جەمال شارباژێری بە ڕاشکاوی دەدوێت.. دیمانە: تەلار تاهیر

بڕوادەکەم هەریەکێک لە ئێمە ناو و بەرهەمی مامۆستا جەمال” مان نەبیستبێت، کە یەکێکە لە شاعیرە دیارەکانی ناو شیعر و ئەدەبیاتی کوردی و یەکێک بووە لە ئەندامە سەرەکیەکانی گرووپی ڕوانگەش لەساڵی ١٩٧٠، ئەگەرچی کەم تا زۆر بە ژیان و بەرهەمەکانی ئاشناین بەڵام دیسانەوە بە پێویستم زانی لە دیمانەیەکدا کۆماڵێ پرسیاری ئاراستەی بکەمەوە، چونکە هەندێ بابەت هەیە لای ئێمە تا ئێستا بە ناڕۆشنی ماونەتەوە و جێگای پرسیارن

  • ئایا شیعره‌كانت تا ئاستێك به‌ره‌و رێبازی كلاسیكی بردووه‌؟
    نا كلاسیكی قۆناغی ناڵی و جه‌زیری و خانی و هاوڕێكانی ، ئێمه‌ له‌ دوای گۆران رێچكه‌ی تازه‌گه‌ریمان گرتووه‌، به‌تایبه‌تی گۆڕانخوازه‌كان له‌ دوای حه‌فتاكانه‌وه‌ كه‌ سه‌ری هه‌ڵدا، شێركۆ بێكه‌س و په‌شێو، دوایی من ده‌ستم كرد به‌ نوێخوازی. به‌داخه‌وه‌ كتێبه‌كان و ئه‌و شتانه‌ت نه‌دیوم، گۆڤاری مانگانه‌ی رۆڤار كه‌ چوار ساڵ پێش ئێسته‌ ده‌زگای سه‌رده‌م بڵاوی كرده‌وه‌ له‌باره‌ی من ، شێركۆی نه‌مر دانی پێدا ده‌نێت كه‌ پێش ئه‌و ده‌ستم پێكردووه‌، كتێبی “نامه‌كان”یش هه‌مان ده‌زگا له‌و ساڵه‌دا بۆیان چاپ كردم و زانیاریی زیاتریان تێدایه‌.
  • ڕاسته‌ یه‌كێكی له‌ شاعیره‌ نوێخوازه‌كان، به‌ڵام وا هه‌ست ده‌كه‌م به‌مدواییانه‌ به‌ره‌و ئه‌و رێبازه‌ هه‌نگاوت ناوه‌، به‌هه‌رحاڵ. كاتی خۆی گرووپێك هه‌بوو به‌ ناو “جه‌ماعه‌ت كه‌ركووك ” فازڵ عه‌زاوی و سه‌رگۆن پۆڵس و هتد .. فازڵ عه‌زاوی ده‌ڵێت گرووپی ڕوانگه‌ لاسایی ئێمه‌یان كرده‌وه‌، ئایا ئه‌م قسه‌یه‌ تا چه‌ند راسته‌؟
    بۆ لاسایی ئه‌وان بێت؟ له‌ عێراق گرووپ هه‌بوو وه‌ك ئێمه‌ نوێخواز بوون، ڕوانگه‌ ته‌نیا به‌یاننامه‌یه‌ك بوو بڵاومان كرده‌وه‌، له‌لایه‌ن پێنچ شاعیر و چیرۆكنووسی نوێخواز كه‌ به‌رهه‌می نوێمان ده‌نووسی و بڵاومان ده‌كرده‌وه‌، خۆ روانگه‌ ئێمه‌ی پێنه‌گه‌یاند، ئێمه‌ دروستمان كرد، عه‌ره‌به‌كانیش نوێخوازه‌كانیان گرووپیان دروست كرد، به‌ چ ناوێك بووه‌ بیرم نه‌ماوه‌، به‌ڵام ئه‌وانیش پێش گرووپه‌كه‌یان شتی نوێیان ده‌نووسی، واته‌ گرووپ نه‌یكردن به‌ نوێخواز وه‌ك ئێمه‌.
  • به‌چی شاعیرێكی تازه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ سه‌رسامی؟
    ئه‌مه‌ شه‌ست و حه‌فتاكانه‌؟ بۆ ئێسته‌ له‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ی عێراقدا هیچی ئه‌وتۆ نابینم و نابیستم، بۆ كوردستان شتی قوبادی جه‌لیزادەم به‌ دڵه‌. تازه‌ پێگه‌یشتوویش نیم سه‌رسامی كه‌س بم و شتیان لێوه‌ فێر بم.
  • له‌ ژیاندا به‌خته‌وه‌ری ؟
    به‌ڵێ له‌ ژیانیشمدا زۆر خۆم به‌ به‌ختیار ده‌زانم كه‌ ژیانم بۆ كه‌س نه‌بووه‌.
  • تا ئێسته‌ نامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرا له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌ شیعره‌كانت وه‌رگیراوه‌؟
    دكتۆرام نه‌بیستووه‌، به‌ڵام بڕوانامه‌ی دواساڵی زانكۆ/ به‌شی كوردی، سێ خوێندكاری ھه‌ولێرم پێ گه‌یشتووه‌ و باسه‌كانیشیانم لایه‌ كه‌ پرۆفیسۆر دكتۆر مارف خه‌زنه‌داری خوالێخۆشبوو سه‌رپه‌رشتی كردبوون. له‌ زانكۆی سلێمانیش چه‌ند قوتابییه‌ك بڕوانامه‌یان له‌سه‌ر من ھه‌بووه‌ كه‌ ناویان لام هه‌یه‌.
  • وه‌ك ده‌زانین پێشتر عاشق بووی ، ئایا هیچ عه‌شقێك توانیویه‌تی جێی عه‌شقی یه‌كه‌مت بۆ بگرێته‌وه‌؟
    به‌ڵێ په‌ری دووه‌م له‌ به‌ریتانیا یه‌كه‌می له‌ بیر بردمه‌وه‌، به‌ڵام نه‌گه‌یشته‌ ھاوسه‌رگیری و له‌ یه‌ك ترازاین، گوناھه‌كه‌ش له‌وه‌دا بوو ناكرێ لێره‌دا باس بكرێ، به‌ڵام ئه‌شقی سێیه‌م ھه‌ردووكیانی خسته‌ چاڵه‌وه‌ و له‌ بیرم چوونه‌ته‌وه‌ ، مه‌گه‌ر كه‌سێكی تر ناویان بێنێت بیرم بكه‌ونه‌وه‌. سێیه‌م دوا خۆشه‌ویستی ژیانمه‌ تا نه‌مانمه‌، ببووره‌ ناتوانم ناوی بێنم .
  • به‌ڵام شیعره‌كانت به‌ گشتی بۆنی عه‌شقی یه‌كه‌میان لێ دێت، به‌ختیار عه‌لیش له‌ گوته‌یه‌ك ده‌ڵێت: مرۆڤ بۆ ئه‌به‌د بۆنی عه‌شقی یه‌كه‌می لێ دێت. روونكرنه‌وه‌یه‌كت هه‌یه‌ بۆ ئه‌مه‌؟
    من ئینكاری لێ ناكه‌م، له‌ چاوپێكه‌وتنی تریشدا ئاماژه‌م بۆ كردووه‌، زۆرترین ھۆنراوه‌ ئاشقاوییه‌كانم بۆ ئه‌و بوون، به‌ڵام قه‌ده‌ر لێكی كردین و به‌ڵێن و وه‌فای شكاند، له‌ دوای ھاوسه‌رگیری به‌ خزمێكی خۆی به‌ ته‌واوی ھه‌ستی خۆشه‌ویستیم سڕایه‌وه‌ بۆی.
    نه‌خێر تا ئه‌به‌د بۆنی ئه‌وم لێ نایه‌ت، به‌ڵام ناتوانم ئه‌وانه‌ی كاتی خۆی بۆم نووسیون بیانسڕمه‌وه‌، تازه‌ چوونه‌ ئه‌رشیڤه‌وه‌ و هه‌یشیانه‌ كراون به‌ گۆرانی.
  • ئایا له‌ نیشتمان تۆراوی وا به‌ڵێنی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی ناده‌ی؟
    نا نه‌تۆراوم، كوردستانی گه‌وره‌ واته‌ ده‌وڵه‌ت، خه‌ونی له‌ مێژینه‌مه‌، به‌ڵام مادام ته‌نیام و نیمه‌، واته‌ ھاوسه‌رم نییه‌، ئێره‌م باشتره‌.
  • عه‌بدوڵا په‌شێو، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و شێركۆ بێكه‌س، به‌ كورتی له‌سه‌ریان بدوێ؟
    دروود بۆ گیانی شێركۆی مه‌زن ھاوڕێی ته‌مه‌ن بووین، سوارچاكێكی گه‌وره‌ی ھۆنراوه‌ی كوردییه‌. په‌شێو زمان ناسكه‌، تووڕه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی و ھاوڕێی دێرینی ساڵانی شه‌سته‌كانمه‌.
    ھه‌ڵمه‌ت وه‌ك كه‌ركووكی و گه‌رمیانییه‌كی نه‌به‌ز دوای حه‌فتاكان سه‌ری ھه‌ڵدا، به‌ گڕوتینه‌وه‌ له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا خۆی سه‌پاند، یه‌كێكه‌ له‌ ده‌نگه‌ دیاره‌كانی ھۆنراوه‌ی نوێی كوردی، به‌ زبانی خۆیشم نه‌بێ، پێش ھه‌رسێكیان حزوورم ھه‌بووه‌ و خۆیان پێ ناساندووم، رێزم ھه‌یه‌ بۆ به‌رھه‌مه‌كانیان.

ئه‌گه‌ر هاتم گوایه‌ به‌ ناوی چاوه‌ دێم
بۆ چا نایه‌م بۆ بینینی ئه‌و چاوه‌ دێم
چی شتێك له‌ پشت ئه‌م دێڕه‌ شیعره‌ جوانه‌وه‌ خۆی مه‌ڵاس داوه‌؟
بۆ كه‌سێكی تایبه‌تم نه‌نووسیوه‌، به‌ڵام ھیوایه‌تمه‌ وشه‌یه‌ك و دوو مانا به‌كار بێنم، وه‌ك ئه‌و وشه‌ی مادامه‌كه‌ له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ چووه‌وه‌ رامێكمه‌وه‌، ئێسته‌ نایه‌نه‌وه‌ یادم، به‌س جه‌لال وێژه‌یی برام ره‌چاوی كردووم و پێشم گوتووه‌ له‌ دێڕێكدا ده‌ڵێم
ده‌ ده‌ی ده‌ ده‌ی
كه‌ی سه‌د ده‌ ده‌ی
یان
ئه‌و كوردپه‌رسته‌
ئه‌و لاوه‌
ژیان ده‌خاته‌ ئه‌و لاوه‌
ئه‌و دێڕه‌ی ئاماژه‌شت پێ كرد شتێكه‌ له‌م بابه‌ته‌

  • له‌وه‌ته‌ی بیستوومه‌ و خوێندوومه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر گرووپی ڕوانگه‌ له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤار و لێكۆڵینه‌وه‌كان ، ده‌ڵێن گرووپێكی ئه‌ده‌بی و سیاسی بوو، ئایا وا بوو؟ یان ته‌نیا ئه‌ده‌بی بوو؟
    گرووپێكی ئه‌ده‌بی بوو، به‌ڵام لایه‌نگران ھه‌موو سه‌ربه‌ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بوون، دوای ١٩٧٥ كه‌ شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ده‌ستی پێ كرده‌وه‌، ھه‌موو چووینه‌ ریزی شۆڕشه‌وه‌.
  • مامۆستا نه‌تانتوانی درێژه‌ به‌ گرووپه‌كه‌ بده‌ن، واته‌ ڕێ له‌ نه‌مانی بگرن؟
    تۆ چی ده‌ڵێی، گرووپه‌كه‌مان خۆ خۆی نه‌سڕیوه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا مابوو، به‌ڵام به‌عس چاودێری ده‌كردین، بۆیه‌ به‌ ئاشكرا كۆ نه‌ده‌بووینه‌وه‌.
  • باشه‌ خۆ ڕوانگه‌ خۆت گوتت گرووپێكی سیاسی نه‌بوو، ئیتر بۆچی حكوومه‌تی به‌عس به‌دواتانه‌وه‌ بوو؟
    وه‌ك گوتم، چووینه‌ ناو پێشمه‌رگه‌وه‌ و له‌ كۆتایی ١٩٧٥ به‌ لێبوردنی گشتیی هه‌موو گه‌ڕاینه‌وه‌ ناوشار و به‌ ئاشكرا نه‌مانده‌وێرا كۆ ببینه‌وه‌، چونكه‌ چاودێری ده‌كراین.
  • جگه‌ له‌ شیعر، بۆ بابه‌ته‌كانی تری نووسین نه‌په‌ڕیته‌وه‌ وه‌ك چیرۆك و ڕۆمان یان وه‌رگێڕان؟
    ژوانگه‌ی هه‌ژان و ژان ڕۆمانێكی شیعرییه‌، بنكه‌ی گه‌لاوێژ بۆی چاپ كردم، خۆ من جگه‌ له‌ شیعر، بابه‌تی بیره‌وه‌ری ده‌نووسم، چه‌ند كتێبكی نوێم بۆ تایپ كراوه‌ كه‌ ئاماده‌ی چاپن و هه‌مه‌چه‌شنن، بۆ چیرۆكیش كه‌سی خۆی هه‌یه‌ و من چیرۆكنووس نیم.
  • وه‌سیه‌تی دوای مردنت چییه‌؟
    حه‌زم له‌و پرسیاره‌ نییه‌ چونكه‌ كه‌سێكی ژیاندۆستم، ئێسته‌ نامه‌وێ بیر له‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌.
  • چی به‌رهه‌م و نووسینێكت له‌ به‌رده‌سته‌ یاخۆ پڕۆژه‌ی داهاتووی نووسین و شیعرت چییه‌؟
    سێ به‌رهه‌می شیعریم له‌ به‌رده‌سته‌، دوو نامیلكه‌ و دیوانێك، له‌گه‌ڵ به‌شی دووه‌می كتێبی “نامه‌كان” خوا یار بێت له‌ ده‌رفه‌تێكدا به‌ چاپیان ده‌گه‌یه‌نم.

  • گەلاوێژی ٢٠٢١



ڕۆژ هەڵەبجەیی و زمانی شیعری.. ناڵە حەسەن

ڕۆژهەڵەبجەیی ساڵانێکە شیعر دەنووسێت ، من لەدوای دووهەزارەوە بە هۆی شیعرەکانییەوە بەم شاعیرەمان ئاشنام . بەدیاریکراویش ئەو ساڵانەی بەشداری کارای هەبوو لە ڤیستیڤالی گەڵاوێژ و خەڵاتی بەدەست دەهێنا ، دواتریش لە ڕێگەی گۆڤاری ( هەنار )ەوە هاورێیەتیمان وەک دوو شاعیر دەستی پێکرد .. چ لە رێگەی ئیمەیل یان مەسنجەرەوە چەندجارێک پەیوەندیمان بووە لەبارەی شیعر و نوێگەری و بابەتی گرینگ قسەمان کردووە ،، منیش هەر لەوسەردەمانە لێکۆڵینەوەیەکم بەناوی ( شیعر و هۆڵۆکۆست ) پێشکەش بە ڕۆژەی شاعیر کردووە . ڕۆژ هەڵەبجەیی تا ئێستا حەوت کتێبی شیعری بڵاوکردۆتەوە ، دواهەمین کتێبی بەناوی ( دێڕێک دارستان و تاڵێک چۆلەکە ) کە بە ( پدف ) وەک دیارییەک لەلایەن شاعیرەوە بەدەستم گەیشت . بە شێوەیەکی گشتی ڕۆژهەڵەبجەیی خاوەن ئەزموونێکی شیعری جوان و نایابە ، یەکێک لە هەوڵە دیار و جوانەکانی دەیەوێت بە زمانێکی شیعری جیاواز بنووسێت ، تا ئاستێکی باشیش لەم پێناو و ئامانجەی سەرکەوتوو بووە ، خاوەن ملوانکەیەک لە شیعر و وشە و دەستەواژەی شیعری جیاوازە . زۆرجار لە دەمی خۆییم بیستووە و دەڵێ ( من نامەوێت تەقلیدیانە بنووسم …! ) کە ئەمەش بنەمایەکی پۆزەتیفە بۆ جیاوازبوون یان هەنگاونان بەرەو نوێگەری .. من لە کتێبی ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ، لەبارەی ئەزموونی نوێخوازانەی ( فەرید زامدار )ی شاعیر قسە دەکەم . بە پشتبەستن بە فۆرم و ناوەڕۆکێکی جیاواز و زمانی شیعری جیاواز ، هاوکات پەیوەندی ( یاخیبوون و نوێگەری ) . فەرید زامدار دەیگوت ( من بەوەی کە هەیە ڕازی نیم ! ) واتە مەبەستی بوو شتێکی جیاواز بنووسێت ، ڕۆژەی شاعیریش دەیەوێت هەمان شت بڵێت بەڵام ، بە دەرربڕین و بە زمانی خۆی ، ئەو دەڵێ ( من نامەوێت تەقلیدیانە بنووسم ) ، واتە بەزمان و فۆرم و شێوازی کۆن ، ئەگەر لە تایتلی دواهەمین کتێبە شیعری بڕوانین ، ئەو ڕاستییە دەبینین کە ئەو شاعیرەمان دەیەوێت بە زمان و فۆڕمێکی جیاواز بنووسێت .کتێبی ( دێڕێک گۆڕستان و تاڵێک چۆلەکە ) . ئەم کتێبە پێکهاتووە لە سەدو هەشتاو دوو لاپەڕەو بە دیزاینێکی نایاب ، کۆمەڵە شیعرێکی لەخۆگرتووە کە بە فۆڕمی جۆراوجۆر نووسراون وەک ، هایکۆ و کورتە شیعر و شیعری درێژ و هەتادوایی . شیعرەکان بە زمانێکی شیعری جوانی ئیستاتیکی و ناوەرۆکێکی پڕ کێشمەکێش و پڕ لە دەستەوازی شیعری سەرنجڕاکێشن . بە شێوەیەکی گشتی شیعرەکان لە ڕووی شیعرییەتەوە سەرکەوتوو و لەرووی ناوەڕۆکەوەش زۆرێک لە شیعرەکان ناوەڕۆکێکی قووڵیان هەیە ،، ئەوەی زۆر سەرنجی منی ڕاکێشا هەستەکانی شاعیرە لەنێو دەقە شیعرییەکانی. ( هەستی ژنانە و هەستی نەتەوەیی و هەستی مرۆیی ) ، لە چوارچێوەی ئەم کتێبە شیعرییەدا ئەم هەستانەی شاعیر زۆر بە تۆخی هەستییان پێدەکرێع ، هاوکات لە زۆر شوێنیش یەکانگیر دەبیت لەگەڵ نائومێدی و ( هەستی نائومێدی ) . کە ئەم هەستی نائومێدییەش من بە حاڵەتێکی نێگەتیڤ نایبینم لەنێو ڕووبەری شیعردا . بەمانایەک کاتێک شاعیرێک ئیش لەسەر نائومێدی دەکات ، ئەوە بەو مانایە نییە ئەو شاعیرە ڕەشبینە و دەستی لە ژیان و خەونەکانی بەرداوە ، یان ( بوون و نەبوون )ی خۆی لەنیو ژیاندا وەکو یەک دەبینێت ،، دەکرێت شاعیرێک هەمیشە نائومێدییەکانی خۆی بنووسێتەوە و کەسێکی ڕەشبینیش نەبێت ، چونکە هەروەک پێشتر لە وتارێک باسمان کردووە ، ( ڕەشبینی و نائومێد )ی دوو چەمکی جیاوازن ، نائومێدییەکەی ئەو شاعیرە لەوەدایە ، کە لەبنەرەتدا ئومێدی گەورەی هەیە بەڵام ، لە ئێستادا بە ئومێدەکانی نەگەیشتووە ، پڕاوپڕە لە خەون و ئومێد بەڵام لەوساتەدا بۆیە نائومێدە چونکە ئومێدەکانی بەدینەهاتوون و لە هەوڵەکانیش بەردەوامە بۆ بە دیهاتن و گەیشتن پێیان . هەروەک لەشیعری ( با گەمژەیی نەنێین بە عیشقەوە ) ، لە سەرەتای دەقەکە تا کۆتایی ئیش لەسەر نائومێدییەکی گەورە دەکات ، نائومێد لەدەوروبەر ، کاتێک مرۆڤەکان ژیان بە ئاراستەی ناشیرینی دا دەبەن ئەوە خەتای عیشق نییە ، داوا دەکات با گەمژەیی نەنێن بە عیشقەوە ، دەیەوێت عیشق وەک خۆی جوان پێشان بدات ، ئەوەش ئامانجە سەرەکییەکەی شیعرە کە ئیش لەسەر جوانی بکات و نەهێڵێت جوانیەکانی ژیان بشێویندرێت . شاعیر لەم دەقە شیعرەی هەر نائومێد نییە لە دەوروبەر بەڵکو خۆیشی پڕیشکی ئەو نائومێدییەی بەردەکەوێت و جووڵەکانی بە ئاراستەی نائومێدی دەڕوات ، ئەوەتا بە ڕۆشنی دەڵێت :
دەستم لێ مەدەن ، پێم لە تاریکی هەڵخلیسکاوە
شوعلەی مۆمێک لە دوگمەی خەیاڵما
بزر بووە
لێرەدا تەعبیر لە نائومێدییەکی گەورە دەکات ، پێی لە تاریکی هەڵخلیسکاوە و لەنێو تاریکی ماوەتەوە ، شوعلەی مۆمێک لە دوگمەی خەیاڵیا بزربووە ، ڕووناکی نێو خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی بزربوون ئێستا خەیاڵ و ئاسۆ و بیرکردنەوەکان تاریکن . تابلۆکان ڕەش دەنوێنن ، ژیان لە جوانیەکان داشۆراوە ، یان لە شوێنێکی تری ئەم دەقە شیعرییە دەڵێت ،
من ئاوا خەون هەڵدەکۆڵم
لێ هێندە قۆپچەی برینتان نا بە سینگی عیشقەوە
عیشقم داکەند
هێندە چەخماخەی چۆڵەوانیتان نا بە ژیانەوە
تەنهاییم لەبەرکرد
لەم کۆپلە شیعرە جوان و نایابە ، ڕۆشنتر باس لە نائومێدییەکانی خۆی دەکات بەرامبەر بە عەشق ، تا ئاستی ئەوەی بەرگی عەشق دادەکەنێ ، خۆی خاڵی دەکاتەوە لە عەشق ، چونکە هێندە قۆپچەی برینیان ناوە بە سینگی عیشقەوە ، ئیتر عیشق بووە بە مانایەکیتر بۆ برین و ئازار و خەفەت ، هاوکات هێندە جەخماخەی چۆڵەوانیشیان ناوە بەژیان دواجار تەنیایی هەڵبژاردووە ، هاوکات ڕەخنە و گڵەییەکی جدیشە لە بەرامبەرەکەی ، لەگەڵ ئەوەش کۆڵنادات ، وەک دەڵێ ( هەموو هاوارەکانم لێکەوت ، لەپێ نەکەوتم ) هەر دەیەوێت عەشق وەک ڕووناکییەکی نێو ژیان جوان پێشان بدات و داوا دەکات و دەخوازێت / دەخیلتانم ، با گەمژەیی نەنێین بە عیشقەوە ..!
ڕۆژ هەڵبجەیی ئەم هەوڵ و هاوارەی لە خۆڕانییە ، ئەو شاعیرێکی ناسکە و شیعریش هاوتەریبە لەگەڵ جوانییەکانی ژیان یان هەروەک لە پێشتر گتومانە ( شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە ) ، لەگەڵ ئەوەی بەرگی عەشق دادەکەنێت و نائومێدییەکی گەورە بەرجەستە دەکات ، بەڵام نائومێدییەکەی ناگاتە ئاستی ڕەشبینی و هەر بە خەون و ئومێدەوە دەژیت و دەست لە ئومێدەکانی بەرنادات و دەڵێت :
هێواش ، هێواش ئومێدم خستە سەریەک
تا نائومێدی ڕاکات
یانی لەبنەرەتدا ، شاعیر کەسێکی گەشبینە، کەسێک بووە لە هەوڵی ڕەوینەوەی نائومێدی دا بووە ، هێواش هێواش ئیشی بۆ ئومێدەکانی کردووە ، هەوڵیداوە دەستی لە لچکە کراسی ژیان بەرنەدات و خۆی بۆ نائومێدی شل نەکات . ئەم کتێبە شیعرییەی ڕۆژەی شاعیر ، پڕیەتی لە دەقی ناوازە و جوان ، زمانی شیعری هونەرکاری نایابی تیاکراوە ، بڕشتی بە دەستەواژە و وشە و تەنانەت ناوەڕۆکی شیعرەکانیش بەخشیوە ، شیعرییەت لە ئاستێکی بەرز و بڵند دایە ، تەنانەت تایتلی کتێبە ، ڕستەیەکی شیعری جیاواز و نایاب و شیرییە ، بە چ مەبەستێک ئەم ناونیشانەی بۆ کتێبەکەی هەڵبژاردووە زۆر بەلامەوە گرینگ نییە بەڵام ، ئەوەم بۆ گرینگە کە ناونیشان و دەستەواژەیەکی شیعری نایابە ، لێرەدا.هەوڵدەدەین هەندێک قسە لەسەر دیوە شاراوەکانی بەشێک لە شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە بکەین . لە شیعری ( توحفەیەک لە دژەکان ) ، بە شێوەیەکی گشتی شیعرێکی ناسک و جوانە لە ڕووی زمانی شیعری و پێکهاتەی شیعری و ناوەڕۆکەوە ، بەڵام من ناونیشانی شیعرەکە لەگەڵ ناوەڕۆکەکە ناتەباو نەگونجاو دەبینم .. ڕۆژ هەڵەبجەیی لەم دەقە شیعرییەی دەیەوێت ئیش لەسەر حاڵەتە دژبەیەک و ناتەباکان بکات واتە ( پارادۆکس ) ، هەر خۆیشی دەڵێت ( توحفەیەک لە دژەکان ) ، بەڵام ئەگەر بە وردی شیعرەکە بخوێنینەوە ، ئەو دژایەتییە و ناتەباییە نابینین ، بەڵکو تەریبی و تەبایی دەبینین ، وا لە خوارەوە یەکدوو نموونە دەهێنینەوەو مەبەستەکان بە ڕوونی پێشان دەدەین . لە کۆپلەی یەکەم دەڵێت :
کە ( با ) قاچی لە جێ چوو
درەختەکان چەنەبازی فڕێ دەدەن
سەمای گوڵی کراسەکەم دەکەوێ !
وردە شیعرێکی جوانە ، وشە و دەستەواژەکە پڕە لە شیعرییەت ، بەڵام کردەکە هاودژ و ناتەبا نین ، دەیەوێت بڵێ ( کە با لە جووڵە دەکەوێت درەختەکان بێدەنگ دەبن و گوڵەکان لە سەما دەکەون ) ، لێرەدا هیچ هاودژیەک نابینین ، بەڵکو تەباییەکی سروشتیانە دەبینین ، ئەوە شێوەیەکی تەبا و سروشتییە کە با هەڵنەکات درەختەکان بێدنگ بن و گوڵەکانیش لە سەما بکەون ، بەڵام ئەوکاتە حالەتەکە دژ و ناتەبا دەبوو ئەگەر با هەڵبکات و دروختەکانیش بێدەنگ بوونایە و گوڵەکانیش لە سەما بکەوتبان ،، لێرەدا ناتەبایی و پارادۆکسەکە بە ڕۆشنی دەردەکەوت ، دوورنما و مەبەستەکانیش قووڵتر دەبوونەوە . لە کۆپلەی دووەمیش بە هەمانشێوە دەڵێ :
تاریکی زمانی دەچەقێ لە تەمومژ
کە چرا چەند چرکەیەک دەخاتە گیرفانی
لێرەدا ین دەتوانخوێندنەوەی جیاواز بکەیەن ، بەدیوێك دەتوانین دژ و پارادۆکسەکە ببینین ، بە دیوێکیتر تابایی و ئاوێزانبوون و تەریبوون ، ئەگەر تاریکی بۆ چەند چرکەیەک چرا بخاتە گیرفانی مەبەست کوژاندنەوەی چراکە بێت ، لەو وێنەیە ئاساییە تاریکی زمانی لە تەمومژ بچەقێ و ناڕۆشن و تاریک بمێنێتەوە ، بەم دیوە تەبایی دەبینین ، بەڵام ئەگەر خستنە گیرفانی چراکە مەبەست نزیکبوونەوە بێت لە چراکە ، ئەوا لەم حاڵەتە هاودژی و ناتەباییەکە دەبینین ، لێرەدا من خوێندنەوەکە بە کراوەیی و بۆ خوێنەر جێدێڵم .
لە شیعری ( وێنەکانی جەنگ ) ،، بە دەستەواژەی شیعری و وشەی شیعرییەوە لێکەوتە و کاوڵکاری و تراژیدیای جەنگ پێشان دەدات ، دەیەوێت ناشیرینترین وێنەکانی جەنگمان پێشان بدات ، هاوکات لە پشت وێنە شیعرییەکان ، هەستی مرۆڤبوونی شاعیر بە قووڵی دەبیندرێ ، بە کورتی دەیەوێت بڵێت ، کە جەنگ هەڵگیرسا هەموو شتێك وێران دەبێت هەموو جوانییەکان دەشێوێندرێن ، بەزمانێکی ئیستاتیکی نایاب ئەم مەبەستانەی دەپێکێ ، ئەوەتا دەڵێت :
پاشماوەی جەنگە
نونی بێوەژنەکان و
ناڵەی دارشەق و
سەرئێشەی نیشتیمان !
شێوە و دەربڕینێکی شیعری جوان ، دەرخستنی دیوە هەرە ناشیرنییەکەی جەنگ ، بەڵام لێرەدا تێبینیەکم هەیە ، من بە هیچ جۆرێک لەگەڵ بەکارهێنانی وشەی ( بێوەژن نیم ) دەبوو بڵێ ( نونی ژنەکان ) ، بەڵام لەدواجاردا شیعرێکی نایاب و پڕە لە جووڵەی ئیستاتیکی و شیعری .
لە شیعری ( ژن و ئەوان ) ڕۆژەی شاعیر بە هەستێکی ژنانەی قووڵەوە قسەمان بۆ دەکات و وینەکان دەکێشێ ، هەستی ژنانە و هەستی پیاوانە دوو چەمکی مرۆیی گرینگن پەیوەندی نییە بە ڕەگەزی شاعیرەکان و پۆلینکردنی شیعر یان بە شیعری پیاوانە و شیعری ژنانە .. ئەم هەستانە مەسەلەی گرینگن لەنێو شیعر ، شاعیرەکان پێویستە بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئەم هەستانە خۆیان بکەن ، هەروەک لە وتاری ( شیعر و گێندەر ) بە ڕۆشنی و بە درێژی قسەمان لەبارەی ئەم بابەتە کردووە ، مەبەستمە بڵێم / شاعیرێکی ئافرەت ئاساییە لەنیو شیعرەکانی هەستی ژنانەی خۆی و تەنانەت تەعبیر لە هەستی پیاوانەش بکات ، بۆ شاعیرێکی بە رەگەز پیاویش بە هەمانشێوە ، چونکێ شاعیر کاتێک دەگاتە نێو ڕووبەرە قووڵەکانی خەیاڵ لە واقیع دادەبڕی و دەگاتە نێو رووبەری تاریکی ناخودئاگایی ، لەوێدا هەم لە واقیعی مەوجود دادەبڕێ هەم لەواقیعی خودی خۆیشی ، بەرگی گێندەر و ڕەگەز فڕێ دەدات ، ( تەنها و تەنها ) وەک مرۆڤ لەوێدا خەونەکان و جوانیەکان و خەمەکانی خۆی دەنووسێتەوە ، وەک مرۆڤێک گەڕانەکانی خۆی دەکات ، پرسیار و نائومێدی و نیگەرانیەکانی خۆی لەبەرگێکی ئیستاتیکی و شیعری دا دەخاتە ڕوو ، ڕۆژە لەم دەقە شیعرییە نایابەی بە هەستێکی ژنانەی قووڵەوە وێنەی گرینگ و گەورەیی ژنانمان بۆ دەکێشێ ، سەرکەوتووانە هەستەکانی خۆی بۆ ژن دەردەبڕێ ، دەیەوێت بڵێت ، گەر ژن نەبێت ژیانیش نابێت و مانایەکی نابێت ، لەخوارەوە یەکدوو کۆپلە بەنموونە دەخەینە ڕوو .
شێوەکارێک هەموو
کورسییەکانی کوژانەوە
دواجار کورسییەک
لە هزریا هەڵنیشت ، کورسی
بووە پەپوولە ژنێک ..!
بەڕاستی ڕۆژەی شاعیر لەم وێنەیە بە قەڵەمێکی شیعری بە خەیاڵێکی ئیستاتیکی نایاب ئەم دیمەنەی کێشاوە ، هەستێکی قووڵ و ژنانە و لوولدراو بە گەورەیی مرۆڤ و بەها مرۆییەکان ، لە ژیان دەتوانین هەموو کورسییەکان بکوژێنینەوە بەڵام ، ناتوانین کاریگەری و جێگا و ڕۆلی ژن لەنیو ژیاندا بکوژێنینەوە ، تەواو .. ئیتر ژن ژیانە و ژیان بەبێ بوونی ژن مانایەکی نییە و نابێت ، یان دەڵێت :
ژەنیارێک لەژێر چەترێکا عاشق بوو
کە خۆری ژنێک باری
دڵۆپ دڵۆپ چەتر
بووە میلۆدیا ..!
عەشق گەورەترین ڕووناکی نێو ژیانە ، لای هەرکەسێک عەشق نەمێنێ خەون و هەموو شتە جوانەکان بەرەو پووکانەوەو بەرەو نەمان دەچن ، ژیان پڕ دەبێت لە نائومێدی و مەینەت ، باری دەروونەکان ناجێگیر و غەمگین دەبن ، عەشقیش ئەوکاتە دەبێ بە چەتر کاتێک خۆری ژنێک دەردەکەوێت و چەترەکەش دەبێ بە میلۆدییەک و ژیان جوانتر و ڕەنگینتر و سەرفرازتر دەکات ،
ئەم هەستە ژنانەییەی ڕۆژە لەزۆرێک لە شیعرەکانیتریش هەستی پێدەکرێت بۆ نموونە ، لە شیعری ( با نەچینەوە ڕستەی عیشقەوە ) یان شیعری ( خەمە خاکییەکانی کچێک ) و زۆرانیتر .
شیعری ( باجی کورد بوون ) ئەم شیعرە دووەم شیعری نێو کتێبی ( دێرێک دارستان و تاڵێک چۆلەکە ) یە . واتە لە سەرەتای کتێبەکەیە ، بەڵام من بە مەبەست ویستم خوێندنەوە بۆ ئەم دەقە شیعرە بخەمە کۆتایی خوێندنەوەکەم . ( ڕاست و ڕەوان و کورت و پوخت ! ) ، دەمەوێت بڵێم ، ئەم شیعرەی ڕۆژ هەڵەبجەیی نەک یەکێکە لە شیعرە ناوازەکانی ڕۆژە خۆی بەڵکو ، یەکێکە لە شیعرە نایابەکانی نێو شیعر و ئەدەبیاتی کوردی . هەستێکی نەتەوەیی قووڵ ، ئەوە دەخوێنینەوە کوردبوون چ ئازارێکە ، چ تراژیدیایەک لەنێو دڵی ئێمەدا و چ برینێک لەنێو جەستەی نیشتیمانی ئێمەدا بوونی هەیە ، بەزمانی شیعری دوور لە دروشمکاری تەعبیر کردن لە خەمە تراژیدییەکان و برینە گەورەکان کارێکی سانا نییە ، بە قەناعەتەوە دەڵیم ، هەموو ئەو شاعیرانەی بە شاعیری نەتەوەیی ناسراون ڕەنگە / هەستی نەتەوەیی خۆیان وەک ناوەڕۆک و هەستە قووڵەکەی نێو ئەم دەقە شیعرییە تەعبیر لێنەکرد بێت . لێرە ڕۆژە لەوە دڵنیامان دەکاتەوە ، کە شیعر لە رووبەرێکی هێندە فراوان و لەو رووبەرە گەردوونییە ئیش دەکات هاوکات ، زمانی شیعری ئەو هێزەی پێیە کە شاعیر بتوانێت قسە لەسەر هەر بابەتێک بکات ، تەنانەت گەورەترین و تراژیدیترین ڕووداو و بابەت ، لێرەدا شیعرەکە وەکو خۆی دەنووسینەوە و لە کۆتاییش هەندێ قسەیتری لەبارەیەوە دەکەین .

_ ( باجی کورد بوون )
(١)
بە هۆی ئەم باجەوە
بە بۆنی سێو خنکا
هەڵەبجە !
(٢)
بۆ ئەوەی ئەم باجە بداتەوە
نوچی دایە سێدارە نەک هەڵاتن
قازی محەمەد !
(٣)
لە باجی کوردبوندا
سپاردیانە سوڕەتی ئەنفال
گەرمیان !
(٤)
ئەم باجەی وەرگرتەوە
بە تەرم چیایەکی چێکرد
ئەتاتورک !
(٥)
کوردبوون خوشک و براکانمی
کردە یادگاری
کیمیاباران !
(٦)
لەم باجەدا دەستیان پڕ دووکەڵ و
چاویان لیزمەی باروت
ڕۆژئاڤا !
(٧)
لەم باجەدا
داروپەردووی بۆ مایەوە
کۆبانێ !
(٨)
لە باجی کوردبوونا
تفەنگی کردە هاوسەری
شەڕەڤان !
(٩)
لە قەرەبووی ئەم باجەدا
کچێنییان هەڕاج کرا
شەنگاڵ !
چەند گرینگە لە شیعرێکی ( نۆ ) کۆپلەیی توانیویەتی هەموو خەم و ئازارەکان و ( زۆرێک ) لە مێژووە خوێناوی و پڕ ترژیدییەکەی میللەتی کوردی خستۆتە ڕوو ، بە بروای من دەبا لە وێنەیەک ( کۆڕەوە ) چەند ملیۆنیەکەی ئاداری ١٩٩١ی باس کرد با ، هەستێکی نەتەوەیی سەرتاپایی ، ئازارەکان گشتگیر و جوگرافیا و شوێن نیشتیمانێکی گەورەی دابەشکراو . لەم دەقە شیعرییە مێژوویەکی خوێناوی قسە دەکات ، سێدارە و مردن قسە دەکەن کارەساتەکانی ئەنفال و کیمیاباران و هەلەبجە و گەرمیان شەنگاڵ قسە دەکەن ، لەبەرامبەردا بەرگری و فیداکاری و مقاوەمەتیش قسە دەکەن . چەند بە جوانی و شاعیرانە دەڵێت ( تفەنگی کردە هاوسەری .. شەرەڤان ! ) یان ( کچێنییان هەڕاج کرا .. شەنگاڵ ! ) ، یان دەرخستنی ڕووی ڕەش و فاشیزمی دیکتاتۆرە ئەتاتورکەکان . یان قوربانی و نەبەردییەکانی کۆبانێ و شەڕڤانان ، یان مردن و تراژیدیا جەرگبڕەکانی هەڵەبجە و ئەنفال .. وێنەی شیعری نایابی پڕ جووڵەی ئیستاتیکی خەمناک . لێرەدا من کۆتایی بە خوێندنەوەکەم دەهێنم ، بە دڵنییایەوە دەڵێم ئەم کتێبە شیعرییەی ڕۆژەی شاعیر ، خوێندنەوەی فراوانتر و هەمەلایەنەتر هەڵدەگرێت ، بە ئومێدم خوێنەری تر و قەڵەمی تر لە دید و گۆشەنیگای ترەوە ، خوێندنەوە بۆ ئەم کتێبە و دەقە شیعرییەکانی بکەن ، لە کۆتایی ئومێدی سەرکەوتن بۆ ئەم شاعیرە ئازیزەمان دەخوازم و بە هیوام هەمیشە لە شوێنە بڵندەکانی داهێنان بیبینم و قەڵەمەی هەر بارانی شیعر ببارێنێت .

                                                   ئاداری ٢٠٢٣

_ سەرچاوە
کتێبی شیعری ( دێرێک دارستان و تاڵێک چۆلەکە ) نووسینی / ڕۆژ هەڵەبجەیی .




کتێب\ بێدەنگیی گەورە.. دڵشاد عەبدوڵڵا

بێدەنگیی گەورە دەقێكی كورتە، بەاڵم بۆتە ناوی دیوانێكی بەرین لە شیعری كوردیی هاوچەرخ. بە هەناسەی قووڵ و هزرینی ڕوون و خەیاڵی بیناكەرەوە، دڵشاد عەبدوڵڵا ئەزموونێكی دیكەی خۆی خستۆتە بەردەست خوێنەرانی.
ئەزموونێك كەم دەق و كۆپلە و دێڕ و گوزارەی هەیە، جوانییەكی تایبەتی لە خۆیدا نەشاردبێتەوە. دڵشاد لەم دیوانەیدا وەك
چێشتلێنەرێكی بە ئەزموون، ئەوەی لە مەتبەخی سااڵنیكی زۆری شیعردا كۆی كردۆتەوە و فێری بووە، لەسەر خوانی ئەم دیوانەی
بۆی خستووینە ڕوو. بە جۆرێ وا بزانین نەك چێژ لە خوێندنەوەی دەقەكان وەردەگرین؛ بەڵكوو چێژ لە خواردنی بەئەزموونترین و
سفرەڕازاوەترین چێشتلێنەریش دەبینین.

بۆ خوێندنەوەی ئەم دیوانە شیعرییە کلیکی ئێرە بکەن..




رەگەزپەرستیی تورک گەیشتە ناو یاریگای یـارییەکانەوە.. رەزا شـوان

لە هـیچ دەوڵـەتێکی جیهـانـدا، سیاسەت و رق و رەگەزپەرستی، نابرێتە نـاو یاریـگای یارییەوە، هەمـوو یاریـزانـان بە رۆحـێکی و وەرزشی و لێـبردوون و قـبووڵکـردنەوە، دەستی یەکـتری دەگـوشـن و یـاری دەکـەن و ئەنجـامـەکـەشی قـبووڵ دەکـەن. بەڵام وا دیارە کە تورکیای رەگەزپەرست، لەم نەریتە رەوشتییە جوانە، بەدەرن و ئەوان لە نێو دوو کەوانەدان. لە جیهاندا لە تورک رەگەزپەرستر نییە. (نیلسون ماندێلا) زۆر راست دەکـات کە دەڵـێت:”گـەر دەتـەوێـت تـورک بنـاسیـت، بـۆ رۆژێـک بـبـە بە کـورد”.
رۆژی یەکـشەمەی رابردوو (٥/ ئادار/ ٢٠٢٣) لە خولی تورکیا بۆ تۆپی پـێی بۆ تیپە پـلە دووەکـان، لە یاریـگای شاری (بـۆرسـە)، لە نێـوان تیپـی تـۆپی پـێ شـاری ئامـەد (ئامـەدسپۆرت) کە هەموو کوردن، لەگەڵ تیپی تۆپی پـێی (بۆرسەسپۆرت) دا، بەیەک گەیشتن. بەڵام چی روویدا. بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە تـۆڕە کۆمەڵایەتییەکانـدا بڵاوبـوونەتەوە،

رەگەزپەرستانی تورکیا، کە لە لایەن پارتی بـزووتنەوەی نەژادپەرستەوە هـاندرابوون. شەوی پێش یارییەکە، لە بەردەم ئەو ئوتێلەی کە یاریزانانی (ئامەدسپۆرت)ی لێیبوون، وەستابوون و لافـیتەی دژ بە گەلی کوردیان هەڵگـرتبوو و هـاواریان دەکرد و جوێنیان بە کـورد دەدا، هەڕەشەیان دەکرد، بـە رۆکـێـتی ئاگـرینیش ئاگـاربـارانی ئـوتێـلەکەیـان کرد. هـەر ئەم رەگەزپەرستە تـورکـانە، بۆ رۆژی دوایی لەبـەردەم یاریـگای بـۆرسەدا وەستان، کە یاریـزانانی تیپی ئامەد هاتن، لافـیتەیان لە دژی کورد هەڵگرت و دەستیان بە جـنێودان بە کورد کـرد و دەبـە ئـاو و قـەوانی فیشک و چەقـۆیـان لە یاریـزانەکانی ئامەدسپۆرت دەگرت. لە کاتی یاریکردنیشدا، بە بەرچاوی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی ئـاژاوە، دەبە ئاو و چەقـۆ و شتی تیژیان لە یاریـزانـانی ئامـەدسپۆرت دەگـرت. کـەچی پۆلیس لەجیاتی ئەوەی نەهـێڵێت و رێ لەم رەگەزپەرستە بێ رەوشت و ئاژاوەچـییانە بگرێـت، لایەنگـیریی رەگەزپەرستەکانیان دەکرد، حەوت لاوی کوردی هـانـدەری تیپی ئامـەدسپۆرتیـان گـرت و بەنـدکـراون. لاوێـکی کـوردیـش کە تـابـلـۆی ئامـەدسـپۆرتی بەرزکردەوە، هـێڕشیان کردە سەری و برینداریان کرد، گۆڵچیەکەش برینـدار بـوو جا گەر ئەم نادادپەروەرییە رەفتاری پۆلیسیان بێت.. دەبێت رەگەزپەرستەکانیان چـۆنبن؟

پـۆلیس و ئەمنی تورکی هـێندە بێ رەوشـتن، تەنـانەت لەنـاو ژۆری جـل گـۆڕینشـدا تەنگیان بە یاریـزانـانی ئامـەدسپۆرت هـەڵچـنی. هەنـدێک لە ئەمنەکانیش شـتـیان لە یاریـزانەکانی ئامـەد دەگرت. ئاشکـرایە کە دەستیان لەم رەفـتارە قـێزەوەنـدا هەبـوو.
(سەلاحەدین یۆڵدرم) سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆرت لە بارەی هاندارانی رەگەزپەرستی بـۆرسەسپۆرت، وتی:”بە درێـژی یارییەکە، شـتیان تێ دەگـرت، لەوانـەش: چـەقـۆ و قەوانی فـیشەکی بەتاڵ و پارچە ئاسن و دەبـەی ئاو، بۆ ناو یاریگاکە هەڵـیان دەدان”. وتییشی:”وا دەردەکەوێت، وەکو ئەوەی کە دادوەر چاوەڕوانی مردنی کەسێک بکات، یارییەکەی رانەگرت”. یوڵدرم ئەوەشی وت:”کە سکالا پێشکەش بە یەکێتی تۆپی پێی نـێودەوڵەتی (فـیفـا) دەکات”.
ئەم هـێڕشە رەگەزپـەرستییانەی رەگەزپەرستانی تورک، بۆ سەر یاریـزانانی کورد، نە یەکـەم جـارە و نە دواجـاریش دەبێـت. لە سـاڵانی هـەشـتاکان و نەوەتـەکانیشـدا، چەنـد لایەنگیرێکی هاندەری تیپە کوردییەکان بە دەستی رەگەزپەرستانی تورکیا شەهـیدکران. کران. چەنـد جـارێـکیش هـێڕشـیان کردە سەر یاریـزانی ناسراوی کـورد (دەنـیز نـاکی) کە پەنـابەرێکی (ئەڵمانیـا) نییە. کە بە سـەردانی دەگـەڕایـەوە بۆ باکـووری کوردستان هـێڕشیان دەکـردە سەری.
ئەم هـێڕشانەی رەگەز پەرستانی تورک بۆ سەر کورد، خـۆتەنی و ناکاوی نین، پـێشتر لە لایەن بزووتنەوەی ناسیۆنالـیستی تورکیاوە پیلانی بۆ دادەڕێـژن و جـێبەجێی دەکەن.

ئەوەتا دەعـبا قـێزەوەنەکە (دەولەت باخچـەلی) سـەرۆکی پارتی بـزووتنـەوەی نـەژادی ناماقـوڵی کـرد و دەڵـێت:”شـوێنێک نییە کە ناوی ئامـەد بێـت، تیپێکـیش نییـە کە ناوی ئامـەدسـپۆرت بێـت” هـیوادارم کە رۆژیـک بێـت کە ئـەم رەگـەزپەرستە رقـڕەشـە، کە نـەدان بە بـوونی کـورد و نـە دان بە مـافـەکـانی کوردیشدا دەنـێـت. لە داخـی کـورد دا شەقـبەرێت و بتـۆپێت. ئەو خەونە و نیازە گڵاوەشی دەباتە گۆڕەوە کە کورد نەمێنت. چونکە ئەو ئەستەمە کە بتوانـن هـێـڵی راست و چـەپ بەسەر (٣٠) ملیـۆن کـورد لە باکـووری کوردستانـدا بهـێـنن.
خاتـوو (پەرویـن بوڵـدان) هـاوسەرۆکی (هە دە پە) لە رۆژی جیهـانی ژنـانـدا، وەڵامی قـسەکانی باخچـەلی دایەوە و وتی:”جـارێکی کە رامان گەیاند ئێمە درێـژە بە بوونمان دەدەیـن”. وتیشی:”دۆخی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی، گەورەتـریـن کارەساتە، ئەوە بوومەلەرزە نییە کە ژیانی ئێمەی وێران کردووە، بەڵکو دۆخـی گەنـدەڵـییە”.
(ولات کیلینک ئەسلان) ی سەرۆکی پێشووی یانەی تـۆپی پێی (داڵ کـورد) لە سـویـد، وتی:”چـاوەڕوانی ئەوە نەدەکـرا، کە هانـدەران ئەو لافـیتانە و چەقـۆیانە ئامادەبکەن، گـەر دەستی پـۆلـیسیان لەگـەڵـدا نەبـوایـە”.
سەرۆکی پارتی کۆماری ئـۆپـۆزسیۆن (کەمـال گـلیچـدار ئـۆغـڵو) پالیـۆراو بۆ سەرۆک کـۆماری تۆرکیا لە هـەڵـبژاردنەکانی داهـاتـووی تورکیا، بۆ بەدەستهـێنانی دەنگی کورد، رۆژی یەکشەمە لە بەیاننامەیەکـدا، وا خـۆی دەرخـست کە سۆزی بەلای کوردا هەیە و دژی ئـەو کـارەسـاتە وەرزشــییە، وتی:”ئـەوە پـەڵـەیـەکی شـەرمـەزاریی رەشـە، بـە نێـوچـەوانی مێـژووی وەرزشـەوە”.
بە داخەوە کە دەسەڵاتـداران و رژێمی تورکیا، چاوپۆشی لە هەموو ئەو تاوانانە دەکەن کە رەگەزپەرستانی تورک، بەرانبەر بە گەلی بێتاوانی کوردمان کردوویانە و دەیانکەن. ئەگەر چی یارییەکە بە دۆڕاندنی ئامەدسپۆرت کۆتایی هات (١،٢) بەڵام ئەو هێڕشانەی کە لە لایەن رەگەزپەرستانەوە کران، کاریگەرییـان لەسەر دەروونی یاریـزانـانی ئامـەد هەبوو، ئەگینا یارییەکەیان دەبـردەوە، چونکە باشتر لە بۆرسـەسپۆرت یارییـان دەکرد.
ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەو رەگەزپەرستانەی کە دەڵین کورد لە تورکیادا نییە. ئەگەرچیش باکـووری کوردسـتان، تـورکـیا نییە، بەڵـکو بەشێکی داگـیرکـراوی کـوردسـتانە.
شایەنی باسیشە، یاریزانی تیپی ئامەدسپۆرت لە گەڕانەوەیاندا، لە فڕۆکەخانەی ئامەد، وەکو پاڵەوان زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێانکـرد، هـاوریان دەکرد “چـۆك دانادەین”.
پێویستە رێکخراوی یەکـێتیی تـۆپی پێی جیهـانی (فـیـفا) بێـتە دەنگ و تیپی تۆپی پـێی تـورکیا، لە یارییەکـانی یانـەکـانی ئـەوروپـا و لە یـارییـەکانی نەتـەوەکـانی ئـەوروپـا ـ ئەگـەرچی تورکیـا دەوڵـەتێکی ئـەوروپی نیـیە ـ و لە جـامی تـۆپی پـێی جـیهـانی و لە هەمـوو یارییـەکـانی ئـۆڵـۆمپـیی داهـاتـوودا، وەکو سـزادانـێکی تەمـێکـردن، بۆ ئـەم تـاوانە رەگـەزپەرەستیـیەی، کە دژی یانـەی تـۆپی پـێی (ئامەدسـپـۆرت) کـردیـان، کە پێشێلکةردنێکی زەقی دەستوور و یاسا و رێساکانی تـۆپی پێیە، سزای یەکـێتـی تـۆپی پێی تورکیا بدات و بۆ ماوەیەک، چالاکییە وەرزشییە نێـودەوڵـەتییەکانی سـڕ بکـات و نەتـوانێـت بەشـداری لـەو یـارییـە نێـودەوڵـەتـییـانەدا بـکات. ئـەگـەر راسـتەکـەن کە یاسا و دادپـەروەری هـەیە.




ئەکتەرەکان.. شيعر: نزار قبانی.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

(1)
كاتێ لە شارێکا
“فکر” ، وەک “سم”ی ئەسپ تەخت ئەکرێ
و
وەک”سم”ی ئەسپ خڕ ئەکرێ
و
هەر گەمژەیەک بتوانێ
چەک هەڵگرێ و ئینسان بکوژێ
كاتێ ووڵاتێ سەرتاپا
ببێ بە تەڵەی مشک و خەڵکی بەرکەوێ
و
ڕۆژنامەکان ببن بە “پرس نامە”
دیوارەکان داپۆشێ
….هەموو شتێ ئەمرێ
…. هەموو شتێ ئەمرێ
ئاو…سەوزەوات…دەنگ…ڕەنگەکان
درەخت لە ڕەگەوە کۆچ ئەکا
جێ بەجێ هەڵدێ
و
ئینسان کۆتایی دێ

 (2)

كاتێ “ووشە” لە شارێکا
وەک “حەشیشە” قەدەغە ئەکرێ
و
بیر کردنەوە، وەک :
سێکس کڕین ، دوو دەگێتی ، تلیاک
ئەبێ بە “تاوان” و یاسا ..!! ئەیگاتێ
كاتێ لە شارێکا
خەڵک ئەبێ بە بۆقێکی نابینا
نە سکاڵا ئەکەن ..نە ڕائەپەڕن
و
نە گۆرانی ئەڵێن…نە ئەگرین
و
نە ئەژین..نە ئەمرن
دارستان و مناڵ و گوڵ ئەسووتێن
بەر و بومەکان ئەسووتێن
و
ئینسان لە ووڵاتی خۆیا
لە” کوللە” زەلیل تری لێ دەرئەچێ

 (3)

كاتێ عەدالەت لە شارێکا
ئەبێ بە پاپۆڕێک و “چەتە” سواری بێ
و
ئینسان لە جێ خەوی خۆیا
ترس و خەفەت دایئەگرێ
كاتێ فرمێسک لە شارێکا
گەورەتر بێ لە پێڵۆکان
…هەموو شتێ دائەڕوخێ
خۆر..ئەستێرە..شاخ..دۆڵەکان
ڕۆژ..شەو..دەریا..کەنارەکان
خودا…و…ئینسان

 (4)

كاتێ “خودە” یەک:
وەک خودای ئاسمانی لێ دێ
چی بوێ بە” عەبدەکان” ئەکا
پانیان ئەکاتەوە..ئەیانهاڕێ
ئەیانکوژێ…ئەیانژێنێتەوە
كاتێ لە شارێکا
بیر کردنەوە جۆرێک ئەبێ لە “بێ ئەقڵی”
و
لە شارێکا ، مێژوو ئەبێ بە فڵچە
و
” فکر” بە پێڵاو
كاتێ شنەی هەوا
بە مەرسومێکی سولطان دەرئەچێ
و
ئەو نانەی ئەیخۆین
بە مەرسومێکی سولطان بۆمان دێ
و
ئەو ئاوەی ئەیخۆینەوە
بە مەرسومێکی سولطان ئەگاتە جێ
كاتێ میللەتێ سەرتاپا
ببێ بە ” مێگەل”
و
لە ئاخوڕی سولطان بلەوەڕێ
کۆرپەکان لە ڕەحمی دایکیانا ئەخنکێن
و
ژنە سک پڕەکان لەبار ئەبرێن
و
خۆر وەک سێدارەیەکی ڕەش
….یەتە خوارێ

(5)
كەی بار ئەکەن..؟
شانۆکە بەسەرتانا کەوتە خوارێ
كەی بار ئەکەن..؟
خەڵکی هۆڵەکە جوێن ئەیەن…تف هەڵئەیەن
كەی بار ئەکەن..؟
نیشتمان بۆ ئێوە :
مریشکێ بوو ، لە هێلکە بە نرخەکەی ئەخۆن
نیشتمان بۆ ئێوە :
“کراسەکەی عوسمان” بوو بۆ بازرگانی کردن
لەسەر دەستی ئێوە :
سنوورەکانمان وەک “کاغەز”ی لێ هات
بە ئاسانی ئەدڕێ
هەزاران سوپاس
لەسەر دەستی ئێوە :
ووڵات بوە بە قەحبەیەک
هەزاران سوپاس

(6)

…شەڕی یەکتر کوشتن تەواو
وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەیابێ
ڕووخسار و چاوەکان وەک خۆیانن
دادگای هەڵکوتانە سەر
و
دادوەرەکان !! وەک خۆیانن
قەرەقۆز و سیخوڕەکان
سەر قاڵی کاری خۆیانن
و
خەڵک لە بێ توانایی گریانا
….پێئەکەنن
و
ئێمەش ڕازین
بە شەڕ ڕازین.. بە ئاشتی ڕازین
بە گەرما ڕازین..بە سەرما ڕازین
بە وەجاغ کوێری ڕازین..بە مناڵ بوون ڕازین
بە هەموو ئەوانەی لە ناوچەوانمانا نووسراوە
….ڕازین
قایلین بە ڕازی بوون
تەنها ئەتوانین بڵێین :
انا للە و انا الیە راجعون

 (7)

شانۆکە سووتا و داڕما
ئەکتەرەکان :
هێشتا وان لە ژیانا
………………….
“”””””””””””””
(تێبینی : دەقە عەرەبییەکەی ئەم شیعرە درێژ ترە لەوەی کراوە بە کوردی ، بە چاکم زانی تەنها ئەو کۆپلانە وەرگێڕم کە ڕاستەوخۆ مەبەست ئەپێکێ…)
“””




نا، ئەو ژولیایە نییە.. نەوزاد بەندی

تۆ بڕوانە ..

ئەم شارە پڕە لە ژولیا ..

ئەنتەرنێت  ئەگەر بڕوخێ بەسەر ژولیادا ئەڕوخێ ..

لە گەڕاندا هەر پیتی (ژ) گەر بنووسی ،

سەدان ژولیا هەروەکو،سەرباز ڕیز ئەبن ..

بەڵام هیچیان وەک تۆ ،

 شیعریان  لێ نابارێ ..

هیچیان وەک تۆ ،

لەناوەختا

  باڵندە  ئاسا ،

 پەنجەرەی ژوورەکەم

ناکەن بە شانۆ ..

پیتەکانیان

 بۆنی شلیکیان لێ نایە ..

شیعرم بۆ ناخوێننەوە ..

بە لاستیکی بۆنخۆشی کاڵ و پەمەیی ،

ترس و فرمێسک و دوو دڵیم 

ناسڕنەوە ..

هیچیان وەک تۆ ،

ناتوانن دڵم  بە پیتی ڕەنگاوڕەنگ بۆ بچننەوە  ..

هیچیان کلیلی قەفەزی

سنگمیان لا دەست ناکەوێ ..

ناتوانن بابلنیزامی قەفەزەکە بکەنەوە ..

دڵ هەڵفڕێ ..ڕزگاری بێ

لە ئەشکەوتی برینەکان..

لە خۆم ..

لە گەل و نەتەوە .. !

هیچیان

ئازایەتی ئەوەیان تیا نیە هیچیان ،

جنێوێ بدەن بە ئاغا ..

چرای کۆشکێکی بشکێنن ..

قێز بکەنەوە لە فیلە پەڕۆینەکانی ناو میدیا ..

لە شاعیرە درۆزنەکان ..

لە مەسینەهەڵگرەکان ..

هیچیان وەک تۆ ،

ئازایەتی ئەوەیان تیا نیە ،

بڵێن :من نەخۆشم ..من نەخۆشم ..من نەخۆش ..

ڕاستگۆیی ئەوەیان نیە ،

دانی پیانێن :

ئەو ژیانە یەک شەق زیاتری قابیل نییە ..

کەسیان ناتوانن ،

 بەرپرسێ

کی گیڤخواردوو ،

 لە ناماقوڵیی

 ڕابگرن و پێی بڵێن :

دەبەسە ..دە بەس ..گوخواردن ..

٭    ٭    ٭

ئیتر بۆت ناگەڕێم .. ژولیا..

هەر خۆی تاوانە لەو شارە پڕ لە دوکەڵ و دکتۆرە ،

پڕ لە دەرمان و نەخۆشە ..

پڕ سواڵکەر و ملیاردێرە ،

سۆراخی ڕوناکیی بکرێ ..

هەر خۆی ناڕەوایە لەسەر  ئەو شەقامە پڕ  لە زبڵ و دروشمانەدا ،

پرسیاری  ئەدرێسێکی

وەک تۆ بکرێ  ..

جۆرێکە لە جۆرەکانی بێ هودەیی ،

لەو  هەموو دەمامکەدا ،

چاو

بۆ ڕوخساری بێ ڕتوش ..

بۆ زمانێکی بێ درۆ ..

بۆ شیعرێکی پڕ لە مرواری

بگەڕێ ..

کارەساتێکی گەورەیە ،

کە ئیتر زامەکانتم بۆ ناخوێنیتەوە ..بە بێ هۆ ..

کە حونجەی ووشە ناکەم و

تاقەتم نیە لەگەڵ شیعر دانیشم

بە بێ تۆ ..

کارەساتێکی گەورەیە ..

زستان ئەڕوا و

نە بەفر دێتە هەیوان و

نە تۆ ئەڕژێیتە سەر شاشەی

مۆبایلەکەم

بە نیوەشەو

بە نیوەڕۆ ..