی سەلەفیی سعودیی بۆ دین و هەژمونکردنی لە ئاستێکی جیهانییدا.

زمان، یادگە و خەیاڵگەی کۆیی

فێربوونی هەر زمانێک سەرباری جۆراوجۆرێتی لە زماندا لەلای هەر کەسێک، کرانەوەی کلتوری و فەرهەنگی لەگەڵ فەزیلەتی شارستانیی و ئاشنابوون بە یەکێک لە ڕێگەکانی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی مرۆیی و یەکێک لە ڕێگەکانی داهێنان و بەشێک لە کەلەپوری مرۆییە. ئارکون سەبارەت بە کەمینەکان دەڵێت “هەر تاکێک لە کەمینەیەکی زمانیی لە هەر ووڵاتێکدا ناچارە سەرباری زمانی باوانیی وەکو کەمینەیەک، زمانی فەرمی ووڵاتەکەش بزانێت کە زمانی خوێندن و زمانی دەوڵەتە. زمان بە توندی پەیوەندیدارە بە دەوڵەتەوە. فێربوونی زمانێک جگە لە زمانی باوان، بەدەستهێنانی سامانێکی کلتوری و شارستانییە بۆ هەر کەسێک. زمان یادگەی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵە مرۆڤێکە. فێربوونی هەر زمانێک، ئاشنابوونە بە جۆرێکی دیاریکراوی تێگەیشتن و بیرکردنەوە، ڕێگەیەکی دیاریکراوی داهێنان لەلای کۆمەڵێکی مرۆیی، هەر بۆیە یونسکۆ داکۆکی لە مانەوەی زمانەکان و ڕێگریکردن لە لەناوچوونیان دەکات وەک بەشێک لە توراسی مرۆیی”

چواردەی ئەم مانگە “سێپتەمبەر” دەیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی بیرمەندی گەورەی “جەزائیری-ئەمازیغی” دنیای عەرەبی و ئەوەی ناودەبرێت بە جیهانی ئیسلامیی، محمد ئارکۆنە، توێژەرێک بە پاشخانێکی توێژینەوەی فیکریی ڕەخنەیی ئەکادیمیی زیاتر لە چل ساڵییەوە لە مێژوو، گوتار و بونیادە فیکرییەکانی دنیای عەرەبی و مێژووی ئیسلامیی بە خوێندنەوەیەک و تێگەیشتنێکی جیاوازەوە لە خودی دەقی قورئانیش. ئارکون، سەرەڕای زمانی ئەمازیغی کە زمانی باوانی بووە وەکو کەمینەیەک، زمانی عەرەبی، زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزیشی زانیوە. زۆرینەی کتێبەکانی بە زمانی فەڕەنسی نوسیوە و هەندێکی کەمیانی بە زمانی ئینگلیزی نوسیوە.
ئارکۆن خوێندنەوەیەکی فرەڕەهەندی ئەنترۆپۆلۆژیی بۆ بەشێکی گەورە لە مێژووی فیکری ئیسلامیی و بۆ هەندێک لە تێکستەکانی وەکو”الحکمە الخالدە بە فارسی جاودان خرد”ی ئبن میسکەوەی “ئیبن میسکەوەی، زانایەکی گەورەی ئیسلامیی-ئێرانیی سەدەی دەیەمی زایینییە” دەکات. فرە ڕەهەندیی توێژینەوە و نوسین و کتێبەکانی ئارکۆن، وایکردووە ببێتە یەکێک لە زانا و توێژەرە “یەکەمەکان” گەورەکان لە خوێندنەوەی مێژووی فیکری ئیسلامی، ڕەخنەی گوتاری دینیی، شیکردنەوە و ڕەخنەکردنی بونیادە عەقڵییەکانی دنیای سیاسی عەرەبیی و بە تایبەتی ڕەخنەی شیکارییانەی بۆ توێژینەوە و خوێندن لە ئاستی زانکۆیی و ئەکادیمی لە دنیای عەرەبییدا. ئەم نوسینە وەکو یادخستنەوەیەکە لە توێژەرێکی گەورەی مێژووی ئیسلامی و دنیای عەرەبی کە نزیکایەتیەکی ئێجگار زۆری بە دنیای ئێمەشەوە هەیە. قسەکردن لە مێژووی زیاتر لە چل ساڵیی توێژەرێکی وەها گەورە کات و ڕووبەری نوسینی فراوانتری گەرەکە. تەنها ئاماژەکردن بە کتێبەکانی و ڕانانییان، بۆ خۆی لە نوسینی کتێب نزیکدەبێتەوە. گرنگە جەدەل و مشتومڕێک کە نوسینەکانی ئارکون لە نێوەندی ڕۆشنبیری و ئەکادیمی عەرەبییدا دروستیدەکات، لە دنیای ڕۆشنبیری و فیکریی ئێمەشدا دەنگدانەوە و گفتوگۆی لەبارەوە هەبێت.
خوێندنەوەی ئارکون یەکێک لە پێویستیەکانی دنیای ڕۆشنبیریی ئێمە و دنیای ئەکادیمی و کایەکانی بەرهەمهێنانی زانستیی ئێمەیە. تێگەیشتن و خوێندنەوەی ئارکون، هیچی کەمتر نییە “ئەگەر زیاتریش نەبێت” لە خوێندنەوە و تێگەیشتنی فەیلەسوفان، کۆمەڵناسان و نوسەرانی خۆراوایی.




ناوی كتێب: نه‌ فخو وێنه‌ی (با) …نوسیینی: سەڵاح جەلال

بابه‌ت: رۆمان
نوسیین: سەڵاح جەلال
چاپی یه‌كه‌م: 2020
دیزاینو به‌رگ: كاربنی كامه‌ران
ئاسیت خوێنه‌ری وریا: سامان غه‌فور
چاپخانه‌ی: كۆشكی سه‌را
تریاژ: 1000
نرخ: 3000 هه‌زار دیناره‌
له‌ به‌رێوه‌به‌رێیت گشیت كتێبخانه‌ گشتییه‌كان ژماره‌ی سپااردنی
) 1812 ) ساڵی 2020ی پێدراوه‌.
ساڵی چاپكردن: 2020

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …




ئایین و توندوتیژی لەدژی ژنان … شوشان مستەفا

کەسانی بڕوادار بە ئایین، بەپێی ڕێسای کتێبەکانیان باس لە هەندێک ڕێسا دەکەن کە بەتەواوی پێشێلکەری مافی ژن وەک بوونەوەرە، ئەوەش هەموو ئایینەکان دەگرێتەوە و گشتیان دەڵێن، “خودا خاوەنی هەموو جیهان، سروشت و گیانلەبەرانە و مرۆڤ یەکێکە لە خۆشەویستەکانی خودا و ژنیش وەک ئافێنراوێکی خوا دەبێ ملکەچی ئەو یاسایانە بێ کە خوا بۆی داناوە”، ئەو یاسایانە هەتا ئێستا تەنیا و تەنیا ژنیان چەوساندووەتەوە و ئازادی و مافەکانیان لێ زەوت کردووە. جۆری پۆشین، تەنانەت جۆری دانیشتن و هەستان و ئاخاوتن، ژیانی هاوبەش پێکهێنان، پەیوەندیی سۆزداری و تەنانەت مافی ژن لە ناونانی منداڵەکەشی و … هەموو بەپێی ئایین، بۆی داندراوە و خۆی دەبێ ملکەچی بێ.
باڵاپۆشی (حیجاب)، خەتەنە، کارەکەری، کۆیلایەتی، وەکو پێداویستیەك بۆ خۆشگوزەرانیی پیاوان، بێدەسەڵاتی لە کاتی هەڵبژاردنی ژیانی هاوبەشدا لە کاتی دابەش کردنی ماڵ و ساماندا هەر دوو ژن بە پیاوێك دێتە ئەژمار و هتد ….. ، تەنیا بەشێک لەو ستەمانەن کە لە سەرجەم ئایینەکانی جیهاندا (بە هەندێک جیاوازیەوە) لە ژن کراوە و دەکرێ، هەرچەند لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان لە ڕێگای هەندێک میکانیزمەوە بەری پێگیراوە. ئەوەش نابێ نکوڵی لێبکرێ کە لە وڵاتگەلی پێشکەوتووی جیهانیشدا، ستەم و چەوساندنەوەی ژن بە شێوەی خۆی هەیە و بەردەوامە و ئەوەش وایکردووە کە ژن بەپێچەوانی ناخی خۆی، زۆرتر تەریک بکەوێتەوە کە باس لەو کۆمەڵگایانە و خەسارناسی کردنیان، باسی ئەم بابەتە نیە و پێویستە بابەتی تری لەسەر بنووسرێ و لە ڕوانگەی دەروونناسی و کۆمەڵناسیەوە، تەنانەت کاری لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر بکرێ.
بەڵام خاڵێکی هاوبەش و جێگای سرنج لەمەڕ چەواندنەوە و ستەم کردن لە ژن ئەوەیە کە، لە سەرەتای هاتنە ئارای ئایینەکانەوە جا هەر لە ئایینی یەهودیەوە تاکودەگاتە ئایینی ئیسلام و ئەمڕۆشی لە گەڵ بێت ئەم خاڵانە ڕەچاو کراون و لە سەر توندو تیژی دژ بەژنانبەردەوام بوون و هەن.
هەرچەند جێگای ڕامان و پرسیارە کە، بەپێی توێژینەوەیەکی ناوەندی بیۆ کە 84 وڵاتی گرتووەتەوە و لە ئاستی ئایین پەروەریی و پابەندبوون بە رێنەماییەکانی ئایین کۆڵیوەتەوە، چ لە ئیسلام بێ یان مەسیحیی یان یەهودییەت یان بوزیی یاخود هندۆس، ژنان لە نێو شوێنکەوتوانی هەموو ئایینەکان لە ئاستی جیهان زیاتر ئایین پەروەرن، ئەوە لە کاتێکدایە کە ژنان زۆرترین چەوسانەوە لەدەست ئایین دەبینن. ڕوون نیە ئاخۆ ئەوە پەیوەندی بە دەروونناسیی ئافرەتەوە هەیە کە لە ڕووی هەست و سۆزەوە جیاوازە و دەکرێ بڵێین، لایەنی ترسی تێدا بەهێزترە لە پیاو یانیش دەگەڕێتەوە سەر پەروەردە و کۆمەڵگا کە ئەمەش شیاوی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستیی بەربڵاوە کە چۆنە، بەپێی توێژینەوەکە لە ئاستی جیهان 83.4%ی ژنان باوەڕیان بە یەکێک لە ئایینەکان هەیە، کەچی تەنیا 79.9%ی پیاەوان لە جیهان باوەڕیان بە یەکێک لە ئایینەکان هەیە.
کوشتن لەسەر نامووس یان وەک دەگوترێ کوشتن لەسەر شەرەف یا کوشتنی نامووسیی یا لەدیین ھەڵگەرانەوە یەکێکە لەو بەرەکەتانەی ئایین کە بۆ ژنی بە دیاری هێناوە. کوشتنی نامووسی بریتییە لە کوشتنی ژن یان کچێکی خێزان بەھۆی باوەڕ و بیرۆکەی کەسی بکوژ کە بڕوای وایە کە قوربانییەکە بۆتە ھۆکاری سەرشۆڕ کردن یان شەرمەزاری و بێ ڕێزی بۆ سەر خێزانەکە یان قوربانییەکە سەرپێچی بنەماکانی کۆمەڵگە و ئایینی کردووە لەرێی ئەنجامدانی یەکێک لەمانە: جیابوونەوە یان تەڵاق وەرگرتن لە ھاوسەرەکەی، ڕەت کردنەوەی ئەنجامدانی ھاوسەرگیری ڕێکخراو لەلایەن خێزانەوە، ھەبوونی پەیوەندییەکی سۆزداری ناپەسەندکراو لەلایەن خێزانەوە، ئەنجامدانی کردەی جووت بوون (سێکس کردن) لە پێش یان لە دەرەوەی ھاوسەرگیری دا، بوونە قوربانی لاقەکردن یان دەستدرێژی سێکسی، پۆشینی جۆرە پۆشاکێک کە بە نەشیاو ھەژماردەکرێت، ھەبوونی پەیوەندی سۆزداری ھاوڕەگەزانە یان پاشگەزبوونەوە لە باوەڕێکی ئایینی.
ئەو دیاردە قێزەونە، سەرەڕای هەوڵێکی زۆری ڕێبەرانێکی ڕووناکبیر و پێشکەوتوو لە جیهاندا، هەتا ئێستاش لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە وڵاتانی پێشکەوتووشەوە ماوە، هەرچەند رێژەی نێوان وڵاتانی پێشکەوتوو و وڵاتانی ئیسلامی بۆ بەراورد کردن نابێ. یاساکانی ناپۆلیۆن ڕێگەی نەدەدا بە ئافرەتان ھاوسەرە ناپاکەکانیان بکوژن بەڵام لەھەمان کات دا ڕێگەی دەدا بە پیاوان ژنە ناپاکەکانیان بکوژن.ئەم یاسا فەڕەنسییە ناپۆلیۆنییە لەلایەن وڵاتە عەرەبییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە سوودی لێ وەرگیراوە و بووە ھۆی ھاندانی وڵاتی ئوردن لە دانانی بەندی ژمارە ٣٤٠ کە ڕێگە دەدات بە کوشتنی ژن و خۆشەویستەکەی لەلایەن مێردەکەیەوە ئەگەر تاوانی ھەبێت لە کاتی کردەی ناپاکییەکەدا بیگرێت.
توندو تیژی کردن لە دژی ژنان، یەکێک لە قێزەونترین دیاردەکانی هەموو تەمەنی مرۆڤایەتیە و بە توند و تیژی لە دژی ژن، کۆمەڵگا بە شێوەکی ڕاستەوخو زەرەمەند دەبێت دەشڵەژێت و کێشەی مەزند دێتە بەردەم پڕۆسەی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا.
بەڵام هێشتا توندوتیژی وبیمافی و نابەرابەری و هەڵاواردنی ژنان، کۆتایی نەهاتووە. لە وڵاتە دواکەوتوەکان وژێر سایەی دەسەڵاتە قەومی وسەربازی و ئیسلامیەکاندا، شەرماوەرە.
ەهەموو ئەو وڵات و دەوڵەتانەی دین تێکەڵی یاسا و پەروەردە و فێرکردن کراوە، بەهەمان شێوە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنانیش یاسایی کراوە. پیاو سالاری دەوڵەت چۆته‌ پشتی، کوشتنی ناموسی بەرگی رەوایی پێدراوە… لەم نێوەدا عێراق وکوردستان، گۆشەیەکی دنیای نابەرابەریی ئەم سەردەمەیە. ئەگەر نیزامی سەرمایەداری سەرچاوەی سەرەکی نابەرابەری نێوان ژنان و پیاوان بێت… ئەوا نابەرابەری نێوان ژن و پیاو، سوکایەتیو توندوتیژی و کوشتاری ژنان لە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامیسیاسی عروبی عێراق و دەسەڵاتی ناسیونالیزمی میلیشایی کوردیدا، بەیاسایی کراوە… قوربانیانی توندوتیژی و ئاماریکوشتاری ژنان، لە ئاماری قوربانیانی جەنگی دەسەڵاتیناوخۆیی و دەستی داعش و کیمیابارانی هەڵەبجە… زیاترە. هەروەکو چۆن هیچ کەسێک لە دزان و تاڵانچیانی داهاتی خەڵکیکوردستان و دزانی قوتی مناڵان و گەندەڵکاران، رووبەڕووی لێپرسینەوە ولیپێچینەوەی یاسایی نەکراونەتەوە، بە هەمان شێوەش تۆمەتبارانی توندوتیژی و کوشتاری هەزاران ژن، هێشتا ئازادن و دەسەڵاتی پیاوسالاری و میلیشیایی کوردی، پارێزەریی بکوژی ژنان خۆێ لەپشتی ئەم تاوانکاریەییە.
« ئازادی بۆ ھەمووان »

شوشان مستەفا




بەڕێزان بەرهەم ساڵەح و مستەفا كازمی , لە بری سەرماچكردن دەست بەجێ داوای لێبوردن بكەن! … عەلی مەحمود محەمەد

17 ساڵی تەواوە، لە پای ئەو تاوانانەی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان لە رابردوودا ئەنجامی داوە، داوا دەكرێت سەرۆك كۆماری عێراق وەك رەمزی باڵای وڵات داوای لێبوردن بكات، ئەركی جەنابی تاڵەبانی و بارزانی و فوئاد مەعسوم بوو پێشتر ، ” بارزانیش مانگێك بووە سەرۆك كۆمار”دەبوایە ئەو ئەركەیان جێبەجێ بكردبایا، دەیان جار ئەم داوایەی بەرەو رویان كرایەوە، وەڵام هەر نەبوو، ئەوان نەیانتوانی بە ئەركی ئەخلاقی خۆیان هەڵبستن و سەروەریەك بۆ مرۆڤایەتی و مێژوو تۆمار بكەن، تەنها بۆ كورد نەبوو بەڵكە بۆ مرۆڤایەتی بزز، ناویان لە ریزی ئەوانەدا تۆمار بكرێت لە وڵاتانی خۆیان بەو شێوە هەڵوێستە هەڵستاون،مێژوو لە یادیان ناكات, چەندین بۆنەیە, هەمان داوا لە دكتۆر بەرهەم ساڵحیش دەكرێت , جارێكی دیكە بە جوتە هەمان داواكاری دەخەینە بەردەست هەردوكتان , ئێمە پێویستمان بە وتەی سۆزداری و كردەی پۆپۆلیستی نییە, ئێمە دەمانەوێت لە گەڵ مێژووی ئەم وڵاتە ئاشتمان بكەنەوەو دڵنیاشمان بكەنەوە , ئەوجۆرە تاوانانە دوبارە نابنەوە, بەوەی داوای لێبوردن لە گەلی كورد بكرێت , بەڵگەنامە شاراوەكان ئازاد بكرێن, تۆمەتباران دادگایی بكرێن, عێراق ببێتە ئەندامی ئای سی سی, قەرەبووی قوربانیانیش بكرێتەوە.
لەم مەڵبەندەی جینۆسایدە كە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەم وڵاتەی ئێمە كە ناوی كوردستانە، شوێنێك پنتێك نییە بۆ لێبوردەیی مرۆڤەكان، روباری خوێن، دنیایەك هەڵە، وەحشیەت بونەتە بەشێك لە كلتوری ئێرە, بۆیە دان نان بە راستییە تاڵەكان و داوای لێبوردن كردن بەشێكە لە ساڕێژی برینەكان.
مێژوویەك ئێمە دەبەستێتەوە بەم وڵاتانەوە لە ناو خوێن و ئێسك و پروسكدا غەرق بووە، بۆ سڕینەوەی ئەو تاڵیانە پێویستمان بە دادپەروەرییە، لێ دادپەروەری و ئاشتەوایی پێكەوە گرێدراون، بە بێ یەكەم ئەنجامدانی دووەم زەلالەتە و هەرگیز بەدی نایات، وەك ئەوەی سیاسییەكانی كورد لەمڕۆدا دەیكەن، لێبوردەیی هەموو كات دوای دان نان بە راستیەكانی تاوانەكان و دادپەروەریەوە دێت، تاوانبار و قوربانیەكان لە ئاوێنەی دەرخستنی هەقیقەت و راستیەكانی رابردوەوە وەك ئەوەی هەن دەردەكەون نەك وەك ئەوەی لە تاوانەكانی رابردوو بشورێنەوە، كارێكی زۆر ناشایستەو ناڕەوایە داوا لە قوربانیانی تاوانەكان بكرێت ئاشتەوایی بكەن، لە كاتێكدا هێشتا دادوەری بە ڕۆڵی خۆی هەڵنەسابێت و دان بە راستیەكان و هەقیقەتی تاوانەكان نەنرابێت و تاوانباران دادگایی نەكرابێتن لە پێناو رزگار نەبوون لە سزاو بە دكۆمێنت كردنی تاوانەكان و دەرخستنی راستیەكان و نووسینەوەی روداوە تاڵەكان !!

لە ئەزموونی خوارووی ئافریقیاوە فێر بین كە “باسكردنی سەرچاوەی تاوانەكان، دانپێنان، قەرەبووكردنەوە، دان نان بەو تاوان و ئەو كارەساتانەی لە رابردوو روویان داوە، هەندێك جار زۆر پڕ بایەخترە لە زانینی حەقیقەتەكانی بابەتەكە، ئەگەر چی مەرج نییە هەموو ئەو كەسانەی كە ئازاریان چەشتووە پێویستیان بە داوای لێبوردن كردن هەبێت بەشێوەیەكی ڕەسمی تا ناكۆكیەكان ڕابردوو لەبیر خۆیان ببەنەوە، لێكۆڵینەوە لە پرۆسەی لێخۆش بوونی “كۆمسیۆنی حەقیقەت و پێكهاتنەوە لە باشووری ئافریقا” ئەوە پیشان دەدات كە قەبوڵكردنی سەرەنجامەكان تا ئەندازەیەكی زۆر زیاد دەكات، كاتێك قوربانیان ی ان كەسوكاری قوربانیەكان دانپێنانێك و داوای لێبوردنێكی شەرعییان پێ دەگات. “پێكهاتنەوە چارلس ڤیلا ڤیسیستۆ”.
قەرەبووكردنەوە تەنها پاداشتی مادی نییە لە بەرامبەر ئەو زیانانەی لە قوربانیان كەوتووە, بەڵكە خۆی لە پاداشتی مادی یان ڕەمزی یان پێكەوە دەبینێتەوە, ڕەنگە پاداشتی دارایی بێت یان پۆزش و داوای لێبوردنكردن بێت لە قوربانیان یاخود هەردووكیان پێكەوە, نابێت لە یادمان بچێت كە بژاردن هەم قەرەبووكردنەوەیە و هەم پەیمانیشە بۆ دوبارە نەكردنەوەی تاوانەكانی ڕابردوو لە ئایندە, ئێمە لەم مەڵبەندی جینۆسایدە پێویستمان بەمەیان زیاتر كە روداوەكان رابردوو دوبارە نەكرێنەوە, وەك دەبینین بەردەوام لەناو بازنەكەداین, لە كاتێكدا نە قەرەبو كراوینەتەوە نە داوای لێبوردنیشمان لێكراوە, نە وڵاتیش بۆتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆیە روداوەكان لە ژینگەیەكی وادا ئاساییە دوبارە ببنەوە, وەك بەردەوام دوبارە دەبنەوە لە شەنگالەوە بۆ دوز و لە داهاتووشدا بۆ ناوەكانی دی, راستە ئەمانە رابردوو ناگۆڕن و ژیان بۆ قوربانیان ناگەڕێننەوە, وەلێ ژیان بۆ داهاتوو دور لە تاوان زەمانەت دەكەن .
قەرەبووكردنەوە كەرامەتی مرۆڤایەتی و هەندێك لە زیانە مادیەكان دەگەرێنێتەوە بۆ قوربانیان, بۆ ئەوانەی مافیان پێشێل كراوە, بۆیە مافی قەرەبوو مافێكی بێ ئەملاو ئەولای سازش هەڵنەگرتنی قوربانیانی كوردستانە, كەسیش بۆی نییە بە ناویانەوە ئەو سازشە بكات ئەگەر لە ترۆپكی دەسەڵاتیش بێت, دەبێت تەنها خۆیان لە بەرامبەر ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە بەم كارە هەڵبستن.دەوڵەتی ئەنجامدەری تاوان كە عێراقە نابێت لە بەرپرسیارێتی كارەكانی ڕابردووی تاوانەكان هەلبَێت, عێراقی ئێستا كە داوای لێبوردن دەكات و قەربووی قوربانیان دەكاتەوە, لە بەر ئەوە نییە بەرپرسە لە تاوان و هەڵەكان ڕابردووی سەدام, بەڵكە لە بەر پابەند بوونیەتی بە بەرژەوەندی گشتییەوە و كاركردنیەتی بۆ دووبارە تێكەڵكردنەوەی قوربانیەكان بەكۆمەڵگاو گەڕاندنەوەی كەرامەتە بۆیان و متمانەیان دەداتێ بەوەی عێراقی داهاتوو ئەوەی رابردوو نییە, لە تاوانەوە گواستراوەتەوە بۆ پۆزش هێنانەوە, لە ئەنجامدانی جینۆسایدەوە هاتۆتە سەر واژۆكەرانی پەیمانامە نێودەوڵتیەكانی بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر تاوانە مەزنەكان, تا ئەمانە نەكات یانی دوبارە بونەوەی تاوان لەكات و ساتدایەو هیچ گۆڕانكارییەك نەكراوە.
بە داوی لێبوردن كردن بەرپرسیارێتی هەڵگرتنی ئەو تاوانە گەورانەی لە ڕابردوودا ئەنجامدراون , تاكە زەمانەتی هاوسەنگی ڕاگرتنە لە نێوان مافی قوربانیان و بەرپرسیارێتی تاوانكاران, دەوڵەت بەردەوام دەبێت لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسەت و كاری فەرمانڕەواكانی پێشووی خۆی, ئەو بەرپرسیارییەتیە مانای تاوانبار بوون ناگەیەنێت, بەڵكە خۆ پاككردنەوەو شۆردنەوەیە لێی, پاككردنەوەی دەوڵەت و خودە لەو ڕابردووە تاڵە خوێناوییە پڕ لە تاوانە كە لەم وڵاتە رویانداوە, ئەمە لە باشووری ئافریقیا و شیلی و ئاڵمانیاو تەواوی ئەو وڵاتانەی گۆڕانكاری تیایاندا ئەنجامدرا لە پاش دەسەڵاتی نازیزم ئاپارتاید و دیكتاتۆریەت پەیرەو كرا, كوردیش چاوەڕوانی دەكات لە ئێراقی نوێ كە ئێستا ئێوەی بەڕێز سەرۆك و سەرەك وەزیرانین ببێتە پرنسبێكی دەسەڵاتداریەتی داهاتوو .
سەرۆكی شیلی لاگۆس هەڵستا بە ناردنی نامەی پاساو هێنانەوەی كەسی یان داوای لێبوردنكردن بۆ سەرجەم كەسوكاری قوربانیانی دەست ڕژێمی سەربازی پێشوو بە سەركردایەتی بینۆتشە, ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 1996 ەوە بۆ 2008 درێژەی كێشا, كەچی خۆی و بیروباوەڕەكەی قوربانی و نەیاری ئەو دەسەڵاتە بوون كە تاوانی ئەنجام دابوو, ئەو نامانەی ناردی بۆ سەرجەم قوربانیان ئەویان نەكردە تاوانبار, بەڵكە نامەكانی وڵاتی لە تاوانەكانی بینۆتشەی تاوانبار شوشتەوەو ناشرینیەكانی پاككردەوەو خۆشی بردە ریزی سەركردە مەزنەكانەوە, بۆیە دەبێت عێراق لە تاوانەكانی سەدام حوسێن بشۆردرێتەوە.
بۆ ئەوەی ئەوكارە بكرێت پێویستمان بە مرۆڤی مەزنە بۆ مێژوو.قوربانیانی دەستی ڕژێمی نازی ئاڵمانیاش, لە پاڵ قەرەبووی مادی, هەر یەكەیان نامەی سەرۆك كۆمار “یوهانز راو” یان پێگەیشت, كە لە نامەكەیدا داوای لێبوردنی لە قوربانیانی دەسەڵاتی نازی هیتلەر كردبوو.”تعویز العمال الاسترقاقیین والقسریین فی المانیا النازیە-یونامی “, لە دوا هەڵوێستیشدا بڕیار درا جووە جەزائیرییەكان كە زۆرینەیان لە فەرەنسا دەژێن , ئەوانەی لە مەحرەقە رزگاریان بووە, هەر یەكەیان بە 2300 ئیرۆ قەرەبوو بكرێنەوە , هەروەسا سەرۆكی ئەڵمانیا یواكیم غاوك دانی بەوەدا نا كە ئەڵمانیا بەرپرسیارێتی بەشێك لە جینۆسایدی ئەرمەنی دەكەوێتە ئەستۆ .

لە تەیموری ڕۆژهەڵاتیش گەل داوای قەرەبووی ماوەی داگیركاریشی كردەوە لە دەسەڵاتی ئەندەنوسی لە پاڵ قەرەبووی پێشێلكارییە گەورەكان, ئەمەش بۆ كورد جێگای هەڵوێستەیە و پێویستە وانەی لێ وەرگرترێت, لەوكاتەی زەمەنی سزادانی بكەرانی داگیركاری وەك كۆیلەداری ئێستا دوای جۆرج فلۆید هاتە پێشەوە, كە لە ماوەی رابردوودا بێ ویستی خۆی داگیر كراوەو سامانەكەی تاڵان كراوە. , دەبینین هەنووكە وڵاتانی كاریبی تەنها بە داوا لێبوردنكردن رازی نابن, لە پاڵیا داوای قەرەبووش دەكەن لە وڵاتانی بەریتانیاو فەرەنساو پورتوگال لە هەمبەر سەردەمی كۆیلەداری.شیراك سەرۆكی كۆچكردوی فەرەنسا داوای لێبوردنی كرد لە بەرامبەر گرتنی 13 هەزار جولەكە لە پرۆسەی ئەلفیل دیف لە ساڵی 1942 لە میانی جەنگی جیهانی دووەم و پاشان بە كۆمەڵ كوشتنیان لە لایەن هیتلەرەوە, هەرچەندە ئەو وەك بیروباوەڕ و پرۆسە لێی بێبەرییە.هەرچەندە ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا سەبارەت بە جەزائیر وتی نە ئینكار كردن وە نە داوای لێبوردن كردن, لێ ئەنجومەنی یاسایی فەرەنسا لە 8ی شوباتی 2018 بڕیاریدا هەموو قوربانیانی جەنگی نێوان ساڵانی 1954 بۆ 1962 كە لە جەزائیر دەژیان لەو كاتەدا قەرەبو بكرێنەوە, هەرچەندە هێشتا فەرەنسا دانی بە هەقیقەتی یاسایی تاوانەكانی خۆی لە جەزائیر نەناوە كە ملیۆن و نیوێك قوربانی لێكەوتۆتەوە , تەنانەت جەزائیریەكان نەك داوای لێبوردن و قەرەبووی تاوانەكانی سەردەمی داگیركاری دەكەن, بگرە داوای قەرەبووكردنەوەی روداوی تاقیكردنەوی چەكی ناوكی لە ناوچەی رقانی وڵاتیش دەكەن , كە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هەژماریان كردووە, كەلە لایەن فەرەنسیەكانەوە ئەنجامدراوە. لە سیرالیۆنیش لە ساڵی 2010 سەرۆكی وڵات بە شێوەی فەرمی داوای لێبوردنی لەو ژنانە كرد كە قوربانی ململانێ چەكداریەكان بوون, لە كەمبۆدیا سەرباری ئەوەی ناوی قوربانیان لەسەر ماڵپەڕی دادگای نێونەتەوەیی كەمبۆدی بڵاو كرایەوە داوای لێبوردنیشیان لێكرا, لە 23ی نۆڤەمبەری 2011 ەش ئەردۆگان بە فەرمی لە بەرامبەر تاوانی جینۆسایدی دەرسیم لە بری دەوڵەتی تورك بە شێوەی زارەكی داوای لێبوردنی كرد, بەڵام داوای لێبوردنەكان پێویستە بە نوسراوبن و بڕیاری فەرمییان بۆ دەرچێت و هەڵوێستەكان دوربن لە بەرژەوەندی سیاسی, لە ویژدانەوە دەرچوبێت, ئەگەر مامەڵە وەك تاوان دەكات ئەوا پێویستە دان بە جینۆسایدی ئەرمەنیەكانیش بنێت و كۆتایی بە نكۆڵی كردن بهێنێت, كۆتایی بەو شەڕە سەختەی لەبەرامبەر دەرخستنی حەقیقەتی یاسایی كۆمەڵكوژی ئەرمەن گرتویەتیە بەر, ملكەچی حەقیقەتە مێژویەكان بێت, تۆنی بلێر سەرەك وەزیرانی پێشوی بەریتانیا داوای لێبوردنی لە سەردەمی كۆیلەداری و ماندێلاش داوای لێبوردنی لە قوربانیانی كردارە سەربازییەكان لەسەردەمی خەبات دژ بە ئاپارتاید كرد.
لە ساڵی 1998 دا بیل كلنتۆن لە سەردانی بۆ وڵاتی رواندا داوای لێبوردنی كرد لە رواندیەكان, بەهۆی هەڵوێستی حكومەتی ئەمەریكاەوە لەو گەل كوژیانەی لەو وڵاتە رویان دا, شینزۆ ئەبی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن, رەتی كردەوە سەبارەت بە دۆسیەی ژنانی رابواردن داوای لێبوردن لە كۆریەكان بكات, وەلێ سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن تۆمیشی مۆرایاما لە 15ی ئۆگستسی 1995 بە بۆنەی 50 ساڵەی كۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە لە بەیاننامەیەكدا داوای لێبوردنی لە هەموو ئەوانە كرد چ وڵاتەكەیانی داگیر كردووە وە یان وڵاتەكەی لە میانی جەنگدا زیانی پێ گەیاندوون, ژاپۆن و كۆریای باشور پەیوەندی بەرزی ئابووریان هەیە, ساڵی رابردوو بازرگانی نێوانیان گەیشتە 80 ملیار دۆلار, بەڵام شەڕیان لەسەر یادەوەریەكانی رابردووە, ئەمەش كاری لەسەر ئەو پەیوەندییە ئابووریە زەبلاحە داناوە, كێشەی ژنانی رابواردن بەردەوام سەر هەڵدەداتەوە, هەرچەندە لە ساڵی 1965 لەسەری رێكەوتوونە و ژاپۆن بە بڕی 9,3 ملیۆن دۆلار قەرەبویانی كردۆتەوە, كۆریەكان داوای قەرەبوو بۆ ئەو كرێكارانەش دەكەن, كە ژاپۆنیەكان بە سوخرە كاریان پێكردوون, هەرچەندە ئەو كرێكارە كۆریانەی بردران بۆ كاری زۆرە ملێ لە ژاپۆن, دواجار بونە ناوكی گەشەی ئابووری كۆریا,لەو بارودۆخە زۆر شت فێر بوون. لە فبرایری 2008دا سەرۆك وەزیرانی پێشوی ئوسترالیا داوای لێبوردنی كرد لە هەمبەر تاوانێك كرد كە بەرامبەر هاووڵاتیانی رەسەنی ئوسترالیا بە تایبەت دزینی 17000 لە منداڵەكانیان, لە كەنەداش پەیكەری یەكەم سەرەك وەزیران جۆن مەكدۆناڵد شكێنرا, بەهۆی سیاسەتی پڕ لە زەبرو زەنگی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی رەسەنی كەنەدا, كە لە نێوان 1863 بۆ 1896 سەرەك وەزیرانی كەنەد بووە, بە زۆر 150000 منداڵی لە هاووڵاتیانی رەسەنی كەنەدی لە خێزانەكانیان سەندووەو ناردویانیەتە 130 قوتابخانەی تایبەتەوەو لە بەشی ناوخۆیی زیندانیانی كردووە, زۆریان ئەشكەنجە دراون, تەنانەت هەندێكیان مردوونە, ناوی 2800 كەسی لەو قوربانیانە ئاشكرا كراوە , زمانی رەسەنیان قەدەغە كراوە و كلتوریشیان یاساغ, ساڵی 2008 سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی كەنەدا ستیفن هاربەر داوای لێبوردنی لێیان كرد, هاوكات قەرەبووی قوربانیانیش لە روی مادیەوە كرایەوە بە 2,3 ملیار دۆلار, لە ساڵی 2017 سەرۆك وەزیران جاستن ترۆدۆ داوای كرد پاپای ڤاتیكانیش هاوشێوە داوای لێبوردن بكات, بەهۆی هەڵوێستی ئەوكاتی كەنیسەوە , لێ سەرۆك وەزیرانی نەمسا سیباستیان كۆرتز داوای لێبوردنی كرد سەبارەت بە پێشوازیكردنی وڵاتەكەی لە سوپای هیتلەر.بە پێچەوانەی نموونەكانی سەرەوە حكومەتی راستگەرای پۆڵەندا سزای 3 ساڵی دانا بۆ ئەوانەی پۆڵەندیەكان بە هاوبەش دادەنێن لە تاوانی هۆلۆكۆست و دان دەنێن بە رۆڵیان لە تاوانەكە, ئەمەشیان بە داكۆكی لە كەرامەتی نیشتمانی دانا, بۆخۆی ئەمەش داكۆكیە لە هاوبەشانی تاوانەكانی نازیەت, ئەمەو نموونەی زۆری دیكە لە بەردەستدان و نموونەكانیش لە زیادبوندان.
ئەو قەرەبووە مادیانەی بە بێ یاسا و ئاشكرا كردنی ڕاستیەكان و داوای لێبوردنكردن لە لایەن دەوڵەتی بكەری تاوانەوە دەبەخشرێت وەك خوێن بایی و هەوڵی كڕینی دەنگی قوربانیان تەمەشا دەكرێت لە بڕی سڕینەوەی رابردووی خوێناوی , كورد پێویستی بە خوێن بایی عێراق نییە, بەڵكە چاوەڕوانی ئەوەیە دەوڵەتی بكەری تاوان بە فەرمی لە رێگای بەرپرس و سەرۆكەكەیەوە بە بڕیاری رەسمی داوای لێبوردنی لێ بكات, بەڕێز بەرهەم ساڵەحیش كە هەنووكە لە سەروی فەرمەنڕەوایی ئێراقەوەیە و كازمیش سەرۆك وەزیرانە ئەركە لەسەریان بەمكارە هەڵبستن, وەك ئەو سەرۆك وەزیران و سەرۆكانەی ئاماژەمان بە ناوەكانیان دا بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە نامە بۆ یەك بە یەكی قوربانیانی جینۆساید لە كوردستان و عێراق بە تایبەتی و سەرجەم قوربانیان بە گشتی بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی بنێریت, ئەمە وەك تاك وەك نەتەوەش داوای لێبوردن لە كورد و توركمان و ئاشور و كلدان و شیعە و كریستان و ئێزیدی و سائیبە …. بكرێت, هیوادارم بەم ئەركە هەڵبستین و هەڵەكانی تاڵەبانی و بارزانی و مەعسوم و عەلاوی و عەبادی و مالكی و عادیل مەهدی دوبارە نەكەنەوە.چاوەڕوانین هەموو قوربانیانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێشێلكاری گەورە لە كوردستان و عێراق لە جەنابی سەرۆك و سەرۆك وەزیرانەوە نامەی داوای لێبوردنیان پێ بگات لە زوترین ماوەدا, ئەوە گەورەترین پەیام و بەرزترین دڵنەوایی و چاكترین هەنگاوی پاككردنەوەی رابردووە, ئەگەر بەو ئەركە هەڵنەستن بە ئەركی ئەخلاقی و ویژدانی خۆتان هەڵنەستاون .داوای لێبوردنكردن بەشێك لە برینەكانی قوربانیان سارێژ دە كات, چاككردنی پەیوەندی تەنها بە داوای لێبوردن كردن و دادگاییكردنی تاوانباران و قەرەبووكردنەوەو زەمانەتی دووبارە نەكردنەوەی تاڵییەكان دەبێت, نەك بەناوچەوان ماچكردن.




دووبارە پێناسەکردنەوەی کوردبوون ئاوڕدانەوە لە دوێنێ.. هەنگاوێک بۆ سبەی … ستیڤان شەمزینی

دەست لە شەرحی دەردی کورد هەڵبگرە حەمدی چاترە
نەک بکا نەقلت هەتا رۆژی حەشر جەڕی مەقال
حەمدی ساحێبقڕان

یەکێک لە کێشە هەرە ریشەییەکانی کورد تاکو بە ئەمڕۆش دەگات ئەوەیە، نەیتوانیوە پێناسەیەک بۆ ئایدێنتیتی خۆی بکات، لە ئیتنۆلۆژیای خۆی بکۆڵێتەوە بە شێوەیەکی فرە رەهەند. ئەگەرچی لە دوای رووخانی ئیمارەتە ناوچەییەکانی کوردەوە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا “ئەم ساتەوەختەش زەمینەی رسکانی و گەشەکردنی دەوڵەت نەتەوەیە لە خۆرئاوا” سەردەمێکی تازە لە “شۆڕش”ی کورد دەستپێدەکات کە بە باڵای مێژووی نزیکی کورددا هەڵگەڕاوە، گەر ئێمە “شۆڕش”ەکەی شێخی نەهری بە خاڵی وەرچەرخان دەستنیشان بکەین لە ساڵی 1880، هەر لەم راچەنینەوە تاکو بە ئەم چرکەساتە دەگات، ئەوەی لەناو بزووتنەوەی کوردییدا ونە، پێناسەیە. زۆرێک لە شۆڕشەکانی ئێمە بە پێی کۆنتێکستەکانیان، شەقڵی خێڵەکیانە و تەریقەتگەریی و سوونیگەرایی و ناوچەگەرییان هەبووە، ئەمەش رێگەی لە سەردەرهێنانی شوناسێک گرتووە، بەناوی شوناسی کوردبوونەوە، بە واتایەکی تر بە درێژایی 140 ساڵی رابردوو کۆی شۆڕش و راپەڕین و راچەنینەکانی کورد، نەیانتوانیوە کوردبوون بکەنە سەنتەری سیاسیی و فیکریی خۆیان، یان بەشێوەیەکی زۆر پریمتیڤ و کلاسیکیانە بەم ئەرکە هەڵساون، ئەمە بۆچی وابووە؟ رەنگە زۆر فاکتۆری جۆراوجۆری هەبێت، بەڵام ئەوەی لای من لە هەموویان گرنگترە، نەبوونی فیکرێکی پوخت بووە.
مەبەستی ئێمە لە “بیری پوخت” هزرێکە لە ناو مێژوو و کولتوور و زەمینەی سیاسیی و فەرهەنگیی کورد خۆیەوە رسکا بێت و گەشەی کردبێت، هەمیشە کوردبوون بارگاویی بووە بە بیری مەزهەبگەرایی و ئاینیی و ئایدۆلۆژیا هاوردەکراوەکانی دنیای خۆرئاوا، بۆیەکا ئەوەی سەرکردایەتی بزووتنەوەی کوردیی کردووە یان خاوەن ئۆتۆریتەیەکی ئاینیی و تەریقەتی بووە، یاخۆ لە باشترین حاڵدا چەپێکی لۆکاڵی بووە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کوردبوون بە میتۆدێکی زانستی لەلایەن نوخبەوە فۆرمۆڵەبەندیی نەکراوە. کوردبوون پێش ئەوەی بزووتنەوەیەکی سیاسیی بێت، پێدراوێکی ئۆنتۆلۆژییانەیە، وەها پێویستی دەکرد و دەکات، لە پێشنۆرەدا ئەم پێدراوە لەلایەن رۆشنبیرانەوە پێناسە و ئەنالیز بکرێت. هەروەک ئەوەی زۆرێک لە نەتەوەکانی تر، بەم جۆرە بیری نیشتمانی خۆیان پێشخستووە. هەڵبەتە لێرەدا قسە لەسەر ئەوەیە، کوردبوون دەبێت پێش سیاسەت و پراکتیس، فیکر و تیۆر بێت. لەسەر مەبنای ئەو تیۆرە بزووتنەوەی سیاسیی بە هەنگاوی کرداریی پێ بخاتە ناو گۆڕەپانەوە. ئەگەرچی هاشا لەوە ناکرێت لە پێشتردا ئەم تیۆرسازییە بەشێوەیەکی سەرەتایی کاری بۆ کراوە، بەڵام لە درێژەدا ئەوە دەخەینە بەر باس ئەم هەنگاوانە لە کوێدا کورتیان هێناوە و بۆچی نەیانتوانیوە، کوردبوون وەک ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت گەلاڵە بکەن.

دنیای نوێ .. دنیای بۆشایی
دنیای نوێ بە تایبەت پاش کۆڤید نۆزدە، دنیایەکە هیچ رووخسارێکی هاوبەشی لەگەڵ دنیای پێشوودا نەماوە، وەک فاکتێکیشی لێهاتووە کە هەمیشە دوای پەتا گەورەکان، دنیا خۆی نوێ دەکاتەوە و کۆمەڵێک نۆرم و سیستم و فەرهەنگ جێدەهێڵێت لە پێشووتردا بە پیرۆز دادەنران. ئەمە لە دیمەنی پەتا گەورەکەی سەدەی چواردەدا بە روونی دەبینرێت، لەدوای ئەم پەتایە دەسەڵاتی کەنیسە لاواز دەبێت، چەرخێکی تازە دەستپێدەکات لە بری ئاین رۆڵ دەداتە زانست، ئەم رەوتە مرۆڤایەتی دەگەیەنێتە مودێرنێتە، ناوەڕۆکی مودێرنێتە وەرچەرخانی کۆمەڵگە بوو بەرەو زانستگەرایی، پەڕینەوەی مرۆڤ بوو لە رابردووخوازییەوە بەرەو ئایندەخوازیی، هەموو بەها کۆنەکانی وەک ئاین و ترادیسیۆن و بیرکردنەوەی خورافی تێکشکاند و کۆمەڵێک بەهای نوێی هێنایە ئارا، کە ئازادیی یەکێک لە بەها سەرەکییەکانی بوو. لە مودێرنەدا هەموو شتەکان بە خێرایی سیستماتیک کران، تەنانەت زمان و زانست و ئەدەبیش سیستمی تایبەتی خۆیان بۆ دانرا، هەر لێرەدا ناسیۆنالیزم وەک سیستمێکی سیاسیی لەسەر بنەما میتۆلۆژییەکان بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتان لە دایکبوو، بەڵام پۆست مودێرنێتە “لیوتار لە کۆتایی هەفتاکاندا، دەورانی پاش جەنگی دووەمی جیهانی ناونا پۆست مودێرنێتە” بە پێچەوانەوە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەگەرایی، بە مانایەکی تر پۆست مودێرنێتە هەموو ئەو حکایاتە پانوپۆڕانە پووچەڵ دەکاتەوە و هەڵیاندەوەشێنێتەوە لە هەناوی مودێرنەوە هاتبوونە دەر، لەم نێوەندەدا فەیلەسووفێکی وەک “ژاک درێدا” زیاتر لە هەر فەیلەسووفێکی تر جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوە دەکات و تەنانەت بە فەیلەسووفی هەڵوەشاندنەوەگەرایی ناوزەد دەکرێت.
ئەمێستا دنیا گەیشتۆتە میتا پۆست مودێرنەش، لەنێو ئەم جیهانە تازەیەدا ئەوەی روونە بۆشاییە. بە واتای بۆشایی ئایدۆلۆژیی و پوکانەوەی سیستمەکان. هەموو ئایدۆلۆژیا یونیڤرساڵەکان پووکانەوە و بوونە بەشێک لە دیرۆک. نیو لیبرالیزم و دیموکراسی و پلورالیزم و سۆسیالیزم، بەجۆرێک لە جۆرەکان رۆژگاری خۆیان گوزەراند، هەنووکە جیهان لە بۆشاییەکی سەرسوڕهێنەردا دەخولێتەوە، بەشێکی ئەو تێزەی قۆناغی ئەمڕۆ بە سەردەمی بێ بەهایی دادەنێت، نهێنییەکەی لەم بۆشاییە فیکریی و ئایدۆلۆژییەدا خۆی دەدۆزێتەوە. زۆرێک لە بیریار و فەیلەسوفانی دنیا مەترسی نیشان دەدەن لە بەهێزبوونەوەی ئەنگێزەی راسیستی و درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی رەوتە پۆپۆلیستییەکان، ئەمە تابلۆیەکە رۆژانە روونتر لەپێش چاوی هەمووان خۆی دەنوێنێت. ئەمە جگە لەو هەوڵە چڕ و جەهەنمییانەی لە ئارادایە بۆ گۆڕینی مرۆڤ بۆ ئامێرێکی بێ هەست و گیان لە رێگەی هۆشمەندیی دەستکرد و شۆڕشی ئای تییەوە، ئێمە سەرنجی خوێنەر رادەکێشین بۆ خوێندنەوەی تێزەکانی “یوڤاڵ نوح هەراری” لەم رەهەندەوە.

رەوشی ئێستای جیهان، بەرەو ئاقارێک مل دەنێت وەک ئەوەی بیریاری سۆفت پاوەری ئەمەریکی “جۆزیف نای” لە کتێبی “ئایندەی هێز”دا پێش دەیەیەک پێشبینی کردبوو، کە هیچ دەوڵەتێکی سوپەر پاوەر لە جیهاندا نامێنێت!!. ئەو روونی دەکاتەوە تەکنۆلۆژیا ئاڕاستەی هێز لە رۆژئاواوە بەرەو رۆژهەڵات دەچەرخێنێت، بەو پێیەی سوودمەندی یەکەم لە بەرکاربردنی تەکنۆلۆژیا رێکخراوە رادیکاڵ و توندئاژۆکانن، بەڵام بەڕێز نای، ئەوە لە بیر دەکات، فاکتۆری سەرەکی لەم نێوەندەدا گەنبوون و کرمێبوونی ئەو سیستمە سیاسییانەیە دنیایان پێوە بەڕێوە دەبرێت و زلهێزەکان وەک ئایدلۆژیای فەرمی قبوڵیان کردوون. لە روانگەی منەوە هەرچی ئایدۆلۆژیا هەن هەرەسیان هێناوە، ناتوانن وەڵامدەرەوەی دنیای نوێ بن، دیموکراسی وەک ئەو مۆدیلەی فۆکۆیامای شاگەشکە کردبوو تا ئەو ئەندازەیەی جاڕی کۆتایی مێژوو بدات، نەک هەر پیر بووە، بەڵکو لاشەیەکی مردووە و توانای یەک تاکە هەناسەشی نەماوە، بەدەربڕینی محەمەد بەرادعی هەنووکە “دیموکراسی بووەتە نێچیری پۆپۆلیزم”. تەنانەت دۆخەکە گەیشتۆتە ئەوەی باسی پۆست پارتی “دوای حزب” بووەتە ناوەڕۆکێکی گرنگی دەزگاکانی توێژینەوە، بەوەی قۆناغی ژێر سایەی زیرەکی دەستکرد و هەرەسی چینی ناوەند و کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ لەلایەن سیستمی کۆمپیوتەرییەوە، چیدی لەم چاخەدا حزبایەتی مۆدیلی نامێنێت! ئەمەش بەهەموو شێوەیەک واتای کۆتایی سیاسەت دەگەیەنێت.
بە کورتییەکەی جیهان بەرەو دابڕان لە یەکتر دەڕوات، هیچ سیستمێکی سیاسیی ناتوانێت ببێتە سیستمێک بۆ تەواوی جیهان. جیهانگیریش لەم قۆناغەدا توێ توێ بووە و هیچ کات مومکین نییە بچێتەوە سەروەختی پێش کۆرۆنا، لە باری واقیعیشەوە تا ئەمڕۆ هیچ سیستمێک دروست نەبووە فەرمانڕەوایی هەموو جیهانی پێ بکرێت، تەنانەت ئەو دیموکراسییە لیبرالییەی بانگەشەیەکی چەواشەکارانەی زۆری بۆ دەکرا، توانای فەرمانڕەوایکردنی هەبوو بەسەر کەمتر لە سێیەکی رووبەر و دانیشتوانی جیهانەوە، بەدەر لەوەی لەژێر سەرکردایەتی ئەمەریکادا زۆرێک لە دەوڵەتە ئۆتۆکراسی و تیۆکراسییەکان بە هاوپەیمانی سەرەکی ئەو سیستمە گەوار کرابوون. کەواتە چار چییە؟ پێش وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، دەمەوێت سەرنجتان رابکێشم بۆ دوو تێزی ئایدیالیستانەی چوونیەک، یەکەمیان ئەو دیدگایەی پێیوایە شکستەکانی دیموکراسی لیبرالی و جیهانگیریی، حەوجێیی چەپ و کۆمۆنیزم دەهێنێتە پێشەوە، ئەمە لە زمانی “سلاڤۆی ژیژەک” بەم دەربڕینە گوزارشتی لێکراوە “یان کۆمۆنیزم یان بەربەریزم” بەهەمان شێوە لای میشێل ئۆنڤرێ بە دامەزراندنی گۆڤاری “بەرەی خەڵک” و جەختکردنەوە لە تێکشکاندنی دیدی کلاسیکی و فراوانکردنی بەرەی چەپ، هەمان روانگە لایەنگریی لێ دەکرێت. دووەمیان ئەو دیسکۆرسە سەید قوتبیەیە باس لە داڕمانی شارستانی سکۆلار و نائاینیی دەکات و ئیسلام بەو فۆرمە رادیکاڵ و توندئاژۆیەی خۆیان گەڵاڵەیان کردووە بە دوا ئەڵتەرناتیڤ بۆ مرۆڤایەتی لە قەڵەم دەدات. هەردوو روانگەکە لەمەدا بە هەڵەداچوون، تەنانەت سەردەمەکە هیچ ئایدۆلۆژیایەکی تۆتال و گەورە هەڵناگرێت لەگەڵ خۆیدا.

دنیای ئەمڕۆ، زیاتر مرۆڤی تاک و تەنهاتر کردووە، نەتەوەکانی هێنایە سەر ئەو بڕوایەی هەر کەس دەبێت، بیر لە حاڵی خۆی بکاتەوە. ئەو هەراوزەنایەی باسی لە هاوبەندیی جیهانی و هاووڵاتی یونیڤرساڵ دەکرد، کۆڤید نۆزدە بەدرۆی خستەوە و عەبا رەشەکەی لەسەر ئەو زامە قووڵانە لابرد مرۆڤایەتی بەدەستییانەوە دەناڵێنێت. قۆناغەکە ئەوە دەڵێت هەر کەس پێویستە بیر لە ماڵی خۆی بکاتەوە. لەم نێوەندەدا دەبێت کوردیش کە لە هیچ ئاڵوگۆڕێکی گەورەدا ئامادە نەبووە، خۆی ئامادە بکات، وەک کورد بڕواتە ناو ئایندەوە، ئایندەیەک روون نییە، لە سایەی شۆڕشی زیرەکی دەستکرد و ئالگۆریتمەکانیدا چۆن دیزاین دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی روونە و کۆرۆنا وەک وانەیەک پێی وتین دەبێت خۆمان پێناسە بکەینەوە، هەمان ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە هانتینگتۆن لە کتێبی “ئێمە کێین؟”دا سەبارەت بە ئایدینتێتی ئەمەریکاییەکان وروژاندی.
رۆشنبیرانی جێماو و تیۆریزەی گەمژەیی
رۆشنبیری هاوچەرخی کورد، زۆرترین مەودا لە فەرهەنگ و کەلەپووری رۆشنبیریی رەسەنی کوردەواریی دوور کەوتووەتەوە. مانای نوێگەریی لای ئەم تیپە لە رووناکبیر دژ وەستانەوەیە بە فەرهەنگی نیشتمانی و خۆماڵی، لە بەرامبەریشدا هانابردن و خۆ رادەستکردنە بە کولتوور و رۆشنبیریی بێگانە. لێرەدا دەمەوێت ئەوە روون بکەمەوە، مەبەست لە کارلێک و ئینتگراسۆن و ئاوێتەبوونی رۆشنبیریی نێوان گەلان نییە، بەڵکو رووی رەخنەم لەو دەستەبژێرەیە وازیان لە رۆشنبیریی کوردیی هێناوە و کەوتوونەتە ژێر هەژموونی رۆشنبیریی فارسی و عەرەبی، کە رۆشنبیرییەکی خواستراو و خراپ کۆپیکراوی رۆشنبیریی رۆژئاواییە. نوخبەی نوێی کورد لە دەستی دووەم و سێهەمە بەر رووناکبیریی خۆرئاوایی دەکەوێت و دەیخوێنێتەوە. وەک خۆم لایەنگری تێگەیشتن و خوێندنەوەی رووناکبیریی هەر کۆمەڵگە و ژیارێکم، بەڵام تۆ دەبێت هەمیشە وەک کوردێک بچیتە ناو ئەو پرۆسێسەوە، بە پێچەوانەوە دەبیتە لاسایکەرەوەیەکی بەکاربەری ماندووکاری دەست و پێ سپی، وەک حاڵی حازر دەبینین رۆشنبیریی کوردیی تەنیا ژاوەژاوێکی چەمکسازییە، لەوە بەولاوە هیچی تری بەرهەم نەهێناوە هارمۆنی بێت لەگەڵ رۆحی کوردەوارییدا. ئەمە بەدەر لەو فەزا دەقپەرستی و مشەخۆرییەی بەسەر رۆشنبیریی ئێمەدا سەپێنراوە، کە دواجار ماکینەیەکی دڵڕەقە بۆ لە کوردخستنی کورد. ئەم ئافاتەش سەرئەنجام داوەشان و داتەپینی کۆمەڵگەی ئێمەی لێ کەوتووەتەوە لە هەموو رەهەندە جۆر بەجۆرەکانەوە.

رۆشنبیر کۆمەڵگە بەرهەم دەهێنێت. ئەوەی پێویستە بۆ بیناکردنی ژیان گەڵاڵەی دەکات. دەستی هەیە لە بەرینکردنی مەودای ئازادیی و فراوانکردنی دیدی مرۆڤ بۆ دنیا، خەیاڵی خورافی مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ ئەندێشە و دیدی ریالێتیی و زانستیی. بە هەموو شێوەیەک کار لە ژێرخانی کۆمەڵگەدا دەکات، پاشتر سیاسەتمەدار و تەکنۆکرات و توێژاڵەکانی تر و چینە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەم ژێرخانە چالاکی بۆ دروستکردنی ژیان و وڵات و دەوڵەت ئەنجام دەدەن. لە ئەزموونی هەموو جیهانەوە ئەوە سەلماوە، رۆڵی رۆشنبیر لەسەر کۆمەڵگە لە رۆڵی سیاسییەکان کاریگەتر و زۆرتر و فراوانترە. تەنانەت هەندێک هەوڵی رووناکبیریی تخوبی سەدەکان دەبڕن و نەمریی بەدەست دەهێنن، لە کاتێکدا سیاسەتمەدار کوڕی ساتەوەختێکی دیاریکراوە و زۆر دەگمەنن ئەو سیاسییانەی دەتوانن مێژوو بگۆڕن، وەلێ ئەوانیش بە پاڵپشتی تێزە رووناکبیرییەکان ئەم کارەیان راپەڕاندووە.
بەهەمەحاڵ رۆشنبیری کورد، هەم شکۆ و شانازیی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە لەناو کایەی رووناکبیرییەک بیر بکاتەوە و بوروژێت پەیوەندیی بە کۆمەڵگەی خۆیەوە نییە، هەم تووشی سەندرۆمی خۆ بەبچووک زانین بووە.
ئەگەر لای “ئادلەر” گرێی خۆ بەبچووک زانین هەوێنی داهێنان بێت، ئەوا لە دۆخی رۆشنبیری کورددا ئەم گرێیە بە خۆهەڵواسین بە رۆشنبیریی گەلانی تر کۆتایی هاتووە. بە پێچەوانەی رۆشنبیرانی سەرەتای سەدەی بیست و بگرە پێشتریش، ئەم نوخبەیە نەک هەر بەشدار نییە لە نیشتمانسازیی و گرێدانەوەی مرۆڤی کورد بە مێژوو و شارستانی دێرینی خۆی و ئامادەکردنی لە جەرگی واقیعی تازەدا، بەڵکو هەر لە بنەماوە رقی لە نیشتمانە و ئەو تێزە تۆختر دەکاتەوە کە لە پەراسووی رۆشنبیریی بێگانەوە خواستراوە “تەنیا پێڵاوەکانم بە نیشتمانەکەمەوە دەمبەستێتەوە”. لە کاتێکدا وەک “پیتەر سلۆتەردایک” روونی دەکاتەوە “زمانی ئەڵمانی تایبەتمەندییەکی سیمپاتیانە، بگرە سەختی هەیە لەوەدا کاتێک قسە لەسەر شوێنی لێوە هاتن دەکات Ort der Herkunf وشەیەکی پڕ دەنگمان بەناوی نیشتمان “Heimat”ەوە پێشکەش دەکات، لەبەرئەوەش پڕ دەنگە چونکە ئەو وشەیە وای کردووە، لێوەهاتن و حەزی گەڕانەوە بۆی و خەون بینین بە رابردووەوە هەموو پێکەوە بخاتە نێو یەک دەستەواژەوە: نیشتمان”. هەر بۆیە کاتێک بە کەناری رووباری رایندا پیاسە دەکەم، بەخۆم دەڵێم ئەم بیرکردنەوەیە ئەو ئەڵمانیا گەشەکردوو و ئاوەدان و دەوڵەمەندەی نووکەی دروستکردووە، ئاخر بەپێی دیدە “دی سوسێر”ییەکە مرۆڤ لە رێگەی زمانییەوە بیر دەکاتەوە.
کاتێک بیر لە رۆشنبیری کورد دەکەمەوە، نەک هەر خوو و رەوشتی نەوەی تازەی تێکداوە، بەڵکو جۆرێک لە بیرکردنەوەی زاڵ کردووە، نەفرەتکردن لە نیشتمان و شوناسی خۆت، هاوواتای مودێرنبوون و شارستانیبوون و پێشکەوتنخوازیی بگەیەنێت “لای من وشەی پێشکەوتنخوازیی شتێکی پووچە”. لەوە پتریش ئەم رۆشنبیرە تا دوا سنووری خۆی بووەتە کارگەی بەرهەمهێنانی رق و کینە لە دژی نیشتمان و کوردبوون. بۆ نموونە گروپی رەهەند لەبری هەر کارێکی تر پانتاییەکی فیکرییان کردەوە بۆ تەشەنەپێکردنی دیدی فەیلەسوفە چەپەکانی ئەوروپا لە فوکۆ و لیوتاردەوە بیگرە تاکو بادیۆ و ژیژەک، کاتێک رۆشنبیرێکی تر لە گۆشەیەکی بچووکەوە باسی ئایدێنتیتی کوردیی و نیشتمان بکات، یەک لێشاو ئینشانووس شاڵاوی بۆ دەهێنن و گێچەڵی پێ دەکەن، دواجاریش لە رووی فیکرییەوە تیرۆری دەکەن.
ئەم ئاوێنەیە شتی زۆرمان پێدەڵێت، بەو پێیەی ئەم رۆشنبیرییە زاڵە نیشتماندۆستی و کوردبوون، بە شۆڤێنیزم و رەگەزپەرستی ناوزەد دەکات، توانجی “قەومەچی” و “فاشیزمی کوردایەتی!!!” دوو توانجن لە عەقڵییەتی نەتەوە سەردەستەکانەوە، هاتووەتە ناو کایەی رۆشنبیریی ئێمەوە، رۆشنبیرگەلێکیش کاوێژی دەکەنەوە و سەر دەکەن بەسەر ماڵی هەر رۆشنبیرییەکی تردا کە ئارگۆمێنتی دژە نیشتمانی تێدا بدۆزنەوە، یان تێزەکانی “هانا ئارێنت” دێنن بۆ خوێندنەوەی بیری نیشتماندۆستی کوردیی کە لەوەتی هەیە جینۆساید دەکرێت، یان بە فەلسەفە فۆکۆییەکە دەسەڵاتی کوردیی دەخوێننەوە، لە بری هێرش بکەنە سەر دەسەڵات، نیشتمان سووک و ریسوا دەکەن، لەوە دوورتر تیرەکان دەهاوێژن، جوڵانەوەی کوردیی بە ناسیۆنالیزم تاوانبار دەکەن، ئەوەی سەیرە ناسیۆنالیزمی کورد بێ ئەوەی وجودی هەبێت لە قەفەزی تاواندا دانراوە، ئەمانەی ئەم گەمژەییە تیۆریزە دەکەن رۆشنبیرانی خیانەتکارن، ئەمانە کە هەنووکە ئایکۆن و نموونەی سوپەرن لە کایەی رووناکبیریی ئێمەدا بەرهەمهێنی فیگۆری جاش و خیانەتکاری فیکریین لە دژی شوناسی خۆیان و دۆزی گەلێکی بەشمەینەت لە پێناوی ئازادییدا.

ئارگۆمێنتێکی سواوی ئەم تایپە رۆشنبیرەی نهۆ، سەلماندنی ئەوەیە کورد لە مێژوودا هیچ نەبووە و بەشێوەی فیدراسیۆنێکی خێڵەکیی لە مێژوویەکی نزیکدا جێگەی گرتووە و تەنانەت ناوی “کوردستان” دەبەستنەوە بەوەی ئوستانێک بووە لە سەردەمی قاجاریدا. لەوە زۆرتریش دەڕۆن و نکۆڵی لە هەبوونی شارستانی و ئەدەب و رۆشنبیریی کوردیی دەکەن لە دیرۆکدا، تەنانەت تازە بە تازە ئەو قەوانە سواوە لێدەدەنەوە زمانی کوردیی رەسەنایەتی نییە و لە پەراسووە گێڕەکەی زمانی فارسییەوە دەرهاتووە. ئەمە ئەگەرچی چەواشەکردنی مێژووە، بەڵام ئەگەر گریمان کورد چەند هۆزێکی کێوییش بێت، ئایا داگیرکەرانی خاکی کورد ئەو مافەیان هەیە ئەم هۆزانە بچەوسێننەوە؟!. ئەم رۆشنبیرە بە حیساب پۆست مودێرن و ستراکچەراڵیستانە تەنانەت ئاگایان لە مرۆڤناسی گەورە “کلۆد لیڤی شتراوس” نییە پاش مانەوەی چەند ساڵی لەناو خێڵەکانی ئەمازۆندا و لە رێگەی تێزە ئەنترۆپۆلۆژییەکانەوە نەک ئۆرۆ سێنترالیزم و پاساوە پووچەکانی ئیمپریالیزمی هەڵوەشاندنەوە و کردنی بە سەفسەتەیەکی رووت، لە هەمان کاتدا بە لێکدانەوەی زانستی ئەوەشی بۆ سەلماندین شارستانێتی تەنیا لە یەک جێگەدا چڕ نەبووەتەوە و کولتووری هیچ گەلێک لەویتر نەویتر نییە، بەڵکو هەر کۆمەڵگەیەک فۆرمێکی کولتووریی خۆی هەیە، کە بنەما شارستانییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک پێکدەهێنێت.
دەمەوێت قسەکانم لە بارەی رۆشنبیری کوردەوە، لەمەدا چڕ بکەمەوە: بوونەوەرێکە بە ئاگا و بێ ئاگا رادەستی ئەجیندای نەتەوە سەردەستەکان بووە و بە شێوەیەک کەوتووەتە بن هەژموونی فەرهەنگییان وەک ئەوەی رۆڵی ریکۆردەر بگێڕێت. لە دیتنی مندا ئەم دەستەیە لە رۆشنبیری کورد تیۆریزەی گەمژەیی دەکەن و جاشێتی فیکریی رەواج پێدەدەن. هەروەک هەمیشەش شانی خۆیان لە بەرپرسیارێتی خاڵی دەکەنەوە و دەستی چەوری خۆیان بە سیاسییەکاندا دەسڕن، ئەم روانگەیە سەفسەتەیەک بوو، چیتر بڕ ناکات، تەنانەت لە دروست نەبوونی کۆمەڵگەیەکی دامەزراو و دەوڵەت و ئیدارەیەکی سەرکەوتوو، رۆشنبیری کورد هێندەی سیاسییەکان تاوانبارە.
شۆڕشەکانی کورد یان یاخیبوونی بێ فیکر؟
لە پێشدەستیدا دەبێت جیاوازیی نێوان شۆڕش و یاخیبوون بخەینە بەرچاوی خوێنەر. لە سۆنگەی ئەوەی شۆڕشRevolution پرۆسەی گۆڕانێکی ریشەیی و قووڵە، سەرلەبەری دنیای کۆن دەگۆڕێت و لە جێگەیدا دنیایەکی نوێ چێ دەکات، شۆڕشیش یەک رەهەند و رووخساری نییە و تەنیا ئەو ئەکشنە چەکداریی و پڕ هەرا و هوریایەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نییە، بەڵکو فیکر و کردەیەکە کار لەسەر گواستنەوەی کۆمەڵگە دەکات بۆ دۆخێکی تازەتر کە هیچ سیمایەکی لە بارودۆخی پێش خۆی ناچێت، بە مانایەکی تر شۆڕش دیاردەیەکی هەمەلایەن و فرە رەهەندە کە دەستکاریی دنیای کۆن دەکات. بە پێی لێکدانەوەی کارل مارکس شۆڕش شتێکی جیاترە لە ئاڵوگۆڕی سیاسیی، کارێک نییە رۆژانە پیادە بکرێت، چوونکە لە بناغەوە جیهان و سیستم دەگۆڕێت، ئەمەش پێچەوانەی راپەڕین و ئاڵوگۆڕی سیاسییە، بەو پێیەی ئەو دووەی کۆتایی هەموو ساتەوەختێک ئیمکانی ئەنجامدانی هەیە.
شۆڕش بە پێچەوانەی راپەڕین و یاخیبوونەوە، کردەیەکە لەسەر بنەمای تیۆر و فیکرێکی نوێ راوەستاوە، کار لەسەر سڕینەوەی تەواوی ئەو ترادیسیۆنانە دەکات پێشتر لە ئارادا بوون، بۆیە کۆمەڵێک نۆرم و رێورەسمی نوێ دەهێنێتە ئارا کە توانای گۆڕینی خەیاڵدانی تاک و گشتیان هەیە لە روانینیان بۆ دیاردە و شتەکان، فۆرمێک لە جیاوازیی بەرپا دەکات لە نێوان هەردوو ساتەوەختی پێش و پاش شۆڕش. خولاسەی قسە ئەوەیە: شۆڕش مێژوو شەق دەکات و بەپێی نەخشەی گۆڕانێکی رادیکاڵانە دنیای کۆن لە بەین دەبات و جیهانێکی تازە لەسەر داروپەردووی جیهانی داڕووخاوی دێرین بینا دەکات. سەرلەبەر بیرکردنەوە و تێگەیشتن و روانینی کۆمەڵگە لەگەڵ خۆیدا بەرەو وێستگەیەکی تر دەگوازێتەوە. لە هەموو شتێکیش گرنگتر ئەوەیە شۆڕش رۆدەچێتە ناو پنت بە پنتی ژیانەوە، بەو هۆکارەی بیری لە کۆی شتەکان کردووەتەوە و پلاتفۆرم و ئەڵتەرناتیڤی پێیە بۆ تێکڕای بابەتە ژیانی و ژیارییەکان.
هەرچی راپەڕین و یاخیبوونە، ئامانجیان بچووکترە لە شۆڕش. دەست نابەن بۆ ئاڵوگۆڕی تەواوەتی لە سیستمدا بەڵکو بەشێک لە سیستم یان روونتر بڵێم بارودۆخێک دەگۆڕن بەبێ ئەوەی پایەکانی سیستم بڕوخێنن. زۆجاریش ئارەزووی راپەڕین و یاخیبوون لە رووخاندن و لەناوبردنی قوچەکی سیاسیی و فەرمانڕەوایەتیدا دەگاتە حاڵی ئۆرگازم. لە روانگەی ئەم بەراووردەوە دەڕوانینە ئەو یاخیبوون و راپەڕینانەی کورد لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئێمەدا، وەک “شۆڕش” ناویان لێنراوە. گەرچی بەشێک لەو یاخیبوونانە ناوچەیی و مەزهەبی بوون، یان جۆرێک داکۆکیکردن بووە لە بەرژەوەندیی خاوەن زەوی و زار و خاوەن ئۆتۆریتە کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاینییەکان، بەڵام هەندێکی تریان ئامانجی رزگارکردنی کورد بووە لە پەستان و فشاری داگیرکەرانی کوردستان. ئەگەر لە مێژووی ئیمارەتەکانی کوردستان لە ژێر قەڵەمڕەوی عوسمانلی و سەفەوییدا بڕوانین، تێکڕا بنەمای خێڵەکیانە و ناوچەگەرییان هەبووە و گووتاری نیشتمانی تیایاندا غایب بووە، بەهەمان شێوە راپەڕین و یاخیبوونەکانی کورد کە لە چارەگی کۆتایی سەدەی نۆزدەوە دەستی پێکردووە، بەو ئەندازە بەرینە فیکرێکی نیشتمانی پوخت تیایاندا کاری نەکردووە، تاکو سروشتی یاخیبوون و راپەڕین بگۆڕێت بۆ شۆڕشی هەمەلایەنەی چەکداریی و کولتووریی.
راپەڕین و یاخیبوونەکانی کورد، هەمیشە بەرپەرچدانەوە و خۆ رزگارکردن بوون لە پاڵەپەستۆی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەی کوردستانیان بەسەر خۆیاندا دابەش کردبوو. وەک دەبینین لە قۆناغی یەکەمدا عوسمانلی و سەفەوی بوون، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا سایکس- بیکۆ کوردستانی لە دوو پارچەی ژێر قەڵەمڕەوی فارس و تورکەوە کردە چوار. چارەگی یەکەمی دوای سایکس بیکۆش بە سەردەمی خامۆشی دادەنرێت، ئەگەر جار جاریش لێرە و لەوێ وردە راپەڕین و یاخیبوون روویدا بێت نەیتوانیوە بگاتە ئاستی شۆڕش. تەنانەت “شۆڕشی ئەیلول” و “شۆڕشی نوێ” تەنیا و تەنیا لە رووی ناولێنانەوە شۆڕش بوون، ئەگەرنا لە راپەڕین و یاخیبوونێکی فراوان و بەردەوام شتێکی پتر نەبوون. ئەمە مانای بێ بایەخکردنی مێژووی جوڵانەوەی کوردیی نییە، بەڵکو دەرخستنی ئەو فاکتەیە، کورد هەمیشە یاخی بووە و راپەڕیوە لەدژی ئەو ررژێمە دیسپۆتیسمیانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە. “تۆماس پین” وتەنی “ئەوەی پێشتر بە شۆڕش ناومان دەبرد هیچی تر نەبوو جگە لە ئاڵوگۆڕی هەلومەرجی نێوخۆیی”. لە راپەڕین و یاخیبوونیشدا فیکر بەو ئەندازەیە پێویست نییە، چوونکە بەرەنگاریی دیاردەیەکی خۆڕسکە، تەنانەت ئاژەڵانیش ئەم رۆحییەتەی بەرەنگاربوونەوەیان هەیە کاتێک لەلایەن ئاژەڵێکی دڕندەترەوە پەلامار دەدرێن.
کاتێک ئێمە دەتوانین بزاڤی کوردیی ناوبنێین شۆڕش، ئامانجە باڵاکانی پشت ئەستوور بێت بە بیرێکی پوخت لە دەرەوەی بازنە و کاریگەریی ئاینی و تەریقەتی و چەپڕەویی، ئەو بیرەش جەخت لەسەر دامەزراندنی شارستانی و دەوڵەت و هێنانە ئارای مۆدیلێکی حوکمڕانی تایبەت بە کورد بکاتەوە. بەو مانایەی کوردبوون وەک تیۆرێک و کڵێشەیەکی فیکریی بنەما ئیدۆلۆژییەکانی جوڵانەوەکە پێکبهێنێت. ئەگەرچی لە نەبوونی ئەمەدا پاشکەوتوویی کۆمەڵگە و وابەستەبوونی کورد بە ئاین و ئەنگێزەی خێڵ تاوانبارە، بەڵام نەبوونی ئایدۆلۆگ یان چەند منەوەر و تیۆریسیۆنێک فاکتۆرێکی هەمیشەیی بووە تاکو کورد نەتوانێت شۆڕشێکی هەمەلایەنە بەرپابکات، کە کوردبوون ئامانجی هەرە باڵای بێت. دووبارەش جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە شۆڕش تەنیا کردەوەی زەبروزەنگ ئاسای گۆڕینی رژێم نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی هەمەلایەنەی سەرتاپاگیرە بۆ هێنانەدی دنیایەکی جیاواز و شایستەتر. پوختەی مەبەستم لەوەدا مانیفێست دەکەم، شۆڕش چەمک و پرۆسەیەکی گەورەتر و فراوانترە لەو یاخیبوون و راپەڕینانەی کورد لە پێناوی سەربەستی خۆیدا پێیان هەڵستاوە. ئەمەش وەک نەنگیی ناڵێم بەڵکو خوێندنەوەی میتۆدیی ئەوەمان پێدەڵێت. تاکە نەنگییەک لە ئارادا هەبێت لەو شوێنەدا دەیبینم گەلێک لە دوو هەزار ساڵ پێش زایینەوە تا ساڵی 2020ی زاینی خاوەنی شۆڕشێکی سەرتاپاگیر و “بە دەربڕینی مارکس” کۆمەڵایەتی نەبێت.
کوردبوون لە دیسکۆرسی پارتەکاندا
نامەوێت مێژوو و پەیڕەو و پرۆگرام و پلاتفۆرمی پارتییە سیاسییەکانی کورد یەک بە یەک بەسەر بکەمەوە و خوێنەر راپێچی ئەو رێگا پێچاوپێچانەی ناو دیرۆک بکەم، دەخوازم ناوکۆیی نێوان گووتاری حزبە کوردییەکان ئاشکرا بکەم. ئەگەر چاوێک بخشێنین بە مێژووی کورددا لە پاش غەزەواتی ئیسلامیی، کورد هەمیشە لە دۆخی یاخیبوون و راپەڕیندا بووە لە دژی دەسەڵاتی خەلافەت، لە هەر رووبەرێکدا بۆی لوا بێت هەوڵیداوە قەوارەی خۆبەڕێوەبەریی دروست بکات، لێ دەزانین ئەم قەوارە بنەچەیەکی خێڵەکیانە و هۆزگەراییانە هەبووە، شوناسی ئاینیی زاڵتر بووە وەک لە شوناسی نیشتمانیی و نەتەوەیی، بەڵام ئەم ئاریشەیە تایبەت نەبووە بە کورد، کۆنتێکستە زەمەنییەکە ئەوەی کردبووە دیفاکتۆ بەسەر هەموو گەلانی ناوچەکەدا. لە باری دیرۆکیشەوە ئەم قۆناغە کەوتووەتە بەر لە لەدایکبوونی ناسیۆنالیزم لە دنیادا. لەگەڵ ئەمەشدا بە ئاوڕدانەوە و لاکردنەوەیەکی خێرا نەشونمای چەندین نیمچە دەوڵەت و هەرێمی کۆنفیدراڵی کوردیی لە کۆتایی هەزارەی یەکەمدا دەبینین.

ئەگەرچی سروشتی نیمچە دەوڵەت و میرنشینە کوردییەکانی ئەوێ رۆژێ ناوچەیی بوون نەک سەرتاسەری، بەڵام ئەوە فاکتێکە نیشانی دەدات کورد مکوڕ بووە لەسەر پاراستنی شوناسی کولتووریی و زمانەوانیی و ئاکاریی و ترادیسیۆناڵی خۆی، ئەگەر چەند نموونەیەک وەربگرین هەر یەک لە دەوڵەتی “حەسنەوی” لە ساڵی 959ی زاینی دامەزراوە و ماوەی 56 ساڵ بەردەوام بووە، دەوڵەتی “هەزبانی” لە ساڵی 907ی زاینیی دامەزراوە، دەوڵەتی “دۆستەکی” لە ساڵی 982ی زاینی دامەزراوە و 104 ساڵ فەرمانڕەوایی کردووە، دەوڵەتی “شەدادی” لە ساڵی 951ی زاینی دامەزراوە و 213 ساڵ بەردەوام بووە، لەگەڵ چەندین نیمچە دەوڵەت و کانتۆی تر کە لەلایەن کورد خۆیانەوە دروستکراون و بەڕێوەبران، هەموو ئەمانە لە ساتەوەختی خەلافەتی عەبباسییەکاندا نەشونمایان کردووە و دواتر بەهۆی گێچەڵ و پەلاماردانی دەوڵەتی خەلافەت و ناکۆکیی ناوخۆییەوە لەنێو چوون. لێ ئەم دەوڵەتە بچووک و ناوچەییانە لەلایەن کوردەوە دروستکراون و بەڕێوەبران، بەڵام ناکرێت بە تەرازووی ئەم ساتەوەختە بیانکێشین و لەسەر بیرێکی نیشتمانی دادگاییان بکەین کە لە هیچ شوێنێکی دنیادا بوونی نەبووە، چوون ئەم بیرە نیشتمانییە بەم ناواخنەی ئێستاوە چەندین سەدە لە دوای دیارنەمانی ئەو دەوڵەتانە لە مێژوودا سەری دەرهێناوە.

لە پاش ئەم مێژووە لە سەدەی سیانزەوە، سەردەمێکی تازە لە مێژووی سیاسیی و حوکمڕانێتی کورد دەست پێدەکات، بە دامەزراندنی میرنشینە کوردییەکان، لە چەشنی ئیمارەتی “ئەردەڵان” کە لە ناوەڕاستی سەدەی دوانزەوە لەلایەن “بابا ئەردەڵان”ەوە دامەزراوە و ماوەی حەوت سەدە و تا ساڵی 1867 لە بەشێکی فراوانی رۆژهەڵاتی کوردستانی ئێستا تا نزیک قەڵەمڕەوی بابانەکان فەرمانڕەواێتی کردووە. میرنشینی بادینان لە ساڵی 1262 لەلایەن شێخ بەهادین شێخ شەهابەدین شەمزینییەوە دامەزرێنراوە، میرنشینی سۆران لە لایەن “کەڵۆس بەگ”ەوە دامەزرێنرا، میرنشینی “بابان” لەلایەن فەقێ ئەحمەدی دارەشمانەوە لە سەدەی حەڤدەدا دامەزرێنرا، میرنشینی “بۆتان” لەلایەن میر “عەبدولعەزیز”ەوە لە ساڵی 1286 دامەزرێنرا و شەش سەدە بەردەوام بوو، میرنشینی “هەکاری” لە سەدەی سیانزەهەمە لە هەرێمی جولەمێرگ دەرکەوتووە و سنووری قەڵەمڕەوەکەی گەیشتووەتە دەریاچەی وان. وەک ژێدەرە مێژووییەکان رووناکی دەخەنە سەر سەرباز و لەشکری ئەم ئیمارەتە خۆی لە چل هەزار سەرباز داوە. جگە لەوەی ئەم میرنشینانە هەمیشە دژ و ناکۆک بوون لەگەڵ یەکتر، لەگەڵ ئەوەشدا قەڵەمڕەوەکەیان کەمتر لە پارچەیەک لە دوو پارچەکەی ئەوسای کوردستانی گرتبووە، هەمیشەش لە ژێر کاریگەریی و هەژموونی ئیمپراتۆریای عوسمانلی و سەفەوییەکاندا بوون، هیچشیان توانایان نەبوو بگەنە سەدەی بیستەم. هەموو لە ناوەڕاست و کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە داڕزان و لێک هەڵوەشانەوە. وەنەبێ مێژووی ئەم ئیماراتانە لایەنی پرشنگداری تیا نەبێت، هیچ نەبێت نالی و سالم و کوردی و مەلای جەزیری و ئەحمەدی خانی و فەقی تەیران و عەلی بەردەشانی و زۆرێک لە شاعیر و منەوەرەکانی ئەو سەردەمە لەژێر سێبەری ئەو میرنیشینانەدا توانای ئەدەبی و رووناکبیریی خۆیان خستووەتە گەڕ.

لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی میرنشینە کوردییەکان و سەپاندنی حوکمی زۆردارانەی عوسمانلی و سەفەوی، کە هێدی هێدی بیری نەتەوەیی و شۆڤێنستی لە کن ئەو دوو دەوڵەتە تەشەنەی دەکرد، سەردەمێکی جیاواز لە مێژووی کورددا دێتە پێشەوە، ئەویش بەرپاکردنی راپەڕین و یاخیبوونە لە دژی دەسەڵاتی عوسمانلی و قاجاری. رەنگە پێش راچەنینی شێخ عوبەیدوڵای شەمزینی “نەهری” لێرە و لەوێ چەند یاخیبوونێکی بچووک و لۆکاڵی روویاندا بێت، بەڵام “شۆڕشی” شێخ عوبەیدوڵا خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی سیاسیی کورددا، لە سۆنگەی ئەوەی ئەمە یەکەمین راچەنین و هەستانەوەی کوردە بە شێوەی راپەڕینێکی کوردستانی سەرتاسەریی لە یەک کاتدا دژی هەردوو داگیرکەری قاجاری و عوسمانلی، هەروەک دەبینین پێش راپەڕینەکە، کۆنگرەیەکی پریمتیڤی نەتەوەیی لە گوندی نێری “نەهری” بە سەرپەرشتی شێخ عوبەیدوڵا بۆ پیاوانی خاوەن ئۆتۆریتە لە شێخ و سەرۆک عێڵەکان هاتبووە گرێدان. ئەم شۆڕشە رۆڵێکی گرنگی گێڕا لە راستای هۆشیاریی نیشتمانی و بەشدارییەکی سەرەکی هەبوو لە داڕشتنی زیهنییەتی کوردبوون و ئازادیی لای تاکی ئەو سەردەمەی کورد.

لەپاش تێکشکاندن و پووکاندنەوەی ئەو راپەڕینە و خانەبەدەرکردنی شێخ عوبەیدوڵا بۆ حیجاز، راپەڕینەکان فۆرمێکی تر وەردەگرن و بەشێکی فراوان لە منەوەر و رووناکبیران بە خۆیان و پڕۆژە نەتەوەییەکانیانەوە “ئەگەرچی لە سادەترین شێوەشدا بووبێت” دەبنە کۆڵەکەیەکی بایەخداری هەموو بزاڤ و جوڵانەوەکانی کورد. لەو دەمانەدا بارودۆخی شارێکی وەک “ئەستەمبۆڵ” کە مەڵبەندی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی بیری نەتەوەیی تورک بوو، یارمەتیدەرێکی باش بوو بۆ گەشەکردنی بیری نەتەوەیی کوردیش. ئەو نوخبە رۆشنبیر و سیاسییەی ئەو دەمانە لە ئەستەمبۆڵ دەژیان، وەک نزیکترین شار لە ئەوروپاوە، ئەگەرچی هەستێکی ئادۆمیدیانەیان سەبارەت بە خۆیان هەبوو، بەڵام بیریان لەوە کردەوە دەبێت کورد ئیدی ببێتە خاوەن ماڵ، هەوڵیاندا نەریتێکی کوردیی بهێننە ئارا، دابڕان بێت لەو مێژووەی نەتەوە سەردەستەکان وەک دوا حکایەت سکێجیان کردبوو، هەوڵیاندا ئەو وێنە گەورانە تێکبشکێنن داگیرکەران لە زەینی کۆمەڵگەیەکی پاشکەوتووی وەک کۆمەڵی کورددا کە سترۆکتۆرە سەرەکییەکەی لە وەرزێران پێکهاتبوو، دروستیان کردبوو لە ناو پرۆسێسێکی مێژووییدا. لێ عوسمانلییەکان نەتەوەپەرست نەبوون، بەڵام هاشا لە بندەستی گەلانی تر ناکرێت لە ژێر حوکمی ئالی عوسماندا.

کورد یەکەم نەتەوەیە لە عوسمانییەکان یاخی دەبێت، لە کاتێکدا عوسمانییەکان حوکمی دەیەها گەلی تریشیان دەکرد. زوو بە زوو رێکخراوە سیاسییەکانی کورد لە گەشەکردندا بوون، هەروەک چۆن گەنجە تورکەکان “جۆن تورک” بەخێرایی بە بیروراِیەکی تورکچێتییەوە لە گەشەکردندا بوون. لە ساڵی 1908 کۆمەڵەی “تەعاون و تەرەقی کورد” بە سەرۆکایەتی “شێخ عەبدولقادری شەمزینی” لە ئەستەمبۆڵ پێکهات، ئەم کۆمەڵەیە لە رووی سیاسیی و کاری رۆشنگەرانەوە بە پێشەنگ دادەنرێت، لەگەڵ دامەزراندیدا رۆژنامەیەکیش بە ناوی “کرد تعاون ترقی غزتسی” بە سەرنووسەرێتی حاجی تۆفیق “پیرەمێرد” دەردەکات. لە ساڵی 1910 کۆمەڵەی “تەلەبەیێ کورد” و کۆمەڵەی “هێڤی” لە ساڵی 1911دا، وەک دوو رێکخراوی خوێندکاریی و سیاسیی و نیمچە حزب لە کوردستانی بندەستی عوسمانیدا هاتنە مەیدان، ئەمەش رێگەخۆشکەر بوو بۆ دامەزراندنی “جەمعییەتی موحیبانی کوردستان” لەلایەن مەلا حەیدەرەوە لە ساڵی 1912 و کۆمەڵەی “ئیرشاد و تەرەقی کورد” لە هەمان ساڵدا بە سەرۆکایەتی خەیری بەرازی. ئامانجی ئەم رێکخراو و کۆمەڵانەش بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و خوێندەواریی و پێشخستنی کولتوور و زمانی کوردیی بوو، لە پەنا داکۆکیکردن لە یاخیبوونە کوردییەکان و داوای مافە ئیتنیکی و سەرەتاییەکانی کورددا.

لە کوردستانی بندەستی ئێراندا، میر “عەبدولڕەزاق بەدرخان” لە کۆتاییەکانی 1912دا کۆمەڵەی گیهاندن یان جیهاندانی دامەزراند. سەرچاوە مێژووییەکان ئەوەمان بۆ دەگەڕێننەوە بۆ یەکەمین جار قوتابخانە لە دەرەوەی حوجرە ئاینییەکان بە دەستپێشخەریی ئەم رێکخراوە لە شاری ورمێ کراوەتەوە. ئەمە جگە لەوەی کۆمەڵەکە زمانحاڵێکیشی هەبووە لە شێوەی گۆڤارێکدا بە ناوی “کوردستان”. ئەم گۆڤارەش رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە هاندان و وریاکردنەوەی گەنجانی کورد. پاشتریش لە ساڵی 1914دا سەید تەهای شەمزینی و عەبدوڵا شەمزینی “سەید عەبدوڵا ئەفەندی” بە هاوکاریی سمکۆی شکاک کۆمەڵەی “ئیستخلاسی کوردستان” لە شاری ورمێ دادەمەزرێنن، هەروەک مێژوونووسان هێمای بۆ دەکەن ئامانجی ئەم رێکخراوە جیا لە خوێندەوارکردنی کۆمەڵگە بە پلەی یەکەم سەربەخۆیی کوردستان بوو. ئەم کۆمەڵەیە پەلی هاویشتبوو بۆ تەواوی کوردستان، تەنانەت شێخ عەبدولسەلام بارزانی پەیوەندییەکی بەتینی لەگەڵ ئەم کۆمەڵەیە هەبووە. هەر لەم ئانوساتانەدا هەردوو راپەڕینی “مەلا سەلیم بتلیسی” لە بەشی باکوور و “شێخ عەبدولسەلام بارزانی” لە بەشی خوارووی کوردستانی بندەستی عوسمانلی چەخماخە دەدەن، سەرئەنجامی هەردوو راپەڕینەکە دامرکاندمەوە و خامۆشکردن بوو بە زەبری ئاگر و ئاسن، چارەنووسی هەردوو سەرکردەی راپەڕیوانیش سزای لە سێدارەدان بوو.
بەم شێوەیە بارودۆخەکە درێژەی کێشا، تاکو بڕانەوەی جەنگی یەکەمی جیهانیی. لە پاش جەنگ نەخشەی ناوچەکەش گۆڕا. گەرچی “سیڤەر” مافی دا بە پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد، بەڵام زۆر زوو پەیمانی “لۆزان” ئەم هیوا بچووکەی زیندەبەچاڵ کرد، ئەو نەخشەیە چەسپێنرا “مارک سایکس” و “جۆرج بیکۆ” وەک کابووسێک بەسەر قەدەری ئەم ناوچەیەدا سەپاندیان. کوردستانی بندەستی عوسمانلی لە یەک پارچەوە کرایە سێ بەش، کوردستانی بندەستی ئێران وەک خۆی لە ژێر حوکمی ئێرانی بە فارسکراودا مایەوە. کورد بەرەنگاریی ئەم سیاسەتە داسەپاوەی زلهێزەکانی لە خۆی نیشاندا، لە باشوور راپەڕینەکانی شێخ مەحمود و چەندین راپەڕینی تر تەقینەوە، لە باکووریش شۆڕشە بەردەوامەکان دەستیان پێکرد هەر لە بەرخۆدانی شێخ سەعیدی پیرانەوە تاکو دەگاتە راپەڕینی دێرسیم بەسەرکردایەتی سەید رەزا، راپەڕینی ئارارات و ئاگری داخ.

هەموو ئەم راپەڕین و شۆڕشانە “شۆڕش بە مانا باوەکەی” بە خێراییەکی ئەفسوونگەرانە سەرکوتکران. ئیدی بارودۆخەکە جۆرێک لە بێ هیوایی لەگەڵ خۆیدا هێنا، هەلومەرجی تازەی کوردستان کە بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشکرابوو، پێویستی ئەوەی هێنایە ئارا، فۆرمێک لە بەرەنگاریی نیشان بدات، هارمۆنی بێت لەگەڵ رۆحی قۆناغەکە، هاوکات هەموو تەقەلاکان بۆ ئەوە کەوتنە گەڕ لە سایەی ئەم دەوڵەتە نەتەوەییانەدا شوناسی کوردیی نەسڕدرێتەوە، گووتاری کوردیی لێرەوە گۆڕا بۆ گووتارێک داکۆکی لە مانەوە و نەتوانەوەی خۆی بکات. لە منداڵدانی ئەم کەشە ناهەموارەدا، حزب و رێکخراوە سیاسییەکان بەشێوەیەکی پێشکەوتووتر لە جاران، چرۆیان کرد و رسکان. ئەگەر لە بەشی باشوورەوە سەیر بکەین، کۆمەڵێک رێکخراو سەرهەڵدەدەن، لە چەشنی حزبی برایەتی، ئەم حزبە لە ساڵی 1937 لەلایەن “شێخ لەتیفی حەفید” کوڕی “شێخ مەحمودی حەفید”ەوە دروستکرا، ئەویش پاش هاتنە ئارای جوڵانەوەی یەکەمی بارزان لە ساڵی 1932-1936 و دامرکانەوەی بزاڤی سەربەخۆیخوازیی شێخ مەحمود، دواتر لە ساڵی 1941دا، حزبێکی گرنگ و بایەخداری وەک “حزبی هیوا” بە سەرۆکایەتی رەفیق حیلمی پێدەنێتە نێو گۆڕەپانی سیاسییەوە. ئەگەرچی دوو ئاڕاستەی دژ بەیەک لەم حزبەدا کۆببوونەوە، یەکێکیان لایەنگریی ئەوەی دەکرد کورد پشت بە ئینگلیز ببەستێت!، لەم ئاڕاستەیەدا لەسەری سەرەوە رەفیق حیلمی سەرۆکی حزبەکە وەستابوو، بەڵام ئاڕاستەکەی تر دڵی بە ستالینیزم و شورەوی خۆش کردبوو، بەڵام هاشا لە رۆڵی گرنگی ئەم حزبە ناکرێت.
لە سوێندخواردنی ئەندامانی حزبی هیوادا بە “قورئان و ئاڵای کوردستان و خەنجەر و گوڵە گەنم” راستییەک خۆی نیشان دەدات، ئەم حزبە لە هەوڵی ئەوەدایە کورد لە دەوری یەک گووتاری کوردستانی کۆبکاتەوە لە رێی بەکارهێنانی ئەو سیمبولە کوردییانەوە. سیمایەکی تری ئەم حزبە لەوەدا بوو بەشداریی ژن تێیدا کارا بوو، چەندان ژنی وەک “زەکیە بابان، ناهیدە شێخ سەلام، حەلاوە شێخ محەمەد، لوتفییە سدیق” لە سیما هەرە دیار و بەرجەستەکانی هیوا بوون. تەمەنی ئەم حزبە کورتتر بوو لەوەی ئامانجەکانی وەدیبهێنێت، بە تایبەت بەهۆی جیابوونەوەی باڵی چەپی حزبەکە و راگەیاندنی حزبێکی نوێ بە ناوی “پارتی رزگاریی کورد” لە شوباتی 1945دا، گەرچی ئەم حزبە بەخێرایی گەشەی کرد و لە چەند مانگێکدا ژمارەی ئەندامانی گەیشتە سەرو پێنج هەزار، بەڵام لە ئابی 1946 خۆی هەڵوەشاندەوە و لەناو پارتیدا توانەوە، بە هەمان چەشن پارتی شۆڕش “حزبی کۆمۆنیست لە کوردستانی عێراق” کە پابەند نەبوونی خۆی بە پارتی کۆمۆنیستی عێراقەوە راگەیاندبوو، هەمان چارەنووسی رزگاری هەڵبژارد و خۆی لە پارتیدا حەل کرد. لەگەڵ دروستبوونی پارتیدا، لە 16ی ئابی 1946 مەودایەکی بەرینتر کرایەوە بۆ پێشکەوتنی جوڵانەوەی کوردیی، هەر لە سەرەتا و لە رۆژی 2ی سێپتامبەری 1946 پارتی دەستیکرد بە وەشاندنی رۆژنامەی “رزگاری” بە زمانی عەرەبی. “لە دەرفەتێکی تردا دێمەوە سەر بایەخی ئەو رۆژنامەیە”.
ئەگەرچی پارتی لە سەرەتاوە پڕ بوو لە ناکۆکی، بەڵام ناکۆکییەکان بنەمای فیکریی و ئایدۆلۆژییان نەبوو، زیاتر ناکۆکی کەسیی بوون و پاساوی فیکرییان بۆ دادەتاشرا. بۆ نموونە لە سەرەتای پەنجاکاندا ناکۆکی پارتی پەرە دەسەنێت و وەک جەلال تاڵەبانی جارێک باسی کرد جگە لە خەتی فەرمی، دوو باڵی تر هەبوون بە هەمزەیی و ساڵحی دەناسران “لایەنگرانی خەتی هەمزە عەبدوڵا و خەتی ساڵح روشدی”، ئەمەش وایکرد هەمزە عەبدوڵا لە ساڵانی 1951-1956 بە ناوی “پارتی دیموکراتی کورد – عێراق بەرەی پێشکەوتوو” باڵەکەی درێژە پێبدات. هەروەک دەبینین لە ساڵی 1964 هەمان سیناریۆ بە جیابوونەوەی جەلالییەکان “باڵی مەکتەبی سیاسیی” لە باڵی مەلایی دووبارە بووەوە. هەروەک جارێک مامۆستا “مەسعود محەمەد” وتبووی “رەوایی حزبی لای باڵی جەلالی بوو، بەڵام رەوایی شۆڕش لای بارزانی بوو”. “هەڵبەتە لێرە نامانەوێت بچینە کرۆکی ئەو ناکۆکیانەوە”. پاشتر چەندین حزبی تر لە هەناو و دەرەوەی پارتی لەم بەشەی کوردستان لە دایک دەبن کە گرنگترینیان یەکێتییە.

لە بەشی باکوور هەر لە “خۆیبوون”ەوە تاکو پەکەکە چەندان حزب و رێکخراوی کوردیی سەریانهەڵداوە، کە زۆرینەیان لە ژێر هەژموونی چەپڕەویی و گیڤاریستیدا بوون، لە رۆژئاواش لە ساڵی 1957 یەکەم پارتی بە ناوی “پارتی دیموکراتی کورد” دادەمەزرێت، پاشان ژیانی حزبایەتی لەو بەشەش گەشە دەکات تا بە ئەمڕۆ دەگات، وەک دەبینین ژمارەگەلێک حزب لەو بەشە چالاکی دەکەن کە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا بەرەی ئەنەکەسە و بەرەی ئاپۆچێتیدا. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان “ژێکاف” لە ساڵی 1942دا، حزبایەتی لەو بەشەی کوردستاندا پێدەنێتە قۆناغێکی سەرتر، پاشتر دەبێتە هەوێنی پێکهێنان و بزواندنی “حیزبی دیموکراتی کوردستان – ئێران”. هەروەک شاد رەوان دکتۆر کوردۆ عەلی ئاماژەی پێدەدات گۆڕینی ژێکاف بۆ حزبی دیموکرات تەنیا گۆڕینی ناو نەبوو، بەڵکو وەک ئەو بۆی چووە “وەرچەخانێک بوو بەرەو پاشەوە و سەرەتای کۆتایی و نابووتبوونی سەرمایەی فیکری و پووتکردنەوەی ناوەڕۆکی مەسەلەکە بوو”. ئاخر ئەمە یەکەمین دانپیانان بوو بەو جوگرافیا دەستکردەی داگیرکەران دیزاینیان کردبوو. پێش ئەوە هیچ کۆمەڵە و حزب و رێکخراوێک بە پاشگری ئێران و عێراقەوە نەهاتبووە ئارا.
لێرەدا و لەو پەرەگرافانەی پێشوودا پانۆرامایەکی مێژووی زۆر بەپەلەمان خستە بەر چاو لەبارەی گەشەکردن و پەرەسەندنی حزبی سیاسیی لەکوردستاندا، هەوڵدەدەین لێرە بەدواوە ئەشکالییەتی گووتاری حزبە کوردییەکان دەربخەین، بۆچی نەیانتوانی ببنە حزبگەلێک نیشتمان بنیات بنێن؟ کوردبوون لە گووتاری سیاسیی ئەم حزبانە چۆن لێکدانەوەی بۆ دەکرێت؟. ئێمە وەڵامی ئەو پرسیارانە لەم چەند خاڵەدا پوخت دەکەینەوە:
یەکەم: ئەگەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە راپەڕین و جوڵانەوە و رێکخراو و حزب و کۆمەڵەکان ئامانجیان سەربەخۆیی کوردستان و بنیاتنانی دەوڵەت بووبێ، لەدروستبوونی حزبی دیموکراتی کوردستان- رۆژهەڵاتەوە ئەم ئامانجە بچووکتر کرایەوە بۆ ئۆتۆنۆمی “خودموختاری”! ئەمەش پاشەکشەیەکی فیکریی و پراکتیکی بوو لە راستای تموحی نەتەوەیەکی بندەست.
دووەم: کوردبوون تەنیا رووکارێکی سیاسیی پێدرا لە دیتن و تێڕوانینی حزبە کوردییەکاندا. بە وتنێکی دیکە حزبی کوردیی تەنها ناسنامەی جوگرافی مرۆڤی کوردی بینیوە، بۆیە هەمیشە چاوی لە رزگارکردنی خاک بووە، لەوە بەولاوە ئیشی لە زەیندا نەکردووە، نە قوتابخانەیەکی پێداگۆگیی بووە بۆ گۆشکردنی تەنانەت ئەندامانی خۆی بە هزری نیشتمانی، نە میکانیزمێک بووە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دامەزراوەیی، بەو پێیەی حزبی کوردیی بەرئەنجامی پاڵەپەستۆ و ستەمکێشی نەتەوە سەردەستەکان بووە، یاخیبوونێکی عەفەویی بووە، نەک لە پێداویستییە ژیاری و ژیانییەکانی کۆمەڵگەوە داکەوتبێت، چوونکە ئەمەیان دەکەوێتە دوای بوونی دەوڵەت. پێموایە کورد نەدەبوو حزب دروست بکات، بەڵکو دەبوو بزووتنەوەیەکی سەرتاسەریی جەماوەریی شۆڕشگێری هەبوایە تاکو ئەو کاتەی دەبووە دەوڵەت.
سێهەم: ئاریشەی سەرەکی رێکخراو و حزبە کوردییەکان نەبوونی ئایدۆلۆگ بووە، ئایدۆلۆگێک ئەگەر لە چەشنی عەفلەقیش بووبێت. تەنیا “ئاپۆ”مان هەیە وەک ئایدۆلۆگێک کار دەکات، ئەمیش لە زیندان و پاش ئاشنابوونی بە تێزەکانی بیرمەندی ئیکۆلۆژ ئەنارشیستی ئەمەریکی “مۆری بۆکچین” لە زینداندا و لەسەروو تەمەنی پەنجا ساڵیشدا. بۆیە هەمیشە کورد خۆی بە ئایدۆلۆژیاکانی دیکەوە هەڵواسیوە بەتایبەت زۆر زووتر لە گەلانی تر دێوانەی ماویزم و لێنینیزم بوو.
چوارەم: حزبە کوردییەکان هەمیشە لەسەر بنەمای تەریقەت و خێڵ دامەزراون. نەیانتوانیوە ئەو چوارچێوە و تەڵزگە خێڵەکی و تەریقەتییانە ببەزێنن و ببنە حزبێکی نیشتمانی و کوردستانی. لە ئەزموونی پەکەکەدا وا دەردەکەوێت ئەم ئەنگێزەیەی تێپەڕاندبێت، ئەگەریش تاراددەیەک و بەشێوەیەکی رێژەیی ئەوە وابێت، پەکەکە لە دە لای ترەوە کێشەی گەوهەریی و فیکریی هەیە، بەوەی سەرەتا مارکسی لینینی بووە، ئێستاش تیۆرییەکی ئاپۆ کوردبوون ورد و خاش دەکات “دواتر دێینە سەری”. لەبەرئەمە حزبی کوردیی، هەمیشە کوردبوونی لەناو بۆتە و بازنە بچووکەکانی خێڵ و تەریقەتدا بەند کردووە و لەو ئاوێنە تەڵخەوە سەیری کوردبوون دەکات.
پێنجەم: حزبە کوردییەکان بە ئاسانی کەوتوونەتە ژێر هەژموونی حزبە چەپەکانی نەتەوە سەردەستەکان، بۆ نموونە پارتی دیموکرات تاوەکو دەرەنگانکێش دەستی نەبرد بۆ ئەو خاڵەی پەیڕەو و پرۆگرامەکەی کە جەختی لەسەر چەپبوونی حزبەکە دەکردەوە. لە بەری رۆژهەڵات و باشوور حزبە کوردییەکان بە قووڵی کەوتنە ژێر هەژموونی پارتی گەلی ئێران “تودە”، هەر وەک دەزانین ئەم حزبە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1941 لە تاران دامەزرا، ئەگەرچی حزبەکە پاش ساڵانێکی کەم بەرەو چەپێکی رادیکاڵ وەرچەرخا، بەڵام بۆ هەمیشە ئەو ماکە لیبرال ریفۆرمیستییە پان ئێرانیستییەی لە دەست نەدا، وەک لەهەموو کۆنگرەکانیدا جەختی لەسەر پاراستنی یەکێتی خاکی ئێران دەکردەوە، کەچی هۆشمەندیی نەوەیەکی کوردی چ لە رۆژهەڵات چ لە باشووری خستبووە ژێر رکێفی خۆیەوە، لە رۆژئاوا و باکووریش گەشەکردن و سەرهەڵدانی حزبەکان مومکین نەبوو ئەگەر بە بەرنامە و پلاتفۆرمێکی چەپڕەوییەوە نەبوایە. لەم نێوەندەدا کوردبوون لە لیستەکەدا کەوتە دوای بەها ئایدۆلۆژییەکانی تر.

ئەم فاکتۆرە رۆڵێکی چڕی گێڕا لە زەقکردنەوەی حزبی چەپڕەوی کوردیی، ئەگەرچی جارێک دکتۆر کوردۆ عەلی نوسیبووی “لە هیچ جێگەیەکی ئەم جیهانە جگە لە فەلەستین پارتێکی کۆمۆنیستی میللەتێکی بێ دەوڵەت نابینین”. رایەکی جیاواز لەسەر ئەم دەربڕینە دەخەمە روو، وەک لە پێشەوە گووتم بوونی حزبی سیاسیی بۆ نەتەوەیەکی بندەست بە پێویستی نابینم، لە حاڵەتی ئەزعەفولئیماندا تێڕوانینی کورد خۆی بۆ دنیا و پێدراوە سیاسییەکان ئاریشەی تێدایە، ئەگەر نا چ کۆمۆنیزم یان ئیسلام و تەریقەت لە رابردوودا، دەتوانرا خزمەتی کۆمەڵگەی کوردیی پێبکرێت، ئەوان وەک ئایدۆلۆژیا تاوانبار نین، ئەو رۆحە کۆیلەیەی کورد گوناهبارە هەمیشە دەبێتە قەڵغانی ئەو ئایدۆلۆژیانە نەک بە پێچەوانەوە. دیقەت بدەن حزبی بەعس لەسەر بناغەی عروبە لەلایەن “سەلاح بەیتار” و “میشێل عەفلەق”ەوە لە ساڵی 1947دا دامەزرێنرا، بەڵام کاتێک لە ساڵی 1953 لەگەڵ حزبەکەی ئەکرەم حۆرانی “پارتی سۆسیالیستی عەرەب” یەکیگرت و ناوی حزبەکە گۆڕدرا بۆ “پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیستی”، عروبە وەک بنەما ئایدۆلۆژییەکەی بەعس مایەوە، ئەو سۆسیالیزمەی یەکێک لە سێ دروشمەکەی بەعس بوو “یەکێتی. ئازادیی، سۆسیالیزم” تەنیا وەک چەند هەنگاوێکی ئابووری بچووک مایەوە، ئەگینا حزبەکە ئامانجە راستەقینەکەی یەکێتی و سەردارێتی عەرەب بوو لە “کەنداوەوە بۆ ئۆقیانووس”. ئەی سۆسیالیزم بۆ رێگر نەبوو لە ئامانجە شۆڤێنییەکانی بەعس، بەڵام رێگر بوو لە خەونی ئازادیی ئێمە؟؟!!.
شەشەم: گووتاری حزبە سیاسییەکانی کورد بریتی بووە لە کڕوزانەوە و نوزە نوز و خۆ بە قوربانی نیشاندان و چارە ڕەشی ناو مێژوو و لاواندنەوەی غەمە نەتەوەییەکان، ئەم گووتارە سواوە کە هەمیشە پەنای بردووە بۆ تاوانبارکردن و تەخوینکردنی ئەویدی، هەمیشە کاری لەسەر داتاشینی وێنای مەغدورییەتی خۆی کردووە لەلایەن جیهان و زلهێزەکانەوە. ئەم کارە دۆنکیشۆتیانەی حزبی کوردیی و تێکڕای کورد هەمیشە فلوتێک بووە تا کار بکاتە سەر هەست و سۆزی جیهانێک لەوەتی هەیە بێ هەست و سۆز بەڕێوە دەبرێت، ئەمەش وەک بڕینی شەپۆلاویترین دەریا وایە بە بەلەمێکی کاغەزییەوە. ئەم گووتاری کڕوزانەوەیە بووەتە ئایدۆلۆژیایەکی کوشندە و کوردبوونی تێدا ورد و خاش بووە، هەمیشە مرۆڤی تێکشکاوی بەرهەمهێناوە، بەردەوام لە دەستاڕی ئەم فۆرمە جیهانبینییەدا کوردبوون هاڕدراوە.
حەوتەم: کورد بە گشتیی و حزبی کوردیی بە تایبەت، لەسەر سیاسەتی رەوشتدارانە و ئایدیالیستیانە موعتاد بووە، خووەیەکە بۆی تەرک ناکرێت، کوردبوون هەمیشە مانای جەنگاوەری ئازا و بە رەوشتی گەیاندووە کە لە پێناوی تەواوی دنیادا شەڕ دەکات، ئەمەش بە پێچەوانەی روانگە نیتچەییەکە، وەک هەمووکات جەخت لەسەر بەهێزبوون دەکاتەوە نەک بە رەوشتبوون. سیاسەتی بە رەوشتانە و کۆڵەواری حزبی کوردیی کە دواجار دەسەڵات و ئیدارەی کورد بەڕێوە دەبات، ئەو ئەنجامەی لێکەوتووەتەوە لە هەموو گەمەکاندا بەدەست بەتاڵی دەربچێت و مرۆڤی کورد تا دوا سنووری خۆی شەکەت و ماندوو بکات.

جیاواز لەوەی لەم بەشەی باشوور، گەندەڵی و دابەشبوونی ئەجیندا و گووتاری کورد بەهۆی ململانێی مۆنارکی و تەسکی حزبییەوە، کوردبوون وەک جەستەیەکی هەلا هەلابووی لێ هاتووە، هیچ ئومێدێک بۆ گەڕانەوەی گیان بۆ ئەو لەشە کوت کوت بووە نەماوە، وەنەبێت حزبەکانی سێ پارچەکەی تر نموونەیەکی گەشتریان نیشان دابێت لەسەر بنەمای کوردبوون، مرۆڤ پەتی هیوای خۆی پێوە ببەستێتەوە. تەنانەت ئەوەی پێی دەوترێت بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، تەنیا ناونیشانێکی گەورەی بێ کاکڵە بووە، هیچ کات نەبووەتە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سەکۆی تێکۆشانێکی زنجیرەیی و هاوبەشی مرۆڤی کوردستانی، بە پێچەوانەوە پایدەرلێدان بووە لە بۆشاییدا. ژبەر ئەمە کەوتوومەتە حاڵێک ئەگەر لەترسی شاڵاوی سێکتە حزبییەکان بوێرم، دەمەوێت ئەوەش بڵێم، حزبی کوردیی هێندەی زیانی لە کوردبوون و مانا بەرزەکەی مرۆڤبوونی تاکی کورد داوە، چارەگێکی ئەوە خزمەتی نەکردووە. هەنووکە دوای سەد ساڵ زیاتر لە تەمەنی ئەو حزبانە، بۆچی دۆخی کورد گەڕاوەتەوە چوارگۆشەی یەکەم؟. گەر بەشێکی پەیوەست بێت بە بەرژەوەندیی زلهێزەکانەوە وەک دەبینین کورد کەمتر لە دەوڵەتانی دراوسێی هەیە بیدات پێیان، ئەی تاکەی ئەو بەشەی پەیوەستە بە خۆمانە نابینین؟.

لە کاژیکەوە بۆ پاسۆک.. لە تیۆرەوە بۆ پراکسیس
بۆچی لەناو ئەو هەموو حزبە کوردییەدا دوو رێکخراوی سیاسییم جیاکردۆتەوە؟!، رەنگە ئەمە پەیوەندیی بەو راستییەوە بێت کاژیک تیۆری سەرەتایی کوردبوونی لە ژێر ناوی “کوردایەتی”دا فۆرمۆڵە کرد و پاسۆک ئەگەر خۆیشی دانی پێدا نەنابێ درێژکراوە و پەرەپێدانی ئەو تیۆرانە بوو کاژیک گەڵاڵەی کردبوون، لەوە زیاتریش هەوڵگەلێک بوون بۆ تاقیکردنەوەیان لە زەمینەی واقیعدا. دەتوانین هەردوو رەوتەکەش لە باری فیکرییەوە بە درێژکراوەی ژێکاف لە قەڵەم بدەین، چوونکە گۆڤاری “نیشتمان”ی ئەو حزبە و ئەدەبیاتەکەی بەشێوەیەکی سەرەتایی تیۆریزەی بیری نەتەوایەتی کوردیی دەکەن بە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەت و سڕینەوەی سنوورە دەستکردەکان لە نێوان هەموو پارچەکانی کوردستاندا، بەتایبەت ئەوکات کوردستانی سوور “سۆڤێت” بەو شێوەیەی نهۆ دیموگرافیی نەشێوێنرابوو و کوردەکانیش بەسەر نۆ کۆماری یەکێتی شورەوی پێشوودا دابەش نەکرابوون. ژێکاف ئەگەرچی جوانەمەرگ بوو لەناو حزبێکی نوێتردا کە ئامانج و روئیاکانی بچووکتر بوون لە خۆی، بەڵام ئەدەبیاتی ئەم رێکخراوە چاوی بەشێک لە مرۆڤی کوردی بۆ سەربەستی کردەوە.

کۆمەڵەی ئازادیی و ژیانەوە و یەکێتی کورد “کاژیک” لە پاش کودەتای قاسم و گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە پادشاییەوە بۆ کۆماریی لە عێراقدا، لەو پەڕاوێزە تەسکەی ئازادیی لە کوردستانی بندەستی عێراقدا و لە نیسانی ساڵی 1959 راگەیەندرا. ئەگەرچی کاژیک لە رووی جەماوەرییەوە هێزێکی وەهای نەبوو، بەڵام لە رووی فیکرییەوە بۆ دوای خۆی کاریگەرییەکی زۆرتری دانا. ئەم کۆمەڵەیە بیری نەتەوەیی کوردیی لە رووی تیۆرییەوە تەکان پێدا بۆپێشەوە، بە جۆرێک ئەگەر لە رووی سانکرۆنییەوە لێی بڕوانین قەبزەیەکی فیکریی کەموێنە بوو لە تیۆریزەکردنی فۆرمێکی پریمتیڤ لە ناسیۆنالیزم. ئەدەبیاتی کاژیک بایەخێکی تایبەتی هەیە لەناو هەموو ئەدەبیاتی بزووتنەوەی کوردیدا تاکو ئەو دەمەی خۆی، هەر بۆ نموونە “کاژیکنامە” کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1961دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە، گۆڕانێکی فیکریی رادیکاڵە و بژارکردنی بیری نەتەوەییە لە بیری چەپڕەویی، وەک دەبینین مۆدیلی سیاسیی ئەو کات بوو بەهۆی نزیکی ناوچەکە لە یەکێتی سۆڤێتی پێشووەوە.
کاژیکنامە، بڵاڤۆکێکی گرنگە و تا ئێستاش بایەخی خۆی لە دەست نەداوە بۆ راڤەکاریی و تێگەیشتن. چوونکە بەدەر لە خستنەڕووی پانۆرامایەکی مێژوویی و چەردەیەک لە دیرۆکی دێرین و هاوچەرخی کورد، چەندین تێزی تێدا فۆرمۆڵە کراوە وەک سەرەتایەک بۆ لە دایکبوونی بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی، هاوکات رەخنەی توند لە بیری چەپڕەویی و کۆمۆنیستی دەگرێت بەتایبەت لەو رووەی سۆسیالستەکان بزاوتی نەتەوەیی بە بەرهەمی بۆرژوازی دەزانن. لێ لە باری واقیعییەوە بیری نەتەوەیی بەو فۆرمە پێشکەوتووەی لە بۆتەی ناسیۆنالیزمدا دەردەکەوێت بەرهەمی مودێرنێتە و گەشەکردنی فەرهەنگیی بۆرژوازی خۆرئاواییە، بەڵام نکۆڵیکردنی کاژیکنامە لەم فاکتە تەنیا بۆ خۆ لادانە لەو تیرۆرە نابەرجەستەیەی لەلایەن چەپەکانەوە بەرامبەر بە نەتەوەییەکان بەکار دەبرا، چوونکە بەپێی پێوەرەکانی ئەوێ رۆژێ هەر شتێک سەر بە فەرهەنگی بۆرژوازی بوایە، دواکەوتووانە و جێگەی نەفرەت بوو، هەر بۆیە کاژیکنامە دەیەوێت ئەو بیرە نەتەوەییەی لە ماڵی بۆرژوازییەوە هاتبووە دەرەوە، بۆ دوورتر بگەڕێنێتەوە.
کاژیکنامە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردیی “کوردایەتی” دەگەڕێنێتەوە بۆ پێشتر “هەرچەند دەوترێت گوزارەی کوردایەتی بۆ یەکەمین جار لە ناوی دیوانێکی شیعریی کامیل ژیرەوە لە پەنجاکاندا تەشەنەی کردووە و بووە بە چەمک”. بە پێی کاژیکنامە ئەم بزووتنەوەیە بەشێوەیەکی رێکخراو و ئۆرگانیزەکراو دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵەی تەعاون و تەرەقی شێخ عەبدولقادر “لە سەرەوە باسی کراوە”. بەڵام هاوکات دیدێکی رەخنەگرانەشی هەیە لە خوێندنەوەی کۆمەڵە و حزبەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم، هەروەک دەبینین حزبی هیوا بەوە تۆمەتبار دەکات بەرنامەیەکی تۆکمە و بیرێکی پوختی کوردایەتی نەبووە، بۆیە بە ئاسانی لەلایەن سیخوڕانی بەریتانییەوە خەرق کراوە و ئامانجەکانی بەلاڕێدا براوە، لەم رووەوە نموونەی کەسێکی وەک “ماجید مستەفا” دەخاتە بەرچاو. دواتر بە توندیی رەخنە لە کۆمۆنیستەکان دەگرێت، هەوڵدەدات ئەو تێڕوانینە هەڵەیە راست بکاتەوە گوایە کۆمۆنیزم و دیموکراسی تەواوکاری یەکترن، بەشێوەیەکی سادە جیاوازیی دیموکراسی لە کۆمۆنیزم مانیفێست کردووە، پاشان رووخسارە هاوبەشەکانی پارتی و شیوعییەکان دەستنیشان دەکات.

دواتر دێتە سەر پێناسەی کوردایەتی بە پێی “فەلسەفە”ی کاژیک و دەنووسێت “بەپێی بیروباوەڕی ئێمە، بزووتنەوەی کوردایەتی، لەو رۆژەوە دەست پێئەکا کە نەتەوەی کورد خۆی لەم جیهانەدا بەکورد ناسیوە… لەبەرئەوە پێمانوایە ئەوەتەی کورد هەیە بزووتنەوەی کوردایەتیش هەر هەبووە”. هەر بۆیە بەپێی کاژیکنامە کوردایەتی بزووتنەوەیەکی داهێنراوی سیاسیی نییە، کوڕی هیچ ساتەوەختێکی مێژوویی نییە، بەرئەنجامی گەشەکردنی هیچ فیکرێک نییە، لە هیچ شوێنێکەوە بۆ کورد نەهاتووە، بەڵکو شتێکی خۆڕسکە لەگەڵ هەستی خۆ بەکوردزانیندا لە دایک دەبێت، هۆشیارییەکی دەستەجەمعی گەلی کوردە “لەپێناوی مانەوە و ژیاندا”. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هەر بیروباوەڕێکی هاوردەکراو لە دەرەوەی جوگرافیا و کولتووری کوردەواریی رەت دەکاتەوە، ئەمە شتێکی ئێجگار گرنگە، ئەگەر بۆ ئەوێ رۆژێ تا ئەندازەیەک بایەخی هەبووبێت، بۆ رۆژگاری ئەمڕۆمان پێویستییەکی هەرە لەپێش و پلە یەکە. ئەمەش مانای ئاوێزان نەبوون و سوود وەرنەگرتن لە شارستانێتی جیهانیی ناگەیەنێت کە بەرئەنجامی فیکری هەموو مرۆڤایەتییە، کوردیش بە نۆرەی خۆی بەشداربووە لە رەنگکردنی ئەو شارستانییەی هەنووکە لە ئارادایە، بگرە کوردستان سەرزەمینی شارستانییەتە هەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤە، بەڵام بە تاقیکردنەوە لە ماوەی یەک سەدەدا ئەوە سەلمێنرا هیچ بیرێک بەدەردی کورد ناخوات جگە لەوەی بە ئاوەزی کوردانەی خۆی بەرهەمی دەهێنێت.
ئامانجی کاژیک وەستانەوەیەکی فیکریی هەمەلایەنە بوو بە رووی ئەو تەوژمە سۆسیالیستییەی بیری نەتەوەیی کوردی لاواز کردبوو. لە هەمان کاتدا باوەڕی بە دامەزراندنی دەوڵەت هەبوو بۆ کوردستان. بەڵام ئەشکالییەتی سەرەکیی لە فیکری ئەم رەوتەدا، ئەو جۆرە سۆسیالیزمە کوردەوارییە بوو بانگەشەی بۆ دەکرد، جەمال نەبەز لە کتێبی “هێندێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی قوتابخانەی کوردیی سۆسیالیزم” کە بۆ یەکەم جار لە سوێد لە ساڵی 1984دا چاپ کراوە، بە چڕیی لایەنەکانی ئەم جۆرە سۆسیالیزمە دەستنیشان دەکات. هەوڵ دەدات ئارگۆمێنتی ئەوە بکات، سۆسیالیزم تەنیا بەرهەمی بیری مارکس نییە. لێ ئەمە راستە سۆسیالیزم پێش مارکس لای سان سیمۆن و فۆرییەی رێبەرانی سۆسیالیزمی یۆتۆپی لە ئارادا هەبوو، بەڵکو سۆسیالیزم وەک خەونی مرۆڤ زۆر دێرینە، بەڵام ئەوەی کڵێشەیەکی زانستی بە سۆسیالیزم بەخشیوە مارکس و ئەنگلزن. عەتا قەرەداغی لە بەرگی دووەمی کتێبی “گووتاری ناسیۆنالیزمی کورد” لەلاپەڕە “255”دا دەنووسێت “ئەگەر سەرنجی روانینەکانی دکتۆر جەمال نەبەز بدەین کە گەوهەری روانین و جیهانبینی کاژیک لەوێوە فۆرمۆڵە دەبێت، هەمان روانینی مارکسیانەیە، بەڵام بە جیاوازی ئەوەی کە یەکسانی رەها لای کاژیک دەوڵەتی گەل دروستی دەکات، بەڵام لای مارکسیزم دیکتاتۆرێتی پڕۆلیتاریا رێگا بۆ ئەوە خۆش دەکات”.
بە تێگەیشتنی من، ئەو جۆرە سۆسیالیزمەی جەمال نەبەز گەڵاڵەی کردبوو و ببووە بەشێکیش لە تێڕوانینی ئایدۆلۆژی کاژیک، کارێکی زڕ و کلۆر بوو، ئەویش بە چەند هۆیەک، یەکەم: سۆسیالیزم بەهەر جۆرێک بانگەشەی بۆ بکرێت موڵکی چەپە. دووەم: یەکسانی ئیدیۆمێکی سادە نییە بەڵکو کۆنێسپتێکی فیکریی قووڵە و سەر بە ماڵی چەپگەرایی و کۆمۆنیزمە، قوتابخانەی کوردیی سۆسیالیزمیش بانگەشەی بۆ یەکسانی دەکرد، لە کاتێکدا دادپەوەریی سەر بە ماڵی بەرەی بەرامبەرە. سێیەم: ئەو سۆسیالیزمەی کاژیک و دکتۆر نەبەز لە ژێر کاریگەریی هەژموونی سۆڤێتیدا نووسرابوو، ئەگەرنا پێویستی بەو هەڵکۆڵینەی مێژووی کورد نەدەکرد لە راستای گەڕان بە دوای مۆدیلێکی وێکچوو لەگەڵ سۆسیالیزمی باو و سۆڤێتی. بەهەمەحاڵ کاژیک سەرباری هەموو کەموکوڕییەک و پووکانەوەی لە هەڕەتی لاویدا، بەڵام سەرمایەیەکی فیکریی و سیاسیی دەوڵەمەندی بەجێهێشت، کە رەنگە هەندێک پاسۆک ئەمەیان پێناخۆش بێت، بەبێ ئەدەبیاتی کاژیک مومکین نەبوو لە پرۆسەیەکی پۆیسیسانەدا “شتێک لە نەبوونەوە بیهێنیتە بوون” لە دایک ببێت. راستتر وایە بڵێین کاژیک دەرگای مێژووی بەسەر پاسۆکدا کردەوە.
پاسۆک “پارتی سۆسیالیستی کورد” لە رۆژی 11ی سێپتامبەری 1975دا لە شاری کەرکوک لەلایەن ئازاد مستەفا، فەرهاد عەبدولقادر، مامۆستا شێرزاد لە پاش هەرەسی شۆڕشی ئەیلول دامەزرا. سەرەتا بە ناوی “پارتی سۆسیالیستی نەتەوەیی کورد” دەستی بە کارکردن کرد، بەڵام لەسەر پێشنیاریی دکتۆر جەمال نەبەز وشەی “نەتەوەیی” لە ناوی حزبەکە کرایەوە، بە هۆکاری ئەوەی ناوی پێشتری لێکچوونێکی زۆری دروست دەکرد لەگەڵ ناوی نازییەکان “پارتی سۆسیالیستی نەتەوەیی”، بەم شێوەیە ناوی پارتەکە هەر بە ناوی پارتی سۆسیالیستی کورد مایەوە. پاسۆک درێژەپێدەری کاژیک نەبوو لە رووی رێکخستنەوە بەڵام لە رووی فیکرییەوە بە درێژکراوەی کاژیک دادەنرێت. بەتایبەت دروشمی پاسۆک “کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان” بە کەمێک گۆڕانکاریی سینتاکسیی هەمان دروشمی پێشووی کاژیک بوو. یەکێک لە جیاوازییەکانی نێوان پاسۆک و کاژیک رەنگە لەوەدا بێت، کاژیک لە شۆڕشی ئەیلوولدا لە ناو پارتییەوە خەباتی شاخی دەکرد، بەڵام پاسۆک هەر دوای ساڵێک لە دامەزراندنی، بەشێوەی سەربەخۆ خەباتی چەکداریی لە شاخ دەستپێدەکات.

ئەگەر لە پەیڕەو و پرۆگرامی پاسۆک ورد بینەوە، بە شێوازێکی رادیکاڵتر لە کاژیک و ژێکاف و پارتی، تیۆریزەی کوردایەتی و بیری نەتەوەیی کوردی تێدا کراوە، هەوڵدراوە بەرنامەکە وەک رێبازێکی فەلسەفی بۆ بیری نەتەوەیی کوردی پێناسە و گەڵاڵە بکرێت. لە بەرنامەی سیاسیی و فیکریی پاسۆکدا کوردبوون لە پێش هەر شتێک و لە سەروو هەموو شتێکەوە دانرابوو، ئەو روانگەیەی لە شیعری “ئەی رەقیب”ی دڵداردا هەیە لە تێکستێکی ئەدەبییەوە وەرچەرخێنرا بوو بۆ ئایدیایەکی سەرەکی کە پاسۆک وەک هێڵێکی گشتیی کاری لەسەر دەکرد. لە نامیلکەی “پاسۆک لە چەند دێڕێکدا” کە لە ساڵی 1980 لقی ئەوروپای پاسۆک بێ ناوی هیچ نووسەرێک چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، ناوەڕۆکی سیاسیی و فیکریی ئەو حزبەی تێدا روون کراوەتەوە. لەو نامیلکەیەدا پاش نمایشێکی مێژوویی لەسەر رەچەڵەکی کورد و کێشەی کورد، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات پاسۆک بۆ “یەکگرتنەوە و رزگاری و ئازادی کورد و کوردستان” تێدەکۆشێت. ئەمەش لە رووی مێژووییەوە کەوتۆتە پێش دروشمە دیماگۆگییەکانی پەکەکە “یەکگرتنەوەی هەر چوار پارچەی کوردستان”.
هەر لەو نامیلکەیەدا “پێموایە ئازاد مستەفا نووسیوویەتی” لە توێی 16 لاپەڕەدا زۆر بابەتی گرنگ بەتایبەت بۆ ئەو سیاقە مێژووییە تێَدا وروژێنراوە. تەنانەت بەرنامەی دوای ئازادی کوردستانی تێدا مانیفێست کراوە، لەوێ بانگەوازی گەلی کورد دەکات بەرەو بنیاتنانی کوردستانێکی ئازاد کە لە سایەی ئەو ئازادییەدا “کار بۆ کرێکار بێت. زەوی بۆ جوتیار بێت. هەر کەس بەری رەنجی خۆی بۆ خۆی بێت. ئازاد و سەربەخۆ بێت. رێز لە هەستی ئاینی و خواناسی بگیرێ. رێز لە بیروباوەڕی سیاسی بگیرێ”. ئەگەر لەم مافانە ورد بینەوە، تێکەڵەیەکە لە سۆسیالیزم و مافە دیموکراتییەکان، بۆیە ئەگەر لە رووی فیکرییەوە پاسۆک داینەمۆی بیری نەتەوەیی بووبێت، ئەوا لە رووی نیەتی ئیدارییەوە نزیکایەتی لەگەڵ ئەزموونی سۆسیال دیموکرات هەیە. لە نامیلەکەی “پاسۆک لە کڵاوڕۆژنەی دروشمەکانییەوە”، لە ساڵی 1984، “ئازاد مستەفا” پێنج پرنسیپە سەرەکییەکەی پاسۆک خاڵ بە خاڵ شی دەکاتەوە کە بریتین لە 1- کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان 2-پێش ئەوەی هەر شتێ بین، دەبێ کورد بین 3-کوردستان تەنیا موڵکی کوردە 4-مرۆڤایەتی کورد و کوردایەتی 5-جەماوەر سەرچاوەی بوون و دەسەڵاتە. لەم نامیلکەیەدا ئازاد مستەفا “ئازادی و سەربەخۆیی و رزگاری کوردستان و کوردستان و کورد” بە پێشمەرجی دۆستایەتی و ئاشتەوایی گەلانی دراوسێ و “دوور و نزیک” دادەنێت.
ئەگەرچی پاسۆک پاش راپەڕینی ساڵی 1991، بەهۆی یەکگرتنی لەگەڵ سۆسیالیست و پارتی گەل و پاشان توانەوەی لەناو پارتیدا، لە گۆڕەپانی سیاسییدا ون بوو،. بەڵام بیرۆکە و تێزە فیکریی و نیشتمانییەکانی کە لە سەرەتاوە جۆرێک لە ئایدیالیزمیان پێوە دیار بوو، لەناو کۆمەڵگەدا گەشەی کرد، بە جۆرێک ئاڵای کوردستان و ویستی سەربەخۆیخوازیی و دەوڵەتسازیی و پێکەوە بەسترانی خواستی کورد لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایە، لە ئاستێکی بەرزدا خەونی مرۆڤی کوردە. وەلێ پاسۆک و کاژیک وەک دوو رووداوی مێژوویی ماونەتەوە و بوونەتە بەشێک لە حکایەتەکانی دوێنێ، بەڵام ئایدیای ئەو دوو رەوتە “سەرباری هەندێک ناکۆکیان” لە دنیای تازەدا بەهای خۆی وەرگرتووەتەوە، هەرچەند پێموایە دەبێت ئەو بیرۆکەیە بەشێوەیەکی فەلسەفی و هاوچەرخانە پەرەی پێ بدرێت، نەک لەبەرئەوەی لایەنگرێتی لە نۆرمێک لە ناسیۆنالیزم دەکەم، بە پێچەوانەوە لای من ناسیۆنالیزمی کورد هێشتا لە دایک نەبووە تا خەڵکی لەسەر دادگایی بکەین، بەو پێیەی ناسیۆنالیزم پەڕگیریی نەتەوەییە و ئایدۆلۆژیایەکی سەردەمی مودێرنێتەیە، هاوار و بانگەوازی کورد بۆ ئازادیی لە ژێر چەپۆکی داگیرکەران بە ناسیۆنالیزم پێناسە ناکرێت، بەڵکو هەستێکی نیشتمانیی بێ ئایدۆلۆژییە، بۆیە لە هیچ ماوەیەکی مێژوویدا بۆ دەرمانیش کوردێکی شۆڤێنی نەبینراوە. لە کۆتایی ئەم نووسینەدا بە دیقەتتر روونی دەکەمەوە بۆچی دنیای نوێ گەڕاوەتەوە بۆ بەها نیشتمانییەکان کە بەهۆی گلوبالیزمەوە وا تێگەیشتبووین ئەو بەهایانە ئەرزشێکیان نەماوە.
لە فیکری کاژیک و پاسۆکدا، کوردبوون بەشێوەیەکی سەرەتایی کرابووە رێباز و ئایدۆلۆژیایەک بۆ خەبات و رزگارکردنی کوردستان. بەرنامەی فیکریی و سیاسیی ئەو دوو رەوتە تەکاندان بوو بەو پێناسە کلاسیکییانەی کوردبوون لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەوە لەلایەن منەوەرانەوە فۆرمۆڵە کرابوو و لە میانی پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕیشەوە بەرجەستەتر ببوو، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەم بیرە بە جوانەمەرگی سەری نایەوە، ئاخر دەکرا جومگە سەرەکییەکان و پوختەی ئەو بیرە دەستی پێوە بگیرابایە، کەسانێک نەبوون پەرەی پێ بدەن و بژاری بکەن و چوارچێوەی ئایدۆلۆژییەکی سەردەمییانەی پێ ببەخشن. لێ نامەوێت خۆم لە رەخنەگرتن لە فیکری ئەو دوو تەوژمە لابدەم، کەچی هێشتاش بایەخی فیکریی بەرنامەکانیان لەسەرو رەخنەکانمەوە دەبینم. هەر لەبەر ئەم فاکتۆرەش بوو ویستم بەرنامەی فیکریی ئەو دوو حزبە لەوانی تر بە جیا بخەمە بەر باس، نەک مەیلی رازاندنەوەی مێژوویانم هەبێت.

ئایدۆلۆگی کوردبوون.. ئۆجەلان یان مەسعود محەمەد؟

رەنگە بەراووردی نێوان مەسعود محەمەد و عەبدوڵا ئۆجەلان، بۆ زۆر کەس سەیر بێت و ئەو دوو کەسە قابیلی بەراووردکردن بە یەکتر نەبن. بە هۆکاری ئەوەی ئۆجەلان زیاتر لە چوار دەیەیە سەرکردایەتی بزووتنەوەیەکی سیاسیی و حزبی دەکات، هەرچی مەسعود محەمەدیشە بە هیچ شێوەیەک بەشداریی لە کاری سیاسیی و حزبی نەکردووە، بەڵکو هەموو تەمەنی تەرخان کردبوو بۆ گەڵاڵە فیکریی و نووسینە زمانەوانی و لێکۆڵینەوە تیۆرییەکانی، بەڵام ئێمە روویەکی هاوبەشی نێوان ئەو دوو کەسایەتییە دەخەینە روو، ئەویش بریتییە لە تەقەلا و هەوڵەکانیان لە راستای خستنە سەرپێی فیکر و ئایدۆلۆژیایەک، کەم و زۆر پەیوەندیی بە کورد و پێناسەکانی کوردبوونەوە هەیە. ئەگەرچی ئەو دوو مرۆڤە سەر بە یەک نەتەوەی دیاریکراون، بەڵام هەوڵەکانیان ئاڕاستەیەکی چوونیەکیان نییە. ئەگەرچی مەسعود محەمەد بە هۆکاری سیاسیی و حزبی خراوەتە پەڕاوێزەوە و کەمترین باری سەرنجی فیکریی و ئەکادیمی دەخرێتە سەر، لەگەڵ ئەوەشدا گەڵاڵەنامەکانی دەکرێت جارێکی تر ببنە مایەی ئاخاوتن، چوونکە تا بە ئێستا دەگات پەیڤین لە بارەی ئەم بیرمەندەوە سنووری رق و خۆشەویستی تێنەپەڕاندووە بۆ لێتوێژینەوەی ئەکادیمی.

هەوڵەکانی مەسعود محەمەد پارێزگارییکردن بوو لە شوناسی کورد لەبەردەم باهۆزی ئەو شەپۆلە لە چەپگەرایی و سۆسیالیزمی نەتەوە سەردەستەکان، بەشێکی هەرە زۆری بەرهەمە فیکریی و تیۆرییەکانی ناوبراو تەرخانە بۆ بەرپەرچدانەوەی دیدی سۆسیالیستی و نیشاندانی زڕیی بیری چەپڕەویی لە زەمینە و کەتواری ئەوێ رۆژێی کۆمەڵگەی کوردستان، وەک هەمیشەش جەختی دەکردەوە چینی کرێکار بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازییە، بەڵام شۆڕشێکی وەها لە کوردستان رووینەداوە، تاکو چینی پڕۆلیتاریا بەرهەم بهێنێت و ململانێی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا ببێتە رووداوێکی راستەقینە، پێداگریی دەکرد ئەو پارەدارانەی بە سەرمایەدارانی ئەم کۆمەڵگەیە ناسراون “لەو زەمەنەدا” هەموو سەرمایەکەیان هێندە نییە بەشی کڕینی دوو کارگە یان سێ هوتێلی پێنج ئەستێرە بکات بۆ نموونە لە شارێکی وەک لاس فیگاس یان تۆرانتۆ یان هەر شارێکی تری گەشەکردووی نێو سیستمی سەرمایەداریی. لەم رەهەندەوە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد، شوناسی کورد تاکە مقەوەماتە بۆ مرۆڤی کورد، بۆ چوونە ناو مێژوو و جیهانی شارستانییەوە. دەکرێت ناوکۆیی زۆرینەی بەرهەمەکانی لەمەدا چڕ بکەینەوە، مەسعود محەمەد پارێزەری ئایندێنتیتی کورد بوو تاکو نەکەوێتە ژێر شەپۆلی بیرە خواستراو و دەرەکییەکانەوە، وەک ئاشکرایە بۆ هەموو لایەک لە ساتەوەختی نەشونماکردنی فیکریی ئەودا، زاڵترین تەوژم مارکسیزم و ماویزم بوو.

ئەم بیرمەندە لە کتێبی “مرۆڤ و دەوروبەردا” کە سەرەتا بە سێ بەرگ بڵاوکراوەتەوە و دوا بەرگیان لە ساڵی 1997 چاپ بووە “ئەو چاپەی لەبەردەستی مندایە هەر سێ بەرگەکەیە بە یەکەوە لە توێی 491 لاپەڕەدا”. هەوڵ دەدات رەخنە لە ئەنالیزی ماددیی “ماتریالیزم” بۆ دنیا و مێژوو بگرێت، ئارگۆمێنتسازیی زۆر دەکات تاوەکو لەنگییەکانی خوێندنەوەی ماددیی بخاتە روو. هەرچەند زۆرجار بیروڕا ئایدیالیستی و کۆنسەرڤاتیڤەکانی دەیخەنە هەڵەی میتۆدلۆژییەوە، بەڵام ئەمە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت، ئەم کتێبە تا کۆتایی بایەخێکی لە راددە بەدەری هەیە لە کایەی رووناکبیریی تەنانەت ئەکادیمی کوردیدا. ئەم تەحەدایەی مەسعود محەمەد بەرامبەر بە تەوژمی باوی مارکسیزم و بیری سۆسیالیستی بۆ خۆی حاڵەتێکی دەگمەن بوو، ئەوی کردە رۆشنبیرێک لە دەرەوەی دەنگی باو و مێگەلئاسا کە بە لاساییکردنەوە و سۆزدارانە خۆیان لە سۆسیالیزمەوە ئاڵاندبوو، هیچ کام لەو سۆسیالیستە کوردانە هێندەی مەسعود محەمەد رامانیان نەکردبوو، لە بیرەکەیان نەکۆڵیبووەوە، کە ئەو بۆ کردەی رەخنەسازیی تێیدا قاڵ ببووە. لێرە لایەنگرێتی نیشان نادەم، دەمەوێت پەردە لەسەر دەموچاوی ئەو هەقیقەتە لا بدەم هێشتا کەسێک جەسارەتی ئەوەی نەبووە لایبدات.
وەنەبێ کاری مەسعود محەمەد، هەر ئەوە بووبێت وەک ئەنتی مارکسیست و چەپ بەرگریی لەکوردەواریی بکات، بەشێکی تری هەوڵەکانی دەچنە خانەی زمانسازیی و زمانەوانییەوە. لەبەرئەوەی زمان توخمێکی سەرەکیی هەبوونی هەر نەتەوەیەکە، رەگەزێکی جیاکاریی وەهایە توانای پاراستنی شوناسی هەر نەتەوەیەکی هەیە. تەنانەت بە پێی تێزی “دی سوسێر” مرۆڤ کائینێکە لە رێی سیستمی زمانەوە بیر دەکاتەوە “ئەم تیۆرییە زمانی و دەمارییە بۆ ستراکچرالیزم بەهایەکی بێ پایانی هەبوو”. نازانم ئایا مەسعود محەمەد چەند ئاگاداری ئەو تێزە دی سوسێریانە بووە، بەڵام لەوە دڵنیام لە دیدی ئەودا زمان هێندەی خاک بایەخی هەبووە، هەر لەم سۆنگەوە بایەخێکی زۆر و بەشێکی زۆری ژیانی بۆ زمانی کوردیی تەرخان کرد. ئەگەرچی مەسعود محەمەد بوارێکی فراوانترە بۆ قسە لەسەرکردن، بەڵام سەرنجی خوێنەر رادەکێشم بۆ دوو خاڵی گرنگ، یەکەم: مەسعود محەمەد پڕۆژەی “کوردبوون”ەکەی لە پێشگرتن بە مەدی چەپڕەویی گەڵاڵە کردووە، ئەم پڕۆژەیەش تەواو نییە و دەبێت بەردەوامی پێبدرێت و ئیزافەکاریی پتری بۆ بکرێت، چون ئەوەی ئێستا هەڕەشەیە لە شوناسی ئێمە کۆمۆنیزم نییە بەڵکو گلوبالیزمە. دووەم: پڕۆژەکەی مەسعود محەمەد و خودی خۆی محافیزکارانە بوون، لە بەرامبەر ئەو کرانەوەیەی لەگەڵ چەپ رووی کردبووە کۆمەڵگە، ئەو هەمیشە لە پەنا روانگە کۆنسەرڤاتیڤەکانەوە داکۆکی لە ناسنامەی کوردیی دەکرد. ئەمە بۆ ئەوێ رۆژێ کەموکوڕیی نەبوو، بەڵام بە حاڵی ئێستا ناخوات. بۆیە بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە پێویستمان بە درێژەپێدان و تێپەڕاندنی تێزەکانی مەسعود محەمەد هەیە، گەرچی بنەماش بن. رەنگبێ ئەم هزرینەم لەمەڕ مەسعود محەمەد هەم لایەنگرانی و هەم دژبەرەکانی بخاتە دۆخی هستریا و باری بزڕکاندنەوە، بەڵام بێباکم، چونکە ئامانجی من دامەزراندنی ئاخاوتنێکی زانستییە لەبارەی ئەو بیریارە و رزگارکردنێتی لە بەندیخانەی کتێبە تۆز لێ نیشتووەکان.

هەرچی عەبدوڵا ئۆجەلانە، لە رووی فیکرییەوە بەردەوام لە گۆڕان و پرۆسەی دۆنادۆندا بووە. ئەگەر لە قۆناغی پێش زانکۆیدا، بە خوانناسی و سەرسامبوون بە “سەعیدی نەوڕەسی” دەستپێبکات، لە دەورانی خوێندن لە زانکۆدا پشت دەکاتە ئەو رابردووە و سەوداسەری بیرۆکەی مارکسیزم – لێنینیزم دەبێت، کە مۆدیلی ئەوسای زۆرێک لە خوێندکارانی زانکۆکان نەک لە تورکیا بەڵکو لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیاش بووە. لەگەڵ ئەوەشدا ناسنامە کوردییەکەی خۆی هەرگیز فەرامۆش ناکات. ئەم پاڵنەرە دەبێتە فاکتۆری جۆشدانی گیانی شۆڕشگێڕێتی و یاخیبوون تێیدا لە دژی دەسەڵاتی تورک، ئەو لەگەڵ دوو فۆرمی دیسپۆتیزم بەرەو روو بووە، یەکێکیان چەوساندنەوەی وەک ئەندامێک لە چینی خوارەوەی کۆمەڵگە لەلایەن ئەو سیستمە سەرمایەدارییەی لە تورکیادا کەوتبووە سەرپێ، ئەویتریان وەک کوردێک کە بە پێی دنیابینی زاڵی دەوڵەت و نەتەوەپەرستانی تورک “تورکی چیایی” بوو. ئەمە رێگە خۆشکەر بوو لە رێکخراوێکی بچووکەوە دەست پێبکات تا کار گەیشتە سەر دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی 1978دا.
پارتی کرێکارانی کوردستان، ساڵانێکی زۆر بە پەرچەمێکی سوور و بە ئایدۆلۆژیایەکی چەپی رادیکاڵەوە لە نێو گۆڕەپانی سیاسیی و سەربازییدا درێژەی بە خۆی دا. لێ لەم قۆناغەدا دروشمی یەکێتی هەر چوار پارچەی کوردستان ببووە کەرەستەیەک بۆ راکێشانی نەوەیەکی تووڕە و یاخی لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، بەڵام بۆ پارتێکی چەپی ئینتەرناسیۆنالی وەک پەکەکە ئەمە تاکتیک بوو نەک ستراتیژێکی چەسپیو. ئاخر ناکرێت لە خەونی دەوڵەتی کوردستانی گەورەوە بێیتە سەر بەڕێوەبردنی کەنتۆن و تێزی برایەتی گەلان. بەهەرحاڵ لە قۆناغی پێش دەستگیرکردنی ئاپۆدا لە ساڵی 1999، پەکەکە لە یەک کاتدا هەم حزبێکی چەپی رادیکاڵ بوو، هەمیش دروشمی یەکێتی هەر چوار پارچەی کوردستانی بەرز کردبووەوە. لەم قۆناغەدا “دەکاتە پەنجا ساڵی تەمەنی ئاپۆ”، کوردبوون لە دیدی ئەو حزبەدا وابەستەی شەڕکردن بوو لەگەڵ ئیمپریالیزم و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی. هەر لەنێو ئەم پێڤاژۆیەدا ئۆجەلان هیچ تیۆرییەکی تایبەتی نەبوو، جگە لەو رامانە مارکسییەی ببووە بنەمای پەروەردەی گەریلاکانی. لەم رووەوە کتێبی داستانی ژیانەوە “لە بنەماوە دیدارێکی رۆژنامەوانی درێژە” گەواهیدەری ئەم قسانەی سەرەوەی ئێمەن.
لە قۆناغی زیندانیکردنی ئۆجەلانەوە “بە تایبەت لە ساڵی 2001 بەملاوە” گۆڕانکارییەکی ریشەیی بەسەر بیر و دیسکۆرسی سیاسیی پەکەکەدا دێت. لەم چوارچێوەیەدا حزبەکە دەستبەرداری چەپگەرایی دەبێت و ماوەیەک ژیانی لە تەنگژەی بێ ناسنامەییدا دەگوزەرێنێت. ئەم گۆڕانە تەنیا چەپڕەویی پەکەکەی رانەماڵی، بەڵکو باسێک لە یەکێتی پارچەکانی کوردستانیش نەما، ئەگەرچی پێش دەستگیرکردنی ئاپۆ وەک “مارتین ڤان پرۆینسن” لە کتێبەکەیدا “کورد و بنیاتنانی ئوممەت” ئاماژەی پێداوە ئۆجەلان پێش گرتنیشی “داواکانی کەمڕەنگتر کردەوە بەو هیوای تەنها بگاتە رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی تورکیادا” درێژەی پێدەدا و دەڵێت “..رۆشنتر بووەوە ئەو رێگاچارەیەکی دەوێت لە چوارچێوەی کۆماری تورکیادا”. بەم شێوەیە داهێزرانێکی سیاسیی گووتاری پەکەکە و لق و باڵەکانی گرتەوە تەنانەت لە پارچەکانی تریشدا، بەڵام لە ساڵی 2004 رووداوێکی زۆر گرنگ لە ژیانی ئۆجەلاندا روو دەدات کە دەبێتە سەردەق شکاندنی قۆناغێکیش لە مێژووی رامیاریی پەکەکەدا.
ئەو رووداوەش ئاشنابوونی ئۆجەلانە لە زیندانەکەیدا لە دوورگەی ئیمراڵی، بە بیریای ژینگەدۆستی ئەمەریکی “مۆری بۆکچین”، ئەویش لە رێگەی خوێندنەوەی کتێبە هەرە بەنرخ و ناودارەکەی “بوکچین”ەوە بە ناوی “ئیکۆلۆژیای ئازادیی” کە بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو کتێبە و شۆڕشێکی فیکریی لە مێشکی ئاپۆدا هەڵدەگیرسێنێت. دواتر ئەم نزیکایەتییە فیکرییە دەگۆڕێت بۆ دۆخێکی پێشکەووتر لەگەڵ یەکتردا بە هۆی ئاڵوگۆڕی نامە لە نێوانیاندا. ئۆجەلان دوای ئاشنابوون بە مۆری، پشت دەکاتە مێژووی خۆی “چەپایەتی” هەروەک “مۆری”ش بە هەمان ئەزمووندا تێپەڕی بوو. ئەم کردەیەش لای ئاپۆ تەنیا لە دۆخی سەرسامبووندا نەمایەوە، بەڵکو ئۆجەلان چەندین کتێبی بەنامێی لە بن کارتێکردنی دیدی بۆکچیندا نووسی، گرنگترینیان کتێبە چەند بەرگییەکەیەتی بە ناوی “لە دەوڵەتی راهیبی سۆمەرەوە…”. ئەگەرچی ئاپۆ گەشتێکی مێژوویی بەناو شارستانێتییە دێرینەکانی میزۆپۆتامیادا دەکات، تا بەها و تێزێکی نوێ بۆ رۆژگارەکەی بدۆزێتەوە، بەڵام بێ رۆشنایی بیری مۆری بوکچین لە ناو رێگە حەلەزوونییەکانی ئەو مێژووەدا ون دەبوو. لەسەر مەبنای ئەم فاکتە رێ بە خۆم دەدەم بڵێم ئاپۆ داڕێژەرەوەی ئایدیاکانی مۆری بۆکچینە بە بارگاویکردنی دید و بۆچوونەکانی لەگەڵ مێژووی فرە چەشنی میزۆپۆتامیادا.
ئۆجەلان نە تەنیا لە بواری سیاسیی و مودێلی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە کەوتە ژێر بۆچوونی بۆکچینەوە بەڵکو لە بواری ئیکۆلۆژیی و فێمینیزمیشەوە هەمان کاریگەریی بەدیار کەوت. مۆری بۆکچین بەڕێوەبردنی دەسەڵات بە شێوەی ستوونی رەت دەکاتەوە، باوەڕی وایە دەبێت بڕیارەکان لەبەشەکانی هەرە خوارەوەی کۆمەڵگەوە دروست بکرێن و سەر بخرێن بۆ سەرەوە، ئەمەش دووپاتکردنەوەی روانگەی ئەنارشیستییەکانی “باکۆنین”ە، ئاپۆ بە خۆشحاڵییەوە ئەم روانگەیەی گەوار کرد، لە هەمان کاتدا بوو بە بناغەیەکی ئایدۆلۆژیی بۆ پەکەکە و تەواوی باڵەکانی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، ئەگەر سەیری سترۆکتۆری کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان بکەین لەوە دڵنیا دەبینەوە هەر کام لەو کانتۆنانە لەسەر ئەم فەلسەفەی بەڕێوەبردنە کە لە مۆری بۆکچینەوە داکەوتووە دروستکراوە، چون نموونەی دەوڵەت شاری ئەسینا و کۆبوونەوە دیموکراسییەکانیان بۆ دروستکردنی بڕیار، دڵخوازی ئەو بیریارە ئەمەریکییەیە. هەروەک چۆن لە بواری ژینگەپەروەریی و بایەخدان بە ژنان، ئاپۆ بە قووڵی کەوتووەتە بن کاریگەریی بۆکچین. هەرچەند فێمینیزمی پەکەکەیی زۆر جیاوازترە لە فێمینیزمە بۆکچینییەکە بەوەی لە مۆدیلی پەکەکەدا یەک ماف هەیە بۆ ژن ئەویش مافی میلیتاریزەبوون و بە رۆبۆتبوونی سیاسییە.
ئەگەرچی تیۆرەکەی ئۆجەلان یان ئاپۆچێتی لە مۆدیلی کوردایەتی کلاسیکی پێشکەووتووترە، بەو پێیەی بزافی کوردایەتی لە خۆخوێندنەوە دواکەوتووە و لەنێو حکایەتە بچووکەکاندا دەژی و رۆشنبیرییەکی پلە نزمترە بە بەراروورد بەو کولتوورە باڵایەی لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا بوونی هەیە، بەڵام ئاریشەی ئاپۆچێتی نە لە بواری بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدایە “بۆ خۆم لایەنگری ئەو مۆدیلەی بڕیار دروستکردنم” نە لەو رووخسارە نوێباوەی بایەخ بە یەکسانی جێندەریی و ژینگەپەروەریی دەدات کە ئەمەش روویەکی پۆزەتیڤی بیری ئاپۆیە ئەگەرچی ئیقتباسیشە لە دیدی بۆکچینییەکەوە. ئەوەی کێشەی سەرەکییە ئەو تێزەی برایەتیی گەلانە، کرۆکی تیۆرەکە پێکدەهێنێت، ئەگەر بۆ بیست ساڵ بەر لە ئەمڕۆ تیۆری برایی گەلان گرنگ بووبێت، ئەوا لە حاڵی حازردا دەور و دوکانی پێچراوەتەوە. چونکە سەردەمەکە گۆڕاوە، سەردەمەکە بەرەو پۆپۆلیزم و راستڕەویی نەتەوەیی لە باری وەرچەرخاندایە. بە کورتی و کرمانجی ئاپۆ ویستی نموونەی یەکێتی ئەوروپا “هەرچەند ئەویش لەسەر بنەمای راسیزم و ئۆرۆ سێنترالیزم پێکهاتووە و خەریکە کۆتایی دێت”، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دووبارە بکاتەوە، لێ تورک هیچ قووڵاییەکی مێژوویی نییە لە دیرۆکی دێرینی میزۆپۆتامیادا، با لەوەش بگەڕێین ئەم برایەتیی گەلانە هەڵچنینی دیوارێکە لە نێو خەیاڵدا. لەبری ئەمە ئاپۆ کوردبوونی پێناسە بکردایەتەوە و بیکردایە بە ئایدیایەکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە سوودی زیاتر دەبوو، جا لە بری مۆری بۆکچین ئاسایی بوو، بۆ ئەم کارە پشتی بە ئەهریمەنیش ببەستبا.
سەندرۆمی خۆ بە کەمزانینی مرۆی کورد
دەمەوێت لە چیرۆکێکی ریالیزمیی خۆمەوە دەستپێبکەم “وا بزانم ئەمە دووەم جار بیڵێمەوە”، جارێک هاوڕێیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە نامەیەکی تایبەتیدا بۆی نووسیبووم شیعرەکانت بۆنی ئەوەیان لێ نایەت، کەوتبیتە ژێر کاریگەریی ئەو ژینگەیەی لێی دەژیت. هەست بەوە ناکرێت تۆ ساڵانێکە لە دڵی ئەوروپادا دەژێی چوونکە بەرامەی هیچ قوتابخانەیەکی خۆرئاوایی بە شیعرەکانتەوە دیار نییە. ئەمە بە زمانێکی رەخنەگرانە و تەوسئامێزەوە ئاڕاستەی من کرا. هەر لەبەرئەوەش بە پێی دیدگای ئەو شیعرەکانم پێشوازییان لێ ناکرێت، چوونکە کەمترین کاریگەریی ئەدەبی بێگانە بە تایبەت فارسی لەسەرە. وێڕای ئەو نامەیە منی شاگەشکە کرد و ئەوپەڕی شادمانی پێبەخشیوم، بەهۆی ئەوەی دڵنیاییم دەستکەوت جیاوازتر لە خەڵکانی تر دەنووسم و بە پرۆسێسی بیرکردنەوەدا تێدەپەڕم، سوورتری کردم لە بەردەوامیدان لەسەر شیعرنووسین. ئەز لە بەرسڤدا گووتم من ئەگەر باسی خەمە وجودییەکانیش بکەم یاخۆ باسی ژن و خۆشەویستی بکەم، بە کوردییانە باسیان دەکەم، کانی و رووبار و کولتوور و زێد و نوستالژیاکانم تێکڕا کوردین، هەرچەند وەک تەنێکی بیۆلۆژیی لە پایتەختی رەفاهترین وڵاتی ئەوروپاییدا بژیم. بۆ من ئەوروپایەکی پیر و بێ هەست تا ئەو راددەیە جێی سەرسامیی نییە لە ناسنامەی خۆم دابمڕنێت، پێموایە دەبێت کوردانە بیر لە خۆرئاوا بکەینەوە، نەک خۆرئاواییانە لە کوردبوونی خۆمان بڕوانین.

لە هەمان کاتدا ئەو نامەیە، گەلێک مانای نادیاری بۆ بە دیار خستم، لە هەرە گرنگترینیان ئەو گرێی خۆ بە کەمزانینەی تاکی کوردە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا. باشتر لە جاران کەسێتی تێکشکاو و گیرخواردووی ناو حکایەتە وردیلەکانی کوردم ناسی. ئاخر ئێمە شایەتین لەسەر فۆرمێکی لە مرۆڤی کورد، تێکشکاو و بێزار، دەست و پێ سپی، هەمیشە لۆمەی خۆی و مێژوو و سیاسەت دەکات، نەفرەتێکی ئەبەدیی لە ناسنامە و بوون و ئەو چارەنووسەش دەکات وەک کورد هێناویەتیە سەر شانۆی ژیان. هەست بە زەبوونی و داوەشانی کەسێتی هەنووکەیی و دیرۆکیی خۆی دەکات، وەک بەکتریایەکی زیانبەخش بۆ جیهان خۆی دەبینێت، پێیوانییە لە هیچ ماوەیەکی مێژووییدا خاوەن شارستانێتییەک بووبێت هیچی بە دنیا بەخشی بێت، گوومان لە رابردووی دێرین و ئەمڕۆی دەکات، زمانی خۆی بە لەکە و شورەیی دەزانێت و هەوڵدەدات لە ئاخاوتنە ئاساییەکانیشدا وشەگەلی نامۆ و بیانی تێکەڵ بە رستەکانی بکات تاوەکوو بوونی خۆی بسەلمێنێت. تاکو ئەو ئەندازەی پێشکەوتن و مودێرنبوون لای بەو بارۆمەترە دەپێورێت تاکێک تا چەند دوورکەوتووەتەوە لەشوناس و پەیوەندیی بە نیشتمان و کولتووری خۆیەوە، هەمیشە مرۆڤە لە قاڵبدراوەکانی ناو جلوبەرگی ئەفەندی و سفور و ئەوانەی زمانی دایکی خۆیان بە باشی نازانن جێگەی تێڕامان و پێزانینی ئەوە.

ئەم سەندرۆمە کوشندەیە و ئەم مرۆڤە بیمارە خۆ بەبچووکزانە دیاردەیەک نییە لە ئەمڕۆدا خۆی زەق کردبێتەوە یان رووداوێک نییە لە ئەمڕۆدا خوڵقابێت، بەڵکو لە نێو پرۆسەیەکی مێژوویی دوور و درێژدا نەشونمای کردووە و بە ئەمڕۆ گەشتووە، گەر لێی بگەڕێین بە باڵای ئایندەشماندا هەڵدەگەڕێت. گەر قووڵ بینەوە ئەنفال و قڕکردن و جەور و ستەمی دەسەڵاتی بێگانە نەیتوانیوە مرۆڤی کورد بخاتە دۆخی دۆشدامان و نووچدانەوە، بۆیە رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان لە کۆتاییدا فامیان کرد، سیاسەتی سڕینەوە لە رێی هارد پاوەرەوە هەمیشە مرۆڤی کورد زیاتر پەیوەست دەکاتەوە بە شوناسی خۆیەوە، بیریان لە بەکارهێنانی نەرمە هێز “سۆفت پاوەر” کردەوە، ئەم رێگەیە سەرکەوتنی زۆرتری بۆ چنینەوە، چوونکە لە ماوەیەکی پێوانەییدا توانی مێشک و هزرینی بەشێکی بەرفرە لە مرۆڤی کورد ژینۆساید بکات، لە ماکی خۆی دایبڕنێت و رۆشنبیرییەکی ساختە و ناهارمۆنی لەگەڵ ویژدانی کوردیی بکاتە رۆشنبیرییە ئیدیاڵەکەی.

ئەم مرۆڤە لە رێگەی غەزووی کولتووریی نەتەوە سەردەستەکان و توانەوە لە ئاست گلوبالیزەیشندا، هەرچی سەروەرییە لە مێژووی خۆی سەندوویەتییەوە، هەموو شانازییەکانیشی وەک کاڵایەکی هاوردەکراو لە فەرهەنگی نەتەوەکانی ترەوە دەبینێت. بۆ وێنە ئاین و فەلسەفەی زەردەشتییەت وەک یەکێک لە سیما پێشکەوتووەکانی ناو لاپەڕەکانی دیرۆک لە خۆی دادەڕنێت و دەیکاتە موڵکی نەتەوەیەکی تر. ئاخر داڕنینی زەردەشتییەت لە کورد هەوڵێکی زۆر ناکام و مایەپووچانەیە، هەموو دنیا زەردەشتییەت وەک میراتێکی کوردیی دەبینێت کەچی کورد خۆی ناچێتە عەقڵی ئەم گەنجینە پڕ حیکمەتە رۆژێک لە رۆژان لەلایەن ئەوەوە هێنرابێتە بوون، ئێوە لەگەڵ من دیقەت بدەن، تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم و پێش هاتنی هەژموونی ئیسلامگەرایی و ئیخوانیزم کورد لە رووی کولتووریی و ترادیسۆناڵییەوە زەردەشتی بوو، تەنانەت ئەگەر لە رووی بیروباوەڕەوە موسڵمان بووبێت، بەڵام وەک کولتوور زەردەشتی بووە، هەر لەو سەرپۆشە سپییە ورد ببنەوە داپیرانمان داویانە بەسەری خۆیاندا، کە هیچ رووخسارێکی هاوبەشی نییە لەگەڵ ئەو باڵاپۆشی و لەچکە قەتران و رەشانەی بەسەر ژنانی نیوە دوورگەی عەرەبەوە بوون، پێویستیش ناکات خۆمان بخەینە ناو ئاپۆریای مێژووەوە و وێڵی سەلماندنی خاوەندارێتی کورد بین لە زەردەشتییەت، وەک جارێک مەسعود محەمەد وتبووی: ئێمە دەستمان لە هەمەدان هەڵگرت بۆ عەجەم بەڵام واز لە مافی خاوەندارێتی زەردەشتییەت بۆ عەجەم ناهێنین، چوونکە خاک دەتوانیت لە حاڵی بەهێزبووندا بیسەنیتەوە بەڵام بۆ کولتوور ئەمە مەحاڵە.

ئەم گرێیە وەهای لە مرۆڤی هاوچەرخی کورد کردووە، خۆی بە دەست بەتاڵ و هیچ نەکردە و نەدی و بەدی بێتە پێش چاو. هیچ ئارگۆمێنتێک ناتوانێت بیخاتە سەر ئەو باوەڕەی ئەوی کوردیش ئەگەر لە ئێستادا بەهۆی دابەشبوونی جوگرافی و ستەمکێشی نەتەوە سەردەستەکانەوە، دەرفەتی پێ نەدرابێت بەشداریی کارا بکات لە پێشخستنی ژیان و ژیاری مرۆڤایەتیدا، ئەوە لە کەوناراوە هێندەی بەم جیهانە بەخشیوە تا کۆتایی دنیا بە شانازیی بۆی بنووسرێتەوە. کاتێک لەم مرۆڤە ورد دەبیتەوە بەشێوەی ریزپەڕ نەبێت، هیچکامی باوەڕی بە بەهێزیی زمان و ئەدەبیات و موزیک و سەما و تێکڕای کولتووری خۆی نییە، زۆر ئەستەمە بڕوا بە کوردێکی ئەم سەردەمە بهێنیت سەمای “رۆک ئاند رۆڵ” لە شایی “فەتاح پاشایی” ناوچەی سنە و مەریوانەوە پەرەی پێدراوە و گەشەی کردووە لەسەر دەستی گۆرانیبێژ و سەماکاری ئەمەریکی “ئیلڤس پریسلی”. ئاخر کورد هەردەم بێ پڕۆژە بووە و نەیتوانیوە لە ماتریاڵە کولتوورییەکانی خۆی سوودمەند بێت و گەشەی پێبدات، بە بەردەوامیی کەوتووەتە بن هەژموونی پڕۆژەی پان ناسیۆنالیزمی کولتووریی نەتەوەکانی ترەوە. لەوێ کوردبوون ئەو پێناسە بچووکەی پێدراوە فەرهەنگی نەتەوە سەردارەکان دەستنیشانیان کردووە.

بەبڕوای من تا کوردبوون پێناسەیەکی هاوچەرخانەی بۆ نەکرێتەوە، ئەم سەندرۆمە تادێت لەگەڵ مرۆڤی کورددا زیاتر گەشە بە خۆیەوە دەبینێت و بەردەوام بەرگی جوانتر لە بەردەکات. کورد پێویستی بە رێکۆنایسانسێکی تایبەت بە خۆیەتی، لەوێدا بە دووی ئەم درمە ئەنترۆپۆلۆژییەدا بگەڕێین و هەوڵی چارەسەرکردنی بدەین. ئێمە کەمترین جار خۆمان و مێژووی خۆمان خوێندووەتەوە، بۆ ئەوەنا لە ناو داستانە ئەفسوونگەراکانی دیرۆکی خۆماندا ون بین، بەڵکو بۆ ئەوەی پێشوازیی لە ئایندە بکەین. ئێمەی کورد لە هەر نەتەوەیەکی تر زۆرتر پێویستمان بە خۆناساندنەوە هەیە لەم جیهانە پڕ بەزم و رەزم و هەرا و هوریایەدا کە دیار نییە چی بەسەر دێت، بۆ ئەم کارە ئایدۆلۆژیایەکمان پێویستە لەسەر بناغەی کوردبوون نەشونما بکات و لە رۆحی کوردەوە هەڵقوڵێت، ئاخر ئەو چەمکەی پێی دەوترێت “کوردایەتی” بە خۆی و حکایەتەکانییەوە ئاوا بووە و قاڵبێکی کلاسیکییە کە ناتوانێت وەڵامدەرەوەی ئەم دۆخە بێت و پێ بنێتە ئەو جیهانە بێسەوبەرەی ئەمڕۆوە وەک لە فیلمی “جۆکەر”دا سیما ناماقووڵ و بێهودەکانی خراوەتە روو.
دووبارە پێناسەکردنەوەی کوردبوون

ویڵ دیورانت لە کتێبە هەرە بەنامێکەیدا “چیرۆکی شارستانێتی”دا بۆمان روون دەکاتەوە، شارستانێتییەکان بە تەواوەتی نامرن، بەڵکو بەشێوەی دۆنادۆن شوێن و جوگرافی و زەمەن دەگۆڕن، ئەگەرنا وەک مێنتەلێنتی درێژ دەبنەوە بۆ ئایندەیەکی زۆر دوورتریش. ئێمەی کوردیش یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەمان بە جیا لە بەرگریی چەکدارانە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە میراتگری شارستانێتییەکی گەورە و گران بووین. کوردستان سەرزەمین و لانکەی چەندین شارستانێتی مەزن بووە لە مێژوودا، کە دەکرێت لە هەنووکەشدا لەو رێگەیەوە بچێتەوە ناو مێژوو. ئەم مەڵبەندە جوگرافییەی لە رابردوویەکی ئێجگار دوورەوە کوردی لەسەر ژیاوە و درەنگتر ناونراوە کوردستان، یەکێک لە گرنگترین لانکەکانی شۆڕشی کشتوکاڵی و دۆزینەوەی نووسین و داهێنانی حیکمەت و خوڵقاندنی شێوە سەرەتاییەکانی یاساگەلێکی زۆر و زەوەند بووە. ئەم بنەمایانە لای زۆرێک لە نەتەوەکانی تر نین، مێژووی تورک وەک چەند هۆزێکی دڕندەی ئەودیوی قەفقاس و مەنگۆلستان دەست پێدەکات، مافیان بەسەر دیرۆکی میزوپۆتامیاوە نییە، کە لە رابردوودا تەنیا لە وڵاتی نێوان دوو زێ و کەناراوەکانی نیل “میسری کۆن” سەرەتاکانی شارستانێتی دەستی پێکردووە، هەرچی عەرەبیشە وەک چەند هۆزێکی ناکۆکی غەزاوەتچی لە کەشوهەوایەکی گەرم لە نەجد و حیجازدا سەرقاڵی غەزاوەت بوون و هیچ رۆڵ و نەخشێکیان لەنێو جیهان و شارستانییە دێرینەکاندا نەبووە، بگرە هەمیشە لە دەرەوەی مێژوو بوون تا هاتنی ئیسلام.

کورد دەبێت لەسەر ئەو کەلەپوورە شارستانییە و بە گەڕانەوە بۆ مێژوو، زمان، ترادیسیۆن، کەڵچەری رەسەن و هەڵقووڵاوی ناو ویژدانی کوردەواری خۆی، ئایدیایەکی نوێ بە فۆرمێکی هاوچەرخانە دروست بکات، هەم وەک تێرمی سەرەکی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، هەم وەک مۆدیلێکی نوێ کە دەکرێت فراوانتر بکرێت تا ئاستی ئەوەی ببێتە مۆدیلێکی گلۆبال!. بۆ نا، مەگەر ئەو دیموکراسییەت لە دەوڵەت شاری ئەسیناوە دانەکەوت لە شێوە پریمتیڤەکەیدا؟ هەر ئەم مودیلە نەبوو پەرەی پێدرا و کرایە سیستمێکی ئایدیال و جیهانی؟. مێژووی کورد تەنیا ئەو دیوە ناشرینە نییە و بریتی نییە لە ناکۆکی و شەڕی یەکتر، بەڵکو کورد خاوەنی پاشخانێکی زۆر دەوڵەمەندی کولتووری تۆلێرانس و پێکەوە ژیانە، ئەو پلورالیزمە ئاینی و نەتەوەییەی لە دێرینەوە تا نووکە لە کوردستان هەبووە، بایی ئەوەیە مۆدیلێکی لە دیموکراسی پێشکەوتووتری لەسەر بینا بکرێت. زۆر رووی تر لەم رەهەندەوە دەکرێت ورد بکرێنەوە بۆ کڵێشەسازیی ئایدیایەکی نوێ.
من کاتێک دەڵێم دەبێت کوردبوون خۆی بکرێتە ئایدۆلۆژیا، کتومت مەبەستم تێپەڕاندنی ئەو چەمکەیە ناوی “کوردایەتی”یە، لە هەمان کاتدا پڕۆژەیەکی گەورەترە لە ناسیۆنالیزمی باو، بەڵکو جیا لە بەرگریکردن و پاراستنی شوناسێک کە مرۆڤبوونی ئەو گروپە دەستنیشان دەکات لە هەزاران ساڵەوە ناوی کوردە، هاوکات وەک کەوای شانۆ ژاپۆنییەکە کە زیاتر لە رەنگێکی لە خۆ گرتووە، ئەم ئایدۆلۆژیا کوردییە هەوڵێکە بۆ پاراستنی ئەم رەنگاڵەییەی دنیا، دواجاریش پڕۆژەیەکی کراوەیە بۆ ئەو جیهانەی ئێستاکە لەوپەڕی پووچگەراییدایە لە رووی ئایدۆلۆژیی و سیاسییەوە. من دووبارە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەمەوە ئەم پێناسەکردنەوەی کوردبوون بەرەو پێشبردن و گەشەپێدانی ئەو روانگەیەیە “جەمال نەبەز” بە فۆرمێکی سادەتر لە کتێبەکەیدا بە ناوی “بیری نەتەوەیی کوردیی، نە بیری قەومیەتی رۆژهەڵاتی و نە بیری ناسیۆنالیزمی رۆژئاواییە” فۆرمۆڵەی کردووە. ئەم ناوەڕۆکە بەهای خۆی هەیە، کاتی ئەوە هاتووە کورد لە دەرەوەی ئایدۆلۆژیا هاوردەکراوەکان، بیرێک لە حاڵی خۆی بکاتەوە، نموونەیەک گەڵاڵە بکات لە رۆحی مێژوویی خۆیەوە هەڵقوڵابێت، دەکرێت ئایندەمان لەنێو بەهاکانی رابردوودا بینا بکەین. لە مێژووی سوێددا، بیریاری بەنامێ “هانس لارشۆن” بە گەڕانەوە بۆ ژیاری گریکی و سوودوەرگرتن لە بیری نەتەوەیی سەدەی هەژدە و نۆزدە، لەو چرکەساتەی گێتی لە کورەی جەنگی یەکەمی جیهانیدا هەڵدەقرچا، توانی ناسنامەی نەتەوەیی سوێدییەکان بە فۆرمێکی باڵا کە گوزارشت بێت لە کولتوور و رۆحی سوێدیی دابڕێژێتەوە.
کاتێکیش باس لە گەڕانەوە بۆ رابردوو دەکەین، بە مانای ئەوە نییە مشکی و جەمەدانی بخەینە سەری ئێستا، بەڵکو مەبەست لە پەرەپێدانی ئەو بەهایانە لە مێژووی ئێمەوە هەڵقوڵاون، گەڕانەوەشە بۆ هەندێک بەهای رەسەن بەهۆی داگیرکاریی و غەزوی کولتوورییەوە لە دەستمان دابوون. وا بیر دەکەمەوە کەرەستەکانی دروستکردنی بیرێکی کوردیی هێندە زۆر و بوارێکی فراوانن تەنیا لە تیۆریسیۆنێکی کەمە تیۆریزەیان بکات بەشێوەیەک لەگەڵ رۆحی سەردەمەکە بگونجێت، بەتایبەت لەم پێڤاژۆیەدا ژینگە و فێمینیزم دوو تەوەری سەرەکین، هیچ بیرێک کە چاوی لە ئایندە بڕیبێت، ناتوانێت بازیان بەسەردا بدات. کولتووری ژینگەپەروەریی لە نێوان کوردەواریدا تا دوو سێ دەیە پێش ئێستا کولتوورێکی زۆر بەهێزی کۆمەڵایەتی ئێمە بووە، لە هەندێک ناوچە تێکەڵ بە بیروڕای ئاینی و تەریقەتیش بووە، هەرچی بەرگریکردنە لە مێینەیە، دیسانەوە کێشەیەکی وامان نییە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کولتووری رەسەنی خۆمان!. رەنگە ئەم قسەیەم بێمانا بێتە بەرچاو لە کاتێکدا رۆژانە ژنی کورد بە پاساوی نامووسپەرستی دەکوژرێت! منیش نکۆڵی لەوە ناکەم و هەمیشە پرۆتستۆی ئەو دیاردە ناڕەسەنەم کردووە، بەڵام لە مێژووی رەسەنی کوردەواریدا ژن نەک هەر نە کوژراوە، بەڵکو مافی یەکسانی هەبوو لە بەرامبەر پیاودا. ئەگەر چاوێک بە مێژوویەکی نزیکیشدا بخشێنینەوە، بە خوێندنەوەی گەشتنامەی گەشتیاران و یاداشتی ئەو مسیۆنێرانەی رێیان کەوتووەتە کوردستان، تۆمارەکانیان تەژیەتی لە شکۆمەندیی ژنی کورد چ لە رووی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان چ لە رووی بەرهەمهێنانی ئابوورییەوە.
لە رووی سیاسیشەوە چیتر کورد ناتوانێت پێشکەوتن و هەنگاوە وردەکانی لە بواری دیموکراسییدا وەک نموونەی حوکمڕانێتییەکی سەرکەوتوو نیشانی دنیا بدات یان رەنگدانەوەی کولتووری نیو لیبرالیستی لە بواری سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا بکاتە مایەی سەرنج ڕاکێشانی دنیا و شانازییکردن پێوەی. چوونکە حکایەتی دیموکراسی و نیولیبرالیزم بۆ خودی خۆرئاواییەکانیش کۆتایی پێ هاتووە و ئەوان لە حاڵی حازردا بیر لە پارادایمێکی نوێی دەوڵەتداریی و مۆدێلێکی سەرکەوتووتری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە دەکەنەوە، ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ کەلەپووری نەتەوەیی هەر کام لە دەوڵەتە رۆژئاواییەکان، تەنانەت ئەمەریکییەکان وەک وڵاتی هەموو کەس و پەنابەران بیر لەوە دەکاتەوە لەسەر بناغەی رەگەزی ئەنگلۆ سەکسۆنی خۆی وەک نەتەوە پێناسە بکات، تەنانەت ئەم رەوتە لە پێش شاڵاوی کۆرۆنا ڤیرۆسیشەوە کەوتبووە سەر پێ، بگرە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016ی ئەمەریکادا دەستی پێکردووە، بەتایبەت کاتێک ترامپ بە دروشمی “یەکەم ئەمەریکا”ی بەرز کردەوە، بە کردەوەش لە چوار ساڵی رابردوودا نیشانیدا هەموو سیستمی گلۆبال تەنیا میکانیزمێکە بۆ خزمەتی گەلی ئەمەریکا.
لەوە زیاتر لە ئاستی جیهانیدا و لە دڵی ئەو ژیارە خۆرئاواییەی رۆشنبیرانی کوردیان بە کۆسمۆپۆلۆتیزم مەست کردووە، شەپۆلێکی تیژتێپەڕی گەڕانەوە بۆ راستڕەویی نەتەوەیی و راسیزم دەستی پێکردووە و رۆژ بە رۆژ کێرڤی ئەم بزاوت و هێزە توندە راستڕەوانە لە بەرزبوونەوەدایە. هەر لە پرۆسەی ناونانی کۆڤید نۆزدەوە بە “ڤیرۆسە چینییەکە” کە زۆرترین جار لە زاری دۆناڵد ترامپەوە جەختی لێوە دەکرێتەوە، ئەم زەقبوونەوەی راسیزم و نەتەوەپەرستییە هەست پێدەکەین، ئەمەش زیندووکردنەوەی رقێکی راسیستانەی گەلێک دێرینە وەک “لیا شنایدەر”ی نووسەری ئەڵمانی روونی دەکاتەوە، تەنانەت “هیگل”یش چینی بە دەوڵەتێک دەزانی لە دەرەوەی مێژووی جیهان. رەنگە خەڵکانێک هەبن راسیزم و نەژادپەرستی بە دەرکەوتەیەکی تازەی سەردەمی مودێرنە بزانن، بەڵام وەک “جۆرج تەرابیشی” لە یەکێک لە وتارەکانیدا روونی دەکاتەوە “ئەوە مودێرنێتەیە ناو لە راسیزم دەنێت، ئەگەرنا راسیزم وەک دیاردە بەرهەمی مودێرنێتە نییە”. ئەو نموونەی گریکییە دێرینەکان دەخاتە بەرچاو، کە تێکڕای گەلان و شارستانێتییەکانی تریان بە بەربەری لە قەڵەم دەدا.
ئەم شەپۆلە نوێیەی راسیزم وەک ئەوەی لە ئەوروپای خۆرئاوا بەڕێوەیە، نەک گەڕانەوە بۆ رەسەنایەتی نەتەوەیی لە هەگبەی خۆیدا هەڵگرتووە، بەڵکو لەسەر سڕینەوەی ئەویتر شوناسی خۆی دادەڕێژێتەوە. شتێکی سەیر نییە ئەو راسیستەی پەنابەران خەڵتانی خوێن دەکات، نرخی سەگەکەی لەسەرو ژیانی هەزاران بیانییەوە ببینێت، یان رەنگە سۆزێکی بێ سنووری هەبێت بۆ پشیلەکەی، مەگەر ئەو هیتلەرەی سەگ و پشیلەی خۆشدەویست چی بەسەر مرۆڤایەتیدا نەهێنا؟ ئەمە پاکانەکردن نییە بۆ تاکی راسیست بەقەدەر ئەوەی دەرخستنی ئەو رۆشنبیرییە مەترسیدارەیە لەمۆتیڤی کارەکتەری راسیستدا وەستاوە. ترامپ رمەکە لەوە دوورتریش دەهاوێژێت و لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە تا نهۆ بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە سیستمی لیبرالیستی ساڵی 1945 هیچ کات بە کەڵکی ئێستا ئەمەریکا نایەت. ئەم فاکتەرەش وەهای لە بیریاری بەنامێی ئەمەریکیی “یۆرام هازۆن” کرد کتێبە بەهادارەکەی بە ناوی “بەها باڵاکانی ناشنالیزم” بنووسێت، وەک خۆیشی وتوویەتی “ئەگەر ترامپ نەگەڕایەتەوە بۆ ناشنالیزم ئەم کتێبەم نەدەنووسی”.
پوختەی مەبەست ئەوەیە تێکڕای دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا و خۆرئاوا، لەسەرو هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە هەوڵی گەڕانەوەدان بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی، بۆ رۆحی نەتەوەگەرایی، کەچی ئەوەی سەیرە رۆشنبیری ئێمەیە هێشتاش کاوێژی ئەو موفرەدات و تێگەیشتنانە دەکات، دنیا ماڵئاوایی لێکردووە. نامەوێت دوور بکەومەوە لە کرۆکی مەخسەد، دەخوازم ئەوەش زیاد بکەم بۆ سەر قسەکانم، بەها باڵاکانی مرۆڤایەتی بۆ هەر نەتەوەیەک، ئەو بەها نەتەوەییانەن لە رۆحی ئەو نەتەوەیەوە هاتوون، بەها لیبرالییەکان چیتر نرخێکیان نەماوە، لەم سۆنگەوە دەبێت هەر گەلێک بە گەڕانەوە بۆ بەها باڵا نەتەوەییەکان، هەوڵبدات ئیدارەی خۆی بکات و مۆدیلێکی تایبەت بە حوکمداری دروست بکات. ئەمەش گرەنتی پێشبڕکێی نەتەوەکان دەکات لەسەر دۆزینەوەی باشترین شێوازی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن، تەنانەت ئەمە پێشمەرجێکی هەرە گرنگە کە هەر کەس بە جیا و هەر نەتەوەیەک بە گەڕانەوە بۆ خۆی مۆدیلێک لە ئایدۆلۆژیا بۆ پەروەردەی کۆمەڵگەکەی و بەڕێوەبردن و سیستمی حوکمڕانی بەرهەم بهێنێت، رەنگدانەوەی بیری نیشتمانیی خۆی بێت، نەک فۆتۆکۆپی ئایدۆلۆژیا باوەکان بکات کە داستانیان لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بەسەرچووە. وەک “جۆن شامێر”ی بیرمەندی ئەمەریکی لە کتێبی “گەورەترین وەهم، خەونی لیبرالی و واقیعی نێودەوڵەتیدا” تیشکی دەخاتە سەر “نەتەوە لە هۆز پێکدێت و ئەوە نەتەوەیە تێکڕای هۆزەکان لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە، ئیرادەی نەتەوە شێوازی حوکمڕانی هەر نەتەوەیەک دیاری دەکات”.

خولاسە دەبێت بیری نەتەوەیی کوردیی تیۆریزە بکرێت، بەرەوپێشەوە ببرێت، کوردبوون سەرەتا دەبێت بیر و پارادایمێک بۆ جیهانبینی و ژیان، ئینجا فۆرمێک بێت بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. سروشتی فیکریش خۆی وایە نامرێت بەڵکو شێوەی دەگۆڕێت و پەرە دەسەنێت. ئەم بیرە دەتوانێت وەڵامدەرەوەی قۆناغەکە بێت چ لە رووی سیاسیی چ لە رووی کۆمەڵایەتی و ئابووری. هەر هەنگاوێک بەدەر لە پێناسەکردنەوەی کوردبوون لە فۆرمی مۆدێلێکی ئایدۆلۆژییدا، هەموو بنیاتنانێک لە هەر بوارێکدا رۆنانێکە لەسەر وەهم و خەیاڵپڵاویی. دەبێت کورد دەست لەو نەریتە بەربدات هەمیشە ئارایشتی خۆی کردووە تاکو لەلایەن ئەویدی ناکوردەوە پەسەند بکرێت، هەوڵیداوە لە خۆی دوور بکەوێتەوە لە پێناوی ئەوەی دانی پێدا بنرێ لەلایەن ئەویترەوە، تاکو نیشانی دنیای بدات کاروانەکەی بەرەو دیموکراسی کەوتووەتە رێ، لە کاتێکدا بەهەمان ئەو دیموکراسییەتە دەچەوسێنرێتەوە. لە خەیاڵگەی ئێمەی کورددا فیکر کارێکی بێ بەهایە، تەنیا مۆدیلێک لە ئایدۆلۆژیا دەناسین، لە دەرەوەڕا بۆمان هاتووە، هیچ کات بیرمان لە ئایدۆلۆژیایەک نەکردووەتەوە لەسەر بنەمای کوردبوون بینای بکەین، نەک هەر بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی کوردیی بگرە مۆدیلەکە فراوانتر بکرێت بۆ ئاستی جیهانی. رەنگە ئەمە وەک خەونێکی ئەرخەوانی ببینرێت، بەڵام کێ گووتوویەتی ئەمە کاری نەکردەیە؟.

پەیڤی بەر لە کۆتایی
مەناحیم بێگن، یەکێک لە رابەرانی ئازادیی و دەوڵەتسازیی گەلی جوو، لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا لە کتێبێکدا بەناوی “راپەڕین” دەنووسێت “ئەم کتێبەم بۆ خەڵکی ناجولەکەش نوسیوە، بەڵکو بە نابەدڵیش دەرکیان بەوە کردبێت، یاخۆ تا ماوە چاوپۆشی لەو راستییە بکەن، کەوا لە خوێن و ئاگر و فرمێسک و خۆڵەمێشدا نموونەیەکی نوێی مرۆڤایەتی لە دایک بووە، نموونەیەک تەواویی نائاشنایە بە جیهانی هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر، ئەویش جولەکەی جەنگاوەرە. ئەو جولەکەیەی جیهان پێیوابوو مردووە و جارێکی دیکە هەڵناسێتەوە بەڵام هەڵسایەوە، چونکە لەو راستییە سادەیەی ژیان و مەرگ تێگەیشت، هەرگیزیش جارێکی دیکە نابێ دابەزێتەوە نێو چاڵ و لەسەر گۆی زەوی بسڕدرێتەوە”. لە باری واقیعیشەوە هۆلۆکۆست و جینۆسایدی بێ ویژدانانە و بزووتنەوەی رق ئەستووری ئەنتی سامیستی، نەک جیهان بەڵکو بەشی زۆرینەی جووەکانیشی گەیاندە ئەو خەیاڵەی جارێکی دیکە جوو ناتوانێت هەڵستێتەوە، لەوە زیاتریش بە بنیاتنانی دەوڵەتی ئیسرائیل دنیا بخاتە باری شۆک و حەپەسانەوە. ئەوەی جووەکان کردیان لەسەر بنەمای فیکر بوو، ئەو فیکرەی لە هەموو ئاستەکاندا رەنگدانەوەی هەبوو، دواجار جووەکانی لە وێستگەی دەوڵەتێکی بەهێز گیرساندەوە.
کورد بە هۆی ئەوەی خەونی بچووکە، بەردەوام خوازیاری ئەوەیە لە سایەی مەکرەمەی داگیرکەراندا بڕە مافێکی هەبێت، خەیاڵی دەسەڵاتدارێتی و سەردارێتی نییە، گەورەترین نەتەوەی سەر زەوییە دەوڵەتێکیشی نییە. هەرچەند بیر دەکەمەوە، کوردم وەک دەیناسۆر دێتە بەرچاو، لە رووی قەبارە فیزیکییەوە خاوەنی لەشێکی گەورە و زەبەلاح، بەڵام لە رووی عەقڵییەتی خۆ بەڕێوەبردنەوە بچووک. ئاخر زۆرێک لە پسپۆران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هۆ راستەقینەکەی قڕبوونی دەیناسۆرەکان لەسەر رووی هەسارەی زەوی، بۆ فاکتەری کەشوهەوا و دەرەکی ناگەڕێتەوە، بەڵکو پەیوەستە بە هۆکاری پێکهاتەی بیۆلۆژییەوە، چوونکە دەیناسۆرەکان بەو جەستە زەبەلاحەوە مێشکیان لە مێشکی مریشکەکان بچووکتر بووە. هەرچەند نامەوێت ئەم چوواندنە وەک سوکایەتییەک بە کورد لێکدانەوەی بۆ بکرێت، بەڵام ئەوەی رێگری سەرەکییە لەوەی کورد بۆ ئەبەد لەم دۆخە ناهەموارەدا بمێنێتەوە، هۆکارەکەی ناوکییە و بۆ بچووکی خەون و مێشکی خۆی دەگەڕێتەوە. ئەو مێشکەی هیچ کات بۆ بەرژەوەندیی و سەردارێتی خۆی بەکارنەهێنراوە. تاکو ئەم مێشکە بیر لە دووبارە خۆ پێناسەکردنەوە و تیۆریزەکردنی ئایدیایەک نەکاتەوە کە ببێتە هۆکارێک بۆ سەردارێتی و بەهێزبوونەوەی لە جیهاندا، هەردەم مەحکومە بە خراپتر لەم رەوشەی هەنووکە تێیدا دەژیێ.

سەرەتای مایۆ – کۆتایی ئۆگەستی 2020
خۆرئاوای زەمین – کەنار رووباری راین




نۆتای سەفەر … شیعر /کاوە عوسمان عومەر

لەگەڵ گەیشتن بە ئاسۆی هەورێ،،
پەپولەکانی دڵ دەربازکە،،
ئەی گەڕیدەی ،
لە کات و شوێنی ترا….
شیمانەیە یەکتر ببینینەوە،
گەڕانەوە نیە جارێکی تر،،،
لەم سەمەرەی گەردوونە،،
چەندیش ئەستەمە..
پلیکانە ئەفسونیەکانی فیردەوسی وون، ،،
لە دەروازە قورمزیەکانی دۆزەخ جیاکەینەوە،،
گەڕانەوە نیە، ئەی گەڕیدە ،
بە هەڵدێرە نسرمەکانی نامۆبوون،،
نۆتای سەفەر،،،
لە گیتاری سنگی خۆتا،،،
لە هەموو شتێ زیاتر،،
لە کەنارەکانی ئاسوودەیی نزیکت ئەخا،،
تۆ عاشق بە سەرهەڵگرتنی خۆتی،،
بەرەو ئاسمانێ،،
وەک کتێبێکی ئەفسوناوی،،
پەڕەکانی بە وشەی ئاوی ڕۆحت نوسراوە،،
باڵای سەوزی درەختی شیعریشت،،
هێندەی قەڵای بارانی بوون،،
سەمەرەیە
……………..
ئەوانەی لە پڕێکا،،
بوونە پاشماوەی جەنگەکان،
لە بێهودەیی دەرچەیەکدا،
لە گۆڕستانی..
خەوەکانی خۆیاندا جێمان،
فریاش نەکەوتن،،،
باڵە قرتاوەکانی ..
ئازیزەکانیان کۆکەنەوە،،
پەیکەرە شکاوەکانی ڕابردووش،،
گەلەری بوونی پڕکردوە،،
بە پەلە پروسکێ گۆزەی شکاوی جەستەیان..
خزاندە ڕوباری وشەو..
ووردە مرواری بیرەوەری ژوانێ،،
ڕەنگە هەر ڕوی نەدابێ
…….
کاروانی کۆچەریەکانی…
وڵاتێک، جگە لە دارستانە..
رەشەکانی گریان،،
هییچی تری نیە،،،
بۆ ئەو کەشتیانەی…
لە گەرداوی خەما سەرنگووم بوو،،
کێ شەپۆلەکانی کۆکردەوە،،
دوای مەرگی ماسیە پەمەییەکانی کات؟
کێ کاسی شەرابی خۆشبەختی
ڕشت، دوای هاتنی دەمامک ڕەشەکانی بیابان؟
…………………
تابلۆیەک بە ڕەنگی چاوەڕوانی کێشرا،،،
بە دیواری ڕۆژە مسینەکانی …
جەنگه خۆڵەمێشیەکانا هەڵواسرا،،،
چاوی ڕێگا،،
زەڕەبینی ڵێڵی هاوینێکی تاهەتاهەتایە،،
بە دوای دروسبوونەوەی …
تنۆکە بارانە سپیەکانی بێهودەیی
…….
شەو سیحرە
کتێک….
پەنجەی پیانۆکان،،
مەلە دیلەکانی بێستانی دڵ دەرباز ئەکەن
……………….
جانتاکان پڕ کرانەوە …
لە پاڕجەکانی شار،،
کۆچەرەکان بێ ئاگادارکرنەوەی خۆر،،
خۆیان دایە دەست گێژاوی مەنفا،،
پاشماوەی جەنگەکان،،
هێشتا لە نێو ئۆقیانووسی ڕۆحی..
مرۆڤە پەرتبوەکانە،،
…………………
چەترم مۆسیقای بیرکردنتە،،
کاتژمێرەکان پاش و پێشکەوتن،،
ڕاستیەکانیش،،
لە شوێن و جێی تران،،
هەر کە ڕۆخی ڕوبارەکانی وڵاتیان..
ڵێڵ و ژەهراوی کرد،.
شاخ و گەردی نێو چاوی..
منداڵەکانی ئاویشیان..
کردە ئەتوونی خوێن و پارە
………………….
گڕە بای بێهودەیی..
کاغەزی جەستەی..
پیاوەلمەکانی..
کەنار شارێکی لە ئەفسانەو درۆی..
خواوەندە دڵڕەقەکەکان بڕی…
کورسیەکان ئێسک و بروسکی ئێستان،،
کراسی کاتژمێرە وەستاوەکانیش..
بەسەر تەنافی نائومێدیەوە جێما،،
بە ترسیشەوە ژنە تەنیاکان،،
قەڵایەکی ئەرخەوانیان،،
لە چاوەڕوانی هەڵجنی،،
سەیرە تا ئێستا ماون، هەناسە ئەدەن،،
بە چی زمانێک ،
دوای جەنگە زۆرەکان..
ئێمە قسە دەکەین؟




شیوعییه‌كان جه‌وامیر بوون چۆن لێیان بده‌م !؟ … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ره‌نج سه‌نگاوی سه‌ته‌لایتی رووداو بۆ داپۆشینی عه‌یب و عاره‌كانی حكومه‌ت له‌ پاش هاتنی مسته‌فا كازمی له‌ گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار هه‌ندێ ته‌وه‌ریان ورووژاندو مه‌لا به‌ختیار چه‌ند كه‌ره‌ت وشه‌ی بازاری به‌كارهێنا بۆ نموونه‌ وتی شیوعییه‌كان جوامێر بوون چۆن لێیان بده‌م ( خه‌یره‌ مه‌لا له‌ منداڵ ئه‌ده‌ی ) و له‌ پاشان زمانی گۆری و وتی چۆن من شه‌ری ئه‌وان بكه‌م و دیاره‌ جیاوازی زۆره‌ له‌ نێوان لێدان و شه‌ر، نامه‌وێت باسی بكه‌م.
له‌ مانگی شوباتی 1983 له‌ دێی قوله‌گیسكانی شارباژێر نوێنه‌ری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان (ینك) له‌ گه‌ل نوێنه‌رانی به‌ره‌ی (جود) پارتی دیموكراتی كوردستان (پدك) و حزبی سۆشیالیستی كوردستان (حسك) وپاسۆك به‌ مه‌به‌ستی ئاشتبوونه‌وه‌و وازهێنان له‌ شه‌ری یه‌كتری رێكه‌وتنێكیان واژوو كردو شایانی باسه‌ دوو ئه‌ندامی حزبی شیوعی عێراق هاورێیان { عه‌بدوڵلا قه‌ره‌داغی ــ مه‌لا عه‌لی و شیخ سعید} وه‌ك شایدحاڵ ئاماده‌بوون هه‌رچه‌نده‌ حزب له‌ به‌ره‌ی جود بوو به‌ڵام دژی شه‌ربوو، له‌ پاش ماوه‌یه‌كی كورت له‌ مانگی ئازارو نیسان (ینك) له‌ ده‌وروبه‌ری دێی چاڵه‌ خه‌زێنه‌ به‌بێ گوێدان به‌و رێكه‌وتنه‌ شه‌ری دژ به‌ (پدك وحسك وپاسۆك) هه‌ڵگیرساندو مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كی ینك له‌ رێی جێهازه‌و هاوری ئه‌كردو هانی چه‌كداره‌كانی ئه‌داو ئه‌یوت ئه‌م خایینانه‌ بكوژن و ده‌ریان په‌رێنن و، ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدبوون و زه‌ره‌روزیانێكی زۆر به‌ر هێزه‌كانی جود كه‌وت.
هاورێیانی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك له‌ مانگی نیسان ئاگادر كرابوون كه‌ ساردی و گرژی له‌ نێوان حزب و ینك هه‌یه‌و، بۆ ئه‌وه‌ی حزب تووشی شه‌ر نه‌بێت ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاورێیان به‌ تایبه‌ت عه‌ره‌به‌كان نێردران بۆ سه‌ركردایه‌تی حزب له‌ پشتاشان و ، هاورێ برایمی سۆفی { بابی تارا} له‌ گه‌ڵ مه‌فرزه‌یه‌ك له‌ دێی حاجی مامه‌ند ره‌وانه‌ی ئه‌حمه‌دئاوای هه‌ورامان كراو له‌ به‌ره‌به‌یانی 1 ی ئایار هاوری به‌هاءالدین نوری و مه‌فره‌زه‌یه‌كی گه‌وره‌ به‌ ره‌و قه‌ره‌داغ كه‌وتنه‌رێ.
له‌ پشتاشان شه‌ر بوو، مه‌ڵبه‌ندی یه‌كی ینك چۆڵ بوو هه‌موو پێشمه‌رگه‌كانیان ره‌وانه‌ی پشتاشان كرابوون بۆ به‌شداری له‌ كوشتنی شیوعییه‌كان و، مه‌لا به‌ختیار توانی شه‌ری نه‌بوو، له‌ هه‌مووی سه‌یرتر به‌ بۆنه‌ی چه‌ژنی كرێكارانی جیهان شاندێكی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كی ینك پێكهاتبوو له‌ كاك سالار عه‌زیزو یه‌كێكی تر هاتن بۆ پێشكه‌شكردنی چه‌ژنه‌ پیرۆزه‌و و من هاورێ مه‌حمود دیكتاریۆف پێشوازیمان لێكردن و، له‌ 2 ی ئایار هه‌رچی هێزامان هه‌بوو به‌ فه‌رمانده‌یی هاورێ مه‌لا عه‌لی به‌ره‌و قه‌ره‌داغ كه‌وتینه‌رێ ، واته‌ مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك له‌ حاجی مامه‌ند نه‌ماو چۆڵكرا.
له‌ دێی كه‌ماڵان بووین رادیۆكه‌ی ینك موژده‌ی سه‌ركه‌وتنی قه‌سابخانه‌كه‌ی پشتاشانی بڵاو ئه‌كرده‌وه‌و نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌یقیژاندو ئه‌یوت “” ته‌حریفییه‌كانمان”” مه‌به‌ستی شیوعییه‌كان بوو كوشت و كه‌میان ماوه‌ په‌روباڵیان ئه‌كه‌ێن و له‌ناویان ئه‌به‌ێن، حزب زۆر جار تووشی وشه‌ی له‌ ناویان ئه‌به‌ێن بووه‌ته‌وه‌و درنده‌تریان شاڵاوه‌كه‌ی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو بۆۆ، هیرشه‌ چه‌په‌ڵه‌كه‌ی پشتاشان و، له‌ هه‌موو ئه‌و جۆره‌شاڵاوانه‌ شیوعییه‌كان سه‌ربه‌رزو روو سووربوون و دوژمنان سه‌رنه‌ویی وسه‌رشۆرو دۆراوو روو زه‌رد بوون.
له‌ رێگادا به‌ره‌و قه‌ره‌داغ له‌ 2/5/1983 چه‌كدارێكی ( ینك) مان به‌ناوی ره‌حیم گرت و له‌ پاش چه‌ند كاتژمێرێك ئه‌و كادیره‌مان به‌ره‌ڵا كردو، نه‌مانزانی چه‌كداره‌كه‌كانی مه‌لا به‌ختیار له‌ دێی مه‌سۆیی قه‌ره‌داغ ترسنۆكانه‌ بۆسه‌یان بۆ هاورێیانمان داناوه ، به‌ڵێ ، له‌ 2/5/1983 له‌ دێی مه‌سۆیی قه‌ره‌داغ چه‌كداره‌كانی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی (سه‌ردار ناوتاقی) كه‌مینێكی بۆ مه‌فره‌زه‌یه‌كی 7 كه‌سی له‌ هاورێیانمان داناو ئه‌م دوو قاره‌مانه‌ : كادیری پێشكه‌وتوو نه‌جیب شیخ محه‌مه‌د قادر { گۆران} و كامیل ئه‌حمه‌د سه‌مینی كانی ساردی شه‌هید بوون و، ئه‌م تێكۆشه‌رانه‌ : كامه‌ران عه‌لی عه‌بدولقادرو ساڵه‌حی مینه‌ی گه‌وهه‌رو ره‌ووف حاجی محه‌مه‌د كاكه‌وڵا گوڵانی بریندار كران و هه‌ردوو پێشمه‌رگه‌ی ئازا حه‌مه‌ سه‌عیدو ئیسماعیل به‌دیل گیران.
هێزه‌كانی حزب له‌ قه‌ره‌داغ بڵاوه‌یان پێكرا له‌ دێهاتی : ئه‌ستێڵ و كۆشك و ته‌كییه‌و سێوسێنان و، من له‌ گه‌ڵ هاورێی چاونه‌ترس و ئازا ته‌وفیق فه‌تحوڵلاو ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی دلێر له‌ ئه‌ستێڵ ماینه‌وه‌و، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری مه‌لا به‌ختیار ویستیان ده‌ست بوه‌شێنن و له‌ یه‌كه‌مێن هاواری هاورێ ته‌وفیق رایانكردو تا نزیك دێی چه‌می سمۆر به‌دوایان بۆۆ راونران و به‌ زۆر وبه‌ هاواركردن هاورێ ته‌وفیق گه‌رایه‌وه‌.
هێژه‌كانمان له‌ گه‌ڵ هێزی حزب له‌ قه‌ره‌داغ و گه‌رمیان یه‌كیان گرته‌وه‌و ،به‌سه‌ر دێهاتی دێوانه‌و باوه‌خۆشێن وئیمام قادر بڵاوبوونه‌وه‌و، رێكخراوه‌كانی حزب له‌ ده‌ربه‌ندیخان و دیهاتی ده‌ورو پشت خواردن و پێداویستییه‌كانیان گه‌یانده‌ پێشمه‌رگه‌كان و بۆ ئێواره‌كه‌ی له‌ سه‌ر شاخ له‌ نزیك ئیمام قادر چه‌كداره‌كانی مه‌لا به‌ختیار كه‌وتنه‌ ته‌قه‌كردن له‌ هاورێیانمان كه‌ له‌ سه‌ر شاخ بوون و له‌ پاش چه‌ند سه‌عاتێك چه‌كداره‌كانی ینك هه‌ڵهاتن.
كه‌ چووینه‌ عازه‌بان و ئه‌حمه‌دبرنه‌و ئالان و حاسڵ و قه‌ڵوه‌زه‌و كانی به‌ردینه‌و دیهاتی شاره‌زور چه‌كداره‌كانی یه‌كێتی به‌ نیازی ده‌ستوه‌شاند چه‌ندین جار هه‌وڵیانداو زه‌ره‌ریانكردو و ژماره‌یه‌ك به‌دیل گیران و یه‌كێك له‌و چه‌كدارانه‌‌ له‌ دێی سواری به‌ برینداری گیراو بردمانه‌ دێی ته‌په‌كه‌ل ‌و به‌ رێزه‌وه‌ تیماركراو رۆژیك دواتر به‌خه‌ڵكی دێ ره‌وانه‌ی لای براده‌ره‌كانی كرا.
پیاو ئه‌و پیاوه‌یه‌ درۆ نه‌كات چونكه‌ په‌تی درۆ زۆر كورته‌.
15/9/2020




تـووتـی … محەمەد بەرزی

تـووتـیـیـەکـەم خـنـجـیـلـەیـە
قـاچـی چـوار پـەنـجـەی هـەیـە

دەنـووکـی سـور و تـیـژە
تـەمـەنـی زۆر درێــژە

ڕەنـگـە جـوانـەکـەی سـەوزە
حـەزی لـە سـێـو و مـۆزە

مـیـوە و گـوێـزی بـەردەمـی
بـە قـاچ دەیـبـا بـۆ دەمـی

بـۆ لاسـایـی زۆرزانــە
زیـرەکـە و قـسـە زانــە

ئـەو کـاتـانـەی دەمـبـیـنـێ
زوو زوو نــاوم دەهـێـنـێ

محەمەد بەرزی

١٨ / ٨ / ٢٠٢٠




شانۆی كوردی ئاراسته‌ جیاوازه‌كانی جوگرافیا … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

شانۆی كوردی له‌هه‌ر سنوورێكی كورستان بێت هه‌ر موڵكی كورده‌ ، به‌ڵام ئاستی داهێنانی له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێك، له‌شارۆچكه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ شارۆچكه‌یه‌كی تر، توانستی شانۆكاره‌ به‌تواناو داهێنه‌ره‌كانی، له‌گه‌ڵ شانۆكاره‌ گه‌نده‌ڵ و مردووه‌كانی، بینه‌ری هوشیاریی، له‌گه‌ڵ بینه‌ری ساده‌ی شارێكی تر ده‌گۆڕێت .
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌و تواناو بوێریه‌مان هه‌بێت، وه‌ك شانۆكار، دوور له‌نه‌خۆشیه‌ ناوچه‌گه‌ریی و سیاسییه‌كانه‌وه‌ بیر كه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێت شانازی به‌و بزاڤه‌ نوێیه‌ی شانۆ بكه‌ین له‌شاری سلێمانی، كه‌ له‌قۆناغێكی سه‌ختو دژواریی سیاسی، ته‌ندروستی، ئابووری، سایكۆلۆژی ده‌ست پێ‌ ده‌كاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی شانۆ به‌رله‌وه‌ی چاره‌سه‌ری زۆر له‌كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بكات كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كوردستاندا له‌بن نایه‌ن، چاره‌سه‌ری ده‌روونی بۆ ئه‌و حاڵه‌ته‌ بێ‌ ئومێدییه‌ كوشنده‌یه‌ بكات كه‌ تاڵترین و ناكامترین حاڵه‌تی نامۆ بوونه‌ له‌مێژووی نوێ‌ دا .
بۆیه‌ ئامانجه‌ مرۆییه‌كان و به‌ئه‌كتیف كردنی شانۆ وه‌ك چاره‌سه‌رو مقاوه‌مه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ‌، كه‌ شانۆ كاریگه‌رترین هێزه‌ بۆ به‌رز كردنه‌وه‌ی رۆماڵی بینه‌ر و دوور خستنه‌وه‌ی له‌ئه‌تمۆسفیرێكی خنكێنه‌ر، به‌ره‌و كه‌شو هه‌وایه‌كی ئارام و سه‌قامگیر.
سوور بوونی شانۆكارانی سلێمانی له‌سه‌ر حزوری شانۆ له‌و ئان و ساته‌دا، به‌و رۆحه‌ پڕ له‌ سه‌ركێشیه‌، شانازییه‌ك بۆ شانۆ تۆمار ده‌كات، كه‌ رۆژێ‌ له‌ رۆژان له‌ساته‌ هه‌ره‌ سه‌خت و دژواره‌كاندا، شانۆكارانی كورد ده‌سته‌پاچه‌ و بێ‌ ئیراده‌ نه‌بوونه‌ بۆ مقاوه‌مه‌ت كردن ، چونكه‌ ده‌ست به‌ردان له‌شانۆ، مردنێكی تره‌ چه‌شنی مردن به‌ كۆرۆنا .
بۆیه‌ شانۆگه‌ری ( هیچم نیه‌ بیشارمه‌وه‌) له‌ده‌رهێنانی رێژه‌ن جه‌مال ، بۆ مێژوو ئه‌و شه‌خته‌به‌ندییه‌ی شكاندو له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی نمایشی دا، بینه‌رێكی زۆری راكێشایه‌ هۆڵه‌كه‌ .
ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خا، كه‌ ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگا له‌شانۆ گه‌یشتبێ‌ و ره‌گو ریشه‌یه‌كی رۆحی و فكری له‌ گه‌ڵ شانۆدا هه‌بێت، ئه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ هه‌موو زروفێكی تاڵو شیرین دا شانۆ به‌زه‌روره‌ ده‌زانێت ، و وه‌ك نان و ئاو پێویستی به‌ شانۆ ده‌بێت، به‌ڵكو ئاماده‌یه‌ سه‌ركێشی له‌وه‌ش گه‌وره‌تر بكات بۆ شانۆ ..
ئه‌و بینه‌ره‌ ئه‌گه‌ر بینه‌رێكی هوشیار و زیندوو نه‌بێت ، ئاماده‌ نیه‌ بۆ بینینی نمایشێك روو به‌ رووی هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بێته‌وه‌، بۆیه‌ من سه‌رسامم به‌و بینه‌ره‌ كه‌ له‌هه‌موو حاڵه‌تێكا، ناتوانێت ده‌ست به‌رداری شانۆ بێت .
كه‌ باس له‌مه‌ده‌نیه‌ت و پێشكه‌وتنی شانۆ ده‌كه‌ین، نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێته‌وه‌ كه‌ بینه‌ر یه‌كێكه‌ له‌توخمه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پێشكه‌وتنی شانۆ، به‌لاًَم شانۆ خۆشی له‌پاڵ په‌روه‌رده‌و هوشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی، دروست كه‌ری بینه‌ری هوشیاره‌، ئه‌وه‌تا غیابی شانۆ و به‌رده‌وام نه‌بوونی هه‌رگیز نابێته‌ هۆكار بۆ دروست بوونی بینه‌ری هوشیاریی شانۆیی.
ببینن چونكه‌ شانۆ له‌شارێكی وه‌ك هه‌ولێر پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وام نیه‌، بۆیه‌ هه‌رگیز نابێته‌ فاكته‌رو قوتابخانه‌ بۆ دروست كردنی بینه‌رو شانۆ .
دڵنیام ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌رهێنه‌رو كۆمه‌ڵه‌ ئه‌كته‌ره‌ی بڕیاری نمایش كردنی شانۆیی ( چیم نیه‌ بیشارمه‌وه‌) یان دا، ئه‌گه‌ر متمانه‌یان به‌خۆیان نه‌بوایه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردیان بۆ ئاستی رۆشنبیریی و هوشیاریی بینه‌ری خۆیان نه‌بوایه‌، به‌و شێوه‌یه‌ باوه‌ڕیان به‌سه‌ركه‌وتنی خۆیان نه‌ده‌بوو.
بینه‌ریش به‌هه‌مان شێوه‌ ئگه‌ر له‌ توانست و كارامه‌یی ئه‌و شانۆكارانه‌ دڵنیا نه‌بێت، نایه‌ت بۆ نمایشێك به‌ده‌ست به‌ تاڵی هۆڵی شانۆ به‌جێ‌ بێڵێ‌ .
له‌هه‌ر شوێنێكدا هه‌ر كایه‌كی هونه‌ریی پشت به‌حكومه‌ت ببه‌ستێ له‌ڕووی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌،، ئه‌وه‌ دڵنیابه‌ هه‌رگیز نابێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی متمانه‌ پێكراو، بۆ به‌رده‌وام بوون .
به‌تایبه‌ت له‌شانۆدا، كه‌ خۆی له‌خۆیدا پرۆسه‌یه‌كی پراكتیكی و تیۆری ڕۆژانه‌یه‌، بچووكترین بۆشایی وه‌ستان دووچاری ئیفلیج بوونی ده‌كات و له‌په‌لوپۆی ده‌خات،
بۆیه‌ شانۆ ناكرێت به‌ساڵ بكه‌وێته‌ پشیه‌ خه‌وی درێژ به‌ پاساوی نه‌بوونی بودجه‌و له‌پڕ به‌ئاگا بێته‌وه‌و نمایشێكی سه‌قه‌ت پێش كه‌ش بكات، بۆ ئیسپات وجود.
بۆیه‌ هونه‌ركاره‌كان ناچاری ئه‌وه‌ ده‌بن وه‌ك گۆدۆ هه‌ر له‌ چاوه‌ڕوانی سه‌قامگیر بوونوو جێگیر بوونی بودجه‌ به‌دیار به‌رهه‌مه‌كانیانه‌وه‌ دانیشن، تا ئێكسپایه‌ر ده‌بێت و ده‌مرێت.
ئه‌مه‌ فاكته‌ری بنه‌ڕه‌تی مردنی شانۆیه‌، له‌هه‌ر كوێیه‌ك دابێت.
به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر شوێنێك به‌ئه‌زموون بۆی ده‌ركه‌وتبێ كه‌ پشت به‌ستن به‌حكومه‌ت بێ هوده‌یه‌ له‌كاری به‌رهه‌م هێنانداو به‌دوای ئه‌لته‌رناتیف دا گه‌ڕابێت، ئه‌وه‌ ده‌توانێ ڕێگایه‌كی لۆژیكی و بازرگانی سه‌ركه‌وتوو دابین بكات، كه‌ پشت به‌خۆی ببه‌ستێت بئ ئه‌وه‌ی چاوی له‌ ڕه‌حمی حكومه‌ت بێت،
ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆكه‌ چه‌ندین تیپی شانۆیی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ شاری سلێمانی هه‌ن ، كه‌ به‌رده‌وام له‌كار كردن دان، هه‌میشه‌ خاوه‌ن پرۆژه‌ی نوێن، نایه‌ڵن هۆڵه‌كانی شانۆ خامۆش بن و تۆزو گه‌ردیان له‌سه‌ر هه‌ڵنیشێ و بئ نمایش بن.
ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌چه‌ندین سه‌ر به‌قازانجی شانۆكاران و تیپه‌ شانۆییه‌كان و شانۆی كوردی هه‌ڵده‌كه‌وێته‌وه‌:

1.شانۆ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕكابه‌ری له‌نێو تیپه‌كان، ئه‌مه‌ش له‌قازانجی شانۆ دایه‌.

  1. ئه‌و تیپانه‌ ده‌توانن ببن به‌خاوه‌نی سه‌رمایه‌، بۆ به‌ردوام بوونوو پیاده‌كردنی پرۆژه‌كانیان.
  2. ده‌رهێنه‌رو ئه‌كته‌رو نووسه‌ره‌كانی شانۆ بۆ هه‌میشه‌به‌ئه‌كتیفی ده‌مێننه‌وه‌.
  3. بینه‌ر له‌شانۆ دانابڕێت و بڕی هوشیاریی شانۆیی زێتر ده‌بێت.
    5.بازاڕی شانۆیی له‌گه‌شه‌ سه‌ندن داده‌بێت ، ئه‌مه‌ش هانی به‌رده‌وام بوونی شانۆ كاران ده‌دات بۆ كاری زیتر.
  4. دانه‌بڕانی شانۆكاران له‌پیشه‌ی ڕه‌سه‌نی خۆیان.
    7.پاراستنی توانست و زێده‌ بوونی ئه‌زموونی شاۆیی
  5. دروست بوونی گه‌شبینی بۆ ئاینده‌ی شانۆ .
  6. زێده‌ كردنی بڕی بینه‌ری شانۆیی و به‌كولتوور بوونی شانۆ، له‌كۆمه‌ڵگادا.
    مخابن ئێستا له‌هه‌ولێر هیچ له‌و تیپه‌ شانۆییانه‌ی هه‌بوون نه‌ماون، جگه‌ له‌ تیپی شانۆی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شانۆ نه‌بێت، كه‌ ساڵه‌و ساڵ فیستیڤاڵێكی ڕووكه‌ش ئه‌نجام ده‌دات، هیچ كاریگه‌رییه‌ك به‌سه‌ر باری چه‌ق به‌ستراوی شانۆ دروست ناكات ، ناتوانێ له‌ سه‌دا یه‌كی خواستی بینه‌ره‌ تینووه‌كانی شانۆ له‌و شاره‌دا بشكێنێ. بۆیه‌ هه‌لومه‌رجی شانۆ هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ردا نایه‌ت بۆ گۆڕینی ئه‌و واقیعه‌ نه‌خوازراوه‌ی ده‌مێكی زۆره‌ خۆی به‌سه‌ر باری شانۆیی ئه‌و شاره‌دا سه‌پاندووه‌
    له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ شانۆكاره‌ گه‌نجه‌كانیش، كه‌ هه‌ندێكیان توانای باشیان هه‌یه‌ بئ ئومێدی دایگرتوون و ڕووویان له‌ شانۆ وه‌رگێڕاوه‌.



ڕامانێك لە گەمەی ڕەنگەکان و میتافۆڕە نوێکانی غەمگین بۆڵی سۆران محەمەد

پەنجەرەکان:
پڕ لە کون بوون
کونەکانیش پڕ (با)
من لە کونێکی تر دەگەڕێم…

بۆ سەیر کردنی دونیا!.() جۆزیف. کەی. هۆڕن دەڵێت: ڕاستە شیعری مەزن بە پێزانینی خوێنەر زیاتر دەردەکەوێت کە لە میتافۆڕی دەق بگات، بەڵام بێ ئەمەش دەقی مەزن هەر مەزنە گەر کەسیش نەیخوێنێتەوە، وەك ئەو گوڵەی هەر جوانە گەر کەسیش نەیبینێت، بەڵام جیاوازی گوڵ و شیعر ئەوەیە گوڵ هەڵدەوەرێت و شیعری ڕەسەن هەر دەژی”(١) ئەو، مەرج و پێوەرەکانی شیعری سەرکەوتوو وادەبینێت کە هوشیاریی ئەزموون و راستگۆیی دەربڕین و خەیاڵی فەنتازیا ئامێز، میتافۆڕ، مانا، ئیکۆ، بونیاد، کاریگەری سۆزیان لە خۆ گرتبێت. گەر بە پرسیارکردنێکی جەدەلی لۆژیکی بپرسین بۆچی غەمگین بۆڵی بووە شاعیر و بۆ نموونە نەبووە بازرگانی نەوت؟ ئەویش ڕەنگە لە وەڵامدا بڵێت لە پیرە قەڵات بپرسن، ئەو ساتانەی تێیدا خامە سەرگەردانی ویژدان بوو و لە کۆڵانە دڵسافەکانی تەعجیلدا خەمەکانی دەهۆنیەوەو دەیکردنە ملوانکەی زێڕینی شکۆو لە گەردنی منارەی شێخی چۆلی دەکرد لەگەڵ سیمفۆنیای دەمەوئێوارانی قرتەقرتی لەقلەقە سەرکەشەکان پێش ئەوەی سەری خۆیان هەڵگرن. لە چاوخشاندنی ئاسۆیی و ستوونی بە بەرهەمەکانی شاعیری لاو، غەمگین بۆڵی ڕەنگە هەندێکی باش لەو مەرجانەی سەرەوە کە (ج. ك. هۆڕن) باسی کردوون بدۆزینەوە، بەڵام ئاسان نیە گەر پیاسەیەکی هەرزانە و خێرا بە کۆڵانە خواروخێچەکانیدا بکەین!! خوارو خێچ وەك جیهانی ڕیالیتی ژیان کە وا لە تاکی هوشیار دەکات بە جۆرێکی جیاواز خوێندنەوەی بۆ بکات، گەر خۆمان هەڵنەخەڵەتێنین وەك پارچەیەك لە جەسەدی ئەو کۆمەڵگایە دەبێت شیعر ببێتە ئاوێنەیەکی بێ ڕتووش و بە تێپەڕبوون بە فلتەرەکانی داهێناندا دەقێکی مەزنمان پێشکەش بکات، کە جێی سەرکۆنەکردن نیە کاتێك سیماکانی سەردەم لە بێهیوایی و خەمباری باڵی بکێشیت بەسەر فەزای دەقەکاندا، ئەلبیرت کامۆ لە “نامۆ”دا دەڵێت : “هەروەها من هەستم کرد ئامادەم ژیان سەرلەنوێ دەستپێبکەمەوە، وەك ئەوەی پاڵنانێکی گەورەی توڕەیی منی خاوێن شتبێتەوە، منی بەتاڵ کردبێت لە هیوا، و چاو ئەبڕمە ئاسمانێکی ڕەش و تاریك ئەدرەوشێتەوە بە نیشانگەل و ئەستێرەکانی، دڵم بە کراوەیی جێهێڵا بۆ باشی بێباکی گەردوون”(٢). ئەو کاتێك دەبینێت دڵۆپێك ڕەنگی ڕەش دەفرێك ڕەنگی سپی شێلو دەکات، تێدەگات چۆن هێزی شەڕەنگێزیی زاڵە بەسەر هێزی چاکەدا لەم خەونە کورتەی ژیاندا، ئالێرەوە گیانی ئالودەی تەنیایی و نامۆیی دەبێت و لە ناخی بێهیواییەوە تروسکەی ئاوات دەبینێتەوە. گەر بە پێوەرەکانی تیۆری ڕەخنەیی پاش بونیاتگەرایی، و سیمۆلۆژی یان بوونیاتگەرایی، یاخود ڕەخنەی لێکدانەوەی دەروونی(٣) بە جیهانی دەقە شیعریەکانی بۆڵی دا ڕۆچین، ئەوەندە جیاوازی بەرپا ناکات هێندەی خودی دەقەکان خۆیان دەسەپێنن و شایستەدارێتی ئەوە وەردەگرن کە تیۆری رەخنەیی جیاواز دەرگا لەسەر نهێنیەکانی دەقەکان ئاوەڵا بکات و ئاراستەی لێکهەڵوەشاندنی تێرمۆلۆژیە جیاوازەکان و دیوە شارراوەکان و هێماکان هەڵبوەشێنێت، ڕاماڵراو لە هەموو فاکتەرە دەرەکیەکان بە مامەڵەیەکی مەوزوعی و ئەکادیمیلەگەڵ خودی دەقدا. ژیان و مردن ئەو دوالیزمە ئامادەن بە پانتایی دەقەکان ئامادەییان لە زەینی شاعیردا هەیە، وەك دوالیزمەکانی ڕەش و سپی، ڕووناکی و تاریکی، ڕووتبوونەوە و پۆشین. لە زەمەنی لێکترازانی هوشیاریی مرۆڤدا و ئاوەژووبوونەوەی دەستەواژەکانی ژیان و گۆڕانی کەسایەتی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان هەندێك جار بە لێکچوواندنی سیفاتەکان و لێنیشتنی ڕەنگی بوونەوەرانی دی وەك ڕێوی و کەر و فیل و مشك و هەڵۆو کۆترەکان… لە ئاکارو دەموچاوی مرۆڤەکان دەنیشێن. ئەمە تاکە هەوڵێکی لێکنزیکردنەوەو لێکچوواندنی جیهانی ئاژەڵ و مرۆڤ نیە کە (بەیدەبا) ی فەیلەسوفی هندی لە (کەلیلەو دیمنەدا) کاری لەسەر کردووە. بەڵام لێرەدا لێسەندنەوەی ئەو سیفەتە بەرزانە لە مرۆڤ و بەخشینی بە گیانەوەرانی تر زۆر دەلالەتی مەزن لە خۆ دەگرن. هەڵۆکان بۆ پارە نابنە بن دیوار مشکەکان گاڵتەیان بە دەسەڵاتی فیل دێت… شێرەکان تاجی پاشایەتی دارستان نافرۆشنە قەلە رەشەکان.()
ئەو لە تەنیاییدا بە چرای مەعریفە تەنیا خۆی لە خۆیدا دەبینێتەوە و تەنانەت هەندێك جار خۆشی لێ بزر دەبێت و ناچار دەبێت لە دووی خۆی بگەڕێت، لە خۆ گەڕان بۆ دۆزینەوەی دنیابینی نوێ، خۆبزرکردن لە نامۆبوونی کۆمەڵگا بە هزرو ستایلی ژیانی شاعیر و بیرکردنەوەکانی، بۆ بەدەستهێنانی وەڵامی ئارامبەخش و قەناعەتپێکەری ئەڵقە گرێدراوەکانی پرسیارەکانی شاعیر.. لەم پێناوەدا گومان فاکتەرێکی لۆژیکیە بۆ گەشتنە مەبەست، بە رادەیەك: گومان دەکرێت، گومان دەکرێت، گومان دەکرێت، تا گەشتنە ڕۆخی یەقین. ئایا تەنیاییەکانی شاعیر ماتریالییە، یان نا بەرجەستە؟ ئایا دەبێت هەردووکیان بێت؟ یان تەنیا یەکێکیان، یان هیچیان؟ ئەمە پرسیارێکەو ساتەوەختە جیاوازەکانی دەق وەڵامی دەداتەوە:
دەشێت خۆم ون کردبێ
وشەکان بەسەر تەنافی گوتنەوە…
خەیاڵە تەڕەکانم،
بدەنە بەر هەتاوی شیعر!

ڕەنگە کەسێك بێت خۆی لە خۆی جیا بکاتەوە
عەیامێکە لە خۆم دەگەڕێم
سەیرە زۆر سەیرە

لە ئاوێنەشەوە خۆم بۆ نادۆزرێتەوە() ئەم گومان و ڕۆچوونانە بە ناخی خودی شاعیردا بۆ کەشفکردنی نهێنیە شارراوەکان، راشکاوانە دەمانگەیەنێتە ئەو هەوڵانەی شاعیر بۆ پەرەدان بە ئەزموون و دونیابینی و پاشتریش سەردەرهێنان لە کانیاوێکی هەمیشە تەقیوی داهێنان، بۆ بەدەستهێنانی ئەو یەقینە گومانبڕە، ئەو تەنانەت گومان لە خۆشەویستەکەشی دەکات تا بگاتە پلەی بەرزی خۆشەویستی. هەندێك جاریش سەر دەکێشێت بۆ نیمچە پارانۆیەك، کە بە ڕۆخی نائارامی ناخدا شۆڕدەبێتەوەو دواتر زۆر ساکارتر دەگەڕیتەوە بۆ ستایلی نۆرماڵ. ئەوە خودی شاراوەیە کە لە ناخەکاندا هەندێكجار شێوەی دێوو درنج و هەندێکجاری تریش شێوەی میهرەبانترین بوونەوەر وەردەگرێت، ماخۆلانی ئەو شیزۆفرینیایە وامان لێ دەکات زاراوەی خودی بێئاگای لێ بنێین و لە ساتەکانی غەفڵەتی خودی حەقیقیماندا جڵەوی کاروبار دەگرێتە دەست و کودەتایەکی خێرا بەسەر بوونماندا دەکات و زۆر گۆڕانکاری بەدوای خۆیدا دێنیت، ئەو زاتە بێدەنگەی لەساتەکانی بێدەنگیماندا لەگەڵماندا دێتە گۆ و هەندێکجار ڕێنموونی و زۆرجاریش فرمانی تێکدان و کاولکاریمان بەسەردا دەدات. بۆڵی لە شۆڕبوونەوە بە ناخی پەنهاندا ئەو زاتە نهێنیەی کەشف کردووەو پێمان دەڵێت: لە ناو مندا کەسێکی تریش هەیە! کەسێکی نەخۆش!!! هەمیشە ئەو کەسە نەخۆشە هەمیشەیش بەسەر مندا دەڕشێتەوە هەرچی وشەی ناو کتێبان هەیە لە دەمیدا فیچقە دەکەن من ئێستا، بۆنی بۆگەنی نووسینم لێ دێت!() پێدانی سیفەتەکانی ڕشانەوەو فیچقەو بۆگەنبوون بۆ چەمکی فەرهەنگ (بە نووسین و پەڕتووکەوە) لە زەمەنی درۆدا ڕەنگە ڕەفزکردنەوەیەکی بێ وێنەو جیاوازی شاعیر بێت لە رووە دەمامکدارە هیپۆکرێتەکان، یان نەفرینێکی جوان بێت لە ناشرینی جوانیە تەڵخبووەکان، وەك ئەو پێچەوانەبوونەوەی جێگۆڕکێ لە چەمکەکاندا دەکات و ژیان بە مردن دەچووێنێت و مردنیش بە ژیان. بێگومانم ئەمە وەك هەوڵەخۆکوژیەکان هەڵهاتن نیە لە واقیعی نەویستراو، هێندەی وێناکردنی فەنتازیائامێزی خەیاڵی دەقە بۆ جیهانی دەوربەرو مرۆڤەکان. جیهانێك لە ئەدەبخانەیەکی گەورە زیاتر هیچ مانایەکی جوانتر شایستەی نەبێت، گەر ئەمە ڕەفزکردنەوە نەبێت ئەی چیە؟ گەر ئەمە چەمکی باڵا نەبێت لە هزری شاعیردا کە لە ئەزموونە جیاوازەکانەوە دروست بووە ئەی دەبێ چی بێت؟ هۆشی ئاگا کە تەنانەت بە ئاگایە لە خودی پەنهان. ئەگەر مردم، ئەم دێڕەی خوارەوە لەسەر ئەدەبخانەکەمان بنووسن ” دەترسم جارێکی تریش بژیم؟”…. بنووسن بە زیندوویی مردو بە مردوویی ژیا() مردن ئەو پرسیارە ئەبستمۆلۆژیەی لای زۆر فەیلەسوفان بووەتە گرێکوێرەی ژیان و ڕاڤەی جۆراوجۆری بۆ کراوە، بەڵام ئەوەی جێی لێوردبوونەوەیە ئەوەیە کاتێك ترس لە مردن جۆرێك لە مردنی تر لای داهێنەران دەخولقێنێت و دەست و پێیان پێوەند دەکات و تەنانەت هەندێك جار پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن بۆ ڕزگار بوون لەم مۆتەکەیە. وەك ئێرنست هێمنگوای و ڕیچارد برۆتیگێن….و تاد. کاتێك لە ساڵی ١٩٥٤ ڕۆژنامەنووسێك پرسیارێك لە ئێرنیست هێمنگوای دەکات دەربارەی چۆنیەتی بوون بە نووسەر ئەو بەم جۆرە وەڵامی دەداتەوە:” با بڵێین ئەو دەبێت بچێتە دەرەوەو خۆی هەڵواسێت چونکە وای بینی کە گران و نا ڕێتێچووە بتوانێت باش بنووسێت. پاشان ئەو دەبێت لە بێ بەزەیێتی کەم بکاتەوە و لەلایەنی خودی خۆیەوە ناچاربکرێت کە بنووسێت هێندەی بتوانێت بە باشی بۆ سەرتاپای ژیانی، بەلانی کەم ئەو چیرۆکی خۆ هەڵواسینەکەی هەیە تا لێوەی دەستپێبکات”. لەوکاتەدا نەزانرا ئەمە ئەو ڕێگایەیە کە خودی نووسەر لە ساڵی ١٩٦١دا کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت پێی! تازە لە دوا نهۆمی باڵکۆنەکانی خەیاڵ خۆم فڕێ دەدەمە خوارخوارەوەی خۆکوشتنێکی ئارام تازە فێر نابم لە فەلسەفەی مەلەکردنی کیسەڵێك خۆم لە گوناهەکانی ماسی بسمیل بکەم وەك کۆلارەیەك لە باوەشی ئاسمانێکی تووڕە بیر لەو هەموو خۆکوشتنە بێنازەی تەنیایی دەکەمەوە تا : بەرمیلەکانی سەربانیش پڕ دەکەم لە رەشبینی!!!()
کۆدو سیمبوڵی جیهانی میتافۆڕەکانی شاعیر لە خولگەیەکدا دەفڕن و پێکدادەچن کە چەندان مانای نوێ لە دالەکان هەڵدەهێنجرێت و دەتوانین دەقەکان و تەنانەت جیهانبینی شاعیریشی پێ مۆرکدار بکەین ( دوکەڵی جگەرە/ ستیان / ژیان و مردن/ خۆکوشتن/ ڕەنگی سپی و ڕەش و سوور/ ڕووت بوونەوە/ گڵۆپ و ژوورو پەنجەرەو دەرگا/ پێڵاو/ سەفەر/ تەنیایی).
گەر لە وڵاتی قەزاوقەدەردا کولتوری نەزانین چیرۆکەکانی قابیل و هابیل زوو زوو لەسەر وتەو تەنانەت شتی زۆر ساکار دووبارە بکاتەوەو گیان و جیهانی بوونی مرۆڤەکان بکاتە قوربانی تاکە گوللەیەك ( ئەو داهێنراوە قێزەونەی نۆبڵ بارود) کە هەرگیز خەڵاتە جۆراوجۆرەکانی ڕووی ڕەشی سپی ناکەنەوە، ئەوا جێی خۆیەتی شاعیرێکی لاو کە تەمەنی مێردمناڵی و منداڵیدا لە بینینی تراژیدیا یەك لە دوای یەکەکان بەسەربردبێت( بێ موراعاتکردنی شاردنەوەی ئەو دیمەنە ترسناکانە لە چاوی گشتی) چونکە لە کۆمەڵگایەکدا مرۆڤ مافەکانی دەستەبەرنەکرابێت و ڕێزو شکۆی تایبەت بە خۆی نەبێت و پێنەدرابێت، ئەوە ئاساییە لاشەی خەڵتانی خوێنی نێو کوچەوکۆڵانەکان لە تۆماری نا ئاگاییدا هەردەم حزوریان هەبێت، ترسیش حاڵەتێکی سروشتیە وا بکات هەرچۆنێك بووبێت و بە هەر ڕێگایەك بێت خۆمان لەو ئاکامە تراژیدیانە بپارێزین، بۆ بەردەوامی ژیان. ئیتر هەر بژین!! تەنانەت هەندێكجار ئەو مردن بە باڵاتر دادەنێت لە ژیانی ناشایستە، بە کۆتایی هێناننێکی تراژیدی زانراو لای خود.
پیاوە جگەرەکێشەکە لە خوێنی خۆیدا دەگەوزێت…
خۆ کوشتنیش لە ناوەڕاستی کۆڵانەکەدا سڵ لە
خۆی دەکاتەوە..

خراپ ڕاپەریم…
… بەم دەنگە!
زەندەقم چوو…
… بەم ناکاوییە!
ڕۆحم بەربووەوە…
… بەم گولـلەیە!

  • بەم نیوە شەوە..
    دەنگی گوللەیەك،
    ژوورەکەمی پڕ کرد لە گومان؟!(*)
    ئەم مردنەشە کە لە زۆربەی شیعرەکاندا ئامادەیە کە لای شاعیر جارانێك چەمکێکە بۆ ژیان ، ئەمەشە وای لێ دەکات کە زۆرجار خۆی هەوڵی بۆ بدات، گەر نەمریی؛ ئادەم فریوخواردووی خواردنی بەری داری نەمریی بکات، گەر مرۆڤ لە کێشەدابێت لە نێوان ژیان و مردندا، هەر یەك بە جۆرێك تەعبیری لێبکات و هەوڵی بۆ بدات، بەوەی ژیانی ناو سکی دایك جیهانێکی بچوکەو ئەم ژیانە لەو گەورەترو درێژتر… ئەوا غەمگین وا تێدەگات خودی مردن کلیلی کردنەوەی ئەو جیهانە پڕ نهێنیەیەو ئەفسانەی ئەم ژیانە کە لای شاعیر بە مردن چووێنراوە دەپێچێتەوە. رەنگە ئاسوودەگی هەتاهەتایی گیانیی لێ فەراهەم بێت! ئەگەر ئاماری خۆکوشتنی ٢٣ مرۆڤ لە ڕەگەزی نێرینە لەشارێکداو لە ماوەی ساڵێکدا زەنگی مەترسی نەبێت لە لێکترازانی دەلاقەی کۆمەڵگەو تاك، ئەی دەبێت چی بێت؟ چەمکی باڵای بەختەوەری ئەو هەستە هەڵخەڵەتێنەیە زۆرجار خۆمان دروستی دەکەین بۆ مانەوە و نەترازان بەرەو خەمۆکی کە زۆر فاکتەری ناوەکی و دەرەکی وەبەریدێنن، بۆ ڕێگرتن لەمە و لە بری ئەوەی ژیان وەك کێشەو ململانێ تەماشا بکەین دەکرێت وەك یۆتۆپیایەكی ڕیالیتی لە ژیانماندا بە تەبایی مۆرکداری بکەین، بۆچی هەر دەبێت سالب و موجەب دژی یەك بن لە کاتێکدا بە هەردووکیان تەزووی کارەبا پێکدەهێنن، ئەی شەو و ڕۆژ کە زەمەن و تەمەنی لێ پێکدیت.. بەهای ڕووناکی لە بوونی
    تاریکیدایە، دوو دەستیش تەواوکەری یەکدین لە جێبەجێکردنی ئەرکەکان بە تەواوترین شێوە فەرمانەکانی ژیریی جێبەجێ دەکەن… بەداخەوە لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا نێر کەمتر لە مێ ناچەوسێتەوە بەس بە شێوازی جیاوازتر، هەر ئەم بەرەنجامەشە ئەو ئامارەی مەترسیدارەی سەرەوەمان پێ دەدات.
    ئەمەیە وا لە تۆماس هاردی دەکات پەیوەندی جەدەلیی نێوان خۆی و ژیان بەم شێوە سوتماکە وێنا بکات و بڵێت :-
    ژیان بە ڕووە سووتاوە خەمبارەکەیەوە
    من بە بێزاریەوە تەماشات دەکەم.(٤)
    یاخود وا لە جۆن کلێر بکات بڵێت:
    ژیان چیە؟ سەعاتێکی شووشە لە ڕاکردن،
    تەمێك دەکشێتەوە لە سپێدەی خۆردا،
    جەنجاڵ، بزۆك، هێشتا خەونەکان دووبارە دەکاتەوە.
    درێژیەکەی، وەستانی خولەکێکە، ساتێکە لە ڕامان
    و گوشادی بڵقێکە لەسەر شەپۆل،
    ئەو بە کاری دەستبەسەراگرتن دەچێتەوەیەك بۆ هیچ.(٤)
    ئەی ئەوە نیە شەکسپیر بە جۆرێکی تر تەعبیر بۆ ژیان دەکات و لە شتانێکدا خۆراکی بوون و هۆش و ناخ ، لە بەردەوامی و فەراهەمهێنانی بەختەوەریی وەردەگرێت و دەدۆزێتەوە، کاتێك لە سۆناتەی ٧٥ دا دەڵێت:
    تۆ بۆ هزرەکانم
    وەك خۆراك وای بۆ ژیان (٤)
    غەمگینیش ئاوها گەمە بە وشەکان دەکات و لە نێوان مەرگ و ژیاندا دەگیرسێتەوە تا ئەو کاتەی پەردەی شانۆ ڕیالیستیکەکە لا دەدرێت و بەشە نوێکانی دەستپێدەکەن، نەك دووبارە وەك ئێمە ڕۆژانە لە کۆنی شتەکان ورد دەبینەوە، بەڵام بۆ ئەو و هەموو ئەوەکان تکاکارم هەرگیز خۆیان شێوازی ئەو مردنە هەڵنەبژێرن کە لە خەونەکانیان دەکات و رەنگە نغرۆی جۆرێكی تر لە خەونی ناخۆشتریان بکات. تکاکارم.
    ژیانم،
    ڕەدووی تراویلکەکەنی مەرگ کەوتووە!
    مەرگم،
    بووەتە ئاورینگ بەسەر گەڵا سەرما بردووەکانی
    ژیان!

تازە زانیومانە ڕێگەکەمان بازنەییە
هەموو رۆژێك،
لە شوێنی دوێنێ دەستپێدەکەینەوە! (*)
وێڕای ئەوەی لە زۆر لە دەقەکان پشکی ئیرۆسییان بەرکەوتووە، بەشێک لە توخم و پێکهاتەکانی کەسایەتی شاعیر وێنا دەکەن، لە هەمان کاتیشدا شێوازی ڕەخنەیی گاڵتەئامێز حزوری جۆربەجۆرییان هەیە، جارانێك وەك تەشقەڵەیەك بە ژیان و ڕووداوەکان، جارانێکیش وەك دەربڕینی هەستی کپکراوی ناخی شاعیر، جارانێکیش وەك هەناسەدانێکی کۆمیدیی یان وەك شاعیر گوتەنی (قسەی قۆڕ) لە جەنجاڵی ژیاندا بۆ خودی شاعیرو منی خوێنەریش، تا بتوانین پشوویەك بۆ گیانی ماندوو فەراهەم بێنین و ئەوەی لە بواری کردەیی ژیاندا ناتوانین بیگۆڕین لە دەقێکی قۆشمە ئامێزدا دڵی خۆمانی پێ دەدەینەوە، لە کاتێکدا خۆ لە مەسەلەگەلێکی گرنگ دەدەین بە گیانێکی وەرزشیەوە. لای ئینتیباعیەکان ژیان لەوە دەرناچێت ئینتیباعی ناخ و هزری کەسەکان بێت، لای عەبەسیەکانیش لە تراویلکەیەکی بێ مانا هیچی تر نیە.
شارەکەم شێتخانەیەکی گەورەیە
دوو تەلەفزیۆنی ڕەش و سپییان تێدا داناوە

یاسای عیشقی تۆ
لاستیکی بیجامەیە

هەمیشە بە پێوە دادەنیشێت!
دەچێتە ئەدەبخانەی مێژوو…() ئەوەی نابێت لەم کورتە خویندنەوەیەدا لەیادی بکەین و کەمێك لەسەری بوەستین بریتیە لە لێکهەڵوەشانی هەندێك لە سیمبوڵ و ڕەمزە لێكدراوە دووبارەکان، تا وامان لێدەکەن تێگەشتنێکی نوێمان لا دروست بێت سەبارەت ئەو دەستەواژانە، کە نزیکەی (١٠)دانەن و پێشتر ئاماژەمان پێیاندا، بەڵام لەبەر ئەوەی گەر یەك یەك لەسەریان بووەستین و هەڵیانوەشێنین و هاوکۆلکەکانیان ڕیز بکەین کاتێکی زۆر دەبات و زۆر دەکێشێت، بۆیە بڕیارمدا جگە لە گەمەی رەنگەکان کە پاشتر دێمە سەری، تەنیا لەسەر دەستەواژەی (پێڵاو)هەڵوێستەیەك بکەین کە بە شێوەیەکی دووبارە لە سەرەتاوە تا کۆتایی دێتە پێشچاومان. (پێڵاو) ئەو زاراوەی لە کۆمەڵگاکەماندا زۆر کەمتر بۆ نموونە لە (پڵاو) بەکاردێت و لای زۆرێك وشەیەکی سوکە، بەڵام لای شاعیر بە گیانی لە خۆبووردنەوە و بە پێچەوانەوە دادەنرێت بە سیمبوڵ و هۆکاری گواستنەوەی قۆناغە جۆراوجۆرەکانی هزرو ژیان. گەر ژوور بە خودی بونیادی دەق و شاعیر لێکبدەینەوە، پەنجەرەش وەك دنیابینی و بەخشین وداهێنانەکانی شاعیر و دەرگاش وەك وەرگرتنی داتاکان، ئەی ئایا پێڵاو لای شاعیر چی دەگەیەنێت؟ بۆچی لەگەڵ پۆشاك لەبەرکردن جیاکراوەتەوە؟لە کاتێکدا بۆ چاکەت و پۆشاك و ئەوانی دی زیاتر گوتراوە دابکەندرێت، بەڵام بۆ پێڵاو بە پێچەوانەوە لە پێ بکرێت!! لە هەموو جێکان پێڵاوەکان یان دڕاون، یان بێ گۆرەوین، یان قوڕاوین.. جارانێکیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یا ڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دراوە کە پەیوەستە بە سەفەرکردنەوە؛ ئەم سەفەرکردنەش یان مەعنەویە یان مادی. بەڵام هەمیشە تێکشکانی ناخ و نائامادەگی و ناهەمواریی زەمینەسازیی ڕێگر بوون لە ئازاد بوونی پێڵاوەکان و دواتر هەنگاونان بەرەو دورگە نەدۆزراوەکانی مەعریفە و ئەو جێگا ماتریالانەی خەونەکانی شاعیری لێ گوللەباران ناکرێت، ئێدی لەبەر هەر هۆکارێکی زاتی و مەوزوعی بێت، پێش ئەوەی خۆی لە باڵەخانەیەکی چەند نهۆمیەوە خلۆر بکاتەوە بۆ ناخی ئازارو ئاستە تێکشکاوەکانی تاكی کۆمەڵگایەك کە (شوێنکات)ێك بە لامەعقولیەت دەورەدراوە. تەنیا لە جێیەکدا پێڵاوەکان دەگۆڕدرێن بۆ پاپوجی سوور، ئەویش دەربڕینە لە کەسی دووەمی تاك. سوور سوور هەڵگەڕا کافتریاکە بە پاپوجێکی سوور ڕۆشتن!(*) وێڕای ئەوەی وەك هەوڵێکی تر بۆ گۆڕانکاری لە فۆرمی هۆنراوەدا ناونیشانەکانی ئەم چەند هۆنراوەیە لە کۆتایی دەقەکاندا نووسراون، کە لەم بارەشەوە بەر و دوا هەوڵی تر هەبووە لە ئەدەبی بێگانەدا و لای خۆشمان وەك سەباح ڕەنجدەرو چەندانێکی تر، سوزان پلێت(5) دەڵێت: “هۆنراوەی بێ ناو وەك منداڵی بی ناو وایە، گەر شاعیر نەزانێت ناوی هۆنراوەکەی چیە، چۆن خوێنەر لەو هۆنراوەیە تێبگات”. هەروەها ئەو 8 جۆر ناونیشانی جیاواز دەستنیشان دەکات، بەڵام دەبێت سەرەتای دەق کە بە ناونیشان دەستی پێکردبوو بکەوێتە دوماهیەوە چی بگەیەنێت لای غەمگین؟ ئەگەر کۆتایی سەرەتاکان نەبێت، لە چاوەڕوانی سەرەتایەکی نوێتردا ئەی دەبێ چی بێت؟ گەر سیمبوڵێك نەبێت بۆ مردن و ژیانەوە ئەی دەبێت چی بێت؟ گەر ڕامانێك نەدات بە خوێنەری هوشیار کە بڵێت دەکرێت جارانێك کرۆك و شتە گرنگەکان بکەونە کۆتاییەوەو سەرەتاکان بێ پێشەکی بین ئەی دەبێ چی بێت؟ جێی ئاماژە پێدانیشە ڕەنگی سوور لەگەڵ دوو ڕەنگە پێچەوانەکەی تردا(سپی و ڕەش) کە بە زەقی حزوریان هەیە لە دنیابینی شاعیردا جێی لێدوانێکی ترە ، جیا لە پێڵاوەکان. کە لە کۆتاییدا دێینە سەریان. ئەو سەبارەت سەفەری ماددی جارانێك وشەی پێڵاو بەکار دەبات، هەر وەك وتمان بە بێ ئامادەگی و دواتر شکستخواردن لەو سەفەرە دوایی نەهاتووانە، کە ژیانی شاعیر هەمووی جۆرێکە لە سەفەر. بۆ نموونە دەڵێت: کە من پێڵاوی هەنگاوەکانم دڕابێت چی لە گۆرەوی نوێی سەفەر بکەم؟ یان دەڵێت: یەکەمین کۆڵانی ئەم شارە لە ناو پێڵاوەکانمەوە… دەست پێدەکات!()
بەڵام بۆ سەفەرە نابەرجەستەکان ئەو بە هەمان ڕیتمی نا ئامادەگی بەڵام بە جۆرێکی تری ناپەزیریی پێڵاوەوە بە ناخی خۆیدا ڕۆدەچێت و خەون دەبینێت و جێ دەمێنێت لەو سەفەرەی، دوودڵە لە کردنیداو لە خۆ ئامادەکردندا بۆی:
پێڵاوێکی کۆنم لەبەردەم نەینۆکدا،
قەیتانەکانی توند دەکردەوە
بەیانی گەڕامەوە،
شەوم لەسەفەر بزرکردبوو!؟

هەر ئەمشەو پێڵاوەکانم خۆیان بۆیاخ کرد
چوونەوە سەفەر…!
ئەو سەفەرەی پڕە لە پێڵاوی دڕاو!() لە کۆتاییدا ئەمەویت ئەوە بڵێم وەك چۆن شاعیر ئازادە لە هەڵبژاردنی شتەکان لە بە سیمبوڵ کردنیان بۆ بونیادی ناوەوەی دەق، پاشتریش دوای لێکدانەوە دەبێتە کلیلێك بۆ تێگەشتنی زیاتر لە مانا شارراوەکان، ئەوا رەنگەکانیش کەرەستەیەکی باشن بۆ ئەفراندن، بە تایبەتی لە پێچەوانەکردنەوەی فەنتازیئامێزی میتافۆڕی رەنگەکان و تەوزیفکردنیان لە شوێنگای تردا، ئەوەی سەرنجمدا لە خوێندنەوەم بۆ هەندێك لە دەقەکانی بۆڵی ئەوە بوو سێ ڕەنگ بەزۆریی ئامادەییان هەیە و لە پێچوپەنای وشەکاندا نوێبوونەوەیەك دەبەخشن بە دەقەکان، ئەوانیش ڕەنگەکانی: ڕەش و سپی و سوورن. ڕەش لە کاتێکدا لە کولتوری هەندێك میللەتدا بە سیمبوڵی مردن لێکئەدرێتەوە، بەڵام لای دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکا وایان لێکداوەتەوە ڕەنگی ڕەش یەکێکە لە ڕەنگە باش و پەسەندەکان چونکە ڕەنگی خاکە و ژیان دەبەخشێت. گەر وردتر بینەوە دەبینین ڕەش ڕەنگ نیە، بەڵکو حاڵەتی بزربوونی رەنگەکانە، کاتێك خەڵکی دەربارەی پێچەوانەکەی قسە دەکەن یەکسەر ڕەنگی سپی دێت بەسەر زمانیاندا کە نمایندەی هەردوو جەمسەرەکانی گۆی زەوی دەکات.(٦) رەنگی ڕەش هەموو رووناکیەکانی تیا خامۆش دەبێت، لە کاتێکدا سپی دەردەکەوێت رەش دیار نامێنێت و دادەپۆشریت، کەواتە ڕەش مانای شاردنەوە دەگەیەنێت، زۆر جاریش بە ئەزمونی ترس و خراپیەوە بەستراوەتەوە بە نەزانراو و نابینراوان، هەر وەك چۆن شاعیریش جارانێك ئاماژەی بەمەداوە… لە کاتی ترس و نائارامیدا ڕەش وزەی هەڕەشەکردنی نەزانراو لەخۆ دەگرێت. لەبارە ئەرێنەییەکەیدا ڕەش بۆشاییەکی گوشادە بۆ هەموو ئەو شتانەی رەنگە دەربکەون و بزر ببنەوە،بۆ خۆ حەشاردان لە مەترسیەکان.هەروەها ڕەنگی ناڕوونیەو هەستی ئەگەر دەبەخشێت، ڕەش هەڵبژێرە گەر دەتەوێت دەرگا بە ڕووی نهێنیە شاردراوەکاندا بکەیتەوەو خۆت ئامادەبکەیت بۆ نەزانراو. شاعیر بەڕووە عادەتیەکەی و تەفسیرە رۆژهەڵاتیەکەی بەکاری بردووەو بە ڕووە تازەکەی و پۆزەتیڤەکەیشدا لە سیاقی دەقە جوداکان و بە پێی (شوێنکات)ی گونجاو خستوویەتیە کار. یەکەمیان؛ رووە عادەتیەکەی:- تۆ ڕۆیشتی کراسی ڕەشت بە نیشتمان پۆشی()
بەڵام کاتێك ڕەش دەبێتە سەرچاوەی ڕووناکی و مانایەکی تری لەخۆگرتنی ئەرێنی ژیان لێکدەداتەوە، ئالێرەوە شاعیر تەفسیرە عادەتیەکان جێدەهێڵێت و مانایەکی نوێ دەداتە ڕەنگی ڕەش، بەتایبەتی نەك پارادۆکس ، بەڵکو تەواوکاری یەکترو پێکەوە تەبابن لەگەڵ ڕەنگی سپی دا لە تێڕامانی شاعیردا:
خەونێکی سپی
خەیاڵی ڕەش دادەگیرسێنێت


تازە ڕووناکی درەنگی کردووە
دەبێت لە تاریکیدا،
ئەم داوە بخەیتە کونی دەرزییەوە!.(*)
ئەی ڕەنگی سپی؟ ئەویش بە هەمان جۆر جارانێك بە مانا کلاسیکیەکەی کەڵکی لێ وەرگیراوەو جارانێکیش بە پێچەوانەی لێکدانەوە عادەتیەکان دەبێتە ڕەمزی پیر بوون و بێهیوابوون و نسکۆ.
ئەگەر وای دابنێین ڕەنگی سپی دەلالەت لەسەر پاکێتی دەکات، بۆ نموونە بووك کاتێك لە زۆر وڵاتدا رەنگی سپی دەپۆشێت مانای ڤێرجینی دەبەخشێت، سپی گەر ڕەمزی وەفاو میهرەبانی بێت، نابێت ئەوەش لە یاد بکەین لە هەندێك وڵاتدا لە تازیەدا بەرگی سپی دەپۆشن لە بری ڕەش!
بەڵام لە راستیدا بە مانایەکی دەقاو دەق ڕەنگی سپی لە حەقیقەتدا بوونی نیە، بەڵکو مەودای ئامادەگی هەموو رەنگەکانە. وزەی تەواوی تیشکە- کەمال و تەواوێتی دەگەیەنێت، نمایندەی کردنەوەو ڕاستگۆییە. ڕەنگێکە لە جۆری سارد، دەتوانرێت بەکار بهێنرێت بۆ سڕینەوەی پارچە پەڵەکانی سەر ڕێگا، توانای ڕۆچوونی بە هەموو رەنگەکاندا هەیە، دڵنیابوونی هزرو دەستپێکردنی تازە دەگەیەنێت:
لە تەختە رەشەکەی قوتابخانەدا
نوقتەیەکم کرد:
(( ئەمە وێنەی پیاوێکە
لە شەوێکی ئەنگوستە چاودا،
جگەرە دەکێشێت)).

ڕووناکیەك داگیرسێنە!
وەك نووسینێکی سپی() هەر ئەوەندە نابات شاعیر پێمان دەڵێت جارانێك تەنانەت ڕەنگەکانیش چاوبەستمان لێدەکەن و لە خۆشباوەڕی ئێمەدا شانازی بە خۆیانەوە دەکەن و خۆیان بە بەرزترین مانا دەچوێنن، بەڵام رەنگە وا نەبێت، ئەی ئەوە نیە سپی ڕەمزی پیربوون و کفن و ڕەقبوونەوەو سڕینەوەیە لەبوون، ئەی ئەوە نیە خۆی بۆشاییەکەو هیچ ڕەنگێ نانوێنێت و دەکرێت ببێتە هەموو ڕەنگێك؟ پرچم بەفرێکی توڕەی بەسەردا باریوە(***)

ئاسمانێك گازاندەی سپی سپی:
لەسەر تەرمی بەردەکان جێهێشتووە(****)

سوور؟ ڕەنگی گەرمی شاعیر! بە ڕووە نەرێنەکەی دەکرێت وەك هەڵچوون و تووڕەبوون لێكبدرێتەوە، کەچی بۆ نموونە لە وڵاتی چین بە رەنگی پەرەسەندن و شادی هێماکراوە، گوڵی سوور رەمزی خۆشەویستی سۆزدارە، هەروا سوور رەنگی مەریخە کە بە شەڕ ناسراوە، سووری ئاگرین بە گەرماوە پەیوەستە، هەروا دەکرێت بە مەترسی سووتان ڕاڤە بکرێت.
سوور ڕەنگی خوێنە، هەروا رەمزێکی بەهێزە بۆ ژیان و زیندوێتی، ئاماژە بە جەوهەری ژیان دەکات، جەختکردنەوەیە لەسەر مانەوە، وەك چۆن دەکرێت ببێتە ڕەنگی سۆزو شەهوەت.
شاعیریش نەك بە تەنیا بیانوی سوورو خەونی سووروملپێچی سوورو سوراوی سوور، دەکاتە کەرەسەی بونیادی دەقی ڕەنگاڵەو ڕەنگی پاپوج و ڕەنگی کافتریاو دڵ لە سووردا دەیانگەوزێنێت، بەڵکو هەموو ئەو شتانەش لە کافتریاکەدان بە سووردا دەڕوانن لە فەزایەکی ڕۆمانسی سوور سووردا کە دواتر دەبێتە ڕووەکەی تر و سوتماکانە دووکەڵ لە جگەرەکان بەردەدات، ئەمە ئەو گەمە سەیرەیە کە لە یەك کاتدا هەردوو ڕووە کلاسیکی و نوێخوازەکەی، پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکەی رەنگی سوور وێناکراوە. ڕەنگە بیشیەوێت پێمان بڵێت جارانێك دەکرێت خۆشەویسیتی سوتێنەر بێت.
تۆ بەر لەوەی بێیت بۆ
کافتریا سوورەکە
من بیرم لە تاریکی ژیان دەکردەوە……….
دوای ماوەیەك سووتان وەك جگەرەکان
دوای ماوەیەك جگەرە وەك مرۆڤەکان
تۆ بە تیلەی چاوێکەوە، سەیری جگەرەکانت کرد
تۆ بە تیلەی چاوێکەوە، سەیری مرۆڤەکانت کرد
تۆ بە تیلەی چاوێکەوە،سەیری منت کرد() هەروەها لە دووبارە بوونەوەی زۆری زاراوەی جگەرە دەتوانین ئەوە بڵێین دووکەڵی بۆری جگەرە، دەبێتە هەناسەیەك بۆ ئاهو نزولەی پەنگخواردووی ناخی شاعیر، ئیلهامبەخشی نووسینی شیعرە لای شاعیرانێك، لای هەندێکیش بە ڕەمزی وەفا دادەنرێت و دەڵێن: ئەو بۆمان دەسوتێت کە دوا پلەی عیشقی ڕاستەقینەیە، گەر کەرەسەیەک بێت بۆ چوونە دنیای خەیاڵ و پێداویستیەکی نووسینی شیعر بێت، ئەوا گەر بە پێودانگێکی لۆژیکی لێی بنواڕین هەر ئەویشە لە کۆتایدا ناپاکی دەکات و وەفاکە دەگۆڕێتەوە بە مەرگێکی تراژیدی.. لە کۆتایدا تەنیا ئەوە ماوە بڵێم ئەم چەند لایەنە شاراوەو نیمچە شاراوانەی هەڵهێنجراونو دۆزراونەتەوە لە بەرهەمەکانی بۆڵی دا تەنیا وەك سەرەقەڵەمێك بەسەریدا تێپەڕیوین، هێندەی مەودای نووسینەکە بواری پێداین بدوێین، چونکە هەر یەك لەم لایەنانە نووسینی سەربەخۆ هەڵدەگرێت، ئەمەش بە جێدێڵم بۆ ئەو بەڕێزانەی کە ماخۆلان و خولیای خۆدان لە قەرەی ئەو بابەتانە لە ناخیاندا لە خرۆشاندندایە، گەر نا بابەتەکەمان زۆر درێژتر دەبێتەوەو لە سنووری خوێندنەوەی بابەتێکی لێکۆڵینەوەییەوە تێپەڕ دەکات و ڕەنگە بەداخەوە زۆربەی خوێنەرانی ئەمرۆش تاقەتی خوێندنەوەی دوورو درێژو لەو جۆرەیان نەبێت، هەرچەندە دەوڵەمەند بێت بە ئاماژە و چەمکە جۆراوجۆرەکانی داهێنان.

———————————–

ژێدەر و سەرچاوەکان:

1- holyjoe.org/poetry/whatis. 2- The Stranger.Albert Camus.Stuart Gilbert, Translator 3 – en.wikipedia.org/wiki/Literary_theory (( تیۆری ڕەخنەی بونیاتگەرایی و سیمۆلۆژی: دیراسەی بونیادی بنەڕەتی جیهانی دەق دەکەن ، یەکە زمانەوانیەکان لە دەقداو چۆن دانەر توانیویەتی ماناکان لە ڕێگەی بونیاتەوە بگەیەنێت.. نوێنەرانی ئەم قوتابخانەیە: فێرناندز سۆسێر، ڕۆمان جاکوبسۆن، ستاترۆس، ڕۆڵان بارت، میخائیل باختین، ج.لۆتمان. تیۆری ڕەخنەی دوای بونیاتگەرایی: گرتنی هەموو زاراوە جۆربەجۆرەکانی نزیكردنەوە تیۆریەکان وەك [هەڵوەشاندن] کە مەرامەکانی بونیاتگەرایی جێدەهێڵێت بۆ بەدیهێنانی هێزی بیرکردنەوەی زانستی کەلتور لە ڕێگەی خوێندنەوەی نموونە زمانەوانیەکان بۆ فۆرمە ستاتیکی و گوتارەکانی دەق.. لە نوێنەرانی ئەم قوتابخانەیە: ڕۆلان بارت، میشال فۆکۆ، جولیا کریستیڤا. ڕەخنەی لێکدانەوەی دەروونی: ڕۆڵی ئاگایی و نا ئاگایی لە دەقدا وەدیار دەخات، لەوانە: دانەر، خوێنەر، زاراوەکانی ناو دەق.. لە نوێنەرانی ئەم قوتابخانەیە: سیگمۆند فرۆید، جاك لاکان، هارۆڵد بلوم، سلاڤۆی ژیژه‌ک، ڤیکتۆر تۆسك)). -٤famouspoetsandpoems.com/poets/john_clare/ -٥utmostchristianwriters.com/articles/article5001 -٦crystal-cure.com/ ()پەڕتووکی شیعریی: ڕووتبوونەوەی وشەکان، هەولێر- غەمگین بۆڵی- چاپی دووەم/ ٢٠١٢ () گۆڤاری هەنار ژمارە ٨٧- لاپەڕە ٦٠ – شیعری مننامە. () هەفتەنامەی نسێ. ژمارە ٥٤- کافتریای سوور- ١٩/٨/٢٠١٣
(* ) هەفتەنامەی هزرو هونەر – ژمارە ٣٥/ تۆمنبوون! – لاپەڕە ١٦- ١/٣/٢٠١٣
………………………..
تێبینی/ کاتی خۆی ئەم لێکۆڵینەوەیە لە گۆڤاری گەلاوێژ گۆڕبزربوو، گۆڤاری (هەڵمەت)یش ساڵی ٢٠١٤ بەشیکی لێ بڵاوکردەوەو دوایی داخرا، بۆیە وەك ئەمانەتێك لێرەدا کۆی نووسینەکە دانراوە. داشئەنرێت بە ناساندنێکی رەخنەیی بۆ بەرهەمە سەرەتاییەکانی بۆڵی.




سوریالیزم … ئاهەنگ حسن

“سوریالیزم کە بە واتای ئازاد بوون و کرانەوەی ئەدەب و هونەر دادەنرێت کە لە سەرەتاکانی دەیەی دووەمی سەدەی بیستەم، وەک تەوژمێکی ئەدەبی شوێنی خۆی گرت. خودی ئەم وشەیەش لە دوو بەش پێک دێت: ((sur کە بە واتای (سەرەوە، سەروو، باڵا) دێت و ((realیش بەواتای (واقیع، حەقیقەت) دێت، هەروەهاکۆی وشەکەش بەواتای (سەرووی واقیع، لەودیو واقیع) دێت”١. هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانیشی دەگەڕێتەوە بۆ “ڕوودانی جەنگی دووەمی جیهانی لەسەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەو جەنگەی کە لە سەختی و بەربڵاویدا پێشووتر وێنەی نەبووە، بووە هۆکاری بێ ئومێدی ڕەشبینی مرۆڤایەتی”٢ و سەرهەڵدانی دەنگی یاخی و ناڕازی و تەوژمێک بەناوی دادایزم، کە “بریتیی بوو لە لادان و ڕەتکردنەوەی کۆی ئەو ڕێباز و تەوژمانەی کە پێشووتر بوونیان هەبووە، چونکە دادایزم جوڵانەوەیەکی فەلسەفی و گاڵتەجاڕی بوو و بایەخی هەموو شتێکی ئینکار دەکرد”٣ واتە دادایزم تفی لە واقیع کرد و هەمووی ڕەت کردەوە و هیچ چارەسەرێکی پێ نەبوو.
لەبەرئەوە بنیادنەری سوریالیزم “ئەندرێ برتۆن لە ساڵی ١٩٢٢ ز، بەشێوەیەکی فەرمی بێ ئەنجامی و بێ بەرهەمی دادایزمی ڕاگەیاند و دژی وەستایەوە”٤. واتە “سوریالیزم لە دادایزم لەدایک بوو، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی سەرهەڵدانی لەناو سیمبولیزم دا نەشونمای کرد، خودی بزووتنەوەکەش فەڕەنسایی بوو. هەروەها ئەو کەسانەی کە بۆ یەکەمجاریش ئەم ڕێچکەیان گرتەبەر بریتی بوون لە ئەندرێ برتۆن و ئاراگۆن و پۆل ئیلوار و فلیپ سۆپۆ… کە هەموویان خەڵکی فەڕەنسا بوون، سوریالیزم بەخێرایی لە شیعرەوە بۆ داستان و تیاترۆ و سینەما و نیگارکێشی و پەیکەرتاشی.. پەلی کێشا”٥ واتە سوریالیزم هات ڕەتکردنەوەکەی دادایزمی دووبارەکردەوە، بەڵام جگە لەوەی کە وەک درێژە پێدەر و تەواوکەری تەوژمی دادایزم سەریهەڵدا، هات چارەسەریشی بۆ دانا وەک پێشبینیکردنی ژیانێکی جوان لەدەرەوەی واقیع، کە پشت لە مەسەلەی دابونەریت و ئاین و ئەخلاقی جنسی و هەموو ئەوانە بکات. ئەمەش لەڕێگەی شۆڕبوونەوە و پەی بردن بەو ھەستانەی كە لەناوەوەی ئینسان كپكراون. ئیشی تاكی سوریالیش بریتییە لە پەردە لادان لەسەر ئەو ھەستانە بێ گوێدانە ھیچ بەربەستێكی كۆمەڵایەتی ( دابونەریت و كلتور) و ئاینی و سیاسی. هەروەها پەردە لادان لەسەر مەسەلەی ئینحرافی جنسی، چونکە پێیان وابوو سیستەمی ژیان ئەخلاقی تێدا نەماوە، بەتایبەت ئەوەی کە ئینسان زۆر بچووک کراوەتەوە و بووەتە شتێکی زۆر کەم. ئەمەش دەلالەتە لەوەی سوریالیزم لە مەوقیع و پێگەیەكدا سەرھەڵدەدات كە تاك ھەست بە ھیچ بنەمایەكی خۆشبەختی ناكات، بەڵكو دەگاتە ئەوپەڕی ڕەشبینی و بەرەو دونیایەك ھەنگاو دەنێت كەلەواقیعدا بوونی نییە، جیاوازە لە واقیع واتە لەسەرووی ئەو واقیعە پێدەنێتە دوونیایەك كە پشت دەبەستێت بە بیركردنەوەی قوڵ و لە نوقتەی ھەستی بێ ئاگایی مرۆڤیشەوە سەرچاوە دەگرێت و پەردە لەسەر ئەو ھەستاش لادەدات كە كپكراون و ڕێگری لەوتنیان دەكرێت بەھۆی مەسەلەی ئایینی و كۆمەڵایەتی و سیاسی. هەروەها پێشیان وابووە مرۆڤ بەدرێژایی مێژوو لەژێر سایەی ئەو دابونەریت و پرەنسیپە كۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسییەی، کە پەیڕەوی لێكردوون، نەیتوانیوە ژیانێك بەرقەرار و دوستەبەربکات، كە شایستە بێت لەگەڵ خواستەكانی ئینسان. نەشیان توانیوە ئەخلاق بەبەری ئینساندا بکەن، هەروەها ئەو ئەخلاقەی کە هەشبووە نەیتوانیوە ببێتە پارێزەری ئینسان، بەڵكو بوونەتە ھەڕەشە بۆ سەرجەم سێكتەرەكانی ژیان و بەربەستێكیش بوون بۆ ئەوەی مرۆڤ نەتوانێت لەسایەیانەوە ئاسایش و ئازادی ڕەھا دەستەبەر بكات، كە بەختەوەری لانەی خۆی بكات. هەروەها بەھۆكاری ئەوەی كە پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان و پابەندی تاك بۆ ئاین لەئەوروپادا لە ئاستێكی لاوازدا بووە، ھۆكاری سەرەكی بووە بۆ سەرھەڵدانی فیكری سوریالی.. بەڵام لەبەرئەوەی لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا پابەندبوون بە ئایینی ئیسلام و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لە ئاستێكی باشدا بووە. بوونەتە بەربەستی سەرەكی لەبەردەم درووست بوونی تاكێكی حەقیقی سوریالی لەژینگەكەی خۆیدا سەڕەڕای ئەو ژمارە كەمەی كە دروستیش بووە كە خودی خۆیان، خۆیان خستۆتە ئەو ژینگەیە، واتە خۆیان ئەو ژینگەیان بۆ خۆیان دروست كردووە، كە ئەمەش حاڵەتێكی جیاوازە، بەڵام ڕێژەیەكیان لە پانتاییەک وشەکانیان پڵیشاندۆتەوە و لە ئاوک و جیقڵپاوەی وشە واتای نوێیان هەڵهێنجاوە، واتە گەمەیەکی هونەرییان بە واتا کردووە، نەوەک گەمەیەکی فیکری کە دواجار بەشێکی سەرەداوەکانی دەچێتەوە سەر هیچگەرایی.. واتە بەشێكیان لەواتای حەقیقی و فیكرییەتی سوریالی تێنەگەیشتوون.
“هەرچەندە سوریالییەکان واقیعێکیان دەویست، کە هیچ ڕەبتی بەو واقیعەوە نەبوو کە تێیدا دەژیان بەواتای ئەوەی لە بەرهەمەکانیان ژینگەیەکی وایان دروست دەکرد و واقیعێکیان دەهێنایە گۆڕێ کە لەگەڵ ئەو واقیعەی ئەو سەردەمە زۆر جیاواز بوو. باڵاتر لە واقیعییەتی سنوردار و قبوڵکراوی دەخستە ژێر سەرنج و خواستی خۆیەوە. تا لەم ڕێگەیەوە بتوانێت، کۆمەڵێک بابەت بهێنێتە ناو ئەدەبیاتەوە کە پێشتر بەشێک نەبوون لە ئەدەبیات وەکو خەون و وەهم و”٦ ، بەڵام چونکە بۆ خۆیان لە واقیعدا دەژیان ئەگەر بەشێوەی ڕاستەوخۆش نەبێت، بە ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی سیمبولیزمەوە باسی ئەو واقیعەیان دەکرد، کە تێیدا بوون. چونکە خۆیان واقیعی بوون و لەهەسارەیەکی ترەوە نەهاتبوون، بەڵکو خۆشیان لەناو جەرگەی کێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی فەڕەنسادا بوون. لەسەر بنەمای فیکری تاکیش کاریان دەکرد، کە ئەمەش بووە جێی ڕەخنە بەوەی تاک هەرچەندە سەربەخۆ بێت، دواجار تاکیش دەچێتەوە ناو بازنە و تۆڕی کۆمەڵگا. لەبەرئەمەش دەبووایە تاکە سوریالییەکان هەموویان لە سوچێکی گشتی هاوپەیام بن و بەیەک ئاڕاستەدا بڕۆن. بەلای کەمی دەبوایە یاسایەک هەبووایە، کە هەموویان کۆبکاتەوە و یەکسان بن، . تا پێگەیەکی بە‌‌هێزتری هەبووایە و وەکو ڕێبازێک ڕەگی دابکوتایە..

ئاهەنگ حسن محمد

——————————————————————

سەرچاوەکان:

  • ‌ الأصفر، عبدالرزاق (1999)، المذاهب الأدبیه لدی الغرب، منشورات اتحاد کتاب‌العرب.ل١٦٩
  • پریستلی، جی.بی (1372)، سیری در ادبیات غرب، ترجمه ابراهیم یونسی، تهران: امیرکبیر. ل٤٩٣
  • فەرھاد پیرباڵ ( 2009)، ڕێبازە ئەدەبییەكان، ھەولێر، منارە. ل٣٢٨
  • فاولی، والاس (1981)، عصر السریالیه، ترجمه خالده سعید، بیروت: دارالعوده. ل١٧
  • ثروت، منصور (1385)، آشنایی با مکتب‌های ادبی، تهران: سخن. ل ٢٣٠ – ٢٣١
  • فاطمی قمی، سیدحسین (1379)، تصویرگری در غزلیات شمس، تهران: امیرکبیر. ل ٢٣٤
    .



چاو، نیگار،رۆح … جەمال کۆشش

چاو لە زمانی کوردیدا، لە ڕووی -ئیتمۆلۆژییەوە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە سەرەتای دروستبوونەوە هەیە . چاوگ- لە ڕێزمانی-زمانی کوردیدا دایکی هەموو وشەکانە. چاوگ، سەرچاوە، چاوگە، لە سروشت ولە پێکهاتەی زمانەوانیدا، ڕۆڵێکی گرنگ لە ژیانی ئینسانەکاندا دەگێڕن. ، لە زمانی عەرەبیشدا ” عەین -چاو” بە مانای “کانی، ئەسڵ، ئۆرگیناڵ” دێت. لە زمانی ئیدیۆم وڕۆژانەشدا، چاو بە فراوانی بوونی هەیە. ” سەر چاو” رۆژانە و هەرکە سە دەیان جار بەکاریدەهێنێت، چاوەکەمی ، وەک نیشاندانی ڕێزو خۆشەویستی، وەک قەدردانی ” بەچاوان”، وەک سوێند خواردن ” بەچاوی تۆ” وەک وەفا وسۆز” دەک چاوم کوێر بێت” ، وەک دیاری و لێبوردەیی ” چاوی تۆ خۆش” ، وەک شکاندن ” چاوی بشکێنە”، وەک ڕوو بەڕووکردنەوە و سەلماندن” پەنجەم کردە چاوی”، وەک بوغرایی یان پلەی توڕەبون ” چاوی سور بووە”، وەک پەشیمانبونەوە و شەرم و بێدەنگی “چاوی داخست” ، وەک هەوڵی بەراوردکاری ولاسایکردنەوە” چاوی لەو کرد” و وەک شایەدیی” بەچاوی خۆی بینی” وەک شاردنەوەی ڕوداوێک ” چاوی لێپۆشی” . وەک شکاندنی شکۆ’ چاوی دەشکێنم”، یان بەدرۆ خستنەوەی ووتەیەک ” با چاوم بەچاوی بکەوێت” چاوە نواڕی و ئاوی چاوم داهات” زۆر ئارامم گرت: ، لە چاوی تۆ وە، یانی ڕەئی ..چاوی ڕێز ، لە چاوی پیس بەدوور بێت، خۆڵکردنە چاو، چاوگێڕانەوە، .چاوێکت لێبێت، چاوی لەسەر ماڵ، چاوبرسی، چاوتیر، لەبەرجاوت بیت،.چاودەکاتەوە،چاوی دەبێتەوە، ” چاوی گەل، چاوی کورد،..چاوی ناوەوە، لەبەرچاونەگرین،..ئاماژەی چاو لیداگرت کە بیکات.چاوی جەللاد، بەچاوی بەزییەوە، چاوی فەلسەفی، چاوی دایک ، ڕەشبینی،لەچاوم نابڕیت، لەبەر چاوم لاچۆ، چاوی سور بوە. ئەم سیحرە چیە لە چاودا. دەتوانین لەو بارەوە یەک دانە کتێبی بەئەندازەی فەرهەنگەکەی عەینی فەراهیدی بنوسین. ” معجم العین./وکیپیدیا”.

کاریگەری چاو تەنها لە وەزیفە فیزیکییکەی مرۆڤدا، ” کردەوەی بینین” دا قەتیس ناکریت. رەهەندێکی کۆمەڵایەتی وکلتوری فراوانی وەرگرتووە. هەستی چاو، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سروشت ولەگەڵ کۆمەڵگا و لەگەڵ مێشکی تاکەکان ودەزگای بیرکردنەوە و ئەمباری زانیارییەکانی بە ستووە . چاوی مەست وخوماری، چاوی ڕەش وقەترانی ، چاوژێرپیاڵەیی ، چاو قەرسیلی ونەرم .چاوی شین وماری و گوشکەیی ، چاوە بایۆلۆژییەکانن و زەوق و جوانیەکانی کات و دەمە مێزووییەکانی سەرنجەکانمان بۆ دەنوێنن. وەک دەلێن ، چاو پەنجەرەی رۆحە، زمانی چاو درۆ ناکات.
وەک زانستە ئەنثرۆپۆلۆژیی وئارکۆلۆژییەکانیش سەلماندوویانە ، مێژۆپۆتامیا سەر زەمینی خوڵقانی یەکەمین شارستانیەتی ئینسانیەتە. یەکەمین داهێنانی زمانی نوسینە، یەکەمین داستان ویەکەمین ئیمپراتۆریەتە. وڵاتی نێوان دوو ئاوان، سەرەتای کۆبونەوەی مرۆڤە کۆچەرییەکان بووە لە دەوری کشتوکاڵ وپاشان ماڵیکردنی ئاژەڵ و کۆبونەوەیان لە دەوری یەکترو دامەزراندنی لادێی گەورە.شارستانیەتی پێکەوە ژیان، سەرەتای گۆ کردنی زمان و تێڕوانینی قوڵ ویاسای رێکخستنی کۆمەڵگا ، لەکارو زەواج و سەروەت وپەیوەندییە روحیەکانی بەرهەمهێنا. . نیگارە کۆنەکان پێش داستانی گەلگامش، خودی گەلگامش و هاودەم ودوای ئەویش ئەو مێژووە دەگێڕنەوە کە مرۆڤە سەرەتاییەکانی ئەو دەم تیا ژیاون.

نیگار بەرهەمی وێنەیەکە چاو گرتویەتی.” هونەری چاویی” بەڵام چاو تەنها کەرەستەی بایولۆژی وێنەگرتن نیە” لانی کەم لای نیگارکێشەکان” ، دونیابینی هەیە، تەئەمولاتی هەیە، تاقیکردنەوەی هەیە، جوڵەی وکات وبزاوتنی هەیە و بە هەموو ئەو شتانەی دەوروبەری مانا وروح دەبەخشێت. نیگار شیعرێکە چاو نوسیویەتی، داستانێکە نیگارکێش، بە ڕەنگ وتۆنی ڕوناکی و هێڵەکان وخاڵەکان وفیگورەکانی دەینوخشێنێت. چاوم دیوە پڕ پڕ ئاگر بوە، لێونلێو لە جامی میهر بووە، پڕنزاو پارانەوە بووە. چاوم دیوە گەشتنامەی ژیان بووە.. چاوم دیوە رۆحێکی ناسک و سەدان مۆمی تیا داگیرساوە. هەر یەکچاو بووە، تەنها یەکچاو، بەڵام سەربردەیی شکانی تیشکی ئومید و چارەنوسی بەدبەختی وکڵوڵی ئاوارەیی و دەربەدەری وڵاتانی گێڕاوەتەوە. چاوم دیوە، مۆنی ونامۆیی ونەفرەت وبێزاری دونیای هەڵگرتووە، قین وشەڕانگێزی لێدەباری، بەڵێ چاو، ڕاستگۆترین زمانی شوناسی ناوەوەیە، رۆحی ئینسانە. وە نیگاکانی روح یان دەبەخشێت ویان دەسینێت، ئەم چاوانەم لە بازاڕ، لە کوچەو کۆڵانەکان، لە نێو تابلۆکان دا سەرنجی ڕاکێشاوم.

چاو بە درێژایی مێژووی پۆرتریەت، گرنگترین بەشی داگیرکردووە. چاو دکیومنتەیشنی کەسایەتی و مۆرکی ڕاستەوخۆی جیهانبینی نیگارکێشی بەرجەستەکردۆتەوە. نیگارزمانێکی جیهانی کاریگەرتر لە مۆسیقا بووە، کێشە گەورەکانی ئینسانیەت، نەمری، بەختەوەری، ئازادی ویەکسانی، لە چاوی پۆرتریتەکاندا دەخوێنینەوە.
ئەو دەمانەی ئینسانەکان زۆر نزیکتر لە سروشتێکی پەتی و لەگیانەوەران ژیاون، وێنەی ئەوانیان بە دیقەتەوە کێشاوە، ئەو دەمانەی ئینسانەکان خۆیان وەک تێکەلەیەک لەبوونی خودایی وئینسانی و تامەزرویی نەمری بوون، نیگاری هاوبەشی خۆیان کێشاوە، ئەو دەمانەی پآشاکان وجەنگەکان، یان کارەساتەکان پانتاییەکی گەورەیان لە ژیانی مرۆڤایەتی داگیرکردووە، نیگارکێشەکان، بەرهەمەکانیان دەربڕی ئەو دەورەیەن. کاتێکیش نیگارکێش، دەیەوێت وێنەیەکی تر، ئینسانێکی فەرامۆش کراو، چاوێکی ناڕازی، ژنێکی باوەڕبەخۆ وئازاد، پەنابەرێکی نزیک سەنتەری شار، وێنە بکێشێ، ئەو کەسانە دەدوینێ و دەیگوازێتەوە بۆ دوانیای جوانی نەمرییەوە، کەلە کلتووری نیگار کێشی ئەمڕۆدا فەرامۆشکراون. خوڵقاندنی ” نیگار”، خوڵقاندنی بەرهەمێکە و دەچێتە ناو دەتستوەردان لە ئیشەکانی “خوا”. لێرەوە هونەرە چاوییەکان “نیگار، پەیکەر، شانۆ..” دەچنە خانەی قەدەخەکانەوە. ڕەونەقی دەورانی شارستانیەتی کۆن، ڕەونەقی نیگار کێشی بووە. سەردەمانی بوژانەوەی دەیەی چلەکان وپەنچاکانی ” عێراق”، نیگار پانتاییەکی گەورە لە روحی خەڵک پەیدا دەکات. سەردەمی جەنگ و کۆنەپەرستی و زاڵبونی ئاینی سیاسی، چاو وڕۆح و نیگار ، دەبێت ون بن .

کۆتایی ئۆگوستی ٢٠٢٠




بەرجەستەکردنەوەی سۆشیالیزم وەک بەدیلێکی واقعی بۆ ئەم هەرێمە ئەرکی هەر ئێستامانە … نادر عبدالحمید

ئەو ناڕەزایەتیانەی کە لە کوردستانی عێڕاقدا لە ئارادایە و هەر ماوە نا ماوەیەک لە شکڵی مانگرتن و خۆپێشاندا سەرهەڵدەدات بەشێکی دانەبڕاوە لە قەیرانێکی هەمەگیری سەرمایەداری و بنبەستی دەسەڵاتە بورژواکانی ئەمڕۆ لە سەراسەری جیهاندا.
وڵاتانی هەردوو ئەمریکای باکور و لاتینی، وڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقیا و ئاسیا، زوربەیان نوقمی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان و ڕاپەڕینی جەماوەری بەرینی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشانن، لەوانەش وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست، لە تارانەوە بیگرە تا بەیروت و بەغدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
سەرمایەداری لە جیهانی ئەمڕۆدا لەگەڵ کۆمەڵگەی بەشەریدا کەوتۆتە دژایەتیەتیەوە؛ مەودای بێکاری، هەژاری و برسیەتی هێجگار بەرفراون بۆتەوە، جەنگ و پەتای نەخۆشی و پیسبوونی ژینگە لەو مەترسیانەی سەرمایەدارین کە هەڕەشە لە ژیانی گشت مرۆڤایەتی دەکەن. دەسەڵاتە بورژواکانیش جگە لە جەنگ و کێشمەکێشی نیوانیان و ترۆر و توندوتیژی دژ بە جەماوەری ناڕازی و هەڵسوڕاوانی مانگرتن و خۆپێشاندان و ڕاپەڕینەکان، ئاسۆیەکی تر شکنابەن بۆ بەرگری لە مانەوەی خۆیان، ئەم سیستمە و ئەم دەسەڵاتە، بەتایبەت لە کوردستانی عێڕاقدا بۆ ڕزگارکردنی خۆی خەریکە کۆمەڵگە دەکاتە قوربانی.
هەرێمی کوردستانی عێڕاق وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری ئەم وڵاتە بە تایبەتمەندیەکانی خۆیەوە، گەیشتۆتە چرکەساتێکی هەستیاری مێژوویی لە قەیرانێکی هەمەلایەنەی ئابوری-سیاسی و کۆمەڵایەتی-فکری کە تیایدا لەڕووی بابەتیەوە کۆمۆنیزمەکەی وەک هەر بزوتنەوەیەکی سۆشیالیستی شۆڕشگێڕ و پڕۆلیتاری لە وڵاتێکی سەرمایەداری قەیرانگرتوودا، ڕووبەڕووی ئەرکی بەرجەستەکردنەوەی سۆشیالیزم بۆتەوە وەک بەدیلێکی واقعی بۆ ئەم هەرێمە، ئەویش لە ڕێگەی ڕێکخراوکردن و چەکدارکردنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەشان بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی ئینتەرناسیوناڵ.
ئەم قەیرانە هەمەلایەنە ئاکامی سیستمێک و ڕژێمێکە کە لە ماوەی بیست و نۆ ساڵی ڕابردوودا وایکردوە کەمایەتیەکی کەم سەرمایەیەکی ئەستور کەڵەکە بکات بە ملیارەها دۆلار، لە ڕێگەی دەستگرتن بەسەر سامانی سروشی و بازرگانی دەرەکی و هەموو شادەمارێکی ئابوری ئەم هەرێمە، هەر ئەم کەمایەتیەی کە ملیاردێرە هەرە گەورەکانی هەرێم و خاوەنداری کۆمپانیا هەرە زەبەلاحەکان و پشکدارن لە حکومەتی ناوەندی بەغا، هەر خۆشیان خاوەن دەسەڵات و میلیشیا و حکومەتی هەرێمەکەن، بەم پێیە ئەوە بەرژەوەندی بورژوازی گەورە و سەرمایەی مۆنۆپۆلە کە ئابوری و سیاسەتی لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا کۆنتڕۆڵکردوە و ئاڕاستە دەکات و بەم ڕۆژەی گەیاندووە.
ئەوەش کە گوڕی بەم ڕەوەندە بەخشیوە بەتایبەت لە شەش حەوت ساڵی ڕابردوودا پیادەکردنی ڕێنماییەکانی (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) و (بانکی جیهانی) بووە بە خێراییەکی زۆرەوە لە دەستبەردار بوونی حکومەتی هەرێم لە کەرتی گشتی و دانەمەزراندن و بەتایبەتی کردنی (خەسخەسەی) کەرتی تەندروستی و خوێندن و خزمەتگوزاریەکان، کە لایەک شەرعیەتێکی قانونی داوە بە تاڵانی سەروەتی گشتی کۆمەڵگە لەلایەن کەرتی تایبەت و لایەکیش کارەساتێکی ئینسانی بەدوای خۆیدا هێناوە کە خانەوادە زەحمەتکێشەکان نەتوانن خەرجی خوێندن، نەخۆشکەوتن، کرێخانوو و پێداویستیەکانی ژیان دابین بکەن.
ئەم سیاسەتی برسی کردنەی دەسەڵات و حکومەتی هەرێم لەم سەردەمەی کڕۆنادا بە ئاشکرا دەردەکەوێت، کە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمەکەی کردۆتە بارمتەی کێشمەکێشەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و نەک هەر دەست نابات بۆ ملیارەها دۆلاری کەڵەکە بوو لای کۆمپانیاکانیان بۆ دابینکردنی بودجەی تەندروستی و کۆمەگی بێکاران و خانەوادە کەم دەرامەتەکان، بەڵکو ئەو هەلەشی قۆزتۆتەوە بۆ فەرامۆشکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکانی وەک خەستەخانە و گوێنادات بە ناڕەزایەتی و مانگرتنی پزیشکان و کارمەندانی کەرتی تەندروستی دژ بە دوا کەوتنی موچەکانیان، تا ببێتە هۆکارێک بۆ وازهێنانی پزیشکان و کارمەندن لەو کەرتە و داخستنی خەستەخانە گشتیەکان و سپاردنی بە کەرتی تایبەت بۆ داتەکاندنی هەرچی زیاتری گیرفانی هاوڵاتیان.
ڕەخنەی لیبراڵانە سەرچاوەی ئەم بارودۆخە قەیراناویە و ئەم تڕاژیدیایەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەگەڕێنێتەوە بۆ لێنەهاتوویی، نەزانینی ئیدارەکردنی وڵات، عەشائیریەت و باڵادەستی بنەماڵە بەسەر حزبەکانی دەسەڵات، سوڵتانیزم و ساختەکاریان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بۆ ڕێگری لە دەستاودەسپێکردنی دیموکراتیانەی دەسەڵات. بەمەش پەردەپۆشی هۆکارە بنچینەیی و سەرەکیەکەی دەکات کە سیستمی سەرمایەداری و نیولیبرالیزم و ناوەڕۆکی چینایەتی ئەم دەسەڵاتەی هەرێمەکەیە.
بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی نەک نوێنەری عەشائیریەت و دواکەوتوویی بەڵکو دوو تاقمی مافیای ناو ئەو توێژە لە بورژوازین کە جومگە سەرەکیەکانی ئابوری هەرێمەکەیان مۆنۆپۆل کردوە و لە بواری نەوت و بازرگانیدا کاردەکەن و بەهەزار و یەک سەرەداو لە بەرژەوەندی ئابوری، سیاسی، عەسکەری و سیخوڕی بەستراونەتەوە بە دەوڵەتە بورژواکانی ناوچەکە و ئیمپریالیستەکان و کۆمپانیا جیهانیەکانەوە. هیچ مانگێک تێناپەڕێت کە چەند بەرپرس و شاندی وڵاتە ئیمپریالیستەکان میوانی هەولێر نەبن، وەیا شاندی حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی (پارتی) و (یەکیەتی) میوانی پایتەخەکانی وڵاتانی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرسی ناوچەکە نەبن، ئەمە بەڵگەی “لێنەهاتوویی و نەزانینی ئیدارەکردنی وڵات و عەشائیریەت و سوڵتانیزم” نیە، ئەمە بەڵگەی نوێنەرایەتیکردنی بورژوازی کورد و لێکهەڵپێکانی بەرژوەندیە ستراتیژیەکانیەتی بە بورژوازی ناوچەکە و جیهانەوە.
لە ڕاستیدا بەرژەوەندی ئەو توێژەیە کە حزبەکانی دەسەڵات و بنەماڵەکانیان و عەشایەریەت و هێزی زێرەڤانی سەرکوتگەر و دژە ترۆری دەمامکدار و خوڕافاتی قەومی و دینی و عەشایەری بەکاردێنێ تا ئاسایش و ئارامی دابین بکات بۆ کەڵەکەی سەرمایە و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی لەسەر حیسابی تێکدانی ئاسایش و ئارامی ژیانی خەڵكی زەحمەتکێش و ئایندەی نەوەکانی داهاتوو.
بەڵام کاتێک برسی کردن و تێکدانی ئارامی ژیانی خەڵک سەردەکێشێ بۆ ناڕەزایەتی، مانگرتن و خۆپێشاندان و ڕاپەڕین، ئەو کاتە ئەو توێژانەی تری بورژوازی کە بەرژەوەندیان هەیە لە وەلانانی قۆرغکاری ئابوری و سیاسی وڵات و خوازیارن و لە هەوڵی بەرفراوانکردنی بنکەی فەرمانڕوایەتی بورژوازیدان، ڕەوتگەلێکی سیاسی بە ئەجەندای ئاڵوگۆڕێکی ڕوکەش و فۆڕماڵی سیاسی لە دامەزراوەی حکومڕانی و دەسەڵاتدا دێننە مەیدان تا سیستمی سەرمایەداری و کەڵەکەی سەرمایە پارێزراو بێت لە مەترسی شۆڕشی کرێکاران و زەحمەتکێشانێک کە برسی کراون و هەژاری و بێکاری داسەپاوە بەسەریاندا.
ئەوە ئەو ئاڵوگۆڕە فۆڕماڵە شکڵیە سیاسیەیە لە دامەزراوەی حوکمڕانیدا کە لە ئێستادا (نەوەی نوێ) و ئۆپۆزیسیۆنی قەومی ئیسلامی بانگەوازی بۆ دەکەن، تا پاشەکشە بکەن بە (پارتی) و (یەکیەتی)، وە ناچاریان بکەن بە پێکهێنانی (حکومەتێکی کاتی تەکنۆکرات) لە کەسانی لێهاتوو، پسپۆڕ و شارەزا و بیرۆکرات کە (هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی) لە ماوەی شەش مانگدا ئەنجامبدات، تا حزبە ئۆپۆزیسیۆنە قەومی و ئیسلامیەکان بتوانن حکومەتی هەرێم بگرنەدەست لە ڕێگەی بەدەستهێنانی زۆرینە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا. (ئەمە تا چەند خەیاڵی و ناعەمەلیە باسی ئێرە نیە، بەڵام) ئەمە ئەجەندای سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا قەومی و ئیسلامیە بە پاڵپشتی ڕۆشنبیرە لیبراڵەکانی کوردستان بۆ ئاڕاستەکردن و لە قاڵبدانی ناڕەزایەتیەکان و بەرگرتن بە پەرەسەندنیان و بەرزبوونەوەیان بۆ ئاستێک کە بەرژوەندیەکانی گشت بورژوازی و کەڵەکەی سەرمایە بخاتە مەترسیەوە.
سەرمایەداری ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستانی عێڕاق زۆر لە سەرمایەداری سەردەمی کۆمۆنەی پاریس (١٨٧١ی فەرەنسا) و شۆڕشی ئۆکتۆبەر (١٩١٧ی ڕوسیا) گەشەکردوترە، لە قەیرانێکی هەمەگیردایە و لەگەڵ ژیانی ئاسایی جەماوەری زەحمەتکێشدا کەوتۆتە ناکۆکی کوشندەوە و دەسەڵاتە بورژوازیەکەشی گەیشتۆتە بنبەست و ڕوبەڕووی ناڕەزایەتیەکی هەمەلایەنەی جەماوەری بۆتەوە و تەنها بەحوکمی میلیشیا و سەرەنێزە خۆی هێشتۆتەوە.
ئەم بارودۆخە سێ ئەگەر دەخاتەڕوو، یەکەم مانەوە و درێژەدانی دەسەڵات لە ڕێگەی سەرکوت و ئەو چاکسازیە پوچ و بێناوەڕۆکەی کە بەرنامەی حکومەتی هەرێمە، دووەم ناچار بوونی دەسەڵات بە پاشەکشە و ملدانی بە ئەجەندای ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئاڵوگۆڕێکی شکلی سیاسی، سێهەم ڕاپەڕین و هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە کە ئایندەکەشی ڕون نیە بەرەو کوێ دەڕوات.
ئەمانە فاکتۆرە مادیەکانی هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانەن کە لە ئێستادا لە ئارادایە، بەڵام ئەوەی کە ڕێگرە ئەم بارودۆخە شۆڕشگێڕانەیە بگۆڕێت بۆ قەیرانێکی شۆڕشگێڕانە و دەسەڵاتی بورژوازی و سیستمی سەرمایەداری بخاتە ژێر پرسیارەوە؛ لە ئارادانەبوونی فاکتۆری خودیە، بەرجەستەنەبوونەوەی ئاسۆی سۆشیالیزم و هەمەگیرنەبوونی جەماوەریانەیەتی، ڕێکخراونەبوونی جەماوەرە، لە سەندیکا و یەکیەتیە کرێکاریە سەربەخۆکان و لە شۆرا و کۆمۆنە و کۆمەڵە هەرەوەزیەکان و کۆمیتە شۆڕشگێڕیەکاندا بەو ئاسۆیەوە، ئامادە نەبوونی حزبێکی پێشڕەوی خاوەن دەستپێشکەری کۆمۆنیستیانەی شۆڕشگێڕە لە مەیدانەکەدا کە هەموو ئەوانە لە یەکەیەکی لێکهەڵپێکراودا بەیەکەوە شەتەک بدات و ڕۆڵی ڕابەری هەم لۆکاڵی و هەم سەراسەری ببینێت لەناو جەرگەی ئەم خرۆشان و ئاڵوگۆڕانەدا، وە ئەڵقەی پەیوەندی بێت بە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان و ڕاپەڕینی جەماوەری سەراسەری کرێکاران و زەحمەتکێشانی عێڕاق دژ بەدەسەڵاتی ناوەندی بورژوازی.
ئەوە هەر لەئارادانەبوونی ئەم فاکتۆرەشە کاتێک دەسەڵاتێکی بورژوازی دەڕوخێت، ڕەوتگەلێکی تری بورژوازی جارێکی تر لە بۆشایی سیاسی دەسەڵاتدا سەروسامان دەدەنەوە بەدەسەڵاتی بورژوازی، وە سیستمی سەرمایەداری و کەڵەکەی سەرمایە بە دەستلێنەدراوی دەهێڵدرێتەوە. هەروەک لە شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقا و ڕاپەڕینەکانی لوبنان و عێڕاق و گەلێک لە وڵاتانی تردا بینیمان. شکڵپێدانی ئەم فاکتۆرە خودیە، ئەم بەدیلە سۆشیالیستیە لەناو دەرونی کۆمەڵگە و لەناو جەرگەی ئەم ئاڵوگۆڕ و کێشمەکێشە سیاسیانەدا دێتەدی، نەک لەدەرەوەیدا، وە ئەم شکڵپێدانە نەک هەر مەسەلەیەکی سیاسی-عەمەلی بەڵکو فکری و تیۆریشە.
ڕێنمایی و ڕێکخستن و ڕابەرایەتی کردنی جەنگی جەماوەری زەحمەتکێش دژ بە دەسەڵاتی بورژاوزی، هەروەها چونە جەنگی دژ بە ئەجەندا جۆراوجۆرەکانی بورژوا ئۆپۆزیسیۆن و دژەشۆڕش و هەوڵوکۆششی لیبراڵانە بۆ بەرتەسک کردنەوە و لە قاڵبدانی ئاسۆی ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیانەی کە لەئارادان لە چوارچێوەی ڕیفۆڕمێکی ڕوکەشی سیاسیدا، بەڵێ ئەم جەنگانە ئەستەمە بەبێ خەباتێکی فکری سیاسی کۆمۆنیستانە بۆ زاڵکردنی ئاسۆیەکی ئینتەرناسیونالیستی دژە سەرمایەداری و دژە ناسیونالیستی. بەو ئەندازەیەی کە ئەم ئاسۆیە بەهێز و پەرەدار دەبێ، بەو ئەندازەیەش کۆمۆنیزم لە کوردستاندا توانا پەیدا دەکات بۆ ڕێکخراوکردن و ڕابەرایەتی جەماوەری ناڕازی، وە بۆ پوچەڵکردنەوەی باڵادەستی ئاسۆ و ئەجەندای سیاسی ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی بورژوازی.
کۆمۆنیزمی کوردستان ناتوانێت بچێتە جەنگی ئەجەندا سیاسیەکانی بورژوا ئۆپۆزیسیۆن، و خۆی لێکهەڵپێکێت بە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشەوە و ئەو جەماوەرە ئاسۆدار و ڕێکخراو بکات بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵات، ئەگەر بە ئاسۆیەکی مارکسیستی ڕادیکاڵ و ئینتەرناسیوناڵەوە نەێتەمەیدان.
مەسەلەی هەرە سەرەکی کۆمۆنیزم؛ وەڕێخستن، بەهێزکردن و پەرەدارکردنی بزوتنەوەی سۆشیالیستیە، هەم لەدەرونی چینی کرێکار و هەم لەسەر ئاستی کۆمەڵگە وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی، وە لەسەر ئەو بنەمایەشەوە خەباتی سیاسیەتی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا، ئەوە ئەو ئاسۆیەیە کە زاڵە بەسەر هەموو چالاکی و هەڵسوڕانێکی ئاژیتاسیۆنی و ڕێکخراوەییدا لە ناو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکاندا بۆ بەدەستهێنانی ماف و خواستە ڕەواکانیان.
بەبێ ئەم ئاسۆیە کۆمۆنیزم ناتوانێت سنوری خۆی لە سەندیکالیزم و ڕیفۆڕمیزم و ئیکۆنۆمیزم جیا بکاتەوە، بەتایبەتیش لەمڕۆدا کە ناڕەزایەتی توێژە جۆراوجۆرەکان دژی دواکەوتنی موچە و دانەمەزراندن و بێکاری و برسیەتی و بێمافی و سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێم لە مامەڵەی لەگەڵ پەتای کوڕۆنادا، … لەوە دەرچووە کە هەر تەنها بزوتنەوەی خواستە دیاریکراوەکانی ئەو توێژانەبن و تەنها لەو ئاستەدا مامەڵە بکرێن کە بەدەستهێنانی خواستەکان بێت، بەڵکو بووە بە بزووتنەوەیەکی سیاسی جەماوەری گشتی کە خوازیاری وەلانان و هەڵپێچانی دەسەڵات و حکومەتی هەرێمەکەیە. هێشتا بەشێکی ناو بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستان بە مێسۆدێکی ئیکۆنۆمیستانە مامەڵەی ناڕەزایەتیەکان دەکات، تەک تەکی توێژە ناڕازیەکان و خواستەکان دەبینێ و هەوڵی چالاکی دەدات لەو پەیوەندەدا، بەڵام هەتا ئەگەر بزوتنەوە گشتیەکەش ببینێ مێسۆدەکەی ڕێگەی پێنادات سیاسەتێکی گشتی و سەراسەری کۆمۆنیستانەی هەبێت بۆ بزوتنەوە جەماوەریەکە کە خوازیاری هەڵپێچان و وەلانانی دەسەڵاتە.
ئەمە و بەشێکیش لەسەرەتاوە بە چاوێکی دوودڵی و نیگەرانیەوە دەیانڕاوانیە ئەم شەپۆلە لە خۆپێشاندانی سەرەتای حوزەیران و ناوەڕاستی ئۆگۆستی ٢٠٢٠ و دەستەوستان لە دورەوە بۆیان دەڕوانی، لەبەرئەوەی حزبێکی بورژوا قەومی ئۆپۆزیسیۆنی وەک (نەوەی نوێ) بانگەوازی بۆ کردوە. ئەمەش مامەڵەکردنی ئەم شەپۆلەیە لە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان وەک شتێکی سەربەخۆ و دەستکردی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا قەومی و دابڕینیەتی لە ڕەگوڕیشە مێژووییەکەی و نەبینینیەتی وەک بەشێک لە بزوتنەوەیەکی مادی چەند ساڵەی ناو ئەم کۆمەڵگەیە کە لەم قۆناغە لە تەمەنیدا و لە ئێستادا لەم ڕێگەیە و لەم هەلەوە کە بۆی ڕەخساوە خۆی دەرخستووە، هەروەک لە ساڵانی ڕابردوودا و بە بۆنەی جۆراوجۆر و لە کەناڵی جۆراوجۆرەوە خۆی دەرخستووە، وەک (ئۆکتۆبەری ٢٠١٥)، (سێپتێمبەری ٢٠١٦)، (١٨ دێسەمبەری ٢٠١٧). بەڵێ ئەوە بزوتنەوەیەکی سیاسی جەماوەریە کە هەڵقوڵاوی ناکۆکیەکانی دەرونی کۆمەڵگەی کوردستانی عێراق و بێزاری و ناڕەزایەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەشان و پەراوێزخراوانی کۆمەڵگەیە و خوازی هەڵپێچان و وەلانانی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی میلیشیایی و حکومەتەکەیەتی لە کوردستاندا و هەر ماوە نا ماوەیەک بە بۆنە و بەهانەیەکەوە و لە ڕێگەیەکەوە خۆی دەردەخات.
گرەوی کۆمۆنیزم لەمڕۆدا لە کوردستانی عێڕاقدا لەوەدایە تا چەند دەتوانێ ئەم بزوتنەوەیە بەرجەستە بکاتەوە وەک بەدیلێکی سۆشیالیستی بۆ کۆمەڵگەی کوردستان، و پەیوەستی بکاتەوە بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی عێراقەوە بۆ هەڵپێچانی دەسەڵاتی بورژوازی لەسەراسەری وڵاتدا.
کۆتایی ئۆگۆستی 2020




خوێندنەوەی (بە رێگاوە) رۆمانی (دڵشاد کاوانی) … هۆشەنگ شێخ محمد

(١)
منم نارسیس
نارسیس رۆمانی (بە رێگاوە) دەنووسێتەوە و دەڵێت دوای تەواوکردنی، خۆم دەکوژم.هەروەها لەو پێشەکییەدا ئەوە ئاشکرا دەکات، کە چەندین کەسی تر ئەم رۆمانەیان نووسیوەتەوە و خۆیان کوشتووە، وەک چۆن منی خوێنەریش وەک نووسەرەکان رەنگە خۆم بکوژم؟! کەواتە بە رێگاوە رۆمانی هەموو نووسەر و خوێنەرەکانە، هەمووان دەستییان لە نووسین و خوێندنەوەیدا هەیە، بە شێوەیەک هەموو (نارسیس)ن، هەموو هەڵگری گیانی عاشقەخۆبوون و خۆپەرستی و گرێیەکی دەروونی و دەماغی و رۆحین!
دڵشاد بە ناراستەوخۆیی، هەمووان دەهاوێتە نێو جغزی ئەو رێگەیەی نارسیسانە دەیبڕین. نارسیسانە رێبواری کاروانی ژیانێکین کە شایانی مردن و خۆکوشتنە، خۆکوشتنێک کە هیچی تێناچێت!
بە شێوازێکی تر، ئێمەی مرۆڤین سێ سێ و چوار چوار و بە ژمارەی تر، لە حەنچەی ئەم ژیانەدا سواربووین و بەرەو ناشوێن و دوورترین شار و ئاییندەیەکی نادیار دەڕۆین، بەرەو جیهانێک کە ئاسۆی مەدلوولاتە ئەخلاقییەکانی دیار نین و نازانین بەرەو کوێ و چ رێگەیەکمان گرتووە؟!
هەڵدێین لە مێژووێک، کە بە بەردەوامی لە نێوان وەچەکانەوە خۆی دووپات دەکاتەوە. مێژووی عەبەس و عەدەمی مرۆڤ. هەر لە باپیرانی سەرەتای بوونەوە تا نەوەکانی جیهانی ئێستا.

(٢)
نارسیس، کە خەسڵەت و سیفەت و خاسییەتەکانی ئاژەڵانی گرتووە، گوێدرێژانە، نەخۆشانە، شێتانە، مایەپووچانە، یاخییانە لە هەموو شتێک، بۆگەنانە و رزیوانە دوای کۆمەڵێ کەس دەکەوێت و دەیەویت ئەم ناوانە: (ئانو بانی نی، ئەلیکترا، میخۆ، ئۆدیب، عەفلەق و شێمراز) بدۆزێتەوە. لە پێناو ئاشکراکردن و روونکردنەوەی نهێنی و راستییەکان، دەیەوێت هەموو کەس بزانێت لەودیوی ژیانەوە چی هەیە؟
ئەودیوی ژیان دەکەوێتە پشت پەنچەرە داخراوەکان، زیندانەکان، خانەقا و تەکییەکان، مەیخانە و مەیتخانەکان، کە هەر ئێرەیە!
ئێرەیەک کە بۆ ماوەی هەفت ساڵ بێدەنگ دەکرێت، وشە و زمان دەبڕدرێت، کەس واژەیەکی لەزار دەرنایەت، دنیای ئێرە، دنیای بێدەنگی و گۆنەکردنە، زمانەکان گیراون، خامۆشن، کەس ورتەیەکی لێوە نایەت، سرووشت بێ جریوە و هاوارو دەنگدانەوەیە. نارسیس یەکەم کەسە ئەم بێدەنگی و قەرەقۆپییە دەشکێنێت!
بێدەنگی وەک ئاسۆیەکی دەلالی، کەوتنی وشە و زمان و ئاماژە ومەدلوولاتی ئەخلاقی و واتاکانە. واتای ژیان و جیهان و ئیمان و بزاوی کۆمەڵە کەسانێک لە نێو کۆمەڵگەیەکی نگووم بوو لە نێو گەلێ دین و بیرو باوەڕ و فەرهەنگ و کەلتوور و زمان و تێگەیشتندا. کە دوو لایەن و دووتاقمی جیا و هاوشێوە پەیدا دەکات، تاقمێک قوربانی و تاقـمێک جەلاد، بەڵام لە کۆتاییدا تێدەگەین هەموو کەسەکان
قوربانی ئەو بێدەنگییەن، کە دەستەڵاتێک بە هێز و کوتەک دەیسەپێنێت.

(٣)
لە سێیەم پارچەی ئەم رۆمانەدا، سەرەتای رژێمێکی تۆتالیتار و سەراپاگیر دەبینینەوە، کە لەسەر توندوتیژی، بێدەنگکردن، ئازار وئەشکەنجەدان خۆی رادەگرێت. رۆحی مرۆڤبوون لە کەسەکان وەردەگرێتەوە و دەیانکات بە شتێکی بێ گیان و پارچەی ئامێرێکی زەبەلاحی کوشتن و لەناوبردن. چیرۆک و نامەکانی خۆشەویستی لە کەسەکان دەستێنێتەوە، سۆزی دایکایەتی، جوانی کوڕبوون، عیشق و وشە گەرمەکانی نامەگەلی سۆزدار دەداتە دەست قەدەرێکی نادیار و چارەنووسێکی ترسناک.
ئەم رژێمانە، مرۆڤ لە جەستە و گیان و بەهایەکانی ژیانێکی بەختەوەر و شەڕافەتمەندانەی شایستە بە مرۆڤ لە جیهان دەستێننەوە، خەڵک بە نەخۆش و شێت دەزانن، کە پێویستییان بە چارەسەرە و هەمووان دەخەنە قاوشێکەوە کە یەک رەنگ دەگرێت و وەک مێگەلێکی گێژ و وێژ سەودایان لەگەڵ دەکرێت.
لە ژێر سایەی ئەم رژێمە تۆتالیتارەدا، دەم و شوێن واتایەکی دیکە وەردەگرن، ژیان دەبێتە ئاسۆیەک بۆ کۆمەڵێ دەلالاتی ئەخلاقی نوێ کە تەنیا دەستەڵاتێکی بێ ویژدان و بێ رەوشت بەسەر جیهاندا دەیسەپێنێت. کۆڵان، شار، هەرێم و وڵات دەبێتە پەڕگەیەکی داپچڕاو لە زەمین و ئاسمانی دەرەوە. لێرەدا کەسەکان وەک سیل و شێرپەنچەگرتوو، گەڕ و گڕو و گێڕ، وەک ئەوەی پەسیوی بەراز و سەگ و کەریان گرتبێت ئاوا تەماشا دەکرێن. مرۆڤ دەبێتە نەخۆشێکی پیس و گڵاو!
زیندوبوون دەبێتە مۆتەکە. کابووسێک سواری سەر سینگ و دڵ دەبێت. ئازار، هەناسە تەنگبوون، دەنگ دەرنەهاتن، خوێنمەیین، کەوتنە بن بەردێکی قورس، نەجووڵانەوە و هەڵنەستانەوە. وەک ئەوەی ئیزرائیل بەسەرسەرتەوەیە و ئێستا روحت لە کەپووت
دەردێت!
ژیانی مرۆڤەکان دەبێتە تەنیایی، غەمگینی، هەناوگوشران، وەستانی کات، ئیفلیجبوون، سڕبوون و تاوەسووتبوون. تا رادەی ئەوەی ژیانی مێشێک لە ژیانی کەسێک ئازادتر و خۆشتر و بە بەهاتر دەبێت! لە نێو دنیایەکی ناهەقدا، یەک هەست دەمێنێت، کە ئارەزووی رزگاربوون دەکات.
سەرەتای رزگاربوونیش یاخیبوونە!
(٤)
دوای ئەو سەرەتایە جیهانێک لەم رۆمانەدا پەیدا دەبێت، کە لەسەرەتاوە ئاوسە بە منداڵییەکی ئیفلیجبوو، نەخۆش و گۆج و لەڕو لاواز. کە بەخوێنبەخشین نەبێت خۆی راناگرێت. لێرەوە نووسەر وەک ئەوەی بە ئاماژە پێمان دەڵێت، خوێن لەسەرەتاوە تا کۆتایی، سەرەکیترین وشەی ئەم رێگایەیە، ئاسۆییەکە بەردەوام واتای نوێ بە ژیان دەبەخشێت. بێ خوێنڕشتن هیچ شتێک ناچێتە پێشەوە، وەک ئەوەی جووڵە لەم جیهانەدا بەسترابێتەوە بە جووڵەی خوێنەوە، خوێن رووناکی و تاریکی پەیدا دەکات، خوێن واتا بە بوون دەدات! لە نێو ئەو خوێنەدا چاوەڕوانی کەسێک و زەمەنێک و شتێک دەبێتە وشەیەکی تری سەرەکی بۆ جووڵەی جیهانێکی وەستاو لە نێو خوێندا! جیهانی کۆڵانێکی تاریک و تەنگەبەر، پەناگەی کۆمەڵێ مرۆڤی ماندوو و کەساسی شارێکی کۆن کە ئێستا سیمای ئازار و نەهامەتی و خەمی گرتووە.
لێرەدا نووسەرر بە دوو وێنە ئەو جیهانە ورد دەکاتەوە، یەکەمیان لە قوڕ چەقینی (جیقۆ فشە)و ونبوونیێتی دوای ئەوەی ئاو دەیبات، دوەەمیشیان گیرخواردنی (بێزۆی سیناوخۆر)ە لە نێو زێرابدا و بزربوونیێتی. ئەم دوو رووداوە هەم هێزی سرووشت و هەم هێزی مرۆڤ لەم جیهانەدا دەداتە بەر باس، یەکەمیان وا دەکات مرۆڤ رقی لە هێزی ئەم سرووشتە ببێتەوە، واتا پێوەندی سرووشتی نێوان سرووشت و مرۆڤ تێکدەشکێ، دووەمیش کە شارەوانی سەری زێرابێک دەگرێت و یارییەکی منداڵانە دەکاتە کارەسات.
ئاو، لای بەشێک لە فەیلەسوفانی یۆنانی کۆن و لە بیردۆزی پەیدابوونی قورئانیشدا، پەیداکاری ژیانە. لەم رێگەیەدا، دەبینین ئاو، مەدلوولێکی تر وەردەگرێت، چونکە ئاو لە وێنەی (لافاو)دا، دەبێتە هۆی دزینی گیانی منداڵی و هاوڕێیەتی و پاکی و سۆزی پێکەوەبوون و پێکەوە ژین و مردن. هەروەها لە وێنەی(سیاناو)دا دەبێتە هۆی سەرداپۆشین و بنئاخکردنی روانینێکی سادە و ساکارانە و منداڵانە بۆ ژیان. ئەو ئیمکانە هێزەکییەی بۆ لەناوچوون لە نێو سرووشتدا هەیە، لە سەرەتای رۆمانەکەی دڵشاد کاوانیدا دەبێتە ئیمکانێکی کردەکی و لە وێنەکانی لافاو و بارانی توند و بەخوڕ منداڵخۆرەدا بە بەرچاوی هەموواندا دەتەقێتەوە.هەروەها لە بەشەکانی تردا هەندێ ئاماژەی تری لەو بارەیەوە دەبینینەوە، کە هەر بۆ نموونە لە هەرێمی نێرگزاندا کەسایەتییەکی کاریگەر پەیدا دەبێ بە ناوی
(مێکاو).
بە گشتی دڵشاد کاوانی لەم رۆمانەدا، لە زۆربەی بەشەکاندا سەودایەکی پڕ ئاکشن و ڤیکشنی لەگەڵ ئەم هێزەدا کردووە و تا ئەوپەڕی توانای لە وێنەگەلی جۆراوجۆردا دەریخستووە.
بۆیەشە لە کەشێکی ئاوادا، کە ئاو رەمزی ژیانە و لێرەدا دەبێتە هێمای مردن، گریانیش دێت و وێنەی ئەم جیهانە خەماوی وخەمۆکیهێنە تەواو دەکات لە وێنەی کارئەکتەری (عەدە گرینۆکدا). کە دەبێتە پێکهاتەیەکی سەرەکی لە جیهانێکی گێژو وێژدا، بە هۆی بۆنکردنی سیکۆتین و جگارەکێشاندا. تا ئەویش رۆژێکیان پەستێک وەسەر سەری دەکەوێت و دەپلیشێتەوە.
ونبوونی ئەو سێ کارئەکتەرە، (جیقۆ فشە، بێزۆسیناوخۆر و عەدە گرینۆک)، سەرەتایەکی دیکەیە بۆ ئەو رێگەیەی هەموو کەس و شتێک ون دەکات و لە نێو دەبات.هەروەها لە بەشەکانی دواتریشدا دەبینین، لە شەڕێکی منداڵانەدا (میخۆ و شێمراز و قۆیتاس) کوریژگەیەک لە نێو ئاودا دەخنکێت.
(٥)
توندوتیژیی لە لاهووتی ئیبراهیمیدا، (جوو و مەسیحی و ئیسلام) لەم جیهانەدا، لە وێنەیەکی سوریالیدا زۆر بە توندی، سەمەرەیی، گاڵتەجاڕانە، سەرسەختانە و هونەرییانە وێنەی کێشراوە، لاپەڕەکانی (٦٣-٧٨) ئەوەندە سوریالین، کە هێزێکی گەورەی ئەندێشە و وەهمکردنی تێدا بەکارهاتووە، وەهمکردن بەو واتایەی وێنەی نوێ لەم کەرەستانە بەرهەم بهێندرێت و وەک هێزێکی داهێنەر بتەقێتەوە. کۆمەڵێ دیمەنی تێدایە کە زۆر هونەرین و هێزێکی زۆر بە گێرانەوە و رۆمانەکە دەدەن و دەبنە جێی لەسەر وەستان و قووڵبوونەوە لە کەس و کارئەکتەرەکان و ئەو جیهانەی منداڵەکان لێی پەیدا دەبن و ئەو جیهانەی ئەم جۆرە رووداوانە پەیدا دەکات!
رووداوەکانی ئەو بەشە زۆر توند و شەڕخۆرن، دیرۆکێکی دینی و نەریتێکی کۆنی دینییانەی لە پشت وەستاوە. هەم لە ناوی کارئەکتەرەکان و هەم دینەکەیان، جوو و مەسیحی و مووسڵمان لە گوندێکدا دەژین، کە ناتوانن یەکدی قبووڵ بکەن و هەر لە
منداڵەوە تا گەورەکەیان دەبنە قوربانی و جەلادی دەستی ئەم تێگەیشتنانەی لە هەناوی خۆیاندا، وزەیەکی گەورە بۆ کوشتن و سووککردن و ریسواکردنی مرۆڤ هەڵدەگرن. مێژووی دینەکان بەشێکی زۆری مێژووی بێرێزییە بە مرۆڤ لە رێی قبووڵنەکردنی جیاوازی عەقیدە و باوەڕ و نەریتەکاندا. ئەم لاپەڕانە وێنەی ئەم بێڕێزییە دەگەیەنێتە سەرتۆپی خۆی. جیهانێکی شێواو، زمانێک تێیدا پەیدا دەبێت کە هەموو هێزی شەرمەزاری و ریسوابوونی مرۆڤ و ژیان و لەنێو خۆیدا بە بەهێزترین شێوە دەتەقێنێتەوە! وشە لەم زمانەدا لە هەموو بەهایەکی مرۆڤانە و عاشقانە و ژیاندۆستانە رووت دەکرێتەوە. وشە دەبێتە قەپێلکی هێزیکی تێکدەر، کە ئەرکی
ئەوەیە جیهان ریسوا بکات!
بۆیە دوای ئەم ریسوابوونە حەنچەیەک بەرەو (هیچ)دەکەوێتە رێ و سرووشتی ئەو هەرێمە بەجێدێڵێت. ئەو روو لە هیچکردنە، ئاماژەیەکی هونەری جوانە بۆ ئەو مێژووەی لە سەرەتاوە بە توندوتیژی دێت و بێڕێزی بەرابەر بە مرۆڤ و مێژووەکەی دەگەیەنێتە ترۆپکی خۆی، لە پەیداکردنی رووداو و جووڵە و گەورەکردنی منداڵەکان بەردەوامە. ئەمڕۆ بە سبەینێیەک دەبەستێتەوە، کە وردە وردە دەبینین، نگوومە لە دەیان وێنەی وەهمی لە هەرێمێکی سوریالیدا!
(٦)
لە بەشێکی دیکەی سوریالی و هونەریدا، نووسەر هەرێمی (نێرگزان) دەکاتە هێمایەک بۆ جیهانێکی تایبەت، کە لە جیهانی کۆمۆنەی سەرەتایی و جۆرە رژێمێک دەچێت کە کۆمەڵە بەهایەکی تایبەتی تێدا بێت کە بە نۆرم و بەهاکانی مرۆڤەوە، بە تایبەتی هی ئێستا نامۆ و غەریبن. جیهانێکە زانست و ناسین و بیرکردنەوە لە پێناو قازانج و بەرژەوەندی ماددیدا نییە. بەڵکو لە پێناو راگرتنی ژیانە لە سەر هەندێ بنەمای تایبەت کە ئەو بنەمایانە وا دەکەن ژیان بێ تەرازووی باشی و خراپی و ئەخلاقێکی دینی یان سیاسی یا کۆمەڵایەتی باو بێت. ژیان لەوێدا وەک گۆمێکی مەنگ وەستاوە، کات و دینیان نییە، سستەمی پەروەردەیی و بازاڕ و شەڕ و شۆڕیی رۆژانەیان نییە.
(میخۆ) ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە و وەک کەسێکی بێ (یادەوەری) و هەقایەت و گێڕانەوە و زمان و وشە دەژیەت. تا کەسێک بە ناوی (میکاو) دێت و ئەو جیهانە وەستاوە تێکدەدات!
مرۆڤ بێ بیرهاتنەوە و یادەوەری، بێ کارەسات و خەمۆکیشە، بەڵام کە مرۆڤ ژیان و رووداوەکانی جیهانی خۆی بیر دێتەوە، هەموو شتەکان بە ئاراستەیەکی شەڕانگێزانە دەگۆڕێن.
هەرێم دەکەوێتە خۆ ئامادەکردن، بۆ گرتن و کوشتن و سووتاندندن، سووپا دروست دەکەن، چەک ساز دەکەن، شەڕ و فەرتەنە وکوشتن و بڕین دێتە ئاراوە و مێژووی مرۆڤایەتی بە خوێن سوور دەبێتەوە.
لێرەدا رۆماننووس دەمانباتەوە نێو هەرێمی چوار رەنگی (زەرد و سپی و سوور و سەوز) رەنگەکانی ئاڵای کوردستان و هەرێمی نێرگز و خوێن و گوڵ و پارچەی جیاواز و فەرماڕەوایی جیاواز. سنوور دەکێشرێن، پەڕینەوە قەدەغە دەکرێت. کوشتن دەبێتە سزای ئەو هاونێرگزانەی هەوڵی سنوور بەزاندن دەدەن. ژمارە (چوار) وەک هێمایەک لە شوێنی دیکەی نێو رۆمانەکەش دووبارە دەبێتەوە، وەک (چوار هاوسەرەکەی میر ئەمبێز). هەروەها ژمارەی تریش وەک (سێ) لەم رۆمانەدا دووبارە دەبنەوە. وەک برادەرەکان (میخۆ، شێمراز، قۆیتاس)، یان ( نارسیس، جیقۆ، بێزۆ) دواتریش (عەدۆ) جێی بێزۆ دەگرێتەوە، تا هەر بە سێ کەسی بمێننەوە. ئەمە جگە لە ژمارەی سەرنشینەکانی نێو (حەنچە) کەش کە یەکەمجار دوو پیاو و کچێکی هەڵگرتووە، سێ کەسن) جاری دووەم (مەلا خدر و شێمراز و میخۆ و زین، واتا چوار کەس) دواتریش (مێکاو و میخۆ، دوو کەس)بەڵام لەگەڵ هەموو ژمارەکاندا شوفێرێک هەیە و حەنچەکە بەردەوامە لە رۆیشتن و جێهێشتنی شوێنەکان.
ئەمجارەیان مرۆڤەکان، لەگەڵ شوفێرێکدا سەر دەکەون، بەرەو دوورترین (شار) رێگە دەگرن، وەک ئەوەی دڵشاد کاوانی پێمان بڵێت، ماندوو بووین لەم هەموو شەڕ و خوێنڕشتنی بەربەرییانە، لەم ژیانە سەرەتایە وەحشیگەرییە و با بەرەو (شارستانی)و جیهانێکی ئازاد و سەرفەراز بچین، هەر چەند دووریش بێت، ئەم بێڕێزییە بەجێبێڵین و روو بەرەو بەهاکانی شار و شارستانی بڕۆین. بەڵام تۆ بڵێی لەم
شارستانییەدا چی چاوەڕێی مرۆڤەکان بکات؟!
(٧)
رۆماننووس دوای ئەو رووداو و رەمز و هێما و هەموو ئەو دەلالەتە ئەخلاقییانەی بە درێژایی سەد لاپەڕەی سەرەتای رۆمانەکەی باسیان دەکات، دەمانگوێزێتەوە بۆ ئاستێکی تری مێژوویی، کە تێیدا مێژووی موقەدەس و مێژووی ماددیی تێکەڵی یەکدی دەبن، مێژووی دین و مرۆڤ، وشەی پاک و وشەی پیس، فەرمایشتەکانی پێغەمبەران و فەرمایشتەکانی میران. ئاسمان و زەمین ئاوێتەی یەکدی دەبن و جیهانێکی سەیر و سەمەرەی لێپەیدا دەبێت، میرێک و چوار ژن و هەر ژنەی لەسەر دینێک و کۆمەڵە منداڵێک و وەچەیەک لە جیاوازی و فرەرەنگی و دەنگی و ئارەزووی ئەم دنیایە پەیدا دەبن.
میری میران (رەوشەنی کچی میرێکی موسڵمان، لویزەی کچی شەماشە زیای مەسیحی، نازاوی کچی سیمۆنی جوولەکە، ئاوەڕەنگی کچی کریکۆری زەردەشتی) مارە دەکات و لە هەر یەکێکیان منداڵێکی دەبێت، سێ کوڕ و کچێک: (خدر و قریاقۆس و ماخە و ئەلیکترا). کە ئەمانە دەبنە منداڵانی بنەماڵەی میران. لەوانیشدا نەوە و وەچەیەکی بێ بن پەیدادەبن.
رۆماننووس لەم بەشەدا، سوودێکی زۆری لە ناوی کەس و شوێنەکانی شەقڵاوە وەرگرتووە و وەک رەمز بۆ هونەرکاریی و ناوەڕۆکی رۆمانەکەی بەکاریان دێنێتەوە، رەمزەکان لە هێمایەکی ناوەخۆیی دەکاتە هێمایەکی دینی گەورە و دەیانگێڕێتەوە بۆ ئەو رەگە مێژووییەی دین، لە ناو و زاراوەکاندا پەیدای کردووە، هەروەها کەسەکان و کارئەکتەرەکان بە رەمزە دینیی و و دیرۆکییەکان دەبەستێتەوە. بەمەش رەگ و ریشەی توندوتیژی و ململانێی نێوان مرۆڤەکان بۆ خاڵێکی جەوهەری و سەرەکی دەگێڕێتەوە کە ئەویش دین و دەستەڵاتی سیاسی و سەردەستەکانی کۆمەڵگەیە.
دوای دامەزراندنی ئەم بنەماڵەیە بەم فرە دینی و رەنگی و دەنگییەوە، کە هەر منداڵە و لەسەر دینی دایکی خۆی دەمێنێتەوە و میری میرانیش وەک کەسێکی بێدین،(ئاسۆییەکی کراوە) بۆ تێکەڵبوون و ئاوێتەبوونی کەس و رووداو و مێژووی خوێنی مرۆڤ بە یەکدییەوە.
ئێرەش دەبێتە سەرەتا و گەڕانەوەیەک بۆ ئەو ململانێیەی لە بەشەکانی پێشووتری رۆمانەکە دەیبینین. (کوشتنی باوک) میری میران بەدەستی کوڕەکانی، دەبێتە سەرەتای شەڕێکی نەپساوە لە نێو دینەکاندا، مزگەوت و پەرستگە و کڵێسا و ئاتەشگەکان دەسووتێندرێن. هەموو دینەکان هەم لە یەکدی و هەم لەخەڵکی ئاوارە و غەریب و نامۆ دەبن!

(٨)
(مەلا خدر، ماخە، قریاقۆس و ئەلیکترا)، ئەو چوار کەسانە کە هەر یەکەیان رەمزی دینێکن و لە یەک بنەماڵەن. هەر یەکەیان غەریبانە تووشی جۆرە ژیانێک دەبێت. مەلا خدر کوڕەکەی کە (شێمرازە) لە شاری فومەن بەجێدێڵێت، شێمراز رێگەی (عیرفان) دەگرێت و لە ئاییندەدا دەبێتە خاوەن تەریقەت و موریدی تایبەت بە خۆی دەبێت. (میخۆی کوڕی ماخەیش) دەگاتە شاری فومەن و شێمراز دەبینێتەوە. میخۆ دەبێتە رەمزێک بۆ مرۆگەلی یاخی و خۆپیشاندەر و دواتریش ون دەبێت. (ئۆدیب) وەک وەچەی (ئەلیکترا) و (تۆماسی عەفلەق) وەک وەچەی (قریاقۆس) دەکەونەوە. ململانێی وەچەکانی پێشوو و پێشووتریش لەگەڵ ئەمانیشدا درێژ دەبێتەوە. وەک میخۆ دەڵێت:
(مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە). تا دەگاتە (نارسیس و بێزەواڵ و مێناز).تا ئێرە ئەمانە رووداوگەلی گرنگی بەشی یەکەمی ئەم رۆمانەن و لە ژێر ناوی پەتای دەنگ نووسراون. لێرەوە رۆمانەکە بۆ ئاستێکی تر بە ناوی (چێژی خوێن) دەگوازرێتەوە.
تا ئێرە کۆمەڵێ ناو و رووداوی توند و وڕووژێنەر بۆ هەست و بیرکردنەوە روودەدەن، کە وادەکات رۆمانەکە لە رێی رووداوگەلێکەوە بەردەوام خۆی تازە و درێژ بکاتەوە، دەرفەتی وەستان بە خوێنەر نادات. ئەم رۆمانە لەو جۆرانەیە کە دەچێتە خانەی ریتمێکی خێرا و پشتئەستوور بە روودان. نەوەک رامانکردن و رووچوونە نێو بیرکردنەوە. مەبەستم لێرە تەکنیکی رۆمانەکەیە، نەوەک ناوەڕۆکەکەی
کە وا دەخوازێت تۆ بەردەوام لەگەڵ رووداوەکان بڕۆیت و نەوەستیت و بیر لە پشت رووداوەکان نەکەیتەوە، ئەوەی لە رووداوەکانەوە دیارە، رووە ماددییەکەیەتی کە زۆر زەق و ئاشکرایە، دواتر کە کتێبەکە دادەخەیت دەتوانیت بە شێوەیەکی دیکە تەماشای رووداوەکان بکەیت و لە پشتەوەی زمانی کەس و کارئەکتەرەکان ورد ببیتەوە و بە دیرۆک و رەوشی مرۆڤ لێرە و لەهەر شوێنێکی تری ئەم جیهانەی ببەستییەوە و لە چارەنووس و قەدەری میللەتان و مرۆڤەکان رابمێنیت. پرسیاریش بکەیت و بڵێیت بۆ؟ هۆکارەکان چین و لە پێناو چی مرۆڤ وا تڕۆ دەکرێت؟!

(٩)
لە بەشی دووەمی رۆمانەکەدا، مێژووی دوور نزیکتر دەبێتەوە و ئەو خوێنەی لە کۆشکی میری میران و هەرێمەکانی نێرگز و شاری فومەن و شوێنەکانی تر رژاوە، لێرەدا چێژبینینی کارئەکتەرەکان لەو خوێنە نزیکتر دەبیندرێت. ئەو پیاوەی (ئۆدیبی مەزن) بەخێو دەکات، وێنەیەکی زۆر سوریالی بۆ ژیان و پەیدابوون و ژیانی شاری فومەن دەکێشێت. لەم شارەدا تێگەیشتنەکانی خواوەندەکانی یۆنانی کۆن بە میلیشیاکانی حیزب و مەفرەزەگەلی دز و حیزانی شەو تێکەڵ دەبن. عەدەمی و هیچییەکی گەورە و سەیر گەمارۆی جیهان دەدات. هێزەکانی ئەندێشە و هێزەکانی واقیع ئاوێتەی یەکدی دەبن و ژیانێکی پڕ لە راز و نهێنی پەیدا دەکەن. بوون لەم شارەدا، دەبێتە گرێکۆرە و نهێنی و پەنهانییەکی خواوەندانە. ژیان هەمووی راپێچی بەندیخانە دەکات.
ئۆدیبی وەچەی ئەلیکترا بە وێنەیەکی نوێی ئەوپەڕی هیچی و عەبەسیبوونی ژیانێکی تاڵ، لە (بەندیخانە)دا، بە (میخۆ) لە وێنەی (خاوەکێش)دا دەگاتەوە، کە ئەویش دیسان وێنەیەکی سوریالییە بۆ مێژووییەکی هیچ و پووچ و عەدەمییەکی وێرانکار.
ئەم سوریالییەتییە لە ناوچەی (سوڕەش) بەردەوام دەبێت و خوێنەر دەکەوێتە نێو بازنەیەکی شەڕ و تاریکی و نائارامی، جیهانی مافیا و بکوژان و مرۆڤخۆران، جیهانی بێهۆشی و مەستی و زۆرزایەندی و چەقۆوەشاندن و کوشتن و تەرمی بۆگەنکردوو، جیهانی تاوان، مێشکی وڕو کاس، لە سوڕەشدا نێو چاوانی مرۆڤ و جیهان ژانی گرتووە.
وێنەی ئەم جیهانە وەچەی قریاقۆس (تۆماس عەفلەق) لە وێنەی گروپ و باند و دەستەکانی بکوژان و تاوانکاران کورتی دەکاتەوە. ئەم جیهانە بارگاویکراوە بە رەمزەکانی سێگۆشەی مەزن و مانگ و ئەستێرە، وەک ئاماژەیەک بۆ قووڵایی هزریی دینی لە کێشە و ململانێکاندا. نۆهەت و نۆ گروپ، واتا ژمارەیان بە قەد ناوەکانی خودایە، لە شەڕ و کوشت و کوشتاردان لە ناوچەیەکی بچووکی وەک (سوڕەش)دا.
(١٠)
مرۆڤ بێ ماڵ و مەئوا دەبێت، جیهان لە بێدەنگیدا ختم دەبێت، مزگەوت و کلێسا و قوتابخانە و بازاڕ و میوانخانە و چێشتخانە و نەخۆشخانە و تەواوی شوێن و کەسەکان لە بێدەنگییەکی گەورەدا دەخنکێن. کەس قسە ناکات، کەس دەنگ هەڵنابڕێت و وشە و زمان نامێنن، بە نەمانی وشە روحی بوون و مرۆڤ ون دەبێت. ئەگەر زمان ماڵ یا روحی بوون بێت، ئەوا جیهانی ئەم رۆمانە دەکەوێتە نێو بۆشاییەکی گەورەی روحییەوە. ئەوەی نارسیس لەم بێدەنگی و بێ روحییە دەرباز دەکات، یەک شتە، کە ئەویش (کتێب)ە. لێرەدا (کتێب) دەبێتە گرێیەکی سەرەکی لە رۆمانەکەدا، وەک پێشتریش بینیمان کە نامە و نووسین و وشە رۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە گێڕانی
رووداو و پێشهاتەکان و ئەنجامەکان، لێرەشدا کتێب و وشەگەلێکی کاریگەرتر دەبینن لە بەڕێوەبردنی ژیان و جیهاندا.
نارسیس روو لە کتێبخانە دەکات و لەوێدا دەست بە خوێندنەوە دەکات و کتێب دەبێتە دەرچەیەک بەرەو راستی. کە ئەمەش خەمی سەرەکی ئەو رۆمانەیە، گەیشتنە راستی رووداو و هەقیقەتی کارئەکتەرەکان. پەیبردن بە راز و ئاشکراکردنی نهێنییەکان.
رێگەی راستی، رێگەیەکی سەخت و دژوارە، جەنگەڵستانە، رێگەی گرتن و خنکاندنە، پڕە لە بۆمب و ژەهر و بەردەباز. نارسیس دەبێتە موریدی حەقیقەت و دەروێشی رازەکان. رێگەکان دەگرێت تا لە هەرێمی نێرگزان راستی بدۆزێتەوە. لێرەدا دەبینین رۆماننووس، لە رێی (شێمراز)ەوە، گێڕانەوەی دینی دەکاتە رێنوێن و رێبەری ئەو رێگەیە، وەک ئەوەی دین تاکە سەرچاوەی راستی و زانین بێت. هەروەها لە هەرێمی نێرگزاندا بۆ جاری دووەم دووپاتی تاقیگە و زانست دەکاتەوە وەک رێگەیەک بۆ راستی و زانین و ناسینەوەی کەس و چیرۆکەکان. نووسەر دوو پێشبەریمان دەداتێ بۆ پەیبردن بە راستی بەڵام هەردووکیشیان سەرناگرن، هەردوو رێگەکە مرۆڤ
لە قوڕ دەچەقێنن! هەموو زانا و دانا و پیر و شێخەکان دەستەوەستانن! دواتر ئەوەی کۆدی نهینییەکان دەکاتەوە، کتێبە، وشەیە، نووسینە کە رێ لە خۆکوشتن دەگرێت!
(١١)
بە رێگاوە، رێگەی راستی و هەقیقەتە، کارئەکتەرەکان بە شێوەیەکی بازنەیی لە نێو کۆمەڵێ گێڕانەوەی دینی و سیاسی و مێژوویی و کۆمەڵایەتیدا دووبارە دەبنەوە، دووبارە بوونەوە هەر لە دووبارەبوونەوەیەکی فەلسەفی و عیرفانی دەچێت، وەک گەڕانەوە و دووبارەبوونەوەی وەرزەکان، کە بۆ نموونە (پاییز) هەموو ساڵێ دووبارە دەبێتەوە، بەڵام پاییزی هیچ ساڵێک وەک پاییزی ساڵی پێشووتر نییە و پاییزی داهاتووش وەک پاییزی ئەم ساڵ نابێت!
رووداوەکان، کارئەکتەرەکان و موریدانی راستی بە نێو توندوتیژی و عەدەم و عەبەسێکی گەورەدا تێدەپەڕن، ژیان وەک تابلۆیەکی سوریالی، شێواو و ماندوو بێزارکەر، کە تێیدا هەم شوێن و هەم زەمەن تێکشکاوە. جووڵەی جیهان لە جووڵەیەکی خوێناویی و کوشتن و لە نێوبردن و وەحشیگەرییەکی بێ وێنەدا دەسووڕێتەوە.دەسووڕێتەوە و دووبارە دەبێتەوە!
تاکە شتێک لەم عەدەمەدا مرۆڤی سەرگەردان و شوانی راستی دەربێنێت، وشەیە! بۆیە دەتوانین بڵێین (بە رێگاوە) بەرگری لە وشە دەکات، لە نووسین وەک هونەر، هونەرێک کە دەتوانێت مرۆڤ بەرەو راستی ببات.
(١٢)
لە کۆتایی ئەم خوێندنەوەیەدا، دەستخۆشی لە رۆماننووس (دڵشاد کاوانی) دەکەم، پیرۆزبایی لە رۆشەنبیری کوردی دەکەم کە رۆماننووسێکی نوێی تێدا لە دایک بوو.بە رێگاوە، رۆمانێکی سەرکەوتووە، زمانەکەی زەنگین و بزۆز و چالاکە، کۆمەڵێ ناو
و زاراوەی خۆماڵی و کرمانجی و ناوچە و شوێنەکانی تری کوردستانی بەکارهێناون و هەر هەمووشیان لە جێی خۆیان داندراون! رووداوەکان توندوتیژن، خوێناوین، سوریالین، عەدەمی و عەبەسین، بنەمایەکی فەلسەفی و دینی و سۆفیگەرییەکی تەنک لە گەڵ رووداوەکاندا خۆیان ئاوێزانی زمانەکە دەکەن. بە شێوەیەکی گشتی بنەماکانی رۆشەنبیری کوردی ئاشکرا دەکات. شێوازی بیرکردنەوە و رەفتار و سەودای چەندین وەچە، لە چەندین دەمی جیاواز و هاوشێوەدا. لە رووی تەکنیکەوە لەهەندێ شوێندا ئاکشن و ڤیکشنی سینەمایی، لەهەندێ شوێنی تردا گێڕانەوەی دینی، لەهەندێکی تردا کەشیی حەکایەت و گێڕانەوەی خۆماڵی، بوونەتە زمانگۆی بڕگە و بەشەکانی رۆمانەکە.
پێکەوە بەستنەوەی کەس و رووداوەکان، دیققەتکردنی دەوێت لە ناوەکان و کەسیێتییەکان. ئەگەر نا بە سرکی لە بن دەستت دەردەپەڕن، بۆ خۆم ناچاربووم دووجار رۆمانەکە بخوێنمەوە تا مێژووی کەسایەتییەکان لێکهەڵاوێرد بکەم. چونکە ناوەڕۆک و شێوازی رووداوەکان پێکدەچن، کەسەکان هەمان کەسایەتین لە دیرۆک و دەم و شوێن و جێی جیاوازدا. بۆیە بێ دیققەتکردن هەندێ سەرەداوی کەس و رووداوەکان لەدەست دەردەچن.
بە کورتی، دڵخۆش بووم بە رۆمانی (بە رێگاوە)ی دڵشاد کاوانییەوە!




کتێب/ سیمۆلۆجیای گوتار … غازی حەسەن

سیمۆلۆجیای گوتار لە نۆڤڵێتی ” ئەستێرەی ژەنیار”ی دڵزار حەسەن دا…

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …




شیعرو زانستی جوانیناسی … سۆران محەمەد

شیعرو زانستی جوانیناسی (جماليات)
Aesthetics

هەروەك چۆن گوتراوە جوانیناسی (ئیستاتیك) بەشێکە لە بەشە جۆراوجۆرو سەرەکیەکانی شیعر، وەك دەلالەت، ئاماژە، وێنە، زمانی وێناندن، لێکچوواندن، خوازە، بەرجەستەکردن، درکە، بابەت، سیمبوڵ، جیاکاریی، پێداگریی، تۆن، سەروا، زمان، چنین… هتد
ئەوا بەگشتی سەبارەت جوانیناسی دەتوانین بڵێین بەشێکە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی فەلسەفە، بەڵام وەك زانستێکی سەربەخۆ نەناسرا تا ئەو کاتەی فەیلەسوف بومجارتین ١٧١٤-١٧٦٢ لە دوا پەڕتوکیدا (رامانە فەلسەفییەکان) راستەوخۆ ئاماژەی بەم زاراوەیە داوە، کاتێك لە چییەتی شیعر دەدوا و لەوێدا جیاکاریی کرد لە نێوان زانستی جوانیناسی و سەراپا مەعریفەکانی تر، لێرەوە زاراوەی ئیستاتیکای داڕشت، لە هەمان کاتیشدا رای ئەوتۆش هەن کە جوانیناسی وەك لقێك لە فەلسەفەی مامەڵەکردن لەگەڵ سروشت و جوانی و هونەرو سەلیقەدا لێکئەدەنەوەو پێناسە دەکەن.
بەشێوەیەکی زانستی دەتوانین بڵێین کە جوانیناسی بریتییە لە دیراسەکردنی هەستەکی و بەهای سۆزداریی، هەر لەمبارەدا (هاربۆرت ریدا) دەڵێت: جوانیناسی یەکێتی پەیوەندییە شێوەییەکانە لە نێوان شتەکاندا کە لەلایەن هەستەکانمانەوە درکی پێدەکرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، لە کاتێكدا هیگڵ لەمەڕ جوانیناسی دەڵێت: ئەو پەرییە ناسراوەیە لە زۆر شوێندا ڕێکەوتی دەکەین، هەرچی (جۆن دیوی) یە وای دەبینێت دەتوانرێت جوانیناسی فەراهەم بێت لە ڕێی درك و سەلیقەوە بۆ جۆرو لقی زانستە هونەریەکان .
بیردۆزەکانی جوانیناسی کەشفی ئەوە دەکەن کە ئێمە وەك چۆن کاردانەوەمان دەبێت سەبارەت ئەزموون و شتە بەرهەستەکان، هەتا بتوانین شیکاری ئەوە بکەین کە بە چی بڵێین جوانە و بە چیش بڵێین ناشرینە. لەبەر ئەوەی ئەم ئەزموونەش زیاتر هەستەکییە وەك لەوەی بیردۆزیی بێت، ئەوا ئەستەمە قاڵبێکی کۆنکریتی بۆ دابڕێژرێت و بە ئاسانی بخرێتە نێو چوارچێوەی زمانەوە، بۆ وێنە دەتوانین بە دیمەنێکی ئێوارەی خۆراوابوون یان تابلۆیەکی قەشەنگ بڵێین جوانە، بەڵام ئاسان نییە بڵێین چی وای لە ئێمە کرد ئەو بڕیارە بدەین.
تا بشتوانین ئەزموونی جوانیناسی شیکار بکەین ئەوا دەبێت بزانین کە چۆن بیردۆزە جوانیناسیەکانی هونەر هەوڵیان داوە دەستنیشانی جۆرە جیاوازەکانی ئەزموونی هەستەکی هەر هونەرێکمان بۆ بکەن و ئا بەم ڕێگایەش بۆمان وێنا بکەن، هەر لەم دیدگایەشەوەیە دەگوترێت جوانیناسیەکانی هەستەکانی مرۆڤ جیاوازن، بۆ نموونە جوانیناسینەکانی بینین وەك هی بیستن یان بینین و خەیاڵ و خوێندنەوە نیە..
ئا لێرەدا بیری وتەیەکی شاعیرێكی پیرە قەڵاتم دەکەوێتەوەو کە لە نەوەدەکاندا سەبارەت بەشێك لە ئەزموونی شیعری خۆی پێی گوتم: چاوەڕوانی چ شیعرێکی رۆمانسی و وەسفئامێزی دولبەر و قژی زه‌ردو چاوی شین لە شیعرەکانم دەکەن؟ لە کاتێکدا من ژیانم لەگەڵ بۆڵبڕین و ئاسن و بورغودا بەسەر بردبێت.
بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا ئەو جیهانە جیاوازانە هەر یەك لە قەدەر عەشق و موعانات و رەهەندە جیاوازەکانیان پڕن لە جوانی کەشفنەکراو، کەواتە لێرەوە دەگەینە ئەو حەقیقەتەی جوانیناسیش دابەشی چەند بەشێك بکەین، لەوانە ئەو بەشە باوەی خوێنەرێکی سادە بۆ نموونە لە وەسفی دیمه‌نێکی رازاوه‌ی به‌هاردا یان باڵای شۆخێکدا بەری دەکەوێت، یان ئەو بەشە تایبەت و نەدۆزراوەیەی لە هەر ڕشتەو بوارو ساتە وەختێکی تایبەتدا شاعیر لەژیاندا لەگەڵی دەژی و دەتوانێت لە دەقێکی نوێدا ئاشنامان بکات پێیان، بەڵام مەرجیش نییە هەموومان بە هەمان ئاستی سەلیقەو بینینی شاعیر مامەڵەی لەگەڵ بکەین و چێژی لێ ببینین، هۆکەشی رەنگە بگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی دنیابینی و ئەزموون و خه‌م و پەرێشانییەکانی هەر یەك لە ئێمە.
بگره‌ جارانێکی زۆریش ده‌کرێت له‌ ناو ناشیرینیدا جوانی بدۆزرێته‌وه‌و هه‌روه‌ها به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ ناو جوانیدا ناشیرینی بوونی هه‌بێت، هه‌روه‌ك شاعیری ناوداری فه‌ره‌نسی شارڵ بۆدلێر له‌ هه‌ندێك له‌ ده‌قه‌کانیدا که‌شفی ئه‌م دوالیزمه‌ ده‌کات و پارادۆکسه‌کانیان ده‌نووسێته‌وه.
‌ئەمە وێڕای ئەوەی لای بەشێکی تری رەخنەنووسان ئەو بەشەی ئیستاتیکا زیاتر جێی لێوردبوونەوەی پێویستە کە تا ئێستا کەشف نەکراوەو شاعیرو ئەدیبی داهێنەر بە هەست و رامانی ورد دەیانووسێتەوەو ئەفراندنیان تێدا دەکات، ئەو بەشە پەنهانەی جوانی کە هەموو چاوەکان نایبینن، مەگەر چاوی دڵ و هۆش و هەستی ئەدیبێك درکیان پێبکات و لەم ڕێگەیەشەوە بتوانێت ئاوێزانی دەقەکانی بکات و نوێبوونەوە بە کارەکانی ببەخشێت، وەك چۆن هەندێك جوانی نەژاکاو لە بەها بەرزەکاندا دەیبیننەوە، بەشێکی تر لە توخم و ساتە گەردوونییە تایبەتیەکاندا دەیبیننەوە کە رامان و ساکان و داهێنان بە دوای خۆیاندا دەهێنن. ئیتر ئەوە دەکەوێتەوە سەر ستایڵی ئەفرێنەر ئەدیب کە بزانێت و بتوانێت چۆن بە تەکنیکێکی ناوازەو جیاواز پەخشیان بکات,، هەر وەك چۆن لە زۆربەی رەگەزە جۆراوجۆرەکانی بووندا جۆرێك لە فەلسەفەی جوانی هەیە کە ئەرکی ئەدیبی داهێنەرە لێیان وردبێتەوەو بیاندۆزێتەوە.

سۆران محەمەد




ئەگەر بیرەوەرییەکانم بنووسمەوە جەنگی جیهانی سێیەم بەرپا دەبێت/ بەشی نۆیەم .. خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

لیزا: عەشق پێویستی بە پاڵەوانە. ئاخر کاتێک عاشق بووم زانیم گەمە بە ئاگر دەکەم، ئاگرێک شەیدام بە تینی بسووتێم!. عەشق چیترە جگە لە توانەوە لە مەعشووقدا؟ ئێستا چرکە بە چرکە هەست بە توانەوەی خۆم دەکەم لە رۆحی تۆدا، هەست دەکەم پێویستە لە تۆدا بتوێمەوە و لە دڵتا چرۆ بکەم و سەر لەنوێ سەوز ببمەوە. ئیدی عەشق ئاوایە دەبێت خۆت لە مەعشووقدا ون بکەیت، هیچ پێناسەیەک بۆ خۆت نەهێڵیتەوە و جارێکی تر لە مەعشووقدا خۆت شوناس بکەیتەوە. عەشق وایە ئازارێکی شیرین و شیرێنێکی پڕ ئازارە!!، عەشق قومارێکی سەختە، دەبێت خۆت بۆ دۆڕانی ژیانت ئامادە بکەیت، لێ دۆڕان و بردنەوە لە عەشقدا هەر یەک شتن، بەڵام دەبێت بزانیت لە عەشقدا رووبەڕووی شەپۆلە سەرشێتەکان دەبیتەوە کە رەنگە پەلوپۆت بشکێنن و بۆ هەمیشە نغرۆ بیت، عەشق پرۆسەیەکی سەختە و پاڵەوانی دەوێت. عەشق پێویستی بە پاڵەوانە! عەشق زۆرانبازییەکە هەزارەها پاڵەوانی بە شکستەوە هەڵداوەتەوە دەرەوەی گۆڕەپانەکە، بۆیە ئەگەر رۆحێکی سەرکەش و پاڵەوانانەت نییە هەرگیز بیر لە عەشق مەکەرەوە.!.
ستیڤان: ئای چەندە خۆشم دەوێی و لەوە دەچێت رەنگی تۆم گرتبێت،! ئێستا هیچ لە پێشووی خۆم ناچم و پێموایە رەنگی ئەوینی تۆم گرتووە!. من و تۆ حکایەتی عەشقێک دەنووسینەوە لەوەتی دنیا هەیە بەخۆیەوە نەبینیوە، تۆ شانۆگەریی “رۆمیۆ و جولێت”ی شکسپیر بخوێنەوە لەوێدا بە روونی خۆمان دەبینیتەوە! من ئەمشەو کەوتمە ناو هەمان بارودۆخ کە “رۆمیۆ”ی تێدا بوو، ئەی “جولێت”ەکەم دڵنیام تۆش هەروا. بیر لەوە دەکەمەوە کاتێک دانتی “کۆمیدیای خواوەندی” نووسی “بیاتریس”ی خۆشەویستی خستە ناو دۆزەخەوە، بیرۆکەکەیم پێ سەیرە، هەرگیز ناتوانم کارێکی وەهات لەگەڵ بکەم، چوون هەموو شتێک لێرە پێچەوانەیە و ئەوی دەسووتێت لە دۆزەخی عەشقدا منم، ئای چەند خۆشم دەوێی دۆزەخی من!!. مەعشووقە شیرینەکەم ئەگەر بمەوێ ئەو عەشقەی خۆم بە وشە گوزارشت لێ بکەم لە گەورەییەکەی کەم دەکەمەوە، لەبەرئەوەی لە کەشێکی وەها عاشقانەدا دەژیم، هەرگیز وشە و زمان ناتوانن گوزارشتی لێ بکەن..ناتوانن هەرگیز.. ناتوانن هەرگیز.
ستیڤان: ژیانم هەمووی پێچاوپێچ و تاریکە رێگایە، هەمووی کۆدی سەیر و سەمەرەیە. من خۆیشم نازانم چی دەکەم و چیم دەوێ لە ژیاندا، ئەوەی ئەمڕۆ داوای دەکەم و بڕوام پێیەتی سبەی لێی پاشگەز دەبمەوە!! ئەوەی خۆشی دەوێم لەسەر ئەم بزێویی و دەروونە پڕ کەفوکوڵەم دەبێتە سەرسەختترین نەیاری رۆ ژەکانی دواترم. ئەمە شتێکە هەمیشە و زۆرترین جار دووبارە بۆتەوە لە چیرۆکی ژیانی مندا.
لیزا: من لێت تێدەگەم، تۆ خۆت دەتەوێت وا ئاڵۆز بیت و خەڵک ماندوو بکەیت بە دیار تەڵیسمەکانتەوە!!.
ستیڤان: من هێشتا لە خۆم تێناگەم، کێ دەتوانێت لافی ئەوە لێبدات لێم تێدەگات؟!. باپیرە گەورەی ئیبلیسیش نازانێت چ جۆرە هەوڵێکم لەگەڵ بدات!! دەروونێکی هێندە مەحزوون و ئاڵۆزم جێگەی شۆکە بۆ هەموو زاناکانی دەروونناسی.
لیزا: پێویست ناکات خۆت ئاڵۆزتر بکەیت لەبەردەمم، من لەوە تێگەیشتووم کەسێکی لە خۆباییت!!.
ستیڤان: لێرە بەدحاڵیبوونێک هەیە، سەیرە بە کەسێکی لە خۆبایی ناوم دەبەیت!!، گومان لە ناسکیی هەست و ویژدانم دەکەیت!! منیش ناچارم ئۆباڵەکەی بخەمە پاڵ رۆحە بۆرجوازییەکەم!!، دەزانم تۆ پێدەکەنیت و هیچ ناڵێیت، ئەمە وێرانم دەکات و سەری شوشە با دەدەم!!. سەیرە وەختێک دەبینم درۆکانم بە راستی و راستییەکانیشم بە درۆ وەردەگریت!!. چارە رەشی لەوە زیاتر چی؟؟!!.
لیزا: تۆ کەسێکی ونیت، ئەمەش تاوانێک نییە بیدەمە پاڵت، خۆت نازانیت کێیت، دەبێت پێش هەموو شت خۆت بناسیت. ئەمە هەمان قسە کۆنەکەی سوکراتیشە!.
ستیڤان: پێشتر پێموابوو “زۆربا”ی یۆنانیم، دواتر خۆم وەک “دۆنکیشۆت” دەهاتە بەرچاو. هاوڕێیەکی کچم وتی: نا، تۆ “کازانۆڤا”یت!! برادەرە نزیکەکەشم دەیەویست خاڵە هاوبەشەکانی من و “ئاکلی شەقاوە”ی پاڵەوانی “سادق هیدایەت” بدۆزێتەوە!! کەچی ئەمشەو زانیم من “مۆرسۆ”ی کارەکتەری ناو رۆمانی “نامۆ”ی “ئەلبێرت کامۆ”م. هیوادارم لەمەش تێنەگەیت!.
لیزا: ئۆوو، باسی دۆنکیشۆتت کرد، دەزانیت هەر کاتێک دۆنکیشۆت دەخوێنمەوە بەدەست خۆم نییە ئەو نوخبە گاڵتەجاڕەم بیر دێتەوە ناویان رووناکبیران و سیاسەتمەدارانە؟ یان ئەو پاڵەوانە کارتۆنییانەی شمشێرەکانیان لە مقەبایە!!.
ستیڤان: هەر لە راستیشدا وایە، ناوەندیی رووناکبیریی وەک بازاڕی عوکازی لێهاتووە، تەنیا گوێت لە ژاوەژاو و هوتافکێشانە. ئەمەش پیشەی پیاوە بچووکەکانە، ئەوانەی قسەی گەورە و درۆی گەورە و ناپاکیی زۆر گەورە دەکەن.
لیزا: با بگەڕێمەوە سەر بابەتی سەرەکیی، تۆ کە مرۆڤێکی ون بیت دیارە هیچ ئامانجێکیشت نییە بۆی تێبکۆشیت. راستە وایە؟.
ستیڤان: هەموو مرۆڤەکان بە دوای شتێکی ونبوودا دەگەڕێن پێش ئەوەی بیدۆزنەوە دەمرن، جیاوازیی من ئەوەیە دەزانم بە دوای چیدا دەگەڕێم، بەڵام زۆرینەی خەڵک نایزانن من بە دوای گەوهەرێکی ونبوودا دەگەڕێم.
لیزا: کەواتە ئەو گەوهەرە ونبووە چییە؟.
ستیڤان: ئەوە ئەو کۆدەیە نابێت بکرێتەوە، ئەمە وەک ئەوەیە بتەوێت سەیری فیلمێک بکەیت لە کۆتا گرتەیدا!!.
لیزا: ژیانت پڕ لوغزە، مەگەر ئەو کاتە بتوانین لێی تێبگەین بیۆگرافیای خۆت بنووسیتەوە و بڵاوی بکەیتەوە!.
ستیڤان: ئەگەر بیرەوەرییەکانم بنووسمەوە جەنگی جیهانی سێیەم بەرپا دەبێت، تەنیا ئەوەندە و بەس.
لیزا: من تێناگەم، تۆ بە زمانی هێما و کۆد قسەکانت دەدرکێنێت، وەک ئەوەیە داوام لێ بکەیت نووسراوێکت بۆ بخوێنمەوە بە خەتی هێرۆگلیفی پێش هەزاران ساڵ نووسرابێت.
ستیڤان: دیارە گێلەکان زمانێکی تایبەت بە خۆیان هەیە، کە هۆشمەندەکان ناتوانن لێی تێبگەن!.
لیزا: ئێستا دەمەوێت ئەو پرسیارەت لێ بکەم، پڕۆژەی داهاتووت چییە و دەتەوێ چی بکەیت؟.
ستیڤان: پڕۆژەی داهاتووم بیرکردنەوەیە لە خودی خۆم. لە کاتێکدا پڕۆژەی زۆرینە بریتییە لە گردکردنەوەی زۆرترین پارە، ئاخر سامان بۆ من زۆر گرنگ نییە، ببمە گەورەترین سەرمایەدار، نازانم چۆن بەکاریبهێنم و رێگای بەختەوەریی پێ نادۆزمەوە. سامان دەتوانێت ماوەیەک غافڵم بکات، بەڵام ناتوانێت باوەڕم پێ بکات خۆشبەختم. سامانم نییە و بێ سەروەتیی دەستی بۆ ئابڕووم نەبردووە، لە کاتێکدا زۆر کەس سەریان بە دەغیلە دەزانن و خستوویانەتە ژێر پێی جەلادێکەوە.
لیزا: ئەی پڕۆژەت نییە بۆ باشترکردنی ژیانت؟. راستە ژیان زۆر بەرز نییە، بەڵام تاکە سەرمایەشمانە!.
ستیڤان: تۆ خۆت ژیان هەڵنابژێریت، تەنانەت رەگەز و بنەماڵە و شوێن و کاتی خۆت و لە دایکبوونت هەڵنابژێریت. کەواتە ژیان چوارچێوەیە، تەنانەت لە چوارچێوەیەشدا بەربەست و تەلبەندی تر دێتە رێگەت و زۆرجاریش لە حەسرەتی گەمارۆکانی ناو ئەو چوارچێوەیە سەر دەنێینەوە.
لیزا: راستە ئێمە لە ناو خودی ژیانەوە بۆ ژیان دەڕوانین، رەنگە ئەگەر لە دەرەوەڕا سەیری بکەین، تێبگەین ژیان چەندە بێمانا و بێهودەیە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت عەقڵانیانە پلانێرەی رۆژانی تەمەنمان بکەین.
ستیڤان: مرۆڤ بوونەوەرێکی عەقڵانی ئەبستراکت نییە، لەگەڵیدا غەریزە کار دەکا. بەڵام هەمیشە عەقڵ بەڵایەکی گەورە بووە و رێی لە رەمەک و هەستەکانت گرتووە و تەلبەندی کردوون.
لیزا: تۆ زۆر مەرگدۆستیت، رقت لە ژیانە و پڕیت لە کینە بەرامبەر بە ژیان؟ ئاخۆ مردن چیی هەیە بۆ بەخشین؟.
ستیڤان: مرۆڤی عەقڵانی هەمیشە وا هەست دەکات لە پێناوی کۆتاییدا دەژی کە مردنە. خەڵک مردن بە سەرەتای قۆناغێک دەزانن، لە کاتێکدا لای من کۆتایی هەموو قۆناغەکانە. تەنانەت هەر یەک قۆناغ دەبینم، مرۆڤ دەژی لە پێناوی مردندا.
لیزا: تۆ تەنهایی کاری زۆر کردۆتە سەر روانگەکانت، پێویستە ببیتەوە بە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی.
ستیڤان: من لە دەرەوەی کۆمەڵ دەژیم، ئەمە تەفسیرێکی جوگرافیی نییە، بەو مانایەش نییە ژیانم لە ناو ئەشکەوتدایە، بەڵکو لە نێو حەشاماتی خەڵکدا هەست بە تەنیایی خۆم دەکەم.
لیزا: کەواتە ژیان لای تۆ چییە؟.
ستیڤان: کەس نەیتوانیوە وەڵامی ئەو پرسیارە ناماقووڵە بداتەوە، ئایا ژیان خەونە، یان خەون ژیانە؟.
——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون




کتێبی هەمیشە جەللاد و هەردەم قوربانی … ناوی نووسەر: یوسف عزەدین

کتێبی هەمیشە جەللاد و هەردەم قوربانی ٢٨٦ لاپەڕەیەو لەچاپخانەی کارۆ چاپکراوە/سلێمانی٢٠٢٠

پێکهاتەی کتێبەکە لەکۆمەڵێک گوزەردا خۆی دەبینێتەوەو دەرئەنجامی کۆمەڵێك بابەت
و نووسین هاتۆتەبوون و بەگشتی کارکردنە لەوروژاندنی پرسیارگەلی فیکری و
فەلسەفی ئەرگۆمێنتانەدا.. سەرەتا لەوتارە فیکرییەکانەوە دەست پێدەکات و دواتر
دەچێتە سەر دیالۆگە هەستیارەکان و ئینجا دەگاتە کۆمەڵیک وەرگێرانی هەڵبژاردە
لەزمانی تورکییەوە.. هەر هەمووشی لەمەداری تێڕوانینێکی تەفکیکیانەدا
هەڵدەسووڕێت و مەبەستیەتی خوێنەر بەرەو دنیای پرسیارلەخۆکردن و تێڕامان و
بەخۆداچوونەوە ببات.




نامەیەک بۆ هاوڕێی شاعیرم ( سەباح ڕەنجدەر ) … ناڵە حەسەن

سڵاو هاورێی ئازیز بە هیوام ئاسوودە و تەندروست بیت .
بەسەلیقەیەکی پڕ هەستەوە زێتر لەجارێک ، قەسیدەی ( تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین ) م خوێندەوە ، چێژی زۆری پێبەخشیم ، بە بڕوای من یەکێکە لە قەسیدە نایابەکانی تۆ ، دەقەکە زێتر فۆرمێکی درامی هەیە ، دەقێکی درێژ لەنێویدا کۆمەڵێک دەقیتری جودای لەخۆ گرتبێت ، وەک ئەوەی ڕۆمانێک چەند کاراکتەرێکی سەرەکی هەبێت و هەریەک لەو کاراکتەرانەش بە کۆمەڵێک ڕووداو دەورەدرابن .. لەم شێوە دەق و فۆرمانەدا کە زمان بە چڕی ئیشی لەسەر کرابێ و وشە و ڕستەکان لە پەیوەندییەکی توندوتۆڵدا بن ، کردنەوەی کۆد و هێماکان بۆ بەرجەستەبوونی خوێندنەوەیەک و دیاریکردنی ناوەڕۆکێک ڕەنگە کارێکی سانا نەبێت ، من نامەوێت لێرەدا باس لە پەیوەندی فۆرم و ناوەڕۆک بکەم بەڵام ، هەر ئەوەندە دەڵێم / لە هەموو دەقێکی شیعری ( ناوەڕۆک ) بوونێکی نادیاری هەیە ، لەڕێگای خوێندنەوە ئەو بوونە دەردەکەوێت ، دەرکەوتنەکانیش لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکیتر دەگۆڕێت ، لە دەقی ( تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین ) خوێنەر لە ڕێگەی هەندێک لە وشە و ڕستە و دەستەواژە شیعرییەکانەوە ، دوای ڕامان و قووڵبوونەوە دەتوانێ بڕێک لە کۆد و هێماکان بکاتەوە و ( ڕەنگە ) بە ناوەڕۆک و خویندنەوەیەک بگات . من بەشبەحاڵی خۆم / لەم دەقەدا زۆرێک لە ڕستە و دەستەواژەی شیعری جوانم خوێندەوە ، کە هەم چێژبەخش بوون هەم وەک و میتافۆر و هێما و وێنەی شیعری لە پشتیانەوە هەڵگری کۆمەڵێک گوتن و کێشمەکێش بوون ، بە تایبەت کێشمەکێشی نێوان ( ژیان و مردن ) . من لێرەدا ( هەندێک ) لەم ڕستە و دەستەواژە شیعرییانە دەنووسمەوە دواتر هێندەی بۆم بکرێت قسەیان لەسەر دەکەم .
_ لە شیعری ( ڕوخسار و شوێن )
دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی
هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما
گەڕاینەوە بەرسێبەری درەختی گۆڕستانەکان
_ مرۆڤ شاراوەو نهێنی درۆی ژیرە
نانی کردە تاشەبەرد
_ گۆڕیان بەتاڵکردین و ئێسکیان کردە قۆپچە
_ لە شیعری ( جێناوەکان ) :-
با بگەڕێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو
با بگەڕێینەوە دواوە باران خوێواوی لێدەچۆڕێ و
دەیکاتە هەڵم و دەبێتە تانەی چاوە
لە شیعری ( گەشەی ڕەنگ )
_ شۆڕش شەپڕە لێی داوە
ناتوانێ مەلە بکا
_ دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا
هەڵخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک
_ لە شیعری ( ئاوازی چاوپێکەوتن )
سەرزەمین تەواو ماندووە
پێویستی بە چاوپێکەوتنی دەنووک و باڵە
_ لە شیعری ( بلیتی ژمارە بیست و هەشت )
هەناسە سواریت باڵندەیەکی هێڵکە شکاوی هەڵکورماوە
گوتم لە شاری شیعر دەژیم و هەناسەم نەرم و خۆشە
بە ئارەزووی خۆم لە بەهەشت ناچمە دەرە
_ لە شیعری ( بێڕەنگ )
ئەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بوو
بێڕەنگ هەموو رەنگەکانی دابووە دنیا
_ لە شیعری ( کاتی تایبەتی ڕووبار )
کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن
بیخەینە گەنجینەی منداڵێک …!
زۆرنین ئەو دەقانەی کە / بەچەند دێرێکی شیعری دەتوانن تەعبیر لە تراژیدیایەکی گەورە یان ژیانێکی پڕ لە ئازار و مەرگەسات بکەن .. یان ڕەسمکردنی ئەو زەمەنەی مرۆڤەکان لەنێو شەوەزەنگێکی تاریک و لە گۆڕستانێکی گەورەدا هەناسە دەدەن . یان هەموو خەونە گەورەکان دەبن بە تۆزوغوباری دەم ڕەشەبا …! شاعیر لەو دەقەدا ڕۆحێکی تووڕە و ماندووە ، بێزار لە هەلومەرجێک کە دەتوانین بە بە هەلومەرجی مردنی خەونە جوانەکان ناوی ببەین ، ڕۆژگارێکە کە دیکتاتۆر خاوەن هەموو دەسەڵات و هێزێکی گەورە و ڕەهایە ، لەڕیگەی ئەم هێزەی دیکتاتۆرەوە هەموو پەیوەندییەکان و یاسا و ڕێساکان ناڕێک و ناتەندروست دەبن و جووڵە و ئاراستەکانی ژیان دەشێوێندرێ …! ، کە هیچ بەهاو حوڕمەتێک بۆ ئەویتر و مرۆڤ و بەها مرۆییەکان نامینێتەوە ، نیشتیمان دەبێتە گۆڕستانێکی گەورە ، شاعیر لە شیعری ( ڕوخسار و شوێن ) دا ، وێنەی ئەم نەهامەتیانەمان لە وێنەیەکی شیعری جوان و سەرکەوتوودا بۆ دەکێشێ و دەڵێ ، ( دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی / هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما / گەڕاینەوە بەرسێبەری درەختی گۆڕستانەکان ) ، دیکتاتۆر بێرەحمانە بەسەر خوانەکان دەپژمێ و دەڕشێتەوە ، خوانەکان پیس و ژەهراوی دەکات ، دواتر هیچ نیشانەیەکی خواردن نامێنێ و سفرەکان بەتاڵ و خاڵی دەبن ، مرۆڤەکانیش بە سکی برسییەوە لەبەر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان ڕۆژەکانی تەمەنییان دەژمێرن ، چونکە نان بۆتە ( تاشە بەردێکی گەورە …! ) . شاعیر لە دێرێکی تردا وێنەیەکی گەورەترمان بۆ دەکێشێ و دەڵێ ، ( گۆڕیان بە تاڵ کردین و ئێسکیان کردە قۆپچە .. ) ، ئەمە دێرە شیعرێکی تا بڵێی جوان و شیعرییە ، پڕ لە جووڵە و پڕ لە قسەیە ، واتە دیکتاتۆر لە ڕێگەی ئەو هێز و دەسەڵاتە ڕەهایەی کە هەیەتی ، وەک بازرگانێکی بێڕەحم نەک بەروبوومەکانی سەرزەوی بەڵکو چاوی بڕیوەتە ئەوانەی ژێر زەویش ، ئەوەتا گۆڕەکان بەتاڵ دەکەن و ئێسکەکان دەکەنە قۆپچە ، شاعیر لەم وەزعە ناڕازی و نائارامە ، چونکە لە خەیاڵی ئەو ، گۆرستان شایستە بە مرۆڤ نییە ، لە خەیاڵی ئەو ( پەپوولەکان دەمدەخەنە نێو دەمی یەکتری و کەمانجەژەنەکانیش سەمفۆنیای گوڵ و نان دەژەنن …! ) ، ئەو هەمیشە لە نێو خەیاڵە شیعرییەکانیدا ، خەون بە دنیایەکی جوانتر و باشتر دەبینێ ، لە نێو بیرکردنەوەکانی ئەودا ، مرۆڤ پیرۆزترین بوونەوەرە و شایستە بە هەموو خۆشییەک و سەروەرییەکە . ئەوەتا ڕوون و ئاشکرا لە شیعری ( بێڕەنگ ) دا ، پێمان دەڵێ / ( ئەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بوو / بێرەنگ هەموو ڕەنگەکانی دابووە دنیا ..! ) ، دەکرێت ( بێرەنگ ) هێما بێت بۆ خالقێک بەڵام ، خالقێکی نادیار ، لێرەدا سەروەری و بەهای مرۆڤمان بۆ ڕەسم دەکات ، شاعیر دەخوازێ ئەم ژیانە بگۆڕێت سەرزەمین و بەرسیبەر و ماڵەکان نەبنە گۆڕستان ، ( چونکە لای ئەو سەرزەمین تەواو ماندووە ، پێویستییان بە چاوپێکەوتنی دەنووک و باڵە ) ، ( دەنووک و باڵ ) هێمایە بۆ فڕین ، واتە جێهێشتنی ئەو سەرزەمینەی کە ماندووە و بۆتە گۆڕستانێکی گەورە ، واتە دەخوازێ ژیان بگەڕێتەوە باری ئاسایی و بەها و ڕێز و سەروەری بۆ مرۆڤەکان بگەڕیتەوە ، بەڵام گۆڕان بەچی دەکرێت ؟ ئەوە ئاشکرایە کە / هەموو گۆڕانێک چ ڕۆشنبیری بێت یان سیاسی یا کۆمەڵایەتی بێگومان بە ڕاسان و شۆڕش دەکرێت ، بەڵام هەیهات لێرەدا ( شۆڕش شەپڕە لێی داوە / ناتوانێ مەلە بکات …! ) ، چونکە ( دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا / هەڵخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک …! ) واتە دیکتاتۆر ڕۆنی لەژێر پێی شۆڕشگێرەکان ڕۆکردووە و هەموویان خلیسکاون و کەوتوون ، بەمانای هەموویان / یان ئەوەتا لە خشتەبراون یان ئەوەتا دەستەمۆبوون ، ئێستا لەنێو نائومێدییەکی گەورە و لەنێو ڕووناکییەکی چرووک ڕاکشاون ..! ) ، ئیتر گۆڕان چۆن ڕوودەدات ..!؟ بۆیە شاعیر کە دڵنیا دەبێ لەوەی بەم هەموو کەوتن و نائومێدییە گەورانەوە تروسکایی هیچ گۆرانکارییەک نابیندرێ و بەم زووانە هیچ گۆرانێک ڕوونادات ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ناتوانێ بێدەنگ بێت چونکە ئەو شاعیرە و ( شیعریش فۆرمێکی بێدەنگ نییە …! ) بۆیە دەخوازێ ، ( کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن / بیخەنە گەنجینەی منداڵێک …! ) ، ( گەنجینەی منداڵ ) لێرەدا هێمایە بۆ دەستێکی پاک و ئەمین ، شاعیر دەخوازێ گەنجینەکە بگوازرێتەوە بۆ دەستێکی ئەمین ، تا چیتر مرۆڤەکان سفرەیان خاڵی نەبێت و لەژێر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان ڕانەکشێن ..! بەڵام شاعیر لەوەش نائومێد دەبێت ، واتە بە وەزعێکی ئیفلیج و تا چابڕکات هەر تاریکییی بێ …! بۆیە هەر لەنێو نائومێدییەکانی خۆی دەمێنێتەوە و دەڵێ ( با بگەڕیینەوە دواوە باران خوێواوی لێدەچۆڕێ / دەیکاتە هەڵم و دەبێتە تانەی چاو …! ) ، ئیتر تەواو ، کە باران خوێوای لێچۆڕا ، درەخت و گیا و سەوزاییش دمرن ، وردە وردە مرۆڤەکانیش ، بەمانای / ئیتر ( تەواو دواجار هەموومان لێرەوە دەڕۆین …! ) ، گوتمان شاعیر لەنێو نائومیدییەکی گەورەدایە ، یاخی و بێزار و ماندوو و توورەیە ، بە گومانێکی تۆخ و بە چاوی ڕەخنەوە لە هەموو گۆشەیەک دەڕوانێت ، لەهیچ شوێنێک ئارام ناگرێ و ناحەسێتەوە ، لەگەڵ ئەوەی هەموو یاساکان و هەموو دۆخەکان ناڕێک و شێوێندراون ، ژیان هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە ، شاعیر لەم گۆڕستان و لەم ژیانە مەرگەساتییە تەنها شوێنێک شک دەبات کە بتوانێ تیایدا هەناسە بدات و ئارام بێتەوە ئەویش ( شاری شیعرە ( وەک ماڵێکی ئارام ) ..! ) ئەوەتا خۆی لە شیعری ( بلیتی ژمارە بیست و هەشت ) دا دەڵێ ، ( گوتم / لە شاری شیعر دەژیم و هەناسەم نەرم و خۆشە / ئەها شیعرم لێدیارە و وەک کاتژمێری چوونە ژوان ڕێکی خستووم ،،! ) ، ئەو دەڵێ ( شاری شیعر ) بەڵام شاریش هەر شوێنی ژیانە بۆیە من دەڵێم ماڵ ، واتە لەنێو ئەم هەموو نەهامەتی و نائومێدییە گەورانەدا شیعر تاکە هیوایە کە بۆی دەژی و لەنێو ئەم هەموو ناڕێکیانەدا / ( ماڵی شیعر ) ژیانێکی ئارامی پێبەخشیوە وەک کاتژمێر جەستە و دەروونی ڕێکخستووە . هەر ئەوەندەش نا ، دەڵێ ( بە ئارەزووی خۆم لە بەهەشت ناچمە دەرەوە …! ) ، ئەو شاعیرێکی نوێخواز و داهێنەرە ، لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێنان شوناسی شاعیربوونی بەدەستهێناوە ، ئیتر کەسە داهێنەرەکانیش دەبن بە موڵکی مێژوو و مرۆڤایەتی بۆتاهەتا لەنێو ئەبەدییەتدا دەمێننەوە ، لێرە بەهەشت هێمایە بۆ مانەوە لەنێو ئەبەدییەتدا ..!
تا ئێرە بەشی یەکەمی نامەکەم بوو / لە بەشی دووەمدا ، دەمەوێت لە دەرگای بابەتێکی گرینگ بدەم ئەویش لە ڕێگەی دێرە شیعرێکی نێو ئەم دەقە ، لە شیعری ( جێناوەکان ) دا دەڵێت ، ( با بگەڕێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو ..! ) ، لەم دێرە شیعرەدا جوانییەکی بێوێنە بەرهەم هاتووە لە هەمان کات ، بارگاوییە بە خەیاڵی زانستی و فەلسەفی ، لە سەرەتا ئەو پرسیارە لەلای خوێنەر دروست دەبێ / بۆ هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو …؟! لەنێو قووڵایی بیرکردنەوەدا ڕاستەوخۆ بیرمان بۆلای ( نیوتن و هاوکێشەی کێشی زەوی ) دەچێت ، دواتر تێکەڵ بە ململانێی نێوان هێزەکانی مردن و ژیان دەبینەوە .. لەم وێنەیەدا / دیکتاتۆر زەوی کردۆتە گۆڕستانێکی گەورە ، زەوی هێمایە بۆ مردن ، ئاسمان لە سەرووی سێوەکەوە ، ڕووناکی و خۆرەتاو و ئەستێرەکان و بەپێی بیرکردنەوە ئایینەکان خوداوەندەکانیش لەوێن ، خوداوەندیش خاوەن هەموو دەسەڵات و هێزێکە ، ئاسمان هێمایە بۆ ژیان ، لەنێوان ململانێی ( هێزی زەوی و هێزی ئاسمان ) سێوەکە ململانێ و ئەنجامەکان یەکلایی دەکاتەوە ، دەکرێ سێوەکەش هێما بێت بۆ ( مرۆڤەکان و نیشتیمان و هەموو شتە جوانەکان ..! ) ، دواجار / سێوەکە دەکەوێت ..! ، هێزی مردن واتە ( هێزی زەوی ) زاڵ دەبێت بەسەر ( هێزی ئاسمان ) واتە هێزی ژیان ، بێگومان لەباروزروفێکی وا کە / شۆڕش شەپڕە لێی دابێ و شۆڕشگێڕەکان هەڵبخلیسکێن و بکەون ، هەروەها چاویان پڕبێر لە ڕووناکییەکی چرووک ، تروسکایی هیچ گۆڕانکاریەک نەبیندرێ و مرۆڤەکان بە سفرەی خالییەوە لە ژێر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان پاڵکەوتبن بێگومان جووڵەکان بە ئاراستەی مردن دەڕۆن …! بۆیە شاعیر لەنێو ئەو نائومێدیە گەورەیەدا دەڵێت ( تەواو بۆدواجار لێرەوە دەڕۆین …! ) ، ئەم دێرە شیعرە ڕەهەند و ماناکانی ، بۆ من جگە لە ئیستاتیکا و چێژ گرینگی و مانایەکی گەورەتری هەبوو ، من مانیفێستێکم نووسیوە کە لە ( سێ بەش ) پێکهاتووە ، گۆشە نیگا و تێڕوانین و بیرکردنەوەکانی ئەزموونی خۆمم بۆ شیعر لەم مانیسفێستە چڕ کردۆتەوە ، کە بەشی یەکەمی بە ناوی ( شیعر فۆڕمێکی بێدەنگ نییە ) ، ( بەشی دووەم / شیعر عەشقێکی گەورەیە ..! ) لەم بەشەدا واتە لە بەشی دووەم دەڵێم / ( شیعر ئەو عەشقەیە / پڕاوپڕە لە خەون و ئومێد و جووڵە ، فۆرمێکی پڕ لە قسەیە و هاوتەریبە لەگەڵ ژیان و بەها مرۆییەکان ، شاعیر بیرمەند نییە بەڵام ، لە ڕێگەی بیرکردنەوەکانی دەتوانێ پرسیاری بیرمەندانە بەرهەمبهێنێ ، شاعیر فەیلەسوف نییە بەڵام لەریگەی پاشخانە مەعریفییەکەیەوە دەتوانێ پرسیاری فەلسەفی بوروژێنێ ، شاعیر گەریدەیەکی جوانناسە بۆ دۆزینەوەی جوانییەکان هەموو گەردوون لەبەردەمی دایە ، ئاسمان و کیشوەرەکان و ئۆقیانووسەکان و تەنانەت وردە ئەستێرە دوور دوورەکانیش ، دواجار / شیعر عەشقێکی گەورەیە ، ئەشقیش میلۆدییە بەردەوامەکەی ژیانە و ژیانیش دەقێکی شیعری ناوازەی پڕ لە جوانی و چێژە …! ) . ئەم دەقە ئەوەی پێشانداین کە شیعر ( فۆرمێکی بێدەنگ نییە ) و شاعیر دەتوانێ دەنگ و هاوارەکانی خۆی بەسەر هەموو ئەو هێز و هۆکارانە بەرز بکاتەوە کە ، دەیانەوێت ژیان ناشیرین بکەن و خەونە جوانەکانی مرۆڤ لەبارببەن ، هەروەها شیعر لەتوانایدا هەیە ، بارگاوی بێت بە خەیاڵی زانستی و فەلسەفی و لەنێو مەعریفەیەکی فرەڕەهەند ئیش بکات ، دواجار پرسیاری زانستی و فەلسەفیش بوڕوژێنێ ، بۆیە دڵخۆش بووم بە خوێندنەوەی ئەم دەقە بۆ من وەک ئەوە وابوو بە قەڵەمی جوانی نووسرابێتەوە ،
ئیتر هاورێ گیان / دووبارە هیوای خۆشبەختی و بەختەوەریت بۆ دەخوازم ، بە ئومێدم لەنیو ڕووبەری شیعر و رووبەری داهێنان ، قەڵەمەکەت هەر بە بڕشت بێ و سڵاو لە شیعر …!

 ناڵە حەسەن / کەنەدا 
    ١٢/ /٩ ٢٠٢٠ 

تێبینی / قەسیدەی ( تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین ) لە دە شیعریتر پێکهاتووە بەم ناوانە ( ڕوخسار و شوێن / جێناوەکان / ڕێگاکانی دەوروبەر / گەشەی ڕەنگ / ئاوازی چاوپێکەوتن / بلیتی ژمارە بیست و هەشت / ئەمڕۆ گۆرانییەک دەگوترێ / بێڕەنگ / کاتی تایبەتی ڕووبار / ستایشێک بۆ جوودی ) .




ڕێكه‌وتنی نێوان ئیمارات و به‌حره‌ین له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، بزمارێكی تر له‌ تابوته‌كه‌ی (( عروبه‌ )) ده‌دا! …عه‌بدوڵا ساڵح

ئه‌م شه‌و 11 / 9 / 2020 ، هاوكات له‌گه‌ڵ ساڵیادی په‌لاماره‌كانی 11/ سپتامبه‌ر ، دۆناڵد ترامپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ڕێكه‌وتنی نێوان به‌حره‌ین و ئیسرائیلی ڕاگه‌یاند، ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ وه‌ك چواره‌مین ڕێكه‌وتنی نێوان وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان و ئیسرائیله‌ دوای میسر وئوردون و ئیماراتیش له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا .
ئه‌م ڕێكه‌وتنانه،‌ ماوه‌یه‌ك ژێر به‌ژێر به‌رده‌وام بوون و ئێستا ئاشكرا كران. به‌م شێوه‌یه‌ به‌حره‌ین ده‌بێته‌ دووه‌م ووڵاتی كه‌نداو كه‌ ڕێكه‌وتن واژۆ ده‌كا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل دوای میسر( 1979 ) و ئوردون (1994 ) . چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێ به‌دوای به‌حره‌یندا و ئیمارتدا چه‌ندین ووڵاتی (( عه‌ره‌بی )) ئه‌م هه‌نگاوه‌ بنێن ، له‌وانه‌ عومان ، ، سودان ، جیبۆتی وته‌نانه‌ت مه‌غربیش .

ئیمارات، بۆ واژۆ كردنی ئه‌م ڕێكه‌وتنه، بیانوی ئه‌وه‌ دێنێته‌وه‌ گوایه‌ ئیسرائیل لێره‌ به‌دواوه‌ په‌ل ناهاوێ بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی هیچ زه‌ویه‌كی كه‌ناری ڕۆژئاوا ( الضفة الغربية )و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌وه‌ستێنێ ، له‌ڕاستیدا ئه‌م بیانوه‌ وه‌ك هیچ ده‌ستكه‌وتێك هه‌ژمار ناكرێ و ئه‌وه‌مان بیر ده‌خاته‌وه‌ كاتی خۆی له‌ ساڵی 1978 دا كه‌ ڕێكه‌وتنی نێوان ئیسرائیل ومیسر واژۆ كرا ، مه‌ناحیم بێگن ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاتی ئیسرائیل، بڕیاری دا بۆماوه‌ی سێ مانگ چالاكی نیشته‌جێكردن ( النشاط الاستيطاني ) بوه‌ستێنێ دواتر ڕوداوه‌كان پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یان سه‌لماند.

ئه‌م ڕێككه‌وتنانه‌‌ درێژه‌ی پڕۆژه‌ی ‌( صفقة القرن ) ه‌ كه ئه‌مریكا داڕێژه‌ریه‌تی‌و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بریتیه‌ له‌ گونجاندنی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ وولاتانی ناوچه‌كه‌ ( تطبيع ) و كردنی‌به‌ شه‌ریك له‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی مه‌ترسیاه‌كاندا، مه‌به‌ستیش له‌ مه‌ترسیه‌كان له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا ئێرانه‌، دواتریش به‌یه‌كجاری په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی بكرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش پێش مه‌رجی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی ئاشتیه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا. تێڕوانینی ئه‌مریكای ئه‌مڕۆ له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی ترامپدا، بۆ هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی جیهانی، به‌ر له‌هه‌موو شتێك، له‌ گۆشه‌نیگای ئابوریه‌وه‌ سه‌یر ده‌كرێ ، به‌ڵام له‌په‌یوه‌ند به‌م ڕێكه‌وتنانه‌‌، وه‌ك یه‌ك كۆگشتی ( پاكێجی ) لێكهه‌ڵپێكراو له‌ هه‌موو بواره‌كانی سیاسی، ئابوری و ئیستراتیجیه‌وه‌ سه‌یر ده‌كرێ ، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كاتی ڕاگه‌یاندنی ئه‌م ڕێكه‌وتنانه‌‌، به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن دۆناڵد ترامپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ده‌چێته‌ خانه‌ی بانگه‌شه‌ی دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و ووڵاته‌، ئه‌وه‌ش ووڵاتانی كه‌نداو مه‌به‌ستیانه‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێراندا كه‌ڵك له‌ سیاسه‌ته‌‌كانی ترامپ وه‌ربگرن به‌رامبه‌ر ئێران .

كێشه‌ی فه‌له‌ستین یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ هه‌ره‌ ئاڵۆز و دژواره‌كانی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی و جیهانیش به‌گشتی. خه‌ڵكی فه‌له‌ستین كه‌ له‌ ساڵی 1948 وه‌ به‌زۆر له‌ ووڵاتی خۆیان ده‌ركراون و نێردراون بۆ وولاتانی ده‌وروبه‌ر و له‌ ئۆردوگاكاندا نیشته‌جێ كراون، ڕووبه‌ڕوی سه‌خترین بارودۆخی ژیان وگوزه‌ران بونه‌ته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ شوناسێكی (( نیشتمانیان )) هه‌بێ و وه‌ك هاوڵاتی مامه‌ڵه‌ بكرێن، بۆهه‌ركوێ چوبن وه‌ك په‌ناهینده‌ هه‌ژمار كراون ، مه‌گه‌ر له‌ هه‌ندێ ووڵات كه‌ مافی هاوڵاتی بوونی پێبه‌خشیبن . ژیانیان له‌ ئۆردوگاكاندا، جگه‌ له‌ نه‌هامه‌تی و ده‌ست كورتی وهه‌ژاری و نه‌خۆشی و چه‌ندین ده‌رد وئازاری تر ، به‌به‌رده‌وامیش په‌لامار دراون و پاكتاو قه‌ڵاچۆ كراون، كوشتاری ئۆردوگای ته‌ل زه‌عته‌ر ساڵی ( 1976 ) له‌لایه‌ن میلیشیا مه‌سیحیه‌كانی لوبنان، كوشتاری ئۆردوگاكانی سه‌برا وشاتیلا ساڵی ( 1982 ) دووباره‌ له‌لا‌یه‌ن میلیشیا مه‌سیحیه‌كانی لوبنان، دواتر له‌هه‌مان ئه‌و دوو ئۆردوگایه‌ ساڵی ( 1985 ) له‌لایه‌ن میلیشیا شیعه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ل، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ ده‌ستدرێژی وپه‌لاماری به‌رده‌وامی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل. ئه‌و فه‌له‌ستینیانه‌ش كه‌ له‌ كه‌رتی غه‌زه‌ و كه‌ناری ڕۆژئاوا ده‌ژین، بارو دۆخی ژیان و گوزه‌رانیان له‌وانی تر باشتر نیه‌ چ به‌ده‌ست په‌لاماری ده‌وڵه‌تی ڕه‌گه‌ز په‌رستی ئیسرائیله‌وه‌ و چ به‌ده‌ست سیاسه‌ت وشه‌ڕی نێوان باڵه‌ سیاسیه‌ جیاوازه‌كانی فه‌له‌ستینیه‌كان خۆیانه‌وه‌ ، بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی توندڕه‌وی ئیسلامی له‌ غه‌ززه‌ و ، بزوتنه‌وه‌ی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ناری ڕۆژئاوا .‌

كێشه‌ی فه‌له‌ستین، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه،‌ ناسیۆنالسته‌ عه‌ره‌به‌كان و ده‌وڵه‌ته‌كانیان سه‌رمایه‌گوزاریان له‌سه‌ر كردوه‌ وبه‌كاریان هێناوه‌ بۆ جوڵاندنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و خۆڵ كردنه‌ چاوی جه‌ماوه‌ری وڵاته‌كانیان. به‌رز كردنه‌وه‌ و زه‌قكردنی دروشمی درۆینه‌ی ( كێشه‌ی فه‌له‌ستین كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی عه‌ره‌به، ئیسرائیل ده‌بێ فڕێبدرێته‌ ده‌ریاوه‌ …‌ ) و چه‌ندین دروشمی قه‌به‌ی تر، ته‌نیا بۆ په‌رده‌پۆشی زوڵم وچه‌وسانه‌وه‌ بوه‌ له‌ سه‌ر خه‌ڵكی‌ به‌شمه‌ینه‌تی ئه‌و ووڵاتانه‌ و بردنه‌ پێشی سیاسه‌تیه‌كانیان وهه‌رچی زیاتر پێشێل كردنی مافه‌كانیان و چه‌نگ قاییم كردنیان له‌ ده‌سه‌ڵات و په‌رده‌پۆشی كێشه‌ی ئابوریه‌كانیان وشكاندنه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی ئه‌و ووڵاتانه‌دا و پارێزگاری له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌داراندا. ئه‌مڕۆش، ئه‌م ڕیز به‌ستنو په‌له‌ كردنه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كۆنه‌په‌رستی ئیسرائیل و‌ده‌ستبردن بۆ سات و سه‌ودا له‌گه‌ڵیدا و په‌راوێز خستنی كێشه‌ی فه‌له‌ستین، نیشانه‌یه‌كی تره‌ له‌وه‌ی كه‌ بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالستی عه‌ره‌ب و ماهیه‌ته‌ چینایه‌تیه‌ بۆرژوازیه‌كه‌ی تا دێت بزماری پته‌وتر ده‌درێ له‌ تابوته‌كه‌ی، هه‌روه‌ك (( كوردایه‌تیه‌كه‌ی )) لای خۆمان ، ئیتر تازه‌جه‌ماوه‌ری به‌رینی كرێكار وزه‌حمه‌تكێش له‌وه‌ ده‌رچوه‌ به‌و ته‌پڵه‌ سه‌ما بكا و فریو بخوا.

لێره‌دا نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیربكه‌ین كه‌ هه‌ڵوێستی فریوكارانه‌ی ووڵاتانی ئێران و توركیا و قه‌ته‌ر كه‌ گوایه‌ دژی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی به‌حره‌ین و ئیماراتن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و به‌رگری له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی فه‌له‌ستین ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌شانۆیه‌كی ساخته‌كاری شتێكی تر نیه‌، بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستیه‌ش ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران و عێڕاق، كاتێك‌ ده‌ركه‌وت ئێران ژێر به‌ژێر له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ڕێككه‌وتوه‌ بۆ كڕینی چه‌ك، ئه‌و سكانداڵه‌ش‌ ( فه‌زیحه‌ ) له‌ژێر ناوی ( ئێران كۆنترا ) ده‌ركه‌وت ، هه‌روه‌ها توركیاش زۆر ده‌مێكه‌ په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌ردوو ووڵات سه‌فاره‌تیان له‌وی تردا هه‌یه‌ تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌! قه‌ته‌ریش ده‌مێكه‌ ئۆفیسی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كردۆته‌وه‌ .
هه‌موو ئه‌م سیاسه‌ت و ڕێكه‌وتن وهه‌ڵوێستانه‌، به‌ ئه‌رێن ونه‌رێنیه‌وه‌ ، به‌گوێره‌ی چه‌رخی به‌رژه‌وه‌ندی وولاته‌ ئیمپریالست و‌ زلهێزه‌كانی جیهان و وولاته‌ كۆنه‌په‌رسته‌كانی ناوچه‌كه‌و ده‌سوڕێ و به‌ئاشكرا نیشانمان ده‌دا كه‌ له‌م نێوه‌دا دوو به‌رژه‌وه‌ندی جیاواز به‌‌زه‌ق وئاشكرا خۆی ده‌رده‌خا ، به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌داره‌كان له‌ڕێگای سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته‌كانیانه‌وه‌ كه‌ گشت سنوره‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی وتایفیه‌كانیان به‌زاندوه‌ و كرۆكی چینایه‌تی خۆیان زۆر ئاشكرا نیشانداوه‌ ، له‌به‌رامبه‌ردا به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ری كرێكار وزه‌حمه‌تكێش وئازادیخوازی ناوچه‌كه‌،‌ به‌تایبه‌ت له‌ فه‌له‌ستین و ئیسرائیل كه‌ هیچ جۆره‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كیان له‌م سات وسه‌ودایه‌ و شه‌ڕو دوژمنایه‌تیه‌ دینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ نیه‌ وبگره‌ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌درێ دروست دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانه‌ و هێرشه‌ بۆ سه‌ر ژیان وگوزه‌رانیان.

لێره‌دا‌ ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی سه‌ره‌كی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه جه‌ماوه‌ری كرێكاران وزه‌حمه‌تكێشان وئازادیخوازانی هه‌ردووك ووڵاته‌، ده‌ریش ده‌كه‌وێ كه‌ كلیلی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌ ئاڵۆزه‌ هه‌ر به‌ده‌ست ئه‌وانه‌ ‌، ئه‌وانن كه‌ به‌هیچ جۆرێك به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌م سیاسه‌تانه‌ نایه‌ته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كڕیزی خه‌باتی ئه‌وان زامنی پوچێڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ندو به‌ستو ساتو سه‌ودایه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ژیان ومافی ئه‌وان ده‌كرێ، ده‌ستبردن بۆ ئه‌م یه‌كڕیزیه‌ چینایه‌تیه‌، زه‌مینه‌ خۆشده‌كا بۆ له‌قكردنی ژێرپێی ئه‌م لایه‌نه‌ كۆنه‌په‌رستانه‌ وپوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانیان.
چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌ ئێستادا خۆی له‌ دامه‌زراندنی دوو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆدا ده‌بینێته‌وه‌، یه‌كیان بۆ فه‌له‌ستین و ئه‌وی تریان بۆ ئیسرائیل دوور له‌ دوژمنكاری ، دوو ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای دابینكردنی ئازادی ویه‌كسانی و خۆشگوزه‌رانی بۆ دانیشتوانه‌كا‌نی له‌ ئێستاودا بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوش دوور له‌ شه‌ڕ و ئاژاوه‌ و یه‌كتر كوشتن، دوور له‌ هه‌ر جۆره‌ مۆركێكی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی.

11 / 9 / 2020آ




کزەبایەک لە تۆوە … شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

لە نەهاتنی کزەبای تۆ،،
لە بوونی خۆم بە گومانم،
لە سەپۆلی خەیاڵاوی فەلەک،،
بێبەروام، لە گیانەڵەی …
پایزێکی هەناسە سارد ،
وەک بەرد ، ڕەنگ مەرگم
هەست بەتاڵم ،
وەک،،
مەلێکی تەرە،،
بێ کەنارو بێ دەوارم
…………..
لە نەگەیشتنی کزەبایەکی..
سازگارت، گۆمێک لە تەنیایی،،
ئارامی لێ بڕا،،
ڕێچکەی شەپۆلی سڕبووی،،،
بەرەو زەردەی لێوی مەرگ برد،،
خونچەخەوتوەکانی..
قەراغ گۆمی سەرابیشی…
لە فیردەوسی گیاکان،،
سەرگەردان کرد
………………..
کە کزەبات نەهات،،
ڕۆح پەروانەیەکی ..
وێڵی سەرگەردانە،،
لە شەوێکا جێی نەبوەوە،،
سەری خۆی هەڵگرت،
لە هەردەی غوربەتی کەنارێکا،،
گیانی سپارد ،،
……….
کە کزەبات نەگەیشت،،
ئینجانەکانیش بێ گوڵن،،
خۆڵی وونبوون زۆر دەمێکە…
پەرژینی بێستانی چوون و هاتنی..
تۆی تەنیوە ،،
ڕۆژەکانیش وێڵن، بە دوای…
گەڵا جەستە پەرتبوەکان،،،
درەختەکان ڕەنگی بەهاریان فڕیدا،،
زەردی مەرگیان پۆشی،،
لەچۆڵی دەروازەی هاتنێکتا،،،
هەناسە بڕکێی شەقامەکانە،،،
بە دوای هەنگاوی..
ڕێبوارە خەمگینەکان،،
گڕی زەریایە،،
بۆ گەیشتنی هەورە سەرابیەکان،
…………………..
لە نەگەیشتنی کزەبایەکتا،،
باخچەیەک ماتەمپۆشە،،،
تەنها گمەئەوینی کوکوختیەک دێ،،
بۆ سنەوبەرێکی دڵ ڕەق،،
تنۆکە بارانەکانیش…
ئەمڕۆ تینوون، گوڵەبەڕۆژەی..
چرپەکان،،
چیتر ئاڵتوونی و گەشاوە نین،
کانیەکی وشکە،،
کەژی عیشقت ئەمشەو،
چاوانت بیابانێکە…
دارێکی تەنیام تیایدا ،،،
وشک و زڕ بە شکۆفە وەریوەکان،،
پڕ لەئەشکەنجەشە ،،
خوڕەی فرمێسکی پێڵوی ئاسمان،،
لە سەر لەپی قڵیشاوی هەورێک،،..
تریشقەی دوێشەو،،
جەستەی قەترانی..
هەنجر هەنجرکرد،،
………..
لە حەسرەتی نەهاتنی گزەبایەکتا،،
سەرچڵی قژی چاوەڕوانیش ، ،
لە ژوورەکەدا،،
سپی ئەکاتەوە،،،
بەسەر خۆهەڵواسینی…
ساتە باڵکراوەکان..
بە ملوانکەی بێدەنگیەوە،،
…………..
لە نەهاتنی کزەبایەکت،،
چی پروشە بێ دەنگیەکی ترسناک،،
وەریوەتە ڕوخساری شەختەبووی من ،،
لە وونبوونی بوونتا،،
لە نەبوونی بوونتا،،
گزنگی چاوی گڕینی خۆر..
چی سودێکی ماوە،
پریشکەی جوانی بێ یان نا،،
چی مانایەکی ماوە،،
ژیان ڕاست بێ یان خەو؟
ڕۆژبێ یان شەو؟
………………
لە دۆزەخی نەبوونتا،
تنۆکە لمی یادەکانت،،
بە سمکۆڵانی،،
ئەسپە سپیەکانی…
مەرگەوە ئەبریسکێنەوە،،
هێشوەو ترێی داری شەو تاڵن،،
ژەهرن،،
کە کزەبایەکی تۆ،،
بە دارستانی ئەمڕۆو.. سبەینێشا..
تێناپەڕێ




چل و دوو خولەک شیعر بۆ شوانە ، یان چل و دوو شوانە بۆ شیعر … نەوزاد بەندی

  • نەوزاد بەندی

[ بە بۆنەی بردنەوەی خەڵاتی دووەم لە ڤێستڤاڵی ڕێژنەی شیعریی ، چەند ووشەیەک بۆ شوان سەعید ]

شوانە ..
ئێستا سەعات یەک و هەژدە خولەکی دوای نیوە شەوە و
هەر ئێستا بوو بە یەک و نۆزدە خولەک ..
لەگەڵ ئەوەی سبەینێ دیدارم لەگەڵ فیتەر و
یەک دنیا بێگاری تردا هەیە ،
کەچی حەزم کرد بە کۆمەڵێ ووشەی ماندووی خۆم ،
تەپ و تۆزاویت بکەم ..
ئێ توخوا لێرە گوڵ کوا ،
هەتا گوڵبارانت کەم ؟
لێرە گوڵ کوا ..شوانە .لێرە گوڵ کوا ؟
ئاخر توخوا
شوانە ، لێرە گوڵ کوا ؟

لەم قەفەزە ژەنگاوییەدا ،
کە سەدان ساڵە ژەنگ گرتوویەتی و
کەچی یەک تەلیشی ناپسێ ..
ئاخر توخوا تۆ شتی وات بینیوە ،
قەفەزێک سەدان ساڵە ژەنگ خواردبێتی و
یەک تەلیشی نەپسێ ؟؟
ئەزانی بۆ سەدان ساڵە
ژەنگ گرتوویەتی و یەک تاڵیشی ناپسێ ؟
ئەزانی بۆ ..؟
چونکە خۆمان ..
بە دەست و پەنجە و لوولاقمان ،
ڕۆڵی شیشەکانی قەفەز ئەگێڕین و
ئەوەندە لە ئازادی ئەترسین ،
هەر نەبێتەوە .
تەنانەت دەرگایەکیش بکرێتەوە ،
خۆمان حازر کردووە ببین بە دیوار ..
تەنانەت دیکتاتۆرێکیش کۆرونا بیکوژێ ،
ئامادەین لەسەر پشتی خۆمان
ببین بە تێڵاو دار
لە پێی خۆمانا ببین بە سندم
لە مەچەکی خۆمانا ببین بە کەلەپچە
لە ملی خۆمانا ببین بە پەتی سێداره
له موچەی خۆمانا ببین بە پاشەکەوت و
لێبڕین ..
ئەزانی چەند حەزمان لە کارەساتە ؟
شوانە ..ئەزانی هەموومان ئاڵودەی
کۆیلایەتی بووین ؟
تۆ ئەزانی لەگەڵ نەهامەتیدا گەز گەز باڵا ئەکەین ؟
لەگەڵ نەبوونیدا ، ژنەکانمان ئاوس ئەبن ..
تۆ ئەزانی لەگەڵ درۆدا چەند ڕێکین ؟
لەگەڵ خیانەتا چەند ڕوو سوورین ؟
تۆ ئەزانی لەگەڵ ترسنۆکیدا ،
چەند شانازیمان تیا ئەڕوێ ؟
مەدالیا بە مەدالیا ئەڵێ خۆت لادە ،بەسنگمانەوە ..
قسەی زل بە بەقسەی زل ئەڵێ خۆت لادە
بە زمانمانەوە ..

ئەزانم تۆ کەیفت بە سیاسەت نایە شوانە ..
ئەترسی ڕەنگی تابلۆکانت لێ تێک دا ..
ئەزانم حەز ناکەی سیاسەت
دەلاقەی باراناوی شیعرەکانت
بە دوکەڵ ڕەشکا ..
ئەزانم حەز ناکەی سیاسەت ،
باخچە پڕ لە هەنگ و گوڵەکانت ،بۆ پڕ کا لە بۆنی کەلاکی گەنیو و ..بەرازی بەلەسە .
ئەزانم ..
بەڵام من کە کوڕی ناو جەنگ و
ڕاکردووی ناو هەرای کودەتا و
ئاهەنگی ناوەختی ناو حیزب و
برینداری ناو تەقەی خۆشی
سەد باره هەڵبژاردنەوەی خاوەنشکۆم ..
زاریشم ببەستم ،
هەمدیسان برژانگم ،
دنیایەک مەشهەدی
نوشوشتی ئەکێشێ .
دنیایەک جڕت ئەنێ بە حەوش دیواری
ئەوانەی
لە کارتۆن پەیدا بوون
کەچی پیس خەریکی
تێکدانی
داهاتووی من و تۆن .

بەس شوانە
حەزم ئەکرد
عەسرێکیان
لەبەردەم چایخانەی شەعبا
یان لەلای گوزەری
عەرەبانەی دوای سەعات دووی
جادەی
کاک ئەحمەد ،
بتبینم ..
تەماشای هەناسە و
حەسرەتی مامۆستا و
عەرەبانچی بکەین و ..
بزانین چەند قورسە ژیان لێرە ..
چەند خێرا کات ئەڕوا ،
بۆ ئەوەی یەک دنیا
مرۆڤی بێ لایەن
نەدەستیان
بگاتە لەتێ نان
نە دەمیان بگاتە قومێ ئاو ..

حەزم کرد
لەبەردەم چایچیەک
بە سینی ،
چای خەڵوز ئەفرۆشێ
ڕاوەستین
چایەکت بۆ بکڕم ..
دوو سیگار گڕ بدەین ..
دوا سیگار ..
نەک لەبەر تەندروستی سیەکان ..
نا ..لەبەر کەمپینێ ،
لە دژی شقارتە ..
ئێ ئاخر میللەتێ ساڵانە گڕ ئەگرێ ،
کفرە کفر شقارتە و
ئاگری
پێ بدرێ ..
تۆ بینیت ئەو تەیرەی
لە عەشقی هێلکەکان ،
مایەوە ..تا سووتا ؟
تۆ بینیت ..؟
تۆ بینیت ، چەند جوانی ،
ئەسوتێ ..
تا زیاتر گیرفانی
مافیایەک
هەڵتۆقێ ؟
تۆ بینیت ؟

ئەزانم هەمدیسان ،
سیاسەت ئەڕواتە
پاوانی شیعرێکت ..
هەمدیسان ،
مرواری
تاقێکت ئەکەوێ و ..
نازانی
چۆن جاڕی بۆ بدەی .

دەی قەینا ..
دوا،سیگار ئەکێشین .
دیوانێک کە هیچ کەس نەیکڕی ..
کە ناکەس تاتوانی
هۆنراوەی لێ دزی ..
ئەیکەمە دیاری بۆت ..

ئەڕۆمە
گەلەری پڕ وێنەی تەماویت ..
ئەڕوانم
بۆ کۆشکی
ڕوخاو و
خەماویت ..
لەو سەری کۆڵانی
کۆپلەیەک ئەوەستم ..
لەبەردەم
تاوێکی ناوەختی دێڕێکتا ،
بێ چەتر ..
چاوەڕێی خۆم ئەکەم بێتە خوار ..
ئەزانی چەند ساڵە ،
بە بێ خۆم ، ئەگەڕێم ؟
هەندێ جار ،
بۆ ساتێ
تارمایی خۆم دیارە و
دیار نیە ..
وەک لەتیف هەڵمەتم
بەسەردێ و ..
هەم یارە و .. یار نیە ..

دوای ئەوە تۆ بڕۆ
پێشبڕکێی شیعرەوە و
منیش
بۆ
سۆراخی پشکۆیەک
لە شارێک ژیلەمۆ

ئێستاکە سەعات بوو
بە یەک و پەنجا و نۆ
خولەکی بەیانی و
هەر ئێستایش
بو
به
دوو




سه‌رابی شه‌واره‌كان … ستار ئه‌حمه‌د

سروه‌ی ئارامی هێلانه‌ی شه‌وانی
كه‌ داده‌بڕێی له‌ رۆژانی پڕ كه‌سه‌رم
له‌ نێو دڵما كوختی خه‌مێكی كاڵ دروست ده‌كه‌یت
دێوانه‌ بۆ وته‌ی به‌ چێژی رابردووت
له‌ گۆشه‌ی هه‌ستێكی هه‌تیوا ده‌سره‌وم
بۆ سبه‌ی هه‌روه‌كو سۆفی خه‌ڵوه‌تكێش
به‌ دوای تۆ زادی توێشووی عه‌شق هه‌ڵده‌گرم
تۆ بڵێی ئه‌م خه‌مه‌ی وه‌كو با ده‌مژه‌نێ
له‌ ئاستی لاپه‌ڕه‌ی بێگه‌ردی ده‌روونما راگرم
ده‌زانم تۆش وه‌كو ئه‌م دڵه‌م بێكه‌سی
به‌بێ من ژیانت سه‌رابی ئاگره‌
كه‌واته‌ گوێ بۆ به‌سته‌ی شه‌واره‌ی نه‌گبه‌تی‌و
هاواری ته‌نهاییم راگره‌
من خه‌مم له‌ سزاش عه‌شقێكم شه‌و ئاسا
خه‌ڵوه‌تگای خواناس‌و دڵپاكی بێچاره‌م
پێمخۆشه‌ زوڵفانت
بۆ ملی ئاره‌زووم بكه‌مه‌ سێداره‌م
كه‌ی وتم له‌م كاته‌ به‌ ته‌نها بمهێڵه‌
ئافه‌رین كه‌ لانه‌ی ئارامت شێواندم
لاپه‌ڕه‌ی كه‌ساسیت به‌ عومرم ناسان
چاوێكت به‌ هه‌ڵه‌ی رۆژانتا نه‌گێڕا

ستار ئه‌حمه‌د




ئیره‌یی… بكوژی ئاوازه‌كانی به‌هه‌شت … سه‌باح ئیسماعیل

پاش ئه‌وه‌ی ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌وه‌، موزیكژه‌نی ناوداری نه‌مسایی مۆزارتی مه‌زن ده‌رمانخوارد كراوه‌ و ئه‌وی ژارخواردی كردووه‌ موزیكژه‌نی ئیتاڵی سالێریی هاوه‌ڵی بووه‌، ئه‌وه‌ بۆ پووشكینی باوكی ئه‌ده‌بی ڕووسی (1799-1837) بووه‌ هه‌وێنی نووسینی شانۆگه‌رییه‌ك به‌ ناوی مۆزارت و سالێری.
دواتر، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ میلۆش فۆرمان فیلمی ناوداری “ئه‌مادیۆس”ی به‌رهه‌م هێنا. له‌ به‌شی یه‌كه‌می شانۆنامه‌كه‌ی پووشكیندا سالێری به‌ ناڕه‌زایییه‌كی تونده‌وه‌ دژ به‌ دادپه‌روه‌ریی خودایی قسان ده‌كات، “چما بۆچی ئه‌مێك تا ڕاده‌ی مردن ئاشقی موزیك بێت و له‌ منداڵییه‌وه‌ ژیانی له‌پێناو موزیكدا ته‌رخان كردبێت، كه‌چی ئه‌م به‌هره‌یه‌ بۆ كه‌سێكی ساده‌ی شێت ده‌ڕوات”.
ئه‌وده‌می مۆزارت گه‌یشته‌ ڤیه‌ننا، جوزێفی دووه‌می ئیمپراتۆر سالێریی وه‌كو موزیكژه‌نی كۆشك هه‌ڵبژارد. سالێری وای لێهات زۆری ڕێز لێ ده‌گیرا، به‌تایبه‌ت لای ئه‌ندامانی چینی ناوه‌ند.
مۆزارتی به‌هره‌دار چه‌شنی فریشته‌ دابه‌زییه‌ سه‌ر زه‌وی، ده‌تگوت ئاوازه‌كانی له‌ به‌هه‌شته‌وه‌ هێناون. هێنده‌ی نه‌برد سالێری له‌ ترسی توانای گه‌وره‌ و له‌ ئاوه‌زبه‌ده‌ری مۆزارت تاڵاوی ده‌رده‌ئیره‌یی و به‌دگومانی ناخی ده‌كرۆژی و هه‌لا هه‌لای ده‌كات. ده‌كه‌وێته‌ دژایه‌تی كردنی مۆزارت، تاڕاده‌ی ژارخواردكردنی.
هه‌ڵبه‌ت مێژووی نووسه‌ر و ڕووناكبیران گه‌لێك شێوازی ململانێی نێوان گه‌وره‌كانی بۆ تۆمار كردووین، چونكه‌ گومڕه‌شی (غیره‌) جووڵاندوونی. به‌ شێوه‌یه‌ك هیچ بارانێك نه‌یتوانیوه‌ شوێنپێكانی له‌ ناو دڵ و ئاوه‌زی مرۆڤه‌كاندا بسڕێته‌وه‌.
ئینگلیز ده‌ڵێت: هیچ به‌دگومانییه‌ك له‌ به‌دگومانیی ئافره‌ت توندتر نییه‌، مه‌گه‌ر به‌دگومانیی نووسه‌ران له‌ یه‌كدی. مێژوو ناوی زۆری له‌م باره‌یه‌وه‌ بۆ تۆمار كردووین، وه‌ك ئیره‌یی و ناكۆكیی نێوان مه‌عه‌ڕی و شه‌ریف ڕه‌زی، موته‌نه‌بی و ئه‌بو فیراس ئه‌لحه‌مدانی، جه‌ریر و فه‌ره‌زده‌ق، له‌ مێژووی نوێشدا نێوان ئه‌حمه‌د شه‌وقی و حافز ئیبراهیم، زه‌هاوی و ڕه‌سافی، جه‌واهیری و به‌یاتی.
مه‌ی زیاده‌ی ژنه‌نووسه‌ری لبنانی، كه‌ به‌ هۆی زیره‌كییه‌كه‌یه‌وه‌ نۆ زمانی ده‌زانی، بووبووه‌ بزوێنه‌ری ئیره‌یی لای گه‌لێك نووسه‌ری ناوداری سه‌رده‌مه‌كه‌ی، وه‌ك: خه‌لیل مه‌تران، ته‌ها حوسێن، حافز ئیبراهیم، عه‌باس مه‌حمود عه‌قاد، ئه‌حمه‌د شه‌وقی، مازنی، ڕه‌یحانی و هی تریش.
تاهیر وه‌تاری سه‌ركرده‌ی بێ ڕكابه‌ری ڕۆمانی جه‌زائیریی نووسراو به‌ زمانی عه‌ره‌بی، ئیره‌یی و به‌دگومانیی به‌رابه‌ر ڕه‌شید بوچه‌دره‌ی ڕۆماننووس كه‌م نه‌بوو. ڕه‌شید بوچه‌دره‌ش هه‌مبه‌ر كه‌مال داودی ڕۆماننووس هه‌مان هه‌ست ختووكه‌ی ده‌دا.
ئه‌م ئیره‌ییبردنه‌ش مه‌رج نییه‌ هه‌ر ئیره‌ییبردن به‌ ماده‌ و دارایی بێت، ده‌شێت به‌ پێگه‌ و پایه‌ی مه‌عنه‌وی، به‌ توانا و لێهاتوویی، به‌ جوانی و شۆخی، به‌ توانای داهێنان لای كه‌سێك بێت كه‌سی ئیره‌ییبه‌ر شكی نابات.
نووسه‌ری پیرۆیی ماریۆ بارگاس یۆسا كاتێك گوتی، به‌دگومانی ئاوه‌ز ده‌شێوێنێت و ڕێگه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ژیرانه‌ نادات، باش ده‌یزانی ئیره‌یی نووسه‌ران كاریگه‌رتر و به‌ ئازارتره‌ له‌ ئیره‌یی كه‌سانی ساده‌. ئیره‌یی توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ هه‌موو شته‌كان تێكوپێك بدات، گڕیان تێ به‌ردات و بوونیان بسڕێته‌وه‌. دوورنییه‌ بگاته‌ ڕاده‌ی خۆكوشتن. وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ نێوان دوو ڕۆماننووسی هه‌ره‌ مه‌زنی ژاپۆن، یۆكیۆ میشیما و كاواباتادا ڕووی دا. ئه‌و دوو نووسه‌ره‌ بۆ پتر له‌ نیو سه‌ده‌ نامه‌یان گۆڕییه‌وه‌، نامه‌كان پڕ بوون له‌ ڕێز و خۆشه‌ویستی، تاكو كاواباتا خه‌ڵاتی نۆبڵی وه‌رگرت، ئیدی كێچ كه‌وته‌ كه‌وڵی میشیماوه‌، به‌رگه‌ی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ی هاوڕێكه‌ی نه‌گرت. ده‌موده‌ست پێوه‌ندییه‌كه‌یان ڕووی له‌ خراپی كرد. میشیما به‌هۆی ئیره‌یییه‌وه‌ نه‌یتوانی پیرۆزبایی له‌ مامۆستاكه‌ی بكات. ئه‌وه‌بوو خۆی كوشت. هه‌ر دوای دوو ساڵ له‌ خۆكوشتنی میشیما، كاواباتاش خۆی كوشت. چون كاردانه‌وه‌ی هاوه‌ڵه‌كه‌ی بێت.
نموونه‌یه‌كی به‌رچاوی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌، كاتێك ساڵی 1960 ئه‌لبێر كامۆ خه‌ڵاتی نۆبڵی پێ ده‌به‌خشرێت، ده‌چێت بۆ لای هاوسه‌ری ڕۆماننووسی گه‌وره‌ نیكۆس كازانتزاكی (1883ـ1957) له‌ یۆنان، پێیده‌ڵێت: ئه‌م خه‌ڵاته‌ شایانی كازانتزاكی بوو نه‌ك من.
به‌ هه‌مان شێوه‌ محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هابی سترانبێژ ڕقی له‌ ڕیاز سونباتی بوو، قه‌سه‌بچییش له‌ به‌لیغ حه‌مدی. هه‌ڵبه‌ت به‌ ده‌گمه‌ن ئیره‌یی و به‌دگومانی و ناكۆكیی له‌ نێوان زانایه‌ك و نووسه‌رێك، نووسه‌رێك و موزیكژه‌نێك، خۆشنووس و نیگاركێشێك، دارتاش و ئاسنگه‌رێك، بازرگانێكی ئاوریشم و بازرگانێكی كاغه‌زدا ده‌بینیت، چونكه‌ بواری كاركردنیان جیاوازه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییان دژ به‌ یه‌كتر ناوه‌ستێته‌وه‌. گۆته‌ جوانی بۆ چووه‌ ده‌ڵێت: داهێنان هه‌تاكو لێته‌وه‌ دوور نه‌بێت، ناتوانی ددانی پێدا بنێیت. هه‌موو ئه‌و داهێنه‌رانه‌ی ئیره‌یییان به‌ یه‌كدی بردووه‌، یاخود گومانڕه‌شییان به‌رابه‌ر یه‌كتر لا دروست بووه‌ نزیك بوون له‌ یه‌كتره‌وه‌. بێگومان ئه‌مه‌ش ئه‌وپه‌ڕی هه‌ژاریی ڕۆحی و هزریی كه‌سی ئیره‌ییبه‌ره‌، له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ مایه‌ی به‌دبه‌ختییه‌كی زۆر بۆی و هه‌رچییه‌ك ده‌كات ئه‌و هه‌سته‌ دژواره‌ ناهێڵێت به‌خته‌وه‌ر بێت. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زۆر كات ئیره‌ییبه‌ران كه‌سانی بێبه‌هره‌ و ته‌مبه‌ڵ و بووده‌ڵه‌ن، به‌و ئیره‌یییه‌ كوشنده‌یه‌یان، كه‌ چه‌شنی مۆرانه‌ ڕۆحیان ده‌كرۆژێت، ده‌یانه‌وێت دژایه‌تیی هه‌موو ئه‌وانه‌ بكه‌ن له‌ خۆیان به‌هره‌مه‌ندتر و به‌تواناتر و داهێنه‌رترن.
بێگومان له‌ كۆی ئه‌م ناكۆكییانه‌دا ئه‌وه‌ی بمێنێته‌وه‌ و نه‌مری به‌ده‌ستبهێنێت به‌رهه‌می باڵا و ڕه‌سه‌ن و پڕ له‌ داهێنانه‌.
هه‌موو ئه‌و ئیره‌یی و به‌دگومانی و ناكۆكییه‌ كوشندانه‌ی باسمان كردن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی مێژوو وه‌كو خۆیان دووباره‌ ببنه‌وه‌، ته‌واو له‌ ڕۆمانی ناوازه‌ی (زریاب)ی مه‌قبول ئه‌لعه‌له‌ویدا خه‌ست بوونه‌ته‌وه‌ و به‌دی ده‌كرێن.
ئیسحاق موسڵیی موزیكژه‌نی پیر دژی زریابی تازه‌لاوی به‌هره‌مه‌ند، زریابی كۆیله‌ و قوتابیی خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه‌. له‌وه‌ ده‌ترسێت زریاب شوێن و پایه‌ی وه‌ك موزیكژه‌نێك له‌ كۆشكدا له‌ق بكات و ئه‌م بكه‌وێته‌ پاش قوتابییه‌كه‌یه‌وه‌.
“- بۆچی فێڵت لێكردم؟
به‌ر له‌وه‌ی باگۆی بده‌مه‌وه‌ پێشم كه‌وت:

  • ده‌ته‌وێت شوێن و پایه‌م له‌ كۆشكی خه‌لیفه‌دا نه‌مێنێت؟ چما ده‌خوازیت شانه‌كانم بكه‌یته‌ په‌یژه‌ و به‌سه‌ریدا سه‌ركه‌ویت، تاكو به‌ مه‌رامی خۆت بگه‌یت؟
  • نا…
    وشه‌ی “نا”م به‌ ڕاستگۆیی و دڵسۆزییه‌وه‌ گوت.
    لاستیكی و درێژ بوو، زۆرێك له‌ ناڕه‌زایی تێكه‌ڵ به‌ ترسی تێدابوو، لێ ئه‌و گوێی پێ نه‌دا، به‌ڵكو به‌رده‌وام بوو له‌ ناردنی گڕه‌كانی به‌ ئاراسته‌ی من…
  • به‌ خودای ئه‌گه‌ر كوڕم بوویتایا و له‌ پشتی من بوویتایا به‌وه‌ ڕازی نه‌ده‌بووم… ئه‌گه‌ر هه‌ستی منه‌تباریی ئه‌و ساڵانه‌ی بینیتم به‌ به‌رچاومه‌وه‌ هێواش هێواش گه‌وره‌ بوویت نه‌بوایا، ئه‌وا خوێنم ده‌ڕشتی و گۆشاوگۆش سه‌رم ده‌بڕیت و چاوم نه‌ده‌ترووكاند…”
    هه‌ر هێنده‌ی ئیره‌یی ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕ، ئیدی شاردنه‌وه‌ی زه‌حمه‌ت ده‌بێت و ورده‌ ورده‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی داڕمانی ئاكاریی لای كه‌سی ئیره‌ییبه‌ر، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر جاری وا هه‌یه‌ نه‌بێته‌ هۆی ئه‌نجامدانی تاوانیش. “له‌ دوێنێوه‌ من گه‌وره‌ی تۆ نیم. ڕاست و ڕوون ده‌بم له‌گه‌ڵتدا. ئه‌ی نازانیت ئیره‌یی ده‌ردێكه‌ له‌ كۆنترین ده‌رده‌كان و له‌ هه‌موویان پتر كار له‌ ناخ ده‌كات و قووڵترین زام له‌سه‌ر دڵ جێده‌هێڵێت؟”.
    ئه‌م ڕق و كینه‌ و نه‌یاری و شه‌ڕه‌ی دژ به‌ زریابی تازه‌كار ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ داهێنان و نوێبوونه‌وه‌ بوه‌ستن، ته‌نیا كاری ئه‌وان له‌بری به‌ره‌وپێشچوون له‌ ژه‌نین و ئاواز، دژایه‌تیی یه‌كدی بكه‌ن. بۆیه‌ ئیسحاق موسڵی لای خه‌لیفه‌ هاڕوونه‌ ڕه‌شید قسه‌ی خراپ له‌سه‌ر زریابی زێده‌ به‌هره‌داری بێتاوان و بێگوناه ده‌كات، له‌ ئه‌نجامدا هه‌ر به‌ خۆی ده‌یڕه‌نجێنێت و وڵاتبه‌ده‌ری ده‌كات.
    لێ زریابی زۆرزان له‌ هونه‌ری ئه‌ته‌كێت و خواردن، زریابی بلیمه‌ت له‌ موزیك، زریابی بۆ موزیك خوڵقاو، وه‌كو هونه‌رمه‌ندێكی ڕه‌سه‌ن، هه‌موو خه‌می ئه‌و عووده‌كه‌ی و ئاوازه‌كانی بوو، كۆڵی نه‌دا و هه‌ر هێنده‌ی سه‌قامگیر بوو، ژێی پێنجه‌می بۆ عووده‌كه‌ی دانا و زمانێكی نوێی به‌ ئامێری عوود به‌خشی. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌، به‌ڵكو به‌ دامه‌زرێنه‌ری یه‌كه‌مین قوتابخانه‌ی موزیك داده‌نرێت، ئه‌وده‌می له‌ به‌غدای (یه‌كه‌مین جار دوورخراوگه‌ و دواتر نیشتمانی ئه‌ویان) دوورخسته‌وه‌، له‌ قورتوبه‌ی ئیسپانیا دایمه‌زراند. جگه‌ له‌وه‌ی ژیاری ئیسلام و ڕۆژهه‌ڵاتی گواسته‌وه‌ ئه‌نده‌لوس و له‌وێشه‌وه‌ ئه‌وروپا و جیهان.
    “هه‌ڵبه‌ت له‌ خاكی ئه‌نده‌لوس و به‌ دیاركراوی له‌ كۆشكی میردا دوور نه‌بووم له‌ ئیره‌ییبه‌رانه‌وه‌.
    ئه‌وه‌ سونه‌تی گه‌ردوونیی په‌روه‌ردگاره‌ له‌ خوڵقاندنمان.
    ته‌مام بن عه‌لقه‌مه‌ و عه‌بدولمه‌لیك بن حه‌بیب ئه‌لسه‌لمی و… و… زۆری تر، هه‌یانبوو به‌ ئاشكرا ناحه‌ز و هه‌یشبوو له‌ دڵی خۆیدا ده‌یشارده‌وه‌.
    باسی هه‌موویان ناكه‌م، به‌ڵكو ئه‌وه‌یان هه‌ڵده‌بژێرم له‌ خڕیان پتر دوژمنایه‌تیی كردم و ئیره‌یی پێ بردم. گه‌وره‌ترین ئیره‌ییبه‌ر له‌ كۆشكی میردا شاعیرێكی شكۆدار بوو هۆنراوه‌ی شیرنی ده‌گوت، نازانم چۆن شیرنی و ناسكی و ئیره‌یی و كینه‌ له‌ دڵی شاعیردا جێیان ده‌بێته‌وه‌!”
    زریابی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك كورد مێژووی ئیسلام سته‌می لێ كردووه‌، له‌ ڕێی مێژووی ڕۆژئاواوه‌ پتر ئاوڕی لێ دراوه‌ته‌وه‌ وه‌ك له‌ ڕۆژهه‌ڵات، له‌وێ ناسرا و زیاتر سوودیان له‌ ئه‌زموونه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی وه‌رگرت.
    مخابن، داهێنه‌ران له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بووبن، له‌ هه‌ر ڕۆژگارێكدا ژیابن، ئاسووده‌یییان به‌ خۆوه‌ نه‌بینیوه‌ و ئیره‌یی هاوپیشه‌كانیان هه‌مبه‌ر داهێنانه‌كانیان ئازاری داون و لێنه‌گه‌ڕاون ئاسووده‌بن. تاكو ئه‌و ڕاده‌یه‌ی هه‌ندێك جار ئیره‌یی سه‌ری داهێنه‌ری خواردووه‌ و توانا و كاراكته‌ری سه‌ركه‌وتووی تیرۆر كراوه‌ و زریاب ئاسا به‌م ڕۆژگاره‌وه‌ به‌ده‌م ئازاری پێكانی تیری ئیره‌یییه‌وه‌ تلاوه‌ته‌وه‌.

……………………………………………………

  1. مه‌قبول موسا ئه‌لعه‌له‌وی، له‌دایكبووی ساڵی 1968ـه‌. ساڵی 1992 له‌ زانكۆی ئومولقورا له‌ مه‌ككه‌ به‌كالۆریۆسی له‌ په‌روه‌رده‌ی هونه‌ریی ته‌واو كردووه‌. پاشان له‌ په‌روه‌رده‌ به‌ مامۆستای نیگاركێشی و كاری هونه‌ریی دامه‌زرا. یه‌كه‌مین ڕۆمانی ساڵی 2010 به‌ ناوی “ئاژاوه‌ی جده‌” بڵاوكرده‌وه‌، به‌و ڕۆمانه‌ ساڵی 2011 خه‌ڵاتی جیهانیی ڕۆمانی عه‌ره‌بیی به‌ده‌ستهێنا.
    ئه‌م ڕۆمانانه‌ی به‌ چاپ گه‌یاندوون: زریاب، ڕه‌وه‌نده‌ بچووكه‌كه‌، نه‌خشه‌ی شاره‌ فریوده‌ره‌كان، سه‌فه‌ربه‌لك، ساڵانی خۆشه‌ویستی و گوناه، شه‌به‌نگی حه‌لاج، گوڵه‌كانی ڤان كوخ.
    هه‌روه‌ها ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكانه‌شی بڵاوبوونه‌ته‌وه‌: خانه‌دان، كچانی دنیای خواره‌وه‌، قپتی، پیاوێكی به‌دناو.
  2. ڕۆمانی زریاب له‌ ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ڕه‌هه‌ند له‌ ئابی 2020 بڵاوبووه‌وه‌.



شەڕە وەرگێڕان … موحەممەد گەڵاڵەیی

لە کوردستان و لەماوەی کەمتر لە سێ مانگ دا، کتێبەکەی (جۆن بۆڵتن: ژووری ڕووداوەکان) ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لەلایەن سێ وەرگێڕ یان سێ گروپ لە وەرگێڕان بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە، ھەڵبەتە جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام لە رەخنەگرتنێکی بەویژدانانە بۆ ئەم پرۆسەی وەرگێڕانی یەک کتێب لەلایەن سێ دامەزراوە یان دەزگای چاپ و پەخش دەربازی نابێت.
لەسەرەتادا؛ دەمەوێت ئەوە بڵێم: ھەر کەسێک و دامەزراوەیەک ئازادە چ کارێک بکات و چۆن بیر دەکاتەوە و چ نووسینێک لە زمانەکانی تر وەردەگێڕێ..؟ بەتایبەتی لە وەرگێڕانی یەک کتێب بۆ دوو تا سێ جار لەلایەن سێ دامەزراوەی جیاوە.
بەڵام بۆ ئەم بارودۆخەی ئێمەی کورد قسەی جیاوازتری دەوێت و ھەڵیشدەگرێت لەسەری بوەستین، بۆیە ئەم زیانانەی ھەیە.
یەکەم: بەھەدەرانی کات.
دووەم: بەھەدەرانی سەرمایە(پارە).
سێیەم: بەھەدەردانی توانست و توانای وەرگێڕان.
چوارەم: ھەڵاوساندنی بازاڕ بە یەک کتێب لەلای سێ وەرگێڕی جیاواز یان سێ گروپ لە وەرگێڕانی ئازیز.
بۆیە دەکرا ئەم ھەمو توانستە بۆ کتێبی زانستی یان لێکۆڵینەوەی جددی لە زمانەکانی تر خرابایە مەیدانی کارکردنەوە، باشتر جێگەی دەگرت، وا باشترە دامەزراوەکانی چاپ و پەخشکردن پەیوەندییەکی دۆستانەیان ھەبێت، کاری جددی و ھاوبەش بکەن.
بۆ زانیاری خوێنەران؛ ھەر ئەم کتێبەی جۆن بۆڵتن لە وڵاتی لوبنان بۆ سەر زمانی عەرەبی وەرگێڕدراوە بۆ ٢٢ دەوڵەتی عەرەبی و ئەوانەی بە عەرەبی دەخوێننەوە، لەلایەن (شرکة المطبوعات للتوزیع و النشر). تا ئێستا ئەمەیە، جا دواتر نازانم چ دامەزراوەیەکی تر بۆ زمانی عەرەبی وەریدەگێڕێ، بەڵام دامەزراوەی المطبوعات لەناوی جیھانی عەرەب دا، جێگەیەکی سەنگین و دیاری ھەیە بۆ ڕووماڵکردن و بڵاوکردنەوەی کتێب لە جیھانی عەرەب دا زۆر بەھێزە، قازانجێکی زۆر دەکات.
بەڵام براینە ئەم سێ کتێبە کە بۆ زمانی کوردی کرمانجی ناوەڕاست وەرگێڕدراوە، تەنھا لە شارەکانی: ھەولێر، سلێمانی، ھەڵەبجە، کەلار، سۆران، ڕانییە و بەشێک لە بادینان دەخوێندرێتەوە، ئەگەریش ڕێگەی پێ بدرێت بۆ خۆرھەڵاتی کوردستان بنێردرێت ئەوا لە شارەکانی: مەھاباد، سنە، سەقز، مەریوان دەخوێندرێتەوە.
وا باش بو ئەم کتێبە وەرگێڕدرابا بۆ سێ دیالێکتی سەرەکی لەناو کورد دا، کە زۆرترین سوود و دەنگدانەوەی دەبو، ئەو دەزگایانەی بەم کارەش ھەستاون سوودمەندی سەرمایەی زیاتر دەبون.
یەکەم: بۆ کرمانجی ناوەڕاست.
دووەم: بۆ کرمانجی ژووروو بەپیتی لاتینی یان عەرەبی.
سێییەم: بۆ زازاکی یان لوڕی.
بەڵام گرنگە ئەمە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری بکرێتە مەرجی پێشوەختە بۆ دەزگاکانی چاپ و پەخش، کە وەرگێڕانی یەک کتێب لەلایەن چەندین دامەزراوەی چاپ و پەخش قەدەغە نییە، بەڵام ھەر یەکێکیان بۆ دیالێکتێک وەربگێڕێت و پاڵپشتی مادی و مەعنەویان بکات..
ئەمەش چەند سوودێکی ھەیە:
یەکەم: زمانی کوردی بەھێزتر دەکات و خوێنەری زیاتر دەبن.
دووەم: سەرمایە لە پارچەکانی تری کوردستان بەگەڕ دەخرێ لە ڕووی مرۆییی(وەرگێڕەکان) و ھەمیش لەڕووی ماددی و قازانج بۆ دامەزراوەکانی چاپ و پەخش زیاتر دەبێت نەک کەمتر.
سێیەم: کتێبی کوردی بەو واقیعەی ھەیە کە بەسەر کوردستان دا فەرزکراوە، خوێنەری زۆر کەمە، بەڵام ئەگەر کتێبێک بەسێ دیالێکت بێت یان وەربگێڕدرێت خوێنەری زیاتر دەبێت.
چوارەم: کتێبی کوردی لە قەیرانی کەمی خوێنەر رزگاری دەبێت.
پێنجەم: ئێمە میللەتێکی پەنچا ملیۆنین، توخوا شەرم نییە، تیراژی کتێبەکانمان ٥٠٠-١٠٠٠ دانە بێت، ئەویش ھەمو نافرۆشێت و وەرگێڕ و نووسەرەکانمان لە ھەژارترین نووسەران و وەرگێڕەکانی دونیان. لەبەرئەوەی کتێب لەھەر پارچەیەکی کوردستان بە یەک دیالێکت چاپ و بڵاودەکرێتەوە.
ئەگەر بۆ سێ دیالێکتی سەرەکی بێت بازاڕگەرێکی باشی ھەبێت، نوسەر و وەرگێڕەکان باشتر داھێنان دەکەن و سەرمایەکی باشیان دەبێت، ژیانێکی شایستەیان دەبێت.
لەکۆتایشدا من لەم شەڕی وەرگێڕانە زەرەرمەندبوم، ئەو کتێبەی کە لە شاری سلێمانی چاپ کرا، لەڕووی چاپ و کوالێتی کە بەرھەمی خۆماڵییە زۆر چاک و نایابە دەستخۆشی لەخاوەنی چاپخانەکە دەکەم، بەڵام زمانی وەرگێڕان و دارشتنەوەی لە ڕووی زمانەوانی زۆر رەکیک و خراپە، بەداخەوە کەوەک سەبقی تەرجەمەکردن ھەڵڵایەکی گەورەی نایەوە، پاش ئەوەی دوو بەشم لێی خوێندەوە کتێبەکەم بەلاوە نا و لێیگەڕام، چونکە بەڕاستی خوڵقی خوێندنەوەی تێکدام..!
منیش ١٠،٠٠٠ ھەزارەکەم لێ ڕۆیشت..! نازانم قانونێک ھەیە بۆ پارێزگاریکردن لە مافی خوێنەر وەک قانونەکانی مافی بەکاربەر و نەخۆش..
بەخوای گەورەتان دەسپێرم و بەھیوای کاری ناوازەتر.




ئەردۆغان تاوانبار دەکرێت بە کوشتنی ئەفسەرێکی باڵای تورکیا !… ڕاستی ڕەسوڵ

ئەفسەرێکی خانەنشینکراوی تورک بەشێوەیەکی گوماناوی دەنێرێتە لیبیا، هەر لەوێش دەکوژرێت، بەڵام حکومەتی تورکیا و دەزگای هەواڵگریەکەی – میت – نایانەوێت کوژرانەکەی ئاشکرا بکەن، کەچی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوسی بوێری تورکیا ئەمە ئاشکرا دەکەن، و وێنە و ناسنامەی ئەم ئەفسەرە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو دەکەنەوە، حکومەت و ئەردۆغانیش بە ئەنقەست بەکوشتدانی ئەم ئەفسەرە تاوانبار دەکەن، چونکە ئەم ئەفسەرە باڵایەی تورکیا ئاگاداری سەرلەبەری پەیوەندی نێوان ئەردۆغان و گروپە تیڕۆریستیەکانی وەکو داعش و گروپە جیهادیەکان بووە، زۆر دژایەی ئەم کارەی کردووە، و بەکارێکی هەڵەی زانیوە، ئیتر بۆیە دەزگای هەواڵگری و ئەردۆغان ناردوویانەتە لیبیا، و لەوێ کوژراوە، تاکو ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم پەیوەندیە ئاشکرا نەکات . ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕاگەیاندکار و ڕۆژنامەوانان لە تورکیا ڕووبەڕووی گرتن و ئەشکەنجەدان دەبنەوە، ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری لەم ووڵاتەدا کەوتۆتە ژێر فشارێکی زۆرەوە، تازەترین سزا کە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنوسان بۆتەوە، دزەپێکردنی کوشتنی ئەو ئەفسەرە خانەنشینکراوە باڵایەی تورکیایە لە لیبیا، کە دەزگای هەواڵگری تورکی – میت – نەیدەویست کوژرانی ئەم ئەفسەر ڕابگەیەنێت و دەیشاردەدوە، هەر لەبەر ئەمە هەواڵگری تورکی پێی وایە ئەم بەڵگانەی ئەو ڕۆژنامەنوسانە بڵاویان کردۆتەوە مەترسی دروست دەکەن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکی. داواکاری گشتی تورکیا داوا دەکات سزای ٨ ساڵ بۆ ١٩ ساڵ بەسەر ٧ ڕۆژنامەنوس و کارمەندێکی شارەوانی – مانیسا – کە تاوانبار کراون بەم دزەپێکردنی زانیاریە، بسەپێنرێت. ڕۆژنامەنوسەکان بریتین لە :- هۆلیا کلینیت، باریش بەهلیڤان، مورات ئەگیرەڵ، باریش تێرک ئۆغلۆ، ئایدن کەیسیر، فەرحات جیلیک، ئێرک ئەکاریر، هەروەها کارمەندی شارەوانی ئیرین ئەکنجی. شایانی باسە سوپای تورکیا و حکومەتەکەی کوژرانی عەمیدی خانەنشینکراوی تورکی – ئۆکان ئەڵتینای – کە خەڵکی هەرێمی ڕۆژئاوای تورکیا – مانیسا – یە دەشاردەوە، و ئم ئەفسەرە خانەنشیکراوە کەمتر لە ساڵێکە بەشێوەیەکی کتوپڕ بانگ کراوەتەوە بۆ خزمەتی سەربازی، و نێردراوە بۆ هاوکاری حکومەتی – سەڕاج – لە لیبیا، بەگوێرەی سایتی – نۆردیک مۆنیتەر – ی سویدی تورکیا بۆیە ئەم ئەفسەرە باڵایەی بانهێشت کردۆتەوە تاکو لە پڕۆسەیەکی پیلان بۆ داڕێژراو لەناو ببرێت، چونکە ئەم ئەفسەرە ئاگاداری هەموو نهێنیەکانی حکومەتی تورکیا بووە لەگەڵ گروپە جیهادی و تیرۆریستیەکان بە تایبەتی داعش، بەگوێرەی ئەو سایتە ئەم ئەفسەرە ناکۆکیەکی زۆری لەگەڵ دەزگای هەواڵگری تورکی هەبووە لە دژی گروپە تیرۆریستیەکان. ئەم ئەفسەرە لەناو کەشتی گواستنەوەی چەکی تورکی بۆ لیبیا لەگەڵ دوو سەرباز تر کوژراوە، لە بەندەری – تەڕابلوس – ی لیبی، بە هۆی پێکدادانی نێوان هێزەکانی خەلیفە – حەفتەر – لەگەڵ سوپای – سەڕاج – کە تورکیا پشتیوانی دەکات. ئەوەی گومانی کوشتنەکەی زیاتر کردووە ئەوەیە ئەم ئەفسەرە باڵایەی دەزگای هەواڵگری تورکی خانەنشین کراوە، و دواتر بانگ کراوەتەوە، هەروەها گومانەکەی تر ئەوەیە کە بۆچی لەسەر هەواڵی کوشتنی ئەم ئەفسەرە بۆ ئەو هەموو ڕۆژنامەنوسانە دادگایی دەکرێن ؟؟؟




گلێنە وەریوەکانی ئەستێرەکان … کاوە عوسمان عومەر

گلێنە وەریوەکانی ئەستێرەکان
لە گۆمی مەنگی خەوێک، مەلێک..
لە ژێر ئەستێرە ڕژانا، گەڕیدەیەک..
دوو کاغەزی نەنوسراوی…
نێو باهۆزی سەفەرە ،،،
لە نێوان ڕێگای هات و
نەهاتا،،،
یادی تنۆکە وشەکان،،،
پەیڤی گوڵە هەڵالەیەک…
بۆ پەپولەیەکی سەرهەڵگرتوو،،
وەک بەلەمی تەرەی ئۆقیانووس، لەدەست ئەچن،،
غوربەتە، ناهێڵی…
پیاوێک لە سەراب،،
لە پنتی ڕێی ڕۆژێکا ئۆقرە گرێ
………………………………
دڵ ژێی چڕاوی گیتاری پایزە،،،
ئەفسووس ، مرواریە درەوشاوەکانی…
چاوی ئەو، تاڤگەی ڵێڵ بووی…
کات بردنی،،،
خوڕەی جێ،
کە بیر لە تولەڕێی خەیاڵا کەنەفتە،،،
کە شوێنەکانیش…
سەری خۆیان هەڵئەگرن،،
پەنجەکانی کاتە، لەسەر تەمی پەنجەرەیەک…
باوەشی بۆ هاتنی ئافرەتێک،،
لە کانی هەڵقوڵاو ،،
بە جوانی و سیحری هەردە جاران ،
گەڕاوەیەک لە سەراب و زوقم،،
سەرسام بە نەمانی دارستانە…
ئەرخەوانی و پەمەیەکانی دوێنێکانی شار، ،،
تریفەی مانگ، لە نیوە شەوێکی سەر تەماوی ..
وون، داسی تەنیایی، شەنی..
هەنگاوە کانی هێدی هێدی..
کرد، تاگەیشتەوە بەردەم دەرگای..
بە ئازاری …
ئەبەدی شیعر.

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
(Dorothe – DarkmoonArt_De )
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




ڕۆمانی بەڕێگاوە نووسینی دڵشاد کاوانی ئێستا لەم ناونیشانانە دەست دەکەوێت

ھەولێر
كوشكى ميديا (بهجت) بةرامبةر داون تاون
کۆشکی جێگر بەرامبەر داون تاون
كوشكى باغى شار پارکی شار تەنیشت
سەعاتە گەورەکەی ناو بازاڕ
كوشكى سيروان تةنيش جاخانةى مجكو
کۆشکی هەولێر (عبدالكريم) کۆتری سلام
کتێبخانەی دیدار بازاڕی ڕۆشنبیری
کتێبخانەی سۆران بازاڕی ڕۆشنبیری
کتێبخانەی کاک شێخ پشت پارێزگا
کتێبخانەی ئەمازۆن رێگای کەرکوک
کتێبخانەی محوی بازاڕی ڕۆشنبیری
کتێبخانەی هەڤاڵ بووک بەرامبەر سوپەر مارکێتی ئایە نێوان 60 مەتری 40 م
دەرەوی شار

قەزا وناحیەکانی هەولێر..
پەڕاوگەی دیاری لە شەقڵاوە
كتيبخانەى هاوژين لە هرير
كتيبخانةى مێخەک لة سۆران
كتيبخانةى شيركو لة رواندوز

ناوەندی سلێمانی..

‎کتێبخانەی سلێمانی سەروو چاخانەی شەعب
کتێبخانەی ڕەھەند جادەی مەولەوی
کۆشکی سەرا بەردەرکی سەرا
کتێبفرۆشی کۆژین بەردەرکی سەرا
‎کۆشکی ڕێبین بەردەرکی سەرا
‎کۆشکی مەلا محسین تەنیشت ڕەشە مۆڵ
کۆشکی سەرچنار ناو بازاڕی سەرچنار
کتێبخانەی ڕۆمان تەلاری سیروانی نوێ
کتێبخانەی وشە جادەی مەولەوی

قەزاو ناحیەکانی سلێمانی …

‎ڕانیە – کتێبخانەی ئەحمەد کۆیی
‎قەڵادزێ – کتێبخانەی ژین
‎چوارقوڕنە- کتێبخانەی ڕەھەند
‎کۆیە- کتێبخانەی ھەژار
‎کۆیە – کتێبخانەی دیاری
‎چەمچەماڵ – چاپەمەنی و پەڕاوگەی تنۆک
‎دەربەندیخان- کتێبخانەی ڕەسەن
‎کەلار – کتێبخانەی شێروانە
‎کەلار – کتێبخانەی شار
‎پارێزگای ھەڵەبجە
‎ھەڵەبجەی شەھید – کتێبخانەی ھەژار موکریانی
‎ھەڵەبجەی شەھید – پەراوگەی شادی
‎سەید صادق – کتێبخای بێخود

‎کەرکوک…

‎ناوەندی ڕۆشنبیری و ھونەری دیالۆگ جادەی کۆماری

دهۆک …

کتێبخانەی نۆرسین

گەیاندن هەیە بۆ هەو لێر و ناو شاری سلێمانی.




خوان و سفره‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی و هاتنی كازمی … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ جیهانی ئه‌مرۆدا خه‌ڵك به‌ دوای زانست و ته‌كنولۆجیا ده‌گه‌رێت وهه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ چاره‌یه‌ك بۆ پرس و گرفته‌كانی رۆژو هاوڵاتیانی باشوری كوردستان به‌ دوای دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رییه‌ك ده‌گه‌رێن بۆ پاراستنی ژینكه‌ی كوردستان و بارودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و دۆزینه‌وه‌ی چارسه‌ری گونجاو بۆ نه‌هێشتنی برسێتی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌ دزی و گه‌نده‌ڵییه‌ك له‌ هه‌موو بواره‌كانی داموده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكومه‌ت.
چه‌ندین جاره‌ هوشیارزێباری ئه‌ندامی مه‌كتبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان باس له‌ تام و خۆشی و ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی خوان و سفره‌ی نێچیرڤان بارزانیه‌و ئاواته‌خوازه‌ هه‌موو جارێك له‌و تام وخۆشییه‌ بێ به‌ش نه‌كرێت و، هه‌روا شاهو ئه‌مین بێژه‌ری ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی به‌ناو روداو به‌ ده‌نگێكی زۆر به‌رز باس له‌و نازو نیعمه‌ته‌و خوان و سفره‌ی رازاوه‌ی نێچیرڤان بارزانی ده‌كات.
له‌ ئایاری ساڵی 2003 من و دوو هاورێم { عه‌دنان ئه‌حمه‌دو فه‌رهاد فرانك} له‌ كافتریاكه‌ی كاك عابدین له‌ شاره‌كه‌مان دانیشتبووین و، له‌ پر كاك فه‌رهاد پرسیاری كردو وتی : ئایا ئه‌و ژنه‌ كه‌ جانتایه‌كی به‌ پشتی به‌ستووه‌ ده‌ناسن؟ وتمان به‌ڵێ ئه‌وه‌ ئه‌نا لینده‌ وه‌زیری ده‌ره‌وی سویده، { ته‌نها خۆی بوو به‌بێ پاسه‌وان ‌و حمایه‌} چوو په‌رداخێك قاوه‌و پارچه‌ كێكێكی بچكۆله‌ی ‌ كری ‌وله‌ نزیكمانه‌وه‌ دانیشتوو له‌ پاش پشوودانێكی كورت هه‌ڵساو وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی حزبی سۆشیال دیموكرات به‌شداریكرد له‌ ئاهه‌نگی رۆژی كرێكارانی جیهان و وتارێكی بۆ جه‌ماوه‌ره‌ فراوانه‌كه‌ی حزبی سۆسیال دیموكراته‌كان و چه‌په‌كان پێشكه‌ش كردوو، له‌ كۆتاییدا روویكرده‌ ویستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌رو وه‌ك چۆن به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر هات به‌و شێوه‌یه‌ش گه‌رایه‌وه‌و، ( جێیداخه‌‌ له‌ سێپته‌مبه‌ری هه‌مان ساڵ له‌لایه‌ن ده‌ستێكی چه‌په‌ڵه‌وه‌ ئه‌و ژنه‌ تێكۆشه‌را تیرۆر كرا).
دیاره‌ خوان و سفره‌ی نێچیرڤان بارزانی خۆشه و ئه‌ی بۆنا ؟‌ : هه‌نگوینی ره‌سه‌نی خۆماڵی و ماست وپه‌نیرو گوێزو و هه‌موو شیره‌مه‌نییه‌كانی ئاڵتون سای توركی ونانی گه‌رم و شتی تریش مه‌گه‌ر ته‌نها هوشیارو شاهو بزانن ئه‌و شتانه‌ چۆن ئاماده‌ ده‌كرێن و كێ ئاماده‌یان ده‌كات.
له‌ سایه‌ی نێچیرڤان بارزانی و حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سروری ئامۆزای و چاكوازییه‌كه‌ی خه‌ڵك توشی هه‌ژاری و برسێتی بووه‌ته‌وه‌و رۆژ له‌ دوای رۆژ هه‌رێمی كوردستان روو له‌ خراپه‌ ده‌كات و دوور نییه‌ به‌ هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ و دزێنی ماڵ و سامان و قوتی خه‌ڵك و یارمه‌تی ده‌ستی ده‌ره‌كی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو ببه‌ن.
هاتنی مسته‌فا كازمی بۆ نانخواردن و خوان و سفره‌ی رازاوه‌ نییه‌ به‌ڵكو بۆ جو‌ڵاندنی دوسیه‌ شاراوه‌كانی نه‌وت و غازو و ده‌ستدرێژی توركیاو ئێرانه‌ له‌ گه‌ڵ پرسی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و دزیی و قاچاغچێتی و فرۆكه‌خانه‌كان و گواستنه‌وه‌ی شتومه‌كی به‌رپرسانی باڵاو، باسكردنی موجه‌ی فه‌رمانبه‌رو مامۆستایان و دانانی هیڵی سوور بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی یارمه‌تی ده‌ستی ده‌ركی ده‌ده‌ن بۆ داگیركردنی خاكی كوردستان كه سه‌رجه‌م به‌رپرسان كه‌ تا دوێنی به‌ عێراقیان ده‌وت دراوسێ ، له‌مرۆدا ده‌ڵێن كوردستان به‌شێكه‌ له‌ عیراق و شانازی به‌ عێراقی بوونی خۆمان ده‌كه‌ێن و، لیره‌وه‌ موزایه‌ده‌ی حزبی گۆتایی پێدێت و حزبی گه‌وره‌ رؤڵی ده‌مرێت و، ئه‌م هاتنه‌ی كازمییه‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كه‌ خۆیان له‌ ترسی كۆرۆنا حه‌شاردابوو ناچاركرد بجوڵێن و، كازمی له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق توانی سه‌ردانی دهوك و هه‌ولێرو سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و و زاخۆ وباشماخ بكات به‌ڵام به‌رپرسانی هه‌رێم وحكومه‌ت نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ن.
خه‌ڵك داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن و موچه‌كانیان ده‌برن و، ئێوه‌ش به‌ خوان و سفره‌و ته‌لاری مێرگه‌پان سه‌رقاڵن !.
ده‌رباره‌ی شاند ناردن و رێكه‌وتن له‌ نێوان هه‌رێم و عێراقبێسووده‌ چونكه‌ هه‌رێم به‌بێ ره‌زامه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان وحكومه‌تی ناوه‌ندی نه‌وتی بۆ ماوه‌ی ــ 50 ــ ساڵ داوه‌ به‌ توركیاو، له‌ ماوه‌ی هه‌شت نۆ ساڵه‌ شاند ناردنه‌و به‌بێ ئه‌نجام و شتی زه‌ق درۆێ به‌رپرسانه‌ ، تا ئیوه‌ حكومه‌ت و هه‌رێم به‌رێوه‌ ببه‌ن خه‌ڵك هه‌ست به‌ ئاسووده‌ی ناكات.
11/9/2020




سیحر و غەفڵەتی ئەم پرسیارە هەمیشەییە( بە دییلی سیاسیی چییە؟)… لاوان ع عەلیی – کامیار سابیر

گوتارێک بەڕێوەیە کە هەموو سسیستەمی سیاسیی و کەینونەی ئەم چەتەگەرییە میلیشیایی و ئابوورییەی ناو نراوە قەوارەی هەرێمی کوردستانی عێراق، رەت دەکاتەوە و مێژووی صەد ساڵی ئەو میکانیزمانەی ناسیۆنالیزمی کوردیی لە لکاندنی کوردستانی جنوبیی بە عێراقەوە، قودسییەتیان داوە بە مەسەلە نەتەوەیی، نەژادیی و ناوچەییەکان( کوردستانی عێراق)، سەرلەبەر، لە زبڵدان دەنێتەوە و بەبەرچاوڕۆشنییەوە، بێ ترس لە تەخویینی پرۆکسییە ئیقلیمییەکانی کوردایەتیی، بە ئاشکرا دەڵێت، سیی ساڵ لە تەجروبەی بکوژیی و ببڕیی، دزیی و تاڵانیی، چەتەگەریی و بەبنەماڵییکردنی دەسەڵات( بە ئۆپۆزیسیۆنە ساختەچییەکەیشەوە)، بەسە و دەبێ رێگەیەکی تر، بەدییلێکی تر و هەنگاوێکی عەقڵانیی بنرێ و ئەم مێژووە پڕ لە پرۆکسییە ئیقلیمییە لە شێخ مەحمودەوە، بۆ بارزانیی کوڕ و کوڕەزا و کوڕەزازا، بە تێپەڕیین بە مێژووی تاڵەبانیی و ئۆپۆزیسۆنەکەی باوکی هەژارانیشدا،، دەبێ لە گۆڕ بنرێ و وەکو عارێکی سیاسیی و عارێکی ئەخلاقییش، سەیری ئەو هەموو فەشەلانە بکرێ.

ئەوە صەد دانە ساڵە، عێراقی نوێ لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، بە بڕیاری هێزە جیهانییە باڵادەستەکانی ئەو سەردەمە دروست بووە. بەشێک لەو کوردستانەی لە ناو ویلایەتی موصڵدا، لەژێر قەڵەمڕەویی عوثمانییەکاندا بوو، لێکنرا بەم عێراقەوە. ئەم لکاندنە، بەدەر لە توانا و ئیرادەی گەلانی ناوچەکە و کوردیش بوو، بەڵام ئەمە حەقیقەتی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هەژموونی عەسکەرتارییەت و دیپلۆماسییەتی هێزە باڵادەستەکانی ئەو سەردەمە و ئێستایشە.
فەشەلی تەقوتۆقەکەی شێخ مەحمودە کە نەیتوانی ناوچەکانی سلێمانییش تێپەڕێنێت و نوخبە بە شەهمەکانی ئەو سەردەمە لە چەشنی پییرەمێرد، دژایەتییان دەکرد و بۆچوونە ئاغاواتیی و وابەستییەکانی بە پاشماوەی عوثمانییەکان و تورکیای نوێوە، شەرمەزار دەکرد، رێک بە پێچەوانەی ئێستاوە، زۆرتریین نوخبە موهەڕیج و موثەقەفە فیکر بەتاڵەکانی کورد، دوای عەمالەتە ئیقلیمییەکەی ریفراندۆم و توڕەهاتی دەوڵەتی کوردیی، کەوتن.
دەی ئەگەر کوردەکانی عێراق، ئەوانەی لە کوردستانی جنوبیی ئەو سەردەمەدا، بەر عێراقی تازە دروستکراوی ئەو سەردەمە کەوتن، بە تایبەتیی، هەندێ ناوچەی سلێمانیی، لەبری ئەو هەموو تەمەڕودە پرۆکسییانە، بەشدارییان لە بنیاتنانی عێراقدا بکردایە، نە بریتانیا ئەوەندە دڵێ عوروبییە سونییەکان و ساطیع ئەلحوصرییە شوڤینییەکانی دەدایەوە، نە ئەوەندەیش ناسیۆنالیزمی عێراقیی( باڵە عوروبیی و ناصریی و قەومییەکان)، لەسەردەمی کۆمارییەکانەوە، بە تایبەتییش لەسەردەمی وەحشییەتی صەدام حوسێندا، عێراقیان بەرەو هەڵدێر دەبرد و ئەوەندە کوردستانیشیان، وێران نەدەکرد؟
مەگەر تەمەڕودە ئیقلیمییەکەی ئەیلول، باشتریین کارتی سیاسیی نەبوو بۆ ئەوەی قەومچییە عوروبییەکان و بە تایبەتییش حەرەس قەومییەکان و بەعثییەکان، دەست واڵا بکەن کە تا رادەی فاشیزم، دوژمنایەتی گەلی کورد، بکەن؟ مەعلومە بۆ گەلی کورد لە کوردستانی عێراق، نە بوعدە پانکوردییەکە و نە کوردایەتییە طائیفییە-سوننییە-مورتەزیقەییەکەی ئێستا، بەدەرد دەخوات، چارەسەری عەقڵانیی و واقیعیی ئەوەیە کە هەموو کوردێکی کوردستانی عێراق، پێمانخۆش بێت یان نا، عێراقیین، کەسێک لە دونیای شیعریی و فەنتازیای قەومیی و نەژادیی و طائیفییدا، خۆی پێ عێراقیی نییە، ئەوە با صەد ساڵی تریش دوای خورافاتەکانی شێخ مەحمود و مەلا موصطەفا و شۆڕشی نوێ و گوڵان و باوکی هەژاران…تاد بکەوێت.

بەدییلەکە زۆر روونە و هەموو عوقدە نەتەوەیی و نەژادییەکان، تاقیکرانەوە، صەد ساڵ لە فەشەلی حەرەکەی قەومیی کورد، لە فەشەلی حەرەکەی قەومیی عوروبیی، فەشەلی شیوعییەت و چەپە جۆراوجۆرەکان، فەشەلی ئیسلامی سیاسیی بە گشتیی و فاشیزمە ئیخوانییەکە بە تایبەتیی، ئەوە ١٧ ساڵیشە، طائیفییەت لە عێراقدا و حوکمی بنەماڵە شێخنشیینەکانی کوردایەتییش( ٢٩ ساڵە) لە هەرێم، فەشەل لەسەر فەشەل، رۆ دەنێن. بەدییل، بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عێراقە، دەوڵەتی هاونیشتمانیی( المواطنة)، دەوڵەتی پێکەوەژیان، دوور لە ئەجێندای قەومیی عوروبیی، طائیفییەت بۆ وڵاتانی ئیقلیمیی و حەرەکەی مورتەزیقەی کوردیی و تورکمانیی-ئیقلیمییە.

راستە، عێراقیش وێران بووە، گەندەڵیی دایڕزاندووە، طائیفییەت و قەومییەت، دوو سەرەطانی سەرەکیین، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ، شەرعییەتێکی نێودەوڵەتیی صەد ساڵەی هەیە و لە توانای خورافاتی نەژادیی و خوزیعبەلاتی قەومیی و طائیفییدا نییە کە کۆمەڵێ مورتەزیقەی ئیقلیمیی، ئایدیالییانە دەیانەوێ هەڵیبوەشێننەوە یان بە ئەجێندای ئیقلیمیی، بیانەوێ کۆنترۆڵی بکەن. بەدییلی واقیعیی ئەوەیە کە سلێمانیی و هەولێر و دهۆک، وەکو بەصرە و ناصرییە، وەکو ئەنبار و بەغداد، وەکو موصڵ و نەجەف، بە واقیعیی و بە فیعلیی، دەبێت بەشێک لە عێراق، بن.

ھەرچۆن گەنج و لاوی شارەکانی خواروو، فوراتی ناوەراست بەتایبەت کە زۆریینەی دانیشتووانەکەی شیعە-مەذھەبن، دوای ١٧ ساڵ ھاتنە سەر ئەوەی کە ھەموو پێکەوە، بە تەبەعیەت و کلکایەتیی ئەو چیینە سیاسییە موعتاد و مشەخۆرە بۆ وڵاتانی جیھانیی و ئیقلیمیی ‘ بەتایبەتییش ئێران، رازیی نەبن و دروشمە طائیفییەکانیش وەلابنێن، لەجێی ئەوانە، بە یەکدەست و یەکدەنگ داوای زییندووکردنەوەی ناسنامەی نیشتمانیی و عێراقییبوون بکەن و ناسنامەی عێراقییبوون، لەژێر داروپەردووی ھەزار و یەک ناسنامەی تری عیرقیی، مەذھەبیی، قەومیی و مەناطیقییدا بهێننەوە سەرەوە، چونکە درکیان بەوە کرد کە ئەم ھەموو ناسنامە جۆراوجۆرانە، بریینەکان قووڵتر و قووڵتر دەکەنەوە و سارێژی ناکەن. گەلی کوردیش، پێویستەکۆنتێکستی نیشتمانیی عێراق، تەبەنیی بکات لەگەڵ دانیشتووانی شارەکانی تر و پێکھاتەکانی تری عێراق، جەخت لەسەر کۆلکەھاوبەشەکان بکەینەوە نەک خاڵە جیاوازەکان! نیشتمانیی لێرەدا نابێ بوعدی نەتەوەیی و نەژادیی( بۆ کورد) هەبێت، دەبێت بوعدی عێراقیی و وەطەنییبوونی لە ئاستی عێراقدا هەبێت.

با بە خورافە و خوزیعبەلاتی ئەوانە نەخەڵەتێین کە لە سۆنگەی مەفتونبوونیانەوە بۆ خەلیفە ئەردۆغان « لە قەومیی، نەژادیی، چەپ و ئیخوانیی»ەکان، ئەوانەی ئێستاش و ئەوساش بە فووکردن بە زووڕنای دەوڵەتی کوردیی، خەڵکیان تەفرە دەدا، ئەوانەی کە تف لە عێراق دەکەن و ھیوا دەخوازن، ببێت بە صەد پارچەوە و هەر رۆژەی قەصابخانەیەک تێیدا روو بدات، ئەوانەی کە پێیان عەیب نییە و بەردەوامیش تەبریکی ئەو کوردانەی تورکیا دەکەن کە خۆیان پێ ھاوڵاتییەکی تورکیایە، بەڵام ھەرکەسێک لە کوردی عێراق خۆی پێ عێراقیی بێت،تەخویینی دەکەن. ئەوانەی کە تێیاندایە لە ھەندەران ماستەر و دۆکترایان لە فەلسەفەی سیاسیی و پێوەندیی نێودەوڵەتییدا خوێندووە، کەچیی نابیینن دەوڵەتی تورکیا لەسەر ئەساسێکی عیرقیی بنیات نراوە وێرای بوونی چەندیین نەژاد و نەتەوە و ئایینی جیاواز، بەڵام بەناوی عیرقی گەورە و ژمارە یەکەوە ناونراوە، کەچیی بە ئایدیۆلۆژیایەکی نەژادیی و طائیفییەوەە، تف و لەعنەت لە عێراق دەکەن چونکە پڕە لە نیزاعی عیرقیی و طائیفیی و قەومیی!

عێراق، لە ئەساسەوە، بەر نەشتەری عەمالەتێکی ئیقلیمیی و دەستێوەردانی تورکیا کەوت لە رێگەی شێخ مەحمودەوە، دواتر حەرەکەی شیوعیی و فاشیزمی عوروبیی، ئەوەندەی تر عێراقیان داڕزاند، لە شەستەکانیشەوە تا ئێستا، پیشەی رەسمیی کوردایەتیی، عەمالەتی ئیقلیمییە بۆ ئێران و تورکیا، عێراقییەکان، بە کورد و عەرەبەوە، بە شیعە و سوننەوە، بەهەموو نەتەوە و نەژاد و دیین و ئایینزاکانی ترەوە، هیچ چارەیەکیان نییە، جگە لەوەی لە چوارچێوەی عێراقێکی دێمۆکراتیی، عێراقی هاووڵاتیی و پێکەوەژیان، بە یەکەوە بژیەن. بەدییلی سیاسیی بۆ کورد، ئەوەیە واز لە کوردایەتیی( عەمالەتی ئیقلیمیی) بهێنرێت و بەغداد، وەکو عومقی ستراتیژیی سەیر بکرێ و بە پایتەختی خۆمانی بزانین و شانازیی بە عێراقییبوونمانەوە بکەین، نەک شانازیی بە پڕ لە ریسوایی عەمالەتی ئیقلیمیی بۆ ئێران، تورکیا و وڵاتانی تر بکەین.




كوژه‌ر له‌نێوان فه‌لسه‌فه‌و سینۆگرافیادا… حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

هه‌موو پێكهاته‌و ره‌گه‌زه‌كانی شانۆ له‌پێناو به‌رجه‌سته‌ كردنی ئامانج و فه‌لسه‌فه‌ی نمایش دروست بوونه‌، بۆیه‌ هه‌ركات نمایش ئه‌و ئامانجه‌ی له‌ده‌ست دا كه‌ ده‌بێته‌ كرۆكی نمایش، ئه‌وه‌ هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ به‌شیَِوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌می ده‌ڕوخێن ..
من ناڵێم ئومێد كه‌مال ـ ی ده‌رهێنه‌ر له‌شانۆیی (كوژه‌ر) ئه‌و توخمه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌ی شانۆی له‌ ده‌ست داوه‌، به‌ڵام به‌لای منه‌وه‌، به‌ئاراسته‌یه‌كی دروست به‌كاری نه‌هێناوه‌ كه‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ بپێكێنی، ئه‌ویش ئه‌و دڵ ره‌قی و سوكایه‌تیه‌ پێ‌ كردنه‌ی پیاوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌ت، یان گه‌مه‌ی ئه‌هریمه‌نانه‌ی پیاو بۆ فریودانی ئافره‌تو له‌خشته‌ بردنی، تا ئه‌و شوێنه‌ی ئافره‌ت تێیدا ده‌بێته‌ قوربانییه‌كی نرخ هه‌رزان له‌كۆمه‌ڵگادا .
ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌شانۆدا ئافره‌تمان وه‌ك كائینێكی ناهوشیارو ساده‌و ساكارو ساویلكه‌ نیشاندا كه‌ به‌ئاسانی بكه‌وێته‌ داوی پیاوی بازرگان به‌خۆشه‌ویستی و به‌شه‌ره‌ف و ئینسانیه‌تی ئافره‌ت، ئه‌وه‌ به‌مانا ئێمه‌ ده‌چینه‌ پاڵ كۆمه‌لًِگایێكی سته‌مكار له‌دیدو پێوه‌ر و بۆچووندا، كه‌ ئافره‌ت به‌كائینێكی كه‌م ئه‌قڵ و لاوازو بێ‌ ده‌سه‌ڵات له‌قه‌ڵه‌م بدات، به‌ڵام خۆ وه‌زیفه‌ی ئێمه‌ له‌شانۆدا پشت راست كردنه‌وه‌ی ئه‌و هاوكێشه‌ چه‌وته‌ نیه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ئافره‌ت، به‌ڵكو ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ نالۆژیكیه‌یه‌، به‌و ئامرازانه‌ی له‌شانۆدا به‌رده‌ستن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌كاراكته‌ره‌ كچه‌كه‌ی ( بكوژدا) بینیمان هه‌مان ئه‌و لۆژیكه‌ سه‌ره‌و ژێره‌ی كۆمه‌ڵگایه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌شانۆدا چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ین .
هه‌رچه‌ند له‌كۆتایی نمایشدا ده‌رهێنه‌ر هه‌وڵًی ئه‌وه‌ی دا كچه‌كه‌ به‌ئاگا بێنێته‌وه‌ و یاخی بێت و نه‌چێته‌ ژێر باڵی هه‌ڕه‌شه‌و ویسته‌ ئه‌هریمه‌نیه‌كانی پیاو بۆ بازرگانی كردن به‌شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی وێڕای هه‌موو مه‌ترسیه‌كان، به‌ڵام دوای چی؟ دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و ساویلكه‌یی و كه‌م ئه‌قلیه‌ی كچه‌كه‌ی گه‌یانده‌ كه‌ناره‌كانی كۆتایی و رووتكردنه‌وه‌ی له‌هه‌موو ئه‌و پیرۆزییانه‌ی هه‌یبوو،
پاشان رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی كچه‌ غه‌در لێكراوه‌كه‌ له‌گه‌ڵ پیاوێك كه‌ چاره‌نووسی ره‌ش كردو گه‌یاندی به‌وئه‌و كۆتاییه‌ تاڵه‌، رووبه‌رووبوونه‌وه‌یه‌كی بوێرانه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو راده‌ست بوون بوون بوو به‌ناكامی، كه‌ تێدا جگه‌ له‌فرمێسك و گریان نه‌بێت، نه‌یتوانی هه‌لوێستێك نیشان بدات كه‌ ئه‌و كاراكته‌ره‌ له‌و لاوازی و نه‌هامه‌تیه‌ رزگار بكات.
من نازانم ده‌رهێنه‌ر بۆ ئه‌و كاراكته‌ره‌ی ئه‌وه‌نده‌ په‌ڕپووت و بێ‌ ده‌سه‌ڵات كردبوو، كه‌ ببێته‌ مایه‌ی به‌زه‌یی پێ‌ هاتنه‌وه‌؟
هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ڵگه‌ی نیشاندانی ناهوشیاریی ئافره‌تی ئێمه‌یه‌ له‌كۆمه‌ڵگادا، به‌ڵام ناكرێت له‌ هه‌لومه‌رجێكا شانۆ فاكته‌ر بێت بۆ گۆڕانی پرنسیبه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، كه‌چی به‌شانۆ ئافره‌ت له‌به‌ها فكری و رۆشنبیرییه‌كانیدا داچۆڕێنین .
به‌گشتی هه‌ڵسوو كه‌وت كردنی ده‌رهێنه‌ر له‌گه‌ڵ واقیع دا، هه‌ڵسووكه‌وتێكی ئیجگار ده‌قاو ده‌قه‌ و نه‌یتوانیووه‌ بۆچوون و ئایدیای تایبه‌تی خۆی له‌و واقیعه‌ تاڵه‌دا جودا بكاته‌وه‌، كه‌ بینه‌ر دووچاری بێ‌ ئومێدی نه‌كات بۆ ئاینده‌ی ئافره‌ت له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا .
ته‌نانه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی درامیش له‌ كۆتاییدا به‌ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی سه‌ره‌تایه‌كی دیكه‌ بۆ تاوانكاری له‌لایه‌ن پیاوه‌وه‌ ده‌ست پێ‌ ده‌كاته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی هه‌مان تراژیدیا دووباره‌ بكاته‌وه‌، به‌مه‌ش جارێكی دیكه‌ هه‌رپیاو ده‌خاته‌وه‌ نێو قه‌فه‌سی ئیتیهام، به‌رامبه‌ر به‌هه‌موو ئه‌و تاوانه‌ توندو تیژیانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ ئافره‌ت ده‌كرێت، به‌ڵام بینه‌ر ئه‌وه‌ به‌چاوی خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ به‌شێك له‌فاكته‌ره‌ یاریده‌ده‌ره‌كانی تاوانه‌كانی پیاو ده‌رهه‌ق به‌ ئافره‌ت، هه‌ر ئافره‌ت خۆیه‌تی .
له‌دوا دیمه‌ندا ده‌رهێنه‌ر به‌دیمه‌نی كوشتنی كچه‌كه‌ له‌لایه‌ن باوكییه‌وه‌ (دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدییه‌كی حه‌یابه‌ری كچه‌كه‌ له‌لایه‌ن دۆستی كچه‌كه‌و دووباره‌ په‌یوه‌ندی كردنی به‌ئافره‌تێكی تر به‌هه‌مان شێوه‌ی پێشوو) ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت: ئه‌و تراژیدیا تاڵانه‌ی ئافره‌ت به‌رده‌وامن و به‌ قوربانیه‌ك و دووان و سییان كۆتاییان نه‌هاتووه‌، هه‌تا ئه‌قڵیه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ به‌ئافره‌تیشه‌وه‌ نه‌گۆڕێت، ئه‌و نه‌زیفه‌ی ئافره‌ت هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت..

ده‌رهێنه‌ر ستایلێكی واقیعی بۆ هێڵی درامی نمایشه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردبوو، به‌تایبه‌ت له‌نواندندا ، زۆر بۆشایی گه‌وره‌ی له‌سینۆگرافیای نمایشه‌كه‌دا به‌جێ‌ هێشتبوو، له‌موزیك و رووناكی و دیكۆردا، به‌كارهێنانی سكرینیش كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بوو بۆ به‌ زیندوو راگرتنی ریتمی نمایشه‌كه‌، له‌گه‌ڵ گوێ‌ گرتن له‌گۆرانیه‌كانی نێو ئۆتۆمبیلیش نمایشه‌كه‌ی به‌ئاراسته‌ی درامای ته‌له‌فزیۆنییه‌وه‌ ده‌برد،
به‌گشتی ئه‌و بۆشاییانه‌ی هه‌بوون ریتمی نمایشه‌كه‌یان خاو كردبۆوه‌، راسته‌ كه‌ئه‌كته‌ر سه‌رچاوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی سینۆگرافیایه‌ له‌شانۆدا، به‌ڵام ده‌رهێنه‌ر ناتوانێت، ته‌نیا ئه‌كته‌ر بكاته‌ ئه‌لته‌رناتیف، بۆشوێن گرتنه‌وه‌ی سینۆگرافیا، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی ونبوونی ره‌گه‌زی بوو له‌نمایشه‌كه‌دا.

دیاره‌ كه‌ داینه‌مۆی راگرتنی ریتم ته‌نیا به‌به‌رجه‌سته‌ كردنی توخمه‌كانی وروژاندن ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، ئێ‌ خۆ ئه‌ركی نمایش خوێندنه‌وه‌ی كتێبێك نیه‌ ته‌نیا فه‌لسه‌فه‌یه‌كت پێ‌ ببه‌خشێت، بینه‌ر بۆ ئه‌وه‌ دێته‌ شانۆ چێژ له‌ره‌گه‌زه‌كانی سینۆگرافیا وه‌ربگرێ‌، ئه‌گه‌ر نه‌كه‌وێته‌ ژێر ئه‌و كاریگه‌رییه‌، هه‌ست ناكات هاتۆته‌ شانۆ، بۆیه‌ ده‌رهێنه‌ر ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی راگرتنی هاوسه‌نگی هه‌بێت له‌نێوان تێكست و سینۆگرافیادا .

له‌دیكۆردا هه‌وڵێك هه‌بوو كه‌ ره‌نگ بۆ هه‌ندێ‌ هێماو ده‌لالاتی فه‌لسه‌فی و ره‌مزی به‌كار بێنێ‌، هێمایه‌كی گوزارشت به‌خش ببه‌خشێت به‌و ره‌نگه‌ ره‌شو سپی و ره‌نگه‌ سوورانه‌ی له‌ فه‌زای شانۆو سه‌رته‌خته‌ی شانۆو جلوبه‌رگه‌وه‌ دابه‌ش ببوون، وه‌ك هێمای ره‌نگی سپی بۆ پاكیزه‌یی و به‌رائه‌تی ئافره‌ته‌كه‌و هێمای ره‌نگی ره‌ش بۆ ئه‌و دیدو دڵه‌ ره‌شانه‌ی دژ به‌ ره‌نگه‌ سپیه‌كه‌ن و و ره‌گی سوور بۆ ئه‌و تاوان و بڕۆیه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ ئافره‌ت ده‌كرێن ، به‌تایبه‌ت له‌ شه‌وی سووری ئه‌نجامدانی تاوانی هه‌تك كردنی كچه‌كه‌ كه‌ یه‌كێك بوو له‌دیمه‌نه‌ هه‌ره‌ جوانه‌كانی نمایش . ده‌رهێنه‌ر بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی فه‌لسه‌فه‌ی نمایشه‌كه‌ی هه‌موو قورسایی خۆی خستۆته‌ سه‌ر ئه‌كته‌ر، وه‌ك داینه‌مۆی ریتمی نمایشه‌كه‌ی و به‌رجه‌سته‌ كردنی دوو كاراكته‌ری ژن و پیاو، پیاوه‌كه‌ (جه‌لال محه‌مه‌د سێده‌ری) له‌رووی شێوه‌و روخساره‌وه‌ له‌گه‌ڵ كاراكته‌ره‌كه‌ی خۆی ده‌گونجێت و توانی رق لای بینه‌ر دروست بكات، رق لێبوونه‌وه‌ش به‌مانای وروژاندنی بینه‌ره‌ له‌ رووی سایكۆلۆژییه‌وه‌، به‌ڵام له‌ رووی ئه‌داو پیر فۆرمانسه‌وه‌ رۆڵه‌كه‌ی خۆی تێر نه‌كردو له‌ ئه‌كشن و ئیلقادا كه‌مێك په‌له‌ پروزێیی پێوه‌ دیار بوو، كه‌ هه‌ندی جار ده‌بووه‌ ته‌وژمێك بۆ لاوازبوونی كاراكته‌ره‌كه‌ .

رۆڵی ئافره‌ته‌كه‌ له‌لایه‌ن (بێگه‌رد حه‌مه‌ سه‌لیم ) ه‌وه‌ ده‌بیندرا، كه‌ خاوه‌نی توانستێكی سروشتی هاوسه‌نگ بوو، به‌پێی خواستی رووداوو ریتمی دیمه‌نه‌كان ره‌فتاری ده‌كرد، به‌رائه‌ت و ساده‌یی پێوه‌ دیاربوو، توانی وێنه‌یه‌كی گونجاو نیشان بدات له‌گه‌ڵ كاراكته‌ره‌كه‌ی، وه‌ك وێًنه‌یه‌كی ده‌قاوده‌قی هه‌موو ئه‌و ئافره‌ته‌ سته‌م لێكراوانه‌ی ده‌بنه‌ قوربانیی، توانی به‌نواندنه‌ سروشتیه‌كه‌ی بینه‌ر بوروژێنێ‌ و ببێته‌ كۆڵه‌گه‌یه‌كی به‌هێزی راگرتنی نمایشه‌كه‌، هه‌م له‌رووی ریتم و هه‌م له‌رووی چێژ به‌خشینیشدا، به‌ڵام ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی پێ‌ نه‌درابوو، كاراكته‌ره‌كه‌ی خۆی له‌و لاوازی و ده‌سته‌ پاچه‌ییه‌ رزگار بكات و بیكات به‌كاراكته‌رێكی به‌هێز، ئه‌مه‌ له‌كاتێكا كه‌ گه‌لێك ده‌رفه‌تی له‌بار هه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م ئه‌و كاراكته‌ره‌ ـ كه‌ هێمای ئافره‌تی كوردبوون به‌هێزتر كات، هه‌میش ئاراسته‌ی فه‌لسه‌فه‌ی نمایشه‌كه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئاینده‌ی ئافره‌تی كورد بشكێنته‌وه‌ .




تیۆرییە ئەدەبییەکان … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

هەمیشە ئەدەب خاوەنی قوتابخانە و رێچکەی تایبەتی خۆی بووە، سەرەتا فەیلەسووفەکان و پاشان نووسەران، هەوڵیانداوە شرۆڤە و تێڕوانینی تایبەت بە ئەدەب دابنێن. بەدڵنیاییەوە هەروەک چۆن لە سیاسەت و فکردا، کۆمەڵێک رێچکە و قوتابخانەی جیاواز هەیە، لە ئەدەبیشدا کۆمەڵێک قوتابخانەی جیاواز هەیە، کە هەریەکەیان خاوەنی دونیابینی خۆیانن. لەمەشدا فەیلەسووف و بیرمەندانی جیهان، رۆڵی سەرەکیان هەبووە لە داڕشتن و دانانی بنەماکانی ئەم قوتابخانە و تیۆرییە ئەدەبییانە.

لە ماوەی پێشوودا کتێبی « بنەماکانی تیۆری ئەدەبی «م خوێندنەوە،کە لە نووسینی هانز بێرتێنز و وەرگێڕانی عەبدولخالق یەعقووبییە. دیارە نووسەری کتێبەکە یەکێکە لە ئەدیب و ئەکادیمییە ناسراوەکانی هۆڵەندا و مامۆستای زانکۆیە. واتە نووسەر کەسێکی پسپۆرە لە بوارەکەی خۆیدا، هەرچەندە نووسەر لە لای ئێمەی کورد نەناسراوە، لێ کتێبەکەی ئێجگار بەنرخە و زۆر بەجوانی و سادەییی باسی قوتابخانە و تیۆرییەکانی ئەدەبی کرووە. لەلایەکی تریشە کاک عەبدولخالق یەعقووبییش، رەخنەگر و ئەدیبێکی بەتوانایە و ماوەیەکی زۆرە خەریکی کاری رەخنەی ئەدەبییە، ئەمەش هاوکاری زۆری کردووە، تاوەکو بتوانێت بەسەر وەرگێرانەکەدا زاڵبێت و بە زمانێکی کوردی سادەو ساکار، بابەتێکی تیۆری باس بکات.
لێرەدا پێمخۆشە ناساندنێکی کورتی ئەم کتێبە بکەم، کە بە بڕوای من پێویستە هەر نووسەر یان خوێنەرێک کە دەستوپەنجەی لەگەڵ ئەدەبدا گەرم کردۆتەوە، ئەم کتێبە بخوێنیتەوە، دڵنیام سوودی زۆری لێوەردەگرێت، بەتایبەتی لە رووی شێوازی نووسین و تێگەیشتن لە ئەدەب بە گشتی.

ناوەڕۆک
کتێبەکە نزیکەی 400 لاپەڕەی قەبارە مام ناوەندە و لە نۆ بەش پێکدێت. نووسەر هەوڵیداوە هەموو تیۆرییە ئەدەبییە باوەکانی سەردەمی کۆن و نوێ ، لەم کتێبەدا باس بکات، بەتایبەتی تێڕوانینی فەیلەسووفە کۆن و نوێکان. هەروەها قسەکردن لە بارەی « مانا، دەق، شیعر، رۆمان، چیرۆک، زمان» لە تێڕوانینی فەیلەسووفەکانەوە. نووسەر باسی قوتابخانەی « فۆرمخوازی، پێكهاتەخوازی، پاشپێکهاتە خوازی ، کولتووری و رەشپێستەکان، سێکسوالێتی، فێمینیستی» کردووە. ئەوەی روون و ئاشکرایە، زیاتر نووسەر جەختی لەسەر تێڕوانینی فەیلەسووف وبیرمەندانی ئینگلزی و ئەمریکی و فەرەسنی کردۆتەوە. بەتایبەتی « ماتۆ ئارنۆلد، تی، ئیس، ئیلیۆت، فۆکۆ، لاکان، شتراوس». کەمتریش باسی فەیلەسووف و بیرمەندانی روسیی و جیهانی کردووە.

شیعر دەبێت جێگای ئایین و مەزهەب بگرێتەوە

قسەکردن لەبارەی شیعرەوە، پانتایی گەورەی لەم کتێبە داگیرکردووە. لە سەرەتای کتێبەکەدا نووسەر باسی تێڕوانینی شاعیر و نووسەری ئینگلیزی « ماتیۆ ئاڕنۆڵد» کردووە. ( ئاڕنۆڵد لە ساڵی 1828 لەدایک بووەو 1888 کۆچی دوایی کردووە) ئارنۆڵد گرنگی زۆر بە شیعر دەدات و بەسەرچاوەی کولتووری دادەنێت و پانتایی گەورەشی لە ژیانی ئەم بیرمەندە داگیرکردووە. ئارنۆڵد
لە وەسفی شیعردا دەڵێت:

شیعر دڵمان دەداتەوەو دەبێتە هۆی ئەوەی لە بەرامبەر ژیاندا تاقەت بێنین و بەرگەی بگرین، بەبێ شیعر زانست لەدیدی ئێمەوە ناعاقڵ و نیوەچڵە و شیعر جێگەی ئەو شتە دەگرێتەوە کە لە دوو توێی مەزهەب و فەلسەفەدا بە ئێمە دەدرێت،،ل 12

شیعر بە ووردی لە دونیا دەکۆڵیتەوەو لە دەرکەوتە جۆراوجۆرەکانی بە شێوەیەکی هاودڵانە دەڕوانێت، کەواتە دەبێت روو لە شیعر بکەین، بۆئەوەی ژیانمان بۆ شی بکاتەوە،،،ل14

دواتر ئارنۆلد توندڕەوانە تر دەڕوات و دەڵێت:

پێویستە شیعر جێگای ئایین و مەزهەب بگرێتەوە، چونکە هی هەموو سەردەمێک و شوێنێکە،،، ل15

هەست و شیعر

دواتر نووسەر باسی تێڕوانینی تی سی ئیلیوت شاعیرو رەخنەگەری ئەمریکی دەکات، کە یەکێکە لەو شاعیرانەی کە رۆڵی گرنگیان هەبووە لە دامەزراندنی شیعری نوێ لە جیهاندا. بەپێی تێڕوانینی ئیلیوت بێت، شیعر زۆر نا شەخسییەوە، واتە دۆخی کۆمەڵایەتی و کەسایەتی شاعیر و شتی تر، هیچ رۆڵێکیان نییە ، بگرە دەقی ئەدەبی گرنگە.

ئیلیوت ئاوێتەکردنی ئاوەز و هەست، تاڕادەیەک قووڵبینی و لاساری، بە مەرجی سەرەکی شیعری باش دەزانێت.
ئیلیوت دەڵێت:

هەست دەشێت بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ رابگوێزرێت، هەستی شاعیر دەبێت بە هاوتایەکی عەینی و ئەوتۆ بدرێ کە لە کاتی خۆیدا پەرچەکرداری گونجاو لە خوێنەردا دەورووژێنیت. ل 31

جێگەی ئاماژەیە ساڵی 1948 ئیلیۆت خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاداب وەرگرتووە.

فۆرم و ناوەڕۆک

مەسەلەی گرنگی فرۆم یان ناوەڕۆک، نیقاشێکی گەورەی ئەدەبی بووە لە نێوان ئەدیبان و فەیلەسووفانی جیهاندا. نووسەر لەم کتێبەدا پانتایی باشی بۆ پرسە گرنگە داناوەو بۆچوونی زۆرێک لە بیرمەند و رەخنەگرانی جیهانی باسکردووە، بەتایبەتی بەریتانی و ئەمریکی و فەرەنسی و کەمێکیش روسی، هەروەها باسی جیاوازی نێوانیان کردووە. ئەمەش بەرچاوڕوونی باش دەداتە خوێنەر لەمبارەیەوە.

رۆمان
بابەتێکی گرنگی تر کە لەم کتێبەدا پانتایی باشی داگیرکردووە، نیقاشە لەبارەی رۆمانەوە، کە یەکێکە لە ژانرە گرنگەکانی ئەدەب لە جیهاندا. لێرەشدا بۆچوونی کۆمەڵێک بیرمەند و رەخنەگری جیهانی هێناوە. هەندێک لەو بۆچوونانەش مایەی سەرنجم بوون بەتایبەتی، هەردوو رەخنەگری ئینگلیزی ئیف .ئار.لیویس.» 1895.1979» « دی، ئێچ، لارنس، 1885.1930» .

ئەوان پێیان وایە :رۆمان لە سۆنگەی بەربڵاوییەکەیی و سەرنجدانی بە وردەکارییەکان، بۆی هەیە وێنەیەکی پڕ بە پێستی ژیان بخاتە بەردەست. هەربۆیە رۆمان لە هەموو هونەر و زانستە مرۆییەکانی تر وەکو « دەروونناسی، کۆمەڵنناسی « لە پێشتر و باڵاترە. ل43

ئەدەبیاتی باش و خراپ

بابەتێکی گرنگی تر قسەوباسکردنە لە بارەی ئەدەبیات بەگشتی، لەمبارەیەوە بۆچوونی رەخنەگران و بیرمەندانی جیهان لە بارەی ئەدەب بە گشتییەوە دەخاتە روو. من خۆم زیاتر بۆچوونی رەخنەگرانی نوێ و هومانیستم بە دڵە، لەوانەی « ئیلیۆت، ڕیچاردز، لیوس..»
ئەوان پێیان وایە کە ئەدەبیاتی باش خۆی بە کات و شوێنەوە نابەستێتەوە ، ئەدەبیات سنووری شوێنی سەرەکی خۆی دەبەزێنێت. چونکە لەسەرانسەری دونیادا سروشت و باردۆخی مرۆڤ بە درێژایی زەمان گۆڕانی بەسەردا نەهاتووەو هەر لە بنجو بناوانەوە یەکسان و هاوشێوەیە. سروشتی مرۆڤ نە ڕەشە، نە سپییە، نە خۆڵەمێشییە. پێش مێژوو، سەدەکانی ناڤین، پاشمۆدێرنە نییە.ل52

مارکسیزم و ئەدەب

مارکسیزیم تەنها قوتابخانەیەکی فکری و سیاسی و ئابووری نییە، بەڵکە قوتابخانەیەکی گرنگی ئەدەبیشە. بەشێکی زۆری نیقاشی ناو ئەدەبیاتی جیهانیش پەیوەندی بە هەوادارنی مارکسیزمەوە هەبووە. نووسەریش هەوڵیداوە بە شێوەیەکی کورت و پوخت باسی ئەو بۆچوونانەمان بۆ بکات. ئەمەش دەتوانین لە بۆچوونێکی مارکسدا کۆی بکەیەنەوە کە لە کتێبی «بەرەو رەخنەی ئابووری سیاسی» کە لە سالی 1859 دا نووسیویەتی.

مارکس لە پێشەکی کتێبەکیدا دەڵێت:

شێوەی بەرهەمهێنانی ماددی ، دیاریکەری پرۆسەی گشتی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هزرییە.ل142»
دواتریش دەڵێت:

ئەوە هوشیاری مرۆڤ نییە کە بارودۆخی بوونی ئەو دیاری دەکات، بەڵكو ئەوە بوونی کۆمەڵایەتی ئەوە کە دیاریکەریی هوشاریی ئەوە. ل142

ئەمەش دواتر دەبێتە بەردی بناغەی فکری تەواوی مارکسیەکان لە جیهاندا.

رەخنە لە دیدی مارکسیزم

نووسەر بە شێوەیەکی بێلایەن باسی فکری مارکسیزم دەکات، دواتریش پانتایی باش دادەنێت بۆ هەڵسەنگاندن و رەخنەگرتن لەم دیدە. لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:

ئەم جەشنە جەبرخوازییە بە تەواوەتی لەگەڵ ئەم بیرۆکەیەدا دژایەتی هەیە ، کە ئێمە بەشێوەیەکی زاتی ئازاد و سەربەخۆین. ل142

لەمەدا نووسەر مەبەستی فکری مارکسیزمە، کە مرۆڤ دەبەستێتەوە بە هەلومەرجی ماددییەوە.

رەخنەی پاشپێکهاتەخوازیی و درێدا

قوتابخانەیەکی تری ئەدەبی « پاشپێکهاتەخوازیی» زۆرجاریش بە « هەڵوەشانەوەی دەقیش» دەناسرێت. ئەم قوتابخانەیە لەلایەن فەیلەسووفی فەرەنسی « ژاک درێدار « رابەرێتی دەکرێت. بە یەکێکیش لە قوتابخانە ناسراوەکانی ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی پێشوو دەناسرێت. درێدا لە بواری زمان، ئەدەبدا، بۆچوونی تایبەت بە خۆی هەیە.

لە بارەی قوتابخانەی پێكهاتە هەڵوەشینەوە نووسەر وەسفێکی کورت و پوختی کردووەو دەڵێت:
پێکهاتە هەڵوەشینی ناوێکە دراوەتە پاڵ میتۆدی درێدا. بنەمای پێکهاتە هەڵوەشێنی لەسەر هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئەو ڕوو پۆش و دەمامکانەیە کە دەق بەکاریهێناوە تا بە جۆرێک لە جۆرەکان وا بنوێنێت کە مانای تێدا مسۆگەر و سەقامگیرە .ل229

دواتر بە درێژی باسی بۆچوونەکانی درێدای کردووە لە بارەی زمان، دەق، شیعر و ئەدەب بەگشتی.

لەبارەی زمانەوە درێدا دەڵێت:

زمان هیچ کاتێک ئێمە ناخاتە نێو بەستێنی پەیوەندیی و بەریەککەوتنێکی راستەوخۆ لەگەڵ جیهانی راستەقینە، زمان میدیایەکی شەفاف و ڕوون و پەنچەرەیەکی ڕووەو جیهان نییە. بە پێچەوانەوە، زمان هەمووکات لە نێوان ئێمە و جیهاندا رادەوەستێت، رێک وەکو شووشەیەکی مات یان ئاوێنەیەکی تەڵخ وایە. ل 219

لەبارەی دەقیشەوە درێدا دەڵێت:

هیچ شتێک لە دەرەوەی دەق بوونی نییە ،چونکە بۆ مرۆڤ ، زمان هەمووکات نێونجی هەموو شتێکە. ل 221

قوتابخانە ئەدەبییە مۆدێرنەکان

دیارە کتێبەکە باسی تەواوی قوتابخانە و رەخنە ئەدەبییەکان دەکات کە لە چەند سەدەی رابردوودا لەدایک بووە لەوانە: رەخنەگرانی رەشپێست، رەخنەگرانی پاشکۆڵۆنیالیزم،سێکسوالێتی،رەخنەگرانی فێمینیست، رەخنەگرانی کولتووری.

نووسەر هەوڵیداوە کورتەیەکی پوخت لە بارەی ئەم رەخنەنانە باسبکات، لەهەمانکاتیشدا رەخنەکان کە لەم قوتابخانە دەگیرێت، باس دەکات، بەمشێوەیە خوێنەر بەرچاوروونی زۆر باشی دەبێت، لەبارەی رەخنەی ئەدەبی.

بۆچوونی کۆمەڵێک فەیلەسووف لەبارەی ئەدەب و هونەرەوە

خاڵێکی گرنگی تری ئەم کتێبە ئەوەیە، بۆچوونی زۆرێک لە فەیلەسووفانی جیهانی تێدایە، ئەمەش ئاسانکاری باشی کردووە بۆ خوێنەران، تاوەکو لە ئاگاداری تێڕوانینی ئەو فەیلەسووفە مەزنانە بێت لەوانە: مارکس ، ئالتۆسێر، گرامشی ، درێدا،لۆکاش ،فۆکۆ، شتراوس. هتد.

دوا قسە

بە دڵنییایەوە ئەم کتێبە باسی زۆر شتی کردووە، لێرەدا تەنها من ویستم لە رێگەی چەند دێڕێکەوە، باسی گرنگی ئەم کتێبە بکەم. بەراستی من خۆم زۆر سوودم لەم کتێبە وەرگرت و زۆر شتی نوێی تێدابوو کە پێشتر نەمخوێندبوویەوە، بەتایبەتی بۆچوونی کۆمەڵێک فەیلەسووف کە بۆ من زۆر نوێ بوون.
هیوادارم هەموو نووسەر و ئەدیب و خوێنەرێکی ئاسایش، بتوانێت ئەم کتێبە بخوێنێتەوە، چونکە لە بارەی رەخنەی ئەدەبییەوە، بەرچاوڕوونی زۆر باشی تێدایە.

لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لە برای هێژامان کاک عەبدولخالق یەعقووبی بکەین، بۆ وەرگێرانی ئەم کتێبە جوان و گرنگە. هیوای کاری باشتری بۆ دەخوازم.

……………………………………………

سەرچاوە:
هانز بێرتێنز. بنەماکانی تیۆری ئەدەبی. وەرگێڕانی: عەبدولخالق یەعقووبی. چاپی یەکەم. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی. 2015.




ڕاستیی پشت خەیاڵی زانستی/ بەشی دەیەم و کۆتایی … گۆران سەباح

ڕۆمانی خەیاڵی زانستی (خەز) و فەنتازیا تاڵە مووێک بەینیانە. هەندێ جاریش شاخێک. لە نۆ باسی پێشوودا باسی دنیای نووسینی خەزم کرد. شرۆڤەی خەیاڵم کرد لە نێو هۆردوو ژانرەکەدا. ئێستە نۆرەی ئەم پرسیارەیە: خەز یان فەنتازیا، کێهانیان ڕاستین؟
پرسیارەکە، بە سەرێک، لە کێشی خەیاڵ کەم دەکاتەوە، بە سەرێکیش، گەورەی دەکات. سەرچاوەی خەز و فەنتازیا خەیاڵە. بڵێین خەز ڕاستییە، خەیاڵ بوونی کاڵ دەبێتەوە. بڵێین فەنتازیا ڕاستییە، خەیاڵ مانایەکی نامێنێت.
لەسەر بنچینەی باسەیلی پێشووم دەتوانین بڵێین زۆر چتی خەز بووەتە ڕاستی. بەم پێیە، خەز ڕاستییە، ئەمەش ناچارمان دەکات بڵێین: “هەوێنی مەعریفە خەیاڵە.”
جیاوازیی خەیاڵی خەز و فەنتازیا ئەوەیە. خەیاڵی فەنتازیا دەچێتە جیهانی ئەفسانە و هەموو بوارێک دەگرێتەوە، زانست نەبێ. خەیاڵی خەز لە نێو دنیای زانستیدا چەکەرە دەکات و پەل داوێت. بنچینەیەکی زانستی نەبێت، خەز نییە. رەنگە سبەی ڕۆماننووسێک ئەفسانەیەکی زانستی بنووسێت و هیچ پێوەندی بە بنچینەی زانستییەوە نەبێ. هیچ چتێک مەحاڵ نییە.
رەنگە خەز ببێتە ڕاستی بێو خەیاڵەکە لەسەر بنچینەی زانستی بێت و پێشینەیەکی زانستی هەبێت. بۆ نموونە، زانستی دەستکاری جینات هەیە و وا لە برەو دایە. لە ڕۆمانی نوێمدا (ساڵی دابێ دێتە چاپ و بڵاوکردنەوە) ئەم زانستەم بەکار هێناوە لە نێو دنیای خەیاڵیی ڕۆمانەکەدا بۆ پێکانی مەبەستێک. زاناگەل هەر لە هەوڵی ئەوەدان پەی بە نووستن و مردن ببەن. هاتووم بە خەیاڵ چوومەتە نێو زانستەکە و داوم داوەتێ و فراوانترم کردووە بۆ پێکانی مەبەستی سەرەکیی ڕۆمانەکە. زانستی چاندنی سەر هەیە و لە ژێر تاقیکردنەوە دایە، زانستی دیتنەوەی هەسارە و خەڵكی نوێ هەیە و زاناگەل لە گەڕان دان، لە خەیاڵی مندا ئەمانە پێشڤەچوونە و بەریان گرتووە. بۆ ئەوەی بتوانم ئەم کارە بکەم، زۆرم خوێندەوە لەسەر بابەتی زانستی. بۆ ماوەی دوو ساڵ بەشدار بووم لە کۆواری ناشنەڵ جیۆگرافیک، بێ لە کتێب و وتار و تۆژینەوەیلی زانستی لەبارەی خەو و مردن و دەروونی مرۆڤ.

خەزنووس ویلیەم لێبۆویتس (William Leibowitz) دەڵێ بۆ ئەوەی خەز تام بدات و نێزیک بێت لە ڕاستی دەبێ ڕاستیی زانستی بێتە بەکاربردن و بە زمانێکی سادەش بێتە نووسین. ئەم قسەیە بەلاش نییە و هاوڕام. واتە زانستی نێو خەز دەبێ تا رادەیەک، کەمیش بێ، لە ڕاستییەوە نێزیک بێ یان دەبێ لەسەر بنچینەی زانستییەوە بێت.
ویلیەم باسی ئەزموونی خۆی دەکات، چۆن خەزی (Miracle Man)ی وا نووسیوە بە فەنتازیا نەچێت و خەیاڵێکی ڕاستی بێت. پاڵەوانی ڕۆمانەکە ناوی (ئۆستن)ە و گەنجە دکتۆرێکە بێ وێنە. هەرچی نەشتەرگەری هەیە، هەرچی نەخۆشی درم هەیە لە بن دەستی قوتار نابی. ویلیەم دەڵێت بێو هەر لەخۆوە خەیاڵی بکردبا، ڕۆمانێکی کرچوکاڵی دەنووسی و خوێنەری دەدۆڕاند. بۆیە پێش نووسین دەستی کرد بە گەڕان و خوێندنەوە. لە دوو بواردا قووڵ بووەوە: ژیانی بلیمەت، بەتایبەتی بلیمەتی گەنج و چۆنێتیی کارکردنی مێشکیان. پاشان، نەخۆشی سەمەرە و چارەسەریان. ئەمە هەر بە دەم خۆشە. سانا نییە.
لە باسی پێشوودا، گوتم نابێ وردەکاریی زانستی هێندە بێت خوێنەر تێی نەگات. ئەمڕۆ دیمانەیەکی ویلیەمم خوێندەوە هەمان چتی گوت (سەیری سەرچاوەکە بکە لە خوارەوە). نامەوێ لێرە چتەیلی باسی پێشوو دووبارە بکەمەوە.

————————————————

سەرچاوە
https://www.writersdigest.com/write-better-fiction/using-facts-as-the-base-of-science-fiction




باوكم له‌ دونیاخراب بووندا ده‌نوێ … هودا حسێن … و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

به‌ڵێ باوكه‌
ماوه‌یه‌كه‌ دونیا خراب بووه‌
تۆ نوستبووی
نه‌مویست سه‌خڵه‌تت بكه‌م
دنیاخراپ بوونم به‌ته‌نێ دی ..
ته‌مه‌ننام ده‌كرد
به‌ربوونه‌وه‌ی به‌ردێك
یا هاوارێكی به‌ترس
یا شتێ له‌و بابه‌ته‌ بێداریان كردبووایه‌وه‌
من نه‌متوانی دیمه‌نه‌كه‌ به‌جێ بێڵم له‌ ده‌ستم بچێ
بێم هشیارت بكه‌مه‌وه‌ ..

بابه‌
من هاوارم نه‌كرد
نه‌شگریام
گریان بێده‌ساڵاتییه‌ و
هاواریش پیشه‌ی ژنانی شینگێڕه‌ .

تۆ ده‌بینی باوكه‌
ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌مه‌ی دنیاش خراپ ده‌بێ
من هێشتا قسه‌كانی تۆم له‌به‌ر ده‌كرد و
شانازیم پێ ده‌كردی ..
شانازیم به‌ باوكم ده‌كرد
كه‌ دنیاخراپ بوون
تاڵه‌موویه‌كی نابزوێنێ
باوكم كه‌ ده‌توانێ
له‌ دنیاخراپ بووندا بنوێ .

(*) هودا حسێن : شاعیرێكی لاوی میسرییه‌ .
ئه‌م شیعره‌ی له‌ گۆڤاری ناسراوی میسری ( الهلال)
ژماره‌ی ته‌مووزی 2007ی ساڵی سه‌ت و پازده‌یه‌م
كراوه‌ به‌ كوردی .‌

باوكم له‌ دونیاخراب بووندا ده‌نوێ

                                           هودا حسێن
                                         و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

به‌ڵێ باوكه‌
ماوه‌یه‌كه‌ دونیا خراب بووه‌
تۆ نوستبووی
نه‌مویست سه‌خڵه‌تت بكه‌م
دنیاخراپ بوونم به‌ته‌نێ دی ..
ته‌مه‌ننام ده‌كرد
به‌ربوونه‌وه‌ی به‌ردێك
یا هاوارێكی به‌ترس
یا شتێ له‌و بابه‌ته‌ بێداریان كردبووایه‌وه‌
من نه‌متوانی دیمه‌نه‌كه‌ به‌جێ بێڵم له‌ ده‌ستم بچێ
بێم هشیارت بكه‌مه‌وه‌ ..

بابه‌
من هاوارم نه‌كرد
نه‌شگریام
گریان بێده‌ساڵاتییه‌ و
هاواریش پیشه‌ی ژنانی شینگێڕه‌ .

تۆ ده‌بینی باوكه‌
ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌مه‌ی دنیاش خراپ ده‌بێ
من هێشتا قسه‌كانی تۆم له‌به‌ر ده‌كرد و
شانازیم پێ ده‌كردی ..
شانازیم به‌ باوكم ده‌كرد
كه‌ دنیاخراپ بوون
تاڵه‌موویه‌كی نابزوێنێ
باوكم كه‌ ده‌توانێ
له‌ دنیاخراپ بووندا بنوێ .

(*) هودا حسێن : شاعیرێكی لاوی میسرییه‌ .
ئه‌م شیعره‌ی له‌ گۆڤاری ناسراوی میسری ( الهلال)
ژماره‌ی ته‌مووزی 2007ی ساڵی سه‌ت و پازده‌یه‌م
كراوه‌ به‌ كوردی .‌




شیعر لێوه‌كانی خۆی له‌ سه‌ر مه‌مكی به‌غدا داده‌نێ‌ … ئه‌دۆنیس … وه‌رگێڕانی ئه‌مین بۆتانی

ئه‌دۆنیس (به‌غدا 1969*)

وه‌رگێڕانی
ئه‌مین بۆتانی

  • 1 –
  • ئه‌مڕۆ رووناكایی له‌ به‌غدا كه‌متر دره‌وشاوه‌یه‌ له‌ چاو دوێنێ‌،
    له‌ چاو ئه‌و رۆژه‌ی گه‌یشتم.
    ئایه‌ رووناكییش پیر و په‌ژمورده‌ ده‌بێ؟
  • به‌ هێواشی قسه‌ بكه‌. هه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌ك لێره‌ پلان بۆ كوشتنی دراوسێكه‌ی داده‌ڕێژێ.
  • به‌ هێواشی؟ مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر وه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ مه‌رگدا قسه‌ بكه‌م؟
    *
    پیاوگه‌لێك روویان بۆ وێنه‌كان وه‌رده‌گێڕن. بۆ وێنه‌گه‌لێك هیچ روخساریان نه‌بێ. روخسارگه‌لێك وه‌ك ئه‌و كونانه‌ی له‌ ته‌ختی بۆشاییدا بن.
    پیاوگه‌لێك به‌ جاده‌كاندا رێ ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ڵیانبكۆڵن. وامدێته‌خه‌یاڵ هه‌نگاوه‌كانیان شێوه‌ی گۆڕی هه‌یه‌.
    *
    سیاسه‌ت بازاڕێكی وا گه‌وره‌ی هه‌یه‌ گشت بازاڕه‌كان ئیره‌یی پێ ده‌به‌ن.
    *
    ده‌نگه‌ ده‌نگێك له‌ شانۆكانی ره‌هاوه‌ دێ‌:
    دیواره‌كان – ته‌نانه‌ت دیواره‌كانیش باوێشك ده‌ده‌ن.
  • 2 –
    مێكوتی سیاسه‌ت سندانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ ده‌كوتێ‌ كه‌ لێی دابه‌زیوم.
    ئاهه‌نگی ئاپۆرایێك – گه‌ڕه‌ك ساردوسڕ بێباك ده‌كه‌وێته‌ به‌زمی خۆی، سه‌رلێشێواو له‌ هیچوبه‌لاشیی هاتوهاوار.
    له‌ دڵی خۆمدا ده‌ڵێم: كه‌ی فێری بێده‌نگی ده‌بین؟ و ده‌پرسم: ئایه‌ به‌هه‌شت بێده‌نگ ده‌بێ؟ ئایه‌ دۆزه‌خ بێده‌نگ ده‌بێ؟ ئایه‌ كه‌سێك هه‌یه‌ بوێرێ فه‌توا بدا؟
    پێموایه‌ كاتی هاتووه‌ به‌ گلگامێش بڵێین: هه‌ندێكمانت ته‌فره‌دا، هه‌ندێكیشمانت هێنایه‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ ژیان له‌ به‌غدا نهێنیه‌كی هه‌یه‌ و هێشتا چاوه‌ڕێی تۆ ده‌كه‌ین بۆمانی ئاشكرا بكه‌ی. به‌ تایبه‌ت خه‌ریكه‌ هه‌موو شتێك ئه‌وه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م ژیانه‌ هیچ نیه‌ بێجگه‌ له‌ مردنێكی به‌رده‌وام. و سه‌یری شمشێری سته‌مكار بكه‌ چۆن ده‌مه‌زه‌رد ده‌كرێته‌وه‌ و بۆ ملپه‌ڕاندن ساز و ئاماده‌ ده‌كرێ.
    له‌و دانیشتنه‌دا:
  • پرسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌كرێگیراوێكی بچووك وه‌ك سه‌گ تۆپێنرا.
  • جا به‌كرێگیراوێك چۆن ده‌كوژرێ‌ كه‌ گه‌وره‌ بێ؟
    *
    ئێستا تێده‌گه‌م چۆن چۆله‌كه‌یه‌ك ده‌ستی ده‌چێته‌ خۆی، له‌ ترسی چه‌كێك هه‌میشه‌ به‌دواوه‌یه‌تی بۆ هه‌ر كوێیه‌ك بفڕێ.
    *
  • هیچ كارێك ده‌كه‌ی؟ چۆن ده‌ژی؟
  • له‌و جاده‌ بۆ ئه‌و جاده‌ ده‌خولێمه‌وه‌. به‌غدا خێرومه‌ندی لێ نابڕێ.
    *
    سه‌ری ئه‌و جاده‌یه‌ پڕیه‌تی له‌ حیكمه‌ت.
    *
    كۆترێك – به‌ باڵه‌ ره‌شه‌كانی خۆی بازنه‌یه‌ك به‌ ده‌وری هه‌ردوو لێواری دیجله‌دا ده‌كێشێ.
    *
    له‌و دانیشتنه‌دا:
    كه‌سانێك هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ ئه‌وه‌ تێده‌كۆشێ ببێته‌ تووتی ده‌سه‌ڵات، له‌ هه‌ره‌ ده‌مهه‌راشه‌كه‌ی.
    *
    به‌غدا هه‌ر هه‌مووی چه‌قه‌دووكه‌ڵه‌
    به‌ڵام، ئه‌ی كوانێ‌ ئاگر؟
    *
    هه‌ر چه‌ند رۆبچمه‌ منداڵێتیه‌كانی به‌غداوه‌، زیاتر خۆم و ئه‌وانی دی و گه‌ردوون ده‌ناسم،
    و زیاتریش بێزم له‌ ئێستاكه‌ی ده‌بێته‌وه‌.
    *
  • ” من له‌ ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی – با – ، ئه‌وه‌ی كه‌سوكار بێ نیمه‌ “:
    عێراقیه‌ك پێیگوتم هاته‌ ئوتێله‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی یه‌كترناسین.
    *
    بۆ یه‌كه‌م جار، زانیم كه‌ لای چه‌پی دیجله‌، گورگه‌ به‌سه‌ر خوشكه‌ لای راسته‌كه‌ی،
    و ئه‌مه‌شیان گورگه‌ به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تره‌وه‌.
    *
    ئێستا، له‌م ساته‌ وه‌خته‌دا، وامبه‌خه‌یاڵدا دێ‌ كه‌ له‌ به‌غدا هیچ نابینم
    بێجگه‌ له‌ دوو كه‌س:
    حه‌للاج به‌ له‌خاچدراوی، و
    ته‌وحیدی-یش كتێبه‌كانی فڕێده‌داته‌ نێو دیجله‌وه‌.
    *
    به‌غدا پیاوێكی تایبه‌ت به‌خۆی داده‌تاشێ: پیاوێك – چاخانه‌ئامێز.
    *
    عشتار نه‌خۆشه‌ و تای موته‌نه‌ببی هیلاكی ده‌كا.
    *
    خه‌ریكه‌ ئاو خۆی له‌ ده‌ست هه‌ردوو لێواره‌كانی دیجله‌ راده‌پسكێنێ‌.
    *
    گلگامێش! ئه‌ی كوڕی یه‌كه‌م، ئه‌ی نۆبه‌ره‌ی ئه‌فسانه‌،
    ئایه‌ قژت هه‌ر ئه‌و خاكه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ كۆچ؟
    ئایه‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ نشتیمان خۆیه‌تی؟
    ئه‌ی له‌ دوای تۆ كێ‌ هاوڕێیه‌تی بچڕێ؟
    *
    لێره‌، ژیان كاتی خۆی به‌ چاودێریكردنی مردنه‌وه‌ به‌فیڕۆ ده‌دات.
    *
    ئه‌ندازه‌ی ئه‌و ژن و پیاوانه‌
    بانگه‌شه‌ بۆ ئاشه‌كانی – با – ده‌كا.
    *
    ئه‌وه‌ خۆر چیه‌تی له‌ به‌غدا؟، هه‌موو رۆژ هه‌ڵدێ و
    منداڵێكی كوێری به‌ده‌سته‌وه‌یه‌!.
    *
    ئازادی ته‌نیا یه‌ك په‌یكه‌ری هه‌یه‌، ئه‌ویش: ئازادی یه‌ و به‌س.
    *
    خه‌ریكه‌ ده‌كه‌ومه‌ گومانه‌وه‌ كه‌ ئه‌با نواس و ئه‌با ته‌مام و نه‌فه‌ری له‌ به‌غدا ژیابێتن.
    *
    به‌ ته‌نیا جنۆكه‌كان له‌ به‌غدا برسین، سواڵكه‌رن، بێكارن، زیندانین…هتد.
    *
    لێره‌، ته‌واو دڵنیاده‌بم كه‌ فه‌رمانڕه‌وا عه‌قڵی خۆی ته‌رخانكردووه‌ بۆ نووسینی
    فه‌رهه‌نگی تایبه‌ت به‌ راوكردنی مرۆڤه‌كان و رامكردنیان.
    *
    ئه‌ی دیجله‌! من ده‌زانم ئه‌گه‌ر شۆڕش كه‌شتیه‌ك بێ،
    تۆ یه‌كه‌مین كه‌سی چارۆگه‌كانی پارچه‌ پارچه‌ ده‌كه‌ی.
    له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌، خه‌ڵكانێك له‌سه‌ر لێواره‌كانت ده‌ژیان بڕوایان به‌ یه‌كتاپه‌رستی نه‌بوو، به‌ڵام زۆر زۆر داهێنه‌ر و مرۆڤانه‌تر بوون له‌م نه‌وه‌ یه‌كتاپه‌رستانه‌ی ئه‌وان كه‌ ئه‌مڕۆ ئابڵووقه‌یان داوی.
    *
    ئه‌مڕۆ خه‌به‌رم بۆوه‌ وه‌ك هه‌ناسه‌یه‌ك له‌ جه‌سته‌ی خۆر هاتبێتمه‌ ده‌ر:
    گومانی تێدا نیه‌ – هه‌ر ئه‌و خاتوونه‌ بووه‌ كه‌ گوڵێكی له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌م داناوه‌، به‌ر له‌ خۆریش گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی.
    *
    له‌و دانیشتنه‌دا:
    هه‌ر قسه‌كه‌رێك دڵنیایه‌ له‌وه‌ی كه‌ خۆی ده‌یڵێ راسته‌. دوا وشه‌ی
    یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ش هه‌ر لای ئه‌وه‌.
    هه‌ر شاعیرێك ده‌یه‌وێ‌ پێی بگوترێ‌: تۆ یه‌كه‌م و كۆتای.
    هه‌ر لێمشته‌ و شه‌پۆلده‌دا، به‌ لرفه‌ یه‌كتری ده‌خۆن.
    جێم ی هاوڕێم نیشته‌جێی شوێنێكه‌ له‌ كۆشك ده‌چێ. پێی گوتم: زۆر ئاسانتره‌
    ئه‌و ماڵه‌ بڕووخێ‌ له‌وه‌ی یه‌ك په‌نجه‌ره‌ی لێ‌ بكه‌مه‌وه‌ تۆ باسی ده‌كه‌ی.
    *
    رۆژی به‌غدا چه‌نده‌ قورسه‌. ئه‌گه‌ر شه‌وه‌كه‌ی نه‌بوایه‌ رێك ده‌بووه‌ زیندان.
  • له‌گه‌ڵ نه‌زار قه‌بانی. له‌گه‌ڵ تۆ؟ به‌ڵێ، دێین. هه‌ر شوێنێكتان پێخۆش بێ.
    هه‌ر كه‌ی پێتان خۆش بوو.
    به‌ بوێرییه‌كی دڵنیا قسه‌ی ده‌كرد. كچه‌ هاوڕێكه‌شی گوێی ده‌دایێ، دوو ئاسكی فڕیو له‌ چاوه‌كانیا مه‌له‌یان ده‌كرد.
  • ئه‌ی ئه‌و په‌چه‌یه‌ چیه‌؟
  • په‌چه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ماڵ. تایبه‌ته‌ به‌ شه‌و.
    نه‌ریت زیندانێكی دیكه‌یه‌ له‌ نێو زیندان.

  • ون بوون، به‌ڵام هه‌ر وه‌ك چۆن دوو هه‌ساره‌ ون ده‌بن.
    خۆر به‌ په‌یژه‌ی دیجله‌دا سه‌رده‌كه‌وت.
    رۆژ خۆی ئاماده‌ ده‌كرد جله‌ سه‌ربازیه‌كانی خۆی بپۆشێ.
    شه‌ویش تیره‌كه‌ی خۆی هاویشت و پێكای.
    كه‌رخ – سۆمه‌ر و بابل م له‌شێوه‌ی دوو باڵدا بینی – شێوه‌ی دوو ده‌زوو له‌ نێوان
    خۆرهه‌ڵات و خۆراوابووندا. شتێكم له‌ شێوه‌ی ئه‌و شه‌پۆله‌ بینی كه‌ پێشوازیی له‌ عه‌شتار ده‌كرد هه‌ر كاتێ‌ قاچه‌كانی ده‌خسته‌ نێو ئاوی دیجله‌وه‌. هه‌ر خودی عه‌شتارم به‌چاوی خۆم بینی وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی بۆ ئه‌ڤینێكی دی بڕازێنێته‌وه‌. یان ئاوهام هاته‌ پێشچاو.
    *
  • 3 –
    بازاڕی مسگه‌ره‌كان – كچگه‌ل و كوڕگه‌لێك جه‌سته‌یان وه‌ك مێژوویه‌كی لێوانلێو له‌ شه‌و ده‌هاته‌ پێشچاو. به‌ رۆژیش خه‌ریك بوو ژه‌نگ به‌ جه‌سته‌ی كاته‌وه‌ بنووسێ.
    چه‌ند جۆگه‌له‌یه‌كی سه‌ربه‌ره‌ڵا، ده‌ڕژانه‌ به‌رده‌م دوكان و بازاڕه‌كانه‌وه‌. بۆن زێرابێك
    ئه‌و ناوه‌ی كاس كردبوو.
    *
    گوێم له‌ چی ده‌بێ؟ ئه‌وه‌ سرته‌ی دیواری خانوه‌ كۆنه‌كانه‌ له‌ په‌نا گوێم: هیچم نه‌ماوه‌ پاسه‌وانیم بكا بێجگه‌ له‌ یاده‌وه‌ری؟ یان ده‌مبینی خه‌یاڵپڵاوم و سه‌رم لێ شێواوه‌؟
    *
    بۆچی روخساری به‌غدا له‌ ده‌روازه‌ی گومان نیگار نه‌كه‌م؟
    ئاوی دیجله‌ بۆی نیه‌ بڵێ: نه‌خێر.
    ملی دارخورماكان بۆیان نیه‌ له‌وه‌ زیاتر لار ببنه‌وه‌.
    نیگارێك بۆ خۆی، بۆ ره‌نگوڕووی نیگار.
    مشتومڕم له‌گه‌ڵ ئاوێكه‌ هیچی له‌یاد نیه‌ بێجگه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كانی ئه‌و خوێنه‌ی رژاوه‌ته‌ نێوی. ئاوێك هه‌وێنی فرمێسك ده‌شێلێ.
    وه‌ك ئه‌وه‌ی مردن ببینم خۆی مه‌ڵاسدابێ بۆ راوكردنی مرۆڤ.
    *
    ئا له‌م ساته‌، حه‌زم لێیه‌، ئه‌وه‌ بڵێم: به‌غدا – نیوه‌ی دارستانه‌، نیوه‌كه‌ی دیشی بیایان.
    هاوڕێ، حه‌زم له‌وه‌شه‌ – به‌ هێواشی – پرسیاری ئه‌وه‌ بكه‌م:
  • جیاوازی نێوان به‌غدای 1258 و به‌غدای 1969 دا چیه‌؟
  • ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ته‌تاره‌كان ته‌فروتونایان كرد،
    ئه‌وه‌ی دووه‌میش كوڕه‌كانی ته‌فروتونای ده‌كه‌ن.
    *
  • 4 –
    چاخانه‌ – نه‌رگه‌له‌ وه‌ك هێشوو له‌و دره‌ختانه‌ شۆڕبوونه‌ته‌وه‌ له‌ هیچ شوێنێكدا ناڕوێن
    له‌ خاكی خه‌یاڵدا نه‌بێ.
    پیره‌مێردێك به‌ سیپه‌لاكی منداڵیی هه‌ناسه‌ ده‌دات. یه‌كێكی دی ئاخ هه‌ڵده‌كێشێ و زمانی ته‌ته‌ڵه‌ ده‌كا. وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌توانێ‌ گوزارشت له‌و ئاگره‌ بكا له‌ هه‌ناویدا كڵپه‌ی سه‌ندووه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌زانێ‌ چۆن ئه‌و ئازاره‌ له‌خۆی ده‌ركا باوكه‌ ئاده‌می بۆی ساز كرد.
    چه‌قه‌ دووكه‌ڵێكی ره‌ش له‌ چاخانه‌كه‌ ده‌رده‌چێ – ئه‌وه‌ هه‌ناسه‌ی ئه‌وانه‌یه‌ به‌سه‌ر نه‌رگه‌له‌كانیانه‌وه‌ داكورماون؟ یان خه‌ونێكی دیكه‌یه‌ به‌ بنمیچێكی دیكه‌وه‌؟ یان ئه‌وه‌ نشتیمانی دووه‌مه‌؟
    هاڵاو و ورته‌ورت له‌ دووكه‌ڵه‌كه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌، له‌ شێوه‌ی پردگه‌لێكی وه‌ستاوی نێوان رووداو و یاده‌وه‌ریه‌كاندا: ئه‌وه‌ی روونی بێ نیه‌، ئه‌وه‌ی نامۆیی بێ نیه‌.تۆڕگه‌لێك له‌ پیته‌كان تژی باڵه‌فڕكێی ختووره‌.
    له‌ هه‌ر ” به‌ڵێ”یه‌كدا ” نا “یه‌ك هه‌یه‌.
    له‌ هه‌ر ” نا “یه‌كدا پشكۆیه‌ك هه‌یه‌ نازانێ‌ چۆن خامۆش بێته‌وه‌.
    له‌ژێر پێستی ئه‌و چاخانه‌دا، ئۆقیانووسێك له‌ ره‌دكردنه‌وه‌ شه‌پۆل ده‌دا.
    *
    كتێبخانه‌ – خه‌تی ئه‌و نووسه‌ره‌ خواروخێچه‌، به‌ڵام وشه‌كانی
    راست و دروست.
  • ئه‌وه‌ نووسه‌رێكه‌ شت دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌.
  • هه‌ندێ جار ده‌گوترێ‌ هاوشێوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگوترێ‌ جیاواز.
  • شاعیرێك له‌ شێوه‌ی فریشته‌.
  • ئه‌وه‌ مه‌دحه‌ یان زه‌م؟ فریشته‌ ده‌توانێ‌ چاكه‌ و خراپه‌ بكا. ئه‌هریمه‌ن بێجگه‌ له‌ خراپه‌ ناتوانێ‌ هیچ بكا. كامه‌یان پاكتره‌؟
  • ئه‌وه‌ شاعیرێكی ته‌مومژاوییه‌.
  • ئه‌وه‌ی زوو ئاشكرا ببێ، زووش ریسوا ده‌بێ.
  • شیعر؟ نازانم.
    جوامێرێك له‌ وێنه‌ی ڤالاهی ئاسمان. ته‌نانه‌ت ئه‌و مه‌لانه‌ش له‌ ئامێز ده‌گرێ‌
    كه‌ لێی یاخی ده‌بن.
  • پێده‌چێ هه‌ر كه‌سێك لێره‌، وه‌ك دارخورمایه‌ك وابێ له‌ رۆخی توونی بابای بێئامانی خه‌مۆكی. حه‌سه‌ب شێخ جه‌عفه‌ر گوته‌نی.
  • ئایه‌ تۆ گه‌لێكت بینیوه‌ پێویستی به‌ سته‌م بێ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست بكا كه‌ هه‌یه‌؟
  • گه‌لی عێراق؟
  • به‌ڵام، ده‌بێ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ چی بێ به‌سه‌ر ئه‌و پلانانه‌دا هه‌ڵده‌زنێ‌ كه‌ له‌سه‌ر كێوێك له‌ كه‌لله‌سه‌ری مرۆڤه‌كان دایده‌ڕێژێ؟
  • دواڕۆژ؟
  • بیرت نه‌چێ. ده‌نگت كز بكه‌. دواڕۆژ كڕكڕاگه‌ی شلۆقی باڵه‌كانی
    شه‌مشه‌مه‌كوێره‌یه‌كه‌.
  • له‌ وڕێنه‌كانی ببوورن.
  • من پیاوی ملكه‌چی و پابه‌ندبوون نیم. فێر ده‌بم چۆن ببمه‌ پیاوی ئازادی. په‌یوه‌ندییش به‌ هۆشمه‌ندییه‌كی یاخییه‌وه‌ بكه‌م، تووڕه‌ و شكستخواردوو. رێك وه‌ك تۆ.
  • باشتر وایه‌ باسی ژن بكه‌ی، باسی جوانی. له‌ به‌غدا ئه‌و ژنانه‌ هه‌ن كه‌ به‌ راستی كات نازانێ‌ مه‌ستی دایبگرێ‌ بێ گه‌ر ئه‌وان نه‌بن.
  • گه‌ر له‌ شێوه‌ی ئه‌وانیش نه‌بن.
  • دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌: با به‌هێواشی قسه‌ بكه‌ین.
  • پیاوگه‌لێك با ده‌خنكێنن.
    *
  • 5 –
    ژنێك له‌ ماڵێكدا باوه‌ش به‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كدا ده‌كات له‌ ته‌ك لێواری دیجله‌وه‌. ژنێكی رۆشن
    له‌ رووناكایی ده‌ترسێ.
    دیجله‌ وه‌ك جه‌سته‌یه‌ك وایه‌ عه‌ره‌بانه‌یه‌ك رایكێشێ كه‌ ترس راكێشی ده‌كات.
    دیجله‌ سروودی ژوانێكه‌ كه‌مجار كه‌سێك هه‌یه‌ گوێی لێ بگرێ‌.
  • چ كاره‌ی؟ چ شتێك داده‌هێنی؟
  • دوو گوێچكه‌ بۆ ده‌روازه‌ی ماڵ.
    له‌وه‌وه‌ پێویستیمان به‌ بیركردنه‌وه‌ نه‌ما. كه‌سێك هه‌یه‌ شوێنی ئه‌ومان بۆ بگرێته‌وه‌:
    هه‌موو شتێك ده‌زانێ‌ و وه‌ڵامی هه‌موو شتێك ده‌داته‌وه‌.
    هیچ شتێكیش له‌ كیمیای سیاسه‌تدا وه‌ك خۆی نامێنێ:
    ئه‌ی كوكوختی، ده‌ته‌وێ‌ ببیته‌ چ جۆره‌ ژنێك؟
    ئه‌ی په‌پو سلێمانكه‌، ده‌ته‌وێ‌ ببیته‌ چ جۆره‌ پیاوێك؟
    تۆ ئه‌ی به‌رده‌كه‌،
    هه‌روه‌ها تۆش ئه‌ی قفڵه‌كه‌، ده‌تانه‌وێ‌ چ جۆره‌ رۆڵێك بگێڕن؟
    كه‌شوهه‌وایه‌ك ده‌سته‌واژه‌كان سڕ ده‌كا،
    زه‌هریش به‌ناو ده‌ماره‌كانی زماندا ده‌گڤێنێ‌.
    *
    بۆچی به‌غدا ته‌نیا یه‌ك رێگای هه‌یه‌،
    له‌ كاتێكدا رێگاكان ئه‌وه‌نده‌ زۆرن له‌ ژماردن نایه‌ن؟
    به‌غدا وا دێته‌ پێشچاو قه‌فه‌زێكبێ له‌ ده‌سته‌واژه‌، مرۆڤ فریای ئه‌وه‌ ناكه‌وێ‌ لێی ده‌رچێ، ئه‌و وه‌ك شه‌ویلاگی دڕنده‌ ده‌كرێته‌وه‌ و قه‌پی پیا ده‌كا.
    *
    وه‌ك بڵێی عه‌قڵ ئێستا ته‌نیا بۆته‌ په‌تێك به‌ ده‌وری ملدا.
    *
    رۆژگار به‌ بینینی ره‌نگی سوور مه‌ست ده‌بێ،
    هه‌ڵبه‌ت بێ ئه‌وه‌ی ره‌نگی خوێنی لێ به‌ده‌ركه‌ین.
    *
    كات وه‌ك جه‌سته‌یه‌ك وایه‌ ئه‌ندامه‌كانی یه‌كتری قووت بده‌ن.
    *
    ئه‌وه‌ خۆره‌ كه‌ له‌سه‌ر جاده‌كان ده‌تلێته‌وه‌.
    *
    ئه‌بو حه‌نیفه‌، شافعی، مالك، ئیبن حه‌نبه‌ل – هه‌ر یه‌كه‌یان شوقه‌یه‌كیان له‌ ئاسمان پێدرا، وه‌ك راكردنێك له‌ده‌ست ئه‌م جیهانه‌. ده‌شگوترێ‌: هه‌ر یه‌كه‌یان نه‌مریی خۆی له‌و شوقه‌ به‌هه‌شتیه‌دا ته‌رخانكردووه‌ بۆ نووسینه‌وه‌ی ئه‌و كتێبانه‌ی زه‌می دنیا و گوێرایه‌ڵیی بۆ”ئولی ئه‌مر” له‌خۆ بگرێ‌.
    ئه‌ی ئه‌م تارا ره‌نگ پیرۆزه‌ییه‌ چیه‌ حه‌زره‌تی قادری گه‌یلانی داپۆشیوه‌؟
  • به‌غدا وه‌ك به‌هه‌شت وایه‌!
  • مرۆڤ به‌هه‌شته‌، نه‌ك شوێن.
    *
  • ئایه‌ ده‌ته‌وێ‌ لێره‌ بمێنیته‌وه‌؟
    كه‌واته‌، ناوكێكی دی له‌ شوێنی ناوكی خۆت دابنێ‌، سه‌ر- یشت بگۆڕه‌.
    *
    ده‌نگی ئامێرگه‌لێك ڤالاهی ئاسمانی ته‌نیوه‌.
    له‌ زانستی رواڵه‌تدا كه‌ شه‌پۆلی ئه‌و ده‌نگه‌ په‌خشی ده‌كا هاتووه‌، به‌غدا دایكێكه‌ كۆرپه‌له‌كان له‌نێو سێبه‌نده‌یدا ده‌ڕسكێن، دواتر كۆرپه‌له‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و نوێژ بۆ فه‌رمانداری سه‌ركه‌وتوو ده‌كا.
    دیسان له‌ زانستی رواڵه‌تدا باسكراوه‌ ئه‌و جله‌ی بۆ یه‌كه‌مجار به‌ر جه‌سته‌ی كۆرپه‌له‌ ده‌كه‌وێ‌، هه‌ر به‌ده‌ستی فه‌رمانداری سه‌ركه‌وتوو ده‌دوورێ‌.
    هه‌ر له‌ زانستی رواڵه‌تدا هه‌یه‌ كه‌ به‌غدا ماڵێكه‌ بۆ مێرووله‌كانی كۆست، منیش سه‌رپێچیم كرد و ده‌ركرام.
    *
    ئایه‌ له‌سه‌رم پێویست بوو واقیع ره‌د بكه‌مه‌وه‌ و هه‌موو كاته‌كه‌م له‌گه‌ڵ مومكندا به‌ڕێ بكه‌م؟
    ئایه‌ پێویست بوو به‌ئاشكرا بڵێم: هه‌ر ده‌نگێك له‌ به‌غدا زغته‌ ركێبی خۆی هه‌یه‌؟
    *
    ده‌نگی ئامێرگه‌لێك ڤالاهی داگیركردووه‌.
    به‌ناو گشت به‌شه‌كانیدا رۆده‌چێ،
    گوێم له‌وه‌شه‌ كه‌ كات و بۆشایی و ده‌سه‌ڵات و ته‌رمه‌كانی پێ راڤه‌ ده‌كا، هه‌روه‌ها ئاینده‌ش.
    ئاواهی ئاراسته‌ و ئاسۆكان رێكوپێك ده‌بن، به‌پێی رووناكاییه‌كی دی:
    وڵات له‌مێستا به‌دواوه‌،
    تیرێكه‌ كه‌وانه‌كه‌ی كورسی سوڵتانه‌.
    *
    مه‌له‌كان – برینن به‌ داره‌وه‌،
    ئه‌و گوڵه‌یه‌ش كه‌ ژێیه‌ك بو له‌ بۆن
    له‌ نێوانی خۆرهه‌ڵات و خۆراوابووندا،
    ئه‌ستۆیه‌كه‌ ده‌چه‌مێته‌وه‌ و برژانگێكه‌ ده‌شكێ.
    ئه‌وه‌ی بروسكه‌ش بێ به‌دیناكرێ‌ بێجگه‌ له‌ هه‌وری نه‌زۆك.
    *
    تینوێتیه‌ك جه‌سته‌ قه‌د ده‌كا وه‌ك قه‌دكردنی كاغه‌ز،
    له‌هه‌ر ساتێكیش،
    له‌شێوه‌ی چرا جادوو هه‌ناوی مێژووی لێ وه‌ده‌ر دێ.
    *
  • 6 –
    به‌پاڵكه‌وتوویی له‌سه‌ر رۆخی نوێنه‌كه‌م له‌ ئوتێل (ناوه‌كه‌یم بیرچوو)،
    گوێم له‌ ده‌نگی كاتژمێرێكی نامۆیه‌،
    وه‌ك بڵێی له‌ هه‌وكی دارخورمایه‌ك شۆڕ بۆته‌وه‌ خه‌ریكه‌ وشك ده‌بێ.
    كات دوازده‌ی شه‌وه‌.
    شه‌وێك بێداره‌ له‌ نێو ده‌سته‌كانی دیجله‌دا. كۆخه‌كۆخی ئاو دێته‌ به‌ر گوێم، لێواره‌كانیش ده‌گرین. ئه‌ی شه‌وه‌كه‌ من ئاگادارت ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ تاریكستانه‌كانی خۆم. ئێوه‌ش ئه‌ی شاره‌ فورات نشینه‌ خه‌وتووه‌كان سڵاوتان لێ بێ.
    زاره‌ دۆشداماوه‌كه‌ی خۆم، فڕێده‌ده‌مه‌ سه‌ر ته‌ختی رووداوه‌كان. چاوه‌ڕێ ده‌كه‌م، ورد ده‌بمه‌وه‌، بۆم ده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ رووداوه‌كان داشی سواریان هه‌یه‌.
    چی بكه‌م؟ كۆڵ بده‌م؟ ئایه‌ ئاوا بمێنمه‌وه‌ و هه‌ر پرسیار وه‌ك به‌ردێك گلۆر بكه‌مه‌وه‌ كه‌ بۆم هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ و خه‌ریكه‌ ده‌مكا به‌ژێره‌وه‌؟
    تۆش ئه‌ی سه‌ری خۆم – پێمبڵێ ئه‌و گه‌رده‌لووله‌ت له‌كوێ‌ بوو، كه‌ نایه‌وێ‌ ئارامبێته‌وه‌؟
    *
  • 7 –
    شیعر لێوه‌كانی خۆی له‌سه‌ر مه‌مكی به‌غدا داده‌نێ‌…
    به‌غدام به‌جێهێشت و هه‌ر له‌گه‌ڵ خۆم ده‌مگوت كه‌ شاره‌كان هه‌ندێ جار خه‌ونی گۆڕانكاری دێنن و به‌ خشپه‌یی ده‌یانخه‌نه‌ نێو ماڵه‌كانی خۆیانه‌وه‌ هه‌روه‌ك یارێكی نهێنی. ئه‌وه‌شم بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ له‌ هیچ شوێنێك نه‌مبینی وشه‌كانیش به‌ده‌وری خوانه‌كاندا دانیشن بۆ خواردن وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا بینیم هه‌موو شتێك هه‌ڵده‌لووشن. به‌ گۆشت و چه‌ور و ئێسقانه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی له‌دایكبوون، ئه‌وانه‌ی مردن و ئه‌وانه‌شی هێشتا له‌دایكنه‌بوون.
    له‌وێ‌ ئه‌وه‌شم بینی كه‌ چۆن زمان ده‌بێته‌ سوپایه‌كی بێشومار له‌ ئاژه‌ڵی دڕنده‌. من تا ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ش له‌ ساڵی 1969، كه‌ سه‌یری “ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق”م ده‌كرد، زۆر هیلاك ده‌بووم تاوه‌كو بتوانم جیاوازیی بكه‌م له‌ نێوان مرۆڤ و ئه‌هریمه‌ن و خوداوه‌ند. له‌وانه‌یه‌ هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ بووبێ كه‌ من له‌ به‌غدا بێجگه‌ له‌ سه‌رما هه‌ستم به‌ هیچ شتێكی دی نه‌كرد، هه‌ڵبه‌ت له‌و كاته‌ی له‌ باوه‌شی خۆر بووم.
    به‌ڵام، به‌ڵام،
    ئه‌ی شیعر، داینێ‌
    لێوه‌كانت له‌سه‌ر مه‌مكی به‌غدا.
    (به‌یرووت 1969)
    …………………………………………………………………………………………………..
  • له‌ ساڵی 1969 وه‌ك ئه‌ندامێكی شاندی یه‌كێتی نووسه‌رانی لوبنان به‌ سه‌رۆكایه‌تی سوهێل ئدریس چووم بۆ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌بوون له‌ كۆنگره‌ی یه‌كێتی نووسه‌رانی عه‌ره‌ب. نه‌زار قه‌بانیش ئه‌ندامی وه‌فده‌كه‌ بوو. له‌وێ‌ چه‌ند رۆژێك مامه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌شداریی له‌ چالاكیه‌كانی شاند و كۆنگره‌كه‌دا بكه‌م، حه‌ز ده‌كه‌م هۆكاری ئه‌و به‌شدارینه‌كردنه‌شم هه‌ر لای خۆم بێ و باسی نه‌كه‌م.
    ئه‌وه‌ش تاكه‌ سه‌ردانم بووه‌ بۆ به‌غدا.
    ئه‌و ده‌قه‌ی ئه‌مڕۆ بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ میانی ئه‌و سه‌ردانه‌مدا نووسراوه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ده‌ستكاریی بۆ جاری یه‌كه‌مه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌. بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ر شیكاری و راڤه‌كردنێكیش كه‌ هه‌ندێ كه‌س حه‌زیان لێیه‌تی، ئه‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌ ئه‌م ده‌قه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حوكمدان نیه‌ به‌سه‌ر گه‌لی عێراقدا وه‌ك گشت، به‌ڵكو هه‌ڵێنجانی لێوردبوونه‌وه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌و “كه‌ش”ه‌ رۆشنبیری و سیاسییه‌ش كه‌ خه‌ڵكانێك له‌و قۆناغه‌دا ده‌یانویست له‌ گۆشه‌نیگای ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ كاری بۆ بكه‌ن.



مانیفێستی عەشق/ بەشی سیانزە… تێکست: ستیڤان شەمزینی

نیازم هەیە کودەتایەک بکەم بەسەر ئەم بێدەنگییەدا
چیرۆکی ئەوینمان بۆ رەشەبای دەم شڕ بگێڕمەوە


لەوەتی ئەم دنیا هەیە خەونێک هەر بەڕێوەیە بۆ لات
خەونی ئاوێتەبوونى ئامێزی ساردم لەگەڵ جەستەی گەرمت


پێشتر گەڵایەکی زەردی ناو وەرزی چرۆکردن بووم
ئێستا چرۆیەکی سەوزی مەوسوومی گەڵاڕێزانم


قەسیدەیەکم لە قوڵپی گریانەکانت بۆ چنیویت
تا بزانی فرمێسکەکانیشت تاڤگەی شیعری منن


لە تفت و تاڵترین رۆژانی هەمیشە تەنهاییمدا
وەک کانییەکی شیرین لە ژیانما هەڵقووڵایت!!


هەزاران ساڵ بە دوای عەشقی تۆدا وێڵ بووم
جگە لە دووریت هیچی ترم نەدوورییەوە!!


ئەوینت لە هەر چوار لاوە ئابڵووقەی داوم
بۆ هەر کوێ بڕۆم سەرەنجام ئەگەمەوە بە تۆ!!


تەنها یەک پێک لە ئەشقی جادوویم بنۆشە
تا قیامەت بە ئەوینمەوە سەرخۆش ئەبیت!!


بە خوێندنەوەکانی شیعرەکانم ئەبڵەق ئەبیت
کەچی هەموویان بە ژانی ئەوینتەوە لە دایک بوون!


خەنجەری تیژی عەشقت لەسەر سینگم چەقاند
لە بری خوێن، شیعر وەک فوارە فیچقە ئەکات!!


جادووگەر، بەیەک بزەت وەک ژیلەمۆ دائەگیرسێم
بە یەک فرمێسکیشت دەبم بە سووتوو و خۆڵەمێش


یەکەمجار تۆ تیشکی جوانیت خستە پێڵووەکانمەوە
دواتر من لەسەر کەلاوەی دڵم تەلاری ئەوینم چێ کرد


هەر ساتێ جوانی تۆ و دڵناسکی من یەکدەگرن
دڵۆپ دڵۆپ بارانی شیعر و ئەوین ئەبارێ


تۆ لە قەبیلەی گووڵاڵە سوورە و من لە تیرەی نێرگز
هەردووکمان لە باوانەوە ئەچینەوە سەر رەگەزی باخ


ئایا بیرت ماوە لە ئاسمان دراوسێی یەکتر بوون؟
لە کۆڵانی شەبەنگ لە گەڕەکی ئەستێرە ئاڵتوونییەکان!


بیرتە پێم وتی دڵم ئاوی ئاموون و توونی بابایە
هەر هاتیتە ناوی ئیدی گەڕانەوەی تێدا نییە؟!!





چیرۆکگەلێکی تەواو نەکراو … نەوزاد بەندی

ئەم پێڵاوانە ، هەڵگری پێی کەسانێک بوون کە بە هیواوە خۆیان داوەتە دەست دەریای سپی ناوەڕاست ، بە ئومێدی ژیانێکی باشتر ..بە هیوای ڕزگار بوون لە هەژاری و دیکتاتۆری و گەندەڵکارانی ووڵاتەکەیان ..بە ئاواتی گەیشتن بە ووڵاتێکی شارستان کە ڕێز لە مافەکانیان بگرێت …😭😭😭
بەڵام ..شەپۆلەکانی دەریا ڕایەکی تریان هەبووە و ..خنکاندوونی …
لە پشت هەر پێڵاوێک لەم پێڵاوانەوە ، هەزاران خەون و هیوا و..چیرۆکی تەواو نەکراو هەن …بەڵام کەس ناتوانێ بیانبینێ یان بیاننووسێتەوە …
بە درێژایی کەناراوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست ، پێڵاوی ئەو کۆچبەرانەی کە خنکاو و بێ سەروشوێنن ..




نەورەسەکانت لە دوا ئەنێرم … کاوە عوسمان عومەر

کە هەموو شتەکان،،
لە خەوێکی ناخۆشا…
نغرۆ،
نەورەسەکانت،،
لەدوا ئەنێرم،،
تۆ، ئێوارەیەک ئەرخەوانی ….
بگەرە کەنار،،،
چاوەڕێتم،،
وەک چاوەڕوانی..
دار چنار،،
بۆ مەلێ لە جوانی،،
چاوەڕێتم،،
لە نێو کوخێ …
لە عیشق وشیعرو،،
گوڵ و گوڵزار،،
تۆ دەرکەوە،،
وەک گزنگێ..
لە پشت کەلی چیاکان،،
لەبەردەما بەرجەستە بە،،
وەک تابلۆی پەیکەرێ،،
لە نمە باران،،
ڕێگە بە،،
با سیحری جوانی زەریا،،
دڵی شەکەت و..
ماندووی سەفەربەرێ،،
پەیمان ئەدەم،،
لە نێو چاوما،،
تروسکەی…
فیردەوسی..
خواوەندی عیشقت،،
بۆ بهێنم،،
لە نێو چنگی تەزیوما،،،،
ووردە ئاڵتوونی خۆر..
بەسەر ڕوخسارتا..
ببارێنم،،
گەر گەیشتی..
با وشەکان،،
بە زەنگی بێدەنگیەوە…
هەڵبواسرێن،،
بۆ چەند ساتێ،،
با نەورەسەکان،،
لە جیاتی لێومان،،
باسی ئەندێشەی..
ژوانێکمان کەن،،
شەپۆلەکان ببنە جەستە،،
دڵ ببێتە ..
چارۆکەی،،
کەشتتی بێ بەندەر و جێ،،
با یەکی سرک و بزێویش،،
تا ئەو شوێنەی،،
هەوری یاخی لێ بێ،،،
ڕۆحمان..
دوور دوور،،
بەرێ،،

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ڕۆمانی
( Giani Pralea)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




منداڵانی کورد و فـرە رۆشنبیری لە هەنـدەران … رەزا شـوان

لە ئەمـڕۆدا ئێمە لە سەدەی بیست و یەکەمیندا دەژین، سەدەی (رۆشنـبیری گـلۆباڵـیزم)
دەڵێن لە سایەی پێشکەوتن و شـۆڕشی تەکنەلـۆژیا و داهـێنانی سەیـر و سەمەرەدا، لە سایەی ئیینتەرنێت و ئایفۆنی زیرەک و ئامێری جۆراوجۆر و ئاسانی هـۆیەکانی گەیاندن و پەیوەندیکردن، جیهان بووە بە گونـدێکی بچووک. کۆمەڵگاکان بە شێوەیەکی زیاتر لە رابردوو لە یەکتر نزیکبوونەتەوە و تێکەڵ بوونە. لایەکی کەشەوە بە هـۆی کۆچکـردن بۆ ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا، بە تایبەتیش لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفـریقاوە. بە هۆی سـتەم و چەوسـانـەوە و سەرکوتکـردن و کوشـتن و برسێـتی و هـەژارییەوە، لە لایـەن رژێـمە فاشستییەکـان و دەسەڵاتـدارانی ستەمکـار و دیکـتاتـۆر و رەگەزپـەرسـتەوە، بە هـۆی نەبـوونی ئـازادی و دیمـوکـراتی و شـەڕ و ناسەقـامگـیریییەوە. خەڵکـییەکی زۆر لە نەتەەوەکانی ئەو وڵاتـانە بە ناچـاری کۆچـیان بۆ وڵاتـانی جیهـان کـردوون.
گـەلی کوردیـشمان زیـاتر لە سـەد ساڵە، کوردسستانی نیشـتمانی لی داگـیرکراوە و بەش بەش کراوە. داگیرکەرانی رەگەزپـەرست، بە دڕندەترین شێوە، کورد سەرکوت دەکەن و دەچوسێننەوە، رەشەکـوژی و کۆمەڵکـوژی کوردیان کرد و دەکەن و کوردستان وێـران دەکەن و سیاسەتی خاکی سووتماک جێبەجێ دەکەن. بە هەزاران کوردییان بە زۆرداری لە زێـد و لە نیشتمانی خۆیدا، ئاوارە و دەربەدەر کردوون و دەکەن. لە ترسی کوشتن و گرتن و نەبوونی ماف و ئـازادی و دیموکراتی، لە ماوەی سەدەیەکـدا بە هـەزاران کورد بوونە بە پەنابەر و لە وڵاتـانی جیهـاندا دەژیـن، بە تایبەتیش لە ئەوروپا و ئەمریکـادا.
نزیکەی سێ ملیۆن منـداڵی کوردمان لە هەموو تەمەنەکانـدا، لەگەڵ خـێزانەکانیانـدا، لە هەندەڕان دەژین، گەرچی زۆربەیان لەو وڵاتانە لە دایکبوونە، بەڵام بە هـۆی هۆشیاری دایکان و باوکانیانەوە، سـۆز و دڵسۆزی و خۆشەویستی و هاوبەستەبـوونیان بۆ کـورد و کوردسـتان هەیە، رێز لە داب و نەریتەکان و لە بەهاکانی نەتەوەی کوردمان دەگرن و شانازییان پێوە دەکەن. رادەی ئەم دڵسۆزی و پەرۆشی و هـاوبەستەبـوونەش بۆ رادەی رۆشنبـیری و هـۆشـیاری دایکـان و باوکـانیان دەگەڕێتـەوە. لەوانـەیە لەژێـر کاریگەری رۆشنبیری و فێربوون و خوێندنی زمانی فەرمی زاڵبووی ئەو وڵاتانەی کە لێیان دەژین، کەوتووبێتنە ژێر کاریگەری دوو رۆشنبیریی جـیاوازەوە، رۆشنبـیریی نەتەوەیی کوردی و رۆشنبیریی نەتەوەکانی ئەو وڵاتانەی لێیان دەژین، بە داب و نەریتەکان و بە شێوازی ژیان و بە کولتووری ئەو وڵاتانە ئاشنابوونە. چونکە زۆرترین کاتەکانیان لە پۆل و لە قوتابخانەدا، لەگەڵ منـداڵانی ئەو وڵاتـانەدا بەسەر دەبـن. بە زمانەکـانی ئەو وڵاتـانەش دەدوێـن و دەخـوێنن. تەنیا لە ماڵـەوەدا بە کـوردی دەدوێـن. بـەڵام بەشـی هـەرە زۆری منـداڵانی کوردمان، لە سایەی دڵسۆزی و هـۆشیاری دایکـان و باوکـانیان دا، هەسـت و هاوبەستەبوونی نەتەوایەتی و نیشتمان پەروەری و دڵسۆزیـان بۆ کورد و بۆ کوردستان کـاڵ نەبـۆتەوە. کوردسـتان بە نیشـتمانی یەکەمی خۆیان دەزانن و شانازی پێوە دەکەن.
لە هیچ وڵاتێکی جیهانیشدا، بۆ منداڵانی پەنابەران، قوتابخانەی تایبەتی نییە، تا هەموو وانەکان بە زمانی خۆیان بخوێنن. بۆیە دەچـنە قوتابخانەکـانی ئەو وڵاتانە و بە زمـانی فـەرمی ئەو وڵاتـانە فـێردەبن و دەخـوێنن. شایـەنی باسیـشە لە زۆربـەی وڵاتـانـدا، بۆ نموونە لە وڵاتـانی ئیسکـندنـاڤـیا دا (سویـد و دانیـمـارك و نه‌رویـج) بێجـگە لە زمـانی فەرمی ئەو وڵاتـانە، منداڵانی هەر نەتەوەیەک لە نەتەوەکانی تر مـافی ئەوەیان هەیە و رێپـێدراون، کە هـەفـتەی (٢) کاتـژمـێر لەو قـوتابخـانـانەی کە لێـیان دەخـوێنن، فـێری نووسین و خوێنـدن بە (زمـانی دایک) یان ببن. گەر دایک و باوکیان داوای مامۆستای کوردیـیان بـۆ بکـەن. من (نووسه‌ر) سێ ساڵ لە دوو شاری نەرویجـدا، وانـەی زمانی کوردیـم بـە منـداڵانی کوردمـان لە قـوتـابخانە بنەڕەتییەکـانـدا وتـەوە. ئێسـتاش وانـەی کوردی دەوتـرێتەوە. تەنانەت گەر لە شارێکـدا تەنیا یەک قـوتابی نەتـەوەیەکی جـیاواز هـەبێت، مـافی ئەوەی هەیـە، کە داوای مامۆسـتایەک بکات و بە زمـانی دایـکی فـێری بکات. لایـەکی کەشەوە، ئەو وڵاتـانە لەو بڕوایـەدان، هـەر منـداڵـێکی بێگانە بە باشی فـێری زمـانی دایکی ببـێ، باشتریش فـێری زمـانی وڵاتـەکەیـان دەبێـت.
رۆشـنبیری منـداڵان لەم سەردەمەدا، بووە بە پێـویستییەکی پێویـست و بـە یەکـێک لە گـرنگـترین کـۆڵـەکـەکـانی گەشـەکـردن و پـەروەردەکـردنی منـداڵان. لـە سـایـەی ئـەو رۆشنبیرییەی کە لە ئەمـڕۆدا بە (رۆشنبـیری گـلۆبـاڵـیـزم) نـاوی دەبـەن، یـا بـڵێـین لە سایەی فـرە رۆشنبیری و پێشکەوتنی خێرا لە تەکـنەلـۆژیا و زانیارییەکان و داهـێینانی هـەمەجـۆرە و ئاسانی و خـێرایی هـۆیەکـانی گەیانـدن و پەیـوەنـدیکردن، کە رۆڵـێکی گرنگـیان لە رۆشنـبیریی منـداڵان هـەیە. دەرکەوتـنی زاراوە گـەلـێکی وەکـو: جیهـانی گـریمانـەیی و گۆمەڵگـای گـریمـانەیی، رۆشنـبیرییەکی بێ سـنوور، لە جـیهـانێکی بێ سـنووردا، گـەلێ بەرەنگـاری رووبـەڕووی رۆشنـبیریی منـداڵان بوونەتـەوە. تـرس و مەتـرسییەکی زیـاتر رووبەڕووی ناسنامەی رۆشنـبیری منـداڵان بوونەتەوە، لە بەردەم دایکـان و باوکـان و مامۆستایان و ئەو کەسانەی کە منـداڵان رۆشنـبیر دەکەن. هەنـدێ وایـان پێ باشە کە رۆشنبیریی منداڵەکـانیان سـنووردار بکـرێت، بۆ رەوینەوەی ترس و مەترسییەکان لەسەر ناسنامەی رۆشنـبیریی رەسەنی منداڵان، لە چوارچێوەی هێنانەدی ئاسایشی هـزری منداڵان، کە لە جیهانی ئەمڕۆدا، بە پێویستییەکی زۆر پێویست دەزانن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەلێ بەرهەڵست و هەڕەشە، کە بریتین لە بڵاوبوونەوەی بیری تونـدڕەوی و دەمارگـیری و رەگەزپـەرستی و تـیرۆریستی. بـۆیە رۆشنبیریی منـداڵان لە چـوارچـێوەی ئاساییشی هـزریـدا، لە گرنگـترین ستراتیژییەکـانی رووبەرووبـوونـەوەی بەرنگـارییەکان دایە. پێویستە ئەو میکانیزمـانەش بە وردی دیاری بکـرێن، کە دەکرێت بە کرداری و ئەرێنی لە بواری رۆشنبیری منـداڵاندا جـێبەجێ بکـرێن. تا بتوانن لەگـەڵ گۆڕانکارییەکان و پێشکەوتنەکانی سەردەمەکەیانـدا دەربەرن، کە یارمەتی گەشەکردنی هـێنانـەدی ئەمانجەکـانی رۆشنبیریی منـداڵانی کوردمان دەدەن.
بێگومان لە ئەمڕۆدا هـیچ کۆمەڵگایەک ناتـوانێت، شوورەیەک بە دەوری خۆیـدا بکێشێ و بە داخـراوەیی بـژی. چونکە رۆشنبیریی کلۆباڵیزمی، هەرەسی بە هەموو سنوورەکان هـێناوە. فـرە رۆشنبیری و لەیـەک نزیکـبوونەوەی نەتـەوەکـان، یەکـێکە لە سیـما و لە دیـاردەکـانی ئـەم سەردەمـە (سـەردەمی جـیهانگـیری) هـەر نەتـەوەیەک وەردەگـرێـت و لێی وەردەگرن. دەبا هەموو پەنجەرەکـانی ماڵەکەمـان بۆ هـاتنە ژوورەوەی رۆشنبیریی بەسوود بخـەینە سەرپشـت، کە بەقـەی هـەڵمـژینی هـەوای پـاک پێـویستە بۆمـان.
منـداڵان لە تەمەنێکی بچـووکـدا، کە فێری هەمەچەشنەیی و جـیاوازی رۆشنبیری دەبن. لە رێی فـرە رۆشنبیرییەوە. تەنیا فـێری ناسـینی جیهـانی دەوروبەریـان و جـیاوازییەکان نابـن، بەڵکو ناسنامە و پێگـەی خۆشـیان لە کۆمەڵگـای جیهانیـدا دەناسن و دەبـیننەوە.
مامۆستایـان رۆڵـێکی گرنگـیان لە رۆشنبیریکـردنی منـداڵان هـەیە، ئەوانـن کە دەتـوانن شێوەی نەوەی داهـاتوو دیاری بکەن. پێویستە بە رۆشنـبیری خۆشەویستی و لێبووردن و یەکسانی و یەکـتری قـبووڵکردن و رێزگـرتن لە هـزر و لە را و لە بۆچوونی جیاوازی کەسـانی تـر پەروەردەیـان بکەن. بۆ ئـەوەی نەوەیـەکی دروسـتـیان لێ بێـتە ئـاراوە.
بمانەوێ و نەمانەوێ، لە ئەمڕۆدا زۆربەی منداڵان رۆژانە، لە رێی پرۆگرامە داڕێژراوە ئەلیکترۆنییەکانەوە، گەلێ لە جۆرەکانی رۆشنبیری بەسەر دەکەنەوە. کە بوونەتە هـۆی دەوڵەمەنـدی لایەنی زانست و زا یارییان. هەیانە لەگەڵ رۆشنبیری کۆمەڵگای کوردیمان گونجـاون. هـەشـیانە ئاسـۆیـەکی فـراونـتر لە بـەردەم منـداڵانـدا واڵادەکـەن بـۆ زانیـنی جـیاوازی رۆشنـبیریی گەلانی جـیاواز لە زمـان و جلوبەرگ و خواردن و داب و نەریت.
خێزانەکان بەرپـرسێـتی پەروەردە و رێنمایی و چاودێریی منداڵانی بچـووک هەڵـدەگرن.
فـرە رۆشنبیری، لە باخچەیەکی گوڵ هەمەڕەنگە و هەمەچەشنە دەچـێت، کە هەر جـۆرە گوڵـێک رەنگ و جـوانی و بۆنی خۆی هەیە، سەرجەم پێکەوەش، بوونە بە باخچەیەکی رەنگـینی جـوان و قەشەنگ و دڵگـیر و بۆن و بەرامە خۆش. لە پەلکەزێـڕینەی حەوت دەچـێ، کـە هـەر رەنگـێک لە رەنگەکـانی جـیاوازە و جـوانی خـۆی هـەیە، کە پێکـەوە لەسەر سنگی ئاسمانـدا، کەوانەیـەکی رەنگـینی جـوانی ئەفـسوونـاوی پێـشان دەدەن.
با لە منداڵییەوە منداڵە چاوگەشەکانی کوردمان، بە فـرە رۆشنبیری رابهێنین، ناسنامەی رەسـەنی رۆشنـبیری کوردیـشمان لایـان شـیریـن بکـەین، تـا پارێـزرگـاری لـێـبکەن.
رەزا شـوان: ٩/ سێپـتەمبەر/ ٢٠٢٠




ئاگاداریەک بۆ هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز لە فنلاند !

دەسەڵاتی کوردایەتی نزیک بە ٣٠ ساڵە ،سەروەت و سامانی سەرزەوی ژێر زەوی ئەم کۆمەڵگایە تاڵان دەکات . ئێستاش کار بەوە گەشتووە بەری ڕەنجی شانی خۆمان و موچەیەک کە لە بەرامبەر کارێکدا کە ئەنجامی دەدەین ئەویش نادەن .
بەڵام کاتێک کە خەڵکی دێنەمەیدان و بەشێوەیەکی هێمنانە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داکۆکی لە مافەکانی خۆیان دەکەن، ھێزە سەرکۆتگەرەکانیان بەردەدەنە گیانی ئەوخەڵکەو دەیانگرن و ڕاپێچی زیندنیان دەکەن.
بۆیە جێگەی خۆیەتی دژ بەگرتن و دەستدرێژیەکانی ئەوان دەنگی ناڕەزایەتیمان دەربڕینو بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندەران بێینەمەیدان !
بەم بۆنەیەوە ئێمە لەسەنتەری شاری هێڵسنکی گردبوەنیەک سازدەکەین، هیوادارین بەشداربن لەگەڵمان.

کۆمیتەی فنلاندای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان

کاتی گردبونەوە / رۆژی هەینی
بەرواری ١١/٩/٢٠٢٠ کاتژمێر ٥ی ئێوارە
شوێنی گردبوەوە / سەنتەری شاری هێڵسنکی لەبەردەم
Kolmen sepän patsas

بۆ زانیاری زیاتر
مستەفا باهر ٠٤٤٠١١٠٧٥٤
ابراهیم حسین ٠٤٤٩٨٧٠٧٨٨




چۆن و بە کێ … کەنعان مدحەت

سەرقاپی هەر بابەتێ هەڵدەدەمەوە
هەڵمی دۆڕان
خۆ هەرزان فرۆشی و
سڕینەوە
چاویلکە پزیشکییەکەم تەماویی و
بەرد بە بەردی بنیاتنراوی نەتەوایەتیم
رادەماڵێ.
کێبڕکێی نێوان زایەڵە و
هەورەتریشقە
هەمو ئەو پەلوپۆ تێر و تەسەڵانەی
لە کوردایەتی و هەڵویست و
کەسایەتی..
دەرووتێنێ.
ئەی برینە کولاوەکە
چەکوشە بە هەڵمەتەکەی کاوە
ئەم هەمو زوحاکە خۆماڵییانە ،
چۆن و
بە کێ ،
گزک دەدرێ ؟!!

١٨/١٢/٢٠١٨
مالموێ / سوید




ئه‌ركی په‌روه‌رده‌كاریی هونه‌ری كاریكاتێر … هه‌ندرێن خۆشناو

كاریكاتێر به‌ سروشته‌ ره‌خنه‌گرانه‌كه‌ی، دیارده‌یه‌كی نه‌رێنی چاره‌سه‌رده‌كات، ئه‌گه‌ر هه‌ردوو جۆری كاریكاتێری گاڵته‌جاڕی و پۆرترێت به‌لاوه‌نێین، كه‌ به‌ دوو جۆری بنه‌ڕه‌تی له‌ جۆره‌كانی كاریكاتێر ناژمێردرێن، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش هه‌ردوو جۆره‌كه‌ له‌وانه‌یه‌ چه‌ندین نیگار له‌خۆبگرن كه‌ سروشتی ره‌خنه‌گرانه‌یان هه‌یه‌. ئه‌و سروشته‌ ره‌خنه‌گرانه‌ی كاریكاتێر ده‌بێته‌ هۆی به‌راوردكردنێك له‌نێوان دیارده‌ نه‌رێنیه‌كان و پێچه‌وانه‌كه‌یاندا، به‌رده‌وام هه‌ڵسه‌نگاندنی دیارده‌یه‌كی نه‌رێنی، نه‌رێنی ده‌بێت، واته‌ كاریكاتێر ره‌خنه‌ له‌و دیارده‌یه‌ ده‌گرێت و به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ داوای وه‌ستان له‌ دژیدا ده‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی په‌روه‌رده‌كردنی جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی دیارده‌ی نه‌رێنی، ئه‌م په‌روه‌رده‌یه‌ش له‌وانه‌یه‌ دژ به‌ كه‌سێكی دیاركراو بێت، وه‌كو زنجیره‌ كاریكاتێره‌كانی (ناست) (پاشا توید)، كه‌ كاریكاتێریسته‌كه‌ تێیاندا ئابڕووی پارێزگاری نیویۆرك ده‌بات، كه‌ به‌ گه‌نده‌ڵی ناسراوبوو، هه‌روه‌ها له‌ كاریكاتێره‌كانی (دۆمیێ) (پاشا لویس فیلیپ)، هه‌روه‌ها له‌ زنجیره‌ی (ناوداره‌كان)دا، و له‌و كاریكاتێره‌ زۆرانه‌ی دژ به‌ (ناپلیۆن بۆناپارت) و (ناپلیۆنی سێیه‌م) و (هتله‌ر) و (ستالین) و (ریگان) و زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌كانی جیهان له‌ چه‌ندین ماوه‌ی مێژوویی جیاوازدا، له‌وانه‌یه‌ په‌روه‌رده‌كه‌ش ئاڕاسته‌كراو بێت دژ به‌ كۆمه‌ڵێك، وه‌كو حزبێكی سیاسی، یان جۆرێكی تری گروپ و گردبوونه‌وه‌، یان نه‌ژادێكی دیاركراو، یان دژ به‌ ده‌وڵه‌تێك، یان دیارده‌یه‌كی دیاركراودا.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ له‌ كاریكاتێری سیاسیدا چه‌ندین وریاكه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ جێگای پرسیارن، ئایا هه‌موو نیگاره‌ كاریكاتێریه‌كان په‌روه‌رده‌ی ئه‌رێنی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌، پێویست به‌ شیكردنه‌وه‌یه‌ك و هاوكێشه‌یه‌كی ساده‌ ده‌كات ئه‌ویش، ئایا له‌ سیاسه‌تدا ئه‌وه‌ی ئه‌رێنییه‌ بۆ من، ئه‌رێنییه‌ بۆ تۆ؟ بۆ نمونه‌ ململانێی دوو حزب له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ وڵاتێكی دیاركراودا، هه‌ردوو حزبه‌كه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ریه‌كتری، ئه‌مه‌ لایه‌نگری خۆی هه‌یه‌، و ئه‌وی تریش لایه‌نگری خۆی، ئه‌مه‌ له‌سه‌ر حه‌قه‌، و ئه‌وی تریش له‌وانه‌یه‌ له‌سه‌ر حه‌ق بێت، لێره‌دا ئه‌رێنی و نه‌رێنی دیاركراوه‌، به‌ پشت به‌ستن به‌ بیروڕای جیاوازه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ ڕاست بێت و له‌وانه‌شه‌ چه‌وت بێت، زۆرجاریش راستی و ناڕاستیمان بۆ به‌ده‌رناكه‌وێت، ته‌نانه‌ت دوای ماوه‌یه‌كی زۆریش، نه‌ك به‌ پشتبه‌ستن به‌ پێوه‌ری جێگیر و گشتی، بۆیه‌ كاریكاتێر ئامرازێكی په‌روه‌رده‌ییه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ دوو ئاڕاسته‌ی دژ به‌یه‌كدا به‌كاربێت. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری په‌روه‌رده‌كرابێت ئه‌رێنی بێت یان نه‌رێنی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاریكاتێر ئه‌ركێكی په‌روه‌رده‌یی جێبه‌جێ ده‌كات، له‌ كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تیش كاره‌كه‌ رۆشنتره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه‌ هه‌ڵوه‌سته‌كانیان له‌سه‌ر بونیات ده‌نرێن، له‌ دیارده‌یه‌ك یان دیارده‌یه‌كی تر، بنه‌مای جێگیرتر و گشتگیرترن، زۆرجاریش هه‌ڵوه‌سته‌ی زۆرینه‌ی هه‌ر زۆری جه‌ماوه‌ره‌، ئه‌و دیاردانه‌ی كه‌ كاریكاتێر ره‌خنه‌یان لێده‌گرێت، ئه‌و دیاردانه‌ن كه‌ له‌ڕێ لاده‌رن له‌و بنه‌ما ئه‌خلاقیانه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگا به‌ درێژایی هه‌زاران ساڵ دایناون، كه‌ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌ دیارده‌ی نه‌رێنی ده‌مێننه‌وه‌، چونكه‌ ده‌بنه‌ هۆی زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆر بۆ كۆمه‌ڵگا، له‌و دیاردانه‌ش بۆ نمونه‌ به‌رتیل، تاوانكاری، له‌شفرۆشی، ئاڵوده‌بوونی خواردنه‌وه‌ی مه‌ی و ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان، هه‌ڵئاوسان و گرانیی، زوڵم و زۆرداری، چه‌ندین دیارده‌ی دیكه‌ش. به‌مه‌ش كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ بواری جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی په‌روه‌رده‌ییدا پله‌ی یه‌كه‌م ده‌گرێت، له‌ نێو جۆره‌كانی تری كاریكاتێردا، له‌به‌ر رۆشنی ئه‌و ئاماژانه‌ی كه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ ره‌خنه‌ییه‌كانی خۆی له‌سه‌ر بونیات ده‌نێت هه‌روه‌ك باسمان كرد.
به‌ڵام له‌ كاریكاتێری پۆرترێت و گاڵته‌جاڕیدا ئه‌ركی په‌روه‌رده‌یی نیمچه‌ وونه‌، له‌به‌ر ئه‌و بێلایه‌نیه‌ی كه‌ ئه‌و دوو جۆره‌ كاریكاتێره‌ی پێده‌ناسرێت به‌رانبه‌ر به‌ كێشه‌ گشتیه‌كاندا، ته‌نیا ئه‌گه‌ر چه‌ند زیادكردنێكی تریان هاته‌ سه‌ر، وه‌كو كاریكاتێره‌كانی هونه‌رمه‌ندی فه‌ڕه‌نسایی (دۆمیێ) كه‌ باس له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی ده‌كات، ئه‌و زیادكردنانه‌ی كه‌ دۆمیێ خستویه‌تیه‌ سه‌ر كاریكاتێره‌كه‌، له‌ ڕه‌گه‌زه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی كاریكاتێر دانانرێت، خستنه‌ناوی ئه‌م زیادكردنانه‌ش شێوازێكی سیاسیانه‌ به‌ كاریكاتێری پۆرترێت ده‌به‌خشێت، به‌م شێوه‌یه‌ش ئه‌م جۆره‌ی كاریكاتێر ده‌توانێت رۆڵێكی په‌روه‌رده‌یی بگێڕێت، ئه‌گه‌ر چه‌ند زیادكردنێكی بخرێته‌سه‌ر، نزیكی بكه‌نه‌وه‌‌ له‌ جۆره‌كانی تری كاریكاتێری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی.




ئەزموونی كازمی لە كوردستان‌! … دهام سمكۆ

له‌ مێژووی سیاسی بزاڤی ڕزگاریخواری گه‌لی كوردستان لە كۆنەوە تا ئێستا، هه‌موو ئەو كه‌س و لایه‌نه‌ سیاسیانەی خه‌باتیان كردووه‌، هه‌وڵیانداوه‌ به‌ به‌كارهێنانی چەمكی نەتەوەیی و خۆشه‌ویستی كوردستان و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك، خەڵك له‌ ده‌ورووبه‌ری ڕه‌و‌ته‌ سیاسیه‌كه‌یان كۆبكه‌نه‌وه‌‌، ناچینه‌ ناو مێژوو، دەخوازم به‌ چاویلكه‌ی ویژدانه‌وه و بە شێوەیەكی بابەتی،‌ باسی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان بكەم، كه‌ پڕا و پڕن له‌ كەم و كوڕی و مه‌ترسی، خەڵك ئێستا دەپرسێت، ئایا ئەو هێزانەی كوردستان بەڕێوە دەبەن، ئەگەر مەبەستیان خزمەتكردنی نیشتیمان و خەڵكەكەی بێت، چۆن دەكرێ دوای ئەو هەموو قوربانیدانە، ئەم دۆخە خراپە هەر درێژە بكێشێت، هه‌موومان له‌ دوای وه‌ڵامی ئه‌وه‌ین: كەی بەرەو ئارامی دەچین و كەی بیر لە بنبڕكردنی كێشە دارایی و سیاسیەكان دەكرێتەوه‌؟.
ڕه‌نگه‌ كه‌م جار له‌ مێژووی وڵات و نه‌ته‌وه‌كانی جیهان ڕوویدا بێت، وه‌ك ئێستای هه‌رێمی كوردستان، كه‌ تیایدا كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، ده‌سه‌ڵات، ئۆپۆزسیۆن، ڕۆشنبیر، نه‌یار و دۆسته‌كانمان، هه‌موومان به‌ یه‌كه‌وه‌ ددان به‌وه‌‌ بنێین كە هەرێمی كورستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسی و ئاڵنگه‌ری دژوار دایه‌، كه‌وتووینه‌ته‌ ناو تونێلێكی تاریك، دیاره دانان به‌ هه‌ڵه‌ و كه‌م و كوڕیه‌كان فه‌زیڵه‌ته‌ و وا ده‌كات بیر له‌ چاره‌سه‌ركردنیان بكه‌ینه‌وه‌.
دۆخی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ناوه‌خۆیدا له‌ نێوان به‌رداشی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن كه‌وتۆته به‌رده‌م نیگه‌رانی خه‌ڵك، ده‌سه‌ڵات خۆی ددان به‌وه‌ ده‌نێت كه‌ چیتر ناتوانێ پاساو بهێنێته‌وه و به‌ ڕوونی ئاماژه‌ به‌ بوونی قه‌یرانی قوڵ ده‌كات،‌ ئه‌وه‌تا به‌شێك له‌ پێكهێنه‌رانی سەرەكی حكومه‌ت به‌ ئاشكرا، بێ ئاگایی خۆیان له‌ هه‌ندێ كه‌م و كوڕی ده‌رده‌بڕن كه‌ زه‌قترینیان (كه‌یسی نه‌وتە) كه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئابووری سه‌ربه‌خۆی كوردستان ڕاگه‌یاندرا، مه‌ترسی و شومیه‌تی و برسیه‌تی داباریه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئۆپۆزسیۆنیش تا ئێستا به‌رنامه‌یه‌كی ڕوونی نیه‌ كه‌ وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌ڵته‌رناتیڤ ببێته‌ جێگره‌وه، دیاره‌ ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ ئه‌زموونی كاری ئۆپۆزسیۆن له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا بێ ئاكام بووه‌ و سه‌ركرده‌كانیان ددان به‌و فاكته‌ داده‌نێن‌، به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان له‌وه‌ ده‌چێ‌ ئه‌م دۆخه‌ به‌رگه‌ی بێ باكیتر نەگرێت، هاوكات لەسەر ئاستی دەرەوە، ئێمە هەرچەندە وەك كەسیەتی (پاڕا دیبلۆماسی) حیسابمان بۆ دەكرێت بەڵام لەبەر ئەوەی سەربەخۆ نین، نەمانتوانیووە یاریكەری سەرەكی هاوكێشە هەرێمی و جیهانیەكان بین.
ئەنجام بەوە دەگەین كە ئەم دۆخە كەوتۆتە بنبەست، لێرەوە دەپرسین: ئایا ئەم دۆخە تا كەی درێژە دەكێشێت، كەی و چۆن چارەسەر بۆ ئەم كێشانە دەدۆزرێتەوە؟ ئایا حكومەتی ڕزگاری نیشتیمانی چارەسەرە؟ یان هەڵبژاردنی پێش وەختە؟ یان پێكهێنانی حكومەتێكی كاتی لە كەسە بەهێزەكانی حیزبەكان؟ یان لە كەسانی تەكنۆكڕاتی نیشتیمانی و جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكیش بێت؟.
له‌ كه‌س شاراوە نیە، ئەمڕۆ خەڵكی عێڕاق دوای ئەوەی خۆپیشاندانیان كرد، كە بە بەراورد بە ئێمە ڕەنگە دۆخیان باشتر بوو بێت، حكومەت گۆڕدرا، كازمی هاتە سەر كار، كازمیەك كە نە كەسێكی ناسراو بوو نە خاوەن كورسی پەڕلەمانی بوو نە حیزبێكی سیاسی لە پشتی بوو، پێمان خۆش بێت یان نا كازمی لە ئەمڕۆدا تا ڕادەیەك بۆتە مایەی ئومێد بۆ خەڵكی عێڕاق، بە بوێرانە دەست بۆ هەندێ مەلەف دەبات كە ڕەنگە ئایندەی خۆی بخاتە مەترسی بەڵام هەر بەردەوامە، ئەوەندەی چاودێری ڕای گشتی هەرێمی كوردستانم كردووە گەیشتوونەتە باوەڕێك كە پێویستیان بە كەسایەتیەكی وەك كازمیە، لێرەوە خەڵكی كوردستان بیر لەوە دەكاتەوە كە ئایا گواستنەوەی ئەزموونی كازمی بۆ كوردستان، دەتوانێ كوردستان بەرەو كەناری ئارامی ببات، لەوەش گرینگتر ئایا كەسایەتی وەك كازمی لە كوردستان هەیە؟ ڕەنگە هەڵبژاردنی پێش وەختەی پەڕلەمانی عێڕاق وەڵامی ئەو پرسیارەمان بداتەوە؟.

دهام سمكۆ/ مامۆستای زانكۆ




قاوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ فه‌یروز … عه‌بدوڵا ساڵح

ڕۆژی 1 / 9 / 2020 ئیمانویل ماكرۆنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ دووه‌م جار، دوای كاره‌ساتی ته‌قینه‌وه‌ی به‌نده‌ری به‌یروت، سه‌ردانی لوبنانی كرد ، ناوبراو یه‌كسه‌ر له‌فرۆكاخانه‌وه‌ بۆ قاوه‌ خوارنه‌وه‌یه‌ك ، وه‌ك خۆی ڕایگه‌یاندبوو ، ڕووی كرده‌ ماڵی هونه‌رمه‌ندی ناوداری لوبنانی خاتوو فه‌یروز ، ئه‌م بازدانه‌ به‌سه‌ر ڕێوڕه‌سمی پرۆتۆكۆلدا په‌یامێك بوو بۆ گه‌وره‌ به‌رپرسانی ئه‌و ووڵاته‌ و بازدان بوو به‌سه‌ریاندا . ئه‌م سه‌ردانه‌ باس وخواسی زۆری لێكه‌وته‌وه‌ و بوو به‌ خۆراكی سه‌ره‌كی ڕاگه‌یاندنه‌كان، به‌تایبه‌تی سۆشیال میدیا ڕۆژنامه‌كان، و ئاكام وبه‌ركه‌وته‌كانی تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌ .
جیا له‌هه‌ر ئامانجێكی سیاسی كه‌ ماكرۆن به‌دواوه‌یه‌تی له‌م سه‌ردانه‌یدا بۆ لای فه‌یروز ،كه‌ ئه‌مه‌ مه‌به‌ستی ئه‌م نوسینه‌ی من‌ نیه‌، سه‌ردانێك بوو له‌ بارودۆخێكی سه‌ختدا كه‌ ئه‌مڕۆ‌ لوبنانی پیا تێده‌په‌ڕێ، لوبنانێك كه‌ به‌دوای ساڕێژ كردنی برینه ‌قوڵه‌كه‌وه‌یه‌تی‌، ئه‌و برینه‌ی له‌‌ ئه‌نجامی ئه‌م ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌یروت به‌ر جه‌سته‌ی كه‌وتوه‌ و ئه‌و ته‌نگژه‌‌ ئابوری وسیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تیه‌‌ی ده‌یان ساڵه‌، له‌ئه‌نجامی سیاسه‌ت وده‌سه‌ڵاتی تایفه‌گه‌ری تاقمێكی‌ تفه‌نگ به‌ده‌ستی شه‌ڕی ناوخۆی لوبنان، به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ ، سیاسه‌تێك كه‌ ئه‌م ووڵاته‌ی، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ ، به‌ره‌و هه‌ڵدێرێكی نادیار و ترسناك بردوه‌ .

هونه‌ر ، به‌هه‌موو به‌شه‌كانیه‌وه‌ په‌یامێكی مرۆڤ دۆستیه،‌ ئه‌ركی هونه‌رمه‌ند گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه‌یه‌ ، سواره‌ی ئیلخانی زاده‌ له‌به‌یتی سه‌یده‌واندا ئاوا باسی هونه‌ر ده‌كا: ( به‌لای منه‌وه‌ كۆمه‌ڵ به‌وكه‌مایه‌تیه‌ ناڵێن كه‌سودێكیان هه‌یه‌ جیا له‌سودی‌گشتی وه‌ هونه‌رێكیان هه‌یه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی هونه‌ری كۆمه‌ڵ ،چینی پێكهێنه‌ر واته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ زوربه‌ن و هه‌میشه‌ ڕوویان له‌ ژیانی مرۆڤایه‌تی وبه‌رز كردنه‌وه‌ی پله‌و پایه‌ی ژیانی ئینسانیه‌…. ئه‌وانن كه‌ هونه‌ریان ئێسك سوك وله‌دڵ نزیك وخوێن شیرینه‌ ) .
پێم وایه‌ كه‌س نیه‌ نكولی له‌وه‌ بكا كه‌ هونه‌رمه‌ندی گۆرانی بێژی به‌ناوبانگ، خاتوو فه‌یروز، ئه‌م په‌یامه‌ی تا ئاستێكی باش گه‌یاندوه‌ ، كه‌م وا هه‌یه‌ عاشقانی هونه‌ر وگۆرانی ، به‌زمانی عه‌ره‌بی، سه‌ره‌تای ڕۆژه‌كه‌یان به‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی فه‌یروز ده‌ست پێنه‌كا ، كاركردی ئه‌و ده‌نگه‌ سیحراویه‌ ، نه‌ك ته‌نیا لای عه‌ره‌ب زمانه‌كان ، به‌ڵكو تا گۆشه‌و كه‌ناری به‌شێكی به‌رچاو له‌ وڵاتانی جیهانیش ڕۆشتوه‌‌ و خاوه‌نی ده‌نگه‌كه‌ی كردۆته‌ شایسته‌ی ڕێز وخۆشه‌ویستی ، ده‌نگێكی ده‌گمه‌ن كه‌ پێم وایه‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی له‌ كورت ماوه‌دا ئه‌سته‌مه‌‌ .

مێژووی ژیانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ كه‌ به‌رده‌وام نه‌یویستوه‌ پێشوازی له‌ پاشا وسه‌رۆكه‌كان بكا وله‌نزیكایه‌تی لێیانه‌وه‌ خۆپارێزی كردوه‌ ، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی عه‌ره‌ب زمان، چه‌ندین جار داخوازی ئه‌وانی بۆ دیدار ڕه‌تكردۆته‌وه‌ ، هه‌ربۆیه‌ ڕازی بوونی به‌پێشوازی له‌ ماكرۆن له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا بۆ قاوه‌ خواردنه‌وه‌یه‌ك، له‌ ڕووی مه‌عنه‌ویه‌وه‌ ، شانازیه‌كی گه‌وره‌یه‌ به‌خشیویه‌تیه‌ ئه‌و سه‌رۆكه‌ و خه‌ڵاتێكی پڕبه‌هایه‌ بۆ ماكرۆن، به‌ر له‌وه‌ی ناوبراو باڵاترین خه‌ڵات ومیدالیای فه‌ره‌نسای پێببه‌خشێ . لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كام خه‌ڵات ومیدالیایه‌ پڕ به‌هاتره‌ !؟ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند ده‌یبه‌خشێته‌ سه‌رۆك یا پێچه‌وانه‌كه‌ی ؟ ماكرۆن به‌پێی خۆی چۆته‌ ماڵی فه‌یروز و ئه‌و نه‌چۆته‌ كاخی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسا ! ئه‌م په‌یامه‌ پێمان ده‌ڵێ كه‌ باڵای هونه‌ر كاتێك ده‌كه‌وێته‌ به‌ر‌ده‌ستی هونه‌رمه‌ندێكی شایسته‌ به‌و هونه‌ره‌، هه‌میشه‌ بڵند تر وبه‌رزتره‌ له‌باڵای سیاسه‌ت ، ئه‌ویش كام سیاسه‌ت ؟ با نه‌چمه‌ نێو ئه‌و بواره‌وه‌و و وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆ ئێوه‌ی خوێنه‌ر جێبهێڵم !
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ به‌ناچاری ئه‌وه‌مان بیرده‌خاته‌وه‌ كاتێك به‌شێك له‌وانه‌ی له‌سه‌ر هونه‌ر هه‌ژمار ده‌كران چۆن چۆنی چنگ له‌سه‌رشان، به‌فیتویه‌ك، به‌ره‌و كاخه‌كا‌نی سه‌دام ده‌ڕوشتن له‌پێناو چه‌نگێك پاره، هه‌ندێكیان ئێستاش له‌ ژیاندا ماون، چۆن ده‌كرێ ئه‌وانه‌ به‌ جه‌واهیری و فوئاد سالم ، وه‌ك نمونه‌ ، به‌راورد بكرێن، مێژوو له‌ دوتوێ خۆیدا ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ فه‌رامۆش ناكا !! ئه‌م جۆره‌ هونه‌رفرۆشانه‌ ، به‌ جیاوازی بواره‌كانیان ، گۆرانی ، مۆسیقا ، ئه‌ده‌ب ، وێنه‌كه‌شان ، شانۆگه‌ری ،…..هتد ، ته‌نانه‌ت ڕۆژنامه‌نوسیشی له‌گه‌ڵدا بێ، به‌داخه‌وه‌ ویژدان فرۆشی و قه‌ڵه‌م فرۆشی ده‌كه‌ن ، كه‌م نین ئه‌وانه‌ی له‌كوردوستانه‌كه‌ی لای خۆشماندا ئه‌وبازاڕه‌یان به‌گه‌رمی ڕاگرتوه‌ !
دووباره‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ مه‌بده‌ئیه‌ی فه‌یروزی هونه‌رمه‌ند په‌یامێكه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی به‌زۆر خۆیان به‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ چه‌سپاندوه‌ ، به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وله‌وانه‌ش كوردوستانه‌كه‌ی لای خۆمان، په‌یامه‌كه‌ له‌ دووتوێ خۆیدا ده‌ڵێ : باڵای هونه‌ری ڕاسته‌قینه‌ ، هونه‌رێك كه‌ ده‌رد وئازاره‌كانی كۆمه‌ڵ ڕه‌چاو بكا وهه‌ڵیانداته‌وه‌ وله‌گه‌ڵیا بژی و ده‌ست بخاته‌ سه‌ر برین وئازاره‌كان وڕێگا چاره‌یان نیشانبدا، زۆر به‌رزتر و وبڵندتره‌ له‌ (( ته‌خت وعه‌رشی )) ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی ئێوه‌ .
به‌ڵێ ئازیزانم ، ئه‌وه‌ فه‌یروزه‌، به‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی شوێنێكی له‌نێو دڵی جه‌ماوه‌ره‌ به‌رینه‌كه‌یدا كردۆته‌وه‌ ، به‌‌م هه‌ڵوێسته‌ دروسته‌ی دواییشی ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌و جێگایه‌ی قایمتر كرد ، ئه‌وه‌ فه‌یروزه‌ شادی خۆشی ده‌خاته‌ دڵانه‌وه،‌ بۆیه‌ مه‌حاڵه‌ به‌راور‌د بكرێ به‌و (( عه‌رشه ‌فشه‌ڵه‌ی)) له‌ پێناو مانه‌وه‌و به‌رده‌وامی خۆیدا دڵان هه‌ڵده‌قرچێنێ وئاواته‌كانیان ده‌خاته‌ ژێر گڵ . ‌

عه‌بدوڵا ساڵح
7 / 9 / 2020




یەکێتی و پارتی و خیانەت … شووشان مستەفا

له‌ناو كه‌لتور و فه‌رهه‌نگی هیچ وڵاتێكدا ووشه‌یه‌ك نادۆزیته‌وه‌ ناشرینتر و قێزه‌ونتر بێت له‌ ووشه‌ی (خیانه‌ت)، خیانه‌ت به‌مانای نه‌بوونی ئاكار و ئه‌خلاق دێت، پشتكردنه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و نیشتیمان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆت، خیانه‌تكاران داماڵراون له‌به‌ها مرۆیی و ئه‌خلاقییه‌كان، نامۆن به‌ ووشه‌ی شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌ت، ئه‌مانه‌ ته‌نهـا بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و قازانجی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌، ناشرینترین و قێزه‌ونترین ڕێگا ده‌گرنه‌به‌ر بۆ گه‌یشتن به‌ئامانج و مه‌رامه‌كانیان.
ئه‌گه‌ر له‌مێژووی پارتی و یه‌كێتی، وردبینه‌وه‌، كه‌ خۆیان به‌ نوێنه‌ری كوردایه‌تی ده‌زانن، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌زۆر وێستگه‌دا خیانه‌تی گه‌وره‌ی نیشـتیمانیان به‌رامبه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌، چه‌ندین شـه‌ڕی ناوخۆییان كردووه‌، هه‌زاران ڕۆڵه‌ی بێگوناحی كوردیان به‌كوشت داوه‌، هه‌زاران خانوویان رووخاندووه‌ و سه‌دان ڕه‌ز و باخی هاوڵاتیانیان سوتاندووه‌، ئه‌م دوو هێزه‌ شوێنێك نه‌ماوه‌ به‌شـه‌ڕی ناوخۆ و هێنانی سـوپای ئێران و توركیا و عیراق وێرانیان نه‌كردبێت، جگه‌ له‌وه‌ ده‌ستی سوپای داگیركه‌رانیان واڵا كردووه‌ كه‌ ته‌سفیه‌ی نه‌یارانی خۆیان بكه‌ن له‌هه‌رێمدا و خه‌باتكارانی كوردی پارچه‌كانی تر شه‌هید بكه‌ن، ئه‌مانه‌ خیانه‌ت له‌دوای خیانه‌ت پیشـه‌یانه‌، نه‌ك شـۆڕشگێر و قاره‌مـان نین به‌ڵكو ڕێویه‌كی ترسنۆكن به‌رامبه‌ر شــێخ و ئاغــا و سـوڵتانه‌كانیان، له‌كاتێكدا به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌یان له‌پێسـتی شـێردا خۆیان ده‌نوێنن.
ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد هه‌میشـه‌ وه‌كو شۆرشگێرێكی دڵسۆز و قاره‌مانێكی بێ وێنه‌ خۆیان پیشـانی گه‌ل و نیشـتمانه‌كه‌یانداوه‌، به‌ڵام كاتێك له‌مـێژووی خه‌باتیان ده‌ڕوانێت، بۆت ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌مانه‌ سێ به‌شی ئه‌و فیشـه‌كانه‌ی كه‌ له‌تفه‌نگه‌كانیانه‌وه‌ هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌جیاتی دوژمن، ناویانه‌ به‌ سنگی براكانیانه‌وه‌، ئه‌م خائین و خاك فرۆشانه‌ به‌رده‌وام خۆیان به‌خزمه‌تكاری گه‌ل و نیشـتمان ده‌ناسێنن و باسی نه‌زمی نوێی كوردایه‌تی و كوردبوون ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا هه‌ر كه‌سێ باسی كوردایه‌تی بكات، نابێت ئه‌مان باسی بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌مان له‌مێژه‌ كـوردایه‌تیـان زینده‌به‌چـاڵ كردووه‌.
ئه‌گه‌ر له‌خیانه‌تی (31) ئاب بڕوانین، ئه‌وه‌ تێبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌نها له‌پێناو مانه‌وه‌ی حوكمی بنامه‌ڵه‌كه‌یدا گه‌وره‌ترین دوژمنی میلله‌ته‌كه‌ی كه‌ حكومه‌تی به‌عس بوو، ده‌هێنێته‌ هه‌وڵێر بۆ ده‌ركردنی یه‌كێتی و قه‌تڵ و عام كردنی لاوی ئه‌و شاره‌ و شكاندنی سومعه‌ی كورد و سوككردنی دۆزه‌ ڕه‌واكه‌ی، ئه‌م خیانه‌ته‌ په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش و قێزه‌ونه‌ به‌نێوچه‌وانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌وه‌، چونكه‌ له‌پشـته‌وه‌ خه‌نجه‌ریان وه‌شاند له‌و شه‌هیدانه‌ی كه‌ گیانی خۆیان به‌خت كرد له‌پێناو كوتای هێنان به‌حوكمی به‌عسی دڕنده‌ له‌ كوردستان. به‌هه‌مان شـێوه‌ له‌ 16 ئوكتۆبه‌ردا باڵێكی سه‌ربه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ته‌نهـا له‌پێناو مانه‌وه‌ی حوكمی بنامه‌ڵه‌كه‌یان له‌و شاره‌دا، حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عیراقی ده‌هێننه‌ سه‌ر كه‌ركوك، بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی پارتی و داگیركردنی ئه‌و شاره‌ و ده‌ركردنی پێشمه‌رگه‌، به‌مه‌ش په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش و قێزه‌ون ده‌كه‌نه‌ نێوچه‌وانی بنه‌ماڵه‌كه‌یان.
سـه‌رانی كوردایه‌تی له‌دوای خیانه‌تی 31 ئاب و 16 ئوكتۆبه‌ره‌وه‌، خه‌ڵكی كوردستانیان كردووه‌ به‌كائینێكی بێ ده‌نگ به‌زه‌بری هـێز و تیرۆر و ترس و تۆقاندن و زیندانی كردن و ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌لایه‌ن شه‌لاتی و جه‌لاده‌كانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌وه‌، به‌ڵام له‌ژێر باڵی ئه‌و بێ ده‌نگییه‌دا شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی توڕه‌یی بوونی هه‌یه‌، كه‌ پێویستی به‌ ڕێكخستێكی تۆكمه‌ی نهـێنی هه‌یه‌، بۆئه‌وه‌ی له‌كات و سـاتی خۆیدا بته‌قێنرێته‌وه‌ و ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌پوش و په‌لاشی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ پاك بكرێنه‌وه‌ و ژینگه‌یه‌كی دیموكراسی ڕاسته‌قینه‌ بهێنرێته‌ كایه‌وه‌ تا مرۆڤه‌كان له‌م به‌شه‌ی كوردستان به‌سه‌ربه‌رزی و ئازادییه‌وه‌ بژین، دڵنیابن ڕۆژێك ئه‌مه‌ هه‌ر ڕووده‌دات خۆتان و بنه‌ماڵه‌كانتان، سامان و ده‌سه‌ڵاتتان ده‌كه‌ونه‌به‌ر سزای گه‌ل و نیشتیمان.

«ئازادی بۆ ھەمووان »

شووشان مستەفا




بەدەستم بێ … جەزا شێخانی

بەدەستم بێ
هەرچی وشەی شرین هەیە
بینووسم و بیئاڵێنم
لەگەردنت
دووعای خۆشبەختیت بۆ ئەکەم
ڕەبی نەیبینم
مردنت
بەدەستم بێ
ئەو کیژانەی لەتۆ ئەچن
شاربەدەری شاریان ئەکەم
هەربۆئەوەی خۆت شاجوان بیت
تاجی شکۆت لەسەربکەم
بەدەستم بێ
هەرچی دەرد و بەڵا هەیە
کەبۆتۆدێ
لەخۆم کەوێ
ئەی پایتەختی دڵی دڵم
ڕەبی قەزات
لەمن کەوێ
بەدەستم بێ
ئەو شەقامەی پێدائەچی
تەواو شوشە ڕێژی بکەم
ئەی لەدڵا شرینەکەم
قەد حەزناکەم لەدەستت دەم
بەدەستم بێ
بەمانشێتێکی زۆرگەورە
وڵات ئەکەم بەناوتەوە
ئەتکەم بەخۆشترین ئاواز
هەموو دەمێ ئەتڵێمەوە
بەدەستم بێ
دەرگای ماڵت کلیل ئەدەم
قەدحەزناکەم تۆ بێیتە دەر
تۆ لەم هەست و نەستە دەگەی
شادەمارم ئەی تاجی سەر
لەدەستم دێ
من تۆبکەم بەو ڕۆمانەی
جیهان بەدوایدا بگەڕێ
بتکەم بەو چیرۆکە جوانەی
تەواوکەری مەم و زین بێ
لەدەستم دی
بۆکوێ ڕۆیشتی
پڕی بکەم لەئارامی
هێزی گیانم
گیانی گیانم
بۆ ئەوەندە خان و مانی
بەدەستم بێ
ناوت ئەنێم
پایتەختی شاجوانی وڵات
لەدڵەوە دووعا ئەکەم
ڕەبی دووربیت لەکارەسات
غیرەئەکەم
لەوجانتایەی لەشانتایە
ئەزانم هۆگرت بووە
ئەوقەڵەمەی لەدەستایە
لەزۆری تر غیرەئەکەم
قەڵەم لێوی نێو تاکەکەت
قاوەی تاڵی فنجانەکەت
ئەو سەرینەی بۆ پشووە
مانگ بەوهەموو نیگایەوە
لەتۆچووە
بەدەستم بێ
ناوت ئەنێم
پایتەختی شاجوانی وڵات
لەدڵەوە دووعا ئەکەم
ڕەبی دووربیت لەکارەسات

جەزا شێخانی.




ماڵی مێروولەکان…کورتە چیڕۆک– نووسینی/ئەحمەد کامەران

رۆژێکیان ،کۆمەڵێک مێروولە کۆدەبنەوە لەنێوان خۆیاندا،کۆبوونەوەی ئەو کۆمەڵە مێروولەیە،سەبارەت بەبوونیاتنانی ماڵێکی بچکۆلانە بوو بۆخۆیان،بۆ ئەوەی تێیدا بحەسێنەوەو ،چیتر دەربەدەری هیچ شوێنێک نەبنەوە.
٭٭٭
پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان ،راستەوخۆ مێروولەکان دەست لەنێو دەستی یەکتردا دەنێن و ،بڕیاری درووسکردنی خانوەکەیان دەدەن،بەڵام لەناکاو ،یەکێک لە مێروولەکان ،بەرووخسارێکی غەمبارو کزەوە،دەڵێت:باشە ئێمە خۆ کۆمەڵە مێروولەیەکی لاوازین ،چۆن ئەتوانین ،ماڵێک بۆخۆمان درووست بکەین؟ مێروولەیەکی تر ،کە بە مێروولە گەورە ناسرابوو،وەڵامی مێروولەی هاوڕێی دایەوەو وتی: ئێمە ئەگەر لەپشتی یەکتر بین و باوەڕمان بەخۆمان هەبێت،ئەوە هیچ کاتێک لاواز نابین،ئەی مێروولەی هاوڕێم،هیوادارم هیچ کاتێک خۆت بەلاواز نیشان نەدەیت،چوونکە هەرکاتێک خۆت بەلاوازی بینیەوە لەبەرامبەر ئەم ژیانەدا،ئەوە تۆ سەرەنجام ئەبیتە کەسێکی دۆڕاو،بۆیە داوات لێ دەکەم ئەی مێروولەی بچکۆلە هەمیشە باوەڕت بەخۆت هەبێت و بتوانە زاڵبیت بەسەر هەموو بەربەستەکانی ژیان.

‌‌٭٭٭
مێروولەکان توانییان ،بەماوەیەکی کەمدا،ماڵە بچکۆلانەکەیان ،تەواو بکەن ،ئیتر لەپاشان بە ئازادانە لەنێوی دا حەسانەوە،هەروەهاچیتر ژیانیان وەکو پێشووتر نەدەما،کەهەر جارەو کۆچیان دەکرد بوشوێنێکی نادیار.

٭٭٭

ساڵان تێپەڕی بۆ ئەم کۆمەڵە مێروولە بەختەوەرە،کەتوانییان لەخانوە بچکۆلانەکەیان بۆخۆیان بەختەوەرو دڵخۆش بژین و ژیانی رۆژانەی خۆیان بە ئاسایی بەڕێ بکەن،بەڵام لەناکاو ،کارەساتێکی سرووشتی روودەکاتە ناوچەی ئەم کۆمەڵە مێروولە بەختەوەرانە،هەربۆیە سەرەنجام بەهۆی ئەو کارەساتە سرووشتیەوە،ماڵی مێروولەکان بەتەواوەتی دەرووخێنرێت،ئەمەش وا لە مێروولەکان دەکات،کە ئیتر بێ هیوا بن لەوەی کە بتوانن جارێکی دیکە هەستنەوە سەرپێیەکانی خۆیان . بەڵام مێروولە گەورەکەی ناویان،راستەوخۆ ،فرمێسکەکەی نێوچاوی دەسڕێتەوەو ،لە پاشان هەموو مێروولەکان کۆدەکاتەوەو پێیان دەڵێت:ئێستا کاتی گریان نیە،ئێمە نابێت بێ هیوا بین،چوونکە بێ هیوایی چەکێکی زۆرمەترسیدارەبۆ ژیانمان ، بۆیە پێویست ناکات ئیتر ئێمە بێ هیوا بین ،لەکاتێکدا کە هەموومان پێکەوەین،بۆیە دووبارە بەیەکەوە ،هەوڵ و کۆششی خۆمان ئەدەینەوە بۆ درووسکردنی خانوویەکی دیکەو ژیانێکی نوێتر بۆخۆمان.
٭٭٭

-ئایا ئێوە لەگەڵم دەبن دووبارە هەڵستینەوە سەرپێیەکانی خۆمان و درێژە بەژیانمان بدەین،چوونکە ئەوە بەشێک بوو لەتاقیکردنەوەی ژیان کە رووبەرووی ئێمەی مێروولە کرایەوە،بەڵام ئێمە ئازاین و ئەتوانین لەسەرجەم تاقیکردنەوەکانی ژیان سەرکەوین…

-بەڵی ئێمە لەگەڵت دەبین ،مێروولە گەورەکە…

-زۆرچاکە،هەربژی،سەرکەوتن بۆخۆمان.

٭٭٭

مێروولەکان ،لەکۆتایی دا، گەیشتنە ئەو باوەڕەی ،کە دەبێت لە ژیان دا بەهیوایەکی زۆر قوڵەوە بژین،چوونکە ژیان هیچ کاتێک بەدڵی هیچ کەسێک نابێت کە ئارەزووی دەکات،بەڵام ئەوە هیواو ئومێدەکانن کە دەتوانن دەستمان بگرن بۆ رووبەروبوونەوە لەگەڵ سەختیەکانی ژیان…

کۆتایی…




لە تەما وەرە … شیعر/کاوە عوسمان عومەر

جێهێشتنی تۆ
چاوەکان دوو برینن
پاش هەڵکشانی لافاو
کۆکردنەوەی
پارچە ئاوێنەکان
ئاسنی
ڕزیوی دڵەکان
چاوی کوێری باخەکان
دیوارەکانیان لە نێوان
ڕوباری حەزەکان
هەڵکێشا، شاعیرێک
تا ئێستا خۆری نەدۆزیوەتەوە
لقی داری شەوێک
بەسەر شەپۆلی ڕابردوو
هەمان شەونمی خۆکوژ
لەدەستی گوڵە هێرۆیەک
لە نەفرەت
ڕەنگاڵە لە چاو وون، هەمان
کۆستی لەدەستچوونی زەردەپەڕ
پاش
هاواری جێماوی منداڵێک
لە کۆڵانی نووری شارێک
تێکەڵ بە خەوو
ئەندێشەی خۆشبەختی لەدەستچوو

……………
هێشتا مرواری وونی
ناو چاوتم نەدۆزیوەتەوە
ئیبلیسی کۆچ
داویەتی بەسەرماو
سوار بەلەمی شینی سەفەری کردووم
خۆڵی بە جێماوی قسەکانی
پێش سەرماو سۆڵی
تەمەنێ، وەک سوتماکی جگەرە
کردمان بە بادا
ئێشکی کات
بۆ ئەو پیاوو ژنانەی
لەدەریاچەکان جەستەیان
لە گوڵ و گوڵزاری بەرائەت فڕیداو
ئێستا بوونەتە کۆیلەو ڕۆبۆتی ماشینە
دەمامک ڕەشەکانی
فیردەوسە شەختە بەستوەکان
زوو یان درەنگ
بیری قازە پەمەیە لەدەستچوەکانی زەردەپەڕی
شارێکی کوژراو، لە نیوە شەوێک
لە گریان و بەفرو گوڵ و حەزی وون
ماچی بەجێماوی
ئەو پەریانەش
باڵیان بە سیانید و خەردەل سووتا
خەمی بەردبووی
ژنە تەنیاکانی
دوای لافاوی مەزنی نوحێکی نادیاریش
بەزۆر
بەکەشتی تەنیایی
بارکرا
تا چاو بڕ کات
هەوری گڕینە، تا چاو بڕ کات
ترسی چیایە لە جێهێشتنی هەڵۆ
تا چاو بڕ کات
ئاسکە سرکەکانی
تاریکیە
خۆیان نادەن بەدەستەوە
بۆ نێوڕێژنە ئەستێرەیەک لە نوسین
بۆن خۆش
وەک یەکەمین ماڵی جێهێڵراو
بەڵام چاوەکان دوو برینن
ئەبریسکێنەوە
بەسەر
ووردوخاشبوونی
پەیکەری مرۆڤە سەرهەڵگرتوەکان
هەڵپشکوتنی گوڵە لەیلەکەکانی دڵ
پاش ئەوەندەی
چەند سەدە لە مەرگی ئەرخەوانی
بە تابلۆی عێشقی تۆ، چاوەڕێم کرد
هەڵبەت نێوان تێکشکان و
لێتێکنەگەیشتن، لەوەی
من هەم بەوەی هەم
وەک تەم، وەک
کوڕی کەنار، ناشتەوێ
زیاتر پەرت بم
ناشمبینی، ناشتبینم
ئەوکاتەی گەردوون
لە خەوی شەرابیی
ئەستێرەکانی خۆیا سەرخۆشە
نێوان
هاتنە
جیهان و چونە دەرەوە
پەرژینی وشە هەیە
زەنگی بەدبەختی و وەرین
بەسەر
ڕوخساری ڵێڵ و قڵیشبردووی
پەری
سەر فوارەکانی ئەوسای
ماڵەکانی ئاو،
شار گزنگی ئاڵتونی شیعر
بوو، ئاڵتوون…
پاشان ڕۆژانی ئەوسا..
بە
فڵچەی
سپێدە
پێکەنینی پەڕی خەونەکانمانی
پێکێشران
ئەم برینە تازەیە
برینی جێهێشتن
و دابڕان
یەکناگرێتەوە
قەلە ڕەشە چەتەکان، چەتە قەلە ڕەشەکان
لە هەموو شوێنێکن
دارستانەکان سوتماک
جەستەی ماڵی ئاو، ئێستا ووشک، و گریان
و بیابان
لە هەڵکشانی ڕۆحی
زەریای پەمەیی شەویش
چیرۆکی
وێڵەکانی گەردوون کۆتایی نایەت
و بەیانیەکی تازەش
سنەوبەرێک
سمۆرەیەک بانگ ئەکاتەوە
شەمەندەفەرێک
خەوتوەکان ئەباتەوە
تونێلێک لە خەم
چەمێک پڕ ئەبێتەوە لە خوڕەی ئاوی سروشت
جانتاکان پڕ ئەکرێنەوە لە فۆتۆ و
یادەوەری ڕۆشتنە بێهودەکان
دورینەوەی
برینی سەر دڵە ڕەشبوەکان چەند ساڵی
تر بخایەنێ؟
تەنافی ژوانیش
لە هەیوانەکە
چۆلەکەکەیەکی ماندوو
سەرگەردان وبرسی پێوەدیارە
هەریەکێک لە کۆچەرەکان
خێوێک لە ترسی جێهێشتن
دوای کەوتوە
ڕۆژمێری
وڵاتی فەنا
دەمێکە پەڕەکانی لێ نەکراوەتەوە
هەر لەسەر پەڕەی دوەمی
وەرزی هاوینی پارە
وەزی ناعیشق و بەڵا
خەو کەشتی سپیەو
ئافرەتە جەستە کراو بە ئاوێنە
شکاوەکان نابات
هیچ نەبێ
فەڕشی زەردی خۆر
جێێ هەموو ماڵە
فڕیوەکانی دەست
چەتەگەری
گورگەلە ڕەشپۆشەکەی شاری تیائەبێتەوە
بەس نیە خۆریش هەیە
پێڵوەکانمی شەو دائەخات
کاتێک فرمێسکی بارانی
ساڵە لەدەستچوەکان
بەسەر مۆمی کوژاوەی دڵی دایکە
شکاوەکان
لە باخچەی ئاسوودەیی
ئەبنەوە بە تنۆکە لم
ئەمشەو تۆش لەم زریانە ترسە
وەرە نێو تەمی دارستان
دڵنیابە لە تەما چاوەڕێتم
من کوڕی کەنار
تۆکچی تەم
هیچ نەبێ
ئەمشەو
لە م باخچە وێرانە
تۆ لە خەوما بە
من لە خەوتا ئەبم

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری بەریتانی
( Adrian Campfield)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




دوو ڕۆژ … سه‌ردار جاف

ئه‌ڵمانیا

له‌ به‌رده‌می داڵانی نیشتیمانه‌وه‌م
له‌ بۆن و به‌رامه‌ی شارم
هه‌ر به‌ سوره‌تی دابڕان
سوێندی ته‌نیایی دراوم
گێژه‌ڵوكه‌ هه‌ڵیكرد و حاڵی نه‌بووم
نه‌ له‌ خۆم و نه‌ له‌و دیوم
له‌م زه‌مه‌نی مه‌جمه‌ره‌دا ئاوا نابێ و
زۆر شێواوم
له‌ كام گێژه‌نی ئیشقه‌وه‌
په‌ڕه‌ په‌ڕی دڵ دڕاوم
له‌ به‌ر ده‌رگای
شاره‌ فڕیوه‌كه‌ی ئاگر
چاوه‌نواڕم
پیاڵه‌ی شه‌رابی هه‌نگوینیم بگاته‌ ده‌ست
ئه‌و شاد خوده‌
حه‌سره‌تی ژاری كوشنده‌ی به‌ باڵای دووریما بڕی
له‌ ژوانی پڕ تاسه‌دا
هه‌ڵدێراوی نهومی حه‌وته‌می وشه‌م
دوور له‌ باڵای
تووڕ دراوی نێو دووكه‌ڵ و كوێره‌ ڕێگام
مه‌رگی به‌ قامه‌تی حه‌ز و ویستم سڕی
له‌ په‌نجه‌ره‌ی
باڵه‌خانه‌ی پڕ شنه‌وه‌
ده‌ڕوانمه‌
بانێژه‌ی ڕووته‌ن و گه‌رما
له‌ ئاست ساباتی بێ گه‌ڵا
منی كزۆڵ ….. چاو به‌ ئه‌سرین
له‌ مه‌رقه‌دی زه‌ندخانه‌ی دا
به‌ ئاودامانی خاك ده‌كرێم
له‌ میحرابی گله‌ییدا
نوێژێ بۆ پاڕانه‌وه‌ و تكا كردن داده‌به‌ستم
تا پێڵوی چاوی هه‌ڵێنێ
ئیتر به‌س بێ
به‌ره‌و په‌تی قه‌ناره‌ی دابڕان نه‌برێم

4 / 10 / 2020




ڕوتاندنەوەی خەڵک بەناوی پشکنین و چارەسەری کۆرۆناوە ڕاگرن

ڕاگەیاندراوێک لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتیەوە بۆ ڕای گشتی

جەماوەری ئازیزی کوردستان
بەداخەوە رۆژ لەدوای رۆژ قەیرانی پەتای کۆرۆنا قوڵتر و ئاڵۆزتر و کوشندەتر دەبێ. بە دیوێکدا، قەیرانەکە دەرئەنجامی ڕووداوێکی سروشتیە لە شێوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندە. بەڵام بەدیوەکەی تردا، بەشێکی زۆری قەیرانەکە دروستکراوی دەستی دەسەڵاتی سیاسی و بازرگانەکانی کەرتی تایبەتی تەندروستین.
کوردستانیانی زوڵملێکراو
لاتان ئاشکرا هیچ ماڵێک لە وڵاتە ئازیزەکەمان نەماوە ئەم پەتا کوشندەیە ڕوی تێنەکردبێ. بەهۆی کەمتەرخەمی و گوێنەدان و نەزانیی دەسەڵاتی تەندروستی و سیاسیەوە، پەتاکە رۆژ لەدوای رۆژ لە تەشەنەدایە. مەخابن ژمارەیەکی زۆری ئازیزان و خۆشەویستانمان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لەدەستدا کە دەکرا ڕێگری لە مردنیان کرابا. بەداخەوە دەسەڵات لە کاتێکدا شکستیهێنا لەوەی ڕێگری لە مردنیان بکا، لە پاش کۆچی دوایشیان دەیەوێ لەڕێی وەرگرتنی پارەی قەبرانە تەنانەت لە مردنی ئازیزانیشمان قازانج بکا.
ئەوانەیشی کە هێشتا زوڵم و ناحەقیەکانی دەسەڵات و کۆرۆنا نەیکوشتون، هەمیشە لە بەردەم هەڕەشەی تاڵانکردنن لە لایەن دەسەڵات و بازرگانەکانی تەندروستیەوە. دەسەڵاتی تەندروستی لە دەزگا فەرمیەکاندا کەوتوەتە وێزەی خەڵک و لەبەرامبەر پشکنینێکی کۆرۆنا دەیان هەزار دینار وەردەگرێ. هاوکات بواریشی بە بازرگانە چاوچنۆکەکانی تەندروستی داوە بە ئارەزوی خۆیان و گورگ ئاسا پەلاماری خەڵک بدەن و بەناوی پشکنین و چارەسەری کۆرۆناوە پارە لە خەڵک وەردەگرن.
نەخۆشە بێ نازەکان
هاوڵاتیانی مافخوراو
پەتای کۆرۆنا کارەسات و بەڵایەکی سروشتی سەختە. ئەم بەڵایە جیاوازییەکی ئەوتۆی نیە لەگەڵ کارەساتە سروشتیەکانی دیکەی وەکو بومەلەرەزە و لافاو…هتد. لەم کاتە ناخۆشانەدا کۆمەڵگا و دەسەڵاتە تەندروستەکان باوەشی پاڵپشتی بۆ یەک دەکەنەوە و بێبەرامبەر هاوکاری لێقەوماوان دەکەن. لەم ڕوداوە سەختانەدا ئەوەی بیری لێناکرێتەوە پارە کۆکردنەوە و قازانجی ماددیە. وەرگرتنی پارە لە بەرامبەر پشکنین یا چارەسەری کارەساتێکی سروشتی لە بابەتی کۆرۆنا کت و مت وەکو ئەوە وایە داوای پارە لە کەسێک بکەی کە بەهۆی بومەلەرەزەوە لەژێر خۆڵ و خاشاکدا بێ و ڕزگاری نەکەی تاوەکو بڕێک پارەت نەداتێ. ئەم رەفتارانەی دەسەڵات و بازرگانە تەندروستیەکان ئەوپەڕی نامۆڕالی و نابەرپرسیارێتیە و لە جیهاندا وێنەی نیە.
هاوڵاتیانی ئازیز
ئێوە وەکو هاونیشتیمانیەکی ئەم وڵاتە مافی خۆتانە بە بێ بەرامبەر و بە خۆڕایی دەستان بگاتە سەرجەم خزمەتە تەندروستیە سەرەتایی و سەرەکییەکان. پشکنین و چارەسەری درمێکی وەکو کۆرۆنا کە کارەساتێکی تەندروستی گشتیە بەشێکە لەو مافانەی ئێوە. ئەم مافانە لە هەمو یاسا و ڕێسا جیهانی و لۆکاڵییەکاندا چەسپاوە. بۆیە نابێ ڕێگە بدەین دەسەڵاتی سیاسی و تەندروستی و بازرگانەکانی بوارەکە ئەم خزمەتە سەرەتاییەش بکەنە سەرچاوەیەک بۆ ئەوەندەی تر دەوڵەمەندبونی خۆیان و هەژارخستنی ئێوە و خێزانە سەربەرزەکانتان.
تکاتان لێدەکەین لە بەرامبەر ئەم ناحەقی و دەستدرێژیە بێ شەرمە بێدەنگ مەبن. دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕن و داکۆکی لە مافە سەرەتاییەکانی خۆتان بکەن.
ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی پشت و پەنا و پشتیوانتان دەبین. بەڵێنتان پێدەدەین کە ئەوەی پێمان بکرێ درێغی نەکەین لە بەرگری لە ئێوەی بەشخوراو و زوڵملێکراو. دەنگی ئێوە دەگەینینە هەمو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تەندروستی و مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتوەکان.
هەروەها ئێمە پشتیوانیی لەو دکتۆر و کارمەندانەی تەندروستی دەکەین کە داوای خۆڕایی کردنی پشکنین و چارەسەری پەتای کۆرۆنایان کردوە و پێویستە هەمومان پێکەوە یەکگرتوبین بۆ سەپاندنی ئەم داخوازیە بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.
لە کۆتایشدا هیوای تەندروستیەکی باشتان بۆ دەخوازین.
سەربەرزی بۆ ئێوەی زوڵملێکراو.
سەرشۆڕی بۆ ئەوانەی کە مافە تەندروستیەکانی ئێوەیان زەوتکردوە و بە پارە پێتانی دەفرۆشنەوە.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢٠/٩/٧




فەلسەفەكاری كۆنت–سپۆنڤیل لەنێوان دانایی و پزیشكی دا بەشی 17 … ئازاد حەمە

“” قوتابخانەی فەیلەسوف عیادە (كلینیك) ی پزیشكە””
ئێپیكتێتۆس Epictetus

سەرەتا: چاندنی فەلسەفە لە كۆمەڵگە هەڵكردنی ‌ڕوناكییە. دەركەوتنی ئەم ڕوناكییەش لەڕێگای نووسینی فەلسەفییەوە، كە تەقەلایەكە بۆ پایانهێنان بە گرفتەكانی مرۆڤ، پێویستی تاك و كۆمەڵگەیە. هەردەم فەلسەفە بەدوای هەلێكدا دەگەڕێت تا قسەی خۆی لەمەڕ ئەو گرفتانە بهێنێتەگۆڕێ كە ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە. گرفتەكان بۆچوونەكانمان پەرتدەكەن، پرسی نوێ دەخوڵقێنن و مشتومڕی تازەش دروستدەكەن. هەر لەم ڕوەوە پەیبەوە دەبەین كە فەلسەفە بیركردنەوەیە، پەتای كۆرۆناش واتە هەمووان. كەواتە لە هەنووكەدا فەلسەفە کە لە پەتای ناوبراو قسەدەكات لە هەمووان بیردەكاتەوە. لێرەوە پزیشكی دەبێتە باسی هەمووان. لەبەرئەوە هەر لەم دەستپێكەوە دەپرسین: لە كوێی پزیشكیدا بەدوای دانایی (‌‌حیکمەت) Wisdomدا بگەڕێین؟ وەكیتر، پزیشكی پێویستی بە فەلسەفە هەیە؟ قەرزاریی فەلسەفیی پزیشك لە قازانجی كێیە؟ نەخۆش یان پزیشك؟ بۆ زۆرێكمان ڕوونە كە فەلسەفە و دانایی لە پێكەوەبوونیان لەتەك یەكدا مانا بەیەك دەدەن. دانایی کە ئامانجە سەرووی فەلسەفەیە. ئەگەرچی كۆڤید-19 تاقانە پەتا نییە، بەڵام زۆرێك تێڕامان و بیركردنەوەی جۆراوجۆر، لێكدانەوەی ئاوارتە و خێرای لە فۆڕمی پرسیار خستەوە. چەند بایۆلۆژیست و پزیشك قسەیانتیاكرد ئەوەندەش فەیلەسوفەكان لەو بارەوە قسەكەربوون. ئەوەی فەلسەفە قسەی تیاكرد جیابوو: پرسیار لەسەر مەرگ، لێكەوتە بووناوییەكانی كەرەنتین، جەستە، دابڕان و ..هتد كەوتنە ناواخنی قسەكانەوە.
جێگای سەرنجە لەژێرسایەی ئەم ناونیشانە “”كۆنت–سپۆنڤیل Comte-Sponville: فەلسەفەكاری لەنێوان دانایی و پزیشكی دا”” بە چەشنێكی تر ناواخن بەم بەشە نووسینەمان دەدەین كە بە هزری كۆنت–سپۆنڤیل سەبارەت بە كۆڤید-19 تایبەتە. لێرە ئەوە دەخەینە ڕوو، بەپێی بیركردنەوەی فەلسەفیی بیرمەندی فەرەنسی كۆنت–سپۆنڤیل قوربانیدان بە ئازادی لەپێناو تەندروستی هەڵەیە، كەرەنتین ناشێت كۆیلایەتی بێنێت:”لە نەخۆشی ناترسم لە كۆیلایەتی دەترسم”. مەترسیدارە بایەخدان بە پزیشكی كاتێك لەسەر حسێبی ئازادی، بەختەوەری و دادپەروەری بێت.
كەوابێت چیمان لە هەگبەی ئەم باشە داناوە؟ بۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل بۆ دانایی دەكەین بە بناغە لەم بەشە تا ئەوە بخەینەڕوو كە دانایی دەروازەی بەختەوەرییە. بۆ گەیشتنیش بە بەختەوەری ،لەسەر دەستی ئەم بیرمەندە، بە تونێلی داناییا تێدەپەڕین. ئەمەش فەلسەفەی كۆنی یۆنانمان بیردەخاتەوە (ئێپیكۆریەكان)، كە لەوێندەرێ دانایی پێوەری ڕاستەقینەی بەختەوەرییە. بۆ بەختەوەری؟ لەبەرئەوەی بەختەوەری شەڕی ڕاڕای و غەممان بۆدەكات. بۆچوونەكانی ئەم بیرمەندە لەو بارەیەوە واشمانلێدەكات لە هەندێك شوێن، لەڕێگای قسەكردن لەسەر دانایی، قسە لە چێژ، ئازادی، ڕەوشت، مەرگ بكەین (ئەوەیان لەبەشی 18 دێینەوەسەری). بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل فەلسەفە مەیلی بۆ دانایی هەیە، واتە مەیل بەرەو ژیانێكی زۆرتر ڕوون، پتر ژیر، ئازاد و بەختەوەر. فەلسەفە پەیوەندی بە بیركردنەوەی باشتر و باشتركردنی ژیانەوە هەیە. بۆیە دەپرسین دانایی چییە؟ دانایی بریتییە لە ئەوپەڕی بەختەوەریی لە ئەوپەڕی ڕوونیدا. غەمێكی ڕاستەقینە باشترە لە خۆشیەكی درۆ. هیچ شتێكیش لە خۆشیەكی ڕاستەقینە خۆشتر نییە. هەر ئەوەشە ڕاستی خۆشەویستی(سپینوزا) و خۆشەویستی ڕاستەقینە. هاوکات کە دانایی ناشێت لە تەندروستی دا پووختبكرێتەوە پزیشكی دێتەگۆڕێ، موخابن گشت پزیشكیش لە تەندروستیدا چڕناكرێتەوە. لەكوێی پزیشكیدا بەدوای دانایی دا بگەڕێین؟ مەگەر ئێپیكتێتۆسEpictetus وتەنی”” قوتابخانەی فەیلەسوف عیادە (کلینیک) ی پزیشك””نییە! لە دانایی پزیشك و دانایی فەیلەسوف چی بەرهەمدێت؟ دانا پێویستی بە فەلسەفەكردن نییە، ئەمە بەپێی كۆنت-سپۆنڤیل، ئەی پزیشك ئەو پێویستییەی نییە؟

پەیكەربەندی ناو دانایی

پێش ئەوەی بێینەسەر باسی”پزیشكی پێویستی بە فەلسەفە هەیە؟” بەپێویستی دەزانین جیاوازی لەنێوان دانایی (‌حیکمەت) Wisdom و فەلسەفە دا بكەین. تێگەیشتن لە دانایی لە ڕوانگەی فەلسەفی ئاندرێ كۆنت–سپۆنڤیلەوە وامانلێدەكات لە ڕەچەڵەكی وشەی فەلسەفە بەئاگابین. دانایی كە بابەتێكی گەرمی فەلسەفییە و مشتومڕی قووڵی فەلسەفیشی لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا لەبارەوەكراوە لە پەرتووكی””خستنەڕووی فەلسەفە””ی ئەم بیرمەندە فەرەنسییە شیاوی بۆ پەردە هەڵماڵین لەسەر ئەو جۆرە پرسیارە هزرییانە دەدۆزرێتەوە كە فەیلەسوفە هاوسەردەمەكانی كاریان لەسەر نەكردووە. وشەی فەلسەفە philosophia لە لێكسیكۆنی یۆنانی پێكهاتەیەكی دیاریكراوی خۆی هەیە كە بەمانای خۆشەویستی بۆ دانایی دێت. ئەدی دانایی چییە؟ مەبەستلێی زانینە؟ جا بێت و بابەتەكە بەم شێوەیە بێت دانایی ئەوەیە كە لە یۆنانی بە Sophia و لە لاتین بە sapientia دێت. ئەمەش زۆربەی فەیلەسوفە مەزنەكان لە هێراكلێتسەوە بەو جۆرە ناوزەدیانكردووە. دانایی بۆ ئەفلاتون، سپینوزا ،ستۆیستەكان، دێكارت، كانت، ئێپیكۆر، هەمیشە بە هزر، ژیری و زانینەوە لكاوە. بەشێوازێكی تر، دانایی هەردەم بە جۆرێك لە زانینەوە گرێدراوبووە كە هیچ زانستێك ناتوانێت ڕاستەقینەییەكەی بسەڵمێنێت یان هیچ ئەزموونگایەك ناكارێت تێستیبكات. ئەمەش لەبەرئەوەی كە دانایی جۆرە زانینێكی پراكتیكییە نەك تێۆری، بە ژیانەوە پابەندە نەك بە زانستەوە. زۆرجاریش یۆنانیە كۆنەكان دانایی تێۆری یان تێڕامانیان Sophia لەگەڵ دانایی پراكتیكیدا phronesis هاوشانی یەكدیكردووە، لەكاتێكا كە تێڕامانی ڕاستەقینە(خودی دانایی) بریتییە لە كۆكردنەوەی هەردوو لایەنەكە.
لەو گفتووگۆیەی كۆنت–سپۆنڤیل تایبەت بە چییەتی دانایی وەگەڕیدەخات بە پاڵپشتی بۆچوونێكی ئەریستۆ پێداگیری لەو بینینە دەكات كە دانایی نە زانستە و نە تەكنیك. شتێكیشە كەمتر پشت بە ڕاستەقینەیی دەبەستێت و زۆرتر بریتییە لەو شتەی كە باشە بۆ خودی خۆ و بۆ ئەویتریش. كەوابێت دەشێت بوترێت: دانایی زانینە؟ گومانیناوێت كە دانایی، بە قسەی كۆنت–سپۆنڤیل، زانینە. ئەڵبەتە زانینی ئەوەی كە چۆن بژیین. ئەمەشە كە دانایی لە فەلسەفە جیادەكاتەوە، بەزۆریش بە مانای چۆنیەتی بیركردنەوە دێت، بەڵام فەلسەفە هیچ مانایەكی نییە تا لە دانایی نزیكنەبێتەوە. بەنزیکبوونەوەی فەلسەفە لە دانایی مانا بۆخۆی پەیدادەکات. ئەمەش پەیوەندی بەوەوەیە كە باش بیرکردنەوە باش ژیان دەگەێنێت. ئەمەش وادەكات فەلسەفەبكەین. مۆنتاین Michel de Montaigne وتەنی فەلسەفە ئەو زانینەیە كە بۆ ژیان ئامادەمان دەكات. هەر ئەمەشە كە بیرمانچۆتەوە. لەبەر ئەوەش كە دانا نیین زۆرترین پێویستیمان بە فەلسەفەكردن هەیە. بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل دانا پێویستی بە فەلسەفەکردن نییە. دانایی ئامانجە و فەلسەفەش ئەو ڕێگایەیە كە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دەگیرێتەبەر. بۆئەوەی فێربین چۆن بژیین دەبێت فریای ئەو ژیان تێژیانە بكەوین. لێرەوە قسەكانی مۆنتاین زۆرتر كاریگەر دەبن و ،كۆنت–سپۆنڤیل ئەو فریاكەوتنە بەوە ڕووندەكاتەوە كە پێوستمان بە فێربوونی ژیانە پێش ئەوەی دواكەوین. فێربوونی مردنیش لە تەك فێربوونی ژیان دادەنێت. چ ژیان و چ مردن ، بەپێی مۆنتاین، پێویستی بە فێربوونە. مانادارە لێرە ئەو قسەیەی مۆنتاین بە نموونە بهێنینەوە كە دەڵێت: تۆ نامریت لەبەرئەوەی نەخۆشیت، لەبەرئەوەی كە دەژیت. بۆیە فەلسەفە لەم حاڵەتەدا پەناگایە. كۆنت–سپۆنڤیل بە پێچەوانەی مۆنتاین پێیوایە فەلسەفە بەبێ جیاوازی بۆ گشت تەمەنێك پێویستە. بەلاشیەوە سەیرە ئەوانەی دەیانەوێت فێری ماتماتیك، فیزیا، مێژوو و ئاوازی موزیكی بن یان ئەوانەی دەبنە پزیشك و ئەندازیار، لە فێربوونی فەلسەفە دووردەخرێنەوە و فەلسەفەش ناخرێتە پرۆگرامی خوێندنیانەوە. قسەكانی كۆنت–سپۆنڤیل بۆپەرەپێدانە بەو تێگەیشتنە مۆنتاینیەی كە پێویستە فەلسەفەبكەین پێش درەنگكەوتنمان. كەوابێت فەلسەفەكردن كاتی خۆی هەیە و مەرجە ئەو كاتە بدۆزینەوە و فریای فەلسەفەكردنەكەمان بكەوین. فەلسەفەكردنەكەمان مایەی بەختەوەربوونیشمانە. لێرە ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە فەلسەفەكردن بە ژیانژیانێكی ئازاد و بەختەوەرەوە گرێدەداتەوە. كۆنت–سپۆنڤیل لەڕێگای سپینوزا و مۆنتاین و بیریارە گەورەكانی ڕۆشنگەریشەوە هانماندەدات لە بەدەستهێنانی دانایی بوێربین، پێویستیشناكات زیادلەپێویست چاوەڕوانبین تا بە بەختەوەری بگەین. با زوو پێیبگەین. هەمیشە كات بۆ فەلسەفەكردن شیاوە (ئێپیكۆر).
لەوەی لایسەرەوە ئەوە حاڵیدەبین، گەیشتن بە دانایی ناشێت دواخەین. كۆنت–سپۆنڤیل دەپرسێت ئەوە كامە داناییە كە مەبەستە زوو پێیبگەین؟ ئایا دانایی چێژە، ئەوەی ئپێیكۆر Epicurus باسیدەكرد؟ یان دانایی ویستە ،ئەوەی ستۆیکستەكان(مەبەست فەلسەفەی Stoicismە) قسەیان تیاكردووە؟ یاخود دانایی گومانە،كە گومانخوازەكان جەختیانلێكردووە؟ یان دانایی زانین و خۆشەویستیە، ئەوەی سپینوزا باسیكردووە؟ یاخود دانایی ئەرك و هیوایە، هەروەك كانت گرنگیداوەتێ؟ ئەم لایەنانە جیاوازی بینینی فەلسەفە بۆ گەیشتن بە دانایی نیشاندەدەن. دانایی هەر چۆنێك بێت زۆربەی فەیلەسوفانی والێكردووە لەسەر ئەوە كۆكبن كە دانایی پەیوەندی بە جۆرێك لە بەختەوەری، دڵنیایی یان ئاشتیەكی ناوەكییەوە هەیە. دانایی جیایە لە غەم، دەبەنگی و ئازار كە مرۆڤ پێویستی پێیان نییە. لێرەوە دەشێت ئەوە بوترێت كە فەلسەفەكردن فریادڕەسە و هەنگاویشە بۆ دوركەوتنەوە لە غەم، دەبەنگی و ئازار، كە هەرهەموو ئەوانە هێرشنبەرن بۆسەر خۆشی و دڵنیایی مرۆڤ. ئەوەی كە لەگەڵ داناییدا یەكناگرێتەوە و خۆی وەك كۆسپێك لەبەردەم داناییا نیشاندەدات گەوجییە (دەبەنگیی). باشە ژیانی مرۆڤ چ پێویستیەكی بە داناییە كە تەمەن كورت بێت و كات زۆر بەدەستەوە نەبێت؟ شەڕی نێوان ژیری و دەبەنگی بە قازانجی كام لا لە ژیانی مرۆڤا تەواودەبێت؟ كۆنت–سپۆنڤیل فەلسەفەكردن دەكاتە هیوایەك بۆ دەربازبوون لە دژواری و نادڵنیاییەكانی ژیان، عەقڵگەرایش بێ بەهادەكات گەر نەكارێت ژیانمان ڕوناکبكات و لە دەبەنگی بەدورمانخات. عەقڵ قورسای خۆی هەیە، بێعەقڵییەكی زۆریش لە ژیانی زانایان و فەیلەسوفان بەدیدەكرێت. بۆیە بیركردنەوە باشترین چارەسەرە، بیركردنەوە لەوەی كە خراپ و لانەواز نەژیین. لەم ڕێیەوە كۆنت–سپۆنڤیل پەی بۆ ئەوە دەبات چ دانایی و چ فەلسەفە شتگەلێكی تایبەتن و پەیوەندیان بە خودی، تایبەتمەندی، كەسەكەوە هەیە. نە دانایی بە خاوێنسازی دەزانێت و نەش فەلسەفە بە ئاین و بە ڕەوشت دەزانێت. ئەوەی زێدە گرنگە ئەوەیە کە مرۆڤ دەستبەرداری ئازادی، ئاگای و بەختەوەری خۆی نەبێت.
پرسیارە گرنگەكە لێرە ئەمەیە: چۆن ئەم ژیانە بژێین؟ ئەمە ئەو پرسیارەشە كە هەمیشە ڕووبەڕووی فەلسەفە بووەتەوە. پێدەچێت وەڵامەكە دانایی بێت، بەڵام داناییەكی بەرجەستە، ژیاندۆست و پراكتیكی. دانایی داوامانلێدەكات پتر پراكتیكی بین. لێرە كۆنت–سپۆنڤیل بۆ وتنێكی كامۆ (چاترە بوترێت کامی) Albert Camus و كاڤایێس Jean Cavaillès دەگەڕێتەوە: بۆئەوەی واقیع بگۆڕین پێویستمان بەوەیە مامەڵە لەتەك ئەو واقیعە دا بكەین كە دەیكۆڕین. دانایی بەمجۆرە بێت یۆتۆپیا نییە. خەونی دانایی نزیكبوونەوەیە لە ڕاستی و پراكتیك. واتە دانایی داوامانلێدەكات وڕێناوی نەبین و زۆرتر كار بۆ گۆڕین بكەین.
كەمبایەخ نییە ئەوەش بڵێین كە كۆنت–سپۆنڤیل لە ڕێگای پرسیاری دانایی چییە؟ گرینگی ئەم بابەتە لەناو فەلسەفە بەئەندازەیەك دەخاتەڕوو، كە ناشێت بە چەمكگەلێكی وەك بەختەوەری، ژیری، ئازادی و خۆشەویستیەوە نەبەستێتەوە. دانایی دەكات بە ژیانێكی بەختەوەر لەناو ژیانێكی ڕوونا. تەنانەت فەلسەفەكردنیش كۆششێكە بۆ چاكتركردنی ئەو ژیانە بەختەوەرە. فەلسەفەكردن چەنەبازی و شەڕە زاراوە نییە، گەڕانە بەدوای خۆشی ژیانا. خودی دانایش ئامانجە، ئامانج بۆ ژیانێكی بەختەوەر. چۆنیەتی بیركردنەوە و چۆنیەتی خۆشەویستیكردن داوامانلێدەكات لە فێربوون بگەین. بۆئەوەی بەختەوەربین پێویستە فێربین بیربكەینەوە و فێربین خۆشەویستیبكەین. ئەمەشە فەلسەفەكردن كە هەنگاوە بۆ ئامانجە گەورەكە كە داناییە. لێرەوە ڕێگای تەندروستی دەگرینەبەر. تەندروستی لەخۆیەوە دروستنابێت. تەندروستی باش پێویستی بە تێژیانی باش، بەختەوەری ڕاستەقینە هەیە. نكوڵیناوێت كە پێگەی تەندروستی لە ژیانی بەختەوەریدا ونناكرێت و تامی لە ژیانا دەمێنێتەوە.

پزیشكی پێویستی بە فەلسەفە هەیە؟

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بابەتی پزیشكی هاتە نێو گفتوگۆكان و پزیشك وەك زۆرترین قسەكەر ڕۆژانە دەركەوت. لایسەرەوە لە ڕوانگەی ئاندرێ كۆنت–سپۆنڤیلەوە ئەوە ڕاڤەكرا كە دانایی چییە و لە چ پەیوەندیەكیشدایە لەتەك فەلسەفە و دواتر لەتەك تامی ژیان و بەختەوەریدا. لێرەوە ئاقاری وتنەكانمان بە شێوازێكی دی دیزایندەكەین. گفتوگۆی بابەتی پزیشكی و فەلسەفە، پزیشك و فەیلەسوف بەجۆرێك دەجوڵێنین كە ئاسۆ لەبەردەم ئەو جۆرە پرسیارە هزریانەدا بكەنەوە كە تاكی ئێمە لە ئێستادا پێویستیەتی. گفتوگۆی ئەوەی كە پزیشكی پێویستی بە فەلسەفەیە، ئەم باسە لە كۆنت–سپۆنڤیلەوە دەستپێناكات و گفتوگۆیەكی دێرینی فەلسەفی لەو بارەوە لەئارادیە. دەستپێكە یۆنانییەكەی بۆ هیپۆكراتێس Hippocrates دەگەڕێتەوە كە بە باوكی پزیشكی دێتەناساندن. بەپێی ئەوەی لێرە قسەمان لە ئاندرێ كۆنت–سپۆنڤیلە، كە لە هەنووكەدا بەشێكە لە فۆڕمی بیركردنەوەكانی فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسی یان یەكێكە لە بەرهەمهێنەرانی فۆرمی بیركردنەوە لەناو فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسی، بەپێویستی دەزانین لەو بارەیەوە وتنەكانی بخەینە بەرباسی فەلسەفییەوە. ئەمە وادەكات بڵێین فەلسەفەكردن بۆ ئەم فەیلەسوفە فەرەنسیە بژاردەیە لەبەردەم ئازادی ژیان و گوزارەكردن لە بۆچوونی خۆی. لە لێدوانێك كە ژێرار ئۆستێرمانGérard Ostermann، پرۆفیسۆر لە سیكۆتێراپی (چارەسەرسازیدەروونی Psychotherapy ) ، لەتەك كۆنت–سپۆنڤیل لە “گۆڤاری سایكۆمیدیا” ئەنجامیداوە دەبینین كۆنت–سپۆنڤیل ئاماژە بەوە دەكات كە، فەیلەسوف توانای عەقڵی خۆی بۆ گەیشتن بە جۆرێك لە دانایی بەكاردەهێنێت. هەر ئەو داناییەشە كە ژیانێكی ئازاد و بەختەوەر بۆ فەیلەسوف دابیندەكات. بەمە فەیلەسوفبوون تەقەلایەكە بۆ بیركردنەوە لە ژیانی خۆت و لە بیری خۆت. ئەم بیركردنەوەیە لە ژیانی خۆت، بۆ كۆنت–سپۆنڤیل، بە مانای نقووبوون لە جیهان، لە كۆمەڵگە و لە مێژوو دێت. ئەمەش خۆشی و شادیهێنەرە. ئەم خۆشی و شادییە ئەو داناییە دەیهێنێت كە فەیلەسوف لەڕێگای بیركردنەوەوە پێیدەگات. هیچ شتێكی تر ( نە مادەیهۆشبەر نە كڕینی فیلایەك) جگەلە دانایی ناكارێت ئەم بەختەوەرییە دابینبكات.
نیچە پێماندەڵێت گشت فەیلەسوفێك شتێكی لە پزیشكی تێدایە و پێچەوانەكەشی هەر ڕاستە. فەیلەسوف پزیشکی شارستانییە (نیچە). كۆنت–سپۆنڤیل وایبۆدەچێت كە گشت یۆنانییە كۆنەكان باوەڕیان بەمە هەبووە. یەك لەو فەیلەسوفانەش كە داكۆكی لەمە كردووە ئێپیكۆری ئازیزە. بەپێی ئێپیكۆر””لاوێك هەروەك پیرێك دەتوانێت دەست بە فەلسەفە بكات. بۆهیچ یەكێكیان درەنگ نییە رۆحی خۆی تەندروستبكات””. بەواتایەكیتر، هەرگیز زوو یان درەنگ نییە بۆ فەلسەفەكردن، لەبەرئەوە هیچكات زوو یاخود درەنگ نییە بۆ خۆتیماركردن. تەمەن مانای بۆ پزیشكی نییە، ئەوەش پزیشكی مناڵان (Pediatrics) و پیرناسەكان (Gerontology) چاك دەیزانن. لەبەر هەمان هۆكار تەمەن بۆ فەلسەفەش بوونی نییە. كۆنت–سپۆنڤیل لەمڕوەوە جەخت لەوە دەكات كە تەمەن نە بۆ پزیشكی و نە بۆ فەلسەفە مانای نییە. بەڵێ ئەمە تاڕادەیەك ڕاستە كە تەمەن بۆ سوودوەرگرتن لە فەلسەفە یان پزیشكی مانای نییە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێت كە مرۆڤ هەچكات ویستی دەبێتە پزیشك. مرۆڤ دەكرێت لە هەچ تەمەنێكدا بێت نەخۆشبكەوێت و فەلسەفەش بكات. كۆنت–سپۆنڤیل وتەنی ڕاستییەك لێرە هەیە كە دەبێت بوترێت: ئەم هاوشێوەكردنەی نێوان فەلسەفە و پزیشكی هەڵەیەكی تیایە. بۆ یۆنانیە كۆنەكان فەلسەفە پزیشكیی بووە، بۆ ئێمەی سەردەم پزیشکی پتر لەوە خۆی دەردەخات. ئەڵبەتە لەبەر سێ هۆكار: هۆكاری یەکەم ئەوەیە كە ماوەیەکی زۆر، بەتایبەت لە سەدەی 19 (لە فەرەنسا لەسەر دەستی François Magendie و Claude Bernard) دواتر لە سەدەی 20 دەبینین کە پزیشكی بووەتە زانست، یان هەروەك كۆنگویلێم Canguilhem دەڵێت بووە تەكنیك، یان هونەری یەكگرتنەوەی زانستە جیاكان. پزیشكی لەبەر جەوهەرەكەی بووە زانست هەرچی فەلسەفەیە ناتوانێت ببێت بەوە. ئەمەش وادەكات ئەو ئایدیایە پەسەندنەكرێت کە فەلسەفە دەکاتە پزیشكی. تەنانەت نابێتە پزیشكی ڕۆحیش. هۆكاری دووەم كە وادەكات لە ئەمڕۆدا بیر لەوە نەكەینەوە فەلسەفە دەرمانی ڕۆحە ئەوەیە كە تەندروستی ڕۆح، لەگەڵ كاتدا، چارەسەركەر (thérapeute- therapist ) ێكی بۆخۆی دۆزیوەتەوە كە فەیلسوف نییە، بەڵكو پزیشكیدەروونی و سایكۆتێراپیۆت (چارەسەركەریدەروونی ((psycotherapist- psychothérapeute) ە. هەر لەبەرئەوەی پزیشك هەیە ناتوانین تەندروستی ڕۆحی بكەینە ئامانجی فەلسەفە. دوا هۆكار ئەوەیە کە ناتوانین ئەو ئایدیایە پەسەندبكەین كە فەلسەفە پزیشكی ڕۆحە. بەپێی تێگەیشتنی كۆنت–سپۆنڤیل ئێمە بەلانی كەمەوە لەم خاڵەدا(بەهۆی گەشەی پزیشكی، دەروونناسی و پزیشكی دەروونیەوە) لە یۆنانییە كۆنەكان ڕوونترین: ئێمە دەزانین كە دانایی ناشێت لە تەندروستی دا پووختبكرێتەوە. لێرەوە كۆنت–سپۆنڤیل دەپرسێت: دانایی چییە؟ دانایی هونەری ژیانە بە بەختەوەرییەوە یان بەختەوەری و هێمنییە لە ڕاستییدا. ئەم بەختەوەرییە لە تەندروستیدا پووختناكرێتەوە. واتە دانایی توانای ژیانە بەجۆرێكی كاریگەر لە جیهانێكی ڕاستەقینەدا. بۆ فەیلەسوف، بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل، بیركردنەوە لە ساناكردنی ژیان و لە زیاد لەپێویست خۆشگوزەرانكردن ئامانج نییە، ئامانج بیركردنەوەیە لەوەی کە ڕاستە. لە دیدی عەقڵ و فەلسەفەوە ئەو ڕاستییەی دەمانكوژێت لە درۆیەك باشترە كە ژیان دروستدەكات. ئەو ڕاستیەی ئازار دەهێنێت چاترە لەو وڕێنەیەی باشە دەهێنێت. ڕەنگە ئێوە پێتانوابێت ئەمە بۆ پزیشك بەو جۆرە نییە (لێرە قسەكەی كۆنت–سپۆنڤیل ئاڕاستەی ژێرار ئۆستێرمان دەكرێت كە لە چارەسەرسازیدەروونی دا پرۆفیسۆرە). كۆنت–سپۆنڤیل بەم پسپۆرە دەڵێت: تۆ لە هەقیقەتی نەخۆشەكانت بەرپرسیار نیت، لە تەندروستی نەخۆشەكانت بەرپرسیاریت. گەر باوەڕیشمان بە ئازادی عەقڵ هەبێت ئەوا بیر لەوە ناكەینەوە باش چییە، بیردەكەینەوە بەپێی پێوانە بۆ ئەو ئایدیای ڕاستییەی دەدرێت (سپینوزا) یان شیاوە (مۆنتاین).
لەسەر بنەمای وتنەكانی كۆنت–سپۆنڤیل زۆربەی فەیلەسوفە هاوسەردەمەكانی خۆی باوەڕیان بەوەیە فەلسەفە دەرمان نییە، بەڵام پێشیانوایە پزیشكی دەتوانێت فەلسەفەیەكی نایاب دروستبكات. فەلسەفە شتە پێویستەكەیە کەچی ئامانجی سەرەكی فەلسەفە داناییە، واتە بەختەوەری و ئارامی. ئەوەتا نەخۆش بە دكتۆر دەڵێت: “دكتۆر من غەمبار، ماندوو و ڕاڕام: دەتوانن شتێكمبدەنێ تا پێیچاكببمەوە؟” كۆنت–سپۆنڤیل لەوە تێدەگات كە خەمۆكی جارجارە بكوژە، چونكە دایكی بەوە مردووە، وەكیتریش چارەسەری خەمۆكی لەئێستادا ڕوو لە باشییە. ئەم بیرمەندە گومانناكات كە ڕاڕایی، غەم و ماندوبوون هەن. لەوەش حاڵییە بەدبەختی، غەم، بێزاری و ڕاڕایی نەخۆشی نیین. ئاساییە جارجارە ڕاڕا و ماندوو و عەمباربین. گشت ئەمانەش بەشێكن لە مرۆییبوونمان. بەپێی ئەوەی مرۆڤایەتی ناساغی نییە ئیدی ناچێتە سایەی پزیشكییەوە. بۆ كۆنت–سپۆنڤیل كێشەكە لەوەدایە ئێمە پزیشكی دەسەپێنین بەسەر ژیانمان و بگرە بەسەر گشت كۆمەڵگەكەشمان. گازندەی شارستانی نوێش دەكات کە بایەخێکی زۆر بە تەندروستی دەدات و پزیشكیش گەورە دەکات. ئەم شارستانیە دەیەوێت بەختەوەری بكاتە دوا ئامانجی تەندروستی لەكاتێكا پێشتر بەختەوەری باڵاترین بەها بووە. هەموو ئەمانە لەژێرسایەی پان- پزیشكیگەرایی pan-médicalisme دا ڕوودەدات، كە هەموو شتێك بریتییە لە پزیشكی و تەندروستیش دوا ئامانجە. كۆنت–سپۆنڤیل پیشەی پزیشكی بە بەرپەسیار دەزانێت لە سەرهەڵدانی دیاردەی پان-پزیشكیگەرایی. لەم ڕوەوە دەگەڕێتەوە بۆ پێناسەی تەندروستی بەپێی تێگەیشتنی”ڕێكخراوی جیهانی تەندروستی”: تەندروستی نەبوونی نەخۆشی یان لاوازی نییە، تەندروستی بوونی حاڵەتێكە لە باشگوزەرانی جەستەیی، عەقڵیی و كۆمەڵایەتی. جاگەر وابێت سێ میلیۆنێك هاوڵاتی بێكار و مەحروم هەن كە پێویستیان بە دەرمانە. ئەم چەند میلیۆنە لە باشگوزەرانی جەستەیی، عەقڵیی و كۆمەڵایەتیدان، بەڵام بێكار و فەرامۆشكراون. بۆیە كۆنت–سپۆنڤیل لەم پێناسەیەی”ڕێكخراوی جیهانی تەندروستی”ناكۆكییەك بەدیدەكات. بۆیە دەبێت بپرسین پاتۆلۆژی Pathology چییە؟ ئەمە شتێكە ،كۆنت–سپۆنڤیل وتەنی، مرۆڤ واهەستدەكات حاڵی باش نییە یان ناتوانێت بە كارەكانی هەستێت. لەسەر بناغەی تێگەیشتنەکانی ژۆرژ كۆنگویلێم Georges Canguilhem نەخۆش ناكارێت ژیانی ئاسای خۆی بژیت و كارەكانیشی پەكدەكەون. جیاوازی نۆرماڵ و نانۆرماڵیش ئەوەیە كە نۆرماڵ هەستدەكات باشە و ئێشی لە هیچ شوێنێك نییە. هەرچی پاتۆلۆژییە واتە بوونی ئێش لە شوێنێك دا. كەسەكە هەست بە ناساغی و پەككەوتووی دەكات. ئەمە بەو مانایەش دێت كە پاتۆلۆژی ناوەكەی بەخۆیەوەیەتی. لە یۆنانیدا بە پاتۆس (سۆز) دێت ،بە واتای ئەوەی دەیچێژین و پیایتێدەپەڕین، جا ئەوە بەدبەختی بێت یان ناخۆشی. لێرەوە ڕەنج بەباچوون دەبێتە ئێش و بەدبەختیش خۆی وەك نەخۆشی نیشاندەدات. لە پزیشكیشا نۆرمالبوون Normality بە واتای ئاسایبوون دێت، شتێك كە لادان بەم لا و بەولا ناناسێت و ڕیشەی وشەكەش لە وشەی “نۆرم” ی لاتینیە ەوە دێت. هەرچی نانۆرماڵبوون Abnormalityە بەمانای نائاسایبوون دێت، بۆ ڕیشەی وشەی omalos ی یۆنانی دەگەڕێتەوە كە بەمانای یەكسان، یەكانگیر و نەرم دێت. كەچی (an omalos شاز، نانۆرماڵ)- مانای وشەكە بۆ ناڕێك، نایەكانگیر و زبر ( كۆنگویلێم) دەگۆڕێت. لێرە كۆنت–سپۆنڤیل بە پشتبەستن بە بۆچوونە پاتۆلۆژییەكانی كۆنگویلێم قسەلە قەڵەوی دەکات کە ماوەیەك لە ئەمەریكا ،لەناو هەژار و ڕەشپێستەكانا، شازێكی ئاماری نەبووە. لە دیدی پزیشكییەوە ئەمە نۆرماڵنەكراوە. بەپێی پێوانە ئامارییەكان بێت كاتێك هەموو تووشی قەڵەوی دەبن(ئەمڕۆ زەعیفی شازێكی ئامارییە) شتەكە ئاسای بووەتەوە لەكاتێكا قەڵەوی حاڵەتێكی ناساغییە(پاتۆلۆژییە). نۆرماڵ واتایەكی ئاماری و ئاشتیئامێز نییە، واتایەكی دینامیكی و وروژێنەرە. لەبەرئەوەی ژیان دینامیكییە ئەمە وادەكات هەموو دەرمانێك وروژێنەر(پۆلیمیك ،جەنگ، پێكدادان) بێت، ئەمە بەتایبەت كە دەرمان لەتەك نەخۆشیا دەجەنگێت. هەر ئەمەش شتێكمان لەسەر پیشەی پزیشكەكان پێدەڵێت، بە پزیشكەدەروونیەكانیشەوە، كە لەگەڵ حاڵەتە ناساغەكانا مامەڵەدەكەن نەك ئەو حاڵەتانەی دەگمەنێكی ئامارییە یان شۆكێكی كۆمەڵایەتین! لەبەرئەوە پزیشكی بۆ ئەوە هەیە کە چارەسەر بدات. كۆنگویلێم وتەنی نەخۆشی ئاستێكی ژیانە. شتێكی ئاساییە. لەبەرامبەر ئەوە تەندروستی شتێكی كاتییە. مەترسی نەخۆشیش یەكێكە لە ناواخنەكانی تەندروستی. بۆیە كۆنت–سپۆنڤیل سەبارەت بەم لایەنە بۆ گوزارە دەگمەنەکەی مۆنتاین دەگەڕێتەوە: “”تۆ نامریت لەبەرئەوەی نەخۆشیت، دەمریت لەبەرئەوەی لە ژیاندایت””.
بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل فەلسەفە پێش هەموو شتێك دیسپلینێكی ئەكادێمی نییە، حاڵەتێكی مرۆییە. بۆیە پزیشكەكان وەك هەموو مرۆڤێك پێویستیان بە فەلسەفەكردنە. پزیشكەكان لە دیدی ڕەوشتییەوە پێویستیان بە فەلسەفەكردنە، ئەمە بەسەر هەموو پیشەیەكدا پەیڕەوناكرێت. پزیشكەكان بەپێی پسپۆرییان ڕوبەڕووی زۆرترین سەختی دەبنەوە: ناخۆشی، نەخۆشی، مەرگ، ئەمەش واتە پزیشكی پیشەیەكی تراژیدییە. سەختییەكانیش هەر ئەوانە نیین. پزیشكەكان لەگەڵ ئەویتر ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە. بۆ؟ لەبەرئەوەی خود بابەتی پزیشكییە، هاوکات پیشەی پزیشكی ڕەوشتییە. پزیشکەکان لەگەڵ خۆشیانا ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە. باشە بۆ؟ لەبەرئەوەی پزیشکەکان پیشەیەكی گۆشەگیرئامێزیان هەیە. سەرئەنجام، كۆنت–سپۆنڤیل پێیوایە لەنێوان ئەمی فەیلەسوف و ئەویتری پزیشكدا، ئەمی فەیلەسوف پێویستی بەوە نییە ببێتە پزیشك، هەرچی ئەویتری پزیشكە پێویستی بەوەیە ببێتە فەیلەسوف، هیچ نەبێت لەبەر خاتری نەخۆشەكانی. تەنانەت كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێكی تردا باوەڕی وایە پزیشكی تەنیا بریتی نییە لە تەندروستی. پزیشكی شتێكی ئاڵۆز و دژوارە. واتە لە تەندروستی گەرورەترە. هەرچی داناییە ئەوە دەكەوێتە پاش تەندروستییەوە.

لە خەمۆكییەوە بۆ فەلسەفە

گومانی ناوێت كۆڤید-19 بەپێی قەبارەی خۆی خەمۆكی لەتەك خۆیڕا بۆهێناین و ئەوەش كرۆك و سیمای ژیانمانی گۆڕی. فەلسەفە كار لەسەر هاتنەدەرەوە لەم خەمۆكییە دەكات. فەلسەفە، كە هەڵوێستەكردنە بەرامبەر بە خودی خۆ و جیهانی دەرەوەی ئەم خودە، سازێنەر و بێداركەرەوەی ئەو پرسیارانەشە مانا بە ژیانمان دەدەن. چی مانا بە ژیانمان دەدات؟ ئازادی؟خۆشەویستی؟بەختەوەری؟ هەموو ئەمانە باشەن و فریادڕەسیشن. لەم سۆنگەیەوە بەوە دەگەین كە هاتنەدەرەوەمان لە خەمۆكی ئیشی فەلسەفەیە. ئیشی فەلسەفە كاركردن لەسەر ڕۆحمان و دەربازبوونمان لە دۆخە چەقبەستووەكان. ئاشنابوونیش بە فەلسەفەی ئێپیكۆر Epicurus سەرەتای دابڕانمانە لە خەمۆكی. ئەمەش بەجۆرێك لە جۆرەكان كۆنت-سپۆنڤیل تامیكردووە. تامی فەلسەفەی ئێپیكۆر تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەم تامە شیفایە، شیفا دەرمانە. فەلسەفە دەرمانی هاتنەدەرەوەیە لە ناساغی. ئپێیكۆر بۆ زۆرێك لە بیریارانی ڕۆژئاوا پەناگای بەختەوەرییە، كانیاوی چێژ و خۆشییە. ساردی خەمۆكی فەیلەسوف لەناو گەرمایی فەلسەفەی ئپێیكۆر دەتوێتەوە. هزری ئێپیكۆر دەرمانی ڕاڕایی و پەشێوی ڕۆحە.
ئەو قسانەی لایسەرەوە لەسەر ئەو بناغەیە پەسەنددەكەین كە كۆنت-سپۆنڤیل ئەو فەیلەسوفە فەرەنسییەیە لە خەمۆكی ژیانەوە، لە خەمۆكی ناو خێزانەوە (مردنی دایكی بە خەمۆكی) بەرەو فەلسەفە هاتووە. بەمە كۆنت-سپۆنڤیل كاری بۆئەوە كردووە لەناو فەلسەفەدا هێزی بیركردنەوەی خۆی بخاتە خزمەتی لاوازییەكانیەوە، ئەو لاوازییانەی لە ژیانیا هەیبووە. لەكۆتایشا خۆشەویستی بۆ ژیانی گۆڕیوە بۆ كردەیەك لە فەلسەفەكردن كە ئەوەش لەگەڵ زەبری ژیانا ڕووبەڕوویکردۆتەوە. ئەمە وادەکات ئەم فەیلەسوفە بڵێت: لەئێستادا لە ڕۆژئاوا گەڕانەوەیەك بۆ فەلسەفە لە ئارادایە كە هۆیەكەی بۆ زۆر شت دەگەڕێتەوە لەوانە: فەلسەفەكردن واتە خوڵقاندنی وەڵام بۆ پرسیارە بێ وەڵامەكان، پاشەكشەی ئێدیۆلۆژیا و ئاینەكان، حەماسی خەڵك بۆ فەلسەفە، كە ئەوەش لەم دواییە وەك شێوازێك لە نەشونمای كەسێتی خۆی دەردەخات. باشە فەلسەفە بەچی دەکارێت ئەوە بکات؟ كۆنت-سپۆنڤیل لە وەڵامی ئەم پرسیارە، كە پێشتریش لەگەڵ پزیشكێكی دەروونی (كریستۆف ئەندرێی) باسیكردووە، پێیباشترە مرۆڤ غەمبار بێت تا بە درۆ بەختەوەر بێت. هەرچی پزیشكە دەروونیەكەیە ،كۆنت-سپۆنڤیل وتەنی، كاری ئەوەیە وا لە نەخۆشەكانی بكات باش بن تەنانەت ئەگەر توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستیشیان نەبێت. ئەم لایەنە، واتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستی ، بەپێی بۆچوونی كۆنت-سپۆنڤیل، بۆ فەیلەسوف گرنگی خۆی هەیە. فەیلەسوف ،بۆ كۆنت-سپۆنڤیل، كەسێك نییە خەریكی كاری باشە بێت، كاری دروستكردنی بیركردنەوەیە بەجۆرێكی زێدەباش. لەنێوان ڕاستی و بەختەوەرییشدا فەیلەسوفێكی وەك كۆنت-سپۆنڤیل ڕاستی هەڵدەبژێرێت، هەرچی پزیشكە دەروونیەكەیە، بە قسەی ئەم بیرمەندە، تەندروستی هەڵدەبژێرێت . لەم بارەیەوە ئەوەشمان بۆ دەگێڕێتەوە كە جارێكیان لە كۆتای ساڵی خوێندن خوێندكارێك پێیوتووە: پێش كۆرسەكەی تۆ بەختەوەرتربووم. ئەم قسەیە بۆ كۆنت-سپۆنڤیل كاریگەری خۆی هەبووە و ئەوەشی گەیاندووە كە فەلسەفە بەرچاوڕوونی بە مرۆڤەكان دەدات و ئاشناشیان دەكات بە ڕاستی بەس بەختەوەریانناكات. ئەمە دەشێت بەو مانایەش ڕاڤەبكرێت كە گەیشتن بە ڕاستی دەكرێت بۆ بەختەوەری بگۆڕدرێت. واتە ئەو ڕاستەیەی بەهۆی فەلسەفەوە پێیدەگەین بەختەوەری بەخشە.

————————————–
ژێردەر:
لە بەشی 18دا ئاماژە بە تێكڕای پەراوێز و سەرچاوەكان دەكەین.

————————————————-
بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر، کلیکی ئێرەبکەن …….




ناسینی نەتەوە … شیوا میرەکى

بۆ ناسینی هەر نەتەوەیەک سێ لقی ئەدەبیاتی ئەو نەتەوە واتە ئەدەبی فولکلۆر، شێعر و مێژووی ئەدەبی ئەو میللەتە زۆر گرینگە . یەکێک لە سەرچاوە جێگەی متمانە و باوەڕپێکراوەکان بۆ ناسین و ناساندنی مێژوو ، کولتوور و ئەدەبی میللەتەکان بێ گومان مۆسیقا ، شێعر و ئەدەبی فۆلکلۆرە. فۆلکلۆر لە دوو وشەی (folk) ( میللەت ) و lore)) (چیرۆک و هونەر ) پێکهاتووە. بۆیە فۆلکلۆر بە وێنەی ئاوینەی باڵانوێنێکە کە بەشێکی بەرچاو لە یاسا و داب و نەریتەکان کە لە درێژەی زەمان وەکوو دەسکەوت بۆ میللەتەکەمان ماوەتەوە، پیشان دەدات.

ئەگەر فۆلکلۆری میللەتێک وەکوو کولتووری نەنووسراو یان “فەرهەنگی زارەکی ” پێناسە بکەین ئەم بۆچوون و بانگەشەیە زیاتر خۆی نیشان ئەدات . زیاترین بەش لە تایبەتمەندییەکانی کولتووری لە هۆنراوە و گۆرانییەکاندا دیارە و سینە بە سینە نەقڵ کراوە پیشانی داهاتووانی دەدات . بە بڕوای د. عیزەدین مستەفا ڕەسوول گۆرانی کۆنترین بەش لە ئەدەبی فولکلۆر و غنایییە کە لە ڕۆژگارێکی زۆر کۆن کە هێشتا هۆشیاری میللەتەکان زۆر لە خوار بووە، درووس بووە و زانایان دەڵێن گۆرانی شوانی کۆنترین جۆری گۆرانییە.

هەر میللەتێک، کە ئەدەبیاتی نەنووسراوی دەوڵەمەندی هەبێت، ئەوا کولتوورێکی پتەوتر و تایبەتمەندی زیاتری لە وانى دیکەی هەیە. یەکێ لەو میللەتانە کە بە درێژایی مێژوو خاوەنی کولتوور و ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەند بووە و کێشە و جەفاکانی ڕۆژگار نەیتوانیوە ڕەسەنایەتی لێ بسێنێ کورد بووە .ئەدەبیاتێکی ” سهل وممتنع ” کە بۆ ڕۆح و مێشک و زمانی هەر تاکێکی کورد ئاشنایە و ئەتوانین بڵێین ڕەنجێکی هاوبەشە هەر لە لەیلاخ تا موکریان ،لە هەوشار تا لوڕستان و …

مرۆڤی کورد بە شێعر و گۆرانی لە دایک دەبێ ، بە شێعر و گۆرانی باڵا دەکات و بە شێعر و گۆرانی ئەمرێ کە ئەمە لە گۆرانی و بەیتە فولکلۆرەکان وەکوو لای لایە ، بەرتەونانە ، چەمەری و … خۆی نیشان داوە .

گۆرانی کوردی تووشیاری ژان و کێشەی ڕۆژگار نییە و نەبووە بەڵکوو گۆرانی کوردی خودی ئێش و ژانە . گۆرانی کوردی تەنیا کەرەستەیێک بۆ شادی‌کردن نییە بەڵکوو خۆی بەشێکە لە ئەلفوبێی ژیان . شێعر و گۆرانی کوردی ئەزموون و فەلسەفەی ژیانی میللەتی کوردە و یەکی لە باشترین سەرچاوەگەلی ناسین و ناساندنی میللەتی کوردە .هەر چەن کە ناسینی کولتووری یەک میللەت ئاسان نییە و خاڵگەلێکی زۆر لە درووسبوون ئەو ئەدەبیاتە نەخشی هەس ، بەڵام یەکێ لە ڕێگەگەلی ناسینی بنەمای کولتووری ؛ زمانی و ناسینی شتە باو دیرۆکییەکانە کە لە گۆرانیە فولکلۆرەکان خۆی شاردووتەوەو نیشاندەری شێوازی ژیان ، ڕەسم و یاساکانی ژیانی میللەتەکانە. کە بە جۆرێک وەکوو ئاوێنە ئەتوانین تێدا بڕوانین و مێژووەکەی شی بکەینەوە .

یەکێ لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی فۆلکلۆری کوردی ناوچەی چەرداوڕی ، ئەسپەن ئاوا و لەیلاخە (قوروەو دێولان) کە تایبەتمەندیێکی بەرچاوی لە باقی ناوچەکان هەس . یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی بەرچاوەکانی فرە کولتووربوون و فرە زاراوەییە چۆن شاری قوروە لە لایێکەوە هاوسنووری ناوچەی گەڕووس ، لە لایێکەوە هاوسای هەمەدان و ئەسەدئاوا ، لە لایێکەوە بە سونڱور ،کولیایی و کرماشان و لە لایێکی ترەوە پاڵی داوە بە لەیلاخ و سنەی ئەردەلانەوە .

لە ناوچەی لەیلاخ تێکەڵێک لە بن زاراوەکانی ئەردەڵانی و گۆرانی ، لە ئەسپەنئاوا یا قوروە تێکەڵێک لە بن زاراوەکانی ئەردەڵانی ، گۆرانی ، لەکی ( بە هۆی هاتنی کۆچبەرەکانی لەک ) کەلهوڕی ، هەورامی (قەڵای کامجورد،قەڵای ئەومەلەکی ) بوونی هەیە.

بوونی تایفەی شێخ ئیسماییلی کە بەشێکیان لەشارەزوورەو و بەشێکیان لە جوانڕۆ بۆ ئەم ناوچەیە کۆچیان کردووە لە باشووری ئەم شارە و گوندەکانی نیشتەجێ بوون کە لە ئاڵۆگۆڕی زمانی ناوچە و فرەچەشنی کولتووریی نەخشێکی گرینگ و بەرچاویان بووە.

هەرچەند کە زۆربەی گۆرانییە کۆنەکانی ناوچە ، گۆرانی کار بووە و سازیان لە گەڵدا نییە .گۆرانیە بەزمی و شادەکانیش زۆر سادە بووە و دەوڵ و زوڕنایان لێ داوە کە لە درێژەی زەمان لە دوزەلە ، زمارە (نی هفت بند) ، نەرمەنەی ، دومەک کەڵیان گرتووە .لە بەزمگەلێکی ئایینیدا سۆفی و دەروێشەکان دەفیان لێداوە و بڕێ جار لە زەماوندەکان و بەزمی بوێژگەل و دەلۊگەل کە لە کووچە و کۆڵان بەڕێ ئەچوو کەمانچە و دایرەیان بەکاربردووە . هەروەها له جەژنەکان و کۆبوونەوەی بنەماڵەیی لە “قاوەسینی” و “پووت هەژدەکیلوو” هاوکات لە گەڵ گۆرانی کەڵکیان گرتووە .

گۆرانی لەم ناوچە وەکوو باقی ناوچەکان کوردەواری تەنیا بۆ کاتی شایی و خۆشی نەبووە بەڵکوو لە هەموو کاتێکدا بۆ کشتوکاڵ ، تەون‌کردن ‌، مناڵداری‌کردن ، عاشقی کردن ، تەنیایی و دەرددی‌دڵ ، دوینەنیانن ، بۆ مەڕوماڵات و …گۆرانی و ئاوازیان خوێندووە کە زۆربەی ئەو گۆرانیگەلە سادە و ساکار و لە ناخی دڵدا جێگیر ئەبێ .

بۆ ڕاو ، نەچیر یان شەڕکردنیش گۆرانی تایبەت لەم ناوچە باو بووە

بۆ شەڕ ؛

ئەی خوا لەو ڕووژە دەور قەڵا گیریا

عەبدولباقی خان تیرباران کریا

بۆ ڕاو ؛

ئەڕا ناحوەیدەی گووشت شکارم

چەن کۊییل گەڕام ئەڕای تو بارم

بەزمی هوورە زیاتر لە نێوان کورد شێخ ئیسماعیلی (کوردپابنەوا) زیاتر بینراوە.بەزمی چەمەری لە کاتی ئازیەتباری بەتایبەت مردنی جوان بەڕێ ئەچوو . ژنان بۆ دامرکاندنی کوڵی دڵ گۆرانییان چڕیوە و مردوویان لاواندووە کە بڕێ جار هاوکات لە گەڵ هەڵپەڕکێیکی نەرم و ئارام و بە پێچەوانەی هەڵپەڕکی شاد لە چەپ بۆ ڕاس بووە کە زیاتر لە ناوچەی کولیایی باو بووە بەڵام بە گشتی لەزۆربەی ناوچەدا بەزمی چەمەری بوونی هەبووە .

مەقام ئایینی و سۆز ئایینی لە لەیلاخ وئەسپەن ئاوا بە گشتی و لە بەشگەلێک ناوچەی چەرداوڕی لە شەوی مێعراج مەولوودی خوێندن بەڕێ چووە بەڵام تەکیە و خانەقاگەل ناوچە هەمیشە بەزمی دەف‌لێدانیان بووە .

ئاڱر چۊسە لیم بەو خامووشم کە

ئەڵقەی خوڵامید فەخر گووشم کە

لەناوچەی چەرداوڕی بەزمی ئازیەتباری عاشوورا بووە کە ئەڵبەتە زۆربەی هەڵبەستەکانی بە زمانی فارسییە و وا دیارە دیاردەی ساڵانی نزیکە و مێژوویێکی لە پشتەوە نییە . ئایینی یارسان لە قوروەی کۆن بوونی هەبووە و یەکێ لە هێماکان ئایین یارسان تەموور بووە کە زیاتر یارسانەکان لە کەڵاژێران بوونە بەڵام لە تەواوی ناوچە بوونیان بووە. لە کاتی نووڕ و نزاکردندا دەیانگوت ؛ با کوسوارت بۆ نەچڕم (کوسوار جێ‌نشین و دەلیل سوڵتان سەهاک پێغەمەر یارسانە ) کە نیشاندەری یارسان بوونی ناوچەس .

لە گوندەکانی پیر باوە قەڵا ، پیرسلیمان ، خەنان ئاوا،باوە شووراو قەسڵان.باوە شیداڵە،باوە قشلاقی تووغان،باوه گوڕ گوڕ ، شەیای نازار ، پیر مکە یان پیر مکاییل میناوا ، پیر یوونس علیاوا ، باوە سورخاو مەلک ئاوا ، باوەسارۆ نەجەفاوا نیشتەجێ بوونە .

لە شەوی چلەی زستانیش وەکوو دیکەی ناوچەکان بەزمی کووسە کووسە بەڕێ ئەچوا,

بۆ مەشکەژەندن و تەون کردن هەروەها گۆرانی تایبەت ژنان بوو

دار مەشکەگەم هەنارە ، مەشکەژەنەگەم بیمارە

دار مەشکەگەم هەنجیرە ،مەشکەژەنەگەم چە پیرە

بۆ تەون ؛

قەزات لە ماڵم گورد و پشت گوردی

مرخەک ڕەنڱامە هیلمڱەل وردی

قەتار مەزهەبی لە زۆربەی ناوچەکەدا بوونی بووە ؛

حەفت لە خوار و حەفت لە ژۊر

پڕ تەوەقی پڕ لە نۊر

هەر چێ جبرەییل بیکا هونەر

سەڵوات بوو ڕۆح پەیغەمەر

مەقام گۆرانیێکی بەسۆز و خەمین بووە کە نیشاندەری هەستی خەمین و عاتیفی لە ڕووداوێک یا بیرەوەریێکی شیرین بووە و لەو کاتە مەقامیان خوێندووە کە هاوتای “تصنیف” فارسییە وەکوو گۆرانی خاڵووڕێوار ، گەڕیان گەڕیان ، سەوزە سەوزە و هەوری لار .

یەکێ لە ناوازەترین مەقامەکان مێرزام سەراوێ‌یە کە نیشاندەری حاڵ و بیرەوەری کەسانێکە کە مەقامیان خوێندووە

مێرزام سەراوێ ، مێرزام سەراوێ

ڕووژێ ڕاگەم کەفت وە سەر سەراوێ

دیم دانیشتیە ، باوان خراوێ

کونەی پڕ ئەکرد یەی مەسە چاوێ

زیاتر لە ناوچەی چەرداوڕی مەقامی مناڵان باو بووە کە لە کات کی کایەکردن گۆرانی کورت و یەک بەدوای یەکیان خوێندووە بەڵام قەتار مناڵانە و لایەلایە کە دایک بۆ کۆرپەی ئەخوێند لە تەواوی ناوچە بوونی بووە .

کوورپەم خەفتیە خەو خەیری وێ

دەس فریشتەگان لە ژێر سەری وێ

گوروانە شەو ، گوروانە شەو

لە ماڵ ئیمە دۊر وانە شەو

گۆرانیگەلێکە کە بەدوورە مناڵێکی کورد ئەو گۆرانیانەی نەبیستوێ و بەو دەنگه خەوی لێ نەکەوتووێ .

بالوورە کە گۆرانی خوێندن کچ و کوڕ لە جواوی یەکتر بووە و لەکاتی لەدەس داین ئازیزانیش کەڵکیان لێ بردووە

قەتار شوانی و دەورەگەردی زیاتر لەناوچەی کرماشان بەڕێ چووە کە بەیت شاکە و مەنسوورخانیان خوێندووە و لە نێو خەڵکی “دەلۊ “ناوبانگی بووە خەڵکیان لە کووچە و کۆڵان کۆ کردووە و گۆرانییان خوێندووە کە بڕێ جار بەباڵای کەسانێک ئەیانخوێند و پووڵیان ئەسەند ، بڕێ جاریش بووکەڵەیان لەگەڵ بوو و گۆرانی ؛

مینا بوو خوەی مینایە

خاڵێ لە سەر گوونایە یان ئەخوێند .

گۆرانیبێژە بەناوبانگەکان ناوچە ؛ شاڕۆخ مەیهەمی ، ڕەمەزا کولیایی ، مەولوو کەرەمی ، ئەحمەد قادرمەرزی ، حەمە حسێن وەیسی ، ڕەمەزان خوسرەوی ، سەی حەمە حسێنی ، فەتحوڵا میرزایی ، لفتە سەحرایی ، عەبدوڵا قوربانی ناسراو بە عەبدوڵا ماچکەیی ، نەبی زەڕین ، حەبیبەڵا موفاخێری ناسراو بە حەبیب ملەیی و ..

وەکوو یوونگ دەڵێ ؛ وێژە دەربڕینی هەست و نەستی گەلە .بۆیە دەبێ بۆ ناسینی فەرهەنگی نەتەوەکان پەنابەین بۆ وێژەی ئەو نەتەوە کە بەرهەمی هەرمان و زیندووی پێشنیانیانی ئەو گەلە نیشان ئەدات .بێ شک ئەم بەیت و باو و گۆرانیگەلە تایبەت بە یەک ناوچە نییە و زمانی هاوبەشی میللەتی کوردە.

قووروە

شیوا میرەكی




دوایین خۆکوژی لەسەر زەوی … ژیار ئەسوەد

سێ مانگ پێش کریسمس

ئای لەتۆ زەوی داماو! پیرە زەوی، دواجار هەموو جێت دەهێڵن! ئەوەتا ئەو زانا پیرە قژ درێژە هەموو ڕۆژێک خۆی دەکات بە شاشەی تەلەڤزیۆنی ماڵەکاندا. وەک ئەوەی قسەی دیکە نەزانێ، بێ بڕانەوە دەڵێ: “زەوی لە مەترسیدایە، پێویستە چۆڵی بکەین.” خۆ بەردەوام باس لە ئینتیما دەکرێ، ئەی کوا؟ نا، بۆم دەرکەوت نیشتیمان بووکەڵەیەکە و هەموومان یاری پێدەکەین؛ هەرکات دەستێکی، قاچی، هەر پارچەیەکی لێبێتەوە فڕێی دەدەین و پێویستمان بە دانەیەکی دیکە دەبێ.
هەموو شتێکیان ئامادەکردووە. دەیان ئامێر و کەشتی ئاسمانیی زەبەلاح کە تا ئەم ساتە نەبینرابوون، لە ئامادەباشیدان بۆ هەڵگرتنی مرۆڤ و بردنی بۆ هەسارەیەکی تر. تا ئێستا پێشیان ڕانەگەیەنراوە کامە هەسارەیە؟ بەڵام گوایە تازە دۆزراوەتەوە و هەموو پێداویستییە سەرەتایی و سروشتییەکانی گوزەرانی ژیانی لێیە… من باوەڕم بە هیچ نەماوە، دوێنێ یادی لەدایکبوونم بوو، نازانم بوومە حەفتا یان حەفتا و یەک ساڵ؟ لەوانەیە زیاتریش بێت؛ دڵنیانیم! وەک هەمیشە لە ماڵە پۆخڵەکەمدا مامەوە و کاتەکانم بە شتی پڕوپووچ بەسەربرد. ئەوەی جیاوازییەکی بچووکی هەبوو لەگەڵ ڕۆژانی تر، تەنها بوتڵێک مەی نوێ بوو، کە بەهۆی گرانی نرخەکەی بۆ جارێکیش هەڵمنەقوڕاندبۆوە. پارچە کاغەزێکی بچووکی لەگەڵ بوو، لەسەری نووسرابوو (ڕۆژی بوونت پیرۆز). نەمزانی لەلایەن کێوە هاتووە؟ خۆ من چەندین ساڵە هاتوومەتە ئەم شارە تا ژیانێکی ئازاد و تەنیا بژیم و دووربم لە چاوی هەموو کەس. ئاخر مرۆڤ هیچ سوودێکی نییە بۆ سروشت؛ بە پێچەوانەوە، بەڵکو هەموو چرکەیەک شێواندنێک دروست دەکات. وەک چۆن لە هەڵەیەکی بچووکی ماتماتیکیدا هەموو شیکارەکە تێکدەچێ، مرۆڤیش هەمان هاوکێشەیە بۆ سروشت.
گەڕ بوومە و نامرم، ژیانمم وێران کردووە بە ئەلکهول و ماددەی هۆشبەر کەچی هیچم بەسەر نایەت. پێستم جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ هیی پیرە تیمساحێک، بگرە لەوەش قێزەوەنتربووە. ماوەیەکە کە سەیری ئاوێنە دەکەم، لەناکاو کۆمەڵە جانەوەرێکی ڕەش و پیس خۆیان بە سەروگوێلاکمدا هەڵدەگژێنن. شەپازللە لەخۆم دەدەم و پڕ بە گەروو هاوار دەکەم. لەخۆمەوە حەزدەکەم هێزێکم هەبووایە زەویم بدڕیبا…! بە هێوری لە سوچێکی ژووری نوستنەکەمدا دانیشتووم و پێک هەڵدەدەم. لەهەمان کاتدا ئاگایەکم لەو حەشاماتەی دەرەوە هەیە، هەموو بە شپرزەییەوە کەلوپەلی پێویست دەپێچنەوە بۆ ڕۆیشتن؛ تەنها من نەبێ کە هەموو سەرقاڵییەکم بە کتێبخانەکەمەوەیە. ناوێرم تەلەڤزیۆن هەڵکەم، دەزانم دووبارە ئەو زانایە قسەی بێ بنەما دەکاتەوە. لەو ڕۆژنامەیەی ئەم بەیانییە هەڵدرایە ماڵەوە، بەگەورەیی لە لاپەڕەی یەکەمی نوسرابوو (پڕۆفیسۆر: ناگاتە دە ڕۆژی دیکە، تەنێکی گەورە خۆی بە زەویدا دەکێشێ، لەبەرئەوە ئامادەبن، دوو بەیانی دەردەچین. ئەوەی بمێنێتەوە تێ دەچێ). بەم هەواڵە دڵخۆش دەبم و بەناو هۆڵەکەدا هاتوچۆ دەکەم. بزە لەسەر لێوم نابڕێتەوە، هەر هۆشم لای ئەوەیە: خۆ لەکۆتاییدا کەس لە دەوروبەرم نامێنێ و من پێش کۆتایی زەوی – هەرچەندە ناچێتە عەقڵم – بەتەنیایی ژیان بەسەردەبەم ئەگەر بۆ چەند ڕۆژێکی کەمیش بێ.
شەو درەنگی کردووە، هیچ گڵۆپێک نابینرێ. جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، بەم پاییزە بارانێک نابارێ. هەست بە بێ تاقەتیی زەوی دەکەم. ئاسمان گەرووی گیراوە، لەهەر ساتێکدا بێ فرمێسکی دادەبارێنێتە سەر ڕۆحی شەکەتم… مێشوولە وردەکان بەدەوری لایتەکەدا یەکتر لەباوەش دەگرن. بێدەنگییەکی سەیرە! دەڵێی ئەم شارە کەسی تێدا نەماوە…! هێواش هێواش هەتاو هەڵدێ و ڕووناکییەکی کز لە چاوە تەڵخەکانم دەدا. لەدەرەوە کەرنەڤاڵـئاسا ژاوەژاو دەبیسترێ، من تەنها بەشێکی پەردەکە لادەبەم و سەیری ئەو خەڵکە دەکەم. گوێبیستی چەند گەنجێکی گەڕەک دەبم، بەدەم جگەرەکێشانەوە، بە سیمایەکی خەمبار و شپرزەوە دەڵێن: “پڕۆفیسۆر ون بووە، لە دوێنێ شەوەوە نەبینراوە، ئاخۆ چی بەسەرهاتبێ…؟!” پەردەکە دادەدەمەوە و بیر لەو هەموو خەڵکە دەکەمەوە. گوێزانێک وا لەدەستمدا، دەمەوێ ڕیشم بتاشم، هێزم نییە. لەسەر چرپاکە ڕادەکشێمەوە و چاوەڕوانی چەند کاتژمێرێکی تر دەکەم؛ خەڵکیش بێحەوسەڵە لەچاوەڕوانیی کەشتییە ئاسمانییە گەورەکان… قیڕەی باڵندەکان وای کردووە چاوەکان سەراسیمە و پێکڕا ڕووەو ئاسمان بەرز بکرێنەوە. لەدوورەوە، لەنێوان زنجیرەچیاکاندا ڕووناکییەکی ڕەنگ سوور شەوق دەداتەوە. هۆشم لای خۆم نەماوە و لەگەڵ گڵۆپی ژوورەکەمدا بۆم جیا ناکرێتەوە. بەرەو کەوەنتەرەکە دەڕۆم، دەرگاکەی دەکەمەوە و فینجانێک دەردەهێنم، لەناو کترییەکەش قاوە قوڵپ دەدات. جارێ قاپە پیسەکانی دیکە کەڵەکە بوونە لەسەر یەکتری و دەستشۆرەکە هێشتایش چاوەڕێی هەڵلووشینی فنجانەکەی دەستم دەکا. وای لەم دەنگە سامناکانە! ئەوە کەشتییە ئاسمانییەکان گەیشتن! وای لە دڵخۆشیی ئەو خەڵکە! تەنها پڕۆفیسۆر نابینرێ کە دەبوو ئێستا لەپێش هەموویان بووایە و ڕێنمایی ئەو حەشاماتەی کردبا. ئەم کێبڕکێ نەفرەتییە چییە؟ ئەم هەموو هەوڵە چییە بۆ ڕزگارکردنی ڕۆحە نەفرەتییەکانتان؟ خۆ ئەوە بە چەند خولەکێک کەس نەما! وا هەڵدەفڕن بەرەو بۆشایی. قاوەکەم هەڵدەچێت، تا دەگەمە لای هەموو ئەوناوەی پیس کردووە. ئۆف، پێرێ بوو ژنە دراوسێیەکم ئەو چاکەیەی کرد و هات ماڵەکەی خاوێن کردمەوە…
گرنگی پێ نادەم، کاتێک پەردەکە هەڵدەدەمەوە، هیچ نەماوە. جگە لە خانووە چۆڵکراوەکان هیچی تر بەدی ناکەم. لە ماڵەکەی بەرامبەرم گڵۆپێک پرتە پرت دەکات و خەریکە دەسووتێ. لەناکاو چاوم بەرەو شوێنێکی دیکە دەڕوا، وا دەنوێنێ پڕۆفیسۆر لەناو باخچە گشتییەکە ڕاوەستابێ! جگەرەیەک بە لالێوییەوە و سێبەر دروست دەکا بۆ هەڵکردنی چەرخەکە. دڵنیانیم ئەوبێ، چاوەکانم کزبوونە و سەرم مەستە؛ بەڵام بەژن و باڵای و پۆشاکی وادەردەکەوێ ئەوبێت. سەرم لێ شێواوە! ئەم بۆچی لێرە ماوەتەوە؟ ئا ئەوە مۆبایلە بەگوێیەوە؛ بەپەلە دەڕوات… ئاخۆ بەنیازە چی بکات؟ تۆ بڵێی بزانێ من هێشتا لێرە ماوم؟ هاهاها ئەوە باسی چی دەکەم، کێ گرنگی بە قەحپەیەکی وەک من دەدات…؟!
دەچم لەسەر چرپاکە ڕادەکشێم و گوێ بۆ پیانۆ نیانەکەی (فریدریک شۆپان) هەڵدەخەم… دوای ئەوەی لەخەو وەئاگا دێمەوە، دەبینم خۆر بە تیشکی کزەوە پێشبڕکێ لەگەڵ هەوری چڕ و ڕەشی ئێوارەیەکی درەنگ دەکات و وا خەریکە لە جێی خۆیەوە دۆش دادەمێنێ. بەمەش بۆم دەردەکەوێ لەمێژە نوستووم.

شەوی کریسمس

وای لە چۆڵیی جادەوبانەکان! کوا ڕازاندنەوەی درەختە پشت چەماوەکان بە گڵۆپی بچکۆلانەی سوور و زەرد و سەوز و.. چەشنی شەبەنگی بەهار کوتلەیەک لە جوانیی؟ بۆنی عەتری نەرم و سەرگێژکەری ئەو خانمانەی بەتەنیشتت ڕادەبوورن؟ بۆنی گۆشتی برژاوی خوانەکانی ئێوارە؟ شەڕە بەفری منداڵ؟ حەیف؛ ئەمانە هەمووی گوڵی گەشاوەبوون لە ڕۆژگاری خەونە زێڕینەکان و لەمێژە هەڵوەریون… بەڵام ئێستا هەست بە ئارامیی سروشت و ئاژەڵان دەکەم. وا ئێستا لەبری مرۆڤ، ئاژەڵ بە ماڵەکەی خۆی -کە لەکاتی هاتنی ئینسانەوە دەربەدەربووە- دووبارە شادبۆوە. کەشی پاکی درەخت و دەریا، ئاسودەیی بەفری قوڕس و داتەپیوی سەر ئەرز، گوێم لە هەناسەی گەرمی خاکە کە لەبەرخۆیەوە دەڵێ: “لە من بەختیارتر نییە، چەند دەمێکە گوێم کەڕنەبووە بە دەنگی پێڵاو، بە دەنگی جەنگ، مقۆمقۆ و ناڵەی ئازارە ڕۆحییەکان…” هەنووکە کارگە زەبەلاحەکانی پیشەسازی بوون بە تەویلەی ئەسپ. هەر درەختێک بە هێلانەی باڵندەیەک و سووچی کۆڵانیش بە شوێنی هەڵکورمان و حەوانەوەی سەگی گەڕۆک… هەر لەو کاتەشەوە کە دواجار پڕۆفیسۆرم بینی، ئیتر هەرچی ئامێری کارەبایی و ئەلیکترۆنیی هەبوون، لەکارکەوتن. ئەمن، وەک هەمووجار، لەم شەوە مەستەی ئەم شارە خامۆشە, شەرابی کۆن، گەرووم دەهێنێتە جۆشوخڕۆش؛ گەدەم دەخاتە سەما… لەم چوار دیوارە تەنگە، وەک ئەوەی لە گرتووخانەیەکی تاکە کەسیی دانرابم، بێزارم. ئاخر دیوارەکان هیچ کات مایەی ئاسوودەیی نین، هەرچەندە تێکەڵبوون بە دونیای دەرەوە ئاڵۆز و کوشندەیە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشترە لە باڕێکدا بخۆیتەوە وەک لەناو زیندانێک.

سێ مانگ دوای کریسمس

ڕۆژەکان بێهوودە بەهەدەر دەچن، چیتر خواردنەوە و سیگار و ماددەی هۆشبەریشم نەما، ئۆخژنێک نییە ئەم ڕۆحە موعتادە هێور بکاتەوە. دوێنێ بوو؟ پێرێ؟ نانا! نەفرەت، خەریکە عەقڵیشم لەدەست دەدەم! وا بۆ مانگێک دێت. وەهەرحاڵ، سپێدەیەک لەگەڵ چوونە دەرەوەمدا بە بینینی سندووقێکی گەورە سڵەمیمەوە، پاش نەختێک تێڕامان لێی، ڕووخسارم دوای ئەو هەموو ماوەیە گەشایەوە و بە دەنگێکی یەگجار بەرز هاوارم کرد: “شەراب، شەرااااب.!” پەلامارم دا و ڕاپێچی ماڵەوەم کرد. کاتێک کردمەوە زەرفێکی زەردی گەورەی تێدابوو، بە دەستوخەتێکی جوان نووسرابوو: (نامەکانی کریسمس). پاش ئەوەی بە چەقۆ کوڵەکە هەڵمدڕی، نامەگەلێکی ڕازاوە بە نەخشونیگار پەرشبوونەوە سەر فەرشەکە. واقم وڕما و وردە وردە دەستم کرد بە خوێندنەوەیان؛ یەکەم شتیش کە سەرنجمدا ئەوەبوو لەسەر هیچیان ناو نەنوسرابوو. یەکەم نامە بەم شێوەیە بوو: (لێرە ژیانمان کەمێک ئاڵۆزە، بەڵام هەرنەبێ مەترسی لەناوچوونمان لەسەر نییە. بە کورتییەکەی سەرمان سووکە؛ تۆ هەڵەیەکی گەورەت کرد نەهاتی، ئاخر چی هەیە لە ژیان خۆشتر؟) لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم دێڕە تێر پێکەنیم و پاشان دووبارە گەڕامەوە سەر دەقی نامەکە: (زیانێکی زۆر گەورەت لەخۆت دا، با بزانین مەی و مادەی هۆشبەر چیت پێ دەبەخشن؟ دواجار خوازیاری مردنێکی ئاسانم بۆت هاهاهاها…) خۆم بۆ ڕانەگیرا و دیسانەوە کەوتمە قاقا لێدان.. دواتر نامەیەکی دیکەم هەڵدایەوە، تێیدا نووسرابوو: (ژیانی ئێمە زۆر ئاسوودە و خۆشە، شوێنەکانمان بە باشی دابەش کردووە و هەر ماڵێک ڕووبەرێکی باشی وەبەرکەوتووە، لەبەرچاومە حاڵی تۆ بەبێ ئێمە چەندە پەرێشانە!) ئێستێکم کرد و ویستم ئەمجارەش پێبکەنم، بەڵام بێزاربووم لە پێکەنین بە عەقڵ و داماویی ئەو مێگەلە! بەردەوامبوو: (هەرچەندە تازە تۆ کەڵکی هیچت نەماوە و لێرەش دەبوویە بارگرانی بەسەرمانەوە، چونکە شوێنت بەرنەدەکەوت و دەبووایە لەسەر جادەکان هەر ژەمێک لەخێری خۆمان پارچە ئێسقان و بەرماوەی خۆمانمان بۆت فڕێدایە… پێم خۆشە گەر ئێستا باشبی.) میزڵدانم خەریکبوو دەتەقی، دڵم نەدەهات نامەکان جێبهێڵم، نەک لەبەرئەوەی هەست و سۆزم بجووڵێنێ یاخود خەم بخۆم، بەڵکو دەمویست میزەکەم ببێتە جۆگەیەک تا دوای خوێندنەوەیان هەموو نامەکانی تێدا نوقم بکەم… سێیەم نامە و دوا نامەشم لەهەمان کاتدا، بەبێ ڕاوەستان خوێندەوە: (دوای سڵاوێکی گەرم، دەمەوێ ڕاستەوخۆ بچمە ناو باسەکە. لێرە ژیان بەوشێوەیە نەبوو کە چاوەڕوانمان دەکرد. لێرە برسێتی هەیە، ئاژاوە و ناکۆکی بەردەوام هەیە. دکارم بڵێم باشترین کار کە کردت ئەوەبوو لەگەڵ ئەم مەخلووقە پیسانە نەهاتییە ئێرە؛ ئێرەشیان وەکو خۆیان گڵاوکرد. لە کریسمسدا زەبوونانە و بێ دەسەڵات دانیشتبووم، منداڵەکانم دەکڕووزانەوە بۆ لەتە گۆشتێک. بۆن و بەرامە نێو خانووەکەی تەنیبوو، بەهۆی کەمی خۆراکەوە هەموو شت گرانییەکی لەڕادەبەدەرە و منیش ناتوانم خۆراکێکی باش دەرخواردی ئەو ژن و منداڵە داماوانەم بدەم؛ ئەمە جگە لەو سەرما کوشندەیەی تاقە ئامرازێکی خۆ گەرم کردنەوەمان نەبوو… هیچ کەس یارمەتی یەکتری نادەن و بەدەم یەکەوە ناچن. ئەوی ڕۆژێ منداڵەکانی بەشێکمان نەکرانە بەر خوێندن بەهۆی نەدانی پارەی پێشەکی. ئێستا کە ئەمە دەنووسم دەستم ڕەش داگەڕاو و قڵیشاوە. بەهۆی بارکردنی بلۆک، ئازاری پشت کوشتوومی. کێ گوێم لێ دەگرێ؟ کە برادەران وتیان نامە بۆ جەنابتان دەنێرن، شاگەشکەبووم؛ هەر هیچ نەبێ دەردە دڵێکت بۆ بکەم باشترە لەوەی ئەو حەسرەتە لەسەر دڵم قەتیس بمێنێ. نازانم چارەسەر چییە؟ تازە بەسەرچوو، خۆزگە هەروەک تۆ لەسەر زەوی دەمامەوە و چاوەڕێی لەناوچوونم دەکرد. هەزار قات لەم حاڵەی ئێستا باشترە. بەرلەوەی لەبیرم بچێتەوە، هیوادارم چێژت لەو شووشە مەیە وەرگرتبێ کە لە ڕۆژی لەدایکبوونتدا کردمە دیارییەکی بچکۆلانە. مەبەستمە ئەو پەیامەت پێ بگەیەنم کە ناڕازیی مەبە لەو ژیانەی خۆت. خۆزگە… با لەوە پتر درێژدادڕیی نەکەم، هیوام بەختەوەریتە.) پاش خوێندنەوەی ئەو نامەیە ئاهێکی قووڵی پڕ قەهرم بۆی هەڵکێشا، تا ئەم دەمەش پەژارەیەک هەموو گیانی داگرتووم و سەراسیمە بیر لە فرەڕوویی ئەوانە دەکەمەوە. ئەوەندە بێزارم، ژیانم چەشنی ژیانی جورجێکە لەناو زێرابێکی تاریکدا، کە هیچ ترووسکاییەک هیوام پێ نابەخشێ بۆ دەرچوون…!
هەمدیس بچم بنووم… باوێشکێکی درێژ دەدەم و وابزانم بۆ یەکەمین جار لە ژیانم پێخەفەکە ڕێکدەخەم. هێشتا هەموو شتێك خەواڵوو، نە ئاژەڵ و نە درەخت و نە چیا و تەنانەت خۆریش بەتەواوی چاویان هەڵنەهێناوە. دەنگی دەرگا وشیارم دەکاتەوەو بەلەز ڕادەکەم بۆ کردنەوەی. کاتێک لەسەر پشت واڵای دەکەم، پیاوێکی قیت و قۆز لەبەردەممدا بە شەپقەیەکی ڕەشی گەورە سەرتاپای قژی داپۆشیوە؛ بە ملپێچێکی ڕەنگ خۆڵەمێشیی دەم و لووتی پێچاوەتەوەو خۆی لە پاڵتۆیەکی خوری ئەستوور لوول داوە. پاش کەمێک بێدەنگیی و ڕاوەستان بەرامبەر یەکتری، سەری شۆڕدەکاتەوە و شەپقەکەی هێدی هێدی دەهێنێتە خوار. قژێکی بژ و ئاڵۆزکاوی وەک لۆکە بەدی دەکەم. دڵە خورپەیەک دامدەگرێت. پاش ئەوەی کە سەری بەرزدەکاتەوە، بە چاوە شینە ئاسمانییەکەی دەیناسمەوە کە ئەمە پڕۆفیسۆرە…! لەبەرخۆمەوە ورتە ورتێک دەکەم: “پڕۆفیسۆر؟ شتیوا نابێ!” چاوە غەمگین و تەڕەکانی نیگای تیژم بۆ دەکات و منیش بەوپەڕی بێ هێزییەوە هەر تەماشای دەکەم. بە دەنگێکی کەرخ دێتە گۆ:
“سڵاو؛ دەتوانم بێمە ژوور قسە بکەین؟”
“فە.. فەرموو.”
هەنگاوی کورت هەڵدێنێ، شەکەت و داهێزراو سەیرێکی بنمیچی تەنراو بە تۆڕی جاڵجاڵۆکەی ناندینەکە دەکات و پشتگوێی دەخات. لەسەر یەکێک لە قەنەفە تۆز و خۆڵاوییەکانی هۆڵەکە دادەنیشێ. پەرداخە ئاوەکەی دەخواتەوە و لەسەرخۆ پێیەکانی لەیەکدی دەئاڵێنێ.
“وەرە لەتەنیشتم دانیشە، چەند قسەیەک هەیە دەیکەم و دەڕۆم.”
بەبێ ئەوەی وشەیەک لە زاری من بێتە دەرەوە، لە تەنیشتی دادەنیشم و هەمدیس خۆی قسە دەکات: “هیچ ناپرسی؟ ناڵێی بارودۆخی ئەوێ چۆنە؟”
“نازانم، ئەرزشی نییە، چاوەڕێی جەنابتم شتێک بڵێێ.”
“سوپاس بۆ ئاوەکە.”
پاش کەمێک بێدەنگیی: “شایەنی نییە، ناچیتە نێو باسەکە؟”
“پەلەمەکە، هەموو شتێکت بۆ باس دەکەم.”
“پێش ئەو شتانە، پێم ناڵێی کارت لێرە چییە؟ مەگەر تۆ شەش مانگ لەمەوبەر نەتگوت زەوی لە کۆتاییەکانی تەمەنیدایە و با جێی بهێڵین؟ ئەو خەڵکەشت بەدوای خۆت خست، ئێستا لێرە چی دەکەی؟”
“مافی خۆتە ئەو پرسیارە بکەی، ڕاستە هەر من بووم ئەو خەڵکەم ناردە ئەوێ و خۆشم تا چەند ڕۆژێک دوای ئەوە نەچووم.”
“تۆم بینی، لە باخچەکەی بەرامبەرمان تەلەفۆنت دەکرد، دواتر بەیەکجاریی ون بووی.”
“لەو کارەم پەشیمانم و هەر ئەوەندە.”
“کامە؟”
“نازان.!”
“نازانی؟”
“نازانم چی بڵێم!”
“کەواتە بۆ هاتووی؟”
“بۆئەوەی ئەم وێنانەت پیشاندەم.”
دەست بۆ گیرفانی دیوی ناوەوەی پاڵتۆکەی درێژدەکا و کۆمەڵە وێنەیەک دەردەهێنێ. تەماشای دەکەم: ئەمانە چین؟ چی دەبینم؟! پیرەمێردێک قاچی پەڕیوە و هاواردەکا! ساوایەک لە سەرما ڕەق بۆتەوە! دایکێکی پەککەوتوو پرچی خۆی دەڕنێتەوە لەسەر تەرمی کوڕە کوژراوەکەی! دایکێكی دی لەودیو کووخێکی گڕگرتوو دەقیژێنێ بۆ منداڵەکەی، کە لەناو پوش و پەڵاش خەریکە دەبێتە خۆڵەمێش! کچێکی پارچەڵەی نازەنین گێچەڵی سێکسیی پێدەکرێ لەژێر دەستی سێ چەکداری کەڵەگەت…! کچێکی تر لە تینووێتیدا قوڕاو و چڵپاوی پاش باران دەخواتەوە؛ وشک هەڵگەڕاوە… بۆ ساتێک ئەم وێنانە هۆشم دەبا، برووسکەی خێرا لە دڵم دەدا و ڕۆندک لەو چاوانەی پڕبوونە لە بینینی کارەسات، قەتیس دەمێنێ. بەرچاوم تاریک و لێڵ، دەپرسم: “چی ڕوویداوە؟”
“جەنگ؛ دووبارە جەنگ هەموو شتێكی وێرانکرد.”
” جەنگ؟”
“بەڵێ، لەوێ جەنگە.”
پەلاماری قوڕگی دەدەم: “هەمووی خەتای تۆ بوو، تۆ ئەوانت بردە ئەوێ و ئێستاش هەر خۆت هۆکاری هەموو ئەمانەی، کەچی هاتوویتەوە بۆ سەر زەوی و ئاسوودانە پیاسە دەکەی.”
قوڕگی بەردەدەم. کۆخەی، گشت ماڵەکە دەلەرێنێتەوە. دەموچاوی سوور هەڵدەگەڕێ و بە هەناسەبڕكێوە دەڵێ: “دەزانم تاوانبارم، تاوانبارم بەوەی متمانەم بە مرۆڤ بەخشی؛ پێم وابوو ئینسان پێویستی بەوەیە سەرلەنوێ زەمینێکی تری هەبێ، سەرلەنوێ پەروەردە و خەیاڵ و بیرۆکەیەکی تری هەبێت، بەڵام نەمدەزانی، ئینسان هەر خاوەنی ئەو ڕۆحە دڕندە ئەزەلییەی ناوەوەیەتی. ئیتر نە جێگا و نە ژیانێكی تازەش ناتوانێ بیگۆڕێ.”
“هەموو ئەمانە لە پای چی ڕوویاندا؟”
“ئەو پرسیارە ئاراستەی ئەوان بکە. هەر لە سەرەتاوە لەوێ دەیان کێشە و گرفت دروست بوو…”
بەربەستێک دەخەمە بەردەم وشەکانی و دەڵێم: “ئاگام لە هەمی شتێکە، نامەکانی کریسمسم پێ گەیشت.”
“بەڵێ دروستە… لە نیوەشەوێکی نووتەک، یەکەم تەقەی ڕاپەڕین دژ بە نادادپەروەریی و خراپەکاریی لەلایەن چینی خواروو و زوڵم لێکراو بیسترا.”
“ئەو شۆڕشە چۆن بەرپا کرا؟”
“پێشتر پلانی بۆ داڕێژرابوو. ئەو کەسەی ڕابەرایەتی دەکرد و هاوکات یەکەم کەسیش بوو خوێنی ڕژا، لەلایەن کوڕە خانەدانێکەوە کچەکەی ڕفێندرابوو و دەستدرێژیی کرابووە سەری، پاشانیش بە کوژراویی دۆزرابۆوە. لە ڕۆژی دادگایی، کوڕە بە بێتاوان دەرچوو و ئازادکرا. دوای ئەوە باوكی کچە خەریکبوو شێت ببێ، ئۆقرەی لێ بڕابوو، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی نزیکی کە ئەوانیش لەوەوبەر چەندین جار چەوسێندرابوونەوە، بڕیاڕی ئازادییان دا و لەو شەوەدا پلانەکەیان جێبەجێ کرد. بەڵام زۆری پێنەچوو شکستیان هێنا، بەمەش زۆردار و دیکتاتۆران پتر دەسەڵاتی توند و نابەجێیان سەپاندە سەریان و وەک لە وێنەکان دیارە، ئاوایان لەو خەڵکە زەبوون و بەستەزمانە دەکرد.” کە ئەمانە دەگێڕێتەوە هۆن هۆن دەگری.
“تا ئەم ساتەی من گەڕامەوە سەر زەوی، ئەمانەی بینیت بەردەوامن.” لە سەری خۆی دەدا: “من تاوانبارم؛ من تاوانبارم.”
هەموو ئەمانە بە خەونێكی ناخۆش دەچن، چیتر توانای بەرگەگرتنم نەما. هێشتا بە چاوی پڕ ئەسرینەوە، پڕۆفیسۆر هەڵدەستێتە سەرپێ و ئەمجارە حاڵی خراپتر، بە بێهۆشییەوە هەنگاوی کورتتر هەڵدێنێ بۆ چوونە دەرەوە. من لەسەر قەنەفەکە دادەنیشم و کاریگەری بینینی ئەو دیمەنە فرە تراژیدییانە، تاساندوومی. زۆری پێ ناچێ، دەنگی فیشەکێك پەردەی گوێم دەزرینگێنێتەوە. پەردەی هۆدەکە هەڵدەدەمەوە و لە پەنجەرە تەڵخەکەوە دەڕوانم: لەبەر دەرگا جۆگەیەک خوێن ڕژاوە و لاشەی پڕۆفیسۆر، لەسەر ئەرزە شەختەگرتووەکە کەوتووە. تووشی حەپەسان نابم، خۆشم نازانم بۆچی مرۆڤ وەختێک چاوی بە بینینی خوێن و کوشتن ڕاهات، ئیدی هەمووشتێک ئاسایی دەبێت بەلایەوە… دووبارە، بەزۆر لەشی تەپیوم تا لای قەنەفەکە ڕادەکێشم و دەکەومە خەوێکی بێهوودە…

ئەم چیرۆکە لە مانگی تەمموزی ٢٠١٨، لە ژمارە ٢٥٤ی گۆڤاری ڕامان بڵاوبۆتەوە.




ئێستاش هه‌ر له‌ خۆم ده‌گه‌ڕێم … سۆران محه‌مه‌د

وەفای خامە

لە دوای تۆ یه‌ڵدا
پرچی سپی بوو،
هێنده‌ قیژاندی
به‌ گوێی گه‌ڵای سیس
به‌س بێ وه‌ڵام بوو:
.
” ئای چ مه‌رگێکه‌ بۆ وا زوو ده‌مری
خۆ تۆ گه‌ڵا نیت
خۆ تۆ په‌پوله‌ی
ناو ماڵه‌کانی ره‌حیماوا نیت”(١)
.
گوێت نه‌دایه‌ شالوره‌کان
ده‌ستله‌ملانی ئه‌ستێره‌یه‌کی دوور نووستی
ئاسمان کاسکێته‌ هه‌ورینه‌که‌ی خۆی
خسته‌ سه‌ر ده‌ستی،
مشتێ ئه‌سرینتان
ڕژا به‌سه‌ردا
نه‌تتوانی هه‌ستی
.
له‌گه‌ڵ په‌پوله‌ پاییزییه‌کانا
پێکه‌وه‌ گوتتان
” دەمەوێ بنوم،
هەندێ، خولەکێ، سەدەیە؛
بەڵام پێویستە هەمووان بزانن
که‌ من نەمردووم”(٢)
.
ئێستاش تابلۆکان
له‌ دوت ده‌گه‌ڕێن
که‌ خۆشیان ونن:
” ئه‌ی به‌رگی ره‌شی هه‌موومان
له‌ هه‌رکوێ هه‌ی
دووری یا نزیکی لێمان
ئه‌مشه‌و هاتووین گڕمان پێیه-‌
بۆ ده‌روونی ئاگردانت..
لاسمان پێیه-‌
بۆ خه‌زاڵی شیعره‌کانت..”(٣)
.
به‌ڵام تۆفانی فه‌سڵی نه‌هاتی
که‌ ته‌وره‌کانی له‌گه‌ڵ خۆی هانی
شیعرت درکانی:
” بۆ ئه‌بێ نه‌مرم
که‌ دڵنیاشم ئه‌م مه‌رگه‌ زه‌رده‌
زه‌رد وه‌ك دڵی پیر،
زه‌رده‌ وه‌ك چاوی سه‌گه‌کانی میر” (٤)
……………………………..

  • ئه‌م شیعرە وێڕای ئەوەی نەفرینە لە جەللادەکانی قەڵەم، لەهەمان کاتیشدا هه‌وڵدراوه‌ شێوازی کۆلاژی تێدا به‌کاربهێنرێت- وه‌ك جۆرە داهێنانێکی تایبەت و له‌و ڕێیه‌وه‌ بتوانرێت دیوه‌ شاردراوه‌کانی مانا به‌رجه‌سته‌ بکات؛ هه‌رچه‌نده‌ زمانی شیعره‌که‌ش کاری له‌سه‌ر حاڵه‌ته‌ گیانی و ویژدانیه‌کان کردبێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتیشدا ره‌نگه‌ وه‌ك ده‌قێکی فره‌ ڕه‌هه‌ندیش‌ به‌ چه‌ند ئاراسته‌یه‌كدا بابه‌ت بە ژێربارخستنی زمان هه‌ستابێت بۆ هێنانه‌دی چه‌ند ئامانجێك:-
    1/ بوژاندنه‌وه‌ی ستایڵی کۆلاژ له‌ جیهانی ده‌قی شیعردا.
    2/ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی شیعریی دره‌نگوه‌خت بۆ شاعیری جوانەمەرگ بەکر عەلی‌؛ به‌ هه‌ندێك که‌ره‌سه‌و ده‌سته‌واژه‌ی شاعیران ‌و به‌کارهێنانه‌وه‌یان به‌ شێوازی جیاواز.
    3/ فۆکس خستنه‌ سه‌ر هه‌ندێك له‌ ئیستاتیکه‌ شیعریه‌کانی شاعیرانی وه‌ك فیدریکۆ گارسیا لۆرکاو محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان و به‌کر عه‌لی.
    4/ ده‌کرێت هیچ کام له‌مانه‌ نه‌بێت و خوێنه‌ر وه‌ك تانوپۆی شیعرێکی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات، بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هیچ ئاماژه‌یه‌کی ده‌ره‌کی له‌ ده‌ره‌وه‌ی شیعره‌که‌دا، به‌ مانایه‌کی تر فه‌رامۆشکردنی هه‌موو که‌وانه‌ی کۆپله‌ وه‌رگیراوه‌کان و خوێندنه‌وه‌ی وه‌ك یه‌که‌یه‌کی شیعریی یه‌کپارچه‌.‌
    …………….
    تێبینی/ کۆپلەی نێو کەوانەکان هی شاعیران بەکر عەلی و گارسیا لۆرکایە، ئەوانەی بەکر عەلی لە دیوانی (ئەوشەوانەی لە پرچت رەشتر بوون) وەرگیراوە کە بۆ محەمەد عومەر عوسمان و سۆرانی نووسیون، ئەوەی لۆرکاش لە قەسیدەی (مەرگی تاری کارمامز)ەوە وەرگیراوە.



تۆ بووی بە قەدەری من … ناڵە حەسەن

لەو ڕۆژەوەی وێنەی تۆم
لەسەر دیواری دڵم هەڵکۆڵیوە
چاوەکانم پڕبوون لە ڕووناکی و
هەناسە و هەستەکانیشم پڕ لە ئارامی
لەسەر سێبەری خۆشم
بە پێنووسێکی پرتەقاڵی
وردە شیعرێکی وام بۆ نووسیوی
هەموو بەیانییان کە خۆر هەڵدێ
وشەکانی گەش گەش دەبریسکێنەوە
ڕێبوارە ڕەوەندییەکان و
کچۆڵە کۆچەرییەکان و
هەوێردە هێمنەکان و
درەختە دڵخۆشەوکان و
سنەوبەرە سەرمەدییەکان و
باڵندە بێلانەکان و
ئەستێرە ئاوییەکانیش
هەموو هەموو / دەیخوێننەوە
هەرخۆم نا
ئێستا / شیعرەکانم و بوونەوەرەکان و
هەموو سروشت تۆیان خۆشدەوێ
تۆ بووی بە کتێبێکی ئاسمانی
نێو ئەفسانەکانی عەشق
پڕاوپڕی لە ئایەتەکانی ئیرۆسی
هەموو بەتۆ ئاشنان و بۆت دەچەمێنەوە
بۆیە لە جیاتی من
هاوینان / با
زستانان / هەور
پاییزان / گەڵا
بەهاران / باخچە
شەوانانیش / مانگ قسەت لەگەڵدا دەکا
تۆش وەک تەونێک
خانە خانە و
دەمار بە دەماری عاتیفەمت داپۆشیوە
وەک لاولاوەیەکی ڕەنگ لێمۆییش
لە سەرتاپای جەستەم ئاڵاوی
ئیدی / تازە تۆ بووی بە قەدەری من
بووی /
بە خاڵخاڵۆکەیەکی خرپنی نێو خەیاڵ و خەونەکانم
بۆ هەرکوێیەک دەڕۆی بڕۆ
لە هەر بنارێک
بارگە و ڕەشماڵی خۆت هەڵدەدەی
تا ئەوپەڕی سنوورەکانی ئازادی / ئازاد بە
من ئەوەی دەمویست پێی گەیشتم
نەک لە مەوداکانی دووری
تەنانەت / لە مەرگ و مردنی خۆشم ناترسم …!

                                             سیپتەمبەری / ٢٠٢٠



چرپەیەکت زریانێکە … کاوە عوسمان عومەر

لەم بەندەری دۆزەخیە
بێدەنگی تۆ
دارستانێکە
هەموو ڕۆژێ بە شیعرەوە
پیای تێئەپەڕم
لەسەر هەر گەڵایەک
خەندەیەکتە
لە سەر هەر چرۆیەک
بریسکەی هەڵکشانی
ئەستێرەیەکتە
تۆ پێنازانی
لەم وەرزە تاڵی بێتۆییە
چی ڕوبارێکی بێمەنزڵگەم
لە چاوەکانما هەڵگرتوە
لە پریاسکەی شیعرە گومڕاکان
چی شارێکی
جەستە شەقار سەقار
دوا هەناسەی بەرائەتی
دەرچووە
لە بێ تۆییدا
هەموو ڕۆژێ
لە ویستگەیەکدا
لە کەنارێکا، لە ژێر بارانێکا
لە خەوێکا
لە وێنەی
کتوپڕی بروسکەیەکدا
،کە دەرئەکەوی
من گوڵ ئەگرم
کە وون ئەبی، نامێنی
من وەک دڕکم
زەرد و ووشکم
لەم دورخە قەشەنگە دۆزەخیە
سەمفۆنیای خەیاڵی بونێکتە
سارێژی زامی
ئەشکەنجەی سەفەرێکە
گەر نمەیەکت
لە سەر ئەم کەناری غوربەتە
گۆمی یادێک بشڵەقێنێ
ئەبێ چرپەیەکت
پریشکەی چی زریانێ
لە ئۆقیانوسی سەرکێشی دڵ
.هەڵگیرسێنێ

—————————-

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
( Kordula Vahle)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




گاڵتە … ژیار ئەسوەد

ئەوانەم ھەموو بۆت باس کرد…
گوتم بۆ ھێنانی گەوھەرێک، چوومە کۆشکی پاشا، لەوێ کەلەپچە کرام و شووشە شەرابێکی گرانبەھایان تێ ڕاکردم.
گوتم بۆ ھێنانی تووتییەکی شین بۆت، بەناو دارستانە سەوزەکان، بەناو گەرووی ئەشکەوتاندا گوزەرم کرد، زەرد زەرد دەچوومەوە و بەسەر ڕەشماری چیلکەیی بازم دا، دووپشکم قوت دا و لەگەڵ ھۆزی وەحشیی ڕۆژم کردەوە.
گوتم بۆئەوەی دڵێکی بوێرم ھەبێ بۆ خۆشویستنت، ڕمم دەست دایێ و چوومە شەڕی سپاڕتان، خوێنی ھەزار سەربازی کوژراوم خواردەوە.
گوتم تا زووتر بگەمە لات، بەسەر تاوەرە بڵندەکاندا سەرکەوتم و کاتژمێرم بە ویستی خۆم خولاندەوە.
گوتم مینم لەژێر پێی ترس دانا، لەپێناو ئەوەی نیوەشەو لەناو جەرگەی تاریکی بە کابووس بەئاگا نەیەیتەوە و بتۆقی؛ مۆمیشم لەسەر زمانم داگیرساند.
بۆئەوەی بای گەڕۆک ڕاو بنێم، چەشنی داھۆڵ لای سەرتەوە وەستام.
گوتم خۆم کردە ئەسپ، بەسەر پشتمەوە خەونەکانتم شارەوشار دەگێڕا؛ بوومە دۆلفین، بە دەریادا دەمسووڕاندی.
گوتم ڕۆژێکیان ماڵەوە چۆڵ بوو، لەپاڵ خێوەکان بە گشت ژوورەکاندا ڕامان کرد و بە دەنگی بەرز، عاشقانە، شیعرێکی کێش و سەروا سلاکم خوێندەوە.
گوتم لەناو حەفتاودوو حۆری بەھەشت، پەڕۆم لە چاوم بەست، بیرم کردی و یەگجار بێباک خۆم ھەڵدایە دۆزەخ.
گوتم عەینەن کارەکتەری خەیاڵیی حیکایەتێ، دەبمە سوارچاک، دێم لە دەستی باوکت دەرتدێنم.
ھەر پیتێک کە دەرمدەبڕی حەسرەتی لێ دەڕژا
ئەوانەش تەواوی ویست و ئارەزووی من بوون بۆت
کەچی سەدای پێکەنینەکەت زستانێکی سەختی ھەڵکرد و شەختەباران…




ژاكانی تابلۆی هه‌ور … ستار ئه‌حمه‌د

گڵ له‌زامه‌كانم وه‌رده‌ده‌م
له‌كه‌ناری ئه‌ستێره‌یه‌كا
ده‌چمه‌ تابلۆی تاریكیه‌وه‌
شه‌وه‌زه‌نگ سیاچاره‌ییم له‌گۆڕده‌نێ‌
به‌ره‌و خۆزگه‌ی ئه‌و ماڵانه‌ی
رامووسان له‌چرپه‌ی خۆرده‌چنن
كانیه‌ك ماچده‌كه‌ن
لێویان له‌ده‌روونی ته‌رم ده‌كه‌وێ‌
ئه‌م هه‌واره‌ ره‌جم كراوه‌
هه‌وری سپی ….
كفنی بابرده‌و
ئه‌گریجه‌ی شۆڕه‌ژنی گه‌رمیانه‌
گه‌رمیان… ئه‌سپه‌شێی حه‌سره‌ت و
چاوگی ئه‌نفال و ژه‌هروخوێن
بویه‌ گه‌واله‌یه‌ك به‌سه‌رما بگرمێنێ‌
ده‌روونم بریسكه‌ ده‌دات
گۆشه‌نیگام ….
گوله‌ ئه‌ستێره‌ی باڵوه‌ریوه‌
به‌ته‌نیایی….
له‌بێده‌نگی ئاسمان
ژاكانی خاك
به‌ربوونه‌وه‌ی رۆحی ئه‌ستێره‌كان
زریان ده‌كه‌مه‌ كه‌پر
باڕه‌شێك ناسنامه‌م لوول ده‌دات
سه‌رابێك…
په‌نجه‌كانم ده‌كا به‌گژی ده‌ستما
سه‌به‌ته‌یه‌ك له‌هێشووه‌ وشه‌
له‌سینه‌مدا ده‌ته‌قنه‌وه‌
شنه‌بای ئارام و
خواوه‌ندی جوودایی
له‌نێو سه‌مفۆنیای بێده‌نگیا
به‌پاكی ئاشنام بكه‌
گڤه‌ی ئه‌م ده‌نگه‌ له‌هه‌ناوما شیكه‌ره‌وه‌
چیتر مه‌مده‌ره‌ ده‌ستی قه‌ده‌ری ئاوه‌وه‌
له‌ژوانگه‌ی خنكانێكا به‌مردن بسمیلمكه‌
من له‌گوناه‌ هه‌ڵكێشراوم
له‌به‌رائه‌ت ده‌سرازه‌یان بۆ چنیوم
تازه‌ له‌سه‌دا تێناگه‌م
ماڵه‌كه‌مه‌م له‌گۆڕی غه‌ریبان كپتره‌
له‌كوێ‌ له‌م سه‌فه‌ری عه‌شقه‌
به‌گرمه‌ی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی هه‌ور
ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌ك رادێم
به‌حه‌وت ئاسمانه‌وه‌…
له‌شیله‌ی حه‌زێكا دانامركێم
چۆن له‌خه‌نده‌ی چڵێكا
چڵوپۆ ده‌رده‌كه‌م
بۆ به‌م سووتانه‌م…
له‌خۆرم نزیك ده‌كه‌یته‌وه‌
له‌به‌رامه‌ی گڵ‌و باران دامده‌بڕێنی
ئه‌م عومره‌م له‌ خه‌ڵوه‌تی ده‌روێشان درێژتره‌
ئیتر بۆ ده‌فی دڵم ده‌ده‌یت به‌شانی رووباردا
به‌رامبه‌ر زریان‌و ره‌هێڵه‌ یه‌قینم پێده‌دۆڕینی
من دڵنیام ئه‌م هه‌وره‌ پاڵتۆی گژوگیایه‌
چیاش برسێتی به‌ كوڵمی ئاونگێك ده‌سپێرێ
عومری ئێمه‌ی نووسیوه‌ته‌وه‌
له‌ باده‌ی شه‌ودا
ده‌نگه‌كان به‌ گوێمانا ده‌دات
بۆیه‌ له‌ خۆم بێزاربم
ترس ده‌بێته‌ زایه‌ڵه‌‌و
كۆڕه‌وی ته‌نیایی به‌ ده‌روونمدا ده‌گوزه‌رێنێ
په‌لگه‌زێڕینه‌ روومه‌تم ده‌كاته‌ په‌راوێزی تابلۆكان
پاشماوه‌ی ده‌نگه‌كان ئاوێته‌ی رۆحم ده‌بن.

ستار ئه‌حمه‌د




گفتوگۆیه‌كی فیكری كراوه‌ له‌گه‌ڵ نوسه‌ر و روناكبیر سمكۆ محه‌مه‌د له‌باره‌ی ئایدیۆلۆژیاو دژه‌كانی.-5- …ئا: عه‌باس جه‌میل جێماو

سمكۆ محه‌مه‌د: ئایدیۆلۆژیا ماسكێكه‌ له‌شێوه‌ی هۆشیارییه‌كی موزه‌یه‌ف و ته‌مومژاوی، سه‌ره‌تای هه‌یه‌ و كۆتایی نادیاره‌.
سمكۆ محه‌مه‌د: هه‌موو رۆشنبیر و نووسه‌ر و ئه‌كادیمیستێك جورئه‌تی موناقه‌شه‌كردنی ئایدیۆلۆژیای نیه‌.

ئاماده‌كردنی: عه‌باس جه‌میل جێماو
به‌شی 5

سمكۆ محه‌مه‌د نووسه‌ر و روناكبیر له‌به‌شی چواره‌می چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی ئایدیۆلۆژیا و دژه‌كانی قسه‌ ده‌كات، پێی وایه‌، ئایدیۆلۆژیسته‌كان هه‌ریه‌كه‌یان ئارگۆمێنتی خۆیان هه‌یه‌، هه‌ریه‌كه‌یان پێیانوایه‌ لۆژیكی ئه‌وان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی بڕوایان پێیه‌تی، لۆژیكسته‌كانیش واشیده‌كه‌نه‌وه‌ گوایه‌ وه‌همی ئه‌وانی تره‌ كه‌ ستایلی جۆره‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌ كه‌ مانای كۆنتڕۆڵكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی هه‌یه‌ كه‌ ماتریال و عه‌قلانییه‌ت حوكمی به‌سه‌ردا ده‌كه‌ن.

ده‌قی گفتوگۆكه‌

پرسیار: به‌هۆی سرووشتی جیاوازییه‌ فكری و ئایینی و زانستیه‌كانه‌وه‌، به‌ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ هه‌موو شتێك سیفه‌تی ئایدیۆلۆژیای وه‌رگرتووه‌، ئه‌مه‌ش روونكردنه‌وه‌ و پێناسه‌ و شیكردنه‌وه‌ی زیاتری ویستووه‌، له‌كاتێكدا توێژه‌ران و بیرمه‌ندان به‌به‌رده‌وامی ره‌خنه‌یان له‌م چه‌مكه‌ گرتووه‌، خوێندنه‌وه‌ی ئێوه‌ چییه‌ و چۆنه‌، بۆ چی هه‌موو دیارده‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌دا رۆیشتن؟

سمكۆ محه‌مه‌د: نا من ته‌واو كۆك نیم له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ كه‌ هه‌موو شتێك بۆته‌ ئایدیۆلۆژیا، چونكه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ چیرۆك و به‌سه‌رهاتی جیاوازی هه‌یه‌ كه‌ له‌دوای كلاسیكیزم، چه‌مك یان تێرمی جۆراوجۆر به‌رهه‌مهات و ئه‌و تێرمانه‌ش به‌لانیكه‌مه‌وه‌ فكری فراوانتر كرد و ره‌خنه‌ی نوێی به‌رهه‌مهێنا كه‌ پێشتر ره‌خنه‌ش سیستمێك بوو له‌دژی سیستمێكی تر، كه‌واته‌ نابێ‌ ئه‌وه‌مان بیربچێ‌ له‌وه‌ته‌ی بیركردنه‌وه‌ هه‌یه‌، ئایدیۆلۆژیا هه‌یه‌ و له‌هه‌موو سه‌رده‌مێك و قۆناغێكدا به‌ستایلی جیاواز نوێ‌ ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ئینسانی ئایدیۆلۆژیست هه‌میشه‌ به‌دوای ئایدیایه‌كی نوێ ده‌گه‌ڕێت تاكو له‌پرۆسه‌ی بڕیارداندا به‌پێی ئه‌و دیدگایه‌ بوونی خۆی بسه‌لمێنێ‌، به‌ڵام ئه‌و دابڕانه‌ مه‌عریفییه‌ به‌فۆڕمێكی جیاواز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و تێرمانه‌ كرد كه‌ هیچ نه‌بێ‌ ئه‌و سیفه‌ته‌ی داماڵاند.
وه‌ختێك ئایدیۆلۆژیا له‌چه‌مكه‌وه‌ بوو به‌كه‌ره‌سته‌ی داموده‌زگای ده‌وڵه‌ت و هه‌روه‌ها كۆمپانیاكانیش ده‌بنه‌ به‌شێك له‌كارگه‌ی ئایدیۆلۆژیا، ئه‌وكاته‌ زیاتر هه‌ست به‌مانه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مكه‌ ده‌كه‌ین كه‌ چه‌ند چالاكه‌.

پرسیار: باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر سه‌ره‌تاو ده‌رهاویشته‌كانی دوا قۆناغی فكر و ئایین بكه‌ین، ده‌بێ‌ له‌سه‌ره‌تای ئه‌و جیاوازییه‌ فكری و ئایدیایانه‌وه‌ موناقه‌شه‌ بكه‌ین، ئایا بۆچی هه‌موو فكرێك و هه‌موو كرده‌یه‌كی ته‌نانه‌ت پیشه‌سازیش بوون به‌ ئایدیۆلۆژیای كۆنكریتی و بۆچی پێویستمان به‌دابڕانێكی تر هه‌یه‌؟.

سمكۆ محه‌مه‌د: هه‌ڵبه‌ت هه‌موو فكر و ئایین و فه‌لسه‌فه‌یه‌ك بنه‌مای ره‌سه‌نایه‌تی خۆی هه‌یه‌ و هۆكارێكی مێژوویی و نهێنییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌بووه‌ گره‌وی له‌سه‌ر جێكه‌وته‌بوونی كردووه‌، بۆیه‌ كۆدی بۆ دانراوه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی هه‌ر ئایینێك كۆدی خۆی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ هه‌ر له‌سه‌رده‌می كلاسیكه‌وه‌ واهاتووه‌، بۆیه‌ ناكرێ‌ بۆ هه‌موو بابه‌تێك بچینه‌وه‌ یۆنانی كۆن و میسری كۆن و هیند و چینی كۆن كه‌ ئه‌مان هه‌م كۆمه‌ڵگه‌ و هه‌م ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌ی ره‌سه‌نن و جیاوازیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له‌پاشكۆی ئه‌مانه‌ مێژوویان بۆ خۆیان درووستكرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ تاڕاده‌یه‌ك وڵامی ئامانجی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆتایی سه‌ده‌ی رابردبوو سه‌ده‌ی گه‌شه‌و هه‌ڵدانی ته‌كنۆلۆژیا بوو، به‌وپێیه‌ی كه‌ فه‌لسه‌فه‌ و ئایینیش له‌ماڵێك و له‌زه‌مه‌نی جیاوازدا موناقه‌شه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرا، ئیدی ئایدیۆلۆژیا یه‌كێك له‌و چه‌مكانه‌ بوو كه‌ زۆرترین موناقه‌شه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌ چ له‌لایه‌ن ئیایدۆلۆژیسته‌كانه‌وه‌ و چ له‌لایه‌ن ره‌خنه‌گرانییه‌وه‌، چونكه‌ زۆرترین رووبه‌ر و فه‌زای فه‌لسه‌فی و ئایینی داگیركردبوو، تائێستاش گره‌وی ململانێكان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كرێ‌، بۆیه‌ كه‌ مۆدێرنه‌ و رێنیسانس هاتن، زنجیره‌ فۆرمێكی له‌ به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی پێشكه‌ش كرد كه‌ دژی ئایدیۆلۆژیا وه‌ستانه‌وه‌، ئه‌مه‌ وه‌كو ته‌شكیلاتێكی ئیدیۆلۆژی جیاواز له‌سه‌ر زاری بیرمه‌ندان جێكه‌وته‌ بوو، ئه‌وكاته‌ بوو كه‌ تاقمێك گوتاری به‌هایی رێژه‌یی پێكه‌وه‌گرێدراو نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م ره‌وته‌یان ده‌كرد، هه‌ر له‌وكاته‌وه‌ ئایدیۆلۆژیا جارێكی تر و به‌ره‌نگ و بۆیه‌كی تره‌وه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌سفره‌وه‌ جیهان بونیاد بنێته‌وه‌، سه‌رتاپای فه‌زای بیركردنه‌وه‌كانی سه‌رخانی كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌وڵه‌تیشی داگیركرد، هه‌موو دژه‌كان به‌ئاكادیمی و ده‌ره‌وه‌ی ئاكادیمیاشه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و گوتاره‌ ئایدیۆلۆژیانه‌ كۆك بوون كه‌ قه‌یرانه‌ مێژووییه‌كانیان مه‌ترسیدارترن له‌و قه‌یرانانه‌ی هه‌نوكه‌یین، چونكه‌ وه‌كو په‌ندێكی كوردی هه‌یه‌ ده‌ڵێت (شه‌ڕ به‌كۆنه‌ قین ده‌كرێت) ئه‌مه‌ تاكو بۆشاییه‌ك مابوو كه‌ هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كان بوو، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا جه‌نگی ده‌كرد، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایدیۆلۆژیا به‌حوكمی زه‌مه‌ن له‌گه‌ڵ خۆیدا كێشه‌ی هه‌بوو، ئه‌ویش به‌بنبه‌ست گه‌یشتنی ململانێی فكری بوو كه‌ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كه‌ بوو، لێره‌وه‌ په‌یوه‌ست بوون به‌ئه‌خلاقه‌وه‌ بوو به‌ ئۆلگۆیه‌كی تر بۆ له‌دایكبوونی ئایدیۆلۆژیای هاوچه‌رخ، بۆ نموونه‌ دادگایی كردنی هێزی ئایدیۆلۆژی هاته‌ ئاراوه‌ كه‌ دژی روحی سه‌رمایه‌داری كلاسیكی بوو، دژایه‌تی روحی سالوسی مه‌سیحیه‌ت و ئایینه‌كانی دیكه‌ بوو، هه‌روه‌ها دژایه‌تی ئه‌و فكره‌ كۆنكرێتیانه‌ بوو كه‌ لایه‌نێكی دیكه‌ی موناقه‌شه‌كه‌ بوو، كه‌واته‌ بۆمان ده‌ركه‌وت بۆچی ره‌خنه‌ له‌ كۆی سێكته‌ره‌كان به‌ئه‌زموون هه‌موو ره‌هاییگه‌راییه‌كی ئایینی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی ره‌تكرده‌وه‌، نموونه‌شیان ئه‌و بیرمه‌ند و شاعیرانه‌ بوون كه‌ دژی سیستمه‌كان راوه‌ستانه‌وه‌ و به‌ مه‌رگی خۆیان، یان په‌راوێزخستنیان كۆتایی هات، لێره‌وه‌ ئه‌و سیفه‌ته‌ی باسی ده‌كه‌ی كاڵ بووه‌وه‌.

.پرسیار: باشه‌ كه‌واته‌ ده‌كرێ بڵێین هۆكاری ئه‌و فره‌ییه‌ی كه‌ له‌ ئاڕاسته‌ فیكریه‌كاندا ده‌بینرێت، به‌ زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گۆڕانكاریه‌كانی كه‌ژینگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌كان، به‌ده‌ر له‌ پێناسه‌ كلاسیكییه‌كه‌ی، ئێستا پرسیاری دوای ئه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا جیاوازی و به‌رجه‌سته‌بوونی ئه‌م چه‌مكه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ داخراوه‌كان به‌راورد به‌ گه‌لانی پێشكه‌وتوو چۆن ده‌بینن؟، ئایا ئایدیۆلۆژیا چ وه‌كو ئایین و چ وه‌كو فكر له‌نێو هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كاندا ماوه‌، یان گه‌یشتۆته‌ كوێ‌ ؟.

سمكۆ محه‌مه‌د: كه‌ باس له‌زه‌مه‌نی پراكتیكردنی ئه‌م چه‌مكه‌ ده‌كه‌ین، یه‌عنی نابێ‌ جیاوازی له‌نێوان ئێره‌و ئه‌وێ‌ بكه‌ین، به‌ڵام ده‌كرێ‌ كاریگه‌رییه‌ نیگه‌تیڤه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ و وڵاتانه‌ به‌نموونه‌ وه‌ربگرین كه‌ پراكتیكه‌كه‌یان نیگه‌تیڤه‌، بۆ نموونه‌ بوزی له‌ بۆرما توندوتیژن به‌ڵام له‌ مالیزیا میانڕه‌ون، ئیسلام له‌رۆهژهه‌ڵات به‌شی زۆری توندڕه‌ون، كه‌چی له‌ تونس یان له‌مه‌غریب میانڕه‌ون، ئه‌مه‌ جیاوازی له‌كۆمه‌ڵگه‌ی داخراوو و كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه‌ ده‌رده‌خات، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئایدیۆلۆژیا هه‌ر ئه‌و فه‌زایه‌ درووستده‌كات كه‌ ده‌یه‌وێت، واته‌ به‌پێی ویست و ئامانجی ئایدیاكه‌یه‌ له‌رووی پراكتیكه‌وه‌، یان به‌پێی ویستی كاڵاو بانگه‌شه‌كه‌یه‌، جا ئه‌و ئایدیایه‌ ماتریالی بێت یان ئایدیالیستی بێ‌ هه‌مان ئامانجی هه‌یه‌، كه‌وابوو ئایدیۆلۆژیا له‌خۆڕا ده‌رناكه‌وێت، به‌ڵكو له‌ده‌قێكدا یان له‌رێگه‌ی تیۆره‌وه‌ یان له‌فه‌زایه‌كی ناجێگیردا ده‌رده‌كه‌وێت، یان له‌رێگه‌ی ئایینه‌وه‌ یان له‌رێگه‌ی كه‌ره‌سته‌ و گرووپی سیاسی و ته‌نانه‌ت وه‌رزشیشه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین، بۆیه‌ به‌ئاسانی ئایدیۆلۆژیای هاوچه‌رخ نابینرێت و هه‌ستی پێناكرێ‌، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ شاره‌زاییان نییه‌ له‌ گه‌مه‌ی سیاسی ئه‌م سیستمه‌ هاوچه‌رخه‌، له‌سیستمی فیدرالیدا هه‌ر كارێك به‌پێی ره‌هه‌ندی خۆی و به‌رامبه‌ر ئایدیۆلۆژیایه‌كی تر ده‌پارێزرێ‌ كه‌ حوكمی به‌سه‌ردا ده‌كات، ئیدی ئایدیۆلۆژیا په‌یوه‌ندییه‌كی خه‌یاڵییه‌ كه‌ ئه‌فراده‌كان پێكه‌وه‌ له‌ بابه‌ت و مه‌یدانێكی دیاریكراودا گرێده‌دات و وه‌كو واقیع ده‌یناسێنێ‌، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌دا مانایه‌كی دیكه‌ی وه‌همی یه‌.

با پێناسه‌یه‌كی نوێ پێشكه‌ش بكه‌م، ئایدیۆلۆژیا ماسكێكه‌ له‌شێوه‌ی هۆشیارییه‌كی موزه‌یه‌ف و تێكه‌ڵ و ته‌مومژاوی كه‌ سه‌ره‌تای دیاره‌ و كۆتایی نییه‌، چونكه‌ كۆمه‌ڵێك به‌ها و بیرۆكه‌یه‌ كه‌ گروپێك بڕوایان پێیه‌تی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر فكر ده‌كات و زۆرجاریش به‌لاڕێیدا بردووه‌، ده‌بێته‌ لۆژیكێكی نه‌شیاو یان مه‌عریفه‌یه‌كی وه‌همی كه‌ بیانووه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌پێی ئه‌و لۆژیكه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بدۆزنه‌وه‌، (عبدلله العروی) بیرمه‌ندێكی عه‌ره‌بییه‌ له‌هه‌شتاكانی سه‌رده‌ی رابردوو زۆر موناقه‌شه‌ی ئه‌م چه‌مك و تێرمانه‌ی كرد، زۆربه‌ی چه‌مكه‌كانی كردووه‌ به‌ كتێب، له‌ كتێبی (مفهوم الایدیولوجیه‌) ئه‌م چه‌مكه‌ دابه‌شده‌كاته‌ سه‌ر سێ‌ جۆر.
جۆری یه‌كه‌م (ئایدیۆلۆژیای تێڕوانینی یونیڤێرساڵییه‌). ئه‌م سیفه‌ته‌ی ئایدیۆلۆژیا له‌فه‌لسه‌فه‌ نزیكتر ده‌بێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی له‌ حوكمی شمولی و یونیڤێرساڵیدا، چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌كات، به‌هه‌مان شرۆڤه‌ش خۆی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ و له‌مێشكی هه‌مووانیشدا ره‌نگده‌داته‌وه‌.
جۆری دووهه‌م (ئایدۆلۆژیای تاكگه‌راییه‌). ئه‌م ستایله‌ به‌پێی تێگه‌یشتن و قه‌ناعه‌تی تاكه‌كانه‌ بۆ ئاسۆیه‌كی فكری ده‌ڕوانێ‌، لێره‌دا تاك هه‌موو ئه‌و ره‌گه‌زانه‌ له‌فكر و له‌وێنه‌یه‌كی درووستكراو و ره‌نگاوه‌ڕه‌نگدا ده‌دۆزێته‌وه‌، له‌وێشه‌وه‌ غه‌ریزه‌ بچوك و گه‌وره‌كانی خۆی له‌جه‌سته‌ و مێشكیدا ته‌وزیف ده‌كات، به‌ڵام ناتوانێ‌ بازبدات به‌سه‌ر هه‌موو سنووره‌كانی خۆیدا و قه‌ید و به‌ند به‌یه‌كجاری بشكێنێ‌، ئه‌مه‌ش تێڕوانینێكی زه‌ینییه‌ كه‌ خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه‌، نه‌ك هه‌موو دونیابینی نوێ‌ ببینێ‌.

جۆری سێهه‌م (ئایدیۆلۆژیای دیارده‌ناسی). ئه‌م ره‌هه‌نده‌یان شیكارییه‌ بۆ مه‌عریفه‌ و زانست و كێشه‌ بابه‌تی و خودییه‌كان زیاتر ده‌رده‌خات، ئه‌مه‌یان به‌بارته‌قای ئایدیۆلۆژیای یونیڤێرساڵی كاریگه‌ری هه‌یه‌، چونكه‌ له‌باره‌ی ئینسانه‌وه‌ به‌گشتی قسه‌ ده‌كات، چونكه‌ جیاوازییه‌ك له‌نێوان ریالییه‌تی و فكر هه‌یه‌، ئه‌مه‌ هۆكاری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایدیۆلۆژیا وا لێده‌كات پێچه‌وانه‌ ببێته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر فكری راسته‌وخۆ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش ئارگۆمێنتی خۆی هه‌یه‌.
كه‌واته‌ ئایدیۆلۆژیسته‌كان هه‌ریه‌كه‌یان ئارگۆمێنتی خۆیان هه‌یه‌، هه‌ریه‌كه‌یان پێیانوایه‌ لۆژیكی ئه‌وان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی بڕوایان پێیه‌تی، لۆژیكسته‌كانیش واشیده‌كه‌نه‌وه‌ گوایه‌ وه‌همی ئه‌وانی تره‌ كه‌ ستایلی جۆره‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌ كه‌ مانای كۆنتڕۆڵكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی هه‌یه‌ كه‌ ماتریال و عه‌قلانییه‌ت حوكمی به‌سه‌ردا ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌رابردوودا په‌یمانی شۆڕشی فه‌رانسی و ئاشكراكردنی پارادۆكسه‌كانی فكر، نه‌یانتوانی باڵانس بۆ هه‌موو شته‌كان رابگرن، بۆیه‌ لێره‌وه‌ لۆژیكیسته‌كان ئه‌مه‌یان وه‌كو دیفاكتۆ ته‌ماشا نه‌كردووه‌ و به‌فكرێكی ئایدیۆلۆژیی دۆگما و نازانستی ناوزه‌دیان كردووه‌.
كه‌وابوو لێره‌وه‌ ئه‌و جه‌نگه‌ ئایدیۆلۆژیه‌ی له‌گه‌ڵ ئاراسته‌كانی تر كه‌ خاوه‌ن فرسه‌تێك نیین بۆ ته‌عبیركردن له‌ خۆیان، ئه‌و باسه‌ زیندوو ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌موو رۆشنبیر و نووسه‌رێك جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نییه‌ موناقه‌شه‌ی ئاییدۆلۆژیا بكات، چونكه‌ به‌ناڕاسته‌وخۆ رۆشنبیری كردووه‌ به‌ كارێكته‌رێكی چالاك و به‌كارهێناو كه‌ له‌رێگه‌ی ئه‌ده‌بیات و نووسینی رۆمان و تێكسته‌وه‌ ته‌عبیر له‌خۆی بكات و به‌خه‌یاڵی خۆشی وابزانێ‌ دژی ئایدیۆلۆژیایه‌، به‌ڵام گروپی سیاسی و چین و توێژه‌كانی تر ململانێیه‌كی دیكه‌ی راسته‌وخۆ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئایدیۆلۆژیا هه‌میشه‌ خۆی به‌رهه‌مدێنێته‌وه‌ و به‌راسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ خۆی زیندوو ده‌كاته‌وه‌.

وه‌ختێك ئایدیۆلۆژیا له‌چه‌مكه‌وه‌ بوو به‌كه‌ره‌سته‌ی داموده‌زگای ده‌وڵه‌ت و هه‌روه‌ها كۆمپانیاكانیش ده‌بنه‌ به‌شێك له‌كارگه‌ی ئایدیۆلۆژیا، ئه‌وكاته‌ زیاتر هه‌ست به‌مانه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مكه‌ ده‌كه‌ین كه‌ چه‌ند چالاكه‌، ئاڵتۆسێر زووتر له‌هه‌موو بیرمه‌نده‌كان هه‌ستی پێكرد، ئه‌و باسی له‌و جیاوازییه‌ ریشه‌ییانه‌ كرد كه‌ له‌نێوان ماركس و هێگڵ بوو، چۆن ده‌وڵه‌ت خراپ كه‌ڵكی لێوه‌رگرت و هه‌موو داموده‌زگاكانی خسته‌ ژێر هه‌ژموونی ئایدیۆلۆژیاوه‌، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ دوابه‌دوای ئه‌و جه‌نگه‌ دیالیكتییه‌كه‌ی ماركس و هیگڵ بوو له‌رابردوو، ئه‌وكاتیش به‌شێكی زۆر له‌بیرمه‌ندان هه‌ستیان به‌مه‌ترسیه‌كه‌ كرد كه‌ له‌ئه‌نجامی ئه‌و گه‌شه‌یه‌ سه‌ره‌تای بێبه‌هاكردنی ئه‌و شتانه‌یه‌ كه‌ ئینسان شانازی پێوه‌ده‌كات و له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌ هۆشیاری و ئازادی نووسین بوو، ئه‌وه‌بوو له‌درێژه‌ی ئه‌و ره‌وته‌ چه‌په‌ فرۆییدیه‌ی كه‌لێنه‌ روحییه‌كانی ماركسی پڕكرده‌وه‌، ئه‌م بێبه‌هاكردنه‌ بووه‌ میتۆدێكی سنوورداری فكری، ویلهێم رایش یه‌كێك له‌و بیرمه‌ندانه‌یه‌ كه‌ هه‌ردوو فه‌لسه‌فه‌ی سایكۆلۆژی و ماتریالیزمی دیالیكتیكی تێكه‌ڵ كرد، به‌ڵام له‌رێگه‌ی ره‌خنه‌ له‌ئایدیۆلۆژیاوه‌، كتێبی (گوێبگره‌ پیاوی گرگن) ی نووسی و تائێستاش زۆرترین خوێنه‌ری هه‌یه‌، زۆرترین كه‌س له‌سه‌ره‌تاسه‌ری دونیادا كه‌وتنه‌ ژێر كاریگه‌ری و هه‌ژموونی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌وه‌ كه‌ دژی ئایدیۆلۆژیا و خه‌یاڵی دۆنكیشۆتی بوو.
له‌رووی فه‌لسه‌فه‌ییشه‌وه‌ ماركس تێڕوانینی خۆی هه‌یه‌، ئه‌و پێیوایه‌ شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ئایدیۆلۆژیاكان به‌سه‌ر راڤه‌ی كرده‌ی مرۆییدا په‌یڕه‌وناكرێ‌، پێویسته‌ دان به‌وه‌دا بنرێت كه‌ زیاتر له‌كاریگه‌ری و نیشانه‌كانی ئه‌و تیگه‌یشتنه‌ ئاماده‌یه‌، بۆیه‌ له‌كتێبی ئایدیۆلۆژیای ئاڵمانی ده‌نووسێ‌ وادیاره‌ خه‌ڵكی و بارودۆخی خه‌ڵكی له‌ هه‌موو ئایدیۆلۆژیاكاندا كه‌ له‌سه‌ری وه‌ستاون، وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ له‌ فۆتۆیه‌كی ته‌مومژاویدا دره‌كه‌ون، چونكه‌ ئایدیۆلۆژیا ریشه‌ی خۆی له‌ بارودۆخی ژیانی ماتریالیدا داكوتاوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ پێویستی به‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی گشتی، یان تاكلایه‌نی نێوان بناغه‌ی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان بونیادی یاسایی و سیاسی نییه‌. ئه‌وه‌ی تێبینی ماركسه‌ له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا ده‌كه‌وێته‌ نێوان بونیادی چینایه‌تی و خودی ئایدیۆلۆژیا، به‌وپێیه‌ش بێت په‌یوه‌ندیی نێوان ئایدیۆلۆژیا و ژێرخانی ماتریالی ده‌گشتێنێ‌، چونكه‌ بنه‌مای ئه‌و بۆچوونه‌ كه‌ناڵێكی نێوان ئه‌و دوانه‌یه‌ كه‌ به‌شێكی ده‌ركه‌وتنی ئایدیاكانه‌ و دوا به‌دوای ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش، ئایدیۆلۆژیایه‌كی دیكه‌ له‌دوای خۆی به‌رهه‌مدێنێته‌وه‌، زۆرجار ئایدیالیزمیش كه‌ به‌رامبه‌ر ماتریالیزم داده‌نرێت، هۆكاره‌كه‌ی ته‌نها دژبوونی چه‌مكه‌، چونكه‌ ئایدیا وه‌كو بیرۆكه‌ و به‌رهه‌می عه‌قڵ ته‌ماشا كراوه‌، واته‌ شتێك له‌زه‌یندا چه‌كه‌ره‌ی كردووه‌، ئه‌وه‌ی دیكه‌ وه‌كو رێژه‌ی كامڵبوونی پێش پراكتیك كردنی بیرۆكه‌كه‌یه‌، ئه‌م چه‌مكه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به‌ روحه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ به‌كاردێت كه‌ نابینرێت، وه‌كو چۆن دیكارت له‌باره‌ی لاهوته‌وه‌ به‌كاریهێنا.

پرسیار: له‌و وڵامه‌دا ئه‌وه‌م بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌م چه‌مكه‌ وه‌كو تارماییه‌ و له‌هه‌موو ئایدیایه‌كدا ئاماده‌یه‌، ته‌نها ئه‌و وه‌خته‌ش زیاتر زیندووه‌ كه‌ دژه‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر خۆی ده‌بینێ‌، نه‌ك هه‌ر سیاسه‌ت و ئایین، به‌ڵكو عه‌قڵ و ده‌وڵه‌تیش كاریان پێكردووه‌؟.

سمكۆ محه‌مه‌د: ئێستا باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م چۆن هه‌موو شتێك كردار و په‌رچه‌ كرداره‌ و چۆن هه‌تا دژ ئاماده‌ نه‌بێت، بابه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ئاماده‌ نییه‌، هه‌روه‌ها باسی ده‌وڵه‌تیش ده‌كه‌م چۆن جومگه‌كانی به‌ ئایدیۆلۆژیا بارگاوی كردووه‌، بۆچی له‌ده‌وڵه‌تی خه‌ڵكه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ له‌ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ روویداوه‌، بووه‌ته‌ ده‌وڵه‌تی سته‌مكار و سه‌ركه‌وتكه‌ر، بۆچی هه‌موو سیاسه‌تی كارگێری و سیاسه‌تی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ بووه‌ به‌ ئایدیۆلۆژیای گشت. ئه‌مانه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ن كه‌ من له‌نێو پرسیاره‌كه‌ی ئێوه‌دا ئاشكرام كردووه‌ و گرینگی پێده‌ده‌م، چونكه‌ بابه‌ته‌كه‌ ناچارمان ده‌كات شرۆڤه‌ی حاڵه‌تی پراكتیك كردنی چه‌مكی ئایدیۆلۆژیای ده‌وڵه‌تی بكه‌ین كه‌ بۆچی كۆمه‌ڵایه‌تی بووه‌ و له‌مێشكی هه‌موواندا ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی هه‌موو ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت كه‌ به‌ئه‌فراده‌كانی خۆی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، به‌گشتی سه‌ركوتكه‌رن و توندن، ئه‌مه‌ په‌روه‌رده‌ی ده‌وڵه‌ته‌ بۆ ئه‌فراده‌كانی كه‌ له‌جومگه‌كاندا كارده‌كه‌ن، چونكه‌ كاری ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ به‌چڕی چاودێری بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی بكه‌ن، بۆ نموونه‌ ته‌نانه‌ت بۆ چاره‌سه‌ری ریشه‌یی هه‌ر كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیش، به‌پێی ئه‌و ئایدیۆلۆژیا پراكتیك كراوه‌ كار ده‌كه‌ن، هه‌ر به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌ داڕێژراوه‌ كار ده‌كه‌ن كه‌ جومگه‌كان وه‌كو بیرۆكه‌ و ده‌ستووری كار وه‌ریانگرتووه‌، هه‌ر به‌و سیستمه‌ چاودێرییه‌ سیاسییه‌ كارده‌كه‌ن كه‌ بنه‌ما فكرییه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات قه‌بوڵی كردووه‌، ده‌بینی ئاراسته‌ی كێشه‌كه‌ به‌ره‌و چ ئاراسته‌یه‌ك رۆیشت.
وه‌ختێك هه‌موو شتێك له‌ژێر كۆنتڕۆڵی چاودێری وردی سیاسی و ئه‌منی بوو، ئیدی ئایدیۆلۆژیا له‌چه‌مكه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ده‌ستووری كاركردن، به‌تایبه‌تی ئه‌و كاته‌ی كه‌ چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و بازرگان و پیاوانی ئایینی و ته‌نانه‌ت رۆشبیری موزه‌یه‌ف و نووسه‌ری موزه‌یه‌ف و ئه‌وانی تر كه‌ نزیكن له‌ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كسانیان هه‌یه‌، ئیدی هه‌موو شتێك به‌و چه‌مكه‌وه‌ بارگاوی ده‌بێت.

پرسیار: به‌ده‌ر له‌كایه‌ی سیاسی، ئایدیۆلۆژیا لایه‌نی دیكه‌ی وه‌رگرتووه‌ كه‌ زانسته‌ ئه‌كادیمیه‌كانه‌، چونكه‌ زانكۆ له‌سه‌رتاسه‌ری دونیادا دوچاری وه‌همێكی ده‌سه‌ڵاتدارێتی فه‌رهه‌نگی بووه‌، ئه‌م فه‌زایه‌ هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ جومگه‌كانی ده‌وڵه‌ت، نموونه‌ش له‌و سه‌ره‌ده‌مه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ هایدگه‌ر یه‌كێك له‌ جومگه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌وڵه‌تی نازی به‌ڕێوه‌ده‌برد كه‌ زانكۆی به‌رلین بوو، بۆیه‌ جه‌ده‌لێكی زۆری درووستكرد، تائێستاش ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌كادیمییه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌و فه‌زایه‌ی خۆی به‌خۆی داوه‌، ئێستا ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ له‌چ ئاستێكدایه‌؟.

سمكۆ محه‌مه‌د: ئێمه‌ تائێستا له‌بابه‌تی به‌ر له‌سه‌رهه‌ڵدانی دابڕانی فه‌لسه‌فه‌ له‌ئاڵمانیا قسه‌مان كرد، به‌ڵام له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی ره‌وته‌ فكرییه‌كه‌ له‌ئاڵمانیا كه‌ ره‌خنه‌یان له‌ ئایدیۆلۆژیا ده‌گرت و به‌تێگه‌یشتنێكی سایكۆلۆژییه‌وه‌ وڵامی پرسیاره‌كه‌ی به‌رده‌م خۆی دایه‌وه‌، ئێمه‌ ناكرێ‌ هه‌موو وه‌همه‌كه‌ به‌زانسته‌وه‌ گرێ بده‌ین، به‌ڵام ده‌كرێ‌ به‌ زانستخوازه‌كانه‌وه‌ گرێی بده‌ین كه‌ پێیانوایه‌ میتۆدی زانسته‌كه‌ی به‌رده‌ستیان داهێنانی فكری خۆیانه‌ كه‌ ئه‌مه‌ وه‌همه‌كه‌یه‌، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ مامۆستای زانكۆ هێشتا له‌وه‌ تێنه‌گه‌یشتووه‌ بڕوانامه‌، بڕوانامه‌ی ئه‌كادیمی و زانست نییه‌، ته‌نها رێگه‌پێدانی كاره‌ و هیچی تر، بۆیه‌ وه‌همه‌كه‌ لێره‌وه‌ هه‌ستی پێده‌كرێت، ئه‌وه‌ی دوای هایدگه‌ریش كه‌ به‌شێكی زۆركردنی زانستی بوو، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی ده‌بێ‌ وه‌كو توانای فه‌لسه‌فی ته‌ماشا بكه‌ین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی هه‌ریه‌ك له‌ بیرمه‌ندانی وه‌كو (ئه‌ریك فرۆم و هابرماس و ماركۆزه‌ و ولهێم رایش) دوای ئه‌و زه‌مه‌نه‌ كه‌ سته‌مكاری به‌هێز بوو، مانای چه‌مك و تێرمه‌كان ره‌هه‌ندێكی دیكه‌یان وه‌رگرت، چونكه‌ له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی چه‌مكی ئایدیۆلۆژیا كه‌ پێشتر ئاڵتۆسێر له‌ داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تدا كۆی كردبۆوه‌، ئه‌و دوو بیرمه‌ندانه‌ ده‌ركیان به‌و مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌یه‌ كردبوو كه‌ به‌ناوی شۆڕشی ته‌كنۆلۆژی و جیهانگه‌راییه‌وه‌ تۆمه‌تبار كردبوو، گوایه‌ هێرشی هێناوه‌ و هه‌رچی به‌های فكری هه‌یه‌ رایده‌ماڵێ‌.

با وایدابنێین رزگاربوونێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له‌ده‌ره‌نجامی دووركه‌وتنه‌وه‌ی ئایدیا فكرییه‌كانه‌وه‌ ئینسان ئازاد ده‌كات، به‌ڵام ده‌ركه‌وتووه‌ به‌ گه‌شه‌ی ته‌كنۆلۆژیاش بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ئه‌نجامی دابه‌شبوونی كاردا هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی پێشووتره‌، ئینسان جارێكی دیكه‌ و به‌ بیانووی دیكه‌ زیندانی ده‌كرێته‌وه‌، ئێستا هه‌مان ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ چینێك به‌سه‌ر چینێكی تردا زاڵه‌ مه‌جووده‌، ئێستا له‌دۆخی ژیانی سه‌ده‌ی 18 و 19 ده‌چێت ره‌نگه‌ له‌هه‌ندێك باردا خراپتریش بێت، چونكه‌ ره‌خساندنی زه‌مینه‌ و توانای فكری و جه‌سته‌یی بۆ ده‌ركه‌وتنی چینی ناوه‌ڕاست نه‌ما، ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ته‌نگ فكره‌وه‌ بوون، ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ته‌نگ دامه‌زراندنی پێشكه‌وتووخوازی و شارنشینییه‌وه‌ بوون، كه‌وتنه‌ نێوان به‌رداشی ته‌كنۆلۆژیا و باوه‌ڕی ئایینی كه‌ بوو به‌ئایدیۆلۆژیایه‌كی نوێ‌، تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی بێئومێد ببوون له‌ دونیای سه‌رمایه‌داری، بوون به‌ كه‌سی ئیدیالیستی و تیرۆریست و له‌رێگه‌ی ته‌كنۆلۆژیاوه‌ ئایدیۆلۆژیایان ده‌پاراست.

ئاڵوگۆڕی زه‌مه‌ن كه‌ ته‌كنۆلۆژیا وه‌كو به‌شێكی گرینگ له‌زانستی كرد به‌ئایدیۆلۆژیا، ته‌كنۆلۆژیا پانتاییه‌كی فراوانی فه‌راهه‌م كرد بۆ به‌شداربووه‌كانی خۆی، ئیدی ئایدیۆلۆژیا ئه‌و مانایه‌ی پێشتری نه‌ما كه‌ بریتی بوو له‌ فكرێكی دیاریكراو یان ئایینێك، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌هۆی هه‌ڵدان و گه‌شه‌ی ته‌كنۆلۆژیاوه‌ پیوه‌ندییه‌كانیش گۆڕانیان به‌سه‌رهات و هه‌ركه‌س بیهه‌وێ‌ ده‌توانێ‌ ببێته‌ خاوه‌ن ئیمێڵ و ده‌ستكه‌وتنی داتا له‌رێگه‌ی كۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێته‌كه‌ی له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ كه‌ كۆمپانیا درۆزنه‌كان به‌خۆڕایی پێیان ده‌به‌خشن، ئه‌مه‌ به‌بێ‌ هیچ ماندووبونێك ئه‌وه‌ی پێویستی بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ و كۆڕ و سیمینار و كۆنفڕانس و هتد چنگی بكه‌وێ‌، ئه‌م دیارده‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌تاكه‌ی دیاربوو به‌نیازه‌ هیچ به‌هایه‌ك بۆ فكر نه‌هێڵێته‌وه‌، ئه‌و مه‌ترسییه‌ی خوڵقاند كه‌ كێشه‌یه‌ك به‌ناوی ئازادی نووسین و بیركردنه‌وه‌ و نه‌هێشتنی موڵكیه‌ته‌وه‌ نه‌مێنێت و مۆدێلی ته‌مبه‌ڵی بیركردنه‌وه‌ درووست ببێت، بۆیه‌ كێشه‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ئه‌وه‌ی به‌ناوی پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆژیا هات، ئه‌وه‌بوو ده‌ستی هه‌موو كه‌سێكی واڵاكرد تاكو ببێت به‌نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند له‌هه‌موو بواره‌كاندا، ئیتر هه‌ركه‌س له‌ماڵی خۆی هه‌م بوو به‌سه‌رنووسه‌ر و هه‌م خاوه‌ن ستۆدیۆ و هه‌م بوو به‌كامیرامان و مونتێر و به‌ڕێوه‌به‌ری میدیا و هتد، به‌وپێیه‌ی مه‌ترسی سانسۆرێك نه‌ما كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سانسۆری ئازادی و بیركردنه‌وه‌ هه‌بوو له‌سه‌ده‌كانی پێشوو كه‌ له‌ئه‌نجامی سانسۆردا بووه‌ فكری نوێ‌، یان ره‌خنه‌ و موناقه‌شه‌ی نوێ‌ به‌رهه‌مده‌هات، هه‌ڵبه‌ت سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و خاوه‌ندارێتییه‌ موزه‌یه‌فه‌ی كه‌ دژی موڵكیه‌تی فكره‌، كارێكی كرد هه‌رچی ناوی موڵكیه‌ته‌ نه‌مێنێ‌ و موڵكیه‌تێكی دیكه‌ بێته‌ئاراوه‌ كه‌ به‌ناوی ماسمیدیاوه‌ له‌فه‌یسبوكدا نه‌خوێنه‌وار و بیرمه‌ند وه‌كو یه‌ك به‌شداری ته‌كنۆلۆژیا بن، بگره‌ بازاڕی نه‌خوێنه‌واری ره‌واجی باشتری وه‌رگرت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م فه‌زایه‌ له‌شوێنێكی دیكه‌دا كێشه‌ی بۆ سیاسه‌تیش درووستكرد، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌به‌رامبه‌ر بێ‌ به‌هاكردنی نووسین، جۆرێك له‌ناڕه‌زایه‌تی گشتی به‌بێ‌ هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام و ترس له‌پۆلیس خوڵقاند، ناڕه‌زایه‌تی گشتی درووستبێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌كادیمیای زانستیش به‌م ده‌خه‌وه‌ تێوه‌گلا و وه‌همه‌كه‌ی زیاتر بوو.

سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی میسر و تونس و لیبیا و سوریا له‌ناوچه‌كه‌، باشترین سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌ن كه‌ سیاسه‌ت له‌رێگه‌ی ته‌كنۆلۆژیاوه‌ خه‌ڵكی له‌دژی ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌ڵخڕان و كردنی به‌كۆمبارسی فیلمێك و هه‌ر خۆشی پاڵه‌وانی كارتۆنی و كۆمیدیی و تراژیدی بۆداناو و دۆخه‌كه‌ی گۆڕی، ئه‌مه‌ راستییه‌كه‌یه‌ كه‌ ئازادی كرد به‌ ویستێكی نیگه‌تیڤ و هه‌موو كه‌س خاوه‌نی هه‌موو شتێكه‌ و له‌رووی غه‌ریزییه‌وه‌ بۆ ئازادی چێژی لێوه‌رناگرێت، چونكه‌ ئه‌م سیستمه‌ هه‌موو شتێكی بۆ تاك فه‌راهه‌م كردووه‌، تاكو كه‌ڵك له‌و ئازادییه‌ی سه‌ده‌ی رابردوو وه‌رنه‌گرێت و نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ره‌و دواوه‌ و مانای شۆڕش بسڕێته‌وه‌ له‌فه‌رهه‌نگی خۆیدا، هه‌روه‌ها ببێته‌ هه‌ڵگری ئه‌و شووناسه‌ی خوده‌كان پێداگری له‌سه‌ر عه‌قڵی بیركردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن، رۆژانه‌ خۆیان به‌رهه‌مدێننه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ستایلێكه‌ له‌ دیسكۆڕسی عه‌قلانییه‌ت، كه‌چی له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شێك له‌ نووسه‌ر و بیرمه‌ندی كۆنسه‌رڤاتیڤ خۆیان ده‌نوێنن، ئه‌وان له‌وه‌ تێنه‌گه‌یشتوون كه‌ بواری تێگه‌یشتن له‌زمان، به‌تایبه‌تیش زمانی دایك یان لۆكاڵی، ئه‌وا پێویسته‌ دوور بێت له‌هه‌ر ئایدیۆلۆژیایه‌كی ده‌سه‌ڵاتگه‌رێتی سیاسی، بۆیه‌ هه‌قیقه‌تی باڵاده‌ستی زاڵ كرد، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات بۆ خۆی دوودڵه‌ له‌مانه‌وه‌ی به‌و زمانه‌وه‌ كه‌ گوتاره‌كه‌ی جێگه‌ی سه‌لماندنی مانه‌وه‌یه‌تی، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیش له‌ده‌ره‌وه‌ی مانه‌وه‌ی زمانه‌ لۆكاڵییه‌كه‌ی، زه‌مانه‌تی مانه‌وه‌ی مسۆگه‌ر نییه‌.

پرسیار: پێشتر باسی ئه‌وه‌ت كرد كه‌ ئایدیۆلۆژیا ته‌نها له‌نێو ئایین و سیاسه‌ت و فكردا نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئه‌ده‌ب و نووسینیشی گرته‌وه‌، ئایا ئه‌مه‌ كۆتاییه‌ یان چۆنه‌؟.

سمكۆ محه‌مه‌د: جه‌نگێك كه‌ یه‌كێك له‌ رووبه‌روو كایه‌كانی سه‌ده‌ی بیست بوو، دیارده‌ی تۆتالیتاری بوو، ئه‌وه‌ی كه‌ لادانێك بوو به‌ناوی پێشنیاری كلاسیكی تۆتالیتاری بۆ پۆست تۆتالیتاریزم، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌پێشنیاره‌كانی جۆرج ئۆرویل و هانا ئارێندت و هاوچه‌رخه‌كانیان ده‌ركه‌وتووه‌، یه‌كێكیان له‌رێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ بۆ تۆتالیتاریزم و ئه‌ویتر له‌رێگه‌ی ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌تی رۆمانه‌وه‌ بوو، ئه‌وان بیریان له‌ قۆناغی سیاسی كورتكراوه‌ ده‌كرده‌وه‌، به‌و پێیه‌ی كه‌ تۆتالیتاریزم مه‌حكوم بوو به‌وه‌ی پارادۆكسه‌كانی خۆی نه‌هێڵێت، دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ هیچ كام له‌و ئایدیایانه‌ خۆیان به‌ ئایدیۆلۆژیست نه‌ده‌زانی هه‌موویان پاساویان هه‌بوو، چونكه‌ ده‌یانزانی به‌یه‌كداداچوونی ئایدیان ئاخری خێر نابێت و پلانی درێژخایانیشیان نییه‌ بۆ رێگه‌چاره‌ی فكر، به‌ڵام ئه‌مڕۆ درووست به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ روحی تۆتالیتاریزم و ئه‌وانی تر، نه‌ك هه‌ر نه‌ما، به‌ڵكو خودی خۆی بۆ پارێزرا، مه‌به‌ست له‌ تۆتالیزمی رۆشنبیرییه‌ كه‌ له‌كایه‌ی ئه‌ده‌بدا ناوی هه‌ریه‌ك له‌ جۆرج ئۆرویل و هانا ئارێندت دێت، وه‌كو دو كه‌سی خوێنه‌ر بۆ تۆتالیتاریزم، له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ هه‌ریه‌ك له‌و دوو نووسه‌ره‌ ناسراوه‌ كه‌ ده‌توانم زیاتر له‌ده‌یان نووسه‌ری وه‌كو ئه‌وان باس بكه‌م، به‌ڵام ئه‌وان به‌یه‌ك چاو ته‌ماشای یه‌كێتی سۆڤیه‌تی كۆنیان كردووه‌ و زاڵم و مه‌زڵوومیان وه‌كو یه‌ك ته‌ماشا كردووه‌، هه‌روه‌كو هانا ئارێندت له‌ كتێبی (بنه‌ماكانی تۆتالیتاریزم) و جۆرج ئۆرویل له‌ رۆمانی (باخچه‌ی ئاژه‌ڵان) نووسیویانه‌، ئه‌وان به‌وپێیه‌ی دژه‌ فكری كۆمۆنیستی باو بوون، به‌یه‌ك ئاراسته‌ بیریان كردۆته‌وه‌ و دونیای سیاسه‌ت و رۆشنبیرییان به‌ دونیای زیندووبوونه‌وی تۆتالیتاریزم ناوبردووه‌، چونكه‌ تاكو ئه‌مدواییه‌ش كه‌ بابه‌تی ئایدیۆلۆژیا ده‌هاته‌ پێشه‌وه‌، باسی بیری كۆمۆنیستی و سیستمی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ده‌كرا، به‌ڵام خۆ ئێستا ئه‌و سیستمه‌ نه‌ماوه‌، به‌هۆی هه‌وڵی گروپێك له‌ توێژه‌رانی فكری له‌ 1950 تاكو 1960 كۆتایی ئایدیۆلۆژیایان راگه‌یاند، به‌ڵام به‌ درێژایی زه‌مه‌ن و قۆناغه‌كان، ده‌ركه‌وت ئه‌مان هه‌ڵه‌بوون، چونكه‌ ته‌نها له‌سه‌ر پرنسیپه‌كان كاریان ده‌كرد و به‌تایبه‌تی جیهانی سێهه‌م كه‌ هه‌میشه‌ چاوه‌ڕێی ده‌ستی داهێنانی رۆژئاوا و ئاسیای چین و ژاپۆن و ئامریكایه‌، كه‌وابو ئه‌وان چاوه‌ڕێی ئه‌و وه‌به‌رهێنانه‌ به‌شه‌رییه‌ نه‌بوون كه‌ له‌رێگه‌ی ئایدیۆلۆژیای مه‌زهه‌بی و ئایینی جیاواز و نه‌ته‌وه‌ی جیاوازی سیاسی درووستكراو و پیشه‌سازی و گه‌مه‌ی وه‌رزشی جیاواز و كاڵای جیاواز په‌یدا ده‌بێت له‌ رۆژهه‌ڵات، بۆیه‌ ئه‌مه‌ ناوده‌نێم دابڕانێكی دیكه‌ی ئایدیۆلۆژی كه‌ بیرمه‌ندانی سه‌ده‌ی رابردوو پێشبینییان نه‌ده‌كرد.

با ئه‌وه‌ش باس بكه‌ین كه‌ من له‌ كتێبی (ره‌خنه‌ له‌ ئایدیۆلۆژیادا) باسی ئه‌وه‌م كردووه‌ كه‌ په‌یدابوونی كۆمه‌ڵناسی پۆست مۆدێرنه‌ هاته‌بوون، كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی تیۆری په‌یدابوو، ده‌سته‌بژێرانی رۆشنبیری و سیاسی و ئه‌ده‌بی و هتد، هه‌ستیان به‌م گرێ‌ فكریه‌ كرد، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان كۆدی كولتووریان بۆ دانرا، ئه‌ویش په‌نابردن بوو بۆ مارشی سه‌ربازی و مارشی یانه‌ی وه‌رزشی و مارشی خه‌ڵاته‌ جیهانییه‌كان و مارشی شۆڕشی نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌كان و مارشی حه‌ماسی ئاره‌زوخوازه‌كانی سێكسواڵێتی كه‌ هه‌موویان فابریكه‌ و درووستكراو بوون، بۆیه‌ ته‌نانه‌ت ئایدیۆلۆژیسته‌كانی جیهان به‌ ده‌سته‌بژێر و خه‌ڵكی عه‌وامه‌وه‌ كه‌ شوێنكه‌وتووی ئه‌و جیهانه‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه‌ن، له‌ئه‌خلاقیشدا خۆیان جیاوازكرده‌وه‌. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی ئێستا كۆتایی قۆناغی ئایدیۆلۆژیا نییه‌، به‌ڵكو دووباره‌ بوونه‌وه‌ی هه‌مان مێژووه‌ كه‌ به‌ژینالۆژیای رۆشنبیری ناسراوه‌ و هێشتا نووسه‌ر و ئه‌دیب له‌و فه‌زایه‌ رزگاریان نه‌بووه‌، چونكه‌ رۆشنبیران له‌بری خۆده‌ربازكردن له‌ بیری بنه‌ماڵه‌یی و ده‌ستگرتن به‌ بیركردنه‌وه‌ی تاكگه‌رایی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بوون به‌ كه‌سانی تۆتالیتاریزمی رۆشنبیری، ئه‌مه‌شیان كردووه‌ به‌ ستایلێكی دیكه‌ی ئایدیۆلۆژیا و زۆربه‌ی گرووپه‌ به‌ناو ده‌سته‌بژێره‌كان ئه‌م پرنسیپه‌یان قبوڵه‌، چونكه‌ خۆیان له‌هه‌ناوی فكرێكی كۆنكریتییه‌وه‌ هاتوون و سه‌ر به‌هه‌مان ئیدیۆلۆژیای نادیارن.
له‌دوای هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی سه‌ده‌یه‌كی نوێ‌ و هه‌زاره‌ی سێهه‌م، ئایدیۆلۆژیا وه‌كو بابه‌تێكی نوێی فكری كه‌وته‌ به‌رده‌م موناقه‌شه‌ی بیرمه‌ندانی ئه‌وروپا، ئه‌مجاره‌یان ئایدیۆلۆژیا له‌ چوارچێوه‌ ته‌سكه‌ حیزبی و ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌كه‌ی تێپه‌ڕی و بوو به‌ ئه‌ركێكی ناچار كه‌ ململانێكان وه‌كو ئه‌رك به‌ ئینسانی هه‌زاره‌ی سێهه‌می سپارد، ئه‌گه‌رچی ئایدیۆلۆژیا ته‌واوی توێژ و چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ناچار كرد ببن به‌ خزمه‌تكاری، چونكه‌ ماكینه‌یه‌كی دیكه‌ بوو بۆ به‌رهه‌مهێنانی جۆرێك له‌ ئینسانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ و شه‌رعیه‌تدان به‌و دۆخه‌ی كه‌ كایه‌ی سیاسه‌ت به‌رهه‌میهێناوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ به‌ده‌ر له‌ ئینسانی ئاسایی، به‌شێكی زۆر له‌ به‌ناو رۆشنبیره‌كانیش كه‌ له‌سه‌ر حیسابی رۆشنبیری جددی هاتن و كۆمه‌ڵێك جومگه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له‌هه‌موو دونیا به‌ده‌سته‌وه‌ گرت، ئه‌وانه‌ بوون كه‌ به‌ده‌ر له‌بیركردنه‌وه‌ و خه‌می رۆشنبیری له‌داهاتووی ئینسان، بوون به‌خزمه‌تكاری ئایدیۆلۆژیای حیزبی و ئایینی و مه‌زهه‌بی و كاریان كرد بۆ سه‌رخستنی هاوكێشه‌ی سیاسی لۆكاڵی و نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌وانه‌ی له‌ئاستی لۆكاڵی ده‌نووسن و قسه‌ده‌كه‌ن زۆرترن له‌وانه‌ی كه‌ له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تی شته‌ ناحه‌زه‌كان تیۆریزه‌ ده‌كه‌ن بۆ خوێنه‌ری ته‌مبه‌ڵ، ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ مانایه‌كی وای پێدرا گوایه‌ ئه‌وان زمانێكی سیاسی جیاوازی دوور له‌ ئایدیۆلۆژیایان هه‌یه‌، بۆ نموونه‌.. ئه‌و كۆنتێكسته‌ی كه‌ بۆ ئازادی رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر و چالاكوانی سیاسی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و هتد به‌كار ده‌هات، هیچیان كه‌متر نه‌بوون له‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ی سه‌ده‌ی رابردوو به‌ناوی كۆمۆنیزم و رزگاری نیشتیمانی و هتد هه‌بوو، ئه‌م فه‌زایه‌ له‌كاتێكدا به‌رهه‌مهاتووه‌ كه‌ به‌هه‌موو پێوه‌رێك ده‌بوو له‌دوای روخانی بلۆكی سۆڤیه‌تی به‌ناو سۆسیالیستی، ئه‌و جۆره‌ خزمه‌تكاره‌ ئایدیۆلۆژیایه‌ نه‌مابوایه‌ و هه‌مان زمانی سیاسی رابردوو به‌كاربهێنێ‌، به‌ڵام به‌فۆنتێكی سیاسی جیاواز، تاكو ئینسان بكه‌ن به‌خزمه‌تكار و كۆیله‌ی سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژیای وشك و هه‌ندێكجاریش مه‌ترسیدار، كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌م ته‌رزه‌ له‌و به‌ناو رۆشنبیران و رۆژنامه‌نووس كه‌ هه‌قی ئه‌وان نییه‌، هه‌روه‌ها مامۆستایان زانكۆ و ئه‌كادیمی و حیزبی به‌ناو چه‌پ و هتد هه‌بوون و ئێستا هه‌ن، ده‌ركه‌وت ئه‌م ره‌وته‌ زۆرترن له‌وانه‌ی كه‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ترسیان لێنیشتووه‌، چونكه‌ ئه‌وان كه‌لێنه‌كه‌یان بۆ پڕكردنه‌وه‌ به‌نووسین و بابه‌تی كرچ و كاڵ به‌ناوی هونه‌ره‌وه‌ و هه‌روه‌ها به‌ناوی به‌رگری له‌خه‌ڵكی هه‌ژار و به‌رگری له‌ ئازادی ژنان و به‌رگری له‌مافی خوێندن و بازرگانی و هتد، ترسه‌كه‌یان زیاتر كرد كه‌ ئه‌مه‌ به‌ئایدیۆلۆژیای پراكتیكی ناسراوه‌ له‌دونیای فكری هاوچه‌رخدا. ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرت كه‌ ستایلێك له‌خوێندنه‌وه‌ په‌یدا بوو جێگه‌ی به‌ره‌خنه‌ی جددی و فكری له‌ق كرد و بوو به‌ دیفاكتۆ، به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌وێدایه‌ ئه‌م ره‌وته‌ به‌بێ‌ باگڕاوندی فكری تۆكمه‌ قسه‌یان كرد، تاكو ئه‌و جێگه‌یه‌ی كه‌ ئایدیۆلۆژیا وای لێهات ئه‌و مه‌ترسییه‌ی نه‌مێنێ‌.

له‌سه‌ده‌ی رابردوودا كه‌سێكی وه‌كو (ئه‌نتۆنیۆ گرامشی) جارێكی تر به‌زمانێكی ره‌خنه‌ئامێزه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا و ره‌خنه‌ی له‌و ته‌رزه‌ رۆشنبیره‌ گرت كه‌ ئه‌و ناوی نابوون رۆشنبیری ئۆرگانی، ئه‌وانیش له‌چه‌شنی مه‌لا و قه‌شه‌ و مامۆستای كۆلكه‌ خوێنه‌وار و هتد ئۆرگانه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ڕێوه‌ده‌برد، به‌ڵام سیاسه‌ت كه‌ خۆی پێچه‌وانه‌كرده‌وه‌ و دژی خۆی وه‌ستایه‌وه‌ وه‌كو سیناریۆ، جارێكی تر ئایدیۆلۆژیا هاته‌وه‌ مه‌یدانه‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی كه‌ بڕوایان نه‌مابوو، ئێستا ئیتر به‌رگری لێده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ ئه‌و دژكارییه‌ی سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب و رۆشنبیرییه‌ به‌ گشتی و ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌.
هه‌ڵبه‌ت درووستبوونی ئه‌و فه‌زا درووستكراوه‌ كارێكی كرد كه‌ ئیتر نه‌ك نووسین و ره‌خنه‌ له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ت و جومگه‌كانی پاشه‌كشه‌ بكات، بگره‌ بێ‌ به‌ها بكرێت و هه‌ركه‌س به‌و جددیه‌ته‌وه‌ كار بكات، بكه‌وێته‌ به‌ر تانه‌ و گاڵته‌جاری ئه‌و سوپایه‌ی كه‌ وه‌كو ئه‌لته‌رناتیڤی رۆشنبیری خۆی نمایش كرد و قه‌بوڵیش كرا. (كۆڵن ولسن) له‌سه‌روه‌ختی خۆیدا كه‌ پشتگیری له‌ عه‌به‌سییه‌ت ده‌كرد، ئه‌وه‌ی به‌یانكرد كه‌ رۆشنبیر ده‌ستی هه‌یه‌ له‌پارێزگاریكردن له‌ ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، چونكه‌ ئه‌وان هۆشیارترن له‌وه‌ی سیاسییه‌كان به‌هه‌ڵه‌یاندا ببه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئێستا له‌ژێر چنگی رۆشنبیر ده‌ركراوه‌ و راده‌ستی به‌ناو رۆژنامه‌نووس و میدیاكار كراوه‌ كه‌ شاشه‌ی زیندووی له‌به‌رده‌سته‌، بۆیه‌ ئه‌و ئاشته‌واییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ش مه‌ترسی تێكه‌وتووه‌ كه‌ خه‌ڵك له‌و فه‌زا گوماناوییه‌ تێناگه‌ن به‌ رۆشنبیرییشه‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ناتوانین له‌یه‌ك كاتدا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مكه‌ بكه‌ین ئه‌گه‌ر چه‌ندین ره‌هه‌ندی جیاوازی پێناسه‌ نه‌كه‌ین.

پرسیار: زۆركه‌س كه‌ قسه‌ دێته‌ سه‌ر بابه‌تی فكری و مه‌زهه‌بی و هه‌ندێك جاریش ئه‌ده‌بی، باس له‌ئایدیۆلۆژیای نادیار ده‌كه‌ن كه‌ به‌ فۆرم به‌رگری له‌خۆی ده‌كات، به‌تایبه‌تی ئایدیای وه‌رزشی یان ته‌كنۆلۆژی، ئه‌مه‌یان چۆنه‌ كه‌ به‌بڕوای من كه‌متر قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌؟.

سمكۆ محه‌مه‌د: بڕوانه‌ من پێشتریش ئه‌وه‌م به‌یان كرد كه‌ ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ بزانین كه‌ ئایدیۆلۆژیا وه‌كو ئایین و فكر و سیاسه‌ت، به‌ته‌نها هێرشی نه‌هێنا بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی خۆی، تاكو له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تدا بمێنێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌مجاره‌یان كۆمپانیاكان بۆ ره‌واجپێدان به‌ كاڵاكانیان كه‌ ئینسان به‌ كاڵا كرا، ئایدیۆلۆژیاش ته‌كنۆلۆژیایان به‌رهه‌مهێنا و كردی به‌ ستایلێكی تر، له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر ئایدیۆلۆژیایه‌كی نوێیه‌ كه‌ وه‌رزش ه‌، چونكه‌ ئێستا نه‌وه‌كان له‌ململانێدا نیین وه‌كو سه‌ده‌ی رابردوو كه‌ كێشه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری و زانست و هتد بوو، ئێستا ململانێی نێوان گه‌نجان و دابه‌شبوونیان به‌سه‌ر یانه‌كانی به‌رشه‌لۆنه‌ و ریاڵ مه‌درید و بایرن میونغ و ئینته‌ر میلان و چێڵسی و هتد و ئه‌ستێره‌ی گۆڕه‌پانه‌كانیش كه‌سانی وه‌كو میسی و رۆناڵدۆ و هتد لێكه‌وته‌وه‌، له‌كاتێكدا ئه‌م فه‌زایه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌میش به‌رازیل و فه‌رانسه‌ و ئه‌رجه‌نتین و هتد، شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئیدیۆلۆژیایه‌كی نوێیه‌ كه‌ له‌رێگه‌یه‌وه‌ هه‌م ململانێكان ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ شه‌رعیه‌تێكی هێمنانه‌ و ئاشتیخوازانه‌ی چێژبه‌خش، هه‌م ره‌واجدان به‌ كاڵاو كه‌مالیات و ئیكسسواراتی وه‌رزشی و هه‌م كوشتنی ململانێی فكری، ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ له‌ كاتێكدا هاته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ سیستمی سه‌رمایه‌داری له‌ ته‌واوی دونیادا تێگه‌یشت به‌ته‌نها ئینتیمابوون بۆ حیزب و مه‌زهه‌ب به‌س نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێ‌ ئه‌لته‌رناتیڤێكی دیكه‌ بدۆزرێته‌وه‌ و درێژه‌ به‌ گه‌مه‌كان بدات كه‌ فۆڕمێكی جیاوازی هه‌یه‌، ئه‌ویش ئایدیۆلۆژیای پراكتیكییه‌.




کاتێک تۆڵەکە و لفکەشامی گرانترە لە پرچی ژن “کتێبی ملوانکە” و پرسی یەکسانی… نووسینی بەکر ئەحمەد

لە ٩ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٢، (مەلالە یوسف زەئی) بەردەسترێژی فیشيک دەدرێت و فیشەک بەر سەری و ملی دەکەوێت. تەقەکەرەکە چەکدارێکی سەر بە بزووتنەوەی تاڵیبانە و هۆی ئەم کۆششی تێرۆرکردنەی مەلالەدەگەڕێنێتەوە بۆ بڕیاری قەدەغەکردنی تاڵیبانەکانی پاکستان کە کچان نابێ بچنە قوتابخانە و مەلالەش بەبەردەوامبوونی بۆ چوون بۆ قوتابخانە، ئەم فتوای قەدەغەکردنە، پشتگوێدەخات.
بۆیەش هاتوچۆی مەلالەی بچکۆلە بۆ قوتابخانە بە خۆیی و کۆلەپشتەکەیەوە، ، لە ولاتێکی تردا کە تالیبانەکان هەژموونییەکی گەورەیان هەیە، کاتێک مەلالە دەڵێ: من هەر دەچمە قوتابخانە ، لە سەرتاسەری دنیادا دەبیسترێت.
“کاتێک هەموو دنیا بێدەنگە، تاکە دەنگێک بەهیز وکاریگەر دەبێت”. ئەم دەربڕینە کە بە یەکێک لە وتە جوانەکانی مەلالە دادەنرێت، لە دایکبووی ئەم دۆخەیە کە من زۆر بە کوورتی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا.

بە کورتییەکەی: لە بێدەنگی دنیایەکدا ، نووزەیەکی بچکۆلە وەک بۆمبا دەنگی دێ.
هەلومەرجی ژنان لە کوردوستاندا، ئەگەر لە زۆر رووەوە لە گەڵ پاکستان و ئەفغانستاندا جیاوازی هەبێت، بەڵام لە زۆر ڕووی ترەوە، لە گەڵ سیستەمی جەندەری تاڵیباندا، جیاوازییەکی ئەوتۆییان نییە. هات و هاوار و زریکەی ژنکوژی کورد لە مڕۆدا هەر بە تەنها زریکەیەکی لۆکالێ نییە کە لە کوردستاندا دەبیسترێت، بەڵکو ژنکوژی پیاوی کورد لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستاندا، سەر دیڕی رۆژنامەکانی ئەوروپایە.
لە ناو دنیایەکی قاندراو بە سیاسەت و کولتور و ترادیسۆینی دژەژنی کۆمەلگای کوردیدا، لە جیهانێکدا کە:
لێرە تۆلەکە هەرزانترە، یان قژی پێرەژنێ؟
لفکە شامی گرانترە یان مەمکی بێوەژنێ؟
یەک تاڵە مووی سمێڵی خێڵێک
بەرابەر چەند زریکەی ژنە؟
شاعیرێک دێت و لە ناو ئەم دارستانی قریشکە و هاوارەدا، کە بە بێدەنگییەکی گەورە دەووردراوە، دەیەوێ ئەو دەنگە بێت کە تەلیسمی بێدەنگی بشکێنێت و مەلالە ئاسا، دڕ بە جیهانی بێدەنگی بدات.بەلام سەیر ئەوەیە لەگەڵ بەهێزی دەنگی ئەویشدا، کۆمەلگا و ئیلیتە خوێندەوارەکەی ، دەنگی ئەویش لە بێدەنگییەکی گەورەترەوە دەپێچێت و لە بەرانبەر ئەم دەنگەدا کە دەبوایە سەرنجی بۆ جیهانی کەڕ ولاڵی کۆمەلگا رابکێشایە، ئەویش بە بێدەنگی دەسپێردرێ.

“کتێبی ملوانکە”ی شیرکۆ بێکەس (١) لەگەڵ دەنگی یەک بەیەکی موور و سوورا و ملوانکە جۆراوجۆرەکانی ناویدا کە مێژووی ئەم دارستانی هاوار و مامەلە تاڵیبانئاسایەی کۆمەلگای کوردیە بەرانبەر بە کچ و ژنەکانی و دەیەوێ بۆ ساتێک لەبەرانبەریدا ڕاوەستین، کەچی زۆر بێدەنگ تێدەپەڕێت و نیگایەکی ناچیتە سەر. بەوەی شێرکۆ یەکێک لە ناوە هەرە گەورەکانی شیعری کوردییە و بەرهەمەکانی خوێنەرێکی زۆری هەیە و نووسین لەسەر بەرهەمە تازەکانی کاریكی ئاسایی بووە، بەڵام لە بەدبەختی ئەم پیاوەدا، چۆن دۆزەخی قاندراوی ژنانی کورد کاتێک وەک تایتڵی رۆژنامەیەک باسیلێوەدەکرێت و هیچ دەنگێک دروستناکات، بە هەمان شێوەش ئەم بەرهەمەی شێرکۆ، وەک دەنگی پالەوانەکانی ناو کتێبەکە، بە فەرامۆشی دەسپێردرێت و جەدەلێک لەسەری دروست نابێت.
کۆششی من لەم نووسینەدا، سەرنجدانە لە یەکێک لە بەهێزترین کۆمەلە شیعری شیرکۆ بێکەس کە ناکرێت هەروا بە بێدەنگی بەسەرماندا تێپەڕێت.

دەنگی ناو شیعر

سەرەتا قەسیدەکە بە کۆمەلێک دەنگ دەستپێدەکات وەک : دەنگی ملوانکەیەکی زەیتوونی عاشق، دەنگی سووراوی لێوێکی جوان و ئازا. بەڵام شێرکۆ سەرتاپای قەسیدەکە دەداتە دەست دەنگی ملوانکەیەکی لەش شینی چاوسەوز کە هێشتا :” زیندووە و نەوەی تازەی گووناهەکانە و دەیەوێ هەموو خواوەندە نێرەکان و هەموو پەیامە نێرەکان لەبەردەم پرسیاردا ڕابگرێ و سەرلەنوێ ژیان بنووسێتەوە. “
شێرکۆ لیرەدا دەنگی خۆی دەداتە دەست ئەم ملوانکەیە و بە وتەی خۆی:” ئەگەر پێویست بێ پالەوان هەبێ، ئەم ملوانکەیە پاڵەوانی ئەم دەقەی ئەوە.”
ئەم ملوانکەیە کاتێک ساڵ و مێژووی لە دایکبوونی خۆی دەگێڕێتەوە دەلێ:
لە توخمی مێم
خەڵکی زەریام
لە دایکەوە بە بنەچە
دەچینەوە سەر خەونەکانی مەرجان و
لە باوکەوە
ئەچینەوە سەر خێڵەکانی مرواری

لەیەکەم ڕۆژی دەرهێنانی ئەم مراوریەوە، یەکسەر ئەو جوداسازییەی کە سیستەمی جەندەری کۆمەلگا لە پەیوەند بە دروستکردنی نێرێتی و مێیتی لە کۆمەلگادا دەبێ پەیڕەوی لێبکرێت، دەکەوێتە کار.
ئەو دەمەی هاتمە سەر زەوی و
بۆ یەکەم جار هەتاو لییدام
بریقەیشم نزیک نزیک
دای لە چاوی چوار پێنج پیاوێ و
کە زانییان بەردێکی مێم
ئەوسا ئیتر سمێڵیان کەوتە پێکەنین
هەر بەباوەش هەڵیانگرتم و ماچیانکردم و
لە بەردی نیریان دابڕیم.
کاتێک ئەم مراورییە جوانە دەکرێتە ملوانکە و دەفرۆشرێت و لە سەر رەفەی کۆگایەکی شووشەبەندی سەر شەقامێکی گشتیدا ، لەگەڵ چەند ملوانکەی تردا داەدەنرێت بۆ کڕیاران، ئەوسا یەکسەر هەست بەو جوداسازییە گەورەیە دەکات کە چۆن ڕۆلەکان بەسەر نێرێتی و مییەتی لە کۆمەلگادا دابەشدەکرێن و چاوەڕوانییەکانی کۆمەلگا لە بەرامبەریاندا چۆنە و چۆنیش نێرەکان و مێیەکان دەکەونە ناو تۆڕێکی گەورە لە مامەڵەی جووداوە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیاندا. ژیانێکی نوێ کە جیاوازییەکی گەورەی هەیە لەگەل ژیانی ژێر ئاودا کە هەستی دەکرد، قسەکانی ژێر ئاو نەرمن و پەیوەندییەکانی نێوان نێر و مێ وەکو یەک وان.

شیرکۆ وەستایانە لە ڕێگەی دانانی مووکێشێکی پیاوانەی سەر زل و قاچ خوارەوە، زنجیرێکی سەعاتی پیاوانەی دەروون پڕ گڕێوە، گوێزانی ڕیشتاشین، قەڵەمبڕ، قایشی کەمەر و مقەستی بەر سمـێڵ، بۆینباخێکی سوورفڵی دڕێژەوە، لە رەفەکانی دیکەی دوکانی ” مێلاقە”دا، ئەو جیهانە دەسازێنێ کە تەنها ژن دەتوانێت هەست بە بوونییان بکات و ڕەفتارییان بخوێنێتەوە.
ئەوەتانێ بۆینباخە سوورفڵەکە: بەدەنگی بەرز، پیادەرۆی سەرشەقامیش گوییان لێێە، ئەکەویتە تالیق لێدان: مێ بۆ بێدەنگی و مووبەق و ناو پێخەف و هیچی تر نا”
بەڵام سەررەفەکانی ئەم کۆگایە، هەر شوێنی ئەم جۆرە لە فیگۆری پیاوانە نین تا دۆزەخێک بۆ ماسکارا و سووراو ملوانکەکانی دیکە بخوڵقێنن.
بەڵکو شووشەبەندی لێیە بە پاندانەکەی تەنیشتی هەر خەریکی شتنووسینە، عەینەکێکی چاوباشقاڵی قۆزی ڵییە هەر گۆرانییان بۆ دەلێ. بۆیە لە هیچ شوێنێکی تێکستەکەدا خوێنەر ناتوانێ “کتێبی ملوانکە” بکاتە مانیفێستێکی دژی پیاوان و پێیوابێ ئەم تێکستە لە دیدگایەکی ئەنتی پیاوبوونەوە نووسراوە.
شێرکۆ لەم تێکستەدا، لە ڕێگای ئەو وێنە شیعریانەوە کە بە مقەست یان مووکیشێکی دەدات تەواوی ئەو نۆرم و بەها کۆمەلایەتی و چاوەڕوانیاننەی کە کۆمەلگا لە ناو سیسیتەمە جەندەرییەکەی خۆیدا دەستنیشانی کردوووە بۆ ئەوەی کە نێربوون و مێبوون دەبێت چۆن بێت، وەستایانە دروستدەکاتەوە.

“لین ئولمان” لە رۆمانی ” (بێقەراران)دا کە بیوگرافیەکەی شەخسییە سەبارەت بە باوکی خۆی کە “ئینگمار بێریمان”، لە پاساژێکی تایبەتیدا ئاماژەیەکی سەیر بە عادەتێکی ئەم گەورە دەرهێنەرە جیهانییە دەدات کە ناوهێنانی جێگای سەرنجە لە پەیوەند بە خوێندنەوەی شێرکۆ بۆ چەمکەکانی نیرێتی و مێیتی لە قەسیدەی “کتێبی ملوانکە”دا. ئولمان دەنووسێ: باوکم لە هەفتەیەکدا چەند خولەکێکی دادەنا بۆ ئەوەی ببێتە کەسێکی دی. ئەمە نەک بە مانای ڕۆچوونە ناو ناخی خۆوە بۆ ئەوەی بزانێ فڵانە ڕۆڵی سینەمای چۆن دەکرێ نمایشبکرێت و چ شتێک لە کاراکتەرێکی وەک کابرایەکی قەسابدا هەیە کە دەکرێ سەرنجی بدرێتێ، بەڵکو لەو گۆشەنیگایەوەی کە ئەگەر ئەو بۆ ماوەیەکی کورتیش کەسێکی دیکە بێت، چۆن هەست بە ژیان دەکرێت.
بە کورتییەکەی: ئەگەر بۆ ساتێکیش ئینسان چاوەکانی دابخات و پێیوابێت بۆ ماوەی چارەکێک تۆ منداڵێکی دەستگێڕی سەر شەقامی شارێکیت، تۆ هەست بەچی دەکەیت. بە بڕوای من ئەم عادەتە هەفتانەییەی (بێریمان) لووتکەی ئینسانی بوونی کەسێک نیشاندەدات بۆ ئەوەی لە چاوی کەسێکی دیکەوە سەرنج لە ژیان بدات.
نیگایەک کە هەموومان پێویستمانە تا لە بەر نیگاکانی “ئەوی دی”دا کە ڕووبەڕوو لەبەرچاودا نییە، بتوانیت سەرنج لە خۆت بدەیت، هەست بەوە بکەیت کە ئەویدی هەستی پێدەکات .
بۆیە کاتێک شیرکۆ بێکەس لە ” کتێبی ملوانکە” دا دەنووسێت

درەنگە و درەنگە و ئەمەوێ
“با”ی قسەی گیرخواردووی مێینەم
ڕاچڵەکێ و هەڵکات و
دابچێ و بمرێت و…..
وەک دەنگی سپی ملوانکەیەکی زەیتوونی عاشق تۆماردەکات بەرلەوەی بە پەتەکەی خۆی بیخنکێنن، زیاتر وەک دەنگی مێینەی ناو کەسی خودی شێرکۆ دێتە دەر و شێرکۆ لەم شاکارە جوانەیدا ڕێک ئەو کارە دەکات دەکات کە “ئینگمار بێریمان” هەفتانە خەریکی بوو.
بەڵام وەک چۆن موکیش و سەعات و بۆینباخی ناو ئەم کۆگایە دەفرۆشرێن و دەکەونە لای کەسانی دی، ئەم ملوانکە چاوشینەی ناو کۆگای مێلاقەیش لە لایەن مامۆستایەکی کچەوە دەکڕدرێت و لە یەکەم چرکەساتی چوونە ناو جانتاکەی شانییەوە، لەگەڵ دەستەخوشکەکانی دیکەی ناو جانتاکەدا، دەکەوێتە ناو ئەو جیهانەوەی کە ئینسانی کچ لە کۆمەلگای کوردیدا ، چ لە ماڵ و چ لە دەرەوەدا رووبەڕووی دەبێتەوە.
کتێبی ملوانکە، بە جیا لە دەیەها چەخماخەی شیعری نازدار کە بەندت دەکەن و راتدەگرن تا لە بەرانبەریاندا ڕاوەستیت، سەفەری ئەم ملوانکەیەیە کە لە رێگای هەلگرەکەیەوە تا جیهانی ژنبوون لە کۆمەلگای کوردیا نیشانبدرێت.
بەڵام بۆ ئەوەی ئەم چیرۆکە بە تەنها گێرانەوەی ملوانکەیەکی تەنیا نەبێت و لە سنوورەکانی تاکەکەسی ژیانی هەڵگرەکەیدا قەتیسنەبێت، بولبولی مەدالیای سەربەرۆکی خانم و قەلەمی برۆ و متومووروەجۆراوجۆرەکانی دیکەی خانم کە لە شەواندا دەچنە دەرێ و سەر بەو کونج و کەلەبرەرانەی دیکەی شاردا دەکەن تا بزانن ژنانی دی چۆن دەژین. بەمەش شیرکۆ فەزایەکی فراوانتر لەبەرانبەر خوێنەردا دەکاتەوە تا تراژیدیای ژن بوون لە کۆمەلگای ئێمەدا، لە رووبەریکی فراوانتردا نیشانبدات.

لە “کتێبی ملوانکە”دا شیرکۆ دەست لە هیچ ناپارێزێ. یەک بە یەکی ئەو جومگانەی کە ژێردەستەیی ژن بەرهەمدەهێننەوە دەخاتە بەر نیگای شیعر.
“باوکم هەر خۆی نییە، یەک لەشکری تەیاری لە ژمارەنەهاتووی هەموو سەدەکانی لەگەڵە. لەشکری خودا بە هەڕەشەی دۆزەخێکی هەمیشە نێڵەنێڵ سووتاوەوە. باوکم هەر خۆی نییە، هەرچی دێوجامەی هەزارساڵەی کولتووری ڕاوە لای ئەوە. باوکم وەک خودا بێباکە و چوون دەمی شمشێری هەڵکێشراو لەبەر سوورە هەتاودا بریقە بریقیتی. ئەو مووی ریشی لە ئاوی شەرەف هەلکێشاوە، بۆیە پیاوە. باوکم کتێبی نامووس و حەیای لەناوگەڵدا داناوە و لە چاوی ئەو کونانەوە تەماشی دنیای فانی دەکات. قانوون لەو بووە، جەلدە وەچەی ئەوە. باوکم تۆلەیەکی ئەبەدییە و جەنگێکی بێ کۆتایی. باوکم پیاوە پیاو، سمێڵە سمێڵ، باوکم خەنجەرە خەنجەر. باوکم هەر خۆی نییە، نیشتیمان لە پشتییەوە ئەڕواو مێژوو نووکتەی بۆ دەگیڕێتەوە و حەیاو حورمەت کڕنووشی بۆ ئەبا”
لەم کتێبیەدا، جومگەگەلێکی زۆری ژیانی ژنان تیشکییان دەخرێتەسەر، بەڵام شەرەف و خەنجەربوونی باوکێک کە ئەگەر ژیانی شارنشینیشی بۆ خۆی هەلبژاردبێت، هیشتاش نەیتوانییەوە دیوجامەکانی کولتوری ڕاوی لێبسەنێتەوە، لە سووچ و بەسەرهاتی جۆراوجۆری پاڵەوانەکاندا دێتەوە بەر باس.
ئاخر لە راستیشدا بناغەیتریتن پرسیارێک لە کۆمەلگای کوردیدا لەبەرامبەر پرسیارەکانی یەکسانیدا، لە دەوری مافەکانی ژنان چەقی نەبەستووە. بەلکو لەسەر خودی مافی مانەوەی ژنە کاتێک شەرەف بە جۆرێکی دیکە هێنرایە پێناسەکردن کە لەگەڵ پێناسەکەی باوکدا یەکناگرێتەوە. دەکرێ ژن بەڕێوەبەری گەورەترین کۆمپانیا بێت ، ئەندامی پەرلەمان بێت یان کچێکی شوونەکردووی ماڵ بێت، کاتێک قاچ لەو دیو سنوورە پێناسەنەکراوەکانی کولتوری شەرەفەوە دادەنرێت، ئەوسا سەرتاپای مافەکان هەرەسدەهێنێت و ژیان خۆی لە مەترسیدایە. بۆیە پرسی یەکسانی لە کوردوستاندا، لە دەوری فراوانکردنەوەی پانتاییەکانی ماف نییە لە ژیاندا، بەلکو لە پلەی یەکدا بەرگریکردنە لە خودی مانەوە، لە خودی بوون و نەبوونی ژن.
جەندەر و رژێمی جەندەر لە کتێبی ملوانکەدا

شیرکۆ لە زۆر قەسیدە و بۆنەی جۆراوجۆردا شیعری بۆ ژنان نووسیوە، بەڵام لە هیچ شوێنێکدا ئاوا خوێندنەوەیەکی سیستیماتیکییانەی بۆ پرسی یەکسانی و خستنە ژێر پرسیاری ئەو سیستەمە جەندەرییەی لە کوردستاندا کاردەکات نەکردووە.
کتێبی ملوانکە، پرۆژەیەکی کامڵی شاعیرێکە کە دەیەوێ پرسی یەکسانی لە پرۆژەیەکی سەرتاپاگیردا و لە نیشتیمانێکی دروستکراوی دیکەدا بسازێنێتەوە کە سنووری نیوان ڕەگەزەکان جێگایەکی ئەوتۆ لە ژیانی رۆژانەیادا داگیرنەکات و ئینسانبوون پێوەری بەهرەمەندبوونی ئینسانەکان بێت نەک نێر یاخود مێ بوون.
ئەگەر شێرکۆ لە قەسیدەی “ئێستا کچێک نیشتیمانمە” بە شوێن نیشتیمانێکی ترەوەیە بۆ ژیانی ئینسانەکان کە دوورە لە پێناسە ناسیونالیستییەکان ، ئەوا لە “کتێبی ملوانکە”دا، کچەکانی نیشتیمان دەخاتەوە ئەو شوێنەی کە نیشتیمانی تازە دەخوازێ چۆن بن. شێرکۆ بەم هەنگاوەی گورزێکی کوشندە لەو درۆ گەورەیە دەدات کە لەناو بزووتنەوە ناسیونالیستییەکانی دنیادا رەواجیپێدەدرێ کە گوایە: تا نیشتیمان ڕزگار نەبێت، رزگارکردنی ژنان مەحاڵە. کتێبی ملوانکە چەند ساڵێک بەر لە نووسینی “ئێستا کچێک نیشتیمانمە” نووسراوە و پەیامی دێر بە دێری حەکایەتی ملوانکەکان هیچ شتێک نییە جگە لە دەستکاریکردنێکی رادیکالانەی شیعری بۆ پەیوەندی نیوان یەکسانی و رزگاری ژنان لەگەڵ رزگارکردنی نیشتیماندا.
سەیرێکی ئەم نەخشە رەنگڕێژکراوەی شیرکۆ بکەن بۆ خوێندنەوەی ئەو سیستەمی جەندەرەی لە کوردستاندا کاردەکات.
“لێرە. لێرە. لێرە، شت ومەک بێ و کەل و پەل بێ و هەرچییەک بێ کە بینیمن من دەزانم نێرن یان مێ: دیوار نێرە، شەقام نێرە، درەخت مێیە و کۆلانی تەنگ و باریکیش زۆربەیان مێ. بەهار و هاوین نیرینەن. پاییز و زستان میینەن. رۆژ نێرە و شەو مێ. ئاگر نێرە و خۆلەمێش مێ. نهۆمەکانی سەرەوە نێر و ژێرزەمینیش زۆربەیان مێ. شاخ نیرە و دۆلەکان مێ. لێرە. لێرە. لێرە: ئاو مییە و بەربەست نێرە. هەڵم مییە. ماسی مێیە و چەشەیش نێرە. باران مێیە. باخچەکان مێن. سپی مێیە و سووریش نێرە. سروودەکان هەموو نێر و بەستەکانیش زۆربەیان مێ. دوولەسەر سێی ئازارەکان مێینەن و حەرام مێیە و حەڵالیش نێر. بەشی زۆری سێبەرەکان میینەن و بەشی زۆری فەرمانەکان نێر. خودا نێرە و عەرشەکەی مێ. هەموو مافوورەکان مێن و هەموو کورسییەکان نێر.هەموو تەنافەکان مێن و هەموو گیرەکان نێر. بەفر مێیە و ڕەشەبا نێر. دووکەڵکێشەکان زۆربەیان مێن و نێڵەنێڵی ئاگری توونییش زۆربەیان نێر. جگەرە نێرە و تەپلەکی جگەرە مێ. لێرە. لێرە. لێرە، بەرگی پێشەوەی هەموو کتێبەکان نێرن و بەرگی دواوەیش مێ. گڵۆپی ترافیکەکان هەموویان نێرن و خەتی پەڕینەوەی سەر شەقامەکانیش هەمووین مێن.
وشە مێیەو تەباشیر مێیەو لاستیکی خەتکوژانەوە و تەختەسڕ نێر. لێرە هەموو مەتنەکان نێرن و هەموو پەراوێزەکان مێ.تەلەفیزیۆن نێرە و مێزەکەی ژیریشی مێ. لێفە نێرە و دۆشەک مێ. پەنجەرەکان مێن و پەردەکانیان نێر. هەموو ماشێنەکان نێرن و هەموو پارکەکان مێ. چادرەکان نێرن و پەردە و کوللەکان مێ. تابلۆکان مێن و چوارچێوەکان نێر. دەسکەوان دەسکەکەی نێرە و خۆیشی مێ. دەرزی نێرە و دەزوو مێ. شیعر مێیە و سانسۆر نێرە. گێژاو نێرە و بواری هێوریش مێ. لافاو نێرە و داروپەردووی سەرئاوکەوتوویش مێ. بوومەلەرزە نێرە و وێرانەیش مێ. بزە مێیە و مۆڕەیش نێرە. لێرە. لێرە. لێرە: ژیان نێرە و مردن مێ. “
لە لێکۆلینەوە ئەکادیمیەکاندا، جەندەر بە رەگەزی کۆمەلایەتی پێناسە دەکرێت. نەک رەگەزی بایۆلۆژی (٢) بۆ نموونە بەوەی کە دارا نێرە و زارا مێیە گوایە یەکەمییان مەمکی نییە و دووەمیان هەیەتی.
واتا جەندەر ئەو جۆرە لە رەگەزە کە لە باری کۆمەلایەتی و کولتورییەوە رۆژانە دروستدەکرێتەوە. بەوەی کە کۆمەلگا چ چاوەڕوانییەکی لە رەگەزەکان هەیە، چ نۆرم و عورف وعادەتێک دەبێ پەیرەوی لێبکرێت و نێرو مێبوون لە کۆمەلگادا دەبێ چۆن بێت. ئەم جۆرە لە رەگەز، پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە رەگەزی بایۆلۆژییەوە نییە و کۆمەلگا خوڵقاندوویەتی. سواری پاسکیلبوون تا رۆژگارێکی کەمێک دوور نا کردەیەکی کوڕانە بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە ناوگەڵی ئینسانەکانەوە نەبووە و نۆرم و بەها کولتوورییەکانی کۆمەلگای کوردی دروستیکردووە. ئەم جۆرە لە رەگەزی کۆمەلایەتی کە لە ناو کولتور و پەیوەندییە کۆمەلایەتییەکاندا دروستدەکرێت، پییدەوترێت. رەگەزی جەندەر.
ئەم بەها جۆراوجۆر و چاوەڕوانییە جۆراوجۆرانەی کە لە رەگەزەکان دەکرێ لە هەوادا ڕوونادات و پەیڕەوی لە سیستەمێکی جەندەری دەکات کە پێێ دەوترێت رژێمی جەندەر. (ئیڤۆن هیردمان)، ژنە مێژوونووسی سویدی ئاوا بەشێک سترۆکتۆرەکانی ڕووندەکاتەوە:” رژێمی جەندەرخاوەنی دوو خەسڵەتی تایبەتە کە کاریگەری لەسەر پەیوەندییە جەندەرییەکانی کۆمەلگا دادەنێ. یەکەمییان هیرارکییەتە و دوومیان توخمێکی لێکجیاسازی.، دیکۆتۆمی” (٣))(دیکۆتۆمی بە مانای دابەشکرنی یەکەیەکە بەسەر دوو بەشی لەیەک جیاوازدا کە هیچ شتێکیان لەیەک ناچێ).

(ساندرا ‌هاردین) سێ رەهەندی دیکە بۆ جەندەر دادەنێت کە لە ئاستەکانی فەرد و سترۆکتۆر و رەمزیەتدا دەکرێ ئاماژەیان پێبدرێ و هەریەکە و بە جۆرێک لە برەوپێدان و کەمکردنەوەی ئەم رژێمی جەندەرەدا کاریگەری دادەنێ. (هەمان سەرچاوەی پێشوو).
لە ئاستە سترۆکتۆریەکەیدا دەکرێ سەرنجێ لە سیستەمی کاردابەشکرنی ناو کۆمەلگا بدرێت کە چۆن سیستیماتیک کار و سێکتەرە جیاوازەکان لەسەر بنەماکانی نێر و مێبوون ڕەنگرێژدەکات. بۆ نموونە سایەق تاکسی و نانەوایی هەر کارێکی پیاوانەیە و لە دایەنگادا کارکردن پیشەی ژنە.
لە بارە رەمزییەکەیدا ئەم سیستەمی جەندەرییە لە زماندا خۆی نیشاندەدات. ژن ناسکە و پیاو ڕەقە. پیاو ئازایە و ژن ترسنۆک.
لە ئاستە فەردییەکەیشیدا ، ئاستی خوێندنی تاک وپەروەردە و چوارچێوە کۆمەلایەتییەکەی تاک کاریگەرییەکی تایبەت لەسەر ئینسانەکان دادەنێ کە چ تێروانینێکی لەسەر رژێمی جەندەر هەبێت.
کاتێک بەم کەمە زانیارییەوە لەسەر رژێمی جەندەری کۆمەلگا سەرنجێک لەم وەسفکردنەی شێرکۆ بێکەس دەدەیت بۆ چیرۆکی :” لێرە. لێرە. لێرە، شت ومەک بێ و کەل و پەل بێ و هەرچییەک بێ کە بینیمن من دەزانم نێرن یان مێ”، ئەوسا هەستدەکرێت شێرکۆ چەند چاوتیژانە ئەم نەخشە جەندەرییە لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی، سەردەستەیی و ژێردەستەیی ژن و پیاو وەک بەشێک لە هیراکییەتی سیستەم و لێکجووداسازی بە رەهەندە فەردی و رەمزی و ستراکتۆرییەکەیەوە پیشانی کۆمەلگایەک دەدات کە نایەویت بیبینێ.

لە “کتێبی ملوانکە”دا، شیرکۆ ڕۆڵی ئایین لە تراژیدیای دەنکە مرواریەکانیدا بە زەقی نیشاندەدات، بەلام لە گەلیک شوێندا بە زمانێک دەدوێ کە هێندەی پرسیارکردنە، کەمتر پەنجەی تاوانبارڕاکێشانە لە بەرانبەریدا. بەمەش بەرلەوەی جەنگێکی ئایدیلۆژی لەبەرانبەر ئایندا بەرپاکات، دیدێکی ئیکۆلۆگیانە دەخاتە بەردەم لەچکداری لە کۆمەلگاکانی رۆژهەلاتدا.

بڕیارماندا سەردانی “لەچکەکان” بکەین
پێیان بڵێین:
ئاو وهەتاو ومانگەشەو
کلووی بەفر، دەنکە تەرزە،
سروەو جریوەی ئەستێرە و
شەبەنگەکان
نمەی باران
هەر هەموویان لێیان زیزن
چونکە ئەوانن ناهێڵن
بگەنە لای سەروقژییان.

بەڵام دەنکە مرواری ملوانکەی خانم، لە ناو هاواری جەنگ ودەنگی حەڵال و حەرامەکاندا و ئومێدی گۆرانییەکی نوێدا، دەکرێ مەئیوسانە دانیشێت و پێیوابێ
کە : یەکسانی چییە؟
جگە لە دووکەڵی جگەرەیەک کە ئەویش هەر پیاو
بە (با)ی ئەدا.
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی کەسایەتی شیرکۆ، جگەرەکێشانی لەرادەبەری ئەوە. ئەگەر ورەبەردان و بێهیوایی یەکێک لە پالەوانەکانی کتێبی ملوانکە دەخاتە سەر ئەو دەربڕینەی سەرەوە، ئەوا دەتوانم بڵێم شیرکۆ وەک پیاوێک لە کتێبی ملوانکەدا ، هەر هەموو ئەو جومگە سەرەکی و لاوەکییانەی کە نایەکسانی بەرهەمدەهێنێتەوە، لەگەڵ دووکەڵی جگەرەکەیدا بە بایدەدا و جوانترین سروودی یەکسانیمان بۆدەچڕێ.
“کتێبی ملوانکە”، شایەنی ئەوەیە لە هەموو ماڵێکدا هەبێ، بە تایبەت لە کاتێکدا کە حەکایەتی رێزلێگرتن لە ژنان لە ژێر دەربڕینی :”بەهەشت لەژێر پێی دایکدایە” لەسەردەستسالارییەکی گەورەدایە و پرسیاری ئەوەی بۆ پێی ” پێ نادرێ تا پێی بڕوا و تا پێی بگات” پرسیاری یەکەمی ملوانکە و دەنکەکانیەتی.

١ شیرکۆ بێکەس، کتێبی ملوانکە، چاپخانەی ڕەنج چاپی یەکەم ساڵی ٢٠٠٧

2- http://www.normbryt.se/vad-ar-egentligen-genus/
3- http://www.genus.se/wp-content/uploads/pub_-Genusperspektiv-pa-vardvetenskap.pdf sid 16-17

نووسینی بەکر ئەحمەد
٢٤ی ئەوگوستی ٢٠٢٠




زوانی دروستکراو لە ڕۆمانی خەیاڵی زانستیدا -9- … گۆران سەباح

بەشی نۆیەم

داهێنان لە ڕۆمانی خەیاڵی زانستی (خەز)دا نابڕێتەوە. لە هەشت باسی پێشوودا، شرۆڤەی توخمەیل و تەکنیکەیلی نووسینی (خەز)م کردووە. ئێستە نۆرەی زوانە (زوان واتە زمان، با زمانی ناو دەم و زمانی قسە/نووسین لە ڕووی زاراوەسازییەوە لێک جیا بکەینەوە).
نووسەرەیلی کورد دروستکردنی زوانی نێو ڕۆمان پشتگوێ دەخەن. هیچ بایەخێکی پێ نادەن. ئەو زوانەی پێ دێتە نووسین نا، ئەوەی کارەکتەری هەسارەی تر یان کولتورەیلی تر قسەی پێ دەکەن. ڕەنگە بڵێن ئێمە زوانی نووسینمان زۆر لە پاشە و تا ئێستە زوانێکی یەکگرتوومان نییە، چ جای زوانی کارەکتەری نێو ڕۆمان. ئەوەش ڕاستە. پەڕپووتی و پەرتەوازەیی زوانی کوردی ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر هەموو ژانرەیلی ئەدەبی کوردیدا هەیە. با ئەم باسە بۆ کاتێکی تر بێت.
هیچ ڕۆمانێکت خوێندووەتەوە گەلێک یان کولتوری هەسارەیەکی تر، یان دانیشتووانی جێیەکی دوورە دەستی زەوی بە زوانی تایبەتی خۆیان قسە بکەن؟ بێ شک فیلمی ئەڤەتارت بینیوە. گەلی نایڤی (Na’vi) لەسەر مانگی پاندۆرا دەژین، سێ مەتر درێژن، پێستیان شینە و لە مرۆڤ دەچن.
ناڤییەکان بە زوانی ناڤی قسە دەکەن، لە هیچ زوانێکی مرۆیی ناچێت. پرۆفیسۆر پۆل فرۆمە، دکتۆرای لە زوانەوانی هەیە، زوانەکەی تایبەت بۆ فیلمەکەی جەیمس کامیرۆن دروست کردووە. وەک زوانی، بۆ نموونە کوردی، ناڤی یاسای ڕێزمانی هەس. سەرەتا تەنێ هەزار وشە بوو، دواتر فرۆمە کردی بە ٢٩٠٠ وشە. ئێستە زوانێکی ڕاستییە و وەک هەر زوانێکی تر مرۆڤ دەتوانێت فێری ببێت.
دروستکردنی زوان بۆ ڕۆمانێک بەقەد نووسینی ڕۆمانەکە ئەستە. ناڤی فۆنەتیک و سیستمی پێشگر و پاشگریشی هەیە. هەموو توخمێکی زوانەوانی تێدایە. باشە دەکرێ خەزنووس بەو سەرئێشەیەدا بچێت، خۆ کاری ئەو دروستکردنی زوان نییە؟ دەکرێ و پێویستیشە، بەتایبەتی بۆ خەز. دەبێ خەزنووس لە هۆردوو زوانەکەدا داهێنەر بێت. ئەو زوانەی ڕۆمانەکەی پێ دەنووسێت و ئەوەشی کە کارەکتەرەیلی نێو ڕۆمانەکە قسەی پێ دەکەن.
وەک گوتم، جارێ باسی زوانی نووسینی ڕۆمان ناکەم.
ئەگەر خەزنووس هیچ زانیاری نەبێ لەسەر چۆنێتیی دروستکردنی زوانی کارەکتەر، دەتوانێ لە رێگەی خوێندنەوی رۆمانی تر بیرۆکە وەرگرێت، یان لە قۆناخی لێکۆڵینەوە و گەڕاندا دەتوانێت سۆراخێکی ئەویش بکات.
بە ڕای من چوار ڕێ هەن بۆ دروستکردنی زوانی کارەکتەری خەز. لەبەرئەوەی هیچ یاسایەک نییە بۆ نووسین و ستایلی ڕۆمان، ناشبێت هیچ یاسایەک هەبێت بۆ داهێنانی زوانی ناو ڕۆمان. بوونی یاسا واتە کۆتوبەندکردنی خەیاڵ. لە بیرمان نەچێت ئێمە باسی ڕۆمانی خەیاڵی زانستی دەکەین. ئەم چوار ڕێیەی لە خوارەوە باس دەکەم ئەنجامەیلی تێبینی خۆمن دوای خوێندنەوەی دەیان خەز.
ڕێی یەکەم: وەک جەیمس کامیرۆن دەتوانی گرێبەستێک لەگەڵ پسپۆڕێکی زوان بکەیت. ڕایسپێری زوانێکت بۆ دروست بکات بگونجێت لەگەڵ چەشەی خەزەکەت.
ڕێی دووەم: دەتوانی بۆ خۆت کۆمەڵە یاسایەک دابنێی و وشە دروست بکەیت. مەرج نییە وەک زوانی ناڤی سێ هەزار وشە بێت. نا. دەتوانی هەر ئەو وشانە دروست بکەی پێوستن بۆ گفتوگۆ.
ڕێی سێیەم: دەتوانی دیالێکتێکی ونبوو لە زوانی دایک یان هەر زوانێکی تر بێنی و زیندووی بکەیەوە، بەس بە دەستکارییەوە.
ڕێی چوارەم: دروستکردنی زوانێک بە بێ مەرج و یاسا و پسپۆڕی. واتە هەڕەمەکی.
کام ڕێ لەوانی تر باشترە؟ هیچیان لەوی تر باشتر نین، بە ڕای من دەوەستێتە سەر ڕادەی بەکاربردنی زوانەکە. بێو وەک گەلی ناڤیی فیلمی ئەڤەتار گفتوگۆی زۆر تێدا بێت، باشترە ڕێی یەکەم یان سێیەم بێتە بەکاربردن. ئەگەر یاسا لە زوان نەبوو، ئەوا هەڵەی زۆری تێدا دەکرێت و ڕۆمانەکەت کرچوکاڵ دەکات. بێو کارەکتەر چەند دێڕێک بڵێت و تەواو، ڕەنگە پێویستت بەو سەرئێشەیە نەبێت. دەتوانی زوانێک بە هەوەسی خۆت دروست بکەیت.
من لە ڕۆمانی نوێمدا (ساڵی دابێ دێتە بڵاوکردنەوە) ڕێی چوارەمم بەکاربردووە چونکە گفتوگۆی زۆر نییە و لێم تێک ناچێت. هەرچەندە دوو زوانی جیاوازی تێدایە بەڵام کەم هاتوونەتە بەکاربردن. یەک چت زۆر گرینگە لەکاتی بەکاربردنی ئەم ڕێیە: ڕەچاوی ئاواز و فۆنەتیکی زوانەکە بکە، دەبێ لەگەڵ سەلیقە، ڕیتم و کەشی ڕۆمانەکە و کەسایەتیی کارەکتەرەیل بێنەوە. ئەگەر دەتەوێ بە کردەنی ئەم قسەیەی من ببینی، تکایە بە وردی گوێ لە ناڤییەکان بگرە کاتێ لە فیلمی ئەڤەتاردا قسە دەکەن.
لە دنیای خەیاڵی زانستیدا، ڕۆمان و فیلم، تا ئێستە ١٣ زوانی دروستکراو هەن. هەر یەکەیان یاسای خۆی هەیە و دەتوانی فێریان ببی. هەر ١٣ زوان لە خوارەوە بە ئینگلیزی دەنووسم، وشەی یەکەم ناوی زوانەکەیە، هی ناو کەوانەش ناوی فیلم یان ڕۆمانەکەیە:
Huttese (Star Wars)
Barsoomian (John Carter)
Atlantean (Atlantis: The Lost Empire)
Tenctonese (Alien Nation)
Goa’lud (Stargate)
Dothaki (Game o Thrones)
D’ni (Myst)
Trigedasleng (The 100)
Dovahzul (Skyrim)
Na’vi (Avatar)
Vulcan (Star Trek)
Elvish (The Lord of the Rings)
Klingon (Star Trek)

گۆران سەباح




سۆناتای مەرگێکی قەشەنگ … کاوە عوسمان عومەر

لە جەنگی هەور و زەمین، دڵۆپەکان،،
بە چنگە کڕێ ویستیان بە دیواری،،
بادا سەرکەون و نەکەونە خوار،،،
کەشتی باران ئەمشەو،،
نیازیەتی هەموو بێستان و…
کەژو کێوکۆکاتەوە ..
بیباتە سندووقی ئەفسوناوی تەم
…………………….
پیاسەیەک لەگەڵ مانگ،،
وەرچەرخانێک، وێنەی…
ڕێبوارێک بە پلیکانەی ئەستێرەکانا …
ڕێی گرتوەتە شارێک بێ ناو،،
کەموڵەیەکی ڕژاو لە گریان،،
با نەتهێشتایە…
وونبم ، لە تەلیسمی نیوەشەوێکی…
نیمچە زەردەپەڕ و سەراب
……………..
کانیەکی ڕەش،،،
قەترانی، لە دڵی هەموو تەنیایەکە،،
پایزیش ئەمساڵ تۆزێ درەنگ،،
بە باخە چۆڵە ووشکبوەکانا ،،
وەک کۆچەرێ تێپەڕی،،
بەڵام ماندوو،،
پاڵتۆکەی شڕ و دڕاو،،
جەستەی پڕ زام و…
دڵی پڕ لە ئازار،،
قژیشی تۆز و خۆڵ،،
هەڵبزرکاو ،،
گەڵا وەریوەکانیش،،
وەک ساڵانی پێش ئافات،،
ڕەنگە پەمەیی و…
ئاڵتوونیشی نەما،،
ئاخر ئەوەتا مەرگ،،
لە هەموو شوێنێک پێئەکەنێ،،
چەتەکانی شاریش لە بۆسەدان،،
بەزەیی ڕێگایەک،،
بە فرمێسکی بەهارێکی سەرگەردان،،
با ئەستێرەش بوەستێ…
لە شیرینی خۆسووتان،،
پاشان چی ماوە،،
لە باخی لم ، ،
،، لە فەناپڕ
.تا ڕادەی فەنابوون …
خۆڵی ساڵە بەسەر چوەکان،،
مرۆڤەکان ئەکەنەوە..
بە تونێلی بادا
………………
لە نیگاکردنە بێهودەکەی تۆ،،
من هەر وەک خۆمم،،
بەقامیشەڵانی کاتا،،
بە بێدەنگی تێئەپەڕم،،
شمشاڵێ لە وووشە سیحریەکان دائەتاشم،،
حۆریەکانی کازیوە ،،
ڕێیان لێ وونکردم،،
ئەگینا ماچێک بەسەر شەونمی…
نیوە شەوەوە جێ ما،،
نیشانەی دەرچوونی ڕێگەمە،،
لەوانەشە لە یادی نەمانی بارانت،،
نیشانەی مەرگێکی قەشەنگی منە
……………..
هیوایەک بێیتەوە ئەمساڵ،،
بە بێ هۆکار، هەرچۆن بێ هۆکار..
بویتە گەڕیدەی سەرکەنار،،،،
بە ڵام تۆڕی جاڵجالۆکەیە، پلانی ڕۆژ…
پەڕەی کتێبی ساڵەکان دڕان،،
بە بێستانی سپی تەمەنێ،،
پەرش و بڵاو،،
هەمان کورسی ئێسکی کاتە..
لەدەست چوەکان،،
هەمان سوێسکەی تەزیوو تەرەی ڕۆح،،
هەمان سۆناتای مەرگێکی قەشەنگ،،
ئەنوسێ داستانی فەنابوونمان
……………..
چی گڕکانێ..
لە جەستەی ڕژاوی باران دێ،،
لەم وەرزە ژەهرە،،
چی شەکەتیەکە،،
باڵێ سوتاوی تەرزە،،
چەمێک ووشکبووی ووشە،،
لە نزیک کاتژمێرە وەریوەکان،
پەنجەرەیەک بوە چارۆکە،،
خۆر وەک زەریا،،،
ئاوی نەمر لە چاوانیا،،
مردوەکان بە ئێمەدا تێپەڕنەوە،،
داری شەویش،،
ئەستێرەکانی داگیرسانەوە،،
وەک دارسنەوبەری ساری ساڵ،،
لە سندوقێکی تەختە،،
وەک تابووتی پەپولە ئاویەکان،،
بۆ ساڵێکی نەهاتی تر هەڵگیرا،،
بەڵام هەموو ساڵێک،،
هەمان تیشکی ئارەزووی بەردەوام بوون،،
لە تونێلی ڕۆحا ئەکوژێتەوە،،
سوپاکانی سوڵتانی ئیبلیس و
فڕۆکەکانی ئیبلیسی سوڵتان ،،
جبەو تانکەکانیان،،
ناردە دارستانەکان،،
تا وەکو هییچ کوکوختیەکی بەهەشت،،
بێ سەربڕین دەربازی نەبێ،،
ڕۆژنامەکان، تیڤیەکان، لە لێوی..
ماسک ڕەشەکانەوە،،
ڕاستی و ناڕاستی تابلۆی ..
لێشاوی هەڵهاتوەکانی جەنگیان شێواند،،
کۆچی نەورەسەکانیش،،
وەک ڕەشە تۆفانە،،
خەمی مردوەکان،،
بۆ زیندوە مردوەکان،،
خەمی زیندوەکان..
بۆ مردوە زیندوەکان
……………..
پەمەییش بوون ئەو فرمێسکانەت،،
خەرمانی شینی خەمەکانمی شتەوە،،
شەپۆلیش ئەدەن،،
فرمێسکەکان، وەک ڕوباری خەو،،
تا ئەوسەری شەقام،،
هەر وەک ئەوسا،،
ڕێگرن نیگاکان،،
کوژەرن خەنجەری لێوە تەڕەکان،،
قەراغ زەریام بۆت،،
هەر کاتێک کەشتیت وون،،
قەراغ زەریام بە،،
هەر کاتێک کەشتی یادەوەریم وون،،
لە گیانەڵەی سیمرخی ئێستای عیشقیشدا،،
سۆناتای مەرگێکی قەشەنگم بۆت،،
سۆناتای مەرگێکی قەشەنگ بە بۆم




دوای من و تۆ … شیعری: نەوزاد بەندی

دوای من و تۆ
زۆر کورسی خاڵیی مانەوە ..

زۆر کوپ تۆز گرتنی ..

زۆر ڕێگا ،
لە چاوەڕوانی دوو جێ پێدا ،
ڕیشیان سپی بوو ..

زۆر سەعات ،
له داخا وەستان ..

زۆر شەماڵ ،
گەرم داهاتن ..

زۆر چرۆ لە بەهار یاخی بوون و
لە پاییزێکی دوورە دەستا ،
هەڵوەرین ..

دوای من و تۆ ،
شیعریش تاقەتی گەڕان و ..
تەماشاکردنی
خۆر ئاوابوونی نەما ..
خۆریش بە بیجامەیەکەوە ،
خۆی وونکرد لەناو باوێشک و
تۆز و تەما …

دوای من و تۆ
ئامرازی واوی پەیوەندی
سەری لێشێوا و
نەیزانی ئیشی چی بکا ..
چووە لیستی بندیوار و
هەرچیەکی هەبوو فرۆشتی
کردیە دەستی دوو قاچاخچی ،
تا بیخەنە نێوانیان و
لەم خاکی بێ من و تۆییەی
دوور خەنەوە ..

دوای من و تۆ
بۆ یەکەمجار لە مێژووی دەم و لێوەکان ،
پێکەنین ڤیزەی گریانی وەرگرت …
ئازادی عەریزەیەکی دا ،
بۆ دابینکردنی دوو مەتر
لە زیندانا …
ئاشتی چووە خولی کۆنفۆ و
گوڵ دوو سەد دۆلاری دا
بە خولێکی دوو هەفتەیی ،
بە ناوی :
چۆن چۆنی خۆت ئەکەی بە دڕک ..

Nawzad Bandy




دایکـێکی دلۆڤـان و بەخـشـندە … و: رەزا شـوان

چـیرۆکێکی کارتێکەرە دەربارەی سۆز و دلۆڤانی و بەخشندەیی دایک. لاوێک چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە، پەشیمان دەبێتەوە لەو دڵڕەقییەی کە بەرانبەر دایکی کردی، ئەم لاوە دەڵێ: دایکم یەک چاوی هەبوو، هەر لەبەر ئەوەی کە چاوێکی هەبوو رقـم لێی دەبۆوە. حەزم ناکـرد کە لەگەڵ هـاوڕێکانمـدا بیبـینم، تا گاڵـتە بە چـاو و بە رووخـساری نەکـەن.
حـەزم ناکـرد کە بـۆ هـیچ شـوێنـێک لەگـەڵـمدا بێ. تـا کەس لەگەڵـیـدا نەمبـینێ، چونکە لە بـەردەم هـاوڕێکـانمـدا شەرمـەزاری دەکـردم.
دایکم لە چێـشتخانەی ئەو قوتابخانەیەدا کاری دەکرد، کە لێی قوتابی بووم و دەمخوێنـد. چـێشـتی بـۆ قـوتـابییەکان و مامـۆسـتاکـان دەکـرد. رۆژێکـیان هـات بـۆ پـۆلەکـەمـان بـۆ دڵنیابـوون لە ئاستی خوێندنـم. لە بەردەم هـاوڕێکـانم هەستم بە شەرمەزاری کرد. دوای ئەوەی کە رۆیی، هـاوڕێکـانم پێکـەنین و وتیـان: هـەی هـەی دایکت یەک چـاوی هەیە.
زیاتر و زیاتر رقـم لێی بۆوە، بۆیـە پێـم وت: جـارێکی تر نەیەیت بۆ لام و بۆ پـۆلـەکەم، چونکە لە بـەردەم هـاوڕێکانمـدا، بە هـۆی شێوەی چـاوتەوە، زۆر شەرەمەزارت کـردم. بەڵام ئـەو گـوێی لێـنەگـرتـم و وەڵامی نـەدامـەوە.
گەورە بووم، دایکم بەجـێهـێشت و رۆییـم بۆ شارێکی دوور. لەوێ ژنم هـێنا و منداڵمان بـوو. ژیـانێکی خۆشـمان هەبـوو، ژنەکـەم و منـداڵەکـانم خۆشـدەویـست. هـیچ هـەواڵ و شتـێکـم لە بـارەی دایکـمەوە نـەدەزانی و نەشمـدەویـست کە بیـزانـم.
رۆژێک لە ناکاودا، دایکـم هـات بۆ سەردانیم، بێ ئەوەی کە بزانـم و ئاگاداربـم. بۆ ئەوە هـات کە مـن و بـووکـەکەی و نەوەکـانی ببیـنێت. بـەڵام نەمهـێشت بێـتە ژوورەوە و پێ بە ماڵەکـەمـدا بکـات. منـداڵەکـانم لە بـەردەم دەرگـادا پێ پێکـەنـین.
هـاوارم بەسەریـدا کرد و پێم وت: بۆ هـاتووی بۆ ئێرە. بۆ ئەوەی منداڵەکانم بترسێنیت؟ هـەر ئـێستا لـێرە مەمـێـنە و دووربکـەوە.
دایکـم لە ماڵەکەمان دەرکـرد. پێی وتـم: رۆڵە گیـان ببـوورە، نەمـزانی و بە هەڵـە رووم لەم ناونیـشـانە کـرد.. دایکـم گەڕایـەوە بـۆ شـارەکەی و بـۆ مـاڵە کۆنـەکـەی خـۆی.
رۆژێک لەو قوتابخانەیەی کە قوتابی بووم لێی، نامەیـەکـم بۆ هـات. بانگـیان کـردم، بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگێکی خێزانیدا. درۆم لەگەڵ ژنەکەمـدا کرد، کە بە کارێک دەڕۆم بۆ شوێنێک. رۆیـشتم بۆ ئاهـەنگەکە و هاوڕێکانـم بیـنی. لە دوای ئاهـەنگەکە رۆیـشتم بۆ ماڵە کۆنەکەمان، کە من و دایکـم لەوێـدا دەژیـاین. تا شێوەی ماڵە کۆنەکەمان ببـینم. بەڵام دایکم نەبیـنی! هاوسێکان پێـیان وتـم، دایکـت مـرد. بە هـیج کـلۆجـێک بۆ مـردنی دایـکـم خەمبـار و دڵتـەنـگ نەبـووم.
هـاوسـێکان وتـیان: دایکـت ئەم نامـەیەی لە لای ئێـمە جـێهـێشتووە، وتی هەر کـاتێک کـوڕەکەمتـان بیـنی، ئـەم وەڵامـەی بـدەنێ.
نامەکـەم وەرگـرت و کـردمەوە، دایـکم لـە نامەکەیـدا ئەم قـسانـەی بۆ مـن نووسیـبوو:
کـوڕی شـیریـن و خۆشـەویستم، خۆشـم دەوێـی. ببـوورە کە بێ ئـەوەی بـزانیـت، هـاتم بۆ ماڵەکەتـان تا بتبـینم. ببـوورە گەر منـداڵەکانت لـێم ترسابـن، چونکە چـاوێکـم هـەیە. ببـوورە کە زۆر جـار لـە ژیـانتـدا شـەرمـەزارم کـردووی. لـە هـەمـوو شتـێکـم ببـوورە.
بەڵام دەمەوێ ئـەم راستیـیە بـزانیت: کوڕی خـۆم، کاتێک کە منـداڵـێکی بچـووک بووی، کارەساتێکت بەسەر هات و چاوێکت لەدەست دا. منیش وەک هەر دایکـێک، یەکـێک لە چاوەکانی خۆمم بە تۆ بەخـشی. چونکە حەزم نەکرد کە بە تەنیا چاوێکەوە گەورە ببیت. بەڵی یەکێک لە چاوەکانی خۆمم پێشکەشت کرد. تا کوڕەکەم بە چاوێک لە چاوەکانی من لە جیهانی نوێ بـڕوانێت. کوڕە شیرینەکەم خۆشـتم دەوێ و هەموو کاتێک بیرت دەکەم.

لەگـەڵ خـۆشـەویسـتـیـمـدا بـۆت
دایکـت
ئای///// ئای، کە ئەم نامـەیەی دایکـم داخ و کسـپە و کەسەرێکی زۆری خـستە دڵمەوە. زۆر دایکـم خۆشـدەوێ. زۆر پەشـیمان بوومەوە، لەو دڵـڕەقـییەی کە بەرانبەر بە دایکم کـردم. بـەڵام لە دوای چـی؟ پەشـیمانیـیەکی بێ هـوودەیـە.
دایـک سـۆز و بەزەیـی و دلـۆڤـانی و هەمـوو شتـێکە.. پارێزگـاری لە دایکـتان بکـەن و هەرگـیز دڵـی مەشکـێـنن و مەڕەنجـێـنن.
هـیوادارم کە نامەکەم ببـێت بە پەنـدێک، بـۆ هەمـوو کـوڕ و کچـێکی لاو. تا بە باشترین شـێواز، رەفـتـار لەگـەڵ دایکـیـانـدا بکـەن.
رەزا شـوان
(*) ئەم چـیرۆکە بە کەمێک دەستکارییەوە، لە ئینگـلیزییەوە وەرم گـێڕاوە بۆ کوردی. ناوی نووسەریشی لەسەر نییە. ناونیشانەکەی لە دەقـە ئینگـلیزییەکەدا بەم شێوەیەیە:
(دایکـێکی یەکچـاو و کوڕەکـەی)
)One Eeyed Mother and Son(




دەستی کرۆنا … مەولود ئیبراهیم حەسەن

دەستی گەرمی
دڵڕەق و بێ شەرمی ..کرۆنا
هه ر ڕۆژێ وێنەی
خزمێکم لە ئەلبوومی ژیان
ڕەش دەکاتەوە
هه ر ڕۆژێ
ژمارەی موبایلی دۆستێکم
بێ دەنگ دەکات
هه ر ڕۆژەی ماسینجەری
ناسیاوێک پۆستم بۆ نانێرێ
هه ر ڕۆژەی ئیمەیلێک
چیتر وەڵامم ناداتەوە
هه ر ڕۆژەی فەیسبوکێک
ئیتر کۆمێنتم بۆ نانووسێ
دەستی گەرمی
دڵڕەق و بێ شەرمی ..کرۆنا
هه موو بەیانێیەک
چەند جار ناچارم دەکات
بنووسم بەداخەوە
دەستی گەرمی
دڵڕەق و بێ شەرمی
کرۆنا..
مەرگ ..وڵات بە وڵات دەگێڕی
شار بە شار
گەڕەک بە گەڕەک
کۆڵان بە کۆڵان
ماڵ بەماڵ
مەرگ دەگێڕی
زۆر جار کوژراوم و
نەمردووم
زۆر جار مردووم و
هه ر ماوم
زۆر جار مەرگ دەورەی داوم
بێزار نەبووم
نەترساوم
کەچی مەرگی کرۆناوی
بۆنی لە لوتم نابڕێ
دەنگی لە گوێم ناپچڕێ
ڕەنگی لە بەر چاوم ناسڕێ
میدیاکان هه موو
میدیای گەڕەک
میدیای شار
میدیای وڵات
میدیای جیهان هه موویان
کڕۆنا بڵاو دەکەنەوە
میدیای نووسراو
میدیای دەنگی
میدیای ڕەنگی هه موویان
باسی چالاکیەکانی کرۆنا دەکەن
ڕۆژنامە نووسەکان
وێنەی پژمین دەگرن
وێنەی هه ناسەو ئۆکسجین دەگرن
وێنەی قەبرو تەلقین دەگرن
سەرۆکەکان
سەۆکایەتی بە کرۆنادەکەن
سیاسیەکان
سیاسەت بە کرۆنا دەکەن
زاناکان
تاقیکردنەوە بە کرۆنا دەکەن
دیندارەکان
دینداری بە کڕۆنا دەکەن
هه ژارەکان
هه ژاری بە کرۆنا دەکەن
بێکارەکان
بێکاری بە کڕۆنا دەکەن
کڕۆناش مەرگ بە ژیانەوە دەکات
ژیانیش ژیان بە کرۆناوە دەکات

١/٩/٢٠٢٠

– هه ولێر




دیدی باو له‌ وتاری دژه‌ باوه‌كان له‌ شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

بێگومان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌ر قۆناغێكی شیعری كوردی و ده‌رخستنی ئه‌دگاره‌ هونه‌ریی و ئه‌ده‌بییه‌كانی، پێویستی به‌ ڕامان و هه‌ڵوه‌سته‌ كردنێكی وردوو ئاگایه‌كی زۆری مێژوویی و ئه‌ده‌بی هه‌یه‌. بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵه‌ر نه‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌وه‌.كاتێ چه‌مكێك یاخود شوناسێك، له‌ ئه‌زموونی شیعری كوردیدا، ده‌ده‌ینه‌ پاڵ شاعیرێك، ئه‌وا ده‌بێ له‌ په‌راوێزی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ شیعره‌كانی و به‌راوردكردنی به‌ ئه‌زموونی شاعیرانی تر،به‌ ئه‌رگۆمێنت ئه‌و شوناسه‌ ده‌ربخه‌ین و بیخه‌ینه‌ ڕوو.بۆنموونه‌:كاتێ باس له‌ دژه‌ باوی شاعیرێك ده‌كه‌ین، ده‌بێ ماكه‌كانی ئه‌و دژه‌ باوییه‌ بسه‌لمێنین، نه‌ك له‌ په‌راوێزی چه‌ند شڕۆڤه‌یه‌كی ساده‌ی دێڕه‌ شیعرییه‌كانییه‌وه‌، نموونه‌یه‌كی ساده‌ و باو بێنینه‌وه‌ و بۆچوونیشمان وابێت كه‌ ئه‌وانه‌ دژه‌ باون. ئه‌گه‌ر دژه‌ باوی له‌ نێو واقیعی باودا، وه‌ك خۆی مایه‌وه‌ و هیچ پرسیارو تێڕوانینێكی جیاوازی دروست نه‌كرد، مانای وایه‌ جیاواز نییه‌. دژه‌ باوی له‌ نێو واقیعێكی باو و داسه‌پاودا، نه‌ك هه‌ر ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ توندی ده‌كه‌وێته‌ به‌ریه‌ككه‌وتنی هزریی و فه‌رهه‌نگیش.دژه‌ باویی شوناسێكی ئاسان و ساده‌ نییه‌، تاكو بیده‌ینه‌ پاڵ شاعیرێك به‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ ئه‌رگۆمێنت ساغی بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ كوێ ئه‌و شاعیره‌ دژه‌ باوه‌.دژه‌ باوی واتا ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و نۆڕمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و هزریی و ئایینی و ئایدۆلۆژییانه‌ی، ڕه‌نگڕیژی سه‌رده‌مێك ده‌كه‌ن و بوونه‌ته‌ نه‌ریتێكی باو له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا.ئه‌زموونی شیعری كوردی، قۆناعی جیاوازی بڕیوه‌، له‌ كلاسیزمه‌وه‌ بۆ ڕۆمانسییه‌ت و ڕوانگه‌ و دوای ڕاپه‌ڕین وتاكو به‌ ئێستاش ده‌گات، به‌ڵام زۆر به‌ده‌گمه‌ن له‌و قۆناغانه‌دا، ئه‌زموونی جیاوازی شیعریی جگه‌ له‌(نالی وگۆران) ده‌بینـیت، یاخود شاعیرێكی دژه‌ باو ده‌بینین كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی تێڕوانینی گشتی بیر بكاته‌وه‌ و شیعر بنووسێت.
بگره‌ له‌ هه‌ندێ سه‌رده‌مدا، شیعری كوردی له‌ ڕووی گوتارو دنیابینی و فۆڕم و ناوه‌ڕۆكدا، ئه‌وه‌نده‌ له‌ یه‌كتری نزیك ده‌بێته‌وه‌، كه‌ هه‌موویان دواجار هه‌ڵگریی یه‌ك گوتاری شیعرین. بۆنموونه‌: ئه‌زموونی شیعری له‌ دوای نسكۆی شۆڕش وناوه‌ڕاستی هه‌فتاكاندا، ئه‌زموونێكه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ سیاسی و سته‌مه‌ نه‌ ته‌وه‌یه‌یه‌ كه‌ له‌ كورد ده‌كرێت. ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی شیعری كوردی له‌و سه‌رده‌مه‌دا، شیعریی به‌رگریی و شۆڕشگێڕییه‌، كه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی جۆشدان و بزوێنه‌ری هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی مرۆڤی كورد، كه‌ به‌ ڕوونی ئه‌مه‌ به‌ گوتاری شیعری هه‌فتاكانه‌وه‌ دیاره‌. واتا شیعر ده‌بێته‌ بابه‌تێك بۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵومه‌رجی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی كورد، كه‌ هه‌ڵومه‌رجێكی سه‌خت و دژواربووه‌ و تاكی كورد جۆرێك له‌ نائومێدیی و ڕه‌شبینی دایده‌گرێت.به‌ڵام دوای ڕاپه‌ڕین، قۆناغی ئازادیی و ڕزگاری نه‌ته‌وه‌ی دێته‌ ئاراوه‌، ئیدی ئه‌زموونی شیعری كوردی له‌و قۆناغه‌دا، به‌ گشتی ده‌بێته‌ ئه‌زموونێكی خودیی و چیتر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و قۆناغه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌ نابێت، كه‌ به‌ر له‌ ڕاپه‌ڕین ده‌بینرا. كه‌ واتا به‌ گشتی هه‌موو ئه‌زموونێكی شیعریی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی قۆناغێكی دیاریكراوه‌. ئیدی ئه‌زموونی نوێ و گوتاری نوێ دێته‌ ئاراوه‌. ئه‌و شاعیرانه‌ی له‌ هه‌فتاكاندا، وه‌ك هاوچه‌رخێك ده‌رده‌كه‌ون، به‌ هیچ پێوه‌رێك ئه‌زموونی ئه‌وكاتییان بۆ ئێستا، ناچێته‌ خانه‌ی نوێوه‌. بۆیه‌ هه‌موو ده‌ركه‌وته‌ و سیمایه‌كی نوێ، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی قۆناغه‌كه‌یه‌.بێگومان ئه‌زموونی شیعریش له‌مه‌ به‌ده‌ر نییه‌. بۆیه‌ كاتێ(وتاری دژه‌ باوه‌كان له‌ شیعری هاوچه‌رخی كوردی)*م خوێنده‌وه‌، وه‌ك خوێنه‌رێكی ئاسایی شیعر، دركم به‌وه‌ كرد كه‌ نووسه‌ری ئه‌و وتاره‌، زۆر به‌ هه‌ڵه‌ له‌ دژه‌ باوی گه‌یشتووه‌. به‌رله‌ هه‌موو شتێك، ده‌بوو نووسه‌ری ئه‌و وتاره‌ دیاری بكات كه‌ مه‌به‌ستی له‌ شیعری دژه‌ باو، كام قۆناغی شیعرییه‌. چونكه‌ گرنگه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر قۆناغێكی شیعریدا، پۆلێنبه‌ندی زه‌مه‌نی و مێژوویی بكه‌ین. شیعری كوردی، به‌ گه‌لێك قۆناغدا تێپه‌ڕیوه‌، بۆیه‌ ده‌بوو نووسه‌ری ئه‌و وتاره‌، قۆناغه‌ شیعرییه‌كه‌ی دیار كردبایه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ نووسه‌ری ئه‌م وتاره‌، زۆر سه‌ر پێی و ڕاگوزه‌ر وه‌سفی دژه‌ باوی ده‌كات و ده‌یبه‌ستێته‌وه‌ به‌ هه‌ندێك ده‌ركه‌وته‌ و خه‌سڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕووكه‌ش، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ ئاستی هزریی و پاشخانی ڕۆشنبیریی و فه‌رهه‌نگیدا، له‌ مانا قووڵه‌كانی دژه‌ باوی گه‌یشتبێت.ئه‌و له‌ پێناسه‌ی دژه‌ باویدا ده‌ڵێت:_ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت پێناسه‌ی دژه‌ باوی بكه‌ین ئه‌وا:((هه‌موو قسه‌ وهه‌ڵسوكه‌وت و داب و نه‌ریت و یاساو ڕێسا گه‌لێك له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا هه‌بن و خه‌ڵكه‌كه‌ په‌یڕه‌وی لێ بكه‌ن، ئه‌وه‌ شته‌ باوه‌كانن،هه‌ر كه‌سێكیش دژی ئه‌مانه‌ بێت و په‌یڕه‌وی نه‌كات ئه‌وانه‌ دژه‌ باون)).
لێره‌وه‌ زۆر به‌ ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ نووسه‌ری وتاره‌كه‌، چه‌ند به‌ ساده‌یی له‌ ماهییه‌تی دژه‌ باوی گه‌یشتووه‌، ئایا هه‌ر كه‌سێك دژی نه‌ریتێك، خاسیه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، دیاره‌دیه‌كی گشتی و میللی وه‌ستایه‌وه‌ دژه‌ باوه‌؟ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، هه‌زاران كه‌س په‌یڕه‌وی ئایین ناكه‌ن و نوێژ ناكه‌ن، ئایا ئه‌وانه‌ دژه‌ باون؟ هه‌زاران كه‌س پۆشاكی كوردی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ناپۆشن و لاسایی ڕۆژئاوا ده‌كه‌نه‌وه‌ و په‌یڕه‌وه‌ی نوێترین مۆدێلی شێوه‌ و جه‌سته‌ ده‌كه‌ن، ئایا ئه‌مانه‌ دژه‌ باون؟ هه‌زاران كه‌س یاسا جێبه‌جێ ناكه‌ن، له‌ گڵۆپی سوور ده‌ده‌ن، ئایا ئه‌مانه‌ دژه‌ باون؟ئه‌گه‌ر دژه‌ باوی له‌و خاسیه‌ته‌ بچووكانه‌ كورت بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ نیوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ دژه‌ باو ده‌رده‌چێت كه‌ له‌ ڕاستیدا وانییه‌. دواتر ئایا دژه‌ باوی له‌ شیعردا، هه‌مان ئه‌و دژه‌ باوییه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌ ڕووبه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و میللی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا هه‌یه‌؟له‌ ڕاستیدا، دژه‌ باوه‌كان هه‌رگیز شوێن و جێگه‌یان له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ نابێته‌وه‌. دژه‌ باوه‌كان وه‌ك ته‌نێكی نامۆ، كه‌ باوه‌كان به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیان ودنیابینی خۆیان ده‌یانبینن،دژایه‌تی ده‌كرێن،ڕه‌ت ده‌كرێنه‌وه‌، فڕێ ده‌درێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ژیان و بوونه‌ گشتییه‌كه‌.هه‌ر كاتێك دژه‌ باوێك سه‌ریهه‌ڵدا، زۆر به‌ توندی به‌گژی دادێنه‌وه‌، تا هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌مانیش. كاتێ (عه‌بدولخالق مه‌عروف) كتێبێك ده‌نووسێت له‌ باره‌ی كۆمه‌ڵی كورده‌وارییه‌وه‌، چونكه‌ بۆ چوونه‌كانی دژه‌ باو بوون و له‌گه‌ڵ باوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ یه‌كینه‌گرته‌وه‌، سه‌ره‌نجام به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی شه‌هید كرا.دژه‌ باوی جیاواز كه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌.هیچ دژه‌ باوێك سه‌رهه‌ڵنادات،ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌ ڕوانین و بیر كردنه‌وه‌دا به‌ كردار دژه‌ باو نه‌بێت.
دژه‌ باوی جیاواز كه‌وتنه‌وه‌ی سیماو ڕواله‌ت و نماییشی جه‌سته‌یی نییه‌،به‌ڵكو بڕوابوون و پره‌نسیپی هزرییه‌. دژه‌ باوی ته‌نها دروشم نییه‌، به‌ڵكو شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی بیر كردنه‌وه‌ و ڕوانینه‌. مه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، خانمه‌ شاعیرێك ئیدیعای ئه‌وه‌ی ناكرد كه‌ دژه‌ باوترین ژنه‌، كه‌چی ده‌ركه‌وت باوترین و كلاسیكیترین و میللیترین ژنی نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌؟. ئه‌و شاعیرانه‌ی نووسه‌ر له‌ وتاره‌كه‌ی خۆیدا به‌ نموونه‌ هێناویه‌ته‌وه‌(جگه‌ له‌ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) هه‌موویان شیعریان له‌ نێو ئێمه‌دا خوێندراوه‌ته‌وه‌ و هه‌زاران خوێنه‌ر به‌ شیعره‌كانییان له‌ كاتی خۆیدا سه‌رسام بوونه‌. له‌ كاتێكدا شاعیری دژه‌ باو، هه‌رگیزنابێته‌ به‌شێك له‌ ئه‌قڵی گشتی و میللی كۆمه‌ڵگه‌. سه‌رنج بده‌ن، سه‌باح ڕه‌نجده‌ر وه‌ك شاعیرێكی جیاواز نه‌ك دژه‌ باو، ئه‌زموونی شیعری چه‌ند له‌ په‌راوێز دایه‌، چه‌ند دژایه‌تی ده‌كرێت، چه‌ند ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه‌، چونكه‌ له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌ و ڕوانینی گشتی هاو كۆك نابێت.مه‌حاڵه‌ شوێنی دژه‌ باوێك له‌ نێو بیركردنه‌وه‌ و ڕوانین و ڕێسای باودا ببێته‌وه‌.ئیدی من نازانم ئه‌و شاعیرانه‌ له‌ كوێدا دژایه‌تی كران و ڕه‌ت كرانه‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستێك به‌رامبه‌ر ئه‌و شاعیرانه‌ وه‌رگیرابێت،ئه‌وا له‌ دوا كه‌وتوویی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ بووه‌ له‌وكاتدا، نه‌ك له‌ ئه‌زموونی شیعری ناباو. مه‌گه‌ر ئێستا له‌تیف هه‌ڵمه‌ت وه‌كو هه‌فتاكان و هه‌شتاكان ده‌خوێنرێته‌وه‌؟ئه‌م شاعیرانه‌ له‌ كوێدا شتێكی جیاوازیان نووسی، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌قلی باوی كۆمه‌لگه‌ بێت؟به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ جگه‌ له‌ ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر كه‌ ئێستاش به‌رده‌وامه‌، هه‌ریه‌ك له‌ جه‌لالی میرزا كه‌ریم و شاكه‌لی و هه‌ڵمه‌ت،وه‌ك هه‌ر شاعیرێكی دیكه‌ی كورد، شیعرو دنیابینیان له‌ چوارچێوه‌ی هه‌مان ئه‌و ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌دایه‌ به‌ڵام به‌ ڕوانینی جیاوازكه‌ له‌ دوای گۆرانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات و درێژ ده‌بێته‌وه‌ تا ناوه‌ڕاستی هه‌فتاكان.بگره‌ فه‌رهاد شاكه‌لی و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، هه‌ردووكییان زاده‌ی یه‌ك قۆناغ و زه‌مه‌ن و شوێن و ئه‌زموونی شیعرین،دواجاریش سۆفیگه‌ری ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ گوتاری شیعرییان. ته‌نانه‌ت بۆ چوونه‌كانیشیان زۆر له‌ یه‌كتریه‌وه‌ نزیكه‌ و خۆشیان به‌ ئه‌زموونێكی جیاواز له‌ ڕوانگه‌ داده‌نێن.
ئه‌گه‌ر ده‌نگی نوێش بن بۆ قۆناغ و سه‌رده‌می خۆیان نوێ بوونه‌. یه‌كێك له‌ گرفته‌كانی ئه‌و نووسینه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ وێرای ئه‌وه‌ی به‌ زمانێكی ساده‌و ساكار، له‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی نووسراوه‌، هاوكات به‌ر بۆچوونی سه‌یرو نالۆژیكیش ده‌كه‌وین، به‌ بێ ئه‌وه‌ی نووسه‌ری وتاره‌كه‌ توانیبێتی له‌ ڕووی ئه‌رگۆمۆنتییه‌وه‌ بۆچوونه‌كانی بچه‌سپێنێت یان ساغ بكاته‌وه‌. له‌گه‌لێك شوێنی وتاره‌كه‌ی، بۆچوونه‌كانی پارادۆكسی گه‌وره‌یان تێدایه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و شیعرانه‌ی ئه‌و نووسه‌ره‌ له‌و وتاره‌ درێژه‌ی خۆیدا، به‌ نموونه‌ هێناویه‌تییه‌وه‌ وه‌ك شیعری دژه‌ باو بناسێنین، ئه‌وا جگه‌ له‌ بێ ئاگایه‌كی گه‌وره‌ی نووسه‌ری ئه‌و وتاره‌، له‌ ئه‌زموونی شیعری كوردی و دنیابینی شاعیرانی كورد، هیچی تر ناگه‌یه‌نێت.چونكه‌ به‌شێك له‌ شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ی ئه‌وبه‌ نموونه‌ هێناویه‌تییه‌وه‌، له‌ شیعری شاعیرانی پێشووتریش ده‌بینرێن. ئه‌گه‌ر شیعره‌كانی جه‌لالی میرزا كه‌ریم كه‌ بۆ شۆڕشی چوارده‌ی ته‌ممووزی نووسیوه‌، یاخود ئه‌و دیده‌ ئه‌نته‌رناسیۆناڵییه‌ به‌ نوێ و دژه‌ باو بزانین كه‌ له‌ به‌شێكی شیعری ئه‌و شاعیره‌ داهێنه‌ره‌ هه‌یه‌، ئه‌وا ده‌بێ گومان بكه‌ین كه‌ خالید عه‌بدل، له‌ مێژووی شیعری كوردی به‌ ئاگا بێت. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی گۆران، زۆر پێشی جه‌لالی میرزا كه‌ریم، شیعری بۆ شۆڕشی چوارده‌ی ته‌ممووزو چه‌پ و ئازادیخوزانی دنیا نووسیوه‌. ئیدی نازانم دژه‌ باو چییه‌ و چۆنه‌؟ئه‌گه‌ر گوتارێكی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی، چه‌ندین جار له‌ ئه‌زموونی شیعریدا، به‌ دنیابینی جیاواز ببینرێت، ئیدی مانای وایه‌ تیمه‌یه‌كی باوه‌ نه‌ك نا باو. ئه‌و شیعرانه‌ی نووسه‌ری ئه‌و وتاره‌، وه‌ك نموونه‌یه‌ك بۆ دژه‌ باوی له‌ شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا، به‌ تێگه‌یشتنی خۆی هێناویه‌تییه‌وه‌، نه‌ك شیعری دژه‌ باو نین، به‌ڵكو له‌ ئه‌زموونی شیعری كوردیدا، نموونه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ زۆره‌.ده‌بوو نووسه‌ر، وردتر و به‌ نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌یی زیاتر، ئه‌و تێزه‌ی خۆی ڕوونبكردایه‌وه‌ كه‌ دژه‌ باوی چییه‌ و ئه‌و شاعیرانه‌ چۆن سه‌رقافڵه‌ی شیعری دژه‌ باون. نه‌ك به‌ چه‌ند ڕاڤه‌كردنێكی ساده‌ و ساكارو چه‌ند بۆ چوونێكی دژ به‌ یه‌ك،باسی ئه‌و شاعیرانه‌ بكات. چونكه‌ نووسه‌ر به‌ ته‌نها باسی ئه‌و شاعیرانه‌ی كردووه‌.ئه‌و ده‌ڵێت:((هه‌ریه‌ك له‌و چوار شاعیره‌، شیعره‌كانییان تۆزێك له‌ ده‌قه‌كانی پێش خۆیان گرانتروكه‌مێكیش ئاڵۆزبوونه‌)).
ئه‌گه‌ر دژه‌ باوی په‌یڕه‌نه‌كردنی ڕێسا گشتییه‌كان بێت، وه‌ك ئه‌و له‌ پێناسه‌ی دژه‌ باوی ده‌ینووسێت، مانای وایه‌، خۆی بۆچوونه‌كانی خۆی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌. چونكه‌ مانای چییه‌، شیعره‌كان كه‌مێك ئاڵۆزترو تۆزێكیش گرانترن له‌ شیعره‌كانی پێش خۆیان؟. ئه‌گه‌ر وابێت، ئه‌م شاعیرانه‌ هیچ دابڕان و مه‌ودایه‌كییان له‌ ڕووی شیعرییه‌وه‌، له‌ نێوان خۆیان و شاعیرانی پێش خۆیان نییه‌.ئه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:_((ئه‌م شاعیرانه‌ نه‌یانهێشتووه‌ ئاگری كوده‌تا دژه‌ باوییه‌كه‌یان بكوژێته‌وه‌ و به‌رده‌وام دیوه‌خانی شیعری خۆیان گه‌رم كردووه‌)). شیعر، قسه‌ی نه‌سته‌ق و حیكایه‌ت و گێڕانه‌وه‌ی به‌رئاگردان نییه‌، تاكو دیوه‌خانی پێ گه‌رم بكرێت.شیعرو دیوه‌خان، ئاسمان و ڕێسمان دوورو دژبه‌ یه‌كترین. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ دیوه‌خانی شیعرییان به‌رده‌وام جمه‌ی هاتبێت، مانای وایه‌ باوترین شاعیرانی سه‌رده‌من.به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن ئه‌وانه‌ی له‌ شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌رده‌گه‌ن، ئیدی نازانم نووسه‌ر چۆنی بوێری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بۆچوونی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌رببڕێت. لێره‌دا وه‌ك خوێنه‌رێكی ئاسایی شیعر، له‌ باره‌ی ئه‌و شاعیرانه‌وه‌ بیرو بۆچوون و ڕوانینه‌كانی نووسه‌رده‌رباره‌یان، چه‌ند سه‌رنجێك ده‌خه‌ینه‌ ڕوو و به‌راوردی یه‌كترییان ده‌كه‌ین، به‌ مه‌به‌ستی ده‌رخستنی هه‌ڵه‌ و تێڕوانینی نابابه‌تی بۆ ئه‌زموونی شیعرو ئه‌و شاعیرانه‌ش.

جه‌لالی میرزا كه‌ریم
بێگومان ئه‌گه‌ر به‌وردی له‌ سه‌ر وتاره‌كه‌ی خالید عه‌بدل بوه‌ستین،ده‌بینین كه‌له‌ دووتوێی ئه‌و نووسینه‌دا،هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی بابه‌تی و ئۆرگانیكی له‌ نێوان ڕسته‌ و ده‌ربڕینه‌كان نییه‌، ئه‌و بۆ چوونێك ده‌رده‌بڕێت،كه‌چی دوای چه‌ند دێڕێك دژی ئه‌و بۆچوونه‌ی خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه‌.ئه‌م نووسینه‌ له‌ ئاستی ماناوگوتاردا، نووسینێكی تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵه‌ و له‌ زۆر شوێندا پارادۆكسی گه‌وره‌، بۆچوونی ناواقیعی و نالۆژیكی ده‌بینین كه‌ ده‌لاله‌ته‌ له‌وه‌ی ناوبراو بێ ئاگایه‌ له‌ مێژووی شیعری كوردی كه‌ سه‌ره‌تایترین بنه‌مایه‌ بۆ شڕۆڤه‌كردنی ئه‌زموونی شیعری شاعیران و قۆناغه‌كانی شیعری كوردی. ئه‌و هه‌وڵده‌دات به‌ هه‌ندێك بۆچوونی ساده‌ و ده‌ربڕینی په‌خشانییه‌وه‌، ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێت كه‌ باسی دژه‌ باوی له‌ شیعری هاوچه‌رخ ده‌كات، كه‌ له‌ ڕاستیدا ئامانجه‌كه‌ی نه‌پێكاوه‌. نووسه‌ر له‌باره‌ی (جه‌لالی میرزا كه‌ریم)ه‌وه‌ ده‌نووسێت:((له‌ناو دژه‌ باوه‌كاندا جه‌لالی میرزا كه‌ریم پێشه‌نگه‌،یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ شیعری له‌و جۆره‌ی نووسیوه‌،مۆركی خه‌سڵه‌تی قۆناغی شیعری پاراستووه‌)). ده‌پرسین، ئه‌گه‌ر شاعیرێك مۆركه‌ گشتیی و خه‌سڵه‌ته‌كانی قۆناغێكی دیاریكراوی شیعر بپارێزێت و شیعره‌كانی وه‌ك شاعیرانی تر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی قۆناغه‌كه‌ بێت، ده‌كرێ بڵێن شاعیرێكی دژه‌ باوه‌؟ له‌ كاتێكدا وه‌ك باسمان كرد دژه‌ باوه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی باون؟گومانم هه‌یه‌ ئه‌و نووسه‌ره‌ به‌ وردی خه‌رمانه‌ی شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ی خوێندبێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر شاره‌زا بووایه‌ قسه‌ی له‌و شێوه‌ی نه‌ده‌كرد. بۆنموونه‌ ده‌نووسێت:((شیعری سه‌رده‌می پاشایه‌تی زیاتر به‌ره‌و خوازه‌ چووه‌)).یه‌كه‌م جاره‌ وه‌ك خوێنه‌رێكی شیعر، گوێبیستی ده‌سته‌واژه‌ی ((شیعری سه‌رده‌می پاشایه‌تی)) ده‌بم، كه‌ دیاره‌ مه‌به‌ستی ئه‌و شیعرانه‌ن كه‌ ده‌چنه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ سیاسی و مێژووییه‌وه‌.
به‌ڵام ئایا شیعری سه‌رده‌می پاشایه‌تی، یه‌ك قۆناغ و یه‌ك جۆر شیعره‌؟سه‌رده‌می پاشایه‌تی له‌ ساڵی 1921ده‌ست پێ ده‌كات تاكو 1958.به‌ درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌، شاعیرانی وه‌ك:((پیره‌مێرد،بێكه‌س، گۆران، شێخ نوری، ئه‌حمه‌د موختار جاف، دڵدار، دڵزار،كامه‌ران موكری)) و زۆری تریش ده‌رده‌كه‌ون و به‌رهه‌می ئه‌و قۆناغه‌ن و شیعریان نووسیوه‌.دواتر ده‌كرێ بڵێین ئه‌مه‌ چ په‌یوه‌ندی به‌ جه‌لالی میرزا كه‌ریمه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ خۆی ده‌ڵێت، یه‌كه‌م شاعیری دژه‌ باوه‌ كه‌ له‌ ساڵی 1958 بۆ یه‌كه‌م جار شیعری نووسیوه‌.ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌و نموونه‌ شیعرییانه‌ی خالید عه‌بدل وه‌ك ده‌قێك بۆ ڕاڤه‌كردنی شیعری ئه‌و شاعیره‌ ده‌یانهێنێته‌وه‌، شتێكی ئه‌وتۆی دژه‌ باویان تێدانییه‌.

شیعره‌كانی ئه‌و شاعیره‌ش، له‌ ڕووی فۆڕمی شیعرییه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم درێژكراوه‌ی ئه‌و فۆڕمه‌ شیعریه‌یه‌ كه‌ گۆران داهێنه‌ریه‌تی.به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌م شاعیره‌، شاعیرێكی نوێ نییه‌. جه‌لالی میرزا كه‌ریم، یه‌كێكه‌ له‌ شاعیره‌ به‌ تواناو هاوكات گومناوه‌كانی شیعری كوردی. ئه‌م شاعیره‌ كه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی گرووپی ڕوانگه‌یه‌، له‌ هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، ده‌نگێكی دیاری شیعری كوردی بووه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌و شاعیره‌وه‌ هیچی ئه‌وتۆ نه‌نووسراوه‌ جگه‌ له‌ هه‌وڵه‌ جوان و به‌رچاوه‌كانی هه‌ردوو نووسه‌ران( عه‌تا قه‌ره‌داغی و سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) كه‌ ئه‌مه‌ی دوایان كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌كه‌شی سه‌رله‌نوێ به‌ پێشه‌كییه‌كی جوانه‌وه‌ چاپ كردۆته‌وه‌. من نامه‌وێت له‌م وتاره‌دا له‌ سه‌ر ئه‌و شاعیره‌ بوه‌ستم، چونكه‌ نیازمانه‌ به‌ سه‌ربه‌خۆیی له‌ نووسینێكی تایبه‌تدا تیشكی بخه‌ینه‌ سه‌ر.شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره‌، له‌ باره‌ی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان وخه‌می مرۆڤ به‌گشتییه‌، وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی شیعری ناسك و جوان له‌ شیعری ئه‌و شاعیره‌ ده‌بینین. په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵ له‌ نێوان زمان و باری ده‌روونی شاعیر هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌ سه‌ر زمانی ده‌ربڕینی شیعره‌كان هه‌بووه‌. ئه‌م شاعیره‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ڕوانگه‌، ده‌نگێكی دیاری هه‌فتاكانه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئاواره‌ ده‌بێت و له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌گیرسێته‌وه‌، ئه‌زموونی شیعری ڕووی له‌ كزی ده‌كات و پاش ڕاپه‌ڕین كه‌ دێته‌وه‌ كوردستان، به‌ داخه‌وه‌ مه‌رگ مه‌ودای نادات و دووساڵێك دوای ڕاپه‌ڕین ده‌مرێت.شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره‌ش،به‌شێكی زۆریان هاوشێوه‌ی شاعیرانی ئه‌وكات، ده‌چنه‌ خانه‌ی شیعریی سیاسی و به‌رگریی و خه‌مه‌ گه‌وره‌كه‌ی نیشتمان. بۆیه‌ له‌ گه‌لێك له‌ شیعره‌كانیدا، ده‌نگی تووڕه‌یی و هاتنه‌وه‌ به‌ گژ سته‌می نه‌ته‌وه‌یی تێدایه‌. خالید عه‌بدل له‌ وتاره‌كه‌یدا، له‌ باره‌ی ئه‌م شاعیره‌وه‌، هه‌ندێك بۆچوونی هه‌ڵه‌ ده‌رئه‌بڕێت، كه‌ پێویستییان به‌ ڕاستكردنه‌وه‌یه‌. له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌نووسێت:((جه‌لالی میرزا كه‌ریم پێشه‌نگی شاعیره‌ دژه‌ باوه‌كانه‌، یه‌كه‌م جار له‌ ساڵی 1958 شیعری نووسیوه‌، كه‌ پێشتر به‌و ته‌كنیكه‌ نه‌نووسراوه‌، ئه‌و له‌ شیعری (دووچاوی) كه‌ به‌بۆنه‌ی چوارده‌ی ته‌ممووزه‌وه‌ نووسراوه‌ ده‌ڵێت:_
ڕۆژی تازه‌ له‌ خاك هه‌ڵهات
له‌ كوختی پیاوی چه‌وساوه‌،
له‌ تاریكی ڕه‌شی زیندان
له‌و دایكه‌ ڕۆڵه‌ كوژراوه‌
به‌یانی نوێ
خۆری هه‌ڵهات
بنووسی وتاره‌كه‌ له‌ باره‌ی شیعری دووچاوی ئه‌م شاعیره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت:((خۆر له‌و دایكانه‌ هه‌ڵهات كه‌ ڕۆڵه‌كانیان به‌ ده‌ستی دیكتاتۆر كوژرابوون،ببوونه‌ مه‌شخه‌ڵی ئه‌و ڕۆژه‌.شاعیر له‌ شه‌فافیه‌تی شیعره‌كی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه‌،كه‌ هه‌تا ئه‌و كاته‌ هیچ شاعیرێكی كورد به‌و شێوازه‌ شیعری نه‌نووسیوه‌،دووره‌ له‌ شێوازه‌ شیعرییه‌ باوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌،شێوازه‌كه‌ی ئه‌م نه‌عه‌روزه‌ نه‌ جووت سه‌روایه‌ به‌ڵكو ئازاده‌)).هه‌رته‌نها ئه‌و چه‌ند په‌ڕه‌گرافه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ نووسینه‌كه‌ی ئه‌م نووسه‌ره‌مان وه‌ك نموونه‌ هێناوه‌ته‌وه‌، ده‌ریده‌خات كه‌ ئه‌م به‌ڕێزه‌ چ بێ گایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ شیعرو ئه‌زموونی شیعری كوردی. ئێستا، نه‌ریتێكی خراپ له‌ نێو به‌شێكی زۆری نووسه‌رانی ئێمه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ واده‌زانن مه‌لای دوانزه‌ عیلمن و له‌ هه‌موو شتێك ده‌زانن، كه‌ له‌ ڕاستیدا وانییه‌.بنووسی ئه‌م وتاره‌، له‌ ساڵی 1958 وه‌ باسی دیكتاتۆریه‌ت ده‌كات. به‌ بڕوای ئه‌و، ئه‌و شیعره‌ له‌ دژی دیكتاتۆریه‌ت بووه‌. به‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ناوبراو بێ ئاگایه‌ له‌ مێژووی سیاسی عێراق و كه‌ چی قسه‌شی له‌ باره‌وه‌ ده‌كات. له‌ ساڵی 1921 تاكو 1958 عێراق پاشاپه‌تی بووه‌،مێژووی دیكتاتۆریه‌ت له‌ عێراق، له‌گه‌ڵ ده‌ست به‌كاربوونی به‌عس و سه‌دامی خوێنڕێژ له‌ ته‌ممووزی 1979 ه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات. ئه‌مه‌ مێژووه‌ و ده‌بێ بیزانێت. ئیدی نازانم مه‌به‌ستی خالید عه‌بدل كامه‌ دیكتاتۆره‌؟ بۆچی ناوی نه‌هێناوه‌؟. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نووسینی شیعر بۆ چوارده‌ی ته‌مووز به‌ دژه‌ باوی بزانین، ئه‌وا گۆرانیش شیعری بۆ ئه‌و شۆڕشه‌ نووسیوه‌و ته‌نانه‌ت شیعرێكی هه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌مان ڕۆژدا نووسراوه‌. گۆران له‌و شیعره‌یدا ده‌ڵێت:
ده‌نگێكی دوور
دوور..ئێجگار دوور
به‌ ئاسته‌مێك ئه‌گاته‌ ژوور
ئه‌ی ده‌نگی دوور…به‌ ئه‌سته‌مێك ئه‌گه‌یته‌ ژوور.
ئاخۆ سپیت یان ڕه‌ش یان سوور؟
(دیوانی گۆرانلا 206) بۆنه‌ی چوارده‌ی ته‌مووز، كه‌ كۆتایی به‌ ڕژێمی پاشایه‌تی و كۆنه‌په‌رستی هێنا، بۆنه‌یه‌ك نییه‌ دژه‌ باوبێت، گه‌لێك له‌ شاعیرانی ئێمه‌ به‌و بۆنه‌وه‌ شیعریان نووسیوه‌، جه‌لالی میرزا كه‌ریمیش وه‌ك هه‌ر شاعیرێكی دیكه‌، كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی ئه‌و ڕووداوه‌ و ئه‌م شیعره‌ی نووسیوه‌. دواتر یه‌كێك له‌ هه‌ڵه‌ هه‌ره‌ زه‌ق و دیاره‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڕوای وایه‌ تا ئه‌و كات، واتا 1958هیچ شاعیرێك به‌ فۆڕمی ئازاد شیعری نه‌نووسیوه‌، به‌ڵكو به‌ عه‌روزو كێش و سه‌روا شیعر نووسراوه‌، به‌ڵام شیعری دووچاوی جه‌لال، شتێكی نوێیه‌. هه‌ركه‌سێك ئه‌لف وبێیه‌كی سه‌ره‌تای له‌ باره‌ی شیعرو ئه‌زموونی شیعرییه‌وه‌ بزانێت، هه‌ڵه‌ی وه‌ها ناكات. لای خالید عه‌بدل، شیعری ئازاد له‌ جه‌لالی میرزا كه‌ریمه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات نه‌ك گۆران،كه‌ ئه‌مه‌ش داهێنانێكی تازه‌یه‌ له‌ شیعری كوردیدا. ئه‌م نووسه‌ره‌، ئه‌گه‌ر كه‌مێك ئه‌رك بكێشێت وبگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر دیوانه‌كه‌ی گۆران، ئه‌وكات ده‌زانێت كه‌ چۆن له‌ ساڵانی بیست و سییه‌كان گۆران شیعری به‌و فۆڕمه‌ ئازاده‌وه‌ نووسیوه‌ وخۆشی داهێنه‌ری شیعری ئازاده‌ له‌ مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی.دیوانی گۆران، له‌ ڕووی فۆڕمی شیعرییه‌وه‌ پڕن له‌ نموونه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی كه‌ خالید عه‌بدل وه‌ك ئه‌رگۆمێنتێك بۆ سه‌لماندنی بۆچوونه‌كانی له‌ باره‌ی شیعری دژه‌ باوی كوردی نووسیویه‌تی. شیعری ئازاد له‌ گۆرانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات و ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه‌، ئیدی نازانم چۆن ئه‌و باوه‌ڕی وایه‌ كه‌ جه‌لالی میرزا كه‌ریم، داهێنه‌ری فۆڕمی شیعری ئازاده‌.ناوه‌ڕۆكی هه‌ردوو شیعره‌كه‌ی گۆران و جه‌لال، گوزارشت له‌ هه‌ڵهاتنی خۆری نوێی شۆڕشی چوارده‌ی ته‌ممووز و واقیعێكی تازه‌ی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق ده‌كه‌ن.ئه‌مه‌ش به‌ بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك شتێكی ئاساییه‌. چونكه‌ شیعری ئه‌و قۆناغانه‌ به‌ گشتی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵومه‌رجی بابه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بووه‌.ئه‌مه‌ نه‌ دژه‌ باوییه‌ نه‌ جیاوازی. هه‌ر له‌ درێژه‌ی گوایه‌ ڕاڤه‌كردنی شیعری دووچاوی ئه‌م شاعیره‌، نووسه‌ری وتاره‌كه‌ جله‌وی بۆ خه‌یاڵه‌كانی شل كردووه‌ و ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:((جوانی ئه‌م شیعره‌ له‌وه‌ دایه‌،كه‌ هیچ به‌ شێكی به‌سه‌ر به‌شه‌كه‌ی تریدا زاڵ نییه‌)). سه‌رنج له‌وگوزارشتكردنه‌ بده‌ن،زاڵبوونی به‌شه‌كانی شیعر چ مانایه‌كی هه‌یه‌؟ به‌ڵام بابڵێین تا ئێره‌ ئاساییه‌، چه‌ند دێڕێك دواتر ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت: ((شاعیر سوودێكی زۆری له‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدان وه‌رگرتووه‌،یه‌كێتی بابه‌ت له‌ شیعره‌كه‌دا هه‌یه‌ و بوونی خۆی سه‌لماندووه‌)).بێگومان یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی نووسین، ته‌واوكردنی ماناو گه‌یاندنی ئاماژه‌یه‌، وه‌ك چۆن ڕسته‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ وشه‌یه‌ك پێكدێت، كه‌ هه‌موویان واتایه‌ك به‌ سه‌ر یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌خشن، نووسینیش هه‌مان شێوه‌یه‌. مانای چییه‌ شیعرێك كۆپڵه‌كانی له‌ یه‌كتری جیاون و یه‌كێتی بابه‌تیشی تێدایه‌؟شیعری نوێ، چیڕۆك و ڕۆمان نییه‌، تاكو له‌ سه‌ر یه‌ك هێڵی گێڕانه‌وه‌ بڕوات، شیعری نوێ، شیعری كلاسیك و چوارینه‌ و غه‌زه‌ل نییه‌، كێش و سه‌روای هه‌بێت و دێڕێك ئه‌وی تر ته‌واو بكات،شیعری ئازاد له‌ زۆر كاتدا، ده‌كرێ وه‌ك بونیادێكی به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ بخوێنرێته‌وه‌ و هاوكات هه‌روێنه‌یه‌كیش به‌ جیاواز. ئه‌زموونی شێركۆ بێكه‌س، پڕه‌ له‌ نموونه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی كه‌ له‌ یه‌ك كاتدا له‌ ڕووی كۆپڵه‌ییه‌وه‌ و له‌ ڕووی كۆی بینای هونه‌ری ده‌قه‌كه‌شه‌وه‌،به‌ جیاواز له‌ یه‌كتری بخوێنرێته‌وه‌ و ماناش به‌ ده‌سته‌وه‌ بدات.
ئه‌مه‌ سیمایێكی شیعری هاوچه‌رخه‌. خاڵێكی دیكه‌ هه‌ر په‌یوه‌ست به‌ ناوه‌ڕۆكی ئه‌م وتاره‌وه‌ به‌ بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌و شیعرانه‌ی ئه‌م نووسه‌ره‌ وه‌ك نموونه‌ی دژه‌ باوی له‌ شیعری جه‌لالی میرزا كه‌ریم هێناویه‌تییه‌وه‌، به‌ هه‌موو لێكدانه‌وه‌یه‌ك ده‌قێكی ئاسایین و هیچ ڕه‌هه‌ندێكی دژه‌ باویان تێدا نییه‌، به‌گشتی شیعره‌كانی جه‌لالی میرزا كه‌ریم، شیعری نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ندێكیشیان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هزری مرۆڤدۆستی و نێو نه‌ته‌وه‌یی و چه‌پ و بیری چه‌پخوازیی و یه‌كسانین. ئه‌گه‌ر نووسینی شیعر، له‌ پێناو بیری چه‌پ و خه‌م و كێشه‌كانی مرۆڤدا به‌ دژه‌ باوی بزانین، ئه‌وا گۆران ده‌بێته‌ دژه‌ باوه‌. به‌شێك له‌ شیعره‌كانی فایه‌ق بێكه‌س له‌ سه‌رده‌می خۆیاندا، دژ به‌ ئه‌قڵی دواكه‌وتوویی و دینی و لاهوتییه‌، كه‌سیش ناڵێت بێكه‌س دژه‌ باو بووه‌. گوتاری شیعری جه‌لالی میرزا كه‌ریم،درێژ ده‌بێته‌وه‌ تاكۆتا شیعری به‌ڵام به‌ تێڕوانینی جیاواز. ده‌نا له‌ ئاستی فه‌زا گشتییه‌كه‌ی شیعر، ده‌توانین بڵێین شیعری ئه‌و شاعیره‌، یه‌كه‌یه‌كی نه‌پچراوه‌ به‌ یه‌كتری.شیعره‌كان به‌شێكی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیعێكی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕین. هه‌ر له‌ ده‌قی ((ڕوانینه‌كانی چاوی شه‌قام، تاكو شیعری یادو یاقووت و شیعری وه‌رزه‌كان و پاشان شیعری ڕاپه‌رین و خه‌مێكی بێ كۆتایی)) هه‌ست به‌و درێژبوونه‌وه‌ی تیمه‌ی شیعری ئه‌و شاعیره‌ ده‌كه‌ین، كه‌ دواجار ئه‌ویش ده‌چێته‌وه‌ نێو فه‌زای شیعری هه‌فتاكان، كه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك ئه‌دگاریی سیاسی و بابه‌تی و ئه‌ده‌بی ده‌ناسرێته‌وه‌، كه‌ هه‌ره‌ دیارترینییان به‌ سیاسیكردنی شیعرو نووسینی شیعره‌ له‌ پێناو دۆزه‌ سیاسی و نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌،كه‌ به‌رجه‌سته‌ كردنی گیانی نه‌ته‌وه‌یی و جۆشدانی هه‌ستی شۆڕشگێریی و كوردایه‌تی، به‌ گشتی ناوه‌ڕۆك و گوتاری شیعری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ پێكدێنن.خالید عه‌بدل، له‌ كۆی وتاره‌كه‌ی له‌ باره‌ی ئه‌و شاعیره‌وه‌، ته‌نها دووشیعر ده‌كاته‌ نموونه‌ی دژه‌ باوی له‌ شیعره‌كانیدا و دواتر هه‌ر خۆشی له‌ میانه‌ی باسكردن له‌و شیعرانه‌، ئه‌و بۆچوونه‌ی خۆی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌. ئه‌و له‌ باره‌ی شیعره‌كانی جه‌لالی میرزا كه‌ریمه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:((شیعره‌كانی باسی شۆڕش و خه‌بات و سه‌ربه‌ستی ده‌كه‌ن، ئاوێنه‌ی سه‌رده‌می خۆیانن)).سه‌ره‌تا ده‌بێ ئه‌و نووسه‌ره‌ بزانێت هه‌ر شیعرێك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سه‌رده‌می خۆی بوو، واتا شیعرێكه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی گشتی و به‌ ئاراسته‌ی ڕوانین و بیركردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر بوو، مانای وایه‌ دژ باو نییه‌ و درێژكراوه‌ی ئه‌وئه‌قڵیه‌ته‌ گشتی و بینینه‌ گشتییه‌یه‌، كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا بوونی هه‌یه‌. شیعری دژه‌ باو، واتا شیعرێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕوانینی گشتی. بێگومان مه‌به‌ست لێره‌دا ئه‌وه‌نییه‌ كه‌ شیعرێك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئازارو مه‌ینه‌تییه‌كانی گه‌له‌كه‌ی بێت، ئیدی به‌های شیعری نییه‌، به‌ڵكو به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ شیعری دژه‌ باو، واته‌ پێچه‌وانه‌ی باوی سه‌رده‌م. ئه‌گه‌ر شیعرێك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاوێنه‌ی سه‌رده‌می خۆی بێت، مانای وایه‌ گوزارشت له‌ سه‌رده‌مه‌ گشتییه‌كه‌ ده‌كات. هاوكات ده‌بێ بزانین، باسكردن له‌ سه‌ربه‌ستی وشۆڕش و خه‌بات، بابه‌تی نوێ و ناباو نین له‌ شیعری كوردی. به‌ڵكو چه‌مكێكه‌ له‌ شیعره‌كانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و به‌ تایبه‌تیش له‌ شیعره‌كانی قانح و بێكه‌س ده‌بینرێن، كه‌ باسی سه‌ربه‌ستی و پێشكه‌وتن و ئازادبوون له‌ كۆت و به‌ندی زیندان ده‌كه‌ن.كێشه‌ی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌ ئه‌رگۆمێنت دژه‌ باوی له‌ شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ ڕوونبكاته‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌و هه‌ندێك پرس و بابه‌تی دیكه‌ به‌ شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌،كه‌ پێشتر له‌ شیعری كوردی بوونییان هه‌بووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش پووچه‌ڵی ئه‌و تێزه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه‌.به‌ نموونه‌ گیانی یاخیبوون، چه‌مكێك نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و شاعیرانه‌ هاتبێته‌ نێو ڕووبه‌ری شیعری كوردی. بڕوام وایه‌ شیعری قانح كه‌ باسی ئازادی و زیندان ونه‌فره‌ت له‌ نۆكه‌ری بێگانه‌ ده‌كات، پڕه‌ له‌ گیانی یاخیبوون و داكۆكیكردن له‌ خود و ناسنامه‌ی خود وه‌ك تاكێك.ئه‌م تیمانه‌، له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كانی شیعری كوردی، به‌رده‌وام ده‌بن و ده‌بنه‌ بابه‌تی شیعریی. به‌شێكی زۆری شیعره‌كانی جه‌لالی میرزا كه‌ریم، باسی خه‌مه‌كانی مرۆڤ و چه‌وسانه‌وه‌ و ئازادی و شۆڕش و خه‌بات ده‌كه‌ن. واتا دواجار ئه‌زموونی ئه‌ویش وه‌كو شاعیرێك، ده‌چێته‌ نێو ڕووبه‌ری شیعری كوردی له‌ قۆناغێكی دیاریكراودا، كه‌ شیعری سه‌ره‌تای هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌.ئه‌م گوتاره‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ تاكو ڕاپه‌ڕین.شیعری كوردی، له‌ زۆربه‌ی قۆناغه‌كانیدا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاوێنه‌ی سه‌رده‌می خۆی بووه‌ و گوزارشتی له‌ واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی كردووه‌. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌، ناچنه‌ خانه‌ی سیمای دژه‌ باوییه‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌تا باسمان كرد، كه‌ هه‌موو دژه‌ باوییه‌ك ده‌كه‌وێته‌ به‌رهێڕشی باوه‌كانه‌وه‌.نووسه‌ر له‌وتاره‌كه‌یدا،نموونه‌ی ئه‌و شیعره‌ی جه‌لالی میرزا كه‌ریم دێنێته‌وه‌، كه‌ باسی كاره‌ساتی ڕۆژی شه‌شی ئه‌یلوول ده‌كات، كه‌ ته‌نانه‌ت ساڵه‌كه‌شی به‌ هه‌ڵه‌ نووسیوه‌ كه‌(1936)ی نووسیوه‌، له‌ كاتێكدا ڕووداوه‌كه‌ له‌ ساڵی(1930)بوو.ئه‌گه‌ر ئه‌و شیعره‌ به‌ نموونه‌ی دژه‌ باوی بزانین، ئه‌وا ده‌بێ گۆران دژه‌ باوتر بێت، چونكه‌ گۆران له‌ ساڵی 1932 وبیست وشه‌ش ساڵ به‌رله‌ جه‌لالی میرزا كه‌ریم، شیعری بۆ كاره‌ساتی شه‌شی ئه‌یلوول نووسیوه‌. به‌گشتی چه‌مكی ڕووداو، پانتایه‌كی گه‌وره‌ی له‌ شیعری كوردی گرتووه‌ و ڕووداوه‌ سیاسی و كاره‌ساته‌ نه‌ته‌وه‌یی و تراژیدییه‌كان، هه‌میشه‌ له‌ گه‌لێك قۆناغی دیاریكراودا، به‌شێك بوونه‌ له‌ شیعری كورد.ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تره‌وه‌ نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م شاعیره‌ له‌ سه‌رده‌مێكدا، ستایشی شۆڕشی چوارده‌ی ته‌ممووز و بیری چه‌پخوازی كردبێت، ئه‌وا دواجار له‌ شیعری(ڕۆژژمێرو ڕاپه‌ڕین و خه‌می بێ كۆتایی)ئه‌وا شوناسی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی عێراق، به‌شوناسێكی قه‌حپه‌ دائه‌نێت.كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌و په‌ڕی تووڕه‌بوون و حاشاكردنه‌ له‌ ده‌وڵه‌تێك كه‌ ناوی عێراقه‌. جه‌لالی میرزا كه‌ریم له‌و شیعره‌یدا، پانۆڕمای سته‌م و ئازاری نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان به‌رجه‌سته‌ ده‌كات و تا ئه‌و په‌ڕی، داكۆكی له‌ كوردبوون ده‌كات.به‌ بڕوای من شیعری ئه‌م شاعیره‌، له‌ سه‌ر ئاستی زمان و ده‌ربڕینی وشه‌ی شیعری، شیعری نوێن و ئستاتیكایه‌ك له‌ زمانی ئه‌و شاعیره‌ هه‌یه‌، كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و زمانه‌ ڕووت و واقیعی و ئایدۆلۆژییه‌ نییه‌، كه‌ له‌ شیعری هه‌فتاكاندا ده‌بینرێت. له‌ زمانی شیعری ئه‌و شاعیره‌دا، ده‌یان ده‌ربڕین و ده‌سته‌واژه‌ی شیعری جوان ده‌بینرێن، كه‌ خالید عه‌بدل خۆی لێ بواردووه‌. جه‌لالی میرزا كه‌ریم، به‌ بڕوای من به‌وه‌ دا نابێته‌ دژه‌ باوی سه‌رده‌می خۆی كه‌ شیعری بۆ حزبی شیوعی و چوارده‌ی ته‌ممووزو كاره‌ساتی شه‌شی ئه‌یلوول نووسیوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ری وتاره‌كه‌ تێی گه‌یشتووه‌، به‌ڵكو به‌و جوانكارییه‌ی زمان و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان زمانی شیعریی وقۆناغه‌كه‌دا هه‌یه‌، نوێگه‌رێكی سه‌رده‌می خۆی بووه‌. له‌ شیعری ئه‌م شاعیره‌دا، چه‌ندین وشه‌ی شیعری جوان ده‌بینرێت، كه‌ تا ئێستا له‌ شیعری نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕینم نه‌بینیوه‌، زمانی شیعری جه‌لالی میرزا كه‌ریم، له‌ سه‌د لاوه‌ جوانترو پڕماناترو سه‌رنج ڕاكێشتره‌، له‌ شیعری زۆربه‌ی شاعیره‌ گه‌نح وبه‌ناو نه‌وه‌ی نوێی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ مۆدێرنه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت شاعیره‌ هاوچه‌رخه‌كانی خۆشی. بۆ نموونه‌ ئه‌م شاعیره‌ له‌ هه‌فتاكان، ئه‌م وشه‌ شیعرییانه‌ی به‌كار هێناوه‌:_(لكاوی دیواری هۆش/گه‌رووی زام/ژه‌نگی تاوان/چرپه‌ی تفت/سیپاره‌ی چلك/سنگی خه‌زان/كێڵگه‌ی زام/ ده‌وڵه‌تی قه‌حپه‌/ئۆردووگای دڵ/ساڵنامه‌ی زوڵم/كیشوه‌ری مردن/شڵپه‌ی خوێن/قردێله‌ی گوڵه‌ گه‌نم/سه‌وڵی پرچ/نمه‌ی چاو) ئه‌مانه‌ و گه‌لێك وشه‌ی تر كه‌ ئستاتیكایه‌كییان به‌ شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره‌ داوه‌، وێرای ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ سایكۆلۆژییه‌ی له‌ نێوان زمانی شیعری و ده‌روونی شاعیر هه‌یه‌. ئێمه‌ نامانه‌وێت، له‌وه‌ زیاتر له‌ باره‌ی ئه‌م شاعیره‌وه‌ بدوێین، كه‌ خوا یار بێت پڕۆژه‌ی نووسێنێكی داهاتوومانه‌. له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌ ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌ردو ژانی میلله‌ته‌كه‌ی بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر له‌ ده‌ره‌نجام نووسیویه‌تی، ئه‌وا بێگومان شاعیرێكی دژه‌ باو نییه‌، چونكه‌ شیعری شاعیرانی هه‌فتا به‌ گشتی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئازاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ن.

له‌تیف هه‌ڵمه‌ت
خالید عه‌بدل، له‌ باره‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ته‌وه‌ ده‌نووسێت:(( ئه‌و به‌ كرده‌وه‌ش دژه‌ باو بوو، پرچی جیاواز داده‌هێناو ڕیشی جیاواز ده‌تاشی)). لێره‌دا، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ نووسه‌ر دژه‌ باوی به‌ ڕواله‌تی و ڕووی ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ تێگه‌یشتووه‌، نه‌ك هزرو دنیابینی. ئه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت:((شیعره‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت،جۆره‌ په‌یام و گوتارێكن،تایبتمه‌ندی خۆیان هه‌یه‌ و به‌ ئاسانی له‌ شیعری یه‌كێكی تر جیا ده‌كرێته‌وه‌، هه‌روه‌ك خۆشی ده‌ڵێت مه‌به‌ستی(له‌تیف هه‌ڵمه‌ت)ه‌ ناكرێت ئێمه‌ شیعرێك بنووسین، لاسایی نالی و ئه‌حمه‌دی خانی ومه‌لای جزیری بكه‌ینه‌وه‌)). با له‌وه‌ گه‌ڕێین كه‌ نه‌ك له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، به‌ڵكو هیچ شاعیرێكی كورد، نه‌ك ناتوانێت وه‌ك ئه‌حمه‌دی خانی بنووسێت، به‌ڵكو له‌ گوتاری شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ش ناگات. چوار سه‌د سالچ زیاتره‌، ئه‌حمه‌دی خانی وه‌ك شاعیرێك و بناغه‌دانه‌رێكی ئه‌قڵی ناسیۆنالیستی كوردی، ده‌خوێنرێته‌وه‌ و ماوه‌ته‌وه‌.له‌ كاتێكدا ده‌یان شاعیری هه‌فتاكان و هه‌شتاكان و ته‌نانه‌ت دوای ڕاپه‌ڕینیش، له‌ هزری خوێنه‌ری كورد كاڵبوونه‌ته‌وه‌ و كه‌وتوونه‌ته‌ په‌راوێزی مێژوو. ئیدی نازانم له‌تیف هه‌ڵمه‌ت چۆن بوێری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ بكات كه‌ نایه‌وێت لاسایی مه‌حوی ونالی و خانی بكاته‌وه‌؟ كه‌ له‌ ڕاستیدا ناتوانێت نه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌یه‌وێت. چونكه‌ چ شاعیرێكی كورد هه‌یه‌، ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی نه‌بێت، وه‌ك خانی و نالی بنووسێت و بناسرێت؟ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌كرێ بپرسین، كامانه‌ن ئه‌و تایبتمه‌ندییانه‌ی شیعری ئه‌و شاعیره‌، به‌ ئاسانی له‌ شیعره‌كانی تر جیا ده‌كه‌نه‌وه‌؟ ئه‌و تایتمه‌ندییانه‌ چین؟ سیماهونه‌رییه‌كانی كامانه‌ن؟ئه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ باسكردنی شیعری ئه‌و شاعیره‌ و ده‌نووسێت:((له‌تیف هه‌ر له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مییه‌وه‌ هه‌وڵی بۆ دۆزینه‌وه‌ی شتی نوێ بووه‌، شتگه‌لێك كه‌ داهێنانه‌كانی ئه‌ویان زیاترو جوانتر كردووه‌ و هه‌موو كه‌سێك نایاندۆزێته‌وه‌)). مه‌به‌ستی نووسه‌ری وتاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ شیعری جیاواز ده‌ستی پێ كردووه‌، كه‌ كه‌سانی به‌رله‌ ئه‌و نه‌یاندۆزیوه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا، دژه‌ باوییه‌ وه‌ك خالید عه‌بدل وه‌سفی ده‌كات. به‌ بڕوای من، ئه‌م نووسه‌ره‌ كه‌ من پێشتر وتارم نه‌بینیوه‌ و ناوم نه‌بیستووه‌، یان ئاگادارییه‌كی كه‌می له‌ شیعری كوردی و قۆناغه‌كانی هه‌یه‌، یاخود هه‌ر لێی بێ ئاگایه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر كه‌مێك پێشی ئه‌زموونی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، سه‌یری ئه‌زموونی شاعیرانی تری بكردایه‌، قسه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ی نه‌ده‌كرد.لێره‌دا ئێمه‌ نموونه‌یه‌ك له‌ شیعرێكی سه‌ره‌تای ئه‌زموونی شیعری ئه‌و شاعیره‌ دێنینه‌وه‌، كه‌ به‌رهه‌می كۆتایی شه‌سته‌كانه‌، وه‌ك خۆی له‌ كۆی به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌كانی ئاماژه‌ی پێداوه‌، تاكو بزانین ئه‌و تایبتمه‌ندییانه‌ی تێدایه‌ كه‌ خالید عه‌بدل پێی وایه‌ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت داهێنه‌ریتیان و باسییان ده‌كات؟ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له‌ شیعرێكیدا ده‌ڵێت:
من له‌ به‌هاری هه‌موو جیهانا،
ته‌نها گوڵێكی زیوین ئه‌بینم
من له‌ ئاسمانی ساماڵی جوانا
ئه‌ستێره‌یه‌كی شیرین ئه‌بینم
من له‌ ته‌مه‌نی هه‌موو ژیانا
هه‌ر یادگارییه‌كی دێرین ئه‌بینم
(لا334_كۆی به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌كانی)
ئه‌مه‌، نموونه‌یه‌كه‌ له‌ شیعری ئه‌و شاعیره‌، كه‌ خۆی وته‌نی به‌رهه‌می كۆتایی شه‌سته‌كانه‌. ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌رنج له‌ ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كه‌ بده‌ین، ئاخۆ چ تایبتمه‌ندییه‌ك ده‌بینین، له‌ ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكه‌وه‌، كه‌ وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ناسینه‌وه‌ی ناوی ئه‌و شاعیره‌ له‌ شیعری كوردیدا ببینرێت؟ئه‌و وشه‌ و وێنه‌ و ده‌ربڕینه‌ شیعرییانه‌ی له‌و شیعره‌دا هاتوون، نوێ و تازه‌ و پێشتر له‌ شیعردا نه‌بوونه‌؟ چ جیاوازییه‌ك له‌ ڕووی فۆڕمی ئه‌و شیعره‌و فۆڕمی شیعرێكی گۆران هه‌یه‌؟گریمان ئه‌گه‌ر ناوی له‌ تیف هه‌ڵمه‌ت به‌ سه‌ر ئه‌و شیعره‌وه‌ نه‌بووایه‌، هیچ خوێنه‌رێك ده‌یزانی ئه‌مه‌ شیعری ئه‌وه‌؟ گومان ده‌كه‌م خودی خالید عه‌بدل خۆشی بیزانیایه‌. وه‌لێ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ بكات كه‌ شتێكی جیاوزتری نووسیوه‌، له‌ باره‌ی ئه‌زموونی ئه‌و شاعیرانه‌وه‌، ئیدی قسه‌ی گه‌وره‌ی بێ ناوه‌ڕۆك ده‌كات. وشه‌كانی(( ئاسمانئه‌ستێره‌ته‌مه‌نیادگارییزیوین)) نه‌ك وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی نوێ نین، به‌ڵكو له‌ شیعری چل و په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووش ده‌بینرێن.شیعره‌كانی گۆرانی داهێنه‌رو نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی،ته‌ژین له‌و جۆره‌ ده‌ربڕینانه‌. ئه‌م وشانه‌ له‌ ڕووی فه‌رهه‌نگی شیعرییه‌وه‌ نه‌ نوێن، نه‌ له‌تیف هه‌ڵمه‌تیش داهێنه‌ریانه‌، به‌ڵكو له‌دوای قۆناغی شیعری كلاسیكییه‌وه‌، ئه‌و وشانه‌ ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ گوتارو فه‌رهه‌نگی شیعری شاعیرانی ئێمه‌. بۆ نموونه‌: گۆران له‌ شیعرێكیدا ده‌ڵێت:_
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم له‌ په‌رده‌ی بیرم..
نیگارێ هه‌ڵكه‌نم شێوه‌ی لێت بچێ
تا هه‌ر چه‌ن گازی گرت له‌له‌ش زنجیرم
ئازارم سووكتر كا خه‌یاڵی كچێ.
كه‌ شۆخه‌ و قژ زه‌رده‌ و باڵا ڕێك و به‌رزه‌
خه‌مخواری نه‌ ناسه‌ وه‌ك فریشته‌ی عه‌رز
(دیوانی گۆرانلا164) ئه‌م شیعره‌ی گۆران، له‌ ڕووی فۆرمی شیعرییه‌وه‌، هاوشێوه‌ی ئه‌و شیعره‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ته‌، كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێداوه‌. له‌م كۆپله‌ شیعرییه‌دا، چه‌ند وێنه‌یه‌كی شیعری كه‌ به‌ زمان گوزارشتییان لێكراوه‌، به‌ به‌راود له‌ گه‌ڵ وشه‌ شیعرییه‌كانی شیعری له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، كه‌خالید عه‌بدل پێی وایه‌ هه‌ر به‌ نوێ و جیاواز له‌ پێش خۆی ده‌ستی به‌ شیعر كردووه‌،ئستاتیكی ترو سه‌رنج ڕاكێشترن. به‌شێكی زۆری شیعری گۆران، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێكییان وشه‌ی عه‌ره‌بیان تێدایه‌، به‌ڵام له‌ ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆك و ڕیتم ومۆسیقای شیعرییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ پێشه‌وه‌ی به‌شێكی ئه‌زموونی شیعری هه‌فتاكان نه‌بێت،ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هاوته‌ریبی ئه‌وانه‌.گۆران له‌ چه‌ندین ده‌قی خۆی وشه‌ی(ئه‌ستێره‌ و به‌هارو ته‌مه‌ن و یادگاریی) به‌كار هێناوه‌، ئیدی نازانم ده‌سپێكی ئه‌و وشه‌ نوێیانه‌، بۆچی نوێن و تازه‌ن له‌ شیعری هه‌فتاكاندا. نووسه‌ر هه‌ر له‌ میانه‌ی وتاره‌كه‌یدا ده‌نووسێت:(( ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، بریتین له‌ شانازیی/پێشكه‌وتن/ نه‌سره‌وتن/ ئاوات و ئامانج، ئه‌و بۆ نووسینی شیعر شێوازێكی هه‌ڵبژارد و شیعری پێ نووسی كه‌ به‌ ئاڵۆزیی به‌ خه‌ڵكی نه‌فرۆشته‌وه‌،به‌ڵكو به‌ ساده‌ و ساكاری داویه‌ به‌ گوێیان)). ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا،ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی بۆچوونی خۆیه‌تی له‌ باره‌ی دژه‌ باویه‌وه‌.چونكه‌ ئه‌گه‌ر شاعیرێك به‌ ساده‌ و ئاسایی شیعری نووسی وشیعری كرده‌ به‌شێك له‌ ڕوانینی میللی و جه‌ماوه‌رییانه‌ی خه‌ڵك، ئیدی دژه‌ باویه‌كه‌ی له‌ كوێدایه‌؟له‌ كاتێكدا وه‌ك باسمان كرد،دژه‌ باوه‌كان له‌ هیچ شوێنێكی باودا جێگه‌یان نابێته‌وه‌ و ڕه‌ت ده‌كرێنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر شاعیرێك به‌ ڕوانینی گشتی شیعری نووسی، له‌ ڕاستیدا ده‌بێ نیگه‌ران بێت و به‌ ئه‌زموونه‌كه‌ی دابچێته‌وه‌، چونكه‌ مانای وایه‌، له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی باودایه‌. شیعر تۆپانێ نییه‌، تاكو جمهورێكی زۆری هه‌بێت.
هه‌ر شیعرێك ساده‌ و ئاسان و بێ ئاڵۆزی خه‌ڵك تێی گه‌یشت، مانای وایه‌ گه‌ردێك دژه‌ باو نییه‌. لێره‌دا مه‌به‌ستی ئێمه‌ دژه‌ باویه‌كه‌یه‌، نه‌ك پێوه‌ری شیعرو خوێنه‌ر. چونكه‌ شیعریش دواجار به‌شێكه‌ له‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵومه‌رجی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌ریی كۆمه‌ڵگه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر شیعره‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، وه‌ك خالید عه‌بدل ده‌ڵێت، بێ ئاڵۆزی بگه‌نه‌ خه‌ڵك، مانای وایه‌ دژه‌ باو نییه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ پێوه‌ری ئه‌و بابه‌تانه‌ بێت، كه‌ له‌ ناوه‌ڕۆكی شیعری ئه‌و شاعیره‌دا هه‌یه‌،ئه‌وا دیسانه‌وه‌ شیعری ئه‌و شاعیره‌، درێژكراوه‌ی ئه‌زموونی شیعری پێشووتره‌. ئه‌و بابه‌تانه‌ی ئه‌و باسی ده‌كات، له‌ شیعری سی و چله‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌بینرێت. مه‌گه‌ر چ شاعیرێك هێنده‌ی قانح، باس له‌ مرۆڤ و شكۆمه‌ندی مرۆڤ ده‌كات له‌ شیعره‌كانی؟ كێ ئه‌وه‌نده‌ی بێكه‌س باسی پێشكه‌وتن و ته‌مێ كردنی پاپا و ده‌ست دانه‌ عیلم و فه‌ن ده‌كات؟ كێ ئه‌وه‌نده‌ی زێوه‌ر هه‌وڵ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خوێنده‌وار ده‌دات له‌ شیعره‌كانی؟ئه‌م بابه‌تانه‌ له‌ به‌شێكی زۆری گوتاری شیعری نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌بینرێت. ئه‌گه‌ر وابێت،ئه‌وا ده‌بێ بڵێین له‌تیف هه‌ڵمه‌ت شاعیرێكی دژه‌ باو نییه‌.چونكه‌ دژه‌ باوی، لادانه‌ له‌ واقیعی باو، هێنانه‌ ئارای بابه‌تی تازه‌ و دنیابینی تازه‌یه‌.بێگومان له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول و نیوه‌ی دووه‌می هه‌فتاكان،نائومێدی ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ سایكۆلۆژیه‌تی مرۆڤی كورد.ئه‌و قۆناغه‌ كه‌ قۆناغی ڕه‌شبینی و خامۆشییه‌، كاریگه‌ریه‌كی قووڵ له‌ سه‌ر باری ده‌روونی مرۆڤی كورد جێدێڵێت. شیعری كوردی له‌و قۆناعه‌دا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌یه‌. بۆیه‌ گوتاری شیعری كوردی، ده‌بێته‌ گوتاری به‌رگریی و جۆشدانی كوانووی شۆِرش و ئه‌م گوتاره‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ تاكو ڕاپه‌ڕین، به‌ڵام به‌ ناوه‌ڕۆك و گوزارشتكردنی جیاواز. شیعری له‌ تیف هه‌ڵمه‌تیش، ده‌بێته‌ به‌شێك له‌و گوتاره‌. به‌ تایبه‌تی كه‌ ئه‌و خۆشی(ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم)ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌. ئه‌زموونی ئه‌و شاعیره‌، له‌ به‌شێكی زۆری شیعره‌كانی، ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ گوتاری باوی شیعری ئه‌و سه‌رده‌مه‌.بۆ نموونه‌ له‌ شیعرێكدا ده‌ڵێت:_
ئه‌ڕۆمه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌م..
به‌س نییه‌ له‌شم تێكه‌ڵی خاك و خۆڵی كوردستان ده‌بێ..
بۆ هه‌ر كوێم په‌لكێشم كه‌ن
دڵم دڵۆپه‌ بارانێكه‌ و لووتكه‌ی هه‌ڵگۆرد ده‌دۆزێته‌وه‌.
(دیوانی له‌ تیف هه‌ڵمه‌تل_124) هه‌روه‌ها له‌ شیعرێكی تردا ده‌ڵێت:
ئه‌ی دایكه‌كان..ده‌سته‌كانتان ماچ ده‌كه‌م..
مناڵه‌كان فێری خۆشه‌ویستی بكه‌ن..
خۆشه‌ویستی نیشتمان..نیشتمان
ئه‌ی دایكه‌كان.
(دیوانی له‌تیف هه‌ڵمه‌تل_365) ئه‌م دوو شیعره‌، دوونموونه‌ن له‌ شیعری ناوه‌ڕاست و كۆتایی هه‌فتاكانی سه‌دی ڕابردوو. گوتاری هه‌ردوو شیعره‌كه‌ ڕوون و دیاره‌. بابه‌تی خۆشویستنی خاك و نیشتمان و گۆشكردنی ڕۆڵه‌كانمان به‌ خۆشه‌ویستی خاك، تیمه‌ی سه‌ره‌كی شیعره‌كانه‌. هه‌ردوو شیعره‌كه‌ ده‌لاله‌ت له‌ خۆشویستن و په‌یوه‌ستبوونی شاعیر به‌ خاك و خۆڵی نیشتمان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، ده‌بینین هه‌ردوو ده‌قه‌كه‌ و به‌شێكی زۆری شیعره‌كانی دیكه‌ی ئه‌و شاعیره‌ش، هیچ دژه‌ باویه‌كییان تێدا نییه‌. ئه‌گه‌ر له‌تیف هه‌ڵمه‌ت به‌ دژه‌ باویی و ڕێچكه‌ی نوێی شیعری ده‌ستی پێ كردبێت وه‌ك خالید عه‌بدل ده‌ڵێت،ئه‌وا بۆچی شیعری ئه‌ویش له‌ ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكه‌وه‌، ده‌چێته‌وه‌ نێو ڕووبه‌ری شیعری هه‌فتاكان و بۆچی نه‌یتوانی ئه‌م دژه‌ باوییه‌ درێژه‌ پێ بدات و شیعرێكی جیاوازتر له‌ شاعیرانی ئه‌و سه‌رده‌م، له‌ ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ بنووسێت؟ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ نووسینی شیعری نیشتمانی و به‌رگریی،گرنگی خۆی نه‌بووبێت، به‌ تایبه‌تش له‌و قۆناغه‌دا، كه‌ قۆناغی نائومێدیی و ڕه‌شبینی و هه‌ڵسانه‌وه‌یه‌، به‌ڵكو به‌و مانایه‌یه‌، كه‌ شیعری كوردی له‌و قۆناغه‌دا، هه‌ڵگری یه‌ك گوتارو یه‌ك ئامانجه‌، به‌ڵام به‌ دنیابینی جیاواز، نه‌ك به‌ فۆڕم و ناوه‌ڕۆكی جیاوازه‌.چونكه‌ هه‌ڵومه‌رجه‌ سیاسییه‌كه‌، واقیعێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دێنێته‌ ئاراوه‌، كه‌ شیعر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ ڕه‌شبینی و نا ئومێدییه‌ بێت. ئه‌م گوتاره‌ له‌ شیعری له‌تیف هه‌ڵمه‌ت درێژده‌بێته‌وه‌، تاكو زه‌مه‌نی دوای ڕاپه‌ڕین، كه‌ شیعره‌كانی ده‌بنه‌ هه‌ڵگری جۆرێك له‌ گوتاری سۆفیزم. ئه‌م شاعیره‌ له‌ ئێستادا، نایشارێته‌وه‌ كه‌ ڕووی له‌ سۆفیزم كردووه‌، ته‌نانه‌ت هه‌رخۆی له‌م وتاره‌دا داواده‌كات كه‌(خودا له‌ لاسارییه‌كان گه‌نجی ببوورێت). ئه‌مه‌ش مانای جۆرێك له‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ هزرو ڕوانین و ئه‌و دژه‌ باویه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ خالید عه‌بدل پێی وایه‌ ئه‌م شاعیره‌ ڕچه‌شكێنی بووه‌. هه‌موو شیعره‌كانی نێو دیوانی له‌ تیف هه‌ڵمه‌ت، هه‌ر له‌ شیعری یه‌كه‌مییه‌وه‌، تا دوا شیعری دیوانه‌كه‌، هه‌ڵگری یه‌ك فۆرم و ناوه‌ڕۆكن، به‌ دنیابینی جیاواز,بگره‌ له‌ كۆتایی دیوانه‌كه‌یدا، هه‌ندێك كورته‌ شیعر ده‌بینین نه‌ك هه‌ر ساده‌ و ساكارن، بگره‌ سواوترین و باوترین شیعری كوردین و ئه‌زموونی به‌شێك له‌ شاعیره‌ تازه‌ نووس و بێ به‌هره‌كانمان پڕن له‌و جۆره‌ شیعرانه‌. نازانم ئه‌گه‌ر شاعیرێك به‌ دژه‌ باوی ده‌ستی پێ كردبێت، چۆن دواجار پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دژه‌ باویه‌ی خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه‌.له‌تیف له‌ شیعرێكیدا به‌ناوی(عه‌شقنامه‌ی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك)ده‌ڵێت: عه‌شق لای من تێكه‌ڵاوبوونی دوو جه‌سته‌یه‌.. عه‌شق لای من.. نه‌تدیوه‌چۆن له‌ ناو كووره‌ی ئاسنگه‌ردا كلپه‌ و ئاسن باوه‌ش به‌یه‌كدا ده‌كه‌ن و تێكه‌ڵ ده‌بن، (دیوانی له‌تیفلا 1390)
ئایا عشق تێكه‌ڵاوببونی دووجه‌سته‌ و توانه‌وه‌یه‌ له‌ نێو یه‌كتری یان تێكه‌ڵاوبوونی دوو ڕوحه‌؟ ئه‌وانه‌ عشق له‌ جه‌سته‌دا كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌بینن، ئه‌وانه‌ن كه‌ جه‌سته‌ی ژن وه‌ك موڵكی پیاو ده‌بینن و ته‌نها مه‌به‌ستییانه‌ شتێكییان له‌و جه‌سته‌یه‌، له‌ ڕووی چێژو غه‌ریزه‌وه‌ ده‌ست بكه‌وێت. به‌ بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك، ئه‌وه‌ی له‌و كۆپڵه‌ شیعرییه‌دا ده‌یبینین، ده‌ربڕینێكی ئاسایه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ ڕۆژانه‌ به‌ به‌ر ده‌یان وێنه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ بكه‌وین له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا. ئه‌م شیعره‌، كه‌ كۆتا شیعره‌ له‌ دیوانی له‌ تیف هه‌ڵمه‌ت و خۆی ده‌ڵێت، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بوونی زین و مه‌مێكه‌ له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، هاوشێوه‌ی ئه‌و شیعره‌یه‌ كه‌ ئه‌و شاعیره‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌زموونی شیعرییه‌وه‌، له‌ ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆك ده‌ستی داوه‌تێ.هه‌ر دژه‌ باوییه‌ك دواجار نه‌بووه‌ ڕێگه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی شیعریی و له‌ ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ جیاواز نه‌كه‌وته‌وه‌، مانای وایه‌ دژه‌ باو نییه‌. نموونه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی باسی خۆشه‌ویستی و دایك و منداڵ و نیشتمان په‌روه‌ره‌ی ده‌كه‌ن،له‌ شیعری قۆناغی هه‌فتاكاندا، بێ شومارن.ئه‌مانه‌ نه‌ نموونه‌ی دژه‌ باوین نه‌گوتنێكی جیاوازیشن. ئه‌گه‌ر خالید عه‌بدل پێی وابێت شیعری ئه‌و كوله‌كانه‌ ده‌شكێنم، نموونه‌ی شیعری دژه‌ باوییه‌ و یه‌كه‌م ده‌قی له‌و شێوه‌یه‌، ئه‌وا هیوادارم بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و شیعریه‌ی گۆران كه‌ده‌ڵێت:_
بتم شكان..
دووبته‌وان..كوژران نه‌مان
چنگ له‌سه‌ر شان له‌ نیشتمان
ئێستا به‌ڕاست بت په‌رست نیم..
سه‌ربه‌ست ئازاد ئازا ئه‌ژیم..
گۆران ئه‌م شیعره‌ی، له‌ ته‌مموزی 1958 نووسیوه‌، ئه‌و به‌ ئاشكرا، هه‌وڵی تێكشكاندنی بیری بت په‌رستی و یاخیبوون و سه‌ربه‌ستی ژیان ده‌دات. هه‌ر له‌درێژه‌ی وتاره‌كه‌یداو له‌ باره‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ته‌وه‌، نووسه‌ر ده‌نووسێت:((له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، یه‌كه‌م ده‌قی كراوه‌ی نووسیوه‌كه‌ ده‌قی ئه‌و كوله‌كانه‌ ده‌شكێنم، له‌ ده‌قی كراوه‌دا شاعیر سه‌ربه‌سته‌ له‌ گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌ی)). له‌ ڕاستیدا، گومان ده‌كه‌م ئه‌م نووسه‌ره‌، بزانێت ده‌قی كراوه‌ یانی چی.خه‌سڵه‌ته‌كانی چین. ده‌قی كراوه‌، چۆن له‌ ده‌قی داخراو جیا ده‌كرێته‌وه‌؟ بێگومان، هیچ ژانرێك وه‌ك شیعر، خه‌یاڵسازیی و دنیابینی سه‌ربه‌ستانه‌ی نییه‌. نه‌ك ته‌نها له‌ شیعری كراوه‌دا، به‌ڵكو له‌ شیعری كورت و شیعری ئاساییش، شاعیر تا ئه‌و په‌ڕی بێ سنووری، سه‌ربه‌سته‌ له‌ ده‌ربڕین و به‌رجه‌سته‌ كردنی وێنه‌ی شیعری. شیعر چیڕۆك و ڕۆمان و حیكایه‌ت نییه‌، له‌ سه‌ره‌داوێكه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات و بگاته‌ كۆتایی ڕووداوه‌كان.به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌ شیعردا ئه‌و په‌ڕی سه‌ربه‌ستی هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و پێی وابێت سه‌ربه‌ستی شاعیر مانای ده‌قی كراوه‌یه‌، ئه‌وا به‌هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتووه‌. دیارترین سیمای ده‌قی كراوه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ زۆرتر له‌ خوێندنه‌وه‌یه‌ك و ڕاڤه‌كردنێك له‌ خۆ ده‌گرێت.
مانا له‌ ده‌قی كراوه‌دا، به‌ كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌. ده‌قی كراوه‌، خوێنه‌ر له‌به‌رده‌م پرسیارو ڕامان وزۆرتر له‌ بینینێك ڕاده‌گرێت. بۆیه‌ ئه‌و ده‌قه‌ شیعرییه‌ی ئه‌و به‌ نموونه‌ هێناویه‌تییه‌وه‌، نه‌ك ده‌قێكی كراوه‌ نییه‌، به‌ڵكو وه‌ك هه‌ر ده‌قێكی ئاسایی شیعری شاعیرێكی دیكه‌، مانا ته‌واو ده‌كات و له‌ كۆتایی شیعره‌كه‌دا، فه‌زای ده‌قه‌كه‌ داده‌خرێت، هه‌رخوێنه‌رێكیش به‌ وردی شیعری ئه‌و كوله‌كانه‌ ده‌شكێنم بخوێنێته‌وه‌، هه‌ست به‌مه‌ ده‌كات. به‌شێك له‌و تایبتمه‌ندییانه‌ی ئه‌م نووسه‌ره‌ داویه‌ته‌ پاڵ شیعری له‌ تیف هه‌ڵمه‌ت و ناویشی لێ ده‌نێت دژه‌ باو، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نموونه‌ و ئاماژه‌ی دژه‌ باوی نین و به‌ڵكو هی شاعیرانی دیكه‌شن.بۆنموونه‌ ده‌نووسێت:(( له‌تیف هه‌ڵمه‌ت وه‌ك ئه‌ندازیارێكی به‌ توانا،وشه‌ له‌ جێی شیاوی خۆی دا ئه‌نێت)). دژه‌ باوی، ئه‌وه‌ نییه‌ شاعیرێك وشه‌ له‌ شوێنی شیاوی خۆی دابنێت، چونكه‌ ئه‌لف و بێ نووسینی سه‌ره‌تایی، كه‌ منداڵ له‌ قوتابخانه‌ فێری ده‌بێت، دانانی وشه‌یه‌ له‌ سیاقی ڕسته‌ و گه‌یاندنی مانای بابه‌تییه‌ له‌ میانه‌ی ده‌ربڕیندا. مانای چییه‌ شاعیرێك بۆیه‌ دژه‌ باوه‌، چونكه‌ ده‌زانێت وشه‌ له‌ جێی خۆی دابنێت؟!. مه‌گه‌رمرۆڤ نه‌ك ته‌نها له‌ شیعردا، به‌ڵكو له‌ زمانی میللی و ڕۆژانه‌ وئاسایی ده‌ربڕینیشدا، هه‌وڵی ئه‌وه‌ نادات وشه‌ به‌ گونجاوترین و ڕێكترین شێوه‌، له‌ شوێنی شیاوی خۆی دابنێت؟ قوتابییه‌ك كه‌ داڕشتن ئه‌نووسێت، مه‌لایه‌ك كه‌ خوتبه‌ ده‌دات، فه‌قێیه‌ك كه‌ ده‌یه‌وێت فێر ببێت، هه‌مووان هه‌وڵی ئه‌وه‌ ناده‌ن، به‌ جوانترین و ڕێزمانیترین شێوه‌، وشه‌ له‌ شوێنی شیاوی خۆی دابنێن؟ ئه‌م لێكدانه‌وانه‌، لێكدانه‌وه‌ی نا بابه‌تین و گوزارشت له‌ نا شاره‌زایی نووسه‌ر ده‌كه‌ن، له‌ باره‌ی نووسینی ئه‌ده‌بییه‌وه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، من نازانم ئه‌گه‌ر نووسه‌رێك(ڕه‌مز)و(ئه‌فسانه‌)و(كه‌له‌پوور)و(فۆلكلۆر) له‌ یه‌كتری جیانه‌كاته‌وه‌، چۆن بوێری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ی درێژی ئه‌ده‌بی بنووسێت؟!.سه‌رنج بده‌ن هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌م شاعیره‌وه‌ چی ده‌نووسێت:((له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، له‌ به‌كارهێنانی ڕه‌مزو ئه‌فسانه‌كاندا سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و له‌ بیری نه‌كردوون،زۆر ڕه‌مزو ئه‌فسانه‌ی وه‌ك مزگه‌وت و ئاده‌م و كلێسه‌ و په‌رستگا وزه‌رده‌شت و عیسای به‌كاربردوون)). به‌ ڕاست مزگه‌وت وكلێسه‌ ئه‌فسانه‌ن؟!! حه‌وا و ئاده‌م و حه‌زره‌تی عیسا، ڕه‌مزن؟! كلێسای مه‌سیحییه‌كان ئه‌فسانه‌یه‌؟ مه‌گه‌ر دنیا پڕ نییه‌ له‌ ده‌یه‌ها هه‌زار كلێسه‌؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ به‌ ناوی ڕاسته‌ قینه‌ی خۆیان ناوبهێنرێن و بناسرێنه‌وه‌، ئیدی نازانم ڕه‌مزیه‌تییان له‌ كوێ دایه‌؟ئه‌گه‌ر به‌كارهێنانی ئه‌م وشانه‌ له‌ شیعردا به‌ دژه‌ باویی و دنیابینی فراوانی شیعری بزانین، ده‌بێ بڵێین كه‌ فایه‌ق بێكه‌س، سی ساَل زیاتر به‌رله‌ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت دژه‌ باوبووه‌. چونكه‌ فایه‌ق بێكه‌س له‌ سییه‌كانه‌وه‌، باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وروپا پاپای ته‌مێ كردووه‌ و ده‌ستی داوه‌ته‌ عیلم و فه‌ن،ده‌بێ ئێمه‌ش چاو له‌وان بكه‌ین.ئه‌و له‌ سییه‌كانه‌وه‌ شیعرێك ده‌نووسێت، كه‌ بنه‌مای ڕۆشنگه‌ریی و بینینی دنیا له‌ سه‌ر ئه‌قلگه‌رایی ده‌كاته‌ پێوه‌ر.شیعری كوردی به‌ده‌ر نه‌بووه‌ له‌و واقیعه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌دا بوونی هه‌بووه‌. بۆیه‌ له‌ زۆركاتدا، ده‌بێته‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بنه‌ماكانی ئه‌و واقیعه‌. ئه‌مه‌ش نه‌داهێنانه‌ نه‌ دژه‌ باویی.خاڵێكی دیكه‌، كه‌ نووسه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا، ده‌یكاته‌ پێوه‌رێك بۆ دژه‌ باویه‌تی له‌ تیف هه‌ڵمه‌ت ئه‌وه‌یه‌، كه‌ شاعیر له‌ شیعره‌كانیدا، چه‌ند وشه‌یه‌ك له‌سه‌ر یه‌كتری دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش هوشیارییه‌كی شیعری گه‌وره‌یه‌.له‌وباره‌یه‌وه‌ نموونه‌ی ئه‌و شیعره‌ی له‌تیف دێنێته‌وه‌:
من هه‌ر زیندووم
تاسه‌ر زیندووم
مه‌رگ ئه‌كوژم من هه‌ر زیندووم
دووباره‌ كردنه‌وه‌ی چه‌ند وشه‌یه‌ك له‌ سه‌ر یه‌كتریی، سیمایه‌كی هونه‌ریی و ئاسایی ده‌قی شیعرییه‌. ئه‌م دووپاتكردنه‌وه‌یه‌، یان ڕه‌هه‌ندێكی زمانه‌وانی هه‌یه‌، یاخود ڕه‌هه‌ندێكی بابه‌تی، له‌ هه‌ردوو ڕووه‌كه‌شه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ بینای هونه‌ری ده‌قی شیعری.ئه‌گه‌ر دووپاتكردنه‌وه‌ی وشه‌، به‌ داهێنان و دژه‌ باویی و بلیمه‌تی بزانین،ئه‌وا ده‌بێ بڵێین گۆران له‌ هه‌مووان دژه‌ باوتره‌. چونكه‌ ئه‌و له‌ ساڵی 1958، شیعرێكی نووسیوه‌، كه‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی وشه‌ی تێدایه‌. كاتێ ده‌نووسێت:_
ده‌نگێكی دوور
دوور ئێجگار دوور
به‌ ئه‌سته‌مێك ئه‌گاته‌ ژوور.
ئه‌ی ده‌نگی دوور
(دیوانی گۆرانلا206) بۆیه‌ گرنگه‌، له‌ خستنه‌ڕووی هه‌ر بۆچوونێكی ئه‌ده‌بی، به‌رپرسیاریه‌تی فه‌رهه‌نگیی و مێژوویی هه‌ڵبگرین.توێژینه‌وه‌ له‌ شیعری شاعیرێك، ئه‌م شاعیره‌ ناكاته‌ دژه‌ باو، ئه‌گه‌ر بنچینه‌كانی دژه‌ باوی له‌ ده‌قی شیعره‌كانی نه‌بێت. ئه‌گه‌ر گۆرانی شاعیر، دوو ده‌یه‌ به‌رله‌ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، یان هه‌ر شاعیرێكی كورد،شیعرێكی له‌و شێوه‌یه‌ی نووسیبێت، ئیدی نازانم دژه‌ باوی ئه‌و شاعیرانه‌ له‌كوێ دایه‌ و چییه‌؟!دواجاریش ده‌ڵێت:((له‌تیف هه‌ڵمه‌ت هه‌ڵوێستێكی ئایدۆلۆژی جێگیری هه‌بووه‌)). ئه‌گه‌ر شاعیرێك هه‌ڵوێستی جێگیری هه‌بێت و شیعر وه‌ك به‌شێك له‌ ئایدۆلۆژییا ببینێت، ئه‌وا شاعیرێكی دژه‌ باوه‌، یان ئاسایی؟!.

فه‌رهاد شاكه‌لی..
به‌گشتی چه‌ند سیمایه‌كی هونه‌ری له‌ شیعری كۆتایی شه‌سته‌كان و هه‌فتاكانی قۆناغی شیعری كوردی هه‌ن، كه‌ هاوبه‌شن و له‌ ئه‌زموونی زۆربه‌ی شاعیران ده‌بینرێت و ڕه‌نگییان داوه‌ته‌وه‌. كه‌ هه‌ره‌ دیارترینیان، بیری نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕیی و گوزارشتكردنه‌ له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌كی چه‌وساوه‌ و ژێر ده‌ست,ئه‌م گوتاره‌ له‌ شیعری كوردیدا، درێژ ده‌بێته‌وه‌ تا كۆتایی نه‌وه‌ده‌كان و ڕاپه‌ڕین، به‌ڵام به‌ دنیابینی جیاوازه‌وه‌.بۆنموونه‌:له‌ شیعری هه‌شتاكاندا، به‌ تایبه‌تی ئه‌و شیعرانه‌ی له‌ شار ده‌نووسرێن و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی گیانی به‌رگریی و شۆڕشگێڕیی و نه‌ته‌وه‌یین، سیمبول ده‌بێته‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ زمان.چونكه‌ به‌ هۆی نه‌بوونی ئازادیی و سته‌می به‌عس له‌و قۆناغه‌دا،شاعیرانی كورد په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌رسیمبول، به‌ تایبه‌تیش كه‌ ئه‌و قۆناغه‌ به‌ قۆناغی ڕه‌شبینی و نا ئومێدی ده‌ناسرێته‌وه‌. شیعری كوردی كه‌ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ شیعری به‌رگریی و نه‌ته‌وه‌یی، له‌و قۆناغه‌دا به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌ یه‌كتری نزیك ده‌بنه‌وه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ ئه‌سته‌م خه‌سڵه‌تێكی شیعری جیاواز، شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ له‌ یه‌كتری جیابكاته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ به‌ڵكو هه‌ستانه‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی،ئومێد و هه‌ڵاتنی خۆری ئازادی، ده‌بێته‌ تیمه‌ی سه‌ره‌كی شیعری كوردی ئه‌و قۆناغه‌ به‌ گشتی.بۆیه‌ شاكه‌لی ئه‌گه‌ر له‌ پڕۆژه‌ی كوده‌تایه‌كی نهێنی به‌ دژه‌ باویی و نوێگه‌رانه‌ش ده‌ستی پێ كردبێت، ئه‌وا دواجار شیعری ئه‌ویش بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ فۆڕمی شیعری هه‌فتاكان كه‌ شیعری سیاسی و به‌رگریی و یاخیبوونه‌. بۆنموونه‌: شاكه‌لی له‌ دیوانی پڕۆژه‌ی كوده‌تایه‌كی نهێنی ده‌ڵێت:_
له‌ ناكاو
كوره‌ی ئاگركۆشك و دیوار وێران ئه‌كا
گلێنه‌ی چاو دیمه‌نی ژیان ئه‌خواته‌وه‌
كن،چاپ دووه‌م 2000لا27)
كوره‌ی ئاگر، هێمایه‌ بۆ تووڕه‌بوون و ته‌قینه‌وه‌ی ڕقی جه‌ماوه‌رو دیوارو كۆشك، ئاماژه‌یه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات و سته‌م و بێدادی به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤی چه‌وساوه‌و هه‌ژار. چونكه‌ كۆشك ،ده‌لاله‌ت له‌ پێگه‌ی ژیانی ئه‌رستۆكرات و زه‌نگینه‌كان ده‌كات.كاتێ چاویش دیمه‌نی ژیان ئه‌خواته‌وه‌، مانای وایه‌ سه‌رله‌ نوێ ژیانێكی دیكه‌ دێته‌ ئاراوه‌ و ژیانی كۆن نامێنێت.ئه‌م ده‌ربڕینانه‌، له‌ ئاستی زمان و دنیابینی شیعریدا، به‌ بڕوای من به‌شێكه‌ له‌ دنیابینیی شیعری هه‌فتاكان به‌ گشتی. بۆیه‌ ئه‌م گوتاره‌، لای شاكه‌لیشی هه‌یه‌ و ئه‌ویش هاوشێوه‌ی شاعیرانی ئه‌م قۆتاغه‌ كه‌وتۆته‌ژێر كاریگه‌ریه‌تی ڕووداوكانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌.ئه‌م كاریگه‌ریه‌تییه‌، به‌ وردی له‌ دوو ساڵی دوای نسكۆ دیاره‌. شاكه‌لی له‌ شیعرێكی دیكه‌یدا، كه‌ له‌ شوباتی 1975و چه‌ند مانگێك دوای نسكۆی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول نووسیویه‌تی، ده‌ڵێت:_

له‌ شه‌وێكی تاریكه‌دا..جوانووی ئه‌وین هه‌ڵمده‌گرێ..
ڕووه‌ و جێژوانی شین ده‌مبات..
ڕووه‌ و كێلگه‌ی ئه‌وین ده‌مبات..
ده‌ڵێن كه‌ركووك پێناكه‌نێ..ساوای بچووك پێناكه‌نێ..
ده‌ڵێن وڵات بێ ڕووباره‌.. هه‌تاو برینداره‌..
كێ ده‌ڵێ كوردستانی په‌ژاره‌ و زام..بسكی هه‌تاو داناهێنێ..
له‌ دوای شه‌وی تاریك و ڕه‌ش..ڕۆژی زێڕین هه‌ڵدێته‌وه‌..
به‌هاری شین دێته‌وه‌..ڕه‌وه‌ تفه‌نگ بۆ هێلانه‌ی گه‌رمی سه‌نگه‌ردێته‌وه‌.

ئه‌م شیعره‌ی شاعیر،كه‌ ئێمه‌ چه‌ندكۆپڵه‌یه‌كمان لێ نووسیوه‌ته‌وه‌، یه‌كێكه‌ له‌ شیعره‌كانی نیوه‌ی دووه‌می هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو.
ئه‌گه‌ر له‌ ئاستی ناوه‌ڕۆكدا بڕوانینه‌ ئه‌وده‌قه‌ی شاكه‌لی،ده‌بینین ڕه‌نگدانه‌وه‌ی قۆناغێكی سیاسی دیاریكراوه‌، كه‌ تیایدا خامۆشی هه‌موو شتێكی گرتۆته‌وه‌.شاعیرله‌ نێو ئه‌و هه‌موو شكست ونسكۆ و نائومێدییه‌دا، موژده‌ی هه‌ڵهاتنی خۆرێكی تازه‌ و قۆناغێكی تازه‌ ده‌دات. شاعیربه‌ ئاشكرا به‌گژ ئه‌و واقیعه‌ دادێته‌وه‌ وبڕوای وایه‌ ڕه‌وه‌ تفه‌نگ سه‌نگه‌رچۆڵ ناكات.په‌یامی ئه‌وشیعره‌ په‌یامێكی سیاسی،شۆڕشگێڕیی ونه‌ته‌وه‌ییه‌. وێرای ئه‌وه‌ی په‌یامی هه‌ڵسانه‌وه‌یه‌ و ئومێد ده‌به‌خشێته‌ مرۆڤه‌كان.شیعرله‌وكاتدا،چه‌كێكی دیكه‌ی ده‌ستی پێشمه‌رگه‌بوو. شاعیران به‌ شیعره‌كانییان، هانی تۆخكڕدنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رزكردنه‌وه‌ی گیانی نه‌ته‌وه‌یی ونیشتمانی مرۆڤی كوردییان ده‌دا.شاعیرله‌ نێو نائومێدییه‌كی گه‌وره‌دا، موژده‌ی هاتنه‌وه‌ی ڕه‌وه‌ تفه‌نگ بۆ سه‌نگه‌ره‌كان ده‌دات.كه‌ دواتریش هاتنه‌وه‌ و گه‌لی كورد خۆری ئازادی لێ هه‌ڵهات و ڕاپه‌ڕین، ده‌روازه‌ی ژیانێكی نوێی بۆ كورد كرده‌وه‌. ئه‌م فۆڕم و ناوه‌ڕۆكه‌ له‌ شیعری كوردی، به‌ گشتی گوتاری شیعری نیوه‌ی دووه‌می هه‌فتاكان پێكدێنێت، كه‌ شیعر ده‌بێته‌ هه‌ڵگری په‌یامێكی سیاسی و شۆڕشگێڕی. شاكه‌لیش وه‌ك هه‌ر شاعیرێكی دیكه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی ڕووداوه‌ سیاسییه‌كانی ئه‌و كات و له‌ شیعره‌كانیدا ڕه‌نگییان داوه‌ته‌وه‌. ته‌نانه‌ت له‌ شیعرێكیدا باسی ئه‌ستێره‌ی سووریش ده‌كات، كه‌ هێمابوو، بۆ ڕێكخراوێكی سیاسی ئه‌وكات. ئه‌م گوتاره‌ له‌ شیعری شاكه‌لی زۆر ناخایه‌نێت.ئه‌مه‌شه‌ جیاوازی ئه‌م شاعیره‌، له‌گه‌ڵ شاعیره‌ هاوسه‌رده‌م و هاو قۆناغه‌كانی خۆی.شاكه‌لی دوای ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ شام و دواتریش ئاواره‌ی سوێد ده‌بێت و له‌وێ ده‌گیرسێته‌وه‌، ده‌توانم بڵێم گوتاری شیعری سه‌د و هه‌شتا پله‌ ده‌گۆڕێت. شیعری ئه‌و،چیتر شیعرێكی سیاسی و ئایدۆلۆژی نییه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ شیعری شاعیرانی تر ده‌بینرێت. ئه‌م گۆڕانكارییه‌ له‌ شیعری شاكه‌لی، ده‌ره‌نجامی جێهێشتنی و دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ خاك و نیشتمان و جێهێشتنی كوردستان. گوتاری شیعری شاكه‌لی، ئیدی ده‌بێت گوتارێك،ته‌ژی له‌ هه‌ستی غه‌ریبی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ نیشتمان.شیعری ئه‌م شاعیره‌،ده‌بێته‌ هه‌ڵگری گوتارێكی دیكه‌،كه‌ ئه‌ویش ئه‌زموونی مه‌نفا و نوستالۆژیای گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ نیشتمان. ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ مێژووی نووسینی شیعره‌كان بده‌ین، ئه‌و كات درك به‌ كاریگه‌ریه‌تی مه‌نفا له‌ سه‌ر ژیان و شیعرو دنیابینی شاكه‌لی به‌ قووڵی و له‌ ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی زۆر كورتدا ده‌كه‌ین.شاكه‌لی، ته‌نها دوای دووساڵ له‌ جێهێشتنی نیشتمان، غه‌ریبیه‌كی گه‌وره‌ ڕووی تێ ده‌كات و له‌ شیعرێكیدا كه‌ له‌ ئایاری 1978نووسیویه‌تی، زۆر به‌ جوانی هه‌ست به‌و غه‌ریبوونه‌ی شاعیر ده‌كه‌ین. ئه‌و له‌ شیعره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:_
كچه‌ زازایی گوڵهه‌نار..
بۆنی دارستان پێیه‌..
بۆنی شارو گوندی كوردستانت پێیه‌
بۆنی زۆزان بۆنی گه‌رمیان بۆنی بارانت پێیه‌
(ك-شبڵاچه‌یه‌ك درز ده‌خاته‌ -لا59) له‌م شیعره‌دا، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ شاكه‌لی چۆن بیری له‌ بۆنی خاكی كوردستانه‌ و به‌ تاسه‌ی ئه‌و بۆنه‌وه‌ كچه‌ زازایه‌ك ده‌دوێنێ. ئه‌م كچه‌ له‌ یه‌ك كاتدا، هێمایه‌ بۆ خۆی و بۆ خاكێكیش كه‌ ئه‌ویش كوردستانه‌. ئه‌م گوتاره‌ شیعرییه‌ له‌ ئه‌زموونی شاكه‌لی، به‌ درێژایی ژیانی له‌ مه‌نفادا، له‌ وێنه‌ی شیعری جیاواز و هه‌ناسه‌ی شیعری جیاواز، بوونی هه‌یه‌و ده‌مێنێته‌وه‌، تاكو دوایین شیعری كه‌ له‌ ئابی ساڵی 1990 و چه‌ند مانگێك به‌رله‌ ڕاپه‌ڕین نووسیویه‌تی. شاكه‌لی له‌و شیعره‌یدا ده‌ڵێت:
له‌گه‌ڵ زه‌رده‌ په‌ڕی گشت ساڵێكدا
كه‌ كێوی سه‌ربه‌ ته‌می ته‌مه‌نم تریفه‌ باران ده‌كا..
ڕوو له‌ ڕۆژهه‌ڵات راده‌وه‌ستم..
چاوه‌ڕێی په‌یكی خۆرهه‌ڵاتێكی ترم
(هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوولا214) ڕۆژهه‌ڵاتی یه‌كه‌م، ئاماژه‌یه‌ به‌و ڕۆژهه‌ڵاتنه‌ فیزیكی و گه‌ردوونییه‌ی هه‌موو به‌یانییه‌ك وه‌ك كردارێكی گه‌ردوونی ده‌ست پێ ده‌كات و هه‌موو ڕۆژێك دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.ئه‌و ڕۆژهه‌ڵاته‌،به‌ مانای ئه‌و ڕۆژهه‌ڵاتییه‌ی به‌یانییانه‌ كه‌ شاكه‌لی له‌ سوێد ده‌یبینێت.به‌ڵام ڕۆژهه‌ڵاته‌كه‌ی دیكه‌، ئاماژه‌یه‌ بۆ كوردستان و ده‌نگ و باسی وڵاتی خۆی كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی جوگرافیایه‌ك دایه‌ كه‌ ناوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌.چونكه‌ شاعیر بۆ ماوه‌ی سیانزه‌ ساڵ دووره‌ له‌ كوردستان و نیشتمانی خۆی، ئیدی هه‌موو به‌یانییه‌ك له‌ چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێكی كوردستان دایه‌. له‌ دوای ئه‌م شیعره‌وه‌ وكه‌ ڕاپه‌ڕین ده‌ست پێ ده‌كات و كوردستان ئازاد ده‌بێت، ئه‌مجاره‌یان شیعری ئه‌و شاعیره‌ به‌ره‌ و دنیای جوانی ڕۆماسیه‌ت و شیعری دڵداری و دواتریش سۆفیگه‌ری و پاشانیش نووسینی چه‌ندین په‌خشانی جوان ده‌چێت.كه‌ تاكو ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه‌. شیعره‌كانی شاكه‌لی،زمانێكی ئه‌ده‌بییانه‌ی یه‌كجار جوان و سه‌رنجڕاكێشیان هه‌یه‌، كه‌ خوێنه‌ر به‌ شێوه‌یه‌ك به‌ ده‌قه‌كانه‌وه‌ گرێده‌دات، كه‌ ناتوانێت ده‌ستبه‌رداریان بێت. ئه‌مه‌ به‌ كورتی به‌شێك بوو له‌ خستنه‌ ڕووی ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌.ئێستا دێینه‌ سه‌ر بۆچوونه‌كانی خالید عه‌بدل، له‌ باره‌ی دژه‌ باوی شیعری شاكه‌لی، تاكو بزانین چی ده‌ڵێت و چۆن سه‌رنجه‌كانی ده‌خاته‌ ڕوو.نووسه‌ر ده‌نووسێت:((فه‌رهاد شاكه‌لی له‌ شیعره‌كانیدا،شته‌ ناشرین و قێزه‌وه‌نه‌كان باس ده‌كات، كه‌ ئه‌ویش كرداره‌ نامرۆڤه‌كانی ڕژێمه‌ دژ به‌ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌ی.شته‌ جوانه‌كان و شته‌ ناشرینه‌كان پیشانی خه‌ڵك ده‌دات،تاكو خه‌ڵك قینی له‌ شته‌ قێزه‌وه‌نه‌كان و دزێوه‌كان ببێته‌وه‌)).ئه‌م نووسه‌ره‌ بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكات،خۆی بۆچوونه‌كانی خۆی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر شاكه‌لی شاعیرێكی دژه‌ باو بووه‌ و به‌و سه‌ره‌تایه‌وه‌ش ده‌ستی به‌ شیعرنووسین كردووه‌،چۆن هه‌مان ئه‌و ڕوانین و دنیابینیه‌ی شاعیرانی دیكه‌ی هه‌بووه‌،كه‌ دژ به‌ كرداری نامرۆڤه‌نه‌ی ڕژێم شیعرییان نووسیوه‌؟ ئه‌مه‌ مانای وایه‌، شیعری ئه‌ویش له‌ بازنه‌ی ئه‌و شیعره‌ باوانه‌ی ئه‌و كات و سه‌رده‌م ده‌رنه‌چووه‌. ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا، پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی ئێمه‌یه‌،كه‌ ده‌ڵێین شیعری هه‌فتاكان،هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك ئه‌دگاری هونه‌ریی و ئه‌ده‌بییه‌ و به‌ گشتی شاعیران تا ڕاده‌یه‌كی زۆر دنیابینیان له‌ یه‌كتری نزیكه‌.یاخود گوتاری شیعره‌كانییان هاوشێوه‌ی یه‌كترییه‌. ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ سیاسی و شۆڕشگێڕیه‌یه‌ كه‌ گه‌لی كورد له‌و قۆناغه‌دا، تیایدا ژیاوه‌. قۆناغێك كه‌ پڕه‌ له‌ ڕه‌شبینی و نائومێدی و چاوه‌ڕوانی. قۆناغێك، كه‌ كوردستان به‌ خامۆشییه‌كی كوشنده‌دا گوزه‌ر ده‌كات و ڕژێمێك فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كات، كه‌ بێ به‌هاترین و بێ نرخترین شت لای مرۆڤه‌. ئه‌گه‌ر به‌ وردیش له‌ شیعری ئه‌و قۆناغه‌ی شاعیرانی كورد بڕوانین درك به‌و ڕاستییه‌ ده‌كه‌ین.ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌ركی شاكه‌لی و شیعره‌كانی، ئامۆژگاریكردنی خه‌ڵك و وه‌عزدان بێت،كه‌ واتا نه‌ك شاعیرێكی دژه‌ باو نییه‌، بگره‌ شاعیرێكی زۆر ئاساییش بووه‌. شاعیر واعیز نییه‌ تاكوئامۆژگاری خه‌ڵك بكات و شته‌ قێزه‌وه‌ن و ناشرینه‌كانییان پیشان بدات. ئه‌م تایتمه‌ندییه‌، زۆر به‌ ئاسانی له‌ شیعری ساڵانی سی و چله‌كان و له‌ شیعری قانح و بێكه‌س و پیره‌مێرد ده‌بینرێت.كاتێ شیعر ڕۆڵێكی هاوشێوه‌ی په‌یام و هوشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینێت.
چونكه‌ بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیاریی ئه‌وكاتی كۆمه‌ڵَگه‌ی كوردی پێشكه‌وتوو نه‌بووه‌.به‌ڵام له‌ شیعری هه‌فتاكاندا، شیعری كوردی چیتر ئه‌و ڕۆڵه‌ی نییه‌.ئیدی نازانم كامانه‌ن شیعره‌ ئامۆژگارییه‌كانی شاكه‌لی،كه‌ نووسه‌ر پێی وایه‌ خه‌ڵكی لێ ئاگادارده‌كاته‌وه‌.خالیدعه‌بدل،هه‌رله‌ باره‌ی شاكه‌لییه‌وه‌ ده‌نووسێت:((هه‌تا ئه‌و ڕۆژگاره‌، هیچ شاعیرێكی كورد،جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بووه‌ ناوی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی به‌ تاكه‌ پیتێكیش بنووسێت،به‌ڵام فه‌رهاد دژه‌ باوییه‌كه‌ی له‌وه‌ دایه‌،كه‌ ناوی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی به‌ ئاشكرا بنووسێت كه‌ ناوی ئه‌مه‌ل بووه‌)).به‌داخه‌وه‌،دیسانه‌وه‌ ده‌بی بڵێین كه‌ ئه‌وبه‌ڕێزه‌،هیچ ئاگای له‌ مێژووی شیعری كوردی نییه‌،ده‌نا بۆچوونێكی ڕه‌های له‌و شێوه‌یه‌ی ده‌رنه‌ده‌بڕی.ئایا تا ئه‌و كات هیچ شاعیرێك، ناوی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی نه‌هێناوه‌؟مه‌گه‌ر نالی ناوی(حه‌بیبه‌)و وه‌لی ناوی(شه‌م) و مه‌وله‌وی ناوی(سه‌لممه‌)و په‌شێوناوی(كوردستان)ی نه‌هێناوه‌؟ با له‌وانه‌ش گه‌ڕێین،هه‌ر بۆنموونه‌ شێركۆبێكه‌س له‌ ساڵی 1967دا،شیعرێكی به‌ ناوی(دیاری ئه‌مجاره‌)نووسیوه‌ و پێشكه‌شی كردووه‌ به‌(ن). ئیدی نازانم ئه‌و نووسه‌ره‌ ئاگاداری ئه‌و مێژووه‌یه‌ یاخود نا؟!. بڕوام وایه‌ خودی شاكه‌لیش، له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ نا بابه‌تی و سه‌یرانه‌ی ئه‌و نووسه‌ره‌ دانییه‌.چونكه‌ شیعری ئه‌و شاعیرانه‌،ده‌كرێ له‌ زۆر لایه‌نی دیكه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه‌ بخوێنرێنه‌وه‌،كه‌ شوناسه‌كه‌یان زۆرله‌ شوناسی دژه‌ باوییه‌كه‌ی خالید عه‌بدل دیاترو به‌هادارتره‌. هه‌ر بۆنموونه‌: شیعری شاكه‌لی شیعری هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانه‌،شیعری هه‌موو زه‌مه‌نه‌كانه‌،ده‌كرێ له‌ هه‌ركاتێك خوێنه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رئه‌م شیعرانه‌ و چێژی لێ وه‌ربگرێت.زمانی شاكه‌لی زمانێكی تایبه‌ته‌، ده‌كرێ له‌ چه‌ندین ڕه‌هه‌نده‌وه‌ بخوێنرێته‌وه‌. ئه‌و هێمنی و ئارامییه‌ی له‌ زمانی شیعری شاكه‌لیدا هه‌یه‌ تایبه‌ته‌.
ئه‌مه‌ وێرای ئه‌و هه‌موو جوانییه‌ی له‌ وشه‌ و ده‌ربڕین و په‌تییه‌ی له‌ زمانی ئه‌و شاعیره‌ جواننووسه‌دا هه‌یه‌.هه‌موو شیعری شاكه‌لی بخوێنیته‌وه‌،هه‌ست به‌ تووڕه‌بوونێك،گرژییه‌ك،تووندییه‌ك ناكه‌ی، ئیدی نازانم چۆن شته‌ ناشرین و قێزه‌وه‌نه‌كان له‌ شیعری شاكه‌لیدا جێیان ده‌بێته‌وه‌؟.ئه‌و ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی شیعره‌ به‌رگرییه‌كانی بێت،ئه‌وا ئه‌م شاعیره‌ له‌و جۆره‌ شیعرانه‌شیدا، به‌ هێمنی ده‌سووتێت و به‌ ئارامی دوژمنان ڕیسوا ده‌كات.به‌ بێده‌نگی دیمه‌نی سووتماكی خاك و نیشتمانه‌كه‌ی ده‌گوازێته‌وه‌ نێو شیعرو گوزارشتی لێ ده‌كات. هێدی هێدی غه‌ریبی مه‌نفا ڕوحی ده‌خوات ئه‌و هه‌سته‌ش لای ئه‌و ده‌بنه‌ هه‌وێنی جوانترین شیعر.كه‌ بۆ زانیاری زیاتر خوێنه‌ران ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ،سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ شیعری (بڵاچه‌یه‌ك درزده‌خاته‌ تاریكه‌ شه‌وی ته‌مه‌نمه‌وه‌)و شیعره‌كان بخوێننه‌وه‌. له‌ ڕاستیدا، ڕوونكردنه‌وه‌ی چه‌مك و بابه‌ته‌كانی نێو ئه‌و نووسینه‌،له‌لایه‌ن نووسه‌ری وتاره‌كه‌وه‌، هێنده‌ نالۆژیكی و نامه‌عریفین، كه‌ خوێنه‌ر سه‌یری پێ دێت ئه‌و چه‌مكانه‌، له‌ زمانی لێكۆلینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیدا هه‌بن. به‌ داخه‌وه‌ به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی ده‌نووسن،جیاوازی له‌ نێوان ڕه‌هه‌نده‌كانی زمان له‌ نووسیندا ناكه‌ن.به‌ زمانی كشتوكاڵ،باسی ئه‌ده‌ب ده‌كه‌ن، به‌ زمانی بارزگانی باسی چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌كان ده‌كه‌ن.هه‌ربۆنموونه‌ جارێكییان نووسه‌رێك نووسیبووی(ئه‌ده‌بیاتی هاورده‌) كه‌ گوایه‌ ئه‌م نووسه‌ره‌، یه‌كێكیشه‌ له‌وانه‌ی زۆر ستاییش ده‌كرێت، به‌ڵام واده‌زانێت ئه‌ده‌بیات (كوله‌كه‌یه‌) تاهاورده‌ بكرێت.خالید عه‌بدلیش له‌ نووسینه‌كه‌یدا،هێندێك چه‌مك شیده‌كاته‌وه‌، كه‌ خوێنه‌ر شۆك ده‌بێت. سه‌رنج بده‌ن هه‌ر له‌ باره‌ی شیكردنه‌وه‌ی دێڕه‌ شیعرێكی شاكه‌لیدا چی نووسیوه‌:((وشه‌ی بیردوو مانای هه‌یه‌، یه‌كه‌مییان: بۆ بیرۆكه‌یه‌، دووه‌مییان: واتا بیری ئاو،بیری نه‌وت،بیری كانزاكان)).تاكو ئێستا كه‌ هه‌زاره‌ها لاپه‌ڕه‌م له‌ بواری ڕه‌خنه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی خوێندۆته‌وه‌، بۆچوونی كۆمیدی له‌و شێوه‌یه‌م نه‌بینیوه‌. كه‌ نووسه‌رێك بیرو هزر، له‌گه‌ڵ بیری ئاو و بیری نه‌وت،به‌ یه‌كه‌وه‌ بناسێنێت.
لێره‌وه‌ ئه‌و بۆچوونه‌ی ئێمه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ كه‌سانێك چۆن به‌ زمانی پیشه‌سازیی و كشتوكاڵ و ئاودێری، باسی ئه‌ده‌ب ده‌كه‌ن. كه‌سێك كه‌مێك ئاگایی ئه‌ده‌بی هه‌بێت، پێناسه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ ناكات.چونكه‌ وشه‌كان هه‌ردووكییان له‌ ڕووی نووسینه‌وه‌ وه‌ك یه‌كن،ئیدی خالید عه‌بدل وا ده‌زانێت ده‌كرێ به‌یه‌كه‌وه‌ش شیبكرێنه‌وه‌.بێگومان(بیر)كه‌ شتێكی نا به‌رجه‌سته‌ییه‌،هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌(بیر)ی ئاوه‌وه‌ نییه‌كه‌ شتێكی به‌رجه‌سته‌یه‌ و ده‌بینرێت و ده‌ناسرێت. به‌ڵام بیری نێو مێشكی مرۆڤ، شتێكی نابه‌رجه‌سته‌یه‌،نه‌ ده‌بینرێت، نه‌ وێنا ده‌كرێت.ته‌نانه‌ت له‌ زمانی ئینگلیزیشدا،ئه‌م دوو وشه‌یه‌ ماناكه‌یان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به‌ یه‌كتره‌وه‌ نییه‌. له‌ زمانی ئینگلیزیدا، به‌ بیری نێو مێشك ده‌گوترێت(idea) و به‌ بیری ئاو و كانزا و نه‌وتیش ده‌گوترێت(well).واتا ماناكانییان له‌ ڕووی بابه‌تی و نێوه‌ڕۆكه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌ یه‌كتری دووه‌، كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به‌ یه‌كترییه‌وه‌ نه‌بێت. ئه‌م جۆره‌ پێناسه‌ و ڕاڤه‌كردنانه‌، نیشانه‌ی هه‌ژاری هزریی و زمانی نووسین و گوزارشتكردنه‌ له‌ دنیای شیعرو ئه‌ده‌ب به‌ گشتی.هه‌ر له‌ باره‌ی شاكه‌لییه‌وه‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ به‌ڕێزه‌ ده‌نووسێت:((فه‌رهاد شاكه‌لی نه‌یویستووه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ شیعره‌كانی خوێنه‌ره‌كانی ماندوو بكات،به‌ زمانه‌ ساده‌كه‌ی په‌یامی قووڵ ده‌رده‌بڕێت)).ئه‌گه‌ر شاعیرێك له‌ ڕێی زمانێكی ساده‌وه‌، هه‌وڵبدات خوێنه‌ره‌كانی ڕازی بكات بێ تێگه‌یشتنی قووڵ و بیركردنه‌وه‌ و ڕامان له‌ شیعر،ده‌كرێ بڵێین له‌ بازنه‌ی شاعیره‌كانی تر دایه‌ یان دژه‌ باو؟ ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره‌ بێت، ده‌بێ هه‌موو كه‌سێك له‌ شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره‌ بگات و ئه‌مه‌ش مانای وایه‌، شاعیرێكی بژارده‌ و دژه‌ باو نییه‌.چونكه‌ وه‌ك گوتمان، دژه‌ باوی له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌ ڕوانینێكی باوه‌.له‌ ڕاستیدا،پێناسه‌ی ئه‌م نووسه‌ره‌ بۆ چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌كان، هێنده‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ن، كه‌له‌ مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی و جیهانیشدا، وێنه‌یان نییه‌.سه‌رنج بده‌ن چۆن پێناسه‌ی ڕه‌مز ده‌كات.ده‌نووسێت:((ڕه‌مزبه‌ كاربردنی وشه‌یه‌كه‌ شتێك كه‌ هه‌یه‌،ڕسته‌یه‌ك له‌ باره‌ی بوونه‌وه‌رێكه‌وه‌)).ئایا ڕه‌مز بوونه‌وه‌رێكه‌؟!له‌ شیعری كوردیدا و له‌ ئه‌زموونی هه‌موو شاعیران، شاخ ڕه‌مزێكه‌ بۆ خۆڕاگریی و نه‌وای شۆڕش. ناكرێت كه‌سێك ئه‌مه‌ تێگه‌یشتنی بێت بۆ ئه‌ده‌ب، كه‌ چی بوێری ئه‌وه‌ بكات،نووسینی درێژ به‌ ناوی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی بنووسێت. ئایا شاخ بوونه‌وه‌ره‌؟ شتێك ئه‌گه‌ر له‌ واقیعدا هه‌بێت وببینرێت، ئایا ده‌بێته‌ ڕه‌مز؟ ئه‌گه‌ر وابێت ئێستا شتێك نه‌ده‌بوو به‌ ناوی ڕه‌مز.!!
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
له‌م نووسینه‌ درێژه‌ی خالید عه‌بدل، دنیایه‌یك هه‌ڵه‌ی زه‌قی بابه‌تی و مێژوویی و ئه‌ده‌بی هه‌ن، به‌ڵام هیچ كامییان بۆمن وه‌ك خوێنه‌رێكی ئاسایی شیعر، به‌ قه‌د ئه‌وهه‌ڵه‌یه‌ مایه‌ی له‌ سه‌ر وه‌ستان و هه‌ڵوه‌سته‌كردن نه‌بوو، ئه‌ویش كاتێ ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ ئه‌زموونی سێ شاعیره‌كه‌ی تر.له‌ ڕاستیدا، نه‌ له‌ ڕووی ته‌مه‌ن و ئه‌زموونی شیعریی و نه‌وه‌ی شیعرییدا،نه‌ له‌ ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆك و گوتاری شیعرییه‌وه‌، بچووكترین ڕایه‌ڵیش نادۆزینه‌وه‌ كه‌ شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، له‌ هه‌ر سه‌رێكه‌وه‌ بێت، بباته‌وه‌ نێو ئه‌زموونی ئه‌و سێ شاعیره‌.كه‌ ڕه‌نجده‌ر له‌ دایك بووه‌ ئه‌م سێ شاعیره‌ شیعرییان نووسیوه‌و دیوانییان بڵاوكردۆته‌وه‌، ئیدی نازانم خالید عه‌بدل، چۆن بوێری ئه‌وه‌ ده‌كات بنووسێت:_ (ئه‌م سێ شاعیره‌ ڕێیان بۆ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر خۆشكرد)).ئه‌زموونی شیعری سه‌باح، ئه‌زموونێكی تایبه‌ته‌، كه‌ تێگه‌یشتن له‌ دنیای شیعری ئه‌ودا، مه‌عریفه‌یه‌كی زۆری ده‌وێت. له‌ دوای زێوانه‌وه‌، وه‌ك یه‌كه‌م به‌رهه‌می شیعری ئه‌و شاعیره‌، تاكو دواین به‌رهه‌می كه‌ سه‌ره‌تا وشه‌ بوو، ئه‌و ئه‌زموونه‌ به‌ كه‌می ده‌خوێنرێته‌وه‌، لێی ده‌درێت،دژایه‌تی ده‌كرێت، هه‌وڵی نادیده‌گرتنی ده‌درێت، له‌ پای ئه‌وه‌ی كه‌ شیعره‌كانی ئه‌و له‌و جۆره‌ شیعرانه‌ نین كه‌ خوێنه‌ری كورد به‌ گشتی پێیه‌وه‌ ڕاهاتووه‌. ئه‌گه‌ربڕیار بێت، دژه‌ باوه‌كان دیار بكه‌ین، ئه‌وا به‌ بڕوای من سه‌باح ڕه‌نجده‌ر وه‌ك ئه‌زموونێكی تایبه‌تی شیعر، (نه‌ك دژه‌ باو) تاكه‌ شاعیره‌ له‌ كۆی سێ شاعیره‌كه‌ی تر، كه‌ شیعره‌كانی ناچنه‌ نێو بیركردنه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی باو. بۆیه‌ گه‌لێك جار ده‌بینین، كه‌سانێك شیعره‌كانی ئه‌و، به‌لادان له‌ ڕه‌وتی شیعری كوردی ئه‌زانن. چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ گه‌ڵ دنیابینی و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌واندا یه‌كناگرێته‌وه‌. هه‌ر ئه‌زموونێكی شیعری، هه‌ر نوێگه‌ریی و دیارده‌یه‌ك، به‌ ئاسانی له‌ نێو بازنه‌ی باودا شوێنی بۆوه‌ و پێگه‌یه‌كی گرت، ده‌بێ بزانین كه‌ بچوكترین مۆركی دژه‌ باوی تێدا نییه‌. چونكه‌ دژه‌ باوی، به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌ی جیاوازو ڕوانینی جیاوازه‌، كه‌ دواجار له‌ دنیابینی شاعیر ڕه‌نگده‌داته‌وه‌. خالید عه‌بدل له‌ باره‌ی ئه‌م شاعیره‌وه‌ ده‌نووسێت:((هه‌رچه‌نده‌ دژه‌ باو گه‌لێك پێش ئه‌م هه‌بوون وڕێیان بۆ خۆش كردبوو)). ئه‌گه‌ر به‌م ڕوانینه‌ بێت، ئه‌وا ده‌بێ بڵێین كه‌ ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر درێژكراوه‌ی ئه‌زموونی سێ شاعیره‌كه‌ی تره‌، یاخود دژه‌ باویه‌كه‌ی ئه‌م درێژه‌ پێ ده‌ری دژه‌ باوی شاعیرانی تره‌. هه‌ڵبه‌ته‌، كه‌ به‌شێك له‌و شاعیرانه‌ كه‌ شیعرییان نووسیوه‌، ڕه‌نجده‌ر هێشتا له‌ دایك نه‌بووه‌، له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌فتاكانیشدا، كه‌ ئه‌زموونی ئه‌و سێ شاعیره‌، شوناسێكی ناسراو وه‌رده‌گرن، ڕه‌نجده‌ر ته‌مه‌نی نزیكه‌ی ده‌ ساڵێكه‌.
ئیدی نازانم چ په‌یوه‌ندییه‌كی شیعری، زه‌مه‌نی، مێژوویی، له‌ نێوان سه‌باح ڕه‌نجده‌ر و ئه‌م سێ شاعیره‌ هه‌یه‌؟ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌، له‌ هیچ ڕووێكه‌وه‌ ناچێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌زموونی سێ شاعیره‌كه‌ی تر. به‌ تایبه‌تیش له‌ ڕووی زمانه‌وه‌. زمانی شیعری ڕه‌نجده‌ر، زمانێكی سڕك و ئاڵۆزه‌ و له‌ فۆڕم و ده‌ربڕیندا به‌ ئاسانی ناخوێنرێته‌وه‌. له‌ كاتێكدا زمانی سێ شاعیره‌كه‌ی تر، زمانێكی ئاساییه‌ و ده‌شێ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ به‌ ئاسانی به‌ مانا بگه‌ین. له‌ ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ردا، مانا ونه‌، ئه‌و ون بوونه‌، به‌شێكه‌ له‌ هه‌وڵدانی بۆ گرێدانه‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌ ده‌ق و ڕامان و قووڵبوونه‌وه‌. كه‌ بێگومان ئه‌ویش پێویستی به‌ پاشخانێكی گه‌وره‌ی ڕۆشنبیری هه‌یه‌. لێره‌وه‌ش سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، ده‌بێته‌ شاعیرێكی بژارده‌.
بژارده‌ به‌و مانایه‌ی، كه‌من ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی له‌ شیعری ئه‌و بگه‌ن. واتا زمان له‌ شیعری ئه‌و شاعیره‌دا، ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ مانایه‌كی قووڵ.له‌ شیعری ئه‌م شاعیره‌دا، مه‌عریفه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ بواری ئایینی، ئه‌فسانه‌یی، مێژوویی هه‌یه‌. هه‌ر خوێنه‌رێك شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره‌ بخوێنێته‌وه‌، ده‌زانێت كه‌ ڕه‌نجده‌ر، یه‌كێكه‌ له‌و شاعیرانه‌ی، كه‌ پاشخانێكی گه‌وره‌ی ڕۆشنبیریی هه‌یه‌. كه‌م شیعری ئه‌و هه‌یه‌، له‌ په‌راوێزییه‌وه‌ ئه‌فسانه‌ و ئایین وداله‌ شیعرییه‌كان نه‌بینین. ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر، ئه‌زموونی چێژ نییه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ی خوێنه‌ری كورد، ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ چوونه‌ نێو دنیای شیعر. به‌ڵكو ئه‌زموونی مانایه‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی زمانی قووڵ. له‌ ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌دا. زمان زۆرتر له‌ ڕه‌هه‌ندێك و مانا زۆرتر له‌ سنوورێكی هه‌یه‌. هه‌ر خوێنه‌رێك شیعری ڕه‌نجده‌ربه‌ هه‌مان میتۆدی خوێندنه‌وه‌ی شاعیرانی دیكه‌ بخوێنێته‌وه‌، ئه‌وا له‌ شیعری ئه‌و شاعیره‌ نه‌گه‌یشتووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی خالید عه‌بدل كردوویه‌تی. لای سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، وشه‌ی خۆی به‌شێكه‌ له‌ مانایه‌كی سه‌ربه‌خۆ. به‌ بڕوای من هه‌رگیز شیعری ڕه‌نجده‌ر، به‌و تێگه‌یشتنه‌ ماناییه‌ ناخوێنرێته‌وه‌، كه‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ شیعری سێ شاعیره‌كه‌ی تری پێ خوێندۆته‌وه‌. چونكه‌ له‌ ئه‌زموونی ئه‌ودا، مانا شاراوه‌یه‌، زۆرتر له‌ ڕه‌هه‌ندێكی هه‌یه‌. ئه‌و كه‌ باسی گوند ده‌كات، خۆ مه‌به‌ستی ئه‌و گونده‌ جوگرافی و دیمۆگرافی و سرووشتییه‌ نییه‌ كه‌ خالید عه‌بدل باسی ده‌كات، به‌ڵكو مه‌به‌ستی گوندی نێو دنیابینی شیعری خۆیه‌تی. ده‌ی بزانم كامه‌مان ده‌زانین، كه‌ مه‌به‌ست له‌و گونده‌ چییه‌.
هه‌ڵه‌یه‌ وابزانین وشه‌ی شیعری لای سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، هه‌مان ئه‌و مانا ئه‌پستراكت و دیاریكراوه‌ی هه‌یه‌، كه‌ زمان پێی ده‌ناسرێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر به‌م ڕوانینه‌ بێت، ئێستا هه‌مووان له‌ شیعری ئه‌و شاعیره‌ ده‌گه‌یشتن. كه‌ له‌ ڕاستیدا به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن ئه‌وانه‌ی له‌ شیعری ڕه‌نجده‌ر ده‌گه‌ن. هه‌ر وشه‌یه‌ك له‌ شیعری ڕه‌نجده‌ردا، مانایه‌كی دیكه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی مانای دیاریكراوی خۆی هه‌یه‌.سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، ئه‌زموونێكی شیعری تایبه‌ته‌ و له‌ زێوانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، تا سه‌ره‌تا وشه‌ بوو به‌رده‌وامی هه‌یه‌. ئه‌م به‌رده‌وامیییه‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و زمان و دنیابینی و جیهانبینییه‌ شیعرییه‌ تایبه‌ته‌یه‌،كه‌ ئه‌م شاعیره‌ هه‌یه‌تی و تا ئه‌و جیهانبینییه‌ش به‌م ڕوانینیه‌ جیاوازه‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌م ئه‌زموونه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت. ئێستا دێینه‌ سه‌ر لێكدانه‌وه‌كانی خالید عه‌بدل، له‌ باره‌ی ئه‌م شاعیره‌وه‌. نووسه‌ر ده‌نووسێت:(( هاتنه‌ كایه‌ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر پێویست بوو به‌ تایبه‌تی بۆ خاسییه‌تی ڕۆمانه‌ شیعر)). به‌ بڕوای من، زێوان ڕۆمانه‌ شیعر نییه‌، به‌ڵكو قه‌سیده‌یه‌كی درێژه‌، كه‌ له‌ به‌رای هه‌مووشتێكدا، گوزارشت له‌ هه‌ناسه‌ وپشوو درێژیی ئه‌م شاعیره‌ له‌ نووسینی شیعردا ده‌كات. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ شاعیری تر هه‌بوونه‌، له‌ شیعره‌كانییاندا، به‌ر له‌ ڕه‌نجده‌ر،خاسییه‌تی ڕۆمانه‌ شیعر له‌ شیعره‌كانییاندا هه‌بێت. بۆ نموونه‌:_ ((دوو سروودی كێوی شێركۆبێكه‌س)) كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌فتاكاندا نووسراون.نووسه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌نووسێت:((شاعیر به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هاوسه‌رده‌مه‌كانی، ناونیشانێكی ئاسایی له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌ ئاسایی بۆ شیعره‌كه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌)). مه‌به‌ستی لێره‌دا(زێوان)ه‌ كه‌ ناوی یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌ شیعری ئه‌م شاعیره‌یه‌.
زێوان، نه‌ك هه‌ر ناونیشانێكی ئاسایی نییه‌، بگڕه‌ زۆر ئاڵۆزیشه‌. ئێستاش به‌ هه‌زاران كه‌س، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌ی شیعریش ده‌نووسن،نازانن وشه‌ی زێوان مانای چییه‌؟ ئیدی نازانم ئه‌م ناونیشانه‌ چۆن ئاساییه‌؟ ده‌كرێ نووسه‌ری وتاره‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ناونیشانی شیعری شاعیرانی كورد له‌ قۆناعی هه‌فتاكان و پێشووتر و دواتریش،ئه‌و كات بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌م ناونیشانه‌ چه‌ند به‌ مه‌به‌ستدارو شاراوه‌، بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌ دانراوه‌. به‌ گشتی ناونیشان، له‌ شیعری شاعیرانی ئه‌وكاتدا، ناونیشانی ساده‌ و ڕۆمانسی بوونه‌، كه‌ هه‌موو خوێنه‌رێك تێبی بگات.بۆنموونه‌ به‌شێك له‌ ناونیشانه‌ شیعرییه‌كانی شیعری كوردی ئه‌مانه‌ن:(( تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ست/فرمێسك و زام/ شه‌وانی ته‌نیایی/ ژووانی دابڕان/پشكۆكان ئه‌گه‌شێنه‌وه‌/سه‌مای به‌فری ئێواران/ دووكه‌ڵ/شیبای ئه‌وین/زریان/پڕۆژه‌ی كوده‌تایه‌كی نهێنی/قژی ئه‌م كچه‌ ڕه‌شماڵی گه‌رمییان و كوێستانمه‌/ڕۆژان ئه‌ڕواو تۆ هه‌ر خۆشه‌ویستی منی) ئه‌مانه‌ و زۆری تر ناونیشانی دیكه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ن.
ئایا زێوان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و ناونیشانه‌ دیارو ڕوونانه‌، ئاساییه‌؟. نووسه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ باره‌ی ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌وه‌ و هه‌وڵده‌دات له‌ په‌راوێزی ڕاڤه‌كردنی چه‌ند كۆپڵه‌ شیعرێك، دنیابینی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر بخاته‌ ڕوو. به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی بیزانێت كه‌وتۆته‌ هه‌ڵه‌وه‌. ئه‌و له‌ باره‌ی ئه‌و شیعره‌ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ره‌وه‌ ده‌نووسێت:((گونده‌كه‌یان دووجار له‌ شه‌ست و سێ و هه‌فتاو پێنچ ڕاگوێزراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش دوو ڕووداوی زه‌قن له‌ مێژووی ژیانی شاعیر بۆیه‌ هه‌ر به‌زیندوویی له‌ یادگه‌ی ماونه‌ته‌وه‌)).ناكرێت نووسه‌ر زانیاریی له‌ باره‌ی شتێكه‌وه‌ نه‌بێت، به‌ڵام قسه‌ی له‌ باره‌وه‌ بكات. به‌ تایبه‌تیش له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا، كه‌ دنیایه‌ك زانیاریی له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌ ده‌وێت. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، دووساڵ دوای ڕووداوی حه‌ڕه‌س قه‌ومییه‌كان، واتا ساڵی 1965 له‌دایك بووه‌.ئیدی نازانم چۆن ئه‌و ڕووداوه‌، له‌ مێژووی ژیانی شاعیر بینراوه‌ و كاری لێ كردووه‌؟!. هاوكات له‌ هه‌فتاو پێنجیش، ئه‌و ته‌نها ته‌مه‌نی ده‌ ساڵ بووه‌. ئه‌مه‌ ده‌ریده‌خات، كه‌ خوێندنه‌وه‌ی شیعری ڕه‌نجده‌ر، به‌ هه‌مان ئه‌و میتۆده‌ی شیعری شاعیرانی تر، ده‌مانخاته‌ چ هه‌ڵه‌ و بێ ئاگایه‌كی گه‌وره‌وه‌. شاعیر باسی مێژووی ژیانی خۆی ناكات، به‌ڵكو باسی مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌ك و خاكێك ده‌كات،كه‌ ده‌یان جار سووتماك كراوه‌ .ئه‌م جۆره‌ خوێندنه‌وه‌ی شاعیر، وایكردووه‌ كه‌ نووسه‌ر، له‌ چه‌ندین شوێنی وتاره‌كه‌یدا، به‌ هه‌ڵه‌ له‌ شیعری ئه‌و شاعیره‌ بگات. بۆنموونه‌: سه‌باح ڕه‌نجده‌ر ده‌ڵێت:
منداڵیم له‌ ڕاوه‌ ماسی
وكۆلاره‌ هه‌ڵدان و
هێلكه‌ شكاندن داماڵدرا..
خالید عه‌بدل، له‌ ڕاڤه‌ی ئه‌م وێنه‌ شیعریه‌دا ده‌نووسێت:((شاعیریش لاساریی كردووه‌ و هێلكه‌ی شكاندووه‌، چونكه‌ منداڵ ڕه‌وایه‌تی به‌ هه‌موو شتێك ده‌دات)).به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌به‌ستی ڕه‌نجده‌ر له‌و وێنه‌ شیعرییه‌دا، ئه‌وه‌نییه‌ كه‌ نووسه‌ر تێی گه‌یشتووه‌. به‌ڵكو مه‌به‌ست له‌ بێ به‌ش بوونییه‌تی له‌ دنیای منداڵی و هه‌موو ئه‌و جوانییانه‌ی له‌و ته‌مه‌نه‌دا، مرۆڤ به‌ریده‌كه‌وێت. داماڵدرا، واتا وه‌ك هه‌ر منداڵێكی دیكه‌ نه‌یتوانیوه‌ چێژو خۆشی له‌ دنیای منداڵی خۆی ببینێت جا به‌ هه‌ر هۆكارێكه‌وه‌ بێت. داماڵین، كردارێكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویست و خواستی مرۆڤ خۆی، وه‌ك ئه‌وه‌ی ژیان به‌ ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌ی جیا له‌ ئاره‌زووی ئه‌و بچێت.هه‌رگیز له‌ شیعری ئه‌ودا، وشه‌ هه‌مان ئه‌و مانایه‌ی نییه‌، كه‌ له‌ ڕه‌هه‌ندی واتایی خۆی دایه‌. باوك له‌ شیعری ئه‌ودا، هێما نییه‌ بۆ باوكی فیزیكی، لای ئه‌و شاعیره‌ وشه‌ بارگاوی ده‌كرێ به‌ ده‌یان مانای دیكه‌، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌یشتنی من و خالید عه‌بدولیش دایه‌.خاڵێكی دیكه‌ هه‌ر له‌باره‌ی شیعری ئه‌و شاعیره‌وه‌ بۆمن جێی سه‌رنج بوو ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، كاتێ خالید عه‌بدل ده‌نووسێت:(( زمانی شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ر زمانێكی ناسك و جوانه‌)). بێگومان ئه‌م بۆچوونه‌ی بۆ هه‌ر سێ شاعیره‌كه‌ی تر دروسته‌ و بابه‌تییه‌، به‌ڵام بۆ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، تێ نه‌گه‌یشتنه‌ له‌ شیعری ئه‌و. هیچ شاعیرێكی كورد، له‌ سه‌رده‌می گۆرانه‌وه‌ تاكو ئێستا، وه‌ك ئه‌م شاعیره‌، زمانی شیعری ئاڵۆز و كۆد ئامێزو پڕ له‌ مه‌دلولی شاراوه‌ نییه‌. زمانی شیعری ئه‌م شاعیره‌، نه‌ك ناسك وڕۆمانسی نییه‌، به‌ڵكو زمانێكی مه‌عریفی و بابه‌تی قووڵه‌ و ڕه‌گه‌كانی ده‌چنه‌وه‌ نێو ئایین و فه‌لسه‌فه‌ و ڕوحیانییه‌ت و چه‌ندین ئاماژه‌ی تر، كه‌ هه‌موویان له‌ شیعری ئه‌ودا هه‌ن.ئه‌گه‌ر زمان له‌ شیعری ئه‌ودا ئاسان بووایه‌، ئێستا ئه‌ویش ده‌بووه‌ شاعیرێكی باوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌،له‌ كاتێكدا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌. ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر،ئه‌زموونێك نییه‌ تیایدا وه‌ك خالید عه‌بدل ده‌ڵێت خوێنه‌ره‌كانی ماندوو نه‌كات و به‌زمانێكی ساده‌ په‌یامه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێت. شیعر لای ڕه‌نجده‌ر،جۆرێكه‌ له‌ مه‌عریفه‌، به‌رله‌وه‌ی بۆ ئستاتیكاو چێژ بێت.
ئه‌م شاعیره‌، بۆ چێژو جوانی شیعر نانووسێت، به‌ڵكو شیعر وه‌ك ژانرێكی دیكه‌ی فیكرو مه‌عریفه‌ ده‌بینێت و له‌ هه‌مووشی گرنگتر،شیعری گه‌ردوونییه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو سنوورێكی جوگرافی و فیكری بازنه‌یه‌كی دیاریكراو دابێت. بۆیه‌شه‌ ده‌بینین، به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن ئه‌وانه‌ی له‌ شیعری ئه‌م شاعیره‌ ده‌گه‌ن.به‌ درێژایی مێژووی شیعر،له‌ نێو ئێمه‌دا تێگه‌یشتنێكی جێگیرو دیاریكراو بۆ شیعر هه‌یه‌، كه‌ ده‌بێ سه‌دان هه‌زار خوێنه‌رو بینه‌ری هه‌بێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی یاری زۆرانبازیی بێت.ئه‌م ڕوانینه‌،بۆ هه‌موو قۆناغه‌كان گونجاو و بابه‌تی بێت، بۆ شیعری ئێستا كه‌ شیعری دوای مۆدێرنه‌شه‌، گونجاو نییه‌. چونكه‌ شیعر له‌ ئێستادا ئه‌زموونێكی خودییه‌ له‌وه‌ی بابه‌تی بێت.له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر ئه‌زموونێكی تایبه‌ته‌. به‌ بڕوای من ئه‌م ئه‌زموونه‌،ته‌نها شوناسی ئه‌زموونێكی تایبه‌ت هه‌ڵده‌گرێت كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زمانی تایبه‌تی و دنیابینی تایبه‌تی و به‌ شیعركردنی هه‌موو شته‌كانی نێو گه‌ردوونه‌.به‌ شیعركردنێك كه‌ مانا تیایدا ئه‌وه‌نده‌ قووڵه‌ كه‌ به‌ خوێنه‌وه‌یه‌ك و بگره‌ چه‌ندین ساڵیش، خوێنه‌ر نه‌توانێت بگاته‌ خاڵی كۆتایی.
ئه‌مه‌شه‌ ماهییه‌تی شیعری ڕاسته‌قینه‌ كه‌ زه‌مه‌ن و شوێن نا ناسێت. چونكه‌ هه‌ر شیعرێك بووه‌ به‌شێك له‌ زه‌مه‌ن و واقیعێكی دیاریكراوی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئایدۆلۆژیی،ئیدی به‌ كۆتایی هاتنی ئه‌م واقیعه‌،ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌كه‌ش باوی نامێنێت و له‌ په‌یام و مانا ده‌كه‌وێت. به‌ڵام ئه‌زموونی تایبه‌تی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، له‌زێوانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات و تا سه‌ره‌تا وشه‌ بوو، به‌رده‌وامی هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت هه‌ر خوێنه‌رێك به‌وردی سه‌رنجی له‌و ئه‌زموونه‌ دابێت، ده‌یناسێته‌وه‌ و ده‌زانێت كێ لاسایی ده‌كاته‌وه‌. ئیدی نازانم نووسه‌ر چۆن بوێری ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ كه‌ ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌،له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌كانی سێ شاعیره‌كه‌ی تر، پۆلێن بكات، كه‌ ئاسمان و ڕێسمان جیان له‌ یه‌كتری.دواجاریش نووسه‌ر ده‌نووسێت:_(( ڕۆمان بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكێك)).ته‌نها ئه‌و پرسیاره‌ ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر ڕۆمان له‌ كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكێك پێكهاتبیت، ئه‌وا ڕۆمانه‌ یان كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆك؟
به‌رله‌وه‌ی كۆتایی به‌وتاره‌ بێنم، ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م، كه‌ هێشتا سه‌دان هه‌ڵه‌ی زمان و ده‌ربڕین له‌ نووسینه‌كه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه‌دا هه‌ن. كه‌ ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بوواینه‌ له‌ ده‌رخستنییان،ئه‌وا وتاره‌كه‌مان یه‌كجار یه‌كجار درێژ ده‌بووه‌وه‌. به‌ داخه‌وه‌ نووسه‌ر به‌م وتاره‌ی، نه‌ك هه‌ر شتێكی نوێی نه‌خسته‌ سه‌ر ئه‌زموونی شیعری ئه‌م چوار شاعیره‌، به‌ڵكو به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌ ئه‌زموونه‌كه‌شی دان.به‌تایبه‌تیش ئه‌زموونی(شاكه‌لی و ڕه‌نجده‌ر)كه‌ پێگه‌یه‌كییان له‌ شیعری كوردیدا هه‌یه‌. هیوادارم، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م و دوا بابه‌تی بێت، له‌ باره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ شیعری كوردی، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌ی زیاتر له‌ داهاتوودا…

*تێبینی:
دژه‌ باوه‌كان له‌ شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا،وتارێكی(خالید عه‌بدل)ه‌و ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و به‌ر له‌ ماڵپه‌ڕی ئه‌ده‌بی ده‌نگه‌كان بڵاوكرایه‌وه‌…




خه‌یاڵ و خه‌ونبین له‌ كۆشیعری: (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌‌)ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا … بۆتان جه‌لال

پێشه‌كی:

(خه‌یاڵ) ڕه‌گه‌زێكی بنچینه‌یی پێكهاته‌ی شیعره‌، شیعر و خه‌یاڵ ڕایه‌ڵێكی مه‌عریفی میتافیزیكیی ده‌یان گه‌یه‌نێته‌یه‌ك و پێكه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه‌، بایه‌خی ئه‌م توخمه‌ هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ توخمه‌كانی دیكه‌ی شیعر، وه‌ك: (ڕواڵه‌ت، ناوه‌ڕۆك، ڕیتم و له‌رینه‌وه‌ی مۆزیك، جیهانبینی، زمان، وێنه‌). نووسه‌ر و شاعیری بلیمه‌ت له‌ خه‌یاڵكردن و خه‌ونبینیدا لاپه‌ڕه‌ی تازه‌ له‌ خۆیاندا ده‌كه‌نه‌وه‌، بێ خه‌یاڵكردن و په‌نابردن بۆ مه‌ملكه‌ته‌كه‌ی مه‌حاڵه‌ شیعرنووسین و بیركردنه‌وه‌ له‌ ده‌ربڕینه‌ جوانه‌كانی شیعر و مه‌له‌كردن له‌ ئاسۆ بێكۆتاكه‌ی. شیعر، خه‌یاڵه‌، بێ خه‌یاڵكردن ژیان بوونی نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ژیاندا بمێنینه‌وه‌ و جوانتر و شكۆدارتری بكه‌ین، ده‌بێت خه‌یاڵه‌كانمان په‌روه‌رده‌بكه‌ین.
خه‌یاڵ جوگرافیا و سنووری هزر و ئه‌تڵه‌سی هۆشیاری دیارنییه‌، بۆ هه‌موو شتێك ده‌چێت و به‌ هه‌موو كون و كه‌له‌به‌ره‌كانی گه‌ردوون و ژیاندا گوزه‌رده‌كات. شوێنپێی خۆی له‌سه‌ر لمی مێشك و خۆڵه‌مێشی ده‌روون و قووڕ و لیته‌ی كه‌نار ده‌ریای هه‌ست و نه‌ست جێده‌هێڵێت. خه‌یاڵ ئامێری وێنه‌گرتنه‌ و شاعیرانیش وێنه‌گری شاره‌زا و به‌ سه‌لیقه‌ن له‌ گرتنی گۆشه‌نیگا و دیمه‌نه‌كانی جووڵه‌ و بزاوته‌ خه‌یاڵییه‌كاندا، هارمۆنیای میتۆده‌ جیاجیاكان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر شاشه‌ی بینین و نه‌ست و هه‌سته‌ ناهۆشیاره‌كانیان ده‌جووڵێنن و گه‌رم و به‌جۆشیان ده‌كه‌ن.
خه‌یاڵی ڕاسته‌قینه‌، به‌رهه‌مداره‌ و شكۆداری ده‌چنێته‌وه‌، خه‌یاڵی ساده‌ش، یان به‌ ساده‌یی ده‌مێنێـته‌وه‌، یان كۆرپه‌ی كه‌مئه‌ندامی لێده‌كه‌وێـته‌وه‌ و ناڕوونی و لێكپچڕایی دروستده‌بێت.
(ئه‌لبێرت ئه‌نیشتاین) گوتوویه‌تی: (ئه‌قڵ و لۆژیك له‌ – ئه‌لفه‌وه‌ بۆ بێ – و له‌ – بێ بۆ تێ – ت ده‌به‌ن، به‌ڵام خه‌یاڵ بۆ هه‌موو شوێنێكت ده‌بات)1. (فیدۆر دۆستویفسكی) گوتوویه‌تی: (واقیع و واقیعیه‌ت واتلێده‌كه‌ن هیچ شتێك دوور له‌ لووتی خۆت زیاتر نه‌بینیت، كه‌چی خه‌یاڵ ده‌تباته‌ هه‌موو شوێنێك به‌ ئاسمانه‌كانیشه‌وه‌)2. كه‌وابێت خه‌یاڵ ڕووبه‌ر و بنمیچ و نیشانكار (دال) و نیشانكراو (مه‌دلوول) نایگرێـته‌وه‌ و كرده‌یه‌كی بێ كۆتایییه‌. شاعیر بوونه‌وه‌رێكی ژیاندۆست و خه‌یاڵاوییه‌ و ناوه‌ندێكی له‌باره‌ بۆ وێناكردنی ژیاننووسینه‌وه‌، بۆیه‌ بۆ به‌هاری خه‌یاڵه‌كانیان ده‌چنه‌ ناو جه‌نگێكی درێژخایه‌ن و ململانێی ئازایانه‌ له‌به‌رگریكردن له‌ مانه‌وه‌ی خه‌یاڵه‌كانیان ده‌كه‌ن.
هه‌میشه‌ له‌ نێوان واقیع و خه‌یاڵ زه‌مینه‌یه‌ك هه‌یه‌ پێیده‌گوترێت (شیعری جوان، نهێنی – شیعر خۆی نهێنییه‌)، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی بگاته‌ داهێنان و تواناڕۆشنیی، ده‌بێت خه‌یاڵ بكات و له‌ناو فه‌زای خه‌یاڵدا كه‌رسته‌كانی داهێنان بدۆزێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر خه‌یاڵه‌ باڵی داهێنانی بۆ دروستده‌كات تا به‌رز و قووڵ بفڕێ و چاو له‌ قووڵایی ئاسماندا په‌لكه‌زێڕینه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی خه‌یاڵی بپێكێ و به‌ چه‌مكێك خه‌ون و خه‌ونبینیه‌وه‌ مژار و میتۆدی ژیانیان لێ بڕسكێنێت و كێڵگه‌ی سرووش و داهێنان به‌ تۆی خه‌یاڵ بچێنێت.
هه‌ر ده‌قێك فه‌زا و ڕه‌نگ و بۆن و ئێستێتیكای خه‌یاڵه‌كانی جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ده‌قێكی دیكه‌دا و لێكدانه‌وه‌ی جیاوازیش هه‌ڵده‌گرێت. كاتێك بته‌وێت به‌ ده‌قێكی دیكه‌ به‌راوردی بكه‌یت، چونكه‌ ده‌قه‌كان خه‌یاڵن، خه‌یاڵیش له‌ سه‌رچاوه‌وه‌ به‌ جیاواز تیشكی داهێنانی لێوه‌ ده‌بریسكێته‌وه‌ و ده‌نێردرێته‌وه‌ بۆ ناوكی ده‌ق و ڕوواڵه‌ته‌كه‌ی پێ بارگاوی ده‌كرێت، بۆیه‌ (بۆرخێس) ده‌یگوت: ئه‌گه‌ر ده‌ق وه‌ها خوێندرایه‌وه،‌ كه‌ گفتوگۆی ئه‌قڵ ده‌كات ئه‌وه‌ بزانه‌ ئه‌و ده‌قه‌ (په‌خشان)ه‌، ئه‌گه‌ر وه‌هاش خوێندرایه‌وه‌ كه‌ دیالۆگی خه‌یاڵ دروستده‌كات، ئه‌و ده‌قه‌ (شیعر)ه‌ و پڕه‌ له‌ بزاوت و مانا و داهێنانه‌ ئێستێتیكییه‌كان3.

سروشت و ئێستێتیكای خه‌یاڵ له‌ ده‌قدا:

سروشتی خه‌یاڵ دوو جۆره‌، یه‌كه‌میان: خه‌یاڵێكی (داهێنه‌رانه‌یه‌) له‌ نهێنی مادده‌ هه‌ستكراو و ناهه‌ستكراوه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. دووه‌میان: خه‌یاڵێكی (نووسراوه‌یه‌). دیمه‌نه‌كان له‌ یه‌كتری نزیكده‌كاته‌وه‌، پاشان وێنه‌یان ده‌گرێت و دواتر له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی ته‌واو مه‌عریفی ده‌یانخاته‌ چوارچێوه‌ی هزر و خه‌یاڵگه‌رایی، دوایی شاعیر كۆی وێنه‌كان له‌ناو چوارچێوه‌كه‌دا به‌ ڕوواڵه‌ت و جۆری جیاواز ڕزگاریان ده‌كات و به‌ شێوه‌ی وێنه‌ی شیعری ده‌یانهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌.
له‌ كرده‌ی شیعرنووسیندا هه‌ر دوو چه‌شنی خه‌یاڵه‌كان زیانی نییه‌، خه‌یاڵ له‌ كرۆك و ناوكیدا گه‌ڕان و گه‌شتێكی شاراوه‌ی باری ناهه‌ستیی و ناهۆشیارییه‌ له‌ سات و كاتی نادیاردا، ئاماده‌ده‌بێت و كه‌شوهه‌وای زه‌ین خۆشده‌كات و زه‌مینه‌ بۆ جۆشدانی بیر و ئیحا ده‌گونجێنێت، خه‌یاڵ كه‌شفی شته‌ په‌نهانه‌كانی پشت تێفكرین و ڕووبه‌ره‌ فراوانه‌كانی بابه‌ته‌ ناهه‌ستیاره‌كانی ناو گفتوگۆ و ململانێی ئه‌قڵ و لۆژیكه‌.
له‌ ده‌قی: (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا، هه‌ر دوو جۆره‌ خه‌یاڵه‌كان هه‌ن، وه‌لێ خه‌یاڵی داهێنه‌رانه‌ی ڕووپێوێكی زیاتری داگیركردووه‌ و ده‌سه‌ڵاتی خه‌ونبینیه‌كه‌ی زاڵه‌ به‌سه‌ر خه‌یاڵه‌ نووسراوه‌ ئاماده‌ییه‌كاندا.

(شار باخچه‌ی ئاژه‌ڵی دڕنده‌یه‌
بێ ئاگایه‌ له‌ ئازار و برین زیادده‌كات
دێمه‌ سه‌ر سینه‌ی شكۆمه‌ند و پڕ هاوارت
ئه‌ی گومه‌زی هه‌وێنی تاج و ڕه‌نگی دڵ
قومرییه‌ك له‌ناو چوارینه‌كانی باباتاهیر
تێر دانی ئه‌فسانه‌ی خوارد
به‌ناوچه‌وانی خانووه‌كه‌مان نیشته‌وه‌
سه‌رباڵی نان و ئاوه‌
له‌سه‌ر باڵدا ژیان
ئه‌ڵقه‌ی به‌ختی خه‌واڵووی حاجی قادری كۆیی ده‌سووڕێنێ
ئه‌رێ چاوی گای ناو سێرك ده‌بێته‌
لیستی ناو كتێبی كتێبخانه‌ی گشتی یان نا
چاو ناوده‌نێین ده‌شتی قوربانی
كه‌ هه‌میشه‌ لێوڕێژه‌ له‌ تاسه‌ی سه‌وزبوون و ده‌نگی خۆشی مام زۆراب) ل: 31

وێنه‌ی:

(شار باخچه‌ی ئاژه‌ڵی دڕنده‌یه‌
بێ ئاگایه‌ له‌ ئازار و برین زیاده‌كات) ل: 31

وێنه‌ی:

(قومرییه‌ك له‌ناو چوارینه‌كانی باباتاهیر
تێر دانی ئه‌فسانه‌ی خوارد
به‌ناوچه‌وانی خانووه‌كه‌مان نیشته‌وه‌) ل: 31

له‌ هه‌ر دوو وێنه‌ی سه‌ره‌وه‌دا نموونه‌ی خه‌یاڵی نووسراون، شاعیر زۆر ناچێته‌ قووڵایی خه‌یاڵه‌كانی و وێنه‌ ناهه‌ستییه‌كانی په‌رته‌وازه‌ی ناكات، به‌ ساده‌یی خه‌یاڵ ده‌نووسێته‌وه‌، ته‌نیا (شار) ده‌گوازرێته‌وه‌ ناو بوار و كایه‌ی خه‌یاڵێك، كه‌ بووه‌ته‌ (باخچه‌ی ئاژه‌ڵی دڕنده‌) و (قومری)یش له‌ناو چوارینه‌كانی باباتاهیر دانی خواردووه‌، پاشان به‌ناوچه‌وانی ماڵه‌كه‌یان نیشتووه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ هۆی نووسینی شیعره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی حاجی قادر (به‌ختی خه‌واڵوو)، كه‌ هێمایه‌كی گه‌شی شیعری تاراوگه‌ و نه‌ته‌وه‌ییمانه‌.

وێنه‌ی:

(ئه‌رێ چاوی گای ناو سێرك ده‌بێته‌
لیستی ناو كتێبی كتێبخانه‌ی گشتی یان نا
چاو ناوده‌نێین ده‌شتی قوربانی
كه‌ هه‌میشه‌ لێوڕێژه‌ له‌ تاسه‌ی سه‌وزبوون و ده‌نگی خۆشی مام زۆراب) ل: 31

لێره‌ (چاوی گا) چه‌ندان وێنه‌ی جۆراوجۆری ته‌جریدی پێكهێناوه‌، خه‌یاڵه‌كانی ئاڵۆز و فره‌مانان، میتۆدی ئه‌فسانه‌ و هونه‌ری شێوه‌كاری و مێژووی پێكه‌وه‌ گرێداوه‌، بابه‌تی هه‌وێنكردنی چه‌ند مژارێك ئاشكراده‌كات، (چاوی گا) ڕه‌نگی ڕه‌شه‌ گرێیداوه‌ به‌ مێوژه‌ ڕه‌شه‌ی مام زۆراب، له‌ چاوی گاوه‌ خه‌یاڵی فڕیوه‌ته‌ سه‌ر ڕۆژانی منداڵیی، كه‌ له‌ قوتابخانه‌ له‌ كتێبی ئه‌لفوبێی كوردی ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار مێوژی مام زۆرابی خوێندووه‌. هه‌ر له‌م خه‌یاڵه‌ش چووه‌ته‌ لای هونه‌ری شێوه‌كاری وێنه‌ ته‌جریدییه‌كانی: (سلڤادۆر دالی) كه‌ له‌ چاوی گاوه‌ دیمه‌نی فره‌ مانایی و هاودژه‌ مانایی خوڵقاندووه‌. ڕه‌نگبێت شیعره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی شاعیری عه‌ره‌ب: (علي بن الجهم)ی هاتبێته‌وه‌ یاد به ‌ناوی: (عیون المها)، ئه‌م شیعره‌ پڕیه‌تی له‌ ئه‌فسوون و نهێنی جوانی و فانتازیای خه‌یاڵێكی به‌ پیت و جیهانبینی ڕۆشن، ته‌نیا له‌ چوار دێره‌كانی كۆتایی ئه‌م شیعره‌، كه‌ نموونه‌ی خه‌یاڵێكی داهێنه‌رانه‌یه‌، (ده‌ق) واڵایه‌ بۆ شرۆڤه‌ و لێكدانه‌وه‌ی دیكه‌ش، كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ ئایینده‌ ئاماژه‌ی كه‌شفه‌كانی بدات.
(بۆ پێكهاتنی وێنه‌ی شیعری The Poetic Image هه‌ر دوو ڕه‌گه‌زی زمان و خه‌یاڵ كارلێكێكی كیماگه‌رانه‌ له‌نێوانیاندا ده‌سازێت، له‌ ڕووبه‌ری ئاوێته‌بوونیاندا هزر (فیكر) ئاماده‌كاری پێشوه‌خته‌ی خۆی كردووه‌، بێ هزر هیچ وێنه‌یه‌ك له‌ خه‌یاڵدا دروست نابێت، بێ وێنه‌ش شیعر كامڵ نابێت، (زمان)یش هۆكاری به‌رجه‌سته‌كردنی وێنه‌كان له‌ئه‌ستۆده‌گرێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و تیۆره‌یه‌ كه‌: (ئه‌رستۆ) له‌باره‌ی پێكهاته‌ی وێنه‌ی شیعری خستوویه‌تیه‌ به‌ر دیده‌:

وێنه‌ی شیعری هزر + زمان + خه‌یاڵ

وێنه‌ شیعرییه‌كان جه‌سته‌ و ڕۆح و جه‌وهه‌ری ده‌قن، هیچ كام له‌ ده‌قێك ڕه‌وایی و ته‌ندروستی بۆ ناگه‌ڕێته‌وه‌، مه‌گه‌ر له‌ بنیادیدا چه‌ند وێنه‌یه‌كی شیعریی جێگای خۆی نه‌كردبێته‌وه‌)4. ئه‌ركی خه‌یاڵ له‌ كاره‌ داهێنراوه‌كاندا ئه‌ركێكی ناوه‌ندگیره‌، به‌بێ گه‌رمكردنی خه‌یاڵ و جۆشدانی، هه‌سته‌ دیار و نادیاره‌كان ناچنه‌ ژێرباڵی دروستكردنی پیت و هێڵ، كه‌ ئه‌مانیش شاعیری به‌ ئه‌زموون و فیكرڕۆشن زوو هه‌سته‌كانی ده‌بنه‌ هاوكار و پاڵپشت بۆ ڕاوكردنی خه‌یاڵه‌كانی.
مه‌زراندنی (ته‌وزیفكردنی) كلتووری كوردی له‌ ده‌قه‌ نوێخوازه‌كانی شیعری كوردی، ڕه‌هه‌ندی جیاجیای وه‌رگرتووه‌، له‌ شیعری: (كۆشك) به‌و خه‌ون و دیده‌ خه‌یاڵاوییانه‌یه‌وه‌ چووه‌ته‌ ناو كۆشك و چه‌ند پاژێك له‌ شیعره‌كه‌ی له‌ گفتوگۆی ناو كۆشكه‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌:

(پیاوێك به‌ ناوی نالی چووه‌ كۆشكی میرنشینی بابان
كه‌س له‌وێ نه‌بوو
كه‌س له‌وێ نه‌مابوو
له‌ پێناوی خه‌ون بینینێك مایه‌وه‌
سه‌ری له‌ناو په‌نجه‌ره‌یه‌ك دانا و خه‌وت
به‌یانی وه‌ك هه‌موو به‌یانییه‌ ڕوو له‌ خێره‌كان
زوو له‌ خه‌و هه‌ستا
له‌سه‌ر گردی به‌رانبه‌ر كۆشك
دره‌ختی حه‌فت به‌ری ڕواند
به‌ سالمی گوت به‌ حه‌بیبه‌ بڵێ بمبوورێ زۆربه‌ی ژیانم
له‌ ڕوواندنی ئه‌و دره‌خته‌ به‌ختكرد و ئاوی حه‌فت جۆگه‌م هێنایه‌وه‌ سه‌ری
به‌چی ده‌چێ و ده‌بێـته‌ چی
كه‌ یاداشتی بزربوونی دوازده‌ سواره‌ی مه‌ریوان
له‌ توێكڵی میوه‌كانی نه‌نووسرێته‌وه‌
ده‌نا درۆیه‌ وشكی كه‌ن دره‌خت نییه‌) ل: 69

هه‌ڵچنینی هزری كلتووری (به‌شه‌ زیندووه‌كه‌ی) له‌ ئه‌ده‌بیاتی كوردیمان به‌ گشتی و له‌ شیعری كوردیمان به‌ تایبه‌تی، داهێنانی ئه‌مڕۆی نووسه‌ر و شاعیران نییه‌، ده‌مێكه‌ ئه‌و كردار و خولیایه‌ هه‌بووه‌، هه‌ر شاعیرێك به‌ جۆرێ وزه‌ی خۆی بۆ بڕستكردن و ڕه‌سه‌نگه‌رایی خستووه‌ته‌ ناو پڕۆژه‌كه‌یه‌وه‌ و قسه‌یه‌كی لێكردووه‌.
ئه‌و ده‌قه‌، (كۆشك) به‌ دید و خه‌یاڵێكی ته‌واو جیاواز داڕێژراوه‌، لێره‌ شاعیر زمان و فۆڕم و مه‌به‌سته‌ كلتوورییه‌كه‌ی به‌ چاودێرییه‌كی زۆره‌وه‌ خستووه‌ته‌ به‌ر خزمه‌تكردنی (مه‌به‌ست)، كه‌ ئامانجی شاعیر تێیدا جیاكاری بینینه‌ له‌ كلتووره‌ كۆن و تازه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان. له‌م ده‌قه‌دا ته‌جاوزی كاره‌ دیكۆمێنتاری و ئه‌رشیفییه‌كان كراوه‌، به‌ زمانی نوێ و جیهانبینی فراوان و فۆڕمی پته‌و چوونه‌ته‌ خزمه‌ت كاراكردنی كلتوور و نیشانكاره‌كان ته‌واو دوورن له‌و مانا به‌خشییه‌ی نیشانكراوه‌كان به‌ ته‌مان لێیان نزیكببنه‌وه‌.
مه‌زراندنی كلتوور ته‌نیا شكۆداركردنی كلتووره‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو دنیایه‌ك مانابه‌خشی له‌ دیدگه‌مان ده‌خرۆشێنێت، واده‌كات به‌ چاوی فه‌لسه‌فیه‌وه‌ سه‌یری كه‌سایه‌تییه‌ كلتوورییه‌كانمان بكه‌ین و وانه‌ و واتای نوێیان لێوه‌ فێرببین. نالی و حه‌بیبه‌ لێره‌ ته‌نیا دوو كه‌سایه‌تی نین، یه‌كیان شاعیر و ئه‌وی تریش دڵخوازه‌كه‌ی، ڕه‌هه‌نده‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی په‌یوه‌ندی نێوانیان گرینگه‌، كه‌ دنیابینی و ژیاندۆستی و مرۆڤایه‌تییه‌.
چوست و چالاككردنی كایه‌ی ئه‌ندێشه‌ و جووڵاندنی به‌ هه‌موو لایه‌كدا ئه‌ركێكی دیكه‌ی خه‌یاڵه‌، بۆ ئه‌وه‌ی جووڵه‌ و هێزێكی دینامیكی به‌ هه‌ست و نه‌ست و زه‌ینه‌ دامركاوه‌ نیشتووه‌كانی ناو خولگه‌ی ئه‌ندێشه‌ ببه‌خشین، ده‌بێت خه‌یاڵ چالاك خۆی بنوێنێت و هه‌موو جۆره‌ هه‌سته‌كان بكه‌ونه‌ خۆیان، چونكه‌ خه‌یاڵ دیدگه‌ و بیره‌وه‌ری تیژتر ده‌كات. له‌ ڕێگای هه‌ستی بینین و گوێگرتن و ئاخافتنه‌وه‌ ناوه‌ندێك له‌ خه‌ون و خه‌یاڵ ڕه‌وایی به‌ ده‌روونڕۆشنی خود ده‌دات بچێته‌ ناو گه‌شتی چنینه‌وه‌ی خه‌یاڵ.
(پاسترناك) پێیوایه‌ له‌ بنچینه‌دا شاعیران لاڵن توانای قسه‌كردنیان كه‌مه‌، له‌ ڕێگای گوێچكه‌ و چاوه‌كانیان وێنه‌ی خه‌یاڵه‌كانیان به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ سروشتدا دووانه‌یه‌كی ناهۆشیاری و نامیتافیزیكی هاوبه‌ش فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن، كه‌ كاری ئه‌وه‌بێت وه‌ك ماتۆڕ و دینه‌مۆیه‌ك هه‌میشه‌ هێز و وزه‌ بداته‌ سه‌رووی خۆی، كه‌ هه‌ست و ناهه‌سته‌ ئاماده‌كراوكانی خوده‌ جۆشێنه‌ره‌كه‌یه‌: 5

(وڵاتێك له‌ شه‌ڕێكدا كه‌ نامه‌ی
جه‌نگاوه‌ره‌كانی ده‌بووه‌ مێژووی ناونان له‌ ئاگرێك نه‌وه‌ك بكوژێته‌وه‌
قۆزاخه‌یه‌كی نه‌ترووكاوی برده‌وه‌ سووڕی ژیانی جه‌لالی میرزا كه‌ریم
له‌و به‌یانییه‌ ته‌واو بوو كه‌ برایه‌كان
كفنیان بۆ دره‌خته‌ مه‌ست و به‌رداره‌كانی هه‌ولێر ده‌بڕی
كفن له‌و كاته‌دا دوو ڕه‌نگ بوو
كفن له‌و كاته‌دا گیرفانی هه‌بوو
ئیدی هه‌وا له‌ ژووره‌كه‌یدا جێگۆڕكێی نه‌كرد) ل: 14

كاتێك هۆش و نه‌ست ته‌واو ده‌ڕه‌نجێن له‌ ده‌وروبه‌ریاندا، سۆزێكی ئه‌فسوناوی باڵی ده‌كێشی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م كایه‌ مرۆییه‌كاندا فه‌رمانی بزاڤ و چوستكردنی ده‌دات. ناخ و خه‌یاڵ بۆ ئاماده‌بووان و به‌رهه‌مهێنانی په‌چه‌كردار، شاعیر چالاكانه‌ خه‌یاڵه‌كانی به‌سه‌ر چه‌ند پاژێك له‌ بابه‌تی ئه‌م ده‌قه‌ دابه‌شكردووه‌، هه‌ر له‌ كۆچكردنی جه‌لالی میرزا كه‌ریم له‌ هه‌ولێر و ئاشووبی شه‌ڕی ناوخۆ و دروستبوونی كه‌شوهه‌وایه‌كی نائارام و بێهووده‌یی و ژیان ڕاوه‌ستان و كاره‌ساته‌ جه‌رگبڕه‌كان، هه‌موویان گه‌شتی خه‌یاڵن به‌سه‌ر یه‌كه‌یه‌كه‌ی وێنه‌كانی ناو ئه‌م ده‌قه‌، كه‌ مۆركی شاعیرێكی خه‌یاڵ ده‌وڵه‌مه‌ندن، له‌ هه‌مان كاتدا كاردانه‌وه‌ن بۆ ئه‌و ڕووداوانه‌ی لایه‌كی هاوكێشه‌ی خه‌یاڵ ده‌گرنه‌وه‌.
چۆن خه‌یاڵ ئه‌و چركه‌ شیعرییانه‌ ده‌قۆزێته‌وه‌، كه‌ شاعیر تێیاندا په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی به‌ كارتێكردنی نێوانیانه‌وه‌ هه‌یه‌؟ فه‌زای خه‌یاڵ فراوانه‌ و چه‌ندان ته‌نی دره‌و‌شاوه‌ له‌سه‌ر شێوه‌ی گه‌ردیله‌ی خه‌یاڵه‌ بچووكه‌كان له‌و ناوه‌نده‌دا به‌ریه‌كده‌كه‌ون، له‌ ئه‌نجامی كۆی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاڕمۆنییه‌كانی ناهه‌ستی و ناهۆشیاری ناو كایه‌ی ده‌ق. چه‌ند چركه‌ شیعرییه‌كی ئاماده‌ (لحظة شعریة) ده‌ست شاعیر ده‌كه‌ون و خێرا هه‌سته‌كان بۆ ڕزگاركردنیان له‌و ناوه‌نده‌ خرۆشاوه‌دا ده‌یانخه‌مڵێنن، كه‌ جیوه‌ ئاسا هێنده‌ تیژ و سرك و خزن زوو له‌ناو زه‌یندا كه‌مۆ ده‌كرێن و ده‌بنه‌ ئه‌و وێنه‌ شیعرییانه‌ی كه‌ له‌ منداڵدانی خه‌یاڵه‌وه‌ پیتێندراون و به‌ شێوه‌ی كۆرپه‌ (وێنه‌ی شیعر) چاو بۆ ژیان ده‌ترووكێنن.
(تۆبۆفیلیا (Topophilia) ڕۆڵێكی خولگه‌یی و كۆششكار ده‌بینێت له‌ فراوانكردنی ڕووپێوی خه‌یاڵی ناو ده‌قه‌ خه‌ونبینه‌كان)6.

(به‌و نیازه‌ په‌نجه‌ره‌كه‌م كرده‌وه‌
با بێته‌ ماڵه‌كه‌مه‌وه‌ كه‌مانچه‌ بژه‌نێت
دره‌خت گۆرانیبێژ و خاووخێزانیش كۆرس
كه‌لوپه‌لیش گوێگر
ئه‌سته‌مه‌ له‌ ماڵێكدا ده‌نگ ئاواز نه‌ڕسكێنێت
كاتژمێری هه‌ڵواسراو
كات نه‌كاته‌ ئاده‌میزادێكی درۆزن و فریوده‌ره‌
مۆمم له‌ هه‌موو په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كانی ماڵم داگیرساندووه‌ و گۆرانی ده‌ڵێم
سڵاو له‌ ئاڵای وڵاته‌كه‌م سێبه‌ره‌كانی تێكه‌ڵ نه‌كرد
به‌ختیار زێوه‌ر گوڵی سه‌ربه‌ستی له‌ ده‌ستی نزیك خسته‌وه‌
له‌ كۆڵانه‌كاندا بڵاوی كرده‌وه‌
دره‌نگ گه‌یشته‌ ماڵی خۆی
بۆنی تێدا نه‌ما) ل: 107

(كاتژمێر) ناونیشانی ئه‌و شیعره‌یه‌ هه‌ر به‌ مه‌به‌ست ئه‌م ناوه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌، كه‌ هێمایه‌ بۆ كات (الزمن)، به‌ هه‌ر سێ جۆریه‌وه‌ ڕابردوو، ئێستا، ڕانه‌بردوو، ئه‌م شیعره‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی دوو مژار ده‌پێكێت.
یه‌كه‌م: كات و ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ كاره‌كانی تێدا ئه‌نجامده‌درێت، یان ئه‌نجامدراوه‌، یان ئێستا كاریگه‌رییه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت.
دووه‌م: غه‌ریبی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕۆژانی ڕابردوو (الحنین الی الماضي). خه‌یاڵ په‌یوه‌سته‌ به‌ كات و كردار و شوێن، زۆرترین چه‌شنی خه‌یاڵێك، كه‌ شاعیران خولیا و هۆگری ببن، ئه‌و ڕووداوه‌ خۆش و ناخۆشانه‌یه‌ له‌ ڕابردوودا ڕوویانداوه‌ و كاریگه‌ری به‌سه‌ر زه‌ینی شاعیره‌كه‌ ماوه‌، له‌ شوێنێكدا به‌جێماوه‌ و وه‌ك كارێكی له‌ده‌ستچوو حه‌سره‌تی بۆ هه‌ڵده‌كێشێت.
شاعیر: (گوڵی سه‌ربه‌ستی)ی به‌ختیار زێوه‌ر ده‌كاته‌ پرسی خولگه‌یی و له‌وێوه‌ په‌ل بۆ بیرهێنانه‌وه‌ له‌ ڕێگای خه‌یاڵگه‌راییه‌ك، به‌سه‌ر ماڵێكی هونه‌ردۆست و ده‌نگی گۆرانیبێژان و خودی شاعیرێك، كه‌ خاوه‌ن شیعره‌‌كه‌یه‌ هێمای شیعری به‌رگریی و به‌رخودان و مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، ده‌هاوێژێت و بنیادی ده‌قه‌كه‌ی پێ دروستده‌كات.
دیمه‌نه‌ خه‌یاڵییه‌كان پێكه‌وه‌ گرێدراون و سه‌ربرده‌یه‌ك، له‌ شارێكی وه‌ك سلێمانی و له‌ زه‌مه‌نی به‌ختیار زێوه‌ر و بارودۆخی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، ئاهێك بۆ به‌سه‌رچوونی بۆنی خۆشی گوڵی سه‌ربه‌ستی ده‌كێشێت، كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی تێر بۆنی نه‌كرد، ئه‌و گوڵه‌ی هێمای ڕۆژی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌، بۆنی به‌سه‌ر هه‌موو كوچه‌ و كۆڵانه‌كانی شار پرژا، به‌ڵام شاعیر نه‌یتوانی به‌ دڵی خۆی بۆنی بكات و به‌ یادی ئه‌و شیعره‌ ڕۆژانی ئه‌مڕۆی باری سیاسی ده‌هێنێته‌ ناو گرته‌ و دیمه‌نی ئه‌مڕۆكه‌مان و به‌ تێكه‌ڵكێشییه‌ك مه‌به‌سته‌كه‌ی ده‌داته‌ خوێنه‌رانی.
شاعیری (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)‌ له‌ زۆرینه‌ی ده‌قه‌كانی ناو ئه‌م كۆشیعرییه‌دا به‌ هه‌ناسه‌ی غه‌ریبی و ئاخ هه‌ڵكێشان بۆ ڕابردوو ده‌قه‌كانی ڕه‌نگڕێژ به‌ نۆستالیژیا كردووه‌ و تێیدا له‌ به‌رجه‌سته‌كردنیان ڕه‌گاژۆبوونێكی هه‌ستیی و هۆشیاری ساغبووه‌ته‌وه‌.
چۆن خه‌یاڵ پێده‌گات و فشارده‌خاته‌ سه‌ر كرده‌ی چالاككردنی مێشك و ده‌رهاویشته‌كانی له‌ ڕوانگه‌ی زه‌ین و نه‌ست و حاڵه‌تی ناهۆشیارییدا، چ ڕۆڵێك وه‌رده‌گرێت؟
له‌ شیعری: (سوپاس) ئه‌و وێنه‌شیعرییانه‌ی له‌و ده‌قه‌دا هه‌ن پێمان ده‌ڵێن بوونی (ڕووداو) بۆ دروستبوونی (فشار) چه‌ند گرینگه،‌ كه‌ خه‌یاڵ له‌و كرداره‌دا چه‌شنی په‌ین و كیمیایه‌ بۆ به‌پیتكردنی زه‌وی و زۆربوونی به‌روبووم.

(باران له‌ ده‌رگای زه‌مین ده‌دا
گیای ڕووخۆش لێی ده‌كاته‌وه‌
كه‌روێشكێك ده‌چێته‌ نزیكی
سمێڵی له‌سه‌ر و پرچی ده‌سووێ
سوپاس بۆ نان و نمه‌كی خودا
به‌ دڵێك به‌ ڕێگاوه‌ ده‌ڕوات
كه‌ دڵ له‌ دڵدانی له‌دوا نییه‌) ل: 16

هێزی پاڵنه‌ری (ڕووداو)، فشار ده‌خاته‌ سه‌ر بیر و هۆش و ڕێكیان ده‌خات بۆ خۆهه‌ڵكوتانه‌ ناو بواری گه‌وره‌كردنی خه‌یاڵ و له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ته‌وژم و فشارانه‌، خه‌یاڵ ده‌ته‌قێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ دۆخی ئاسایی و چه‌قبه‌ستووییدا خه‌یاڵه‌كان به‌ر هۆش و نه‌ست و حاڵه‌ته‌ ناهۆشیاره‌كان ناكه‌ون، ده‌بێت به‌ریككه‌وتنێك ڕووبدات تا خه‌یاڵیش گورجوگۆڵ ببێت به‌ به‌ركار و فرمانی خۆی بكه‌وێت.
تا (باران له‌ ده‌رگای زه‌مینی نه‌دا) هیچ كردارێكی زه‌ینی له‌سه‌ر دروستبوونی وێنه‌ی دێری دووه‌م (گیای ڕووخۆش لێی ده‌كاته‌وه‌) دروستنه‌بوو، ڕووداو (باران) و (گیای ڕووخۆش) ئه‌و فشاره‌ش ده‌بێته‌ هۆكاری لێكردنه‌وه‌ی باران، پاشان خه‌یاڵ له‌ دێره‌كانی دواییدا فراوانتر و زنجیره‌یی پێكه‌وه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌، بێ هۆكاری جووڵاندنی خه‌یاڵ، ده‌ق له‌ بنیادی ناوه‌وه‌ی خۆیدا ئه‌و سیستماتیكه‌ دراماییه‌ له‌ده‌ستده‌دات، كه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ (السرد) حاڵه‌تێكی پێویسته‌ و یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی مانابه‌خشی له‌ ده‌قدا.
بنیادنانی ده‌ق، كرده‌یه‌كه‌ هه‌میشه‌ به‌ كراوه‌یی كۆتایی دێت، هیچ ڕسته‌یه‌ك له‌ناو وێنه‌ی شیعریی به‌ دانانی (نیهاد) بۆ (گوزاره‌)، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌، مانای ته‌واوی نادات، ده‌كرێت ده‌ق به‌وه‌ بچووێنین پارچه‌یه‌كه‌ له‌ كریستاڵ، پارچه‌ی بچووكی دیكه‌ی لێ كه‌مبووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ ناوه‌ندی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌مان ده‌بات، كه‌ گوزارشته‌ شیعرییه‌كان ته‌واوببن، یه‌ده‌گی ده‌ربڕینه‌ په‌خشانییه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌ن، واته‌: شیعر له‌ ده‌قی ئه‌ده‌بییدا به‌ ته‌نیا گوزارشتبڕ نییه‌، په‌خشان هاوكاری گوزارشت و ده‌ربڕینه‌كانی ده‌كات، بۆیه‌: (ت. س. ئیلیۆت) ده‌یگوت: (مه‌حاڵه‌ به‌ پڕی و به‌ ته‌واوی به‌ زمانی شیعر ئه‌و ده‌قه‌ بنووسم، كه‌ ده‌مه‌وێت ته‌واوی بكه‌م)7.
هه‌ر وه‌ختێك ده‌ق هێزی كرانه‌وه‌ی بۆ خرایه‌ سه‌ر پشت و سه‌ربه‌ستی خۆی له‌ گوزارشته‌ خه‌یاڵییه‌كان وه‌رگرت، شیعر وزه‌ی له‌ خه‌یاڵ پێده‌گات، خه‌یاڵ بۆ ته‌واوكردنی بنیادی چوارچێوه‌ی خستنه‌ناوه‌وه‌ی ده‌ق په‌نا بۆ (زمان) ده‌بات وه‌ك گوزارشت، جا به‌ شیعر بێت، یان په‌خشان، یان په‌خشانه‌ شیعر، له‌م حاڵه‌ته‌دا بازنه‌كانی خه‌یاڵ شه‌پۆلده‌ده‌ن و له‌گه‌ڵ میكانیزمی كارلێكردنی هه‌سته‌كان، گوزارشتیش ئه‌ڵقه‌ به‌دوای خۆی دروستده‌كات، تا بنیادی ده‌ق ده‌نووسرێته‌وه‌، چه‌ندان جار شاعیره‌كه‌ ئه‌ڵقه‌ گوزارشته‌كانی ده‌گۆڕێت، ڕووبه‌ری ده‌ق ده‌بێته‌ ئامێزگری چه‌ندان وێنه‌ی خه‌یاڵی ته‌واونه‌كراو.

(سوپاس و دروود بۆ ئازاره‌كانی ژیان
مرۆڤ دوای مردن
پێویستی به‌ چوونه‌ به‌هه‌شته‌
جۆگه‌له‌ بباته‌ بن دره‌ختی ئومێد و نه‌مری
میوه‌ له‌ شكۆمه‌ندی دوای زه‌رده‌خه‌نه‌ زیاتر نییه‌
خودایه‌ ئاگرێكم بۆ ده‌ستنیشان بكه‌
چاوی هه‌موو بینینه‌كان بنووسێت
دڵم ده‌توێنمه‌وه‌ و گوێڕایه‌ڵی ده‌بم
مردووه‌كان به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی) ل: 80

شاعیر خۆی له‌ پراگماتیكیی دوورده‌خاته‌وه‌، به‌دوای بازنه‌ یه‌ك به‌ناو ئه‌وی دیكه‌ چووه‌كان ده‌كه‌وێ، له‌هه‌ر وێنه‌یه‌كی شیعر وێنه‌یه‌كی دیكه‌ دروستده‌كاته‌وه‌، تا ده‌گاته‌ وێنه‌یه‌كی خه‌یاڵی گه‌وره‌تر، پێش ئه‌وه‌ی پشووبدات، سه‌رله‌نوێ خه‌یاڵی ده‌یباته‌وه‌ بۆ شوێنێكی دیكه.‌ له‌وێش بازنه‌ به‌ناویه‌كترچووكان ده‌كاته‌وه‌، تا كۆتایی ده‌ق ده‌بێته‌ خاوه‌نی چه‌ندان بازنه،‌ بێئه‌وه‌ی ده‌ق له‌ڕووی بنیادنانییه‌وه‌ ته‌واوببێ، جا له‌و پاژه‌ شیعرییه‌ی كه‌ ته‌واونه‌بووه،‌ بزانه‌ خه‌یاڵ چۆن بۆ شوێنێكی دیكه‌ و مه‌به‌ستی دیكه‌ی جیاوازی ده‌بات:

(كاكه‌ی فه‌للاح به‌ پشوویه‌كی ئارامه‌وه‌ له‌ سه‌نگه‌ردا هاته‌ده‌رێ
نه‌ختێك ڕاما و گۆڕه‌پانی به‌رده‌می كرده‌ به‌رده‌نوێژ
به‌ قووڵایی وێنه‌ ڕه‌ش و سپییه‌كانی خۆیدا هاتوچوو
قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی به‌ ئه‌سپایی له‌سه‌ر شووشه‌ی لامپا دانا
به‌ره‌و گۆڕ هه‌نگاوی خۆشكرد
گۆڕ سه‌نگه‌ری شۆڕشگێڕانه‌
نووسینه‌كانی ڕوومه‌تی كێلیش بزه‌ی واتادارن) ل: 80

ئه‌و كات شیعر شێوه‌ی خه‌یاڵی میكانیكی وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌ر له‌ جووڵه‌كردنێكی هه‌میشه‌ییدا فۆرمه‌ڵه‌كرابێت، ده‌قی: (خه‌یاڵی میكانیكی) ئه‌و ده‌قانه‌ن به‌ هه‌موو لایه‌كدا نه‌ست و هه‌ستی ناهۆشیاری بڵاوه‌ پێده‌كه‌ن، چه‌ندان وێنه‌ی جۆراوجۆری خه‌یاڵ دروستده‌كه‌ن، پاشان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ چه‌قی مه‌به‌ست (ناوه‌ڕۆكی ده‌ق)، ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌وه‌یه‌، ناوه‌ڕۆكێكی پان و به‌رینه‌، هیچ نیشانكار و نیشانكراوێكیش تێیدا جێگای نابێته‌وه‌، تانوپۆیه‌كن له‌ یه‌كتردا جیابوونه‌ته‌وه‌ و به‌دوای یه‌كتركێشكردن ناگه‌ڕێن، ته‌نیا خه‌یاڵبینییه‌ ده‌توانێت وزه‌ی شاعیر به‌ره‌و ئه‌و مه‌دایه‌ ببات، شاعیران تێیدا له‌ خولگه‌یه‌كی كراوه‌ی فره‌جه‌مسه‌ر مانا دروستده‌كه‌ن و ده‌یانخه‌نه‌ ناو به‌رگی خه‌یاڵه‌كانیان.
ئه‌ندازه‌ی بنیادنانی ده‌ق لای: (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) پلانداڕێژی پێشوه‌خته‌ی بۆ نه‌كراوه‌، ڕاسته‌وخۆ و سرووشئامێز ده‌چێته‌ ناو كه‌شوهه‌وای شیعر و دۆخ بۆ خۆشكردنی خه‌یاڵ ده‌ڕه‌خسێنێت، پشتبه‌ستن به‌و چركه‌ ئیلهامبه‌خشانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبه‌ن بۆ ڕووبه‌ری سه‌رگه‌رمی و كه‌ڵكه‌ڵه‌بوون و خرۆشاندنی ناخ و هه‌ڵاویسانی هه‌سته‌كان، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك بارێكی پۆزه‌تیڤه‌، شاعیری قاڵبداڕێژی لێ په‌روه‌رده‌ نه‌بووه‌، شیعرنووسێكی حازربه‌ده‌ستی لێده‌رناچێت، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ بارێكی نێگه‌تیڤه‌، زۆرجار خه‌یاڵه‌كان ده‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ ناو ئه‌و بواره‌ خه‌یاڵاوییه‌ی چه‌ند جارێكی دیكه‌ له‌ هه‌مان شوێندا وێنه‌ی نزیك به‌ وێنه‌كانی پێشووی لێچنیوه‌، بۆیه‌ فۆرمی هه‌ندێك له‌ خه‌یاڵه‌كانی به‌ یه‌كتری ده‌چن و هه‌مان مۆركی شیعری كۆنی پێوه‌ دیارده‌بێت. له‌ جیاتی: (كاكه‌ی فه‌للاح) هه‌ر ناوێكی دیكه‌شی دانابایه‌، هیچ له‌ وێنه‌ی خه‌یاڵه‌ شیعرییه‌كه‌ ناگۆڕێت.
(خه‌یاڵی كراوه، وه‌ك‌ ده‌قی كراوه‌ (النص المفتوح) وایه‌، له‌و ساتانه‌ی شاعیر ده‌یه‌وێت كه‌رسته‌كانی بنیادی خه‌یاڵه‌ شیعرییه‌كانی به‌ كه‌رسته‌ی هونه‌ری دیكه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بكات، په‌یوه‌ندیكردن و سنوورداركردنی سرووش و سۆزی ببه‌زێنێت و بچێته‌ ناو خولیا و حه‌ز و ویستێكی هونه‌ری شیعری تازه‌وه‌، خۆی بۆ ناو مێرگێكی سه‌وزتر و ته‌ڕتر بخزێنێت و چێژ بگۆڕێت، په‌نا بۆ پاشخانه‌ ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی ده‌بات، ده‌بینین ده‌ست بۆ خه‌یاڵی میوزیكی و گۆرانیگوتن و تابلۆكێشان و شانۆگه‌ری و فیلمسازیی … تاد)8. ده‌بات، چه‌مكی مه‌عریفه‌گه‌راییه‌كه‌ی هاوكاری ده‌كات، به‌و كه‌رستانه‌ ده‌چێته‌ ناو خولگه‌ی خه‌یاڵی نوێ بۆ هێنانه‌كایه‌ی وێنه‌ی شیعری نوێ.
جار هه‌یه‌ هه‌ر یه‌ك له‌و هونه‌رانه‌ به‌ جیا سوودی لێوه‌رگرتووه‌ له‌ مه‌زراندنی شیعرێكیدا، جاریش هه‌یه‌ چه‌ند هونه‌رێك پێكه‌وه‌ له‌ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌ خه‌یاڵییه‌كانیدا ئاوێته‌ی یه‌كتری ده‌كات و په‌لكه‌زێڕینه‌یه‌ك له‌ هونه‌ر له‌ شێوه‌ی خه‌یاڵی شیعری له‌ فه‌زای داهێنان و فانتازیادا پێكدێت. نموونه‌ له‌ شیعری: (دڵته‌نگی) ده‌بینین له‌ وێنه‌شیعری: (حه‌مدی) شاعیردا زۆر جوان په‌لده‌هاوێت بۆ: (كاوێس ئاغا)ی لاوكبێژ و له‌ دوو وێنه‌ی شیعر و هونه‌ری گۆرانی و لاوكبێژیدا تابلۆیه‌كی (وێژه‌یی-هونه‌ریی) ده‌خوڵقێنێت، ڕاسته‌ دوو وێنه‌ی خه‌یاڵی له‌ یه‌كتر جیان له‌ڕووی ناوه‌ڕۆكدا، به‌ڵام ده‌قێكی كراوه‌ی بۆ فه‌زای شیعره‌كه‌ ڕه‌خساندووه.‌ جێگای كه‌رسته‌ی هونه‌ریشی تێداببێته‌وه‌ و په‌نجه‌ره‌ی ده‌قه‌كه‌ی به‌سه‌ر پشته‌وه‌ واڵاكردووه‌.

(هه‌ر ڕێگایه‌ك وێڵبوونێكی به‌دواوه‌یه‌
وێڵیشه‌ ده‌تگه‌یه‌نێـته‌ قووڵایی گیان
دوای له‌دایكبوونی حه‌مدی
خوێن له‌ ناخی چڵ ڕژا
زه‌وی به‌ شه‌ونم ته‌ڕ بوو
ڕۆژ نیوه‌ی ته‌مه‌نی به ‌دیار زه‌ویه‌وه‌ ڕاده‌وستێت و داده‌مێنێت
شتێك بدزۆێته‌وه‌
نه‌یدۆزییه‌وه‌
له‌ ئاوابووندا دڵته‌نگییه‌كانی به‌دی ده‌كات
هه‌ر كێ دڵم بڕه‌نجێنێت
خانمی شیعر و هه‌ولێر و نه‌وای كوێستانان خاڵخاڵ ده‌ملاوێننه‌وه‌
كاوێس ئاغاش مۆڵه‌تم له‌ مه‌رگ بۆ وه‌رده‌گرێت
گوێ له‌ داستان ڕابگرم
شكۆی خودا له‌ ده‌وروپشتم ئاڵایه‌كه‌ هه‌ڵدراو
سێبه‌ری به‌سه‌ر برینی قوربانییه‌كاندا ده‌كێشێت
چاوی بێداری و نه‌سره‌وتن دنیای پیشاندام) ل: 90

له‌ چركه‌ی هۆشیاری و خۆلێكترازاندنی خه‌یاڵه‌كانی، ده‌چێته‌ باری ئاگایی و هه‌ستكردن به‌ ده‌وروبه‌ری، بۆ لاوانه‌وه‌ی خۆی له‌ هه‌ر گریمانه‌یه‌كی دڵشكاندنی، په‌نا بۆ شیعر و هه‌ولێر و كوێستانان خاڵخاڵ ده‌بات، (گاستۆن باشلار 1884 – 1962 له‌ بیردۆزه‌ی (فانتازیای شوێن)دا گوتوویه‌تی: (شوێن په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی باری سایكۆلۆژی و نووسه‌ر ده‌رده‌خات، ئه‌و شوێنه‌ی هه‌میشه‌ حه‌زده‌كات له‌ ناویدا به‌ خه‌یاڵ، یان له‌ ڕاستیدا بژیێت و هه‌میشه‌ فیكر و زه‌ینی له‌سه‌ره‌ و خۆشیده‌وێت) كه‌ (هه‌ولێر)ی شاری شاعیره‌، ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ دێت، خه‌یاڵ ڕووی ئاگایی و وشارییش ده‌یگرێته‌وه‌، هه‌موو خه‌یاڵێك ته‌نیا وه‌هم و سه‌رابێكی ته‌مومژاوی نییه‌، به‌ڵكو هۆكارێكی زیندووه‌ له‌ (تۆبۆفیلیا – Topophilia) كه‌ هه‌میشه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌و جێگایانه‌ی له‌ ده‌روونتدا به‌ نه‌مری ده‌مێننه‌وه‌)9.
زمانی خه‌یاڵ له‌ ده‌قدا:

(مالارمێ) ده‌یگوت: (من به‌ قه‌ڵای پۆڵایینی (زمان)م، خۆم ده‌پارێزم. هه‌ر وه‌ختێك ژه‌نگوژار بنیشێت، گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ به‌كارهێنانی زمانی هۆز ده‌رگای قه‌ڵا پۆڵایینه‌كه‌مه‌)10. زمان له‌ناو كایه‌ی شیعردا ڕۆڵی هێز و دره‌وشانه‌وه‌ی داهێنان و هاوسه‌نگڕاگرتنی هه‌موو بنه‌ما و مه‌رجه‌كانی شیعر نماییشده‌كات، گرینگی و كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌ ده‌غده‌غه‌دانی خه‌یاڵدا فراوانتر و چوست و چالاكتر په‌ره‌ده‌ستێنێت، بۆیه‌ ورووژاندنی خه‌یاڵ، به‌هێزبوون و پاراوتركردنی زمانی لێوه‌ به‌ده‌ستدێت، به‌ ئه‌زموون سه‌لمێندراوه‌، تا زمان كاریگه‌رییه‌ پۆزه‌تیڤه‌كانی بكه‌ونه‌كار، شیعر توانای خۆنوێكردنه‌وه‌ی له‌ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ و هێما و زانسته‌ زمانییه‌كان به‌ گشتی، ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بێت و كاراتر دۆخ بۆ نه‌شونمای پێش و كارتێكردن له‌ نێوانیاندا گه‌رمتر ده‌بێت.
هه‌ر ده‌قێكی هونه‌ریی به‌ (شیعر)ه‌وه‌ش، دوو ئاست پێشكه‌شده‌كات.
یه‌كه‌م: ئاستی هه‌واڵبه‌خشی.
دووه‌م: ئاستی هێمابه‌خشی.
ئه‌وه‌ی دووه‌میان به ‌ناڕاسته‌وخۆ ڕووماڵی زمان ده‌كات، به‌رگێك له‌ ته‌م و دیده‌ ناڕۆشنی پیشانده‌دات. ئه‌و هێماگه‌راییه‌، شرۆڤه‌ و شیكردنه‌وه‌ی ده‌وێت، هه‌موو جارێك به‌ ئاسانی ناگه‌یته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی بتوانیت كۆده‌كانی هێماكان بكه‌یته‌وه‌، سیحری سیحربازه‌كه‌ به‌تاڵ بكه‌یت، بۆیه‌ له‌ ده‌قی هێمابه‌خشی، خوێنه‌ر هه‌ندێكجار ڕه‌خنه‌گرانیش، دووچاری سه‌رئێشه‌ی ناتێگه‌یشتن له‌ مانای هێماكانی ناو وێنه‌ شیعرییه‌كان ده‌بن، بڕێكجاریش هێدمه‌ و به‌دحاڵییبوون ده‌گاته‌ دۆخی بێزاریی و ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌ گه‌ڕان به‌دوای مانابه‌خشین، فڕێدانی سه‌رتاپای ده‌قه‌كه‌.
زمان له‌ ده‌قی: (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)‌دا، به‌ هیچ كڵۆجێك له‌سه‌ر شێوه‌ی زمانی هه‌واڵ دانه‌ڕێژراوه‌ و هیچ ڕسته‌یه‌ك خه‌به‌ر و هه‌واڵی له‌گه‌ڵ خۆی نه‌هێناوه‌، به‌ڵكو ده‌قێكی هێمابه‌خشی پڕاوپڕه‌ له‌ سه‌راسیمه‌ و سه‌رسوڕمان و ته‌مومژ و ڕه‌هه‌ندی ئاڵۆز ئاڵۆزی به‌ زه‌خره‌فه‌ هێما نه‌خشێندراون، خوێنه‌ر به‌ سانایی ناگه‌نه‌ مه‌رامیان به ‌ده‌ستكه‌وتنی ماناكان، مه‌گه‌ر خوێنه‌ری مه‌شقكردوو و زیره‌ك و ڕۆشنبیر نه‌بێت. وشه‌كان ساده‌ن، ڕسته‌كان دیارن، به‌ڵام كه‌ ده‌گاته‌ قۆناغی كامڵبوونی وێنه‌ی ‌شیعری، هێماكان ده‌بنه‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م ڕوونیی و دوودیوی وێنه‌كان و جۆرێك له‌ ناڕوونیی له‌ كردنه‌وه‌ی كۆده‌كانی (هێما) قورسه‌كان دروستده‌بێت.
ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌ت و بنه‌مای شیعری نوێخوازی و ڕه‌هه‌نده‌ زمانه‌وانییه‌كانیه‌تی. (ئه‌دۆنیس) پێیوایه‌: (شیعر گه‌ڕان و ڕۆیشتنێكی هه‌میشه‌ییه‌ به‌ناو نادیاریدا)11. گه‌ڕان و كه‌شفكردنی شیعری هێماگه‌ر و پڕ سه‌رسوڕمان و نیگه‌رانی، پێویستی به‌ پاشخان و گه‌نجینه‌یه‌ك له‌ (خه‌ون) هه‌یه‌ تا سه‌فه‌ری ناو زمان و بنیادی ده‌قێكی هه‌ڵچنراو له‌ زمانی سه‌رده‌میانه‌ و جیهانبینی و تێڕوانینی تژی له‌ ڕه‌مز و به‌ها پێشكه‌وتووه‌كانی خه‌ونه‌ هاوچه‌رخه‌كان بكه‌یت.
له‌ناو ده‌قی سه‌ركه‌وتوودا، زمان له‌ خۆیدا كرده‌ی تێكدان و سه‌رله‌نوێ دروستكردنه‌وه‌ی زمانه‌كه‌یه‌تی، دۆزینه‌وه‌ی كانزای به‌ نرخ، گه‌ڕانی دوورودرێژی ناو خاك و خۆڵ و ژێر ده‌ریاكانی پێویسته‌، بۆیه‌ بۆ خوێنه‌ری ئاسایی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مجۆره‌ ده‌قانه‌ ئه‌ركه‌ و هه‌ندێكجاریش قێزه‌و‌ن.
نموونه‌ی ئه‌و وێنه‌شیعرییانه‌ی خوێنه‌ری ئاسایی، یان ڕه‌نگبێ زۆرێك له‌ شاعیران و ڕه‌خنه‌گرانی ئاسایی نه‌توانن هه‌رچی بكه‌ن و چێژێك له‌ ماناكانی به‌ده‌ستبهێنن، نموونه‌:

(زینده‌وه‌رێك له‌ژێر زه‌وی هاته‌ده‌رێ
هه‌وایه‌كی پاراوی هه‌ڵمژی و به‌چاو نزایه‌كی نواند
سوپاس بۆ بۆنی خۆشی په‌ڕه‌سێلكه‌
نه‌یهێشت ئه‌ستێره‌ ته‌ماشای ئه‌و ئاده‌مییانه‌ بكات
درۆیان به‌ده‌میه‌وه‌ كردووه‌) ل: 103

تۆ به‌رانبه‌ر تابلۆیه‌كی ته‌جریدی ئاڵۆسكاو به‌ چه‌ندان ڕه‌نگی تۆخ و هێمای سه‌یر و هێڵ و سكێچی به‌ناویه‌كتربڕ وه‌ستاوی، ده‌بێت ئه‌و (زینده‌وه‌ر)ه‌ چی بێت له‌ژێر زه‌وی هاتووه‌ته‌ده‌رێ؟ باشه‌ بۆنی خۆشی (په‌ڕه‌سێلكه‌) چ په‌یوه‌ندی به‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ درۆیان له‌گه‌ڵ (ئه‌ستێره‌)دا كردووه‌؟ ئه‌م هه‌موو پرسیاره‌ ئاڵۆزانه‌، بێ وه‌ڵام له‌ مێشكی خوێنه‌ردا ده‌خولێنه‌وه‌، ناتوانن وێنه‌یه‌ك خه‌یاڵ بكه‌ن، كه‌ لێی نزیك بن و له‌ مانابه‌خشییه‌كه‌ی تێبگه‌ن.

(دڵشاد مه‌ریوانی زه‌نگوڵه‌یه‌كی به‌ ده‌رگای حه‌وشه‌وه ‌كرد
له‌سه‌ر پشتی ئاسنێكی سارد نووسی
هه‌بوو
نه‌بوو
هه‌یه‌ و نییه‌
تابووت ژوورێكی تاریكه‌
چاوم نوقاند و له‌ دڵی خۆمدا بۆ شوێنێكی دوورم ڕوانی
شوێنێك بای په‌ڵه‌ پرچی هه‌وری له‌سه‌ر ده‌موچاوی هه‌ڵدایه‌وه‌
كێڵگه‌ی گه‌نم گه‌وره‌بوو) ل: 99

ته‌نیا ئه‌وانه‌ی ئاگاداری چیرۆكی گرتن و زیندانیكردن و پاشان كپكوشتن و گۆڕغه‌ریبی: (دڵشاد مه‌ریوانی)ن، ده‌زانن ئه‌م چه‌ند وێنه‌یه‌ حه‌كایه‌تی له‌ناوچوون و قوربانیدانی شاعیره‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، ئه‌ویش له‌ كۆی مانای وێنه‌كان ده‌خوێندرێته‌وه‌، ئه‌گینا گه‌نج و خوێنه‌رێكی وه‌چه‌ی ئه‌مڕۆ، كه‌ شتێك له‌باره‌ی سه‌ركرده نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان نازانن، چۆن له‌م ده‌قه‌ بگه‌ن. كاتێك ڕسته‌ و پاشان وێنه‌كان هێنده‌ ته‌جریدین زه‌ین و مێشك ماندووده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر پارچه‌یه‌ك له‌ (وشه‌ی یه‌كتربڕ) دامابن و هێماكانیان پێ شیته‌ڵ نه‌كرێت.

له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌شدا، خۆ ده‌بێت ئه‌وه‌ی بیه‌وێت له‌ واقیعی شیعری نوێخواز حاڵیی بێت، ئه‌وه‌نده‌ش زانیاری هه‌بێت. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مجۆره‌ ده‌قانه‌، سه‌لیقه‌ و وریایی و مه‌عریفه‌گه‌راییه‌كی سه‌رتاپایی ده‌وێت: (شیمس هینی) گوتوویه‌تی: (خۆ شیعر ده‌بێت هه‌ندێك گرانی و ته‌مومژاویكردنی له‌گه‌ڵ بێت، خۆ شیعر خوێندنه‌وه‌ ڕۆیشتنێك نییه‌ له‌ بیابان، به‌ڵكو هه‌ڵزنانه‌ به‌سه‌ر لووتكه‌)12.
هه‌رگیز مه‌به‌ست له‌ دانانی (وشه‌) له‌ ڕسته‌ی شیعریی، مانابه‌خشی و چێژ و گوزارشتكردن نییه‌، به‌ڵكو به‌دوای ڕاستی و په‌نهانه‌كان، له‌ سیمای گشتی شیعره‌كانی شاعیری: (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)‌دا ده‌بیندرێت وه‌ك شاعیره‌ سوریالیسته‌كان مامه‌ڵه‌ی هزر و زمان و بنیادنانی شیعری ڕه‌چاوكردووه‌، فیكر و بابه‌تی گوزارشته‌ی ئازاد و زمانی قه‌تیس و كورتبڕی له‌ ڕسته‌ و ده‌ستگرتن به‌ زۆر به‌كارنه‌هێنانی وشه‌، لادان له‌ كلتووری سواو و گوێنه‌دان به‌ بنه‌ما و ڕه‌وشته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بێ ماناكان و فڕێدانی پرسیار بۆ ناو فه‌زایه‌كی كراوه‌ی فره‌ ڕه‌هه‌ند و شیكاریی، بایه‌خدان به‌ ئازادییه‌ فیكرییه‌كان و نوێخوازگه‌رایی له‌ زمان و مۆدێلێكی نوێ له‌ داڕشتنی بنیادنانی چه‌مكی شیعریی و سه‌ركێشیی له‌ خه‌یاڵ و ڕه‌هاكردن له‌ خه‌ون و گه‌ڕانێكی بێوچان به‌دوای ڕاڤه‌ی تازه‌ بۆ شیعر و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌و كۆنه‌ سیما سواوانه‌ی نیو سه‌ده‌یه‌ شیعری كوردی به‌ ناوی تازه‌گه‌رایی و هاوچه‌رخییه‌تی له‌ بنه‌مای هونه‌ریی شیعردا گۆڕه‌پانه‌كه‌یان قۆرخكردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌خۆڕا ڕێچكه‌ ناگرێت و چه‌كه‌ره‌ش ناكات، به‌رهه‌میش به‌ده‌سته‌وه‌ نادات، ئه‌گه‌ر چه‌ند هۆكارێكی ده‌روونی و ڕامیاری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی بۆ ناو ئه‌و سه‌ركێشییه‌یان په‌لكێش نه‌كردبێت. كاتی خۆی: (ئه‌ندریێ بریتۆن) دامه‌زرێنه‌ری شیعری سوریالی له‌ ئه‌نجامی بێزاربوون له‌ هه‌موو شتێكی باوی جیهان، یاخی بوو، وه‌ك مه‌لێكی دیل له‌ قه‌فه‌س به ‌ده‌ست نائازادی و دیلی و كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی مرۆڤ، بڕیاریدا ئیراده‌ی به‌هێزبكات و وزه‌ و هێز له‌ سرووش وه‌ربگرێت و دژی قۆرخكاریی و لاساییكردنه‌وه‌ و پووچییه‌كانی ناو مێشكی مرۆڤی كۆن بجه‌نگێت و قه‌فه‌س بشكێنێت، فیكری ڕه‌ها و زمانی نوێ بپشكوێنێت، له‌ شیعری: (نه‌ترسان) گوزارشتێكی زۆر نزیك له‌م بۆچوونانه‌ی، كه‌ ده‌یه‌وێت وێنایان بكات، به‌ پاڵپشتی (زمان)ێكی نوێ شایسته‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تی بۆچوونه‌كانی و سه‌ركه‌وتنی سه‌ركێشییه‌ پیرۆزه‌كه‌ی، كه‌ تا سه‌ر ئێسك باوه‌ڕی پێهێناوه‌ و له‌ خوێنیدا هه‌ڵایساوه‌:

(له‌سه‌ر یه‌ك له‌ ته‌خته‌كانی باخچه‌ی گشتی هه‌ولێر
كه‌شكۆڵی پێغه‌مبه‌رانم به‌جێهێشت
بۆ ئه‌وه‌ی وره‌ و هێز و توانا بده‌مه‌ پیاوێكی دڵشكاو
له‌ زه‌وی ڕه‌ق نه‌ترسێت
چه‌مێك بۆ به‌خێوكردنی ماسی و مه‌له‌ ڕژایه‌ به‌رماڵیان و پرسی
دوژمنان ڕۆیشتن
ئه‌دی براده‌رانی من له‌كوێن
ئه‌م پرسیاره‌ كه‌مێكی تری ماوه‌) ل: 105

ئه‌م شیعره‌ وه‌ك شیعره‌كانی دیكه‌ی، مانیفێستی خود ئاشكراكردنه‌، خودییه‌ك ڕوو له‌ ئاسۆ و به‌دوای ئاسۆ ده‌گه‌ڕێت و لێشی نادیار نییه‌، له‌ هه‌ر بارودۆخێكدا ئه‌گه‌ر زمان ئامانجی كه‌شف و دۆزینه‌وه‌ی به‌رگی نوێ و كه‌ناڵی نوێ و ڕایه‌ڵی به ‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی، داهێنانی هێنایه‌ ئاكام، ئه‌و زمانه‌ ده‌كه‌وێته‌ باری توندوتۆڵكردنی ڕه‌سه‌نایه‌تی و خۆجیاكردنه‌وه‌ش له‌ (لاسایی)، زمانی شیعری: (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) هه‌م زمانێكی ته‌واو هاوچه‌رخ و ڕه‌گداكوته‌ره‌، هه‌م زمانێكی تایبه‌تمه‌نده‌، كه‌سی دیكه‌ له‌ شاعیران ناتوانن له‌م مۆده‌ زمانه‌ نزیكببنه‌وه‌. (زمان) بووه‌ته‌ پردی بنیادنانی جیهانبینی تێفكرین بۆ كلتوور و پیاده‌كردنی داهێنان و به‌كارهێنانی میتۆدی نوێ بۆ چالاكتركردنی هزر و هاوچه‌رخبوونی زمان.
مه‌به‌ست و ئامانجی شاعیر له‌مه‌دا ده‌یه‌وێت ڕواڵه‌تی نوێی داهێنه‌رانه‌ بۆ گوزارشتكردن له‌ ناوه‌وه‌ی زمانه‌ خۆجێییه‌كه‌یدا بدۆزێته‌وه‌ و نمایشی بكات، به‌و مانایه‌ نا، ته‌نیا جیاوازبێت له‌گه‌ڵ شاعیرانی دیكه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ویستوویانه‌ له‌گه‌ڵ هاوپۆله‌كانیان له‌ شیعردا جیاوازییه‌ك بدۆزنه‌وه‌، جگه‌ له‌ (زمان) ده‌بێت پڕۆژه‌ی مه‌عریفه‌گه‌راییه‌كی هێنده‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌بێت ده‌رگای گفتوگۆی بۆ گۆڕینه‌وه‌ی كلتووره‌ جیاجیاكان كردبێته‌وه‌، ئاماده‌ش بێت له‌ شاعیرێكی: (ئاسایی) بگۆڕدرێت بۆ شاعیرێكی به‌: (ئه‌زموون)، كه‌ فشاره‌كانی سه‌ری كاری لێنكه‌ن و له‌ كۆششی داهێناندا به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجمانه‌، (زمان) گرفتی سه‌ره‌كی خوێنه‌ری كۆشیعری: (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)‌یه‌، چونكه‌ شاعیر له‌ ئه‌نجامی مه‌زراندنی وشه‌ بۆ جێگای شیاویدا، جۆرێك له‌ ناڕوونی له‌ مانای وێنه‌كان دروستده‌بێت، هه‌ورێكی سپی له‌ چه‌شنی ته‌مومژ به‌سه‌ر كه‌ش و دۆخی (مانا)ی شیعره‌كه‌ كۆده‌بێته‌وه‌، به‌رجه‌سته‌كردنی وشه‌ له‌ ڕسته‌دا هه‌رگیز لای شاعیر به‌ ده‌ستی ئه‌نقه‌ست و گه‌مه‌كردن و زه‌خره‌فه‌كاری نه‌بووه‌، (به‌ڵكو گرینگی و ئه‌ركی وشه‌ له‌ شیعردا ئه‌وه‌یه‌ بنیادی ده‌ق پته‌و و تۆكمه‌ بكات، بزاڤی مانا له‌ ده‌وری زماندا چالاك ببێت)13.
(جان كۆهێن) گوتوویه‌تی: (زمانی ئاسایی یاسا و ڕێسای خۆی هه‌یه‌، كه‌ پابه‌نده‌ به‌ ئه‌زموونه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌، كه‌چی زمانی شیعر ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌، پشت به‌ ئه‌زموونه‌ ناوه‌كییه‌كان (الباطنیة) ده‌به‌ستێت)14. به‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ی (جان كۆهێن) بێت، زمان له‌ شیعردا مه‌مله‌كه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، نوێنه‌ری له‌ ده‌ره‌وه‌ نییه‌ و خۆی هه‌موو شتێكه‌ و پرسیارگه‌لێكی نه‌ پراكتیكانه‌ و نه‌ تیۆریزانه‌شه‌، ده‌بێت هۆشمه‌ند به‌دوای سیما واتاییه‌كانی بگه‌ڕێت و ڕه‌وت بۆ تێگه‌یشتن بدۆزێته‌وه‌.
شیعر: په‌یوه‌ندییه‌كی ناوه‌ندی به‌ (زمان) هه‌یه،‌ كه‌ ئه‌مه‌یان ڕاستییه‌كه‌ ناكرێ گومانی بخه‌ینه‌سه‌ر، به‌ڵام هه‌ستیاری و ترسناكییه‌كه‌ی زیاتر له‌ ورووژاندنی (خه‌یاڵ)دا شاردراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌نجام:

1-له‌ كۆشیعری (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)دا سێ میتفۆر له‌ خه‌یاڵگه‌رایی شاعیردا خه‌مڵێنراون:
أ-نموونه‌ی خه‌یاڵێكی مه‌عریفی و لۆژیكی.
ب-نموونه‌ی خه‌یاڵێكی تێڕاماناوی و خه‌ونبین.
ج-نموونه‌ی تێكه‌ڵاوبوونێكی هه‌ردوو نموونه‌ی سه‌ره‌وه‌، كاتێك تێڕوانینێك له‌ قووڵایی واقیعبینیدا هه‌ڵده‌هێنجێت.
2-(خه‌یاڵ) لای شاعیر ته‌نیا توخمێكی بنچینه‌یی پێكهاته‌ی شیعر نییه‌، (هه‌وێن)ی سه‌ره‌كی دروستبوونی شیعره‌كانیه‌تی، بێ خه‌یاڵكردن له‌ناو كایه‌ی شیعر دوورنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌گمه‌نه‌ له‌ناو شیعری نوێخوازی كوردیمان، كه‌ شاعیرێك هێنده‌ خه‌یاڵاوی تا ئه‌و سنووره‌ی خه‌یاڵی بووبێته‌ (هێما)ی شیعرنووسینی و هێماكانیش هه‌ڵگری شیكردنه‌وه‌ی ماناگه‌لێكی فراوان و ڕه‌هه‌ند و قووڵایی (ئاماژه‌)ی فره‌ جه‌مسه‌رن.
3-زمانی له‌ پێناو فراوانكردنی كایه‌ی خه‌یاڵه‌كانی به‌ جۆرێك به‌كارهێناوه،‌ وه‌ك دووانه‌یه‌كی میتافیزیكی شانیان داوه‌ته‌ شانی یه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتنی بنیادی ده‌ق له‌ فه‌زای ناهۆشیاریی و ناهه‌ستییدا، تا ئه‌وپه‌ڕی سنووری كامڵبوونێكی پڕ له‌ واتا و سه‌رسامیی و جوانیی.
4-پانتایی (خه‌یاڵ) هاوته‌ریب بووه‌ له‌گه‌ڵ هێزی (زمان) بۆ كاراكردن و هه‌مه‌جۆركردنی ڕایه‌ڵ و ڕه‌هه‌نده‌كانیان، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم: ئه‌م كۆشیعره‌ سه‌راسیمای خه‌یاڵی هێنده‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌، له‌ ئه‌ده‌بی كوردیمان نموونه‌ی شیعرێكی نوێخوازی زیندووه‌، ده‌كرێت توێژینه‌وه‌ و باس و خواسی زۆرتری له‌باره‌وه‌ بكرێت.

كانوونی دووه‌می 2020 هه‌ولێر

په‌راوێزه‌كان:

1-جراف طولي، (أهمیة التخیل في الحیاة)، ڕۆژنامه‌ی مه‌ككه‌، ڕۆژی 18/ یه‌نایه‌ری/ 2018، ل10.
2-هه‌مان سه‌رچاوه‌.
3-محمد أبو زید، ڕۆژنامه‌ی (الشرق الأوسط)، ژ 14841، له‌ 17/ یۆلیۆ/2019.
4-بومالي حنان، (عبدالوهاب البیاتي و تجلیات الحداثة الشعریة)، ل14، ط1.
5-غاستون باشلار (جمالیات المكان) وه‌رگێڕانی غالب هلسا، خانه‌ی الجاحظ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌، به‌غدا 1980، ل136.
6-د. شاكر عبدالحمید، (الخیال من الكهف الی الواقع الأفتراضي)، عالم المعرفة، الكویت، ل182.
7-خیري منصور، (محمود درویش عودة الشعر الضال)، منبر ثقافي عربي، ڕۆژی 15/9/2019.
8-خزعل الماجدي، (العقل الشعري)، النالیا للدراسات والنشر، ل377.
9-د. شاكر عبدالحمید، (الخیال من الكهف الی الواقع الأفتراضي)، عالم المعرفة، الكویت، ل 182.
10-خیري منصور، (محمود درویش عودة الشعر الضال)، منبر ثقافي عربي، سایتی ئه‌لیكترۆنی www.alaraby.co.uk، ڕۆژی 15/9/2019.
11-سامي مهدي، أفق الحداثة وحداثة النمط، بغداد، ل166.
12-شاكر لعیبي، الشعر عند شیموس هیني، مجلة بین النهرین، العدد 124، ص57.
13-د. عبدالواحد لؤلؤة، (البحث عن معنی) دراسات نقدیة، المؤسسة العربیة، بیروت، ص112.
14-رشید أمدیون، (شعریة السؤال ودلالاته)، سایتی ئه‌لیكترۆنی www.alquds.co.uk، ڕۆژی 25/8/2019.

سه‌رچاوه‌كان:

1-دیوانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، به‌رگی دووه‌م، ساڵی 2018، چاپخانه‌ی تاران، تاران.
2-غاستون باشلار (جمالیات المكان) وه‌رگێڕانی غالب هلسا، خانه‌ی الجاحظ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌، به‌غدا 1980.
3-خزعل الماجدي، (العقل الشعري)، النالیا للدراسات والنشر، سوریة.
4- د. شاكر عبدالحمید، (الخیال من الكهف الی الواقع الأفتراضي)، عالم المعرفة، الكویت.
5- جراف طولي، (أهمیة التخیل في الحیاة)، جریدة مكة.
6- محمد أبو زید، جریدة (الشرق الأوسط)، عدد 14841.
7- بومالي حنان، (عبدالوهاب البیاتي و تجلیات الحداثة الشعریة).
8- خیري منصور، (محمود درویش عودة الشعر الضال)، منبر ثقافي عربي، الموقع الإلكتروني www.alaraby.co.uk
9-سامي مهدي، أفق الحداثة وحداثة النمط، بغداد، ط1.
10- شاكر لعیبي، الشعر عند شیموس هیني، مجلة بین النهرین، العدد 124.
11- د. عبدالواحد لؤلؤة، (البحث عن معنی) دراسات نقدیة، المؤسسة العربیة، بیروت.
12- رشید أمدیون، (شعریة السؤال ودلالاته)، الموقع الإلكتروني www.alquds.co.uk




گرنگى کولتور و ڕەوتى بەرەوپێشچوونى … ناودار زیاد

‎کولتوور بە “شادەماری سەرەکی کۆمەڵگە” دادەنرێت. سەرلەبەری لقە-دەمارەکان لەو شادەمارە سەرەکییە خوێن وەردەگرن. لێرەدا مەبەست لە گرێدانەوەی هاوبەندی خوێن لەگەڵ ڕەسەنایەتیدا کە پەیوەندیدارە بە ئەسڵ و نەسەب و ڕەچەڵەکەوە زیاتر بۆ گوزارشتکردن لەو واتا و دەلالەتەیە کە کولتورێک بە کولتورێکى ڕەسەن دادەنێت، لەولاوە کولتورێکى تر بە ناڕەسەن و پاشکەوتە و ئاسیمیلاسە ناوزەند دەکات، هەرچەندە ڕەسەنایەتی و پاکژى و سەربەخۆیی کۆمەڵگەش وابەستەیە بە کولتورێکی دەوڵەمەند و بەهێزەوە، سەرباری پەیوەندیداری بە ئایین و سیاسەت و ئایدۆلۆژیاوە، بەڵام لە کانیاوی زمان، فەرهەنگ، فۆلکلۆر، جۆرى خواردن، بۆنە و نەریت و ڕێوڕەسمە میللی و نەتەوەیی و ناوچەیی و خێزانییەکانەوە هەڵدەقوڵێت و سەرچاوە دەگرێت.
‎کولتوری هەر میللەتێک پێویستی بە “پاراستن و دەستپێوەگرتن” هەیە، بەتایبەت لەم سەردەمەدا بەهۆی کارتێکەری فاکتەرەکانی بەجیهانییبوونەوە تەوژمێکی بەرفراوانی کولتورە هەژمونخواز و باڵادەستەکان لە پێشڕەویدایە و ئەگەر بەریان پێ نەگیرێت ئەوا مەترسی خۆسەپاندنیان بەسەر کولتوری هێرش بۆکراودا ئەگەرێکی حەتمی و چاوەڕوانکراوە. زیندووترین نموونەی ئەم دیاردەیە کولتوری کۆمەڵگەی کوردییە لەبەردەم تەوژمی کولتوری وڵاتانی سەردەست و بیانیدا وەک شاڵاوى ئێستاى کولتورەکانى تورک و فارس و عەرەب و ڕۆژئاوا.

‎لەکاتێکدا “هیچ کولتورێک لە کولتورێکی دیکە باڵاتر، بەرزتر، چاکتر، گونجاوتر و، جوانتر نییە”، بەڵام هەر کولتورێک بەرهەمی کۆی خوخدە و کەڵکەڵە، حەز و ویست، دۆزینەوە و داهێنان، خۆشی و ناخۆشی، هزر و باوەڕەکانی گروپێک یان چەند گروپێکی دیاریکراوە، کە بەهۆی زمان و نووسین و چالاکی کۆمەڵایەتى هەمەجۆرەوە لە پڕۆسەیەکی دوورودرێژ و دیرۆکیدا لەدایک دەبێت و گەشە دەکات، کە لە دەرئەنجامدا لە فۆرم و قاڵبەکانی هونەر، میوزیک و گۆرانی، پەند و قسەی نەستەق و حیکایەت، جلوبەرگ و خواردن، شانۆ و هەڵپەڕکێ و سەما، بۆنە و ڕووداوە هاوبەشەکان، ژانرەکانی ئەدەب،،،تاد بەدیاردەکەوێت و خۆی نمایش دەکات. ئیتر لێرەوەیە بەهای کولتورێکى سەربەخۆ و جودا لە کولتورەکانى دى لەدایک دەبێت، کە پاراستن و دەستپێوەگرتن و بەرەوپێشبردنی دەبێتە ئەرک و بەرپرسیارییەتی هەمووان، نەک حیزب و گروپ و تاقمێکى دیاریکراو. ئەم بەرپرسیارییەتیەش ئەركێکی جڤاکییە، لەگەڵ درێژەدان بە ڕەوتى مێژوو، هاوکات ویست و پێداگریی لەسەر مانەوە و بەردەوامی.
‎وێڕاى ئەوە، “لەمپەڕ و بەربەستی سەرەکی لەبەردەم گەشەسەندنی کولتوردا بریتییە لە هێشتنەوەی کولتور لە قاڵب و چوارچێوەیەکی بەرتەسک و ڕەنگڕێژکراودا” لەژێر پاساوى پاراستنی کولتوردا. فاکتەر و بزوێنەرى هەرە گرنگ لێرەدا بەدیاریکراوی لە ئایین، مێنتەڵێتی خێڵ و عەشیرەتگەریى، کولتوری حزبی سیاسی خۆسەپێن، ڕەگەزی نێر و پاتریارکییەتدا خۆی دەبینێتەوە. ئەم حاڵەتەش زیاتر لەو کاتانەدا ڕوودەدات کە ڕووبەڕووبوونەوە و بەرهەڵستی لە کۆمەڵگەدا دروست دەبێت بەهۆی بەریەککەوتن و ناکۆکی توند لەسەر بەها و بەرژەوەندییەکان. دەتوانین نموونەی ئەم جۆرە ململانێیانە ببینین کاتێک داکۆکى لە مافى ئافرەتان دەکرێت یان بەها کۆنەکان دەکەونە بەردەم هێرش یاخود ناکۆکى نێوان دوو حیزبى باڵادەستى هەرێمى کوردستان -یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان- گەرم دەبێت. بەتایبەت لەو ساتانەدا کە لە بەرئەنجامى ئەم ململانێیانەوە دیدگا و دونیابینی نوێ سەرهەڵدەدات و، زەمینەى هاتنە ئاراى نەریت و بەها و توخمی کولتوریی نوێ دەردەکەوێت.

‎لەگەڵ ئەوەشدا، نابێ ئەوە فەرامۆشکەین کە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی کولتور سەرەڕای ئەوەی “پڕۆسەیەکی ناوەکی و خودییە”، واتا لە خودی توخم و ڕەگەزە ناوخۆییەکانی کولتورەکەوە هەڵدەقوڵێت، “بەڵام لە هیچ کولتورێکدا ئەم وەرچەرخان و گۆڕانکارییانە بەدینایەت ئەگەر لە پەیوەندی و کارلێکدا نەبێت لەگەڵ کولتوری دەرەکی و بێگانەدا” (ئێمە چاو لە وڵات و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان دەکەین و دەڵێین بۆ ئێمەش وەک ئەوان نەبین). هەرچەندە لێرەدا ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی و بیرکردنەوەی قووڵ و داهێنەرانە بزوێنەری سەرەکییە لە پاڵنان بەرەو ئاڕاستەی پێشکەوتن و نوێبوونەوە و گەشەسەندنى کولتوردا.
‎لەم سۆنگەیەوە چۆنیەتی پەیوەندیکردن بە کولتوری بیانی و بێگانەوە مەسەلەیەکى هەستیارە. لێرەدا بەپێی سروشتی ئەو پەیوەندییە دەتوانرێت حوکم لەسەر جۆری پەیوەندییەکە بدرێت، بۆیە زیرەکی و دانایی کۆمەڵگەیەک لەوێدا دەردەکەوێت لەو پەیوەندییەدا لایەنە جوان و ئەرێنییەکانی کولتوری ئەوانى دى بخاتە خزمەتی کولتورەکەی خۆیەوە و، بەشێوەیەکی هونەری و وەستایانە لەڕێگەی چالاکی و ناوەند و کەناڵە جۆراوجۆرەکانەوە سەرمایە و بەها کولتورییەکەی خۆشی بەوان بناسێنێت.
‎ئەمە بە ماناى بانگەشەکردن نییە بۆ ئەوەى کۆمەڵگە یەک جۆر کولتورى هەبێت و لەژێر سایەى کولتورێکى دیاریکراو و تاک فۆڕمدا بێت، بەڵکو “لەناو هەر کولتورێکی گشتی و سەرەکیدا وردە-کولتور و کولتوری لۆکاڵی و ناوچەیی و لقە-کولتورمان (sub-culture) هەیە”، بۆ نموونە لە هەرێمى کوردستاندا کولتورى مەسیحییەکان، کاکەییەکان، ئێزیدییەکان،،،تاد هەیە. ئەمە شتێکی ئاساییە و هیچ دژایەتییەکیشی لەگەڵ کولتوری سەرەکیدا نییە. بەهۆی هەڵکەوتە و پێکهاتەی هەمەڕەنگی کۆمەڵگەی کوردییەوە ئەم دیاردەیە زیاتر لە هەرێمی کوردستان بەدیدەکرێت، بۆ نموونە خێزان، چین و توێژی جیاواز، خێڵ و عەشیرەت، نەتەوە، گروپێکی دیاریکراو، کۆمەڵە خەڵکانێک کە پابەندی ڕێباز، قوتابخانە، ئاین، یان ئایدۆلۆژیایەکن، یاخود بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە، ئەمانە بەها و نەریت و شێوە ژیان و بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت و هێما و ئاماژە و سروشی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا هیچ مەترسی یان زیانێکی بۆ کولتورە گشتییەکە نییە، بگرە ئەمانە زۆرجار باوەڕیان بە کولتورە سەرەکییەکەش هەیە و هەمان نەریتەکانی کولتورە سەرەکییەکە لە پاڵ کولتورە تایبەتی و دیاریکراوەکەی خۆیاندا لە ژیانیاندا ڕەنگدەداتەوە. زۆرجار ئەوانەی هەڵگری بەهای وردە-کولتورن ئەوانەن وەک زۆرینە سەرلەبەری کولتورەکە پەسەند ناکەن، بەڵکو بەشێکی قبوڵ دەکەن و بڕوایان پێی هەیە. واتا دیدگا و تێڕوانینی سەربەخۆ و ئازادانەی خۆیان هەیە. هەرچەندە ئەمە نەبووەتە مایەى ئەوەى ئێمە گلەییمان لە کولتورەکەمان نەبێت بەڵکو لەم ساڵانەى دواییدا هەست بە بۆشایی و کەلێنێکى گەورەى کولتوریی دەکرێت، هەمووان نەفرەت لە خۆیان و کۆمەڵگە و کولتور و حوکمڕانییەت دەکەن. ئەگەر تەنها سەرنج لەسەر کولتور چڕبکەینەوە ئەمە زیاتر بەرئەنجامی ئەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنە کولتورییە مادییەی کۆمەڵگەیە کە خۆی لە هاتنەناوەوەی ئەنتەرنێت، موبایل، سەتەلایت، ئۆتۆمبێل، کەلوپەل و ئامڕاز و ئامێرە بێشومارەکاندا دەبینێتەوە، کە سەدان خۆزگە و ئاوات و حەسرەت و ئارەزوو لە مرۆڤدا چێ دەکەن، بەجۆرێک دەستڕاگەیشتن بە زۆربەیان لاى زۆرینەى کۆمەڵگە وەک خەون و خەیاڵ دەمێنێتەوە.
دەتوانین بڵێین دیارترین دەرهاویشتەی ئەم دیاردەیە بریتییە لە گۆڕینی سروشت و نەریت و چالاکی و پەیوەندییەکانی تاکەکان، هەروەکو چۆن چینێکى خواپێداو دروست بوونە کە هەموو شتێکیان لە وانى تر جیاوازە وەک جلوبەرگ، ئۆتۆمبێل، خواردن، بۆنەکان، پەیوەندییەکان، ئەو شوێنانەى سەردانى دەکەن و،،،تاد. هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییانە زیاتر ڕەهەندێکی ڕووکەش و ڕواڵەتیی هەیە، بەڵام لەگەڵ خۆیدا حاڵەتی جۆراوجۆری نەگونجاوی و ناتەبایی هێناوەتەکایەوە چونکە دەبینین لەڕووی هزری و عەقڵییەوە بەها و نۆڕمە باوەکان کەوتونەتە بەردەم شەپۆلی دووبارە خۆنوێکردنەوەوە بەم ئامڕاز و کەرەستە نوێیانە. کەوایە ئەم دیاردەی کەلێنە کولتورییە هەوێنی گۆڕانکاری لەسەرخۆیە لە کولتوری مەعنەوی و هزریی کۆمەڵگەدا لە داهاتوودا. ئەمە ئەگەر جێی مەترسی و نیگەرانیش بێت لە دوور مەودادا، بەڵام ڕەوتێکى گەشە و بەرەوپێشچوونی کولتورییە و لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ڕوودەدات چونکە پەیوەندی بە شەپۆلى داهێنان و دۆزینەوە و بەرهەمە نوێیەکانەوە هەیە، کە لە سەدەى بیست و یەکدا خێراییەکى سەرسوڕهێنەرى هەیە.
‎ئەم گۆڕانکارى و بەرەوپێشچوونانە دەرگیرە لەگەڵ “نەوەی نوێ و چینی لاوان و گەنجاندا”، بەوپێیەى خودان ڕوانین و دونیابینی سەردەمەکەی خۆیانن. زانراوە ئەگەر نەوەی نوێ بەقووڵی لە کولتور و مێژووی کۆمەڵگەکەی تێنەگەیشتبێت ئەوا ناتوانێت بەرهەمی پێویست و بەنرخ بۆ دواڕۆژ و داهاتوو سەربار بخات. نهێنی گرنگیدانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانیش بەم چینە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەو پۆتانسەڵ و ماتە-وزە و ئامادەییە گونجاوە کە لە ناخ و قووڵایی ڕۆح و بوونیاندا خۆی مەڵاسداوە. لەکاتێکدا ڕۆڵی نەوەی کۆنیش -سەربارى کەمتەرخەمى و نەبانى و دەستەپاچەییان بەنسبەت هەرێمى کوردستانەوە- ئەگەر واوەتر نەبێ ئەوا بارتەقا و هاوتای لاوان و نەوەی نوێیە چونکە ئەمانیش ئەرکی قورسی گواستنەوە و بارهێنان و پەروەردەکردنیان لەئەستۆیە. بەجۆرێک لێرەوەیە کولتور هەناسە وەردەگرێت و درێژە بە ڕێپێوان و بزاوت




کۆگیتۆی دیکارت … ئاراس سەعید

ڕەنگە ئێمە تەنها بەشێوەیەک پەیمان بە کۆتیگۆی دیکارت بردبێ، وەکو: هەرشتێک دەهزرێت بونی هەیە، من دەهزرێم کەواتە بوونم هەیە. بابەتەکە بەجۆرە سادەو ساکار نیە. میتۆدەی دیکارت بەپێچەوانەی لۆژیکی ئەزمونگەرایی، ئامراز بووە و جۆرێکە لەتەکنێک.
” من ئەو زانینە بەڕوون clara، دادەنێم کەڕوون و بەرچاو لەبەردەم هۆش وهزردایە”
دیکارت لێرەدا ئەوە ڕوندەکاتەوە، نابێ هیچ جارێک شتێک بەڕاست دابنرێ تاگومانمان نەبێ و دڵنیابین لەوەی کە بەتەواوی ڕاستە. مرۆڤ زۆرجار لەڕێگەی هەستەکانەوە توشی هەڵەدەبێت، بۆنمونە؛ لەکاتی بینینی قەڵەمێک لەناو دەفرێک ئاودا، بەشکاوی دەردەکەوێ و تۆ فریو دەدات. واتا ئەوەیی لەڕێگەی ئەزمون و هەستەکانەوە درکی پێ دەکەین. ئەگەرهەستەکان شایەدێکی ڕاستەقینەبن و ئەوکەرەستەیەی دەیدەنە دەست گومان ئەگەر هەڵبگرن، دورنیە هێزێکی فریودەر هەبێ مرۆڤ بەتەفرەو بەهەڵەدا ببات. دیکارت میتۆدەی وەکو پەیڕەو لەفەلسەفەکەیدا بەکارهێناوە، بەپێچەوانەی ئەزمونگەراکانەوە، دەبێ گومان لەوەو لەئەنجامەکانی ئەوە بکرێت بکرێت کەمرۆڤ بەهەڵەو تەفرەدان دەبەن.
دەرون و (نەفس) هزر، لەوگومانکردنە بەدەرە، خودی هزر گریمانە دەکات و گومانیش دەکات. گومانی دیکارت ئامڕازە نەک مەبەست، ئەو گومانە بەمیتۆدەیی دەناسرێت، وەکو ئامرازێک بوونی خۆی پێ ساغ و پشت ڕاست کردۆتەوە. کەواتە گەوهەری شت بەهێزی ژیر پەی پێدەبرێت نەک هەستەکان. لێرەدا مەبەستەکە ڕونتردەکەمەوە:
مرۆڤ دەبێ گومان لەهەمووشتێک بکات، جگە لەو ئامڕازەیی گومان دەکات. مرۆڤ ناتوانی گومان لەوە بکات کە گومان دەکات، دیکارت گەیشت بەو دەرئەنجامەیی مادام هیچ شتێک بونی نیە، چونکە هەمووشتەکان مایەیی گومان لێکردنن، بەڵام هزر وەکو ئەو دەزگایەیی گومان دەکات بونی هەیە، ئەگەر هیچ شتێک بونی نەبێ، کەواتە هیچ شتێک گومان ناکات، ئەوەیی گومانیش دەکات بونی هەیە. دیکارت توانی بوونی خودی خۆی بەبونێکی هزمەندی بیرکەرەوە پشت ڕاست بکاتەوە. دیکارت گومانەکەی ئامڕاز بووە بۆ دۆزینەوەی خۆی. لێرەوە دیکارت گەیشت بەو دێڕەی لەفەلسەفەی نوێ ئەوروپادا و بۆهەتاهەتایە مایەوە.
“من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم”
cogito ergu sum
دیکارت لێرەدا بەتەواوی تینوێتی نەشکا، بەڵکو تەنها توانی جەوهەرێک ساغ و پشتڕاست بکاتەوە، کە گومان دەکات. ئەگەر جەوهەرێک گومان بکات، کەواتە کەمال و کامڵ نیە، ئەگەر جەوهەرێک کەماڵ بێت، ئەوا گومان لەهیچ شتێک ناکات. ئەم بیرکردنەوەیە دیکارتی پەلکێشی جەوهەرێکی باڵاتر و کەماڵترکرد کەلەسەروی جەوهەری ناکامڵەوە بوونی هەیە، ئەویش خودایە. هەرچەندە دیکارت کەوتۆتە ژێرکاریگەری فەلسەفەی [شەکاکەکانەوە] بەڵام گومانکردنی شەکاکەکان بۆ بێ ماناکردنێ خودی جیهان بوو، نە ساغکردنەوەو مانا بەخشین بەبون. بەپێچەوانەوە دیکارت، لەڕێگەی گومانکردنەوە بونی خودێکی بیرکەرەوە دەسەلمێنێ و لەو دەرئەنجامەشەوە، هەنگاو دەنێ بۆ ساغکردنەوەی ڕەب. هەندێکی تر، پیان وایە، دیکارت لەژێر کارێگەری فەلسەفەی ئیمامی غەزالیدا پەیڕەو میتۆدێکی داڕشتوە بۆ گەیشتن بەیەقین ودڵنیایی.

ئاراس سەعید




ناوی كتێب: ماجەرای دختۆر كاكۆی سەگەوان … نووسینی: عه بدولڕەحمان فەرهادی.

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..

https://dengekan.info/wp-content/uploads/2020/09/bdulrahmanFarhadi.pdf



سته‌م کردن له‌ ئه‌لف وبێکه‌ی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار تاوانه … هیوا ناسیح

وه‌ک ده‌زانین کتێبی (ئه‌لف و بێ ی نوێ)ی کوردی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار یه‌کێکه‌ له‌و کتێبه‌ ده‌گمه‌نانه‌ی زۆرترین جار چاپکراوه‌ و ده‌یان نه‌وه‌ی میلله‌تی کوردی له‌ باشور و بگره‌ پارچه‌کانی تریشدا فێری زمانی شیرینی کوردی کردوه‌، بۆ نزیکه‌ی شه‌شت ساڵ به‌ فه‌رمی کتێبی فێرکردنی پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی مناڵانی کورد بووه له‌ باشوری کوردستاندا‌. بۆیه‌ هه‌موومان قه‌رزاری ئه‌م مامۆستا بلیمه‌ت و په‌روه‌رده‌کاره‌ین، که‌ به‌ هۆی شه‌ونخونی و ماندووبوونی ئه‌مه‌و‌ه‌ بوو، که‌ به‌ سه‌دان هه‌زار کوردی فێری نوسین و خوێندنه‌وه‌ی کوردی بوون. من وه‌ک خوێندکارێک، که‌ له‌رێگه‌ی ئه‌لف و بێ که‌ی ئه‌م مامۆستا مه‌زنه‌وه‌ له‌ پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تاییدا فێری کوردی بووم، بۆیه‌ خۆم‌ قه‌رزارباری ئه‌م مامۆستا نه‌مره‌م و هه‌میشه‌ به‌ چاوێکی رێز و به‌ بایه‌‌خ و گرنگییه‌وه‌ له‌ به‌رهه‌م و کاره‌کانی ده‌ڕوانم.
ئه‌م کتێبه‌ ناوازه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ که‌ ناوبراو له‌ ساڵی ١٩٤٨ تا ١٩٤٩ ته‌واوی کردوه‌ و دوای هه‌وڵ و ماندوو بوون و کۆششێکی زۆر له‌ ساڵی ١٩٥١دا له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وکاتی مه‌عارف (په‌روه‌رده‌)ی عێراقه‌وه‌ به‌ فه‌رمی کرا به‌ کتێبی پرۆگرامی خوێندنی پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی خوێندنگا‌کانی باشوری کوردستان، که‌ رێگه‌ی خوێندنی کوردی تێدا درا بوو، له‌و کاته‌وه‌ به‌رده‌وام بوو تا نزیکه‌ی ده‌ ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ کتێبه‌ به‌ نرخه‌که‌ زینده‌ به‌چاڵکرا و لیژنه‌‌یه‌کی په‌روه‌رده‌ کتێبێکی نوێێ پڕ له‌ که‌موکوڕییان له‌بری دانا و کردیانه‌ کتێبی پرۆگرامی خوێندن له‌ هه‌رێمی کوردستاندا!
به‌ڵام دیاره‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌م سته‌مه‌ش‌ کتێبه‌که‌‌ی ناوبراو بایه‌خ و گرنگییه‌ مێژووییه‌که‌‌ی هه‌ر ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ لایه‌ن زۆر په‌روه‌رده‌کار و ئه‌دیب و نوسه‌ره‌وه‌ به‌‌ کتێبێکی په‌روه‌رده‌یی و فێرکاریی به‌نرخ داده‌‌نرێت، بگره‌ لای هه‌ندێک که‌سی وه‌ک حسێن به‌فرینی شاعیر و ئه‌دیب وه‌ک کتێبێکی (پیرۆز)یش لێی ده‌ڕوانرێت. بۆیه‌ تا کورد مابێت ئه‌م کتێبه‌ وه‌ک سامانێکی نه‌ته‌وه‌یی به‌های په‌روه‌رده‌یی و مێژوویی خۆی له‌ ده‌ست نادات. له‌به‌رئه‌وه‌‌ ڕۆڵی ناوبراو وه‌ک شۆڕشگێڕێکی کورد، که‌‌ له‌ رێگای هۆشیارکردنه‌وه‌ و په‌روه‌رده‌کردنی ده‌یان نه‌وه‌ی کورد به‌ زمانی زگماکیان، ده‌بینرێت و تۆمار ده‌کرێت.
گه‌وره‌یی ئه‌‌م کاره‌ی ناوبراو له‌وه‌دایه‌، م باڵدار نه‌هات ده‌سکاریی دوو کتێبه‌که‌ی پێش خۆی بکات، که‌ بۆ فێربوونی زمانی کوردی پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی دانرا بوون و ده‌خوێنران، مه‌به‌ست له‌مه هه‌ردوو کتێبه‌کانی (ئه‌لفبای کوردی) ئه‌حمه‌د عه‌زیز ئاغا، که‌ له‌ ١٩٢٦دا چاپ و بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ و له بیسته‌کاندا وتراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ( ئه‌لف و بێ ی کوردی)ی مامۆستا حامد فه‌ره‌ج ساڵی ١٩٣٦ چاپکراوه‌ و له‌ سیه‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا‌ وتراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵکو خۆی له‌ بناغه‌وه کتێبی‌ ئه‌لف و بێ یه‌کی نوێی کوردی دانا و له‌ ساڵی ١٩٥١یشه‌وه‌ کرایه‌ کتێبی فه‌رمی پرۆگرامی خوێندن له خوێندنگا حکومییه‌کاندا. ئه‌وه‌ بوو ناوبراو ساڵی ١٩٥٥ یش کتێبی په‌روه‌رده‌یی ئه‌لفو بێ بۆ گه‌‌وره‌ (پێگه‌یشتوان)یش دانا بۆ نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری له‌ نێو گه‌وره‌ساڵاندا.
من له‌م پشووی هاوینه‌ی ئه‌مساڵدا خه‌ریکی ئه‌وه ‌بووم که‌ (لێوه)‌ی نۆساڵانه‌ی کچم فێری نوسین و خوێندنه‌وه‌ی زمانی کوردی به‌ پیتی پیتی ئارامی/عه‌ره‌بی بکه‌م، چونکه‌ ناوبراو له سویسرا له‌ دایکبووه‌ سه‌ره‌ڕای قسه‌کردنێکی باش به‌م زمانه‌ هێشتا نازانێت کوردی بخوێنێت و بنوسێت. پاش سۆراخکردن بیستم کتێبی ئه‌لف و بێ ی کوردی م. باڵدار له‌و سه‌نته‌ر و کۆرسی خوێندگا کوردییانه‌ی ئه‌وروپا و هه‌نده‌ران وه‌ک کتێبی فێرکاریی زمانی کوردی بۆ مناڵانی کورد به‌کار ده‌هێنرێت. باش بوو له‌ رێی هاورێیه‌کمه‌وه‌ کتێبه‌که‌م ده‌ستکه‌وت. دیاره‌ ئه‌م چاپه‌ ساڵی ٢٠١٣ له‌لایه‌‌ن ئینستیوتی خوێندنی کوردی له‌ به‌رلین چاپکراوه‌ به‌ ناوی (ئه‌‌لفبێی کوردی بۆ پۆلی یه‌‌که‌می بنه‌ڕه‌تی) ئه‌وه‌‌ی جێگه‌ی سه‌رنج بوو، که‌ له‌ ته‌‌نیشت ناوی م. باڵداره‌وه‌ ناوی کاک م. فریاد فازڵ عومه‌ریش له‌سه‌ر به‌رگی کتێبه‌که‌ وه‌ک دانه‌ر یان نوسه‌ر نوسرا بوو! من ئه‌مه‌م پێ ئاسایی نه‌بوو. بۆیه‌ که‌وتمه‌ دووی.
بۆ به‌راوردکردن له‌ نێوان ئه‌لف و بێ یه‌‌که‌ی م. باڵدار که‌ له‌ کوردستان بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م چاپه‌ی ئه‌ڵمانیادا، له‌ رێگه‌ی کاک هه‌ورامان وریا قانعه‌وه‌ چاپی هه‌مان ساڵی کتێبه‌که‌م به‌ پی دی ئێف بۆ نێردرا به‌ ناوی (ئه‌لفبێی نوێ، پۆلی یه‌که‌می بنه‌ڕه‌تی) که له لایه‌ن چاپخانه‌ی په‌روه‌رده‌/ هه‌ولێر چاپکراوه‌. پاش به‌راوردێکی ورد بۆم ده‌رکه‌وت، که‌ له‌ ناوه‌ڕۆکدا هه‌مان کتێبه‌، به‌ هه‌ندێک جیاوازیییه‌وه‌ له‌ نه‌خشه‌سازی، نوسینه‌‌وه‌ی پیته‌کان به‌ درشتی، هه‌روه‌ها له پێشه‌کیدا نزیکه‌ی ٣٧ لاپه‌ڕه ته‌نها وێنه‌ی جۆراوجۆر و ره‌نگاوره‌نگ چاپکراوه‌، که‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ پیته‌کانه‌وه‌ نییه‌ و بگره‌ وه‌ک ئه‌‌لبومێک وایه‌، و له‌ هه‌ندێک تێکستی وانه‌کانیشدا که‌مێك کورتکردنه‌وه‌ و گۆڕانکاریی رێنوسیش کراوه‌، ئه‌گینا هه‌مان ٣٦ پیته‌که‌ وه‌ک خۆی به‌ که‌مێک پاش و پێش خستنه‌وه‌ دانراوه‌ته‌وه‌.
دیاره‌ دووباره‌ چاپکردنه‌وه‌ و هه‌ڵه‌بڕی یان هه‌ر ده‌سکاری و جوانکارییه‌ک له‌ نه‌خشه‌سازیی کتێبێک کارێکی باشه و جێگای گرنگیدان و رێزه‌ به‌ به‌به‌رهه‌م و خودی نوسه‌ره‌که‌شی. به‌ڵام بردنی ره‌نجی که‌ سێک و خۆ کردن به‌ برابه‌ش له‌ به‌رهه‌مێکی ناوازه‌ و مێژوویی به‌ نرخ جێگای لۆمه‌ و ره‌خنه‌یه‌ و سته‌مێکه‌ له‌ ره‌نج و ماندووبوونی خاوه‌ن به‌رهه‌مه‌که‌، به‌ تایبه‌ت که‌ خۆی له‌ ژیاندا نه‌مابێت.
وه‌ک ئاشکرایه‌ مامۆستا ئیبراهیم باڵدار، که‌ ساڵی ١٩٦١ بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له‌ په‌روه‌رده‌ و ده‌رونزانیدا له زانکۆی سان فرانسیسکۆی ئه‌مریکا وه‌رگرتوه‌، واته‌ نه‌ک مامۆستا بگره وه‌ک زانا و په‌روه‌رده‌کارێکی گه‌وره‌ی مناڵ و خوێندکاران وابووه‌، له‌ لێدوانێکیدا له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه‌ به‌م کتێبه‌ی خۆیدا ده‌بێژێت ((ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی من ئه‌م کتێبه‌م کرده‌ خه‌ڵات بۆ نه‌ته‌وه‌که‌م له‌ ناو واقیعی کاره‌که‌دا بووم…. ئه‌وه‌ی ئه‌توانێ وشه‌‌ یان ڕسته‌یه‌کی بۆ زیاد بکات ئه‌وه‌ش باڵدارێکه‌ بۆ خۆی)). واته‌ به‌رێزی لای ئاسایی بووه‌ ده‌سکاری و زیاد و که‌می بۆ بکرێت، به‌ڵام کێ ده‌ڵێت ڕازی بووه‌ شاکاره‌که‌ی له‌گه‌ڵدا به‌ش بکرێت؟
من لێره‌دا له‌ نرخی فه‌رهه‌‌نگه‌کانی م. فریاد فازڵ که‌م ناکه‌مه‌وه‌ له بواری زمانی ئه‌ڵمانیدا، که‌ خۆشم سودم لێ بینوه‌، سه‌ر‌ه‌ڕای سه‌رنج له‌ سه‌ر به‌رزی نرخه‌کانی، هه‌روه‌ها ناشچمه‌ سه‌ر رابردووی ناوبراو، وه‌ک کاتی خۆی مامۆستا جه‌مال نه‌به‌زی نه‌مر به‌ ته‌له‌فون بۆی گێڕامه‌وه‌، که‌ ناوبراو چ حزبێک له‌ هه‌شتاکاندا ناردویه‌تی بۆ ئه‌وروپا پله‌‌ی حزبی چی بووه‌ و چۆن گه‌یشتۆته‌ ئه‌وێ و خوێندویه‌تی و …. تاد. به‌ڵکو ته‌نها سه‌رنج و ره‌خنه‌ی خۆم له‌ سه‌ر ئه‌م سته‌مه‌ له‌ ره‌نج و ڕه‌وانی م. باڵدار و خۆ به ‌برابه‌شکردنی له‌م کتێبه‌دا چڕ ده‌که‌مه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیمه‌.
به‌داخه‌وه‌ مامۆستا به‌ چه‌ند دێرێکیش هیچ پێشه‌کییه‌کی بۆ ئه‌م چاپه‌ی به‌رلین ٢٠١٣ی کتێبه‌که‌ نه‌نوسیوه‌، تا بزانین ئایا ئه‌و ده‌سکارییانه‌ چین کردونی، یان کێ ئه‌و مافه‌ی داوه‌تێ له‌ بنه‌ماڵه‌ی م. باڵداری نه‌مر که ئه‌و ده‌سکارییانه‌ بکات، وه‌ چۆن رێگای به‌ خۆی دا له‌سه‌ر به‌رگی ده‌ره‌وه‌ی کتێبه‌که‌ ناوی خۆی له‌ پاڵ ناوی م. باڵدار وه‌ک دانه‌ری سه‌ره‌کی کتێبه‌که بنوسێت‌؟؟ ئه‌مانه‌ زۆر جێگای پرسیار و هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ر کردنن، ئاخر گه‌ر بردنی ره‌نجی ماسولکه‌ و بازووی که‌سێک به‌ مادده‌ بقه‌بڵێنرێت و بتوانرێت قه‌ره‌بوو بکرێته‌وه‌، ئه‌وا ر‌ه‌نجی بیر و مێشکی مرۆڤه‌کان زۆر ناخۆشتره‌ و هه‌رگیز ناتوانرێت به‌ مادده‌ به‌خه‌ملێنرێت و قه‌ره‌‌بووی بکرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ رێک وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌، دوای کۆچی دوایی به‌رێزیان که‌سێکی زمانزان بێت و هه‌‌ندێک وشه‌ زیاد و که‌م بکات و بڕێک جوانکاریی بۆ یه‌ک له‌ فه‌رهه‌نگه‌ ئه‌ڵمانی – کوردییه‌کانی مامۆستا فریاد بکات، ئینجا بێت بێ هیچ پێشه‌‌کی و روونکردنه‌وه‌یه‌‌ک ناوی خۆی بخاته‌ پاڵ ناوی ناوبراو له‌ سه‌ر به‌رگی فه‌رهه‌نگه‌که و چاپ و بڵاوی بکاته‌وه‌‌! ئایا ئه‌مه‌ لای کاک فریاد په‌سه‌نده‌؟؟
گه‌ر بڕیار بوو مامۆستا فریاد فازڵ ئه‌م کتێبه‌ بۆ مناڵانی چاوگه‌شی کورد له هه‌نده‌ران چاپ و بڵاوبکاته‌وه، تا فێری نوسین و خوێندنی کوردی ببن، ده‌بوو، پیته‌کانی که‌ له‌ پیته‌ کوردییه‌کان نزیکه‌‌ به‌ لاتینیش له‌ هه‌ر لاپه‌ڕه‌‌یه‌کدا بۆ زیاد بکردایه‌، ئینجا ئه‌‌و هه‌موو وێنه‌ زۆره‌ی که‌ له پێشه‌کیدا زیاتر له‌ ٣٠ لاپه‌ڕه‌ی پێ داگیرکردوه‌، به‌ڕای من ناپێویسته‌ و هیچ سودی بۆ ناوه‌ڕۆکی کتێبه‌که‌ و پرۆسه‌ی فێرکردنه‌که‌ نییه‌. له‌ هه‌مووی گرنگتر و که مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌‌م وتاره‌یه‌، ده‌بوو به‌‌ڕێزیان پێشه‌کییه‌کی کورت یان درێژی نوسیبا، به‌ جوانی ڕوونی کردبایه‌وه‌، که‌‌ چۆن مۆڵه‌تی ده‌سکاریی ئه‌م کتێبه و خۆ به‌ برابه‌شکردنی وه‌رگرتوه‌، بۆ نمونه‌ له‌ نه‌وه یان که‌‌سێکی مامۆستا ئیبراهیم باڵدار، خۆ گه‌ر مۆڵه‌ت پێدانه‌که‌ له‌ لایه‌ن خانه‌واده‌ی مامۆستا باڵداره‌وه به‌ نوسین بووه‌، ئه‌وا کۆپییه‌که‌ی بڵاوبکردایه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا، ئینجاش به‌ڕوونی ده‌سکاریییه‌کانی خۆی و زیاد و که‌مکردن و …هتد یادداشت بکردایه‌، که‌ چین و چۆنی لێکردوه‌ و ئه‌و سه‌رنجانه‌ی به‌رێزی له‌سه‌ر نوسخه‌ ئۆرگیناڵه‌که‌ی کتێبه‌‌که‌، که‌ له‌ باشوردا چاپکراوه‌، چین. ئاخر خۆ مامۆستا فریاد له پشتی په‌ڕه‌ی یه‌‌که‌می کتێبه‌که‌دا به‌ ڕوونی نوسیویه‌تی: مافی چاپکردنه‌‌وه‌ و وه‌رگێڕانی ئه‌م کتێبه‌ یان به‌ شێکی بۆ نوسه‌ره‌کانی پارێزراوه‌، ….. بێ پرس به‌ نووسه‌ری دووه‌می کتێبه‌که‌ نابێ هیچ ده‌سکارییه‌کی کتێبه‌که‌ بکرێ…هتد. واته‌ ناوبراو هه‌م خۆی به‌ نوسه‌ری دووه‌می کتێبه‌که‌ ناساندوه‌ و هه‌میش ئاگاداری ئه‌‌وه‌ی داوه‌، که‌ بێ مۆڵه‌تی خۆی هیچ که‌س و ده‌زگایه‌ک بۆی نییه‌ ده‌سکاری ئه‌م به‌رهه‌مه‌ بکات!! له‌م تێبینی و ئاگادارییه‌دا هیچ قسه‌یه‌ک له‌ میراتگر یان خانه‌واده‌ی مامۆستا باڵدار نه‌کراوه‌ وه‌ک خاوه‌نی ڕه‌سه‌نی شاکاره‌که‌، که‌ پرسیان پێ بکرێت و مۆڵه‌تیان لێ وه‌ربگیرێت! واته‌ به‌ جۆرێکی تر خۆی کردوه‌ به‌ خاوه‌ن هه‌ق نوێنه‌ر له‌ بری ئه‌‌وانیش!
بۆیه‌ من لێره‌دا، تا ئه‌و کاته‌ی خانه‌واده‌ی مامۆستا باڵدار یان مامۆستا فریاد خۆی به‌ نوسین روونکردنه‌وه‌ له‌ باره‌ی ئه‌م کاره‌ ناڕه‌وایه‌وه‌ ده‌ده‌ن و ئاشکرای ده‌که‌‌ن، خۆ به‌ برابه‌‌ش کردنه‌‌که‌ به‌ کارێکی قێزه‌ون و ده‌سکارییه‌کی نائه‌مینی ئه‌ده‌بیی شاکاره‌که‌ی م. باڵداری ده‌بینم ،وه‌ لام وایه‌ سته‌مێکه‌ ده‌رهه‌ق به‌ ڕۆحی ناوبراو و ره‌نج و ماندووبوونی.

تێبینی: دیاره‌ من وه‌ک و خۆم هیچ کێشه‌یه‌کی که‌سییم له‌‌گه‌ڵ مامۆستا فریاد فازڵ عومه‌ر نییه‌ و ساڵی ٢٠١٤ هاتۆته‌ ماڵم و یه‌ک ده‌ناسین، ته‌نانه‌ت هاوکاریشم کردوه‌ له‌‌ فرۆشتنی فه‌رهه‌نگ و کتێبه‌کانی و بڵاوکردنه‌وه‌یاندا، بێ ئه‌وه‌ی هیچ قازانجێکی ماددی بۆ خۆم تێدا بوو بێت. بۆ به‌ڵگه‌ش وێنه‌یه‌کی هه‌ردوکمان لێره‌دا بڵاوده‌که‌‌مه‌وه‌ که‌ ساڵی ٢٠١٤ و سه‌ردانێکیدا بۆ سویسرا چرکاوه‌.

سه‌رچاوه‌کان:

  • ئه‌لفبێی نوێ، پۆلی یه‌که‌می بنه‌ڕه‌تی، چاپخانه‌ی په‌روه‌رده‌ هه‌ولێر، ٢٠١٣
  • ئه‌‌لفبێی کوردی بۆ پۆلی یه‌‌که‌می بنه‌ڕه‌تی، به‌رلین، ئینستوتوی خوێندنی کوردی به‌رلین، ٢٠١٣
  • ڕۆڤار، ژماره‌ ٤٣، ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار مامۆستای نه‌وه‌کان، ٢٠٠٦



فەلسەفەی مێژوو … شالاو شالاو

هیچ گومان لەوەدا نەماوە لە ناو رۆشنبیر و جیهانی مەعریفەدا کە مێژوو زانستێکی سەربەخۆ و بەسوودە بێ هیچ دوو دلیەک هەروەکو مێژوونوسی کورد کەمال مەزهەر دەلێت 😞 مێژوو زانستی زانستەکانە ]. هەموو زانستەکانی لە کۆمەلگا بوونیان هەیە بە میتافیزکیاشەوە خاوەن مێژووی تایبەت بە خۆیانن . لێڕەدا بە کورتی لەسەر فەلسەفەی مێژوو و تێرامانی فەلسەفی بۆ مێژوو بدوێین .
ئەوەی زانراوە یەکەم کەس زاراوەی [ فەلسەفەی مێژوو ] ی لە نوسینەکانی بەکارهێناوە [ ڤۆلتێر ] بووە ، هەروەها ئەوەی زانراوە کاتێ ڤۆلتێر ئەم زاراوەی بەکارهێناوە مەبەستی ئەوە نەبووە لقێک لە لقەکانی لێکۆلینەوەی فەلسەفی یان مێژووی سەربەخۆ لە رووی باس و بنەما و ستراکتۆرەکانی دامەزرێنێ . دەتوانین بلێین ڤۆلتێر دەیویست مێژوونوسان لە زەروریەتی بەکارهێنانی لوژیکی فەلسەفی ئاگاداربکاتەوە لە لێکۆلینەوەی مێژوودا کە ئەمەش خالێکی وەچەرخان بوو لە فەزای مێژوو و فەلسەفەدا کە توانرا پێکهاتە و بوونیادی مەعریفی بە لقەکانی فەلسەفی و مێژووی بەیەکەوە ببەستێتەوە و ئاوێتەی یەکتریان بکات . فەلسەفەی مێژوو رەخنەگرتنە لە بەسەرهات و هەوالە مێژوویەکاندا پاقژکردنەوەیان لەو بیرە خەیال و فانتازیانەی کە تێکەل بە مێژوو بوونە و مرۆڤ بە مەحکوم بە دۆخێکی دیل و دەستەمۆ دەکات و کە ناچارە لە رابردوو بژی هەروەکو نیچەی فەیلەسووف ئەم بارودۆخە سەپاوە بە نەخۆشی مێژووی ناودەبات .
بۆیە فەلسەفەی مێژوو گەرانەوەی مرۆڤە بۆ واقع و دابرانی ئەبستراکت و پراکتیکی لە رابردوو کە زۆربەی کات مرۆڤی توشی قەلەقی و دردۆنگی دەکات ، هەروەها بنەمای سەرەکی ناو فەلسەفەی مێژوو حوکومکردنی عەقلی مرۆڤە وەکو سەنترالی نوسین و بەستنەوەی مێژوو بە مرۆڤ و تاکە رووداوێکی دیاری ناو مێژوو ، بۆ نموونە هیگلی فەیلەسوف مێژوو لەسەر بنەمای هەول و کۆششی رۆح بۆ ئازادی ،هەروەها مارکس لە سەر بنەمای چینایەتی مێژوو و گۆرانکاریە مێژوویەکانی ئەنالیزە و پوخت کردۆتەوە . بەشێکی زۆری سەرچاوە رۆژهەلاتیەکان ئاماژە بەوەدەدەن ئیبن خەلدون دامەزرێنەری فەلسەفەی مێژوو و بەتایبەت لە کتێبی پێشەکی باس و خواستی گەرم دەرهەق بە مێژوو پێشکەش دەکات ،بەلام لە جیهانی پۆست مۆدێرنە ناوی زیندوو و دەستپێک بۆ ناسینی فەلسەفەی مێژوو راستەوخۆ دەبێت بگەرێینەوە بۆ ڤۆلتێر بەلام ئەگەر چاوێک بە مێژووی کۆن بخشێنینەوە چەندین فەیلەسوفی تر توانویانە مێژوو بە میتۆد و تێرامانێکی فەلسەفی ئەنالیزە بکەن وەکو [ ئەفلاتون ، ئەرستۆ ، جون لوک ] . ئافراندنی تێرامانی فەلسەفی لە ناو مێژوو بەر ئەنجامی نەدۆزینەوەی حەقیقەت و راستی بووە پەیوەندیدار بە مێژوو و روداوەگشتگیرەکانی ناو مێژوو ، بۆیە لە کەلێنی نەدۆزینەوەی حەقیقەت تێرامان و لۆژیکی فەلسەفی لە هەناوی مێژوو دروست بووە وەکو هێزێکی سەرەکی و پالپشتیکار بۆ دۆزینەوەی راستیە شاراوەکانی ناو مێژوو و بەستنەوەی بە دوونیا واقیع ، هەر لەبەر ئەم هۆیەش بووە ڤۆلتێری فەیلەسوف دەلێت : دەبێت مێژوو لە لای فەیلەسوفەکان بە میتۆدێکی فەلسەفی بنوسرێت بۆ گەیشتن بە حەقیقەت چونکە داستانە ئەفسانەکان مێژوویان شێواندووە لە لای گەلان کە مۆتیڤی سەرەکی ئاین و ئایدۆلۆژآیە تۆتالیتارەکان و رژێمە دەستەپۆتیزمەکان لە پێناوی بەرژەوەندی ماددی خۆیان . لە کۆتایدا بە پێویستی دەزانم تێروانینێکی فەیلەسوفی عەقلانی دیکارت بێنمەوە یاد سەبارەت بە مێژوو کە دەلێت : مێژوو مێژوونوس بۆ رابردوو پەلکێش دەکات بە جۆرێ نامۆی دەکات لە واقیعی ئێستا ، بۆیە بۆ مێژوونوس پێویستە بە رووی واقیعی ئێستا بکرێتەوە و پشت بە فەلسەفەی سەردەم ببەستێ تا بتوانێ بە شێوەیەکی هاوسەنگانە بروانێتە رابردوو ، پەندی لێ وەربگرێت کە دەبێتە مایەی سوود و قازانج بۆ گەلان لە ئێستا و داهاتوو .

نوسەر : شالاو شالاو




ئایا ئیمارات دەبێتە جێگرەوەی نەوتی ئێران بۆ ئیسرائیل…!؟ … ئامادەکردنی: جاریە زکری علی

لەنێوان هەژموونی رووسیا و ئەمریکا دا
ڕێککەوتننامەی ئاشتی یا رێککەوتننامەی ” إبراهيم ئۆکۆرد” کە لە 13/8/2020 بە سەرپەرشتی ئەمەریکا واژۆکرا، کە دەبێتە سێهەمین رێککەوتنی ولاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل دوای هەریەکە لە میسڕ 1978 وە ئوردن لە ساڵی 1994. ئەم رێککەوتننامەیەبە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا ئەنجام دراوە کە پێشتر بەهۆی کێشەی فەلەستین ئالۆزی و گرژی کەوتبووە نێوانیان. جێی باسە کە ئەم رێککەوتننامەیە هەر یەک لە سێکتەرەکانی نەوت و وزە و بازرگانی و تەندروستی… هتد دەگرێتەوە. بەڵام ئەو بەشەی کە زیاتر بایەخی پێ دراوە و جێی باسە نەوت و سیاسەتی ئەمەریکا لەم رێککەوتننامەیە یە. ئەمە بە یەکەم پەیوەندی فەرمی ئیسرائیل و ولاتێکی عەرەبی دادەنرێت پێشتر پەیوەندی نافەرمی هەبووە لەسەر نیگەرانی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە لەسەر هەژموونی ئێران. بەبۆچوونی چاودێرانی سیاسی مەرامی سەرەکی ئەمەریکا لە پشتیوانی کردنی ئەم رێککەوتننامەیە، دروستکردنی بەرەیەکی سیاسی یەکگرتووە لە دژی ئێران و ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کەنداو بەتایبەتی. بەپێی دوایین ئامارەکانی بواری نەوت یەدەگی نەوتی ڕووسیا بە بڕێکی زۆر زیادی کردووە، کە توانیویەتی پلەی شەشەم لە گەورەترین ولاتانی خاوەن یەدەگی نەوت بگرێت دوای هەریەک لە ڤەنزوێلا، سعودییە، کەنەدا، ئێران و عێراق.
بەهێزی یەدەگی نەوت لەلایەک و لاوازی و بێهێزی ئەمەریکا و ئەوروپا لەلایەکی ترەوە هەژموونی ڕووسیای لە ناوچەکەدا بەهێز تر کردووە، ئەمەش نیگەرانی و ترسی لە سیاسەتی ئەمەریکادا زیاتر کردووە، وایکردووە پەنا بەرێتە بەر ولاتانی ناوچەکە بۆ دروستکردنی بەرەیەکی سیاسی یەکگرتوو.

لەلایەکی ترەوە ئیمارات دەتوانێت ببێتە شوێنگرەوەی ئێران بۆ ئیسرائیل لەڕووی ئابوورییەوە. هێڵی بۆڕی نەوتی ( ئیلات_ ئەشکلۆن) ی ئیسرائیل کە کاتی خۆی لە سەردەمی شای ئێران نەوتی ئێرانی بۆ ئەوروپا دەگواستەوە، ئیتر ڕەنگە لەمە بەدواوە بۆ گواستنەوەی نەوتی ئیمارات بەکاربهێنرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێستا ولاتانی خاوەن نەوتی کەنداو نەوتەکەیان بە ڕێگایەکی دژووار دەگەیەننە ئەوروپا و ئەمریکا. ڕاستە ئیسرائیل چاوپۆشی لە هەندێک خاکی فەلەستین کردووە لە بەرامبەر ئەم رێککەوتننامەیە بەڵام ئەم ڕێککەوتنە ئیسرائیل دەخاتە ناو بازاڕێکی پڕ لە قازانجی ئیمارات، بگرە لەوە زیاتر ئەم پەیماننامەیە ئیسرائیل نزیکتر دەکاتەوە لە دەستگەیشتن بە کەنداو.
ئەمە لەهەموو شتێک زیاتر ئێران ی نیگەران کردووە بەجۆرێک بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەم ڕێککەوتننامەیە بە کارێکی گەمژانە باسدەکەن. کە بە شێوەیەکی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەم پەیماننامەی بە ( خەنجەر لێدان لە پشتی خەڵکی فەلەستین) ناوبردووە.

ئامادەکردنی : جاریە زکری علی
خوێندکاری قۆناغی 2 بەشی ئەندازیاری نەوت




په‌نایه‌ك بۆ ئۆپۆزۆسیۆن بوون … سه‌لام عومه‌ر

ئه‌وكاته‌ی ئوپۆزسیۆن سه‌رگه‌رمی جوڵاندنی شه‌قام بوو به‌ئاراسته‌ی گۆڕانكارییه‌كان‌و به‌تایبه‌تیش دوورخستنه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیاو هه‌یمه‌نه‌ی حزبی له‌نێو كایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا, هاوڵاتیان پێیان وابوو ئیدی سه‌رده‌مێكی نوێ له‌ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك ده‌ست پێده‌كات‌و په‌نایه‌ك بۆ ئۆپۆزۆسیۆن بوون هه‌یه‌ تا له‌وێوه‌ مافی خه‌ڵك بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ خه‌ڵك، ده‌توانرێ بۆ ئاینده‌، خواسته‌كانی شه‌قام له‌نێو ده‌ستوورو بڕیاره‌ سیاسییه‌كاندا ره‌نگدانه‌وه‌ی خۆی هه‌بێت, پێیان وابوو (به‌شه‌كه‌ی خۆم بۆ خۆم هی هاوڵاتیانیش خۆم ئه‌یخۆم) نامێنێ‌و داهات‌و بوودجه‌كان ئاشكراده‌بن‌و ده‌سه‌ڵات ده‌گوازرێته‌وه‌ ئه‌و ده‌سته‌ ئه‌مینانه‌ی ئوپۆزسیۆن بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كردن‌و ئه‌وانیدی پێ تاوانبار ده‌كردن, ده‌یانگوت شه‌راكه‌تی حزبی ده‌گوازینه‌وه‌ سه‌ر خوانی هاوڵاتیان‌و به‌شێك له‌داهاتی نه‌وت بۆ خه‌ڵك‌و خانمی ماڵه‌وه‌‌و ناكرێ‌و نابێ له‌دابه‌شكردنی پۆسته‌كانیشدا ته‌نها چاومان له‌چالاكوانی حزبی‌و ئه‌وكه‌سانه‌ بێت كه‌هه‌ڵسوڕاوی ئه‌و پارتانه‌ن كه‌ كۆنن‌و به‌كۆنیش بیرده‌كه‌نه‌وه‌, ئه‌وانه‌و زۆری دیمان گوێ لێبوو, زۆری نه‌خایاند ته‌واوی به‌ڵێنه‌كان پێچه‌وانه‌ ده‌رچوون‌و كێبركێی خۆ نزیك كردنه‌وه‌ له‌ده‌سه‌ڵات‌و مامه‌ حه‌مه‌ بۆ یه‌كتری كردن‌و په‌راوێز خستنی خه‌ڵك‌و پارت‌و نه‌ته‌وه‌كانی دی له‌و شوێنه‌دا زۆر به‌زه‌قی ده‌ركه‌وتن، ئه‌وه‌نده‌نا هه‌ندێ‌ له‌سیماكان كڕدران و چونه‌ ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، موووچه‌ی زۆر ده‌مه‌ درێژه‌كانی دووری و شه‌قامی خاڵیكرد له‌ ناره‌زایی، ئێستا به‌پێی یاسا و به‌شداری كردن و نه‌كردن له‌ حكومه‌ت ئۆپۆزۆسیۆن هه‌ن، هه‌ندێكیان سه‌رمایه‌دارن و وه‌پێش هه‌ژاران كه‌وتوون، هه‌شن ئۆپۆزۆسیۆن بوونیان فێره‌ پارته‌كانی دی كرد كه‌چی له‌ سووڕی متبووندان، هه‌شن ته‌نیا خه‌ریكی كردنه‌وه‌و نه‌كردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كانن، كۆرۆنا له‌ماڵێی عاسێ‌ كردوون و له‌سه‌ر به‌رماڵه‌كانیان نابزوون، ئالێره‌دا پانتاییه‌كی به‌رفراوان بۆ ده‌سه‌ڵات جێماوه‌و به‌كه‌یفی خۆی ته‌راتێنی تێدا ده‌كا ئه‌وانه‌ش كه‌دێنه‌ سه‌ر شه‌قام متمانه‌یان نه‌ماوه‌و له‌ سنوورێكی به‌رته‌سكدا خۆیان نمایش ده‌كه‌ن و ده‌خوازن پاروه‌ چه‌وره‌كان بۆ خۆیان ببه‌ن و سۆزو ناره‌زایی خه‌ڵك جارێكیدیكه‌ بفرۆشنه‌وه‌، له‌ولاشه‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌وڵی خه‌ڵكی نه‌دار خه‌ریكی فرۆشتن و هه‌رزان فرۆشكردنی داهاتی ئه‌م نیشتمانه‌ن و به‌ ئاره‌زووی خۆیان رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غداو كۆمپانیاو ئێره‌و ئه‌وێ‌ واژوو ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌موو پێشبینیه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه‌ ژیله‌یه‌ك كه‌وتۆته‌ بن پوش و په‌ڵاشی نائومێدیه‌كان و شنه‌یه‌ك ده‌توانێ‌ گه‌شی كاته‌وه‌و ئاگر له‌وانه‌ به‌ردات كه‌ مافی خه‌ڵكیان لایه‌ ئه‌وكات ئۆپۆزۆسیۆنێكی نوێ‌ به‌ به‌رگێكی نوێ‌ له‌نێو له‌شكرێك لاوی بێكاردا سه‌رهه‌ڵده‌داو ته‌واوی پارته‌ كۆنه‌كان و ئۆپۆزۆسیۆنه‌ كۆنه‌كان و عیلمانیه‌ كۆن و كۆنه‌ ئیسلامیه‌ دین فرۆشه‌كان و حوكمه‌ت و دیواره‌ كۆنكرێتیه‌كان، به‌سه‌ر یه‌كتریدا راده‌ماڵێ‌ و ئه‌وسا په‌نایه‌ك نه‌ بۆ ئۆپۆزۆسیۆن و نه‌حكومه‌ت و نه‌حزب ناهێڵێته‌وه‌.




وشە بابردوەکان … کاوە عوسمان عومەر

ستوونەکانی شەقام، خەمی..
ڕوناکیان لێ ئەڕژێ…
ئەوێک کۆڵانێ…
بە دوای خۆیدا ڕائەکێشێ، ڕەهێڵە…
لە دڵیایەتی کاتێک…
نوستووی ژورێک، بێ چرا..
دەرگای پۆڵاینی لەسەر حەز داخست
……………………………………………..
شوێن بزر ئەکەین، دڵ…
هەر پەمەییە، ئەدرەوشێتەوە،،،
لە باوەشی خانمی ئەستێرە! فانووسی…
سپێدە، بە دەستی تۆوەیە،،
یان ئەوە خۆرە،،
چاوت ڕایئەژەنێ.
……………………………………………..
پەنجەرەش ،،،،
لە شیرینی خەوا،،
ماچی ناسکی مانگ،،
بۆ مەچەکی گوڵێک،،
لە تاریکی شەوا،،
پەروانە یەک،،،
مەست بە سوتانی خۆی،،
فیشەکێ لە هەوادا،،
با دڵ تییغ کا،،
خۆ سەفەر،،
هەموو برینەکانی شیعر…
تیمار ناکا.
……………………………………………..

دڵۆپە بارانێک،،،
شەرم ئەکات ، درەنگانێ…
بوەرێ،،،
ئاخر دڵۆپێک ،،
کوا زامی لێوی تینووی…
بێستانێکی ووشک…
ئەشکێنێ.
……………………………………………..

گرفتاری هەموو ئەوانەی…
لەسەر کورسیەکان دانیشتن،،
کەسی تریش نەهات،،،
دوو ڕێبواری ماندوو،،
دڵیان دوو هەناری شکاوی..
پڕ خوێن و برینە، ،،
شەماڵێک لەوانەیە..
ڕێبوارێکیان دوور بەرێ،،،
شازادەی کاتیش،،
لەوانەشە،،
ڕێبوارەکەی تر…
بکاتە بەردی نوستوو،،
چاوەڕوانی..
هەر لە ئێستاوە،،
پێی پێ ئەکەنێ!
……………………………………………..

دیوارەکە…
ئەوەندە زامی جێ هێشتنی دیوە،،،
پێستی سپی چرچبوو،،
ئەژنۆکانی ڕووت،،،
نوسینێک، نزیک بنمیچەکە،،
وێنەی سەری کۆترێک..
ئەویش بە پەنجەی کات…
کوژاوەتەوە.
……………………………………………..

باشترە ، قسەکان کۆکەینەوە،،
بۆ ویستگەی شەمەندەفەرێکی تر،،،
فوارەکە هەڵناگیرێت،،،
لە جانتاکەمانا،،
تێشووی سەفەر بە دەست بەتاڵی خۆشە،،
ڕێگا سەختە، ژیان شتێک نیە،،
بە ڕۆشتنێک بیبەیتەوە،،
یان بە هاتنێک، دڵێک ئاشت بێتەوە،،
ووشەیەک، لەو کەین و بەینی …
مەرگ و ڕۆچوونە ،
هاتەخوارەوە، بایەکی لاسار…
فریا کەوت،،
لە نەمانی دوو لێوا،،
ئەو هەڵی گرتەوە.
……………………………………………..

چیرۆکی لم ڕژانت کورت کەرەوە،،
بیکەرە ڕۆمانێ لە ئاو،،
شیعرێک ، کێ زاتی کرد،،
بیڵێ، لەبەردەم پایزێکی ..
زویر و دڵ شکاو،،
شەوی گوناح و سزا،،
جارێکی تر ڕێگا نادا..
شەپۆل بگاتە پەنجەرە،
جلی کاتژمێر…
با بەتەنافی بێهودەییەوە بێ ،
شنە با بیبا و بیهێنێ.
……………………………………………..

شەو زۆر جار…
دەست لەملانێی شەقامە…
پێکەوە ڕۆژنامە بابردوەکان،،،
یاری پێئەکەن، دەنگی گریانی منداڵێک،،،
ژێر هاتنی شەمەندەفەرێ ئەکەوێ…
باخچەیەک لە باخەوانەکە تۆرا، ،،
گوڵەکانی خستە سنددوقی تاریکی..
دەنگی پێی چاوەڕوانی،،،
لە دەرگای ژنێکی تەنیای ڕەشپۆشی دا،،،
هەموو ساڵێک گوێی لە و جۆرە دەنگەیە،،،
چراکەی کوژاندەوە،،،
با دەنگی پێڵاوی تەنیایی..
لە هەیوانەکە هەر تەقەی بێ ، بڕوا و بچێ..
ئەو ژنە ڕەشپۆشە،،
بە بەلەمی خەفەتا خەو بردی..
چیتر دەنگی پێی ووشەکانی شنە با…
ڕایناچڵەکێنێ…

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
( Michael Schwarzenberger )
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




كوردى (كه‌ڵه‌ك( دیارده‌یه‌ك.. بۆ لێكۆڵینه‌وه‌، توانایه‌ك بۆ سوود لێ بینین!! نووسیتی : دكتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

مامۆستا مه‌لا عه‌لى، ئه‌مه‌ بیست ساڵ زیاتره‌ له‌نێو ماڵى خۆى و ئێستاش له‌نه‌خۆشخانه‌ى (مستشفى الگب النبوى) له‌قه‌زاى خه‌بات (كه‌ڵه‌ك)ى سه‌ر به‌شارى هه‌ولێر، رۆژانه‌ پێشوازى له‌هه‌موو جۆره‌ نه‌خۆشێك!؟ ده‌كات، وه‌ك (خۆى ده‌لێت) و له‌لاپه‌ڕه‌كانى فه‌یسبووك و له‌نێو ( You Tube)دا زۆربه‌ى بڵاوده‌كاته‌وه‌و نووسیویه‌تی، چاره‌سه‌رى هه‌موو نه‌خۆشه‌كان ده‌كات، هه‌موو جۆره‌ نه‌خۆشییه‌ك!! رۆژانه‌ش له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ى فه‌یسبووكه‌كه‌ى به‌ئاشكراو به‌ به‌رچاوى هه‌موو دنیاوه‌، هه‌واڵی دۆزینه‌وه‌ى ده‌رمان و چاره‌سه‌رى تازه‌ بۆ نه‌خۆشیه‌كان راده‌گه‌یه‌نێ!! به‌شێكى به‌رچاویش ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ى كه‌ مامۆستا مه‌لا عه‌لى چاره‌سه‌رى تازه‌یان بۆ ده‌دۆزێته‌وه‌، هێشتا زانستى پزیشكى جیهانى بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى ته‌واوى ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ له‌تاقیكردنه‌وه‌ دایه‌!! به‌ڵام مامۆستا وه‌ك خۆى ده‌ڵێ و له‌ڤیدیۆ تۆماركراوه‌كاندا بڵاوى كردوونه‌ته‌وه‌، بۆ نمونه‌: نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌و ئایدزو ئیبۆلا… ته‌واوى نه‌خۆشیه‌ گه‌وره‌و گران و بێ چاره‌سه‌رى و كه‌م چاره‌سه‌ریه‌كان، چاره‌سه‌ر ده‌كات.
هه‌ر له‌لاپه‌ڕه‌ى فه‌یسبووكی تایبه‌تى خۆیدا نووسیویه‌تى: (داوا له‌هه‌موو نه‌خۆشخانه‌كانى جیهان ده‌كه‌م باسه‌ردانم بكه‌ن، چاره‌سه‌رى نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌م دۆزیته‌وه‌، به‌ماوه‌ى پێنج مانگ نه‌خۆشیه‌كانى شێرپه‌نجه‌ له‌ناو ده‌چێ، به‌ئیزنى خواى، چونكه‌ زیاتر له‌ 5700 نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌م چاره‌سه‌ر كردووه‌ به‌ئیزنى خوداى گه‌وره‌ به‌داتاو ڤیدیۆ له‌لامه‌، به‌نده‌ى خواى عه‌لى مه‌حمود-ئه‌دیمن)، ئه‌م هه‌واڵه‌ (گرنگ و ترسناكه‌؟!)و ئه‌و پێداگیریه‌ى مامۆستا له‌سه‌ر به‌رده‌وامى كاركردنى له‌نێو ماڵ و نه‌خۆشخانه‌كه‌ى، سه‌ره‌ڕاى دژایه‌تیه‌كی زۆرو رێگریه‌كى به‌رده‌وامى (وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان) كه‌ وه‌ك مامۆستا بڵاوی كردوونه‌ته‌وه‌، تائێستا (55)جار پۆلیس بۆ گرتن و داخستنی نه‌خۆشخانه‌كه‌ى چووته‌ نێو ماڵ و نه‌خۆشخانه‌كه‌ى، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌ راگه‌یاندنه‌كان و ماڵپه‌ڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌رده‌وام خه‌ڵكانێك هه‌ن (جوێنى پێده‌ده‌ن و سوكایه‌تى پێده‌كه‌ن!!) كه‌چى وه‌ك له‌ ڤیدیۆو فه‌یسبووكه‌كانى مامۆستا به‌رچاو ده‌كه‌وێ، رۆژ به‌رۆژ نه‌خۆشخانه‌كه‌ى قه‌ڵه‌باڵغتر ده‌بێ و هه‌موو جۆره‌ نه‌خۆشێك و له‌هه‌موو جیهانه‌وه‌ رووى تێده‌كه‌ن، وه‌ك (مامۆستا باسى ده‌كات) له‌ڤیدیۆو فه‌یسبووكه‌كانه‌وه‌ دیاره‌، مامۆستا چاره‌سه‌ریان ده‌كات، ئه‌وه‌ى به‌چوار ده‌سته‌ هه‌ڵیده‌گرن و ده‌یهێننه‌ لاى مامۆستا، پاش چاره‌سه‌ركردنه‌كانى مامۆستا، نه‌خۆشه‌كان به‌پێى خۆیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵى خۆیان.
ئایا ئه‌م دیارده‌ گرنگه و ترسناكه‌ هى ئه‌وه‌یه‌ به‌مشێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵیدا رووبه‌ڕوو ببینه‌وه‌ كه‌تائێستا وه‌زاره‌تى ته‌ندروستی رووبه‌ڕووى بووه‌ته‌وه‌؟ یان بۆ ئه‌وانه‌ى لێ بگه‌ڕێین كه‌ به‌رده‌وام جوێن به‌ مامۆستا ده‌ده‌ن و سوكایه‌تى پێده‌كه‌ن؟! له‌ولاشه‌وه‌ نه‌خۆشه‌كان له‌هه‌موو نه‌ته‌وه‌و چین و ئایین و وڵاتێكه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رى نه‌خۆشیه‌كانیان دێنه‌ لاى مامۆستا، زۆربه‌ى ئه‌و نه‌خۆشانه‌ش وه‌ك (خۆیان ده‌ڵێن) له‌چاره‌سه‌رى پزیشك و نه‌خۆشخانه‌، رێگا چاره‌ زانستیه‌ به‌رده‌سته‌كان بێ هیوا بوون؟!
بیست ساڵ كاركردنى مامۆستا مه‌لا عه‌لى و ژماره‌ى ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى هاتوونه‌ته‌ لاى مامۆستاو زۆرى و جۆرى نه‌خۆشیه‌كانى، به‌نه‌خۆشى جه‌سته‌یی و ده‌روونى و ده‌روونى ئایینى و نه‌خۆشییه‌ كلتوورییه‌كان، هێنده‌ زۆرن به‌ته‌نیاو به‌م ده‌موده‌سته‌ به‌سه‌ر ناكرێنه‌وه‌و ناژمێردرێن، هه‌ر بۆیه‌ وه‌ك نمونه‌ من له‌ته‌ك چه‌ند نه‌خۆشێكى تایبه‌ت راده‌وه‌ستم و به‌دواى پێشینه‌ى مێژوویی و هاوشێوه‌یاندا ده‌گه‌ڕێم له‌نێو كلتوورى كۆن و نوێى مرۆگایه‌تیدا.
چاره‌سه‌رى ئایینى له‌مێژوودا
مامۆستا مه‌لا عه‌لى ئه‌گه‌رئه گه رچی ده‌رمانى جۆراو جۆریش به‌كارده‌هێنێ، به‌تایبه‌تى گیا ده‌رمانى شه‌عبى و كلتوورى، به‌ڵام هێزو شاده‌مارى كاره‌كه‌ى خۆى له‌هێزى (چاره‌سه‌رى ئایینى)دا ده‌بینێته‌وه‌، خۆى وه‌ك موسڵمانێك به‌ (الگب النبوى) ناوده‌بات و به‌رده‌وامیش پشت به‌قورئان ده‌به‌ستێت، نمونه‌ بۆ نه‌خۆشى (جنۆكه‌ چوونه‌ جه‌سته‌ى مرۆڤ) به‌خوێندنى قورئانى پیرۆز چاره‌سه‌ر ده‌كات.
نه‌خۆشى جنۆكه‌ چوونه‌ ناو جه‌سته‌، نه‌خۆشیه‌كى مێژوویی كلتوورى ئایینى واقعیه‌، له‌ڕووى مێژووه‌وه‌ زۆر كۆنه‌و زیاتر له‌ پێنج هه‌زار ساڵ پێش ئێستا، سۆمه‌رییه‌كان له‌ئاین و كلتوورى خۆیاندا باسیانكردووه‌و چاره‌سه‌ریان بۆ دۆزیوه‌ته‌وه‌. ئه‌وانیش بڕوایان به‌وه‌ هه‌بووه‌ كه‌ جنۆكه‌ هه‌یه‌و، ده‌چێته‌ جه‌سته‌ى مرۆڤه‌وه‌ هه‌ر بۆیه‌ له‌ئاینى ئه‌واندا (كاهین)ێك واته‌ پیاوێكى ئایینى هه‌بووه‌ تایبه‌ت به‌و نه‌خۆشییه‌، پێیان ده‌گوت (شه‌یتان ته‌رێن- گارد الشیگان- جنگیر) ئه‌و كاهینه‌ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى چاكده‌كرده‌وه‌ كه‌ به‌پێى بڕواى ئه‌وان جن ده‌چووه‌ جه‌سته‌یانه‌وه‌.
واته‌ كاهینه‌ ئایینیه‌كه‌ لاى سۆمه‌رییه‌كان پێش پێنج هه‌زار ساڵ ئه‌و كاره‌ى كردووه‌ كه‌ ئێستا مامۆستا مه‌لا عه‌لی و زۆر شێخ و مه‌لاو پیاوانى ئایینى ئیسلام و زۆربه‌ى ئایینه‌كانى دیكه‌ ده‌یكه‌ن، هه‌ر ئێستاش دكتۆر ئاڕ ئاڕ سوراێز (Doctor R.R. Soares) لاپه‌ڕه‌ى تایبه‌تى فه‌یسبووكى خۆی هه‌یه‌و وه‌ك مه‌سیحیه‌ك له‌ تایتڵه‌كه‌یداو له‌پێشه‌كى كاره‌كانیدا باسى ده‌كات، ماوه‌ى چل ساڵه‌ چاره‌سه‌رى نه‌خۆش ده‌كات، وه‌ك نه‌خۆشى كوێرى و كه‌ڕى و گۆجى و گه‌ڕى… تاد
وه‌ك له‌ پێشه‌كی ڤیدیۆ رێكلامه‌كه‌یدا هاتووه‌، دكتۆر سوارێز چل ساڵه‌ به‌پشت به‌ستن به‌ (رب- یسوع- ئینجیل) وه‌ك له‌كارو قسه‌كانیدا دیاره‌، به‌ به‌رچاوى خه‌ڵك و له‌هۆڵێكى هه‌زار نه‌فه‌رى و به‌ به‌رده‌می راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌، ئه‌ویش وه‌ك مامۆستا مه‌لا عه‌لى، له‌نێو ئایین و كلتوورى خۆى، نه‌خۆشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات.
دكتۆر سوراێز، له‌سه‌ر ڤیدیۆیه‌كى دانراودا نووسیویه‌تى (المعجزه‌ الكبرى) له‌ڤیدیۆیه‌كه‌دا باسى منداڵێك ده‌كات ناوى (یاسه‌مین)ه‌، كه‌ نه‌خۆشى ئێسكه‌ خواره‌ى هه‌بووه‌، پزیشكه‌كان سێجار نه‌شته‌گه‌رییان بۆ كردووه‌، به‌ڵام چاك نه‌بۆته‌وه‌، دواجار هاتۆته‌ لاى دكتۆر سوارێزله سه ر قسه ی دكتۆر سواریز، به‌یامه‌رتى (رب- یسوع) چاك بۆته‌وه‌!!
له‌ڤیدیۆیه‌كه‌دا، یاسه‌مین چاك بۆته‌وه‌و ده‌ڕوات و را ده‌كات!! كه‌پێشتر وه‌ك دایكى باسى ده‌كات، یاسه‌مین هه‌رگیز نه‌یتوانیوه‌ بڕوات، كه‌چى دكتۆر سوارێز له‌چاككردنه‌وه‌ى نه‌خۆشه‌كانیدا به‌ موعجیزه‌ى (رب-و- یسوع)ی ده‌زانێ، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ى مامۆستا مه‌لا عه‌لى خۆشمان چاكبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشه‌كانى خۆى، ئه‌ویش به‌ موعجیزه‌ى (قورئان – خودا- پپیغه‌مبه‌ر) ده‌زانێت.
ئه‌وه‌ى گرنگه، له‌ئێستادا مامۆستا مه‌لا عه‌لى كوردی له‌ نه‌خۆشخانه‌ى (گب النبوى)دا وه‌ك موسڵمانێك به‌پشت به‌ستن به‌خوداو پێغه‌مبه‌رو قورئان و كلتوره‌ ئاینییه‌كه‌ى (وه‌ك خۆى ده‌ڵێ) نه‌خۆشه‌كانى چاك ده‌كاته‌وه‌و بیست ساڵه‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كات!! هه‌روه‌ها دكتۆر سوارێز وه‌ك مه‌سیحیه‌ك به‌پشت به‌ستن به‌ (رب-یسوع وئینجیل) و كلتوره‌ ئاینییه‌كه‌ى (وه‌ك خۆى ده‌ڵێ) چل ساڵه‌ نه‌خۆشه‌كانى خۆى چاك ده‌كاته‌وه‌!!
لێكۆڵینه‌وه‌ مێژووییه‌كانى پێمانده‌ڵێن: ئه‌وه‌ هه‌ر ته‌نیا پیاوانى ئایینى مه‌سیحی و موسڵمان نین به‌هێزى پزیشكى ئایینى نه‌خۆشه‌كانیان چاك ده‌كه‌نه‌وه‌! به‌ڵكو ئه‌م جۆره‌ چاره‌سه‌رییه‌ ئایینیه‌، هه‌تا ئاینزاكانیش ئه‌م جۆره‌ چاره‌سه‌ركردنه‌ى نه‌خۆشیان تێدا هه‌بووه‌و هه‌یه‌، وه‌ك كاهینه‌ سۆمه‌رییه‌كه‌ كه‌پێش پێنج هه‌زار ساڵ به‌پشت به‌ستن به‌هێزو كلتوورى ئایینیه‌كه‌ى خۆى چاره‌سه‌رى نه‌خۆشه‌كانى ده‌كرد!
ئه‌گه‌ر ئایینى موسڵمانان و ئایینى مه‌سیحیه‌كان دوو ئایینى ئاسمانین، به‌پێى خانه‌به‌ندى ئایینه‌كان، ئه‌وا ئاینی سۆمه‌رى، ئاینێكى مرۆڤكردوو زه‌مینی بوو!!
كه‌واته‌، ئایینه‌كان له‌پاڵ هه‌موو ئه‌ركه‌كانى خۆیاندا ئه‌ركى پزیشكى- پزیشكى ئایینى-یشیان بینیوه‌و چاره‌سه‌رى ئایینى تایبه‌ت نیه‌ به‌ئاینێك و زه‌مه‌نێك و چه‌ند پیاوێكى ئایینى دیاریكراو، به‌ڵكو به‌رده‌وام له‌نێو كۆمه‌ڵگه ئایینیه‌كاندا هه‌ندێك له‌پیاوانى ئایینى ئه‌م جۆره‌ نه‌خۆشانه‌یان كه‌م و زۆر چااككردۆته‌وه‌.
ئه‌وه‌ى مامۆستا مه‌لا عه‌لى كوردى، ده‌كات به‌دیارده‌یه‌كى تایبه‌ت وگرنگ و ترسناك!! ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و له‌نێوماندایه‌و كارده‌كات و دژایه‌تى ده‌كرێ؟! به‌ڵام دكتۆر ئاڕ ئاڕ سوارێز له‌وڵاتى خۆیدا، چل ساڵه‌ كارده‌كات و رێزى لێده‌گیردرێت. رێزگیرانه‌كه‌ى له‌وه‌دا ده‌بینم كه‌ به‌ئازادى و به‌ئاشكراو له‌نێو هۆڵێكى گه‌وره‌و شایسته‌ له‌به‌رده‌مى راگه‌یاندنه‌كان به‌دڵخۆشى و شانازیه‌وه‌ كارده‌كات و چاره‌سه‌رى نه‌خۆشه‌كان ده‌كات!!
چاره‌سه‌رى ئایینى بۆ نه‌خۆشییه‌كان:
ئه‌گه ر باسى ئه‌و رووداوه‌ چیرۆكه‌ مێژووییانه‌ نه‌كه‌ین كه‌ پێغه‌مبه‌رو پیاو چاكان به‌درێژایی مێژوو له‌زۆر سه‌رده‌م و له‌زۆر وڵات و له‌په‌ناى زۆر ئایین… نه‌خۆشیان چاككردۆته‌وه‌، ئه‌وا زانستیش ئه‌وه‌ى سه‌لماندووه‌ كه‌ ئایین و پیاوى ئایینى رۆڵیان هه‌یه‌ له‌چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشه‌ باوه‌ڕداره‌ ئایینییه‌كان، جا ئایینه‌كه‌ هه‌ر ئایینێك بێت، زه‌مینى بێت یان ئاسمانى.
مرۆڤ- له‌هه‌ر سه‌رده‌مێك و له‌هه‌ر وڵاتێك و له‌نێو هه‌ر نه‌ته‌وه‌و ئایینێك، كه‌ له‌دایك ده‌بێت له‌نێو خێزانێكى باوه‌ڕدار به‌ئایینێك، له‌نێو كلتوورو سروتى رۆژانه‌ى ئه‌و ئایینه‌ گه‌وره‌ ده‌بێ و دواجار ئایین و كلتووره‌كه‌ ده‌بن به‌ باوه‌ڕو كردارى رۆژانه‌ى و خوداو پێغه‌مبه‌رو كتێب و سروت و پیاوه‌ ئایینیه‌كانى خۆى لا پیرۆز ده‌بێت، پیرۆزێكى سه‌دا سه‌د، كه‌هیچ پیرۆزییه‌كى تر لاى ئه‌و ناگاته‌ ئه‌و پیرۆزییه‌!
هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و تاكه‌ باوه‌ڕداره‌ كه‌ نه‌خۆش ده‌كه‌وێ هه‌ندێ جار په‌نا بۆ ئایینه‌كه‌ى خۆى ده‌بات، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر پزیشك و نه‌خۆشخانه‌ زانستیه‌كان سه‌ركه‌وتوو نه‌بن له‌چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشیه‌كه‌یدا، ئه‌وا له‌م كاتانه‌دا نه‌خۆش به‌ئیمانه‌وه‌ هه‌موو هیوایه‌ خۆى به‌چاره‌سه‌ریه‌ ئایینه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌و هه‌موو ده‌رووون و جه‌سته‌ى به‌باوه‌ڕى ئایینه‌وه‌ ئاماده‌ى چاره‌سه‌ری ئایینى ده‌بێت. ئه‌گه‌ر پیاوه‌ ئایینیه‌كه‌ش جێگاى باوه‌ڕ بوو، تاقیكردنه‌وه‌ى هه‌بوو له‌م بواره‌دا، ئه‌وا ئه‌م جۆره‌ نه‌خۆشانه‌ له‌زۆر حاڵه‌تدا سوود له‌ چاره‌سه‌ریه‌كه‌ ده‌بینن!!
به‌ڵام وه‌ك له‌ فه‌یسبووك و ڤیدیۆكانى مامۆستا مه‌لا عه‌لى كوردی به‌رچاوه‌، مامۆستا سنوورى ئایینه‌كه‌ى خۆى به‌زاندووه‌، واته‌ جگه‌ له‌خه‌ڵكى موسڵمان، ئه‌و نه‌خۆشانه‌ش دێنه‌ لاى كه‌ له‌سه‌ر ئایینه‌كانى ترن، نمونه‌ى ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ش له‌نێو ڤیدیۆكانى مامۆستادا زۆرن. ئه‌مه‌ جارێكى تر مامۆستا ده‌كاته‌وه‌ به‌ (دیارده‌یه‌كى زۆر گرنگ و ترسناك؟!!) هه‌ر بۆیه‌ نابێ له‌به‌رده‌م ئه‌و دیارده‌گرنگ و ترسناكه‌ ئاوا خه‌مساردانه‌ دابنیشین و ئه‌و دیارده‌ ناوازه‌یه‌ نه‌خه‌ینه‌ به‌ر تیشكى زانستیانه‌و راستى زانستى واقیعی مامۆستا عه‌لى خۆى و راستى پزیشكیه‌كه‌ى و راستى نه‌خۆشه‌كان و راستى چاره‌سه‌رییه‌كانى بۆ خۆمان و بۆ خه‌ڵك روون نه‌كه‌ینه‌وه‌.
مامۆستا مه‌لا عه‌لى ده‌ڵێ، رۆژانه‌ له‌سه‌عات هه‌شتی به‌یانییه‌وه‌ تا چوارى ئێواره‌ پێشوازى له‌ نه‌خۆشه‌كان ده‌كه‌م، ته‌نیا رۆژانى هه‌ینى و سێ شه‌ممه‌ نه‌بێت وه‌ك له‌ڤیدیۆكانیش ده‌رده‌كه‌وێت، به‌رده‌وام نه‌خۆشخانه‌كه‌ى پڕه‌ له‌نه‌خۆشى جۆراوجۆر، جگله‌خه‌ڵكى كوردستان و عێراق، له‌وڵاتانى ده‌وروبه‌ر (توركیاو ئێران و وڵاتانى رۆژئاواش) تاك تاكه‌ نه‌خۆش هاتوونه‌ته‌ لاى مامۆستا، ئه‌و نه‌خۆشانه‌ش هه‌ریه‌كه‌و چیرۆكى خۆى هه‌یه‌.
زۆربه‌شیان پاش ئه‌وه‌ى سوود له‌ چاره‌سه‌رى دكتۆرو نه‌خۆشخانه‌كان وه‌رناگرن به‌ناچارى روو له‌مامۆستا مه‌لا عه‌لى ده‌كه‌ن، له‌نێو نه‌خۆشه‌كانیش كه‌سانى دیارو به‌رپرس وخاوه‌ن بڕوانامه‌و پزیشكیشی تێدایه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رده‌وامى كاركردن و بازاڕ گه‌رمیه‌ى مامۆستا مه‌لا عه‌لى و هه‌واڵى چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشیه‌كان و به‌رده‌وام مژده‌ى دۆزینه‌وه‌ى ده‌رمان و چاره‌سه‌رى نوێش، هێشتا به‌ڕێز وه‌زیرى ته‌ندروستى هه‌رێمى كوردستان ده‌ڵێ:( ئه‌وه‌ جادوگه‌رو ساحیره‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگاى پێ ناده‌ین و گوێى لێناگرین و لێناگه‌ڕێین كاربكات!!)، تائێستاش وه‌ك مامۆستا مه‌لا عه‌لى نووسیویه‌تى له‌لاپه‌ڕه‌ى فه‌یسبووكه‌كه‌ى (55)جار پۆلیس به‌نیه‌تى داخستنى نه‌خۆشخانه‌كه‌ى ده‌رگایان لێگرتووه‌! قسه‌ى گرنگ لێره‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا پاش بیست ساڵ كاركردن و ئه‌و (نێو بانگه‌ جیهانی)یه‌ى مامۆستا عه‌لى كوردی هه‌یه‌تى چاره‌سه‌ركردنى (كێشه‌ى مامۆستا عه‌لى) به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ به‌پۆلیس دایبخه‌ن؟ ئایا. به‌مشێوه‌یه‌ داده‌خرێ؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ بۆچى پاش (55)جار هێشتا مامۆستا به‌رده‌وامه‌ له‌كاركردن؟!
وه‌ك له‌فه‌یسبووكه‌كانى مامۆستا مه‌لا عه‌لی دا هه‌یه‌و له‌ڤیدیۆیه‌كاندا بڵاوكراوه‌نه‌ته‌وه‌، مامۆستا به‌ته‌نیا كارى نه‌خۆشخانه‌یه‌كى گه‌وره‌و هه‌موو جۆره‌ پسپۆریه‌كان ده‌كات!! چاره‌سه‌رى نه‌خۆشى پێست و مووى سه‌ر ده‌كات تا ده‌گاته‌ شێرپه‌نجه‌و ئایدز.
مامۆستا به‌رده‌وام هاوار ده‌كات و ده‌ڵێ: (هه‌موو ئه‌م نه‌خۆشیانه‌م چاره‌سه‌ر كردووه‌و ئاماده‌م چاره‌سه‌ریان بكه‌ن، له‌به‌رچاوتان. هه‌موو جیهان وه‌رن لێره‌ فێربن، حكومه‌ت وه‌رن!! پزیشكه‌كان وه‌رن، پێویسته‌ ئه‌و زانسته‌ى من له‌كۆلیژهكان بخوێندرێ، ئاماده‌م ده‌یان و سه‌تان كه‌س و گه‌نج فێرى ئه‌و زانسته‌ بكه‌م، من ده‌مرم، با ئه‌و زانسته‌ به‌دنیادا بڵاو ببێته‌وه‌، خه‌ڵك سوودى لێ ببینن!!).
ئایا. ئه‌م هاواركردنه‌ به‌رده‌وامه‌ى مامۆستا عه‌لى، شێتییه‌؟ جادوگه‌ریه‌؟ یان زانستى و ئیمانه‌ به‌خۆى و به‌كاره‌كه‌ى؟! ئێستا نه‌خۆشخانه‌كه‌ى مامۆستا عه‌لى بووه‌ به‌واقیعێك نه‌ به‌حكومه‌ت و نه‌ به‌وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و نه‌ به‌هیچ كه‌سێ داناخرێت!! چاره‌سه‌رى عاقلانه‌و زانستیانه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كى زانستى- زانستى هه‌مه‌لایه‌نه‌- به‌ڕێز لێگرتنه‌وه‌، مامۆستا مه‌لا عه‌لى بخرێته‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌و تاقیكردنه‌وه‌ى به‌كرده‌وه‌، ئه‌م كاره‌ش كارێكى ئاسان نیه‌و ئه‌سته‌میش نیه‌!.
هه‌ندێك له‌چاره‌سه‌ركردنه‌كانى مامۆستا
لێره‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر كارو چاره‌سه‌ریه‌كانى مامۆستا مه‌لا عه‌لى و سێ جۆر چاره‌سه‌رى به‌نمونه‌ وه‌رده‌گرم:
یه‌كه‌میان: ده‌ركردنى جن له‌جه‌سته‌ى نه‌خۆش
دووه‌میان: به‌كارهێنانى (میزو شیرى وشتر) وه‌ك ده‌رمان بۆ نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌و چاره‌سه‌ری.
سێیه‌میان: زمانگۆڕان، واته‌ ئه‌وانه‌ى به‌هۆى شۆك و گرانه‌تاوه‌ زمانیان ده‌گۆڕدرێت.
یه‌كه‌م: ده‌ركردنى جن له‌جه‌سته‌ى نه‌خۆش
سه‌ره‌تا ئایا جن هه‌یه‌؟ باسى جن باسێكى ئاڵۆزو مێژووییه‌، تائێستا سه‌دان كتێب له‌سه‌ر هه‌بوون و نه‌بوونى جن نووسراوه‌، كه‌س ناتوانێ بڵێ جن نیه‌، كه‌سیش ناتوانێ بڵێ جن ئه‌وه‌ته‌ هه‌یه‌، واته‌ جنێك بگرێ و بیخاته‌ سه‌ر مێزى تاقیكردنه‌وه‌، به‌ڵام، ئه‌فسانه‌كان كه‌ كۆنترین زانستى- مرۆڤن، باسی جن ده‌كه‌ن. ئایینه‌كان، هه‌موو ئایینه‌كان باسى جن ده‌كه‌ن! مێژوو باسى جن ده‌كات!! واقیع به‌رده‌وام باسی جن ده‌كات، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نیا هه‌ر له‌ وڵاتێك و نێو میلله‌تێك و ته‌نیا ئایینێك!! وانیه‌!! به‌ڵكو باس و كێشه‌یه‌كى هه‌موو مرۆڤایه‌تیه‌. له‌هه‌موو زه‌مین و زه‌مانێكدا هه‌تا ئێستا سه‌دان و هه‌زاران چیرۆكى خه‌یاڵى و واقیعى هه‌یه‌، باس له‌پهیوه‌ندیه‌-خراپ-و-چاك-ه‌كانى نێوان مرۆڤ و جنۆكه‌ ده‌كات. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا تائێستا كه‌س نه‌یتوانیوه‌ جنۆكه‌یه‌ك راو بكات و به‌زیندووى یان مردوویی بیهێنێ و پێمان بڵێ: ئه‌وه‌ته‌ جن، ئه‌وه‌یه‌!؟
راستیه‌ك هه‌یه‌، ئه‌م ژیان و كه‌ونه‌ پڕ له‌نهێنییه‌!! تائێستا زۆر كه‌ممان له‌و نهێنییه‌ زانیوه‌و هێشتا زۆر ماوه‌ مرۆڤایه‌تى بیانزانێ!! هه‌روه‌ها له‌نێو جه‌سته‌ى مرۆڤ خۆیدا به‌هێزه‌ جه‌سته‌یی و عه‌قڵیه‌كه‌یه‌وه‌ هێشتا پڕه‌ له‌نهێنى نه‌دۆزراوه‌و هێزى په ی پی نه‌بردراو. جنیش یه‌كێكه‌ له‌و نهێنییه‌و واقیعه‌ى كه‌ ناوه‌كه‌مان زانیوه‌و كاریگه‌ریه‌كه‌یمان به‌ چاو خراپ- دیوه‌و به‌ به‌رجه‌سته‌بوویی جه‌سته‌ مادییه‌كه‌مان نه‌دیوه‌.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا نه‌خۆشیه‌ك هه‌یه‌ ئه‌و نه‌خۆشیه‌ له‌نێو كلتووری ئایینى- ئایینى هه‌موو زه‌مه‌نه‌كان و هه‌موو وڵاتان- به‌نه‌خۆشى- جن چوونه‌ جه‌سته‌- ناده‌بردرێ!! نه‌خۆشیه‌كه‌ مرۆڤڤ تووشى ده‌بێت و وه‌ك هه‌ر نه‌خۆشیه‌كى ترى جه‌سته‌یی و ده‌روونى كار له‌نه‌خۆش ده‌كات، تائێستا تاكه‌ چاره‌سه‌رى مسۆگه‌رو زوو بۆ ئه‌م نه‌خۆشییه‌! چاره‌سه‌رى –جن ده‌ركردن-ى ئایینیه‌، كه‌ نه‌خۆشه‌كان په‌ناى بۆ ده‌به‌ن و پیاوه‌ ئایینیه‌كانى وه‌ك (مامۆستا مه‌لا عه‌لى- موسڵمان) (دكتۆر ئاڕ ئاڕ سوراێز- مه‌سیحی) ئێستا چاره‌سه‌ریان ده‌كه‌ن.
به‌هه‌رحاڵ هه‌ر له‌كۆنه‌وه‌ تائێستاش نه‌خۆشیه‌ك هه‌یه‌، زمانى خه‌ڵك به‌ جن چونه‌ جه‌سته‌ ناوى ده‌بات و ئه‌م نه‌خۆشیه‌ نه‌ زانستى پزیشكى و نه‌ زانستى ده‌روونى- ناوێكى دروستى زانستیان بۆ نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌، تایبه‌ت بێ به‌م نه‌خۆشیه‌و چاره‌سه‌ریه‌كى بنبڕو زانستیشی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.
له‌به‌رانبه‌ردا ماۆستا مه‌لا عه‌لى كوردی له‌ماوه‌یه‌كى یه‌كجار كه‌م و به‌شێوه‌یه‌كى زۆر ئاسان وه‌ك له‌ ڤیدیۆكاندا ده‌بینرێت چاره‌سه‌ریان ده‌كات و چاكیان ده‌كاته‌وه‌!؟ وه‌ك له‌ ڤیدیۆكاندا دیاره‌و ڤیدیۆكانیش ئێجگار زۆرن! ئه‌مه‌ واقیعه‌.. ئایا ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ هه‌مووى ته‌مسیلییه‌و خه‌ڵك له‌هه‌موو لایه‌كه‌ دێن؟ ته‌مسیلن بۆ مامۆستا ده‌كه‌ن؟؟ یان به‌ڕاستى نه‌خۆشن و هه‌ر به‌ڕاستیش مامۆستا چاره‌سه‌ریان ده‌كات؟!! من سه‌یرى زۆر ڤیدیۆو یوتیوبی عه‌ره‌بی و توركی و فارسیم كردووه‌، ئه‌وانیش له‌وڵاتی خۆیان وه‌كو مامۆستا مه‌لا عه‌لى به‌مشێوه‌یه‌ (جن له‌جه‌سته‌ى نه‌خۆش ده‌رده‌كه‌ن!؟) ئه‌وه‌ى راستى بێت، مامۆستا له‌هه‌مووان جوانترو ئاسانترو زووتر ئه‌م كاره‌ ده‌كات و زۆر له‌وان سه‌ركه‌وتووتره‌ له‌چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م نه‌خۆشییه‌.
ژیان پڕ له‌نهێنى، ئه‌و نهێنیانه‌ له‌نێو (كه‌ون)و له‌نێو (جه‌سته‌ى مرۆڤ) دان، ئه‌ركى مرۆڤه‌ ئه‌و نهێنیانه‌ بدۆزێته‌وه‌و زانستیانه‌ بیاناسێنێت، له‌ززه‌تێكى زۆرى زانستیانه‌و زۆری ژیان له‌ دۆزینه‌وه‌و ناسینى نهێنییه‌كاندا هه‌یه‌.
دووه‌م: میز وه‌كو ده‌رمان!؟
میزیش وه‌كو ده‌رمان مرۆڤ هه‌ر له‌كۆنه‌وه‌ سوودى لێبینیوه‌!! جا میزى مرۆڤ خۆى بێت یان میزى گیاندارو زینده‌وه‌ره‌كان، ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌كۆنه‌وه‌ له‌ ئه‌فسانه‌كاندا- ئه‌فسانه‌ وه‌ك فه‌رهه‌نگیكى كۆن- باسى ئه‌و جۆره‌ چاره‌سه‌ریه‌ى كردووه‌.
چیرۆكى ئه‌و پاشایانه‌ى له‌نێو حه‌كایه‌ته‌كاندا نه‌خۆشى پیسته‌و گوڕوێتى ده‌گرن و دواجار- حه‌كیم-و- ده‌روێش- و- جادوگه‌ره‌كان به‌میز چاره‌سه‌ریان ده‌كه‌ن، زۆرن!
ئه‌و چیرۆكانه‌ ریشه‌یه‌كى واقیعى هه‌یه‌و كورد له‌مێژه‌ گوتوویه‌تى (پیس به‌ پیسى ده‌چێ) چیرۆكى به‌كارهێنانى میز له‌كلتورو واقیعدا، چیرۆكێكى دوورو درێژو ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌نێو ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌دا ته‌نیا ئه‌م رووداوه‌ى نێو كورده‌وارى خۆمانتان بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌، كه‌منیش بیستوومه‌ (كرێكارێك به‌هۆى چیمه‌نتۆوه‌، پێسته‌ى تووشى نه‌خۆشى ((ئه‌گزیما)) ده‌بێت، زۆر هه‌وڵده‌دات چاره‌سه‌رى بۆ ناكرێت، له‌نه‌خۆشخانه‌ ده‌یخه‌وێنن و ته‌نیا مه‌رهه‌مێكى هێوركه‌ره‌وه‌ى بۆ به‌كارده‌هێنن، پیره‌ پیاوێكى كورده‌وارى سه‌ر له‌نه‌خۆشێكى دیكه‌ ده‌دات و، چاوى به‌م تووشبووه‌ ده‌كه‌وێت، حاڵى ده‌پرسێت، كابراى نه‌خۆش باسى حاڵى خراپی خۆى بۆ ده‌كات، پیره‌مێرد ده‌ڵێ: وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌ من چاكت ده‌كه‌مه‌وه‌. له‌ ده‌ره‌وه‌ پیره‌مێرد میزى مانگا ده‌گرێ و ده‌یكوڵێنێ و تا ڕادده‌ى ئه‌وه‌ى كه‌میزه‌كه‌ كه‌مێك چه‌وراتى لێ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌نێو ده‌فره‌كه‌دا، به‌شێوه‌ی مه‌رهه‌مێك، پیره‌مێرد به‌و مه‌رهه‌مه‌ى كه‌ له‌میزى مانگا گیراوه‌ته‌وه‌، ته‌واوى پیسته‌ى كابراى نه‌خۆش، چه‌ور ده‌كات. وه‌ك من بیستوومه‌، كابراى نه‌خۆش به‌م مه‌رهه‌مه‌ى میزى مانگا، چاك ده‌بێته‌وه‌).
ئێره‌ جێگاى- گیڕانه‌وه‌ى ئه‌و چیرۆكه‌ زۆرو درێژ-انه‌ نیه‌. به‌ڵام هه‌ر ئێستا له‌جیهاندا زۆر به‌زانسیتانه‌- میز- وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ (وزه‌)و بۆ (ده‌رمان) بۆ هه‌ندێك له‌ نه‌خۆشیه‌كان و دروستكردنه‌وه‌ى (ئاو)و (بیره‌)و (خواردنه‌وه‌) به‌كاردێت.
ئێستا هه‌ر بۆ سه‌لماندن ناوى هه‌ندێ وڵات و نێوه‌ند ده‌نووسین كه‌ بۆ (وزه‌)و (ده‌رمان) و (خواردن) سوود له‌میز وه‌رده‌گرن.
هۆڵه‌ندا:
له‌ هه‌واڵێكى زانستیدا هاتووه‌و ده‌ڵێ: هۆڵه‌ندا وزه‌یه‌ك به‌رهه‌م دێنێ كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ى میزى مرۆڤه.
دانیمارك:
ئاهه‌نگێكى موسیقى گهوره‌ سازده‌كات، به‌هۆى ئه‌وه‌ى توانیان له‌میز بیره‌ به‌رهه‌م بهێنن.
روسیا:
له‌پیگه‌ى روسیا الیوم دا هاتووه‌: زاناكان خه‌ریكى ئه‌وه‌ن ئێستا میز بكه‌ن به‌ ئاوى خواردنه‌وه‌ له‌كاتى پێویستدا به‌پشت به‌ستن به‌ راستیه‌كان.
ناسا:
نێوه‌ندى زانستى ناساى ناودار، له‌هه‌واڵێكدا ده‌نووسێ ( گۆڕینى میز بۆ ئاوو وزه‌ بۆ خۆ ژیێاندن له‌ فه‌زا)دا، واته‌ ئاسمانگه‌ڕیده‌كان ده‌توانن میزى خۆیان بگۆڕن بۆ ئاوی خواردنه‌وه‌و وزه‌ هه‌ر له‌نێو مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانیاندا.
ئه‌لجه‌زیره‌:
له‌ جه‌زیره‌ نێت دا هاتووه‌ ده‌ڵێ: (ته‌كنۆلۆژیا، وزه‌ى كاره‌با له‌نێو ئاوده‌ستى كه‌مپى ئاواره‌كان به‌هه‌رم دێنێ) واته‌ میزى نێو ئاوده‌سته‌كان ده‌كاته‌وه‌ به‌ به‌كاره‌با.
سعودیه‌:
توێژه‌ر دكتۆره‌ فاتن خورشید (ده‌رمانێك له‌ میزى وشتر) به‌رهه‌م دێنێ حه‌وت جۆر نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات.
دكتۆره‌ فاتن خورشید ده‌ساڵ زیاتره‌ خه‌ریكى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر میزى وشترو بڕوانامه‌كه‌ى (الدكتوراه‌ فی هندسه‌ الخلایا من البریگانیا وهو من التخصصات النادره‌ فی الوگن العربی)یه‌، ئه‌م خاتوونه‌ به‌پسپۆریه‌كى ده‌گمه‌ن و به‌ڕێگایه‌كى زانستى هاوچه‌رخ و ورد گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه‌ له‌ (میزى وشتر) ده‌رمانى حه‌وت جۆر نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ به‌رهه‌م دێنێت. ئه‌م خاتوونه‌ زۆر پێش مامۆستا مه‌لا عه‌لى به‌لێكۆڵینه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌، دكتۆره‌ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێ: كه‌ سوودى له‌ فه‌رمووده‌كانى پێغه‌مبه‌ر بینیوه‌و ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ ئاینییه‌ى كردووه‌ به‌ چاره‌سه‌رێكى زانستى.
ئه‌مانه‌ ژماره‌یه‌كى كه‌مى ئه‌م هه‌واڵ و لێكۆڵینه‌وه‌ زانستیانه‌ن كه‌ باس له‌میز ده‌كه‌ان وه‌ك وزه‌و ده‌رمان له‌ جیهاندا.
ئێستا ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ ته‌نیا مامۆستا عه‌لى كوردی نیه‌! كه‌ میز به‌گشتى و میزى وشتر به‌تایبه‌تى بۆ چاره‌سه‌رى شێرپه‌نجه‌ به‌كارده‌هێنێ، له‌كۆنه‌وه‌ تائێستاش له‌نێوه‌نده‌ كلتوورى و نێوه‌نده‌ زانستیه‌كانیش، ئه‌م كارو هه‌واڵه‌ بوونى هه‌بووه‌. به‌ڵام هیچ كه‌س و نێوه‌ندێك ئه‌وه‌نده‌ى مه‌لا عه‌لى به‌ئاشكرا ناڵێ: (من تائێستا 5700 نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌م چاره‌سه‌ر كردووه‌!!)
ئه‌م ریشه‌ واقیعى و زانستیه‌ى- میز- بۆ ده‌رمان و چاره‌سه‌رى نه‌خۆش و ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ى كه‌ مامۆستا باسى ده‌كات (5700) نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌و چاره‌سه‌ركردنیان، دیسان مامۆستا مه‌لا عه‌لى ده‌كات به‌ پیاوێكى ده‌گمه‌ن و گرنگ و ترسناك!! هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م دیارده‌ واقیعیه‌ هه‌رچى زووه‌ پێویستى به‌لێكۆڵینه‌وه‌ى هه‌مه‌ لایه‌نه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ى راى خۆمان، راى دروست و زانستى له‌ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌ زانستیه‌كان دره‌ببڕین و هه‌ر له‌خۆوه‌ هیچ شتێك قبوڵ نه‌كه‌ین و هه‌ر له‌خۆوه‌ش هیچ شتێك ره‌ت نه‌كه‌ینه‌وه‌.
سێیه‌م:
زمانگۆڕان: (Foreigm Accent Syndrome)
ئه‌م نه‌خۆشیه‌ له‌نێوه‌نده‌ زانستیه‌كاند به‌ (- متلازمه‌ اللهجه‌ الاجنبیه‌) ناسراوه‌، ئێمه‌ به‌كوردی ناومان لێنا (زمانگۆڕان) ئه‌م نه‌خۆشیه‌ له‌ئه‌نجامى به‌ركه‌وتن و گرانه‌تاو نۆره‌ دڵ و جه‌ڵته‌ى ده‌ماغ، مرۆڤ تووشى ده‌بێت، ئه‌ویش نیشانه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌پڕ كه‌سێك زمانى دایكى له‌بیر ده‌كات و به‌زمانێك یان چه‌ند زمانێكى تر قسان ده‌كات، هه‌تا هه‌ندێجار به‌ (زمانى مردوو) واته‌زمانه له‌نێوچووه‌كان، نه‌خۆشه‌كه‌ قسه‌ ده‌كات.
(ئێمه‌ له‌لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا به‌ناوى- فێربونى زمان به‌ له‌به‌رگرتنه‌وه‌- له‌ ئه‌فسانه‌وه‌ بۆ زانستى سه‌رده‌م) باسى ده‌یان نمونه‌ى ئه‌و جۆره‌ زمانگۆڕان و نه‌خۆشانه‌مان كردووه‌ كه‌ له‌هه‌موو جیهاندا روویانداوه‌.
له‌هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ پزیسك و نێوه‌نده‌ زانستیه‌كان، جگه‌ له‌وه‌ى به‌سه‌رسامیه‌وه‌ سه‌یرى ئه‌و نه‌خۆشانه‌یان كردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ى من به‌دواداچوونم بۆ كردووه‌، پزیشكه‌كان هیچ نه‌خۆشێكیان له‌م نه‌خۆشانه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كردووه‌، كه‌ هه‌ندێكیان له‌ئه‌نجامدا تووشى كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌روونى بوون. به‌ڵام، مامۆستا مه‌لا عه‌لى له‌ماوه‌ى 10- تا 15 ده‌قیقه‌ چاره‌سه‌رى (نه‌واف) ده‌كات. نه‌واف پیاوێكى نه‌خوێنده‌وارو ئێزدیه‌، له‌پڕ نه‌خۆش ده‌كه‌وێ و له‌خۆ ده‌چێت، كه‌ به‌خۆدێته‌وه‌ زمانى دایكى له‌بیر ده‌كات و به‌زمانێكى ئینگلیزى ره‌وان قسان ده‌كات. كه‌سوكارى بۆ قسه‌ كردن تێگه‌یشتن په‌نا بۆ ئینگلیزی زان و وه‌رگێڕ ده‌به‌ن، دواجار پاش 13رۆژ له‌گه‌ڕان به‌دواى چاره‌سه‌ری، ده‌چنه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ى مامۆستا مه‌لا عه‌لى، مامۆستا له‌ڕووى زمانه‌وه‌ نه‌واف ده‌كاته‌وه‌ به‌كوردو له‌ڕووى ئایینه‌وه‌ ده‌یكاته‌وه‌ به‌ ئێزدی، چونكه‌ نه‌واف به‌هۆى ئه‌و نه‌خۆشیه‌ جگه‌ له‌وه‌ى زمانى گۆڕدرا بوو، ئه‌وا ئاینیشی گۆڕدرا بوو بۆ مه‌سیحی و خاچى ده‌كرده‌ مل!!
ئه‌مه‌ بۆ خۆى لێكۆڵینه‌وه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌وه‌ى لێره‌ گرنگه، ئه‌و زمانگۆڕانه‌ى كه‌ له‌هه‌موو وڵاتاندا روویداوه‌- من به‌پێى به‌دواداچوونى خۆم هیچ كام له‌و نه‌خۆشانه‌م نه‌دیوه‌ چاره‌سه‌ركرابێ، جگه‌ له‌ (نه‌واف)ى كوردو ئێزدی كه‌ به‌ده‌ستى مامۆستا مه‌لا عه‌لى كوردی چاره‌سه‌ركراوه‌و چاره‌سه‌ریه‌كى ئاسان و هه‌رزان!!
سه‌یرى ڤیدیۆى (ته‌نیا سه‌یرى ئه‌و پیاوه‌ ئێزدیه‌ بكه‌!!) كه‌ مامۆستا له‌ فه‌یسبووك و له‌ نێو ڤیدیۆكانى خۆى له‌ یوتیوب بڵاوى كرۆته‌وه‌.
كۆمه‌ڵگه‌ى زیندوو، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌یه‌ كه‌ به‌زانستى و به‌رپرسیاریه‌تیه‌وه‌ له‌دیارده‌كان ده‌كۆڵێته‌وه‌و زانستیانه‌ ده‌یانخاته‌ شوێنى شایسته‌ى خۆیان و لێناگه‌ڕێ هیچ دیارده‌یه‌ك به‌بێ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا سه‌رهه‌ڵبداو به‌رده‌وام بێت و ببێت به‌كلتوور.
مامۆستا مه‌لا عه‌لى وه‌ك دیارده‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌
وه‌كو پێشتر باسماكرد، مامۆستا بیست ساڵه‌ به‌شێوه‌ى خۆى و وه‌ك خۆى ده‌ڵێ و بڵاوى كردۆته‌وه‌ چاره‌سره‌ى هه‌موو جۆره‌ نه‌خۆشیه‌ك ده‌كات، له‌وه‌ش زیاتر زۆر به‌بڕوابوون به‌خۆ به‌رده‌وام هاوار ده‌كات (جیهان وه‌رن فێربن!! كوردستان وه‌رن فێر بن، پزیشكه‌كان وه‌رن فێر بن، من ئاماده‌م فێرتان بكه‌م، تاجیهان سوود له‌م زانسته‌ ببینێ، كه‌ له‌ ئه‌وروپا نیه‌!! له‌كوردستان هه‌یه‌) ئه‌و مه‌یدان خواستنه‌ى مامۆستا له‌جیهان و كوردستان، ئێستا زاناكان و به‌رپرسه‌ زاناكانى خستۆته‌ گۆشه‌یه‌كى ته‌نگ و پێویسته‌ خۆ رزگا بكه‌ن! خۆ رزگاركردنیش له‌وه‌دایه‌ مامۆستا بخرێته‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ى زانستیانه‌ى تاقیكردنه‌وه‌ى هه‌مه‌لایه‌نه‌و راستى و چاره‌سه‌ره‌كردن و چاره‌سه‌ر نه‌كرنى ده‌ربكه‌وێ.
تاقیكردنه‌وه‌ى مامۆستا مه‌لا عه‌لى
به‌ڵام كێن ئه‌وانه‌ى ده‌توانن مامۆستا مه‌لا عه‌لى تاقیبكه‌نه‌وه‌؟! پزیشكێك ناتوانێ مامۆستا تاقیبكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ته‌نیا زانستى نێو كتێب و مه‌لزمه‌كانى خوێندبێ و نمره‌ى به‌رزى به‌ده‌ستهێنابێ!؟ مامۆستایه‌كى ئاینى ناتوانێ مامۆستا مه‌لا عه‌لى تاقیبكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ته‌نیا پێش نوێژ بكات و مردوو ته‌لقیبن بدات!! ده‌رونزانێك ناتوانێ مامۆستا تاقیبكاته‌وه‌، ته‌نیا تیۆره‌ زانستیه‌كانى ده‌روانزانى خوێندبێ؟! ئه‌وانه‌ى مامۆستا تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌بێ پسپۆرانى وردو هه‌مه‌لایه‌نه‌و كراوه‌ بن، به‌سه‌ر زانسته‌ جیا جیاكان و له‌پیكهاته‌ جه‌سته‌یی و توانا شاراوه‌كان و باوه‌ڕه‌ ئایینیه‌ به‌رچاوه‌كه‌ى مامۆستا به‌دواى هێزو زانستێكى تازه‌دا بگه‌ڕێن!! ئه‌وه‌ش به‌ڕێزگرتن له‌مامۆستا خۆى و كه‌سایه‌تى و زانست و توانا ئاینیه‌كه‌ى ده‌بێت، چونكه‌ مامۆستا وه‌ك له‌ڤیدیۆكاندا ده‌رده‌كه‌وێ نه‌خۆشه‌ گران و له‌مێژینه‌كان ئه‌وانه‌ى زۆر به‌زه‌حمه‌ت زانسته‌ پزیشكى و ده‌روونیه‌كان چاكیان ده‌كه‌نه‌وه‌! ئه‌وه‌ ئه‌چه‌ر چاك ببنه‌وه‌؟! به‌ڵام مامۆستا زۆر به‌ساده‌یی و به‌ئاسانى به‌زوویی و به‌هه‌رزانى و به‌ره‌چاوى كامێراوه‌ بێ پشكنینى تاقیگه‌یی و بێ ئه‌شیعه‌و بێ سۆنه‌رو بێ ده‌رمانى جۆراوجۆر، هه‌ر ته‌نیا به‌و هێزه‌ى خۆى كه‌ ئه‌و ده‌ڵێ (ئه‌و هێزه‌ له‌خواوه‌یه‌و له‌پێغه‌مبه‌ره‌و قورئانه‌وه‌یه‌، من هیچ نیم!! ئه‌وه‌ خوایه‌ نه‌خۆش چاك ده‌كاته‌وه‌، من هۆكارم) كاره‌كانى خۆى ده‌كات.
من لێره‌دا لایه‌نه‌ ئایینیه‌كه‌ لێده‌گه‌ڕێم و ئه‌مه‌ بۆ لێكۆڵه‌رانى تایبه‌ت به‌جێ ده‌هێڵم!! به‌ڵام باس له‌ هێزه‌ به‌رچاوو واقیعه‌كه‌ ده‌كه‌م، ئه‌ویش بوونى نه‌خۆش و چاره‌سه‌ركردنیه‌تى- لاى مامۆستا- من كه‌باسى –زانستى مامۆستا- ده‌كه‌م، مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و زانسته‌ى مامۆستا ئه‌و كارانه‌ى پێ ده‌كات و كردوویه‌تى به‌م زانسته‌ مه‌یدان له‌زاناكانى كوردستان و جیهان ده‌خوازێ!!
ئه‌ركى لیژنه‌ى پسپۆرو هه‌مه‌لایه‌نه‌ ئه‌وهه‌مه‌ زانسته‌ به‌دواى ئه‌م –هێزو زانست-ه‌ى مامۆستادا بگه‌ڕێت!! ئایا.. ئه‌م هێزو زانسته‌ راسته‌ یان ئه‌وه‌ته‌ سیحرو ده‌جه‌له‌ وه‌ك جه‌نابى وه‌زیرى ته‌ندروستى و هه‌ندێك له‌ڕاگه‌یاندن و هه‌ندێك له‌ رۆشنبیره‌كان ده‌ڵێن؟! ئه‌گه‌ر له‌لێكۆڵینه‌وه‌دا ده‌ركه‌وت مامۆستا مه‌لا عه‌لى جادوكارو سیحربازه‌، ئه‌وه‌ پێویسته‌ به‌پێى یاسا كار له‌گه‌ڵ سیحرو جادوكار بكرێت!!
خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت راسته‌و، مامۆستا نه‌خۆش چاك ده‌كاته‌وه‌و ئه‌وه‌ى كه‌ مامۆستا ده‌یڵێ ( 5700) نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ى چاره‌سه‌ركردووه‌و ئه‌و هه‌موو جنۆكه‌ تێچووه‌ى چاككردۆته‌وه‌ ئه‌و هه‌موو نه‌خۆشه‌ جۆراوجۆره‌ى چاره‌سه‌ر كردووه‌، ئه‌وا ماۆمستا هه‌ر ته‌نیا پزیشك نیه‌! به‌ڵكو پزیشكێكى زۆر پسپۆریه‌و (نه‌خۆشخانه‌- گب النبوی)یه‌كه‌شى شارێكى پزیشكیه‌و هه‌موو نه‌خۆشێكى تێدا چاره‌سه‌ر ده‌كرێ.
ئێستا ئێمه‌ له‌به‌رده‌م، سیحربازێك و جادوكارێكداین؟! یان له‌به‌رده‌م زانایه‌كى پڕ له‌زانستى چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌كانداین؟! مامۆستا مه‌لا عه‌لى بیست ساڵه‌ كارده‌كات- وه‌ك خۆى ده‌ڵێ: به‌خۆڕایی چاره‌سه‌ری نه‌خۆش ده‌كات- ئایا له‌م بیست ساڵه‌ مامۆستا بووه‌ته‌ هۆى مردنى كه‌س؟! كه‌سى شێتكردووه‌؟ فێڵى له‌كه‌س كردووه‌و پاره‌ى زۆرى له‌كه‌س وه‌رگرتووه‌؟ كه‌سی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه‌؟!
ئێمه‌ له‌ناوه‌نده‌ پزیشكیه‌كانى كوردستان و جیهان زۆر هه‌واڵى ناخۆش ده‌بیستین! نه‌خۆش به‌هه‌ڵه‌ى دكتۆر ده‌مرێت، مقه‌ست و په‌مۆو داو له‌نێو جه‌سته‌ى نه‌خۆش به‌جێ ده‌مێنێ! خه‌ڵك هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێندرێت و بێ پێویستى نه‌شته‌رگه‌ری گه‌وره‌و به‌پاره‌ى زۆرى بۆ ده‌كرێ! هه‌ندێك له‌پزیشكه‌كان بێ ئه‌وه‌ى پێویست بێت ئه‌شیعه‌و سۆنه‌رو پشكنینی هه‌مه‌جۆر بۆ نه‌خۆشه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌رمانى زۆریان بۆ ده‌نووسن!! ئه‌و كارانه‌ش دیاره‌ چ كاریگه‌رییه‌كى له‌سه‌ر ئابوورى نه‌خۆش و بارى ده‌روونى و جه‌سته‌ى نه‌خۆش به‌جێ دێڵێ!! نمونه‌ش یه‌كجار زۆره‌.
نه‌ هه‌موو پزیشكه‌كان- له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕى رێزم- زاناو سه‌ركه‌وتوون، نه‌ هه‌موو نێوه‌نده‌ پزیشكیه‌كان به‌ته‌واوی كاری زانستى و یاسایی ده‌كه‌ن. نه‌ زانستیش له‌بوارى پزیشكى گه‌یشتۆته‌ كۆتایی ئه‌وه‌ى هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ زۆركارى گه‌وره‌و سه‌ركه‌وتن له‌زۆر بواردا، به‌تایبه‌ت پاش دۆزینه‌وه‌ى (DNA) ترشه‌لۆكى ناوكی له‌ساڵى (1953)دا، هه‌روه‌ها (Nanotechnology) وبه‌كارهێنانى له‌بوارى پزیشكیدا، ئه‌م دووانه‌ زانستى پزیشكیان گه‌یانده‌ ئاستێكى به‌رز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هێشتا زانست پزیشكى زانستێكه‌ له‌تاقیكردنه‌وه‌ دایه‌و به‌رده‌وام له‌گۆڕانه‌. هه‌م له‌م رۆژانه‌دا (دعت اداره‌ الاغژیه‌ العقاقیر الامریكیه‌ PDA هژه الادویه‌ قد تسبب السكته‌ الدماغیه‌) و ناوى چه‌ند جۆره‌ (حه‌ب و كه‌پسول)ێكى دێنێ و قه‌ده‌غه‌یان ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌ركه‌وتووه‌ دواجار به‌كارهێنانیان ده‌بێته‌ هۆى –سه‌كته‌ى ده‌ماغ- ده‌رمانه‌كانیش ئه‌مانه‌ن:

  1. ئه‌دفیل
  2. نایروسین
  3. سیلیریكس
  4. نۆرفین- و ئه‌وانه‌ى هاوچه‌شنیانن
    ئه‌مه‌ پێمانده‌ڵێ: زانست، به‌تایبه‌ت زانستى پزیشكى، به‌ ده‌روونى و جه‌سته‌ییه‌وه‌ به‌رده‌وام خۆى زانستێكه‌ له‌تاقیكردنه‌وه‌ دایه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو كاره‌ مه‌زن و خزمه‌ته‌ جوان و كاره‌ زانستیانه‌ى له‌هه‌موو جیهان به‌رده‌وام له‌بوارى پزیشكیدا ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام له‌م هه‌وڵه‌ تاقیكردنه‌وه‌ییانه‌دانه‌، زۆرجار زیان و كه‌موكورتى خۆیان هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ته‌ (له‌ساڵى 1976 سه‌رجه‌م پزیشكه‌كانى شارى (لۆس ئه‌نجلۆس)ى ئه‌مریكا مانیان له‌كاره‌كانیان گرت بۆ ماوه‌ى یه‌ك مانگی ته‌واو كاریان نه‌كرد، ئه‌و ماوه‌یه‌ رێژه‌ى مردن له‌ (18%) كه‌می كرد!) ئه‌و هه‌واڵه‌ به‌ساده‌یه‌وه‌ پێمان ده‌ڵێ : 18% مردنه‌كان هۆیه‌كه‌ى پزیشكه‌كان بوون!! دیاره‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ هه‌روا به‌ساده‌یی ناخوێندرێته‌وه‌!! به‌ڵام، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر راستیه‌كى تێدابێ ئه‌وا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زانستى پزیشكى هێشتا هه‌ر له‌تاقیكردنه‌وه‌ دایه‌و تاقیكردنه‌وه‌ش زۆروكه‌م زیانى خۆى هه‌یه‌.
    ئێمه‌ بڕواى ته‌واومان به‌زانست هه‌یه‌! به‌ڵام زانست له‌هه‌موو بواره‌كانى ژیان نه‌گه‌یشۆته‌ كۆتایی و له‌بوراێكه‌وه‌ بۆ بوارێكى تر جیاوازى هه‌یه‌. زانستى بوارى ته‌كنۆلۆژیا سه‌ركه‌وتووتره‌ له‌زانستى پزیشكى، به‌ به‌شه‌ ده‌روونى و جه‌سته‌یه‌كه‌وه‌، ئه‌مه‌ش كارێكى ئاساییه‌، جونكه‌ زاناى ته‌كنۆلۆژیا كه‌ به‌رهه‌مه‌ زانستیه‌كه‌ى سه‌ركه‌وت كارگه‌و كۆمپانیا به‌رهه‌مه‌كه‌ له‌سه‌ر شێوه‌ى خواستى ئه‌و زانایه‌ دروست ده‌كه‌ن و ده‌یخه‌نه‌ بازاڕ، ئه‌گه‌ر زیانى هه‌بێ له‌خراپ و هه‌ڵه‌ به‌كار هێنانیه‌تى له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌.
    به‌ڵام زانستى پزیشكى، كاره‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى تره‌، ده‌بێ پزیشكه‌كان له‌زانسته‌ تازه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى دا، بگه‌نه‌ ئاستێكى زۆر به‌رز تا راده‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ زاناى دۆزه‌ره‌وه‌ لێیان رازى بێت، ئه‌مه‌ش كارێكى ئه‌سته‌مه‌ چونكه‌ فراوانى جیهان و زۆری پزیشكه‌كان و ئاستى پێشكه‌وتن و بارى رۆشنبیری و دیموكراتیانه‌ى وڵاتان كار له‌سه‌ر ئاستى پێشكه‌وتنى پزیشكى ده‌كات و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌موو پزیشكه‌كان ناگه‌نه‌ یه‌ك ئاست و ئه‌و ئاسته‌ى زاناكان لێیان رازى بن، هه‌ر بۆیه‌ش رۆژانه‌ هه‌واڵى ناخۆش و تاوان ئامێز له‌نێوه‌نده‌ پزیشكى و له‌ دكتۆره‌كان ده‌بیستین!! به‌تایبه‌ له‌وڵاته‌ دواكه‌وتووه‌كان، به‌داخه‌وه‌.
    ئه‌گه‌ر كه‌موكورتییه‌ك له‌كاره‌ زانستیه‌كاندا هه‌بێ، دوو هۆى هه‌یه‌، یه‌كه‌م: ئه‌وه‌یه‌ زانست به‌تایبه‌ت زانستى پزیشكى به‌رده‌وام له‌تاقیكردنه‌وه‌ دایه‌. دووه‌م: له‌كادیری به‌كارهێنه‌ری زانستیه‌كه‌یه‌، كه‌ هه‌ندێكیان له‌به‌ر زۆر هۆكار سه‌ركه‌وتوو نین له‌به‌كارهێنانی ده‌رمان و چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشیدا.
    سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌مانه‌ش، چارێكى ترمان نیه‌ جگه‌ له‌وه‌ى به‌پشوێكى درێژو به‌دڵسۆزانه‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌وه‌ په‌نا بۆ زانست به‌رین له‌سه‌ر رێگاى زانست خزمه‌ت به‌مرۆڤ بكه‌ین.
    هه‌ر بۆیه‌ پیویست ده‌كات مامۆستا مه‌لا عه‌لى كوردی- كه‌له‌ك- خاوه‌نى نه‌خۆشخانه‌ى (گب النبوی) به‌ به‌رنامه‌یه‌كى زانستیانه‌و هه‌مه‌ لایه‌نه‌و دڵسۆزانه‌ به‌رنامه‌یه‌كى زانستیانه‌و هه‌مه‌ لایه‌نه‌ بیخه‌ینه‌ نێو تاقیكردنه‌وه‌و بڕیارى پێشترى له‌سه‌ر نه‌ده‌ین و به‌سۆزو توڕه‌یه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ نه‌كه‌ین و به‌دواى راستیه‌ زانستیه‌كه‌دا بگه‌ڕێین، ئه‌و زانسته‌ى لاى ئه‌و هه‌یه‌، ئێمه‌ نایزانین!! ره‌نگه‌ خۆشى نه‌یزانێچ زانستێكه‌؟! چ وزه‌یه‌كه‌؟! ئه‌گه‌ریش ده‌ركه‌وت مامۆستا ساحیرو جادوكاره‌!! ئه‌وه‌ پێویسته‌ پێى بڵێین مامۆستا به‌سه‌و چیتر جادو له‌م خه‌ڵكه‌ هه‌ژارو بێ نه‌وایه‌ مه‌كه‌و یاساش ئاوا هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ جادوكار ده‌كات!!
    خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت راسته‌و نه‌خۆشی چاككردۆته‌وه‌و ئێستا ده‌توانێ خه‌ڵك چاك بكاته‌وه‌- هه‌ڵبه‌ت به‌شێوه‌ زانستى و ئیمانیه‌كه‌ى خۆی- ئه‌وا به‌و شێوه‌یه‌ى كه‌ ئه‌و پێویستیه‌تى، رێگاى بۆ خۆش بكه‌ین و یارمه‌تی پێویستى بده‌ین و بیكه‌ین به‌و پزیشك و مامۆستایه‌ى خه‌ڵكى ترو گه‌نجه‌كانمان فێرى ئه‌و زانسته‌ بكات!! چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ راست بێت و ده‌ربكه‌وێ نه‌خۆش چاككردۆته‌وه‌و ده‌توانێ خه‌ڵكى تریش فێری ئه‌و زانسته‌ بكات، ئه‌وا كوردستان زانایایه‌كی لێهاتووى بۆ په‌یدا ده‌بێت و به‌سه‌ر خێرو بێرێكى بێ وێنه‌دا ده‌كه‌وێ و جیهان سوودى لێ ده‌بینێ.
    ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین، بۆ هه‌ر نه‌خۆشیه‌كى جه‌سته‌یی و ده‌روونى زیاتر له‌هۆكارێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مرۆڤ تووشى ئه‌و نه‌خۆشیه‌ ببێت، هه‌روه‌ها بۆ چاره‌سه‌رى هه‌ریه‌ك له‌م نه‌خۆشیانه‌ش زیاتر له‌ رێگایه‌ك و چاره‌سه‌ریه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و نه‌خۆشه‌ چاك ببێته‌وه‌، كێ ناڵێ چاره‌سه‌ریه‌كانى ماۆمستاش یه‌كێك نیه‌ له‌و رێگایانه‌ى كه‌ نه‌خۆشیه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات؟ به‌و رێگایه‌و توانایه‌ى مامۆستا هه‌یه‌تى، به‌رده‌ام مه‌یدان له‌كۆمه‌ڵگه‌و پزیشكه‌كان ده‌خوازێ، دوا مه‌یدان خواستنى به‌ئاشكراو له‌ڕاگه‌یاندنه‌كان بوو، ئاماده‌یی خۆى ده‌ربڕى بۆ چاره‌سه‌ركردنى (موعته‌سه‌مى زنجیركراو) مه‌لا عه‌لى داوای بینینى ئه‌و گه‌نجه‌ ده‌كات كه‌ زنجیریان له‌مل كردبوو، تۆ بڵێى ئه‌و هه‌مو مه‌یدان خواستنه‌ى مه‌لا عه‌لى به‌خۆڕایی و له‌شێتییه‌وه‌ بێت؟ پێشتریش هه‌ر مه‌لا عه‌لى ئاماده‌یی خۆى ده‌ربڕیوه‌ بۆ زۆر نه‌خۆشى گران و زۆر كه‌سایه‌تى دیارو ناسراو.
    مامۆستا مه‌لا عه‌لی و راگه‌یاندنه‌كان
    به‌هۆى به‌رده‌وامى كاركردنى مامۆستا وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ چاره‌سه‌رى نه‌خۆشان ده‌كات و خه‌ڵكێكى زۆریش له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ رووى تێده‌كه‌ن، مامۆستا ئاماده‌ییه‌كى به‌رده‌وامى هه‌یه‌، له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ى راگه‌یاندنه‌ نووسراوه‌كان و شاشه‌ى بینراوه‌كان و مایكڕۆفۆنى بیستراوه‌كان.
    به‌داخه‌وه‌ كۆى راگه‌یاندنكاران هه‌ڵسوكه‌وتێكى ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڕێزه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ دواجار به‌قازانجى زانست و به‌رژه‌وه‌ندى كۆمه‌ڵگه‌ بشكێته‌وه‌، هه‌ندێك له‌ڕاگه‌یاندنه‌كان به‌مه‌به‌ستى ئایدۆلۆژى ده‌یانه‌وێ به‌ (پیرۆزى) بخه‌نه‌ به‌رچاوى خه‌ڵك و هه‌ندێكشیان به‌جۆرێك سوكایه‌تى پێكردن و بێ به‌هاكردنى كاره‌كه‌ى ده‌یخه‌نه‌ به‌رچاوى كۆمه‌ڵگا، بێ ئه‌وه‌ى هه‌ردوولا بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ مامۆستا كار له‌سه‌ر ده‌روون و جه‌سته‌ى تاكى ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ده‌كات!! ئه‌گه‌ر مامۆستا هه‌ڵه‌یه‌ با ئه‌وان پیرۆزى نه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ریش راسته‌ ئه‌وا سوكى نه‌كه‌ن!! جگه‌ له‌م دوو جۆره‌ راگه‌یاندنه‌، هه‌ندێكیش له‌ڕاگه‌یاندنكاره‌كان زۆر به‌داخه‌وه‌ هیچ له‌ ئه‌ته‌كێت و ئه‌ركى كاره‌كه‌ى خۆیان نازانن ته‌نیا مه‌به‌ستیان ده‌رچوونى خۆیان و پڕكردنه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌ى رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان و ده‌ركه‌وتنى سه‌ر شاشه‌ى ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌!!
    به‌داخه‌وه‌ مامۆستا خۆیشى هه‌موو جارێ سه‌ركه‌وتوو نیه‌ له‌به‌ركارهێنانى راگه‌یاندنه‌كان، زۆرجاران راگه‌یاندنكار هه‌تا پزیشكه‌ به‌ڕێزه‌كانیش كه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا پێكه‌وه‌ له‌یه‌ك به‌رنامه‌دا ده‌رده‌كه‌ون ئه‌و دوانه‌ ناتوانن به‌زمانێك گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌كدا بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى له‌یه‌ك تێبگه‌ن!
    پزیشكه‌كان به‌زانستى پزیشكى رووت و چه‌ندو چۆن له‌گه‌ڵ مامۆستا ده‌كه‌ن! له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ مامۆستا ده‌رچووى كۆلیژى پزیشكى و به‌شى ده‌روونى نیه‌!! هێزو زانسته‌كه‌ى!؟ مامۆستا له‌شوێنێكى دیكه‌یه‌!! هه‌روه‌ها مامۆستا مه‌لا عه‌لى ئه‌ویش بۆ خۆى ده‌یه‌وێ به‌زمانى زانستێك قسه‌ بكات كه‌ زانستیانه‌ نه‌یخوێندووه‌، بۆیه‌ پزیشكه‌كان له‌گه‌ڵ مامۆستا سه‌ركه‌وتوو نابن و مامۆستاش به‌م شێوه‌ خۆ ده‌رخستنه‌ زیان به‌خۆى ده‌گه‌یه‌نێت.
    هه‌ر بۆیه‌ ئه‌ركى لیژنه‌ى تاقیكردنه‌وه‌ى مامۆستا بۆ ئه‌وه‌یه‌ بزانین، مامۆستا چ كارێكى پزیشكى كردووه‌، نه‌خۆشى نه‌خۆشه‌كان چى بوون؟ چۆنى چاره‌سه‌ر كردوون؟ چونكه‌ ره‌نگه‌ –هه‌تا راده‌یه‌ك دڵنیاشم- كه‌ مامۆستا به‌دروستى نهێنى و هێزى كاركردنى خۆی نازانێ!! ئه‌گه‌ر پێیوایه‌، ئه‌و موسڵمانه‌و به‌ قورئان خوێندن و هه‌نگوین و ره‌شكه‌و سیرو میزى وشترو چى و چی… ئه‌مانه‌ چاره‌سه‌رى نه‌خۆش ده‌كه‌ن!! ئه‌وا قورئان خوێنى ده‌نگ خۆشتر له‌ مامۆستاش هه‌یه‌!! هه‌نگوین و ره‌شكه‌و سیرو میزى وشتریش ده‌ست هه‌موو كه‌س ده‌كه‌وێ!! نا، سه‌ره‌ڕاى ئه‌مانه‌ هه‌مووى –هێزێكى تر- لاى مامۆستا هه‌یه‌، دۆزینه‌وه‌و ناسینى ئه‌و هێزه‌ گرنگه‌، چ بۆ ئێمه‌، چ بۆ مامۆستا خۆى.
    لیژنه‌یه‌كى پێویست
    مامۆستا مه‌لا عه‌لى به‌كاره‌ سه‌یرو گرنگ و ترسناكه‌كانی سنوورى كوردستانى به‌زاندووه‌و بووه‌ به‌دیارده‌یه‌كى هاوچه‌رخ و جیهانى!! ئه‌گه‌ر به‌وردی هه‌واڵى كارو كاردانه‌وه‌كانى مامۆستا مه‌لاى عه‌لى بخوێنینه‌وه‌، ئه‌وا هه‌واڵى سه‌یرو باوه‌ڕ نه‌كرده‌نیش ده‌بینین.
    من زیاتر له‌ ده‌ ساڵه‌ كه‌م كه‌م هه‌واڵى مامۆستا ده‌بیستم، تائێستا به‌ده‌یان و سه‌دان هه‌واڵى ڤیدیۆیی مامۆستام خوێندۆته‌وه‌و بینیوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ هه‌موو ناتوانم بڵێم: راسته‌ مامۆستا چاره‌سه‌رى هه‌موو ئه‌م نه‌خۆشانه‌ى كردووه‌ كه‌ وێنه‌ى گرتوون و باسیان ده‌كات، هه‌روه‌ها ناشتوانم بڵێم: هیچ یه‌ك له‌و هه‌واڵ و چاره‌سه‌ریانه‌ راست نین و مامۆستا هیچ نه‌خۆشێكى چاك نه‌كردۆته‌وه‌!! به‌ڵام، به‌ته‌واوی باوه‌ڕوه‌ به‌پێویستى ده‌زانم لیژنه‌یه‌كى پسپۆر،پسپۆرى جیا جیای شاره‌زاو كراوه‌و ئاگادار له‌زانسته‌ جیا جیاكانى زانستى ئایینى و زانستى بایۆلۆژى و زانستى رۆحانى و زانستى رووه‌كناسى و گیا ده‌رمانى و پزیشكى شه‌عبی، پێكبێت و به‌وردى كارو تواناكانى مامۆستا بخه‌نه‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌و زانستیانه‌، هه‌ریه‌كه‌ به‌پیى زانستى پسپۆریه‌كه‌ى خۆى به‌دواى هێزو زانست و نهێنى مامۆستادا بگه‌ڕێن و دواجار بڕیارى زانستیانه‌ له‌سه‌ر كاركردن و كارنه‌كردنى مامۆستا بده‌ن. به‌ڕاى من ئه‌ركى پیكهێنانى ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ى خواره‌وه‌:
  5. وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى
  6. وه‌زاره‌تى رۆشنبیریی
  7. وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى
    له‌نێو حكومه‌تى هه‌رێم و په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌م سێ وه‌زاره‌ته‌ به‌رپرسن له‌وه‌ى پێناسه‌ى راستى و زانستى مامۆستا مه‌لا عه‌لی كوردی بخه‌نه‌ به‌رچاوى خه‌ڵكى كوردستان و جیهان، ناكرێ كه‌سایه‌تیه‌ك بیست ساڵ له‌ته‌كمان و به‌ به‌رچاومانه‌وه‌ رۆژانه‌ ده‌یان نه‌خۆش (چاره‌سه‌ر!) بكات و له‌هه‌موولایه‌كه‌وه‌ رۆژانه‌ خه‌ڵك رووى تێبكه‌ن و گیان و جه‌سته‌ى خۆیان بخه‌نه‌ به‌رده‌ستى، ئێمه‌ش له‌سه‌ر ئاستى فه‌رمى بڕواى پینه‌كه‌ین و له‌وه‌ش زیاتربه (جادوكارو ساحیرو خه‌رافه‌و ده‌جالى بزانین!!) كه‌چى ئه‌و (ده‌جال و ساحیر؟!)ه‌، به‌ به‌رچاومانه‌وه‌ كاربكات و هاوار بكات و قسه‌ى جدی له‌باره‌ى جه‌سته‌و ده‌روون و ژیانى خه‌ڵكه‌وه‌ بكات، خه‌ریكی جۆرێك له‌پزیشكی بێت كه‌ ئه‌و بۆ خۆى به‌پزیشكى ئایینى و (گب النبوى) ناوى ده‌بات، مامۆستا مه‌لا عه‌لى هه‌ر ئایینێكى هه‌بێ و له‌ژێر هه‌ر ناوێك ئه‌و كاره‌ بكات،گرنگ نیه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ مامۆستا تائێستا كه‌سى چاك كردۆته‌وه‌ كه‌ نه‌خۆش بوو بێت؟ ئه‌وه‌ به‌رده‌ام مه‌یدان ده‌خوازێ، ئه‌رێ ده‌توانێ –له‌ژێر تاقیكردنه‌وه‌ى- كه‌سێ چاك بكاته‌وه‌؟ ئه‌ركى لیژنه‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت و پێویسته‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م دوو پرسیاره‌ بكات و به‌دواى وه‌ڵامه‌كانیدا بگه‌ڕێت!!
    چه‌ند خاڵێك له‌باره‌ى كه‌سایه‌تى –چاره‌سه‌ركارى- نه‌خۆشیه‌كانى مامۆستا مه‌لا عه‌لى كوردی:
  8. مامۆستا مه‌لا عه‌لى ته‌واوى (چاره‌سه‌ركردن!!)ه‌كانى به‌ به‌رچاوى كامێراكان ده‌كات و زۆربه‌ى هه‌ر زۆریشى بڵاوكردۆته‌وه‌.
  9. له‌زۆربه‌ى ڤیدیۆكان مامۆستا به‌وپه‌ڕى بڕوا به‌خۆبوونه‌وه‌ ده‌ڵێ: ئێستا به‌ئیزنى خوا چاك ده‌بێته‌وه‌!! به‌تایبه‌ت ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى كه‌ مامۆستا ده‌ڵێ 🙁 جنیان چووه‌ته‌ جه‌سته‌ى) نه‌خۆشه‌كان ته‌واو له‌بارێكى ناسروشتى دان، كه‌چى كه‌ مامۆستا قورئانیان له‌سه‌ر ده‌خوێنێ و ده‌یانباته‌ ژوورێك (پاش چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك!!) نه‌خۆش به‌پێى خۆى دێته‌ ده‌ره‌وه‌، بۆ راستى سه‌یرى ڤیدیۆكانى بكه‌ن له‌ فه‌یسبووكه‌كانى و یوتیوبى مامۆستا مه‌لا عه‌لى.
  10. مامۆستا زۆر به‌زوویی ئه‌و جۆره‌ نه‌خۆشانه‌ چاك ده‌كاته‌وه‌.
  11. مامۆستا زۆر به‌ساده‌یی و به‌شێوه‌یه‌كى شه‌عبی پێشوازى له‌ نه‌خۆش ده‌كات.
  12. زۆر به‌هه‌رزانى ئه‌م جۆره‌ نه‌خۆشانه‌ چاك ده‌كاته‌وه‌!!
  13. پێشوازى له‌هه‌موو جۆره‌ نه‌خۆشێك ده‌كات و- به‌شێوازى خۆى- چاره‌سه‌ریان بۆ دیارى ده‌كات.
  14. نه‌خۆش هه‌ر دینێكى هه‌بێ و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك و له‌هه‌ر چینێك بێت، ژن بێت یان پیاو، گه‌وره‌ بێت یان بچووك، مامۆستا وه‌ك یه‌ك سه‌یریان ده‌كات.
    ئه‌مانه‌ هه‌موو بوونه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ خه‌ڵكێكى زۆر له‌زۆرلاوه‌ بڕوا به‌ مامۆستا بكه‌ن و له‌نزیك و دووره‌وه‌ بێن و نه‌خۆشه‌كان خۆیان بێنن و بیخه‌ نه به‌رده‌ستى مامۆستا مه‌لا عه‌لى كوردی.
    تێبینى:
    هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ى من له‌باره‌ى مامۆستا مه‌لا عه‌لى هه‌مه‌، به‌هۆى ئه‌و به‌دواداچوونه‌ به‌رده‌وامه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام سه‌یرى فه‌یسبووك و ڤیدیۆكانى ده‌كه‌م، چاوپێكه‌وتنه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانى ده‌بینم، هه‌رچى له‌باره‌ى نووسراوه‌، هه‌وڵمداوه‌ هه‌مووى بخوێنمه‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌ ساڵ ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى راستى بێت (مامۆستا مه‌لا عه‌لى)م له‌نزیكه‌وه‌ نه‌بینیوه‌و، هه‌ر به‌هۆى ئه‌وه‌ به‌دواداچوونه‌ به‌رده‌وام و زۆره‌وه‌، گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ى كه‌ مامۆستا هێزێكى تایبه‌تى هه‌یه‌، ئه‌و هێزه‌ مامۆستا له‌چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌كانى خه‌ڵك) به‌كارى دێنێ، هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ به‌زانستى و به‌ به‌رپرسیاریه‌تیه‌وه‌، به‌و په‌ڕى رێزگرتن له‌كه‌سایه‌تى مامۆستا خۆى و –بێ بڕیارى پێشوه‌خته‌- ئه‌ندامانى لیژنه‌ به‌دواى ئه‌و هێزه‌دا بگه‌ڕێن كه‌ مامۆستا هه‌یه‌تى و به‌كارى دێنێ.
    چونكه‌ چ له‌مێژوودا چ له‌واقیعی ئێستاداو نمونه‌ى كه‌سیه‌تى ئاوا هه‌ن و ده‌ركه‌وتوون كه‌ هێزى تایبه‌ت و (ئه‌سته مبڕ- خارق)یان هه‌یه‌و هه‌بووه‌، ئه‌مڕۆ ئێمه‌ له‌سه‌ده‌ى بیست و یه‌كدا ده‌ژین، زانست له‌هه‌موو رووێكه‌وه‌ پێشكه‌وتووه‌، هه‌ر بۆیه‌ پێویست ده‌كات ئێمه‌ش مامۆستا مه‌لا عه‌لى و كه‌سانى وه‌كو مامۆستا پێناسه‌ بكه‌ین، پێناسه‌یه‌كى دروست و زانستى.
    له‌م كاره‌شدا ده‌توانین یارمه‌تى له‌م نێوه‌ندو وڵاتانه‌ بخوازنین كه‌ شاره‌زان له‌م بواره‌داو تاقیكردنه‌وه‌ى سه‌ركه‌وتوویان هه‌یه‌، چونكه‌ وه‌كو پێشتر وتم: ئێستا مامۆستا مه‌لا عه‌لى، ره‌هه‌ندێكى جیهانى وه‌رگرتووه‌و ناوو ناوبانگى و كارو چالاكى له‌سنوورى كوردستان چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.
    سه‌رچاوه‌كانى ئه‌و نووسینه‌:
    ئه‌و نووسینه‌ له‌رووى شێوه‌ى نووسینه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیه‌! زۆرتر له‌شێوه‌ى وتارى رۆژنامه‌وه‌ نزیكه‌ تا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى زانستى- به‌تایبه‌ت رێبازى نووسینه‌كه‌- ده‌نا له‌ڕووى زانستیه‌وه‌ پشت به‌زۆر سه‌رچاوه‌ به‌ستراوه‌و من خۆشم به‌رپرسم له‌ وشه‌ به‌وشه‌ى ئه‌م وتاره‌ زانستیه‌ رۆژنامه‌وانیه‌و له‌كاتى پێویستیش هه‌موو سه‌رچاوه‌كان له‌به‌رده‌ستن.
    ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ باره‌ى مامۆستا مه‌لا عه‌لى و كاره‌كانیه‌وه‌ قسه‌م كردووه‌، له‌وه‌دا پشتم به‌ستوه‌ به‌ فه‌یسبووكه‌كانى مامۆستاو ڤیدیۆكانى یوتیوب و چاوپێكه‌وتنه‌ رۆژنامه‌وانى و رادیۆیی و ته‌له‌فزیۆنیه‌كانى به‌ستووه‌، كه‌ من ماوه‌یه‌كى دوورو درێژه‌ دوور به‌دوور به‌دواى هه‌واڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانى مامۆستادا ده‌چم.