بەرکەوتنەوەم لەگەڵ کوردستاندا… کاوە جەلال

1
هاوینی 2004 لە ئەڵمانیاوە گەڕامەوە بۆ کوردستان. پێشتر دوو سەفەرم بۆ ئەوێ کردبوو، یەکەمیان 1994 دوای 14 ساڵ بۆ ماوەی مانگێک، ئەویدیکەیان ساڵی 2003 بۆ ماوەی دوو حەفتە، لێ هەردووکیانم بەهۆی نامۆبوونمەوە لە ڕەچەڵەکی خۆم وەک شکست ئەزموون کرد. بۆیە ئەم جارە کە ڕۆیشتمەوە بۆ ئەوێ، “خۆم” بە پلەی یەکەم مەبەست بووم، بەدووی ئەوەدا کارکردن، ئەوەش سەرەتا نەک لە زانکۆ، بەڵکو وەک مامۆستای سەرەتایی لە گوندێکی چەپەک. لێ برایەکم تێبینییەکی سەرنجڕاکێشی لەسەر ئەو پرسە پێدام: گەر ببیت بە مامۆستای سەرەتایی، ئەوجا ئەوە لە گوندێکیش، هەموو کەس دەڵێن بڕوانامەکەت تەزویرە و لەبەر ئەو هۆیەش خۆت دەشاریتەوە. ئەوە قەنائەتی پێهێنام هەوڵ بدەم لە زانکۆ کار بکەم. بە هەر حاڵ، ئامانجی سەرەکیم هەوڵدان بوو بۆ ژیان لەنێو جڤاکی زێدی خۆمدا کە لێی نامۆ بووبووم و توانای ژیانم لەگەڵ هیچ کەسێکیدا نەمابوو، بەڵکو چەندین ساڵ بوو تەنیا لە نێوەندی ئەڵمانیدا دەژیام. ئاخر لە ناخەوە ئەو ڕەوشەم پێ قبووڵ نەدەکرا، بەڵێ لەو دوورەوە بەڕۆشنی دەرکم دەکرد کە کوردبوون چەند بارێکی گرانە بەسەرمەوە / بەسەرمانەوە. بەڕاستی خۆش نییە کە مرۆڤ هەندێک هەڤاڵی لە کەسانی زێدی خۆی نەبێت و زوو زوو بییان بینێت. هەندێک جار بە خۆمم دەگۆت، گەر تورک، ئەجەم یان ئەرەب بامایە، ڕێگەیەکی ئاسانترم بۆ ژیانم دەگرتە بەر.

هەروەها گەرەکە جەخت لە پرسێکی کرۆکی بکەم: من بۆ ئەوێ “نەگەڕامەوە”، جا گەرچی ئەوە بەرواڵەت گەڕانەوە بوو. ئاخر ئەوە نەشیاوە. مەغزای پەندە کوردییەکەی “بەردی هەڵکەنراو شوێنی خۆی ناگرێتەوە” ئەوەیە کە غەریب لەڕیشەکەوتووە. لە بنەڕەتدا من ماوەی یازدە ساڵ ژیانەوە لەوێ هێشتا هەر غەریب بووم و هەمیشە غوربەت لە ناخمدا ئامادەگیی هەبوو – وەک کەتواری خودی خۆم. ئاخر، سارتر واتەنی، بۆخۆبوون، یان بەگشتی ببێژین: غەریب-کەوتوو هێشتا ئەوە نییە کە ئەو ئەوەیە، بۆیە لە لێرەبوونی ئامادەییانەیدا بەتەواوى شیاوى پێناسەکردن نییە، لێ ئەو هەروەها ئەوەیە کە ئەو هێشتا ئەوە نییە، بۆیە ئەو تەنیا بۆ ئایندە هەیە، بە واتایەکى دی، ئەو تەنیا وەک “شیمانە” شیاوى دیاریکردنە. کەواتە بوونی ئەو هەرگیز نەدراوە، بەڵکو هەردەم پرسیارلێکراوە، ئەویش چونکە ئەو هەمیشە بەڕێى نەبوون-ى ئەویدیبوونییەوە لە خۆى جیابۆتەوە. بۆیە ئەو کە هەمیشە لەژێر پرسیاردایە، تەنیا بە خۆڕاپسکاندن لە هەر دۆخێکی خۆیی و خۆفڕێدان بۆ نێو دۆخێکی نوێ دەتوانێت خۆی دروست بکات. لەم ڕوانگەیەوە دەشێت هەموو ژیانێک ببێت بە ڕۆمان. کەچی سەیر ئەوەیە، تا ئەمڕۆ لە ئەڵمانیا کەسان دەناسم کە دوای پتر لە چڵ ساڵ ژیان لەم دەڤەرە ژیاری و کولتوورییەدا ئامادەن لەسەر هەموو شتێک گفتوگۆ بکەن بەبێ ئەوەی هەرگیز بوێرن “خۆ”یان بکەن بە تێما، بەڵێ نایانەوێت هیچ لەبارەی خۆیان بزانن، چونکە ترسنۆکن.

جگە لەوە بەیەکگەیشتنەوەی بەم چەشنەی مرۆڤ و دەڤەرە کولتوورییەکەی، لەنێو خۆیەوە گەلێک شیمانەی بۆ ئەزموونکردنی جیاواز لەخۆگرتووە، واتا ئەزموونکردنی ڕەوشگەلی ئەوتۆ کە کەسانی قاڵبووی ئەوێ دەرکیان ناکەن، بەڵێ لەوێ خەڵک، برادەران، کەسوکار، بەگوێرەی خوو و نەریتەکانی ژیانیان بەسانایی دەیانژێنن، ئەوان وەک کوڕان و کچانی باوان و دایکانیان پێگەیشتوون و کەم یان زۆر بەرپرسیاری وەردەگرن، شەڕ دەکەن، یەکدی لە ماڵی یەک دەردەکەن، ناکۆکی دەنێنەوە و ئاشتدەبنەوە، دەست دەنێنە بینی دایک و باوکیان و هاوکات پێداگری لەوە دەکەن کە گۆیا دڵسۆزی ئەوانن، بەم شێوەیەش ژیانیان بەڕێدەکەن. لێ غەریب بە پێچەوانەوە کە بە زایین و ماوەیەکی ژیان سەر بە ئەوانە، لە ئاگایی خۆی و ئەزموونی کولتوورییەوە چیدی سەر بە ئەوان نییە، بۆیە هەردەم ترس ناخی تەنیوە – بێگومان ترسی لێرەبوونی (وجودی) خۆی.

کوردستان ساڵی 2004 لە گشت ڕوویەکەوە لە ڕەوشی بنیاتناندا بوو، ئەوە رواڵەتگەرایانە، ئەوجا هەرچی دەستپێدەکرا، نزیکەی نیوەناچڵ، نالەبار، سەرپێیی بوو. بێگومان لەم بوار و لەو بواردا گۆڕانی جددیش هەبوو. بە هەر حاڵ، گەشبینییەکی وروژاو، سۆزمەند، نائاگا، کەسێتییەکانی تەنی بوو، لە گشت لا خەڵک لە هەڵپەی بیناسازی و خواردن و خۆپۆشیندا بوو، هەڵپەی گەیشتن بە بڕوانامە، کردنەوەی دوکانی بازرگانی یان پیشەی دەستی. لێ خوێندنی زانکۆیی سەنگێکی تایبەتی هەبوو، چونکە لە ئایندەدا پرێستیژێکی بۆ خوێندکار مسۆگەر دەکرد. هەروەک جارێک خوێندکارێکی سەنگین، لێ دەوڵەمەند کە بەو گەنجێتییە فیرمای پی ڤی سیی هەبوو، گۆتی: “ئاخر گەر بڕوانامەم نەبێت، کچ شووم پێناکات”. هاوکات خوێندنی زانکۆیی مایەی گۆڕینی پلەی سەربازی و فەرمانبەری بوو، بۆیە تەنانەت کەسانی بەتەمەن دەچوون بۆ لای بەرپرسە حیزبییەکانیان و تکایان لێدەکردن کە بە هەر شێوەیەک بێت دەرفەتی وەرگرتنیان لە زانکۆ بۆ بڕەخسێنن. بەم شێوەیە حیزبەکان ئەوەندە جاهیلیان بۆ خوێندنی زانکۆیی و تەنانەت خوێندنی باڵا نارد، کە ئیدی ئەمڕۆ زۆرینەیان وەک مامۆستای نزیکەی هیچ نەزان بوون بە هۆکاری بێسەروبەری و بەرەڵایی لە زانکۆکاندا.

بەڵێ ڕۆیشتنەوەم بۆ کوردستان بەریەککەوتن بوو – بە ئەرێنی یان نەرێنی. لەتەک هەڤاڵانی منداڵی و گەنجێتیدا پەیوەندیم دامەزراندەوە، دۆستایەتیی نوێم بنیاتنا، کەسانی جیاوازم لە ڕووی کەسێتی، کامڵبوونی تەمەن و خوێندن و خۆپێگەیاندنی هزرییەوە ناسی. وەلێ هەندێکی بەیەکگەیشتنەکان ڕەوشی ڕاچڵەکێنەریان دەخستەوە و پێکڕا لەنێو جەرگەی دامەزراوەدا ڕوویان دەدا. کاتێک لە زانکۆی کۆیە دامەزرام، یەکەم ڕۆژی دەوامکردنم مامۆستایەکم ناسی و ئامۆژگاریی کردم کە تا دەکرێت لە نێوان خوێندکاران و خۆمدا دیوارێک هەڵبچنم، ئەوە بێگومان تا بەرزتر بێت باشترە، چونکە بەو شێوەیە خوێندکارەکان ناتوانن سەریان لە دیوارەکەوە دەربخەن. زۆر سەرم سووڕما. بە خۆمم گۆت، من هاتووم بۆ ئێرە تاکو بژیم، جا لەگەڵ هەر کەسێکدا بێت – دوکاندار، ئەڕەبانچی، مامۆستا یان پێشمەرگە. لە ڕاستیشدا هەر ئەوها لەوێ ژیام و ئەم کراوەییەش خەڵکی زێدی خۆمی باشتر پێناساندم. دوای چەند ساڵێک ژیان لەوێ، تەنانەت لە سەردەمی دوای دەستپێکردنی تەنگژە ئابوورییەکەدا، هێشتا هەر سەرم لەوە سووڕدەما کە ڕێژەی دز لەو وڵاتە چەند کەم بوو – ئەوە مەگەر بۆ پۆلیس پێویست بایە گرنگیی پێبدات، وەلی لە ڕووی جڤاکییەوە سەنگێکی ئەوتۆی وەرنەدەگرت، بە بەروارد لەگەڵ زۆر وڵاتی جیهاندا کە کوشتن و بڕین و فڕاندن لەسەر شەقام و لەنێو کۆڵاناندا سەر بە ژیانی ڕۆژانەن. بێگومان ئەم ڕەوشە ئەمڕۆ گۆڕانی نەرێنیی بەسەردا هاتووە، چونکە بەتایبەتی ئاینبازانی ئیخوانی و سەلەفی شووڵیان لێهەڵکێشاوە و بەبێ ترس نەخۆشییە دەروونییەکانی خۆیان، بەتایبەتی سێکسیسزمیان، بە ڕستەی ئاینی بەرجەستە دەکەن و فاکتەرێکی سەرەکین بۆ تەنینەوەی قێزەوەنی و تەنانەت مرۆڤکوژی، هەروەها ڕۆژ بە ڕۆژ شەللاتێتی لە نێوەندی سیاسیدا پتر باڵادەستی وەردەگرێت.

2
کۆیە گەورە گوندە، ئەوپەڕەکەی شارۆچکەیە کە ژیان لێی خۆش نییە. بۆ من خۆش نەبوو. ناگات بە ڕانیە، یان هەڵەبجە. لەوێ ژیان زۆر سستە، بزاوتی کولتووری لەوێ بە ڕانیە و هەڵەبجە بەروارد ناکرێت. جارێک لەگەڵ بەرپرسێکی سەربازیی “یەکێتی”دا کە دراوسێی ماڵی برایەکم بوو، گفتوگۆمان دەکرد، پێی گۆتم، مام جەلال زانکۆی کۆیەی کردۆتەوە تا کۆیە بکات بە مونافیسی هەولێر. بێگومان هیچم سەبارەت بەو تێڕوانینە نەگۆت، وەلێ دەمێک بوو گەیشتبووم بەو باوەڕە کە کۆیە دەرەقەتی هەولێری دایکی نادات، سەریشم لەوە سووڕمابوو کە بۆچی ئەوها لە دایکی خۆی یاخی بووە!

باوەجو کاتێک “گەڕامەوە” بۆ کوردستان، نزیکەی هیچم لەبارەی ئەو وڵاتە نەدەزانی، تەنانەت نەمدەزانی لەوێ لە زانکۆکاندا بەشی فەلسەفە نییە. ئەمە دوای دوو ڕۆژی گەیشتنم بە ئەوێ یەکەم ڕاچڵەکینم بوو. یانی چی لە کوردستان، لە زانکۆی سلێمانی و سەلاحەدین، بەشی فەلسەفە نییە؟ بە هەر حاڵ، برادەرێکم کە ئەویش لە ئەڵمانیاوە بۆ ئەوێ گەڕابۆوە، گۆتی: “بڕۆ بۆ کۆیە، زانکۆکەی تازەیە، پێویستیان بە مامۆستایە”. ئەوەم پێخۆش بوو، چونکە ماڵی خوشکێکم لەوێ بوو، ئەوجا کۆیە کە هەرگیز نەمبینی بوو و لە هۆشمدا ناوێکی گەورە بوو وەک شارێکی دێرینی کوردی، زۆر سەرنجی ڕاکێشام. ڕۆیشتم بۆ ئەوێ. سەرۆکی زانکۆ دکتۆر نەبەز بە زمانی تایبەتی خۆی گۆتی: “مامۆستای بەڕێز، لە نێوان فەلسەفە و دەروونناسیدا هیچ جیاوازییەک نییە (!)، بۆیە لە بەشی دەروونناسی داتدەمەزرێنم”. ئەوەم پێخۆش بوو. ئاخر لەپاڵ بەشی سەرەکیی فەلسەفەدا پسیکۆلۆگیم وەک بەشی لاوەکی ی یەکەم خوێندبوو، بەشە لاوەکییەکەی دووەمم ڕامیاریناسی بوو. کەواتە بڕێک شارەزاییم لە پسیکۆلۆگیدا هەبوو. پسپۆرییەکەم لەو بەشەدا لە بوای پسیکۆلۆگیی گەشەدا بوو.

دوای دامەزراندنم بەڕێزی سەرۆکبەش گۆتی: “وانەی دەروونناسیی گەشە دەدەین بە تۆ”. من بە ئۆتۆمبێلێکی خۆم لەگەڵ برادەرێکدا بەناوی گارا بۆ ئەوێ گەڕابوومەوە و چەند کارتۆنێک کتێبم لەگەڵ خۆمدا بردبۆوە، لێ کتێبەکانی پسیکۆلۆگی لە نێویاندا زۆر کەم بوون، بۆیە بە خۆمم گۆت، دەبێت لە ئێستاوە دەست بە کار بکەم، چونکە خوێندکارەکان بە پرسیار هەڵمدەوەشێننەوە، بێئاگا لەوە کە ئەوان لە سەرەتاییەوە فێرکراون لە پرسیار بسڵەمێنەوە. ئەوە بوو ئیدی بەپەلە گەڕامەوە بۆ ئەڵمانیا تاکو چەند سەرچاوەیەکی پێویست بکڕم. کە دەوام دەستی پێکرد، بینیم کاکی سەرۆکبەش بەبێ ئەوەی پرسە گورگانەیەکی بە من کردبێت، وانەکەی بە مامۆستایەکی دیکە دابوو!

ماوەیەک پێش دەستپێکردنی دەوامی ساڵی نوێ، تاقیکردنەوەی نڤیسکیی خوێندکارانی دکتۆرا ئەنجام درا و ئێمەیان وەک چاودێر دانا. خوێندکارانی زۆر بەشیان تێدا بوو. لەبەر ئەوەی ماوەی تاقیکردنەوەکان (ئەوان دەبێژن “ئەزموونەکان”!) درێژخایەن بوو، دەرفەتم هەبوو چاو بە هەندێکی ئەو دەفتەرانەدا بخشێنم کە خوێندکارانی تەواوبوو تەسلیمیان کردبوون. ئاخر وەک چاودێر وەڕس دەبیت، بۆ کاتبەسەربردنێک دەگەڕێیت. سەرم زۆر لەوە سووڕما کە گەلێک خوێندکار، لە نێویشیاندا چەند خوێندکارێکی زمانی کوردی، بە کوردییەکی سەقەتی پڕ لە هەڵەی ڕێزمانی (!!) وەڵامی پرسیارەکانیان دابۆوە. خوێندکاری دکتۆرا لە بەشی کوردی! بۆیە جێی سووڕمان نییە کە خوێندکارانی دەرچووی ئامادەیی دوای دوازدە ساڵ خوێندن بە کوردی ناتوانن دروست بە زمانی دایک بنووسن، چونکە فێری ئاخافتن و نوسینی دروست ناکرێن، یان چونکە ئەم لایەنە سەر بە کرۆکی وانەی کوردی نییە. لەم پەیوەندییەدا خۆمم بیرکەوتەوە کاتێک لە زانکۆ یەکەم “توێژینەوەی ناوماڵ”م بە ئەڵمانی نووسی. ڕاستییەکەی توێژینەوەکەم باش نووسی بوو، چونکە کاری زۆرم لەو بابەتەدا کردبوو، هەروەها لە ڕووی ڕێزمانییەوە هەڵەم نەبوو، لێ تەنیا لەبەر ئەوەی هەڵەی تایپ و بەوەش ڕێنوسی تێدا بوو، مامۆستا سێ (ناوەند)ی بۆ دانام. هەموو هەڵەکانی بە قەڵەمی سوور نیشانە کردبوو. کاتێک لێم پرسی بۆچی ئەو نمرەیەی داومەتێ، لە وەڵامدا گۆتی: “لای ئێمە، پەیوەند بە خوێندکاریشەوە، هەڵەی ڕێزمانی (خوازەیی بدوێم) کوفرە، هەڵەی تایپ ڕێپێنەدراوە. تۆ خوێندکاری زانکۆیت!”. باوەڕ ناکەم ئەرەبەکانیش لەم پرسەی زماندا جیاواز بن لە ئەڵمانەکان.

کاتێک لەتەک دەستپێکردنی دەوامی ساڵدا سەرۆکبەش پێی ڕاگەیاندم کە وانەکەی لە من سەندۆتەوە و داویەتی بە مامۆستایەکی دی، ڕاستییەکەی ئەو ڕەفتارەم لا ناشرین بوو، سەرەڕای ئەوە ناڕەزاییم دەرنەبڕی. هەروەها سەرۆکبەش لەتەک پێڕاگەیاندنەکەدا بەزەردەخەنەوە گۆتی: “ئەم وانەیەم بۆ تۆ داناوە، ئوسوس ئەلتەربیە”. کتێبێکی بەرگ شینی کاڵی بە دەستەوە گرت، نزیکەی بیست پەڕەی لە ناوەڕاستەوە بە دوو پەنجە گرت کە ئیدی هەردوو لای زۆرتری کتێبەکە بەکەوانەیی کرانەوە، ئەوجا هەروا بە دوو پەنجە جۆلانەی پێکرد و ڕێزمەندانە گۆتی: “هەر ئەوەندەیان بدەرێ بەسە!”. ئێستا سووڕمام. ئەوەندە؟ ساڵێک نزیکەی بیست پەڕە! یانی چی؟ ئێ خۆ ئێرە زانکۆیە؟ ئەی سەمینارکردن و کاری نێوکۆیی و هتد؟ خێرا تەماشایەکی نێوەرۆکی کتێبەکەم کرد و بڕێک ئارام بوومەوە. ئاخر سەرەتا نەمدەزانی مەبەست لە ئوسوس ئەلتەربیە چییە. کتێبەکە هینی سەردەمی بەعس بوو، نێوەرۆکەکەی بریتی بوو لە: پەروەردە لە گریکی ئەنتیکە، حەوت وانەکەی چەرخی ناڤینی ئەوروپی کە ناودەنران حەوت هونەرەکە، پاشان پەروەردەی ئیسلامی و لە کۆتاییشدا پەروەردەی پارتی بەعسی عەرەبیی سۆسیالیستی. بابەتەکانی گریکی ئەنتیکە و چەرخی ناڤینی ئەوروپیم بەدڵ بوو و شارەزاییم تێیاندا هەبوو، بۆیە گۆتم، ئەم وانەیە زۆر باشە و توانام بەسەریدا دەشکێتەوە، لێ خۆم پرۆگرامی ساڵانەی وانەبێژی دادەنێم و سەرچاوەش بە خوێندکاران دەدەم یان بابەتیان لە ئەڵمانییەوە بۆ ئامادە دەکەم. سەرۆکبەش هیچ لاریی لەوە نەبوو و گۆتی: “خۆت ئازادیت چۆن پرۆگرامی وانەکەت دادەنێیت”. بە هەر حاڵ، بەگوێرەی پرۆگرامی خۆم، لە پەروەردەی زەردەشتییەوە چووم بۆ گریکی ئەنتیکە، پاشان چەرخی ناڤینی ئەوروپی و گەیاندم بە سەردەمی مۆدێرنی ئەوروپی، ئەوجا ڕێگەکانی وانەوتنەوە.

مامۆستایەکی ناسیار چەند حەفتەیەک دوای دامەزراندنم ڕوداوێکی سەیری بۆ گێڕامەوە. بەشی مێژوو سەرۆکبەشێکی یەکجار بەد و جەبانی هەبوو کە درەنگتر خۆیشم لەتەکیدا کەوتمە ناکۆکییەوە و تەنانەت رۆڵێکم لە فەسڵکردنیدا گێڕا. کابرا دکتۆرای لە زانکۆیەکی سەدام حسێن کردبوو، گەر هەڵە نەبم زانکۆکە هەر ناوی ئەوی لێنرابوو. دکتۆراکەی جێی گومان بوو. بە هەر حاڵ، کابرا خۆی بە “یەکێتی”یەوە هەڵواسی بوو. ئەمەش ڕووداوەکەیە: کوڕێکی گەنجی مێژووناس بە دکتۆراوە (وا بزانم لە سویسراوە) دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و لە زانکۆی کۆیە لە بەشی مێژوو دادەمەزرێت. مامۆستا هەموو ڕۆژێک حزووری هەیە، لێ سەرۆکبەش ئامادەیی ڕۆژانەی ئەو تۆمار ناکات و غایبی دەدات. کاتێک سەری مانگ دەڕوات مووچەکەی وەربگرێت، خانمی ژمێریار پێی دەبێژێت: “مامۆستا، بەڕێزت دەوامت نەکردووە، بۆیە مووچەت بۆ نەبەستراوە. تۆ فەسڵ کراویت”. مامۆستا بەتووڕەیی زانکۆ جێدەهێڵێت، گۆیا دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، لەوێ جانتاکەی دەپێچێتەوە و دەڕواتەوە بۆ ئەو وڵاتە کە لێوەی بۆ زێدی خۆی گەڕابۆوە. من خۆم زۆر زوو، لە یەکەم ڕۆژەکانی دەوامکردنەوە، دەرکم بە ڕەفتارێکی ترسنۆکانەی زۆر سەرۆکبەش و ڕاگر کرد کە ترس بوو لەو مامۆستایانەی لە هەندەرانەوە گەڕابوونەوە. ئەوان بە هەموو ئەقڵیانەوە وای بۆ دەچوون کە ئەو مامۆستایانە بەهۆی خوێندنیانەوە لە وڵاتێکی ئەوروپی پێشترییان لە لایەن سەرۆکایەتیی زانکۆوە پێدەدرێت، واتا “ڕەنگە” ئەو کورسییە بە ئەوان بدەن کە خۆیان لەنێو یەکدا شەڕیان لەسەر دەکرد.

ئەزموونی یەکەم ساڵم لە زانکۆی کۆیە بەگشتی ئەرێنی بوو، بۆ من پتر ساڵی فێربوون و تا ڕادەیەکیش خۆگونجاندن بوو لەتەک “هەندێک”ی داواکارییە جڤاکی-کولتوورییەکانی ئەوێدا. لەوێ لەگەڵ هەندێک خوێندکاردا کە هەموویان پێشمەرگەی دێرینی “کۆمەڵە” بوون، پەیوەندیی هەڤاڵێتیم دامەزراند، هەروەها لەگەڵ پۆڵا عەبدولسەمەد و مامۆستا محمەد ناسردا کە خەڵکی سەقز بوو. گەر هەڵە نەبم، زیاتر کوردایەتی پاڵی بە محەمەد ناسرەوە نابوو بێت بۆ هەرێم. مامۆستایەکی زۆر شارەزا و ئیدیالیست بوو، هەروەها دەنگی زۆر خۆش بوو و تەنانەت ڕووی دەدا کە لەتەک خوێندکاراندا دادەنیشت و سترانی بۆ دەچڕین. ڕۆژێک، چەند حەفتەیەک دوای دەستپێکردنی دەوامی ساڵ، پێشنیاری کرد کە وەک چالاکی هەڵمەتێک بکەین بۆ کۆکردنەوەی خاشاک لە کۆیە و بەو ڕێیەوە هێمایەک بۆ پاکژی پێشان بدەین. ئەو، من (وا بزانم پۆڵاشمان لەگەڵ بوو) و ژمارەیەک خوێندکار دەستمان کرد بە کۆکردنەوەی خاشاک. زۆر کەس کە بەلاماندا تێدەپەڕین، پێکەنینیان پێمان دەهات. بە هەر حاڵ، یەک مامۆستای دیکەی زانکۆ ئامادە نەبوو لەو “ئەکسیۆن”ە هێمادانەرەدا بەشداری بکات.
یەکێک لەو خوێندکارە پێشمەرگانە کە بوو بە دۆستم، کاک موسڵیحی خەڵکی دەشتی هەولێر بوو کە بەداخەوە بەنزینخانەکەی (بەنزینخانەشی هەبوو!) بەهۆی موەلیدەکەیەوە گڕی گرت و خۆیشی لە هەوڵی کوژاندنەوەیدا سووتا. گەیاندیانە ئێران، وەلێ ڕادەی سووتاوییەکی زۆر بوو و کوشتی. بە هەر حاڵ، ئەوەی ڕاستی بێت من ئەمڕۆش دژی قبووڵخاس نیم، لێ ئەوە بە مەرج. ئاخر ئەو پێشمەرگە دێرینانە، زۆرینەیان، کەسانی جددی بوون، دەرفەتیان بۆ ڕەخسابوو ئاواتێکی سەردەمی گەنجێتییان بەدیبهێنن کە خوێندنی زانکۆیی بوو، بۆیە هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان یەک کەسیان داوای یارمەتیی دەرچوواندنی لە یەک مامۆستا نەکرد، لە منیش، جا گەرچی زۆر جار لە مەیخانە یان لە لەنێو سروشتدا پێکەوە دادەنیشتین و بەدەم گاڵتەوگەپ و نوکتە و گێڕانەوەی ئەزموونەکانی ژیانەوە مەیمان دەنۆشی. وەلێ هەر لەنێو قبووڵخاسەکاندا گەلێک “علوج” هەبوون. ڕۆژێک دەمەو کۆتایی ساڵ و نزیککەوتنەوەی کاتی تاقیکردنەوەکان زەنگی تەلەفونە دەستییەکەم لێی دا و کە هەڵم کرد، پیاوێکی ڕێزمەند خۆی پێناساندم، هاوکات ئاماژەی دا بۆ نزیکیی حیزبیمان. بەرپرسی دەزگایەکی “یەکێتی” بوو لە هەولێر، گۆتی، لە بەشی مێژوو دەخوێنێت و بەهۆی کاروباری حیزبایەتییەوە ناتوانێت دەوام بکات، بەشکم لە وانەکەی خۆمدا یارمەتیی بدەم، ئەوجا ئەوەشی خستە سەر، کە ئەو تەنیا بڕوانامەکەی پێویستە و “خۆ بە خودای نابییتە مامۆستا”. ئەوەی ڕاستی بێت بە پێکەنین و توانج ماڵئاواییم لێکرد. جگە لەوە دەفتەری تاقیکردنەکانی ساڵانە لە سووچی ناوەکانەوە بە سەمخ دادەخرێن، تا وانەبێژ نەزانێت چە دەفتەرێک هینی کێیە. بە هەر حاڵ کابرا ئەو ساڵە لە وانەی مندا کەوت. ئەوجا ئەوەشم دەزانی کە چەند کەس پێکڕا لە وانەی مندا کەوتبوون و ئەویش یەکێکیان بوو. کەچی دەرچوو بوو! بۆ من ڕۆشن بوو: کابرا دەرچوێنرابوو!! بە خۆمم گۆت کە بە هیچ شێوەیەک ئەوە قبووڵ ناکەم. چووم بۆ لای سەرۆکبەشی ناوبراوی مێژوو کە ئەو ساڵەش سەرۆکی لیژنەی تاقیکردنەوەکان بوو، پێم گۆت: “واز ناهێنم، تا ئیستیقالە دەڕۆم”. ئەو تەنیا کەمێک منجەمنجی کرد. ئەوجا چووم بۆ لای سەرۆکی زانکۆ و مەسەلەم پێڕاگەیاند، ئەویش هەر بە زمانە لووسەکەی خۆی گۆتی، کە لیژنەیەک پێکدەهێنێت و بەدواداچوونی بۆ دەکات، هاوکات بۆ “ئەو دڵسۆزییە” (!) سوپاسی کردم. دوای چەند ڕۆژێک سەرلەنوێ بۆ ئەو مەسەلەیە چوومەوە بۆ لای، گۆتی لیژنەکە ساغی کردۆتەوە کە فڵانی بەڕێز بە هەقی خۆی دەرچووە، کەواتە دەفتەرەکەی دەستکاری نەکراوە. من بێدەنگیم هەڵبژارد. مامۆستایەکی ناسیار پاش چەند ڕۆژێک لەسەر ئەو کێشەیە پێی گۆتم: “پەلە مەکە، سەرۆکی زانکۆ گڵۆڵەی کەوتۆتە لێژی، هەندێک باڵی ‘یەکێتی’، ‘تاقمی عومەر فەتاح و ئەوان’، گۆیا بەهۆی گەندەڵییەوە لێیان هەڵپێچاوە، لێ مەسەلەکە شەڕی نێوان باڵەکانی ‘یەکێتی’یە و ئەو تاقمە لەدژی کۆسرەت ڕەسوڵ و پیاوەکانی ڕاستبوونەتەوە”. پاش ماوەیەک سەرۆکی زانکۆ لابرا و خدر مەعسوم هەورامی خرایە جێگەی، ئەوە بێگومان بە فەرمانی حیزب، ئاخر زانکۆش، هاوشێوەی هەر شتێکی دیکەی ئەو وڵاتە: زەوی و بازاڕ، فابریکە و پۆستەکان و هتد، بە موڵکی خۆی دەزانێت. بە هەر حاڵ، ئەوە هەل بوو، لێ ڕاستییەکەی لەنێو ئەو هەموو مامۆستایەدا تەنیا بۆ یەک دوو سێ کەسیان هەل بوو. دکتۆر خدر دوای دەستبەکاربوون کۆبوونەوەی لەگەڵ هەمووماندا کرد، پرۆگرامی خۆی پێناساندین (ڕاستییەکەی کاری باشی بۆ زانکۆی کۆیە کرد)، ئەوجا دەرفەتی بە مامۆستایان دا پرسیاری خۆیانی لێ بکەن. زۆر پەلەم بوو، لێ دکتۆر عەلی بەرزنجی ی بەشی کوردی کە هەردەم کەسێکی بەهەڵوێست بوو، زووتر دەستی هەڵبڕی، بەم شێوەیە پێشم کەوت و یەکسەر بە شێوازی خۆی، بە تووڕییە تایبەتمەندەکەی، دابەزییە سەر کابرای سەرۆکبەشی “بەعسی”ی بەشی مێژوو و ئاماژەدان بۆ گەندەڵییەکانی. دوای ئەو منیش مەسەلەکەی خۆمم باس کرد و هەروەها ئاماژەم بۆ ئەوەش دا کە سەرۆکی پێشووی زانکۆ گۆتوویەتی لیژنەکە هیچی ساغنەکرۆتەوە، لێ من بڕوام بەوە نییە، چونکە دەزانم “دەفتەرەکەم” دەستکاریکراوە. سەرۆکی نوێی زانکۆ لیژنەیەکی ڕەسەنی پێکهێنا کە ئاشکرای کرد ئەنجامی تاقیکردنەوەکە دەستکاری کرابوو. بە هەر حاڵ، پاش ماوەیەک ئەو سەرۆکبەشە لە زانکۆ فەسڵ کرا، خوێندکارەکەش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوو – ئاخر گۆیا بەگوێرەی یاسای ئێراقی ئەو تازە دەرچووە و گوناهی نییە!!

یەکەم ساڵی دەوامم لە زانکۆی کۆیە بە بیرمدا هات هەوڵ بۆ کردنەوەی بەشی فەلسەفە بدەم. لەکاتی پشووی هاویندا مەسەلەکەم لەگەڵ موعیدەکەمان بە ناوی پۆڵا عەبدولسەمەد باس کرد، ئەویش گۆتی، برادەرێکی کەرکوکیی بە ناوی حەسەن هەیە و بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیی پێوە دەکات. کردی. من پێش ناسینی مامۆستا حەسەن چووم بۆ لای سەرۆکی زانکۆ دکتۆر نەبەز و پێشنیارەکەی خۆمم خستە بەردەم: “کاک دکتۆر، گەر بەڕێزت هەنگاو بنێیت بۆ کردنەوەی بەشی فەلسەفە لە زانکۆکەمان، من گفتی سەرخستنی پرۆژەکەت پێدەدەم!”. دکتۆر نەبەز سوپاسی کردم، هاوکات گۆتی، بۆ ئەو پرۆژەیە سێ مامۆستا پێویستن، کەواتە گەرەکە دوو مامۆستای دی بهێنم و ئەوسا بەشەکە بکەینەوە، بێگومان لە ڕانیە، چونکە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لەوێ بوو. ئەوە بوو مامۆستا حەسەن هات بۆ کۆیە و باسی برادەرێکی خۆی کرد بەناوی موسلیم کە پێکەوە لە بەغداد خوێندبوویان، گۆتی وا بزانێت کوردە، بە هەر حاڵ پەیوەندیی پێوەدەکات. بەم شێوەیە بەشەکە کرایەوە و بە سێقۆڵی لە بناغەوە بینامان کرد، لێ ئەویش لە کۆتاییدا وەک هەر بەشێکی دیکەی زانکۆیی بوو بە قەوارەیەکی کارتۆنی.

ساڵی یەکەم لە ڕەوتی بەریەککەوتنە نێومرۆڤی-کولتوورییەکاندا هەندێک ئەزموونی سەیرم کرد کە پێکڕا کرۆکی ئەو دەڤەرە کولتوورییەیان پێناساندم و هاوکات واتایان بۆ ڕەوتی ژیانم لە چەند ساڵی ئایندەدا وەرگرت. بێگومان من خۆیشم بەهۆی شێوازی ژیانمەوە فاکتەرێک بووم لە نێویاندا. ئەوەی یەکەمیان زۆر مەهەزەلەیی بوو. دوای دەستپێکردنی دەوامی ئەو ساڵە، لە کاتی پایزدا، هەموو ڕۆژێک لەسەر ستایلی خۆپۆشینم بە پانتۆڵێکی کاوبۆی، تی-شێرتێک و کراسێکی کراوەوە دەڕۆیشتم بۆ زانکۆ. زۆری نەخایاند سەرۆکبەش تکای گفتوگۆیەکی دووقۆڵیی لێکردم و پاشان لەو میانەیەدا پێی گۆتم، کە چەند کچێکی خوێندکار (دوایی زانیم کێن و هەموویان موحەجەبە بوون!) چوون بۆ لای و پێیان گۆتووە، کە گەر مامۆستاکەیان ئەوها خۆی بپۆشێت، ئەوان لەمەولا بەڕووتی دێن بۆ دەوام. زۆر سەرم لەوە سووڕما. ئاخر من لەژێرەوە فانیلەی عەلاگەم لەبەردا نەبوو و ئەوجا بەسەریدا کراسەکەم دانەخەم، بەڵکو بەسەر فانیلەی عەلاگەوە تی-شێرتم لەبەردا بوو و کراسەکەش فونکسیۆنی چاکەتی هاوینەی هەبوو. ئەمە یەکەم ئەزموون بوو کە پێشانی دام چۆن لەو کولتوورەدا مامۆستا دەخزێنرێتە نێو “رۆڵ” و “پێگە”ی پێناسەکراوەوە کە هەڵوێستێکی زۆر هەیەپارێزە، بەڵێ هەڵوێستێکی پیاوسالارانەی تایبەتی خۆرهەڵاتی-ئیسلامییە. بێگومان پێشنیارەکەی سەرۆکبەشم قبووڵ کرد و شێوازی خۆپۆشینمم گۆڕی، جا گەرچی ئەوە بەلامەوە هیچی دیکە نەبوو جگە لە مەهزەلە. ئاخر وەک برێشت دەبێژێت، هەندێک جار باش دەبێت کە مرۆڤ کەتوار قبووڵ بکات، جا خودی ئەو کەتوارە چەند تاڵ بێت. درەنگتر، هەر لەم پەیوەندییەی “پێگە” و “رۆڵ”ی پێناسەکراوی مامۆستای زانکۆدا / فەرمانبەردا، هەندێک ئەزموونی دیکە بەڕوونی پێشانیان دام کە لەوێ “پیاوی هەیەپارێزی مامۆستا” چە تێگەیشتنێکی بۆ خۆی و رۆڵە پیشەییەکەی هەیە. ڕۆژێک لەتەک مامۆستایەکی پۆستدار و چەند خوێندکارێکدا ڕۆیشتین بۆ سەرئەشکەوتان، بەپاڵ کانییەکەوە نەعنا خۆڕسکانە ڕوابوو و زۆر ناسک بوو. دەستم کرد بە لێکردنەوە. بینیم ڕەنگی کابرای پۆستدار تێکچوو و خێرا گۆتی “با بڕۆین”! هەروەک ببێژێت، ئەوە لە مامۆستای زانکۆ ناوەشێتەوە، وەلێ، بەگشتی بڕوانین، ئاساییە کە مامۆستا بۆ نموونە سەفتە بیستوپێنجی بە لاستیک ببەستێت و بیئاخنێتە نێو گیرفانی سەرەوەی کراسە هاوینەییەکەیەوە، کە ئاشکرایە ئەو جێیە سووردەچێتەوە و بەمەش بەئاگا یان بێئاگا کارایی هێمای پێدەدرێت. هەر لەگەڵ ئەودا جارێک سەیرانێکی خانەوادەییمان کرد بۆ دۆڵێ؛ سەرەتای بەهار بوو، لە گشت لا تۆڵەکەی زۆر ناسک پێگەیشتبوو و دەستم کرد بە گەڕان تا هەرە ناسکترینەکان بچنمەوە، کەچی ژنەکەی گۆتی: “ئێ خۆ ئەوە چەپکی بە هەزار دینارە”، لێ کاتێک زەردەخەنەیەکی تەوسمەندم تێگرت، خێرا گۆتی، “ئەها، مەسەلەکە لێکردنەوەیەتی لە لایەن خۆتەوە”. بێگومان من کولتوورێکی دیکەم هەبوو و گەر پێویستیش بووایە پەرچەکرداری خۆگونجاندم دەنواند، وەک بۆ نموونە لە ڕەوشی کراس و تی-شێرتەکەدا، سەرەڕای ئەوە هێشتا هەر ئامادە نەبووم بەتەواوی دەستبەرداری “شێوازی ژیانی خۆم” ببم، یان هەر کردارێکی دیکەی سۆسیالم ڕەتبکردایەتەوە کە لە ئاگایی چینایەتییەوە بۆ کەسانی پێگەنزمی جڤاکی تەرخان کراوە، بۆ نموونە شەرمم بەوە بهاتایە کە دوو دەبە نەوت لە بەنزینخانەیەک بکڕم، ئەوجا بەدەست هەڵیانبگرم و بەنێو بازاڕدا بییانبەم بۆ ماڵەوە. یان چنینەوەی تۆڵەکە، پونگە، نەعنا لەنێو سروشتدا. هەندێک جار لە درێزدن لەتەک هەندێک دۆستدا بە پاسکیل دەڕۆیشتین بۆ دارستان، قارچک و ڕووەکی دیکەی خۆڕسکمان لێدەکردوە، پاشان دەڕۆیشتین بۆ ماڵی یەکێکمان، پێکەوە خواردنمان لێ دەسازاندن و بەدەم خواردنەوەی شەرابەوە دەمانخوارد. یەکێک لەو برادەرانە شتێفان شاڕد بوو کە سەرۆکی ئۆرکێسترای سینفۆنیی لایپتسیگ بوو، ئەوانی دیکەش موزیکی و پزیشک بوون. لێ ئەم جۆرە کولتوورە کە نزیکیی ژیانە لە سروشت، لای کوردەکانی ئێراق “بەگشتی” بۆ گوندییەکان تەرخان کراوە، جا گەرچی هەمووان بەگوێرەی ئەوە کردار نانوێنن، بەڵێ تەنانەت هاوشێوەی گرووپەکەی ئێمە لە درێزدن دەژین. ئاخر لەوێش موعید یان مامۆستامان هەبوو کە حەزیان بە نزیکی بوو لە سروشت، یان بە چنینەوەی ڕووەکی خۆڕسک. بە هەر حاڵ ئەو خزاندنەی مامۆستا بۆ نێو “رۆڵ” بە هیچ شێوەیەک لای کوردەکانی ئێران بەدی نەدەکرا. ئەوان گەلێک نزیک لە سروشت دەژین.

لە سەرەتای دەوامی یەکەم ساڵدا هەروەها بەر ناکۆکیی سیاسیی نێو-حیزبی کەوتم کە دەریدەخست چەند سەخت و چۆن ئەو حیزبانە بە هەر شێوازێک دژایەتیی یەکدییان دەکرد. ڕۆژێک برادەرێک، وابزانم پۆڵا عەبدولسەمەد بوو، لە زانکۆ پێی گۆتم، کە کابرایەک، ناوی نابات، پێی ڕاگەیاندووە، گەر من بڕۆم بۆ زانکۆی هەولێر، ئەوا لەوێ ئەم و ئەو موخەسەساتم دەدەنێ، تەنانەت ئەو بڕە پارەیەم بۆ سەرف دەکەن کە وەک هاندان تەرخانکرابوو بۆ ئەو کەسانەی لە هەندەرانەوە بۆ وڵات دەگەڕانەوە. ڕاستییەکەی ئێمەومانان لە کۆیە دەبوو بەگوێرەی بڕیار ئەو پارەی هاندانە وەربگرین، وەلێ پارە تەرخانکراوەکە “خورا” بوو. بە هەر حاڵ ئەوەم بۆ دکتۆر شێرکۆ حەمە ئەمین گێڕایەوە، ئەویش یەکسەر بە پێکەنینەوە گۆتی: “ئەوە پاراستنە! ئاگادار بە!”.

لە زانکۆ، کە گۆیا سەنتەری زانستە، لە چەند هەفتەی سەرەتای دەوامی ئەو ساڵەدا زۆر بەتیژی بەر پرسی ناوچەگەری کەوتم، لەپاڵ ئەو غەریبێتییەدا کە بەردەوام لە ناخمدا ئامادەگیی هەبوو. ڕۆژێک کیژێکی عەجولی بەشی مێژوو کە بەگوێرەی شێوەزار خەڵکی سلێمانی بوو و ئاشکرایە منیش بە شێوەزاری خەڵکی ئەوێ لەتەکیدا دەئاخڤیم، لە میانەی گفتوگۆیەکدا بە زەردەخەنەیەکی عەیارانەی سەر لێوییەوە کتوپڕ لێی پرسیم: “مامۆستا بە ئەسڵ خەڵکی کوێیت؟”. یەکسەر هەڵوێستەیەکم کرد، زەردەخەنە گرتمی و گۆتم “خەڵکی سلێمانیم”. دوایی دەرکم کرد کە زەردەخەنەکەم تاڵ بوو بەسەر لێومەوە. پرسیارەکەی بەڕاستی ئالەنگارییەکی سەیر بوو. بۆ دەبێت کەسێک پرسیاری ئەوهای لێبکرێت؟ لێرەدا پرسیارکەر مەبەستێتی، کە پرسیارلێکراو گەرەکە وەڵامێکی ڕاست سەبارەت بە ڕەچەڵەکی ناوچەیی خۆی بداتەوە، هاوکات پرسیارەکە ناڕاستەوخۆ ئەوەش لە خۆ دەگرێت کە شوناسی ناوچەیی کەسی پرسیارلێکراو جێی گومانە. ڕاستییەکەی ئەوە بەئاشکرا لەسەر ڕوخساری خوێندکارەکە دەخوێنرایەوە. کرۆکی ئەم جۆرە پرسیارەم چەند ساڵێک دوای ئەوە ڕۆشنتر بۆ خویا بوو، ئەویش کاتێک هەمان پرس، لێ ئەمجارە زۆر کۆمیدییانە، دووبارە بۆوە و جەختیی بە من دا کە پرسی ڕەچەڵەکی یان شوناسی ناوچەیی لای کوردەکان سەر بە ژیانی ڕۆژانەیە. ئەو دەمە ئێمە، هاوسەرەکەم و خۆم و کوڕەکەمان، لە ڕانیە دەژیاین، لایەنیکەم مانگی جارێک بۆ سەردان دەڕۆیشتینەوە بۆ سلێمانی، ئەوە بێگومان بۆ ماڵی خەزوورم، چونکە ماڵی دایک و باوکم نەمابوو؛ دایکم لە ماڵی برایەکم دەژیا و بۆ منیش دوورەپەرێزییەکی ڕێزمەندانە لە ئەوان، هیچ نەبێت قبووڵکراو، زۆر خوازراو بوو. ئەوپەڕەکەی خێرا سەردانێکی نیوسەعاتیی دایکمم دەکرد. بە هەر حاڵ، لە ڕانیەوە بەیانیان زوو چەندین پیکاب باریان بۆ سلێمانی دەگواستەوە و خاوەنماڵەکەمان شۆفێرێکی بارگوێزەرەوەی بۆ ڕاسپاردبووین کە بەیانیان بێت بەشوێنماندا. ئەوە بۆ ئێمە بە زارۆکێکی بچووکەوە کە ئۆتۆمبێلمان نەبوو، زۆر پراکتیکی بوو. کاکی شۆفێر دەهات بەشوێنماندا، پشتەکەیمان دەگرت و لە سلێمانی لە بەردەم ماڵی خەزوورمدا دایدەبەزاندین. ڕۆژێک شۆفێرێکی نوێ هات بەشوێنماندا، پێشەکەی کابرایەکی تەمەن سیساڵان گرتبووی. شۆفێرەکە لە ڕێ لێی پرسیم کە خەڵکی کوێم، منیش وەڵامم دایەوە کە خەڵکی سلێمانیم. نەفەرەکەی پێشەوە خۆی لە باسەکە هەڵقورتاند و دەمی قەپۆزئاسا دەرپەڕاند: “ئەوە مامۆستا چەند ساڵێک لەمەوبەر کوڕێکم ناسی و گۆتی کە گۆیا خەڵکی سلێمانییە، منیش سەرم کردە سەری و بە پرسیار دامگرتەوە، لە کۆتاییدا گۆتی کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی سەیسایەقە. دە تکایە تۆش پێمان بڵێ بە ئەسڵ خەڵکی کوێیت”. لەگەڵ خۆشیی هاوسەرم پێکەنین گرتینی. زۆر بەپوختی پێم گۆت: “بەڕێزم من بە ڕەچەڵەک، لە باپیرە گەورەکانمەوە، خەڵکی سلێمانیم” و مەسەلەکەم بڕانەوە.

لە هەردوو ڕەوشی ناوبراودا من دۆڕاوەکە بووم، چونکە هەردوو جار بینیم کە ڕیشەی ناوچەییم خراوەتە ژێر پرسیارەوە و هاوکات ناچاری وەڵامدانەوە کراوم! ئەوەش بەڕاستی ناخهەنگێوە. تۆ ڕەچەڵەکی ناوچەییت دیار نییە. بێگومان ئەم ڕەوشە پۆزەتیڤە و نیشانەیەکە بۆ مۆبیلێتیی دانیشتوان، تەنانەت نیشانەیەکی کەم یان زۆر ڕێژەییە بۆ بەگەلبوون، چونکە بەردەوام کەسان دێنە ناوچەی دیکەوە و تێیدا نیشتەجێ دەبن، کەرکوکی و سلێمانی و هەولێری، دهۆکی و زاخۆیی و هتد تێکەڵ دەبن. لێ سەرەڕای ئەو ڕەهەندە پۆزەتیڤە هێشتا هەر لە گشت ناوچەکاندا دەشێت ئەزموونی ناوچەگەریی خێڵەکییانە بکرێت، دەشێت بەئاشکرا و تەنانەت لە زانکۆشدا ببینرێت کە چۆن زۆر کەس بەردەوام سەریان کردۆتە سەر کەسانی دیکەی ئەم یان ئەو ناوچە، ئەوجا گەر لە کۆتاییدا کەسیان بەدەستەوە نەمێنێت، سەردەکەنە سەر کوردەکانی ئێران – “ئەو ئێرانیانە کە تەنانەت نازانن ئۆتۆمبێل بئاژوێن”! وەلێ لە ئەزموونی خۆمەوە لەتەک هەڤاڵان و خزم و کەسوکاردا، هەروەها لە بینین و بیستنەوە بەگشتی، گەیشتووم بەو باوەڕە کە ئەوەندەی کەسانی ڕەچەڵەک گوندی و لادێیی لە سلێمانی خەریکی ناوچەگەرین، خەڵکی ڕەسەنی شارەکە خۆیانی پێوە سەرقاڵ ناکەن یان بەدەگمەن دەیکەن، بەڵێ ئەوها دەنوێنێت کە زۆرینەیان تاقەتی ئەو جۆرە پرسانەی نەماوە. ئاخر گەر کەسێک لە مەڵکەندی، شێخان، کانێسکان و هتد هاتبێتە جیهانەوە، هاوکات ببینێت کە چۆن گەڕەکی شێخان وێران بووە و زۆردارانە کراوە بە ناوچەی بازرگانی، ببینێت کە چۆن ڕۆژ بە ڕۆژ گەڕەکەکانی مەڵکەندی و کانێسکان زیاتر وێران دەبن و زۆر لە خانووەکانی نەنکان و باپیران بە بینای کۆنکرێت جێیان دەگیرێتەوە، هەروەها ئەو وەک خەڵکی ڕەسەنی شارەکە سەر بە کەمینەیەکی بچووکی دانیشتوانە لەوێ، باوەڕ ناکەم تاقەتی شارچێتیی هەبێت.

بەڵێ من تەنانەت پێکەنینم دێت بە چڕینی ستران بۆ شار کە دەرهاویشتەی هەستی ئەوپەڕی ناڕاستگۆیە. سترانبێژ مازۆخیستیانە دەلاوێنێتەوە، دەکڕووزێتەوە “بۆ سلێمانییەکەم!”، بۆ “شاری شارانم، ئاخ کە چیدی وەک جاران نەماوە!”، هەروەک ئەو شارە جاری جاران لوتکەی تەمەدون بووبێت و ئەمڕۆ شێوێنرابێت! ئەوجا لێرەدا جێی سەرنجە کە زۆر دەشێت کوڕەی سترانبێژ گەنج بێت و هەرگیز ئەو جاری جارانەی سلێمانیی نەبینیبێت! جگە لەوە من باوەڕ ناکەم کە نەک تەنیا لەم سەردەمە تەنگژاوییەی سەرجەم بوارەکانی ژیاندا، بەڵکو تەنانەت لە سەردەمانی ئارامتری ترادیسیۆنیشدا، هەرگیز بشێت هونەرمەندانە ستران بۆ شار بچڕرێت. ئاخر شار فرەلایەنە، ئاڵۆزە، پڕکێشەیە، ئەوە بەتایبەتی ئەمڕۆ. پیاهەڵدان نیشانەی ناڕاستگۆیی هەستی ئەو کەسەیە کە بەزۆر بۆ بابەت دەگەڕێت، ناڕاستگۆییش یان هەستی هەڵئاوساو بەزۆری “کییچ” دەخاتەوە و سترانبێژ دەخوازێت لای گوێگرانی خۆشەویست بێت. ئەو پێدا هەڵدەدات و دەخوازێت پێیدا هەڵبدرێتەوە. لە بنەڕەتدا ئەوپەڕی دەشێت لەم جۆرە سەردەمانەدا ڕەوشگەلی نەخۆش، پەرتەوازەیی، تەنیاکەوتن، بێدادی و هتد بکرێن بە هونەری ڕشانەوە. ئاخر چیدی هونەر ناتوانێت هەستی شادی بهۆنێتەوە، چونکە خودی شادی لەژێر پرسیاردایە؛ هونەر ناتوانێت نۆستالجییانە ڕابوردووی شارێک بڕازێنێتەوە، چونکە ئەو ڕابوردووەش پڕ بووە لە نەسازی و دژبێژی، بێدادی و داماوی، بێگومان کەم یان زۆر ڕەفتاری مرۆڤدۆستانەی ناسکیش. ئەوجا لەم جۆرە پرسانەدا نەک تەنیا نەبوونی توانستی ئافراندن، بەڵکو هەروەها نەبوونی ئیدێ ئاشکرا دەبێت. مرۆڤ بەزۆر بۆ بابەت دەگەڕێت، خواخوایەتی بە هەر شێوەیەک بێت شتێک بۆ خۆی هەڵبکڕێنێت. بۆیە لەوێ لە گشت بوارەکانی زانست و ئەدەب و هونەردا دزی زۆر دەکرێت. لە ڕانیە کوڕێکی بێسەروبەرم دەناسی کە بەردەوام رواڵەتگەرایانە بەبێ کەمترین مەئریفە خۆی لە پرسەکانی هزر هەڵدەقورتاند؛ جارێک لە میانەی گفتوگۆیەکدا پێم گۆت کە ماوەیەکە لە پرسی “ماڵ”دا کاردەکەم، وابزانم دوو ڕۆژی نەبرد هاتەوە بۆ لام و پێی گۆتم بابەتێکی لەسەر “ماڵ” نووسیوە و ناردوویەتی بۆ بڵاوکردنەوە. ئەم کێشەیە زۆر ڕۆشن لە زانکۆ خویا دەبێت. لەوێ زۆرینەی هەر زۆری خوێندکاران دوای چوار ساڵ خوێندن نازانن توێژینەوەی بەکالۆریۆسەکەیان لەبارەی چە بابەتێک بنووسن، بۆیە زۆر جار ڕوو دەدات بەشەکان خۆیان ناونیشانی توێژینەوە بە لیست ڕادەگەیەنن! ئەم ڕەوشە وایکردووە کە لەوێ کۆپی-پەیست ببێت بە هەقیقەتێکی نێو کایەی ئەکادیمی.

3

ژیان لە ڕانیە خۆش بوو. دۆستایەتیی ڕانێییەکان تایبەتمەندیی خۆی هەیە. مرۆڤ خێرا دەبێت بە برادەر. لەو چەند ساڵەی ژیانمدا لەوێ زۆر کەسی تایبەتم ناسی، کە شۆڕشگێڕ، ڕەخنەیی، کۆزەرڤاتیڤ (هەیەپارێز)، هۆشئاوەڵا و هتد، هەروەها کەم یان زۆر کراوە بوون. زۆرینەی دۆستان لە خوێندکارانی خۆم بوون کە بێگومان هەموویان کوڕی باش نەبوون، بەڵکو لە نێویاندا تاک تاکە دووزمان و ئاژاوەگێڕیش هەبوون. گەلێک جار پاشنیوەڕوان دەڕۆیشتین بۆ سەیران لە دەربەند، غابات، دۆڵێ، کاتی پڕشادیمان بەدەم مەینۆشینەوە بە گفتوگۆ و دانوستاندنی فەلسەفەیی بەسەر دەبرد. زانکۆ بە پێچەوانەوە هیچی دیکە نەبوو جگە لە جەجاڵێکی شێواو و پڕکێشە، بێ ئۆتۆرێتی، کاتبەڕێکەر و تا بکرایە کێشەکانی ئاگامەندانە دادەپۆشی، تەنانەت دەیچەپاندن. ئاخر نابێت هیچ شتێک بجمێت. پارت لە هەموو لایەک پیاوانی خۆی دەسەپاند تاکو بە هەر نرخێک بێت ئارامی بپارێزن، جا گەر ئەوە تەنانەت بە دەرچوواندن و دامەزراندنی بێدادانە، بە وانەسڕینەوە و سوڵحی عەشایەری و هتد بووایە. میکانیکێتییەکی سەیر سەرجەم پەیوەندییە فەرمییەکانی تەنی بوو، ئەوە بێگومان بەڕووخۆشی، ڕێزمەندانە، لەسەرخۆ. خوێندن بێ کرۆک بوو. مامۆستای زانکۆ هەبوو (کە ژمارەشیان کەم نەبوو) بە مەلزەمەی شەش تا دە لاپەڕەیی ساڵێکی بەڕێ دەکرد. تەواو. ڕاستییەکەی خوێندکارانیش، زۆرینەی هەرە زۆریان، لەوە زیاتریان نەدەویست، چونکە پرسی ئەوان لە سەرەتاوە زانست نەبوو، بەڵێ داوایان دەکرد کە تا بشێت بابەتی کەمیان بۆ خوێندن پێبدرێت تاکو بەئاسانی دەربچن و بڕوانامەکەیان وەربگرن، تەنانەت ئەوەیان دەسەپاند (!) و ڕووی دەدا کە بۆ ئەو مەبەستە خۆپێشاندانیان دەکرد، بەڵێ زۆر لە خوێندکارانی دەرنەچوو بێشەرمانە دەڕۆیشتنە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەولێر و بە خۆپێشاندان داواکارییان بۆ دەرچواندن بەرزدەکردوە. ڕۆژێک کەناڵێکی وروژێنی تەلەڤیزیۆنی چەند خوێندکارێکی ئامادەیی پێشان دا کە لەسەر ڕێگەی سلێمانی-کەرکوک بە خۆپێشاندان داوای کەمکردنەوەی ڕێژەی بابەتی خوێندنیان دەکرد و بەئاشکرا دەیانگۆت کە “دەرەقەت نایەن”!! هەڵوێستی حکومەتیش بەگشتی لەم پەیوەندییەدا هیچی دیکە نەبوو جگە لە کارئاسانی، بەپیرەوەچوون، هاوکات میدیای تەلەڤیزیۆنی، وەک نوێنەری بەرەڵایی، هەرزەکارانە دەهۆڵی بۆ بێسەروبەری دەکوتا. لە پێش هەموویانەوە کەی ئێن ئێن!
لە زانکۆ بەتایبەتی “کورسی” سەنگێکی تایبەتی هەبوو. شەیدایانی کورسی بەشەو دەڕۆیشتن بۆ ماڵی ئەم یان ئەو مەسئول تا بۆ خاتری ئەوان زەخت لە سەرۆکی زانکۆ بکەن و کورسیی ڕاگر، سەرۆکبەش یان هیچ نەبێت بڕیاردەری بەشیان (!) پێبدەن. ئەوە لە کاتێکدا دەبوو پۆستخوازەکان بەردەوام بەو هۆیەوە دەوامی فەرمی بکەن، لە سەئات هەشت یان نۆی بەیانییەوە تا پاشنیوەڕۆ لە دەوام بن، هاوکات ئەو مامۆستایانە کە تەنیا ئەرکی وانەبێژییان هەبوو، دەیانتوانی تەنیا بۆ ماوەی کارکردنی پێویست لە زانکۆ بن و دوای تەواوبوون بڕۆنەوە بۆ ماڵی خۆیان؛ ئەوان کاتیان هەبوو بۆ نووسینی توێژینەوە، وەرگێڕان، یان گەشت و سەیران. شەیداکانی کورسی ئامادەبوون ئەم هەموو کاتە بۆ خاتری دانیشتن لە پشت مێزێكەوە لەدەست بدەن! بێگومان مرۆڤ دەتوانێت، هەروەها ئاساییە کە لە هەر دەوڵەتێکی دامەزراوەییدا (نەک خێڵەکی و مافیاییدا) بە بەرهەمهێنان، بە کارکردنی جددیی فەرمانبەریانە، بۆ جێی بە خۆ شیاو تێبکۆشێت، ئەوە مافی خۆیەتی، لێ ئەمە لای کوردەکانی هەرێم زۆر دەگمەنە. حیزب دەستوێژ و دەرووە بۆ گەیشتن بە خەونە خۆییەکان بەبێ ئەوەی خەنبین لە خۆی بپرسێت، کە زۆر دەشێت خەونەکەی لەو ڕەوشەدا گەورەتر و ئاڵۆزتر بێت لە توانستی هۆشەکی و ئیستیعابی زانستییانەی ئەو. بەڵێ تەنانەت لە کوردستان ئەوها دەنوێنێت کە هەموو فەرمانگەیەک “بارە” بەسەر فەرمانبەرانەوە و ڕێی کاتبەسەربردن، پشوو و نووستنی زۆریان لێدەگرێت، وەلێ ئەوان دەبێت بەناچاری ئەو کارە لە ئەستۆ بگرن تاکو مووچەی گوزەرانیان دابین بکەن، لەئەستۆگرتنی کاریش بۆ ئەوان (لایەنی کەم بۆ زۆرینەیان) تەنیا بێزارکەرە، بۆیە بەنیوەناچڵ و سەرپێیی ڕایدەپەڕێنن. ئەوجا دەسەڵاتدارانیش بەبێچارەیی ڕوویان لەو دۆخە کردووە، جا ئەوە بە دابینکردنی بودجە بێت، پەرەپێدانی زۆر نالەباری ئینفراستروکتور بێت یان هەر ئیجرایەکی دی. هۆی ئەمە ئاشکرایە. ئەوان دوای “ڕاپەڕین” وەک تێهەڵدراو لە شاخ و داخەکانەوە، یان وەک قۆنتەراتچیی عەسکەری لە کوچەکانی کەرەجەوە بەنێو شاخ و داخەکاندا، دابەزیون و وەک بێتوانای خولەچەخماخەیی، خێڵەکیی نادەوڵەتمەدار، سەرەتا سەرجەمی دامەزراوە فەرمییە هەبووەکانیان تێکداوە. بۆیە بەناو دامەزراوەکەی هەرێمیش کە بەرهەمی خەباتی سەرکەوتووی ئەوان نییە، بەڵکو بەڕێی جەنگی کەنداو و هاوکات لە دەرەوە دەرفەتی بۆ ڕەخسێنراوە، وەک بار بەسەریانەوە زیت دەبێتەوە.

زانکۆ لە پرنسیپدا دەروونی هەر جڤاکێکە، ئەویش چونکە ئەندازیار و پزیشک، ئابووریناس و مامۆستای پیشەگەری، فەرمانبەری پسپۆر و هتد پێدەگەیەنێت، وەلێ لای کوردەکان زیتکراوەیەکی وەڕسی بێگیانە کە تێیدا بەردەوام جێگۆڕکێ بە پۆستدارانی دەکرێت، لە نێویدا گەنجان چەند ساڵێک ڕادەگیرێن، ناڕاستەوخۆ گفتی وەرگرتنی بڕوانامەیان پێدەدرێت و ئەو گفتەش هەردەم دەبرێتە سەر، ئەوجا کاتێک ئەو خۆی وەک زانکۆ کرۆکیانە لە بەردەم پرسی رۆڵە تایبەتییەکەیدایە کە زانستخوازییە، خۆنەوێنانی حیزبی بە پێچەوانەوە خۆیان بە پرسە رواڵەتییەکانەوە گرێداوە و بەردەوام دەیهێنن و دەیبەن تاکو لە سەرئەنجامدا پۆستەکانی بە یاریدەی سەرکردە دەمانچییەکانیان بگرن. گەر تەنانەت هەندێک ئەکادیمی ڕێگەچارەیان بۆ کێشە زانستییەکانی زانکۆ هەبێت، هێشتا هەر گەلەکۆمەکێی سیاسی کە ناوی حیزبی لێدەنرێت و دەستوێژی شەللاتییەکانە، ڕێ نادات بیخەنە بواری پراکسیسەوە. بەڵێ زۆرتر لەوەش، تازە پیاکەوتووی دکتۆرا پێبەخشراو دەرگە بۆ دەمانچەیی دەکاتەوە کە بە سنگی دەرپەڕیوەوە بێتە نێو حەرەمی زانکۆوە! پیرەمێردی کییناوی سوێندی خواردووە کە هەرکەس لە بواری ئەودا سەربەرزبکاتەوە، سەرکوتی بکات، بەڵێ تا بشێت ڕێ نەدات تەرقیەی ئەکادیمی بکات. کەواتە، سەرجەمییانە بڕوانین، مامۆستا جددیەکانیش بەشدارن لەم ڕەوشە نەخۆشەدا، چونکە بەملکەچی قبووڵی دەکەن.

لە پەیوەندیی ئەوهادا ئیدی ژیان هێدی هێدی بە موئانات دەتەنرێت، توانستی کارکردنی ئافرێنەرانە سست دەبێت. کار کە هەردەم شادیبەخشە، ئەم ئەدگارەی لەدەست دەدات. هەروەک جارێک هەڤاڵێک گۆتی: “لەم وڵاتە ڕۆحت دەکوژن!”.

کوردستان وڵاتێکی جوانە. لێ خەڵکەکە زۆر سەیر لێی دەژین. وەک مانگایەک دەیبینن کە گەرەکی دۆشینە، لێ مانگایەکی بێخاوەن کە پارەی تێدا خەرج نەکرێت، کەواتە کێوی. ڕێزیان بۆی نییە. زۆری لێدەسێنن، زۆر زۆر کەمی پێدەدەنەوە. جارێک لە ڕانیە حسابکارییەکی گەلێک درشتم بۆ داهاتی گوندییەکان کرد بەڕێی کنگرەوە کە ڕووەکێکی خۆڕسکە. نرخی ڕۆژانەی کیلۆیەک کنگر و ماوەی هەبوونی لە بازاڕدا گەیاندمیان بە بڕێکی درشتی پارە، لەتەک داهاتی کنگری هەموو ناوچەکانی کوردستاندا بەدرشتی کۆمکردەوە و گەیشتم بەوە کە تەنیا کنگر ساڵانە نزیکەی یان لایەنیکەم دووسەد ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی داهات بۆ خەڵکی گوند دابین دەکات. ئەوە جگە لەو هەموو ڕووەکە خۆڕسکەی دی. ئەوجا میوەی بەتام. خەیاری سروشتییانە پێگەیشتووی ئەم یان ئەو گوند کە هەر ئەوەندەی نوکی چەقۆی بەردەکەوێت، ئیدی بەرامەی ئەو ناوە دەتەنێت و ئاوی بە دەستدا دەچۆڕێتەوە. خۆخی ئاکرێ! هەنجیری بەری مەرگە و هەڵشۆ، هەناری هەڵەبجە و نازەنین. لێ ئەو خەڵکە داویانەتە بەر. کابرای گوندی باشترین زەویی بۆ چاندنی گەنم هەیە، کەچی ئامادە نییە بەردەکانی نێو زەوییەکەی دووربخاتەوە. دوای پەڵەدان دەیکێڵێت، گەنمەکەی دەپرژێنێت و دەڕوات بۆ سایەقی، چایخانە، قاچاخچێتی، نۆکەرایەتیی مەسئول.




چەند سەرنجێک دەربارەی پەرتووکی لێتدەپرسن حزب چییە؟… گه‌نجۆ ژیندا

په‌رتووكی لێتده‌پرسن حزب چییه‌ له‌ نووسینی حه‌مه‌زیاد مه‌ولودم خوێنده‌وه‌، كه‌ 313 لاپه‌ڕه‌ی قه‌واره‌ مام ناوه‌نده‌. سه‌ره‌تا  ده‌ستخۆشی له‌ نووسه‌ر ده‌كه‌م كه‌ خۆی ماندوو كردووه‌ و زۆر سه‌رچاوه‌ی به‌كارهێناوه‌و هه‌وڵیداوه‌ پرسی حزب له‌ زۆر رووه‌وه‌ روون بكاته‌وه‌. بێگومان له‌ په‌رتوكخانه‌ی كوردی ئه‌م جۆره‌ په‌رتووكانه‌ كه‌مه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی نووسرابێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كارێكی باش كراوه‌، به‌ڵام ده‌كرا باشتریش بكرێ و زیاتر و باشتر روونكردنه‌وه‌ بدرێت، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌توانم هه‌ندێك سه‌رنج و تێبینی خۆمی له‌سه‌ر بده‌م:

  1. به‌گشتی په‌رتووكه‌ زۆرتر لایه‌نی تیۆڕی له‌پێشه‌ و نمونه‌كانیشی زۆرتر له‌ ده‌ره‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كوردستانن، ده‌كرا له‌گه‌ڵ لایه‌نی تیۆری ده‌بوو له‌لایه‌نی جێبه‌جێكردنیشی نمونه‌ی زیاتر له‌لایه‌نی پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیف هه‌بووایه‌.
  2. نمونه‌كان زیاتر سنووردارن به‌ په‌ده‌كه‌ و یه‌نه‌كه‌، ئه‌ویش زیاتر نمونه‌ی پۆزه‌تیڤ وه‌رگیراوه‌، واتا زمانی ره‌خنه‌ له‌م په‌رتووكه‌ كه‌مه‌، ده‌بوا به‌گوێره‌ی ئه‌و پێوانه‌ و پره‌نسیپانه‌ی كه‌ له‌په‌رتووكه‌كه‌ نووسراون له‌به‌رچی له‌لایه‌نی جێبه‌جێكردن نه‌كه‌وتوونه‌ته‌ بواری كرداریه‌وه‌.
  3. نووسه‌ر زیاتر له‌ ده‌وری تیۆری لیبرالیزم و مۆدێلی حیزبی لیبڕاڵ ده‌سوڕێته‌وه‌، كه‌ ده‌كرا ئه‌و مه‌ودایه‌ تێپه‌ڕێنێ، چونكه‌ ئه‌وه‌ش سه‌لماوه‌ كه‌ حیزبی لیبڕالیسته‌كانیش نه‌یاتوانیوه‌ ببنه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پرسه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، به‌تایبه‌ت له‌باشووری كوردستان كه‌ هه‌ژموونی بیر و چه‌مك و شێوازی حیزبگه‌رایه‌تی لیبرالیست هه‌یه‌، هه‌تا حیزبه‌ ئیسلامی و نه‌ته‌وه‌یه‌كانیش به‌ مۆدێل و شیوازی لیبرالیستی خۆیان به‌ڕێكخستن كردووه‌، نمونه‌ یه‌نه‌كه‌ له‌ ساڵی 1993 به‌دواوه‌ به‌ په‌یڕه‌و پڕۆگرامی حیزبێكی لیبڕالیست به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، به‌هه‌مانشێوه‌ په‌ده‌كه‌ش حیزبێكی لیبڕالیستی كۆنه‌پارێزه‌، تا ده‌گاته‌ حسك و زه‌حمه‌تكێشان و لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان. ده‌بێ له‌بیر نه‌كه‌ین حیزبه‌ سۆسیال دیموكراته‌كانیش به‌شێكن له‌ بیر و چه‌مكی لیبڕالیزم. بۆیه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاخۆ بۆچی نه‌بوونه‌ته‌ وه‌ڵامده‌ره‌وە،‌ پێویست بوو راوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت، له‌لایه‌كیتر ئایا هه‌مان ئه‌و بیره‌ لیبڕالیست و نیۆلیبرالیستیه‌یی هه‌یه‌ ده‌توانێ بۆ داهاتوو چۆن به‌ڕێكخستن بكرێ، ئایا ئه‌و بێ هیوایی هه‌یه‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌وشێوازه‌ حیزبیه‌یی له‌ باشووری كوردستان هه‌یه‌؟
  4. له‌م په‌رتووكه‌دا ژن هه‌بوونی نییه‌، سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك كه‌ به‌سه‌ده‌ی ژن به‌ناوده‌كرێت، به‌ڵام له‌م په‌رتووكه‌دا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی ژن نه‌كراوه‌، ئایا له‌به‌رچی نووسه‌ر ژنی نه‌بینیوه‌، ئایا حیزبایه‌تی ته‌نها مافی پیاوه‌، یان نووسه‌ر سیاسه‌تكردن ته‌نها به‌مافی پیاوان ده‌زانێت، بۆیه‌ پێویست بوو به‌تایبه‌ت راوه‌سته‌ له‌سه‌ر رۆڵی ژن له‌ خه‌باتی سیاسی دا بكرابوایه‌، ئه‌وه‌ش پێویست بوو ئاماژه‌ی پێبدرابوایه‌ كه‌ مۆدێلی حیزبایه‌تی پیاوسالار له‌ ده‌ره‌وه‌ی كاره‌سات هیچیتر به‌دوای خۆیدا ناهێنێت. به‌هه‌مان شێوه‌ رۆڵی گه‌نجانیش باس نه‌كراوه‌، بۆیه‌ ئه‌و شێوازه‌ سیاسه‌ته‌ پیرسالاریه‌یی كه‌ له‌ باشووری كوردستان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ په‌ده‌كه‌ و یه‌نه‌كه‌ و تا مردن ده‌ستبه‌رداری سه‌رۆكایه‌تی حیزبه‌كانیان نابن، ئایا ئه‌وه‌ نه‌بۆته‌ هۆكار كه‌وا ده‌یان هه‌زار له‌ گه‌نجان له‌ وڵات كۆچ بكه‌ن و له‌ ده‌ریاكان به‌خنكێن و له‌ به‌سته‌ڵه‌كه‌كان ره‌ق ببنه‌وه‌.
  5. كێشه‌یه‌كیتر كه‌ وه‌ك كێشه‌ی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك به‌ناو ده‌كرێت، ئه‌ویش كێشه‌ی ئیكۆلۆژیه‌، كه‌ ئێستا له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر به‌رۆكی مرۆڤایه‌تی گرتووه‌، نمونه‌ كێشه‌ی فره‌وان بوونی كونی ئۆزۆن، نه‌خۆشی كۆڕۆنا و نه‌خۆشیه‌ هه‌میشه‌یه‌كانی وه‌ك شێرپه‌نجه‌، ئایدز تا ده‌گاته‌ خۆڵبارین، ئایا حیزبێك كه‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی ئیكۆلۆژی نه‌بێ ئایا ئه‌مڕۆ ده‌توانێ وه‌ڵام ده‌ره‌وه‌ی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌بێ؟
  6. شێوازی حیزبی بنه‌ماڵه‌گه‌ری باس نه‌كراوه‌ كه‌ پێویسته‌ راوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرابوایه‌، ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی هه‌ره‌ زۆری له‌سه‌ر له‌ باشووری كوردستان ئه‌ویش حیزبایه‌تی بۆ ماوه‌یه‌، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ هیچ پێوه‌رێكی حیزبایه‌تی كۆن و نوێ نایه‌ته‌وه‌، نمونه‌ حیزبی كۆنه‌پارێزه‌كانی جیهان هیچیان بنه‌ماڵه‌ی نین، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ نووسه‌ر ده‌كرێ نمونه‌مان بۆ بێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا شێوازی حیزبایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی چ كاره‌ساتێك به‌دوای خۆیدا دێنێ، لێره‌ ته‌نها په‌ده‌كه‌ و یه‌نه‌كه‌ دوو حیزبی بنه‌ماڵه‌یی نیین، به‌ڵكو حسك و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری و نه‌وه‌ی نوێ و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بنه‌ماڵه‌ین و نه‌خۆشی بنه‌ماڵه‌گه‌ریش رێگره‌ له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنیان. نمونه‌ی ئه‌و جۆره‌ له‌ حیزبایه‌تی ئایا له‌ جیهان بینراوه‌؟ ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تی بنه‌ماڵه‌گه‌ر هه‌یه‌، به‌ڵام حیزبایه‌تی بنه‌ماڵه‌گه‌ر ئه‌مه‌یان زۆر شازه‌.
  7. نووسه‌ر له‌ شوێنێك دانی به‌وه‌ داناوه‌ كه‌ حیزبی سیاسی نابێ هێزی چه‌كداری هه‌بێ، ئه‌وه‌یان باشه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌و پاكتاوه‌ جه‌سته‌یانه‌ی ناوخۆی حیزبه‌كان و ده‌ره‌وه‌یان كه‌ له‌ رێگای ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی پاراستن و زانیاری جێبه‌جێكراون ئایا له‌وباره‌یه‌وه‌ نووسه‌ر چی ده‌ڵێت، نمونه‌ په‌ده‌كه‌ به‌درێژای ساڵانی 1960 تاكو ئێستا له‌لایه‌ك پاكتاوی جه‌سته‌ی له‌ناو حیزبه‌كه‌ی ده‌كات له‌لایه‌كیتریش له‌ناو لایه‌نه‌ سیاسی و كه‌سایه‌تیه‌ نه‌ته‌وه‌یاكانی پارچه‌كانی تری كوردستان ده‌كات، نمونه‌ یه‌كه‌م را‌ونانی ناوخۆی په‌ده‌كه‌ كه‌ به‌ را‌ونانی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و ج.تاڵه‌بانی ده‌ستی پێكرد، هه‌ر له‌و كاتانه‌شدا واتا له‌ 15ی ئایاری 1968 سلێمان موعینی و هاوڕێیانی پاكتاوی جه‌ستیان كراوه‌… تا رۆژی ئه‌مڕۆش ئه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌، ئایا ئه‌و شێوازه‌ له‌ كاری حیزبی له‌ چ خانه‌یه‌ك جیده‌گرێت. به‌هه‌مان شێوه‌ پاكتاوی جه‌سته‌یی رۆژنامه‌ نووس و كه‌سایه‌تی نیشتیمانیه‌كان. بۆیه‌ به‌ته‌نها نابێ حیزب هێزی چه‌كداری هه‌بێ به‌ش ناكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پێویست بوو راوه‌سته‌ له‌سه‌ر زیانه‌كانی و ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ له‌ كوردستانی ئافراندووه‌.
  8. لایه‌نێكیتریش له‌ حیزبایه‌تی پێویست بوو لای له‌سه‌ر كرابوایه‌وه‌ ئه‌ویش په‌یوه‌ندی حیزبه‌ سیاسیه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر و له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان، ئایا پێویسته‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك بێ، ئه‌و شێوازه‌ی كه‌ پارته‌كانی باشوور به‌ڕێوه‌ده‌بن ده‌كه‌وێته‌ چ خانه‌یه‌ك؟ به‌تایبه‌ت ئه‌و وابه‌سته‌یی په‌ده‌كه‌ له‌ رابردوو له‌گه‌ڵ ئێران و ئێستاش له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورك و راكێشانی ده‌ستی داگیركه‌ر بۆناو خاكی خۆت، ئایا نمونه‌یه‌كیتر به‌وشێوه‌یه‌ له‌جیهان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ پێمان بناسێنه‌؟
  9. نووسه‌ر له‌سه‌ر زۆرێك له‌ شێوازی حیزبایه‌تی جیهانی رۆژئاوای و تائاستێكیش له‌سه‌ر حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش راوه‌سته‌ی كردووه‌، به‌ڵام حیزبه‌ كوردیه‌كانی وه‌ك یه‌كتر به‌نمونه‌ نه‌هێناوه‌ته‌وه‌، نمونه‌ نوێترین شێوازی حیزبایه‌تی جه‌ماوه‌ری له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پارتی دیموكراتی گه‌لانه‌ “هه‌ده‌په‌” كه‌ خاوه‌ن شه‌ش ملیۆن ده‌نگه‌ له‌ په‌رله‌مانی توركیا و نزیكه‌ی 10هه‌زار ئه‌ندامی له‌ زیندانه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكانی رابردووی، به‌ڵام به‌هه‌موو هێزی خۆی به‌رده‌وام ده‌كات. پارتی یه‌كێتی دیموكراتی “په‌یه‌ده”‌ كه‌ شێوازێكی نوێیه‌ له‌ حیزبایه‌تی و له‌ گۆڕانكاری له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی و مۆدێلێكی دیموكراتیه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی رۆژئاوای كوردستان، به‌ڵام نووسه‌ر هیچ ئاماژه‌ی پێنه‌داوه‌، پێویست بوو زیاترین نمونه‌ له‌و حیزبه‌ دیموكرات و جه‌ماوه‌ریان به‌هێنرابوونایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتی باشوور له‌و دۆخه‌ بێ هیوایه‌ رزگاری ببوایه‌.
  10. له‌لایه‌كیتر له‌ حیزبایه‌تی له‌سه‌رده‌می شۆڕش و تێكۆشاندا له‌ كوردستان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا په‌كه‌كه‌ نمونه‌یه‌كی هه‌ره‌ به‌هێزه‌ كه‌ هه‌موو پێوانه‌ و پره‌نسیپه حیزبی و سیاسیه‌كانی جێبه‌جێده‌كات تا ئێستا 11 كۆنگره‌ی به‌ستووه‌، به‌تایبه‌ت ماوه‌ی 20 ساڵه‌ له‌و دۆخه‌یه‌دا گۆڕانكاری له‌ ستراتیژ و پارادایمی فكری سیاسی كردووه‌. نه‌دیتنی بۆ خۆی كه‌موكوڕیه‌كی گه‌وره‌یه‌.
  11. هه‌مانكات جاری یه‌كه‌مه‌ له‌ جیهان و له‌ كوردستان حیزبی ژنان هه‌یه‌ بۆ ماوه‌ی 23 ساڵه‌ خه‌بات و تێكۆشان ده‌كات له‌ سه‌خترین بارودۆخی شۆڕشدا، كه‌ ئێستا به‌ناوی پارتی ئازادی ژنانی كوردستان پاژك به‌رده‌وامه‌ له‌تێكۆشان، بۆیه‌ پێویسته‌ وه‌ك نمونه‌یه‌كی تێكۆشانی ئازادی ژنان ببینرابوایه‌.
  12. سه‌باره‌ت به‌ خاڵی هه‌موو حیزبه‌كان بۆ ده‌سه‌ڵات خه‌بات ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌شیان بیرێكی ده‌سه‌ڵات خوازی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داریه‌، له‌بنه‌مادا حیزب پێشڕه‌وایه‌تی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات، مه‌رج نییه‌ كه‌ هه‌موو حیزبێك كار بكات بۆ چوونه‌ ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو پێویسته‌ هه‌موو حیزبێك له‌ گۆڕان و وه‌رچه‌رخانی كۆمه‌ڵگه‌دا به‌ كاریگه‌ربێ، پێویست بوو ده‌كرێ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیش شوێن بگرێ پێویست نه‌بوو ده‌كرێ ته‌نها ئه‌ركه‌كانی رێكخستن و په‌ره‌وه‌رده‌كردن و هۆشیار كردنه‌وه‌ی كۆمه‌لگه‌ جێبه‌جێ بكات.
  13. له‌ به‌ڕێوه‌بردنی حیزبی سیاسی و كۆمه‌ڵگه‌شدا پێویسته ئه‌و تاكڕه‌ویه‌یی هه‌یه‌ تێپه‌ڕێنرێ، حیزبایه‌تی ته‌نا موڵكی پیاوان نه‌بێ، هه‌مانكات سه‌رۆك و سكرتێر و رابه‌ر و ئه‌میر ته‌نها پیاو نه‌بن، بۆیه‌ گرنگه‌ سیسته‌می هاوسه‌رۆكی بكه‌وێته‌ ناو پرۆسیسی به‌ڕێوه‌بردنی حیزبی سیاسی و داموده‌زگاكانی تری كۆمه‌ڵگه‌ش. له‌وباره‌یه‌وه‌ یه‌نه‌كه‌ ئه‌زمونێكی دوو سه‌رۆكی كرد نه‌ك هاوسه‌رۆكی، بۆیه‌ ناكرێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌قڵیه‌تی پیاوسالاری ناو به‌ڕێوه‌بردنی یه‌نه‌كه‌ بڵێین سیسته‌می هاوسه‌رۆكی سه‌ركه‌وتوو نییه‌، پێچه‌وانه‌ ئه‌مڕۆ ته‌ڤگه‌ری ئاپۆچی له‌چوارپارچه‌ی كوردستان به‌سیسته‌می هاوسه‌رۆكی به‌ڕێوه‌ ده‌چێ و باشترین ئه‌نجامیش هه‌یه‌، بۆچی چونكه‌ شه‌ڕ له‌به‌رامبه‌ر سیسته‌می تاكڕه‌وی پیاوسالاری هه‌یه‌.‌
  14. له‌به‌شی شه‌شه‌م سه‌باره‌ت به‌پرسی ئایدیۆلۆژی، وه‌ك سه‌ره‌نج هیچ حیزبێك به‌بێ ئایدیۆلۆژی نییه‌ و نابێ، ئه‌و قسه‌یی كه‌ ده‌ڵێن بێ ئایدیۆلۆژین ئه‌وه‌ بۆخی ئایدیۆلۆژیایه‌، بۆیه‌ وه‌ك سه‌ره‌تاش باسم كردووه‌ سیسته‌می مۆدێرنیه‌تی سه‌رمایه‌داری به‌ رێبازی سیاسی لیبڕالیست هه‌ژموونی ئایدیۆلۆژی خۆی به‌سه‌ر حیزبی سیاسی سەپاندووه‌، به‌تایبه‌ت دوای رووخانی سۆڤیه‌ت، حیزبه‌ ناسیۆنالیست و كۆنه‌پارێز و سۆسیال دیموكرات و لیبڕاڵ دیموكرات، هه‌ر هه‌موویان له‌لایه‌نی ئایدیۆلۆژی له‌ژێر كاریگه‌ری ئایدیۆلۆژیایی سیسته‌می مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌دارین، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نبینرێت ئه‌وكات وا ده‌زانرێت كه‌ سه‌رده‌می ئایدیۆلۆژیاكان به‌سه‌ر چووه‌، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كه‌یه‌.‌‌

له‌ كۆتایدا دووباره‌ به‌هیوا كاری زیاتر و خۆماندوكردنی زیاتر بۆ خزمه‌ت كردنی كۆمه‌ڵگه‌.




تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا-1… شەماڵ بارەوانی

بەشی یەکەم/

تیرۆری سیاسی لە ئیسلامدا.
کتێبێکی قەبارە مام ناوەندی (١٤٣)لاپەڕەیی “هادی ئەلعەلەوی” نوسەر و بیرمەندی کۆچکردووی بەڕەگەز عیراقیە.

نوسەر لەو کتێبەیدا، باس لە بیرۆکەیەکی مەترسیناک و دیاردیەکی قێزەون دەکات، ئەویش دیاردەی تیرۆری سیاسییە، ئەو دیاردە بۆگەنەی مرۆڤە بیرتەسک و ترسنۆک و دەمارگیر و دواکەوتوو ناشارستانی و شکستخواردوو و دیکتاتۆرەکان پەنای بۆ دەبەن و لە دژی نەیارەکانیان بەکاری دێنن!

بەتایبەتی توندئاژۆکان و گرووپە پەڕگیر و مەزهەبی و فۆندەمێنتالیستەکان، کە چەندین کەسیان لە سەردەمی کۆن و نوێدا تیرۆرکردووە. لە سەردەمی نوێ و لە سەردەستی ئیسلامی سیاسی، لە وڵاتی میسر نموونەی”ئەحمەد ماهیر”سەرۆک وەزیرانی میسر، لە ساڵی١٩٤٨، لەلایان ڕێکخراوی ئیخوانولمسلیمین، قازی”ئەحمەدخازنەدار” لە ساڵی١٩٤٨، هەر لەیان ئیخوانولمسلینەوە، سەرۆک وەزیران”مەحمود فەهمی نوقراشی” لە هەمان ساڵ و دیسان لە لایان ئیخوانولمسلمین.

“ئەنوەر سادات”سەرۆکی میسر ساڵی ١٩٨١،
“فەرەج فۆدە” بیرمەند و نووسەر لە ساڵی١٩٩٢، “نەجیب مەحفوز” نووسەرو ڕۆماننووسی کۆکچردوو لە ساڵی١٩٩٥، هەوڵی تیرۆرکردنی دراو بە چەقو هێرشی کرایەسەر و پەڵاماردراو بریندارکرا لەسەر نوسینی ڕۆمانی (منداڵانی گەرەک)، چەندین هەوڵی ترو تیرۆرکردنی تر، لەو وڵاتەو وڵاتانی تردا، لەلایان گروپ و حیزبە ئیسلامی سیاسیە فۆندەمێنتالیست و ڕادیکاڵەکان ..

ئەو ڕادیکاڵ و فۆندەمێنتالیستانەی، جگە لە زمانی چەک و تیرۆر و تۆقاندن، لە هیچ زمانێکیتر تێناگەن.
ئەو توندئاژۆیانەی ژیان کاوڵ و وێران دەکەن لە پێناو مردن. ژیانی ئێره بە دۆزەخ دەکەن، لە پێناو بەهەشتی ئەو دیو. مرۆڤەکان لێرە دەکەن بە پردی پەڕینەوە و سیرات، بۆ گەیشتن به حۆری و غیلمان و شەڕابی تەهورو چێژو ڕابواردن و خۆشیەکانی ئەولا!

دەسپێک بەرلەوەی بە کورتی و بە کوردی ڕانانێکی کورت بۆ کتێبەکەی هادی عەلەوی بکەین و باس لە تیرۆری سیاسی بکەین، لە ئیسلامداو سەبارەت بەم باس و خواسەوە، لاپەڕەکانی کتێبی«تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا». هەڵبدەینەوە و بابەتەکە شەن و کەو بکەین و بەڵگەکان و نموونەکان لە بارەی ئەم تیرۆرە سیاسیەی ناو هەناوی مێژووی ئیسلام بخەینەڕوو،

پێم باشە سەرەتا ئاماژە بۆ خاڵێک بکەم، ئەویش ئەمەیە کە
دیاردەی تیرۆری سیاسی، یاخود تیرۆر بەشیوەیەکی گشتی، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا،

ماویەتی..




بەرامبەرێن… نەوزاد بەندی

تۆیش لەو خێزانانە بووی ،
هەتا پەلکێشی عەسکەری نەکرای ،
بەغات نەبینی ؟
کە میوانێک ئەهات بۆ ماڵتان ،
لەبەر بیجامە دڕاوەکانتان،
خۆتان ئەشاردەوە ؟
کە باوکتان لێی ئەدان ، ئەخەوتن ،
بۆ ئەوەی وابزانن ئەو لێدانە خەوێکی ناخۆش بووە ، ئەگینا نییە لە دنیادا دڵنەرمتر لە باوکتان ؟
کە مریشکتان لێ ئەنا ،
وەک قەسعەی عەسکەری ،
دابەش ئەکرا ؟
ئێوەیش لەو خێزانانە بوون کە هەمووتان بە لایەنی کەمەوە جارێک لە سەربان کەوتوونەتە خوارەوە ؟
کە خوشکە گەورەکەتان قاچی سووتاوە ؟
کە دایکتان بەسەر دووانتانەوە دوپشک پێوەی داوە ؟
کە دوو ئامۆزاتان شەهیدی یەکێتیە و
سێ پورزاتان شەهیدی پارتییە و
خاڵۆزایەکتان لە شەڕی قادسیە مەفقوده ؟
ئێوەیش لەو خێزانانە بوون ،
کە بە دزییەوە هەندێکتان بەعسی بوون ؟
ڕۆژی ڕاپەڕین کارتۆنێ جگەرەت
وەک دەسکەوتی جەنگ ، هێنایەوە بۆ ماڵەوە ؟
لە کۆڕەوەکە ، ڕۆژووەکەت شکاند و
خەریک بوو کفرێ بکەیت و نەتکرد ؟
تۆیش لەو خێزانانە بووی
کە عەسران لە سەربان ،
بە دارلاستیک نامەت هەڵئەدا بۆ کچی کۆڵانی ئەودیو ، بە بێ ئەوەی کچە ئاگای له مەحموی بێ زەواڵ بێ ؟
کە دایکی هاتە سەرتان ، باوکتان چەقۆ گەورەکەی مەتبەخی هەڵگرت و .. وتی : هەر ئێستا سەری ئەبڕم ؟
تۆیش لەو خێزانانە بووی ،
ئێوارەی دوا ڕۆژی جەژن ،
یەک نوقوڵ نەئەما لە ماڵتان ؟
نەتکردایه بە شەڕ و فەرتەنە ، جلی جەژنیان بۆ نەئەکڕیت ؟
ڕۆژانەی
دو هەفتە پێش جەژنتان ، کۆئەکردەوە بۆ جەژن ؟
کە یەکەم کچ وەڵامی بەیانی باشەکەتی دایەوە ،
یەکسەر پێت ووت : شووم پێ ئەکەی ؟
کافیتریای دایکتان بەر دەرگا بوو ..
کۆمپانیاکەی باوکتان چایخانە ؟
تۆیش لەو خێزانانە بووی ،
کە شەق و زله و تف و نەعل ،
مامۆستای تایبەتیی چوار وەرزەتان بوو ؟
کە بە پەلە شووتانکرد و ژنتان هێنا ،
بۆ ئەوەی ڕزگارتان بێ ،
کەچی هەر یەکەتان کەوتنە ناو مەنهۆڵێکەوە ؟
تۆیش لەو خێزانانە بووی ،
کە زۆرترین کاتەکانی بە خەو تێپەڕین و
هیچ خەونێکیشی تیادا نەهاتە دی ؟
کە برا ناوەنجێکەتان بە ڕێکەوت قاپقورعانێکی دۆزیەوە و ..واتانزانی ئاڵتون نیە و.. ئاڵتونیش بوو ؟
تۆیش لەو جۆرە خێزانانە بووی ،
کە یەکێکتان به دزییەوە تەنزیمیی بوو ،
دووانیشتان بە ئاشکرا ، جاش ؟
کە سەری مانگ ئەهات ،
ئەبوو بە شەڕ ،
دایکت داوای کراسی بی بی خانم ی ئەکرد و
برا گەورەکەتان داوای پانتۆڵی باندۆ ..
باوکیشتان تەڵاقی ئەخوارد
هەر بەشی قەرزی
قەساب‌ و
وشکەفرۆش ئەکا ؟
تۆیش لەو خێزانانە بووی ،
کە ژنتان هێنا ، حەیاتان چوو ..
کە کچتان دا بە شوو ، حەیاتان چوو ..
بە حەدیس ژنتان ماره کرد و
موئەخەرەکەی قورئانێکی کەریم بوو ؟
ئێوەیش لەو خێزانانە بوون ،
کە نە باوک و کوڕ قسەیان هەبوو ..
نە دایک و کچ ..
کە هەمووتان خوا خواتان بوو گەورە بن ،
بۆ ئەوەی بە لایەنێ کەمەوە
لە تێهەڵدان قوتار بن ؟
ئێوەیش لەو خێزانانە بوون ،
کە کوڕە ناوەنجێکەتان چواردە خۆرێکی لە لق وەرگرتبوو ،
ڕۆژی سێ چوار جار ،ئەیووت باوکم ئەکوژم و ..
دایکتان قورعانی ئەخستە باوەشیەوە …..و لە ژێریشەوە شانازی بە کوڕەکەیەوە ئەکرد کە چەند مەردە ..؟!
ئێوەیش لە پڕ گەوره بوون ..؟
لە پڕ خوا ڕزگاری کردن ؟
جەژنا و جەژن نوقوڵێک لە یەکتری وەرئەگرن و
خواخواتانە زوو بڕۆنە دەر ،
نەک فلیمە ترسناکەکە دووبارە بێتەوە ؟
شتی تریش …..




بۆ ئەمجارە هەڕەشەکانی تورکیا ئێجگار ترسناکن… شێرکۆ کرمانج

لەم کورتە نووسینە هەوڵدەدم هەڵوەستەیەک لە پشت هۆکارەکانی هەڕەشەکانی ئەم چەند ڕۆژەی تورکیا بکەم‌ و هۆکارەکان و ئامانجەکانی هێرشە چاوەڕوانکراوەکانی تورکیا شرۆڤە بکەم و بخەمەڕوو.
تورکیا ترسناکترین و سەرسەخترین داگیرکەری کوردستانە، لە هەر شوێنێک کورد هەناسەیەک بدات ئەو دەیەوێت لەو شوێنە ئۆکسجین ببڕێت. ئەمە نە ڕای منە، نە شرۆڤە، نە تێگەیشتن، بەڵکو حەقیقەتە. من زۆر کەم باوەڕم بە حەقیقەت هەیە بەڵام ئەگەر یەک حەقیقەت لەم دنیایە هەبێت ئەوە ئەم تاکە هەقیقەتە، کە بەداخەوە بەشێکی زۆری کورد لێ غافڵن.
ماوەیەکە سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، هەڕەشە دەکات و دەڵێت هێرش دەکەینە سەر باکوری سوریا، ڕۆژاڤا. بۆ ئەم مەبەستە هەم مورتەزەقەی سوری ڕاهێنان پێکردوە، هەم میدیای تورکی سازکردووە. ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر جێگای سەرنج بێت بێدەنگییەکی نێودەوڵەتیی ئەمجارە هەستی پێدەکرێت.
تورکیا هێرشەکان لەکاتێکدا کە دنیا، ئەمریکا و ئەوڕوپا بەتایبەتی، سەرقاڵی شەڕی ئۆکرانیان. هاوکات، ململانێکانی تورکیا لەگەڵ ناتۆ لەسەر بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا بۆتە قسەوباسی ڕۆژ. تورکیا دەیەوێت هەر دوو دەرفەت بقۆزێتەوە و هێرشەکانی خۆی دەست پێبکات. بێدەنگیی ڕۆژئاوا دەکرێت وەک گڵۆپی سەوز و مامەڵەیەکی ژێربەژێر ببینرێت لەوەی کە تورکیا ڕازی بێت بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لەبەرابەردا ئەوان ڕازی بن بەو گورزەی کە تورکیا دەیەوێت لە کوردی بوەشێنێت و بڵێت هەڕەشەکانی تیرۆرمان کەمکردۆتەوە بۆیە ئاساییە سوید و فینلەند ببن بە ئەندام لە ناتۆ.
چەندە ئەم سیناریۆیە ترسناک و دڵتەنگکەرە دە هێندە ئامانجەکانی تورکیا لەم هێرشانە، کە پێموایە خۆی لەمانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
یەکەم، ئەردۆگان دەیەوێت پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ سەرکەوتنێت بۆ خۆی و حیزبەکەی تۆماربکات، بەتایبەتی ئەگەر ئەوە ڕەچاوبکەین کە ئابوری تورکیا و لیرەی تورکی لە خراپترین دۆخدان لەوەتەی ئەکەپە هاتۆتە سەر حوکم و دەنگەکانی ئەکەپە لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکان لاوازیی جەماوەریی ئەکەپە نیشاندەدەن.
دووەم، تورکیا دەیەوێت بەم هێرشە ئەزموونی ڕۆژاڤا تەواو لاواز بکات، ئەویش بە پچڕاندنی چەند ناوچەیەکی دیکەی گرنگ لە ڕۆژاڤا کە خۆی قوڵایی ستراتیجی و خاک و زەوی کەمە. هاوکات، ڕۆژاڤا ناچار بە گفتوگۆ و تەسلیمبوونەوە بە ڕژێمی سوری بکات. ‏
سێیەم، تورکیا دەیەوێت باکوری کوردستان بە تەواوی لە ڕۆژاڤا، کە قەوارە و ئەزموونێکی کوردییە، داببڕێت و ناوچەیەکی، بەفەر زۆنێکی، عەرەبی لەنێوان دوو بەشی کوردستان دا دروست بکات، دابڕینەکەش بکاتە هەتاهەتایی.
چوارەم، تورکیا ئەمجارە دەیەوێت، هیوادارم من ڕاست نەبم، کە هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی سێ گۆشەی سنوری تورکیا-عێراق-سوریا، کە دیوێکی قامیشلۆیە و دیوەکەی دیکەی شەنگال. ئەگەر ئەوەی بۆ بچێتە سەر ئیدی هەرێمی کوردستان، باشور، لەگەڵ ڕۆژاڤا بە تەواوی دادەبڕێت. ئەم دوو هەرێم و ئەزموونە پەیوەندییان زۆر باش نیە بەڵام هیچ کاتێکیش پەیوەندیان هێندە خراپ نەبووە وەک ئەوەی لە میدیا و سۆشیال میدیای کوردی زەقدەکرێتەوە. بەڵام پەیوەندییەکان باش بن یان خراپ بۆ تورکیا ئەوە گرنگ نییە، ئەوەی بۆ تورکیا گرنگە ئەوەیە کە ئەم دوو ئەزموونە هەردووکیان کوردین و نابێت سنووری هاوبەشیان هەبێت و لە دواڕۆژدا بۆ هەر پڕۆژەیەکی کوردی و کوردستانی کەڵکی لێوەربگیرێت.
پێنجەم، بە دابڕینی هەرێم و ڕۆژاڤا تورکیا مەترسیدارترین و هەڕەشەئامێزترین کردار بەرابەر بە ڕۆژاڤا ئەنجام دەدات ئەویش ڕێگریکردنە یان بڕینی دەستی ئەمریکایە لە گەیشتن بە ڕۆژاڤا چونکە ئێمە هەموومان چاکدەزانین کە یارمەتییەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژاڤا زۆربەی هەرە زۆری لە هەولێرەوە دەچێت. بۆیە کۆنتڕۆڵکردنی سنوری فیشخاپوور و سحێلا لەلایەن تورکیاوە زۆر ترسناکە. نابێت ئەوە لەبیربکەین کە لە ٢٠١٧، کاتێک سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەیانویست سحێلا بگرن ئەمریکاییەکان هۆکارێک بوون بۆ شکستپێهێنانی ئەم هەوڵە چونکە ئەوان نەیاندەویست لەڕێگەی عێراقەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕۆژاڤا ببەستن.
شەشەم، بە داگیرکردنی ئەو سێگۆشەیە، تورکیا دەتوانێت سنوری هاوبەش و ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێراق دروستبکات و هەرێم بێبەش بکات لەو هەموو سەرچاوە داراییەی کە ساڵانێکە لە گومرگی ئیبراهیم خەلیل دەستی دەکەوێت، بەمەش گورزێکی گەورە لە هەرێم بەگشتیی و لە پارتی بەتایبەتی دەدات.
حەوتەم، بە گەیشتنی تورکیا بە فیشخاپوور و سحێلا وا دەکات کە شەنگاڵ تاڕادەیەک لە ڕۆژاڤا داببڕێت و هەناسە بە شەنگالییەکان و هێزەکانی یەبەشە تەنگ بکات.
لەبەر ئەم هۆکارانە و چەندانی دیکە کە لەوانەیە بەسەر من دا تێپەڕبووبن، هەڕەشەکانی ئەمجارەی تورکیا لە هەموو هەڕەشەکانی پێشووتر ترسناکترن ئەگەر بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.




چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان -8-… رەسوڵ بەختیار

لەنێو خەیاڵێکی قووڵدا بووم، سەبارەت بەوانەی ماوەیەکی دوور و درێژە شەقامە بازنەییەکانیان جێهێشتووە، بەڵام ئەوانە رۆژانە تەلەفۆن دەکەن، کاتێک تەلەفۆن یان ئەوەتا پارەیەکی زۆریان ناردووە تا زەوی و زار و خانووی پێبکڕن، یان ئەوەتا لەبانکەکانی ئەو وڵاتانەی تیایدا نیشەجێن ، بەهۆی ئەو پارە زۆرەوە باجێکی زۆریان دەکەوێتە سەر، یاخود دەیانەوێ لە نێو بازنەکاندا کارێکی پێبکەن، بۆ ئەوەی، کە هاتنەوە وەک هەموو دەوڵەمەندەکانی دیکە بەرژەوەندی گەورەیان هەبێ و بتوانن، ئەگەر زۆریش نەبێ ببنە ژمارەیەک لەنێو دەوڵەمەندەکانی دیکە، لەلایەکی دیکەوە بەشێک لەوانە هەردەم ئارەزوو دەکەن، ئەگەر بەوێنە و ڤیدێۆش بێ جوولە و شەقام و دووکانەکان ببینن.
لەو لێکدانەوە و خەیاڵانە دابووم دەنگی ژنێکی تەمەن پەنجا ساڵە خەیاڵەکەی پچڕاندم، ئەو ژنە لەیەکێک لە چایخانەکانی بازنەی یەکەم دانیشتبوو، لەهاوار کردنەکەی بەدەر دەکەوت، لەگەڵ کوڕ و زاوایەکی دانیشتووە، زۆر بەتوڕەیی قسەی لەگەڵ کوڕەکەی دەکرد و دەیگوت: باس لەژنەکەی خۆت مەکە، نامەوێ گوێم لەناوی بێ، ئەمە پیسە و دەیەوێ هەمووان بەشەڕ بێنێ، هەموو شتێکمان بۆ کرد، کەچی ئەو هەر خێسە لەئێمە دەکا، وا دەزانێ ئێمە دەبێ لەخزمەتی ئەودا بین، چی پێ دەڵێن بەپێچەوانەوە وەڵام دەداتەوە، دژی ئێمە کارەکان دەکات.
ئەو ئافرەتە بەتەمەنە نموونەی دەیان دایکن، کە کێشەیان لەگەڵ بووکەکانیان هەیە و دەزان تەنیا بەدەرکردن لەماڵەوە دڵیان ئاو دەخواتەوە.
بەشێک لەخەڵکەکە، لەئێستادا ناژین، بەدوای مێژووەوەن، هەردەم باس لەسۆڵتان و میرەکان دەکەن، کە لەسەردەمی ئەواندا چی بەرپا بووە، ژیان چۆن گوزەراوە، ئەو ژنەش وادەزانی ساڵانی نەوەدی سەدەی رابردووە، هەموو کەسێک بەشتێک رازی بن، کەس ورتەی لێوە نەێێ، ئەو کەمێک دەنگی نزمکردەوە وەک ئەوەی شەرم لەدەوروبەرەکەی بۆت و گوتی: ئەو مۆبایل و ئایپاد و فەیسبووکە بەجارێک دونیای تێکداوە.
زاواکەی بەپێکەنینەوە گوتی: خۆ سەردەمی پێشتر نییە، دایە هەموو شتێک گۆڕاوە، ئەگەر شتەکان نەگۆڕابێ، چۆن تۆ لەیەکێک لەچایخانەکان دادەنیشی و بەئارەزووی خۆت قسە دەکەی، پێشتر بوایە هەزار ناو و ناتۆریان بەرامبەر بەتۆ و بەئێمە ناو شاری دەتەنی.
بابەتەکان رۆژانە دەگۆڕێ ئەوەتا وەک ئاشووری و کلدانەکانی دوا بازنە هەر باس لەشکۆمەندییەکانی رابردوو دەکەن، رابردوویەک لەگەڵ گۆڕانی دەسەڵاتەکان ئەوان سوودمەند بوونە، دوای راپەڕین هەموو بیانییەکان بەناوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمپانیاکان روویان لەدوا بازنە کرد، چونکە ئەوان لەخەڵکەکەی دیکە زیاتر کراوەتر بوون، هەرووەها ئەوان وەک خاوەن کۆمپانیا و بەرپرسانی یوئێن کریستیانی بوون، خەڵکی بازنەکان لەکوولە مەرگی دەژیان، کەچی ئەوان شەقیان لەپارە دەدا، کاتێک کارەکان سوودی نەما ئەوان چوونە هەندەران و یەکسەر مافی پەنابەریەتیان پێدرا، بەو بیانووەی لەلایەن خەڵکی مووسڵمانەوە غەدریان لێدەکرێ،
لەزۆر لاوەش بیستراوە نەوەی سێیەمی خانەوادە جووەکان بەدزی و بەناسنامە و پاسەپۆرتی دیکە سەر لەبازنەی خوارەوە دەدەن، دوای کەمێک فرمێسک رشتن و هەوڵی لابەلا دەیانەوێ خانووەکەی باپیرە و داپیرەیان ببینن، بەشێکیان بەهۆی چاوساغی و زانیاریان دەربارەی مێژووی ئەو خانووانە، هاوڕێ جووەکەی دەبینێ، کاتێک دەچنە شوێنەکە دەبینێ خانووی باب و باپیرانیان کراوەتە گەراجی ئۆتۆمبێل.
ئێستا زۆر بەکەمی ئەو باس و خواسانە لەنێو بازنەکان دەخرێتە روو، چونکە بەشێکی خەڵکی شەقامە بازنەییەکان بوونەتە بازرگان، کاتیان نییە تەنیا بۆ خولەکێکیش لاپەڕەیەک بخوێننەوە، تەنیا باس لەملێون و ملیار دۆلار و دینار دەکات، هەندێکیان وایلێهاتووە بازرگانی لەگەڵ چین هەیە، هەرچی کەلوپەلی خراپی ئەو وڵاتە هەیە، لەنێو بازنەکان ساغی دەکاتەوە، گرنگن نییە ئێرە ببێتە زبڵدان، تەنیا گرنگ ئەوەیە لەبازرگانییە پارەیەکی زۆر بەدەست بێنن.
هەردەم گلەیش لەخەڵکی شەقامە بازنەییەکان دەکەن، تەنیا دەیانەوێ بەقەرز کاڵاکانیان بکڕن، بەڵام زۆر بەخۆشییەوە باس لەکڕیارە عەرەبەکان دەکەن، کە بێ هیچ مامەڵەیەک کاڵاکان دەکڕن، سوودێکی زۆر لەوانە دەبینن، عەرەبەکان پێشتر بەگەشت دەهاتنە شەقامە بازنەییەکان، بەڵام ئێستا بەشێک لەبازنەکان عەرەبی تیادا نیشەجێیە، بەبیانیووی ئەوەی شار گەورە بووە، شار کەس خاوەنی نییە، بەڵکو شار موڵکی مرۆڤایەتییە، ئێستا لەنێو بازاڕی بازنەی یەکەمدا لەپێج کەس، سێیان عەرەبە، هەندێکجار لەچایخانەکان تەنیا دەنگی ئەوان دێ.
ئەوانەی باسمانکرد عەرەبەکانی ناوەڕاست و باشوورن، بەڵام عەرەبی سووری لەهەموو شوێنێک دەبیندرێن، ئەوان سەرەتا لەکەمپ بوون، دواتر هاتنە نێو بازنەکان، هەموو کارێک دەزانن، بەپارەیەکی کەم کار دەکەن، کوردانی رۆژئاوا ئێرە و هەموو بازنەکان بەماڵی خۆیان دەزانن، هیچ کاتێک بیر لەوە ناکەنەوە، ئەوان بەشێک نین لەو بازنانە، بازاڕ و کار زۆر برەوی پێدراوە لەتەک ئەوەی خەڵکی بازنەکان بەدوای مووچەوەن زۆر بەکەمی حەز بەکار دەکەن، دەیانەوێ وەک فەرمبانبەر و پۆلیس و مامۆستا کار بکەن، ئەگەر دەوڵەمەندیش بن، زۆر بەکەمی لەسەر کۆمپانیا و دووکان و چایخانەکانیان دادەنیشن، ئێستا ئەوانەی کار دەکەن زۆربەی سوورین، گلەیش دەکەن دەڵێن ئەو سووریانە کاریان نەهێشتووە، لەو لاوەش بەنگلادیشییەکان وەک خەڵکی بازنەکان مامەڵە دەکەن، خەڵکی بەگشتیش ئەو بەنگلادیشیانەی خۆشدەوێ، چونکە کەسانی کاسب و بێدەنگ و رووخۆشن تەنیا دەیانەوێ کار بکەن، ئەگەر ئەوان نەبن، سەرتاپای شەقامە بازنەییە دەبێتە زبڵخانە، لەپارک و باخچە و شارەوانییەکان هەر ئەوان دەبیندرێن بەپارەیەکی کەم کار بکەن.
ئیتر پاڵەوانی راستەقینە بازنەکان لەرووی کارەوە ئێستا ئەوانەن، کەچی پاڵەوانە راستەقینەکان خۆیان لەپەنا و پەسێوان شاردۆتەوە، ئێواران زۆربەیان بەرەو بازنەی یەکەم دەکشێن، بێدەنگ، کەچی هەڵگری دەیان کێشەی دارایی و کۆمەڵایەتی، ئەو کاتەش ئاشکرا دەبێ، کە باریان قورسە و کێشەکان تەنگی پێ هەڵچنیوون، لەگەڵ یەکەم پێکدا دەردە دڵ و دەروونی خۆی هەڵدەڕێژێ، گرنگ نییە هاوار بکا، یان دەست بەگریان بکا، گرنگ ئەوەیە ئەوەی لەناخیدایە هەڵیڕێژێ، بەشێک لەوانە خۆیان بەنووسەر و شاعیر دەزانن، بەچەند پەڕەگرافێکی هەڵبزرکاو دەردە دڵی خۆی لەکاغەزێکدا نووسیووە، یان شیعرە بێ ماناکانی بەگوێی هەموو لایەک دەچرپێنێ، ئەم بەزمە تا درەنگانی شەو بەردەوامە، لەکۆتایشدا لەنێوان ئەوانەی بەخۆیان دەڵێن هاوڕێ و برادەر لەسەر شتێکی زۆر سانا دەبێتە شەڕیان.
لەوەی گەڕێن، ئەم خۆڵبارینەی ئەم چەند رۆژە، هەموو ئەوانەی سووکە نەخۆشییەکیان هەیە کەوتۆتە ژوورەوە، هاووڵاتییانی هەموو بازنەکان پێیانوایە ئەمە غەزەبی خودایە، چونکە بەشێک لەبازنەکان زێتر لەرادەی خۆیان دەوڵەمەند بوونە و بەئارەزووی خۆیان تەخشان و پەخشان بەپارە دەکەن، شەوان لەسەر مێزی قوماردا پارەکانیان هەراج دەکەن، هیچ کاتێکیش هەژارەکانیان لەیاد نییە، هەردەم لەسەر مێزی خواردنەوەدا لەگەڵ کچە جوانە لوبنانی و سووری و عێراقی و چینییەکان پێک لێ دەدەن، کاتێکیش سەرخۆش دەبن، بەلارە لار کچە جوانەکان بن باڵیان دەگرن و بەرەو ئۆتۆمبێلە دوا مۆدیلەکانیان دەڕۆن، لەوێوەش بەرەو ئەو شوقەیە دەچن، کە تەنیا لەبەر چاوانی ئەو کچە سۆزانییانە کڕیوویانە.
کاتێک بەیانی دادێ، وەک ئەوەی هیچ نەبوو بێ، دیسان تۆز و خۆڵەکە دەچێتە نێو چاو و قوڕگیان، هەرجی قسەی بێ مانایە دەیکەن.
-خوا دەزانێ غەزەب لەکێ دەگرێ، ئەو خەڵکە، لەجیاتی ئەوەی رێز و بەزەیی بەرامبەر بەیەکتر بنوێنن، کەجی بەرژەوەندییەکان چاوی کوێر کردوون، لێرە و لەوێ تەقە لێک دەکەن.
شار گەورە بووە، بازنەکانیش زیاتر بوون بازنەی دووەم لەپێشتردا جێگەی کێشە و گرفت بوو، هەر لەو سەردەمە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان کێشەیان لەگەڵ بازنەی یەکەم نەبوو، چونکە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بوو، کەسانی بازنەی دووەم، کاتێک دەهاتنە بازنەی یەکەم هەستیان دەکرد لەهەموو لایەکەوە چاودێری دەکرێن، خەڵکی بازنەکانی دیکە بەگشتی هەژار بوون، هەردەم بەدوای کاردا دەگەڕان، هەندێکیان لە بێکاری دەچوونە شارە عەرەبەکان لەوێدا وەک فیتەر و وەستای دیواڕ و کرێکار کاریان دەکرد، عەرەبە گەشتیار و نیشتەجێبووەکانی ئەو کات زۆر بەلەخۆباییەوە دەسوڕانەوە، هیج حسێبێکیان بۆ خەڵکی بازنەکان نەدەکرد، ئەمنەکانی ئەو کات عەرەب بوون، لەگەڵ بەشێک لەخەڵکی بازنەکان بوونەتە چاوساغی ئەو ئەمنە عەرەبانە، جەندین جۆر ئەمن هەبوون، وەک ئەمنی ئابووری-ئیقتسادی هەردەم بەدوای ئەو مێردمنداڵانەوە بوون، کە لە بازنەکانی دیکەوە بۆ کاسبی هاتبوونە بازنەی یەکەم، بەبیانووی فرۆشتنی کاڵای قاچاخ ئەو ئەمنانە کێشەیان دروست دەکرد.
ئازاد: ئەو ئەمنانە لێناگەڕێن ئێمە کاسبی بکەین، قوتابخانەشمان لەدەستچوو، کارکردنیش ئەوە خۆت دەیبینی بەو جۆرەیە.
عەلی: دەکرێ رۆژانە لەقازانجەکەی خۆمان شتێکیان بدەینێ، یان هەفتەی گرۆزە پاکەتێک.
-ئێمە عەرەبی نازانین، چۆن تێان بگەیەنین؟
-زمانی ناوێ ئەوان لەزمانی بەرتیل تێدەگەن.
ئەم بەرتیل وەرگرتنە زۆر تەشەنەی کرد، وایلێهاتبوو هەموو بازاڕ تەنیا بەرتیل وەرگرتن بەڕێوەی دەبرد، ئاشنایەتی دووکاندار و کاسبکارەکان لەزۆر رووەوە بەهێز بوو بوو، هەر کەسێکیش لەنوێوە دەهاتە نێو ئەو بازنەیە بۆ کاسبی، لەهەموو روویەکەوە دژایەتی دەکرا، تا ئەو کاتەی کۆدی بەرتیل پێدانەکەی دەدۆزیەوە چەندینجار دەستگیر دەکرا.
لەبەرزایی بازنەی یەکەمدا بازاڕێک پەیدابوو بوو، چەند ناوێکیان لێنابوو، هەبوو دەیگوت بازاڕی ئێرانی، یان بازاڕی خومەینی، هەموو شتێک لەوێدا هەبوو ئەوەی لەتاران هەبوو لەبەرزایی بازنەی یەکەمیشدا هەبوو، ئەوەی سەیرە ئەو کات لەگەرمەی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، سەیر بوو قاچاخچییەکان چۆن ئەو کەلوپەل و کاڵانەیان دەهێنا،
زۆرجار لەوێدا دەبووە تەقە و راوی کاسبکارەکانیان دەنا، بەشێک لەو دەسگێڕ و کاسبکارانە دەستگیر دەکران، چەند رۆژێک بەند دەکران و بەڵێنیان دابوو جارێکی دیکە ئەو کارە نەکەنەوە، بەڵام راستەوخۆ لەپاش بەربوونیان دەستیان بەو کارە دەکردەوە. دووبارە دەگیرانەوە، بەڵام نەدەبرانە بەندینخانە، بەڵکو کاسبکارەکان ئەمجارەیان لەگەڵ پۆلیس و ئەمنەکانی ئیقتسادی ریککەوتبوون، ماوە ماوە گرۆزێک پاکەتی کێنتیان بۆ بێنن، لەگەڵ ئەوەی گرۆزێک پاکەت زۆر بوو، کەچی ئەوان ناچار بوون لەبەر بژێوی ماڵەوەیان رازی بن.
هەمان کارەسات و هەمان رووداو دوای راپەڕین دووبارە دەبۆوە، ئەمجارەیان بەجۆرێکی دیکە بوو، خەڵکی بازنەکان بەگشتی هەژار بوون، بۆ ئەوەی کارێک بکەن و بژێوێ ماڵ و منداڵیان دابین بکەن ئەمجارەیان کەلوپەلیان لەبازنەکانەوە دەبردە ناو شارەکانی دیکەی عێراق، سەیتەرە و بازگەکان زۆر بەتوندی لەگەڵ خەڵکی بازنەکان دەجوولانەوە تا وایلێهاتبوو چەند کەسێکیان بەکەلوپەلەوە دەسووتاند تا خەڵکەکە بەتەواوی چاو ترسێن بن. بەڵام خەڵکەکە ئەوەندە بێحاڵ بوون بۆیە هەرگیز وازیان نەدەهێنا، لەوێوەش هەرچی بۆ ناو بازنەکانی هەرێم باشبوو دەیانهێنا، دەیان و سەدان کەس لەو رێگەیە مرد، دەیان و سەدان کەس دەستگیر کران و بۆ چەندین ساڵ لەزیندان مانەوە، ئەمجارەیان بابەتەکە گۆڕا و بەمانا نەتەوەیەکەی هاتە ئارا.
هەرچی بڵێن سەبارەت بەو رۆژە هەموارانە تەواو نابێ، ئێستاش برینی ئەو کاتە ساڕێژ نەبووە، ئەو نەوەی ئێستا پێڕاگەیشتووە هیچ کام لەم مێژووە نازانێ، وەک رەخنەگری رۆمان ئەم رووداوانە و گێڕانەوەی بە تەکنیکی رۆمان نازانێ، کەچی دەکرێ هەموو ئێش و ئازاری رابردوو بنووسێنەوە، ئینجا رەخنەگران چۆنی لێک دەدەنەوە گرفت نییە، کێشەی ئێمە بەگشتی لەنێو چوارچێوەکان یەکتر ناخوێنینەوە، لەهەشتاکانی سەدەی بیست چەند کتێبخانەیەکی فرۆشتنی کتێب لەنێو بازنەی خوارەوەی شەقامە بازنەییەکان هەبوو، ئێمەی گەنج بەجۆش و خرۆشەوە رۆژانە سەردانی ئەو کتێبفرۆشەمان دەکرد تا بزانین چ کتێبکی نوێ دەکەوێتە بازاڕەوە ناوی خۆمان دەنووسی نەوەک کتێبە نوێیەکەمان بەدەست نەکەوێ، ئەو کات شاعیر نووسەرانمان زۆر خۆشدەویست، نەک وەک ئێستا هەر ئەوانە دابەشبوونەتە سەر حزبەکان، لەوانەشە هەقی خۆیان بێ،چونکە بژێو و ژیان ئێستا بۆتە ئاستەنگێکی گەورە.

رەسوڵ بەختیار




پاکانەی کەو نار… ڕێدار فەریق شێخانی

لەقووڵایی
بیرە وشك و تاریکەکانی دەروونەوە
خامە
ئەو کەلایانە دەردێنێ
لە بنی یادەوەریدا عاسی .
هەرچۆن بێ
شتێکن بۆ خۆ دڵخۆش کردن .
لەساتی سەر مەستی
بە گەوهەر دەرکەون،
بەڵام لە ناواخن
وەکو گندۆرەی پاییزان
کرموڵن
لای پیتۆڵان..
ئەو ساتانەی پێنووس
شتێکی پێ نییە بۆ گووتن
کەچی شەو
سەری دێڕ
خەونێکی ناخۆشەو
دەبزڕکێنێ سووتن


ئەگەر گەورەبوون لای هەندێ
لەبڕینی بانک دا بەرجەستە بێ
منداڵییش
لە لێکردنەوەی بەرسیلە قەدەغەکانی
باخچە هەڵواسراوەکانی زەمەن
ئەوا سەیر نییە
سرووتەکانی ئەبەدی
رۆژوویەکی بەتاڵ بێت و
ئیشتیهای ژەمەکان
بۆنی خوێن بیشکێنێ! ..
سەیر نیە
گوڵ بۆنی دوکەڵی شەڕ بداو
پەپولەی موعتادیش
هەستێك بێت شەڕەنگێز
وڕێنەی پاکانە
بادەیەك شکێنراو
لەسەر مێز
ئەوی وا کە دەڵێ
من ڕووت و قووتم و
شەکەت و زۆر ماندوو،
هێشتا هیچ نەژیاوم و
کۆڵەوارە بازوو!..




ڕۆشنبیری کورد و دواڵیزم بوون، و شاعیرێک لە گـەرماو بە نموونە..2.. شەماڵ بارەوانی

بەشی دووەم/

زۆرن ئەو شاعیرانەی بە تەنها و بە قسەی بریقەدار و بێ کردار و تەنها لەناو تێز و شیعر و نووسینەکانیان ژن پەروەر و فێنمیست خواز و مێگەران و ئەوەی بە قسە دەیڵێن و لە ناو تێکستەکانیان بەیانی دەکەن لە بارەی ژنەوە، لەگەڵ واقیع و حەقیقەتی ژیانیان سەد و هەشتا پلە جوایەزە و نێوانیان ئاسمان و ڕێسمانە.

ئەوانەی کە ژن تەنها لە سۆنگەی گون و لە ڕوانگەیەکی ڕۆمانسی و دڵدارییەوە دەبینن و لە دنیای ئایدیاڵی وخەیاڵی خۆیان دا ژن تەنها وەک جەستەیەکی ڕووت و بابەتی ئیرۆتیک و چێژ و ڕۆمانسیەت وێنادەکەن و لە حەقیقەت و واقیعیشدا، جەلادێکن لە دژی ژن و خواستەکانی ژن و مافەکانی ژن و دەستێکیان پێنووس و شیعرە بۆ ژن و دەستەکەیتری گۆچان.

یان ئەو شاعیرە هەست ناسک و مەمک دۆست و سمت پەروەر و مەست و بێ هۆشانەی زۆر بێ ئاگان لەوەی کە ڕۆژانە: لەگەڕەک-گوند -شار و وڵاتەکەی ئەوان ژن ئەتکدەکرێت و دەکوژرێت و لێی دەدرێت و مافی دەخورێت و ئازادی و کەرامەتی پێشێل دەکرێت، ئەمانیش لە دنیای میسالی خۆیان مەستی خەیاڵی لێو و گۆنا و سمت و سینگی ژن بوونەو شیعری پەمەیی و فانتازی لە پێناو جۆش و خرۆشی ناو گەڵ و حەز و ئارەزوو و چێژی خۆیان بۆ ئافرەت دەهۆننەوە و ئامادە نینە دوو دێڕ لەسەر چەوسانەوەی ژن و پێشێلکردنی مافەکانی مێ بنووسن و جارێک ویژدانیان بجوڵێت و بلێن: بۆ ژن دەکوژن؟ و بە کرداری بەژداری چاڵاکیەکی ڕۆشنگەری ژنان و ڕێکخراوەکانی مافی ژن و فێمنیزمی ڕۆشنگەری بکەن.

شاعیری ڕاستە قینە و ژن پەروەر، ئەو شاعیرەیه، کەلە پاڵ نووسین و تیۆرەکانی، لە پاڵ هەست ناسکی و تێکستەکانی، لە پاڵ پیا هەڵگووتنی ژن و قسە بریقەدار و زلەکانی.
بە کردەییش ئەمە دەسەلمێنێت، کە ئەو لەو جۆرە کەسانە نییە و، ئەو ناخوازێت لە تێکست و نووسینەکانی شتێک و لە واقع شتێکیتر بێت و خەبات و بەرگریکردن لە ماف و ئازادی ژن، تەنها بۆ ژن جێ بێڵێت و ئەرکەکە بە تەنها بخاتە سەرشانی ژنانەوە، لە مەیدانی خەبات و تێکوشاندا.

بەڵکو ئەو دەیەوێت بە پێنووس و هزر و تەواوی بوونیەوە، لە گۆڕەپانی خەباتی فێمێنیزمبووندا هاوشانی ژنە فێمێنیستەڕۆشنگەرەکان ئامادەبێت و پاڵپشتی ژنان بکات.

ئینجا با بێینەوە سەر بەسەرهاتی شاعیریکی ئەتایستی هاوڕێم،
شاعیرێک، دەستێکی گۆچانە بۆ ژن و دەستەکەی تری شیعر!
شاعیرێک لەگەرماو!
شاعرێک لەو ماوەیە بەرهەمێکی شیعری تازە بڵاو بووەوەی خۆی بە دیاری داپێم،
شاعیرێک،
سەرەتا کەناسیم پێکەوە لە جادەی موهەندسین و شەقامی سالمەوە، تا کۆتایی شەقامی مەولەوی و گەیشتین بە بەردەرکی سەرا، بە دەم پیاسە و ڕێکردنەوە، هەرشیعری بۆدەخوێندمەوە و هۆنراوەی ئیرۆتێکی و شیعری ڕۆمانسی و ناسکی بە شان و بن باڵ و کوڵمە و لێو مەمک و مل و کەمەر و سمت و ناو ڕانی ژن دادەگووت و ژنی ڕووت ڕووت دەکردەوە و شیعرە ئیرۆتیکیەکانی قوبادی جەلی زادە، نەدەگەیشتن بە تۆزی بەرپێی ئەوانەی ئەو، عەیب نەبێت پیاو گەر زوو فریای خۆی نەکەوتبا و وەزعەکەی کۆنتڕۆڵ نەکربوایە گێچی زەوقی فول دەبوو.
من لە میانی ئەو پیاسەیە و بە هۆی گوێگرتن لە شیعرە ئیرۆتیکیەکانی سێ جار زەوقم هەستا.
شیعر و هۆنراوە گەلێک، بە قەبری باوکم هەر دەتگووت لە گەرماو لەکاتی ئیستمنایا نووسیویەتی.

پاشان وازی لەشیعری ژنانە دەهێنا و سەبارەت بە ژن، دووبارە دەستی پێدەکردەوە و دەیگووت:ژن فاکتەری بەردەوامی بوون و ڕۆحی ژیان و ئەدرەسی شارستانیەت و سەنگی مەحەکی پێشکەوتنی کۆمەڵە.

بەبێ ئازادی و مافی ئافرەت و پشکداری ئافرەت لە هەموو سێکتەرەکانی ژیان و بیناکردنی کومەڵ، هەرگیز کۆمەڵێکی دادپەروەر و مەدەنی درووست نابێت و بنەماکانی دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ ناچەسپێن و جیهانێکی مۆدێڕن و پێڕفێکت و پێشکەوتوو نایەتەبوون. بە بێ حیساب کردن بۆ ژن و تواناکانی، کۆمەڵ کۆمەڵێکی ناتەندرووست و ناتەواو دەبێت، کۆمەڵێک هاوشێوەی جەستەیەکی شەلەلگرتووی نیوە مردوو دەبێت و نیوەی ئۆرگانەکانی لەش و تواناو وزەو هێزی جەستەی لە کاردەکەوێت.

ژن لە نوزی و ئەڕابخا و ئالالاخ و ئەربیل و ئاشور و نەینەوا و لە پێش زایین و لە ناو مێژوو پەرستگە و شارستانیەتەکانی وەک خۆری و سۆمەری و میتانی و فیرعەونی دا، ڕێزدار و موکەڕەم و خواوەند و خاوەن پێگە و شاژن و سەرکردە وفەرمان ڕەوا و کاهین بووە.
ئەسینە، ئەفرۆدێت، ئیزیس ، عەشتار، شاماران، شاووشکا، هیپات، تیشۆپ، نیگال، نەساتیا، نیننتی، نەفرتیتی، گیلۆخیپا، تادۆخیپا، لات و مەنات و عوزاو بەلقیس بووە.
ژن واو واو واو..

لە دڵی خۆم دەمگووت: کوڕە ئەوە پێدەچێت ژن پەرستێکی زۆر بە قوەت و فێمێنێستگەرایەکی زۆر عەزیزم و سەیربێت و لەوەدەچێت لە ماڵەوەیاندا مەعبەدێکی بۆ ژن پەرستی ڕۆنابێت و پڕی کردبێت لە پەیکەری خوداوەندە ژنەکان و، دەرپێ و ستیان و جلی ژێرەوەی ژنان و ڕۆژی پێنج جار، کڕنۆش بۆ پەیکەرەکان بەرێت و دەرپێ و شتەکانی تریش تێر تێر بۆن بکات. هاهاها

جا زۆر ئیلحاحی لێدەکردم شەماڵ تۆ دەبێت بێیت بۆ ماڵمان، ڕۆژێک ڕۆیشتم مانگی ڕەمەزان بوو،

لە ڕێگا کەوتمە بیر و خەیاڵان و دەمگووت خۆزگەم بە خۆی کە هێندە ژنیزم و جێندەریزم و مو نەرمە لە بەرامبەر ژنان و حەتمەن ئێستا کەدەگەینە ماڵەوەیان، لە دەرگای ماڵەوە بە ئامێز تێوەرهێنان و و ماچ و مورچ لە هاوسەرەکەی دەئاڵێت، خوایە من لەو کاتە چیبکەم، بەڕاستی زۆر خەجاڵەت و ئیحراج دەبم.

سەرتان نەیەشێنم، لە گەڵ ئەو شاعیرە ژنۆلۆژیا و ژنیزمەیه، گەیشتینە ماڵەوە،
یەکەم قسەی ئەوەبوو: ئافرەت لە کوێی بە ملی شکاوت؟گوتم دیارە ئەوە مادام هێندە ژنیزمە و ژنی خۆشدەوێت لە خۆشەویستیان و هەر بۆ گاڵتەو شۆخی بە هاوسەرەکەی دەڵێت!
دیسان ئەوجارە بە هاوسەرەکەی گوت: هەی باوک… شۆک بووم کەئەو جوێنەی داو بۆم بەیان بوو کە ئەوە بە ڕاستی جوێن و قسەی ناشیرین بەو هاوسەرە بێ تاوان و بەستەزمانە دەدات.
شەو بەردەوام بوو لە بێ ڕێزیکردن بە ژنەکەی و لە بەردەم من هەر قسەی بە بیر و باوەڕ و پیرۆزیە ئایینیەکانی ژنەکەی
دەگووت و دەیگووت خودا نییە و نوێژ بۆ کێ دەکەیت و بۆ کێ بەڕۆژوو دەبیت و خۆت برسی و تینوو دەکەیت و کێ منەتی بەوەیه، من لەناخەوە بۆ ژنەکە دەگریام و لەشەرمیشدا حەوت ڕەنگم گۆڕی و زەوی شەقی بردبوایە دەڕۆیشتمە ژێریەوە و چەند جار گووتم کاکە ئەو ئافرەتەبەستە زمانە خوێنەواریشی نییه، تۆ چۆن بەو ئسلوبە و ئینجا دژی بیرو باوەڕەکەی قسەی وا دەکەیت!؟
من لە ماڵەوە خۆم زۆر جار بەرماڵ بۆ دایکم دادەنێم.

ئینجا شەو کاتی خەوتن، دووبارە شاعیری هەست ناسک دەستی بە شیعر خوێندەوە کردەوە و لە لایەک شیعری بە شان و باڵی ژندا دەگووت و لە لایەکەیریش بە هاوسەرە بەستەزمانەکەی خۆی دەگووت:
وەرە بە ملی شکاوت ئەو قاوە ساردە بەرەوە ناخورێت کاکە، تۆزەک گەرمی کەرەوە، هەی کەران باوک گایی.
هەر دەشی گووت:شەماڵ گیان دەی با ئەو شیعرەشت بۆ بخوێنمەوە، گووتم کاکە من تاقەتم نییە و دەبێت بخەوم.

بەیانیش کە خەبەری بوویەوە، ژنە بە ڕۆژووبوو بانگی کرد و هەستە دەی نانم بۆ ئامادەبکە.
کە ڕۆیشتم لەوێ، گووتم خودایە بەڵێن بێت جارێکیتر پێ نەنێمەوە ماڵی ئەو پیاوە، دوای ئەوە، هەرجارێک دەڕۆمە سلێمانی کە دەیبینم، دەڵێت دەی با بڕۆینە ماڵەوە، من بە بیانووەک خۆم دەدزمەوە و ناڕۆم لە گەڵی.
حەققەت ئەوەش بڵێم: ئەو شاعیرە هەست ناسک و زمان پیسە، دڵێکی زۆر پاک و گەورەیشی هەیه.




ڕه‌نجی بێوه‌ری فه‌رهاده‌‌کان بۆ (شیرین)ی نیشتمان… هیوا ناسیح

خوێندنه‌وه‌‌یه‌ک بۆ کتێبی (ره‌نجی فه‌رهاده‌کان)

له‌م ماوه‌یه‌ی پێشوودا کتێبی بیره‌وه‌رییه‌کانی دکتۆر هه‌ژار مه‌عروفم به‌ دیاری له‌ لایه‌ن به‌ڕێزیه‌وه‌ به‌ده‌ست گه‌یشت، پاش خوێندنه‌وه‌ی وه‌ک به‌ڵێنم پێیدابوو حه‌زم کرد وتارێکی له‌سه‌ر بنوسم، ئه‌م کتێبه‌ ٤٣٣ لاپه‌ڕه‌یه‌، ٣٣ لاپه‌ڕه‌ی کۆتایی وێنه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت، ساڵی ٢٠٢٠ له‌ باشور چاپ و بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

نوسه‌ر ساڵی ١٩٥٤ له سلێمانی له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئاینی و ئه‌ده‌بدۆست له‌دایک بووه‌، مه‌وله‌وی شاعێر ده‌بیته‌ باپیره‌گه‌وره‌یان له‌ دایکه‌وه‌، ئه‌م خوێندکارێکی زیره‌ک بووه‌، له کۆلیجی پزیشکی وه‌رده‌گیرێت، هه‌ر له‌ لاوێتیدا خولیاى كوردایه‌تى له‌ ناخیدا دروست بووه‌ . بۆیه‌ له‌ كاتێكدا له‌ كۆلیجى پزیشكی خوێندۆیه‌تى ١٩٧٥ ویستویه‌تى واز له‌ خوێندن بهێنێت و ببێته‌ پێشمه‌رگه‌. خزم و دۆسته‌كانى په‌شیمانی ده‌که‌نه‌وه‌ و داوای لێده‌که‌ن خوێندنه‌كه‌ى ته‌واو بكات، دواى ئه‌وه‌ى دكتۆر هه‌ژار ده‌بێته‌ پزیشك و له‌ سلێمانى بۆ ماوه‌یه‌ك كارى پزیشكى ده‌كات جارێكى تر خولیاى بون به‌ پیشمه‌رگه‌ ئۆقره‌ى لێ ده‌بڕێت و له‌ مانگى ٨ ساڵى ١٩٧٩ ماڵ ئاوایی له‌ دایك و براو كه‌س وكارى ده‌كات و په‌یوه‌ندى به‌ شۆڕشه‌وه‌ ده‌كات. پاش پێنج ساڵ و نیو پێشمه‌رگایه‌تی، به‌شداری ده‌یان چالاکی و چاره‌سه‌ر و تیمارکردنی سه‌دان پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵکی ناوچه‌ ڕزگارکراوه‌کان، له ئه‌‌نجامی ناکۆکی ناو هه‌ناوی کۆمه‌ڵه‌ و باڵه‌کانی تری نێو یه‌کێتی، ئه‌م ده‌بێته‌ هاوسۆزیی باڵی ئاڵای شۆڕش، به‌ڵام ئیتر بێزار ده‌بێت و دڵى له‌ پێشمه‌رگایه‌تى سارد ده‌بێته‌وه‌و بڕیار ده‌دات به‌ره‌و هه‌نده‌ران بڕوات. دواجار خۆی و خێزان و كوڕه‌ بچوكه‌كه‌ى له‌ كۆتایی مانگى دیسه‌مبه‌ری ١٩٨٤ ماڵ ئاوایی له‌ هاوسه‌نگه‌ران و هه‌موو یاده‌وه‌ریه‌ خۆش و ناخۆشه‌كانى ده‌كات و به‌ دڵێكى شكاوه‌وه‌ له‌ شاخى سورێنه‌وه‌ به‌ره‌و ئێران ده‌كه‌ونه‌ ڕێگاو له‌وێشه‌وه‌ بۆ سوریاو دواى زه‌حمه‌تێكى زۆر ده‌گه‌نه‌ وڵاتى ئه‌ڵمانیا. له‌وێ دوای چه‌ندان ساڵ جێگیر ده‌بێت و دکتۆرا له‌ بواری ده‌رونناسیدا به‌ده‌ست دێنێت، پێش ده‌ دوانزه‌ ساڵێک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ باشور و ده‌بێته مامۆستا له‌ زانکۆی سلێمانی و نۆڕینگه‌ی پزیشکی نه‌خۆشی ده‌رونی ده‌کاته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی گرنگه له‌ نوسینی هه‌ر بیره‌وه‌رییه‌کدا، که‌ مرۆڤه‌که‌ خۆی نه‌کات به‌ سوپه‌رمان و بێ هه‌ڵه‌ و بێتاوان، به‌تایبه‌ت گه‌ر له‌ کایه‌‌ی سیاسی و شۆڕشدا کاریکرد، هه‌روه‌ها به‌ مرۆڤه‌کانیشدا هه‌ڵنه‌دات که‌ خۆشی ده‌وێن و سه‌رکرده‌ و ڕابه‌ر و لێپرسراو بوونه‌ له‌ سه‌ردە‌مه‌که‌یدا، له‌مه‌ش گرنگتر منه‌تنه‌کردنه‌ به‌ سه‌ر گه‌‌ل و میلله‌تدا که‌ تۆ خه‌باتت بۆی کردوه‌. من هاوسه‌نگی و خۆبه‌ سوپه‌ماننه‌کردن و ڕه‌خنه‌ له‌خۆگرتن و خاکیبوونی نوسه‌رم له‌م بیره‌وه‌ریانه‌دا خوێنده‌وه‌. جگه‌له‌وه‌ی به‌ زمانێکی ساده‌ و ڕه‌وان و ئه‌ده‌بی جوان دایڕشتوه‌، ئه‌مه‌ وایکردوه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێک بابه‌ت زیاد درێژکراوه‌ته‌وه‌، به‌‌ڵام خوێنه‌ر هه‌ست به‌ بێزاری ناکات. جگه‌ له‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌‌وه‌ی ناوبراو دکتۆری ده‌روونییه، شیکاریی جوان بۆ که‌سایه‌تییه‌ دیاره‌کانی ناو شۆڕش ده‌کات له‌ ڕووی ده‌روونییه‌وه‌. هه‌روه‌ها باسی قاره‌مانی و له‌خۆبوردوویی هه‌ندێک که‌س و بێوه‌فایی هه‌ندێک سه‌رکرده‌ و ناپاکی هه‌ندێک که‌س ده‌کات.
له‌ لاپه‌ڕه‌ ٢٩٣دا له‌ ژێر ناونیشانی (ئه‌م ده‌ستاڕه‌‌ که‌ی له‌ هاڕین ده‌که‌وێت) ده‌نوسێت: هه‌موو گه‌مه‌ خوێناوییه‌کانی ئه‌م ناوچه‌‌یه‌ وه‌ک هاڕینی دانه‌وێڵه‌ بوو به‌ ده‌ستاڕ. به‌رده‌ گه‌وره‌ ئه‌ستور و به‌هێز‌ و قورسه‌که‌ی ژێره‌وه‌ ده‌بێت له‌ شوێنێ خۆی بێ و نه‌جوڵێت: ئه‌وه‌ سود و قازانج و پێگه‌ی ستراتیجی وڵاتانی زلهێزه‌. به‌رده‌ سوکه‌که‌ی سه‌ره‌وه‌ که‌ به‌رده‌وام له خولاوه‌نه‌وه‌دایه و ناوبه‌ناو ده‌بێت بگۆڕدرێ، ئه‌وه‌ رژێمه‌کان و ده‌سته‌ڵاتدارانی خۆجێیی ناوچه‌که‌ن. دانه‌‌و‌ێڵه‌که‌ش: ئه‌وه‌ خه‌ڵکی زۆرینه‌ی ناوچه‌که‌ن، ده‌بێ به‌رده‌وام بهاڕدرێن و ورد ورد کرێن!

دکتۆر هه‌ژار وه‌ک مرۆڤێکی راستینه‌ به‌ مانا و ره‌هه‌نده‌ مه‌عریفییه‌که‌ی نه‌ک به‌داخ و هاوسۆزه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌کانی شه‌ڕی ناوخۆی براکان له‌ شاخ و برینداره‌کانیشیان وه‌ک بریندارانی حزبه‌که‌ی و هاوبیرانی خۆی تیمار ده‌کات، به‌ڵکو سۆزی بۆ ژینگه‌ و گیانه‌وه‌رانیش هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ کاتێک ئێستره‌که‌ی ئه‌مان پێشمه‌رگه‌ برینداره‌ سه‌خته‌که‌ی له‌ پشته‌ و به‌نێو کڕێوه‌ و به‌سته‌ڵه‌ک و به‌فرێکی باریوی زۆردا به‌ره‌و ئێرانی ده‌به‌ن، ئه‌مان ده‌گه‌یه‌نێته‌ جێگه‌ی مه‌به‌ست، دکتۆر دێت ناوچه‌وانی ئێستره‌که‌ ماچ ده‌کات! جارێکی تریش پێشنیاز ده‌‌کات، له‌بری ئه‌و خزمه‌ته‌ زۆره‌‌ی ئێستر له‌ شاخ به‌ پێشمه‌رگه‌ و شۆڕشی کردوه‌ په‌یکه‌رێکی گه‌وره‌ی له‌ شاردا بۆ دروستبکرێت، کاتێک کوردستان ئازاد بێت.
ئه‌وه‌ی جێگای ده‌ستخۆشییه‌ زمانی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ و پاراویی کوردییه‌که‌یه‌تی، له زۆر جێگا وشه‌ی نه‌بیستراو یان که‌مبیستراوی کوردی به‌کار هێناوه‌ له‌بری ئه‌م وشانه‌‌، وه‌ک: خۆده‌ربڕ/ سه‌ریح، ناخۆئاگایی/ نه‌ست، خۆراکاو/ موغه‌زی، ئاویدڵۆپاو/ موقه‌ته‌ر، هاوژینگیری/ هاوسه‌رگیری، میزدان/ میزه‌ڵدان، سه‌نگاندن/ هه‌ڵسه‌نگاندن، ئه‌زموده‌/ به‌ته‌جروبه‌، سه‌ماگا/ دیسکۆ، خورپه‌ی ده‌رونی/بیرهاتنه‌وه‌ی له‌ پڕی بیره‌وه‌ریی تاڵ، هه‌ستشێوان/ نه‌خۆشی ده‌روونی، پوره‌خه‌مه/ له‌بری مامه‌ خه‌مه‌ بۆ ژنی خه‌مخۆر‌ و …هتد.
له‌ لاپه‌ڕه‌ ١٥٥دا به‌راوردێکی جوانی هه‌ڵوێستی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی کورد ده‌کات به‌رامبه‌ر به‌ کێشه‌ی فه‌له‌ستین و بێ هه‌ڵوێستی و بێ وه‌فایی عه‌ره‌ب به‌ گشتی و فه‌له‌ستینییه‌کان به‌تایبه‌تی. بابه‌ته‌که‌ له‌وێوه‌ ده‌ست پێ ده‌کات کاتێک دکتۆر هه‌ژار ساڵی ١٩٨٥ له‌ دیمه‌شق بێکار و هه‌ژار و بێحاڵ ده‌بێت، بڕوانامه‌ پزیشکییه‌که‌ی هه‌ڵده‌گرێت و ڕووده‌کاته‌ که‌مپی یه‌رموکی په‌نابه‌رانی فه‌له‌ستین تا کارێکی له‌وێ ده‌ستکه‌وێت، که‌چی پاسه‌وانه‌‌که‌ی به‌رده‌رگا ناهێڵێت بچێته‌ ژووره‌وه‌، بگره‌ به‌ خوێنساردییه‌وه‌ ده‌ڵێت: تۆ کوردی دژی سه‌ددامی و ئێمه تۆمان ناوێ و ته‌واو! لێره‌وه‌ دێته‌سه‌ر باسی ئه‌وه‌ی چۆن گه‌ریللاکانی پێکاکا شانبه‌شانی فه‌له‌‌ستنینییه‌‌کان ساڵی ١٩٧٨ کاتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر باشوری لوبنان، هه‌روه‌ها ساڵی ١٩٨٢ کاتی ئابڵۆقه‌دانی به‌یروت ده‌یان شه‌هیدیان دا، که‌چی ده‌بینین گه‌لانی موسوڵمان به‌ گشتی به ئیخوانی کوردی (یه‌کگرتوو)شه‌وه‌ و عه‌ره‌ب و فه‌له‌ستینییه‌کان به‌تایبه‌تی هه‌رگیز ئه‌م بابه‌ته‌ باس ناکه‌ن و له‌به‌ر چاویان نییه‌، ته‌نانه‌ت وه‌ک نوسه‌ر ده‌ڵێت: کاتێک سه‌رکردایه‌تی رێکخراوی رزگاریخوازی فه‌له‌ستین و یاسین عه‌ره‌فات ناچار ده‌کرێن به‌یروت به‌جێبهێڵن و ڕوو له تونس ده‌که‌ن، یاسر عه‌ره‌فاتی ڕابه‌ری گشتی ئه‌وسای فه‌له‌‌ستین له‌ وتارێکیدا باسی شه‌هیدانی هه‌موو گه‌لانی تر ده‌کات که‌ خه‌باتیان بۆ فه‌له‌ستین کردوه‌ و له‌پاڵ ئه‌واندا شه‌هیدیان داوه‌، که‌چی باس له‌و شه‌هیدانه‌ی پێکاکا نادات، چونکه‌ کوردن!

د. هه‌ژار دیمه‌ن و هه‌ڵوێستی گه‌وره‌ئه‌منێکی عه‌ره‌ب، که لێپرسراوی لقی حه‌طین بووه‌ له‌ سلێمانی به‌رامبه‌ر مامۆستا ڕه‌وف عوسمانی برای ده‌گێڕێته‌وه‌ به‌ ناوی ئه‌بو دونیا، کاتێک ناوبراو مامۆستا ڕه‌وف عوسمانی برا گه‌وره‌ی د. هه‌ژار بانگ ده‌کات بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ پێی ده‌ڵێت: خۆت به‌عسی نیت و له‌ هه‌موو بنه‌ماڵه‌که‌شتان به‌عسییه‌کی تێدا نییه‌، به‌مه‌شه‌وه‌‌ ناوه‌ستیت له‌ نێو مامۆستاکان و خه‌ڵک و نێو پۆلدا کاتی وانه‌وتنه‌وه‌ به‌ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ دژی به‌عس و حکومه‌ت قسه‌ ده‌که‌یت، دووه‌م برا دکتۆره‌که‌شت چه‌کی خیانه‌تی هه‌ڵگرتوه‌ دژمان. تا ئێستا ده‌نگمان نه‌کردوه‌ چونکه‌ مامۆستایه‌کی عه‌ره‌بی زۆر سه‌رکه‌وتوویت و زۆر ستایشت ده‌که‌ن، تۆ مامۆستای مناڵه‌کانمانی، به‌ڵام ئیتر ته‌واو، ئیتر ده‌ست ده‌کات به‌ جنێو و سوکایه‌تی به مامۆستا ره‌وف و هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی لێ ده‌کات، کاتێک مامۆستا ره‌وف ده‌یه‌وێت به‌رگری له خۆی بکات، ئه‌بودونیای شۆفێنی و دڕنده‌ رێگای قسه‌کردنی پێ نادا و تفێکیش ده‌کاته‌ ده‌موچاوی مامۆستا ره‌وف، کاتێک ئه‌م ده‌سته‌سڕه‌که‌ی ده‌ردێنێت تا تفه‌که‌ی سه‌رده‌موچاوی بسڕێت، ئه‌و جانه‌وه‌ره‌ ده‌مانجه‌که‌ی ده‌ردێنێت، لوله‌که‌ی ده‌خاته سه‌ر لاجانگی و پێی ده‌ڵێت: بیسڕیت هه‌ر ئێستا ده‌تکوژم، پاش سوکایه‌تی ده‌یکاته‌ ده‌ره‌وه‌! به‌ڕاستی ئه‌م ڕووداوه‌ی نوسه‌ر له‌ کێته‌به‌که‌یدا گێڕاویه‌ته‌وه‌ زۆر ئازاریدام، چونکه‌ جگه‌له‌وه‌ی که‌ خۆی تاوانێکی قێزه‌ون و ناشرینه‌ جا به‌رامبه‌ر هه‌ر که‌سێک بکرێت، من مامۆستا ڕه‌وف باش ده‌ناسم، دوو ساڵ له ئاماده‌یی کوڕانی سلێمانی وانه‌ی زمان و ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی پێ گوتومه‌وه‌، خۆم به‌ قه‌رزاری ئه‌و هه‌موو ڕێز و زانست و زانیارییانه‌ی ده‌زانم، ده‌زانم چه‌ند که‌سێکی به‌ڕێز و خۆشه‌ویست و دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ره‌، لێره‌وه هیوای ته‌مه‌ندرێژی و ته‌ندروستی بۆ ده‌خوازم. خۆشبه‌ختانه‌، ئه‌و دڕنده‌ به‌عسییه‌ له‌ کاتی راپه‌رین ٧ی ئازاری ١٩٩١ له‌ کاتی به‌رگریکردن له مونه‌زه‌مه‌‌که‌یان له‌ سلێمانی به‌ سزای خۆی ده‌گات.
هه‌ندێک سه‌رنج و تێبینیم له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی کتێبه‌که‌ هه‌یه‌، که ئه‌مانه‌‌ هیچ له‌‌ بایه‌خی کتێبه‌که‌ که‌م ناکه‌نه‌وه‌، ل٢٦ نوسه‌ر باس له‌ شیعری (بارزانی پێشمانکه‌وه‌ بارزانی) ده‌کات، که‌ هی هه‌ژار موکریانییه‌، نه‌ک شێرکۆ بێکه‌س، وه‌ک ئه‌م نوسیویه‌‌تی. ئینجا ل٤٦ ده‌قی شیعره‌که‌ی پیره‌مێرد ڕاستیه‌که‌ی ئاوایه‌ (شه‌وێک پیاوێ له‌ به‌فرا ما نه‌مرد ئاگرێکی دووری دی)، به‌ڵام نوسه‌ر وای نوسیوه‌ (شه‌وێ پیاوێ له‌ به‌فرا ما نه‌مرد دی ئاگرێکی دێ). سه‌رنجێکی دیش ئاشکرایه‌ ئه‌نجامی دروستکردن و جیابوونه‌وه‌ی ئاڵای شۆڕش ساردبوونه‌وه‌ی سه‌دان پێشمه‌رگه‌ و کادر و ئه‌ندامانی ڕێکخستن و ته‌سلیمبوونه‌وه‌ی ده‌یان پێشمه‌رگه‌ به‌ ڕژێم بوو، نوسه‌ر جگه‌له‌وه‌ی خۆشی چه‌رمه‌سه‌ری و دڵساردبوونه‌وه‌ و ماندووبوونی بۆ کێشاوه، که‌چی هیچ هه‌ڵسه‌نگاندنێکی بۆ ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌و دروستکردنی رێکخراو له‌ نێو رێکخراوێکی تردا، که کۆمه‌‌ڵه بوو نه‌کردوه‌. مادام خۆی له‌ نێو ڕووداو و له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا ژیاوه‌ ده‌بوو هه‌ڵسه‌نگاندن و ڕای خۆی له‌ ئێستادا و پاش ئه‌و هه‌موو ته‌مه‌ن و ئه‌زمونه‌ بنوسیایه‌. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ به‌ نازناو باسی ده‌یان که‌سی هه‌لپه‌رست و وه‌ک ده‌ڵێن کوڕی رۆژی کردوه‌ که‌ چۆن که‌مترین قوربانیان داوه‌ و زۆرترین قازانجیان له‌ شۆڕش کردوه‌، به‌ ڕای من ده‌بوو گه‌ر به‌ پیتی یه‌که‌می خۆی و باوکیشیان بوایه‌ ناوی بهێنانایه‌، تا بناسرێنه‌وه‌، له‌ ڕووی یاساییشه‌وه‌ له‌سه‌ری ناکه‌وت.
له‌ پاشکۆی کتێبه‌که‌دا نوسه‌ر چه‌ندان وێنه‌ و دۆکیۆمێنت بڵاوده‌کاته‌وه‌، هه‌ندێکیان وێنه‌ی یادگاریی سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تی و هه‌ندێکیان هی ئه‌وروپان، باس له چه‌ندان چالاکی مه‌ده‌نی و سیاسی‌ ده‌کات، که‌ ڕێکخه‌ر یان به‌شداربووه‌ تێیاندا وه‌ک پشتیوانی بۆ شۆرشی کورد، بۆ نمونه‌ کاتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌م یه‌کێک بووه‌ له‌ رێکخه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی چالاکی هێرش کردنه سه‌ر نوسینگه‌ی هێڵێ ئاسمانی عێراقی له‌ فرانکفورت و کۆنترۆڵکردنی له رۆژی ٢٣/٣/١٩٨٨. که‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی باشی له نێو میدیای ئه‌ڵمانیدا به‌دوای خۆیدا هێناوه‌. دوای ڕاپه‌رینیش هاوکاری ئه‌و گوندانه‌ی کردوه‌ که‌ رۆژێک تێیدا حه‌ساوه‌ته‌وه‌ و خزمه‌تیان کردوه‌. به‌ کورتی خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ ڕاپۆرتێکی گشتیی و فراوانه‌ له‌سه‌ر شۆڕشی کورد به‌گشتی و یه‌کێتی به‌تایبه‌تی، به‌ هه‌موو خه‌بات و خوێن و خیانه‌ت و پاکی و دڵسۆزی و شه‌هیدبوون و قوربانیداییه‌وه‌.

هیوا ناسیح




گۆڤاری نما ژمارە ٥٤

نما گۆڤارێکی فیکریی و ئەدەبیی وەرزییە لە هەولێر دەردەچێت…

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٥٤ کلیکی ئێرە بکە….




میدیای کوردی و سۆرانی و بادینی!!… هۆمەر نۆریاوی

ئەمە ڕاستییەکی هەژێنەرە کە زۆربەی بەناو میدیاکاری ئێستای نێو ڕووبەری ڕاگەیاندنی کوردی جگە لە شێوە ئاخاوتنەکەی خۆ،زانیارییەکی ئەوتۆی لەسەر زمانی کوردی نییە؛بۆیە ڕاگەیاندنەکەیشمان هێشتا لە نێو بازنەیەکی بەرتەسک و سنوورداردا دەسووڕێتەوە و لە ڕاستیشدا گەمە بە بینەر و بەردەنگی خۆی دەکات.
مرۆ سەری سووڕ دەمێنێت کاتێک دوو میدیاکاری نێو کەناڵێکی کوردی بە باشی لە شێوە ئاخاوتنی یەکدی تێنەگەن. ئەمە کارەساتە و نیشانە بۆ ئاستی نزمی وشیاریی نەتەوەیی دێتە ئەژمار. نازانم پێوەرەکان بۆ وەرگرتنی ستافی میدیا کامانەن کە پێویستە شارەزابوون لەسەر زمان بۆ ڕاگەیاندنکارێکی کورد لە سەرووی هەموو مەرجەکانەوە بێت کەچی میدیاکارەکەی ئێمە تەنێ شارەزا بە شێوە ئاخاوتنەکەی دەڤەر،شار،گوند و گەڕەکەکەی خۆیەتی هەر بۆیە حاڵی میدیای کوردی ئێستاکە ئەوەندە ئاڵۆسکاو و شپرزە.
ئاستی نزمی وشیاریی نەتەوەیی بەشی زۆری میدیاکاری کورد تا بەوێندەرێ چووەتە پێش کە یەک بەو بڵێ”لە بادینییەکەت تێناگەم” و ئەوی دیکەیش ببێژێ”نزانم سۆرانی بئاخفم”. دە ئاخر چاوەڕوانی چی لە خەڵکی ڕەشۆک بکەین کاتێک نوێنەری بەر مایکەکەمان هەمان هەڵەی باو و سەرزاری ڕەشۆک پاتە بکاتەوە و هەست بە جیاوازیی نێوان کوردیی ناوین و ژووروو نەکات!
ڕاستە میدیای بینراو و دیتیاری ئێمە خاوەنی مێژوویەکی ئەوەندە دوور و درێژ و کۆن نییە و تازە لە سەرەتای ڕێداین(مەد تێ ڤێ،کۆتایی ساڵی 1995). ئەمەیش هەر بە ڕاست دەگەڕێت کە هێشتاکە زانستگە و ناوەندە باڵاکانی خوێندنمان نەیانتوانیوە کادێر و ستافی پسپۆڕ و کارامە و لێزان و شارەزای بواری ڕاگەیاندن پەروەردە بکەن بەڵام ناشوکری نەبێت بۆ پتر لە 25 ساڵ دەچێت کە کورد بۆ خۆی خاوەنداریەتی میدیا و ڕاگەیاندنی خۆی دەکات و خودانی کەناڵی سەربەخۆیە و دەیتوانی بەدرێژایی ئەم هەموو ساڵە وەک لە گەلێک بواردا هێزی مرۆیی کارامە و پیشەیی و پسپۆڕی پێگەیاندووە،لە هەمووان گرینگتر و هەستیارتر،ئەم ئەرکە گرینگەیش لە نێو دنیای ڕاگەیاندندا جێبەجێ بکات و ئاوڕێکی ڕاستینە لە دنیای میدیا بداتەوە کە هەنووکە گەلانی جیهان بە ڕاگەیاندنی پێشەنگ و پێشڕەویانەوە دەناسرێنەوە. کەچی ئێمە تازە خەریکی شەڕەدندووک یان بە واتایەکی دی،شەڕەگەڕەکین. بەڵام لەو لاوە میدیای زەبەلاحی نەیار دەمێکە خۆی ماتین داوە و لە کەمیندایە و هەڵەکانمان دەقۆزێتەوە و ئێستا ئیتر بە ئاشکرا وەبەر هەمە جۆرە بۆردمانێکی میدیاییمان دەخات و ڕۆژانە لەسەر تەنانەت پەروەردەی کۆمەڵگەیشمان دەور دەبینێت و پێوەر بۆ شێوازی هەڵسوکەوتیشمان دادەنێت.
ئەو شاڵاوە ترسناکەی ئێستای میدیای فارسی،عەرەبی و تورکی کە ڕووی لە کۆمەڵگەکەی ئێمەیە و پلانەکانی لە ڕێی خودی میدیا و ڕاگەیاندنی کوردییەوە جێبەجێ دەکرێت و ئێمەیش سووک و هاسانێ بە لایدا تێدەپەڕین، بۆ سبەی شیرازەی نەک خێزان بگرە کۆمەڵگەکەیشمان تێک دەشێوێنێت.
خەڵکانی تورک،عەرەب و فارسزمان بە ڕۆشنبیر و ڕەشۆکەوە،بە ناوخۆیی و ئەورووپانشینەوە ،بە یەک دیدە و یەک ڕوانگە و بۆچوون لە زمانی کوردی دەڕوانن و هەرگیز وەک زمانی نەتەوەیەکی سەربەخۆ چاو لە زمانی کوردی ناکەن و لە میدیای بینراو و نووسراوی خۆدا خۆیان گوتەنی”بە “زبان محلی”(زمانی خۆجێی)ناوی دەهێنن. ئیدی نازانم ئەم دەستەواژە نەزۆکە لە نێو کامە قامووسدا جێی دەبێتەوە.
پڕ خویا و ڕوونە یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم ڕەوش و دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ستافێکی پیشەیی خەمخۆر کە وەک چلۆن بۆ پڕکردنەوەی ستافی کەناڵەکەی ئەوەندە پێوەر و شەرت و مەرجی پیشەیی دەوری تێدا نابینێت و مخابن سیاسەت دەستی ناوەتە بینەقاقای میدیاکەیشمان و ڕاگەیاندنەکەمان تەنێ بووەتە جێبەجێکاری پلان و بەرنامەکانی ئەم حیزب و ئەو پارتی کوردی،لەو لایشەوە ئەوەی لە پەراوێزدایە، زمان و چاندی نەتەوەکەمانە. ئەوەی ڕاستی بێت هەنووکە لە هەمبەر پڕۆپاگەندە یان بە واتایەکی ڕاستتر، هورووژمی فەرهەنگیی ناحەزانی نەتەوەکەماندا ملکەچ و دەستەوەستان ڕاوەستاوین و زۆر خێرا لە بەرانبەر وەرگرتنی بڕەپارەیەکی کەمدا زمان و کولتوورەکەمان هەرزانفرۆش دەکەین و تازە بەمەیشەوە خەنین و یاری بە فەرهەنگ و زمانەکەمان دەکەین و ئەوەی ریکلامی تێکدەر بە حاڵی زمان و چاندی کوردییە بڵاوی دەکەینەوە و بەم چەشنەیش بڕوات جگە لە ڕیکلام،درامای بێ ناوەڕۆک و لاوازی تورکی،عەرەبی و فارسی،جێ بە فەرهەنگەکەی خۆمان لێژ دەکات و تەخت و بەختمان تێک دەشێوێنێت کەچی ئێمە بە بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین و بەهەندی وەربگرین،ڕۆژانە و بە شێوازی نەرم تاک و کۆی کۆمەڵەکەمان لاسایی شێوە ئاخاوتن و ڕەوتاری ئەم ئەکتەر و ئەو دەورگێڕی فارس، تورک و عەرەبی نێو دراماکان دەکاتەوە. هەر بۆیە گەر بەم چەشنە بچێتە پێش،هەر ئەم نەرمە ڕەوتارانە سبەی دەبنە نەریت؛ئیدی ئەودەم سڕینەوەیان، هەوڵ و خەباتێکی درێژخایەنی فەرهەنگی و پلان و خەرج و تێچوو و زەحمەتێکی هەزار هێندەی گەرەکە و هەر وا سووک و سانایش ناچێتە سەر. بەڵام میدیاکارانی ئێمە تازە خەریکە لەسەر سۆرانی و بادینی بەشەڕ دێن کە ئەم شێوە کردار و هەڵسوکەوت و ئاخاوتنە تەنێ لە خەڵکانی ڕەشۆکی نەخوێندەوار دەوەشێتەوە نەک میدیاکار کە پێویستە بەوپەڕی وشیاریی نەتەوەیییەوە ئەرکەکەی ڕاپەڕێنێت و ئاگاداری شێوازی قسەکردنی خۆی بێت چونکە میدیا ئاوێنەی باڵانوێنی نەتەوەیەک دێتە ئەژمار و ئەمڕۆکە بەسات میوانی هەموو شوێنێکە و بە بێ هیچ چەشنە بانگێشتکردنێک،لە هەموو شوێنێک ئامادەیە. بۆیە ئەگەر میدیای کوردی لەم ئاستەدا کاڵفامانە و ناپیشەیی بجووڵێتەوە، بە هەمان شێوەیش کۆمەڵەکەمان لە خشتە دەبات و سبەی پڕکردنەوەی کەلێنەکان هەزار هێندە کار و خەباتی گەرەکە.

هۆمەر نۆریاوی




ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی قه‌زافی به‌ زمانی كوردی… فازیل شەوڕۆ

قسه‌كردن له‌سه‌ر كه‌سێتیی موعه‌مه‌ر قه‌زافی، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌، له‌ گه‌ڵ هاوڕێیه‌كت له‌ كه‌نار گۆمێكی قول و مه‌نگ دانیشتبی و باسی جیهانی ژێر ئه‌و گۆمه‌ی بۆ بكه‌ی كه‌ هیچ كامتان بناوتان به‌ناویدا لێنه‌دا بێ. قه‌زافی پیاوی خاوه‌ن هه‌زار خه‌ون بوو، به‌ڵام خه‌ونی به‌ده‌ر له‌ عاله‌می وڵاته‌كه‌ی خۆی، بۆیه‌ ئه‌و هه‌میشه‌ وه‌ك مرۆڤێكی نامۆ و غه‌ریب، له‌ چاوی دۆست و ئه‌غیار سه‌یر ده‌كرا. قه‌زافی ئه‌و سه‌ركرده‌بوو كه‌ ده‌وروپشته‌كه‌ی، ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ، له‌ زمانه‌كه‌ی ئه‌و حاڵی نه‌بوون! ئه‌وه‌ی ده‌ینووسم ستایشی ئه‌و (قاره‌مانه‌ یان دیكتاتۆره‌) نییه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی داته‌كاندنی ته‌پۆتۆزی ڕۆژگار و قه‌ده‌ر و ده‌سته‌كانه‌ له‌سه‌ر ڕووی ته‌پۆتۆزایویی ئه‌و(مه‌سیحه‌ یان شه‌یتانه‌). ئه‌و كه‌سێكی ڕۆشنبیر و به‌ئاگای جیهانی ئایین و فه‌لسه‌فه‌ و مێژوو بوو. قورئانی پیرۆزی له‌ به‌رگه‌ و بۆ به‌رگ ئه‌زبه‌ر بوو. جارێك كه‌ (موزه‌فه‌ر نه‌واب)ی شاعیری عیراقی، له‌ حزووری ئه‌ودا شیعر ده‌خوێنته‌وه‌ و(قه‌زافی) قامتێك ڕه‌خنه‌ له‌ كۆبه‌رهه‌مه‌كانی ده‌گرێ، ئه‌و گه‌شكه‌ده‌یگرێ و ده‌ڵێ تا ئێستا ڕه‌خنگره‌ عیراقییه‌كان سەرنجی وا وردیان له‌ شیعره‌كانی من نه‌داوه‌، جا بۆ زانیاریتان له‌و كۆڕه‌دا (موزه‌فه‌ر نه‌واب) قه‌سیده‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی ده‌خوێنێته‌وه‌، كه‌ جنێو به‌ هه‌موو پاشا و مه‌لیك و حاکم وکانی عه‌ره‌ب ده‌دا و ناونیشانی قه‌سیده‌كه‌( یا اولاد الگحبه‌) یه.‌
(قه‌زافی) خاوه‌ن (10) كتێبی چاپكراوه‌، بابەتەکانیان فكری و سیاسی و ئەدەبی و چیڕۆكی كورتن. چیرۆكه‌كان باشتر هزر و بیروباوه‌ڕی ئه‌و پیاوه‌ نمایشده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی كه‌ من له‌ چیرۆكه‌كانیم هه‌ڵهێنجاوه‌ ئه‌وه‌یه‌: چونكه‌ قه‌زافی كوڕی بادیه‌ و بیابانه‌، حه‌زده‌كات یان خه‌ون ده‌بینی، كه‌ خه‌ڵك بۆ گوند و لادێ و باوه‌ش سروشت بگه‌ڕێنه‌وه‌. ئه‌و حه‌ز به‌ ژیانی خاكی و ساده‌ و ساكار ده‌كا. زۆر له‌ ژیانی شارستانییه‌تی سه‌رده‌م په‌سته‌ و خه‌می پێده‌خوا. ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كه‌ سه‌رزه‌وی به‌ره‌و بۆگه‌ن بوون و گه‌نده‌ڵ بوون ده‌چێ، بۆیه‌ ته‌مه‌نا ده‌كات بتوانی سه‌رزه‌وی به‌جێبهێڵێ یان ئه‌وانه‌ی له‌ ئاسمانن بێنه‌ خواره‌وه‌ و ببنه‌ فریادڕه‌س!
بێگومان ئه‌و جگه‌ له‌م (10) كتێبه‌، خاوه‌ن سه‌دان وتار و گوتاری دیكه‌یە‌. ئه‌وه‌ی كه‌ كڕۆكی باسه‌كه‌ی ئێمه‌یه‌، ئه‌و بابه‌تانه‌ن كه‌ په‌یوه‌ست به‌ كورد. ئه‌و له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، ماڵپه‌ڕیكی له‌ ئێنته‌رنێت هه‌بوو به‌ ناوی (قذافي يتحدث)، له‌سه‌ره‌تا هه‌ر به‌ زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی بوو، دواتر به‌ چه‌ندان زمانی دیكه‌ش بابه‌ته‌كانی بڵاوده‌كرده‌وه‌. دوو خاڵی گرنگ له‌ به‌شه‌ كوردییه‌كه‌ی ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ سه‌رنجی ڕاكێشام: خاڵی یه‌كه‌م: (قه‌زافی) دوو وتاری تایبه‌تی بۆ كورد نووسی و له‌وێ بڵاوی كرده‌وه، ئه‌و له‌ هه‌ر دوو وتاره‌كه‌ ڕووی ده‌می له‌ كورده‌كانی كوردستانی باشوور بوو. وتاری یه‌كه‌می، دوای ڕاپه‌ڕینی (1991) بوو. تێیدا نمایشێكی مێژووی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كوردستان ده‌كات له‌ سه‌رده‌می شێخ سه‌عیدی نه‌مره‌وه‌ تا ڕۆژی ڕاپه‌ڕین. به‌ كوردی و كرمانجی، پێیان ده‌ڵێ شانازی به‌ ده‌سكه‌وته‌كانتانه‌وه‌ مه‌كه‌ن، چونكه‌ له‌ سه‌رده‌می نوری سه‌عید ئێوه‌ خاوه‌ی سێ هێنده‌ ئمتیازات و ده‌ستكه‌وت بوون له‌ عیراق.. ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌یكه‌ن فرۆشتنی خو‌ێنی شه‌هیده‌كانتانه‌. وتاری دووه‌می، ڕێك له‌ گه‌ڵ كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌ددام بوو له‌ گۆڕه‌پانی ئه‌نده‌لووس(2003). ئه‌م وتاره‌ی به‌ زمانێكی زۆر توند، زۆر توڕه‌ ، زۆر پڕ گله‌یی نووسیوه‌، ناونیشانی وتاره‌كه‌ی، په‌ندێكی میسری بوو، كه‌ به‌رانبه‌ره‌كه‌ی به‌ كوردی دەبێتە: (جا دیسان کوردەکان دەستیان لە بنی هەمبانەکە دەرچوو!)

(قه‌زافی) له‌م وتاره‌دا خۆی به‌برا ‌گه‌وره‌ داده‌نێ وتكا و ڕجا له‌ سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌كات، كه‌ ئه‌م هه‌له‌ زێڕینه‌ له‌ قیس خۆیان نه‌ده‌ن، تا زووە ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردی خۆیان ڕابگه‌ێنن، ده‌نا تا سه‌ده‌یه‌كی دیكه‌ ئه‌م هه‌له‌ بۆ كورد هه‌ڵناكه‌وێته‌وه‌. ئه‌و ده‌ڵێ، ئێوه‌ بۆچی ئه‌م ڕووباره‌ خوێنه‌ی ڕۆڵه‌كانی خۆتان به‌خشی؟ بۆچی ئه‌و هه‌موو مه‌رگه‌سات و نكبه‌تییه‌تان به‌سه‌ر خۆتان هێنا؟ بۆ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ تا ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بن؟ بۆ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ تا دوژمنه‌كه‌تان لاواز بكه‌ن و چۆكی پێدابده‌ن؟ ئێ! ئه‌وه‌ به‌غدا ڕوخا… سه‌ددام نه‌ما… خۆتان هێز و ده‌سه‌ڵاتن. پێم ناڵێن چاوه‌ڕوانی چی ده‌كه‌ن!
وه‌ك بڵێێ ئه‌و پیاوه‌ له‌ ناودڵێ سه‌ركرده‌كانی كورده بووه‌ ، بۆیه‌ زۆر لێیان نائومێده‌ و پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌وان ئه‌و بریاره‌یان نه‌بێ كه‌ ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ ڕابگه‌ێنن ( ده‌كرێ ئێوه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر یاداشته‌كانی برێمه‌ركه‌ حاكمی عیراق بوو، جا ده‌زانن كه‌ بۆچوونه‌كانی قه‌زافی و بریمه‌ر، له‌مه‌ڕ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ چه‌ند لێك نزیكن و چه‌ند زیره‌كانه‌ كه‌سێتیی ئێمه‌یان خوێندبۆوه‌.) بۆیه‌ (قه‌زافی) ئەو ناونیشانەشی بۆ وتاره‌كه‌ی هەڵبژاردووە. پێشبینییه‌كه‌شی ڕاست ده‌رچوو، ئه‌وه‌ (2022)‌ وە سه‌ربه‌خۆ نیین.
خاڵی دووه‌م، كه‌ له‌و ماڵپه‌ره‌ی (قه‌زافی) جێگه‌ی هه‌وڵوه‌سته‌یه‌، زمانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌یه‌. كه‌ به‌شێوه‌زاری سۆرانی (موكریانی) ده‌نووسرا. لێره‌ش دوو (پنت) قسه‌ هه‌ڵده‌گرێ. یه‌كه‌م: كێ به‌م كوردییه‌ پاراو جوان وبه‌پێزه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ی داڕشتۆته‌وه‌؟ ئه‌و كه‌سه‌ وا پێده‌چێ قه‌ڵه‌مێكی به‌توانا بێ. ته‌نانه‌ت په‌نده‌كانی عه‌ره‌بیشی گۆڕیوه‌ بۆ په‌ندی كوردی كه‌ هه‌مان واتا و ئاماژه‌ ده‌ده‌ن. پنتی دووه‌م: ئایا (قه‌زافی) ڕاوێژپێكرای كوردی هه‌بووه‌، ده‌نا چۆن ئه‌و هه‌موو زانیارییه‌ ورده‌ی ده‌رباره‌ی كورد زانیووه‌؟ ئه‌و له‌ وتاری یه‌كه‌می دا ، باسی به‌ڕیز (عه‌زیز محه‌مه‌دی) سكرتێری پێشووی حزبی شیوعی ده‌كات، هه‌ر ده‌ڵێی له ده‌شتی قه‌راج نان و پێوازی ‌لەگه‌ڵ خواردووه‌، كێ ئه‌و زانیارییه‌ تایبه‌تیانه‌ی گه‌یاندۆته‌ سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌كو (ئەو)؟ ئه‌مانه‌ بۆمن جێگه‌ی پرسیارن.
ئەمەش، دەقی یەکێک لە بابەتەکانە کە لە ماڵپەڕەکەی قەزافی بڵاوکراوەتەوە:
(جا دیسان کوردەکان دەستیان لە بنی هەمبانەکە دەرچوو!)
بە قەڵەمی: موعەمەڕ قەزافی
(لە وڵاتی میسردا، وا بە کەسێک دەڵێن کە دەدۆڕێت.
وا کوردەکانیش دۆڕان و دەستییان لە بنی هەمبانەکە دەرچوو.
باشە، دەستکەوتی کوردەکان چی بوو لە گڕیبەستەکەیاندا لەگەڵ عێراق؟ هیچ! تەنها لە ئامێزیگرتنی سەربازانی داگیرکەر و ماچ و مرچی ڕوومەتی داگیرکەرە نوێیەکان و تاوانبارکردنییان بە خیانەی مەزن و خۆهەڵواسینیان بە داگیرکەر.
بەڵام بارودۆخی کوردەکان هیچ نەگۆڕا، بەڵکو دژووارتر و ناخۆشتر بوو، هەرنەبێ لە ڕووی ڕووخسار و ئەدگاردا خراپتربوون.
ئێمە واپێشبینیمان دەکرد، لەو هەل و مەرجە مێژووییە دڕاماتیکییەدا، کە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد هەڵکەوتووە، بۆ خۆیان دەیقۆزنەوە ــ وەک چۆن جوولەکەکان ساتەوەختی ڕووخانی بەڕلین و شکانی دەوڵەتانی میحوەر و سەرکەوتنی هاوپەیمانەکانیان لە جەنگی دووەمی جیهانیدایان قۆزتەوە، کوردانیش ئیعلانی ئەو دەوڵەتە کوردییە دەکەن کە خەون و هیوای لە مێژینەی ئوممەی کوردیی چەوساوە و لەتلەتکراوە. هیچ، هیچیان نەکرد، هەر وەک ڕەعییە لەو دەوڵەتانە مانەوە کە لێبوون. کوا چی نوێتان وەدەستهێنا؟ دەستکەوتان چی بوو؟ هیچ! کوردەکە، هەر هاووڵاتییە نمرە دووەکە و سێیەکەی جارانە لە هەموو خۆرهەڵاتی ناوەند دا.
گاڵتەتان پێدەکەن، کە هۆشیار زێباریتان بۆ دەکەنە وەزیری دەرەوەی عێراقی ئێستا. سەرهەنگ نورەدین محەمەد و ئەحمەد بابان سەرۆک وەزیران بوون، هەردووکیان کورد بوون، تەنانەت وەزیری ئەشغال و ڕێگاوبان و ناوخۆ و داد و دارایی و بەرگریش کوردبوون. سەرۆکایەتیی ئەڕکانی سوپای عیراقی هەر سێکیان کورد بوون: فەریق بەکر سدقی و فەریق حوسێن فەوزی و فەریق ئەمین زەکی. ڕێژەی فەرمانبەران لە دەوڵەتی عێراقیدا (٢٥٪) و لە ناوچە کوردنشینەکاندا (٩١٪) بوون. ئەوان لە گوند و شارەدێ و ناحییە و قەزا و پارێزگاکاندا ئەنجومەنی خۆیان هەبوو.
هەردوو زمان، کوردی و عەرەبی، زمانی فەرمی بوون لە هێندێ پارێزگادا، وەکو پارێزگای سلێمانی. زمانی خوێندن بوون لە قۆناغەکانی بنەڕەتی و ناوندەی لە دەڤەرە کوردییەکاندا. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، زمانی عەرەبی زمانی دووەم بوو بۆ کوردەکان.
پێشبینی دەکرا لەو ڕووداوە مەترسیدارەی ناوچەکەدا، لە نێو چرەدوکەڵی ئەو تەقینەوە گەورەیەدا، دەوڵەتی کوردی لە دایک ببێت و کوردان لە چەوسانە و کۆت و سندم و کووشتن و بڕین ڕزگاربکات، کە بە درێژایی مێژوو تاڵای مەرگەساتی دەنۆشن.
دەبێ دیسان، بگەڕێنەوە بۆ سەردولکە بە ئازارەکان: بەختی کوردان، هەر بەختی حەسرەت و ئاخ هەڵکێشان و لەدەستدانی دەرفەتیی مێژووییە، سەرەڕای شوڕشەکان و قوربانییەکان و ڕاپەڕینەکان.
چی نوێی هاتە کایەوە؟ کوردەکان هەر هاوونیشتیمانی عێراقین وەکو جاری جاران. کەواتە، کورد قازانجی چی کرد لەو ئاهەنگەی لەدایکبوونی عێراق، کە وڵاتەکەی کاول و وێران کرد؟ لەمەش پتر، کورد، هەر ئەوانەن کە لە عێراقن؟ یان ئەو زۆرینەشن کە لە دەرەوەی عیراق دەژین؟ چۆن، بە چ حەقێک ئێوە دەتوانن بیار لە چارەنووسی زۆرینەی کوردی دەرەوەی عێراق بدەن، بە پشتبەستن بە کەمینەی ناخۆ؟
ئاخۆ، کێن ئەوانەی بازرگانی بە خوێنی قەزیە پیرۆزەکەی کوردان دەکەن؟ کێن ئەوانەی خوێنی هەزارن شەهیدی کورد نۆش دەکەن؟ باشە، دەستکەوتی فرۆشیار و کڕیار چییە؟!
ئەمە بەری خوێنی گەشی ڕژاوی کوردکانە لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی عەبدوڵڵا نەهری و بەدرخان و بۆتان و نەقشبەندی و شەهابەدین و شیخ سەعید و شکاک و حەفید و ئیحسان نووری و ئەحمەد بارزانی و ڕەزا و مستەفا بارزانی؟!
ئەگەر ئێمە، لە چرکەساتێکی مێژووییدابین، لەم ئان و ساتەدا و بانگەشەیی ئازادیی گەلانی ژێردەستە بکەین، ئەوا قەت هیچ گەلێک، لە هیچ شوێنێک نییە لە گەلی کورد چەوساوەتر و ژیردەستەتر. گەلێک نییە لە کوردان مەزڵومتر. ئەو ڕییاکارییە چییە لە مەسەلەی چارەنووسەکاندا؟ بۆ هەمووان پشتی ئوممەی کوردی ناگرنن؟ بۆ ئیعلانی سەربەخۆی و یەکێتیی وان ناکەن و شمشێری جەور و ستەمیان لەسەر گەردن هەڵناگرن؟ جێی تیدایە با ببنە دراوسێ و برای شیریی ئوممەی عەرەبی و فارسی و تورکی، بۆ نابێ؟!
کێ کوردی هەڵخەڵەتاند؟ کێ مامەڵەی بە قەزیەکەیانەوە کرد؟ کێ ئەوانی فرۆشـت؟)

فازیل شەوڕۆ ــ دوبلن

——————————————————————
تێبینی:
موزەفەر نەوابی شاعیری عیراقی ( ١٩٣٤- ٢٠٢٢)، دوای ئەوە بەشار ئەسەد، لە دیمەشق دەریدەکا، دەچێتە لێبیا، لە ساڵانی (١٩٧٨ – ١٩٩٠)، قەزافی خزمەتێکی زۆری دەکا و پاسەوان و جێگە و گوزەرانی باشی بۆ دابین دەکات و پەساپۆڕتی لیبیی پێشکێش دەکا
ئەوەی خوێتەوە، بڕگەیەکە لە کتێبی(آوێنپییەکانم لە جەماهیرییەی لمدا ١٩٩٤ ــ ٢٠٠٥) بیرەوەری ، فازیل شەوڕۆ




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…11…شەماڵ بارەوانی

بەشی یانزەهەم/
کۆمەڵێك عەدنانی وازیان لە ئیسلام هێنا..

لە بەشەکانی پێشووتر کەمەک باسی ڕوانگەی قورئانیەکان و هەندەک لە قورئانیەکانم کرد.
لەو بەشه تۆزەک لە بارەی عەدنانیەکانەوە دەدوێم.
لە پاڵ قورئانیەکان،
عەدنانیەکانیش لە کوردستانیش هەن، هەرچەندە ئەوان تەواوی ڕیوایەتەکان ڕەتناکەنەوە، وەلێ باوەڕیان بە زۆرێک لەوەی پێی دەڵێن (فەرموودەکان)ڕیوایەتەکان نییە و هێڵە سەرەکیەکانی بیرکردنەوەیان زۆر لە هی قورئانیەکان نزیکە و هەمان شێوەی قورئانیەکان باوەڕیان بە تیوری پەرەسەند( ئیڤۆڵەیشن) و جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت و سیکۆلاریزم و مافەکانی ژن و مرۆڤ هەیه.

من کاتێک لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان بووم زۆرموتابەعەی وتارەکانی شێخ(عەدنان ئیبراهیم)م دەکرد، ئەو بانگخواز و ڕووناکبیرێکە و لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا نیشتەجێیە و لەوێ مزگەوتێکی بە دەستەوەیە و وتارەکانی کاریگەری زۆری لەسەرگەنجەکان هەیه و کەسێکی زۆر ئەقڵانیە.

جا بەو بۆنەیەوە، هەرکەسێک شوێن قسە و وتار و تێگەیشتنە جوان و هێمن و زانستی و ئەقڵانیەکانی ئەو پیاوە بکەوێت، پێی دەڵێن(عەدنانی).
من چەند برادەرێکی عەدنانیشم هەن و دانەیەکیان پێشووتر ئاڕاستە سەلەفیزم بوون.

وەلێ ئەوەش بڵێم:گەنج کەدەبێت به قورئانی، یان عەدنانی، ئیتر گەر بە تەواوی لە ژێر هەژموونی هەست و سۆز و عاتیفەی دینی بێتە دەر و قورتاری بێت، ئەوە سەرەنجام زۆر واوەتر دەڕوات و ئیتر لە قاڵبی هیچ ئایینێک و تێگەیشتنێکی دیاریکراو سنورێکدا خۆی نابەستێتەوە و لە هیچ خاڵێکدا؟ناوەستێت و بێ لایەن دەبێت لە هەموو ئایینێک و دەبێت بە کەسێکی تر و ئەو قۆناغەی قورئانی بوون، یان عەدنانی بوونیش جێ دێڵێت.

بەو بۆنەیەوە بۆ شۆخی
زۆرجار بە هاوڕێ فەقێکانم دەگووت: چۆن مارکس دەڵێت:
ئیمپیریالیزم دوایین قۆناغی گەشەکردنی کاپیتاڵیزمە و ئیتر لەوێوە، هێدی هێدی دێوەزمەی سەرمایەداری لەگەشە و نشونما دەکەوێت و لەناو دەچێت و دەڕوخێت و قۆناغی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم دەست پێدەکات.

قورئانی بوون و عەدنانی بوونیش ئاوا، دوایین قۆناغی ئایینداری بوون و پێشەکی بێ دین بوونە و ئیتر لەوێ وە (لائیک) بوون دەست پێدەکات.

بە حوکمی ئەوەی هەرکاتێک کە مرۆڤ لە ڕیوایەت و کەلەپووری دینی ڕزگار و ڕەها دەبێت، ئیتر هەست دەکات هەرچی بت و بڤە و تابوو و ترس و قورساییە لە سەر شانی لاچووە و ئیدی بتێک و سنوورێک و ترسێک نییە، هێڵی بۆ دابنێت و لێی بترسێت.
بەو شێوەیە ئەو دەبێتە هەڵگری بیر و باوەرێکی لیبڕاڵانە و ئازادانە و بێ ترس و لە دەرەوەی بازنەی ئایین و مەزهەب، بە ڕێگەیەکی زانستی و ئەقڵانی دوور لە میتۆلۆژیا، هەر بیردەکاتەوە و بیردەکاتەوە، هەر دەڕوات و دەڕوات، هیچ شتێک چیتر ئەو ناوەستێنێت.
لە کۆتاییدا دەگات بەو قەناعەتەی کە هەموو ئایینەکان دیاردەی کۆمەڵایەتین، یان و مەولەوی وتەنی(ئاوێنەی هزری پەیامبەرەکان)و بەرهەمی ناخ و بیرکردنەوە و تێڕامانی مرۆڤ خۆیەتی و هیچیتر.

سەبارەت بەوە،
چەند گەنجێک دەناسم دوو دانەیان ئێستافرێندمن لە فەیسبووک و یەکیان هی دەڤەر و شارەکەی منە، کاکە(ڕا….)ٚ وەختەک لە گرووپی(فیکرخانە)، ئەدمین بوون.
فیکرخانە، گرووپێکی فیکری عەدنانیەکان بوو، ئێستا دانەیەکیان (خا…ی)لائیکە، ئەو هاوڕێیەشم لە شارەکەی خۆم، لەگەڵ سێ دانەیتریشان هەر لەو گرووپه ئەدمین بوو، دوویان بە ئاشکرا مەسیحی بوونی خۆیان لە فەیسبوک جاڕدابوو و ئاینیان گۆڕی لە ئیسلامەوە بۆ مەسیحیەت. دانیەکیتریشان(ح.س). خۆم ئاسا بەرەو ئاڕاستەی نەهلیست بوون و پۆچگەرێتی ڕۆیشت.

جائەوانە لە ئەکاونت و فەیسبووکەکانی خۆیان بە ئاشکرا و بێ ڕتووش گوزارشت لە بیرو باوەڕی خۆیان دەکەن. وەلێ من نامەوێ ناویان ئاماژە پێ بکەم، ئەوەی لائیکیش،(خا…) سەرەتا کەسێکی توندڕۆبوو، ئێستا باوەڕی بە هیچ یەکێک لە ئایینەکان نەماوە. تەنها باوەڕی بە خوداوەند هەیە، وەلێ ئەو خوداوەندە نا کە ئایینەکان باسی دەکەن.
بەر لەچەند ڕۆژێکە، کۆمێنتێکیم بینی لەژێر پۆستێکی خۆیان لە فەیسبووک، لە وڵامی کەسێکدا، ئاوای نووسیبوو:(
١. خودا هەرگیز پەیامی بۆ هیچ مرۆڤێک نەناردووە.
٢. قورئان و پەیامەکان بەرهەمی ناخی پێغەمبەرانن.
٣. جیهان بەردەوام لە گۆڕان و جوڵەدایە.
٤. ژیان بێمانایە و هیچ باوەڕ و فکرێک ناتوانێت مانای ژیان لە خۆییدا کورتبکاتەوە.
٥. فیقهــ و شەریعەت و بەزم و رەزم یارییەکی مرۆڤە.
Seen by Shamal Ismael Kareem at 2:51 PM
Shamal Ismael Kareem
هتد…)
ئەوەش بڵێم سەبارەت بەو کوڕە، لەکاتی نووسینی ئەو بەشەی(بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گومڕا..) پێوەندیم پێوەکرد بۆ دڵنیابوون و دووپاتکردنەوەی زانیاریەکان لە زاری خۆیەوە سەبارەت بە خۆی و هاوڕێکانی، پێی گووتم: کە ئەو لە ڕێگەی ئەقڵ و عیرفانەوە، کەسێکی باوەڕدار و (ڕبووب)ی باوەڕه، نەک ئایین.
ئینجا ئەو هەر بە ئاشکرا لائیکە و ڕۆژانە چەندین پۆستی ڕەخنەیی سەبارەت بە ئەقڵی ئایینی و، ئیسلامی سیاسی و مەزهەب و کەلەپووری ئایینی و ئایینەکان پۆست دەکات و ئەو زانیاریانەم سەبارت بە خۆی و دوو لە هاوڕێکانی(ح. س)و (ڕ. بەردەڕەشی) لە زاری خۆی دووپاتکردەوە.

ئەو دوانەی کە بوون به مەسیحی دانەیەکیان(ها…کوردی) ئەویش پێشووتر کەسێکی دۆگماتیک و زۆر وشکباوەڕبوو و ئەندامێکی یەکگرتوو ئیسلامی بوو،
بیرمە جارەک قسەی پێ گووتم لە کۆمێنت لەسەر پۆستێکم، چوونکە ڕەخنەم لە مەلاکان و ئیسلامی سیاسی گرتبوو، ئەوکات من لە ماجستێرم دەخوێند و ئەو قوتابی بوو لە قوتابخانەی ئایینی.
ئەویش لە کاتی نووسینی ئەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا، پێوەندیم پێوەکرد و لە ڕێگای چاتەوە نامەمان گۆڕییەوە و نامەکەی سەبارەت بە خۆی و بیر و باوەڕەکەی و بەڕوخسەت و ئاگاداری خۆی و وەکوو خۆی و بێ هیچ دەستکاریەک لێرە دادەنێمەوە(خوێندکاری شەریعەی ئیسلامی بووم، ئەو ساتانەی لە فکرخانە ئەدمین بووم.
پاشان بوومە مەسیحی، ئەوە زۆر باش بوو، چێژم لێی بینی، دواتر وازم لە مەسیحیەتیش هێنا، بوومە مولحید، بەڵام وازهێنانم لە مەسیحیەت هەرگیز لەسەر بنەمای دژایەتی نەبوو، ئێستاش عیسام خۆشدەوێت، وە ئیلحادیشم تێپەڕاند…

ئێستا وەک پسپۆڕی خۆم، زیاتر گرنگی بە سایکۆلۆژیا و نەخۆشییە دەروونیەکان و سێکسزانی دەدەم.
من رێبازێکی دیاریکراوم نییە، خۆم لە دەرەوەی رێباز و ئایدۆلۆژیا دەبینمەوە.)

سەبارەت بەو سێ ئەدمینەی تری گروووپی فیکرخانەش کە پێشووتر موسڵمان و عەدنانی بوون، پێی گووتم(خا… نوێ بوو، ئەویش سەرەتا توندڕەو بوو، بەڵام بەهۆی فکرخانەوە گۆڕا.
را.. بووە مەسیحی و ح…یش بووە پووچگەرا)ٚ.

(ها …کوردی)
ئێستا لە زانکۆی سەلاحەدین، لە بەشی دەروونناسی خوندەکارە.
..
سەبارەت بە دانیەکیان(خ..) گووتم لائیک و بڕوادارە!
لەوەدەچێت ئەو پرسە لای خوێنەران درووست بووبێت و بڵێن:چۆن دەبێت کەسێک(لائیک) و بێ دین بێت و لە هەمان کاتدا بڕوادار و ڕبووبیش بێت!؟

هەڵبەت ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم زۆرجار لەوەش نەزانانە کورد وتەنی: دۆ و دۆشا و تێکەڵ دەکەن و دێن و هەرچی ئەگنوستیک و ئەتایست و دایزم و لائیکە، تەنانەت زەردەشتی و ئایندارانی سەربەئایینەکانی تریش، لە یەک خانە ڕیز دەکەن و ناویان دەنێن زندیک یان بێ باوەڕ و مولحید، کە ئەوە زۆر هەڵەیەکی گەورە و جەهلێکی موڕەکەب و تابڵێیت چەواشەکاریە.

ئەگنۆستیک: یان ئەگنۆستیکەکان گوومان گەران، واتا باوەڕیان بە ئایین نییە و هەموو ئایینەکان بە وەهم و درۆ دادەنێن، بۆ خۆداوەندیش نازانم گەراو شەکاک و گومانگران، نە بوونی خوداوەند دەسەلمێنن و نەیش ڕەتی دەکەنەوە.
سۆفستاییەکان لەسەردەمی پێش زاین لە یونان ئەگنۆستیک بوون.
ئەوان دەیان گووت:تەمەن هێندە کورتە و بەشی ئەوە ناکات، بێین و خۆمان بەوەها بابەتێک خەریک کەین، ئایە خوداوەند هەیە، یان نییە!
ڤێنکشتاین فەیلەسوفی زمان ناس دەڵێت:خودا لە دەرەوەی زمانە، شتێکیش لە دەرەوەی زمان بێت، ناتوانین نە بیسەلمێنین، نەیش ڕەتی کەینەوە، مادام بابەتەکە میتافزیکایە و لەدەرەوەی زمانە، باشتر وایە بێ دەنگی لێ بکەین.
(فاروق ڕەفیق)یش لەکتێبی(یەک کاتژمێر ماوە بۆ نیوە شەو) بەلای هەمان ڕای فینکشتاین دا دەڕوات.
(تەحسین حەمە غەریب)یش لە کتێبەکەی(فەلسەفەی ئەخلاق)دا، دەڵێت: سەبارەت بە بوونی خوداوەند و نەبوونی، سەلماندن، یان ڕەتکردنەوەی، لە ڕووی فەلسەفیەوە، بەڵگەکان تەکافوئولئەدیلەن، واتا هاوشێوەن، هەم ئەوانەی دەڵێن خودا هەیە، کۆمەڵەک بەڵگەیان هەیە، هەم ئەوانەیش کەدەڵێن نییە، بەهەمان شێوە.

🙁Deism)دایزمەکان

باوەڕیان بە خودا هەیە، بەڵام بە هەموو شێوەیەک ئایینەکان ڕەتدەکەنەوە و هەمان شێوەی ئەگنۆستیکەکان ئایین بەدرۆ و وەهم دەزانن. وەلێ ئەوان باوەڕی تەواویان بەوە هەیه، کە خودایەک بوونی هەیه، بەڵام خودای ئایینەکان نییە، کەواتە ئەوان بێ ئایین(لائیکن)،وەلێ بێ بڕوا و ئەتایست و مولحید نین.

دەتوانین بڵێین(ڕبووبەت: یان دایزم.
مەزهەبێکی فیکری لادینی و فەلسەفی لاهوتیە، دایزمەکان یان ڕبووبیەکان باوەڕیان بە خوداوەند هەیە، بۆچوونیان وایه و دەڵێن لە ڕێگای بەگەڕخستنی ئەقڵ و وردبوونەوە لە سروشت، بەسە بۆ ئەوەی باوەڕت بەوە هەبێت، خودایەک هەیه، بۆیە سەلماندنی ئەو خودایە پێویستی بەئایین نییە.
زۆربەی دایزمەکان دەستوەردانی خوداوەند لە کار و باری مرۆڤ ڕەتدەکەنەوە، بە تایبەتی پەڕچوو و موعجیزە..)

جا ئەو(خ…)یەی کە باسم کرد، لەو جۆرەیانە. واتا دایسم و ڕبووبیە.

ئینجاسەبارەت بە هاوتایکردنی مولحید و ئیلحاد بە چەمکی ئەتایستەوە، کاکە(پەیوەند سلێمانی) ئەتایست، وتارێکی جوان و بەهێزی سەبارەت بەوەنووسیوە و ئەو هەڵەیەی ڕوونکردووەتەوە و بەرپەرچی داوەتە، کە ناکرێت هەرگیز، ئیلحاد و ئەتایستبوون لە تای یەک تەرازو دابنێن و یەک وتا و پێناسەیان بۆ دابندرێت.
من لێرەوە چیتر لەسەر ئەوە ناڕۆم.

——————————————————————

تێبینی:
خا.. و ها..کوردی لارییان نەبوو ناوەکانیشان لەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گومڕادابنێم. وەلێ من پێم باشتر بوو و تەنها بە هێماو پیت ئاماژە بە ناوەکانیان بکەم.




دۆستایەتی ئەمریکا بۆ رێکخراوە تیرۆرستیەکان بەردەوامە… ئیدریس مستەفا

پێرێکە ئەمریکا بە رەسمی رایگەیاند کە پێنچ گرۆپی چەکداری کە پێشتر بە تیرۆرسی لە قەلەمی داون چیتر لە لیستی تیرۆرەکەیدا نەیانهێڵێ و ئەمجارە بە رەسمی دەستیان بەسەردابهێنێ. دوان لەو پێنچ رێکخراوانە جەماعەی ئیسلامی لە میسر و مەجلسی شورای موجاهیدین لە فەلەستین. بۆ من هیچ شتێکی غەریب و سەیر نابینم و زۆر بە ئاسایی وەری دەگرم کە ئەمریکا کارێکی وادەکات چونکە هەموو رێکخراوە تیرۆرستیەکانی جیهان بە تایبەت ئیسلامیەکانی وەک سەلەفیەکان و ئیخوانیەکان ئەمریکی لە پشتێتی بەڵام ئەوەی جیگەی سەرنجی منە کە بۆ لەم کاتەدا ئەم هەنگاوە دەنێ.
لە رووی تراجیدیا-کۆمیدیەوە ئەو بڕیارە هەندێ شتی تیایە جێگەی پێخەنینە بە سیاسەتە خەڵەفاویەکانی بایدن و ئەمریکا، چونکە: رێکخراوی (ئیتای هەرێمی باسکی ئیسپانی و فەرەنسی) کە لە لیستەکەدایە چوار ساڵە بەیاننامەی هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاندووە، رێکخراوی (ئاوم شینیریکیۆ)ی یابانی لە ساڵی ٢٠١٨ەوە نەماون چونکە یابان هەموو سەرکردەکانی لە سێدارەدان و بنبڕی کردن. سێهەمیان کە جوڵانەوەی کاهانایە، جوڵانەوەیەکی توندرەوی یەهودیە و ساڵی ١٩٦٨ لە ناو خودی ئەمریکا و بە یارمەتی و پشتیوانی ئەمریکا دامەزرا بۆ داکۆکی کردن لە جووەکانی ئەمریکا لەو هێرش و نارەواییانەی دەکرێتە سەر جووەکانی ئەمریکا لەلایەن ئەوانی ترەوە. دواتر ئەم رێکخراوە چووە ئیسرائیل و لە وی بەشداری کنێستی کرد و کورسیی هەڵبژاردنیشی بردەوە بەڵام لەبەر “گوتارە راسیستی و توندرەوەییەکەی” یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و یابان و کەنەدا بە تیرۆرست لە قەلەمیاندا.
ئەوەی دەمێنێتەوە سەبارەت بە دوو رێکخراوە ئیسلامیەکەیە. دیارە ناوی شەش کەس یاخود سەرکردەکانیان لە لیستی تیرۆردا نەهێشت چونکە هەموویان مردوون. بەیاننامەی ئەمریکا وادەڵێ. لەگەڵ ئەم رابواردنە بە رای جیهانی و خۆشیان دەڵێن سەرباری لادانی ناوی ئەم رێکخراوە تیرۆرستیانە لە لیستی تیرۆر، ئەمریکا هەر بەردەوام دەبێت لە ریشەکێشکردنی تیرۆر. ئەمە جگە لە ئیهانەکردن و گاڵتەجاڕی کردن بە خۆیان و جیهان ساسیەتێکی بۆگەن تری لە پشیتەوە وەستاوە ئەگەرنا سێ رێکخراو و شەش کەس نەمابن تۆ بێی بیانکەیت بە مەسەلەیەکی گەورە و بەیاننامەی تایبەتیان لەسەر دەردەکەی.
نیڵسۆن ماندێلا لەم بارەیەوە…
خاڵێکی تر لەم بارەیەوە گرنگە ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە کە ئەمریکا پێشتر ئەم هەڵوێستە تراجدیا کۆمیدیای نواندووە، بۆ نموونە، نیلسۆن ماندێلا کە پێشتر بە تیرۆرست لە قەلەم دەدرا لە لایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە و دواتر هەموویان داوا لێبوردنیان لێکرد و بانگهێشتی پەرلەمان و کۆنگرێسی خۆیانیان کرد و جەندان جار سەرۆکەکانیان لە مەراسیمی نێودەولەتی خۆیان و دپلۆماسیدا وەک سەرکردە پێووازیان لە ماندێلا کردووە و لە بە خاک سپاردنەکەشیدا هەموان دەست لەسەر سنگ بۆی وەستابوون، کەچی نیلسۆن ماندێلا لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا هەر نەسڕایەوە تاوک ئیستاشی لەگەڵدابێ.
ئێران و میسر دوو ولاتن کە ئەمریکا دەیەوێ بیانکاتە ئامانج. بۆ ئێران خێری تێدایە و بۆ میسریش شەڕ. جەماعەی ئیسلامی لە میسر ئەوەی لە دەستیان هات لە کوشت و بڕی خەڵکی مەدەنی و حکومی کردیان و دواتر وتیان واز لە توندرەوی دێنین گەر بێتوو ئەندامەکانمان لە زیندان بەرەڵا بکەن. مەجلیسی شورای ئیسلامی کە جالاکیەکانی لە فەلەتسین و بیابانی سینای میسریە، پاشکۆی رێکخراوی ئەلقاعیدەی ئوسامە بن لادن بوو، دواتر سالێ ٢٠١٤ بەیعەتی خۆیدا بە داعش و لەو کاتەوە بەردەوامە لە کارە کوشت و بڕ و هێرشەکانی. تەنانەت ساڵی ٢٠١٣ کە باراک ئۆباما سەردانی ئیسرائیلی کرد لەو کاتەدا کە ەئو لەوێ بوو دوو کاتیۆشایان نا بە ئیسرائیلەوە.
ئێستاکانێ کە میسر خەریکە سەربەخۆیی خۆی رادەگەێنێ لە پاشکۆیەتی بۆ ئەمریکا بەتایبەت لە شەڕی روسیا-ئۆکراین زۆرتر لایەنگری خۆی بۆ روسیا نیشانداوە، ئەمریکا دەیەوێ بەم هەنگاوە قونجڕکێک لە عوبدلفەتاح ئەلسیسی بگرێ و پێی بڵێ ئاگاداربە دوایی وەک ئەنوەر سادات بە ئیسلامیەکان تیرۆرت دەکەم.
ئەم شێر و رێویەی ئەمریکا بۆ ئەوەشە کە رێگە خۆش بکات لە دوو سبەی لە رێکەوتنی لەگەڵ ئێراندا رێکخراوی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لیستی تیرۆر دەربکات. ئەم خشکەییە کۆماریەکانی ئەمریکای دەهری کردووە و یەکسەر دەستی بایدن و ئیدارەکەیان کەشف کرد و کەوتوونەتە تانەوتەشەر لێی و بڕیاری رووبەروو بوونەوەیەکی توندیان داوە لەگەڵ بایدن سەبارەت بە کۆی سیاسەتەکانی تری ئەمریکا کە لە کۆنگرێسدا دەبێ بچێتە پێشەوە.
دوایین خاڵ کە دەمێنتەوە ئەوەیە: ئەوانەی کە پێیان وایە دیموکراتەکان لە کۆماریەکان باشترن یاخود رێژەیەک پێشکەوتووترن ئەوا دەرکەوت لە دەمانی باین و دیموکراتەکاندا ئەمریکا بوو بە هۆکاری ئەوەی کۆنەپەرسترین هێزی دینی مێژوو کە تاڵیبانە دەسەلاتی دەوڵەتێکی گەورەی وەک ئەفغانستانی رادەست بکرێت و بگەرێتەوە سەر دەسەڵات. دووهەمیان، لە دایبوونی فاشیزمێکی نوێی غەربی کە لە مێژوودا هیچ فاشیەتێکی لەو جۆرە نەهاتۆتە دەر بەوشێوە شمولییە نەرمیە بەناو ئازادیە. ئۆکراین ئەو بابەتەیە کە رسوایی و دژە ئینسانی و مۆراڵی و هونەری و ئەدەبی و وەرزشی و ئازادی لیبراڵ دیموکراسی بۆ ئێستا و مێژوو سەلماند.

ئیدریس مستەفا




“شەوانی فرانکشتاین”ی عومەر سەید چاپ و بڵاوکرایەوە

وەشانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا‌ سێ نۆڤلێتی: (سیانەی تارماییەکانی بیابان) بە ناونیشانی (شەوانی فرانکشتاین) ی ڕۆماننووس عومەر سەید چاپ و بڵاوکردەوە.

ئەم سێ نۆڤلێتە، لە ڕووی ناوڕۆکەوە، بە دەوری یەک بابەتی سەرەکییەوەیە کە ئەویش پرسی ئەنفال و جەنگە، لەدەستدانی ناسنامەی مرۆڤ بوون و دواتر بزربوون و سڕینەوەی کوردبوونە. بە ئەدەب کردنی مێژوویەکی درێژە لە ململانێی و نووشست و فەنابوون لە پێناو پاراستنی شووناسدا. گێڕانەوەی ئازار و مەینەتی قوربانیانی دەستی جاش و دووژمنانە، بەرجەستەکردنی ناڵە و زریکەی چیا و گوند و باخ و بوونەوەرانی نیشتمانە. گەڕانی دووی تارمایە بێ شوومار و بێ گۆڕەکانی بیابانە. بزربوونی گوڵەکانە لە تراویلکەدا.

نووسەر لە بارەیی کتێبەکەیەوە دەڵێت:
جیا لەوەی کە هەرسێ نۆڤلێتەکە، لە ڕووی تەکنیک و زمان و گێڕانەوەوە هاوتەریب و هاوشێوەن. لە ڕووی بابەت و ناوڕۆکیشەوە، هاوشێوەی سێکوچکەیەک، ئازار و پرس و نامۆیی ئەو مرۆڤەی هەڵگرتووە کە پێی دەوترێت کورد. ئەو خودەی لە ناو شوێنێکی بزردایە و هاوکات شووناسیشی هەر وابەستەیە بەو شوێنەوە کە فرانکشتاین ئاسا (وەک چەمکە فەلسەفییەکەی) بەردەوام دەخوڵقێن و یەک تەواو دەکەن و دیسانەوە دەبنەوە قوربانی یەکتر. پێکەوە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوە و وێناکردنی پرسی ئاڵۆز و تایبەتی ئەو خودە، لە ڕێگەی خەیاڵ و فەنتازیایی ئەدەبەوە.
بەو پێیەیی شووناسی مرۆڤ تا ڕادەیەکی زۆر وابەستەیە لە ناو شوێن و مێژوودا، ئەم سێ نۆڤلێتەش، هەوڵێکە بۆ وێناکردنی شووناسی ئێستای کورد لە ناو مێژوویەکی دوور و درێژی جەنگ و جینۆسایدا، لە ناو شوێنێکدا، کە وەک ناوچەوانە نەگبەتەکەی، پڕ کراوە لە هێڵی سنوور، ئەو هێڵانەی وەک شیشی زیندان، ئەویان لە ناو زیندانێکی ڕۆحی و جەستەییدا گیرکردووە. ئاخۆ لەم جیهانە بچووک و فرە شووناسەدا، ئێمە چۆن دەردەکەوین و چۆن خۆمان دەبین؟ ئەممە پرسیارەکەیە.

پەرەگرافێک لە کتێبەکەوە:
” لە مێژبوو دەیویست نیشتمان لە پەیکەرێکدا بەرجەستە بکات. پەیکەرێک ببێتە هێما و سومبل، تیایدا هەم ئازارەکانی مێژوو، هەم بەهای ڕۆحی و ئیستاتیکای هەنوکە و ئایندەی گەش پیشان بدات. لە لایەکەوە جوانییەکانی، شاخی بەرزی هەزار بە هەزار، خەرەندی قووڵ و دارستانی چڕ، کانی و ئاوی سازگار. سەری بڵند، نیگای پڕ لە سەربەستی. لە لایەکی تریشەوە، زوڵم و ستەمی دوژمن، سووتان و لەتلەت کردنی، جێ برین و پۆستاڵی چەکمە بۆرانی داگیرکەرانی بخاتە بەرچاو. هونەرمەندەکە، چەند ساڵێک بوو سەرقاڵی ئەم پرۆژە گەورەیەی بوو. چەندین کەڕەت ڕۆیشتبووە ناوچەی جەنگە زۆرەکان و گوند و پێدەشتە سووتاوەکان، بە چیا سەر کەشەکاندا هەڵزنابوو. لە مێرگەوە تا ئاران گوێی نابوو بە خاکەوە، لە ترپەی دڵی نیشتمانەوە، هەستی بە ئازار و سووتانی کردبوو. بە تولە ڕێی بزندا سەرکەوتبووە نێو ئەشکەوتی ڕەوەزی شاخەوە، تا پاشماوە و یادگاریی ئاوارەکان ببینێ. لە ساباتی ئەو بەڕووانەدا پشووی دابوو کە چەندین کەڕەت قەد و سەری گڤیان سووتا بوو. گوللە تۆپ و دڕکەزی، پارچەی تانک و مووشەکی کیمیاوی کۆکردبووەوە. دەیویست جەستە و قەبارەی پەیکەرەکە لە خودی ئەو کەرەستانە بخوڵقێنێ کە ڕۆژگارێک، تا ئێستاش نیشتمانەکەیان پێ وێران و کاول دەکرد. لە خڕکە ئاسنی جەنگ، قەوانی گەورە و بچووکی تۆپ، فیشەک، سیمی دڕکاوی سنوورەکان دروستی بکات. ”
عومەر سەید لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٠ شاری کەرکوکە. پێشتر لە بواری شانۆ و ڕۆژنامەگەریدا کاری کردووە. لە ساڵی” ٢٠٠٥”وە چیرۆک و ڕۆمان دەنووسێت. یەکەم کتێبی کۆمەڵە چیرۆکێکە بە ناونیشانی (لە کۆتایی چاوەڕوانیدا) کە ساڵی ٢٠٠٩ چاپ و بڵاوکراوەتەوە. بە گشتی ئەدەبەکەی وێناکردنی ئازار و مەرگی مرۆڤی کوردە لە نێو دۆزەخی ئەنفال و جینۆسایددا. لە پاڵ کاری نووسین وەک نیگارکێش چالاک و ناسراوە. تا ئێستا خاوەنی چوار ڕۆمانە.
بەرهەمەچپکراوەکانی نووسەر
• بازنە ڕاخراوەکانی بابل – ڕۆمان ٢٠١٠
• سەرزەمینی زیکزیکە -ڕۆمان ٢٠١٨
• ئەسپەرە – ڕۆمان ٢٠١٩
• ئاشوبی سین و کۆڕی شین – ڕۆمان ٢٠٢٠




نوێترین کۆمەڵە شیعری گوڵاڵە دروودیان بڵاودەکرێتەوە

وەشانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا به‌م زوانه‌ کۆمەڵە شیعری ”جەنابی تۆ ئیزنم هەیە بەدەم باوە شتێ بڵێین!؟ ” لە نووسینی خانمە شاعری ڕۆژهەڵاتی کوردستان (گوڵاڵە دروودیان) چاپ و بڵاودەکاتەوە. ئەم کۆمەڵە شیعرە بریتییە لە شێعرهایەک کە لە باری ناوەڕۆکەوە لێوانلێوە لە کەڵکەڵەهای ژنێکی ڕۆژهەڵاتی کە لەگەڵ کۆمەڵگای پیاوسالار و نەریتەکانیدا دەس بە یەخەیە(بە شەڕ هاتووە). ئەم کەڵکەڵەگەلە لە زۆر جێگا لە شێعرەکاندا خۆی نواندووه و شاعیر ویستوویە بە کەڵک وەرگرتن لە تەکنیک و هەروەها زمانێکی تایبەت به خۆی ئەو کەڵکەڵەگە بشێعرێنێ !

له‌باره‌ی ئه‌م کتێبە گوڵاڵە دروودیان ده‌ڵێت:
بەڕای من شێعر هەوڵێکە بۆ نواندنی ئەزموون های هەر ڕۆژەی ژیان کە زۆر کەس بە وردی شاعیر نایبینن وهەستی پێ ناکەن ؛ لە هەمان کاتدا یارمەتیدەرێکی بێ وێنەیە بۆ تێڕامان و بیرکردنەوە و ڕوانینێکی قووڵ لە مەڕ تەواوی ئەو شتانەی بینراوو نەبینراون.
بە لە بەرچاوگرتنی ئەو خاڵە کە شێعر دیاردەیەکی زمانییە و لە ئامێزی زمان – لە چوارچێوی جوانیناسییەکی تایبەت – دا ڕوو دەدات ، شاعیر ئەبێ ئاگای لەوە بێت کە شێعر هونەری زمانە نە ئامرازێ بۆ نواندن و وتنەوەی شتەکان ( بگرە ئەو شتانە هەر ئەو ئەزموونانە بێت کە باسمان کرد) .
لە ڕوانگەیەکی ماکرۆسکۆپیدا ، شێعرەکانی ئەم کۆمەڵە شێعرە لێوانلێوە لە کەڵکەڵەکانی ژنێکی کورد – ڕۆژهەڵاتی کە دەست و پێ و تەنانەت بیر و هۆشی لە چوارچێوەی نەریتەکاندا دیل کراوە . ژنێک کە بە درێژایی مێژوو چەوساوەتەوە و مەحکووم بووە بە بێدەنگی ؛ بێدەنگییەکی مێژوویی کە لە ئاکامدا لە ناخی ئەم شێعرانەدا بە شێوازی جۆراوجۆر خۆی ئەنوێنێ و لە زۆر جێگا پاڵ ئەدات بە یاخی بوونێکی تەواو.
ژنی نوقم بوو لە ناخی ئەم شێعرانەدا ، ئەو ژنەیە کە بە درێژایی مێژووی خۆی ؛ بە هۆی پێشینەی پیاوسالاری ئەو مێژووە ،هیچ کات هەستی بە فەردییەتێکی بەرچاو نەکردووە ؛ فەردییەتێک کە زۆر کات هەر نەبینراوە و نەبیستراوە و بایەخی پێ نەدراوە .
ئەگەر بە دەگمەن دەرفەتی نواندنی خود و بیر و هەستی پێدراوە ، ڕێک هەمان سیستەمێ پێشووی پەیڕەو کردووە و هیچ دەلاقەیەکی جیاوازی بۆ ڕوانین پیشان نەداوە و هیچ چەمکێکی تازەی نەخستووەتە سەر ئەم لایەنە مەعریفییە وەهەروەها لە نێو زمانێکی بە کلیشەبوودا پەل داوێژێ و ناسەرکەوتووانە لاساییکەری مۆنۆلۆگێکی زاڵ بووە و هەر بە مەترە کۆنەکانی خۆی دونیای پێواوە و خۆی بۆ خۆی خاوەن شوناسێکی سەربەخۆ نەبووە و لەوانەیە لە نواندنەوە و وتنەوەی ” خۆی”دا گیرۆدەی خودسانسوری و ترسێکی سەپێندراو بووبێ.
لە کتێبەکەوە:

ئێستاش
منم و ژنێک
ئاڵۆزاوێکە لە ناخیدا
لە مێشکیدا
قەرەباڵغە و
لە گوڵ گوڵی کراسەکەیدا
بە شێعرێکەوە ژان ئەمگرێ …
بە دەم ئەم تارماییەوە
چەنێ بەیانی خەریکە نایێت

گوڵاڵە دروودیان لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٠ لە کرماشان. خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زمان و ئەدەبی فارسی. سەرەتاکانی بە نووسینی کورتە چیرۆک و شیعر دەستی پێکردووە و دوا بەدوای ئەوە بەشداری لە چەندین فیستیڤاڵی ئەدەبی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستانی کردووە. ئێستا مامۆستای زمان و ئەدەبە و نیشتەجێی شاری تاران ـە.




هەڵبژاردنی ڕاستەقینە و هەڵبژاردنی سەختە… زانا رەزاق

هەروەک دەزانین هەلبژاردن یەکێکە لە بنەماکانی دیموکراسی، ئەمەش لەکۆمەلێک حزب لە کۆمەلگایەک دەکرێت ، هەر حزبێک بەکۆمەلێک بەلێن و کۆمەلێک کاندید بەشداری تێدا دەکات، ئەوجا دەنگدەران لەسەر ئەساسی هەم کارەکانی ڕابردوویان، هەم بەلێنەکانی ئەو کاندیدانە و حزبەکان، لەبانگەشەی هەلبژاردن دەنگدەدەن، بەمە لەناو حزبەکەش بەو کاندیدە کە بەشایستەی دەزانن کە نوێنەری ئەوان بێ لە پەڕلەمان یان شوێنی تر کە بۆی هەلبێردراوە.

چەندین جۆر هەلببژاردن و سیتەمی هەلبژاردن هەیە. بەلام بۆ ئێستای کۆمەلگای ئێمە فرەبازنەیی باشتر و چاکترە

بۆچی باشترە؟ چونکە ئەو جۆرەیان ململانێ لەنێو هێزەکان دروست دەکات، واش دەکا هیچ هێزێک لەناوچەی نفوسی خۆی بێ ترس نەبێت، یانی کاتێک فرەبازنەیی پاک و بێگەرد بکرێت ئەوا هەموویان هەم هەول دەدەن دەنگی باش ،هەمیش نوێنەری زۆر بنێرنە پەڕلەمان، هەمیش پاش ئەوە ووردە ووردە کۆمەلگا لە تەمبەلییەوە بەرەو جولە و گۆڕانکاری دەبات، هەمیش وا دەکات کە حزب و هێزەکانی تر کاری باشتر لەیەکتری بکەن.
ئەگەر بشپرسین بۆ؟ ئەوا ئەگەر وانەکەن دەکرێ بلێین بەشێوەیەکی گشتی لە ئەنجامەکان دەترسن .
لێرەشدا دێنە سەر هەلبژاردنی ڕاستەقینە و سەختە جیاوازییەکانی سود و زیانەکانی دەخەینەڕوو .
یەکەم لە هەلبژاردنی ڕاستەقینە ئەو هەلبژاردنەیە بێ پارە بەخشین و بێ تەزویر و فرت و فێلەکانی ترە بەلام هەلبژاردنی سەختە بە تەزویر و فرت و فێل و شتەکانی ترە .
دووەم هەلبژاردنی ڕاستەقینە دەکرێ بلێین حزبەکان هی هەموو خەلکە بەلام لە سەختە هی هەموویان نیە.
سێیەم هەلبژاردنی ڕاستەقینە بەلێنەکانیان جێبەجێ دەکەن بەلام لە سەختە نا.
چوارەم لە هەلبژاردنی ڕاستەقینە هەموو دەزگاکانی حکومەت ڕۆژ بەڕۆژ باشتر دەبن بەلام لە ساختە نا.

من نامەوێ هەموو خالەکانی هەردووکیان باس بکەم بەلام هێندەم نووسی بۆ ئەوەی ڕوون بێ دواتر هەلبژاردنی ڕاستەقینە نوێنەرەکان لە شوێنەکانیان بە جولە دێخیت لەوەشەوە بواران و کۆمەلگاش دەخاتە جولە لەوەشەوە بەرەو گۆڕانکاری و پێشکەوتن یانی ئەمە ڕێگایەکە بۆ پێشکەوتن و گۆڕانکاری
لە کۆمەلگای ئێمە دا تەنانەت لە ئێراقیش حکومەتی بنکەفراوان هەیە هەر کارێکی باش هەمووی خۆی دەخاتە خاوەنی بۆ خراپیش هەمووی خۆی ناکاتە خاوەنی، من لەگەل ئەو جۆرە دانیم کە کۆمەلێک حزب حکومەت پێکبهێنن لەوێشەوە بۆ پەڕلەمان چونکە هیچ سودێکی وای نەبوو کە جێگەی دلخۆشی بێت چونکە ململانێ لەنێو هێزەکان بەئەگەرێکی زۆر دروست،ناکات ئەمە زیانی زیاترە لەسود بەس مادام ئێستا فرەبازنەییە دەکرێ پاش هەلبژاردن بەپێی زۆری دەنگەکان لە ناوچەکان ئەوا وەکو دەسەلاتێکی بچووکی ئەوێ بێت یانی هیچ شتێکی ئەوێ نەگۆڕێت بۆ کەسانی لایەنگری خۆی بەلکو لەڕێگەی پەڕلەمانتارانیەوە ببێتە حکومەتێک بەسەر ئەو ناوچەیە هەمیش چەند مانگ جارێک خەلکی ئەو ناوچەیە بانگهێشتی ئەو پەڕلەمانتارانە بکەن کە وەک نوێنەری دەرچوو بۆ پەڕلەمان کە ئەنجامەکانی بەلێنەکانی بخاتەڕوو چیان کردووە دواتر ئەوە بەردەوام بێ یانی دەکرێ بلێین کەرتەکان دروستت ببێت دواتر شوێنێک هەبێت دەسەلاتی بەسەر هەموو کەرتەکان هەبێت نوێنەری هەموو لایەنەکانی تێدابێ ئەمە بەشێوەیەکی دادپەروەری و یەکسانی و پەروەردەیەکی تەندروستیش ململانێ لەنێو کەرتەکان هەبێ بۆ ئەوەی جارانی داهاتوو دەنگی زیاتری هەم کەرتەکە هەمیش کەرتەکانی تریش بەدەست بهێنێت .

ئەم نووسینە سەرەوە دەکرێ لەڕێگەی نووسەری ترەوە دەولەمەندتر بکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ قوناغی ئێستای کۆمەلگای کوردستانی.

—————————————————

تێبینی ئەوە بۆ هەموو شتێک دەبێ کە هەلبژاردن و دەنگدانی تێدا دەکرێ و نوێنەریش هەلدەبژێردرێت هەمیش پێویستە هەم هاولاتیان و هەمیش بوارەکان و هەمیش حزبەکان لەگەڵ ئەو شێوازە بن بێگومان دەکرێ ئەو نووسنەی من دەولەمەندتر بکرێت بۆ زیاتر بەسودبوون




من و تۆ دوو خەیاڵی تەواو نەکراوین… دڵكەش قادر

تۆ،
جوانترین ماچی بەسەر لێومەوە
درێژتیرین قەسیدەی به سەر زمانمەوه
جوانترین نیگای له نێو دیەمەوه
ئەی میلی کاتژمێری تەمەنم
تۆ ئەو خۆرەی که ئاوا نابیت
له نێو خەیاڵـما جوانرین کۆشکی
که لێتەوه دەڕووانم بۆ شەپۆلەکانی دەریا و
من ئاوێزانی ئەو گریانه دەکەی
که له ماچێك کەوتنه خوارەوه
دوو گوڵ له نێو یەک گوڵداندا
دیلی دوو خەیاڵن
که ئازادیش ناتوانێ دیلیان بکا
دوو باڵێن لەسەر فڕێنی پشتی نەوڕەسێکا
دوو دێڕین له قەسیدەیەکی نەنووسراو
من خەون بەو ڕۆژانەوه دەبینم
که له ماڵی تۆ سەرخەوێ بشکێنم
تۆ خەون بەو رۆژانەوه دەبین 
که له ژیر ساباتێكا 
یەکتری بنووسینەوه
تۆ خەیاڵ دەکەی لەسەر زمانت دیل بم
من خەیاڵ دەکەم
لەنێوچاوتا ماڵێك به زمانی عیشق
بینا بکەین.
من و تۆ
دوو خەیاڵی تەواو نەکراوین

#سلێمانیی 21/11/2019
دڵكەش قادر




نان و ڕۆن… پشکۆ ناکام

(( ..پێشکەشە بە هاوڕێ وهاوئیلحادم
کاکە شێرزاد حسن..))

…….لە هەزار و چوارسەد ساڵەوە لە بیابان ژیاون، لە دەوەارا نوستوون و شەوانیان بە سووتاننی دار و چیلکە بردۆتە سەر…. جگە لە شوانێتی و بازرگانی بە ئافرەتەوە چی تریان نەزانیوە
….شەڕیان کردوە ، بەربونەتە یەکتر، یەکتریان قەتڵوعام کردوە ، دواتر خێزانیان لە یەکتری دروست کردوە…..
لە هەزار و چوارسەد ساڵەوە چیرۆک و حەدیس و دەقیان بۆ جێ هێشتووین کە وتوویانە
“پیرۆز”ن ، هەر وەک ئەوانەی پێش ئەوان ووتویانە..
دوای هەزار و چوارسەد ساڵ ئەبێ وەک ئەوان بیربکەینەوە…وەک ئەوان خۆمان بپۆشین….وەک ئەوان”تشریب”!!بخۆین ..وەک ئەوان بجەنگێین…وەک ئەوان ناو لە مناڵەکانمان بنێین…
دوای هەزار و چوار سەد ساڵ ئەبێ ئێستاش ئاڵاکان بە “شمشێر” پڕ بکرێنەوە وەک هێمایەک بۆ سەربڕین و عەدالەت…
دوای هەزار و چوارسەد ساڵ لە تەزویر و فێڵ کردن و چاوبەستەگی ئەیانەوێ و بە زۆرە ملێ
شایەتی بۆ تەزویرەکانیان بەین…
دوای هەزار و چوارسەد ساڵ خۆ حەشاریان لە پشت چیرۆک و کەسایەتی واوە کە هیچ لە حەقیقەتی بوونیان نازانین نابێ عەباکانیان بەر ئەرزکەوێ وفەرزە دوایان کەوین و مورشیدمان بن…ئەبێ تۆڵەیان بۆ بکەینەوە و بیانکەینە عەلامەی خۆمان…
هەزار و چوار سەدساڵە لە نوێژ و دوعا کردن دژ بە جولەکە و مەسیحی بۆ تێکدانیان، خۆیان پەرتەوازە بوون و هەرچییەکیان کرد لەسەری خۆیانا شکایەوە….
هەزار و چوار سەد ساڵە لە نوێژی باران بارین باران دونیای گرتەوە جگە ووڵاتەکانی خۆیان..
هەزار س چوارسەد ساڵ لە زەکات و سەفترە هەژاری هەر لە زیا بوونایە…..
ئای خەڵکی نوستوو…..
ئەوانەی ئێوە دژیان نوێژ ئەکەن گەشتنە سەر مانگ و لەسەر ئەرزەکەی نووستن. …سانییەیان دووبەشکرد ، زەڕەیان وورد کرد…و زەنگی شۆڕشی بەرەو پێش چوونیان لێ یا ، ئێوەش هەر لە شۆڕشی” خورافیات” سەرکەوتوو بوون چونکە ئەوان ئەقڵ و مەعریفەیان کرد بە پێوەر و ئێوەش :”ناوگەڵ”…… بیرکەنەوە لەو هەزار و چوارسەد ساڵە چەن بەرد خرایە سەر یەکتر بۆ دامەزرانی دونیای شارستانی جگە لە وێران کردنی هەر شارستانیەتێک کەوتبێتە دەست خاوەنەکانی مێژووی ئەم هەزار و چوارسەد ساڵە….
ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە ئەو شاڵاوی عیلم و مەعریفەیە ئێمەش بگرێتەوە و کاریگەری لەسەر کوالێتی ژیانمان هەبێ یان هەر ئەبێ”بارمتە”ی مێژوویەکی هەزار و چوارسەد ساڵە بین و هەزار و چوارسەد ساڵی تریش تەراویح بکەین..!! بەڵام کاتێ” ئەسپ” بۆ ئەرز کێڵان و “کەر” بۆ پێشبڕكێ بەکار بێ نە خێر ئەبینین و نە گرەوەکە ئەبینەوە…؟…
هەزار و چوارسەد ساڵە تەنها داهێنانیان: ئیخوان، سەلەفی، تاڵیبان ، داعش بوە ..لای مولیحدەکانیش : ئەدەب ، هونەر، فەلسەفە، تەکولۆجیا………
هەزارو چوارسەد ساڵە هەر سورەی “بقرة” ئەووترێتەوە ئەوانیش”قیتار”ی لە دەنگ خێراتریان هێنایە کایەوە..
هەزار و چوارسەد ساڵی تریش هەر ئەبێ بڵێین:ئەم نانە بەو ڕۆنە…………

پشکۆ ناکام




سەبارەت بە بڕیاری حکومەتی بەریتانیا بە نادرنی پەنابەران بۆ ڕواندا… شیرین عەبدوڵڵا

لە درێژەی سیاسەتە دژە پەنابەرەکانی حکومەتی کۆنسەرڤاتیڤی بەریتانیادا، ئەم ووڵاتە دەیەوێت یاسایەکی نوێ بچەسپێنێت. لە ناوەڕاستی مانگی نیسان/ ئەپریلی ٢٠٢٢ بەریتانیا ڕێکەوتنێکی لە گەڵ ڕواندا واژوو کرد کە بەرپرسایەتی هەڵسەنگاندنی داوای پەنابەری دەداتە دەست ڕواندا.
بەپێی ئەم ڕێکەوتنامەیە، ولە بەرامبەر ١٢٠ ملیۆن پاوەندی بەریتانیدا، ڕواندا، کە زیاتر لە 6500 کیلۆمەتر دوورە لە بەریتانیاوە، بەرپرس دەبێت لە گواستنەوەی داواکارانی پەنابەری بەریتانیا، چاودێریی بەرەوپێشچوونی داواکارییەکانیان ولە کۆتاییدا، ئەگەر داواکارییەکەیان قبووڵ کرا، بۆ ماوەی درێژ خایەن لە ڕواندا نیشتەجێ دەکرێن. ئەم ڕێکەوتننامەیە یەکێکە لە بەندەکانی پڕۆژەیاسای هاوڵاتیبوون و سنوورەکان، کە تێیدا هەر کەسێک بە نایاسایی بگاتە بەریتانیا وهەروەها ئەوانەی لە ١.١..٢٠٢٢ ەوە هاتوون، دەتوانرێت نەک هەر تووشی گرتن ودادگایی کردن بن (بە تۆمەتی داخڵ بوونی ووڵات بە نایاسایی) بەڵکو بگوێزرێنەوە بۆ ڕواندا، وبەتایبەتی ئەو گەنجە تاکانەی بە ڕێگای نایاسایی و مەترسیداری وەک بەلەمە بچووکەکان دەگەنە ئەم ووڵاتە.
ئەم ڕێکەوتننامە دژە پەنابەرو دژە ئینسانیە، دژ بە کەسانێکە بە سەختترین زرووفی ژیانیاندا تێدەپەڕن و بە هۆی شەڕ ونائارامی توندوتیژی و یان کارەساتی سروشتی وئاکامەکانیەوە (کە سیستەمی نایەکسانیی سەرمایەداری خۆی وە بەریتانیا وەک یەکێک لە نوێنەرە جیهانیەکانی، بە ڕاستەوخۆ دروستکەر وخوڵقێنەرین) بە ناچاری هەڵکەنراون لە ڕێ وشوێن وکۆمەڵگای خۆیان وناچاری ژیانی ئاوارەبوون کراون ولەم ڕێگەیەدا تووشی دەیان مەترسی بۆ سەر ژیانیان بوون کە ساڵانە بە سەدان وهەزارانیان لێ دەمرێت و دەخنکێت وبێسەر و شوێن دەبێت..
ئەمە هەنگاوێکی کەی ئەم ووڵاتەیە دژ بە خەڵکی هەژار وچەوساوە، بۆ زیاتر چەسپاندنی نایەکسانیەکان وشان خاڵی کردنەوەی دەوڵەتە لە بەرپرسایەتی لەژیان و خۆشگوزەرانی ئینسانەکان. هەروەک چۆن بەردەوام شاڵاو ئەبات بۆ سەر خزمەت گوزاری ومافە گشتیەکان وەک تەندروستی، پەروەردە و خوێندن، بیمەی بێ کاری وخانووبەرەی دەوڵەتی و هاتوچۆ..هتد. پێیان دەڵێت بەتەمای دەوڵەت مەبن هیچ پشتگیریەک وهیچ ئاسانکاریەکتان بۆ بکات، ووڵات ووڵاتی سەرمایەداران و بانک وکۆمپانیا و کارتێلە زەبەلاحەکانە ولەخزمەت بەرژەوەندی ئەواندایە. تۆ ئەگەر لێت قەوماوە، ئەگەر برسیت، هەژاریت، نەخۆشیت، پەک کەوتەیت، ئاوارەیت، ستەم لێکراویت، نەخوێندەواریت، بێکاریت، بێخانەو لانەیت یان بە هەر جۆرێک پەراوێز خراویت لەم کۆمەڵگاکەدا، ئەوا خۆت بەرپرسیاریت. سیستەمی سەرمایەداری و مۆدێلە نیولیبرالیەکەی هەموو فرسەتێک وهەمو قەیرانێک بەکار دەهێنێت بۆ دەست بەرداربوونی دەوڵەت لە دابیینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ کرێکاران و نەداران و چەوساوەکان.
ئەم ڕێکەوتننامەیە پشت گوێ خستنی هەموو ئیستاندارێکی جیهانی وتەنانەت ئەو پەیماننامانەی کە خودی بەریتانیا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران تا ئێستا پابەندێتیی***. ئەڵبەتە، برێکزیت فرسەتی دەستبەرداربوونی بۆ خوڵقاندون لەم پەیماننامانە ولە چەندین ئیلتیزاماتی تری نێو دەوڵەتی وەک مافەکانی کرێکاران وەک سەعاتی کار و پشوو، لانی کەمی کرێ ومافی مان گرتن وڕێکخراوبوون ..هتد وتا بە ئارەزووی خۆیان و بە بێ پەیوەست بوون بە هیچ ستانداردێکی جیهانی، دەستیان ئاوەڵا بێت بۆ چەوسانەوەی ئینسانەکان وپەرە پێدانی نایەکسانیەکان لەخزمەت پتەو کردنی سەرمایەداری نیۆلیبراڵی و کەڵەکەی زیاتری سەرمایە.
ئاشکرایە حکومەتە ڕاستڕەوەکەی بۆریس جۆنسۆن بە نوێەنەرایەتی وەزیری ناوخۆ پریتی پاتێڵ، ئەم ڕێکەوتنامە دڕندانەیەی، لە پێناو دەستکەوتی سیاسی حیزبی کۆنسێرڤاتیڤدایە و بۆ ڕازی کردنی ڕای گشتی ڕاستڕەوەکانی بەریتانیایە کە پێیان وایە پەنابەران سەرچاوەیەکی سەرەکی کێشە ئابووری وکۆمەڵایەتیەکانی ئەم ووڵاتەن وگوایا بەم سیاسەتە بەر بە گەیشتنی نایاسایی پەنابەران دەگرن لەڕێگای کەناڵی ئینگلیزیەوە. شایانی باسە، بەریتانیا و ووڵاتە ئەوروپیەکان بە گشتی، بەردەوام خەریکی داخستن و قورس کردنی هەموو ڕێگەکانی تری پەنابەری وپەنابەریی “یاسایی” بۆ ئەم ووڵاتانە ڕۆژ بەڕۆژ سەخت و سەخت تر دەبێت. هەمومان دیمەنە دڵتەزێنەکان و تراژیدیای دۆزینەوەی تەرمی ئەو ٢٧ کەسەمان لە یادە کە لە نۆڤەمبەری ٢٠٢١ بەلەمە لاستیکەکەیان لە کەناڵی ئینگلیزی قڵپ بوەوە، کە ئەمە یەکێک بوو لە گەورەترین تراژیدیاکانی لەم جۆرە و ئاکامێکی ڕاستەوخۆی قایم کردنی سنوورەکانە. ئەگەر ڕێگەی یاسایی ئاسان هەبێت بۆ داواکاری پەنابەری بۆچی ئەو گەنجانە چارەنووس وژیانی خۆیان دەخەنە ژێر رەحمەتی شەپۆلەکانی دەریاوە.

ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا مەئساتەکانیان چەند قات دەکات وبێ گومان کۆمەڵیک لە کارەسات و گرفتی تازە دەهێنێتە ڕێیان بەتایبەتی ئەوەی کە ڕێژەیەکی بەرجاو لە پەنابەران ژن و منداڵن کە تووشی توندو تیژی وستەم بوون، ئەوان دەنێردرێن بۆ ووڵاتێکی نائارام کە سیستەمی نیشتەجێبوونی ئاوارە وئاسانکاری بۆ ئینتیگرە بوونیانی تیا نیە، کە هێشتا ئاسەوارەکانی جینۆسایدی ١٩٩٤ی پێوە ماوە، (کە لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژدا زیاد لە ٨٠٠٠٠ کەس، زۆربەی لە توتسیەکان، قەتڵ وعام کران لە شەڕی ناوخۆییدا)، وتەنانەت ساڵی ڕابوردوو حکومەتی بەریتانیا خۆی نیگەرانی لای نەتەوە یەکگرتوەکان دەربڕی سەبارەت بە بانگەشەکانی ‘کوشتن، مردن لە کاتی دەستبەسەریدا، وون کردنی زۆرە ملێ و ئەشکەنجەدان’ لە ڕواندا، وەهەروەها بەرتەسکی مافە مەدەنی وسیاسیەکان لەو ووڵاتەدا.
ئاشکرایە عێراق وکوردستان یەکێکن لە گەورەترین سەرچاوەکانی ئاوارەیی لەجیهاندا ولە سایەی نزیک بە ٣٠ ساڵ لە مۆدێلی ئابووری سەرمایەداری نیۆلیبراڵی وڕژێمی سیاسی قەومی وتایەفەیی ئەم ووڵاتەدا ژیان بۆتە دۆزەخ هەر بۆیە گەنجانی ئەم ووڵاتە ڕۆژانە بە لێشاو ڕوو دەکەنە سنوورەکان وبە ناچار، چارەنووسی خۆیان و منداڵیان دەخەنە دەست مافیاکانی قاچاخچی بەشەر. ناردنی ئەم کوڕ و کچە گەنج و منداڵانە و فامیلیەکانیان بۆ ڕواندا چەپۆکێکی بێ بەزەییە بە ڕوویاندا و کوشتنی هەموو هیوایەکیانە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئاسوودە وئارام کە مافێکی سەرەتایی ئەوانە.
مافی پەنابەری ونیشتەجێبوون لە ووڵاتێک کە ئینسانەکان سەلامەتیان تیایدا پارێزراوبێت، یەکێکە لەو دەستکەوتانەی ئازادیخوازانی دنیا بە خەباتی چەندین ساڵ بەدەستیان هێناوە. ئەم سیاسەتە ئەگەر سەر بگرێت هەنگاوێکی گەورەیە بۆ دواوە وڕێگە خۆش دەکات بۆ سەندنەوەی زیاتر لە مافە سەرەتاییەکانی بەشەر. ئەم پرۆژە یاسایە شتێک نیە جگە لە ئاگر خۆشکردنی گوتاری سیاسی ڕەگەزپەرستی ونایەکسانی وئەرکی ئێمەی ئازادیخوازە کە بە توندی دژی بوەستینەوە.

شیرین عەبدوڵڵا
10.5.2022


  • پڕۆژەیاسای هاوڵاتیبوون و سنوورەکان کە لەمانگی تەمموزی 2021 دا خرایە بەردەم پەرلەمان، هەندێک بەندی تری تێدایە دەربارەی نەتەوە، پەنابەری، کۆچبەران، قوربانییەکانی کۆیلایەتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ.
    **یەکێک لە بەندەکانی تایبەت بە پەنابەران: ئەو پەنابەرانەی بە نایاسایی داخڵی بەریتانیا دەبن، دەتوانرێت بەناوی سەرپێچیەکی نوێوە دادگایی بکرێن کە ئەویش گەیشتنیانە بە بەریتانیا بە شێوەیەکی نایاسایی ولەوانەیە بۆ چوار ساڵ دەستگیر بکرێن.
    ***بەریتانیا، پابەندی دوو پەیماننامەی نێو دەوڵەتی پەنابەریە: یەکەمیان: پەیماننامەی پەنابەری ١٩٥١ی نەتەوە یەکگرتوەکان کە حەوت دەیە پێش ئێستا ئیمزای کردوە کە ناردنەوەی خەڵک قەدەغە دەکات بۆ ووڵاتێک کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەبێت وە یان ئازادیان لێ زەوت بکات. دووەم: پەیماننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە هیچ کەس نابێت بخرێتە ژێر زەبری ئەشکەنجەدان وسزای نائینسانی وخراپ مامەڵەکردن وڕیسواکردن.
    بە پێی یاسا نێو دەوڵەتیەکان، هەر کەسێک مافی پەنابەری هەیە لەو ووڵاتەی کە پێی دەگات. یاسای یەکێتی ئەوروپا ناسراو بە یاسای ‘دوبلینی سێهەم’ ڕێگە دەدات پەناخوازان بگەڕێنرێنوە بۆ یەکەم ووڵاتی ئەندامی یەکەێتی ئەوروپا کە کەسێک بیسەلمێنێت لێوەی هاتۆتە ناوەوە. بەڵام لەپاش برێکزیت بەریتانیا چیتر بەشێک نیە لەم ڕێکخستنە وهیچ پلانێکی لەجێیدا واژۆ نەکردوە هەر بۆیە گواستنەوەی کۆچبەران بوەتە کێشەیەک، ولەلایەکی کەشەوە چونکە پابەندی هیچ پەیمانێک نیە، دەستی ئاوەڵا بوە تا بە ئارەزووی خۆی چارەنووسی پەنابەران دیاری بکات.



فیستیڤاڵی گه‌ڵاوێژ و چه‌ند سه‌رنجێك… سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

نكۆلی له‌وه‌ ناكرێت كه‌ فیستیڤاڵی گه‌لاوێژ، نه‌ریتێكی ئه‌ده‌بی ساڵانه‌یه‌ و یه‌كێكیشه‌ له‌ چاڵاكییه‌ ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیرییه‌ به‌رچاوه‌كان، كه‌ ساڵانه‌ له‌ سلێمانی ئه‌نجام ده‌درێت و تیایدا چه‌ند كه‌سێك ده‌بنه‌ براوه‌ی خه‌ڵاته‌كان له‌ چه‌ند بوارێكه‌وه‌. به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك به‌ وردی، چاودێری ئه‌و فیستیڤاڵه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا كردبێت، ده‌زانێت پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌، ساڵ له‌ دوای ساڵ، به‌و فیستیڤاڵه‌وه‌ ده‌بینرێت. ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌، چ له‌ سه‌ر ئاستی هه‌ڵبژاردنی ده‌قه‌كان بێت، به‌و پێیه‌ی گه‌لێكییان ده‌قی كرچ و كاڵ و نا هونه‌ری و شایسته‌ی به‌شداری پێكردن نین (چ جای بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌) یاخود ده‌ست نیشانكردنی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كان بێت، كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆیان به‌و ژانره‌وه‌ نییه‌ كه‌ پێیان ده‌سپێردرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكه‌ن. زۆرجار له‌ فیستیڤاڵه‌كانی گه‌لاوێژ و ئه‌وانی تریش، كه‌سانێك ده‌كرێنه‌ لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كان، كه‌ بواری كاركردنیان لێكۆڵینه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ق نییه‌، به‌ڵكو چیڕۆكنووسه‌، ده‌بێته‌ لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی چیڕۆك، شاعیره‌، ده‌بێته‌ لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی شیعر. ته‌نانه‌ت تیایان دایه‌، خۆی ئه‌زموونێكی ئه‌وتۆی له‌ بواری نووسینی چیڕۆك نییه‌، كه‌ چی چیڕۆكی كه‌سانی دیكه‌ش هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ. بێگومان مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی شاعیر یاخود چیڕۆكنووس بوو، ئیدی له‌ بواری هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی شاره‌زا و به‌ توانا بێت. خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی، پاشخان و زانیارییه‌كی زۆری بابه‌تی و زمانه‌وانی و ڕۆشنبیری گشتی ده‌وێت. ته‌نانه‌ت له‌ ڕووی زمانه‌وانیشه‌وه‌، ده‌بێ ئه‌و ده‌قانه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنرێن و كه‌موكورتی زمانه‌وانیان دیاری بكرێت. گه‌لێك جار، ده‌یان هه‌ڵه‌ له‌ ده‌قه‌كان له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆك، مانا، زمانه‌وانی، به‌ سه‌ر لیژنه‌كه‌دا تێپه‌ڕیون ، كه‌ نه‌یانبینیوه‌ یاخود شاره‌زاییان لێ نه‌بووه‌. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆكارێك كه‌ هه‌میشه‌ ده‌قی كه‌سانێك خه‌ڵات ببه‌ن، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی فیستیڤاڵه‌كه‌ زۆر له‌ نووسه‌ران به‌ ناشایسته‌یان بزانن. به‌ڵگه‌شم بۆ ئه‌و قسه‌یه‌م ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هیچ فیستیڤاڵێكی گه‌لاوێژ نه‌بووه‌، بێ ڕه‌خنه‌گرتن و توڕه‌بوونی چه‌ند شاعیرێك، یاخود چیڕۆكنووسێك كۆتایی هاتبێت. بێگومان ئێمه‌ ده‌زانین، هه‌رگیز هیچ لیژنه‌یه‌كی هه‌ڵسه‌نگاندن له‌ هه‌ر بوارێكه‌وه‌ بێت، هه‌مووان له‌ كاره‌كانی و بژارده‌كانی ڕازی نابن و نین، وه‌ك چۆن په‌یامبه‌رانی خوا، هه‌موو كه‌سێك لێیان ڕازی نه‌ده‌بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ گرنگه‌، كه‌ به‌ پێوه‌رێك كاربكرێت، كه‌ هه‌وڵبدرێت كه‌مترین ڕه‌خنه‌، سه‌رنج و تێبینی، له‌م ڕووه‌وه‌ بخرێته‌ ڕوو. هه‌ڵبه‌ته‌، له‌ چه‌ند ڕۆژی ئایینده‌دا، بیست و پێنجه‌مین فیستیڤاڵی گه‌لاوێژ، كه‌ به‌ یۆبیلی زیوینیش ناوده‌برێت، به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌و به‌ریش، ناوی به‌شداربووانی ئه‌م خوله‌ی فیستیڤاڵ بڵاوكرانه‌وه‌. له‌ باره‌ی ده‌قه‌كانه‌وه‌، تا ئێستا كه‌س زانیارییه‌كی ئه‌وتۆی نییه‌، چونكه‌ هێشتا فیستیڤاڵه‌كه‌ نه‌كراوه‌، وه‌لێ ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی چه‌ندایه‌تی فیستیڤاڵه‌وه‌ بڕوانینه‌ به‌شداربووان، ئه‌وا هیچ گومانێك له‌وه‌دا نامێنێته‌وه‌، كه‌ فیستیڤاڵی گه‌لاوێژ، سه‌د هه‌نگاو بۆ دواوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، بێگومان ئه‌مه‌ له‌ به‌ر ناوی به‌شداربووان نا، كه‌ ڕه‌نگه‌ كه‌سانی نه‌ناسراو بن له‌ نێوه‌نده‌ ئه‌ده‌بییه‌كه‌، به‌ڵكو له‌ جۆر و ژماره‌ و به‌شداربووانی ڤیستیڤاڵه‌كه‌، كه‌ ئاماژه‌یه‌كی ڕوونی پاشه‌كشه‌ و نه‌مانی سه‌نگ و به‌های ئه‌ده‌بی و مێژوویی و مه‌عریفی ڤیستیڤاڵه‌كه‌یه‌، لای نووسه‌رانی كورد. ئه‌گه‌ر ژماره‌ی به‌شداربووان، هاوتای شوێن و پێگه‌ی جواگرافی بكه‌ین، ئه‌وا ئه‌م فیستیڤاڵه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌، نه‌ هه‌رێمیش، به‌ڵكو له‌ بازنه‌ی به‌رته‌سكی چه‌ند ده‌قێكی ئه‌ده‌بی كه‌ ڕه‌نگه‌ زۆر ساده‌ش بن ده‌خولێته‌وه‌. چونكه‌ نووسه‌ران چ له‌ ئاستی ده‌ق و چ له‌ ئاستی شوێن و شاره‌كانیش بێت، به‌شدارییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌م فیستیڤاڵه‌ نه‌كردووه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ش هۆكاری خۆی هه‌یه‌، كه‌ دواتر ئاماژه‌ی پێ ده‌ده‌ین. بۆ بیست و پێنجه‌مین فیستیڤاڵی گه‌لاوێژ، 8 لێكۆڵینه‌وه‌ كه‌ ( 4 هی نووسه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتن، 2 یان هی قه‌زای سۆرانن، 1 هی سلێمانی، 1 هی دهۆك) به‌شدارن، له‌ ژانری شیعردا، 11 شاعیر به‌شدارن (5 سلێمانی، 6 كه‌ی تر، هه‌ر یه‌ك و هی شاره‌كانی هه‌ولێر و به‌رلین و كۆیه‌ و چه‌مچه‌ماڵ و دهۆك و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانن) له‌ ژانری چیڕۆكدا 7 چیڕۆك كه‌ ( 4 یان هی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و 3 یه‌كه‌ی تر هی سلێمانی و دهۆك و چه‌مچه‌ماڵ) ن. گه‌ر سه‌رنج له‌ ئاماری به‌شداربووان, شوێن و شاره‌كانی كوردستان بده‌ین، ده‌بینین نیوه‌ی به‌شداربووانی فیستیڤاڵه‌كه‌ نووسه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتن، بێگومان ئه‌مه‌ش نۆڕماڵه‌، چونكه‌ ئه‌وانیش مافی به‌شداریكردن و بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتیشیان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، ده‌بێ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌ ئاست پاشه‌كشه‌ی نووسه‌رانی سلێمانی و هه‌موو شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان بۆ نمووونه‌ (كه‌لار، هه‌ڵه‌بجه‌، ڕاپه‌ڕین، ئاكرێ، خانه‌قین، كه‌ركوك، سه‌ید سادق، قه‌لادزێ)…تد له‌ فیستیڤاڵه‌كه‌ش بكه‌ین. ئه‌م فیستیڤاڵه‌ له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌م شاره‌ پایته‌ختی ڕۆشنبیرییه‌، به‌ ده‌یان نووسه‌ر و شاعیر و چیڕۆكنووسی به‌ توانای تێدایه‌، كه‌واتا بۆچی به‌شداری ناكه‌ن؟ كه‌می نووسه‌رانی به‌شداربووی ئه‌م شاره‌ و شوێنه‌كانی دیكه‌ش، ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه‌ كه‌ نووسه‌ران متمانه‌یان به‌و فیستیڤاڵه‌ نه‌ماوه‌ و وه‌ك هه‌ر كارێكی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی و ڕۆتینی لێی ده‌ڕوانن. به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌ره‌تاكی ئه‌م چاڵاكییه‌ كه‌ ناو و سه‌دا و ده‌نگی به‌ هه‌موو كوردستان و شوێنه‌كانی دیكه‌ش بڵاو ده‌بووه‌وه‌. ئه‌م به‌راوردكردنه‌ له‌ ڕووی ده‌ق و جوگرافیاوه‌، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ گه‌ڵاوێژ، ساڵ له‌ دوای ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ دواوه‌ و ئه‌و به‌ها ئه‌ده‌بییه‌ی نامێنێ و كاڵ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ پێی ده‌ناسرایه‌وه‌. دیاره‌ ئه‌مه‌ش هۆكاری خۆی هه‌یه‌. به‌ بڕوای من، ناشێ چاڵاكییه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان هه‌ر ته‌نها بۆ زیادكردنی ژماره‌ و خستنه‌ سه‌ری زنجیره‌ی مێژوویی چاڵاكییه‌كان بێت. به‌ده‌ربڕینێكی تر، ناشێ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك نه‌ریتێكی مێژوویی و ساڵانه‌، به‌رده‌وامی به‌ چاڵاكییه‌ك بده‌ین، له‌ سه‌ر هه‌ژماری پاشه‌كشه‌ی ئه‌ده‌ب و ده‌قی ئه‌ده‌بی و داهێنه‌رانه‌، بۆیه‌ زۆر ئاسایه‌ ڕێكخه‌رانی فیستیڤاڵ، ساڵێك ئه‌م چاڵاكییه‌ به‌ڕێوه‌ نه‌به‌ن و ڕایبگه‌یه‌نن ئه‌و ده‌قانه‌ی به‌شداربوونه‌ له‌ ئاستی فیستیڤاڵێكی وا دانین. ئێمه‌ ساڵانێكه‌، ته‌نانه‌ت له‌ بواره‌ هونه‌رییه‌كه‌ش، ده‌سته‌واژه‌ی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌كار دێنین، بێ ئه‌وه‌ی بزانین مۆركه‌كانی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی چین؟ وا ده‌زانین ئه‌گه‌ر چه‌ند میوانێك، یاخود نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندێكی پله‌ ده‌ی وڵاتێك، كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆی كه‌س نایخوێنێته‌وه‌ به‌شداربوو، ئیدی فیستیڤاڵه‌كه‌ ده‌بێته‌ نێوده‌وڵه‌تی. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ پێوه‌ری ئاستی به‌شداربووانی نووسه‌رانی كورد، له‌ سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستاندا سه‌یری قیستیڤاڵه‌كه‌ بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین كوردستانیش نییه‌ و بگر لۆكاڵییه‌، چونكه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و پێكهاته‌ ڕۆشنبیریی و جوگرافیی و ناوچه‌یه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی نییه‌. ئه‌م فیستیڤاڵه‌، بۆچی پاشه‌كشه‌ی كرد؟ بۆچی نه‌یتوانی وه‌ك سه‌ره‌تاكانی به‌ داهێنان وجۆش و خرۆشێكی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بیانه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت و نووسه‌ران له‌و چاڵاكییه‌ كۆبكاته‌وه‌؟ له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ وه‌كو خوێنه‌رێك، ده‌مانه‌وێت هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌ ئاست ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌ بكه‌ین و له‌ ڕوانگه‌ی خۆمانه‌وه‌ ده‌ست نیشانی ئه‌و خاڵانه‌ بكه‌ین، كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری ئه‌م پاشه‌كشێیه‌ و دابه‌زینی ئاست و توانای ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان و به‌شداری نووسه‌ران. ده‌كرێ له‌م خاڵانه‌ كورتییان بكه‌ینه‌وه‌:_
یه‌كه‌م:_
زۆرترین ڕه‌خنه‌، كه‌ له‌ په‌راوێزی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و فیستیڤاڵه‌ گیرابێت، ئاراسته‌ی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كان كراوه‌. بڕوا ناكه‌م هیچ فیستیڤاڵێك بێ گازانده‌ و ڕه‌خنه‌ و تێبینی نووسه‌ران، له‌م باره‌وه‌ كۆتایی هاتبێت. به‌شێكی زۆر له‌ شاعیران و چیڕۆكنووسان، بڕوایان وایه‌ ناداد په‌روه‌ریی، له‌ پێدانی خه‌ڵاته‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌قێك خه‌ڵات وه‌رده‌گرێت، كه‌ به‌ به‌راورد له‌ گه‌ڵ ده‌قێكی دیكه‌ كه‌ براوه‌ی فیستیڤاڵ نه‌بووه‌، زۆر لاوازه‌. گه‌لێك جار وه‌ك خوێنه‌رێك، ده‌قێكی براوه‌ی فیستیڤاڵم خوێندۆته‌وه‌، به‌ ڕاستی شایه‌نی به‌شداری پێكردنیش نه‌بووه‌، چ جای بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی ده‌قه‌كان. ئه‌مه‌ وێرای ئه‌وه‌ی وه‌ك باسمان كرد، كه‌ زۆرجار له‌ دیاریكردنی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كان، كێماسی گه‌وره‌ هه‌یه‌. چیڕۆكنووسێكی گه‌نج ده‌كرێته‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن، كه‌ خۆی ئه‌زموونێكی ئه‌و تۆی نییه‌، ئیدی چۆن ده‌توانێ ده‌قی داهێنه‌رانه‌ و ئاسایی له‌ یه‌كتری جیابكاته‌وه‌؟ یاخود ئه‌كادیمیه‌ك، كه‌ بواره‌كه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی شیعره‌، وا ده‌زانرێت هه‌مان شاره‌زایی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی چیڕۆك و ڕخنه‌ و لێكۆلینه‌وه‌ش هه‌یه‌. بۆیه‌ ئه‌م تێبینیانه‌، تێگه‌یشتنێكی لای نووسه‌ران دروستكردووه‌، كه‌ ساڵ له‌دوای ساڵ له‌ فیستیڤاڵه‌كه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌. كه‌می و دابه‌زینی ئاستی به‌شداربووانی نووسه‌ران و به‌ تایبه‌تیش دیاره‌كان، خۆی له‌ خۆیدا، پشتڕاستی ئه‌و بۆچوونه‌ی ئێمه‌ ده‌كاته‌وه‌. چونكه‌ لۆژیكی نییه‌ له‌ شارێكی وه‌كو سلێمانیدا، كه‌ مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیریی و داهێنانه‌، نووسه‌رانێك نه‌بن توانا و ئاستی ئه‌وه‌یان نه‌بێت به‌ شدار بن، به‌ڵكو شایه‌نی ئه‌وه‌نه‌ خه‌ڵاتیش ببن. بۆیه‌ ده‌كرێ گۆڕانكاریی له‌ پێوه‌ر و لێژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كان بكرێت، ئه‌گه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بوو.

دووه‌م:_
له‌ فیستیڤاڵی گه‌لاوێژدا، هه‌میشه‌ نووسه‌رانێك (به‌ تایبه‌تی گه‌نج) دوای بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كان له‌ بواری شیعرو چیڕۆكدا، وه‌ك داهێنه‌ر و ده‌نگی نوێ و تازه‌ ده‌ناسێنران و له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ خوێنه‌رانێكی زۆر، ئومێد و هیوایان له‌ سه‌ر هه‌ڵده‌چنین. به‌وه‌ی وه‌ك شاعیر و چیڕۆكنووسی داهێنه‌ر له‌ ئاینده‌دا ده‌رده‌كه‌ون. كه‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌مانه‌ نه‌ك نه‌یانتوانی به‌ هه‌مان هه‌ناسه‌ و گڕوتینی سه‌ره‌تا بنووسن، به‌ڵكو ئێستا كه‌س وه‌ك نووسه‌ر ناشیانناسێت و ناویان له‌ كوله‌كه‌ی ته‌ڕیش نییه‌! ده‌توانم ده‌یان ناو ڕێز بكه‌م، له‌ كچان و كوڕانی گه‌نج و نووسه‌رانی دیكه‌ش، كه‌ پێشتر براوه‌ و یه‌كه‌می ئه‌و چاڵاكییه‌ بوونه‌ و زۆرانێكیش ئومێدی داهاتووێكی پڕ له‌ داهێنانییان پێ هه‌بوونه‌، به‌ڵام له‌ به‌ر ناوبانگییان خۆیان لێ ده‌بوێرین. ئه‌مانه‌ی ساڵانێك له‌مه‌و به‌ر، براوه‌ی خه‌ڵات ده‌بوون و به‌ ئێستاشه‌وه‌، ده‌قێكی چیڕۆك یان شیعرییان نییه‌، نوێكارییه‌كی تێدا بێت. یاخود هیچ نه‌بێت جیاوازكه‌وتنه‌وه‌ و دابڕانێك بێت، له‌وانیتر. ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ كه‌ نه‌ فیستیڤاڵ، نه‌ خه‌ڵات، نه‌ به‌ یه‌كه‌م ده‌رچوون له‌ پێشبڕكێی ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا، كه‌س ناكاته‌ داهێنه‌ر و شاعیر و چیڕۆكنووسی دیار. به‌ڵكو نووسین ئه‌زموون و خوێنه‌وه‌یه‌، داهێنان و خۆجیاكردنه‌وه‌ كرده‌یه‌كی یه‌كجار كه‌سی و تایبه‌تی و خودین. هیچ نووسه‌رێك، به‌ خه‌ڵات و فیستیڤاڵ نابێته‌ داهێنه‌ر و به‌ ناو و ده‌نگ نابێت. ته‌نها ئه‌زموونه‌ كه‌سییه‌كانی خۆی، ده‌یكاته‌ ده‌نگی تازه‌ و جیاواز، وه‌ك چۆن گۆران به‌ شیعره‌كانی بووه‌ داهێنه‌ر. ده‌یان قه‌ڵه‌می گه‌نج، له‌ فیستیڤاڵه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی گه‌لاوێژ، خه‌ڵاته‌كانی چیڕۆك و شیعر و لێكۆڵینه‌وه‌یان برد. ئێستا كێ ده‌یانناسێت؟ كێ ناویانی بیر ماوه‌؟ بێگومان ئه‌مانه‌ خۆیان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هیچ وزه‌ و توانایه‌كی ئیبداعی و ئه‌ده‌بییان نه‌بووه‌، بۆیه‌ نه‌یانتوانیوه‌ دواجار له‌ په‌راوێزی ئه‌و خه‌ڵاته‌وه‌، ده‌قی جوانتر و داهێنانه‌تر بنووسن. چونكه‌ بیرمان نه‌چێت نه‌ فیستیڤاڵ، نه‌ خه‌ڵات، هیچ كه‌سێك ناكات به‌ شاعیر و چیڕۆكنووسی داهێنه‌ر. داهێنان وزه‌ و توانا و هه‌وڵدانێكی خودی و كه‌سییه‌، كه‌ ده‌ره‌نجام ده‌بێته‌ ئه‌زموونێكی تازه‌ و له‌ ئه‌زموونه‌كانی تر خۆی جیا ده‌كاته‌وه‌.
سێیه‌م:_
نه‌ریتێكی نامۆ، له‌و فیستیڤاڵه‌ و له‌وانی دیكه‌ش، ساڵانێكه‌ هه‌یه‌ و په‌یڕه‌ و ده‌كرێت، ئه‌ویش پێدانی یه‌ك خه‌ڵاته‌ به‌ دوو ده‌قی جیاواز. بۆ نموونه‌: خه‌ڵاتی یه‌كه‌م بۆ دوو شیعر، خه‌ڵاتی دووه‌م بۆ دوو چیڕۆك…تد. له‌ ڕاستیدا، هه‌موو ده‌قێكی ئه‌ده‌بی، زاده‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دنیابینی نووسه‌ره‌. ئه‌زموون و تێگه‌یشتن و دنیابینی هیچ نووسه‌رێكیش له‌وی تر ناچێت، ئیدی نازانم چۆن دوو ده‌قی ئه‌ده‌بی وه‌ك یه‌ك ده‌بن؟ شیعر، به‌رهه‌می دنیابینی و خه‌یاڵ و ڕوانینه‌كانی شاعیره‌، وێناكردنی هه‌ر شاعیرێك بۆ ژیان، بوون و ده‌وروبه‌ر و هه‌موو شتێك، وه‌ك شاعیرێكی دیكه‌ نییه‌، ئیدی چۆن دوو شیعر شایه‌نی یه‌ك خه‌ڵاتن؟ چیڕۆك گێڕانه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ڕووداوێك به‌ نموونه‌ ده‌ كه‌س بیگێڕنه‌وه‌، هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ شێوه‌ و جۆرێك ده‌یگێڕێته‌وه‌، كه‌واتا چۆن دوو چیڕۆك شیاوی ئه‌وه‌ن كه‌ ببنه‌ براوه‌ی یه‌ك خه‌ڵاتی هاوتا؟ به‌ بڕوای من ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌كه‌ ساڵانه‌ له‌ لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كان دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ بۆ خوێنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر ده‌قێك، نابێ ته‌نها مانا و چێژ، شیعرییه‌ت و ته‌كنیك، هونه‌ری نووسین بكرێنه‌ سه‌نگی مه‌حه‌ك، به‌ڵكو ده‌بێ له‌ سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانی دیكه‌ی زمانه‌وانی و ڕێزمانیش، هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ده‌قێكی ئه‌ده‌بی بكرێت. تاكو ئه‌وه‌ له‌ یه‌كتری جیابكرێته‌وه‌، كامه‌یان له‌ ڕووی بنه‌ما و شێوازی گرامه‌رییه‌وه‌، شاره‌زایی له‌ زمانی نووسین، ئاسته‌كانی گوزارشت و ده‌ربڕین هه‌یه‌. هه‌رچییه‌ك و هه‌ر چۆنێك بێت، ئه‌گه‌ر به‌ پۆینتیش بێت، دوو ده‌ق له‌ یه‌كتری هه‌ر جیاواز ده‌كه‌ونه‌وه‌، كه‌واتا ده‌بێ لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كان، هێنده‌ ورد و هه‌ستیار و زیت بن، جیاوازیی نێوان دوو تێكست، له‌ خاڵێكی یه‌كجار بچووك و هه‌ست پێنه‌كراویش ببینه‌وه‌. نابێ ته‌نها ڕه‌هه‌ندیی بابه‌تییانه‌ی ده‌قێك له‌ به‌رچاو بگیرێت، ئه‌ی زمان؟ شێوازی داڕشتن؟ چۆنییه‌تی بونیادنانی ڕسته‌ به‌و یاسا گرامه‌ریه‌ی له‌ زمانی كوردیدا هه‌یه‌؟ بۆ نموونه‌ با سه‌رنج له‌و دوو ڕسته‌یه‌ بده‌ین:

منداڵه‌كه‌ نووست، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ شاریی یاری.
منداڵه‌كه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ شاریی یاری، نووست.
هه‌ردوو ڕسته‌كه‌ له‌ ڕووی واتاییه‌وه‌ گونجاون ، واتا ده‌گه‌یه‌ننن، هاوبه‌شن له‌ چه‌ند وشه‌یه‌كی دیاریكراو، بكه‌ر و كاریان تێدایه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی زمانی نووسین و داڕشتنه‌وه‌ به‌راوردیان بكه‌ین، ده‌بینین ڕسته‌ی دووه‌م ڕێزمانیتره‌، چونكه‌ به‌ گشتی كار له‌ زمانی كوردیدا، ده‌كه‌وێته‌ كۆتایی ڕسته‌ و بكه‌رله‌ سه‌ره‌تایه‌. مه‌به‌ستم له‌و نموونه‌یه‌ چییه‌، جیاوا زكه‌وتنه‌وه‌ی شێوازی داڕشتنی زمانه‌وانییه‌ له‌ ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا. ده‌كرێ نموونه‌یه‌كی تر بێنیینه‌وه‌. له‌و ڕۆژانه‌دا، ڕیكلامی بڵاو بوونه‌وه‌ی ڕۆمانێكم كه‌وته‌ به‌رچاو به‌ ناوی (دوواین خه‌ونی سوهه‌یلا). ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌و ناونیشانه‌ بده‌ین و بیخوێنینه‌وه‌، ئاسایی مانای ته‌واوه‌تی ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی ڕێزمانییه‌وه‌ لێی وردبینه‌وه‌، ده‌بینین هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ (دوواین) به‌ مانای ( دووان) واتا گفتوگۆ و قسه‌كردن دێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ مانای (دوو كه‌سیش) دێت (دوواین). بۆیه‌ ده‌بوو به‌و شێوه‌یه‌ بنووسرێت (دوایین خه‌ونی سوهه‌یلا) واتا به‌ یه‌ك (و) جگه‌ له‌وه‌ی پیتی (ی) درێژده‌كرێته‌وه‌ ده‌بێته‌ دوو(ی). له‌ ڕۆمانی ڕوحه‌ سه‌روه‌شه‌كان، ئه‌مه‌ نووسراوه‌:(وتم یونس ئه‌حمه‌د چی به‌سه‌ر هاتووه‌) له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا، (یونس) و (ئه‌حمه‌د) دوو كاره‌كته‌ری جیان، توانا پرسیار له‌ یونس ده‌كات، كه‌ ئه‌حمه‌د چی به‌ سه‌ر هاتووه‌؟) به‌ڵام كاتێ سه‌رنج له‌ داڕشتنی ڕسته‌كه‌ ده‌ده‌ین، ده‌بینین ته‌نها به‌ دانه‌نانی وێرگولێك (فاریزه‌) ته‌واوی مانای ڕسته‌كه‌ گۆڕاوه‌. چونكه‌ له‌ په‌ڕه‌گرافه‌كه‌دا، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ (یونس ئه‌حمه‌د) یه‌ك كه‌سه‌. بۆیه‌ ده‌بوو به‌م شێوه‌یه‌ بێت: (یونس، ئه‌حمه‌د چی به‌ سه‌ر هاتووه‌؟) ئه‌م نموونانه‌، گه‌لێك جار ده‌بنه‌ هۆكاری جیاواز كه‌وتنه‌وه‌ی زمانی نووسینی ده‌قێك، به‌ تایبه‌تیش زمانی كوردی، كه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ یه‌كجار به‌ ورده‌كاریی و ده‌وڵه‌مه‌نده‌. به‌ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ورده‌كارییانه‌ له‌ دوو ده‌قی ئه‌ده‌بیدا ڕه‌چاو بكرێن، ئایا هه‌ردوو تێكسته‌كه‌ وه‌ك یه‌ك خه‌ڵات ده‌به‌ن؟

چواره‌م:
یه‌كێكی دیكه‌ له‌و تێبینیانه‌ی له‌ سه‌ر ئه‌و فیستیڤاڵه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ پێی كام پێوه‌ری ئه‌ده‌بی، ئه‌و ده‌قانه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن كه‌ به‌شداری فیستیڤاڵه‌كه‌ ده‌كه‌ن. واتا گریمان په‌نجا شیعر و هه‌شتا چیڕۆك نێردراوه‌، له‌ سه‌رچ بنه‌مایه‌ك ئه‌و ده‌قانه‌ ده‌ست نیشان ده‌كرێن كه‌ بخوێنرێنه‌وه‌ و هه‌ندێكی تریان ڕه‌ت ده‌كرێنه‌وه‌؟ لێره‌دا ده‌مه‌وێ نموونه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ بێنمه‌وه‌. له‌ بیست و سێیه‌مین فیستیڤاڵی گه‌لاوێژ ( وه‌ك یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كان ئاماژه‌ی پێداوه‌، له‌ كۆی شه‌ست و هه‌شت چیڕۆك، ته‌نها شه‌شیان هه‌ڵبژێردراون، له‌ و شه‌شه‌ش، سێیانییان خه‌ڵاته‌كانیان بردووه‌)* كه‌ واتا ده‌كرێ بپرسین، به‌ پێی كام پێوه‌ری ئه‌ده‌بی، له‌ كۆی شه‌ست و هه‌شت چیڕۆك، ته‌نها شه‌شیان هه‌ڵبژێردران؟ ڕێی تێ ده‌چێت له‌ كۆی ئه‌و هه‌موو چیڕۆكه‌، ته‌نها شه‌شیان شایه‌نی به‌شداریكردن له‌ فیستیڤاڵه‌كه‌ بن؟ چۆن ئه‌وه‌نده‌یان دیاری كران و هه‌ڵبژێردرێن؟ كامانه‌ن ئه‌و پێور و بنه‌مایانه‌ی ده‌كرێنه‌ پێوانه‌ بۆ دیاریكردنی چه‌ند ده‌قێكی كه‌م، له‌ نێوان ده‌یان ده‌قی ئه‌ده‌بیدا؟ گریمان ئه‌گه‌ر له‌ كۆی ئه‌و شه‌ست و هه‌شت چیڕۆكه‌، بیستیان به‌شداربوونایه‌، ڕه‌نگه‌ كه‌س سه‌رنجێكی نه‌بووایه‌، به‌ڵام به‌ هیچ پێوه‌رێكی ئه‌ده‌بی، فه‌رهه‌نگی و زمانه‌وانی، گونجاو و لۆژیكی نییه‌، له‌ وهه‌موو چیڕۆكه‌، ته‌نها شه‌شیان دیاری بكرێن. بێگومان ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ پرسیار و جێگه‌ی گومان بۆ ئه‌وانه‌ی بابه‌ته‌كانییان ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه‌. دواجار ده‌ڵێین فیستیڤاڵی گه‌لاوێژ، له‌ دوا ئاوزینگدانی خۆی دایه‌، بۆیه‌ باشترین كارێك كه‌ بنكه‌ی گه‌لاوێژ بیكات ئه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ دوا فیستیڤاڵ بێت، چونكه‌ مه‌حاڵه‌ ئه‌و چاڵاكییه‌ ڕۆشنبیرییه‌ به‌رچاوه‌، وه‌ك سه‌رده‌مانێكی لێ بێته‌وه‌، كه‌ سه‌رده‌می زێڕین و دره‌وشانه‌وه‌ی خۆی بوو، به‌ تایبه‌تیش له‌ نه‌وه‌ده‌كان و ده‌سپێكی دووهه‌زاره‌كان.

ڕواندز _ 20/ ئایاری /2022

سه‌رنجێكی پێویست:
. ڕه‌نگه‌ خوێنه‌رانێك، وابیر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ بابه‌تمان ناردووه‌و ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ڕه‌خنه‌ ده‌گرین. سوپاس بۆ خوا، له‌ كاروانی ژیانی ڕۆشنبیریی خۆمدا، تا ئێستا به‌شداری هیچ چاڵاكییه‌كی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی فیستیڤاڵێكم نه‌كردووه‌. ته‌نانه‌ت له‌ ڕواندز كه‌ خۆم له‌وێ ده‌ژیم، كۆڕ و چاڵاكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری ده‌كرێت و به‌شدار نابم. ساڵانێكه‌ بڕوام به‌وه‌ هێناوه‌، كه‌ نووسه‌ر و شاعیری به‌ توانا، ته‌نها ده‌خوێنێته‌وه‌ و پێویستی به‌وه‌ نییه‌ به‌رده‌وام ده‌ربكه‌وێت و ببێته‌ پاڵه‌وانی شاشه‌ و لاپه‌ڕه‌كان و چاڵاكییه‌كان. یان كه‌س خه‌ڵاتی بكات. چونكه‌ ده‌قی داهێنه‌رانه‌، خۆی خۆی ده‌سه‌پێنێت . نه‌ به‌ خه‌ڵات، نه‌ به‌ ڕیكلام و فیستیڤاڵ، شاعیر و چیڕۆكنووسی داهێنه‌ر دروست نابن. ته‌نێ خوێنه‌وه‌ ده‌مانكاته‌ داهێنه‌ر و جیاوازنووس!

  • بڕوانه‌ وتاری، بۆ ئه‌م چیڕۆكانه‌ خه‌ڵاتیان برد، نووسینی: حه‌مه‌ مه‌نتك، ماڵپه‌ڕی www.chirok.net به‌شی لێكۆڵینه‌وه‌.



شەڕی ئایدۆلۆژیاکان، یان مافەکان؟… زانا رەزاق

سەرەتا هەروەک دەزانین ئایدۆلۆژیا کۆمەلێک خال و ووتە یان نووسراوێکە کە گروپێک یان کەسانێک وەک چوارچێوەیەک یان بنەمایەک لەسەری دەڕۆن ئەمەش بۆیە کە کۆمەلێک ئامانجیان هەیە یانی سەرەتا ئامانجە بچووکەکان دواتر کۆکردنەوەی هەموو ئامانجە بچووکەکان بۆ ئامانجە سەرەکیەکە و گەورەکە

سەرەتا ئایدۆلۆژیا پەیدابووە دواتر ئایدۆلۆژیای تر دروست بووە ئەویش بۆ ئەوەی تر دروست بووە کە وەکو بە دیلێکی باشتر بەلام کە دروست بووە لەجیاتی سود بگەیەنێ زیانی هەبووە.

چۆن؟

کاتێک کە پەروەردەیەکی تەندروست و دروست نەکراون بیریان لە پلانی دوورمەودا نەکردۆتەوە ئەوا شەڕی ئایدۆلۆژیاکان ووردە ووردە سەریهەلداوە.
ئەگەر مەبەستیان باشە و چاکە بێت هاتوون لایەنی بەرامبەریان ناشرین پیشان داوە بۆ ئەوەی خۆیان جوان نیشان بدەن ئەمەش هەم لە ڕووی دەروونی و مرۆڤناسیەوە لایەنی بەرامبەری تووشی کاردانەوە کردووە ئەویش بە هەمان شت ڕووبەڕووی بۆتەوە. یانی وایانزانیوە لەبەرژەوەندییانە بەلام هەردووکی لەسەر بنەمای بەرژوەندی تایبەت بووە ئەویش هی (گروپێک).

ئیدی کۆمەلێک ئایدۆلۆژیا پەیدا بوون هەریەکەشیان هەمان شتیان دووبارە کردۆتەوە و بە هەمان شێوە بوونە مرۆڤانێک نەهاتوون هەلەکانی ئەوانی تر دووبارە نەکەنەوە لەسەر هەمان ململانێی ناتەندروست ڕۆیشتوون.

لێرە دا ئەوەی ڕاستیەکە بێت ئەوەیە ئایدۆلۆژیاکان خراپنین ئەگەر ململانێی تەندروست بکەن بەلکو ئەوە مرۆڤانێکی ئایدۆلۆژیاکانن بە ناتەندروستی و پەروەردەیی خراپ و ڕق و کینە و تیۆری فکری بەرامبەر کاریان کردووە ئەسلەن ئەوە هەلەیەکی گەورەی ئەوان بووە یانی لەجیاتی سود زیانیان گەیاندووە ئەوەش یەکەمجار زیان لە خۆیان دەدەن بێگومان لە هەم لە مرۆڤەکانی خۆیان هەمیش لە مرۆڤەکانی ئەو کۆمەلگایەی تێدان.

ووردە ووردەش خەلکیان لێ دووردەکەوێتەوە بەلام ئەوانە لە جیاتی مێشکی مرۆڤەکان پڕ بکەن لە ئایدۆلۆژیاکان بێن ئەو ماندووبوونە و پارە خەرج کردنە زۆرەی بۆ ئەو مەبەستەش بەکاری دێنن و گەندەلیەکی زۆر و پارە کۆکردنەوەیەکی زۆر بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان بەهێز بکەن؟! زۆر سەیرە ئاوا پێگە و بەهێز نابن چونکە ڕاستیەکان جیاوازن لە درۆ و خراپە و چەواشەکاری یان بەشێوەی تر هەر بە ڕاستی خزمەت بکەن نەک پێویستی بە پارەیەکی خەیالی سەرف کردن بۆ کەسانێک پشتگیری و بکەن ناکات یانی بەدڵی ئایدۆلۆژیاکان قسە بکەن چونکە بەدڵی ئێوە قسە کردن لە دوورمەودا زیانە بەس لە سود قسەکردن لە دوورمەودا پێش کۆمەلگا لەبەرژەوەندی ئێوەیە

یانی کاتێک بەڕاستی خزمەت بکەن مرۆڤەکانی ناو ئایدۆلۆژیاکە ڕاستیش نەلێت ئەوانەی دەرەوەی ئایدۆلۆژیا ووردە ووردە هۆشیار دەبنەوە ڕاستیەکان دەلێن جا ئەو ناڕاستیەی ناو ئایدۆلۆژیاکان بەهۆی بەرەو پێشچوونی کۆمەلگا ئاشکرا دەبێ، بەلام پاش ماندووبوونێکی زۆر؟!

بەس ئەگەر بە ڕاستی خزمەت بکەن هیچ پێویستی بە پارە بەخشینی زۆر بەکەس ناکرێت چونکە ڕاستی هەر ڕاستیە خەلکەکە خۆیان ڕاستیەکە یان ڕاستیەکان باس دەکەن و بەرگریشیان لێدەکەن.

بەداخەوە کۆمەلگای ئێمە و هاوشێوەی ئێمە ئایدۆلۆژیاکان و زۆرێک لە حزبەکان لە جیاتی خزمەت بە خەلک بکەن لەخزمەت کردن بە خەلک سود بە خۆیان بگەیەنن ڕێک پێچەوانەیە، یانی دێن سەدان کتێب و نامیلکە و پێهەلدان و شت لەسەر حزبەکانی خۆیان و کەسانی ناو حزبەکان دەنووسن و دەلێن بەلام بۆ مافەکانی خەلک وانین و هەلەی زۆر و خراپەکاری زۆر و زۆر شتی تریشیان هەیە کەچی ڕێک پێچەوانە کردنەوە سودیان پێدەگەیەنێت هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا یانی خزمەت کردن بە خەلک وا دەکات ئەو شتانەشیان پێگەیان بەهێز بێ و خەلک خۆشی بوێن بەلام کە مافەکانی خەلک و دابین نەکرد ئەو شتانەشتان باش بووبێت خەلک لای گرنگ نابێ چونکە خەلک و مرۆڤەکانی کۆمەلگا بە خزمەت کردن پشتگیری و دەکەن ئەگەر بشتگیریش و نەکەن دەسەلاتەکان خزمەتی خەلک بکەن خەلکانێک لە دەرەوەی ئێوە ڕاستیەکان دەلێن ئەوەش جۆرێک لەجۆرەکان پشتگیرییە بە هەمان شێوەش ئەگەر خزمەتیش نەکەن کەسانێک لە نێو خۆتان باسی خراپییەکانی خۆتان دەکەن ؟! ئەمەش لە دڵسۆزییە نەک شتی تر …

لێرە دا نموونە سەر ئەوە بهێنینەوە بلێین لە وولاتێکی پێشکەوتوو خزمەتگواز ئەگەر دەسەلاتەکە باش بووبێت و خزمەتی کردبێت پرسیاریش لەو کەسانەی ناو ئەو کۆمەلگا پێشکەوتووە بکەین چی دەلێن؟

بێگومان ئەو شتانە باس دەکەن کە هەیە بەهەمان شێوەش بۆ وولاتێکی دواکەوتوو و نادادپەروەری لەوێش کەسانێک هەن هەمان شتی ئەو وولاتە دواکەوتووە باس دەکەن کە هەیە؟!یانی هەردووکیشیان نە پارەو بەرژەوەندی تایبەتە نەک شتی تر خۆشی ئەوە ڕێگا و بیری ڕاست و دروستە.

لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگترە بلێم ئەوەیە کەسانێکیش لەدەرەوەی حزبەکان دێن شەڕی ئەوان دەکەن ئەوانیش پێویستە خۆتان چاک بکەن و هەلەو کەم و کورتی خۆتان ببین چونکە ئاوا لە جیاتی سود لە خەلک ببینن زیان لە خەلک دەدەن و خۆتانیش بەشێکن لە خراپەکاری ئەگەر بەیەک جنێو و قسەی ناشرینیش بێ، ئەوەشت بیربێ تۆ کاتێک دەبیە نووسەر و چالاکوان و شتی تر ئاوا دەبییە کەسێکی گشتی نەک تەنیا بۆ خۆت و ئاڕەزووی خۆت جنێو و قسەی ناشرین بکەیت.

هەر کەسێک ئاوا بێت لەناو کۆمەلگا من یەکەم کەسم بە نوێنەری خۆمی نازانم.




دیوانی سەڵاح شوان… کۆی بەرهەمە شیعرییەکان

بۆ خوێندنەوەی ئەم دیوانە شیعرییە کلیکی ئێرەبکەن…




چیرۆک/ ژاڵە-3-… فەتاح حەسەن

بەشی سێەم

-١-
هەموو شەوانێکی شەمە دەجوە یانەی شەوانەی ( ئەرگانا ) ، بە هیوای بردنەوەی ژنێك بەدڵی خۆی ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشا پیاوێکی چوارشانە بوو لە هەمان شوێندا لەسوچێکدا هەر جارەی ژنێك لەسەر مێزەکەی بوو، پێکەوە نێرگەلەیان دەکێشا نیوقاپ شیڤارز و سەتڵێكی بچوك سەهۆڵاو کەچوار بیرەی تێدابوو، لەگەڵ چەرەسدا مێزەکەیانی دەڕازاندەوە، کە دەبوە یانزەی شەو وەکو جەڕەس لێبدات گارسۆنەکەی بانگ دەکرد پاش دانی حسابی مێزەکە بە بێدەنگی بەتەنها دەچوە دەرەوە، ئەویش لەدڵی خۆیدا دەیوت ئەوانە جێگەی بەزەیین کە ناتوانن سێکس بکەن، ئەوە بوو بوو بەمەراقی ویستی شتێك لەو بابەتە هەڵبکڕێنیت، شەمەیەکیان دوای هەستانی پیاوە چوارشانەکە بەدووی کەوت لەدەرەوەی یانەکە پێیوت بەیارمەتیت دەتوانم پرسیارێکت لێبکەم، ئەویش کارتێکی لەکراسەکەی دەرهێنا ببورە دەرفەتم نییە دەتوانیت لەرێگەی ئەو کارتەوە هەرکات بتەوێت پەیوەندیم پێوەبکەیت. بەیانی زەگێکی بۆ ژمارە تەلەفونی کارتەکە لێدا ،ژنێک وەڵامی دایەوە کۆمپانیای خانووبەرەونیشتەجێکردن لەگەڵتانە فەرموو، ئەویش وتی دەتوانم لەگەڵ خاوەنی کۆمپانیاکەدا قسان بکەم، بەسەر چاو کەمێك چاوەڕوانبە.. / بەڵێ.. – من فڵانەکەسم دوێنێ کارتەکەتت پێدام. / بەڵێ – من.. شوقەم ناوێت بەڵام پرسیارێك لەمێشکمدا گێنگڵ دەدات دەتوانم لێت بپرسم؟ / فەرموو.. – شەوی شەممان لە (.. ) دەتبینم پاش خواردنەوەی بیرەی چوارەم دەڕۆیتەوە و هیچ ژنێکیش لەگەڵ خۆتدا نابەیتەوە. / بەپێکەنینەوە پییوت.. من یەکێکم لە دەوڵەمەندانی ئەم شارە خاوەنی دوو کوڕو ژنێکی سەلارم، ئەوانم لەخۆم خۆشتر دەوێت، لەژیانمدا بێجگە لە ژنەکەم سەرجێیم لەگەڵ هیچ ژنێکی تردا نەکردوە، بۆ زانیاریت خێزانەکەشم ئاگادارە شەوانی شەممان چۆن بەڕێدەکەم، پێش ئەوەی بێم بۆ ئەو شوێنەش جوانترین جلم بۆ دەستنیشان دەکات لەبەری بکەم بەدەستی خۆی بۆنێکی خۆشم لێدەدا.. ئەلوو.. ئەلوو بۆ بێدەنگی؟ – بێدەنگ نیم، تاساوم ، ئەوە ژن نییە تۆ هەتە فریشتەیە فریشتە.. هەردەم ئاسوودەبن.
-٢-
سبەینان دەبوە چاوساغی پیاوە نابیناکەی دراوسێیان تا شوێنە تایبەتەکەی خۆی کە گەدایی لێدەکرد، دوای ئەوە، وێڵ دەبوو ، بەدوای پیاوەڕەبەنەکاندا بۆ فرۆشتنی چێژ پێیان، ئەو حەزی بەکاری شەو نەبوو، هەر بەڕۆژ ئەو کارەی ئەنجام دەدا ،ئەڵقەی لە پەنجەی هەر پێاوێکدا بدیایە، لە ئەو – وایە مارە و دەئاڵێتە گەردنی، لەگەڕانەوەدا بەرەو ماڵەوە بڕێك پارەی دەخستە مشتی نابیناکەو ،پاش دوامژ قنچکی جگەرەکەی دەخستە ژێر پێی و تا هێزی تیادا بوو پێی پیادا دەنا وایدەزانی پێدەنێت بەسەری باوەژنەکەیدا و تۆڵەی خۆی لێ دەسێنێتەوە ، ئنجا دەستی نابیناکەی دەگرت و ئاودیوی قاپییەکەیانی دەکرد، خۆشی بەدەم فڕکردنی بیرە و نێرگەلە کێشانەوە شەوی بەڕێدەکرد، ڕۆژی لێدەبۆیەوە ملی دەنا بەرەو شەقامی ( شارع حسن الثانی ).

ژاڵە* کۆمەڵە ڕوداویکی ڕاستەقینەو خەیاڵین بیرۆکەکانیان زادەی گەشتکردنە بۆ شاری ئەگادیر لە مەغریب بەتایبەتی ناوچەی ( شارع حسن الثانی ) و گەڕەکی ( طالبرج ) و بازاڕی ( سوق الآحد ).

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی
٢٠/٣/٢٠٢٢




ڕۆژی خۆشی… عەلی حەمەڕەشید

ئەمڕۆ لە قوتابخــــــانە
وەک ئاهەنگ و سەیرانە
هەموو خۆمــــان گۆڕیوە
دڵخــــۆش دەم بەقریوە
بەبەرگی هەمە چـــەشنە
هەر دەڵێی ڕۆژی جـــەژنە
وەستاوین لــــە گۆڕەپان
وەکو خونچە گوڵی جــوان
ناخ پڕ لە حەز و خۆزگەین
چاوەڕێی نمرە دەکــەین
کــە مامۆستای ئازیز دێ
زیاتر دڵمــان خۆش دەبێ

٢١/٥/٢٠٢٢




کاکە من گۆشت خۆرنیم، بەتۆ چی!؟… شەماڵ بارەوانی

بەرلەچەند ڕۆژێکە بابەتی کەسێکم خوێندنەوە، کە لە ماڵپەڕی ڕوانگەو ڕەخنە دابەزیبوو، لە وتارەکە ئەو بەڕێزە ئاماژەی بەوە کردبوو کە:(لە وڵاتی ژاپۆن دەگێرنەوە ، راپرسیەک کرا لە سەر هۆکاری تەمەن درێژی هاووڵاتیان، لە هەرکەسێکیان دەپرسی بۆچی تا ئێستا تەمەنت زۆرەو تەندروستیشت سالمە، لە دوای تەواو بونی پرۆژەکە بە ئەنجامێک گەیشتن کە ئەوان بە پێچەوانەی زۆرینەی گەلانی جیهان سەریان لە ناو ژیانی خۆیان دایەو چاو لە سەر ژیانی کەسی تر نین تەداخولی ژیانی هیچ کەس و وڵاتێک ناکەن بە کوردیەکەی خۆمان کەمتر قسە دەکەن و زۆرتر فێر دەبن،)
ئەگەر بێت و ئەوە بەراوردی بکەین بە میلەتی کورد، ئەوە بێگوومان معادەلەکە سەت و هەشتا پلە پێچەوانە و جیاوازدەبێت.

بڕوا ناکەم نەتەوە و گەلێکی تر هەبێت لە سەر ڕووی زەوی بەقەد کورد، هێندە قسە لەسەر ژیانی ئەویتر بکات و بچێتە ناو تایبەت مەندی بەرامبەر و سنوری تاکەکان بشکێنێت و ئازادی خەڵک پێشێل بکات.
ئایینت چییە؟
ئەرێ بۆ نوێژ ناکەیت؟
بۆ قژت وا شانەکردووە، ئەو گۆرەویە ناشرینە چییە لە پێت کردووە،
شۆرتی بچوک و مایۆ، یان هی گەورە دەکەیتە بەرت؟
ژمارەی پێڵاوەکەت چەندە؟
بۆ ژن ناهێنیت؟
کەی ژن دەهێنیت؟
دە ژنێک بێنە،
تەمەنت چەندە؟
بۆ ڕوەکیت و گۆشت ناخۆیت؟
چۆن گۆشت ناخۆیت، کوڕە دەگۆشت بخۆ،
بۆچ و بۆچ و بۆچ؟
ئەوە ئەو پرسانەیە کە ڕۆژانە و بەردەوام ڕووبەڕووی خۆم و بینومە و دەبینم ئاڕاستەی خەڵکی تر دەکرێت.

ئەرێ کاکە بێ ئایینم، ژن ناهێنم، ناڕۆمە مزگەوت، شۆرت لە پێناکەم، ژمارەی پێڵاوەکەم ژمارە ٥٤، قژم وا شانەدەکەم،
گۆشت قوزەلقورت ناکەم،
بەتۆ چی؟

کاکە فێربن ڕێز لە ئازادی و هەڵبژاردن و حەز و خولیاکانی بەرامبەربگرن، مرۆڤی شارستانی هەرگیز، لە ژێر هیچ ناوێک و بە هیچ پاساوێک، ئەو مافە بەخۆی نادات دەست لە ژیانی تایبەتی بەرامبەر وەربدات و بچێتە ناو سنووری مەملەکەتی هیچ کەسێکەوە و قسە لە سەر ژیانی خەڵک بکات.

ئەزیزم دەبێت بزانیت تۆ ئەو مافەت نییە هەرگیز، بڕیار لە سەر ژیانی خەڵکی بدەیت و بە خەڵک بڵێیت وا بکە و بۆ وا دەکەیت و بۆ واناکەیت و دەبێت وا بکەیت.




گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەند و نووسەر هەندرێن خۆشناو… دیمانە: کهمەران حاجی ئەلیاس

هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر هندرێن خۆشناو: له‌ ساڵانی سیه‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ ته‌نیا له‌ عێراق نزیكه‌ی سی گۆڤاری گاڵته‌جاڕی كاریكاتێری به‌ زمانی عه‌ره‌بی هه‌بووه‌
هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر هه‌ندرێن خۆشناویه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كوردستان كه‌ جێ په‌نجه‌یان له‌ نێو گۆڕه‌پانی هونه‌ری كوردستان و عێراق به‌ تایبه‌تی له‌ بواری هونه‌ری كاریكاتێر دیاره‌،یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ هه‌رده‌م له‌ چالاكی هونه‌ر به‌رده‌وامی هه‌یه‌، چه‌ندین پیشانگای تایبه‌تی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق و نێوده‌وڵه‌تی كردوه‌ ،به‌شداری چه‌ندین پیشانگای هاوبه‌ش كردوه‌ ،له‌ هه‌مان كاتدا خۆشناو له‌ بواری نووسینش خاوه‌ن خامه‌یه‌كی جوان و به‌پێزه‌ یه‌كه‌مین نووسینیشی له‌ساڵی 1982 له‌رۆژنامه‌یه‌كی عێراقی بڵاوكردۆته‌وه‌ ،له‌ چه‌ندین گۆڤار سه‌رنووسه‌ر ،یان له‌ ده‌سته‌ی نووسه‌ران بووه‌ ، بۆ زیاتر ئاشنا بوون به‌ كارو چالاكییه‌كانی به‌ چه‌ند پرسیارێك به‌سه‌رمان كرده‌وه‌.

دیمانه‌- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

*سه‌ره‌تا ئه‌گه‌ر، كورته‌یه‌ك له‌ ژیانی خۆت و ژیانی هونه‌ری خۆت بۆ خوێنه‌ره‌مان باس بكه‌یت.

  • من له‌دایكبووی گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه‌ی شاری هه‌ولێرم, قۆناغه‌كانی خوێندنیشم هه‌ر هه‌مووی له‌م شاره‌دا ته‌واوكردووه‌, له‌ خێزانێكی مام ناوه‌ندی په‌روه‌رده‌كراوم, هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ له‌ هاویندا كارم كردووه‌ و له‌ زستانیشدا چوومه‌ته‌ قوتابخانه‌, قۆناغه‌كانی خوێندنیشم به‌ سه‌ركه‌وتوویی بڕیوه‌, خێزاندارم و دوو كوڕ و كچێكیشمان هه‌یه‌, له‌ منداڵیه‌وه‌ ئاره‌زوو و به‌هره‌ی هونه‌رییم هه‌بووه‌, و هه‌ر له‌ قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ مامۆستاكان هه‌ستیان پێكردبوو, له‌ ساڵی 1977 وه‌كو ژه‌نیاری ئۆكۆردیۆن بوومه‌ ئه‌ندام له‌ یه‌كه‌مین تیپی مۆسیقای منداڵانی هه‌ولێر, و هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵیشدا به‌شداریم له‌ پێشانگا شێوه‌كارییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كان ده‌كرد, له‌ بواری نووسینیشدا یه‌كه‌م وتاری خۆم به‌ زمانی عه‌ره‌بی له‌ رۆژنامه‌ی (الراصد)ی عێراقی له‌ ساڵی 1982 بڵاوكرده‌وه‌, له‌ بواری مۆسیقادا تا قۆناغی ئاماده‌یی به‌رده‌وام بووم, به‌ڵام له‌ شێوه‌كاریدا به‌رده‌وام بووم و له‌ ساڵی 1986 یه‌كه‌مین پێشانگای تایبه‌تی شێوه‌كاری و كاریكاتێری خۆم هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵدا كرده‌وه‌ له‌ هه‌ولێر, تا ئێستاش به‌رده‌وامم, به‌تایبه‌تی له‌ بواری كاریكاتێر و كارتۆندا, له‌ دوای راپه‌ڕینی 1991 ه‌وه‌ش به‌رده‌وام كاریكاتێر و كارتۆن و مۆتیف و فۆتۆ و نووسین و وه‌رگێڕانم له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا بڵاوكردۆته‌وه‌, له‌ 1998 بوومه‌ نووسه‌ر و كاریكاتێریست له‌ گۆڤاری (مه‌لامه‌شهور)ی كاریكاتێریی به‌رده‌وام بووم تا داخستنی له‌ 2003, ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری گۆڤاری (گه‌پ)یش بووم له‌ 2004, و ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینیش بووم له‌ گۆڤاری (ته‌نزوێنه‌) له‌ 2006ه‌وه‌، هه‌روا ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر و جێگری سه‌رۆكی رێكخراوی (خانی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی هزری)م.

*هونه‌ری كاریكاتێر چیه‌, و مێژووه‌كه‌ی بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

  • ده‌توانین مێژووی هونه‌ری كاریكاتێر بكه‌ین به‌ دوو به‌شه‌وه‌, مێژووی ئه‌م هونه‌ره‌ له‌ سه‌رده‌مه‌ كۆنه‌كاندا و له‌ سه‌رده‌می نوێشدا. له‌ سه‌رده‌مه‌ كۆنه‌كاندا شاره‌زایان ده‌ڵێن ئه‌و وێنانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر دیواری ئه‌شكه‌وته‌كاندا كێشراون وێنه‌ی كاریكاتێرین, چونكه‌ پێوه‌ره‌كانی نیگاركێشانی ئاسایی تێدا به‌كارنه‌هاتووه‌, به‌ڵكو كاریكاتێریانه‌ كێشراون, دوای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش ده‌توانین ئه‌و نیگارانه‌ی كه‌ كێشراون بۆ گاڵته‌جاڕی و ره‌خنه‌گرتن له‌ ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسه‌ زۆرداره‌كان له‌ سه‌رده‌می فیرعه‌ونیه‌كاندا له‌ وڵاتی قیبتدا (میسر) به‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی هونه‌ری كاریكاتێر بژمێرین له‌ مێژوودا، بۆ نمونه‌ وێنه‌ی ئاژه‌ڵه‌كان به‌كارده‌هێنران بۆ ئاماژه‌كرن بۆ بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار و به‌رپرسه‌ نه‌زان و نه‌ویستراوه‌كان له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌. و وێنه‌ی مشكێكیان ده‌كرد و سواری گالیسكه‌یه‌كی شاهانه‌ بووه‌ و دوو سه‌گ گالیسكه‌كه‌یان راده‌كێشا. بۆ ئاماژه‌كردن بۆ بچوكی و كه‌می ده‌سه‌ڵاتداران و داروده‌سته‌كه‌یان. هه‌روه‌ها به‌ده‌رخستنی كه‌موكوڕیی ئیداره‌ و كۆمه‌ڵگه‌، و وێنه‌ی ئه‌سپێكی ده‌ریاییان ده‌كرد له‌سه‌ر دارێكی به‌رز پاڵكشاوه‌ و هه‌ڵۆیه‌كیش به‌ پێبلیكان هه‌وڵده‌دات بگاته‌ لای ئه‌سپه‌ ده‌ریاییه‌كه‌!، بۆ ئاماژه‌كردن به‌ دانیشتنی پیاوی نه‌شیاو له‌ جێگه‌ی شیاودا، و سه‌راوژێریی پێوه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، به‌هۆی ئه‌و وێنه‌ كاریكاتێریانه‌ ره‌خنه‌ی توندیان له‌ رژێم و ده‌سه‌ڵات ده‌گرت، و وێنه‌ی رێویه‌كیان ده‌كرد شوانیی بۆ مێگه‌ڵه‌ مه‌ڕێك ده‌كات، و وێنه‌ی گورگێكیان ده‌كرد شوانیی بۆ كۆمه‌ڵێ قاز و مراوی ده‌كات!.
    له‌ یۆنانی كۆنیشدا سه‌ره‌تاكانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م هونه‌ره‌ هه‌بووه‌، هونه‌رمه‌ندێك هه‌بوو به‌ ناوی (بۆستن)، ئه‌رستۆ و ئه‌رستۆفانیس به‌وه‌ له‌ نووسینه‌كانیاندا وه‌سفیان كردووه‌، كه‌ پیاوێكه‌ وێنه‌ی گاڵته‌جاڕیی و ره‌خنه‌یی ده‌كێشا به‌ تایبه‌تی بۆ پیاوانی حوكم و ده‌سه‌ڵات، هه‌تا به‌ هۆی ئه‌و وێنانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن داروده‌سته‌ی پیاوانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ تیرۆركرا له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌وه‌، و له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م كرده‌وه‌ی تیرۆریستی بێ له‌ جیهاندا، له‌ دژی هونه‌رمه‌ندێكی كاریكاتێریی ئه‌نجامدرابێ.
    مێژووی هونه‌ری كاریكاتێریی له‌سه‌رده‌می نوێشدا, له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مدا ئه‌م هونه‌ره‌ له‌ هۆڵه‌ندا بڵاوبۆوه‌، و له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا له‌ ئینگڵته‌را بڵاوبۆوه‌، به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر ده‌ستی هونه‌رمه‌ند (جۆرج تۆتسهێند) كه‌ زیره‌كانه‌ ئه‌م هونه‌ره‌ی به‌كارهێنا بۆ ره‌خنه‌ی سیاسی، و دوای ئه‌ویش (ولیه‌م هۆگارت) هاته‌ مه‌یدانه‌وه‌، كه‌ به‌هۆی تابلۆ كاریكاتێریه‌كانیه‌وه‌ ده‌ربڕی سه‌رده‌مێكی مێژووی ئینگلیزی بوو، كار و به‌رهه‌مه‌كانیشی بوونه‌ هۆی سه‌ره‌تایه‌ك بۆ سه‌رهه‌ڵدانی قوتابخانه‌یه‌كی هونه‌ریی كاریكاتێریی له‌سه‌ر ده‌ستی هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌كان (تۆماس رۆڵاندسۆن) و (جه‌یمس گیلاری)، كه‌ تابلۆ كاریكاتێریه‌كانیان هه‌روه‌ك چه‌كێك بوو دژی گه‌نده‌ڵكارانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، و نیگاره‌كانیشیان به‌ ره‌نگی ره‌ش و سپی له‌ چاپده‌دا، و دواییش به‌ده‌ست ره‌نگیان ده‌كرد (چونكه‌ چاپی ره‌نگیان نه‌بوو), كاره‌ هونه‌ره‌كانیان سه‌نگ و به‌هایه‌كی سیاسیانه‌ی به‌رچاوی هه‌بوو له‌و ئانوساته‌دا.
    له‌ ئیتاڵیاش (جیروم بوش) له‌ بواری كاریكاتێریی ناوێكی دیار بوو، كه‌ چه‌ندین وێنه‌ی ته‌نزاوی ده‌كێشا, كه‌ ره‌خنه‌یان له‌ كڵێسا ده‌گرت, و له‌دوای ئه‌ویش (یه‌نبال كاراچی) په‌یدابوو، به‌ڵام زۆرێك له‌ مێژوونووسان (لیۆناردۆ داڤینشی) به‌ باوكی هونه‌ری كاریكاتێریی ناوده‌به‌ن له‌ ئیتاڵیادا.
    له‌ فه‌ره‌نساش له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه‌، ئه‌م هونه‌ره‌ پێشكه‌وتنێكی گرنگی به‌خۆیه‌وه‌ بینی له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی كاریكاتێریی و له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌مووشیانه‌وه‌ (چارل نیلیپۆن) كه‌ گۆڤارێكی كاریكاتێریی ده‌ركرد، وله‌ دواییش رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه‌ به‌ ناوی (شیڤاردێ) له‌ ساڵی 1830دا، ئه‌و گۆڤار و رۆژنامه‌ كاریكاتێریانه‌ هه‌موویان ره‌خنه‌گربوون هه‌وڵیان ده‌دا بۆ چاكسازی سیاسی و چاكردنی باری بژێوی خه‌ڵك، و وێَنه‌ كاریكاتێریه‌كانی هونه‌رمه‌ند (ئه‌ندرێ دۆمێ) كه‌ له‌و رۆژنامه‌ و گۆڤارانه‌ بڵاوده‌كرانه‌وه‌، و وێنه‌كانی به‌ قوڵیی مانا و بزێویه‌وه‌ ده‌ناسران، ئه‌و وێنه‌ كاریكاتێریانه‌ش رۆڵ و كاریگه‌ریه‌كی به‌رچاویان هه‌بوو له‌ رۆشنكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی و بزواندنی رای گشتی، به‌هۆی ئه‌و كاریكاتێرانه‌وه‌ش (ئه‌ندرێ دۆمێ) له‌ سه‌رده‌می پادشا (لویس فیلیب) خرایه‌ زیندانه‌وه‌، چونكه‌ تابلۆ كاریكاتێریه‌كانی ره‌خنه‌ و گاڵته‌جاڕیان به‌ چینی ئوروستوكراتی و خودی پادشاش ده‌كرد. (ئه‌ندرێ دۆمێ) به‌ یه‌كه‌م كاریكاتێریست ده‌ژمێردرێ كه‌ هونه‌ری كاریكاتێریی وه‌كو رێكلامێكی سه‌ربه‌خۆ به‌كارهێنابێت.
    له‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جارانیش ئه‌م هونه‌ره‌ له‌سه‌ر ده‌ستی هونه‌رمه‌ندان (بینێ سترۆپ) و (لۆرسی ئیڤیمۆڤ) سه‌ریهه‌ڵدا، و تابلۆ كاریكاتێریه‌كانیان رۆڵێكی گرنگی هه‌بوو له‌ هاندان و وروژاندنی هه‌ستی خه‌ڵكی هه‌ژار و سته‌مدیده‌ به‌ تایبه‌تی له‌ دوای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر و شه‌ڕی دووه‌می جیهانیدا.
    له‌ ئه‌مریكاش ئه‌م هونه‌ره‌ پێشكه‌وتنێكی گرنگی به‌خۆیه‌وه‌ بینی به‌هۆی زۆریی رۆژنامه‌ و گۆڤار و په‌رتووكی كاریكاتێریی، و به‌تایبه‌تی له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌، و هونه‌رمه‌ند (جۆرج كاپرۆت) كه‌ به‌ڕچه‌ڵه‌ك ئه‌ڵمانیه‌ به‌ ناودارترین كاریكاتێریسته‌كانی ئه‌وكات ده‌ژمێردرێ.

*چۆن ده‌ڕوانیته‌ هونه‌ری كاریكاتێر له‌ كوردستاندا، و هۆیه‌كانی پاشه‌گه‌ردانی كاریكاتێرچین؟

  • كاتێك كه‌ ئه‌گه‌ر بزانین له‌ ساڵانی سیه‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ ته‌نیا له‌ عێراق نزیكه‌ی سی گۆڤاری گاڵته‌جاڕی كاریكاتێری به‌ زمانی عه‌ره‌بی هه‌بووه‌ وه‌كو (بالك، بلبل، دومبلا، جحا الرومی، الهزل، حبزبوز، البهلول، الفكاهه‌…). له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی كوردی (كوردستان) له‌ 1898 پێش 124 ساڵ ده‌رچووه‌ (به‌داخه‌وه‌ به‌بێ وێنه‌ بووه‌), و گۆڤاری (رۆناهی – Ronahi) كه‌ له‌ ساڵی 1942 له‌ شام ده‌رچووه‌, یه‌كه‌مین گۆڤاری كوردی بووه‌ كه‌ كاریكاتێری بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ تا دوای راپه‌ڕینی 1991 یه‌ك گۆڤاری كاریكاتێریی ره‌خنه‌ییمان نه‌بووه‌, له‌ ساڵی 1997ه‌وه‌ هه‌ردوو گۆڤاری كاریكاتێریی (سیخورمه‌ له‌ سلێمانی و مه‌لامه‌شهور له‌ هه‌ولێر) ده‌رچوون, به‌دوای ئه‌وانیشه‌وه‌ گۆڤاره‌كانی (ده‌هۆڵ تایمز, گه‌پ, ته‌نزوێنه‌) ده‌رچوون, ئێستا هه‌موویان داخراون. ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت راگه‌یاندن به‌گشتی و رۆژنامه‌وانی كوردی به‌ تایبه‌تی زۆر كه‌مته‌رخه‌مه‌ و بێبایه‌خانه‌ سه‌یری هونه‌ری كاریكاتێر ده‌كه‌ن, له‌وانه‌یه‌ هۆی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ راگه‌یاندن له‌ باشوری كوردستاندا راگه‌یاندنێكی حزبییه‌, و زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ راگه‌یاندنه‌كان كارده‌كه‌ن كادیری حزبین، نه‌ك كادیری پیشه‌گه‌ر, هۆی دیكه‌ش هه‌ن كه‌ هونه‌ری كاریكاتیر له‌ كوردستاندا له‌ ئاستی ئاوات و پێویست نیه‌، له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ هۆیه‌ سیاسیه‌كان بن, ئاشكرایه‌ به‌ نه‌بوونی ئازادی كه‌ به‌ كۆڵه‌گه‌ی پێشكه‌وتنی هونه‌ری كاریكاتێری داده‌نرێ (چونكه‌ كاریكاتێر هونه‌رێكی ره‌خنه‌گره‌) كاریكاتێر پێش ناكه‌وێ. دیاریشه‌ كه‌ كاریكاتێر به‌بێ رۆژنامه‌گه‌ریی مه‌ودای بڵاوكردنه‌وه‌ی زۆر به‌رته‌سك ده‌بێته‌وه‌، بڵاوكردنه‌وه‌ و كه‌وتنه‌به‌رچاوی خوێنه‌ران هانده‌رێكی سه‌ره‌كین بۆ پێشكه‌وتنی كاریكاتێر، هۆیه‌كی تر سه‌ختی باری ژیان له‌ كوردستان به‌ گشتی، بۆنمونه‌ كه‌س له‌ ئێمه‌ ناتوانێ ته‌نها به‌ كاری كاریكاتێریستی بژێوی خۆی و خێزانه‌كه‌ی دابین بكات، و به‌ته‌نها خه‌ریكی ئه‌و هونه‌ره‌ بێ و به‌رده‌وام خه‌مخۆری به‌ره‌وپێشبردنی هونه‌ره‌كه‌ی بێ، بۆیه‌ ده‌بێ كارێكی تر بكات بۆئه‌وه‌ی بژێوی خێزانه‌كه‌ی دابین بكات، ئه‌مه‌ش به‌دڵنیاییه‌وه‌ كارێكی زۆر نیگه‌تیڤی هه‌یه‌ له‌سه‌ر پێشكه‌وتنی هونه‌ری كاریكاتێر، و په‌یداكردنی بژێوی ژیان كاتێكی زۆر له‌ هونه‌رمه‌ند ده‌كوژێ، و ماوه‌یه‌كی كه‌می بۆ ده‌هێڵێته‌وه‌ و ئه‌ویش پڕه‌ له‌ ماندووبون و ئه‌ندێشه‌ و ئازاری مێشك، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ كاریكاتێریستی پرۆفیشناڵمان نه‌بێ كه‌ هه‌موو كاتی خۆی بۆ ئه‌و هونه‌ره‌ ته‌رخان بكات، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ بواری هونه‌ری كاریكاتێر كارده‌كه‌ن له‌كوردستاندا (ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ش ده‌ژین) كارێكی دیكه‌ ده‌كه‌ن بێجگه‌ له‌ هونه‌ر و كاریكاتێر، و نه‌بوونی فێستیڤاڵی ساڵانه‌ و بۆنه‌ی تایبه‌ت و پێشبڕكێ بۆ هونه‌رمه‌ندانی كاریكاتێر، هه‌روه‌ها هاوكاری نه‌كردنی كاریكاتێریستان بۆ سه‌فه‌ركردن و به‌شداریكردن له‌ خولی هونه‌ری كاریكاتێریی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ بره‌ودان به‌ توانای خۆیان و هونه‌ره‌كه‌یان و سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی گه‌لانی پێشكه‌وتوو، و هاننه‌دان و رێزنه‌گرتنی مادی و مه‌عنه‌وی رۆژنامه‌كان بۆ كاریكاتێریستان هۆیه‌كی تره‌، بۆ نمونه‌ له‌ ئه‌زموونی خۆم له‌م بواره‌دا، زۆرێك له‌ رۆژنامه‌كانی خۆمان، كاتێك كاریكاتێرێكیان بۆ بڵاوده‌كردیه‌وه‌، بۆ خه‌رجكردنی پاداشته‌كه‌ی، یان ده‌یانگوت پاره‌ و نه‌سریه‌مان نیه‌، یان پاداشتێكی وایان بۆ خه‌رجده‌كردی، كه‌ به‌شی خه‌رجی هاتوچۆی بردنی كاریكاتێره‌كه‌ بۆ باره‌گای رۆژنامه‌كه‌ی نه‌ده‌كرد!!

*له‌باره‌ی مێژووی كاریكاتێر و بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا چی ده‌ڵێیت؟

  • كاتێك كه‌ ئه‌گه‌ر بزانین له‌ ساڵانی سیه‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ ته‌نیا له‌ عێراق نزیكه‌ی سی گۆڤاری گاڵته‌جاڕی كاریكاتێری به‌ زمانی عه‌ره‌بی هه‌بووه‌ وه‌كو (بالك، بلبل، دومبلا، جحا الرومی، الهزل، حبزبوز، البهلول، الفكاهه‌…). له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی كوردی (كوردستان) له‌ 1898 پێش 124 ساڵ ده‌رچووه‌ (به‌داخه‌وه‌ به‌بێ وێنه‌ بووه‌), و گۆڤاری (رۆناهی – Ronahi) كه‌ له‌ ساڵی 1942 له‌ شام ده‌رچووه‌, یه‌كه‌مین گۆڤاری كوردی بووه‌ كه‌ كاریكاتێری بڵاوكردۆته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ كاریكاتێره‌كه‌ بیانی بووه‌، ده‌ڵێن له‌ سلێمانی له‌ ساڵی 1927 هونه‌رمه‌ند مه‌حمود شه‌وقی باوكی ئازاد شه‌وقی كاریكاتێر و نیگاری كێشاوه‌، به‌ڵام له‌ هیچ رۆژنامه‌ و گۆڤارێك بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌ و بۆیه‌ به‌ده‌ست نه‌كه‌وتوون، هه‌روه‌ها شه‌مسه‌دین عه‌بدولقادر ناسراو به‌ (حه‌سه‌ن فه‌لاح) (1910 سلێمانی – 1976 به‌غدا) كه‌ به‌یه‌كێك له‌ یه‌كه‌مین هونه‌رمه‌نده‌ شێوه‌كاره‌كانی كوردستانی عیراق ده‌ژمێردرێ، له‌ ساڵی 1941 له‌ به‌غدا له‌ گۆڤاری كاریكاتێری (حبزبوز) كاریكردووه‌، كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی ده‌رده‌چوو (و به‌رپرسی گۆڤاره‌كه‌ش نوری سابت بوو عاره‌ب بووه‌، به‌ڵام له‌ سلێمانی له‌ دایكبووه‌) و به‌ كاریكاتێر وێنه‌ی (عه‌بدول ئیلاهی وه‌سی) و (نوری سه‌عیدی سه‌رۆك وه‌زیران) كێشاوه‌. هه‌روه‌ها له‌ گۆڤاری كاریكاتێری (الكشكول) وێنه‌ی كاریكاتێری هیتله‌ر و نوری سه‌عیدی كێشاوه‌.
    هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر سینو تووڤی (1927 بامه‌ڕنی – 1994 به‌غدا) كه‌ خه‌ڵكی گوندی توڤیه‌ له‌ كوردستانی توركیاوه‌ هاتونه‌ته‌ كوردستانی عیراق، یه‌كێك بووه‌ له‌ یه‌كه‌مین ئه‌و نیگاركێشانه‌ی كه‌ كاریكاتێریان دروستكردووه‌ و بڵاوكردۆته‌وه‌. ئیدی دوای ئه‌وانیش به‌ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌ره‌تای حه‌فتاكانه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی رۆژنامه‌ و گۆڤاری كوردی له‌ عیراق، وه‌كو (هاوكاری) و (به‌یان) و (ره‌نگین) و (ته‌ندروستی) كاریكاتێریان بڵاوده‌كرده‌وه‌، كه‌ زۆربه‌یان كاریكاتێری ساده‌ و لاواز بوون، له‌ رووی هونه‌ری ته‌كنیك و داڕشتنی بابه‌ت و هێلكاریه‌وه‌، بێجگه‌ له‌ كاریكاتێره‌كانی مامۆستایان محه‌مه‌د ساڵه‌یی و دارا محه‌مه‌د عه‌لی و عه‌لی مه‌نده‌لاوی، دوای راپه‌ڕین 1991 ش له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی ژماره‌یه‌كی زیاد له‌ پێویست له‌ رۆژنامه‌ و بڵاوكراوه‌، چه‌ند گۆڤاری تایبه‌ت به‌ كاریكاتێر ده‌رچوون, له‌ ساڵی 1997ه‌وه‌ هه‌ردوو گۆڤاری كاریكاتێریی (سیخورمه‌ له‌ سلێمانی و مه‌لامه‌شهور له‌ هه‌ولێر) ده‌رچوون, به‌دوای ئه‌وانیشه‌وه‌ گۆڤاره‌كانی (ده‌هۆڵ تایمز, گه‌پ, ته‌نزوێنه‌) ده‌رچوون, ئێستا هه‌موویان داخراون. ئه‌م گۆڤارانه‌ بوونه‌ هانده‌رێك بۆ هونه‌رمه‌ندان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی كاریكاتێره‌كانیان، نه‌وه‌یه‌كی نوێ له‌ هونه‌رمه‌ندانی كاریكاتێر هاتنه‌ مه‌یدانه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌توانین قۆناغی دوای راپه‌ڕین به‌ قۆناغی سه‌رهه‌ڵدانی هونه‌ری كاریكاتێری كوردی له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین، چونكه‌ له‌ قۆناغی هه‌وڵدانی تاكه‌ كه‌سی ده‌رچوو، و چۆته‌ قۆناغی كاری ده‌سته‌جه‌معی و ده‌رچوونی گۆڤاری تایبه‌ت به‌ كاریكاتێر كه‌ هه‌نگاوێكی نوێ بوو، پێشتر نه‌كراوه‌ و بیری لێنه‌كراوه‌ته‌وه‌، ده‌كرێ هه‌ردوو گۆڤاری (سیخورمه‌) و (مه‌لامه‌شهور) به‌ پێشه‌نگی ئه‌و بواره‌ دابنێین.

*چ جیاوازییه‌ك هه‌یه‌ له‌ نێوان كاریكاتێر و پۆرترێتدا؟

  • به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هونه‌ری پورترێت بریتیه‌ له‌ وێناكردنی كه‌سایه‌تیه‌ك له‌ ڕوانگه‌ و دیدگای هونه‌رمه‌نده‌كه‌وه‌, له‌ رێی پێشكه‌شكردنی روخسار و ده‌موچاوی ئه‌و كه‌سه‌وه‌, جا چ تابلۆ بێت یان وێنه‌یه‌كی فۆتۆگرافی یان په‌یكه‌رسازیی یان كاریكاتێریی بێت, ئامانجیش تێیدا وه‌ده‌رخستنی روخساری كه‌سه‌كه‌یه‌ به‌ ده‌ربڕینه‌كانیه‌وه‌, به‌ هه‌ر ستایلێكی هونه‌ری شێوه‌كاری بێت, به‌ڵام له‌ كاریكاتێردا به‌ ستایلێكی تایبه‌ت و جیاواز ده‌كرێت, ئه‌ویش به‌ وه‌ده‌رخستن و زه‌قكردنه‌وه‌ی نیشانه‌ دیاره‌كانی ئه‌و روخساره‌ و به‌ زێده‌ڕۆییه‌وه‌ له‌ كێشانی روخساری ئه‌و ده‌موچاوه‌, به‌ مه‌رجێك ده‌بێت له‌ ئاكامدا له‌ روخساری كه‌سه‌كه‌ بچێت, نه‌ك هه‌ر روخسار شێواندن بێت.
  • به‌ڕێزتان به‌شداریتان كردووه‌ له‌ چه‌ند پێشانگای كاریكاتێریی له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی وڵات, و چه‌ند خه‌ڵاتتان وه‌رگرتووه‌, ئه‌گه‌ر ئاماژه‌یان پێبده‌یت
  • له‌بواری كاریكاتێر له‌ ساڵی 1986 ه‌وه‌ تا ئێستا (5) پێشانگای كاریكاتێریی تایبه‌تم كردۆته‌وه‌, و ئه‌وه‌ی یاداشتم كردبێت و له‌بیریشم مابێت له‌ (22) پێشانگای هاوبه‌ش له‌ ناوه‌وه‌ی كوردستان و عیراقدا به‌شداریم كردووه‌, و له‌ (103) فێستیڤاڵ و پێشانگای هاوبه‌شی كاریكاتێریی جیهانیش له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌شداریم كردووه‌, چه‌ندین خه‌ڵاتی شه‌ڕه‌فی و رێزلێنانیشم وه‌رگرتووه‌، به‌مدواییانه‌ش له‌ فێستیڤاڵێك له‌ كرواتیا خه‌ڵاتی یه‌كه‌مم وه‌رگرت.
  • پێتان وایه‌ ئه‌م هونه‌ره‌ ڕۆڵی خۆی بینیوه‌ له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ كۆمه‌ڵگا؟
  • له‌به‌رئه‌وه‌ی هونه‌ری كاریكاتێر هونه‌ری رۆح سوك و خۆشه‌ویسته‌ لای خه‌ڵكه‌وه‌، له‌ كۆمه‌ڵگاكانی ده‌ره‌وه‌ به‌تایبه‌تی دیموكرات و پێشكه‌وتووان، به‌ڵێ رۆڵی خۆی بینیوه‌، تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ به‌رپرسان له‌ كاریكاتێر ده‌ترسن، به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵگای خۆمانه‌وه‌، كاریكاتێر رۆڵی بینیوه‌، به‌ڵام به‌ راده‌یه‌كی كه‌متر، له‌به‌ر چه‌ندین هۆ كه‌ پێشتر باسمان كرد، ئێستا ئه‌و مه‌ودایه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌م كاریكاتێریستان و كارتۆنیستان ماوه‌، لاپه‌ڕه‌كانی ئینته‌رنێته‌.

*كاریكاتێریستان تا چه‌ند توانیویانه‌ له‌ رێگای هونه‌ری كاریكاتێر ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و بواره‌كانی تری ژیان بگرن؟

  • هونه‌ری كارتۆن به‌ تایبه‌تی كارتۆنی سیاسی، هونه‌رێكی ره‌خنه‌گره‌، و جه‌ماوه‌رێكی به‌رفراوانیشی هه‌یه‌، له‌ سه‌رتانسه‌ری جیهاندا، كارتۆنی سیاسی هونه‌ری پێداهه‌ڵگوتن نیه‌، به‌ڵكو ره‌خنه‌ له‌ كه‌سایه‌تی نه‌رێنی و دیارده‌ دزێوه‌كان ده‌گرێت، به‌هیوای بنبڕكردنیان و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا، له‌ كۆمه‌ڵگای خۆشمان، له‌به‌ر كه‌می ژماره‌ی هونه‌رمه‌ندانی ئه‌م هونه‌ره‌ و نه‌بوونی مه‌ودای بڵاوكردنه‌وه‌ی كاره‌كانیان، ئه‌و مه‌ودا و بواره‌ كه‌مبۆته‌وه‌ به‌رته‌سكه‌، به‌ڵام به‌و ژماره‌ كه‌مه‌شیانه‌وه‌ و به‌ هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی خۆیانه‌وه‌، توانیویانه‌ تا راده‌یه‌كی باش رۆڵی خۆیان ببینن، و ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆیان به‌جێبه‌گه‌یه‌نن.

*ئاماده‌بوون و پێشوازی جه‌ماوه‌ر له‌ پێشانگاكان چۆن ده‌بینی؟

  • ئاماده‌بوون و پێشوازی جه‌ماوه‌ر نه‌ك له‌ بواری كاریكاتێر و كارتۆن، به‌ڵكو له‌ هه‌موو بواره‌كانی هونه‌ره‌وه‌، شانۆ و سینه‌ما و شێوه‌كاری، له‌ ئاستی خواست و ماندووبوون نیه‌، و وه‌كو پێویست نیه‌، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم زۆر كه‌مه‌، ئه‌میش چه‌ندین هۆ و هۆكاری گشتی و تایبه‌تی هه‌یه‌.

*رۆژنامه‌وانی كاریكاتێریست له‌گه‌ڵ كاریكاتێریستێكی ئاسایی جیاوازیان هه‌یه‌؟

  • كاریكاتێریستی ئاسایی، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌یه‌، كه‌ كاری خۆی ده‌كات، و هه‌ر كه‌ مه‌ودای هه‌بوو، كاره‌كانی له‌ ئه‌لبومێك یان پێشانگایه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام كاریكاتێریستی رۆژنامه‌وان، ئه‌و هونه‌رمه‌ند و رۆژنامه‌وانه‌یه‌، كه‌ به‌رده‌وام له‌ خه‌می بڵاوكردنه‌وه‌ی كاره‌كانیدایه‌ له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤار و بڵاكراوه‌كاندا، به‌تایبه‌تی ئه‌و كارانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ رووداوی سه‌رده‌م و رۆژانه‌ و ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌.

*به‌ڕێزتان له‌ بواری نووسینیشدا جێپه‌نچه‌تان دیاره‌, ئایا ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هاوكارتان له‌ هونه‌ری كاریكاتێردا؟

  • به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی نه‌خێر هاوكارم نین له‌ كاریكاتێر، چونكه‌ نووسینیش كات و ماندووبوونی خۆی ده‌وێت، كه‌ ئه‌میش له‌ كاتی هونه‌ری كاریكاتێر و كارتۆن ده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌و نووسینانه‌ی كه‌ تایبه‌تن به‌ بواری كاریكاتێر، زیاتر بۆ ناسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆشنبیرییه‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵگادا، سه‌باره‌ت به‌ هونه‌ری كاریكاتێر به‌ هه‌موو جۆر و شێوازه‌كانیه‌وه‌، كه‌ ئه‌میش ده‌بێته‌ هۆی به‌ره‌وپێشبردنی هونه‌ری كاریكاتێر به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ كوردستاندا.

*په‌یوه‌ندی نێوان تۆ و هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ (ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی) چیه‌, له‌ كاتێكدا ئه‌و گه‌ردی و تۆش خۆشناویت؟

  • .هونه‌رمه‌ند ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی یادی به‌خێربێت باپیره‌مه‌, باوكی دایكمه‌ و من كچه‌زای ئه‌وم, من دایكم گه‌ردییه‌ و باوكیشم خۆشناوه‌

*زۆر سوپاس بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی به‌ئێمه‌ت دا هیوای سه‌ركه‌وتنی به‌رده‌وامت بۆ ده‌خوازم.

-ئێمه‌ش ده‌ستان ده‌گوشین بۆ ئه‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌.




کورد و ناتۆ NATO… ئیدریس مستەفا

تورکیا دەڵێ چەند داواکاریەکم هەیە تاکو رازی بم بەوەی ئەندامێتی فینلەند و سوید قبوڵ لە هاوپەیمانی ناتۆدا. هەموان لە هەوالەکان گوێمان لێ بووە کە کورد/ پ ک ک یەکێکە لەو بابەتانە بەڵام با کەمێک زیاتر رۆبچینە نێو بابەتەکەوە و بزانین دەگەین بە چی.
کورد داوایەکی سەرەکی نیە بۆ تورکیا بەڵکو بیانویەکە و هیچی تر، گەر مەسەلەکە تیرۆر و نەیار و هەڕەشەی کەسان و رێکخراوی نەیاری تورکیای ئەردۆغان بێ خۆ ئەمریکا مامۆستاکەی ئەردۆغانی لە لایە و پشتیوانیەکی مادی و سیاسی و پارێزگاریشی لێ دەکات و فشەی بە قسەکانی تورکیا دێت کە جار ناجارێ دەڵێ فەتحوڵڵا گولەنم رادەست بکەنەوە. دیارە بیانوو بۆخۆی کەم نیە بەڵام داواکاری سەرەکی لە ژێر ناوی بڕووبیانوودا شت هەڵدەگرێ.
تورکیا باش دەزانێ داڵدەدانی کەسێتی ئەندامانی پ ک ک لەو دوورە ولاتەوە ناتوانێ شتێکی ئەوتۆ بخاتە سەر خەرمانی خەباتی کوردان لە ناوەوەی باکور، چونکێ خودی وڵاتانی ئەوروپی پ ک ک بە تیرۆرست لە قەلەم دەدەن و ناشهێڵن هیچ جالاکیەکی ئەوتۆیان هەبێ کە مۆرکی سیاسی وەهای پێوەدیار بێت تا تورکیا بخاتە ژێر مەنگەنەوە.
فینلەندا و سوید، لە لایەکی ترەوە، دوو دڵی لەوە ناکەن کە هەرچی (پ ک ک)یان لە لا هەیە رادەستی تورکیایان بکەنەوە گەر بێتو ئەوان گرفتی سەرەکی بن. تورکیا دەزانێ ئەمریکا جەندە بە تاسوقەوەیە لەم کاتەدا هەر ولاتێک ببێت بە ئەندام لە ناتۆدا، بە تایبەت ولاتانی سەر دەریای بەڵتیک، بۆیە تورکیا ئاستی داواکاریەکانی بەرز دەگرێ. تورکیا داواکاری گەورەتری لە ناتۆ هەیە و مەسەلەی پ ک ک لە پەراوێزی ئەو داواکاریانەدایە دیارە ئەو پەراویزە زۆر خەتەرە بۆ سەر پ ک ک و لەوانەشە بە ئەرێنی بەسەر مەسەلەی کوردا بشکێتەوە. ئەم خالە بۆ دوایی هەڵدەگرم و ئیستا داواکاریە سەرەکیەکانی تورکیا ئاماژە پیدەدەم:
یەکەم؛ رازی بوونی ئەمریکا بە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی F35ی ئەمریکی پێی. دواتر بێ دەنگی کردن لە کڕینی جەکی گەورەی روسی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400. دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەم چەکە بە پارە دەست بەسەرداگیراوەکانی خەڵکی هەرێم لە بانکەکانی تورکیا کڕدرابێ کە نرخەکەی خۆی لە نیو ملیار دۆلار دەدات.
دووەم: داوای لادانی گەمارۆ ئابوری و سەربازیەکانی ئەمریکا و ئەوروپا کە لە سێ و چوار سالی رابردووەوە لەسەر چەند کۆمپانیا و بانکی تورکیدا دانراون بەهۆی شکاندنی ئەو گەمارۆیەی لەسەر ئێران دایاننابوو. لە سەروو ئەم داواکریەوە، داوای لابردنی گەمارۆی جەک فرۆشتن دەکات بەتایبەت لە لایەن سویدەوە. پێ نەفرۆشتنی کۆمەڵی چەک و تەقەمەنی دیاریکراو بە تورکیا لە لایەن ولاتانی ئەوروپاوە لە ژیر ناوی “پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ” لەو وڵاتەدا چەند ساڵێکە چالاکە.
سێیەم: بە شەریکردنێکی سەرەکی تورکیا لە مەسەلەی دەرهێنای گاز و نەوت لە ناو دەریای ناوەراستدا کە ئەوروپا و ئەمریکا تا ئیستا رازی نین بە شەریکە بەش گەورەی تورکیا تێیدا.
سێیەم: دووبارە خستنە لیستی تورکیا بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادا. ئەم خالە یەکیک دەبێ لە ئەستەمەکان بەڵام لەوانەیە ئەمریکا و ئەوروپا بڵێن باشە بیرێکی لێ دەکەینەوە.
چوارەم: مەسەلەی قوبرس. داوکاردن یاخود هێنانە بەرباسی بەشە داگیرکراوەکەی قوبرس بەوەی دانی پێدابنرێ لە لایەن رۆژئاواوە.
لەگەڵ ئەوەی لە دوا مەنزڵدا تورکیا هەر مل دەدا بە ئەندامێتی بوونی فینلەند و سوید بەڵام تورکیا گەر لایەنی کەمی ئەم داواکارییانەی دەست بکەوێ ئەوا گەلێک خۆشحاڵ دەبێ. دیارە ئاسانترینیان رادەست کردن یاخود قەیدوبەندکردنی زیاتری تەواوی کەسان و ئەندامانی پ ک ک و جوڵەکانیان هەرچەندە، وەک گوتم پێشتر، بە مۆمیا کراون.
کورد لەو نیوەدا..
گەر بێتوو و (پ ک ک)یەکان رادەستی تورکیا بکرێنەوە بەتایبەت لەو دوو وڵاتەدا، جگە لەوەی ئەم هەنگاوە خەتەرە بەڵام کورد و کێشەکەی دەباتە قۆناغێکی ترەوە. خودی ئەوەی کە ئیستا کورد لە باس و خواسەکانی ناتۆدا کاغەزێکی فشارە و بگرە بابەتیشە ئەوا بۆخۆی خاڵێکی ئیجابیە. کورد لە باکور دەتوانن ئەم مەسەلەیە باشتر ببینن گەر بێتوو بە هزرێکی ئارامەوە لێی بڕوانن. ئەو بزووتنەوەی چەکداریەی ئیستا پ ک ک پێوە گیرۆدە بووە سەردەمی بەسەر چووە و شیوازی خەباتکردنی نەتەوەیی لە قۆناغێکی تردایە. دیارە لێرەدا مەبەستم لە سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نیە بە تەنها گوایە مافە نەتەوەییەکان تەنها لەویوە بەدەست دێن بەڵکو مەبەستم لەوەیە کە خەبات بۆ بەدیهاتنی هەر ناسنامەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و چینایەتی، کە خەباتی دیاریکردنی چارەنوسی میللی نەتەوەیەک بەشێکی دانەبراوەیە لە خەباتی چینایەتی، لە ناو خەڵک و ناو شارەکانەوە دەبێ نەک شاخە دوورەکان.




عادل عەزیز: ڕووبەرێکی دەنگیی فراوان:… ئەحمەد رەزا

کاتێ گوێ لە گۆرانییەکی ئەگرین، یان بەیادماندا ئەگوزەرێ و ئەیڵێینەوە، ڕاستەوخۆ هەستتێک ئەمانخرۆشێنێ، هەستکردن بێ بە جۆش یان غەمباریی، وەک ئەوەی چێژ لە دەسکەوتنی یەکێک لە پێداویستیە گرنگە بیۆلۆژییەکان وەرگرین و غەریزەیەکمان تێر ببێت.. ئەو چێژ وەرگرتن و گوێگرتن لە موزیک یان گۆرانییە، لە کۆمەڵە بازنەیەکی دەماری مێشکەوە سەرچاوە ئەگرن، کە لێکۆڵەرە فسیۆلۆژییەکانی مێشک ئەیگێڕنەوە بۆ ئەو بازنە دەمارییانەی مێشک، کە بەشداریی ئەکات لە هەڵسەنگاندن و هاندان و پاداشتی مێشک، بە تێپەڕین بە چەند کەناڵێکدا، ئەمەش واتە ئەو گۆرانیی و میوزیکە ئەو بازنانە چالاک ئەکەن، بە جۆرێک کە مرۆڤ هەست بە خۆشیی بکات، تەواو وەک هەر تێرکردنێکی فسیۆلۆژیی تر.. لە ئێستاشدا کاری سەرەکی پزیشکە ئەنترۆپۆلۆژیی و بیۆلۆژییەکان، گەڕانە بەشوێن سەرچاوەی ئەو کارتێکردن و هاندانەی لەسەر مێشکەو بەهۆیەوە چالاک ئەبێت و دەرەنجامی باشیشیان دەستکەوتووە.
گۆرانیی یان موزیک، ئەو کاریگەرێتیانەی لەسەر هەستی مرۆڤ هەیە.. کەواتە پێش هەر شتێک یەکگرتنەوەیەتی لەگەڵ چەشنی ئەو بابەتەی لەگەڵ هەر کەسێکدا وێک دێتەوە.

مەبەستی سەرەکیی ئێمە لەم باسەدا، زیاتر ستایل و پێکهاتەی گۆرانییە.. بابەتەکەش دروست لەسەر تەواوی گۆرانییەکانی هونەرمەند عادل عەزیزە، کە بۆ ئەم باسە گۆرانیی ” ناڵەی شەوگار” دیاریکراوە، بەڵام باسەکە بە گشتیی، سەرجەم گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندەیە.
لە پێناسە دەروونزانییەکەیدا گۆرانیی و موزیک: ئامرازێکن بۆ گوزارشتکردن لەو هەڵچوونە دەروونییە جیاوازانەی مرۆڤ، کە پیایدا تێپەڕ ئەبێت و جۆرێکن لە جۆرە دەروونییە خۆڕسکەکانی، کە لە هەندێک ورتەی کاردانەوەو ڕستەو دەستەواژە پێکدێت، بۆ گوزارشتکردن لە بیری خۆی.”
گۆرانیی دەرپەڕاندنی دەنگ و ئاخاوتنە بەشێوەیەکی ڕێکخراو.. میوزیک لە گۆرانیدا پابەندە بە هەستە وتراوەکەوە.. واتە میوزیک و دەنگی گۆرانیبێژ، کە هەندێجار جێی میوزیک ئەگرێتەوەو هەم ڕیتم و وتراوەکە، هەموو پێکەوە پابەندن و پێکەوە بەرهەمێک ئەگەیەننە دواپلەو کۆتایی بەرهەمهێنراو.

تایبەتمەندێتییە سەرەکییەکانی گۆرانیی بریتین لە:

  • گرنگترین ڕەگەزی بەربڵاو ” میلۆدی و گونجاندن و کێشەکان و تۆن و مەقام و پەیژە میوزیکیەکان، کە لە زانستی میوزیکی کوردیدا لەبری مەقام”ە.
  • ڕیتم و ئەو چەمکانەی لەگەڵ خۆیدان، وەک خێرایی ڕیتم/تیمپۆو نوارو کرۆش و باڕەکان و وتنی میوزیکی/ النطق الموسیقي.
  • جوڵەی دەنگ: قەراو جەواب.. یان ڕیزبەندییەکەی خۆی، کە دواتر باسی ئەکەین.
  • سیفەتە دەنگییەکانی چنراوە میوزیکیەکە، لە زۆرباردا بە چەشن یان بە ڕەنگی دەنگەکە ئەناسرێتەوە.
    بەڵام ئەوی دەربارەی چینەکانی دەنگی مرۆڤە، بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەش بوون و ئەو پۆلینکردنە ئامرازی گۆرانیبێژو کۆمپۆزەرەکان و شوێن و تەنانەت ئامادەیی وەرگریشە.. بەمجۆرەش دابەش ئەبن:
    دەنگی ژنان:
    1- soprano
    2- mezzo soprano
    3- contralto
    دەنگە پیاوانەکانیش بەسەر چوار جۆردا دابەش ئەبن:
    1- countertenor
    2- tenor
    3- baritone
    4- bass ئەم ڕوونکردنەوانە تایبەتن بە پێرفۆرمانس/ أداء ی گۆرانبیژەوە، کە لە ڕاستیدا یەکێک نییە لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی موزیک و ڕەگەزەکان بریتین لە: ئاوازو ڕیتم و گونجاندن، یان هاوئاوازیی.. بەڵام دەنگی گۆرانیبێژ گرنگترین کاریگەرێتیی هەیەو بەلانی وەرگرەوە ڕەگەزی یەکەمینە لە پێکهاتەی گۆرانییدا. ” هەرچەندە هەموو ڕەگەزەکانیترو بە ئامێرە میوزیکییەکەشەوە ئەکەونە پێش وتن، لە دروستبوونی ماددە میوزیکیەکەدا”
    هیگڵیش لە بارەی پێرفۆرمانسەوە ڕای وایە: دوو چەشنی هەیە، یەکێکیان پڕاوپڕی ئەو کارە ئەدای خۆی ئەکا، کە ڕەنگڕێژ کراوەو وەزیفەی سەرەکیی ئەو تەنها وتنەوەیەو لەوە بترازێ بەهیچ جۆرێک گوزارشت لە هیچ شتێکیتر ناکات، هەرچی چەشنی دووەمە، هونەرمەندەکە تەنها بەو ئەدایە ڕازیی نابێت کە بۆی دیاریکراوە، بەڵکو لە گوزارشتە میوزیکیەکەوە نەک تەنها لە مانایەوە، بەڵکو لە ماناکانی خودی خۆشیەوە ئەیەوێت بە ڕێگە تایبەتییەکانی خۆی ژیان پەخش بکات”.. بەڵام ئارۆن کۆبلاندو دواتریش سەعید تۆفیق کە هەمان ڕای کۆبلاندی هەیە، پێیانوایە ” پێرفۆرمانسی گۆرانیبێژ پەیوەندیی بە سەبکی دەنگییەوە هەیە، پوختەی چەمکی کردە میوزیکییەکە لە میانەی کردەی چێژی میوزیکییەوە ئەگەیەنێت، بە گونجاندنی لەگەڵ ئەو ئامێرە میوزیکیانەی بەکارئەهێنرێت بۆ کارەکە” بەڵام تەکنیکی هونەرمەند خۆی، کە جووڵە دەنگییەکانی ڕێک ئەخا، ئەوەش یەکێکە لە پێکهێنەرە بنەڕەتیەکانی ئەداو شارەزایی خۆی لەوێدا ڕۆڵی گرنگی هەیە، ئاوازەکە جوانتر ئەکا بە بێ ئەوەی لە ڕەوتی بنەڕەتی ئاوازەکەش دەربچێت.

    بۆ نمونە گۆرانیی ” ناڵەی شەوگار” ی هونەرمەند عادل عەزیز، لە بنەڕەتدا ئاوازێکی فۆلکلۆریی ناوچەی لوڕستانە، بەڵام لە وتنەوەو شێوازی ئەدا کردنیدا، بە جۆرێک جوانکاریی تیاکراوە، کە کەمێک ئەستەمە ڕەخنەگر بە خێرایی ئەو ئاوازە بناسێتەوە.. هەڵبەت دیارە لە ناوچەی لوڕستاندا زۆرترین گۆرانیی و ئاواز لەسەر مەقامی ” عەجەم” دانرابێت و ئیشی تیاکرابێت.. لە کاتێکدا ئەم گۆرانییە، لەسەر مەقامی ” نهاوەند”ەو بە گوێرەی وتەی ڕەخنەگرانیش وەک ” محمد صابر عبید” یەکێکە لە مەقامە قورسەکان بۆ ئەدا کردن، بەڵام بۆ هەردوو جۆر لە گۆرانی شادو غەمگین ئەشێ سوودی لێوەرنگیرێت. لەم گۆرانییەو زۆرینە ئەگەر نەڵێم تەواوی گۆرانییەکانی هونەرمەند عادل عەزیزدا، بە گشتی جۆرێک لە غەمگینیی ئەبینرێتەوە، کە دروست پەیوەستە بە بارودۆخی ژیانی خەڵکەوە.. هەرچەند هەوڵ بدرێت دۆخەکە بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕیی نیشان بدرێت و کاریکاتێرو گۆرانیی سەیروسەمەرەی بۆ بەرهەم بهێنرێت، لە هەمانکاتدا ئەو هونەرمەندانەی لەگەڵ خەمی خەڵکیدا یەکانگیرن، ڕێچکە ڕاستەقینەکە ئەگرن و بە بیانووە جۆراوجۆرەکان لە خشتە نابرێن.

    ڕەنگە دەنگی عادل عەزیزو شارەزایی لە لەرە دەنگییەکەیدا، ئەو ئەتمۆسفیرە بخوڵقێنن، کە بەردەوام وەرگر توشی شۆک بکات و لەگەڵ بیستنی هەر گۆرانییەکیدا بەر واقیعی حاڵی خۆی بکەوێتەوە.. لە بوارە دەنگییەکەی خۆیدا زەخرەفەیەکی هونەریی تەواوی بەکارهێناوە، بەڵام لە ڕووی هەڵبژاردنی ماناوە، دەست بۆ شیعری لیریکیی ڕاستەقینە ئەبات، کە هیچ گرێ و گۆڵێکی تیانییەو وەرگر بە ئاسانیی لێی تێ ئەگات.. ئەمەش بۆ خۆی یەکێکیترە لە پێکهێنەرەکانی گۆرانیی و کۆمپۆزەر یان گۆرانیبێژ، پێویستە کاتێ شیعرێکی لیریک هەڵئەبژێرێت، بنەماکانی ئەو جۆرە شیعرەش لەبەرچاو بگرێت.
    ناڵەی شەوگار، شیعری محمد پاکژی شاعیرەو بە زمانێکی شیعریی باش و مانای سادە، چەمکی حاڵەتەکە ئەگەیەنێت، لەگەڵ ئاوازەکەشدا بە کارامەییەکی باشەوە، عادل عەزیز توانای بەسەر ئەوەدا هەبووە، هەم بیگونجێنێ و هەم بیکاتە ڕووبەرێکی فراوان بۆ گەمەی لەرەو جووڵە دەنگییەکانی:
    شەو کە ناڵەی زامی سەختم دەشت و کێو ئاوا دەکا
    بولبولی سەرچڵ لە داخـــــا تەرکی باخ، سەفا دەکا
    من کە دیلی داوی زوڵف و زامداری تیری ئەبرۆم
    بمکوژە نامەوێت بژیـــم دەروێشی ڕێی خاڵی تۆم
    تۆ کە ناپرسی لە حاڵم بۆچییە وا زاریـدەکەی؟
    شاهیــــــدن یارو یاوەران تۆ بریندام دەکـــــــەی.
    چینی دەنگیی عادل عەزیز، ڕووبەری فراوانەو لە گۆرانییەکانیدا جیاواز نیشانی ئەدات تا ئەگاتە ئاستی تینۆر، لە سەرەتاوە وا ئەناسرێت کە bass بێت، بەڵام بەپێی پێداویستیی ئاوازەکە، لە گۆرانییەکانی ” کۆنە هەواران و مەخلوق و لەیلی و هەندێکیتردا، چینیتر بەر گوێمان ئەکەوێت و هەمان ئەو هەستەشمان لادروست ئەکاتەوە، کە تەواوی گۆرانییەکانی ئەوی گرتووەتەوە.. ئەمەش پەیوەندی بە ئیمپرۆڤیزەیشن/ ارتجال ی هونەرمەندەکەوە هەیە، کە لە هەندێباردا پەنا ئەباتە بەر پاشخانی ئاوازی خۆی کاتێک ڕێچکەو ڕستەکانی ئاوازەکە پێکەوە ئەبەستێتەوە، ” چونکە کۆمپۆزەر/ “ئاوازدانەر” لە توانایدا نییە بە تەواوەتی مەودای دەنگە سروشتییەکان بچەسپێنێ، بەوجۆرە گۆرانیبێژ ئەبێتە هۆی دەرخستنی جوانکاریی کەسیی خۆی لە ئاوازە بڕیار لەسەردراوەکەدا.. بەهۆی ئەوەشەوە کە لە گۆرانیی کوردییدا دووبارە کردنەوە زۆرە، ڕووبەرێکی بەرفراوانتر هەیە بۆ دەرخستنی تەکنیکی گۆرانیبێژو ئەتوانێت لە دینامیکیەتی گوزارشتی دەنگیی و شیرینکردن و زەخرەفەی ئاوازەکە، بە پشوودرێژییەوە کار بکات” عادل عەزیز بەم چەشنە سوودی لە مەوداکانی ڕووبەری وتن و پێرفۆرمانس وەرگرتووەو بە کۆی گشتیی، لە دەرەوەی ئەو کۆدەنگییەدایە، کە گۆرانیی کوردی وەک بنەمایەک سەقامگیر وەریگرتووە.
    بەشبەحاڵی خۆم، لەگەڵ هەر گۆرانییەکی عادل عەزیزدا، شیعرەکەی گۆران داگیرم ئەکات و پڕ ئەبم لە حوزن و ماتەم و بەر تەواوی ڕەهەندەکانی ژیان ئەکەومەوە:
    بە رەنگی زەرد و شێوەی دەست و شمــشاڵی کزا، دەروێـــش
    حەزم کرد بەستەیەک ببیەم سەراسەر حوزن و ماتەم بـێ
    لە سیماتا بەدیم کرد هەیــــــکەلی عومرێکی حەسرەتـکێـش
    وەهــا دیارە کــــە بەختــت ئاشـــیانی بولــبولی خەم بــــێ!
    ـــــ گۆران ــــــ

    دەنگی عادل عەزیز، لە قەرارو جەوابدا بە ڕەوانیی جێی خۆی کردووەتەوەو وەرگر هاوسەنگ ئەکاتەوە لەگەڵ ترپەو ئاراستەکانی گۆرانییەکانیدا، لەبەرئەوە پێگەی لە گۆرانیی کوردیدا جێگیرە.
    کلیپ کردنیش بۆ خۆی یەکێکیترە لە پێداویستیەکانی سەردەم و ئەبێتە پێکهێنەرێکی لاوەکیی لە گۆرانیی تەلەفزیۆنیدا.. لە هەردوو گۆرانیی ” کۆنە هەواران و مەخلوق” دا کلیپەکان لە ئاستی نوێگەریدان و بە خێرایی سەرنج لەسەر خۆیان کۆئەکەنەوە، بەو هیوایەی لە داهاتووشدا، سیناریۆی گۆرانییەکانی ببێتە بەشێک لە گرتە سینەماییە مۆدێرنەکان.

    ————————————————————
    سەرچاوەکان:
    1- محمد منصور- علم الاعصاب/ الموسیقی تحفز دوائر الدماغ- موقع للعلم- ٢٩/ ٣/ ٢٠٢١
    2 – علي بدر- تعریف الغناء- موقع مقالة- ١٨/ ٥/ ٢٠٢١
    3- أساسيات الغناء ومقامات وطبقات وخصائص الصوت | دليل شامل لعلم الموسيقى والغناء- قسم الدراسة والتعلیم لموقع مسار انثی-
    4- انواع ونطاقات الصوت- موقع- التقدیر الموسیقي Lumenتصنیف الاصوات البشریة- موقع
    5- طارق حسون فرید- تأریخ الفنون الموسیقیة- وزارة التعلیم العالي- بغداد
    6 – هیگڵ- فن الموسیقی- ص٩٧
    7- ارون کوبلاند- کیف تتذوق الموسیقی- ت: محمد رشاد بدران- الشرکة العربیة للطباعة والنشر- القاهرة- ط٤ سنة ٢٠٢٢
    8- محمد پاکژ- کۆمەڵە شیعری ” ئیمپراتۆری ماچ”
    9- قەسیدەی دەروێش عبدالله- دیوانی گۆران.
    10- أ.م.د. میسم هرمز توما- عناصر تکوین الموسیقی والغناء- مکتب الفتح- بغداد- 2018- ص٦٧




چیرۆك شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان-7-… ره‌سوڵ به‌ختیار

بەشی حەوتەم…

هەموو هەنگاوێکی نێو شەقامە بازنەییەکان چیرۆکێکی نوێ و دێرینی هەیە، چیرۆکە نوێیەکان لەنێوه‌ندى هەموو ئەو خۆشی و ناخۆشییەکانەوەیە، ئەگەر کەسێکی راستگۆ بیت ئەوا بەئاشکرا ناخۆشییەکان دەبینی، لەنێوەندی شەقامە بازنەییەکاندا هەموو رەچەڵەکه‌ بیانییه‌كان دەبینی کارێکیان هەیە، تا وایلێهاتووە بەشێک لەو رەچەڵەکە بیانیانە کاریان بەدەستە و لەرۆرێک لەبەرپرسان زیاتر دەستی دەڕوا، به‌لالووته‌وه‌ سه‌یرت ده‌كا وه‌ك ئه‌وه‌ى تۆ بارگرانى بیت له‌سه‌ر ئه‌و، كاتێكیش تووشى گرفت ده‌بێ هه‌زار پاڕانه‌وه‌ و تكا ده‌كات، نه‌وه‌ك پاسه‌پۆرته‌كه‌ى لێ وه‌ربگرن و یه‌كسه‌ر ره‌وانه‌ى فرۆكه‌خانه‌ى بكه‌ن، ئه‌و كاته‌ سه‌ر و لموزى ئه‌وانه‌ ده‌بینى کاتێک دەتەوێ بچیتە کۆمپانیایەک ئەو بیانییە سەیری سیڤییەکەت دەکات و بەزمانی خۆی دەدوێ بۆ زمانی تۆش کەسێکیان داناوە، ئه‌و بیانییه‌ وا تێده‌گات ئه‌گه‌ر ئه‌و له‌وێ نه‌بێ كاره‌كان ناڕوات، هه‌قى خۆیه‌تى چونكه‌ پاره‌یه‌كى زۆر وه‌رده‌گرێ، خۆشییه‌كان لێره‌ وه‌ك هه‌موو شوێنێك رێژه‌ییه‌، خۆشییه‌كان له‌وه‌دایه‌ زۆرێك له‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتیان بینیووه‌ و تیایدا ژیاون هه‌رده‌م باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌هیچ شوێنێكى دونیادا نییه‌ هه‌رده‌م بتوانى له‌ته‌ك هاوڕێ و خزم و كه‌سى خۆت بیت، به‌شێكیش له‌خه‌ڵكى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان له‌هه‌موو شتێكدا ده‌ستیان ده‌ڕوا و ته‌خشان و په‌خشان به‌پاره‌ و سه‌رمایه‌ ده‌كه‌ن و هیچ كات ده‌وروبه‌رى خۆیانیان له‌بیر نییه‌، ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌چه‌ڵه‌ك بیانیانه‌ ده‌ستیان تێكه‌ڵكردووه‌، ئه‌و ده‌ست تێكه‌ڵكردنه‌ زۆرجار ده‌بێته‌ مایه‌ى ناخۆشى بۆ به‌شێك له‌خه‌ڵكى شه‌قامه‌ بازنه‌یییه‌كان.
پێى له‌سه‌ر پێدا داناوه‌ و خۆى لێ گۆڕاوه‌ و ده‌ڵێت: تۆ پسپۆڕیه‌كه‌ت به‌كه‌ڵك ئه‌م كۆمپانیایه‌ نایه‌ت، ئێوه‌ بڕۆن كارى دیكه‌ بكه‌ن، دوورمان بخه‌نه‌وه‌ له‌شه‌ڕ و شۆڕتان.
-باشه‌ دیاره‌ تۆ پسپۆڕیه‌كه‌ت باڵایه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندى نه‌بێ تۆش وه‌ك من ئێستا به‌دواى كاردا ده‌گه‌ڕاى، خۆت له‌بیر مه‌كه‌ به‌ڕێز هه‌مووان یه‌كتر ده‌ناسین و كه‌س له‌نێوه‌ندى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كاندا ون نابێ، تۆش ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات پشت و په‌نات نه‌بێ، ده‌بوایه‌ وه‌ك پێشتر له‌شه‌قامه‌كان بخولێیته‌وه‌، تۆ ده‌زانى چى ده‌ڵێم، كه‌سى عاقڵ ته‌نیا ئاماژه‌یه‌كى به‌سه‌، ئێستا تۆ تێگه‌یشتى به‌ڵام خۆت لێگۆڕاوه‌ و واده‌زانى رۆژێك به‌هۆش خۆت نایه‌وه‌ و خۆت له‌نێوه‌ندى رۆژێكى ره‌شدا ده‌بینى (به‌پێكه‌نینه‌وه‌) ئه‌و كات با ئه‌و بیانیانه‌ بگه‌نه‌ فریات.
-ئه‌وه‌ باسى چى ده‌كه‌ى، من خه‌ڵكى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان نیم، به‌رێككه‌وت بار و بارگه‌مان لێره‌ دانا، دوایش كارمان كرد و بووین به‌خاوه‌ن ئه‌و سامانه‌، له‌تۆمان نه‌دزیووه‌.
سەرچاوە مێژووییەکان زیاتر باس لەبازنەی یەکەم دەکەن، لەو کاتەی ئیمپراتۆرە گەورەکان ویستوویانە بەسووپا مەزنەکانییەوە، بازنەی یەکەم داگیر بکەن، تەقەی بن پێی سەربازەکان بەهەمان شێوەی بەربەرییەکان بڕە بڕی دەهات، ئه‌و سه‌ربازانه‌ى خه‌ڵكى بازنه‌ى شاره‌كانى خۆیان بوون، ترسیان له‌هه‌موو هه‌نگاوێك بوو، چونكه‌ ده‌زانن بازنه‌كان چ به‌رگرییه‌ك ده‌كه‌ن، هه‌رده‌م دوژمن به‌سه‌ر شۆڕى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چەندینجار بازنەی یەکەم داگیر کراوە بۆ چەندین سەدە لەژێر رکێفی داگیرکاریدا بووە، تا ئه‌و كاته‌ له‌ژێر داگیركاریدا بوو، كه‌ خودی ئیمپراتۆر لەنێو خانەوادەکەی خۆیدا کودەتایان بەسەردا کردووە، تا هەواڵ گەیشتۆتە بازنەی یەکەم سووپا و دەستە و تاقمی ئیمپراتۆر رایانکردووە، بەشێک لەو دەستەوتاقمە دواتر وه‌ك کەسێکی خەڵکی بازنەكان لەوێدا ماوەتەوە، بۆتە بەشێک لە دار و بەرد و کەرپووج و کۆڵەگەی بازنەی یەکەم، لەسەردەمی دواتردا ئەو خانەوادانە بوونەتە خەڵکی رەسەنی ئەم ناوچەیە، بەلام لەدوای نەمانی نەوەی یەکەم، نەوەی دووەم هاتوونەتە خوارەوە، بەدوای ژیانی خۆیان کەوتوون، به‌شێك له‌نه‌وه‌ى دووه‌م جێ په‌نجه‌یان دیار بووه‌، له‌پێشخستنى بازنه‌كان، هه‌روه‌ها له‌شۆڕش و یاخیبووه‌كاندا رۆڵیان هه‌بووه‌ و گیانیان فیدا كردووه‌، له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ هه‌ندێكیان بەشێک لەبازاڕ و دووکانەکانی خوارەوەی بازنەی یەکەم موڵکی ئەوانە.
-ئێستا تۆ مێژوو دەگەڕێتەوە، یان ئەمە چیرۆکە؟
-نامەوێ خوێنەر پەرتەوازە بکەم، سەرەتا دەمەوێ مێژووی بازنەکان شارەزا بن و کون و کەلەبەری مێژوو و جوکرافیای ئه‌و شەقامە بازنەییانە بزانن.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا خانەوادە ئاشوورییەکان لەزۆرێک لەسەرچاوەکانیان دەڵێن: ئەم خاکە موڵکی ئێمەیە بەهەموو بازنەکانیەوە.
-ئێمە بازنەی یەکەممان بنیاتناوە، بۆ چەندین سەدە ئێمپراتوریمان لێرەدا چەقاندووە و کردوومانەتە پایتەختی هەموو زەوی.
-هەر چوار خواوەندەکەی بازنەی یەکەم شایەدن، ئێوە تەنیا لەکاتی شکستدا راتان کردووە، هاتوون لێرەدا نیشتەجێ بوونە، ئێستاش ئێوە، ئێمە بەنامۆ دەزانن.
کامران تەمەنی شەست و پێنج ساڵ چەند ساڵێکە خانەنشین بووە، ئەو كریستیانییه‌ و هەموو کات دەڵێت: لەو ماوەی مامۆستا بووم، تا ئەو کاتەی خانەنشین بووم، زۆرێک لەنەوەکانی ئەم بازانەم پێگەیاند، هیچ کاتێک داوای پاداشتم نەکردووە، من تەنیا ئەرکی خۆم بەجێگەیاندووە، به‌ڵام زۆر توڕە دەبم، کاتێک یه‌كێك دەبینم لەرۆژنامە و گۆڤارەکاندا باس لەهاوسەردەمی من دەکا، دەبینی زۆربەی باسەکەی درۆیە، خۆشی دەکاتە پاڵەوان، وەک ئەوەی تەنیا ئەو لەشەقامە بازنەییەکان بێ.
-ئەو قسانەم پێ ناخۆشە، کاتێک بەئارەزووی خۆی باس لە کەسایەتی و خانەوادەکان دەکات.
-واتە خۆی لەو سەردەمەدا تەنیا خۆی وەک شەقاوە نیشانداوە، کەچی لەکاتە ترسناکەکان ترسنۆکترین کەس بووە.
-ناشکرێ ئێمه بێن قسەکانی ئەم و ئەو راست بکەینەوە. -بەو واتایەی بەشێک لەوانەی خۆیان بەئەسڵ زادە و نەجیبزادەی ئەم بازنانە دەزانن، لەبنەڕەتدا درۆ دەکەن.
-درۆ کردنێک، به‌ڵام جوانیان رازندۆتەوە، ئەوان خەڵکی دەکەن بەچاوی ئەو بازنانە، کەچی لەبنەڕەتدا مەبەستایان لەخۆیانە، کە چاوی بازنەی یەکەم و بازنەکانی دیکەن لەنزیکەوە هەندێک لە خانەوادە تێکۆشەرەکان دەناسن، بەشێوەیەک خۆیان لکاندووە بەوانەوە، وەک ئەوەی بێ ئەوان هیچیان پێ نەکراوە.
-ئەوەشیان لەبیرچووە، کە خانەوادە تێکۆشەرەکان، لەترسی ئەو بێ چاو و رووانە، جێیان پێ جێ نەبوو، چونکە ئەوان دەستەو تاقمی رژێمە یەک لەدوای یەکەکان بوون. لەو قسانە دابووین، لەنێو بازنەی یەکەم بوو بەهەرا، هەر یەک لەلای خۆیەوە هۆی های دەکرد، ئەم هۆی هایە لەهەموو بازنەکان مێژوویەکی دوور و درێژی هەیه.
دواتر زانیمان یه‌كێك له‌قۆڵبڕه‌كانى شار دراوێكى ساخته‌ى داوه‌ته‌ یه‌كێك، دواى زانینى بۆى گه‌ڕاندۆته‌وه‌، ئه‌ویش هه‌رچى سوێند هه‌یه‌ ده‌یخوا و ده‌ڵێ تۆ ئه‌و دراوه‌ت له‌لاى من نه‌گۆڕیوه‌ته‌وه‌.
له‌نێوه‌ندى بازاڕى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان رۆژانه‌ ده‌یان كێشه‌ و گرفت و مقۆ مقۆى سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ دێته‌ئاراوه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ى ئه‌و كارانه‌ ده‌كه‌ن و كه‌سان تاوانبار ده‌كه‌ن، ئه‌وا ده‌ستیان له‌گه‌ڵ تاقمه‌كاندا به‌ستووه‌ و جێگه‌ى خۆیان قایمكردووه‌ و ده‌ستیان له‌گه‌ڵ چه‌نتدین كه‌سانى گه‌نده‌ڵ و گه‌نده‌ تێكه‌ڵكردووه‌.
-ئه‌وه‌ باسى چى ده‌كه‌ى، من چیرۆكێكى سه‌یرم له‌لایه‌.
-سه‌یر وه‌ك چى، خۆ نوكته‌ ناگێڕیته‌وه‌.
-با وه‌ك نوكته‌ وایه‌، یه‌كێك له‌ده‌زگه‌ و كۆمپانیاكان به‌ڕێوه‌به‌رێك ماوه‌یه‌كى زۆره‌ چه‌ند كه‌سێكى له‌نێو ده‌زگاكه‌یدا كردۆته‌ براده‌ر یان راستر بڵێم، ده‌ستى له‌گه‌ڵ به‌رپرسى ژمێریارى و دارایى تێكه‌ڵكردبوو، له‌و رۆژانه‌ كاره‌كانى دارایى راده‌په‌ڕاند، كه‌ ده‌وامى فه‌رمى نه‌بووه‌، رۆژى شه‌مووان هه‌رچى په‌یوه‌ندى به‌پاره‌ و داراییه‌وه‌ هه‌بووه‌، له‌و رۆژه‌دا رایپه‌ڕاندووه‌، رێژه‌یه‌كى كه‌مى بۆ ده‌زگاكه‌ داناوه‌ ئه‌وى دیكه‌ى هه‌مووى بۆ خۆى گلداوه‌ته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ى كه‌س هه‌ست بكات، ته‌نیاش به‌رپرسى دارایى زانیوویه‌تى، دیاره‌ رێژه‌یه‌كیش بۆ به‌رپرسى دارایى بووه‌، له‌و رۆژانه‌ كاتێك چووینه‌ ده‌زگاكه‌مان به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌مان نامه‌یه‌كى جێهێشتووه‌، دواى سڵاو كردن، داواى گه‌رده‌ن ئازایى له‌هه‌مووان كردووه‌، له‌درێژه‌ى نامه‌كه‌ى نووسیوویه‌تى ئێستا له‌ئه‌ڵمانیام و چه‌ند رۆژێكى دیكه‌ له‌كه‌ندام، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌رپرسى ژمێریاریش دیار نییه‌ و تا ئێستا ئه‌و هیچ ناونیشانێكى نییه‌.
-واته‌ چه‌ند پاره‌ى بردووه‌.
-زیاتر له‌ دوو ملیۆن دۆلار.
-ئێستا زۆربه‌ى كارمه‌ندان هه‌ر یه‌ك له‌لاى خۆیه‌وه‌ ده‌ترسێ، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى زۆر له‌به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسى دارایى نزیك بوون..
سەرەڕایی ئەوەی هەندێک لەوانە بوونەتە بارگرانی بەسەر کۆمەڵگاوە، لەلایەی دیکەوە زۆربەی تاکەکانی شەقامە بازنەییەکان، لەرابردوودا تووشی کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چەکداری بوونەتەوە، بەشێک لەوانە بێ ئەوەی سەر بەهیچ لایەنێکی سیاسی بێ لەساڵڵنی هەشتاکانی سەدەی بیستەم، دەسگیرکران و چەند تۆمەتێکیان خستنە پاڵ.
هەندێک لەوانەی کەوتنە زیندان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدا، ماڵ و منداڵەکانیش ئاوارەی شاران بوون، ئێستا ئەوان گەورە بوونە، کاتێک بەشەقامە بازنەییەکان تێدەپەڕن یادی باوکیان دهکەنەوە، هەردە فرمێسک لەچاونیان دێتە خوارەوە، کاتێک گوێیان لەوە دەبێ کەسانێک موڵک و ماڵی ئەو بازنانە لەختوخۆڕایی دەخوا، ئاهێک هەڵدەکێشن لەوەی باوکی ئەوان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە، کەچی کەسانێک لاف و گەزاف بەئازادییەوە با دەدەن.
ئێستا ئێمه‌ له‌نێوه‌ندێكدا ده‌ژین، ده‌توانین بڵێن له‌زۆر لاوه‌ تاریكى باڵى به‌سه‌ر ژیانمان داوه‌، به‌ڵام هیچ كاتێك خۆمان له‌نێوه‌ندى بێ ئومێدى نابینینه‌وه‌، به‌رزى بڕوامان له‌وپه‌ڕى دایه‌، چونكه‌ له‌شان و شه‌وكه‌وتى خه‌ڵكى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان ناوه‌شتێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌كێشه‌ و تاریكییه‌كان بچه‌مێته‌وه‌.
-راسته‌ له‌نێو بازنه‌كان كار كه‌مه‌، به‌ڵام له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ خه‌ڵكى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان راهاتوون، كه‌ بێكار بن، ئێمه‌ بڕوامان به‌خۆمان به‌هێزه‌، له‌كۆتایدا ئه‌و شه‌قامه‌ بازنه‌ییانه‌ موڵكى ئێمه‌ن، ئه‌مڕۆش كار نه‌بێ بۆ به‌یانى هه‌ر كار ده‌بێ.
-ده‌ڵێى ده‌ست به‌دورشم گوتنه‌وه‌ كرد؟
-دروشمى چى ئه‌مه‌ راستییه‌، ئه‌گه‌ر دڵمان به‌و قسانه‌ش خۆش نه‌كه‌ین، ئه‌ى چى بڵێین، خۆ ئێمه‌ به‌شێك نین له‌ناخۆشى و كوله‌مه‌رگى كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان.
-نا، به‌ڵام ناكرێ ئێمه‌ دابنیشین و نزا بكه‌ین.
-كه‌س گوتویه‌تى ئێمه‌ نزامان كردووه‌.
-ئێمه‌ خۆمان كێشه‌كه‌ین، رێگه‌مان به‌خه‌ڵكى ئه‌ولاو ئه‌ولا داوه‌، ئه‌ئاره‌زووى خۆیان له‌نێو شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كاندا ته‌ڕاتێن بكه‌ن.
هه‌موو كچ و كوڕانى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان به‌چاوێكى پڕ ئومێده‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ داهاتوو، ئێواران له‌ژێر به‌رزى یه‌كه‌م بازنه‌دا بیان بینه‌ هه‌موو به‌پێكه‌نین و قسه‌ى خۆش پێشوازى له‌یه‌كتر ده‌كه‌ن، دیاره‌ هه‌رده‌م رێز له‌وانه‌ش ده‌گرن له‌ده‌ره‌وه‌ى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان هاتووه‌، هه‌موو كات ئه‌و كوڕ و كچانه‌ باس له‌و رۆژانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ته‌نیا خولیایان ئه‌وه‌ بووه‌ بۆ چه‌ند ساتێك له‌ژێر سایه‌ و سێبه‌رى یه‌كه‌م بازنه‌دا پیاسه‌ بكه‌ن.
-ئه‌وه‌تا ئه‌و میوزیكژه‌نه‌ دواى چه‌ندین ساڵ له‌ئاواره‌یى هاتۆته‌وه‌ نێو شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان، ببینه‌ به‌چ جۆش و خرۆشێكه‌وه‌ میوزیك لێ ده‌دا، هه‌رچى كلتوور و به‌ها و كه‌له‌پوورى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان هه‌یه‌ له‌دووتۆیى میوزیكه‌كه‌ى ره‌نگ ده‌داته‌وه‌.
-ئه‌و شانۆیانه‌ى له‌م دوایه‌دا نمایش كران، باس له‌ كووله‌مه‌رگى و ئازایه‌تى كه‌سانى پێشترى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان ده‌كه‌ن.
-ئه‌و شێوه‌كاره‌ و خۆشنووسه‌ى له‌لایه‌كى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان تابلۆكانى داناوه‌، هه‌موو هێماكان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ به‌ها و گه‌وره‌یى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان.
ته‌نیا كتێبه‌ زه‌رهه‌ڵگڕاوه‌كانى نێو كتێبخانه‌كانى سه‌ر شه‌قام شایه‌دى ئه‌وه‌ن ئه‌م شه‌قامه‌ بازنه‌ییانه‌ چه‌ند مه‌زنن و تا هه‌تاهه‌تایه‌ هه‌ر به‌مه‌زنى ده‌مێننه‌وه‌.
شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان له‌پێشتردا له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ به‌دار و درخته‌كان هه‌رده‌م سه‌وز بوون، ناوه‌ندى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان درخته‌كانى ئه‌وه‌نده‌ چڕبوون ئه‌وبه‌ریت نه‌ده‌بینى، به‌ڵام رژێم له‌سه‌ره‌تاى ساڵانى هه‌شتا به‌بیانووى هه‌بوونى كه‌سانى تێكده‌ر هه‌موو دار و درخته‌كانى بڕیه‌وه‌، نه‌وه‌ك تێكده‌ران خۆیان له‌نێو ئه‌و دار و درختانه‌ بشارنه‌وه‌ و هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر ده‌سته‌ و تاقمى نابه‌له‌دى ئه‌و شه‌قامه‌ بازنه‌ییانه‌، بۆ دووباره‌ ره‌گى ئه‌و دار و دره‌ختانه‌ چڕۆى كرده‌وه‌ و سه‌وزى و رازاوه‌یى دا به‌ شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان، له‌ته‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا تا راده‌یه‌ك سیماى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان گۆڕاوه‌، به‌ڵام چیرۆك و گێڕانه‌وه‌ى چه‌ند نه‌وه‌یه‌كى پێشتر ده‌تخاته‌ نێو دونیایه‌كى سیحراوى، ئه‌م دونیایه‌ سیحراویه‌ش ته‌نیا له‌نێو كتێب و فیلم و سینه‌ماكاندا ده‌بیندرێ.
هه‌رچۆنێك بێ، دیاره‌ كاره‌ساته‌كان مه‌رج نییه‌ هۆیه‌ك بێ بۆ ماڵوێرانى زۆرجاران ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى تاكه‌كان داهێنان بهێننه‌كایه‌وه‌، ته‌نیا به‌یه‌كتر خوێندنه‌وه‌ و گوێ له‌یه‌كتر راگرتن، ده‌توانین هه‌موو ئاسته‌نگه‌كان ببڕٍین، رابردوو بكه‌ین به‌وانه‌یه‌ك تا له‌داهاتوودا سوودى لێ وه‌ربگرین.
ئێستا شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان كپه‌، به‌ره‌به‌یانه‌ و جوانى دار و به‌رد و كه‌رپووچ و كۆڵه‌گه‌كان به‌جوانى به‌ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌گه‌ر بڕوانیته‌ هه‌ر لایه‌ك، جوانى و هونه‌ر له‌هه‌نگاوه‌كانى به‌رپێت ده‌بینى، ده‌بینى بۆ چه‌ندین هه‌زار ساڵه‌ ئه‌و كه‌رپووچ و كۆڵه‌گانه‌ چۆن به‌رگه‌ى ئه‌و هه‌موو ساردى و گه‌رمى و تۆز و با و باران و بروسكه‌كان بۆته‌وه‌.

ره‌سوڵ به‌ختیار




چۆن ڕێکخراوی ئه‌منستی ئینته‌‌رناشناڵ هاته‌ پاڵ که‌یسی دادگاییکردنی نزار خه‌زره‌جی؟… هیوا ناسیح

دوای ئه‌وه‌ی له‌م پێشه‌وه‌ که‌‌ناڵی العرب چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ گه‌‌وره‌تاوانباری شاڵاوه‌کانی ئه‌نفال و سوپاسالاری پێشووی رژێمی سه‌ددام دا کرد، قسه‌وباسێکی زۆر له‌سه‌ر ناوبراو به‌دوای خۆیدا هێنا، خه‌زره‌جی سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای عێراق له‌ (١٩٨٧ – ١٩٩١) له‌ نوێترین دیمانه‌ی ته‌له‌فزیۆنیدا ده‌ڵێت:
((له‌ قۆناغی یه‌كه‌م‌و دووه‌م‌و سێیه‌می ئه‌نفال به‌شداربووم… بڕیاری ئه‌نفالمان دا له‌ ده‌ره‌نجامی هاوكاری كورد به‌ دیاریكراوی گروپه‌كه‌ی تاڵه‌بانی‌و ئێرانی دوژمن.. ئه‌نفال پرۆسه‌یه‌ك بوو بۆ لێدان له‌ یاخیبوان‌و چه‌كدارانی كورد.. بڕیارماندا سه‌ری چه‌كداره‌ تێكده‌ره‌كان پانکه‌ینه‌وه‌….هتد))
خه‌زره‌جی له‌ مانگی کانوونی یه‌که‌می ١٩٨٤ـه‌وه‌ تا مانگی حوزه‌یرانی ١٩٨٧ فه‌رماندی فه‌یله‌قی بووه‌، له‌ ناوچه‌یه‌کی فراوانی باشووری کوردستان، له‌ ١٩٨٧تا ١٩٩٠ سه‌رۆکی ئه‌رکانی سوپای عێراق بووه‌. له‌ ١٩٨٧ فه‌رماندی فه‌یله‌قی بووه‌، دوای داگیرکردنی کوێت له‌ ساڵی ١٩٩٠ کراوه‌ به‌راوێژکاریی عه‌سکه‌ری سه‌دام حسینی سه‌رۆکی عێراق. ئه‌م فه‌رمانده‌ تاوانبار و پله‌ باڵایه‌ی سوپای عێراق رۆڵی کاریگه‌ر و دیاری هه‌بووه‌ له‌ سه‌رپه‌رشتیکردنی کوشتن و بڕینی خه‌ڵکی راپه‌ڕیوی باشووری عێراقیش، ده‌یان بڕیاری بۆ کۆمه‌ڵکوژی ئه‌نفاله‌کان و ژه‌هربارانی هه‌ڵه‌بجه ‌و ناوچه‌کانی تری کوردستان ده‌رکردووه‌.
دوای داگیرکردنی کوێت له‌ ساڵی 1990 کرا به‌راوێژکاریی عه‌سکه‌ری سه‌دام حسینی سه‌رۆکی عێراق.ساڵی ١٩٩٦ دوای ناکۆکی له‌گه‌ڵ سه‌ددامدا نزار خه‌زره‌جی له‌ عێراق هه‌ڵهات و له ١٤/٣/١٩٩٦ گه‌یشته‌ ئاکرێ‌، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کورده‌وه‌ پێشوازی لێکراو دوای دوورۆژ گه‌یاندیانه‌ زاخۆ و له‌وێوه‌ ناردیان بۆ تورکیا، له‌ ٢١/٣/١٩٩٦گه‌یشته‌ عومان. دواتر رووی کرده‌ ئیسپانیا، شه‌ش مانگ له‌وێ مایه‌وه‌، له‌ ١٩٩٨ گه‌رایه‌وه‌ ئورده‌ن، له‌ ٣/٧/١٩٩٩ گه‌یشته‌ دانیمارک، له‌وێ به‌ قسه‌ی وه‌زیری دادی ئه‌و وڵاته‌ بێت، هه‌ر دوای دوو ڕۆژ دوای گه‌یشتنی ناوبراو زانیاریان له‌سه‌ر ڕابردووی وه‌رگرتوه‌ و چاودێریان کردوه‌، دواتر ئه‌وه‌ بوو میدیای دانیمارکی بە بوونی ئەویان زانی و لەسەریان نووسی، دوای ئەوە داواکاری گشتی لێکۆلینەوەی لێکرد و دواتر لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠١ دا دەوری ماڵەکەی گیرا و کەیسەکە خرایە ژێر لێکۆڵینەوە. ئەو لەمالی خۆیدا دەسبەسەر بوو و بۆی نەبوو وڵات جێ بهێلێت. دواتر )گروپی خستنه‌ گه‌ڕی هه‌وڵه‌کان بۆ دادگاییکردنی خه‌زره‌جی (له‌ لایه‌ن چه‌ند کوردێکی چالاکوانه‌وه‌ له‌ دانیمارک دامەزرا و دەستی بە چاڵاکی و کارەکانی کرد. یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی گروپه‌که‌ش که‌‌ کاک شاخه‌وان شۆڕش بوو‌ وتارێکی بە زمانی دانیمارکی لە رۆژنامەی پۆلیتیکن له‌سه‌ر خه‌زره‌جی و تاوانه‌کانی بلاوکرده‌وە.
فه‌رمانگه‌ی په‌نابه‌ران داوای مافی په‌نابه‌راییه‌که‌‌ی ر‌ه‌فز ده‌که‌ن به‌ڵام مافی مانه‌‌وه‌یان بۆ کاتێکی نادیار پێدا‌، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ رێگه‌ی میدیاکانی وڵاته‌که‌وه‌ ناوی ده‌زڕێ و ده‌ناسرێ.، ئیتر که‌ڵکی ئه‌وه‌ی نامێنێت وڵاته‌که‌ په‌نای بده‌ن. وه‌ک ده‌‌ڵێن دواتر له‌ شاری سۆرو (Soro) له‌ باشوری کۆپنهاگن له‌ ده‌ستبه‌سه‌رییدا ده‌ژیا له‌ خانویه‌کدا و دوو پۆلیس هه‌میشه‌ به‌ ئۆتۆمبیله‌وه‌ پاسه‌وانی و چاودێریان ده‌کرد. ئیتر ئێمه‌ی چالاکوانان له‌ وڵاتانی تری ئه‌وروپیش که‌وتنینه خۆ و هه‌ریه‌ک له‌ رێگه‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌ستمانکرد به‌ کار و چالاکی تا ناوبراو دادگایی بکرێت، چونکه‌ ناوبراو پاش سکاڵالێکردنی ده‌سگیرنه‌کرا‌ و ته‌نها خرایه‌ ژێر چاودێریه‌وه‌ له‌ ماڵه‌که‌ی خۆیدا (اقامة جبری). ئه‌مه‌ش گومانێکی بۆ هه‌مووان دروستکردبوو، که‌ ره‌نگه‌ دادگایی نه‌کرێت و ئازاد بکرێت، یان هه‌ڵبێت. خۆ دوای ئه‌وه‌ش که‌ به‌ هاندانی ئه‌مریکا و گوایا بۆ هاوکارییکردن له‌ ڕوخانی سه‌ددام و رژێمه‌که‌ی پێویستیان پێیه‌تی حزبه‌ کوردییه‌کانی باشور پاکانه‌یان بۆ کرد. ئەو لایەنە کوردییانە له‌ پاکانه‌کانیاندا که‌ به‌فه‌رمی بۆ حکومه‌ت و وه‌زاره‌تی دادی دانیمارکیان نارد، بەم جۆرە باسی نزار خەزرەجی یان کرد بوو.

  • فوئاد مه‌عسوم ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی و به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی له‌ له‌نده‌ن: خه‌زره‌جی به‌شداری له‌ ئه‌نفالدا نه‌كردوه‌و كه‌سایه‌تیه‌كی سه‌ربازیی نیشتیمانیه‌.
  • دڵشاد میرانی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پارتی و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی: خه‌زره‌جی كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسیی ناسراوه‌ له‌ عێراق.
  • ئیحسان عه‌بدولعه‌زیز به‌رپرسی په‌‌یوه‌ندییه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی: به‌ڕێز خه‌زره‌جی كه‌سایه‌تیه‌كی نیشتیمانی به‌ڕێزه ‌و له‌ ئه‌نفال‌و كیمیاباران بێتاوانه‌.
    به‌ پێی وتارێکی رۆژنامه‌ی (GANG VERDENS) ی نه‌رویجی رۆژی دووشه‌ممه‌ ١٩ی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠٠١ که‌ له‌ لایه‌ن (Holst Forde) ه‌وه‌ نوسراوه‌ به‌ ناونیشانی (جه‌لاده‌که‌ی سه‌ددام له دانیمارک له ئاسایشدا ده‌ژی) ده‌ڵێت: خه‌زره‌جی نکۆڵی له‌وه‌ ناکات که‌ ئه‌م به‌ شێوه‌یه‌کی فه‌رمی و وه‌ک لێپرسراوێک به‌م کاره‌ هه‌ستا بێت، به‌ڵام سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که‌ خودی سه‌ددام حوسێن له‌ دوای بڕیاری کۆمه‌‌ڵکوژییه‌که‌وه‌ وه‌ستابوو‌. هه‌روه‌ها له‌ چاوپێکه‌وتنێکیشیدا له‌گه‌‌ڵ گۆڤاری (DerSpiegel)ی ئه‌ڵمانیدا ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ به‌ بڕیاری من نه‌کراوه‌، ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی شۆڕش گه‌یشتبوه‌ بڕیارێک و سه‌ددام خۆی و ئامۆزاکه‌ی (عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید) سه‌رۆکایه‌تی شاڵاوه‌که‌یان ده‌کرد، من به‌ڵگه‌م بۆ ئه‌مه‌ هه‌یه‌).
    من زیاتر له‌ ساڵێک بوو ئه‌ندامی ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ (لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی) له‌ لقی ئه‌و شاره‌ی تێیدا ده‌ژیام سه‌تگالن بووم. شایه‌نی باشه‌ ئه‌م شاره‌ ناوه‌ندی کانتۆنێکه‌ هه‌ر به‌و ناوه‌وه‌ و یه‌کێکه له‌ شاره‌ گه‌ور‌ه‌کان له‌ رۆژهه‌ڵاتی سویسرا. مانگانه‌ لقی سه‌تگالنی ئه‌منستی کۆبوونه‌وه‌مان ده‌کرد، له هه‌ر کۆبونه‌وه‌یه‌کدا ده‌ تا پانزه‌ ئه‌ندام ئاماده ‌ده‌بوون، دیاره‌ ئێمه‌ سه‌ر به‌ لقی سه‌ره‌کی ئه‌منستی بووین له پایته‌ختی سویسرا بێرن.
    وه‌ک ئه‌رکێکی سه‌رشانم ئه‌وه‌م به‌بیردا هات که‌ کارێک بکه‌م ئه‌منستی شاره‌که‌م و دواتر هی سویسرا و ئینجا بنکه‌‌ی سه‌ره‌کیان له‌ له‌نده‌ن بێنمه سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی که‌ پشتگیری که‌یسی دادگایی کردنه‌که‌ بکه‌ن. ئیتر ئاوا وه‌ک لێره‌ به‌ڵگه‌نامه‌کان ده‌بینن، که‌ له‌ ئه‌رشیفی که‌سیی خۆمدا پاراستومن ده‌ستبه‌‌کاربووم.
    به‌‌نده‌ له‌ دوو کۆبوونه‌وه‌ی دوابه‌دوای یه‌کدا قسه‌‌م له‌سه‌ر ناوبراو کرد،شایه‌نی باسه‌ هێشتا دوو ساڵێک بوو له‌و وڵاته‌ بووم. ئه‌ڵمانییه‌که‌م باش نه‌بوو، ئینگلیزیه‌که‌شم ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ئه‌وه‌نده‌ باش نییه‌، که‌ بێ کێشه‌ قسه‌ی پێ بکه‌م، به‌ڵام هه‌وڵم دا به‌ هه‌ردوو زمانه‌‌که‌ و جاربه‌جار وشه‌کانی زمانه‌کانم تێکه‌ل ده‌کرد، گرنگ ئه‌وه‌بوو تێیان بگه‌یه‌‌نم، چونکه‌ ئه‌وان جگه‌ له‌ کوردێکی باکور، که‌ کرمانجی باش ده‌زانی، ئه‌وانی تر سه‌رجه‌م سویسریی بوون، یه‌کدوانێکیشیان بیانی بوون.
    یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌که‌ که‌ له‌ ٣٠/١٠/٢٠٠١ سازکرا له‌ کۆنوسه‌که‌دا به‌ ئه‌‌ڵمانی ئاوا هاتوه‌:
    ((+عێراق – کوردستان
    هیوا له‌ باره‌ی یه‌‌ک له‌ به‌رزترین جه‌نه‌راڵه‌کانی سوپای سه‌ددام حوسێنه‌‌وه‌ دوا، که‌ چالاکانه‌ به‌شداریی له‌ جینۆسایدکردنی کورده‌کاندا کردوه‌، ئه‌م داوای مافی په‌نابه‌ریی کردوه‌ له دانیمارک، که‌ به‌‌م هۆیه‌وه‌ داواکه‌‌ی ره‌فزکراوه‌ته‌وه‌. پاش سکاڵاکردنی کورده‌کان ئێستا ئه‌و له‌وێ له‌سه‌ر به‌شدارییکردنی له‌ تاوانه‌کانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی لێکۆڵینه‌‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت. هیوا پێشنیاز ده‌کات، که‌ ئێمه‌ به‌ نامه‌یه‌ک پشتیوانی سکاڵا بۆ سزادانی بکه‌ین. ویلی (یه‌ک له‌ ئه‌ندامه‌ ئاماده‌بووه‌کانی کۆبونه‌‌وه‌که‌ بوو- ه. ن.) له‌ ئینته‌رنێتدا به‌دواداچوون بۆ بابه‌ته‌که‌ ده‌کات.))
    له کۆبونه‌وه‌ی دووه‌میشدا که‌ له‌ ٢٠/١١/٢٠٠١ واته‌ پاش سێ هه‌فته‌، جارێکی تر باسی بابه‌ته‌‌که‌م کرده‌وه‌، به‌ پشتیوانی هه‌‌ندێک به‌‌ڵگه‌ که‌له‌گه‌ل خۆم هێنابووم وه‌ک وێنه‌ و کتێبی ئینگلیزی جینۆساید له‌عێراق و هێرشه‌کانی ئه‌نفال بۆ سه‌ر کورد Genocide in Iraq The Anfal campaings against kurds که‌ رێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ Human Rights Watch ساڵی ١٩٩٣ چاپی کردبوو.. پێشتریش دووبه‌دوو له‌گه‌ڵ ڕیتۆ مۆریتسی سه‌رۆکی لقه‌که‌ قسه‌م کرد بوو، ناوبراو که‌سێکی تێگه‌یشتوو وه‌‌ خه‌ڵکی‌ هه‌مان شارۆچکه‌ بوو که‌ من لێی داده‌نیشتم له‌ نزیکی ستگالن به‌ ناوی ئه‌بتڤیل. له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاردرا، که‌ گه‌ر لقی سه‌ره‌کی بێرن لاری نه‌بێت، ئه‌وا داواکارییه‌که‌ی هیوا جێبه‌جێ بکرێت.
    له کۆنوسی کۆبوونه‌وه‌که‌شدا له‌ نێو ئه‌و کارانه‌ی پێویسته‌ ئه‌نجام بدرێن، خاڵی ١.٢ ئاوا هاتوه‌:
    (( هیوا و ڕیتۆ نامه‌یه‌ک بۆ حکومه‌تی دانیمارک له‌سه‌ر بابه‌تی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ جه‌نا‌ڵه‌که‌‌ی پێشووی عێراق ئه‌‌لخه‌زره‌جی ده‌نوسن)).
    ئیتر ئیمه‌ ده‌ستبه‌کاربووین پاش هه‌فته‌یه‌ک نامه‌که‌ ئاماده‌ کرا و ناردمان، که‌ ئه‌مه‌ ده‌قی کوردییه‌که‌یه‌تی:
    ………………………………………………………………
    رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌وتی
    ٢٨ی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠٠١

به‌رێز سه‌رۆکوه‌زیران
ئێمه‌ ئه‌ندامانی رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی – لقی سه‌تگالن له‌ سویسره‌، خۆشحاڵ ده‌بین، که‌ پشتیوانی له‌ بڕیاره‌که‌تان بکه‌ین له لێکۆڵینه‌وه‌که‌تاندا له‌ سه‌ر که‌یسی
ژه‌نه‌راڵی پێشوی عێراق نزاز خه‌زره‌جی.
ئه‌م سه‌رکرده‌یه‌ له هه‌ڵمه‌تی ئه‌نفاله‌کانی ساڵی ١٩٨٧/١٩٨٨ لێپرسراوی ژینۆساید بووه‌. خه‌زره‌جی سوپاسالار سه‌رۆکی ئه‌رکانی سوپای عێراق بووه‌، یه‌کێکه له‌و که‌سانه‌ی که کلیلی گه‌یشتن به‌ ڕاستییه‌کانه‌ له‌سه‌ر کوشتنی زیاتر له‌ ١٨٢.٠٠٠ کوردی مه‌ده‌نی له‌و وڵاته‌دا.‌ ئه‌و کۆپییه‌ی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠٠١ له‌گه‌ڵ نامه‌که‌دایه‌، ڕوونی ده‌کاته‌وه‌، که‌ ئه‌م کۆنه‌ ئه‌فسه‌ره‌ نه‌ک هه‌ر ته‌نها نه‌خشه‌ی قه‌تڵوعامی کێشاوه‌، بگره‌ راسته‌وخۆ ده‌ستی له‌ کیمیابارانکردنی شاره‌ کوردییه‌کانیشدا هه‌بووه‌، ئه‌مه‌‌ش وه‌ک له‌ کتێبی Genocide in Iraq: The Anfal Campaigs against the Kurds, (july 1993) که ڕاپۆرتی رێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤه‌، تیایدا هاتوه‌.
به‌ناوی مافی مرۆڤ و پشتیوانیانی کوردی رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ سوپاسی به‌ڕێزتان و دادی دانیمارکی ده‌که‌ین، که‌ ئێوه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بگه‌یه‌ننه‌ دادگا.
له‌گه‌ڵ سڵاوماندا
ڕێتۆ مۆریتسی
ڕێکخه‌ری لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ستگالن – سویسرا

  • کۆپییه‌ک بۆ: لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی بێرن / سویسرا
    …………………………………………………………………..
    نامه‌که‌ هاوپێچ کرا له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شه‌ی کتێبی ئینگلیزی (جینۆساید له‌عێراق و هێرشه‌کانی ئه‌نفال بۆ سه‌ر کورد) هه‌روه‌ها کۆپی لاپه‌ڕه‌یه‌کی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ئه‌و مانگه‌ (کانونی دووه‌می ٢٠٠١) که‌ نامه‌که‌ی تێدا نوسرا، که‌ راپۆرتێکی تێروته‌سه‌له‌ بوو له‌سه‌ر به‌شداریکردنی خه‌زره‌جی له‌ ئه‌‌نفاله‌کاندا، نامه‌‌که‌مان به‌ فاکس و هاوکات به‌ نامه‌ی پۆستیش بۆ سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی دانیمارک نارد. ئاگاداریان کردینه‌وه‌ که‌ به‌ده‌ستیان گه‌یشتوه‌ و به‌‌ هێندی وه‌رده‌گرن.
    شایه‌نی باسه‌ هه‌واڵی نامه‌که‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی باشی بوو، چونکه‌ یه‌که‌مجار بوو رێکخراوێکی نێوده‌وڵه‌تی و بێلایه‌نی وه‌ک ئه‌منستی بچێته‌ پاڵ که‌یسه‌که‌ و ناوی ١٨٢ هه‌زار ئه‌نفالکراو بهێنێت و ناوی نزار وه‌ک تۆمه‌تبار بهێنێت. هه‌واڵه‌که‌ کاتی خۆی له‌ لاپه‌ره‌ی یه‌که‌می ژماره‌ ٥٢ی رێکه‌وتی ١٠/١٢/٢٠٠١ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا به‌ مانشێت چاپکرا و ده‌قی نامه‌که‌ش له‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ی هاوڵاتی و هه‌روه‌ها رۆژنامه‌‌ی ئاڵای ئازادی ژماره‌ ٤٤٤ی رێکه‌وتی ١٠/١٢/٢٠٠١وه‌ هاوکات له‌ سایته‌ کوردیه‌کانیشدا بڵاوکرایه‌وه‌.
    دیاره‌ من هه‌ر به‌مه‌وه‌ نه‌وه‌ستام هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌م کاره‌دا هه‌وڵمان دا که‌ لقی سویسرا به‌گشتی و دواتریش لقی سه‌ره‌کی رێکخراوه‌که‌ له‌ له‌نده‌ن بێنمه‌ پشت که‌یسه‌که‌وه‌، دوای دوو هه‌فته‌ کریستینا هێله‌ر رێکخه‌ری گشتی لقی سویسرای رێکخراوه‌‌ وڵامی داینه‌وه‌، که‌ ئه‌و پشتگیری کاره‌که‌مان ده‌کات و پێویست ناکات نامه‌‌ی تر به ناوی لقی سویسراوه‌ بنێرین، به‌ڵام به‌ڵێنیدا نامه‌که‌مان هاوپێچ به‌و به‌ڵگه‌نامانه‌‌وه‌ بۆ باره‌گای سه‌ره‌‌کی له‌نده‌ن بنێرێت، که‌ داوامان کردبوو ئه‌وانیش پشتگیری که‌یسه‌که‌ بکه‌‌ن. ئه‌وه‌ بوو دواتر له‌ رێگه‌ی کریستیناوه‌ وڵامی بنکه‌ی سه‌ره‌کی له‌نده‌نمان بۆ نێردرایه‌وه‌، که‌ به‌ گشتی دژی کاره‌که‌مان نه‌بوون، به‌ڵام که‌یسه‌که‌یان ته‌به‌نی نه‌کرد و گوتیان، که‌ لقی دانیمارکی رێکخراوه‌که‌مان ده‌کرێت بێته‌ پاڵ ئه‌و کاره‌، چونکه ئه‌و که‌سانه‌ی گه‌وره‌تاوانه‌‌کانیان ئه‌نجامداوه‌ و له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا دانیپێدانراوه‌، ده‌بێت وڵاته‌که‌ سكاڵای لێبکات، هه‌روه‌ها ئه‌و وڵاته‌ی سکاڵای لا کراوه‌ به‌رپرسه‌ به‌‌رامبه‌ر به‌و که‌یسه‌ و لامان وایه‌ حکومه‌تی دانیمارک به‌ ئه‌رکی خۆی هه‌ڵده‌ستێت.
    شایه‌نی باسه‌ له کتێبی (ڕه‌شه‌بای ژه‌هر و ئه‌نفال) نوسه‌ر عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود، به‌رگی دووه‌م، لاپه‌ره‌ ١١٩ تا ١٢١ له‌ ژێر ناوی: خه‌زره‌جی به‌ره‌و رووی دادگای لاهای ده‌کرێت، باسی ئه‌م نامه‌‌یه‌ی ئاوا کردوه‌ (رێکخراوی لێبووردنی نێو ده‌وڵه‌تی لقی سه‌نگالن له‌ سویسرا نامه‌یه‌کی ئاراسته‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی سویسرا کردووه‌، پشتیوانی خۆی له‌ باره‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی نزار خه‌زره‌جی خستوه‌ته‌ روو.) به‌داخه‌وه‌ نوسه‌ر هیچ ئه‌رک و ماندوبوونی ئێمه‌‌ی له‌به‌رچاو نه‌گرتوه‌ و ناوی نه‌هێناوم، ته‌نها ئه‌و دوو دێڕه‌ی نوسیوه‌!! جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌کی زه‌قیشی تێدا کردوه‌، چونکه‌ نامه‌که‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رۆکوه‌زیرانی دانیمارک کراوه‌ نه‌ک سویسرا، حکومه‌تی سویسرا سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌ر نییه‌.
    به‌ داخه‌وه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ و هه‌موو کار و کۆشش و ماندووبوونمان له‌م که‌یسه‌دا به‌ فیڕۆ چوو، چونکه‌ خه‌زره‌جی تاوانبار لە مانگی سێی ٢٠٠٣ دا بزربوو. کەیسی گرتنی درایە ئەنتەرپۆل. ئه‌وکات رفێنرا و شاردرایه‌وه،‌ بێئه‌وه‌ی بهێنرێته‌ پێش دادگا ڕفێنرا بۆ ئیمارات و تا ئێستاش دادگایی نه‌کرا و له‌وێ به‌ ئازادانه‌ ده‌ژی!
    به‌ڵگه‌نامه‌کانی هاوپێچ:
  • نامه‌که‌ی ئه‌منستی کۆپی ئۆرجیناڵه‌که‌ی به‌ ئینگلیزی
  • نامه‌ی سه‌رۆکی لقی سویسرای ئه‌منستی بۆ ڕیتۆ مۆریتسی ڕێکخه‌ری لقی سه‌تگالن و وڵامی بنکه‌ی سه‌ره‌کی رێخکراوه‌که‌ له‌ له‌نده‌ن بۆ ئێمه‌.
  • کۆنوسی دوو کۆبونه‌وه‌که‌، ئه‌و شوێنانه‌ی باسی بابه‌ته‌ کراوه‌ دیاریکراوه‌.
  • کۆپی لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می رۆژنامه‌ی هاوڵاتی که‌ هه‌واڵه‌که‌ی تێدا بڵاوکرایه‌‌وه‌ له‌گه‌ڵ کۆپی هه‌واڵه‌که‌ی ئاڵای ئازادی.
  • لینکی چاوپێکه‌وتنی خه‌زره‌جی، که‌ دانی پێداده‌نێت به‌شدار و سه‌رپه‌رشتیاری راسته‌وخۆی ئه‌نفال بووه‌.
    https://www.youtube.com/watch?v=BDoi_aj-JSY



بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…10…شەماڵ بارەوانی

بەشی دەیەم/

چۆن جوێن بە ئیمامی عوسمان دەدەیت..!؟

لە بەشەکانی پێشوو باسم لە ڕوانگە و هیڵە سەرەکیەکانی بیرکردنەوەی قورئانیەکان کرد.
لەو بەشەیش هەر باسی قورئانیەکان دەکەم.

من کاتێک لە حوجرە و لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان(شەریعە)بووم، چەندین فەقێم گۆڕین و کردمن بە قورئانی و کەم و زۆر کاریگەری منیان بەسەرهەوەبوو. تەنانەت نەک هەر فەقێ، بەڵکوو خوندەکاری کۆلێژی شەریعە و گەنجی دەرەوەی کۆلێژیشم گۆڕی و بە هۆی منەوە بوون بە قورئانی.

بەسەرهاتێکی زۆر خۆش هەیە قەت بیرم ناچێتەوە،
ئەوە لە قۆناغی یەکی کۆلێژ شەریعە بووم و دەستم کردبوو بە ڕەخنەگرتن لە هەندێک کەسایەتی بە ئایکۆن کرا و بە ئەفسانەکرا و پیرۆزکرا و سەرو ڕەخنەکراوی ناو مێژووی ئیسلامی و خەلیفەکانی ئیسلامی و مەزهەب و فیقهی ئیسلامی و کەلەپووری ئاین و دەیان و سەتان ڕیوایەت.

جا لای خوێندەکارەکانی کۆلێژ و فەقێکانی حوجرە و قوتابیەکانی قوتابخانەی ئیسلامی خێرا ناوم بڵاو بووەوە و خەڵکێک لەوانە، وەکوو بۆمبێکی مەترسیناک و کەسێکی هەڵگەڕاوە و فەقێیەکی گوومڕاو بابایەکی موڕتەد و دەرچوێک لە ئایین و بازنەی ئیسلام سەیریان دەکردم.

یەکەم خوندەکاربووم لە ناو کۆلێژی شەریعە بەو پەڕی بوێرییەوە دەمگووت:باوەڕم بە ڕیوایەت و کەلەپووری دینی نییە و ڕەخنەم لە هەردووک ئەوەی کە سونەکان پێی دەڵێن(سەحیحی بوخاری و سەحیحی موسلیم) و حەدیسەکانی نێو ئەو دوو سەرچاوەیە دەگرت و باسم له خەلیفەکاندەکرد و دەمگووت:ئەمەیان ستەم کاربوو و خەڵکی دەچەوساندەوە. ئەوەیان بکوژ و دیکتاتۆر و جەلاد و دژی ئازادی خوازان و بۆچوونی جیاواز بوو، حەلاج و گەیلانی دیمەشقی و ئیبنولموقەفەع و جەعدی کوڕی دەرهەم و کێ و کێی تری سەردەبڕی و لەسێدارە دەدان و دەیسوتاندن و ئەویتریان گەندەڵ بوو و کەس و کاری خۆی و کەسەنزیکەکانی لە دام و دەزگاکانی میری(حکومەت) دادەمەزراندن و ئەوەیتریان لە خەلیفایەتی و ئیدارەدان لاواز بوو و خەڵکی داوایان لێدەکرد لە دەسەڵات بێتە خوار، کەچی هەرنەدەهاتە خوار و دەیگووت سوڵتە کراسێکی پیرۆزە و خوداوەند کردوویەتیە بەرم و هەرگیز دایناکەنم و ئەوەکەیتریان لە سەرزەکات نەدان بە بەیتولمال، تۆمەتی موڕتەدبوون و کافربوونی دەدایە پاڵ خەڵک و جەنگی لە دژ بەرپادەکردن و خوێنی ڕەوادەکردن و دەیکووشتن، ئەوەیتر سەدان و هەزاران کەنیزه و کۆیلەی هەبوو و غەرقی عەیش و نۆش و چێژ و ڕابواردنی شەوە سوورەکان و سوارچاکی باوەشی ژن بوو، ئەوەیتریان بە خەلیفە نەخۆشەکە ناسراوبوو..تاد.

جا بە هۆی ئەو زمان درێژی و نەعەندرایی و هۆشیاری و ئەنتی باوی و نەچوونە ژێر باری ئەقڵی مێگەڵ و ئەو یاخی بوونەم، ڕووبەڕووی دەیان و سەتان توانج و تۆمەت و قسەی ڕەق و ناخۆش دەبوومەوە.

وەلێ زۆر خۆڕاگربووم و قەت ورەم بەرنەدەدا و لە بۆچوون و قەناعەتەکانم، یەک گەردیلەش پاشەکشەم نەکرد.

چەندین جار، لە لایان بەرامبەر و خەڵکێکی زۆرەوە
پێم گووتراوە: بەسە چیتر زمانت درێژ نەکەی، پێم دەگووترا مولحید و بێ دین، قەشە، کافر، مارکسی، زەندیک، زەردەشتی و ئێزدی، کافر و گوومڕا..تاد.

جا ئەوە ڕۆژێک لە کۆلێژی شەریعە پیاسەم دەکرد، کوڕێکی جاو شین و شیک پۆش و زەعیفکە(م.میرانی) بەرەو ڕووم هات، تۆزەک بە تووڕەییەوە گووتی:سەلام عەلێکم کاکە، ئەوە تۆی دەڵێن جوێنت بە ئیمامی عوسمان دایه!؟ ئەوە بێ ئەدەبیە بەڕاستی.

گووتم کاکە بەو شێوازە نییە، هەڵە حاڵی کراوی، تۆزەک هێورم کردەوە، ئەلحەق کوڕێکی ڕێک و پێک بوو، ئنتیماشی بۆ ئیسلامی سیاسی هەبوو، وەلێ حزبی نەبوو، عاتیفەی ئایینی زۆر بەهێزبوو، هەر لەو سۆنگەیەشەوە لە بەشی زانستی نمرەی بەرزیشی هێنابوو، کەچی هاتبوو کولێژی شەریعە، دواتر کە گۆڕا سەبارەت بەو عاتیفیە دینیە خۆی وای پێگووتم.
جا ئەو کوڕە کەسێکی زۆر بیرتیژ و ئاقڵ بوو، دەمارگیر نەبوو، مەزهەبگەرایی و ئیسلام گەرایی کوێری نەکردبوو. ئەو بە دوای ڕاستیدا دەگەڕا. ئێستاش پێم دەڵێت هەرکاتێک بۆم دەرکەوت ئەو قورئانی بوونە و قەناعەتەی ئێستام هەڵە و ناڕاستە و حەقیقەت شتێکی ترە، بێ دوو دڵی یەکسەر وازی لێ دەهێنم.

با بێینەوە سەر بەسەهاتەکە،
جا کاتێک وا بەهەڵچوونەوە لە ڕووم دوا، گووتم دەتوانین زیاتر لێک تێبگەین، وەلێ ئەو هەویرە، وەکوو پەندە کوردیەکە دەڵێت: ئاوی زۆری دەیوێت.
گووتی باش، دواتر سەردانی حوجرەی کرد و هات بۆ لام یەک دووجار، هێدی هێدی دەستمان کرد بە گفتوگۆ لەبارەی هەندەک ڕیوایەت و مەسائیلی فیقهی و بابەتی حەڵاڵ و حەرام و مێژووی ئیسلام، ئەو هەر دەی پرسی و منیش بە گوێرەی ئەو زانیاری و مەعریفەیەی ئەوکات هەم بوو، وڵامم دەدایەوە، دیاربوو، وڵام و قسەکانی من بۆ ئەو زۆر دڵگیر و جێگای قەناعەت و بڕوا پێکەربوون، هەر دەیگووت ڕاستە، لۆژیکیە، جوان و ماقوڵە.

دواتر یەک دووجار داوەتی ماڵەوەی خۆیانی کردم و گووتی:حەزدەکەم بێیت و قسە لۆبراکانیشم بکەیت و کاریگەرییان لە سەر دروست کەیت، منیش دوو جار ڕۆیشتم و شەویش لەوێ مامەوە و هەرقسەم بۆ براکانی و گەنجێکی تریشیان دەهێنا، دەکرد و دیاربوو قسەکانی منیان زۆر پێ خۆشبوو و بەو چەشنە
ئیدی ئەو کوڕە هێدی هێدی گۆڕاو سەرەنجام بوو بە قورئانی و براکانی خۆیشی و یەکێک کەسەنزیکەکانی تریشی(لەکاتی نووسینەوەی ئەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا.. پی گووتم) لە گەڵ سێ هاوڕێی تریشی کەلەگەڵ ئێمە لە کۆلێژدا بوون، لە شەریعە(هـ..)و (عو..) و (ب..)، ئەوانیشی گۆڕیون و تێگەیشتنیان بۆ ئاین لەگەڵ پێشووتر زۆر جیاوازە و، کاکە م.میرانی تاڕادەکی باش نزیکی کردوونەتەوە لەو تێگەیشتنەی قورئانیەکان.
خۆشم بە تێل قسەم لەگەڵ دانەیەکیان کرد لە کاتی نووسینەوەی ئەو بەشەی بیرەوەریەکان، کە پێشووتر ئەو کوڕە لەگەڵ من فەقێبوو لە قوتابخانەی ئایینی(مەلا عەبدولڵاپەلپیتانی)،
زۆر گۆڕابوو و دەیگووت: ڕیواتەتەکان(فەرمودەکان) وەکوو ئایین وەرناگرم هەرگیز،

جاکاکە( م، میرانی) براکەیشی(ئــ..میرانی)، چەندین جار بینیومە لە سۆشیاڵ میدیا، زۆر بە حەماسەت و گەرمیەوە لە ڕووی ئەو چەواشاکاری
Shamal Ismael Kareem
ودرۆیانەی بە دەم زەرەشتەوە کراوە، وەستاونەتەوەو و وڵامی ئیسلامگەراکانیان داوەتەوەو، م.میرانی و داوای لە من کردووە تا یارمەتیان بدەم و پێکەوە لێنگەڕێین‌ ئەو درۆ و چەواشەکاریانەی سەبارەت بە زەردەشت دەکرێت و کراوە و دەیکەن، وا بە ئاسانی بە سەریاندا تێنەپڕێت و چیتر گەنج و ڕۆڵە و هەرزەکاری کورد لەخشتە نەبەن و گوایە زەردەشتیەکان ئاگر پەرستن و دوو خوداوەندیان هەیە و هاوسەرگیری لەگەڵ کەسه نزیکەکانی خۆیان دەکەن و بە میزی گا خۆیان دەشۆن ..تاد. وەکوو ئەوەی پیاوە ئایینیەکان و نووسەرە عەرەبی و ئیسلامیەکان سەبارەت بە ئاڤێستا و زەردەشتیەت نووسیویانە و
ئیسلامیە سیاسیەکان و سەلەفیگەراکانیش، زۆر نەزانانە و قینە لە دڵانە، دێن و هەمان ئالیک کاوێژی دەکەنەوە و لە گرووپ و پەیج و ئەکاونتەکانیان دایدەنێنن و بڵاو دەکەنەوە.

جا ڕۆژێک لە کۆمێنت بینیم، ئیسلامیەک لە کاکە ئە.. میرانی پرسی بوو:خۆتۆ قورئانیت، چیت داوە لە زەردەشتیەت و بەرگری کردن لە زەردەشت!؟

ئەویش لە وڵامدا وتبووی: وەکوو مرۆڤێک پێم ناخۆشە چەواشەکاری و درۆ بەدەم زەرەدەشت و هیچ ئاینێک و کەسێکەوە بکرێت و بوختانیان بۆ بکرێت و قسەیان بۆ هەڵبەسترێت.

ئەوەش بڵێم
بۆ نوسینەوەی ئەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا..
چەندین جار پێوەندیم بە کاکە (م.میرانیەوە) کرد، بۆ دڵنیابوون و دوپاتکردنەوەی زانیارییەکانم، ئەو زانیاریانەم لێی وەرگرت و ئەوەشی پێگووتم، کە لەلایان خەڵکێکەوە بە هۆی قورئانی بوون و دەرچوونیان لە قاڵبی تێگەیشتنی مەزهەبی و سونەکان، ئەگەر هەموو بۆچوونەکانی خۆیان لە بارەی تێگەیشتنی خۆیانەوە بۆ ئایین بڵێن، ئەوە بێگوومان کافر دەکرێن.

بەڕاستی ئەوان مرۆڤی دینداری زۆر ڕێک و پێکن و دژی هیچ یەکێک لە ئاینەکانی تر نین و وەک چۆن باوەڕیان بە قورئان هەیە، هەمان شێوە باوەڕیان بە سیکولاریزم و بیردۆزی ئیڤۆلەیشن و پلورالیەتی ئایینی هەیە.
بەوشێوەیە من و م.میرانی بووین بە دوو هاوڕێی گیانی بە گیانی و تائێستاش هەرواین و ئێستاش پێم دەڵێت سوپاست دەکەم و ئستیفادەم لێت کرد، بە تایبەتی لە بیدایەتەکان کە زانیاریم نەبوو.

ئینجا من و م.میرانی دوای ئەوەی کۆلێژمان تەواوکرد، هەردووکمان ڕۆیشتین بۆ خوێندنی باڵا و ماجستێر، من لە باکوری کوردستان و شاری(وان)، ئەویش (مالیزیا)، پێی گووتم: حەزدەکەم لە گەڵ من بێیت و پێکەوە بڕۆین بۆ مالیزیا، لەوێ بخوێنین، جا خوێندن لە مالیزیا زۆر دەکەوێت. گووتی من کرێی فڕۆکە و مانەوەکەشت دەدەم، ئەگەر دێیت.

پێم جوان نەبوو ببم بە ئەرک و گووتم نایەم و زۆر سوپاستدەکەم و هەندەک پارەم هەبوو و هەندێکیتریشم قەرزکرد و ڕۆیشتم بۆ باکوری کوردستان و لەوێ و لەشاری وان و لەسەر ئەرکی خۆم خوێندم

ئەوە م.میرانی،

ئینجا سەبارەت بەوەی من کاریگەریم لەسەر هەندەک فەقێکانیش هەبوو. قسەیەکی خۆشمان هەبوو، لە حوجرە، هەموو جار لەگەڵ فەقێکان، تێر تێر بەو قسەیە پێدەکەنین(بای دوو پیاسە و دانیشتنێکە)،

من کە بووم بە قورئانی هێشتا قورئانیەکان لە کوردستان هیچ ناو دەنگێکیان نەبوو، کەس نەیدەناسێین، قورئانی بوون خێرا دەنگی دایەوە، هەڵبەت من بە گوێگرتن یان خوێندنەوە، یان بەریەک کەوتن لە گەڵ هیچ کەسێکی قورئانی، نەبووم بە قورئانی. وەکوو لە بەشی پێشوو ئاماژەم پێدا.

بەڵکوو خۆم لە دەرەنجامی خوێندنەوە و بیرکرنەوەی چەندین ساڵە و گوومان دروست بوون و هێدی هێدی و پلە بە پلە بووم بە قورئانی، کەبووم بە قورئانی ئینجا زۆر دوای ئەوە دکتۆر(محەمەد شەحرور)ی بیرمەندی قورئانی و قورئانیەکانم ناسی و زانیم قورئانی لە کوردستان هەن و وەکوو ئاماژەم دا، من زۆر لەمێژتر لەو بەروارە باوەڕم بە زۆرێک لە ڕیوایەتەکان نەمابوو، فەرموودەی (ئاحاد)م سەرلەبەری ڕەتدەکردەوە.
تەنها باوەڕم بە چەند فەرموودەیەکی موتەواتیر هەبوو.

فەقێ هەبوو دژم بوو، بەڵام دوایی ئەو فەقێیە گۆڕا و کردم بە قورئانی، جا فەقێکان بۆ شۆخۆی پێیان دەگووتم فلان فەقێیەش بێنین بۆت، تا بیکەیتە قورئانی؟
ئەوە بای دوو پیاسە و دانیشتێکە، واتا فەقێیەکی زۆر کەله ڕەق و وشکباوەڕ نییە، زوو ڕادەست دەبێت و دەیهێنیتە سەر قەناعەتی قورئانی بوون.

فەقێش هەبوو پێیان دەگووتم پیاسەیەک، یان چوار پیاسە و دوو دانیشتنی دەوێت تا بیگۆڕیت، ئینجا دەماندا قاقا.
گەنجێکم کرد بە قورئانی، فەقێش نەبوو، لە قوتابخانەی پەروەردەبوو، دواترو دوای ماوەیەک، ئەو گەنجەقورئانیش نەما و بوو بە لائیک، خۆی وای پێگووتم و زۆرجار قسەمان پێکەوە دەکرد. ئێستاش هاوڕێین.

لە بەشێکی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا.. باسم لەوە کردووە کە فەقێیەک شەوەک هاتبوو حوجرەکەی ئێمەو شەو لەوێ مابوویەوە، من بەسەردان لە ماڵەوەبووم، فەقێ(خ)، زۆر قسەی پێگوتبووم و جوێنی زۆری پێدابووم، گووتبووی گومڕایه، دواتر پێکەوە دانیشتین و قەناعەتیم گۆڕی و بوو بە قورئانی.

جائەو فەقێیە کاتێک دواتر و دوای ئەوەی من کۆلێژی شەریعەم تەواوکرد، ئەویش ڕۆیشت بۆ کۆلێژی شەریعە، ڕۆژێک سەردانی کردم و پێی گووتم: مامۆستا(ئو..)،کە مامۆستابوو لە کۆلێژی شەریعەی هەولێر، کەسێکی ئیسلامی سیاسی بوو و دەیانگووت کۆمەڵی ئیسلامی سیاسیە، کاتی خۆی بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، کوڕی مەلا(ت.بەحرکەیی بوو)
جاگووتی پێی گووتم لە هەندێک کەس دوور کەرەوە، گووتی نەیزانی من دۆستی تۆم و قورئانیشم، ئینجا لیستێک ناوی داپێم و گووتی ئاگاداری ئەوانە بە، ئەوانە گوومڕا و خەتەرن و گوێیان بۆ مەگرە و موتابەعەیان مەکە و لێیان دوور کەرەوە، گووتی کەسەیری ناوەکانم کرد، دەبینم ناوی تۆ و یونس ڕاوی و عەبدولڕەحمان سدیق و چەند کەسەکیتریشی تێدابوو.




شیعری مناڵان/ خولی فێربوون… عەلی حەمەڕەشید

ھاتووین بۆ خولی فێربوون
تا ئاسۆمان گەش بێ و ڕوون
بـە چـــــالاکی و زانیاری
بە وێنە و مەلـــە و یـاری
لێرە کـات بەسـەر دەبەین
توانای خۆمـان دەردەخەین
وانـەی تــــازە فێر دەبین
ھی ئـەو پۆلەی بۆی دەچین
بۆ خولیا و بەھرەکـانمان
بۆکاری باش و جوانمـان
مامۆستاکــان ھاوکـــارن
لەگەڵمان دەست بەکــارن
تــا ئێمەی بچکـۆلە و ژیر
مرۆڤێک بین ڕۆشـــــنبیر

١٠/٧/٢٠١٨




گرامشی فەیلەسوفێکی شۆڕشگێر… ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ئیتالیا خاوەنی شارستانییەتێکی زۆر گەورەیە، لانکەی زۆرێک لە فەیلەسوف و زانا و هونەرمەندی مەزنی جیهانە، کە جێ پەنچەیان بەسەر مێژووی مرۆڤایەتییەوە دیارە، یەکێکیش لەو فەیلەسوف و کەسایەتییە مەزنانەش ئەنتۆنیۆ گرامشییە. ئەم پیاوە مەزنە لە یەک کاتدا، فەیلەسوف، شۆڕشگێڕ، رۆژنامەنووس، نووسەر و چالاکوانێکی مەدەنی ئێجگار گەورە بووە. داکۆکیکارێکی مەزن بووە لە مافی چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لە هەمووشی گرنگتر شۆڕشگێڕێکی مەزن بووە لە دژی رژێمی فاشیستی ئیتالیا، هەر لە پێناوی ئەم بەها جوانانەشدا زیاتر لە دە ساڵ زیندانیکراوە دواجاریش کاتێک ئازاد کرا، هێندە ئازار و ئەشكەنجەیاندابوو، گیانی پاکی لەدەستداوە.
کاتێک دادوەرەکە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرکرد رایگەیاند: ئەوا بۆ ماوەی 20 ساڵ ئەم عەقڵەمان راگرت.” بەڵام وەکو نووسەرێکی ئەڵمانی دەڵێت: ئەو عەقڵە نەک هەر رانەگیرا، بەڵکو هەتاوەکو ئێستاش چالاکە.
گرامشی خاوەنی دیدگایەکی ئێجگار تایبەتە و تیۆری خۆی هەیە لە بارەی کەلتور، رۆڵی رۆشنبیر لەناو کۆمەڵگەدا، هەروەها بۆچوونێکی رەخنەگرانەی هەیە بەرامبەر بە تێڕوانینی خۆرئاوایی بۆ جیهان و کە خۆی لە فیکری سەنتڕاڵیزمی خۆرئاوایی دەبینێتەوە. جگە لە کۆمەڵێک تێڕوانینی تایبەتی لە بارەی یەکێتی سۆڤیەت، فاشیزم، سیستمی سەرمایەداری، پارتی شۆڕشگێر، خەباتی مەدەنی و سیاسیی، دەوڵەت، ئەدەب و هونەر، کۆمەڵێک بابەتی گرنگی تر.
لێرەدا هەوڵ دەدەم تیشکێک بخەمە سەر ژیان و فیکری ئەم کەڵە فەیلەسوفە و کەمێک بە خوێنەرانی ئازیزی کوردی ئاشنا بکەم.

منداڵێکی هەژار
Antonio Gramsci ئەنتۆنیۆ گرامشی لە 22 یانوەری 1891 لە دوورگەی سەردینیای ئیتالیا لەدایک بووەو لە 27 ئەپریلی 1937 لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا کۆچی دواییکردووە. ئەنتۆنیۆ سەر بە کەمە نەتەوەی Arbëresh ئاربیرێش کە کەمە نەتەوەیەکی ئەلبانین لە باشووری ئیتالیا دەژین. لە بنەچەدا بنەماڵەی گرامشی خەڵکی ئیتالیا نین و لە ئەلبانیاوە هاتوون، باپیرە گەورەی بە خۆیی بنەماڵەکەیەوە لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەوە ئەلبانیای بەجێهێشتووە هاتوون بۆ شاری ناپۆلی باشووری ئیتالیا. ناوی گرامشیش لە ناوی شاری ” Gramsci گرامش” ی ئەلبانییەوە هاتووە، کە شارۆچکەیەکی بچووکە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەلبانیاوە.
گرامشی لە تەمەنی 3 ساڵیدا بە دەستی کچە خزمەتکارێکییانەوە دەکەوێتە خوارەوەو پشتی ئازاری زۆری پێ دەگات و ئەمەش هەتا کۆتایی ژیانی کاریگەری گەورەی بەسەر جەستەیەوە بەجێهێشت. بەهۆی ئەمەوە تووشی پشتئێشەی زۆر بووە، لەبەرئەوە نەیتوانییوە زۆر یاری لەگەڵ منداڵانی هاوتەمەنی خۆیدا بکات. پاشانیش وایکردووە کە لە رووی گەشەی جەستەییەوە زۆر پێشنەکەوێت و باڵا کورت و پشت کۆم بێت.
لە رووی ئابووریشەوە سەرەتا رەوشی ژیانیان ئاساییی بووە، باوکی کارمەندێکی ئاساییی حکومی بووە، بەڵام پاشئەوەی ساڵی 1898 باوکی بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی پۆستی حکومی لە کارەکەی لا دەبرێت و زیندانی دەکرێت، رەوشی بنەماڵەکەیان لە روویی داراییەوە تێکدەچێت. هەرئەمەش وا دەکات کە لە رەوشێکی زۆر خراپی داراییدا خوێندن تەواو بکات، پاشان بۆ تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، بەرەو شاری تورینۆی باکووری ئیتالیا دەڕوات و لێرەشەوە تێکەڵی ژیانی سیاسیی و فکرییی ئیتالیا و ئەوروپا دەبێت.

سەرەتای تێکەڵبوون لەگەڵ سیاسەت و فیکردا
ساڵی 1921 لەرێگەی ستێپێندیۆمێکەوە” دەستگیرۆییەکی خوێندنەوە” دەتوانێت لە زانکۆی تورینۆ بەشی ئاداب بخوێنێت. ئەمەش دەرگایەکی گەورەی فیکریی و سیاسیی و رۆشنبیریی بەرووی گرامشی گەنجدا دەکاتەوە. هەرچەندە وەکو خۆی پاشتر باسی دەکات، لە رووی بژێوییی ژیانەوە، زۆر رەوشی ژیانی خراپ بووەو هەژاریی و برسێتی زۆری چەشتووە. بەڵام زانکۆ و شاری تۆرینۆ دەرگایەکی فراوانی جمووجۆڵی سیاسیی و رۆژنامەگەریی و فیکری بۆ دەکەنەوە.
لەو ساڵانەدا لە تەواوی ئیتالیادا بزووتنەوەی کرێکاریی و چەپەکان زۆر بەهێزبوون، گرامشی زوو تێکەڵی ئەم بزووتنەوەیە بوو. لە ساڵی 1917 لە ئیتالیاش راپەرینی گەورەی کرێکاری دەستیپێکرد، لە شارەکانی باکووردا بزووتنەوەی شورایی لە ناو کارگەکان دروستبوو، کە گرامشی زۆر داکۆکی لێدەکرد. ئەو لەو باوەڕەدا بوو کە لێرەش هاوشێوەی روسیا، شۆڕشێكی کرێکاری روو دەدات و کۆتایی بە سیستمی سەرمایەداری دەهێنرێت و سیستمی سۆشیالیستی هاوشێوەی روسیا دروست دەکرێت، بەڵام وا دەرنەچوو.
گرامشی لە ساڵی 1919 دەبێتە سەرنووسەری رۆژنامەی سیستمی نوێOrdine Nuovo، لێرەدا زیاتر داکۆکی لە مافی کرێکاران دەکات و بەشێکی زۆری بۆچوونەکانی خۆی دەخاتەڕوو. پاشان دەچێتە ناو ریزەکانی پارتی سۆشیالیستی ئیتالیا، دواتریش لە ساڵی 1921 دەبێتە ئەندامی دامەزرێنەری پارتی کۆمۆنیستی ئیتالیا وەکو سکرتێری گشتی حزبیش هەڵدەبژێرێت.

بۆچوونە فیکرییەکانی
بۆئەوەی لە فیکر و فەلسەفەی گرامشی تێبگەین، هەردوو رەگەزی ” کات و شوێن” هاوکاری باشـمان دەکەن. ئەو لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا ژیاوە، ئیتالیاش یەکێك بووە لە زلهێزەکانی ئەوکاتی جیهان و کاریگەری گەورەی بەسەر ئەوروپا و جیهانیشەوە هەبووە. لەوکاتەشدا جیهان بەدەست کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە دەیناڵاند، زلهێزەکانی جیهان لە جەنگ و ململانێی سەختدا بوون. بیری سۆشیالیزم و چەپگەرایی لە تەواوی ئەوروپا و جیهاندا زاڵ بووە، لە بەرامبەریشدا فیکری فاشیزم و ناسیۆنالیزم و تۆتالیتاریزم زۆر بەهێز بوو، لە ئیتالیا فاشیزمەکان دەسەڵاتیان گرتبووە دەست، لە روسیاش بۆلشەفییەکان دەسەڵاتیان گرتبووە دەست و سیستمی سۆشیالیستیان دامەزراند بوو. ئیتالیاش خۆی لەناو گێژاوێکی گەورەدا دەبینییەوە، هێزە چەپ و راستڕەوەکان لە جەنگ و ململانێی سەختدا بوون. هەموو ئەمانە کاریگەری گەورەیان بەسەر فیکر و دونیابینی گرامشیی هەبووە.
ئەو جگە لە جمووجۆڵی سیاسیی، لە بواری نووسین و فیکر و فەلسەفیشدا، داهێنانی گەورەی کردووە. بەشێکی زۆری فیکر و فەلسەفەکەشی لە زینداندا نووسیوە کە بە ‘ دەفتەرەکانی زیندان” ناودەبرێن و خۆیان لە 32 دەفتەر دەبیننەوە نزیکەی 3 هەزار لاپەڕەن. لەم دەفتەرانەدا باسی کۆمەڵێک مەسەلەی گرنگی کردووە لەوانە” رۆڵی رۆشنبیر لەناو کۆمەڵگەدا، هەژموونی دەوڵەت و کەلتووری سەرمایەداری، رەخنە لە فیکری سەنتڕالیزمی کەلتووری ئەوروپی. سیستمی دەوڵەت، کۆمەڵی مەدەنی، خەباتی سەندیکایی، دژایەتیکردنی فیکری فاشیزم، شۆڕشی روسیا، کێشەکانی ئیتالیا و ئەوروپا. مەسەلەی شۆرش و خەباتی چینایەتی،،، ” کۆمەڵێک مەسەلەی تر.
لێرەدا هەوڵ دەدەم، تیشکێک بخەمە سەر بۆچوونە فیکرییەکانی ئەم کەڵە نووسەرە.

خەبات لە دژی فاشیزم
بەشێکی گرنگی خەباتی سیاسی گرامشی بریتییە لە خەبات لە دژی سیستم و فیکری فاشیزم، ئەو چ بە قەڵەم یان بە چالاکی مەدەنی دژی رژێمی فاشیزمی مۆسۆلۆینی دەوەستێتەوە، بۆیە لە ساڵی 1924 بۆ 1926 چەندجارێک دەستگیر دەکرێت پاشانیش لە ساڵی 1926 بە تەواوەتی زیندانی دەکرێت و هەتاوەکو ساڵی 1937 لە زیندانی فاشیستەکان دەبێت. لە زیندانیش زۆر ئەشکەنجە دەدرێت، هەربۆیە کاتێکیش ئازادی دەکەن، لە پاش ماوەیەکی کەم بەهۆی نەخۆشییەوە گیان لە دەستدەدات.
ئەو لەرێگەی نووسینەکانییەوە، دڕندەیی و نامرۆیی فیکری فاشیزمی خستۆتەڕوو،بەشێک لەکارە فیکرییەکانی بۆ دژایەتیکردنی فیکری فاشیستی تەرخانکردووە. لەهەمانکاتیشدا پێشبینی بەو کارەساتە گەورانە کردووە کە رووبەڕوی ئیتالیا دەبێتەوە بەهۆی رژێمی فاشیستی ئیتالییەوەو بەسەرۆکایەتی مۆسۆلینی.

دوو جۆر رۆشنبیر
گرامشی پێناسەیەکی تایبەتی بۆ رۆشنبیر کردووە کە تاڕادەیەک جیاوازە لە بۆچوونی فەیلەسوفانی پێش خۆی. لەهەمانکاتیشدا هەتاوەکو ئەمڕۆش بە یەکێک لە پێناسە گرنگەکان دادەنرێت کە بۆ رۆشنبیر کرابێت. بە بڕوای گرامشی دوو جۆر رۆشنبیر هەیە، یەکەمیان رۆشنبیری تەقلیدیی، ئەمەش ئەو جۆرە رۆشنبیرانە دەگرێتەوە، کە خۆیان لە جەماوەری گشتی خەڵکی بەدوور دەگرن و زیاتر خۆیان بە نوخبەیەک دادەنێن و بە چاوێکی کەمەوە سەیری ئەوانی تر دەکەن و خۆیان لە قەرەی کێشەکانی ناو کۆمەڵ نادەن.
جۆری دووەمی رۆشنبیر ئەوانەیە، کە گرامشی ناوی ” رۆشنبیری ئۆرگانی” لێناون. ئەمانە ئەو رۆشنبیرانە دەگرێتەوە کە خۆیان بە بەشێک لە کۆمەڵگەکەیان دادەنێن و هەڵگری ئازار و مەینتەییەکانی گەلەکەیانن و داکۆکی لەمافەکانیان دەکەن. لەهەمانکاتیشدا ئەو رۆشنبیرانە دەبنە رابەری بزووتنەوە جەماوەریی و شۆڕشگێڕییەکان و هەوڵی رێکخستنی خەڵکی دەدەن، لە هەمووشی گرنگتر هەوڵ دەدەن چینی جووتیار و کرێکاران لە یەکتری نزیک بکەنەوە. هەروەها ئەرکی سەرەکیشیان هۆشیارکردنەوەو رۆشنبیرکردنی چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەبێت و هەوڵدان بۆ دژایەتییکردنی هەژموونی کەلتووری سەرمایەداریە.
لەمەدا گرامشی پێی وایە کە رۆشنبیری ئۆرگانی دەبێت وەکو سەربازێک لە دژی هەژموونی سەرمایەداری بوەستێتەوەو نەهێڵێت ئەو هەژموونە بەسەر تەواوی خەڵکیدا بسەپێت، کە زۆرجاریش ئەم هەژموونە لە رێگەی دەزگاکانی دەوڵەت و میدیاکانەوە دەبێت. بۆیە ئەو پێی وایە دەبێت رۆڵی کۆمەڵی مەدەنی بەهێز بکرێت لەمەشدا رۆشنبیر رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.

هەژموونگەرایی کەلتوری
خاڵێکی گرنگی تری فیکری گرامشی پەیوەندی بە مەسەلەی هەژموونگەرایی کەلتوری بەگشتی و سەرمایەداریی بەتایبەتی هەیە. ئەم خاڵە زۆر گرنگە کە گرامشی باسیکردووە پێشتر بیرمەندانی تری چەپ بەو شێوەیە گرگنگیان پێ نەداوە. مەسەلەی هەژموونگەراییش دەبێتە خاڵێکی سەرەکی بیرکردنەوەیی و پانتایی باش لە کار و بەرهەمەکانی بۆ تەرخان دەکات. جێگەی ئاماژەیە مەسەلەی هەژموونگەرایی لەرێگەی گرامشییەوە، دەبێتە بابەتێکی گرنگی فەلسەفەی جیهان و لەپاش ئەو کۆمەڵێک فەیلەسوف و بیرمەندی جیهان خۆیان پێوەی خەریک دەکەن و شڕۆڤەی دەکەن.

چەمکی هەژموونگەرایی بەشێکی زۆری کارەکانی گرامشی داگیرکردووەو هیچ فەیلەسوفێک بەو شێوە چڕوپڕییە قسەی لەمبارەوە نەکردووە، بەتایبەتی هەژموونی کەلتوری. ئەمەش رێگەی بۆ زۆر فەیلەسوفی تری جیهان کردەوە، کە لەمبارەیەوە کار بکەن ، بۆ نموونە ئێدوارد سەعید لە کتێبەکانی “خۆرهەڵاتناسیی، ئیمپریالیزم و کەلتور”، لە ژێر کاریگەری تێزەکانی گرامشی ئەم کتێبانەی نووسیوە، کە بە یەکێک لە کارە گرنگەکانی ئێدوارد سەعید دادەنرێت.
گرامشی پێی وایە کە سەرمایەداری توانییوەتی تاڕادەیەکی زۆر هەژموونی کەلتوری خۆی بەسەر تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا بسەپێنێت. هەربۆیە بۆ رووبەڕوبونەوەی ئەم هەژموونە داوا دەکات کە گرنگی زۆر بە رۆشنبیرکردنی چینی کرێکار و جووتیار بدرێت، ئەمەش ئەرکی سەرەکی رۆشنبیرە کە ئەو بە رۆشنبیری ئۆرگانی ناوی دەبات، لە پاشانیش ئەرکی پارتێکی شۆڕشگێرییە. جێگەی ئاماژەیە لە سەرەتاکانی شۆڕشی روسیدا زۆر باوەڕی بە یەکێتی سۆڤیەتیی بوو، پێی وابوو کە ئەم شۆڕشە توانیوویەتی چینێکی کرێکاری رۆشبنبیر و هۆشیاری روسی پێ بگەیەنێت، هەرچەندە پاشان بۆچوونی دەگۆڕێت.

فیکری سەنتڕاڵیزمی ئەوروپی
خاڵێکی گرنگی تری تێڕوانینی گرامشی پەیوەندی بە رەخنەگرتنە لە فیکری خۆرئاوایی، کە ئەمەش یەکێکە لە داهێنانە فیکرییە گەورەکانی. ئەو پێی وایە ئەو فیکرە باوەی کە ئەوروپا بە سەنتڕاڵی جیهان دادەنێت و تەواوی کەلتورەکانی جیهانیش بە چاوێکی کەمەوە سەیر دەکات، بۆچوونێکی تەواو هەڵەیە، چونکە کەلتور و شارستانییەکانی تری جیهانیش، هیچیان لە کەلتور و شارستانی ئەوروپا کەمتر نییە و پێویستە رێزیش لەوان بگیرێت، چونکە رۆڵیان لە پێشخستنی شارستانی مرۆڤایەتی هەبووە. گرامشی یەکەمین کەس بووە کە بەو شێوە راستەوخۆییە ئەم رەخنەیە لە فیکری خۆرئاوایی باو بگرێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکی گەورە بووە. ئەو رەخنانەی گرامشیش دەرگایەکی زۆر باشی کردەوە بۆ زۆر فەیلەسوفی تری ئەوروپایی، کە گرنگی بە کەلتورەکانی تری جیهان بددەن یەکێکیش لەوانە فەیلسوفی ناوداری فەرەنسی لیڤی شتراوس، کە بە یەکێک لە باوکەکانی رەوتی بونیاتگەراکان دادەنرێت، راستە ئەو لە رووی فیکرییەوە دوورە لە گرامشی و بەرەی راستی هەڵبژاردووە، بەڵام لەمبارەیەوە ستایشی تێڕوانییەکانی گرامشی دەکات. جگەلەوەش کۆمەڵێک فەیلەسوف و بیرمەندی تری خۆرئاوایی هەمان رێچکەی ئەویان گرتووە لە پێش هەموویانەوە” جۆمسکی و ئێدراورد سەعید، رۆبێرت کۆکس”

دەوڵەت و کۆمەڵی مەدەنی
گرامشی پێی وابوو کە دەوڵەت ئامڕازێکە بۆ سەرکووتکردنی خەڵکی، لەمەشدا تاڕادەیەک بۆچوونی لە ئەنارشیستەکانەوە نزیک بوو بەتایبەتی ” باکۆنین”، هەربۆیە زۆر دژی چەمکی تەقلیدی دەوڵەت بوو، کە تەنها خۆی لە هێزە ڕەقەکانی دەوڵەت دەبینێتەوە.
گرامشی دەسەڵات دەکات بە دوو بەشەوە . یەکەمیان ناوی لێناوە” کۆمەڵی سیاسی” کە خۆی لە دەزگا سەرکوتکەرەکانی دەوڵەت دەبینێتەوە لە پێش هەموویانەوە” پۆلیس، هێزە ئەمنییەکان، زیندان، سوپا، یاسا” کە ئەمەش زیاتر دەوڵەتی ستەمکار دەگرێتەوە، لێرەدا دەوڵەت رۆڵێکی خراپ لەناو کۆمەڵگەدا دەبینێت و بەرەو دواکەوتن و کارەساتی دەبات.
دووەمیان ” کۆمەڵی مەدەنی” کە ئەمەش زیاتر هێزە سیاسیی و ئابوورییەکان دەگرێتەوە. لێرەدا بە پێچەوانەی کۆمەڵی سیاسییەوە، دەبێت لە رێگەی رەزامەندییەوە خەڵکی بۆلای خۆت رابکێشێت. لە لایەکی ترەوە گرامشی پێی وایە، ئەوە کۆمەڵی مەدەنییە کە دەتوانێت رێگە لە ستەمی دەوڵەتی بگرێت و نەهێڵێت دەوڵەت لەلایەن چینێکەوە بۆ چەوساندنەوەی چینێکی تر بەکاربهێنرێت. هەربۆیە هەمیشە داکۆکی لە کۆمەڵی مەدەنی دەکرد، کە ئەمەش زیاتر لە پارتی سیاسیی شۆڕشگێر و سەندیکاکان و چالاکی مەدەنیی و سیاسی دەگرێتەوە.
لە لایەکی ترەوە گرامشی پێی وابوو ئەوە پارتی شۆڕشگێرە کە دەتوانێت ببێتە رێگر لە ستەمی دەوڵەتیی و دیکتاتۆریی، هەرئەویشە دەتوانێت چینی کرێکاران و جووتیاران رزگار بکات و شۆڕش بکات، بەڵام لەمەشدا دووبارە پانتایی زۆری بۆ دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕینی ناو حزب داناوە. گرامشی دژی ئەو فۆرمە حزبیە بوو، کە ستالین پێڕەوی دەکرد، کە زیاتر فۆرمێکی دیکتاتۆری بوو.

گرامشی و فیکری مارکسیی
گرامشی یەکێکە لە فەیلەسوف و بیرمەندە مەزنەکانی چەپی ئیتالیا و جیهان. ئەو خاوەنی رێچکەی فیکری خۆی بوو، بە هەموو شێوەیەک دژی دۆگماتیزم و پەرستنی شەخسی بوو تەنانەت مارکسیش. لە ساڵی 1918 وتارێک لەمبارەیەوە دەنووسێت و دەڵێت: مارکس شایستەی پەرستن نییە، ئەو مەسیح نییە. هەروەها بەشێکی زۆری فیکر و فەلسەفەکەشی قابیلی گۆڕانکارییە جگە لە رستە بەناوبانگەکەی نەبێت ” ئەی کرێکارانی جیهان یەک بگرن”،جگە لەمە هەموو فیکری مارکسی شایستەی ئەوەیە کە گۆڕانکاری تێدا بکرێت و رەخنەی لێ بگیڕێت.
ئەو فیکری مارکسی بەسەر سێ بەشدا دابەشکردبوو: 1/ ئابووری سیاسی. 2/ زانستی سیاسیی.3/ فەلسەفە.

رەخنە لە یەکێتیی سۆڤیەت
سەرەتا گرامشی یەکێک بووە لە هەوادارە سەرسەختەکانی شۆڕشی روسیی و پارتی بۆلشەفی روسیا، لەهەمانکاتیشدا لینینیش بە فیکری گرامشی سەرسام بووە. لە هاوینی ساڵی 1920 لەکاتی کۆنگرەی دووەمی رێکخراوی ئەنتەرناسیۆنالی سێهەمدا، گرامشی راپۆرتێکی بەناوی ” لەپێناو نوێکردنەوەی پارتی سۆشیالیستی” نووسی. کاتێک لینین راپۆرتەکەی بینی، زۆر بەلایەوە باشبوو، زۆریش پشتگیری بۆچوونەکانی گرامشی کردووە. بەڵام پاشان بە نەمانی لینین، گرامشی بۆچوونی گۆڕا، بەتایبەتی لەپاش هاتنە سەرکاری ستالین. ئەو پێی وایە ستالین هەموو کۆمەڵی مەدەنی لەناوبردووەو تەنها پشت بە کۆمەڵی سیاسی دەبەستێت کە خۆی لە هێزی رەقی دەوڵەت دەبینێتەوە کە ئەوانیش ” دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکان، پۆلیس، سوپا،یاسا و داگا” دەبینێتەوە. لەهەمانکاتیشدا هیچ بوارێکی بۆ کاری کۆمەڵی مەدەنی نەهێشتۆتەوە. هەر ئەم رەخنانەشی وایکرد کە تۆمەتی ترۆتسکیزمی بخرێتە پاڵ.

دەرەنجام
گرامشی دووبارە پێناسەیەکی نوێی بۆ رۆڵی رۆشنبیر و پەیوندی بە کۆمەڵگەوە کردەوە، ئەو لەیەککاتدا کەسێکی سیاسەتمەدار، بیرمەند، چالاکوانێکی سیاسیی و مەدەنیی بوو، هیچ سنوورێکی بۆ چالاکییە فیکرییەکانی دانەنا و خۆی لەناو کتێبخانەیەکدا زیندانی نەکرد. هەروەها ئەو توانی لە رێگەی رەخنەکانییەوە لە فیکری سەنتڕالیزمی خۆرئاوایی و هەژموونگەرایی، دەرگا بۆ زۆر فەیلەسوف و بیرمەندی تر بکاتەوە کە لەسەر هەمان رێچکە، داهێنانی باش بکەن. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە، ئێمە لە ژیانی گرامشی فێری ئەوە دەبین، کە چەندە رژێمەکان دیکتاتۆر و ستەمکار بن، بەڵام ناتوانن فیکر و فەلسەفە لەناوبەرن.
بەدڵنیاییەوە گرامشی یەکێكە لە فەیلەسوفە دیارەکانی جیهان و کاریگەری تیۆرییەکانی بەسەر تەواوی جیهاندا هەیە. قسەکردنیش لەبارەی ئەم کەڵە فەیلەسوفەی جیهانەوە، زۆری دەوێت، من تەنها پێناسەیەکی خێرام بۆ فیکر و خەبات و ژیانی کردووە، بەو هیوایەی لە داهاتوودا شتی زیاتری لەبارەوە بنووسم.

——————————————————————–

سەرچاوەکان:
1/ سيار الجميل. مفهوم المثقف عند غرامشي. /www.almadasupplements.net
2/ سعد محمد رحيم.غرامشي والهيمنة الثقافية. /www.almadasupplements.net
3/ مصطفى شلش. غرامشي في زمن المظاهرات. /www.almadasupplements.net
4/ . . www.marx21.de.ANTONIO GRAMSCI: DAS HIRN FUNKTIONIERTE WEITER




چراى ڕێی خەبات یان… چراى نیشتمان… یوسف محەمەد بەرزنجى

دەسپێک:
دیکۆمێنت یان ئەرشیف زۆرگرنگ و بەکەڵکە، بەهۆیى دیکۆمێنتەوە زۆربابەت و کێشەو ڕوداو قەوماو لەمێژووى گەلاندا بەهۆى دیکۆمێنت و بەڵگەننامەو نوسراوى پارێزراوەوە دەتوانرێت زۆر تەمومژو پەڵەهەورى ڕەشى گومان لەمێژووى گەلاندا بڕەوێتەوەو تێشک بخرێتە سەرگومان و ڕاستییەکان و ساخبکرێتەوە، زۆربابەتیش تەتەڵەبکرێت و ببنە کەرەسەى توێژینەوەولێکۆڵینەوەى چڕو تۆکمەو مێژووى پێ دەوڵەمەند بکرێت. سەنتەرو ناوەندو بەشى تایبەت بەدیکۆمێنت و بەڵگەنامە لەوڵاتدا بکرێتەوەو گرنگى پێبدرێت، لەزۆربەى وڵاتان ودەوڵەتاندا تەنانەت لاى دراوسێکانمان لەلایەن دەوڵەتانى بەنمونە:وەک تورکیاو ئێران و وڵاتەعەرەبیەکانەوە بەگرنگییەوە دەپارێزرێن و سەیردەکرێن و لەوپێناوەدا سەنتەرو ناوەندى مەزن و مۆدرێنى سەردەميانەيان کردۆتەوەو لەنێوەندەکانى کەلتورو مێژووى خۆیاندا بۆ لێکۆڵینەوەو توێژینەوە زانستییەکان کەڵکیان لێوەردەگرن و مێژووى خۆیانیان پێدەوڵەمەند کردووەو پاراستویانن.بەڵام بەداخەوە لاى خۆمان زۆر گرنگى بەئەرشیف و بەڵگەنامەو دیکۆمێنت و پارێزگاریلێکردن وپاراستنیان نەدراوەو گەلى ئێمە لەونێوەندەدا زیان و زەرەرى زۆرمان توشهاتووەو بەهۆى نەبونى بەڵگەننامەوە نەمانتوانیوە زۆربابەتى مێژوویى ڕاستبکەینەوە یان پێداچونەوەى ووردى سەلمێنراوى بۆ بکەین، بۆیە ئەرکى پارت وڕێکخراوەکانە بەحکومەت و دەوڵەتیشەوە بیر لەم سامان وگەنجینە دەوڵەمەندەى گەلەکەمان لەدیکۆمێنت و بەڵگەنامەى نوسراو کەرەسە کەلەپوورى و مێژووییەکان، پاشماوە پارێزراوەکان بکەنەوەو بۆ ئەوناواندانە سەنتەرو مۆزەخانەى نیشتمانیى لەشارەکاندا دابمەزرێنن وبیر لەم بوارە گرنگ و بەکەڵکە فەرامۆشکراوە بکەنەوەو زیان لەنێوەى بگەڕێتەوە باشترە.

نامە وەک کەرەسەى گرنگ:
نوسینى نامە لەمێژوودا زۆر پڕبایەخە جاران هۆیەکانى پەیوەندیکردن کەم بوون نامەو نوسراو هۆکارى گەیاندنى ئاگادارى و ڕێنمایى و گەیاندنى ڕوداوقەوماوەکان بوون، نامەکان ئەدەبیى مێژوویى سیاسیى ئابوورى کۆمەڵایەتى… هەرشتێکى تربووبن جێگەى بایەخ وگرنگى و سوودبون، گەلان و وڵاتانیش زۆرگرنگیان بەنامەو قەباڵەو بابەتە مێژوییە نوسراوەکانداوەو پارستونیان و ئەرشیفیان کردون و بەلایانەوە گرنگ وپڕبایەخن و بەهۆى نامەو نوسراوە تایبەتى وگشتییەکانەوە زۆر بابەتە داپۆشراو تەمومژاوییەکان ڕوون بوونەتەوەو لەبەرتیشکى لێکۆڵینەوە وتوێژینەوەکاندا سودیان لێوەرگیراوەو بەربەستى زۆر بابەت وڕوداوى هەڵگرتوویان ڕوونکردۆتەوە.
لەمێژووى کوردا کەس بەقەدەر مامۆستاى مەزن عەبدوالرەقیب یوسف نرخى نامەى نەزانیوەو تێیى نەگەیشتووە، گەرسەیرى بەرهەم و ساید وپەیجەکەى بکەین بەوڕاستییە دەگەین کەهەزاران نامەى پاراستووەو سودى لێوەرگرتووەو بەکەڵکن و جێگەى شیاوى خۆیان لەزۆربابەتدا دەگرن، جێدەستى کەمال مەزهەر ئەحمەد،کەمال نورى مەعروف، کەمال ڕەئوف محەمەد، ڕابەرى سەید ئیبراهیم و عەبدوڵا زەنگەنگەنەو… ئەوانى تریش بەنێوەندەکەو پڕبایەخیى ئەم بوارە گرنگەوە دیارە،کەواتە نرخیى نامەو نوسراو لەمێژوودا پڕبایەخە و کەرەسەى خاوى سەرەتایى زۆر بەکەڵکن بۆ گۆشە نەزانراوەکانى مێژوو.

دکتۆر محەمەد سابیر ونامەکان:
دکتۆر محەمەد سابیر، پیاوێکى زانستى و ئەکادیمییە، نیشتمان پەروەرە، ڕاستگۆیە، هاوڕێکانى هەمیشە وەک کەسێکى بەوەفا سەیرى ئەکەن، ئەم پیاوە لەهەرشوێنێکدا بوایە دەوڵەت و پارت وڕێکخراوەکان سودیان لەتەمەن و ئەزمۆن وتاقیکردنەوەکانى ئەم پیاوە وەردەگرت و گەورەترین سەنتەریان لەپێناوى زانست و نەوەکان دەخستە بەردەستى و هەموو پشتیوانییەکیان دەکردو ئەویش بەپشتیوانییەکانى سودى بەنیشتمان و نەوەکانى دەگەیاند، بەڵام بەداخەوە ئەم گەنجینەیە، ئەم سامانە گرنگانەى نیشتمان ونبوون و لەناوەنەدەکاندا وەک کورد دەڵێت: پەنجەیان بەزاخدا کراوەو لەپەراوێزادا ژیان دەگوزەرێنن، وەک گۆرانى مەزن دەڵێت:
بەڵێ دیارە لەناو قەومى بەسیتا قەدرى سەنعەتکار
وەکو عەعکسى قەمەروایە لەناو حەوزێکى لیخندا
بەڵام تەختى ڕوفاهو تاجى حورمەت میللەتى هوشیار
بەئوستادێ ئەدا وەک تۆلەناو شمشاڵى کون کوندا


.. بەداخەوە بۆ ئەودۆخە گشتگیرەى هەموانى لەتاساندا هێشتۆتەوە، بەهیوام ڕۆژێک بێتە پێشەوە ئەم سامان و گەنجینەگەورانەى زانست و مەعریفەى وەک دکتۆر محەمەدسابیر لەیاد نەکرێن و ڕێزیان لێبگێرێت.

چراى ڕێی خەبات یان…. نیشتمان:
کاتژمێر٤ ى پاشنیوەڕۆى ڕۆژى دووشەممە ١٦ــ ٦ــ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونى ڕوناکبیران ونوسەران و نیشتمانپەروەران، لەهۆڵى تەوارى شارى سلێمانى، نوسەر دکتۆر محەمەد سابیر، سێ کتێبى خۆیى لەقەباروشێوەو ناوەرۆکى جیاواز بەناوەکانى،یەکەم: چراى ڕێى خەبات،٣٣٤لاپەڕەى قەبارە گەورە، کەبیریتیە، لەبەشێک لەنامەو دیکۆمێنت لە شۆڕشى نوێدا،چەردەیەک نامەى تایبەتیە، دووەم:بیرەوەرییەکانم لەغوربەتدا، بیرەوەرى،٥٥٥لاپەڕەى قەبارە وەزیرى،سێیەم: ئەلبومى تێکۆشان، وێنە تایبەتى و گشتییەکانیەتى، قەبارە گەورە ٢١٤ لاپەڕە، بەرهەمەکانیش هەرسێکیان لەلایەن جەمال لۆلۆوە، ئامادەى چاپکراون. من پیرۆزبایى گەرم بۆ دکتۆر محەمەد سابیرو جەمال لۆلۆپێشکەش و دەستخۆشیان لێدەکەم، بۆئەم بەرهەم بەسودو بەکەڵک و گرنگانە، بەهیوام هەنگاوى دیکەى بەشوێندابێت و کتێبخانەى کوردى بەم جۆرەبابەتە بەکەڵک وگرنگ وبەسودانە بڕازێنرێتەوەو سودى بۆنەوەکان و ئایندەهەبێت.

چراى ڕێى خەبات..
نامەکان بەشێوەیەکى گشتى گرنگن نرخى تایبەتى وگشتییان هەیە،وەک مێژووى نوسراو بەڵگەنامە نامەکانى شێخ مەحموودى حەفید، بۆ کەسایەتیەکان وجەنگاوەرەکانى بەشێکى زۆریان لەنێوچون و فەوتاون ئەرشیف و نامەکانى (کەریم بەگى فەتاح بەگى هەمەوەند)، کەنامەى(مستەفاکەمال ئەتاتورک)ى تێدابووە بۆقارەمانى سەردەمى خۆى کەریم بەگ لەبەڵگەنامە گرنگەو پڕبایەخەکان ئەژمار دەکرێت، کەریم بەگ فەرماندەى ئازاو بوێرى لەشکرى شێخى نەمر بووە،کە دەیان نامەى کەسایەتى تێدابووە بۆناوبراو کە دوایى ساڵانى ١٩٧٦بەدواوە، بەهۆى نەپاراستن و هەڵنەگرتنى لەشوێنى پارێزراو پێوێستدا لەنێوبراون وبونەتە خۆراکى ئاگر، گەرئەونامەو دیکۆمێنتانە بمانایە زۆر تاریکى مەسەلەو کێشەى کوردى یەکاڵاو ڕوندەکردەوە، نامەو ئەرشیفى (شێخ فەرەج)ى بانى بنوک یەکێک لەسەرکردە قارەمان و بوێرو چاونەترس و ئازاکانى سەردەمى شێخ مەحموودى حەفید بوو، ئەویش نامەو دیکۆمێنتەکانى بەهۆى نەپاراستن و نرخ نەزانینەوە بە دەردى ئەوانى ترچوو،نامەکانى خوالێخۆشبوان قازى محەمەد و بارزانى و مام جەلال وکاک نەوشیروان مستەفاو… کەسایەتییەکان لە نێوەندى مێژوودا پڕبایەخن گرنگى و ڕونکردنەوەى بەکەڵک لەسەر هەلومەرجەکان پێشکەش دەکەن، ڕونکردنەوە لەسەردیوە شارەوەوداپۆشراو پڕتەماوییەکان دەخەنە ڕوو، نامەکانى نێو ئەم کتێبەش هەمان بایەخ وسوود بۆنوسین وتوێژینەوەو لێکۆڵینەوەى قۆناغێکى نوێ دەهێننە ئاراوەو بەرچاو ڕونیمان دەخاتە بەردەست، پێویستە نوسەران وڕوناکبیران نێوەندىڕۆشنبیرى لەزۆر بابەتدا قەتیس وبەرتەسک نەکەنەوەو ڕۆشنبیرى ونوسین لەمانا بەرفراوەن و گشتییەکەیدا سەیربکەن و نامەو نوسراوە پارێزراوەکان بەبایەخەوە سەیربکەن، چونکە بەهۆى دۆخ وهەلومەرج وڕووداو قەوماوەکانەوە لەکوردستاندا هەزاران بەڵگەنامەو نوسراو نامە… بونەتەخۆراکى جانەوەران و مێروىزیانبەخش و ئاگر ولەناوچوون. بۆیە داواکارم وهیواموایە لەولایەن و کەسایەتییانە وحکومەت و دەسەڵاتدارانە بیر لەسامانى وڵات لەکەلتوورو نوسراو شوێنەوارو گەڕەکەکۆن و ئەشکەوت و قەبرسان و شوێنەوارە مێژووییەکان بکرێتەوەو سەنتەرى نیشتمانى بۆئەوبوارەتەرخان بکەن و بۆلەدەستنەدانى مێژوو دابمەزرێنن و بەگرنگیى بەرزەوە سەیرى نێوەندەکەبکەن،کەرەسەکان بپارێزن، نامەش وەک ئەم کتێبەو هەزارانى تر گردوکۆبکرێتەوەو بەباشترین شێوەى سەردەمییانە بپارێزرێت. بۆیە ئەم هەنگاوەى دکتۆر محەمەدسابیر گرنگە وەک هەنگاوە سەرەتاییەکانى تر کەلەلایەن چەند کەسێکەوە لەپێناوى نامەو پارستن و ئەرشیفکردنیدا نراوە.

ئەم کتێبە بەشێک لەنامەو دیکۆمێنتى دکتۆر محەمەد سابیر لەشۆڕشى نوێدا، بەرگیى یەکەمیى بۆنامەکان لەسەرداناوە، دیارە لەبەرنامەیدایە بەشی دیکەیشى لێبەرهەم بهێنێت، وەک لەکۆڕەکەشدا ئاماژەى پێدرا، دکتۆر خاوەنى بەڵگەنامەیەکى یەکجار زۆرەو خاوەنى ئەرشیفێکى دەوڵەوندە لەم بوارەدا،بەهیوام کەسانى شارەزا لەهەوڵ و هاندانى دکتۆردابن بۆساخکردنەوەو بەچاپکردنى ئەم ئەرشیفە دەوڵەمەندەو سود بەهەموان بگەیەنێت، ئەوى ڕاستیى بێت من تەنیا هەڵوێستە لەسەر ئەم کتێبەى دکتۆر دەکەم و دەتوانم خوێنەوەى بۆبکەم، چونکە من ئەویندارى دیکۆمێنت و بەڵگەنامەو خوێندنەوەیانم وبەلامەوەجێگەى مەبەست و گرنگیپێدانە، پاش هاتنەماڵەوە، زوبەزوو دەستم بەخوێندنەوەى ئەم کتێبە گرنگە جوان و پڕبایەخەکرد، زۆر هەستم بەئاسودەیى و گرنگى و سودى ئەم نامانە کردو چێژم لێبینین. کەئەم نامانە چەند بەکەڵک و بەسودن و زۆر ڕێى تاریکى مێژووى ئەوکاتەمان بۆ ڕوناک دەکاتەوە، زۆر بەربەست وەلادەخەن. لەلایەکیى دییەوە پاراستن و مانەوەو پاراستنى ئەم نامانە بەم شێوەیە، هەمووى چیرۆکى گەورەو پەیامى جوانیان لەپشتەوەدا حەشارداوە زۆر نهێنى دواى ساڵى ١٩٧٥مان بەهۆى نامەکانەوە بۆ ڕوون وئاشکرا دەبێت، ڕاستە نامەکان کەسین و بۆ خودى دکتۆر نوسراون، بەڵام لەناوەرۆک و مەبەستدا گرنگ و پڕمەخزاو ڕاستین، پەند ئامێزو پڕ لەهیواى ئەوێ سەردەمن، ئێمە لەم نامانەوەو کۆدەکانیەوە زۆر نهێنى، زۆر بابەتى گرنگى لێهەڵدەهێنجین، چونکە وەک گوترا نامەکان بەپێى هەلومەرج و کات و سەردەمى خۆى نوسراون، بابەتى لێکۆڵینەوەو توێژینەوەى وردو پەراوێزو ڕوونکردنەوەى زیاتر هەڵدەگرن، نامەى وشک و بێناوەڕۆک نین، بەڵکو لەڕێگەى نامەکانەوە زیندوێتى و کۆڵنەدان و تێکۆشانى گەلێکى ستەمدیدەو وێڵى ئازادى و تێکۆشان و بەرخۆدان، کەگەلى کوردو نیشتمانەکەیەتى لەنامەکاندا بوونى هەیە، دوژمنانى ناوخۆمان و دوژمنانى دەرکیش لەم تێکۆشان وبەرگرییەى ئەم گەلە کەم تەرخەمیان لەزوڵم وسوتماککردن و خوێنڕشتنى ئەم گەلە بەئاگرو ستەم لەزوڵمى جەبەروتیان قسوریان نەکردووەو بۆ ساتێک دەرفەتەکانیان بۆتاوان و خوێنڕشتن و لەناوبردن لەکیس نەداوە، دکتۆر خۆى خاوەنى عەقڵیەتى بەڵگەنامەو دیکۆمێنتە بۆیە بەوپەڕى سەخاوەت وگرنگییەوە لەم بابەتەو بەکەڵکیەکەى ڕوانیوەو وەک مێژووى قۆناغێک خستویەتییە بەر دیدەى ئێمەومانان و ئەو لەئێمە زیاتر پەرۆشى و گرنگى ئەم نامەو نوسراوانە دەزانێت و دەزانێت سودەکەى چییە؟ دکتۆر خۆیشى خاوەنى مێژوویەکى دەوڵەمەندو پڕئەزمۆن وتاقیکردنەوەى ناوەوەى نیشتمان و دەرەوەیە، دەزانێت نرخ وبەهاى سەردەمیانەى ئەم نامانە چین و لەکوێدایە، بەهیوام لەهەنگاوەکانى بەردەوام بێت و نەوەستێت لەپێناوى مێژوو قوربانیدانى گەورەى گەلەکەمان، کەلەوپێناوەدا نەوەکان قوربانى زۆریان بۆسەروەرىو بەرزى خاک پێشکەشکردووە.

بەرئەنجام:
نێوەرۆک وکاکڵەو ناوەخنى نامەکان بەگشتى وەک وترا گرنگن، هەواڵودەنگوباسى وردى ئەو سەردەمەى گەل ونیشتمان پێیدا گوزەرى کردووە تێدایە، نامەکان یان فەرمین یان کەسین وکەسایەتییەکان هەموویان پێشمەرگەو تێکۆشەرى کوردو سەرکردەکانى یەکێتیی نیشتمانى نوسیویانن، کات و شوێن و هەلومەرجى دیارى کراوە، ڕوداو دۆخى ئەوسەردەمەى شۆڕش و خەڵک لەگوندو شارەکانى لەخۆگرتووە، بارى ئابوورى وکۆمەڵایەتى وگەشەو پێشکەوتن و شەڕو چەک و خۆراک و ناوچەئازادو پەیوەندییەکانى شۆڕشى لەناوەخندا کۆکردۆتەوە، شەڕى ناوخۆو هۆکارو داکشان و هەڵکشانى تێدایە، ناوى زۆرشەهیدى سەرکردەو کات وساتى شەهیدەکان وڕونکردنەوەو بۆچونى لە ئامێزى نامەکاندایە، زۆرهەڵوێست و هەلومەرج ئاماژەى پێدراوەو ڕونکردنەوەو بارى سەرنجى لەخۆگرتووەو شەڕى ئێران عێراق وهەڵوێستى پارتە کوردى وعەرەبیى وئیقلیمى و نێودەوڵتییەکان باسکراوە، گەلێک بابەتى دیکەیش لەبارەیانەوە دواون.. هەموو نامەو دیکۆمێنت وبەڵگەنامەکان گرنگ و مێژووین.

هەندێ وردە سەرنج بۆ نامەکان:
یەکەم: دەبوو پەراوێزەکان زۆرتربوونایە ڕونکردنەوەو مێژوو بەرواروى زیاتر تێدابوایە.
دووەم: رونکردنەوە لەسەرکەسایەتییەکان شەهیدەکان هەبوایە، قەبارەو جۆرى کاغەز ئاماژەى پێبدرایە.
سێیەم: دەبوو لەتایپکردنى نامەکان ڕێنوسى ئەمڕۆ بۆ دەستەواژەو نوسین لەبەرچاوبگیرایە نەک بەشێوەى کلاسیکى و سەردەمى خۆى تایپ بکرێت، ڕێنوس بۆ بەڵگەنامەو جوانکردنى لەئێستادا گرنگەو بۆخوێنەریش باشترو سەرنج ڕاکێشترە.
چوارەم: ڕیگەى زۆرێک لەنامەکان ناوى گەیەنەرو شوێنى ناردن وگەیشتنى دیارنیە دەبوو لەوبارەوە ڕونکردنەوەو ئاماژەدان هەبوایە.
پێنجەم: دەبوو نوسەرى نامەکان مردن وەفاتیان یان شەهیدبوونیان وەک مێژوو بنوسرایە ئەمەگرنگى میژوویى خۆیى هەیە، بۆ لێکۆڵینەوەو توێژینەوە.
شەشەم: دەبوو هەرسێ بەرهەمەکەى نوسەر لەڕوى دیزاینەوە لەیەک شێوەو قەبارەدا بوایە، چونکە لەنێوکتێبخاندا، هەم بابەتەکان لێکەوەنزیکن، هەم بۆنوسەریش باشترە کتێبەکانى لەتەنیشت یەکەوە ڕیزبەندى بکرێن وجێگەى شیاوى خۆیان بگرن.


١٧ــ ٥-٢٠٢٢




بەرهەمی حەوت ساڵ… بەختیار

یەکێک لەو کارانەی کە لە سەرەتای هاتنی دەسەڵاتی کوردی و لاچونی دەسەڵاتی بەعس دەبوو بکرایە ئەوە بوو دەست بکرێ بە کۆکردنەوە و ڕێکخستنی زمانی کوردی کە ساڵەها بوو بە هۆی گوێ پێنەدان و پەرگەندە بوون لە لێواری لەناو چون بوو. لەناو چون بە مانایە نا کە نەزانی بە کوردی بدوێی، بەڵکو بێ خاوەن و بێ ناز و بێهێز و لاوازی زمان وا ئەکات کە کاڵ بێتەوە. هەڵبەتە لێرە و لەوێ چەندان نوسەر و شاعیر هەبوون، بەشێکی زۆریان هەمبانەی ووشەی جوان و شیرینی کوردیان پێ بووە.
بەڵام بە ڕاستی زمانی کوردی ئەگەر چی هەر وەک کورد خۆی سەرسەختییەکی بێوێنەی کردووە لە مانەوەدا، بەڵام هەر زمانێک ئەگەر نۆژەن نەکرێتەوە ووشەی بۆ زیاد نەکرێ پێ بە پێی پێشەکەوتنی تەکنەلۆژیا و هاتنە ناوەوەی چەمکی زمانەوانی تازەی جیهان لە هەموو بوارەکاندا، ئەوا ئەو زمانە تیژییەکەی خۆی لەدەست ئەدا و کول ئەبێ ناچار ئەبێ چەمکی زمانەکانی تر بەکار بهێنی و ووردە ووردە چراکەی کز ئەبێت.
دەسەڵاتی کوردی سەرەڕای ئەوەی کە لە چەندین لایەن و کەسایەتییەوە ئاگادار کراوەتەوە، خەڵکانێک هەبوون شارەزا لە زمانی کوردی و توانای ئەوەیان هەبوو زمانەکە بە شێوەیەکی زانستی و سەردەمی کۆبکەنەوە لە لاوازی ونەمان ڕزگاری بکەن، لە هەمانکاتدا ببێتە سەرچاوە بۆ نوسەران و نەوەکانی داهاتوو بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەری لە کاتی پێویست و کاری زمانەوانیدا، بەڵام بە داخەوە دەستیان بۆ ئەو کارە نەبرد، سەرەڕای ئەوەی ئەوە کاری هەر دەسەڵاتێکی حاکمە لە هەر ووڵاتێکدا کە زمانەکانی ناو ووڵاتەکەی بپارێزێت لە لەناوچوون ڕزگاری بکات، لەبەر ئەوەی کەلتوری ووڵاتەکەیە.
زاتێک بە ناوی (بۆکان جاف) کە بێخەمی دەسڵاتی بەم شێوەیە بینی ناچار بە تەنها قۆڵی لێهەڵماڵی و ئەو کارەی خستە ئەستۆی خۆی حەوت ساڵی تەمەنی تەرخان کرد بۆ ئەوەی زمانی کوردیش وەک زمانەکانی تری دنیا ببینرێ لە پلاتفۆرمی گۆگڵ وەک زمانەکانی تری ئەم سەرزەمینە، پێموانییە کە ئەم زاتە تەنها گێچ بەرزی کوردایەتی وای کردبێ ئەو کارە بکات، یان تەنها بۆ دەرکەوتن و بەرژەوەندی تاکە کەسی ئەوەی کردبێ.
لەبەر ئەوەی کارێکی وا تەنها کەف و کوڵی کوردایەتی نییە پاش ماوەیەک بنیشێتەوە، بەڵکوو کارێکە داهاتووی لەسەر بنیات ئەنرێ، ئەمە یەک لەو کارانەیە کە کۆڵەگەکانی ووڵاتی لەسەر بنیات ئەنرێ.
ئەبێ بۆ بنیاتنانی سەرلە نوێی کەسایەتی کورد کە دوژمنەکانی هەمیشە لە هەوڵی شکاندن و شێواندنین، بەم شێوەیە بیر لە ئەنجامدانی کارەکان بکرێتەوە، بە هۆش و بیرێکی ژیرانەی وا بە دوور لە دەمارگیری و هاش هوش، کە ئاستەکەی لە چۆنایەتیدا زۆر بەرزتر بێت.
ئەمە ئەو هۆشیاریەیە کە پێویستە بۆ بەرەنگار بونەوە لەبەرامبەر لەناو چون و پەراوێز خستن، پێویستە هەر لاوێکی هەڵچوی کورد شوێن پێی (بۆکان) هەڵگرێت بۆ ئەنجامدانی کارێکی ڕاست و ڕەوان، باشترە لەوەی لەعنەت لەو ڕۆژە بکات کە ئەو تیایدا بە کوردی لەدایک بووە.
لە سایەی دەسەڵاتی ئەم ڕۆژگارەی کوردیدا، ئەبێ تاکەکان پشت بەخۆیان ببەستن و دەست لەدەستی یەکتر بکەن گیانی یارمەتی و لێبوردەییان هەبێت بەرامبەر بە یەک، هەمیشە چاوەڕوانی ئەوە نەبن کە دەسەڵاتێک هەیە ئەبێ ئەم ئەرکانە بەجێ بگەیەنێ، ئەبێ قایل بین بەوەی کە ئەم دەسەڵاتە ئەوە ناکات، ناکرێ چاوەڕوان بی و هیچ نەکەی. ئەبێ هەرکەسێک توانایەک لە خۆی بەدی ئەکات هەوڵ بدات بەرەو پێشی بەرێت. نمونەی لەو بابەتە لە ناو کورددا زۆرن کە ئەتوانین هەندێکیان لێرەدا بهێنینەوە وەک (کاک هۆمەر و کەیسی ئەنفال و گۆڤاری ئەنفالستان، چەند ساڵێکە باری قورس و چیرۆکە تاڵەکانی ئەنفالی لەسەر شانی خۆی ناوە )، (کاک گۆران و ماڵپەڕی دەنگەکان، کۆمەڵێک کەسی بە ئەمەکی لە دەوری مەڵپەڕەکە کۆکردۆتەوە)، (ماڵپەڕی ڤەژین کە کۆمەڵێک لاوی ڕۆژهەڵاتن، کاری کۆکردنەوەی فەرهەنگە کوردییەکان ئەکەن خستویانەتە بەردەستی هەموان)، (کورد ئایتی گروپ کۆمەڵێک لاوی شارەزا و خوێن گەرمن، لە هەوڵی خزمەتکردنی کوردن لە ڕێگای ئای تییەوە)، (کورد فۆنت کۆمەڵێک کەسی شارەزان فۆنتی زۆر جوانی کوردیان ساز کردووە)، ڕەنگە زۆری تریش هەبن لێرە و لەوێ بە کاری زۆر بەسودەوە سەرقاڵن، کارەکانیان کونجێک پڕ ئەکاتەوە خەڵکانی تر سودی لێ ئەبینن.
ئەم کەس و گروپانە هیچ لایەنێکی دەسەڵات یارمەتییان نادات، بەڵام سەرباری سەختی ژیانی تاکە کەسی خۆیان کاتێکی زۆر و تاقەتێکی زۆر بەکار ئەهێنن بۆ بەردەوامی ئەو کارانە لە پاڵ سەختی ژیاندا، کە بەشێکیان کاری دەسەڵاتێکە توانایەکی ماڵی لەبەردەست بێت، بەڵام ئەوان ئەو کارە ئەکەن بە توانای خۆیان لە گیرفانی خۆیان.
ئەمەی لێرەیا ئەوترێ بەو مانایە نییە کە ئیتر ئەو کارە لەسەر ئەستۆی دەسەڵات لاببرێ و ئەوە ببێتە سوننەت و کاری تاکەکانی ناو کۆمەڵگا، هەروەها بەو مانایەش نییە هەرکەس بەر ماڵەکەی خۆی پیس بوو، بڵێ (بەخوا حکومەتێکی خراپمان هەیە). لە ڕاستیا هەر بیرۆکەیەک و کارێک سەرەتا لە تاکێکەوە سەرچاوە ئەگرێ، ئەگەر دەوڵەتیش یارمەتیدەر بێت، هەوڵە تاکە کەسییەکان ئەبێ جێگای خۆی هەبێت بۆ ئەوەی کەسێتی تاک لەوەی ئێستا هەیە تۆکمەتر بێت.
ئەو هەوڵانەی (بۆکان) لە کاتێکدا دەستی پێکردووە کە کورد بوون لە باکور ئاسان نییە و کورد بە بێ دەنگی جینۆساد ئەکرێ، لەو کاتانەدا هەوڵی لەناودانی کورد هەبوو لە ڕۆژئاوا، لە ڕاستیا هەمیشە پیلان ئامادەیە لەسەر مێزی دوژمنەکانی کورد.
ئەو هەوڵانەی (بۆکان)لەو کاتانەیا دەستی پێکردووە کە کورد بە لێشاو لەدەست ترسی لە ناو چون و نا دادپەروەری ووڵاتیان بەجێ ئەهێشت، زۆرێک هەبوو تفیان لە ووڵات ئەکرد.
بۆیە ئەو هەوڵانەی (بۆکان) کە ئێستا بە ئەنجام گەیشتووە مایەی ڕێز و خۆشەویستییە لە لایەن هەموو تاکێکەوە.
لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا پۆستێکم بینی لە لایەن بەڕێزێکەوە کرابوو تیایدا وێنەی ئامارێکی دانابوو کە کورد چەندن لە هەر ووڵاتێک لە ووڵاتەکانی ئەوروپا و هەندێ شوێنی تر وەک خۆی دەیڵێ هەوڵی داوە لە دەزگاکانی بەرپرس لەو بابەتە زانیارییەکانی بەدەست هێناوە. ئەم کەسە بە هەوڵدان لە ماوەی شەش مانگدا بەم ئامارە گەیشووە. لە بەرامبەردا ئەبێ ئەم کارە بەرز بنرخێندرێ و دەستخۆشی لێ بکرێ کەسێک کارێکی ئەنجامداوە لە ماوەی شەش مانگێک کەم نییە جوهد و تاقەتێکی بە خەرج داوە لەو پێناوەدا، بەڵام کاتێک کە ویستم کۆمێنتێکی دەستخۆشی بۆ بنێرم، چاوێکم خشاند بە کۆمێنتەکاندا، لەو کاتەدا وەک کارەبا لێم بدا هەندێ کۆمێنتم بینی بە ڕاستی بە خوێندنەوەی هەستم ئەکرد هەموو جەستەم ژەهراوی ئەبێ، لە بێ ڕێزی کردن، بەکەم نیشاندان، بەدرۆخستنەوە بە ستایلێکی زۆر ناشرین، گاڵتەجاری کردن، و زۆر شتی ناخۆشتر کە جێگەی باسکردنی نییە، بە کەسەێک کە هەوڵێکی داوە زانیاریەک بەردەست بخا.
ئەمە نەخۆشییە ئەبێ چارەسەر بکرێ لە عەقلیەتی تاکەکاندا.. ئەگەر بتەوێ کۆمەڵگا پێش بکەوێ، پێویستیت بە هێزی بازوو نییە، پێویستیت بە چەکی قورس و پێشکەوتوو نییە، بەڵکوو زۆر پێویستیت بە عەقڵێکی هاوسەنگ و هۆشیارییەکی سەردەمیانە هەیە، هۆشیارییەک کە زادەی بیرێکی هاوسەنگ بێت، ئەبێ دەست بەدەستی یەکەوە بگرن ڕێگە پیشانی یەکتری بدەن، بەو شێوەیەی ئەتوانن بەرەنگاری لەناوچون ببنەوە….
ئەبێ هانی لاوانی تازەپێگەیشتوو بدرێ بەو شێوەیە بیر بکەنەوە بەو شێوەیەی (بۆکان) بیری پێ کردۆتەوە چونکە ئەوە رێگەی ڕاستە. زۆر خۆشحاڵم لەم سەردەمەدا ئەژیم کەسانێک لە وێنەی (بۆکان) هەن.

بەختیار
14-5-2022




دوو قه‌سیده‌ی دی له‌ شاعیری میسری ( محه‌مه‌د ئه‌لقلینی)ـه‌وه‌… و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئێمه‌ زۆر پێك ده‌چین

ئێمه‌ زۆر پێك ده‌چین
كه‌س تێبینی جیاوازی نێوانمان ناكا
ده‌ وه‌ره‌ ئه‌ی دره‌خت
ڕۆڵی خۆمان بگۆڕینه‌وه‌
تۆ ده‌چیته‌ ماڵی من و
وا پێشان ده‌ده‌ی تۆ منی
منیش هۆ له‌و چۆلاییه‌
له‌ جێی تۆدا ده‌وه‌ستم
وای نیشان ده‌ده‌م تۆم
هاوسێكانم به‌ قسه‌وقسه‌ڵۆكان غه‌یبه‌تت ده‌كه‌ن
وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕاهاتوون له‌گه‌ڵ منیش وا ده‌كه‌ن
وه‌كو منیش
له‌ به‌روبوومی به‌ تامت زیاتر لێ هه‌ڵناوه‌رێ
مناڵه‌ برسییه‌كانیشم
یه‌ك به‌رت لێ ناكه‌نه‌وه‌
چوون فێرم كردوون
هیچ خه‌ونێك نه‌دروونه‌وه‌
گه‌ر به‌ ئاره‌قه‌یان ته‌ڕ نه‌بووبێ ..

وه‌ره‌ دره‌خت ڕۆڵمان بگۆڕینه‌وه‌ !
به‌ڵێنت پێ ده‌ده‌م
چۆله‌كه‌كانت
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر سنگیشم نووستن
بێداریان نه‌كه‌مه‌وه‌
پرچی با دابێنم و
ده‌ست به‌ قوڕگی پڕ له‌ هاواری دادێنم
به‌ڵێن ده‌ده‌م
دوو عاشق‌
كه‌ ماچێكی به‌ دزی
له‌ پشتی ترسه‌وه‌ ده‌كه‌ن
بشارمه‌وه
هه‌رگیز خۆم
له‌ گه‌رمای پڕوكێن نه‌دزمه‌وه‌ ..

وه‌ره‌ ئه‌ی دره‌خت با ڕۆڵمان بگۆڕینه‌وه‌ !
تا له‌ تۆ فێر بم
ڕه‌گ و ڕیشه‌ی خۆم خۆش بوێ
كه‌ به‌ هێز و تاوه‌وه‌ له‌ خاكم ده‌چه‌سپێنێ
كه‌ خۆشم ده‌وێ
ته‌نانه‌ت كه‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵاتنیشم
له‌ سیمای داركه‌رێكی مڕومۆچ لێ ده‌گرێ .

هیچ قه‌سیده‌یه‌كم
له‌باره‌ی ده‌ریاوه‌ نه‌نووسیوه‌

هیچ قه‌سیده‌یه‌كم له‌باره‌ی ده‌ریاوه‌ نه‌نووسیوه‌
چونكه‌ ترساوم وشه‌كانم
به‌ر پاپۆڕه‌ نقووم بووه‌كان بكه‌ون
یا قه‌ڵه‌مم به‌ ڕشانه‌وه‌ی گه‌نجێك پیس ببێ
وه‌ختی هه‌ڵاتنی بۆ وڵاتێكی سنگفراواتر
ده‌ریا تووشی سه‌رسووڕانی كردووه‌ ..

دیسان هیچ قه‌سیده‌یه‌كیشم
له‌باره‌ی ئاسمانه‌وه‌ نه‌نووسیوه‌
چوون خه‌ونه‌كانم به‌ بێ باڵیش ده‌مگه‌یێنن
پاشان تفه‌نگه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌
پاسارییه‌كیان نه‌هێشتووه‌ نه‌یانكوشتبێ
هه‌وڵیشم نه‌داوه‌
قه‌سیده‌یه‌ك له‌باره‌ی ڕێگاوه‌ بنووسم
چوون غوربه‌ت
پێیه‌كانمی خواردووه‌
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دزه‌كان
تریفه‌ی مانگیان له‌ گیرفانییان كردووه‌ و
ڕێگایان به‌ تاریكی هێشتووه‌ته‌وه‌ ..

ته‌نانه‌ت قه‌سیده‌م
له‌سه‌ر به‌هه‌شتیش نه‌نووسیوه‌
چونكه‌ من خۆشه‌ویستێكم نه‌بووه‌
له‌سه‌ر مه‌مكی بنووم
كه‌ ئۆقره‌یشم وشك هه‌ڵاتووه‌
لێوی ژنێكم نه‌مژیوه‌

من شاعیرێكم
تا ڕاده‌یه‌ك له‌سه‌ر هیچم نه‌نووسیوه‌
ته‌نیا جارێك
قه‌سیده‌یه‌كم له‌باره‌ی گۆڕێكه‌وه‌ نووسی
به‌ قه‌باره‌ی نیشتمان
پاشان جه‌سته‌ی خۆمم تێهاوێشت و
مردم .

من شاعیرێكی تا بڵێی هه‌ژارم
كه‌ منداڵه‌كانم برسی ده‌بن
قه‌سیده‌ی فرێشیان ده‌‌ گه‌رووی داوێم
كه‌ ژنه‌كه‌یشم ترسی ئاینده‌یه‌تی
له‌ په‌راوێزی تێكستێكی خراپ ده‌یشارمه‌وه‌
چوون چاوی شه‌یتانان
به‌ سرووشتی خۆیان
به‌سه‌ر ده‌ق دا نه‌بێ ناسووڕێن
له‌ باتی نان و په‌نیر و شیری پاكژی مناڵان
دیوانێكی شیعر و
به‌سته‌یه‌ك كاغه‌زم كڕی
ژنه‌كه‌م هاواری كرد
(( تۆ باوكێكی خراپیت))
له‌ كاتێكدا
به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ دیوانه‌كه‌ی ده‌خوارد
به‌ڵام ڕێگه‌ی دام ئه‌و ڕستانه‌ی
‌به‌ لێوییه‌وه‌ نووسابوون
تا دوا پیتی ‌ وشه‌ی ( خۆشم ده‌وێی )
بلێسمه‌وه‌ .

سه‌رچاوه‌‌ ماڵپه‌ڕی :
http://mahertolba62.blogspot.com/p/blog-page_82.html




ناوبانگ لە دوو قۆناغی جیاواز… راستی بەهادین

بە ناوبانگ بوون یەكێكە لە ئارەزووە گەورەكانی مرۆڤ، لە كۆنەوە تا ئێستا، هێزێكی پاڵنەر و كاریگەرە بۆ گەیشتنی مرۆڤ بە ئاستی رێبەرایەتی و لێپرسراوێتی، ئەم حەزە لە خەسڵەتی مرۆڤدا كۆنە و پەیوەندی بەو ململانێیانەوە هەبووە مرۆڤەكان لە قۆناغە جیاجیاكانی ژیانیان كردوویانە لەگەڵ یەكتردا، ناوبانگ بوون كاركردنە لە سەر لە خود ناسین و گەیشتنی وێنای خۆی و شێوەی، روخسار و رەنگ ی، داهێنان و تواناكانی بە خەڵك، ئەڵبەتە بە زۆرترین خەڵك، ئەمەش مافێكی سروشتی مرۆڤە،
بەڵام دوو جۆر ناوبانگ ھەیە
ئەرێنی و نەرێنی
ئەرێنی ئەم جۆرەیان لە لایەن یاسا و رێسا ریگەپێدراوەكان رەوایەتی پێدەدرێت، ئەو رەوایەتیە ناوبانگی ئەرێنی بەو مرۆڤانە دەبەخشن، ئەو مرۆڤانە بە نەمری دەمێننەوە، ناوبانگی ئەرێنی لەگەڵ تەمەن نیە،پاش مەرگیش كاریگەری ئەمێنێتەوەوە، نەوەكانی دواتریش ئەتوانن شانازی پێوە بكەن،

هەردوو رووەكەی (ئەرێنی و نەرێنی)لە لایەن مرۆڤەوە هەوڵی گەورە بۆ دەدرێت، دیارە هەر قۆناغە و كەرەستە و هۆكارێك رۆڵی بینیوە لە گەیشتن بەم ئامانجە، كەرەستەكانی رابردوو( سوارچاكی و ئازایەتی و راووشكار، جوانی و دەنگ خۆشی)
لە ئێستادا ( بینەر و زۆری لایک و کۆمێنت ھتد.. )

لەم قۆناغە ناو بانگی ئەرێنی بە ئاسانی بە دەست نایەت، لە بەر قووڵ بوون و گەورە بوونی ململانێیەكان لە ناو یەكتردا، وە پێشبڕكێیەكان خێراتر بوون، وە خودی ناوبانگ تەمەنی دەوێ، قوربانی و شەو نخونی، توانای گەورەی دەوێ تا بتوانی بكەویتە بەر دڵان و وینای بینینی خەلك،

ئەوەی ئێستا لە دنیای سۆشیاڵ میدیادا ھەیە ھەر لە سوکایەتی کردن بەیەک و شکاندنی یەکتر و تا ئەوەی وەک بوکەڵەیەکی سێکسیش خۆیان دەردەخەن ، جۆرێکی ناشرینی بەدەستھێنانی ناوبانگە تەمەنێکی کەم بە شێوەیەکی ناشرین دەکەونە بەرچاوی خەڵیکی و دواتر نامێنن.

لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی دنیادا بە دەستهێنانی ناوبانگ، بە هیچ شێوەیەك ئاسان نیە، كەسانی نائاسایی و، بێتوانا و بێ بەهرە، هەرگیز ڕێگەیان پێنادرێـت لە ڕێگەی میدیاوە دەربكەون و بەناوبانگ بكرێن. هاوكات خەڵكەكەش كە كەسایەتیەك تەواو لێهاتوو نەبێت لە بوارەكەی خۆیدا، قبووڵكردنی ئەستەمە.
بەڵام بەداخەوە، لە وڵاتەكەی ئێمەدا و لەناو میدیای كوردیدا، دۆخەكە تەواو پێچەوانەیە، ھەر ئەوەندە کەسەکە توانای دەرکەوتنی ھەبێت ، ئیتر بەبێ بەھرە و لێھاتووی لەلایەن میدیاکاناوە گەورەدەکرێن و بۆ کۆکردنەوەی بینەر بە چەنەھا شێوەی جیاواز بەکاردەھێنرێن.
دەبینین میدیا زۆرجار بە ناونیشانی مۆدێلەوە، چاوپێكەوتن لەگەڵ هەندێ لەم كچانە دەكات كە نە مۆدێلن، نە فشانن، نە ستایلن، وەلێ میدیا هەم ناوبانگیان بۆ درووست دەكات و هەمیش دەیانكات بە بەزمی سۆشیاڵ میدیا..

بێ گومان ئەگەر لایەنی پەیواندیدار مەبەستی بێت زۆر ئاسان دەتوانێـت كۆنتڕڵی ئەو میدیانە بكات كە بە مەبەست،ناوبانگ بۆ كەسانی بێ بەهرەو بێتوانا پەیدا دەكەن.

ناوبانگ لای عاریفان
هه‌بوونی ناو و ناوبانگ لای عاریفان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌. لای ئه‌وان گرنگ نییه‌ ناوبانگیان لێره‌دا چۆنه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ناوبانگیان له‌ولا (دوای مردن) چۆنه‌.
مه‌حوی وته‌نی: به‌بێ نامی ژیام و نامه‌وه‌ر چووم…
:
مه‌ولانا سه‌باره‌ت به‌م به‌ڵایه‌ ده‌فه‌رموێت:

نردبان خلــق ایــــــــن ما و منیست
عــــاقبت زیـــــن نردبان افتادنیست
هــــر که بالاتــــــر رود ابله‌ترست
که استخوان او بتر خـواهد شکست

مه‌ولانا پێی وایه‌ كه‌ هه‌ر كه‌س له‌ په‌یژه‌ی (من من و ئێمه‌) سه‌ر بكه‌وێت، له‌ كۆتاییدا هه‌ر به‌رده‌بێته‌وه‌. واته‌ هه‌ركه‌س به‌ په‌یژه‌ی ناو و ناوبانگ و خۆپه‌رستی و خۆویستی و شوهره‌ت دا سه‌ربكه‌وێت، دواجار به‌شی هه‌ر كه‌وتن و مل شكاندنه‌. هه‌ركه‌س زیاتر سه‌ربكه‌وێت گه‌مژه‌تر و نه‌فامتره‌، چونكه‌ تا به‌رزتر ببێته‌وه‌ خراپتر ئێسك و پروسكی تێكده‌شكێت.
ناوبانگ وه‌كو فودانه‌ (میزه‌ڵان) وایه‌، هه‌تا گه‌وره‌تر بێت ده‌نگی ته‌قینی گه‌وره‌تر و حه‌یابه‌رتر و ئابڕووبه‌رانه‌تر ده‌بێت. هه‌ر كه‌س زیاتر به‌م په‌یژه‌یه‌دا سه‌ربكه‌وێت، ئه‌گه‌ر به‌ر بێته‌وه‌ گۆزه‌كه‌ی ده‌ستی زیاتر ده‌زرنگێ و سه‌دای به‌رزتره‌. وه‌سف و ستایش و پێداهه‌ڵدانی خه‌ڵكیش نرخی قروشێكیان نییه‌، چونكه‌ ئه‌م خه‌ڵكه‌ وه‌كو كه‌وان وان، هه‌تا زیاتر له‌ ئاستتدا بچه‌مێنه‌وه‌ ئه‌و تیره‌ی كه‌ بۆت ده‌هاون مه‌رگبارتر و كوشنده‌تر ده‌بێت.
ناوبانگ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ربازه‌كانی نه‌فس، ئه‌گه‌ر زوو فریای نه‌كه‌وی مه‌مله‌كه‌تی دڵت داگیر ده‌كات.
غه‌زالی ره‌حمه‌تی خوای لێبێت له‌ بابی (مهلكات)ی كتێبی (احياء علوم الدين)دا زۆر به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار باسی ئه‌م بابه‌ته‌ی كردووه‌.
ئه‌وه‌ی له‌ دنیای ئه‌مڕۆدا ده‌یبینین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بازاڕی ناوبانگ له‌ هه‌موو شتی تر ڕه‌واجی زیاتره‌. مرۆڤ له‌ پێناوی به‌ده‌ستهێنانی ناوبانگدا هه‌موو كارێك ده‌كه‌ن. بۆ ئافه‌رینێك له‌ ده‌یان ده‌رگای ناشرینی نه‌فره‌تی ته‌قولباب ده‌كه‌ن.
مه‌حویی گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی:
ده‌خاته‌ فكری ئه‌هلی مه‌عریفه‌ت شێوه‌ی جه‌جاڵ ئه‌لحه‌ق
ده‌بینی به‌عزه‌ ئه‌شخاصێ به‌ دوویا خه‌رگه‌له‌ی مه‌خلـوق




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…9…شەماڵ بارەوانی

بەشی نۆیەم/
قورئانیەکان سزای ناوگۆڕ و هەفتاو دوو حۆریەکەی بەهەشتیش ڕەتدەکەنەوە..!

بێگومان،
لە کوردستان قورئانیەکان زۆر چاڵاکن و لە سۆشیال میدیاوک، ئەوەندەی من ئاگام لێیەتی، دوو گرووپیان هەیه بە ناوەکانی(پرسیارە فیکریەکان)و، (2ڕێگا).
کۆمەڵەک کەس سەرپەرشتیان دەکەن، هەندێکیان دەناسم کە پێشووتر ئیسلامی سیاسی و یەکگرتووبوون و دانەیەکیان مەلاشە، مەلا(عەزیز غەفور). هەڵە نەبم ئەدمینە لە گرووپی(پرسیارە فیکریەکان)،
بەر لە ماوەیەک، بابەتێکیم بینی لەماڵپەڕی(دابڕان)،
بە ناوی:(تۆقاندنی موسوڵمانان)و لەوێ زۆرلۆژیکی باسی هۆکاری باران نەبارین و، سزای ناو گۆڕ و دۆزەخ و ترسان و تۆقاندنی مرۆڤەکان، بە ئاگری دۆزەخ لە لایان بانگخوازەکان کردبوو و لەوتارەکە نووسیبوو(له‌م ماوه‌یه‌دا بیستم گه‌نجێكی تازه‌ پێگه‌یشتوو باری ده‌رونی تێك چووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی گوێی له‌ بانگخوازێك گرتووه‌ كه‌ باسی سزای گۆڕی كردووه‌، ئه‌میش له‌ ترسان ئیسراحه‌تی لێ بڕاوه‌! ئاخر سزایه‌ك كه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی قورئانی نیه‌ و به‌ یه‌ك ئایه‌ت له‌ قورئاندا باس نه‌كراوه‌ ئه‌م هه‌موو ترس و تۆقاندنه‌ چیه‌؟ بۆچی خوداتان كردووه‌ته‌ جه‌لاد حاشا له‌ مه‌قامی ئه‌و كه‌ به‌و جۆره‌ وێنای ده‌كه‌ن كه‌ چاوه‌ڕێیه‌ تا موسوڵمانان بچنه‌وه‌ ژێر ده‌ستی و له‌ ناو ئه‌و قه‌بره‌دا ئه‌مر بكات داركاری بكه‌ن و بیسوتێنن و ماری بۆ بێنن؟ به‌ چ مه‌نتیقێكی دادپه‌روه‌ری پێتان وایه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌و قه‌بره‌دا پاڵی داوه‌ته‌وه‌ و راكشاوه‌ و جوڵه‌ی نیه‌ و داركاری ده‌كرێت و په‌راسوه‌كانی به‌سه‌ر یه‌كدا ده‌برێن به‌بێ دادگایی؟).

ئینجا مەلا عەزیرغەفور هەر لەو وتارە وەکوو هەموو قورئانیەکانی تر سزای ناوگوڕی ڕەتکردبوویەوە و نووسیبووی(ئه‌م چیرۆكی ئه‌ژدیها و ماروموره‌ هه‌موو درۆیه‌ و پێچه‌وانه‌ی كه‌لامی خودایه‌.
: ئه‌و ئایه‌ته‌ی كه‌ باسی ئالی فیرعه‌ون ده‌كات ده‌فه‌رموێت ئه‌مان ده‌برێنه‌ سه‌ر ئاگر نه‌وه‌ك ئاگر ده‌هێنرێت بۆ ئه‌مان و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ گۆڕه‌وه‌).

سەبارەت بە دۆزەخیش نووسیبووی(ئه‌زیزان تكایه‌ ئه‌مه‌م لێ وه‌رگرن: دۆزه‌خ ته‌نها جێگای دوو كه‌سه‌: بێ باوه‌ڕێك كه‌ حه‌قیقه‌تی بۆ رون بووبێته‌وه‌ به‌ڵام ئینكاری بكات.
سته‌مكارێك كه‌ سته‌می گه‌وره‌ی له‌ مرۆڤه‌كان كردووه‌، چ باوه‌ڕدار بێت چ بێ باوه‌ڕ.)
وتارێکیتری مەلای ناو هاتیم خوێندەوە، کە لە ماڵپەڕی (ڕوانگە و ڕەحنە)یش بەناونانیشانی(دابەشكردنی باخاتی بەهەشت) دابەزی بوو،
ڕەخنەی ئەوەی لە واعیزەکان و پیاوانی ئاینی گرتبوو بـەوەی بەپێی ڕیوایەت و ئەنجامدانی هەندەک زیکر و نزاو خوێندنی چەند ئایەتێکی قورئان و جێبەجێکردنی چەند ڕیتوڵ و سروتێکی تری ئایینی بە دڵی خویان دێن و بە ناوی خوداوەند و بە کەفالەتی پەیامبەرەوە،

کۆمەڵەک بەڵێنی زل و ساختە بە خەڵکی دەدەن و پێیان دەڵێن بە خوێندنی فڵان سورەت، یان فیسار زیکر و فلان مەئسورات و نزا، رزق و رۆزیتان زیاد دەبێت و خوداوەند و پەیامبەر لەبەهەشت واو واتان بۆدەکەن و

بەو چەشنە بە دڵی خۆیان و زەوی و کۆشک و حۆری و باخاتی بەهەشەت بەسەر خەڵکی دابەشدەکەن(هەندێ لە واعیزەكان وادەزانن خەڵك كرێكاری بۆ خودا دەكات، ئیتر تا خودا زیاتربدات باشترە، بۆیە بەناوی خوداوە بەردەوام خەریكن عەمەلی ساڵحی وردیلەی وەك زیكر و دوعا مەئسورەكان و خوێندنی هەندێ سورەتی قورئان دەخەنە موزایەدەوە و هەر ڕۆژە و ئەجرێكیان لەسەر دادەنێن.. ڕۆژێك لە بەرامبەر یەكێك لەوانەوە قەسر دابەش دەكەن و ڕۆژێك دار و درەخت و باخاتی بەهەشت و ڕۆژێك حۆری .. یەكێكیان دەڵێت ئەگەر ئەو دوعایە بخوێنیت ئەوە شەیتان ئەو رۆژە نایەت بە دەورتدا و ئەویتر ئەڵێت ئەگەر خوێندت رزق و رۆزیت زیاد دەكات و یەكێ تر دەڵێت ئەگەر هەموو رۆژێك یان دوای هەموو نوێژێك بیخوێنیت ئەوە دەچیتە بەهەشتەوە …. هتد.
ئایا پێت وایە خودا باخ و كانیاو و درەخت و حۆریەكانی داوەتە پێغەمبەری خودا تاوەكو ئەویش بەپێی فڵان زیكر و خوێندن فڵان سورەت دابەشیان بكات؟ ئەزیزم… بەهەشت ڕەحمەتی خودایە و خودا خۆی دابەشی دەكات).

باسم لەوەکرد کە قورئانیەکان گرووپێکیان بەناوی (پرسیارە فیکریەکان)گرووپێکیتریشیان هەیە بە ناوی (2ڕێگا)و زۆر چاڵاکن.
ئینجا هەزاران کەس لەو دوو گرووپە ئەندامن و ڕۆژانە گفتوگۆ و پۆستی ئەقڵانی و قورئانی دەکەن و بانگەشە بۆ قورئانی بوون دەکەن و کەناڵێکی لۆکاڵیش هەیه، پێیان گووتم کەناڵەکە ئاڕاستە قورئانییە، کەناڵی(چ)،
بەڕێوەبەرەکەی کەسێکی قورئانییە، هەرچەندە کاتێک لە فەقێیاتیو کۆلێژی شەریعە و حوجرەبووم، ماوەکی باش موتابەعەی کەناڵەکەم کرد، تا بزانم چی دەڵێت و چی پەخشدەکات، ئەوەی من تێبینیم کرد،
کەناڵەکە زۆر بە حەزەر و هێمنیەوە پەخشی ڕۆژانەی خۆی دەکات و خۆی لەو جەدەلەی قورئانی بوون و ڕەتکردنەوەی ڕیوایەت و ڕەخنەگرتن لە کەلەپووری دینی و فیقهی ئیسلامی و ئەوشتانە بە دوور دەگرێت و، زیاتر لە ڕێگای بەرنامەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و لەو جۆر و تەرزە بابەتانە هەوڵی ڕۆشنبیرکردنی کۆمەڵ دەدات.

ئەوەش بڵێم:قورئانیەکان ئەوەیان لا خۆشنییە پێیان بگووترێت قورئانی و ئەوان دەڵێن خوداوەند لە قورئان ناوی ناوین موسوڵمان و بەس❪هُوَ سَمَّاكُمُ الْمُسْلِمِينَ ❫.




ئارەزووی ژیان لە فەزای مەرگەساتدا لە کۆمەڵە شیعری ” حەسرەت” ی ئاراس عەزیزدا… نووسینی/ عەتا قەرەداخی

لێکۆڵینەوەی ئەدەبی:

حەسرەت دیوانە شیعرێکی ناو جوگرافیای شیعری کوردیە کە ماوەی نووسینی نزیکەی سێ دەیەی خایاندووە، لە کۆتایی حەفتاکانەوە دەست پێدەکات هەتا نزیکی کۆتایی دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەک. واتە دەقەکانی ناو ئەم دیوانە شیعریە هاوشانی زیاتر لە نەوەیەکی شاعیرانی کوردە، هەروەها لە رووی ئەو قۆناغە مێژوویەوە کە دەقەکانی تیادا بەرهەمهاتوون، دیسان دوو سەردەمی جیاواز لەخۆدەگرن، کە ئەوانیش سەردەمی پێش راپەڕین و سەردەمی دوای راپەڕینن. بێگومان سەرباری بڕوابوون بەوەی کە داهێنان کاری تاکەکەسی و بابەتی زۆر تایبەتە، بەڵام ئەوەش ئاشکرایە کە واقیعی ژیان چ ژیانی تاکەسیی داهێنەر خۆی بێت، یان واقیعی کۆمەڵایەتی و دەرەوەی دەق راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دەق هەیە. بۆیە ناکرێت هیچ دەقێکی ئەدەبی بە دابڕاو لەو واقیعەی تیایدا بەرهەمهاتووە خوێندنەوەی بابەتیانەی بۆ بکرێت. بە مانایەکی تر دەمانەوێت بڵێین بۆ خوێندنەوەی دیوانی حەسرەت وەکو هەر دەقێکی تری زیندوو پێویستە ئەو زەمینەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتوریە بناسین کە دەقەکانی تیادا بەرهەمهاتوون. هەڵبەت ئەمەش بەو مانایە نییە کە دەق کۆپیکردنی واقیع بێت، نەخێر بەڵکو بە مەبەستی زانین و تێگەیشتنە لەو پاشخانە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و فیکری و عەقڵی و جوانناسیەی کە لە پشتی هەر دەقێکی هونەریەوە راوەستاوەو لە شێوازی جۆراوجۆردا لە ناو دەقدا لە شێوەی هێما، دەلالات، پرسیارو جیهانبینیدا ئامادەبوونی دەبێت.

دیوانی ” حەسرەت” لە بیست و یەک دەقی شیعری پێکهاتووەو سالی ٢٠٠٨ بە شێوەیەکی جوان چاپکراوە. بێگومان ئەم دیوانە شیعریە پێش باسکردن لە هەر خاسێتێکی، لە ئاستی بینراودا بە دوو رەگەزی سەرەکی بەرهەمهێنانی شیعریەت دەوڵەمەندە، کە ئەوانیش زمانێکی پاراوی شیعریە لەگەڵ چنینێکی هونەرییانەی وێنەی شیعری، بەجۆرێک کە وێنەکان لە رووی بەکارهێنانی زمانەوە وەها بەناویەکدا چوون دەقەکان وەکو تابلۆی رەنگاوڕەنگ پێشکەش دەکەن. زمانی بەرزو پاراو و دەوڵەمەندی دەقەکان و وێنەی شیعری یەک بەدوای یەکدا، پێکەوە بەشداری دەکەن لە بەرهەمهێنانی جوانی دەق، یان بنیادی ئێسەتیکی دەقەکاندا، کە ئەوەش سەرئەنجام بێجگە لەوەی بەشداری دەکات لە بەرهەمهێنانی پرسیارەکانی دەقەکان و جیهانبینی شیعری دەقەکاندا، دیسان بەشداریش دەکات لەبەرهەمهێنانی چێژی دەقدا. کەواتە لێرەدا ئەوە روون دەبێتەوە، ئەوەی لەم دیوانەدا لە بەردەستی ئێمەدایە کۆمەڵی دەقی زیندووی شیعریە، کە هەوڵدەدەین لە سەربنەمای شیکردنەوەی بنیادی زمانی دەقەکان و لە رونگەی شیعریەتەوە خوێندنەوەیان بکەین و بە دوای ئاشکراکردنی پرسیارەکانی ئەم دەقانەو چۆنێتی ئاراستەکردنیاندا بگەڕێین و لەوێشەوە رووناکی بخەینە سەر جیهانبینی گشتی دەقەکان. لە کاتێکدا دەقەکان لە رووی جیهانبینیەوە بەهێڵێک پێکەوە بەستراون و لە دەوری تەوەرێکی دیار دەسووڕێنەوە، کە ئەویش پەیوەندی هەیە بە دالی ” حەسرەت ” و هەموو ئەو مەدلول و مانایانەوە کە هەڵیاندەگرێت.

ناونیشانی ئەم دیوانە شیعریە ” حەسرەت” ناونیشانی یەکێک لە دەقەکانی ناو دیوانەکەیە. ئایا ئەم ناونیشانە دەبێتە ناونیشانێکی کۆکەرەوە، یان دەبێتە ئەو چەترەی کە جیهانبینی گشتی دەقەکان لە خۆیدا کۆبکاتەوە؟ یان ئایا وشەی حەسرەت دەتوانێت گوزارشت لە جیهانبینی گشتی دەقەکان بکات؟ ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئایا کۆی دەقەکان لە روانگەی ناونیشانی دیوانەکەوە بە رایەڵەیەکی دەلالی یان واتایی یان مەعریفی ئەوتۆ پێکەوە بەستراون، کە لە چوارچێوەی ناونیشانێکدا کۆبکرێنەوە، کە ئەو ناونیشانەش تەنیا یەک وشەبێت؟ کەواتە با لێرەدا بپرسین ئایا” حەسەرت” وەکو یەکەیەکی زمانی کە وشەیە وەکو دالێک چ مەدلولێک هەڵدگرێت، یان وەکو یەکەیەکی سەرەتایی زمان چ مانایەک دەدات یان چ مانایەکی هەیە؟
حەسرەت کە لە بنەڕەتدا وشەیەکی عەرەبیە ( حسرە) بەرامبەر بە Repetance, Alas ی ئینگلیزی دێت و ئەم وشەیە بە مانای پەشیمانی دێت ، هەروەک رەگوڕیشەیەکی ئایینیشی هەیەو لە روانگەی ئایینەوە بە مانای تۆبەکردنیش دێت. بەڵام لە کوردیدا بێجگە لە پەشیمانی بە مانای بەداخبوون بۆ شتێک کە لە دەستچووە، یان بۆ کارەساتیک کە روویداوە بەکاردێت. لەم روانگەیەوە دواتر دەردەکەوێت کە ئەم ناونیشانە تا چ ئاستێک هەڵگری مانای دەقەکانە.
بەگشتی دەقەکانی نێو ئەم دیوانە لە چەند خاڵێکدا لێکدەدەن و بەریەک دەکەون، کە ئەویش پێش هەر شتێکی تر بەداخبوون و ئاخهەڵکێشانە بۆ لەدەستچوونی کۆمەڵێک شت کە ئەوانیش بریتین لە جوانیەکانی رابردوو، هاوڕێیان و خۆشەویستان، پەیوەندیە راست و سادەو خاوێنەکانی ئەوسا، وەفاو راستگۆیی، مانا راستەقینەکانی ژیان. کەواتە ئەوەی دەقەکانی نێو ئەم دیوانە یەکانگیر دەکات ئەو هێڵە سەرەکیەیە کە ئەوی شاعیر، یان قسەکەری دەقەکان لە پێگەیەکدا وێنا دەکات، کە هەموو شتە پڕ بەهاکانی ژیانی رابردووی و ئیستای لە دەستچووەو هیچ هیواو ئومێدێکیشی نییە کە داهاتوویشی لەدەست نەچێت. ئەم لەم پێگەیەدا بەو پەڕی نیگەرانی و خەمگینیەوە داخ بۆ ئەو هەموو لە دەستچوونانە هەلدەکێشێت.

ئەگەر شۆڕبینەوە بۆ ناو بنیادی زمانی دەقەکان ئەوە تێبینی ئەوە دەکەین هەستکردن بە تەنیایی و هەستکردن بە نامۆبوون خاسێتێکی گشتی دەقەکانە. ئەم هەستکردن بە تەنیاییە بەرەو ئاراستەیەکی ترسناکتر لە هەستی تەنیایی دەکشیت و دەگات بە خاڵی کۆتایی کە مردنە. کەواتە دوو خاسێتی گرنگ لە دەقەکانی ئەم دیوانە شیعریەدا باڵادەستن کە تەنیایی و مردنن. سەرجەم رەگەزەکانی تری بنیادنانی دەقەکان لە پێناوی ئامادەکردنی زەمینەو کەشی تەنیایی و لێکەوتەو دەرکەوتەکانیدان. کە ئەمانەش لە ئاستێکی تردا کاردەکەن بۆ ئامادەکردنی زەمینەیەک کە ئەوی قسەکەری دەقەکان لەبەردەم مەرگدا رادەگرن. واتە گەیشتن بە مەرگێک کە ئەم لە لایەک وەکو رزگاربوون سەیری دەکات، بەڵام لەبەرامبەردا هێشتا پەیوەندی ئەم بە ژیانەوە نەپچڕاوەو ئەوە خراپی ئەو بارودۆخەیە کە دەوری ئەویان داوە وای لێدەکەن کە مردن نەک هەر بە ئاسایی وەربگرێت، بەڵکو تەنانەت بەجۆرێک وەکو رزگارکەر لێی بڕوانێت و لە چاوەڕوانی هاتنیشیدا بێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هاوکات خوازیاری مانەوەو ژیانە، بەڵام ژیانێکی بەمەرج، ئەویش مەرجی گەڕانەوەی گوێگرتن و هاتنی ئەوی بەرامبەر، یان ئەوی یار، یان ئەوانی هاوڕێیان، یان مەرجی گۆڕینی هەموو شتەکانە بۆ بارێکی باشتر.

شیعری یەکەم بە ناونیشانی ” پاڤێڵ”ە. پاڤێڵ کەسێتی سەرەکی رۆمانی دایکی ماکسیم گۆرگیە، کە نموونەی مرۆڤی خۆڕاگرو ئازاو کۆڵنەدەرە، واتە مرۆڤی خاوەن پەیام کە لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجەکەیدا تێدەکۆشێت و هیچ هێزێک ناتوانێت بیوەستێنێت. بە ناونیشانکردنی کەسێتیەکی خاوەن پەیامی لەم جۆرە ئاماژەیەکە بۆ بوونی ئومێدی ئایندە. کەواتە سەرباری ئەوەی لەسەرەوە باسی کەشی تەنیایی و کارەساتی مردنمان کرد وەکو خاسێتی دیاری ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرە، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا لە رێگای بە ئامرازکردن یان بە کەرەستەکردنی کەسێتیەکەوە لە بەرهەمهێنانی ئەم دەقەدا، کە ئەم کەسە هەڵگری پەیامی ژیان و ژیاندۆستیە، ناڕاستەوخۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئاسۆیەک هەیە کە ئاسۆی ئایندەو ژیانێکی پڕ لە جوانی و بەهاو سەروەریە وەکو ئەو ژیانەی کە پاڤێڵی پاڵەوانی رۆمانی دایک بەدوایەوەیە. ژیانێک کە کارو ماندووبوون و کۆشش کردن لە پێناوی درێژە پێدانی ئەو ژیانەدا بەڵام بەشێوەیەکی سەربەزانە نەک چۆکی پێدانادات بەڵکو دەبێتە پاڵنەرو پاڵپشت بۆ کۆڵنەدان لە پێناوی گەیشتن بەو پەیامەی کە هەڵیگرتووە.

لە دەقەکەدا هاتووە:
ئەی مرۆڤە مەزنەکە / لەگەڵ ژان و ئازاریشتا / خەمە تاڵەکانت، لە پریاسکەیەکی گەورە نابوو / بە لێژایی ئەو هەورازە سەخت و بەرزە، پێ ئەکەنیت./
سەرەتای ئەم کۆمەڵە شیعرە بەم دەقە دەست پێدەکات. دەقێک کە بەرجەستەی پاڵەوانێک دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆسپ و سەختیەکانی ژیان. پاڵەوانێکی نەبەزیووی خاوەن پەیام. ئەمەش پەیوەست بە ئەزموونی شیعری ئاراس عەزیز، ئەو دەلالەتە هەڵدەگرێت کە سەرباری کێشەو گرفتەکانی بەردەم ژیان، هێشتا مرۆڤ لە هەوڵدان ناکەوێت و نابەزێت. لەسەر بنەمای ئەو روانینە کە دەگوترێت: دەشێت مرۆڤ تێکبشکێت بەڵام ناشێت ببەزێت. دەشێ مردن ئەو تێکشکاندنە بێت، بەڵام ناشێت مرۆڤ لەبەرامبەر مردندا ترس دایبگرێت و هەرەس بهێنێت و چۆک دابدات و ببەزێت. ئەوەتا دەبینرێت پاڤێڵ کە ئەم دەقە بەرجەستەکردنی ئەو و پەیامەکەی و هەڵوێستەکانیەتی، رووبەڕووی هەموو سەختیەکان دەبێتەوەو بە پێکەنینەوە هەنگاو بەرەو ئایندە دەنێت.
شیعری دووەم ” هەڵم”. ئەگەر سەیری ئەم ناونیشانە بکەین کە وشەی ” هەڵم”ە، ئەوا دەزانین لە رووی زانستیەوە هەڵم دۆخی سێیەمی مادەیە، واتە لە دوای دۆخی رەقی و شلی دێت. ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیر بکەین ئەوا هەڵم باری پەرش و بڵاویی و رکێف نەکردن و جڵەو نەگرتن نیشان دەدات. لە دەقەکەدا هاتووە:
شوێنێ نیە رووی تێبکەم / شوێنی نیە مەسکەنم بێ / بۆ ئەو یەک دوو رۆژەی ماومە / کەساسێتی تیا بەسەربەم…خوایە چی بکەم؟! شوێنێ نیە رووی تێبکەم / یەکێک نیە بە لەپی دەست / بازنەیەک لە تەمی رووی / شووشەی پەنجەرەکەی بسڕێ! / تا بمبینێ / هەر هیچ نەبێ بمباتە ژوور/.
ئەمی قسەکەر خۆی وەکو بێ نەوایەک پێشکەش دەکات و باسی ئەوەش دەکات کە تەمەنێکی کەمی ماوەو بۆ ئەو تەمەنەش شوێنێک نییە تیایدا بحەوێتەوەو کەساسی و بەدبەختی خۆیی تیادا بەسەر ببات. تەنانەت تەم وایکردووە هەموو شتەکان بشارێنەوە، یان نەبینرێن. تەم پەنجەرەکانی گرتووەو رێگا نادات کەسێک ئەم ببینێت و بیباتە ژوورەوە. وەکو ئاماژەمان بۆ کرد لێرەدا وێنەی بێ نەوایەک دەبینین. بەڵام سەرباری ئەو بارەی تیایدایە، پێشکەشکردنێکی هەیە بۆ هەر کەسێک کە بیباتە ژوورەوە، ئەویش ئەوەیە کە شیعری بۆ بخوێنیتەوە. ئەم لەم بارە ناهەموارەیدا باسی ئەوە دەکات کە لە ژیانیدا دوو شتی زۆر گرنگی نەبینیووە کە ئەوانیش خوداو بەختیارین. خودا بوویەکی نەبینراوەو لە رێگای کارەکانیەوە هەستی پێدەکرێت. هەروەک بەختیاریش هەستی پێدەکرێت و مرۆڤ تیایدا دەژی، بەڵام ئەویش بوویەکی رێژەییەو بوونی لە دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤ خۆیدایە.
من دوو شتم نەبینیووە / خواو بەختیاری/ …دایکم دەیگووت رۆڵەی کلۆڵ / ئەو رۆژەی تۆ بۆ یەکەم جار…/ گریەت ناخی هەراو ژاوەژاوی/ دنیای جەنجاڵ!/ هەر ئەو رۆژەش،/ ( گۆدۆ)ش لە نێو دڵی بێکێت لە دایک بوو./
ئەم دایکی بە کڵۆڵ ناوی دەبات. ئەمەش سەرنجمان بۆ بوونی پێشینەیەک لەو بارەوە سەبارەت بە رابردوو هەروەها چارەنووسی ئەم رادەکێشێت. ئایا ئەم لە قەدەری نووسراوە کە کەسێکی کڵۆڵ و کەساس و بەدبەختە، یان لە دایکبوونیەوە روودانی کارەسات و بەدبەختیەکان پەیوەست بەم ئەوەیان سەلماندووە، کە ئەم کەسێکی کڵۆڵە. دایکی دوو بەڵگە بۆ کڵۆڵیەکەی ئەم دەهێنێتەوە، یەکەمیان ئەوەیە ئەگەر ئەم کەمێ زووتر لەدایک ببووایە، ئەوا خودای دەبینی، دووەمیان ئەم و پاڵەوانی شانۆنامەی لە ” چاوەڕوانی گۆدۆ”دا لە یەک رۆژدا لە دایکبوون. هەڵبەت بینینی خودا جۆرێکە لە خەیاڵ، هاوشێوەی ئەو خەیاڵەیە کە شیعر بەرهەم دەهێنێت. هەربۆخۆی خەیاڵکردن لە بینینی خودا شیعریکی نەگوتراوە، واتە دەقێکی شیعری بیر لێنەکراوەیە.
گۆدۆ نموونەی کەسێتی دیار یان پاڵەوانی ئەدەبی بێهودەیە. واتە ئەم کەسێتیە بەرجەستەی ئەو جیهانبینیە دەکات کە ژیان هیچ بەهایەکی نییەو مرۆڤ توانای هیچ گۆرانکارییەکی نیە مادەم بووەیەکی بڕیار بۆدراو و بەڕێکراوە نەک بوویەک خۆی بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات. واتە ئەم کەسێتە نموونەی بەرجەستەی ئەو ئاراستە بیرکردنەوەیە کە پێی وایە بوون و نەبوون هەمان شتن و مرۆڤ بۆ خۆی دروستکراوێکی بێ ئاسۆو بێ ئایندەیە مادەم هەمیشە لەبەردەم مەترستی مەرگدایە. ئەمی قسەکەرو ئەم پاڵەوانە بەناوبانگەی ئەدەبی بێهودە لە یەک رۆژدا لە دایک بوون. ئەمەش بۆ ئەوەیە کە پێمان بڵێت ئەمیش هەمان شێوەی گۆدۆ هەڵگری پەیامی بەدبەختی و کڵۆڵی مرۆڤ و بێ مانایی ژیانە، بۆیە چاوەڕان ناکرێت ئایندەیەکی گەش یان ئاسۆیەکی روونی هەبێت. هەر لە راستیشدا لە رونگەی ئەم جۆرە کەسێتیەوە شتێک نییە ناوی ئایندەو ئاسۆی گەش بێت. کەواتە ئەم هەمان شێوەی گۆدۆ لە بوونیدا ماکی بەدبەختی و کڵۆڵی و چارە ڕەشی هەڵگرتووە. خۆی هەر لە راستیشدا لە روانگەی گۆدۆوە هەموو مرۆڤایەتی بەو رەگەزە ترسناکانە بارگاوی کراوە کە ماکی وێرانبوون و مەرگیان هەڵگرتووە. لەبەر ئەوەی ئەم و گۆدۆ لە رۆژێکدا لە دایکبوون و گۆدۆش هێمای بێ ئومێدی و بێ هیواییە، بۆیە وای بۆ دەچێت کە هیچ هیواو ئومێدێک نەبێت بۆ ئەوەی ئەم بە بەختیاری بگات. گۆدۆ ئەو کەسەیە، یان ئەو هێمایەیە یان ئەو شتیە کە هەرگیز نایەت و بۆ هەتا هەتایە چاوەڕوانی هاتنی دەکرێت. ئەم بەختیاری خۆی دەچوێنێت بە گۆدۆ، واتە بەختیاری ئەمیش شتێکە هەرگیز نایەت و نایبینێت.

شیعری سێیەم ( چۆلەکەی بەجێماوی ئێوارانێ). قسەکەر باسی ئەوە دەکات کە سەرەی مردنێتی و داوا لەوی بەرامبەر، یان داوا لە یار دەکات کە نزیک بێت لێی چونکە هیچ لەبارەی ئایندەی خۆیەوە نازانێت، تەنیا ئەوە نەبێت کە دەزانێت مردن لەبەر دەرگا چاوەڕوانی دەکات. بۆ مردنی خۆیشی فرمێسک و گریان و شین و لاواندنەوە رەت دەکاتەوە. بێگومان ئەم خۆی وەکو شاعیر دەناسێنێت بەڵام شاعیرێکی کەساس. واتە ئەم بەردەوام خۆی بە لاوازو بێ تواناو ناکارا پێشکەس دەکات. مەبەست لەوەش وێناکردنی تەنیا خۆی نییە وەکو تاکەکەسێکی ناکاراو بێ توانا، بەڵکو خۆی وەکو نموونەیەک بۆ هەموو مرۆڤایەتی پێشکەش دەکات و ئەوە دەخاتە روو کە مرۆڤ بە گشتی بوویەکی ناکاراو قەدەرییەو خۆی خاوەنی هیچ بڕیارێک نییەو لە دەرەوەی خۆی بڕیاری بۆ دەدرێت، ئەمەش هۆکاری کەساسی و چارەڕەشی و بەدبەختیەکانێتی.

لەم دەقەدا هاتووە:
سەرەی مەرگمە ، نزیک بە لێم! / ئەشکم ناوێ.. سنگ کوتان و شینم ناوێ/.. نزیک بە لێم، مردن نەبێ../ من هیچ شتێ لە سبەینێی خۆم نازانم / من حەزدەکەم وەک چۆلەکەی بەجێماوی ئیوارانێ../ رووبکەمە بەرزترین چڵی دارتووی حەوشەکەتان / تۆف و سەرمای چاوەڕوانی کۆتم بکاو رەق ببمەوە…/ نزیک بە لێم وا ماهیچەی هەموو لەشم پوکایەوە/ نزیک بە لێم، خۆم دەزانم گەر گیان دەرچێ و تۆم لا نەبی/ گەورەترین شاعیریش بم/ بەسەرتاپای شیعرەکانم غەریب دەبم./
ئەم نایەوێت مردنێکی ئاسایی بمرێت، بەڵکو دەخوازێت وەکو چۆلەکەیەک بفڕێتە سەر بەرزترین چڵی دارتووی حەوشەکەی ماڵی یارو لەوێ رەق بێتەوەو بۆ هەمیشە لە بیربچێتەوە. ئەم باسی ئەوە دەکات کە لە بەردەمی مەرگدا لاشەی دەپوکێتەوە، ئەوەش سەرەتای مەرگە. بەڵام لەم ساتەدا داوا لەوی یاردەکات کە نزیک بێت لێی، ئەوەش بۆ ئەوەنا کە رێگا لە مردنی بگرێت، بەڵکو بۆ ئەوەی بە شیعرەکانی خۆی نامۆ نەبێت. کەواتە ئەوی یار هۆکارە بۆ ئەوەی ئەمی شاعیر لە دوای مردنیشی هێشتا لەگەڵ شیعرەکانیدا بژی. ئەوەی لێرەدا ئاشکرایە ئەم لە چاوەڕوانی مەرگدایەو لەو مەرگەش ناترسێت، بەڵام جۆرێکی تایبەتی مردنی دەوێت. مردن بە رەقبوونەوە لە سەر چڵی دارتوو، بە مەرجێکیش ئەوی یار لە تەنیشتیدا بێت. لێرەدا دەشیا لەبەرامبەر ئامادەبوونی مردندا ئەوی یار، یان ئەوی کەسی دووەم وەکو رزگارکەری ئەم لە مردن پێشکەش بکرایە. لە بارێکی وەهاشدا دووانەیەک دروست دەبوو وەکو دووانەی ژیان / مردن. بەڵام لە راستیدا ئەمە تەنیا گریمانەیەکەو ئێمە دامان ناوە. ئەگینا لە راستیدا لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەدا دووانەیەکی لەم جۆرە لە ئاستی بینراودا دروست نابێت و ژیان لە هەر چرکەساتێکی ژیانی ئەوی شاعیر، یان قسەکەری دەقەکاندا لە لایەن مەرگەوە هەڕەشەی لێ دەکرێت و هیچ بەربەست و رێگرییەک لە بەردەمی مەرگدا نییە. کەواتە لە شیعری ئەم شاعیرەدا جەمسەری مەرگ و کۆی ئەو رەگەزە زمانیانەی کە باسی مەرگ دەکەن و دۆخی مردن بەرجەستە دەکەن، باڵادەستن بەسەر جەمسەری ژیان و کۆی ئەو رەگەزە زمانیانەی لە دەقەکاندا کەشی ژیان و ژیاندۆستی ئامادە دەکەن. لێرەدا تێکشکاندنێک لەو لۆجیکە دایەلێکتیکیەدا هەیە کە هاوسەنگی، یان لەبەرامبەر یەکتر وەستانی نێوان دووانەی ژیان و مردنە. کە لە ئاستێکی تردا دەتوانین بە لەبەرامبەر یەکتر وەستانی ئیرۆس و ساناتۆس باسی بکەین، کە دەشێت ئەم پەیوەندیە لە ئاستێکی تردا لە شێوەی دووانەی دژ یان دووانەی بەرامبەری ژیاندۆستی / مەرگدۆستی-دا دەرببڕرێت. لێرەدا ئیرۆس یان ژیاندۆستی سەنگەری بۆ ساناتۆس یان مەرگدۆستی چۆل کردووە. ئەمەش لەخۆیدا تێکدان یان تێکچوونی هارمۆنیای سروشتە، چونکە هاوسەنگی نێوان ئەم دووانە دژەو دووانە دژەکانی ترە ئەو هارمۆنیایە دروست دەکات کە گەردوونی بە هاوسەنگی راگرتووە.

شیعری چوارەم ( ئێوارانێ هەست بە پیربوونی خۆم دەکەم!). ئەم دەقە لەسەر بنەمای دووانەی بەختیاری/ خەم، گەنجێتی / پیرێتی، ژیان/ مردن بنیادنراوە. ئەوی شاعیر وا دەبینێت کە جەمسەری یەکەمی ئەم دووانانە جێگیرن و لە رووی راستیەوە پێویستە لە هەموو کەسێکدا هەبن، یان هەموو مرۆڤێک ژیان و گەنجیتی و بەختیاریی هەبێت. کەچی وەکو دەردەکەوێت ئەو هیچ کام لەم شتانەی وەکو ئەوەی پێویستەو دەبێت نییە. بەڵام جەمسەری دووەمی دووانەکان باڵی بەسەردا دەکێشن. ئەو خەمبارە، هەست بە پیرێتی دەکات و لە ئەنجامی پیرێتیشدا ئاراستەی جوڵە بەرەو مردن و کۆتاییهاتنە. ئەوەی تێبینی دەکرێت لای ئەم خەم شتێکی خواستراو نییە، هەروەک ناشێت وەها سەیر بکرێت کە خەم دەرئەنجامی رووداوێک، یان بارودۆخی تایبەتی ژیان بێت، بەڵکو خەم لای ئەو خاسێتێکە لە منداڵیەوە لەگەڵیدا دەژی کە ئەو دەیچوێنێت بە پەرکەمێک کە لە منداڵیەوە لەگەڵیدایە کە دەشێ وەکو خاسێتێکی بۆماوەیی سەیر بکرێت.
هەروەک ئەم خۆی بە کڵۆڵ و چارە ڕەش باس دەکات و وەکو شاعیریش هەموو تەمەنی خۆی بە شیعری تەماوی وەسف دەکات. وریاییش دەدات بە هەموو ئەوانەی کە حەز لە شیعری ئەو دەکەن، یان ناو، شێوە، رەنگیان لەو دەچێت، دەبێت بزانن هەموویان کڵۆڵ و بەدبەختن و خەم و داخ پیریان دەکات، واتە بەرەو مەرگیان دەبات. ئەم سەرباری ناکارایی و هەست بە پیری کردنی خۆی هیوایەکی هەیە، بەڵام داخی ئەوە دەخوات کە ئەو هیوایەی بەدینایەت، ئەویش داخی ئەوەیە کە ناگاتە بەرزاییەک هەتا لەوێوە ئەوی بەرامبەر دوور یان نزم ببینێت و لەبەرامبەریشدا ئەو ئەم بەرز ببینێت. کەواتە لێرەدا ئەوە ئاشکرا دەبێت کە ئەم سەرباری خەم و سەرباری هەست بەپیری کردن، بەڵام دەخوازێت پێش ئەوەی بمرێت بگاتە بەرزایی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تا ئێستاس ئەو لە نزماییدایە، واتە ئەگەر بەرزایی/ نزمایی وەکو دووانەیەک دابنێین، ئەوا دیسان ئەو لەباری، یان لە جەمسەری نزم یان نێگەتیفدا ماوەتەوە. کەواتە لەم دەقەشدا وێنەی کەسێتیەکی نەرێنی، یان ناکارا بەرجەستە دەبێت کە بێ ئومیدی و رەشبینی باڵی بەسەردا کێشاوەو ئەویش بێ هیچ هیواو ئومێدیک بەرەو کۆتایی یان مردن دەچێت.
شیعری پێنجەم ( دەمەو شەفەقێکی باراناوی)ە.، لەم دەقەدا قسەکەری شیعرەکە باسی خۆی دەکات کاتێ تەمەنی بیست ساڵی تێپەڕاندووە. ئەو لەم تەمەنەدا هەست بە تەنیایی دەکات و ئارەزووی مردن دەکات و دەیەوێت تەمەنی بەردەوام نەبێت. ئەو هەر لە منداڵیەوە هەستی بە پایزو خەزان کردووە، واتە بە منداڵی پیر بووە، بۆیە نایەوێت بە کردەوە بگاتە تەمەنی پیری. ئەو هۆکاری گەیشتنی بەم بارەی تێیدایە ئاشکرا دەکات. کاتێک دەڵیت:
شەوانی من گیرخواردن و رێ ون بوونی ناو ئەشکەوتە!/ شەوانی من دۆزەخێکی بی سروەتە / ناڵەم وەکو لورەی گورگی قەراخ شارە / شەوانی من وێستگەیەکی پڕ ئازارە!/ من بە رۆژیش، دارێک، ماڵێک، نیشانەمە / تا خانووەکەم لێ تێکنەچێ! کێ ئەوەندە کۆڵەوارە؟!
ئەم باسی خراپی ئەو بارودۆخە دەکات کە تیایدایە، بارودۆخێکی پڕ لە ئازارو ژانە. هۆکاری گەیشتنی خۆیشی بەو باروخۆخە ئاشکرا دەکات. ژیانی پڕ لە ئازارو ژان و چەرمەسەری وای لێکردووە هەر بە گەنجی هەست بە پیری بکات. ئەو هیواخوازە هەر لە ئێستادا مەرگ بێت و بەرەو هەناوی خۆیی ببات. ئەم ناڵەو هاواری خۆی دەچوێنێت بە لورەی گورک. گورگ زیاتر لە برسا دەلورێنێت، واتە ئازاری برسێتی وای لێ دەکات بلورێنێت. دەشێت نزیکی لە نێوان سەرچاوەی ئازارەکانی ئەم و سەرچاوەی ئازارەکانی گورگدا هەبێت. ئەمەش لە راستیدا بۆ زیاتر خراپ نیشاندانی ئەو بارودۆخەیە کە تیایدایە.

هاوشێوەکردن، یان لێکچواندنی سەرچاوەی ئازارەکانی مرۆڤ لەگەڵ ئازارەکانی گورگدا لە ئاستی بینراودا لێچواندنێکی ئاساییە، بەڵام لە ئاستی قوڵدا لێکچواندنی ئازارەکانی مرۆڤێک کە زیاتر وەکو قوربانی دەردەکەوێت لەگەڵ ئازارەکانی دڕندەیەکی وەکو گورگدا ناجۆر دەردەکەوێت. بەڵام دیسان ئەو دەلالەتەش هەڵدەگرێت کە ئەگەر مرۆڤ خۆی بداتە دەستی غەریزە ئاژەڵیەکانی، دەشێت رووی گونجاو بۆ لێکچواندنی گورگ بێت. بەڵام ئەم ئێستا لەبارودۆخێکی زۆر خراپدایەو سەرباری لێکچواندنی سەرچاوەی ئازارەکانی بە سەرچاوەی ئازارەکانی گورگ، ئەم بە تەواوەتی وەکو قوربانیەک دەردەکەوێت و هیچ خاسێتێکی نەرێنی نییە. بەڵکو ئەم تا ئەو ئەندازە ناکاراو لاوازو بێ توانایە، ناتوانێت بە باشی شوێن بناسێتەوە، کە مەبەست شوینی خۆیەتی، واتە ماڵەکەی. واتە ئەم گەیشتووەتە قۆناغێکی ترسناک لە ژیانی خۆیدا، ئەویش قۆناغی نەناسینەوەی شتەکانە، ئەوەش سەرەتای ونبوون و رێگاکردنە بەرەو نادیارو لەناوچوون.
ئەو دەڵێت: دەترسم پیریش ببینم،/ رۆژێ یەت، مەرگ تیایدا یەخەم بگرێ!/ کەی دێ؟ کەی دێ؟ مەرگ کەی دێ؟
لێرەدا بە ئاشکرا دیارە کە ئەو نەک هەر چاوەڕوانی مەرگ دەکات، بەڵکو دەخوازێت مەرگ بە زوویی بێت و پێش ئەوەی پیربێت بەرەو نادیاری ببات. کەواتە لێرەشدا کەشی مەرگ و مەرگدۆستی رووبەری ئەم دەقەی داگیرکردووەو رووبەری ژیاندۆستی تەواو تەسک بووەتەوە.
شیعری شەشەم ( پووش) باسی هەست بە نامۆییکردن و تەنیایی دەکات لە سەردەمی لاوێتیدا. هەروەک باسی ئەوە دەکات کە ئەم وەکو شاعیر بێ دیوانە و عاشقێکە هیچ کەسێک لەگەڵی بەردەوام نابێت. ئەوەش هۆکاری سەرەکی هەست بە نامۆییکردن و تەنیایی ئەوە. شیعرەکانیشی دەربڕینی ئەو بارە ناهەموارو پڕ لە کەسەر و ژانەیە، کە بەو تەمەنە کەمەوە کە بیست ساڵانە تیایدا دەژی. ئەو دەڵێت:
من گەنجێتیم غەریبێکی ئاوارە بوو/ لە نێو کۆشی سەرماو سۆڵەی تەنهایدا رەق بووەوە/.. من تا ئێستا ئەو شاعیرە بێ دیوانەم/ هیچ خانمێ.. دوانزە مانگەی ساڵی عەشق/ لەناو دڵما تەواو ناکا../ شیعرەکانم باسی خەم و مەرگ و پایزانە!/ هەمووی باسی کەساسێتی، رۆژەکانی شاعیرێکی بیست ساڵانە./
لێرەدا کەسێکی تەمەن بیست ساڵان دەبینین، کە لە باری نامۆیی و تەنیایدایەو شیعرەکانیشی گوزارشتکردنە لەو بارە ناهەموارەی تیایدا دەژی، کە فەزای تاریکی و بێ ئومێدی و خەم و پایزو خەزان دەقەکەی داگیر کردووە، کە هەموو ئەمانەش دەلالەتی کەوتن و مردن و لەناوچوون هەڵدەگرن. ئەم هۆکاری ئەو بارە ناهەموارە دەگەڕێتەوە بۆ رابردووی خۆی. ئەم گەنجێتیەکەی وەکو غەریبێکی ئاوارە وابووەو هەرگیز خۆی لە ئامێزێکی گەرمدا نەبینیووەو سەرباری ئەوەی کە ئەم خۆی وەکو شاعیر دەناسێنێت، بەڵام تا ئیستا شاعیرێکی بێ دیوانە. بێگومان شاعیر لە رێگای بەرهەمەکانیەوە دەناسرێت و ئەو بەرهەمانەش لە رووی راستیەوە دەبێت لە دیواندا بن، چونکە دیوان تۆماری شیعرو مێژووی هەست و خەیاڵ و سۆزە راستەقینەکانی ئەوی شاعیرە. کاتێک ئەم دیوانی نەبێت، واتە ئەو تۆمارەی نییە. ئەمەش بە گوێرەی ئەوی شاعیر جۆرێکە لە کەموکورتی. ئەم خەمێکی لەوە گەورەتریشی هەیە، خەمی نەمانەوەی هیچ خانمێک لەناو دڵیدا، واتە ئەم ئەگەر وەکو عاشق سەیری خۆی بکات، کێشەی گەورەی ئەوەیە هیچ مەعشوقێک دریژە بە عیشق نادات لەگەڵ ئەمدا. ئەمەش بۆخۆی خەمێکی وێرانکەرەو دەشێت سەرچاوەی هەست بە نامۆییکردن و ئاوارەبوونەکەی بێت.
شیعرەکانی ئەم گوزارشت لەو خەم و نیگەرانی و نامۆیی و تەنیایی و کەساسی و بەدبەختیانە دەکەن، ئەم بەم تەمەنی بیست ساڵانەوە تیایدا دەژی. کەواتە سەرچاوەی هەموو ئازارەکانی ئەم تەنیاییە، تەنیایی ئەمیش دەرئەنجامی شکستی عیشقە. بۆچی هیچ خانمێک ناتوانێت وەکو مەعشوقەی ئەم بمێنێتەوە؟ گرفت لای ئەوانی خانمانە، واتە رەگەزی بەرامبەر، یان گرفت لە بوونی ئەمدایە؟ بێگومان مادەم هەموو خانمەکان بە زوویی ئەم بەجێدەهێڵن، کەواتە ئەم ناتوانێت ئەو عاشقە بێت کە دڵی ببێتە واری عەشقێکی هەتاهەتایی و مەعشوقەیەک بۆ هەمیشە ئاوەدانی بکاتەوە. لێرەوە دەشێت سەرچاوەی سەرەکی هەست بە تەنیاییکردن و نامۆیی و ئازارو ژانەکانی ئەم، پەیبردنی خۆی بێت بەو هۆکارەی کە ناتوانێت پارێزگاری لە عیشقێکی هەتاهەتایی بکات.
شیعری حەوتەم ( باکەلێر)ە، کە تیایدا دەڵێت: سنگم تەنگە، سییەکانم پڕ حەسرەتن!/ تۆزو گەردی ئازارێکم هەڵمژیوە../ قورس و دێرین!/ سنگم تەنگە، من کەڤناری ئەم زەمانەم!/ کوا سروەیەک سییەکانم فێنک بکات؟! کوا سروەیەک لە ئازاری / باکەلێری ئەم تەمەنە رزگارمکات؟!/ سنگم تەنگەو سبەی دەمرم!/..خۆم دەزانم ئەو رۆژانەش / کە خەڵکی دێن بۆ دیدەنی مردووەکانیان / تەنها منم / تاقە گۆڕی بێ هاودەمی گۆڕستانم/.
لەم دەقەدا باسی بێ دەرەتانی و خراپی باری خۆی دەکات، کە ناتوانێت هەناسە بدات. هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە سییەکانی پڕن لە حەسرەت و ئاخ و ئۆف. ئەویش دەرئەنجامی ئازارو ژانی رابردووە. زەمانە لەگەڵ ئەم دۆست نەبووەو رۆژێ لە رۆژان لە بەختی ئەم نەگەڕاوە، بەڵکو هەمیشە لە دژی ئەم بووە. ئەم هەناسە تووندی و بێ دەرەتانیەی ئەم دەرئەنجامی بێ مروەتی زەمانەیە. ئەم لەم بارودۆخە ناهەموارەیدا دەخوازێت سروەیەک، هیوایەک، تروسکەیەک بێت و رزگاری بکات، بەڵام ئەوە روونادات. ئەم پێشبینی ئەوە دەکات ئەو بارەی تیایدایە بەرەو مردنی ببات. دەترسێت نە لە کاتی مردندا کەسێک هەبێت لێی بپرسێت، نە لە گۆڕستان کەسێک هەبێت سەردانی بکات. ئەم خەمی ئەوەیەتی هەر چۆن لە ژیاندا تەنیا بووە، لە دوای مردنیشی گۆڕێکی بێکەس بێت. دیسان هەمان فەزای تەنیایی و ناکارایی و پایزو خەزان و مەرگەسات باڵی بەسەر جوگرافیای گشتی ئەم دەقەدا کێشاوە. واتە وێنەی کەسێتیەک بەرجەستە دەکات کە لە تراژیدیای تەنیاییەوە بەرەو تراژیدیای مەگ و بەرەو تراژیدیای ونبوونی نێو گۆڕستان دەچێت. واتە ئەم دەقە وەک ئۆتۆبایۆگرافیای وونبوویەک یان کەسێکی بی شوناس، وایە کە لە ژیاندا نەیتوانیووە هەناسەیەکی ئاسودەیی هەڵبمژێت و دەترسێت دوای مردنیشی کەس لە گۆرەکەی نەپرسێت و لە گۆڕستانیش گۆڕێکی تاک و تەنیا و بێکەس بێت.

شیعری هەشتەم( قەناعەت). لەم دەقەدا دەڵێت:
خۆر ئاوابوونێک دەرکەوە / ئێستا ناخم،/ ئەشکەوتێکە بێ سەروبن!/ چەند هیوای گەنجێتیمی تێدا مردن!/ ..ئێستا دڵم / سارایەکە رووتەن و چۆڵ / خوێنی وشکی تیا دەپرژێ / ئێستا پیرێکی پەککەوتەم!/ وەکو جاران توانام نییە / ..خۆر ئاوابوونێک دەرکەوە / من نامەوێ ئەوڕۆ بمرم / دڵتەنگ و مات!/ نەگەییبمە قەناعەتێ،/ هەر بۆ ساتێ بەختیارمکات!/
ئەوی شاعیر لەم دەقەدا داوا لە کەسی دووەم دەکات ئامادەبێت گوێی بۆ رایەڵیت، تا ئەم باسی خراپی باری خۆیی و بێ توانایی و ناکارایی خۆیی بۆ بکات، کە وەکو پیرێکی پەککەوتە خۆی نمایش دەکات، یان هەر لە راستیدا وا دەردەکەوێت، چاوەڕوانی کەوتن یان لە دەستچوونی ئەندامانی جەستەی خۆی و مردن و کۆتایی بکات و ئەمانەش بۆ ئەوی گوێگر باس دەکات. ئەو دەزانێت دەمرێت بەڵام نایەوێت ئەمڕۆ بمرێت، چونکە نەگەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی مردن بەجۆرێک جەختەوەری بکات. دیسان لێرەشدا کەسێتیەکی ناکارا لەبەردەمی مەرگدا دەبینرێت و رەگەزەکانی دەقەکەش بە وشەو و وێنەوە بەرجەستەی ئەو باری ئامادەبوونە بۆ کەوتن و مردن دەکەن.

شیعری نۆیەم ( تۆز). شاعیر ئەم دەقەی بۆ دووری هاوڕێیەکی خۆی نووسیووە لە تەمەنی بیست و دوو ساڵیدا، کە تیایدا باسی خەم و نیگەرانی خۆی بۆ دووری ئەو هاوڕێیە دەکات و ناڕاستەوخۆش لەوە دەدوێت کە چەند پێویستی بەوی هاوڕێیەتی. هەروەها باسی ئەوە دەکات کە چۆن کاتێ ئەوی لەلا نەبێت خەم سەر دەژەنێتە رۆحی و گەنجی لەناو دەبات و سەرئەنجام بە بێ ئەو دەمرێت و کەسێکیش نابێت بەتەنگ تەرمەکەیەوە بێت. ئەو دەڵێت:

تۆم لە لا نیی، وا لێرەدا راوەستاوم!/ دەڕوانمە (پێ کوڕە)ی خەم!/ دەغڵ و دانی ئەم گەنجیەم وێران دەکا!/ کێ دەمگاتێ؟ سەر: تۆزاوی! سیی: سیلاوی!/ پەنجەش وەکو بامێی زەردی بەر خۆرەتاو!/ کێ دەمگاتێ؟ کێ حەز بە نیهالی غوربەتی من دەکا؟!/ تۆ لە لام نیی، من دەمرم و کێ بێزی دێ../ لاشەم لەسەر تاتە شۆری مزگەوتێکا درێژ بکا؟!!
لێرەدا دووری هاوڕێیەک هۆکارە بۆ هەست بە تەنیایی کردن، کە ئەوەش دەبێتە هۆی لاوازی و ناکارایی کەسی قسەکەرو لە رێگای چەندین وێنە و دەربڕینەوە ئەو باری لاوازی و ناکاراییەی خۆی بەرجەستە دەکات و سەرئەنجامیش باسی پێگەی گرنگی هاوڕێکەی دەکات لە ژیانی ئەمدا، بەجۆرێک کە دوور لە ئەوی هاوڕێی، خۆی لە وێنەی مرۆڤێکی لاوازی خەمباری نامۆدا نیشان دەدات، کە ئەگەری ئەوەی نییە خۆی لەبەردەم باری قورسی ژیاندا رابگرێت. ئەم باسی ئەوە دەکات کە دووری ئەوی هاوڕێی هەر چۆن بووەتە هۆکاری سەرەکی تەنیایی و نامۆیی ئەم، دەشێت نەتوانێت بێ ئەو لەسەر ژیان بەردەوام بێت، هەربۆیە دووری ئەو دەبێتە هۆی مردنی. بەڵام خەمی گەورەشی ئەوەیە کاتێک دەمرێت کەسێک نیە بایەخ بە جەستەی بێ گیانی بدات. یان لە راستیدا کەس بێزی نایەت خۆی بکات بە خاوەنی لاشەی مردووی ئەم. ئەمەش لە راستیدا لە لایەک ترسی ئەو نیشان دەدات کە لە مردنیشدا کەس بەفریای نەکەوێت. لەلایەکی ترەوە وێنەی کەسێتیەکمان بۆ بەرجەستە دەکات کە بەردەوام خۆی لە دەرەوەی کۆمەڵگا دەبینێت و هیچ متمانەیەکی بەوە نییە کە دوای مردنی بایەخی پێ بدرێت. لە کاتێکدا لە کۆمەڵگاکەی ئەودا وەکو کۆمەڵگایەکی نەریتی رۆژهەڵاتی، ئەوە ئەرکی کۆمەڵایەتی و ئایینی خەڵکە بایەخ بە تەرمەکەی بدەن. لێرەوە سەرباری ئەوەی کە دەزانین هەست بە تەنیاییکردن خاسێتێکی ئەنتۆلۆجیانەی مرۆڤەو هەموو کەسێک بەجۆرێک لە تەنیایدا دەژی، بەڵام هۆکارێکی سەرەکی ئەم هەستکردنەی ئەمی قسەکەری شیعرەکە لاوازی ئاستی کۆمەڵایەتیبوون و بایەخنەدانە بە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، کە ئەوەش دیوارێکی گەورەی لە نێوان ئەم کەسێتەو دەوروبەردا دروستکردووەو ئەم بەردەوام وێنای خۆی بەجۆرێک دەکات کە لە بیابان و چۆڵەوانیدا بژی.
بێگومان ئاشکرایە کە هەست بە تەنیاییکردن پەیوەندی بەوەوە نیە مرۆڤ لە کوێ و لەگەڵ کێ دەژی، چونکە هەستی تەنیایی شتێکە لە بوون و ماهیەتی مرۆڤدا هەیە، بەڵام بە ئاستی جیاواز. ئەو هەستە لای قسەکەری ئەم دەقە شیعرییانە وا وێنا دەکرێت کە هەستێکی بەهێزی ئەوتۆیە، دیوارێکی پتەوی بەدەوری ئەم کەسێتەدا درووستکردووەو لە دنیای دەرەوەی خۆیی دابڕیووەو کردوویەتیە بوویەکی نامۆو تەنیا.
شیعری دەیەم ( پێروو). ئەم دەقە شیعریە وێنەی کەسێک بەرجەستە دەکات لە ماڵیکی کۆن و دەرگا شەق و شیڕو داگیرکراو بە بۆنی کونج و زێراب و سیخناخ بە قیڕەی بۆقی چەمدا دەژی. ئەو کەسێکی بێکەس و تەنیایە، لە نێوان مردن و ژیاندا لاشەیەکی ساردو سڕە. ئەو دەمرێ، بەڵام پێش مردنی ناتوانێت شیعرەکانی بۆ گەلە ئەستێرەیەک بخوێنێتەوە.

سەرئەنجام شیعرەکانی دەبن بە قالۆنچەو دەفڕن. لەم دەقەدا هاتووە:
ئەو ساتەی کە هێشتا بۆنی کونج و زێراب/ عەتری قژی شەوی چوار دەور ژوورەکەمە!/ ئەو ساتەی کە هێشتا قیڕەی بۆقی چەم دێ../ وەرنە سەرم! ئای دەمبینن!/ بێکەس تەنها! لاشەیەکی ساردو سڕم! پێش ئەوەی چوار شان/ هەڵمبگرن بۆ گۆرستان/ ئەو شیعرانەی کە ناتوانم/ شەوانە بۆ پێروویەکی بخوێنمەوە/ هەموو دەبن بە قالۆنچە/ یەک لە دوای یەک قالۆنچەکان فڕکە دەکەن!!/
لێرەدا کەش و هەوای مەرگ جوگرافیای دەقەکە داگیردەکات. کاتێ ئەم کەسە خۆی دەمرێت، شیعرەکانی بەشێوەیەکی نالۆجیکانە دەگۆڕێن بۆ قالۆنجە. ئێمە کە دیمەنێکی لەم جۆرە دێتە پێش چاومان، دەشێ راستەوخۆ خەیاڵمان بۆ لای پاڵەوانی رۆمانی میتامۆرفیسی کافکا بچێت. سەرباری جیاوازی گۆڕاوەکان لە رۆمانەکەو لەم دەقە شیعریەدا، کە لە رۆمانەکەدا مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ قالۆنچە کە ئەوەش دەلالەتی بێ بەهابوونی ژیانی مرۆڤ هەڵدەگرێت. لێرەدا شیعر دەبن بە قالۆنچە، واتە لێکچوون لە نێوان شیعرو مرۆڤدا دروست دەبێت کە هەردووکیان دەگۆڕێن بۆ بوونەوەرێکی ناشیرین و بێ بەها. هەروەک لە لایەکی ترەوە گرنگی و بایەخی شیعر دەردەکەوێت کە دەبێتە هاوتای مرۆڤ. ئەگەرچی لە ئاستێکی قوڵترداو لە روانگەی روانینی ئەدەبی بێهودەوە مرۆڤ و ژیانیش بەهایەکی ئەوتۆیان نییە. هەربۆیە بەردەوام لە دووانەی ژیان و مردندا لەم روانگەیەوە جەمسەری ژیان دەبەزێت و مردن باڵادەست دەبێت، کە ئەمەش لە رووی راستیەوە ئاراستەیەکی باڵادەست نییە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا، چونکە مرۆڤ ئەو بوونەوەرە ژیرەیە کە ئەرکی بنیادنانی مرۆڤایەتی بە هەموو رەهەندەکانیەوە لە ئەستۆیە. هەربۆیە دروست ئەوەیە کە مرۆڤ بە ئاسانی خۆی نادات بەدەستەوەو چۆک دانادات و تا لە توانایدا بێت لە رووی مردندا بوەستێت و لە پێناوی بنیادناندا کۆشش بکات.

شیعری یانزەیەم ( تاوە باران). شاعیر لەم دەقە شیعریەدا دەڵیت:
ویستم بمرم تۆ لام نەبووی/ دیوانەکەم دەربهێنی چەند شیعرێکی گەنجێتیم بۆ بخوێنیەوە/.. هەر نەهاتی پاش گیان دەرچوون، پێخەفەکەم بپێچیەوە/ مردن یادی ئەو ساتانەی بیرخستمەوە/ کە کۆڵان و هاوڕێکانم بەجێدەهێشت/ ویستم بمرم! تۆ دیار نەبووی/ لەوە ترسام دیوانەکەم/ بکەوێتە بەردەست جەردەو شەوکوتەکان!/ لەوە ترسام پەڕەکانی/ ببنە لوولەی گوڵەبەڕۆژەی دەست منداڵان.
ئەم دەقە وێنەی کەسێتیەک بەرجەستە دەکات کە دەیەوێت بمرێت، بەڵام چاوەڕوانی ئەوی کەسی دووەم یان یار دەکات، هەتا لەبری یاسین خوێندن دیوانەکەی دەربهێنێت و چەند شیعرێکی گەنجێتی خۆیی بۆ بخوێنیتەوە، بەڵام ئەو هەر نایەت، تا لە کاتی مردنیدا لەوێ بێت و لەپاش مردنی پێخەفەکەی بپێچیتەوە. ئەم لەسەرە مەرگدا ئەو کاتانەی بیردەکەوێتەوە کە کۆڵان و هاوڕێکانی بەجێهێشتووە. دیارە لە مردندا ئەوان و هەموو شتێک بۆ هەتاهەتایە بەجێدەهێڵێت، بە تایبەتی دیوانەکەی. لەوەش دەترسێت دیوانەکەی بکەوێتە دەستی کەسانێک کە بەهاکەی نەزانن، ئەم دەیەوێت پێش مردنی، ئەو بێت بەو ئومێدەی دیوانەکەی کە وەکو بوون و مێژووی ئەمە وایە رزگار بکات. واتە ئەم پێیوایە تاکە شتێکی بەهادار کە لێی بەجێبمێنێت دیوانەکەیەتی، کە دەشێت دوای مردنیشی ناوی ئەم بە زیندووی بپارێزێت و بیهێڵێتەوە. کەواتە لێرەدا لە ئاستی نەبینراودا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە سەرباری ئەوەی فەزای مردن فەزایەکی باڵادەستە لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەدا، بەڵام هێشتا ویستی ژیان و مانەوەی ناو و ناوبانگی بە زیندوویی بە ئاشکرا دەبینرێت. هەروەک لێرەدا دەردەکەوێت کە لە روانگەی ئەمەوە شیعر نەک هەر بایەخ و گرنگیەکی زۆری هەیە، بەڵکو خاسێتی پیرۆزیشی هەیەو دەشێت بخرێتە شوێنی سورەتی یاسین کە سورەتێکی قورئانەو پێش گیان دەرچوون لە بری یاسین خوێندن شیعر بۆ مرۆڤ بخوێندرێتەوە.

شیعری دوانزەیەم بە ناونیشانی( تاعوون)ە.شاعیر لەم دەقە شیعریەدا دەڵێت:
خەم سمۆرەی پاییزێکی نەسرەوتووە!/ لەشی منیش،/ قەدی پیری درەختیکی پەککەوتووە!/ ئەگەر شەوێک قەسیدەیەک بۆ غوربەت و/ عومری وشکم نەخوێنمەوە../ تەوری پاییز دێتە وێزەم!/.. ئەو ئازارە پیری کردم!/ ئێستا وەکو مامە پیرەی گۆچان بەدەست / سارای چۆڵی تەمەن دەبڕم / ئێستا دوێنم دەخنکێنم / شەوان درەنگ../ وەکو مشکی تاعووناوی ژوورێکی چۆڵ / ژەنگی شیشی پەنجەرەکەم دەکڕێنم / لەم دیوەوە،/ دەرگای ژوورم کلۆمداوە / حەزناکەم بێیت!/ ئا لەم ژوورە کڵۆڵەمدا،/ چی شک دەبەم بەختیارتکات؟!
ناونیشانی ئەم دەقە “تاعوون”، راستەوخۆ هەڵگری مانای مردن و لەناوچوون و وێرانبوونە. ناونیشانی ئەم دەقەو پێکهاتەی دەقەکە پێکەوە کەشێک دروست دەکەن تیایدا لاوازی و ناکارایی ئەوی قسەکەری دەقەکە بەرهەمدێت. لەم دەقەدا قسەکەر خۆی دەچوێنێت بە قەدی درەختێکی پیرو پەککەوتەو خەمیش دەچوێنێت بە سمۆرەیەکی هارو هاجی پایز. ئەم خۆی بە درەختێکی پیر ناودەبات کە لەبەر رەحمەتی دەمی تەوردایە، بەڵام تەوری پایز. لێرەدا یەک هێز هەیە بیپارێزێت ئەویش هێزی شیعرە. ئازار ئەمی پیرکردووەو بە سارای تەمەندا بە یارمەتی گۆچان دەجوڵێت و خەریکی سڕینەوەی رابردووی خۆیەتی. رەنگە ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات: ئایا بۆچی ئەو رابردووی خۆی دەسڕێتەوە؟ ئایا رابردوویەکی ناشیرینەو دەیەوێت خۆیی لێ پاک بکاتەوە، یان رابردوویەکی پڕ لە خەم و ناسۆرەو نایەوێت لە ئێستادا هیچ کاریگەرییەکی لە بوونی ئەمدا هەبێت؟ بەڵام لە راستیدا رابردووی هەرکەسێک و هەر کۆمەڵگایەک ئاوێنەی بوونی ئەو کەسە، یان ئەو کۆمەڵگایەیەو سڕینەوەی کارێکی ئاسان نییە. ئەو جارێکی تر خۆی دەچوێنێت بە مشکێکی تاعوناوی کە لە ژوورێکی چۆڵدا ژەنگی پەنجەرەکان دەکڕێنێتەوە. ئاشکرایە کە مشک هۆکاری بڵاوبوونەوەی تاعوونە. ئەم خۆی دەچوێنێت بە مشکێک کە هەڵگری تاعوونەو داواش لەو دەکات کە نەیەت، کەواتە دەشێت وای لێکبدەینەوە سەرباری ئەو بارە ناهەموارەی خۆیی تێدایە، ئەم نەیەوێت ئەو بێت بۆ ئەوەی تووشی تاعوون نەبێت. بەڵام ئەم لەپاڵ ئەوەشدا پاساوێکی تر دەهێنێتەوە بۆ حەزنەکردنی لە هاتنی ئەو، ئەویش ئەوەیە کە هەست دەکات هیچ شتێکی نییە ئەوی پێ بەختەوەر بکات، هەربۆیە حەزناکات ئەو بێت و لەبەرئەوەش دەرگای ژوورەکەی کڵۆم دەدات، کە بە ژوورێکی کلۆڵ ناوی دەبات. زاراوەکانی تاعوون و خەم و نەسرەوت و پیری و پەککەوتن و غوربەت و ئازار و ساراو چۆڵ و خنکاندن و ژەنگ و دڕاو و کۆن و زەرد وبێداری و کڵۆڵ..کەشێک دروست دەکەن کە کەشی ماتەم و مەرگەساتە، کەشێکە تیایدا هیچ ئاماژەیەکی ژیان نابینرێت. هەرچەندە کاتێ ئەم حەزناکات ئەو بێت ئەگەر پاساوەکەی بۆ تووش نەبوونی تاعوون بێت، یان لەبەر ئەوە بێت کە هیچی نییە ئەو بەختەوەر بکات، مانای وایە ئەم هێشتا دەیەوێت ئەو بژی. کەواتە هێشتا تروسکەیەک بۆ مانەوەو پەیوەستبوون بە ژیانەوە ماوە. هەروەک دەشێت ئەم لەم بارە شلۆق و ترسناکەدا حەزنەکات ئەو بێت، واتە نایەوێت لەو بارودۆخەدا ئەو بیبینێت، بۆیە دەرگای ئەو ژوورە تاریک و چۆڵە لە ژوورەوە دادەخات بۆ ئەوەی ئەو لەو بارە شکست و داڕماوەدا نەیبینێت.

شیعری سیانزەیەم ( زێمار )ە. لەم دەقەدا هاتووە:
ئەوە دڵمە زەردو کزەڵ !/ ئەوە دڵمە، لە میان جووتێ سی پڕ دووکەڵ!/ کێ ئەوەندەی دڵی تەنگی ئەم شاعیرە / خوێنی عومری پڕ حەسرەت و/ غەریبێتی تێ رژاوە!؟ پەردەی ژووری چ تەنهایەک / ئەوەن پەڕەی دڵی رەشەو،/ شەوان هەتا دەمەو شەفەق نەسرەوتووە../ بەدەم سەمای رەشەباوە؟!/ تاوێکی تر ئەم گەرداوە / ئەختەبووتی مەینەتییە / لە گەردنی کەشتی عومری من ئاڵاوە / تاوێکی تر پارچە تەختەی جەستەی رزیو / لە کەناری لماوی دا لەنگەر دەگرن / ..گۆڕستانم با دەریا بێ!/ کاتێک دەمرم، تۆ محەمەد!/ فڕێمدەرە ناو دەریاوە / با زیماری مەرگی خۆمم گوێ لێ نەبێ/.
ئەم شیعرە پێشکەش کراوە بە شاعیری غوربەت و پایز محەمەد عومەر عوسمان. ئەم دەقە وێناکردنێکی وردو جوانی ئەم شاعیرەیە بە هەمان زمانی شیعری ئەو. دەقەکە باسی ئازارو خەم و نیگەرانییەکانی خۆی دەکات و ئەوەش بۆ ئەو شاعیرە باس دەکات کە بێجگە لە هاوڕێیەتی، نزیکی ئاشکرا لە نێوان جیهانبینی شیعری هەردووکیاندا هەیە. لەم دەقەدا دەردەکەوێت ئەمی قسەکەری شیعرەکە کە دەشێت بڵیین شاعیر خۆیەتی نیگەرانە، ئەوەش دەرئەنجامی هەست بە نامۆییکردنی ئەوە لە بوون، لە ژیان، لە یاساکانی گەردوون کە ئەو بە ناجۆر دەیانبینێت. هەروەک لەپاڵ باسکردنی خەمەکانی خۆیدا، شاعیر باسی خەماکانی ئەوی هاوڕێ شاعیرەکەی دەکات و پێیوایە لەم گەردوونەدا کەس بە ئەندازەی ئەو تەنهاو نیگەران دڵ پڕ لە کەسەر نەژیاوەو کەس بە ئەندازەی ئەو حەسرەتی هەڵنەکێشاوە. هەروەک شاعیر ئەم ژیانە وەکو گەرداوێک باس دەکات و تەمەنی خۆیشی وەکو کەشتیەک باس دەکات بەدەم شەپۆلی سەختی گەرداوەوە پارچە پارچە دەبێت و پاشانیش ماسیگری تەنهای رۆخ پارچەکانی جەستەی دەسوتێنێت. ئەم داوا لە هاوڕێ شاعیرەکەی دەکات، کاتێ ئەم بەمجۆرە بە گەرداو دەمرێت و پێشبینی دەکات لە کەناری دەریادا پارچەکانی جەستەی بسوتێنرێن، هەست بە نیگەرانی دەکات، بۆیە داوا لەوی هاوڕێی دەکات رێگا بەوە نەدات و تەنانەت پێیشی دەڵێت نایەوێت لە گۆڕستانی ئاسایدا بنێژرێت، بەڵکو دەیەوێت ئەو فڕێی بداتە ناو دەریاوە بۆ ئەوەی بە یەکجاری ون ببێت و گوێی لەوە نەبێت لە پرسەکەیدا چۆن شینی بۆ دەکرێت و چی لەبارەیەوە دەگوترێت. ئەو دەیەوێت لە ناو دەریادا ون بێت و لەوانی تر جیابێتەوەو تەنانەت لە گۆڕستانی ئەوانیشدا نەنێژرێت، کە ئەمەش بانگەشەکردنە بۆ تەنیایی هەتاهەتایی و بۆ بیرچوونەوەی کات و شوێن و هەموو شتێک و ئەوەش وەکو دوا جیابوونەوە وەسف دەکات، واتە جیابوونەوەی هەتا هەتایی. بێگومان کەشی ئەم دەقە شیعرییەش وەکو زۆربەی دەقەکانی تری ئەم دیوانە کەشی مردن و لەناوچوون و کۆتاییهاتنی هەتا هەتاییە.
شیعری چواردەیەم بە ناونیشانی( ئێوارە تابوتێک)ە. ئەم ناونیشانە راستەوخۆ ئەوە دەگەیەنێت کە کەسێک مردووەو دەمی ئێوارە خراوەتە ناو تابوتێکەوەو بەرەو دوا ئارامگای بەرێ دەکرێت. ئاشکرایە تابوت و مردن دوو وشەی پێکەوەبەستراون و هەردووکیشیان ئاماژەن بۆ کۆتاییهاتنی ژیان. ئەم دەقە شیعریە وێنای کەسێک دەکات کە زەمەن هەر بە گەنجی پیری کردووەو پێش ئەوەی بگاتە هیچ ئامانجێکی ژیانی بەرەو کۆتایی دەڕوات. ئەو هەست بە خەم و نیگەرانیەکی زۆر دەکات چونکە زەمەن پیری کردووەو هەست دەکات ئەم لە هەموو هاوەڵانی لاوازترو بێ تواناترو ناکاراترە. ئەوەش بەوە دەردەبڕێت کە ئەو لە هەمووان نەخۆشترە. ئەو خەونی ئەوەی هەبوو بگاتە بەرزایی، بەڵام لە هەموو لاوە فشاری لەسەربووە. ئایا ئەو بۆچی لە هەموو لایەکەوە فشاری لەسەربووە؟ یان ئایا بە راستی وەکو خۆی دەڵێت ئەو لە هەر چوارلاوە پەستانی لەسەر بووە، یان خۆی هەستیکی لەوجۆرەی هەبوو؟ ئەم بە ئومێدی ئەوە بووە بگاتە بەرزاییەک، کە ئەوەش کاتێ دەهاتە دی، کە ئەم قەسیدەکەی تەواو بکردایە، بەڵام ئەو قەسیدەکەی تەواو نەکردووەو بەوەش پێش ئەوەی بگاتە بەرزاییەک هەڵخزاوە. لێرەدا ئاماژەیەک بۆ خلۆربوونەوەی بەردی سیزیف هەیە کە ئەوەش دەلالەتی خولانەوە لە بازنەی بەتاڵدا هەڵدەگرێت و مەبەست بێهودەیی ژیان و ناکارایی مرۆڤ و بێ واتایی هەموو ئەوەیە کە دەیکات. ئەم لەکاتێکدا ئومێدی گەیشتن بە بەرزی هەیە، مردن دێت و راپێچی دەکات. دوا ئاواتی ئەوەیە کاتێ دەخرێتە تابووتەوە، خەڵکی لەبەر دەرگاکانیانەوە بیبینن کە بەسەر شانی چەند کەسێکەوەیەو لە ئاستیکی بەرزتردایە لەوان. بۆ بەدیهاتنی ئەو ئامانجە، داوا لە ئەوانی تر دەکات کە کاتێ لەناو تابوتدایەو بەسەر شانی چوار کەسەوەیە، دەرگاکانیان بکەنەوەو سەرنجێکی لێ بدەن، بۆ ئەوەی ئەم هەر هیچ نەبێت لە مردنداو لەسەر شانی ئەوانی ترەوە، هەست بکات کە لە بەرزایدایە. ئەو دەڵێت:
ئەم زەمەنە هەر بە گەنجی / گۆچانی پیرێتی خۆمی دایە دەستم / چۆن وەڕزیی کۆتم نەکا،/ ئێستا لە نێو هاوەڵاندا،/ لە هەموویان نەخۆشترم!/ لەوەتەی بووم، من هەر ماندووم!/ لە چوارلاوە دەپەستێورێم!/ قەسیدەکەم تەواو نەبووە،/ نەگەیشتوومە( بەرز)ییەکیش،/ وا خەریکە هەڵدەخزێم!/.. ئێوارەیەک دەرگاکانتان بکەنەوە!/ راکشاوی نێو تابووتی سەر چوار شانم!/ سەیرم بکەن!/ هیچ نەبێ با بە مردووییم/ هەست بکەم وام بە بەرزایی دوو مەترەوە!!.
ئایا بۆچی ئەم کەسێتیە خەونی ئەوەی هەیە کە هەر هیچ نەبێت ئەگەر لەناو تابوتەکەیشیدا خەڵک بیبینن بەسەر شانی چەند کەسێکەوەیەو، شوێنەکەی لەوان بەرزترە، دڵخۆش دەبێت؟ بێگومان ئەم دەربڕینە لە ئاستی نەبینراودا ئەوە دەگەیەنێت کە مرۆڤ سەرباری بێ ئومێدی و سەرباری بێ باکی لە ژیان و سەرباری چاوەڕوانکردنی مردن، بەڵام هەرگیز ناتوانێت دەستبەرداری هەموو خواست و ئارەزووە غەریزەیی و وەرگیراوەکانی بێت. سەیرکردنی خۆ و خۆبینین لە ئاستێکی بەزتر لەچاو ئەوانی تردا، بوونی خواستی دەسەڵات و هەژموونکردن بەسەر ئەوانی تردا نیشان دەدات. واتە ئەم سەرباری ئەوەی کە دەزانێت دەمرێت، بەڵام هێشتا خواست و ویستی دەسەڵاتی هەیەو دەیەوێت تەنانەت ئەگەر بە مردوویش بێت خۆی لە پێگەیەکی بەرزتر لەوانی تر ببینێت. بینینی خۆی تەنانەت بە مردوویش لە پیگەیەکی بەرزتر لەجاو ئەوانی تردا. بەجۆرێک ئاسودەو دڵخۆشی دەکات.

شیعری پانزەیەم ( ئێوارە ئاوابوونێک )ە. لەم دەقەدا هاتووە:
هەر ساتێک بێ من دەکەوم!/ کۆستی عومری خۆم بینیوە،/ ئێوارەیەک بەم گەنجیە ئاوا دەبم!/ بەم گەنجییە کۆستی عومری خۆمم بینی!/ ئەوڕۆ لە تۆ، سبەینێش لە دایک و باوک / خوشک و برا، جیا دەبمەوە / پاشی ئەوەی زەمەنم مرد!/ شیعرەکانم بدەرە دەست کچی پاییز/ با بزانێ ( ئاراس) ێک بوو / ئەوەندەی ئەو تەنهاو رەنگ زەرد/.
ئاوابوون وەکو ناونیشان دەلالەتی مردن هەڵدەگرێت، واتە ئەم دەقە باسی مردن دەکات، هەڵبەت مردنی ئەوی قسەکەری دەقەکە. هەر خۆیشی لەبارەی مردنی خۆیەوە دەدوێت، واتە لە رێگای گێڕانەوەوە. ئەم کەسێتە ئەوە دەگێڕیتەوە کە چۆن پێشبینی کەوتن و مردنی خۆیی کردووە، یان دروستتر بڵێین ئەوە دەگێڕێتەوە کە چۆن بەگەنجی مردنی خۆیی بینیووەو لە ئێستاشەوە لە ئەو و لە کەسە نزیکەکانی تری جیادەبێتەوەو ماڵئاوایی لەو دنیایە دەکات. ئەم لە ئێستادا داوا لە ئەو دەکات کە دوای مردنی، شیعرەکانی بداتە دەستی کچی پایز، چونکە خۆی رەنگ زەرد نیشان دەدات هەمان شێوەی پایز. ئەم بە دوای ناودا ناگەڕێت، بەڵکو وادەردەکەوێت کە حەزنەکات ببێتە جێگای سەرنج و بایەخی خەڵکی. هەربۆیە دەترسێت پاش مردنی ببێتە شاعیرێکی گەورەو خەڵکی خەم و حەسرەتەکانی کۆبکەنەوە.
شیعری شانزەیەم بە ناونیشانی( ڤەهێڵ)ە. ئەم لە ئێستادا وەستاوەو دەڕوانێتە سبەینێ، بەڵام بە هیواوە نا بەڵکو بە نیگەرانیەوە دەڕوانێت، چونکە دڵنیایە کە سبەینێیشی لە ئەمرۆ و دوێنێی باشتر نابێت. ئەمڕۆ دوو دڵ و نیگەرانە، چونکە بۆ سبەینێ چاوەڕوانی خەم و کۆست و کارەسات دەکات. دوێنێیشی کە سەردەمی گەنجێتی بوو، ئەم تیایدا ناکاراو بێ توانا بوو، تەنانەت ساتێکی رابردووی خۆیی بیرناکەوێتەوە کە تیایدا کارێکی کردبێت یان رۆڵێکی بینیبێت. واتە ئەم نە لە رابردووداو نە ئێستاش نەبووەتە بکەرێکی رووداو دروستکەر، بەڵکو هەمیشە ئەم کاری لەسەر کراوە. هەڵبەت ئەم بۆ داهاتوویش تەنیا چاوەڕوانی پیری دەکات، کە پیریش قۆناغی ناکارایی و گۆشەگیریی و هەنگاونانە بەرەو کۆتایی. ئەو دەڵێت:
سبەینێش دێ، دێ لە دەرگای ژوورم دەدا/ من چیم هەیە چاوەڕێی کەم/ جگە لە خەم، کۆست، کارەسات/ من بە گەنجیش دەنگەکانم باش نەدەبیست/ من بە گەنجیش شتەکانم باش نەئەدی/ نووسینی سەر تەختەی رەشم، بە چاویلکە ئەخوێندەوە/..هەمیشە هەر کەنەفتی ژێر لێفەی شڕ بووم!/ هەمیشە هەر چاوەڕوانی، کارەساتی جەرگ بڕ بووم!/ ڤەهێڵی نێو زەمەنێکم هەر بە گەنجی دڵمی شکاند/ ڤەهێڵی نێو زەمەنێکم هەر بە گەنجی/ تۆوی کەساسیم تیا وەشاند!/ خەونم دیووە، خەونی ناخۆش! کێم هەیە بۆی بگێڕمەوە؟!/ ئای ئەوڕۆکە چەند دوو دڵم!/ ئای خوایە چەند لە سبەینێی خۆم ئەترسم!!/ سبەینێش دێ/ لە پیریی زێتر چیم هەیە چاوەڕێی کەم!
ئەم هەر لە بنەڕەتەوە خۆی بۆ خەم و ئازارو بەدبەختی ئامادە کردووە. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رابردووی تروسکەیەک، ئاسۆیەک، هیوایەک، خۆشیەکی تێدا نەبووە. هەربۆیە چاوەڕوانی ئەوە ناکات نە ئێستاو نە لە ئایندەشدا لەم بارە ناهەموارە رزگاری بێت. ئەم باسی ئەوە دەکات کە بە گەنجی لە رووی فیسیۆلۆجیەوە کەموکورتی هەبووە. ئەم لە گەنجیدا نە دەنگەکانی بە باشی بیستووە، نە شتەکانی بە باشی بینیووە، بەردەوامیش چاوەڕوانی کارەسات بووە. ئەم وێنای خۆی وادەکات کە لەگەڵ لە دایکبوونیدا بەدبەختی و چارەڕەشی و بێکەسی لەدایکبوون. وایشی بۆ دەچێت ئەم لە چارەنووسی نووسراوە هەموو ژیانی بەم جۆرە بەسەر ببات و ئەو بۆچوونەی لا دروستبووە کە قەدەری ئەم بەمجۆرەیە. لێرەدا ئەم دەقە کەسێتیەکی نەرێنی و ناکاراو روو لە بێهودەیی و پشت لە هیواو ژیان بەرجەستە دەکات. سەرجەمی رەگەزەکانی بەرهەمهێنانی شیعریەتی ئەم دەقە فەزای بێهودەیی و مەرگەسات دروست دەکەن. فەزایەک تیایدا رابردووی گەنجێتی خەم و ژان و کەسەر بووە، ئێستاش ژیانی خەمی زیاتر و بەدبەختی و تفت و تاڵی خراپترە، داهاتووشی کە پیرییە بریتی دەبیت لە ناکارایی و ئازارو ژان و هەمان دڵشکاندنی رابردوو. ئێستا فەزای گشتی ئەم دەقە فەزایەکی ماتەم و ئامادەکراوە بۆ روودانی کارەسات، کە ئەویش کارەساتی مردن و کۆتاییهاتنە.

شیعری حەڤدەیەم بە ناونیشانی( ئاژێر )ە. شاعیر دەڵێت:
پیر دەبیت و کێ وەکو تۆ / تەمەنێکی ئاوا مەزن بەسەر دەبات؟!/ پیر دەبیت و کێ وەکو تۆ / لە زمانی بەفرو زوقمی / بەیانیانی زستانی تووش!/ گەرمای چلەی / دۆزەخی هاوین تیدەگات / پیر دەبیت و سیەکانت/ رەشی و تەنیی لێ دەنیشێ!/ قاچ ورد دەبێ! دەست دەپەڕێ!/ چاو کوێر دەبێ! گوێ کەڕ دەبێ!/ بەڵام هێشتا لەناو خوێنتا/ ملیۆنەها دەست و قاچ هەن/ پشتی ماشێن بدەن لە عەرد!/ ملیۆنەها چاو و گوێ هەن/ تاریکایی کارگە راونێن./ گوێ رادێرن بۆ گۆرانی پاشەڕۆژی ئینسانی مەرد!/ بەیانیانێ کە ئاژیر دێ / پێش وەی بۆ کارگەکەت بکشێی،/ چەند ماچێکی قووڵ و گەرم،/ لەسەر لێوی جێ دەهێڵی!/ چاو هەڵدەبڕێ../ بنوو جەرگم!/ وا ئاژیر هات / بەرەو کارگە بانگم دەکات!/.. ئێوارانیش جەرگەکەی تۆ/ لەبەر دەرگا / چاوەڕوانی هەڵهاتنی / باڵای ئارەقاویت دەکا./
ئەم دەقە گێڕانەوەی دوو ساتی کورتی ژیانی کرێکارێکی کارگەیە. یەکەمیان ئەو ساتەی بەیانی کە دەنگی ئاژیری کارگە دێت، ئەم بە ماچی خۆشەویستی منداڵەکەی بەجێدەهێڵێت و دەڕوات بۆ سەر کار. دووەمیان ئەو ساتەیە کە لەکار دەگەڕێتەوەو منداڵەکەی لەبەر دەرگا چاوەڕوانی دەکات و بەرەو پیری باوکی دەچێت و خۆی هەڵدەداتە باوەشی. لە پاڵ ئەم دوو ساتە هەستیارە لە ژیانی هەر رۆژێکی کریکارێکی کارگەدا وەسفیکی ئەو کارە دەکات کە ئەوی کرێکار وەکو نموونەی چینێکی کۆمەڵایەتی گرنگ ژیانی خۆیان لە پێناوی بەدەستهینانی پاروی رۆژانەی خۆیان و خێزانەکانیاندا دەفرۆشن تا پیردەبن و توانای کاریان نامینێت. ئەم دەقە ناڕاستەوخۆ باسی ئەو سیستێمەی کاری سەرمایەداری دەکات کە چۆن هەمان شێوەی ئامێرو ئامرازەکان سەیری ئەوی کرێکار دەکات و کەی توانای بەرهەمهێنانی نەما وەکو پارچە ئامێرێکی لەکارکەوتوو سەیری دەکات و فڕێی دەدات. لەپاڵ ئەوەشدا باسی ئەو تەمەنە مەزنە دەکات کە ئەوی کرێکار بە سەربەرزانە بە عەرەقی ناوچاوانی بژێویی ژیانی خۆیی و خێزانەکەی بەدەستدەهێنێت. هەروەها باسی ئەوە دەکات کە سەرباری ئەوەی ماشێنە نوێیەکانی بەرهەمهێنان و قورسی کاری رۆژانە دەبنە هۆی تێکشکاندنی جەستەی ئەوی کرێکار. بەڵام هێشتا ماناو گەوهەری قوڵی مرۆیی ئەوی کرێکار لە پێناوی پارێزگاریکردن لە مانای ژیانی راستەقینەو لە پێناوی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتی مرۆڤی رەنجدەرو بەرهەمهێندا هەموو رۆژێ زیاتر پتەوو بەهێز دەبن بۆ راگرتنی شکۆی راستەقینەی مرۆڤی کارکەرو بەرهەمهێن.

شیعری هەژدەیەم بەناونیشانی( حەسرەت)ە، کە ناونیشانی ئەم دەقە بووەتە ناونیشانی ئەم دیوانە شیعریەی ئاراس عەزیز. وشەی “حەسرەت” وەکو پێشتر باسمان کرد بە مانای داخ هەڵکێشان دێت. ئەم دەقە بەرجەستەی ئەو بۆچوونە دەکات کە هیچ کەس لەسەر ئەم زەویە نامێنێتەوەو هەمووان یەک بەدوای یەکدا بەجێی دەهێڵن. ئەوەش هەرچەندە بەشێکە لە یاسای ئەم سروشتەو هارمۆنیای سروشت بەو شێوەیە رێکخراوە، بەڵام مردن بۆ خۆی کارەساتێکەو هەمیشە مایەی نیگەرانی و ترس و خەم و ئاخ بۆ هەڵکێشان و داخ خواردنە.
ئەوی قسەکەری دەقەکە لە رێگای پێشبینیکردنەوە وێنەی ئێوارەیەکی مات و پڕ لە نیگەرانی دەخاتەڕوو، وای بۆ دەچێت شەوێکی نائاسایی و نووتەک و تار بێت. وەکو ئەوەی مزگەوتیش لەو پێشبینیکردنەدا بەشدار بێت، چونکە هەتا ئەو کاتە دەرگای مزگەوت بە کراوەیی دەمێنێتەوە، وەکو ئەوەی چاوەڕوانی میوانێک بکات، ئەو میوانەش بێگومان تەرمێکە. بەڵام ئەوی قسەکەر خولیای ئەوەیە بزانێت ئەوە کێیە ئەمشەو دەمرێت. سەر ئەنجام دەکەوێتە گومان و ترسەوە لەوەی کە رەنگە ئەو تەرمەی مزگەوت چاوەروانی دەکات ئەم بێت. ئەوەتا دەڵێت:

من لێرەوە چەند مەراقمە/ ئاخۆ کێ بێ ئەمشەو دەمرێ؟!/ ئەگەر ئەمشەو من نەمردم/ دوا قەسیدەی ( حەسرەت)ی خۆم دەنووسمەوە./
ئەم سەرباری ئەوەی دەترسێت ئەوەی ئەمشەو دەمرێت خۆی بێت، مەرجێک بۆ خۆی دادەنێت کە ئەگەر ئەمشەو نەمرێت ئەوا دوابەش یان دوا قەسیدەی حەسرەتی خۆی دەنووسێت، کە ئەوەش وەکو خوێندنی یاسینی خۆی پێشکەش دەکات، واتە دوا بەشی حەسرەت لە پێش مەرگیدا دەنووسێت. ئەمەش لە ئاستێکدا ئەوە نیشان دەدات کە خوێندنی سورەتی یاسین لە سەرە مەرگدا چەند گرنگە بۆ کەسی بڕوادار، نووسینی دوا شیعر بۆ ئەوی شاعیر ئەوەندە گرنگە. لێرەوە پێگەو بەهای شیعر بەرز نیشان دەدرێت وەکو پێگەو بەهای ئایەتێکی قورئان کە چەند گرنگە بۆ بڕواداران. شاعیر دەڵێت:
من هەرچیم ویست نەهاتە دی/ هەرچیشم دی ویستم نەبوو!/ هەر بە گەنجی خۆشەویستم لە من هەڵات/ ئاخ! گەر ئەمشەو نەمردمایە…/ دوا قەسیدەی (حەسرەت)ی خۆم دەنووسیەوە/ کێ دەزانێ سبەی زەمەن بۆ کوێم دەبات/ تاکو زیاتر بە ساڵا چم/ شیعرم زێتر خەمگین دەبێ!/ ئەگەر یەکێ رۆژەکانی ئاوا بڕوات/ ئەگەر یەکێ کۆستی ئاوا کۆتی بکات/ کێ دەتوانێ روو لە ماڵی و دڵی بکات؟! بڵێ ئاخر من چیم داوە بە ئاڵۆزی زەمەنەوە/ ئەوڕۆ، سبەی هەر شتێ بێ./ رۆژگار بۆ من هەر نەهاتە!!./
ئەمی قسەکەری دەقەکە لە دەستپێکدا واینیشان دەدات کە نازانێت کێ دەمرێت، بەڵام دواتر لە رێگای دەربڕینەکانیەوە تێدەگەین کە پێشبینی مردنی خۆی دەکات لەم شەوەدا. دەشێ باس نەکردنی راستەخۆی مردنی خۆی لە راستیدا بۆ دوورخستنەوەی مردن و مەترسی مردن بێت لە خۆی. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە سەرباری ئەوەی بابەتی مەرگ رەگەزێکی تەواو باڵادەستە لە ئەزموونی شیعریی ئەم شاعیرەدا، بەڵام ئەم ناخوازیت بمرێت، بەڵکو ئەوە مردنە بێ لە دەرگادان و بی مۆڵەت وەرگرتن دەرگا لەم دەگرێت.

ئەم دەزانێت ئەمشەو کەسێک دەمرێت و گومانیشی هەیە کە ئەو کەسە خۆی بێت، بۆیە نزا دەکات کە ئەمشەو هیچ کەس نەمرێت، دەنگی گریان و شین و لاواندنەوە لە هیچ ماڵێکەوە بەرز نەبێتەوە. ئەمەش بە پلەی یەکەم نزاکردنە بۆ ئەوەی خۆی نەمرێت، بە پلەی دووەمیش ئەگەر ئەو کەسەی پێشبینی دەکرێت بمرێت، خۆی نەبێت، دیسان نزادەکات هیج کەسی تریش نامرێت بۆ ئەوەی ئەم بتوانێت دوا قەسیدەی “حەسرەت”ی خۆی بنووسێتەوە. لەپاڵ ئەم نزاکردنەدا ئەم باسی رابردووی خۆی دەکات، کە چۆن خۆشەویستیی بەجێهێشتووەو چۆن شیعرەکانی خوازیاری ئەوە بوون بەرز ببنەوە، یان بگەنە ئاستی نەمری. لەگەڵ ئەمانەدا ئەو ئاواتەخوازی مانەوەیە، بەڵام هەر خۆیشی وەڵامی ئەو خواست و ویستەی خۆی دەداتەوەو دەڵێت کەسێک ئەم رابردووەو ئەم ئێستایەی هەبێت هەمیشە بۆ ئەو هەر نەهاتە، واتە مانەوەش گرنگی و بەهایەکی ئەوتۆی نییە. ئەم باسی ئەوە دەکات ئەگەر کەسێک رۆژەکانی بە شێوەیەکی ناخۆش و پڕ لە نیگەرانی و بەدبەختی بڕوات و هەموو ژیانی ناسۆر بێت، ئەستەمە کەس لە دەرگای دڵی بدات. واتە لێرەدا هۆکاری سەرەکی ئەم هەموو حەسرەت و داخەی ئەم دەردەکەوێت کە پەیوەندی بە رابردووی ناجۆرو پڕ لە کێشەو گرفت و بەدبەختیەوە هەیە. رۆژگار بەهەر شێوەیەک بڕوات بۆ ئەم هەمان شتەو ئاشکراشە کۆتاییەکەی مردنە.
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت سەرباری ئەوەی کە مردن ئامادەبوونێکی هەمیشەیی و بەردەوامی هەیە لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەدا، بەڵام واپێدەچێت پاڵنەری بەرهەمهێنانی ئەم بۆچوونەو باڵادەستبوونی فەزای مردن لەوێوە هەڵنەقوڵێت کە لایەنگری و خواست و ئارەزوو بێت بۆ مردن، بەڵکو لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە ترس لە مردن و هەڕەشەی مردن لە لایەک، رێگرە لە بەردەم ئاسودەیی مرۆڤدا، لە لایەکی تریشەوە، هەڕەشەی مردن وادەکات مرۆڤ هەمیشە لە چاوەڕوانییەکی ترسناکدا بێت و ئەوەش بەربەست بێت لەبەردەم دروستکردنی رووداوی گرنگداو هەمیشە مرۆڤ بە ئاستێک لاواز نیشان بدات و بخاتە ڕوو کە بێ تواناو ناکارابێت بۆ ئەنجامدانی کاری گەورەو هەڵهێنانی هەنگاوی گرنگ.
شیعری نۆزدەیەم ( شتێک لە وەسێتەکانی با)یە، کە دەشێت وەکو “بەشێک لە ئۆتۆبایۆگرافیای ” با” ش باس بکرێت. دەشێ ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات: ئایا با هەر با-یەو بەس؟ یان با شاعیرەو بەشێک لە یادەوەری خۆی و هاوڕێکانی دەنووسێتەوە، یان با پێشمەرگەیەو لە دەباشان و ئەزمڕەوە خۆی دەکات بە شاردا واتە سلێمانی، یان لە مەسیف و کەسنەزانەوە خۆی دەکات بە هەولێردا. دەکرێت با ناوێک بێت لەژیر ماسکداو شاعیر خۆی، یان پێشمەرگەی کاتی بەرهەمهێنانی دەقەکە، یان هەر ناوێکی تر بێت.
شاعیر ناوی ریزێک خەڵک دەبات کە دەشێت بە دەستەی هاوڕێکان بناسرێن وەکو( بەرزان و جەمال و سەباح و ئەنوەرو ئەوانی تریش) کە پێدەچێت ئەو هاوڕێیانە ئێمە هەموومان بین، واتە هەموو هاووڵاتیانی هاوزێدی شاعیر کە رابردوو ئیستاو داهاتوومان یەکە. گەڕانەوە بۆ یادەوەرییەکانی رابردوو، زیندووکردنەوەی جوانی و سادەییەکانی رابردووە بەمەبەستی پەیوەستکردنمان و گەڕانەوەمان بۆ ناو بوون و مێژووی خۆمان. ئەویش بە مەبەستی دروستکردنەوەو بەهێزکردنی پەیوەستبوون و ئینتیما بەو رابردووەو بە بوونی خۆمانەوە.
ئەوخۆی وەکو با دەناسێنیت بەڵام بایەکی بەخشندەو خۆنەویست، خۆی دەکات بە شارداو بە هیواشی لە شووشەی پەنجەرەی ماڵەکان دەدات و دیاری ئەو شیعرە، دەیەوێت وەکو بەرچاییەکی بە چێژ پێشکەشی ئێمەی بکات. ئەو بایەکی بەرهەمدارەو خەمخۆری ئێمەیە. داوا دەکات رێگای پێبدرێت هەور بۆ ئێرە بانگهێشت بکات، چونکە چۆمەکان وشک بوون و زیندەوەران لە بێ ئاویدا دەخنکێن. ئەو باسی ئەوە دەکات ئێمە بووین بە پەندی زەمانەو دەنگ و باسی بەدبەختیمان گوێی دنیای پڕکردووە. ئەو دەیەوێت بگاتەوە بە هاوڕێکانی سەردەمی منداڵی و گەنجێتی و یادەوەرییەکانی کۆڵانەکانی مەڵکەندی و پیرمەسورو سابوونکەران و کوران و سێتاقان و شێخەڵا وەبیربێنێتەوە. هەموو ئەمانەش بە مەبەستی پەیوەستبوونەوەیە بە رابردووەوەو وەبیرهێنانەوەی هەست و بەهاو مانا جوانەکانی رابردووی خۆی و هاوڕێکانی و هەمووان. ئەم بایە، بایەکە بە کۆمەڵێ خاسێتی دەگمەنەوەو وەسێتی خۆیی هەیە بۆ ئێمە. ئەوەتا دەڵێت:
من ( با )م و لە لوورەم بێزار مەبن./ من ( با )م و وەسێت بێ/ ملم مەکەن بە پەتی کورتە بارانێکی ئێوارانێ !/ من ( با )م و گەلێک نهێنی خەرەندو / شاخ و چەم و شارو دێهاتم پێیە! / من ( با )م و رەنگ ناگرم تا نەمناسنەوە! / من ( با )م و بۆن ناگرم تا نەمدۆزنەوە! / من ( با)م و ( با)م و ( با )م…
ئەو کە خۆی وەکو ( با) دەناسێنێت و خاسێتەکانی ( با) دەداتە پاڵ خۆی، داوا لە ئێمە دەکات لە لوورەی ناسازی ئەو کە راستەوخۆ لوورەی رەشەباکەی سلێمانیمان بیردەخاتەوە، بێزار نەبین. ئەو بایە، لەبەر ئەوە ناکرێت بە کورتە بارانێکی دەمەو ئێوارانێک کۆتایی پێبێت. واتە ئەو هەڵگری خاسێتی بەردەوامی و درێژەدانە بە بوونی خۆی. ئەم باسی ئەوە دەکات کە نهێنی هەموو شوێنەکانی سروشت یان وڵاتی پێیە چونکە دیارە هەموو لایەکی تەیکردووە. ئەو بایە، بایش نە رەنگی هەیەو نە بۆن، کە ئەمانەش بە هۆکاری نەناسینەوەو نەدۆزینەوەی دادەنێت. لێرەدا دیسان ئەو پرسیارەی سەرەوە خۆی دووبارە دەکاتەوە: کەواتە ئەم ( با )یە چیەو چ شوناسێکی هەیە؟

شیعری بیستەم بە ناونیشانی( دە ساڵ رۆیشت)، چیرۆکی رۆیشتن و ونبوون و نەگەڕانەوەی کەسێکە، کە رووبەرێکی فراوانی لە هەست و بیرکردنەوەی شاعیردا داگیرکردووە. ئەو کەسەش “دیاری” برایەتی کە دەستی غەدر لەناوی بردووە. ئەم باسی ئەو بەیانیە دەکات کە ئەو لە دەرگای حەوشەکە چووە دەرەوەو ئیتر جارێکی تر نەگەڕایەوە. لە بینینی جلە رەشەکانی دایکی، ئەو دڵنیا دەبێت کە جارێکی تر براکەی نابینێتەوە. بەڵام تاکو ئێستایش دایکی هەر چاوەڕوانە رۆژێک کوڕەکەی خۆی بکات بە ژووردا. ئاشکرایە ئەم چیرۆکی رۆیشتنە دەرەوەو نەگەڕانەوەی دیاری برای ئەم، نموونەیە بۆ رۆیشتنەدەرەوەو نەگەڕانەوەی چەندین لاو و گەنجی هاووڵاتیانی ئێمە لە بارودۆخی رابردووی ئێمەو کاتی ژێردەستەیی رژیمە داگیرکەرەکانی وڵاتەکەماندا لای هەموومان ئاشکرایەو تاکو ئێستاش ئەم جۆرە رووداوانە تەواو نەبوون. کە هەر چۆن مردن بەردەوام مرۆڤەکان بەرەو نادیارو هەناوی خۆی راپێچ دەکات، بەهەمان شێوە ئەو دەسەڵاتە نەیارەی ئێمەش بەردەوام لاوانی ئێمەی بەرەو نادیار راپێچ دەکرد. کاتی رۆیشتن و نەگەڕانەوەی دیاری ئاشکرا نییە، بەڵام لە ژیانی ئەو کۆمەڵگایەی دەقەکەی تێدا بەرهەمهاتووە شتێکی زانراوەو نامۆ نییە.ئەو مێژووی دیارنەمانی دیاری بە تەمومژاوی بەجیدەهێڵێت. لە ناونیشان و دەقەکەدا دەڵێت دە ساڵ رۆیشت بەسەر نەگەڕانەوەی دیاری دا، لە کۆتایی دەقەکەشدا نووسیووێتی (١٩٩٧- ٢٠٠٧) واتە ئەم دەقە شیعریە لەو ماوەیەدا نووسراوە، کە یانزە ساڵ دەکات. کەواتە ئەگەر لە ساڵی ٢٠٠١ یش ئەم دەقەی نووسیبێت، مانای وایە دیاری لەسەردەمی دەسەڵاتی داگیرکەردا دیارنەماوە، بەڵام ئەگەر دوای ئەو مێژووە بێت، ئەوا لە سەردەمی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردیدا دیارنەماوە. ئەوی شاعیر بەجۆریک ئەوەی بە تومومژاوی بۆ خوێنەر بەجێهێشتووە.
ئەم دەقە گێڕانەوەی نموونەیەکی ئەو رووداوە تراژیدیانەی رابردووی ئێمەیە وەکو دەقێکی هونەری و بەرهەمهێنانی شیعریەت لە ئاستیکی جواندا لە رووداوێکی واقیعی بەرهەمهێنراوە. ئەو دەڵێت:
دە ساڵ رۆیشت وا دەزانم بەیانیە/ بۆ بەرچایی قەمسەڵەکەت دا بە شانتا / تا نانێکی کونجی گەرم و/ جامێک ماستی بۆسووت بێنی / رۆیشتیت و نەهاتیەوە!!/ دە ساڵ رۆیشت./ هێشتا پەڕەی دۆسێی غەدری ونبوونی تۆ / دەمەو بەیان بای توی مەلیک دێنی و دەیبا / دە ساڵ رۆیشت ئێستا دڵم شیعرێکە مات!! / بەو هیوایەی کە لەو دنیا بە دیدارت شاد ببمەوە! / دە ساڵ رۆیشت ئێستاش دایکم / هەر ( شەمالە) دەگرێتەوە / بەو نیازەی کە رێبوارێ تێپەڕ ببێ و/ بڵێ ( رۆژێ هەر دێتەوە !!) .
بێگومان هەرچۆن کاتی دیارنەمانی دیاری بە تەمومژاوی بەجێهێڵراوەو ئەوەش ئەگەر لە داهاتوویەکی دووردا سەیری ئەم دەقە بکرێت دەشێت وەکو دروستکردنی رووداوێک لە خەیاڵدا سەیری دیارنەمانی ئەم کەسێتە بکرێت. هەڵبەت لەبەرامبەر ئەم رووداوەدا وێنەی بەرجەستەی دایکێک نیشان دەدات کە هەتا ئەو کاتەی دەژی لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی کوڕەکەیدایە، کە لە راستیدا ئەوەش هەمان شێوەی چاوەڕوانیی هاتنی گۆدۆیە. ئەم دەقە وێنای دوو تراژیدیا دەکات، یەکەمیان تراژیدیای ونبوونی مرۆڤێک، دووەمیشیان تراژیدیای ژیانی پڕ لە چاوەڕوانی دایکێک بۆ گەڕانەوەی کوڕەکەی.
شیعری بیست و یەک بە ناونیشانی( مەجهول )ە. ئاشکرایە مەجهول وشەیەکی عەرەبیە کە دەشیا کوردیەکەی بەکاربهێنرایەو بە هەمان مانای مەجهول بارگاوی بکرایە، بەڵام دەشێ ئەم زاراوەیە بە لای شاعیرەوە زاراوەیەکی شیعریتر بێت. مەجهول مانای نادیار، یان ون هەڵدگرێت. کەواتە ئەم ناونیشانە مانای دەقەکە لە خۆیدا کۆدەکاتەوە، یان لە خۆیدا چڕدەکاتەوە، لەکاتێکدا کە دەقەکە باس لە دیارنەبوون، یان ونبوونی هاوڕێیانی بەرهەمهێنی دەقەکە دەکات. ئەم هاوڕێیانە هەندێکیان لە رووی شوێنەوە دوورکەوتوونەتەوەو لەم جیابوونەتەوە، هەندێکی تریان مەرگ بەرەو نادیارو نەزانراو راپێچی کردوون. هەروەک دەشێت هەندێکیان هەم لە ژیاندا مابن، هەم لە رووی شوێنەوە لەم نزیک بن، بەڵام دیسان بەربەستی جۆراوجۆری تایبەتی، واتە زاتی، یان بەربەستی بابەتی- مەوزوعی- لێکتری پەرت کردبن. مرۆڤ ئەو بوونەوەرە هەستیارەیە کە هەندێ جار نەک لەوانی تر بەڵکو بەخۆیشی نامۆدەبێت و پەرت دەبێت. ئەوەش نەک نادیاری، یان ونبوونی ئەوانی تر بەڵکو ونبوون و نادیاری خۆی دروست دەکات.
ئەم لە دووری هاوڕێکانی، یان لە ئەنجامی نامۆبوونی بە خودی خۆی و بێ هاودەمی دەبێتە هاوڕێی با. ئەم با-کان بۆ ماڵی خۆی دەباتەوەو دەبێتە هاوڕێی ئەوان، بەڵام کام بایانە؟ بێگومان با ماندوو بێ نەواکان، ئەو بایانەی شوێنێک نییە ئارامی تێدا بگرن. ئێستا لێکچوون لە نێوان ئەم و با-کاندا هەیە، کە هەردووکیان تەنیاو بێ هاودەمن. نزیکی ئەم لە با-کان وای لێ دەکات ببێتە هاوڕێی هەرە نزیکیان و باسی ئەوە بکات کە کەس لەو باشتر با-کان ناناسێت. ئەم دەبێتە هاوڕێی با-کان بەو هیوایەی لە تەنهایی رزگاری بێت. بەڵام با ناتوانێت لەو بارە پڕ لە تەنیایی ونامۆییە رزگاری بکات، بۆیە داوا لە هاوڕێکانی دەکات بگەڕێنەوە چونکە ئێستا دەزانێت تەنیا ئەوان دەتوانن لە تەنیایی و نامۆیی رزگاری بکەن. ئەو باسی ئەوە دەکات کە لە ژیانیدا هیچ هەنگاوێکی نەرێنی یان نائاسایی لەوجۆرەی نەناوە کە بووبێت بەهۆی ئەم تەنیایی و نامۆییەی، لەبەرئەوە خۆی بە شایانی ئەو تەنیایی و نامۆیی و ونبوون و ژیانی شێوە تاراوگەییە نازانێت. لەبەرئەوە دەربڕینەکانی جۆرێک لە ناڕەزایی بەرامبەر بەو یاسایانەی گەردوون تێدایە کە هەڕەمەکی بەسەر مرۆڤەکاندا دەسەپێنرێن. ئەو دەڵێت:
خوایە من نە رێگای هات و نەهاتم گرت!/ خوایە من نە لە جەنگەڵ و شارو لادێ غەریبەکاندا / سەگ و پۆلیس پێم وەڕین / خوایە من نە لە نێو بەلەمێکی / پڕ لە گەنجی چڵکن و ریش هاتوودا / شەپۆلە زەبەلاحەکانی دەریا شایەتمانیان پێهێنام!/ خوایە من نە ماڵئاواییم لە کەس و کارم کرد / خوایە من نە شیعرەکانم بە ئەمانەت دایە دەست کەس!/ … خوایە من ئەمانەم هیچی نەدی و نەکرد!/ کەچی لەم تاراوگەیەدا خۆم بینیەوە!/
ئێستا ئەو لە بارێکدا دەژی خۆی بە تاراوگە وەسفی دەکات. ئاشکرایە تاراوگە زاراوەیەکە لەگەڵ ماناکەیدا خەم و نامۆیی و ژانی تەنیایی و تەنانەت ژانی ونبوون هەڵدەگرێت. واتە ئێستا ئەو لە ونبووندا دەژی. لە خودا دەپاڕێتەوە ونبوون و نامۆیی ژیانی شێوە تاراوگەی بۆ بکات بە قەسیدەو، گریانی دایکی بۆ بکات بە گۆرانی. کەواتە سەرباری ئەوەی کە فەزای گشتی ئەم دەقە شیعریە، خەم و نیگەرانی و ئازارو دۆخی مەرگەسات باڵی بەسەردا کێشاوە، بەڵام لە پشتی ئەو هەموو نیگەرانی و ناڕازیبوونەوە، ئەم دەخوازێت لەو بارە رزگاری بێت. ئەو لە خوازیارانی بێ ئومێدی و رەشبینی و مەرگ نییە، بەڵکو ئەوە بێ مانایی ژیان و قەدەرو زەمەنە کە مەرگیان کردۆتە شتێکی هەمیشە ئامادە لەبەردەمیدا. ئەوەتا ئەم دەخوازێت و نزادەکات خودا ئەم ونبوونە، کە ئەم بە مەجهول ناوی دەبات بکات بە قەسیدەیەک. ئەمەش مانای ئەوەیە دەیەوێت کارەسات و ماتەم و خەم بگۆڕێن بۆ ئاسودەیی و بەختەوەری و پێکەنین. واتە ئەم دەخوازێت هێزی ژیاندۆستی بەسەر هێزی مەرگدۆستیدا زاڵ بێت و فەزای ژیان و خەندەو بەختەوەری باڵ بەسەر ژیاندا بکێشێت. هەروەک ئەم کۆچکردن و دوورکەوتنەوەی هاوڕێکانی بە هۆکاری ئەم ونبوونەی دەزانێت و دووری ئەوان ناچاری دەکات بەردەوام بگەڕێتەوە بۆ یادەوەرییەکانی رابردوو، بەو ئومێدەی یادەوەرییەکانی رابردووی کە بەراورد بە ئێستای سیخناخ بە تەنیایی و نامۆیی و ونبوون، سەردەمێکی خۆشتر بووەو هێشتا بەهای شتەکان وەکو ئێستا هەرەسیان نەهێنابوو، هێشتا جوانیەکان تەڵخ و ناشیرین نەبووبوون و هێشتا هاوڕێکانی کە ئەم ئاسودەیی خۆی دەبەستێت بە بوون و نزیکی ئەوانەوە، لێی دوورنەکەوتبوونەوە. واتە ناڕاستەوخۆ ئەم لە تەنیایی و نامۆیی و ونبوونی ئێستایدا، رابردووی خۆی دەلاوێنێتەوە چونکە هەست دەکات بەلایەنی کەمەوە لە رابردوودا هەستی بەم تەنیایی و نامۆیی و ونبوونەی ئێستای نەکردووە.
شاعیر دەڵێت:
لە تاو تەنهایی خۆم / ئێواران ( با) کان بۆ ماڵێ دەبەمەوە/ بایە تەنهاو مانووەکان / بایە بێ جێ و مەسکەنەکان / کەس وەک من باکان ناناسێ / کەس وەک من لە نهێنی خەفەبوون و / گەڕانەوەی باکان نازانێ/.. وا چل و پێنج ساڵە لە تاو تەنهایی / هاوڕێیەتی (با )کان دەکەم! / ئەو بایانەی بە ڕەوەیەک مێشی موزعیجەوە / تۆزو خۆڵیان دەکرد بەسەر دەم و چاومدا /.. هاوڕێکانم ئێوە یەک یەک کۆچتان کردو/ منتان دایە دەست ئازاری بیرەوەری! / شەوان لە تاو تەنهایی خۆم / روودەکەمە دەریاکانی گەنجێتی /.. ئێوە یەک یەک کۆچتان کردو / منیش لە تاو تەنهایی خۆم / خۆم دایە دەستی ئەم مەجهولە!.. ئەم مەجهولە هەر دەمێنێت / ئەم مەجهولە تەمەنی نیە پیرنابێت / خوایە ئەم مەجهولەم بۆ بکە بە قەسیدەیەک / گریانەکەی دایکم بۆ بکات بە ستران / خەمباریەکەی دایکم بۆ بکات بە تریقە /.. کەی دێنەوە ئێستا پاشای بەساڵاچووی/ مەملەکەتێ بیرەوەریم؟!
وەکو ئاماژەمان بۆ کرد ئەم لە دووری هاوڕێکانی هەست بە تەنیاییەکی خنکێنەر دەکات. ئەم تەنیاییە بۆشاییەکی گەورە لە ژیانی ئەمدا دروست دەکات و وای لێ دەکات بە دوای جێگرەوەیەکدا بگەڕیت بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە. ئەم بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە ئێواران ( با) لەگەڵ خۆی دەباتەوە. ئاشکرایە با نە جێگای هەیەو نە لە هیچ شوێنێک رادەوەستێ، هەمیشە لە جوڵەدایەو ناسرەوێت. ئەم با- کان دەچوێنێت بە خۆی لەو رووەوە کە ئەوانیش وەکو ئەم تەنیاو بێ شوێن و جێگاو ماندوون. ئەم تەمەنی خۆی هەمووی بە تەنیایی باس دەکات و لەو رووەوە مێژووی هاوڕێیەتی خۆیی و با- کان دیاری دەکات، کە بریتیە لە هەموو تەمەنی ئەم. هەروەک باسی ئەوەش دەکات کە با- کان پێشتر تۆزو خۆڵیان بەسەر ئەمدا کردووە، بەڵام ئەم ئەوانی کردووەتە هاوڕێی خۆی. هەر لە راستیشدا دەشێت لە ئاستێکی تردا مەبەست لە با- کان هاوڕێکانی بێت، کە چۆن وەکو با هاتن و تێپەڕین و ئەمیان بەتەنیا بەجێهێشت. کە ئەوانیش رۆیشتوون ئەم هیچی بۆ نەماوەتەوە تەنیا گەڕانەوە بۆ یادەوەرییەکانی رابردوو نەبێت. یادەوەرییەکانیش سەرباری رووە جوان و گەشەکانیان، بەڵام دیسان ئازاربەخشن، بەتایبەتی کاتێ بە روانینی ئێستاوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوساو لەبری ئەوەی هاوڕێکانی لە تەنیشتیدا وەستا بن، تەنیا خۆی دەبینێت کە کەسێکی تەنیاو بێ هاودەم و نامۆیە. لێرەوە لە تاو ئازارو ژانی تەنیایی، خۆی دەداتە دەست ونبوون و نادیار- مەجهول-، ونبوونێک کە ئەوسەری دیار نییەو نازانێت بۆ کوێی دەبات و بە کوێ دەگات. ئەم وەکو کەسێکی لاوازو ناکارا دەردەکەوێت و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر جوڵەو ئاراستەی هەنگاوەکانی خۆیشی نییە، هەر بۆیە بەوجۆرە خۆی دەداتە دەستی نادیارو ونبوون. هەروەک لە بری ئەوەی هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ کۆتاییهێنان بەو ونبوونە، ئومێد لەسەر هێزی نادیاری خودا دادەنێت کە لەو بارە ناجۆرەی ونبوون و تەنیایی رزگاری بکات و گریان و فرمێسکی دایکی بۆ بکات بە گۆرانی و زەردەخەنە. بێگومان فەزای باڵادەست لەم دەقەدا فەزای تەنیایی و ونبوونە و سەرئەنجام هەنگاونانە بەرەو نادیار و بەرەو کۆتایی. واتە دیسان لەم دەقەشدا پاڵنەری مەرگدۆستی و هەژموونی تاناتۆس باڵادەستە بەسەر پاڵنەری ژیاندۆستی و ئیرۆسدا.
دەرئەنجام:
ئێمە پێشتر ئاماژەمان بۆ ئەوە کرد کە هێڵێک لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی دەقەکانی ئەم کۆمەڵە شیعرە پێکەوە دەبەستێت، کە ئەویش باڵادەستبوونی فەزای مەرگە لە دەقەکاندا، کەواتە با لێرەوە سەرنجی ئەو رەگەزە زمانی و وێنە شیعریانە بدەین کە فەزای مردن لە دەقەکەدا بەرهەم دەهێنن. لە راستیدا لە بنیادی زمانی دەقەکاندا چەندبارەبوونەوەی چەند وشەیەک دەبینرێت، کە رۆڵی دیار دەبینن لە بەرهەمهێنانی جیهانبینی دەقەکاندا، کە لە چوارچێوەی مردن و چەمکی مردندا بەرجەستە دەبێت. ئەو وشەو وێنە شیعری و دەربڕینانەی کە پەیوەندییان بە مردنەوە هەیە رووبەرێکی فراوان لە کۆی دەقەکانی ئەم دیوانەدا داگیردەکەن.

لەم دیوانە شیعریەدا زیاتر لە شەست جار وشەی مردن هاتووە، وشەکانی خەم و حەسرەت نزیکەی چل و پێنچ جار بەکارهێنراون. وشەکانی کەساس، کڵۆڵ و کۆست وکارەسات نزیکەی چل جار بەکارهێنراون. وشەکانی تەنهایی و غەریبی زیاتر لە سی جار هاتوون. وشەکانی پیری و ئەو وشانەی ناکارایی و بێ توانایی نیشان دەدەن زیاتر لە پەنجا جار بەکارهێنراون. وشەکانی پایز، زستان، شەو، تەم، ساردو سڕ، ئەشک، شین، گریان زیاتر لە سەد جار بەکارهێنراون. بەگشتی وشەکانی پیرێتی، پایز، رەنگ زەرد، وشکبوونەوە، کۆست، کەوتن، گۆڕستان، تاتە شۆر، ماڵئاوایی، کۆچکردن، جیابوونەوە، شین، رەقبوونەوە یان راستەوخۆ مانای مردن هەڵدەگرن، یان وەکو دال مەدلولی مردن هەڵدەگرن. هەروەک وشەکانی خەم، حەسرەت، ئەشک، تەنهایی، کەساس، کڵۆڵ، غەریبی…دەلالەتی ناکارایی و جیابوونەوە هەڵدەگرن، کە ئەوەش لە ئاستێکی تردا ئاماژەن بەرەو کۆتایی، واتە بەرەو مردن. ئەو رووبەرە فراوانەی لە دەقەکانی ئەم دیوانەدا کە ئەم وشانە داگیریان کردووە لە رووی سیمانتیکەوە ئیقاعی دابەزینیان هەیە، کە ئەوەش دەلالەتی گەڕانەوە بەرەو هەناوی خاک هەڵدەگرێت.
ئەگەر سەیری بنیادی پێکهێنەری زمانی دەقەکە بکەین ئەوا رووبەری رووداو یان کردار لە چاو ئەو رووبەرەی ناو و راناو و ئاوەڵناو و فرمانی ناتەواو داگیریان کردووە زۆر کەمە. ئەوەش وایکردووە دەقەکان لەبری ئەوەی لە رووی بنیادی زمانەوە ببنە دەقی کرداری، یان رووداو بەرهەمهێن، زیاتر دەقی وەسفین و لەبری بینینی رووداو یان کار، رووبەرێکی فراوان لە لێکچوون دەبینرێت، کە ئەویش لێکچواندنە لە نێوان قسەکەر یان کەسی ئامادەی نێو دەقەکان، کە بە راناوی کەسی یەکەمی تاک دەدوێت، واتە راناوی من دەچوێنرێت بەو رەگەزو توخمە زمانیانەی کە راستەوخۆ مەرگ دەنوێنن، یان دەگەیەنن، یان ناڕاستەوخۆ مانا، یان دەلالەتی مردن هەڵدەگرن.
لە سێ دەقی یەکەمی دیوانەکەدا ژمارەی ناو و راناو و ئاوەڵناو زیاتر لە چوار ئەوەندەی فرمانن. زیاتر لە نیوەی فرمانەکانیش فرمانی ناتەواون. رێژەیەکی بەرزی فرمانە تەواوەکانیش فرمانی تێنەپەڕن. کەمی فرمانی تەواو لاوازی کردار و بەرهەمنەهێنانی رووداو دەگەیەنێت. فرمانی ناتەواو زیاتر لە وەسفکردندا بەکاردێت. راستە فرمانی تێنەپەڕ جۆرێک لە رووداو دروست دەکات، یان ئەنجامدانی کارێک نیشان دەدات، بەڵام ئەو کارە تێناپەڕێتە سەر بەرکارێک، بەڵکو تەنیا بکەر کارێک دەکات کە لە سنووری خۆیدا دەمێنێتەوە، بۆ نموونە ئەم فرمانە تێنەپەڕانە لە دەقەکاندا دەبینرێن ( ئەتەقێ، نەهات، پێدەکەنێت، ئەگری، لە دایک دەبێت، دێت، سەرهەڵدەدا، دەمرێت، دەفڕێت، دەکەوێت، دەخەوێت، دەتوێتەوە، دڵ- لێدەدا، دێن، دەچن، دەردەچێت، هەڵدێ، هەڵدەتروشکێ، دەڕوات،…). ئەوەی بە گوێرەی فرمانە تێنەپەڕەکان گرنگە ئەوەیە کە تەنیا جوڵە، یان کاری بکەرن بێ بوونی بەرکار. ئەمەش بە تەواوەتی لەگەڵ بنیادی دەقەکاندا هاوتایە، کە تاکە جەمسەرێک هەژموونی بەسەر جوگرافیای دەقەکاندا کردووە، ئەویش مردنە. لەبەرامبەر هەژموونی مردندا، هەژموونی ژیان نائامادەو نادیارە. واتە ئەو دووانە دژانەی کە هاوسەنگی و هارمۆنیای سروشت بە هەموو رەگەزەکانیەوە پێکدەهێنن لە دەقەکانی ئەم دیوانە، یان لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەدا نائامادەن.
ئەگەر ئەم دەقانە پەیوەست بکەین بەو زەمینە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و شارستانێتیەی کە تیایدا بەرهەم هاتوون، واتە ئەگەر خوێندنەوەیەکی سیۆسیۆلۆجیانە بۆ دەقەکان بکەین، ئەوا دەقەکان رەنگدانەوەی دروستی واقیعی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێمەن، کە ئاشکرایە دەقەکان لێرە بەرهەمهاتوون. لە رووی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیەوە کۆمەڵگای ئێمە تا ئەندازەیەکی ئاشکرا ئەگەر کۆمەڵگایەکی وەستاو نەبێت لە مێژوودا، ئەوا کۆمەڵگایەکی نیمچە وەستاوەو رووداوی گۆڕان بەرهەمهێنی تیادا بەرهەم نایەت. کۆمەڵگای کوردی بکەرێکە لە شوێنی خۆیداو ناتوانێت کار لە سەردەرەوەی خۆی بکات. واتە هەرچۆن لە دەقەکەدا کردار لاوازە و رووداوێکی دیار کە کەسی ئامادە یان قسەکەری دەقەکان کە منی شاعیرە لە پشتیەوە بێت نابینرێت. بەهەمان شێوە لە واقیعی دەرەوەی دەقەکانیشدا بکەری کۆمەڵایەتی بکەرێکی لاوازەو رووداو دروست ناکات، بەڵکو لەباری وەستاندایە. قسەکەری دەقەکان وەسفی باری تەنیایی و نامۆیی و غەریبی و ناکارایی دەکات، کە هەر بە گەنجی وێنای پیربوونی خۆی و راوەستانی لەبەردەم مەرگدا دەکات و نەک هەر لە مەرگ ناترسێت، بەڵکو چاوەڕوانی مەرگیش دەکات و هەندێ جار مەرگ وەکو دواچارەسەرو رزگاربوون سەیر دەکات.
بە هەمان پێوانە، یان لە رووی لێکچوونەوە بکەری کۆمەڵایەتی دەرەوەی دەقەکان وەکو بووەیەکی دەرەوەی مێژوو بەراورد بە کۆمەڵگاکانی تر لە باری تەنیایی و نامۆیی و ناکاراییدایە. لە راستیدا بکەرێتی ئەو کۆمەڵگایەی کە ئەم دەقانەی تیادا بەرهەمهاتوون هاوشێوەی کەسی ئامادەی ناو دەقەکانە کە هیچ جوڵەو بەرهەمێکی نییەو هەست بە پیرێتی دەکات و لە چاوەڕوانی مەرگدایە. ئەم بکەرە کۆمەڵایەتیەش هەر ئەوەیە تەنیا زیندووە، ئەگینا ئامادەبوونی بەراورد بە ئامادەبوونی ئەوانی تر لە ئاستی نەبووندایە و مانەوەیشی بەو شێوەیە هەمان شێوەی مانەوەی کەسی ئامادەی ناو دەقەکانە، کە چاوەڕوانی مردن دەکات.
ئایا ئەو هۆکارانە چین کە وایان لە قسەکەری دەقەکان کردووە هەست بە تەنیایی بکات، یان باسی ئەو تەنیاییە بکات کە تیایدایەو وەکو سەرەتایەک بۆ ناکارایی و پیربوون و مردن باسی بکات؟ بێگومان دوو جۆر لە هەستکردن بە تەنیایی هەن. یەکەمیان تەنیایی حاڵەتێکی ئەنتۆلۆجیەو لە بوونی مرۆڤدا بوونی هەیە، کە لە راستیدا هەموو مرۆڤێک بە ئاستی جیاواز هەست بە تەنیایی دەکات. دووەمیان هەست بە تەنیایی کردن بەهۆی جیابوونەوەو دابڕانەوەیە لە کەسە نزیکەکان، کە ئەمەیان بە یەکگرتنەوە لەگەڵ ئەوانەی جیابوونەوەیان ئەو هەستکردن بە تەنیاییەی بەرهەمهێناوە، دەشێت کۆتایی بێت. جۆری یەکەمی تەنیایی رەهەندی فەلسەفی و فیکری هەیەو بەردەوام دەبێت، بەڵام جۆری دووەمیان رەهەندی کۆمەڵایەتی هەیەو بەلاچوونی هۆکاری دروستبوونی کۆتایی دێت. ئەو تەنیاییەی لە دەقەکانی ئەم دیوانە شیعریەدا بەرجەستە دەبێت لە ئاستی بینراوی دەقەکاندا وادەردەکەوێت بەهۆی جیابوونەوەو دوورکەوتنەوەی هاوڕێیان و خۆشەویستانەوە بێت، لەراستیدا لە ئاستی قوڵ یان نەبینراوی دەقەکاندا ئەوە ئاشکرا دەبێت، کە بابەتی تەنیایی لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەدا بابەتیکی پەیوەستە بە مەسەلەی بوونەوە، واتە لەجۆری یەکەمەو رەهەندی فیکری و فەلسەفی هەیەو پەیوەستە بە روانینی قسەکەری دەقەکانەوە بۆ مەسەلی ژیان و مردن.

ئایا هەستکردن بە تەنیایی بارێکی پۆزەتیفە، یان نێگەتیف؟ لە راستیدا لە ئاستی باودا بەگشتی تەنیایی وەکو بارێکی نێگەتیف دادەنرێت و لەو روانگەیەوە سەیر دەکرێت، کە مرۆڤ ئەفریدەبوویەکی کۆمەڵایەتیەو بوون و ئامادەبوونی کۆمەڵایەتی شوێن و پێگەی ئەو دیاری دەکات. بەڵام لە رووی راستیەوە تەنیایی، یان هەستکردن بە تەنیایی، یان وازهێنان لە دەوروبەرو ئەوانی ترو گەڕانەوە بۆ دنیایی تایبەتی و سنووری خود، بارێکی پۆزەتیفە بە تایبەتی بۆ داهێنەرانی هەموو بوارەکان. هەروەک گەیشتنی مرۆڤ بەگشتی، یان تاکەکەس بە تەنیایی رەها هاوشێوەی گەیشتنە بە ئازادی رەهاو بە سەربەخۆبوونی رەها، چونکە لە بارێکی لەو جۆرەی تەنیاییدا مرۆڤ بە تەواوی دەگەڕێتەوە بۆ ناو ناخ و قوڵایی بوونی خۆیی و بە تەواوی لە دنیای دەرەوەی خۆی پەرت دەبێت. واتە سنوورەکانی دەرەوەی خۆی بەگوێرەی ئەو هیچ مانایەکیان نامێنێت. ئەو کەسەی دەگات بە تەنیایی رەها مانای وایە دەگات بە ئاستی ناسینی تەواوەتی خۆیی و لەسەر ئەو بنەمایەش مامەڵە لەگەڵ بوونی رەهای خۆی و بەهای راهای بوونی خۆیدا دەکات، کە ئەوەش تەنیا لە لوتکەی ئازادی و سەربەخۆییدا دەگاتە ئەنجام.

کەواتە لەم روانگەیەوە تەنیایی بارێکی پۆزەتیەفەو ئەو کەسەی دەگات بەو بارە نەک هەر نیگەران نابێت و لەبەردەم هیچ ترسێکدا نابێت بەڵکو لەبارێکی دڵنیایی تەواو و لە بارێکی پڕ متمانەی تەواودا دەبێت. ئەوەش گەیشتنە بە ئازادی تەواو بۆ گوزارشت لەخۆ کردن کە هاوشێوەی ئازادی رەهای رۆحە، کە لێرەدا ئێمە پێی دەڵێین بوونی رەها. لە بوونی رەهاشدا هیچ ترس و نیگەرانیەک نامێنێت. کەواتە لێرەدا ئەو پرسیارە تەوەرییەی سەبارەت بە کەسی ئامادەی دەقەکانی ئەم دیوانە سەرهەڵدەدات ئەوەیە: ئایا ئەم کەسە گەیشتووەتە ئاستی تەنیایی رەها؟ ئایا ئەگەر گەیشتووەتە ئەو ئاستە بۆچی لەباری ترس و نیگەرانیدایە؟ ئایا نیگەران و دوودڵەو لە کۆتایی و مردن دەترسێت؟ ئایا بوونی رەها باکی بە مردن هەیە؟ یان لە راستیدا ئایا بوونی رەها لە رووی مەعنەویەوە دەمرێت؟ ئایا ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەی ئێمە توانیوێتی باری تەنیایی رەها بەرهەم بهێنێت، یان لە رووکەش و ئاستی بینراوی تەنیاییدا ماوەتەوە؟ ئایا ئەزموونکردنی تەنیایی رەها بەو مانایەی کە هاوتای ئازادی و سەربەخۆیی رەهای تاکەکەسە لە جوگرافیای شیعری کوردیدا دەبینرێت؟ بێگومان وەڵامی بەڵێی ئەم پرسیارانە نە لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەو نە لە ئەزموونی شیعری کوردیدا وەکو وەڵامێکی بابەتی دەستناکەوێت.

هاوینی ٢٠٢١

نووسینی/ عەتا قەرەداخی




ئازاری ڕەش… شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

لای من ناخۆشترین کاتم سەعات پێنج و پەنجا دەقەی بەیانیانە
خەڵکی لە خەوی شیریندان
من لەناو جێ دەردەپەڕم و بەدەم ئومێدی ئەو ڕۆژە
ڕوو لە بازاڕی کار دەکەم
ناخۆشتر لەوەش ئەوەیە هەر هەمان ڕۆژ لە سەعات نۆ و پەنجا دەقە
بەدەست بەتاڵی دێمەوە و کەسێک نەبووە هێزی کارم لێ بکڕێ
کەس لێی نەپرسیووم ئاخۆ کتێبی دڵی پڕ خەون
چەند چیرۆک و چەند شیعر و گۆرانی تیایە
دەستێک نەهات بەسەر سەرما بملاوێنێ و
بڵێ قەینا تۆ ئەمڕۆت لە دوێنێ جیایە
دەچمەوە ماڵ؛ دەرگای ئومێدی ئەو ڕۆژە لەدوای خۆم دادەخەم و
بە بێدەنگی دەڕوانمە چاوەکانی هاوژینەکەم
ئەویش وەکچۆن لەگەڵ برسێتی ڕاهاتووە
نیگام ورد دەخوێنێتەوە و
بە هەناسەی ساردوسڕی بەبێ ئەوەی پێی بزانم
لە دڵەوە دەگری بۆ خۆی و بۆ من و چارەنووسمان
بە ڕاستی نا، لەدڵەوە، بەڵکە هەر بۆ فریودانی خۆمان بزە بۆ یەک دەکەین
دەڵێین قەینا ئەمڕۆش نەبێ سبەی پەیدا دەبێ کارێک
بەبێ ئەوەی مرازی دڵ بژاکێنین
چەتری ڕۆژێکی برسی تر، دەکەین بە سێبەری شارێک.
ئەوەتانێ سەری مانگە و خاوەن خانووش پارەی دەوێ
ئاخر چلۆن بەو بێکارییەم بتوانم سەر لە سەرین کەم
ئازاری ڕەش ساتێ پشو بدا و بنوێ
چوون دەزانم سبەینێش هەر هەمان حەمامە و هەمان تاس
چاری دەردی من ناکات سەبر و تەحەموول
یان خواردنی نێو عەلاگە و ناو سفرتاس
من ناتوانم پەنجەرەیەک نەکەمەوە بەسەر ئەم شەوە تارەمدا
قەت ناتوانم هەروا بێباک بڕوانمە خواروخێچی و
دەستەووەستان بکەوم بەلای ئەم بارەمدا
نەفەسکێشێکم دەوێ تا بمخاتە سەر ڕێی دەربازبوون
دەرمکێشێ لەنێو چاڵی نووتەک ئاسا بێ هاوئازاریی و بێنازبوون
بسکی خەمی نەهامەتی هەتاکو کەی بهۆنمەوە
داستانی ڕەنجی ژیانم، بە چ جۆرێ لەنێو شیعرا بهۆنمەوە
دەفری ئازارم لێێ دەڕژێ و دان بەخۆما دەگرم بەس ئاخ
پشت دەکەمە فریودانی دەست قەدەر و
نابمە گوێڕایەڵی دەستی ستەم و داخ
ئیتر مەشخەڵێک هەڵدەکەم بڵێسەی با لە ئاسمان بێ
دەنگی ئێمەی بێکار لە ژین
لێوانلێو نووچە و باسمان بێ.

شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
١١-١-٢٠٢١




کەی وەفاتی میللەت ڕائەگەیەنن..!!… شيعر: نزار قبانی.. بە کوردی کردن: پشکۆ ناکام

     1

لە مناڵیمەوە ئەمەوێ

وێنەی ووڵاتێک بکێشم

” ئەگەر وا ناو بنرێ”، بە:

بە ووڵاتی کورد ناو ئەبرێ

كە لێم ببورێ گەر شوشەی مانگم شکان

     و

سوپاسم بکا گەر قەسیدەیەکی

خۆشەویستیم نووسی

     و

ڕێگەم با وەک هەموو

چۆلەکەکانی سەر درەخت

بۆ کردەی خۆشەویستی جووت بم

ئەمەوێ وێنەی ووڵاتێک بکێشم

فێری کردبم هەردەم

لە ئاستی عەشقا بم

هاوینان عەبای خۆشەویستیت بۆ ڕاخەم

لە باران بارینیشا

كراسەکەت بچۆڕم

“”””””””’

     2

ئەمەوێ وێنەی ووڵاتێک بکێشم

پارلەمانێکی لە نێرگس

     و

گەلێکی ناسکی نێرگس ئاسای هەبێ

كۆترەکان لەسەر سەرم بنوون

     و

مەنارەکانی لە چاوما بگرین

ئەمەوێ وێنەی ووڵاتێک بکێشم

هاوڕێ ی شیعر بێ

     و

خۆی هەڵنەقورتێنێتە بیر کردنەوەکانم

     و

چەکدارەکان بەسەر ناوچەوانما نەڕۆن

ئەمەوێ وێنەی ووڵاتێک بکێشم

گەر شیعرێکم نووسی خەڵاتم کا

     و

گەر ڕووباری “شێت”ێتیم

بوو بە لافاوێ

……لێم ببورێ

“””””””””””””’

     3

ئەمەوێ وێنەی شارێک بکێشم

لە هەموو گرێ کوێرەکان، ڕزگار کرا بێ

” مێ” یەتی تیا سەرنەربڕدرێ

     و

لەش و لار  دانەپڵۆسێنرێ

“””””””””””””

     4

باکور گەڕام

باشور گەڕام

هیچ….سوودێکی نەبوو

“چا”ی هەموو چایخانەکان وەک یەک بوو

هەموو یەک بۆنیان هەیە

     و

پیاوەکانی خێڵ خوارد ناجوون

     و

بەیەک سانیە ئافرەت هەڵئەلوشن

“””””””””””””’

5

لە سەرەتاوە هەوڵم یاوە

لە یەکێکی تر نەچم

قسەی “قوتوو”م قبوڵ نەبوە

پەرستنی هیچ “بت”ێکم قبوڵ نەبوە

“”””””””””’

     6

ئەمەوێ هەموو ئەو دەقانەی

لەبەرم کردوون ، بسوتێنم

هەندێک قەسیدە “گۆڕ”ن

     و

هەندێک زمان “کفن”

     و

لە گەڵ دوا ئافرەتیا ڕێککەوتم

بەڵام کە گەیشتم

تێپەڕی بوو زەمەن

“””””””””””

     7

ئەمەوێ خۆم لە دەستەواژەکانم

     و

زمانی ڕستە و ووشەی لێکدراو

پاک بکەمەوە

خۆم لە تەپ و تۆزم بتەکێنم

     و

بە ئاوی باران دەم و چاو بشۆم

ئەمەوێ لە دەسەڵاتی شاخ بکشێمەوە

ئیتر ماڵ ئاوا : خێڵ

ماڵ ئاوا بابان

ماڵ ئاوا ووڵات

“”””””””””””

     8

ئەمەوێ وێنەی ووڵاتێک بکێشم

شوێنی خەوم جێگیر بێ

شوێنی سەرم جێگیر بێ

تا جیاوزای نێوان ووڵات و پاپۆڕ بزانم

بەڵام” ئەوان” پەڕەی وێنەکەیان لێ سەنم

نەیانهێشت،

سیمای ووڵات بکێشم

“”””””””””’

     9

لە مناڵیمەوە ئەمەوێ

كەش و هەوایەکی نێرگس ئاسا

دروست کەم

     و

لە هەموو مێژووی کوردا

بۆ پێشوازی لە عاشقان

یەکەم “ئوتێل”ی خۆشەویستیم

دامەزران

هەموو جەنگەکانی نێوان ژن و پیاو

     و

نێوان کۆتر و ئەوانەی سەریان ئەبڕن

     و

نێوان بۆرەک و ئەوانەی سپێتی بۆرەک زامار ئەکەن

…….هەڵوەشانەوە

بەڵام ئوتێلەکەیان داخستم

ووتیان :

خۆشەویستی نا لایەقە

بە ڕابردووی کورد

     و

بە پاکێتی کورد

     و

بە میراتی کورد

” ئای لە سەیر وسەمەرەیی کورد….!!”

“”””””””””””

     10

ئەمەوێ شێوەی ووڵات

بێتە بەرچاوم

ئەمەوێ بچمە یەکەم شوێنم لای دایکم

     و

دژی ئاوی ڕۆژگار مەلە بکەم

    و

هەنجیر و قۆخ و گوێز بدزم

     و

وەک چۆلەکە بە داوی پاپۆڕەکانا بفڕم

ئەمەوێ بەهەشتی سەر ئەرز

بێنمە بەر چاوم….

     و

چۆن پشووم لە نێوان دەریا دانش بوەکان

     و

دەریاکانی ماست بەسەر بەرم

…..کاتێ هاتمەوە سەر خۆم

تێک شکانی خەوەکەم بۆ دەرکەوت..!!

لە ئاسمانی ئێمەیا مانگ نیە

    و

لە “سیروان” ماسی نیە

    و

لە بەهەشتی سەر ئەرز

……چا نیە

“”””””””’

     11

ئەمەوێ بە شیعر

دەست بەسەر مەحاڵا بگرم

     و

دارتوویەک  بچێنم

بەڵام لەم ووڵاتەی ئێمەیا

قژی دارتوو ئەبڕن

ئەمەوێ ئسسپی ئێرە بکەمە باشترین ئەسپ

بەڵام خەڵکی شار

لە ئەسپ ، بێزارن

“””””””””’

     12

خانمەکەم ؛

ئەمەوێ لە دەرەوەی هەموو کەش و هەوایەکا

لە دەرەوەی هەموو دەقێکا

     و

لە دەرەوەی هەموو شەریعەت و ڕژێمێکا

     خۆشم بوێ ی

بۆ هەچ مەنفایەک چووم

     خۆشم بۆێ ی

تا ڕۆژێک خستمیتە باوەشم

هەست کەم خۆڵی ووڵات

وا لە باوەشم

“””””””””’

     13

لە مناڵیمەوە ئەمەوێ

هەرچی کتێبێک دەربارەی:

پەیامبەری کورد ،

فەرمانڕەواکانی کورد ،

شاعیرانی کورد ، هەیە بخوێنمەوە

“زۆر بە دەگمەن نەبێ..!!”

تەنها ئەو قەسیدەیەم دی

كە لە پێناوی پاروویەک و چەن هەزارێ

قاچی”سولطان” ئەلێسنەوە

” ئای چەن سەیر و سەمەرەیە کورد..!!”

هەر خێڵم بینی کە جیاوازی

لە نێوان گۆشتی ژن و پیاوی بێ توک” کۆستە” ناکەن..!

هەر ئەو ڕۆژنامانەم دی

كە جلی ژێرەوەیان، بۆ هەموو سەرۆکێ

كە لە غەیبەوە هاتبێ

     و

هەر ئەفسەرێ بەسەر لاشەی

میللەتا بێت و بچێ

     و

هەر بازرگانێ بە ئاسانی ئاڵتون بخاتە سەر یەک

دانەکەنێ……

ئای چەن سەمەرەیە..!!

“””””””””””””

     14

پەنجا ساڵە سەیری  حاڵی کورد ئەکەم

ئەبن بە هەورە تریشقە…و

باران نابارێنن

ئەچنە شەڕەوە …و

هاتنە دەرەوە لێ ی  نابینن

“”””””””””’

     15

پەنجا ساڵە

ئەمەوێ وێنەی ووڵاتێک بکێشم

جارێک بە ڕەنگی دەمارەکان

    و

جارێک بە ڕەنگی “توڕەیی”

وێنەم کێشا ،

كە تەواو بوو ، لەخۆم پرسی:

گەر ڕۆژێک وەفاتی کوردیان ڕاگەیان

لە کام گۆڕستان ئەینێژن..؟

     و

کێ بۆی ئەگری..؟

    و

نە کوڕی هەیە ..نە کچ

نە هیچ غەم…!

     و

نە هیچ کەسێکی غەمبار

“””””””””

     16

لە سەرەتای شیعر نووسینمەوە

ئەمەوێ نێوانی خۆم و باپیرە گەورەکانم

……بپێوم

لەشکرم دی ، لەشکریش نەبوو

سەرکەوتنم دی ، سەرکەوتنیش نەبوو

     و

هەموو جەنگەکانم

لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن دی

كوژراو لەسەر شاشە

زامار لەسەر شاشە

     و

لە خواوە سەرکەوتنێکمان بەڕێوەیە

….هەر لەسەر شاشە

“”””””””””

     17

ووڵاتەکەمیان کردوە

بە ئەڵقەی” دڕاما “ی ترس

هەموو ئێوارەیەک سەیری ئەکەین

گەر کارەبایان لێ بڕین

…..چۆنی ببینین!!

“””””””””

     18

دوای پەنجا ساڵ

ئەمەوێ ئەوەی دیومە ، تۆمار کەم

میللەتێکم دی پێ ی وایە :

پیاوانی “پاراستن”ی!! نیشتمان

وەک سەریەشە……

وەک هەڵامەت……

وەک سورێژە……

وەک کۆرونا …..

ئیرادەی خوایە..!

لە مەزاد خانە ، کوردایەتیم

بۆ زەم کردن بەسەرا  دی

بەڵام…

……كورد  خۆیم نەدی

“”””””””””””””

“””””””””””””’

(..ئەم شاکارەی نزار قبانی لەسەر چەوسانەوەی  عەربە لە

  لایەن دەسەڵاتدارەکانییەوە ، لە یەک چوونی ناوڕۆکی

قەسیدەکە لە گەڵ ڕابردووی ئێمە و ئەوەی ئەمڕۆ ئەگوزەرێ

بە چاکم زانی بە کەمە دەسەتکارییەکەوە بیکەم  بەکوردی

بە هەمان چێژ و ناوەڕۆکە ڕەسەنەکەی کە گوزارشت لەمڕۆی

خۆمان بکا… ).

پشکۆ ناکام ”  “




شیعر/ بنووسە کچەکەم بنووس… ن.نەوال سەعداوی.. و.شەماڵ بارەوانی

بنووسە کچەکەم بنووس،
تا بەنەمری بمێنیتەوە،

نووسین لە ژنەکان و کۆیلەکان قەغەکرابوو
ئەوان بە مەرگ مەحکوم بوون و مردنیان بۆ نوسرابوو

مانەوە تەنها بۆ خوداوەندەکان و بۆ
نێرەکان بوو

لە منداڵیمدا من دەترسام،
بە هۆی ترسی زۆرمەوە گۆڕایەڵیم دەنواند
بۆ فەرمانەکانی خوداوەند و پاشا،
بۆ نیشتمان و باوک و دایکم

هەمیشە ناوی دایکم لە کۆتایی دەهات
لە کاتێکدا من جگە لە ئەو هیچترم نەدەبینی
ئەو یەکەم ڕوخساربوو بینیم و
یەکەم دەنگیش بوو ببیستم
ئەو دەستپێکبوو
کەچی پاڵیان پێوەنا
بۆ دواوە

دایکم بە نهێنی دەینووسی و
وشەکانی لە ژێرزەویدا حەشاردەدا
ئەو وەکو من دەترسا
تامرد

کچەکەم تۆهاوشێوەی من مەبە
بنووسە بنووس ڕۆڵەکەم تا نەمریت و
بە نەمری بمێنیتەوە..
….

ن.نەوال سەعداوی
و.شەماڵ بارەوانی




چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان -6- رەسوڵ بەختیار

6

بازنەی هاوڕێیەتی لەشەقامە بازنەییەکان توندوتۆڵە، مەرجیش نییە، ئەم توندوتۆڵییە بەردەوام بێ، ئەمەش دەکەوێتە سەر هەڵسوکەوتی بەرامبەرەکان، لەکاتێکدا زۆربەی خەڵکی بازنەکان یەکتری باش دەناسن، ناسینێکی دوور و نزیک بەشێکیان هەر لەدێرینەوە خانەوادەکانیان یەکتر دەناسن، بەشێوەیەک هەموو سەروکاریان لەگەڵ یەکتردا بووە، لەناخۆشی و خۆشییەکاندا لە شەڕ و ئاشتیدا، لەلایەکی دیکەوە هەموو خەڵکی شەقامە بازنەییەکان زۆر بەئاسانیش لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی بازنەکانی دیکە دەبنە ناسیاری یەکتری، لەپرسە و ئاهەنگەکاندا کاتێک یەکتر دەبینن وەک هاوڕێ و ناسیاری یەکتری مامەڵە لەگەڵ یەکتردا دەکەن، تا وای لێدێ متمانەی پێدەکەن و نهێنی خۆشیان لەلا دەدرکێنن، نهێنییەکانی شەقامە بازنەییەکان زیاتر لەرووی کار و بازرگانییەوەیە، کە لەدێڕ زەمانەوە چەند خانەوادەیەک دەستیان بەسەردا گرتووە، بەڵام کاتێک دوو هاوڕێ لەمنداڵییەوە یەکتر دەناسن،بابەتەکە دەگۆڕێ، دیارە هاوڕێیەتی لەهەموو رووەکانەوە زۆر هەڵدەگرێ تا چیرۆکەکانی هاوڕێیەتییەکان بگێڕینەوە.
فەرهاد هاوڕێی منداڵیمە پێکەوە چووین بۆ قوتابخانە، لەگەڵ ئەوەی چەند ساڵێک لەمن گەورەترە، بەڵام لەتەسکەرەی نفووسەکەی هەمان ساڵی لەدایکبوونی من نووسراوە، بەشێکی زۆری قۆناغەکانی خوێندنمان بەیەکەوە تەواو کرد، ئەوەی سەیرە ئەو ساڵەی من دەرنەچووبام، ئەویش بەهەمان شێوە دەرنەدەچوو، پێدەچوو ئاستی تێگەیشتنیشمان هەر لەیەک دەچوو، یاریی تۆپی پێ و هەموو یارییەکانمان لەبازنەی سێیەمدا بوو، بەڵام باوکمان لەبازنەی یەکەمدا کاری دەکرد، هەردەم کاتێک باوکمان ئێمەی دەبردە بازنەی یەکەم دڵمان زۆر خۆش دەبوو، منداڵانی بازنەی یەکەم زۆڕ جار بەڕقەوە سەیری ئێمەی دەکرد، بەڵام هەندێکی دیکە هەستیان دەکرد ئێمە دەبین بەهاوڕێیان بۆیە پێیان دەگوتین خۆتان لەهەندێک منداڵی بازنەی یەکەم بەدوور بگرن.
کاتێک دەچووینە قوتابخانە هەردەم ئەو کتێبە قورسانە لامان بارگرانی بوو، لەقۆناغی ئامادەیدا پێمانوابوو، ئەگەر خوێندن تەواو بکەین وەک ئەوەیە، گەورەترین بارگرانی ژیانمان لەکۆڵ دەبێتەوە، کێشەی ئێمە خوێندنەکە نەبوو، بەڵکو قورسی کتێبەکان بوو، رۆژانە پێنج کتێبمان دەبردە قوتابخانە، سەردەمی ئێمە جانتایەکی واش نەبوو، تا وەک کۆڵەپشت هەڵیگرین، بەڵکو بەلاستیک دەمانبەستایەوە، هەرچۆنێک بێ چەند ساڵێکی دیکە لەقۆناغەکانی خوێندن بەیەکەوە بووین، ساڵی خوێندنی نوێ، یەکەم رۆژی خوێندن چوومە ماڵی فەرهاد، کە چەند مەترێک لەماڵی ئێمەوە لەولاتر بوو، کاتێک پرسیاری فەرهادم کرد، دایکی گوتی: چیتر فەرهاد ناخوێنێ، باوکی لەبازاڕ دوکانێکی بۆ گرتووە، لەوێ کار دەکات، بەڵام تۆ وەک ئەو مەبە، دەتوانی درێژە بەخۆێندن بدەی.
-چۆن واتە لەمەودوا بەتەنیا بچمە قوتابخانە، فەرهاد لەگەڵم نایەت، ئێوە بۆ واتان کرد، خۆ چوونە قوتابخانە رێگە لەهیچ ناگرێ.
-بەڵێ بەتەنیا دەچی، ئەگەر تۆش کارێکت دۆزیەوە، دەتوانی واز لەقوتابخانە بێنیت، کوڕم مەکتەب، خزمەت بەکەس ناکات، بڕۆ بۆ خۆت پیشەیەک فێربە.
کاتێک لەوێ رۆیشتم وامزانی دونیا بەسەرمدا رووخاوە، هەرچی یاد و یادگاری هەبوو، هەموو بەمێسکمدا گوزەری دەکرد.
ئەو کاتەی هەرزەکار بووین، دەچووینە کۆڕ و سمینار، فەرهاد زۆر حەزی بەکۆڕ و سمینارەکان نەدەهات، هەمیشە دەیگوت: لەو قسە گەورانە هیچ شین نابێ، سەیری رووخساری بکە، پێدەچێ نەخۆشی کەم خوێنێ هەبێ، لەجیاتی ئەو قسانە بابچێ چارەسەرێک لەخۆی بکات، ئەو قسە زلانە فلسێک ناکات.
کەچی کاتێک من و فەرهاد دەچووینە ئاهەنگ و کۆنسێرتێک، دەیگوت: باشە، دەتوانین کەمێک مێشکمان بحەسێتەوە، لەو هەموو چەنجاڵییەی رۆژانە تووشی دەبین. (ئەو کات تەمەنمان بۆ شانزدە حەڤدە ساڵان دەبوو).
لەبیرمە گۆرانیبژێکی ناوداری عەرەب هاتبووە یەکێک لەهۆڵەکانی ئەودیوو
بازنەی سێیەم، لەقاتی سەرەوەی هۆڵی جەماوەردا جێگەمان بۆوە، من گۆڤاری ئەلف بام لەلا بوو، ئەو گۆرانیبێژە عەرەبە وا قسەی دەکرد وەک ئەوەی لەشارێکی عەرەب نشین بێ، منیش لەو قسانە وەڕسبووم، دەمویست کارێک بکەم ئاهەنگەکە بشێوێنم، بۆیە دەستم کرد بەدڕاندنی گۆڤارەکەی دەستم هەموو لاپەڕەکانم دڕاند و چەند لاپەڕەیەکم دەکرد بەتۆپەڵەیەک لەسەرەوە فڕێم دەدایە خوارەوە، هەموو ئەوانەی رقیان لەو گۆرانبێژە هەڵسابوو، هاوکاریان دەکردم، لەرێکخستنی تۆپەڵە کاغەز، هەریەکەو لاپەڕەیەکی لوول دادا و فڕێی دەدایە خوارەوە تاوەکو لەناوەندی شانۆکە بکەوێتە خوارەوە.
تەنیا فەرهاد نەبێ گوتی: ئەوە چی دەکەی، خەریکی ئاهەنگەکە لەهەمووان تێک دەدەی.
ئەو راستی کرد، ئێستاش ئەو گۆرانبێژە عەرەبە کاتێک چاوپێکەوتنی لەگەڵدا دەکەن و لێی دەپرسن: لەچ ئاهەنگێک پەشیمانی.
گۆرانیبێژە عەرەبەکە: کاتێک لەشەقامە بازنەییەکان ئاهەنگم ساز دەکرد، ناخۆشترین رۆژ بوو لەژیانمدا، دواتر هەستم دەکرد، جەماوەرەکە حەز بەوە دەکەن، گوێیان لەگۆرانی بێ، بەڵام بەزمانی خۆیان، بۆیە چەند کەسانێک لەجەماوەرەکە لەو نێوەندە کێشەیان هێنا ئارا، منیان سەخڵەت کرد، بەچەند کردەوەیەک کۆتاییان بەئاهەنگەکە هێنا.
لەهەموو بازنەکان کەسانێک هەن حەز بەهونەر و ئەدەب و زانست دەکرد، زۆربەی ئەوانەی ئەو خولیایەیان هەبوو ئێستا لەنێوەندی هەموو ئەم دەڤەرە بەخولیایەکانیان ناودارن، کەسانیکن بوونەتە سەرچاوەی ئەدەب و هونەر لەبازنەکان.
با لەچیرۆکی هاوڕێیەتی دوور نەکەوینەوە، مەرج نییە هەموو هاوڕێیەتییەک سەرکەوتوو بێ و هەردەم ببن بەپشت و پەنای یەکتر، کاتێک گوێبیستی ئەوە دەبووین، دوو هاوڕێ لەسەر چەند بابەتێک کێشەیان کەوتۆتە نێوانیان، یەکێکیان دەمانجەی لەسەر سەری هاوڕێیەکەی داناوە و کوشتوویەتی.
-چۆن؟
-یەکێکیان پەیوەندی لەگەڵ کچێکدا هەبووە، کاتێک زانیوویەتی هاوڕێیەکی چۆتە داخوازی و کچە و دایک و باوکی رازی بوونە، ئەو هاوڕێیەی پەیوەندی لەگەڵ کچەدا هەبووە، لەگەڵ هاوڕێیەکەی رێککەوتووە، تا لەدەرەوەی بازنەکان مەی بخۆنەوە، دوای مەستبوون، کوڕە ئەویندارەکە چەند گولەیەک بەسەر هاوڕێیەکەوە دەنێ و دەیکوژێ.
-دواتر کارەکە کەوتە دادگا، کوڕە ئەویندارەکە لەزیندان حوکمی بیست ساڵەی بەسەردا سەپێندراوە.
-ئەی کچەکە چی بەسەر داهات؟
-کچە شووی بەکوڕێکی دیکەی هاوڕێی کرد.
ئێستا کوڕە ئەوێندارە لەزیندانە و کچەش دوو کوڕ و کچێکی هەیە.
کێشەکان لەشەقامە بازنەییەکان ئەوەندە زۆرن، لەژمارە نایەن، کاتێک بەشەقامێک دادەڕۆی بێ ئەوە پرس بکەی، لەچاوانی رێبوارەکان خەمێکی گەورە دەبینی، ئەم بینینە تەنیا لەچاوانی بەتەمەنەکان نییە، بەڵکو لە چاوانی هەرزەکار و گەنجەکانیش داهاتوویەکی نادیار دەبینی.
-کێشەت چییە؟
-رۆژنامەی شەقامە بازنەییەکان بەرۆژی نیوەڕۆ، راستییەکان چەواشە دەکەن، کەس کاغەزی کەس ناخوێنێتەوە.
-ئەها مەبەستتە، تەنیا دەیانەوێ قسەی گەورە بکەن، تۆش بەرامبەریان بڵێیت، تۆ راستی و هەر تەنیا تۆ، کەچی تۆ دەزانی راستییەکان چییە، هەست بەکڕۆکی هەموو بابەتەکان دەکەی .
-تا ئێستا لێت تێنەگەیشتووم، دەتەوێ چی بڵێت؟
-تۆش ناتەوێ تێبگەیت، تۆ یەکێکی لەنێو شەقامە بازنەییەکانت، باپیرانیشت هەر لێرە بوونە. چۆن نازانی کێشەی ئێمەی گەنج چییە، یان دەتەوێ وەک ئەوانی دیکە باس لەشاکارەکانی دەسەڵات بکەم.
باوکم زۆر جاران بۆی گێڕاومەتەوە، کە شەقامە بازنەییەکان هەر لەدروستبوونییەوە تا ئێستا هەر وابووە.
-کوڕم بۆ کەس خۆت خەتابار مەکە، گۆڕانکاری زەحمەتە، مەگەر دەسەڵاتێکی دیکە بێ سەر لەنوێووە هەموو شتەکان بەرەواژ بکاتەوە، دەزانم ئەو دەسەڵاتە سەرەتا بەهێز حوکم دەکا، بۆ ماوەیەکیش دەیەوێ خۆی شیرین بکات، بەڵام لەژێرەوە هەرجی شیرینی ئەم شەقامە بازنەییانە هەیە دەیخۆن و دەیکەن بەمەزەی مەی خواردنەوەکانیان، کێشەکە لەوەدایە ئەگەر قسان نەکەی دڵ و دەروونت کرمی دەبێ، قسانیش دەکەی زیاتر خەفەتی پێدەخۆی، کەسانی ماستاوچیش نان و ماست بەقسەکانت دەخۆن.
-بازنەی یەکەم مێژووەکەی بۆ چەند هەزار ساڵێک دەگەڕێتەوە، دەیان شەڕ و شۆڕ بۆ داگیرکردنی بازنەی یەکەم دراوە، هیچ کاتێک بازنەی یەکەم خۆی رادەست نەکردووە، چارەنووسی هەردەم بەدەست خۆی بووە.
-دەتەوێی بڵێی ئێستا داگێرکراوین، داهاتوومان دیار نییە، چاوەڕوانی چارەنووسی خۆمان دەکەین.
لەم دوایەدا فەرهادی هاوڕێم دیتەوە، ماوەیەکی باش لەگەڵ یەکتردا دانیشتین، ئەو هەردەم باسی لەوە دەکرد و دەیگوت: تۆ زۆر دەست لەکونان وەردەدەیی، باوەڕ بکە هیچ سوودی نییە، بۆ خۆت هەر دەبێ لەو شەقامە بازنەییانە بیخولێنیەوە، ئەو گۆرانکاریانەی تۆ و دەیان کەسی دیکە باسی لێوە دەکەن، مەترێک بڕ ناکات، بۆ خۆت هەڕ بڵێ.
وەک لەپێشتردا باسم کرد، فەرهاد چەند ساڵێک لەمن گەورەتر بوو، ئەو عەقڵی بەسەر زۆر شتدا دەشکا، هەمیشە دەیگوت: خۆتان سەخڵەت مەکەن، کار و کاسبی خۆتان بکەن و نوێژ و رۆژووی خۆتان بگرن، قەت خۆتان تووشی کێشەی لابەلا مەکەن، چونکە بەهیچ کام لەئێوە ئەو دۆخە ناگۆڕێ.
چەندین خاڵ و بابەتم دەخستە پێش فەرهاد، بەڵام ئەو هیچ کات لەگەڵ بۆچوونەکانم نەبوو.
فەرهاد: ئێمە لەبیست ساڵییەوە ئەو قسانەمان دەکرد، ئێستا تەمەنمان لەپەنجا تێپەڕیووە، هەر هەمان قسە دەکەین، وەک شەقامە بازنەییەکان تەنیا لەدەوری خۆمان دەخولێینەوە، ئەگەر یەک خاڵ بەرەو پێش چووبێ ئەوا هەقتە ئەو قسانە بکەی.
لەکاتی نووسینی ئەم چیرۆکە ئێستا لەخوارەوەی بازنەی یەکەمداین، خانوو پێشتر خانووەکان یان تەلارەکانی سەردەمی زوو دەیڕوانییە دەشتاییەکان، کەچی ئێستا دەڕوانیتە چەند شووقەیەکی پەرش و بڵاوی کاولبوو، ئەوەندە پیس و پۆخڵە تەنیا گەشتیارە عەرەبەکانی باشوور پێی رازی دەبن، بۆ چەند شەوێک لەبەرامبەر پارەیەکی کەم تیایدا دەخەون. کەچی تەنیا حەفتا ساڵ پێش ئێستا جووەکان ئەو شوێنەیان کردبووە خۆشترین بازاڕی ئەو کات، پەرستگەکانیان لەو دەورە بوو، تا ئەم دوایەش ئەستێرەی داوود لەسەرەوەی خانووەکان لەگۆشەیەکدا نەخشێندرا بوون، بەم دواییە کەسانێک دەمارگیر بۆ سڕینەوەی ئەو مێژووە، هەموو نەخشەکانی ئەستێرەی داوودیان شێواند، بەڵام لەوەتەی ئەوان ڕۆیشتوون، ئەم شوێنە بۆ ماوەیەک لەلایەن کەسانێکەوە داگیر کرابوو، وەک ئەوەی وەک میرات بۆ ئەوان ماوەتەوە، ئێستا ئەم خانووانە هەمووی چۆڵە و کەسی تیادا نییە، بەو بیانووەی شوێنەواری بازنەی یەکەمە، کەچی ماوە نا ناماوە چەند خانوویەک دەڕووخێندرێ و دەکرێتە گەراجی ئۆتۆمبیل.
وەک باسی لێوە دەکەن جووەکانی بازنەی یەکەم بۆ ماوەی هەزران ساڵ لەبازنەی یەکەمی خوارەوە ژیاون، راستە ژمارەیان زۆر نەبووە، بەڵام توانیبوویان جێ پەنجەی خۆیان لەهەموو کارێک جێبهێڵن.
زۆرێک لەوانەی لەبازنەی یەکەمدا ژیاون ئێستا تەمەنیان نەوەد ساڵ دەبێ، کەمێکیان بیریان ماوە، کە چۆن هەڵسوکەوتێان کردووە، سەبارەت بەهاوڕییەتی نێوان مووسڵمان جووەکان، مام سڵێمانی تەمەن نەوەد ساڵ باس لەوە دەکات، کە جووەکان حەزیان بەهاوڕێیەتی هەبووە، هەردەم دڵکراوە و کەسانی میواندار بوونە، کەچی مووسڵمانەکان زۆر بەکەمی هاوڕێیەتیان لەگەڵ جووەکاندا کردووە بەو بیانووەی غەیرە دینن.
زۆر جار لەگەڵ فەرهاد باسمان لەمەرگ و ژیان دەکرد، هیچ کات لەمردن نەدەترساین، پێمانوابوو ژیان دەرفەتێکە تا بتوانین خزمەت بەکەسە نزیک و دوورەکان بکەین، هەمیشە مشتومڕمان بوو لەسەر ئەوەی چۆن جێ پەنجەی خۆمان جێبهێلین، ئینجا بەکار و کردەوە و نووسین و داهێنان یان هەر پیشەییەک بێ، سەر لەبەری مێژووی ئەو ناوچەیەمان دەخستە بەر باسەکانمان.
ماوەیەکی دوور و درێژ بوو فەرهادم نەبینی بوو، لەگەڵ ئەوەی لەبۆنە و یاد و جەژنەکاندا سەردانی یەکترمان دەکرد، چەند رۆژێک پێش جەژن ویستم سەردانی فەرهاد بکەم، دوای ئەوەی لەدەوام هاتمەوە، برایەکم تەلەفۆنی بۆ کردم، زۆر بەپەشۆکاوی گوتی: فەرهاد جەڵتە لێداوە و نەگەیشتۆتە نەخۆشخانە و کۆچی دوایی کردووە.
کاتێک ئەو هەواڵەم بیست بۆ چەند خولەکێک بێدەنگ بووم، قوڕگم پڕ گریان بوو، نەمدەزانی چی بڵێم.
ئێستا هاوڕێی منداڵیم چۆتە دونیایەکی دیکە، ناوێرم سەردانی ماڵەوەیان بکەم نەوەک دایک و باوکی دووبارە دەست بەگریان بکەنەوە.
ئیتر فەرهاد لەنێوەندی هەموو نووسین و چیرۆک و وتارەکانم رەنگدەداتەوە، ئەگەر رستەیەک هی خۆم نەبێ، ئەوا بێگومان فەرهاد خاوەنییەتی.
هەردەم یاری و رۆژانی قوتابخانەم دێتەوە یاد، فەرهاد یەکێک لەو هاوڕێیانە بۆ دووبارە لەشەقامە بازنەییەکان دووبارە نابێتەوە.

رەسوڵ بەختیار




پرۆگرامی خوێندن خەمی هەمووانە… سەردار جاف

لەم رۆژانە و بە دياریکراوی ڕۆژی ١٢/ ٥/ ٢٠٢٢ لە هوتێل ڕۆتانە ديدارێکی زانستی سەبارەت بە پرۆگرامی خوێندن بۆ پۆلی يەکی بنەڕەتی سازدرا، بە داخەوە لەوێ نەبووم، ئەوەی دوور بە دوور لێی بە ئاگا بووم، برادەرێک بە ناوی فرياد فازڵ گوايە داهێنانێکی تازەی داهێناوە، کتێبێکی نوێی پێشکەشی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی ببێتە وانەی خوێندنی کوردی بۆ ئەو پۆلەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە، جگە لە هەندێ بڕگەی زياد کراو بۆ کتێبەکەی ڕەوانشاد ئەمين باڵدار هيچی ديکەی تێدا بە دی ناکرێ، لەم سۆنگەيەوە ئێمە بۆ خۆمان تێبینی و سەرنجی تايبەتمان هەيە، بە هۆی ئەو بەرەڵاییەی لە رێنوس و بواری زمانەوانی هەيە، وای لێهاتووە پیتەکانيش ڕەنگاوڕەنگکراون، بۆيە هەڵويستەی دڵکارانەی لە ئاست وەردەگرين، ناکرێ لە ئێستاوە ( مەبەستم لە ئێستا… قۆناغی يەکی بنەڕەتييە) مناڵەکان و نەوەی دادێ بەو جۆرە سەقەتە پەروەردە بکرێ، هەڵبەتە مەبەستم ميتۆدی خوێندنەکە نييە، مەبەستم لەوەيە رەنجی باڵدار و کەسانی دیکە بدرێ بە کەسێکی دی، ئێمە زۆر پێويستمان بە پرۆگرامێکی سەرەتايی هەيە، هەتاوەکو نەوەيەکی ساغلەم بۆ نيشتيمانەکەمان پەروەردە بکەين، بزانە چ تاوانێکە منداڵی کورد وا تێبگەيەنرێ کە ئەوەی هەيە بەرهەمی باڵدار نييە و کەسێکی دی هاتۆتە سەر سفرەی ئامادەکراو و لە خوانەکەی دەخوا، زمان کۆڵەکەی هەم نەتەوە و هەم کەڵچەڕەکەيەتی، پێم وابێ ئەم بێسەر و بەرييەی زمانی کوردی گرتۆتەوە لە دەرئەنجامی ئەم جۆرە کۆڕ و ديدار و سمينارانەيە کە لەو ديو دەرگا داخراوەکانەوە ساز دەدرێ، با هيچ کەسێ وا تێنەگات دنيا سەرگەردانييە و هەر کەس بۆ خۆيەتی، مرۆڤ وا هەست دەکات کە کەسێک دەخرێتە پێشەوە لە ئاکامی قاڵبوويەتی نييە، وەلێ دۆراندۆرەکەيە و لە چوارچێوەی (( المحسوبية و المنسوبية )) ناترازێ، رێک ڕووپەرمایی و خۆچەماندن نيشان دەدا، سەرکەوتن بە سەر گازەرەی پشتی ئەم و ئەو گەرەکە پێی بوترێ ستۆپ تائێرە و بەس، سڕێنەوەی ناوی ئەوانەی رۆژگارێکی زۆر زۆر خزمەت بە زمان و خوێندنی کوردی کردووە جگە لەوەی تاوانێکە و هيچ پاساوێک هەڵناگرێ، ئەوا لە کتێبە نوێیەکەيشدا تازەگەرێتییەکی تێدا نابينی جگە لە جوینەوەی رابردوو.

لێرەوە ڕووی ئاخاوتنمان دەکەينە وەزيری پەروەردە و پێی دەڵێین ئامانەتێکی گەورەتان لە ئەستۆ دايە و ناکرێ کارێکی وا بکەن قەڵەمی نوسەر و ڕەخەگر و پسۆری بوارەکە لێتان بێتە دەنگ و بەزەیی پێتاندا نەيەتەوە، بە پێچەوانەيشەوە مێژوويەکی پاک بۆخۆتان تۆمار دەکەن، کە نها ناوی چاکەکاری بەڕێوەبردنتان سنووری وڵاتی بەزاندووە، با ( العد التنازلی ) دەست پێنەکات، هەرچەندە کەمێکی وا تێگەيەنراوم کە وەزير بەم ديدارەوە ڕاناوەستێ، بە هيواين پرۆگرامی خوێندن ئەو ڕەوتە پاکەی بگرێتە بەر کە هەموو خودان قەڵەمی بە حەسرەتن بۆی، لەم دەرگاوە واسيتە و خاتر و خۆتر نەخوا، گرينگ بوژانەوەی پرۆگرام بێت، قسە زۆرە و بەم چەند دێرە کۆتایی پێدێنم، لێرە و لەوێ خەلکی غەيرە کورد و رۆژنامەوانيش گەواهی ئەوە دەدەن کە کورد سەرباری ئەوە بە درێژایی مێژوو لە لايەن دوژمنەکانییەوە سەرکوت دەکرێ و گەمارۆ دراوە کەچی زمانەکەی خۆی لە دەست نەداوە ماوە و گەشەی پێداوە، لە خۆڕاییش نییە زمانزانەکانمان پەنايان بۆ زمانی لادێی دەڤەرە جياجياکان بردووە، چونکە پاکی زمان وا لەوێ.

سەردار جاف / ئەڵمانيا




ديوارى تابۆ… شەماڵ بارەوانی

درگای دیواری تابۆ بشکێنە و
پەردەی پەنجەرەی شەرم لابە

وەرە تاریکی باڵەخانەی تەنیاییم
بە فانۆزی ڕوت ڕووناککەرەوە

لێواری ئەتەگی ئشتیات
بە تەنافی بێ ئۆقرەییم هەڵواسەو
دەمی قەسیدەت بخەرە نێو دەمی شیعرمەوە

ستیانی هەستت
لە لقی بای حەزی جەستەما ببەستە
و
بە دەستی بوێریت
زنجیری پانتۆڵی بەختم بکەرەوە و
یاری بە ملپێچی هەوەسم بکە

لەسەر قەرەوێڵەی بوونم
دۆشەگی ترپەی دڵمم بۆ ڕاخستووی
لە ناو نوێنی تامەزرۆییمدا ڕاکشێ و
لەسەر سەرچەفی حەزەکانم
ڕووحت ڕووت کەرەوە

سەرت بخەرە سەر سەرینی گۆنام و
دەست بنێ گەردنی تاسەی هەناسەکانم

بە شیرینی ماچی سۆزت
لاقەی تینوێتی تاڵی مەراقم بکە

ئاوێتەی ئینجانەی خەیاڵم بە و
لە ئامێزی خولیام بتوێوە

مایۆی چاوەڕوانی داکەنە
لەگەڵ تارمایی خەونمدا جووت بە
و
بە ئیرۆتیکی وشەکانت
ئۆرگازمی ئارامی
ئاوێتەی پێخەفی موشتاقیم کە




پەرستار…هۆنراوە بۆ منداڵان…عەلی حەمەڕەشید

پەرستار

هۆنراوەی:عەلی حەمەڕەشید

ئەو مـرۆڤە بەخشندەی
هەمیشە ماندووی کارە
لەنێو نەخۆشخــــانەدا
چـالاک و دڵسۆز دیارە
کەسێکی خۆشەویستە
بیناسن پەرســــــتارە

وەک فریشتە بەفریـای
نەخۆشەکــان دەکەوێ
دەبێتە مـــایەی خۆشی
بۆ نەخۆش کە دەرکەوێ
دڵنیام هەمـــوو کەسێک
پەرستاری خۆشـــدەوێ

مرۆڤێکە میهـــــرەبان
بەگیانی پڕ هاوکـــاری
بۆ شیفای نەخۆشەکان
خەندەی پێیە بەدیاری
گشت پێزانینمان هەیە
بــۆ پیشەی پەرستاری

١٣/٩/٢٠٢١




سیمیناری سەرکەوتن ئامانجمانە

سەنتەری ڕۆشنبیری شەقڵاوە
لە درێژەی کارو چالاکییەکانی دا سیمینارێکی ناساندنی کتێب لە ژێر ناوی سەرکەوتن ئامانجمانە، بۆ هەردوو نووسەر و وەرگێڕ (دڵشاد کاوانی و ڕەوەند سەباح) بۆ ناساندنی کتێبەکانی (بیرۆکەکانی سەرکەوتن و سەرکەوتن دوای شکست) سازدەکات. …

لە کۆتایی سیمینارەکە دا کتێبەکان لەلایەن نووسەرەکانەوە دەبەخشرێن بە ئامادەبووان.
بەهاتنتان سیمینارەکە دەوڵەمەندتر دەکەن.

  • ڕۆژی چوارشەممە.
  • بەرواری ١٨/٥/٢٠٢٢.
  • کاتژمێری (٥) ی ئێوارە.
  • شوێن: باخچەی کتێبخانەی گشتی شەقڵاوە. تەنیشت بارەگای سەنتەری ڕۆشنبیری شەقڵاوە.

هاتن بۆ هەمووانە….

ڕاگەیاندنی سەنتەری رۆشنبیری شەقلاوە




دۆڕان هەر دۆڕان دەهێنێت… کاوە جەلال

دۆڕان دازناندن و لێڵبوونی پێشچاو دەهێنێت، بۆیە دۆڕاوانی کۆڵنەدەری سیاسی توانستی بیناکردنیان نییە. بێگومان بەبێ ڕەچاوکردنی کردەکێتی ناتوانین تا ڕادەی شیان لە پرۆسەی دۆڕان نزیک بکەوینەوە.

سەرەڕۆیی هەوەسی چەکداری و زیتکردنەوەی “گەلەکۆمەکێ” کە ناوی “پارت”ی پێدا هەڵدەواسرێت، “ڕێکخستن” نییە، چونکە ڕێكخراو دامەزراوەیە و لە نێویدا هەر ئەندامێک / بەکرەیەک کارایی بزواندن و پێشڤەبردنی وەردەگرێت. ڕێکخستن لە بنەڕەتدا پرۆژەی نێو جڤاکی مۆدێرنە کە تێیدا تاکەکەسان، بەئاگاهاتوو لە کەرامەتی مرۆڤی و پێداویستیی سۆسیال و رۆڵی تاک لە ژیانی سیاسیدا، مەبەستمەندانە هەڵوێست وەردەگرن، خۆیان ڕێکدەخەن، بەمەش دامەزراوە دەهێننە گۆڕێ. بێگومان ئەمە ڕەوشێکی ئیدیال نییە، کەواتە بەدەر نییە لە ناکۆکیی نێوکەسیی. لە گەلەکۆمەکێدا بە پێچەوانەوە هەڵوەستانی بونیادنەری تاکەکان لەگۆڕێ نییە، بەڵکو ناسیاری و هاوسۆزیی نێویەکی هەن، بۆیە لە نێویدا هەنگاونانی سۆزمەند و هەستەکی باڵادەستی وەردەگرێت، لێرە ئاوەزی پراکتیکی (وەک چۆن بۆ نموونە لەکاتی پەڕینەوە بە شەقامێکدا لە مەترسیی سەر ژیان دەمانپارێزێت) دەشێت کەم یان زۆر ژیانپارێز بێت، یان بەرژەوەندیی خۆیی دابینبکات.

لە گەلەکۆمەکێدا کە دامەزراوە نییە، هەر کەسێک خۆی مەبەستە، ئەوجا گەلەکۆمەکێکەران پێکڕا بە تەکنیکی لە دەرەوە وەرگیراوی ڕێکخستن بەسەر خوارەوەی خۆیاندا زیتی دەکەنەوە، بەتایبەتی بەسەر گەنجانی ناسەلاردا کە ناخیان سۆزمەندانە بۆ ڕەوشە سیاسییەکەی گەلەکەیان وروژاوە. گەلەکۆمەکێکەران کە بەدەرن لە ئاوەزی تیۆرییانە، هیچ ڕێبازێکیان نییە، بەڵێ ڕێباز بە دەروونی ئەوان نامۆیە، ئاخر ڕێباز، بەگوێرەی “هەنبانە بۆرینە”، “ڕێگەی ناسراو”ە، وەک ئەوەش ئامانجی پێناسەکراوی هەیە و پلانی گەیشتن پێی دانراوە. ئێمە دەتوانین ڕێباز وەک تێگە کوردییەکەی ستراتیژی دابنێین.

لەم ڕوانگەیەوە گەلەکۆمەکێی بێڕێباز، هەر ئەوەندەی بەنێو ژیانی جڤاکدا زیتکرایەوە، لەتەک خۆیدا چەندین دەروو بۆ هەڵپەی پێگەگرتن ئاوەڵا دەکات و فاکتەرێکی کاریگەرە بۆ دۆڕان، چونکە ئەم ڕەوشە، گرێدراو بە ڕەوشە ناوبراوەکەی سەرەڕۆیی هەوەسی چەکداری و بێڕێبازییەوە، بەدپەیوەندی لە کایەی سیاسیدا دەخاتەوە: سەرەڕۆیان کە لە گەلەکۆمەکێدا خۆمەبەستن، هەموو پلان و تاکتیکیان ئاڕاستەی پێگەگرتن یان لەپێگەلابردن (درەنگتر پۆستگرتن یان لەپۆستلابردن) دەکەن. پرسی پۆست لە هەلی هەڵکەوتووی سیاسیی دامەزراوەییدا دێتە نێو جەرگەی چالاکبوونە سیاسییەکانەوە و تەنانەت دەبێت بە بەدنەریتی سیاسی. ئاخر لە هەڵپە سیاسییەکاندا کە پاڵهێزی پسیکۆییان هەیە، بەرژەوەندییەکی گشتی وەک ئامانجی سیاسی لەگۆڕێ نییە، ئەویش چونکە سەرەڕۆیانی دۆڕاو کە بەتایبەتی تێهەڵدراوەکانی کۆتایی هەشتاکانن، ناتوانن لە هەقیقەتی پسیکۆییانەی خۆیان و پیاوانی بندەستیانەوە گشت-بین بن، هاوکات توانستی بیناکردنیان هەبێت.

بێگومان ڕووداوی دۆڕان تەنیا ئەوە نییە کە گرووپێک لە شەڕدا دەیدۆڕێنێت، واتا دەرەقەتی گرووپی بەرانبەری نادات و ئەوجا دەشێت بێئابڕووانە ببێژێت: “خۆ مارەیی دایکمم لەسەر ئەم شاخە دانەناوە، ئەم نا یەکێکی دی”! (ئەوە گۆیا شەڕی پارتیزانی دەکات!). دۆڕانی گەلەکۆمەکێکەران هەروەها بریتیشە لە: کوژران و لەداردانی لەڕادەبەدەر زۆری گەنجان، وێرانبوونی گوند و ڕاگواستنی گوندنشینان، سووتاندنی ڕەز و باخ، تەقاندنەوەی کانی، فرۆشتنی کچان بە مەلهاکان، تێکدانی مێژووی شارەکان، لە هەمووشیان ستەمتر: ژاربارانی شار و ناوچان یان کۆمەڵکوژی. بە شێوەی کۆنکرێت بڕوانین، پرۆسەی دۆڕان لای کوردەکانی ئێراق لە 1961 بەدوواوە، بەسەر ئاشبەتاڵ و تێهەڵدانە بەهێزترینەکەی کۆتایی هەشتاکان و ماوە مێژووییەکەی دوای ڕاپەڕیندا، تا هەنووکە درێژدەبێتەوە، چونکە خۆدەوڵەمەندکردن و تەنینەوەی هەژاری، کۆچکردنی گەنجان و خانەواندان بۆ هەندەران، شەڕی نێویەکی، تەقاندنەوەی ناکۆکی لە پێناوی پۆستدا، تێکدانی ژیانی ئابووری و نەریتی زانستی-سوننەتییانەی زانکۆکان، پێکڕا سەر بە دۆڕانەکانی تێهەڵدراوانی سنگدەرپەڕیون.

لەبەر ئەوەی ئێمە دۆڕان دوای دۆڕانمان هەیە، ئەوا بەمە هەروەها ناڕاستەوخۆ گۆتومانە کە “هەرێم” بەرهەمی سەرکەوتن نییە، یان ئەوە نییە کە دۆڕاوەکان درۆزنانە وەک “بەرهەمی خوێنی شەهیدان” پێیدا هەڵدەدەن، واتا گۆڕانێکمان نییە کە هەنگاو بە هەنگاو ناوچە بە ناوچەی ڕزگار کردبێت و هاتبێتە نێو شارەکانەوە، ئەوجا پرۆگرامی سیاسیی خۆی لەنێو پێکرای جڤاکدا خستبێتە بواری پراکسیسەوە. نەخێر، هەرێم بەهۆی جەنگی کەنداو و هێنانی بێگانان و خۆگرێدان پێیانەوە، کەواتە سەرلەنوێ بە خۆفرۆشی باوی دەسەڵاتگەرایان، “زیتکرایەوە”. لەم ڕوانگەیەوە “هەرێمی کوردستان زۆڵێکی سیاسییە“. بەڵی ستەمتر لەوەش، “هەرێم” وەک زۆڵی سیاسی تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە ڕیشە دابکوتێت، بەڵکو لە سەرەتای زیتکردنەوەیەوە جۆلانە دەکات، لە نێوەندی ئەو جۆلانەکردنەشدا خواست و داواکاری بۆ “پۆست و پارە و سێکس” پێشترییان هەیە. ئاغاکانی دۆڕاوان چەندین جار بەئاشکرا ئەم هەقیقەتەیان داوە بە ڕووی ئەوانی نۆکەریاندا.

دۆڕانی بەردەوام کۆتایشی هەیە کە دوا-دۆڕانە. ئەوە بێگومان مایەی خۆشحاڵی نییە، چونکە دۆڕانی سیاسی دەشێت نەهامەتیی بۆ جڤاک، تەنانەت دەشێت کارەساتی لێبکەوێتەوە، هاوکات – ئەمەش زۆر شیاوە بەهۆی بێئابڕووییەوە – دۆڕاوان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەربچن. بۆیە ئەو پرسیارە بەکراوەیی دەمێنێتەوە کە داخۆ ئەو زۆڵە سیاسییە سەرباری نا-جۆرێتییەکەی هێشتا هەر بەهۆی ڕەوشی کوردانەوە باشتر نەبێت لە لەناوچوونی و هەرچۆنێک بێت هەوڵ بۆ چاککردنی بدرێت. وەلێ کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە زۆڵی سیاسی وەک نا-جۆر چاک ناکرێت، چونکە ئەو بێڕیشەیە و بە حەواوە جۆلانە دەکات، ئەوجا باوک دەیدات بە کوڕ، ئەویش وەک بەدخوو و پێنەگەیشتوو و چڵێس ناتوانێت جۆلانەکردنی بگیرسێنێتەوە، بەڵکو گوڕی پێدەدات.

سەرباری هەموو شتێک، دوا-دۆڕان هیچ نەبێت شیمانەی دەستپێکردنەوە لەتەک خۆیدا دەهێنێت، هاوکات ڕەنگە بۆ هەمیشە لە مۆتەکەی “کوردایەتیی ڕیال” ڕزگارمان بێت کە هەرگیز هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتییە(کە)وە وەک ناسیۆنالیزم نەبووە، نەخێر ئەو بە ڕەوانبێژی تەنیا خۆی پێوە باداوە، بەو ناوەوە بازرگانیی کردووە. ئاخر ناسیۆنالیزم “جۆر”ە، وەک ئەوەش دەشێت وەربگیرێت یان ڕەتبکرێتەوە.

بێگومان بەبێ پرسیاری ئێتیکی (ئەخلاقناسی) کورتهێن دەبین. ئاخر کردنی ئەو پرسیارە زۆر گرنگ و ڕۆشناییدەرە کە داخۆ دۆڕاوەکان چە پەرچەکردارێک لەسەر دوا-دۆڕانی خۆیان بنوێنن. ئێمە دوای 1991 بینیمان کە دۆڕاوەکان، تێهەڵدراوەکان، هەروەک نە با و نە بۆرانیان دیبێت، دەستیان بەسەر ژیانی سیاسیدا گرت، ئەوە تەنانەت بە سنگی دەرپەڕیوەوە!! ئەوەندە بێئابڕوو بوون!! لەم ڕوانگەیەوە پەشیمانی و دانیشتن، خۆکوشتن وەک سەرئەنجامی قبووڵنەکردنی ئەو نەهامەتیانە کە بەسەر خەڵک و وڵاتیاندا هێناوە، لە ئەوانی دۆڕاو ناوەشێتەوە. ئەوان ویژدانیان پووکاوەتەوە، ئاخر هەر ئەوەندەی “ئاڵۆشی دەسەڵات” وروژا، تا مەرگ دانامرکێتەوە گەر هاتوو “لە دەرەوە” دانەمرکێنرێتەوە.

گومانی تێدا نییە کە واژەی “ئاڵۆش” سێکسوێلییە، بە پێچەوانەی دەستەواژەی “شەیدایی بۆ دەسەڵات” کە دەشێت پسیکۆلۆگییانە، یان تەنانەت هۆزانی بێت. وەلێ واژەی “ئاڵۆش” گونجاوترە، چونکە دەسەڵات و سێکس دوو دیوی ڕەوشەکەن. مرۆڤ با لەو هەموو “کچ کوونکردن” و دەستبردنە زۆرەکییە بۆ کەرامەتی ژنانی نێو فەرمانگە و بارەگا بەناو حیزبییەکان بروانێت کە دۆڕاوەکان دوای گەڕانەوەیان بۆ نێو شارەکان ئەنجامیاندان! ئەوە بێگومان وەک درێژکراوەی دەستبردن بۆ کەرامەتی کەیبانووی گوند!




ئامانج له‌فیلمی ئه‌زموونی شه‌وكه‌ت ئه‌مین دا… حه‌یده‌ر عه‌بدولڕحمان

زۆربه‌ی فیلمه‌كانی شه‌وكه‌وت ئه‌مین بۆ فیستیڤاڵه‌ جیهانیه‌كان به‌رهه‌م ده‌هێندرین ، بۆیه‌ شه‌وكه‌ت ناوێكی دیاره‌ له‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ی كه‌ شوێنی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ له‌ نێو ده‌رهێنه‌رانی ئاسیا.
دوا فیلمیشی) ئه‌زموون (Te Axam كه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی محه‌مه‌د ئه‌كتاشه‌، له‌لایه‌ن شه‌وكه‌ت ئه‌مین و سیناریۆی محه‌مه‌د ره‌زا جه‌وهه‌ری نووسراوه‌.
هه‌ر سێ‌ وڵاتی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ڵمانیاو قه‌ته‌ر وهه‌ردوو كۆمپانیای (میتۆس فیلم ) و ( مه‌ستی فیلم) به‌شدارییان له‌به‌رهه‌مهێنانی فیلمه‌كه‌دا كردووه‌.
فیلمه‌كه‌ باس له‌ كۆمه‌ڵێ‌ بازرگان ده‌كات له‌ رێگه‌ی غه‌ش و به‌كارهێنانی مۆبایل و بلوتوسه‌وه‌
بازرگانی به‌پرسیاره‌كانی ئه‌زموونی به‌كه‌لۆربا ده‌كه‌ن و به‌هێزی پاره‌، ماندوو بوونو شه‌ونخونی كۆمه‌ڵێ‌ قوتابی به‌توانا ده‌دزن و له‌شوێنی ئه‌واندا قوتابیه‌ بێ‌ تواناكان شوێنیان ده‌گرنه‌وه‌ .
له‌نێوانیاندا قوتابیه‌كی هه‌ژار (رۆژین ) به‌هاكاری خوشكه‌كه‌ی و فروشتنی خشڵه‌كه‌ی، به‌ئاواتی گه‌ یشتن به‌زانكۆو زامن كردنی ئاینده‌یه‌كی زامن به‌شداری له‌و تاوانه‌ ده‌كات، به‌ڵام له‌ئه‌نجامدا ده‌ستگیر ده‌كرێت و خۆی و خوشكه‌كه‌ی روو به‌رووی چاره‌نووسێكی ره‌ش ده‌بنه‌وه‌.
وه‌زیفه‌ی سینه‌ما وه‌زیفه‌یه‌كی هه‌مه‌ لایه‌نه‌یه‌، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌هه‌ر جه‌مسه‌ریكدا بۆی بچیت هه‌ر فیلمێك ئامانجێكی دیاری كراوی خۆی هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت په‌یامێك بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌ره‌سه‌ندا خزمه‌تێك پێشكه‌ش به‌كۆمه‌ڵگاو به‌مرۆڤایه‌تی ده‌كات.
له‌و پێودانگه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌ی من ده‌مه‌وێت بپرسم ئه‌وه‌یه‌، ئاخۆ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌و ئامانجه‌ی فیلمی (ئه‌زموون) هه‌ڵی ده‌گرێت چیه‌؟
چه‌ندیش ئه‌و ئامانجه‌ له‌خستنه‌ رووی دیارده‌یه‌كی كاتی وه‌ك غه‌ش كردن له‌و فیستیفاڵه‌ جیهانیانه‌دا خزمه‌تێكی به‌نه‌ته‌وه‌، یا نیشتمانی ئێمه‌ی كورد ده‌كات؟
ئایا به‌هۆی گوتاری ئه‌و فیلمه‌ ده‌مانه‌وێت بڵێین گه‌لۆ ئێمه‌ی كورد گه‌لێكی غه‌شاشین و بازرگانی به‌زانست و مه‌عریفه‌و بڕوا نامه‌ كانمانه‌وه‌ ده‌كه‌ین ؟
نه‌وه‌كانمان كه‌ به‌رپرسیاریه‌تی ئاینده‌ی ئه‌و گه‌له‌ هه‌ڵده‌گرن ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی پووچه‌ڵی خورافات په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن، به‌ هیوای نوشته‌و جادو نزاوه‌ روو له‌هۆڵه‌كانی ئه‌زموون ده‌كه‌ن؟
مامۆستاكانمان ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نی خۆیان بۆ پێگه‌یاندنی نه‌وه‌كانمان ته‌رخان كردووه‌، وا به‌ ئاسانی ویژدانی خۆیان ده‌فرۆشن و بۆ كه‌مێ‌ پاره‌ به‌شداری له‌تاوانێكی گه‌وره‌ی نیشتمانیدا ده‌كه‌ن؟
ئایا ئه‌م دیارده‌ كاتیه‌ قێزه‌وه‌نه‌ شوناسی ئه‌و گه‌له‌یه‌ كه‌ له‌ جیهاندا وه‌ك گه‌لێكی ئازادیخوازو جه‌زره‌
دراو ناسراوه‌و خاوه‌نی سه‌دان كاره‌سات و روداوی جه‌رگ بڕی نه‌ته‌وه‌یی، ته‌ژی له‌كولتوورێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی پڕ له‌داستانی قاره‌مانیه‌تی و مێژوویه‌كی پڕ له‌ سه‌روه‌ریه‌ ؟
له‌نێو هه‌موو ئه‌وانه‌دا ئێمه‌ هیچمان نه‌بوو له‌و فیستڤاڵانه‌دا نیشانی بده‌ین ته‌نیا دیارده‌یه‌ك نه‌بێ‌ خۆمان و نه‌ته‌وكه‌مانی پێ‌ سووك بكه‌ین و گه‌لانی دنیا به‌نه‌زانی و جه‌هاله‌تی خۆمان بخه‌ینه‌ پێكه‌نین؟
له‌وه‌ سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌پاره‌ی خۆی فیلمێك به‌به‌رهه‌م دێنێ‌ بۆ سوكایه‌تی پێ‌ كردنی خۆی، چونكه‌ ئه‌و تاوانه‌ له‌ژیّر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا ده‌كرێت، تاوانباره‌ گیراوه‌كانیش له‌ژیّر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا دوای چه‌ند ساتێك ده‌ستگیر كردن ئازاد ده‌كرێن و قوتابخانه‌یه‌ك ده‌كه‌نه‌ ماركێتێكی توركی بۆ بازرگانی.
بۆیه‌ خه‌ڵكی له‌و فیستیڤاڵانه‌دا بۆی هه‌یه‌ بپرسێ‌ ئه‌وه‌ ئه‌و یاسایه‌یه‌ كه‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ی پێ‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت ؟
سینه‌ما گواستنه‌وه‌ی مێژوویه‌ك، واقعێك نیه‌ وه‌ك خۆی، به‌ڵكو به‌رجسته‌ كردنی واقێكی جوانتر له‌ خۆیه‌تی.
هه‌میشه‌ سینه‌ما وه‌ك كارتێك به‌كار دێت بۆ ململانێی سیاسی و ئایینی و ئایدۆلۆژی گه‌لان، چونكه‌ ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی سینه‌ما دروستی ده‌كات، له‌سه‌ر ئایدۆلۆژیه‌تی گه‌لان ، له‌هه‌موو كارتێكی تر كاریگرتره‌ .
لیبیا سه‌رمایه‌كی خه‌یاڵی خسته‌ به‌رده‌م مسته‌فا عه‌قاد، بۆ به‌رهه‌م هێنانی فیلمی (عومه‌ر موختار) چونكه‌ ده‌یزانی رۆژێ‌ دێ‌ له‌رێگه‌ی ئه‌و فیلمه‌وه‌ لیبیا به‌وڵاتی عومه‌ر موختاره‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌.
تا ئێستاش زۆربه‌ی ئه‌و فیلمه‌ ئاینیه‌ دیارانه‌ی به‌رهه‌م هاتوون چه‌شنی ( پیاوانی ئه‌نجلۆس ، یوسفی راستگۆ ، موسا پێغه‌مبه‌ر ) به‌سه‌رپه‌رشتی كردن و بودجه‌ی تایبه‌تی ( خامه‌نه‌ئی) به‌رهه‌م دێت، چونكه‌ خامه‌نه‌ئی ده‌زانێ‌ چۆن به‌سینه‌ما شه‌ڕی وڵاتانی تر ده‌كا .
مایكل مۆر ـ ی ده‌رهێنه‌ری ئه‌مریكی له‌دوا رۆژانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریكا، فیلمی ( 11 فه‌هره‌نهایت ) ی بۆ لێدانی (جۆرج بۆش) نمایش كرد، له‌هه‌مان كاتدا به‌ڕاوێژی كۆنگریسی ئه‌مریكا داوا له‌ جانۆ رۆژبه‌یانی كرا فیلمێك له‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژی كورد به‌رهه‌م بهێنێ‌.
توركیا به‌ ده‌یان فیلمی دژ به‌ نه‌یارانی خۆی به‌رهه‌م هێناوه‌و چ تاوان و تیرۆرو ره‌ش كوژی هه‌یه‌ خستویه‌تیه‌ سه‌ر ئه‌ستوی ئه‌وان، بۆ شێواندن و ناشیرین كردنیان،

سیناریۆ دوو باره‌كان:
جگه‌ له‌وانه‌ش چه‌ند پرسێكی هونه‌ری تریش له‌فیلمه‌كه‌دا هه‌ن مایه‌ی سه‌رنجه‌:
ده‌رهێنه‌ر وای كردووه‌ (رۆژین) دوای ده‌ستگیر كردنی له‌ئه‌زموونه‌كه‌ و بێهوده‌ بوونی هه‌وڵی مامۆستاكه‌ی بۆتاقیكردنه‌وه‌، به‌ناكامی له‌هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ ده‌رده‌چێتو ده‌چێته‌ سه‌ر پردێك ده‌وه‌ستێ‌ ، به‌ڵام دوای هه‌وڵێكی زۆر بۆ دۆزینه‌وه‌ی سۆراغی نابێ‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گیه‌نێت كه‌ رۆژین له‌پرده‌كه‌وه‌ خۆی هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ خواره‌وه‌و خنكاوه‌.
له‌ دیمه‌نێكی تردا به‌هه‌مان سیناریۆ خوشكی (رۆژین) و هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌چنه‌ سه‌یران، ئه‌ویش ده‌چێته‌ سه‌ر ده‌ریا به‌هه‌مان سیناریۆی خۆ كوشتنه‌كه‌ی رۆژین له‌سه‌ر ده‌ریاكه‌ ده‌وه‌ستێ‌، به‌و شێوه‌یه‌ی بینه‌ر هه‌ست بكا خۆی ده‌كوژێ‌ و دیمه‌نه‌كه‌ به‌ جێ‌ دێڵێ‌ .
ده‌رهێنه‌ر سیناریۆی خۆ كوشتنی هه‌ردوكیانی به‌یه‌ك فۆرم دووباره‌ كردۆته‌وه‌و هیچ چێژێكی بۆ دیمه‌نه‌كه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌.
پاشان بینه‌ر هه‌ردوو خۆ كوشتن به‌زێده‌ رۆیی ده‌زانێ‌، جگه‌ له‌وه‌ی كاری سینه‌ماش نیه‌ چاره‌سه‌رێكی جوانتری لا نه‌بێت جگه‌ له‌خۆ كوشتن نه‌بێت.
هه‌ر كات سینه‌ما واقعێكی تاڵی وه‌ك خۆی نیشاندا، به‌مانا ده‌سته‌ پاچه‌یه‌ له‌به‌رجه‌سته‌ كردنی وه‌زیفه‌ راسته‌قینه‌كانی سینه‌ما.
هه‌روا ده‌رهێنه‌ر له‌هه‌ندێ‌ دیمه‌نی تردا به‌سه‌ر هه‌ندێ‌ دیمه‌نی ناوازه‌دا باز ده‌دا، وه‌ك ئه‌وه‌ی هاوسه‌ری شیلان (حوسێن حه‌سه‌ن) كاتێ‌ هه‌ست به‌ ناوازه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كات ، ده‌چێته‌ بازاڕ ده‌مانچه‌ بكڕێت، بینه‌ر پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌و بۆیه‌ ده‌مانچه‌ی كڕیوه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی پێ‌ بكوژێت ، كه‌چی دواتر ده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ دیمه‌نی كڕینی ده‌مانچه‌كه‌ دیمه‌نێكی زێده‌یه‌و هیچ سوودێكی نه‌بووه‌ .
له‌ دیمه‌نێكی تردا هه‌ر هاوسه‌ری خوشكی رۆژین هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ری و له‌كه‌شو هه‌وایه‌كی گرژدا ده‌یه‌وێت به‌زۆر و به‌راكێشان كچه‌كه‌ی خۆی له‌دایكی بستێنێته‌وه‌و ئه‌ویش رایده‌كێشێ‌، كه‌چی بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ دیمه‌نێكی هێور بوونه‌وه‌و چاكبوونه‌وه‌ هه‌بێت ، دیمه‌نی چوونه‌ سه‌یرانی پیاوه‌كه‌و ژنه‌كه‌و مناڵه‌كه‌ دێت له‌ولوكێشنه‌ ژنه‌كه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر ده‌ریا بۆ خۆ كوشتن ، جگه‌ له‌و دژایه‌تیه‌ی دروست بووه‌ له‌ئه‌تمۆسفیری دیمه‌نه‌كه‌، چونكه‌ گونجاو نیه‌ كه‌سێك له‌ حاله‌تێكی ئارامی وه‌ك سه‌یران كه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خوشكی خنكاوه‌ له‌كاتی سه‌یران كردندا خۆی بكوژێ‌.
ئه‌كته‌ره‌كان به‌ گشتی به‌تایبه‌ت شوان عه‌توف ،نیگار عوسمان، ئاڤان جه‌مال ، ڤانیا سالار،حسین حه‌سه‌ن، سولاف حه‌مه‌ غه‌ریب، حه‌مه‌ رشید هه‌ره‌س ، هوشیار زیرو نیروه‌یی ، كاوه‌ قا در، رۆڵێكی به‌رچاویان بینی.




سوپای عێراق هه‌زاران ئێزدی ناچار به‌ هه‌ڵاتن ده‌کات… ئینگه‌ ڕۆگ و. له‌ ئه‌ڵمانییه‌وه‌: هیوا ناسیح

(ئینگه‌ ڕۆگ ژنه‌ رۆژنامه‌نوسی ناودار له‌ فرایبورگ – ئه‌ڵمانیا له‌ دایکبووه‌، کۆمه‌ڵناسی و مێژوو ئیتنۆلۆجی خوێندوه‌، ئه‌و یه‌‌کێکه‌ له‌ رۆژنامه‌نوسه‌ ناسراوه‌کانی رۆژنامه‌‌ی به‌ناوبانگی (NZZ) ی سویسری, زیاتر له‌ بیست ساڵه ‌ به‌رده‌وام ڕاپۆرت و وتار له‌ سه‌ر ناوچه‌ گه‌رم و قه‌یراناوییه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌نوسێت به‌تایبه‌ت عێراق و تورکیا و سوریا و ئێران. کتێبکی له‌سه‌ر تورکیا هه‌یه‌ به‌ ناوی (تورکیا گه‌له‌ ته‌واونه‌‌کراوه‌که‌، خه‌ونه‌‌که‌ی ئه‌ردۆگان بۆ ئیمبراتۆریه‌تی عوسمانی).)
هاوکات له‌‌گه‌ڵ هێرشی تورکیادا بۆ سه‌ر گه‌ریللاکانی پارتی کرێکاران له باکوری‌ عێراق سوپای عێراقیش هێرشێکی بۆ سه‌ر میلیشیا ئێزدییه‌کان له‌ ناوچه‌ی شه‌نگال ده‌ستپێکرد. زۆر له‌ ئێزدییه‌کان گومانییان هه‌یه‌ که‌ به‌غدا به‌ فشار‌ی تورکیا کاری وا بکات.
ئێستا جارێکی تریش که‌وتنه‌وه‌ هه‌ڵاتن. هه‌زاران که‌س له که‌مینه‌ی ئاینیی ئێزیدییه‌کان له‌ رۆژانی ڕابردوودا به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌‌ی ناوچه‌‌‌کانی ده‌وروبه‌ری شه‌نگالی باکوری عێراق هه‌ڵاتون، به‌ڵام شه‌پۆلی ئاواره‌بوونی ئه‌مجاره‌ به‌ هۆی ئیسلامه‌ توندڕه‌وه‌کانی داعشه‌وه‌ نه‌بووه، که‌وا پێش هه‌شت ساڵ تاوانی گه‌وره‌یان دژ به‌م که‌مینه‌یه‌ پیاده‌ کرد، به‌ڵکو به‌ هۆی سوپای عێراقه‌وه‌ ڕوویداوه‌.
به‌ ئۆتۆمبیلی زرێپۆش و تۆپی قورسه‌وه‌ یه‌که‌کانی سوپای عێراق سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی پێشوو پێشڕه‌وییان بۆ گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری شه‌نگال له ڕۆژئاوای موسڵ کرد. هه‌ڵمه‌ته‌که‌ بۆ سه‌ر یه‌‌که‌کانی پاراستنی ئێزیدییه‌کانه‌‌، که‌ میلیشیایه‌کی ناوچه‌یی ئێزدین، که‌‌وا ناوچه‌یه‌کیان له‌ سنوری نێوان سوریا و عێراق له‌ژێر کۆنترۆڵدایه‌. ئه‌و میلیشیایه‌‌ی که‌ به کوردی و به‌ ‌کورتی ناوه‌که‌یان یه‌‌به‌شه‌ ناسراوه‌، ساڵی ٢٠١٤ پاش گه‌وره‌تاوانه‌کانی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ دژیان کرا دروست بوونه‌.
نزیکبوون له‌ پارتی کرێکارانه‌وه‌ وه‌ک بیانویه‌ک
سوپای عێراق داوا ده‌‌کات که‌ یه‌به‌شه‌ خاڵه‌کانی کۆنترۆڵ ڕاده‌ست بکات و له‌ ناوچه‌که‌ بکشێته‌وه‌. ئه‌وان ده‌‌ڵێن رێگه‌ ناده‌ن که جێپێ به‌ سه‌روه‌رێتی عێراق لێژ بکرێت، ئه‌مه‌ لێدوانی سه‌رکرده‌ی سوپاکه‌یه‌. به‌ڵام له‌ نه‌ستی زۆر له‌ ئێزدییه‌کاندا ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ ده‌زرنگێته‌وه‌، که‌وا سوپای عێراق و هه‌روه‌ها هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمه‌که‌ له‌ هاوینی ٢٠١٤ دا هه‌ڵاتن و ئێزدییه‌کانیان بێ پارێزگاری بۆ جیهادییه‌کان به‌جێهێشت.
له‌وکاته‌دا ته‌نها هێزێک، که‌ به‌ خێرایی گه‌یشتنه‌ جێ بۆ هاوکاریی ئه‌وان، گه‌ریللا‌کانی پارتی کرێکارانی تورکیا پێکاکا و هێزه‌کانی نزیکی ئه‌وان بوون له‌ ناوچه‌ هاوسنورییه‌کانی سوریا‌، که‌ ناویان هێزه‌کانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌)یه‌. ئه‌وان دواتر ڕاهێنانیان به‌ شه‌ڕڤانه‌ کوڕ و کچه‌کانی ناوچه‌ی سنجار کرد. لای که‌می له ڕووی سیاسی و ئایدۆلۆژییه‌‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی نزیک له‌ نێوانیاندایه‌.
زۆر له‌ ئێزدییه‌کان و چاودێران ڕایان وایه‌ که‌ ئه‌و پاساوه‌‌ ته‌نها مه‌هانه‌یه‌. ئه‌وان باوه‌ڕیان وایه‌ که‌ حکومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدا له‌ ژێر فشاری تورکیادایه‌. ئه‌نقه‌ره‌ ئه‌و گروپانه‌ به‌ تیرۆریست ده‌ناسێنێت، که‌ وا له‌ پارتی کرێکارانه‌وه‌ نزیکن. زۆر جاران تورکیا هێرشی کردوه‌ته‌ سه‌ر ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری شه‌نگالی به‌ درۆن و به‌رپرسی باڵای هێزه‌کانی ئێزدی کوشتوه‌، که‌وا پێش هه‌شت ساڵ دژی داعش جه‌نگاون و ژیانی هه‌زاران ئێزدییان ئه‌وکات له مه‌رگ رزگار کردوه‌.

کورده‌کان دژ به‌ کورده‌کان
هێرشی سوپای عێراق بۆ سه‌ر میلیشیا ئێزدییه‌کان هاوکاته له‌گه‌ڵ هێرشی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر پێگه‌کانی پارتی کرێکاران له‌ باکوری عێراقدا. له‌ ١٨ی نیساندا هێزه‌ کۆماندۆکانی تورکیا له‌ سنوره‌ درێژه‌ سه‌دان کیلۆمه‌ترێکه‌‌ی نێوان زاب و سێگۆشه‌ی سنوریی تورکیا، عێراق و ئێرانه‌وه‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌. هاوکات فڕۆکه شه‌ڕکه‌ره‌کانی جێت و درۆنه‌کانی تورکیا ده‌ستیان به‌ بۆمبارانکردنی ناوچه‌که‌ کرد. له‌ ناوچه‌ی شاخه‌کانی‌ قه‌ندیل که‌ پارتی کرێکاران باره‌گای سه‌ره‌کیان تێدا داناوه‌، که‌ ناوچه‌یه‌کی سه‌خته‌ و ده‌یانساڵه‌ بووته‌ ناوچه‌یه‌کی گرنگ بۆ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی پارتی کرێکاران.
پاش ئه‌وه‌ی سوپای تورکیا له‌ رابردوودا سه‌رکه‌وتوو بوون له وه‌ده‌رنانی هێزه‌کانی پارتی کرێکاران له‌ نێو تورکیادا، ئێستا مه‌به‌ستیانه‌ ناوچه‌کانی سوریا و عێراقیش له‌وانه‌ی پێیان ده‌ڵێن (تیرۆریسته‌کان) پاکبکرێنه‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ حکومه‌تی عێراق هێرشه‌که‌‌ی له‌ قاوداوه‌، به‌ڵام سه‌رۆکی تورکیا ئه‌ردۆگان سوپاسی خۆی بۆ هه‌ر یه‌که له‌ به‌غدا و هه‌روه‌ها حکومه‌تی هه‌رێمی کورده‌کان ده‌ربڕی بۆ (هاوکاریی نزیک)یان له‌گه‌ڵیاندا. ئه‌ردۆگان ده‌توانێت له‌ هاوکاریی چالاکانه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان و خێزانی بارزانی به‌هره‌مه‌‌ند بێت، که ناوچه‌که‌ی نزیک سنوری تورکیایان له ژێر کۆنترۆڵدایه‌. پارتی دیموکرات داڵده‌ی ده‌یان بنکه‌ی سه‌ربازی سوپای تورکیای داوه‌. له کاتێکدا سه‌ربازانی تورکیا له‌ شه‌ڕێکی سه‌ختدان له‌ گه‌ڵ چه‌کدارانی پارتی کرێکاراندا، پێشمه‌رگه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان له کاردان، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی ئه‌گه‌ری هه‌ڵاتنی ئه‌وان ببڕن.

دوو که‌سی ئه‌وروپی ده‌سگیرکراون
ناوچه‌ی شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری به‌ هۆی نزیکی له‌ سنوری سوریاوه‌ ناوچه‌‌یه‌کی ستراتیژییه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به پارتی کرێکاراندا. هه‌ر که‌س ئه‌وێ کۆنترۆڵ بکات، ڕێگای هاتووچۆ و کۆمه‌کی ئه‌وان ده‌بڕێت. پێش چه‌ندان ساڵ ئه‌ردۆگان ڕایگه‌یاند، که رێگا نادات له‌ شه‌نگالدا قه‌ندیلی دووه‌م دروست ببێت. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ هێرشی تورکیادا هێزه‌کانی حکومه‌تی عێراقیش له‌ ١٨ی ئه‌‌پریلدا دژ به‌ میلیشیاکانی شه‌نگال و ده‌وروبه‌‌ری پێشره‌وییان کرد.
له‌ میانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌دا سه‌ربازه‌ عێراقییه‌کان دوو چالاکوانی بیانییان ده‌سگیر کرد، ئه‌وان هاوڵاتی ئه‌ڵمانی مارلین فێوریسته‌ر و سلۆڤینی ماتیچ که‌ڤه‌جیجن، هه‌ردوو وه‌ک دوو رۆژنامه‌‌نوسی ئازاد کارده‌که‌ن. ئێستا هه‌ردوکیان له زیندانێکی به‌غدادان، چییان به‌سه‌ر دێت، جارێ ڕوون نییه‌.
جگه‌ له‌ به‌غداد حکومه‌تی هه‌رێمی کوردیش، له پێشدا پارتی دیموکراتی کوردستان ناوچه‌که‌ به‌ جێنفوزی خۆی ده‌زانێت. له ئۆکتۆبه‌ری ٢٠٢٠ دا ئه‌وان رێککه‌وتن له‌سه‌ر به‌ڕێوبردنێکی هاوبه‌ش بۆ ناوچه‌که‌. له پاڵ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ناوچه‌که‌دا باسی کشانه‌‌وه‌ی پارتی کرێکارانیان له‌ ناوچه‌که‌ و میلیشاکانی ئه‌وێ کرد، به‌ڵام ئه‌مه‌ جێبه‌جێ نه‌کرا. له‌ بری ئه‌مه‌ له‌ ئێستادا ناوچه‌که‌ له لایه‌ن سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی عێراقی، پێشمه‌رگه‌کانی پارتی دیموکرات، میلیشیاکانی نزیک له ئێران و هه‌روه‌ها میلیشیاکانی ئێزدی وه‌ک یه‌به‌شه‌ کۆنترۆڵی ناوچه‌که‌یان کردوه‌.

ئێزدییه‌کان داوای پارێزگاریی له‌ کۆمه‌ڵگای نێوده‌‌وڵه‌تی ده‌که‌ن
هه‌موو لایه‌ک ئێزدییه‌‌کانیان به‌سه‌رباز کردوه‌. به‌ڵام بۆ ئاسایشی ناوچه‌که‌ هاوکار نین. ئه‌م ره‌وشه‌ لاوازبوون و دابه‌شبوونی نێوان ئێزدییه‌کانی زیاتر لێکه‌وتۆته‌وه‌، ئه‌مه‌‌ش ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی کۆمه‌ڵکوژیی به‌رامبه‌ریان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ زیاتر ده‌‌کات. ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌کان ساڵی ٢٠١٤ هه‌زاران پیاوی ئێزدییان قه‌تڵوعام کرد و هه‌زاران له‌ ژنان و کچانی ئه‌وانیان ڕفاند و کرد به‌ که‌نیزه‌ک و سه‌‌بایا و ده‌سدرێژیان کردنه‌ سه‌ر.
ڕێکخراوه‌ خێرخوازییه‌کان و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان میلیۆنان دۆلاریان سه‌رف کردوه‌، تا ڕزگاربووه‌ ئێزیدییه‌کان بگێڕنه‌وه‌ بۆ جێوڕێی خۆیان. به‌ڵام به‌ هۆی ناسه‌قامگیریی ره‌وشی ئاسایشه‌وه‌ تا ئه‌مرۆش زۆربه‌یان له‌ کوردستان ئاواره‌ن. به‌ هه‌زارانیشیان به‌ره‌و ئه‌وروپا هه‌ڵاتوون.
هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی و زڕگاربووی کۆمه‌ڵکوژییه‌کان نادیه‌ موراد دوای گرژییه‌کانی ئه‌مجاره‌ داوای کۆمه‌ک له کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌کات، که‌ کێشه‌که‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن و دانیشتوانی سیڤیل بپارێزن. له‌ ئه‌وروپا و وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌‌مریکاوه‌ هیچ ئیراده‌یه‌‌کی سیاسی به‌دی ناکرێت، که‌ خۆیان تێکه‌ڵ به‌ کێشه‌ ئاڵۆزه‌که‌ بکه‌ن. دیاره‌ تا ره‌وشه‌که‌ش ئاوا بمێنێته‌وه‌، ئێزدییه‌کان وه‌ک تۆپێکی یاریی له‌ نێوان ده‌سته‌ڵات به‌ده‌ستانی ناوچه‌‌که‌ و هه‌ڕه‌شه‌کانی ئه‌نقه‌ره‌دا ده‌مێننه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ و سایتی نۆیه‌ تسویرخه‌ تسایتونگی سویسری (NZZ).

https://www.nzz.ch/international/irak-armeeoffensive-zwingt-tausende-jesiden-erneut-in-die-flucht-ld.1682212?fbclid=IwAR0Fxz21BJ7t1bUscrKzpTrAqHcQyxYHTThQGvkw2FT39lTFgTRYVpgBAaM




لە وەڵام بە رەخنەکانی کاک پێشڕەو محەمەد… ئیدریس مستەفا

بۆ بەڕێز پێشڕەو محەمەد

کاک پێشرەو محەمەد لە واڵی فەیسبوکی خۆی وەڵامێکی بابەتەکەی منی داوەتەوە کەلەسەر جولەکەیی بوون هیتلەر نوسیومە دوو رۆژ پێش ئێستا. هەرجەندە کاک پێشڕەو نەچووە بەلای بابەتەکەی مندا و زۆرتر بەیانی هەندێ لایەنی زانیاری خۆی کردووە بەڵام من ئەم چەند خاڵە بە پیویست دەزانم. کاک پێشڕەو دەڵێ “نوسینەکەی منی بە رێکەوت دیوە!!” بەڵام من خۆم بۆی دەنێرم و بە راستگۆییەوە دەڵێم هاوڕێیەکی ئازیز نوسینەکەی ئەوی بۆ ناردم :

یەکەم: من بۆخۆم رەخنەم لە لیدوانەکەی سێرگی لاڤرۆفی وەزیری دەرەوەی روسیا هەیە و بە هیچ کلۆجێک لەگەڵ نەزەرەکەی نیم و نوسیویشمە کە من لەوێدا ناچمە سەر ئەو بابەتە؛ قسەکەی ئەوەم وەک بەڵگەیەک هێناوەتەوە تاکو ئەوەی دەمەوێ بیڵێم لەو بارەیەوە.

دوو: بەڵگەکەی هانز فرانک وەک هەر بەڵگەیەکی تر لەو بارەیەوە کە هەیە تەماشا دەکرێ و ناکرێ بڵێین ئەوەیان راست نیە و ئەوەیان کۆنسپیرەیسی تیئۆریە (نەزەرەیەی موئامەرە) یە و بە دڵی خۆمان کاممان دەوێت هەڵی بژێرین. هەڵبژاردنی بەڵگەکەی هانز فرانک لای من وەک هەر بەڵگەیەکی ترە لەو بارەیەوە.

سێ: جولەکەیی بوونی هیتلەر یاخو رەگێکی جووی هەبووبێ یان نا هیچ لە نازیزم و فاشیەتەکەی ناگۆڕێ یاخود بمانەوێ فاشێتی ئەوی پێ بەتاڵ بکەینەوە. ئەوەی لەویدا بۆ من مەبەستە ئەو رق و نائینسانی بوونەی ئەو لەوە نیە کە سەرچآوە غەربیەکان باسی دەکەن کە بۆچی هیتلەر رقی لە جوو هەستاوە، بەڵکو من دەمەوێ بڵێم کە هیتلەر گەر جووش بێ یان نا هەر فاشیە و ئەو جووانەش کەم نەبوون کە ئاین و ناسنامەی خۆیان گۆڕی و بوون بە نازی. گەر هەر کەمایەتیەکی تر لە ئەلمانیا هەبوایە هیتلەر سیاسەتە فاشیەتیەکەی خۆی بەسەردا تاقی دەکردەوە و گەر کەمایەتی ئاینی و رەگەزی تری نەبوونایە شتێکی تریان هەر دروست دەکرد. فاشیەتی جاپانی، بۆ نموونە لەو سەردەمەدا، خۆ لەسەر رقی جوو دروست نەبوو یاخود سیاسەتی دژە جوویی بە مانای نازیزم نەبوو.

چوار: ئەوەی کە هیتلەر جوو بێ گوایە لە تاوانە مێژووییەکەی کەم دەکاتەوە ئەوە ئەسڵی نیە بەڵکو کۆمەلکوژیەکانی مێژوو زۆرتر لەسەر دەستی یەک نەتەوە و یەک زمان و زۆر جاریش هاوئاینی بوو. خۆ جووەکانی ئەڵمانیا هەر نەتەوەی ئەڵمانی بوون و زمانی ئەڵمانی قسەیان دەکرد بەڵام تەنها رووگەی خوداپەرستی ئاینیان جیاواز بوو. کاک پێشڕەو خۆی لە من باشتر دەزانێ کە جوداییزم ئاینە نەک نەتەوە. بۆ نموونە DNA کەسێک دیاری ناکرێت ئایا جووە، بودیمزمە یان موسڵمان یا مەسیحی. رۆمانەکەی نیشتمانی سارای میران ئیبراهیم بەڵگەیەکی مێژوویی مۆرکراوە کە جووەکانی کوردستان کوردبوون و ناسنامەی رەگەزی و نەتەوەیی کوردبوونیان لە سەروو بیروباوەڕە ئاینیەکەیەناوەیە.

پێنچ: لەو جەند ساڵەی لە زانکۆ خوێندم لە دەرەوەی وڵات، دوو وەرزی خوێندم سەبارەت بە جینۆسایدی میللەتان بوو. یەک وەرزیان تایبەت بوو بە جینۆسایدی جووەکان لە مێژووی دوو سەد ساڵەوە تاکو کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم. باسەکانم ماون دەکەونە بەردەستی خوێنەر، ئەمە بۆیە دەلێم تاکو بە کاک پێشڕەو بڵێم کە بەندە ئاگادارە لەوەی چی گوزەراوە و چی دەگوزەرێ لە ژیانی جووەکاندا. باسکردنی ئەوەی هیتلەر جوو بووە پیویست بە هیچ شاگەشکەییەک ناکات و هیچیش نە للە هیتلەر و نە لە فاشیتەکەی دەگۆڕێ و نە لە جینۆسایدی جووەکان کەمد ەکاتەوە و بگرە جەخت لەو خاڵە مێژووییە دەکاتەوە کە کۆمەڵکوژی پەیوەندی بە فکر و ئەخلاقێکی دژە ئینسانی و پاوانخوازی و سەردارێتی و دەستگرتن بەسەر ماڵ و سامان و خاکی فراواندایە جا ئەو کۆمەلکوژیە کەسێک یان گروپێک دەکرێ لە ناو یەک قەوم و یەک ئاین و یەک دەوڵەتدا بێت. ئەو کۆمەڵکوژیە دەکرێ لە ژێر ناوی ئایندا بێت وەک بەرامبەر بە جوو کرا یاخود دەکرێ لە ژێر ناوی ئایدۆلۆجیای سیاسیدا بێت وەک ستالین و ماوتسی تۆنگ چەندان ملیۆن لە خەڵکی نەتەوەکەی خۆیان قەتڵوعام کرد.

شەش: ئەوەی ئێستا وڵاتی ئیسرائیل و جووەکانی ئۆکراین دەیکەین لە پشتیوانیان لە نازیەکانی ئۆکراین نەک هەر هەڵەیەک بەڵکو تاوانێکی گەورەی مێژوویی دەکەن و بگرە خودی سیاسەتی ئیسرائیل و جووەکانی ئۆکراین دەخاتە ژێر پرسیارێکی ئەخلاقی مێژووییەوە کە چۆن پشتیوانی مادی و لۆجستی و میدیایی و مەیدانی ئەو هێزە دەکەن لە ئۆکراین کە ئیستا دەسەڵاتی هەیە و لە هیچ کەسیش نەیانشاردۆتەوە کە نازیزم و هیتلەرین.

حەوت و هەشت و …هتد زۆرن بەڵام با هەر ئەوەندە بەس بێ.




گۆڤاری زمان و زار ژمارە ٣

گۆڤارێکی زمانناسیی وەرزییە

بۆ خوێندنەوەی ژمارە 3ی گۆڤاری زمان و زار کلیکی ئێرەبکەن…




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک-9-… شەماڵ بارەوانی

بەشی نۆیەم/

لەوێ هەموان لەسایەی سیستەمی سیکۆلاریزم و لەژێر سێبەری بنەماکانی سیکۆلاریزمدا.، موکەڕەم و موعەزەز، پارێزرا و ڕێزلێگیراون. کەواتا سیکۆلاریزم ئەو دەعباو دیکتاتۆر و مۆتەکە و دڕندە تۆقێنەرە نییە، کە ئیسلامگەراکان زۆر چەواشەکارانە، دەیانەوێ بە خەڵکی بناسێنن. نەخێر، هەرگیز، ئەو درۆ و چەواشەکارییە ڕاست نییە، کە سەلەفیزم و ئیسلامگەراکان لە دژی سیکۆلاریزم دا دەیکەن و سیکۆلاریزم بە دژایەتی کردنی ئاین یەکسان دەکەن.

لە بەشەکانی پێشوو باسمان لەوە کرد، کە سیکۆلاریزم هیچ کاتێک بە واتای دژایەتی کردنی ئایین و قەدەغەکردنی ئایین و مورادیفی بێ دینی نایەت، وەکو ئەوەی ئیسلامگەراکان وای پێناسەدەکەن و بە هەڵە و مەبەست و نەزانانە، بۆ دەروێشەکانیان و خەڵکێکی سادە لەوح، ئیعراب و شرۆڤەی دەکەن.

ئەو ئیسلامگەرایانەی بە هەڵە و چەواشەکارانە، دیسان بە مەبەست بۆ لێدان لە سیکۆلاریزم، کۆمۆنیست و ماتریالیست تێکەڵ دەکەن و عەلمانیەت هاوتای بێ دینی و یەکسان بە ئیلحاد و بێ بڕوایی دەکەن.
ئەوسەلەفیگەرایانەی بە مەبەست و زۆر چەواشەکارانە پڕۆپاگندەی بێ بنەماو بەتاڵ دەکەن، نەخێر و هەرگیز، عەلمانیەت بە هیچ شێوەیەک دژایەتی کردنی دین نییە، بەڵکو عەلمانیەت دەیەوێ” ئیتر دیانەت، خواپەرستی، نوێژ، زکر، تەهلیلە، مزگەوت، تەکیە، خانەقاو ئەو شتانە پتر بخرێنە قاڵبێکەوە کەڕێگە لەگەشەکردنی کۆمەڵایەتی نەگرن١٦٤.»٭

ئەو سەلەفیە توندڕۆ فێندەمێنتالیستانەی « وائەزانن لەوڵاتی ئێمە خەڵک زۆرتر خوا پەرستە، لەوڵاتە دیموکراتی و ئازادی و مەدەنیەکانا خەڵک زۆر لەخوا هەڵگەڕاوەتەوە، بەپێچەوانەوە، لەوییا مەسائیلی خواپەرستی و ئازادی عەقیده زۆرترە لەلای ئێمە، زۆر زیاترە.٢١٢)٭، وا حاڵی بوونە «عەلمانیەت ئیلحاد ئەگەیەنێ..گوایە عەلمانیەت دژی ئایین، خواو، یەکتاپەرستی ، پێغەمبەر، ئەسحابەکان، قورئان دڕاندن و سوتاندنە.١٦٢»٭،
لە کاتێکدا لەوڵاتە عەلمانیەکان، ئەو وڵاتانەی بە تەواوی و بە واتای وشەو بە کردەنی عەلمانین، نەک تەنهابە دروشم و ناو، لە نموونەی وڵاتانی ئەوروپا، کەهەموویان عەلمانین و ئازادی ئایین و مەزهەبیش لەو وڵاتانە لەوپەڕیدایە و خەڵکی ئازادە پێڕەوی لە چ ئایینێک دەکات و لە چی ئایینێکیش ناکات و دەڕوات بۆ کام پەرستگایش، کەسیش ڕێگری لێ ناکات و هیچ دەوڵەتێک لەو دەوڵەتە عەلمانیانەیش نەچوونە تا مزگەوت و کلێسا و ئاتەشگا و مەعبەدەکان بڕوخێنن و ئایین قەدەغە بکەن.
کەواتا مرۆڤ هێندەی لە ناو بازنەی دەوڵەتێکی سیکۆلارو لەسایەی سیستەمێکی سکولاریزمدا ئازادی ئایینی و بیرو باوەڕ و مافەکانی پارێزراو دەبێت، سەدا یەکیش لەژێر هەیمەنەی دەوڵەتێکی سیوکراتی و حکومەتێکی ئایینی و مەزهەبی و ئیسلامیدا ئازادی و مافەکانی زامن و پارێزراو نابن. مێژوو واقیعیش ئەمەیان سەلماندووە.

…….
١-مەلابەختیار، (دیموکراسی و دوژمانی)، پ١٦٣.
٢-سەرچاوەی پێشوو، پ٢١٢.
٣-هەمان سەرچاوە، پ١١.




شیعر/ وشەکان… ئاواز سامان

پێشکەشە بە ماریاکان

وشەکانت دەمبەنەوە بەردەم یادەوەریی ئەو هەیوانەی کە لە خانووە کۆنەکان دەچوون.
تۆ هاتیت و
منت لە
ئاوێنەکەی خۆتدا دۆزییەوە
لە نێو پەڕاوە شیعرەکاندا
وشەت دەباراندە جەستەم
حەزم دەکرد لە گەڵتدا
سەما بکەم
لە بەردەم ئەو هەیوانەی
ساڵانێک بوو
بۆنی تەنیایی لێ دەهات….
تۆ وەرە ببینە
ئازاری ئەو ژنەی کە رابردوو و یادەوەرییەکانی
لەو خانووە کۆنە جێهێشتووە
تۆ یەقین بە لەوەی توند
پەنجە شکاوەکان بگریت و
دەست بنێیت بە دڵێکی بریندار.
ئاه…..
ساڕێژ بوون چەند سەختە لە زەمەنێک کە
وشەکان پووچەڵ و تێکشکاون…..
دە وەرە
تۆ دەتوانی لەو
جەنگڵستانە
ژنێک بناسیت و ئەوین بنیاد بنێیت.

ئاواز سامان




شیعر/ پەنجەکانت… یونس تانج

پەنجەکانت
هەنگویندانی فیردەوس بوون
لەسەر سینەی گڕو پشکۆ.
پەنجەکانت
ژەنیاری بە کام گەیشتنتی
تەناهی بوون..
بۆچ هەڵفڕین.
پەنجەکانت
لە نێڵەی هەتاودا
دوا بەفراوی سەرە مەرگ بوون
سێبووری بوون..
شەوگاری حەسرەتێک
لە وردە ماچ
بە سەمای دەخستن
بۆچ دیار نەمان.
پەنجەکانت
مینای سپی
سوکنایی بوون
ڕووناهی بوون..
بۆ غەریبی
کێ بردنی.

ی.تانج
١٢-٥-٢٠٢٢




ئەفسانەی جووبوونی هیتلەر… نووسینی: پێشڕەو محەمەد

`

وەڵامێک بۆ بەڕێز ئیدریس مستەفا

کەمێک پێش ئێستا بەڕێکەوت لە فەیسبووک نووسراوەیەکم بەرچاو کەوت بەناوونیشانی «بەڵێ هیتلەر جولەکە دەرچوو!» نووسینی ئیدریس مستەفا، خێرا کردمەوە و سەیرمکرد، کۆی وتارەکە لە کاردانەوەی خێرا بەرانبەر بە بانگەشەیەکی سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا نووسراوە بۆ وروژاندنی سیاسەتی ئیسرائیل بەوەدا گووتوویەتی «هیتلەر بۆیە پەلاماری ڕووسیای دا چونکە جوو بوو و ڕقی لە ڕووسیا بوو، زیلینسکیش بە هەمان شێوە». ئەم بانگەشە بێ بنەما پڕوپاگەندەییەی سەردەمی جەنگ، بووەتە هۆکار بۆ نووسینی وتارێکی وەها لەلایەن بەڕێز ئیدریس مستەفاوە (کە بێگومان هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی و زانستیی تێدا نییە، بگرە هەر سەرچاوەی نییە) بەدووی بانگەشەکەی لاڤرۆڤ بکەوێت.

هەڵبەت ئەفسانەی جووبوونی هیتلەر شتێکی تازە نییە، کۆنە و ڕیشەکەی بۆ سەردەمی هیتلەر خۆی دەگەڕێتەوە. بەڵام بانگەشەی ئەوەی کە هیتلەر جوو بووە بۆیە ڕقی لە ڕووسیا بووە، بانگەشەیەکی سەردەمی پووچیی و گەمژەییە، چونکە هەر کەسێک کەمێک زەحمەت بەخۆی بدات و بڕوات ئەدەبیاتی نازیی، «خەباتی من»ی هیتلەر، پڕۆژەی باربارۆسا (هێرش بۆسەر یەکێتیی سۆڤێت) و فرمانەکانی «چارەسەری دوایین» بخوێنێتەوە تێدەگات، پەلامار بۆسەر یەکێتیی سۆڤێت کتومت بە مۆتیڤ و پاڵنەرێکی پێچەوانەی بانگەوازە پووچگەرییەکەی لاڤرۆڤەوە بووە. لەگەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا ڕاستڕەوە ئەڵمانییەکان و ناسیۆنالیستەکان بەردەوام بانگەوازی «بەلشەڤیزمی جوو»یان دەکرد و دەیانگوت جوو شۆڕشی لە ڕووسیا هەڵگیرساندووە و دەیەوێت سەرتاپای ئەوروپا بکاتە جوو. هیتلەر لە سەرتاپای کتێبی «خەباتی من»دا مارکسیزم و ئەنتەرناسیۆنالیزم بە دەسیسە و پیلانی جوو ناودەبات کە ئێستا سوکانی کەشتییەکەیان لە ڕووسیا بەدەستەوە گرتووە و چارۆکەیان بەرەو ئەوروپا لێداوە. هەروەها شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە گەفی جوو دەزانێت بۆ هەڵگیرسانی جەنگ و لە ١٩٣٩دا دەڵێت دەرەنجام بەجووکردنی ئەوروپا نابێت بەڵکو قڕکردنی جوو دەبێت لەسەرتاسەری ئەوروپا. هیتلەر کە پەلاماری سۆڤێتی دا، لەژێر ناوی پاککردنەوە و قڕکردنی جوو بوو، چونکە ڕووسیای بەتاکە قەڵای بەهێزی جوو دەزانی. باش ئەوەی دەزانی ئەگەر ڕووسیا لەناو نەبات ناتوانێت خەونی ئەوروپایەکی بێ جوو بەدیبهێنێت. تا ئێرە من نامەوێت بچمە ناو ڕیشەکانی پرسی بینینی کۆمۆنیزم، بەلشەڤیزم و سۆڤێت وەک پیلانی جوو، خوێنەر دەتوانێت بۆ ئەم مەبەستە بگەڕێتەوە بۆ کتێبی «ڕەچەڵەکناسیی کەمپ و کەرنەڤاڵی شکستخواردوان»، لەوێدا بەشێوەی زانستیی و دوور و درێژ ئەم پرسانە شیکراونەتەوە.

بەڵکو ئەوەی دەمەوێت پووچەڵکردنەوەی ئەو بانگەشەیەیە کە دەڵێت هیتلەر لە خێزانێکی بەڕەچەڵەک جوو هاتووە، بەڵام ڕقی لەخۆی بووە یان ئەوەی پێیدەگوترێت «نەفرەتی جوو لەخۆی». یەکێک لەو هۆکارانەی بیانووی داوەتە دەستی کۆنزەرڤاتیڤ و بەشێک لە لیبراڵە ئەڵمانییەکان بڵێن گوایە هیتلەر ڕیشەیەکی جووی هەبووە، بەهۆی نادیاریی شووناسی بەشێک لە خێزانەکەیەوە بووە. ئەم بانگەشەیە هەڵبەت ڕیشەیەکی قووڵتری ئایدیۆلۆژیشی هەیە، بەوەدا دەیەوێت وەحشیگەریی و تاوانی نازیزم لەوەی دەگوترێت «کولتوور و شارستانێتیی ئەوروپیی» دابماڵێت و یان وەک ئێرنست نۆلتە، فەیلەسوفی کۆنزەرڤاتیڤی ئەڵمانیی باسی دەکات، تاوانەکە هیچ ڕیشەیەکی ئەڵمانیی نییە، بەڵکو ڕیشەیەکی ئاسیایی هەیە کە لەڕووسیای «جووەوە» دێت[١]. هەڵبەت زۆر ناچمە ناو ئەم پرسەوە و لە دوو کتێبی ناوبراودا باسی ئەم بابەتانەش کراون.

ناوی باوکی هیتلەر، ئەلیۆس شیکلگروبەر (Alois Schicklgruber) بوو بەڵام هەر زوو واز لە پاشناوەکەی دەهێنێت و دەیکات بە هیتلەر و ئەدۆلف لە گەورەییدا خۆشحاڵبووە بەوەی باوکی پاشناوەکەی فڕێداوە و «هیتلەر»ی هەڵبژاردووە، چونکە بۆ «پاڵەوانێکی نەتەوەیی» سڵاوکردنی وەک «هایل شیکلگروبەر» (Heil Schiklgruber) دەنگدانەوەیەکی «مۆسیقیی» نەدەبوو، بەڵکو «هایل هیتلەر» مۆسیقییتر و کاریزماتیکترە[٢]. نەنکی هیتلەر ناوی ئانا ماریا بووە و ساڵی ١٨٣٧ لەدایکبووە، باپیری هیتلەر ناوی یۆهان گیۆرگ هیدلەر (Hiedler) بووە، لە کڵێسا کاتێک باپیرەی هیتلەر ناوی ئەلیۆس، باوکی هیتلەر، لەکاتی غوسلدا تۆمار دەکات، لە هیچ بەڵگەنامەیەکدا نەهاتووە کە هیچ ڕەگێکی ئەو خێزانە چ لە دایک، چ لە باوکییەوە بچێتەوە سەر جوو. یەکێک لەو هۆکارانەی هیتلەر نەیدەویست قسە لەسەر ڕیشەی خێزانەکەیان بکات، بەهۆی نەنکە هەژارەکەیەوە بووە کە بەگوێرەی عاداتی ئەو سەردەمە بەنایاسایی لەگەڵ باپیرەی هیتلەر، یۆهان گیۆرگ هیدلەر خەوتووە و ئەلیۆسی لێبووە، بەڵام پاشان بە فەرمیی لە کڵێسا تۆمار کراوە تا وەک «زۆڵ» «بێ ناسنامە» نەمێنێتەوە. لە بنەڕەتیشدا فۆرمەکانی پێشووی ناوی هیتلەر ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، پێش ئەوەی یۆهان گیۆرگ بە هیدلەر بانگبکرێت، ڕیشەی خێزانەکەی دەچووەوە سەر «هوتلەر» (Hüttler) کە بەماناکانی «ڕەنجبەر، کوخنشینی هەژار، هەژاری کۆڵیتنشین، کەلاوەنشین، وەرزێر، مسکێن و هتد» دێت، بەڵام لە ڕەوتی گۆڕانی ناوەکەدا، واتا وردە وردە کاتێک باوکی هیتلەر لەڕووی ئابوورییەوە کەمێک باش دەبێت پاشناوەکەشی دەگۆڕێت، بەرەو «Hietler»، «Hütler»، «Hiedler» و پاشان لەسەر فۆرمی «Hitler» دەگیرسێتەوە، کە ڕیشەی واتاناسییەکەی، بە مانای «پشکهەڵگری بچووک»، یان «دوکاندار»، یاخود لە مانای ئەمڕۆییدا کە بێگومان هیتلەر خۆی زیاتر قبوڵی بووە «وردە-بۆرژوازیی» یان «جووتیاری خاوەن زەوی»[٣].
دەکرێت ئەمڕۆ بە باوکی هیتلەر بگوترێت لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕوولەسەر (sozialer Aufsteiger)، پێیباشبووە لە کۆتاییدا لەسەر پاشناوی «هیتلەر» بگیرسێتەوە، چونکە لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا لە هەژارییەوە بەرەو چینی ناوەڕاست سەردەکەوێت و فۆرمی ناوی «هیتلەر» کەمتر دەنگدانەوەی دێهاتییبوون و لادێییبوونی هەبوو. هۆکاری ئەوەی کە ئەدۆلف هیتلەر لە هیچ شوێنێکدا هەوڵنادات باسی پێشینەی باوکی و دایکی بکات، بۆ ئەو حاڵەتی شەرمەزاربوونە لە هەژاریی دەگەڕێتەوە.

ئێستا با بێین ئەو ئەگەرە تاقیبکەینەوە کە دەڵێت باپیرەی هیتلەر، یۆهان گیۆرگ هیدلەر، جوو بووە. لە ڕاستیدا بۆ یەکەمجار دەنگۆی بڵاوبوونەوەی جووبوونی باپیرەی هیتلەر لە ناوەڕاستی دەیەی ١٩٢٠ لە قاوەخانەکانی میونشن بڵاودەبێتەوە، و بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیانەش بە جیهاندا بەهۆی چاپەمەنیی بیانییەوە بووە. بۆ نموونە یەکەمجار ڤێرنەر ماسە، نووسەر و کۆنزەرڤاتیڤێکی پرۆتستانتی، لە بنەماڵەیەکی ئەریستۆکرات، ئەم ئەفسانەیە بڵاو دەکاتەوە. ماسە بانگەشەی ئەوە دەکات کە پاشناوی «هوتلەر» (Hüttler) پاشناوێکی جوو بووە و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە سەر جووەکانی بوخارێست لە ڕۆمانیا، هەروەها دەشڵێت باوکی هیتلەر لەیانە بارۆن ڕۆتشیلدەوە وەک خزمەتکار لە ڤییەننا دامەزرێنراوە[٤]. بەڵام بەربڵاوترین و جددیترین دەستاودەستکردنی دەنگۆکە دەربارەی جووبوونی هیتلەر لە ناوەڕاستی جەنگی دووەمی جیهاندا ڕوودەدات و ڕاستەوخۆ دەکرێت ڕیشەکەی لە یادەوەرییەکانی یەکێک لە پارێزەرانی نازیی و حوکمڕانی گشتیی پۆڵەندا، هانس فرانک ببینرێتەوە. فرانک دەڵێت لە کۆتایی دەیەی ١٩٣٠دا هیتلەر بانگی کردووە و نامەیەکی لە برازاکەی، ولیام پاتریک هیتلەر پیشان داوە (کوڕی زڕبراکەی باوکی، کە بەماوەیەکی کەم لەو کاتەدا زەواجی لەگەڵ ژنێکی ئیرلەندیی کردووە و ناوی خۆی لە ڤیلهێلمەوە گۆڕیوە بۆ فۆرمی ئینگلیزیی ولیام)، کە هەڕەشەی ئەوە دەکات کۆمەڵە حیکایەتێک دەربارەی پێشینەی هیتلەر بڵاودەکاتەوە کە «خوێنی جوو بە دەمارەکانیدا دێت و دەچێت». فرانک دەڵێت هیتلەر پێیگوتووم جارێکی دیکە بە ڕەگ و ڕیشەی خێزانەکەیدا بڕواتە خوارەوە، فرانک دەڵێت هەندێک زانیاریی دەستکەوتووە کە نەنکی هیتلەر ماریا ئانا شیکلبورگەر کاتێک وەک چێستلێنەر لە خێزانێکی جوو بەناوی فرانکنبێرگەر لە شاری گراتز لە نەمسا خزمەتی کردووە، کوڕەکەی، ئەلیۆس، واتا باوکی هیتلەر، لەیداکبووە. هەروەها دەڵێت فرانکنبێرگەر نەک تەنها مووچەی ماریا ئانا، بەڵکو پارەیان بۆ منداڵەکەش، ئەلیۆس، بڕیوەتەوە. فرانک دەڵێت هیتلەر پێیگوتووە کە دەزانێت باوکی و داپیرەی گووتوویانە باپیرەی بەهیچ جۆرێک جوو نەبووە، بەڵام لەبەرئەوەی داپیرەی و مێردی دواتری زۆر هەژاربوون، ناچاربوون لای خێزانێکی جوو کاربکەن، خێزانە جووەکەش وەک بەزەیی پارەیان پێداون[٥]. یاخود بەگوێرەی دەنگۆکان، دەکرێت نەنکی هیتلەر «بەناشەرعیی منداڵی لە جوویەک بووبێت».

لە ڕاستیدا حیکایەتەکەی هانس فرانک دوای جەنگ لەناوەڕاستی دەیەی ١٩٥٠دا بە فراوانیی بڵاوکرایەوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش، ئەڵمانیا ناچاربوو خۆی بونیاد بنێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی بەوە هەبوو بەشێکی زۆر لە بەرپرس و بیرۆکرات و فەرمانبەر و سەرباز و ئەفسەرە نازییەکان لە دەوڵەتدا دابمەزرێنێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی بەوە هەبوو کۆی گوناهەکان بە کەسێک هەڵواسێت و ئابڕووی خۆی پێبکڕێتەوە، باشترین بژاردە هیتلەر خۆی بوو، بۆ ئەریستۆکرات و کۆنزەرڤاتیڤە ئەڵمانییەکان هیتلەرێکی هەژار لە خێزانێکی خزمەتکاری نەمساییەوە، قۆچێکی قوربانیی ئاسان بوو. بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر بە وردیی مێژووی خێزانە جووەکانی شاری گراتز هەڵبگرینەوە لە نەمسا و لە شارەکەدا هیچ تۆمارێک نییە بەهیچ شێوەیەک پشتیوانیی لە هەبوونی خێزانێک بەناوی فرانکنبێرگەر بکات، بەدیاریکراویش لەو ساڵەی ئەلیۆسی تێدا لەدایکبووە، خێزانێک بەو ناوە بوونی نەبووە. لە ڕاستیدا هیچ خێزانێکی جولەکە لە سەرتاپای ناوچەی سیتریا لەو سەردەمەدا بوونی نەبووە، بەڵکو تا کۆتاییەکانی دەیەی ١٨٦٠ و سەرەتای ١٨٧٠ هیچ جوویەک بەگوێرەی یاسای نەمسا ڕێگەی پێنەدراوە لەو ناوچەیە نیشتەجێ ببێت. خێزانێک بەناوی فرانکرایتەر (نەک فرانکنبێرگەر) لە گراتز دەژیان، بەڵام جوو نەبوون. تەنانەت هیچ بەڵگەیەک بوونی نییە بیسەلمێنێت ماریا ئانا هەرگیز شاری گراتزی بینیبێت. هیچ نامە و بەڵگەیەکی تۆمارکراو بوونی نییە پیشانی بدات ماریا ئانا پەیوەندیی بە فرانکنبێرگ یان فرانکنڕایتەرەوە هەبووبێت. ئەو ئەفسانەیەی دەڵێت ئەلیۆس لە فرانکنبێرگی جوو لەدایکبووە، بەڵام لە ئەسڵدا ناوی فرانکنڕایتەر، ئەوکاتەی ئەلیۆس لەدایکبووە، فرانکنڕایتەر تەنها تەمەنی دە ساڵان بووە (ئەم تۆمارە مێژووییە ساختانەی هانس فرانک دروستی کردوون، ئەگەر بگەڕێنرێنەوە بۆ ناو سیاقی مێژوویی خۆیان، زۆر بەسانایی بەدرۆ دەخرێنەوە). تەنانەت ئەو بانگەشەیەی هانس فرانک کاتێک پووچەڵ دەبێتەوە کە دەڵێت هیتلەر لە داپیرەیەوە حیکایەتی خزمەتکاربوونی لەماڵە جووەکە بیستووە، ماریا ئانا ساڵی ١٨٤٧ مردووە، لەکاتێکدا هیتلەر لە ١٨٨٩ لەدایکبووە، چل و دوو ساڵ پێش لەدایکبوونی ئەدۆلف مردووە.
تەنانەت ئەوەش گومانهەڵگرە کە فرانک باس لە گەیشتنی نامەکەی پاتریک بۆ هیتلەر دەکات، فرانک فەڵێت هیتلەر پێی گوتووە نامە هەڕەشەئامێزەکەی لە ١٩٣٠ پێگەیشتووە، لەکاتێکدا پاتریک تا دیسەمبەری ١٩٣٨ لە ئەڵمانیای نازیی ماوەتەوە، چۆن دەکرێت و ڕێی تێدەچێت هەڕەشەیەکی هێندە گەورە لە ڕاوێژکارەکەی ئەڵمانیا، ژیانی هەڕەشەچیی نەخاتە مەترسییەوە و تەنانەت ئازادانەش وڵاتەکە جێبێڵێت؟ بەکورتیی باپیرە و داپیرەی هیتلەر هەرشتێک بووبێتن، جوو نەبوون. وەک باسکرا، بەکورتیی: بەجوودانانی هیتلەر خزمەت بە ئایدیۆلۆژیای کۆنەپارێزی ئەڵمانیی دەکات بۆ خۆپاککردنەوەی لەو تاوانە گەورەیەی لە مێژوودا ئەنجامی داوە و هەروەها نیگایەکی کەمیش بەسە تا تێبگەین سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوە، قسەیەکی گەمژانە و کاردانەوەیەکی ساویلکانەی بەرانبەر ئیسرائیل ئەنجام داوە و خودی قسەکە، ڕیشەیەکی قووڵی دژە-جوایەتیی هەیە.

نووسینی: پێشڕەو محەمەد

سەرچاوەکان

  1. Ernst Nolte, Der europäische Bürgerkrieg 1917–1945: Nationalsozialismus und Bolschewismus, Propyläen-Verlag, Frankfurt am Main, 1988.
  2. August Kubizek, Adolf Hitler. Mein Jugendfreund, Graz (1953), 5th edn 1989, 50.
  3. Rudolf Koppensteiner (ed.), Die Ahnentafel des Führers, Leipzig, 1937, 39-44.
  4. Werner Maser, Hitler: Legend, Myth and Reality, Harpercollins College Div, 1975, pp.12-15.
  5. Hans Frank, Im Angesicht des Galgens, Munich/Gräfelfing, 1953, 330–31.



ئایا دەکرێت ئەم سیستەمە لە ڕێگای ریفۆرمەوە چاكبکرێت؟… زاهیر باهیر

پێش هاتنە سەر باسەکە دەبێت ئەوە بڵێێم بە هەزاران پەرتووك و توێژینەوە و وتار لەسەر ئەم بابەتە نوسرەاون و بە دەیەهاش بڕوانامەی دکتۆرای لەسەر وەرگیراوە. لەبەر ئەوە ئەمەم نوسینە نەك ڕەنگە جێگای ڕەزامەندی گەلێك نەبێت، بە دڵنیایییشەوە مایەی قەناعەتکردن بە هیچ کەسێکیش نییە بەڵام دەکرێت پرسیار لای خوێنەر بورووژێنێت.
هەمیشە سێ جۆر تێڕوانینی جیاواز هەبووە بەرانبەر بە سیستەمی مەوجوود. تێڕوانینی یەکەم کە تێڕوانینێکی باو و سەردەمیانەیە نوێنەرایەتی ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە گۆڕانکاریی ڕەت دەکەنەوە و ڕادەستی سیستەمەکە بوون. تێروانینی دووەم دەزانن کە ئەم سیستەمە کەم و کوڕی هەیە و بەڵام تا ئێستا ئەمە باشترین سیستەمێکە لای ئەمان کە بەشەرییەت بە خۆیەوە دیوە. بە ڕای ئەمان دەکرێت بە بەردەوامی لە نێو هەناوی خۆیدا ڕیفۆربکرێت و باشتر ببێت. بۆ ئەمەش باوەڕيان بە هەڵبژاردن و گروپی فشاریی و جۆرە چالاکییە چاکسازییەکان هەیە ، کە دەتوانین ناوی لایەنی ڕیفۆرمیستیان لێبنێین. لایەنی سێیەم کە کەمایەتییەکی زۆر کەمن و لە لایەن زۆرینەوە بەڵگە و پاساوەکانیان ڕەتدەکرێتەوە ، ئەمانەش ئەو کەس و لایەنانەن کە باوەڕیان بە گۆڕانکاریی سەرەکی/ بنەڕەتیی واتە هەڵتەکاندنی تەواوی سیستەمەکە و گۆڕینی بە سیستەمێك کە کۆمەڵی ناچیانیەتی و ناپلەبەندییە.

من خۆم لە لایەن و کۆمەڵی سێیەمدا دەبینمەوە. ڕەنگە نەتوانم جێگرەوەیەکی دروست بخەمە بەردەمی هەموو ئارگویمێنیتکەران چونکە کەسێك نییە کە بتوانێت گوزارشت لە کۆمەڵی ئایندە بکات جگە لە پێشبینی ئەوەی کە مرۆڤایەتی ناکرێت هەتا هەتایە لە سای ئەم سیستەمەدا ژیان بکات بە ڕیفۆرمیش ئیسڵاح ناکرێت. بەڵام دەتوانم بە بەڵگەو بە ئامارەوە گوزارشت لە باش و خراپی کۆمەڵ و سیستەمی سەردەم بکەم .
هاوکاتیش گرانە بۆ من کە قسە لەسەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و کەنەدە بکەم، بەڵام بۆ قسە لەسەر بریتانیا گرفتێك لەوێدا نابینم.
بریتانیا کە خاوەنی یەکەم شۆڕشی پیشەسازی و دایکی سیستەمی پەڕلەمانی جیهانی و یەكێكە لە وڵاتە گەوەرکان کە کۆڵۆنایزی گەلێك و ڵات و نەتەوەی کردووە ، هەر ئاواش دووم یا سێیەم وڵاتی ئەوروپا و شەشەم وڵاتی دونیاییە لە دەوڵەمەندی و پێشکەوتنی پیشەسازیییەوە، دەکرێت نموونەی زیندوو و واقیعیمان بداتە دەست لە ژیانی کۆمەڵەکەی و ئاراستەو بەردەوامبوونییەوە.
من لەم نوسینەدا هەوڵدەدەم زۆرێك لە لایەنەکان و دەزگە خزمەتگوزارییەکان و ژیانی خەڵکەکەی هەر زۆر بە کورتی بە ئامار و بەڵگەوە بخەمە بەردەم ئەوانەی کە ئەم وتارە دەبینن تاکو، گەر بیانەوێت، ژیان لە سای سیستەمەکەدا وەکو خۆی ببینن.

یەکەم: ژیان بە گشتی لە بریتانیا: ژیان لێرە ڕۆژ بە ڕۆژ گران و گرانتر دەبێت . گرانییەك کە بریتانیا لە دوای حەفتاکانەوە و هەندێك لە توێژەرەوانی بواری ئابوریی دەڵێن لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە، ئەم وڵاتە نەیدیوە بە خۆیەوە. من لە زۆرێك لە پۆستە فەیسبووکییەکانما و لە نوسینەکانی دیکەمدا باسم کردووە. کەلێنی نێوانی سەرمایەداران، سامانداران لەگەڵ خەڵکەکەی تردا لە گەوەرەبوندایە، داهاتی خەڵکی لە داکشاندابووە زۆر لە پێش شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیاوە. پێش شەڕەکە بانقی ناوەندی بریتانیا ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2023 دا داهاتی خەڵکی دەگەڕێتەوە ڕادەی داهاتی ساڵانی پێش 2010 وە، واتە پێش قەیرانە داراییەکە. بی گومان لە ئێستادا دەتوانین بڵێین بە هۆی ئەم جەنگەوە لە ساڵی 2023 دا ئەمە ڕوونادات. هەندێك لە ئابووریناسەکان دەڵێن لە ساڵی 2030 دا داهات بە داهاتی پێشس سەردەمی قەیرانی دارایی 2008 ڕێکدەبێتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم ڕۆژانە کە ڕاپرسی لەسەر کراوە لە بریتانیا 2 ملیۆن خەڵکی پێگەیشتوو [ڕوشد] ناتوانن کە هەموو ڕۆژێك خواردن بخۆن بە هۆی گرانییەوە، واتە هەر لە 7 کەسی ڕوشد یەك کەس . ئەم گرفتە لە مانگی جێنیوەری ئەمساڵەوە بە بڕی لە سەدا 57 زیادی کردووە .
وەزیرەکان بۆ حەلی ئەم بارودۆخە ناهەموارە چارەسەری سەیر سەیریان پێیە بۆ نموونە وەزیری هاتوچۆ پێشنیاری ئەوە دەکات کە پشکنینی ساڵانەی سەیارە ببێتە هەر دوو ساڵ جارێک گوایە ئەمە بۆ هەر سەیارەیەك 23 پاوەند دەگێڕیتەوە، بێ گویدانە پرسی سەلامەتی ڕێگاوبانی هەموان. وەزیری پەروەردە، نەدیم زەهاوی، کە کوردە پێشنیاری ئەوەی کردووە کە ساڵێك زووتر منداڵ لە قوتابخانە وەرگیرێت و تەمەنی چوونە قوتابخانە نزمبکرێتەوە، گوایە ئەمە پارەی ساڵێكی دایەن و دایەنگا بۆ دایکان و باوکان دەگێڕێتەوە.
لە ساڵی 2010 و تاکو ئێستا حکومەت بە بڕی لە سەدا 60 بودجەی شارەوانییەکانی کەمکردۆتەوە ئەمەش بووەتە هۆی داخستنی سێنتەری گەنجان، کتێبخانە گشتییەکان، کەمکردنەوەی پاسە لۆکاڵییەکان و گۆڕینی ڕێڕەویان، کارایی لەسەر ریسایکلین داناوە هەروەها لەسەر هونەر و کولتوریش.

کەلێنی نێوانی توێژاڵی دەستەبژێر [ ئێلیت] و کرێکاران بە ڕادەیەکی ئێکجار زۆر فراوانتر بووە. بە گوێرەی توێژینەوەیەك و ڕاپرسییەك کە ساڵێك زیاتر پێش لە ئێستا کراوە ژمارەی جێ بەجێەکەرانی هەندێك لە کۆمپانیاکان [ بەڕێوەبەرە گەورەکان] کە 350 کەسن بڕی موچەیان 53 جار ز یاترە لە کرێکارێکی ئاسایی. لەم ژمارەیە 43 بەڕێوەبەریان موچەیان 100 جار زیاترە لە کرێکارێکی ئاسایی. موچەی ساڵانەیان لە 15.5 ملیۆن پاوەندەوە تا دێتە سەر 8 ملیۆن، ئەوەیان کە موچەی لەوانی دیکە زیاترە جێ بەجێکاری کۆمپانیای ئەسترا زینیکە-یە.
دووەەم: وزەو سووتەمەنی: غاز و کارەبا و بەنزین و گازۆیل بە گشتی لە هەموو ئەوروپا بەرزبوونەتەوە بەڵام لە بریتانیا بە ڕادەیەکە کە جێگای باوەڕ نیە. لە سەرەتای مانگی نیسانەوە غاز بە ڕێژەی لە سەدا 54 چوەتە سەرەوە و لە مانگی ئۆکتۆبەریشدا دووبارە سەردەکەوێتەوە لەبەر ئەوەی کە بڕیارەکەی حکومەت لە سەر دانانی نرخی غاز بەسەر دەچێت و ئەو کاتە کۆمپانیاکان لە بەرزکردنەوەیدا ئازاد دەبن. ئەمە لە کاتێکدا کە بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم چەند ڕۆژە کۆمپانیای پیترۆلی بریتانی لە ماوەی 3 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 5 ملیار پاوەندی قازانج کردووە کە دووقاتی ساڵانی پێشووە بۆ هەمان ماوە، 3 مانگ. هەر ئاواش کۆمپانیای ‘ شێڵیش’ ش بۆ هەمان ماوە 7.3 ملیار پاوەندی قازنج کردووە. نرخی بەنزین و گازۆیل لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا 30 پێنس زیادی کردووە .

ڕاستە بەشێكی گرانبوونی ئەمانە و سەراپای پێداویستییەکان هاتنە دەرەوەی بریتانیایە لە یەکێتی ئەوروپا و بوونی شەڕەکە و بەردەوامبوونێتی. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانەش نەبوایە ژیان ساڵانە سەختتر دەبێت . هەڵئاوسانی پارە لە مانگی ئازاردا لەسەدا 7 بوو کە زیاترە لە 30 ساڵ لەمەوبەر و وا پێشبینی دەکرێت کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا سەرکەوێت بۆ لەسەدا 10. هەموو ئەمان لانی کەم داهاتی ساڵانەی خێزانێکی ئاسایی بە بڕی 1500 پاوەند دابەزاندووە.
ڕاستییەك هەیە کە ڕێژەی بێ کاریی زۆر نزمە بەڵام ئەوە بە هۆی ئەوەوەیە کە خەڵکێکی زۆر ناچارن کارێك بکەن کە کرێیان لە خوار لایەنی کەمی کرێوەیە، نزیکەی ملیۆنێك کەسیش وێڕای کارکردنیان بەڵام موچەیان ئەوەندە نزمە بە یارمەتی سێنەتەرەکانی خواردن بەخشینەوە دەژین. ئەمە جگە لەوەی کە زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو لەوانەی کە کار دەکەن لەسەر سیستەمی زیڕۆ کۆنتراکت-ن واتە بێ گرێبەستیی و هیج جۆرە مافێکیان لە پارەی نەخۆشی و نەخۆشی منداڵیان و هۆڵیدەیی و خانەنشینیەوە نییە ، هەموو چرکەیەکیش خاوەنکار بۆی هەیە دەری بکات و ئەمڕۆ کاری پێدەکات و بەیانی نایەوێت. هاوکاتیش خەڵکێکی زۆر خۆیان تۆمار کردووە کە کار بۆ خۆیان دەکەن تاکو لە فشار و هەراسانکردنی دەزگەی سۆشیال ڕزگاریان بێت و هیچ نەبێت یەك دوو دانەیەك لەو بیمانەی کە وەری دەگرن بەردەوام بێت.

سێیەم : بەشی تەندروستیی: لە ماوەی ئەم 30 ساڵەی دواییدا هەموو کارئاساییەك بۆ کردنەوەی خەستەخانە و عیادەی تایبەت کراوە تا ڕادەی فەرامۆشکردنی هەندێك بەشیان. هەندێك لە بەشەکانی خەستەخانەکانیش وەکو بەشی چارەسەری کتوپڕی و بەشی منداڵبوون کە کاتی خۆی لە هەموو خەستەخانەیەکدا هەبوون ئەوە چەند ساڵێکە کە هەر بە سێ خەستەخانە یەکێك لەو بەشانەی تێدایە . بەشی ئیسعاف و فریاکەوتن کەرتی دەوڵەوتی و کەرتی تایبەتی بە هاوبەشی بەڕێوەی دەبەن. کەرتی تایبەتی لەمەدا پارەیەکی خەیاڵی بەدەست دەهێنێت. لە سەر و 6 ملیۆن کەس لە ئینگلەنددا ، لە لیستی چاوەڕوانی خەستەخانەدان بۆ وەرگرتنی چارەسەر. خەستەخانەکان نزیکەی 5 هەزار دکتۆر و 40 هەزار نێرسی دیکەیان پێویستە. زۆر جار نەخۆش لە بەشی ئیمێرجنسی 24 کاژێر و هەندێك جاریش 48 کاژێر چاوەروان دەکات تاکو بگوێزرێتەوە بۆ قاوشەکان ، هەندێکیش کە داوای ئیسعاف دەکەن چەند سەعاتێك چاوەڕانی دەکەن تا ئیسعاف دەگات.
لە بواری دانسازیشدا ورەدە وردە لە سای حکومەتی موحافیزین و حکومەتی لەیبەردا زۆرێك لە عیادەکان کرانە کەرتی تایبەتی. لە ساڵی پارەوە زیاتر لە 2000 دکتۆری ددان کەرتی دەوڵەتییان بەجێهێلاوە ، ژمارەیان 23،733 دکتۆر بووە لە کۆتایی ساڵی 2020 و دابەزیوە بۆ 21،544 . لە ئێستادا وا خەمڵێنراوە کە 4 ملیۆن کەس لە بریتانیا بێ دکتۆری ددانن. لە هەندێك ناوچەدا بۆ 100،000 کەس تەنها 32 دکتۆری ددان هەیە.

چوارەم: پرسی خانووبەرە و بێ جێگا و ڕێگایی: کێشەی خانووبەرە و بێ جێگایی و بێ ڕێگایی لە ساڵی 1979 وە کە مارگرێت تاچتەر هاتە سەر حوکم ئەم گرفتە لە گەورەبوون و فراوانبوودایە . هۆکاری سەرەکی بۆ ئەمە دروستنەکردنی ژمارەی خانوی تەواو بوو لە لایەن حکومەتی موحافیزینەوە، هاوکاتیش تاچتەر یەكێك لەو ڕیفۆرمانەی کە کردی سیاسەتی Right to Buy بوو واتە مافی کڕین. بۆ پیادەکردنی ئەم سیاسەتە ئەو کەسانەی کە لە خانوەکانی شارەوانی و خانوەکانی جەمعییەکانی خانووبەرەدا دەژییان، مافی کڕینی خانوەکەیان پێدارا بە داشکاندنی 15 هەزار پاوەندی ئەو کاتە . لە ساڵی 2015 دا ئەم برە پارەیە واتە خەڵاتە بەرزبووەوە بۆ 50 هەزار پاوەند. بێ گومان ئەم سیاسەتە نەك هەر وای کرد کە ژمارەی ئەو خانوانە کەمببێتەوە و سەرەی دەستکەوتنیان بچێتە سەرەوە و بەڵکو ئەمە دانیشتوانی خانووەکان بوونە خاوەن خانوو و بەستنیەوە بە خاوەنکارەوە کە لە کاتی مانگرتندا جاران یەک جار بیریان لێکردبێتەوە ئێستا دەبێت جەند جارێك بیر لە مانگرتن بکەنەوە چونکە بە مانگرتنیان یانی بێ پارەییان ، ئەمەش یانی نەدانی سلفەی عەقارەکەیان بە نەدانیشی لە لایەن بانقەوە دەست بەسەر خانووەکەدا دەگیرا. هاوکاتیش بانقی پێ دەوڵەومەندتر کرد بە هێنانی سلفەوەرگری زیاتر بۆ کڕینی خانووەکانیان.

بێ گومان هۆکاری دیکەش هەن بۆ ئەمە هەر وەکو کەمکردنەوەی بیمەی خانوو کە لە لە کاتێکدا دانیشتوان کاریان بکردایە، هاتنی خەڵکی زۆر بۆ ئەم وڵاتە و کڕینی خانوویەکی زۆر لە لایەن نەك هەر دەوڵەمەندەکانی ناوخۆ بەڵکو دەوڵەمەندەکانی شوێنەکانی تریشەوە وەکو دەوڵەمەندانی وڵاتانی کەنداو. ئەمانە هەموی کارایی خۆی لەسەر زیادکردنی کەسانی بێ خانوو و ئەوانەی کە لەسەر شەقامەکان شەو و ڕۆژ بەسەر دەبەن دانا. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ ڕێژەی ئەوانەی کە لە سەر شەقامەکان دەژین لە ساڵی 2010 وە تا ئەمساڵ بە ڕێژەی لە سەدا 38 زیادی کردووە.
پێنجەم: منداڵان لە سای حوکمی لیبراڵدا: لەم کۆمەڵە بەناو مەدەنییەدا منداڵان و ژنانی تەنهاباڵ [ واتە هەر خۆی لە تەك منداڵەکانیدا دەژی] و کەمئەندامان و خانەنشینان گەورەترین باج دەدەن. لێرە بە گوێرەی ڕاپۆرتی فەرمی نزیکەی 3 ملیۆن منداڵ لە هەژاریدا دەژین ، بە هاتنی ئەمساڵیش 350 هەزار منداڵی دیکە لەو لیستەدا ناونوسکران . خراپی ژیان و گێرمە و کێشەکانی، ژیانی خێزانی هەڵوەشاندۆتەوە و ئیدمانبوونی زۆرێك بە مادە هۆشبەرەکان و خراپ مامەڵکردنی منداڵان تا ڕادەی لاقەی جنسی کە بەشێکی لە لایەن خودی خێزانەکە و دەور و بەرە نزیکەکەیانەوەیە، هەموو ئەمانە وای کردووە کە زۆرێك لەم منداڵانە کە ژیانێکی زۆر خراپیان هەیە یاخود مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا دەکرێت ببرێنە بەشی خزمەتگوزاری سۆشیال یاخود شوێنی بە ئاگابوون لە منداڵان . بەڵام هەندێك لەم منداڵانە لە تەمەنی مێردمنداڵییاندا ڕووبەڕوی گرفتی گەورەی وەکو مادە هۆشبەرەکان و شەڕ و چەقۆ وەشاندن دەبنەوە ئیتر دەنێرێنە شوێنێك کە پێی دەڵین Custody [ بەشی ئاگالێبوون – ڕیعایە] هەم بۆ گەورەکردن و هەم بۆ پەروەردەکردنیشیان بۆ ڕزگارکردنیان لەو گرفتانەی کە هەیانە.
بە گوێرەی راپۆرتی دیوانی محاسەبەی نیشتمانی [The National Audit Office ] کە لە ساڵی 2021 دەریکرد دەڵێت نیوەی لەسەدا 53 ئەو منداڵانەی کە لە بەشی کەستەدی-ن لە گروپە ئیتنیکییەکانن . پێشبینی ئەوە دەکرێت کە ژمارەی ئەوانەی کە لە کەستەدین لە ساڵی 2024 دووقات ببێتەوە.
هەفتە نییە لە شارێک لە شارەکانی بریتانیا چەندەها کەس بە چەقۆ یاخود گولە نەکوژرێن لە ژن و گەنج و تا دەکاتە پیرە پیاو و پیرێژن ، بەشێك لەمانە مێردمنداڵانن کە بە هۆیەك لە هۆکارەکان ئاڵاون لە مادە هۆشبەرەکانەوە و لە لایەن گەوەرەکانی دەڵاڵ و قاچاخچی ئەو مادانە، ئەو منداڵانە بەکاردهێنرێن. بە گوێرەی ئامارێکی نوێ تاوانکردن بە ڕێژەی لە سەدا 14 سەرکەوتووە. کوشتنی ژنان لە لایەن مێرد و برادەر و کەسانی ناسیاویانەو ڕووداوێکە کە هەفتانە لانی کەم دوو ژن دەبنە قوربانیی.

شەشەم: دیمۆکراتیی و ئازادیی: کە باس لە دیمۆکراتی دەکرێێت وادەزانرێت هەر هەموو دەزگەکان لە هەموو بوارەکاندا بە هەڵبژاردنە بەڵام لە ڕاستیدا ئەو هەڵبژاردنە تەنها بۆ ئەندام پەرلەمان و ئەندامانی شارەوانییە کە نە نوێنەرایەتی گەل دەکەن و نە نوێنەرایەتی کۆمۆنێتییەکە بەڵکو نوێنەرایەتی دەنگدەران دەکەن . ئەوەی کە گرنگە بە هیچ شێوەیەك دەنگی لەسەر نادرێت کە ئەویش ئەو سیاسەتە سەرەکیانەیە کە حکومەت دەیکێشێت بۆ نموونە لە دروستکردنی شەڕ و داگیرکردنی وڵاتانی دیکە ، بڕین و کەمکردنەوەی بیمەکان ، فرۆشتنی خانوەکانی شارەوانی ، دانانی یاساو ڕیساکان ، کەمکردنەوە و زیادکردنی باج و دانانی ڕاوێژکارەکانیان . لە لایەکی تریشەوە دانانی دادوەر و سەرۆکی پۆلیس و دەزگە سیخوڕییەکان و سەرۆكی بانق و بەڕیوەبەرە گەورەکانی کۆمپانیاکان و دەزگەکانی دیکە بە دەنگدان نییە.
سەبارەت بە ئازادیی-ش لەم وڵاتەدا هیچ جۆرە ئازادییەك نییە کە کاراییەکی کەم لەسەر سییاسەتی دەوڵەت دابنێت تەنانەت ئەو گروپە فشاریانەش کە دروستدەبن بە هەموو شێوەیەک لەژێر چاودێری پۆلیس و دەزگەی سیخوریدان. پۆلیس لەم وڵاتەدا دەسەڵاتی رەهای هەیە ، ئازادیی نییە لە خۆپیشاندان و پرۆتێست و مانگرتندا. کەسە چالاکە نقابییەکان یا چەپەکان و سۆشیالیست و ئەنارکستەکان لەژێر جاودێری سەر و مڕی پۆلیسدان لە کات داواکردنی ئیش دا یاخود گواستنەوە بۆ ئیشێکی تر شوێنی کاری تازە بەهۆی پۆلیسەوە کونییەی کەسەکەی لە لایە و بەو شێوەیەش ئەو کەسە لە وەرگرتنی کارەکە مەحروم دەبێت .

هەر لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی پێشووەوە بۆ نزیکەی 40 ساڵ زیاتر دەزگە سیخوڕییەکان و پۆلیس چاودێری 1150 گرپی چەپەکان کردووە و چوونەتە ناویانەوە. لەم ماوەیەدا 131 پۆلیس تێکەڵاوی گروپەکانی ژینگە و چەپەکان و ئەنارکیستەکان بوون بۆ سیخوڕیکردن بەسەریانەوە. ئەمەش لە سەرەتای ئەم چەرخەوە دەرکەوت و ئێستا پاش داوا قەیدکردنی ئەو کچە گەنجانەی کە پێیان هەڵەخەڵەتان و منداڵیان لێدروستکردن و دواتر خۆیان ون کرد ، لە سەریان لە پارەکەوە لیپرسینەوە و لەگەڵ پۆلیس و بەرپرسانیان بۆ ئەم مەسەلەیە دەکرێت. هێشتا ئەو لێکۆڵینەوەیە بەردەوامە و دووبارە بۆ بەشێکی دیکەیان لە ڕۆژی سێ شەمەوە، 09/05/ وە لێکۆڵینەوە دەستی پێکردۆتەوە.
من پێشتر بە دەیەها بەڵگە و ئامارەوە بە وتار و پۆستی فەیسبوکی ئەمەم خستۆتە بەردەم خوێنەر.

حەوتەم: گەندەڵی و ڕسوایی [ فەزیحە]: ئەو گەندەڵییەی کە لەم وڵاتەدا هەیە وێرای هەبوونی میدیا و سۆشیال میدیایەکی چالاك و لایەن و دەزگەی وەچ دۆگ و هۆشیاریی خەڵکەکە لەم وڵاتەدا هەیە، رەنگە ئەم گەندەڵییە هەر لەو وڵاتانەدا هەبێت کە کاتی خۆی کۆڵۆنی بریتانیای عوزما بوون وەکو عێراق و پاکستان و هیندستان و نایجیریا و … بەڵام تەنها جیاوازییەکە لێرە و لەوێ بە یاساییکردنی دزی و گەندەڵییە بەناوی کردنی لۆبیی-یەوە. من لەسە رئەمە لە ساڵی 20111 دا وتارێکی دوور و درێژم نوسی بەڵام لەو کاتەوە گەندەڵییەکان زیاتری کردووە نەك کەمتر وەکو کڕینی خەڵاتی مەلیکە کە حیزبەکان بە تایبەتی حیزبی موحافزین کەسەکان هەڵدەبژرێت، کڕینی پلەی نۆبڵ و Sir خاتوون / خانم و پایە ی حکومەیی، وەرگرنتی کۆنتراکت و قۆنتەرات ، بە تایبەت لەو کاتەوەی کە پەتای کۆرۆنا سەری هەڵداوە بە دەیەها ئابڕوچوون و گەندەدڵی لە حکومەت دەرکەوتووە.

هەشتەم : پرسی ژینگە: باوەڕ ناکەم کەس بتوانێت بەرگریی لە سەلامەتی ژینگە کە سەلامەتیی هەموو گیانلەبەر و زیندەوەرێكە بە مرۆڤیشەوە لە سای ئەم سیستەمە و دەوڵەتەکانییەوە لە هیچ شوێنیکی ئەم دونیایەدا بکات و ژینگەش پارێزراو بێت . ڕووداوە سروشتیەکانی وەکو سەرکەوتنی پلەی گەرمیی تا ڕادەی ئاگرکەوتنەوە و وشککردنی هەموو شتێك وەکو چۆن پارەکە لە کوردستاندا ڕویدا ، لافاو و تۆفان ڕوداوێکن کە بە بەردەوامی ڕوودەدەن و ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر و بە دەوامتر ڕوودەدەن. باوەڕ ناکەم کەسێك هەبێت نکوڵی لەمە بکات . ئەم بارودۆخەش مرۆڤ کردە نەك خوا کرد، سەرەنجامی سیستەمی چیانیەتی و باڵادەستی و سەروەریی و بزنسە و دەوڵەت ناتوانێت لغاوی بزنس و تەماحی کەڵەکەی زیاتری سەرمایە بکات و ژمارەی سامانداران مەحف بکاتەوە لەبری زیاترکردنیان. .

ئەنجامگیریی
من لێرەدا لەو کەسانە پرسیار دەکەم کە لەم وڵاتە و وەکو ئەم وڵاتەدا دەژین کە ئەگەر ئەم هەموو گیروگرفتەی هەبێت و ساڵ بە ساڵیش خراپتر دەبیت ئایا دەکرێت ئومێدی ئایندەی باشتری لیبکەیت؟ دوای ئەوەش لەو کاتەوەی کە من لەم وڵاتەدا دەژیم فرمانداریی هەر سێ حیزبە سەرەکییەکە : پارتی موحافیزین ، پارتی کرێکاران [لەیبەر] پارتی لیبراڵ دیمۆکرات هەر هەموویانمان بینی لەگەڵ پارتی سەوزی ئەڵمانی کە جیراڵد شرۆدە-ی سەرۆکی پارتی سەوزی ئەوێ بووە چانسلەر، ئێستا سەرۆکی پرۆژەی Nord Stream ئەندامێکی چالاکی بۆردی Gazprom یشە. ڕاستە ‘پارتی کرێکاران’ لێرە [ بریتانیا] کە هاتە سەر حوکم چەند ڕیفۆرمێکی کردووە وەکو زیادکردنی بیمەی منداڵان و دانانی جۆرێکی دیکە لە بیمە بۆ هاوکاری زیاتری ئەوانەی پێویستیان پێیەتی و بەرزکردنەوەی بڕێکی کەم لە داهاتی خانەنشینان بەڵام هاوکاتیش سسیتەمی کاری هاوبەشی کەرتی دەوڵەت و کەرتی تایبەتی دانا، فرۆشتنی خانووەکای شارەوانی زیاتر کرد ، بەپشتی دەوڵەتی ئێرە ئەمەریکا شەڕی ئەفغانستان کرد و عێراقی داگیرکرد، مەنحەی قوتابییانی زانکۆی بڕی و کردی بە قەرز جگە لە تۆێژاڵێکی زۆر کەم کە دەکرێت بە بەلاش زانکۆ تەواو بکەن. قەرزی قوتابییانی زانکۆ کە ساڵانە لە 9 هەزار پاوەندەوە دەسیتپیدەکات پارەیەکی ئێکجار زۆرە کە بڕێکیان تا کۆتایی ژیانیان ڕەنگە نەتوانن ئەو پارەیە بدەنەوە.

با واز لە هەموو ئەو ئامار و ئاماژانە کە من لەم وتارەدا پەنام بۆ بردوون بهێنین و بیانخەینە سەبەتەی خۆڵەوە و پشتی پێنەبەستین ، بەڵام حەقیقەتێك هەیە ، واقیعێك هەیە و تەرجومەی ژیانیحاڵی کۆمەڵ دەکات کە ساڵ بە ساڵ بارودۆخی بژێوی و سیاسی و کۆمەڵایەتمییان خراپتر دەبێت. من نامەوێت لیستی ئەوانە بکەم چونکە هەموومان ئەوە لە ژیانا دەبینین. بەڵام دەکرێت پرسیارێکی دیکە بکەین هەر لەو واقیعەوە، گەر ژیانی خەڵکی باشتر بووبێت بە تێپەڕینی 12 ساڵی ڕەبەق کە 3 هەڵبژاردنی گشتی بەڕێکرد و پاش فشارێکی زۆری گروپە فشارییەکانیش ئەی بۆچی لە هەلبژارادنی ئەندامانی شارەونییەکانی ڕۆژی 5 ی ئەم مانگە [ ئایار] دەنگدەر سزای حیزبی حاکمیان دا نزیکەی 400 کورسییان لەدەست چوو؟ بڵیی خەڵکی بە هەڵە ئەمەیان کردبێت؟ یاخود بێ عەقڵ بووبێتن و هەستیان بە باشبوونی ژیانیان نەکردبێت پاش تێپەربوونی ئەم هەموو ساڵە؟ بۆچی خەڵك بە بەردەوامی لەسەر شەقامەکانن سەبارەت بە پرسی ژینگە ، ئازادیی ، کوژرانی ژنان ، قورسبوونی ژیان ، چاكسازی لە خەستەخانە و قوتابخانەکان، خانوو بەرە و بێ جێگا و ڕێگایی..؟
حوکمڕانانی بریتانی نەك هەر لە باشکردنی ژیانی هاووڵاتیانیانا شکستیان هێنا بەڵکو لە سیاسەتی دەرەوەیان و باشکردنی ژیانی هاووڵاتیانی وڵاتەکانی دیکەش لە ڕێگای گۆڕیینی رژێمەکانیانەوە شکستێکی ئێکجار گەورەیان هێنا : نموونەی زیندوو عێراق ، سوریا ، لیبیا ، ئەفغانستان . ساڵانە لە ئەفغانستان 4.5 ملیار پاوەندیان سەرف کردووە بەڵام لە کۆتاییدا تالیبانیان هێنایەوە سەر حوکم.

بێ گومان دەبێت ئەوەش بزانرێت ئەوانەی کە دێنە سەرحکوم جێ بەجێکەری فرمانەکان و پیدوایتستییەکانی بزنسن بۆ سەرمایەی زیاتر بە کردنی داخوازییەکانی بزنس بە یاسا بۆ هەژارکردنی هاووڵاتیان و کەلەبچەکردنی “یاسا شکێنان” .
لایەنگری لە دەوڵەت و سیستەم بە دانی لەسەدا 80 موچە بۆ ئەو کرێکارانەی کە کاریان لە سەردەمی کۆرۆنادا، دەکەنە دەسکەگوڵی دەوڵەت و باشی دەوڵەتمان پێدەفرۆشنەوە. لە ڕاستیدا ئەوە سەراپای دەوڵەتەکانی ئەوروپا هەمویان هەمان سیاسەتیان بەکار‌هێنا. مەسەلەکەش لە مرۆڤدۆستی و دڵسۆزی و وەلایان بۆ کرێکاران نەبوو بەڵکو لەبەر خاتری خۆیان و پاراستنی دەوڵەت و سیستەمی کاریکرێگرتە بوو. دەتوانیت چاوەڕوانی چی بکەیت کە 28 ملیۆن کرێکار لە بریتانیادا بکەیتە بەتاڵە و فڕێیان بدەیتە سەر جادە ، جگە لە پرۆتێست و ڕاپەڕین و دەستبەسەراگرتنی هەموو سوپەرمارکێت و کارگەکان و دەزگە دەوڵەتی و کەرتە تایبەتییەکان؟ 28 ملیۆن کرێکار لانی کەم 40 ملیۆن کەس بە موچە و کرێی ئەوان دەژین. ئەمە جگە لەوەی گەر موچە نەبێت خەڵك چۆن قەرزی بانق و سلفەی عەقار و کرێی خانوو قیستی کۆمپانیای تەئمین و پارەی غازو کارەبا و سوتەمەنی بداتەوە ، ئایا بزنس لە دەوڵەت خۆش دەبێت لە حاڵەتی ئاوادا؟ بێ گومان نا.
بۆ ئەمە دەوڵەت 5.2 ملیار پاوەندی سەرف کرد کە لەمە 3.5 ملیاری چوونە لای کەسان و کۆمپانیا و بزنسی ساختە کە هەندێکیان هەر وجوودیان نەبوو. حکومەت لەم بڕە پارەیە 2 ملیار پاوەندی ئەو قەرزەی سڕییەوە چونکە خۆشیان نەیاندەزانی چۆن سەرفیان کردووە . ئەوەشی کەماوەتەوە لە غەر غەرەدایە. ئەمە هاوکارییەکەی دەوڵەت بوو .

زاهیر باهیر
10/05/2022
Zaherbaher.com




گۆڤاری زمان و زار.. ژمارە ٢

گۆڤارێکی زمانناسیی وەرزییە…

بۆ پەیوەندی بە گۆڤاری زمان و زار
Fereydunsaman61@gmail.com

بۆ خوێندنەوەی ژمارە 2ی گۆڤاری زمان و زار کلیکی ئێرەبکەن…




ڕۆشنبیری کورد و دواڵیزم بوون، نووسەرێکی زل و عەزیم بە نموونە..! شەماڵ باروانی

بەشی یەکەم/

سەرەتادەمەوێ ئەوەبڵێم: دوور لە عەرزی عەزەلات و بە خۆداهەڵگووتن، کەمن ئەوانەی هێندەی من ڕاشکاو بێ گرێ و قسە لە ڕووبن.
چەندێن هاوڕێم هەن، دەڵێن سەرەڕای جیاوازیمان لە بیر و باوەڕ، لەبەر ئەو ڕاشکاویەت زۆرمان خۆشدەوێیت.

بۆ ئەم ڕاشکاوی و بێ گرێییەم(بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)بخوێننەوە، کە هەفتەی بەشێکی لە ڕۆژنامەی(ڕێگای کوردستان) و هەردووک ماڵپەڕەکانی:(دابڕان) و (دەنگەکان) بڵاو دەبێتەوە.
لەوێ، لە زۆر شوێن ڕەخنەی خۆم دەکەم و لە هەڵە و کەم و کوڕیەکانم دەدوێم.

جامادام خودی خۆم و زاتی خۆم، لە زمانی ڕەخنەییم و نووکی قەڵەمەکەی خۆم بە دەرنەبن، بە دڵنیاییەوە، بەڵێنم بە خۆم داوە، کە تا دوا هەناسەم، هیچ کەسێک، کە شایەنی ڕەخنەبوو، لەو ڕەخنە لێگرتنەی من قورتاری نابێت و زۆر ڕاشکاوانە ڕەخنەی دەکەم.
جا با ئەو کەسە وەکوو ئاماژەم بۆکرد خۆم و هەردووک چاوەکانم، یان نزیکترین کەس و ئازیزترین هاوڕێشم بێت.

بێگوومان، ڕەخنەی نەبێت بیربۆگەن دەکات و ژیان دەوەستێت.
هەڵبەت ڕەخنەی بونیادنەرانە و دڵسۆزانە دەڵێم، نەک ڕەخنەی ڕوخێنەر و تێکدەرانە.
ڕەخنەیەک، کە لەسەر بنەمای ڕق و تۆڵە و غەرەزی شەخسی بێت.

هەڵەنەبم ئەڕستۆیە سەبارەت بە پلاتۆن دەڵێت:پلاتۆنمان خۆشدەوێت، وەڵێ ڕاستی زیاتر، قسەیەکیتری هەمان شێوەی ئیبنولتەیمیەی تیۆرسەنی هزری ڕادیکاڵی و موفەکیری فیکری توندئاژۆیی لەکتێبێک و لەکاتی فەقێیاتیم بەرچاوکەوتووە، کەسەبارەت ئەحمەدی کوڕی حەنبەل دەڵێت:ئیمای ئەحمەدم خۆشدەوێت بەڵام حەقیقەت زیاتر.
.

هیوادارم لەو دوو قسەیە، دووشەشم لە دوو بێشی نەدابیتن و ناوەکانم بە هەڵەنەگووتبیتن، چونکوو ئەوەم زۆر لەمێژە و لە کاتی فەقێیاتیم و لە سەردەمی خوێندنم لە حوجره و قوتابخانەی ئایینی خوێندووەتەوە.
زۆر هەوڵم دا سەرچاوەی ئەو دوو قسەیە بدۆزمەوە، ئەفسوس نەمتوانی.

ئینجا با بێینەوە سەر ئەسڵی مەسەلەکە(ڕۆشنبیری کورد و دواڵیز و دەبڵ مۆڕاڵی).
دەبڵ مۆڕالی لە هەڵسوکەوت و دوالیزم بوون لە نێوان بیرکردنەوە و کردار، لە تیور و نووسین، لە دەرەوە و سەر شەقام و کونجی ماڵەوە.

گوتراوە قسە بێ دەسەڵات و بەستەمانە، هەموو کەسێک پێی دەوێرێت، یان قسه فڕێدان ئاسانە.
لینین وتەنی: شۆڕشکردن ئاسانە، وەلێ بەرگری کردن لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و لە بنەماکانی شۆڕ سەختە.

دەبڵ مۆڕاڵ و دوو ڕوو کێیە!؟
بێگوومان،
دوو ڕوو دەبڵ مۆڕاڵ: ئەو کەسەیە لە لایەک بانگەشە بۆ شتێک دەکات و لەلایەکەیتر خۆی سەت و هەشتاپلە دژی ئەو شتەیە کە بانگەشەی بۆ دەکات.

ئەو دوو ڕوویی و دەبڵ مۆڕالیەی لە ناو هاوپیشەکانم، لە نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامە و نووس و میدیاکار و ڕاگەیانکاردا، دەیان نموونەم بینیوە.

نووسەرێک دەناسم و دەیان کتێب و نامیلکەییم لە سەردەمی فەقێیاتی و خوێندنی قوتابخانەی ئایینی و حوجرە خوێندووەتەوە و خاوەنی گونیەک کتێب و نامیلکە و نووسین و کاری وەرگێڕانی بابەتی فکری و ئەدەبی و سیاسییەوە و سەری زمان و بنی زمانی باسی ڕەخنە و ئازادی و مرۆڤ و چی و چییە و خۆی لە سەرووی دەیان ئەرەگۆن و میشێل فۆکۆ و درێدا و گیڤارا و کێو کێیتر دەبینێت و خۆی هێنده قورس و سەنگین و بە کەسایەتی پیشان دەدات و هەیبەت و ویقار بە خەڵکی دەفرۆشێتەوە و پۆستی کۆمێدی دەکات و قبوڵیشی نییە هیچ کەسێک لەسەر پۆستەکەی بە لایک و کۆمێنت پێکەنێت و هەرکەسێک ئەوە بکات، لەکۆمێنت قسەی پێدەڵێت و دەڵێت
(من هەر باسی کوێرەوەریم دەکرد و عەوامیش هەر بە پێکەنین لایکیان دەکرد.)
پێکەنین لەسەر پۆستەکانی گوایە لە ویقار و کەسایەتی دەهێنێتە خوار، ئێ بابە مادام بۆ شتی کۆمێدی و پێکەنیناوی پۆستدەکەیت و بە فرێندەکانیشت دەڵێیت نابێت پێبکەنن؟ هاهاها لەو مەهزەلەیه، چەند جار ویستوومە لە کۆمێنت بۆی بدەمە قاقاو نەموێرایه و زانیومە توڕەدەبێت و ئەو کاکە شکۆدارە هەیبەتی بریندار دەبێت و قسەمان پێدەڵێت و لە شێوەی هەرزەکارێکی هەڵچوو مامەڵە دەکات .

ئینجا ئەو کاکە نووسەرە، ئەو زلە ڕووناکبیر و ڕەخنەگرە عەزیمە، لە پۆستێکی فەیسبووکدا،
باسی سینگ فراوانی و قبوڵ کردنی ڕای جیاواز و ڕێزگرتن لە ڕەخنەی کردبوو و نووسیبووی دەبێت تۆزەک دڵ فراوان و سینگکراوە بین و شارستانیانە لەگەڵ ڕەخنە مامەڵەبکەین و ڕەخنەمان خۆش بوێت و بە ڕۆحێکی وەرزشی ڕەخنە قبوڵ بکەین.

سوێند بە مرۆڤایەتی و هەموو ئەو پڕنسیپانەی خۆم باوەڕم پێیانەو لە پێناویانە تێدەکۆشم.
هەر لە ژێر ئەو پۆستە، سێجار کۆمێنتم کرد، هەر دەی سڕییەوە، بە هۆی ئەوەی لە کۆمنێنتەکەم یەک تۆز کە ڕەخنەم لێی گرتبوو.

جائەو زلە نوسەر و ڕووناکبیرە عەزیمە، لە فەیسبووک فرێندمەوە و موتابەعەی ئەوەم کردووە، هەموو کۆمێنتێکی ڕەخنەی خەڵکی لەسەر پۆستەکانی دەسڕێتەوە و تەنها کۆمێنتی دەستخۆشی و هەر بژی و وەی چەند موهیمیت و ئەڕڕەک کە نووسەرێکی ئەفسانەیی و قەڵەمێکی فشەکەری نموونەیی و کەسێکی عەزیم و زەبەلاحیت و هەی ماشااڵڵە و لێبێت و لە چاوی بەد و ناحەزانی ڕەخنەی ئازاد و مرۆڤی جقڵدان تەنگ و کۆمێنت سڕینەوە بە دوور بیت دەهێڵێتەوە.




بەرژەوەندی گشتی چییە؟ بەرژەوەندی تایبەتی چییە؟… زانا رەزاق

سەرەتا بەرژەوەندی گشتی هەموو قسە و کردارانەی هی مرۆڤێک یان کەسانێک یا گروپێک یا دەولەتێک دەگرێتەوە کە لە سودی بەرژەوەندی گشتی دەبێ بەرژەوەندی گشتی لێدەکەوێتەوە .

بێگومان ئەوەی پەیوەستە و کاری ئەقلە نەک هەست و سۆزەکان لە هەمان کاتدا هەم کورت مەودا هەمیش دوورمەودا سودی لێدەکەوێتەوە.

دوای ئەوە پرسیارێکی تر بکەین بلێین:
چۆنیش بزانین ئەو قسەیە یان کردارە بەرژەوەندی گشتیە؟

ئەوە لەسەر بنەمای و بیرکردنەوەی ئەقلانی بڕیاری لەسەر دەدەین ، سەیری قسەکە یان کردارەکە یان هەر شتێکی تر دەکەین دواتر بیری لێدەکەینەوە.
ئایا ئەوە بەرژەوەندی گشتییی لیدەکەوێتەوە؟ یان بەرژەوەندی تایبەتی و شتی تر؟

بۆ نموونە
ئازادی ڕادەبرین لەناو گروپێک یان شوێنێک یان جێگاو کۆمەلگایەک ئەوا بەرژەوەندی گشتیی لێدەکەوێتەوە
بۆ بەرژەوەندی گشتییە؟ چونکە هەمووان دەتوانن بیروڕا بە ئازادانە دەرببڕن یانی لە بەرژەوەندی هەمووانە نەک تەنیا کەسانێک.

یان نموونەی تر

لەسەر سەروەربوونی یاسا ، یان یاسا سەروەر بێت ئەوا ئەوەش هەموو کەس دەتوانێ لەسەر هەر کەسێک بیەوێ سکالا تۆمار بکات مافی خۆی وەرگرێت و کەسەش بەپێی خال و مادەکانی ئەو سکالایە سزای خۆی وەرگرێت.

یان نموونەیەکی گرنگتر ئەویش ڕێزبوون بۆ نانەواخانەکان و هەموو ئەو شوێنانەی ڕێزبوونی بەدوای یەکتری تێدایە ئەوەش چونکە بەرژەوەندی گشتییە چونکە لە سودی هەموو ئەو کەسانەیە کە ڕێزدەبن.

پێویستیشە هەر لەسەر بنەمای ئەوەش قسە بکەین ڕەفتار و کردار بنوێنین چونکە قسە و کردارکردنی ئاوا هەم سودی بۆ خۆمان شوێنەکەو کۆمەلگاش دەبێ بێگومان ئەوەش هەم بەکورت مەودا هەمیش دوورمەودا.

جا شتێکی تریش هەیە لێرە بلێم ئەویش هەموو باس کردنێکی شێتک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی لێبکەوێتەوە کارێکی باشە چونکە سودی لێدەبینین یانی پێش قسە بکەین کردار بنوێنین بیری لێبکەینەوە بزانین ئەوە بەرژوەندی گشتی لێدەکەوێتەوە یان نا.

بەرژەوەندی گشتی بیری ڕاست و دروستە جۆرێک لە جۆرەکانیش چاکەکارییە ئەمەش هەم گروپ و کۆمەلگا و ناوچەکە و جیهانیش دەبوژێنێتەوە.

ئەی بەرژەوەندی تایبەتی چییە؟

لێرەش دەتوانین بلێین بەرژەوەندی تایبەتی هەموو ئەو قسەو کردارێک هی مرۆڤێک یان مرۆڤانێک یان گروپێک و کۆمەلگایەک دەگرێتەوە کە بەرژەوەندی تایبەتی لێدەکەوێتەوە یانی ئەوەش ناوەکەی هەر لە خۆیەوەیە کە لە بەرژەوەندی کەسێک یان گروپێک لە کۆمەلگا یان دەولەتێک لە ناوچەکە و جیهاندایە ئەوەش کاری هەست و سۆز و ئارەزووەکانە نەک ئەقل لە هەمان کاتدا ئەگەر کورتمەودا لە بەرژوەندی خۆی بێ ئەوا لە دوورمەودا لە زیانی خۆیەتی یان خۆیەتیان

چۆنیش بزانین بەرژەوەندی تایبەتە؟
ئەوەش لەسەر بنەمای بنەمای بیرکردنەوەی ئەقلانی بڕیاری لەسەر دەدەین کە سەیری قسەکە یا کردارەکە یان هەر شتێکی تر دەکەین دواتر بیری لێدەکەینەوە ئایا ئەوە بەرژەوەندی تایبەتە یان بەرژەوەندی گشتی و شتی ترە.

نموونە کاتێک کەسێک بە واستە و خزم خزمێنە و شتی تر لە خوێندن دەردەچوێندرێت بەلام زۆرێک کەسانی تر نا یانی جیاوازی دەکرێت و یەکسانی تێدانیە ئەوا ئەو کەسە لەکورت مەودا سودی لێببینێت بەلام دوورمەودا سودی لێنابینێت چونکە هیچ فێرنەبووە هەر بە واستە و خزم خزمێنە دەرچووە بەلام کەسانی تر هەم کورت مەودا هەمیش دوورمەودا سودی لێدەبینن چونکە زانست و زانیاری فێربوونە.
ئەو کارە هەم هەلەیە هەمیش بەرژوەندی کەسێکە و بەرژەوەندی تایبەتە.

یان نموونەی تر

گەندەلی و بەرتیلوەرگرتن ئەوەش بەرژوەندی تایبەت و خراپەکارییە.
بۆ؟
چونکە گەندەلییەکە زیان لە دارایی دەدات مافی ماندبوونی کەسانی ترە نەک ماندووبوونی ئەو کەسەی دارایییەکەی بردووە زیاد تر لە هەقی ماندووبوونی خۆی بردوویەتی دزیویەتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی.

یان نموونەی تر
یاسا سەروەر نەبوون لە بەرژوەندی کەسانێکە یانی لە سەرووی یاساوەن ئەوە لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی سەروەر نەکراوە بۆ ئەوەی هەرچی بکەن کەس لێپێچینەوەیان لێنەکات یانی هەم هەلەیە هەمیش لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی

ئیدی ئەگەر مرۆڤ و گروپیش لە نێو کۆمەلگا لە بیرکردنەوە وابن وەکو ڤایرۆس وایە، یانی بەرژەوەندی تایبەتی یانی ڤایرۆس یان بەشێوەی تر بەرژەوەندی تایبەتی لە بیرکردنەوە قسە و کرداری ناڕاست و نادروستە جۆرێک لە جۆرەکانیش خراپەکاریشە ئەمەش هەم بۆ کەسە و گروپ و کۆمەلگا و ناوچەکە و جیهانیش وەکو ڤایرۆس وایە.

لێرە و پێش تێبینیەکان بنوسم پێویستە ئێمەی مرۆڤە چاکەکارەکان ئاگاداری خوێندنەوەی ڕووداوەکانیش بین بەتایبەت ئەوانەی بەرژەوەندی تایبەت و خراپەکاری دەیانگرێتەوە یانی باسیان نەکەین چونکە کەسانی خراپ سود لە شێوازەکەی وەردەگرن بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و گروپ و ئایدۆلۆژیاکەیان هەروەها پێشتر هەلەی زۆر وا کراوە پێویستە هەلەکانی خۆمان ڕاست بکەینەوە هەموو شت هی باس کردنی نییە.

تێبینی یەکەم لە کۆمەلگا ڕۆژهەلاتیەکان زۆرینەی بەدوای بەرژەوەندی تایبەتە زۆرینەشی زیانی بەردەکەوێت لە هەمان کاتدا کۆمەلگا ڕۆژئاواییەکان زۆرینەی بە دوای بەرژەوەندی گشتیە بۆیەش زۆرینەی سودی پێدەکەوێت.

تێبینی دووەمیش پێویستە هەر لەسەر ئەو بنەما و نموونانەی هێنامەوە بڕیاری لەسەر شتەکان بدەین بزانین لە بەرژەوەندی گشتیە یان تایبەتی جا تایبەتی ئایدۆلۆژییە یان گروپ و کەسانێک
لەچی بزانین؟ لە قسە و کرداریان
نەک پارە و مادی ئەوە هەم لە بەرژەوەندی تایبەت هەیە هەمیش لەکەسانی لە بۆ بەرژەوەندی گشتی هەول دەدەن بەس ئەوەندەی من زانیبێتم مرۆڤانێک هەن لە کۆمەلگای ئێمە بەرژەوەندی تایبەت بە پارە و مادی تێگەیشتوون نەک لە قسە و کردارەکان




شیعر/ چيمەن… سەردار جاف

چ تەليسمێ لێت ئاڵاوە وا ڕووخسارت لە هەستمە
شەرابی زوڵفی ڕەشماريت دڵزەدە و مەيلی نەستمە
لە شينایی زرێبارا چيمەن هەڵدێ و لەنگەر دەگرێ
کوڵمت سوورسوور تەدارەکە باڵات لە ڕۆخی ئاستمە
قامک و مەچەکی بە تينم گيرۆدەی پرچی خاوتە
دووری مەودای نێوانمان ژانە و هەميشە کۆستمە
برۆت قۆپييەکی ياخی هەناسەم شنەی حەسرەتە
بە تیری برژانگت لاشەم خەڵتانی خوێنی خەستمە
گەردانەی زێڕ شەرمەزارە کە تۆ بۆ خۆت پڕ ياقوتی
شيلە و چؤڕاوی لێوان و سينەت جۆباری دەستمە
گەردنێ خۆی کريستاڵ بێ گۆلی ئاوەڕۆی هێشووە
لێوم شەرارەی ئازارە و گەرمە ماچێ مەبەستمە
بە جوانيت جوانيم وتووە زێدەڕؤیی لە من نايە
ئامێزت پەشمەک مينايە و ڕۆحت وشەی هەڵبەستمە

باد کامبێرگ / ئەڵمانيا




شیعر و شاعیریی و خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مه‌ شیعری “به‌ره‌واژ”ی نارین ڕۆسته‌م-3- … سۆران محه‌مه‌ده‌سووره‌

-3- كۆتایی

چواره‌م: بگێڕه‌وه‌ی منداڵ:
مرۆڤ، به‌گشتیی مامه‌ڵه‌یه‌كی نامۆی له‌گه‌ڵ منداڵیی و ڕابردووی خۆی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌نێوان ئه‌م مرۆڤانه‌دا كه‌سانێك هه‌ن كه‌ سرووشتێكی نامۆتر و شێتانه‌تریان له‌گه‌ڵ منداڵییدا هه‌یه،‌ ئه‌وانیش شاعیرانن. شاعیران بۆ ئه‌وه‌ی‌ منداڵیی خۆیان ببیننه‌وه‌‌، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی دڵبڵندییی منداڵییان بكه‌نه‌وه، به‌ زمانی منداڵیی -نه‌ك به‌ زمانی شیعری منداڵیی- شیعر ده‌ژێنن، كه‌ له‌ گه‌وره‌ییدا لێیان ستێندراو و سنوورداركراوه‌، هه‌میشه‌ له‌و خه‌یاڵ و له‌و منداڵییه‌دا ده‌ژن، كه‌ ده‌ستیان پێیان ناگاته‌وه‌. جا ئیتر ناخۆشیی و كوێره‌وه‌ریی بێت یان خۆشیی و خه‌نده‌، چونكه‌ منداڵ، به‌تایبه‌تیی بگێڕه‌وه‌ی نێو ئه‌م چوار شیعرانه‌ی كه‌ له‌ خواره‌وه‌دا ناویان هاتووه‌، هه‌رده‌م شته‌كانی وه‌ك كایه‌ و یاریی بینیووه‌.
له‌ شیعره‌كانی “كڵاو، زۆرانبازی، قوتوو و حه‌مام”دا بگێڕه‌وه‌یه‌كی منداڵ هه‌یه‌. له‌و شیعرانه‌دا كه‌ شاعیر‌ باس له‌ خێزان ده‌كات، له‌وێدا منداڵێكه‌ و خۆی شاعیر نییه‌. بۆیه‌ له‌و شیعرانه‌دا بگێڕه‌وه‌ی منداڵییەک دەبینین، بەڵام له‌ شیعری كڵاو و حه‌مامدا بگێڕه‌وه‌ی منداڵ، چاوێكی گه‌وره‌شی له‌سه‌ره‌. واته‌ بگێڕه‌وه‌ هه‌ر له‌ زه‌مه‌نی منداڵییدا نییه‌. بۆیه‌ شاعیر به‌م بگێره‌وه‌ منداڵه‌ له‌ شیعره‌كاندا، وه‌ك جندارێك ده‌ست له‌ شیعر ده‌وه‌شێنێت. هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ر بگێڕه‌وه‌ی منداڵ له‌نێو ڕووداو و مه‌ترسییدا ژیابێت، ئه‌وه‌ به‌ چاوێكی منداڵانه‌ ڕووداوه‌كانی بینیووه‌ و لێكی داونه‌ته‌وه‌‌، به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ردووك له‌ شیعره‌كانی “زۆرانبازی و قوتوو”دا، چونكه‌ له‌م دوو شیعره‌دا به‌رگی منداڵێكی گه‌وره‌بوو نییه‌، به‌ڵكوو ڕاسته‌وخۆ منداڵێكی بگێڕه‌وه‌ هه‌یه‌. واته‌ بگێڕه‌وه‌ی منداڵ ڕووداوه‌كانی وەک کایە و گاڵتە بینیوون و منداڵی نێو ئه‌و ڕووداوانە، منداڵێکە لەگەڵ ڕووداوه‌ مه‌ترسییه‌كان، به‌ ترسه‌وه‌ یاری ناكات. كه‌چی له‌ شیعری كڵاو و حه‌مامدا بگێره‌وه‌ی منداڵ هه‌یه‌ و به‌رگی منداڵێكی گه‌وره‌بوو به‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی ئه‌م بگێره‌وه‌ منداڵه‌دا هه‌یه‌‌. واته‌ جگه‌ له‌ بگێڕه‌وه‌ی منداڵ، ئه‌وه‌ له‌پاڵ ئه‌وه‌دا تێگەیشتنێكی گه‌وره‌بوونانه‌ش‌ هه‌یه‌، لەوەی كه‌ ئەو ڕووداوانە پڕبوون لە مەترسیی. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م جۆره‌ شێوازه‌ وایكردووه‌، شیعر بپه‌ڕێنێته‌وه‌ ئاستێكی به‌رزی شیعریی، هونه‌ریی و ئێستاتیكیی.‌

ا/ شیعری قوتوو:
شاعیر له‌ شیعری “قوتوو”دا خه‌یاڵ، تێروانین و دنیابینیی منداڵیی خۆی -ناڵێم ده‌یكات به‌ شیعر، چونكه‌ منداڵیی، خۆی شیعرێكی نه‌نووسراوه‌- به‌به‌ر شیعردا ده‌كات و منداڵیی خۆی به‌ شیعر په‌روه‌رده‌ ده‌كات و ده‌یژێنێت‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ به‌ده‌ستلێدان له‌ “منداڵیی شاعیر” سه‌رڕێژه‌:
“قوتوویه‌كی بێسه‌ره‌ ماڵه‌كه‌مان
هه‌ندێك جار شه‌كری تێ ده‌كرێت و
زۆر جاریش خوێ.” (ڕۆسته‌م. 2021: 21)
شاعیر له‌ منداڵییدا ماڵه‌كه‌ی خۆیانی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر جیاواز بینیووه‌، ماڵێك له‌شێوه‌ی قوتوو، كه‌ سه‌ری نه‌بووه‌، نا ئاسمان سه‌ری بووه‌. دنیای منداڵ هه‌رده‌م دنیایه‌كی بێخه‌وش و بێگرێیه‌، هه‌رده‌م بۆ گرێیه‌كانی ژیانی ئه‌وانی له‌خۆگه‌وره‌تریش گرێیه‌كان هه‌ر به‌و تێڕوانینه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ خۆی وێنایان ده‌كات، نه‌ك به‌ وێنای ئه‌وان. بۆیه‌ ژیانی منداڵیی، جیهانی شاعیرانه‌‌. مرۆڤه‌ گه‌وره‌كان به‌رده‌وام پێویستیان به‌ شیكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ شیكردنه‌وه‌ی دونیای منداڵیی بۆ مرۆڤه‌ گه‌وره‌كان قورسه‌، چونكه‌ لێی تێناگه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ ناخه‌كییه‌، كه‌ مرۆڤه‌ گه‌وره‌كان پێویستیان به‌ شیكردنه‌وه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ بۆیان به‌راورد بكه‌ی به‌ باڵا، قه‌باره‌ و ژماره‌. ‘مرۆڤه‌ گه‌وره‌كان هیچ كات خۆبه‌خۆ تێناگه‌ن و ئه‌مه‌ش بۆ منداڵان/شاعیرانی نێو مه‌ته‌ڵ، تاقه‌تپڕووكێنه‌ كه‌ به‌رده‌وام شته‌كانیان بۆ شی بكه‌نه‌وه‌’. (ئێگزوپێری. 2019: 8-9)، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ شیعر؛ كه‌ وه‌ك په‌تێكی چنراو وایه‌، كه‌ هه‌ر سه‌ره‌ی به‌ داوێك له‌ “داوی منداڵیی” ده‌ستپێده‌كات. بۆیه‌ هیچ كاتێك نییه‌، كه‌ شیعر و منداڵیی به‌بێ یه‌كتر هه‌ڵبكه‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات له‌نێو خۆیدا هه‌ڵگری دژیه‌كیی، بێزاریی، شه‌یدایی و ئاوازی كینه‌ی شادیی بێت.
منداڵ هه‌ر له‌ گچكه‌یییه‌وه‌ زمانی به‌ر شیرین و تاڵیی ده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر چی ناتوانێت باش سه‌رده‌رییان لێبكات، له‌وێوه‌، له‌و شیرین و تاڵیییه‌وه‌ هه‌ست به‌ دووانه‌كانی ژیان ده‌كات، دووانه‌ی ژیان و مردن، خۆشیی و ناخۆشیی، ماڵ و كرێچییایه‌تیی، ئازار و ساغڵه‌میی. ئیدی له‌ كۆپله‌ی دووه‌مدا ئه‌م ماڵه‌ چیتر ماڵی منداڵ، كه‌ ئاسمان سه‌ری بووه‌، به‌و ساده‌یییه‌ نامێنێته‌وه‌ و به‌ر شیرینیی له‌خۆگه‌وره‌تره‌كان ده‌كه‌وێت، واته‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ خوشكه‌كه‌ی مێرد ده‌كات، شیرینیی ده‌چێژێ و تامی خۆشیی ده‌كات و ئه‌و ده‌مه‌ ده‌بێت خۆی ته‌یار بكات بۆ شیكردنه‌وه‌ی دونیای خۆی بۆ دونیای ئه‌وانی دیكه‌، ئه‌گه‌ر چی شیكردنه‌وه‌یه‌، به‌ڵام شیكردنه‌وه‌كه‌ش هه‌ر له‌ دونیای منداڵییدا ده‌ژێت:‌
“كه‌ خوشكم چووه‌ ناو جلی بووكێنییه‌وه‌،
ماڵمان شه‌كردان بوو” (هه‌مان، 21)
به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ ناخایه‌نێت، ئه‌م شیرینییه‌، ناتوانێت تاسه‌ر به‌ته‌نیا به‌بێ دژه‌كه‌ی بژێت، ئیتر خوێ كه‌ ئازار به‌سۆتر، ڕه‌نج تۆختر و ڕه‌ش تاڵتر ده‌كات، ده‌بێته‌ میراتگری ئه‌م ماڵه‌ بێسه‌ره، كه‌ ئاسمان سه‌ریه‌تی:
“ئه‌و ڕۆژه‌ی به‌لووعه‌ی تانكی ئاوه‌كه‌م له‌ده‌ست په‌ڕی و
خوێن به‌ ده‌ماری تانكیدا هاته‌ خوارێ
قوتووه‌كه‌ پڕببوو له‌ خوێ.
ده‌رمانخانه‌كان له‌ جیاتی ده‌رمان، بلیتی یانه‌سیبیان ده‌فرۆشت. (هه‌مان: 22)
له‌ده‌ستده‌رپه‌ڕینی به‌لووعه‌ی تانكی ئاو، كه‌وتنه‌ نێو ژیانێكی تره‌، كه‌ ژیانی خوێ و شیرینییه‌، ژیانی دووانه‌كانه‌‌، نه‌ك ئه‌و ژیانه‌ی كه‌ ماڵ تێیدا هه‌رده‌م وه‌ك قوتوویه‌كی بێسه‌ر بێت. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا، بگێڕه‌وه‌ هه‌ر منداڵ ده‌مێنێته‌وه‌، ده‌رمانخانه به‌ شوێنی فرۆشتنی بلیتی یانه‌سیب، له‌ جیاتی ده‌رمان تێگه‌یشتووه‌ و قووتدانه‌وه‌ی ئه‌كبه‌ریش له‌ كاتی كۆخینی بانگده‌ردا، وێنای نه‌خۆشیی بۆ ناكات.
“بانگده‌ر (أكبر)ـه‌كه‌ی (الله)ی قووت دایه‌وه‌.” (هه‌مان: 22)
به‌مپێیه‌ قووتدانه‌وه‌ی وشه‌ی “ئه‌كبه‌ر” لێره‌دا ئه‌وه‌نده‌ی به‌ر تێگه‌یشتنی منداڵێك ده‌كه‌وین، ئه‌وه‌نده‌ به‌ر مانا ئایینییه‌كه‌ی ناكه‌وین.
“له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م قوتووه‌دا،
ئاسمان پارچه‌ڕایه‌خێكی موتفه‌ڕكه‌،
هه‌ڵواسراوه‌
هه‌ر په‌ڵه‌هه‌ورێكی چڵكنی بكه‌وێته‌ سه‌ر،
دایكم به‌ گه‌سك لایده‌بات
(ئه‌وه‌ ده‌شارمه‌وه‌ كه‌ دایكم به‌ قه‌ره‌وێڵه‌یه‌كه‌وه‌ نووساوه‌ و په‌ڵه‌هه‌وره‌ چڵكنه‌كان ده‌ژمێرێ)
به‌ سواری گه‌سكه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ر قوتووه‌كه‌دا ده‌فڕم،
باوكم…
پێكێك عه‌ره‌ق هه‌ڵده‌دا و
فو به‌ فانۆسه‌كه‌دا ده‌كات
من له‌ گه‌سكه‌كه‌ به‌رده‌بمه‌وه‌ و
به‌ناو قاپی جاجیكدا ده‌كه‌وم،
ته‌باغه‌كه‌ كوژاوه‌ته‌وه‌
به‌شی ساڵێكی دیكه‌ نه‌گبه‌تی كوڵاوه‌.” (هه‌مان: 23- 24)
بۆیه‌ منداڵیی شاعیر/نارین ناتوانێت به‌شدار نه‌بێت له‌ پێكهاته‌ و ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كانی. منداڵیی ده‌ستێكی خوداییی به‌سه‌ر ناوه‌ڕۆك و ڕووخساری شیعره‌وه‌ هه‌یه‌، ناوه‌ڕۆك زۆرجار له‌ خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌دا، ڕووخساریش له‌ ئاكار و مامه‌ڵه‌ی ڕۆژانه‌ی شاعیردا ده‌بینرێته‌وه‌. وه‌ها منداڵێكی زیت و وردبین له‌گه‌ڵ منداڵییدا، ئاقیبه‌تێكی باشی نابێت و سه‌ره‌نجام له‌ پڕیشكی‌ شێتیی یان ده‌روونیی هه‌ڵده‌نووتێ. ئه‌مه‌ سه‌ره‌نجامی زۆربه‌ی شاعیر و وێژه‌وانانی داهێنه‌ر و نوێخواز بووه‌.
هایدێگەر لە وتاری “شیعر چییە؟دا ئاماژە بەوە دەدات کە “شاعیر تەنیا پەیوەستە بە دەنگی خۆیەوە.” (هایدیگه‌ر، 2017: ٥٠)، ئه‌و ده‌نگه‌ ده‌نگێكه‌ كه‌ له‌نێو خۆیدا ده‌ژیێت و مه‌رایی بۆ كه‌سی تر نییه‌. ئه‌و ده‌نگه‌ ناكرێت هه‌مان ئه‌و ده‌نگی منداڵییه‌ نه‌بێت كه‌ هه‌ڵیگرتووه‌، ئه‌و ده‌نگه‌ی كه‌ هه‌زاران وێنه‌، خه‌یاڵ و فڕینی له‌ مێشكدا ده‌زرنگێته‌وه‌.

ب/ شیعری زۆرانبازی:
شیعری زۆرانبازی یه‌كێكه‌ له‌ شیعره‌ هه‌ره‌ جوانه‌كانی نێو به‌رهه‌می به‌ره‌واژ. شیعرێك كه‌ وه‌ك فیلمكارتۆنێك ده‌بینرێت، به‌ڵام نه‌خێر، ئه‌م شیعره‌ باسكردنه‌ له‌ خێزانی كورد، له‌ ژن و مێرد، كه‌ چۆن كێشه‌ و گرفته‌كانیان له‌به‌رده‌م منداڵه‌كانیاندا یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ پرسێكی گرینگه‌ و به‌ده‌گمه‌ن خێزانێك هه‌یه‌ كه‌ له‌نێو ئه‌م كێشه‌یه‌دا نه‌خوولێته‌وه‌. بگێڕه‌وه‌ی منداڵ، هه‌مان ئه‌و منداڵه‌ی نێو خێزانێكی كورده‌، كه‌ ژن و مێرده‌كه‌ له‌ كێشه‌ و شه‌ڕه‌كانیاندا، ده‌یكه‌نه‌ بینه‌ری خۆیان، جڵه‌وی گۆڕینی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ش له‌ده‌ست منداڵدا نییه‌، هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ر ئه‌و منداڵه‌ شه‌ش فیكه‌ زیاتریشی پێبێت.
“ئەمن
شەش فیکەی ناو چپسی یانەسیب بە ملمەوە و ناتوانم ئەم یارییە ڕابگرم.” (هه‌مان: 18)

به‌گشتیی له‌ وێژه‌ی كوردیی و شیعر به‌تایبه‌تیی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌ها بگێڕه‌وه‌یه‌كی منداڵ نابینرێت، كه‌ تێیدا بووه‌ته‌ بینه‌ری یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئارێشه‌كانی دایباب. بۆیه‌ ئه‌م شیعره‌ له‌م ڕووه‌وه‌ ده‌بێت جێگه‌ی بایه‌خپێدانی خوێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گران بێت. به‌تایبه‌ت كه‌ بگێڕه‌وه‌ی منداڵ ڕووداوه‌كه‌ وه‌ك ڕاستییه‌كی خێزانیی نابینێت، به‌ڵكوو وه‌ك یارییه‌ك ده‌یبینێت و ده‌یگێڕێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ هێلی نوێخوازیی.
بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر له‌ شیعری “زۆرانبازی”دا به‌ر ئه‌و بگێڕه‌وه‌ منداڵه‌‌ بكه‌وێت، ئه‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌واوی شیعری “زۆرانبازی” لێره‌ داده‌نێین:
“ھەر جارەی تەلەڤزیۆنە ڕەشوسپییەکە
تەقەتەقی لێ ھەڵدەستا و
یاری زۆرانبازی پێشان دەداین،
باوکم
خۆی لێ دەبووە پاڵەوان،
دەبوو قاپێک شووتیی قەڵەو بخوات.

دایە
سەری شووتییەکانی دەپەڕاند،
ئێسکەکانی شووتیی ورد ورد دەکرد:
زۆرانبازە دۆڕاوەکە بوو.

ئەمن
ناوبژیوانێکی بێفیکە،
بە شۆڕتی خەتخەتەوە دەسووڕامەوە.
کە کارەبا دەکوژایەوە،
دنیا ڕەنگاوڕەنگ دەبوو.
باوکم
قاپی شووتیی بەرز دەکردەوە
بەڕاستی ببوو بە پاڵەوان.

زۆرانبازە دۆڕاوەکە
سەری لەناو کۆشی و
لە حەمام
پارچەی قاپە شکاوەکانی لە گۆشتی دەردەھێنا.

ئەمن
شەش فیکەی ناو چپسی یانەسیب بە ملمەوە و ناتوانم ئەم یارییە ڕابگرم.” (هه‌مان: 16- 18)

پێنجه‌م: پڕیشكی ناو بێهووده‌یی شیعری “سێ براده‌ر”
مرۆڤ ماندووە، بەڵام پرسیاری بۆ ماندووبوونەکەی نییە، ئەمە گرێکوێرەی کوردانە. زۆر جار بەخۆتت وتووە، کە ئیتر لەمەڕ هیچ شتێکه‌وه‌ نازانم، بەڵام هێندە نابات، خۆت قووچدەکەیتەوە، کە هەموو شتێک تێدەگەیت و هیچ شتێکیش تێکنادەیت. ئەوەندەش بێخەیاڵ، کە هیچ کێشەیەکت نەبێت. بۆ؟ ئێمە پرسیارگەلی منداڵیی خۆمان بە هەواڵەکان سەودا کرد و حزبمان کرد بە پێشەنگی بیرکردنەوە لەخۆمان؛ لێرەوەبوو گۆرانییەکان وەندا بوون، ڕووحمان گەنە هەڵی ماسیی، تەمەن مۆرانە لێیدا. تەنیا ئەو کاتەش دەرک بەو بەمێشبوونە دەکەین، کە شیعرێک دەخوێنینەوە. شیعری سێ براده‌ر، وەک زۆربەی شیعرەکانی تری نێو به‌رهه‌مه‌كه‌، نە بە زمانێکی زبر، نە بە زمانێکی واوەیلا و نووزەنووس، دێت سەرپۆش لەسەر خەونەکانمان هەڵدەداتەوە و یێژێت، ئەی ڕووحی سمراو، هەوایەکی ئازاد هەڵبمژە، دنیا زووە و بەربەیان لە چاوشارکێنی تۆدا هەرمێی ئومێدی لە گەیینە.
شیعری سێ براده‌ر، له‌ ڕیزبه‌ندیی ژماره‌ سێی شیعره‌كانی نێو به‌رهه‌مه‌كه‌دایه‌ و هاوكات ژماره‌ سێش خراوه‌ته‌ پێش وشه‌ی براده‌ر، ئه‌مه‌ موویه‌كی ماتماتیكیی تێدایه‌؛ گرینگ و پێویسته‌ خوێنه‌ر به‌رچاوڕوونی ئه‌وه‌ی هه‌بێت كه‌ خاڵێكی گرینگی ئه‌م به‌رهه‌مه ‌شیعره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌‌ بیركارییانه‌ (ماتماتیكی)یانه‌ كاری تێدا كراوه، ‌به‌هه‌رحاڵ با ئه‌م ئاماژه‌ كورته‌یه‌، وه‌ك به‌رچاوخستنێك بێت بۆ خوێنه‌ری خۆشه‌ویست و ئیتر نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌‌.

شیعره‌كه‌ سێ براده‌ر، به‌ڵام سێ براده‌ری گچكه‌ و منداڵ ده‌گرێته‌ خۆی، یه‌كێكیان به‌رگدروو، دووه‌میان مامان و سێیه‌میش شاعیرێكه‌. یه‌كه‌میان ده‌بێته‌ به‌رگدروو، خه‌ون ده‌دوورێت، كه‌چی خه‌ونی شاعیره‌كه‌ له‌به‌ر ڕه‌قیی و یاخیبوون، له‌به‌ر سه‌ختیی و جێكه‌وتنه‌بوونی خه‌ونه‌كانی له‌ وڵاتدا، ده‌رزی و داوی دروومان نایبات. كه‌سایه‌تی یه‌كه‌م و دووه‌م مردنێكی ئاسایی ده‌مرن، كاتێك به‌رگدرووه‌كه‌ ده‌مرێت، به‌ شاعیر ده‌ڵێن له‌وێ به‌فر ڕه‌شه‌ و به‌ بوتڵێك وێسكی ئه‌مه‌ بكه‌ شیعر، به‌ڵام ڕه‌شیی قووماشه‌، نه‌ عه‌به‌سیه‌تییه‌كه‌ی، هه‌ر بۆیه‌شه‌ مردنی ئه‌و نابێته‌ شیعر، وه‌ك چۆن عه‌به‌سیه‌تی شاعیر دروومان نه‌یده‌برد. ئه‌وی تریش كه‌ مامانه‌ دواجار له‌ بگێڕه‌وه‌/شاعیره‌كه‌ بزر ده‌بێت و لێكهه‌ڵده‌بڕێن، هه‌مان ئه‌و ساڵه‌ی كه‌ هاوڕێی مامانی بزر ده‌كات، سی هه‌زار و دووسه‌ت منداڵ ده‌كه‌ونه‌ كۆشی زه‌وییه‌وه‌:
“براده‌ره‌كه‌م مامان بوو،
ژنان لنگیان بۆ هه‌ڵده‌بڕی
ئه‌ویش: مامۆستا، له‌حیمچی، نه‌خۆشه‌كانی داهاتووی لێ ده‌رده‌هێنان.” (هه‌مان، 12)
بزربوونی مامان لێره‌دا ده‌كرێت گوزارشت له‌ قێز له‌ سێكسكردنێكی زۆر و بێچێژ، وه‌چه‌خستنه‌وه‌یه‌كی زۆر و په‌راوێزی په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندرووست له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا بێت، بۆیه‌ بزربوونی مامان، خۆبزركردنیه‌تی، كه‌ وه‌ك بێزاربوون ده‌بینرێت. بۆیه‌ مردنی مامان، مردنی دایكی هێنانه‌دنیایه‌، كاتێك كه‌ ده‌شمرێت منداڵه‌ خه‌مۆكه‌كان، له‌ ده‌وری ته‌رمه‌كه‌یدا په‌شیمان ده‌رده‌كه‌ون و به‌ داهاتووی سبه‌ینێی خۆیاندا ده‌كێشن، كه‌ بۆچی هێنانیه‌ دنیاوه‌.
“له‌ناو ته‌له‌ڤزیۆن
منداڵه‌ خه‌مۆكه‌كان
به ‌چوارده‌وری ته‌رمی مامانه‌كه‌مان
په‌شیمان…
به‌ ناوچاوانی سبه‌ینێی خۆیاندا ده‌كێشن” (هه‌مان، 14)
دواجار شاعیره‌‌ سه‌رگه‌ردان و عه‌به‌سییه‌كه‌ی هاوڕێمان‌، له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌، ڕاوده‌نرێت، وه‌ك شێتێك ده‌یبینن و ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌، بۆیه‌ كه‌ڵكه‌ڵه‌ی خۆكوشتن “بانگكردن” ده‌كه‌وێته‌ سه‌ری، په‌تێك ده‌خاته‌ ملیه‌وه‌ و خۆكوژیی ده‌كات. كه‌ڵكه‌ڵه‌ی خۆكوشتنی شاعیره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو نه‌خۆشه‌كانی شێتخانه‌ و ختووكه‌ی بنی پێی شێته‌كانی ئه‌وێ ده‌دات، به‌ڵام شێته‌كان به‌ حه‌بی ڤالیۆم ده‌میان ئاخنراوه‌ و خه‌وێنراون، بۆیه‌ نایانه‌وێت له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ و باو، بانگ بكرێن و خه‌ونه‌كانیان گه‌ڵاڵه‌ بكه‌ن.

خۆكوژیی نێو ئه‌م شیعره‌ بێزاریییه‌ له‌ده‌ست نه‌ریتی باوی كۆمه‌ڵگه‌، كه‌ ئه‌وه‌ی خه‌ونی هه‌یه‌، ناتوانێت “بانگ بكات”، ئه‌وه‌ی باسی خه‌ون و خولیاكانیشی بكات، وه‌ك شێت سه‌یری ده‌كه‌ن و ڕه‌وانه‌ی شێتخانه‌ی ده‌كه‌ن، یان دواجار ناچار به‌ خۆكوژیی ده‌بێت.
له‌م شیعره‌دا شاعیره‌كه‌ له‌ ململانێیه‌كی سه‌ختدایه‌، ململانێ له‌گه‌ڵ واقیعی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ منداڵ ده‌خاته‌وه‌، به‌ڵام ئاوڕی لێناداته‌وه‌، وه‌ك نه‌خۆش و خه‌مۆك ده‌ڕوانێته‌ منداڵێكی نائاسایی و خاوه‌ن خه‌ون. ده‌كرێت ئه‌م ململانێیه‌ پەیوەست بێت بە ڕووحی سرک و ڕادەستنەبووی شاعیر بە ژیانی ڕۆتین. بۆیەشە شیعر لەلای شاعیر دەچێتە ئاستێکی جیاواز، لە فۆڕم و کەرەستەکانی شیعرییدا.
بۆیه‌ ئه‌م شیعره‌، كه‌ یاریكردنی به‌ زه‌مه‌ن، پچڕپچریی كۆپله‌یی، تێكاڵۆزكاندنیان و سێ كه‌سایه‌تیی وایكردووه‌ شیعره‌كه‌ ئاسان خۆی نه‌داته‌ ده‌سته‌وه‌ و خوێنه‌ر دوای ته‌واوكردنی وه‌رباره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ری، بۆیه‌شه‌ “سێ براده‌ر” لە پیت، وشە، دەنگ و ڕسته‌کاندا خۆی وەک کۆمەڵە وێنەیەکی ژیانی ڕۆژانەی كۆمه‌ڵگه‌ی جێگیر و تاكی بزواو خۆی دەنوێنێتەوە. بۆیە هەر دوای کۆپلەیەک، یەکڕاست کۆپلەیه‌كی دیکە، بارگاویی به‌ زه‌مه‌نی جیا بەدوای خۆیدا دێنێت، ئەمەش وادەکات مانای جێگیرنەبوون و وێنه‌ی شیعریی دووباره‌نه‌بووه‌وه‌ به‌رهه‌م بهێنێت.

به‌هه‌ر حاڵ، ده‌نگی شاعیری نێو شیعره‌كه‌، ده‌نگێكه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی ناباو. ده‌نگێكه‌ بای كوێستانه‌كانی چیای، له‌خۆیان ناڕه‌ونه‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ نێو خۆیان، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ كه‌‌ له‌م شیعره‌دا خوێنه‌ر بەتەنگەوه‌‌ بێت بۆ دیدەنیی و گفتوگۆ لەتەک خۆیدا، کە هەمیشە ئێستا بە دەنگی ناوەوەی خۆی دەلەرێنێتەوە، بۆیه‌ دەنگی ئەو دەنگی دەرەوە نییە، كه‌ ده‌نگی ده‌ره‌وه‌ش نه‌بێت، ئه‌وه‌ بێگومان دەنگی ناوەوەی منداڵێکی ڕاماو لە ئێستا و چاو لە ئایندەیە. بۆچی چاو له‌ ئاینده‌یه‌؟ بێگومان ئه‌م پرسیاره‌ ڕه‌نگه‌ خوێنه‌ر له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كه‌دا و یه‌ك جار خوێندنه‌وه‌، له‌خۆی بكات؛ ڕاسته‌ عه‌به‌سیه‌ت و بێهووده‌یی زۆر به‌سه‌ر شیعره‌كه‌دا باڵكێشه‌، به‌ڵام ئه‌م باڵكێشییه‌ی نه‌بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی پزیسكی نێو پانتایی بێهووده‌یی بكوژێت، هه‌رچه‌ند كه‌ شاعیره‌كه‌ش له‌ بێزارییدا خۆكوژیی هه‌ڵده‌بژێرێت، به‌ڵام‌ ده‌كرێت كۆتایی ئه‌م شیعره‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ش بخوێنینه‌وه‌:
په‌تی ملی شاعیره‌كه‌، ڕه‌شبینییه‌، به‌ڵام ڕه‌شبینییه‌ك كه‌ سه‌ر له‌ هیوا هه‌ڵده‌سوێت، بێزاره‌، به‌ڵام بێزارێكی دانه‌سه‌كناوه‌، تووڕه‌كراوه‌‌، به‌ڵام تووڕه‌كراوێكی كونجكاو و مه‌یل له‌ جوانیی ژیانه‌. ئه‌و شاعیره‌ ئازاردراوه‌ ده‌زانێت، ئه‌گه‌ر مرۆڤ خه‌ون و خه‌یاڵی نه‌بێت، ناگه‌شێته‌وه‌، بۆیه‌ گه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌سته‌ به‌ ململانێكردن، ململانێش به‌ری ئازار، شكاندنه‌وه‌، ده‌ركردن و تاڵاوچێشتنه‌، بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ پزیسكی شادیی بگات، ده‌بێت له‌ هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌وه‌ بژێت و ململانێیه‌كه‌ بكات، به‌ڵام چی كه‌ خۆكوژیی ئه‌و/شاعیر له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ به‌سه‌ریدا ‌بڕاوه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ خستوویه‌تییه‌ وه‌ها دۆخێكه‌وه‌، كه‌ خۆكوژیی هه‌ڵببژێرێت، هه‌ڵبژارتنی ئه‌و خۆكوژییه‌، ده‌سته‌وه‌ستانبوونی نییه‌، ئه‌وه‌نده‌ی به‌رته‌كێكه‌ له‌ بێڕووحیی و ساردیی كۆمه‌ڵگه‌، كه‌ ده‌رووی تێگه‌یشتنی نییه‌. بۆیه‌ خۆكوژیییه‌كه‌، وه‌ك پڕیشكی ناو بێهووده‌یی ده‌رده‌كه‌وێت.

شه‌شه‌م: به‌زه‌ییی ساخته‌ و شیعری ئێكسپایه‌ر
له‌ شیعری “ئێكسپایه‌ر”دا به‌زه‌یی، موشته‌ریی و پشیله‌یه‌ك هه‌یه‌. شیعره‌كه‌ به‌ وشه‌ی به‌زه‌یی ده‌ستپێده‌كات و به‌ ژیانیش كۆتاییی پێهاتووه‌. موشته‌ری به‌ نیشانه‌ی كۆیه‌‌، كه‌ بریتین له‌ دادوه‌ر، بازرگان، نووسه‌ر، یووتوبه‌ر. كه‌چی پشیله‌كه‌ به‌ نیشانه‌ی تاكه‌. به‌مجۆره‌ به‌زه‌یی مووشته‌ریه‌كان، واته‌ به‌زه‌یی ڕۆتینات و ساخته‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی. ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ به‌زه‌ییی ته‌نیا بۆ مه‌رام و به‌رژه‌وه‌ندیی، یان چاوبه‌ستكردنی خه‌ڵكان ده‌بێته‌ پرسێكی گرینگی ژیان.
كه‌وایه‌ پشیله‌ تاكه‌، تاكێك له‌ كۆمه‌ڵ، “پشیله‌یه‌كی زه‌ردی ئاساییه‌” (هه‌مان: 25)‌ چۆن؟ ئه‌مه‌ شیعرێكه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی‌ و سیاسییدا ده‌خوولێته‌وه‌، تاكێك كه‌ ده‌نێو گیروگاڵدایه‌. له‌ وشه‌ی ئاسایی تێده‌گه‌ین كه‌ له‌ چینی خواره‌وه‌ دایه‌، ئه‌و چینه‌ی كه‌ ژیانێكی ئاسایی ده‌ژێت، به‌ڵام به‌ده‌ست چینی سه‌رده‌سته‌وه‌ ده‌تڵێته‌وه‌. ئه‌و چینه‌ی كه‌ ده‌بێت یاسا و مافی بۆ دابین بكات، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ژێرده‌ستیدا ده‌ناڵێنێت، بۆیه‌ كاتێك په‌نا بۆ دادگه‌ ده‌بات، ئه‌وه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی دادگه‌ مافی بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات، ئه‌وه‌ تووشی ده‌رده‌سه‌ریی زیاتری ده‌كات. كاتێكیش په‌نا بۆ بازرگانان ده‌بات، ئه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی، یان مه‌رامی خۆیان به‌كاری ده‌هێنن. كاتێكیش په‌نا بۆ نووسه‌ران ده‌بات، ئه‌وه‌ شه‌لتر، سه‌رگه‌ردانتر و بێپه‌ناتر ده‌بێت:
“بوتڵێك بیره‌ ده‌وه‌شێنێ.
پشیله‌، شه‌له‌شه‌ل
ده‌كه‌وێته‌ تۆڕی یووتوبه‌رێك” (هه‌مان: 28-29)
كاتێكیش شه‌لتر و بێپه‌ناتر بووه‌، ده‌كه‌وێته‌ به‌ر به‌زه‌یی سۆشیال میدیا، ڕۆژنامه‌نووسه‌كان و‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش بازاڕی لایك، ده‌ستخۆشیی و پاداشتێك بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن. بۆیه‌ پشیله‌كه‌ دواجار به‌سه‌ر به‌زه‌ییی ساخته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییدا هێڵنجده‌دات، پلارده‌گرێت و ده‌ڵێت:
“وه‌رن به‌بێ سڵاو…
هه‌ركه‌س، پارچه‌ی خۆی بباته‌وه‌ و بژی” (هه‌مان: 28)

حه‌وته‌م: ئازار؛ كۆمێدیای جه‌ماوه‌ر
نارینی شاعیر، شاعیری ساتەوەختەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیەتی، شاعیر لەنێو قۆناغێکدا دەژیێت، کە ئاڵۆزییەکی زۆر دەبینرێت بۆ سەردەمێکی نوێ، ئەم ئاڵۆزییەش ڕاستەوخۆ نەک نیشتبێتە سەر شیعرەکانی، بەڵکوو ڕووحی جوڵاو و ئاوێنەی شیعرەکانی نێو به‌رهه‌مه‌كه‌ن. بێگومان ئەم شاعیرە یه‌كێكه‌ له‌ چه‌ق یان خاڵی ئه‌م قۆناغە نوێیەی شیعری كوردیی کە بەڕێوەیە، ئەو قۆناغەی هێواش و ئاڵۆز ڕێدەکات.
له‌ شیعری “ده‌ستێك به‌ شه‌ش په‌نجه‌وه” ڕاسته‌وخۆ ئومێدێکمان بۆ هەڵناهێنجێت، بەڵکوو لە دووردەستەکانی داهاتوو هەرتك له‌ دەستەکانی لێکاڵاندوون. هاوكات لەو ساتەوەختەی کە تێیدایە و ده‌سته‌كانی تێكاڵاندوون، بەدوای گەڕان هەڵوەدایە، گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و شتانه‌ی كه‌ به‌رچاوی گشتیی ناكه‌ون، فڕێدراون، پشتگوێ و دوورخراوه‌ن، كه‌چی هه‌میشه‌ به‌كاریان ده‌هێنین، تێیاندا ده‌ژین، بۆیه‌ گه‌ڕانی شاعیر گرتنی ئه‌و ساتانه‌یه‌. گەڕانێکه‌ لەنێو شەقام، دووکان، وایەر، مەکینە، ماڵ و قووتوودا و دواجار وێنای ئه‌و ژیانه‌ ده‌كاته‌وه كه‌ سارد به‌ ته‌نیشتماندا ڕاده‌برێت و شاعیر نا، ئێمه‌ پشتسه‌رمانی ده‌خه‌ین:

“تایه‌ی لۆریی زبڵڕێژه‌كه‌
قرچه‌ی له‌ شتێك هه‌ستاند:
په‌نجه‌ی مامۆستای بیركاریمانه‌
گه‌نگه‌رین په‌ڕاندی.” (هه‌مان: 8)
یان:
“با فوو له‌ عه‌لاگه‌یه‌كی ڕه‌ش ده‌كا
په‌نجه‌ی دكتۆری تێدایه‌
دكتۆر ئالووده‌ی هێرۆیین بوو،
سه‌ماعه‌ به‌ ملیه‌وه‌…
بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌ره‌سیفۆن
هه‌ناوی ته‌نه‌كه‌زبڵ نه‌ما نه‌یپشكنێ
مووسێك په‌نجه‌ی ژه‌هراوی كرد.
ئه‌م كارتۆنه‌ بێده‌رگایه‌
په‌نجه‌ی مێژوونووسی تێدایه‌
مێژوونووس
له‌نێوان وشه‌كانی (سه‌رۆك) و (به‌رمیل)
فاریزه‌ی له‌بیر چوو.” (هه‌مان: 8-9)

ئه‌م نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌، له‌ شیعری “ده‌ستێك به‌ شه‌ش په‌نجه‌وه”وه‌ وه‌رگیراوه‌. شیعره‌كه‌ ده‌كرێت چه‌ندین خوێندنه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت، به‌تایبه‌ت ڕه‌هه‌ندی سیاسیی شیعره‌كه‌. سه‌رباری ئه‌وه‌ ئه‌و یاریكردنه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ په‌نجه‌كانی ده‌ستیدا ده‌یكات و دواجار په‌نجه‌ی قرتاوی شه‌شه‌م و پێنجه‌م كه‌ خاوه‌نه‌كه‌یان لێبووكێكه‌، ده‌یه‌وێت له‌ ده‌می گریان و ئازاردا، له‌ ساردیی ڕۆژگاردا، له‌ كوێنكی گه‌وره‌تر، دڵنیاتر بێته‌وه‌ له‌ بینینی پێكه‌نینی به‌ كۆمه‌ڵی خه‌ڵك.

كۆتایی
سۆران محه‌مه‌ده‌سووره‌

سه‌رچاوه‌كان

كتێب:

  • ڕامبۆ، ئارتۆر (2007). نامه‌كانی ڕوانینوانێك و مه‌رگ، و: هه‌ندرێن. چ1، چاپخانه‌: وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی، هه‌ولێر.
  • سانت ئێگزوپێری، ئانتوانت دو (2019). شازاده‌ چكۆله‌، و: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی، چاپخانه‌ی مانگ.
  • پیرباڵ، فه‌ر‌هاد (2021)، مێژووی شیعری كوردی، چاپ: مایا، سلێمانی.
  • شێخانی، ڕزگار (2017) پۆل سیلان و زمانی دایك، گۆڤاری شیعر، ژمارە سێ.
  • كارسون، آن (1397)، چگونه شعر نخوانیم. ب: سعید امیری. انتشارات آنیما، تهران.
  • هاو، نیلس (2016)، شیعر بۆ ترسۆكه‌كان نییه‌. و: ئالان په‌ری. چ1، چاپخانه‌: تاران.
  • هایدیگه‌ر، مارتن (2017)، شیعر چییه‌؟ و: شاهۆ عوسمان، گۆڤاری شیعر، ژمارە سێ.
  • ڕۆسته‌م، مارین (2021) به‌ره‌واژ، بڵاوكراوه‌ی نووسیار.

    ئه‌نته‌رنێت:
    1-
    https://newsin.ir/fa/content/14866839/%D8%B1%D9%85%D9%88%D8%B2-%D8%B4%DA%AF%D9%81%D8%AA-%D8%A7%D9%86%DA%AF%DB%8C%D8%B2-%D9%88-%D8%AC%D8%A7%D8%AF%D9%88%DB%8C%DB%8C-%D8%A7%D8%B9%D8%AF%D8%A7%D8%AF-1-%D8%AA%D8%A7-9-%D9%85%D8%B9%D8%B1%D9%88%D9%81-%D8%A8%D9%87-%D8%A7%D8%B9%D8%AF%D8%A7%D8%AF-%D9%81%D8%B1%D8%B4%D8%AA%DA%AF%D8%A7%D9%86.html

2-

معنی عدد 1 و نمادگرایی – فرشته عدد 1


بەشی یەکەم…

بەشی دووەم…




بەڵێ هتلەر جولەکە دەرچوو!… ئیدریس مستەفا

بەڵام رق و نائینسانی بوونەکەی لە جوولەکە لە کوێوە هاتبوو؟!

بەهۆی شەڕی ئۆکراینەوە کێشەیەکی توند کەوتۆتە نێوان روسیا و ئیسرائیلەوە. ئیسرائیل سیاسەتێکی زۆر ناحەکیمانەی پەیڕەو کردووە لەم تەنگژەیەدا کە روسیای نیگەران و توڕە کردووە لە خۆی. سیاسەتی ئیسرائیل لەو شەرەدا چیە و چی نیە ئەوە بابەتی ئێرەمان نیە، بەڵکو ئەوەی دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە کە هتلەر جولەکە دەرچوو بەڵام ئەو رقەی لە جولەکە لە چیەوە هاتبوو. دیارە رێژەیەکی زۆری ئۆکراینی بە ئاینزایی جوو لە ئۆکراین دەژین و وەک دیارەسەرۆکی وڵاتیش، فلادیمێر زیلینسکی، جولەکەیە بەڵام ئەوەی هەموو دنیا واقی وڕماوە ئەوەیە کە ئۆکراین ئیستا لانکەی نازیەت و فاشیەتی هیتلەریە. دەرکەوت و بە ئاشکراش راگەێنرا کە ئەوانەی یارمەتی دارایی و لۆجستی بۆ نازیەکانی ئۆکراین بەتایبەت کەتیبەکانی بەتالیۆنی ئازۆڤ دابین دەکەن بلیۆنێری جولەکەی بەناوبانگی ئۆکراینیە بەناوی “ایهور کۆڵۆمۆسکی.” ئەوەی روسیای زیاتر پەست کردووە کە ئیسرائیل بە ئاشکرا چووە بەرەی ناتۆ و غەربەوە دژ بە روسیا لە کاتێکدا لە رووی مێژوویی و جوگرافیەوە ئەوەندەی روسیا نیزیکە بە ئیسرائیل و جوو ئەمریکا ئەوەندە نزیک نیە بە ئیسرائیل و جوو.

بەسر پێرێکە، سێرگی لاڤرۆف، وەزیری دەرەوەی روسیا گوتی هتلەر رەگێکی جولەکەی بووە رقی لە روسیا بوو، زیلینسکیش جولەکەیە و رقی لە روسیایە. ئیسرائیل بەم قسانە ئاوری تێ بەربوو بەڵام من لێرەدا ناچمە سەر ئەو ئاگر تێبەربوونەی ئیسرائیل و کێشە لێدوانیەکانیان لەگەڵ روسیادا. ئەوەی گرنگە بۆ من سەرچاوەی ئەوەی هیتلەر رەگێکی یەهودیهەبووە و بۆچی ئەوەند رقی لە جوولەکە بووە. لە رۆژئاوا دەیانەوی رەتی بکەنەوە و ئەم راستیە بە تیئۆری موئامەرە ناوببەن بەڵام سەرجاوەی ئەسڵ لای هیتلەر خۆیەوە بووە. چۆن؟ پارێزگارە تایبەتەکەی هتلەر کە ناوی “هانز فرانک” بووە لە یادەوەریەکانی خۆیدا نوسیویەتی کە دەنگۆیەکی ئاوها لە ناو خەڵکدا بڵاو بوو گوایە پاشخانی هتلەر بە ئاین جووە. دەڵێ هتلەر بەتایبەت رایسپاردم کە بە دوای ئەو بابەتەدا بچم. دەڵێ دوای ئەوەی لێکۆلێنەوەم لەسەر کرد وادەرچوو کە نەنکی هتلەر لە باوکیەوە جولەکە بووە و ئەمەشی بێ سڵەمینەوە بە هیتلەر وتووە. بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیار و تێڕامانە بۆچی هیتلەر ئەوەندە رق ئەستور و نائینسان بووە بەرامبەر بە جولەکە.

هەموو ئەو حاڵەتە سایکۆلۆجی و مەسەلی دایکی و دەمانی گەنجێتی هتلەر گوایە وای لێکردووە رقی لە جولەکە بێت بنەمایەکی ئەوتۆی بابەتی نیە و شاردنەوەی راستیەکانە. ئەو راستیانەی کە پرە لە مێژووی مرۆڤایەتی. ئەو مێژووەی پڕە لە کێشە و ململانێ و دوژمنکاری و سەرکەوتن بەسەر یەکدیدا لە پێناو دەسەڵات و خۆڕادان و سەردارێتیدا. ئەو رق و دوژمنکارێتیەی لە نێوان کەسە نزیکەکاندا هەیە لە نیوان خەڵکانی دووردەستدا نیە. مەسەلەیەکی ئەڵمانی هەیە دەڵێت لە رقی ئەو کەسە بترسە کە پێشتر ئازیزت بووە. ژیانی کۆمەڵایەتیمان چ لە چوارچێوە خیزانیەکانی وەک برایەتی و هاوڕێیەتی و هاوسەری و خزمایەتی و چ لە چوارچێوەی سیاسی و ماڵی دا پڕە لە رق و ناحەزێتی بەامبەر بە یەکتر تارادەی بەیەکدادان و یەکتر شکاندن و تەنانەت کوشتنی یەکتریش؛ کەجی بەرامبەر خەڵکانی دوور ئەم رەوشە بەو پلەیە بوونی نیە و هۆکارەکەش ئەو ئەرزەیەتە نزیکایەتیەیە کە ململانێکانی تێدا دەڕواتە پێشەوە. شەڕی مێژووی براکان لە هابیل و قابیلەوە دەستی پێکرد. پەیوەندیە خزمایەتیەکان خراپترین پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانن، هاوسەرگیری زۆر جار وەک دانوستان و دامرکاندنەوەی شەڕ و دوژمنکاری ئەژمارکراوە. ژن لە تۆڵەی خوێن لێرەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەمە رۆدەجێتە ناو سیاسەت و پاشقوکگرتن و کوشتنی هاوڕێ و خزم و تەنانەت کەس و کاری خوێنیش وەک برا و ئامۆزا حاڵەتێکی ئاساییە و مێژووی سیاسی دەسەڵاتدارەکان پڕیەتی لەم نموونانە و لای خۆشمان هەن کە لە پێناو دەسەڵات و سەردارێتیدا چۆن باو و کوڕ و برا و ئامۆزا و خزم و کەس و دۆست و هاوڕێی ئازیزی یەکتریان کوشت و دەشیکەن. داخەکە لیرەدایە کە بۆ نیوەندە سیاسیەکە ئاساییە واتە خەڵک بە ئاسایی وەری دەگرن سەرکردەیەک کەس و کاری خۆی بکوژێ یاخود وڵات تاڵان بکات کەچی لێی خۆش دەبن و بگرە چەپڵەی بۆ لیدەدەن و دەنگی بۆ دەدەن و لە هەموو شوێنیکش داکۆکی لێدەکەن لە کاتێکدا گەر ئەوە لە ائستێکی کۆمەڵایەتیدا بچێتە پێش ئەوا ئیتر بە چاوی خراپ و عەیب و عارەوە سەیر دەکرێ و کۆمەڵەگەی ئێمە پڕە لە حاڵەتی ئاوها. بەهەرحاڵ،

ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە ئەو رق و دوژمنکارییەی هتلەر لە چەوە هاتبوو بە رامبەر بە جوو لە کاتێکدا خۆی جوو بووە. ئاینەکان هەمان رەنگدانەوەی ئەو حاڵەتە کۆمەڵایەتی و نزیکایەتیەیان هەیە کە پێشتر ئاماژەم پێدا. وەک دەزانین ئاینەکان ئاوها هاتوون: جوداییزم (ئاینی جوولەکە)، کرسیتیانێتی (مەسیحیەت)، ئینجا ئیسلام. هەرسێ دیانەتەکەش لە یەک شوێن و یەک سەرچآویوە هاتوون و بگرە تێکستەکانیش ئەوەندە لە یەکەوە نزیکن هەر بە برا و ئامۆزای یەکتر دەچن. تەنانەت وەکو قەومیش موسا جوو بووە، عیسی جوو بووە، تاکو ئیستا بە تەواویش دیار نیە پێغەمبەری ئیسلام سەر بە کام قەوم بووە بەڵکو تەنها ئەوە زانراوە وەک لە سەرجاوە مێژووییەکانی خۆیاندا هاتووە کە یەکەم هاوسەری محمەد کە ناوی خەدیجە بووە جولەکە بووە و نزیکتری کەسیش لە محمەدەوە ئامۆزاکەی خەدیجە بووە بە ناوی “وەرەقە بن نەوفەل.”

جوداییزم هەردووکیان، مەسیحیەت و ئیسلام، رەت دەکاتەوە و دانیان پیدانانێ و ئەوانیش رقێکی مێژووییان لێ هەلگرتووە. سەرباری پێکەوەژیانی جودایزم لەگەڵ هەر دوو ئاینەکەی تردا، بەڵام جووەکان هەمیشە بە نەفرەتکراون لە لایەن مەسحیەت و ئیسلامەوە. مێژووی پەلاماردانی جولەکە لە لایەن مەسحیحەتەوە پێش هتلەریش رووی داوە و چەندان جار جووەکان توشی کۆمەڵکوژی هاتوون و ئەو کین و رقەی ئیسلام و مەسیحیەت لە جوو هەیانە یەکێکە لە رقە مێژووییە ترسناکەکان و لەهەر شلەقانێکدا جووەکان پەلامار دەدرێن بەڵام ئەمجارە جووەکان، ئیسرائیل، بوون بە بەشێک لە بەرەیەک کە نەدەبوو ببن. قفڵکردنی ئاینی جوو و داخستنی بە رووی ئەوانی تردا هەم جووەکانی وەک ژمارە بە کەمی هێشتەوە و هەم رێگەی خۆشکرد بۆ دوو دینەکەی تر ئاسان پەلاماریان بدەن و ئەزیەتیان بدەن و نابودیان بکەن و ماڵ و حاڵیان تاڵان بکەن و بێکەس کوژیان بکەن. ئەم پەلاماردانانە هیچ بنەمایەکی ئینسانی و ویژدانی و ئەخلاقی و بگرە خوداییشی نیە بەو مانایەی خودا هیم هەموانە بەڵام بۆ ئەوەی دەسەلاتێک جیگیر بکەیت و سیاسەتێک بەریتە پێشەوە تۆ دەبێ حیلەیەکت هەبێت یان بیانوویەکت هەبێ و شتەکانی خۆتی لەسەر کەڵەکە بکەی. لە دەورانی حوکمی ئاینی و راسیستی و فاشیەتبووندا ئاسانترین و باشترین ئامانج ئەو کەمایەتیە ئاینی و نەتەوەییانەن کە لە پەنا دەستی خۆتدا دەژین. پەلاماری هیتلەر بۆ گیان جووەکان لێرەوە هەنگاو هەلدەهێنێ ئەگەرنا هیتلەر لە هەموو کەس باشتر دەیزانی رەگێکی جولەکەیە و ئەفسەرە پلە بەرزە دڵسۆزەکەی لە دەمانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا جولەکە بوو، بگرە لە سەرەتاوە ژمارەیەکی زۆر لە جووەکان چوونە ناو پارتەکەیەوە و هەندێکیان هەر مانەوە لەگەڵ ئەوەی بە روالەت ئاینی خۆیان گۆڕی بەڵام لە ناوەخندا هەر جوو بوون و نزایەانیش ئەمەیان ابش دەزانی. بۆ نموونە ئێلی وایزەڵ گەنجێکی جووی هەرزەرکار لە کامپی ئەشڤیتز دەڵێ ئەو دکتۆری ددانەی کە دەهات دگانە ئاڵتونی و زیویەکانی لە دەم دەرهێناین جولەکە بوو. بەهەرحاڵ،

مەبەستم لەوەیە کە بڵێم گەر جوو لە ئەڵمانیادا نەبوونایە و هەر کەمینەیەکی تری ئاینی و نەتەوەیی هەبوونایە هیتلەر هەمان شتی دەکرد؛ چونکە هەر کۆمەڵێک کەم بن ئامانجەکەی ئاسانتر و باشتر دەپێکی و هەرچی ئاستە سیاسی و فکریەکانیشت کە مەبەستت لێی هەیە شتێکی پێ بکەی لەوێدا لە مەودایەکی دیاریکراودا تاقی دەکەیتەوە و هەڵخراندنی خەڵکیش بە دەوریدا ئاسانە و هەدەفەکە زووتر دەپێکێنرێ. جا لەو روانگەیەوەی کە مەسیحیەت و مێژووە دژ بە جولەکیەکەی وەک مادەیەکی خاو لە بەردەستدا هەبوو هیتلەر ئەو مادە خاوەی بەکارهێنا بۆ مەرامی سیاسی فاشستانەی خۆی. کەسی سیاسی لەو جۆرەی هیتلەریش، هەر وەک چۆن لە هەموو شوێنێکی دنیا هەیە، گرنگ بۆیان مانەوە و دەسەڵاتدارێتی و سەردارێتیە و دەست بەسەرداگرتنی ماڵ و سامانە و گرنگ نیە کێ دەبێتە ژێر پاوە گرنگ ئەوەیە بەسەر لاشەکاندا بڕۆم و بگەمە دەسەڵات جا ئەو لاشانە هی خزم و کەس و دراوسێ و هاوڕێ و دۆست بێت فەرقی نیە و ئەوە چارەنوسەکەیانە. فاشستەکان و رەگەزپەرستەکان، هەر وەک چۆن عەلی حەسەن مەجید دەیگوت قەیچێکە با نیوەی گەلی عێراق بکوژرێ لە پێناو سەرۆکی فەرماندە سەدام حسێن، ئاوهاش هیتلەر چەندە بە سەر لاشەی جووەکاندا رۆیشت بیست ئەوەندە گیانی هاوڵاتیە ئەڵمانیە مەسیحیەکانی خۆی کردە قوربانی دەست بەرزکردنەوەیکی خۆی.

کێشە و ململانێک نێوان جووەکان وەک هەر گرۆپ و خەڵکێکی ئاینی تر جیاوازی بیر و کردار و تێزی ئاینی و سیاسی و ئینسانیان هەیە و بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتێکیش گروپێک یا کەسێک ئامادەیە هەموو ئەوانی تر بکاتە قوربانی خۆی وەک هیتلەر کە خۆی جوو بووە و نەیهێشتووە کەس بزانێ تاکو زانراوە و بە رەسمیش پارێزەرەکەی پێی گوتووە نمونەیەکی بەرجەستەی ئەم خاڵەیە و نمونەی تری زۆریش هەن لە شوێنە جیاوازەکانی تری ئەم دنیایەی ئێمە.
من وەک خۆم بەو پێودانگەی مێژوو دەبینم هیچ بۆم سەیر نیە و سەرسام نابم بەوەی کە هیتلەر گەر خۆی رەگێکی جولەکەی هەبێ و جولەکەی قەتڵوعام کردبێ. یەکەم شت جولەکەیی بوون ئاینە نەک نەتەوە و پاشان لە مێژوودا ئەوانەی کۆمەڵکوژی یەکتریان کردووە زۆرتر لە قەوم و تیرەی یەکتر بوون. مێژووە ئاینەکان پیشانی دەدا کە هەموان یەک زمان بوون کەچی باوەڕ و خوداپەرستیەکەی جیاواز بووە بەڵام ئەو کوشت و کوشتارەی بە یەک کردوویانە هیچ پەلاماردانێکی مێژوویی ئەوەی تێدا نەکراوە. هەر بۆ نموونە کوردی خۆمان ئەوەی لە دەستیان هات دژ بە کوشتنی یەکتر لە دەستیان هات. بۆ نموونە، ئیبراهیم پاشای بابان کە بە دامەزرێنەری سلێمانی دادەنرێ و پەیکەرێکی گەورەی لە ناو شاری سلێمانیدا بۆ کاروە و زۆر کوردی خۆشمان بە رەمزی نەتەوەیی دادەنێن لە شەڕی کۆمەڵکوژی نەتەوەکەی خۆیدا کوژراوە. ئیبراهیم پاشا جاشی حوسمانیەکان بووە و چەندان جار شەڕی یەزیدیەکانی کردووە لە ناوجەی موسڵ و شەنگار و لە دوایی جاریشدا هەر لەوێ دەکوژرێ و مەیتەکەشی لەوێ دەنێژرێ.

ئەوەی ئێستا جووەکانی ئۆکراین دەیکەن بە هاوکاری و یارمەتیدانی ماڵی گەورە بۆ نازیەکانی ئۆکراین شتێکە لەم جیرۆک و باسە مێژووییە کۆمەلایتیە سیاسیە ئەگەرنا چۆن دەبێ بلیۆنێرێکی جوو، سەرۆکێکی جوو، یاخود دەولەتێکی جووی وەک ئیسرائیل نە هەر بچێتە بەرەی نازیزمی ئۆکراینی و ناتۆ و غەربەوە بەڵکو پشتیوانی دارایی و سەربازی و لۆجستی هێزێک و قەوارەیەکی نازی هیتلەری بکات. ئەو پڕوپاگەندانەی لە غەرب دەکران وەک هۆکارێک باس دەکرا گوایە بۆچی هیتلەر رقی لە جولەکەیە و مەسەلەکەیان بۆ شتێکی شەخسی دەگێڕایەوە ئەوا نەک هەر راست نەبوو بەڵکو درۆیەکی شاخدار بوو کە خودی هەڵوێستی ئیستای ئەوروپا بە پشتیوانی کردنیان لە نازیەکانی ئۆکراین ئەو درۆیە دەسەلمێنێ.

ئیدریس مستەفا
٧ی ئایاری ٢٠٢٢




دەوڵەت، چەمک و تیۆر… کتێبێکی نوێی نووسەر و رۆشنبیر سمکۆ محەمەد

پێشه‌كی
ده‌وڵه‌ت هه‌م قه‌واره‌ی جوگرافیا و هه‌م شوناس و هه‌م سه‌ربه‌خۆیی ئابوری و هه‌م مانایه‌كه‌ بۆ بوون، بۆیه‌ مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌ت به‌درێژایی مێژوو هه‌م له‌رووی مه‌عریفیه‌وه‌ بۆته‌ جێگه‌ی بایه‌خی میتۆدی كۆمه‌ڵناسی سیاسی و له‌زانكۆكانی جیهاندا ده‌خوێنرێ‌، هه‌م له‌رووی تیۆری سیاسیه‌وه‌ بایه‌خی پێده‌درێت كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ تۆماس هۆبز و ژان ژاك رۆسۆ و هیگڵ و ماركس و هتد، به‌زانستیانه‌ شیكاریان بۆ كردووه‌ و ره‌خنه‌شیان لێگرتووه‌، هه‌م له‌ڕووی جوگرافی و نه‌ته‌وه‌یی و قه‌واره‌ییه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، یان ئاینه‌كان یان نه‌ریته‌ جیاوازه‌كان كه‌ له‌رووی مێژووییه‌وه‌ له‌رێگه‌ی هێزو سوپاوه‌ وه‌ده‌ستهاتووه‌، موناقه‌شه‌ی ئه‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ مافی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك، یان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌ ئه‌گه‌ر داوا بكات خاوه‌ن قه‌واره‌یه‌كی سیاسی و جوگرافی له‌و شێوه‌یه‌ بێت، ئه‌مه‌ش بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و گرێ سایكۆلۆژیه‌ سیاسییه‌ بێت كه‌ بۆماوه‌ی پشتاوپشته‌، چونكه‌ هه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌یه‌ كه‌ تائێستاش هه‌مان كه‌شوهه‌وای سیاسی پێوه‌دیاره‌ كه‌ به‌ئاسانی بۆ نه‌ته‌وه‌كان به‌ده‌ست نایات، به‌تایبه‌تی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه‌ تائێستا فره‌ستیان بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌ ببن به‌ده‌وڵه‌ت و نوێنه‌ریان هه‌بێت له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، بۆ هێزه‌ گه‌وره‌ و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كانیش ئاسان نییه‌ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و هه‌ژموونه‌ جوگرافیه‌ بن كه‌ چێژی لێده‌بینن.
ئه‌م كتێبه‌ له‌مانای تێرمه‌كه‌وه‌ بگره‌ تاده‌گاته‌ هه‌موو ستایله‌كانی ده‌وڵه‌تی موناقه‌شه‌ كردووه‌، به‌ڵام فۆكس خراوه‌ته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ پێشتر داواكارییه‌كی گشتی بوو، له‌ڕووی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه‌ ره‌وایه‌تی سیاسی وه‌رگرتبوو، به‌ڵام ئه‌م ستایله‌ زیاتر له‌دوای شكستی سۆڤیه‌ت و نه‌مانی دوو جه‌مسه‌ری و نه‌مانی چه‌مكی ناسیونالیزم بوو بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌وه‌، باشترین سه‌لمێنه‌ریش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ویسته‌كه‌ بۆته‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی لاوه‌كی و چۆته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئامانجی نه‌ته‌وه‌كانی رۆژئاوا، ته‌نها بۆ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ بایه‌خی ماوه‌ كه‌ گرێی سایكۆلۆژیان هه‌یه‌ و نه‌بوونی ئه‌و قه‌واره‌ جوگرافییه‌ به‌كه‌موكورتی سیاسی ده‌زانن، چونكه‌ نه‌مانی مۆدێلی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، جگه‌ له‌وه‌ی هیچ به‌هایه‌كی نه‌ماوه‌ دوای ئه‌وه‌ی رۆژئاوا گه‌یشته‌ قۆناغی ده‌وڵه‌تی فره‌یی له‌ مه‌زهه‌ب و ئاین و نه‌ته‌وه‌ و كولتوور، لێره‌وه‌ ئه‌م قه‌واره‌یه‌ به‌خاتری ئه‌وانی دیكه‌ كه‌ له‌په‌نای نه‌ته‌وه‌ بێ ده‌وڵه‌ته‌كانن تاكو نه‌بنه‌ په‌راوێز و جارێكی تر نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و ژێرده‌ست درووست نه‌بێت، ناو و شوناسی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی گۆڕا، نموونه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داواكاری ده‌وڵه‌تی كوردی گۆڕا بۆ ده‌وڵه‌تی كوردستان، چونكه‌ له‌په‌نا كورد سریانی و كلدانی و توركمان و پاشماوه‌كانی عه‌ره‌ب، كولتووری غه‌یره‌ كوردی له‌ كوردستان هه‌ن، بۆیه‌ ئه‌و پێشنیاره‌ قه‌بوڵ كرا كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ناونیشانێكی دیاریكراوی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ نه‌مێنێت، به‌ڵام شوناسی نه‌ته‌وه‌ له‌ده‌ست نه‌دات.
به‌هه‌رحاڵ ئێمه‌ له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا موناقه‌شه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌ میتۆدی و سیاسی و مێژووییه‌كانی ئه‌م چه‌مكه‌مان كردووه‌ به‌پێی سه‌رچاوه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كان، به‌ڵام ئامانجه‌كه‌ خودی ئه‌و مانا نوێیه‌یه‌ كه‌ له‌دوای هاتنی چه‌مكی جیهانگه‌رایی هاته‌ ئاراوه‌، بۆیه‌ مانایه‌كی دیكه‌ی موناقه‌شه‌ی نوێ‌ بۆ ده‌وڵه‌ت، له‌فه‌زای ئابوری كراوه‌دا خۆی مانیفێست كردۆته‌وه‌، ئه‌ویش له‌جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌كو جاران ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ كۆمپانیا به‌ڕێوه‌ببات، ئێستا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ رزگاربوونی ده‌وڵه‌ت له‌ ئه‌ركه‌ قورسه‌كانی، هه‌روه‌ها بۆ گۆڕینی گرێبه‌ستی نێوان هاوڵاتی و ده‌وڵه‌ت كه‌ دیاریكردنی ئه‌رك و ماف بوو له‌نێو ده‌ستووردا، پێچه‌وانه‌ بۆته‌وه‌ بۆ گرێبه‌ستی نێوان هاوڵاتی و كۆمپانیاكان، له‌باشترین حاڵه‌تیشدا هه‌ندێكجار ده‌وڵه‌ت بۆ نه‌ته‌وه‌ ژێر ده‌سته‌كان درووست ده‌كرێت، تاكو له‌رێگه‌ی ئه‌و سامانه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی وه‌كو كۆنیالیالێكی ناڕاسته‌وخۆ بمێنێته‌وه‌ بۆ زلهێزه‌كان، نمونه‌ش هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوونی ئه‌مازیغی و سكۆتله‌ند و كوردستان و كه‌ته‌لۆنیا و قرمی ئۆكراینا و هتد. هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌وڵه‌تۆچكانه‌ی كه‌ له‌نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ناویان هاتووه‌ كه‌ له‌رووی جوگرافیاوه‌، سه‌ر به‌ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی وه‌كو ئێران و توركیا و سعودیه‌ و لیبیا و جه‌زائیر و ته‌واوی وڵاتانی عه‌ره‌بیین و كه‌یسه‌كانیان بۆ كاتی نادیار داخراون.
ئامانج له‌م كتێبه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ كورد به‌گشتی ئه‌م چه‌مكه‌ی وه‌كو ویستی سیاسی و وه‌كو ویستی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر زار بوو، به‌ڵام كه‌ سه‌رینه‌گرت به‌هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌ بووبێت له‌كاتی خۆیدا، له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی وه‌كو كوردن و هه‌میشه‌ ستراتیژی سیاسیان به‌ئاڕاسته‌ی ده‌وڵه‌ته‌، به‌ڵام ئیراده‌ی سیاسی سه‌ربه‌خۆیان نیه‌، چونكه‌ دره‌نگ فریای ئه‌وه‌ كه‌وتن بچنه‌ نێو هاوكێشه‌ی سیاسی و ببن به‌ لۆگۆیه‌ك و له‌رێگه‌ی ئه‌و لۆگۆ سیاسیه‌وه‌ بناسرێن، ئه‌م بۆچوونه‌ش ئه‌گه‌ر نیگه‌تیڤ نه‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسی و ئابوریه‌كه‌ی هێنده‌ سنووردار كراوه‌، تائه‌و جێگه‌یه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی به‌های جارانی نه‌مێنێ‌، چ له‌ناو مه‌حفه‌لی نێوده‌وڵه‌تی و چ له‌ئاستی نێوخۆ، چونكه‌ به‌گشتی ئه‌و ویسته‌ گشتیه‌ی جاران هه‌بوو بۆ درووستكردنی ده‌وڵه‌ت له‌رێگه‌ی ئامانجێكی سیاسی و سه‌ركرده‌كانیه‌وه‌، ئێستا ئه‌و ده‌نگه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان كزبووه‌، چونكه‌ سیاسه‌ت به‌هۆی میدیا و سۆسیال میدیاوه‌، تاراده‌یه‌ك شه‌فاف بووه‌ و بووه‌ته‌ كرده‌یه‌كی ناشیرین و شوناسه‌ جوگرافیاكه‌شی به‌هۆی ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسیه‌كه‌وه‌ ناشیرین بووه‌، چونكه‌ ویستی خه‌ڵك به‌گشتی بۆ خۆشگوزه‌رانی و پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌ و ئاینه‌كان زیاتره‌، ئه‌مه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر بوونی فكری ناسیونالیزمیش كردووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ئه‌وانی تر، به‌وپێیه‌ی كه‌ زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كان دوای ئه‌وه‌ی شاهیدی ئه‌وه‌بوون سیاسه‌ت راده‌ستی بازاڕ و ئابوری كرا، ئیدی نه‌ته‌وه‌خوازی بووه‌ ئامانجی لاوه‌كی بۆ ده‌وڵه‌ت.
ئێمه‌ لێره‌دا تائه‌و جێگه‌یه‌ی فریای چه‌مكه‌ سیاسیه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ تێرمی ده‌وڵه‌ت كه‌وتووین، هه‌روه‌ها ده‌ستكاری هه‌ندێك كۆنتێكست و وشه‌ و بابه‌تی زمانه‌وانی بووینه‌ كه‌ له‌چاپی پێشووی هه‌ڵه‌و كه‌موكورتی تێدابوو، فریای ئه‌وه‌ش كه‌وتووین هه‌موو لایه‌نه‌كان موناقه‌شه‌ بكه‌ین، چ به‌پێی لایه‌نه‌ فه‌لسه‌فیه‌كه‌ بێت چ لایه‌نه‌ مێژووییه‌كه‌ بێت، چ ئه‌و ستایله‌ نوێیه‌ی كه‌ پێناسه‌یه‌كی نوێی به‌چه‌مكی ده‌وڵه‌ت به‌خشیوه‌، به‌هیوای ئه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌ بتوانێ‌ موناقه‌شه‌یه‌كی فكری به‌رهه‌مبهێنێ‌ و وه‌كو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی جددی ته‌ماشای بكرێت و كتێبخانه‌ی كوردیش ده‌وڵه‌مه‌ند بكات.

سمكۆ محه‌مه‌د
20/2/2022




چیرۆك/ شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان- 5- … ره‌سوڵ به‌ختیار

5

هەموو لاڕێ و رێگە لاوەکی و لق و پۆپ و راستە ڕێییەکان، دێنەوە سەر یەکەم بازنەی شەقامە بازنەییەکان، هەرچی بکەی، چەندین رێگە بدۆزیتەوە، هەر دەبێ بۆ چەند ساتێک لابدەیتە چایخانەی چەقی بازنە، چل تا پەنجا ساڵێک پێش ئێستا، واته‌ له‌ هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى بیسته‌م، ئه‌و كات من منداڵێكى ته‌مه‌ن ده‌ دوانزده‌ ساڵان ده‌بووم، هه‌ستم ده‌كرد باوكم له‌چ ئازارێكدایه‌، ئه‌و سێزده‌ بۆ چوارده‌ ساڵ له‌نێو شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كاندا فیرار بوو، دواتر ته‌مه‌نى گه‌وره‌ بوو و ئه‌وانه‌ى وه‌ك ئه‌و له‌سه‌ربازى بوردران، به‌فه‌رمانێكى سوپا هه‌موو ئه‌و ته‌مه‌نانه‌ له‌سه‌ربازى ده‌بورێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى جه‌نگى نێوان عێراق و ئێران له‌و په‌ڕى بوو، رۆژانه‌ ده‌یان ته‌رم بۆ نێوه‌ندى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، ته‌مه‌ن دواى ته‌مه‌ن بانگى سه‌ربازى ده‌كران.
ئەوانەی فرت وفێڵیان لەتەسکەرە و نفوس و دەفتەر خدمەی سەربازی کردبوو، ئەوانە فیراری عەسکەری بوون، هەندێکیان بەهەموو شێوەیەک نەیاندەویست عەدەم تەعورزی سەرۆک جاشێک وەربگرن، بۆیە دەمێک لەبەر مشتەرەکە و جاش و جۆشک و مەفرزە خاسەکان خۆیان لەبیر و کەندڕێکی ناو دوا ژووری ماڵەوە دەشاردەوە، ئه‌و شوێنه‌شیان داده‌خست وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌بنه‌ڕه‌تدا وابێ، زۆرجار ئه‌وانه‌ى به‌دواى فیراره‌كاندا ده‌گه‌ڕان، شاره‌زاییان له‌م جۆره‌ خۆ شاردنه‌وه‌یه‌ هه‌بوو، به‌ڵام هیچ كات بۆیان نه‌ده‌ده‌ۆزرایه‌وه‌.
دوای ئەوەی کەمێک دۆخەکە هێمن دەبۆوە، هەرچۆنێک بێ بۆ هەناسەدان. بەڵام بەترس و لەرزەوە خۆیان دەگەیاندە نزیکترین چایخانەی بازنەی یەکەم، ئینجا هەر بەترس و لەرزەوە دادەنیشتن لەهەر چایخانەیه‌یه‌ك چاو ساغێکی دڵسۆزى ئەو فیرارانە هەبوو، ئەگەر هەر کەسێکی خۆمانەی ناپاک لەوێدا هەبوایە ئاماژەیەکی دەکرد تا لەوێدا دانەنیشن بچن بۆ چایخانەیەکی دیکە، خودی چاوساغەکە بۆی دیاری دەکردن، هەر ئه‌و چاوساغە دڵسۆزە بیزانیایە یەکێک لەئەمنەکان دەیەوێ بێتە چایخانە ئەو لەدوورەوە دەیبینی بەفیرارەکانی رادەگەیاند لەوێ بڕۆن، نەوەک خۆی و ئەوان تووشی بەڵایەک ببن، بەمجۆرە بەشێک لەخەڵکی بازنەی دووەمی شەقامەکان به‌و شێوه‌یه‌ دەژیان، دەبێ ئەوەش بگوترێ، هیچ کام لەوانە ئەو وزە و تاقەتەی نەبوو بڕیار بدات تا روو لەشاخ بکات.
-هەندێکیان چوونە شاخ، بەڵام لەپێناوی ئامانجێک نەبوو تا دژ بەو دار و دەستەی سەردەم ببنەوە.
–تەنیا جانتاکانیان هەڵگرت، دواتر زاندرا ئەوان چوونەتە وڵاتێکی ئەورووپی و لەخۆشترین ژیاندا.
بۆ بەتەمەنەکان لەو سەردەمە زۆر تاریک بوو، جگە لەبەدەستهێنانی بژێوی ژیانى رۆژانە، ترسیان لەوەبوو، نەوەک یەکێک لەپاشەڵ پیسەکانی رژێم ناویان بدا و تاوانی پەیوەندی لەگەڵ مخەربین بەسەریاندا بسەپێنن، زۆرێک لەوانەی بەبێ گوناه کەوتنە بەندینخانەکان ئەشکەنجەیەکی زۆر دران، کاتێکیش لەبەندینخانە دەرچوون، نیوه‌ ئادەمیزادێک بوون، زۆرێک لەوانە تووشی دەیان نەخۆشی ترسناک و کوشندە بوون، بەشێکیان بەئازاری نەخۆشییەکانیان کۆچی دواییان کرد، هەندێکی دیکەش لەناو بەندینخانە پیادانیان لەسەر خۆیان نووسی، لەدواتردا لەسێدارە دران.
ئەگەر پاشەڵ پیسەکانی هاوزمان راپورتیان بنووسیبایە بەوەی گەنجێکی خانەوادەیەک چووبێتە شاخ و دژی رژێم دەجەنگێ، ئەوا دواتر شۆفەڵەکانی رژێم لەبەرچاوی هەموو خەڵکی گەڕەک خانووەکەیان دەڕووخاند، ئەوانەی پاسەوانیان لەشۆفەڵەکە دەکرد، کەسانی چەکداری هاوزمانی بەکرێگیراو بوون، هیچکات باکیان بەوە نەبوو، بەوەی ئەوانە هاوشار و هاوبازنەن، زۆر بێشەرمانە قسەی ناشیرینیان بەخەڵک دەگوت، چاویان لەخەڵک سوور دەکردەوە، ئەوانە شەوانە کوزکێشیان بۆ ئەمنە عەرەبەکان دەکرد و دەبوون بەپاسەوانیان.
جاشەکان شانازیان بەخۆیانەوە دەکرد، کاتێک دژ بەخەڵکی شەقامە بازنەییەکان هەڵسوکەوتیان دەکرد. زۆرجاریش هێزەکانی شاخ دەهاتنە خوارەوە، ئەو بەکرێگیراوانەیان خەڵتانی خوێن دەکرد، ئەمە هەناسەیەک بوو بۆ خەڵکی شەقامە بازنەییەکان، بەڵام جاش و بەکرێگیراوەکان ئەمجارەیان زۆر دڕندانە دەکەوتنە وێزەی خەڵک، بەرۆژی نیوەڕۆ جەند گەنجێکیان گولەباران دەکرد. هەموو ئەوانەی ئەو تاوانەیان ئەنجام دەدا وا خۆیان نیشان دەدا ئەوان لەسەر هەقن و دەیانەوێ سەروەری رژێمەکەیان بپارێن، بۆیە هەردەم لەلایەن سەرۆکەکانیانەوە دەستخۆشیان ئاراستە دەکرا، ئەوانیش پف دەبوون، هەنگاویان دەنا تا روو لەشاخ بکەن، هەرچی پەیوەستە بەشاخ و چیاکان بیانهێننە خوارەوە و لەپێش چاوی خەڵک ریسوایان بکەن، کەچی ئەمە پێچەوانە دەبووە تەنیا کەلاکیان دەهێندرایەوە، ئه‌مجاره‌یان بەجۆرێک چاویان سوور دەبوو، بەڕەشبگیرانه‌ لەسەر شۆستەی شەقامە بازنەییەکان خەڵکیان دەستگیر دەکرد و تاوانی پەیوەندییان لەگەڵ شاخ دەخستە پاڵیان، بۆ دووبارە چەند خانەوادەیەکی دیکە ماڵوێران دەبوون، هەر یەکەو بەرەو لایەک ئاوارە دەبوون.
تەنیا بەکرێگیراوەکان زوڵم و ستەمیان نەدەکرد، بەڵکو دەستە دەستەکانی شاخیش هەندێکجار بەئەنقەست زوڵمیان لەکەسانێک دەکرد، کەهیچ پەیوەندییەکیان بەبەکرێگیراوەکان نەبوو، ئەشکەنجەیان دەدان، هەر بۆ ئەوەی بۆ خەڵک بیسەلمێنن ئەوانیش دەتوانن لەنێو شەقامە بازنەییەکان هێزێکن.
ماڵوێرانى له‌و كاته‌وه‌ ده‌ستى پێكرد، كه‌ هه‌ردوو لا به‌گوڕوتینێكه‌وه‌ به‌ره‌نگارى یه‌كتر بوونه‌وه‌، رژێمیش بزه‌ى خه‌نده‌ى ده‌هات، چونكه‌ هه‌رچۆنێك بێ ئه‌وا خه‌ڵكى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان ده‌كوژرێن، رژێم باكى نه‌بوو تا چه‌ند ئه‌و شه‌ڕ و ماڵوێرانییه‌ درێژه‌ ده‌كێشێ، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رچى ئه‌و له‌و بنه‌چه‌یه‌ هه‌ن ده‌بێ ئاواره‌ و بێده‌ره‌تان بژین، هه‌ردوو لاش بیریان چووبۆوه‌ ئه‌وان كاره‌سات ده‌هێننه‌ئارا، بێ باكانه‌ له‌هه‌موو شوێنێك ته‌قه‌یان له‌یه‌كتر ده‌كرد، زۆرجارانیش خه‌ڵكى بێ گوناه ده‌كوژران، ئه‌م كێشمه‌ كێشمه‌ به‌رده‌وام بوو، له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ پیاوانى رژێم راودووى خه‌ڵكیان ده‌نا تا ببن به‌سووپاى میللى و دواى سووكه‌ راهێنانێك ده‌نێردرانه‌ جه‌نگێكى ماڵوێرانى نێوان هه‌ردوو هێزى گه‌وره‌ى عێراق و ئێران، ته‌رمى به‌شێك له‌وانیش ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى ده‌ستگیرده‌كران تا ببن به‌ئه‌ندامى سووپاى میللى ته‌مه‌نیان گه‌وره‌ بوو، به‌شێكیان به‌ساڵاچوو بوون، ئه‌وان سه‌ره‌ڕایى ئه‌وه‌ى چه‌ندین نه‌خۆشییان هه‌بوو، رۆژانه‌ش له‌به‌ره‌كانى جه‌نگ به‌رگریان له‌گیانى خۆیان ده‌كرد، ده‌یانزانى تووشى چ به‌ڵایه‌ك بوونه‌ته‌وه‌ و رزگاربوونیان مه‌حاڵه‌ ئه‌گه‌ریش رابكه‌ن، ئه‌وا ماڵ و منداڵیان ده‌نێردرێنه‌ زیندان، ئه‌گه‌ریش ده‌ستگیر بكرابوونایه‌ ئه‌وا له‌به‌رده‌م هاوڕێیه‌كانى ناپاكیان له‌نێوچاوانیان ده‌نه‌خشاند و ده‌كوژران.
له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ بۆ هاووڵاتییانى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان سه‌رده‌مێكى تاریك بوو، ئه‌وانه‌ى له‌دووره‌وه‌ هاتبوون بۆ ناو شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان به‌شێكیان له‌گه‌ڵ رژێم ده‌ستیان تێكه‌ڵ كردبوو، ئه‌منه‌ عه‌ره‌به‌كانیش كاتێك ده‌گوازرانه‌وه‌ نێو شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان ئه‌وا خانه‌واده‌كه‌یان ئاهه‌نگیان ده‌گێڕا، چونكه‌ ده‌یانزانى ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن، به‌ده‌ستگیركردنى چه‌ند لاوێكى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان، تۆمه‌تێك ده‌خرایه‌ پاڵیان دواتر دواى پاره‌یه‌كى زۆریان ده‌كرد، تا هه‌ر نه‌بێ كه‌سوكاره‌كه‌ى سه‌ردانى بكه‌ن، هه‌روه‌ها بۆ ئازادكردنیان داواى پاره‌یه‌كى قه‌به‌یان لێده‌كردن، به‌ دووسێ كارى وا ئه‌و ئه‌منه‌ عه‌ره‌بانه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بوون، دیاره‌ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ش به‌هۆى ئه‌و كه‌سه‌ پاشه‌ڵ پیسه‌ هاوزمانه‌كان بوو، چونكه‌ ئه‌وان ده‌یانویست به‌وردى راپۆرتیان بۆ بنووسن و هیچ بوارێك نه‌مێنێته‌وه‌ تا له‌به‌رده‌م یاسا رزگاریان بێ، ئینجا چ یاسایه‌ك یاسایه‌ك به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌پێى قسه‌ى خۆیان بۆ مانه‌وه‌ى سه‌روه‌رى نیشتمان و ده‌سته‌كانیانه‌.
سه‌رۆك جاشه‌كان یان به‌ناوێكى دیكه‌ موسته‌شاره‌كانى فورسان كێبڕكێیان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ركاره‌ عه‌ره‌به‌كانیان رازى بكه‌ن، ئه‌وا جلێكى پۆشته‌ و سمێڵ بابڕه‌كانیان هه‌رده‌م ده‌ستیان له‌سه‌ر سینگ بوو بۆیان، هه‌رده‌م له‌چاوانیان ده‌خوێندرایه‌وه‌ ئه‌وان ده‌ستیان به‌خوێنى هاووڵاتییانى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان سووره‌، له‌ناو خه‌ڵكیش خۆیان به‌پیاوچاك نیشان ده‌دا، تا هاوكارى ئه‌م و ئه‌و بكه‌ن و رۆڵه‌كانیان بپارێزن له‌هه‌موو ناخۆشییه‌ك و دواتر بێنه‌ رێزیان، له‌م رووه‌وه‌ زۆر كه‌س له‌ترس و برسییه‌تیدا چوون بۆ ریزى ئه‌و سمێڵ بابڕانه‌، به‌ڵام زۆرى نه‌ده‌برد له‌یه‌كێك له‌شه‌ڕه‌كاندا ئه‌وانه‌ى له‌نوێوه‌ چووبوونه‌ ریزى به‌كرێگیراوه‌كان، ده‌كوژران.
ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌كه‌ین، زۆرێك له‌وانه‌ى خۆیان به‌هاوزمانى ئێمه‌ نه‌ده‌زانى، یان به‌شێكى كه‌م له‌هاوزمانه‌كانمان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كان په‌یوه‌ندییان ده‌به‌ست، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ گه‌یشتبووه‌ ئاستى ژن و ژنخوازى، زۆر به‌شانازییه‌وه‌ باسیان له‌وه‌ ده‌كرد، كه‌ زاواكه‌یان عه‌ره‌به‌ و له‌هه‌موو شوێنێك ده‌ستى ده‌ڕوا.
له‌و سه‌رده‌مه‌ تاریكه‌ كار له‌شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان به‌ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت، بۆیه‌ به‌شێكى زۆرى خه‌ڵكه‌ پیشه‌وه‌ره‌كه‌ ده‌چوونه‌ شاره‌ عه‌ره‌بییه‌كان و له‌بازنه‌ى یه‌كه‌مى ئه‌و شارانه‌ نیشته‌جێ ده‌بوون، له‌وێدا ده‌ستیان به‌كار ده‌كرد، زۆر به‌كه‌مى ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ نێو بازنه‌ كانى خۆیان ترسیان له‌هه‌موو شتێك بوو، نه‌وه‌ك قین له‌دڵێك تۆمه‌تێكى بۆ رێكخا، كاتێك له‌یه‌كێك له‌شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان چاوى پێبكه‌وێ، كێشه‌كان له‌نێو ئه‌و شه‌قامانه‌ رۆژ به‌رۆژ زیاتر ده‌بوو، كه‌س به‌هاناى كه‌سه‌وه‌ نه‌ده‌هات، یان ترسى له‌وه‌ بوو هاوكارى هاوڕێیه‌كى بكات، نه‌وه‌ك تۆمه‌تێك بخه‌نه‌ پاڵ، له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ به‌شێك له‌وانه‌ى بۆ گه‌شتیارى ده‌هاتنه‌ شه‌قامه‌ بازنه‌یییه‌كان، كاتێك سه‌یرى چاوانیانت ده‌كرد، هه‌ستده‌كرد ئه‌وانیش له‌زوڵمێك هه‌ڵاتوون، به‌ڵام ده‌یانه‌وێ به‌و گه‌شته‌یان خۆیان له‌بیر بكه‌ن، هه‌موو شتێكى ناله‌باریان ده‌كرد، سه‌رنجى ئه‌ولاو ئه‌وڵایان بۆ خۆیان راده‌كێشا، خۆیان به‌به‌خته‌وه‌ر ده‌زانى كاتێك متمانه‌یان به‌یه‌كێك بوایه‌ دڵ و ده‌روونى خۆیان ده‌كرده‌وه‌، كه‌سانى نێو شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كانیش ته‌نیا گوێیان راده‌گرت، نه‌وه‌ك ئه‌مه‌ فێڵێك بێ تا دڵ و دروونى خۆیان بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ته‌نیا گوێیان ده‌گرت، زۆرجار چایخانه‌كان ته‌نیا كه‌سانى گه‌شتیارى تیادا بوو، به‌زمانێك قسه‌یان ده‌كرد، بێزارى پێوه‌ دیار بوو، به‌ڵام ئه‌وانیش نه‌یانده‌توانى به‌ته‌واوى هه‌رچى له‌ده‌ڵیاندایه‌ بیدركێنن.
ته‌نیا ده‌یانگوت شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كانتان به‌شێوه‌یه‌ك رازاوه‌یه‌ دڵ و ده‌روونى هه‌مووان ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ به‌هه‌شتێكه‌ ئێوه‌ تیایدان، ئێوه‌ ته‌نیا كه‌مێك كه‌له‌ ره‌قن ده‌نا ده‌تانتوانى خۆشترین ژیان به‌سه‌ر ببه‌ن و ته‌لاره‌كانتان وه‌ك خۆتان به‌رز بێ.
گه‌ڕه‌كه‌ دووره‌كانى دوا بازنه‌، زۆربه‌یان كریستیانى بوون له‌رووى هه‌وادارییه‌وه‌ زۆربه‌یان سه‌ر به‌ بازنه‌ى رژێم بوون، ئه‌وانیش ترسێكى گه‌وره‌یان له‌رژێم بوو، كه‌چى به‌هۆى دامه‌زرێنه‌رى ده‌سته‌ى رژێم خۆیان كردبووه‌ به‌شێك له‌رژێم، ئه‌وان له‌ترسى كه‌سانى خراپ و ده‌مارگیر خۆیان به‌ژێمه‌وه‌ هه‌ڵواسیبوو، نه‌وه‌ك له‌م ژماره‌یه‌ كه‌متر ببن و بۆ جارێكى دیكه‌، ئه‌و به‌شه‌ى ماوه‌ روو له‌هه‌نده‌ران بكه‌ن، زۆر به‌كه‌مى پێوه‌یان دیار بوو زوڵم له‌خه‌ڵك بكه‌ن، به‌شێكیان پێیان شوره‌یى بوو ئازارى كه‌سانى نێو هاو شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كانیان بده‌ن، هه‌رده‌م ده‌یانگوت “دونیا شه‌و و رۆژێك نییه‌”، ئێمه‌ سه‌رده‌مانێك ئیمپراتۆریه‌تمان له‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌ هه‌بوو، به‌ڵام ده‌بینى ئێستا ئێمه‌ ته‌نیا كه‌مینه‌یه‌كین، بۆیه‌ زوڵم و زۆرى ته‌نیا تاوانێكه‌ و له‌ئه‌ستووریدا ده‌پسێ، كه‌چى به‌شێك له‌وانه‌ له‌ بارگاى رژێمه‌كه‌یان له‌نێو شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان په‌رت و بڵاو بوون تا خۆیان له‌هه‌موو په‌رته‌وازه‌یه‌ك و دووباره‌ شكانه‌وه‌ ببن، چه‌ند تاكێكى ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ دووره‌ كریستانیانه‌ بوو بوون به‌به‌شێك له‌شاخ و خۆیان له‌ شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان جیا نه‌ده‌كرده‌وه‌، مێژوو شایه‌ده‌ هه‌ندێكیان گیانیان به‌ختكرد بۆ ئامانجێك، كه‌ باوه‌ڕیان پێى هه‌بوو، خه‌ڵكى گه‌ره‌كه‌ دووره‌كانیش، كه‌ له‌دوا بازنه‌دا بوون، ترس و دڵه‌ڕاوكێ گیانى ئه‌وانیشى داگیر كردبوو.
سه‌ره‌ڕایى هه‌موو ئه‌و ناخۆشى و ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازاره‌ ژیان به‌رده‌وام بوو، هه‌ندێكجار شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان له‌كه‌لاوه‌ ده‌چوو، هه‌ندێكجاریش گه‌شاوه‌ ده‌بوو، به‌ڵام هه‌رده‌م ترس له‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا زاڵ بوو، زاڵبوونێك هه‌موو شتێكت لێ بوو بووه‌ سیخوڕ، ترست له‌وه‌ بوو له‌نێوان ده‌رزه‌كانى ماڵه‌كه‌تدا قسه‌ و وته‌كانت بپه‌ڕێته‌وه‌ و تۆمه‌تێكت بۆ هه‌ڵبه‌ستن، هیچ دایك و باوكێك قسه‌ى ته‌واوى ده‌روونى بۆ منداڵ و نه‌وه‌كانى نه‌ده‌دركاند، نه‌وه‌ك له‌كۆڵان بیگڕێته‌وه‌ و خۆى قوڕ به‌سه‌ر خۆیدا بكات.
ئیتر به‌و شێوه‌یه‌ چیرۆكى شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بوو، هیچ ئاسۆیه‌ك نه‌ده‌بینرا، خه‌ڵكه‌كه‌ راهاتبوو تا خۆیان له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ بگونجێنن.
کێشەی سەرەکی خەڵکی ئەو بازنانە خودی خۆیان بوون، واتە ترسیان لەهەموو شتێک بوو، زۆر جار لەناکاوێکدا بەهەواڵێک دڵیان دادەخورپا، یان ئەوەتا یەکێک لەسەربازەکانی ئەو بازنەیە لەبەرەکانی جەنگ تەرمەکەیان بەئۆتۆمبیلێکی تەکسی یان سووپا دەهێنایەوە، هەروا شەوانە شاخ دادەبەزییە نێو شار، ئەمە مایەی دڵ خۆشی شەقامە بازنەییەکان بوو، بەڵام کاتێک رۆژ دەبووە، هیچ ترووسکەیەکی رووناکی نەدەبیندرا، هەرچی جاش و ئەمن و مەفرزە خاسەکان هەبوون ناو شاریان دەتەنی بە ئاماژەی سیخوڕەکانیان، شۆفەڵەکان خانوویەکیان دەڕووخاند، بەو بیانووەی لەشەودا پێشوازییان لەشاخ و چیاییەکان کردووە، دیمەنێک بوو تا ئەو پەڕی جەرگبڕ بوو.

ره‌سوڵ به‌ختیار




چاوەکانت بەشوێنمدا دەگەڕێن… دڵکەش قادر

ئەگەر من مردم
تۆ لە کام چاوگەی هیواوە سەردەردەکەی؟
لە کام ئولفەتی خۆشەویستییەوە
پێکەنین بەیان دەکەی؟

ئەگەر من بوومە قوربانی،
تۆ لە کام چاوگەوە دەڕۆیت و
داوای هیوا دەکەی؟
لە کام پێکی مەمکەوە داوای پاکبوونەوە دەکەی؟

ئەگەر من گوومبووم
لەکام باخچەدا پشوویەک دەنۆشی و خەیاڵێک دووگیان دەکەی و بەدیار چاوی دڵکەشەوە دەگری؟
لە کام کۆشکدا سەرخەوێ دەشکێنی بەبێ گریان؟

ئەگەر من لە هیچ شوێنێ نەبووم
ئەو ڕۆژە دێت
چاوەکانت بە شوێنما دەگەڕێن
هەمووجێ لە چاوتا
لە هزرتا
لە خەیاڵتا
دەبنە وەسوەسەی نەدۆزینەوە و
گەڕان.

ئەوکاتەی دڵتەنگ بووی
سەرێک بدە لە ماڵە چۆڵەکەی سینەم و
تەماشای شکڵە هەڵواسراوەکان بکە
چۆن بە دیواری دڵمەوە
چۆن بە تاقی سینەمەوە
بەبێنازی سەمای تەنیایی دەکەن
چۆن بەبێهیوایی سەیری خۆرئاوابوون و
ئاسۆغەمگینەکان و
شەکەتی ڕێگای ونبوون دەکەن.
ئاخ بێنازی گووشین و
بێ مەیلی مەستبوون.

سلێمانیی
دڵکەش قادر




هەراری ڕێویی کاپیتاڵیزم… مەحمود عەبدوڵڵا

مرۆڤی بەڕۆبۆتکراو ،وێڵ بەدوای چێژو ،بەختەوەری “گا ئاسا”وەک نیچە دەیگوت:مرۆڤی مۆدێرن دەیەوێت بەختەوەربێت وەک گایەک. ژیان کورت دەکرێتەوە لەوەی تۆ بخۆیت و بخەویت،هیچ پێویست ناکات مەراقی کۆمەڵکوژی ملیۆنان مرۆڤ بیت ،پێویست ناکات خەمی ئەوانیترت بێت،لێگەڕێ با خەڵک لەنەهامەتیدا بژین،ئەگەر تۆ شوێنەکەت ئارامبو ئەوا کێشەی تۆنیە خەڵکیتر بەهۆی جەنگەکانی کاپیتاڵیزمەوە ئاوارەن،لێگەڕێ گرنگ تۆکارو ئابوریەکی باشت هەیە،سوپای بێکاران بەتۆچی. نیچە لێرەدا دژی فەلسەفەی تاکگەرایی مۆدێرنەیە کە مرۆڤێکە بیریش ناکاتەوە بۆئەوەی گەدەی تێک نەچێت.
نوح هەراری بە پشت بەستن بەفەلسەفەی ئەبیکۆڕ و بێنتهام و میل ،مەیلێکی وانیشاندەدات،ئەلبەت هەردەبێ پەنا بۆزانستیش ببات ،چونکە ئەمڕۆ هەندێک خوڕافە بێ پاڵپشتی زانست مومکین نین.
زیرەکی هەراری لەوەدایە بەشێوازێکی گریمانەیی ،مێژوی ئایندەمان بۆ دەخوێنێتەوە،وەک فاڵگرەوەیەکی سیستەم گریمانەی ئایندەیەکی زێڕین دەکات ،لەلایەکیش وا نیشاندەدات کە ئەوە هەر خەیاڵێک بێت،گریمانەیەکی دور بێت،وەلێ دەستبەرداری ئەوە نابێت کە پێمانبڵێت:ئەوگریمانانە پێویستین بۆ سیستەمی سەرمایەداری . چ گریمانەیەک ؟ قسە لەسەر دوگریمانە و پێشبینی بۆئایندە دەکات ،نەمری و بەختەوەری.
سەیر ئەوەیە هەراری ئەوانە وەک پێویستی کاپیتاڵیزم دەبینێت،واتا سەرمایەداری ئەو دو ئارەزوە دەکاتە پڕۆژەی خۆی،بەڵام دەڵێت:نەک لەبەر خودی مرۆڤ بەڵکو لەپێناو قازانج،ئێ دیارە دەبێ وابڵێت چونکە سەرمایەداری بەچاوی قازانج سەیری هەموشت دەکات تەنانەت ئەخلاق و مرۆڤ و خودی ژیانیش . ئەو پێیوایە کە مرۆڤ لەسەدەی ۲۱ دا،پشکێکی گەورەی دارایی دەخەنە گەڕ، بۆ درێژکردنەوەی تەمەن، هەروەها جەنگ لەدژی مەرگ و پیری لەسەدەی بیست و یەک درێژکراوەی کلتوی مۆدێرنە بەبڕوای ئەو.
کێشەکە ئەوەنیە کەمرۆڤ خەیاڵێکی وای لەسەرداهەیە،بەڵکو ئەم خەونە شتێکە لەدیدی ئەودا کە بۆ ژیانی کاپیتاڵیزم پێویستە. باسی ئەم هەوڵانەش دەکات کە لەئێستاوە خراونەتەگەڕ،وەک تەرخانکردنی لەسەدا سی وشەشی دارایی گۆگڵ بەدروستکردنی
کۆمپانیای کالیکۆ ،بۆ بۆ چارەسەری کێشەی مەرگ …کالیکۆ کۆپانیایەکی تایبەتە لەلایەن گۆگڵ دامەزراوە.
پێشبینیەکانی ،ئۆبرای گرای و ڕەی کۆرزوێل بەنمونە دێنێتەوە،کەدەڵێن هەرکەس دوهەزاروپەنجا خاوەن لەشێکی تەندروست و هەژمارێکی بانکی پڕ بێت دەتوانێ دەساڵ دەساڵ تەمەنی درێژبکاتەوە،دەساڵ دەساڵ تەمەنی درێژ دەکاتەوە.ئەمە لەڕاستیدا قوربانیدان بەئێستایە لەپێناو داهاتو،وەک ئایدیۆلۆژیا کانیتر،ڕەنگە وەهمێکی خۆشی نیولیبڕاڵەکان بێت،بۆئەوەی ئیدی مرۆڤ لەئێستا وە چاوی لەسەر ساڵی ۲۰٥۰ بێت.زۆر خۆشخەیاڵانە دەڵێت :پیتەر تیێل دامەزرێنەرانی٫ پەی پال کۆمپانیای بواری ئاڵوگۆروگواستنەوەی دراو بەشێوەی ئەلیکترۆنی لەسەردیواری کۆمپانیاکەی نوسراوە:
ماڵئاوا یەکسانی بەخێربێیت نەمری!ئەمە چ جۆرە خەیاڵ پڵاوێکی کاپیتاڵانەیە، ئەم سەرمایەدارە لەسەردیواری کۆمپانیاکەی نوسیوە هەژاری و نایەکسانی فشەیە،جا قوڕبەسەری ئەوەیە هەژاران تاهەتایە هەژاربن! ڕەنگە مردن بۆهەژاران باشتربێت.بەڵام ئەم سەرمایەدار بێگومان دەزانێت تا ئەوکاتە ئێسقانیشی نامێنێت،بۆیە پێی ئاساییە ئێسقانی هەژاران ببینێت.نوح هەراری دەڵێت:
جەنگلەدژی مەرگ لەلوتکەی پڕۆژەکانی سەدەی بیست و یەک دا دەبێت. بەڵام لەئێستاوە ئێمە دەبینین چ ڕودەدات،ئەم ڕێویە زیرەکە لەجەنگی ئۆکرانیاش دەیەوێت یەخەی پۆتین بگرێت،نەک خودی سیستەم..لەوانەیە ئەویش پێی وابێت شەڕخوازی پۆتین خەتای ئەوەیە زۆر لیبڕاڵ نییە!وەک چۆن نیولیبڕاڵەکان هەمیشە کێشەکان دەگێڕنەوە بۆ کەمی لیبڕاڵبون،ئەم بانگەشەیەش وەک هی مەلاکانە کەدەڵێن:چارەسەر لە ئیسلامدایە!نوح هەراری دەڵێت:
گەرباوەڕی خۆمان بەپیرۆزی ژیانی مرۆڤ و پێشکەوتنی زانستی بەردەوام وپایەدار“پێشکەوتن لەدیدی نیچەوە هەڵەیەکی مۆدێرنیتەیە” لەبەچاوبگرێن کەلەسەرەوەی هەرەمی پێداویستی ئابوری سیستەمی سەرمایەداری دێن.
لەبەرئەوە جەنگ دژی مەرگ ناچاریە.مرۆفەکان بەهەرهۆکارێک بمرن بۆئێمە بەسانایی قبوڵناکرێت،ئەم خەباتە دژی مەرگ بۆ پایەداری زانست و سیستەمی سەرمایەداری حاشا هەڵنەگرە.
بەبڕوای حەراری خەمی سەرمایەداری بەختەوەری و نەمری مرۆڤە ،ولەلوتکەی داخوازی سیستمدایە زانایان و دەڵاڵانی بانک ئەوەیان بۆگرنگە تا دەستیان بەداهێنان و قازانجی نوێ بگات ،ئایا زانست و زانایی لەمە زیرە کانەتر هەیه.بەڵام ڕاستی بۆ قازانج شتێکی وا پێویست نییە بۆسەرمایەداری بازرگانی چەک و مرۆڤ کوژی و شەڕ قازانجی زیاترە.هەروەها دەڵێت:
ئەگەر ماهیەتی پێویستیە ئابوریەکانی ی سیستم بەس نەبێت ترس لەمردن ئەوهەستە دەوروژێنێت.بەلای هەراریەوە پێش هەرشت ئەم پڕۆژانە پڕۆژەی سەرمایەدارین،ئەوسێستەمەی زانستیشی قۆرغکردوە بۆ مەبەستی خۆی.سەیرە سیستەم بەم هەموو توانایە خۆی لە هەژاری و بەدبەختی و جەنگ و نەخۆشیە کۆمەڵایەتیەکان گێلبکات،بەڵام لەخەیاڵی ئەوەدابن لەداهاتودا مرۆڤ نمربێت،پرسیار ئەوەیە ئەوکات لەشکری بێکار دەمێنێت ،کە پێویستی حەتمی ماناوەی سیستەمی کاپیتاڵی قازانج پەرستە.پاشانحەراری دەڵێت:
بەشێکی گەورە لەداهێنانە هونەری وپرەنسیپە سیاسی و خۆپارێزیەکان، ئاینی سەرچاوەیان بۆترس لەمەرگە.ئەمەش بە هیچ شێوەیەک ڕاست نیە،ئەوداهێنانە بۆباشترکردنی هەل و مەرجی کۆمەڵایەتین!
ودی ئالن: وتویەتی من نامەوێ لە ڕێی هونه ر نەمربم .دەمەوێ بەنە مریبگەم..
هەراری دەڵلێت کاتێک خەڵکی بیر لەدەرفەتی ڕاستەقینەی نەمری بکەنەوە ویستی ژیان لەواندا هەموو بیانویەک بۆ هەڵگرتنی باری قوڕسی ئایدیۆلۆژیا”،وهونرو ئاین پوچەڵدەکاتەوە.
بەکورتی دەمەوێت بڵێم :سستەمی سەرمایەداری کە ئایدیۆلۆژیای زیرەکانەی لیبڕالیزم تەبەنی دەکات بەردەوام نکۆڵی لەئایدیۆلۆژیا دەکات،لێرەدایە کە ڕێویبونی حەراری دەردەکەوێت “باری قورسی ئایدیۆلۆژیا”نوح پێماندەڵێت :واز لەبیروباوەڕ بێنن،چونکە بەختەوەر نابن،بەڵام لەڕاستیدا مرۆڤی بێئایدیۆلۆژیا بەختەوەر نییە،ڕاستە ئایدیۆلۆژیەکان کێشەش دەخوڵقێنن،بەڵام ئەوەی واش دەکات مرۆڤ نەبێتە ڕۆبۆت و پەیوەندیەکی ڕوت”ئاژەڵیانە”ی بەجیهانەوە نهبێت بیروباوەڕو ئایدیۆلۆژیایە.دەشێت شانبەشانی زانست و تەکنەلۆژیا ،بیروباوڕو بەهای نوێ بخوڵقێت .بەڵام زانایانی تەکنیک و زانستی تەکنەلۆژی کە دەیانەوێت زانست عەرشی فەلسەفە داگیربکات،نکۆڵی لەتوانای فەلسەفە دەکەن بۆ کێشەکانی مرۆڤایەتی،مرۆڤ دەکەن بەڕۆبۆت.وەک نیچە دەڵێت:بەهۆی نکۆڵی لەفەلسەفە یان داگیرکرانی لەلایەن زانست تەنانەت لەئەوروپا لەڕێکخستنی سیاسیدا گەیشتونە ئاستی داڕوخان. نەخۆشی مۆدێرنیتە دابڕانە لەمەعنەویات و تاکگەرایی ڕەها و لەهەمانکاتدا تاکگەرایی ئەمڕۆ لەسەر حیسابی ئەخلاقە .نکۆڵیکردن لەهەرجۆرە بابەتێکی مەعنەوی وەک سەرچاوەی بەختەوەری، لەوانەیە تەنیا لەلێواری تیۆریدا بسەلمێندرێت،واقیع شتێکیترە. بەدیدی ئەو ،بەپشتبەستن بە بێنتهام و میل ،لەدەرەوەی چێژو ئازار هیچ شتێک مایەی خۆشنودی نییە،یان بەدبەختی،وەلێ ئەمە تەنیا بەڕۆبۆتکردنی ئینسانە.داماڵینیەتی لەهەستی مرۆڤانەو کۆمرۆڤ.بۆدابڕینی تاکەکان و چەککردنیانە ،چەکی فیکر،کە تەنیا چەکە دەتوانێت بەرامبەر وێرانکاری و بێ ئەخلاقی سەرمایەداری بوەستێت و مرۆڤایەتی ڕزگاربکات،لەمەترسی وێرانبونی ژینگە،ودیکتاتۆریەتی تەکنەلۆژی ئایندە،بێگومان لەناوبردنی مرۆڤ و کۆمەڵکوژی لەوانەیە پڕۆژەی شاراوەی سیستەم بێت.نەک گەیشتن بەنەمری.ئێمە شایەتی ئەو حەقیقەتەین کە مرۆڤەکان هەندێجار لەپێناو ئامانجێکدا تێدەکشن گیانی خۆیان دەبەخشن هێشتا هەستبەبەختەوەری زیاتر دەکەن،لەوانەی کە لەبانیۆ خۆیان دەشۆن و فڕۆکەی تایبەیان هەیە ،ئەمڕۆکە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداری چیتر لەڕێگەی چەکەوە پێویستیان بە مرۆڤ نیە بۆسنورەکانی خۆیان ،سەرمایەداری لەسەردەمی فەتحکاریدا بۆیە گاڵتەکردن بە نیشتیمانپەروەری و بەرژەوەندی گشتی لەوڵاتانی جێتەماحی حکومەتە نیولیبڕاڵەکان فەلسەفەیەکی پێویستە. نابێت مرۆڤ بیر لەئازادی بکاتەوە،با کۆمپانیاکان ئازادبن لە تاڵانی وڵاتانی جیهانی سێیەم! خەمی گشتی،بەرژەوەندی گشتی ئەمانە لە فەلسەفەی نیولیبڕالدا گێلێتین،بخۆ و بنو بەختەوەربە وەک گا یەک .لەژێر سایەی ئەم تاکگەراییە بێ هەستە دەسەڵاتی دیسپلینکەر هەموو دەستدرێژیەک دەکاتە سەر ژیان و ژینگەو کۆمەڵگە و مرۆڤیش دەکاتە ڕۆبۆتێکی بێ هەست و ڕوح،دەبێت خەریکی پڕکردنی هەژماری بانکی بێت،نەک مێشکی،چونکە لەوانیە لەداهاتودا بتوانێت تەمەنی درێژبکاتەوە بە و پارەیە. ئەگەر پێویستبکات چێژی سێکسی بۆ درێژ دەکرێتەوە،ئەمانە گریمان و خەمی زانستی کۆنتڕۆڵکراوی سەرمایەدارین.

مەحمود عەبدوڵڵا




باسێک لەسەر نووسەر و بوارەکانی کۆمەلگای کوردستانی… زانا رەزاق

ڕۆشبنیری ناوچەو بەتایبەت کوردی شتێکی نیە بەناوی مەعریفەی نوێ و بیرکردنەوە ئەوەی هەیە تەقلیدی و لاسایکردنەوەی فەیلەسوف و بیرمەندانی ڕۆژئاوایە هەمان بیرکردنەوەیە

دەبوایە ڕۆشنبیری ناوچەو کوردی بەرهەمهێنەری زانین و مەعریفە لەگەل باس کردنی دەشبوایە بنەما شتەکان بناخەکانی ،بەپێوەر و خالەکانی هەبایە یانی خاوەن جیهانبینیەک بایە.

دەتوانم لێرە بلێم بۆ ئەوەی ناوی بمێنێتەوە وەکو بیرمەندان یانی ڕۆشنبیری زەمەنی نەبن بەلکو ئامانجێکیان ئەوەبا کە ڕۆشنبیری بەردەوامی بان یانی بەردەوامی زیندووبان ناویان و نووسینیان پاش مردنیش هەر زیندووبا وەکو:
( ئەرستۆ ،ئەفلاتون ،ئەوانی تر)

هەروەها چونکە کۆمەلگاکان جیاوازن چونکە ناوچەکان جیاوازن چونکە ڕۆژهەلاتی ناوین جیاوازە لە ڕۆژئاوا هەم بەمیتۆدێک هەمیش ڕێچکەیان هەبا بەشێوەیەک هاتبانە مەیدان وەکو ئەقلیەتی ئەو ناوچەیە و ئەو کۆمەلگایە یانی خوێندنەوەیەکی دروستی بۆ مرۆڤەکانی کۆمەلگا و بوارەکانی هەبایە پاشانیش لەبنەڕەوە دەستیان پێکردبا .

لێرە دا ئەتوانم بلێم هەروەک چۆن خوێنەرمان هەیە ئایدۆلۆژین شوێنکەوتووی ئایدۆلۆژیان ،هەروەک چۆن خوێنەرمان هەن کۆیلەی نووسەرن ،بەهەمان شێوە ڕۆشنبیرو نووسەری ئێمە ئاوان دەبوایە وانەبان بەشێوەی تر بان چونکە ئەمە چ جیاوازیەک لەگەل خوێنەر هەیە؟ دواتر بەچ پێناسەیەک و سیفاتێک ڕۆشنبیر لە خوێنەر جیاوازن ؟
هەر چەندە نابا نووسەر و بوارەکانی تریش یانی خاوەنەکانیان خوێنەری کۆیلە لە بیرکردنەوەیان هەبا چونکە ئەوە زیانە نەک سود بەلکو دەبوایە خوێنەری ئازادیان لە بیرکردنەوە و ڕاو بۆچوون ئەمە هەبایە هەم نووسەران هەم بوارەکان چونکە ئاوا سودت پێدەگەیەنێ نەک شێوەی تر

خۆی هەروەک ووتمان دەبێ بەرهەمهێنەری مەعریفەو بیری نوێبان ،بەلام هی ڕۆشنبیران و نووسەرانی کۆمەلگای ئێمە و ناوچەکە ،زۆرێک نووسینەکانیان دووبارەن
بۆ نموونە :

ئەگەر سەد کتێبمان هەبێت ئەوا نەوەدی دووبارەن یانی هەم ،لەهی دەرەوە دووبارەن هەمیش لەناوەخۆ دووبارەن نەدەبوایە وا بوایە بەلکو ئیزافە و زیادەی خۆیان بۆ سەر نووسین و شتەکانی ئەوانی تر هەبا

ڕۆشنبیرو نووسەرمان هەیە ڕووبەڕوو نازانێت قسە بیکات یانی لە تۆڕەکۆمەلایەتیەکان و لەڕاگەیاندن و کۆڕەکان جیاوازە، بەتایبەت کاتێک پرسیاری ڕووبەڕووی لێدەکرێت.

پاش ئەمەش ڕوشنبیری کۆمەلگای ئێمە دەبێ بەشێوەیەک بێت کاریگەری دروست بکات، نەک خەلک کاریگەری لەسەر دروست بکات، بەداخەوە ئێمە لەم ڕووەو ڕووەکانی تریش لەکێشەی گەورەداین .

هەروەها زیاتر باسی پشت شتەکانی کردبا و خوێندنەوەی بۆ هەبایە یانی بەشێوەی تر زیاتر باسی دیاردەکانی نەکردبا بەلکو دەبوایە پشت دیاردەکان لەگەل هۆکار و چارەسەرکردنیشی باس کردبا.

جگە لەوانەی سەرەوە دەبوایە گرنگی و سەرنجی زیاتر لەسەر هەموو شتە خۆمالییەکان بدابایە نەک هی دەرەوەی پەرە پێبدات چونکە ئەمە زیانە نەک سود یانی دەبێ زانیاری نەبێ ؟!

چونکە ئەمە وەکو مامۆستا و نووسەر و هەموو بوارێکی تری کۆمەلگایە کە زانیاری و باسی شتەکانی بۆ فێرخواز و بینەر و بیسەر و ئەوانی تر دەکات.

دەبوایە لە جیاتی ئەوەی زانیاری ڕوکەش بلاو بکاتەوە دەبوایە کاری لەسەر هۆشیاریەکی گشتگیر کردبا بۆ ئەوەی تاکێکی تەندروستی بۆ کۆمەلگا و بوارەکان دروست کردبا
چونکە کۆمەلگای ئێمە هاوشێوەی ئێمە لەناو کۆمەلگا و بوارەکانیشی کۆمەلین و جەماوەرین دەشبوایە لەو شوێنانە کۆڕ و سیمینار کرابایە کە پێویستی پێ هەبووە نەک لە شوێنێک کە هەمووی وەکو ئەوانن یان باشترن.

یانی بلێین لە کۆڕ و سیمینارەکان و هەلبژاردنی بابەتەکانیش بۆ ئەو کەسانە کرابایە پێویستیانە.

هەر بۆ نموونە کێشە و گرفت و هۆشیار کردنەوەش بۆ ئەو خەلکە باس کردبا پێویستیانە یانی کێشەی ژن بۆ ژنەکان کێشەکانی تریش بەهەمان شێوە نەک بۆ یەکتری باس بکەن چونکە ئێوە دەبێ گوێ لەوان بگرن و هۆکارەکانی دەست نیشان بکەن و بەهۆی هۆکارەکانیش چارەسەرکردنی بدۆزنەوە.

ئەمە پێویستی بە هۆشیار کردنەوە و تاکێکی تەندروستە لەسەر ڕێچکەیەکی دروست بۆ ئەوەی لە گشت بوارەکان سود بە کۆمەلگا و مرۆڤەکانی بگەیەنێت.

یان بەشێوەی تر بلێم کاری زیاتر لەسەر ئاگایی و نائاگایی مرۆڤەکان لەگەل هەست و نەستی مرۆڤەکان کردبا بەهەمان شێوەش مامۆستا مامۆستای دروست کردبا نووسەر نووسەری دروست کردبا هەموو بوارەکانی تریش بەهەمان شێوە نەک زانیاری ڕوکەشی کتێب و هی خۆیان بە خوێنەر و گوێگر و بیسەرەکانیان بدایە.

تێبینی ئەو نووسینەم کۆکراوەی پۆستەکانی سالی دوو هەزار و بیست و یەکە هۆکاری یەکەمیش بۆ ئەوەش کۆم کردەوە بۆ ئەوەی خەلکی تر لە شوێنی تر سودی لێبینێت.

تێبینی دووەمیش دەبوایە بناخەو پێوەری بۆ هەموو بوارەکانی کۆمەلگا دانابا
یانی ڕۆمان و چیرۆک و شعر و سینەما و فلیم و دراما و پەخشان و
یانی هەموو شتە خۆمالییەکان
بە شێوەیەک بۆ نوێگەری و بەرەو پێشچوون




گێژاوە سیاسییەکان لەیەک دووربینەوە… سەنگەر نیزام ڕەزا

کاتێک هەر مرۆڤێک لەدایک دەبێت، لەگەڵ لەحزەی هاتنی بۆ ئەم ژیانە پڕ لەجەنجاڵی و سەختگیرییەدا، گەورەترین بەڵاو ڕەشترین چارەنوس کە سروشت بەسەریدا دەسەپێنێت، ئەوەیە: لە چ نیشتیمانێکدا، لە ژینگەی چ کۆمەڵگایەکدا، لەژێر سایەی خۆشگوزەرانی چ دەوڵەتێکداو وە لە چ خێزانێکدا چاوی بەدونیا هەڵدێنێت. چونکە هەموو ئەمانە زۆر گرنگن بۆ بونیادنانی کەسایەتی مرۆڤ. بەدەست ئێمە نییە، قبوڵ یان ڕەفزی بکەین ئەوا ئەم ژینگانە کاریگەری لەسەر کەسێتی، کەسایەتی و بیرکردنەوەمان دروست دەکەن. من پێشتریش لەزۆر کۆڕوکۆمەڵ وتومەو لێرەش ئەیڵێمەوە کە، ئەگەر من لەجیاتی کوردبوونم، تورک، فارس، چینی یان چاو سەوزو قژ زەردێکی ئەوروپی یان هەر قەومێکیتر بومایە، ئەوا ژیانم زۆر لە ئێستا خۆشترو سەلامەتترو جێگیربوتر دەبوو. یانی هەر قەومێکیتر بومایە ژیانم باشتر دەبوو جگە لە کوردبوون. چونکە ئەوەی کورد بوون پێیبەخشیوم، بریتی بووە لەوەی، لەوەتای لەدایک بووم، دەربەدەرو هەڵاتووی ئەمشارو ئەموڵاتین. هەستمان بەهیچ ئاساییشێک نەکردووە. هیچ خۆشگوزەرانیمان نەبینیوە. وڵات و دەسەڵاتێکی دادپەروەرمان نەبووە. لەهەمووشی قێزەونتر ئەوەیە کۆمەڵگای کوردی، کە زۆر جار من بە (کۆمەڵە+گا)ی کوردی ناوم هێناوەو زۆر جار هەڕەشەی ججدیشم لێکراوە، لەسەر ئەم ڕەخنانەم لە کوردبوون و لە ئاستی نزمی ڕۆشنبیری کۆمەڵەگای کوردی.

من مرۆڤێکی ڕاشکاووم ئیمانم بە موجامەلە نییە، وە مرۆڤێکی ئازادم و پیویستە بەئازادانە بدوێم. بۆیە دوبارەی دەکمەوە ناتوانم شانازی بە کوردبوونمەوە بکەم. وە زۆر هەستێکی ناخۆشە بۆم، کە بیر دەکەمەوە ئەندامێکم لە جاهیلترین و دواکەوتوترین کۆمەڵگاکانی دونیادا. شانازی هەستێکە کە خۆڕسکانە تەنها بۆ ئەم شتانە دروست دەبێت کە، جوان و باش و ئیجابی و پڕ بەرهەم و دەستی پڕ لەدەستکەوتن. بەڵام کورد خاوەنی هیچ جوانی، ئیجابیات و باشییەک نییە. ئاخر بەرهەمی کورد جگە لە شەڕی براکوژی، خیانەتی گەورەی نیشتیمانی، دزینی سامانی گشتی و شکاندنی پەنجەکانی یەکتر چیتری هەبووە؟ هەروەها عێڕاق پێکهاتووە لە سێ پێکهاتەی سەرەکی، وەکو کورد، سوننە و شیعە. لەڕاستیدا ئەگەر قسە لەسەر ئاستی نزمی سەقافی و جەهالەت و نەخوێندەواری تاکی سوننەو شیعە بکەم ئەوا زۆر لەکورد دواکەوتوترن. بەتایبەتی شیعە. کە ئایدۆلۆژیایەکی قێزەون و پڕ لە چەمکی توندئاژۆ دەرخواردی مێشکی شوێنکەوتووانیان دەدەن و بەڕادەیەک مێشکیان دەشۆنەوە کە، تەنها مەزهەبە لەسەر ئاستی جیهان کە وا لەشوێنکەوتووانی دەکات، تەنانەت جەستەی خۆیان ئازاربدەنو بە نوکی شمشێری تیژ ئەدەن لە سەریان و سێ تەبەقەی پێستی سەریان دەبڕن و بەڕای ئەوانیش هەرچەند خوێنیان لێبچۆڕێتەوە هێندە پاداشت و سەدەقە کۆدەکەنەوە. زۆر جار دەبینین مناڵەکانیشیان فێری لەخۆدان دەکەن. بەڤیدیۆ لەیوتوب هەیە، کە تەنانەت پیاوێکی شیعەی گەمژە فیشەک ئەنێت بە سکی خۆیەوەو لەپشتی دەردەچێت، پێش ڕوداوەکەش دروشمی مەزهەبیی دەڵێتەوەو پێیوایە کە فیشەکەکە لەپشتی دەردەچێت و خوێنی لێنایەت و یەکسەر چاک دەبێتەوە. بەڵام کاتێک فیشەک ئەنێت بەخۆیەوە، یەکسەر دەکەوێت و بە ئەمبوڵانس دەگەیەندرێتە مستەشفەو دەمرێت. دەی ئاخر من چۆن شانازی بەوە بکەم کە لەکۆمەڵگایەکدا لەدایک بووم کە ئەمە بیروباوەڕی تاکەکانی بێت؟ ئاخر ئەگەر بەر لە لەدایکبوون پرس بەخۆم کرابوایە، هەرگیز نە عێڕاقیبوون، نەکوردبوون، نە ژینگەی کۆمەڵەگای کوردی و عێڕاقیم هەڵدەبژارد. ئاخر من چۆن هەستی شەرمەزاری نەمکوژێت کاتێک، دەبینم خەڵکی وڵاتێکم، کە کورد لەناوخۆیدا بەڕادەیەک ناکۆکن و گێژاوە سیاسییەکان بەڕادەیەک هاوڵاتیانی لوول داوە، کە یەکێتی خوێنی پارتییەکانی حەڵاڵ کردووە. لەولاوە پارتییەکان خەڵاتی گرانبەهایان دیاری کردووە بۆهەر کەسێک کە سەری گەڕیلایەکی پەکەکە بێنێتەوە. ئیسلامییەکان یەکێتی و پارتی بە کافر دەزانن و پێیانوایە بەکوشتنیان بەهەشتی نەبڕاوە بەدەست دێت. یەکێتی و پارتیش ئیسلامییەکان بە تیرۆریست و قومبەلەیەکی مەترسیداری ناو کۆمەڵگا وەسف دەکەن. لەولاوە پەکەکە هەموویان ڕەفز دەکات و دەڵێت یەکێتی و پارتی جاشی وڵاتانی دوژمنن و ئیسلامییەکانیش کوڕی شەرعی ئیخوان موسلیمینی نێودەوڵەتین و کوردایەتی بەس لایەقی ئێمەیەو تەنها ئێمە خاوەنی کوردستانین. کە شۆڕبینەوە بۆخواروی عێڕاقیش دەبینین. کە بەینی سوننەو شیعە بەڕادەیەک قێزەونە هەر نازانین لەکوێ و چۆن دەستپێبکەین. بەڕای من بەگشتی سوننەی میانڕەو سەلامەتو ئاشتیخوازە، لەوێنەی دایکو باوکانی ئێمە کە فریشتەئاسا خواپەرستی دەکەن و دین و سیاسەت تێکەڵ ناکەن. بەڵام گروپە توندئاژۆکانی وەکو قاعیدەو داعش و تاڵیبان ئەمانە کە بەقسەی خۆیان نوێنەرایەتی مەزهەبی سوننە دەکەن. تابڵێی توندڕەوو خوێنڕێژن.

وە ئەوانە بازرگانانی دینن، وە هیچ خاڵی هاوبەشیان نییە لەگەڵ ناوەڕۆکی ئیسلام. بەڵام ئیتر گروپگەلێکی سیاسیین. لەم سەردەمەشدا سیاسییەکان دەبێت کەرەستەیەکیان هەبێت بۆ برەودان و وزەبەخشین بە جوڵانەوەکەیان. ئەوانیش لە ئیسلام باشتریان دەست نەکەوتووە کە بزنزی پێوە بکەن و بەپاساوی جیهادی قیتال و جێبەجێ کردنی شەریعەتی ئیسلام و فتوحاتی دینی، ئەوا هیچ کردەوەیەکی قێزەون و دژە مرۆڤایەتی نەما نەیکەن. تەنانەت ناکۆکی و شەڕی تولانی بەینی سوننەو شیعە لەبەرژەوەندی ڕێبەرانی هەردوکلایەو سەرکردەو مەرجەعەکانی هەردولا بەردەوام بەنزین بەم ئاگرەدا دەکەن و ڕێگە نادەن ئاشتی بچەسپێت. چونکە ئاشتەوایی بەینی ئەم دوو مەزهەبە بەواتای مەرگی ئەوان دێت و بەردەوامی ناکۆکیش لەبەینی مەزهەبەکان، ئەو بوتڵەیە کە هەناسەی دەستکرد دەرخواردی سینگی ڕێبەران دەدات. من ڕام وایە وەکچۆن سەرکردەکانی یەکێتی و پارتی شەوانە پێکە شەڕاب بەیەکەوە دەخۆنەوەو لەگەڵ سۆزانییەکانی چێژ لەژیان وەردەگرن و بەڕۆژیش هوتافی سیاسیی و ئاگرین لەدژی یەکتر دەدەن بۆئەوەی هەردولایان زۆرترین هاوڵاتی گەمژە بکەن و لایەنگرانیان زیاد بکەن و ئیتر لەسەر حیسابی ئەوان ژیانێکی ڕەفاحەت و خۆشیان بۆخۆیان بونیاد ناوە. بەهەمان شێوەش سەرکردەو مەرجەعە باڵاکانی سوننەو شیعە لەپشتی پەردە بەیەکەوە کۆدەبنەوەو مەڕی برژاو دەخۆن و لەسەر شاشەی تی ڤیش شوێنکەوتووانیان لەدژی یەکتر هان دەدەن. جا من ڕام وایە ئەمە لانیکەم هەتا سەدەیەکیتر بەردەوام دەبێت. چونکە ئەم سەرکردانە لە کۆمەڵگای کوردی و سوننەو شیعە گەمژەترو نەخوێندەوارتر نادۆزنەوە هەتاکو بەو جۆرە وەکو تۆپی ناو یاریگا یاری بە مێشکی ئەم خەڵکە بکەن و هەتا خەڵکی عەوامیش گەمژەتربێ ئەوا پاروی دەستی ڕێبەرانیان چەورترو سکیان تێرتر دەبێت.

ئەمەی لەسەرەوە باسم کردن، زیاتر گێژاوە کۆمەڵایەتی و مەزهەبییەکان بوون. ئینجا با تۆزێک بچمە سەر باسی گێژاوە سیاسیی و شەڕە خوێناوییە ناوخۆییەکان. لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە کەم کەم کورد شەڕی پارتیزانی هەبووە لەگەڵ حکومەتی عێڕاق. بەڵام لەسەرەتای ١٩٦٠ بەدواوە شەڕەکان فراوان بوون بۆ شۆڕشێکی گشتگیرتر. یانی لەوساوە کە ٥٢ ساڵە کورد بەس لە گێژاوە سیاسیی و سەربازییەکاندا دەخولێتەوە. شەڕو شۆڕش بەردەوام بوو هەتا ڕێککەوتنی ٧٤ و دواتر هەرەسی شۆڕشی کوردی و دواتر لەساڵی ١٩٨٢ هەڵگیرسانی شەڕی عێراق و ئێران هەتا ١٩٨٨ لەوماوەیەشدا شەڕی کوردو حکومەتی عێڕاقیش بەردەوامی هەبوو. دواترلەکۆتایی هەشتاکاندا کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالی کوردەکان ڕوویداو بەتێکڕایی نزیکەی ٢٠٠ هەزار هاوڵاتی کورد قەتڵوعام کران. دواتر هەڵگیرسانی شەڕی عێڕاق و کوەیت و ئینجا جەنگی ڕێوی بیابان و هاوپەیمانان لەدژی سەددام حوسەین لە ١٩٩١ و دواتر دوای ماوەیەک ڕاپەڕینی کوردو ئازادکردنی ناوچە کوردییەکان. دواتر هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لە بەینی یەکێتی و پارتی. دواتر پەکەکەو پارتی و پەکەکە و یەکێتی. ئینجا لە ٢٠٠٣و داگیرکردنی عێڕاق لەلایەن ئەمریکاو دوای ئەمەش ماڵوێرانی زۆر یەخەی عێڕاقییەکانی گرت. کە کاریگەرترینییان هاتنی داعشی تیرۆریست و خوێنڕێژبوو. بەڵام لەداعشیش مەترسیدارتر دامەزراندنی هێزی مەزهەبیی میلیشیایی حەشدی شەعبی شیعیی بوو. چونکە ئەم هێزە تەواو هێزێکی نانیزامییە. لەدەرەوەی دامەزراوەی دەوڵەت و وەزاڕەتی بەرگرییە. هێزێکی میلیشیایی سڕف مەزهەبییە، کە تەنها شت بۆی گرنگ بێت ئەوەیە کێ شعەیە فریشتەیەو ئەوەی کوردو سوننەش بێت شەیتانەو خوێنی حەڵاڵە.

مەترسی ئەم هێزە ئەوەیە کە یەکێکیترە لەو مەقاشە سیاسیی و سەربازیانەی کە بەدەستی ئێرانەوەیەو هەر جارەو گوێچکەی یەکێکی پێدەگرێت. بینیمان کاتێک داعش پەرەی سەندو لەسنورەکانی ئێران نزیک بویەوە. ئەوا بە دوو لچی مەقاشی حەشدی شەعبی زمانی داعشی چوزاندو گێرایەوە دواوە. دواتر کاتێک سوننەکان لە ٢٠١٨ لەهەڵبژاردن بردیانەوە. دیسان ئێران مەقاشەکەی حەسدی شەعبی خستە ناو سندوقەکانی هەڵبژاردن و دەنگی شیعەی سەرخست بەسەر دەنگی سوننەدا. دواترو لە٢٠١٧ کاتێک کوردەکان ڕیفراندۆمیان کرد بۆسەربەخۆیی و ترسی ئێران لەدروستبوونی دەوڵەتێکی دۆستی ئێسڕائیل لەسەر سنورەکانی خۆی. ئەوا دیسان مەقاشی حەشدی شەعبی بەکارهێناو هەموو ئەم پەنجانەی بۆڕیفراندۆم مۆرکرابوون چزاندنی و تەواوی هەرێمی کەرکوک و دووزخورماتوو و دەوروبەری داگیرکرد. لەم داگیرکاریەدا هێزە میلیشیاکانی شیعیی تیرۆریست و توندئاژۆ، هەزاران تاوانی جەنگیان ئەنجامدا، سەدان پیاوی سڤیلی کوردیان کوشت و تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی دەستدرێژی سێکسیشیان کردە سەر دەیان کچ و ژنی کورد. کە تراژیدیاترین کەیس ئەوەبوو کاتێک باوکێک لە دووزخورماتوو خۆیکوشت لەداخی ئەوەی بەبەرچاوی خۆیەوە هێزە تیرۆریستییەکانی شیعیی دەستدرێژی سێکسییان کردبوویە سەر کچە ١٨ ساڵیەکەی.
لەلایەکیترەوە داعشیش زیانی ماددی و گیانی زۆری لە کورددا. بەتایبەتی لە شەنگال کە بەیەکجار ٦٠٠٠ ژنی ئێزیدییان ڕفاندو کردنیان بەسەبایەو ئەمەش گەورەترین دەستدرێژی سێکسی بەکۆمەڵە لەمێژووی دوو سەد ساڵی ڕابردوودا. هەروەها زیاتر لە ٤٠٠٠ پیاوی ئێزیدی سڤیل و بێگوناهیان کوشت.

لەسەر باسکردنی گێژاوە سیاسییەکان بەردەوام دەبین و دێینە سەر ئەم خەنجەرانەی کورد لە کوردی داوە. ئەوەی لەسەرەوە باسمکرد حەشد و داعش عەڕەبی دوژمن بوون. هەموو کارێکی قێزەونیش لەدوژمن چاوەڕێ دەکرێت. چونکە کورد کێشەی مەزهەبی لەگەڵ شیعە هەیە. وە کێشەی خاکی لەگەڵ سوننە هەیە. وە کێشەی دەوڵەتداری و دیموکڕاسی لەگەڵ هەردوکیان هەیە. بۆیە پشتی کورد شوێنەواری سەدان خەنجەری دەستی عەڕەبی پێوەیە. بەڵام لەهەموویان ئازاربەخشتر خەنجەری دەستی کوردە لە پشتی کورد. بنەماڵەی خێڵەکی حوکمداری کوردی وەک تاڵەبانیەکان و بارزانییەکان، دوو هێندەی دوژمنانی کورد کوردیان کوشتووە. لە شەڕی ناوخۆی ساڵانی ١٩٩٤بۆ ١٩٩٨ بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان ٣٣٠٠٠ گەنجی کوردیان کوشتووە. دەیان خیانەتی گەورەیان لەیەکتر کردووە. پارتی دیموکڕاتی کوردستان گەورەترین خیانەتی مێژوویی ئەنجامدا لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦و بەهۆیەوە تانک و هێلیکۆپتەری حکومەتی عێڕاقی هێنایە سەر پایتەختی کوردستان و پەڕلەمانی کوردستانی ڕازاندەوە بە ئاڵای ئەوکاتی عێڕاق. لەم ئۆپەڕاسیۆنەشدا هەزاران چالاکوانی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی عێڕاقی لە هەولیر بەدیلی گیران و گوللە باران کران. مەسعود بارزانیش چەند جار وتویەتی خۆزگە ئەمتوانی ئەم مێژووە بسڕمەوە. بەڵام ئیتر ئەم رووداوانە لەمێژوودا تۆمارکراون و ناسڕێنەوە. بەڵام ئەوەی مایەی شەرمەزارییە بۆ مەسعود بارزانی خائین و خۆفرۆشی جاشی سەددام، ئەوەیە کە لەجیاتی داوایلێبوردن بکات لە گەلی کورد، کەچی هێندە بێ ئابڕووە دەڵێت ئەوکات ئێمە نەبوینە جاشی بەعس بەڵکو بەعس بوو بە جاشی ئێمەو. ئێمە ئەوانمان بەکرێگرتبوو بۆ داگیرکردنی هەولێرو وەدەرنانی تاقمەکەی جەلال تاڵەبانی.

لەلایەکیترەوە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧و لە دوای ٢١ ساڵ لەخیانەتە گەورەکەی ٣١ی ئاب. تاقمیکی ناپاک و خائین و داردەستی وڵاتانی دوژمنی کورد. لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەڵسان بە فرۆشتنی تەواوی کەرکوک بە ئێران و شیعەی توندڕەو. لەوڕۆژە ڕەشەدا کە پیاو تف لە کوردبوونی خۆی دەکات. تاقمێکی پاشەڵ پیس لەسەرکردایەتی یەکێتی وەک بافڵ تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی، ئاسۆ مامەند، ئاراس جەنگی و وەستا ڕەسو. ئەمانەو چەندانیتر ڕێککەوتنێکی ژێربەژێریان لەگەڵ ئێران و حەشدی شەعبی کردو لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی شیعەکان، پاشەڵ پیسەکانی قوتابخانەی جەلالیزمی ناپاک و گۆڕبەگۆڕ کشانەوەو لەماوەی شەوو ڕۆژێکدا کەرکوک و دەوروبەری داگیرکران و بەمەش تۆڵەی ٣١ی ئابی لەپارتی کردەوەو شکستی بەئەنجامەکانی ڕیفراندۆم هێناو لەپاداشتیشدا تەنها پۆستی سەرۆککۆمارو بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتو بۆهەمیشەش ڕووی خۆیان ڕەش کرد. تەنانەت ڕووی مناڵەکانیشیان ڕەش کرد. لەداهاتودا ڕۆژێک دێت مناڵەکانی ئێمەومانان تف لە ڕووی مناڵەکانی ئەو ناپاکانە دەکەن.

شتێکیتری زۆر نهێنی هەیە کە کەم کەس درکی پێکردووە. ئەویش ئەوەیە کە لەدوای ٢٠١٧ شکست هێنانی ڕیفراندۆم. جار جار هێرشی موشەکی دەکرێتە سەر هەولێرو مەتاڕەکەی و دەیانەوێت نیشانی جیهانی بدەن کە هەولێر ئارام نییە، بۆئەوەی هەولێر داببڕن لەتۆڕی پەیوەندی دیبلۆماسی نێودەوڵەتی و پاشەکشەی قونسوڵەکانی وڵاتان لەم شارەدا. دیارە نکوڵی لەوە ناکرێت کە هێزە چەکدارەکانی شیعە لەپستی ئەم هێرشانەوەن. بەڵام ئەوەی جێگەی مەترسییە ئەوەیە، کە لاهوری شێخ جەنگی کە بە دژە پارتییەکی سەرسەخت ناسراوە، لەژێرەوە هاوکاری حەشدی شەعبی کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەم هێرشانەو لەهەولێرەوە لەڕێگەی جیهازاتی ئیستیخباڕاتی بەهێزەوە ئامانجە ستراتیژیەکانی لەناو جەرگەی هەولێر بۆ حەشدی شەعبی دیاری کردووەو ئەوانیش موشەکبارانیان کردووە.

شتیکیتر هەیە، سەبارەت بە داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا. هێزە دەسەڵاتدارەکانی عێڕاق گشتیان دژی یەکترن، بەس هیچیان جورئەتی ئەوە ناکەن بۆچی هێزەکانی تورکیا بەتانک و تۆپ و چەکی قورسەوە هاتونەتە ناو بەشێکی زۆری خاکی عێڕاق و بەپاساوی بوونی پەکەکە ڕۆژ دوای ڕۆژ گوندو دۆڵ و چیاکانی عێڕاق زیاتر داگیردەکەن. لەلایەکیترەوە ئێران دەیان کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی عێراق و تەنانەت سنورەکانی عێڕاق هەر پاسەوانیشی لێنییە. بەڵام هیچ هێزێکی کوردی و عێڕاقی نقەیان لێوەنایەت. کەچی وزەیەکی زۆر خەرج دەکەن بۆ دژایەتی و شکاندنی پەنجەی یەکتر. تەبعەن لەناو هەموویاندا ئەوانەی زۆر مەترسیدارن و خاوەنی تاوانی جەنگن و تاوانبارن بە کوشتنی هەزاران عێڕاقی و دزینی سەدان و هەزاران ملیارد دۆلار ئەوا یەکێتی و پارتی کوردی و، هەروەها داعشی سوننیی و حەشدی شەعبی شیعیین. سەرچاوەی تەواوی گێژاوە سیاسییەکانی عێڕاق ئەم چوار هێزەیە بەدەرەجە یەک. وە ئەوان بەرپرسن لەوەی ژیانی ٤٠ ملیۆن عێڕاقی وێران بووەو بەردەوام سەدان گێژاوی سیاسیی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و مەزهەبیی یەخەی ئەم میللەتەی گرتووەو دەگرێت….!
تێبینی: لەم نوسینەدا باسی چەند بابەتێکی جیاوازم کردووە. بۆیە نوسینەکەم بەدیاریکراوی لەسەر یەک مەوزوع نییە، چونکە ویستم باسی تەواوی گێژاوە سیاسییەکانی عێڕاق بکەم. بۆ ئەمەش کتێبێکی هەزار لاپەڕەییمان پێویستە، بەڵام من بە کورتی کێشەکانی عێڕاقم باسکرد.

سەنگەر نیزام ڕەزا




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…8…شەماڵ بارەوانی

بەشی هەشتەم/
قورئانیەکان باوەڕیان بە پلورالیەتی ئایینی هەیە..!

ئەوان ئەوان باوەڕیان بەو مەرج و کلیلانە نییە، کەسونیەکان و مەزهەبگەراکان کردوویانن بە هۆکاری چوونە بەهەشت، بۆ نموونە:شەش بنچینەکەی ئیمان و پێنج بنچینەکەی ئیسلام.
ئەوانە ناکرێت بکرێن بە مەرج،(( مَنْ آمَنَ بِاللەِ والیومِ الآخرِ و عَمِل صالحاً)) پێوەرە.
بـۆیە لە ڕوانگەی قورئانیەکانەوە. چۆن موسوڵمانێک دەچێتە بەهەشتەوە، ئێزدی و جولەکە و مەسیحی و زەردەشتی و کاکەییەکی و هیندۆسی و ، بوودیەکیش تەنانەت گەر بڕوای بەخوداوەند و ڕۆژ دوایی هەبێت هەمان شێوە. قورئانیەکان زیاتر پێوەری چاکەکردن و باشەکردن و خزمەتکردنی مرۆڤ بە ژیان و مرۆڤایەتی دەکەن بە پێوەر و هۆکاری چوونە بەهەشت. نەک ئایین و مەزهەب و ڕوانگەیەکی دیاریکراو.

قورئانیەکان وەکوو ئاماژەم بۆ کرد:
لایان ئاساییە موسڵمانێک ببێت بە گاور، یان زەردەشتی، یان ئێزدی و هەرئایینێکی تر و ئایین گۆڕین، یان وازهێنان لە ئایین، بە بەشێک
لە ئازادی و ئیختیاری تاک دادەنێن و کەس بۆی نییە لەسەر ئەو ئایین گۆڕینە و بە پاساوی ئایین گۆڕین، یان هەڵگەڕانەوە لە ئایین، خوێنی هیچ مرۆڤێک حەڵاڵ بکات و بڵێت(مَنْ بَدَّلَ دینَەُ فاقْتُلوەُ)سزای بدات و بیکوژێت.

سەبارەت بە لەچک و باڵاپۆشیش دەڵێن: ئەوە ئەرک نییە ژنی موسڵمان بییان پۆشێت و کولتوور و دابوو نەریتی هەرگەلێک و نەتەوەیەک سەبارەت بە پۆشاک، لەوەدا ڕۆڵ دەبینێت. ئەوەی قورئانیش: { ﻳَﺎ أَﻳـﱡﻬَﺎ اﻟﻨﱠﱯِﱡ ﻗُﻞْ ﻷزْوَاﺟِ ﻚَ وَﺑـَﻨَﺎﺗِﻚَ وَﻧِﺴَﺎءِ اﻟْﻤُﺆْﻣِﻨِﲔَ ﻳُﺪْﻧِﲔَ ﻋَﻠَﻴْﻬِﻦﱠ ﻣِﻦْ ﺟَﻼﺑِﻴﺒِﻬِﻦﱠ } باسی جلبابە و ،(وَلْيَضْرِبْنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَىٰ جُيُوبِهِنَّ) باسی (خومورە)و (جیوب)ـە و نەجلباب و نە خومور و نەجیوبیش، هیچ کامیان لەچک و سەرپۆش و باسی قژی ئافرەت نییە و ﴿ وَإِذَا سَأَلْتُمُوهُنَّ مَتَاعًا فَاسْأَلُوهُنَّ مِنْ وَرَاءِ حِجَابٍ ذَلِكُمْ أَطْهَرُ لِقُلُوبِكُمْ وَقُلُوبِهِنَّ ﴾یش باسی حیجاب و خۆ داپۆشین نییە و دواتر ئەوە لە گەڵ شتێکی تریەتی و ئینجا تایبەت بە خێزانەکانی پەیامبەرە و لەگەڵ ئەوانیەتی و لە هەموو قورئانیشدا،تەنها (٨)جار وشەی (حِجاب) هاتووە و لە هیچ کامێک لەو هەشت شوێنەیش، وشەی(حِجاب) بە مانای(لِباس) و پۆشاک نییە و
ئەو جلباب و شتەیش بۆ دوورگەی عەرەب و سەردەمێکی جیاواز و کولتوور و دابوو نەریتی نەتەوەیەکی جیاواز و کۆمەڵە خەڵکێکی جیاواز و دیارکراوە، ناکرێت تۆ بێیت و شێوازی پۆشینی ژنانی بەدوو و دوورگەی عەرەب نشین، بەسەر هەموو ژناندا، لەوسەری دنیادا، بۆ ئەو پەڕی جیهان بگێشتێنیت و بسەپێنێت.
وە(دکتۆر محمد شحرور، لە ڤیدۆیەکی(٢٢)خولەکی دا، لە ڕێگای ئایەتەکانی قورئانەئەوە، ئەوە دەسەلمێنێت کە لە ئایینی ئیسلامدا (حیجاب) کردنی خانمان بە هیچ شێوەیەک، ئەرک نییە و نە خوداوەند و نە پەیامبەری ئیسلامیش داوای وەها شتێکیان لە ڕەگەزی مێینە و ژنانی موسڵمانان نەکردووە.
ئینجا باس لەوەکات کە باڵاپۆشی و حیجاب کردنە ئەرک بە ناوی ئایین و شەرعەوەو پاشان سەپاندن و گشتاندنی بە سەر تەواوی خانماندا لە هەموو سەردەمەکان، ئەوە تەنها دەمارگیرییەکی عەربییە و هیچیتر، نەک ئەرکێکی ئایینی، یان ئیسلامی، ئەو حیجاب و پۆشاکەی ناویان ناوە لیباسی ئیسلامی و حیجابی شەرعی، جگە لەعاداتێکی کۆنی عارەبی سەردەمی پێش ئیسلام و ئەوەی هەرخۆیان پێی دەڵێن(سەردەمی جەهالەت) و گواستنەوەی ئەو عاداتەی عەرەب، بۆ نەتەوەکانی تری ناعەرەب و بۆ سەردەمەکانیتر، هیچیتر نییە، ئەو عاداتەی کە هەرگیز نە ئایین بووە نەیش پەیوەندی بە ئایینەوە هەیە.
خۆزگە ئەوانەی زمانی عەرەبی دەزانن و تاقەتی خوێندنەوە و موتاڵای کتێب و شتیان نییە، هەرهیچ نەبێت بە وردی هەموان گوێیان لەو ڤیدۆیە(٢٢)خۆڵەکیەی محەمەد شەحروری ڕۆشنهرز وڕیفۆرمخوازی ئایینی دەگرت، ڤیدۆکە لە یوتوب هەیە..
Shamal Ismael Kareem
ئینجا، قورئانیەکان: کوشتنی مرۆڤ لەسەر سێکس و بە ناوی شەڕەف و لەژێر پەردەی ئاین و ڕەجم کردن و ئەو جۆرە تێگەیشتنانە، بە تەواوی ڕەتدەکەنەوە.
هەروەها قورئانیەکان سەبارەت بە حوکمی دەست بڕینی دز و ئەو ئایەتەی ﴿والسَّارِقُ وَالسَّارِقَةُ فَاقْطَعُوا أَيْدِيَهُمَا جَزَاءً بِمَا كَسَبَا نَكَالًا مِنَ اللَّهِ وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ ۝کە لە قورئان باس لەو دەست بڕینە دەکات. ئەوان دەڵێن ( فَاقْطَعُوا)، مەبەستی بڕین نییە، بەڵکو(منع و امساک)و گرتنە، ئینجا لە زۆر شوێنی تر لە قورئان و، یان ئەوەی سونەکان پێیدەلێن (سونەت و فەرمودە)و قورئانیەکان پێی دەڵێن(ڕیوایەت)، وشەی(قطع)بۆ مەبەستی تر بەکارهاتووە، نەک بڕین، بۆ نموونە:( قاطيعوالَّرحم)، و( قُطَّاعوا الطَّریق)، و(وَتَقْطَعُونَ السَّبِيلَ)، و(وَتُقَطِّعُوا أَرْحَامَكُمْ)، و (وَيَقْطَعُونَ مَا أَمَرَ اللَّهُ بِهِ)، و(وَقَطَّعْنَ أَيْدِيَهُنَّ)ش، کە لێرە بە شیددە هاتووە، واتا بە مانای بڕینە، نەک لێکردنەوە.
دوواتر(فَاقْطَعُوا أَيْدِيَهُمَا) ٲیدهما لێرە (جَمْعَ)، ئەگەر مەبەستی بڕین بوایه، دەیگووت(یَدَیْهِما)واتا بە( مُثَنَّى )دوو دەیهێنا، ئێ خۆ ناکرێت کەسەک دزی کرد یەکسەر هەردووک دەستەکانی ببڕیتەوە، کەواتە تێگەیشتنی (سونەکان)هەڵەیە و ئەو ڕیوایەتانەش ڕاست نین، کە باس لەبڕینی دەست دەکەن.

ئەوەی بییەوێت زیاتر لەسەر قورئانیەکان بزانێت، با بگەڕێتەوە بۆ کتێبەکانی (محەمەد شەحرور)، یان وتار و چاوپێکەوتن و دیباتەکانی، هەمووی لە یوتوب هەن.

بە گشتی ئەوە هێڵە گشتیەکانی بیرکردنەوەی قورئانیەکان بوو کە باسم لێوەکرد.
ئەوەش بڵێم: هەڵبەت من کە بووم بە قورئانی هێشتا قورئانیەکان لە کوردستان هیچ ناو دەنگێکیان نەبوو، کەس نەیدەناسین. قورئانی بوون خێرا دەنگی دایەوە، بێگوومان من بە گوێگرتن یان خوێندنەوە، یان بەریەک کەوتن لەگەڵ هیچ کەسێکی قورئانی نەبووم بە قورئانی.
بەڵکوو خۆم لە دەرەنجامی خوێندنەوە و بیرکرنەوەی چەندین ساڵە و گوومان دروست بوونی قۆناغ بە قۆناغ و سەرەتا لەهەندێک ڕیوایەت و دوواتر زۆر و پاشان ڕەتکردنەوەی سەرلەبەری ڕیوایەتەکان و مەزهەبەکانی ئیسلام و کەلەپووری ئایینی و هێدی هێدی و پلە بە پلە بووم بە قورئانی.
کەبووم بە قورئانی ئینجا زۆر دوای ئەو بەروارە و دوای تەواوکردنی کۆلێژی (شەریعە)، دکتۆر(محەمەد شەحرور)ی بیرمەندی قورئانی و شێخ (حسن فرحان المالک) و عەبدولڕەزاق جوبران و قورئانیەکانی ترم ناسی و ئینجا دواتر
سەیری زۆرێک لە ڤیدۆکانی شەحرۆرم کرد لەیۆتۆب و
کۆمەڵەک کتێبی شەحرورم خوێندەوە، لەوانە:
-الكتاب والقرآن: قراءة معاصرة.
-النبأ العظيم: قراءة معاصرة في التنزيل الحكيم.
-الكتاب والقرآن: رؤية جديدة.
-تجفيف منابع الإرهاب.
-نحو أصول جديدة للفقه الإسلامي: أسس تشريع الأحوال الشخصية.
-الدين والسلطة: قراءة معاصرة للحاكميّة.
-السنة الرسولية والسنّة النبوية: رؤية جديدة.
-أمّ الكتاب الكتابوتفصيلها: قراءة معاصرة في الحاكمية الإنسانية، تهافت الفقهاء والمعصومين.
-الإسلام والإنسان: من نتائج القراءة المعاصرة.
-دليل القراءة المعاصرة للتنزيل الحكيم: المنهج والمصطلحات.
تەنانەتدوو کتێبی شەحرورم ئەو کاتە خوێندەوە کە دەستبەرداری بیر و باوەڕی قورئانی بوونیش ببووم،(السنة الرسولية والسنّة النبوية) و
( أمّ الكتاب الكتابوتفصيلها: قراءة معاصرة في الحاكمية الإنسانية، تهافت الفقهاء والمعصومين)و ئەو دوو کتێبەم لای کاکە مەریوان میرانی هاوڕێی سەردەمی کۆلێژی شەریعەم برد، کەمن بۆم دەستنیشان کرد لە پێشانگای نێودەوڵەتی ئەویش کڕینی.
هەروەها لەسەرسێ لە کتێبەکانی عەبدوڵڕەزاق جوبران(کۆماری پێغەمبەر، چەتەکانی خودا، و کودەتای پەرستگا)م نووسی و لە هەریەک له ڕۆژنامەکانی(ڕێگای کوردستان)، و(کوردستانی نوێ)،و هەفتەنامەی(تاراوگە)، و ماڵپەڕەکانی(گەلاوێژ)، (ڕوانگە و ڕەخنە)، (دابڕان) و(دەنگەکان) بڵاوبوونەوە.




کتێب/ زمـان و یـاسـا… ئامادەکردنی: فەرەیدوون سامان

توێژینەوەکانی دووەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی
زمانی کوردی و زاراوە یاساییەکان

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن…




ڕۆشنبیر و بوارەکان لەگەل نووسین… زانا رەزاق

سەرەتا ڕۆشنبیر بریتیە لەو کەسەی کە جیهانبینی و ڕێچکەیەکی تایبەت بەخۆی هەیە بەلام ئەو بیرو بۆچوونانە و بیرانەی کە هەیەتی لە سودی کۆمەلگایە نەک حەزی خۆی بەرەی خۆی یانی دەبێ بەشێوەیەک بێ بە سودی کۆمەلگا بێ نەک بە حەزی خۆی و بەرەی خۆی کاتێک دەبنە کەسێک لەبەرەکەیەک ئەوا بیرو بۆچوونی دەچێتە خانەی بەرهەم هێنانی ئەو بەرەیە

یانی خۆشی دەبێتە بەشێک لە کێشە نەک ببێتە بەشێک لە چارەسەر یانی دەبێ کەسێک بێ بە چاک و ڕاست بلێ ڕاست و چاک بە خراپ و هەلەش بەهەمان شێوە ئەوەش کاتێک دەکرێت کە دووبەرەکە دوو بۆچوون دەردەبڕن تۆ دەتوانی لەو دوو بۆچوونە بۆچوونێک بەڕاست بزانی یەکێک بە هەلە ئەمە ئەو کاتە ڕوودەدا کە بزانی کامەی هەلەیە و کامەی ڕاستە یان بەشێوەی تر هەیە دوو بۆچوونی تر دەردەبڕێت ڕۆشنبیر بەدیلی باشتر هەلدەبژێرێت لەو دوو بۆچوونەی کە هەیە یان شێوەی تر هەیە ئەمەیان زیاتر دەچێتە خانەی میتافزیک بێگومانیش میتافیزیک لەوە دەتوانێ دەبێ وەکو بێلایەنێک دەرکەوێت بیرو بۆچوونەکان لەسەر ئەوە بکاتە ڕێژەیی بەو شێوەی کە بلێی هەقیقەتی ڕەها لای کەس نیە بەلکو لای هەموو یەتی بەشێوەی ڕێژەیی و یەکسان لێرە با بێینە سەر ئەو پرسیارەی کە ڕۆشنبیر و بوارەکانی کۆمەلگای کوردستانی چۆنن لەگەل نووسین؟

پێش هەموو شتێک ڕۆشنبیرانێک ئەوانەی بۆ سیاسیەکان دەنووسن زۆرێک لەوان بەرهەمهێنەری بیری ڕاستی نین بەلکو بەرهەمهێنەری رەوایەتی دان یانی ئەوانە بۆ حەزی خۆیان بەرەی خۆیان دەنووسن نەک سودی گشتی تەنانەت ئەو جۆرە دوورمەوداش بیر ناکاتەوە بیرکردنەوەیەکی کورت مەودایە ئەگەر نا لە دوورمەودا زیان لە خۆیان دەداتەوە هەروەکو چۆن بلێین ئەوانە سالانێک دەنووسن ئێستا ئەگەر بپرسین ئەوانە ماندووبوونیان بە فیڕۆ نەچووە؟ مەبەستم سالانێک دەنووسن کوا بەرهەمەکەی بۆ خودی بەرەی خۆیان؟

خۆیان پێش هەموو کەس زیانیان بەردەکەوێت بێگومان لە کورت مەودا نا دوورمەودا ئەو جۆرە تەنیا خۆتان بگۆڕن و بۆچوون و ڕا پێچەوانە بکەنەوە سودی ئەوانە پێچەوانەش مەبەستم بە ڕاست بلێن ڕاست بە هەلەش بلێن هەلە پاشان هەر لەو جۆرانە خوێندنەوە و قسەی بۆ بواری تریش هەیە بەلام لێرە جیاوازتر دەردەکەوێت لە خوێندنەوە و قسانەی لەسەر سیاسەتی بەرەی خۆیان دەکەن یانی بۆ بوارەکانی دەرەوەی سیاسەت باسی خراپە و چاکە و کێشە و گرفتانیش دەکات بەلام کاتێک باسی سیاسەت دەکرێ وانیە و باسیشی ناکات؟!

ئەوانە دەکرا لەناو هەر بوارێک چەندین بەرە هەیە بەڕاو بۆچوونی جیاواز و ئایدۆلۆژیای جیاواز ڕێچکەیەکی دروست کردبا پێکهاتبا لە باشییەکانی ئەو بۆچوون و ڕایانەی لە ناو ئایدۆلۆژیا و بەرە و گروپەکاندا هەیە لێرە دەردەکەوێت ئەو جۆرە ئازادی بیروبۆچوونی نیە لە نێو چوارچێویەکن تەنیا دەتوانن لەو چوارچێوە قسە بکەن یانی وەکو تاکێک دەرناکەوێت وەکو کەسێکی داگیرکراو لە ئایدۆلۆژیا و بەرە و لایەندار دەردەکەوێت تەنانەت بۆ ڕاو بۆچوون لەسەر دەستور و یاساش ئاوان ؟!

یانی بۆ دەستور و یاساش دوو بۆچوون هەیە پێشوەختە دەزانی کامە بەرە چی دەلێ کامە بەرەش پێچەوانەی ئەو دەلێت کەچی هەر ئەوانە باسی تاکی سەربەخۆ و دروستکردنی تاکی بیرکەرەوە دەکەن کەچی خۆیان وانین پێویستە پێش ئەوەی باسی شتی وا و هەموو شتێکی تر بکەن خۆیان وابن یانی لە مێشکی خۆیاندا هەبێ و بڕوایان بەوە هەبێ یان نازانم ئەوانە تاک بە چ تێگەیشتوون و پێوەری تاک لای ئەو جۆرە چییە؟

کە دەشلێم وانین کاتێک دوو بەرە قسە دەکەن ناگەنە هیچ ئەنجامێک ئەنجام بەو مانایەی یەکێک هەموو شتی خۆی پێڕاستە ئەوەی تر هەموو شتی خۆی پێڕاستە ئەمەش هەروەکو ئایدۆلۆژیا وان تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی هەموو بەرەو گروپ و شتی تریش بیت ئەو شتەت هەبێ هەمان ئایدۆلۆژیایە بەس بەشێوەی تر و بەرگی تر بەلام تاکی سەربەخۆ و بیرکەرەوە ئەوەیە لەگەل شتی باش و چاک و بەدیلی باشتر بێ بۆ هەموو شتێک هەر ئەو جۆرە دوو شێوەی تریش هەن خوێندنەوە و شڕۆڤەکردنی بۆ هەموو ڕووداوێکی جیهانیش دەکەن هەن لایەندارییە و بە حەز و بەرژەوەندی لایەنی خۆی ئەوانە ژمارەیان گەلەک زۆرە هەشن بێلایەنی و ڕاست و دروستی بۆچوون دەردەبڕێت لێرە پێویستە هەردووک جۆر ئەکادیمی بنوسن وەک ئەکادیمی نەک بۆ ئەوە بۆ هەموو شتێکی تر دەرکەون تەنانەت هەندێکمان هەن لە کام وولاتی ئەوڕوپی بن کە قسە لەسەر ئەو وولاتە دەکەن وا هەست دەکەی کە قسەکانی لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژی دان نەک وەک ئەکادیمێک بۆچوون و ڕا لەسەر شتەکان بخاتەڕوو یانی کە قسە دەکەن دوو قسە و بۆچوونیان نیە لەسەر هەلە و خراپی ئەو وولاتەی تێدا دەژین وەکو بلێین وولاتەکە لە هەموو ڕوویەکەوە تەواو پێشکەوتووە و هیچ هەلە و کەم و کورتی نەبێت بێگومان کە باسی ئەوە دەکەم مەبەستم بەشێوەیەکی گشتیە نەک بلێم هەموو ئاوان لێرەش ئەی بوارەکانی کۆمەلگای کوردی چۆنن؟

ئەگەر ئەو بابەتە درێژتر بکەینەوە بۆ بوارەکانی تر و کەسەکانی ناو بوارەکانی تریش بە هەمان شێوەن یانی ئەوانەش لە چوارچێوەیەکن کە وەکو خالانێک بۆیان دانراوە ناتوانن ئەو چەقبەستویەی هەیانە بشکێنن یانی دەکرێ بلێین ئەوانەش تاکێکی سەربەخۆ لە بیرکردنەوە و ڕاو و بۆچوون نیە بەلکو وەک کەسێکی بەرهەمهێنەری ئەو ڕێچکەیەن لەسەری دەڕۆن.

ئەمەی سەرەوە یەکێکە لە هەرە هەلەکانی ئەوانەی ئاوان دەبوایە وانەبوان و ئازادی تەواوی ڕاو بۆچوونیان هەبایە و بۆیان دابین کرابایە یانی دەکرێ هەموو کەسەکانی بوارێک هەموو وەکو یەک بن و لەگەل هەموو ڕاو بۆچوونەکانی بەرەی خۆیان بن ؟

ئەگەر نموونەیەکیش لەسەر ئەوە بهێنینەوە کە بلێین ئایا دەکرێ هەموویان یەک جار لە ناو هەموو کارەکان و قسە و کرداریان کەسێک نەبێ بلێت ئەوە هەلەیە و ئەوەش ڕاستە؟مەبەستم ئەوەیە کە لە بەرەی خۆی بە ناڕاست بزانێ بەرەی بەرامبەر بە ڕاست بزانێ؟

بێگومان خۆم ئەوەم نەدیوە و نەشبیستووە شتی وا هەبێ لە کۆتایدا خۆی ئەگەر دووبەرە هەبن ئەوا سالانێکی زۆریش ئەو دووبەرەیە لە ململانێ بن ئەوا هەموو بۆچوون و شتەکانی ئەوان کارلێک دەکەن و ئاوێتەی یەکتر دەبن ئەو شتانە دروست دەبن کە باشتر و چاکترە بۆ کۆمەلگا و مرۆڤەکانی بێگومان ئەمەش ئاستی بەرزی هۆشیارییەوە دروست دەبێ تێبینی لە ناو نووسینەکە ووتم نووسەری لایەندار و بەرەو گروپ لە ڕاو بۆچوون ئازاد نین بەلکو بەرهەم هێنەری بەرەی خۆیانن ئەمە لەم کۆمەلگایە هەیە جگە لە نووسەر و‌ڕۆشنبیرانی ئاوان دەبێ وا بکرێ هەموو ئامرازەکانی ڕۆشنبیری لە نووسەر و میدیا و هەموو ئەوانی تر ئازاد بن نەخرێنە ژێر کۆنترۆل و بەویست و حەزی خۆیان ئەو ئامرازانە ئاڕاستە بکەن چونکە ئەمە خالێکی هەر گرنگی پێشکەوتنە ووردە ووردەش بەرەو پێش دەچن دەبێ هەموویان واش بکەن چونکە هەموویان باسی پێشکەوتنی کۆمەلگاش دەکەن؟!

زانا رەزاق

————————————————————–

تێبینی دووەمیش دەبوایە لەبنەڕەتەوە ئاوا هاتبا یانی وەک بنەما با بۆ هەموو ئەو ئامرازانەی کۆمەلگا بۆ بواری ڕۆشنبیری تێبینی سێیەمیش کاتێک من شتێک دەنووسم مەبەستم بە شێوەیەکی گشتیە لە هەمان کاتدا لەسەر ئەو شتانەشە کە دەیبینم یانی ئەوانەی دەیبینم ئاوان.




فینومینۆلۆژیای هوسڕڵ.. ئەوسن حەسەن… وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

پاشئەوەی ململانێی فەلسەفی لە نێوان ” خودێتی و بابەتی بوون” دا توندتر بوو، ئەو ململانێیەی کە لە سەردەمی رێنانسازەوە دەستیپێکرد و هەتاوەکو سەرەتای سەدەی بیستەم بەردەوام بوو. هەتا ئادمۆند هۆسڕڵ فەیلەسوفی چیکی پەیدا بوو . ئەو کۆتایی بەم ململانێ توندە هێنا و دەستیکرد بە یەکبوونی هەردوو پڕەنسیبەکە کە بریتی بوو لە: پڕەنسیبی ئەزمونگەرایی و عەقڵانیی. هەوڵدان بۆ یەکبوونی هەردوو پڕەنسیپەکە لە یەک پڕەنسیپ، کە چوارچێوەیەکی زانستی هەبێت و لە فەلسەفەشەوە نزیک بێت و رێچکەکەشی بەرەو سەنتەری ئاوەزی مرۆڤ بەرێت و تێیدا لێکۆڵینەوە لە بارەی کاردانەوەکانی هەستی مرۆڤ لە بارەی جیهانی دەرەکیی و شتەکانی دەوروبەری بکات.
لە هەمانکاتیشدا هەوڵیدا کە فەلسەفە بکاتە زانستێکی گشتگیری راست و دروست و ببێتە بنەمایەک بۆ هەموو مەعریفە و زانستەکانی تر، ئەمەش بە پشتبەستن بەو پەیوەندییە مێژووییەی لە نێوان فەلسەفە و زانستدا هەیە، فەلسەفە کە وێنەیەکی مەبەستداری گشتگیریی هەیە و زانستیش کە دەرەنجامی یەقیقینی هەیە، هەردووکیشیان کاریگەری گەورەیان لەسەر مێژوو و داهاتووی مرۆڤایەتی هەیە.

دەکرێت مەعریفە بکرێتە دوو لقەوە:
یەکەم: مەعریفەی کەڵەکە بوو
ئەم جۆرە مەعریفەیەش ” فەلسەف و هونەر و ئەدەب” دەگرێتەوە، ئەمانە دەکرێت لە هەموو سەردەم مێژووییە جیاوازەکاندا، فیکرەکانیان دووبارە بکرێنەوەو لە یەکترییەوە نزیک بێت. هەندێکجاریش دەکرێت داهێنان بکرێت لە رووی شێواز و ئامڕاز و رێگەچارەکان، ئەمەش بە پێی ئەو سەردەمەی کە تێیدا دەژین.

دووەم: مەعریفەی نا کەڵەکە بوو
ئەم جۆرە مەعریفەیەش زیاتر زانست و داهێنانە زانستییەکان دەگرێتەوە، کە “تازەکە” ئەوەی پێش خۆی لەناو دەبات، ئەمەش زیاتر ئەو مەعریفە نوێیانە دەگرێتەوە کە پێشتر نەمانزانییوەو ئاگامان لێیان نەبووە، لەمەدا ناکرێت ئەو داهێنانە نوێیانە کە لەلایەن زاناکانەوە ئاشكرا کراوە، جارێکی تر لە سەردەمانی تردا دووبارە بێتەوە، چونکە ئەو داهێنانە زانستیانە تەنها یەکجارەو ناکرێت دووبارە بکرێنەوە.

ئایا فەلسەفە کۆتایی پێهاتووە؟
ئەگەر هەموو مەسەلەکانی فیکری مرۆڤایەتی، فەیلەسوف و بیرمەندەکان لە ماوەی هەزاران ساڵ قسەوباس و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کردبێت، بە جۆرێک هیچ دیاردەیەکیان نەهێشتۆتەوە بە بێ ئەوەی قسەی لە بارەوە نەکەن یان لێکۆڵینەوەی ووردی لە بارەوە نەکەن. هیچ هزرێکیش بە بێ لێکۆڵینەوە نییە، هەروەها هیچ کێشەیەکیش بەبێ چارەسەر نییە، جا گەورە بێت یان بچووک، مرۆیی بێت یان سروشتی. لێرەدا بۆمان هەیە بپرسین: ئایا چی نوێ هەیە کە دەکرێت بخرێتە سەر توراسی فەلسەفی؟ ئایا بەراستی سەردەمی فەلسەفەدان و داهێنانی بابەتی نوێ لە بواری فەلسەفەدا کۆتایی پێهاتووە؟
ئێستا زەحمەتە بابەتی نوێ لە بواری فەلسەفەدا زیاد بکرێت، بەشێوەیەک لە تەواوی سەردەمەکانی پێشوودا، لە فیکری فەلسەفییدا تەواوی بابەتەکان کۆتاییان پێهاتووە و لەلایەن فەیلەسوف و بیرمەندەکانەوە. هەموو بابەتەکان باسکراون و قسەیان لەبارەوە کراوە. ئەوەی دەکرێت کە لە بواری فەلسەفەدا زیاد بکرێت، رێگەچارەو شێوازی نوێی دروستکردنی پڕەنسیبی نوێیە، چونکە فەلسەفاندان بۆتە هەقیقەت و واقعێک لە فەلسەفەی مۆدێرندا.

فینۆمینۆلۆژیا و کاریگەرییەکانی تری هۆسرڵ
دەکرێت فەلسەفەی هۆسڕڵ پێش فینۆمینۆلۆژیابکرێتە سێ قۆناغەوە:
1/ زانستی ژمێریاریی
2/ زانستی لۆژیک ” منطق”
3/ زانستی دەروونناسیی” سایکۆلۆژی”
تەنها بەمشێوەیەش دەتوانین لە گەشەسەندنی فیکریی و فەلسەفی هۆسرڵ پێش فینۆمینۆلۆژیا تێبگەین.

سەرەتا لە قۆناغی ماتماتیکیدا گرنگی زۆری بە کردەی دەروونی دەدات بە مانا پراکتیزەکردنەکەی، پاشان واز لەم قۆناغە دەهێنێت و هەموو گرنگییەکی دەچێت بۆ مەعریفە، کە دەتوانین بە قۆناغی مەعریفەی هۆسڕڵ ناوی بەرین، لەم قۆناغەشدا هۆسڕڵ لە مانای سەرەکیی و هەقیقی مەعریفە تێدەگات، لەهەمانکاتیشدا درک بە بەهای شتەکان دەکات.
لە قۆناغی ” سایکۆلۆژی” زانستی دەروونشیکاری فینۆمینۆلۆژیدا، هۆسڕڵ دووانەیەکی لە نێوان منی ئەزمونوگەرایی و منی باڵادا، تۆڕی مەعریفەی باڵای دروستکرد بوو، هەروەها سنووری ئەزموونگەراییشی فراوانتر کرد بۆ ماهیەتی باڵا، کە هەموو رووداو و بوونەکان بگرێتەوە.

مێژووی چەمکی فینومینولۆژیا
دووبارە گەڕانەوە بۆ فینومینولۆژیا و پێش ئەوەی هۆشیاریی و زانینی هۆسڕڵ لە بارەی فینۆمینۆلژیا گەشە بکات و بیکاتە پڕەنسیپ و فیکری بنەڕەتی خۆی، دیارە بە ماوەیەکی زۆر پێش هۆسڕڵیش وشەی فینۆمینۆلۆژیا بوونی هەبووە و لە لایەن خەڵکی ترەوە بەکارهێنراوەو چەندین مانای جیاوازی هەبووە. لەمبارەیەوە لالاند مێژووی بەکارهێنانی ئەم وشەیە بە هەموو ماناکانییەوە شیکردۆتەوەو پێی وایە کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1764 دا وەکو تیۆرییەک دەرکەوتووە، ئەمەش ناونیشانی فەسڵێکی کتێبێکی نوێی لاپمیر ئارگانون بووە. لە پاش لامپێریش، کانت هەمان چەمکی لە زۆر بەرهەمەکانیدا بەکارهێناوە گرنگترینیان لە کتێبی ” رەخنە لە عەقلی پەتی” کە لە ساڵی 1780 دا نووسیویەتیی و بە یەکێک لە کتێبە گرنگ و ناسراوەکانی کانت دەژمێردێت.
لەپاش کانتیش هیگل هات و هەمان وشەی بەکارهێنا بەڵام بە مانایەکی جیاواز تر، ئەمەش بۆ یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی دانا کە ئەویش کتێبی ” فینۆمینۆلۆژیای رۆح” بوو کە لە ساڵی 1807 دا چاپ و بڵاویکردەوە. لە پاش ئەویش هاملتون لەوانەکانیدا لە بارەی زانستی دەروونناسی و لۆژیک و میتافیزیک بەکاریهێنا. لە ساڵی 1869 دا، هەمان وشە لە کتێبێکی هارتمان بەکارهێنرا ئەوش کتێبی ” فینۆمینۆلۆژیا و ویژدانی ئەخلاقیی”. هەمان وشەش لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا لەبەرهەمەکانی هەردوو فەیلەسووفی فەرەنسی رافیسۆن و ئێمیل بەکارهێنراوە.
فینۆمینۆلۆژیا لە زانستی زمانەوانیدا بەوە ناسراوە، کە زانستی دیاردەکانە یان لە دیاردەکان دەکۆڵێتەوە، کە ئەوانیش بریتین لە شتەکانی دەرووبەری مرۆڤ، یان ئەو رووداوانەی کە گوزارشت لە هەستێکی پەتی دەکەن و دەبننە بابەتێکیش بۆ دەرک پێکردن و پاشانیش دەبنە کۆڵەکەی بنەڕەتی بۆ مەعریفە. فینۆمینۆلۆژیا لای هۆسڕڵ زانستی سەرەتا و بنەمای راستییەکانە، کە هەموو مەرجەکانی مەعریفە و زانستی لەسەر بونیات دەنرێت. سەرەتاش لە هەستێکی پاکوبێگەرد دەستپێدەکات و سەربەخۆشە و دووریشە لە هەموو شرۆڤەکارییەکی ماهیەتی شتەکان.
هۆسڕڵ دەیویست لە فەلسەفەدا ململانێی پڕەنسیبی نێوانی میتافیزیکیی و ریالیزم خۆی بە دووربگرێت، چونکە ئەو وایکرد کە فینۆمینۆلۆژیا ببێتە پڕەنسیبێک بۆ هەموو زانستێکی گشتی و ببێتە وەسفێکی باڵاش بۆئەوەی جیهانی دەرەکیی وەڵامی جیهانی خودێتی بداتەوە، بۆئەوەی هەموو شتەکانی ناخی بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئاشكرا بکات و دەرکیش بە ماهیەتی هەموو هەستێکیش بکات.

سێ کۆڵەکەی فینۆمینۆلۆژیای هۆسڕڵ
فینۆمینۆلۆژیای لای هۆسڕڵ لە سەر سێ کۆڵەکەی سەرەکی دامەزراوە، کە ئەوانیش بریتین لە : ماهیەتی شتەکان. هەڵپەساردنی حوکمدانی شتەکان “ئیپۆخییەت” منی باڵا.
هۆسڕڵ فیکرەی ماهیەتی بەرجەستەکراوی لە ئەفلاتون وەرگرت، بەڵام فیکرەی وێنە و شتی هەستپێکراوی رەتکردەوە، ئەو پێی وابوو کە ماهیەتی شتەکان لە درکی راستەوخۆی شتەکان و عەقڵەوە دروست دەبێت، بەشێوەیەک لایەنی دەرەکی شتەکان بریتییە لە ماهیەتیان، لێرەدا ماهیەتی شتەکان، هەقیقەتی بابەتی شتەکانن، بەتایبەتیی کاتێک گوزارشت لە سیمایەکی تایبەتی هەستیی بکات. کێشەی سەرەکی لای هۆسڕڵ بریتی بوو لە شرۆڤەکردنی چۆنێتی هۆشیاریی بەو هەقیقەتان و پیشاندانیان وەکو مەبەستی کرۆکی شتەکان.

ئیپۆخییەت Epoche
هۆسڕڵ پڕەنسیبی گوماناویی دیکارتی بەکاردەهێنا لە بواری چەمکی ئیپۆخیەت ئەو زۆر سەرسام بوو بە مەنهەجیەتی دیکارت سەبارەت بە دانانی یاسا و رێسا و بنەماکانی یەقینی بۆ مەعریفە،ئەمەش لە رێگەی پشتبەستن بە پڕەنسیبی گومانکردن لە جیهانی دەرەکی و هەموو ئەو بوونە ماتڕیاڵانەی کە تێیدایە و دانانی جیهانی دەرەکیش لە نێوان دوو کەوانەدا. بەڵام هۆسڕڵ دژی کوجیتۆی دیکارتی دەوەستێتەوە کە ئەویش گوزارشت لە وتە بەناوبانگەکەی دیکارت دەکات کاتێک وتی: “من بیر دەکەمەوە ، کەواتە من هەم.” چونکە هۆسڕڵ هەمیشە دەیوسیت فیکر لە هەموو شتێک جیابکاتەوەو بوونێکی سەربەخۆی هەبێت، چونکە پێی وابوو کە فیکر بەرەوە شتێک هەنگاو دەنێت، بەمشێوەیەش کوجیوتی دیکارت لەم حاڵەتەدا دەبێت بەم شێوەیە بووترێت: من بیر لە شتێک دەکەمەوە.

منی باڵا
ئەوەی پەیوەستە بە چەمکی ” منی باڵا”ەوە هەموو ئەو هەقیقەتەی کە لەگەڵ خۆی هەڵیگرتووە، هۆسڕڵ ئەم چەمکەی لە فەیلەسوفی ئەڵمانی لایپتز وەرگرتووە،بەڵام بەشێوەیەکەی سەربەخۆ و لە فیکری میتافیزیکی و گونجاندنی لەگەڵ فیکری لاهووتی دابڕیووە .

جیاوازی نێوان منی باڵای کانت و هۆسڕڵ
لێرەدا گرنگە کە جیاوازی لە نێوان منی باڵای” ئیگۆی ترانسدنتاڵی” لای کانت و منی باڵای هۆسڕڵ بکەین. لە لای کانت منی باڵا بەکاردێت بۆ هەموو ئەو شتانەی کە پێشتر وتراوەو زەرووری بوون بۆ هەموو مەعریفەیەک یان ئەزموونێکی بەرجەستەکراو. مەعریفە لای کانت پەیوەستە بە هەموو تێڕوانینەکانی پێشووتر و جیاوازیشە لە هەموو شتێکی هەستپێکراو کە دەرفەتی لەدایکبوونی ئەزمونێکی نوێ دەدات، بەم شێوەیەش عەقڵ دەبێتە یاسایەکی سروشتیی، ئەگەرچی ئەو شتێكی ناوخۆییشە.
بەڵام منی باڵا لای هۆسڕڵ بەکاردێت بۆ هەموو ئەو کارانەی کە منی باڵای پێی هەڵدەستێت، بەشێوەیەک کە وەکو شتێكی یەقینی پێشوەختە دەردەکەوێت، ئەمەش پاش دوورکەوتنەوە لە جیهانی هەستپێکراویی دەرەکیی و گەڕانەوە بۆ ناو جیهانی هەسپێکراوی ناوخۆیی، ئەمەش بەبێ ئەوەی عەقڵ هیچ رۆڵێکی سەرکردایەتی هەبێت لە سروشتدا.

دابەشکردنی دیاردەکان
هۆسڕڵ دیاردەکان بۆ دوو بەش دابەش دەکات:
دیاردە سروشتییەکان: ئەمەش هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە لە رووی دەرەکی شتەکانەوە دەردەکەون و لە رێگەی هەستەکانیشەوە، مرۆڤ هەستیان پێ دەکات و پاشان ئەمانە دەبنە بابەتی مەعریفەی عەقڵی.
دیاردە عەقڵییەکان: ئەمەش هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە لە هەستی مرۆڤەوە دەردەچن لە بارەی رووداوە عەقڵیی و دەروونیی و ناوخۆییەکان، ئەمانەش لە رێگەی چاودێریکردن و هەستی ناوەخیییەوە دەردەکەون.

بەمشێوەیە دیاردە لای هۆسڕڵ خۆی لە خۆیدا هەر شتەکان و رووداوە گۆڕاوەکان لە جیهانی هەسپێکراودا دەگرێتەوەو هەموو ئەو گۆڕانکاریی و گەشەسەندنانەشی کە بەسەریدا دێت. بەشێوەیەک کە مرۆڤ ناتوانێت بیریبکەوێتەوەو هەستی پێبکات و خەیاڵی بکات، ئەمانەش دواتر لە عەقڵدا دەگۆڕدرێن بۆ بوونی بەرجەستەکراویی یەقینی، ئەمەش لەرێگەی وەڵامدانەوەی هەستی باڵا یان ئەوەی کە پێی دەڵێین فینۆمینۆلۆژیا.
جێگەی ئاماژەیە هۆسڕڵ دەیویست پڕەنسیبی دیاردەناسی بەسەر تەواوی زانست و مەعریفەکانی تریشدا پراکتیزە بکات، بەشێوەیەک کە فینۆمینۆلۆژیا ببێتە زانستێکی تەواو دروست و ببێتە بنەمایەکیش بۆ هەموو مەعریفە و زانستێک.

چەمکی مەبەست و هەستی مەبەستدار
بنەما فیکری مەبەستداریی دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی پەروەردەیی سەدەکانی ناوەڕاست، ” مەبەست” یش لای ئەوان، هەموو ئەو کردارانە دەگرێتەوە کە عەقڵ دەیکات بۆئەوەی لە بابەتێک بگات و هەستی پێبکات.
برنتانۆ باشتر چەمکی ” مەبەستداریی” شیکردۆتەوەو پێی وایە کە ئەم چەمکە لەسەر بنەمای ئەوە دروستبووە کە هەستە ناوخۆییەکان بەرامبەر بە بابەتە دەرەکییەکان بگوازێتەوە، پێشی وایە کە هەموو ئەزموونێک لایەنێكی دەروونی تێدایە کە ئەویش خۆی لە کردار و لایەنی بابەتی شتێک دەبینێتەوە، هەریەکەشیان بەرەو ئاڕاستەیەکی دەڕۆن و لە کۆتاییشدا یەکتری تەواو دەکەن.
جێگەی ئاماژەیە بۆچوونەکانی برنتانۆ کاریگەری گەورەو راستەوخۆیی لەسەر دروستکردنی چەمکی فینۆمینۆلۆژیای هۆسڕڵ هەبووە، نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت کە هۆسڕڵ خوێندکاری ئەو بووە لەسەر دەستی ئەو فێری فەلسەفە بووەو بەشداری زۆربەی وانەکانی کردووە کە لە ساڵانی 1884 بۆ 1886 لە زانکۆ وتوییەتییەوە.
چەمکی ” مەبەستداری” لای هۆسڕڵ لەوەدا کورتکراوەتەوە، کە هەموو ئەو شتانەی کە لە جیهانی دەرەکی بوونیان هەیە، بۆئەوە دروستبوون تاوەکو هەست تێیانبگات و بەمشێوەیەش کردار و بابەتەکە یەکتر تەواو دەکەن و دەبنە یەک شت.
باشترین مەبەستداریش بۆ هەست برتییە لە کردار و بابەتێک کە دەرکی پێ بکەیت، هەموو کردارێک لە کردارەکانی هەستێک، بەرەو بابەتێکی جیاواز هەنگاو دەنێت، پێدەچێت ئەو بابەتە شتێکی ماتریاڵ بێت، یان پێدەچێت ماهیەتێکی عەقڵی بێت، یان پێدەچێت دەرەنجامی هەڵچوونێک یان خەیاڵێک و بیرکردنەوەیەک بێت.

دوو جۆر هەست
هەست لای هۆسڕڵ لەکاتی بەستنەوەی بە چەمکی ” مەبەستداری” دەکرێتە دوو جۆر: هەستی بێ لایەن و هەستی موجەرەد.
هەستی بێلایەن: ئەو جۆرە هەستەیە کە هێشتا دەستی نەکردووە بە شڕۆڤەکردنی مەبەستی نێوان بابەت و کردار.
هەستی موجەرەد: ئەو جۆرە هەستەیە کە راستەوخۆ دەستدەکات بە شرۆڤەکردن و شیکردنەوەی پڕۆسەی دەرەکی مەبەستداریی لە زۆربەی دیاردە مەعریفییەکاندا لەوانە” یادکردنەوە، خەیاڵکردن، ویست و حەزەکان” ئەمەش بە ئامانجی کەشفکردنی کرداری مەبەستدار و بابەتەکەی.
مەبەستی کردار، هەقیقەت و سەرەکیی و بنچینە دەگرێتەوە، لەکاتێکدا مەبەستی بابەت خۆی لەخۆیدا هەقیقەت نییە، بەڵکو پەیوەستە بەوەوە، بۆ نموونە کاتێک دارێکی سێوی بەرهەمدار و جوان دەبینیت، لەمەشدا دەبینین پڕۆسەی دەرککردن بە دارەکە ، لەرێگەی کارێکی مەبەستدارەوە کراوە کە ئەویش لە ناوەڕۆکیدا واقعێکی هەقیقییە، دواتر دەستدەکەین بە دروستکردنی بابەتێکی مەبەستدار لەناو هەستماندا کە ئەویش ” دارێکی دەرک پێکراوە” کە خۆی بە تەنها هیچ هەقیقەتێکی سەرەکیی ” بنەڕەتی” نییە، بەڵکو دەرەنجامی کردارێکی مەبەسەتدار دروستبووە، ئەمەش لەبەرئەوەی بابەتی مەبەستدار، لەگۆڕانی بەردەوامدایە، بەڵام پاشان بە هۆی کردارێکی دەرکپێکراوەوە یەکدەگرێتەوە.
ئەو یەکگرتنەوەیەی پێشووی نێوان کرداری مەبەستدار و بابەتەکەی، دەبێتە هۆی دروستبوونی سیمایەکی تری مەبەستداریی کە ئەویش بریتییە لە پڕۆسەیەکی چاودێریکردنی بەردەوام کە تێیدا، هەست بە هەموو کردارە دەرەکپێکراوەکان دەکەیت و ئامادەشە بۆ وەرگرتنی بابەتە دەرەکییەکانی تر.

فینۆمینۆلۆژیا و سایکۆلۆژیەتی
ئەگەر فینۆمینۆلۆژیا گرنگی بە هەموو ئاگاهییەک لەبارەی دیاردەو شتەکانەوە بدات، ئەوا هەموو چالاکییەکی ئاوەز و یادگەش بەشێکە لەم ئاگاهیی و ڕێچکەکەی، لێرەدا رووبەروی پرسیارێک دەبینەوە، ئەگەر سایکۆلۆژی، لێکۆڵینەوە لە بارەی ئاگاهیی شتەکان و رێگەی دەرککردنیان بکات، ئایا فیننۆمینۆلۆژیاش ناچێتە چوارچێوەی مەعریفەی سایکۆلۆژییەتەوە؟
سایکۆلۆژیەتی مەعریفە گرنگی بە حاڵەتە مەعریفییەکان دەدات و وەکو حاڵەتێکی عەقڵانی دایاندەنێت و ئەمانەش پەیوەستن بە ئەرک و سلوکیاتی ئاوەزی مرۆڤەوە، بەڵام فینۆمینۆلۆژیا هیچ گرنگی بەو حاڵەتە عەقڵیی و زیهنییە نادات کە لەگەڵ پرۆسە مەعریفییەکەدا دروست دەبێت، بەڵکو تەنها گرنگی بەو ئامادەکارییە مەعریفیانە دەدات، کە لەناو ناخی مرۆڤدا بوونیان هەیە، ئەوانەی کە دەتوانن مەعریفەی یەقیقنی دروست بکەن. ئەم ئامادەکارییانەش هیچ سایکۆلۆژیی نین بەڵکو پەیوەندییان بە ئاگاهیی تایبەتییەوە هەیە پێش ئەوەی پەیوەندییان بە ئەزمنوونی پراکتیزەکراوەوە هەبێت.
لەبەرئەوە دەبینین کە هۆسڕڵ رەخنە ئاڕاستەی هەردوو پڕەنسیپی ئەزموونگەرایی و میتافیزیکی دەکات کە لەو سەرمەدەی ئەودا زۆر باویان هەبووە. هەربۆیە لەکاتی خوێندنی سایکۆلۆژیەتدا، هەوڵی ئەوەی دەدا کە سایکۆلۆژیەتی ماهیەتی دروست بکات، کە گرنگی بە لێکۆڵینەوە لەبارەی هەستەوە دەدات لە چوارچێوەی وێنە مەبەستدارییەکەی، هەروەها ڕۆڵیشی لە پڕۆسەی دەرککردندا دەربخات. هەروەها گرنگیش بە کاری دەرککردنەوە بدات لە جیاتی ئەوەی خۆی بە ناوەڕۆكی دەرککردنەوە خەریک بکات.
سایکۆلۆژیەت زیاتر گرنگی بە ” منی باڵا” دەدات، لە جیاتی ئەوەی گرنگی بە ” منی ئەزموونگەرایی گۆڕاو” بدات، کە ئەویش بەشێکە لە جیهانێکی گۆڕدراو. هۆسڕڵ لە کتێبەکەیدا ” تێڕامانە دیکارتییەکان” دا باس لە چۆنێتی گۆڕینی منی دەروونی بۆ منی باڵا دەکات، ئەوەش لەرێگەی پڕۆسەی راگرتنی حوکمدانەوە، کە تێیدا منی دەروونی خۆی لە بەرامبەر خودی موجەرەدییەوە دەبینێتەوە.

رەخنە لە فینۆمینۆلۆژیای هۆسرڵ
میکانیزمی سەرەکی کە هۆسرڵ بەکاریهێناوە بۆ ئەوەی بگاتە هەقیقەتی یەقینی بریتییە، لە تێڕامانی عەقڵی خودێتی”، کە فیکر لە ناوخۆیدا رەنگدانەوەی خۆی تێدا دەکات، بۆئەوەی خۆی بخاتە ناو ئەملاوئەولای هەستی باڵاوە، هەروەها هەستیش بە هەقیقەتە ماتڕیاڵە شاراوەکانیش بکات. مادام ئەم میکانیزمەش سیمایەکی خودێتی هەیە و کەسیش ناتوانێت مومارەسەی بکات جگە لە خاوەنەکەی نەبێت، لەبەرئەوە زەحمەتە بۆ خەڵکانی تر بتوانن لێکۆڵینەوە لەبارەی راستیی و دروستی ئەو دەرەنجامانە بکەن کە هۆسرڵ پێی گەیشتووە. لەبەرئەوەی کە میکانیزمەکانی تەواو جیاوازە لە میکانیزمەکانی پێشوو، تەنانەت ئەگەر هەمان رێچکەی تێڕامانیش بەکاربهێنن بۆئەوەی بچنە ناو قووڵایی خودێتییانەوە، ئەوا ئەوان دەرەنجامی تریان دەستدەکەوێت، کە تەواو جیاوازە لەو دەرەنجامەی هۆسرڵ، ئەمەش بەهۆی جیاوازی خودێتی مرۆڤەکانەوە.
دیارە هۆسرڵ تیۆرییە فینۆمینۆلۆژییە قوورسەکەی خۆی پێڕەو کردووە لە دەرهێنانی ماهیەتی هەندێک شتی ئاسان وەکو : “خانو، دار” ئەمانەش بە سروشتی خۆیان شتێکن کە بنەمایەکی راگیر و نەگۆڕیان هەیە و ئاسانیش دەرکیان پێ دەکرێت و فۆرمەکانیشیان لەرووی دەرەوە، بوونی ماتڕیاڵیان، ئاسان دەردەکەوێت، بەڵام باشە حاڵەتەکە چۆن دەبێت ئەگەر ئێمە بچین لێکۆلینەوە لە بارەی دیاردەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزەوە بکەین، کە واقیعێکی زیندوویان هەیە و هەمیشەش لە گۆڕانی بەردەوامدان؟.
لەبەرئەوە بەهیچ شێوەیەک ناتوانین فینۆمینۆلۆژیا وەکو زانست دایبنێین، هەروەها لە شێوەی زانستیش نییە، بەڵکو لقێکی فەلسەفی دروستکراوە لە بواری مەعریفەدا، هەروەها ناشتوانرێت بخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەی زانستی و هەڵسەنگاندنی ئەزموونییەوە، ئەوەش بەهۆی سروشتە فەردانیەت” تاکگەرایی” و پێکهاتە خودێتییەکەوە.
لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵە فەلسەفیانەشی کە هۆسرڵ لەم بوارەدا دای بۆئەوەی بتوانێت هەردوو پڕەنسیپی میتافیزیکی و سروشتی لە یەک پڕەنسیپدا کۆبکاتەوە، بەڵام هەموو هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ دروستکردنی ئەم پڕەنسیبە یان رێچکە فیکرییە کە پشت بە زانست و مەعریفە دەبەستێت، هەموویان شكستیان هێنا. ئەمەش بەهۆی ئەو مەیلە میتافیزیکیە توندڕەوی کە لە فیکری هۆسرڵ دا هەبوو. بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندی بە ئەزموونی باڵا و” من” و بڕوابوونی تەواویشی بەوەی کە هەقیقەت و یەقینی رەها لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. بەمەش رۆڵی دەرەکی پشتگوێ دەخات، کە لەسەر بنەمای گۆڕانی بەردەوام دروستبووە.
جێگەی ئاماژەی هۆسرڵ خۆشی دان بە ئەستەمی ئەزموونی باڵاوە ناوە، هەرچەندە نکووڵی لە میتافیزیکیەتی فەلەسەفەکەی کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فەلسەفەکەی تەنها وەکو لقێكی جیا لە تێڕامانە عەقڵیی و هەستییەکان دادەنرێت.
هۆسرڵ پێی وابوو کە لقێکی نوێی لە فەلسەفەدا دروستکردووە، هەروەها رێچکەیەکی فیکری تایبەتیشی دروستکردووە کە عەقڵ لە هەموو کەلەپوور و وەهمەکانی بەردەمی رزگار دەکات، ئەمەش لە رێگەی تێکەڵکردن و ئاوێتەبوونی فەلسەفە کۆنەکان و مۆدێرنەکان لە یەک فۆرمدا. بەڵام پاشتر ئەم فۆرمە لەسەردەستی خوێدنکارەکانی هۆسرڵ لەناودەچێت، بەتایبەتی ئەوانەی کە بزووتنەوەی فەلسەفی بوونگەراییان داهێنا، کە تەوەری سەرەکیان ئازادی مرۆڤ و ئارەزووەکانی بوو لەم جیهانەدا.
جێگەی ئاماژەی زۆربەی فەیلەسوفەکانی بوونگەرایی، داڕمانی دەروونی مرۆڤایەتیی و نائارامی و پشێوییان بینوە، کە هەردوو جەنگە جیهانییەکە خوڵقاندبووی کە لە سەرەتا و نیوەی سەدەی بیستەمدا روویدا، ئەوان نەیانتوانی ئەو ناکۆکییە گەورەیە ببینین، کە لە نێوان خودی ئینسانیی و ترسی جیهانی دەرەکی هەیە، چونکە لە لای ئەوان جیهانی دەرەکی هیچ نییە جگە لە عەدەم نەبێت.

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

سەرچاوە:
www. Middle east online.com. الفينومينولوجيا عند هوسرل




شیعر و شاعیریی و خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مه‌ شیعری “به‌ره‌واژ”ی نارین ڕۆسته‌م-2-… سۆران محه‌مه‌ده‌سووره‌

-2-
سێیه‌م: شیعری كڵاو و شیعری حه‌مام

ا
له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌دا شیعری كڵاو یه‌كه‌م شیعره‌ و شیعری حه‌مام كۆتا شیعریه‌تی، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م دوو شیعره‌ به‌ مه‌به‌ست له‌ دوو شوێنی تایبه‌ت و گرینگ داندراون، هه‌ر ئه‌م شوێنه‌شه‌ كه‌ هه‌ڵوه‌سته‌مان پێده‌كات. شیعری كڵاو به‌ پێی ڕیزبه‌ندیی شیعره‌كانی نێو به‌رهه‌مه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژماره‌ یه‌ك و شیعری حه‌مامیش ده‌كه‌وێته‌ ژماره‌ نۆ. هه‌ڵبه‌ت هه‌ریه‌ك له‌ ژماره‌كان ژماره‌ی تاكن. ژماره‌ی تاك هه‌ڵگری نهێنیی و پیرۆزیییه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆیانن.
ئه‌م دوو شیعره‌ به‌ده‌ر له‌ خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی سه‌ربه‌خۆی شیعره‌كان، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بێت و هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌راورد بكه‌ین، ئه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی كه‌ وتمان به‌مه‌به‌ست له‌و شوێنه‌ دانراون، ئاشكراتر ده‌بێت. ئه‌م دوو شیعره‌ په‌یوه‌ندییه‌كی نهێنیی له‌نێوانیان دایه‌، په‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ نهێنیی پیرۆزی ژماره‌ به‌ڕێوه‌یان ده‌بات.
به‌ر له‌وه‌ی سفر وه‌ك ژماره‌ بخرێته‌ پاڵ یه‌ك، ئه‌وه‌ نۆ كۆ یه‌ك ده‌یكرد به‌ یازده‌. واته‌ شیعری یه‌كه‌م كه‌ ژماره‌ یه‌كه‌ و شیعری حه‌مام ژماره‌ نۆیه‌، هه‌ردووكیان به‌ یه‌كه‌وه‌، وه‌ك چۆن تاكن، ئه‌وهاش نابن به‌ ده‌، به‌ڵكوو ده‌بن به‌ ژماره‌یه‌كی تر كه‌ تاكه‌، ئه‌ویش ژماره‌ یازده‌یه، دوو‌ دانه‌ یه‌ك كه‌ ‌ژماره‌ی تاكن، خراونه‌ته‌ پاڵ یه‌كتر‌. یازده‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ وزه‌یه‌كی گه‌وره‌، هه‌ر بۆیه‌ش ژماره‌یه‌كی پیرۆزی كۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان بووه‌، ئه‌فسانه‌، دین و فه‌رهه‌نگی ئه‌م میلله‌تانه‌ی داگیر كردووه‌. هاوكات هه‌ردووك له‌ شیعره‌كان “كڵاو و حه‌مام” به‌ خستنه‌پاڵی یه‌ك سفر، ده‌بن به‌ ژماره‌یه‌كی جووت، واته‌ سفر به‌شداره‌ له‌ درووستكردنی بێبڕانه‌وه‌ی به‌رده‌وامیی، كه‌واته‌ له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌م دوو شیعره‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا گه‌شه‌ی به‌رده‌وام به‌ فره‌مانایی و فره‌ڕه‌هه‌ندیی ‌خۆیان ده‌ده‌ن.
شیعری ژماره‌ یه‌ك “كڵاو”ـه‌، یه‌ك نیشانه‌ی خواست، سه‌ربه‌خۆیی، وزه‌ی ئه‌رێنیی، هه‌روه‌ها له‌خۆگری نارسیزم، ئاواتی زۆر و زانینه‌. سه‌رباری ئه‌وه‌ یه‌ك نیشانه‌ی ده‌سپێكێكی نوێی ژیانه‌، له‌ به‌رهه‌می به‌ره‌واژدا شیعری كڵاو ده‌ستپێكه‌. هه‌موو شتێكی نوێ سه‌ره‌تایه‌كه‌، واته‌ به‌ یه‌ك ده‌ستپێده‌كات، هاوكات له‌نێو هه‌موو شتێكیشدا، شتێك هه‌یه‌، ئه‌م شته‌ش ناوی ده‌نرێت تاقانه. مرۆڤی كۆن به‌م تاقانه‌یییه‌ له‌ په‌یوه‌ندییدا بوون، ئه‌و شتگه‌له‌ی كه‌ له‌به‌ین ده‌چن، دواجار یه‌ك شتیان لێده‌مێنێته‌وه‌. بۆ نموونه‌ خودا تاقه‌، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی تاق بێت، به‌ فره‌خودایییدا ڕۆیشتووه‌ و خوداكانی تر له‌به‌ین چوون. ئه‌و شتانه‌ی كه‌ هه‌ن‌، تا دێت له‌به‌ین ده‌چن و وزه‌یان له‌ یه‌كدا كۆده‌بێته‌وه‌. به‌هه‌ر حاڵ وه‌ك وتمان، یه‌ك ده‌ستپێكه‌ و نۆش شا. به‌وپێیه‌ له‌م به‌رهه‌مه‌ شیعره‌دا به‌ یه‌ك “كڵاو” ده‌ستپێده‌كات و له‌ شیعری نۆ “حه‌مام”دا به‌ كه‌ماڵی خۆی ده‌گات. ژماره‌ نۆ، له‌نێو ژماره‌كاندا به‌ ژماره‌ی شا ناسراوه‌، نیكۆلا تێسلا (Nikola Tesla)، كه‌ تا ئه‌وكاته‌ی مرد، نزیكه‌ی 700 داهێنانی هه‌بوو، ژماره‌ نۆ یه‌كێك بووه‌‌ له‌و سێ ژماره‌ ده‌گمه‌نه‌ی كه‌ ئەم بلیمەتە نامۆیه‌ هەمیشە جەختی لەسەر کردووەتەوە. تێسلا گوتوویه‌تی: ئه‌گه‌ر ده‌تزانیی ژماره‌3، 6، 9* چه‌نده‌ گرینگن، ئه‌وه‌ كلیلی هه‌موو دونیات له‌به‌رده‌ستدا ده‌بوو. باوه‌ڕبوونی تێسلا به‌م ئه‌ندازه‌یه‌، بووبووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خاوه‌نی هه‌ڵسوكه‌وتێكی سه‌یریش بێت، به‌ڵام تا ئێستاش هیچ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ وه‌ها ڕه‌فتاره‌كه‌ی نییه‌ (ئه‌نته‌رنێت. 1). به‌هه‌ر حاڵ ژماره‌ نۆ، ژماره‌ی‌ ڕیزبه‌ندیی كۆتاییی شیعره‌كه‌یه‌ و به‌رهه‌مه‌كه‌ گرێ ده‌دات.
شیعری حه‌مام كه‌ له‌ ڕیزبه‌ندی نۆ دایه‌ و شیعری كڵاو له‌ ریزبه‌ندی یه‌ك دایه‌، ئه‌گه‌ر نۆ كه‌م یه‌ك بكرێت، ئه‌وه‌ ژماره‌ هه‌شت ده‌رده‌چێت، میسریییه‌ کۆنه‌كان بڕوایان وابووه‌، کە ژماره‌ هه‌شت نیشانەی هاوسەنگییە لە جیهاندا، هه‌روه‌ها فیساگۆرس نیشانە و هێمای خۆشەویستی و هاوڕێیەتیی پێبه‌خشییبوو (ئه‌نته‌رنێت:1). كه‌واته‌ هه‌شت نیشانه‌ی هاوسه‌نگیی، هاوڕێیه‌تیی و خۆشه‌ویستییه‌. به‌مپێیه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی هاوخوێنیی له‌نێوان ئه‌م دوو شیعره‌دا هه‌یه‌:
ئه‌م دوو شیعره‌ هه‌ردووكیان به‌پێی گرینگی ئه‌و شوێنه‌ی لێی داندراون، هه‌ریه‌كه‌یان له‌ چه‌ند كۆپله‌یه‌ك پێكدێن، هه‌م دیسان كۆپله‌كان پێنج كۆپله‌ن، واته‌ تاكن و جووت نین. ژماره‌ پێنج له‌ شاره‌ستانییه‌ته‌ كۆنه‌كاندا به‌ ژماره‌یه‌كی گرینگ و كاریگه‌ر دانراوه‌، له‌ سه‌رده‌می فیساگۆرسدا ئه‌م ژماره‌یه‌ به‌ ژماره‌یه‌كی ته‌واو و پووخت بۆ مرۆڤ دانراوه‌. له‌ ئایینه‌كانیشدا گرینگیی تایبه‌تی خۆی هه‌بووه‌، هه‌روه‌ها وه‌ك هێمایەکی گرینگی کولتووریی بەکار هێنراوه‌ (ئه‌نته‌رنێت:1). ژماره‌ پێنج په‌یوه‌ندیی به‌ سه‌ركێشیی و گۆڕانه‌وه‌ هه‌یه‌؛ كاتێك گوێ له‌ جه‌سته‌ت، له‌ ده‌روونت ده‌گریت؛ له‌ كۆتا كۆپله‌ی شیعری حه‌مامیشدا، وشه‌ی “هاوار” هه‌یه‌، واته‌ گوێگرتن له‌ جه‌سته‌، له‌ ده‌روون هه‌یه‌‌. هه‌مان هه‌ڵگری نهێنیی ئه‌م كۆپله‌یه‌یه‌ كه‌ پێنجه‌م و دوا كۆپله‌ی شیعره‌كه‌یه. هاوكات منی ناو شیعری “حه‌مام” كه‌ هاوار ده‌كات، تابلۆی قیژه‌ی ئێدڤارد مۆنك (1863- 1944)مان دێنێته‌وه‌ پێشچاو.
به‌هه‌رحاڵ، ئه‌م دوو شیعره‌ به‌تایبه‌تیی و به‌رهه‌مه‌كه‌ به‌ گشتیی له‌ڕووی ڕه‌مز و ڕازی ژماره‌وه‌ نهێنیی زۆرتر له‌خۆ ده‌گرێت و وردبوونه‌وه‌ و گه‌ڕانی زۆرتری پێویسته‌.

ب- پێكهاته‌ی شیعره‌كان:
بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ هه‌ردووك شیعره‌كه‌ بگه‌ین، ئه‌وه‌ پێویسته‌ پێكهاته‌ی هه‌ردووك له‌ شیعره‌كان و په‌یوه‌ندیی هه‌ر یه‌كه‌یان به‌وی تر بخه‌ینه‌ڕوو. به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ شیعره‌كانی “ده‌ستێك به‌ شه‌ش‌ په‌نجه‌وه‌، سێ براده‌ر، بووكه‌ڵه‌ی سووپه‌رمان، ئێكسپایه‌ر و شه‌ڕه‌پشیله”‌ بگێڕه‌وه‌كه‌یان هه‌ر ته‌نیا منداڵێك نییه‌، به‌ڵكوو منداڵییه‌كی گه‌وره‌بووشه‌. واته‌ ده‌توانین بڵێین، ئه‌و منه‌ زیاتر و به‌ چاوێكی قووڵی منداڵیی، پێگه‌یشتوویی و شاعیریییه‌وه‌، ڕۆده‌چێته‌ ناخی ڕووداوه‌كانه‌وه‌.

شیعری كڵاو
كۆپله‌ی یه‌كه‌م:
ئه‌و: باوك، خه‌مۆكیی و شاردنه‌وه
كڵاوی چه‌رمیی، شاعیر
له‌ كۆپله‌ی یه‌كه‌می شیعری كڵاودا باوك هه‌یه‌، كه‌ ده‌یه‌وێت خه‌مۆكییه‌كه‌ی بشارێته‌وه‌، بۆیه‌ كڵاوێكی چه‌رمیی ده‌كاته‌ سه‌ری و ده‌بێته‌‌ شاعیر.

كۆپله‌ی دووه‌م:
ئه‌و: برا، برینی سه‌ر، سه‌رتاشین
كڵاوێكی ڕه‌ش، ئیماندار
من/شاعیر: كڵاوی جادوویی، بزربوون.
كۆپله‌ی دووه‌م دوو به‌شه‌، له‌ به‌شی یه‌كه‌مدا برا هه‌یه‌، كه‌ به‌هۆی هه‌ژارییه‌وه‌ سوود له‌ مووسی هه‌رزان، وه‌رده‌گرێت، كه‌ سه‌ری بریندار ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی برینه‌كانی سه‌ری بشارێته‌وه‌ كڵاوێك له‌سه‌ر ده‌نێت. به‌ مانایه‌كی تر، سه‌ری براكه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو كڵاوێكی ڕه‌ش، واته‌ ده‌بێته‌ ئیماندار و مێشكی خۆی ته‌سلیمی دین ده‌كات. “سه‌ری لوول دا و فڕێی ددایه‌ ناو بازنه‌ی كڵاوێكی ڕه‌ش” (هه‌مان: 5)
به‌ڵام كۆپله‌ی چواره‌م ئه‌نجامی كۆپله‌ی دووه‌مه‌ و به ‌بێ كۆپله‌ی چواره‌م ئه‌م كۆپله‌یه‌ له‌م شیعره‌دا بێ ئامانج ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ كڵاوی ڕه‌ش، كه‌ سه‌ره‌نجامی ژیانی برایه‌كه‌یه، فڕێده‌درێته‌ نێو كڵاوه‌كه‌وه‌‌، ئه‌وه‌ی ئه‌م فڕێدانه‌ش ئه‌نجام ده‌دات، چاره‌نووسه‌.
له‌ به‌شی دووه‌می كۆپله‌ی دووه‌مدا من “نارین/ شاعیر” هه‌یه‌. كه‌ كڵاوێكی جادووییی له‌سه‌ری ده‌نرێت و بزر ده‌بێت. له‌ كۆپله‌ی پێنجه‌مدا “من” به‌دوای كڵاوه‌ جادوویییه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێت.

كۆپله‌ی سێیه‌م:
كڵاوی چه‌رمیی= شاعیر (باوك)، پاڵكه‌وتن/مردن
كۆپله‌ی سێیه‌م ئه‌نجامی كۆپله‌ی یه‌كه‌مه‌، كه‌ باوك ده‌یه‌وێت خه‌مۆكییه‌كه‌ی بشارێته‌وه‌ و دواجار ده‌بێت به‌ شاعیر. خه‌مۆكیی له‌ كۆپله‌كه‌دا نیشانه‌ی دڵه‌ڕاوكێ، په‌رۆشیی و خه‌مخۆریی باوكه‌ بۆ ئه‌و و من/ ڕۆڵه‌كانی. به‌ڵام له‌م كۆپله‌یه‌دا ئه‌وه‌ ئه‌و كڵاوه‌ی كه‌ ده‌یكات به‌ شاعیر، له‌ جه‌كمه‌جه‌ی دۆڵابه‌كه‌ كڕ ده‌كه‌وێت، واته‌ پاڵ ده‌كه‌وێت. له‌ شیعره‌كه‌دا‌ دوو‌ ململانێمان نیشان ده‌دات، ململانێی زانین و دین. ململانێی یه‌كه‌م كه‌ زانینه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ كۆپله‌ی یه‌كه‌م و سێیه‌م، به‌ڵام ململانێی دووه‌م كه‌ دینه په‌یوه‌سته‌ به‌ كۆپله‌كانی دووه‌م و چواره‌مه‌وه‌‌. به‌وپێیه‌ یه‌كه‌میان هه‌رده‌م له‌ گۆڕاندایه‌، یان مرۆڤ تێیدا جێگیر نییه‌، بۆیه‌ تووشی خه‌مۆكیی ده‌بێت و ئه‌وه‌نده‌ی دینیش ناخایه‌نێت و نامێنێته‌وه‌. بۆیه‌ ململانێی دووه‌م كه‌ ئایینه‌ ڕیشه‌ و ڕه‌گی قووڵتره‌ و به‌ ناخی مرۆڤدا ڕه‌گ داده‌كوتێت. كه‌واته‌ لایه‌نی یه‌كه‌م ده‌بێت پاڵ بكه‌وێت، واته‌ پاشه‌كشه‌ بكات، له‌به‌رانبه‌ر كاریگه‌ریی لایه‌نی دووه‌مدا.

كۆپله‌ی چواره‌م:
كڵاوی ڕه‌ش= ئیماندار، قیر
له‌ كۆپله‌ی چواره‌مدا، هه‌م دیسان كڵاوی برا هه‌یه‌، كه‌ له‌ كۆپله‌ی دووه‌م كڵاوێكی ڕه‌ش بووه‌. به‌ڵام له‌م كۆپله‌یه‌دا ئه‌م كڵاوه‌ ده‌بێت به‌ قیڕ و به‌سه‌ریه‌وه‌ ده‌نووسێت، كه‌ ده‌كرێت ئایدۆلۆژیای دینیی بێت، كه‌ مرۆڤ به‌زۆر ده‌توانێت لێیه‌وه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ زووتر و خێراتر مرۆڤ گیرۆده‌ی دین ده‌بێت.

كۆپله‌ی پێنجه‌م:
كڵاوی جادوویی= بزربوون، گه‌ڕان، بزربوون
به‌شی دووه‌می كۆپله‌ی دووه‌م، په‌یوه‌سته‌ به‌ كۆپله‌ی پێنجه‌م. له‌ كۆپله‌ی پێنجه‌مدا كڵاوی جادوویی هه‌یه‌، كه‌ منی شاعیر به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام بزری ده‌كات و بزر ده‌بێت. له‌نێوان كڵاوی چه‌رمیی و كڵاوی ڕه‌شدا، كڵاوی جادوویی گوزارشته‌ له‌ من‌، كه‌ منی نووسه‌ر/شاعیره‌. شاعیر له‌نێوان ئه‌م دوو كڵاوه‌دا، ون ده‌بێت، یان سه‌رگه‌ردان ده‌بێت، نازانێت كامیان هه‌ڵبژێرێت و بچێته‌ ژێر كام ململانێوه‌، ئایه‌ ڕێچكه‌ی باوك بگرێته‌ به‌ر، یان ڕێچكه‌ی برایه‌كه‌ی، ئاخۆ ببێته‌ شاعیر یان دیندار؟ بۆیه‌ ئه‌و منه‌ سه‌رگه‌ردانه‌، ڕۆڵی نه‌رێنییه‌ و بزر ده‌بێت.

شیعری حه‌مام
كۆپله‌ی یه‌كه‌م:
ئه‌و: باوك شاعیر
گۆی زه‌وی، خه‌مخۆریی و ئه‌رك.
له‌ شیعری حه‌مامدا باوك هه‌یه‌، به‌ڵام ئیتر ناڵێت بوو به‌ شاعیر، چونكه‌ پێشتر شاعیر بووه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێت، “باوكم شاعیر بوو” (ڕۆسته‌م. 2021: 33).

كۆپله‌ی دووه‌م:
ئێمه‌: كاغه‌زی زه‌رد، كه‌ره‌سته‌.
ئه‌م كۆپله‌یه‌ نوێنه‌رایه‌تیی كۆپله‌ی سێه‌م ده‌كات، واته‌ ئێمه‌ له‌ كۆپله‌ی سێیه‌مدا دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر من كه‌ نووسه‌ره‌، هه‌روه‌ها برا، له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا له‌ به‌شی یه‌كه‌می كۆپله‌ی چواره‌مدا كه‌ وشه‌ی خوشك ده‌هێنرێت، ده‌رگه‌ی خێزانێكمان به‌ڕووداده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م خوشكه‌ش هه‌مان “من”ـه‌كه‌ی شاعیره‌.، یان ئه‌ویدیكه‌ی شاعیره‌، من ئه‌ویتره‌ (ڕامبۆ، 2007: 20). “خوشكم…/ به‌دوای شانه‌ی پرچیدا ڕۆیشت/ نه‌گه‌ڕایه‌وه‌.” (هه‌مان: 35)
ئێمه‌ گوزارشته‌ له‌ ئه‌ندامانی خێزان، به‌تایبه‌ت خوشك و برا، له‌ به‌شێك له‌ شیعره‌كانی نێو به‌رهه‌مه‌كه‌دا ژینگه‌ی خێزان، منداڵیی و ژیانی شاعیر به‌رگیان به‌سه‌ر ڕووخسار و ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كاندا پۆشیووه‌، به‌ڵام ئه‌م كاره‌ زۆر به‌ وردیی و هونه‌رییانه‌ كراوه‌. هه‌ر بۆیه‌شه‌ جێناوی كه‌سی سه‌ربه‌خۆی “ئێمه‌” ده‌ستوپه‌نجه‌ی له‌گه‌ڵ شادییدا نه‌رم نییه‌، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و “ئێمه”‌یه‌ مانای خه‌مناكیی ده‌گه‌ینێت. له‌ كۆپله‌كه‌دا ئێمه‌ هاتووه‌، نه‌ك من،‌ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ نیشانده‌دات كه‌ “من” ناتوانێت له‌نێو كۆده‌نگیی و ئه‌واندا خاوه‌ن هه‌ڵبژارده‌یه‌ك بێت، بۆیه‌ له‌و شوێنه‌ی كه‌ جێناوی كه‌سیی سه‌ربه‌خۆی “ئێمه” دێته‌ گۆڕێ، ئه‌وه‌ مرۆڤ‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو خه‌مناكیی و نه‌خۆشیییه‌وه‌. ئێمه‌: كاغه‌زی زه‌رد= خه‌مناكیی و نه‌خۆشیی.
سه‌رباری ئه‌وه‌ له‌كۆتایی كۆپله‌كه‌دا ته‌كه‌ز ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ “خوشك و برایه‌كان” ئه‌ركیان پێئه‌نجامده‌درێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌رك ئه‌نجام بده‌ن. واته‌ ئێمه‌ له‌ژێر خواست و فه‌رمانی خۆماندا نین، به‌ڵكوو له‌ژێر خواست و فه‌رمانی ئه‌ویگه‌وره‌ترین.
“جوان بیانشۆن،/ چڵك و برینه‌كانیان داماڵن/ ده‌مه‌وێ به‌ پاكی بیانبه‌مه‌ ناو شیعرێكمه‌وه‌” (هه‌مان، 34)

كۆپله‌ی سێیه‌م:
من/ شاعیر: سابوون، هه‌ڵخلیسكان و هاوار
ئه‌و: برا، گه‌وره‌بوون
عه‌بایه‌كی ڕه‌ش، بزماری ژه‌نگاویی، هه‌ڵواسران
ئه‌و: خوشك، ڕۆیشتن و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌.
كۆپله‌ی سێیه‌م به‌سه‌ر سێ به‌شدا دابه‌ش ده‌بێت، به‌شی یه‌كه‌م په‌یوه‌سته‌ به‌ منی شاعیر. شاعیر هه‌رده‌م منداڵه‌، منداڵێك دوای گه‌وره‌بوونی له‌ قوڕنیچكێك یان گۆشه‌یه‌كی ماڵه‌وه‌ سه‌یر ده‌كات، نه‌خۆش و ڕه‌شبینكراوه‌، هه‌ربۆیه‌ش ده‌یه‌وێت بژێت، وه‌ك دایكێك ئه‌م نه‌خۆشیی و خه‌مۆكییه‌ په‌روه‌رده‌ بكات و ده‌ست به‌سه‌ریه‌وه‌ دابێنێت، چونكه‌ زۆربه‌ی خه‌ڵكان لێی ده‌سڵه‌منه‌وه‌، له‌كوێدا نه‌خۆشیی و خه‌مۆكیی هه‌بوو، له‌وێدا تاسه‌ی ده‌رده‌منیی خوویایه‌.
هه‌ربۆیه‌ش ئه‌م منداڵه‌ گه‌وره‌بووه‌ له‌م گۆشه‌یه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ منداڵێك -كه‌ ده‌كرێت هه‌مان منداڵیی خۆی بێت- قاچی له‌ سابوون هه‌ڵده‌خلیسكێت، سابوون لێره‌دا گوزارشته‌ له‌ داڕمانی به‌ها، ململانێ و بێته‌كووزیی كۆمه‌ڵگه‌، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌م ئاڵۆزیی و ململانێیه‌ واناكات ڕه‌شبینێكی ناچالاك و دژه‌ژیان بێت، به‌ڵكوو ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هاوار بكات، ده‌مه‌وێت بژیم. هه‌رچه‌نده‌ دوای وشه‌ی هاوار یه‌كڕاست سێ خاڵ دانراون. ئه‌مه‌ش ده‌رگه‌ بۆ فره‌ماناییی و لێكدانه‌وه‌ زیاتر ده‌كات. هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ش ئێمه‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی خۆمان هه‌ڵهێنجاوه‌.
به‌شی دووه‌می كۆپله‌ی سێیه‌م په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌و، كه‌ برایه‌. نێر هه‌ر له‌ وه‌سه‌رپێكه‌وتنیه‌وه‌ ده‌بێته‌ میراتگری باوك، هه‌ر بۆ ئه‌مه‌ش ئاماده‌ ده‌كرێت. بۆیه‌ شاعیر كه‌ له‌ سووچێكی ماڵه‌كه‌، یان له‌ قووژبنێكه‌وه‌ وه‌ستاوه‌، سه‌یری برای ئه‌و منداڵه‌ی تر ده‌كات، به‌ڵام له‌ هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رانبه‌ره‌كه‌یدا ده‌بینێت كه‌ ئه‌و منداڵه‌ به‌ منداڵیی گه‌وره‌ بووه‌. چ سه‌یره‌ ئێمه‌ منداڵییش وه‌ك منداڵیی تێیدا نامێنینه‌وه‌ و ناژین.
بۆیه‌ ئه‌و منداڵه‌، كه‌ ئیتر منداڵ نه‌ماوه‌، وه‌ك عه‌بایه‌كی ڕه‌ش، وه‌ك پاسه‌وانی نه‌ریت چاودێره‌ و هه‌رده‌م له‌ ڕوانینی به‌رانبه‌ره‌كه‌یدا هه‌ڵواسراوه‌. هه‌ڵواسرانی ئه‌و برایه‌ به‌ مزمارێكی ژه‌نگاوویی حه‌مام، گوزارشته‌ له‌وه‌ی كه‌ برا هه‌ر دوای ئه‌وه‌ی كه‌ منداڵ نامێنێت، ده‌بێته‌ پارێزه‌ری نامووس، یان شه‌ڕه‌فی به‌رانبه‌ره‌كه‌ی، به‌ڵام بزماری ژه‌نگاویی، ئه‌وه‌ نیشانده‌دات، كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ساخته‌ و له‌رزۆكه‌، نۆڕمێكی ژیانه‌ و زوو یان دره‌نگ ئاواده‌بێت.
له‌ به‌شی سێیه‌می ئه‌م كۆپله‌یه‌دا، خوشك هه‌یه‌، كه‌ ده‌كرێت هه‌مان منی شاعیر بێت، كه‌ شاعیر هاتووه‌ وه‌ك یارییه‌ك، یان وه‌ك هونه‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی من دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌، سوودی له‌ خوشك بینیووه‌. یان ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی هێنانی خوشكه‌وه‌ بڵێت ڕۆیشتم، به‌ڵام هاواركردنم منی نه‌گه‌ڕانده‌وه‌ و بزری كردم. بۆ؟ چونكه‌ ده‌نگی شاعیر له‌ ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كه‌دا هه‌رده‌م ده‌نگێكی بزر و خۆحه‌شارده‌ره‌، كه‌سێك نییه‌ كه‌ ببینرێت، ده‌نگێكی كزه‌ و له‌ په‌راوێزدا ئاماده‌یی هه‌یه‌.
یان ده‌كرێت ئه‌و مانایه‌ بدات، كه‌ ئێمه‌ی‌ خوشكان، هه‌رده‌م به‌دوای شانه‌، بووكۆڵه‌ و… دا ده‌بردرێین، تا له‌ ڕوانینی ئه‌واندا جێگه‌مان ببێته‌وه‌، تا چه‌ند دوای ئه‌مانه‌ش بكه‌وین، ئه‌وه‌ له‌ ناسینی خۆمان دوورتر ده‌كه‌وینه‌وه‌ و بزر ده‌بین. به‌مپێیه‌ ئه‌و خوشكه‌ هه‌مان منی شاعیر ده‌رده‌كه‌وێت.

كۆپله‌ی چواره‌م:
ئێمه‌: به‌كارهێنان و به‌ ئامراززانینیان بۆ كه‌ره‌سته‌ی شیعر.
شاعیر له‌ كۆپله‌ی یه‌كه‌مدا به‌بێ ئه‌وه‌ی بڵێت “ئێمه”،‌ ئه‌وه‌ سوود له‌ جێناوی لكاو وه‌رده‌گرێت، له‌ كۆپله‌ی دووه‌مدا “ئێمه‌”ی هێناوه‌ و له‌ كۆپله‌ی سێیه‌مدا ئێمه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، به‌ڵام وه‌رباره‌ له‌ كۆپله‌ی سێیه‌مدا ئێمه‌ دێنێته‌وه‌ و له‌ دوا كۆپله‌دا هاواری ناڕازیی من ده‌بیسترێت.
كه‌ره‌سته‌كان كه‌ باوك بۆ شیعر ده‌یه‌وێت به‌كاریان بێنێت “ئێمه‌”یه‌، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی براوه‌ بێت، براوه‌بوون پشته‌ستووره‌ به‌ قه‌بووڵی ئه‌وان، به‌ڵام قه‌بووڵی ئه‌وان هه‌رمان نییه‌، بۆیه‌ گۆی زه‌وی، كه‌ “ئێمه‌/خێزان”ـه‌ له‌ ده‌ستیدا ده‌خزێت.

كۆپله‌ی پێنجه‌م:
من/ شاعیر: هه‌ڵاتن و هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ تێكچرژاوویی و حه‌مامی بازاڕ. حه‌مامی بازاڕ گوزارشته‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نه‌ریتیی خاوه‌ن مقۆمقۆ و ده‌نگه‌ده‌نگ.
له‌م كۆپله‌یه‌دا كه‌ كۆتاییی شیعره‌كه‌یه‌‌ به‌ سووڕی به‌ره‌واژبوونی خۆی ده‌گات. ئه‌وه‌تا من/شاعیر ده‌یه‌وێت له‌نێو حه‌مامی بازاڕ، ژیانێك كه‌ تێیان خزاندووه‌ هاوار ده‌كات و ده‌ڵێت ده‌مه‌وێت بێمه‌ ده‌ره‌وه‌. چیتر نامه‌وێت كه‌ره‌سته‌ی ئه‌وانی تر بم، هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ شیعری باوكدا، هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یه‌‌ له‌ژێر چه‌تری هه‌ره‌وه‌زیی، پچڕاندنی زنجیره‌ی نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌ و بازاڕیی.

ج- په‌یوه‌ندیی هه‌ردووك له‌ شیعره‌كان‌ به‌ یه‌كتره‌وه‌:
{له‌ پێشتردا هه‌ندێك خاڵ ئاماژه‌یان پێكراوه‌ بۆیه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ هه‌موویان نادرێته‌وه‌.}
1- شیعری كڵاو “پێنج كۆپله‌‌”یه‌‌، شیعری حه‌مام “پێنج كۆپله‌‌”یه‌.
2- كۆپله‌ی یه‌كه‌می شیعری كڵاو سێ كۆپله‌یه‌ و شیعری حه‌مام پێنج كۆپله‌یه‌، به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌بن به‌ هه‌شت، هه‌شت مانای خۆشه‌ویستیی ده‌گه‌ینێت. به‌وپێیه‌ په‌یوه‌ندییی هاوخوێنیی یان خۆشه‌ویستیی نێوان ئه‌م دوو شیعره‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت.
3- كۆتایی هه‌ردووك له‌ شیعره‌كان به‌پێچه‌وانه‌ی كۆپله‌ی یه‌كه‌م كه‌ به‌ باوك ده‌ستپێده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ به‌ منی شاعیر كۆتایییان دێت. دیسان پێنج هه‌مان جادوو و نهێنیی ژماره‌ له‌خۆ ده‌گرێت، كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هاوژماره‌ییی هه‌ردووك له‌ شیعره‌كان.
4- له‌ یه‌كه‌م كۆپله‌ی شیعری “كڵاو”دا باوك هه‌یه‌، كه‌ ده‌یه‌وێت خه‌مۆكییه‌كه‌ی بشارێته‌وه‌، بۆیه‌ كڵاوێك ده‌خاته‌ سه‌ریه‌وه‌ و ده‌بێت به‌ شاعیر. هاوكات له‌ یه‌كه‌م كۆپله‌ی شیعری “حه‌مام”یشدا باوك هه‌یه‌، به‌ڵام ناڵێت بوو به‌ شاعیر، به‌ڵكوو پێشتر له‌ یه‌كه‌م شیعری نێو به‌رهه‌مه‌كه‌دا كه‌ شیعری “كڵاو”ـه‌ ده‌بێته‌ شاعیر، بۆیه‌ له‌ شیعری حه‌مامدا، ده‌ڵێت “باوكم شاعیر بوو” (هه‌مان: 33).
5- خه‌می باوكی نێو هه‌ریه‌ك له‌ شیعره‌كان هه‌مان خه‌م و په‌رۆشییان هه‌یه‌.
6- له‌ شیعری كڵاودا باوك، برا و منی شاعیر هه‌یه‌، له‌ شیعری كڵاودا هه‌ر سێكیان هه‌ن و خوشكیش زیاد كراوه‌، كه‌ ئه‌ویدیكه‌ی شاعیره‌. یان ڕوونتر كۆپله‌ی یه‌كه‌می شیعری كڵاو په‌یوه‌سته‌ به‌ كۆپله‌ی سێیه‌می. كۆپله‌ی دووه‌می برا و منی شاعیر هه‌یه‌، كه‌ به‌سه‌ر دوو كۆپله‌دا دابه‌شكراون، و په‌یوه‌ستن به‌ كۆپله‌ی چواره‌م و پێنجه‌من. كۆپله‌ی یه‌كه‌می شیعری حه‌مام په‌یوه‌سته‌ به‌: كۆپله‌ی دووه‌م، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی باوك بهێنرێت، كۆپله‌ی چواره‌م، كه‌ ناوی ده‌هێنرێت. كۆپله‌ی دووه‌میش “ئێمه‌” هه‌یه‌ و به‌سه‌ر من، ئه‌و/برا و خوشك دابه‌شكراون. منی كۆپله‌ی دووه‌م ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ كۆپله‌ی پێنجه‌مه‌وه‌.
7- له‌ هه‌ردووك شیعردا، منی شاعیر، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێت من شاعیرم، ده‌نگی نییه‌، به‌ڵكوو وه‌ك كاره‌كته‌ر، داشێك له‌ یارییه‌كه‌دا ڕۆڵی هه‌یه‌، یان به‌كار ده‌هێنرێت. ئه‌مه‌ سه‌باره‌ت به‌ ته‌واوی شیعره‌كانی نێو به‌رهه‌مه‌كه‌ ڕاسته‌.
8- له‌ شیعری یه‌كه‌مدا منی شاعیر بزربووه‌، له‌ شیعری حه‌مامدا پێمان ده‌ڵێت كه‌ ئه‌وه‌ی بزری كردووین كۆمه‌ڵگه‌/حه‌مامبوونی ژیانه‌ و ده‌یه‌وێت بێته‌ ده‌ره‌وه‌.
9- خه‌مۆكیی باوك له‌ شیعری یه‌كه‌مدا یه‌كسانه‌ به‌ كاغه‌زی زه‌ردی ئێمه‌ی شیعری حه‌مام.
10- كڵاوی باوك له‌ شیعری یه‌كه‌مدا پاڵده‌كه‌وێت و له‌ شیعری حه‌مامدا گۆی زه‌وی له‌ ده‌ستی ده‌خزێت.
11- كڵاوی ڕه‌ش، مووسی خراپ و سه‌رلوولدان له‌ شیعری یه‌كه‌مدا یه‌كسانن‌ به‌ عه‌بایه‌كی ڕه‌ش، بزماری ژه‌نگاویی و هه‌ڵواسران.
12- هه‌ردووكیان هه‌مان منداڵیین، زمان منداڵییه‌، ڕوانین تێكه‌ڵه‌ له‌ منداڵیی و ترس كه‌ له‌ گه‌وره‌ییدا له‌به‌رده‌م ئه‌و دیمه‌نانه‌ی منداڵییدا هه‌بوون، سه‌راسیمه‌ و په‌شۆكاوه‌.
13- له‌ هه‌ردووك شیعره‌كه‌دا منداڵییه‌كی بچووك و گه‌وره‌بوونێكی منداڵییپێوه‌ماو هه‌یه‌.
14- له‌ هه‌ردووك‌ شیعره‌كه‌دا منی شاعیر لاته‌ریك و ده‌نگێكی كزه‌، ڕۆڵی زه‌ق نییه‌ و له‌به‌رده‌م ڕووداوه‌كانی منداڵییدا كه‌ ئه‌و ده‌م وه‌ك كایه‌ بینیونی، به‌ڵام له‌ گه‌وره‌ییدا له‌نێوانیاندا له‌ بزربوون و هه‌ڵاتندایه‌.
15- دوا كۆپله‌ی هه‌ریه‌ك له‌ شیعره‌كان، منی شاعیره‌، كه‌ له‌ یه‌كه‌میاندا گه‌ڕان و بزربوون هه‌یه‌ و له‌ شیعری “حه‌مام”دا خۆدۆزینه‌وه‌/هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌. هاوكات كۆتاییی هه‌ردووكیشیان وێنای ئازار نیشانده‌ده‌ن‌.

ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌ چه‌ند خاڵێك بوون نه‌ك هه‌مووی، كه‌ په‌یوه‌ندیی هاوخوێنیی له‌نێوان ئه‌م دوو شیعره‌دا نیشان ده‌ده‌ن. چه‌ندین خاڵی لێكجیاوازیشی تێدایه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ وه‌ك دوو شیعری سه‌ربه‌خۆ، ده‌وڵه‌مه‌ند، ته‌ڤله‌هه‌ڤ و پر له‌ جوانیی ببینرێن.

ماویه‌تی…

بەشی یەکەم…




تاریکی عەرش… پشکۆ ناکام

یەن و بۆنی دەمت ئەکەن
نە بادا ووتبێتت: خۆشم ئەوێیت
یەن و دڵت ئەگەڕێن
نە بادا بڵێسەی عەشقی تیا شارابێتەوە
” احمد شاملو “
……. كاتێک “سەردەشت عوسمان ” چوو بۆ زانکۆ ، دونیای لەبەر چاوا گەورە و جوانتر بوو ، لە گەڵیشیا خەون و ئارەزوەکانی قوڵ و بەر فراواتر بوو کە وای لێکرد سەرگوزەشتەی خەیاڵ و ئەندێشەی بە نووسین داڕێژێت… لای ئەو ئازادی بیر کردنەوە سنووری نیە و گەر تەنها بە خەیاڵیش بێ ئەتوانێ بە فڵچەی فانتازیا تابلۆیەک بۆ ئینسان و ئەندێشە دروست بکا…
( لە سەردەمێکا ئەژین هەموو شتێک لە ئینسان گرانترە…….داریوش ئیقبالی…)
سەردەشت پێ ی وابوو ئەوەی لە ئەندێشەی ئینسانا ئەگوزورێ گەر وەکو واقیع نەیەتە دی خۆ ئەتوانێ تەرجەمەی کاتە سەر چەن دێڕێک ، کە ئینسان خاوەنی مێشک بێ ئەشبێ دەربببڕێ و لای هەر کەسێک بە شێوەی جیاواز ، دەنا ئەو هەموو بیرکردنەوانە بێ دەربڕین مێشک دووچاری جەنجاڵیەک ئەبێ کە عاقیبەتەکەی خێر نابێ….بەڵام ئەو دوور بوو لەوەی بزانێ لە شارەکەی ئەو هەوای زانکۆش لەژێر چاودێریایە و بۆ قامچی بەدەستەکان زانکۆ و ماڵ و ژن و پیاو و زیندان هیچ جیاوازییەکی نیە ، بۆ بیرکردنەوە و خەیاڵ بەسەربردنیش ئەبێ مۆڵەتی دەسەڵاتدارە مێشک بەتاڵەکان وەربگریت بەو مەرج و داڕشتنانەی بۆ خاوەن مێشک چالاکەکان دانراوە ، بەڵام خۆشەویستی سەردەشت بۆ ئازدی بیرکرنەوە و خستنە قاڵبی نووسینێکەوە نەیهێشت درک بە مەترسی هەنگاوەکانی بکا و زەردەخەنەی خۆی تێکەڵ بە ڕستەکان کرد ، سەردەشت بە پەیژەی خەیاڵا سەرکەوت تا گەشتە عەرشی سەرۆک و داوای کچەکەی کرد ، نەیزانی لە عەرشەیا خاوەنی ئەو جۆرە بیرکردنەوانە ئەبێ گل بکرێنەوە و تەختی ئەرز بکرێن..!! ئەو تەنیا لە خەیاڵی خۆی و بە دڵنیابوون لە مافی خۆی بۆ خەیاڵ پەیژەکەی دروست کرد و دژە ئینسانەکانی عەرشيش بە واقیع ..بە کردەوە نەک بە خەیاڵ سزای سنوور بەزاننیان پێ گەیان و تێرۆریان کرد ، ئەمەش جیاوزی نێوان خەیاڵی ئازادی خواز و تۆڵەی ئەهلی عەرش و دەسەڵاتە ، سەردەشتی بە هەڵپە بۆ دەربڕینی خەیاڵەکانی هەرگیز لە بیری ئەوەیا نەبوو باجی سەرکێشییەکەی و گەشتنە عەرش خوێنی خۆی ئەبێ و پەیژەکەش سوور دائەگەڕێ…لەو نیشتمانەی پێ ی ئەووترێ ” خاکی کورد”..!!! ئینسانەکان ئەبێ لە کاڵا و شت و مەکی بازاڕ باجی زۆرتریان لەسەر بێ ، باجی نووسین..باجی بیرکرنەوە،،باجی خەو بینین..باجی لەسەر پێ ی خۆت وەستان..باجی چرپە چرپ..باجی خوێننەوەی ڕۆژنامە قەدەغەکراوەوکان ..هتد..لە هەمووشی قورستر باجی خەیاڵ کردنەوە لە گەیشتن بە عەرشی سولطان..
گەرچی جەللادەکانی عەرش سەردەشتیان تێرۆر کرد بەڵام چونکە لە ناخا ئەوەنە لاواز و ترسنۆکن، زاتی ئەوەیان نەکرد لە شارەکەی خۆی سەردەشت بکوژن ، دوای ڕفانی
لە شوێنێکی دەیان کيلۆمەتر دوور لە زانکۆوە فەرمانی عەرشیان بە جێ گەیان و وەک ئەوترێت” پیاوکوژ لە سێبەری خۆشی ئەترسێت ” ئەوانیش هەموو هەولێریان لێ بوو بوە سێبەر ، سێبەری ترس و عەرش و خوێن و دەم کوت کردن بەرامبەر بە ڕووناکی….. ، ڕووناکی ئازادی ئینسان ، ڕووناکی بیرکردنەوە و نووسین و دەربڕین …، ڕووناکی ئەقڵ بەرامبەر بە مێشکی ووشک هەڵگەڕاو …. ڕووناکی سەردەشت بەرامبەر بە تاریکی عەرش…

پشکۆ ناکام




بۆ ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان… نەوزاد بەندی

نەیشکوژرایە ،
ئێستا لە برسا مردبوو ..
بۆ هەندەران ڕایکردبوو ،
یان ئیجە ڕۆحی بردبوو. .
یەک هاوکێشەن ،
ژیان و مردن ..
دانیشتووی هەر هەمان بێشەن ،
ئەوانەی ڕاو نەکراون و
ئەوانەی کە ڕاویان کردن ..

چەند جێی داخە ،
لە مەملەکەتی قاچاخچی ..
پێویست بێ ببی بە نێچیر ،
بۆ کۆمەڵێ کۆلکە ڕاوچی !

جێی داخە ..جێی گینگڵدانە ،
شارەکەت پێ بفرۆشنەوە و ..
کە تەماشا کەی زیندانە ..
هەمووی قولاپ و
جەلاد و ..
کەرەستەی
ئەشکەنجەدانە…

نەیشکوژرایە ،
ئەبوو بە چی ؟
لەکاتێکدا لە ئەشکەوتا ،
بوون بە شت ،
بۆ کوڕی هەژار ،
خۆی تاوانە ..!

4/5/2020




کتێب/ هەورامی گۆڤەرێکی رەسەنی زمانی کوردییە

نووسینی: پ.د. هۆگر مەحموود

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن…




چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان -4- رەسوڵ بەختیار

(4)

دوورکەوتنەوە لەشەقامە بازنەییەکان واتە دووری لەهەموو شتێک، ساتێک دوور بکەویەوە، وا دەزانی چەند رۆژێکە، لەشەقامە بازنەییەکان دووری، هەیە وادەزانی بەشێک لەگیانی ونە، بۆیە بەهەڵەداوان دەیەوێ بگەڕێتەوە نێو ئەو شەقامە بازنەییانە، هاوکات ئەم دوورییە زۆر بەئازارە، کەچی ناتەوێ بۆ جارێکی دیکە نزیکەکانی خۆت ببینیەوە، ئەو نزیکانەی بەشێکن لەخەم و هەردەم خەم و خەفەتت بۆ دروست دەکەن، ئەوانە بەشێکن لەگێژاوەی نێو کۆمەڵگە، خۆشیان بەپیاوچاک و باوەڕدار دەزانن، کەچی گەردێک باوەڕ و دادپەروەریان لەناخ و مێشکدا نییە، ئەی هەر ئەوانە نین، پشتگیری لەدەسەڵاتی خراپ دەکەن، بەناوی نیشتمانپەروەر زوڵم و زۆری لەنێو نیشتماندا دەهێننەئارا، گەردێک خۆشەویستی لەدڵ و دەروونیاندا نییە، لەکاتێکدا خۆشەویستی چیرۆکێکی دورودرێژی هەیە لێرە،، لەو سەردەمانەی خۆشەویستی نیشتمان وای لەخەڵکەکە کردبوو رووبەڕووی دوژمنان ببنەوە.
خۆشەویستی لەتەک ئەوەی مانای پاکی و گومان و باڵایی دەبەبەخشێ، بەڵام زۆر بەکەمی دڵدار و ئەویندارەکان دەگەن بەیەک، ئەو ئەوێندارانە لەتەک ئەوەی کێشەیان لەگەڵ خودی خۆیان هەیە، کێشەیان لەگەڵ هەموو دەوروبەرەکەشیان هەیە. سەردەمانێک بەهۆی تەماشاکردنێک کێشەی گەورە رووی دەدا، ئەگەر بهاتبووایە، بزاندرایە، دوو ئەویندار لەباخچەیەکی نزیک لەشەقامە بازنەییەکان ژووانیان هەبووە، ئەوا دوای چەند کاتژمێرێک لاپەڕە درۆزنەکان بەند و بالۆری سەیریان دەکوتی، کە ئەویندارەکان باوڕیان نەدەکرد، ئەو هەموو سینارێۆیە لەپای چی بووە. وایان دەزانی ئەوان پاڵەوانی فیلمێکن، کەچی ئەو پاڵەوانانە تەنیا چەند کاتژمێرێکی دیکە دەتوانن پێبکەنن، ژیان لەم خاڵەوە بەرەو مەترسی دەڕوا.
ئاڤێستا باوەڕی نەدەکرد تووشی ئەم گێژاویە ببێ، چونکە باوک و برایەکی چەکدار هیچ کات ئەو بەزم و رەزمە قبووڵ ناکەن. ئەو برا و باوکانە زۆرن، خۆیان بەپیاو دەزانن، هەردەم خۆیان بەپیاوی سوڵح دەزانن. کارژین، لەگەڵ ئەوەی کەیفی بەهەموو سینارێۆیەکان دەهات، بەڵام دەیزانی داهاتوویەکی ترسناک چاوەڕێی دەکرد، بۆیە ئەویش پەنای بردە بەر مام و خاڵە چەکدارەکانی دیکەی چەندین بیانووی دەهێنایەوە و خۆێ بێ بەری دەکرد، لەهەموو شتێک، لەدواتردا مام و ئامۆزا چەکدارەکانی رازی کرد تا لەگەڵ باوک و برا چەکدارەکانی ئاڤێستا بدوێن، دوای کێشمەکێشمێکی زۆری نێوان هەردوو لایەنی چەکدار، بەتوڕەییەوە، لەسەر ئەوە رێککەوتن تابێ بەهیج شێوەیەک نەکچە و نە کوڕە پەیوەندییان بمێنێ، هەر کەس بەڕێی خۆیدا بڕوات، هەر کاتێکیش ئەمە دووبارە بۆوە، ئەوا جێگەی قبووڵ نییە، بەمشێوەیە کچە و کوڕە هەتا لەبینینی یەکتریش بێبەش دەکران، نەدەبوایە لەسەر شەقامە بازنەییەکانیش چاوان لەبەرامبەر یەکتر بەرزبکەنەوە.هەموو ئەوێندارە یاخیبووەکان، لەرووداوێکی تەماویدا کۆتایی بەژیانیان دێ، نەخاسمە کچ بێ، بەشانازییەوە لەلایەن برا و باوک و ئامۆزا چەکدارەکانەوە دەکوژرێ، نەوەک خەڵک بەبێ شەڕەف سەیریان بکەن و پێیان بڵێن نەیانزانی منداڵەکانیان پەروەردە بکەن. کەچی بۆ خۆیان ئاساییە لەگەڵ کچە سووری و لوبنانی و بیانییەکانی دیکە رابوێرن. کێشەیەکی دیکە، ئەم کێشەیەش لەدێرزەمانەوە یەخەی خەڵکی شەقامە بازنەییەکانی گرتووە، کچی هەندێک خێڵ و هۆز تەنیا دەبێ شوو بەکوڕانی هۆزی خۆیان بکەن، بەتایبەتی ئەوانەی خاوەن هێز و پارەن، ناکرێ کچێکی دەوڵەمەند شوو بەیەکێک بکات، لەهۆزێکی دیکەیە و باری ئابووریان کەمێک لەخۆیان نزمتر بێ.
کاتێک یەکێک لەو کچ و کوڕە یاخیبووانە خەڵتانی خوێن دەکرێ، هەموو ئەوانەشی دەستیان لەو تاوانە هەیە ئەوانیش دەنگیان بەرز دەبێتەوە دژایەتی ئەمجۆرە توندوتیژییە دەکەن، ئەمجارەیان داوای گۆڕان و وەرچەرخانی کۆمەڵگە دەکەن، تا لەو بۆتەیە دەربچن.
کێشەکە بەم دەنگ بەرزکردنەوەیە دانامرکێتەوە، بەڵکو گرفت و ناکۆکییەکان دەست پێدەکات، دواتر هەموو لە لاپەڕە درۆزنیەکانیان باس لەدابونەریت و پاکی و هاوسەنگی کۆمەڵگە و رەوشت دەکەن، ئەوەش لەبیر دەکەن خۆیان یەکێکن لەو قوربانییانە.
دوای ئەوەی کێشەی ئاڤێستا و کارژین پەرەی سەند، پاش چەند رۆژێک لاپەڕە درۆزنەکان فرمێسکیان دەڕشت، کە کچ و کوڕێکیان خەڵتانی خوێن کرد و جوانە مەرگیان کردوون، دانیشتنی هەردوو لای چەکدار تەنیا درۆیەک بوو، باوک و برای چەکدار سەرەتا ئاڤێستایان کوشت، دواتر کارژینیان لەنێو ماڵ دەرهێنا و لەپێش چاوی دایک و باوکیان کوڕە گەنجێکی بیست ساڵەیان کوشت.
سەرەڕایی ئەو هەموو پێشکەوتنە و خۆ بەرۆشنبیر زانین، کەچی رۆژانە قوربانییانی وەک کارژین و ئاڤێستا دووبارە دەبێتەوە، کارژین تەمەن بیست ساڵە قۆناغی دووەمی کۆلیژی هونەرە جوانەکان، ئەو زۆر حەز و ئارەزووی لەمیوزیک بوو، بۆیە لەبەشی میوزیکدا یەکێک لەو قوتابی و خوێندکارە زیرەکانە بوو، لەلایەن هاوپۆل و مامۆستایانی بەش زۆر خۆشەویست بوو، ئەو هەردەم بەئامێرە میوزەکەکەی لەنێو شاردا دەسوڕایەوە، هەتا رۆژانی پشووش هەر ئاوێزانی ئامێرەکەکەی دەبوو، زۆرجاران لەچایخانە و شوێنە گشتییەکان میوزیکی دەژەنی، ژەنینی میوزیکەکەی دەبووە خۆشحاڵی ئامادەبووان. چیرۆکی خۆشەویستی کارژین و ئاڤێستا بۆ قۆناغی ئامادەیی دەگەڕێتەوە، بەڵام لەزانکۆدا زیاتر یەکتریان ناسی، لەکۆلیژ و پۆلدا کەس بەو پەیوەندیەی نەدەزانی، زۆر بەنهێنی یەکتریان دەبینی، هەردەم لەچاوانیان دەخوێندرایەوە، کە داهاتوویەکی باش چاوەڕوانیان ناکات، هەمیشە دایکی ئاڤێستا دەیگوت: نەکەی تووشی بەڵایەکمان بکەی، تا کۆلیژ تەواو دەکەی باس لەبابەتی غەرامیات مەکە.
ئاڤێستا: (بەپێکەنینەوە) دایە مەترسێ، هیچ شتێکی وام نییە.
دایکی ئاڤێستاش بەو قۆناغەدا تێپەڕیووە، بەڵام زوو زوو ئەویندارەکەی نێو شەقامە بازنەییەکانی جێهێشت، ئێستاش لەشارێکی دوور دەژی.
دایکی ئاڤێستاش بەفەرمان و رازیبوونی باوک و براکانی شووی کرد، هەرچۆنێک بێ، هەموو ئەوانەی باس لەو کێشەیە دەکەن، خۆشیان لەباوک و برای ئافێستا باشتر نین، چونکە کاتێک باس لەشارەکانی دیکە دەکەن، بڕوایان بەڕەوشتی کجان و ژنانی ئەو شارانە نییە، شتێکی وا سەبارەت بەئازادی کچان نازانن، لەلای ئەوان تەنیا قسەی گەورە و بێ ناوەڕۆک هۆیەکە بۆ دەربازبوون لەهەموو ئەو شتانەی لەدەوروبەریان روو دەدا.
کاتێک خەڵک بەگشتی گوێبیستی کوژرانی ئاڤێستا و کارژین بوون، زۆر تاسان، بەتایبەتی کەسانی شوێنە گشتییەکان ئەو شوێنانەی کارژین میوزیکی تیادا دەژنی.
دەبێ ئەوەش بڵێن، هەموو شەقامە بازنەییەکان هەمان کلتوریان نییە، دابەشبوونی شەقامە بازنەییە سەرەکییەکان چەندین هۆکاری لەپشتە، زۆرێک لەوانەی لەشوێن و گوندە دوورەکان هاتوون، ئەو شەقامە بازنەییە لاوەکییانەیان هەڵبژاردووە، کە رێگاکەی بەرەو شوێن و شار و گوندەکانی خۆیانە دەڕوانێ، هەندێک بازنە هەیە خۆشویستی و ئەوینداری تا رادەیەک بۆ کچ و کوڕانیان ئاساییە، بەمەرجێک هەردوو خانەوادە بەو پەیوەندییانە بزانن، زۆر ئاساییە بۆ کۆلیژ لەگەڵ یەکتردا بچن.
ئەو جۆرە دابەشبوونە وەنەبێ هەڕ لەخۆڕا هاتبێتەکایەوە، بەڵکو لەدێرزمانەوە هەر وابووە، مێژووی ئەم دابەشبوونە بۆ چەندین سەدە دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لەسەردەمی عوسمانییەکانەوە سەری هەڵداوە، کاتێک عوسمانییە دەسەڵاتدارەکان خۆیان لەخەڵکی گشتی جیاکردەوە، تەنیا ژن و ژنخواریان لەگەڵ نزیکەکانی خۆیان دەکرد، کاتێک کوڕە هەژارێک دڵی بەیەکێک لەکچانی ئەو خانەوادانەوە بوو، تەنیا بەزانینی لەلایەن یەکێکەوە، کوڕەیان دەهێنا دارکاریان دەکرد، سەرەڕایی ئەوەی کچە دەپاڕایەوە، کەهیچ پەیوەندییەکی لەگەڵدا نییە، بەڵام ئەو پاڕانەوە دادی نەدەدا، زۆرجار خانەوادەی کوڕەکەیان شار بەدەردەکرد.
لەلایەکی دیکەوە دابەشبوونەکان شێوەیەکی دیکەی بەخۆیەوە دەگرت، ئەوانەی لەگەڵ عوسمانییەکان خزمەتیان دەکرد، لەگەڵ رۆژگاردا فێری تورکی بوو بوون، ئەوانە لەبنەڕەتدا لەهۆزە کوردییە رەسەنەکان بوون، بەڵام دواتر نکۆڵیان لەرەسەنایەتی خۆیان کرد و بوون بەتورکمان، هەموو ئەمانە لەبازنەی یەکەمی شاردا دەژیان، وایان لەمنداڵ و نەوەکانیان کرد، هەر بەتورکمانی قسە بکەن و بدوێن، لەبنەچەی هەر کامێکیان بکۆڵیتەوە، خەڵکی گوندێکە و بەکوولەمەرگی گەیشتۆتە بازنەی یەکەمی شار دواتریش لەگەڵ عوسمانییەکان دەستی تێکەڵ کردووە و بوونەتە سەرباز و خزمەتکار، زۆر بەکەمی یەکێکیان باش کاتبی یەکێک لەسەرا و قشەڵەکان بووە، تەنیا بەردەست و خزمەتکار بوونە، بەڵام بەهۆی کۆچی جووەکان، ئەوانە دەوڵەمەند بوون و بوون بەپیاو ماقووڵی بازنەی یەکەمی شار، هەتا وایان لێهات دژایەتی بازنەکانی دیکەی شار بکەن، لەتەک گۆڕانی سەردەمەکان زۆرێک لەوانەی لەبازنەی یەکەمدا بوون گواستیانەوە بۆ بازنەی دووەم، وایلێهات کاریگەری هەبێ بەسەر خەڵکی رەسەنی بازنەی دووەم، هەروا زۆرێک لەمانە لەگەڵ رژێم و سیستەمە یەک لەدوای یەکەکان دەستیان تێکەڵ کرد، هەمیشە دژایەتی خەڵکی رەسەنیان دەکرد، بەڵام ئەمجارەیان بوون بەخوێندەوار خۆیان بوون بەسەرکار، دیارە بەردەوام دژایەتی خەڵکی ڕەسەنیان دەکرد، خەڵکە رەسەنەکەش وەنەبێ سڵ بکەنەوە بەرامبەریان، بەڵکو هەموو شێوەیەک بەرپەچیان دەدانەوە، ئەمەش تا ساڵی پەنجاکان ئەم کێشانە لەو پەڕی دابوو.
خەڵکی رەسەنی ئەم شارە کوردن، سێ بەش و نیوی شارەکە خەڵکە رەسەنەکەن، ئەوانی دیکە بەشێکیان کلدان و ئاشوورن، خەڵکێکیش بۆ سامان و دەسەڵات خۆیان کردۆتە تورکمان، وەنەبێ لەنێو بازنەکان تورکمان نەبێ، بەڵکو لەسەدا دووی بازنەی یەکەم تورکمانن، ئەوانەشن کاتی خۆی لەئازەربایجانەوە بەشێکیان بەهۆی جەنگ و برسییەتی ئاوارە بوونە ئەم بازنەیە، ئەم بەشەیان کارامە بوون لەپیشەکان وەک چەغماخچی و دەباغ و دارتاش و قەساب.
هەروا کەسانێکی بەتوانا و خوێندەوار لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیست لەوڵاتانی دەوروبەر خوێندیان و بڕوانامەی بەرزیان بەدەستهێنا، هەندێک لەوانە نیشتمان پەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەکەیان کەوتە مێشک و هەموو هەوڵێکیان دەدا ژیانیان لەپێناو سەربەخۆیی بەخت بکەن، بەڵام هەوڵەکانیان زۆر بڕی نەکرد، تەنیاش بووە بەشێک لەمێژوویەکی درەوشاوە.
خانووی نێو شەقامە بازنەییەکان لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەم و تا نیوەی یەکەم زۆربەی بەقوڕ دروستکرابوون، تەنیا خانووی دەوڵەمەندەکان نەبێ لەکەرپووچ دروستکرابوو، بەڵام خانووی جووەکان زۆربەی لەبەرد و کەرپووچ بنیاتنرابوو، دیارە خانووی هەژارەکان تەنیا ژوورێک و بەرهەیوانێک بوو، بەڵام خانووی دەوڵەمەند و جووەکان دوو نهۆم بوون، لەتەک ئەوەی خۆی لەچەندین ژوور دەنواند، خانووەکانی بازنەی یەکەم دەیڕوانییە دەشتاییەکان، خانووی جووەکان لەخوارەوە بوو، بازاڕیان بەتەواوی لەژێر دەستدابوو. ئەوەی سەیرە خانووی جووەکان بەردەکانی گەورە و پان بوون تا لەزستاندا ژوورەوە سەرما نەبێ و لەهاویندا تینی گەرما نەگاتە ژوورەکان.
شلۆمۆ تەمەن پەنجا ساڵ هەموو کات لەگەڵ هاوڕێ موسڵمانەکانیدا باسی لەوە دەکرد، ئێمە لەهەموو شتێک لەئێوە زیرەکترین: سەیرەکە لەکاسبیدا هەردەم ئێمە زیاتر قازانج دەکەین،لەگەڵ ئەوەی هەموو شتێکمان هەرزانترە، ئێمە کاتێک فەردە شەکرێک بەکیلۆ دەفرۆشین بەهەمان نرخ دەیفرۆشین، چەند قرۆشێک قازانج دەکەین، دوای تەوابوونی فەردە شەکرەکە، ئێمە سوود لەگونیە و فەردە شەکرەکە دەبینین یاخود دەیفرۆشین، ئێوە هەردە سەرسوڕمانن چۆن دەتوانین کیلۆی شەکر بەهەمان نرخ دەفرۆشین، ئێوە فێری کاسبی نابن، تەنیا دەزانن جوێن بەئێمە بدەن.
شلۆمۆی دوکاندار لەبازنەی یەکەمی خوارەوە لەخانوویەک دەژیا، هەموو خەڵکە دەوڵەمەندەکەی بازنەی یەکەمی سەرەوە ئێرەییان پێدەبرد، ئەویش زۆرجار بەتەوسەوە بەبرادەرە مووسڵمانەکانی دەگوت: ئێوە نازانن لەخانوویەکی خۆشیشدا بژین، تەنیا دەتوانن پارە کۆ بکەنەوە لەبەینی دەرز و دەلاقەکانی دابنین، کاتێکیش دەچن پارەکە دەربهێنن لەبیرتان دەچێ لەکوێ شاردیتانەوە، بۆیە دوای ماوەیەک هەموو پارەکەتان،دەڕزی، کاتێکیش دەیدۆزنەوە بەکەڵکی هیج نایەت.
مامۆستا پۆڵس لەبازنەی دەرەوەی ناوەندی شاردا دەژی، ئەو هیچ کات هەستت نەدەکرد کریستیانە، تەنیا بەناوەکەی جیا دەکرایەوە، ئەو کلدانی بوو، بەقسەی خۆی ئەو باوەڕدارە و هەردەم دەچێتە کڵێسا، وەک مامۆستای بیرکاری لەپۆلدا زۆرجار ئاین بیرکاری لەیەکتر نزیک دەکردەوە، ئەو دەیگوت : ژمارەی یەک زۆر گرنگە، چونکە هەموو شتیک لەسفرەوە دەست پێدەکات، کە گەیشتییە ژمارە یەک واتە هەنگاوی گەورەت ناوە، ئەوەتا خوا تەنیایە و یەکە، خوای هەمووشمانە، دەکرێ ئێمە هەردەم خوامان لەبیر بێ.
مامۆستا پۆڵس زۆرجار لەگەڵ مامۆستا مووسڵمانەکان گفتوگوی ئاینی دەکرد، کاتێک مامۆستا مووسڵمانەکان قسەی مامۆستا پۆڵسیان نەدەسەلماند، ئەو دەیگۆت: ئێوە باوەڕداریتان لاوازە.
مامۆستا مووسڵمانەکانیش بەپێکەنینەوە دەیانگوت :بەڵێ کەسێکی گاوەر نابینی چ باوەڕدارێکی بەهیزە.

رەسوڵ بەختیار




لە قیامەتیش هەر مرۆڤایەتی ئایین و ڕێگا و ڕێبازی منە… ! شەماڵ بارەوانی

جیرانێکی ئازیز، کەکاتی خۆی و سەردەمی منداڵیم، کە ماڵمان لە دێی (بارەوان)بوو، هەموو قورئانم لای ئەو خەتم کرد
لە کۆمێنتێکدا لەسەر بابەتێکم، کە لە ڕۆژنامەی(ڕێگای کوردستان) و ماڵپەڕی(دەنگەکان)بڵاو بووەوە. ئەو کۆمێنتەی بۆ بۆنووسیبووم:
سەیدا بابەتەکەم تەواو خوێندەوە هیچ سوودم لێی نەبینی، تاکە دێڕ سەرنجی ڕاکێشام ئایەتی قوران بوو کە هەندێک یادگاری تۆمی بیرخستەوە کە لەسەر خانوو دەنووستین، ئەوکات شەو خەبەرم دەبوویەوە، لایت چەرخێکم دەبینی دێت و دەڕوا، بەیانی زوو خەبەرم دەبوویەوە، بە هەمان شێوە کە جەنابت خەریکی لە بەرکردنی قوران بووی، چەندە کەسێکی مەحبوب و جوان بووی، چەندە کەیفم پێت دەهات چەندە متمانە پێکراو بووی، لە ناو خەڵک حەسودیم پێت دەهات کە کەسێکی وەکوتۆ لێدەرنەچووم.
بەڵام بەداخەوە ئێستا بوویتە کەسێک کە تەواوی ژیانمان و بیرکردنەوەمان جیاوازە لەیەکتری.
هیوادارم ڕۆژێک بێت و بتبینم گەڕاویتیەوە هەمان ڕێگا و دان بەوە دابنێیت و بڵێیت: جوانترین ڕێگایە بۆ ژیان مردن. بمێنی بەخێر سەیدا هیوادارم ڕەخنەکەم بەسنگێکی فراوان وەرگری..

منیش ئاوا وڵامم دایەوە:
بێگوومان ڕەخنە لای من پیرۆزە..
ڕەخنەنەبێت بیربۆگەن دەکات و ژیان دەوەستێت..

بۆ ئەوەش کەدەڵێیت سودی نەبوو، هەڵبەت ئەوە بۆچوونی خۆتە و دواتر من بەسەرهاتێک و کۆمەڵەک زانیاریم سەبارەت بە پێوەری جوانی لەکۆمەڵ و کلتورو سەردەمەجیاوازەکان خستووەتە ڕوو، دەکرێت لای تۆ سودی نەبێت و لای خەڵکی ترهەی بێت.

بۆ ئەوەش تەنها ئایەتەکەی قورئانت بینی!

قورئان دەڵێت(الَّذِينَ يَسْتَمِعُونَ الْقَوْلَ فَيَتَّبِعُونَ أَحْسَنَهُ ۚ أُولَٰئِكَ الَّذِينَ هَدَاهُمُ اللَّهُ ۖ وَأُولَٰئِكَ هُمْ أُولُو الْأَلْبَابِ)، ئەو القول)ـە، هەر قەولێک و گوتنێکی جوانی هەر فەیلەسوف و بیرمەند و زاناو وێژەوان و کەسێک بیت، دەبێت سەرنجمان ڕابکێشێت. ئینجا قورئان باسی پلورالیەتی(فرەیی) ئایینی کردووە و ئەوانەیتریش بە ڕاست داناوە.

هەڵبەت من گاتاکانی زەردەشت و دەقەکانی ئینجیل و فەلسەفەی ئەخلاق لای بوداو گووتەکانی ئۆشۆ و دالارمێ و مارکس و مەسیح و هەموو ئەو بیرمەند و ڕیفۆرمخواز و زانایانەش دەبینم، کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی خزمەتی ژیان و شارستانیەت و مرۆڤایەتیان کردووە و گۆڕانکاریان دروستکردوووە و شۆڕشێکی ڕۆشنبیری و فیکری و مەعریفی و زانستی و هۆشیاریان بەرپاکردووە.

وەکوو کاکە پەیکار عوسمان وتەنی(نیوەی پێغەمبەرانی تەورات بخەرە لایەك و بە تەنیا سوقرات بخە لاکەی تر، سوقرات قورسترە، نیوەی پێغەمبەرانی قورئان بخە لایەك و بە تەنیا کۆنفۆشیۆس بخە لاکەی تر، کۆنفۆشیۆس قورسترە، کەچی پێمانوایە ئەمان کەسی پیرۆزن و ئەوان کەسی ناپیرۆز، لەکاتێکا ئەوانە هەر هەمان ناوەڕۆکن بە ناوی جیاوەو خۆ ئەگەر وا نەبێ، ئیتر خوا هی هەمووان نیەو هەر هی ئەم ناوچەیەبووە!

ئەسڵەن ناوەڕۆکەکە، لەدنیای نوێدا زیاتر دیارە، کەچی تۆ پێتوایە یارییەکە لە فڵاندا تەواوبووە! غاندی و مارکس و کانت و ، (زەردەشت) و کێ و کێیتری خۆمان.. ئەمانە بە پێغەمبەر بیانپێوی، زۆر لە پێغەمبەری ئاسایی قورسترن و لە ئولی عەزمەکانی مرۆڤایەتیین!.
خەتەره مرۆڤ: ژیان و گەردون ومرۆڤایەتی، تەنها لەڕوانگەی تاقە کتێبەکەوە ببینێت و بخوێنێتەوە…

دنیا زۆر لەو چاڵە فیکریەی کە ئێمە تێیدا خۆمان قەتیس و زیندانی کردووە، فروانترە.

ئینجا بۆ ئەوەش کە پێشووتر، تەنها لەبەر ئەوە خەڵکێک ڕێزی منی دەگرت، چونکوو سەر بەهەمان ئیدەلۆژیاو ئایینی ئەو بووم، وەلێ کە وا نەمام و گۆڕام، ئیتر ڕێزم نەگرێت.

ئەوە دیسان کارەساتە مرۆڤ بیرکردنەوەی وابێت.

ئینجا ئەزیزم،
ئەوە فەلسەفە و پڕەنسیپی منە:
کەگەیشتیتە من، ئایین و مەزهەب و نەتەوەو هەموو شتێکت بۆخۆت و لەگەڵ من تەنها مرۆڤ بەو بەس.
زیانت بۆمن نەبێت و دەست لەژیانی تایبەتیم وەر مەدە و ڕێز لەهەڵبژاردنەکان و ئازادیەکانم بگرەو بەس.

بوودا وتەنی حەزدەکەیت:بەرد بپەرستە، من عیلاقەم چییە!؟ بە مەرجێک:ئەو بەردە مەگرەمن،
بەو بەردە لە کەسایەتی وئازادی بوونی من مەدە.

ئینجا من لە مێژه بەیانم کردووە، کە
من ئایینم مرۆڤ دۆستی و ویژدان دۆستی و ژینگە دۆستی و سروشت دۆستی و نەتەوە دۆستی و ئاژەڵ دۆستییە و هیچ کاتێک لەسەر جیاوازی دید و بۆچوون و ئایینی جیاواز، ڕقم لەکەس نابێتەوە و هەرگیز، بەکەمیش سەیری هیچ کەسێک ناکەم و ڕێز لەهەموو مرۆڤێک(تەنانەت سەگێکیش) دەگرم و و هەموو مرۆڤایەتیم بێ جیاوازی خۆش دەوێت و جوانترین و ڕاسترین و پاکترین ئایینیش لای من، تەنها مرۆڤ بوونە و لێرە و لەقیامەتیش هەر ئەو ئایینی مرۆڤایەتیەش کۆتا ڕێگا و ڕێبازی قەتعی منە و
وەکوو گەورە سۆفیزم و عاریفی مەزن(ئیبنولعەرەبی) دەڵێم:لقد صار قلبي قابلاً كل صورة فمرعى لغزلان ودير لرهبان
وبيت لأوثان وكعبة طائف وألواح توراة ومصحف قرآن
أدين بدين الحب أنّى توجــهت ركائبه فالحب ..

وەکوو مەولاناش دەڵێم(حەقیقەت جامێک بوو شکاو هەرکەسەو پارچەیەکی بەرکەوت).
لەکۆتایید دەڵێم، دوای چەندین ساڵ، لە حوجرە و کۆڵێژی شەریعەو ماجستێری ئیسلامی و خوێندنەوە و بیرکردنەوەو تێڕامان و بەراورد کاری، ئەوەی من پێی گەیشتم و بۆم بەیان بوو، خۆزیا، بۆخەڵکی تریش ئاشکرادەبوو.

ئەوخەڵکەی کە ئایین و مەزهەبی تەنها لەڕێگای بۆماوەیی و ڕێکەوتێکی جوگرافی و؟تەبای عامێ دەچمه شامێ، وەرگرتووە.

بێگوومان ئەوکات بیرکردنەوە و تەسەوراتیان سەبارەت بە ئایین و زۆر چەمک و شتی تر دەگۆڕا و شێوازێکی تر و زۆر باڵاتر بیریان دەکردەوە و هەرگیز، لەو جوغزە تەسکەی هیچ مەزهەبێک و ئیدەلۆژیایەک و لە قاڵبی ئایینێکی دیاریکراودا، بیرو تێڕوانین و کەسایەتی خۆیان زیندانی نەدەکرد و ئەوکات دنیایان زۆرجوانتر و جیاوازتر و مرۆڤایەتیشان زۆر باڵاترو پیرۆزتر دەبینی..
ڕێزت هەیه کاکە کەنعان و ئەو یادگاریەشم لە بیرە. کە لەکاتی منداڵیم قورئانم لای تو خەتم کرد و هیوادار هەردەم سەرکەوتووبیت..




کۆشیعر/ شار بۆنی تۆی لێ دێت… فەرەیدوون سامان

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیئکی ئێرەبکەن…




خورافیاتی ئاشتی ڕاستەقینە ی نوح هەراری لە هۆمۆدیۆسدا… مەحمود عەبدوڵڵا

جەنگ بەشێکە لەسروشتی مرۆڤ ،بەگوێرەی تیۆری جینەکانی داوکینز بێت،ئێمە بەرهەمی جینەکانین،وە جەنگ لەبناغەی نەخشەی خیلقەت دا هەیە.ئێمە وادروستکراوین خۆپەرست بین،- جینی خۆپەرست- لەوبارەیەوە زانیاری سەرنج ڕاکێشی تێدا و زۆر خوڕافیاتی- سروشت -لەبارەی مرۆڤەوە پوچەڵ دەکاتەوە.ئەوەش هەواڵێکی ناخۆشی زانستی جینەکانە،بەڵام هەواڵی خۆشیش ئەوەیە کە لەبەرامبەر جینەکاندا -مێم هەیە،تیۆری مێمی داوکینز واقیعیە، واتا کولتور دەتوانێت کاریگەری لەسەر جینەکان دابنێت،ئێمە لەڕێگەی کولتورێکی باڵاوە دەتوانین بەسەر سروشتدا زاڵبین.
هەرچی سەرمایەداری و نیولیبڕالیزمە نکۆڵی لە کولتورێکی باڵا دەکات،بەڕەتکردنەوەی هەر جۆرە ئایدیۆلۆژیایەک و بە یەکچاو سەیرکردنی تەواوی دونیابینییەکان،گوایە مرۆڤ لە قۆناغی بان ئایدیۆلۆژیدا ناکۆکی نامێنێت ٫بەڵام ئەوە خوڕافیاتێکە وهیچیتر،مرۆڤی نائایدیۆلۆژیش دواجار بێ ئامانجە لەژیاندا کە نیچە مرۆڤی بێ ئامانج ناودەنێت دواین مرۆڤ سوکترین مرۆڤ. لە ڕوی سایکۆلۆژیشەوە بە گوێرەی دەرونشیکاری فرۆیدی کۆتایی جەنگ مەحاڵە و هەردو غەریزەی مەرگ و ژیان ململانێ دەکەن دیدێکی تاڕادەیەک قەدەر گەرایانەیە.پوختەی بابەتەکە ،قسەکردنە لەسەر گریمانەی بەرقەراربونی ئاشتی لەسەر بنەمای گۆڕانکاری لە ئابوریدا،بەگوێرەی بۆچونەکەی هەراری ،لەدوای گۆڕانی بنەمای ئابوری لەئابوری مادی پەتیەوە بۆ ئابوری زانستی،جەنگ ڕونادات،مەگەر لەوڵاتانی دواکەوتو لەڕوی ئابوریەوە،چونکە بەپێی ئەم گریمانەیە ئابوری پشتبەستو بەزانست پێویستی بەداگیرکردن نیە،زانست داگیر ناکرێت وەک کانە سروشتیەکان،بۆیە جەنگ لەنێوان چین و وڵاتانی تر زەحمەتە،بەنمونە چین لەڕێگەی کڕینی بەرنامەکانی کۆمپیوتەر قازانجی زیاتری دەستدەکەوێت،لەوەی پەلاماری کالیفۆڕنیا بدات .
بەباوەڕی هەراری زانست بنەمای ئابوریە،بۆیە بۆوڵاتێکی وەک چین ناواقیعی و شێتایەەیە پەلاماری کالیفۆڕنیا بدات،چونکە گەر سەریشبکەون لە سلیکۆن ڤۆلی کانی سلیکۆنی لێنیە،ئەوەی هەیە زانستی داتاو زانیاریە ئەلیکتریکیە مەجازیەکانە ئەم زانستەش بەجەنگ کۆنتڕۆڵ ناکرێت،بۆیە لەڕێگەی هاریکاری لەگەڵ زلهێزو زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژی بۆنمونە ئەپڵ مایکرۆسۆفت لەڕێگەی کڕینی سۆفتوێرەکانیان ملیۆنان دۆلاریان دەستبکەوێت.بێ ئەوی پێویست بەبژاردەی جەنگ بکات.ئەوەی لە ڕێگەی داگیرکاری ڕواندا دەستی دەکەوێت لەکۆنگۆ لەساڵێکدا ئەوا چین بەڕۆژێک دەستی دەکەوێت لە ڕێگەی مامەڵەیەک لەگەڵ ئەپڵدا.

بەگوێرەی ئەو خوڕافیاتە جەنگ لەنێوان فەرەنساو ئەڵمانیا ڕونادات چونکە لەڕێگەی پەیوەندی بازرگانی و بەرژەوەندی ئابوری دەتوانن ئاشتی درێژە پێبدەن،ئەمەش خوڕافیاتی لیبڕالیزمە کە قەدەری مرۆڤ دەخاتە دەست بازاڕ،کە کاهینەکانی بازاڕی ئازاد بانگەشەی بۆدەکەن،جۆرە ئاینێکە،ئاینی بازاڕ،ئەگەر نەڵێم ئاینی بازاڕی.ئەم قوتابخانە یەش هەموشتێک دەبەستێتەوە بە بازاڕەوە. ڕاستە لەڕابردودا جەنگەکان وەک برنارد لویس دەڵێت جەنگی ئیمان و تەماح بون،بەڵام ئیمان و تەماح هەردەمێنن،بازاڕ ی ئازاد ئەگەر نەبوبێتە ئاینێکی شەڕخواز،ئەوا نەشبۆتە جێگرەوەیان.
ئاشتی پشتبەستو بە ئابوری بازاڕ ،یان ئاشتی مۆدێرن،کە نوح هەراری ناوی دەنێت لەڕاستیدا خوڕافیاتە، مۆدێرنیتە ی سەرمایەداری فەتحکارو داگیرکارە ،جەنگ و جینۆساید لەبناغەی مۆدێرنیتەداهەیە ،بۆیە خەیاڵی ئاشتیەکی ڕاستەقینە ئەفسانەیەک یان حیکایەتێکی گەورەی ترە دوای کۆتای ی هاتنی حیکایەتەکانی ئیمان بە ئەقڵ و پێشکەوتن …و
جارێ بەرلەهەرشت دەوڵەتی مۆدێرن زانستی بۆحۆی قۆرغکردوەو ئەگەری نەک جەنگ ی کلاسیک بەڵکو خۆکوژی شێتانەشی زیاد کردوە.دەوڵەت وەک کۆمەڵگەی سەرو خودی زانستی کردۆتە ئامرازێک بۆ ئەنجامدانی دڕندەیی مۆدێرن نەک ئاشتی مۆدێرن.تەنانەت دامەزراوە زانستیەکانیشی بەلاڕێدا بردوەو بەگوێرەی ئامانجی بیۆدەسەڵات ڕاڤەی دیاردەکان و خودی مرۆڤیش دەکات. ئیتر لەسایەی مۆدێرنیتەدا نەک وڵاتانی خۆرهەڵات بگرە ئاشتی لە ئەوروپاش پایەدارنیە. حەزی داگیرکردن،داگیرکاری و فەتح لەگەڵ هێزی دەوڵەت پەیدادەبێت. هیچ شتێک هێندەی هێز و فیزی هێز پاساوی جەنگ و داگیرکری نادات. دەوڵەت خودی زانست داگیردەکات و کۆمەڵگەی لێبێبەش دەکات،مەبەستم بێبەشکردن لە دیاریکردنی ئامانجی بەکارهێنانی زانستە.بەرهەم هێنانی چەک ،بازرگانی چەک مەترسیەکی بەردەوامە .ئاشتی بەدینایەت تا بنچینەی یان بنەمای ئەوشارستانیەتە نەگۆڕێت،لەڕێگەی شۆڕشی گەلان و سنوردارکردنی دەوڵەت وەک ئامێری قڕکردن. پێشکەوتنی زانست و تەکنیک نابێتە گرەنتی ئاشتی ،تەنانەت هێندەی پڕۆژەکەی کانتیش.ڕاستە حەراری پێشبینی جەنگی نوێ دەکات ،بەڵام وەک شتێکی لاوەکی،بەڵام لەڕاستیدا گریمانی ئاشتیەکی پایەدار لەوەهم و حیکایەتێکی پڕوپوج زیاتر نییە. ئەو حکومەتانەی ئێستا کە لەدەست نیولیبڕاڵەکاندان لەڕاستیدا بریتین لە حکومەتی ئۆلیگاریشی دارایی .تەواوی چارەنوسی مرۆڤ خراوەتە ژێر چنگی تەماح و دیکتاتۆریەتی بورجوازی ،تەنانەت جەنگ و قڕکردن وەک یارییەکی شەیتانی وسەرگهرمکردن دەبینن. جەنگی ئۆکرانیا پێمان دەڵێت :بێ شۆڕشی گەلان و سنوردارکردنی دەوڵەت گیانەوەرە ئەفسانەییەکەی ناو تەوڕات مرۆڤایەتی ئایندەی نییە. دەوڵەت ئامرازی شەڕە تەنیا گەلان دەتوانن بەئاشتی بژین.شۆڕشی گەلان وەک هەوا بۆسیەکان بۆ ئاشتی و مرۆڤایەتی پێویستە. لەکاتێکدا گەلان ئیمانیان بەدەوڵەت لەدەستدا و لە پۆست مۆدێرنەدا دەژین ،ئاشتی لەسایەی شارستانیەتی سەرمایەداریدا،خوڕافیاتێکی کۆنی مۆدێرنە زیندو دەکرێتەوە.

مەحمود عەبدوڵڵا




هــەی لـچ قـەوی…! شەماڵ بارەوانی

بێگوومان سەرەتا دەمەوێ ئاماژه بەوە بکەم کە هەرکەسێک ئازادە، چۆن دەژیت و لە ژیانی تایبەتی خۆی چیدەکات و چ له لوت و دەم و لێو سنگ و سمتی دەکات و من هەرگیز ئەو مافەم نییە قسەی لەسەر بکەم و بڵێم تۆ بۆ سمتت پڕ سلیکۆن و لێوەکانت فیلەر و کوڵمەت بۆتۆکۆس دەکەیت و بێم و سوکایەتی و بێ ڕێزی پێ بکەم،

هەرگیز، ئەوە له گەڵ مۆڕاڵ و پڕەنسیپەکانی منی لیبڕال و سیکۆلار، کە باوەڕی تەواوم بە ئازادیەکانی مرۆڤ و ژیانێکی لیبڕاڵانە هەیە، یەک ناگرێتەوە.
بۆ ئەوەی کەس قسەکانم بە هەڵە وەرنەگرێت و خوێندنەوەی هەڵەی بۆنەکات و نەلێت تۆ چیت داوە لە ژیانی تایبەتی خەڵک و بۆ قسە لەسەر فیلەر و بۆتۆکس و سلیکۆنی ئەوانیتر دەکەیت.

ئەوەی من باسی دەکەم تەنها لەسۆنگەی گیڕانەوەی چیرۆکێکی ژیانی مناڵی خۆمە و هیچیتر.

ئینجا سەبارەت بە جوانی و ناشیرینیش، لای من هەموو مرۆڤێک جوانە و جوانی شتێکی ڕێژەییە.

چەمکی جوانی گەر لە کلتور و فەرهەنگی گەلان لێی بڕوانیت، هەریەکە و بە جۆرێک پێوەری بۆ داناوە و پێناسەی دەکات و هەر وڵاتێک پێوانە و پێوەر و ستانداردێکی تایبەتی بە جوانی هەیە، کە جیاوازه لە گەڵ وڵاتانی دیکە.

بۆیە پێوەری جوانی،
لە شارێک، لەگەڵ شارێکی تر و لە ناو گەلێک و لە دەڤەر و ناوچە و کلتورێک، لە گەڵ گەلێکیتر و دەڤەر و کلتورێکیکە. بە پێی دابوونەریتەکانیان جیاوازه.
بۆنموونە:
رێکوپێک بوونی ددانەکان لە زۆربەی وڵاتاندا وەکوو پێوەرێک بۆ جوانی لەبەرچاو ئەگیرێت، خەڵکێکی زۆر، پارەیەکی زۆر لە جوانکردن وڕێک و پێککردنی ددانەکانیان خەرج دەکەن،
بەڵام لە ژاپۆن ئەم بابەتە پێچەوانەیه. لەم وڵاتە ژنان ئەڕۆن بۆ لای پزیشکی ددان بۆ ئەوەی رواڵەتێکی شکاو و لار و خوار وئاڵۆز بە ددانەکانیان بدەن. ئەم مۆدێلە لە ژاپۆن پێی دەگوترێ “یائبا/ Yaeba”.

ژنانی ئیرلەندی بە گشتی برۆیان پان، پێستیان روون و لێویان باریکە.
پێستی سپی، لووتی بچووک و چاوی گەورە چەن پێوەرێکن کە بۆ ژنانی کۆریای باشوور زۆر گرنگە. بەڵام لەهەمووان گرنگتر فۆرمی دەموچاویانه کە ئەبێ هاوشێوە دڵ بێت.
بۆیە لەکۆریای باشور، بەربڵاوترین نەشتەرگەری ڕۆخساریانە بۆ سەرشێوەی دڵ.

ژنانی کۆریایی بۆ دەستەبەرکردنی روخسارێکی ئاوەها هەزاران دۆلار سەرف دەکەن.
لە وڵاتێکی وەکوو کینیای نوێ، کوتانی خاڵ، لەسەر ڕوخسار یەکێکە لە پێوەرەکانی جوانی. ژنان و پیاوان بەشێوەیەکی هونەر لەکەشە تایبەت و لەکەڕنەڤاڵەکان و فێستیڤاڵەکاندا، خاڵ لەسەر ڕوخساریان دەکوتن و پێیان وایە بوونی خاڵ لەسەر ڕوخسار ئەو کەسه جیاواز تر و سەرنج ڕاکێشتر و جوانتر دەکات.

لە وڵاتی ئێران بەربڵاوترین نەشتەرگەری، نەشتەرگەری لوتە.
لوتێکی جوان و ڕێک، گرنگترین پێوەری جوانییە
لای خانمانی ئەو وڵاتە.
پێوەری جوانی لەوڵاتانی ئەفریقیا، بە تایبەتی مۆریتانیا، قەڵەویە، ئەو ژنانەی قەڵەون و ڕێژەیەکی زۆر چەوری لەلەشیان دایە، جوانترین ژنن.
لە هەندێک شوێنیش کەم کێشی و کەمەرباریکی وەکوو بوکەڵەی (باربی) جوانترینە و کچ لەڕێگای نەشتەرگەریەوە شێوەی و کەمەر و لەش و لاری وەکوو باربی لێدەکات.

لە شوێنی تر ولاتی تر و لا خەڵکی تریش، سمتی خڕ و پڕ و قەڵەو، بۆ ئەو مەبەستەیش لە ڕێگای سلیکۆنەوە، سمتەکانیان قەبە و خرپن و پڕی هەوای دەکەن.

ئیدی ئاوایە ئەزیزم، تەنانەت
زۆرجار لە هەر سەردەمێکدا، شتکەلیک جوان و مۆد باوبوونە و دواتر و سەرەمێکی تر باویان نەماوە.
لەساڵانی هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لای خانمان، برۆی بەرز و باریک و قەوس و لێوی بادەمی و بچووک و هێڵکەیی مۆد و باوبووە.
خانمان لەڕێگای مێکاپ و سووراوەوە، لێویان باریک و دەمیان بچووک دەکردەوە، ئێستا پێوەرەکە ڕێک پێچەوانە بووتەوە و لێوی ئەستورو دەمی گەوره مۆدو باویەتیو کچان و خانمان لەڕێگای فیلەر و بۆتۆکسەوە، لێو دەمیان قەڵە و زل و لەشێوەی دەبدەبە عەیب نەبیت پڕ بادەکەن.

برۆکانیشان هەمووی دەکەن بـە تاتۆ.
بۆیە دەبێت ئەوە بزانیت کە لە وڵاتێکی وەکوو ئەسیوبیا، پێوەری جوانی جیاوازە، لەگەڵ وڵاتێکی تری وەکوونەروێژ، یان سوێد، یان فێنلەندا.
گەلی مورسی لە ئەسیوبیا، ژنەکانیان پارچە دارێک، یان پارچە ئاسنێکی خڕ، دەخەنەبەشی خوارەوەی لێویان، بۆ ئەوەی لێویان ئەستوور و درێژ دەربکەوێت.
چونکە وایان پێ جوانترە و مارەییەکەشیان بەو شێوازە زۆرتر دەبێت.

ژنان لەهۆزی(کایان) لە باکوری ڕۆژئاوای بۆرما، نزیک سنووری تایلاند خولیای ئەوەن ملیان وەکوو هی زەڕافەی درێژبێت و بە گرنگترین پێوەری جوانی دەبینن.

ئیتر بەو شێوەیە دەکرێت لای تۆچاوی شین جوان، لای چینیەکان چاوی هێندە بچووک، بەقەد جای مریشکێک. لای عەرەب کەواعیبە ئەترابە و چاوی گەورەو گەش و حۆرالعین، لای کوردیش شتێکی تر.

ئاوایە ئیتر، بۆیە هەرگز، ناکرێت تۆ بێیت و پێوەری خۆت سەبارەت بە جوانی لەخەڵکی بکەیت بە یاساو ئەقیدە و کۆتا پێوەر و هەمووشتێک و ئەوەی لەتێڕوانینێ تۆ و بە پێوانە و پێوەری تۆ جوان، یان ناشیرین بێت، دەبێت لای خەڵکی تریش وابێت.

باسی ئەوم کرد ئێستا مۆد مۆدی بۆتۆکس کردن و لێو ئەستورکردن و دەم زلکردنە،
ئەو پۆتۆکس و لێو ئەستوورکردن و پڕباکردنە، نەک هەر مرۆڤەکان، تەنانەت ئەوەتا بۆ ئاژەڵاکانیش دەکرێت و وەکوو ئەوەی لە هەواڵێکی ماڵپەڕی(خاک تیڤی)یەوە خوێندمەوە، باسی لەوە کردبوو کە:لە پیشبڕکێی هەڵبژاردنی جوانترین حوشترەکان لە عەرەبستانی سعودیە، چەند حوشترێک لە رکابەرییەکە دووردەخرێنەوەو مافی بەشداریکردنیان لێوەردەگیرێتەوە، ئەوەش بەهۆی بەکار‌هێنانی بۆتۆکس بۆ لێوی حوشترەکان لەلایەن خاوەنەکانیانەوە.

ئەم پیشبڕکێیە ساڵانە بۆ هەڵبژاردنی جوانترین حوشترەکان لە سعودیە ئەنجامدەدرێت، بەڵام دەیان حوشتر دوورخراونەتەوە، چونکە خاوەنەکانیان بۆتۆکسیان بۆ لێوی ئەو حوشترانە کردووەو جوانکارییان بۆ کردوون تا ببنە خاوەنی خەڵاتەکە کە بڕە پارەیەکی خەیاڵییە.)

ئینجا با بـێمەوە سەر ئەسلی بابەتەکە و ئەو بەسەرهاتەی ژیانی مناڵی خۆمتان بۆ بگێڕمەوە سەبارەت بە لێوەکانم،

جا بەحوکمی ئەوەی هی من عەیب نەبیت،
هەندەک ئەستوور و قەویه(لێوەکانم)دەڵێم، هەڵە حاڵی نەبن.
جا بەو بۆنەیەوە، لە بیرمە لەدێیەکەمان، سەرەڕای ئەوەی زۆر لەگەڵ کوڕەکان یاریم دەکرد، کوڕێکی تاڕادەک مونەرم و تەبیعات کچانەش بووم و زۆرجار لەگەڵ خوشکەکەم یاری بۆکەڵانێ و کچانەم دەکرد و جارێک بیرم دێت، تەنانەت نەعلەیەکیان بۆ خوشکەکەم کڕی تۆزە بۆ پێیەکانی ئەو گەورەبوو، گوتیان بابۆتۆبێت، منیش قبوڵم کرد، لەگەل کچانی گەڕەک و دێیەکەشمان، لەبەیانی تا ئێوارە هەرخەریکی یاری کچانە بووم، جا هەندەک جار، ئەگەر لەکچێکم دابا، یان توڕە و بێزارم کردبوایە، لە ڕقان پێی دەگووتم(کچ لە ناو کودان باب قاڵۆچان)، بەوە زۆر توڕە دەبووم و پێم دەگووت:قەحپە گووی بخۆ.
بە شتێکیتریش زۆر زۆر پەست دەبووم لەکاتی مناڵیم، کاتێک لەگەڵ کچێک، یان کۆڕێک دەبوو بە شەڕمان، زۆر جاریەکەم جوێن کە بۆم حەواڵە دەکرا(هەی لچ قەوی)ٚ بوو، زۆر بەو جوێنە قەڵس دەبووم و چەندینجار بە هۆیەوە گریاوم و جوێنی زۆر پیسم بە بەرامبەر داوەتەوە لە تۆڵەی ئەوەی پێیان دەگووتم: لچ قەوی، لچ ئەستوور، لچ پەپۆلە، لچ باگوردان..تاد.
نا لەماڵەوەشمان داک و خوشک و براکانم زۆرجار، کە توڕەم دەکردن وەکو جوێنێک پێیان دەگووتم: لچ قەوی

ئێمە لە دەڤەری بەردەڕەش و دێیەکەمان، دێی (بارەون)، بە(لێو)دەڵێین لچ.
کچێک هەبوو، هاوتەمەنی من بوو، زۆر ئەو (هەی لچ قەویەی) پێدەگووتم، کەمن بە جوێنێکی زۆر وەڕزکەر و بێتام و ناخۆشم دەزانی.
خەمی ئەوەم بوو، کاتێک گەورەدەبم و دەبم بە گەنج و دەچمە خوازبینی هەرکچێک، ڕەفز لە دوو ڕفز وەردەگرم و بە هۆی ئەولێوە زلەمەوە هیچ کەسێک شوم پێناکات و کورد وتەنی ئاوا بەبێوە مێردی دەمینمەوە و سەردەنێمەوە.

زۆرجار وەکوو گوتەنی نازانیت خێر لەچیدایه، یان قورئان وتەنی(وعَسی ٲن تکرهُ شَیْئًا وهُوَ خَیْرُُ لَکُمْ)، ساڵان هاتوو ڕۆیشت و دوای چەندین سال و تەواوکردنی زانکۆ، ڕۆژێک بەڕێکەوت ئەوکچەم بینیەوە، پرۆسەی هاوسەرگیری پێکهێناببو و مناڵێکی خنجیلانەی خۆیشی لە گەڵدابوو، لێوەکانی بە فیلەر عەیب نەبیت زۆر ئەستوور و قەوی کردبوو، من یەکەم وشەم کە پێم گووت:ها هەی لچق قوی چۆنیت؟

هاهاها، دایە قاقاو گوتی: ئەوە هێشتا ئەوەت بیرماوە!
گووتم گاڵتەت بە لێوەکانی من دەکرد، کەچی ئێستا، زۆربەی کچان شێت و عەوداڵی ئەوجوره لێوەی وەکوو هی من عەیب نەبیت قەوی و ئەستوورن. دووبارە دامانا قاقا.

گووتی ئەرێ وڵا، هەی لچ قەوی، خۆزگەم بەو لچە هەر به سروشت قەویەی خۆت، ئێمە بە هەزار بگرە و بینە و بەردە و سورا و فیلەر و فرت و فێڵەوە، تا لێومان هەندەک ئەستوردەکەین،
کەچی تۆ لێوێکی ئاوا سروشتی و قەوی و جوانت هەیە.
…………..
تێبینی:
سەبارەت بە قسەکردن لەسەر پێوەری جوانی لە کولتوورە جیاوازەکان و سەردەمەجیاوازەکان و لەناوگەل و نەتەوە و هۆز و ناوچە جیاوازەکان،
سودم لە وێپسایتی(خاک تیڤی). و دوو له کورتە ڤیدۆکانی ماڵپەڕی(xyz)وەرگرتووە.




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک-8-… شەماڵ بارەوانی

بەشی هەشتەم/
لەوڵاتێکی سیستەم سیکۆلاریزمدا ، تۆئازادیت باڕخانە، یان مەلهایەک و کلێسایەک بکڕیت و بیکەیت بە مزگەوت، ئەوێ وەکوو ئێرە و ئەوە نییە، کەمەزهەبی وا هەیە لەفیقهی ئیسلامیدا دەڵێت: نابێت گاورەکان لەسەر خاکی ئیسلامی کلێسای تازە درووستبکەن، تەنها بۆیان هەیە کۆنەکان نۆژەن کەنەوە.

لێرە گەر دەوڵەت و حوکمەت سیوکراتی بێت، کێ بوێری ئەوە دەکات، بڕوات و بڵێت من دەمەوێت، پەرستگایەک بکڕم و بیکەم بە کلێسا! هاوار لەحاڵی و حاڵم بەحاڵ نەبێت و
کەسێک هەبێت سەرکێشیەکی لەو چەشنە سەرشێتانەیە بکات.
تەنانەت ئێستاش لە هیچ یەکێک لە وڵاتە ڕۆژهەڵاتیەکان، لەو وڵاتانەی کەسیستەمەکانیان، نە بەتەواوی لائیک و نەیش سیوکراتین، بەڵکوو تێکەڵیەکن، لەخێڵ و مەزهەب و سیوکراتی و کەمەک سیکۆلاریزم، باسی ئەوانە ناکەم کە ئیخوانی و ئیسلامی سیاسی حوکمی دەکات، وەکوو ئەوەی بەر لەچەند ڕۆژێکە، بینیمان، لە دەیان کەناڵ و ڕۆژنامە و ماڵپەڕی بیانی و جیهانی و کورستانی(پیاوێك و ژنێكی ئه‌ندۆنیزی دوای ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ بینران و دادگا بڕیاری له‌سه‌ر جه‌ڵدكردنیان دا، له‌ لایه‌ن پۆلیسی شه‌رعییه‌وه‌، به‌ گوێره‌ی شه‌ریعه‌ت جه‌ڵدكاری ده‌كرێن.)و جەڵدیش کران!

ئەوەیە جیاوازی و ماڵوێرانی و ترسناکی حوکومەتی سیوکراتی، لەگەڵ دەسەڵاتێکی سیکۆلاریستی تەمام عەیار، کە نە سەربڕین و دەست و پابڕین، نە ڕەجم کردنی مرۆڤ و نەیش جەڵدکردن و دارکاریکردنی هیچ کەسێکی تێدایە وەکوو ئەوەی لە دەوڵەتە مەزهەبی و سیوکراتی و ئیسلامیەکان دەکرێت.

لە ناو سیستەمی سیکولار، سزای فیزیکی و لە سێدارەدان نەماوە، بەڵکوو تەنها سزای سایکۆلۆژی و پێبژاردن و زیندانکردن هەیە، لە ڕوانگەی سیکۆلاریزمەوە: سزای فیزیکی و جەستەیی، سزایەکی دڵ ڕەقانەیە و هەرگیز، لە گەڵ پڕنسیپەکانی مرۆڤ بوون یەکناگرێتەوە.
با ئەو مرۆڤه، هەر هەڵەو تاوانێکی کردبێت. هەڵبەت کەدەڵێم: هەڵە، یان تاوان، ئەو هەڵە و تاوانە، ئەوەیە کە سیکۆلاریزم بە تاوانی دادەنێت، نەک ئەوەی مەزهەب و سیستەمێکی سیوکراتی لە خەڵکی کردوون بە تاوان و لادان و هەڵە.

دەیان و سەتان شت هەیە، لەسیستەمی سیکۆلاریزم دا، دەچنە خانەی تایبەت مەندی و ئازادیەکانی مرۆڤ و ئازادی تاکەکەسین و هیچ کەسێک و گرووپێک و مەزهەبێک و ئاڕاستەیەک و ئیدەلۆژیایەک بۆی نییە بە ناوی ئایین و مەزهەبەوە، بە ناوی حەڕام و لادانەوە، بە ناوی ئاسمان و خوداوەندەوە، بچێتە ناو ژیانی تایبەتی و ئازادی کەسێنی هیچ مرۆڤەکەوە و لەسەر ئەمە قسەبکات، یان سزایان بدەت. نەلەسەر ئاستی دەوڵەت و نەدەوڵەتی سیکۆلاریزم، نەیش لەسەر ئاستی تاک و هیچ تاکێکی سیکۆلار.

بۆ نموونە: خۆشەویستی نێوان کچ و کوڕێک، سوڕانەوەیان پێکەوە، ئایین گۆڕین، یان بێ ئایینی و وازهێنان لە ئایین، ڕەخنەگرتن لە مەزهەب و ئایین، ڕەگەز گۆڕین،

هۆمۆسێشکواڵێتی و لیسب و ترانز جێندەر..تاد. ئەوانە و سەتان شتی تر و نموونەی تر، کە بە پێی پێوەری سیکۆلاریزم، ئازادی و هەڵبژاردنی تاکە کەسین و مافێکی پارێزراو ڕێز لێ گیراو سەرەتایی هەر مرۆڤێکە، ئازادی و حەقێکی سروشتی هەر کەسێکە، بەو شێوەیە بژیت، کە خۆی حەزی پێدەکات و هەڵی دەبژێرێت، کەتۆزیانت بۆ ئەویتر نییە و ژیانی تایبەتی خۆت دەژیت، کێ حەدی هەیە، بێتە ناو ژیانتەوە و یاساو دۆگم و نۆرم و ئایدیۆلۆژیاو مەزهەب و تێگەیشتنی خۆیت بەسەردا بسەپێنت و لێت بکات بە یاسا.




ململانێ چۆن سەرکەوتوو دەبێ لەگەڵ لایەنی بەرامبەر؟… زانا رەزاق

سەرەتا پێش هەموو شتێک ململانێ و ڕکابەری لەنێوان دوو هێزە یا زیاتر، ئەمەش بۆ ئەوەی خۆی و کارەکانی خزمەتێکی فراوان بە کۆمەلگا بکات.
ململانێیەک لەسەر بنەمای لەوەی تر جیاوازبوون ،جیاوازبوونێک بە بەدیلی باشتر و چاکتر یان بلێین باشتر پێشکەش کردن ،پێشکەش کردنێک لەسەر ئەساسی و ڕێچکەیەک بۆ گۆڕانکاری ، بەرەو پێشچوون.
ئەمە بۆ کۆمەلگای ڕۆژهەلاتییەکان و بەتایبەت کۆمەلگای ئێمە زۆر پێویستە چونکە زۆرێک هێزەکان بەیەکتری دەچن و تەقلیدین بەلام دەکرێ هێزێکیان هەلەکانی خۆی ڕاست بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ ململانێ لەگەل هێزەکانی تر بکات
ئەمە چۆن دەکرێ ؟ چۆن هەلەکانی خۆی ڕاست بکاتەوە؟
یەکەم دەبێ ئەو هێزە پابەندی ڕەهای بە دیموکراسی ڕاستەقینە هەبێ.
یەکەم پابەندبوونی لەنێو هێزەکەی دواتر بۆ دەرەوەی هێزەکە ومرۆڤەکانی کۆمەلگا یانی بانگەشەی ئەو بیرو ڕایانە و جیهانبینی خۆت بکەی بۆ مرۆڤەکانی کۆمەلگا ئیدی لێرە دا چەندین جیاوازییەک لەنێوان دیموکراسی ڕاستەقینە لەگەل دیموکراسی ساختە دەخەینەڕوو.
یەکەم دیموکراسی ڕاستەقینە دادپەوەری و یەکسانی تێدایە یاساش سەروەرە بەلام هی دیموکراسی سەختە نادادپەروەری و نایەکسانی تیدایە و یاساش سەروەر نیە بەلکو کەسانێک لە سەرووی یاساش هەن.
دووەم لە دیموکراسی ڕاستەقینە هەم لەنێو هێزەکە هەم بۆ بوارەکانی کۆمەلگا پشت بە مرۆڤی بەتوانا و لێهاتوو و خاوەن ئەزموون دەبەسترێت بەلام هی دیموکراسی ساختە پشت بە خزم خزمێنەو شتی تر دەبەسترێت.
سێیەم لە دیموکراسی ڕاستەقینە هەموویان دەتوانن لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمەکان بکەن تەنانەت پڕ ڕەخنەشی بکەن بەلام لە هی دیموکراسی ساختە ناتوانرێت لێپرسینەوەی ڕاستەقینە و ڕەخنەی ڕاستەقینە بگریت.

چوارەم لە دیموکراسی ڕاستەقینە هێزەکە هی هەموو مرۆڤەکانی کۆمەلگایە بەلام لە دیموکراسی ساختە هێزەکە نەک هی هەموو مرۆڤەکانی کۆمەلگا نیە بەلکو لەنێو هێزەکەش هی هەموویان نییە.
پێنجەم لە دیموکراسی ڕاستەقینە هەموو کەس ئازادن بەلام لە هی دیموکراسی ساختە هەموو کەس لە بیرو ڕا ئازاد نین
شەشەم لە دیموکراسی ڕاستەقینە هەموو مرۆڤەکانی ژیانێکی باش و خۆشگوزەرانێکی باشیان بۆ دەبێ بەلام لە هی ساختە ژیانێکی پڕ لە ناخۆشی و دەربەسەری تێدا دەبێ.
حەوتەم لە دیموکراسی ڕاستەقینە پەروەردە کردنی ئەندامان و خەلک لەسەر بنەمای تەندروستییە بەلام لە هی ساختە ناتەندروستی و پڕ لە ڕق و کینە و تیرۆری فکرییە.
تێبینی یەکەم بێگومان هێشتاش خالەکانی دیموکراسی ڕاستەقینە و ساختە ماون بەلام من ئەوەندەم نووسی بۆ ئەوەی نووسینەکەم ڕوون بێ.
تێبینی دووەمیش بێگومان هەر هێزێک ئەوە بکاتە جیهانبینی خۆی لە دوورمەودا و داهاتووی هی ئەوە و سەرکەوتنی مسۆگەرە.

زانا رەزاق




ڕونکردنەوە سەبارەت بە ڕێکخستنی یادکردنەوەی یەکی ئایاری (٢٠٢٢) لە سلێمانی… نەوزاد بابان

زانیارییەکان
• مانگێک زیاترە هەموو هەفتەیەک کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت لە لایەن هاوڕێیانێک و هەڵسوڕاوانێکیکرێکاری و جەماوەری و سۆشیالیستی سەر بە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە شاری سلێمانی و لەئۆفیسی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان) بە مەبەستی کاری هاوبەش، چ لەناو ناڕەزایەتیـیەجەماوەری و کرێکاریـیەکاندا وە چ لە یاد و بۆنەکاندا، لەوانە یەکی ئایار. دیارە بەشێک لە بەشداربووانیئەم کۆبوونەوانە (نەک هەموویان) سەر بە حزب و ڕێکخراوی جۆراوجۆرن.

• لەسەرەتای ئەم مانگی ئەپریلەدا و لە دوو کۆبوونەوەی هەفتانەی بەدوای یەکی ئەم کۆمەڵەهاوڕێیانەدا، باس لە چۆنیەتی یادکردنەوەی یەکی ئایاری ئەمساڵ کرا، بیرۆکەی جۆراوجۆر خرانەڕوو وگفتووگۆیان لەسەر کرا، بەو پێیەش کە هێشتا ساغ نەببووینەوە لەسەر بڕیار و پلانێکی دیاریکراو ئەمباسە بە کراوەیی مایەوە بۆ گفتووگۆی هەفتەکانی داهاتوو.

• لەم نێوەدا بە دەستپێشکەری کۆمیتە محەلی شاری سلێمانی (حزبی شیوعی کوردستان)کۆبوونەوەیەک ئەنجامدراوە بۆ ئامادەکاری یەکی ئایاری ئەمساڵ (٢٠٢٢) و چەند حزب و لایەنێکیسیاسی کوردستانی عێڕاق و ئێران بانگهێشت کراون لەوانە (حزبی زەحمەتکێشان)، (حزبیکۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان) سێ (٣) ڕێکخراوی کوردستانی ئێران بەناوی (کۆمەڵە) بە ڕابەرایەتیهەر یەک لە (عەبدوڵای موهتەدی)، (عومەری ئێلخانیزادە)، (ئیبراهیمی عەلیزادە). دواتر ڕێکخراوی(یەکێتی کۆمۆنیستەکان) و (تەڤگەری ئازادی)یش پێیانەوە پەیوەست بوون.

• لەو کۆبوونەوەیەدا لە لایەن هاوڕێیەکی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان)ەوە ئەو پرسیارەکراوە کە بۆچی کەسانێکی هەڵسوڕاو و سەرشناسی یەکی ئایارەکانی سلێمانی بانگهێشت نەکراون بۆئەم کۆبوونەوەیە؟ بڕیار دەدرێت و پەیوەندی دەکرێت بە من (نەوزاد بابان)ەوە، هەم وەک هەڵسوڕاوێکیکرێکاری و جەماوەری و بۆنەکانی وەک یەکی ئایار، وە هەم وەک نوێنەری ڕێکخراوی (بەدیلیکۆمۆنیستی لە عێڕاق).

• بەو پێیەش کە لە سەرەتای ئەمساڵدا (٢٠٢٢) جیابووەیەک ڕوویداوە لە (حزبی کۆمۆنیستی ئێران)و ڕێکخراوی کوردستانی ئەو حزبە (کۆمەڵە)، ئێمە لە ئێستادا لەگەڵ چوار ڕێکخراو بەناوی (کۆمەڵە)ڕووبەڕووین و تەنها سێ لەو ڕێکخراوانە کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێدراوە بانگهێشت کراون.

• لەوەڵامی پرسیارێکی مندا کە بۆچی ئەو ڕێکخراوەی تر بانگهێشت نەکراوە، بەرپرسی کۆمیتەمحەلی شاری سلێمانی (حزبی شیوعی کوردستان) ڕونیکردەوە؛ کە ئەمە لە لایەن بەشێک لەبەشداربووانی کۆبوونەوەکە، کراوە بە مەرج و خەتی سور.
هەڵوێست

  1. لە یادکردنەوەی ڕۆژی یەکی ئایاردا، ڕێگری لە بەشداری هەر لایەنێک کە خۆی بە لایەنگری کرێکاربزانێت بە جیا لەوەی ئێمە بۆچوونمان لەسەری چۆنە، سیاسەتی هەڵاواردن و پەڕاوێزخستنی نا کرێکاریو نا کۆمۆنیستیـیە. جەوهەری ڕەخنە و هەڵوێستی من لێرەدا دژایەتی ئەو سیاسەتی هەڵاواردن و پەڕاوێزخستنەیە کە گیراوەتەبەر لە لایەن ئەوانەی مەرج و خەتی سوریان داناوە و لە لایەن ئەوانەشەوە کە چوونەتەژێرباری ئەو مەرج و خەتە سورەوە.
  2. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە لانی کەم دووان لەو ڕێکخراوانەی (کۆمەڵە)، زۆر ڕاشکاوانە و بێ پێچ و پەنا،دەستبەرداری کۆمۆنیزم بوون و پەیوەست بوون بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و ڕابردوویەکیشیان هەیەلە دژایەتی کردنی ئامانجەکانی ڕزگاری چینی کرێکار و چەپ و کۆمۆنیزم. دانانی ئەو مەرج و خەتیسورە بۆ لایەنێک و بەشداری پێکردنی لایەنگەلێکی لەو چەشنە ناسیونالیست، بەدڵنیایـیەوە ئەو حزب وڕێکخراوانەی ڕێکخەری مەراسیمەکە دەخاتە بەردەم پرسیاری کرێکارێکی سۆشیالیست لە تاران و سنە وسلێمانی و سەقز و بانە …هتد کە بۆچی کریدیت (ئیعتیبار) دەدرێت بە ڕەوتگەلێکی ناسیونالیستی دژەکرێکار و دژە کۆمۆنیست لە ڕۆژی یەکی ئایادا؟
  3. چوونە پاڵ ئەم پڕۆژەیەی (حزبی شیوعی کوردستان) بۆ ڕێکخستنی یەکی ئایار، لە لایەن بەشێکلەو هاوڕێیانەی کە لە کۆبوونەوەکانی ئۆفیسی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان)دا لە گفتووگۆدابووین و هاوبۆچوون و هاوپەیمان بووین بۆ کاری هاوبەشی هەڵسوڕاوانی چەپ و کرێکاری وسۆشیالیست، بەو مانایە دێت کە ئەوان پشتیان کردۆتە ئەو هاونەزەری و ئەو هاوپەیمانەتیـیە بۆ کاریهاوبەش.

دوای زیاتر لە مانگێک لە گفتووگۆ و پەیماندان بۆ کاری هاوبەش لە یەکەمین ئەزموونی عەمەلیدا کە هاتەپێشەوە، کە ئەویش چۆنیەتی ڕێکخستنی یادکردنەوەی یەکی ئایارە، ئەم کۆڕوکۆمەڵە لەبەریەک ترازێندراو بێ متمانەیی زاڵکرا بەسەریدا، بەوەی کە ئەم هاوڕێیانە بەرژەوەندی حزبی و ڕێکخراوەیی خۆیانخستەپێش کارکردنی هاوبەشی هەڵسوڕاوان و لایەنەکانی سەر بە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی وپەیوەست بوون بە پڕۆژەی (حزبی شیوعی کوردستان) و ئەو حزب و ڕێکخراوە ناسیونالیستانەوە. وەوایان کرد هەر کەسە و هەر لایەنە بە جیا بۆ خۆی بڕیار بدات نەک لە کۆبوونەوەدا بە دەستەجەمعی بەئاکامێک بگەین.

چاوەڕوانی ئێمە لەو هاوڕێیانە ئەوە بوو کە هەڵوێستیان بەو جۆرە بێت؛ ئەوان پابەندن بە کۆڕوکۆمەڵێکەوەکە هەفتانە لە کۆبوونەوەدایە، جا یا هەموومان دەستەجەمعی هاوڕا دەبین بۆ چوون بەدەم بانگەوازی(حزبی شیوعی کوردستان) و بەشداری ئەو یادە لەگەڵیاندا، یان ناچین بەدەمیانەوە و خۆمان یادەکە بەجۆرێک دەکەینەوە. پرسە گورگانەیەکیان بە ئێمە کرد ئەویش بە مەبەستی هاندانمان بۆ پەیوەست بوونبەو پڕۆژەیە نەک بۆ ساغ بوونەوەی دەستەجەمعی لەسەری، بۆیە لێکترازاندنی ئەم کۆڕوکۆمەڵەیە بۆ کاریهاوبەش و زاڵکردنی بێ متمانەیی بەرپرسیارەتیـیەکەی لە ئەستۆی ئەوانەدایە.

  1. لە بارودۆخێکدا کە بورژوا ناسیونالیست و کۆنەپەرستی دەسەڵاتدار لە کوردستانی عێڕاقدا،هەلومەرجێکی سەختی بۆ ژیان و کاری چینی کرێکار دروست کردووە، وە بە سەرکوت و هێزیمیلیشیایی، بەرگری لە نیولیبڕالیزمی سەرمایەداری داسەپاو دەکات بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا، وڕێگرە لە ڕێکخراوبوونی ئازادانەی چینی کرێکار و توێژە جۆراوجۆرەکانی، یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنیڕۆژی یەکی ئایار لەوەها بارودۆخێکدا کە غیابی ڕێکخراوە کرێکاریەکان و ئاگاهی چینایەتی و حزبێکیپڕ نفوزی کرێکاریە، بۆتە کارێکی سمبۆلیک کە هەڵسوڕاوان و چالاکوانان و حزب و ڕێکخراوەکان پێیهەڵدەستن، بە مانایەک کەمتر یادکردنەوەیەکی جەماوەری کرێکاریـیە و زیاتر سمبۆلیکی سیاسیـیە.
    کۆبوونەوەی ئەم هەشت حزب و ڕێکخراوانەی کوردستانی عێڕاق و ئێران و ڕێکخستنی یەکی ئایارلەمساڵدا و لە شاری سلێمانی، بەجیا لەوەی قەوارەکەی بچوک یا گەورە بێت، کارێکی سمبۆلیکیسیاسیـیە و دەچێتە خزمەت ئەجەندایەکی سیاسیـیەوە، کە سیاسەتی هەڵاواردنە دژ بە لایەنگەلێکی چەپو کریدیت (ئیعتیبار) پێدانە بە لایەنگەلێکی دژە کرێکار و دژە سۆشیالیست.
    بەشداری یەک دوو لایەنی سەربە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق لەم کارە سمبۆلیکەسیاسیـیەدا، سروشت و ناوەڕۆکی ئەجندا سیاسییەکەی ناگۆڕێت و پاشکۆ بوونیان دەردەخات بۆ ئەمئەجندایە.
  2. لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر هەڵسوڕاوان و هاوڕێیانی چەپ و کۆمۆنیست و ڕێکخراوەکانیان ئەو یادەبکەنەوە لە شاری سلێمانی هەر لەوە ناگۆڕێت کە ئەمەش خۆی هەر کارێکی سمبۆلیکی سیاسیـیە بەپلەییەکەم، کە ئەو ڕۆژە بەرز و بەڕێز ڕادەگیرێت، بەڵام بە دڵنیایـیەوە لەم حاڵەتەدا، ئاو ناکرێتە ناو ئاشیناسیونالیزمی کوردەوە و سیاسەتی هەڵاواردن و پەڕاوێزخستن بەسەر هیچ لایەنێکدا داناسەپێندرێت، وەهیچ حزبێکی ناسیونالیستی دژە کرێکار و دژە کۆمۆنیزم کریدیت (ئیعتیبار)ی پێ نادرێت.

٢١-٤-٢٠٢٢




پالەوانی ڕاستەقینە، پالەوانی ساختە… زانا رەزاق

پالەوان ووشەیەکە بۆ کەسانێک بەکاردێت کە براوەی کارێک بن یا یاریەک ،یان هەر شتێکی تر، کە ململانێی تێدا بێت، کە بەسەر ئەوانی تردا سەرکەوێت.
جا پالەوان بوونیش جۆراو جۆرن :
هەیە هی سیاسیە
هەشە تۆپی پێیە
هەشە جۆرانی ترن…
دواتر هەندێک پالەوانیەتی هەن ڕووبەڕوو دەزانی ئەوانە پالەوانی ڕاستەقینەن
بۆ نموونە
هی تۆپی پێ، یان براوەی یاریەکی تر نزیک لە تۆپی پێ، بەلام هەندێکی تر هەن ،دیارنین کە پالەوانی ڕاستەقینەن، یان ساختەن،
بەلکو ئەوانە و ئەوانی تریش بە ئەنجام دەردەکەوێت .
جا ئەنجامیش هەن خراپن، هەشن چاکن ،
یانی بەپێی ئەنجامەکە دەلێین ئەوە خراپ بوو، هەروەها دەشلێین ئەوە چاک بوو.
بێگومان کە خراپ بوو ،دیارە هەلە و هەلەکاری زۆر هەبووە، بۆیە خراپ بووە، بۆ چاکەش دەتوانین بلێین چونکە بە ڕاستی و ڕاستەقینە ڕۆیشتووە، بۆیە لەجیاتی خراپ بوون باش بووە.
جا خۆی زیاتر پالەوانی ساختە تۆزێک قورسترە، بۆیە دەبێ ئێمە لەو کارانەی ئەوان دەیکەن و دەیلێن ، دەبێ بزانین تا چەند ئەو کارانەی ئەوان دەیکەن زیاتر ڕاستەقینەیە، تا چەندیش نمایش و خۆهەلکێشانە…

بۆ نموونە
کەسانێک هەن، هاوکاری هەژاران دەکەن و باسی دەکەن، کەچی ژمارەی هەژارەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوونە ؟!
نموونەی تر
ڕێکخراو گەلێک هەن باسی گرنگیدان بە گەنجان و گەشەپێدان بە توانای گەنجان دەدەن ،کەچی ژمارەی ئەو گەنجانەی گرنگیان پێنادرێت زیاتر و زیاتر دەبن؟!
نموونەی تر باسی ڕەخساندنی هەلی کار دەکەن، کەچی ژمارەی بێکاران زیاتربووە ؟!
نموونەی تر باسی دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و هەلی کار بۆ ئەو دەرچووانە دەکەن ،کەچی ڕۆژ بە ڕۆژ دەرچووی زانکۆی دانەمەزراو و بێکار زیاتر بووە؟!
ئەوە چەند نموونەیەکە هی ئەو کەسانە ئەوە دەسەلمێنێ ئەوانە؟ پالەوانی ساختەن قسەکانیان تەنیا نمایشە ؟!نەک هەر بەڕاستی و بە بەردەوامی کردارەکە بکەن، دواتر هەر بۆ ئەوە یان بە ئەگەرێکی زۆرە بۆ ئەو کەسانەیە خۆیان مەبەستیانە، نەک خودی شتەکان وەک شتەکان جێبەجێ بکەن، ئەگەر نا بۆچی ئەو قسانە دەکەن، کەچی چارەسەرنەکراون یان کەمنەکراونەتەوە، بەلکو زیاتربوونە؟
لە کۆتایدا یەک جیاوازی نێوان پالەوانی ساختە و ڕاستەقینە ئەوەیە:
پالەوانی ساختە زیاتر قسە دەکات و کاری زیاتر نمایشە، بەلام ڕاستەقینە کەمتر قسە دەکات و کارەکانی زیاتر کرداریین ،هەروەها زۆر بە کەمیش باسی کارەکانی دەکات، ئەویش ئەو کاتە کە پێویستە بلێیت نەک هەموو کات و جارێک.