دیپلۆماسییەتی قەسریی تورکیا لە داعش و ریفراندۆمەوە، بۆ کودێتا دژی لاهور.. لاوان ع عەلیی – کامیار سابیر

لە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریای عوثمانیی و دروستبوونی تورکیا بەم جیۆگرافیا سیاسییەی ئێستایەوە، دەوڵەتی قووڵی تورکیا، هەمیشە کاری لەسەر رەهەندی پانتورکیی، هەندێجار پانتۆرانیی و زۆرتریش لەسەر ناسیۆنالیزمی تورکیی ناو تورکیا، کردووە. لە دوای هاتنی حیزبەکەی ئەردۆغان بۆ دەسەڵات کە باکگراوندێکی ئیخوانیی-ئیسلامیی هەبوو، ئەم روئییە سیاسییەی ئەردۆغان، بۆ رەهەندێکی فراوان گوزەری کرد و ناسیۆنالیزمی نەژادیی- تورکیی و هەژموونی دیینیی تێکەڵ کرد و ناسیۆنالیزمی دیینیی religious nationalism بە باکگراوندێکی ئیخوانیی و تەعەصوبی نەژادیی و سوننییبونەوە، جێکەوت کرد. ئەم ناسیۆنالیزمە دیینییە( دروستترە بگوترێ ناسیۆنالیزمی طائیفیی)، حەنیینی بۆ ئەمجادی سوڵطانە عوثمانییەکان ئەگەڕایەوە و خەونی بەوەوە ئەبیینی کە بەشێک لە جیۆگرافیا سیاسییەکەی جارانی وەکو فەرع، بۆ سەر کۆتەرەی رزییوی عوثمانییەکان بگەڕێنێتەوە.

لە سەرەتای دروستبوونی داعشەوە، دەوڵەتی قووڵی تورکیا، بە عەسکەر و ئەمنەوە، بە سیاسەت، بە موخابەرات و دیپلۆماسییەتەوە، تەنانەت لە ئاستی پۆپیولیزمی نەژادییشدا، پاڵپشتیی سەرکەوتنی پرۆژەی داعشیان ئەکرد و هەرچی حیقدی طائیفیی و عوروبیی( نیسبەت بۆ سوننەکانی سوریا) و تورکیی( نیسبەت بۆ تورکمانەکانی سوریا) هەبوو بەسەر رژێمە عەلەوییەکەی ئەسەددا رشتیان و بە تەواویی کەوتنە کار بۆ سەرخستنی پرۆژەکەی داعش، کاتێکیش داعش پەلی کێشا بۆ عێراق، بە هەموو ئیمکانییاتی دەوڵەتی تورکیا و بە هاوکاریی پرۆکسییەکانی خۆی( حەشدی کوردایەتییەکەی بارزانیی و بەعثییە عوروبییەکانی سوننەی عەرەب و تەعاظومی ماسوولکەی پانتورکییبوونەکانی تورکمانە سوننەکانی عێراق)، هاوکات لەگەڵ شێخەکانی خەلیجدا، لە هەوڵی روخاندنی حکومەتی عێراق و دابڕیینی ناوچە سوننییەکانی عێراقدا( عەرەبی سوننە و کورد) بوون. دەعمی عەسکەریی و لۆجیستیی و مەعنەویی تورکیا، لە ناردنی چەک و کردنەوەی سنوورەکان بۆ بازرگانیی داعش و هێشتنەوەی قونصڵخانەی تورکیا بە کراوەیی لە موصڵ بۆ ئەوەی شەرعییەت بدات بە داعش، دەستیپێکرد. تاوانەکانی داعش دەرهەق بە ئێزیدییەکانیش، بە تەنسیقی حەشدی کوردایەتیی و حەشدی ئەردۆغانیی و داعش بوو، بە واتایەکی فیکریی، ناسیۆنالیزمی دیینیی-تورکیی-عەرەبیی-سوننیی- ئیخوانیی تێیدا بەشدار بوون.
کاتێ داعش، جەنیین( الجنین)ە شەرعییەکەی ئەردۆغان و موخابەراتە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکان لە باری عەسکەریی و ئەمنییەوە لە عێراق و لە سوریا، کەم تا زۆر شکستیان خوارد، بە هاوکاریی هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبیی و هێزە کوردییەکانی کوردستانی سوریا( قەسەدە) و هێزی پێشمەرگە. ئەوکات، تورکیا تێگەیشت کە خەونی گەڕانەوەی ویلایەتی موصڵ و خورافاتی میثاقی میللیی، لە لایەن ئەمێریکا، ئەوروپا، روسیا، ئێران و وڵاتانی عەرەبیی و تەنانەت چاینەشەوە(چین)، نەک هەر مەرفوضە بەڵکو موستەحیلە لێ گەڕێن ئەوە روو بدات. دواتر کارتی ریفراندۆمی ناڕاستەوخۆ لە رێگەی بارزانییەوە، بۆ گەیشتن بە نەوتی کەرکوک و غازی چەمچەماڵ، بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئابووریی و سیاسیی تورکیا، بەگەڕ خست. هەر زوو تێگەیشت ئەمەیشیانی بۆ ناچێتە سەر، هەر بۆیە بێدەنگیی لە ریفراندۆم کرد، لە سەروبەندی ریفراندۆمەکەشدا، بە سووکایەتییەوە کەوتە گاڵتەکردن بە بارزانیی، بەڵام نێچیرڤان بارزانیی، چونکە لە ئەردۆغانەوە نزیک بوو، هەر لەسەرەتاوە، لەگەڵ ریفراندۆمدا نەبوو، بەڵام لە ترسی مامی، هەر لە ژێر لێوەوە، منگەمنگی ئەکرد.

دیپلۆماسییەتی قەسریی یان جەبریی( ئەوەی بە ئینگلیزیی پێیئەگوترێ کەوێسیڤ Coercive )، ئەکرێ بە کوردیی پێیبگوترێ دیپلۆماسییەت بە تۆبزیی، لەباری ثێورییەوە ئەوە ئەگەیەنێت، دەوڵەتێک یان کیانێک، ئەجێندا سیاسیی و عەسکەریی، ئابووریی و کولتوورییەکانی خۆی، وەکو ئەمری واقیع ئەسەپێنێت، بێئەوەی پەنا بۆ شەڕی راستەوخۆ و رووبەڕووبوونەوەی عەسکەریی بەرێت. ئێستا تورکیا ئەیەوێت، میثاقی میللیی بە شێوە فەنتازیا دیپلۆماسییەکە تەوظیف بکات، بە کەمتریین بەکارهێنانی هێز، یان ئەصڵەن هەر هێز بەکار نەهێنێت. کودێتاکەی ماڵی تاڵەبانیی و ئیبراهیم ئەحمەد بە موبارەکە و موبادەرە و ماستەرمایندی تورکیا و پارتیی و بێدەنگیی ئێران، رێک جێکەوتکردنی دیپلۆماسییەتی قەسریی تورکیایە لە ناوچەکانی سلێمانیی و لەم رێگەیەشەوە، ئینقیلابیان بەسەر لاهوردا کرد. راستە شەهییەی ئینقیلابەکە بۆ حەزی خاوەندارییەتیی بنەماڵەی تاڵەبانیی ئەگەڕێتەوە کە بۆ دەسەڵات و پارەی دەیان میلیارد دۆلارییە، بەڵام فاکتەری ئیقلیمیی و لۆکاڵیی( ماڵی بارزانیی)، فۆرمۆلە و ثێورایز و پراکتیزەی ئەم ئینقیلابەیان کرد و بێدەنگیی ئێرانیان( بە تەنازولاتە نەزانراوەکانی پارتیی بۆ ئێران) لەو قۆناغەدا، مسۆگەر کرد و بە فیعلیی، لاهوریان لای کەم لەم دۆخەدا لە دەسەڵات، خست.

فراوانخوازیی و باڵابوونی هەژموونی تورکیا، مەترسییدارە. بە قەبارەی مەترسییەکانی داعش، بگرە تورکیا بە دیپلۆماسییەت و مروونەت ئەیکات، لە کاتێکدا داعش بە سەربڕیین و سەبایاکردنی ژنانەوە، ئەیکرد. دیپلۆماسییەتە قەسرییەکەی تورکیا ئەکرێ بگوترێ باشتر ئەچێتە ناو خەڵکەوە، بە تایبەتیی باکگراوندی سوننییبوون و ئیخوانییبوونی هێزە ئیسلامییەکانی کوردستانی عێراق و ئیمارەتی شێخنشیینەکانی کوردایەتیی و حیقد و کەراهییەتی نەتەوەییەکانی کورد لە عەرەب و لە شیعە و لە عێراق، هەموویان موقەوەماتی ئەم پاوانخوازییەی تورکیا، حەشدی ئەردۆغانیی و دیپلۆماسییەتە قەسرییەکەین. داعش، بە زەبری هێز و فەنتازیای ئایدیۆلۆژیی، ئەیویست عێراق و سوریا، هەڵبوەشێنێتەوە و ئیمتیدادی عوثمانییەکان بەسەر شام و عێراقدا بسەپێنێتەوە لە ژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامیی، دەی ئێستایش ئیخوانییەکان و قەومییەکانی کورد و زۆریینەی رەهای ئەوانەی بە حیقدی طائیفیی و نەژادیی دوای مەهزەلەی ریفراندۆم و دەوڵەتی شاعیرانەی کوردیی کەوتن، پاسیڤانە و بە قەناعەتەوە، لایەنگریی لە دیپلۆماسییەتەکەی تورکیا ئەکەن و حەز ئەکەن رۆژێک عێراق، لە خەونی ئەواندا، زووتر هەڵبوەشێتەوە و سلێمانیی، گەرمیان و دەڤەری راپەڕیین، بگرە بییرە نەوتەکانی کەرکوک و غازەکەی چەمچەماڵیش، وەکو هەولێر و دهۆک، بۆ ژێر دیپلۆماسییەتە قەسرییەکەی تورکیا و هەژموونە فراوانخوازییەکەی، لای کەم وەکو دیفاکتۆیەکی وێنەکراو، بگەڕێننەوە.

سەرەنجام، تورکیا و ئەردۆغان، کارتی داعش و ریفراندۆمی بارزانییان، سوتا، ئێستا، پەنا بۆ ئەکتی سیاسیی تر ئەبەن و لە رێگەی دیپلۆماسییەت و هەڕەشە و عەمەلییاتی ئیرهابییەوە، ئەیانەوێ ناوچەکانی سلێمانیی و کەرکوکیش، بخەنە ژێر هەیمەنەی دەسەڵاتێکی لۆکاڵیی و لۆردێکی کوردایەتیی و والییەکی موطیع کە ئەجێندا ئابووریی، سیاسیی و ئەمنییەکانی تورکیا لەبەرچاو بگرێت. کودێتای ٨ی تەمموز دژی لاهوری هاوسەرۆکی یەکێتیی، بەبێ گڵۆپی سەوزی ئێران و بێدەنگبوونی ئێران و بگرە بەشدارییکردنی ناڕاستەوخۆ، جێکەوت نابوو، چونکە تورکیا و موخابەراتەکەی باش ئەزانن کە سەرکێشییەکی لەو جۆرە، چوونە بن سنوورەکانی ئێرانەوە لە ناوچەکانی یەکێتییەوە، نەک هەر کۆتاییهاتنی ماڵی تاڵەبانیی بەدوادا دێت و سەریان ئەخوات، بەڵکو رووبەڕووبوونەوەیەکی راستەوخۆی تورکیا ئەبێت لە دژی هەیمەنەی ئێران لە ناوچەکەدا.

بێدەنگیی ئێران و بە ناڕاستەوخۆ، بووە هۆکاری سەرەکیی لە سەرگرتنی ئینقیلابەکەدا، هەروەها ئەگەڕێتەوە بۆ دڕدۆنگییان لە لاهور و کارە موخابەراتییەکانی رابردووی لەگەڵ ئەمێریکیی و بریتانییەکاندا، بە تایبەتییش بۆ ئەو هەموو بەڵێنانەی پارتیی بە ئێرانی داوە کە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، ملهوڕیی نەکات و بەرژوەندیی حەلیفەکانی ئێران لەبەر چاو بگرێت و ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانی ئێرانیش، کۆتوبەند بکات. هاوکات، نایەوێت ئاڵۆزیی لە ناوچەکەدا دروست بێت لە کاتێکدا گفتوگۆی مەلەفی نەوەویی زۆر بەلای ئێرانەوە گرنگە. بە دڵنیاییەوە، دوای ئەوەی دەرکەوت کە پارتیی و حیلفی سوننیی و صەدر، بەهاوکاریی حکومەتەکەی کاظمیی، سوودیان لە بایکۆتێکی گەورە و تەزویراتی ئەلیکترۆنیی کردووە و لە وڵاتانی ئیقلیمییەوە، ئینتیخاباتەکە، ئیدارە دراوە، ئێران تێگەیشتووە کە چۆن فێڵیان لێکردووە و تورکیا بە خشکەیی چۆن گەیشتووەتە سنوورەکانی ئێران لە ناوچەکانی یەکێتییەوە؟ هەر ئەمەشە کە مانەوەی لاهور دوای ئینقیلابەکە و گەڕانەوەی بۆ ساحەی سیاسیی لە ئاییندەی دوور یان نزیکدا، راستەوخۆ پێوەندیی بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئێران و پلانەکانی ئاییندەی ئێرانەوە، بە تایبەتییش، دروستبوونی حکومەتی ئاییندەی عێراق و گفتوگۆی مەلەفی نەوەوییەوە، هەیە. بە واتایەکی تر، تەنانەت ئەگەر بە زەبری هێزی رەقیش، لاهور ئەمری واقیع بسەپێنێت و تەواوی ناوچەکانی یەکێتیی کۆنترۆڵ بکات، بەبێ موافەقەتی ئێران، ئەوە تورکیا و پارتیی، ئەکەونە وێزەیەوە.

سەرۆکی دەسگای زانیاریی یەکێتیی کە کەسێکی باکگراوند ئیسلامیی-ئیخوانییە و برای پارلمانتارێکی یەکگرتووە، هەر بە خۆڕایی نەهێنراوەتە پێشەوە و سەرە رمی ئەم ئینقیلابە بێت. بە پێچەوانەی ئەو زانیارییە هەڵانەی بە مایکڵ رۆبین ئەدرێن گوایە بەرپرسی زانیاریی کەسێکە لە ئێرانەوە نزیکە، بۆیە ئێران بێدەنگیی لە کودێتاکە کردووە، رێک پێچەوانەکەی راستە کە سەر بە دەسگای موخابەراتی تورکیایە و سوود لەو باکگراوندە ئیخوانیی-ئیسلامییەی وەرگیراوە و رێکوڕەوان، دەسگای زانیاریی یەکێتیی کە هێزەکانی دژە تێرۆریش لە ژێر کۆنترۆڵی ئەودایە، پشکی سیاسیی، ئەمنیی و ئایدیۆلۆژیی تورکیا و حەشدی ئەردۆغانییە لەو ئینقیلابەدا. بە واتایەکی تر، ئێستا، تورکیا ئیدامە بە ئیدارەکردنی ئینقیلابەکە ئەدات بە هاوکاریی پارتیی و هەموو ئەوانەی لە ناو یەکێتییدا، بەرژەوەندییان لەگەڵ باڵابوونی هەژموونی تورکیادایە لە ناوچەکەدا. هاوکات، سەرۆکی دەسگای زانیاریی، دوو سەرە و سێ سەرە، ئیش ئەکات و ئەکرێ لە یەک کاتدا، بۆ بەرژەوەندیی تورکیا، ئێران، پارتیی و ماڵی تاڵەبانییش، رۆڵ بگێڕێت.

جێکەوتبوونی ئەم ئینقیلابە بەسەر لاهوردا یان هەڵگەڕانەوەی ئەم ئینقیلابە بەسەر ماڵی تاڵەبانییدا، رێک پێوەندیی بەوەوە هەیە کە تا چەند پارتیی، وەعدەکانی بۆ ئێران جێکەوت ئەکات و چەندیش ئێران و ئەمێریکا لە مەلەفی ئەتۆمییدا، ئەگەنە رێککەوتن یان نزیکبوونەوە؟ هاوکات، چەندیش پێکهێنانی حکومەتی عێراق بە خواستی ئێران ئەبێت؟ وێڕای ئەوەی، ئێران، هەرگیز نایەوێت تورکیا و ئەجێنداکانی بێنە نزیک سنوورەکانی( لە سنووری یەكێتییەوە)، بەڵام ماڵی تاڵەبانییش ناتوانن ئەم گەمە و تەحالوفاتە ئاڵۆسکاوانە، تا سەر ئیدارە بدەن و رۆڵی والییەکی چاو لە دەست و بەردەستی والییەکەی هەولێر بۆ تورکیا و فراوانخوازییەکانی، لە رێگەی پارتییەوە بگێڕن. هەموو ئەم فاکتەرانە، کات دەستنیشانیان ئەکات، وێڕای ئەوەی گرووپەکەی لاهور لە باری راگەیاندن و دیپلۆماسییەتەوە، لاوازییان پێوە دیارە و نەیانتوانیوە، ئەبعادە سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی و ئابوورییەکانی ئەم ئینقیلابە بۆ لایەنگرانی خۆیان و بۆ خەڵکی کوردستان و تەنانەت بۆ موخابەراتی ئێرانیی، ئەمێریکیی و عێراقییش روون بکەنەوە، لە بەرامبەریشدا، لە ژێر کەمپەینێکی گەورەی تەخویینکردندان کە مێدیای سێبەری پارتیی بە گشتیی و ماڵی تاڵەبانیی بە تایبەتیی، لەگەڵ هەموو ئەوانەی غەز و بەز، رەیع و نەفع بە ماڵی تاڵەبانیی و پارتییەوە، ئەیانبەستێتەوە، تا دێت ئەم تەخویین و تەوهینە، زیاتر و زیاتر ئەکەن. لە بەرامبەریشدا، گرووپی نزیک لە لاهور، نەیانتوانیوە، تەنانەت سایتێکی موعتەبەری مێدیاییش، دابنێن و بەرپەرچی تەخویینەکانی پارتیی و مێدیا سێبەرەکانی پارتیی و ماڵی تاڵەبانیی، بدەنەوە و گوتارێکی پێچەوانە، سەرپێ بخەن.

لاوان ع عەلیی –
کامیار سابیر




یەکێتی قومبەلەی ژێر ماڵی کورد.. ئومێد محەمەد فەرەج

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەسەرەتای دروستبوونییەوە بۆتەنها ئامانجێکی سەرەکی دروستبوو، ئەویش تێکدانی ناو ماڵی کوردبوو. هەربۆیە لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وڵاتانی دووژمنی کورد دروستبوو وە لەدیمەشقی پایتەختی سوریای عەڕەبی دروستبوو، کە سوریا یەکێکە لەم وڵاتانەی بەدوژمنی کورد هەژمار دەکرێت و ئامانجی کورتخایەن و درێژخایەنی هەیە بۆ نەهێشتنی کورد، ئاسانترین ڕێگەش ئەوەیە کە ئامانجەکانی بە کوردە ناپاک و خۆفرۆشەکان بپێکێت، ئەوکاتیش لە جەلال تاڵەبانی و برایم ئەحمەد گونجاوتری نەدۆزیەوە، تەبعەن ئەوەی ئەیڵێم بۆ وڵاتانی عێڕاق و تورکیا و ئێرانیش ڕاستە، ئەوانیش دوژمنی کوردن و بەردەوام هەوڵیان داوە بەدەستی کورد ناوماڵی کورد تێکبدەن. جا ئەگەر چاوێکی خێرا بگێڕینەوە بەمێژوودا دەبینین سەرەتای دروستبوونی یەکێتی بەسەرپەرشتی سوریا بوو وە بۆ ئامانجی لێدانی شۆڕشی کوردیی ئەوکات دامەزرا، پێشتریش جەلال تاڵەبانی و برایم ئەحمەد ناپاکیان لەشۆڕشی کورد کردو لەساڵی ٦٦ تەسلیم بە دەوڵەتی عێڕاقی دوژمن بونەوەو تاڕادەیەک شکستیان بەشۆڕشی کورد هێنا. دواتریش لە حەفتاکانەوە هەتا ساڵی ٩١ دەیان جار شەڕی ناوخۆو براکوژیان ئەنجامداو هیچ حیزبێکی کوردی نەما کە شەڕی لەگەڵ نەکەن. دواتریش دیسان لەساڵی ٩٤ تاکو ٩٨ شەڕێکی کوشندەی ناوخۆییان هەڵگیرساند کە تێیدا ٣٦ هەزار گەنجی کورد کوژران، کە هەڵگیرسێنەری ئەم شەڕە یەکێتی بوو چونکە لە هەڵبژاردنی پەڕلەمان دۆڕاو پارتی دیموکڕاتی کوردستان ببوو بەهێزی یەکەم. دواتریش لەساڵی ٢٠٠٠ دیسان شەڕێکیتری خوێناوی براکوژییان لەگەڵ پەکەکە هەڵگیرساند، ڕاستی ئەگەر خیانەتەکانی یەکێتی بژمێرم سەدان لاپەڕەم پێویستە، بۆیە تەنها دواهەمین خیانەتی مەزنی یەکێتی بیردێنمەوە، کە ئەویش ١٦ی ئۆکتۆبەر بوو لە ٢٠١٧ کە خەنجەرێکی ژەهراوییان دا لە پشتی کوردو نیوەی خاکی کوردستانییان هەرزانفرۆشکرد، گەیشتە ئەوڕادەیەی کە ناوییان نا لە یەکێتی نوسینگەی فرۆشتنی زەوی و زاری نیشتیمان.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ شەڕی ناوخۆی پێشوتری یەکێتی و پارتی تاڕادەیەک ئەوەی زامنی ڕاگرتنی شەڕی ناوخۆبوو ڕێککەوتنی ستراتیجی نێوان یەکێتی و پارتی بوو، بەڵام چەند ھۆکارێک هەبوو کە بەھۆیانەوە رێککەوتننامەی ستراتیجیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتایی ھات.

یەکێتی خیانەتی لە پارتی کرد، بۆیە رێککەوتننامەکەی نێوانیان کۆتایی ھاتووە. ھەروەھا لە٢٠١٨ فواد حوسێنی کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، بەھێزتربوو لە د.بەرھەم ساڵحی کاندیدی یەکێتی، بۆیە ئەوکاتەی ململانێیەکی توند هەبوو لەنێوان ئەم دوو کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار، ئەوسا یەکێتی ھەوڵیدا بە ھێرشکردنە سەر ژیانی تایبەتی فواد حوسێن و ویستی کەسایەتی بشکێنێت، هەروەها یەکێتییەکان ئەوکات وتیان ھاوسەری فواد حوسێن جوولەکەیە و پرسیاری ئەوەیان دەکرد، کە ”ئایا ھاووڵاتییانی عێراق قەبوڵ دەکەن خانمی یەکەمی وڵاتەکەیان جوولەکە بێت؟ ئەمە لەکاتێکدایە ھاوسەری قوباد تاڵەبانی سەرۆکی ئێستای یەکێتی کچی ملیاردێرێکی جوولەکەیە و لایەنگرێکی سەرسەختی ئیسرائیلە.
ئەم هێرشانە تاڕادەیەک کاریگەری خراپیان هەبوو لەسەر کاندیدی پارتی، بەڵام لەئاستی جەماوەریی و سیاسیی یەکێتی گەڕایەوە دواوەو بەپێچەوانەوە ئاستی جەماوەریی و سیاسیی پارتی فراوانتر بوو.
خیانەتی یەکێتی لە پارتی، کە لە چەند بارێکدا ئەنجامی داوە، لەوانە، ھاوکاریکردن و داواکردنی یەکێتی لە حکوومەتی عێراق بۆ بڕینی بەشەبودجەی کوردستان. رادەستکردنی کەرکووک بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی…. ھەستکردنی پارتی بەوەی بە بەردەوام بوون لە رێککەوتننامەی ستراتیجی، یەکێتی لەو تاوانانە پاک دەکاتەوە کە وەک ”غەدرێکی سیاسی“ لە بابەتی ڕیفراندۆم و کێشەی کەرکووکدا کردی.
هەر کەسێک یاداشتەکانی سەرکردە و بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی خوێندبێتەوە، تێدەگات کە یەکێتی لەوەتەی دروست بووە ، هێزێک بووە دژی یاسا و دادپەروەری و حوکمی قانون بووە، چونکە وەک هێزێکی سەرلێشێواوی توندڕەوو چەپڕەوی سەر بە قوتابخانەی ستالین، بەکوشتن و تیرۆر و تۆقاندن حوکمی کردووە . بەشی زۆری ئەو تیرۆر و تۆقاندنەش یەکەمجار ئاراستەی ئەندامەکانی خۆی کردووە بۆ ئەوەی ملکەچی خۆیان بکات و چاوترسێنیان بکات . ئینجا ویستویانە سیاسەتی شەڕانگێزانەی خۆیان بە سەر حیزب و لایەنەکانی تردا بسەپێنن.
کوشتنی دەیان کادیر و سەرکردەی یەکێتی و خەڵکی دیکە لە شاخ و شارەکان کە یەکێتی مەفرەزەی تایبەتی تیرۆری هەبوو ، پەڵەیەکی ڕەشن لە مێژووی خوێناوی ئەو حیزبەدا . مرۆڤ تەنیا یاداشتەکانی نەوشیروان مستەفا و مەلا بەختیار بخوێنێتەوە تێدەگات مێژووی ئەو حیزبە چەند خوێناوییە و چەند پڕە لە شەرمەزاری .
لە دوای ڕاپەڕین و لە کاتی شەڕی ناوخۆشدا ، خەڵکی هەولێر و ناوچەکانی تری بندەستی یەکێتی ، حوکمی قەرەقۆشییانەی ئەو حیزبەیان هەر لە یاد ماوە کە کوشتن و تاڵان و بڕۆ وەکو ئاوخواردنەوە بووە بۆ چەکدار و بەرپرسانی ئەو حیزبە.
لە چەند ساڵی ڕابردووشدا ئیرهابێکی بێ وێنەیان بەرامبەر خەڵکی سلێمانی پەیڕەو کردووە و ئەوەی حیسابی بۆ ناکرێت دادگا و یاسایە .چونکە جیا لەو تاڵان و بڕۆ و قاچاخچیەتیەی لەدەروازە سنوورییەکانی سلێمانی دەکرێ کە هەر شەوێک بۆ یەکێک لە سەرانی خۆفرۆشی شازدەی ئۆکتۆبەرە،
ڕۆژ نییە دەیان تاوانی کوشتن لەسنوری سلێمانی ڕونەدات. کوشتنی كاوە گەرمیانی و ئامانج بابانی و لانەی خێزانی و پاسەوانە تایبەتەکەی مام جەلال و تەسلیم کردنەوەی مستەفا سەلیمی و كوشتنی خۆپێشاندەران و دواهەمینییان لەم مانگی ١١ی ٢٠٢١ بوو کە فەرماندەیەکی گەورە بە پلەی عەقید بەناوی موراد کانی کوردە لەلایەن جەللادەکانی باڤڵ تاڵەبانیی کوژرا، ئەمانەو دەیان تاوانی دیکە بەشێکن لە تیرۆر و تۆقاندنەکانی تاقمە دەستەڵاتدارەكەی یەكێتی كە ئێستا لەسەر كەیسی حوکمدراوان موزایەدەیەکی پووچ و بێ مانا دەكەن.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی تەنیا ناوێکی بێ دەسەڵاتە و بڕیاردەری یەکەم و کۆتایی سەرانی خاکفرۆشی شازدەی ئۆکتۆبەرن کە دڵنیاین ئەگەر واز لە سیاسەتی شەڕانگێزانەی خۆیان نەهێنن، یەکێتی بەرەو هەڵدێر و کارەساتی گەورە دەبەن. تەبعەن کە کەمێک لەخراپەکانی یەکێتی باس دەکەم، ئەوە بەو مانایە نییە، کە پارتی فریشتەیەو یەکێتی شەیتانە، ڕاستی هەردووک حیزب خراپن و خراپترن لەخراپیی، بەس لێرەدا باسەکەی من بەس لەسەر یەکێتی بوو.

ئومێد محەمەد فەرەج




ڕۆڵی ژن له‌سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌كاندا.. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

به‌توێژینه‌وه‌ی ورد له‌ڕۆژگاری ڕابردوو زۆر لایه‌نی شاراوه‌ی مێژووی ڕووداوه‌كانمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ و ناوه‌رۆكی بابه‌ته‌كان زیاتر بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌، یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی ده‌مانه‌وێ ئاماژه‌ی بۆ بكه‌ین ده‌رباره‌ی ژن و كێشه‌كانی به‌پێی سه‌رده‌مه‌كان، ئه‌و قۆناغانه‌ی ژن پێیدا تێپه‌ڕیوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌فسانه‌‌كانی پێوه‌ندیدار به‌و بابه‌تانه‌وه پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی له‌سه‌ربكرێ. دیاره‌ سه‌رده‌مێك ژن هه‌م له‌ناو خێزان و هه‌م له‌كۆمه‌ڵگا‌دا پایه‌كی به‌رزی هه‌بووه، ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌مێكدا مرۆڤ بۆ ته‌فسیركردنی دیارده‌سروشتیه‌كان په‌نای بۆ په‌رستنی ژن بردووه‌و په‌یكه‌ری بۆ دروست كردووه‌، ئه‌و قۆناغه‌ ‌به‌‌كه‌لتوری ژنسالاری ناسراوه‌، ژن خاوه‌نی ڕێز و پیرۆزی بووه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ‌قۆناغی پێشتر، كه‌مرۆڤ له‌ئه‌شكه‌وت و ڕاوشكاره‌وه‌، گه‌شه‌ی كردو هه‌نگاوینا به‌ره‌و شێوه‌ ژیانی تازه‌و پێشكه‌وتوتر، وه‌كو چاندنی زه‌وی و كشتوكاڵكردن و ماڵیكردنی گیانداران و نیشته‌جێبوونی له‌شوێنێكی دیاریكراودا، ژن تێیدا ڕۆڵی سه‌ره‌كی و به‌ر‌چاوتری گێڕاوه‌، به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌وه ‌به‌دواوه‌ پێگه‌ی ژنان له‌پیاوان فراوانتربوو، چونكه‌ له‌ئه‌ركی چاودێری و سه‌رپه‌رشتیكردن و به‌ڕێوه‌چوونی ژیان له‌پیاوان لێهاتووتربوو، یان بابڵێم ئه‌ركی زیاتری كه‌وته ‌سه‌رشان، بۆیه‌ به‌شێكی زۆر له‌ئه‌رك و بڕیاره‌كانی كۆمه‌ڵگا‌یان گرته‌ده‌ست، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پیاو زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی ژیانی به‌رزه‌فت كردووه‌، به‌ڵام له‌هه‌ندێك سه‌رده‌م و كۆمه‌ڵگا و ناوچه‌ی جیاوازدا هه‌وڵ و چالاكی له‌كاردابووه‌، بۆ سه‌لماندنی ڕۆڵ و پێگه‌ی ژن له‌كۆمه‌ڵگادا، وه‌كو پێگه‌ی خوا ژنی خۆشه‌ویستی و جوانی (عه‌شتار)ی میسۆپۆتامیا و خاتو خواوه‌ند (انانا)ی سومه‌ری و (ئه‌فرۆدێت)ی یۆنانی كۆن و (ڤینۆس)ی ڕۆمانی و (ئاناهیتا)ی ئێرانی و …هتد، مه‌به‌ستیان بووه‌ ژن بۆ ڕووناكی (نوری) خوداكان بگێڕنه‌وه‌ و هه‌وڵیانداوه‌ توانای ژن ‌له‌ئافراندنی مرۆڤدا، ‌وه‌ك سه‌رچاوه‌ی ژیان و زاوزێ نیشانبده‌ن و بیخه‌نه‌ خزمه‌ت به‌هێزی پێگه‌ی ژنانه‌وه.‌

ئه‌م قۆناغه‌ سه‌دان ساڵ درێژه‌ی كێشاوه‌، به‌ڵام به‌هۆی گۆڕانی بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه، ژن نه‌یتوانی تاسه‌ر پارێزگاری له‌به‌هاكانی پێگه‌ی خۆی بكا و پله‌كه‌ی خۆی ‌له‌ده‌ست داوه، به‌هۆی مامه‌ڵه‌ی خۆویستی پیاوان و سوودبینین له‌به‌هێزی جه‌سته‌یان، به‌هۆی خوداوه‌ندی ده‌ستكرد و ئایینه‌ ئاسمانییه‌كان، جێگا‌یان به‌ژنان له‌قكرد و ده‌سه‌ڵاتی پیاو زیادی كرد، نه‌ریتی پیاوسالاری به‌ده‌ركه‌وت و ژن پله‌یه‌ك كه‌وتنه‌ دوای پیاوانه‌وه‌، ‌ئیتر قۆناخ به‌قۆناخ پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ژن هه‌م له‌كۆمه‌ڵگا و هه‌م له‌خێزان و بنه‌ماڵه‌ دابه‌زی.
قۆناغی‌ دواتر ره‌وتی گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌قازانجی پیاو بووه و له‌كۆمه‌ڵگادا پله‌ی به‌رزی به‌ده‌ست هێناوه‌، له‌به‌رامبه‌ردا پێگه‌ی ژن دابه‌زی و كه‌وته‌ دوای پیاوانه‌وه‌، دواتر گه‌یشته‌ قۆناغی چه‌وساندنه‌وه‌ و سووكایه‌تی و زینده‌به‌چاڵ كردن. ئه‌م قۆناغه‌ بۆ ماوه‌ی هه‌زاران ساڵ به‌رده‌وام بووه‌و پیاوان پارێزگاریان له‌پله‌ی خۆیان كردووه‌و تائێساش له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچكه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌. له‌ڕاستیدا ئه‌م بارودۆخه‌ بۆ هیچ لایه‌نێك جێگای شانازی و سه‌ركه‌وتن نییه‌،‌ چونكه‌ مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ و به‌تێكه‌ڵاوی پێكه‌وه‌ ده‌ژین و ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، هه‌رچه‌ند له‌باری فیسیۆلۆژی و سایكۆلۆژییه‌وه‌ له‌یه‌كتری جیاوازبن، به‌ڵام له‌كۆتاییدا هه‌ردووكیان دوولایه‌نی بنیاتنه‌ری مرۆڤایه‌تین.

گۆڕانكاریه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌به‌رده‌وامی ڕۆژگاری ڕابردوو له‌پێگه‌ی ژندا رۆڵی به‌رچاوی گێڕاوه‌، چیرۆكه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌كان كه‌تاڕاده‌یه‌كی زۆر ‌له‌شێوه‌ی ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی ئاده‌میزاد نزیك بوون، به‌رهه‌می گۆڕانكارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ‌و بارودۆ‌خی ژیانی رابردوو به‌هه‌ندێك زیادوكه‌م به‌چینی داهاتووی سپاردووه‌، بێگومان ئه‌فسانه‌كان له‌ناوچه‌یه‌كه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی دیكه جیاوازه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش داستانه‌ قاره‌مانێتیه‌كان و چیرۆكه راسته‌قینه‌ و ئه‌وینداریه‌كانی مرۆڤ، هه‌ر كامیان پله ‌و پێگه‌ی ژن له‌سه‌رده‌می خۆیدا دیاری ده‌كات.

پێگه‌ی ژن و ئایین
ئایینه‌كان به‌گشتی و‌ ئایینه‌ ئاسمانییه‌كان به‌تایبه‌تی زۆرترین جه‌ماوه‌ر و شوێنكه‌وتویان هه‌یه‌، ده‌رباره‌ی مرۆڤ به‌گشتی و ژن به‌تایبه‌تی تێڕوانینی جیاوازیان هه‌یه‌، هه‌ڵوێستی هه‌موو ئاینه‌كان سه‌باره‌ت به ژن تاڕاده‌یه‌ك وه‌كو یه‌ك بووه‌، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ‌تاكو ئێستاش له‌چاخی پیاوسالاری داین‌، ئایینه‌كان ڕۆڵی به‌رچاویان له‌ ‌هێز و ده‌سه‌ڵاتی پیاو گرێداوه‌ به‌ هێزێكی میتافیزیكی خواییه‌وه‌.
ئاینی ئیسلام له‌هه‌موو ئاینه‌كانی دیكه زیاتر ئاوڕی له‌ژن داوه‌ته‌وه‌، بێگومان له‌سه‌رده‌می خۆیدا ئاینی ئیسلام گه‌وره‌ترین چاكسازی له ‌وڵاتی عه‌ره‌ب و هه‌ندێ له‌ وڵاتانی ئیسلامی كردووه‌، ئاینی ئیسلام یاساكانی چه‌ندان ژنی بۆیه‌ك پیاو قه‌ده‌غه‌ن كرد و دایبه‌زانده‌ ئاستی چوار ژنی و گه‌وره‌ترین گۆڕانكاری ئاینی، كومه‌ڵایه‌تی … هتد پێكهێنا. به‌ڵام هه‌روه‌ك دینه‌كانی دیكه‌ له‌سه‌ره‌تاوه پشتیوانی به‌هێزی له‌و سیستمه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی پێش خۆی كرد، وه‌ك: پێكهێنانی خێزان‌ و ژیانی ژن و مێردایه‌تی، خاوه‌نداریه‌تی و كاروباری ئابوری هتد… بۆ پێاوان دیاری كردووه‌.
هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاوبگرین سنورداركردنی هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤ له‌ئاینه‌كاندا نه‌ك بۆ ژنان، به‌ڵكو بۆ پیاوانیش له‌زۆرێك له‌و بوارانه‌ی دیاریكراون، وه‌كو ژنان ئه‌وانیش ده‌گرێته‌وه‌، چونكه‌ به‌بڕوای ئایینه‌كان له‌ناوئازادی ره‌هاو بێ سنور‌دا مرۆڤ به‌هاوئاكاری شیاوی خۆی له ده‌ست ده‌دات.
ئایینه‌كانی دیكه له‌دوای رینسانس له‌به‌رنامه‌ی خۆیاندا چاكسازی دینیان ئه‌نجامداوه‌. ئاینی ئیسلام هه‌رچه‌نده‌ ڕیفۆرمخوازه‌ ئیسلامیه‌كان هه‌ندێك گۆڕانكاریان ده‌رباره‌ی كێشه‌ی ژن كردووه‌، له‌مه‌سه‌له‌ی ته‌ڵاق و ده‌نگدان و هه‌ندێك بواری تر، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌حیجاب و میرات و هه‌ندێ بواری تر نه‌گۆڕاوه‌و وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌، له‌لایه‌كی تر ئایینی ئیسلام ‌ئه‌رك و به‌ڕێوه‌بردنی خێزانی بۆ پیاو وه‌كو ڕێز و به‌رزی كه‌سایه‌تی ژن داناوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌كرێ ژن هه‌مان ئه‌رك و به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌بێ، ئایینی ئیسلام سه‌باره‌ت به‌مافی ژنان بۆچوونی تایبه‌تی هه‌یه‌، دیاره‌ ئه‌مه‌ش به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی هزری مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ژن زیانی له‌م مامه‌ڵه‌یه به‌ركه‌وتووه‌، ئه‌وه‌ش پێویستی زیاتر به‌ڕوون كردنه‌وه‌ هه‌یه،‌ بۆ زیاتر ئاشناكردنی خه‌ڵك به‌كێشه‌ی ژن و گه‌یشتن به‌زیاتری مافه‌كانیان.

رزگارکردنی ژن لەلایەن ئیسلامەوە
ئ
ایینی ئیسلام وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا له‌سه‌ره‌تای هاتنیدا گۆڕانگاری و چاكسازی زۆری له‌كێشه‌ی ژنداكردووه‌، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ ئایینی ئیسلام جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌ پێش په‌یدابوونی ئیسلام ژنان زیندەبەچاڵ دەکران، به‌ڵام ئیسلام هات و ئەو دیاردەیه‌ی نەهێشت، له‌ڕاستیدا ناكرێ ئه‌م دیارده‌یه‌ گشتی بووبێت، ده‌شێت ئه‌و مامه‌ڵه‌ توندوتیژ و زینده‌به‌چاڵ كردنه‌، نه‌ریتی تایبه‌تی كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌ب یابه‌شێكی بووبێت، ئه‌گینا هیچ ڕێی تێناچێت كۆمه‌ڵگایه‌ك هه‌موو ژنه‌كانیان بكوژن و ته‌نیا پیاو بمێنێته‌وه‌، ئه‌ی كه‌وایه‌ له‌دایك بوون و به‌رده‌وامی ڕه‌چه‌ڵه‌كی مرۆڤ له‌كام سه‌رچاوه‌بووه‌، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ره‌تای هاتنی ئیسلام ڕووبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ئیسلام له‌سنوورێكی كه‌م دابووه‌ و ته‌نیا شاری مه‌ككه‌ و مه‌دینه‌ی ده‌گرته‌وه‌، له‌و سه‌رده‌مه‌شدا (تاڵانكاری) و (الغزو) پێكهێنه‌ری كه‌لتوری عه‌ره‌بی بووه‌ و مرۆڤی عه‌ره‌بی به‌سروشتی خۆی تاڵانكاری به‌ڕێگایه‌كی ڕه‌وا و سه‌ربه‌رزانه‌ بۆ رزق و بژێوی زانیوه‌ و ده‌ستكه‌وته‌كانیشی له‌ زینده‌ و مرده‌ به‌ڕه‌وا زانیوه‌ .

له‌لایه‌كی تر پێش ئەو سەردەمەی ئیسلام ناوی ناوە (سه‌رده‌می جاهیلی و زینده‌به‌چاڵ كردنی ژن)، بەزیاتر له‌هەزارساڵ پێش ئیسلام لەسەرده‌می فیرعەونەکاندا لەمیسر خاتوو(نه‌فرتیتی) بەهێزترین و ناودارترین ئافرەتی ئەو سەردەمە، فیرعه‌ونی میسر له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌ودا ئایینی یه‌كتاپه‌رستی ڕاگه‌یاند، ئه‌مه‌ش به‌وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ داده‌نرێت، ژنێك بتوانێ به‌دی بێنێ، هه‌روه‌ها لە یەمەنی پاڵ مه‌ككه‌ و مه‌دینه‌ش بەلقیس شاژنێكی به‌هێزبووه‌ و ئێستاش پاشماوه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی شارستانیه‌تی شانشینه‌كه‌ی نیشانه‌ی به‌هێزی ئه‌و ده‌ر‌ده‌خات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌زارساڵ پیش ئیسلام،لەبابل نەبوخەزنه‌سر لەبەرخاتری ژنە خۆشەویستەکەی سەرسوڕهینترین باخچەی دروستکردووە، كه‌تائێستاش بەباخچە هەلواسرەواکانی بابل ناسراون.
بێگومان ده‌بێت ئیسلام مەبەستی لەجاهل خێڵە عەرەبەکانی مەککەو مەدینە بووبێت، ئەگینا چۆن ده‌گونجێت بەبنیاتنه‌رانی ئەهرامه‌كان و ته‌ختی به‌ڵقیس و باخچە هەڵواسراوەکانی بابل و چه‌ندانی تر، بڵێ جاهیل و بەسەردەمی تاڵانكاری و شه‌ڕوشۆڕ و كوشتاره‌كانی عه‌ره‌ب بڵێ سه‌رده‌می پێشكه‌وتن و شارستانیه‌ت.

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی




ھای لەمن شەرواڵێ.. عەبدولڕەحمان فەرھادی

شەرواڵەکەم دوو سێ پینەی پێوە بوو، چوار ساڵ بوو ڕۆژانە بۆ قوتابخانە ھەر ئەوەم لە پێ ھەڵدەکێشا، زۆرجاران کە مامۆستاکان بۆ وەرامی پرسیاران ھەڵیاندەستاندم، ھەوڵم دەدا بە ھەردوو دەستم پینەکانی سەر چۆکی شەرواڵەكەم وەشێرم. منداڵی خواپێداوەکان گەر ناچار نەبان نەیاندەدواندم، لەبەر ئەوەی لە زۆربەی قوتابییان ژیرتر و ھۆشیارتر بووم، پێش چوونە مەکتەب لە مزگەوت سەرەدەرەی خوێندەواری و پەروەردەیەکی ئایینیم ھەبوو، لە دووی سەرەتایی نامیلکە چیڕۆکی پیاوە بچکۆڵەکە ی فەرەیدوون عەلی ئەمین م خوێندەوە، پێموایە ئەمە یەکەم کتێب بوو لە ژیانم خوێندبێتمەوە، پاشتر ھەر لە قۆناغی سەرەتاییم، ڕشتەی مرواری و ئەمیر ئەرسەلان و بەرھەمەکانی کاکەی فەلاح و عومەر عەبدلڕەحیم و ع. ع. شەونم و کەریم شارەزا م خوێندنەوە. ڕۆژێکیان مامۆستا نادر حەسەن یادی بەخێر کە لە سێی سەرەتایی وانەی خوێندنی کوردیی پێدەگوتین، دەقە شیعرێکی کەریم شارەزای ھەر لە کتێبەکە بۆ خوێندینەوە، کە ئێستایش سەرلەبەریم لەبەرکردووە، شیعرەکە ئەمە بوو:

“میللەت کە ھاتە مەیدانی ژیان
بەرزەکاتەوە ئاڵای تێکۆشان
ئاڵای ئازادی و بەرزیی وڵاتی
دروشمی ڕێگەی ھەوڵ و خەباتی
… تاد.”

پاشان، داوای کرد کێ دەتوانێ وەکوو من بە ڕەوانی بیخوێنێتەوە، یەکەوسەر دەستم بڵند کرد جوان و پوختە خوێندمەوە، کە لێبوومەوە چەپڵەیەکی قایمیان بۆ لێدام، مامۆستا نادر گوتی ئافەرین، کتومت وەکوو منت خوێندەوە، پاشان داوای کرد بۆ سبیانێ دەبێ شیعرەکە کە ھەشت جۆتدێڕی بوو ڕەوان بکەین، من لە ڕەوانکردنی شیعران ئازا بووم و حەزیشم لە شیعر بوو، بۆیێ بەلامەوە کارێکی گران نەبوو، سبەینێ کە ھاتینەوە، یەکە یەکە قوتابییانی ھەڵدەستان و شیعرەکەی پێ دەگوتن، لەمن بترازێ شتاقە قوتابی سەرلەبەری ڕەوان نەکردبوو، ئەو ڕۆژە دیسانەوە چەپڵەیەکی حێلم بۆ لێدرا. قوتابییە پۆشتە گیرفان پڕەکان ئیرەیییان پێ دەبردم، ئی وایان تێدابوو جارجارە گاڵتەی پێ دەکردم یان ھەبوون شەڕیان دەفرۆشتمێ، بەڵام من گران و سەنگین، پەروەردەی باب و حوجرەی مزگەوت بووم و وەک پیاوێک دەڕەفتاریم، منداڵە دەوڵەمەندەكان بەشێکیان تورکومانی کۆڵانە خۆشەکانی ئەودیو سینەما سەڵاحەددین بوون، کە ئەوێ بە ناوقەسران دەناسرا، زۆرجاران بەناچاری بۆ شیکاری پرسیارەکانی ژمارە و پێوان، دەھاتنە لام و سوودیان لێ دەبینیم. ڕۆژێکیان لە وانەی دووەم، کە وانەی مامۆستا عەبدوڵڵا شەفیع مان ھەبوو (کۆمەڵایەتی)، بەڕێوەبەری قوتابخانە مامۆستا جەمال مەجید عەزیز لەگەڵ مامۆستا ئەسوەد بەژوور کەوتن، مامۆستا عەبدوڵڵا ی کۆمەڵایەتی لەگەڵ قوتابییان یەکجار توندوتیژ بوو، لەختوخۆڕا بە داران وەرماندەگەڕایێ، بە سەتان قوتابیی لاتوپات و زیرەک لەترسی ئەو مامۆستایە قوتابخانەیان بەجێھێشت و ببڕای ببڕ توخنی خوێندن نەکەوتنەوە. کە بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکەی ھاتنە ژوورەوە و ئەو ماوەیەی لەکنمان مانەوە، ھەناسەی ئۆخەیمان ھەڵدەکێشا و خەنی بووین تا کاتی دەرسەکەمان لێ بڕوات، ئەوان بۆ ئەوە ھاتنە ژوورێ تا ناوی قوتابییە ھەژار و نەدار و باب مردووەکان، یان بڵێین ھێتیمەکان بنووسن و پێیان گوتین دەمانەوێ بۆ ھەریەکە لەوان سەرو پارچە قوماشێکیان بدەینێ، ئەوەبوو یەکە یەکە لێیان دەپرسین باوکتان چ کارەیە؟ کە نۆرە گەیشتە من گوتم من کوڕە مەلام، مامۆستا ئەسوەد بابی منی دەناسی، گوتی کوڕێ من ئەتۆ دانیشە، بەدڵ حەزم دەکرد منیش قوماشەکەم بدرێتێ، کەچی لەگەڵ منداڵە نەداران ناونووس نەکرام. سەلیم ی ھاوپۆلم کە لە تەنیشتم دادەنیشت، بابی ڕاوچی بوو پێیان دەگوت سەلیم ڕەشید کێشکەکوژ، ناونووس کراو ڕۆژی دواتر شەش گەز قوماشی شینی درایێ، ئەوانەی قوماشیان درایێ پێشیان گوتن دەبێ لەبەرتان ببینین، سەلیم کە حەزی لە کەشخەیی بوو، کەچی کورتەک و جلوبەرگی ھەمووی جینگوڕ بوون. ھەفتەی دواتر مامۆستا ڕابەرەکانی پۆل لە قوتابییەکانیان دەپرسییەوە ئاخۆ قوماشتان دروویوە یان نا! ئادەی بزانین کردۆتتە چی؟ یەکە یەکە بە قوتابییەکاندا دەھاتن بزانن قوماشەکانیان بە دروواوی پۆشیوە یان نا! لە سەلیمی مام ڕەشیدی کێشکەکوژ بترازێ، ئەوانی دی ھەموویان کردبوویانە شەرواڵ و لەبەریاندابوو، دایکی سەلیم چووبوو قوماشی دابووە مامۆژنێکی بەرگدرووی، مامۆژنە بە سەلیمی گوتبوو: کوڕێ من ئەتۆ شەرواڵت ھەن، با ئەم قوماشە جوانەت بۆ بکەم بە دوو پانتۆڕ و وەک ئەفەندییان جوان بیت، سەلیم کە قەت خۆی بە قوون و پانتۆڕەوە نەبینیبوو، بە پێشنیازەکەی مامۆژن ڕازی ببوو. ئەو ڕۆژە لە سەلیم و یەک دووانێک بترازێ لە قوتابخانەکە کەسی دی پاتۆڕی لەبەر نەبوو. مامۆستای ڕابەر کە گەیشتە سەر تەوقی سەری سەلیم، لێی پرسی: ھەتیوە قوماشەکەت کردووە بە چی؟ سەلیم قیت بۆوە گوتی: مامۆستا، ئەوەش پانتۆڕەکەم. ئەو وەختە جگە لە ئەفەندی و مامۆستا و مەئموورانی حکوومەت، کێ پانتۆڕی ھەبوو؟ مامۆستای ڕابەر پانتۆڕ لەبەرکردنەکەی سەلیمی پێ قووت نەچوو، تا ھێزی تێدابوو زللەیەکی خێواندە بناگوێی سەلیم، زللەکەی شرقەی وەک دەمانچە ھات. مامۆستای ڕابەر لەبەر خۆیەوە دەیگوت: خوێڕی، بۆم بووە بە ئەفەندی، پانتۆڕی لەبەر دەکات. سەلیم لەڕووی دەروونییەوە مانگێک زیاتر نەھاتەوە سەرەخۆی. سەلیم کە قۆناغی سەرەتاییی پێ نەقەتێنرا، ئێستا شەرواڵلەبەرێکی کەشخە و مەعلانە، دوکانی کەمالیاتی لە بازاڕی کووران ھەیە، کە دەمبینێت دەڵێ: ئێ خۆ من داوای قوماشم نەکردبوو، خۆیان دامیانێ و نەشیانگوت ئیللا دەبی بیکەی بە شەرواڵ.
منیش دەیڵێمێ: ھای لە سەلیم شەرواڵێ.
بەرسڤم دەداتەوە: ھای لەمن شەرواڵێ!

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکانی تری نووسەر کلیکی ئێرەبکەن..

بەشی یەکەم..

بەشی دووەم..




کورتە چیرۆک/ نەوەی نوێ.. گۆران سەباح

چاوەڕێی گرنگترین دیمانە بوو.
کتێبەکەی پێوەدا. خستییەوە ناو کۆڵەپشتی. سەری دەبە ئاوەکەی کردەوە، قومێکی لێ دا. مۆبایلەکەی کردەوە، نەیتوانی بڕیار بدات کامە ئاپ بکاتەوە. دایخستەوە. کتێبەکەی دەرهێناوە و کردییەوە.
لاپەڕە هەشتا و هەشتی دەخوێندەوە: “یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئینتیما خزمەتکردنی وڵاتە . . .”
پێنج دەقیقەی تر، کتێبەکەی پێوەداوە و خستییەوە ناو کۆڵەپشتەکەی و قومێکی تری ئاو خواردەوە و مۆبایلەکەی کردەوە و هیچ ئاپێکی نەکردەوە.
بۆ جاری نۆیەم سەیرێکی دەوروبەری کرد: هەر لا دیوارێک ڕەنگێکی تۆخ بوو: سوور، شین، زەرد. لەگەڵ ڕەنگی نێو تابلۆ ئەوروپییە گرانبەهاکان دەهاتەوە، لەگەڵ ڕەنگی لۆگۆی کۆمپانیاکەش. گۆرانی (ئاڵای سپی)ی دایدۆ. تاخم قەنەفەیەکی سپی چەرم ئیتاڵی، فەرشێکی سپی سپی سەفاڤیە.
ویستی کتێبەکەی دەر بێنێتەوە. لەباتیان چوو لە سکرتێرەکەی پرسی. لچ ئەستووری ڕوومەت خڕ، جاری یەکەم وەڵامی پرسیارەکەی نەداوە.
دووبارەی کردەوە: “لەمێژە چاوەڕێ دەکەم، دیمانەکەم چی لێهاتەوە؟”
“عربی عینی.”
سەیرێکی کرد و چوو لە شوێنی خۆی دانیشتەوە. هەرچەندە لە سیڤییەکەی نووسیبووی عەرەبی دەزانێت، بەس نەیتوانی قسەی پێ بکات.
کتێبەکەی دەرهێناوە. لاپەڕە ٩٠: “تاک دەبێ ئاگای لە مێژووی وڵاتەکەی بێ؛ ئەگەر مێژووەکەی نەزانێت، چۆن بیناسێت، ئەگەر نەیناسێت، چۆن ئینتیمای بۆ دروست دەبێت؟”
سکرتێرەکە پێی گوت، “تفضل.” بەپەلە کتێبەکەی خستەوە شوێنی خۆی و قومێکی تر ئاوی خواردەوە و مۆبایلەکەی خستە ناو گیرفانی.
ژووری بەڕێوەبەر زێتر بە ژووری هوتێلێکی حەفت ئەستێرەیی دەچوو، نەک نووسینگەی کار. بەرامبەری دانیشت، دڵی خێرا لێی دەدا، دەستیشی ئارەقەی کردبوو.
“چەند زمان دەزانی؟”
سوور هەڵگەڕا، چاوەڕێی نەدەکرد ئەوە پرسیاری یەکەم بێت. چوار زمانی نووسیبوو لەسەر سیڤییکەی.
“کوردییەکەم زۆر باشە. عەرەبی و ئینگلیزی و فارسیش تێدەگەم.”
بەڕێوەبەر کردییە عەرەبی.
وای دەزانی گوێزی بۆ دێتە ژماردن. کردییە ئینگلیزی. هەر خراپتر. باش بوو بەڕێوەبەر فارسی نەدەزانی، ئەگەر نا لەوێ لەشەرمان لەخۆ دەچوو.
“خیبرەت هەیە لە عالەمی ڕێکلام؟”
“بەڵێ، پەیجێکی سۆشیەل میدیا بەڕێوە دەبەم.”
” پەیجەکە چییە ناوی؟”
دەمی تێک ئاڵا، تەنگاو بوو، هێندەی نەمابوو بخنکێ.
“چ بەرنامەیەکی دیزاین دەزانی؟”
ئارەقەی کرد. لەسەر سیڤییەکەی نووسیبووی بەرنامەی (ئین دیزاین) دەزانێت.
“جەنابت بە غەڵەت لە سیڤی فەهمت کردییە.”
سەری لەبەر خۆی نا و نوتقی گیرا.
لە ناو پاس، پرسیارەکان لە مێشکی دەزرینگانەوە. بەڕێوەبەر بە چەند قسەیەک ئازاری دا. “باشە جامیعەت تەواو کردییە، قسم میدیا، ئەوجە نازانی دیزاین بکەی، یعنی شلۆن عەرەبی نازانی، شلۆن شت دەنووسی لەسەر سیڤی و واقیع شتەکی موختەلیفە؟”
لای هۆڵی زەرد دابەزی و بە پێیان چۆوە ماڵ. نانی نیوەڕۆی نەخوارد. لە ژوورەکەی نەهاتە دەرەوە. لەگەڵ بانگی مەغریب، دایکی لێی بەژوور کەوت.
“ئەوە چییە کوڕم؟”
کتێبەکەی کردبووە سەت پارچە. هەر پارچەی کەوتبووە لایەک. چەند ئەیفۆڕێکی بە دیوارەوە هەڵواسیبوو. لەسەر هەر ئەیفۆڕێک، بە ماجیکی سوور ڕستەیەکی بە گەورەیی نووسیبوو:
“ئینتیما واتە فێربوونی عەرەبی.”
“گوو بە مێژوو.”
“ئینتیما واتە زانینی دیزاین.”
“ئینتیما واتە ڕێکلام.”
“ئینتیما . . .”




کورد و شوێنەوار.. جواد خەلیل

( دەربارەی شوێنەوارناسیی لای کورد و ئەزموونی تەها باقر)

هەموو ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ شوێنەوار و مێژوودا هەیە، بەتایبەتی مێژووی کۆنی جیهان و شارستانیە دێرینەکانی دۆڵی دووئاوان و نیل، ئاشنایەتیان لەگەڵ ناوی ( تەها باقر)دا هەیە و دەزانن لە هەمبەر چ گەوهەرێکی درەوشاوە و بەنرخی جیهانی شوێنەواردا وەستاون.

تەها باقر (۱۹۱۲-۱۹۸٤) بە گەورەترین و تایبەتترین شوێنەوارناس و مێژوونوس دادەنرێت لە مێژووی عێراقدا، ئاخر دەستکەوت و دۆزینەوەکانی ئەو ئەمەندە زۆرن، لە ژماردن نایەن! ئەو جگە لەوەی شوێنەوارناس و مێژونوس بوو، توانایەکی سەرسوڕهێنەریشی هەبوو لە فێربوونی زمانانی کۆن و نوێی جیهاندا، لەوانە: ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەڵمانی و ئەکەدی و ئارامی و سۆمەری.

لە بابل گەورەببوو، لە فەڵەستین و لوبنان و ئەمریکا خوێندبووی، ئەوەندە بەباشی زمانی شارستانیەتە کۆنەکان فێرببوو، کاتێک “داستانی گلگامێش”ی لە ئەکەدییەوە کرد بە عەرەبی، زۆرێک پێیان وابوو مەحاڵی ئەنجامداوە! ئەو هەر بەمەوە نەوەستا و کنەو پشکنینی بۆ زۆرێک لە شوێنەوارە دێرینەکانی عێراق کرد و دەرئەنجام یاسای ئەشنونای دۆزییەوە، ئەمە بێجگە لە کردنەوەی کۆدی تابلۆ بابلییەکان و دۆزینەوەی شاری شادوبومی سۆمەری و وەرگێڕانی کتێبە دانسقەکانی مێژوو لە زمانی یەکەمەوە !

تەها باقر هیچ بابەتێکی دەربارەی مێژووی کۆن نەدەنووسی، ئەگەر بەڵگە و پاڵپشتی دروستی مێژوویی لەگەڵدا نەبووایە.
بۆ نموونە یەکێک لە کتێبەکانی: ( پێشەکیەک دەربارەی مێژووی شارستانیەتە کۆنەکان) هێندە تەژی لە بەڵگە و زانستییانە نووسیوە، کە زۆرینەی مێژونوسان و شوێنەوارناسان، جگە لەوەی بە گرنگترین کتێبی بواری مێژووی شارستانیەتە کۆنەکانی دادەنێن، لەو بڕوایەشدان هیچ کتێبێکی دیکە نیە لەو بوارەدا، گەیشتبێتە ئاستی ئەو!

شوێنەوارناسیی لایکورد

ئەو شوێنەی ئەمڕۆ ئێمەی کوردی لەسەر دەژین، پێش چەند هەزار ساڵێک شارستانیەتی گەورەی تێدا دەرکەوتووە و پەیوەندییەکی پتەویشی بە شارستانیەتی دۆڵی دووئاوانەوە هەبووە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی ئێمە لە چەند ڕاڤە و زانیارییەکی سەرەتایی زیاتر، هیچی ئەوتۆ لەبارەی ئەو شارستانیەتانەوە نازانین؟! وەڵامی ئەمە ئەگەر چەند هۆکارێکیش بێت، بێگومان گرنگترین و یەکەمین هۆکاریان نەبوونی شوێنەوارناسێکی پسپۆڕ و زمانزانی وەک تەها باقرە لە نێو کورد-دا، شوێنەوارناسەکانی ئێمە زیاتر لە مێژوونوسەوە نزیکن وەک لە شوێنەوارناس! زۆرجار کە کتێبی شوێنەوارناسانی کورد دەخوێنمەوە، وای دادەنێم مێژونوسێک نووسیبێتی، چون ئەوانیش هەروەک مێژونوس هێندەی پشت بە سەرچاوەی نووسراو دەبەستن، نیو هێندە کنە و پشکنینی ڕاستەقینە ئەنجام نادەن و ئەوەی دەیکەن زیاتر شێواندنی حەقیقەتە مێژووییەکانە. ئاخر کنە و پشکنین ئەگەر پشتئەستور نەبێ بە پاشخانێکی مەعریفی فراوان و زەخیرەیەکی گەورەی زمانیی و پاڵپشتییەکی بەهێزی دەوڵەت، هەرچەندە بە ڕووکەش دڵسۆزانە دیاربێ، دواجار هەر دەبێتە کارێکی سەتحی و لاواز و زیان بە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی دۆزینەوەکانیش دەگەیەنێت.

کێشەیەکی دیکە کە بەرۆکی “شوێنەوارناسیی کوردیی” گرتووە، پێدانی پۆست و بەرپرسیارێتی شوێنەوارییە بە کەسانێک کە هیچ لە بارەی ئەلفوبێی شوێنەوارەوە نازانن. زۆرینەی ئەوانەی کراونەتە بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیەکانی شوێنەوار، نەک هەر وەکو تەها باقر زمانانی دێرین نازانن، نەک هیچ لە کنە و پشکنین و ڕێکارەکانی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوار نازانن، نەک جگە لە کوردی هیچ زمانێکی تر نازانن، بەڵکو زۆریان هەر ناشزانن شوێنەوار چیە و بۆچی گرنگە و ئیشی شوێنەوارناس چییە! بەڕێوەبەرایەتیەکانی شوێنەوار تەنها بۆ ئەوە هەن حیزبی کوردی وەک دیارییەک و پاداشتێک بیداتە کادیر و ئەندامە هیچ نەزانەکانی خۆی، تا گلەیی ئەوە نەکەن کە خەباتی شاخیان بەفیڕۆ چووە و پاداشت نەکراون. حیزب بە کادیرە ماندووەکانی خۆی دەڵێت:( خەباتت کردووە ئازیزم؟ پێشمەرگە بووی بەو شاخ و داخەوە؟ دەی پیرۆزت بێ پلە نوێیەکەت، ئەوە کرای به بەرپرسی شوێنەوار).

ئێمە ئاوها حکومڕانیی دەکەین، ئا بەم شێوەیە لە هونەری ئیدارەدان گەیشتووین. ئەوە بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ وێرانتر دەبین، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لە شارستانیەت دادەبڕێین. ئێمە بەم عەقڵییەتی ئیدارەدانەوە، بەم ئەزموونە شکستخواردووەوە، نەک تەنها ئێستا و دواڕۆژی نەتەوەیەک ناشرین و وێران دەکەین، بەڵکو ڕابردوویشی دەسڕینەوە و یەک بە یەکی شوێنەوارەکان لە سەر دەستی کادیر و ئەندامە خۆبەشتزانەکانی حیزب، دەکەین بە کەلاوە!

جواد خەلیل




کورد وەک میللەتێکی دیل و کۆیلە.. کاروان حەسەن

لەمابەینی کڵاو سوور و کڵاو ڕەش
پەرێشان و دیارن میسلی گای بەش

‌ ‌ حاجی قادری کۆیی

کورد میللەتێکی دیل و کۆیلەی ژێردەستی دوژمن، لەوەتەی هەیە ژێر دەست بووە و هەمیشە گوێڕایەڵی بێگانە و دوژمن و ناحەزان بووە، ئەگەرچی جارجار توانیویەتی لەسنوری میرنشین، هەرێم، حکوومەت چەند ناوچەیەک بەڕێوە ببات. بەڵام دواجار بەویستی بێگانە و لەژێر فشاری حکوومەتە سنورییەکانی دەورووبەری و دەستی ڕەشی پیسی ناوەخۆ بەرەو هەڵدێر چووەو هاتۆتەوە خاڵی سفر. لەدێر زەمانەوە دوژمن توانیویەتی ئەو دەستەڕەشە پیسەی ناوەخۆ بکڕێ و دەستەمۆی بکا بۆ مەرام و نیازە گڵاوەکانی خۆی هەرکاتێکیش کورد بەرەو بەهێز بوون چوبێ و بەنیازی بەدیهێنانی مافەکانی بووبێ ئەوا دەستی لەرزۆکی ناوەخۆ زۆر بێ بەزەییانە و دوور لەبەها مرۆڤایەتییەکان لەخزمەت دوژمن وەستاوە بۆ نەهاتنەدی ئامانج و مافەکانی میللەتی کورد ئەگەرچی ئەمانە بەڕەچەڵەک کوردیشن ! بەڵام لەئەرک و ئەخلاق و بنەما نەتەوەییەکانی خۆیان لایانداوە و لەپێناو چەند پاداشتێکی کاتی میللەت و گەل و نەتەوە و خاکی خۆیان هەڕاجی دەستی دوژمن کردووە.
لێرەوە دێینە سەرباسی هەندێ شیعری شاعیران لەبارەی ئەو دەستە ڕەشە چڵکنە ناوخۆییە و بە چاوخشاندنێک شتێکی لێ هەڵدەکڕێنین، بەهیوای سوود وەرگرتن .
حاجی قادری کۆیی (۱۸۱۷- ١٨٩٧) لە دیوانەکەیدا کە پڕیەتی لە پەند و ئامۆژگاری و وانە، لەچەند شوێنێک باس لەیەکڕیزی و ناتەبایی و بێ دەوڵەتی و دەستی پیسی ناوخۆ دەکات و لەهەموو ئەو دێڕانەشدا ئامۆژگاریمان دەکات کە خزمەتی وڵات، نیشتمان، نەتەوە بکەین و بەیەکڕیزی و یەکگرتووی دەتوانین مافەکانمان بەدەست بێنین ئەوەتا دەڵێ:

هەتا وەک ئاگری بن کان لەگەڵ یەک
ئەگەر تۆفان بێ لەشکرتان بەپووشەک

لەدوو دێڕی تردا حاجی زۆر بەڕاستی دەدوێ و ئەوەمان پێ دەڵێ ئەگەر یەکگر و تەبا ویەکگرتوو بین، دەتوانین جیهان بگرن و ببن بە خاوەنی دەوڵەت، هەروەک دەڵێ:

کوردی ئێمە نەزان و پاشکەوتن
پێکەوە پووش و ئاگر و نەوتن
بێ ئەگەر دەستی یەکتری بگرن
وەک سکەندەر جیهان هەموو دەگرن

حاجی ناوەستێ و دەڵێ دەستی میللەت دەگرم تاکو ڕێگای ڕاست دەدۆزنەوە .بەڵام مخابن حاجی ئەوە (١٢٤) ساڵە مردووە هێشتا قسەکانمان بەهەند وەرنەگرتووە مخابن.
لەدێڕێکی تردا دەڵێ:

تاڕێک نەکەون قەبیلی ئەکراد
هەروا دەبنە خەراپە ئاباد

حاجی قادری کۆیی باش لەوەگەیشتبوو کەکورد خۆخۆر و دەست خەرۆی بێگانەن و هەریەکەیان بەلایەکدا ڕۆیشتوون و هەرلایەنێک لەدژی ئەوی تر بوونەتە دارە دەستە و دەسکەلای بێگانە، دوژمن چۆنی بوێ وای لێدەخۆڕێ لەدژی براکانی تری مەبەست کورد بەکورد کوشتن و شەڕی براکانە کەئامانجی دوژمن ئەوەیە کورد بەکورد بکوژێ و لەدژی یەک هاریان بکات ئەوەتا تاکو ئێستاشی لەگەڵدابێ کوردی نەگبەت هەر لایەنێک لەدژی ئەوی تر پاڵپشت و مەیتەری دەوڵەتێکە لەدەوڵەتانی هاوسنور .حاجی قادر زۆر جوان وتوویەتی :

لەمابەینی کڵاو سوور و کڵاو ڕەش
پەرێشان و دیارن میسلی گای بەش

کەلێرەدا حاجی مەبەستی لەکڵاو سوور تورکە عوسمانییەکانە چونکە فێسی سووریان لەسەربوو ، کڵاو ڕەشیش مەبەستی لەئێرانییە قاجارییەکان بوو کەفێسی ڕەشیان لەسەربوو..

کاروان حەسەن ٢٠٢١/١٢/٢
هەولێر




کتێب/ برایەتی.. نەژاد عزیز سورمێ

-نەژاد عزیز سورمێ
-” برایەتی” یەكەمین ڕۆژنامەی ڕۆژانە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی كوردی دا لێكۆڵینەوە و بیبلۆگرافیا
– به‌رگ: نووسه‌ر خۆی
– دیزاین: كاروان محه‌مه‌د سینۆ
– چاپی یەكەم1991چاپخانه‌ی خه‌بات هه‌روه‌ها وه‌كات له گۆڤاری)یه‌كگرتن( كه له دانیمارك) ده‌رده‌چوو ، له هه‌مان ساڵدا چاپی دووهم1997چاپخانه‌ی وه‌زارههتی په‌روه‌رده – هه‌ولێر
– چاپی سێیهم 2021 بڵاوكردنه‌وه‌ی (ڕۆژنامه‌ی خه‌بات)
– ژماره‌ی سپاردنی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كتێبخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان 861 ساڵی 2021.

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکانی تری نووسەر کلیکی ئێرەبکەن..

بەشی یەکەم..

بەشی دووەم..




وەڵامێک لە نەخۆشخانەوە بۆ ئیدریس کەریم ناوێک.. ستیڤان شەمزینی

تا ساحێب ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت

ئەمڕۆ کە هاوکات بە دەردی شێرپەنچە و کۆرۆناوە دەناڵێنم، هاوڕێیەکم ئاگاداری کردم کە بابایەک بەناوی ئیدریس کەریم، بابەتێکی هەڵپڕۆکاندووە گوایە من شیعرێکی بەرێز کاوە عوسمانم کۆپی کردووە و لە بۆتەی شیعرێکی تردا بەناوی خۆمەوە دامڕشتۆتەوە. بەڵام من لێرە سەرنجی خوێنەر و ئیدریس بۆ چەند خاڵێک رادەکێشم:
یەکەم: ئەو قەسیدەیەی من لە هاوینی ساڵی 2018دا لە نەخۆشخانە گلیاد ئاینس نووسراوە و واتە لانیکەم بۆ سێ ساڵ و سێ مانگ بەر لە دووبارە بڵاوکردنەوەی لە سایتی بەڕێزی دەنگەکان دەگەڕێتەوە.
دووەم: بۆ سەلماندنی راستی لای سەرەوە، ئەم قەسیدەیە لە دیوانی “وەرزە سەوزەکانی ئەوین” کە هەر ساڵی 2018 چاپ و بڵاوکراوەتەوە، چاپ بووە.
سێیەم: لەگەڵ ئەم بابەتە فایلی پی دی ئێفی دیوانەکە و چەند وێنەیەکی مەراسیمی بڵاوکردنەوە هاوپێچ دەکەین و داوا لە سایتی دەنگەکان دەکەین هەموو وێنەکان و فایلە پی دی ئێفەکە بڵاوبکاتەوە.
چوارەم: ئێمە نامانەوێت کاک کاوە بە دزی ئەدەبی تۆمەتبار بکەین، بەڵام بە هەقیقەت نە کاک کاوە لەو ئاستەیە من شتی لێ بدزم، نە تێکستەکەی ئەو پێشی ئەوەی منە تا بیسەلمێنێ من لەوم دزیوە، چۆن دەکرێت تێکستێک سێ ساڵ و سێ مانگ پێشتر بدزرێت؟ ئەی بۆ پێچەوانەکەی راست نەبێت؟.
پێنجەم: ئەگەر ئیدریس کەریم کە وای بۆ دەچم ناوێکی فەیک بێت بە نووسینێکی تر داوای لێبوردن نەکات ئەوا دادگای لێ دەگرم، ئەگەر ئەوەشی نەکرد پێویستە سایتی دەنگەکان بابەتەکەی بسڕێتەوە و هیچ جارێکی تر بابەتی بڵاونەکاتەوە.
شەشەم: ماوەی بیست و سێ رۆژە من نەشتەرگەریم کردبوو بۆ هەڵدانەوەی کاسەسەرم و هاوکات تووشی پەتای کۆرۆنا بووم، پێموایە ئەو بۆشاییە و نائامادەییەم بە هەڵ زانراوە بۆ ئەو تۆمەتە بێ بناغەیە، لەم هەلومەرجە سەختەی تەندروستیمدا ناچاربووم روونکردنەوە بدەم، کە هیچ کات لە نووسەری ئەو بابەتە خۆشنابم بە نووسینی بابەتێکی تر نەبێت بۆ داوای لێبوردن.
ستیڤان شەمزینی
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
2-12-2021

—————————-

ناوی كتێب: وەرزە سەوزەكانی ئەوین
بابەت: شیعر
نووسینی: ستیڤان شەمزینی
تایپ: نووسەر
دیزاین: هەرێم عوسمان
چاپ: چاپخانەی كارۆ
تیراژ: 1000 دانە
نرخ: 5000 دینار
ساڵی چاپ:2018
نۆبەتی چاپ: چاپی یەكەم

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ئەلف و بێی دڵداری.. شەماڵ بارەوانی

١
ئەفسووس
هێشتا
ئەلف و بێی دڵداریم
پێی نەگرتبوو
هێشووی ڕێزمانی دێڕەکانم
کاڵبوویەوە
هێشتا
ئیعرابی ڕستەکانم
باڵق نەبوبوون
هەموو حەرفەکانم
مەحکوم بوون بەسەراب

٢
تازە درەنگە بۆ ژماردنی
قەتماغەی خۆزگەکانم

خۆمن
من ئێستا
جگە لەلەتێک هوڕژن و
بوخچەیەک دڵشکان
چیترم نەماوە

دەسنووسی بیرەرەوریەکانم
هەمووی
بەحەسرەت سەریان نایەوە
و
نەغمەی حەزەکانم
سەراپا بوون بەخۆڵەمێش

من چیتر
ناتوانم سەمای عیشق
لەسەر خەڵووزی چاوەڕوانی
دابەستم
و
فریای سڕکردنی
ئەو هەموو فوغانەی
مارشی قەڵەقیم بکەوم

تازە فانۆزی
هیلاکیم
پێی نایه سنورەکانی کزی
و
باڵندەی خەمەکانم
گەیشتن بە تخوبی
موستەحیل

٣
بێزاربووم
هێندەی
موتاڵای سورەتی
دڵشکان بکەم

هێندەی یاسینی
حوزن
بەدیار نەزیفی جەستەی
یەئسەکانمەوە بخوێنم

٣
ئۆه خودایە
چ زوو
شەقامی مەراقم
وشکی کرد
و
هەموو خەونەکانم
هەر بەکاڵی کوژانەوە

چ زوو
دۆسیەی شیعرەکانم
پۆشاکی ماتەمیان پۆشی
و
وشەکانم
چونەحاڵەتی فەنابوون

٤
من ئیتر
هیچ گەڵای پێکەنینێکم
پێوە نەماوە بۆ ڕنینەوەو
تنوکێک خەم بۆ ڕژان

خودایە
ئەوە چ عەبەسێک بوو
لەپێدەشتی تەنیاییم دایکرد

ئەوە چ هەڵکڕووزانێک بوو
لەدەربەندی ڕۆحم
داگیرسا

ئەوە چ تەڵبەندێک بوو
لەنیشتمانی ئەمەلم هەڵتۆقا
و
ئەوە چ هەڵوەرینێک بوو
لە ئامێزی دارستانی
هیواکانم هەڵیکرد

خودایە
تۆ پێم بڵێ
ئەوە قانونی عیشق بوو
یان سیاسەتی
سوتان!




دیسان تۆ.. نەوزاد بەندی

ئەڵێم شیعرێکت بۆ
بنووسم و
نازانم کەی ..
نازانم چۆن ..

ئەترسم ئەم ووشانەیشم ،
وەک ئەوانەی تر ،
کۆن ببن ..
کۆن ببن ..
کۆن ..

ئاخر ووشەکانیش ،
وەک ڕۆژەکان ،
تاوێ ئەمێننەوە و
ئەڕۆن ..

خۆشی هەبێ ،
پێئەکەنن ..
ناخۆشیش هەبێ ،
خەم ئەخۆن ..

ئاخر بۆیە ،
نازانم کەی ..
نازانم چۆن ..!!

نەوزاد بەندی ـــ 2/12/2021




پریاسكه‌.. ستار ئه‌حمه‌د

به‌ده‌م خه‌نده‌ی گوڵه‌وه‌
شنه‌ی با ده‌خۆمه‌وه‌
له‌كوێی جه‌سته‌مدا
گوێ‌ له‌ده‌نگی تۆ بگرم
بوومه‌ته‌ پارچه‌ی شكاوی شووشه‌
هه‌ر كه‌رتێكم له‌خۆمدا
خووی داوه‌ته‌ ته‌كانی مردن
به‌ره‌و كوێ‌ ته‌رمم هه‌ڵده‌گرن
له‌پاڵ كام داردا ده‌مشۆنه‌وه‌
بسمیلم به‌چی ده‌رده‌كه‌ن
من خۆم داره‌مه‌یتێكم
له‌ژاڵه‌ی به‌رده‌رگه‌ی ماڵه‌كه‌تان
سازیان دام و
به‌به‌رامه‌ی تۆ بزه‌یان پێبه‌خشیم
له‌خۆم تێناگه‌م
له‌تۆشدا گومان ده‌مگه‌ستێ‌
چاوه‌ڕوانی ده‌مفڕێنێ‌
ژوان ئاڵای سنوورم بۆ هه‌ڵده‌كا
خۆزگه‌ به‌خۆڵ ده‌مپێچێته‌وه‌
دابڕان ده‌مداته‌ ده‌ستی چاره‌نووسی به‌رده‌وه‌
له‌چیدا شانۆی به‌خشین بنوێنم
له‌كام شه‌ڕگه‌دا پریاسكه‌ی تاسه‌ بكه‌مه‌وه‌
رابوورد .. ئه‌و كاتانه‌ی به‌دوو ده‌ست
لوتكه‌مان ده‌گووشی
خاكمان ماچ ده‌كرد
ئه‌و ساتانه‌ زه‌مه‌نی عه‌شق بوون
مه‌ودای دڵو خۆزگه‌
په‌نجه‌و قه‌ڵه‌م بوون
ئه‌مێستا بارێك له‌تریفه‌
پڕ ده‌مێك وشه‌ داناگیرسێنێ‌
په‌رچه‌می رسته‌یه‌ك ناكاته‌وه‌
شیعرێك له‌پاژنه‌ی هه‌نگاوا نادوێنێ‌
ده‌ڕۆم چۆن باران
ئه‌مساڵی تۆراندووه‌
پشتی كردووه‌ له‌خاك و
هه‌نسكێك بۆ گوڵێك ناڕژێنێ‌
روومه‌تی مناڵێكی گرینۆك ناشواته‌وه‌
به‌و شێوه‌یه‌ ده‌چم
له‌خۆم ده‌رباز ده‌بم
له‌تۆدا ده‌بمه‌ ئاڵای سره‌وتن
به‌ده‌م شكانی خۆمه‌وه‌
له‌ژانی ده‌روونتا یه‌ك ده‌گرمه‌وه‌ز.

ستار ئه‌حمه‌د