سیاسەتی بەتورک کردن لەسەردەمی مستەفا کەمال 1923_1939.. سەمیان مەڕوان عبدالقادر

لەم وتارەدا دەمانەوێت باس لە سیاسەتی بەتورک کردن بکەین لەسەردەمی مستەفا کەمال دا وەرگرینگی زیاتر بدەین بە وەی کە مستەفا کەمال دەیوست کۆمارێکی تورکی ڕابگەینێت دەستی دایە هەلوەشانەوەی ئیسلام کەمالیەکان هەموو جۆرە چالاکی و دیاردەی ئیسلامی قەدەغە کرد دەستیان کرد بە داخستنی هەموو دامو دەزگا سیاسیە ڕۆشەنبیریەکانی کوردی و داخستنی ڕۆژنامەکان کەزۆر بەیان لە ئستەمبول بوون جلوبەرگی و زمانی کوردیان قەدەغە کرد بۆیەکەم جار لەمێژووی کورد ڕووبەروی پاکتاوی ڕەگەزی و جینۆسایدی بونەوە ، مستەفا کەمال کە یەکەم سەرۆکی کۆماری تورکیا بوو لە9_9_1923سەربەخۆی تورکیای ڕاگەیاند کە بۆماوەی پازدە ساڵ لەدەسەلات مایەوە کە لەو ماوەیەدا پەیوەندی لەگەڵ ولاتی ئیسلامی پچڕاند و ولتەکەی گۆڕی لەئیسلامیەت گۆڕی بۆ عەلمانیەت کە مزگەوتی سولتان حەمیدی و سەرجەم مزگەوتەکانی تری داخست وە زمانی عربی قەدەغە کرد واتا مستەفا کەمال باوەڕی بە ئیسلام نەبوو وەسیەتی کرد ئەگەر مرد نوێژی لەسەر نەکەن ، دوای ئەوەی پەیمان نامەی لۆزان لە23تەموزی 1923 مۆرکرا بۆ سەرکەوتنی مستەفا کەمال کەتوانی دەست بەسەر ئەوناوچانە دابگرێت کە لەپەیمانامەی نیشتیمانی1920ئاماژەی پێکرابووچونکە لۆزان سەردەستەی هەموو ئەوزنجیرە پەیمانانە بوو کە سیمای هەرێمایەتی توریکیای جێگیر کرت دوای ئەوەی کە مستەفا کەمال دەسەلاتی جێگیر بوو لەتورکیا هەلسا بە ئەنجامدانی چەند کارێک کە ناوی لێنابوو چاکسازی بەلام ئەم پڕۆسەیە بریتی بوو بەعەلمانی کردن و ڕۆژئاوای کردنی تورکیا ،چونکە مستەفا کەمال دەیویست لەڕێگەی پڕۆسەی چاکسازیەوە تورکا بکات بە دەولەتێکی هاچەرخ کە هەلسا بەقەدەغکردنی تەرەقەتی سۆفیگەەری و یەکسانی لەنێوان ژنو پیاودا هەلسا بەقەدەغەکردنی ئازادی ئافرەت لەبەژداری کردنی لەکارو باری سیاسی جگە لەمانەش چاپکردنی پەرتوکو بانگدانی بەزمانی قەدەغە کرد زمانی تورکی کردە زمانی فەرمی دەولەت بەلام ئەمکارانەی مستەفا کەمال سەرکەوتو نەبوو بەتایبەتی لەوشوێنانەی کە دورە دەست بوون لەتورکیا بەشێکیشیان لەدوای مردنی مستەفا کەمال هەلوەشێندرانەوە چونکە کەمالیەکان بەزۆری ئەم مەرجانەیان بەزۆری بەسەر خەلکی تورکیا سەپاندبوو هەربۆیە سەرچاوە مێژویەکان ڕەخنەی توند ئاڕاستەی سیاسیەتی بەتورک کردن و پڕۆسەی چاکسازی لەتورکیا.یکێکیتر لەکارە گرینگەکانی مستەفا کەمال 2ئاداری 1924دا بڕیاری دا بەهەلوەشاندنەوەی وەزارەتی ئەوقافو گۆاستنەوەی داهاتەکەی بۆ گەنجینەی گشتی بۆ ئەوەی لەبواری پارەدار کردنی سیاسەتی دەولەت سودی لێوەر بگیرێت بەپێ ی مادەی163کەباس لەقەدەغە کردنی بەکارهێنانی ئایندەکات بۆکاروباری سیاسی کەدواتر لەپەیمانامەی لۆزاندا چوار مەرجیان دانا بۆ سەربەخۆی تورکیا کەبیرتی بوون لە هەلوەشاندنەوەی خەلافەتی ئیسلامی و ڕاگەیاندنی عەلمانیەت لە تورکیا و دەرکردنی خەلافەتی عوسمانی بۆدەرەوەی وەلات هەروەها دەستگرتن بەسەر مولکو سامانی دەولەتی عوسمانی دواتر هاوپەیمانان بڕیاریان دا بڕیاریان دا بەچۆلکردن ناوچەگەورەکان و ئەستەمبول و تورکیا دەست بەرداری مافەکانی خۆیان بوون لەوناوچانەدا ،تورکەکان پاش ئەوەی بەشێکی زۆری ئەونەخشانەی کەکێشابویان بۆ چەسپاندنی دەسەلاتی خۆیان هێنانەدی ئامانجەکانی دوای ئەوەی کەکاریان بەکورد نەما کەوتنە دژایەتی کردنیان پاشگەزبونەوە لەوبەلێنانەی کە پێیان دابوون کەهەموو ڕێخراوەکانی کوردیان هەلوەشاندەوە وەڕۆژناماو گۆڤاری کوردیان قەدەغە کرد وەتانکە ڕێگا کەکوردەکان بیگەرنە بەر وازهێنانە لەزمانی باوباپیریان ڕازیببن بەوەی بەڕەگەزی تورکی هەژماربکرێن بۆ ئەوەی جارێکی تر نەتوانن داوای مافی خۆیان بکەن ئەوسیاسەتی ویاسایاینەی مستەفا کەمال دەریکردبوون لێرەدا ئاماژە بەچەند هۆکارێک دەکەین کەبریتی بوو لە 1.بەپێی ئەویاسایەی حوکمەتی تورکیا دەربارەی کەمەنەتەوایەکان دەری کردبوو حوکمەت نەخشەی کێشابوو کە کوردەکان لەناوچەکانی ڕۆژهەلات بەکۆمەل بگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی ئەنادۆل وەتورک بهێندرێتە شوێنیان.

2.هەلوەشانەوی خەلافەت بوەهۆی تێکدانیشیرازەی تورک و کورد کەپێکەوەیان گرێدرابوون.

3.قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی ناچارکردنی کورد کەلەسەرجەم دامودەزگاکانی بەتورکی قسەبکەن ئەمەش هەڕەشە بوو بۆسەر نەتەوەی کورد بەتایبەت داخستنی قوتابخانە ئاینیەکان کەتەها شوێنێک بوو کوردەکان دەیان توانی بەزمانی خۆیان تێیدا بخوێنن وەگۆڕنی ناوی سەرجەم شوێنەکان کەکوردی تێدا نشتەجێ ببون وەسەرجەم فەرمانبەرەکان کەدادەمەزران تورک بوون و هەلدەستان بەدورخستنەوەی فەرمانبەرە کوردەکان بۆشوێنە دورەکان.

4.هەموو ئەوباجو سەرانەی لەدانوشتوانی ناوچەکوردیەکان وەردەگیرا هیچ سودێکی بۆ ئەوان نەبوو چونکە لەدگاکاندا بەبێ وەرگرتنی بەرتیل کاری نەدەکرد بۆ هەلبژاردنی وەلی ویلاتیەکان حوکمەت تەنها ڕێگەی بەوانەدەدات هەلبژیردرێن کەتورک بون

5.سیاسەتی حوکمەتی تورکیا بۆتێکدانی هاندانی حەشیرەتەکانی کوردبوو بۆ ئەوەی بەگشت یەک دابچنەوە و دژایەتی یەکتری بکەن هێرش بردنو دەست درێژی کردنی سەربازانی تورک بۆسەر ناوچە کوردیەکان وە ئەو کوردانەی کە دەکرانە سەرباز بەوپەڕی توندوتیژی مامەلەیان لەگەل دەکرا و سوکایەتیان پێدەکرا وە قورسترین ئەرکیان پێ دەست پیردرا هەموسەروتو سامانەکانیش بۆ تورک بوون و کورد لێی بێبەش بوون ، کەواتەمستەفا کەمال کە کارزمایەکی بەناوبانگی تورکی بوو توانی گۆڕانیکاری سایسی گرینگ لەتورک بەئەنجام بگەینێت بۆیە تورکیا لەسەردەمی مستافا کەمال تەواوی چینو توێژەکانی کرانە زمانی تورکی زمانی عەربی قەدەغەکران و سزاش بۆ ئەو کەسانە دانرا کەپەیرەوی لەزمانەکانی تر دەکەن.

سەمیان مەڕوان عبدالقادر




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(59).. شەماڵ بارەوانی

ئاشقی کیژی مەسولێکی ئیسلامی بـووم!

ئەوە لەکۆلێژ بووم، لە قۆناغی یەکەم، لە حوجرەش، لە مزگەوتی حاجی عەلی سۆرانی دەمامەوە، لە کورانی مەخموور.

لەوکاتەدا، مەیلم بۆ کچە مەسولێکی ئەو حیزبە ئیسلامییە لا دروست بوو، کە تێیدا ئەندام بووم. کچی ئەندامێکی سەرکردایەتی بوو.

لە ڕاستیدا، من ئەو کچەم لە کەڕنەڤاڵێکی حیزب بینی و خۆشەویستییەکی تاک لایەنە بوو و ئەو کچە ئاگای لێ نەبوو کە من بۆی دەسووتام. چوون وەك مۆمێک بۆی دەتاوامەوە و دڵ و هۆشی خراپ داگیرکردبووم. جا نەمدەزانی چۆن و بە چ ڕێگایەک بڕۆمە پێشەوە!

فەقێیەکی هاوڕێم پێشنیاری بۆکردم: بە هاوسەری مەلا(س…) بڵێم و گوتی: ئەو زۆر ڕێزی تۆ دەگرێت و وەکو کوڕی خۆی سەیری تۆ دەکات. حەقيقەت وابوو، من و هاوسەری ئەو مەلایە وەکو دایک و کوڕمان لێهاتبوو.

لە پۆلی یازدەوە من لەو حوجرەیه مامەوە، تا قۆناغی یەکی کۆلێژ و ئەوکاتەی لای مەلای هاوسەرییەوە، بە هۆی خوێندنەوەی کتێبی خەتەرەوە دەرکرام.

لەبەشێکدا، بەتەواوی باس لەچیرۆکی ئەو دەرکردنەم دەکەم.

هاوسەرەکەی مەلا، دادە(س.هەڵەبجەیی)، تا بڵێیت ژنێکی حەکیم و میهرەبان و ڕووخۆش و دەستکراوە بوو.

دواتر دێمەوە سەر باسی چیرۆکی خۆشەویستی خۆم و ئەو کچە ئیسلامییە.

پۆلی پێنجی ئامادەیی(یانزە)، بووم ماوەیەک لە بنەسڵاوە و لە حوجرەیەک دەمامەوە، لە مزگەوتی دەشتی هەولێر، لای( مەلا ڕزگار کەرکوکی)، کە مەلای مزگەوتەکەبوو و سەرپەرشتی حوجرەکەیشی دەکرد و وانەی نەحو و زمانی عەرەبیشی پێ دەگوتینەوە.

مەلا ڕزگار، مەلایەکی ئاڕاستە سۆفیزم بوو، تابڵێى کەسێکی دڵپاک و میهرەبان و بێ گرێ بوو.

شەوانی هەینی شێخ دەهات، مەلا ڕزگار جارێک من و فەقێکانی تری برده کۆڕی زیکری سۆفییان و شێخیش دواتر وەعزی دا بۆ دەروێش و سۆفییەکان، سەبارەت بە شێخایەتی و تەریقەت و زیکر و ئەوراد و ئەو تەرزە بابەتانە.

ئێمە حەوت فەقێ بووین، چوار هی گۆگجەلیل و موسڵ و دوو هی دەڤەری بەردەڕەش و دانەیەکیش، هی گوندی گربەویلی سەر بە شارۆکەی ڕۆڤیابوو.

جا هەموو فەقێکان ئیسلامی ئاڕاستە بووین. باوەڕمان بە تەسەوف و شت نەبوو، شێخ و ئەو شتانەمان بە هەرتەقە و خوڕافە دەزانی، بەڵام ناچاربووین، لەبەر مەلا ڕزگاری سۆفیزم، بڕۆین بۆ کۆڕی زیکری سۆفی و دەروێشان.

کە ڕۆشتین شێخ(ح…)ی دەربەندی خانی لێ بوو، لەگەڵ کۆمەڵێک دەروێش و شتی خۆی، کاتێک دەروێشەکانی، شەش حەوت دەروێش زیاتربوون، کەوتە تەوقەکردن و ماچکردنی ئێمە، دانەیەکیان تەمەنی پەنجا ساڵێک دەبوو، دەروێشێکی تری لاواز و باڵابەرز بوو، کاتی تەوقە، توند دەستی گوشیم و لە ماچکردنەکەدا وەکو فەقێکانی تر، کاتێت کە سەرە گەیشتە من، ڕوومەتی خۆم بۆ بردە پێش، گوتی ڕوومەتت نا، ناو دەمت بێنە! کەواى گوت زۆر ترسام و نەمهێشت ماچی ڕوومەتیشم بکات.

دواتر کەڕۆيشتينەوە بۆ حوجرە، ئەوەم بۆ فەقێکان گێڕایەوە، دایانە قاقا و هەر گاڵتەیان پێ دەکرم و پێدەکەنین.

جا لەناو گەرمەی زیکرەکە و حەی حۆیەکەدا، گڵۆپیان کوژاندەوە، لە تاریکییان چاو چاوی نەدەبینی و دەروێش و سۆفییەکان و مەلا و شێخ، یەک بە دەنگ اللە اللە و حێ اللە و یا اللە و زیکریان دەکرد، ئێمەش دەمانقیڕاند و گاڵتەمان دەکرد و دەمانکرد بە ویقە ویق، تاریک بوو و دەنگمان تێکەڵ بە دەنگی ئەوانی تر دەبوو. دوور لە زیکر و تەهلیلەکە، وەکو مەسەلە کوردییەکە دەڵێ: سەگ خودانی خۆی نەداناسییەوە.

ئینجا دوای ئەو بەزمە وەک ئاماژەم بۆ کرد، شێخ وتار و وەعزی خۆی دەدا، ئێمەش لەژێر لێوەوە پێدەکەنین و گاڵتەمان بە قسەکانی یاشێخ و فشەمان بە وەزعەکەی دەهات.

کە هاتینەدەرەوە و دانیشتنەکە بە کۆتا هات، بۆ شۆخی بە فەقێکانم گوت: ئێمە هەموو فەقێی لوسکە و هەرزەکار و تازە گەنجین، کوڕە ژوورەکە زۆر تاریک بوو، گومانم بۆ درووست بووە، خۆ شوکور هەمووان سەلامەتن؟

کەوام گوت، هەموان دایانە قاقا. بە حوکمی ئەوەی من پێشووتر(ڕشتەی مرواری) مامۆستا عەلائەدین سەجادیم خوێندبووەوە، کە چەندین نموونە و بەسەر هاتی کۆنی شێخ و مەلاو فەقێ و سۆفی و پیاوانی ئایینی، لەو بەزمەی تێدایه، بۆیە گومانێکی خراپ و سوئولزەنێکی خراپم لەو گلۆپ کوژاندنەوەیە، لەمێشکا بۆ دروست ببوو.

مەلا ڕزگار، جارەک پێی گوتم: وەڵڵاهی مەلا شەماڵ، وابزانم فشەت بەو مەسەلەی دەروێش و شتانە دێت و تەقەی سەرت دێت؟ هەردووکمان دامانە قاقا گوتم: مامۆستا نوکتەکە ئەوەیە، ئێمە دەمانەوێ تۆ بکەین بە ئیسلامی و تۆش دەتەوێ ئێمە بکەیت بە سۆفی، دووبارە دامانەوە قاقا.

ئەوکات من ڕوانینێکی زۆر نێگەتیڤم لەسەر تەسەوف هەبوو.

ناحەقیشم نەبوو، تەسەوفم لەو دەروێش و بەناو سۆفییانە و شێخە فێڵباز و کتێبەکانی (محەمەد جەمیل زینۆ)ی وەهابیزم و فێندەمێنتالیست و لە ڕوانگە هەڵەکەی سەلەفیزمەکانەوە ناسی بوو.

دواتر کە مەسنەوی مەولانا و ئیحیائولعولومولدینی غەزالیم خوێندەوە، ئاشنای چیرۆکی عیشقی نێوان مەولانا و شەمسی تەبریزی بووم، لەسەر «ژیانی ڕابیعەی عەدەوی» و ئیشقی ڕابیعەم سەبارەت بە خوداوەند خوێندەوە و ئاشنای:«الفتوُحات المكية» و «فصوُص الـحِكَم»ی، «مەحیەدین ئیبـن عەرەبی» بووم و لەسەر جونەیدی بەغدادی»، ‌و «شێخ شەهابەددینی سوهرەوەردی»، و «بایەزیدی بوستامی»، «ئیبنولفاریز»، و «شێخ ئەبوسەعید ئەبولـخێـر» و «شێخ ئەبولـحەسەنی خەرقانی» و «شێخ ئەبوبەكری شیبلـی» و «ئەبوتالیبـی مەككەیی»، و «عەینولقوزات هەمەدانی» و «سەنائی غەزنەوی» و «شێخ فەریدەددینی عەتاری نەیشابوری». و دەیان کەڵەپیاو و بیرمەند و عاریفی تری سۆفیزمی لەنموونەی ««حسێنی كوڕی مەنسووری بەیزاوی: مەنسووری حەلاج» خوێندمەوە.

بە قووڵی و تێڕامانەوە، موتاڵای مانای هەریەک، لە چەمکەکانی: عیشق و فەنابوون و تەریقەت و حەقیقەت و شەریعەت و «حیكمەتی ئیشراق» و «وحدة الوجود» م کرد، لە ڕوانگەی تەسەوف و سۆفیزمەکانەوە.

ئینجا بە تەواوی لە چییەتی و حەقیقەت و واتای: تەسەوف و عیرفان تێگەیشتم.




بارودۆخی تورکیا لە نێوان ساڵانی 1945- 1950.. زەیتون جمیل ابراهیم

ساڵانی 1945-1950 بۆ گەڵی تورکیا زۆر گرنگبوو کە بەرەو فڕە پارتی هەنگاوینا، لەدوای ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیا تاکو 1946 تورکیا هەر تاکە پارت بوو، گەر یەک دوو پارتیش هەبووبن بێجگە لە پارتەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورک (کۆماری گەل) تەنها بەناوبوون و ڕۆلێکی وایان نەبوو، بەڵام کاریگەری جەنگی دووەمی جیهانی وایکرد نەک تەنها تورکیا بەڵکو جیهان دەست بە گۆڕانکاری بکات و واز لە دیکتاتۆریەت بهێنن و بەرەو دیموکراسی هەنگاو بنێن، بۆیە ئەمەش تورکیای ناچارکرد فڕە پارتی قبووڵ بکات.
لەوانیە فرە پارتی بۆ تورکیا کارێکی ئاسان نەبێت بەڵام چەند هۆکارێکی ناوخۆی و دەرەکی وایکرد تورکیا پێی قبووڵ بێت لەوانەش هۆکارە ناوخۆییەکان وەکو بێزاربوونی ئاشکرای هاوڵاتیانی تورک بەرامبەر بە دکتاتۆریەتی پارتی گەل و فەرمانڕەوایی تاک پارتی، زیادبوونی داواکاریەکان لە دژی ڕێگری کردن لە ڕۆژنامەکان و داواکاریەکان بۆ فراوانکردنی ئازادی و ڕێگەدان بە پارتی سیاسی،
لەدوای جەگی دووەمی جیهانی ئابووری تورکیا لەوپەڕی خراپی دابوو. بێجگە لە بێزاری خەڵک لەناو خودی پارتی گەلی کۆماریشدا ناڕازایەتییەکان سەری هەڵدا!، هەندێ لە ئەندامەکانی داوای چاکسازیان کرد هەر لە ناو پارتی کۆماری گەل، لەوانە (جەلال بایەر و عەدنان مندرێس و فوئاد کۆپەرلۆ و ڕەفیق کوراڵتان) لە 7ی حوزەیرانی 1945 ڕاپۆرتێکیان دەرکرد کە بە (ڕاپۆرتی چوار لایەنە) ناسرابوو، ڕەخنەیان لە پرۆگرامی ناوخۆی پارتی فەرمانڕەوا دەگرت و داوایان کرد چاو بەو یاسایانەدا بخشێنن کە دژی بۆچوونی دیموکراسی و ئازادیەکان بوون.
هۆکاری دەرەکیش هەبوون لەمانە دوای جەنگی دووەمی جیهانی سۆڤیەت دەیویست پێگەی خۆی لە گەرووەکانی بۆسفۆر و دەردەنیل بەهێز بکات، بەڵام تورکیا بەمە ڕازی نەبوو، ڕۆژئاواییەکانیش لە مەترسی سۆڤیەتدا بەتایبەتی ئەمریکا پاڵپشتی تورکیای کردو یارمەتی زۆری تورکیایدا بۆ ئەوەی بتوانێت لە بەرامبەر سۆڤیەت خۆی ڕابگرێت، یەکێک لە دیاردەکانی تری جەنگی دووەمی جیهانی لاوازی ئابووری کە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی و تورکیاشی گرتبووەوە ئەمەش مەترسی زۆری لێدەکرا لە بڵاوبونەوە بیری کۆمینیستی، تورکیا کەوتە ژێر فشاری سۆڤیەت. نەمانی توانای یارمەتی بەریتانیا بۆ تورکیا دژی سۆڤیەت، بۆیە تورکیا هانای بۆ ئەمریکا برد یارمەتیی دارایی پێشکەش بە تورکیای کرد بۆ ئەوەی نەبێتە پێگەی بڵاوبوونەوەی بیری چەپ، بەهۆی یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ تورکیا ئەمەش تورکیای ناچارکرد گۆڕایەڵی ئەمریکا بکات دەست بکات بە گۆڕانکاری و فرە پارتی دەستی پێکرد.
هەر بۆیە حکومەت هەڵبژاردنی پەرلەمانی 1947 ی هێنایە پێش بۆ 21ی تەموزی 1946، لە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەدا پارتی گەلی کۆماری 391 کورسی و پارتی دیموکرات 62 کورسی بەدەست هێنا ئەمەش بووە پارتێکی ڕکابەری پارتی گەلی کۆماری لە ململانێ کرد لەسەر دەسەڵات، لەماوەی یەکەم ساڵی کاری سیاسیدا توانی ببێتە دووەم پارتی تورکیا. ئەمە بێجگە لە پارتی دیموکرات چەند پارتی ترهاتنە ئاراوە گرنگترینیان. پارتی گەشەپێدانی نەتەوەیی لە هەندێک لە نەتەوە پەرستە تورکەکان کە هەڵگری ڕێبازی ئاینی بوون پێکدەهات ئەم پارتە بەر لە پارتی دیموکرات درست بوو، بەڵام دوای ئەوەی ئە پارتە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی نەهێنا لە ساڵی 1950 خۆی هەڵوەشاندەوە. پارتێکی تر پارتی سۆسیالستی تورکی زیاتر لە پێنج پارتی سیاسی بەو ناوەوە دامەزران. پارتی کرێکاران و جوتیاران.
پارتێکی تری نەتەوەی کە بانگەشەی یەکێتی نیشتمانی و ڕێزگرتن لە پیرۆزییە ئاینەکانی دەکرد. لە ئەنجامی سەرهەڵدانی فرە پارتی لە تورکیا جارێکیتر بوار بۆ ئاین ڕەخسایەوە کە دەست بە جموجۆڵ بکاتەوە و کە مستەفا کەماڵ لە دوای ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیا ئاینی زۆر ونکردبوو!، بێجگە لەمەش بەهۆی هاوکاریەکانی ئەمریکا بۆ تورکیا دەرفەتێکی باشیان لەپێش بوو بتوانن سود لەو یارمەتی داراییە وەربگرن بەڵام سەرەڕای ئەمەش نەیان توانی سود لێی وەربگرن وەکو پێویست، چونکە زۆریان خەرج دەکرد بۆ بواری سەربازی، ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایی جوتیاران و جولانەوەی کرێکاری دژی سیاسەتی دەوڵەت ئەمەش شەڕی لێکەوتەوە و بووە هۆکارێک بۆ زیاتر گەشەکردنی ئۆپۆزسیۆن لە ژیانی سیاسی داهاتوووی تورکیادا.




ئێوارانە -٣٠-.. سەردار جاف

ديسانەوە ئەم ئێوارە
راڕایی لێم بووە قوتوولەيەکی چڕە دووکەڵ و
دۆراندۆرم دەگرێ
شاپڵيتەيەکە هێزی بەرگريم پەرت پەرت دەکا
دوژمن تا دێ
گەمارۆ دەدا و هەڵمدەبڕێ
ديوارەکان پەرژينێکن لە بۆنی گوڵ
با نيگاکانت نوقمی ئەم چرا کپانەی ئارامی بێ
چوار دەورت بنواڕە
ئاوێنەيەکە ئاوێزانی توانەوەی بالمەمی* نەمامی بێ
کاتژمێری هەنگاوەکانم
رازەکان بە نێو بسکێکی ئاڵۆزا دەکا
قەفی نێرگەلەی خەمەکانم
لە روانينی تەپوتۆزە دوور مەودايدا
بە کەنار ئەستێرەيەکی لێخنی سۆزا دەبا
نيگای چاوەکانی رەهەندێکی شلوێیی هەيە
بە بازاڕی ئاسنگەرانی دڵمدا دەچێ
قەنارە بۆ رۆح هەڵدەدا و
چراگەلێکن بۆ من کزن
گوناهەکان هەر لە دوورەوە
گيول و دايک و باوک دەبينێ
هەناسەيەک پرسەکانی کاروان کوژەمە
ترپەی دڵێ بۆ ژنێ، تيلەی چاوەکان بۆ من دزن
خەتاباريم لە ميهرەبانيتا نوقم بکە
چاوان بە دەوری خۆدا بگێڕە
مەستبوونت لە نێومدا بکە هەورێکی رەشبەڵەک
گريانی بە بارانم بسپێرە
بمئاخنە نێو دەريا روونەکەی سۆزتەوە
بەزەييەکانت پێ بگرێ
ئیدی لە پرسەی ترس و راڕایی رابکە
ماچەکان بە تيروشيرەکەی سەرجامەکە بنێرە
نها ئەو زاجڵە لە کوێ بێنم
لە بری نامە بەرەو خەرەندێ بمبا و
رەدووی تەدارەکی ئەو ژوورە کريستاڵييەم بکا
رامانەکانت بوونە ئەستێرەيەک و
لە خەياڵی تەڵاقدراومدا گەمە دەکەن
دەبارێن و ئەو مەرگە تووڕی دەوەنێ دەدرێ
بۆ سەر ئەو لێو کاڵييەم دەبا
مروەتت بێ بۆ زەمەنێ وڕ و کاسم
خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم

٢١ / ٤ / ٢٠٢٣
ئەڵمانيا




نقاشێك لەسەر ژوانی خەیاڵ.. دڵکەش قادر

من و تۆ و تەنیاییمان
بووینەتە دوا ھەواری خەیاڵ
بووینەتە دوا قامەتی ژوانێك
بووینەتە دوا دێوەزمەی ئەم گەردوونە
من و تۆ ھەمیشە لە ماڵەكەی خەیاڵ دوا ژوان دەگرین و
دوا ماڵئاوایی لە چوونەوە دەكەین
من سەر بە ئەوجی تەنیاییم
تۆ سەر بە ماڵە پڕ شەڕابییەكەی سێوی
سێو خود خواردنەوەی منە لە سەر دەنگی ناسكی ژنبوون
خود خەیاڵێكی بیمارە
ژن، دارھەنارێكە لە باڵای باران و
بەجێھێشتنی فرمێسك
من شێتترین و
تۆ خەیاڵیترین ڕێگای ئاوریشمیت
تۆ
واتا گەڕانەوە
من واتا نەڕۆیشتن.
من و تۆ لەو پێكە دەنۆشین ناومان ناوە
یەك و یەك ناكاتە دوو
من و تۆ لەو سەربازە دەچین
دڵی بۆ ژوانێك لە سەنگەری نەدیتن لێدەدات
دڵی تۆ
ماڵێكی ئەبەدییە و
سێوی من بۆنی دەستی تۆی گرتووە
دەستی تۆ
نقاشێكە بۆ كێشانی تابلۆیەك لە خەیاڵی من
تۆ، ئەبەدیترین جەنگاوەری بۆ كوشتنی مەراق
بەدیار خالقییەوە
سەمات بۆ دەكەم
بەدیار خۆمەوە گۆرانیت بۆ دەڵێم خەیاڵ.
سلێمانیی
دڵکەش قادر




تۆش بە جێمان دەهێڵی.. ستیڤان شەمزینی

زۆر دەمێک بوو بە هادی ئاشنابووم، پێموایە لە کۆتایی نەوەدەکاندا بوو، ئەوسا من شانۆگەرییەکم نووسیبوو بە نێوی “بازاڕی گوڵفرۆشی” و لە هۆڵی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی تمایش کرا، لە رۆژی سێیەمی نمایشدا ئاسایش هەڵیکوتایە سەر هۆڵەکە و نمایشیان راگرت، ئەوسا هادیم ناسی کە ئاسایشەکانی بە قسەکردنەوە خافڵاند تا من خۆم دەرباز بکەم، پاشتر هەر لە ساڵی 1999 شانۆگەرییەکی تری سەر شەقاممان پێشکەش کرد بە ناوی “فائیزەکان” ئەم شانۆگەرییەش ناوەڕۆکێکی قووڵی چینایەتی هەبوو بەشێکیش بوو لە چالاکییەکانی حزبی کۆمۆنیست بە بۆنەی یەکی ئایارەوە، من وەک ئەکتەر بەشداربووم، شانۆگەرییەکە نووسینی سیامەند ئەحمەد و دەرهێنانی شوان ئەڵماس بوو. دوای تەواوبوونی شانۆگەرییەکە هادی لەبەردەمم قوت بووەوە و رەخنەبارانی رۆڵەکەی کردم، وتی تۆ هەر بۆ ئەوە کراویت رۆڵی عاشق بگێڕیت نەک رۆڵی کۆمیدیی، چونکە تۆ باشترین رۆڵت گێڕا لە شانۆگەری رۆمیۆ و جولێتدا. قسەکەشی راست بوو من لەو شانۆگەرییەدا رۆڵی رۆمیۆم دەگێڕا بە گەواهیدانی بینەرانی ئەو شانۆییە کە ساڵی 1997 نمایشمان کرد سەرکەوتووانە رۆڵەکەم گێڕابوو.
بە هاتنی ساڵی 2000 و پەلاماردانی حزبی کۆمۆنیست لەلایەن یەکێتییەوە منیش سەری خۆم هەڵگرت بۆ دەرەوەی وڵات، ئیدی هادیم نەبینییەوە تا درامای گەردەلولی بەشی یەکەم، بە نزیکەیی لە ساڵی 2007دا جارێکی تر یەکترمان بینییەوە، ئەوەی لەودا نەگۆڕابوو پاش ئەو دابڕانە زەمەنییە گەرموگوڕییەکەی بوو، ئەگەرچی لە رۆڵی عەریف حەمەتاڵدا بەناوبانگ ببوو، بەڵام سادەییەکەی هەروەک سەرەتای خۆی بوو، لە کاتێکدا پەیتا پەیتا گەنجانم دەبینی دەهاتن وێنەیان لەگەڵ دەگرت. لەوە بەدوا زۆربەی جار لەبەردەرکی سەرا یەکترمان دەبینییەوە، ئەم وێنەیەی دەیبینن دوا وێنەی من و هادیە رێک دوای یەکەم گەڕانەوەم بۆ کوردستان پاش نەشتەرگەرییەکەم لە ساڵی 2014دا، ئەو خۆی بانگی کردم وتی ستیڤان وەرە با وێنەیەک بۆ یادگاریی بگرین،، هەرچەند زۆر ماندوبووم بە دەست نەخۆشییەکەمەوە کە بە ڕووخساریشمەوە دیاربوو بەڵام نەمتوانی هیچ بلێم و ڕێک چوومە لایەوە و قیت وەستام لە تەنیشتی، دوایی وتی ئەگەر گەڕایتەوە بۆ ئەوروپا سەلامی من بگەیەنە بە توانا ئەمین “چیرۆکنووس”، من بۆم رێکنەکەوت توانا ببینم بەڵام هەواڵ پرسینە گەرموگوڕەکەی ئەوم پێ گەیاند لە رێگەی فەیسبوکەوە. نازانم توانا لەم سەردانانەی دواییدا چاوی پێی کەوتەوە یان نا؟ بەڵام ئەو هەموو مرۆڤێکی خۆشدەویست ئەوەی لەودا خوێندمەوە توانای لە هەموو کەس زۆرتر خۆشدەویست. من پاش ئەم دیدارە کورت و وێنەگرتنە بۆم نەلوا نە هادی ببینمەوە نە بە ئازادیی سلێمانی لە ئامێزم بگرێتەوە. من هادی مەحمودم وەک خۆی و وەک هاوڕێ خۆشدەوێت، ئەم ئۆغرکردنە لە ناکاوەی فرمێسکی پێ باراندم. بنوو هادی گیان، ژیان غەدری لێ کردیت بە ئومێدم مەرگ قەرەبووت بۆ بکاتەوە و ئاسوودە بۆ هەتاهەتایە بە ئارامی بنوویت.

ستیڤان شەمزینی
30/4/2023
کاتژمێر 4:17 بەرەبەیان




سەفەری دوا باڵندەی شار.. نەوزاد بەندی

ئەم لەو جۆرەیان بوو ، کە قسە خۆش بوو ، بەس گاڵتەجاڕ نەبوو ..قسەکانی توێکڵدار بوون ، بەڵام جنێو نەبوون .. کاری ئەکرد بەڵام پارەی نەدەپەرست ..هونەرمەندێکی خاکی و میللی و مرۆڤپەروەر بوو .. هەرگیز لە میدیاکان و لە بۆنەکاندا بۆ ماڵ و سامان نەکڕوزاوەتەوە .. کەس نەیدەزانی کرێچییە ..ئاسایی بوو بەلایەوە لەسەر شەقامێک سەوزە ومیوە بفرۆشێ ..ئەو لەبەر دەرگای بەرپرسەکاندا ڕانەوەستا و ..ماستاوی بۆ هیچ کەسێ نەکرد ، هەر مایکێکیش ڕێی پێ بگرتایە ، بە سنگێکی فراوان و ..ڕوویەکی خۆشەوە ، هەموو پرسیارەکانیانی وەڵام دەدایەوە و حیسابی ئەوەی نەدەکرد ئەم مایکە هی چ حیزبێکە و چ ئاغایەک خۆی بە خاوەنی دەزانێت ..
بەڵێ ، هونەرمەند دوو جۆرن ، هونەر فرۆش و هونەربیر .. ئەم لەجۆری هونەر بیر بوو ..هونەر و بیرو باوەڕەکەی ئاوێتە بوون ، هەر بۆیە هەمووان خۆشیان ویست ..ڕوخساری هەمووان به ووتەکانی بزە و پێکەنینیان تیا ڕوا ..هەمووان بۆ مەرگی ناکاویی ، فرمێسکیان ڕشت و توشی دڵتوندی و خەمباریی بوون ..ئەو تاکە هونەرمەند و تاکە کەس بوو لەم کوردستانەدا بتوانێ هەموو حیزبەکان وا لێ بکا دوور لە دروشمی حیزبی لە دەوری کۆببنەوە و گوێی لێ بگرن و خۆشیان بوێ ..ئەو تاکە کەس بوو ، بە هونەر و کەسایەتییە جوانەکەی ، جیاوازیی نەهێشت ، دەوڵەمەند پێش فەقیر ، ئەیناسی ..دەسەڵاتدار پێش بێدەسەڵات خۆشی ئەویست ..ئەو بە بێ ڕیکلام و بە بێ کلیل ، دەرگای دڵی هەمووانی کردەوە و ..بۆ هەتاهەتایە ، باخچەی هونەرێکی پاک و ..کەسایەتییەکی سادە و جوانی لە ناخی هەموواندا چاند ..
مەگەر خوا بزانێ چ خەمێکی گشتی ، چ دەردێکی سیاسی ، چ ئازارێکی ئابووریی ، چ داخێکی گەندەڵکاران ، کاتژمێری دڵتی ڕاوەستاندبێ .. مەگەر خوا بزانێ ..
سەفەرت سەلامەت ، هادی گیان ..
خودا پاڵپشت و هاوکارت بێ ،عەریف حەمە تاڵی ئازیز و خۆشەویست ..

نەوزاد بەندی




چۆن کاوە بازیانی پێشمەرگەیەکی ساختە دەرچوو، بەڵگەکەشیان بەڵگەیەکی ساختەیە.. دەرسیم پێشەوا

بنەماڵەی جاشی دێرین کاوە بازیانی، لەگەڵ بریندارکردنی ناوبراودا ڕایانگەیاند کە ئەو کەسایەتی دیار، سەرۆک عەشیرەت و پێشمەرگەی دێرین بووە. بەڵام ڕۆژی دواتر بە بەڵگە تەواوی تاوانەکانی فەرماندەی مەفرەزە خاسەی جاش کاوە بازیانیم بە بەڵگە بڵاوکردەوە کە نەک پێشمەرگەی دێرین نەبووە، بەڵکو ئەو جاشێکی دڵسۆزی بەعس و خزمەتکاری ڕژێمی عروبەی سەدام بووە.
ئیمڕۆش وەڵامی ئەو بەڵگەنامە ساختەیەی کاوە بازیانی دەدەمەوە، کە کاوە خۆی دوای شەهیدکردنی ئیبراهیم حەبیب بۆ ناوبراوی دروستکردووە، هەروەها وەڵامی ئەوەشیان دەدەمەوە کە گوایە کاوە بازیانی شەهید ئیبراهیم حەبیب-ی شەهید نەکردووە. سەرەتا دێمە سەر ئەو کاغەزەی کە گوایە لە گیرفانی شەهید ئیبراهیم بووەو کەوتۆتە دەست کاوە بازیانی تا ئێستاکە پاراستوویەتی.
یەک: کاوە بازیانی و بنەماڵەکەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە (ئەو کاغەزە دروستکراوە) لە گیرفانی شەهید ئیبراهیم بووە لەکاتی شەهید بوونیدا، باشە گەر ئەوان شەهیدیان نەکردبێت چۆن کاغەزێکی لەو جۆرە کەوتۆتە دەست کاوە بازیانی؟
دوو: بەگوێرەی ئەوەی کە ماوەیەکی زۆرە لەسەر کەیسی ئەنفال، سەرۆکجاش، ئەمنی گشتیی، ئیستخباراتی گشتیی، ئیستخباراتی سەربازی، مەفرەزە خاسە، زیندانی سیاسیی و شەهیدان کار دەکەم، ئەوەندە شارەزاییم هەیە کە هیچ ئەفسەرێکی ئەمن بەپلەی نەقیب نەبووە بەڕێوەبەری ئەمنی پارێزگایەک بوو بێت، تاکە کەس نەقیب حەسەن ئەلدوری لە ئەمنی هەولێر لەدوای بەڕێوەبەر و جێگرەکەی شوێنی ئەوانی دەگرتەوە، چونکە ئەویش بەرپرسی حزبی بەعس بووە لە ئەمنی هەولێر و لەسەر نامە فەرمییەکانی دەنووسی (نەقیب حەسەن ئەلدوری لەبری بەڕێوەبەری ئەمنی هەولێر/ النقیب حسن الدوري عن مدیر أمن أربیل). بەدرێژایی دەسەڵاتی حزبی بەعسی عەرەبی لە ئێراق لەنێوان (2003.04.09-1968.07.17)دا بەڕێوەبەری هیچ پارێزگایەک، یان بەڕێوەبەری ئەمنی گشتیی پلەکەی لە موقەدەم کەمتر نەبووە.
دوو: لە سەرەتای ساڵی (1984) تا ناوەڕاستی ساڵی (1987)، موقەدەم محەمەد حەسەن حەمادە ناسراو بە (أبو رفعت) بەڕێوەبەری ئەمنی کەرکوک بووە، ئەوەی بەناوی بەڕێوەبەری ئەمنی کەرکوک واژۆی کردووە پلەکەی نەقیب-ە، کەواتە ئەو کاغەزە ساختەیە و تەنانەت نەنووسراوە (عن مدیر أمن التأمیم)، بەمەش سەدا سەد بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو بەڵگەیە ساختە کراوە لەلایەن جاشێکی پێشمەرگەکوژ و نۆکەری بەعس و سەدام.
بۆ زیاتر بەرچاو ڕوونی ئەوانەش بەڕێوەبەری ئەمنی کەرکوک بووینە، کە هیچیان پلەیان لە موقەدەم کەمتر نەبووە:
عەقید هوشام، لە ناوەڕاستی ساڵی (1987) تا ناوەڕاستی ساڵی دواتر.
موقەدەم کامیل عەباس موسا، لە ناوەڕاستی ساڵی (1988) تا بەهاری ساڵی (1989).
عەقید هەیسەم تکریتی، لە بەهاری ساڵی (1989) تا ڕاپەڕین و ڕۆژی (1991.3.20).
سێ: ئەو کاغەزە چەندان هەڵەی زمانەوانی تێدایە، کە لێرەدا ئەوانە دەخەمەڕوو کە هەستیان پێ دەکەم و دەیسەلمێنن کە کوردێک نووسیوێتی و لەوانەیە کەسانی تر و شارەزا هەڵەی تریش بدۆزنەوە:
یسمح لحامل الورقة، دەبوایە بنووسرێت: (یسمح لحامل هذە الورقة)، ئەوەش دەیسەلمێنێ کە کورد (واتە کاوە بازیانی بەهۆی کەسێکی نزیکی خۆی) نووسیوێتی، نەک ئەفسەرێکی دائیرەی ئەمنی ئێراقی کە دەبێت دەرچووی یەکێک لەو کۆلیژانە (ئەمنی قەومی، پۆلیس، یان سەربازی) بێت.
بالخروج، دەبوایە بنووسرێت (الخروج).
لکونە، دەبوایە بنووسرێت (لأنە)، چونکە (لکونە) بۆ ڕابردووی پێشتری ئەو دەگەڕێتەوە، بەڵام لێرە مەبەست لەوەیە کە چونکە ئەو ڕاسپێدراوە بە ئەرکێک.
مکلف بمهمة من هذە الدائرة، دەبوایە ڕستەکە بەمشێوەیە بوایە: (مکلف بمهمة من قبل هذە الدائرة)، واتە وشەی (قبل) واتە لەلایەن، نەنووسراوە، کە ئەوەش دەیسمەلێنێت نووسەری ئەو نامەیە عەرەب نییە و کوردە، کە سەدا سەد هەر لە بنەماڵە و کەسە باوڕپێکراوەکانی کاوە بازیانی خۆیەتی.
مکلف بمهمة من هذە الدائرة مع الشکر، ئاسایی نییە کە ئەفسەرێکی عەرەب و بەپلەی نەقیب بەمشێوەیە بنووسێت بەبێ ئەوەی خاڵێک لەنێوان (الدائرة) و (مع الشکر) دابنێت!
لەبری (ضابط الخفر بدالة)، دەبوایە بنووسرێت: (ضابط خفر البدالة).
لەبری ضابط السیاسیة، دەبوایە بنووسرێت: (ضابط الشعبة السیاسیة).
لەبری (نافذة لمدة یومان)، دەبوایە بنووسرێت: (نافذة لمدة یومین). ئەو هەموو هەڵانە ئاسایی نین بۆ عەرەبێک لە نووسینی یەک کاغەزدا بیانکات، بۆیە هەڵەکان دەیسەلمێنن کە کوردێکی نەشارەزا لە عەرەبی نامەکەی نووسیوە! تکایە هەر کەسێ هەڵەی تری زمانەوانی دۆزییەوە، با ئاگادارم کاتەوە.
سەبارەت بەوەی کە گوایە کاوە بازیانی، برا و خزمەکانی ئەو دەستیان نەبووە لە شەهیدکردنی ئیبراهیم حەبیب، دوو بەڵگە دێنمەوە، کە یەکێکیان لەسەر زاری بێتوش کوڕی کاوە بازیانی و ئەوەی تریش شۆڕش محەمەد تۆفیق محمەد ئامۆزای کاوە بازیانی، کە ڕۆژی شەممە (2023.04.22)، تەلەفۆنی بۆ کردم و بۆ ماوەی نۆ خولەک قسەمان کرد.
یەکەم: لە ساڵی (2011)، یان (2012) بوو، بێتووش کوڕی کاوە بازیانی تەلەفۆنی بۆ کردم و خۆی ناساند، گوتم: (بمزانیبایە وەڵامم نەدەدایتەوە، چونکە وەڵامی سەرۆکجاش، کوڕ و نەوەیان نادامەوە، لە قسەکردنیش تەواو بین بلۆکت دەکەم). بێتووش کوڕێکی هێمن و بە ئەدەب بوو، زۆر بەڕێزەوە قسەی دەکرد، زۆر هەوڵیشی دا لەگەڵ باوکی قسەی بکەم، بەڵام ڕەتمکردەوە، کە بەقسەی خۆی باوکی لە تەنیشتی دانیشتبوو و گوێی لە قسەکانی نێوانمانە و زۆریش حەزدەکات لە زاری خۆیەوە قسەم بۆ بکات، بەڵام گوتم: (گەر کاوە بازیانی باوکت قسە بکات، تەلەفۆنەکە دادەخەم)، کاوە بازیانی هیچ قسەیەکی نەکرد. بێتووش لەسەر دوو تاوان قسەی کرد، یەک شەهیدکردنی ئیبراهیم حەبیب و دووەم شەهید کردنی ئەنوەر حەسەن و هاوڕێکانی لە ڕۆژی (1982.03.05)دا لە گوندی قازان. دوای گفتوگۆکردنی نێوانمان لەسەر شەهید ئیبراهیم حەبیب، بێتووش گوتی: (باوکم بە هەڵە لە ئیبراهیم حەبیبی داوە و تا چووەتە سەری نەیزانیوە ئەوە، ئەگینا هەرگیز تەقەی لەو نەدەکرد، دواتریش ئاشتەواییمان لەگەڵ ماڵی پورم زوهرە کردووە). دوای چەند ڕۆژێک ئەو پرسیارەم لە بابانی شەهید ئیبراهیم کرد، بابان وەڵامی دایەوە کە هەر کەسێک ئەو قسەیەی کردبێت درۆی کردووە و هیچ ئاشتەواییەک نەکراوە، پرسیاری ئەوەیکرد کە کێ بۆی باسکردووم، پێم نەگوت. کەواتە بەقسەی بێتووش کە خۆی بە تەلەفۆن و لە ماسنجەرەوە قسەی بۆ کردووم و ڕاستەوخۆ لە بێتووشم بیستووە و ئەوکات باوکیشی لە تەنیشتی بووە، ئیبراهیم حەبیب لەلایەن کاوە بازیانی شەهید کراوە.
سەبارەت بە شەهید کردنی ئەنوەر حەسەن و هاوڕێکانی، بێتووش گوتی: (باوکم دەڵێ ئەنوەر حەسەن-م زۆر خۆشویستووە، من لە شەڕی قازان بەشدار نەبوویمە، با بەس ئەوەیان بسڕێتەوە). گوتم: (نەخێر نایسڕمەوە، چونکە مەفرەزەی کاوە بازیانی بەشداری شەڕی قازانی کردووە، با بڵێین باوکت خۆی بەشداری نەکردبێت و مەفرەزەکەی بەشداری کردبێت (هەرچەندە بەدڵنیایی بەشداری کردووە)، هەر خۆی تاوانبارە چونکە بەرپرسیارێتی یاسایی هەر تاوانێکی مەفرەزەکە دەکەوێتە ئەستۆی باوکت).
دووەم: لە ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی (2023.04.22)، کاتێک کە شۆڕش محەمەد تۆفیق-ی ئامۆزای کاوە بازیانی تەلەفۆنی بۆ کردم، گلەیی ئەوەی لێکردم کە بۆ بەمشێوەیە لەسەر کاوەی ئامۆزاییم نووسیوە، لە وەڵامدا گوتم: (کاوە بازیانی ئامۆزات فەرماندەی مەفرەزە خاسە بووە یان نا، ئایە ئیبراهیم حەبیب و ئەوانەی تریشی شەهید کردووە، یان نا)؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی: (بەڵێ فەرماندەی مەفرەزە خاسە بوو، ئیبراهیم حەبیب-ی لەسەر مەسەلەی شەرەف کوشتووە، ئەوکاتەی کە ئەنوەر حەسەن شەهید بوو، من لە زیندان بووم و کاوەی ئامۆزاشم هێشتاکە پێشمەرگە بوو. نیوەی ئەو زانیارییانەی وەرت گرتووە بەدرۆ داویانە بە تۆ، ئاگادار بوومایە نەمدەهێشت ئەو درۆیانە بنووسیت، چۆن دەکرێت هەر کەسێک درۆت بۆ بکات، تۆش بیاننووسیت. کاتی خۆی من هەرچیەکم بۆت باسکردبێت لەسەر شکاندنی ژووری سێدارەی زیندانی موسڵ بەڕاستی باسم کردووە). چەند جارێک لە کاری قسەکردم، قسەم بە شۆڕش دەبڕی، بەتایبەت کە باسی ئەوەی کرد کە کاوە بازیانی لەسەر پرسی شەرەف ئیبراهیم حەبیب قاسمی کوشتووە، هەروەها لەسەر شەهید کردنی ئەنوەر حەسەن و هاوڕێکانی: بە شۆڕش-م گوت: (بابەتی من بابەتی ئەنفال، جاش و پێشمەرگە کوشتنە، نامەوێت خۆم دابەزێنم بۆ ئاستێکی نزم و باسی پرسی شەرەفی کەسانێکی تر بکەم، ئەگینا شت هەیە لەسەر کاوەی ئامۆزات، تۆفیقی ئامۆزات و حەمەڕەشیدی پورزات، بەڵام جوان نییە سەرەڕای ئەوەی کە ئیبراهیم حەبیب شەهید دەکەن، دواتر تۆمەتی شەرەفیشی دەدەنە پاڵ. ئەنوەر حەسەن و هاوڕێکانیشی کە شەهیدکران، مانگی ئازاری ساڵی (1982) بوو، کاوە بازیانی ساڵێک و دوو سێ مانگ پێش شەڕی قازان گەڕایەوە ناو ڕژێم و کاتی شەڕەکەش فەرماندەی مەفرەزە خاسە بوو، بۆیە بەدڵنیایی بەشداری ئەو شەڕەشی کردووە. تەواوی زانیارییەکانیشم ڕاستن و هیچیشیان درۆ نین و نایان سڕمەوە). بەڵێ شۆڕش محەمەد تۆفیق ئامۆزای کاوە بازیانی لە ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی (2023.04.22)، لە تەلەفۆن بۆ منی باسکرد کە ئیبراهیم حەبیب قاسم بەدەستی کاوە بازیانی لەسەر مەسەلەی شەرەف کوژراوە. بەدڵنیایی شۆڕش محەمەد تۆفیق بۆیە شەهیدکردنی ئیبراهیم حەبیب-ی خستە قالبی شەرەف بۆئەوەی ڕەوایەتی بە شەهیدکردنەکە بدات، نازانێت بەمەش تۆمەت دەبەخشێتەوەو تاوانێکی تر دەخەنە پاڵ تاوانەکانی بنەماڵەی کاوە بازیانی جاش و جاشپەرست. بەڵێ دوو کەسی نزیکی کاوە بازیانی بە تەلەفۆن لای من باسیان کردووە کە ئیبراهیم حەبیب قاسم (باوکی بابانی تۆڵەئەستێن) بەدەستی کاوە بازیانی شەهید کراوە، کە یەکەمیان بێتووش-ی کوڕی و دووەمیان شۆڕش بازیانی ئامۆزای بوون.
دوای تەواوبوونی گفتوگۆکان شۆڕش محەمەد تۆفیق ئامۆزای کاوە بازیانیم لە ڤایبەر و فەیسبووک سڕییەوە، چونکە بەر لە شەش حەوت ساڵێک کە قسەم لەگەڵ شۆڕش کرد گوتم: (هەر کاتێک ناوی کاوە بازیانی و تۆفیق بازیانی لای من بێنیت و داکۆکیان لێ بکەیت، کۆتایی بە پەیوەندی نێوانمان دێت)، ئەویش گفتی دا کە باسیان نەکات و داکۆکیان لێ نەکات، وەلێ خاوەن بەڵێنی خۆی نەبوو، بۆیە منیش سڕیمەوە.
بۆ دڵنیابوونی هەموو لایەک لە ڕاستییەکان، ئەو زانیارییانەی کە بۆم دێن، هەمووی لەناو بنەماڵەی ناوبراوەوە بۆم دێن و زانیاری ڕاست و دروستن، بۆیە کەسوکار و جاشە تاوانبارەکانی کاوە بازیانی با چیتر هەوڵی تەلەفۆن کردن نەدەن، کە وەڵامی هیچیان نادەمەوە، تەنانەت هەندێک وێنەی ناو نەخۆشخانە و ناو پرسەکەی کاوە بازیانیم بۆ هاتووە، کە ئەوانەی زانیارییەکانم بۆ دەنێرن، هەر جارەی بەفێڵی چوونە ئاودەست، جگەرەکێشان و وەڵام دانەوەی تەلەفۆن لەناو خەڵکەکە دووردەکەونەوەو زانیاری و وێنەکانم بۆ دەنێرن. وێنەی کەسانێکی وایان بۆ ناردووم کە لە نەخۆشخانە سەردانی کەسوکاری بنەماڵەی کاوە بازیانی کردووە بۆ ئەستۆپاکی خۆیان لەوەی کە بابانی شەهید ئیبراهیم حەبیب تەقەی لە کاوە بازیانی کردووە، هەروەها کوڕە بەرپرسانێکی وا کە کوڕەکە خۆیشی بەرپرسە بەشداری پرسەکەیانی کردووە، مرۆڤ بە بیستنی یان بە بینینی وێنەکان شەرم لەخۆی دەکات.

دەرسیم پێشەوا
هەینی (2023.04.28)
دانمارک

بۆ زیاتر ئاشنابوون بە کردەوەکانی کاوە بازیانی کلیکی ئێرەبکەن..




ئیستێك بەدەم خوێندنەوەی رۆمانی بەڕێگاوە.. نووسینی: یووسف ئیسماعیل

ئەدەب و فەلسەفە دوو باڵ و هێڵی ناو كایەیەكن، كە دەتوانین پێی بڵێین كایەی بیركردنەوەی مرۆڤ. خەیاڵ و واقیع دوو شتی جوانی بەردەم مرۆڤن كە لەگەڵ نووسین نەبێت ناتوانین لە بەردەمی خۆماندا بیبینین و چێژی لێ وەربگرین. رۆمانی بە رێگاوە نووسینی دڵشاد كاوانییە، كە لە دوای ئەزموونی چەندین ساڵەی ئەو نووسەرە لاوە هاتۆتە بەرهەم. یەكەم رۆمانی كوردییە كە سادیستە، لەپێش خۆیەوە ئەم جۆرە رۆمانە بە زمانی كوردی ئاشنای ئەدەبیاتی كورد نەبووە. لە سەرەتاوە خوێنەران لەگەڵ بەشی سەرەكی پەتای دەنگ خوێنەر بەبیری ئاشنا دەبێت كە دەتوانین بڵێین لە روانگە دەروونییەكەیەوە رۆماننووس رووداوەكان بەهێمنی دەنووسێتەوە تا بەشی نۆیەم خوێنەر و كارەكتەرەكان ئاسایی لەگەڵ یەكدی دەڕۆن و هیچ ترس و دڵەڕاوكێك نییە، لەگەڵ خوێندەوەی بەشی نۆییەم لە بەشی سەرەكی چێژی خوێن رووبەڕووی چێژی خوێن دەبیتەوە. كارەكتەری سەرەكی ئەم رۆمانە ناوی (نارسیس)ە كە ئەم ناوە، ناوێكی یۆنانیی كلاسیكە، كە لە چیرۆكە ئەفسانەكاندا بەكارهاتووە و چیرۆكی راستەقینەی لە پشت بووە. لە رۆمانەكە بە روونی دیارە كە هەرسێ لە چەمكەكانی، فەلسەفە ئەخلاق و مەعریفە تێدا بەرجەستە كراوە، لە خودی خۆمەوە پێم وایە باڵی خەیاڵ و فەلسەفە زۆر زاڵ بووە لە بەرامبەر واقیعدا.
سادیزم:
لە زانستی دەروونناسیدا نەخۆشێكی كوشندە هەیە پێی دەگوترێت (سادیزم)، تووشبوان بەم نەخۆشییە دەروونییە بەو دەناسرێنەوە حەز بە ئازاردانی دەروونی ئەوانی تر دەكەن، واتە كەسی بەرامبەر لەگەڵ خۆشی بینینی ئەوانی تریش تووشی هستریا دەبن. بۆ ئەوەی قسە لەسەر رۆمان بكەین، سەرەتا دەبێت لەبارەی ئەدەبەوە بدوێین، بەو پێیەی رۆمان ژانرێكی ئەدەبییە. بێگومان پێناسە زۆرە بۆ ئەدەب و بەردەوامیش پێناسەی نوێی بۆ دەكرێت. بەڵام ئەوەی لەنێو ئەو پێناسانەدا جێگەی تێڕامان و سەرنجە ئەوەیە ئەدەب ژیانێكی دیكەیە، ژیانێكی گریمانكراو، وەكو ئەوەی ئەم ژیانە واقیعییە بەشی مرۆڤ نەكات بۆیە پەنا بۆ ئەدەب دەبات تا لە رێی نووسینەوە ژیانێكی دیكە بئافرێنێت. رەنگە زۆرجار مرۆڤ بۆیە بنووسێت و پەنا بۆ ئەدەب ببات، لەپێناوی ئەوەدا بێت تۆڵەی خۆی لەو ژیانە سەپێنراوە بكاتەوە كە بەسەریدا سەپێنراوە و لە واقیعدا توانای گۆڕینی تەواوەتی نییە. رەنگە زۆرجاریش بیەوێت ژیانێكی پەراوێزی، یان رووداوێكی گەورە بنووسێتەوە كە بۆ ئەوەی جێگەی سەرنجە. گێڕانەوە روحی رۆمانە، گێڕانەوە زۆرتر سەر بە چۆنێتییە نەك چییەتی، واتە چۆن گێڕانەوە بوار بۆ گێڕانەوەناسی دەكاتەوە، تاوەكو پێكهاتە و بەشەكانی بناسێنێت. نارسیس لە رۆمانی (بە رێگاوە) دەنووسێتەوە و دەڵێت: دوای تەواوكردنی، خۆم دەكوژم. هەروەها لەو پێشەكییەدا ئەو راستییە ئاشكرا دەكات، كە چەندین كەسی تر ئەم رۆمانەیان نووسیوەتەوە و دواتر خۆیان كوشتووە، وەك چۆن منی خوێنەریش وەك نووسەرەكان رەنگە خۆم بكوژم؟! كەواتە بە رێگاوە رۆمانی هەموو نووسەر و خوێنەرەكانە، هەموان دەستیان لە نووسین و خوێندنەوەیدا هەیە، بە شێوەیەك هەموو (نارسیس)ــن، هەموو هەڵگری گیانی عاشقە خۆبوون و خۆپەرستی و گرێیەكی دەروونی و دەماخی و رۆحین!. كاوانی بە ناڕاستەوخۆ، هەموان دەهاوێتە نێو ئەو رێگەیەی نارسیسانە دەیبڕین. نارسیسانە رێبواری كاروانی ژیانێكین كە شایانی مردن و خۆكوشتنە، خۆكوشتنێك كە هیچی تێناچێت! بە شێوازێكی تر، ئێمەی مرۆڤین سێ سێ و چوار چوار و بەژمارەی تر، لە شەمەندەفەری ئەم ژیانەدا سواربووین و بەرەو ناشوێن و دوورترین شار و ئاییندەیەكی نادیار دەڕۆین، بەرەو جیهانێك كە ئاسۆی مەدلوولاتە ئەخلاقییەكانی دیار نین و نازانین بەرەو كوێ و چ رێگەیەكمان گرتووە؟! هەڵدێین لە مێژوویەك، كە بە بەردەوامی لە نێوان وەچەكانەوە خۆی دووپات دەكاتەوە. مێژووی عەبەس و عەدەمی مرۆڤ. هەر لە باپیرانی سەرەتای بوونەوە تا نەوەكانی جیهانی ئێستا بەردەوامە. ماوەتەوە بڵێم رۆمانی بە رێگاوە، رۆمانێكی دەگمەن و جیاوازە لە دووتوێی بەرگێكی جوان و قەبارە گەورە و چوار سەد و پانزە لاپەڕە پێكهاتووە، چاپی یەكەمی لە ساڵی2020 لە تاران چاپكراوە.

● ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاوکردۆتەوە لە ژمارە 8906 لە بەرواری 27/4/2023




بۆچی جیهان دەبێت تێبینی پەیوەندی نێوانی سعودییە و چین و هاوپەیمانەکانی بکات و.. و: زاهیر باهیر

بۆچی جیهان دەبێت تێبینی پەیوەندی نێوانی سعودییە و چین و هاوپەیمانەکانی بکات و ئەمە چۆن پەیوەندی بە تایوانەوە هەیە

نوسینی: Andrew MacLeod
و: زاهیر باهیر

کابینەی سعودیە لەم دواییانەدا بڕیاری پەیوەستبوون بە Shanghai Cooperation Organisation (SCO) ، ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای بە سەرۆکایەتی چین پەسەند کرد. ئەمەش دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی کە ڕیاز [پایتەختی سعودیە] بە هەموو وزەی یەدەکییەوە لە شەڕی ئۆکرانیا هەڵبژاردنی لایەنەکان دیاری بکات. بەشێکی ئەم کارەی سعودیە بەهۆی ڕەتکردنەوەی مامەڵەکردنە لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییە لە لایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کە برینداری کردووە، لە ڕووسیا و چین نزیک دەبێتەوە، بەتایبەتی کە چینییەکان نێوەندگیری نزیکبوونەوەیان لە نێوان شانشینی سعودییە و ئێراندا کردووە.
SCO لە ساڵی 1996 هاتە ژیانەوە و خۆی وەک “شەنگەهای پێنج” لە کۆماری گەلیی چین، کازاخستان، گرگیستان، ڕووسیا و تاجیکستان پێکهێنا. لە ساڵی 2001 ژمارەکە زیادی کرد بە هاتنی دەوڵەتی ئاسیای ناوەڕاست و ناوی خۆی گۆڕی بۆ SCO کە ڕێکخراوێکی هاوکاری سەربازی و سیاسی و ئابوورییە. لەو کاتەوە زۆربەی دەوڵەتانی دیکەی ئاسیای ناوەڕاست پەیوەندییان پێوە کردووە زائیدەن مەنگۆلیا وەک چاودێرێک و هاوکاتیش لە شێوەیەکی ڕەخنەگرانەدا. لە ساڵی 2017دا، پاکستان و هیندستانیش هاتنە ناوەوە.

لە ساڵی 2023دا SCO نزیکەی 50%ی دانیشتوانی جیهانی لە دەوڵەتانی ئەندام و دەوڵەتانی چاودێر یاخود هاوبەش/شەریك گرتەوە، هەروەهاو نزیکەی 30%ی ئابووری جیهانیش لە حاڵەتی ئاسایی بە پێوانەی دۆلاری پوخت. کەمێک زیاتریش لە 40% لە purchasing power parity (PPP) ، هاوسانی هێزی کڕین . ئەمەش پێوەرێکە کە هێزی ئابووری دەپێوێت کە بەپێی تێچووی کاڵاکان لە وڵاتێک یان کۆمەڵێک وڵاتدا ڕێکخراوە.

ئەمە لە کاتێکدا G7 ، گروپی 7 ، نوێنەرایەتی ژمارەیەک دانیشتوانی زۆر کەمتر دەکات و تەنها نزیکەی 27%ی ئابووری جیهانی دەگرێتەوە بە گوێرەی پیوەری هاوسانی هێزی کڕین ، PPP.
. ڕیکخراوی هاوکاری شەنگەهای، SCO کاریگەری ئابووری زیاتری هەبووە لە G7 و لە ساڵی 2021دا نوێترین کۆمەڵەی مانۆڕی سەربازی هاوبەشیی خۆی ئەنجامدا. لە ئێستاشدا سعودیەی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی سامانەکان بەشداری دەکات. SCO زۆرجار مانۆڕی سەربازی هاوبەش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجام دەدات و مانۆڕی داهاتووش لە کۆتایی ساڵی 2023دا پلانی بۆ دانراوە. ئەم مانۆرەی داهاتوو سەرنجڕاکێش دەبێت بزانین سعودیە چۆن بەشداری سەربازی دەکات.
ئەم نزیکبوونەوەیە لە پەکین بە تایبەتی گرنگە بەو پێیەی کە چین لەم دواییانەدا متمانەی دیپلۆماسی خۆی بەهێزتر کردووە بە کەوتنە نێوانی سعودیە و ئێران و نزیکبوونەوەیان.
ناکۆکییە جۆراوجۆرەکانی ئێرانییەکان و عەرەب یەکێك لەو هۆکارانە بووە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران بە ناسەقامگیری و پارچەپارچەیی ماونەتەوە و نەتوانن بەخوردێکی ناوچەیی بۆ کێشەکانیان ببیننەوە.
بەشێک لە ستراتیژیی فراوانتر
شەڕی کارەساتبار لە یەمەن تەنیا نموونەیەکە. ئەو بەیەکادانە شەڕێکی بە وەکالەت بووە لە نێوان سعودییەکان و ئێرانییەکان بۆ پاوانەکردنی ناوچەکە. لە کاتێکدا کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیە لە ئێران کەمترە، بەشێک لە ستراتیژیەتی سعودیە ئەوە بووە کە نرخی نەوت بە شێوەیەکی دەستکرد نزم بهێڵێتەوە، باشترە لە خوار 65 دۆلاری ئەمریکی (52 پاوەند) بۆ هەر بەرمیلێک بێت کە هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەوە ئەو نرخە بێت کە ئێران پێویستی پێیەتی بۆ هاوسەنگکردنی بوجەکەی.
کەواتە، شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە کە ڕاستەوخۆ دوای تێکەوتنی چینییەکان بۆ ڕێککەوتنی ئێران/سعودیە مامەڵەی ئۆپێک، کارتێلی نەوت، ڕووی دا کە هەردوو وڵات ئەندامین و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ڕاگەیاند. بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لە ئەنجامدا کە فشارەکانی هەڵاوسانی پارە لەسەر ولاتانی ڕۆژئاوا دەهێڵێتەوە بەڵام ئابووری ڕووسیا وەکو ئاو دەڕوات.
زۆرێک لە ڕۆژئاوا پێیان وایە زۆرینەی جیهان دژی شەڕی پوتینن لە ڕووسیا و دەیانەوێت سزاکانی سەر ڕووسیا کاراییان هەبێت. هەرچەندە یەکەی هەواڵگری ئابووریناس تازە شیکارییەکی بڵاوکردۆتەوە کە دەریدەخات پشتگیریکردن لە ڕووسیا لە جیهانی پێشکەوتوودا گەشە دەکات، بەشێکی بەهۆی یادەوەرییەکانی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپیەوەیە.
هەژموونی چینی گەشە دەکات
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی چین، Xi Jinping ، شی جینپینگ، جەنگی ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت بۆ تاقیکردنەوەی ئیرادەی ڕۆژئاوا، بەکارهێنانی تەقەمەنی مەخزەنەکان هەروەها هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ئەو چەکانەی ڕۆژئاوا بە ئۆکراینییەکانی دەدات، هەموو ئەمانەش لەکاتێکدا نزیک دەبێتەوە لە ئامانجی ڕاگەیەندراوی دەوڵەتەکەی ‘شی’ کە بریتییە لە یەکگرتنەوەی چین لەگەڵ دوورگەی تایوان.
هیندستان وەک ئەندامێکی SCO و Quad (هاوپەیمانی شل و شێوای ئوسترالیا، هیندستان، ژاپۆن و ئەمریکا)، ئەو کارە دەکات کە بە باشترین شێوە دەیکات – یاری بە هەردوو لای شمشێرەکە دەکات. سەرۆکوەزیران نارێندرا مودی، کاتێک لەم دواییانەدا پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا هیندستان زیاتر بەرەو جەمسەری کاریگەری چین ڕاکێشراوە، یان جەمسەری ئەمریکا، وتی: “ئێمە جەمسەری سێیەم دروست دەکەین.”
وە لەکاتێکدا کە هەموو ئەمانە دەگوزەرێن ئوسترالیا، بەریتانیا و ئەمریکا هاوبەشی نوێی ئەمنی خۆیان لە ئاوکوس (Aukus ) ڕاگەیاند، چاوێکیشیان لەسەر گریمانی ململانێی چین بوو لەسەر تایوان.
فراوانکردنیSCO لای چین مەشقکردنی ئەم دواییەی ماسولکەی دیپلۆماسی خۆی، هەمووی بۆ پشتگیری لە ئامانجەکەیەتی کە وەک زلهێزێکی جیهانی سەیر بکرێت – و ئامادەکردنی هاوپەیمانییەکانیەتی بۆ ئامانجە ستراتیژییە ڕاگەیەندراوەکەی بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ تایوان.

ئەمە بۆ تایوان مانای چییە
لەم دواییانەدا پەکین بیری جیهانی خستەوە کە لە ساڵی 1971، بڕیارنامەی 2758ی نەتەوە یەکگرتووەکان پێگەی ئەوی وەک حکومەتی یاسایی چین پشتڕاستکردەوە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکان، پێدەچێت فراوانبوونی SCO، و مشتومڕ لەسەر ڕۆڵ و مانای بڕیارنامەی 2758 گرنگتر بێت.
ڕۆژێک پێش پەسەندکردنی بڕیارنامەی 2758ی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1971، خاکی دانپێدانراوی چین هەردوو چین و تایوانی لەخۆگرتبوو. دەبوو هەردووکی بگرێتەوە چونکە حکومەتی تایوان حکومەتی نێودەوڵەتی دانپێدانراوی هەموو چین بوو. بڕیارنامەی 2758 حکومەتی دانپێدانراوی لە تایپەیەوە [Taipei پایتەختی تایوان ] گۆڕی بۆ پەکین، بەڵام هیچ لێدوانێکی لەسەر سنوورەکانی خاکی چین نەدا و هەربۆیە سنوورەکان نەگۆڕاون.
دەستووری تایوان هێشتا ئیدیعای چین دەکات، و هێشتا “بڕگەی ئینتقالی” بۆ هەڵبژاردنەکان تا یەکگرتنەوە لەخۆدەگرێت. یەکگرتنەوە ئامانجێکی دیاریکراوە لە دەستووری تایواندا. دوو پارتە سیاسییەکەی تایوان بۆچوونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە یەکگرتن لەگەڵ چین، یان سەربەخۆیی لە چین.

چین لە ڕێگەی SCO و ئامرازەکانی دیکەوە هاوپەیمانەکانی ڕێكدەخات بۆ پشتگیریکردن لە هەڵوێستی خۆی لەسەر تایوان لەکاتێکدا خیتابەکانی خۆی گرنگتر دەگەیەنێت. لە کۆتایی هەفتەی 8ی نیسانی 2023دا مەشقی سەربازی لە دەوروبەری دوورگەکەدا ئەنجامدا، دواتر ڕایگەیاند کە لە 16ی نیساندا هاتنی کەشتییەکان لە ناوچەیەکی باکووری تایوان قەدەغە دەکات بەهۆی “ئەگەری کەوتنەخوارەوەی داروپەردووی موشەکی”.
ئەمریکا هاوپەیمانە سەرەکییەکانی بەهێزتر دەکات کە دەتوانن لە ڕێگەی ناتۆ و ئاوکوسەوە (Aukus ) پشتگیری لە هەڵوێستی خۆیان بکەن لەسەر تایوان بەڵام پشتگیرییەکان لە جیهانی گەشەسەندوودا دزەدەکات ، لە کەمبوونەوەدایە..
ئێستا جیهان زیاتر ئاڵۆزتر بووە.




دووبارەبوونەوەی مێژوو.. ستیڤان شەمزینى

لە پەڕاوێزی دەستگیرکردنی عەلی سیاسی دا

مارکس لە پێشەکی کتێبی هەژدەی برۆمیری لویس پۆناپارت دەنووسێت “هیگڵ دەڵێت کەسایەتی و رووداوە مێژووییەکان دووجار خۆیان دووبارە دەکەنەوە” مارکس دەنووسێت “بەڵام هیگڵ بیری چووە بڵێت جاری یەکەم بە شێوەی تراژیدی و دووەم جار وەک کۆمیدیا” دەستگیرکردنی عەلی سیاسیی لەلایەن ئەمنە زەردەکەی هەولێرەوە چرکەساتە کۆمیدییەکەی مێژووی دەسەڵاتی کوردییە، هەر بۆ بیرخستنەوەش پێش 17ساڵ و چوار مانگ هەر لەم ماڵپەڕە “دەنگەکان” وتارێکم بەشێوەی ئایرۆنی لە بارەی عەلی سیاسی و رێکخراوی چاک بڵاوکردەوە (دووبارە بە بیرتان دەهێنمەوە و بڵاوی دەکەمەوە)، ئەم وتارەی ئەوێ رۆژێ دیکۆمێنتێکە ئەگەر پەڕاوێزەکانی ئازادیی لە کۆمەڵگەی باشوور بەرتەسکتر نەبووبێت، پاش حەڤدە ساڵ هێشتا هەروەک خۆی ماوەتەوە، ئەمڕۆش کە عەلی سیاسی لە زینداندایە هەمان وتاری پێشوو دەشێ کتومت وەک خۆی بنووسرێتەوە چونکە ئەوەی گۆڕاوە ژمارەی ساڵەکانە نەک شتێکی تر. فەرموون لێرە خوێنەری بن.

عەلى مەحمود و رێکخراوى چاک بۆ دادگا ببەن!
ماوەى دوو ساڵە رێکخستنە کۆڵنەدەرەکانى پارتى و یەکێتى لە هۆڵەندا و سەرجەم وڵاتانى ئەوروپا لە تێکۆشانى بەردەوامدان بۆ سزادانى یاسایى (ڤان ئانرات) ى تاوانبار. حکومەتى هەرێم بڕى (20) ملیۆن دۆلارى لە رێگاى نووسینگەکەیەوە لە هۆڵەندا تەرخان کرد بۆ بەڕێوەبردن و خستنەگەڕى کەمپینى دادگایکردنى تاوانبارى نێوبراو. ئەم هەوڵ و هەڵوێست و هەنگاوە دڵسۆزانەیەى پارتى و یەکێتى دواى ئەوە هات کە تاوانبارانى پرۆسەى شومى ئەنفال و ژینۆسایدى کورد لە دادگاکانى سلێمانى ء هەولێر دادگایى کران و بە رۆژى رووناک بە سزاى ڕەواى گەل گەیەنران.. لەو تاوابارانە: (شێخ جەعفەر بەرزنجى، عەزەى نەهێ، قاسم ئاغا، حەمەى شێخ عەبدولکەریم هتد…) هەنووکەش رۆڵە بەجەرگەکانى زانیاریى و پاراستن هەروەک گلگامێش دەگەڕێن بەدواى تاوانبارانى تر و کۆنە موستەشار و بەعسییە کوردەکاندا. سەرچاوەیەک لەو دوو دەزگایە پێى ڕاگەیاندین دەستیان لە کوشتن و ڕاونانى ئەندامانى یەکتر هەڵگرتووە و بەڵکو هەماهەنگییەکى پێویست و تەواو لە نێوانیاندا هەیە و سەرگەرمى ئەوەشن پرۆپۆزۆڵێک پێشکەش بە حکومەتى یەکگرتووى کوردستان بکەن داهات و نەسریە و موچەیان زیاد بکرێ تاوەکو بتوانن تۆڵەى خوێنى ئاڵى شەهیدان لە عارەبەکانى عۆجە و فەلوجە و حەویجە بکەنەوە، سەرچاوەکە ئەوەشى ڕاگەیاند چەند شوعبەیەکى نوێ لە دەزگاکانیان کراوەتەوە، دیارترینییان هۆبەى بەدواداچوونى جەلاد و تاوانبارانى کوشت و بڕى جەماوەرى ستەمدیدەى کوردستانە.
بەپێى دوا زانیارییەکانیش هەنووکە هەریەک لە تاوانبارانى خوێنمژ (وەفیق سامەرایى) و (نزار عەبدولکەریم خەزرەجى) یەکەمیان لە ئاکرێ و دووەمیان لە قەڵاچوالان لەزینداندان و وا بڕیارە رۆژى 16/3/2006 لە هەڵەبجە بێنە دادگاییکردن. دوابەدواى هەوڵى نەپساوە و بێ وچانى چەندین ساڵەى پارتى و یەکێتى لە دژى تاوانبارانى کۆمەڵکوژیى گەلەکەمان، سەرەنجام دارەکەیان بەرى گرت و سەدامى هۆڵەندا راکێشرایە بەردەم دادگای وڵاتەکەى، کادێران و ئەندامانى سەرکردایەتى یەکێتى و پارتى گەواهیدەرى تاوانەکان و هاوکارییەکانى (ئانرات) بوون بۆ ریژێمى عێراقیى لەناوبراو. دوا بڕیارى دادگا ئەوەبوو ئانرات 15 ساڵ حەپسکردنى بەسەردا درا، ئەمەش دەسکەوت و سەرکەوتنێکى گەورەترى گەلەکەمان بوو لە سایەى ژیریى سەرۆکە حەکیمەکانماندا. لەلایەکى تریشەوە لەم نێوەدا نابێ رۆڵى ماسمێدیاى حزبەکانمان بە تایبەتى راگەیاندنى پارتى و یەکێتى فەرامۆش بکەین چونکە هەرچى ناکۆکى و ململانێى حزبى و شەڕە جنێو و بەرنامە بێ لەزەتەکان بوو خستیانە ئەولاوە، سەرلەبەرى بەرنامە و پرۆگرامەکانیان تەرخان کرد بۆ بەدواداچوونى دۆسێى ئەم تاوانبارە و ئاشکراکردنى یارمەتییە بێ وێنەکانى بۆ سەدامى دیکتاتۆر.
سەرەڕاى ئەمەش کەناڵى کوردسات و کوردستان تیڤى تۆڕێک پەیامنێر و راگەیاندنکارى خۆیان ناردە هۆڵەندا و بە وردیى روماڵی دۆخەکەیان کرد، مەسرەفیان ئەوەندە گران و زۆر بوو بەلایەنى کەمەوە خۆى لە 25 دەفتەر دۆلارى کاش دەدا. بۆیە لەگەڵ سەرکەوتنى پرۆسەکە دەستیان کرد بەشایى و لۆغان و هەڵپەڕین. لە بوارى دیپلۆماتیشدا هەریەک لە سەرۆک کۆمارە کوردەکەى عێراق و سەرۆکى هەرێم بە فەرمى سەردانى هۆڵەندایان کرد و لەگەڵ جەنابى سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردن و دیالۆگ لەمەڕ فایلى ئانرات. بە کورتى و کوردیى ئەم سەرکەوتنەش درێژەى ئەو زنجیرە سەرکەوتنەى گەلەکەمان بوو لە چوارچێوەى عێراقى (دیموکراتى، فیدراڵى، فرەیى)دا بەدەستیهێناوە، وەلێ زۆر بەداخەوە کۆمەڵە کوردێکى ناکەس بەچە و خیانەتکار بە چەشنى جاشەکانى سەردەمى رژێم کەوتنە داکۆکیکردن لەم تاوانبارە و تادوا سنوورى توانایان بەرگرییان لێکرد، ئەو (زۆڵە کوردانەش) بریتیبوون لە (عەلی مەحمود محەمەد) ناوێک و رێکخراوی چاک، ئەمانە بەپیتاکى کۆنە بەعسییەکان و هاریکاریى ژێر بەژێریى حزبى بەعسى داڕووخاو و رژێمە دوژمنەکانى کورد هەموو هەوڵێکیان خستۆتەگەڕ بۆئەوەى تۆمەتبار لە قەفەسى تاوان دەربهێنن و لە سزاى یاسا قوتارى بکەن تا دوایى ئانرات لە کیسەى پڕى چەکفرۆشى خۆى مشتێک زەکاتیان بداتێ!.
سەرچاوەیەکى ئەمنى ئاگادار کە نەیویست ناوى خۆى ئاشکرابکات رایگەیاند ئەو (عەلی مەحمود)ە لە سەرەتاى حەفتاکانەوە لە حیزبى بەعسدا کاری کردووە و ماوەیەک لە رۆژنامەى (هاوکارى) و دواتر لە (ئاسۆ) و (پاشکۆی عێراق) لەبارەى قارەمانێتى سەرۆکى فەرماندە و جەنگى قادسیەى دووەمى پیرۆزەوە زۆر بابەتى بڵاوکردووەتەوە، دواى ڕاپەڕین لە ترسى گیانى خۆى چۆتە (بەغداد) و لەگەڵ هەندێ مشەخۆرى تردا لە گۆڤارى ڕەنگین و رۆژنامەى (بابل) کاریکردووە و لەگەڵ دەستپێکردنى پرۆسەى ئازادیدا، عێراقى لێ بووە کونە جرج و بەرەو هەندەران هەڵات و لە هۆڵەندا گیرسایەوە، وا باس دەکرێ چەندین ملیۆن دۆلارى بەعسى لەلاى خۆى حەشارداوە و قسەش هەیە پەیوەندیى ژیربەژێرى لەگەڵ سوریا و تورکیا هەیە چونکە چەندان جار لە قونسوڵخانە و ئۆفیسەکانى نوێنەرایەتى ئەو وڵاتانە بینراوە. رێکخراوەکەشیان لە ساڵى 1980 لەسایەى جەنگى جەنگەکان (ام المعارک– دایکى جەنگەکان) کەوتە گەڕ بۆ چەواشەکردن و خۆڵ خستنە چاوى خەڵکى کوردستانى خۆشەویست. بۆیە ئەرکى حکومەتى هەرێم و حیزبە باڵادەستەکانە ئەو تاوانبارانە ڕاپێچى دادگا بکات تا بە سزاى گەل بگەن، ئەگەر ئەمرۆش لە دەستى گەل قووتار بن (کە قوتار نابن) سبەینێ بەمیقسەڵەکەى شۆڕش سەریان لەلاشەیان جوێ دەکرێتەوە، یەکێتى وتەنى تۆڵە بە سەبرە ئەمما بە زەبرە. ئەوەشى مایەى ناڕەحەتییە بەردەوام ئەم جۆرە جاشانە لە کۆڵ کورد نابنەوە و بوونەتە ڕەگى گولیى ئەم میللەتە بێبەش و کڵۆڵە. دەزگای زانیاریى و پاراستن لە خۆسازداندان بۆ دەستپێکردنى هەڵمەتێکى واژۆ کۆکردنەوە لە ناوەوە و دەرەوەى وڵات لە دژى ئەم تاوانبارە خۆفرۆشانە و بەم زووانەش بە هەوڵى تۆڕى نهێنى لە ئۆفیسى هۆڵەنداى پاراستن و زانیاریى دەهێنرێنەوە بۆ کوردستان و دواى دادگاییکردنیان لە شارى هەڵەبجەى شەهید لە بەرچاوى حەشاماتى خەڵکدا لەسێدارە دەدرێن. هەر بۆیە ئەرکى هەموو کوردێکى دڵسۆزە بەشداریى لە پرۆسەى واژۆکردن بکات، بگرە ئەرکێکى نەتەوەیى و مێژووییە و پاککردنەوەى کوردستانە لە پیاوانى بەکرێگيراو و عەمیلى بێگانە، بە راستى ئەى گەلی کوردى لێقەوماو ئەمەیە سەرەتاى پاکسازیى و چاکسازیى و بەرنامەکانى حکومەتى هەرێم لەپێناو دروستکردنى کوردستانێکى هەمیشە ئاوەدان و گەشەسەندوو.

تێبینى: ئەم وتارە لە رووى داڕشتن و پەیام و راستگۆییەوە پشتى بەستووە بە تیۆر و پڕەنسیپەکانى (محەمەد سەعید سەحاف)ى وەزیرى پێشووى راگەیاندنى ئێراق کە خاوەنى بیردۆزى میسداقییەتى لە سەداسەد بوو لە کاری راگەیاندندا، بۆیە لازمە هەر کوردێک باوەڕى لەسەدا هەزارى پێ بکات.

*ئەم وتارە بۆ یەکەم جار لە رۆژی 2-1-2006 لە ماڵپەڕی “دەنگەکان”دا بڵاوکرایەوە و رۆژی دواتریش لە ماڵپەڕی بۆپێشەوەی ئەوکات www.bopeshawa.com دووبارە بڵاوکرایەوە.




كودەتاكاني توركيا لەماوەى ساڵانی ١٩٦٠-١٩٨٠.. ئیبراهیم فەتاح نوح

لەمێژووی کۆماری تورکیا لە ماوەی ٥٨ سالی رابردوو چوار کودەتای سەربازی لە تورکیا دا ئەنجامدراون، لە نێوان ١٩٦٠-١٩٨٠ سێ کودەتای سەربازی لە تورکیادا روویاندا. یەکەمین کودەتای سەربازی لە سالی ١٩٦٠ لە لایەن ژمارەیەک لە ئەفسەرە پلە بالاکانی سوپای تورکیا بە سەرۆکایەتی جەمال گورسیل ئەنجامدرا و توانیان دەسەلات بگرنە دەست. دووەمین کودەتای سەربازی لە ساڵی 1971 روویدا، کە سەرۆک ئەرکان و فەرماندەکانی سوپا لە یاداشتنامەیەکدا جەودەت سونای، سەرۆککۆماریان ناچارکرد حکومەت هەڵبوەشێنێتەوە و سولەیمان دەمیرەل، سەرۆکوەزیران ناچاربوو دەست لە کار بکێشێتەوە. نیهاد ئ ەریم پەرلەمانتاری جەهەپە دەست لە کارکێشانەوەی خۆی لە پارتەکەی راگەیاند و بوو بە سەرۆکوەزیران و حکومەتی پێکهێنا وە 12ـی ئەیلوولی 1980 جاری سێیەم بوو سوپا لە تورکیا دەستوەرداتە نێو سیاسەت و دەسەڵات بگرێتەدەست کەنعان ئەڤرەن سەرۆک ئەرکانی سوپا هۆکاری ئەنجامدانی کودەتای بۆ بوونی کێشەی ئەمنی گەڕاندەوە
لەنێوان سالانی ١٩٦٠-١٩٨٠ سێ کودەتای سەربازی لەتورکیا روویان دا هۆی ئەم کودەتایانەش ئەوەبوو کە سووپای ئەو ولاتە بە ٧٦٠٤٠٠ سەرباز و ٣٦٠٠٠ ئەفسەر کە پەنایان دەبردە بەر سەرکوت کردنی حیز بە سیاسیەکان وە چەختیشی لەوە دەکردەوە بەوەی کە بەرپرسە لە بەرگری کردن لە پرانسیپەکانی کۆماری و نەتەوەیی یان عەلمانی وە رێگەنەدان بە بەردەوام بوونی توندوتیژی لە ململانێی حیزبیدا هاوکات لەگەل ئەو گرفتانەی کە لەم توندوتیژیەوە سەر هەلدەدەن و ئاژاوە لە ولاتدا دێنێتە ئاراوە وە ئەوەی کە توورکیای هاوچەرخ لە ولاتانی دیکە جیادەکاتەوە ئەویش سەربەخۆی دەزگای سەربازیی تورکیایە لە سەردەمی ئەتاتورکەوە تا ئەمرۆش سەربەخۆی تەواوی هەیە ناکەوێتە ژێر باری دەزگای سیاسیەوە وە سوپاش بەپێی دەستور لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاوە بەرێوە دەچێت وە سەرەرای ئەو پەرەسەندنانەی لەماوەی ئەو ٥٠سالەی رابردوو دا لە تورکیا هاتۆتەدی بە مجۆرە سوپای تورکیا بەردەوام چاودێری دەزگای سیاسی دەکرد نەک پێچەوانەوە هەر سوپایە یەکسەر و لە خۆرا و بە ئاشکرا و هەموو جار دەست تێوەردەدات و سەرکردکانیشی وەمەزندە دکەن کە سەرۆکی حزبەکان دوور کەوتوونەتەوە لە شەرەف قەوارەی تورکیاو فەلسەفەی ئەتاتورک و نیشتمانیش هەرەشە لێکراوە و کەوتۆتە بەر مەترسیەوە . بۆیە دەبینین کە کودەتا سەربازیەکانی لە تورکیادا بە نۆرە هەر دە سال کودەتایەک روودەدات کە لە سەرەتای پنجاکان تا کۆتای حەفتاکان بوون ئەم کودەتایانەش بریتین لە کودەتاکانی سالانی ١٩٦٠-١٩٧١-١٩٨٠
سلێمان دیمیریل لە سالی ١٩٦٨ توشی چەندین گرفت و پەشێوی و ئاژاوە بوو کە زانکۆکانیشی گرتەوە وە لە حوزەیرانی سالی ١٩٦٩ دا سوپا رێگەی نەدا ئەزمونەکان لە زانکۆکاندا بەرێوە بچن لە سالی ١٩٧٠-١٩٧١ دا بارێکی نا سەقامگیری و توندوتیژ لە نێوان قوتابیاندا بلاوبووە وە هەروەها لەناو یەکێتیەکانی پیشەیی و جودا خوازنی کورد لە تورکیا ململانێی سیاسی نێوان حیزبەکان بووە هۆی سەرنەکەووتنی حکومەتی سلێمانی دیمبریل لە پاراستنی ئاسایشی ولات بە تایبەتی دوای ئەوەی ئاژاوەو گێرە شوێنی گۆرەپانی زانکۆکانی تورکیای گرتەوە قوتابیانیش لە خۆپیشاندانەکانیاندا بە توندی دژی هەژموونی ئەمریکی لەتورکیا هاتنە سەر شەقام بەهۆی ئەم باروودۆخەش سەرۆکی ئەرکانی گشتی و هەرسێ فەرماندەی هێزی چەکدار لە ١٢ ئاداری ١٩٧١ یاداشتێکیان پێشکەش بە جەودەت سۆنای سەرۆک کرد داوای پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزیان کرد بۆ رووبەرووبونەوەی ئاژاوە بۆیە سلێمان دیمبریل ناچار بوو لەهەمان رۆژ دەست لە کارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە سەرۆک کۆمار کرد .
مەلاتیانیش گرتەوە بەشێک لەو پێک دادانانەش ئەو هەلمەتانە بوون کە دووجاری کوردە عەلەویەکان دەبوونەوە بەهۆی ئەوە گەنجانی کوردە عەلەویەکان لایەنگری لە چەپی توندرەو دەکرا
ئەو تەنگەژە ئابووریەی بێ پێشینەی کە تورکیا پێیدا تێپەر دەبوو ئەنجامەکانی ناجێگیر بوونی سیاسی قولتر دەکرد




شێخ عبدالسلام بارزانی کێیە؟.. خەبات محمد

شێخ عەبدولسەلام بارزانی كوڕی شێخ محەمەدی كوڕی شێخ عەبدولسەلامی یەكەمی بارزانی یەو براگەورەی مەلا مستەفای بارزانی ی نەمرە. لە دەوروبەری ساڵی 1887 دا لە گوندی بارزان چاوی ژیانی هەڵێناوەو لەتەمەنی شەش ساڵیدا بنچینەكانی ئایینی ئیسلامی‌و فیقهو عیرفانی تەسەوفی خوێندووەو لە دوای كۆچی دوایی شێخ محەمەدی باوكی لە ساڵی 1903 دا بووەتە شێخی ڕابەڕی ڕێبازی نەقشەبەندی لە تەكیەی بارزان‌و دەڤەرەكەی.

شێخ عەبدولسەلام كە سایەتییەكی بیركراوە بوو، بۆیە هەر زوو كەوتە داواكردنی چاكسازیی كۆمەڵایەتی‌و ئابووری‌و نیشتیمانی‌و دەیویست زەوی‌و زار بەسەر جووتیاراندا دابەش بكرێ‌و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی بە یەكسانی ڕێك بخرێ‌و مزگەوت لەهەموو گوندەكاندا دروست بكرێ تاكو ببێتە مەڵبەندێكی ئایینی‌و كۆمەڵایەتی‌و دەرس خوێندن‌و زانست فێربوون.
بەم جۆرە شێخ عەبدولسەلام لەو تەمەنەی لاوییەوە هەستی نیشتیمانی وای لێكرد بیر لە دوا ڕۆژی میللەتەكەی بكاتەوەو بە شێوازی خۆی خزمەتی بكات. پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سەرۆك هۆزەكانی كورد بەست نەك هەر هۆزەكانی دیكەشدا، بۆ لادانی زوڵم‌و زۆرداری لەسەر كوردو ڕزگاركردنیان لە چنگ ستەم‌و چەوساندنەوەی عوسمانیەكان. بۆیە ئەو زاتە كەوتە گەڕان بەدوای ڕێگایەكدا بۆ ئازادیی نەتەوەكەی‌و بۆ ئەو مەبەستەش دەستی كرد بە سەردانی سەرۆك هۆزو شێخەكانی ڕێبازی قادری‌و نەقشەبەندیی لەلایەك‌و پەیوەندیی كردنی بەڕێكخراوە كوردییەكانی وەك(كۆمەڵی تەعالی‌و تەرەقی كورد)‌و(كۆمەڵەی هێڤی)‌و (كۆمەڵەی سەربەخۆیی كورد). هەروەها پەیوەندیشی بەشێخ مەحموودی حەفید‌و شێخ عەبدولقادری نەهری‌و سمكۆی شكاكەوە كردو هۆشیاریی سیاسی لەلای گەشەی كرد.
لە بەهاری 1907 دا شێخ عەبدولسەلام چووە سەردانی (شێخ نووری محەمەد بریفكانی)ی شێخی ڕابەری تەكیەی قادری لە بادینان‌و لەوێ لەگەڵ سەرۆك هۆزەكانی كوردو پیاوە ئایینییەكاندا كۆبوونەوەو ئەم داخوازییانەی خوارەوەیان بە تەلەگرافێك نارد بۆ سوڵتان عەبدولحەمید لەئەستەمبول:-
1-زمانی كوردی لەناوچە كوردییەكاندا بكرێتە زمانی ڕەسمی.
2-خوێندن لە قوتابخانەكاندا بەزمانی كوردی بێت.
3-قایمقام‌و بەڕێوەبەری ناحیەو كارمەندو كاربەدەستان لەوانەبن كە كوردی دەزانن.
4-باجەكان وەكو خۆیان بمێننەوە بەمەرجێك لە چاككردنەوەی ڕێگاوبان‌و كردنەوەی قوتابخانە لە ناوچە كوردییەكاندا خەرج بكرێن.
سدیق دەمەلووجی دانەری كتێبەكەی(ئەمارەتی بادینان) دەڵێ:
وێنەی ئەو تەلگرافە بۆ شێخ عەبدولقادری نەهری‌و ئەمین عالی بەدرخان‌و فەریق شەریف پاشا ناردراو لەو كۆبوونەوە گشتییەدا هەموو ئامادەبووان سوێندی پیرۆزیان خوارد كە ئەم داخوازییانە بپارێزن‌و وازیان لێ نەهێنن.
كاتێك كە سوڵتانی عوسمانی ئەو بروسكەیەی پێگەیشت یەكجار پەست بوو‌و ئەمەی بە دەرچوون لەفەرمانی میری‌و داواكردنی جیابوونەوە دانا. ببۆیە جاڕی جەنگی ڕاگەیاندو لە كۆتایی 1907 دا هێزێكی گەورەی سەربازی ناردە سەر بارزان‌و هیچ كام لەو سەرۆك هۆزانەی سوێندی پیرۆزیان خواردبوو بەر بەستی سوپاكەی نەكرد، تەنیا هێزی بارزان بە سەركردایەتی شێخ عەبدولسەلام ماوەی دوو مانگ بەرگریی كرد تاكو شێخ ناچار بوو بۆ ماوەی ساڵێك لە ناوچەكەی خۆی دووركەوێتەوەو بچێتە ناو تیارییەكان‌و لەلای مارشەمعوون بمێنێتەوەو ڕێزێكی زۆری لێ بگیرێ‌و سەركردەی سوپای عوسمانی بارزان‌و دەڤەرەكەی سووتاندو هەرچی هەبوو تاڵانی كردو ژن‌و منداڵیش بەدیل گیران‌و لەو ڕووداوەدا مەلا مستەفای بارزانی برا بچووكی كە تەمەنی جارێ لەدەوروبەری سێ چوار ساڵان دەبوو لەگەڵ دایكی بە بەر ئەو هەڵمەتەی بەدیل گرتنە كەوتن‌و لە بەندیخانەی مووسڵ گیران.
بەڵام شێخ عەبدولسەلام زۆر لەلای تیارییەكان نەمایەوە بەڵكو لە ساڵی 1908 دا گەڕایەوە بارزان‌و پیاوەكانی لەخۆی كۆكردەوە ‌و لە پشت چیای شیرین خۆیان قایم،یەکەم ڕاپەڕینی بارزانی لە ڕاستیدا لە ساڵی ١٩٠٩ دا کرا. گەنجانی تورک کە بە کودەتایەک لە ساڵی ١٩٠٩ دا لە دژی سوڵتان عەبدولحەمید ھەموو دام و دەستەکانی دەسەڵات لە تورکیا بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی پێشوویان، کەم بە زەخت و گوشار لەسەر گەلان ناتورکیزمیان چڕکردەوە و چالاکی نەتەوایەتییان قەدەغە کرد چەند مانگێک پاشان شێخ عەبدولسەلام بارزانی ڕاپەڕینێکی هەڵگیرساند لە یەکەم شەڕدا لە نێو سوپای ئەو و تورکیا شکستێکی سەختیان پێبەخشین و مەودای ڕاپەڕینیش ھێدی ھێدی درێژ بووەوە بۆ بدلیس لە ساڵی ١٩١٠ دا ھێزەکانی عوسمانی بارزان و بارزانیان لە ناوچەکەیان بە جێھێشت،لە ئاكامی ئەم سەركەوتنە مەزنە حكومەتی عوسمانی داوای وتووێژی كردو ئاشتی هاتە دی‌و بەپێی ئەو ڕێككەوتننامەیە گیراوەكان بەردران‌و قەرەبووی زیانەكانیان كرایەوە.
ئەو ئاشتی‌و ئارامیە تا سەر نەبوو، چونكە كاتێك (سلێمان نەزیف)ی دیاربەكری لەساڵی 1913 دا كرا بەوالی ویلایەتی مووسڵ سوپایەكی گەورەی ناردە سەر بارزان بۆ گرتنی شێخ عەبدولسەلام بارزانی. ئەویش كە زانی هێزەكەی لە ڕووی ژمارەو چەك‌و تفاقەوە هاوكوفی ئەو هێزە زۆرەو پڕ چەكەی ئەو والیە نیە، كشایەوەو ڕووی كردە كوردستانی ئیران‌و بوو بە میوانی سەید تەهایی نەهری لەگوندی (ڕاژان)ی نزیك شاری ورمێ.
سوڵتانی عوسمانی بۆ گرتنی شێخ عەبدولسەلام خەڵاتێكی گەورەی تەرخانكردبوو بۆ هەر كەسێكی بەزیندوویی یا بە مردوویی بیگرێ، لەو دەمەدا شوێنی خۆی گۆڕی‌و چووە لای سمكۆی شكاك‌و هەردووكیان چوونە (تفلیس)ی پایتەختی جۆرجیا‌و چاویان بە نێردراوی قەیسەری رووس كەوت‌و ئەویش بەڵێنی پشتگیری كردنی كوردی پێدان بۆ رزگار كردنیان لە چنك حوكمی عوسمانی.
لە گەڕانەوەییاندا شێخ عەبدولسەلام و پێشمەرگە یاوەرەكانی بە گوندی (گەنگەچین) تێپەڕین، سۆفی عەبدوڵڵای گەورەی گوندەكە لێی پاڕایەوە میوانی بێت، ئەویش بە قسەی كردوو بووە میوانی. كەچی ئەو سۆفی عەبدوڵڵا یە پیاوێكی چەپەڵی هەناو ڕەشی خایەن بوو، بەشەو شێخ عەبدولسەلام‌و هەرسێ پێشمەگە یاوەرەكەی گرتن‌و دانی بەدەست سوپای عوسمانیەوەو پارەی خیانەتكارییەكەی وەرگرت.

شێخ عەبدولسەلام بەقوڵبەستی ناردرا بۆ بەندیخانەی مووسڵ‌و پاش دادگایی كردنێكی ڕواڵەتی كەسلێمان نەزیف پێكی
شێخ عەبدولسەلام بارزانی كوڕی شێخ محەمەدی كوڕی شێخ عەبدولسەلامی یەكەمی بارزانی یەو براگەورەی مەلا مستەفای بارزانی ی نەمرە. لە دەوروبەری ساڵی 1887 دا لە گوندی بارزان چاوی ژیانی هەڵێناوەو لەتەمەنی شەش ساڵیدا بنچینەكانی ئایینی ئیسلامی‌و فیقهو عیرفانی تەسەوفی خوێندووەو لە دوای كۆچی دوایی شێخ محەمەدی باوكی لە ساڵی 1903 دا بووەتە شێخی ڕابەڕی ڕێبازی نەقشەبەندی لە تەكیەی بارزان‌و دەڤەرەكەی.
شێخ عەبدولسەلام كە سایەتییەكی بیركراوە بوو، بۆیە هەر زوو كەوتە داواكردنی چاكسازیی كۆمەڵایەتی‌و ئابووری‌و نیشتیمانی‌و دەیویست زەوی‌و زار بەسەر جووتیاراندا دابەش بكرێ‌و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی بە یەكسانی ڕێك بخرێ‌و مزگەوت لەهەموو گوندەكاندا دروست بكرێ تاكو ببێتە مەڵبەندێكی ئایینی‌و كۆمەڵایەتی‌و دەرس خوێندن‌و زانست فێربوون.
بەم جۆرە شێخ عەبدولسەلام لەو تەمەنەی لاوییەوە هەستی نیشتیمانی وای لێكرد بیر لە دوا ڕۆژی میللەتەكەی بكاتەوەو بە شێوازی خۆی خزمەتی بكات. پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سەرۆك هۆزەكانی كورد بەست نەك هەر هۆزەكانی دیكەشدا، بۆ لادانی زوڵم‌و زۆرداری لەسەر كوردو ڕزگاركردنیان لە چنگ ستەم‌و چەوساندنەوەی عوسمانیەكان. بۆیە ئەو زاتە كەوتە گەڕان بەدوای ڕێگایەكدا بۆ ئازادیی نەتەوەكەی‌و بۆ ئەو مەبەستەش دەستی كرد بە سەردانی سەرۆك هۆزو شێخەكانی ڕێبازی قادری‌و نەقشەبەندیی لەلایەك‌و پەیوەندیی كردنی بەڕێكخراوە كوردییەكانی وەك(كۆمەڵی تەعالی‌و تەرەقی كورد)‌و(كۆمەڵەی هێڤی)‌و (كۆمەڵەی سەربەخۆیی كورد). هەروەها پەیوەندیشی بەشێخ مەحموودی حەفید‌و شێخ عەبدولقادری نەهری‌و سمكۆی شكاكەوە كردو هۆشیاریی سیاسی لەلای گەشەی كرد.
لە بەهاری 1907 دا شێخ عەبدولسەلام چووە سەردانی (شێخ نووری محەمەد بریفكانی)ی شێخی ڕابەری تەكیەی قادری لە بادینان‌و لەوێ لەگەڵ سەرۆك هۆزەكانی كوردو پیاوە ئایینییەكاندا كۆبوونەوەو ئەم داخوازییانەی خوارەوەیان بە تەلەگرافێك نارد بۆ سوڵتان عەبدولحەمید لەئەستەمبول:-
1-زمانی كوردی لەناوچە كوردییەكاندا بكرێتە زمانی ڕەسمی.
2-خوێندن لە قوتابخانەكاندا بەزمانی كوردی بێت.
3-قایمقام‌و بەڕێوەبەری ناحیەو كارمەندو كاربەدەستان لەوانەبن كە كوردی دەزانن.
4-باجەكان وەكو خۆیان بمێننەوە بەمەرجێك لە چاككردنەوەی ڕێگاوبان‌و كردنەوەی قوتابخانە لە ناوچە كوردییەكاندا خەرج بكرێن.
سدیق دەمەلووجی دانەری كتێبەكەی(ئەمارەتی بادینان) دەڵێ:
وێنەی ئەو تەلگرافە بۆ شێخ عەبدولقادری نەهری‌و ئەمین عالی بەدرخان‌و فەریق شەریف پاشا ناردراو لەو كۆبوونەوە گشتییەدا هەموو ئامادەبووان سوێندی پیرۆزیان خوارد كە ئەم داخوازییانە بپارێزن‌و وازیان لێ نەهێنن.
كاتێك كە سوڵتانی عوسمانی ئەو بروسكەیەی پێگەیشت یەكجار پەست بوو‌و ئەمەی بە دەرچوون لەفەرمانی میری‌و داواكردنی جیابوونەوە دانا. ببۆیە جاڕی جەنگی ڕاگەیاندو لە كۆتایی 1907 دا هێزێكی گەورەی سەربازی ناردە سەر بارزان‌و هیچ كام لەو سەرۆك هۆزانەی سوێندی پیرۆزیان خواردبوو بەر بەستی سوپاكەی نەكرد، تەنیا هێزی بارزان بە سەركردایەتی شێخ عەبدولسەلام ماوەی دوو مانگ بەرگریی كرد تاكو شێخ ناچار بوو بۆ ماوەی ساڵێك لە ناوچەكەی خۆی دووركەوێتەوەو بچێتە ناو تیارییەكان‌و لەلای مارشەمعوون بمێنێتەوەو ڕێزێكی زۆری لێ بگیرێ‌و سەركردەی سوپای عوسمانی بارزان‌و دەڤەرەكەی سووتاندو هەرچی هەبوو تاڵانی كردو ژن‌و منداڵیش بەدیل گیران‌و لەو ڕووداوەدا مەلا مستەفای بارزانی برا بچووكی كە تەمەنی جارێ لەدەوروبەری سێ چوار ساڵان دەبوو لەگەڵ دایكی بە بەر ئەو هەڵمەتەی بەدیل گرتنە كەوتن‌و لە بەندیخانەی مووسڵ گیران.
بەڵام شێخ عەبدولسەلام زۆر لەلای تیارییەكان نەمایەوە بەڵكو لە ساڵی 1908 دا گەڕایەوە بارزان‌و پیاوەكانی لەخۆی كۆكردەوە ‌و لە پشت چیای شیرین خۆیان قایم،یەکەم ڕاپەڕینی بارزانی لە ڕاستیدا لە ساڵی ١٩٠٩ دا کرا. گەنجانی تورک کە بە کودەتایەک لە ساڵی ١٩٠٩ دا لە دژی سوڵتان عەبدولحەمید ھەموو دام و دەستەکانی دەسەڵات لە تورکیا بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی پێشوویان، کەم بە زەخت و گوشار لەسەر گەلان ناتورکیزمیان چڕکردەوە و چالاکی نەتەوایەتییان قەدەغە کرد چەند مانگێک پاشان شێخ عەبدولسەلام بارزانی ڕاپەڕینێکی هەڵگیرساند لە یەکەم شەڕدا لە نێو سوپای ئەو و تورکیا شکستێکی سەختیان پێبەخشین و مەودای ڕاپەڕینیش ھێدی ھێدی درێژ بووەوە بۆ بدلیس لە ساڵی ١٩١٠ دا ھێزەکانی عوسمانی بارزان و بارزانیان لە ناوچەکەیان بە جێھێشت،لە ئاكامی ئەم سەركەوتنە مەزنە حكومەتی عوسمانی داوای وتووێژی كردو ئاشتی هاتە دی‌و بەپێی ئەو ڕێككەوتننامەیە گیراوەكان بەردران‌و قەرەبووی زیانەكانیان كرایەوە.
ئەو ئاشتی‌و ئارامیە تا سەر نەبوو، چونكە كاتێك (سلێمان نەزیف)ی دیاربەكری لەساڵی 1913 دا كرا بەوالی ویلایەتی مووسڵ سوپایەكی گەورەی ناردە سەر بارزان بۆ گرتنی شێخ عەبدولسەلام بارزانی. ئەویش كە زانی هێزەكەی لە ڕووی ژمارەو چەك‌و تفاقەوە هاوكوفی ئەو هێزە زۆرەو پڕ چەكەی ئەو والیە نیە، كشایەوەو ڕووی كردە كوردستانی ئیران‌و بوو بە میوانی سەید تەهایی نەهری لەگوندی (ڕاژان)ی نزیك شاری ورمێ.
سوڵتانی عوسمانی بۆ گرتنی شێخ عەبدولسەلام خەڵاتێكی گەورەی تەرخانكردبوو بۆ هەر كەسێكی بەزیندوویی یا بە مردوویی بیگرێ، لەو دەمەدا شوێنی خۆی گۆڕی‌و چووە لای سمكۆی شكاك‌و هەردووكیان چوونە (تفلیس)ی پایتەختی جۆرجیا‌و چاویان بە نێردراوی قەیسەری رووس كەوت‌و ئەویش بەڵێنی پشتگیری كردنی كوردی پێدان بۆ رزگار كردنیان لە چنك حوكمی عوسمانی.
لە گەڕانەوەییاندا شێخ عەبدولسەلام و پێشمەرگە یاوەرەكانی بە گوندی (گەنگەچین) تێپەڕین، سۆفی عەبدوڵڵای گەورەی گوندەكە لێی پاڕایەوە میوانی بێت، ئەویش بە قسەی كردوو بووە میوانی. كەچی ئەو سۆفی عەبدوڵڵا یە پیاوێكی چەپەڵی هەناو ڕەشی خایەن بوو، بەشەو شێخ عەبدولسەلام‌و هەرسێ پێشمەگە یاوەرەكەی گرتن‌و دانی بەدەست سوپای عوسمانیەوەو پارەی خیانەتكارییەكەی وەرگرت.
شێخ عەبدولسەلام بەقوڵبەستی ناردرا بۆ بەندیخانەی مووسڵ‌و پاش دادگایی كردنێكی ڕواڵەتی كەسلێمان نەزیف پێكی هێنابوو خۆی‌و هەر سێ یاوەرەكەی بە لەسێدارەدان حوكمدران‌و لە ڕۆژی 14/12/1914 دا ئەو حوكمە ناڕەوایە جێبەجێ كرا.
بە شەهید كردنی شێخ عەبدولسەلام بارزانی میللەتی كورد پێشەوایەكی مەزنی ڕێگەی ڕزگاریی كوردستانی لەدەست چوو ‌و شێخ ئەحمەدی بارزانی برای لە تەمەنی 18 ساڵیدا بووە جێ نشینی‌و ئەویش هەمان ڕێبازی شۆڕشگێریی گرتەبەر.

خەبات محمد
قوتابی لە زانکۆی سۆران




کتێب/ خەونی من.. ناڵە حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن…




دامەزراندنی ئەنجومەنی نشتیمانی گەورەی تورکیا ساڵی ۱۹۲۰.. شەیدا دلشاد میرزا

دامەزراندنی مەجلیسی نیشتمانی گەورەی تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ پاشهاتەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. حکومەتی عوسمانی لە کاتی شەڕدا لایەنگری ئەڵمانیای کردبوو و لە ئەنجامدا زیانێکی زۆری خاکی و وێرانکاری ئابووریی بەرکەوت. لە بەرامبەردا هاوپەیمانان لە ساڵی ١٩١٨ ئەستەنبوڵیان داگیرکرد و حکومەتی عوسمانییان ناچارکرد پەیماننامەی سیڤەر واژۆ بکات، ئەمەش تورکیای زیاتر دابەش و لاواز کرد. بەڵام گرووپێک لە ناسیۆنالیستی تورک بە سەرۆکایەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک ڕەتیانکردەوە ئەو زاراوانە قبوڵ بکەن و بزووتنەوەی خۆڕاگرییان لە دژی داگیرکاریی دەرەکی ڕێکخست.

دامەزراندنی ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی توركی.
لە ساڵی ١٩١٩ حکومەتێکی ئەڵتەرناتیڤیان لە ئەنقەرە دامەزراند بە ناوی (ئەنجوومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا)
لە ٢٣ی نیسانی ١٩٢٠ بە فەرمی دامەزرا و ئەتاتورک سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە بوو. وەک دەزگایەکی یاسادانان بۆ بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کاری دەکرد و بەرپرسیار بوو لە داڕشتنی یاسا و ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هێزە بیانییەکان بە تێپەڕبوونی کات، پشتیوانی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەنادۆڵ بەدەستهێنا و توانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە دژی داگیرکاری دەرەکی دامەزرێنێت. لە ساڵی ١٩٢٣ دا بە سەرکەوتوویی دانوستانیان کرد بۆ کۆتایی هێنان بە دوژمنایەتی لەگەڵ یۆنان و زلهێزەکانی تری هاوپەیمانان لە ڕێگەی پەیمانی لۆزان، دوابەدوای ئەم پەیماننامەیە تورکیا وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ ناسێندرا و ئەتاتورک بوو بە یەکەم سەرۆک کۆماری تورکیا، پاشان بە سەرکردایەتی ئەتاتورک وەک ئەنجومەنی نیشتمانی گەورە پێکهێنرایەوە. ئەمڕۆ ٢٣ی نیسان وەک ڕۆژی سەروەری نیشتمانی و منداڵان لە تورکیا بەڕێوەدەچێت بۆ یادکردنەوەی هەم دامەزراندنی و هەم خۆبەخشی ئەتاتورک بۆ بنیاتنانی کۆمارێکی دیموکراسی کە بەهای پەروەردەی بۆ هەموو هاووڵاتیان دانابوو . دوای هەڵوەشاندنەوی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئەستەمبۆل لەلایەن هاوپەیمانان پێویست بوو حكومەتێكی تر جێگای بگرێتەوە بۆ پڕكردنەوی ئەو بۆشاییەی كەلە دەسەڵات دروست ببوو، بۆیە مستەفا كمال بەڕاوێژ كردن لەگەڵ هاوڕێكانی بڕیاریان دا ئەنجومەنێك پێك بهێنن، ئەم ئەنجومەنە ناونرا ئەنجومەنی نیشتمانی گەورە.
ئەنجومەنی نیشتمانی گەورە لە(233)ئەندام پێك دەهات، لەم ئەندامانە(105) كەس ئەوانە بوون كە لە ئەستەمبۆل ڕایان كردبوو، لە (23/نیسان/1920 ) ئەنجومەنی نیشتمانی كرایەوە و یەكەم دانیشتنی ئەنجام دا، مستەفا كمال پاشا كرا بەیەكەم سەرۆكی ئەنجومەن و ئەنجومەنی نیشتمانی بەتاكە دەسەڵات هەژمارکرا بۆ گەل، ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی بۆ بکرێ ئەوەیە ،کەدوای دامەزراندنی
ئەنجومەنی نیشتمانی چەند بڕیارێكی دەركرد كە گرنگترینیان: یەکەم.بڕیار درا لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتێكی توركی وەك ئەوەی لەبەڵێن نامەی نیشتمانی دا ئاماژەی پێكراوە.
دووەم. بریاردرا بەهەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو ڕێكەتنامانەی لە پاش ئاگربەستی مۆدرۆس مۆركرابوون رەتکردنەوەی تەواوی ئەو یاسایانەی کە لە دوای داگیرکردنی ئەستەمبۆلەوە لە ١٦ ئاداری ١٩٢٠ەوە دەرچووە لە لایەن سولتانەوە،ئەمەش لەبەر ئەوەی لەو بەروارەوە دەسەلات لە ئەستەمبۆل سەربەخۆ نەبووە و بریارەکانی لە ژێر فشاری هاوپەیمانان دەرکردووە لە(24/ نیسانی /1920) مستەفا كمال پاشا لەبەردەم ئەنجومەن وتارێكی پێشكەش كرد تیایدا تیشكی خستەسەر ڕووداوەكان لە ئاگربەستی مۆدرۆسەوە تا كردنەوەی ئەنجومەن هەرچەندە ئەنجومەن دامەزرا بەڵام تا (2/مایسی/1920) حكومەت پێك نەهات كەنۆ وەزارەتی لەخۆدەگرت:
(1-وەزارەتی دەرەوە . 2-وەزارەتی دارایی . 3-وەزارەتی ئابووری . 4-وەزارەتی داد . 5-وەزارەتی پەروەردە . 6-وەزارەتی تەندروستی . 7-وەزارەتی شەرعیە (ئەوقاف) . 8-وەزارەتی جەنگ . 9- وەزارەتی برگری میللی)
دوای ئەم هەنگاوەی حكومەتی ئەنقەرە حكومەتی سوڵتان و هێزەكانی هاوپەیمانان تواناكانیان خستەگەڕ بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەی نیشتمانی
یەکەم.سوڵتان فەرمانی دەركرد بەلەناو بردنی بزووتنەوەكە. دووەم.داوای كرد گەنجەكان بەشداری بكەن لەسوپای خەلیفە.
سێیەم.لە(11/مایسی/1920) مەحكەمەی سەربازی بڕیاری لەسێدارەدانی غیابی بۆسەركردەكانی بزووتنەوەكە دەركرد كەلەنێوانیان دا(مستەفا كمال پاشا)هەبو.
چوارەم.لەڕێگەی پیاوانی ئایینی فتوا دەركرا كەلەناوبردنی بزووتنەوەی كمالی كارێكی شەرعیە. پێنجەم.هەروەها چەندان خۆپیشاندان و ناڕەزایی ڕێكخران لەدژی حكومەتی ئەنقەرە بەڵام ئەم ناڕەزایەتیانە ئەنجامی نەبوو.شەشەم. ئۆپەراسیۆنی فراوان بۆ دەستگیركردنی لایەنگرانی بزووتنەوەكە دەستی پێكرد.
مەبەست لەم كارانەی سوڵتان گەڕانەوەی دەسەڵاتی بوو بۆسەر ئەنادۆڵ،بەڵام بەم كردارانە سوڵتان نەیتووانی سەركەوتن بەدەست بهێنێ،بەلكو بەپێچەوانەوە لەم قۆناغەدا بزووتنەوەی كمالی لەقۆناغی ناڕەزایی و خۆپیشاندان كەوتە قۆناغی شەڕی چەكداری،لەماوەی ساڵی 1920 چەندان شەڕو پێدادان لەگەڵ داگیركەر ڕووی دا . بزووتنەوی نیشتمانی توركی لەناوچەكانی (ئورفا و مەرعەش و عنتاب و ئەدەنە و مێرسین) لەدژی فەرەنسا سەركەوتنیان بە دەست هێنا، لەهەمان كاتیشدا فەرەنسیەكان و ئینگلیزەكان لە عیراق و سوریا و میسر ڕووبەڕووی شۆڕش و ڕاپەڕین بوونەوە . بۆیە هاوپەیمانان بیریان لەوەكردەوە هانی یۆنانیەكان بدەن بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەی نیشتمانی،هەربۆیەش هێرشی یۆنانیەكان لە(22/حوزەیرانی/1920) دەستی پێكرد و توانیان هەندێك ناوچەی ئەنادۆڵ لەڕۆژهەڵاتی تەراقیا داگیربكەن و دەستی بەسەردابگرن.




یەکەم لە دوای دواوە.. چیرۆکی/ نەوزاد بەندی

تۆ سەیرکە ؟ یەک دێڕ ، ووشەیەک نابینی هەڵەی ڕێزمانیی و ڕێنووسیی تێدا نەبێ ..
ــ( ئەمە تۆ چیت نوسیوە دادە ؟ خەڵکی توزخورماتڕڵم ..ئەبێ بنووسی توز خورماتوو ..کارەسات لەوەدایه مامۆستای زمانیشیت ! )
ووتی : ( فەرقی چییە ؟ حەسەن کەچەڵ یان کەچەڵ حەسەن …)
( تۆ باسی چی ئەکەی ؟ حەسەن و کەچەڵ ،نیهاد و گوزارەن ئەتوانی پێش و پاشیان بخەی ، بەڵام ئەمەی تۆ هەڵەیە ..هەڵە..خورماتڕڵ لە کوێ و خورماتوو له کوێ ؟ بێجگە لەوە ، ناوەکەیشت هەڵە نوسیوە ، نوسیوتە شازن ، ئەمە یەعنی ئەوان شزوزیان هەیە ..لە کاتێکدا ئەبوو بتنوسیایه شاژن )
هەر گوێیشی نەدایە .. دەسگیرانەکەی تێلی بۆ کرد ( ئەها دەستم چی لێ هاتووە ) لەگەڵیدا وێنەی دەستەکانی بۆ نارد ، سوور بووبوونەوە ،
( ئەمە چیە ؟ بەس نەڵێی غاز تەقیوەتەوە ؟ )
( نا .. کاڵێی خوشکم تەکلیفی کرد لەگەڵیان بچم دڕک و داڵەکانی حەوشەکەیان بژار بکەم ..چەند ساڵە پشتگوێیان خستووە .. دڕک و داڵ هەموو دەستی خواردم ..جا .. )
( جا چی ؟ )
( جا هاوسەرەکەیشی برایەکی سینگڵی خوێڕی هەیە ، نازانم چۆن پەیا بوو فرسەتی هێنا ، ویستی پەلامارم با .. ڕامکرد .. )
تف لە دەمییا ووشک بوو ، ئەمە چییە ؟ شتی وا چۆن ئەبێ ؟
( چۆن شتی وا قبوڵ ئەکەی ؟ )
ئەو بە سادەییەکەوە ووتی : ( سینگڵی خوێڕی هەروان ..ڕیسوان ..)
سەعیدی پارێزەر ، لە ڕێی واتس ئەپەوە پەیوەندی پێوە کرد ، ووتی لەماوەی سەعاتێکدا ئەبێ له دادگا ئامادە بیت ، هەموو خاوەن پشکەکان ئامادەن ، هەر تۆ نەهاتووی ..
ئۆی ! چۆن ئەمەی له بیر چوو ؟ ..به بەڕێوەبەری بەشی ووت : ( دوو سەعات مۆڵەتم ئەوێ ..)
ووتی : ( خۆت ئەزانی بەڕێوەبەری کارگێڕیی تازەمان بۆ هاتووە ، هەتا دوو هەفتە ، ئۆف و مۆڵەت نەماوە .. )
( بەڵام من هەر ئەبێ بڕۆم ، مەسەلەکە ماڵوێرانییە .. )
ئەوەی ووت و فەرمانگەی بەجێهێشت .. لە ڕێ نوکەیەک له مۆبایلەکەیەوە هات ، کورتە نامەیەک بوو ، لە مامۆستای توزخورماتووەکەوە ، کە بە هەڵە نوسیبووی توزخورماتڵ ..نوسیبووی : یەع ! خوا یارمەتی ژنەکەت با ، زۆر چەنەبازی..
لە داخا دەهریی بوو ، ویستی پیایا بێتە خوارەوە ، تەماشا ئەکا ناتوانێ .. تومەز خستوویەتیە لیسی ڕەشەوە .. تف ! لە چارەت ، دە وەرە ئەوە مامۆستای زمان بێ ..
سەعیدی پارێزەر ، زەنگێکی تری بۆ لێدا ، زیاتر لە پەنجا کەس چاوەڕێی تۆین ..
( ئەزانم ..لەناو سەیارەدام ، کەمئەندامەکان مانیان گرتووە ، فولکەی بەردەم نوسینگەی پەرلەمان فەرتەنەیە ، هەوڵ ئەدەم بە کۆڵانی خوار تاباندا خۆم قوتار بکەم )
پێچی کردەوە ، پیکابێ شکاندیەوە بەسەریدا ، خوا ڕەحمی کرد چەمەلەغێکی نەبرد ، جووتێ سمێڵی چەوری ناشیرینی نیوە زەرد بە دوکەڵی ڤایپ و نێرگەلە ، لە جامەکە هاتنە دەرەوە و بە دەنگێکی ناساز بۆڵاندی : ( چییه ؟ ئەفەنی فەردە! کوشتنت هاتووە ؟ )
ویستی دابەزێ و .. داخی مامۆستای خورماتڕڵ و سینگڵی ڕیسوای پێ بڕێژێ ، بەس تەماشای تابلۆی پیکابەکەی کرد ، هی وەزارەتی پێشمەرگە بوو ، ئەمانە بە قەوانی فیشەک ددان پاک ئەکەنەوە ، هی ئەوە نین گاڵ لە گاڵیانەوە بئاڵێنی …
زەنگێکی لە دایکییەوە بۆ هات : ( حەبی زەغتەکەت بیر نەچێ . . دوو دەسک کەرەوزی ناسک و دەسکێ تەرخونیش . . چڵی تەرخونەکە نەشکایەوە ، مەیکڕە .. )
( بەڵێ باش )
دیسان نوکەیەک لە مۆبایلەکەیەوە هات ، دەسگیرانەکەی بوو ، وێنەی کرێمێکی بۆ ناردبوو ، دێرمۆدین ..نوسی بووی ئەڵێن ئەمە بۆ جێ دڕکەکان باشە ، ئەگەر ڕێت کەوتە دەرمانخانەیەک بیکڕە ، با هی کۆمپانیای حیکمەی ئورودونی بێ …
لەناکاو بەڕێوەبەری بەش ، پەیوەندی پێوە کرد : ( بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری کارگێڕی ئەگەڕێن .. لە کوێی ؟ هەرچیت کردووە ، وەرەوە بۆ فەرمانگه ..غیابات ئەنووسن ! )
لەو کاتەدا کەمئەندامێک بە خڕکە بەردێکەوە هاتە بەردەم ئوتومبیلەکەی بەو حاڵە ، ئوتومبیلەکەی ڕاگرت و نەیشێلا ..
( چییە کاکە ؟ ئەیهاوار ..خەریک بوو بتشێلم .. )
کەمئەندامێکی بە تەمەنی سەروڕیش سپی بوو ، چاوێکی داخرابوو ، دەستێکیشی لە پشت ئانیشکەوە نەمابوو ..
( منیش بۆیە وامکرد بمشێلی .. ئێمەمانان بۆچی باشین ؟ با هەر ئێوەی بۆرژوا بژین ..مومبارەکتان بێ ..! )
بە دەست خۆی نەبوو لە قاقای پێکەنینی دا.. نەیزانی چی بڵێ ، خۆیشی نەیزانی چۆن خۆی کرد بە کۆڵانی دەستەچەپدا و لەو بەڵای سەرە خۆی قوتارکرد ..
بە سەعیدی پارێزگاری ووت : کێ له کێوە دیارە ، من ناتوانم بێم .. خۆت وەکیلی منیت ، شتێکم بۆ بکە .. لە فەرمانگە ئیشی گرنگم هەیە ، ناتوانم ئامادە بم ..
نەیهێشت پارێزەرەکە قسە بکا ، دایخستەوە.. هاتەوە بۆ فەرمانگە ، هیچ گەراج و جێگایەک نەمابوو بۆ پارکی ئوتومبیل ، پۆلیسێکی هاتووچۆیش بە دەفتەرێکی شینباوی سزاوە، یەک یەک سزای سی هەزار دیناریی ئەنووسی وئەیکرد به فڵچەی ئوتومبیلەکانەوە .. ئەوەندە جوان ئەو کارەی ڕادەپەڕاند ،پیاو دڵی لە خۆی دادەما ..
لەبەردەم ماڵێکدا داینا ، لە دیوارەکەی نوسرابوو : ئوتومبیل لێرە ڕامەگرە ، حەیوان !
بە ڕاکردن خۆی گەیاندە فەرمانگە ، بەڕێوبەری گشتی وبەڕێوەبەری کارگێڕیی نەگەڕابوون ، هەر بۆ ترساندنی فەرمانبەران ، وترابو ئەگەڕێن هەتا تۆزێ گورج بنەوە ، ئەگینا لە ڕاستیدا بەڕێوەبەری گشتی چووبووە گەشتی فەڕەنسا و .. بەڕێوەبەری کارگێڕیش لە گەشتی عەمرە بوو ..
بە بەڕێوەبەری بەشی ووت : ( ئەزانی لە دادگا ئێستا قوڕ ئەکرێ بە سەرما ؟ ئەم تەلەفۆنە چی بوو کردت ؟ )
(سەرباری پیاوەتیی وام پێ ئەڵێی ؟ من حەزم نەکرد قەتعە ڕاتب کرێی ..)
سەعیدی پارێزەر ، زۆر خراپ پیایا هاتە خوارەوە ، تەنانەت پێی ووت وائەزانی ئێمە خزمەتکاری باوکتین ؟ ئاخر چاوت شینە ؟ قژت کاڵە ؟ چی ؟ ئەمە بابەتی پشکە پشک ،ئەو عالەمە چاوەڕێی تۆن ، ئەبێ هەموو خاوەن پشکێ پەنجە مۆر بکا .. دادوەر خەریکە شێت ئەبێ ، نوێنەری پەرلەمانی ناوەند هاتوون ..ئەو حەوشەیە هەمووی حیمایە و دەست وپێوەندە ..
دیسان تف لە قوڕگیا وشک بوو ، ( ئێستا من چی بکەم ؟ )
سەعیدی پارێزەر لە قاقای پێکەنینی دا ، ووتی : ( هیچ .. گاڵتە ئەکەم
..دادوەرەکە نەهات ، لە بەغاوە میوانی هاتبوو ، خستیانە دوو مانگی تر .. شانسی تۆ بوو! )
خەریک بوو پیایا بێتە خوار ، هەرچی خوا پێی ناخۆشە بەم سەعە خوێڕییەی بڵێ کە مەگەر خوا بزانێ چۆن کۆلێژی یاسای تەواو کردبوو ..ئەڵێن لە کۆلێژ ناویان نابوو سەعە خەنە .. بەردەوام کیسە خەنە و شوشە هەنگوینی به بەرتیل بۆ مامۆستاکانی هێنابوو ..
زەنگێک ووریای کردەوە ، خوشکەکەی بوو : ( تۆ بە ڕەوای حەقی ئەزانی من کە ئافرەتێکم ، بڕۆم بۆ تاقیگەی ئوتومبیل و بەڕاد و مرور ؟ )
(بۆ چی بووە ؟؟ )
( ئێ ساڵانەی ئوتۆمبیلەکەم تەواو بووە ، کەی دێی ئەو ئیشانەم بۆ تەواو کەی ؟ )
ویستی بڵێ باش ، لە پڕ تەقییەوە به سەریدا : ( ئەی کوڕەکەت؟ خۆ کافیتریا نیە لەم شارەدا نیسکافەی تیا نەخواردبێتەوە ..ها ؟ ئەو هەر لێ ئەخوڕێ ، حەقی نییە بەسەر سەرئێشەی فەحس و مروورەوە؟؟ ها؟ ….)
دایخستەوە ..بیریکردەوە، سمێڵە چەورە زەردبووەکەی ناو پیکابی وەزارەتی پێشمەرگەی بیر کەوتەوە، یەعنی چی ئەیشکێنێتەوە بەسەرما و هێشتایش من مردنم هاتووە !؟ .. هەر لە خۆیەوە پەشیمان بوو لەوەی کە بۆی دانەبەزی ونەیووت : ئادەی دایک سۆزانیی .. وەرە .. بزانم کاممان مردنمان هاتووە؟
بەڵام شتێکی تری بیر کەوتەوە ، ئا .. بەو سمێڵە بابڕەیدا ، کەرەوز .. دوو دەسک کەرەوز و تەرخون .. ئەگەر لاسکی تەرخونەکە نەشکێتەوە نابێ بیکڕم ..
زەنگێکی بۆ هات ، دەسگیرانەکەی بوو : ( چیە ؟ لەوساوە دەنگت نیە .. لەوە ئەچێ عاجز بووبی .. وەڵا نەمهێشت دەستی بەر دەستم بکەوێ .. ئەو هەروایە .. جوانەگایەکە بۆ خۆی ..لێی ناگیرێ .. )
بیری چووبۆوە .. باسی چی ئەکا ..
کامە ؟ جوانەگای چی ؟
ئاخر توخوا ڕاستە خۆت دوو کوڕی هەرزەکارت هەبێ ، داوای تازەکردنەوەی ساڵانەی ئوتومبیل له من بکەی ؟
لەناکاو ، لافیتەیەکی ڕەش کەوتە بەرچاوی .. دۆش داما .. ناوی خۆی بوو .. لەهەمان بەرواری ئەو ڕۆژەدا ، لەبەردەم شیریایی داباندا ، بە کارەساتێکی دڵتەزێن مردبوو .. سمێڵ بابڕەکە بە دەمانچەیەکەوە هاواری ئەکرد ، جنێوی به دایکم داوە .. دایک ..چۆن کەللەی ناپژێنم ..؟؟
تەماشای چواردەوری خۆی کرد ..یەک دوو قاچی دا بە زەویدا ، گوێی لە هیچ نەبوو .. هەستی کرد گوێچکەکانی کپ بوون .. سکرینی مۆبایلەکەی داگیرساوە ، بەڵام گوێی له زەنگەکەی نییە و ..نایشتوانێ بخوێنێتەوە ، کێیە پەیوەندی ئەکا .. پۆلیسی هاتو چۆ ، بە جووتێ سمێڵی ماش و برنجی زۆر پڕەوە ..بە ورگێکی زلەوە ، بە زەردەخەنەیەکی وەک هی مۆنالیزاوە ، پسوڵەی سزای سی هەزار دیناریی ئەکرد بە فڵچەی ئوتومبیلەکانەوە .. بە جۆرێ ،پیاو دڵی لە خۆی دادەما .. گوێی لە شین و هاوار و زریکەی دایکی بوو : قوربانی ئەو کەرەوز و تەرخونە ناسکە بم کە لە عەلاگەکەی دەستتا بوو .. ناسک ناسک ،لاسکەکانی ئەشکانەوە ..
کۆمەڵێ پیاو بە ڕاکردن هاتن بۆ لای و هەڵیانگرت و خستیانە سەر شانیان ..دوای ئەوە ئیتر نەیزانی چی ڕووی دا ..




منداڵانی باخچە و هۆنراوەو چیرۆک و گۆرانی.. نوسینی: عەلی حەمەڕەشید

وه‌ك ده‌زانین ( باخچه‌ی منداڵان ده‌زگایه‌كیپه‌روه‌رده‌یی تایبه‌ت به‌ منداڵانی قۆناغی پاش دایه‌نگه‌ و پێش چوونه‌ قوتابخانه‌یه‌) چیرۆک و هۆنراوەش بۆ منداڵان بە گشتی و منداڵانی باخچە بەتایبەتی ،گرنگی خۆی هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە تایبەتمەند بێت بۆ تەمەنیان چونکە تەمەنی ( ٤ و ٥ ) ساڵی کە لەباخچەی منداڵاندا ئاستی یەک و ئاستی دوویان پێدەوترێت کاریگەری زۆری دەبێت لەسەریان و لە هەمان کاتیشدا کە چێژی لێوەردەگرن زانیاری و بەها پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و تەندروستی و ڕەوشتی و نیشتمانی و کام بەهاو زانیاری بۆ ئاستی ئەوان شیاوبێت دەتوانرێت لەڕێگەی ئەو ژانری هۆنراوە،چیرۆک،ئۆپەرێت،شانۆیی ،ئاراستەیان بکرێت بە مەرجێک ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی قۆناغ و ئاستەکەیان بکرێت.ناکرێت هۆنراوەیەکی دوور و درێژ و پڕ لە وشەی دوور لە فەرهەنگ و دنیای منداڵ ئاراستەی منداڵ بکرێت ،ئەوان بە دووبارە کردنەوە و بەو ئاوازەی بۆی دانراوە لەبەری دەکەن و بۆت دەڵێنەوە،بەڵام لێیتێناگەن، هیچی لێوە فێر نابن،کاریگەری تەواوی نابێت لەسەریان.جاری وا هەیە منداڵێک کە داوای گۆرانییەکی لێبکەیت یان هۆنراوەیەک، بۆت دەڵێت،بەڵام کەلێی دەپرسیت واتای چییە؟یان چی لێتێدەگەیت؟ئەو هیچ وەڵامێکی نییە تەنها لەبەری کردووە کە بەدووبارە بوونەوە گوێی لێبووە،ئیتر لە هەرشوێنێک بووبێت.بۆیە وا پێویست دەکات بە وریاییەوە هەم چیرۆک هەم هۆنراوە بە منداڵ بڵێین یان پێیان لەبەر بکەین یان بۆیان بکەین بە گۆرانی.من زۆر جار لەسەردانیکردنم بۆ باخچەکانی منداڵان یان قوتابخانەکان یان کە چالاکی باخچەیەک یان قوتابخانەیەک دەبینم ڕاستەوخۆ یان بە ڤیدیۆ بە ڕوونی ئەو دیاردەیە هەست پێدەکەم و لەناخەوە ئازار دەچێژم بۆیان.بۆیە لێرەدا ئەوەی گرنگە و پێویستە هەمووان بەتایبەتی دڵسۆزان و خەمخۆرانی بواری پەروەردە بەشێوەیەکی باش ئاوڕی لێبدەنەوە دانانی پڕۆگرامێکە بۆ باخچەی منداڵان کە کۆمەڵێک هۆنراوە و چیرۆک و شانۆیی و ئۆپەرێت بگرێتەخۆ کە بۆ ئاستی یەک و ئاستی دووی باخچەی منداڵان بگونجێت و لیژنەیەک کە کۆمەڵێک شارەزا و پسپۆڕی بوارەکانی پەروەردەیی و ئەدەبی و هونەری و زانستی و ژینگەیی و زمانەوانی و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و دەرونی سەرپەرشتی بکات و بە پێی یەکەکان ئامادە بکرێت کە مامۆستایان لە باخچەی منداڵاندا سودی لێوەربگرن وڕۆژانە بەکاری بهێنن، کە من لای خۆم کۆمەڵێک چیرۆکم بەپێی یەکەکان ئامادە کردووە خۆزگە کاری لەسەر دەکرا،وەک هۆنراوە و ئۆپەرێتیش پێشتر کارێکم بۆ باخچە کردووە بەڵام لەئاستی خواستی مندا نەبووە.نەک وەک ئێستا هەر باخچە و هەر مامۆستایەک بە ئارەزووی خۆی هۆنراوەیەک یان چیرۆکێک هەڵبژێرێت و بە منداڵی بڵێت.لەوانەیە ئەو لەڕووی مۆزیک و ئاوازدانانەوە کەسێکی سەرکەوتوو بێت بەڵام شارەزایی وەکو پێویستی لەبارەی هەڵبژاردنی هۆنراوەکەوە نەبێت.کەئەمانە دەڵێم پشت بە زانیارییەکانم دەبەستم وەک مامۆستا و خەمخۆر و پەروەردەکار و لە هەمان کاتیشدا نوسەرێکی تایبەت بەمنداڵان و ئەو ئەزموونەی کە هەمە لەو بوارەدا .

نوسینی: عەلی حەمەڕەشید
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی




جـودی بلـوم رۆماننووسی مـنداڵان و نەوجەوانـان.. رەزا شـوان

خاتـوو جـودی بلـوم، ناوی تەواوی (جـودیـس نی سوسـمان) ە، نووسەرێکی ئەمریکی بەناوبـانـگە، لە نووسـینی چـیرۆک و رۆمـان بۆ منـداڵان و نەوجـەوانـان و گەورەکـان. جودی لە رۆژی (١٢/ فـێبروار/١٩٣٨) لە شاری (ئیزابێس) لە ویلایەتی (نیوجێرسی) لە وڵاتـە یەکگـرتـووەکـانی ئەمـریـکا، لە دایکـێکی مەسـیحی (ئـیـستـیـر نی رۆزنـفـێـڵـد سوسمان) ژنی مـاڵـەوە، باوکـێکی جـوولـەکە (رۆدۆڵـف سـوسـمان) ی پـزیـشکی ددان، لەدایکـبووە. بـرایەکی هەبـوو (دیڤــید) پێـنج ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو. جودی منداڵی دووەمی خـێزانەکەیەتی. خێزانەکەی بە رۆشنبیریی جوولەکە گۆش و پەروەردەکـراون. جودی بـلـوم چانسی ئەوەی پێـدرا، کە لە رێگای کـۆمەڵـێک چالاکـییەوە، بەهـرە و وزە داهـێنەرەکـانی خـۆی بسەلـمێنێـت. لەوانـەش بەشـداربـوونی لە وانـەی پیـانـۆ لێـدان و سەماکـردن. بە تایبەتیش چـێژێکی زۆری لە خـوێنـدنەوەی پەرتووک وەردەگـرت، ئەم خـووەش لـە دایـک و بـاوکـیـیەوە فـێـربـوو. بە بەردەوامیـش لە ئەنـدێـشـە و هـزریـدا چـیرۆکی دادەهـێنا. بەڵام وەکو منـداڵـێک خەونی ئـەوەی نەبـوو کە ببێـت بە نووسـەر.
جـوی کچـۆڵەیەکی جـوانی زۆر رووخۆش و گەشبین بوو. هەمیشە لێـوبەخـەنـدە بـوو.
جـودی بلـوم لە ساڵی (١٩٥٦) دا، لە قـوتابخانەی ئامادەیی (باتـین) ی کچـان بە پلەی نایـاب دەرچـوو. لە زانکـۆی نیـویـۆرک وەرگـیرا، لە سـاڵی (١٩٦١) دا، بـڕوانـامـەی بەکالـۆریـۆسی لە پـەروەردەدا وەرگـرت. بـوو بە مامـۆسـتای قـوتـابخـانەی ناوەنـدی.

لە ساڵی (١٩٥٩) دا باوکی جودی کۆچی دوایی کرد. هەر لەم ساڵەدا لە زانکۆدا لەگەڵ پارێزەر (جـۆن ئێـم بلـوم) دا، یەکترییان ناسی و هـاوسەرگیرییان کـرد. لێـڕەوە (بـلـوم) بوو بەنازناوی جـودی. دوو منـداڵیان بوو، کچەکەیـان (رانـدی ـ ١٩٦١) و کوڕەکەیان (لـۆرێنس ـ ١٩٦٣). لە ساڵی (١٩٧٥) دا، ئەم دوو هاوسەرە لە یەکتری جیابوونەوە.
هـەر لە سـاڵی (١٩٧٥) دا، جـودی بلـوم (تـۆمـاس ئەلف کـیتـشنـز) ی زانـای فـیزیـای ناسی و بە خـێرایی هاوسەرگـیریی لەگەڵـدا کرد. لە ساڵی (١٩٧٩) دا لەم هاوسەرەشی جـیابـۆوە.
جـودی لە ساڵی (١٩٨٧) دا، بۆ جـاری سێیەم هـاوسەرگـیریی کـرد. ئەمجارەیان لەگەڵ (جـۆرج کۆپـەر) ی مامۆستای پێشووی یاسادا هـاوسەرگیریی کرد. ئەم هـاوسەرگیرییە سـەقـامگـیری و بەخـتـەوریی پێـبـەخـشی. ماڵـیان گـواسـتەوە بـۆ (نیو مەکـسیکـۆ) لە ریستـۆرانەکـانـدا کـاریـان دەکـرد.
لە سـاڵی (٢٠١٢) دا، لە رێـگای پـشکـنینی سـۆنـارەوە، دەرکـەوت کـە مەمـەکـەکـانی جـودی بلـوم توشی شـێرپەنجـە بوونە. بە سەرکەوتـوویی نەشتەرگەریی مەمکـبڕین و دووبارە دروستکـردنی مەمـکـیان بۆ ئەنجـامـدا. شـێرپـەنجـەی نەمـا و چـاکـبـۆوە.
جودی بلوم نووسەرێکی ئەمریکی ناسراوە لە بواری ئەدەبیاتی منداڵان و نەوجەواناندا، بە داهـێنانی چـیرۆک و رۆمـانی خەیاڵی بـۆ منـداڵان و هەرزەکاران ناسراوە. سەنـگ و پێگەیەکی بـاڵا و رێـز و خۆشـەویستییەکی زۆری لەنـاو خوێنەراندا هـەیە، بە تایبەتیش لەنێوان نەوجەوانـانـدا کە سەرسامی نووسینەکـانـین. بلوم بەشداریی لە کۆرسێکدا کرد، لە لایەن زانکۆی نیویۆرکەوە کرایەوە بۆ ئەوانەی بەهـرە و حەزی نووسینیان هەبوو.
جودی بلوم لە ساڵی (١٩٥٩) وە، دەستی بە نووسین کرد. سەرەتا بە نووسینی چیرۆک دەستیپێکرد. یەکێکە لە نووسەرە لاوە پێشووەکان. زۆر چاودێرییان دەکرد و سانسۆر و فـشار و سەرنـج و ئابـڵـۆقـەیـان دەخـسـتە سـەر چـیرۆک و رۆمـانەکانی و تەنـگـیان بە نووسینەکـانی هـەڵـدەچـنی و لـۆمەیـان دەکـرد و تانـەیـان لە راشکاوی زمـانەکەی دەدا. چـونـکە لە هـەنـدێ لە رۆمـانـەکـانی دژەبـاوە، سەرنـجی خـستـە سەر هـەرزەکـاران و دەربارەی سـوڕی مانگـانەی کـچـان (بـێنـوێـژی) و گـێچـەڵی سێکـسی کـوڕان و وێنەی ئەنـدامانی جـەستە و سـێکس و خۆشەویستی و دەسترێـژی سێکـسی و جیابـوونەوە و مـردن بـوون بۆ منداڵان و هەرزەکاران. ئەم بابەتانەی هەرایـان نایەوە و بوونە هـۆی ورووژانـدنی مشـتومـڕ و دژایەتیکـردن. بەڵام بلـوم متمانەبەخـۆ و ئیـرادە بەهـێزبوو، نوێخـواز و داهـێنەر بـوو. کـۆڵی نەداو و درێـژەی بە نووسینەکـانی دا و رووبەڕووی چـاودێـری و سانسۆری و رەخنـەکـان بـۆوە.
جـودی بلـوم لە سەرەتادا کۆمەڵێک چـیرۆکی بۆ پەرتووکەکانی خوێندنەوەی قـوتابیـانی قـوتابخانەی ناوەنـدی نووسی. بۆ یەکـەم جـاریـش لە ساڵی (١٩٦٩) دا، پەرتـووکـێکی چـیرۆکی بە ناونیـشـانی (یەکـێک لە نـاوەڕاسـتـدایە، ئـەوە کەنـگەرۆ سـەوزەکـەیە) بۆ منـداڵانی نووسی و چـاپیکـرد. لە دوای ئەم پەرتـووکەیدا، لە ساڵی (١٩٧٠) دا، یەکەم رۆمانیشی بۆ منداڵان نووسی و چاپیکرد، بە ناونیشانی (ماڵی ئـیگی) باس لە خێزانێکی ئەمـریکی بە ڕەسـەن ئەفـریـقی دەکـات، کە مـاڵـیان دەگـوێـزنـەوە بـۆ گـەڕەکـێکی سـپی پێـستەکان. ئەمانـە نـاوی چەنـد پەرتووکـێکـن لە پەرتووکە چاپکـراوەکانی جـودی بلوم، کە بـریتین لە رۆمـان بۆ منـداڵان و بۆ هـەرزەکاران بۆ نـەوجـەوانـان و بۆ گەورەکـان:
(ئایا تـۆ لەوێـیـت خـودا؟ منـم، مـارگـرێـت ـ ١٩٧٠)، (چـیرۆکـەکـانی هـیچ شتـێک ـ بۆ پـۆلی چـوارەم ـ ١٩٧٢)، (هـەروەهـا بە شـیلای گـەورەش ناسـراوە ـ ١٩٧٢)، (ئـەوە کـۆتـایی جیهـان نییە ـ ١٩٧٢)، (دیـنـی ـ ١٩٧٣)، (بـلـوبـەر ـ ١٩٧٤)، (تـا هـەتـایە ـ ١٩٧٥)، (سـوپـەر فـۆدج ـ ١٩٨٠)، (چـاوی پـڵـنـگ ـ ١٩٨١)، (شـۆربـای رۆژانـی شەممە ـ ٢٠٠٦)، (ئەوەی منـداڵەکانت ئاواتـەخـوازن پێت بڵـێن ـ ١٩٨٦)، (هـاوڕیی دایـکی شـەڕانی ـ ٢٠٠٨)، (شـوێنـانێک هەرگیز مەبەستم نەبـوو کە لـێیبم ـ ١٩٩٩). ئەم رۆمانانەشی بۆ گەورەکان نووسیوە: (ویـفی ـ ١٩٧٨)، (ژنانی زیرەک ـ ١٩٨٣)، (خـوشـکانی هـاویـن ـ ١٩٩٨)، (لـە رووداوی بـەدوور لـە چـاوەڕوانـیـدا ـ ٢٠١٥).

جودی بلـوم لە ساڵی (١٩٨١) دا، بیـرەوەرییەکانی خۆی لە پەرتووکێدا بڵاوکردۆتەوە.
بلـوم تـێکـڕا زیاتر لە (٥٠) پەرتووکی چـیرۆک و رۆمـانی بۆ منـداڵان و نەوجەوانان نـووسـیوە و چاپـیکـردوون. پەرتـووکەکـانی وەریانگـێڕاون بـۆ (٣٢) زمـانی جیهـانی. تا ساڵی (٢٠٢٠) زیـاتر (٨٥) ملیـۆن دانـە لە پەرتـووکەکـانی لە جیهـانـدا فـرۆشـران. بەشی زۆری پارەی داهـاتی پەرتووکەکانی خستە (سندوقی منـداڵان) ەوە. کە لە ساڵی (١٩٨١) دا دایـمەزرانـد، بۆ پشتگیریکردن لە رێکخـراوەکـانی قـازانـج نەویسـت، کە هـانـدەری پەیـوەنـدیی بـاشی نێـوان دایـکان و بـاوکـانـن لەگـەڵ منـداڵـەکـانیان.
رۆمـانی (تا هەتـایە ـ ١٩٧٥) یەکەم رۆمانی جودی بلـومە، کە باس لە ژیانی سێکسی لە قـۆنـاغی هـەرزەکاریـدا دەکـات و بە ئاسـایی پیـشـانی داوە. بلـوم روونی کـردۆتـەوە سەرچاوەی ئیلهـامی ئەم رۆمانەی لە کچەکەی (رانـدی) یەوە بـۆی هـات، کە ئەو کاتە تەمەنی (١٣) ساڵان بوو. وتی دەمەوێت ئەو پەرتووکانە بخوێنمەوە کە کارەکتەرەکـان سێکسی بکەن، بەڵام دوای ئەوە نەمـرن. پاڵەوانی رۆمانی (تا هەتـایە) کـچ و کوڕێکی قوتابین. (کاتـرین دانـزگەر) و (مایکل واگـنەر ) کە لە دوو نامادەییدان، بە رێکەوت لە ئاهـەنگی جـەژنی سـەری ساڵی زاینی، یەکـتری دەبینـن و دەکەونە خـۆشـەویستیـیەوە.
ئەم رۆمانە، گەلێ بابـەتی ئاڵـۆزی نابـاوی لەخـۆگـرتـووە، وەکـو: مـلمـلانـێی خـێزانی، مـووبەکـردن، وێنـەی جەسـتە، سێکسی کـردن. بلـوم دەربـارەی نووسینی ئەم بابەتانە، بە تایبـەتیـش سـێکـس، روونی کـردەوە، کە پێـیـوایە منـداڵان پێـویستییان بـەوە هـەیە دەربارەی سێکس بـزانـن و زانیارییان هەبێت. خۆشی لە منداڵـیدا پـرسیاری دەربارەی ئـەم بابـەتە دەکـرد. بـۆ مـاوەی چـەنـد ساڵـێک، خـوێنـدنـەوەی ئـەم رۆمـانەی بلـوم لە لایەن دەزگـای چاودێـری و سانسۆرییەوە، لە ئەمـریـکادا قـەدغـە کـرا. ئەم رۆمـانە لە ساڵی (١٩٧٨) دا کرایە زنجیرە درامایەکی تەلەفـزیۆنی و لەسەر تۆڕی (س. بی. سی) نمایشکـرا. دواتـریش کـرا بە فـیـلمـێکی سـینەمـایی.
جـودی بلـوم بە نووسین و بڵاوکردنەوەی پەرتووکی شاکارە رۆمانی (ئایا تـۆ لەوێیـت خـودا؟ منـم مارگـرێـت ـ ١٩٧٠) ناوبانگی دەرکرد، بە تایبەتیش لەنـاو هەرزەکاران و نەوجەوانان دا، زۆرتـرین دانەش لەم پەرتـووکەی فـرۆشـرا. بلـوم لـەم رۆمـانەیـدا لە میانەی پاڵەوانی رۆمـانەکـەیەوە (مارگـرێـت سـیمـۆنە) وەک یەکـەم رۆمـانی، باس لە قـۆناغـی پێش هەرزەکاری و لە باڵـقـبوون و لە سێکس دەکـات. (مارگـرێـت) کچـێکی هـەرزەکاری (١١) ساڵانە. لە دایکێکی مەسیحی و لە باوکێکی جوولەکە لەدایکبووە. خـێزانەکەیـان گۆاستیانەوە بۆ شارێکی تـازە. مارگـرێت کـە بـە قـۆنـاغی باڵـقـبوون و هـەرزەکـاریـدا تـێـدەپـەڕێـت. وێـڵی دوای خـوێنـدنەوەی پەرتـووکـە سـێکـسیـیەکـانە. دەیـەوێـت لـە نهـێـنـیـەکـانی چـەمکـی جـەسـتـەی و لـە گـەشـەکـردن تـێـبگـات و چی پەیـوەنـدییـەکـیان لەگـەڵ ئـایـندا هـەیە. بـۆ رەوینـەوەی ئـەم گـومـانەی، راسـتەوخـۆ لەگەڵ خوادا قـسەدەکات، نابەڵەدە و نادڵنیایە دەیەوێت راستییەکان بزانێت، دەربارەی رازی ئـەو گـۆڕانـکارییـانەی کـە دێـنـە رێی، وەکـو بـۆ یەکـەمجـار ســوڕی مـانـگانە (بـێـنـوێـژی) و قـوتبـوونـەوەی مەمـکەکـانی و گـێـچـەڵی سـێکـسی کوڕان و… هـتد.
ئەم رۆمـانە بابەتی ئاڵـۆز و ورووژێنـەری دژەبـاوی لەخـۆگرتووە، وەک مـلمـلانێ و مشـتومـڕی نێوان خـێزان و چـەوسانـدنەوە و هـەژاری و وێنەی جەستەیی و خەم و سـێکـس و مـردن. جـودی بلـوم جەخـتی لەوە کـرد، کـە مەبـەسـتی لە نـووسینی ئەم جـۆرە بـابـەتـانـە دەربـارەی جـەسـتە و سـێکـس، بەخـشـینی زانیـاریی پێـویـسـت و رۆشـنبریی سـێکـسییە بە منـداڵان و هـەرزەکـاران و نەوجـەوانـان.
لە لایـەن ئەو کچـە هـەرزەکـارانەی کە ئەم رۆمـانەیـان خوێنـدەوە. بە سـەدان نامەی دەستخۆشی گەیـشتنە جودی بـلـوم. ئەوەیان بۆ نووسـیوە، کە رۆمـانەکەتمان زۆر بە دڵە، چـێژێکی زۆرمان لە خوێندنەوەی وەرگرت. خۆشمان لەگەڵ مارگرێت دەناسێنین. ئـەم رۆمـانە کـراوە بـە فـیـلـمـێکی درێـژ. راگـەیـەنـدرا کـە دەرهـێـنانی تـەواوبـووە، تـرەیـلەری (بەشێکی) فـیـلمـەکە لە مـانـگـی یـەکی ئەمسـاڵـدا (٢٠٢٣) بڵاوکـرایـەوە. لەوانـەیە لـە چەنـد رۆژی داهـاتـووی ئەمسـاڵـدا. تـەوای فـیلـمەکـە نمـایـش بکـرێـت.
رۆمانی (بلـوبەر ـ ١٩٧٤) باس لە کچـێکی قـەڵـەو دەکـات، کە لە پـۆلـەکەیـدا لەبـەر قـەڵـەوی و قەبەیی گـاڵتەی پێـدەکەن. رووداوەکـانی ئەم رۆمـانە لە: رادنۆ، ویلایەتی پەنسلڤـانیـا، لە یەکـێک لە گەڕەکەکـانی شاری (فـیلادلـڤـیا) یە.

لە رۆمـانی (کـۆتـایی جـیهـان نیـیە ـ١٩٧٢) بـاس لـەو کـێشـانە دەکـات کە دێنـە رێی منـداڵان، وەکـو چـەمکی جـیابـوونـەی دایـکان و بـاوکان و دۆخـی منـداڵان.

پەرتـووکەکـانی جـودی بلـوم، کەوتبـوونە نـاو بازنـەی دژایەتیکـردنەوە، یەکـێکە لـەو نووسەرانەی کە زۆرترین رەخـنەی لێـدەگـرن. لە (١٠٠) پەرتـووکی قەدەغـەکـراو لە جیهاندا، پێنج لە پەرتووکەکانی بلوم لە لیستەکەدان. بەڵام لەگەڵ ئەم دژایەتیکردنەشدا، جودی بلوم یەکێکە لەو نووسەرانەی کە بە ملێۆنان خوێنەر لە جیهانـدا پەرتووکەکانی دەخـوێننەوە، بە تایبـەتیش لە لایـەن هـەرزەکـاران و نەوجـەوانـانەوە.
جـودی بلـوم نووسـەرێکی کراوە و راستگۆیە دەربارە ئەوبابەتانەی کە لە رۆمانەکانیدا نـووسـیوون. هەمـوو ئەو رەخـنانەی کە لـێیانگـرت کـوڵـیان پـێی نەدا و سـاردنەبـۆوە.
ئەمساڵ (٢٠٢٣) جودی بلوم یەکێکە لەو (١٠٠) کەسایەتییە هەڵبژێراوانەی کە رۆڵی کـاریگەرییـان لە جـیهـانـدا هـەبـوو، لـە لایـەن گـۆڤـاری (تـایـم ) ەوە هـەڵـبژێـراون.
جـودی بلـوم، سەرەڕای ئەوەی کە نووسەر و مامۆستا بوو، لە چەنـد بـوارێکی کەشدا چـالاکوانێکی چـالاک بوو. داکۆکیکەرێکی سەرسەخـت بوو لە ئازادی هـزری و ئازادی خوێنـدنەوە. شەڕی لە دژی لە چـاودێـری و سانسۆری خستـنە سەر بیـروڕای ئـازاد و قەدەغـەکـردنی پەرتـووک دەکـرد. کە لە ساڵانی هـەشـتاکـانـدا، چـەنـدیـن پەرتـووک لە ئەمـریکادا قـەدەغـەکران. بلـوم ئەندامێکی چالاکی دەستەی بەڕێوەبەری (ئەنجوومەنی هـاوپەیـمانی نیشـتـمانی) بوو، لە دژی سانسۆرکردن و چاودێـری. ئەنـدام و رازگـری دامـەزراوەیـەکی فـێرکـاری و خـێرخـوازی بـوو، بە نـاوی (کـۆمـەڵـەی نـووسـەران و وێـنەکـێشانی منـداڵان). دامـەزرێنـەر و بەڕێـوەبـەری دامـەزراوەیـەکی خـیرخـوازی و پـەروەردەیـی بـوو، بـە نـاوی (سـنـدوقـی منـداڵان). ئـەنـدامی (دەسـتـەی کـارگــێـڕی سـەنـدیـکای نـووسـەران) بـوو. لە چـەنـدیـن کـۆمـەڵـەی کەشـدا ئەنـدام بـوو.
زۆر لە رەخنەگـرانی پسپۆر، ستایشی جودی بلومیان کـرد، کە دەیەوێـت بە رێگایەکی راست و دروست و تێگەیشتن و بێ شەرمکـردن، مامـەڵە لەگەڵ تەمەنی باڵـقـبوون و هـەرزەکـاران و لەگـەڵ چـەمـک و بابـەتە هـەستـیارەکـانـدا دەکـات.
بەڵام لە لایەن هەنـدی لە دایکان و باوکان، رەخنەگـران، گـروپە سیاسییەکان، پیاوانی ئاینی، خـاوەنی پەرتووکخـانەکانەوە، بە تـونـدی رەخـنەیەکی زۆریـان لە جـودی بلـوم گـرت. هەڵمەتێکی زۆریـان دەستپێکـرد بۆ قەدغـەکـردن و کـێشانەوەی پەرتـووکەکانی لە پەرتووکخانەکانـدا. بانگەشەی ئـەوەیـان دەکـرد کە جـودی بلـوم، بە راشکاوی و بە زەقی، مامەڵەی لەگەڵ سوڕی مانگانە و سـێکـس و گەشـەکـردنی ئەندامانی پۆشراوی جەسـتەی کچـان و کـوڕان و باڵـقبـوون و خۆشـەویستی کـردووە. بێ ئـەوەی گـوێ بە سۆزداری و بە رەوشـت بـدات. ئەمەیان بە سنووربەزانـدن و بە سـووکایەتیکـردن بە ئایـن دەزانی. بەڵام زۆری پێنەچـوو، زۆرتـرین دانە لەو پەرتووکە رەخنەڵێگـیراوانەی فـرۆشـران و زۆرتـریـن خـەڵاتی لیـوەرگـرتـن و رێـزلـێـنانیـان پێـشکەشی کـرد.
جـودی بلـوم لە ساڵی (٢٠١٨) دا، لەگـەڵ (جـۆرج کـۆپـەر) ی هـاوسەریـدا، لە شاری (کـی وێـسـت) دا، فـرۆشـگایـەکی فـرۆشـتـنی پەرتـووکی قـازانـج نەویسـتیان کـردەوە.
چـەنـد رۆمـانـێکی جـودی بلـوم کـراوان بە فـیلـمی سـینەمـایی، کە هـەنـدێکـیان خـۆی لەگـەڵ کـوڕەکـەیـدا سـیـناریـۆی بـۆ نـووسـیـون. (لـۆرێـنـس) ی کـوڕی لـە ئـێـسـتادا، دەرهـێـنەرێـکی سـیـنەمـایی و سـیناریـۆنـووس و بەرهـەمهـێـنەر و نـووســەریـشـە. کچـەکەی (رانـدی) کـچی، (ئیلییۆت کیفارت) زۆر هـاوکـاری داپیـرەی دەکـات. جـودی بلوم کچەزاکەی زۆر خۆشدەوێت و بوتە مایەی خەمڕەوێنی و شادی بۆی. شانازی بۆ ئەو دەگەڕێتـەوە، کە هـانی داپیـرە بلـومی دا، بۆ ئەوەی رۆمـانی (فـودج) بنووسـێت.
سەرجەم زیاتر لە (٩٠) خەڵاتی بەنـرخ و میـدالـیای زێـڕ و رێـزلـێـنایان پێـشکەش بە رۆماننووس جودی بلوم کرد. لێرەدا تەنها ناوی دوانزە خەڵات و رێزلێنانی دەنووسین:
() خـەڵاتی پەرتـووکی نایـابی ساڵ، بۆ فـیلـمی رۆمـانی (ئایـا تـۆ لەوێيـت خـودا؟ مـن مـارگـرێـتم) ـ لە لایـەن رۆژنـامـەی (نیـویـۆرک تـایـمز) ەوە ـ ١٩٧٠ () خـەڵاتی هـەڵـبژاردەی منـداڵان ( سوپـەر فـۆدج ) لە لایەن کۆمـەڵەی نێـودەوڵەتی خوێنـدنـەوە و ئەنجـوومـەنی پەرتـووکی منـداڵان ـ ١٩٨١
() خـەڵاتی مـرۆیی ئـیـلیـانـۆر رۆزڤـێـڵـت ـ ١٩٨٣ () خـەڵاتی ئازادیی خـوێندنەوە (کـارل سانـدبـێرگ) لە لایـەن پەرتووکخـانەی گـشتی شـیکاگـۆ ـ ١٩٨٤
() خـەڵاتی ئـازادییە شـارستانییەکـان ـ لە لایـەن یەکـێتی ئازادییە شـارستانییەکـان ـ ئەتـڵەنـتا ـ ١٩٧٦ () خـەڵاتی باشتریـن نووسەر ـ لە لایەن میـدیـای لاوانی باشووری ئوسترالیا ـ ١٩٨٨
() مەدالـیای زانکـۆی باشووری میـسیسیـپی ـ بـۆ بەشـداریکـردنی تا هـەتـای ژیـانی، لە ئەدەبیـاتی منـداڵان ـ ٢٠٠٩ () خـەڵاتی نەوجـەوانـانی پـێگەیشـتوو ـ لە لایـەن شیکاگـۆ تـریبـیون ـ ٢٠١٣
() خـەڵاتی ئەنجـوومـەنی ئەدەبیـات بـۆ هـەرزەکـاران (ئـالان) ـ ٢٠١٣ () خـەڵاتی نیشـتمانـیی ئازادیی هـزری ـ هـاوپەیـمانی مامۆستایـنی زمـانی ئینگـلیزی (نکـتە) ـ ٢٠١٣
() خـەڵاتی ریگـیـنا ـ کـۆمەڵـەی پەرتـووکـخـانەکـانی کـاسۆلـیکی ـ ٢٠١٥ () بـڕوانامەی دکتۆرای رێزلێنان لە ئەدەبدا ـ لە لایەن کـۆلـێژی (مـاونـت هـۆلبـوک).
ئەمانە و چەندین خـەڵات و مەدالـیا و رێـزلێنانی تریان بە جـودی بلـوم پێشکەش کرد.
جـودی بلـوم، لە ئێستادا تەمەنی (٨٥) سـاڵە. لە نووسینی ئەدەبیات دانەبـڕاو و درێـژە بە نووسین و بە چالاکی دەدات. چەنـد رۆمانێکیشی نووسیوە کە هـێشتا چاپ نەکراون.
فـیلمـێکی بەڵـگەنــامەیی (دیکـۆمێـنـتـاری) شـیان لەسـەر ژیـانی دەرهـێـناوە، بە نـاوی (جـودی بلـوم تا هـەتـایە) رۆڵی سەرەکی ئـەم فـیلمەش خـودی جـودی بـلودم خۆیـەتی. ئـەم فـیلـمە ئەمسـاڵ (٢٠٢٣) بۆ یەکـەم جـار لە فـێـستـیڤـاڵـی فـیلـمی (سـونـدانـس) ی سـیـنەمـایی نمـایـشکـرا.
رەزا شـوان
نـەرویـج: ٢٠٢٣
(*) بۆ نووسـینی ئەم بابـەتە، سـوودم لە چـەنـدیـن سـایـتی ئیـنگـلـیزی وەرگـرتـووە.




شووکردن بە نەوت.. شیعر: نزار قبانی.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

دوا جار شووت بە بیرێ نەوت کرد
دوا جار بەخت یاوەرت بوو
خانمەکەم :
يانسیبەکە بە قازانج بوو
و
لە تورەکەکەیا ” شازادە”یەکت دەرهێنا
بە ڕووخسار عەرەب ، بەڵام
شمشێرەکەی بە هەتیووی جێ هێشت
كە بە لێو و کەمەری دونیایا ئەگەڕێ
لەسەریەشەی دڵداری پشوویەک بە
كە هەردەم شازادەیەکت ئەویست
كاتێکی کەمی لەگەڵا ڕابوێری
ئەویش :
كاتێکی کەمت لەگەڵا ڕابوێرێ
ئەرز لە ژێرتا وەک گوڵ و ئاوریشمی لێبێ
…..نەوت بخۆرەوە
سوبحان اللە کە نەوتی کردوە
بە پێک و عەتر
دواجار شووت بە پاشایەک کرد
پاشایەکی خولەفای ڕاشدین
بوون بە خاوەنی هەم دین و هەم دونیا
کەواتە: سوجدە بۆ خودا بەرە
خودا: پشتیوانی هەموو باڵندەکان
سەرچاوەی باران و پەنای بێ لانەکان
زیندووکەرەوەی مردووی ناو کفنەکان
شیفای نەخۆش و گۆچانی کەنەفتەکان
بەخشێنەرەوەی نەوت
لە ناو هەڵبژاردەی پیاوە ساڵحەکان
خانمەکەم :
يانسیبەکەت بە خێر بوو
هەروەک مەزەنەت کرد
و
نێچیرەکەش گران بەهایە
قەت وامەزانە دڵگرانم
چونکە زۆر باش ئەزانم
چی ئەشاریتەوە و چیش ئەدرکێنی
ئەزانم خانمەکەم
كە چۆن ساڵانێکە خەریکی کەین و بەینی
تا پاشایەکی
خولەفاکانی ڕاشدین بگری
،،،،،،،،،
کە هەواڵەکەم بیست سەرسام نەبووم
مۆم و مناڵ
كراسی داڕێژراو بە ئاڵتونم بینی
پیاوی دەرچووی یانسیبەکەم بینی
وەک چوارچێوەیەکی تەختە دانرا بوو
كاتێ هەموو وێنەکانم بینی
كە هەر وەک تاووس
بەملا و ئەولا هەنگاو ئەبینی
لە نێوان حەیا و ترس
شانی پێغەمەرەکەی داهاتووت ئەگری
هیچ سەرنجی ڕانەکێشام
چونکە بەردەوام حەزت لە:
كۆکردنەوەی سوارە تەختەیەکان کردوە
كاتێ هەواڵی شووکردنەکەتم بینی
بیرم لە خۆم کردەوە
چۆن نە دڵخۆش بووم نە دڵگران
چۆن لە خۆشیا نەفڕیم..!!
هیچ گرنگییەکی نەبوو…نامەم نەنارد
گوڵیشم نەنارد
چۆن لە سانیەیەکا بێ هەست بووم
ئەو کەسەی لە تەکیەکەیا
چرای تەمەنم داگیرسان
چیتر.کەم یا زۆر گرنگ نیە بۆم
ڕۆژنامەکەم فڕێ یا
دانس و ڕووناکی و پێکی “بووک”ێنیم لە بیر چوو
تەماشای وێنەکانم کرد
كە بووکەکەم تیا نەبینی
زۆر دڵخۆش بووم
كە بینیم کێکی گەورەکە ئەبڕی
و
لەبەردەم خەڵکا باوەش ئەکەی بە چوارچێوەی تەختەیا
و
بە شان و باڵی قوڕەیشییەکان
و
داگیرکردنەکانی عەرەبا هەڵ ئەیەی
و
لە خۆم ڕازیم
كە هەستم بە هیچ ناڕەحەتییەک نەکرد
چونکە ئەزانم خانمەکەم
خەوی تۆیە بیابانشینێکی عاشق بگری
كە لە سەر”ژن”ێک گرەو لەسەر مێژوو بکا
و
لە گەعدەیەکی گۆرانی و سێکسا خودا بفرۆشێ
پیرۆزە…هەزاران جار خانمەکەم
و
خودا نەوتی عەرەب بهێڵێ
“””””””””””””””””’




پیشه‌ییایه‌تی له‌ كاری ڕۆژنامه‌نووسی دا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

هه‌وڵی رۆژنامه‌نووس له‌ پاراستنی پیشه‌ییه‌تی ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕوانینه‌كانی واقیعانه‌تر ده‌رده‌خا ، ڕۆشناییه‌كی ئارامیش ده‌بێ بۆ ئاینده‌ له‌ پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی مێژوو ، هه‌روه‌ها له‌ تێگه‌یشتنی قۆناغه‌كان و لێك جیاكردنه‌وه‌یان . ڕاگرتنی له‌نگه‌ری پیشه‌ییه‌تی له‌ كاری ڕۆژنامه‌نووسیدا ئه‌مڕۆ بووه‌ به‌سیمای ڕۆژنامه‌نووسی سه‌رده‌م كه‌ شیرازه‌ی له‌ سیسته‌م ده‌رچووه‌كان ده‌خاته‌وه‌ شوێنی خۆیان ، به‌مه‌ش مانایه‌ك به‌ژیان ده‌دا ، بایی ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ڵده‌گرێ مانای پێ بدرێ..

  • پیشه‌ییه‌تی – هونه‌رێكه‌ باوه‌كو زۆرجاریش دیوار و دیوار به‌پاڵ تونێڵه‌ مارپێچه‌كاندا به‌ڕێوه‌ بێت ، به‌ڵام هه‌رگیز به‌هه‌مان لۆژیك له‌ هونه‌ری دروستكردنی ئه‌لته‌رناتیڤه‌كاندا به‌شدار نابێت كه‌ له‌و تونێلانه‌دا به‌تاوی داماڵینی ئیراده‌ و داته‌پاندنی خوده‌وه‌ به‌رقه‌راره‌.. ئه‌و به‌ڕێوه‌نووسانه‌ و جه‌خت له‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نووس له‌ پاراستنی پیشه‌ییه‌تی به‌شێكه‌ له‌ به‌رزڕاگرتنی شه‌ره‌فی ڕۆژنامه‌نووسی و بڕستی عه‌قڵ پێ شكان و سه‌رچاوه‌ی به‌ فه‌رهه‌نگ و به‌ چاند و هاوسه‌نگیدانه‌ به‌ سرووشت و به‌ژیان كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌لایه‌كه‌ی دیدا هه‌موو به‌ها و پاساوی به‌رده‌وامی له‌ده‌ست بدا..
    تۆ ته‌ماشاكه‌ ڕۆژنامه‌نووسێك له‌سه‌روبه‌ندی داته‌پینی یه‌كێك له‌ ڕژێمه‌ تۆتالیتارییه‌كانی ڕۆژگاری شه‌ڕی سارد له‌سه‌ر زاری زیندانییه‌ك چمان بۆ تۆمارده‌كا – له‌ زینداندا ئه‌گه‌ر یه‌كێكمان لێ بمردبووایه‌ تا چه‌ند ڕۆژێك ئیداره‌ی زیندانمان لێ ئاگادار نه‌ده‌كرده‌وه‌ تاكو بڕه‌ خواردنه‌كه‌ی له‌ نێوان خۆماندا گل بده‌ینه‌وه ‌.. زۆرجار كه‌ پاسه‌وانه‌كان ده‌هاتنه‌ ژوورێ مردووه‌كه‌مان به‌دیوار هه‌ڵده‌په‌سارد و جگه‌ره‌یه‌كمان به‌ پێكراوی له‌ده‌م ده‌نا تا وه‌ك زیندوو ده‌ربكه‌وێ و سوود له‌ بڕه‌ خۆراكه‌كه‌ی وه‌ربگرین ، ته‌نانه‌ت وای لێهاتبوو له‌ زینداندا هه‌موو شتێكمان ده‌خوارد… هه‌موو شتێك! –
    پیشه‌ییه‌تی له‌ كارێكی به‌هه‌ستی له‌ وێنه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیدا وه‌ك ده‌بینی دووریشه‌ له‌ ده‌مارگیری و ئه‌وپه‌ڕگیری و كاردانه‌وه‌ی ساته‌وه‌ختێكی له‌ گرێژنه‌چووی دیاریكراو كه‌ هه‌ڵچوون و هه‌ناسه‌سواری و خۆ له‌بیركردن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی به‌روه‌خت دروستی ده‌كات ، ڕێگایه‌‌كه‌ ماندووبوون و سه‌رئێشه‌ی به‌دواوه‌یه‌ ، به‌ڵام په‌یامێك له‌ سه‌رده‌مێكدا ده‌گه‌یه‌نێ ، كه ‌ئێستا جێی داخه‌ خه‌ریكه‌ ورده‌ ورده‌‌ په‌یامی تێدا كاڵ ده‌بێته‌وه‌ .



کودەتای عوسمانیەکان ساڵی ۱۹۰٨ وگۆڕانکاریەکان.. دیلمان لەزگین خانۆ*

لە ٢٣ی تەمموزی ١٩٠٨دا عوسمانێکان کودەتایەکیان بەرپاکرد، بەمەش سولتان عەبدولحەمید ناچار بوو، دووبارە کارکردن بە دەستوری سالی ١٨٧٦ رابگەێنێت. ئەنجوومەنی نوێنەران سەر لە نوێ کۆبووەوە لە ئەنجامی بزوتنەوەی بەرهەلستەکارەکەی ١٣ی نیسانی ١٩٠٩دا، کە لە مێژووی عوسمانیدا بە ئاشووبی هەڵگەرانەوە دەناسرێت. لە ٢٧ی نیسانی هەمان ساڵدا، ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنێکی سازکرد و بڕیاری دا سولتان عەبدولحەمید بە تاوانی هاندانی بزووتنەوەی بەرهەلستکار لەسەر کار لاببات و محمد رەشادی برای بە ناوی سولتان محمدی پێنچەم ١٩٠٩_١٩١٨لە شوێنی دانا، دەرئەنجامی ئەم گۆرانکارییە، شەپۆلێکی خۆشی و شادی باڵی بەسەر سەرتاپای دەوڵەتی عوسمانیدا کێشا بەو هیوایەی کە سەردەمێکی تازە دەست پێ بکات و دروشمەکانی ئیتحادییەکان بەرجەستە ببێت لە ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی، بەلام ئەوەندەی نەبرد ئیتحادییەکان سیاسەتی تورکاندن و بەرزراگرتنی کە لە نێوان دەوڵەتی عوسمانیدا بوون،لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە سەرکوتکەرەدا پەنایان برد بەر دامەزراندی حیزبی بەرهەلستکار و دیارترینیان حزبی پەیرەو پرۆگرامی سیاسی خۆی بڵاو کردەوە کە بریتی بوو لە فراوان کردنی دەسەڵاتی جیاکردنەوەی پۆستەکانی، بیچگە لە مەسەلەکانی بەرگری دەرەکی یان سودی هەوبەشی نەبێ،لە نێوان ویلایەتەکانی لەگەل مانەوەی هەوبەندی عوسمانی بەمەرجی سەربەخۆیی کاریگەری لەسەر بناخەی سیستەمی ناسەنترال بە ویلایەتەکانی بردی.شکست هینانی عوسمانییەکان لەبەرەم پەلاماری ئیتاڵیادا بۆ لیبیا لەجسالی ١٩١١دا بووە هۆی زیادبوونی بەرهەلستی لە پەرلەمانی و پەرەسەندی ململانی لە نێوان ئیتحادی و ئیئتیلانیەکان ،ناچار ئیتحادییەکان فەرمانی سولتانیام دەرچوواند بە هەلوەشاندنەوی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ١٨ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩١٢بە مەرجێ لە ماوەی سێ مانگدا لە رێکەوتی هەلوەشاندنەوی ئەنجومەنەکە هەلبژاردن بکری و ئەنجوومەنی تازەی نوێنەران کۆببیتەوە ئەو هەلبژرادنەی لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی سالی ١٩١٢ئەنجامدرا لەگەل ئەوەی پێشووی جودابوو،چونکە ململانی لە نێوان کۆمەلای ئیتحاد و تەرەقی و حیزبی ئازادی و ئیئتلافی لەو پەری توندی دابوو،هەرچەندە ئیتحادییەکان توانیان زۆرینەی پەرلەمان بۆ خۆیان دابین بکەن،بەڵام ئەوەی نەبرد رووبەرووی گرفتی ئالۆز بوونەوە،کۆمەلەی سەربازی کە لە ئایاری ١٩١٢دامەزرا بوو بەناوی ئەفسەرانی رزگاری (خلاص کار ضابطان)رۆلیکی گەورەیان لەبەرپاکردنی ئەو گرفتانەدا هەبوو.
زۆربەی ئەو ئەفسەرانەی لە ئەلبانییەکان بوون،یاخی بوونی خۆیان لە رۆم ئیلی راگەیاند و بەرهەلستیەکانی بریتی بوو لەوەی حوکمەتی شەرعی نییە هەروەها نارەزا بوون بەو ئەنجومەنە تازەی نوێنەران کە زۆربەی ئەندامەکان سەر بە کۆمەلای ئیتحادو تەریقی بوون،بۆیە داوای هەلبژاردنی ئازادییان دەکرد ،داواشیان کرد کە سوپا دەست نەخاتە سیاسەتەوە فەرمانیشیان دایە مەحمود شەوکەت پاشای وەزیری جەنگ لە وازی لە پۆستەکەی بهێنی ئەویش بە پیر داواکاریەکانەوە هات لە٢١ی تەمموزی ساڵی ١٩١٢بەمشیوەیە وەزارەتێکی تازەی ئیئتیلافی سەرۆکاتی ئەحمد موختار پاشا ئینجا کەمال پاشا لەدوای ئەو پێك هات و ئەنجومەنی نوێنەرانیش هەڵوەشایەوە حوکمەتی تازەش رایگەیاند کە سوور دەبێ لەسەر جێبەجێ کردنی پرانسیپی ناسەنترال .وەزرەتەکی ئەفسەرانی رزگارکەر نەیتوانی پرۆگرامەکەی جێ بەجێ بکات وئیتحادییەکان بە دووەم کودەتای سەربازییانی لە ٢٣ی کانونی دووەمی ١٩١٣بە سەرۆکاتی ئەنوەر پاشا توانیان بیرۆخێنێن لەو ریکەوتەوە ئیتحادییەکان بەردەوام بوون لە حوکم تا کۆتای شەری یەکەمی جیهانی ئەویش بەو سێ دروشمەی کە پەیمانیان دابوو: (سەنترالیەت،تۆرانیەت،تورکاندن)تۆرانیەتیش لەسەر بنچینەی بەرز راگرتنی نەتەوەی تورك و خزمەیەتی تورکیا عوسمانی لەگەل برای تۆرانیەکانیان لە ئاسیای ناوەراست دامەزرابوون.
بزوتنەوەی تۆرانیەتیش پشتی بە سیاسەتی تورکاندن دەبەست، هەردوو سیاسەتی تەتریك و بزووتنەوەی تۆرانی فەیلەسوفی خۆیان هەبوو لەوانە یوسف ئاق جورە ئۆغلی، یەکێک لەو بیرورایانەی ئەو لەو رووەوە ئەوەبوو ئەوانی تەنها بە ئایین بە تورکەوە بەستاوەتەوە، نەك بە رەگ و ریشەی ئەوانەی تا پلەیەکی دیاریکراو لەگەل تورکدا تێکەل بوونە، کە بە ئاسانی دەتوانرێ لە ناو کۆمەلگەی تورکدا بتوێنێتەوە، بەڵام ئەوانە هەستی نەتەوەییان لا پەیدا نەبوو، دەتوانری بتورکێندریت. ئیتحادییەکان هەلبژاردنێ تازەیان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران سازکرد،ئەنجامەکەشی لە ٤ی کانوونی دووەمی ١٩١٤راگەیێنرا،ئیتحادییەکان شێوازی هەمووجۆری کوشاریان گرتەبەر تاکو هەڵبژاردنەکە لە بەرژەوەندی ئەوان تەواو ببێت بەلام دەنگوباسی شەری یەکەمی جیهان بەسەر هەولەکانی ئەنجومەنی نوینەراندا زاڵ بوو،سولتان محەمەدی پینجەم فەرمانێکی سوڵتان لە ئابی ١٩١٤دەرکرد بە یەك خستنی ئەنجوومەنەکە لەسەر باردۆخگ شەر.ئیتحادییەکان سیاسەتی سەنترالیان پیادە کرد کە بووە مایەی بێزاری نەتەوەکانی دیکە لەسەرتاسەری دەوڵەتدا،ئەمەش رەنگدانەوەی هەبوو لە پەرچەکرداری نەتەوەیێ،بۆیە ئیتحادییەکان بۆ سەپاندنی سیاسەتەکانیان پەنایان بۆ تیرۆر برد،هەروەها هەموو کۆمەڵە نەتەوەییەکانیان ،کە بە ئاشکرا کاریان دەکرد ،هەڵوەشاندنەوەو بە توندیش چاودێری چالاکییەکانان دەکرد.

*قوتابی لە زانکۆی سۆران




بووغرایی تاکە لاسارەکانی کۆمەڵگە!.. رەسوڵ بەختیار

ئەوەی لەو ماوەیەدا، لەنێو کۆچە و کۆڵانەکانی شارەکانی کوردستان لەئارادایە، هەڕەشەیەکی سەرەکییە بۆ گۆڕانی نەرێنی کۆمەڵگە، بەهۆی لاساری چەند تاکێکی کۆمەڵگەوە، وا خەریکە حاڵەتەکان ببنە دیاردە، ئەمەش لەپای چەند کەسێک لەپڕێکەوە بوونەتە کوڕێک، لەسەر شەقامەکان بەبەرچاوی خەڵک بەگشتی یاسا پێشێل دەکرێ، کوشتن و بڕین لەحاڵەتەوە هێدی هێدی پەرە دەسێنێ، لەسەر شکاندنەوەی سووکانی ئۆتۆمبیلەکان، دوو کەس دادەبەزێ بێ سێ و دوو هەڵدەکوتنە سەر یەک، یەکێک بەرامبەرەکەی دەکوژێ، دواتر لەتیڤی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەواوی وێنە و ناوەڕۆکەکە دەخرێتە روو، بێ ئەوەی حسێب بۆ خانەوادەی بریندار یان کوژراوەکە بکرێ.
کێشەی سەرەکی تەنیا توڕەبوون و هەڵچوون و لاساری چەند کەسانێک نییە، بەڵکو وەک لەپێشتر باسمان لێوە کرد، وا خەریکە لەحاڵەتەوە ببێتە دیاردە.
بوونە دیاردەی ئەم کارەساتانە، بۆ دواتر پەلوپۆ دەهاوێ، رگەکانی لەدارێکی ئاساییەوە، موتربە دەکرێ، لەناکاوکادا دەبینی باخچە “کۆمەڵگە”کەت پڕیەتی لەو دار و درەخت و لقوپۆپانە.
لەگەڵ ئەوەی دەرچووی هیچ پەیمانگە و زانکۆیەک نیم، بەڵام بەحوکمی کارم هەردەم ئاشنایەتیم لەگەڵ کەسانی ئەکادیمی و دڵسۆزانی چارەسەری قەیرانەکان بووە، سەرەتا سەرچاوەکان دیاری دەکرێ لەپاشاندا بۆ خوێندنەوەی پەو سەرچاوانە دەبینی لەنێوەندی بابەت و کتێبێکدا چەندین باس و خواست خراوەتە روو، بۆت دەردەکەوێ کێشەی سەرەکی بێ ئاگایی و ناهۆشیاری بەشێکی کۆمەڵگەیە، ئەو بەشەش بەدرێژایی مێژوو سوودمەند و کەڵەگا و بێ منەت بوونە لەهەموو شتێک، ئەوان بەپێی سەردەمەکان مامەڵەیان کردووە، بەرژەوەندی خۆیان لەچیدا بووە، وایانکردووە، هیج کات گوێیان بەبنەما و کلتوڕ و نەریت نەداوە.
ئەگەر سەرنجتان دابێ، کاتێک تۆ لەشوێنێکی گشتیت، هەست دەکەی ئەو کەسە لاسارانە لەوێدا بوونیان هەیە، بۆیە وای دادەنێت لەناکاو کێشەیەک روو بدات، بۆیە دەبێ زۆر بەئاگاییەوە بڕوانیت و مامەڵە بکەی.
کێشەی سەرەکی کەس و، تاکی لاسار، هەردەم وادەزانی خۆی لەسەر هەقە و هەموو ئەوانی دیکە وەک بووکەڵە سەیر دەکا، بۆیە وا دەزانێ دەکرێ پەم بووکەڵانە یاری لەگەڵدا بکەی، یان یاری پێبکەی.
ئەوەی سەیرە، زۆربەی ئەو کارە نەخوازراوانە لەلایەن کوڕان و کچان و کەسانی نزیکی بەرپرسانن، واتە ئەوانەی لەنێوەندی کۆمەڵگەدا بەرپرسیاریەتی چاکسازی و بەرەو خۆشگوزەرانی و خستنە رووی راستییەکانە، دیارە ئەمەش کێشەکە ئاڵۆزتر دەکا.
ئەم شێوەی ئێستا هەمان شێوەی سەدەی نۆزدەی وڵاتانی ئەورووپایە، بەتایبەتی وڵاتی فەڕەنسا، ئەو کاتەی نووسەر و رۆشنبیران و رۆژنامەنووس و ئەکتەر و شێوەکارەکان زۆربەی زۆری بەرەو لاساری و خۆ دەرخستن و نانەوەی کێشە خۆیان ئامادە دەکرد، ئەو نووسەرانەی رۆمانیان دەنووسی زیاتر رۆمانەکانیان باسی لەسۆزانییەکانی بەر تیشکی گڵۆپەکانی پاریس دەکرد، کوڕە دێهاتییەکانیش کاتێک ئەو دیمەنەیان دەبینی جۆش و خرۆشیان بەرەو کاری لاساری دەڕۆیشت.
گەنجی پەم دەڤەرە ئەوەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیبینێ، وا دەزانێ زۆربەی راستییە، بۆیە ئەویش بەدوای تێرکردنی ئارەزووەکانی دەگەڕێ، لەم هەلومەرجەشدا کاتێک لەنێو واڤیعدا خۆی دەدۆزێتەوە دەبینێ بابەتەکە پێچەوانەیە، لەمەوەش کاردانەوەی دەبێ، خۆی بەونبوو دەزانێ، دەیەوێ خۆی بدۆزێتەوە، بەهۆی کاری لاساری ژیانی خۆی و خێزانێک تێک دەدا.

رەسوڵ بەختیار




بنبەستی “دەوڵەتی کوردی”!.. عوسمانی حاجی مارف

جێگاوڕێگای بزوتنەوەی کوردایەتی لەو شوێنەوە نیشانەکانی بنبەستی خۆی ڕاگەیاند، کە بۆ خۆیان دوای نیو سەدە زیاتر باوەڕیان بەوە هێناوەو دانیان بەوەدا نا کە “دەوڵەتی کوردی””خەونێکی شاعیرانە”یە. بەدوای چەندین ساڵ لە ڕازاندنەوەو هەڵڕشتنی دروشمی باقوبریق و سرودی نەتەوەیی لە خستنەڕوی پێکهێنانی “دەوڵەتی کوردی” و بەکوشتدانی هەزاران ئینسان لەو پێناوەدا و خولقاندنی مەترسی و ناسەقامگیری لەسەر ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی کوردستان، بە میلیتاریزەکردنی گوندەکان و شارەکان، لە نیو سەدە زیاتر خەڵکی کوردستانیان لە تامی ئاسودەیی و ئارامی و ئاسایش بێبەشکرد، کۆتاییەکەشی داخستنی پەردەی ئەو شانۆگەریە بوو کە حزبەکانی کوردایەتی بە ویست و ئیرادەی خۆیان تەواو خۆیان ڕادەستی قەدەری ژێردەستی حکومەتی عێراق کرد.
ئەوەی پێویستە هەر لەسەرەتاوە ئاماژەی پێبدەین، واقعیەتی کوردستان و گوزەرانی دانیشتوانی کوردستان، لە مێژووی سەرەتای دامەزراندنی پێکهێنانی دەوڵەتەکان لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا، لەسایەی بەرژەوەندیەکانی ووڵاتانی زلهێزی دنیادا بۆ ڕێکخستنەوەو جێگیرکردنی پەیوەندیەکانی سەرمایەداری، کەوتە بەر مەترسی هێژمۆنی دەسەڵاتی بزوتنەوە ناسیۆنالست و کۆنەپەرستەکانی نەتەوەی سەردەست، کە خەڵکی کوردزمانی کوردستان لە تەواوی مافەکانیان بێبەشکران، بۆیە زوڵمی نەتەوەیی و وەستانەوە بەرامبەر بەو زوڵمە، بووە دیفاکتۆی ژیانی کارەساتباری دانیشتوانی خەڵکی کوردزمان.
بەڵام لەم نێوەدا ئەوەی جێگای سەرنجە بۆرجوازی کورد، بەشێوەی بەرجەستەکردنی خۆیان وەک بزوتنەوەی کوردایەتی، هەر بە زویی خۆیان کردە پێشڕەوو خاوەنی مەسەلەی کورد، ئەوەش کە زیاتر لە مەیدانی ململانێی سیاسی و ژیانی عەمەلیاندا نیشانیانداین، هەمیشە پاشەکشەو شکست و ملکەچی بووە. لەم بارەیەوە ئەتوانین دولایەن لە جوڵەی سیاسی حزبەکانی ئەو بزوتنەوەیەدا دەست نیشان بکەین، لەلایەک بەهەر خۆ نیشاندانێک، لە شیوازی ئۆپۆزیسیۆنی لەبەرامبەر دەسەڵاتی بۆرجوازی نەتەوەی سەردەستدا، هەمیشە لە هەوڵی جۆرێک خۆڕێکخستن و خۆگونجاندن بون، تا بەشداری لەدەسەڵاتی سیاسی هەمان پێکهاتەی ئەو دەوڵەتانەدا بکەن، کە سیستمی پێکهاتەی دەسەڵاتداریەکەیان، بە زوڵمکردن و ستەمی تێکڕای کرێکاران و زەحمەتکێشانی ووڵاتەکەیان کۆمەڵگەیان بەرێوەبردووە. لەلایەکی ترەوە بۆ هەڵخڕاندن و تیژکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی، بەکارهێنانی مەسەلەی کورد و زەقکردنەوەی کوردایەتی لە ڕاگەیاندنی چوارچێوەی دەوڵەتی کوردیدا، ڕۆڵێکی سەرەکیان بووە لەو جۆرە بانگەوازەی کە تیایدا سەرکەوتوو بن لە چەواشەکاری و فریودان و ماڵوێرانی خەڵکدا.
ئەو فرسەتەی لە ساڵی ١٩٩١ لە جەنگی کەنداودا بۆ بزوتنەوەی کوردایەتی پێشهات، گەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی بوو، بۆ دەوریان لە پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستانی عێراقدا. بەڵام ئاکامی ئەم فرسەتە یەکێتی و پارتی وەک دوو هێزی میلیشیا و بنەماڵە، لە خزمەت بەرزکردنەوەی ئاستی هاوسەنگی هێزەکەیان و هێژمۆنیکردن و دابەشکردنی کوردستانی لێکەوتەوە، بە ناوچەی زەردو ناوچەی سەوز. سی ساڵ زیاترە کوردستانی عێراق بۆتە سەرچاوەیەکی بەدەستهێنانی کەڵەکەی سەرمایەیەکی بێشومار بۆ ئەم دوو هێزە، کە بە ویست و ئارەزوی خۆیان تاڵانچیتی و بازرگانی و قاچاخچێتی بە نەوت و تەواوی سەروەت سامانەکەیەوە دەکەن، لە پرۆسەی حوکمرانی ئەم سی ساڵەدا، پرۆژەی فریوکارانەی “دەوڵەتی کوردی”یان بە ئاشکراو بێشەرمانە فرۆشت بە نەوت و قاچاخچێتی و کەڵەکەی چەندین ملیار دۆلار.
بە مانایەک لە هەگبەی تەواوی چالاکی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، لە دنیای واقعی نەخشەی سیاسیاندا، شتێک نەبوە ناوی “دەوڵەتی کورد”ی بێت یان بە شێوازێکی عەمەلی تر، نەخشەیەک نەبوە ناوی مافی چارەنوسی خەڵکی کوردستان بێت! یان ئایندەیەکی رۆشن بێت بۆ ژیانی خەڵکی کوردستان، بەڵکو مافی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی میلیشایی و مافی داگیرکاری و تاڵانچێتی و زەوتکردنی سەروەت و سامانی کوردستان بووە، مافی رادەستکردنی کوردستان بوە بەقەدەری گێژاو و ناجێگیری سیاسی.
“دەوڵەتی کوردی” جگە لە هەڵخراندنی هەستی نەتەوایەتی و بەکۆنەپەرستکردنی بزوتنەوەی دژی زوڵمی نەتەوایەتی، هیچ کات نەک ئاسۆیەکی گەشی نیشان نەداوین، بەڵکو هەمیشە ئەو ئاراستەیە بووە کە بەهەزاران خەڵکی کردۆتە قەڵغان و قوربانیدانی ژێردەستەی وەهمی ئایدۆلۆژیای نەتەوەپەرستیەوە.
مێژووی هەڵسورانی سیاسی پارتی و یەکێتی و بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لەهەمانکاتدا لە ئەزمونی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسیاندا، گەورەترین خزمەتیان کرد بە ڕەوینەوەی ئاستێکی باڵا لە وەهمی “دەوڵەتی کوردی” و بە بنبەست گەیاندنی ئەو وەهمە لە بیرکردنەوەی خەڵکی کوردستاندا. لەهەمانکاتدا باسی یەکڕیزی کوردیش بۆسیاسەتی گەرانەوەو پشتبەستنیان بە بەغدا، لە ئێستادا گاڵتەجاریەکی ترەو هەوڵی شەرمنۆکانەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیە لە ئاکامی بنبەستیان لەسەر بانگەوازی “دەوڵەتی کوردی” و سەربەخۆی کوردستان.
لە ماوەی سی ساڵی دەسەڵاتی سیاسیاندا دەردێکی وەها ژەهراوی و کوشندەیان بڵاوکردەوە کە هەمو ئەو خورافات و وەهمانەی چاندبویان هەر خۆیان لە ڕەگەوە دەریان کێشاو گەیاندیانە ئەو ئاستەی کەسانێکی زۆر شەرمەزاری لە کوردبونی خۆیان دەکەن! نەك ئومێد بون بە “دەوڵەتی کوردی” کاڵ بوەتەوە، بەڵکو ڕوخانی دەسەڵاتی کوردی، ڕوخانی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵە، جێگای خۆی وەها کردۆتەوە کە لە هەر کۆڕوکۆمەڵێکدا، بە شێوازی جۆراوجۆر خۆزگەو ئاواتی خەڵکەو پێشوازی لێدەکرێت.
بەهەندوەرگرتنی ئەم واقعە مەسەلەیەکی زارەکی و سادە نیە، چونکە بەدوای چەندین کارەسات و ماڵوێرانی و ئاوارەیی و هەژارکردنی سەدان هەزار لە خەڵکی کوردستان، بەو ئاکامە گەیشتووە کە ئەو خورافات و وەهمانە نەک نابێت ژیانی ئەو خەڵکە بێت، بەڵکو مایەی شەرمەزاریشە، بۆیە پێویست دەکات بەجیا لە ڕەوینەوەی هەر وەهمێک، ڕێگای واقعی بۆ ڕزگاری خەڵک لە تەواوی ئەو زوڵم و ستەمانەی بەسەریدا سەپێنراوە بگیرێتە بەر.
پێویستە ئەو ڕێگایە بگیرێتەبەر کە ژیان و گوزەرانی ئینسانەکان بە بەردەوامی بەرەو دنیایەکی باشترو باشتر دەبات کە بە هیچ شێوەو شێوازێک زوڵمی ئینسان لەسەر ئینسان ناهێڵێت، ئەو ڕێگایەی دەستوپای هەمو ئەوانە دەبەستێت کە بە ناوی هەر خورافات و وەهمێکەوە دنیایەکی خەیاڵاوی بۆ خەڵك دادەڕێژن، ئەویش لە سەرەتادا کۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتی سیاسی ئێستای کوردستان و عێراق، بە ئیرادەی سەربەخۆو یەکگرتووی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و دابینکردنی دەوری ڕاستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا، ئەمەش سەرەتای ئەو هەنگاوەیە کە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بخاتە سەر ئەو سکەیەی پارێزراوبێت لە کارکردی هەر خورافات و وەهمێک کە ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی دەسەپێنێت.




چیرۆک/ دیدار.. نەوزاد بەندی

تەنانەت لە لاویشدا ، توشی شتی وا نەبوو بوو ..باڵایەکی کورت و سەرێکی بەر زەبری بێشکە کەوتوو . . ئێسقانی پان و دوو چاوی بچووکی خڕ ..گیرفانی نیمچە بە تاڵ ، هەموو ئەوانە هۆکار بوون بۆ ئەوەی ژیانی ئەم بە بێ ژوان ودیدار و پیاسەی ئێواران بەسەر بچێ ..خۆیشی نەیدەزانی هۆکارەکەی چییە ، ئەوەندە هەبوو ئەم تەماشا نەدەکرا .. تەنانەت زۆر جار سڵاوی لێ نەدەکرا ..وەک سێبەرێک ئەچووە هۆڵەکانی وانە خوێندنەوە ..زانکۆیەکی وەک سەربازگای بەسەر برد ..
هەر زوو فەرشی سووری بۆ پیریی ڕاخست ..وەک پیرەکان تەزبیحێکی قەزوانی درێژی گرت بە دەستەوە ، جار جار ووتارێکیشی بۆ خۆی ئەخوێندەوە ، وەک ئەوەی ژیان هەر ئەوەندەیە و.. لەوە زیاتر بە تەمای چییە ؟ ئەژی و ..موچەی هەیە و ..خێزانی پێک هێناوە و ..مناڵی گەورە کردووە و ..خوا ناسە و . . ئیتر چیت ئەوێ ؟
هەر خۆی بە خۆی ئەووت : هیچ ..
بەڵام برینێکی نهێنی لەناوەوە ئازاری ئەدا ، وەک ئەوەی بە تەنیشت ژیاندا گوزەری کردبێ و .. حیسابی ژیانی لەگەڵدا کرابێ . . یان لە هۆڵی چاوەڕوانی و بلیت بڕیندا بەجێ هێڵرا بێ و ..نەیانهێشتبێ فیلمەکە ببینێ ..باشە ، چۆن ئەبێ بلیت ببڕێ و فیلمیش نەبینێ ؟ ئێ دە ئەم بلیتیشی بڕیبوو ، کەچی نەیانکردبووە ژوورەوە …
ماڵەکەی ئاوێنەی زۆر کەمی تیا بوو ..پێی سەیر بوو ، تەنانەت گەمژەیی بوو ساڵەهای ساڵ مرۆڤ له سەر و فەساڵی خۆی تێری نەخواردبێ و بەردەوام بێ لە تەماشاکردنی خۆی ..
لە جیاتی ئەوە بڕۆ تەماشای مێروولەیەک بکە ، بزانە چۆن ئەڕواتەوە بۆ ماڵەوە .. یان ئەو پشیلانەی لە کەلاوەکاندا ئەخەون ، نە پێخەف ، نە گەرمکەرەوە ..بەیانی زوو هەڵدەستن ، نە جزدانیان لە باخەڵدایە و نە ئەزانن ئاخۆ ئەو ڕۆژە ئەبێ چی بخۆن .. تەنانەت کە تینوویان ئەبێ ، تۆ بڵێی هەلی ئاو خواردنەوەیەکیان بۆ بڕەخسێ ؟ ..بە ڕاستی جێی داخە ..
هاوپیشەکانی هەر زوو لە فەیسبووک بلۆکیان کرد .. ئێ ئەوان لە کوێ تاقەتی ئەوەیان هەیه ئەشکەنجەی شەمشەمەکوێرەیەک بخوێننەوە کە ئێوارە تا بەیانی ، بە هەڵواسراوی لە ئەشکەوتێکی شێدار و تاریک ، بە سەر بەرەو خواریی ، بخوێننەوە ؟ یان کێ زاتی ئەوەی هەیە نوسینی ئاگراویی بخوێنێتەوە وەک ئەوەی موسوڵمانان هەتا وەک چۆن لە نوێژدا ڕیز دەبن ، لە دژی زاڵمانیش ڕیز نەبن ، نە لە دنیادا هیچ سەوز ئەکەن و نە لە قیامەت ؟ کێ ئەمانە ئەخوێنێتەوە ؟ ئەوان حەزیان لەوە بوو لە فەیسبوکدا نوکتەی خۆش بخوێننەوە .. یان باسی خواردنی خۆش ، یاپراخی پڕ لە گۆشت ..مەقەڵی پڕ لە شیش . . یان کچ و ئوتومبیلی جوان .. ڕووداوی هات و چۆ .. هەواڵی موچە .. ئەگەری پێکدادانی حیزبەکان ، ئەمانە شایانی خوێندنەوەن ، نەک باسی ئازار و خەمی مێروویەک ، کە به ڕێکەوت لە هاوڕێکانی دابڕاوە و لە هەورەبانی داخراوی ماڵێکدا ، هێواش هێواش لە برساندا و لە تینواندا ئەمرێت و به پەنجەرەکەوە ئەبێ بە پوش ..ئەمانە قسەی قۆڕن ..کەس تا ئێستا قازێکی بینیوە دەعوایەک لەسەر خاوەن کێڵگەیەکی پەلەوەر تۆمار بکا ؟ یان مارمێلکەیەک ناڕەزایی بەرامبەر نەعلێک نیشان بدا ؟؟ نییە .. ئەوانە هەموو قسەی قۆڕن ..
ئەمیش بەرە بەرە ، لە کۆمەڵگا و فەیسبووکیشدا تەنیایی وشکی ئەکردەوە .. چەند کەسێک نەبێ ، کە هیچیانی نەبینیبوو …تەنها ئەوەندە هەیە لەگەڵ هەندێ قسەیدا هاوسۆز بوون .. ستیکەری گریانیان دەدا لە گۆشەی دەستەچەپی پۆستەکانی ..
ئەو ڕۆژە زۆر پێی سەیر بوو ، کە سۆزی خەزان ووتی ئەم عەسرە ئەچی بۆ کوێ ؟؟ ئاخر شتی وا چۆن ئەبێ ؟ ..ئەو تەنها کەسێک بوو لەو چەند کەسە کەمەی فێری ئەوەی کردبوو مانگی جارێ یان کەمتر ، ستیکەری گریان بدات لە بەشی خوارەوەی پۆستێکی ..پۆستێک کە باسی کوکوختییەک ئەکا ، مناڵە چەقاوەسووەکانی گەڕەک هێلانە و بێچووەکانیان وێران کردووە ، ئەویش بە بێ دەنگیی بە تەلی کارەباکەوە تەماشایان ئەکا
ــ( خۆت ئەزانی ڕەمەزانە .. )
ئەویش بۆی نووسی : ( ئێ با ڕەمەزان بێ ، خۆ ناچین وەک ئەبرەهە به نیاز بین کەعبە بڕوخێنین ..هەردووکمان بەڕۆژووین .. )
ویستی پێی بڵێ : من زۆر ناشیرینم .. نە باڵا .. نە قژی پڕی خورمایی .. نە لوتی باریک .. نە پەنجەی شمشاڵیی ..نە گەردنی بەرز .. هێندەی فەردەیەک کاسەی سەر و لولاقی پان و ناقۆڵا و سەری کەچەڵ .، پیریێتی و نەخۆشی شەکرە و زەغت و خلیسکانی بڕبڕەی چوار و پێنجیش با لەولاوە ڕاوەستن ..
ئەو بواری نەدا ، ووتی : ( من ئەچم قژم ئەبڕم ، دوایی دێم بۆ لات .. لە کوێی ؟؟ )
ئەمیش ناوی شوێنێکی بۆ هەڵدا ، لەو شوێنانەی کە هەموو شتێک ئەفرۆشن ..ئینجانە ، زۆپای غازی یابانیی نیو داشت ،بەس بە شەرت ..دەسکی گۆڵف .. کراسی چوارگۆشەکاریی سێ ئێکس لارج ..لامپی سەر مێز‌ ..پاکەتی ڕەنگا و ڕەنگی پەزڵ ..
ووتی : ( باشه ، لەوێ ئەتبینم ..!)
ئێ ئەبێ ئیشی بەم چی بێ ؟ یان ئەسڵەن ئەم چی پێ بڵێ ؟ بە زمانی بەڕۆژوو ..قوڕگی وشک .. سەر ئێشە ..
ناچار بوو ، بڕواتە بەردەم ئاوێنەی پشت دەرگاکە و تەماشایەکی خۆی بکا ..ڕوو بە ڕوو ، لەسەر لا ..ئاااهـ ..چەند ناشیرینیت ، سەیر ئەو ورگە ئاوساوە ..باشە قەینا ، دوو کەوچک برنج زیاتری نەخواردووە ، ئەم دەهۆڵە به چی هەڵساوە ؟
گەڕایەوە بەردەم دەستشۆرەکە ، دەم و ددانێکی شۆرد ..ڕیشێکی تاشی .. نەختێ بۆیاخ و ئۆکسجین و حەمام زەیتی تێکەڵاو کرد و هەڵی سووی لە قژی ، بلەی ئەختەر پێی وتبوو ، بەو جۆرە خۆڵەمێشیی دەرئەچێ ، ئەگینا قژی ڕش و پێستی چرچ و لۆچ حەیاچوونێکە بۆ خۆی ..
بڕیاری دا چاکەتە ڕەساسی و پانتۆڵە ڕەشەکەی لە پێ بکا ..کە تەماشای کردن ، هەستی کرد پیرتر نیشانی ئەدەن .. ئەگەر ساقۆ چەرمەکە و کاوبۆیەکی شین له پێ بکا ، ڕەنگە باشتر بێ ، کە کاوبۆکەی لە پێکرد و لەسەر لا تەماشای خۆی کرد ، لە دەسگرەیەک ئەچوو نیوەی کەوتبێتە ناو مەنجەڵێکی بەتاڵەوە .. هەربۆیە ئەوەیشی لابرد ..پانتۆڵێکی سپی کەتان و بلوسێکی یەخەداری کاکاویی لەبەر کرد و ..بڕیاری دا تەماشای‌خۆی نەکا .. تەواو ..پێڵاوێکی براندی کلارکیشی هەیە ، ئەوەیش لە پێ ئەکا ..
لەناکاو ، شتێکی بیر کەوتەوە ، بینینی کەسێک کە هێشتا نەیبینیوە و ناوی سۆزی خەزان بێ ، ڕەنگە تۆزێ قورس بێ و تەنها به قسە چارەسەر نەبێ ، بە تایبەت ئەمێک کە لە هەر گۆشەیەکەوە تەماشای بکەیت هێرۆشیمایەکە لە ساڵی 1945 دا ..هەر بۆیه وای بە باش زانی هەندێ دیاری تایبەت لە ناو کەل و پەلەکانیدا بدۆزێتەوە کە شیاو بێ بدرێ بە کەسێک به ناوی سۆزی خەزان ، کە هێشتایش نەیبینوە …بازی بەندێکی زیویی ، داپۆشراو بە نقێمی ووردی ڕەش ..ئەمەی لە یەکیک لە ئوتومبیلەکانیدا دۆزیبووەوە ..ئوتومبیلێکی ئەوروپیی دەستی دوو ، خوا ئەزانێ هی چ خاتوونێکی ئەوروپا بووە و لێی وون بووە .. ئەمەی وەک دیاریی پێ باش بوو ، بەڵام زۆر بچووک دیار بوو ..واتا هەستی کرد ئەگەر شتیکی تریشی لەگەڵدا دانێ ، ئینجا بگاتە ئاستی کەسێک هەڵگری ناوێکی وا تێکەڵاو و داڕێژراوی وەک سۆزی خەزان بێ .. دیسان به سندووقەکانیدا گەڕا ، سەرنجی کەوتە سەر سەعاتێکی خانمانی زۆر کۆن ، براندی تایمێکس ..کە ڕەنگە هی سەد ساڵ پێش ئێستا بێ ، ئەوەندەی دەنکە فستقێک ئەبوو ، شوشەکەی شەش پاڵوو بوو .. زنجیرەکەشی دوو دەزووی ڕەشی زۆر بەهێز بوون ، به دوو پارچە کانزای بریقەداری ناسک دادەخران . . ئەم سەعاتە بە قورمیش کاری ئەکرد ، قورمیشی کرد و نای به گوێچکەیەوە ، ئیشی ئەکرد .. ئەیویست بیر بکاتەوە ئاخۆ ئەم سەعاتە چۆن گەیشتۆتە لای ئەم ، بەڵام بواری بە خۆی نەدا و ..هەستی کرد کە لەوانەیە ئێستا ئەو قژبڕینەکەی تەواو بوو بێ و بەرەو فرۆشگا هەمە لایەنەکە بڕوات کە ئەم بۆی هەڵدابوو ، هەر بۆیه ، بە خێرایی پێڵاوی براندی کلارکی لە پێکرد و هەڵمەتی برد بۆ دەرەوە ..
لەوکاتەدا بۆی دەرکەوت هیچ ڕۆژێکی ڕەمەزان ، هێندەی ئەمڕۆ قوڕگی وشک و تاڵ نەبووە .. هێندە سەرئێشە و سەرخولخواردنی توش نەبووە ..خەریک بوو پەشیمان بێتەوە و بگەڕێتەوە ماڵ و هەتا بەربانگ لێی بنوێ ، بۆ ئەوەیش کەوتە خۆشکاندن : باشە ، پیری پەککەوتەی کورتە بنەی ڕەزا قورس بۆ کوێ ئەچی ؟ بۆ ژوان ؟ هەی نەیخۆی تاڵە ! ..تۆ بە لاویی ، هاوڕێکانت ئەیانووت بۆ مناڵ ترساندن یەکاو یەکیت ، ئێستا بەم تەمەنەوە بە تەمای چیت ؟ ها ؟ ئالان دیلۆن ..جاک نیکڵسۆن ..
بەڵام لە هەمان کاتدا ، بیری لەوە کردەوە کە ڕەنگە بابەتەکە فیکریی بێ و ..ڕەنگە ئەویش نوسەر بێ و .. هەندێ نوسین و دەستنوس و شتی پێ بێ حەز بکا ، ڕای ئەم وەربگرێ ..هەر بۆیه ڕاست نییە هەموو یەکتر بینینێ ، عەشق و شتی بکرێ بە بەردا .. کێ ناڵێ ئەویش پیرەژنێکی ناشیرین نییە ؟ کێ ناڵێ پیاو نیە و ناوی سۆزی خەزانی بۆ خۆی هەڵنەبژاردووە ؟ کێ ناڵێ پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی گەورەی پێ نییە و ڕای ئەمی پێویست نیە ؟
کە گەیشتە فرۆشگاکە ، یەک چارەکی مابوو بۆ نوێژی عەسر .. چووە ناو فرۆشگاکەوە ، چەند پیاو و ژن و منداڵی تێدا بوو ، هەر یەکەیان سەرقاڵی کاڵایەک بوو ، ئەمیش خۆی بە هەندێ شتەوە سەرقاڵ کرد ، لە شێوەی ئەوانەدا هەستی نەکرد هیچ یەکێکیان سۆزی خەزان بن .. هەموویان تینووی شتکڕین بوون ..
بانگی مزگەوت ، هوشیاری کردەوە ، بڕیاری دا نوێژەکە بە جەماعەت بکا ، یەک بە بیست و حەوتە .. لەناو ئاپۆڕەی خەڵکەکەدا ، ڕیز بوو ..مامۆستا ئەوەندە بە هێواشیی پێش نوێژیی بۆ دەکردن ، ئەتووت فێری نوێژیان ئەکا ..نوێژخوێنانیش برسێتی و تینوێتیی بڕستی لێ بڕیبوون ، هەندێکیان بە تەما نەبوون ئەو نوێژە تەواو بکەن ، جا کێ خوا ئەیداتێ ، لە مانگێکی وا پیرۆز و لە کاتی نوێژی جەماعەتدا ، ڕۆحی دەرچێ ؟
کە لە مزگەوتەکە دەرچوو ، بڕیاری دا جارێکی تریش بگەڕێتەوە بۆ فرۆشگاکە ، ڕەنگە ئێستا لەوێ چاوەڕێی بێ ..دەستی خستە گیرفانی چەپی پانتۆڵەکەی ، بازیبەندی ئەورورپی و سەعاتی هەزار ساڵ پێش ئێستای تایمێکس وەک دوو پارچە سەهۆڵ ، بەر سەری پەنجەکانی کەوتن ..
ئەمجارە فرۆشگاکە چۆڵ و هۆڵ .. خاوەنەکەیشی خەریک بوو دایئەخست ..ڕەمەزانە و سەعات و نیوێکی ماوە بۆ بەربانگ ، خوا ئەزانێ ماڵیان له کوێیە ..
ئەیویست له بیری خۆی بباتەوە .. ئێ کوا ئەسڵەن ئەم دیدارەکەی داناوە ؟ ئەو بوو .. ئەم تەنها پیاسەیەکی عەسرانی کردووە .. هەروەها زەرەری نەکردووە ، بە جوانترین شێوە خۆی ڕازاندۆتەوە ،کە ڕەنگە جەژنیش وای لە خۆی نەکردایە …
دوای بەر بانگ .. تەماشایەکی فەیسبوکەکەی کرد .. سۆزی خەزان لەسەر هێڵ بوو ..هیچ قسەی نەکرد .. ئەمیش هیچی نەووت …هێندەی نەبرد ، ئاماژەیەکی بۆ هات کە سۆزی خەزان خەریکە شتێ بنوسێ :
( شلەی کولەکە و گۆشتم لێنا بۆ مناڵەکان .. هاوسەریشم حەزی لێیە ! )
ئەم چی بڵێ؟
( عافێتتان بێ ! )
(ئەی ئێوە چیتان هەبوو بۆ بەربانگ ؟ )
(شفتە و دۆی شارباژێر )
( خۆشە.. دەمم پڕ بوو لە ئاو )
( ئەی .. )
(ٚئەی چی ؟ )
(هیچ )
( چۆن هیچ ؟ )
(ووتم : نەهاتی بۆ فرۆشگاکە ؟ )
( کاتم نەبوو بێم ! )




بێزارم لە شەو.. شیعری: ئیلا ڤیلەر ڤیلکۆکس.. وەرگێرانی: شوان عەباس بەدری

بێزارم لە شەو
و ڕەنگە لە با و بارانیش
یا لە گریانی مەلێکی نێو دارستان
کە ڕابردوو و
ئازارەکانی بیر کەوتۆتەوە
بیر دەکەمەوە
هەست ئەکەم کە
دەستەکانی مانگی شەشی پیری ماندوو
هێزم دەداتێ تا دڵم لە لێدان بەردەوام بێت
تا درێژە بە ژیان بدەم
بێزارم لە شەو و دڵتەنگی تۆم
ئەی ئەڤینی تەژێ لە فرمێسک
تامەزرۆتم
وەک بڵەی ئەوەندە نییە منت جێ هێشتووە
وەک بڵەی تازە تەنیا کەوتووم
لە کاتێکا ساڵەهای ساڵە
جێت هێشتووم
هێشتا بەردەوامم لە ژیان کردن
بەڵام ترپەی دڵم
ئاهەنگەکەی بە جوانی ڕابردوو نییە
ماندووم و ئەو ئازارە دێرینە
دەروونمی بریندار کردووە
هەروەک ڕووبارێک
کە لە ناکاودا هەڵدەچێت
و سەدەکان دەشکێنێت
و بەردەمی خۆی ڕادەماڵێت
هەر وەک کەشتییەکی تێکشکاوم
کە جگە لە چارۆکەیەکی سپی
هیچ شتێکی تری لێ نەماوەتەوە
لە دڵە شکاوەکەم
هیچ ئاهەنگیک جگە لە ئازار و خەم
نابیسترێت !




منداڵانی باخچە و هۆنراوەو چیرۆک و گۆرانی.. نوسینی: عەلی حەمەڕەشید

وه‌ك ده‌زانین ( باخچه‌ی منداڵان ده‌زگایه‌كیپه‌روه‌رده‌یی تایبه‌ت به‌ منداڵانی قۆناغی پاش دایه‌نگه‌ و پێش چوونه‌ قوتابخانه‌یه‌) چیرۆک و هۆنراوەش بۆ منداڵان بە گشتی و منداڵانی باخچە بەتایبەتی ،گرنگی خۆی هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە تایبەتمەند بێت بۆ تەمەنیان چونکە تەمەنی ( ٤ و ٥ ) ساڵی کە لەباخچەی منداڵاندا ئاستی یەک و ئاستی دوویان پێدەوترێت کاریگەری زۆری دەبێت لەسەریان و لە هەمان کاتیشدا کە چێژی لێوەردەگرن زانیاری و بەها پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و تەندروستی و ڕەوشتی و نیشتمانی و کام بەهاو زانیاری بۆ ئاستی ئەوان شیاوبێت دەتوانرێت لەڕێگەی ئەو ژانری هۆنراوە،چیرۆک،ئۆپەرێت،شانۆیی ،ئاراستەیان بکرێت بە مەرجێک ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی قۆناغ و ئاستەکەیان بکرێت.ناکرێت هۆنراوەیەکی دوور و درێژ و پڕ لە وشەی دوور لە فەرهەنگ و دنیای منداڵ ئاراستەی منداڵ بکرێت ،ئەوان بە دووبارە کردنەوە و بەو ئاوازەی بۆی دانراوە لەبەری دەکەن و بۆت دەڵێنەوە،بەڵام لێیتێناگەن، هیچی لێوە فێر نابن،کاریگەری تەواوی نابێت لەسەریان.جاری وا هەیە منداڵێک کە داوای گۆرانییەکی لێبکەیت یان هۆنراوەیەک، بۆت دەڵێت،بەڵام کەلێی دەپرسیت واتای چییە؟یان چی لێتێدەگەیت؟ئەو هیچ وەڵامێکی نییە تەنها لەبەری کردووە کە بەدووبارە بوونەوە گوێی لێبووە،ئیتر لە هەرشوێنێک بووبێت.بۆیە وا پێویست دەکات بە وریاییەوە هەم چیرۆک هەم هۆنراوە بە منداڵ بڵێین یان پێیان لەبەر بکەین یان بۆیان بکەین بە گۆرانی.من زۆر جار لەسەردانیکردنم بۆ باخچەکانی منداڵان یان قوتابخانەکان یان کە چالاکی باخچەیەک یان قوتابخانەیەک دەبینم ڕاستەوخۆ یان بە ڤیدیۆ بە ڕوونی ئەو دیاردەیە هەست پێدەکەم و لەناخەوە ئازار دەچێژم بۆیان.بۆیە لێرەدا ئەوەی گرنگە و پێویستە هەمووان بەتایبەتی دڵسۆزان و خەمخۆرانی بواری پەروەردە بەشێوەیەکی باش ئاوڕی لێبدەنەوە دانانی پڕۆگرامێکە بۆ باخچەی منداڵان کە کۆمەڵێک هۆنراوە و چیرۆک و شانۆیی و ئۆپەرێت بگرێتەخۆ کە بۆ ئاستی یەک و ئاستی دووی باخچەی منداڵان بگونجێت و لیژنەیەک کە کۆمەڵێک شارەزا و پسپۆڕی بوارەکانی پەروەردەیی و ئەدەبی و هونەری و زانستی و ژینگەیی و زمانەوانی و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و دەرونی سەرپەرشتی بکات و بە پێی یەکەکان ئامادە بکرێت کە مامۆستایان لە باخچەی منداڵاندا سودی لێوەربگرن وڕۆژانە بەکاری بهێنن، کە من لای خۆم کۆمەڵێک چیرۆکم بەپێی یەکەکان ئامادە کردووە خۆزگە کاری لەسەر دەکرا،وەک هۆنراوە و ئۆپەرێتیش پێشتر کارێکم بۆ باخچە کردووە بەڵام لەئاستی خواستی مندا نەبووە.نەک وەک ئێستا هەر باخچە و هەر مامۆستایەک بە ئارەزووی خۆی هۆنراوەیەک یان چیرۆکێک هەڵبژێرێت و بە منداڵی بڵێت.لەوانەیە ئەو لەڕووی مۆزیک و ئاوازدانانەوە کەسێکی سەرکەوتوو بێت بەڵام شارەزایی وەکو پێویستی لەبارەی هەڵبژاردنی هۆنراوەکەوە نەبێت.کەئەمانە دەڵێم پشت بە زانیارییەکانم دەبەستم وەک مامۆستا و خەمخۆر و پەروەردەکار و لە هەمان کاتیشدا نوسەرێکی تایبەت بەمنداڵان و ئەو ئەزموونەی کە هەمە لەو بوارەدا .

نوسینی: عەلی حەمەڕەشید
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی




دەسەڵاتدارانی هەولێر بەرپرسیارن لە ژیان و سەلامەتی گیانی عه‌لی مه‌حمود

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی ٢٥ ی نیسانی ٢٠٢٣، هێزێكی چه‌كدار هه‌ڵیانكوتا‌وه‌ته‌سه‌ر ماڵی عه‌لی مه‌حمود (ناسراو به‌ عه‌لی سیاسی) و ڕفاندوویانه‌. دوای چه‌ند كاتژمێرێكیش له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له‌لایەن ئازادیخوازانەوە‌، وته‌بێژی ئاسایشی هه‌ولێر پاساوی بۆ رفاندنەکەی بەوە کردوە کە‌ گوایه‌ عه‌لی مه‌حمود داڵده‌ی كه‌سێكی داوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن یاساوه‌ داواكراوه‌، ئه‌وانیش به‌و ’’تاوانه‌‘‘ ناوبراویان ده‌ستگیركردووه‌!
ڕفاندنی عه‌لی مه‌حمود كه‌ خۆی هه‌ڵسوڕاوێكی سیاسی ئازادیخواز و بواری جینۆسایدی ئه‌نفاله‌ و چه‌ندینجار له‌دژی ده‌سه‌ڵات قسه‌ی كردووه‌ و له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كاندا به‌شداریكردووه‌، هیچ پاساوێكی نییه‌ جگه‌ له‌ کردەوەیەکی سەرکوتگەرانەی دەسەڵاتدارانی هەولێر و پێشێلكردنی ئاشکرای ئازادیی هه‌ڵسوڕانی سیاسی. به‌تایبه‌تی له‌كاتێكدا ناوبراو له‌ یادی ئه‌نفاله‌كاندا و له‌ به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنیدا به‌ئاشكرا باسی له‌وه‌كرد كه‌سانێك كه‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ ئه‌نفالكردنی خه‌ڵكدا ئێستا له‌ هه‌ولێر ده‌سه‌ڵاتدارن.
ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی هێزه‌كانی ئاسایشی پارتی و حکومەتەکەی به‌كرده‌وه‌ ئینسانڕفاندنه‌ و بەڵگەیەکی ڕۆشنە لە سەرکوتگەری و هێرشبردن بۆسه‌ر ئازادی هه‌ڵسوڕانی سیاسی. بێگومان کردەوەیەکی ئاواش ئامانج لێی سه‌پاندنی سه‌ركوتگه‌ری و فه‌زای ترس و به‌رگرتنە به‌ هه‌ر جۆره‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینێك دژ به‌ ده‌سه‌ڵات.
ئه‌گه‌ر به‌وته‌ی ئاسایش عه‌لی مه‌حمود له‌لایه‌ن یاساوه‌ داواكراوه‌، ئه‌وا ڕێگای ئوسوڵی ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌فه‌رمانی دادوه‌ر و به‌شێوه‌یه‌كی فه‌ڕمی ناوبراو بانگبكرێته‌ به‌رده‌م دادگا و پۆلیس. به‌ڵام ئه‌م ئینسانڕفاندنەی دەزگای ئاسایشی پارتی، جگە لە کارتۆنیبونی”حوکمی یاسا”، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە دەسەڵات لە هەولێر تەحەمولی بچوکترین دەنگی بەرهەق و ناڕازی ناکات.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ‌لەگەڵ ئەوەدا كه‌ ئه‌م كرده‌وه‌ سه‌ركوتگه‌رانه‌یه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی پارتی به‌توندی ڕیسوا و شەرمەزار ده‌كات، هاوکات سه‌لامه‌تی گیانی عه‌لی مه‌حمود ئه‌خاتە‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتدارانی هەولێرەوە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەکات.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگەوازی خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازی کوردستان دەکات کە دەنگی ناڕەزایەتی لەدژی ئەم کردەوەیە و بۆ ئازادکردنی عەلی مەحمود هەڵبڕن و ڕێگانەدەن ئەم سەرکوتگەریەی دەسەڵاتدارانی هەولێر بەئاسانی بچێتەسەر.

حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان
٢٥ ی نیسانی ٢٠٢٣




ناڕەزایەتی کرێکارانی فەرەنسا و پێشڕەویەکانی!.. نوری بەشیر

ناڕەزایەتی ملیۆنی ئەم دەورەیەی کرێکارانی فەرەنسا لەبەرانبەر زیادکردنى تەمەنى خانەنشینى لە ٦٢ ساڵیەوە بۆ ٦٤ ساڵ دەستیپێکردوە و پێیناوەتە سێهەمین مانگەوە. لەناو ئەو ناڕەزایەتیانەدا تەنیا لەمانگی جەنیوەریدا لە٢٤٠ ناوەندی جیاوازدا خۆپیشاندان لەسەراسەری فەرەنسادا ئەنجامدراوە. لە ٧ی مارسدا فەرەنسا خۆپیشاندانی سێ ملیۆن و نیوی بەخۆیەوە بینی. ئەوەی بەرچاوبوو لەم ناڕەزایەتیانەدا ریزی یەکگرتووی سەرجەم یەکێتیە کرێکاری و سەندیکا و کۆنفدراسیۆنە کرێکاریەکان و مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەران بوو کە بەگشتی لەدەوری بانگەوازی یەکێتیە کرێكاریەکان کۆبوونەتەوە و هەتا حزب و لایەنە چەپەکانیشی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. بەگشتی فەزای کۆمەڵگا و ناڕەزایەتیەکان ڕوخسارێکی رادیکال و سۆسیالیستی پێوەدیارە لە دروشم و خواستەکان و داواکاری رۆشتنی ماکرۆن و حکومەتەکەی و وتنەوەی سروودی ئەنتەرناسیوناڵ لە ناڕەزایەتی ملیۆنیدا. هەروەها لەمانگی جەنیوەریدا بەپێی راگیریەک کرابوو لە ٧٥٪ خەڵک لایەنگری ئەم ناڕەزایەتیانە و بەدژی سیاسەتی دەوڵەتن. ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانی ئێستا بۆ بۆرژوازی و چینی کرێکاریش مەیدانێکی شەڕی چینایەتی گەورەیە کە پریشکەکەی ئەوروپاشی گرتۆتە و هەر زوو کاریگەریەکەی گەورەترین ناڕەزایەتی کرێکارانی بەشەکانی خزمەتگوزاری و رێگاوبانی ئەڵمانیای بەدوای خۆیدا هێنا کە لە سی ساڵی رابردوودا بێوێنەبووە و کاریگەریەکانیشی لەسەر ناڕەزایەتیەکانی ئیسپانیا و بەریتانیاش و وڵاتانی تریش ووردە ووردە دەردەکەوێت.
ئەم ناڕەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریە بەرفراوانە بەدوای ئەو سیاسەتە دژی کرێکاریەی ماکرۆندا دێت کە لەسەرەتای ئەمساڵدا بێئەوەی بگەڕێتەوە بۆ حکومەت و پەرلەمان بڕیار لەسەردا بەزیادکردنی تەمەنی خانەشینی. ئەم ناڕەزاتیانە ئەگەرچی سەرەتا لەسەر بانگەوازی یەکێتیە کرێکاری و سەندیکاکان دەستی پێکرد، بەڵام هەرزوو لە کۆمەڵگەدا تەقیەوەو بووە بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوان و زۆربەی کۆمەڵگای گرتەوە. بەجیا لەم هێرشەی ماکرۆن لە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی کە هێرشە بۆسەر هەموو کۆمەڵگا، بەردەوام لە دەورەی رابردوودا بۆرژوازی فەرەنسی و حکومەتەکەی هێرشێکی فراوانی بۆسەر کۆمەڵگا بەشێوەیەکی سیستماتیک و رێکخراو دەستپێکردوە کەبەشێوەیەکی سەرەکی خۆی لەزیادبوونی نرخی شتومەک و پێداویستیە رۆژانەییەکان دەبینێتەوە بەدوای قەیرانی دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا. سەرباری ئەوە حکومەتی ماکرۆن دەستی داوەتە هێرش بۆسەر لاوان و بێکاران و پەنابەران و کۆچکردوان و کردەوەی راسیستانە بەرامبەریان. سەرباری کردەوەی توندوتیژی پۆلیس دژ بە خەڵك و خۆپیشاندەران. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەساڵی رابردوودا ١٥٠٠ حاڵەتی توندوتیژی پۆلیس تۆمار کراوە، هەموو ئەمانە کۆمەڵگەی فەرەنسا زۆر بە فراوانی وشیارن پێی و هەستی پێدەکەن.

هەواڵەکانی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانی ئەم دەورەیەی فەرەنسا، لەگەڵ هاتووهاوار و تۆمەت هەڵبەستن و پڕوپاگەندەی ئاژاوەگێڕی و دەستی دەرەکی لەپشتەوەبوون لەلایەن باڵەکانی بۆرژوازی و میدیاکانیانەوە نەیتوانیوە نەك هەر ناڕەزایەتیەکان پاشەکشە پێبکات، بەڵکو نەیتوانیوە رێگربێت لەوەی پشتیوانی جەماوەری و گشتی بۆ ناڕەزایەتیەکان بەرین و فراوان بێتەوەو ببێتە مەسەلەیەکی گرنگی میدیای ناوخۆی فەرەنسا و ئەوروپا و هەتا جیهانیش. گرنگی ئەم ناڕەزایەتیانە؛ تەنیا لە مانگرتنە سەراسەریەکان و خۆپیشاندانی ملیۆنی و ئیدامەکاریەکەیدا نیە، بەڵکو بەجیا لەوانە روخساری میلیتانتی هەبوو لەبەرامبەر هێرش و توندوتیژی و سەرکوت و رشتنی گازی فرمێسک رێژ و دەستگیرکردنەکانی پۆلیسدا. خۆپیشاندەرانیش بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە وەڵامی پۆلیسیان داوەتەوە و هێرشیان کردۆتە سەر بنکەکانی سەرکوتی بۆرژوایی و لە ناوەندەکانی شارە گەورەکاندا رێگاکانی هاتووچۆیان گرتووە و مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی کرێکاران ئیستگاکانی هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان و پاسەکان و بەنزینخانەکان و زانکۆکان و زۆر شوێنی تری دەوڵەتی پەکخستووە…

خەسڵەتی ناڕەزایەتیە ئیدامەکاریەکەی کرێکاران و جەماوەری بەشمەینەتی فەرەنسا ترسێکی زۆری لەسەر هەموو بۆرژوازی دەسەڵاتدار داناوە، بۆیە باڵی توندڕەو و راستڕەوی فەرەنسا داوا لە ماکرۆن دەکەن کە بەهەر شێوەیەک بووە ئەو ناڕەزایەتیانە پاشەکشە پێبکات. بەمە مەیدانی کێشە چینایەتیەکەی نێوان بۆرژوازی و کرێکاران رۆشنتر بووە و کرێکاران سورترن لە بەردەوامی ناڕەزایەتیەکانیان بۆ داواکاریەکانیان و پاشەکشەی ماکرۆن و حکومەتەکەی لە سەپاندنی ئەو یاسا نوێیەدا.
رێشەی ئەم ناڕەزایەتیانەی فەرەنسا لە گەورەیی و مەزنیەک کە هەیەتی کاریگەری مێژوویەک لە شۆڕش و دەوروجێگای چینی کرێکارە لەو وڵاتەدا کە هەیبووە لەوانە شۆڕشی فەرەنسا و کۆمۆنەی پاریسە کە وەک دەرس و دەستکەوتێکی چینایەتی گرنگ کاریگەری بەسەر کۆمەڵگاوە هەیە .
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو پێشڕەویانەی چینی کرێکاری فەرەنسا لەم ناڕەزایەتیانە و جەماوەری بوونەوەی لەئاستی هەموو کۆمەڵگادا و هاتنەمەیدانی چینایەتی و شۆڕشگێرانە و وەستانەوە لەبەرامبەر سیاسەتی سەرکوتگەرانەی بۆرژوازیدا نیشانی داوە، بەڵام ئەم بزوتنەوەیە لاوازیەکی گەورەی هەیە لەڕووی ڕێکخراوبوونی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستیی چینی کرێکارەوە، کە بتوانێت ناڕەزایەتیەکانی ئێستای چینی کرێکارو جەماوەری ناڕازی فەرەنسا بەرەو سەرکەوتن و بەرێت و پاشەکەشەیەکی جدی بە حکومەتی بۆرژوازی فەرەنسا بکات و هاوکات چینەکە ئامادەبکات بۆ شەڕی کۆتایی لەگەڵ بۆرژوایدا کە ١٥٠ ساڵ لەمەوبەر چینی کرێکاری پاریس یەکەم ئەزمونیان کرد و نمونەیەکیان لە شۆڕشی چینایەتی پرۆلیتاریا بە کرێکارانی جیهان نیشان دا. ئەرکی سەرەکی کۆمۆنیستەکانی چینی کرێکار لە فەرەنسا ئەوەیە کە ئەم ئەرکە مەزنە مێژووییە وەڵام بدەنەوە.

ئەپریلی ٢٠٢٣




ئێرەی ئێمەو ئەوێی رۆژئاوا.. خوێندنەوەیەک بۆ کورتە فیلمی دواین دیدار.. رێباز محەمەد جەزا

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




بانقی مەرکەزی بریتانیا چۆن چارەسەری هەڵئاوسانی دراوەکەی دەکات؟.. زاهیر باهیر

بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەت هەڵئاوسانی پارە لە بریتانیا لە مانگی ئازار-دا بەڕیژەی لە سەدا 10.1 و بڕی تێکڕای بەرزبوونەوەی تێچووەکانی ژیانیش بە ڕێژەی لە سەدا 19.2 سەرکەوتووە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە واقیعدا زۆر لەوە بەرزترە. ئا لەم بارەشدا بانقی مەرکەزی بریتانیا هەر وەکو هەموو بانقە مەرکەزییەکانی وڵاتانی دیکە و چارەی تەواوی ئابوورییناسەکانی لیبراڵ و نیولیبراڵ یاریکردنە بە چەند فۆرمیلەیەك بۆ چارەسەری بارودۆخی خراپی ئابووریی.
بێ گومان یاریکردن بەو فۆرمیلانە لە پێناوی هێنانە خوارەوەی هەڵئاوسانی پارەدا بۆ باشکردنی ژیانی خەڵکی نییە بەڵكو تاوانێکی گەورەیە کە لە هەقی دانیشتوانی بریتانیا بە ناوی ئیدارەدانی ئابوورییەوە دەکرێت. هۆکاری تاوانەکەش هەر زۆر ڕوونە چونکە چارەسەکردن نییە کێشەکان لە دۆخێکی خراپەوە بۆ دۆخێکی خراپتر دەبەن.

فۆرمیلەکانی بانق کە لە ئیدارەدانی هەڵئاوسانی پارەدا یارییان پێدەکات چەند دانەیەكە لەوانە:
یەك : هەوڵی داشکاندنی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە یاخود بەرزبوونەوەی بۆ چارەسەری خراپی ئابووریی :-
بۆ داشکاندنی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە، بانق ڕێژەی سوو بەرزدەکاتەوە . ئەمەش بەهای دراوی پاوەند بەرزدەکاتەوە. گوایە بەمە چی تر خەڵکی لە قەرزکردن وکڕینی شت دەوەسێتێ و ئەو کاتەش نرخی کاڵاو شمەکەکان بەرزنابنەوە و سەقامگیر دەبن . هەروەها ئەوانەی پاشەکەوتیان هەیە قازانج دەکەن ، کە بە گوێرەی ئەوە پاشەکەوتەکەیان لە بانقدا دەچێتە سەرەوە. تاکو ئێستا بانقی مەرکەزی 11 جار سووی بەرزکردۆتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی داهاتوودا جارێکی دیکەش ڕێژەی سوو بەرز ببێتەوە.
کاتێک بەهای دراوەکە بەرزدەبێتەوە هەناردەی وڵات دەکوژێت چونکە توانای کڕینی کاڵاکان لە لایەن خەڵکان و کۆمپانیاکانی وڵاتانی دیکەوە کەمتر دەبێتەوە . هەرئاواش سەرمایداران قەرز ناکەن بۆ پرۆژەی نوێ و لە پرۆژە نوێیەکانیشیاندا ئەو قازانجەی جاران ناکەن بۆیە ئەمانیش بە ڕۆڵی خۆیان دێن کرێکاران دەردەکەن و کرێش بۆ ئەوانەی کە دەمێننەوە دادەشکێنن. سەرەنجام خەزێنەی دەوڵەتیش کەمدەبێتەوە بە هۆی نەدانی باجەوە لە لایەن کرێکارانی دەرکراەوە و هاوکاری کردنیان بە بیمەی بێ کاریی.
بەم شێوەیە بازار سست دەبێت و کاڵاکانش بێ فۆرشتن دەمێننەوە. ئەمجارەیان بانق هەوڵ دەدات یارییەکە بە دیوەکەی دیکەیدا بکات، ئەویش دابەزاندنی سووە .
دابەزاندنی سوو یانی دابەزاندنی بەهای دراوەکە ، شکانی بەهای دروایش یانی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شمەك لە بازاڕدا، کەمبوونەوەی قازانج لەسەر پاشەکەوت، هەروەها گرانی هاوردەکردنی کاڵای وڵاتانی دیک ، هاوکاتیش زیادکردنی هەناردەی وڵات بۆ دەرەوە . پرۆسەکەش گەڕانەوەیە بۆ خاڵی یەکەم.
دوو: کۆنترۆڵکردنی نرخ:
ئەم یاریکردنەش بە حساب کارایی دەبێت لەسە ر سەقامگیربوونی ئابووریی. بەڵام ئەمە تەنها دەوڵەت دەتوانێت کە نەهێڵێی نرخی وزە : کارەبا و غاز و هەروەها بەنزین و گازۆیل و بەرهەمی کۆمپانیا و کارگەکان بەرز ببێتەوە تاکو بە نرخی کاتی خۆی بفرۆشرێت بۆ پاراستنی بەهای دراو و ڕاگرتنی هەڵئاوسانی پارە لەو ئاستەی کە بانق دەیەوێت .
کردنی ئەمە کارێکی ئێکجار زەحمەتە تا ڕادەی مەحاڵ. کۆمپانیاکان ، کارگەکان، سوپەرمارکێتەکان هەرگیز نایانەوێت ڕێژەی قازانجیان گەر لە ساڵانی پێشتر زۆرتر نەبێت، کەمتر ببێت . لەم بارەشدا پرسی کۆنترۆڵکردنی نرخیش ناتوانێت دادی هەڵئاوسانی پارە بدات.
لە ئێستادا لە بریتانیا نرخی نەوت هاتۆتە خوارەوە ، هاتنەخوارەوەی نرخی نەوت یانی هاتنە خوارەوەی نرخی غاز و بەنزین و گازۆیل ئەمەش لە ڕاستیدا دەبێت پارەی غاز و کارەبا دابەزێنێت . هاوکاتیش دەبێت نرخی کەرەسەکانی ژیان بێتە خوارەوە چونکە گرفتی گواستنەوەی شمەك و کاڵا کەمتری تێدەچێت هەروەکو تێچوی بەرهەمهێنانیشیان کەمدەبێتەوە. لەگەڵ ئەم ڕاستییەشدا کە حکومەتی بریتانیا و ئابوورییناسەکانیش دەیسەلمێنن کەچی نرخی کاڵاو پێداویستییەکانی ژیان بەرزتربووەتەوە . ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە هێنانەوەی پاساوی شەڕی ئۆکرانیا و ڕوسیا گوایە بووەتە هۆی بەربوونەوەی پێداویستییەکان بە تەواوی ڕاست نییە بە تایبەت لە کاتێکدا کە بڕی نرخ بە ڕێژەی لە سەدا 19.2 سەرکەوتووە کە ئەم ڕێژەیە لە بریتانیادا بەرەزترینە لە 46 ساڵ لەمەوبەرەوە.
سێ: کۆنترۆڵکردنی کرێ و مووچە:
لە ساڵی 1975 دا هەڵئاوسانی پارە لە بریتانیا سەرکەوت بۆ ڕێژەی لە سەدا 25 هاوکاتیش کرێ و موچەی کرێکاران کە کاری دەستی و جەستەیی دەکەن بە ڕێژەی لە سەدا 31.7 بەرزبووەوە. هەر ئاواش تێکڕای بەرزبوونەوەی ڕێژەی مووچە و کرێ بە ڕێژەی لە سەدا 28 سەرکەوت. لە ساڵی 1976 دا کە حیزبی [ لەیبەر] حوکمی دەکرد سەرەکوەزیران ، هارڵد وڵسن، داوای لە نقابە کرد کە دەبێت بەرزکردنەوەی کرێ و موچە لە حەدێکدا ڕاگیرێت. ئەم مامەڵەیەی نێوانی حکومەت و نقابە لە ساڵی 1977 هەرەسی هێنا و نرخ ئەوەندە بەرزبووەوە کە لە ساڵی 1979 دا شەپۆلی گەورەی مانگرتنەکان دەستیپێکرد و کۆتایی بە حکومەتەکەی حیزبی کرێکاران هێنا و حیزبی موحافیزین بە سەرۆکایەتی مارگرێت تاچەر هاتە سەر حوکم .
ئێستاش سەرۆکی بانقی مەرکەزی ئێرە ، ئەندرو بەیلی ، داوا دەکات کە دەبێت کۆنترۆڵی کرێ و مووچە بکرێت بۆ هێنانە خوارەوەی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە. داوا لە کرێکاران دەکات کە داوای زیاکردنی مووچە نەکەن گوایە زیادی مووچە هەڵەکەی چەند دەیەی پێشو، واتە هەفتاکان، دووبارە دەکاتەوە. بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە سامانداران ئەوە دروست دەکەن بە کڕینی کاڵای ناپێویستی گرانبەهای وەکو یاخت و فڕۆکەی تایبەتی و سەیارە و خانوی زۆر گرانبەها نەک کرێکارێك کە هەرچەند موچەکەی بۆ زیاد بکرێت دوای باجدان لە ساڵێکدا ناچێتە 1000 پاوەند.
کەواتە کۆنترۆڵکردنی کرێ و مووچە هەر بۆ کرێکارانە و درۆیەکی گەورەیە کە زیادکردنی موچەیان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە.

چوار: بەرزکردنەوەی باج:
گوایە بە بەرزکردنەوەی باج پارەی زیاتر بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە و هەروەها داهاتی خەڵکانی ئیشکەر کەمتر دەبێتەوە بەمەش توانای کڕینی کاڵا و شمەکیان کەمتر دەبێت ، خودی ئەمەش ڕێگا دەگرێت لە بەرزبوونەوەی نرخ ، بەرزنەبوونەوەی نرخیش یانی بەرزنەبوونەوەی هەڵئاواسانی پارە . بێ گومان ئەمەش حەل نییە ئەمڕۆ بە هۆی : یەك: لەبەر ئەوەی خەڵکی بۆ 2 ساڵ لە سەردەمی کۆرۆنادا گەشتی نەدەکرد و لە دەرەوە نانی نەدەخوارد یاخود زۆر کەم وەکو ئامارەکان نیشانی دەدەن بڕی ئەو پارەیەی کە لە لایەن دانیشتوانەوە خەزن کراوە لە نێوانی 200 بۆ 250 ملیار پاوەندە . ئێستاش کە کۆرۆنا نەماوە خەڵك بڕێکی زۆری پارەکەی سەرف دەکات کەواتە هەتا باج-یش بەرز ببێتەوە هێشتا خەڵکی هەر پارەی هەیە . دوو: بەرزبوونەوەی باج وەکو وتم یانی کەمبوونەوەی داهاتی خەڵك ، ئەمەش یانی دابەزینی ڕێژەی کڕین ، دەستگرتنەوە لە پرۆژەی خزمەتگوزاری و ئابووری . سەرئەنجامی ئەمەش یانی مەوجدانەوەی کاڵاکان لە بازاردا، مەوجدانەوەی ئەم کاڵایانەش یانی کەمکردنەوەی کرێ و دەرکردنی کرێکاران . کەواتە دووبارە دەگەڕێینەوە سەر ئەو خاڵەی کە لە سەرەتادا دەستمان پێکرد.
هەر بەو سادەیەی سەرەوە دەبینین کە خودی ئابوورییەکە بناخەیەکی پفەڵ و بۆشی هەیە، جگە لەوانەشی باسمکردن بە پژمەی ساماندارێکیش گرفتی بۆ دروست دەبێت. ئەم تڕە کەڵەکی و یاریکردنە بەو فۆرمیلانە چارەسەری کێشەکە ناکەن.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
23/04/2023




سەرکەوتنی شۆڕش و ڕۆڵی بزووتنەوە سیاسییەکان.. دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر
بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادەکراوە

حەسەن ساڵحی: حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٠ لە بەڵگەنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی سێهەمی خۆیدا ڕایگەیاند کە داهاتووی سیاسی ئێران ڕووبەڕووبوونەوەی سێ بزووتنەوەی سیاسی گرنگە: بزووتنەوەی نەتەوەیی ئیسلامی، بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی ڕۆژئاوا و دواجار بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری، کە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران لە ڕاستیدا سەر بەم بزووتنەوەی سێیەمەیە. دەمەوێت لە سەرەتاوە ئەم پرسیارەتان لێ بکەم، پێگەی ئەم سێ بزوتنەوەیە لە سەردەمی ئەم شۆڕشدا کە ئێمە شاهیدین چییە؟

حەمید تەقوایی: بە هۆی شۆڕشی ژن ژنان ئازادییەوە پێگەی ئەو بزووتنەوانە بەتەواوەتی گۆڕاوە بە بەراورد بە شەش حەوت مانگ لەمەوبەر، پێش دەستپێکردنی ئەم شۆڕشە.
تا ئەو جێگەیەی کە پەیوەندی بە بزووتنەوەی نەتەوەیی ئیسلامییەوە هەیە، دەبێ بڵێم بزووتنەوە بەناو ڕیفۆرمخوازی حکومەتی لەگەڵ گۆڕان چی و دووی خوردادیەکاندا کەسەر بەم بزووتنەوەیەن، بەتەواوی گەیشتوونەتە کۆتایی خەتەکە. دەزانن ئەم هێزانە پەێیەکیان لە حکومەتدایە. هەندێک لە باڵەکانی حکومەت کە بەهۆی ڕووداوە خراپەکانەوە پاڵیان پێوەنراوە بۆ ئۆپۆزسیۆن. بناژۆخوازەکان و خامنەیی شەخسی کە هەمیشە دەستی باڵایان لە حکومەتدا هەبووە،ئەوانیان لە حکومەت کردوەتە دەرەوە..
مەلەفی ئەم بزووتنەوەیە لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٩٦وە داخراوە. بە دروشمی ” چاکسازیخوازی بناژۆخواز ئیتر داستانەکە کۆتایی هاتووە”، بەڕاستی داستانەکە کۆتایی هاتووە. وە لە ڕێگای یەکەمدا هێزەکانی ئەم بزووتنەوەیە لە شۆڕشی ئێستادا هیچ جێگایەکیان نییە. بە تەواوی لەقاودراون و ڕسوا بوون. لێرە و لەوێ هەوڵ دەدەن، وەک ئەوەی موسەوی ڕایدەگەیەنێت کە دەستووری تێپەڕاندووە، یان ڕوحانی هەندێکجار نوزە نوزێک دەکات و هتد. بەشێک لە کەسایەتییەکانی ئەم بزووتنەوەیە ئەمڕۆ ئیتر خۆیان بە لایەنگری کۆماری ئیسلامی نازانن و بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕێژیمیان تێپەڕاندووە. بە واتایەکی تر ڕیزەکانیان بە تەواوی تێکچوون..
ئه مڕۆ ئه م بزووتنه وه یه له هه موو کاتێک زیاتر په یوه ندی به کۆمه ڵگه وه نییه و به ته واوی مایەپووچ و گۆشەگیرە و گەیشتووەتە بنبەست. ئێمە هەمیشە گوتوومانە کە تەمەنی بزووتنەوەی ئیسلامی نەتەوەیی بەقەد تەمەنی حکوومەت درێژە و ئێستا کە حکوومەت کەوتۆتە خوارەوە و شۆڕشێکی جەماوەری بەرفراوان لە دژی هەموو کۆماری ئیسلامی دروست بووە، ئیتر ئەم بزووتنەوەیە جێگەی لە ئیعرابدا نیە..
بزووتنەوەیەکی دیکەش بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی پرۆ ڕۆژئاوای ، کە بە بۆچوونی من بە وردتر پێی دەوترێت ناسیۆنالیزمی پیرۆ دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا. لە ئەدەبیاتی ئێمەدا ئەم بزووتنەوەیە پێی دەوترێت ناسیۆنالیزمی لایەنگری ڕۆژئاوا، بەڵام لایەنگری ناسیۆنالیزمی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا ناوێکی فەرمیتری هەیە. هێزەکانی ئەم بزووتنەوە لایەنگری شارستانیەتی ڕۆژئاوا نین. ئەم هێزانە بە پاشایەتی و نیمچە پاشایەتی، زۆرێک لە کۆماریخوازان و ناسیۆنالیستەکان، تەنانەت نوێنەرایەتی لیبرالیزمی ڕۆژئاواش ناکەن. پشتیوانی ئاشکرا و نیمچە کراوە بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی و جەختکردنەوە لەسەر هێڵی سووری یەکپارچەیی خاک یان مافی مرۆڤی کورۆشی و هتد، هەمووی لە ڕووی سیاسییەوە بەشێکن لە کۆنەپەرستی ڕۆژئاوایی و بەشێک نین لە لیبرالیزم یان تەنانەت هەمان دیموکراسی کە ئەم هێزانە ئیدیعای دەکەن. دیارە بنەچەی ئەم هێزانە ناسیۆنالیزمی توندڕەوی فارسە.
هێزە ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا، ناچار بوون بە کەوتنە شوێن ڕەوتی پێشهاتەکان بوون. ئەم بزووتنەوەیە لە بیرکردنەوە و عەقیدە و ستراتیژەکەیدا دژی شۆڕشە. ئەم هێزانە شۆڕش بە ئاژاوە دەزانن، شۆڕش بە توندوتیژی دەزانن. شۆڕش دەبێتە هۆی ئەوەی کارەکە لە دەستی شارەزا و بیرۆکرات و تەکنۆکرات و خاوەنکارەکان دەربچێت، ئۆتۆریتەی سەرەوەییەکان دەشکێت و ئەمەش فاکتەری نەرێنییە لە ڕوانگەی هێزە ڕاستەکانی ئۆپۆزسیۆن و ناسیۆنالیستەکانەوە کە دەبێت ڕێگری لێبکرێت.
کاتێک شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ڕوویدا، بە دڵنیایی ئەوان بنبەست بوون. ئەگەر لەسەر بنەمای خواست وئارەزووی ئەوان گۆڕانکاریەکان ڕوویبدایە، دەبوو ئاسۆی گۆڕانکاری لە سەرەوە و گۆڕینی ڕژێم و ڕیفراندۆم و گۆڕانکاری لە دەستوور و هاوشێوەکانی لەسەرەوە دەبوو. هێڵ و ستراتیژ و ئاراستەی هێزە ڕاستەکان لە بنەڕەتدا وەک یەک بوو. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی هەموو ئەمانەی لێدا و دەرکەوت دۆخەکە بە ئاراستەیەکی تردا دەڕوات. ئەوان ناچار بوون خۆیان وەک لایەنگری شۆڕش نیشان بدەن، بەڵام لە هەمان کاتدا هەوڵیان دا شۆڕش لە چوارچێوەی میللی نیشتیمانیدا بشێوێنن و لە ڕاستیدا بخنکێنن. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە شۆڕشی نەتەوەیی ناودەبەن، باس لە یەکێتی نەتەوەیی، ئاسایشی نەتەوەیی، سنوورە نەتەوەییەکان، بەها نەتەوەییەکان دەکەن و بە گشتی هەوڵی شێواندن و بەلاڕیدابردنی شۆڕش دەدەن بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی-نیشتمانی. کە بەتەواوی لەگەڵ دید و سیستەمی بەها و عەقیدەی ناسیۆنالیزمی فارسدا یەکدەگرێتەوە، واتە تەنانەت دژی حزبە میللی نەتەوەییەکانە، بۆ نموونە لە کوردستان و ئازەربایجان و ناوچەکانی دیکە. هێڵی سووری یەکپارچەیی خاکی ناسیۆنالیزمی فارس لە ڕاستیدا هۆشداری و کێشانی هێڵێکە لە دژی هەر هێزێک کە بۆ نموونە خەڵکی کوردستان یان ئازەربایجان بە نەتەوە ناو دەبات یان دەیەوێت هەڵاواردن و چەوساندنەوەی نەتەوەیی نەهێڵێت. هەر باسێک نەک هەر جوداخوازی، بەڵکوو ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەری و فیدرالیزم لە ڕوانگەی ناسیۆنالیزمی فارسەوە لە ڕیزی هێڵە سوورەکانە و پێویستە سەرکوت بکرێت.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە لە جاڕنامەکەیاندا هێڵی سووری یەکپارچەیی خاک بەرز دەکەنەوە و ڕایدەگەیەنن کە ئەرکی سوپا پاراستنی “یەکپارچەیی خاکە”. ئەم ڕوونکردنەوەیە لەسەر ڕۆڵ و ئەرکی سوپا تەنانەت لە بازنەی لیبرالیزمی ڕۆژئاوا فڕێیان دەداتە دەرەوە. واتە ئەو سوپایەی کە لیبرالیزمی ڕۆژئاوا لانیکەم بە فەرمی پێناسەی دەکات کە ئەرکی بەرگریکردن لە نیشتمان یان نەتەوە لە بەرامبەر دوژمنی دەرەکیدا هەیە، فەلسەفەی بوونی ناسیۆنالیزمی فارس پاراستنی یەکپارچەیی خاکە بەرامبەر بە هێزە ناوخۆییەکان، کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە “جیاخوازی”ن. پێناسە دەکات.
ئەمە کۆنەپەرستیەکی تەواوەتیە. ئەمەش لە فاشیزمەوە نزیکە و تەنانەت لیبرالیزمی ڕۆژئاواش نییە. لە فەرهەنگی لیبرالیزمی ڕۆژئاوادا، جوداخوازی گوناهێکی گەورە نییە. لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، دواجار پارتە جوداخوازەکان نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە و بە ئازادی کار دەکەن. بێگومان حکومەتەکان بە گشتی دەیانەوێت سنوورەکانی وڵاتەکەیان پارێزراو بێت، بەڵام ئەمە وایان لێناکات جوداخوازی وەک تاوان و هێڵی سوور ڕابگەیەنن و لەشکر کێشی لەدژ ئەنجام بدەن.هەر وەک ئەوەی حکومەتە ناوەندەکان لە ئێران لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا چەندین جار کردوویانە.
هێزە ڕاستەکانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا هەوڵیاندا ئەو بەهایانە و گوتارە ناسیۆنالیستی-فاشیستەکان بخەنە ناو شۆڕشەکەوە. ئەم هەوڵانە تەواو پێچەوانەیە و بەتەواوی لەدژی ئەو دروشمانەیە کە خەڵک لە شەقامەکاندا دەیڵێنەوە.
بزووتنەوەی سێهەم بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکارییە. سەربەخۆ لەوەی کە پێگەی ئێستای ئەم بزووتنەوەیە لە شۆڕشی ئێستادا چییە، کە دواتر باسی دەکەم، سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، بە تەواوی لەگەڵ هەڵسەنگاندنی هەلومەرج، هێڵ، ستراتیژی، سیستەمی بەهادا یەکدەگرێتەوە و ڕوونکردنەوەیەکە کە حیزبی ئێمە وەک هێزێکی سەر بە بزووتنەوەی کۆمۆنیزم کرێکاری لە بەرچاوی کۆمەڵگەدا دادەنێت. تەنانەت ئەوەی کە هەموو جیهان پێشهاتەکانی ئێستا بە شۆڕشی ژن ناودەبەن، پشتڕاستکردنەوەی ئەم یادەوەرییە زیندووەی مەنسوور حیکمەتە کە بیست و دوو ساڵ لەمەوبەر پێشبینی ئەوەی کردبوو کە شۆڕشی داهاتووی ئێران شۆڕشێکی ژنانە دەبێت. ساڵانێک لەمەوبەر دامەزراوەی شۆڕشی ژنان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزرا کە چالاکی بەردەوام و بەدواداچوونی هەبووە و ڕۆڵێکی کاریگەری لە پڕۆسەی ئەم شۆڕشەدا هەبووە. لێرەوە بیگرە هەتا شەڕی دژی حیجاب کە پرسێکی بنەڕەتی شۆڕشە. ئەمڕۆ مانەوە و نەمانەوەی حکومەت بەستراوەتەوە بە حیجابەوە. ئێمە دەبینین بزووتنەوەی دژی حیجاب چ ڕەهەندێکی قووڵ و فراوانی بەدەستهێناوە. ساڵانێکی زۆرە، ٨ی مارس بۆ ٨ی مارس، نەک هەر لە ڕۆژی جیهانی ژناندا، بەڵکو لە هەموو بۆنەیەکدا، حیجابی ئیسلامیمان وەک دیواری ئاپارتایدی سێکسی، وەک ئاڵای بێمافی ژنان و لە دەرەوەی وڵاتیش وەک ئاڵای بزووتنەوەی کۆنەپەرستانەی ئیسلامی سیاسی.ئێمە هەمیشە ڕەخنەمان لێگرتووە و لێمان داوە و شەڕمان لەگەڵ کردووە. ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر ڕامانگەیاند کە حیجاب شوشەی ژیانی حکومەتە، کە کۆماری ئیسلامی بە حیجابەوە هاتووە و بەبێ حیجاب دەڕوات، بە توندی بەرگریمان لە جوڵەی کچی شەقامی شۆڕش و بزووتنەوەی بێ حیجاب کرد هەمیشە و لە هەموو شوێنێک، و ئەمڕۆش شاهیدی ئەوە دەبین کە شۆڕشی ئەم دواییە، کە بەهۆی کوشتنی مەحساوە بوو بەهۆی “حیجابی خراپ”ەوە، بە بزووتنەوەی سەرتاسەری حیجاب دەستی پێکرد، هەموو حکومەتی نائومێد و بێدەسەڵات کردووە.
بێگومان بەرەنگاربوونەوەی حیجابی زۆرەملی تەنیا یەێکێکە لە مەیدانەکان. بزووتنەوەی مامۆستایان، بزووتنەوەی خانەنشینان، کە ئێستا لە شەقامەکاندا خەبات دەکەن بۆ بژێوی ژیان و کەرامەت، خەبات بۆ زیادکردنی موچە و ماف و چێژوەرگرتن لە ژیانێکی ئینسانی دەکەن، پایەیەکی دیکەی شۆڕشی ئێستایە. لەم بزوتنەوانەدا حیزبی ئێمە هەمیشە ئاڵاهەڵگر بووە و خەباتی بۆ بژێوی ژیان و کەرامەتی بە مەیدانێکی گرنگی خەبات زانیوە، کە نەک هەر پرسی کرێکاران و موچەخۆرانیش، بەڵکو پرسی زۆرینەی خەڵک کە بەرو خوار هێڵی هەژاری پاڵنراون. پارتی ئێمە هەمیشە لە بزووتنەوەی دادپەروەری و دژی لەسێدارەدان و بەردبارانکردن، بزووتنەوەی ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، بەرگریکردن لە منداڵان، پاراستنی ژینگە و مافی کەوانە و هتد، کە زەمینە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی شۆڕشی ئێستا پێکهێناوە حزبی ئێمەش بەردەوام چالاک بووە.
ئەوەندەی پەیوەندی بە ئامانج و تەوەری شۆڕشەوە هەیە، پێموایە دروشمی سەرەکی ژن، ژیان ئازادی، بە تەواوی نیشانی دەدات کە حزبەکەمان چی دەوێت. “ژن” بە واتای یەکسانی و ڕزگارییەکی تەواوەتی ژن و پیاوە چونکە لە کۆماری ئیسلامیدا کلیل و ئاڵای چەوساندنەوە و پەردەی خنکاندن لەسەر هەموو کۆمەڵگا بێ مافی ژنانە. بۆیە دروشمی ئازادی ژن ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دوو پایەی ترەوە هەیە، ئەوانیش “ژیان” و “ئازادی” هەموو کۆمەڵگایە. ئەمە هەمیشە گوتاری حیزبی ئێمە بووە. وە قسەکردن لەسەر شۆڕشی ژنان ساڵانێک پێش دروستبوونی ئەم شۆڕشە، جەختکردنەوەمان لەسەر ڕزگاری ژن نیشان دەدات. جەختکردنەوە لەسەر شۆڕشی ژنان، نەک بە مانای شۆڕشێک تەنها لەسەر پرسی ئازادی ژن، بەڵکو وەک شۆڕشێک کە داوای ڕزگارکردنی تەواوی کۆمەڵگا دەکات لە هەموو نایەکسانییەک لە ژێر ئاڵای ئازادی ژندا. شۆڕشێک کە تێیدا ژنان ڕۆڵێکی جەوهەری دەگێڕن. شۆڕشی ئێستا بە ڕوونی وردی ئەم هەڵسەنگاندنانە نیشان دەدات.
لە پێوەندی لەگەڵ “ژیان”دا، ئێمە هەمیشە لەگەڵ بژێوی ژیان و کەرامەت و چێژوەرگرتن لە ژیانێکی خۆشگوزەران و مرۆڤدۆستانە بووین بۆ هەمووان و بەردەوامیش بەم شێوەیە خەباتمان کردووە. ئەرکی ئێمە بنبڕکردنی هەژاری و نائەمنی ئابوورییە، ئەرکی ئێمە نەهێشتنی بۆشایی قووڵی نێوان هەژاری و سامانە. وەک چۆن کرێکاران دژ بە “موچەی فەلەکیی نەهامەتی گشتی” هەمیشە دروشمیان دەوتەوە. لە بەرنامەی دونیایەکی باشتردا داوای خوێندن و تەندروستی بێبەرامبەرمان کردووە، کە لە مێژە دروشمی بزووتنەوەی مامۆستایان و خانەنشینان بووە. ئەمانە مانای “ژیان”ن لە دروشمی ژن ژیان ئازادیدا. ژیان واتا خۆشگوزەرانی هەمووان لەسەر بنەمای پێشکەوتووترین پێوەرەکانی خۆشگوزەرانی، واتە هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی و ئیستغلالکردنی مووچە و کاری تاقەت پڕوکێنی کرێکاران، ئەمەش بە واتای داڕمانی ئەو بۆشاییە چینایەتییە زەبەلاحە و دۆڵی قووڵی نێوان هەژاری و سەروەت و سامان و دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی و ئازاد و یەکسانە بۆ هه‌ر که‌سێک.
ئەمانە هەمووی پرسەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری و ئامانج و ئایدیالیحزبی ئێمەن، کە ئەمڕۆ دەبینین لە شۆڕشێکی گەورەدا، لە یەکەمین شۆڕشی ژنان لە مێژوودا ڕەنگدانەوەی هەیە.
ئیدارەی ئەوشورایی کە بۆ یەکەمجار کرێکارانی قامیشی شەکری هەفت تەپە چەند ساڵێک لەمەوبەر لەکاتی مانگرتنەکەیاندا وروژاندیان، هەروەها یەکێکە لە ئامانجە ڕاگەیەندراو و ستراتیژییەکانی حزبی ئێمە. ئیدارەی شورایی بە مانای نکۆڵیکردنی هەر جۆرە حکومەتێک لە سەرووی خەڵکەوە و بنبڕکردنی هەر جۆرە ستەم و دیکتاتۆریەتێک کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵگەی ئێرانی گرتووەتەوە. ئەم ئامانج و گوتار و خەباتانە بنەمای شۆڕشی گەورەی ئێستان.
لە هەلومەرجی ئێستادا ئەوەی ڕوونە ئەو هەڵوێستەیە کە حزبی ئێمە لە بزووتنەوەی کرێکاریدا بەهرەمەندە. بەتایبەت لە نێو کرێکارانی نەوتدا، هەروەها ئەو ڕۆڵە کردەیی و مەیدانییەی کە لە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کەرتە جۆربەجۆرەکانی کاردا هەیبوو.
سەیرکەن بەشێوەیە نییە تەنیا مەیلی کۆمۆنیستی لە بزووتنەوەی کرێکاریدا چالاکە. لە نێو کرێکاراندا مەیلی جۆراوجۆر هەیە، لە دووی خوردادەوە بۆ ڕاست و مەیلی ناسیۆنالیستی. بەڵام هەمیشەچەپ باڵا دەست بووە. دەکرێ بڵێین بزووتنەوەی کرێکاری هەمیشە لە خۆبە خۆ مەیلی چەپی هەبووە و لەم چوارچێوەیەشدا حیزب بە ڕوونی ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە بەهێزکردنی مەیلی کۆمۆنیستی کرێکاری لە بزووتنەوەی کرێکاریدا گێڕاوە، کە پێموایە لە جاڕنامەکەدا ڕەنگدانەوەی هەیە لە ٢٠ ڕێکخراوی سەندیکا و مەدەنی و هەروەها جاڕنامەی داواکارییە پێشکەوتنخوازەکانی ژنان دەتوانرێت ببینرێت
هەروەک ئاماژەم پێدا خودی پێکهاتنی شۆڕش مۆری تەئید بوو لەسەر ئەو سیاسەتانە و لەسەر پرۆسەی ئەو پێشهاتانەی کە پێشبینیمان کرد و هەوڵماندا بەدەستی بهێنین. شۆڕش ئاهەنگی ئێمەیە. ئاهەنگێکە بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری. هەروەک وتم ئەوانی تریش شوێنی دەکەون، بەڵام ئێمە ئاڵاکەمان بەرزکردەوە. هەر لەو کاتەوەی بزووتنەوەی دووی خۆرداد دەستڕۆیشتوویان هەبوو و نافەرمانی مەدەنی و ڕژێم جەنج باس دەکرا، ئاڵای شۆڕشمان هەڵکرد، ئەمڕۆش پێکهێنانی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی لە خۆیداا، ڕاست ودروستی ئێمە و ئیعتیباری ئێمە و پێگەی تایبەتی حیزب لە دڵی، گۆڕانکاریەکدایە کە لە کۆمەڵگای ئێراندا ڕوودەدات.
حەسەن ساڵحی: حەمید تەقوای، تۆ باسی باڵا دەستی چەپی کۆمەڵگات کرد. پرسیاری من ئەوەیە تا چەند ڕێگە دەدەیت ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بەپێی ئەو ستراتیژ و ئامانج و سیاسەتە ڕووبدات کە ئەم بزووتنەوەی چەپگەرایە، بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری نوێنەرایەتی دەکات. واتە ئەو گەرەنتییە چییە کە ئەو هێزە سیاسیانەی تر کە باست کرد شۆڕش نەڕفێنن؟ ئەمە تا چەند مومکینە؟
حەمید تەقوایی: ڕەوتی مێژوو و ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە زانستە وردەکان نین کە وەک فیزیا و کیمیا پێشبینی بکرێن، بەڵام دەتوانیت هەڵسەنگاندنێکی دیاریکراو بکەیت و باسی ئەگەرەکان بکەیت. ئەوەندەی پەیوەندی بە ڕوونکردنەوە و هەڵسەنگاندنەوە هەیە، پێموایە چەپ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە زۆر بەهێزە. مەبەستم تەنیا حیزبی ئێمە نییە. بە گشتی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران چەپ و ڕادیکاڵن. ئەوەی کە شۆڕش لەسەر ئازادی ژن دروست بووە نەک لەسەر سەربەخۆیی و پیشەسازی و گەشەی ئابووری، دژی بێگانە و هەژموونی بێگانە و هتد، نیشانەی سروشتی کۆمۆنیستی شۆڕشە.
شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم بە شێوەیەکی سەرەکی جۆرێکی جیاواز بوون. ئەو شۆڕشانەی تەنانەت بەناوی کۆمۆنیزمیشەوە ڕوویاندا، مەبەست لێی قەرەبووکردنەوەی کەموکوڕییە ئابوورییەکان و تێپەڕاندنی دواکەوتوویی سیستەمی فیۆداڵی پێش سەرمایەداری بوو. تەنانەت دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر، ڕەوتی پیشەسازی لە ڕووسیادا زاڵ بوو و جۆرێک لە سەرمایەداریی دەوڵەتی ڕێکخرا، کە هەرچەندە وڵاتەکەی کردە زلهێزێکی پیشەسازی گەورە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی بە خواست و ئایدیاڵە شۆڕشگێڕییە سەرەتاییەکانی بەلشەفیکەکانەوە نەبوو. لە چین دەبینین کە لە سەردەمی کۆمۆنیزمدا سەرمایەدارییەکی هاری کە لەسەر بنەمای قوتابخانەی شیکاگۆ دامەزراوە و زاڵ بووە.
شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم، نزیکەی هەموویان، شۆڕش بوون لە چوارچێوەی جۆرێک لە ناسیۆنالیزم، پیشەسازی، گەڕانەوە بۆ کولتوری ڕەسەن لە دژی کۆلۆنیالیست و ئیمپریالیزم و دژی دەسەڵاتی بیانی. لە ئێرانیش هەمان شت بوو. شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ ڕێک لە ژینگەیەکی ئاوادا ڕوویدا. ئەگەر لە ئاستێکی بنەڕەتیدا بڕوانیت، بۆت دەردەکەوێت کە یەکێک لەو هۆکارانەی کەخومەینی توانی بەناوی شۆڕشەوە شۆڕش تێکبدات، ئەوە بوو کە ئەو گوتار و کەشوهەوایەی لەو قۆناغەدا هەبووە، دژە ئەمریکی و دژە ڕۆژئاوایی بووە. زۆر جار جەختم لەوە کردۆتەوە کە دوای کودەتاکەی ٢٨ی مورداد، کەشوهەوای دژە ئەمریکی و دژە ڕۆژئاوایی گشتی زاڵ بوو بەسەر ئۆپۆزسیۆندا. ئۆپۆزسیۆن، لە چەپ و ڕاست، ئایینی و ناسیۆنالیست، ئەمریکای وەک هۆکار و سەرچاوەی هەموو ئازارەکان و وابەستەیی حکومەتی شا بە ئەمریکاوە دەبینی. پێی وابوو دیکتاتۆرییەت دەگەڕێتەوە بۆ وابەستەیی. تەنانەت زۆربەی هێزە چەپەکانیش پێیان وابوو کە بەشێک لە بۆرژوازی کە سەربەخۆیە لە ئیمپریالیزم و بەناو کۆمپرادۆری ئەو سەردەمە نییە، دیموکراسی و ئازادیخوازە. پێیان وابوو دیکتاتۆری و زوڵم و ستەم دەگەڕێتەوە بۆ پشتبەستن بە ئیمپریالیزم. پێیان وابوو شا دیکتاتۆرە، چونکە “سەگی زنجیر”ی ئیمپریالیزمە و هتد و هتد. ئەم کەش و هەوا و ئەم پارادایمە سیاسییە تا ڕادەی دژە ڕۆژئاواییبوون و دژە مۆدێرنیزم فراوانتر بووبوو کە ڕۆژئاوا نوێنەرایەتی دەکات.
بە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و دەسەڵاتی دیکتاتۆری حکوومەتی “سەربەخۆ و خۆماڵی”ی کۆماری ئیسلامی، ئەم فەزایە بە تەواوی لەناوچوو. دەرکەوت کە دیکتاتۆریەت پێویستییەکە بۆ کارکردنی سەرمایەداری لە ئێراندا و هۆکاری هەژموونی سەرمایە بیانییەکان نییە. دەرکەوت بزووتنەوەیەکی وەک ئیسلامی سیاسی و دەوڵەتێکی وەک کۆماری ئیسلامی دەتوانێت هەم دژە ئەمریکی بێت و هەم هۆکاری دڕندەترین جۆری دیکتاتۆریەتی سەرمایەداری بێت.
ئەمڕۆ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لەبارودۆخێکی تەواو جیاوازدا ڕووی داوە. هیچ نیشانە و شوێنەواری ناسیۆنالیزم و کولتوری ناوخۆیی و خەمی پیشەسازی و دژە بێگانەگەری و هتد تێیدا نابینیت. لایەنگری مۆدێرنیزم و دەستکەوتە پێشکەوتنخوازەکانی کولتوری ڕۆژئاوایە و بە ڕوونی ڕایدەگەیەنێت کە ژنان دەبێ بە تەواوی یەکسان بن لەگەڵ پیاوان. پێویستە هەموو هاوڵاتیان بە تەواوی یەکسان بن. کۆمەڵگا دەبێت ئازاد بێت، هیچ سنووردارکردنێک بۆ ئازادی دیاری ناکات، وەک سوکایەتی نەکردن بە شتە پیرۆزەکان، ئەم یان ئەو ڕێوڕەسمە نەتەوەیی- نیشتمانپەروەرانە و هتد. ئەوەی بەشێکە لە گوتار و بەهاکانی هێزە ڕاستەکان. ئەوەی خەڵک مەبەستیان لە ئازادی، ناسیۆنالیزم نییە. مەبەستیان ئەوە نییە پیرۆزی نەتەوەیی- نیشتمانی بە پیرۆزی ئیسلامی بگۆڕن. بەڵکو دەیانەوێت لە هەموو تابووە نەتەوەیی-ئاینییەکان ڕزگاریان بێت. پارادایمی ئەمڕۆ پارادایمی مۆدێرنیزم و هیومانیزم و بەها ئینسانیە گشتگیرەکانە.
خەڵک بەبێ هیچ تێبینی ومەرجێک ئازادییان دەوێت، لە ئازادی جل و بەرگەوە تا ئازادی مۆسیقا، هونەر، دەربڕین، بیرکردنەوە، مانگرتن، خۆپیشاندان، ڕێکخستن و…هتد. خەڵک ژیانێکی شایستەی ئینسانی سەدەی بیست و یەکیان دەوێت. ئه مڕۆ سۆشیال میدیا وای له خه ڵک کردووه چاویان به ڕووی جیهاندا بکه نه وه و خۆیان به هاوڵاتی پێشکه وتووترین کۆمه ڵگه کان به ڕاورد بکه ن و هیچ شتێکی که متر له پێشکه وتووترین کۆمه ڵگه قبووڵ نه که ن. ئەم شۆڕشە بە پێی دروشمی خۆی، لەسەر ئەو خواست و هیوا مرۆڤانە دامەزراوە.
ئەم پارادایمە گشتییە، ئەم فەزا گشتییە، ئەو فەزا و پارادایمەیە کە حیزبی ئێمە لەسەری دروست بووە و مزگێنیدەر و ئاڵاهەڵگری بووە. بێگومان مەبەستم ئەوە نییە کە هەموو ئەوانەی دروشمی ژن ژیان ئازادی دەڵێنەوە، بێ ئەملاولا کۆمۆنیست یان لایەنگری حیزب بن. بەو مانایەی کە بە شێوەیەکی بابەتیانە و عەینی کۆمەڵگا بەم ئاراستەیە هاتووە و ئەمڕۆش شۆڕش ئاڵا و دروشم و تەوەرێکی هەیە کە بە تەواوی لەگەڵ هێڵ و سیاسەت و ئاراستە و ستراتیژی کۆمۆنیزمی کرێکاری و حیزبی ئێمەدا یەکدەگرێتەوە.
ئەمەش فاکتەری گرنگە کە هیوامان پێدەبەخشێت. ئەگەری زۆر هەیە لەم دۆخەدا دەسەڵات بگرینە دەست. وە خەڵک دەتوانێت بێتە سەر دەسەڵات. چونکە ئامانجی حزبی ئێمە دامەزراندنی حکومەتی شوراییە، واتە ئێمە دەمانەوێت خەڵک ڕاستەوخۆ بەشداری حکومەت بکات، بەشداربێت، و هیوادارین، و پێموایە کەشی گشتی ئەم قۆناغە ئەوە دەردەخات کە ئەمە بەتەواوی مومکینە. تەنانەت لە شۆڕشی ١٣٥٧دا کە وەک وتم لە نێو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەردەمی پارادایم و کەشوهەوای فیکری دژە ڕۆژئاوایی و دژە ئەمریکیدا باو بوو، لە دوای ڕووخانی شا، خەڵک لە هەموو شوێنێک شوراکانیان دامەزراند ا. دوو ساڵ و نیوی خایاند، تا ٣٠ی خوردادی ١٣٦٠، تا دواجار کۆماری ئیسلامی توانی شکست بە شوراکان بهێنێت. لە هەموو شوێنێک شورایەک هەبوو و هەمووان ئازادی و دیموکراسییان بە شوراکانەوە گرێدا.
ئەمجارە بە بڕوای من شۆڕش زۆر لەوە زیاتر دەڕوات. ئەمجارە حکومەتیشورایی حزبی تایبەتی خۆی هەیە کە لەو ماوەیەدا وا نەبووە.شوراکان لەخۆوە و لە خوارەوە پێکهاتبوون. ئەمڕۆ بەرنامەی دنیایەکی باشتری حیزب حکومەتی شورایی بە وردی ڕوون کراوەتەوە. ئەمجارەیان حیزبێکی دەستبەکارمان هەیە لە شۆڕشدا کە لە ساڵی ١٣٥٧دا لە هەبوونی دەرەکی نەبوو، ئەویشحزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە. ئەمانە وامان لێدەکەن ئومێدمان هەبێت کە بتوانین ئەم شۆڕشە بگەینە سەرکەوتن.
حەسەن ساڵحی: دوا پرسیارم سەبارەت بە دۆخی حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە. ویستم بزانم، بە بۆچوونی ئێوە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەم حیزبە چین؟ ئەو بوارانە چین کە پێویستە حزب چالاکیەکانی تێدا باشتر بکات؟ حیزب چی بکات بۆ ئەوەی جێگەی خۆی لە دڵی خەڵکدا بەدەست بهێنێت و متمانەی گشتی بەدەست بهێنێت و ببێتە یەکەم هەڵبژاردەی سیاسی خەڵکی ئێران؟
حەمید تەقوایی: ئەوەندەی پەیوەندی بە نوێنەرایەتی دڵی خەڵکەوە هەیە، بە بۆچوونی من لە ئێستادا حزبی ئێمە ئەم پەیوەندییەی لەگەڵ کۆمەڵگەدا هەیە. واتە ئێمە نوێنەرایەتی قسەی خەڵک دەکەین. سەیری پێگەی بابەتیی سیاسەت و خواست و ئایدیاڵەکانی حیزب بکەن لە کۆمەڵگادا یەک باسە و تا چەند خەڵک ئاگاداری ئەمەیە باسێکی ترە. ئەوەندەی پەیوەندی بە فاکتەری یەکەمەوە هەیە، بە بڕوای من دروشمەکانی حیزب بوونەتە کۆمەڵایەتی و جەماوەریی بێ ئەوەی زۆرینەی خەڵک بزانن کە حیزبێک هەیە ساڵانێکە خەباتی کردووە و ئەم ڕێگایەی قیرتاو کردووە و بەربەستەکانی لە سەرڕێی لابردووە .کۆمەڵگا دەتوانێت بگاتە ئێرە. بێگومان هەڵسوڕاوان دەزانن. بەڕای من زۆرێک لە هەڵسوڕاوان و ئەوانەی بەشدارن لە بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی ژنان، دادخوازی و هتد ئەمە دەزانن، بەڵام جەماوەری دانیشتوان، جەماوەری خەڵک، ئەم شارەزاییەیان نییە. خۆشبەختانە لە دڵی ئەم شۆڕشەدا، لە ڕووی هۆشیاری جەماوەرییەوە، کۆمەڵگا بەم ئاراستەیە دەڕوات.
سەیرکەن هەموو شۆڕشێک، بەپێی پێناسە، هەلومەرجی لەبار بۆ کۆمۆنیستەکان دروست دەکات. تەنانەت لە شۆڕشی ١٣٥٧یشدا، گروپە کۆمۆنیستەکانی وەک چریکە فیداییەکانی خەڵک ، هەرچەندە لە ١٠ کەس زیاتر نەبوون کە لە زیندان ئازاد بکرێن، بەڵام توانیان خۆپیشاندانی جەماوەری ڕێکبخەن. بەم مانایە شۆڕش چەپ گەورە دەکات و لەسەر شانی بەرزی دەکاتەوە. لە شێوازی سەرەتاییدا ئەمە بۆ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریش ڕاستە کە دەیان ساڵە خەبات بۆ پێکهێنانی شۆڕش دەکات. بۆیە پێویستە بگوترێ حزبی ئێمە لە ڕوانگەی بابەتیی و کۆمەڵایەتییەوە هەڵوێستێکی زۆر لەباری هەیە. بەڵام دەبێت وا لە جەماوەری خەڵک بکەین ئەمە ببینن و حیزب بناسن. هەڵوێستی حیزب ببینن و بتوانن بەناوی خۆیانەوە هەڵیبژێرن. هێشتا زۆر شتمان ماوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. ئێمە هێشتا لەو خاڵەدا نین. شۆڕش هێشتا گەنجە، دەتوانین بڵێین، دەبێت هەوڵبدەین بە هەمان ئاراستەدا بەرەو پێشەوە بچین.
لە سەردەمێکدا پێموایە ئەوە لە سمیناری “ئایا دەکرێت کۆمۆنیزم لە ئێران سەربکەوێت” بوو کە مەنسور حیکمەت ڕایگەیاند کە هەر ئەوەندە بەسە کە شەش مانگ بارودۆخی چالاکی سیاسی ئازاد دەستەبەربکرێت،هەر ئەوەندە بەسە ڕێگە بدرێت حزبەکان بە ئازادی کاربکەن هەتا خەڵک ئێمە هەڵیبژێرێت. ئەمە تا ئەمڕۆش ڕاستە. ئێمە هێشتا لە ئێران ئەو هەلومەرجەمان نییە، ڕژێم سەرکوت دەکات، هەڵسوڕاوی حیزب ناتوانێت خۆی بناسێنێت و ناچارە نکۆڵی لە ناسنامەی حیزبیی خۆی بکات. ڕابەری کردەیی و مەیدانی کۆمۆنیست هێشتا زۆرتر شاراوەن. بەڵام ئەگەر ئەم هەلومەرجانە بگۆڕدرێن و هاوسەنگی هێز بگاتە ئاستێک کە حزبەکان بتوانن فراوان ببن، پێموایەحزبی ئێمە بەخێرایی دەتوانێت چەند ئەوەندەی ئەمڕۆ هێز کۆبکاتەوە.
ئەوەندەی پەیوەندی بە ئەمڕۆوە هەیە، بەڕای من ئەو بوارانەی کە لاوازی ئێمەن و پێویستە بتوانین بەسەریدا زاڵ بین و چالاکییەکانمان باشتر بکەین، بە بڕوای ئێوە، یەکێکە لە بەکارهێنانی بەرفراوان و گونجاو و چالاکانەی سۆشیال میدیا. حزبی ئێمە لەو ئاستەدا پێشکەوتنی ئەوتۆی لەم بوارەدا بەدەست نەهێناوە کە پێویستە. من ناچمە ناو ئاستەنگە کردەیی و تەکنیکیەکانی ئەم کارە، بەڵکو پێویستە حیزب زۆر چالاکتر بێت لە سۆشیال میدیا و وەک ئامرازی سەرەکی بۆ ڕێکخستنی تۆڕ و هەڵمەتی جەماوەری و هەڵمەتی مەیدانی بەکاری بهێنێت.
خاڵی دواتر ئەوەیە کە حیزب زیاتر وەک ئیدیعاکارێکی دەسەڵاتی سیاسی لە ئاستی ماکرۆدا لە کۆمەڵگادا دەربکەوێت. مەنسوور حیکمەت لە باسی حیزب و کۆمەڵگادا ئاماژە بە خاڵەکانی وەک ئەوەی کە خەڵک دەبێ بوونی حیزب ببینن. دەبێت بوونی حیزب لە هەموو شەقام و هەموو قوتابخانە و زانکۆ و هەموو کارگەیەکدا دیار بێت. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو ئەندامەی حیزب خۆی ئاشکرا بکات، ئەمە هێشتا مومکین نییە، بەڵکو دروشمی حیزب و وتارەکانی حیزب و لافیتە و تراکتی حیزب و نووسینی دیواری حیزب لە هەموو شوێنێکدا دیار بێت و حەلقە و کۆڕی حیزبی و گردبوونەوە لەسەر تۆڕو میدیا کۆمەڵایەتیەکاندا پێکەوە پەیوەندیدار بن و ئەم ئەرکانە ئەنجام بدەن. پێویستە لەم بوارانەدا زیاتر کار بکەین.
لە ئاستی ماکرۆدا ناوەندێکی کارەکانمان لە دەرەوەی وڵاتدایە. پێویستە لە بواری لۆبیکردندا چالاکتر کاربکەین. ئێمە دەمێکە سیاسەتی بایکۆتی کۆماری ئیسلامی بەرەوپێش دەبەین و ئێستا خەریکە ببێتە گوتارێکی گشتی و لە ئەنجامدا هێزەکانی دیکە بەشێکی لێ بەرز دەکەنەوە. ئێمە بایکۆتی تەواوەتی کۆماری ئیسلامیمان دەوێت. لەم ئاڕاستەیەدا پێویستە زنجیرەیەک چالاکیی سەر شەقام و چالاکیی لۆبیکردن بە شێوەیەکی گشتگیرتر و بەردەوامتر لەوە دابنێین کە تا ئێستا کردوومانە.
بەڕای من ئەمانە بوارگەلێکن کە هێشتا بوار ماوە بۆ ئەوەی حزبی ئێمە چالاکتر بێت و باشتر بێت و خاڵە لاوازەکانی داپۆشێت.
١٩\ ٤\ ٢٠٢٣، ٣٠ی فەروەردینی ١٤٠٢




ســڕڕی دارعەصــاکەی “بەشــیر” لە چیدایە؟.. فازیـل شــەوڕۆ

قەت قەت وێزە ی ئەو دارعەصـایەم لەبیر ناچیتەوە، کە ئەفسەرێکی عەرەب، پێش(٦٠) ساڵی ڕەبەق، بە ناهەق، بە بەرچاوی ئەو خەڵک و خوایە، دەیکێشا بەنێوشان و تیرەقەی پشتی باوکمدا. باوکم شیشە ئاسنێکی چەماوەی بەدەستەوە گرتبوو، لە پێش دوکانەکیدا، بە تۆغماغێک دەیەویستی، ڕاستی بکاتەوە، بێئاگا بوو، کە ئەفسەرێکی باڵا، لەسەر لاتەختێکی گازینۆی حەمەگەمیان دانیشتوە، ئەو ئەفسەر ڕەزاقورسەش، ئاماژە بە ئەفسەرێکی یاوەری دەکا، کە ئەو تەق و هۆڕەی باوکم بێدەنگ کا! ئەوەیش دەکەوێتە حەسیرمەیدانکردنی باوکم بە دارعەصـایەکەی دەستی.

دیمەنی دووەمی ئەو دارعەصـا زاڵمە، هەر لەو ساڵەدا ـ کە ١٢ ساڵان بووم، لە هی یەکەم بە ئازارترە: ئەبو عەلی، سەربازێکی قوولەڕەشی گوولەپیاوی پیچم نافرەجا، هاتە پێش گازینۆیەکەی حەمەگەمحانی و بە دارعەصـاکەی دەستی ـ کە دار حەیزەران بوو، ئاماژەی بۆ دینگە بۆیە سوورەکانی بەردەم گازێنۆیەکە کرد و بەسەر حەمەگەمحاندا شێڕاندی:”هەی حـەیـوان، ئەوە بۆ ئەو دینگانەت بە ڕەنگی سوور بۆیە کردوە، هەی کۆنە شـوعی؟” ئەوجا وەک سەگی هار و گورگی برسی، کەوتە دارکاریکردنی حەمەگەمحان، ئەوەی لە گازینۆیەکە بوو، بەسەر کورسی و مێزاندا بازیاندا و هەڵاتن، تا حەمەگەمحان لەهۆشخۆی نەچوو، ئەو نامەردە دەستی لەسەر هەڵنەگرت… دواتر، خەڵک چوون لە لای باقی حەلاق تەنتریۆ و لۆکە و کۆلۆنیایان هێنا، تا برین و زامەکانی ئەو زاتە نیشتیمانپەروەرەی پێ تیمارکەن!

لەگەڵ ئەو تێکهەڵچوون و شەڕوشۆرەی ئەو چەند ڕۆژەی دوایی سوودان، دارعەصـای دەستی ئەفسەرەکان، پرسیارێکیان لە مێشکمدا ئاگر دا: بۆچێ، لە کەلتووری سوودانییەکاندا دارعەصـا هێندە بایەخدارە؟

دارعەصـا، لە کەلتووری خڕ نەتەوەکانی دونیادا، بە درێژایی مێژوو، ، کەم تا زۆر، ڕەنگادانەوەی هەیە. بەڵام ڕەنگدانەوەکەی لە ڕۆژهەڵات تۆخترە و کاریگەرترە، لە ڕۆژهەڵاتیش، لە نێو عەرەبدا، پتر جێگیر و دیار و بەسەنگە، لە نێو عەرەبانیشدا، سوودانییەکان، پلەی یەکەم وەردەگرن لە “کەلتووری دارعەصـا لە ژیانیاندا”، باشە، ئەوە سڕرەکەی لە چ دایە؟

لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناس و ئەنتۆپۆلیژیستەکان، وای بۆ دەچن، کە دارعەصـا، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، دوای بەرد، دووەمین چەکی داهێنراوەی مرۆڤە. بە درێژایی مێژووی دێرینی مرۆڤ و سەردەمەکانی سۆمەری و فیرعەونی و یۆنانی و ڕۆمانییەکان، دارعەصـا نەک هەر پێکە و مەقامی دیاری خۆی هەبووە، بەڵکوو ئامرازێکی دیاریی بەڕێوەچوونی ژیانیش بووە. جا کە ئایینە ئاسمانییەکانیش هاتن، ‌هێندەی دێ ڕۆڵی دارعەصـا بەرزتر نرخێندرا تا گەیشتە پلەی پیرۆزی و تەقدیس کردن. جا بەردەوامیی بایەخی ئەو دارعەصـای، تا ئەم چرکەساتەش لە هەڵكشان دایەو لە تەکنەلۆژیایی ئێستا و ئایندەشدا، پێکەی تازەتر بۆ خۆی تۆمار دەکا ــ ئەمە بۆ خۆی بابەتێکی سەرنجڕاکێشە!
ئێوە، قەت لە خۆتان نەپرسیوە، بۆچی لۆگۆی دەرمانخانە (مارێکە خۆی لە دارعەصـایەک لوول داوە و زاری بەشکردۆتەوە و زمانی دەرهێناوە؟)

بەر لە حەفت سەدە پێش زایین، گریکەکان لەو باوەڕە دابوون کە نەخۆش بە دەرمان و بە سیحر چاک دەبێتەوە. دەرمانەکە ژەهری مارە و دارعەصـایەکەش، ئەو دارعەصـایەیە کە “ئیسکیلابیەوس”ی حەکیمی گریکی بەدەستەوەی گرتوە، بیگەێنێتە جەستەی هەر کەسێکی نەخۆش، یەکسەر چاک دەبێتەوە. یان مارەکەی ئەو، زمانی لە هەر کەسێک بدا، نەخۆشی نامینێ. (بۆ سەردەمی ئێستا ئەمە ئاماژەیە کە هەر دەرمان چارە نییە، لایەنی دەروونیش چارەی دەوێ!)

لە مێژووی کەلتووری نەتەوەکاندا، دارعەصـا، پەیوەستە بە ڕەهەندەکانی کۆمەڵایەتی و ئایینی و باوەڕ و ئەنترۆپۆلۆژی و تەنانەت لایەنی بەرگریی و خەبات و سیاسیش. ئەوەندەی ئەو ئامرازە وەک “رەمز” کاریگەری هەیە، نیو ئەوەندە وەک” چەک” کاریگەری نییە. شتیەڵکارییە دەروونییەکانی هاوچەرخ ئاماژەیەکی ترسناک بۆ دارعەصـا دەکەن و دەڵێن:”ئامرازی دار عەصا، کە داهێنانێکی ئەقڵی مرۆڤە، جیهانێکی هێندە فراوان و واڵای هەیە لە ئەرک و فرمان و بەکارهێنانەکان، خەیاڵدانی مرۆڤ پەی پێنابات و سنوورەکەی بۆ دیاری ناکرێ. دارعەصـا، ئامرازێکی بەهێز و کاریگەرە لەسەر هزر و هەست و هۆش و ئەقڵی مرۆڤ، نابێ وەک بەرچیخ و سەرەڕم و مەترەق سەیر بکرێ، کەسیش نازانێ شێوە و شێوازی ئەو ئامرازە لە ئایندەدا چی لێبەسەر دێ و چۆن دەبێ. دارعەصـا ئەستونگی شارستانیەتیی مرۆڤایەتییە.”

لە مۆزەخانەکانی میسردا، بۆ نموونە، پەیکەری دەیان خوداوەند و مەلیک و شاژن دەبینی کە جۆرەها دارعەصـایان بەدەستەوەیە و هەر یەکەی هەڵگری مانا و دەلالەت و ڕەمزی خۆیەتی. دارعەصـاکەی “مەلیک نارمر” کە نەقیزەی بەسەرەوەیە، ڕەمزی سزا و عیقابە بۆ ناحەز و نەیارانی. ئەو دارعەصـایانەی لە شێوەی هیلال چەماوەنەتەوە، ڕەمزە بۆ ئەبەدیەتی خوداوەندەکانیان. ئەو کاهینانەی مشتەی دەستیشیان خسووەتە سەر دارعەصـاکانیان، دەیانەوەی بڵێن، هێز و دەسەڵات هەر هێ ئێمەیە. خۆ دارعەصـاکەی دەستی “تووت ئاموون” ئاڵتوونی خاڵسە. ئەو دارعەصـایانەش یەکەم ئامرازی کاتژمێری خۆر و سێبەر بوون لە میسری دێریندا.

لە تەوڕاتدا دارعەصـای هاڕون، وەک ڕەمزی هێز و دەسەڵات ئاماژەی پێدراوە. لە ئینجیلدا (٤) دارعەصـا هەیە، دارعەصـا موسا، بەناوبانگرتین دارعەصـایە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. لە قورئانی پیرۆزیشدا لە (١٣) ئایەتدا، ئاماژە بە دارعەصـا کراوە کە چەندان ئاماژەی مێژوویی و ئایینی و عیبرەت و ئیعجازی تێدایە ــ کە زۆر ڕاڤە و تەفسیریان بۆ کراوە.

مرۆڤ. دارعەصـای بەکارهێناوە، وەک چەک، وەک گۆپاڵ بۆ ڕۆیشتن، وەک بەرچیغ بۆ چەقاندن بۆ چەندان مەبەست، بۆ شت ڕاگرتن، شت هەڵواسین، بۆ ڕاو و شکار، وەک ڕم، لە شوانکاری و گاوانیدا، بۆ دارکاریکردن و ئەشکەنجەدان، بۆ بەرگریکردن، بۆ مارکووشتن و زیندەوەر کووشتن، لە شایی و هەڵپەرکیدا، لە یاری و چەندان جۆرە وەرزشدا، بۆ کۆڵ هەڵگرتن، نانکردن، دار ڕنین، سەوڵ لێدان، کووتان و پەڕەکردن، سەهۆڵ شکاندن، بۆ شەموولە، بۆ مەبەستی جیا جیا لە کاتی وتار خوێندنەوە بۆ جەماوەر، لە جیاتی شمشێرێش لە زیکر و تەهلیلەدا حزووری هەبووە… تاد.

لە سەدەکانی ناوەندا، لە ڕۆژاوادا، خوداپێداوەکان، پۆشاکە جوان و بەنرخەکانیان بەبی داردەستێکی گرانبەها ناتەواو بوو، وەک ڕەمزی هەبوون و دەسەڵات.

با ئێستا بگەڕینەوە سەر پرسیارەکەی ناونیشانەکە: ســڕڕی دارعەصــای دەستی ئەفسەرەکانی سوودان لە چیدایە؟”

لە گەڕان و تۆێژینەودا، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، دەگەینە ئەو ئاکامە، کە جگە لەو شتانەی لەسەرەوە دەربارەی بایەخی دارعەصـا ئاماژەمان پێکردوە، دەبینین لە لای سوودانییەکان، دارعەصـا پیرۆزییەکی یەکجار مەزنی مێژوویی هەیە، بەوەی کە سەدان ساڵە سۆفییە تەریقەتدارەکانی ئەو وڵاتە، لە شێخ و مورید و هەوادارەکانیان، دارعەصـایان، وەک ڕەمزێکی دارعەصـای مۆسا، لە زیکر و تەهلیلە و کۆر و گۆبەندەکانیاندا هەڵگرتوە و لە دەستیاندا بووە و جۆرەها جوولەی ئاماژەداری تایبەتیان پێ ئەنجامداوە. کە بە زاراوەی خۆیان پێیان دەڵێن (العرضة). بڕوانن، لە وێنەی شێخەکانیاندا، بە شیخە سیاسیەکانیشانەوە، هەمیشە دارعەصـایان لەدەست دایە. خۆ دارعەصـایەکەی صادق ئەل مهدي، ناوبانگی هەیە! جەعفەر نمێریش ـ سەرۆکی پێش پێشووتری سوودان، پەیوەندیی ڕۆحی لەگەل شێخەکانی سۆفی هەبووە، هەمیشە سەردانی دەکردن لە ولایەتەکانی باشووردا و دارعەصـاکەی دەستی ئەو دیاریی “شێخ خاتمی سوودانی” بوو و پێگوتبوو، هەر کاتێ ئەو دارعەصـایەت لە دەست نەما، حوکومرانیت لە دەستدا نامینێ.

خاڵی دووەەم، بەدرێژایی مێژوو، سوودانییەکان لە ڕاپەرین و یاخیبوون و خۆپێشاندانەکانیاندا دژ بە داگیرکەران، زۆر بەدەگمەن هانایان بۆ چەک بردوە، ئەوان هەمیشە بە دارعەصـاوە، وەک هێز و ڕەمز و پیرۆزییەکی خوداوەندی، هاتوونەتە مەیدان و خەباتیان کردوە. بەوەش سوودانییەکان بە ئاشتیخوازترین کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی ناسراون کە دژی توند و تیژی و کووشتن و بڕینن، تەنانەت لە کاتی داوەکردنی هەقی خۆشیان.
کاتێک عومەر بەشیر، بە خۆی و دارعەصـاکەی دەستییەوە، دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەو دارعەصـایە، کە لە هەموو شوێنێک هەر بە دەستیەوە بوو، کێشەی گەورەی بۆ درووست کرد. هەرچەندە دارعەصـاکەی ئەوەیش دیاری شێخانی سۆفی بوو بەڵام، یاوەرەکانی کە سەربە “بزووتنەوەی ئیسلامی” بوون، فەتوایان دەرکرد، کە جائیز نییە بەشیر ئەو دارعەصـایە بەدەستە بگرێ چونکە شتێکی “بدعەیە”. بەڵام بەشیر ئامادە نەبوو دارعەصـاکەی فڕی بدا و گوتی من وەک ڕەمزێکی فۆلکلۆری خێلەکەی خۆم لە شاری (شندی) بەدەستەوەی دەگرم کە لە باکووری سوودان ئەو کەلتوورەیان هەیە و پارستوویانە و لە شایی و هەڵپەڕکێدا بە دەستەوەی دەگرن. جا دارعەصـاکەی بەشیر لە دار ئەبەنووس درووستکراوە، کە گرانترین جۆری دارە. تا ئێستاش لە زینداندا، ئەو دارعەصـاکەی هەر پێیە.

بەشیر لە هەڕەشەکردنی دانیشتووانی کردفان لە باشوور، ئەو دارعەصـاییەی لێ ڕاوەشاندن، کە چووە پۆرتسوودان، گوتی بەو دارعەصـایە، ئاو و ئاودێریتان بۆ دەهێنم. لە کاتی هەڵسانی فڕۆکە جەنگییەکانی بۆ بۆمبارنکردنی دافۆر، دارعەصـاکەی ڕادوەشاند. لە کاتی وتاردانیشدا بۆ جەماوەر، ئاماژەی بە دارعەصـایەکەی دەکرد و دەتگوت:” ئەوە بۆ ئەڵڵایە و هی ئەڵڵایە، بۆ دونیا نییە، کار و خەباتی ئێمە!”

وا ئیمڕۆ، هەمان دارعەصـای “بەشیرەکان” لە دەستی ئەفسەرەکانی سوودان دەبینین، کە ئەوانیش ڕایاندەوەشێن و دەڵێن، ئەو شەڕەمان لە پێناو بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی سوودانە” هەرچەند گرمەی بۆمبا و زرمەی تۆپ و شریقەی دۆشکە و قرمژنی ڕەشاش و کلاشنکۆفەکان، شتێکی دیکە دەڵێن، کە زۆر جیاوازە لە وێزە وێزی دارعەصـاکانی نێو دەستیان!




(ئەگەر ڕاستی بیانکوژێت، با بمرن.)*.. شوان شەفیق

چەپکێك گریانم بە لێومدا هەڵواسیووە
تنۆک تنۆک پێکەنین ڕەنگی دەکێشێ!

ڕێژەیەکی نەگۆڕە درۆی
پیا هەڵدان و ستایشکردن،
شوێنێک بۆ ناساندنم نابینم
کە تاوانم نییە گەمژە نامناسێت!
لەسەر پێم جارێ وەستاوم بێ باکم.

پێت بڵێم زویر بە کەی کێشەمە
ئەوێ ڕۆژێ، مەلۆتکە بووی
هێلکەی پیسی مریشکی کڕ بووی
بێ بەرهەم بووی
ئەدی ئێستا بوونت چییە!
ناشێ پێت وابێ گەورە بووی؟

ئەمەوێ
لە ساتی میزڵدانی فوو تێکراو
لە هاوکێشە لاسەنگەکان
لە کێشی بێ کێشان
بگەم؟

دەنگی
دەلاقەیەک شك دەبەم
وا
بۆی دەرۆم
دەڕۆم ڕێگا دەبڕم
بەرەو کێڵگەکەی “ڤینزن”
تەماشایەك دەکەم!
پرتە و بۆڵەی ئاژەڵەکان توورەم دەکەن.

دەبینم
یەکسم هاتە ناو گایەل
دیسان
گەورستان پڕە لە بێ جێگەیی
کاتێک سەردانی کێڵگەم کرد.
چما نەتاسام بەو وێنانە
چیم نەدی!
دیسان سەگەکان حەپەیان دێ
ئێسقان لەکوێ بێنم؟
دیسان درۆ پەخش دەکرێ
ئاقڵی بەهۆش لە کوێ بێنم؟
دیسان پەنجەکان هەڵوەرین
دەستی دەستکرد لەکوێ بێنم؟
دیسان زەڕین بۆتە ئاواز
دەنگی زوڕنا لەکوێ بێنم؟

لە پاش پشوو
مریشکی لە هێلکە چوو
ڕقینەی دەکرد.
جاشوولکە زەرینی لەبار چوو
گۆرانی دەگووت!
گوورپە
مانیی لە مڕمیاو گرت دەیزریکاند!
مام ڕیویش
کەروێشک دەیخەڵەتاند!
لەم دیمەنانە سەرمسوڕما، واقموڕما.

جگەرەیەکم پێ کرد
ئاڤڕم لە پووش بەردا
ڕەژی کەوتە گۆ وتی:
(بە من دەڵێن ڕەش: ڕووی منتان سپیکردووە)
کێتان درۆی نەکردووە؟

دکتۆری نەخۆش
پارێزەری تاوانبار
مامۆستای نەخوێندەوار
فەریکە شاغیری بێ پێناس
نووسەری ماستاوچی
سیاسی کاولکار!
چیتان نەکرد؟

قیر هەڵی دایە گۆتی:
لەوەتەی قیرم ئەز فەقیرم
ئێوە سیماتان لە من تۆختر
تازە سپی نابێتەوە
ناپەرژێنە سەر خۆتان!
ئێوەی مرۆڤ
بۆ تاوانبارم دەکەن؟
لە کاتێکدا:
(پارە لەکوێ بێ لەو لایەن!
شەهامەتتان بۆ کاغەزە
دکتۆراتان بۆ نەفەسە
پسپۆریتان ماستاوکردن
زمانیشتان وەک سابوون لووسە)

(*) ئیمانوێل کانت
۱٥/۷/۲٠۲۱




یەکەمین پەیامی دوای سەرهەڵگرتن.. ستیڤان شەمزینی

پێشکەشە بە هاوڕێ خوێڕییەکانی دوێنێم

ئێوە دەتوانن
لە شارەکەم خانەبەدەرم بکەن
دەتوانن
رۆژنامە و گۆڤارەکانم لێ کڵۆم بدەن
مۆڵەت نەدەن
بە چاپی کتێبە یاخییەکانم
دەتوانن زۆر شت بکەن
لە نیشتمان وەدەرم بنێن
دەتوانن بەیاننامەی چاوشۆڕ
لە دژم دەربکەن
بێنە ناو سیمینارەکانمەوە
بە جڕت لێدان
رەوشتی خۆتان دەربخەن
دەتوانن تی ئێن تی
بخەنە ژێر پێی نووسینەکانم
گاڵتە بە ئەزموونی ئەدەبیم بکەن و
بەسەر لاپەڕەکاندا بڕشێنەوە
ئەوەی ناتوانن بیکەن
زۆر زۆرن
ناتوانن نیشتمان
لە مندا دەرکێشن
ناتوانن زمانم
لە دەمی شیعردا ببڕن
بێ منەتم
لە هەموو شا و سەرۆکەکان
لە نووسەرانی دەربار
لە قەڵەموەشێنەکانی زەلکاو
لە رەخنەگرە زومبییەکان
لەو دەزگا سیخوڕییانەی
ژەهر دەخەنە پیاڵەی شوهرەتمەوە
بێ منەتم
لە هەموو بارودۆخەکاندا
لەو کاتەی ئێوە لاقەی جوانی دەکەن
لەو کاتەی خۆتان هەڕاج دەکەن و
بەهاتان دەبێتە چەند درهەمێک
لەو کاتەی ئێوە
لە باوەشی سۆزانییەکاندا دەخەون
لەو کاتەی چەوریی پارە
بە شەویلگەتاندا دێتە خوارەوە
لەو کاتەی بە پاڵەپەستۆ
خۆتان دەکەن
بە کۆشکی میرەکانی نەوتدا
لەو کاتەی ئێوە نووستوون و
خەونی گەڕیی
بە ژیانی بۆرژوازانەوە دەبینن
شیعر دڵۆپ دڵۆپ
دەچۆڕێتە نێو پێنووسەکەمەوە

پایزی 2013
فەڕەنسا – پاریس

ئەم دەقە حکایەتێکی خۆی لە پشتە، بە خەیاڵکردنی واقیعێکی تفتە. ئەم تێکستە ریالیستە، هەردەبوو بەو فۆرمە ریالیتەیە مامەڵە لەگەڵ ئەو گروپە تیرۆرستە فیکرییە بکەم، خۆیان وەک ڤۆڵتێری کوردیی و پارێزەری ئازادیی بیروڕا مانیفێست دەکەن، کەچی ویستیان وشە بە وشەی بۆچوونەکانم لە سێدارە بدەن و لە رووی مەعنەوییەوە تیرۆریان کردم. ناچاربووم دوای هەشت ساڵ دووبارە جانتای سەفەری مەنفا بکەمەوە شان.




پارچه پەخشان/ یاد نامە.. هێدی گەڵاڵی

پاش دوورکەوتنەوەیەکی مەودا فراوانی من و تۆ ؛
هێشتا خۆشەویستیم بۆ تۆ بە موتوربەکراوی ماوەتەوە..
هێشتا بیرەوەری ساڵانی تەمەنی بەسەرچوومان وەک درەختێکی هەمیشە سەوز لە کێڵگەی دڵدا ڕەگی داکوتاوە…
هێشتا ڕێی ئەڤینداریمان شوێن پێی تۆی پێوە دیارە لە هەر کوێیەک لە هەر سوچێکی ئەم دنیایە بیت شێوەت ئەکەم!!
لە قەد دیواری ژووری دەرووندا وێنەت هەڵواسراوە و هەموو چرکەساتێک سیمات دەبینم …
کە سەیری ئاوێنەی ڕاڕەوی ژووری میوان دەکەم ڕوخساری گەش و کوڵمەی ئاڵی ئەوسات بەدی دەکەم و چاوە گەشەکانت دەبینم..
خەندەی لێو و ددانی ورد و قژی خاو و گۆنای گەشت دەبینم…
ئەو ساتانە نەک هەر هەستەکانم تەنانەت نەست و بێ ئاگایشم بە ئاگا دێتەوە و روح و ناخیشت دەبینم‌…
ئێستاش دڵخۆشیم بەوە دەدەمەوە کە تۆ لە ژێر هەمان ئەو ئاسمانەی کە لێتەوە نزیکم…
وەک یەک سەیری هەمان مانگ و ئەستێرەکان دەکەین …
بەقەد نزیکیەوە لە یەکتر دوورین، بەڵام نزیکیشین!!
نزیکین هێندەی نێوان روح و جەستە ..
نزیکین هێندەی چاو و سۆمای بینین…
نزیکین هێندەی ترپەکانی دڵ و هەناسەمان…،بەڵام گیانە
لەگەڵ هەڵکشان و ڕۆچونی تەمەندا؛
چیرۆک و دیرۆکی ڕۆژانەی عەشقمان لە پەڕاوی یاد و ساڵنامەی خۆشەویستیماندا نوسراوەتەوە..
یادگاریەکان ، بیرەوەریەکان ، قسە خۆشەکان، ناز و عیشوە و تەنانەت زویربوونەکانیشت لە بیرەوەری یادەکانم ئەلبووم و ئەڕشیف بووەو لە هزر و ئەندێشەم هەڵگیراوە و ڕۆژانەش بە یادی جارانەوە بە چاوی دڵ سەیری ئەو ئەلبوم و ساڵنامەیە دەکەم کە تەواوی ڕۆژ و مانگ و ساڵانی خۆشەویستیمان تێدا تۆمار کراوە. بەڵێ گیانە تۆ بووی بە بەشێک لە یاد و بیروەری هەموو قۆناغ و وێستگەکانی ژیانم !!!

هێدی گەڵاڵی




سیمپۆزیۆمی (چەمکی رەهەند لە دیسیپلینە جیاوازەکاندا)

سیمپۆزیۆمی (چەمکی رەهەند لە دیسیپلینە جیاوازەکاندا) سازدەکەین، رۆژی هەینی، کات 5 ی ئێوارە،28/4 ، لە هۆتێلی هایکریست، لە سلێمانی، بەکرەجۆ…
ئەم چەمکە لە چەند بوارێکی زانستیی جیادا راڤەدەکەین(فیزیک، ماتماتیک، تەلارسازی، جیۆلۆجی، بایۆلۆجی، مرۆڤناسی، دەروونناسی، هونەر، فەلسەفە)…هیوادارم ئامادەبن.




چەند کورتە شیعر.. زانا_کوردستانی*

(۱)
خوێندنی شێعر له
دایکم فێر بووم
کاتێ که شه‌وگاران
ته‌نیایی خۆی
به گریان له سه‌ر ئه‌کرد.

(۲)
دە‌بێ ئه‌ویندار ببین وُ
ئه‌ویناداریش بمێنین
بێ چە‌تر و باران
کۆێسانە‌کانێ کۆردستان
گۆڤاهی منن!.

(۳)
دڵته‌نگی
مِردنێ یه‌کجاری داپیرە
ئەوەندە تاڵ بوو بۆ ئێمه
ئە‌وە‌ندە‌یش کۆژنە بوو
ـ بۆ باپیر…

(۴)
بیرم زەویێکی چوڵە،
رێنەکانیش،
لە نێوانما نالەوڕیێن.

(۵)
پێکەنینەکانت لە نێو ئەو غوربەتە
لە دەستم دەرچون،
چەپەر هەموو ڕووژێک لێرەوا دەڕوا
خۆزگا کۆرتە نامەیێک، بنێری.

(۶)
بە فرمێسک
زەوی چاوەڕوانی تێرئاو کردم.
درونی کەید
وادەی ژوانمان.

(۷)
کورپەێ خەێاڵم،
لەت لەت کردوتە.
(کەفتار)
ناوی دیکەی تەنیاییە!

(۸)
لەیلاکم
کە بوو بە پایز
تۆ هەنارەکان بچنەو
بووم بێرا…
دەمەوەێ شەوگاری درێژی پایز
هاوڕێ بوونی دەسەکانی تۆ بم
هەتا گەیشتن بە بەێانی
هەنار تەنانەت بەڵمەێکە…

(۹)
داری ئۆمرم،
برینێکی قووڵ لەپێێە
لە دەس تەوری تەنیایی

(۱۰)
دەلاقەکان لێک کەوا
هەتا بۆنت
شار و شەقام لەبەر بگرێت و
قۆرتانن لە بیری جیهان ببات

  • زانا_کوردستانی شاعیر و نووسەری ئیرانی لە شاری بروجرد لە پاریزگای لۆرستان



هیچ.. شوان عەباس بەدری

خاڵی کۆتایی ئەم شارە
وێستگەیەکی شەمەندەفەرە و دارێکی ڕووتەڵە و تەنیا
پیاسەی سەر شەقام و پارکەکانی تەژین لە هیچ و
مرۆکانی تۆپەڵێ مردوون
کە لە سیما و ناخیان هیچ ئەبارێ
هیچ لەم شارە هەموو قوژبنێکی
تەنیوە و
لە باڕ و شەوانی پێنج شەمان و هەینی و شەمەدا
پێکی ویسکی و ڤۆدکا و پەرداخی بیرە لە یەک ئەدرێ و
دوو دوو سێ سێ و چوار چوار
هەموومان بە خۆشی ژیانە هیچەکەی ناو شارەکەمان
پێکەکانمان بەرز ئەکەینەوە و ماچی پەرداخە پڕ لە مەستیەکەی سەر لێوەکانمان ئەکەین !
شارەکەمان پڕە لە نەورسی کەنار دەریا و
دەریایەک بە فراوانی هیچیەکەی
و
ئەو گەشتیارانەی لە تاو هیچی
ژیانی ناو شارەکانیان
وەک کۆمەڵێ داهۆڵی چەرمەسەر
ڕژاونەتە ناوی تا لە ناو ئامێزی خۆشیە وەهم ئاساکەی
لە سەر لمی کەنار دەریاکە
تاوێ خۆیان بدەنە بەر تیشکی هەتاو و
کچان و ژنان بە بێ زوخمە
مەمکی خۆیان وەک پیرۆزترین
دەستکردی خاڵق
بە بەرچاومانەوە بلەرزێنن و
دوای ئەوە لە ناو شەپۆلەکانی دەستێکی نادیار و نەناسراوا
وون ببن !
دووشەمان و چوارشەمانی ئەم
شارە ڕۆژی ئەشکەنجەدانی ڕۆح و دەروونە
سۆسیال وەک هەژدیهایەکی تووڕە و برسی لە سەر کورسی
دانپیانان ئەتبەستێت و
تۆش هەر وەکو جوجەڵەیەکی بێکەس
ئەبێ
بە دەم شەتەکە ڕۆحیە بێ کۆتاکان بزە بکەی و بە ناخێکی پڕ لە هیچی
ئیمزا لە سەر
قەواڵەی کۆیلەبوونی خۆت بکەی !
لێرە سەگەکان زیاتر خۆشیان ئەوی و
مرۆکانی شارەکەشمان گوێڕایەڵی سەگەکانیانن !
سەگەکان هیچ نین
سەگەکان بەختەوەرن و
خاوەنەکانیان ئیرەییان پێ ئەبەن و
کردوویانن بە هاوڕێ و هاودەمی
تەنیایی و ساتە هیچەکانیان !
پێری بوو ماریا
خۆی هەڵواسی و ئیمرۆ لە بەرچاوانما
بە ئوتۆمبێلێک بە ناو شارا ئەیانسوڕان و
دوو ئوتۆمبیلی ماندووش
بە دوایا ئەڕۆیشتن و
ڕۆحی هەر وەک ئەو دەمەی زیندووبوو باوەشێکی تووندی پیا کردم و
ماچێک و لەو دیو شەقامەکەوە
هاوڕێکانی بینی و
دەستی کرد بە پێکەنینێکی شێتانە بە هیچی شار و دێ و دەرکردنی لەسەر کار و جەستە !
منیش جگەرەکەم بۆ کچێکی 25 ساڵەی
پێرێ مردوو دایە دەست چەخماخەی ئاگرێک و سییەکانم پڕ کرد لە هیچ !

شارەکەمان پڕە لە کۆچەری
کاڵاس
کە بە ئومێدی بڕینی شەپول
بگەنە سەرزەمینەکەی ئەو دیو دەریا
غافڵ لەوەی ئەوێش هەر وەک
نیشتمان و کۆڵەپشتی سەفەر و
ملی ڕێگە
جامێکە پڕە لە هیچی !
ئێمە هەموومان
کۆمەڵێ بەندی داهۆڵ ئاسای
بێ دەرەتانین
کە تەنها
بۆ سەما لەسەر وەتەرەکانی
هیچی
خەڵق کراوین !

((de panne, بەلجیکا ))

‌ زستانی 2015




ئێوارانە ٢٩.. سەردار جاف

ئێوارەيەک
فرمێسکەکانی ميوانداری
خۆيان بە قەف قەفی دووکەڵی سيگارەکەما هەڵشاخان و
لێم ئاڵان
پەرژينەکانی ژوان پڕپڕن لە پێکەنين
بە بارتەقای دار چنارەکان
باڵاييەکی شەهلایی پەلکەزێڕينەيە و
بە سەر هەوریی شان و ملا دێتە خوارەوە
لە بن ساباتێ لەنگەر دەگرێ
بە من نامۆ نييە
دوو هێزی يەقينين
دێن و ئەم بە کراسێ مۆرەوە هەڵوەدای خۆ شاردنەوەيە
شەوم لێوڕێژ دەکەن لە بوخورد و بارووت و گەنين
پەلکی عەيشێ سەرە رێم پێدەگرێ
بە کراسێ شۆڕەوە قوڕوليتاوی گەڕەک دەشێلێ
زريانێ لە تەمتومان دەخزێنێتە جێم
حەوسەڵەی دابڕانێکی ديم دادەخورپێنێ
غەزەلەکانی رازم بە نێو دووکەڵی خەمەکانم تەی دەکەن
ئەم ديوەخانی خۆش مەشرەبييە تا دێ گەرمتر دەبێ
ئەوک و بينەقاقام تەنگ بوون
ئەمانە نوشتەيەکی سيحرئامێزن لە جامی چاويلکەکەما گەمە دەکەن
نها ياخی بوونی يارم بۆ ناوترێ و نانووسرێ
ئەم ئێوارە
بە نيازی باران و گوڵێ بووم لێم هەڵبێ
کەچی گێژەڵوکە
مانگگيرانی هەر لە زەردەپەڕەوە نيشاندام
پێدەچێ قامکەکانم ئيدی بسکەکانی نەگرێ
بارانێ بە خوڕ
بە روومەتی وێنای تيروکەوانەکە دادەکا
گوڵ جوانی خۆی پەخشی نێو قوتوبەندە کريستاڵييەکە دەکا
گەڵا و سمۆرە پێکەوە بۆمان دێن و
جار جار گەمەی خۆی تەخش دەکا
خۆڵ بۆنی ئەدرەسەکەی چەمێ گەش دەکا
ناو لەپم دەڵێی بنی کوپە قاوەکەيە و بەختم پێشکەش دەکا
عەيشێ لە بەزمەکانی ئەم ئێوارەی خستين
چەقەچناوەيەکی بەدناوە و ئەو خۆشی دەوێ
کەچی لە پەل و پۆی شەوارەی خستين
عەيشێ هەر لە کراسە مۆرەکەی دەڕوانی و بير لە گەڕانەوەی ماڵەوە ناکا
قسە و رووانين و هێماکانی تۆزاوين
شەرم نايگرێ و
پەنجەرەی نێوانمان بە دەسماڵەوە ناکا
ئەم بارانی لێزمەيە سيخناخی کردووين
ئەو هەر دەڵێ من بێ کەسم
منيش دەڵێم
خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم

ئەڵمانيا
١٧ / ٤ / ٢٠٢٣




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا- 58- شەماڵ بارەوانی

بەشی(٥٨)

حافیزولقورئان و پەپوولەکەی قوتابخانەکەمان، حەیف وای لێ بەسەرهاتووە!

جا مامۆستا سەعدەدین، لەوانەوتنەوەش، خۆی و براکەی(مەلا سەلاحەدین)، دوو مامۆستای زۆر زیرەک بوون. لە میرات مامۆستا سەعدەدین نەبوا فیلمم دەسووتا، مەلایەکی بەتەمەن هەبوو(م. وەرتێ)، وەک لە بەشەکانی پێشووتر باسم لێوەکرد، (شەرحی ڕەحەبییە) و بابەتی میراتی پێ دەووتینەوە، هیچی لێ حاڵی نەدەبووم.
ئەو مەلایە، من و ئەو قەت دۆینمان پێکەوە نەدەکوڵا و خۆشیمان بە چارەی یەکتری نەدەهات و ڕقی یەک دنیامان لێکتری دەبوویەوە !
مەلا سەعدەدین ، کە فەقێکان هەموومان پێمان گوت: هیچ لە بابەتی میرات تێناگەین لەم مەلایە.
دووبارە وانەکەی پێدەگوتینەوە، بەڵام دەیگوت: با ئەو مەلایە پێی نەزانتەوە، کە من، دووبارە وانەکەتان پێ دەڵێمەوە، نەوەک دڵگران و زویر بێت.
براکەیشی وەک ئاماژەم پێ کرد، مامۆستابوو و زۆرجار پێی دەگوتم: تۆ پەپوولەی. چەند فەقێیەکی زۆر عەجووڵ و خراپمان لەگەڵدا بوو، پێی دەگوتن: عەمرتان نەمێنێت، هێندە لەگەڵ شەماڵ دەگەڕێن، هەر هیچ نەبێت، لێی فێری ڕەوشت و میهرەبانی و هێمی بن.
مامۆستا مەلا سەلاحەدین، پێی دەگوتم: شەرم دەکەم سەیرت کەم، فەقێیەکی هێندە بەڕێز و بەئەدەب و بە کەسایەتی و به هەیبەتیت.
ئەو مەلا سەلاحەدینە، خۆیشی پەپوولە بوو، فەقێکان وامان پێ دەگوت. مەلایەکی تا بڵێیت هێمن و میهرەبان بوو. مەلایەک، پڕی لە سۆز و لێبووردەیی و حیکمەت.
دواتر کاتێک ئامادەیی ئیسلامیم تەواو کرد و ڕۆیشتم بۆ زانکۆی سەلاحەددین و کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، ئەویش هات بۆ خوێندنی باڵا و (ماجستێر).
کە منی بینی، چاک و چۆنی و هەواڵپرسینمان کرد، زۆر دڵخۆشبوو و گوتی: مەلا شەماڵ، دەزانیت تۆ فەقێیەکی زۆر بێ ئەمەک و بێ وەفایت؟
ئێمە لە قوتابخانەکەمان سوێندمان بەسەرت دەخوارد و هێندە خۆشمان دەویستی، کەچی تۆ بە تەواوی پەیوەندیت بچڕاند و سەردانمان ناکەیتەوە لە قوتابخانە !
گوتم: مامۆستا ڕاستە، حەقتە گلەیی بکەیت.
دوو ساڵ بەر لەئێستا، پێوەندیم پێوەکرد، بڕوانامەی کەلۆریەکەمم دەویست، بۆ تەعدیل شەهادەی ماجستێرەکەم، دیاربوو تۆزەک نیگەران و دڵگران بوو لێم !
دەیگوت: بیستومەتەوە، گۆراوی، زۆرم پێ ناخۆشە.
مەلا شەماڵەکەی حافیزولقورئان، پەپوولەکەی قوتابخانەکەمان، حەیف وای لێ بەسەرهاتووە !
هەرچەندە هیچ موناقەشەی نەکرد و لەسەر ئەو گۆڕانەفیکرییەی من نەدوا، بەڵام گوتی شەماڵ هێشتاش هەر زۆر خۆشم دەوێیت.
مەلایەکی تریشمان هەبوو، مەلا(م.نۆغەرانی)، لە پۆلی پێنج، ڕۆژەک پێم گوت: مامۆستا بۆچى ناوی من ناڵێیت کاتێک دەڵێیت دەی تۆ بیخوێنەوە!؟ ئەوەم زۆر پێنا ناخۆشە، کە دەڵێیت دەی تۆ.
خۆ تۆ ناوی هەموو فەقێکان دەهێنیت، تەنها من نەبێت !
من ئەوەم وەک جۆرێک لە سووکایەتی و حیساب بۆ نەکردن وەرگرتبوو.
گوتی: ئاخر تۆ پەپوولەی بۆیە. پێکەنی و ئینجا گوتی فەقێى خراپ و تەمەڵ و عەجووڵەکان زۆر زوو ناویان دەزڕێت و ناوەکانیان لەبەر دەکرێت و بەدەر دەکەون، بەڵام فەقێ ئاقڵ و باش و زیرەک و بێدەنگەکانیش هەمیشە درەنگتر، بۆیە ببموورە.




بیر و ڕای” ئەدۆنیس” لەسەر ئیسلام.. ئامادە کردنی: پشکۆ ناکام

( شاعیر و بیرمەندی ناوداری عەرەب ئەدۆنیس لە
چاوپێکەوتنێکیا لەگەڵ بەشی عەرەبی/بی بی سی ،
دەربارەی ئیسلام گفت و گۆی کردوە و لەبەر گرنگی
قسەکانی ئەو پایەبەرزە بە چاکم زانی بیکەم بە
كوردی و ئەمەش دەقەکەیەتی…)
“””””””””””””””””””””””””””””””

بی بی سی: بەڕای تۆ ئیسلام و عەرەب بەرەو کوێ ئەڕۆن؟
ئەدۆنیس: من دەمێکە ووتومە ئێمەی عەرەب لە قۆناغی فەنا و لەناوچووناین ، نەک لە قۆناغی شۆڕش و بونیانان ، ئێمە دەریاچەکین بەرەو ووشک بوون ئەڕوا ، پڕە لە ماسی کە خەریکی یەکتری خواردنن ، یەکێ بە ناوی نەتەوەوە داگیرت ئەکا ، یەکێکی تر بەناوی “ئایین”وە
تەکێکیش بە ناوی خێڵەوە ئەتکوژێ..و..بەوجۆرە ، هیچ ئاسۆیەک لەبەردەمی عەرەبا نیە ، مەگەر تەنیا بە موعجیزەیەک لەم ئاڕاستە مێژوویە دەربچن بەرەو ئاڕاستەیەکی تر ، ئەو ئاڕاستە تازەیە ئەبێ بە یەکجاری و تەواوەتی خۆی لەم” چواردە” سەدەیە داببڕێ و کۆمەڵگایەکی تازە دروست بکا لەسەر بنەمای یاسا ، لەسەر بنەمای سەربەخۆبوونی ژن ، لەسەر بنەمای دروست کردنی تاکی ئازاد و سەربەخۆ ..نەک لەسەر بنەمای خێڵ و عەشیرەت و ئایین و تایەفەگەری..و..لەو بابەتانە.

بی بی سی : كەواتە بەڕای تۆ ئیسلام لە گێژاوایە..؟
ئەدۆنیس : بێگومان لە گێژاوایە ..ئیسلام وەک پەیام لەگەڵ مردنی “محمد” کۆتایی هات، ئەمڕۆ ئیسلام وەک” ئایدۆلۆجیا” ئەجەنگێ ، پەیامەکە نەماوە ، ئیسلام بوە بە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات ،کەواتە پەیامەکە لەگەڵ مردنی پێغەمەر وەک پەیام کۆتایی هات و یەکسەر بوو بە ئایدۆلۆجیا..بوو بە چەک لە پێناوی دەسەڵاتا..هەر لەیەکەم ناکۆکی دوای پێغەمەرەوە گۆڕانکاری ئەم ئایینە بۆ چەک و دەسەڵات چوار خەلیفەی دامەزرێنەر بە کوشتن مردن ، ئەبێ لەبیرمان نەچێ چییان بە “ئومەوییەکان” کرد و چییان بە “عەباسییەکان” کرد و چییان لێ هات..!؟ چۆن دەوڵەتی عوسمانی بۆ چوارسەد ساڵ هاتن وەک ئەوەی هەموو عەرەب بیابان بێ چوارسەد ساڵ حوکمی عەرەبیان کرد .. دەوڵەتێک کە بە هیچ جۆرێ ئەرزشی نەبوە ،تورک کێیە..دەوڵەتی عوسمانی چییە…جگە لە کوشتن و تیرۆر و ئیرهاب و زەبر و زەنگ؟ چۆن بیانبەستمەوە بە ئیسلامەوە..؟ ئیسلام ئەمڕۆ لە ژێر فەرمانڕەوایی ئەوانایە ، چارەسەر چیە ؟ چارەسەر “ئەزهەر” نیە، هەرگیز.
بی بی سی : ڕەنگە هەبێ بڵێ کە ئیسلام وەک ئایینێک یان سیستەمێک بۆ ژیان هێشتا هەیە و ئەتوانێ بەردەوام بێ ،بەڵام گرفتەکە لە هەبوونی تونڕەویی و ئیسلامی جۆربەجۆرە.
ئەدۆنیس: ئێمە هێشتا میللەت و خێڵین و لەسەردەمی داگیر کردن و دەست بەسەراگرتنا
ئەژین ، چەن جارێک ووتومە و ئەیڵێمەوە کە نەچووینەتە قۆناغی دروستکردنی کۆمەڵگای مەدەنی لە ووڵاتانی عەرەبیا ، یەک نمووبەی کۆمەڵگای مەدەنی عەرەبیم پێ بڵێ!
ئێستا ئەزموونی” تونس” لە ئارایایە ، لەگەڵ ئەوەی ئەو ئەزموونە زۆر گرنگە و ئەبێ پشتی بگیرێ ،لەگەڵ ئەوەشا دەوڵەت ئیسلامیە ، ! ئەمە یانی چی ؟ ئەبێ ئیسلام ببێ بە ئایینی “تاک” نەک ئایینی بە کۆمەڵ ،بەبێ ئەوە مەحاڵە هیچ پێشکەوتنێک بکرێ.




کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان .. شاڵاو عەلی

کۆمەڵکوژی بریتییە لە کوشتنی چەندین کەس یان کۆمەڵە کەسێک بەجارێ . قڕکردنی ئەرمەنەکان کە لە ساڵی ‌1915ئەنجامدرا،لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی لە گەرمەی جەنگی یەکەمی جیهانی کەزیاتر لەملیۆن و نیوێک ئەرمەنی کوژرا . یەکەک لەسیایەتە دڕندانەکانی دەوڵەتی عوسمانی کەلەسەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم پلانەکانی ئەنوەر پاشا و تەلعەت پاشا و جەمال پاشا و  دەزگای هەواڵگری عوسمانیەکان و سوپای حەمیدیە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بوو . کۆمەڵکوژی بەرفراوانی ئەرمەنەکان لە ساڵی1915 و 1917 رویدا ،  ئیمپراتۆری عوسمانی توشی کۆمەڵێک شکست بوو ، بەتایبەتی شەرەکانی بەلکان  1912 و 1913  . ترسی لە دڵی سەرکردەکانی ئیتحاد و تەرەقی دروستکرد  لەوەی ئەرمەنیەکان لە زێدی خۆیان لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات بەدوای سەربەخۆیی بگەرێن . کۆمەڵێک بیانویان نایەوە بۆ جینۆسایدکردنیان ، بە فەرمانی تەلعەت پاشا لە ساڵانی 1915 و 1916 نزیکەی هەشت سەت هەزار بۆ ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی رێپێوانی مەرگ کران لە بیابانەکانی سوریا .
ئەوانەی ڕزگاریان بوو ، بڵاوەیان پێکرا بۆ ناو ئۆردۆگاکان .
کۆمەڵکوژیەکە بە چەندین شێواز ئەنجامدرا کە دڕندایەتی تورکەکانی نیشاندەدا و بەشێک لە سەرۆک هۆزە کوردەکانیش بەژداربوون لەو کۆمەڵکوژیە . سەرەتا پیاوەکانیان جیادەکردەوە بەهەندێک بیانوی نابەجێ دواتر بە دڕندانەترین شێوە ئەیانکوشتن . پاشان منداڵەکانیان جیادەکردەوە دەست درێژیان دەکردەسەر ئافرەتەکان یان کچەکانیان بۆخۆیان ئەبرد بەم شێوەیە ئەرمەنەکان بە دڕندانەترین شێوە کۆمەڵکوژکران کە هیچ تاوانێکیان نەبوو تەنانەت بەشێکی زۆریان دڵسۆزی دەوڵەت بوون و پلەی بەرزیان هەبوو . بەڵام بەهۆی جیاوازی ئاین و نەتەوە بوە هۆی لەناوبردنیان .  حکومەتی تورکیا دیپۆرتکردنەوەی ئەرمەنەکانی بە کارێکی رەوا داناوە ، زۆرێک لە دەوڵەتەکان دانیان بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان داناوە لەم دوایانە ئەمریکاش دانینا بەم جینۆسایدە بەڵام حکومەتی تورکیا پێداگری لێ دەکات و دان بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان نانێت ، هەموو هەوڵێکیش بۆناساندی کۆمەڵکوژیەکە لەلایەن تورکیا ڕێگری لێ دەکرێ ، بەڵام دواجار ئەوە تا ئەبەد پەلەیەکی ڕەشە بە مێژووی دەوڵەتی عوسمانی .  دەوڵەتی تورکیا هەمیشە لەکاتی پاکانەکردن بۆ مێژووی خۆی کوردەکان دەکاتە سەبەبی ڕەیسی بۆ ئەم کارە قێزەونە ، بەڵام ئەوە ڕوونە کە کوردیش یەکێک بووە لە نەتەوە مەزڵومەکانی ژێر دەستی تورکەکان ، کەتا ئێستاش بەدەست سیاسەتی ڕەگەز پەرستانەی تورکیا دەناڵێنێ.




ساتمەیەک لەرۆژی رۆژنامەوانیدا.. رەسوڵ بەختیار

ئەو گاڵتەجاڕییەی ئێستا لەئارادایە هیچ پەیوەندی بەرۆژنامەوانییەوە نییە، تەنیا کەسانێک، بوونەتە هەواداری بەرپرسێک، پژمینێکی ئەو دەسەڵاتدارە دەکەن، بەهەواڵ و راپۆرت و ریپۆرتاژ، وێنە و قسە سواوەکان وا جوان دەکەن، هەست دەکەی، ئەمانە لەوڵاتێکی ئەورووپی دەژین، لەرۆژی رۆژنامەگەریش هەر ئەوانە لەلایەن بەرپرس و دەزگا سێبەرەکانیان خەڵات دەکرێن، ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەش بەیەکجاری کارەکەی شێواندووە، یەکێک ساتمەیەک دەکا، هەموو پەیچ و ئەکاونتە ساختەچییەکان دەیکەن بەهەرا، وەک ئەوەی تەنیا لەم دەڤەرە ئەو ساتمەیە لەئارادا بێ.

رۆژنامەوانی و سێبەرەکانی حزبەکان وایان شێواندووە، بەسووپایەکی دکتۆری دەروونی چاک ناکرێ، گەنجان و هەتا پیرەکانیش بەدوای هەڵە ناباوەکانی ئەو لاپەڕانە کەوتوون، بەبێ ئەوەی هیچ کاتێک لەهۆکارەکان بپرسن، کێ لەپشت ئەم هەرا و قەیرانانە دایە، بەڕێوەبەرانی قەیرانەکانیش لەدوورەوە پێکەنینیان دێ، دواتر لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر مێزێک کۆدەبنەوە و چەندین ئاڵایان لەپشتە، دووبارە خەڵک بەهۆکاری کێشەکان دادەنێن.

ئەم چەند دێڕەی سەرەوە تەنیا خستنە رووی  ئەو ساتمانەیە، کە رۆژانە خەڵکی پێوە خەریک دەکەن، دیارە هەر هەموو ئەمانە ناچێتە نێو دووتۆیی رۆژنامەوانییەوە تەنیا بۆ کات بەڕێکردن و بەکاربردنی چەند ویستێکە، تا کێشە گەورەکان لەبیر بچنەوە، خەڵک بەشتی لاوەکی خەریک بکەن.

لێرە لەبەر پەیچ و سایت و سێبەرە ساختەکان توانیان رۆژنامەوانی کاغەز لەناو ببەن، زۆر کەس هەیە دەپرسێ، هەندێکجار ئەوانەی دامەزرێنەری ئەو رۆژنامە و گۆڤارانە بوونە، پرسیاری مانی دەکەن و دەڵێن: ئەرێ ئێستاش دەردەچێ، کێ ماوە، کێ وتار و بابەتە ئەدەبی و رۆژنامەوانییەکان دەنووسێ، وەکجاران جۆش و خرۆش بۆ نیشتمان و خاک و پەروەردە و خوێندن هەیە.

هەر خۆی وەڵام دەداتەوە، بێگومان نەخیر هیچ شتێک لەباری خۆیدا نەماوە، چونکە چاوەشەکان هەموو شتێکیان لەبار برد.

رۆژنامەوانی کوردستان تا ئەو کاتەی هیز و تاقەتی هەبوو بۆ خوێنەران دەیتوانی پەیامە جوانەکان بخاتە روو، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی رۆژنامە و گۆڤارەکان لەوکات حزبی بوون، بەڵام رەنگدانەوەی حزبەکانی زۆر بەکەمی لەسەر دیار بوو، تەنیا ئەوە نەبێ لەیادەکان ئەوە رەنگیدەدایەوە، بەڵام لەکۆتایدا گۆڤار و رۆژنامەکان پەیامەکانیان بۆ رۆشنبیری و بیری ئازاد بوو.

هەر چۆنێک بێ، لەئێستادا هیچ روویەکی رۆژنامەوانی نەماوە تەنیا لاپەڕە دیجیتاڵە سێبەرەکان لەگۆڕەپانەکەدان، کاتێک هەواڵیان نامێنێ باس لەسوود و زیانەکانی سیر و پیاز دەکەن.

رۆژنامەوانی کوردی یان کوردستان، وەک وەڵات و نەتەوەکانی دەوروبەرمان مێژوویەکی دوور و درێژیان، هەقە نییە تەنیا تەندابێ بەکەسانی سێبەر و ماستاوچی، لەگەڵ ئەوەی چەندین یاسا هەیە، بەڵام هەموو یاساکان دەرەقەتی ئەو بایە بەهێزەی تەکنەلۆژیا نەهاتن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ناکارابوونی دەزگا چاودێر و سەندیکا و وەزارەتە پەیوەندی دارەکان.

لەتەک ئەوەی خودی رۆژنامەوانی رۆژانە خەسڵەتی خۆی لەدەست دەدا، خوێنەران بەشتی لاوەکی و گاڵتەجاڕی ئینتەرنێت خەریکن، هیچ بەهایەک نابەخشن، هاوکات ئەمە گەورە و بچووک دەگەرێتەوە، دایک و باوک لەناو خێزاندا هەوڵی ئەوە نادا منداڵەکانی رۆژێک لەرۆژان رۆژنامەیەک یان کتێبێک بخوێننەوە، بگرە خۆشیان تاقەتی ئەوەی نییە رۆژانە بۆ چەند ساتێک ساتمەیەک بکا بابەتێک بخوێنیتەوە، دیارە ئەمەش پەروەردەی ئەو چەندین ساڵەیە، هەمووان خۆیان خەریککردووە بەئۆتۆمبێلی جوان و ڤیلا و ئەپارتمانەکان.

ئەم دۆخەی ئێستا پێویستی بەوەیە، بەهەموو لایەک خوێندنەوە بگەڕێنینەوە نێو خەڵکی، تا نەوەکان بزانن رۆژنامەگەری کوردی خاوەن سەروەرییەکی مەزنە، جێگیربوونی زمانی کوردی هەروا لەخۆڕا بەردەوام نەبووە، بەڵکو بەدرێژایی مێژوویی رۆژنامەگەری کوردی قەڵەمە پاکەکان لەپشتەوەی بوونە و هەنگاو بەهەنگاو کردوویانەتە ئەستێرەیەکی درەوشاوە.




شۆڕشی دەرسیم.. غەریبە عەلی

هەروەک ئاشکرایە گەلی کورد ئەزمونێکی خراپی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا هەبووە. هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیا دەستی بە کۆمەڵکوژی و کوشت و بڕکردووە لە کوردستان. کوردیش بە چەندین شێواز دژایەتی ئەو سیاسەتەی تورکیای کردوە بەرەنگاریان بۆتەوە لەرێگەی شۆرش و ڕاپەرینەوە ، بەنمونە شۆرشی “شێخ سەعیدی پیران” و “شۆرشی ئارارات “پاشان “شۆرشی دێرسم” و چەندین شێوازو چاڵاکی جۆراو جۆریان ئەنجامداوە لەڕووبەڕو بوونەوەی ئەو سیاسەتە داپڵۆسێنەرەی تورکەکان.یەکێک لەو ناوچە کوردیانە کە سەرسەختانە دژی ئەو کردارە فاشیانەی تورکە کەمالیەکان وەستاوەتەوە “دێرسیم ” ئەم ناوچەیە هەر لەزووەوە سەربەخۆیی خۆی پاراستووە، تەنانەت لە سەردەمی عوسمانییەکاندا ماوەیەک بە ویلایەتی (کوردستان) ناودەبرا.

دوای جەنگی یەکەمی جیهانیش خەڵکی هەرێمەکە بۆ بە دەستهێنانی سەربەخۆیی و ئازادبوون ڕاپەڕینێکیان دژی کەمالییەکان بە ناوی ڕاپەڕینی (کۆچگیری)ـیەوە بەرپاکرد. لەسەرەتادا بەشێوازێکی ئاشتیانە داوای پێشکەش بە بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا کردوە ، ئەمەش لەڕێگای نامەو ناردنی پەیام . “سەید ڕەزا” بۆ ئەوەی ناوچەکە لە شەڕ دوربخاتەوە چەندین نامەی بۆ ئالب دۆغان نارد، تەنانەت کورەکەی خۆشی نارد بەڵام بە فرت و فێڵ گرتیان و کوشتیان. شۆرشەکە لە زستانی 1937 دەستی پێکرد ، سەرەتا شۆرشگێران چەندین سەرکەوتنی گەورەیان بەدەست هێنا ، بۆیە حکومەتی تورکیا هێزێکی یەکجار زۆری رەوانەی ناوچەکە کردووە. تەنانەت سەرۆک وەزیران “عیسمەت ئینۆنۆ” خۆی سەرکردایەتی سوپای گرتە دەست ، سەرەتا بە بیانووی خۆحەشاردانی شۆرشگێران چەندین گوند و کێڵگە و دارستانی دێرسیمی ئاگر تێبەردا. پاشان شەری قورسی نا هاوتا لەلایەن هەردوولا روویدا. کوردەکان ئازایانە بەرگریان کرد بەڵام بەهۆی لاسەنگی هێز و چەک و تەقەمەنی شکستیان هێنا.
تەنانەت سەید ڕەزا لە شەڕێک کە خۆی تەمەنی 75 ساڵ بوو بەسەختی بریندار بوو ، زستانی 1937 زۆر سەخت بوو ، شۆرشگێران ئازوقەو تەقەمەنیان زۆرکەم ببوو ، خەڵکێکی زۆر ئاوارەو دەربەدەر ببون. لەوکاتەدا ئالب دۆغان نامەیەک بۆ سەید رەزا دەنێرێ بە ناوی حکومەتی تورکیا ئامادەیی بۆ گفتوگۆ دەربری ، سەید رەزا چوە شاری ئەرزنجان لەو پەری باکوری کوردستان یەکسەر دەست گیریان کرد دوای دادگایەکی روکەشانە خۆی و یازدە کەس لە هاورێکانی لە سێدارەدران.

دەوڵەتی تورکیا بەتەواوی ڕەچاوی پاکتاوی نەژادی لە هەرێمی دێرسیم کردووە و هەوڵیداوە کورد بسڕێتەوە یان بیانکات بە کەمینەیەکی بێ هێزو لاواز ، چونکە بە سەرکوتکردن نەوستا هەڵستا بە کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد بەشێوازی جۆراو جۆری قرکردن ، کە هەمیشە ئەمە لەتورکیا چاوەڕێ دەکرێ ، تورکیا ئەزمونی زۆریشی هەیە لە کوشت و بڕ بەرامبەر بە کەمە نەتەوەکانی ژێر دەستی خۆی لەڕابردوو ، وەک کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان و پەلامارەکانی بۆ سەرکوردەکان. پاشان خاکەکەی بە تورک بێژا ، سەدان منداڵی بێ دایک و باوک رەوانەی شارە تورکیەکان کرد، بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ دارێژراو کرانە تورک هەموشتێکی خۆیانی لەبیر بردنەوە ، تەنانەت گۆرێکیان بە سەرکردەی سەرهەڵدانەکە ، سەید ڕەزا بە ڕەوا نەزانی شوێن بزریان کرد . دەوڵەتی تورکیا بەتەواوی ڕەچاوی پاکتاوی نەژادی لە هەرێمی دێرسیم کردووە و هەوڵیداوە کورد بسڕێتەوە یان بیانکات بە کەمینەیەکی بێ کاریگەر .چونکە بە سەرکوت کردن نەوەستا هەڵستا بە کۆمەڵکوژکردنی ، پاشان خاکەکەی بە تورک بێژا ، سەدان منداڵی بێ دایک و باوک رەوانەی شارە تورکیەکان کرد بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ دارێژراو بەتورکی کران ، هەموشتێکی خۆیان لە بیر بردنەوە زمان و کلتور و فەرهەنگی کۆڵۆنیاڵ کردن.

ئێمە لەدیرۆکی خۆمان خاوەنی یادگاری زۆرین لەگەڵ دراوسێکانمان لە تورک و عەرەب و فارس ، زۆرمان لەدەستیان چەشتوە ، بەڵام یادگەمان نیە تاکو ئەم ڕابردوە تاڵە لەخۆی بگرێ و ببتێە هۆی دروست بوونی گوتارێکی نەتەوەیی پتەو تاکوو جارێکیتر هەڵەکانی ڕابردوو دوبارە نەکەینەوە ، چونکە ئێمە خاوەنی چەندین شۆرش و جوڵانەوەی هاوشێوەی شۆرشی دێرسیمین ، دەبێ دووبارە پێداچونەوەیەک بەڕابردوودا بکەینەوە تاوەکو باشتر لەپەیامەکانی ئەم شۆرشانە تێبگەین، چوونکە هەڵگری چەندین پەیامی ناراستەوخۆنە بۆ ئێمە لە ئێستادا ، بۆنمونە مێژوو لەڕێگەی ئەم چاڵاکیانەی کورد لەڕابردوو بەرامبەر دەوڵەتی عوسمانی و دواتریش هاتنی تورکە ڕەگەزپەرستەکان ، کە هەمیشە هەوڵی لەناوبردنیان دراوە ، ئەوەمان پێ دەڵێ کە هەڵکردن لەگەڵ دراوسێیەکی وەک تورکیا زۆر ئەستەمە ، هەربۆیە ئێمە دەبێ لەڕێگەی شۆرشی دێرسیم و هاوشێوەکانی لەڕابردوو ، خۆمان پەروەردە بکەین ، چیتر هەست و سۆز نەبێتە هۆی دیاریکردنی ئاراستەمان ، بەڵکو بەشێوازێکی عاقڵانی و هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ دەورو دراوسێ بکەین.




هەڵمەتێک بۆ پاراستنی ژیانی كاكە بابانی شەهید ئیبراهیم

ژیانی كاكە بابانی شەهید ئیبراهیم بپارێزن

بۆ بەڕێزان

  • سەرۆكی هەرێمی كوردستان
  • سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
  • جێگیری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
  • سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
  • وەزیری دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان
  • وەزارەتی پێشمەرگە
  • وەزارەتی شەهیدان
  • دەستەی مافی مرۆڤ
  • سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان
  • كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان
  • رایگشتی

ماوەی 32 ساڵە، بە بەردەوام داوا دەكەین لەوەی دەبێت تاوانبارانی ئەنفال و سەرۆك جاشە تاوانبارەكان لە سزا رزگاریان نەبێت و بدرێنە دادگا بەپێی یاسای وڵات و نێودەوڵەتی، ئەمە چ وەك ماف و رێزێك بۆ قوربانیانی تاوانكارییەكان چ وەك سزایەك بۆ تاوانباران بە پێی یاسا و پرەنسیپە پەسەندكراوەكان. هاوكات ئەم هەنگاوە زۆر پەسند و گرنگە كە دەتوانێ مەترسییەكانی تۆڵەسەندنەوەی كەسیی زۆر كەم بكاتەوە و رێگەی لێ بگرێت.
مەخابن سەرەڕای داواكاریی بەردەوامی ئێمە و كەسوكاری قوربانیانی دەستی ڕژێمی بەعس و سەرۆك جاشەكان، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە، بە پاساوی ئەوەی بەرەی كوردستانی لێبوردنی گشتی لە ڕاپەڕینی 1991 دا بۆ ئەو تاوانبارانە دەركردووە، هیچ بەهایێكی بۆ قسەی ئێمە و داواكاریی كەسوكاری قوربانیان دانەنا, تەنانەت گوێیان بە سكاڵا شەخسییەكانیش نەدا و رێگرییان لەبەردەم بەدادگایی گەیاندنی تاوانباران كرد، كە ئەوەش پێشێلی مافی كەسیی كەسوكاری قوربانیانە. بێگومان لێبووردنی بەرەی كوردستانی سەبارەت بە تاوانی جینۆساید دژی یاسا نێودەوڵەتییەكانە و دژی یاسای پەسندكراوی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقیشە.
لە دەرئەنجامی خەم ساردیی و بە گرنگ هەڵنەگرتنی ئەم بابەتە زۆر هەستیارەدا، لەم ڕۆژانە رۆڵەی قوربانییەك دوای ئەوەی تاوانباری بكوژەكەی باوكی كە ئیبراهیم حەبیب قاسم محەمەد كافرۆشییە، ئەم تاوانبارە كە ناوی كاوە ئەحمەد تۆفیق بازیانییە و ناسراوە بە “كاوە بازیانی”، كە كاتی خۆی لە پاداشتی شەهیدكردنی ئیبراهیم حەبیبدا نیشانەی ئازایەتی لە سەدام حوسێن وەرگرتووە, سەرەڕای تاوانەكەی پەلاماری كوڕەكەی كە ناوی بابانە دەدا و چەكی لێ ڕادەكێشێت و فیشەكیشی پێوە دەنێت, بەڵگەش هەیە لەكاتی برینداربوونەكەی دەمانچەكەی سوار بووە، وەك لە گرتە ڤیدیۆكەدا كە بڵاوبووەوە و دەركەوتووە, لە ئەنجامدا بابانی كوڕی شەهید ئیبراهیم لە حالەتی بەرگریدا دێتە دەست و كاوە بازیانی بریندار دەكات. گرنگە سەرنجی ئەوە بدرێت كەوا چەندین ساڵە لە لایەن تاوانبار كاوە بازیانیەوە هەڕەشە لەسەر ژیانی بابانی كوڕی شەهید ئیبراهیم هەبووە و دەسەڵات خۆی لێ بێدەنگ كردووە. بۆنموونە لە 1-6-2021 دا هێرشیان كردۆتە سەر بابان ئیبراهیم حەبیب له قەبرسانی گوندی ئەڵا قولی “خەلیفە مەحمو “. بەشایەدی خەڵك، كاوە بازیانی تەقە و دەستڕێژی كردووە بەسەر بابان ئیبراهیم حەبیبدا.

لێرەدا پرسیار لە دەسەڵاتداران و حكومڕانانی ئەم هەرێمە ئەوەیە، ئێوە كە سزای بكوژی باوكی كاكە (بابان)تان نەدا، كە ڕێگر بوون لە پرۆسەی بەدادگایی گەیاندنی تاوانباراندا، ئێستا لە بارێكی ئەوها و لە كێشەیەكی گرنگی ئەوهادا، چ مەنتقی تێیدایە كاوە بازیانی بلاوێننەوە و فەرمانی گرتنی خێرای كاكە بابان دەربكەن. ئایا لەسەر یاسا نییە بە یەك چاو سەیری هەردوو بەرەی ململانێ و كێشەكە بكات و هەردوولا ڕاكێشی دادگا بكات و بەپێی شایەد و بەڵگەكان بڕیار لەسەر كەیسەكە بدات.
باوان ئیبراهیم حەبیب بەرگری لە خۆی كردووە، هەردوولا تەقەیان لەیەكتر كردووە. بۆیە ناكرێ ئەوها زوو و بێ لێكۆڵینەوەی یاسایی كاكە بابان بە تاوانبار وێنە بكەن و بیگرن و بیخەنە كونجی زیندان.

بۆیە جارێكی تر جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كەوا پێویستە هەرچی زووە تاوانبارانی ڕژێمی بەعس لە دادگایەكی سەربەخۆی عادیلانە دادگایی بكرێن و بە سزای ڕەوای خۆیان بگەیەنرێن. ئەمە ئەركی بێ ئەملاو ئەولای دەسەڵاتە كە تا دوا بكەوێت باجەكەی قورستر دەبێت. ئەمە پێویستە تاكو لانی كەم قەرەبووی مەعنەوی كەسوكاری قوربانیان بكرێتەوە و رێگریش لە هەر جۆرە تۆڵەسەندنەوەیەكی شەخسی بگرترێت. جگەلەوەی ئەمە كۆڵەگەی بنیاتنانی بەیەكەوە ژیانە لە كۆمەڵگەیەكی زامداری جینۆسایدكراودا.
ئەگەرنا هەر جۆرە هەوڵێك بۆ سزادانی كاكە بابان بێ ڕەچاوكردنی بێلایەنی و پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ ئەوپەڕی سوكایەتییە بە روحی شەهیدان و كۆمەڵگەی كوردستان.

پێمانوایە پاراستنی ژیانی كاكە بابان ئیبراهیم حەبیب ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، وە پێویستە ئەم كەیسە لە دادگاییەكی تەواو سەربەخۆ یەكلا بكرێتەوە.

هەروەها داواكارین ناوی تاوانبار كاوە بازیانی لە لیستی خانەنشینانی پێشمەرگە بسڕێتەوە.

ناوەكان:
1- عەلی مەحمود محەمەد چالاكوانی جینۆساید
2- خەبات عەبدوڵا نووسەر
3- ئەحمەد مەجید –كەسوكاری ئەنفالكراو
4- شاخەوان قادر شۆڕش-توێژەر لە بواری جینۆساید
5- كۆچەر رەشاد موراد ( رێكخراوی ODMG )
6- رۆژنامەی نگرە سەلمان
7- هێمن حەسیب – گۆِڤاری تۆبزاوە
8- جەبار ئەحمەد – توێژەر لە بواری جینۆساید
9- كۆمەڵەی روناكبیری كۆمەڵایەتی كەركوك
10- گروپی كار بۆ ئەنفال
11- هەڵمەتی دادپەروەری
12- رێكخراوی چاودێری كوردۆساید-چاك كوردستان
13- رێكخراوی ژیانی نوێ بۆ ژنانی ئەنفال
14- فوئاد عوسمان – چالاكوان و رۆژنامەنووس
15- رێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال
16- هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
17- رێكخراوی بەرگری لە مافی قوربانیانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان
18- ئینستۆتا دهۆك بۆ رەوشەنبیریا گشتی-DIGC
19- رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆژی
20- ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان و جینۆسایدكراوان
21- رێكخراوی خزمەتی جەماوەر
22- كۆمەڵەی داكۆكی لە پرسی ئەنفال
23-رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
24-ئیبراهیم هەورامی نووسەرو شاعیر
25- عەدالەت عومەر نووسەرو لێكۆلەری بواری جینۆساید
26- رۆژان شەهید حەمە رەش ئەندامی پەرلەمانی كوردستان
27-كارۆخ شەهید حەمە رەش




ونبوون لەناو یەکتردا.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

ئازیز گیان
با بە دوای خۆماندا بگەڕێین
بۆی هەیە وەک دوو دێڕی نامۆ
چۆڕابینە ناو باوڵی بیرەوەرییەوە
بۆی هەیە وەک دوو ئەسرینی زەرد
لە چاوی هەتاوەوە رژا بین
رەنگە ئێستا بەهار
بەدەستوخەتی سەوزی خۆی
ناومان لە لیستی شکۆفەدا بسڕێتەوە
لەوانەشە پایز
بە گۆچانی زەردی دەستییەوە
بە پاندانێکی ئاڵتوونی
واژۆی وەرینمان بکات
ئێمە دەبێت خۆمان بناسێنین
خەڵکی ئەم مەملەکەتە
بێز لە غەوارە دەکەنەوە
دەبێت بە ریتمێکی لەسەرخۆ
پێیان بڵێین
ئێمە دوو ون بووین
شوێنەواری زامی برینێکی بێدەنگ و
دوو شەپۆلی دەست بەستراوین
دوو کاتژمێری لەکار کەوتووین
نازانین هەنووکە سەعات چەندە
بە کاتی خۆشەویستی
نازانین نهۆ مانگی چەندە
لە ساڵی قاتوقڕی زەردەخەنە؟!!
ئێمە دوو رێبواری تینووین
نازانین ملی رێمان بۆ کوێ گرتۆتەبەر
نازانین لەسەر چ ئەتڵەسێک
نیشتمانی ئاو بدۆزینەوە؟!
دوو ئاسکەکێوی هەڵاتووین
لە خێڵی ئافات
بەدوای کتێبێکی گەشبیندا دەگەڕێین
نازانین لە باستیلی کام کتێبخانەدا
کۆت و زنجیر لە ملی کراوە؟!
دوو چۆلەکەی نەخوێندەوارین
ناتوانین پەڕاوی خۆشبەختی و
رووخساری ئارامیی بخوێنینەوە
دوو پەڕەسێلکەین
تووشی ئەلزەهایمەر بووین
فڕینمان بیر چۆتەوە
بیرمان نایەتەوە ئەوە کێ بوو
یەکەم جار ژەهری کردە
شەربەتی گۆرانییە شادومانەکەمانەوە؟!
بەبیرمان نایەتەوە
لە خەونی کام ئاسماندا وێڵ بووین
لەکام شاری بێکەسدا گیرساوینەتەوە؟
دوو قەڵەمی سەرکزین
پێکەنینمان پێوە نایەت
لەوەتی فاممان کردۆتەوە
دەستی رەشی چارەنووس
تەنیاییمان پێ دەنووسێتەوە
دوو رووباری وڵاتێکی ونین
بەلەمی شکست پێماندا تێدەپەڕێت
ناو جەرگمان تەژیە
لەو ماسییە بێزارانەی
خەتمی کوێرەوەرییان کردووە
کاتێکیش
دەست لە ملی یەکتر دەکەین
نابینە دەریا، پێناکەنین
ئاه غەریبی قووتمان دەدا
دوو گەدای مەملەکەتی برینین
رۆژێک نەگبەتی مارەمان دەکات
رۆژێکی تر ژیان تەلاقمان دەدات
لە خۆمان تێناگەین
تێناگەین لە خۆمان
دڵی کام پەڵەهەورمان شکاندووە
وشکەساڵیی رۆحی گرتووین؟
چ مۆمێکمان زویر کردووە
پەلکەزێڕینە خۆیمان لێ دەشارێتەوە؟
دوو عاشقی دەرۆزەکەرین
لەوەتی دوو گوێمان رواوە
لەبەردەم مزگەوتی موحیبەت
دەسڕی عەشقمان راخستووە
وێنەگرێک بەلاماندا تێدەپەڕێت
دەست دەخاتە گیرفانی شەرواڵەکەی
بۆ ئەوەی
پارەیەکی ئاسن هەڵبداتە بەردەممان
گیرفانی ئەو وەک سکی ئێمە خاڵییە
ناچار وێنەیەکمان دەگرێت
هەموو ئازارەکانمانی تێدا دەردەکەوێت
خۆمان لە فۆتۆکەدا دەناسینەوە
ئای، ئەوە من و تۆین
لەسەر شۆستەی شارێکی نەناس
باوەشمان بەناو قەدی یەکتردا کردووە
سەرما کەسیرەی کردووین و
لەبەر دڵی یەکتردا
خۆمان گەرم دەکەینەوە




جەژنێک بە قۆچەقانییەوە.. شیعری/ نەوزاد بەندی

ئەم جەژنەیشمان کرد بە بێ دڵ ..

جەژن نەیتوانی سەهۆڵی

 نێوانمان بکا بە نوقوڵ ..

بۆی نەکرا ڕەوەکوللەی خەم ،

وەک بایۆلۆجییەک بگرێ و

بیکا بە دەرزی و پەتەوە .. 

نەیتوانی  ووشە تاڵەکان  ،

بخاتە ناو شەربەتەوە ..

نەیتوانی نێوەندگیری کا ،

ئێ ڕاست نییە ئەم جوانییەت ،

ئەوەی سەیری کرد ، پیری کا  ..!

(…….شیعری دڵداریم تەرک کردووە بەڵام ئەمەیانم توش بوو ……..)




نان بۆ قه‌ساب گۆشت بۆ نانه‌وا!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

به‌ پێی ئاماری سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان بێت، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم، چه‌ند هه‌زار ڕۆژنامه‌نووس له‌و هه‌رێمه‌ بچووكه‌ی ئێمه‌ هه‌یه‌. له‌ مانه‌، چه‌ندیان پیشه‌یانه‌ كارده‌كه‌ن و ڕه‌چاوی ئیتیكی كاری ڕۆژنامه‌وانی ده‌كه‌ن و شاره‌زایان له‌ هه‌واڵ و ڕاپۆرت و به‌ دواداچوونی ڕۆژنامه‌نووسی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر له‌ بێژینگیان بده‌ین هه‌ر سه‌د ڕۆژنامه‌نووسێك ده‌مێنێته‌وه‌ و ئه‌وانیتر هیچ شاره‌زایان نییه‌. بگره‌ زۆرینه‌یان، بڕوا ناكه‌م له‌ ساڵێكدا، دوو كتێب له‌ بواره‌كه‌ی خۆیان بخوێننه‌وه‌. بۆیه‌ كه‌ هه‌واڵێك ڕووماڵ ده‌كه‌ن، دیمانه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكی گه‌نده‌ڵ ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ په‌خشێكی ڕاسته‌وحۆ دا چاڵاكییه‌ك ڕووماڵ ده‌كه‌ن، ده‌پروزێن و قسه‌یه‌ك له‌مسه‌ر و قسه‌یه‌ك له‌وسه‌ر ده‌هێنن و هه‌رچۆنێك بێت، به‌ پینه‌ و په‌رۆیه‌ك گوێگر و بینه‌ر ڕازی ده‌كه‌ن. ئه‌وانیش زۆرینه‌یان چونكه‌ ئاستی هوشیاریان نزمه‌و هاوكات ڕاهاتوونه‌ ته‌نها گوزه‌رانه‌ ببینن وبخوێننه‌وه‌، ئیدی به‌لایانه‌وه‌ گرنگ نییه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ چه‌نده‌ له‌ ڕووی زمان و داڕشتن و گه‌یاندنه‌وه‌، دروست و له‌ جێی خۆی دایه‌. بێگومان ئه‌م واقیعه‌، ده‌ره‌نجامی ئه‌و تێڕوانینه‌یه‌، كه‌ ئێستا بۆ بواری ڕۆژنامه‌نووسی له‌ نێو ئێمه‌ دروست بووه‌ و كولتوورێكی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌، كه‌ مایك به‌ ده‌ست و ڕۆژنامه‌نووس تێكه‌ڵ كراون و هه‌موو سمێڵ سوورێك بۆته‌ هه‌مزه‌ ئاغا! به‌ هۆی زۆربوونی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و چاپ وبڵاوكردنه‌وه‌وه‌ تیڤییه‌ لۆكالییه‌كان، زه‌مینه‌ و بوار بۆ له‌شكرێك نه‌خوێنده‌وار ڕه‌خساوه‌، كه‌ خۆیان وه‌ك ڕۆژنامه‌نووس بناسێنن و له‌وبواره‌ هه‌ستیار و گرنگه‌ی كۆمه‌ڵدا كاربكه‌ن، كه‌ زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆریان، به‌وانه‌شی كه‌خۆیان پێ یه‌كه‌می بێ ڕكابه‌ره‌، به‌ شێوه‌ پرۆفیشناڵیه‌كه‌ی، نازانن كار و ئیتكی كاری ڕۆژنامه‌نووسی چییه‌ و هه‌واڵ چۆن داده‌ڕێژرێت و دیمانه‌ی ڕۆژنامه‌وانی چۆن ده‌كرێت و چی هه‌واڵی به‌په‌له‌یه‌ و ئه‌مانه‌ و چه‌ندین ئاریشه‌ی تریش. هه‌ڵبه‌ته‌ په‌ندێكی كوردی هه‌یه‌ ده‌ڵێت:( كه‌ زۆرهات قه‌واڵه‌ به‌تاڵه‌) دروست كاری ڕۆژنامه‌نووسیش له‌ نێو ئێمه‌ وای لێهاتووه‌، كه‌ هه‌رچی مایكێكی به‌ده‌سته‌وه‌ گرت، پێشكه‌شكار بوو، بێژه‌ر بوو، ده‌بێ وه‌ك ڕۆژنامه‌نووس بناسێنرێت، له‌ كاتێكدا كاری هه‌ریه‌ك له‌وانه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كان، به‌ پێی ئه‌ركه‌كه‌یان ده‌گۆڕێت.كاری كامیرامانێك وه‌ك كاری په‌یامنێرێك نییه‌ و كاری موحه‌ررێكی هه‌واڵ، وه‌ك كاری پێشكه‌شكارێك نییه‌ و ئه‌مانه‌ به‌ پێی كار و ئه‌ركیان ڕۆڵه‌كه‌یان ده‌گۆڕێت. به‌گشتی كاری ڕۆژنامه‌نووسی له‌ نێوئێمه‌دا، تا ڕاده‌یه‌كی زۆرجێگه‌ی ڕه‌خنه‌ وهه‌ڵوه‌سته‌و ڕاستكردنه‌وه‌یه‌، به‌ ئاراسته‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و بواره‌، بۆ مه‌داری ڕاسته‌قینه‌ی خۆی. به‌ڵام له‌ هه‌ڵومه‌رجێكدا، كه‌ سه‌ده‌ها ده‌زگای ڕاگه‌یاندن هه‌بن، بێگومان ئه‌م ئه‌ركه‌ نزیكه‌ له‌ مه‌حاڵ، به‌ تایبه‌تیش كه‌ سه‌كۆكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ هێنده‌ زۆرن له‌ ژماردن نایه‌ن. لێره‌دا، ئاماژه‌ به‌ چه‌ند كه‌موكورتییه‌كی ئه‌و بواره‌ ده‌كه‌ین، كه‌ ده‌ریده‌خات به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی به‌ ناوی ڕۆژنامه‌نووسییه‌وه‌ له‌و بواره‌دا كارده‌كه‌ن و هاوكات ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانیش، وه‌ك پێویست و پرۆفیشناڵانه‌ له‌ كاری ڕۆژنامه‌نووسی نه‌گه‌یشتوون.

یه‌كه‌م:_ داڕشتن و گه‌یاندنی هه‌واڵ.

له‌و سه‌رده‌مه‌ خێرایه‌دا، كه‌ هه‌موو شتێك بۆته‌ بینینی ڕاگوزه‌رانه‌، بێگومان ئێمه‌ ده‌زانین داڕشتنی هه‌واڵێكی چڕ و پڕ، ڕه‌نگه‌ كات و ساتی بووێت و هاوكات به‌لای گوێگران و بینه‌رانیشه‌وه‌ زۆر جێی بایه‌خ نه‌بێت، به‌ڵكو هه‌واڵ ده‌بێت كوررت و پوخت بێت و له‌ ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێكی كه‌م بخوێنرێته‌وه‌، به‌ڵام ئایا ئه‌مه‌ بۆ هه‌موو ڕووداوێك و هه‌واڵێك ده‌گونجێت؟ ئایا لێره‌دا ده‌بێ ته‌نها ئه‌ویتری وه‌رگر بكرێته‌ پێوه‌ر، بان بنه‌ما زمانه‌وانی و هه‌واڵ و گه‌یاندنه‌كانیش له‌ به‌رچاو بگیرێن؟ به‌و مانایه‌ی كه‌ هه‌واڵه‌ ده‌نووسرێت، چۆن و بو كام ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ له‌ ڕووی ڕێزمانییه‌وه‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ و ده‌گه‌یێنرێته‌ وه‌رگ. گه‌ر له‌م ڕووه‌وه‌ سه‌رنج له‌ بونیادی هه‌واڵ له‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و ماڵپه‌ڕه‌كان بده‌ین، شتی وه‌ها ده‌بینین، سه‌ربه‌ قوڕ دینێته‌ پێكه‌نین، چونكه‌ به‌ جۆرێك ئه‌و هه‌واڵه‌ نووسراوه‌، یان داڕێژراوه‌ كه‌ هیچ لایه‌نێكی زمانه‌وانی و واتایی ڕه‌چاو نه‌كراوه‌، بۆ نموونه‌:_

  • ماڵپه‌ڕی بی ئێم سی، له‌ هه‌واڵێكدا ڕۆژی 16/3 نووسیویه‌تی:_( دوو كه‌س له‌ ڕووداوێكی هاتووچۆدا گیانیان له‌ ده‌ستدا، كه‌ كوڕ و باوكی یه‌كترین). سه‌رنج له‌و شێوازه‌ داڕشتنه‌ و ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵه‌كه‌ بده‌ن. ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره‌ بێت، ئه‌و دوو كه‌سه‌ له‌ یه‌ك كاتدا كوری یه‌كتری و باوكی یه‌كترین !
  • زۆربه‌ی ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كان، له‌ هه‌واڵێكدا ئێواره‌ی 16/3 نووسیبوویان:( بومه‌له‌رزه‌یه‌ك سلێمانی هه‌ژاند) وه‌ك ئه‌وه‌ی سلێمانی دار بێت و بۆمه‌له‌رزه‌ش مرۆڤ بێت، تا داره‌كه‌ بهه‌ژێنێت! هیچ گومانی تێدا نییه‌ ئه‌م شێوازه‌ له‌ داڕشتنی هه‌واڵ له‌ ئه‌لفه‌وه‌ بۆ یای هه‌مووی هه‌ڵه‌یه‌، شێوازه‌ دروسته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بنووسرێت:( بومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌ پێوه‌ری ئه‌وه‌نده‌ له‌ سلێمانی ڕوویدا). به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌نووسن شه‌پۆلێكی خۆڵبارین هه‌رێمی گرتۆته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاسمان زه‌ریا بێت و خۆڵبارینیش شه‌پۆل.
  • ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، له‌ ژماره‌ی ڕۆژی 13/2 دا، له‌ ڕاپۆڕته‌ هه‌واڵێكدا نووسیویه‌تی:_( ئه‌فه‌ریفا ئه‌و كیشوه‌ره‌ی توانای به‌ خێوكردنی نۆ ملیار كه‌سی هه‌یه‌) سه‌رنج بده‌ن، جیهان هه‌مووی هه‌فت ملیار كه‌سه‌، ئیدی نازانم ئه‌و دووه‌ چییه‌ بۆیان زیاد كردووه‌؟ گریمان ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ مه‌زنده‌كردن بێت، ئه‌وا له‌ ژماره‌ی دانیشتووان ئه‌و مه‌زنده‌ دروست نییه‌، چونكه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاماره‌وه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌ ڕه‌هایی یه‌كلایی بۆته‌وه‌ كه‌ جیهان هه‌فت ملیار كه‌سه‌، ئیدی نۆ ملیاره‌كه‌ هیچ هیچ بنه‌مایه‌كی ڕۆژنامه‌وانی، زانستی و ئاماری نییه‌ و ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌.
  • ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌ ژماره‌ی ڕۆژی 13 /2 دا نووسیویه‌تی:_(چوار به‌نداو به‌ توانای كۆگاكردنی سی ملیۆن مه‌تر سێجا ته‌واو كراون) ئه‌گه‌ر به‌ پێی ناوه‌ڕۆكی ئه‌م هه‌واڵه‌ بێت، ئه‌وا ئاویش وه‌ك هه‌ر كه‌رسته‌یه‌كی دیكه‌، ده‌بێ كۆگا بكرێت و له‌ كۆگا هه‌ڵبگیرێت، چونكه‌ ده‌ربڕینی كۆگاكردن، مانای وایه‌ شتێك ده‌بردرێته‌ كۆگاو هه‌ڵده‌گیرێت. له‌ كاتێكدا ده‌بوو بنووسرێت (گڵ ده‌درێته‌وه‌) واتا ده‌پوونگێته‌وه‌ چونكه‌ ئاو شله‌یه‌.
  • ماڵپه‌ڕی شارپرێس، له‌ هه‌واڵێكیا ڕۆژی 26/3 نووسیبووی:_ ( حكومه‌تی هه‌رێم بڕیارێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی فه‌رمانبه‌ران ده‌رده‌كات) كاتێ چوومه‌ نێو ورده‌كاری هه‌واڵه‌كه‌، ئه‌وا هه‌واڵه‌كه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی یه‌ك كاتژمێر ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران بوو، به‌ هۆی مانگی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌) گومان ده‌كه‌م به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌، به‌ دروستی بزانن به‌رژه‌وه‌ندی گشتی فه‌رمانبه‌ران چییه‌؟ چونكه‌ ئه‌مه‌ی وه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نووسیویانه‌، ڕۆتینێكی كارگێڕییه‌ و په‌یوه‌ندی به‌و مانگه‌وه‌ هه‌یه‌ و دوای ڕه‌مه‌زان، ده‌وام وه‌كو پێشووتری لێ دێته‌وه‌. كه‌واتا به‌رژه‌وه‌ندی گشتی فه‌رمانبه‌ران له‌ كوێ دایه‌؟ بێگومان به‌رژه‌وه‌ندی فه‌رمانبه‌ران ئه‌وه‌یه‌، حكومه‌ت مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانییان بۆ بگێڕێته‌وه‌، به‌رژه‌وه‌ندی فه‌رمانبه‌ران ئه‌وه‌یه‌، سه‌روو مووچه‌ ده‌ست پێ بكاته‌وه‌ كه‌ ده‌ ساڵه‌ ڕاگیراوه‌، به‌رژه‌وه‌ندی فه‌رمانبه‌ران ئه‌وه‌یه‌، مووچه‌ی ئاسایی خۆیان له‌ كاتی دیاریكراودا پێ بدرێت، له‌ ڕاستیدا ئه‌م بڕیارانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی فه‌رمانبه‌رانن، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ تێی گه‌یشتووه‌!.
  • ماڵپه‌ڕی وشه‌ له‌ هه‌واڵێكدا ڕۆژی 6/4 نووسیبووی:(چه‌ند بڕیارێك بۆ مریشك ده‌رچوون) ئه‌گه‌ر به‌ پێی داڕشتنی هه‌واڵه‌كه‌وه‌ بێت، ئه‌وا بڕیاره‌كان بۆ مریشكه‌كان ده‌رچوون، له‌ كاتێكدا ناوه‌ڕۆكه‌ دروسته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ وشه‌ی نرخ بۆ ڕسته‌كه‌ زیاد بكرێت و بكرێته‌:( چه‌ند بڕیارێك له‌ باره‌ی نرخی مریشكه‌وه‌ ده‌ركران). هه‌تا ئێستا ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئێمه‌، جیاوازی له‌ نێوان هه‌واڵێك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌بێت، له‌گه‌ڵ عێراقدا ناكه‌ن، بۆ نموونه‌ ده‌نووسن:_( دوو ڕۆژ پشوو ڕاگه‌یاندرا) یاخود ( دوو هه‌زار مامۆستا داده‌مه‌زرێن) یانیش (مووچه‌ی مانگی چوار دابه‌ش ده‌كرێت) ئه‌م هه‌واڵانه‌ و شێوازی داڕشتنیان له‌ هه‌موو ماڵپه‌ڕه‌كان، به‌ داخه‌وه‌ تێكدانی هزر و سایكۆلۆژیای مرۆڤی كورده‌، چونكه‌ به‌ هه‌زاره‌ها ده‌رچووی زانكۆ به‌ ئاواتی دامه‌زراندنه‌، كاتێ سه‌ردێڕی هه‌واڵێكی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌بینێت، شاگه‌شكه‌ ده‌بێت، به‌ڵام كه‌ ده‌چێته‌ نێوه‌ڕۆكه‌كه‌ی، له‌و سه‌رییه‌وه‌ به‌ نائومێدی دێته‌ ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێ میدیاكامنی ئێمه‌، به‌ تایبه‌تیش نووسراو و زانیاری ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه‌ ده‌بێ په‌یوه‌ندی واتایی له‌ نێوان ناونیشان و ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵ هه‌بێت.

بێگومان ئێمه‌ ئه‌مانه‌مان، وه‌ك نموونه‌ وه‌رگرتوون، ده‌نا ماڵپه‌ڕ و بڵاوكراوه‌كانی دیكه‌ش، به‌ده‌ر نین له‌و جۆره‌ هه‌واڵانه‌ و شێواز و چۆنییه‌تی داڕشتنی هه‌واڵ. مه‌رج نییه‌ میدیایه‌ك ئه‌گه‌ر سه‌د ڕۆژنامه‌نووسی هه‌بوو، ئه‌وا كاره‌كانی باشتر و سه‌ركه‌وتووتر به‌ڕێوه‌ ببردرێن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌شێ ده‌ ڕۆژنامه‌نووسی شاره‌زاو لێهاتوو ئه‌زموونكار، له‌ له‌شكرێك به‌ ناو ڕۆژنامه‌نووس و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست و مایك به‌ده‌ست، له‌ كار و ئه‌رك و ڕۆڵی ڕۆژنامه‌نووسی بگه‌ن.

دووه‌م:_ هه‌واڵی به‌په‌له‌ یان له‌ سه‌رخۆ؟!
بڕوام وایه‌، هیچ كام له‌ تیڤیی و كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانی ئێمه‌، هه‌تا ئێستاش له‌ ماهییه‌ت و ئاماژه‌كانی هه‌واڵی به‌په‌له‌ نه‌گه‌یشتوون و نازانن، هه‌واڵی به‌ په‌له‌ چییه‌؟ چونكه‌ هه‌ر هه‌واڵ و شتێك مه‌به‌ستیان بێت، له‌ په‌یامی به‌رپرسێكه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ مردنی دایكی به‌رپرسێكی گه‌نده‌ڵ ئه‌وان به‌ هه‌واڵی به‌ په‌له‌ تێی گه‌یشتوون. كه‌م خوله‌ك هه‌یه‌، مرۆڤ به‌ دیار ئه‌و كه‌ناڵانه‌وه‌ بێت و چاوی به‌ شریتێكی سوور به‌ ناوی (خێرا _ هات _ ئێستا _ بله‌ز _ به‌ په‌له‌ _ گه‌یشت نها ڕوویدا) نه‌كه‌وێت، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان، واتایه‌كی زمانه‌وانی و فه‌رهه‌نگی خۆی هه‌یه‌. كاتێ سه‌یری ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵه‌كه‌ش ده‌كه‌ین، نه‌ك هه‌ر به‌ په‌له‌ نین، به‌ڵكو شیاوی ئه‌وه‌ش نین بكرێنه‌ هه‌واڵ. بۆ نموونه‌: كه‌ناڵی ڕووداو، كه‌ خۆی پێ یه‌كه‌می بێ ڕكابه‌ره‌، له‌ هه‌واڵێكی به‌ په‌له‌یدا ئێواره‌ی ڕۆژی 27/ 3 نووسیبووی 🙁 به‌په‌له‌ : نه‌ته‌نیاهۆ ده‌ڵێت كه‌مینه‌یه‌كی توندڕه‌ و ده‌یه‌وێت ئیسرائیلیه‌كان بكاته‌ دوو به‌ش) ئه‌م هه‌واڵه‌، هیچ په‌یوه‌ندی به‌ كورده‌وه‌ هه‌یه‌؟ له‌وه‌ دیارتریش كوێوه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ به‌ په‌له‌یه‌؟ دیاره‌ ڕووداو، له‌ هه‌واڵی به‌ په‌له‌دا ده‌یه‌وێت لاسای جه‌زیره‌ و حه‌ده‌سی عه‌ره‌بی بكاته‌وه‌ و هه‌واڵه‌كانی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل، بكاته‌ هه‌واڵی به‌ په‌له‌و خێرا، بێ ئاگا له‌وه‌ی ئه‌و دوو كه‌ناڵه‌ عه‌ره‌بین و په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان به‌ عه‌ره‌ب و فه‌له‌ستینه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌ كه‌ناڵی كوردستان بیست و چواریش، ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ هه‌واڵێكی به‌ په‌له‌ی نووسیوه‌و تیایدا هاتووه‌:( هه‌نگاریا ئه‌ندامبوونی فینله‌ندای له‌ ناتۆ په‌سند كرد).هه‌ڵبه‌ته‌، نه‌ هه‌نگاریا، نه‌ فینله‌ند و ئه‌ندامبوونی له‌ ناتۆ، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به‌ كورده‌وه‌ نییه‌. ئه‌م هه‌واڵه‌ نه‌ك هه‌ر به‌په‌له‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ بنه‌ڕه‌تدا هه‌واڵیش نییه‌، چ جای ئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌واڵێكی خێراو گرنگ بخرێته‌ به‌ردیده‌ی بینه‌ری كورد. هه‌ر ئه‌م كه‌ناڵه‌ له‌ هه‌واڵێكی دیكه‌ی به‌ په‌له‌یدا، ڕۆژی 2/4 و له‌ كاتژمێر یانزه‌ و چل و سێ خوله‌كی نیوه‌ڕۆدا، نووسیویه‌تی به‌په‌له‌ ( باڵاخانه‌یه‌ك له‌ به‌غدا ڕووخا) بێگومان ئه‌م دوو كه‌ناڵه‌، به‌ سه‌دان ڕۆژنامه‌نووسیان هه‌یه‌ و بودجه‌یه‌كی خه‌یاڵی و گه‌وره‌یان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، بۆیه‌ ده‌بێت شاره‌زایه‌كی گه‌وره‌ و قووڵییان له‌ هه‌واڵ و بنه‌ماكانی هه‌واڵ و له‌ نێویشیاندا هه‌واڵی به‌ په‌له‌ هه‌بێت. چونكه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌ر شتێك له‌ مۆزه‌نبیق ڕوویدا، كه‌ناڵه‌كانی ئێمه‌ به‌ هه‌واڵی به‌ په‌له‌ تێی بگه‌ن. هه‌واڵی خێرا، دوو خه‌سڵه‌تی دیاری هه‌یه‌ ئه‌وانیش ڕووداوێك كاریگه‌ریه‌تی گه‌وره‌ی جیهانی لێ بكه‌وێته‌وه‌، یاخود په‌یوندی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌وه‌ هه‌بێت. بۆ نموونه‌: وه‌ستانی شه‌ڕی ئۆكرانییا و ڕووسیا، هه‌واڵێكی به‌ په‌له‌یه‌ چونكه‌ مرۆڤ له‌ شه‌ڕ و ئاشووب ڕزگار ده‌كات، مردنی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هه‌واڵێكی به‌ په‌له‌یه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ریكا ئه‌مڕۆ هێزێكه‌ جیهان ئاراسته‌ ده‌كات. ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران هه‌واڵی به‌ په‌له‌یه‌، چونكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌وه‌ هه‌یه‌، دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌واڵی به‌ په‌له‌یه‌، به‌ڵام پرسه‌ و په‌یامی به‌رپرسێك، با پۆستێكی باڵاشی هه‌بێت، هه‌واڵی به‌ په‌له‌ نین. چووونی وه‌ڤدی پارتی بۆ سلێمانی و هی یه‌كێتی بۆ هه‌ولێر هه‌واڵی به‌ په‌له‌ نین، مه‌گه‌ر نابێ حزبی سیاسی دیدار و گه‌نگه‌شه‌ له‌ باره‌ی كێشه‌ و گرفته‌ نێو خۆیه‌كانه‌وه‌ بكه‌ن؟ بۆیه‌ هه‌موو هه‌واڵێك خه‌سڵه‌تی به‌ په‌له‌ی تێدا نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كانی ئێمه‌ تێی گه‌یشتوون. زۆرجار كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن له‌ ڕووی هه‌واڵ و شڕۆڤی هه‌واڵیشه‌وه‌، ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌ی زه‌قی واتایه‌وه‌ كه‌ خۆشیان هه‌ستی پێ ناكه‌ن. ئێن ئار تی، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ باشترین و دیارترین و پڕ بینه‌رترین كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌ كوردییه‌كان، له‌ هه‌واڵه‌كانی كاتژمێر هه‌شتی شه‌ودا ده‌نووسێت:( گه‌رمه‌ هه‌واڵ) ئه‌گه‌ر دژ واتایی ئه‌م وشه‌یه‌ بنووسین، ئه‌وا ده‌بێ بڵێین (سارده‌ هه‌واڵ) بۆیه‌ گه‌رمه‌ هه‌واڵ هیچ مانایه‌كی هه‌یه‌؟ دیاره‌ مه‌به‌ستی ئه‌وان لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌واڵه‌كانییان گه‌رما و گه‌رم و ده‌ست به‌جێن، به‌ڵام هه‌واڵ هه‌یه‌ دوو هه‌فته‌ی به‌ سه‌ردا تێپه‌ڕیوه‌، كه‌چی ئه‌وان له‌ كه‌ناڵه‌كه‌یان و به‌ هه‌مان تایتلی گه‌رمه‌ هه‌واڵه‌وه‌ پێشكه‌شی ده‌كه‌ن، وه‌ك ڕاگرتنی نه‌وتی هه‌رێم. ئیدی نازانم هه‌واڵێك ئه‌گه‌ر بۆ دوو هه‌فته‌ و ده‌ ڕۆژ، له‌ كه‌ناڵێكی ڕاگه‌یاندن گوترایه‌وه‌، سیفه‌تی گه‌رمی ده‌مێنێت؟ ئه‌مه‌ وێرای ئه‌وه‌ی كه‌ (هه‌واڵی گه‌رماو گه‌رم) دروستتره‌ نه‌ك (گه‌رمه‌ هه‌واڵ ) وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌ینووسن. به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و كه‌ناڵه‌، كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی، له‌ مانگی ڕه‌مه‌زاندا، به‌رنامه‌یه‌كی به‌ ناوی (ڕه‌مه‌زانی كوردستان) هه‌بوو، ئه‌گه‌ر به‌ تێگه‌یشتنی ئه‌وان بێت بۆ ڕه‌مه‌زان، ئه‌وا ده‌بێت ڕه‌مه‌زانی موریتانیا و كوێت و ئه‌رده‌ن و ئێرانیش و سه‌دان ڕه‌مه‌زانی دیكه‌ش هه‌بێت، له‌ كاتێكدا ڕه‌مه‌زان، یه‌ك ناو و شوناسه‌ و له‌و سه‌ری دنیا بۆ ئه‌م سه‌ری دنیا و له‌ وڵاته‌ ئیسلامییه‌كاندا هه‌ر ته‌نها ڕه‌مه‌زانه‌. لێره‌دا, گرفتی نه‌زانین له‌ زمان و چۆنیه‌تی داڕشتنی تایتل و ڕسته‌ ده‌رده‌كه‌وێت. چونكه‌ ڕه‌مه‌زانی كوردستان، مانای وایه‌ ئه‌و ڕه‌مه‌زانه‌ هی كورده‌كانه‌ به‌ ته‌نیا، بۆیه‌ شێوه‌ دروسته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ بنووسرێت:( مانگی ڕه‌مه‌زان له‌ كوردستاندا) چونكه‌ به‌ بڕوای من، ڕه‌مه‌زان چونكه‌ وه‌ك ناویش له‌ كولتووری كوردی بۆ ناو لێنانی ڕه‌گه‌زی نێر به‌ كار دێت، ئه‌وا دیسانه‌وه‌ به‌ بێ هاوه‌ڵكاری مانگ، مانایه‌كی ناته‌واو ده‌دات.

كۆنفرانس و كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌نووسی !
په‌ندێكی كوردی هه‌یه‌ ده‌ڵێت:_(خه‌نه‌ كه‌ زۆربوو له‌ گونانیش ده‌نرێت) دروست دۆخی كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌نووسیش له‌ دنیای ڕۆژنامه‌نووسی ئێمه‌دا به‌و شێوه‌یه‌یه‌. ئاخر كه‌سێك ژنه‌كه‌ی ته‌لاق ده‌دات، ده‌یان به‌ ناو ڕۆژنامه‌نووس له‌ به‌رده‌م دادگادا، ده‌وری ده‌ده‌ن و كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌نووسی بۆ ساز ده‌كه‌ن. تێبینه‌ری ئه‌وقافی قه‌زایه‌كه‌، كه‌ی ئاره‌زووی كرد كۆنفرانسی ڕۆژنامه‌نووسی ساز ده‌كات. دزێكی به‌سته‌زمانی نه‌وجه‌وان ده‌گرن، چه‌ندین پۆلیس و ئه‌فسه‌ر، وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین باندی تاوانكاریان گرتبێت، ده‌وری ده‌ده‌ن و ده‌یان مایك له‌ پێشی خۆیان ڕێز ده‌كه‌ن. وای لێهاتووه‌ هه‌ر كه‌سێك ئه‌گه‌ر كارێكی زۆر بێ ئه‌رزش و ساده‌ و پله‌یه‌كی ئاساییشی هه‌بێت، كۆنگه‌ری ڕۆژنامه‌نووسی ساز ده‌كات. بگره‌ كه‌سانێك هه‌ن، وه‌ك مافیا هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر خه‌ڵكی و داوای سه‌رانه‌ی لێ ده‌كه‌ن، كه‌چی به‌ داخه‌وه‌ ده‌كرێته‌ پاڵه‌وان و سه‌دان مایكی بۆ كۆده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌ویش به‌ ئاره‌زووی خۆی، وه‌عز بۆ كه‌ناڵه‌كان ده‌دات و فێری ئه‌لف و بێی هه‌واڵ و ڕاپۆرتیان ده‌كات. تا ئێستاش زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری به‌ ناو ڕۆژنامه‌نووسانی ئێمه‌ له‌ گرنگی كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌نووسی نه‌گه‌یشتوون و نازانن ده‌بێ كێ بۆی ساز بكرێت. بێگومان هه‌موو كار و كرده‌یه‌ك، هی ئه‌وه‌ نییه‌ بكرێته‌ هه‌واڵێكی گرنگ و بكه‌ره‌كه‌شی كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌نووسی بۆ ساز بكرێت. له‌ دنیادا، جگه‌ له‌وانه‌ی پێگه‌یه‌كی سیاسی و سیادیان هه‌یه‌، یاخود ڕووداوێكی گه‌وره‌ری مرۆیی و سرووشتی هه‌یه‌ و پێویست به‌وه‌ده‌كات ئه‌و لایه‌نانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌و كاره‌ ده‌بێ له‌ كۆنگه‌ره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا بیخاته‌ ڕوو، كه‌سیتر له‌ هه‌ر پۆست و پله‌یه‌ك دابێت، بۆی نییه‌ خۆی بكاته‌ پاڵه‌وانی شاشه‌كان. گرتنی دزێك و شه‌ڕكه‌رێك و منداڵێكی نێو جه‌وان، كه‌ كارێكی نه‌شیاوی كردووه‌، هی ئه‌وه‌ نین ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس سه‌دان مایكی بۆ كۆ بكاته‌وه‌ و ئه‌ویش قسه‌ی تێدا بكات. له‌ ویلایه‌تێكی وه‌ك لۆس ئه‌نجلۆس، ڕۆژانه‌ به‌ هه‌زاره‌ها تاوانی گه‌وره‌ و بچووك ده‌كرێن، كێ به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی ئه‌و شاره‌ی ( مه‌گه‌ر پێویست بكاو به‌ ده‌گمه‌ن نه‌بێت) بینیوه‌ هه‌موو ڕۆژ كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌نووسی ساز بكات. به‌ درێژایی دوو ساڵی ته‌نینی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ كوردستاندا، وه‌زیری ناوخۆ ڕوونكردنه‌وه‌كانی ده‌دا، له‌ كاتێكدا قسه‌كردن له‌ سه‌ر پرسێكی ته‌ندروستی، كاری وه‌زیری په‌یوه‌ندیدار به‌و لایه‌نه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌زیری ته‌ندروستییه‌. له‌م ڕووه‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ گه‌ره‌لاوژێیه‌كی زۆر هه‌یه‌ و ده‌بێ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن، كاره‌كانی خۆیان هێنده‌ بێ ئه‌رزش و به‌ها نه‌كه‌ن، كه‌ چی و چۆن و هه‌ر كاتێك كه‌سێك ویستی، ڕۆژنامه‌نووسێكی به‌ مایكێكه‌وه‌ بۆ ساز و ئاماده‌ بكرێت. بگره‌ ئه‌وان ده‌بێ زۆرباش ئه‌و ڕاستییه‌ بزانن، كه‌ هه‌ندێك كار و ڕوودا و هه‌واڵ هه‌ن، شیاوی ئه‌وه‌ نین هه‌ر باس بكرێن. ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، كچێكی هه‌رزه‌كار له‌ سۆران، به‌ داخه‌وه‌ كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێنا. كه‌ناڵی ڕووداو له‌ به‌رنامه‌ی (به‌رپرسیار) دا، كه‌ هه‌موو ئێواره‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كرێت، بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوه‌ دڵته‌زێنه‌، بانگهێشتی قایمقامی سۆرانی كردبوو. هه‌ر كه‌سێك كه‌مێك شاره‌زایی له‌ دنیای ڕۆژنامه‌نووسی هه‌بێت، نه‌ ك گوایا یه‌كه‌می بێ ڕكابه‌ر بێت، هاوكات له‌ دنیای تاوان وكرده‌ی تاون هه‌بێت، ده‌بێ زۆرباش ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر تاوان، كاری پۆلیس و لایه‌نی دادوه‌رییه‌ نه‌ك به‌رپرسی یه‌كه‌ی كارگێڕی شارێك. ئه‌م ناپسپۆرییه‌، بۆ قسه‌كردن له‌ سه‌ر هه‌ر ڕووداوێك، جۆرێك له‌ بێ ئاگایی و نه‌زانین ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ وێرای ئه‌وه‌ی هه‌ر نابێت كرده‌ی خۆكوژی مرۆڤه‌كان بكرێته‌ گه‌نگه‌شه‌ و بابه‌تی میدیایی، به‌ڵكو ده‌بێ وه‌ك هه‌واڵێكی ڕاگوزه‌ر سه‌یر بكرێت، چونكه‌ تا مرۆڤایه‌تی ماوه‌ خۆكوشتنیش بوونی ده‌بێت، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، خستنه‌ڕووی ورده‌كاری تاوانێك و كرده‌یه‌كی كوشتن و خۆكوشتن، وێرای ئه‌وه‌ی له‌ ڕووه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونییه‌كه‌وه‌ فشار و ئاڵۆزی ده‌روونی لای بینه‌ره‌كان دروست ده‌كات، هاوكات وه‌ك جۆره‌ پیشاندانێكی ڕۆتینیشی لێ دێت و ڕه‌نگه‌ كاریگه‌ریه‌تی به‌ سه‌ر تێگه‌یشتنی منداڵ و نه‌وجه‌وانان هه‌بێت. چه‌ند ساڵێك له‌مه‌و به‌ر، چه‌ندین درامای كۆڕی، به‌ دیمه‌نی شه‌ڕ و شمشێر و سیپكه‌رو پیشان ده‌دران، له‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی ئه‌و درامایانه‌دا، به‌شێكی زۆری منداڵان به‌ داخه‌وه‌ فێره‌ شه‌ڕی ڕم و شیر و قه‌ڵغان و شه‌ڕكردن بوو. له‌ پرسی كرده‌ی تاونكاریدا، ته‌نێ پۆلیس و دادگاكان، ده‌بێ سه‌رپشك بكرێن زۆر به‌ نهێنی و هێورییه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن، له‌ كۆتایی هه‌موو شتێكدا، ده‌ره‌نجامه‌كان بخرێنه‌ ڕوو. جارێكییان قه‌زافی ڕابه‌ڕی پێشووی لیبیا سه‌ردانی ئیسپانیا ده‌كات و داوای ئه‌وه‌ له‌ پاشای ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات، كه‌ هاونیشتمانییه‌كی لیبی كه‌ له‌وێ زیندانییه‌، ئازاد بكات، ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا پێی ده‌ڵێت كه‌ ئه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا نییه‌ و دادگاكان له‌و باره‌وه‌ بڕیاری خۆیان ده‌ده‌ن و نازانێت ئه‌و هاووڵاتییه‌ كێیه‌ و بۆ گیراوه‌. بۆیه‌ ده‌بێ ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئێمه‌، له‌م ڕووه‌وه‌ هوشیار بن و ئه‌رك و كاری پسپۆڕیانه‌ی خۆیان له‌ بوارێكدا پیشان بده‌ن كه‌ هی خۆیانه‌. من گه‌لێك جار، وا ڕێك ده‌كه‌وێت (چونكه‌ سه‌یری كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان جگه‌ له‌ ئێن ئاڕتی ناكه‌م) به‌ دیار به‌رنامه‌ی به‌رپرسیاری كه‌ناڵی ڕووداو دانیشتووم، سات وابووه‌ میوانداری دوو لایه‌نی ناكۆك و پێكهه‌ڵپژاو كراوه‌، كه‌ نزیك بوونه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی له‌ سه‌ر شاشه‌ و به‌رانبه‌ر سه‌دان هه‌زار كه‌س، شه‌ڕ بكه‌ن و تۆمه‌ت ئاراسته‌ی یه‌كتری بكه‌ن، به‌مه‌ش به‌رنامه‌كه‌، له‌ جه‌وهه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خۆی كه‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌ به‌ داخه‌وه‌ دوورده‌كه‌وێته‌وه‌. لێره‌ه‌ش ده‌بێت هاوگونجاندن له‌ نێوان ناوه‌ڕۆك و تایتل و دروشم و گوتاری ئاراسته‌كراوی به‌رنامه‌یه‌ك هه‌بێت. هه‌ڵبه‌ته‌، مه‌رج نییه‌ له‌و كه‌موكورتییانه‌ به‌رپرسی یه‌كه‌می دامه‌زراوه‌ میدیایه‌كه‌ ئاگادار و كه‌مته‌رخه‌م بێت (هه‌رچه‌نه‌ ده‌بێ به‌ وردی ئاگادار بێت) چونكه‌ كاری ڕۆژنامه‌نووسی و ڕاگه‌یاندن، به‌ پێی جۆر و پیشه‌ و ئه‌رك ده‌گۆڕێت، به‌و مانایه‌ی داڕشتنی هه‌واڵ له‌ ئه‌ستۆی نووسه‌ری هه‌واڵ و به‌رپرسی ژووری هه‌واڵه‌، ڕێكخستنی به‌رنامه‌یه‌ك، له‌ ئه‌ستۆی به‌رپرسی به‌رنامه‌كانه‌، دیاریكردنی ته‌وه‌ره‌یه‌ك بۆ گه‌نگه‌شه‌كردن، كاری ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ بڕگه‌ی به‌رنامه‌كان دیاری ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ نێو ئێمه‌دا به‌ شێوه‌ی گۆشت بۆ نانه‌وا، نان بۆ قه‌سابه‌. دواجار ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م، كه‌ من ڕۆژنامه‌نووس نیم، سه‌روكاریشم له‌گه‌ڵ دنیای ڕۆژنامه‌نووسی نییه‌، ئه‌گه‌رچی بۆساڵانێكیش سه‌رنووسه‌ر و ستافی چه‌ند بڵاوكراوه‌یه‌ك بوومه‌، به‌ڵام له‌ سۆنگه‌ی په‌رۆشیمان بۆ ئه‌وبواره‌، له‌ ڕۆژ ڕۆژنامه‌گه‌ری كوریدا ڕه‌خنه‌ ده‌گرین، گرنگ نییه‌ ڕه‌خنه‌كان شوێنی خۆیان ده‌گرن یان نا، ئه‌وه‌ گرنگه‌ میدیای كوری پێی وانه‌بێت، ئه‌وه‌ی ئاراسته‌ی بینه‌ری ده‌كات، هه‌مووی دروست و برێفێكته‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هێشتا پێویستیان به‌ خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن و ئاشناكردنه‌ له‌ بنه‌ماكانی كاری ڕۆژنامه‌نووسی، بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له‌و بواره‌ی دنیای ڕۆشنبیری بگه‌ن!




شه‌رم ڕێز نییه‌ شه‌رم ترسه‌.. به‌ختیار محه‌مه‌د

له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ترس و شه‌رم هه‌یه‌، به‌ڵام ڕێز نییه‌: هه‌مووان له‌ یه‌كدی ده‌ترسن و شه‌رم ده‌كه‌ن، نه‌ك ڕێزی یه‌كدی بگرن. ڕاستییه‌كه‌ی كاتێك شه‌رم و ترس هه‌بوو، ڕێز نییه‌ (ڕێز له‌ ئارادا نییه‌، شتێك نییه‌ به‌ ناوی ڕێزه‌وه‌). هه‌رگیز له‌ ناخ و ڕه‌فتاری تاكه‌كاندا، له‌ یه‌ك كاتدا به‌ها و دیارده‌ی وه‌ك شه‌رم و ترس و ڕێز (ئه‌م سێ دیارده‌ و به‌ها ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كدی) جێگه‌یان نابێته‌وه‌. ڕێز ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ ترس و شه‌رم. ئێمه‌ كاتێك شه‌رم له‌ كه‌سێك ده‌كه‌ین، مانای وا نییه‌، كه‌ ڕێزی ده‌گرین؛ چونكه‌ زۆربه‌ی جار شه‌رم پێوه‌ندی به‌ ده‌سه‌ڵات (ده‌سه‌ڵاتی چه‌پاندنه‌وه‌) هه‌یه‌؛ به‌ڵام ڕێز پێوه‌ندی به‌ ئازادی و دیموكراتی و دادپه‌روه‌رییه‌وه‌ هه‌یه‌. ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێزی كه‌سێك بگرین، پێویست ناكا لێی بترسێین، به‌ڵكو ڕێز ته‌نیا پێویستی به‌ خۆشه‌ویستی هه‌یه‌.

ئێمه‌ كه‌ كه‌سێكمان خۆشویست، له‌ خۆڕا و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ڕێزیشی ده‌گرین؛ كه‌واته‌ ڕێز پێوه‌ندی به‌ خۆشه‌ویستییه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ك شه‌رم (ترس). هه‌موو شه‌رمكردنێك – له‌ باره‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یدا – له‌ به‌ها باشه‌كانی وه‌ك ئازادی ، شه‌رمكردنێكی خراپ و نه‌رێنییه‌؛ وه‌لێ شه‌رمكردن له‌ كاری خراپی وه‌ك تاوان، دزی… شه‌رمكردنێكی ئه‌رێنییه‌؛ به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا شه‌رمی نه‌رێنیی زاڵتره‌؛ خه‌ریكه‌ بڵێم شه‌رمی ئه‌رێنیی هه‌ر نییه‌. به‌نموونه‌: زۆربه‌مان له‌ ئازادی و له‌ خۆشه‌ویستی و له‌ سێكس شه‌رم ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌ درۆ و له‌ گه‌نده‌ڵی و له‌ دزی و ته‌نانه‌ت له‌ تاوانێكی وه‌ك كوشتن شه‌رم ناكه‌ین و لێیان سڵ ناكه‌ینه‌وه‌. ئێمه‌ له‌ ئازادییه‌كان (ئازادییه‌ سروشتییه‌كانمان) شه‌رم ده‌كه‌ین و ده‌ترسین (هه‌رگیز ڕێزی ئه‌م ئازادییانه‌ ناگرین)، وه‌لێ له‌ چه‌پاندن و سه‌ركوتكردن شه‌رم ناكه‌ین و ناترسین؛ نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵكو شكۆمه‌ندیشیان ده‌كه‌ین.

ئێمه‌ هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ تاك به‌ ڕه‌هه‌نده‌ نه‌رێنییه‌كه‌ی شه‌رم په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ین: منداڵ فێر ده‌كه‌ین شه‌رم بكا (شه‌رمێكی نائاسایی نه‌خۆشانه‌) له‌ عه‌وره‌تی و بترسێ له‌ ده‌سه‌ڵاتی گه‌وره‌كان؛ هه‌رگیز فێری ناكه‌ین، كه‌ ڕێزی سروشتی جه‌سته‌ی خۆی و ئه‌وانی دیكه‌ بگرێ و له‌بری ترس و شه‌رم خۆشیانی بوێ. له‌مه‌وه‌ تاكی ئێمه‌ ده‌بێته‌ تاكێكی ترسنۆك و شه‌رمن، له‌بری ئه‌وه‌ی ببێته‌ تاكێكی خۆشویستوو و ئازاد و ڕێزدار.

به‌ختیار محه‌مه‌د




پرسیارە بێ وەڵامەكانی زنجیرەی پێستی شێر.. نووسینی: شوان عەباس بەدری

دواجار زنجیرەی پێستی شێریش كۆتایی هات و ئەڵقەی كۆتایی زنجیرەكەش هەر وەك ئەڵقەكانی پێشووتر بینەر و عاشقانی زنجیرەكەی خاچ ئاسا لەبەردەم تەلەفزیۆندا دانیشاند و بینەر چاوەڕێی وەرگرتنەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانەی دەكرد كە بە درێژایی سێ وەرزی زنجیرەكە لە ناو مێشكیدا درووست ببوو و هەر یەكەو بە پێی تێگەیشتن و لێكدانەوە و بەستنەوەی ڕووداو و كەسایەتی و كارئەكتەرەكانی ناو زنجیرەكە ڕاڤە و پێشبینییەكانی خۆی دەخستە ڕوو .
ئەم زنجیرەیە كە هەر لە سەرەتاوە و لە ئەڵقەی یەكەمییەوە بینەری تێگەیاند كە زنجیرەیەكی پۆلیسی ،تاوانكاری،درامی،نهێنی ئامێزە و ڕووداو و چیرۆك و پێشهاتەكانی تەزبیح ئاسا دەچنە پێشەوە و هەموو كارئەكتەرەكانی گەر دووریش بن لە یەكەوە و بۆ یەكتر نەناسراو بن ،بەڵام لە چركەیەك لە چركەكانی ناو زنجیرەكە دەبەسترێنەوە بە یەكەوەو یەكتر بۆ لای یەك و ناو ڕووداوەكان پەلكێش ئەكەن و دوای ئەو پەلكێش كردن و پێكەوە گرێدانەش چەندین نهێنی تازە و پرسیاری بێ وەڵامی تازە لەناو مێشكی بینەردا درووست ئەكەن !
گومانی تیا نییە كە زنجیرەی پێستی شێر لە ڕووی نواندن و گریم و وێنەگرتنەوە تەواو كارێكی پڕ و تێر و ئاست بەرزە و ئەكتەرەكان بە شێوەیەكی تەواو و بێ كەم و كوڕی كارئەكتەرەكانیان بەرجەستە كردووە و كورد قسەیەكی هەیە كە دەڵێت : ((كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو)) ،بە ڕای من ئەم زنجیرەیە یەكێكە لەو زنجیرە كەمانەی كە ئەكتەری شیاوی بۆ كارئەكتەری شیاو هەڵبژاردووە و لەو ڕووەوە بێ كەم و كوڕی و بێ هەڵەیە ، بەڵام ئاخۆ لە ڕووی چیرۆك و سیناریۆ و كۆتابەندی و وەرگرتنەوەی پرسیارە نهێنی ئامێزە بێ وەڵامەكان بە هەمان ئەندازە سەركەوتوو بووە !؟
بێگومان نەخێر .
ڕەنگە لە خۆتان بپرسن بۆ چی !؟
بۆ وەڵامی ئەم بۆ چییەی ئێوە دەبێت بڵێم لە ئاڵقەی كۆتایی زنجیرەكە هەست بە كەشێكی بەتاڵی دوور لە ڕووداوەكانی پێشوو دەكرا و بینەری شارەزا یەكسەر تێدەگات كە دەرهێنەر لە ڕێی چەند گرتەیەكی جیاوازەوە هەوڵی پڕكردنەوەی كات و فریو دان و دوورخستنەوەی بینەر دەدات لەو هەموو پرسیارانەی كە هەر لەسەرەتای ڕفاندنی نەعیم و ساحل و ڕووداوەكانی دوای ڕفاندنەكە لە ناو مێشكیدا درووست بووە !
دواجار ئێمە تێنەگەیشتین كە پەیوەندی نێوان ((درەختی )) و ((مەنسوور)) چی و چۆن بووە و ((مەنسوور)) دۆسییە و نهێنی ناو دۆسییەكەی ((درەختی)) چۆن دەست كەوتووە و بۆچی ئەو دۆسییەی بەكار هێناوە ؟!
ئەو تەرمەی كە لە جیاتی ساحل سووتێنرا بوو و لەسەر جادە فرێدرا بوو هی كێ بوو و ئاخۆ مەنسوور كووشتبووی و سووتاندبووی یان خود نا ئەو كچەش بە دەستی ئەو كەسانە كووژراوە كە دەستدرێژیان كردبووە سەر ساحل ؟!
كەسایەتی ((سەمەد)) كە كەسایەتییەكی كلیلی ناو زنجیرەكە بوو و مەنسوور ئوتۆمبیلەكەی بە كار دەهێنا و بە كەسێكی نزیك و بە جۆرێ لە جۆرەكان بە دەستەڕاستی مەنسوور ئەژمار دەكرا بە جۆرێ كە نەعیم و ڕەزا و سەدرا دەباتە ئەو ڤێلایەی كە مەنسوور ساحلی تیا شاردۆتەوە ، بە بێ ئەوەی لە پەیوەندی نێوان ئەو دوانە تێبگەین لەناكاو و بە پەلە دەكووژرێ !؟
كاتێ نەعیم و ڕەزا و سەدرا دەچنە ناو ڤێلاكە مەنسوور پێش ئەوان ئاگادارە و ڕادەكات و هەروەها نامەیەك دەنێرێ بۆ ژمارە تازەكەی نەعیم و دەست خۆشی لێدەكات كە ئەوەندە لێی نزیك بۆتەوە و خەریك بووە بیگرێت ، ئەمەش پرسیار و نهێنییەكی دیكەی بێ وەڵامە كە ئاخۆ مەنسوور چۆن زانی نەعیم لەوكاتە دێت بۆ ڤێلاكە و كێ ژمارە تازەكەی نەعیمی داوەتێ !؟
لەلایەكی دیكەوە بە بێ ئەوەی ئاماژەیەكی سادە بە چۆنییەتی پەی بردنی پۆلیس بدەن بە هاوكاری نێوان بەهرۆز و مەنسوور ، پۆلیس یەكسەر دەچێتە بەردەم ماڵی بەهرۆز و خۆی و ژن و مناڵەكانی دەستگیر دەكەن و بەهرۆزیش كە پێشتر خۆی و خێزانەكەی شایەتی درۆیان لەبەرژەوەندی مەنسوور دابوو بە بێ هیچ ڵێكۆڵینەوە و خستنەڕووی بەڵگەیەك یەكسەر دان بە هاوكاری خۆی و مەنسووردا دەنێت و شوێنی شاردنەوەی كەل و پەلەكانی مەنسوور پیشانی پۆلیس دەدات !
ڕەزا پەروانە و سەدرا كە لە ڕووی یاساییەوە بە هاودەستی نەعیم ئەژمار دەكرێن لە تاوانی كووشتنی نەریماندا و پۆلیسیش ئاگاداری ئەو تاوانی كووشتنەیە، بە بێ ئەوەی هەر بانگ بكرێن بۆ لێكۆڵینەوە ئازاد ئازاد تا كۆتایی زنجیرەكە بە ناو شاردا دەسووڕانەوە!
چەند جارێك ئاماژە كرا كە مەنسوور هاودەستێكی هەیە لەناو بنكەی پۆلیسدا و لە ئەڵقەیەك لە ئەڵقەكانیش ئاماژە بەوە درا كە سیستمی كۆمپیۆتەری پۆلیس لە توركیاوە هاك كراوە و ڕەنگە تاوانبار لەو ڕێیەوە دۆسییەكەی درەختی و وردە كارییەكانی دەست كەوتبێت ، بەڵام تا كۆتایی زنجیرەكەش نە هاودەستەكەی مەنسوور لەناو بنكەی پۆلیسدا یەكلا كرایەوە ، نە كەسیش زانی ئەو هاكە چۆن و بۆ چی ئەنجام دراوە!؟
بە تایبەتیش كە مەنسوور ئاگای لە ورد و درشتی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بوو لە دۆسییەی ساحل و كووشتنەكەی و ئەو سەرە داوانەی كە پۆلێس پێی گەیشتبوو !
لە تیزری زنجیرەی پێستی شێردا ، دوو دیالۆگی شیرین ی ژنە كۆنەكەی مەنسوور پەخش دەكرێت كە ئەتخاتە گومانەوە هاودەستی مەنسوور بێت لەو تاوانەدا و كەسایەتی شیرینیش كەسایەتییەكی كلیلی و بنەڕەتی ناو زنجیرەكە بێت ، بەڵام نەك كەسایەتییەكەی بەو جۆرە نەبوو بگرە ئەو گرتە و دیالۆكانە لە زنجیرەكە هەر پەخش نەكران !
زڕ باوكەكەی ساحلیش لەولاوە بمێنێ كە بە بێ هیچ ئاماژەیەكی ڕوون لە پڕ وون دەبێت !
ئەمانەو چەندین پرسیاری بێ وەڵامی دیكە .

هەر چەندە ئەڵقەی كۆتایی زنجیرەكە پەلەپەل و كەت و درێژكردنەوەیەكی بێ مانای زۆری پێوە دیارە ، بەڵام لە گەڵ هەموو ئەمانەشدا هەر وەك لە سەرەتادا ئاماژەم پێدا هیچ لە نواندنی ئاست بەرزی ئەكتەرەكانی كەم ناكاتەوە و بە بڕوای من ڕەنگە ئەم زنجیرەیەش هەر وەك هەموو زنجیرە و فیلمە سینەماییەكانی دیكەی ئێران ، بەر نەشتەری سانسۆرێكی لە ڕادەبەدەر كەوتبێت و هەر بۆیە ڕووداو و كەسایەتی و پێشهاتەكان لە ئەڵقەی كۆتاییدا وەك پێویست نەخرانە ڕوو و پرسیار و گومانەكانی بینەریش بێ وەڵام و یەكلا كردنەوە مانەوە ، بە تایبەتیش وەك ئاشكرایە ئێران مێژوویەكی دوور و درێژی لەگەڵ سانسۆر و شێواندنی كۆتابەندی بەرهەمە هونەرییەكاندا هەیە .
لە كۆتاییدا هیوادارم ڕۆژێك بێت شانۆ و زنجیرە و سینەمای كوردی لە ڕووی چیرۆك و سیناریۆ و كاری دەرهێنان و نواندن بگاتە ئاستێك كە هەر وەك پێستی شێر لە كاتی پەخشكردنیدا خاچ ئاسا لەبەردەم تەلەفزیۆن دانیشین و چێژی لێوەربگرین .




ئیش.. نەوزاد بەندی

زۆر ڕقی لە چەناگەی خۆی بوو ، لە ئاوێنەدا تاکو دەمی تەماشا ئەکرد یان بەجۆرێک خۆی لە ئاوێنەکە نزیک ئەخستەوە نەتوانێ چەناگەی پەخش بکا ..هەندێ جار بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بە ڕیشێکی پچڕ پچڕ دایئەپۆشی کە هەر تاڵەی ڕووی کردبووە مەملەکەتێک .. هاوڕێکانی هەر چەند هەفتەیەک تەحەمولی ئەو ڕیشەیان ئەکرد ، ئیتر ناڕەزایی و گوشاری مەدەنی و گردبوونەوە ڕووی دەدا ، تەنانەت یەکێکیان پێی وتبوو : ئەم سەکسوکەیەت گو تێکە و ببڕێتەوە ..!
دانەیەکی تریشیان پێی وتبوو : بەم باڵا مەتر و نیوە و ڕیشی چەناگەیەوە ، لە فڵچەی ڕیش تاشین ئەچی ..پیرەمێردێ بتخاتە ناو قوتوی تەراشەکەی چی ئەکەیت ؟
ڕاستێکەی لەو کاتەدا خۆی زۆر نیگەران کردبوو ، بەڵام لە ناخەوە ئەو دوو باری سەرنجەی زۆر پێ خۆش بوو ، بە جۆرێ کە گەڕابووەوە بۆ ماڵ ، ئەوەندە پێکەنیبوو ، ڕەنگی سوور هەڵگەڕابوو ، چاوەکانی فرمێسکیان دەرپەڕاندبوو …بە کەسیشی نەوتبوو هۆکاری پێکەنینەکەی چییە، دڵی خۆشە و پێ ئەکەنێ ..خەڵک حەقی چییە؟
بەیانیان لە نەخۆشخانەیەکی میریی کاری ئەکرد ، کاری ئەم بێ هۆشکردنی نەخۆشەکان بوو ، بۆ ئەوەی پزیشکەکان هەڵیدڕن ..ئەوەندە بۆنی ناوسکی نەخۆش هاتبوو بەسەریدا ، گۆشتی لەبەر چاو کەوتبوو ..ئەوەیش بوو بوو بە هۆی ئەوەی پارەیەکی باشی لە موچەکەی بۆ بمێنێتەوە ..
دوای نیوەڕۆیش ئیشی مەغسەل فرۆشتنی ئەکرد ..ئاگاداری نرخ و جۆری هەموو مەغسەلەکان بوو ..هەر کە سەیری موشتەریەکەیشی ئەکرد ، یەکسەر ئەیزانی بۆ مەغسەلی ڤێترا هاتووە .. یان لاتە و بەو حاڵە مەغسەلێکی ئێرانی پێ هەڵئەسوڕێ ..یەک دوو جاریش حەوزی مەغسەل کەوتبوو بەسەر پەنجەی قاچیا ..جاریش هەبوو لێی تێک ئەچوو ، وای ئەزانی نەخۆش لەبەردەمیدا پاڵ کەوتووە ، دەستی ئەبرد مەغسەلێک بێ هۆش بکا بۆ ئەوەی پزیشکەکان هەڵی بدڕن .. جارێکیش لە نەخۆشخانەی میریی لێی تێک چووبوو بە نەخۆشێکی وتبوو ، ڕاستە حەوزەکەی ئێرانییە ، بەڵام بەلوعەکەی تورکییە .. پزیشکەکان نەیانزانیبوو باسی چی ئەکا ، بەڵام نەخۆشەکە دەشتەکیی بوو ، لە ژێر لێوەوە پێی وتبوو : حەوزی پورت ..ئەمیش باش لێی تێ نەگەیشتبوو ، ئەگینا بێ هۆشی نەئەکرد ، با پزیشکەکان هەروا بنیشتنایەتە سەری و هەڵیاندڕیایە ..
دوای نوێژی ئێوارە هەتاکو بەرە بەیان ، لە بارەگایەکی حیزبیی پاسەوان بوو ..بەڵام شەوانی پێنج شەممە پشووی بوو ..ئیتر ئەو شەوە خۆشترین خواردن و ..خۆشترین سەرجێگای ساز ئەکرد ..خێزانیشی هەندێ جار شانازی پێوە ئەکرد کە وەکو کارخانەی نانەقەیسی ، شەو و ڕۆژ گرمەی دێ و کار ئەکا .. هەندێ جاریش ئەیووت باشە شوم بە تراکتۆرێ بکردایە باشتر نەبوو ؟ هەر نەبێ ..هەر نەبێ ، هەموو شەوێ لەبەر دەرگا ڕائەوەستا ، یان دەرگای گەراجەکەم بۆ ئەکردەوە با به گاسنەوە بهاتایەتە ژوورەوە ..
کەس بۆی نەبوو دەست وەرداتە ژیانی و کار و پڕۆژەکانیەوە .. تەنانەت نزیکترین کەس لێیەوە کە خوشکەزایەکی بوو ، نەیئەزانی چەندێک پارەی خەوتووی هەیە .. خۆ پرسیاری ئەوەی ئاخۆ پارە خەوتووەکانی بە دۆلارن یان دینار ، ئەوە مەگەر هەر خوا زانیبێتی ..
خەڵک حەقی چیە ؟ گرنگ ئەوەیە ئەم بەیانیان بە باشترین شێوە نەخۆشەکان بێ هۆش ئەکا ، بۆ ئەوەی پزیشکەکان تێی بەربن و هەڵیدڕن .. عەسرانیش زۆر بە دڵسۆزیی مەغسەلەکانی ئەفرۆشێ ، تا ئێستایش هیچ کەسێ مەغسەلی بۆ نەهێناوەتەوە ..کارمەندێکی هات و چۆ نەبێ ، جارێکیان مەغسەلێکی بۆ هێنایەوە پێی وتبوو من پیازیم ویستووە تۆ بێجیت داومەتێ ..ئەمیش وتبووی ئادەی بگەڕێ بزانە کامە پیازییە ..کارمەندی هاتوچۆ زۆر گەڕا بوو بۆ پیازیی ، تا له کۆتاییدا ددانی پیانابوو بە درۆوە وا ئەڵێ.. ڕاستێکەی کە مەغسەلەکەی کڕیوە جا بۆی دەرکەوتووە موچەی ئەو مانگە زۆر دوا ئەکەوێ و کەسیش قەرزی ناداتێ ..
پاسەوانێکەی شەویشی زۆر ڕێک و پیکە و ..جارێک مەدالیای ئازایەتی وەرگرتووە ، چونکە یەک دوو سەرخۆش بە ناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە ، لە نیوەشەوێکی باراناویدا ، دابوویان بەسەر بارەگای حیزبدا ، ئەمیش نیشتبووە سەریان ..فیشەکی بەملاولایاندا تەقاندبوو ، سەیر ئەکا مێش میوانیان نیە ، جا چەکەکەی دانابوو ، بە شێنەیی هەردووکیانی بە پشتا و پشت بە ستوونی کارەبای موەلیدەوە بە ستبۆوە ..هەرچەند گریا بوون و پاڕابوونەوە ، دەردی نەخواردبوو ، تەنانەت زیاتریش تووڕە بوو بوو ..جنێوی زۆر سێکسیی بە دایک و ژن و خوشکیان دابوو ..وتبوویان تا بەیانی لەبەر باران ئەتۆپین ..پێی وتبوون : بارانی بەهارە ، هیچتان لێ نایەت ..
ئیتر خەڵک حەقی چیە ؟
ڕۆژێک ژنەکەی لە دەمی دەردەچێ پێی ئەڵێ : تۆ کچێکی خەستەخانەت بهێنایە و ..منیش مجەورێک هاوسەرم بووایە ، ڕەنگە باشتر بووایە ..
ئەم سەرەتا تێ نەگەیشت .. بەرە بەرە تێگەیشت . . هەر بۆیە بەرە بەرەیش تووڕە بوو ، نەڕاندی :ْ تۆ چیت ئەوێ بەس پێم بڵێ ؟ ڕیخۆڵەت خوساوەتەوە ، هار بووی ..
دوای هەفتەیەک ماڵە خەزوورانی نیمچە دادگاییەکیان کرد ..خەزووری فەیلەسوف بوو ، پێی وت : زیاد لە ڕادەی پێویست خۆت ماندوو بکەی ، زوو کەمئەندام ئەبیت .. هەر بەیانیان نەخۆشەکان هەڵدڕە ، کیفایەتە ..
ئەم وتبووی : مامە! من نەخۆش بێ هۆش ئەکەم ، نەک هەڵیبدڕم ..
ئینجا با پێت بڵێم ، چوار هاوڕێم هەیە ، عەبدول بەیانیان مدیر ئیدارەیە ، عەسران لە عیادەیەک بیتاقە بڕە ، بە شەویشدا لە یانەیەکی شەوانە نێرگەله ئەگەشێنێتەوە .. مەنوچەر بەیانیان مامۆستایە ، عەسران کیفی دەمانچە ئەدورێ ، بە شەوانیش لەبەردەم مۆڵێکدا سواڵ ئەکا …حەمەسێن بەیانیان ژمێریاری بانکە ، عەسران ماسی ئەفرۆشێ ، شەوان مەندوبی کۆمپانیایەکی کۆرییە …سیراج بەیانیان لە فەرمانگەی ئاو بەڕێوبەری بەشێکە ، عەسران لە مەعرەز ئاڵ و وێڵی ئوتومبیل ئەکا ، بە شەویشا لەسەر مەرز محەویلەی کارەبا دێنێ و دەبا ..
خەزوری خەوی لێ ئەکەوێت و ئەمیش ژنەکەی و شاهیدەکانی ئەخاتە ناو پیکابەکەی و ئەیانباتەوە بۆ ماڵ ..
ئەمە شەوی پێنج شەممە بوو ..پەلەی خواردن و سەرجێگەکەی بوو.




بۆ ئاسۆ حاجی ،نرخی وتارەکەت چەند درهەمە؟.. گۆران هەڵەبجەیی

لەسەردەمی حکومڕانی عەباسیەکاندا کایەی ئەدەبی بەتایبەتی شیعر ڕۆڵی گرنگی هەبوو ،شیعر وەک کاڵا پارەی دەکرد،بەتایبەتی لە شەوە سوورەکانی پڕ ڕابواردن و ڕازاوەی خەلیفەکاندا کە لە کۆشکەکاندا سازدەکران . لەو شەوانەدا زۆرێک لە شاعیرەکان هەوڵیان دەدا خۆیان بگەیەننە ئەوێ و بڕێک لە شییعرەکانیان کە هەمووی پیاهەڵدان و مەدح و سەنای خەلیفە بوو بفرۆشن.
پاش خوێندنەوەی هەر شیعرێکیش بەپێی ئاستی پیاهەڵدان و پەسەندی لەکن خەلیفە ، فەرمانی دەدا کە بڕێک درهەمی پێ بدەن،بۆنمونە دەیگووت [اعطو ١٠٠ درهما] ،یاخود لەشاعیرەکەی دەپرسی [کم درهما یساوی قصیدتک؟]واتە نرخی شیعرەکەت چەند درهەمە؟
کەواتە ئەو جۆرە شاعیرانە کەپێیان دەگووترا {شاعیرانی کۆشک} بۆ خۆشەویستی دەسەڵاتداران نەیاندەنووسی ،بەڵکو بۆخۆشەویستی پارە دەیاننووسی.
ئەوانە هەرچی زەبروزەنگ و ناعەدالەتی و خراپەکاری ئەو خەلیفانە هەبوو لەکنیان گرنگ نەبوون و جێگەی بایەخیان نەبوون،چونکە بڕیاریان دابوو بولبولی خۆشخوانی کۆشکبن.
لەهەرێمێش لەدوای ڕاپەڕین ،بەتایبەتی پاش ئەوەی دەسەڵات و پارەو هێز و ڕاگەیاندن کەوتە دەستی یەکێتی و پارتی،ئیدی بە زەبری پارەو پۆست و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی ،سوپایەک لە مرۆڤی خۆفرۆش،قەڵەم فرۆش،ویژدان فرۆشیان لەخۆیان کۆکردەوە تا داکۆکیان لێ بکەن و ڕەش بکەن بەسپی و ناشیرین جوان بکەن،شکستیش بکەنە سەرکەوتن.
یەکێک لەو قەڵەم فرۆشانە پارتیەکە بەنێوی {ئاسۆ حاجی}،جاروبار نووسینەکانیم بەرچاودەکەوێت ،بۆم دەرکەوتووە هەرگیز بچووکترین ڕەخنەی لە [٣٢]ساڵی کەڵەکبووی گەندەڵی نەگرتووە و لەئاستیدا کەڕوکوێرە،بەڵام دەمێک سەرۆک وەزیران یاخود یەکێک لەبنەماڵەی بارزانی دەکەوێتە بەر تیغی ڕەخنە کە {درووست و بەرچاون} ،ئیدی بەفەرمانی سەرەوە ،ئاسۆکان دەکەونە خۆیان و داکۆکی لە کەسی ڕەخنەلێگیراو دەکەن و پاساو بۆ شکستیەکانیان دەهێننەوە.
نوێترین وتاری ئاسۆ حاجی بەر لە چەندڕۆژێک بەرچاوم کەوت بەنێوی
[بۆ مەسرور بارزانی کراوە بە ئامانج ؟] کە لە چەند ماڵپەڕێکی کوردیدا دابەزیبوو. کاک ئاسۆ زۆر هەوڵیداوە هەرچی ڕەخنەو گازندەی خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی دیکە هەن ،بیانخاتە چوارچێوەی {ڕق وکینەو بەغیلی} بە عەبقەریەتی مەسروور بارزانی و دەسکەوتەکانی.
بۆنمونە بڕواننە ئەم بڕگە نەشازە کە دەڵێت:
[ ئێستا کە مەسرور بارزانی لەلایەن هەندێک کەس و لایەن بۆتە ئامانجی گوتاری سیاسی و میدیاکان، دووبارە بوونەوەی هەمان چیڕۆک و ئەزموون و مێژووە، ئەوان تەحەمول و تەقبوڵی ئەو گۆڕانکارییانە ناتوانن بکەن، کە دەوڵەتدارییەکەی مەسرور بارزانی لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی. لەگەڵ بوونی بە سەرۆک وەزیران.]
کاک ئاسۆ زەحمەت نەبێت بۆمان ڕوونبکەرەوە کام گۆڕانکاری و بە چ ئاراستەیەکدا و چ مۆدێلێکی دەوڵەتداری؟ خۆگەر بەئاراستەی باشکردنی گوزەرانی خەڵک و نەهێشتنی دزی و گەندەڵیە ، ئەوە قەبوڵمانە و نەفرەت لەو کوردەی پێی خۆش نیە.بەڵام گەر بەئاراستە خراپەکەدایە کە بەدڵنیاییەوە وایە ،ئیدی بۆ قەبوڵبکرێت؟
کاک ئاسۆ لە شوێنێکی دیکەدا نووسیویەتی،[دوای چوار ساڵ ئەوە روون بۆتەوە کە پێگەکانی حوکمڕانی لەلایەن مەسرور بارزانی لە سەر بنەمای شەفافەیەت و موجامەلەنەکردن و خاترنەگرتنی بەرامبەر بەڕێوە دەچێت].
ئای کەوانیە و خۆزگە وابوایە و ئێمەش {ئەشهەدوویەکمان پێبدایە}،ئاخر کاک ئاسۆ کەمێک ویژدانت ببزوێنە ،کام شەفافیەت ولەچیدا؟ ئەو شەفافیەتەی کە نەپەرلەمان،نە وەزیرەکان ،نەحیزبەکان،نەئەندامانی پارتی بەفازل میرانیشەوە،لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە هیچ نازانن ؟
ئێوە جوان دیقەتی ئەم دەستەواژە ئاڵۆزانە بدەن کەبەتاڵن لە حەقیقت و کاک ئاسۆ بۆ سەرلێشێواندن و لەخشتەبردنی خەڵکی ساویلەکە بەکاری هێناون،[راست کردنەوەی هێلی خواری حوکمڕانی و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوە و داڕشتنەوەی چەمک و دەستەواژەکان، بە گوێرەی قۆناغی نوێی سیاسی و گۆڕانکارییە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان، کات و ئیرادە و مکوڕبوون و پێداگری پێویستە، کە هەموویان ئەو کەرستانەن مەسرور بارزانی لە بنیاتنانی گوتار و قۆناغی نوێی حوکمڕانی بەکاریان دەهێنێ و دەستەبەرداریان نابێت]
خۆزگە کاک ئاسۆ یەک دوو نمونەی لەو هێڵە خوارانە دەخستە ڕوو کە مەسروور بارزانی ڕاستی کردوونەتەوە،ئاخر فڕێدانی قسە بێ سەنەد و سەلماندن پولێک ناهێنێت.بڕوات بێت هێڵەکەی مەسروریش هێندە خواروخێچە وەک گاڵۆکی شوانی کورد وایەو هەرگیز ڕاست نابێتەوە.
یاخود لە جێگەیەکی تردا دەڵێت[ئەوانەی دژایەتی دەکەن و گرەو لە سەر شکست پێهێنانی هەوڵەکانی دەکەن، دەبێت لە جارێک زیاتر بیر بکەنەوە]
کاک ئاسۆ بڕوات بێت کەس لەهەرێم دژایەتی کاری چاکە و سوودبەخش ناکات گەر لەبەرژەوەندی گشتیدابێت،بەڵام کێشەکە لەوەدایە کاری چاک نەکراوەو ناشکرێت،بەڵکو کاری خراپ و گەندەڵی بەردەوامی هەیە.

کاک ئاسۆ وا تێگەشتوە حەقیقەت و دەرک کردن پێی ئەقڵێکی خارقی دەوێت بۆیە داوادەکات و دەڵێت [مل بۆ حەق و حەقیقەت بدەن و ببنە بەشێک لەو گۆڕانکارییانە کە سوود و خێری گشتی تێدایە و کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەباتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و تر و بەهێزتر].
شەرمە بۆکەسێک بەچاوی خۆی ڕۆژانە هەژاری ،نەبوونی،تووڕەیی خەڵک ناعەدالەتی،داگیرکردنی مڵک و زەوی خەڵک،دزی و گەندەڵی،دەوڵەمەندبوونی بێ ئەندازەی بەرپرسان و کوڕەکانیان ببینێت کەچی بێت باسی [گۆڕانکاری بەسوود و خێری گشتی وقۆناغی پێشکەوتووتر بکات.]
دەزانم کاک ئاسۆ لەنووسینی ئەم وتارەدا پتر مەبەستی یەکێتیە ،کە ئەوانیش لەپارتی بەدترن ،بەڵام ناکرێت و درووست نیە لەپال لێدانی لایەنێکدا پاکانە بۆ کەسێکی شکستخواردوو بکرێ و ڕووی سپی بکرێتەوە.
لای هەمووان ڕوونە کە شکستخواردووترین،خراپترین،بێ ئەزمووترین،ناشیرینترین،ناتەباترین کابینە ئەم کابینەیەی مەسروور بارزانیە.
نکولی ناکرێت کابینەکانی پێشووتر بەتایبەتی ئەو کابینانەی نێچیر بارزانی سەرۆک وەزیرانیان بوو ،تژی بوون لەگەندەڵی، ناعەدالەتی و نادیموکراتی ،بەڵام خودی نێچیر تا ڕادەیەکی زۆر لە مەسرور جیاوازبوو ،بەوەی ئەو خاوەن تۆلەڕانس بوو، ڕەخنەی قەبوڵ دەکرد، هەڕەشەی لەخاوەن ڕەخنە نەدەگرت،فەرمانی کووشتنی بۆکەس دەرنەدەکرد.بەڵام مەسروور بەوجۆرە نیە ،ئەوەی هەستی پێدەکرێت مەسرور خاوەن کەسایەتیەکی مەترسیدارە،تووڕەیە،کین هەڵگرە،ڕەخنە قەبوڵناکات،کار بە پێشنیارو ئامۆژگاری کەس ناکات ،بەپێی ئەقڵی خۆی بڕیاردەدات ، بە دوورخستنەوە لە پۆستەکانیان یا لەناوبردن کەسە نابەدڵەکان لەڕێگەی خۆی دووردەخاتەوە.
لەکۆتایدا بەکاک ئاسۆ دەڵێم ،گەر خۆت لەبەرەی گەلی ستەم لێکراو نابینیتەوە[کەبەداخەوە وایە]،جا تکایە ستەمکاریش مەکە بە سۆپەرمان و فریادڕەس و بلیمەت ،چونکە وانیە.




خەڵوەتێ لە دۆزەخا.. شیعر/ کاوە عوسمان

لە ئەبەدیەتەوە وەرە،،
تابگەیتە هەموو شوێنێ
(ئارسەر ڕامبۆ)

ئەوە خۆرە
لە خوێنمایە
پووش و پەڵاشی
بێستانی شەوە زەردەکانی مەرگ
و غوربەت ئەسوتێنێ..
مەنفایەکم لە دۆزەخا هەڵبژاردوە،،
نیگای توڕەبوونم،،
لە بەدبەختی لەو مرۆڤانەی
بە تانەی مەرگ و تەنیایی و پیرکەوتوون کەوتن
مەنفایەکم لە دۆزەخا گرتوە،
دیدەم لەو شەقامانەی پڕ
لە ئێسک و پروسکی
منداڵە وێڵەکانی سەر زەمینەکانی هە موو جێگاکانە،،
نیگای غەمگینم لە دیمەنی..
شوشە ڕەشی گوڵەژاکاوەکانە،،
لە نەهاتنی پۆلە مەلی شینی خۆشبەختیا،،
ژەنگیان گرتوە،
ئێرە وەرزی تێکشکانی کەشتیەگەلی پایزە
هەر پەنجەرەیەکی قەقنەزیشە،
تابلۆی ژنێکی تیاڕاماوە،
بە چنگی ڕەشی کات دڵهەڵپچراوە،..
خۆر لە خوێنمایە،
هێشتا شەپۆلەکانی بوونم ئەبینم
لە ژێر کازیوەی ژەهرینا،،
بە تەڵاشەبەردی نەگریسی زەمەنا هەڵئەزەنێ،،
ساتەکانی فەنابوون بەڕێئەچێ!
ئەبم هێشتا،
لەسەر ڕوباری مۆری ڕۆژە بابردوەکانا،
پاآش هەزاران مەرگ
بوونم هەر ماوە!
و شتەکان ئەبن هێشتا !!
دوای جەنگە ئەفسوناویەکان،
بونیان هەر ماوە!
باخچە سپیەکانی ئەفوینە،،
لە بڵێسەی چاوەکانما،،
کڵپەیان گرتوە!!،،،
ئای بوون چی بیابانێکی سەختە….
ئەی کازیوە لەدەستچوەکەی دوێنێیەکی بوهەیمیش چی لێهات؟!
چی لە سەرگوزشتەی لمینی کۆچا نەنوسرا،؟!
کوا ڕۆخی گەلە کەشتی
بەرەو قەڵای زەردەپەڕێک لە خوێنا خنکاو
ئەو بەلەمە نەگریسانەش
هەزاران تەرمی کۆچەری ڕۆحبۆشی هەڵگرتوە؟؟!
ئەی ئەو شەوە ژەهرینە پرتەقاڵیانەی
کە تێپەڕیم بە دارستانێ
ڕەشەبای تەڵخی تەمەن تیائاوێزانبوو
بیرمە ، تۆی تەمێکی نامۆییبردوو پرسیت،
ئێرە کوێبوو، ؟!
گەرچی ئەو هەموو گیاندەرچونانەشم،
هەردەم خەڵوەتێ لە دۆزەخا ،،
چی گەنجینەیەکی ئاسوودەبەخشبوو!
دڵم پڕ خۆر بوو!
دەرچەم ناسیبوەوە،،
لە لەنگەری کەشتی نێو هاژە گەردەلولی گەنجێتیەکی
یاخی لە خواوەندە دڕندەکانا ،،
چی خۆشبەختیەک بوو،
مەرگێکی ئامێز بە گڕەوە،،
وەک پەپولەیەک باوەش بە کڵپەدا کا،،
وەک دەروێشێکی مەست
بە شیعری یاساغ
سەمای یاخیبونێتی..
لە نێو ئاسەواری پەیکەری تێکشکاوو
وێرانەی پەرستگا ڕزیوەکانا

………………………………
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەر
Jlu juro ( jlujuro)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




فیلمی کوردی “خاڵا تارییا” چوار خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی ئه‌سته‌نبووڵی به‌ده‌ست هێنا

  • مەنسوور جیهانی

فیلمی کوردی “خاڵا تارییا” In The Blind Spot لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش” و له دەرهێنانی سینەماکاری کورد “ئایشە پۆلات”، چوار خه‌ڵاتی له چل و دووهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئه‌سته‌نبووڵ” له تورکیا به‌ده‌ست هێنا.

فیلمی سینه‌مایی “خاڵا تارییا” In The Blind Spot لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای سینه‌مایی “میتۆس فیلم” Mitosfilm بە به‌ڕێوه‌به‌ری سینەماکاری کورد “مەمەد ئەکتاش” Mehmet Aktaş و له نووسین و دەرهێنانی “ئایشە پۆلات” Ayşe Polat دەرهێنەری باکووری کوردستان، له بەرهەمهێنەری هاوبەشی کۆمپانیای “پۆنکت” و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کانی WDRو Arteو به‌رهه‌می وڵاتی ئه‌ڵمانیا، له نوێترین و دووهه‌مین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا له به‌شی پێشبڕکێی “نه‌ته‌وه‌یی” له چل و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئه‌سته‌نبووڵ” Istanbul له وڵاتی تورکیا نمایش کرا و توانی چوار خه‌ڵاتی ئه‌م رووداوه گرینگه سینه‌ماییه به‌ده‌ست بێنێت، له‌وانه: خه‌ڵاتی باشترین فیلم بۆ “مەمەد ئەکتاش”، خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ “ئایشە پۆلات”، خه‌ڵاتی باشترین مۆنتاژ بۆ “سه‌رحه‌ت مۆتلۆ” Serhat Mutlu و “یۆرگ ولکمار” Jörg Volkmar و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی “فیپێڕشی” FIPRESCI واته فیدڕاسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ڕخنه‌گرانی فیلم به هۆی “ته‌رکیز له‌سه‌ر جیاوازییه‌ ئه‌خلاقییه‌کان له کرده‌وه‌ی رۆژانه‌ی که‌سه‌کان و گرینگترین بایخه‌کانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا”.

“ئایشە پۆلات” ده‌رهێنه‌ری ئه‌م به‌رهه‌مه سینه‌ماییه، دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ؛ به شانازییه‌وه ئه‌م خه‌ڵاته پڕبایخه‌ی خۆی پێشکه‌ش به دایکانی شه‌ممه کرد که منداڵان و بنه‌ماڵه‌کانیان له لایه‌ن حکومه‌تی تورکیاوه ساڵانێکی دوور ر درێژه بێسه‌ر و شوێن کراون.

“مەمەد ئەکتاش” بەرهەمهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی “خاڵا تارییا” لە وتارێکدا رایگه‌یاند: زۆر به‌خته‌وه‌رین که چالاکی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ له لایه‌ن فیلمه‌که‌ی ئێمه‌وه گرینگی ئه‌وتۆی پێدرا.

“خاڵا تارییا” که له لایه‌ن کۆمپانیای “ئارت هوود ئینتەرتەیمنت” ArtHood Entertainment له ئاستی دنیادا بڵاوده‌بێته‌وه، له یه‌که‌مین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “به‌رکه‌وتنه‌کان” Encounters لە حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “بەرلین” Berlinale لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایش کرا و کاندیدی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئەم رووداوه‌ پڕبایخ و پله‌ یه‌که‌می سینەمای جیهان بوو.

فیلمی سینه‌مایی In The Blind Spot لە رێگەی چیرۆکی یەکێک لە دایکانی شەممە، باس لە هەوڵی تیمێکی ئەڵمانی دەکات کە دەیانەوێت بەڵگەفیلمێک لە بارەی ژیانی “ئەیووب ئازیز چاپکورت”، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بەرهەمبێنن.

چل و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئه‌سته‌نبووڵ” به نمایشی ٥٩ به‌رهه‌م له ده‌رهێنه‌رانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی نێوده‌وڵه‌تی، بەشی پێشبڕکێی نه‌ته‌وه‌یی، بەشی پێشبڕکێی نه‌ته‌وه‌یی “کورته فیلم”، بەشی پێشبڕکێی نه‌ته‌وه‌یی “به‌ڵگه‌فیلم” و چه‌ندین به‌شی دەرەوەی پێشبڕکێی له رۆژانی ٧ تا ١٨ی ئه‌پریلی ٢٠٢٣ لە شاری ئه‌سته‌نبووڵ لە وڵاتی تورکیا به‌ڕێوه‌چوو.

بۆ زانیاری زیاتر:

https://film.iksv.org/en




نیشتمان.. سەلام عومەر

وەك سێوێكی قەپاڵ لێدراو
لایەكی جەستەم گەنیوە
كەسێك تفم دەكاتەوەو
كەسێكیش دەمكاتە نیوە


درەختێكی رۆخ روبارم و
لافاو دەورەمی تەنیوە
خاوەنەكەم لە دوورەوە
چاوی لە كەوتنم بڕیوە


وەكو سێوێ‌ وەك درەختێ‌
قەت رەشەبا نەیكەواندووم
وەلێ‌ ئێستا شلوشەكەت
هەستدەكەم گەلێ‌ ماندووم


دەستاڕێكی لێكەوتووم و
هەرتایەم لەنێو دەستێكە
لەنێو دوو زۆندا كەوتووم و
پێویستیم بەتوانای كەسێكە




گرێکۆرە.. دڵشاد تاقانە

تەوەرێکی بێچارەیی هەنوکەییە..

قۆڕنوس..
هەندە زۆر بووە لەسەدان و هەزارانن، هەریەکەو بەشتەکی گرتیە، خوێنەر لۆخۆی نەبوو ئەوانە هەرهیچیان نەهێشت. یەک بەشیعری گرتیە وشە لەدەستنوسیدا هاوار دەکا وا ڕەزیل بووە، لۆخۆشی نازانی ئەوە چعرە؟ یەک بەسەردولکان دەرێ ڕۆمان وا دەزانی وشەی زۆر پێکەونان ڕۆمانە. یەک بەسیاسەتی گرتیە لەعەربەی دنکەکی تێناگا، یەک بەمێژووی گرتیە لینگاوقوچ دەیگێڕتەوە بیلامەعنا کوی حەزلێبی. هەرچی دەنگ ناخۆش هەیە بوویتە گۆرانیبێژ هەرنەڕەی دێ. کەواتە قۆڕبێژیشی هاتەسەرێ.

سەرتاشین..
ئێستا بێ پارەیە و ڕیزگریشی ناوێ هەرتۆزەک ئاگات لەخۆت نەبی سفرت دەکەن بەتایبەتی گڵۆپیشت لۆدەکەن ئەگەر بتهەوێ بەرچاوت ڕوناکبی بەس پێتان نارێم لەکێندەر؟

عەمڕەچی..
یازدە مانگ چی خوا پێیناخۆشە دەیکا کەچی مانگەک دەبتە ئیسلامچی وادەزانی بەو بەخەوی بوونەی ڕەمەزانچیە و موسوڕمانە! چی قۆڕ نەمایە نەیکا هەرهەندەت زانی چوویتە عەمڕەی بەردێ بەمارێ خۆیدا دەدا کە پێشتر شەریکی شەیتانی بوو، ئێستاش وەک خەتمائیل پەیوەندیان هەرهەیەهە وەدەزانی نازانین.

کوردچی..
دەجاوەرە کابرا باوەڕی بەهیچ شتەک نیە واتا عەبەسی و هیچی لا پیرۆزنیە، دەتانی برێی بڕوای بەخۆشی نیە کەچی خۆی بەلێکۆڵەر و باسنوس دەفشقێنی، ڕەخنە لەڕاست و چەپ دەگری یەک ڕۆژیش کوردایەتی نەکردیە و نایکا. بیرۆکان دەدزی و وەرگێڕی دەکا بەبێ ناساندنی چاوگەکان بەدوو فلس هەرزانتر پێمان دەفرۆشتەوە کەچی خۆی موشتەری ئێوارانە.

                       دڵشاد تاقانە



هاشم ساڵح پیاوێکی خۆرهەڵاتی و فیکرێکی خۆرئاواپەرستی.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

یەکێک لەو بیرمەند و رووناکبیرانەی عەرەب کە بە نووسینەکانی سەرسام بووم، نووسەرو بیرمەندی سوری هاشم ساڵح بوو، بەشێکی زۆری وتار و کتێبەکانیم خوێندۆتەوە، تەنانەت پێش چەند ساڵێک کۆمەڵێک وتاریم وەرگێڕاو لە کتێبێکدا بە ناونیشانی “کۆمەڵی مەدەنی” چاپم کرد. راستە من پێشتر دەمزانی کە هاشـم ساڵح زۆر هۆگری شارستانی خۆرئاواییە و بە چاوێکی رەخنەگرانەشەوە سەیری دونیای خۆرهەڵات دەکات و بەتایبەتی کۆمەڵگەی عەرەبی دەکات، بە قەولی فارسەکان کەسێکی ” غەربزادە” یە.
بەڵام لە پاش خوێندنەوەی دوایین کتێبی بەناونیشانی ” لە دیمەشقەوە بۆ پاریس” کە نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد کردوویەتی بەکوردیی و دەزگای جەمال عیرفان چاپی کردووە. کاتێک هەندێک بیروبۆچوونیم خوێندەوە، تووشی نیگەرانی کردم بەتایبەتی کاتێک هەستم بەو خۆبەکەمزانینەی کرد بەرامبەر خۆرئاوا.
ئەم کتێبە بریتییە لە کۆمەڵێک وتار کە تێیدا نووسەر وەکو بیرەوەری نووسیویەتی لەپەنا ئەوەشدا بەڕوونی بیروبۆچوونی خۆی لە بارەی شارستانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا دەرخستووە. لە هەندێک شوێندا هەست بە بێزاریی و تووڕەیی ئەم نووسەرە دەکەیت لە وڵاتەکەی بەتایبەتی و خۆرهەڵات بەگشتی، لەبەرامبەریشدا زۆر بەسەرسامیی و باشییەوە باسی شارستانی خۆرئاوایی دەکات. لەهەمووشی سەیرتر بەلای منەوە، ئەو کەبتە سێکسییە زۆرەیە کە لە نووسەردا دەردەکەوێت، ئەمەش مایەی سەرنج و تێڕامانی زۆرم بوو.

خۆرئاواپەرست
ئەڵمانییەکان وشەیەکیان هەیە ” Westorientierung ڤێستئۆرەینتیرونگ” ئەوانەی کە ئاڕاستەی خۆرئاواییان هەیە، وشەی orientierung زیاتر بۆ ئاڕاستەی شوێن بەکاردێت، West مانای خۆرئاوا دەگەیەنێت. بەڵام هەردوو وشەکە پێکەوە لەرووی فیکرییەوە مەبەستێکی تری هەیە، بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە بە هەموو شتێکی خۆرئاوا سەرسامن و بەسەرچاوەی شارستانی مرۆڤایەتی دادەنێن. من وشەی ” خۆرئاواپەرست” دادەنێم، پێموایە ئەم وشەیە زیاتر دەگونجێت، چونکە وەکو چۆن خوداپەرست و نەتەوەپەرستمان هەیە، خۆرئاواپەرستیش هەیە، چونکە تۆ هەموو شتێكی باش و جوانت لە خۆرئاوا بینییەوە، ئەوا دەچێتە قاڵبی پەرستنەوە، هاشم ساڵحیش دەچێتە قاڵبی خۆرئاواپەرستەکانەوە.

خۆرهەڵاتی خراپ و خۆرئاوای باش
ئەوەی هەستم پێکرد نووسەر رقی لە هەموو شتێکی خۆرهەڵات دەبێتەوە، تەنانەت رقیشی لە بنەماڵەکەی دەبێت، لەبەرامبەریشدا زۆر شەیدا و هۆگر و سەرسامی خۆرئاوایە. لای ئەو خۆرهەڵات مانای بیری توندڕەویی، دواکەوتوویی، ستەمکاریی، لەبەرامبەریشدا خۆرئاوا مانای ئازادیی” بەتایبەتی ئازادی سێکسی” خۆشگوزەرانی، پێشكەوتن، لێبوردەیی و کۆمەڵی مەدەنی دەگەیەنێت.
نووسەر دەڵێت:
ماوەی نێوان دیمەشق و پاریس بە فرۆکە، چوار سەعاتە، بەڵام بە حیسابی زەمەن و پەرەسەندنی مێژوویی، چوار سەدەیە!ل9

لەوانەبێت ئەو قسەیە راست بێت کە ئەمڕۆ خۆرئاوا لە زۆر بواردا پێشكەوتنی بەدەستهێناوە بەتایبەتی لە رووی ” پیشەشازیی،ئابووریی، تەکنۆلۆژیا” هەروەها لە رووی مافە مەدەنیی و سیاسییەکانیشدا، پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، لەهەمانکاتیشدا خۆرهەڵات هێشتا بەدەست کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە دەناڵێنێت و بەو شێوەیەی خۆرئاوا نییە. بەڵام خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە دەبێت ئێمە کە خەڵکی خۆرهەڵاتین، خۆمان لێ بێبەری بکەین و رقمان لێی بێتەوە؟ لەهەمانکاتیشدا هەموو شتێکی خۆرئاوا بە جوان و باش ببینین، خۆرهەڵاتیش بەسەرچاوەی هەموو ناشیرینی و خراپەیەک دابنێین؟ ئەی باشە هەر خۆرئاوا نییە کە سەرچاوەی فیکری فاشیزم و پۆپۆلیزم و دیکتاتۆریی و میلیتاریزم وکۆڵۆنیالیزمە ؟ هۆکاری سەرەکی دوو جەنگی گەورەی ماڵوێرانی جیهانی بووە، کە ملیۆنان کەسی تێدا کوژراوەو بریندارو ئاوارە بووە. هەرچی شێوازی دڕندانە بووە لە دژی نەتەوەو گەلانی کیشوەری ئەمریکا و ئەفریقا و ئاسیا بەکاریانهێناوە. دەبێت لایەنە ناشیرینەکانیشیان باس بکەین و رەخنەشیان لێبگرین، لەهەمانکاتیشدا ئاساییە کە ستایشی لایەنە جوانەکانیان بکەین، بەڵام نەک هەموو خۆرئاوا بە جوان و خۆرهەڵاتیش بە ناشیرین دابنێیت، ئەمە ناچێتە هەڵوێست و تێڕوانینی کەسێکی رۆشنبیر و ئەکادیمییەوە.

راکردن لە منداڵیی و خۆرهەڵات
پاش دوورکەوتنەوەم لە نیشتمان بۆ ماوەی چل ساڵ، ئەوەم بە بیردا نایەت تەنانەت بۆ پێنچ خولەکیش بگەڕێمەوە،،ل13

نووسەر لەم کتێبەیدا لە چەندین شوێندا باس لە ژیانی ناخۆشی منداڵی خۆی دەکات، بەتایبەتی ئەو ئازارانەی کە بەدەست باوەژنەکەی و باوکییەوە جەشتوویەتی. ئەمەش کاریگەری ئێجگار خراپی بەسەر کەسایەتی و فیکری نووسەرەوە بەجێهێشتووە. دیارە نووسەریش وەکو هەموو تاکێکی تری کۆمەڵگە، دەوروبەر کاری تێدەکات بەتایبەتی خێزان، قۆناغی منداڵیش رۆڵی گەورەی هەیە بۆ پەروەردە و کەسایەتی تاک.

نووسەر دەڵێت:
منداڵی من، تەنانەت لە دوای پەنجا ساڵیش هێشتا ناوچەیەکی ترسناکە، بۆمبێکی کاتییە، منداڵیم تا ئێستاش مۆتەیەکی مەترسیدارە، بەردەوام لە دەستی هەڵدێم و بەردەوام بە دوامەوەیە، ئایا من ئەو کەسەم قەپ لە خۆم دەگرم؟ ل92
بەڵام ئایا دەتوانین لە مێژووی خۆمان رابکەین؟ دەتوانین لاپەڕەی مێژووی ژیانی شەخسی خۆمان لە مێشکماندا بسڕینەوە؟ پرسیاری لەویش گرنگتر ئەوەیە، ئایا راکردن رێگە چارەیە؟ یان دەبێت هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بددەین؟

نووسەر دەڵێت:
ناه، نەخێر، هەرگیز ناگەڕێمەوە، ئامادەم سەفەر بۆ ئوسترالیا و مەریخ بکەم، چونکە هێشتا زۆر دوور نیم لە سوریاوە، دەمەوێ بچمە دوورترین شوێن، دووربکەوەمەوە لە منداڵی و لە ژینگەی یەکەم، هەموو رۆژێک حەسودی بەخۆم دەبەم کە من لە دەرەوەم و لەناوەوە نیم، هەموو رۆژێک بەخۆم دەڵێم، تۆ گەورەترین شانست هەیە لە مێژوودا،،،96
ئەمە هەمووی گوزارشت لەو رۆحی راکردنە دەکات کە لەناو ئەم رۆشنبیرەدایە، نازانم ئایا رۆشنبیر دەبێت لە کێشەکانی گەلەکەی رابکات، یان دەبێت لەگەڵیدا بژی؟ وەکو ئەوەی ” گرامشی “فەیلەسوفی ئیتالیا ناوی لێناوە ” رۆشنبیری ئۆرگانییک ” کە هەڵگری خەم و کێشەکانی گەلەکەی بێت و لەناویدا بژیت، ئەگەر بشتوانێت رابەرێتی بزووتنەوەیەکی جەماوەری بکات بۆ باشکردنی ژیانی خەڵکی.
یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش و ئیسلامی توندڕەو لە سوریا، دەرچوون و راکردنی بەشێکی زۆری نووسەران و رووناکبیرەکانی سوریا بوو، هەرچەندە هەموویان هەمان هەڵوێستی هاشم ساڵحیان نییە، بەڵام ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە بەشێکی زۆری نووسەرە ناسراو و رووناکبیرانی سوریا وڵاتەکەیان بەجێهێشت، ئەمەش وایکرد، کە مەیدانەکە بۆ فیکری فاشیستی بەعسیی و ئیسلامی توندڕەو بەجێبهێڵڕێت، لەکۆتاییشدا هەموو گەلانی سوریا باجی بڵاوبوونەوەی فیکری توندڕەیی ئایینی و نەتەوەیی بوونەوە.

وێنەی گشتگیری
هەرچەندە هاشم ساڵح خۆی دژی حوکمی توندڕەویی و تاکڕەوییە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا زۆرجار حوکمی گشتگیریانە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی خۆرهەڵات دەدات، حوکمی گشتگیریش زیاتر لە فاشیستییەوە نزیکە، چونکە تۆ بەیەکجار بڕیار لەسەر کۆمەڵێک کەس بددەیت جا بە باش یان بە خراپ، ئەمە هەڵوێستێکی ئەکادیمی و کامڵیش نییە. ئەوەی هەستی پێدەکەیت، نەک لەم کتێبەیدا بەڵکو لە کتێبەکانی تریشیدا نووسەر حوکمێکی گشتگیری داوە بەسەر خۆرهەڵات و خۆرئاوادا. خۆرهەڵاتی خراپ، خۆرئاوای باش.
نووسەر دەڵێت:
گرفتی رۆشنبیری عەرەبی ئەوەیە، کە رۆشنبیری رووت کردنەوە نییە، رۆشنبیری هەڵوەشاندنەوەو راشکاویی و شۆک نییە وەکو رۆشنبیری ئەوروپا، بەڵکو بریتییە لە رۆشنبیری ملکەچیی و کڕنۆش بردن، رامکردن و ماڵیکردن و وتنەوەیەکی بە بەغایی و تەسلیمبوون کۆڵدان،،ل122
ئەمەش حوکمێکی گشتگیرییە بەسەر رۆشنبیرانی عەرەب، چونکە زۆر نووسەر و رووناکبیری عەرەبمان دیوە، کە لەسەر هەڵوێستی خۆیان، رووبەڕووی زیندان و زوڵمی میرغەزەبەکانی خۆرهەڵات بوونەوە.

ئایا خۆرئاوا هەروا جوان بووە
نووسەر دەڵێت:
سوپاس لیسینک، هیگل، کانت، سوپاس بیرمەندە مەزن و گەورەکان کە چاوەڕێ دەکەین، کەسانی لەو چەشنە لای ئێمەش لە جیهانی عەرەبیدا دەربکەون تا لە تاریکییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست ئازادمان بکەن ل 52
نووسەر لەبیری چووە نازیەتی ئەڵمانی کە دڕندەترین شێوازی حوکمرانی سیاسیی و ئایینی توندڕەو بوو، چ دۆزەخێکی بۆ گەلانی ئەوروپا نایەوە. چۆن بەناوی ئایینەوە ملیۆنان جوویان سووتاند. قسەی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، خۆ سەدان ساڵ بوو رۆشنگەری لە ئەوروپا و ئەڵمانیا کرابوو، بەڵام ئەمەش نەبووە رێگر لە هاتنە سەرکاری دڕندەترین و توندڕەوترین رژێم کە ئەویش نازیەتی ئەڵمانی بوو.

چەپاندنی سێکسی
بە حوکمی ئەوەی کە لە خۆرهەڵات و گێتی ئیسلامیدا، ئازادی سێکسی نییە، وایکردووە کە بەشێکی زۆری خەڵکی تووشی چەپاندنی سێکسی بن، ئەمەش بەشێکی زۆری چین و توێژەکانی گرتۆتەوە. لەوانەبێت بۆ هەندێک کەس هەتا کۆتایی ژیانی لەگەڵ ئەم کەبتە سێکسییەدا بژی لە نموونەی هاشـم ساڵح.
نووسەر دەڵێت:
هەر کە پێم خستە خاکی فەرەنساوە، یەکەمین شت بۆی دەگەڕام ئافرەت و سێکش بوو،
من ماوەی چارەکە سەدەیەک، بەهۆی چەپاندنی سێکسی و ئایینی و ئامۆژگارییەوە، زەینم لە کار کەوتبوو. من کەمی رەوشت و کەمی پەروەردە نەیانکوشتوم، بەڵکو زۆری ئەخلاق و زۆری پەروەردە کوشتیانم، ل118
هەموو شتێک لە شەقامەکانی پاریسدا جوان و سەرنجراکێشە، ژنان لە هەموو لایەکەوە رێکپۆشن و جوانپۆشن، بەناو خۆبادانەوە رێدەکەن، جلی کورت لەبەردەکەن، ئەو هەموو پەیکەری ژنە رووتانە چەند جوانن لێرەولەوێ بڵاوبوونەتەوە،ل112
من زۆر بە شەقامەکانی پاریسدا گەڕاوم، راستە شەقامی جوانی تێدایە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا هەموو شەقامەکانی جوان نین، لەهەمانکاتیشدا نابێت جوانی شەقامەکانی پاریس لە دیمەنی رووتی ژنەکانیان ببینیتەوە، جوانی لە شتی تریشدا هەیە، ئەمەش گوزارشت لەو کەبتە سێکسییە دەکات کە هاشم سالح هەیەتی.
دواتر هەموو شتێکی پاریس جوان نییە، بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی بەدەست هەژاریی و بێکارییەوە دەناڵێنن. هەروەها لەو شەقامانەی پاریسدا زۆرجار بێگانەکان، رووبەڕووی سووکایەتی و جوداکاری دەبنەوە لەلایەن ئەو فەرەنسیانەی هەڵگری بیری فاشیستین، پاریس ئەم دیمەنە ناشیرینانەشی تێدایە.

دوا قسە
هاشـم ساڵح یەکێکە لەرووناکبیرە ناسراوەکانی سوریا و خۆرهەڵات، هەمیشە داکۆکی لە ئازادی بیرورا و دژایەتی بیری توندڕەوی ئیسلامی کردووە، هەموو ئەمانەش هەڵوێست و فیکری جوانن، بەڵام ئەوەی مایەی رەخنە و قبووڵکردن نییە، دژایەتییکردنی هەموو شتێکی خۆرهەڵات و وێناکردنی هەموو شتێکی جوان و باشی خۆرئاوایە، بەجۆرێک خۆرئاوا بە بەهەشتێک دابنێیت و خۆرهەڵاتیش بە دۆزەخ. لەوانەبێت ئاسایی بێت ئەگەر کەسێکی ئاسایی خۆرهەڵاتی وا سەیری خۆرئاوا بکات، بۆیە بەلێشاو گەنجی ئەم خۆرهەڵاتە بەرەو ئەوروپا دەچن، بەڵام ئەگەر کەسێکی نووسەر و رووناکبیر، ئەم تێڕوانینەی هەبێت، مایەی پرسیار و گلەییشە.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا




پوختەی کتێبی ویلیام جەیمس “ئایا ژیان شایەنی ژیانە؟”.. یووسف ئیسماعیل

ویلیام جەیمس (١٨٤٢ – ١٩١٠) وەک پزیشکی پزیشکی ڕاهێنراوە، یەکێک بووە لە کەسایەتییە گرنگەکانی مێژووی فەلسەفەی ئەمریکی، هەروەها دەروونناسێکی پێشەنگ بووە. برای ڕۆماننووس هێنری جەیمس و هاوڕێی چەندین ڕۆشنبیرە لەوانە: ”ڕالف والدۆ ئیمێرسۆن، چارڵز ساندەرز پیرس، بێرتراند ڕوسیل، جۆسیا ڕۆیس، ئێرنست ماک، جۆن دیوی، مارک توین، هێنری بێرگسۆن و سیگمۆند فرۆید”. تەواوی ژیانی خوێندنی لە زانکۆی هارڤارد بەسەر بردووە. ئەمەی خوارەوە کورتەیەک لە وتارێکە کە جەیمس لە ساڵی ١٨٩٥دا بۆ زانکۆی هارڤارد YMCA کردبووی بە ناونیشانی: “ئایا ژیان شایەنی ژیانە؟” جەیمس سەرەتا بە ئاماژەدان بەوەی کە هەندێک بە گەشبینییەکی میزاجی وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە کە نکۆڵی لە بوونی خراپە دەکات. بۆ نموونە شاعیر واڵت ویتمان و فەیلەسوف ڕۆسۆ. بۆ هەردووکیان هەناسەدان، ڕۆیشتن، یان خەوتن خودی خۆشی یان بەختەوەرییە. بە بڕوای جەیمس، کێشەی ئەم ڕێبازە ئەوەیە کە ئەم جۆرە مەزاجانە نا هەمیشەیی و ئەو کەسایەتیانەی کە ئەزموونی دەکەن، گشتگیر نین، ئەگەر ئەوان بوونایە پرسیاری ئەوەی کە ئایا ژیان شایەنی ژیانە یاخوت نا، سەرهەڵنەدەدا. بەڵکو زۆربەمان لە نێوان خۆشی و خەم، لە نێوان ئیکستازی و نائومێدیدا دەلەرزین و هەر بۆیەش بۆ زۆربەمان ئەو بیرکردنەوە کە ژیان شایەنی ژیان نییە ناوبەناو سەرهەڵدەدات. نزیکەی هەر کەسێک لە ناوەڕاستی هەندێک خۆشی و لەناکاودا ڕووبەڕووی مردن و نەخۆشی و ئازار بووبێتەوە، بۆی دەردەکەوێت کە گەشاوەیی بێ وەستانیان لەبارەی ژیانەوە بە خێرایی لەناو دەچێت.
خۆکوشتن بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە هەموو تاکەکان لە ڕووی میزاجەوە گەشبین نین و زۆرێکی تریش دوای بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی تووشی نائومێدی دەبن. ئەگەر بیرکردنەوەیەکی لەو شێوەیە سەبارەت بە سروشتی کۆتایی شتەکان نائومێدی بەخێو بکات، چۆن ڕەنگدانەوەی دەتوانێت بەرەنگاریی ئەو تاریکییە ببێتەوە؟ جەیمس پێشبینییەک بۆ وەڵامەکەی دەخاتە ڕوو: “با یەکسەر بڵێم کە دوا بانگەوازی من بۆ هیچ شتێک نییە کە لە باوەڕێکی ئایینی چەسپاوتر بێت.” هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ڕەشبینی لە ئەنجامی داواکارییەکی ئایینییەوە سەرچاوە دەگرێت کە جێبەجێ نەکراوە. سەرچاوەی سەرەکی ئەم ڕەشبینییە، تێگەیشتنی ڕەنگدانەوەی ئێمەیە لە دژایەتی نێوان ڕاستییەکانی سروشت و خواستی ئێمە بۆ ئەوەی باوەڕمان بەوە هەبێت کە شتێکی باش لە پشت ئەو ڕاستیانەوە هەیە. بۆ باوەڕپێنەکراوەکانی ڕەشبینی ڕەنگدانەوەی لەو شێوەیە سەرهەڵنادات، بەڵام بۆ کەسانی زانستیتر تەنیا دوو چارەسەری ئەگەری هەیە بۆ ئەو ناتەباییە ڕواڵەتییە: یەکەم: دەستبەرداری خوێندنەوەیەکی ئایینی یان شیعریی واقیع بن و ڕاستییە ڕووتەکانی سروشت قبوڵ بکەن. دووەم: وەرگرتنی بیروباوەڕی نوێ یان دۆزینەوەی ڕاستی نوێ بۆ ئاشتکردنەوەی خوێندنەوەیەکی ئایینی بۆ واقیع لەگەڵ ڕاستییە سەختەکانی زانست. بەڵام چ بیروباوەڕێکی ئایینی نوێ ڕەنگە ئەم ئاشتەواییە خێراتر بکات؟ جەیمس بانگەشە دەکات کە جەوهەری سەروو سروشتی ئایینی ئەو بۆچوونەیە کە نەزمی سروشتی بەشێکە لە واقیعێکی گەورەتر کە لە بەرامبەردا گرنگی بە بوونی ئاسایی ئێمە دەدات و مەتەڵەکانی جیهان ڕوون دەکاتەوە. ئەمانە ئەو جۆرە باوەڕانەن کە ڕەنگە یارمەتیدەرمان بن لە گەڕان بەدوای مانادا.
ئێستا جەیمس پێشبینییەک بۆ ئەنجامەکەی دەخاتە ڕوو: “کە ئێمە مافی ئەوەمان هەیە باوەڕمان بەوە هەبێت کە نەزمی فیزیکی تەنیا فەرمانێکی بەشەکییە؛ کە مافی ئەوەمان هەیە بە فەرمانێکی ڕۆحی نەبینراو تەواو بکەین کە لەسەر متمانە گریمانە دەکەین …” بۆ ئەوانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕێبازەکەی عیرفانییە یان نازانستییە، جەیمس وەڵامی دەداتەوە کە زانست و کەسانی بیری زانستی نابێت خۆبەزلزان بن.

زانست وردەکارییەکمان پێدەبەخشێت کە ڕاستەقینە چییە، بەڵام زانستەکەی بە بەراورد بە فراوانی نەزانیمان بچووکە. ئەگنۆستیکەکان دان بەو شتەدا دەنێن بەڵام نەزانییەکانیان بەکارناهێنن بۆ ئەوەی هیچ شتێکی ئەرێنی دەربارەی نەزانراوەکان بڵێن، ئامۆژگاریمان دەکەن کە ڕەزامەندیمان لەو بابەتانەدا ڕابگرین کە بەڵگەکان بێ ئەنجامن. جەیمس لە ئەبستراکتدا بۆچوونێکی لەو شێوەیە قبوڵ دەکات، بەڵام بێلایەنی بە شێوەیەکی کردەیی ناپارێزرێت. ئەگەر خۆم لە باوەڕبوون بە سەروو سروشتی بەدوور بگرم، خۆبەدوورگرتنەکەم بە مامەڵەکردن وەک ئەوەی سەروو سروشتی ڕاستەقینە نەبێت، دەرئەبڕم؛ بە مامەڵە نەکردن وەک ئەوەی ئایین ڕاست بێت، مرۆڤ بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە دەکات وەک ئەوەی ڕاست نەبێت. بەڵام زانست هیچ دەسەڵاتێکی نییە ئینکاری بوونی جیهانێکی نەبینراو بکات کە ئەوەی جیهانی بینراو نایبەخشێت پێمان دەبەخشێت. زانست تەنیا دەتوانێت بڵێت ئەوەی هەیە، ناتوانێت باسی ئەوەی نییە، و ڕەچەتەی ئەگنۆستیک بە ڕێژەی ڕەزامەندی بەڵگەکان تەنیا بابەتی تام و چێژە.

سوودەکانی باوەڕبوون بە جیهانێکی ڕۆحی نەبینراو بەکردەوە و ئەگەر ئەم ئاسوودەییە لە مرۆڤەکان لاببەین، ڕەنگە بێ هیوایی خۆکوژی لە ئەنجامدا بێت. سەبارەت بەو بانگەشەیەی کە ئەم جۆرە باوەڕە تەنها خەیاڵکردنە، جەیمس بیرمان دەخاتەوە کە ئێمە چەندە کەم لە واقیع دەزانین بە بەراورد بە هەموو زانست. لە کاتێکدا ئەم جۆرە باوەڕە لەسەر ئەگەری شتێک دامەزراوە نەک واقیعی پشتڕاستکراوەی، بەڵام ژیان و کردارەکانی مرۆڤ هەمیشە بە نادڵنیاییەوە ئەنجام دەدرێن. ئەگەر تاکە ڕێگا لە شاخێک بازدان بێت، ئەوا دەبێت متمانە بە خۆت بکەیت و باز بدەیت. ئەگەر زۆر دوودڵ بیت دەرئەنجامەکەی مردنی دڵنیایە. هەرچەندە ناتوانین لە زۆر شت دڵنیا بین، بەڵام باشتر وایە باوەڕمان بە پراکتیکی هەبێت، بەو شتەی کە یارمەتیمان دەدات بژین. بۆ جەیمس پرسی ئەوەی کە ئایا ژیان شایەنی ژیانە یان نا، هاوشێوەیە.

دەتوانیت ڕوانگەیەکی ڕەشبینانە بۆ ژیان قبوڵ بکەیت و تەنانەت خۆت بکوژیت. دەتوانیت شتێک بۆ خۆت ڕاست بکەیتەوە بە باوەڕکردن. بەڵام گریمان لەبری ئەوە تۆ بەو بۆچوونە دەلکێیت کە شتێکی باش هەیە لە دەرەوەی ئەم جیهانە؟ زیاتر گریمان سوبژێکتیڤیەت خۆت بەدەست تاریکییەوە نادات، کە تۆ خۆشی لە ژیاندا دەدۆزیتەوە. ئایا ئەو کاتە ژیانت نەکردووە بە شایەنی ژیان؟ بەڵێ دەتوانین بە گەشبینی خۆمان ژیانمان شایەنی ژیان بکەین. کەواتە ئەوە باوەڕمانە بە جیهانێکی نەبینراو، لە جیهانێکی ئایینی یان ڕۆحیدا، کە باوەڕمان بە شایستەیی ئەم جیهانە زەمینەسازی دەکات.

بوێری واتە مەترسی خستنە سەر ژیانی مرۆڤ لەسەر ئەگەرێکی تەنها و دڵسۆزەکان باوەڕیان بەو ئەگەرە هەیە. یاقوب بەم ئامۆژگارییە لە کۆتاییدا دەڵێت: کەواتە ئەمانە دوا قسەی منن بۆ ئێوە: لە ژیان مەترسن. باوەڕت بەوە هەبێت کە ژیان شایەنی ژیانە، باوەڕەکەت یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستکردنی ڕاستییەکە. ڕەنگە ئەو ‘بەڵگەی زانستی’ کە تۆ ڕاست دەکەیت ڕوون نەبێتەوە پێش ئەوەی ڕۆژی دادوەری بگات. بەڵام شەڕڤانانی دڵسۆزی ئەم کاتژمێرە، یان ئەو بوونەوەرانەی کە ئەو کاتە و لەوێ نوێنەرایەتیان دەکەن، لەوانەیە دواتر ڕوو لە دڵ بێهێزەکان بکەن، کە لێرەدا ڕەتیدەکەنەوە بەردەوام بن، بە وشەکانی وەک ئەوانەی کە هێنری چوارەم دوای گەورەیەک سڵاوی لە کریلۆنی دواکەوتوو کرد سەرکەوتن بەدەست هاتبوو: “خۆت هەڵواسەوە، کریلۆنی ئازا! ئێمە لە ئارکێس شەڕمان کرد، تۆش لەوێ نەبوویت. پوختە ( پێویستە گەشبین بین و باوەڕمان بە جیهانێکی ڕۆحی نەبینراو هەبێت بۆ ئەوەی ژیان مانادار بێت).

سەرچاوەکان:
[1] William James, “Is Life Worth Living? in The Search For Meaning In Life, ed. Robert F. Davidson (New York: Holt, Rinehart, & Winston, 1962), 240.
[2] William James, “Is Life Worth Living? 241.
[3] William James, “Is Life Worth Living? 245.




شێوازی کار لە کورتە چیرۆکی ‘ماڵێک لە ئاو’دا.. بازیان موسلح زرار*

شێواز: بەو ڕێگا تایبەتە دەگوترێت کە کەسێکی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی کارێکی دیاریکراو دەستیپێوەدەگرێت.
کاتێک کەسێک دەیەوێت کارێک ئەنجامبدات، دەبێت ڕێگایێک و شێوازێک بۆ ئەنجامدانی کارەکە بەکاربێنێت، بێگومان ئەو ڕێگا و شێوازەیش کە لە هەر کەسێکی تر جیاوازە کە بەکاریدێنێت، چونکە هەمووان خاوەن بیرکردنەوە و تێگەیشتنی جیاواز و گۆشەنیگای جیاوازیان بۆ دەوروبەر هەیە؛ جۆری بەکارهێنان و چۆنیەتیی بەکارهێنان دەبێتە شێواز. هەر کەسێک لە شتێکدا ڕێگایێکی باش بەکاربێنێت ئەوا شێوازێکی جوان بۆ خۆی دروستدەکات و سەرەنجام پێیدەڵێن: “کەسێکە شێوازێکی باش و جوانی هەیە”، بە پێچەوانەوە کە کەسێک ڕێگایێکی خراپ بەکاردێنێت ئەوا شێوازێکی ناشرین بەدەستەوەدەدات، سەرەنجام بە کەسێکی خراپ ناوزەنددەکرێت، بۆیە شێواز زۆر گرنگە کە چۆن و چ ڕێگایێک بەکاردەهێنرێت، چونکە ئەمە بۆ هەر کەسێک دەبێتە پاشخان و بە هۆیەوە دەناسرێتەوە، نووسەر بە بەکارهێنانی یەکێک لە مۆدێل/ژانرە ئەدەبییەکان و بە سوودوەرگرتن لە ڕەگەزەکانی سۆز، فیکر و ئەندێشە، ئەو بیرۆکە و شێوازەی هەیەتی تیایدا دادەڕێژێت و پێشکەشی خوێنەری دەکات. شێواز لە لێکۆڵینەوە و وەسفی دەقدا، دەستی خوێنەر دەگرێت تاکو بتوانێت کاری لەسەر بکات و بنیاتی زمانیی دەق دەستنیشانبکات، بۆیە پێویستە سەرەتا بزانین شێواز چییە ئەو کاتە لەو پەیوەندییانەی کە نووسەر هەیەتی لەگەڵ بیر، هەست، مەعریفە و تێگەیشتنەکانی… تێدەگەین.
ئاستی پێکهاتەیی: کە ئاستێکی سەرەکیی شێوازە، هەر دەقێک خاوەن پێکهاتەی تایبەت بەخۆیەتی کە بە هۆیەوە لە دەقەکانی تر جیادەکرێتەوە، بە شێوەیەک کە هەم نووسەر هەم پێویستیی بابەت وا دەکات بە جۆرێک بنووسێت کە هەم لە بابەتەکانی تر هەم لە نووسەرەکانی تر جیابکرێتەوە.
چۆنیەتیی پێکهێنانی پێکهاتەکان و چۆنیەتیی بەکارهێنان و پەیوەندیی نێوانیان وا دەکات کە دەقەکە خاوەن سیمایێکی تایبەت بێت، لە هەمان کاتدا دەلالەتێک دەبەخشێت. پێکهاتەی ئەدەبی سیستەمێکی هونەریی تەواوە، بە جۆرێک ئەگەر لێکۆڵەر بیەوێت لە دەقێک بکۆڵێتەوە پێش هەموو شتێک دەبێت بچێتە سەر ئاستی پێکهاتەییەکەی، بزانێت کە پێکهاتنی چۆنە و لە پەیوەندییە ناوەخۆییەکانی تێبگات کە بۆ چ مەبەستێک بەکارهاتوون ئەو کات دەتوانێت کاریان لە سەر بکات و ئاستەکانی تریش دەستنیشانبکات؛ هەر ئەمەیشە وا دەکات نووسەران لە یەکتری جیاواز بن ئەگەر لە یەک سەردەمیش بن. دەبینین شێوازگەری زیاتر گرنگی بە دەلالەت دەدات چونکە زیاتر دەلالەتە وا دەکات نووسینە ئەدەبییەکان لە نائەدەبییەکان جیابکرێنەوە، بێگومان ئاستی دەلالیی هەر دەقێکیش لە ڕێگەی ڕێزمانی ئەو زمانەوە دروستدەبێت و خاوەنداری بۆ خۆی دەستەبەردەکات، پێویستیی سەرەکی ڕێزمانیش بریتییە لە ئاستی پێکهاتەیی، چونکە ئاستی پێکهاتەییە بڕیاردەدات چ پێکهاتەیێک لە ناو ڕستەدا بەکاربێت و پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکتری چۆن بن. لێرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئاستی پێکهاتەیی بۆ جیاکردنەوەی دەقە، نووسەر و سەردەم زۆر گرنگە، هەروەها پێویستە شارەزایی هەبێت لەسەر بابەتەکە بۆ ئەوەی بتوانرێت لە دەق بکۆڵرێتەوە، هەم لە ئاستەکەیدا هەم لە ئاستەکانی تریشدا، چونکە دواجار ئەوەی دەق پێکدەهێنێت بریتییە لە پێکهاتەیی ڕێزمانی و ئەوەیشی بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاستەکانی تر یارمەتیدەرە بریتییە لەئاستی پێکهاتەیی.
شێوازی کار لە دەقی ‘ماڵێک لە ئاو’دا؛ نووسەر لە دەقەکەدا باسی ئەوە دەکات کە خێڵێک لە دورگەیەکدا دەژین و پێویستە ساڵانە بەشێکیان ببنە قوربانی بۆ ئەوەی ژمارەی دانیشتوانیان کەم ببێت، چونکە ساڵانە ژمارەیان زۆر دەبێت و شوێن و خواردنیان بەشی هەمووان ناکات، بۆیە قوربانیکردن لە لایاندا کارێکی پیرۆزە، سەرۆک خێڵ بڕیاردەدات کە دەبێت بەشێکیان خۆیان ئامادەبکەن بەڵام کەس ئامادەنابێت بۆیە ناچاردەبێت خۆی هەڵیانبژێرێت و لەو کارەدا کوڕە لاوێکی عاشق بە کچێک دەکەوێتە ڕیزەکە و هەڵدەبژێردرێت و دەبێت لەگەڵ ئەوانی تر ببێتە قوربانی.
ئەگەر سەرنجبدەین دەبینین نووسەر لە بەکارهێنانی کارەکاندا جۆرە جوانییەکی بەخشیوە، بە جۆرێک لە کاتی خوێندنەوەیدا بێ_ئەوەی سەرنجیشیبدەیت جۆرە هەستێكت لە لادا دروستدەبێت کە لە خوێندنەوەی بابەتەکەدا و تێگەیشتن لە ناوەڕۆکەکەی دەبینین هەموو ڕستەکان کردارکۆتا نین، بەڵکو بەشێکیانی بۆ پێش گرێیە بەندییەکە بردووە.

ئەوانەی کە ڕۆژانەن و دووبارەن: سەرۆک خێڵ بە پەلە هەر هەموو خێڵەکەی کۆکردەوە، ئێمە لەو دوورگەیەدا گیرمان خواردووە، چەند ساڵ جارێک ژمارەمان زیاد دەکات، نە خۆراک بەشمان دەکا نە ئەو خاکەی لەسەری دەژین، ئەمساڵ هەم ژمارەمان زیادی کردووە هە، خۆراکمان روو لە کەمییە، خۆم قوربانییەکان هەڵبژێرم، شەپۆڵەکان سەری خۆیان بە تاشە بەردەکنا دەشکاند… .

نووسەر لەو کارەیدا سەرنجی ئەوە دروستدەکات، مەبەستی لەو جۆرە بەکارهێنانەی کاردا ئەوەیە کە لەو کارانەی دووبارەن، ڕۆژانەن و شێوەیەکی ئاساییان هەیە بە شێوەی ئاسایی و ڕێزمانی بەکاریهێناون، بەڵام لەو کارانەی کە دەبێت لەو بڕیارەیدا ڕووبدەن، زیاتر دەستکاریی شوێنی کارەکەی کردووە و لە شوێنی خۆی کە کۆتا بەشی ڕستەیە بەکارینەهێناوە، ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مەبەستی ئەوەیە خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی دەقەکەدا زیاتر سەرنجی بچێتە سەر کارەکان و ویستوویەتی جەخت لەو کارانە بکاتەوە کە دەبێت بکرێن، ویستی نووسەر وا بووە خوێنەر بباتە ناو قوڵایی بابەتەکە کە خودی بڕیارەکەیە، چۆنیەتیی ڕێکخستنی ڕستەکانیش وای کردووە کە لە کاتی خوێندنەوەدا زیاتر سەرنجت بۆ سەر کارەکان بچێت کە دەبێت چی بکەن و چۆنی بکەن، چونکە ئەوە لەو دوورگەیەدا هەلی مانەوەیانە؛ دواجاریش ئەوەی ئەو بابەتە تەواودەکات لە ڕستەدا کارەکانن، چۆنیەتیی بەکارهێنانیان کاریگەریی بابەتەکە دەردەخات. واتە ئەگەر لە لایەنی ڕستەسازی لە بابەتەکە بڕوانین سەرنجی زیاترمان بۆ ئەنجامدانی کارەکان دەچێت، کە لە ڕستەسازیدا هەر بەشێک چووە پێش بەشێکی تر ئەوە مەبەست جەختکردنەوەیە لە بەشی پێشەوە و کاریگەریی زیاتر دروستدەکات و بە گرنگیی زیاتر بەرچاودەکەوێت، هەروەک لەم دەقەدا، بەڵام ئەگەر بەپێی هێمابۆکراوەوە سەیریبکەین سەرنجمان بۆ بەشی دوای کارەکە دەچێت، چونکە کاتێک کارەکان دەچنە دواوە بەشی کۆتایی دەردەخەن و سەرنجی خوێنەر بۆ دنیای دوای کارەکە دەبەن کە چۆنە و دەبێت چۆن بێت. ئەگەر کارەکانی دەقەکە وەربگرین دەبینین کاتێک بە کارەکان دەگەین هێمایێک دروستدەبێت کە هێمابۆکراوەکەی بەشی دوای کارەکەیە، بۆ نموونە کە نووسەر دەڵێت: “لەو دونیا دەگەنە بەردەمی خوداوەند” کاری گەیشتن دنیایێک دروستدەکات کە گەیشتن بە خوداوەند چۆنە و دەبێت چۆن بێت؟ ئەمەیش وا دەکات کە لەو دەقەدا شێواز بەپێی خوێنەر دیاریبکرێت نەک نووسەر، چونکە خوێنەر بە هۆی دنیابینی و تێڕوانینی دنیایی و ئاستی تێگەیشتنی، سەرنج لە بابەتەکە دەدات بەبێ ئەوەی کە نووسەر بناسێت، کاتێکی دەڵێین دیاریکردنی شێواز بە پێی ڕستەسازی یاخود هێمابۆکراو دواجار ئەوە خوێنەرە دیاریدەکات کە لە چ لایەنێک سەیری بابەتەکە بکات و تێڕوانینی بۆی هەبێت، لەوانەیە نووسەر هەر درکی بەوە نەکردبێت کە خوێنەر بۆ بابەتەکە هەیەتی یاخود لەوانەیە بە مەبەست تێگەیشتنی جیاوازی دروستکردبێت، خوێنەریش دەوری دەگۆڕێت، بۆ نموونە کە نووسەرەکە ناناسێت بەپێی دەقەکە بڕیاردەدات، بەڵام ئەگەر نووسەر بناسێت لەو کاتەدا زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی فیکر و تێگەیشتنەکانی نووسەر، بەڵام دواجار ئەوەی بڕیار لەسەر شێوازی دەق دەدات خوێنەرە. هەموو ئەوانەیش بەسەریەکەوە شێواز پێکدێنن، واتە دەکرێت نووسەر شێوازێکی هەبێت و خوێنەر هەمان ئەو شێوازەی نووسەر بەکاریهێناوە بە شێوەیەکی تر بەکاریبێنێت و سەیریبکات، شێوازی خوێنەرەکانیش جیاوازدەبێت لەگەڵ یەکتریدا، شێوازی هەمان کەسیش لە سەردەمێک بۆ سەردەمێکی تر دەگۆڕێت ئەگەر هەمان دەقیش بێت.

ئەو کارانەی کە پێویستە ڕووبدەن و کاتین: ببنە قوربانی خوداوەند، هەندێکتان دەخەینە نێو بەلەم و بێ سەول دەتاندەین بەدەم ئاوەوە، خۆشبەختە ئەو کەسەی دەبێ بە قوربانی، لە پاڵ قوربانیانی پیر و پەککەوتە گەرەکە چەند کوڕو کچە لاوێک خۆ تەیار بکەن بۆ سەفەری ئەو دونیا قوربانی، لە کەنار دەریاوە فڕێمان دانە ناو گێژەلووکە و شەپۆڵەکانەوە، لەو دونیا دەگەنە بەردەمی خوداوەند، لە گوشادبوون بە دیداری خوداوەند، تاکە کەسێک کە جێما بەسەر بەردێکی لووس و خزی رۆخانەی دەریاوە کچەی عاشق بوو… .

ئامادەکردنی قوتابی: زانکۆی سۆران
بازیان موسلح زرار فاکەڵتیی ئاداب
بەشی زمان و ئەدەبی کوردی – قۆناغێ سێیەم




ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟-2.. زاهیر باهیر

2-2

هەشت: هەڵاواردن/ جیاوازی و پرسی ڕایسیزم و مامەڵەی ژنان لە لایەن کۆمپانیاکان و پۆلیسەوە:
بریتانیا بە گشتی و لەندن بە هۆی هەبوونی ئیتنیکئیەکی زۆری فرە نەتەوە کە لە زۆربەی وڵاتانەوە ڕویانکردۆتە بریتانیا، لەندەن بە شارێکی کۆسمۆپۆلێتی دادەنرێت. گەرچی خەڵکانی ڕەشپێست و کەمایەتییە نەتەوەییەکانی خۆیان توانیویانە جێگای خۆیان بکەنەوە و بەشداری بکەن لە بزنس و لە سپۆرت و لە بواری میدیا و کۆمیدی و پەروەردە و تەندروستی و بوارەکانی دیکەدا و کلتوری ئەم وڵاتە دەوڵەمەند بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازای و هەڵاواردنێکی زۆریان لەگەڵدا دەکرێت بە تایبەت بەرانبەر خەڵکانی ڕەشپیست و خەڵکانی ئاسێوی. جیاوازی و هەڵاواردن و بەکەمگرتنی ئەوانەی کە لە سەرەوە باسمکردن زۆربەی لایەنەکانی ژیانییانی گرتۆتەوە چ لە دەستکەوتنی کار و بەرزکردنەوەی پلەیان و چ لە دانی کرێ و موچەدا لەگەڵ خەڵکانی سپیپێست و خەڵکە ئەسڵییەکەدا جیاوازییان دەکرێت.
ئەم جوداکاری و جۆری مامەڵەیە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ژیانی ڕەشپێستەکان و ئیتنیکییە جیاوازەکاندا هەبووە و هەیە تا ئەو ڕادەیەی کە ژمارەی بێ کاری و یاخود کاری خراپ لە ڕوی وەختی چوونە سەر کار و لە ڕوی شوێنی سەر کارەوە و نیشتەجێبوونیان لە شوێنی خراپ و خراپ مامەڵکردنیان لە لایەن خاوەنخانووەکانەوە هەروەها پۆلیسیشەوە، ئەمانەی هەموو گرتۆتەوە.
بەڵگەکان و ئامارەکان ئەوەندە زۆر و حاشا هەڵنەگرن کە تەنانەت خودی حکومەت و میدیا و پۆلیس- یش لەم دواییەدا نەیانتوانی نکوڵی لێبکەن و سەلماندیان.
مامەڵەی پۆلیس بەو ڕادەیە خراپە لەگەڵ ژنان و هاوڕەگەزخواز و ترانسەکان [ ئەوانەی کە ڕەگەزی خۆیان دەگۆڕن] و هەروەها خەڵکانی ڕەشپێست و ئیتنیکییەکان تا ڕادەی ئەوەی کە پۆلیس تاوانبار کراوە بەوەی کە دەزگایانە ڕایسستن و سێکسیستن ، واتە دامەزراوەی پۆلیس لە ڕوی دەستورییەوە ڕایسستن . تا ئەو ڕادەیەی تەنانەت هەندێك لە پەڵەمانتارەکان و پایەبەرزان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەزگەیە دەکەن و دروستکردنەوەی لە شێوەیەکی دیکەدا.
ڕاپۆرتیێکی نوێ کە لە مانگی مارتدا کە ماوەی چەند مانگێکە کاری لەسەر دەکرێت لەسەر داوای خودی حکومەت، نیشانی دەدات کە زیاتر لە 1500 پۆلیس تۆمەتبارن بە توندوتیژی دژی ژنان لە ماوەی تەنها شەش مانگدا. هەر ئەم ڕاپۆرتە بەدواچونی لە هەموو لایەنەکانی کاروباری پۆلیسەوە کردوە و دەڵێت ئەو کەیسانەی داخراون لە سەدا 70 کەیسەکانی خراپی مامەڵەی پۆلیس بوون کە 136 کەیس بوون داخراون. لە سەدا 91 کەیسەکانی سکاڵاو گلەیی بوون کە 290 کەیس بوون فڕێدراون، واتە لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە. سەبارەت بەم پێشێلکردنەی مافی خەڵك تەنها 13 پۆلیس بە هۆی نادروستی مامەڵەیانەوە، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە بەڵام کەسیان دەرنەکراون .
ڕاپۆرتەکە ئاماری وردی تر دەدات، ڕایگەیاندووە لە سەرانسەری ئەو 40 هێزی پۆلیسەی کە زانیارییەکانیان لەبەردەستدا بوو، 428,355 کەیس دەرئەنجامێکی تۆمارکراویان هەبوو، بە واتایەکی دیکە سکاڵاکان تۆمارکراون، ڕێژەی ئەو پۆلیسانەشی کە تۆمەتبارکراون هێزی پۆلیس تەنها بە ڕێژە لە سەدا 6 لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە . لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پۆلیس کێشەی لەگەڵ بەڵگەکاندا هەبووە، یاخود قوربانییەکان لەبەر هۆیەك لە دۆسیەکە کشاونەتەوە.
ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەر توانی ئەم ئامارە بە ساڵی 2018 بەراورد بکات . لە بەراوردەکەدا ئاشکرای کرد کە لە ساڵی 2018ەوە نزیکەی 80 ئەفسەری پۆلیس لە 22 هێز لە ئینگلتەرا و وێڵس ڕووبەڕووی ڕێکاری دیسپلینیی بوونەتەوە بەهۆی پەیوەندی سێکسی نەشیاو یان بەرکەوتنی سێکسی لەگەڵ قوربانییەکان و شایەتحاڵان و گومانلێکراوەکاندا. بارو دۆخەکە بەو ڕادەیە خراپە کە لە ئێستادا هەفتانە دوو تا سێ پۆلیس ڕووبەڕووی دادگایکردن دەنبەوە.
ئەوە نەبێت پۆلیس هەر مامەڵەی ژنان و دانیشتوان ئاوا نادروست بکات، بەڵکو پۆلیس هاوەڵانی خۆشیان هەر ئاوا مامەڵە کردووە. لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا دەرکەوتووە کە نیوەی پۆلیسی ڕەشپێستی بەریتانیا بەدەست ڕووداوی مامەڵەی ناشیرین و ڕایسستییەوە لەلایەن هاوکارە پۆلیسەکانیانەوە دەناڵێنن. دەرکەوتووە کە لە سەدا 49% هەستیان بە دوورخستنەوە لە گفتوگۆ کۆمەڵایەتییەکان یان چالاکییەکان و کارەکانیانەوە کردووە بەهۆی ڕەگەز یان نەتەوەوە خراپ مامەڵە کراون. بەڵام بۆ ئەوانەی گلەیی و مامەڵە ناشیرینەکانیان ڕاپۆرت کردووە بۆ ڕێژەی بۆ لە سەدا 70 بازی داوە.
سەبارەت بە سیاسەت و مامەڵەی پۆلیس –یش دەربارەی خەڵکانی ڕەشپێست و ئیتنیکی لێرەدا هەر بە کورتی چەند ئامارێك و بەڵگەیەك دەخەمە بەرچاو.
بەگوێرەی راپۆرتێکی پشکنین و تاقیبکردن و توێژینەوەی مانگی مارتی ئەمساڵ کە 363 لاپەڕەیە پڕە لەو کارانەی کە بە وتەی تۆێژەرەوەی ڕاپۆرتەکە کە خودی پۆلیس بۆ پاراستنی ئاسایش و کەرامەتیان دانراون ، کەچی خۆیان بکەری ئەوانەن . لانی کەم لە سەدا یەك پۆلیس تاوانبارکراوە بە شکاندنی دووجاری ستاندەری پۆلیس، هەروەها گلەییەکان و سکاڵاکان 400 ڕۆژی خایاندووە بۆ لابەلاکردنەوەیان.
پۆلیس هەمیشە چاوی لەسەر گەنجانی ئاسێوی و ڕەشپێستەکانە و دەسەڵاتی ئەوەیان پێدراوە کە یاسای وەستان و پشکنین چۆنیان بوێت بیسەپێنن. لەم بارەدا پۆلیسیش درێخی نەکردوە لە مامەڵەی جوداخوازیی، کردەوەی ناشیرین و گوێنەدان بە سکاڵای کەسی وەستێنرا و یا پشکێنراو کە زۆر جار بە گرتنیان هەر لە ناو ڤانەکەدا کەسی گیراو گیانی لە دەستداوە، یاخود لە مەرکەزی پۆلیس بە بەستنەوەی و ڕاگرنتی لەسەر دەم، گیانی دەرچووە ، ئەمە جگە لەوەی کە گەلێك لە کەسانی گەنجی ڕەشپێستیان کوشتوە بە بیانوی ئەوەی چەکی پێییە دواتریش دەرکەوتووە کە بێ تاوان بووە.
وەستان و پشکنین کچانی گەنجی ڕەشپێستیشی گرتۆتەوە . بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێوە کە لە لایەن کۆمیساری منداڵانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە کچانی ڕەشپێست سێ هێندە زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە کە لەلایەن پۆلیسیەوە ڕابگێرین ڕوتیان بکەنەوە و بیانپشکنن. لەم بارەدا سەدەها کەیس هەیە کە لێرەدا ناکرێت باسیان بکەم .
هەر بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2018، 110 منداڵ و گەنجانی مێینە تووشی ڕوتکردنەوە، واتە داماڵینی پۆشاك لە لایەن پۆلیسەوە بوونەتەوە کە زۆریان کچانی گەنجی رەشپێست و ئیتنیکییەکان بوون، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ڕێگەی داواکاری ئازادی زانیارییەوە بەدەست هاتوون و لەلایەن کۆمپانیای ئازادی لێکۆڵیەنەوە شیکراونەتەوە بە شێوەیەکی ناڕێژەیی، نزیکەی نیوەی (47%) ئەوانەی کە تووشی ئەم مامەڵە ناشیرینە بوونەتەوە ڕەشپێست بوون. لە نێوانی کچانی گەنجی تا تەمەن 19 ساڵ و سەروتر بە ڕێژەی لە سەدا 36 ڕووبەڕووی ئەو پشکنین و ڕووتبوونەوەیە بوونەتەوە .
دۆزینەوی ئەم بەڵگە و ئامارانە کە لە ڕاپۆرتێکی کۆمیساری منداڵاندا دەرکەوتووە منداڵانی ڕەشپێست 11 هێندە زیاترە لە هاوتەمەنە سپیپێستەکانیان کە لەلایەن پۆلیسەوە ڕادەگیرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت .
بێ متیمانەیی خەڵکی بە حکومەت و پۆلیس و دادگا بە ڕادەیەکە کە تەنها 20%ی دەنگدەران متمانەیان بە حکومەت هەیە بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی ڕووبەڕووی تاوانەکان ببێتەوە و کەمبکاتەوە، لەکاتێکدا 71% متمانەیان بە حکومەت نییە. تەنها 27% متمانەیان بە دادگا و سیستەمی دادوەری هەیە بۆ کەمکردنەوەی تاوان و تەنها 31% متمانەیان بە پۆلیس هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی تاوان.

نۆ : ئازادیی و دیمۆکراتی لە بریتانیادا:

گەر بە دیقەتەوە لەبەشەکانی پێشتری ئەم وتارە بڕاوانیت ڕەنگە دەرك بەوە بکەیت ئەو هەموو شتانەی کە ڕووی داوە و ڕوودەدات بناخەکەی نەبوونی ئازادیی و دیمۆکراتیەتە.
ئازادیی و دیمۆکراتییەت هەر ئەوە نیە کە لە 4 یا 5 ساڵدا جارێك بچیت زاڵمەکانی خۆت هەڵبژێریتەوە و زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی بیت لە کارەکەت. ئازادی و دیمۆکراتی لە سای سەروەری دەسەڵات و چینایەتی و کۆمەڵی هیرراشیدا هەر جۆرە دەسەڵاتێك بێت لە خێزانەوە تاکو دەوڵەت خەیاڵێکی خۆش و بابەتێکی تامەزرۆیە.
لەگەڵ ئەوەشی کە وتم هەندێك ئازادیی بە ڕەهایی هەیە لەوانە ئازادیی ئەوەی کەخۆت یەکەمیت و خەڵکی دیکە دووەم ، واتە خۆت گرنگیت و دەرەوەی خۆت لە پلەی دووهەمدا. ئازادیی هاندانی تاک سەبارەت بە ڕەهایی و خۆشی و باشی ئەم سسیتەمە گوایە ئەمە دوا قۆناخی بەشەرییەتە. هاندانی تاکی کۆمەڵە کە هۆگری شۆپینگ و بازارکردنی ڕۆژانە ببن، کە وەکو مادەی هۆشبەر وایە کە ئالودەی بوویت زۆر زەحمەتە لێی ڕزگارت بیت، بەمەش ببنە کۆیلەی خاوەنکار و بانقەکان و بەهۆی قەرزار بوونیانەوە. ئەم خووە بەردی بناغەیییە بۆ نەهامەتیەکانی کە بەسەر تاکدا دێت کاتێك کە دەکەوێتە بەر هێڕشی بێ رەحمانەی بەرردەوامی ڕێکلامەکان و کارایی بازاڕ و کێبڕكێ لەگەڵ هاوتەمەن و دراوسێ و خزم و کەسی خۆی کە ئەم نابێت لەوان کەمتر بێت.
وەکو لە سەرەوە وتم پرسی ئازادیی و دیمۆکراتی نە لەویوە دەستی پێکردوە و لەوێشدا کۆتایی دێت. بۆیە هەموو دامەزارەوەیەك لەم وڵاتەدا، هەموە شتێك هەموو بڕیارێك و هەموو یاسایەك جێگای هەڵوێستە و تێڕامان و پرسیارە.
من بە بەردەوامی لەسەر ئەم بابەتەم بە بەڵگە و بە ئاماریشەوە نوسیوە. بۆیە هەر لێرەدا تەنها هەندێك شت دەڵێم .
ئەم ولاتە لەسەر ئەساسی کۆڵۆنایزکردنی دەیەها وڵات و ملیۆنەها کۆیلە و زوڵم و زۆری پاشا و دام و دەزگەکەی بنیاتنراوە. ژمارەی هێنانی کۆیلە و بازرگانی کردن پێیانەوە لە نێوانی ساڵانی 1640 وە تا 1807 3.1 ملیۆن کۆیلە بووە کە دەسگیرکراون و هەندێکیا بۆ کۆڵۆنییەکانی دیکە گوازراونەتەوە کە لە مانە تەنها 2.7 ملیۆنیان ژیاون ئەوانی دیکەیان بە هۆی بارودۆخی نێو پاپۆڕ و ژینگەی نوێیان و خراپی مامەڵەی سەروەرانیان گیانیان لەدەستداوە .
ئەم وڵاتە دایکی پەڕلەمان و شۆڕشی پیشەسازی بووە. هۆکاری برسیکردن و قڕکردنی ملیۆنەها خەڵکی بووە. لەوانە لە وڵاتانی کاریبیا و ئەفریقا و دە ملیۆن لە پەنجاب و ملیۆنانی دیکەی ئیرلەندەییەکان و کوشتن و بڕینیێکی زۆر بووە . خاوەنی ئەزموونی گەورەی تاڵانی و شەڕ و دزینی سەرەوەت و سامانی نەتەوەکانی دیکە بووە. بە مشتێك خەڵكەوە بەڵام بە عەقڵێکی گەورەوە سەروەری ئەم دونیایە بوون و تایبەتمەندی خۆیان و زمان و خاکیان تا ئەم سەردەمەش هەر وایە و پاراستووە . پاش تێپەربوونی 3 چەرخ بەسەر کۆیلایەتی و بڕیاری قەدەخەکردنی لە سالی 1807 داو هەڵوەشاندنەوەی بازرگانی کۆیلایەتی لە ساڵی 1832 دا، هێشتا ئەم وڵاتە بە عەمەلی پۆزشیان بۆ وڵاتانی کۆڵۆنایزکراو نەهێناوەتەوە و ئامادە نین قەرەبووی ئەو وڵاتانە بکەنەوە گەرچی لەژێر فشارێکی گەورەی کەمپەین بە قەرەبووکردنەوە و دانی پارە بە نەوەکانی ئەو وڵاتانە کە “کاریکۆم” کە کورتەی کەمپەینی کاریبیان کۆمۆنیتییە بەم کارە هەڵساوە.
وڵاتێك ئەوە پاشخانەکەی بێت ئاسان نییە تەنانەت بە تێپەڕینی چەند چەرخێكیش پێشبینی تێپەڕکردنی تەواوی ئەوەی کە کۆن کردویەتی بیکات. لە ئێستاشدا دەزگەی سیخوڕی و هێزی پۆلیسی و عەقڵی سیاسی ڕۆڵی گەورەی لە بەڕیوەبردن و سەرکوتکردنی خەڵکان و زەوتکردنی ماف و ئازادییەکانیاندا هەیە.
لە ساڵی 1968 وە لانی کەم تاکو کۆتایی 2010 ، 139 پۆلیس وەکو سیخوڕ بە پلانی داڕێژراوی سەروی خۆیانەوە دزەیان کردۆتە ناو زیاتر لە 1000 گروپی چەپ و ژینگە و ئەنارکست و سۆشیالیست وەرکەر پارتیی و سەراپای کەمپەینە جۆراوجۆرەکانەوە. هەندێك لەمانە خۆیان ئەوەندە نزیک کردۆتەوە بونەتە برادەری نزیکی کچە گەنجەکانی ئەو گروپانە و باوکی منداڵیان و پاش ماوەیەك کە جاری واهەبوو چەند ساڵێکی خایاندووە و لەبەر چاو ونبوون. ئەمانە ئەوەندە چالاک بوون کە زۆر جار ئامادەکاری و دابینکردنی ڤان و پۆشاکی پێویست و کەرەسەی تریان کردوە بۆ چونە ناو خۆپیشاندان و پرۆتێست و یاخود کردنی چالاکیەیەك تا وای لێهاتوە ڕۆژانە متمانەی زیاتریان پەیدا کردووە .
ئەم سیخوڕانە تەنها ناوی یەکەمی خۆیان لای چالاکوانەکان ئاشکرا بووە ناوی دووانی و سیانییان گۆڕاوە کە زۆر جار ناوی منداڵانی مردوو بووە .
لە دوای ساڵی 2012 وە دەرکەوت کە چی ڕویداوە بەو هۆیەوە ئەو ژنانەی کە پەیوەندی جنسیان هەبوو لەگەڵ سیخوڕەکاندا و یا باوکی منداڵیان بوون کەمپەینێکی گەورەیان کرد بە هاوکاری هەموو چەپەکان و نقابییەکان و زۆرێك لە ئەکادیمییەکانیش دەوڵەتیان ناچار کرد کە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لەو بارەیەوە بکرێت. بۆ ئەمەش دادگا و لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد بۆ قۆناخی 1968 تا 1982. دواتریش لە ڕؤژی 21/04/2021 وە دەستی پێکردەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی ساڵانی دواتر. ئەگەرچی زۆرێك لە کەیسەکان برانەوە بەڵام چاوەڕوانی دوا بڕیار و تەواوبوونی ئەم لێکۆڵینەوەیە، دەکرێت تا ساڵی 2026 بخایەنێت.
سەبارەت بە ئازادییەکان بە بەردەوامی لە کەمبوونەوەدان. ئەمەش لۆژکانەیە کە لە کاتێکا ژیانی خەڵکی ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبیت و سەرەنجامیش ناڕەزایی و خۆپیشاندان و جار و باریش کاری توند و تیژ دەکرێت، دەوڵەت لە بری ڕادەستبوون بە داخوازییەکانی خەڵک لەڕێگای بەکارهێنانی یاساوە بەرگری دەکات لە خۆی و لەو چین و توێژەڵانەی کە نوێنەرایەتییان دەکات و دژ بە داخوازی خەڵکی دەوەستێتەوە. بۆیە یاساکانی دژ بە ئازادیی ساڵانە بڕگەی زیاتری دەخریتە سەر و گەر بۆشاییەکی تێدا بیت پڕدەکرێنەوە ، توند تۆڵ دەکرێنەوە.
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ بریتانییەکان لە پرسی ڕادەربڕین ڕووبەڕووی دەرگیرییەکی زۆر دەبنەوە. ئەو توێژینەوەیە بەریتانیا لە پلەی سێیەمی پێوەرەکانی جیهانی دەربڕینی ئازاددا داناوە کە زۆر نزیکە لە وڵاتانی وەکو ئیسرائیل، شیلی، جامایکا و بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو دەوڵەتەکانی دیکەی ڕۆژئاوای ئەوروپا، هەموویان لە پێش بەریتانیاوە بوون لەو پێوەرەدا کە لەلایەن گروپی داکۆکیکاری Index on Censorship کۆکراوەتەوە.
لەم وڵاتەدا پۆلیس دەسەڵاتی ڕەهای هەیە لە گرتن و ڕاوەستاندنی خەڵکی و گرتن و دەستبەسەرکردنی تاکەکانی کۆمەڵ کە پێویستی بە هیچ بیانویەك نییە. دەتوانێت بە پشتی بڕگەیەکی یاسایی گردبوونەوەیەکی چوار کەسی بڵاوەپێبکات و هەر ئاواش دەتوانێت بە بڕگەیەکی دیکە بە هۆی وێنەی کەسێکی وەکو گێڤارا کە لەسەر تی شێرتەکەتە بتگرێت و سوکایەتیت پێبکات. دەتوانێت ڕێگات پێبگرێت و نەهێڵێت بگەیت بە خۆپیشاندان و ناڕازاییەکاندا و دروشم و لافتە و مێگە فۆن و قەڵەم و کاغەز هەرچیت پێبە دەستی بەسەردا بگرێت.
ئەو کەسانەی کە دەگیرێن وەکو لەم دوایەدا ڕوویان دا ڕێگایان پێنادرێت کە بەرگری لە خۆیان بکەن و سزایان دەدرێت گەر قسە بکەن و چالانجی دادوەر بکەن، لەو بارەدا دادوەر دەتوانێت سزاکەی بۆ زیاد بکات. کەسە چالاکەکانی سەر شەقام و ناو نقابەکان و ناو کۆمۆنێتییەکان ناویان لە لیستی ڕەشدا هەیە و پۆلیس زۆر جار ئەم لیستە دەفرۆشێتەوە بە کۆمپانیاکان گەر یەكێك لەمانە داوای کاری کرد نایاندرێتی. ئەم لیستە بە لیستی ڕەش بەناوبانگە.
ئازادیی مانگرتنی کرێکارانی نقابەکان زۆر زیاتر لە سەردەمی مارگرێت تاچەر تەسكتر بووەتەوە. لە سەردەمی ئەودا کە یاسای دژە نقابە دانرا کرێکاران هاوپشتی هاوەڵە کرێکارەکانی کە ماندەگرن قەدەخە کرا، پێش دەستپێکردنی مانگرتن نقابە دەبوایە 2 هەفتە پێش ئەوە خاوەنکاری ئاگەدار بکردایەتەوە تاکو خۆی بکەوێت و کرێکار لە نوسینگەی تایبەتەوە بهێنێت بۆ شکاندنی مانگرتنەکە ، خاوەنکار بۆی هەبوو کە نقابە بەرێتە داداگە و مانگرتنەکەی پێ هەڵوەشێنێتەوە ، هەروەها حکومەت مافی گرتنی سەرانی نقابە و سڕکردنی دارایی نقابە لە بانقەکاندا کردە یاسا گەر پێویستی کرد . ئەمانەو زۆری تر لە بڕگەی یاسای دژە نقابەدا هاتووە.
یاسای دژە نقابە بەردەواومە لە ئێستاشدا لائیحەیەك لەبەردەستی ئەنجومەنی پیران و پەڕلەماندایە کە ئەوەندەی دیکە گرفتی بۆ مانگرتنی کرێکاران زیادکردووە. بە گوێرەی ئەو لائیحەیە کرێکارانی ئاگر کوژانەوە، مامۆستایان و بەشی هاتووچۆو خەستەخانەکان و پەساپۆرت و سەر سنورەکان و گەلێکی تر کە دەبیت لە کاتی مانگرتنیاندا ژمارەی تەواو لە کرێکارەکان لە ڕۆژانی مانگرتن دا دابین بکەن. سەرپێچیکردنیش لەمە لێپێچیەنەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت تا ڕادەی دەرکردن. ئەمە جگە لەوەی کە ڕێژەیەكی بەرز دانراوە کە ئەگەر ڕێژەی ئەوانەی کە دەنگ بە مانگرتنەکە دەدەن لەوە کەمتر بیێت ئەوە مانگرتنەکە یاسایی نییە و نابێت بکرێت.
ئەم یاسایە ئەوەندە توندوتیژە بەرانبەر بە کرێکاران تا ئەو ڕادەیەی کۆمەڵێک لە پارێزەرانی باڵای دامەزراوەکان ڕایانگەیاندووە، یاسا نوێەکەی ڕیشی سوناک دژی سەندیکاکان، بەریتانیا دەکاتە یەکێک لە سەختترین وڵاتەکانی جیهانی دیموکراسی کە تێیدا مانبگرێت و ڕەنگە پابەندبوونەکانی پەیماننامەکان پێشێل بکات.

دە: پرسی ژینگە:

باوەڕ ناکەم کەس نکوڵی ئەوە بکات کە ئێستا ژینگە باشتر و پاکژتر و کەم گرفتتر بێت لە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی رابوردوو. ئەو کارەساتە سروشتیانەی کە سروشتی نین بە بەردەوامی لەم وڵاتەدا دەیانبینین هەمووشی بە هۆی گۆڕینی کەش و هەواوەیە کە لەم چەند ساڵەی ڕابورددودا کاردانەوەیان زۆر بە ئاشکرا دەبینین. بوونی ئەم کارەساتانەش وایکردووە کە بزوتنەوەیەکی گەورەی ژینگە و ئیکۆلۆجی لەسەر ئاستی جیهان دروستکردووە کە بریتانیاش پشکی شێری خۆی بەرکەوتوە.
سەرەڕای گۆران لە کەش و هەوادا بە دروستکردنی کارەسات، کۆمپانیا زەبەلاحەکانیش درێغیان لە پیسکردنی ژینگە نەکردوە کەڵەکەکردنی پارەی زیاتر و زیاترکردنی پارەی پشکی پشکدەران ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە خراپبوونی ژینگەدا. هاوکاتیش ژمارەی فڕینی فڕۆکەکان و گەورەکردنی فڕۆکەخانەکان و خستنە ناو بازاڕی ژمارەیەکی زۆر لە سەیارەوە هەروەها دەستگرنتەوەی حکومەت لە فەندی ئامرازەکانی هاتووچۆی کەرتەکانی دەوڵەت هەر هەموو ئەمانە ئەوەندەی تر ژینگەیان پیس کردووە کە ساڵانە زیاتر لە 5 هەزار منداڵ و مێردمنداڵ بە نەخۆشی ڕەبووە گیان لەدەست دەدەن بەو ڕادەیەی کە خەڵکی ناچار بووە کەمپەینی گەورە بکات دژ بە سەیارە و دانانی یاسای ژینگە و خەڵك پارێزیی.
ئەوە ڕاستییە کە زۆر کات سیاسییەکان و کاربەدەستان و گەورە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکان قسە لەسەر چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخەی کە خۆیان هێناویانە بەسەر ژینگە و خەڵکیدا دەکەن و ساڵانە لوتکەی گردبوونەوەی گەورەی نێودەوڵەتیشی بۆ دەگرن بەڵام مەگەر هەنگاوی بچوك لەو بارەوە بە کردەوە نرابێت، دەنا شتێکی ئاوا نەکراوە. من لێرەدا بۆ بەڵگەی قسەکانم لینکی وتارێکیم کە لە مانگی نۆڤەمبەری پاردا لە ژێر ناوی” کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن” نوسیوە سەبارەت بە لوتکەی گردبوونەوەی پارساڵی ” ژینگە دۆستاندا” لە دامێنی ئەم وتارەو دایدەنێمەوە . هیوادارم گەر بە دوای ڕاستیدا بۆ ئەم بەشەی وتارەکەم دەگەڕێیت بە بەڵگەوە، بیخوێنیتەوە.

ئەنجامگیریی:
دیارە ئەوەی کە من نوسیومە لە سەرەوە کورتەیەکی هەر زۆر کورتی ئەوانەیە کە لەم وڵاتەدا، بریتانیا، ڕوویان داوە و ڕوودەدەن کە من بۆ ئەمە زیاتر لە 30 وتار و ڕاپۆرت و توێژینەوەم بۆ خوێندۆتەوە و بەرپرسم لە هەموو وشە و ئامارێك کە لەم وتارەدا هاتوون.
ئەوەی کە لێرەدا نوسراون تەنها ڕووداو و بارودۆخ و کەلێن کەلەبەرەکانی نێو کۆمەڵی بریتانییە تا 31/03/2023 . وەکو زانراوە مانگی نیسان مانگی سەرەتای ساڵی دارایی نوێیە، ساڵی 2023 ، کە سەر لەنوێ باج و خەراج و زیادکردنی نرخی تەلەفون و کارەبا و غازو باجی سەر خانوو کرێی خانوو و سەرکەوتنی نرخی بیتاقەی هاتووچۆ و سەفەر و زۆری تر لە کولفەی ژیانی خەڵکی بۆ جارێکی دیکە بەرزدەبێتەوە. بە واتایەکی دیکە ژیانی دانیشتوانی بریتانیا خراپتر دەبێت نەك باشتر.
گەشەی ئابوری بریتانیا ساڵی 2022 لە دامێنی گەشەی ئابووری زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا و یابان و چین و ئەمەریکا و هیندستانەوە بووە. بە گوێرەی راپۆرتی ئەم ڕۆژانەی صندوقی دراوی نێودەوڵەتیی، ئەمساڵ گەشەی ئابووری بریتانیا بە ڕێژەی لە سەدا 0.3 دەبێت. ئەم ڕێژەیەش لە دوای وڵاتانی وەکو ئەڵمانیا و فەرەنسا و سوید وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و سکەندناڤیاوەیە .
لەو باجانەی کە لەم مانگەوە زیادکراون باجێکە کە شارەوانییەکان لەسەر خانووەکان دایدەنێن، کە پێی دەڵێن کەنسڵ تەکس. ئامارە نوێیەکان و نامەکانی شارەوانی بۆ دانیشتوانی خانووەکان نیشانی دەدەن کە تێکڕای ئەو باجە ” کەنسڵ تەکس” لە یەکی مانگی نیسانەوە بە ڕێژەی 99 پاوەند زیاد دەکات و بۆ یەکەمجارە 2 هەزار پاوەندی تێپەڕاندووە.
هەر ئاواش لەم هەفتەیەدا دەرکەوت کە نرخی کەرەسەی مارکێتەکان لە بەریتانیا بەرزترین ئاستی تۆمارکراوی دیکەی تۆمارکردووە کە 17.5% بووە و تێکڕای پارەی ساڵانەی بازاڕیی ماڵان بە ڕێژەی 837 پاوەند بەرزکردووەتەوە بۆ 5617 پاوەند.
کڕیارانی برۆد باند و تەلەفونی دەستی [مۆبایل فۆن] ڕووبەڕووی زیادبوونی نرخ لە گرێبەستکانیاندا دەبنەوە کە لە زۆر حاڵەتدا لە نێوان 14% بۆ 17% – لە پارەی گرێبەستی مانگانەیان لە مانگی نیسانەوە بەرزدەبێتەوە.
توێژینەوەیەکی Centre for Economics and Business Research ، سەنتەری توێژینەوەی ئابووری و بازرگانی، پشکنینی لە مانگی ڕابوردوودا کردووە باسی ئەو تێچوونە زیادانەی کردووە کە ڕووبەڕووی سێ ماڵی ئاسایی دەبنەوە کە داهاتی ساڵانەیان لە ئاستی جیادایە : 12,570 پاوەند، 50,270 پاوەند و 125,140 پاوەندە. ئەو ڕاپۆرتەش ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە ژیانی خەڵکی لە ئەم مانگەوە گرانتر دەبێت .
ئەمە لە کاتێکدا ئاستی موچەی ژیانکردن بۆ کرێکارانی تەمەن 23 ساڵ و سەروتر لە 10 پاوەندەوە بۆ 10.42پاوەند بەرزدەبێتەوە ئەمە لە کاتێکدا کە بە گوێرەی پشکنین و تاقیبکردنی نقابەی مەرکەزیی تێچوی ژیانی خەڵکی 67 پاوەند لە مانگێکدا زیادی کردووە، ئەمە بێ لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و باج و بیتاقەی هاتووچۆ و کرێی خانوو و سلفە عەقار و مەسرەفەکانی دیکە.
هەر ئاواش بە گوێرەی توێژینەوەکانی KPMG، کە کومپانیایەکی گەورەیە و خاوەن 22 ئۆفیسە لە بریتانیا و 14 هەزار کارمەند و کرێکار کاری بۆ دەکات لە تازەترین توێژینەوەدا دەڵێت نیوەی بەکاربەرانی بەریتانیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە بژاردەی [ ئیختیاری] خەرجییەکانیان کەمکردووەتەوە، نزیکەی دوو لەسەر سێیان ئەوەیان هەڵبژاردووە کە ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ خواردن لە دەرەوە خەرجی دەکەن کەمبکەنەوە، ئەمە لە کاتێکدا ماڵەکان لەگەڵ بەشێکی زۆری زیادبوونی تێچوی ژیان و بەرزبوونەوەی کرێ یا سلفەی عەقار و وزە دەجەنگن کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ڕاپرسییەکەی 3000 بەکاربەری گرتۆتەوە. هەروەها دەرکەوتووە کە لە 49%یان پلانیان کەمکردنەوەی خەرجییە لە شتە ناپێویستیەکان لە کاتێکدا کە ئەو هاوکارییەی کە حکومەت بۆ وزە دەیکرد لە سەرەتای مانگی تەموزدا کۆتایی دێت ئەمەش وایان لیدەکات کە لە 30% پاشەکەوتەکانیان بەکاردەهێنن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گرفتە.
هەر ئەو توێژینەوەیە دەریخستووە تا ئێستا ئەمساڵ 55%ی بەکاربەران خەرجییە ناپێویستەکانیان کەمکردووەتەوە، بەتایبەتی لە خواردنی دەرەوەدا. نزیکەی یەک لەسەر سێ (34%) وتوویانە کە ئەم مانگە پاشەکەوت بەکاردەهێنن بۆ یارمەتیدانی دابینکردنی تێچووی سەرەکییان.
پاش خستنەرووی ئەو هەموو ئامار و بەڵگانە لە هەموو لایەنەکانی ژیانی دانیشتوانی بریتانیاوە کە بار و گوزەرانیان نەك هەر ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبێت بەڵکو مانگ بە مانگ ئەمە ڕوودەدات لە سای دەوڵەتێکی پایەداری کۆنی وەکو بریتانیا و پەڕلەمانێنی چەند سەدەیەك بە تەمەن و لوتکەی ئابووری لیبراڵ و نیولیبراڵ، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا چی تر دەتوانرێت / دەکرێت کار لەسەر باشکردن و ڕیفۆرمکردنی ئەم سیستەمە بکەین تاکو ژیانمان باشتر بیت؟
هیوادارم وەکو چۆن من بە بەڵگە و ئامارەوە کە زیاتر لە 30 وتار و ڕاپۆرت و توێژنیەوەم بۆ خوێندۆتەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە و دواتریش بێ ئومێد بووم هەر ئاواش کەسانێک هەبن بە بەڵگەوە پێمان بسەلمێنن کە پێچەوانەکەی ڕاستە و کارکردن لە چاککردنی سیستەمەکەدا زەروورە و چارەسەرێکی دیکە نییە.

کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن *

zaherbaher.com
زاهیر باهیر
16/04/2023




سێبه‌ری ئایینده‌.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

تۆ بڵێی كێ خۆی به‌ به‌رپرسیار بزانێ له‌وه‌ی وه‌چه‌كانی دادێش به‌هه‌مان پێوه‌ر و ئه‌ندازه‌ سه‌رگه‌رمی هێنانه‌دیی هه‌مان هیوا و ئومێد نابن و هه‌مان خه‌ون نابینن..؟
به‌ چ به‌ڵگه‌ و گه‌واهییه‌ك نه‌وه‌كانی ئایینده‌ ، له‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ بێ خاوه‌ن و بێ سه‌رپه‌رشت و دوور له‌ قوتابخانه‌ و فێرگه‌ی سیسته‌مداری فه‌راهه‌م بۆ هه‌مووان نه‌ك خوێندنگه‌ی تایبه‌ت كه‌ جێی داخه‌ لای ئێمه‌ به‌ مه‌به‌ستی وه‌به‌رهێنان دامه‌زرێنراون ؛ ئه‌وانه‌یش كه‌ له‌ سێبه‌ری شه‌قامدا پێ ده‌گه‌ن ، سبه‌ینێ له‌ توانایاندا ده‌بێ خه‌ونی نوێ ببینن؟

له‌ ڕاست ئه‌م پرسه‌دا بڵێی كێ خۆی به‌ به‌رپرس بزانێ و به‌رگه‌ی لێپرسینه‌وه‌ی مێژوو بگرێ؟

بڵێی – ئه‌مڕۆ – هیچی بۆ – سبه‌ینێ – له‌سه‌ر نه‌بێ؟ یان – سبه‌ی – زاراوه‌ و چه‌مكێكه‌ ته‌نیا له‌ خزمه‌ت ئه‌مڕۆماندایه‌ و هیچی تر..
كامانه‌ن نه‌خشه‌ و پلانه‌كانمان به‌ نموونه‌ بۆ چه‌ند ده‌یه‌یه‌كی دی ؟
یا هه‌روا به‌خشكه‌یی و ‌هه‌نگڵه‌شله‌وه‌‌‌ بۆ پێشه‌وه‌ به‌ره‌و دواوه‌ ده‌چین؟!!
ده‌مانگوت: گونده‌كانمان جوانتر دروست ده‌كه‌ینه‌وه‌..
ده‌مانگوت: قوتابخانه‌كانمان ڕێكوپێكتر بنیات ده‌نێینه‌وه‌..
ده‌مانگوت: كوردستانمان وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ ، ئه‌گه‌ر شه‌شده‌رمان لێ نه‌گیرابووایه ‌، ده‌تبینی چ ئابوورییه‌كی به‌هێزمان ده‌بوو
ده‌مانگوت : متمانه‌مان به‌ خۆمان و له‌‌سه‌رخۆمان ده‌بێ ، پشت به‌خۆمان ده‌به‌ستین ..

ده‌مانگوت: ته‌نها به‌یانیی بدا و خۆرمان هه‌ڵبێ ، ئه‌وجا ده‌زانن به‌ چ تێن و تاوێك ڕووه‌و پاشه‌ڕۆژ ده‌چین..
ده‌مانگووت و ده‌مانگووت…
به‌داخه‌وه‌ ئێستاش هه‌ر ده‌ڵێین و به‌ داختریش وا ده‌رناكه‌وێ ، ته‌نانه‌ت په‌ند و عیبره‌تمان له‌ مێژووی نزیكی خۆیشمان وه‌رگرتبێ.
ئه‌وه‌تا به‌ كیسه‌ڵڕۆیی له‌ ئومێد نزیك ده‌بینه‌وه ‌، له‌ كاتێكدا خه‌ریكین به‌خێرایی لێی دوور ده‌كه‌وینه‌وه‌..
ئه‌و منداڵ و هه‌رزه‌كار و تۆلازانه‌ی – ئه‌مڕۆ – كه‌ وه‌چه‌ی به‌رپرسیاری – سبه‌ی – پێكدێنن ، به‌داخه‌وه‌ شه‌قام له‌ ماڵ و قوتابخانه‌ باشتر ده‌ناسن ، ئه‌وه‌نده‌ی شاره‌زای چه‌ك و بازاڕی ڕه‌ش و دونیای ڕاوه‌ستاوی مۆبایل و دیجیتاڵخانه‌ن ، نیو ئه‌وه‌نده‌ و كه‌متریش ئاشنای قوتابخانه‌ و فێرگه‌ و كتێب و كێشه‌ و چاره‌نووسی خۆیان نین!
هه‌رگیز نه‌ده‌بووایه‌ په‌روه‌رده‌ و خوێندن له‌ وڵاتێكی وه‌ك وڵاتی ئێمه‌ – كه‌ مرۆڤی پێ بنیات ده‌نرێ – بدرێته‌ ده‌ستی ئه‌وه‌ی ناوی لێندراوه‌ – كه‌رتی تایبه‌ت – كه‌ زۆرینه‌یان له‌ وه‌به‌رهێنانی قازانج مه‌به‌ستدا ده‌رناچن.
پرسیار ئه‌وه‌یه‌: كێ له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا خۆی به‌ به‌رپرسیار ده‌زانێ؟ یان ئێمه‌ له‌ هه‌نیه‌مان نووسراوه‌ تا هه‌تایه‌ هه‌ر هه‌مان خه‌ون ببینین؟




پێویستە دایکان و باوکان پێشەنگی باشـبن بۆ منـداڵەکانیان.. رەزا شـوان

دایکان و باوکانێکی زۆر نیگەرانی ئەوەن، کە منـداڵەکانیـان لە قـوتـابخـانەدا، بـوونە بە پاشکـۆی هـاوڕێکانیـان و ناتـوانن کەسایـەتی خۆیـان بسەلـمێـنن و لە کارەکـانیانـدا رابـەری و سەرکـردەیی بکەن و تەوای بەهـرە و توانـاکانیان بۆ کەسـانی تر دەربـخەن. ناشتوانـن بە ئاسانیش گوزارشت لە را و لەبهـزری خۆیـان بکەن. چـونکە بێ ئیـرادەن و بـروایـان بە تـواناکانی خۆیـان نییە. لەوانە هـۆی سەرەکی لاوازیی منـداڵەکانیان لەم رووەوە، ئەوەبێت کە دایکان و باوکانیان رێـنـیشانـدەر و پـێشەنگـیان نەبـوونە و نیـن.
پێویستە دایـکان و باوکـان، وەکو یەکـەم مامـۆسـتای منـداڵەکانیان، لە پەروەردەکـردنی دروسـت و رێـنمـایی پێـویسـت، هـەسـت بە بەرپـرسیارێـتی ئەستـۆیـان بـکەن. چونـکە کاریگەری و رۆڵێکی گرنگ و سەرەکییان لە بنیاتنانی کەسایەتی دروست و هاوسەنگی منداڵەکانیانـدا هەیە. زۆربەی ئەو شتانەی منـداڵان لە قـۆناغی بەرایی ژیانیانـدا فـێریان دەبن و وەریان دەگرن، ئەرێنی بن یا نەرێنی بن، لە دایکان و باوکانیانەوە فـێریان دەبن و وەریان دەگرن. چونکە منداڵان لەو قۆناغـە هەستیار و چارەنووسسازەدا، کە بناغەی کەسایەتییان دروست دەبێت. چـاولێکەر و لاساییکەرەوەن، بە وردی چاودێـریی رەفـتار و هەڵسوکەوت و کردەوەکانی دایکان و باوکانیان دەکـەن و چاویان لێدەکەن و لاساییان دەکـەنەوە. ئـەم راسـتییەش ئەوە دەخـوازێت، دایکان و باوکان ئەو بـزانن کە کسەنگی مەحـەکی پەروەردەکـردنی دروستی منداڵەکانیـانـن. بۆیـە پێویسـتە لە قـسە و لە کـار و رەفـتارەکانیانـدا، هـەمیشە راستگۆ و هـاوسەنگبن و پێشەنگ و نموونە و سەرمەشـق و رابـەر و رێـگانـیشانـدەری باشـبن بـۆ جگـەرگـۆشـەکـانیـان. پێـویسـتە قـسەکانیان و کـردارەکانیان یەکـبن و نابێـت بە پێچـەوانـەی یەکـترییـەوەبـن. تا منـداڵەکانیان چاویان لـێیانبکـەن. کە گەورەشبوون هەمان خەسڵەتی جـوان و باشیان هـەبێت. وەکو دەڵـێن: “فـێربـوون لە منـداڵیـدا وەک نەقـشی سەر بـەرد وایە” کوردیش دەڵێـت: “خـوویـەک گـرتـت بە شـیری.. تـەرکی ناکـەیـت بە پـیری”.
ئایـا ئەوە راسـتە کە باوکـێک ئامـۆژگـاریی منـداڵەکـانی بـکات و بڵـێت: جـگەرەکـێـشان سەرەڕای زیـانی ئابووری، زیـانێکی زۆری بۆ تەنـدروستی مـرۆڤ هـەیە. کەچی خـۆی لە ماڵەوە، لە بەرچـاوی و منـداڵەکانیانـدا، مـژ لە جـگەرە دەدات و دووکەڵەکەی بە بـادا دەدات؟ کەواتە ئەم باوکە قـسەکانی لەگەڵ کـردارەکانیدا پێچەوانەی یەکـترین. یا یەکێک لە دەرگایان بدات، بە منداڵەکەی دەڵێت: بـڕۆ بـزانە کـێیە؟ ئەگەر وتیان باوکت لە ماڵـە؟ پێی بـڵی لە مـاڵ نییە و هـێشـتا نەهـاتـۆتـەوە. منـداڵەشی وەکـو خـۆی فـێرە درۆدەبـێت. ئـەم بـاوکە نمـوونـەیـەکی خـراپـە بـۆ منـداڵـەکـانیان. خەسـڵەتی پێـشەنـگی تێیـدا نیـیە.
لە سایەی خۆشەویستی و میهـرەبانی و رێـز و تەبـایی و لێبووردن و پەیونـدیی ئەرێنی نێـوان دایکان و باوکان و منـداڵەکانیانـدا. ژیـانێکی خـۆش و ئاشـتی و ئاسـوودەیی بـاڵ بەسـەر خـێزانـدا دەکـێشێـت. دەتوانـن بە هـاوکاری و بە هـێمـنی و بە هـاوڕایی، لغـاوی کـێشە و گرفـتەکانیان بکەن و چارەسەری گونجـاویـان بۆ دابنـێن. ئەمەش رازی شادی و بەخـتەوەریی و خـۆشنوودیی خـێزانە.
دایـکان و باوکانی بەڕێـز، تا رادەیـەکی زۆر چارەنـووس و داهـاتووی منداڵەکانتان، لە ئەستۆی ئێـوە دایـە. بە شێوەیەکی کـردەوەیی و زانستییانە، بە بەها و میتـۆدی بەرز و بە دروستی منـداڵەکانتان پەروەردە بکەن و رایان بهـێـنن. منداڵەکانتان کرداریـان لێتان دەوێـت نەک هـەر قـسە و بەڵـێن رووت.
(ویـن دایـەر ) دەڵێـت:” منـداڵەکانتـان دەڕواننـە هـەمـوو ئـەو کـردارانەی لە ژیـانتانـدا دەیـانکەن.. نـەک لـەو قـسانـەی دەیـانـکەن”.
رێی ئـازادی لە منداڵەکانتـان مەگـرن، سەرکـوێـریان مەکـەن و با بە راشکاوی و بەبێ تـرس، گوزارشت لە راز و لە نیازە پاکەکانیان بکەن. بە هـەنـدیـان بـزانن و لە بـڕیارە خـێزانییەکانتانـدا، فـەرامۆشـیان مەکەن و پـرسیان پێـبکەن و سوود لە را و بۆچوون و پێشنیارەکانیان وەربگـرن. بە تایبەتیش لەو بـڕیارانەی پەیوەنـدییان بە خۆیانەوە هەیە.
بەڵام کـۆنترۆڵکـردن و پابەنـدبـوونیيش بە دەستوور و بە یاسـا و رێـسای خـێزانییەوە، پێویستە جێبەجـێبکـرێن. بۆ ئەوەی منـداڵەکانتان سەرپێچی نەکەن و سنوور نەبەزێـنن. هەمیشە هەوڵی رەخـسانـدنی زەمـینەیەکی خـێزانی شاد و بەختەوەر و کەشوهەوایەکی خـۆشـەویستی و رێـز و سـۆزداری و دلـۆڤـانی و هـاوسـەنـگی بـدەن.
پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان ئەوەش بـزانن، کە ئەمڕۆ دوێـنێ نییە. لەم سەردەم و رۆژگارە جەنجاڵەی ئەمڕۆی پڕ لە گۆڕانکاری و داهـێنانی مۆدێـری سەیر و سەمەردا، هـێندەی تـر ئەرک و پێویستـیی پەروەردەکـردنی دروستی منـداڵەکانتان قـورستر بووە. پێویستییەکی زیـاترتـان بە زانیاری و بە شارەزایی و هـۆشـیاری و بە شـێوا و رێبازی تـازە هـەیە، بۆ ئەوەی بتوانـن لە پەروەردەکـردنی دروستی نـوێ و لە مامـەڵەکـردن و رەفـتارکـردنی راسـت لەگـەڵ منـداڵـەکانتـانـدا بەخـتـەوەر وسـەرکـەوتـووبـن.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣




دانپیانانێکی درەنگوەخت.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

پێی لێ دەنێم
ئەژدیهای کارەسات لوشی داوم
ژیان چەواشەی کردووم
گەرنا مردن هێندە خراپ نییە
دوای فیشکەی ماری غوربەت کەوتم
نەمزانی
لەملاوە ژار لە لەشی نیشتمان دەکرێ
حەزحەزەکانی ناخم
ناهێڵن لەسەر رانی وڵات وەنەوزێک بدەم
ناوبژیی لە نێوان خۆم و ژیاندا دەکەم
لەولاوە زەمەن خۆی بەتاڵ دەکاتەوە
لە لاوکە شیرینەکانی خۆشنودی
سەرم هەندێجار لە رەقیدا گاشەبەردێکە
زۆرجاریش باوڵێکی پڕ حیکمەت
هەمیشە گۆرانییەکی هیلاک لەناویدا
بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە
چاوم زینا لەگەڵ سەفەر دەکات
گوڵە شەوبۆی تێڕامانم
ملی لە چەقۆی دابڕان دەسوێت
یاساوڵەکان چاودێریی شیعرەکانم دەکەن
نەکا بێ رووخسەت وەرگرتن
کۆدەکانی عەدەم
لە باوەشی وجوددا بکەنەوە
زەمەنێکە زەینم کوێر بۆتەوە
تەنانەت ئەو شەوانەشی نایەتەوە یاد
ئاسمانم دەتەکاند و
ئەستێران بەردەبوونەوە نێو چاوەکانم
ماڵی چۆڵی خەونەکانم
سێڵاوی زەمەنێکی سۆزانی بردوویەتی
لەسەر خاکی ئایندەیەکی مات دەگیرسێتەوە
چاوی رۆژگارم سوور هەڵگەڕاوە
گوێم لە کزەی جەرگی پەروانەی رۆحمە
لەناو گڕی قەدەردا قرچە قرچی دێت
دەریای ئارەزووەکانم بێدەنگە
مرواری خۆزگەیەک تێیدا نادرەوشێتەوە
لە فارگۆنی دواوەی شەمەندەفەری ژیاندا
وەک بەردێک لە شوێنی خۆم رەق هەڵاتووم
بیرم لە هیچ شتێک پێ ناکرێتەوە
هیچ شتێک بیرم پێ ناکاتەوە
هەموو رێگاکانی لەززەت خۆڵاوین
بەهەر کامیاندا هەنگاوم نا
سییەکانم پڕ بوون لە تەپوتۆزی وەڕزیی
کاتێک نیشتمان ببوو بە ئاو
وازیم بە ئاگری سەرهەڵگرتن دەکرد
کاتێک نیشتمان ببوو بە ئاگر
ببوومە چەمێکی بێ ناز لە مەنفا
لەسەر قەرەوێڵەی کەنەفتی پاڵ کەوتووم
پزیشکەکان بەدوای نەخۆشییەکەمدا دەگەڕێن
بیریان چووە ژیان خۆی نەخۆشە
ئەگەر فریای نەکەوین جوانەمەرگ دەبێت
لەوەتەشی بیرم دێت
غەمێکی ئەزەلی بەخۆیەوە دەمگوشێت
پەراسووی حەزەکانم وردوخاش دەکات
لەناو ئارەقاوی خەونێکی نەبینراودا دەخنکێم
خۆ ئیدی خەونێک نەماوە بیبینم
من نەماوم خەونێک بمبینێت
مەرگ هەموو رۆژێک پەنجەی هەڕەشە
بۆ تەمەنم بەرز دەکاتەوە
من دەلەرزم و لێی دەپارێمەوە
پێش ئەوەی وەک دووپشکە پێمەوە بدات
بەرلەوەی رەشەبا ئاسا گسکم بدا
مۆڵەتم بدا سەر بنێمە سەر سینگی یار
خۆم دەستی بگرم و بڵێم دەی بابڕۆین
لەوەتەشی هەست بەبوونی خۆم دەکەم
لۆمە دەکرێم لەسەر شێتییەکانم
بەهۆی ئەوەی سەرخۆشم لە رۆژدا
هەمیشە بێدارم لە نیوەشەوەدا
ئەوان نازانن رۆژانە لەگەڵ خۆمم
شەوانیش لەگەڵ ئەو خەیاڵانەی
دەمگەیەننە باوەشی مەعشوق
نهۆ دان بە هەموو شتێکدا دەنێم
پەنجەی پەشیمانی دەگەزم
نەمتوانی وەک دڵۆپە شەونمێک
بڕژێمە نێو مەمکەکانی یارەوە
نەمتوانی وەک ئاوازێکی بۆنخۆش
بخزێمە قورگی ژنێکی چاوەڕوانەوە
نەمزانی چۆن سەرەتای یەکترناسینمان
بکەمە دوماهی رابردوویەکی خەواڵوو
نەمزانی چۆن کۆتایی ئەم شەرمنییە
بکەمە سەرەتای هەڵسانی زێی ماچ
پێی لێ دەنێم
رستەیەک هەیە لە دەمدا زیندانم کردووە
نەدەتوانم کەلەپچەکەی بکەمەوە
نەدەتوانم قووتی بدەمەوە
ئاه چ رستەیەکی ئاگراوی
ناو رێزمانی ئیرۆسە
خۆزگە دەمتوانی
لەبەردەم ئەو ژنە بوەستم
رووقایمانە پێی بڵێم
هەروەک رۆحت
وەک پێکەنینەکەکەت
وەک میهرەبانیت
لەشی رووتتم خۆش دەوێت




پیاسەیەک لە “یونڤانشتیک”.. شوان شەفیق

ڕابووم لە خەوە پچڕ پچرەکەم
سەرتاپا ئارەقی ترسم لێ دەتکا!
لە خەونمدا
چرنووکی ناسکم لێ دەگرت
ئەو گازی تووندی لێ دەگرتم!

تەزبیحێکی قەزوان بەدەستییەوە
هەر دەنکێکی دەیان نزا
لەو ساتەدا
هێدی…هێدی دەیگوت:
مرۆڤ لە دوو ڕووی وازیهێنا
ڕێگای چەوت ڕاست
دۆست…دۆست
نەیاریش خەنجەری فڕێدایە بەر پێی
نەماوە کۆست!
ڕووبەڕوو دەجەنگێ!

خۆ دەزانم هەریەك لە ئێمەی مرۆڤ
هێندەی شەڕی “چاڵدێران” خەنجەر لە پشتمان چەقیووە

چرنوکێکم لە خۆ گرت
ئای لەو ژانە
چ خەوێك!

خەمی نانی نەبوو دایك
پیر
پەپوولە ئاسا نازك
کۆرپەلە بۆ شیر نەدەگریا
چ ژیانێك دەگووزەرا
لەو ساتەدا؟

دەزانی هاوڕێ
بە نوستوویش ئەو دیمەنانە دەبینی
شەرم لە بە ئەگابوون دەکەیتەوە
خواز ویست، نیت خەبەرت بێتەوە

پەیتا…پەیتا
هەستامە سەر پێ و
هەستم بە قوورسی پێکانم دەکرد
ئەوەندەم ڕێگا بڕیووە
بەشی خولانەوەیەك دەکا بەدەوری زەویدا.

بۆ کوێ دەچم
ناگەمە جێ
دەڕۆم و دەڕۆم
کیسەیەك بە دەستمەوە دەگرم لە “شتایندام”
چەپکێك ماچ
دوو باوەشی گەرم
سێ دڵۆپی تازەی شەرم
چوار نیگای تەڕ
پێنج هەناسەی قشتۆکە
بۆ ژوورەکەم دەبەمەوە
چاوەڕێمە!
دەزانی گشت ڕەنگێك ناشرینە
جگە لە پێکەنینی تۆ ئەی “پشیلە”

شوان شەفیق
٤/٤/۲٠۲۳




تابلۆی سرووشت.. هێدی گەڵاڵی

سەمای گەڵای دارەکان و
هاژەی تاڤگە
دڵۆپە زیوینەکانی
ئاوی سازگار و
نەغمەی بولبوول
جریوەی پاساری و
قاسپەی کەوی گوێی رووبار
بریسکەی ئەستێرەکان
لە ئاسمانی مانگەشەوێکی
ڕوونی زیویندا
ئەو ناوەی هەموو تەنیووە…
ئۆرکسترایەک لە سەدا و سەمفۆنیای دروستکردبوو.
چەند دڵگیر و دڵڕفێنە دیمەنی سەوزایی ئەو درەختە باڵا شەنگانە لە کەنار ئەو چەمە ڕوون و بێگەردەدا دەشەکێتەوە..
چاو: بە بینینی ئەو دیمەنە ڕەنگ سەوز و زیوین و ئاڵتوونیە تەژی دەبێ لە ڕوانین و ڕامان.
دڵ ؛ هەستێکی ناسک و پڕ لە بەرائەت داگیری دەکات و گەش و گەشتر دەبێتەوە…
دەروون ؛ ئارامی و هێمنی دەبێتە میوانێکی ڕەزا سوک ئاسوودە دەبێت….
جەستە ؛ خاو خاو خۆی دەنوێنێ و لۆکە ئاسا بەرجەستە دەبێت…..
هەموو هەستە ناوەکی و دەرەکیەکان لە ماڵی عەقڵدا جێی خۆیان دەکەنەوە….
دواجار عەقڵ و لۆژیک فەرمانڕەوایی هەموو هێز و هەستەوەرەکان دەکات.
ئەوکاتە مرۆڤێکی ناسک بە قەد
باڵی پەپوولە
بێگەرد وەک مناڵی ساوا
لە بەرائەت و بێدەنگیدا
ژیان دەکات.

هێدی گەڵاڵی




ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟- بەشی یەکەم.. زاهیر باهیر

١-٢

سەرەتایەك :
ئەم وتارە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە پێمان دەڵێن جێگرەوەیەکی دیکەی ئەم سیستەمە نییە و دەبێت کاری لەسەر بکەین، کەموکوڕییەکانی چارەسەربکەین و تەنها ڕێگایەکیش سیستەمی پەڕلەمانتارییە. بۆ ئەمەش چەند پاساوێك دەهێنرێتەوە بە بەراورد بە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردو کە زۆربەی گرفتەکان لابەلابوونەتەوە و هەندێك پرسیش بەرەوپێشەوە چووە. نکوڵیش لەمە ناکرێت کە هەندێک لەو گرفتانە نەماون.
ئەم وتارە بە ئامار و بەڵگەی سەلمێنراوەوە ئەو ڕایانە پێچەوانە دەکاتەوە و ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو. گەر دەتەوێت هەندێك زانیاری بەنرخت هەبێت لەسەر ژیان لە بریتانیا لە سای گەشەکردنی زیاتری سەرمایەداریی، ڕەنگە خوێندنەوەی ئەم وتارە سوودمەندت بکات.
……………………..
ئەگەر پێشکەوتنی سەرمایەداریی باشبوونی بارودۆخی هەژاران و چەوساوەکان بوایە، ڕەنگە ئێستا ئێمە لە شوێنێکی دیکە بوینایە. هەرگیز ناتوانین لە جەوهەری پرسەکان بگەین چارەیان بۆ دەستنیشان بکەین گەر لە واقیعەوە ڕەچاویان نەکەین، چونکە ئەوەی زادەی هزر و ئەزموون و مێژووە واقیعە، نەك پێچەوانەکەی. کەواتە ئەوە واقێعە کە فکر دەڕەخسێنی و ئەزموونەکانیش بەڕێدەکات. هەر ئاواش ئێمە دەبێت لە واقیعەوە چارەسەرەکان هەڵهێنجین نەك فکر بەباڵای واقیع ببڕین.
لە تەمەنی سەرمایەداریدا هەرگیز ئەوەندەی ئێستا ئەم سیستەمە نەچۆتە پێشەوە و جیهانیی نەبۆتەوە. بۆ ئەمە پێویست بە بەڵگە و ئامار ناکات چونکە ڕاستییەکان لەژیانی خۆمان و خێزانەکانماندایە، خزاوەتە هەموو بەشەکانی ژیانمان لە پەروەوەردەی خێزانی و پەروەردەی ناو دایەنگا و باخچەی ساوایان و خوێندنی سەرەتایی تا دەگاتە خوێندنی باڵا و تافی کارکردنمان و خانەنشینی و مردنیشمان.
بەچاوخشاندنێك بە ڕابوردوو و ئێستاماندا لە زۆر ڕووەوە نابینم کە ژیانمان کارئاسایی بۆ کرابێت، بەختەوەری و ئارامیی و ئاسایش لە ناومان و لە دڵ و دەرونماندا چەکەرەی زیاتری سەندبێت. نەك هەر ئەوە، بەڵکو ساڵ بە ساڵ ژیانمان خراپتر و قورستر و گرفتەکانمان قوڵتر و فشاری دەرونی و کۆمەڵایەتیمان فرەتر دەبێت .
قسەی من لەسەر ژیانە لە بریتانیادا کە لە دوای ئەمەریکاوە ئێرە سێنتەری گەورەی ئەم سیستەمەیە کە لە هەموو ڕویەکەوە لێرە سەقامگیرتر و چەسپاوترە تاکو وڵاتانی دیکە. بینینی جیاوازییەك لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەورپا و وڵاتانی سکەندناڤیا پەیوەندی بە کولتوری تایبەتی خۆیانەوە و گەشەنەکردنی سەرمایەداریانەیانە بە ڕادەی بریتانیا.
سەبارەت بە پرسی ژیان لە بریتانیا باشتر بووە یا خراپتر، دەبێت هەموو یا هەر هیچ نەبیت لایەنە سەرەکییەکانی ژیانی دانیشتوانەکەی بگرین بە بەراورد بە 30 تا 40ساڵ لەمەوبەر. لەم بارەیەشدا با ئامار و بەڵگەکان، خۆیان بدوێن.

یەك : تێچوونی ژیان:
ژیان و گوزەران بەو ڕادەیە گرانبووە کە بەراورد لەگەڵ داهاتی تاکەکان و خێزانەکاندا ناکرێت. نرخی غاز و کارەبا بەڕێژەی لە سەدا سەد چوەتە سەرەوە و بەنزین و گازۆیل-یش بە ڕادەیەکی زۆر بەرچاو سەرکەوتوە.
لیرەد ناکرێت نکوڵی لە دوو ڕوودای گەورە بکەین کە کاراییان لەسەر ژیانی بریتانییەکان زیاتر لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا داناوە. یەکەمیان دەرچونی بریتانیایە لە یەکێتی ئەوروپا کە ئەمە تا ڕادەیەك گرانی لەسەر خەڵکی دروست کردوە و هەر لە سەرەتاوە بەهای دراوی بریتانیای بەڕێژەی لە سەدا 18 شکاند. دووهەمیان شەڕی نێوانی ناتۆ و ڕوسیایە لەسەر خاکی ئۆکرانیا، ئەمەش کارایی خۆی لەسەر نرخی پێداویسیتیەکانی ژیان داناوە.
لەگەڵ ئەو دوو ڕاستییەشدا دەتوانین بڵێین پێش هاتنی پەتای کۆرۆنا و هاتنەدەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و جەنگی ناتۆ و ڕوسیا نرخی هەموو شتێك لەبەرزبووەنەوەدا بوون، بەڵام نەك وەکو ئێستا. ئەوەشی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە نرخ زۆر بە ئاسانی و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەچێتە سەرەوە بەڵام هەرگیز نایەتە خوارەوە یا ناگەڕێتەوە ئەو کاتەی پێش بەرزبوونەوەی.
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە تێکڕای نرخی پێداویستییەکان لە سەدا 18 زیادی کردەوە. بۆ نموونە نرخی فاصۆلیای نێو قوتوو بە ڕێژەی لە سەدا 35 و سۆسی تەماتە بە ڕێژەی لە سەدا 39 و شۆربای تەماتە لە سەدا 73 و شامپۆ لە سەدا 21 و شامپۆی دەستشۆردن لە سەدا 25 بەرزبوونەتەوە لەپاڵ بەرزبوونەوەی نان و شیر و پەنیر و ماست و هێلکە و ڕۆن و گۆشت و خوێ و شەکر و قاوە و چا و هەموو چەشنەکانی میوە و کەرەسەکانی خواردنی ڕووەکی تا دەگاتە خواردن و خواردنەوە لە دەرەوەی ماڵ و سەفەرکردن.
لە توێژینەوەیەکی پارتی کرێکاران لێرە، هەندێك ڕاستیان سەبارەت بە ژیانی خەڵکی خستۆتە بەرچاو. لەو ڕاپۆرتەدا پارتی کرێکاران ڕایگەیاندووە، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2019وە، تێچووی خانووبەرە و سووتەمەنی و کارەبا بە بڕی 1480 پاوەند بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا خواردن و خواردنەوە غەیرە کحولیەکان 700 پاوەند زیادیکردووە. تێچووی گواستنەوە 800 پاوەند بەرزبووەتەوە، کەلوپەلی ناوماڵ و خزمەتگوزارییەکان 360 پاوەند زیادی کردووە و تێچووی جل و بەرگ و پێڵاو بە ڕێژەی 140 پاوەند بەرزبووەتەوە.
بەم شێوەیە قورسی ژیان ئاوای کردووە کە ژمارەی سێنتەرەکانی بەخشینەوەی کەرەسەکانی خواردن گەیشتۆتە 3000 . ئەم سێنتەرانە لە نێوانی ساڵی 2021 و 2022 دا دەستگرۆیی 800 هەزار منداڵیان کردووە بە بەخشینی کەرەسەی خواردەمەنی. 2.1 ملیۆن کەس بە هاوکاری ئەم سێنتەرانە دەتوانن بژین کە لە کاتێکدا زۆرێکیان کار دەکەن : مامۆستان ، نێرسن، پاککەرەوەی شەقامەکان و ئۆفیسەکانن، ئەوانەی کە بێ بوونی کۆنتراکت کاردەکەن.
راپۆرتێکی نوێی نقابەی مامۆستایان کە ڕاپرسییان کردووە لە نێو 8 هەزار مامۆستادا، لە نێوانی ئەو مامۆستایانەی کە تەمەنیان 29 ساڵ و کەمترە، هەر لە سێ مامۆستایان لە ئینگلتەرە یەکێکیان ژەمێکی خواردن دەبوێرن بۆ ئەوەی بتوانن پێدا ڕابگەن. هەروەها لە هەر پێنج مامۆستا یەکێکیان کاری دووەم دەکات لەبەر ئەوەی مووچەکەی ناتوانێت لەگەڵ تێچووی ژیاندا بڕبکات.
لە ئێستادا 14.4 ملیۆن کەس لە هەژارییدا دەژین کە 4.2 ملیۆنیان منداڵن. 9.7 ملیۆن لە کەسانی پێگەیو ، [سەرو 18 ساڵەوە] یا ژەمی خوادنیان کەمکردۆتەوە یاخود ژەمێك نانخواردنیان تەرك داوە تاکو بتوانن بەو داهاتەی کە هەیانە بژین . لە 10 کەس 6 کەسیان توانای کڕینی پێداویستیە سەرەتاییەکان کە جەوهەرین بۆ ژیان نییە.
بەرزبوونەوەی کەرەسەکانی خوادن و خواردەمەنی لە پاڵ بەرزبووەنەوەی بیتاقەی هاتووچۆدا کارایی گرنگی خۆی لە سەر تاکەکانی کۆمەڵ و خودی کۆمەڵ داناوە چ لە ڕوی داراییەوە و چ لە رووی دەرونییەوە.
ئەوە نەبێت هەر تاکەکانی کۆمەڵ بەدەست ئەم بارو دۆخەوە بناڵێنن ، لە راستیدا زۆرێك لە بزنسە بچوکەکان و ناوەنجییەکانیش مایەپووچ بوون. هەر بۆ نموونە 150 پەب [ شوێنی خواردنەوە] لە مانگی یەکەوە لێرە داخراوە لەبەر ئەوەی کە پارەی کارەبا ئەوەندە چووەتە سەرەوە نادرێت . ئەمە بە بەراورد بە داخستنی 32 پەب لە هەمان مانگی ساڵی ڕابووردوودا. پارەی وزە لە 13 هەزار پاوەندەوە بۆ 37 هەرزار پاوەند سەرکەوتوە. لە چاوپێکەوتنێکدا خاوەن پەبێك دەڵێت لە مانگی یەکی ساڵی پاردا پارەی کارەبا 460 پاوەند بووە، بەڵام هەر هەمان مانگی ئەمساڵ بووە 2100 پاوەند. ئەمە لە باسی پەبێكدا بوو کە مێژوی بۆ 150 ساڵ دەگەرێتەوە. مەترسی ئەوە هەیە هەتا کۆتایی ساڵ، 2000 پەب دابخرێت کە دەبێتە هۆی بێ کار بوونی 25 هەزار کەس کە لە کاتێکدا لەهەموو ساڵی 2022 تەنها 386 پەب داخراون .

دوو: کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ژنان:
هەژاری سووتەمەنی لە ئێستادا 7.5 ملیۆن ماڵی لە بریتانیادا گرتۆتەوە 14 ملیۆن کەسیش لە جۆرە خانویەکدا دەژین کە ستاندەردی ژیانیان تێدا نییە بە هۆی بوونی شێ و کەڕو و دزەی ئاو و نەبوونی تەواوی ئامرازەکانی گەرمبوونەوە و نەبوونی هەواکێش لە ژوور و مەتبەخەکانیاندا. هاوکاتیش 271 هەزار بێ خانووبەرەن یا لە ئوتێلی خراپدا دانراون، یاخود لە هۆستڵ و خانوی زۆر خراپی خاوەنخانووەکان. ئەمە جگە لەوەش کە ژمارەیەکی زۆرێش لە سەر شەقامەکان و دووتوێی دوکان و ژێر چادری دوکانەکان و تونێلبانەکاندا ژیان دەبەنە سەر.
بێ کاریی بە ڕادەیەکی بەرچاو دابەزیوە بەڵام ئەوانەی کە کار دەکەن بەشێکی زۆریان نیمچە کار ٠ پارتتایم، کار دەکەن. کرێکار و کارگەرێکی زۆر هەن کە ژمارەیان چەند ملیۆنێکە کە کرێکەیان لە خوار لانی کەمی کرێوەیە. یەك ملێون و 600 هەزار کەس هیچ جۆرە گرێبەستێکیان لەگەڵ خاوەنکاردا نییە کە لێرە پێیان دەڵێن لەسەر زیڕۆ کۆنتراکتن.
جیاوازی نێوانی کرێ و موچەی نێوانی پیاوان و ژناندا لە کەرتە تایبەتییەکاندا ، ئەهلییەکاندا ، لە نێوانی لە سەدا 15 بۆ لە سەدا 18یە. نیو ملیۆن ژن زیاتر لە پیاوان لە خوار کرێی ژیانی ڕاستەقینەوە مووچەیان پێدەدرێت و 13%یان لەسەر گرێبەستێکن کەپێی دەلێن زیڕۆ کۆنتراکت. زیاتر لە 2 ملیۆن ژن لە خوار کرێی ژیانی ڕاستەقینەوە مووچەیان پێدەدرێت، کە دەکاتە 14%ی سەرجەم ژنانی کرێکار، لەکاتێکدا 1.4 ملیۆنن کە لە (9%)ی پیاوانن. بە گشتی لە 60%ی هەموو ئەو کارانەی کە مووچەیان لە خوار کرێی ژیانی ڕاستەقینەوەیە، لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن. شیکارییەکانی نقابەی مەرکەزی بریتانیا ئاشکرای دەکات، ژنان دوو مانگ بەخۆڕایی کاردەکەن و جیاوازی مووچە بە ڕێژەی 15% یە دوای ئەوەی ژنان منداڵیان دەبێت، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش فراوانتر دەبێت. بەپێی شیکاری هەمان داتای فەرمی نقابە ژنان بە تێکڕا ساڵانە مووچەیان 29 هەزار و 684 پاوەندە، لەکاتێکدا پیاوان تێکڕای مووچەی ساڵانەیان 35 هەزار و 260 پاوەندە.
بەهۆی نایەکسانی کرێ و موچە لە نێوان ژنان و پیاواندا کردنی کەمپەینی گەورە و چالاك ساڵی 2017 حکومەت ناچار کرا بەوەی کە بڕیارێك دەرکات کە دەبێت شەفافییەت لەو پرسەدا هەبێت و پێویستە مووچە لە ڕێکلامەکانی کاردا ئاشکرا بکرێت وەک ئەوەی لە هەشت ویلایەتی ئەمریکادا ڕوودەدات. سکاندیناڤیەکان هەموو تۆمارەکانی باجی داهات بڵاودەکەنەوە. بڕیارەکە ئەوە بوو ئەو 10،000 کۆمپانیا گەورەیەی کە ژمارەی کرێکارەکانیان 250 کرێکار یاخود زیاترن دەبێت هەموو ساڵێك بە ڕاپۆرتێک موچە و کرێی هەردوو رەگەزەکە بخەنە ڕوو. مەبەستیش لەم ڕاپۆرتە هەوڵی کەمکردنەوەی جیاوازی کرێ و مووچەی نێوانی ژنان و پیاوان و چارەسەرکردنی بوو، بەڵام پاش تێپەڕینی 6 ساڵ بەسەر ئەم بڕیارەدا هێشتا ئەو کەلێنە گەورەیە هەر بەردەوامە.
هەفتانە دوو ژن بۆ سێ ژن لە لایەن مێرد و برادەر و کەسانی نزیك و ناسیاویانەوە یا نەناسیاوەوە دەکوژرێن. لانی کەم هەموو دوو یا سێ ڕۆژ جارێك منداڵێك ، گەنجێک کەسێكی لە سەرو 18 ساڵەوە دەکوژرێت کە زۆربەیان لەسەر کێشەی مەوادە هۆشبەرەکانن .
ڕادەی بەرزبوونەوەی سووی بانق لە مانگی دیسەمبەری 2021 وە تاکو ئێستا 11 جار بەرز بووەتەوە کە لە ئێستادا بەڕێژەی لە سەدا 4.75 . ئەم بەرزبووەنەوەش کارایی و زەحمەتێكی زۆری لەسەر ئەوانەی سلفەی عەقاریان لایە ، یاخود قەرزی بانق بۆ پێداویستییەکانی ژیانیان، یان کرێچین و خاوەنخانوو کرێیان لەسەر بەرزدەکاتەوە هەیە. لە مانگی ئۆکتۆبەری پارەکەوە، تاکو 09/02/23 733 خانوو لە لایەن بانقەوە دەستیان بەسەردا گیراوە ئەم ژمارەیە بە ڕێژەی لە سەدا 134 لەچاو ساڵی پێشوودا بەرزبووەتەوە.
دەبێت ئاماژەش بەوە بکەم کە کاتێك مارگرێت تاچەر هاتە سەر حوکم ڕێژەی باج لە سەدا 60بوو لەسەر ساماندارانی گەورە و ەهەندێك لە کۆمپانیاکان بەڵام لە بەهاری 1988 نایجڵ لۆوسۆن کە وەزیری دارایی ئەو کاتە بوو بودجەی بەهاری ساڵی 1988ی خۆی بەکارهێنا بۆ ڕاگەیاندنی بەخشینێکی گەورە، ڕێژەی سەرەوەی باجی داهات لە 60% بۆ 40% کەمکردەوە و ڕێژەی باجیشی لە سەر کرێکاران و فرمانبەران کە پێی دەڵێن باجی بنەڕەتی لە 27% بۆ 25% کەمکردەوە.

سێ: بەشی تەندروستی و چارەسەر:
سیستەمی تەندروستی نیشتمانی کە لە دوای تەواوبوونی جەنگی جیهانی دووهەمەوە دروست بوو لە ساڵی 2010 وە کە حیزبی موحافیزین هاتنەوە سەر حوکم لە لێواری هەرەسهێناندایە. لە ئێستادا 161 هەزار نێرس و زیاتر لە 5000 دکتۆری دیکە پێویستن تاکو شوێنە بەجێهشتوەکان پڕ بکەنەوە. ئەو فشارە زۆرەی کە لە سەرێتی و بیرۆکراتییەتی خودی سیستەمەکە و دەستگرتنەوە لە دانی پارەی زیاتر و داخستنی چەند بەشێکیان وەکو بەشی فریاکەوتن و کوتوپڕی [ ئیمێرجنسی ] و بەشی منداڵبوون لە جەند خەستەخانەیەك و گواستنەوەیان بۆ خەستەخانەیەکی دیکە و کۆنتراکتی گرانبەها لەگەڵ خەستەخانە ئەهلییەکاندا و زیادنەکردنی موچەی دکتۆر و نێرس و کارمەندان و هەبوونی شاغیرێکی ئێکجار زۆر کارەساتی گەورەی دروستکردووە تا ئەو ڕادەیەی کە تا مانگی نۆڤمبەری ساڵی ڕابوردوو 7.2 ملیۆن کەس لە لیستی چاوەروانی بینینی دکتۆری پسپۆڕ و نەشتەرگەرییدا بوون. بە گوێرەی ڕاپۆرتی خودی خەستەخانەکان لەم دواییەدا لە سەدا 71 ی دکتۆرەکانی خێزان کارەکەیا بە کارێکی زۆر زۆر سترێس دەزانن کە لە سترێسیدا لە لیستی 10 وڵاتی ئەوروپی و سکەندەناڤیا و کەنەدە و ئەمەریکا، لە سەری سەرەوەن. راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە لە 4 خەستەخانە لە 10 خەستەخانەی ئینگلتەرەدا هەندێك جیهازی کۆن بەکاردەهێنریت لەوانە جیهازی ئەشیعە کە 37 ساڵە بەکار دێت . لە 69 خەستەخانە 30 دانەیان بۆ نمونە سکانە و تەنوورییەکە کە بەکاری دەهێنن 10 ساڵ کۆنە. ساڵی پارەکە 511 نەخۆش لە ئینگلتەرە بە هۆی دواکەوتنی ئیسعافەوە کە ماوەی گەیشتنی بە نەخۆش تا 15 کاتژمێری خایاندووە پێش ئەوەی بگەنە بەردەستی دکتۆر مردوون کە ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2021 تەنها 220 نەخۆش بوون. هەر لە ساڵی 2022 چواریەکی ئیسعافەکان یەک سەعاتیان ویستووە تاکو بگەنە نەخۆشەکان و بیانگەیەننە بەشی چارەسەری کتوپڕی ، ئیمێرجنسی، کە ژەمارەی نەخۆشە کان 17،720 نەخۆش بوون .
بە هۆی ئەو بارودۆخەی کە بەشی تەندروستی تێیدایە ڕێژەی ڕەزامەندی خەڵکی بە رادەیەك هاتۆتە خوارەوە کە لە 40 ساڵی پێشوووەوە ئەوە نەبینراوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێک لە سەدا 42ی خەڵکی لە بەتەنگەوەهاتنی دکتۆری خێزان ناڕازین ، لە دکتۆری دان بە ڕێژەی لە سەدا 42 سەبارەت بە بەشی ئیمێرجنسی لە سەدا 40 ی نەخۆشەکانی کە لەوێ چارەسەریان بۆکراوە ناڕەزامەندییان لە خزمەتگوزارییەکان ڕاگەیاندووە.

چوار: بەشی کشتوکاڵی و خودکیفابوون:
لە زۆربەی وڵاتاندا کە هێشتا دەستی سیاسەتی لیبراڵ و نیولیبراڵ و بازاڕی ئازادی پێ نەگەیشتبوو وەکو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریقا و وڵاتانی ئەمەریکای لاتین و تەنانەت ڕوسیای پێش هەشتاکانی چەرخی ڕابوردوش لە زۆر رووەوە بە تایبەت لە پرسی دانەوێڵە و میوە و سەوزە و کەرەسەی شلە و شلەمەنیدا تا ڕادەیەك خودکیفا بوون زۆر کەمتر پێویستیان بە وڵاتانی دەرەوە دەبوو. تەنانەت لادێکان و گوند نشینەکان لە گەلێك وڵاتدا بە عێراق و کوردستانیشەوە مەگەر هەر پێویستیان بە نەوت و چاو شەکر بوبێت و بگرە شارەکان پابەند بوون بە لادێکانەوە نەك پێچەوانەکەی .
ساڵانی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکان وڵاتانی وەکو میسر و ئەردەن ئەوەندە دانەوێڵەیان هەبوو هەناردەی درەوەیان دەکرد. گەشەی بە گووڕی سەرمایەداری وگشتگیریبونەوەی لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکاند ئیتر وردە وردە ئەو وڵاتانەی کە بەشی خۆیانیان هەبوو لەوە ڕوتکرانەوە و بوونە وابەستە کە لە کاتێکدا بە هۆی پێشکەوتنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی کشوکاڵەوە دەبوایە بەروبووم زیاتر بوایە .
هەمان دەرد بەسەر بریتانیاشدا هاتووە. لە ساڵانی چلەکانی چەرخی ڕابووردوودا زۆربەی پێداویسیتیەکانی خۆی دەفع دەکرد هەر لە دانەوێڵە و گۆشت و بەروبومە شیرەمەنییاکانەوە تا دەگەیشتە میوە و سەوزە و هەموو شتیێکی دیکە کە لە لایەن کێڵگەوانەکانەوە دابین دەکران. بەڵام لە کۆتایی هەفتاکانەوە بریتانیا لە ڕوی بەروبومی کشتوکاڵییەوە ڕوو لە کزی و کەمییە تا ئەو ڕادەیەیە دانەوێڵە هاوردە دەکات. پەنیر و ماست و گۆشت و ماسی سەوزەو میوە و کەرەسەکانی دیکەی چێشتلێنانیش لە وڵاتانی دیکەوە دەهێنێت هەر لە وڵاتانی ئەورپاوە تا دەگاتە کەنەدەو ئەمەریکا و ئۆسترالیا .
هەر چەند هەفتەیەك لەمەوبەر بوو کە بریتانیا کەوتبووە قەیرانی گەورەی نەبوونی سەوزە و میوە و کەرەسەی زەڵاتە وەکو خەیار و تەماتە و بیبەر و کەرەسەکانی دیکە کە زۆربەیان لە ئیسپانیا و مەغریب و تونسەوە دەهێنرێت. ئەم گرفتە بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا و بەفر و بارانەوە بوو کە بووە بەتاڵبوونی ڕەفەکانی شۆپە گەوەرەکان، ئەوانەشی بوونیان هەبوو نرخەکانیان دوو قات سەر کەوتبوون.
هاتەنە دەرەوەی بریتانیاش لە یەکێتی ئەوروپا نەك هەر نرخی پاوەندی لە سەرەتادا بە ڕێژەی لە سەدا 18 شکاند و 5 ساڵ دوای ئەوەش واتە لە ساڵی 2021 دا هێشتا بەهای داشکانی پاوەند بە ڕیژەی لەسەدا 15 بوو، هەر ئاواش نرخی ئەو کەرەسە و پێداویستیانەی کە لەوێوە هاوردە دەکران بە گوێرەی شکانی بەهای پاوەند، نرخیان بەرزبوونەوە. خودی ئەمەش جارێکی تر کارایی خۆی لەسەر گرانی و خراپبوونی ژیانی خەڵکی دانا.

پێنج: شارەوانییەکان :
بریتانیا دابەش بووە بەسەر شارەوانید، لەندەن بە تەنها دابەش بووە بەسەر 32 شارەوانیدا. شارەوانی لەم وڵاتەدا تا ڕادەیەك وەکو حکومەتێکی خۆجێی وایە زۆربەیان لە لایەن یەكێك لە حیزبەکانەوە کۆنترۆڵکراون و هەشیانە ڕێژەی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان تێکەڵەیەکە لە ئەندامانی حیزبەکان. شارەوانییەکان بەرپرسن لە زۆر پرس کە لەو گەڕەکە یا لەو شارۆچکەیەدا هەیە هەر لە پرسی خانوبەرە و قوتابخانەکان و چاککردنی شەقامەکان و هاوکاری ئەوانەی کە بێ لانە و بێ جێگان. بەرپرسن لە سێنتەرەکان و کتێبخانەکان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان [ سۆسیاڵ سێرڤس] و بەشی پیران و هەندێك لە خانەی پیران و پارکەکان و پاکوخاوێنی و شەقامەکان و کۆکردنەوەی باجی شۆپ و باڕ و چێشتخانەکان و ئەوانەی دیکە.
یەكێك لەو بەشە گرنگانە خانووبەرەیە . دوای جەنگی جیهانی دووهەم خانوویەکی زۆر زیاتر لە پێشتر لە بریتانیا بە تایبەت لە لەندەندا دروستکراو بوونە موڵکی شارەوانییەکان. لە دوای ساڵانێکی زۆریش ژمارەیەك جەمعیە بەناوی هاوزینگ ئەسۆسییەشنەوە دروستبوون و ئەوانیش کەوتنە خانو دروستکردن وەکو موڵکی خۆیان و دانەوەیان بە کرێ. ساڵانە ئەوەندە خانوو دروستدەکرا کە بە زیادبوونی ژمارەی نەوەی نوێدا ڕابگات بەڵام بە هاتنی مارگرێت تاچەر ساڵی 1979 زۆر شت گۆڕران و کرانە ئەهلی.
لەو گۆڕانکاریانە مەسەلەی خانوشی بەر کەوت. بۆ ئەمە تاچەر سیاسەتی ” مافی کڕینی ” خانوەکانی شارەوانی دانا کە یەكێك بوو لە ڕیفۆرمەکانی بە داشکاندنی نرخەکەی لە نرخی بازاڕ. بە هاتنی حکومەتەکانی دیکە ڕێژەی داشکاندنی نرخی خانووەکانی شارەوانی بۆ خودی کرێچیانی تا لە سەدا 50 سەرکەوت. ئەم سیاسەتە چەند کاردانەوەیەکی خراپی هەبوو: یەك: کرێچی شارەوانییەکانی کردە کرێچی بانق بە وەرگرتنی سلفەی عەقار. دوو: ئەمەش وای کرد کە کرێکاران بە جۆرێك لە جۆرەکان ببەستێتەوە بە بانقەوە کە بۆ مانگرتنی سەر کاریان لە پێناوی مافی ڕەوایاندا وا بەئاسانی بڕیاری مانگرتن نەدەن لەبەر ئەوەی کاتێك کە ناتوانن سلفەی عەقارەکەیان بدەنەوە بانق مافی دەستبەسەراگرتنی خانوەکە و مەزاتکردنی بە نرخێکی هەرزان هەیە . سێ: بەمە سەرمایەگوزارییەکی گەوەرەی بۆ بانقەکان دروست کرد و دەوڵەمدنتری کردن و بە چەشنێکی دیکە ژیانی خەڵکی پێوە بەستنەوە. چوار: ئەوەندەی کە خانوش دەكڕران لە لایەن کرێچیەکانەوە نیوەی ئەوەش دروست نەدەکرایەوە بەم هۆکارەش ژمارەی نێو لیستی ئەو کەسانەی کە چاوەڕوانی خانوی شارەوانییان دەکرد دەچووە سەرەوە و ماوەی چاوەڕاوانی کردنیش زیاتر دەبوو لەو لاشەوە کرێی خانوی لەسەر کرێچییەکان گرانتر و گرانتر دەبوو. هەر ئەم سیاسەتە ڕێژەی بەتاڵەی کەمکردەوە چونکە ئەوانەی کە لە خانووەکاندا دەژیان و بەتاڵە بوون، ئیتر هەوڵی ئەوەیان دا هەرچۆن هەیە و هەر کارێك دێتە پێشەوە بیکەن تاکو خانووەکانی کە نیشتەجێبوون تێیدا لە شارەوانی بکڕنەوە.
ئەم سیاسەتە بە هاتنی حیزبی کرێکاران [ لەیبەر] یش هەر بەردەوام بوو تاکو وای لێهات کە ئێستا خانووکانی شارەوانیی و هاوزینگ ئەسۆسییەشن ژمارەیان زۆر هاتۆتە خوارەوە. . لە سەردەمی مارگرێت تاچەردا نزیکەی 5 ملیۆن کەس لە خانوی شارەوانیدا لە ئینگلتەرە و لە وێڵس دەژیان . لە ساڵی 1981 دا 321،66 خانوو هەر بە تەنها لە ئینگلتەرەدا فرۆشران. لە سالی 1982 ژمارەکە سەرکەوت بۆ 174،697 خانوو. لە ساڵی 2012/2013 دا 3،744 و لە ساڵی 2014/2015 شدا 16،519 خانوی تر فرۆشران .
سیاسەتەکە لەمەدا نەوەستا بەڵکو لەبەر ئەوەی کە حکومەتی مەرکەزی پارەی تەواو نادات بە شارەوانییەکان، شارەوانییەکانیش ناچارن ئەو خانوانەی کە نزیکەی 60 ساڵ و 70 ساڵە دروست بوون و کۆن بوون پێویستیان بە دەستکاری و چاککردنەوە هەیە ناتوانن چاکیان بکەن . لەبەر ئەمە کۆمپانیای گەورە لە وڵاتانی دیکەی وەکو کەنەدا و ئۆسترالیا و ئەمەریکاوە دێن ئەو خانوانە کە لە بلۆکێکدان ڕەنگە زیاتر لە 200 فلات بن لە شارەوانی دەکڕنەوە و بە ڕیکەوتنێك کە بڕێک پارەی باش بە شارەوانی دەدەن و ژمارەیەکی زۆر کەمی ئەو خانوانە بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوانیان بدرێنەوە بە شارەانی و شارەوانیش بیداتەوە بەوانەی کە پێشتر تێیدا بوون یاخود ئەو خێزانانەی کە لە لیستی چاوەڕوانییدان سەرەیانە. ئەوەشی کە دەمێنێتەوە هەموو فلات و خانوی سەردەمیانە دەبن و کرێی هیچ کامیان لە دوو هەزار پاوەند و سێ هەزار پاوەند لە مانگێکدا کەمتر نابێت ئەمە جگە لە دانی پارەی ئاو و کارەبا و غاز و تەلەفون هەروەها خزمەتگوزاری دیکە وەکو دانانی سکوێرێتی و پاککردنەوە و پارێزگاریکردن لە مەسعەد و پارەی باخچەوان و هەندێك کولفەی دیکە.
بێ گومان ئەم سیاسەتە سیاسەتێکە کە بە هۆی نەدانی پارەی تەواو بە شارەوانییەکان بە ناڕاستەوخۆ هانیان دەدات کە دەبێت ئەو خانوانە کە پارەی چاککردنەوەیان نییە بیفرۆشن بەو کۆمپانیایانە بە پارەکەشی دەفعی پێداویستییەکانی دیکەیان بکەن، کە بەمەش نەك هەر کەمکردنەوەی ڕۆڵی شارەوانییەکانە، بەڵکو لیستی سەرەی چاوەروانکردنی خانوەکانی شارەوانی زۆر درێژکردۆتەوە، هاوکاتیش هەل و بوارێکی باشیش خرایە بەردەمی کۆمپانیاکان بۆ کەڵەکەکردنی پارەی زیاتر.
سیاسەتێکی دیکەی خراپی مارگرێت تاچەر سەبارەت بە خانوو بەرە ئەوە بوو لە ساڵانی هەشتاکانی حوکمڕانییەکەیدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو ڕێساکانی بیناسازیی داڕشتەوە. ئەم سیاسەتە لە بەڵێنی وەزیرێکیدا بەناوی مایکل هێسلتاین ئاوا داڕێژرا “زۆرترین خۆڕێکخستن” و “کەمترین دەستوەردانی حکومەت”. ئەمەش بە زمانی ئینگلیزی بە سادەیی یانی بۆ کۆمپانیاکانی بەجێبهێڵن با کاروباری خۆیان بەڕێوەببەن.. ئەم سیاستە لە سەردەمی دەیڤید کامیرۆن لە ساڵی 2012 فراوانتر و خراپتر کرا کە بەڵێنی ساڵی نوێی دا کە “کلتوری تەندروستی و سەلامەتی بۆ هەمیشە بکوژێت”. ئەمەش بە واتای دەستپێکردنی بەشێکی لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە سەلامەتی دانیشتوان و بیناکان لە کارەساتی ئاگر کەوتنەوە و لافا و گەرمی و ساردی زۆر ، دەپاراست کە ناو بەناو پشکنینی سەلامەتییان بۆ دەکرا.

شەش: خوێندن و پەروەردە:
لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا ژمارەیەکی زۆری دایەنگای دەوڵەتی باخچەی منداڵان هەبوون یا ئەوەتا بەلاش بوون یاخود پارەیەکی زۆر کەمیان لەسەر دانرابوو. ئەوانەی ئیشیان دەکرد دەیانتوانی کە ساواکانیان و منداڵانی پێش تەمەنی خوێندن لەوێ دابنێن، کاتێکیش کە دەوام تەواو دەبوو هەر کراوە بوو بە بێ دانی پارە تاکو ئەو کەسانەی کە درەنگ لە کارەکانیان دەبونەوە فریای بردنەوەی منداڵەکانیان بکەون. لە ئێستادا زۆربەی زۆری دایەنگا و باخچەی منداڵان بوونەتە ئەهلیی ئەوانەشی کە ئەهلی نین نرخیان چووەتە 600 بۆ 800 پاوەند بۆ مانگێك. ئەهلەییەکان زۆر لەمە زیاترە، سەرەڕای ئەوەش هەتا کاتژمێری 3.30 پاشنیوەڕۆ کراوەن ئەو دایک و باوکانەی کە کار دەکەن تا کاتژمێری 5 و 6ی ئێوارە، دەبێت زیادە پارە بدەن بۆ ئەو دوو کاتژمێرە .
هەر لەو سەردەمەدا قوتابیانی قوتابخانە سەرەتاییەکان خزمەتی باشتریان دەکرا لەبارەی خواردنەوە و هاوکاری پۆشینی پۆشاکی قوتابخانەیان دەکرا و گەشتی قوتابخانەیان خۆڕایی بوو کە دەگەیشتنە زانکۆ ئەوەشیان لەسەر حسابی دەوڵەت بوو و پێویستی نەدەکرد کە خۆیان هیچ بدەن. بە هاتنی تاچەر بۆ حوکم وردە وردە کرا بە قەرز بۆ زۆرێك لە قوتابیان. لە ئێستاشدا ئەوەی کە دەچێتە زانکۆ دەبیت قەرز بکات بۆ هەقی وانەبێژ و کتێب و پێداویستییەکانی تر و گرتنی خانوو گەر لە دەروەی شوێنی نیشتجێبوونی خێزانەکەی بیت . لانی کەم قەرزی خوێندکارێکی زانکۆ بۆ 3 ساڵ لە سەرو 50 هەزار پاوەندەوەیە .
خودی قوتابخانەکانیش گرفتگەلێکی زۆریان هەیە وەکو گەرمکردن و ساردکردەنەوەیان، بوونیان لە شوێنی زۆر قەرەباڵخ و سەر شەقامەکاندان، سەرەڕای ئەمەش زۆربەیان چاککردن و نوێژەنبوونەوەیان دەوێت. قوتابیانیش گرفتی زۆر گەورە رووبەڕویان دەبێتەوە وەکو هەڵگرنتی چەقۆ و چەقۆکێشی لە قوتابخانەکاندا و هێنانی مادە هۆشبەرەکان و فرۆشتنیان لە قوتابخانە کە سەرچاوەی گرفتە کۆمەڵایەتییەکانە لەپاڵ گرفتی ژیاندا، ئابووریی. ئەم گرفتانە ئەوەندە زۆرن و کاریگەرن زۆرێك لەو قوتابخانەی کە لە گەرەکە هەژارەکاندان پۆلیسیان تێدایە و پۆلیسیش ئۆفیسی خۆی هەیە.

حەوت : گەندەڵی و ئابرووچوون :
دەسەڵاتخوازی و خودی دەسەڵاتداریی سەرچاوەی گەندەڵییە. حیزبەکانی بریتانیا بە تایبەت موحافیزین کە لە دەسەڵاتدان بە بەردەوامی ئابڕووچونی زۆریان لێدەردەکەوێت . من لێرەدا پەنجە بۆ هەندێکیان ڕادەکێشم . ڕوشی سوناك-ی سەرەكوەزیران پێش ئەوەی کە بۆ سەرەكوەزیرانی بریتانیا هەڵببژێرێت دەرکەوت لە سامانی 630 ملیۆن پاوەندی ژنەکەی باجی پیویستی نەدراوە تا ئاشکرا نەبوو و ناچار نەکرا باجەکە نەدرا.
لە ئاهەنگێکدا [ پارتی] ، ژمارەیەك لە کەسە نزیکە ناودارەکانی لیز تروس ڕۆژێك پێش ئەوەی ببێتە سەرەكوەزیرانی بریتانیا، کە هیشتا وەزیری دەرەوە بوو لە یەكێک لە خانووە دڵگیرەکاندا، دوای ئاهەنگەکە بڕێك ماتریاڵی سپی دۆزرایەوە کە شوێنەواری مادەی کۆکاین-ی پێوەدیار بوو .
ئابڕووچوونەکانی بەرپرسانی حیزبی موحافیزین بەردەوامە. قسەکەری ڕیشی سوناكی سەرەکوەزیران لە کۆتایی مانگی دیسەمبەردا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پەڕلەمانتارەکانی کە لە کاتێکدا بە کاری پەڕلەمانی دەنێرێنە وڵاتان شەوانە لە ئوتێلەکاندا کاری سێکسی لەگەڵ ژنانی لەشفرۆشدا دەکەن و خواردنەوەیەکی زۆر دەخوۆنەوە و دوای ئەوەش دیاری بەهادار وەردەگرن .
زۆرێك لە ئەندام پەڕلەمانەکان کاری دووهەم دەکەن دەرکەوت کە بە هەموویان لەو کارەدا 15.2 ملیۆن پاوەندیان دەستکەوتووە . ترێزە مەی کۆنە سەرەک وەزیران هەر بە تەنها بە بڕی 2.5 ملیۆن پاوەندی پەیداکردووە ئەمە لە سەرو موچەی پەڕلەمانتارییەکەیەوە. بۆریس جۆنسۆنی کۆنە سەرەکوەزیرانیش دوای دەستکێشانەوەی لە کارەکەی لە مانگی سێبتەمبەرەوە تاکو مانگی مارتی ئەمساڵ 2.5 ملیۆن پاوەندی بە وتنەوەی موحازەرە لە ئەمەریکا و شوێنی دیکە دەستکەوتوە کە لە هەندێکیاندا سەعاتی 30 هەزار پاوەندی پێدراوە. ئەمە جگە لە ئوتێلی بەلاش و گواستنەوەی بە بەلاش بۆ هۆڵی موحازەرەکە و نانخواردنی و لە هەندێکیشیا پارەی بیتاقەی تەیارەشی بۆ دراوە. بێ گومان دیاری بەها و داوەت و داوەتکاری و پارە لە لایەن بزنسەوە هەر باس ناکرێت ، ئەمە بێ لەوەی کە هەندێکیان خاوەنپشکن لە بزنسەکاندا.
لە بەرانبەر پەڕلەمانتارەکانی حیزبی موحافیزین دا، حیزبی لەیبەریش [ حیزبی کرێکاران] کە لە دەرەوەی دەسەڵاتە 2.1 ملیۆن پاوەند داهاتی کاری دووهەمیان بووە، هاوکاتیش حیزبی لیبرڵ دیمۆکرات بە بڕی 171 هەزار پاوەند کاری دووهەمیان کردووە.
ئەوە هەر باسی سەردەمی کۆرۆنا ناکرێت کە ئێستاش ناتوانرێت جێگای زیاتر لە 12 ملیار پاوەند بکرێتەوە لە سەرجەمی ئەو 37 ملیار پاوەندەی کە بۆ کەرەسەی خۆپاراستن و سێنتەرەکانی پشکنین و پۆشاکی دکتۆر و نێرس و پاککەرەوەی زەوی و جیهازەکان و شتی دیکە بەکارهێنراوە . هاوکاتیش هەندێك نوسینگە و کۆمپانیای بچوك کە دۆست و ناسیاوی بەرپرسان بوون پارەی خەیاڵییان پێبەخشراوە لەبری کڕینی هەندێك کەرەسەدا. لە ئێستاشدا یەك دوو لە وەزیرەکان وەزیفەکەیان هەڵپەسێرراوە و لێپێچینەوەیان لێدەکەن .
نەدیم زەهاوی ، کوردەی لای خۆمان، کە چەند پلە و پێگەیکەی گرتە دەست لەوانە وەزیری پەروەردە و ڕۆشنبیری و وەزیری کۆرۆنا و دواتریش وەزیری دارایی بریتانیا کە ئەم پۆستە لە گرنگیدا لە دوای پۆستی سەرەکووەزیرانەوە دێت ، دەرکەوت کە بڕی تەواوی باجی نەدابوو لە لایەن دائیرەی باجەوە ئاگادارکرایەوە بەڵام هێشتا ئەو هەر نکوڵی لە گەندەڵێتی خۆی دەکرد. دواتر لەژێر فشاری میدیا و حیزبەکانی دەوەوەی دەسەڵات ناچارکرا کە دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە.
شێوەیەکی دیکە لە گەندەڵی کە باوە لەناو هەردوو حیزبەکەدا کە دێنە سەر حوکم مەسەلەی واستە قەبوڵکردنە، دانانی کەسانی نزیك لە خۆیانە، تێوەگلانە لە کارێکەوە بۆ وەرگرتنی پۆست. باشترین نمونە لێرەدا سەرۆکی دەزگەی بی بی سی یە کە تا ئێستاش ئەو مەسەلەیە هەر بەردەوامە. یاخود بەخشینی پارەیە کە پێی دەلێن دۆنەیشن، کە دەدرێت بە حیزبەکان، کاتێکیش کە حیزبەکان دێنە سەر حوکم ئەوان ئەوەیان لەبەرچاوە و پێگەی هەستیار و گرنگیان تا دەگاتە پێگەی وەزیریی دەدرێتێ. ئەمە جگە لە پرسی دەڵاڵی کە بە ئینگلیزی پێیدەڵێن لۆبیکردن لە لایەن بزنسمانە گەوەرکان و کۆمپانیاکانیانەوە.
گەندەڵی یاسایش هەیە ، واتە خودی یاساش هاوکاری گەندەڵی و گەندەڵکاران دەکات بە هەبوونی بۆشایییەك یاخود دانی دەرفەت بۆ نەدانی باج. لە ئێستادا 169 ملیار پاوەند لە دەرەوەی بریتانیا لەو وڵات و شوێنانەی کە باجی لەسەر نادرێت یاخود هەر زۆر زۆر کەمە، لەوێ خەوێنراوە و پارەی دیکەی دێتە سەر، کە حکومەت دەسەڵاتی سزادانی خاوەنەکانیانی نییە چونکە خودی کارەکە یاساییە .
ئەمانەی سەرەوە چەند نموونەیەك بوون لە سەدەها نموونەی زیندوو لە کۆن و لە ئێستاشدا .

درێژەی هەیە…

زاهیر باهیر

16/04/2023




برینی ئەنفال بەشیعر سارێژ نابێت..! .. موستەفا شێخ محەمەد

بۆ داپۆشینی کێماسیە تایبەتیەکانیان، پەنا بۆ ئەدەبیات و بەدیاریکراویش شیعر و شانامە دەبەن. چونکە هیچ نووسینێک هێندەی سۆز و حەنونەی شیعر و شانامە کاریگەر سیحراوی نیین بۆ داپۆشینی نا عەقڵانییەتی سیاسیی.!
دووەم: ئەم وتارانەی لەم بۆنانە دەنووسرێن، پڕن لە دەستەواژەی سواوی دووبارە کە بەگشتی دۆخی بێهیوایی پەخشدەکەن، بەکارهێنانیشییان جێگای لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی زانستیان گرتۆتەوە، بەکارهێنانیان لە کارەساتێکی وەک ئەنفالدا شیاو و گونجاو نیین .!
هەندێک لەم نووسینانە، لەلایەک کڕوزانەوە و سکاڵاکردنن، لە بەختی خراپی نەتەوەی ئێمە و دێواندی نەتەوەکانیتری وەک عەرەب، فارس و تورک، یانیش هۆکاری ئەو تاوان و کارەساتەی دەرحەقمانکراوە، دەخەنە ئەستۆی جوگرافیای سیاسیی و دڵڕەقی سیاسیەتی نێودەڵەوتی، هەموو ئەمانەش بەیەکەوە لە پێناو ئەوەیە ئەوەی بەسەر کورد هاتووە وەک قەدەرێکی ئەزەلیی نەگۆڕ نیشانی بدەن. دواجاریش بەرهەمی هەموو ئەم بەیتوبالۆرانە جگە لە دروستکردنی دۆخێکی دەروونی ئاڵۆز بۆ مرۆڤی کورد و پڕکردنی دونیا، لە بێ هیوایی هیچ شتێکیتر لێ شین نابێت.
چۆن بۆ خواردنی شوتی پێویستت بە پلایس نییە، ئاواش بۆ سارێژکردنی برینەکانی نەتەوەی کورد، کە جگە تراژیدیای ئەنفال سەدان کارەساتی دیکەشی هەیە، پێویستت بە شیعر وتاری پڕ لە کڕوزانە و بەدێودرنج نیشاندانی نەتەوەکانی دیکە نییە.
بەداخەوە مێژووی سیاسیی نوێ و هاوچەرخی کورد، بناغەکەی لەسەر ئەدەبیاتی وفەنتازیای شاعیرانەیی کوردایەتیی دانراوە، لەباری فیکر و عەقڵانیی سیاسییدا هێندە هەژارە، ئەگەر دەق و تێکستە شیعرییەکانی لێ بسەنیتەوە، شتێکیتری ئەوتۆی لێ نامێنێتەوە، هەر ئەوەشە وای کردووە یەک کارەکتەری سیاسیی کورد نەدۆزییەوە لەسەر وەختی بارودۆخە گرینگ و هەستیارە مێژوویەکاندا خاوەنی ئاکتێکی عەقڵانیی بێت، کەمێک بەرچاو ڕۆشنی سیاسیی و فیکری لێ بەدی بکرێت.
ئەم جۆرە داکۆکیی کردنە، لە نەتەوەییەکی دیاریکراو، دواجار جگە لە توندکردنی کۆتوبەندەکانی سەری زیاتر، وەک تائێستا دەرئەنجامێکی نەبووە، بۆ ئایندەش دەرئەنجامێکی نابێت.!
کەواتە چی بکرێت بۆ ئەوەی لەودۆخە شیعرییە دەرچیین؟ من پێویستی نابینم ، نموونەی فڵان وفیسار نەتەوە بێنینەوە، چونکە بارودۆخەکان دەکرێت زۆر جیاواز بن.
بەڵام بەئاسانی مرۆڤ ئەتوانێت هەست بەوە بکات، کە بەشی زۆری بیرکردنەوەی کورد دەربارەی ژیان و بوون و گەردون، بیرکردنەوەیەکی شاعیرانەییە، لە کاتێکدا ژیان و مرۆڤ و گەردون، لەسەر فیزیا و کیمیا بەرێوە دەچێت، ئەدەبیاتیش دەتوانێت رۆڵێکی هەبێت، بەڵام ناکرێت ئەدەبیات بخرێتە شوێنی زانست.
لەوە بۆمان دەردەکەوێت کە گووتاری زاڵ و باوی کروزانەوەی شیعری، دیوەکەی دیکەی یەکسانە بە رق و کینە و ڕەگەز پەرەستی و نیشاندانی ئەوانیدیکە وەک دڕندە و مرۆڤ خۆر.
با بێینەوە سەر ئەسڵی مەقسەد، کورد و سیاسیەکان و داموو دەزگاکانی لە قوتابخانەیەکی بنەڕەتییەوە، تا مەکتەب سیاسی و دەسەڵاتدارەکان، ئەبێت ئەو پرسیارە لەخۆییان بکەن، ئایا دیسکۆرسی کڕوزانەوە، چی بەئێمە بەخشیوە و چی لێ زەوتکردوین؟
دوای وەڵامی ئەو پرسیارەش یەکەم شتێک کە یارمەتی دەری چارەسەرێکی ریشەیانە ئەبێت بۆ دەسەڵات و گەلە ئەوەیە، ئەم میتۆد و وتارە، فرێبدات، کە ناتوانێت هیچ بەرهەمێکی هەبێت، بەمکارە بەلانی کەم 60 % ی کێشەکەت چارەسەر کردوە.
چونکە ئیتر لەبری ئەوەی بەدوای شین و ڕۆردا بگەرێیت، بیر لەوە ئەکەیتەوە، کە چۆن دەکرێت، رێگا لەچەندبارەبوونەوەی جینۆساید بگریت و بەرەو ئاسۆیەکی دیکە بڕۆیت کە دەشێت ڕێگاکانی زۆر ئاسانتر بن…!
یادی تاوانی ئەنفال و جینۆساید و کارەساتەکانی دیکەی گەلی کوردستان، بەبێ فرمێسک ڕشتن گەشاوەترە وو مانادارترە، فنکە فنک و ڕشتنی رقی قەومی و پیشاندانی ئەوانیدیکە وەک مەترسی دواجار هەر ئەتخاتەوە، ئەو دۆخەی کە تێیدا چەقیووی.
تائێستا کە خەڵکی ئێمە ناتوانێت بەوردی لەم شتە تێبگات کە ناوی ئەنفالە، هۆکارەکەی ئەوەیە لەجیاتی عەقڵانیەتی سیاسی و زانستی، بەپێوەرەکانی شاعیرانە ئەیبڕن و دەیدرون و هەموو جارێکیش سەر لەناو شکستێکی دیکە دەر دەهێننەوە.!!
تێبینی وێنەکە نوگرە سەلمانە.




ڕۆشنبیری پۆپۆلیست.. به‌ختیار محه‌مه‌د

ڕۆشنبیری پۆپۆلیست – وه‌ك سیاسه‌تمه‌داری پۆپۆلیست – به ‌دڵی خه‌ڵك (جه‌ماوه‌ر) قسه‌ ده‌كا؛ بۆیه‌ ڕۆشنبیرێكه‌ ناتوانێ له‌گه‌ڵ خۆی و له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌ت ڕاستگۆ بێ.
ئه‌و ڕاستیی ده‌كاته‌ قوربانیی ڕه‌زامه‌ندیی جه‌ماوه‌ر(خوێنه‌ر، بینه‌ر، گوێگر… تاد.). له‌مه‌وه‌ ڕۆشبیری پۆپۆلیست چه‌پڵه‌ی ده‌وێ له‌ جه‌ماوه‌ر، نه‌ك ڕه‌خنه‌ و سه‌رنج و ڕای جوداواز. واته‌ ده‌ترسێ له‌وه‌ی، كه‌ له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ قسه‌كانی (ڕا و بۆچوونه‌كانی) بگیرێ، بۆیه‌ ڕاستیی – ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیشی پێی هه‌بێ – نادركێنێ. به‌لای ئه‌وه‌وه‌ – با به‌ درۆش بێ – ژماره‌ی زۆری جه‌ماوه‌ر (خوێنه‌ر و بینه‌ر) گرنگه‌، نه‌ك حه‌قیقه‌ت و داهێنان. له‌مه‌وه‌ ده‌شێ بڵێین، ڕۆشنبیری پۆپۆلیست كه‌سێكی هه‌لپه‌رسته‌: بازاڕی له‌ قه‌ره‌باڵغیدا گه‌رمه‌ و له‌ ته‌نیایی و بیركردنه‌وه‌دا هه‌ڵناكا.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ به‌واتای ئه‌وه‌ نایێ، كه‌ ئێمه‌ دژی جماوه‌ر و خه‌ڵكین؛ به‌ڵكو مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ حه‌قیقه‌ت له‌ هه‌موو شتێك گرنگتره‌ (له‌ جه‌ماوه‌ریش)، چونكه‌ ئه‌گه‌ر حه‌قیقه‌ت نه‌بوو، جه‌ماوه‌رێكی چالاك و هۆشیار و ڕۆشنبیریش نابێ. ڕۆشنبیر ده‌بێ جه‌ماوه‌ر (خوێنه‌ر، بینه‌ر…) دروست بكا: جه‌ماوه‌رێكی چۆنایه‌تیی؛ نه‌ك ڕۆشنبیر ببێته‌ كلكی جه‌ماوه‌ر و ستایشی خورافه‌ و وه‌همه‌كانی بكا. ئیشی ڕۆشنبیر ئه‌وه‌یه‌ وه‌هم و درۆ تێك بشكێنێ، نه‌ك شكۆمه‌ندیان بكا و ڕێزیان لێ بگرێ، تا جه‌ماوه‌ر ستایشی بكه‌ن و چه‌پڵه‌ی بۆ لێ بده‌ن.
ڕۆشنبیری پۆپۆلیست له‌ قسه‌ی خه‌ڵك ده‌ترسێ، بۆیه‌ به ‌دڵی ئه‌وان: ده‌نووسێ، ده‌دوێ، ده‌جووڵێ، ده‌نوێنێ… تاد. ڕۆشنبیری پۆپۆلیست پتر له‌ مه‌لا ده‌چێ، نه‌ك ڕۆشنبیر. ئه‌و چه‌ندایه‌تیی له‌لا گرنگه‌، نه‌ك چۆنایه‌تیی؛ بۆیه‌ له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی باو ده‌ڕوا، نه‌ك دژه‌ شه‌پۆل.

به‌ختیار محه‌مه‌د




ئەنفال بۆ بە جینۆسایدێکی جیهانی نەناسێندرا.. شوان ئەحمەد باپیر

لای هەموومان ڕوونە، یەکێک لە تاوانە هەرە قێزەونەکانی سەرانی ڕژێمی بەعس لە عێراقدا پەنابردنیان بوو بۆ ئەنجامدانی تاوانی ئەنفال، ڕۆژی 14ی 4ی 1988ش، بۆیە بە ڕۆژی ئەنفال ناوزەند کراوە، چونکە لوتکەی هێرشی ئەنفال بووە، تیاید 30هەزار، هاوڵاتی مەدەنی بێ سەر شوێنکران و گوندو و ئاواییەکانی گەرمییان زۆریینەیان لەگەڵ زەوی خاپور کران، ئەوەی برینی ئەم کارەساتەی زیاتر بریندارکردووە جاش و ئەنفالچییەکانی بەشدار لەو تاوانە کۆکوژییەدا، هێشتاش هەر ژیانێکی شاهانە ئەژین و بێ بەری کراون لە گرتن و لێپرسینەوە و خستنە کونجی زیندان.
ئێمە دەبێت بپرسین بۆچی کۆکوژیی ئەرمەنییەکان، لە ساڵانی 1894، لە ناو دەوڵەتیی عوسمانی و دواتریش لە دەمی یەکەم جەنگیی جیهانی، بە هەزاران ئەرمەنی تیاداچوون، ئەوان توانییان لۆبی کارەساتی گەلی خۆیان بکەن و زلهێزەکان بخەنە سەر ئەو باوەڕەی ئەم تاوانە بکەنە جینۆساید لە ناوەندە جیهانییەکان، پاشان ڕووداوی هۆڵۆکۆستی جولەکەکان لە ماوەی دووەم جەنگی جیهانی، لە ساڵی 1942، بەهەمان پێودانگ ئەوانیش سەرکەوتوو بوون لە ناساندنی کێشەکەیان و دانپێدانانی جیهانی.
ئێستا ئەو پرسیارە قوت دەبێتەوە ئەوان بەهۆکاری پێرەوی ئاین و سۆزی وڵاتانی زلهێز ئەم کارەیان بۆ مەیسر بووە، بەڵام زۆرێکمان کە دێتە سەر پرسی ئەنفالی کورد، پرسەکە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە ئێمە دەوڵەت نینە و گەلێکی مووسڵمانین، ئەمانە نکولی لێناکرێت ڕۆڵی خۆیان تاڕادەیەک هەبووە، بەڵام کڕۆکی کێشەکە زۆر گەورەترە، ئەویش خەم ساردی دەسەڵات دارانی کوردە لەماوەی 30 ساڵدا، سەرباری لەبەردەست بوونی شیانێکی باشی ماددی و بوونی دەسەڵاتی گەورە لە عێراقدا تا هەڕەمی دەسەڵات، بەڵام ئەسەف لەبەر ناکۆکی و بێ باکییان لەم پرسەدا، نەیان توانی زامی بریندارانی هەزاران قوربانی ئەنفالکراو ساڕێژ بکەن و تۆزێک لە ناسۆرییەکانییان بڕەوێننەوە، هیچ نەباییە سەددام حوسێنی سەرۆک کۆماری عێراق لەسەر ئەنفال لەسێدارە بدراباییە ئەو دەرفەتەشییان لە کیسدا، قەرەبووکردنەوەش لەو لا بووەستێت کە نەیان توانییووە حکومەتی عێراق بخەنە ژێر باری بەرپرسیارێتی، ئەبوایە لە سەرجەم مافە کەسی و حزبییەکانی خۆیان خۆشبوونایە و هەموو دەسکەوتێکییان ولا نابایە بەڵام نابوایە لێ بگەڕابانە ئەم کارەساتە هەر وا بە ئاسانی و بێ باکی بچێتە نێو لاپەڕەکانی مێژوو، ئێستاش خەمخۆرانێکی ڕاستەقینە هەبن، ئەکرێت دووبارە کەیسی ئەنفال، ببرێتە قۆناغێکی دیکە، بە داتاو بە زانیاری ورد و باوەڕ پێکراو بسەلمێندرێت لە ناوەندە جیهانییەکان، بەڵام دیسان پێویستی بە کەسانێکی ڕاستگۆ و ڕەشید هەیە، نەوەک کەسانێک خۆی پێ هەڵواسن و لە بریتی خەم لێ خواردن خۆیانی پێ دەوڵەمەنتر بکەن و کەس و کاری ئەنفالەکانیش 150هەزارییان لێ ببڕدرێت لە بریتی ئەوەی ژیانێکی شکۆمەندانەیان بۆ دابین بکرێت.

شوان ئەحمەد باپیر
سۆران. 14ی 4 ی 2023




هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ئۆپۆزسیۆنی ڕاست و پێگەی لە شۆڕشی ئێستادا.. وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقواییدا

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید کۆکراوەتەوە
حەسەن ساڵحی: لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەدا پێمان خۆشە پێداچوونەوە بە هەندێک لە هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی هێزە ڕاستڕەوەکان و شاهانەییە ئۆپۆزسیۆنەکان بکەین و هەڵوێستیان لە سەردەمی شۆڕشی ئێستادا تاوتوێ بکەین و ڕوونیش بکەینەوە کە ئەو هێزانە بەدوای چ ئامانجێکدا دەگەڕێن.
حەمید تەقوایی، لەم دواییانەدا ڕەزا پەهلەوی دژایەتی دروشمی “نە دەبەخشین و نە لەبیری دەکەین” وەستایەوە و لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە “نا لی بەخشین” تۆڵەسەندنەوە و هاندەری ڕق و و کینەیە و پێویستە ئەو کەسانەی تاوانیان ئەنجام داوە دەرفەتیان پێبدرێت، دەربارەی ئەوە چۆن بیر دەکەیتەوە?
حەمید تەقوایی: دروشمی “نە دەبەخشین و نە لەبیرمان دەچێت” دروشمی بزووتنەوەیەکی زۆر فراوان و بەهێزە لە ئێراندا، واتە بزووتنەوەی دادگاییکردن. ماوەیەکی زۆرە بنەماڵەی قوربانیانی کۆماری ئیسلامی و زۆرێک لە تێکۆشەرانی بزووتنەوەی داواخوازی ئەم دروشمە بەرز دەکەنەوە. مانای ڕوونە. واتای “نابورین” ئەوەیە کە هەموو ئەو بەرپرس و خاوەن پێگانەی کە دەستیان لە تاوانەکانی حکومەتدا هەبووە، نەک هەر لە سەردەمی شۆڕشی ئێستا بەڵکو لە ماوەی چل ساڵەی دەسەڵاتی ڕیسوای کۆماری ئیسلامیدا، دادگایی بکرێن. دادگاییکردن لە دادگایەکی دادپەروەر و گشتی. زۆرێک لەو خێزانە دادخوازانە دژی سزای لەسێدارەدانن، دژی تۆڵەسەندنەوەن، بەڵام دەیانەوێت دادپەروەری جێبەجێ بکرێت. ئەوان دەیانەوێت ئەم کەسانە بە ئاشکرا دادگایی بکرێن بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە بگیرێت و کەس نەوێرێت تاوانی لەو شێوەیە ئەنجام بدات.
بەشێکی تری ئەم دروشمە، “لەبیرمان ناچێت”، بەو مانایەش دێت کە ئەو تاوانانە تێپەڕبوونی کات ناگرێتەوە. ناکرێ بگوترێ بۆ نموونە ٤٠ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی شەستەکاندا تێپەڕیوە و ئیتر نابێت بەدواداچوونێکی بکرێت. یان تاوانەکانی سەردەمی پەهلەوی گرنگیان نەماوە، چونکە ٥٠-٦٠ ساڵ لەمەوبەر ڕوویانداوە و ئەو دەسەڵاتە ڕووخێنراوە و هتد.
“لەبیرمان ناچێت” گرنگە، چونکە لە مێژوودا چەندین جار ڕوویداوە کە دوای ڕووخانی دیکتاتۆر و حکومەتە ستەمکار و تاوانکارەکان، هاوچینەکانیان و دەسەڵات و حکومەتە پاڵپشتییەکانیان لە وڵاتانی دیکە، بەهەمان بیانوو کە ڕابردوو تێپەڕیوە یان چونکە فڵانە دیکتاتۆرتەمەنی تێپەڕیوەو و هتد دژایەتی دادگای کردنیان کردوون. دوا نموونەی دیکتاتۆری لابراو پینۆشێی شیلی ئەوە بوو کە هەموو خەڵکی شیلی و بیروڕای گشتی و هێزە پێشکەوتنخوازەکانی جیهان دەیانویست هەوڵی بدەن و سزای بدەن، بەڵام مارگریت تاچەر، سەرۆکوەزیرانی ئینگلتەرا لەو کاتەدا و چەند کەسێک لەحکومەتەکانی تر بە بیانووی ئەوەی کە زۆر پیر بووە ئەوان بەرەنگاری داواکاری قوربانیانی تاوانەکانی پینۆشێ بووەوە. دەبێت بڵێین جگە لە لایەنی دادوەری و دادپەروەری، “لەبیرمان ناچێت” لە ڕوانگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە گرنگە. ئەم دروشمە بەو مانایەیە کە ئێمە ڕێگە بە هیچ حکومەت و دامەزراوە و کەسایەتییەک نادەین بە هیچ بیانوویەک ڕێگری لە لێپێچینەوە و دادگاییکردنی تاوانباران بکات.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو خاڵانە پێویستە بگوترێ کە دروشمی “نە دەبەخشین و نە لەبیرمان دەچێت” دروشمێکی پێشکەوتنخوازانە و ڕاست و تەواو مرۆڤدۆستانەیە.
ئەم خاڵانە هۆکاری دژایەتی ئاغای پەهلەوی و لایەنگرانی ئەو دروشمە ڕوون دەکەنەوە. دژایەتیکردنی تۆڵەسەندنەوە و بڵاوکردنەوەی ڕق و هتد، پاساو و ڕواڵەتی بابەتەکەیە. بەڕای من هۆکاری ڕاستەقینە ئەوەیە کە دەیەوێت بەشێک لە سیستەمی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بپارێزێت. چەندین جار جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی سوپاسی پاسداران(IRGC)کردووەتەوە. هەروەها لە جاڕنامەی ٦ کەسیدا ڕایانگەیاندووە کە بەشێک لە سپای پاسداران، وەک خۆیان دەڵێن، شارەزایانی سپای پاسداران، بخرێنە ناو سوپاوە.کە ئاغای پەهلەوی چەندین پەیامی دۆستانەی بۆ ناردوون.
لایەنێکی دیکەی ئەم “لێبوردنی شاهانە”، لەبیرکردنی تاوانەکانی سەردەمی پەهلەوییە. لە دڵی شۆڕشی ئێستادا، بە تایبەت دوای پەردە لادان و پشتیوانیی جەلادی ساواک پەرویز ساباتی، گوتاری تاوانەکانی سەردەمی پەهلەوی لە سۆشیال میدیا و لە کۆمەڵگادا بڵاو بووەوە. باس لەوە کرا کە دادگاییکردن تەنیا سنووردار نییە بە ساڵانی هەشتاکان و حەفتاکانەوە ، بەڵکو نەوەی چل و پەنجاکانیش دادخوازن. دیکتاتۆری و سەرکوت و تاوانکاری لە کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێنەکرد. لە سێدارەدانی نەیارانی سیاسی، ئەشکەنجە و سەرکوت و ڕەمی کردن، تەنانەت ڕەمی کردنی نهێنی زیندانیانی سیاسی وەک بیژەن جەزنی و هاوڕێکانی، هەموو ئەمانە مێژوویەکیان هەیە. بنەماڵە و نەوەکانی ئەم قوربانیانە و هەموو کۆمەڵگە نابێ ئەم تاوانانە لەبیر بکەن چونکە نابێت ڕێگە بدرێت ئەم زوڵمە لەژێر ناو و بەرگی تردا جارێکی تر بەردەوام بێت. ئەمەش لایەنێکی تری هۆکاری لێخۆشبوونی شاخوازەکانە. ئەوان لە ڕاستیدا نیگەرانن لە بڵاوکردنەوەی ئەم دروشمە بۆ قۆناغی پێش کۆماری ئیسلامی. نەک هەر نایانەوێت کەسانی وەک پەرویز سابێتی دادگایی بکرێن، بەڵکو بیرۆکەی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتییان هەیە بە هاوکاری ئەم جۆرە تاونکارانە و بە بەدەستهێنانی پشتیوانی توێژەکانی “سەرکردە سەربازیەکانی وڵات” لە کۆماری ئیسلامی. بۆ زیندووکردنەوەی دەزگای پاشایەتی.
پێویستە بە دەنگی بەرز ڕابگەیەنرێت کە هیچ تاوانێک تێپەڕبوونی کات نایگرێتەوە. ئێستا ئەگەر بەهۆی پیری یان هەر هۆکارێکی ترەوە کەمکردنەوەی سزای تۆمەتبارێک بدرێت، ئەوە بابەتێکە دادگا و دادوەری پەیوەندیدار بڕیاری لەسەر دەدەن. ناتوانیت لە پیشەوە بڕیاری بێتاوانی هیچ بکوژێک دەربکەیت. گرنگ ئەوەیە کە ئەو بەرپرسانەی دەستیان لە تاوانەکانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا هەیە دادگایی بکرێن.
یەکێک لە سودەکان و یەکێک لە دەرەنجامە مرۆییەکانی دادگایییەکی دادپەروەرانە ئەوەیە کە دۆسیەی تاوانەکانی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان بە ڕوون و ئاشکرا دەخاتە بەردەم کۆمەڵگە و خەڵک وشیارو ئاگادار دەکاتەوە و ڕێگە نادات ئەو جۆرە تاوانانە دووبارە ببنەوە، ئاشکراکردن، ئاگادارکردنەوە و دەرخستن و ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە هەر تاوانێک کاریگەرترین ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لێی.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە جەخت دەکەینەوە کە هەموو تاوانبارانی مێژووی هاوچەرخی ئێران کە هێشتا لە ژیاندان، هەموو ئەوانەی دەستیان لە تاوانەکانی دوو دیکتاتۆری شاهانە و ئیسلامیدا هەبووە،ئەبێت لە دادگای گشتی و دادپەروەرانەدا دادگایی بکرێن.
کاک پەهلەوی، هەم لەبەر ئەوەی دەیەوێت بەشێک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بپارێزێت و بە بەشێک لەم نیزامە بینای بکات، هەم لەبەر ئەوەی نایەوێت دۆسیەی ئەو تاوانانە درێژبێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی، لە دژی دروشمی “نە دەبەخشین و نە لەبیرمان دەچێت” ەوەیە
حەسەن ساڵحی: ڕەزا پەهلەوی بانگەشەی ئەوە دەکات کە دژی بڵاوکردنەوەی ڕق و کینەیە، بەڵام هاوسەرەکەی خاتوو یاسمین پەهلەوی لەم دواییانەدا دروشمی مردنی بۆ سێ فاسد مەلا،چەپ و موجاهیدینی لە تویتێکدا بڵاوکردەوە. واتە هیوای مردنیان بۆ موجاهیدین و هێزە چەپەکان خواست. لەم دواییانەدا لە کاردانەوەسەبارەت بە قسەکانی کاک ئیسماعیلیون سەبارەت بە دادخوازی بنەماڵەکانی موجاهیدین، خاتوو یاسمین پەهلەوی هۆشداری دا کە نابێ پشتیوانیان بکەین و دەبێ بە داوای یاسایی قوربانیانی شۆڕشی مەهسا بوەستین. پێتان وانییە ئەمە بە جۆرێک لە جۆرەکان بە مانای لایەنگری بێت لە کوشتنی کۆمۆنیستەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە؟
حەمید تەقوایی: خاڵێکی سەرنجڕاکێشت باس کرد. دەڵێن لێبوردن پێویستە، چ لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی یان بە تایبەتی لە سەردەمی شادا، نابێ بەدواداچوون بۆ تاوانی بەرپرسان بکرێت، تۆڵە بکرێتەوە، ڕق بڵاو بکرێتەوە و هتد. بەڵام کاتێک باس لە قوربانیانی ئەو دەسەڵاتانە دەکرێت، ئیتر لێبوردن و دژایەتی بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و هتد نامێنێت! بە پێچەوانەوە خۆیان لە ئێستاوە سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی ڕق و تیژکردنەوەی تیغەکانیانن بەرامبەر بە نەیارانی دیکتاتۆری شاهانە. لێخۆشبوون بۆ باڵا و سەرکوتکردن بۆ خوارەوە. ئەمە جەوهەری هەڵوێستی هێزە شاخوازەکانە.
ئەوانە هەر لە ئێستاوە ڕێکخراوی موجاهدینیان بە تیرۆریست ناساندووە و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردییان بە جوداخواز ناو بردووە و هێڵی سووری یەکپارچەیی خاکیان لەبەردەمدا تۆخکردونەتەوە، ئارەزوی مردنیان بۆ چەپەکان خواستووە.ڕەخنەیان لە ساوەک ئەوەیە کە بە ڕادەی پێویست کۆمۆنیستەکانیان و ئەوانەی دژایەتی دیکتاتۆریەتی شایان کردوە نەکوشتووە، ئینجا باسی لێخۆشبوون دەکەن! تەنانەت بەشێک لە پاشایەتیخوازە شێلگیرەکان دژی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانن کە لە جاڕنامەی ٦ کەسیدا ڕاگەیەندراوە. دەڵێن ئەمە دروشمی چەپەکانە و حزبی ئێمەش بە “خاوەن”ی ئەم دروشمە دەزانن و گروپی شەش کەسی بە شوێنکەوتنی چەپەکان تۆمەتبار دەکەن. لەبەرپرسانی حکومەت خۆش دەبن، بەڵام لەسێدارەدان بە پێویست دەزانن بۆ هێزەکانی دژە لەسێدارەدان! کاتێک باس لە کۆمۆنیست و موجاهیدین و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بە گشتی دەکرێت، چ لە سەردەمی شا و چ ئەمڕۆش بەئاشکرا بەردەکانیان دەگرن بەدەستەوە.
ئەم جۆرە گوتارانە ئەوە دەردەخەن کە لێخۆشبوونی ڕەزا پەهلەوی و شوێنکەوتووانی بە هۆی مرۆڤدۆستی و دژایەتیکردنی توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە و…هتدەوە نییە. بەڵکو هەڵوێستێکی تەواو سیاسییە کە ڕژاندنی ئاوی پاککردنەوەیە بەسەر سەری تاوانبارانی دەسەڵاتداردا و لێدانی هێزی چەپ و ڕادیکاڵی دژی دیکتاتۆریەتی ئیسلامی و شاهانە و یان لە ژێر هەر نازناو و بەرگییەکی تردا.
حەسەن ساڵحی: ئەوەندەی پەیوەندی بە موجاهیدنەوە هەیە، ئێمە دەزانین ئەو گرووپە ٦ کەسییە دژی موجاهیدین و بە تیرۆریستی دەزانن. دەڵێن موجاهید لە شەڕی ئێران و عێراقدا دژی سەربازانی ئێرانی شەڕی کردووە. ویستم بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەم بابەتە بزانم. لەم جۆرە حاڵەتانەدا دەبێت بەرگری لە موجاهیدەکان بکرێت لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا؟
حەمید تەقوایی: مشتومڕەکە لەسەر پشتڕاستکردنەوەی هەڵوێستەکانی موجاهیدین نییە. ئێمە ڕەخنەیەکی زۆرمان لە سیاسەت و ئەدای موجاهیدین هەیە- کە بێگومان بە تەواوی جیاوازە لە دژایەتیی هێزە ڕاستڕەوەکان. بەڵام سیاسەتەکانی ڕێکخراوی موجاهیدین هیچ پەیوەندییەکی بە تاوانەکانی حکوومەتەوە نییە بەرامبەریان، وەک لە سێدارەدانی هەزاران دیلی موجاهید لە دوای شەڕی لەگەڵ عێراق. هەڵوێستێک کە هەر وەک کۆماری ئیسلامی هێزێکی ئۆپۆزسیۆن بە تیرۆریست دەناسێنێت و هێڵێکی بۆ دەکێشێت و بڵێت لە ئایندەی ئێراندا هیچ جێگایەکی نییە، هەڵوێستێکی تەواو کۆنەپەرستانەیە و هاوشێوەی دژایەتیکردنی دروشمی “ئێمە”. نە دەیبەخشین و نە لەبیری دەکەین”، هەوڵێکە بۆ پاراستنی سیستەمەکە. دیکتاتۆری ئەم جۆرە هەڵوێستە بەو مانایەیە کە لە ڕۆژی دوای ڕووخانەوە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دادگایی بکرێن و تۆڵەیان بۆ بکرێتەوە و ئۆپۆزسیۆن سەرکوت بکرێن. بەڵام مەسەلەکە تەنها لە موجاهیدندا سنوردار نییە. لە جاڕنامەیەکی دیکەی ناسیۆنالیستەکاندا کە لەم دواییانەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە وەک تیرۆریست ناسێنران. باس لەوەش کراوە کە نابێ لە حکومەتی داهاتوودا ڕۆڵیان هەبێت. ئەم هەڵوێستانە بەڕوونی دژایەتین لەگەڵ تەنانەت سەرەتاییترین پێوەرەکانی دیموکراسی کە هەمان ئەم هێزانە ئیدیعای دەکەن.
ئێمە پارێزەری ئازادی بێ کۆت و مەرجی چالاکیی سیاسیی هەموو لایەن و هێزەکانین، بەبێ گوێدانە هەر ڕەخنەیەک کە ڕەنگە لەسەر هەڵوێست و ئەدای ئەوانمان هەبێت. جگە لە هەڵسەنگاندنی هەڵوێستەکانی هەر هێزێکی سیاسی،ئەبێت مافی بوون و چالاکییان بەفەرمی بناسرێت. بە تایبەت لە کۆمەڵگایەکی وەک ئێراندا کە حکومەتە دیکتاتۆرەکان هەمیشە بە بیانووی جۆراوجۆر – لە نێویاندا و بە تایبەتی بە ناوی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانەوە نەیارەکانیان سەرکوت کردووە – پابەندبوون بەم پرەنسیپە زۆر بنەڕەتی و ژیانییە. پێویستە هەمووحزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنی و سەندیکاییەکان مافی ئەوەیان هەبێت کە بە ئازادی کار بکەن. (تەنیا ئیستسنای ئەو حیزب و هێزانەن کە دەستیان لە حکومەتدا هەبووە و هاوبەشی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بوون، لەو حاڵەتەدا دەبێ بە تاوانی تاوانکاری دادگایی بکرێن نەک بە تاوانی سیاسی).
دوای ڕووخاندن زۆر حزب و ڕێکخراو دروست دەبن، تەنانەت ڕەنگە ڕێکخراوی ئایینی نوێش دروست ببن. سەرەتاییترین بنەماکانی دیموکراسی و ئازادی حوکم دەکات کە ئێمە دان بە مافی هەموو ئەو هێزانەدا بنێین بۆ کردار و پابەندبوونمان بەم پرەنسیپەوە لە ئەمڕۆوە ڕابگەیەنین. هەر هێزێک کە بەشداری لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیدا نەکات، مافی خۆیەتی بە ئازادی چالاکی بکات.
لەم نێوەندەدا ئەو تۆمەتانەی کە هێزە ڕاستڕەوەکان بە موجاهیدین و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان دەیکەن، لە تاوانە گوماناوییەکانیان خراپترە! هەر هێزێک کە دژایەتی شەڕی ئێران و عێراق بووبێت یان دژی “سەربازە ئێرانییەکان”ی کۆماری ئیسلامی، بە کوردستانیشەوە شەڕی کردبێت، بە تاوانبار و خائین لە وڵات دەزانن. سەرباز و پاسەوانەکان خاکی کوردستانیان وێران کرد و هەزاران کەسیان کوشت و ئاوارەیان کرد، بەڵام بە پێی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست ئەمانە هێزی نیشتیمان پەروەرن و نەیارەکانیان تیرۆریستن! شاخوازەکان هەرکەسێک خەباتی چەکداری لە دژی کۆماری ئیسلامی کردبێت، هەر وەک خودی ڕێژیم بە تیرۆریست دەزانن.
کۆماری ئیسلامی لە سایەی شەڕی لەگەڵ عێراقدا خەڵکی کوردستان کە هەرگیز دەسەڵاتی ڕژێمی نوێیان قبوڵ نەکردبوو، هەروەها ئەو خوێندکار و کرێکار و ژنانەی دەیانویست داواکاری شۆڕشگێڕانەی خۆیان بەدیبهێنن لەخاک وخۆین هەڵکێشا، بەڵام بە گوێرەی هێزە ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن ، دژایەتیکردنی شەڕی ئێران و عێراق گوناهە، لێخۆشبوون نییە! ڕەزا پەهلەوی خۆی زۆر جار ڕایگەیاندووە کە ئاواتەخوازە لە دامێنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ عێراقییەکان شەڕ بکات.
کۆی ئەم هەڵوێستانە بەتەواوی کۆنەپەرستانە و تەواو ناسیۆنالیستی و فاشیستن. بەڕای من لەم ڕوانگەیەوە هەڵوێستی هێزە ڕاستڕەوەکان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی لەدژی حیزبی دێموکرات و سازمانی موجاهدین و کۆمۆنیستەکان نییە.
حەسەن ساڵحی: لەم دواییانەدا کۆمەڵێک باس وگفتوگۆ لە نێوان ئەو گرووپە شەش کەسییەدا هاتۆتە ئاراوە. ڕەزا پەهلەوی باس لەوە دەکات کە ناوی پێشنیار کردووە بۆ ئەوەی بچێتە ناو ئەم گرووپە، بەڵام ئەوانی دیکە دژی بوون و هیچ کۆدەنگییەک نەبووە. وتیشی، “بەڵام بەردەوام دەبم لە پاڵپشتیکردنی هەموو گروپ و دامەزراوەکان لە بەرژەوەندی دیموکراسی و یەکپارچەیی خاک”. دیارە ئەم گرووپە لە لایەنی جیاوازەوە لە ژێر فشاردایە. هێزە توندڕەوەکان فشاریان خستۆتە سەر ڕەزا پەهلەوی، بۆچی بۆ نموونە یەکپارچەیی خاک بە ئاشکرا لە جاڕنامەکەدا نەخراوەتەڕوو؟ بۆچی ئایکۆنی ئاڵا بەکارناهێنرێت؟ بۆ وا گریمانە دەکەیت کە هەڵوێستت لەبارەی موجاهیدنەوە نەگرتووە، یان پەیوەندیت بە جوداخوازەکانەوە کردووە و هتد. ئەم پێشهاتانە چۆن دەبینن؟ ئەو پاسەی کە بڕیار بوو بگاتە شوێنی مەبەست، پێدەچێت لە نیوەی ڕێگادا پەنچەر بووبێت.
حەمید تەقوایی: تێبینییەکی کورتم لەسەر کۆمەڵگەی جۆرج تاون و جاڕنامەکەیان لە یاداشتێکی کورتدا نووسیبوو، پاسێک بۆ بنی دۆڵەکە! ئەم پاسە ماوەیەکی زۆرە ئێستا کەوتۆتە خوارەوە. هیچ شتێک لە چالاکیی هاوبەشی ئەو گروپە شەش کەسییە نەماوە. پێش ئەم پێشهاتە دوایینانەی کە باست کرد، نەگەیشتنە کۆدەنگی لەسەر زیادکردنی هەندێک کەس بۆ گروپەکەیان، ئەم گروپە بە کردەوە هەڵوەشابووەوە. هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، باسی موجاهیدین لێرەوە دەستی پێکرد کاتێک حامید ئیسماعیلیون لە وتارێکدا ناوی بنەماڵەکانی موجاهیدینی وەک دادخواز ناوبرد و ئەم بابەتەش لەلایەن یاسمین پەهلەویەوە ناڕەزایی لێکەوتەوە. یان دروشمی “نە دەیبەخشین و نە لەبیرمان دەچێت” دروشمێکی سەرەکی کەسوکاری قوربانیانی گەشتی فڕۆکە ئۆکرانییە، لەنێویاندا حامید ئیسماعیلیۆن. دژایەتی ڕەزا پەهلەوی لەگەڵ ئەم دروشمە، دژایەتی گشتیی ئەو لە گەڵ حامید ئیسماعیلیون و جموجۆڵی بنەماڵەی قوربانیانی ئەوفڕۆکەی کەوتەخوارەوە و تەواوی بزووتنەوەی دادگاییکردنە. بەم شێوەیە گروپی ٦ کەسی ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. بەشێوەیەکی فەرمی ڕەنگە هێشتا پێکەوە دابنیشن، بەڵام لە ڕووی ڕاستەقینە و پراکتیکییەوە ژیانی سیاسی ئەم گرووپە کۆتایی پێهاتووە. ئێستا هەریەکەیان خەریکی دروستکردنی پێکهاتەیەکن.
بێگومان هەر لە سەرەتاوە ڕوون بوو کە ئەم گرووپە ناگاتە شوێنێک لە دەوریجاڕنامەی ڕاگەیەندراو. ئەگەر لەژێر فشاری دەرەوەشدا نەبن، ڕۆحی ئەو هەڵوێستانە و ناوەڕۆکی ئەو جاڕنامەی کە ڕایانگەیاندبوو، نەیدەتوانی بەیەکەوە بیانهێڵێتەوە.
ناکۆکییەکانی ئەم دواییە و هەڵوێستە ناکۆکەکان دەبێ بە کۆتایی پڕۆژەی بەناو جۆرج تاون هەژمار بکرێن. ئەم پڕۆژەیە بە تەواوی شکستی هێناوە. هەر وەک پرۆژەکانی تری ئاغای پەهلەوی هەر لە قەقنەسەوە تا پرۆژەی وەکالەت و هتد. ئەم دۆسیەیە دادەخرێت و دەچێتە دیوی پڕۆژە شکستخواردووەکانی پێشووی شاخوازەکانەوە.
حەسەن ساڵحی: پەیوەندی نێوان ئەو هەڵوێستانەی کە چاومان پێداخسشاندەوە لەگەڵ شەقام و شۆڕشی ئێستا چییە؟
حەمید تەقوایی: ئەمە پرسیارێکی گرنگە، چونکە بەزۆری لە ڕەخنەی هەڵوێستە ڕاستڕەوەکاندا دەگوترێ کە ئەوان هیچ ئەزموونێکی سیاسییان نییە، ڕەزا پەهلەوی هەڵەی کردووە، باسی پێگەی خۆی نەکردووە یان هەڵسەنگاندنی هەڵەی لەسەر کردووە و هتد. بەڕای من ئەمانە زۆر ڕووکەشن،ئاغای ڕەزا پەهلەوی دەزانێت چی دەکات.
دەبینیت، هێزە ڕاستڕەوەکان، تەنانەت بەشێک لە کۆماریخوازان و ناسیۆنالیستەکان، وەک ئەوانەی بەم دواییە “جاڕنامەی ناسیۆنالیستی ئێران”یان بڵاوکردەوە، یەک ئامانج و ستراتیژ پەیڕەو دەکەن، هیچیان بەهۆی هەڵە یان هەڵسەنگاندنی جیاواز یان نەبوونی نییە لە ئەزموون و هتد، کە ئەو جۆرە هەڵوێستانە دەگرنەبەر. بەرژەوەندی بزووتنەوەکە و ئەو چینەی کە نوێنەرایەتیان دەکەن ئەو جۆرە دەخوازێت.
هێزە ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەتی شاخوازەکان و ناسیۆنالیستەکان و تەنانەت بەشێک لە کۆمارییەکانیش، هەوڵدەدەن بە کەمترین گۆڕانکارییەوە بەم شۆڕشەدا تێپەڕێنن. و دیسانەوە، مەکینەی حکومەت، بە هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و بیرۆکراسی و سەرووی خەڵکەوە، تەکنۆکراتەکان و “خاوەنکارەکان” کە ناوێکی دیکەیە بۆ خاوەن سەرمایەکان، لەپێشینەی کاروبارەکان دابنێن. ئەوان دەیانەوێت حکومەت لە سەرووی خەڵکەوە و لە سەرسەری خەڵک، حکومەتی لە سەدا یەکە مفتەخۆرەکان بپارێزرێت. هەر بۆیە هەوڵی شێواندنی شۆڕش دەدەن، ددانی بکێشن و بیکەن بە گواستنەوەی بەرپرسان و دواتر دەڵێن، باشە، کۆتایی هات، کۆماری ئیسلامی نەما، بڕۆنەوە بۆ ماڵەکانتان و کارەکە بۆ ئێمەی شارەزا و خاوەنکاران و شازادەکەیان بەجێبهێڵن! ئەمە ستراتیجی هێزە ڕاستەکانە. هه موو ئه و هه ڵوێستانه ی که باسمان کرد، هەر له ناوهێنانی ئه و هێزانه ی که له گه ڵ کۆماری ئیسلامی شه ڕیان کردووه به تیرۆریست، تا دژایه تی کردنی دروشمی “نه دەبەخشین و نه له بیری ده که ین” و جه ختکردنه وه له هێڵی سووری یه کپارچه یی خاک و دژه کۆمۆنیست و جه ختکردنه وه له سه ڕ شۆڕشی میللی و یەکێتی نیشتمانی و ئاسایشی نیشتمانی هتد هەموو ئەنجامەکانی ئەم ستراتیژییە گواستنەوەیە بە کەمترین گۆڕانکاری. ئەوان هەوڵ دەدەن تا دەتوانن دەست و قاچی شۆڕش ببڕن و بیخەسێنن، لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزم ومیللیەت و مێژوو پەرستی و خاک پەرستیدا بیشێوێنن، بەڵکو بتوانن ماشێنی دەوڵەت بپارێزن.
دەزانن لە بنەمادا ڕەزا پەهلەوی و هێزە ڕاستڕەوەکان بە گشتی نەک هەر دڵخۆش نین بە شۆڕش، بەڵکو بە ئاژاوە و توندوتیژی دەزانن. ئەم پلانانەی کە بۆ قۆناغی بەناو ئینتقالی دەیهێنن، لەبەر ئەوە نییە کە دەیانەوێت شۆڕش لەم قۆناغەدا بە خواستەکانی خۆی بگات. بەپێچەوانەوە لەو قۆناغەی کە کۆماری ئیسلامی نەماوە و حکومەتی داهاتوو هێشتا سەقامگیر نەبووە، دەیانەوێت تا دەتوانن لە پارێزگاری لە سیستەمی هەبوو بکەن، بیگەڕێننەوە، زیندووی بکەنەوە و حکومەتێکی سەروو خەڵکی و سەرووتر لە خەڵک پێکبهێنن. ئەمە تەواوی چیرۆکەکەیە. هەڵە نییە، بەرژەوەندییەکانیان ئاوا دەخوازێت.
حەسەن ساڵحی: دوا پرسیاری من ئەوەیە، کە لە بەرانبەر ئەو هێزە ڕاستڕەوانەدا هێزە چەپەکانی وەک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئەرکیان چییە؟
حەمید تەقوایی: بێگومان دەتوانم سەبارەت بە ئەرکەکانی حزبی خۆمان قسە بکەم و هیوادارم ئەوانی تریش هەمان هێڵ پەیڕەو بکەن.
ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە نیشانی بدەین کە چۆن هێزە ڕاستڕەوەکان لە شەڕی دژی کۆماری ئیسلامیدا بەرد هەڵدەدەن و ئاستەنگ دروست دەکەن. باسەکە لەسەر ئەوە نییە کە دوو ستراتیژ بۆ ڕزگاربوون لە خراپەی کۆماری ئیسلامی هەیە. یەکێکیان ستراتیجی چەپ کە دەیەوێت هەر جۆرە دیکتاتۆریەتێک، ماشێنی حکومەت سەروو خەڵکی، لاببرێت و خەڵک خۆی، شوراکانی خەڵک، دەسەڵات بگرێتە دەست، ئەوی دیکەیان ستراتیژی ڕاستە کە دەیەوێت دەسەڵات و ئامێری حکومەتی یەک لەسەدەکان بپارێزێت. ئەمەی دووەمیان ستراتیژی شکستە. واتە جیاوازی لە سەر شێوازە جیاوازەکانی ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکو لە بوون و نەبوونی کۆماری ئیسلامیدایە. شێواندنی شۆڕشی ئێستا بۆ بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی نیشتمانی تەنیا دەتوانێت ببێتە هۆی سەقامگیربوونی کۆماری ئیسلامی. واتە ئەگەر گریمانە بکەین ئەو هێڵەی کە ڕەزا پەهلەوی نوێنەرایەتی دەکات دەبێتە جەماوەری و زاڵ بێت، شۆڕش تێکدەشکێت و کۆماری ئیسلامی دادەمەزرێت. پێویستە ئەم ڕاستییە بە کۆمەڵگا بوترێت.
با ئەوەش بڵێم کە بە شێوەیەکی بابەتیانە و واقیعبینانە ستراتیژ و تەواوی باوەڕ و سیستەمی بەهاکانی ڕاست لە کۆمەڵگادا جێگەیان نییە، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی زۆر ڕوونتر وئاشکراتر و ڕادیکاڵتر.لە وانە ئامانجەکانی خۆی دەناسێت و دەشێوێنێت ڕۆحی پێکهاتنی ئەم شۆڕشە بە واتای وەڵامدانەوەی ئەرێنی کۆمەڵگا بۆ ئەو هێڵ و سیاسەتە ڕادیکاڵەیە کە حیزبەکەمان هەمیشە ئاڵاهەڵگری بووە. هەر لە خەباتی بەردەوامی دژی حیجاب و ئیسلامی سیاسییەوە تا دەگاتە جەختکردنەوە لەسەر ژنانە بوونی شۆڕش و تەنانەت ناوی “شۆڕشی ژن” کە ئەمڕۆ بووەتە جیهانی، بەشێکە لە مێژووی خەباتی حیزبەکەمان. کۆمەڵگا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر چەپ تر و ڕادیکاڵتر دەبێت و لە ڕاستیدا دۆخەکە بە قازانجی سیاسەت و ستراتیژی ئێمە کۆمۆنیستەکان دەڕوات. بە پشتبەستن بەو هەلومەرجە لەبارە ئامانجمان بەهێزکردن و قووڵکردنەوە و فراوانکردنی شۆڕشی هەنوکەو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە و هەر بۆیەش پابەندین بە بەردەوامی ڕەخنەگرتن و ئاشکراکردن و گۆشەگیرکردنی هەر هێزێک کە بەم شێوەیە ئاستەنگ دروست بکات.

١٣ی ئەپرێلی ٢٠٢٣




درامای هەشت دیـــوار.. نووسینی: یووسف ئیسماعیل

( دارمایەک لە ئێستا و داهاتوودا )

دوای چەند ساڵێک خەڵکی کوردستان لە بێ هیوای بوون، لە چێژ بینن لە دراماکان وەک ئەو درامایەنەی زەمانی زوو، لەپاڵ ئەوەی کە ساڵانە درامای کوردی دێنە بەرهەم و قسەی لێوە دەکرێت، بەڵام هەر ئەم قسیە زندوو بوو لەنێو خەڵکیدا کە دراما کوردیەکان چێژیان نەماوە، و هیچ لەگەڵ زەمەن و کاتی ئێستادا نەدەگونجان، و وەک دراماکەی کۆن بینەریان نەبوو. بەڵام دوای هاتنە بەرهەم و پەخشکردنی درامای هەشت دیوار هەموو ئەو قسانەی ئاش بەتاڵ کرد، دووبارە خەڵکی گەڕانەوە سەر سەیرکردنی دراما و وەرگرتنی چێژو خۆشی کە ساڵاهەی ساڵە ئەم خۆشیەیان نەبینیوە، لێرە ڕوون بۆتەوە کە ئێستاش هونەرمەندان تونایان ماوە کە لە پێشوو زیاتر بینەر کۆبکەنەوە و خەڵکی ڕوو لە دراما خۆماڵیەکان بکەنەوە، هەڵبەتە درامای هەشت دیوار پێشوازێکی گەرمی لێ کرا لەسەرتای پەخشکردنی تا کۆتایی، لێرە بینەران زندوو بونەوەی خۆیان بینی، و گەنجان لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئاشناکرد لە کۆن و ئێستادا. زێدەگۆیی نییە بڵێم ئەو درامایە، هەستی کوردایەتی و جۆش و خرۆش و هەستی نیشتمان و نیشتمان خۆشویستنی لە زۆربەماندا زیندی کردیتەوە.
پێم وایە، لەم دواییانەدا کورد گۆڕانکاری جیاوازی بەخۆیەوە دیوە لە هەموو ڕوویێکەوە، کە پێشکەوتووە. ئێمە لێرە باسی دیوە هونەر و ئەدەبیکە دەکەن، کە ڕێگایەکی گرنگی کۆمەڵگایە کە بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگایەک دەدات. دراما و شانۆ تا ئەم دوایانە کەووتبوو خۆشبەختانە بەدەست و بازووی گەنج و هونەرمەندان تواندرا.
دیالۆگی قسەکردن و جوڵەی کارەکتەرەکانی نێو درامای هەشت دیوار بەشێوەی بەرچاو ڕوون دیارە کە لێهاتووی خۆی سەلماندووە، کەچی لە ڕووی بەشی ماڵی تەها دا هیچ جێژێک نییە، بەڵام دەگەڕێتەوە بۆ ماڵی ئەو سای کە باسی ساڵی ١٩٨٣ دەکات تەواو تەواو وەسفی ئەوکاتی خۆی کێشاوە، بەرچاوە کە قسەکردنی ئەو کاتە و دەستووری کەلتووری کوردی ڕەسەن چۆن بووە، کە ئەمە جێگای دەست خۆش و سەرکەوتووی درامایەکەیە.
لێرە هیچ شتێک قابیلی ڕەخنەگرتن نییە، بەڵام دەبێت لەبەرامبەر حەقدا ڕاستگۆ بین و خۆمان لە ڕاستی لانەدەین، زۆرێک لەسەر ئەم درامایەیان نووسی، ڕەخنەش بەلایەک کە هەنێکی توانج و تەشەل بوو بە ناوی ڕەخنە.
کوردە کەم ئەزموونەکان کە ئێستا بوونتە گروپێک کاریان بەس ڕەخنەگرتنە بێ بەرنەما و بێ پەڕاوێز…..

دەست خۆشم هەیە بۆ تەواوی ستافی درامای هەشت دیوار…..




ئێوارانە ٢٨.. سەردار جاف

ئێوارەيەک
عەباس* لەو ديو دەرگاکەوە
لێوە ئەستوورەکانی دەقرچاند
ڕمبەڕمبی کوتانی دەرگاکە
ئاوێتەبوونێکی وەڕس بوون بوو
پێکەنينەکانی هەترەشی بردبووين
تەنافەکەی ماڵمان من وعشقی پێوە هەڵواسرابووين
تەڕتەڕ هيشک نەدەبووينەوە
پێدەچوو گەمەکەی عەباس
لە رۆحمانا يارييە جوانەکانی بکا
بەرەو فەنا بوون غلۆر چووينەوە
نەرمە جوڵە و قسە بێسەروبەرەکان
شين شين دەبوونەوە
خەرمانەيان دەنواند بەنيازی بارانێ
ئەکتيڤيا رۆحێکە و لە داڵدەدانمانە
هەستە نهێنييەکان هاوێر دەکەن
چووە ديداری يارانێ
ئەوی رۆژێ ئەو لە چەمەکە ديقەتی هەترەش چوونێکی دی دا
تەزين و شەختە بوون، پێکەوە لە چاوەکانا بوونە تابلۆيەکی دايلانی
شوشەی قوتووبەندە کريستاڵييەکە
هێشتان وێنای دڵ و تيرەکەی جارانی پێوە مابوو
بە بەرخەرمانی شێت بوونی گەياند
دوێنێ نەوەت و چوارێ سەر تەختی گوشييەکەی داپۆشێ بوو
پێشکەمێکيش
غەزەلێ قسە رووتەکانی بۆ يار چرپاند
جووتێ مەمک لە شيعرێکما نەخۆش کەوتن و
لە بن ساباتەکەی خۆ مەڵاسم دەدا
هەر ئەو رۆژە
لە کلينکەکە دکتۆر لە سۆراغی شيعرەکەيە و
هەتوانی دڵمی بۆ دەنووسێ
ئێوارەيەو
شنەبايەک لە شەوێکی گێژەلوکەیی هەڵدەکا و
تا سبەی درێژەی دەبێ
خۆرهەتاوێ
لەم ديو برينێ رێم پێ دەگرێ و
لەو ديو فوارەی خوێن و کون هەڵدەسێ
ئیدی نغرۆی شیتی و دڵی پەسم
خوشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم

     عەباس :  مەبەست عەباسە شێتی گەڕەکی ئازادی کەرکووکە*  

١١ / ٤ / ٢٠٢٣
ئەڵمانيا




ئێمە پشتگیری لە یاداشتنامەو خواستەکانی خێزانی ئۆتیزمەکان دەکەین!

بۆ پشتگیریکردن لەم هەڵمەتە کلیکی ئێرەبکەن..




ئاڵۆزیەک لە هەڵبژاردنی هەرێمدا.. عوسمان حاجی مارف

ئەگەر مانگی ١١/٢٠٢٣ یان دیاری کردبێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پاش ئەم دیاریکردنە ئەوەی پێویستە قسەی لەسەر بکەین و جێگای پرسیارمان بێت، ئایا هەلومەرجی سیاسی نالەباری ئێستای کوردستان و ئاڵوگۆر لە ئاستی هاوسەنگی هێزەکان، رێگە بەوە ئەدات ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت و ئەم ئاڵۆزیە تێپەرێنرێت؟
ئەو هۆکارەی هەر لە سەرەتاوە ئەم هەڵبژاردنەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست، کاریگەری ئەو پێشهات و ئاڵوگۆرانە بوو لەسەر پێگە و ئایندەی هێزە سیاسیەکان. ئێستاش تەواوی ئەو لایەنە سیاسیانەی کە بانگەشەی ئەنجامدانی کاریکاتۆری هەڵبژاردنی دەکەن، لە هەمووکات زیاتر گیرۆدەی هەلومەرجێکی قەیرانگرتووی سیاسی و ئابوری وەهابوون ئەوسەرەکەی دیارنیە. لەلایەکی تریشەوە هاوسەنگی و پێگەی لایەنە سیاسیەکان گۆرانێکی وەهای بەسەر هاتووە کەسەختە بتوانن برۆنە ناو گەمەی قوماری هەڵبژاردنێکەوە، تا شەری دۆران و بردنەوە بکەن، چونکە کاریگەری ئەو هەڵبژاردنە لەسەر ئایندەی رۆڵی هێزو لایەنەکان دەیانخاتە بەردەم سەرگەردانیەکی زیاترو حەتمیەوە.
ئەگەرچی دواجار لەژێر هەر فشارو هەر ناچارییەکدا بێت، رایانگەیاند مانگی یانزەی ئەمساڵ هەلبژاردن ئەنجام دەدەن و کاتێکیشیان بۆ هەڵبژاردن تەرخانکرد، بەڵام هێشتا دۆخەکە لە ئاڵۆزیەکی وەها بەرچاودایە کە ناتوانرێت پێشبینی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە بەشێوەیەکی مسۆگەر بکرێت.
هەڵبەتە ئەتوانین ئاڵۆزی دۆخەکە کە ئەگەری شکستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە زیاتر دەکات لەچەند حاڵەتێکدا وێنا بکەین؛ یەکەم بێزاری و نارەزایەتی جەماوەرێکی بەرینی خەڵکی کوردستانە کە ئەزمونێکی تاڵیان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەو پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیاندا `هەیەو بەجۆرێک تاقییان کردۆتەوە، کە زیاتر لە هەرکاتێکی تر خەڵکی ئیتر ئامادەنین لەوە زیاتر خۆیان سەرقاڵ بکەن بە هەڵبژاردن و دەنگدانێکەوە کە نەك هیچ بەڵاو دەردیسەریەکیان لە کۆڵ ناکاتە، بگرە دەرگیری بەلای زیاتریشیان دەکات، بەجیا لەوەش خواستی کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی سیاسی ئەو لایەنە سەرەکیانەی بەشدارن لە پێکهاتنی حکومەت، ئومێدی بەرجەستەی جەماوەرێکی بەرفراونی خەڵکی کوردستانە، بۆیە پێشبینی دەکرێ کە رێژەی بەشداربوان لەچاو تەواوی هەڵبژاردنەکانی پێشتردا زۆر کەمتر بێت. دووەم گەر هەڵبژاردنەکانی پێشتر زیاتر پارتی و یەکێتی بە هەر شێوازێک لە کێشمەکێش یا رێکەوتن رۆڵی سەرەکیان دیبێت و تارادەیەک هاوسەنگیان راگرتبێت، بەلام لە خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارە، پاشەکشەو هاوسەنگی هیزی یەکێتی بەجۆرێک دابەزیوەو لە دۆخێکی تەواو نەرێنیدا دەردەکەوێت، کە نە بەکێبرکێ و نە بە رێکەوتن ناتوانێ هاوسەنگی خۆی لەبەرامبەر پارتیدا بەهیچ جۆرێک رابگرێت، لەهەمان کاتدا لایەنەکانی تری بەشداریش لەم هەڵبژاردنەدا ناتوانن هیچ کۆمەکێک بە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوسەنگی بەشداری یەکێتی بکەن، ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە تەڵەیەکی وەهایە بۆ یەکیتی، بەشداری بکات یا بەشداری نەکات زیانێکی زیاتر لە دابەزینی ئاستی هاوسەنگیەکەی دەکات. سێیەم ئەو لایەنانەش کە بە ناوی ئۆپۆزیسیۆن بەهەر شێوازێک خۆیان تێکەڵ بەبەرنامەی هەڵبژاردن دەکەن، لە گۆران و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ، ناتوانن کاریگەریان لەسەر کاڵکردنەوەی ئاڵۆزی دۆخەکە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەبێت. بەتایبەتی گۆران بنبەستی تەواوی خۆیان لە هەموو لایەنێکەوە نیشانداوین، ئیسلامیەکان لەبەرامبەر ناکۆکی رۆڵی سیاسی چەند ساڵەیاندا وەها دەرگیربون، کە لەرێگەی هەڵبژاردنەوە فرسەتی دەخالەتی کاریگەریان بۆ ئاڵوگۆر لە چۆنیەتی پرۆسەی هەڵبژاردندا لە دەستداوە، نەوی نوێش لەو مەقعیەتەدا نیە بتوانێ هیچ دەورونەخشێک لە پرۆسەی بە ئەنجام گەیاندنی هەڵبژاردندا هەبێت.
ئەم دۆخە لە ئاڵۆزی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن، جارێکی تر هەلومەرجی قەیراناوی سیاسی و ئابوری کوردستان دەخاتە دەورانێکی ترو جۆرێکی تر لە گێژاو و نائارامی و ناجێگیری سیاسی زیاترەوە، کە پێوستە دەکات کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری نارازی زیاتر بیر لە ئایندەو چارەنوسی خۆیان بکەنەوە، بەجیا لە هەوڵدان بۆ بەشداری لە شکستهێنان بە پرۆسەی هەڵبژاردن، لەهەمانکاتدا خۆ رێکخستن و ئامادەکاری هاتنە مەیدان بۆ کۆتاییهێنان بەتەواوی دەوری حزبە ناسیۆنالستەکان لە دەسەڵاتی سیاسیداو بۆ دابینکردنی دەور دەخالەتی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا، دەبێت پێشرەوی بکەین.




لەشفرۆش.. لە فارسییەوە: شوان عەباس بەدری

‎ژنێكی لەشفرۆشم
‎لە ناو كۆڵانە تەنگە بەرو تاریكەكانا
‎بۆنی شەهوەتی پیاوەكان
‎مووی لەشە ڕووتەكەمی گرژكردووە
‎پەنجەرەیەكی كراوە ئەبینم كە لەو دیوییەوە
‎دیسان دەنگی هاوارەكانی ژنێكی لەشفرۆش
‎لە ناو پێكەنینی پیاوێكی داوێن پیس وون بووە
‎كەمێ لەولاتر كیژۆڵەیەكی ١٧ ساڵان
‎ساوەكەی خۆی فرێداوەتە ناو جۆگەلەی ئاو و
‎كورێكی ٢٠ ساڵانیش دەستی خستۆتە ناو گەڵی ژنێكی ٤٠ ساڵان
‎و ئەوەندە سەر مەست بووە هەر وەك بڵەیت جیهانی دووگیان كردووە
‎جگەرەكەم لە گۆشەیەكی لێوە شین بووەكەم دادەنێم
‎دیسان ئەم چەرخە نەفرەتییە لە دەستە لەرزۆكەكانم كەوتە خوارەوە
‎دەستسڕێكی سپی ، ڕەنگین بە خوێنێكی ووشكەوە بوو
‎لە لای چەرخە ژەنگاوییەكەمەوە ئەبینم و
‎نەستانە دەستدرێژییەكی پڕ ئازاری بێ كاندۆمم بیر ئەخاتەوە
‎هەموو گیانم تامی شیلك ئەدات
‎لە سووچێكی شەقامەكەوە پیاوێكی لەڕ و لاواز
‎شرینقەی حەسرەت لە ناو دەماری بێ غیرەتی خۆی دائەچەقێنێت
‎جگەرە چرچ و لۆچەكەم دادەگیرسێنم
‎من گەیشتوومەتە كۆتایی كۆڵانەكە
‎كۆتایی ژیان
كۆتایی ژن بوونم !




ڕۆڵی کوردەکان لە حکومەتەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورکدا.. عیماد محمد امین دەروێش

لەکاتی هەلبژاردنی ئەنجوومەنی گەورەی نیشتمانی لە هاوینی ١٩٢٣مۆڵەت بە نوێنەرانی کورد نەدرا بگەڕێنەوە مەڵبەندی هەڵبژاردنەکەیان ئەوکاندیدە تازانەی بۆناوچە کوردنشینەکان دەست نیشان کران وهەڵبژێردران ،لەواقیع دا کاندیدی دەولەتی وهەلبژاردەی خەلکی بوون. بەم شێوەیە نارازیانی کورد لەم بەناو (تریبۆنە ئازادە)ی کۆماری نوێ دوورخرانەوە. دوای چەند مانگێک، رووداوەکان نیشانیان دا کە سیاسەت لەسەر چ پاشنەیەک دەسووڕێ و با لەکوێ هەڵدەکا. بۆ نموونە ، لەکوردستان ئیش و کاری ئیداری بەرزونیوەی کاروبارەکانی خوارتریش لەلایەن تورکەکانەوە پڕکرایەوە. ئەو کوردانەی کە هێشتا وەک قایم مەقام دادەمەزران ، تەنیا ئەو کاتە لەو پلەیە دادەنران ئەگەر هیچ مەیل و دەمارێکی نەتەوایەتی یان نەبا. وشەی کوردستان لە هەموو نووسراوە رسمەیەکان دا سڕایەوە و ناوی تورکی شوێن و جێگای ناوە کوردییەکانی گرتەوە. بە شێوەیەکی ئاسایی، ئەو کوردانەی لەناو سوپادا خزمەتییان دەکرد گلەیی ئەوەیان دەکرد بەدرەفتاری یان لەگەڵ دا دەکرێ ، کەرامەتییان هەتک دەکرێ و بەئەنجامدانی کاری پیس ناچاریان دەکەن .
لە ئاداری ١٩٢٤ ئەم کارانە گەیشتنە ئەوپەڕی . پێ داگرتن لەسەر تەنیا بەکارهێنانی زمانی تورکی لە دادگاکان و بە ڕسمی قەدەغەکردنی زمانی کوردی – لەوانە لە قوتابخانەکان – دەرخەری ئەو گورانکارییەی سیاسیەی بوو کە لە شێوازی بیرکردنەوەی کەمالیستەکان روویدابوو ، چونکە ڕەشنووسی یاسای خودموختاری دوو ساڵ پێشتر بڕیاری لە (پەروەردەو پێشخستنی زمانی کوردی ) دابوو. تورکیا زمانی کوردی پەراوێز کردبوو، ئەو ئیلتیزامەی پێش یەک ساڵ بە پێی ماددەی ٣٩ی پەیامنامەی لۆزان کردبوو ، خستبوویە سەرشانی، پێشێڵی کردبوو، وە ئێستا بە ئاشکرا دەستی بە پەیرەوکردنی سیاسەتێک کردبوو کە ئامانجی سڕینەوەی گشت دەرکەوتە غەیرە توکیەکانی ژیانی خەڵک بوو. ئەم بڕیارەی لەمەڕ زمان درا ، کوردستانی لەفێرکردن بێ بەشکرد . لە ساڵی ١٩٢٥ ، لە ٤٨٧٥ قوتابخانەی تورکیا تەنیا ٢١٥ قوتابخانە لە کوردستان هەبوون کە تەنیا ٨٤٠٠ قوتابی لەکوی ٣٨٢٠٠٠ ی قوتابی تورکیا ، لەوێ دەیانخوێند . بەبێ هەبوونی قوتابخانەی کوردی ، ژمارەی ئەو قوتابییەی کوردانەی بتوانن سوود لەم خوێندنگایانە وەربگرن زۆر زۆر کەم بووە. وەرگرتنی باجی فێرکردن لە هەل و مەرجێکی وادا بێگومان زۆر مایەی نەفرەت و بێزاری بوو ، لەبارێک دا ( کوڵونی ) کردنی کوردستان بە سەربازانەی موڵەت دراو لە بەرەکانی شەڕ ئەرمەنستان و چۆڵ کردنی ناوچە کوردنشینەکان بەهۆی شەڕ و دوای ئەو کۆشتارە و دوورخرانەوە ، سەرباری ئەم نارەحەتییانە بوون
لە ٤ ی ئادار مستەفا کەمال خەلەفەتی هەڵوەشاندەوە – بۆ ئەمەش بەراستی گوڕزێکی بەکار بوو. ئەو ناڕازیبوونی خەڵکی بە پێکهێنانی ( دادگاکانی سەربەخۆی) کە هەقی مەرگ و ژیانی خەڵکیان بەدەستەوە بوو، وە هەروەها سزادانی هەر باسێکی لەسەر خەلەفەت و هەر جۆرە گەرانەوەیک بۆ ئاین لە ژیانی سیاسی وڵات، سەرکۆتکرد . ئەم پڕوسەیە داوی پەیوەندی نێوان کوردەکان و تورکەکانی پچڕاند . داخستنی ( مەکتەب ) ـەکان و ( حوجرەکان) ـکان دوا ئامڕازی فێرکردنی بەردەستی زۆربەی کوردانی لەناو برد . مستەفا کەمال بە پاککردنەوەی تورکیا لە دەزگای ئاینی ئێستا ئەو کوردانەی لەگەڵ خۆی کردە دۆژمن کە لە ساڵانی سەختی ١٩١٩ – ١٩١٢ یارمەتی مامەوەی تورکیایان دابوو . ئەمانە خەڵکانێک بوون زەینی ئاینیان هەبوو ، شێخ و ئاغاکانی حەمیدییە بوون کە لە دەروونەوە باوەریان بە بەرگریکردن لە خەلافەت هەبوو.




ئۆتیزم ، بۆمبە قیتکراوەکەی کوردستان و چەند سەرنجێک!.. ڕێبوار عاڕف

لەكاتێكدا كەكۆمەڵگای كوردستان درێژە بەتەمەنی قەیرانە سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی و ئیداریەكانی خۆی دەدات، زۆرێك لە هاووڵاتیان رەنج دەبەن لەدیاریدەگەلێكی سەربار كەژیانی هەزاران خێزانی تاڵكردووە بەبێ ئەوەی كە هێشتا ئەو دیاریدانە بووبێتە جێگەی تیاڕامانی كۆمەڵگاو حكومەت بەتایبەت.
مەبەستمانە بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئۆتیزمەوە ئاوڕ لەیەكێك لەو دیاریدانە بدەینەوە، تا باشتر لەقوڵایی ئەو معاناتە حاڵی بین كەئەمڕۆ هەزاران خێزانی گیرۆدە كردووە كەپێی دەڵێن ئۆتیزم، بەبێ ئەوەی كەحكومەت هیچ بەرپرسیاریەتیەكی ئەوتۆی لەخۆی نیشاندابێت. كە لەڕاستیدا هەر ئەمەشە وایكردووە ئەم بەشەی كۆمەڵگا رۆژبەڕۆژ بەبێدەنگی لەنێو شەپۆلی كێشەكانی خۆیاندا نغرۆببن، بەبێ ئەوەی هیچ ئاسۆو ئایندەیەك بۆ خۆیان و ئازیزانیان ببینەوە، بۆیە ترسێكی گەورە هەیە لەتەقینەوەی ئەو بۆمبە، كەئاخۆ چ كارەساتگەلێك بەدوای خۆیدا دێنێت؟!
هەرئەم حاڵەتەش دۆخێكی پێكهێناوە كەئەم بەشەی كۆمەڵگا لەنێو ئاگری جەهەنەمی ئەو كێشەو معاناتانەی خۆیاندا بەتەنیاو بەبێ بوونی هیچ خزمەتگوزارییەك دەتوێنەوەو تاڵترین رۆژگارەكانی تەمەنیان لەو زەمەنەدا بەسەردەبەن، كە زۆرجار تەنانەت نزیكترین كەسەكانی دەوروبەری خۆشیان گوێی بیستن و چاوی بینین و زمانی قسەپێكردنیان نیە لەگەڵ ئەو قوربانیانەدا كەتروسكاییەك بۆ باشتربوونی ژیانیان بەدیناكەن و تەنانەت هەندی جار سەرباری نەبوونی دەرچەیەك بۆ باسكردنی گرفتەكانی خۆیان، بەداخەوە نەریتگەلێكی دواكەوتووانە رێگە بەباسكردنی حاڵەتی منداڵە ئۆتیزمەكانیشیان نادات.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی بەشێوەیەكی رۆشنتر هەڵوێستەیەك لەسەر ئەو دیاریدەیە بكەین كەژیانی ئەم خێزانانەی خستووەتە بەردەم مەترسییەوە. لەمبارەوە بۆ چوونە نێو بابەتەكە سەرەتا سەرنجتان بۆ چەند وێنەی جیاواز رادەكێشم و دواتر ئەنجامگیریەك لەباسەكە دەكەین!
وێنەی یەكەم من و ئۆتیزم / ئەو هەتیوە شێتە
چەند ساڵ لەمەوبەر سەردانی ماڵی ئاشنایەكم كرد لەكوردستان، سەرەتا لەوە تێنەگەشتم كە بۆچی خاوەن ماڵەكە لەژێر لێوەوە لەبەر هەیوانەكەدا بەهاوژینەكەی وت «گرنگ ئەوەیە ئەو هەتیوە جارێ نەیەتەوە»ئەم دەربڕینە منی كونچكۆڵ كرد ئاخۆ چی لەپشت ئەم چپەوە بێت. كێشەكە ئەوەبوو نەدەكرا پاش ئەو دابڕانە زۆرە یەكەم پرسیام لەسەر ناسینی ئەو «هەتیوە شیتە” بێت.
بەدەم قسەكردنەوە كەمێك كاتمان بەسەربرد لەپڕ زرمە زرمی دەرگای دەرەوە خورپەیەكی خستە دڵمەوە، (كێبێت و چی روویدابێت؟! خاوەن ماڵەكە هیچ تێكنەچوو سەرێكی بەڕووی دەرگاكەدا لاركردەوەو بەدەنگی بەرز وتی لێگەڕێ ئێستە خۆی دەڕوات، زۆری نەبرد دیسان بەهەمان شێوە لەدەرگاكە درایەوە…ئەمجارە ئاشناكەم كەمێك ئیحراج بوو بەڵام ویستی بەپرسیاركردن مەشغوڵم بكات و دەنگی زرمە زرمی دەرگام لەبیربەرێتەوە .
پاش ماوەیەك لەپڕ دەنگی گریانی منداڵێك هات، ئەمجارەیان خێزانی دۆستەكەمی بەدوای خۆیدا پەلكێش كردو دەرگای كردەوەو پاش كەمێك منداڵێكی شەش، حەوت ساڵانی بەسنگیەوە نووساندبوو بردیە بەر بەلوعەكەو دەموچاوی شت… منیش خێرا راچڵەكیم و وتم ئەوە چییە چی روویدا…دۆستەكەم بەئیحراجیەكی زۆرەوە وتی هیچ نیە ئەو هەتیوە شێتە رەنگە شەڕی كردبێت.
بەدەر لەویستی خۆم لاشعوریانە راست بوومەوەو رۆشتم بەرەو پیری منداڵەكە، شێوازی لاواندنەوەی دایكی حاڵیكردم كەئەمە منداڵی خۆیانە. ئەوەی منی زمان شكاو كرد كەنەمزانی ئەم منداڵە بۆ دەگری و ئا بەوشێوە خوێن بەلوتیدا دێتە خوارەوەو ئەم دایك و باوكەش چۆنە بەو شێوازە جیاوازە مامەڵە لەگەڵ منداڵەكەیاندا دەكەن. كابرا هەستیكرد كە من ناڕەحەتم، وتی ببورە ئەم هەتیوە ئحراجی لای ئێوەشی كردین…من لەنێو ژانی بێدەنگی منداڵەكەو بەخۆوە نووسانی دایكیدا لەپڕ زمانم پژاو وتم حاڵەتەكەم پێسەیرە منداڵەكەتان لەگریان زیاتر وشەیەكی بەدەمدا نایەت، بەڵام حاڵی نەبووم كە لەدەرەوە چی روویداوە…دیسانەوە باوكی وتی ئەم هەتیوە شێتە چاك خەجاڵەتی لای تۆشی كردین، كاكە ئەمە هەروایە هیچ قسە نازانێت زوو زوو ئازاری خۆی دەدات گیرمان كردووە بەدەستیەوە سەردەمانێكی زۆر لەماڵەوە دەمانبەستەوە، ئێستا كەمێك باشتربووە…ئەم قسانە لەلایەك ژانی كردە دڵم و لەلایەكی تریشەوە كە زوو زوو گوێبیستی وشەی شێت دەبووم ئیتر چاوم پەڕیە تەوقی سەرم، نەمدەزانی ناوەندگیری پرتەو بۆڵەو شەڕە دەنووكی نێوان ئەم ژن و پیاوە بكەم، یان قەهری ئەوە بخۆم كە چۆن تائێستاش ئەمانە نازانن منداڵەكەیان ئۆتیزمی هەیەو تەنیا بە «عولە شێت» بانگی دەكەن.
لەقۆناغێكی تری ژیاندا هەواڵی هەمان منداڵم بیستەوە كە بۆ ماوی 15 ساڵ هەموو بەدواداچون و رێگەچارەیەكی ئەو خیزانە بۆ ئەو گەنجە باڵابەرزە، تەنیا دابینكردنی كەبسولی ئارامكەرەوەی دەروونی بوو، بۆیە لەخۆم پرسی كەئاخۆ لەم كۆمەلگایەدا چەند سەد خێزانێكە بەهەر دەلیلێك بووبێت گیرۆدەی هەمان گرفتی نەناسین یا شاردنەو پشتگوێ خستنی حاڵەتی منداڵە ئۆتیزمەكانیان بن!

وێنەی دووهەم، دایكی دوو منداڵی ئۆتیزم / دەرگای نەخۆشخانەو قوتابخانەمان بەڕوودا داخرا!
كۆچەر ژنێكی تا بڵێی ئازاو جەسوورە دایكی دوو منداڵی ئۆتیستە، ئەم دایكە لەو مرۆڤانەیە كە بەئەزموون و لێبڕاوی و دڵسۆزی خۆی توانیویەتی زۆر كاریگەری لەسەر ژیانی منداڵەكانی هەبێت، لێرەدا دوو بیرەوەری ژیانی رۆژانەی ئەوتان بۆ دەخەمەڕوو كە لە دوایین سەردانم بۆ كوردستان بۆی گێڕامەوە .
سەیری دوو دیمەن لەڕۆژێكدا بكەن بزانن دایكی ئەنەس چۆن لەڕۆژێكدا دوو دەرگای نائومێدكەری بەسەردا دادەخرێت…دەڵێ بەیانی زوو بەشورو شەوقێكی زۆرەوە منداڵەكەم گۆڕی و بەرەو قوتابخانەی نزیك ماڵەكەمان بەڕێكەوتم، تا گەیشتمە نزیك قوتابخانەكە چەندین خەون و ئارەزوم كێوماڵ كردو بەتەواوی خۆم بۆ ئەوكاتە ئامادەكرد كەمنداڵەكەم دەبەمە پۆلی خوێندنەوە….
لەم خەیاڵ و بیركردنەوەیەدا بووم زۆری نەمابوو كەبگەمە بەردەم دەرگای قوتابخانە، لەپڕ بەبێ ئەوەی كەتەنیا یەك وشە لەزارم بیتەدەرێ مامۆستای قوتابخانەكە دەستی بەرزكردەوەو بەدەنگێكی بەرزتر هاواری كرد، (ناتوانین وەریگرین مەیهێنە ژوورەوە). بۆ ماوەیەك زمانم شكاو وشەیەكم لەزاری دەرنەچوو…لەشوێنی خۆمدا جۆشدامام بەڵام مامۆستاكە بەوەش رازی نەبوو چەند هەنگاوێك لێم نزیك بووەوەو دووبارە وتی ناتوانین وەریگرین باشترە بیبەیتەوە، منیش كۆنترۆڵی خۆم لەدەستداو بەدەنگێكی بەرز هاوارم كرد بۆ كۆی بیبمەوە بۆ وەك منداڵی ئەو عالەمە نەچێتە ژوورەوە بخوێنێت.
مامۆستاكە زۆر بەئاسانی پێیوتم: منداڵی ئەو عالەمە هەموویان منداڵی ئاسایین و كیشەیەكیان نیە…بەرچاوم تاریك بوو دەمزانی ئەگەر لەو ناوە بمێنمەوە ئەمجارەیان خراپی دەكەم… بەبێ دەنگی دەستی ئەنەسم گرت و سەریم نووسان بەدڵمەوە بەرەو ماڵەوە گەڕامەوە… لەئازارو ژانی وشەكانی ئەو مامۆستا «فێركارە وشیارە» گەڕێن هەستم دەكرد كەئەنەس لەهەموو شتێك حاڵی بووەو زۆر پێناڕەحەتە بێتاقەتیەكەی بەجۆرێك بوو قەت بەو جۆرە نەمدیوە نەمدەزانی چی بكەم و چی بڵێم وەك پیشەی زۆرجاری تری دەمێ ئاگری دەكردەوەو دەمێك گوڵەبەرۆژەی دەبژردان و دەمێك بەمەقەست نەخشی نێو بەرگە سەرینەكەی لێدەكردەوە، منیش وەك چاوەش دەبوایە ئاگام لێبوایە كە ئازاری خۆی نەدات و پەنێك بەخۆیدا نەدا…. زۆری نەبرد دەستی لەهەموو شتێك هەڵگرت هەستم دەكرد زۆر بێتاقەتە هەرچیەكم لەگەڵ دەوت وەڵامی نەدەدایەوە… لەپڕ وتم دڵەكەی دایە بچین بۆ نەخۆشخانە، یەكەم جار بوو كە ئەنەس بەبێ هیچ بەرگری و بەهانە گرتنێك لێم قبوڵ بكات و خێرا بەسەر بادانێك وەڵامم بداتەوە.
خێرا دووبارە جلكەكانیم بۆ گۆڕی و كەوتینەڕێ كەمێك رۆشتین و زانیم توانای بەپێ رۆشتنی نیە بەتایبەت نەخۆشخانەكە كەمێك دووربوو لێمانەوە، ناچار دەستم لەتەكسیەك راگرت و چووین بەرەو نەخۆشخانە …كەدابەزین تەماشا دەكەم چ عەشاماتێك ریزیان گرتووە خودایە كەنگی بەرمانكەوێت… دەی چارەكێك بكە بەنیو سەعات و نیو سەعات بە سەعاتێك و پەیتا پەیتا گەرمای ئەم وەرزەش تاومان بۆ دێنێت و زیاتر لەسەعات و نیوێك لە نۆبەتدا راوەستاین خەبەرێك لەنۆرەكەمان نەبوو، ئەنەس تەنگەتاوبوو جێی بەخۆی نەدەگرت لەپێشدا پێموابوو كەپێویستی بەتەوالێتە، بردم و چاوەڕوان بووم كەبێتە دەرەوە… زۆری پێچوو دەنگی نەبوو نەهاتە دەرەوە، دەرگاكەم بەڕوویدا كردەوە سەیرەكەم بۆ خۆی دانیشتووە كەوتم ئەوە بۆ دانیشتووی خێرا هاتە دەنگ و وتی ئەوێ زۆر گەرمە، ئێرە سێبەرە… نەمدەزانی پێبكەنم یان بگریم…هەرچۆن بوو هەڵماساندەوەو وتم بابڕۆین هەر ئەوەندەی كەچوینەوە نزیك سەرەكەمان، ئەنەس پاش كەمێك كەوتە خولانەوە بەدەوری خۆیداو بەرلەوەی كە بڵێت برسیمە زانیم كە ئەم جارەیان برسیەتی تەنگی پێهەڵچنیووە… خیرا چوومەوە سەر شەقامەكەو دەستم لەتەكسیەك راگرت بۆ ماڵەوە… كە گەشتمە ماڵەوە هەر لەبەر دەرگاكەوە بەدەنگی بەرز هاوارم كرد سانا گیان ئەوا لەگەڵ ئەنەسا هاتینەوە… هیچ دەنگ نەبوو لەتاوا هەر بەپێڵاوەكانەوە خۆم كرد بەژووردا كەسم بەدینەكرد، چەند جارێكی تر هاوارم كرد… كەس وەڵامی نەدایەوە… خێرا ژوور بەژوور كەوتمە پشكینین دواتر سەیرەكەم سانا بەتانیەكی لەخۆی پێچاوەو لەژێر قادرمەكەدا خۆی مەڵاسداوە… كە بینیم كسپە لەجەرگمەوە هات و گرتمە باوەشم چونكە زانیم ئەو ماوە بۆ تەنیا بوونی ئەو زۆرەو تەحمولی ناكات… ئەویش ئۆتیزمی هەیە بەڵام بەپێچەوانەی براكەیەوە سروشتیكی زۆر بێدەنگی هەیە هاوكات زۆر لەتەنیایی دەترسێت كەتەنیا دەبێت هەمیشە هەوڵدەدات لە قوژبنێكدا خۆی حەشاربدات…خێرا باوەشم پیاكردو هەردووكیانم بردە مەتبەخەكەو بەرلەوەی كەمەنجەڵەكە بخەمە سەر تەباخەكە ویستم غازەكە داگیرسینم، بەڵام بیرمكەوتەوە كەقەترەیەك غاز لەماڵماندا نیە…خودایە پاش ئەم هەموو ماندوبوونە چۆن تیكەیەك نان بدەم بەم منداڵانەم…؟! ئەوەی كە منی زۆر زیاتر نیگەران كردو تەكانیدام، ئەوە بوو پاش هەموو ئەم گێڕانەوە كۆچەر وتی، مامۆستا دەردەكەی مە یەكی نیە، سەرباری هەموو ئەوانەی كەباسمكرد بۆت دەبێت بەحەسرەتەوە بم كە جەژنان و جەژن خوشك و براكەی خۆم سەردانێكمان بكەن و منداڵەكان بیانبینن، ئاخەر ئەوان تەحەمولی ئەم هەموو جوڵەو هاوارو مەترسی دروستكردنە ناگرن، بۆیە سەردانیشمان ناكەن.
لێرەدا لەوە دڵنیابوومەوە ئەو قسەیەی كە دایكی سێ منداڵە ئوتیزمەكە كردی لە كەناڵی رووداو دەبێت چەندە هەقیقەتێكی تاڵ بێت؛ ساتێك وتی كێشەیەكی خێزانەكەی ئێمە ئەوەیە كەهەر چوار بۆ پینج مانگ جارێك دەبێت ماڵەكەمان بگوازینەوە، چونكە خەڵكی گەڕەك بەرگەی ئەم هەموو هاتوهاوار دەنگە دەنگە ناگرن و پاش ماوەیەك وەدەرمان دەنێن و دەبێت بچین ماڵێكی دی بدۆزینەوە. هەر بەڕاستی بیرمان لەوە كردووەتەوە كەڕووشكان و لۆمەو سەرزەنیشت و دەرگا داخستنی دراوسێی گەڕەك و قوتابخانەو كۆمەڵگابین بەگشتی ئاخۆ چ كاریگەریەكی گەورەی لەسەر ژیانی ئەم خێزان و كەسانە داناوەو بەرەو كام ئایندەی نادیارو پڕ كارەسات راپێچیان دەكات؟!
ئەوەی كەگێڕامانەوە بەشێك لەژیانی تەنیا یەك رۆژی ئەم خێزانە بوو كەجێگەی خۆیەتی لەخۆمان بپرسین ئاخۆ بۆ تەحەمولكردنی ئەم دۆخە دەبێت خاوەنی چەند دڵی داكێكی لەم چەشنە بین، ئاخۆ مرۆڤ تاكۆی دان بەخۆیدا دەگرێت و ئێسقان ورد دەكات و بەو شێوە ژیان بەسەردەبات ؟!!

وێنەی سێهەم/ لەسەنتەرو رێكخراوەكانی ئۆتیزم چ خەبەرە؟!
ئەگەر لێرەدا ئاماژە بەیەك دوو سەنتەرو رێكخراو بكەین، رەنگە بەمانای هێنانەژێر پرسیاری تەواوی رێكخراوەكان نەبێت، چونكە دەزانین هەوڵ و هەنگاوی دڵسۆزانەو ئەرێنیش بەڕێوەیە، بەڵام ئەو دۆخە گشتییەی كە زاڵ بووە باڵانسی نیگەرانیەكانی زیاتر بەرجەستە كردووەتەوە. كێشەكە ئەوەیە كەم تا زۆر كاركردن لەم بوارەدا دراوەتە دەست سەنتەرو رێكخراوەكانەوە، ئەوانیش زۆرێكیان وەك بزنسێكی كرچوكاڵ زۆر سەرەتایی دەستیان بۆ كارێك بردووە لەكەمترین ئاستی پیشەیی و زانستی بەهرەمەندن، بۆیە لێرەدا ئاماژە بەحاڵەتگەلێك دەكەم كەنەدەبوو رووبدات.

كێشەی سەنتەرەكان و نەبوونی ستانداردێكی زانستی!
لەپەیوەند بەدروستكردنی ئەم سەنتەرانەوە بەشێوەیەكی گشتی دوو ئەزموونی جیاوازمان لەبەردەستدایە یەكەمیان زۆرێك لەسەنتەرەكان كەسانێك بۆی دەستبەكارن كەخۆیان منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، پشتبەستوون بەئەزموونی خۆیان و فێركاران و كەسانێك كە لەو بوارەدا بەشێوەیەكی خۆرسكی شارەزاییەكیان بەدەستهیناوە، یان لەكۆرسێكدا بەشدارییان كردووە. شێوازی دووهەم كەسانێكن كەزۆرێكیان وەك بزنس دەستیان بۆ كارێك بردووە لەكەمترین ئاستی پیشەیی و زانستی بەهرەمەندن. بەڵام خاڵی هاوبەشی هەردوولا رەنج بردنە لەنەبوونی ستانداردێك و چوارچێوەیەكی زانستی بۆ تاوتوێكردن و رێنمایدان و بەرەوپێشبردنی ئەم سەنتەرانە كەئەوەندەی مەزاجی شەخسی و ئەزموونی خۆیان رۆل لەبەرەوپێشبردنی ئەم سەنتەرانەدا دەبینێت، ئەوەندە گرێدراو نیە بەهیچ بنەمایەكی زانستییەوە. كەڕەنگە بڵێم كارەساتەكەش هەر لێرەوە دەستپێدەكات كەحكومەتی هەریم دەیەوێت چارەنووسی هەزاران كەسی ئۆتیزم بسپێرێت بەبازاری ئازادو كەرتی تایبەتی، كەئەمەش دواجار نائومێدیەكی گەورە لەنێو خێزانی ئۆتیزمەكاندا دروستدەكات! بەتایبەت ئەمە لەحاڵێكدایە كەئەگەر پێشتر تاساڵانی 2014 هاوكاریەكی مانگانە بۆ منداڵانی ئۆتیزم لەبەرچاوگیرابێت بەڕێژەی 150 هەزار دینار كە دەدرا بەو كەسانەی كەحاڵەتی ئۆتیزمیان هەیە، بەڵام تائێستا نۆ ساڵە هەر جۆرە هاوكاریەكی هاوشێوە كۆتایی پێهاتووەو هەنگاوی نائومێدبوون زۆر زیاتر بووە، ئەمە لەكاتێكدایە كە بەپێی ستانداردە نیودەوڵەتیەكان پێویستی ماددی هەر منداڵێكی ئۆتیزم بەراورد بەهەر منداڵێكی ئاسایی دوو نیو بەرامبەر زیاترە، واتە ئەگەر هەر منداڵێكی ئاسایی لەمانگێکدا پێویستی بە 100 هەزار دینار بێت ئەوا منداڵێكی ئۆتیزم پێویستی بە 250 هەزار دینارە. بۆیە زۆربەی هەرە زۆری ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە ئەگەر شانسی بەشداریكردنیان هەبێت لەم سەنتەرانەدا، ئەوا دەبێت لەڕووی ئابورییەوە ئیمكاناتێكیان هەبێت بۆ دابینكردنی مانگی سەدو پەنجا هەزار دینار تەنیا بۆ مانەوەی چەند كاتژمێرێكی منداڵەكانیان لەم سەنتەرانەدا.
بەڵام سەرباری ئەم گۆشەیە لەكێشەی ماددی ئەم خێزانانە پرسیارەكە ئەوەیە ئایا چ ستانداردێك و چ بنەمایەك هەیە بۆ فێركاری و وەڵامدانەوە بەنیازی منداڵانی ئۆتیزم و باشتركردنی بارودۆخیان لەم سەنتەرانەدا. لە راستیدا تائێستا هیچ بەرنامەو پرۆگرامێكی گشتگیری سەراسەری نیەو ئەگەر ناوبەناو رێنماییەكیش هەبێت، ئەوا كارێكی كاتی قۆناغێكی دیاریكراوەو لەمبارەوە هیچ بەرنامەیەكی ستراتیجی و هەماهەنگ لەنێوان وەزارەتەكان و لایەنە بەرپرسەكاندا نیە. بۆیە زۆر ئاساییە كاتێك كە باشترین فێركارەكانی منداڵان كەسانێكن لەئۆردن و وڵاتانی تری عەرەبی زمانەوە دێن و منداڵان بەزمانی عەرەبی فێردەكەن كەبڵێن» خبز» كە دەبێت لەماڵەوەش دایكی خەمی ئەوە بخوات كەچۆن بڵێ كوڕم ئەمە خبز نیە، نانە نان.
هەر نەبوونی ئەو بەرنامەو نەخشەی فێركاریە ئەو دۆخە دەخوڵقێنێت كە نووێنەری وەزارەتی تەندروستی لەبەرنامەیەكی رووداودا بەشداری بكات لەبەرواری 8.1.2023 لەوەڵام بەپێشكەشكاری بەرنامەكەدا دەڵێ « ئۆتیزم نەخۆشیە، دواتر لەوەڵامی پرسیارێكی تردا دەڵێ: بەڵێ هۆكارێكی توشبوونی ئۆتیزم دانیشتنە لەبەردەم تەلەفزیۆندا كەدەتوانت تاتەمەنی ١٨ ساڵی ئەم حاڵەتە ئینسان تووشی ئۆتیزم بكات. «كەدیارە ئەمە تەنیا لاوازی مەعریفی دكتۆرێك نیە، بەقەد ئەوەی كەوەزارەت و حكومەتێك بەچ ئاستێكی دەستخاڵی و ناجدی بوون تەعامول لەگەڵ كەیسی ئۆتیزمدا دەكەن و چەند نامۆن بەم جیهانە پر رەهەندو ئازاربەخشە.
منداڵانی ئۆتیزیست خراپەكاریان نەكردووە، فێری داوای لێبوردنی مەكەن!
بەداخەوە رێكخراوە تایبەتەكانی حاڵەتی ئۆتیزم لەژمارەی پەنجەكانی دەست تێپەڕناكەن، بۆیە رەنگە ئەم نموونەیە وەك مشتێك لەو خەرمانە وابێت كەپێویست بكات لەسەری راوەستین و بیرێك لەتواناو ئەزموونی ئەم رێكخراوانە بكەینەوە تابزانین ئاستی گرفتەكانی ئەم رێكخراوانە چیەو كێشە بنەڕەتیەكانیان لەچیەوە سەرچاوە دەگرێت؟!
لەمبارەوە یەكێك لەو رێكخراوانەی پارێزگای هەولێر بەنموونە، كە كاردەكات لەبواری هاوكاری كردنی منداڵانی ئۆتیزم و خێزانەكانیاندا، ئەم رێكخراوە لەكۆتایی ساڵی رابردودا بۆ ماوەی دوو رۆژ كەمپەینێكیان هەبوو بۆ هاوكاری منداڵانی ئۆتیست، لەمبارەشەوە لەڕۆژی نمایش كردنەكەیاندا گۆشەیەك لەچالاكیەكانیان ئەوە بووە كەكۆمەڵێك پلاكارتیان دابووە دەست منداڵانێك كەحاڵەتی ئوتیزمیان هەبووە. هەندێك لەم پلاكارتانە تێكستی لەم جۆرەیان لەسەر نووسرابوو: ( بمبورن! گەر بەدەنگەكەم بێزارم كردبن) یان( بمبورن! گریان و پێكەنینم لەكاتی گونجاو نییە.
بەڵێ لەڕواڵەتدا ببوورن دەستەواژەیەكی پڕ رێزو شایستەیە، بەڵام كەی وە لەکوێداو بۆ چ مەبەستێك بەكاری دێنین؟ خراپی ئەم كارە تەنیا ئەوەنیە كەڕێكخراوێك بەمەبەستێكی ئەرێنی كارێكی نەرێنی ئەنجامدەدات، بەڵكو خەتاكە ئەوەیە كەڕێكخراوێكی تایبەت بەئۆتیزم لەسێبەری ئەم پەیامەوە منداڵانی ئۆتیزم وەك كەسانی خەتاكار نیشاندەدەن و ناچاریان دەكەن بەوەی كەداوای لێبوردن بكەن، كەئەمە خۆی خەتایەكی گەورەیەو ناكرێت بازی بەسەردا بدرێت.
لەڕاستیدا منداڵانی ئۆتیزم كەسانێكن كەهیچ تاوانێكیان ئەنجامنەداوەو گەر لەدەرەوەی ویستی خۆیان و خێزانەكانیان حاڵەتگەلێكیان لێدەركەوێت كەدەوروبەریان نیگەران بكات، ئەوا ئەو حاڵەتانەی ئەوان تەنیا سروشت و تایبەتمەندی خۆیانەو پێویست بەداوای لێبووردن ناكات و ناكرێ رێكخراوێكی پیشەیی ئەمە رێگەو رەوشتی فێركاری و هاوكاریكردنی بێت بۆ منداڵانی ئۆتیزم. بۆیە نەدەبوو ئەم رێكخراوە رێگە بەخۆی بدات بەناوی ئەو منداڵانەوە داوای لێبووردن بكات، لەكاتێكدا ئەوە قسەی هیچ یەك لەو منداڵانە نیەو نەدەبوو بەناوی ئەوانەوە ئەو مافە بەخۆیان بدەن داوای لێبوردن بكەن!
سەرباری هەموو ئەمانەش لەڕاستیدا ئەوە منداڵانی ئۆتیزم نین كەدەبێت داوای لێبوردن بكەن، بەڵكو ئەگەر دەسەڵات پێی لەدۆخەكەدا بێت، ئەوا ئەوە ئەركی ئەوان و رێكخراوەكانە كە لەمبارەوە كاربكەن بۆ بردنە سەرەوەی ئاستی وشیاری كۆمەڵگاو دەستەبەركردنی ماف و پێداویستیەكانیان.

ئۆتیزم و گرێكوێرەی وشیاری كۆمەڵایەتی!
كە باسی ئاستی وشیاری كۆمەڵگا دەكەین ئەوكاتە لەو مەترسییە گەورەیە تێدەگەین كەبۆچی باسكردن لەئۆتیزم كراوەتە جێگەی شەرم و سڵەمینەوەو پەنابردن بۆ شاردنەوەی حاڵەتەكە كەبێگومان ئێستا لەكوردستاندا زۆرێك لەو خەڵكەی كەمنداڵی ئۆتیزمیان هەیە لەو دۆخەدان و نایانەوێت باس لەحاڵەتی منداڵەكەیان بكەن، تا لەم رێگەیەوە خۆیان لەگوشاری دەوروبەریان بەدووربگرن. كەئەمەش جارێكی تر دەبێتە هۆی گۆشەگیركردن و دابڕانی منداڵەكە لەژینگەیەكی كۆمەڵایەتی تەندروستدار. ئەمە جگە لەوەی بەشێكی ئەو خێزانانە كاتێك كەدەوروبەرەكەیان پێدەزانن كەمنداڵی ئۆتیزمیان هەیە ئیتر لەلایەن نزیكترین كەسانی خۆشیانەوە بایكۆت دەكرێن و پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانیان تا ئاستانەی كۆتایی پێهێنان بەرتەسك دەكەنەوە، بەتاوانی ئەوەی كەمنداڵێكی ئۆتیزمیان هەیەو جوڵەو دەنگی بەرزو هاتوهاواریان هەیە. ئالێرەدا دەبینین كە كاركردن بۆ بردنە سەرەوەی وشیاری كۆمەڵایەتی چ بەهاو ئەولەویەتێكی هەیەو چۆن دەبێت بەپلان و بەنارمەیەكی هەمەلایەنە كاری ئەم بوارە تەواوی جومگەكانی كۆمەڵگا بگرێتە خۆی! لێرەدایە دەبینین مەترسی ئەوەی كە هەندێك لەم رێكخراوانە خۆیان ئەو ئاستە لەوشیاریدان كە بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ منداڵانی ئۆتیزمدا دەكەن ئیتر لەمەترسیەكە باشتر حاڵی دەبین.
ئەگەر كردنەوەی كۆدی رازو نیازو نهێنیەكانی ئەم دیاریدەیە بكەینە دەروازەی ئاوڕلێدانەوەیەكی ریشەیی لەكاركردن بۆ چارەسەركردنی كۆی ئەو كێشەو ئاستەنگیەكان، ئەوا ئەوكاتە كردنی ئەم بابەتە بەمەسەلەیەكی كۆمەڵایەتی دەبێتە پێویستییەكی گرنگ بۆ راچڵەكانێكی كۆمەڵایەتی بەمەبەستی بردنە سەرەوەی باڵانسی وشیاری كۆمەڵایەتی كردنی بەئەمری واقع بەتایبەت لەبوارەكانی دوانەی پەروەردەو تەندروستیدا.
كە باس لەگرنگی دوانەی پەروەردەو تەندروستی دەكەین. واتە لە لەدایكبوونی منداڵ تاگەشەكردنی قۆناغ بەقۆناغی بەتونێلی پشكنینی كۆرپەلەكەوە دەستپێبكات تا سێ ساڵی تەمەنی پروسەی خوێندندا؛ هاوكات وەك وڵاتانی پێشكەوتوو ئەگەر بێتو لەحەزانەو باخچەی منداڵانەوە تا قۆناغی بنەڕەتی هەموو قوتابخانەو فێرگەیەك پەرستارێكی تێداپێت بۆ بەدواچوونی سەرەتای باری تەندروستی قوتابیان لەهەمانكاتدا زانیاریەكی گشتی و پێویست لەسەر منداڵانی ئۆتیزم بخرێتە بەردەست، ئەمە قۆناغێكی گەورە دەمانباتە پێشەوە بۆ تێگەشتن لەم حاڵەتەو یارمەتیدان و هاوكاری كردنی منداڵانی ئۆتیزم و دایك و باوكیان.
بەڵام لەبیرمان نەچێت هەموو ئەمانە لەكاتێكدا دەكرێت پێ بنێنە بواری جێبەجێ بوون و حكومەت بێتە سەرخەت و لەم بێباكیەی ئەمڕۆی راچڵەكێت و رێ بەو كارەساتگەلە بگرێت كەهەڕەشە لەژیان و چارەنووسی هەزاران ئینسان دەكات لەم كۆمەڵگایەدا. بۆیە لێرەدا پرسیاری سەرەكی دێتەسەر ئەوەی كە ئایا دەسەڵات چ رێگەو میكانیزمێك دەگرێتەبەر بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەو وەڵامدانەوە بەم تراژیدیایەی كەدیاریدەی ئۆتیزمی كردووەتە جێگەی نیگەرانیەكی گەورە كە بەوێنەی بۆمبێكی تەوقیتكراو هەڕەشە لەئەمنیەت و ئاسایشی كۆمەڵگا دەكات. لەمبارەوە پێویست دەكات كەئاوڕ لەچەند هەنگاوێكی بنەڕەتی بدەینەوە كە لێرەدا سەرنجتانی بۆ رادەكێشم!

ئایا حكومەت و لایەنە بەرپرسەكان بە ئەركی خۆیان هەڵدەسن؟!!
دەسەڵات كاتێك دەتوانێت ئیدعای بەرپرسیاریەتی بكات لەبەرامبەر بەژیان و چارەنووسی هاووڵاتیاندا، كە نەخشەو بەرنامەیەكی هەمەلایەنەی هەبێت بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە هەزاران خێزان لەم كۆمەڵگایەدا كەمنداڵی ئۆتیزمیان هەیەو رەنج دەبەن بەدەست مەعاناتەكانیانەوە، لەم حاڵەتە بەدەر تەواوی ئەو هەنگاوە پچڕپچڕانەی تائێستاو هەموو نیەتەكانیشیان وەك بڵقی ژێرئاو سەردەكەوێت و خاڵی دەبێتەوە.
بۆیە كاتێك باس لەبەرپرسیاریەتی دەكەین دەبێت ئەوە رۆشن بێت كە بابەتەكە تەنیا زیادكردنی بڕیارو پرۆژەیەكی تر نیە بۆ پەرلەمان و حكومەتەكەی، بەڵكو لەڕاستیدا داڕشتنی ئەو بەرنامە گشتگری و پراتیكیەیە كە بەكردەوە گۆڕانكاری لەژیانی كەسانی ئۆتیزم و خێزانەكانیاندا دروستدەكات، بەجۆرێك كە لایەنی كەم هەماهەنگیەكی تەواو لەنێوان وەزارەتەكانی پەروەردە، تەندروستی، دارایی و پلاندانان، شارەوانی، كارو تەواوی بەڕێوەبەرایەتیەكانیان بخاتە بەردەم وەڵامدانەوە بەپرسیاری چیكردن. پێویستە هەر لێرەدا ئەو هەنگاوانەی هەتا ئێستای حكومەت بهێنینە ژێر پرسیارەوە كە لێرەو لەوێ گوێبیستیان دەبین. خراپترین و نا بەرپرسیارانەترین مەسەلە لەمبارەوە كەزۆرترین كارێكیان لەسەر كردبێت ئەوەیە كە بەكردەوە شانی خۆیان لەبەرامبەر ئەو بەرپرسیاریەتیەدا خاڵی كردووەتەوەو خەریكن تەواوی ژیان و چارەنووسی كەسانی ئۆتیزم دەدەنە دەست كەرتی تایبەتیەوەو هەربۆیە لەمبارەیەوە تائێستا مۆڵەتیان داوە بەكردنەوەی ٣٦ سەنتەرو فێرگە كە لەكەمترین ئاست و توانای پیشەیی و زانستی بەهرەمەندن. خۆشیان وەك حكومەت و دەسەڵات تائێستا سێ سەنتەریان كردووەتەوەو دوانیش بەڕێوەیە، هەر لەمبارەوە لەزۆنی سەوزدا هەوڵێكی لەبارچوو هەبوو بۆ ئەوەی چوارەم سەنتەر لەشاری سلیمانی بكەنەوە، ئەویش بەهاوكاری كەسێكی ئینسان دۆست بوو، بیناكەی بۆ دروستكرا بەناوی خوێندنگەی ئۆتیزمەوە، بەڵام لەسەروبەندی تەواوكردنی بیناكەدا ئەو شوێنە كرا بەقوتابخانەی بنەڕەتی و هەرچی هەوڵ و تەقەلای ئەو كەسانەی كەماندوبوون بۆ دروستكردنی ئەم فێرگەیە بەئاوا دراو سەری نرایەوە. بەهەمان شیوە لە «زۆنی زەرد»ا لەچەند ساڵێك لەمەوبەر مەسرور بارزانی بڕیاری دروستكردنی سەنتەرێكی ئۆتیزمی سەردەمیانەی دا بەبڕی 585 هەزارو 240 دۆلار، كەئەویش وەك قیتارەكەی سلێمانی هەر چاوەڕوانی گەشتنی دەكەین!
دواجار دەبێت ئەوەمان بەلاوە رۆشن بێت كە دایك و باوك و خێزانی منداڵانی ئۆتیزم نابێت رۆڵی تەماشاكەر ببینن، بەڵكو لەڕاستیدا دەبێت لەو قۆزاخەی بێدەنگیەدا بێنە دەرەوەو خۆیان وەك كەسانی خاوەن مەسەلە بێنە مەیدان و داوای مافی خۆیان بكەن و رێكخراو ئامادەبن بۆ داكۆكیكردن لەمافەكانی خۆیان. بوونی نزیك بەپێنج هەزار ئۆنیزم كە بەدڵنیایی ئەم رێژەیە لەهاووڵاتیانی خاوەن كێشە حكومەت ناتوانێت بێباك بێت لەبەرامبەریان، تەنیا بەمەرجی ئەوەی كەخۆیان رێكخراوو یەكگرتووبن!




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا-(57).. شەماڵ بارەوانی

بریا گووم خواردبا، نەڕۆیشتباما ئەو کۆبوونەوەیە!
من لە قوتابخانەی ئایینی زۆر زیرەک بووم، فەقێیەکی تا بڵێیت پابەند و جددی بووم. هەموو ئەو مەلایانەی وانەیان پێ دەگوتین، زۆریان خۆشدەویستم و ڕێزی تایبەتیان دەگرتم.
تەنها دانەیەک نەبێت، کە لە بەشەکانی تری بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا باسم کردووە.
لە قوتابخانەی ئایینی(مەلا عەبدولڵا پەلپیتانی)، بەڕێوەبەرەکەمان، مامۆستا مەلا(سەعدەدین مەلاعەبدوڵلا پەلپیتانی)، کە لەمزگەوتی(سپیش) مەلا و وتاربێژ بوو. لە یەکێک لە خولەکانی پێشووتر پەرلەمانتاربوو. چەندجار لەپۆل پێی دەگوتم: شەماڵ، تۆ داوای ئەو دوو چاوانەم لێ بکەیت، بۆتیان دەردێنم، زۆرم خۆش دەوێیت، تەنها ئەوەم پێ ناخۆشە، کە ئیسلامیت، خۆزگە ئەوە نەدەبوویت.
هەموو ڕۆژێک دەڕۆیشتمە قوتابخانە و نەهاتن(غیاب)م هەرگیز نەبوو.
لە (کۆلێژی زانستەئیسلامییەکان)یش هەروا بووم، ئەوەی بیرمە، تا گەیشتنم بە قۆناغی چوارەم یەک ڕۆژ غیابم نەبوو.
لە قوتابخانەی ئایینی، ڕۆژێک کۆبوونەوەی حزبیمان هەبوو، لە مەڵبەندی دووی یەکگرتوو، لە هەولێر.
من و دوو سێ فەقێی تر، هەموومان یەکگرتوو بووین و ئەو ڕۆژە نەڕۆشتینە قوتابخانە. ڕۆژی دواتر مەلا سەعدەدین دەیزانی من هەرگیز دوا ناکەوم و غائیب نابم لە قوتابخانە.
داپیرم لە پۆلی دوانزە و لەناو ئەزموونەکانی نیوەی ساڵ کۆچی دوایی کرد. هەر بە ڕۆژدا چووم و گەڕامەوە.
مامۆستا سەعەدەدین، نازانم چۆن زانیبووی و کێ پێی گوتبوو، کە من بەهۆی کۆبوونەوەی حزبییەوە، نەڕۆشتووم بۆ قوتابخانە!
ڕۆژی دواتر کە ڕۆشتمەوە بۆ قوتابخانە، بە لالچێک و تەنزەوە پێی گوتم: ها کوڕم شەماڵ، جا هەر پێی دەگوتم کوڕم، وەک خۆشەویستی و ڕێزێکی زۆر، ئەوە دوونێ لۆ نەهاتبوویتە قوتابخانە؟
کۆبوونەوەی حزبیتان هەبوو ها؟ کەوای گوت، فەقێکان هەموویان دایانە قاقا.
لەسەر ئەوە چەندین ڕۆژ، لێم لالچ و دڵگران دیار بوو، کە دەهاتە پۆل وانەمان پێ بڵێتەوە، هەر تەعلیق و تەنزی لۆ حەوالە دەکردم و ناوی نەدەهێنام و هەر نموونەی کۆمێدی لەسەر دەهێنامەوە و دەیگوت: وەکی هەندەک فەقێیان، فەقێکانیش دەیانزانی لەگەڵ منیتی و قاقا پێدەکەنین. منیش لەژێرەوە دەکوڵام و دەمگوت، بریا گووم خواردبا، بەڵام، نەڕۆشتباما ئەو کۆبوونەوەیە.




کاروان کاکەسوور لە وەڵامی دەنگەکان دا سەبارەت بە ئەنفا ل و رۆڵی ئەدەب

لە ئەرشیڤی دەنگەکان ەوە ١٤/٤/٢٠٠٧

دەنگەکان:

دوای تێپەڕبوونی ١٩ ساڵ بەسەر کردەی ئەنفالدا، ئایا ئەدەب توانیویەتی لە ناو خەیاڵ و فەنتازیا و زماندا ئەنفالێک دابمەزرێنێ جیاوازبێت لەو ئەنفالەی هەتا ئێستا زمانی سیاسی و ئایدیۆلۆژیا پێیان ناساندووین؟ تایبەمەتمەندیی ئەو زمانە ئەدەبییە چۆنە کە ئەدەبی کوردی بۆ بەرجەستەکردنەوەی ئەنفال بەرهەمی هێناوە؟ ئاخۆ ئەدەب دەتوانێت زمانێک بێت بۆ بەجیهانیکردنی کردەی ئەنفال؟

کاروان کاکەسوور:

ئه‌و پرسیاره ‌به ‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک و له‌ هه‌ر ئاستێکدا بکرێت، ئه‌وە هه‌ر ده‌مانخاته‌وه‌ به‌رده‌م بیرکردنه‌وه‌ له‌ پێوه‌ندیی نێوان ئه‌ده‌ب و مێژوو. ئه‌نفال وه‌کوو ئیراده‌یه‌کی ئایدیۆلۆجی به‌سه‌ر واقیعی ئێمه‌دا سه‌پێنراوه‌. ئه‌و ئیراده‌یه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ هه‌موو بیرکردنه‌وه ‌و خه‌یاڵێک بخاته ‌ژێر ده‌ستەڵاتی خۆیه‌وه‌. ئه‌مه تەنیا پێوه‌ندیی به ‌ئه‌نفاله‌وه ‌نییه‌، بەڵکوو هه‌موو ڕووداوه ‌گه‌وره‌کانی مێژوو ئاوان. پێوه‌ندیی نێوان خه‌یاڵ و واقیعیش هه‌میشه‌ پێوه‌ندییه‌کی شه‌ڕانگێز بووه‌. مه‌رج نییه ‌خه‌یاڵ تەنیا ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به‌رهه‌م بهێنێت، بەڵکوو زۆر جار واقیع به‌رهه‌م دێنێته‌وه‌. ده‌شێ خه‌یاڵێکی جوان لە جیاتیی ئه‌وه‌ی ببێته‌ شیعر، چیرۆک، ڕۆمان یان تابلۆیه‌کی هونه‌ری، ببێته ‌دروستکردنی تفه‌نگێکی دوورهاوێژ، تۆپێکی گه‌وره‌، یان ڕۆکێتێکی سه‌رسووڕهێنه‌ر. که‌واته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موویان هه‌ر خه‌یاڵه‌. پێم وایه‌ به‌ هه‌ڵه‌دا ده‌چین، کاتێک ده‌مانه‌وێت ئه‌نفال و هه‌ر ڕووداوێکی دیکه‌ی مرۆیی له ‌خه‌یاڵ و فه‌نتازیا داببڕین. ئه‌نفال پێش ئه‌وه‌ی بکرێته واقیع، ‌تێکست بوو. پێش ئه‌وه‌ی بکرێته ‌تێکستیش، خه‌یاڵ بوو. کاتێک خه‌یاڵ و ئایدیۆلۆجیا ئاوێته ‌ده‌بن، ڕووداوی وه‌کوو ئه‌نفال ده‌هێننه ‌کایه‌وه‌. مەبەست لە ئایدیۆلۆجیا هەر سەرچاوەیەکی زانراوە، کە لە ڕێیەوە بیر دەکرێتەوە و دەڕوانرێت. واتە کڵێشەی ئامادە هەن و وا خۆیان دەردەخەن بۆ هەموو دۆخەکان دەست دەدەن. کێشه‌ی گه‌وره ‌لێرەدایه‌، کاتێک نووسه‌ر ده‌یه‌وێت ئه‌و واقیعه‌ بکاته‌وه ‌خه‌یاڵ. ئه‌و تێگه‌یشتنه ‌هه‌تا ئێستایش به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا زاڵه‌. ده‌بێت لێره ‌ئاماژه ‌به‌وه ‌بکه‌م، که ‌ئه‌نفال به ‌نهێنی له‌ناو بەشێکی زۆری تێکسته‌کانماندا کار ده‌کات، بۆیه‌ کاتێک ‌ده‌مانه‌وێت قسه ‌له‌باره‌ی ئه‌نفاله‌وه ‌بکه‌ین، مه‌به‌ستمان ناوی ئه‌نفال نییه‌، مه‌به‌ستمان ئه‌و تێکسته ‌ئه‌ده‌بی و هونه‌رییانه نین، که ‌باس له ‌ئۆپه‌ڕاشیۆنی ئه‌نفال ده‌که‌ن، بەڵکوو مه‌به‌ستمان ئه‌و دیسکۆرسه‌یه‌‌، که ‌له‌ پشت بیرکردنه‌وه‌ی نووسه‌ره‌وه ئاماده‌ییی هه‌یه‌‌. مه‌به‌ستمان گرێی ئه‌نفاله‌، که‌ به ‌درێژاییی ته‌مه‌نی خۆی خه‌یاڵمانی ڕه‌نگڕێژ کردووه‌. ئه‌نفال دۆستایه‌تییه‌کی زۆر به‌تینی له‌نێوان نووسه‌ر و مێژوودا پێک هێناوە‌. ئیشی ئه‌و نووسه‌ره ‌به‌رده‌وام ئه‌وه‌ بووه ‌دڵنه‌واییی ئه‌و مێژووه ‌برینداره ‌بداته‌وه‌.
لێره‌وه ‌زمانی نووسه‌ری ئه‌ده‌بی نه‌ک هه‌ر تێکه‌ڵی زمانی ئایدیۆلۆجیا و سیاسه‌ت ده‌بێت، بەڵکوو ڕه‌وایه‌تییشیان پێ ده‌دات. سه‌یر نییه‌ کاتێک ده‌بینین هه‌موو ساڵێک شیعر و په‌خشان شانبه‌شانی گوتاری سیاسی یادی ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕاپه‌ڕین ده‌که‌نه‌وه‌. به ‌هه‌مان تێڕوانین و به‌ هه‌مان زمان. یه‌کێک له ‌خەسڵە‌ته‌کانی ئایدیۆلۆجیا ئه‌وه‌یه‌، که ‌به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه ‌واقیع دیاری بکات، یان به‌ مانایه‌کی دیکه‌ بیخاته ‌ناو چوارچێوه‌یه‌کی سنووردارەوە‌، به‌و مه‌به‌سته‌ی سه‌ری له ‌ئه‌رکه‌کانی خۆی ده‌ربچێت، بەڵام نووسه‌ری ئه‌ده‌بی، ئەو نووسەرەی ویستی تێپەڕاندنی هەیە، به‌ پێچه‌وانه‌وه ‌واقیعێکی گریمانه‌یی ده‌خوڵقێنێت، که ‌ته‌واو جیاواز بێت له‌و واقیعه‌ی ئایدیۆلۆجیا دیاری ده‌کات. لای ئێمه‌ مه‌سه‌له‌که‌ ڕێچکه‌یه‌کی دیکه‌ی گرتووه‌. بەگشتی نووسه‌ران ‌یارمه‌تییه‌کی گه‌وره‌ی ئایدیۆلۆجیایان داوه‌، که‌ واقیع پێناسه‌ بکات. به ‌مانایه‌کی دیکه‌، ئه‌و له ‌ڕێگەی ئایدیۆلۆجیاوه پێوەندی بە واقیعەوە ده‌کات.
ئه‌و نووسه‌ره‌ وا بۆ بیست ساڵ ده‌چێت خۆشحاڵانه ‌له‌ناو ئه‌و واقیعه‌دا ده‌ژی، که ‌ئایدیۆلۆجیا خوڵقاندوویه‌تی، به ‌ڕاده‌یه‌ک، جیاوازی له‌نیوان خودی نووسه‌ر و ئه‌و واقیعه‌دا نه‌ماوه‌. به ‌مانایه‌کی دیکه‌، هه‌موو ته‌عبیرکردنێک له‌ خودی خۆیشی، هه‌ر ته‌عبیره‌ له‌و واقیعه ‌چه‌سپاوه‌. لێره‌وه‌یه‌ ئه‌و نووسه‌ره ‌ئیشی به ‌داهێنانی زمان نامێنێت، که‌ گرنگترین ڕێگەیه‌ بۆ گه‌یشتن به ‌نهێنییه‌کانی مێژوو. ئه‌مه‌ هۆیه‌که ‌له‌و هۆیانه‌ی، که‌ وای کردووه‌ تێکسته‌کان ئه‌وه‌نده ‌له ‌یه‌ک بچن، چونکه ‌وه‌ک گوتمان هه‌موو خوده‌کان له‌ناو ئه‌و واقیعه‌دا بوونه‌ته‌ یه‌ک خودی هاوبه‌ش. گوتیشمان ئه‌و واقیعه‌ پێناسه‌ کراوه ‌و له‌لایه‌ن ئایدیۆلۆجیاوه ‌سنووره‌کانی بۆ کێشراون‌. له ‌تێڕوانینی ئه‌ر‌یستۆوه‌ مێژوو خۆی ناته‌واوه‌، چونکه ‌به‌شێک له ‌واقیع ده‌رده‌خات، نه‌وه‌ک هه‌مووی. بەم شێوەیە ‌ئه‌و مامه‌ڵه ‌میکانیکییه‌ی نووسه‌ری ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ڕووداو، هه‌ر له ‌بنه‌ره‌ته‌وه‌ مامه‌ڵه‌یه‌کی دروست نییه ‌و ناتوانێت هیچ نهێنییه‌ک له ‌مێژوو ده‌ربخات.
تاکه ‌ڕێگەی ئه‌و نووسه‌ره‌مان ‌بۆ هێنانه‌وه‌ی ئه‌نفال وه‌کوو ڕووداوێکی مێژوویی، تەنیا تراجیدیایه‌. تراجیدیا بە مانا میلـلییەکەی، نەوەک بە مانا فەلسەفییەکەی. به‌مه‌یش له ‌لایه‌ک سنوورێکی ته‌سک بۆ خه‌یاڵ داده‌نێت و له ‌لایه‌کی دیکەیش‌ هه‌موو جیاوازییه‌کان له‌نێوان ئه‌نفالی فاکتوال و ئه‌نفالی هونه‌ریدا ده‌سڕێته‌وه‌. لێره‌وه‌ نووسین نابێته‌ پرۆسێسێک بۆ تێکشکانی واقیع، چونکه‌ هه‌ڵگری هیچ دژایه‌تییه‌کی واقیع نییه‌، بەڵکوو هه‌ر خۆی ده‌بێته‌وه‌ به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی ئه‌و واقیعه‌. هه‌ر ئه‌مه‌یش دیسان پێوه‌ندیی به‌ ئایدیۆلۆجیاوه‌ هه‌یه‌، چونکه ‌ئایدیۆلۆجیا به‌پێی ئه‌رکه‌کانی خۆی سیمای واقیع پێشان ده‌دات.
سه‌رده‌مێک ئه‌و واقیعه‌ به ‌شێوه‌یه‌کی زۆر تاریک ده‌رده‌خات، به‌و مه‌به‌سته‌ی کۆمه‌ڵگا بخاته ‌حاڵه‌تێکی نیگه‌رانه‌وه ‌و داوای خێراترین چاره‌سه‌ری لێ بکات. هه‌ر ئه‌و ئایدیۆلۆجیایه ‌له ‌سه‌رده‌مێکی دیکه‌دا ئه‌م سیما په‌شێوییه‌ی واقیع به‌ شێوه‌یه‌کی ته‌واو پێچه‌وانه ‌پێشان ده‌دات، به ‌ڕاده‌یه‌ک وای دەردەخات هه‌ر بیرکردنه‌وه‌یه‌کی جیاواز له ‌خۆی و هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک، که‌ به‌بێ ئه‌و بکرێت، جارێکی دیکه ‌ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ‌به‌ره‌و وێرانی ده‌باته‌وه‌. ئه‌گه‌ر لە جیاتیی ئه‌نفال هه‌ر ڕووداوێکی دیکه‌یش دابنێین، ئه‌وە هیچ له ‌مه‌سه‌له‌که ‌ناگۆڕێت. مه‌به‌ستمانه‌ بڵێین ئه‌و نووسه‌ره‌ له ‌ڕێگەی تراجیدیایه‌کی هه‌ژارانه‌وه‌‌، که تەنیا پشت به ‌یاده‌وه‌ری و بینینێکی ڕووکه‌ش ‌ده‌به‌ستێت، نه‌ک به ‌تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانه‌، بۆ ناو مێژوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌وێیشه‌وه‌ مژده‌ی ژیانێکی ئاسووده ‌و به‌خته‌وه‌رمان ده‌داتێ.
سه‌رنج ده‌ده‌ین تێڕوانین و ئیشکردنی ئه‌و نووسه‌ره‌ هه‌مان تێڕوانین و ئیشکردنی ئایدیۆلۆجیایه‌. ئه‌و نووسه‌ره‌ به‌ هه‌مان زه‌مه‌نی فیزیکی بۆ ناو مێژوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدا ده‌بێت زه‌مه‌نێکی پێچه‌وانه‌ بخوڵقێنێت، که‌ ئه‌مه‌یان خۆی له‌ کۆمه‌ڵێک ته‌کنیک و فێڵی هونه‌ریدا ده‌بینێته‌وه‌. لێره‌ جارێکی دیکه‌یش هه‌ست به‌ پاشکۆیه‌تیی ئه‌ده‌ب ده‌که‌ین، چونکه‌ ئه‌مه‌ لاساییکردنه‌وه‌ی کتومتی ئایدیۆلۆجیایه‌، که‌ هه‌میشه‌ خێراترین ڕێگە ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ لێکدانه‌وه‌ی واقیع. لێره‌یشه‌وه‌یه‌ ڕووداو تەنیا له‌ ئاستی هه‌قایه‌تدا ده‌مێنێته‌وه‌ و ناگاته‌ ئاستی چیرۆک، که‌ هه‌ر یه‌که‌یان خاوه‌نی زه‌مه‌نی خۆیانن و لای ئێمه‌ تێکه‌ڵی یه‌کتر کراون. من پێشتریش له‌م باره‌یه‌وه‌ گوتوومه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێمه‌ بۆ ناو مێژوو زۆر جار گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی نۆستالژییانه‌یه‌، نەوە‌ک دڵڕەقانه‌. گه‌ڕانه‌وه‌یه‌که‌ پڕه‌ له‌ سۆز و میهره‌بانی، بۆیه‌ ناتوانین مێژوویه‌کی جیاواز له‌و مێژووه‌ فەرمییه‌ بخوڵقێنین. ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ هه‌ڵگری چاوێکه‌، که‌ هه‌موو ڕابردوو به‌ پیرۆز ده‌بینێت، بگره‌ زۆر جار ئه‌و نووسه‌ره‌ هه‌ر خودی نووسین به‌ شتێکی گڵاو ده‌زانێت و ڕێگەی نادات به‌بێ پاککردنه‌وه له‌ گومان و پرسیاره‌ به‌ده‌کان بچێته‌ ناو هه‌ندێک زۆنه‌وه‌، که‌ لای ئه‌و پیرۆزن و به‌ تابوو داده‌نرێن‌. ئه‌و ته‌ماهیکردنه‌ له‌گه‌ڵ مێژوو ئه‌ده‌بی نووسراوی ئێمه‌ی کردووەته‌ پاشکۆی‌ ئه‌ده‌بی زاره‌کی. به‌کورتی تێکڕای ئه‌رکی ئه‌و نووسه‌ره ‌له‌وه‌دا کۆ ده‌بێته‌وه‌، که ‌پێمان بڵێت ڕووداوێک هه‌یه‌ به ‌ناوی ئه‌نفال، ڕووداوێکی دیکه‌ هه‌یه ‌به ‌ناوی هه‌ره‌س، ڕووداوێکی دیکەیش ‌هه‌یه ‌به ‌ناوی کۆڕه‌و. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌و پڕۆسێسه ‌به ‌زمانی ئه‌لیکترۆنی بنووسینه‌وه‌، ئاوای لێ دێت: نووسه‌ر کۆپییه‌ک له ‌لینکی واقیع وه‌رده‌گرێت و بۆمانی په‌یست ده‌کات. لێره‌ ناکرێت نه‌ڵێین ئه‌و نووسه‌ره تەنیا کاتێک ده‌زانێت له ‌کۆمه‌ڵگادا چه‌وسانه‌وه‌ هه‌یه‌، که ‌زمان زۆر ئاسان و شه‌فاف ده‌کرێته‌وه ‌و شته‌کان له‌ شێوه‌ی کۆمه‌ڵێک ئایکۆندا ده‌رده‌خرێن.
ئه‌گه‌ر ئێمه‌ پێ له‌سه‌ر ئه‌وه ‌دابگرین، که زمانی ئه‌ده‌بیمان بووه‌ته‌ پاشکۆی زمانی سیاسه‌ت، ئه‌وە ده‌بێ بزانین ئاست و مه‌ودای زمانی سیاسه‌تمان چۆنه، به‌و مه‌به‌سته‌ی بزانین سه‌رچاوه‌ی ئه‌و نووسه‌ره ‌ئه‌ده‌بییه‌ چه‌ند هه‌ژاره‌‌. ‌من پێم وایه ‌ئه‌و زمانه‌ی سیاسه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌ پێوه‌ره‌کانی سیاسه‌ت خۆیشیه‌وه ‌لێک بده‌ینه‌وه‌، هه‌ر زمانێکی لاوازه‌. زمانێکه‌ تەنیا له‌ سنووری ناسینه‌وه‌ی لایه‌نگر و ده‌ستنیشانکردنی دوژمندا به ‌کار هاتووه‌. هێنده‌‌ی ئێمه‌ له‌ دوای ئه‌نفاله‌وه‌ سه‌رنجمان له‌ ئه‌ده‌بی خۆمان داوه‌، هه‌ر ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رکه‌وتووه‌، که‌ ئه‌وه‌ی له ‌پشت ئه‌و ئه‌ده‌به‌وه‌یه‌ ئایدیۆلۆجیایه‌کی هه‌ژاره‌، نه‌وه‌ک فکری ڕەخنەیی و فه‌لسه‌فه‌. ئه‌وه‌ی ناهێڵێت ئه‌نفال و هه‌ر ڕووداوێکی دیکه‌ی مێژوویی بسوێنه‌وه‌، ئه‌و گوتار و لێکۆڵینه‌وانه‌ن، که‌ له‌ گۆڤار و ڕۆژنامه‌کاندا بڵاو ده‌کرێنه‌وه و باس له‌ گه‌وره‌ییی ئه‌و تێکستانه‌ ده‌که‌ن، ئەو تێکستانەی ئەنفال و ڕووداوەکانی دیکەی مێژوویان وەک خۆی گوێزاوەتەوە‌. هه‌تا ئه‌مڕۆیش لێکۆڵینه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌موو جوانییه‌کانی تێکستێک له‌وه‌دا کۆ ده‌کاته‌وه‌، که پڕیه‌تی له‌‌ ئێش و ئازار. ئازار بە مانا میلـلییەکەی، نەوەک بە مانا فەلسەفییەکەی. لێره‌وه‌یه‌ من باوه‌ڕم نییه‌، که‌ مه‌سه‌له‌که‌ تەنیا نه‌بوونی تێڕوانینی قووڵ بێت‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی واقیع، بەڵکوو به‌ پله‌ی یه‌که‌م نه‌بوونی شێوازێکی جیاواز و سه‌ربه‌خۆی هه‌ر نووسه‌رێکی ئه‌ده‌بییه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌نفال له‌ واقیعدا کۆمه‌ڵگەی ئێمه‌ی تێک شکاندبێت، ئه‌وە له‌ناو نووسیندا به‌رده‌وام ئیستاتیکامانی شێواندووه‌.

http://www.dengekan.com/doc/2007/4/anfal2007/karwan_kakaSwr.pdf




رۆڵی جاش له‌ ئه‌نفالدا.. عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفال به‌ به‌شداری سوپای عێراق و هێزه‌ تایبه‌ته‌كان و ئه‌من و ئیستخباران و …. به‌ هاوكاری زیاتر له‌ 366 فه‌وجی جاش و ده‌یان مه‌فره‌زه‌ خاسه‌ی جاشی كورد ئه‌نجامدران. هاشم سوڵتان له‌ وته‌یه‌كی به‌رگریدا له‌ پرۆسه‌ی دادگایی ئه‌نفالدا ژماره‌ی جاشه‌كانی به‌ 250000 كه‌س دیاریكردووه‌.
له‌سه‌رجه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌كاندا دیده‌ره‌كان شایه‌دی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن, جاشه‌كان له‌ هه‌موو ئۆپه‌راسیۆنه‌كان پێش سوپا كه‌وتوونه‌, زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ چاوساغی و درۆی ئه‌وان ده‌ستگیركراون, به‌ پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان هیچ فه‌وج و مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌تی جاش نییه‌, به‌شداری چه‌ند پرۆسه‌یه‌كی ئه‌نفالیان نه‌كردبێت, له‌ ماوه‌ی ئه‌نفالدا به‌شدار نه‌بوبێت, یاخود هاوكات له‌ گه‌ڵ به‌شداری له‌و كات و شوێنه‌دا ئه‌ركیان پێ نه‌سپێردرابێت.

بۆچی جاشه‌كان هه‌موو تاوانباری به‌شداری ئه‌نفالن؟

له‌ رێكه‌وتی 8-9-1987 به‌ نووسراوی ژماره‌ 5731ی بیرۆی باكووری پارتی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالستی, بڕیار درا ته‌نها 50%ی پێكهاته‌ی فه‌وجه‌ خه‌فیفه‌كان له‌ باره‌گا جێگیره‌كانیان و ره‌بایه‌كان بمێننه‌وه‌, ئه‌وی دی به‌كار بهێنرێن بۆ په‌لاماری گونده‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان, بۆ ئه‌وه‌ی په‌لاماری پێشمه‌رگه‌و دانیشتووانه‌ سڤیله‌كه‌ی بده‌ن, له‌ هێرشه‌كاندا پێش سوپا كه‌وتن, به‌شداریان كرد له‌ په‌لاماری هاووڵاتیانی سڤیلی لادێ نشین, خانووی هاووڵاتیانیان روخاند, مزگه‌وت و قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه‌یان وێران كرد, له‌ تاڵانیش ده‌ستیان نه‌پاراست, بڕیاری 4008یش له‌و باره‌وه‌ ئازادیانی كرد له‌ تاڵانكردن. واتا به‌رده‌وام چاره‌كی كۆی ژماره‌ی فه‌وجه‌ خه‌فیفه‌كان له‌ ماوه‌ی ئه‌و 364 رۆژه‌دا له‌ ئه‌ركدا بوون له‌ پانتایی جوگرافیای كوردستان, وێڕای چاره‌كێكی زیاتری دیكه‌یان به‌رده‌وام له‌ باره‌گاو ره‌بایه‌كاندا پارێزگاری حكومه‌تیان ده‌كرد و رێگاگانیان ده‌پاراست و بۆسه‌یان داده‌نایه‌وه‌ له‌سه‌ر رێگاكان بۆ پێشمه‌رگه‌و هاووڵاتیان, ده‌یان و سه‌دان تاوانی جه‌رگبڕیان له‌و بۆسانه‌ ئه‌نجامدا. له‌ ته‌واوی پرۆسه‌ی ئه‌نفاله‌كان و قۆڵه‌كانیه‌وه‌, سه‌ره‌تا جاشه‌كان چونه‌ته‌ گونده‌كان و هه‌ڵه‌ت و شیو دۆڵ و ناو ئه‌شكه‌وته‌كان و سه‌ر چیاكان دواتر سوپا, به‌مه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت ته‌واوی فه‌وجه‌ جاشه‌كان له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا لانی كه‌م چه‌ندین جار به‌شدارییان كردووه‌ له‌ تاوانه‌كه‌و هاوپشكن له‌ تاواندا تۆمه‌تبارن به‌ ئه‌نجامدانی جینۆساید, ناویان له‌ لیستی تۆمه‌تبارانی ئه‌نفال نووسرابێت یان نا.
ته‌نانه‌ت مندالانیان چه‌كدار ده‌كرد بۆ موچه‌كانیان, له‌و ئاسته‌دا ژماره‌یه‌كی زۆریشیانیان به‌ كوشتدا, ئه‌مه‌ش تاوانێكی دیكه‌یانه‌ له‌ پاڵ تاوانی به‌شداری له‌ تاوانی جینۆسایدی ئه‌نفال.

پشكی جاش له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاری 4008
له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفالدا زۆربه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كان كه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنران له‌ سه‌روه‌ت و سامان بۆ فه‌وجی جاشه‌كان و هێزه‌كانی حكومه‌تی عێراقی بوون به‌ پێی بڕیاره‌كه‌, هێزه‌كان عێراق به‌ ته‌واوی ده‌ستكراوه‌ كران بۆ فه‌رهودو تاڵانی, به‌ تایبه‌ت فه‌وجه‌كانی جاش.
خاڵی حه‌وت له‌ بڕیاری 4008, جاشه‌كانی سه‌رپشك كرد له‌ تاڵانكردن” هه‌موو ئه‌و شتومه‌كانه‌ی كه‌وا فه‌وجه‌كانی به‌رگری نیشتمانی جه‌نگاوه‌ره‌كانیان ده‌ستیان ده‌كه‌وێت بۆ خۆیان ده‌بێت, ته‌نها چه‌كه‌ قورسه‌كان و چه‌كی پشتیوانی و چه‌كی مام ناوه‌ندی نه‌بێت چه‌كه‌ سوكه‌كان بۆ خۆیان ده‌بێت, ئێمه‌ی لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌و ته‌نها ژماره‌كانیان تۆمار بكه‌ن. پێویسته‌ له‌سه‌ر فه‌رمانده‌ی جحافله‌كان چالاك بن و بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی هه‌موو موسته‌شاره‌كان و فه‌رمانده‌ی سرییه‌كان و مه‌فره‌زه‌كانیان, وه‌ به‌ وردی ئێمه‌ ئاگادار بكرێینه‌وه‌ له‌ چالاكییه‌كانی فه‌وجه‌كانی به‌رگری نیشتمانی”.

له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفالی یه‌ك 70 فه‌وجی جاش جگه‌ له‌ مه‌فره‌زه‌ خاسه‌كان به‌شداربوون, ئه‌نفالی دوو 77 فه‌وجی جاش, ئه‌نفالی سێ 70 فه‌وجی جاش, ئه‌نفالی چوار 55 فه‌وجی جاش, ئه‌نفالی 5 و 6 و 7 چل و پێنج فه‌وجی جاش به‌شدارییان كرد.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نفالی 1 و دوو و چوارو هه‌شت به‌ ئۆپه‌راسیۆنی سوپا ناوزه‌د كراوه‌, سێ و پێنج و شه‌ش و حه‌وت به‌ ئۆپه‌راسیۆنی جاش و هێزه‌ ناوچه‌ییه‌كان , به‌ڵام له‌ ئه‌نفالی هه‌شتدا لانی كه‌م 163 فه‌وجی جاشی خه‌فیفه‌ كۆی گشتی65,375جاش به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یان كردووه‌.
به‌ پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك به‌ واژۆی سه‌ركرده‌ی ئۆپه‌راسیۆن لیوا روكن یوسف محه‌مه‌د ئه‌لزه‌رب, فه‌رمانده‌ی له‌شكری پێنج له‌جۆری (ئه‌و په‌ڕێ‌ نهێنی ‌و تایبه‌ت) به‌ ژماره‌ (ح2 2422) له‌ (25 ك. 1. 1988) بۆ فه‌رمانده‌یی گشتی سوپای ناردووه‌, دیاریكردووه‌ له‌و شاڵاوه‌ 13553 كه‌س ده‌ستگیركراون, كه‌ ” 893 كه‌سیان تێكده‌رن”پێشمه‌رگه‌”, 737 كه‌سیان تێكده‌ری خۆ به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌ر, 1489 پیاو, 3373 ژن, 6964 منداڵ” بوونه‌. هاوكات له‌ راپۆرته‌كه‌ ستایشی رۆڵی فه‌وجه‌ خه‌فیفه‌كانی كردووه‌ كه‌ له‌ هه‌موو قۆڵه‌كانه‌وه‌ پێش كه‌رته‌كانی سوپا كه‌وتوونه‌, به‌شداری روخاندنی لادێكان و تاڵانیه‌كانیان كردووه‌.
جاشه‌كان سه‌رباری ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ له‌ كرده‌ سه‌ربازییه‌كان پێش سوپا كه‌وتونه‌ و به‌هۆی شاره‌زایی و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیانه‌وه‌ هۆكاری گرتنی زۆرینه‌ی خه‌ڵك بوونه‌, هاوكات له‌ رێگای ئه‌وانیشه‌وه‌ خه‌ڵكێكی زۆر ته‌سلیم بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌یان پیاوی گه‌نج و زۆریان چه‌كدار بوونه‌, واتا له‌ كاتی ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفال و كاتی ئاساییدا رۆڵی خۆیان له‌ ئه‌نفالكردنی خه‌ڵكدا گێڕاوه‌.
جاری واش رێك كه‌وتووه‌ له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا جاشه‌كان رۆڵی پۆزه‌تیفیان گێڕاوه‌ وه‌ك له‌ ئامریه‌ی سه‌ربازگه‌ی ته‌ق ته‌ق به‌ هاوكاری جاشه‌كان هه‌ندێكیان ئازاد كراون له‌ چه‌مچه‌ماڵ و دوزیش جاشه‌كان هه‌ندێكی دیكه‌یان ئازاد كردووه‌, تاك و ته‌را لێره‌و له‌وێش جاشه‌كان ژن و منداڵیان له‌ زۆر جێگا به‌هۆی خزمایه‌تیه‌وه‌ به‌رداوه‌ .

دادگایی كردن

له‌ پرۆسه‌ی دادگاییه‌كه‌ی دۆسییه‌ی ئه‌نفال حه‌وت تۆمه‌تبار وه‌ك تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی دادگاییكران, وه‌ 42 تۆمه‌تباریش له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا دیاریكرابوون بۆ دادگاییكردن لێ ئاماده‌ نه‌بوون وه‌ك له‌ دوو نامه‌ی دادگای باڵای تاوانه‌كاندا ناویان هاتووه‌ ” به‌ پێی نووسراوی ف2 1445 رێكه‌وتی 18-12-2005 ی دادگای باڵای تاوانه‌كان, بڕیاری گرتن بۆ 24 كه‌س ده‌رچوو, كه‌ بریتی بوون له‌” نزار خه‌زره‌جی, یونس ئه‌لدرب, ئه‌یاد خه‌لیل زه‌كی 89-اللوائ الركن (ایاد خلیل زكی) قائد ق ق جح /د و /, ره‌مزی مه‌حمود 92-اللوائ الركن (رمزی محمود عبداللە) قائد فق مش /33, سه‌عید مه‌حمود باریكه‌, قاسم دڕه‌یی 216-قاسم رشید درەیی , معته‌سه‌م به‌رزنجی, یاسین ره‌ئوف, ته‌حسین شاوه‌یس, قاسم ئاغای كۆیه‌, بایز عه‌بدالڕه‌حمان, عه‌لی ئه‌حمه‌د ره‌شید, نیعمه‌ فارس 86-الفریق الركن (نعمە فارس حسین) معاون رئیس اركان الجیش للتدریب
, حه‌مید شه‌عبان, نه‌جم عه‌بدوڵا دوری, عیسمه‌ت سابیر 94-اللوائ الركن (عصمت صابر عمر) قائد فق /4 ,عه‌دنان جه‌باری 179-سعید عدنان جباری, جیهان موسا, ره‌فعه‌ت گلی شمال رفعت كلی امر سریە , عوسمان شێخ سه‌عید, شێرزاد ساڵه‌ح, تۆفیق جه‌بار قاره‌مان 159-توفیق جبار قارمان، حوسێن شێخ سه‌عید, حه‌سیب حه‌مه‌ ئینجه‌”.
هه‌روه‌ها “له‌ رێكه‌وتی 21-12-2005, به‌ پێی نوسراوی دادگای باڵای تاوانه‌كان ژماره‌ ف2 1474, داوای ناوی سیانی و ناونیشانی 18 تاوانبار ده‌كات كه‌ بریتین له‌” سه‌عید مه‌حمود باریكه‌, عه‌دنان جه‌باری, شێخ ره‌ئوف, شێخ جه‌عفه‌ر 164-جعفر عبدالكریم البرزنجی محافز السلیمانیە, شێخ ره‌مه‌زان, قاسم دڕه‌یی, جیهان موسا, معته‌سه‌م به‌رزنجی, ره‌فعه‌ت گلی, یاسین ره‌ئوف, غه‌سان شێخ سه‌عید, ته‌حسین شاوه‌یس 409-تحسین شاویس سعید , شێرزاد ساڵه‌ح, قاسم ئاغای كۆیه‌ 115-المستشار (قاسم فارس تاهر مصتفی اغا) ف د و /, تۆفیق جه‌بار قاره‌مان, بایز عه‌بدالڕه‌حمان, حوسێن شێخ سه‌عید, عه‌لی ئه‌حمه‌د ره‌شید, حوسێن حه‌مه‌ ئینجه‌”.
-نزار خه‌زره‌جی, كه‌ به‌ وته‌ی خۆی راسته‌وخۆ فه‌رمانده‌یی ئه‌نفاله‌كانی 1 , 2, 4 , 8ی كردووه‌ ناوی له‌ لیسته‌كه‌دا نییه‌, وه‌ 25 كه‌س له‌ كۆی 42 كه‌سه‌ داواكراوه‌كه‌ ناویان له‌ لیستی تۆمه‌تباران نییه‌ كه‌ 21 یان كوردن و راسته‌وخۆش كه‌سوكاری قوربانیان له‌مانه‌و زۆری دیكه‌ سكاڵایان له‌ دژیان تۆماركردووه‌, كاتی خۆی پێش دادگای باڵای تاوانه‌كان لیسته‌كه‌یانم بڵاو كرده‌وه‌.

زۆرینه‌ی تاوانبارانی ئه‌نفال كوردن

لیستی 423 كه‌سه‌كه‌ی تۆمه‌تبارانی دووه‌می ئه‌نفال به‌ تایبه‌ت كورده‌ جاشه‌كان له‌ سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی ده‌ست كه‌وتن له‌ به‌شداریان له‌ پرۆسه‌كه‌ نموونه‌ 163یان له‌ ئه‌نفالی 8, 77یان له‌ ئه‌نفالی یه‌ك و دوو كه‌ نیشانه‌ی ئازایه‌تیان وه‌رگرت, وه‌ هه‌ندێك بڕیاری دیكه‌ی وه‌رگرتنی نیشانه‌ی ئازایه‌تی دیاریكراون, وه‌ك بینیمان 21 كه‌س كه‌ راسته‌وخۆ كه‌سوكاری قوربانیان سكاڵایان له‌سه‌ریان تۆمار كردووه‌, ناویان له‌ لیسته‌كه‌ هه‌ر نییه‌, سه‌رباری زۆر ناوی دیكه‌ سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار كراوه‌, به‌ڵام دواتر به‌ هۆكاری نه‌زانراو ناویان نه‌چۆته‌ لیسته‌كه‌وه‌.
وه‌ كه‌سانێكی زۆریش هه‌ن له‌ میانی پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا تاوانی قێزه‌ونیان ئه‌نجامداوه‌ كه‌چی به‌هۆی نه‌بوونی هۆشیارییه‌وه‌ كه‌سوكاری قوربانیان سكاڵایان له‌ دژیان تۆمار نه‌كردووه‌.
ئه‌گه‌ر كورده‌كان ته‌نها ئه‌و 258 كه‌سه‌ بن له‌ كۆی لیسته‌ 423 كه‌سییه‌كه‌ ئه‌وا 60,9%ی تۆمه‌تباران دیاریده‌كه‌ن, كه‌ زۆری دیكه‌ له‌ لیسته‌كه‌دا هه‌ن, وێرای لیسته‌ 21 كه‌سییه‌ داواكراوییه‌كه‌ی خولی یه‌كه‌م و ئه‌وانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركراوه‌ له‌ لایه‌ن قوربانیانه‌وه‌ نه‌خرانه‌ هیچ لیستێكه‌وه‌و ئه‌وانه‌شی سكاڵایان له‌ دژیان هه‌ر تۆمار نه‌كرا.
كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نفال بڕیاره‌كه‌ی له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشه‌وه‌ درابێت , ئه‌وا جێبه‌جێكاره‌كه‌ی به‌شێوه‌ی گشتی جاشی كوردن, ئێستا هه‌موو له‌ سزا نه‌ك رزگاریان بووه‌, بگره‌ كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر پاداشتی ده‌سه‌ڵاتی كوردی.

بۆچی دادگایی ناكرێن؟
به‌ به‌هانه‌ی لێبوردنی گشتی به‌ره‌ی كوردستانییه‌وه‌ تۆمه‌تبارانی ئه‌نفال هه‌موو له‌ سزاو لێپرسینه‌وه‌و به‌رپرسیارێتی رزگاریان بووه‌, لێبوردن ئه‌وانه‌شی گرته‌وه‌وه‌ تا دوای 2003 له‌ به‌غدا بوون, له‌ كاتێك تاوانی ئه‌وان گلانه‌ به‌ تاوانی جینۆسایدو تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی, لێبوردن ئه‌و جۆره‌ تاوانانه‌ ناگرێته‌وه‌, گوایه‌ رێگا دراوه‌ له‌ رێگای مافه‌ كه‌سییه‌كانه‌وه‌ قوربانیان سكاڵا تۆمار بكه‌ن, به‌ڵام ئه‌مه‌ راست نییه‌ هه‌موو ده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌ به‌رده‌م سكاڵای كه‌سوكاری قوربانیان داخراوه‌, به‌ فه‌رمی سكاڵامان له‌ داواكاری گشتی ره‌تكراوه‌ته‌وه‌, ده‌سه‌ڵاتی باڵای كوردستان فه‌رمانیان داوه‌ ئه‌م كه‌یسه‌ نه‌جوڵێنرێت, هیچ سكاڵایه‌ك له‌ دژی تاوانبارانی ئه‌نفال نه‌جوڵێنرێت.




هێنانه‌كایه‌ی ڕوانینێكی نیشتمانی بۆ جینۆسایدی گه‌لی كورد(ئه‌نفال).. موحه‌ممه‌د گه‌ڵاڵه‌یی*

له‌ پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد له‌ باشووری كوردستان دا، (ئه‌نفال) له‌ شوبات تا ئه‌یلولی 1988دا، پرۆسه‌یه‌ك كه‌ كاریگه‌رییه‌كانی تا ئه‌مرۆ له‌ ئارادان و بۆ دواڕۆژێكی دووریش له‌ هزر و بیری مرۆڤی كورد دا ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌ به‌تێكڕایی له‌ هه‌شت قۆناغی قڕكردنی گه‌لی كورد له‌ گه‌رمه‌سێر بۆ زۆزانه‌كانی بادینان چڕكرایه‌وه‌ و نزیكه‌ی (182000) هه‌زار كه‌س له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵی كورده‌واری ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌وتنه‌ به‌ر پرۆسه‌كانی ئه‌نفال له‌ بیابانه‌كانی باشووری عێراق دا زینده‌ به‌ چاڵ كران، ئه‌م پرۆسه‌(ئه‌نفال) دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی ئه‌مه‌ دووه‌مین جار بوو كورد بكه‌وێته‌ به‌ر پرۆسه‌یه‌كی داپڵۆسێنه‌ر له‌ ڕاگواستن تا كوشتن به‌تایبه‌تی له‌ڕووی قه‌باره‌ی وێرانكاری و كوشتنی كورد، چونكه‌ له‌ ماوه‌ی 1914-1918 له‌ كوردستانی سه‌رده‌می عوسمانی دا نزیكه‌ی (700000) هه‌زار كورد له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیتحاد و ته‌ره‌قی له‌ ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی دا به‌ ڕاگواستنی زۆره‌ ملێ، به‌سه‌ربازكردنی زۆره‌ملێ و جینۆسایدكردن قڕكران، ئه‌مه‌ دووه‌مین پرۆسه‌ی قڕكه‌ری كورد بوو له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا.
شایانی باسه‌؛ له‌م ساڵانه‌ی ڕابردوودا له‌لایه‌ن چه‌ند توێژه‌رێكی به‌توانا پرۆسه‌كانی ئه‌نفال لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی له‌سه‌ر كراوه‌، یه‌ك له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ زانستیه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن(مامۆستا جه‌مال مه‌جید فه‌ره‌ج)ئه‌نجامدراوه‌، به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمی حكومه‌تی به‌عسی ڕووخاو(1968-2003) سه‌لماندوویه‌تیی كه‌ پرۆسه‌كانی ئه‌نفال ته‌نها هه‌شت پرۆسه‌ نه‌بوونه‌، به‌ڵكو نۆ پرۆسه‌ی قڕكه‌ر بوونه‌، كه‌ پرۆسه‌ی نۆیه‌م ناوچه‌ی سێ گۆشه‌ی سنووری له‌نێوان ئاب-ئه‌یلولی 1988دا گرتۆته‌وه‌، بۆیه‌ وێڕایی ده‌ستخۆشیم بۆ ئه‌م توێژه‌ره‌‌، خۆشبه‌ختانه‌ له‌ به‌شی مێژووی فاكه‌ڵتیی ئاداب له‌ زانكۆی سۆران، له‌ ڕۆژی 19ی كانوونی یه‌كه‌می 2022 سه‌مینارێكی سه‌رهێڵی(ئۆنلاین)ی بۆ ناوبراو ڕێكخرا و به‌شێوه‌یه‌كی زانستی به‌ڵگه‌ و ئه‌رگیۆمێنته‌كانی بۆ ئاماده‌بووان خسته‌ڕوو، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ نۆ پرۆسه‌ی ئه‌نفال به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی مێژوویی سه‌لمێندراوه‌، به‌ڵام جێگه‌ی خۆیه‌تی ئاوڕێكیش له‌ پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردن له‌ماوه‌ی 1988-1991 بدرێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌عسی ڕووخاو له‌ كۆتایی ئاداری 1991 بۆ شاره‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی هه‌ولێر، كه‌ركوك، سلێمانی و دهۆك، كه‌ خه‌ڵكێكی زۆری جینۆسایدكرد‌، كه‌ تا ئه‌مرۆ چاره‌نووسی ئه‌م كه‌سانه‌ یه‌كلاینه‌كراوه‌ته‌وه‌ و نه‌خراونه‌ته‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌كانی جینۆساید كردنی كورد له‌ كوردستان دا.
له‌ماوه‌ی ئه‌م سی و پێنج ساڵه‌ی ڕابردوودا، كه‌ یادی پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی كورد(ئه‌نفال) كراوه‌ته‌وه‌، زیاتر له‌ ڕوانینێكی سۆزداری و بیرهێنانه‌وه‌ی قوربانیان و به‌ڵێن پێدان به‌ كه‌سوكاری قوربانیان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری، ئه‌مه‌ تا ئێره‌ نواندنی بچووكترین وه‌فا و خزمه‌تگوزارییه‌ بۆ قوربانیه‌كانی پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد(ئه‌نفال) له‌ باشووری كوردستان دا، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌م كاره‌ساته‌ له‌ ڕشتنی فرمێسكی خه‌ماوی بۆ هیوابوون و بنیاتنانه‌وه‌ی ئاینده‌ له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا هه‌نگاو بهاوێت..بۆیه‌ گرینگه‌ له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا یادی ئه‌نفال له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌ربهێنرێت، چونكه‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفال له‌ بنه‌ڕه‌تدا پڕۆسه‌ی قڕكردنی گه‌لی كورد به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو، كه‌ ئایدۆلۆژیای به‌عسی عروبی، ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی به‌شدارییه‌كی كارای ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بوون، كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد له‌ باشووری كوردستان بوو.
له‌م قۆناغه‌ مێژووییه‌دا، پێویسته‌ پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد(ئه‌نفال) له‌و چوارچێوه‌یه‌ مرۆیی و سۆزدارییه‌ی دانراوه‌، به‌هاوته‌ریب پرۆسه‌یه‌كی نیشتمانی سه‌رانسه‌ر له‌ باشووری كوردستان ده‌ستپێبكات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كردن، تۆماركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ژیانی قوربانییه‌كان به‌ زمانه‌ زیندووه‌كانی جیهان، دروستكردنی مۆزه‌خانه‌ی دیجیتاڵی به‌زمانه‌ زیندووه‌كان له‌شاره‌كانی كوردستان، ناچاركردنی كۆمپانیاكانی گه‌شتوگوزاری له‌ناوخۆی كوردستان له‌ ڕێبه‌ری و به‌رنامه‌كانیان دا باسی ئه‌م پڕۆسه‌ بكه‌ن و مه‌رجێك بێت له‌ مه‌رجه‌كانی مۆڵه‌تپێدان و نوێكردنه‌وه‌ی ساڵانه‌یان، دروستكردنی دراما، فیلمی سینه‌مایی و ڤیدیۆی ئه‌نیمه‌یش له‌ سه‌ر تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ هه‌موو ئاسته‌كانی ته‌مه‌ن، نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی چیرۆك و ڕۆمان به‌ زمانی كوردی و زمانه‌ زیندووه‌كانی جیهان بۆ هه‌موو ئاسته‌كانی ته‌مه‌ن، كردنه‌وه‌ی به‌شی زانستی و ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت له‌سه‌رجه‌م سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ زانكۆكانی كوردستان دا تایبه‌ت به‌ (جینۆساید)، ڕاگه‌یاندنی یارمه‌تی دارایی(فه‌ند) بۆ توێژه‌ران له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ كوردستان دا، ئه‌نجامدانی كۆنفرانسی هاوبه‌شی ساڵانه‌ی زانكۆكان له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد..به‌ ئه‌نجامدانی و به‌جێهێنانی ئه‌م ڕاسپارده‌ زانستی، هونه‌ری، ئه‌ده‌بی و گه‌شتوگوزاری، ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته‌ خزمه‌تی سیاسیه‌ت و دیپلۆماتییه‌تی كورد له‌ ناوه‌نده‌ كاریگه‌ره‌كانی جیهان دا، ده‌بێت ئه‌و هه‌ست و سۆزه‌ی ناو ناخی خۆمان(وه‌ك كورد) بگوێزینه‌وه‌ بۆ هه‌ست و ناخی ئه‌وانی دیكه‌(غه‌یری كورد له‌ جیهان)دا، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ چه‌ترێكی مرۆیی و دیپلۆماتیی بۆ كورد، كورد ده‌توانێت ئه‌مه‌ بكاته‌ پرۆسه‌یه‌ك له‌ ناوه‌نده‌ كاریگه‌ره‌كانی جیهان به‌ناونیشانی(دیپلۆماتییه‌تی جینۆساید).
بۆیه‌ هیوادارم له‌ نووسینی ئه‌م چه‌مك و زاراوه‌یه‌دا (دیپلۆماتییه‌تی جینۆساید) سه‌ركه‌وتووبووم و بۆ جاری یه‌كه‌مینه‌ له‌ نووسینێكی وادا به‌كاریده‌هێنم، بۆیه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی له‌ دایكبوونی ڕوانینێكی‌ نیشتمانیی بۆ پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد به‌تایبه‌تی(ئه‌نفال)، كه‌ پاڵپشتیكراو ده‌بێت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی ناوه‌نده‌كانی زانستیی و به‌رهه‌مه‌ به‌رز و باڵاكانی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی كوردی و جیهانی، چونكه‌ ته‌نها قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی مه‌عنه‌وی و ماددی بۆ قوربانیانی ‌ئه‌نفال بڕیاری كۆتایی نییه‌، به‌ڵكو قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی مێژوویی بۆ گه‌لی كورد(دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێك به‌ناوی كوردستان)، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئیعتباری ئینسانی و یه‌كسانی وه‌ك گه‌لانی تری جیهان، پارێزگاریكردن له‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد و دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد له‌وانه‌(ئه‌نفال) له‌ جیهانی نوێ دا، چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی و پێدانی گه‌ره‌نتییه له‌سه‌ر گۆی زه‌وی بۆ گه‌لێكی مه‌زن كه‌ تا ئێستا ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی نییه‌ و پێشی ڕه‌وا نابینرێت..!‌

*مامۆستا له‌ به‌شی مێژووی فاكه‌ڵتیی ئاداب له‌ زانكۆی سۆران.




نامەی سپیدە قلیان لە زیندانی ئەوینەوە بۆ وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری


قوربانیمان نەداوە بۆ ئەوەی سازش بکەین!

“بە ناوی خودای پەلکەزێڕینەوە”

تەنیا چوار کاتژمێر بەسەر دەرچوونەدەرەوەم لە زیندانی ئەوین تێپەڕی بوو و تەنیا چوار کاتژمێر شاهیدی شەقامی دوای “ژن، ژیان، ئازادی” بووم. تەنانەت نیوەی ڕێگای بەرەو ماڵەوە چونیشم نەبڕی بوو کە لەسەر ڕێگا دەستگیرکرام و ڕەوانەی گرتوخانەی ئەوین زیندانی ژمارە ٢٠٩ کرام. لەم ماوە کورتەدا، لە هیچ بەکەم سەیرکردن و سووکایەتییەکمبەرانبەرم قوسوریان نەکرد. بە توندی ئەشکەنجەو ئازاریان دام.بە گوتەی خۆیان “کەرکوژیان” کردم. پیاوێک لە ڕاڕەوی “٢٠٩” هەڕەشەی ئەوەی لێکردم کە دەستدرێژی دەکاتە سەرم. وتی دەست و قاچت دەبەستین و زۆر باش حسابەکەت یەکلایی دەکەینەوە. لەڕاستیدا، ڕەهەندەکانی “وردبینی” لە چەند دە هەزار دەستگیرکراوی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”شدا چ لە ژوورە تاریکەکانی تاوانەکانی چوار دەیەی ڕابردودا و چ لە پرۆسەی دادخوازیدا جێگەیەکی تایبەتی هەیە… بەڵام ئەوەی کە ڕوونە: بەڵێنی ئێمەیە، هێشتا لەجێی خۆیدا ماوە. “ئازادی” نادرێت، بەڵکو دەسەنرێت و من، سپیدە قالیان، لەلەسەر ئەو بەڵێنەی کە بەخەڵکی گیان لەسەر دەستی ئێرانمداوە ماومەتەوە.
من ناڕۆمە دادگایەکی نمایشی بەسەرۆکایەتی کەسێک کە واژۆی حوکمی لەسێدارەدانی شۆڕشگێڕانی کردووە، هەروەها هیچ ڕەوایەتیەک نە بۆ دادگا فەرمی و نمایشییەکانیان ، نە بۆئەو بڕیارانەی دەری دەکەن قایلم، و بە ڕوونی ڕایدەگەیەنم، تا ئەو کاتەی حکومەتی سێدارەی ئیسلامیی لە دەسەڵاتدایە و هەتا “دەرکەوتنی بەهاری لەخۆبردوەکان” و ئەوانەی ناڕەزایەتی دەربڕدەبڕن لە بەرامبەر بە ستەمکاریدا، بارمتەی حکومەتی ئیسلامی وفەرمانی دادگا ڕاسپێردرا و نادادپەروەرن ،بەشداری لەهیچ دادگایەکدا ناکەم… بەهیوای ڕوخانی زوحاکی زەمانە.

سێپیدە قالیان زیندانی ژنانی بەندیخانەی ئەوین
وەرگێڕانی :کاوە عومەر




جەنگی دوومی جیهان و کێشەی کورد.. ڕامی عزیز

هێزەکانی تورکیا لە شۆرشی سیێەمی (دێرسم)لە سالی ١٩٣٩ دامرکاندەوە،لە پاش مردنی مستەفا کەماڵ ئەتاتورک، عیسمەت ئینۆنۆ بەسەرۆک کۆماری تورکیا هەلبژێردرا.عیسمەت ئنیۆنۆ هولی هێورکردنەوەی بارودۆخی کوردستانی باکوڕیدا بەلێ نی چاکسازی بە کوردەکاندا بوو بۆ ئەوەی شۆرشەکان دابمرێنێتەوە.لەبەر هەلگیرسانی جەنگی دوویەمی جیهان لە ساڵی ١٩٣٩ . بێ لایەنی تورکیا لەم جەنگەدا،پەردەێکی رەشی و تاریک بۆ ماوی بیست سال دواتر بەسەر کوردا پۆشی ، بۆیە بارودۆخێکی تاریک رەشی بالی بەسەر کوردستانی باکوردا هەلکێشا ، کوردی باکور لە ژیانێکی تاریک رەشدا بەسەردەبرد.لە کوردستانی باشور و رۆژهەڵاتدا چەند بزوتنەوەێکی کوردی هوڵی رێک خستنەوەی ریزەکانیکوردستان دابوو بۆ ئەوەی پێداگری لەسەر مافەکانی گەلی کوردابکەن،لەسەر ئاستی ناوخۆ و نیودەوڵەتیدا.
پەیمانی شەعدئابا لە ٨ تەموزی ١٩٣٧ لەنێوان عێراق و تورکیا و ئیران و ئەفغانستاندا مۆرکرا،ئەم پەیمانە بەپلەی یەکەم بۆ لێدان بوو لە هەر بزونەوەێکی کوردی، بەدرێژای مێژوەی بە چاوێک رەگەزپەرەستی تەماشای کوردیان کردووە ئەم پەیمانە بۆ لەناوبردی گەڵی کورد بوویە بەڵام کورد ئەم فکرە رەگەز پەرستیە هەتا هەتا بۆ ئەم دەولەتانە لەناو گورناوە چونکە کورد هێج کاتێک بەم ولاتانە لەناوناچێت .
لەسالی ١٩٣٨ (کۆمەلەی برایان ) بە سەرۆکاتی شێخ لیتفی کوری شێخ مەحمود حفید سەریهەلداو بەئامانجی رزگارکردنی گەلی کورد و کوردستان بویە.هەر چەند سنوری چالاکیەکانی تەنها لە سلێمانی بوو کۆمەلەی دارکەر لە سالی ١٩٣٧ لە بەلام زۆری نە خایاند ناوەکەی گۆردرا بۆ (حیزبی هیوا )، حیزبی هیوا دژی فاشیزم و تێکۆشان و سەرکرداتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردی دەکرد.
لەدوای کۆتای هاتنی جەنگی دوویەمی جیهان لە سالی ١٩٤٥ پرنسێپێک نوێ هاتەکایاوە لە تورکیا ئەویش گۆرانکاری سیاسی بوو لە سیستەمی تاک حیزبی گۆرا بۆ سیستەمی فرەحیزبی لەدوای کۆتای هاتنی جەنگی یەکەمی جیهان چەند حیزبێکی سیاسی هاتنە کایاوە هۆکاری سەرهەلدانی فرە حیزبی لە تورکیا ئەوە پەیمانی ئتڵەنتیک ، دەولەتتێک نەبوو لە جیهان حاشا لە مافەکانی بکات و دان نەنێت بە ئازادییە گشتیەکان ، لە داوی سەرهەلدانی فرەحزبی لە وڵاتەکگرتوەکانی بەزەمانەتی دیموکرات و ئازادی گشتیەکان کۆمەلەی نەتەوە پەرستی تورک خاوەن بیڕوبۆچونە ئاینیەکان سەرەتا هەولیاندا حزبێکی ئۆپزیسیۆن لە تورکیادا دابمەزرێنن لە ١٨ تەموزی ساڵی ١٩٤٥ حوکومەتی رازی بوو بە دامەزراندنی (حیزبی ژیانەوەی نەتەوەی) ئەم حیزبە بانگەشەی دەکرد بۆ هەلبژاردنی راستەوخۆی سەرۆک کۆمار و سیستەمی بازرگانی راستەوخۆ و پەیروکردنی سیاسەت رۆژهەلاتیو دژایەتی کردنی گەلی کورد.
حیزبی دیموکراتی تورکیا لە کانوونی دووەمی سالی ١٩٥٤ لە ئەنکەرە دامەزرا هەر ئەم پارتە بۆ هۆی زەنگێک دەیان پارت سەرهەلبدەن ،چەند حیزبێک سەریان هەلدا:
١-حیزبی لادی تورکیا :لە ١٩ ئابی ١٩٤٦ دامەزرا ،کاروچالاکی سیاسیەکانی ئەم حیزبە لە ئەستەمبۆل بوو، بەلام زۆری نەخایاند دەرگای ئەم حیزبەیان داخیست .
٢- حیزبی سوسیالیستی تورک: بەل حیزبە زیاتر لە (٥) دامەزان، ئەم حیزبە لە ١٤ ئایاری سالی ١٩٤٦ دامەزارا . ئەم حیزبە بە پروپاگەندەکردن بۆ کۆمونیسی تۆمەتبات کرا لەسالی ١٩٥٤ دەرگای ئەم حیزبەش داخرا .
٣-پارتی شیوعی نهینی تورکیا :ئەم پارتە بە درێژەپێدەری ئەو سیوعییە تورکییە دادەنرێت کە لەسالی ١٩٢٢ دامەزرابوو کوردەکان رێژەێکی زۆریان ئەندام بوون لەم پارتەدا، هەر چەندە حیزبی گەل لە هەلبژاردنی سالی ١٩٤٦ پارتی گەل توانی سەرکەوتن بەدەست بێنین هەلبژاردنی ساڵی ١٩٥٠ پارتی گەلی کۆماری عیسمت ئینۆیۆ بەم سەر کەوتنە دیسان سیستەمی دیکتاتۆری تاک حیزبی لە تورکیا بۆ ماوەیێک سەری هەلدایەوە لەم ماوەیەدا ئازادی رۆژنامەگەری فەراهەمکرا بویە هۆی دەرکەوتنی چەند پارتێک ئۆپزیسیۆن هەروەها پارتی گەل کۆمار چەند یاسایک دەرکردبوو لەوانە نابێ بانگ بە عەرەبی بدرێت دەبێت بانگ بە تورکی بدرێت ، پارتی دیموکرات وەچەرخانێک سیاسی پێشکەوتوخوازی نەبوو، بەڵام گۆرانکاری تەواوی لە سیستەمی سیاسای تورکیادا کرد .
لە سالی ١٩٤٦ لەکاتی راگەیاندی کۆماری ماهاباد راگەیندرا ،دەستکەوتێک باش بوو بۆ کوردو گەلی کوردستان هەروەها خەونی کوردی وەدیهێنا بە درێژای خەبات و تێکۆشانی لە ماوەی سێ هەزار سالەی رابردوو. بەلام تەمەنی ئەم کۆمارە تەنها ١١ مانگ بوو لەدوای ١١ مانگ ئەم کۆمارە لە ناودەردرێت سەرکردەی کورد قازی محمد هەفالانی لە سێدارە دەدرێن، ناهامەتی جارێک تر بال بەسەر بزوتنەوە کوردی دەکێشێک ئەم نەهامەتیانە وا لە کورد کرد جارێکی تر پەنا بەرنە بەر چیاکانی و ئەشکەوتەکان لەم ساتەوە کورد هەناسەێک ساردی هەلدەمیژی بەهۆی برسیەتی و نەخۆشییەوە دەی نالاند ،لە سالی ١٩٤٦ پارتێکی سیاسی سەری هەڵدا بۆ تێکۆشان ئەم پاستە سیاسیە پارتی دیموکراتی کوردستان بوو ، سەرکردەی پاری دیموکراتی کوردستان ، مەلا مستەفا بارزانی هەڤالانی پەنایان بردە بۆ یەکەتی سۆفیەت بۆ زیاتر نکۆلیکردن لە پرسی کورد و کوردستان ،لە باکوری کوردستان کورد نەهامەتی بەسەیدا کێشابوو لە بەر ئەوەی تورکی فاشیست کوردی لە شوێنی خۆی راگواستیبووە بۆ شوێنەکانی تر هەندێک لە کوردەکان پەنایان بەردووە بەر چیاکان و هەندێک گواسترابونەوە بۆ بۆ ئەستەمبۆلی ، لە رۆژئاوای ئەنادۆل ژیانیان بەسەر دەبرد. بەمەش بەهۆی شەر و جەنگەوە ناوچە کوردیەکان تا ماوەێک هەر بە چۆلی مانەوە .پارتی دیموکراتی تورکیا داوای لە لایەنە تورکیا کرد کە کوردەکان نیشتەجێ شوێنەکانی نیشەجیان بکەن لە سالی ١٩٤٨ ، ئەم پارتە تورکیای ناچار کرد کوردەکان لە زستانی ١٩٤٨ کوردەکان بگەرێنتەوە شوێنەکانی خۆیان.




کتێب/ مەرکانەیەک خۆشەویستی، ئینجانەیەک لە بۆنی تۆ.. عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

بۆ خوێندنەوەی ئەم نامیلکە شیعرییە کلیکی ئێرەبکە..




ئەرشیفی وتارە رۆژنامەوانییەکانم/ رۆڵی لاوان لە کایەى سیاسییدا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

بەر لەوەى بەشێوەیەکى راستەوخۆ بێمە سەر باسى بەشداریى لاوان لە کایەى سیاسەتدا، ئارەزوو دەکەم لە پێشەکیدا قسە لەبارەى لاو خۆیەوە بکەین و لە چەند گۆشەنیگایەکى جیاوازەوە لە خودى لاو بڕوانین. لە واقیعدا لاو تەنیا ئەو کائین و بوونەوەرە نییە جیاوازییە فسیۆلۆژییەکان لە پیرى جیا دەکەنەوە، بەڵکو لاو سەربارى جیاوازییە فیزیکییەکەى لەگەڵ پیردا هەڵگرى دنیابینى و عەقڵیەت و تێڕوانینێکى جیاواز و نوێخوازانەیە بۆ ژیان و شتەکانى دەوروبەرى. ئێمە کاتێک دەتوانین لافى ئەوە لێبدەین شەریحەى لاوانمان هەیە ئەو شەریحەیە بە واقیعى توانیبێتى دابڕانێکى ریشەیى و قووڵى مەعریفى و کولتووریى و فەرهەنگى تەنانەت ئایدۆلۆژیی و سیاسیش لەگەڵ نەوەى پێش خۆى دروست بکات. ئەو کاتە نەوەیەک بە نوێ و لاو دەزانرێت بتوانێ سەرچڵى گۆڕانێکى جەوهەریی و بنەڕەتى لە کۆمەڵگەدا بکات یان سەرمەشق و جۆشدەرى بێت. یەکێک لە سیفەتە سروشتى و تایبەتیەکانى لاو ئەوەیە هەمیشە بە تووڕەیى و گوڕێکى زۆرەوە دێتە ناو گۆڕەپان و ئەڵتەرناتیڤى خۆى پێشکەش دەکات و سەرکردایەتى شۆڕشێک یان راستتر بڵێم رێنسانسێک دەکات کە دەیەوێت سەرلەبەرى ئەو چەمک و پێکهاتە و پێدراوانە بگۆڕێت نەوەى پێش خۆى بیناى کردووە، جا زۆرجار گۆڕانکارییەکە بەشێوەى پۆزەتیڤە و گەلەک جاریش بە پێچەوانەوە. ئەگەر لە ژێر ئەم رۆشناییەوە بنواڕین بۆ واقیعى ئەو توێژاڵەى ئیمڕۆ لاى خۆمان ناومان ناون لاوان یاخۆ نەوەى نوێ دەگەینە ئەو راستییەى ئێمە لاو و نەوەى نوێمان نییە، بەڵکو ئەو بوونەوەرەى ناوینراوە لاو تەنیا لە رواڵەت و پێکهاتەى فیزیکییەوە لاوە، ئەگەرنا وێنەیەکى فۆتۆکۆپیکراوى واقیعى خۆیەتى و چۆتەوە سەر هەمان ئەساڵەتى باب و باپیرانى خۆى.
دیسان هەمان ئەزموون و مێژووى ژیانى باوک و نەوە دێرینەکان لە واقیعێکى نوێتردا دووبارە دەکاتەوە، ئێمەى کورد هەتا ئێستا نەوەیەکى نوێى تووڕە و یاخیمان نەبووە بتوانێت تایبەتمەندیى و سروشت و کەسێتى خۆى جیا بکاتەوە لە سروشت و کەسێتى باوک، یان زەمینە و کەشێک بخوڵقێنێت دروستکراو و داهێنراوى دەستى خۆى بێت. بە پێچەوانەوە ئەو نەوەیەى لە بەردەستدایە نەوەیەکى پاسیڤ و دەستەمۆ و خۆشباوەڕە، هەرگیز نەیتوانیوە تەعبیر لە لاوێتى خۆى و جیاوازییەکانى لەگەڵ نەوەى پێشان بکات، جا نەخاسمە خاوەتی رۆحێتى شۆڕشگێڕیی بێت و هەوڵبدات بۆ دروستکردنى گۆڕانکاریى سترۆکتۆریى لە کۆمەڵگەدا. کاتێک لە کوردستان شەڕى ناوخۆ وەک شەڕێکى نەگریس و خنکێنەر روودەدات زۆربەى هەرە زۆرى قوربانییەکانى لاوان بوون!!، کەچى لاو نەک هەر نابێتە لەمپەر و بەربەست لە بەردەم ئەم شەڕە و فشار دروست ناکات تا لایەنە بە شەڕهاتووەکان ناچار بکات بە وەستانى شەڕ (یان خۆ ئەگەر ملیش نەدەن بە دواکاریى وا خۆ کاریگەریى دادەنا لەسەر بارودۆخەکە، خۆ ئەگەر هیچ کاریگەریش نەبا، خۆ لاو لەم وڵاتەدا شتێکى لەم چەشنەى نەکردووە) بەڵکو بە پێچەوانەوە خۆیان دەبنە ژیلەمۆ و مەشخەڵ و هێزى ئەکتیڤى جەنگ، جەنگێک سەرتاپاى مێژوومانى ناشرین و قێزەون کرد و وێناى کوردى لاى ئەو هەموو ئەوانى تری دەرەوەی خۆمان گۆڕى.
گەنج لە وڵاتى ئێمەدا لە بەرامبەر ئەو هەموو پێشێلکاریی و چەپاندنە غەریزیی و سێکسییەیدا رۆژێک لە رۆژان نەڕژایە سەر شەقامەکان و داواى مافى خۆى بکات. تا ئەو ئاستەى نەیتوانیوە لە ئاستى پەرچەکردارى ژناندا بێت لەبەرامبەر کۆمەڵگەى تەقلیدیى، چوونکە رێکخراوەکانى ژنان و ژنانى چالاکى دەرەوەى رێکخراوەکان بە دەنگ هەڵبڕینیان توانیان بەشێوەیەکى بەربڵاو و کۆمەڵایەتی، کێشە و دۆسیەى خۆیان بە سەرجەم تاکەکانى کۆمەڵ بناسێنن، ئەگەرچى تا ئێستاش توندوتیژیى و چەوساندنەوەى ژنان بەردەوامە، بەڵام غەدرە تێکۆشان و هەڵسوڕان و تەنانەت رۆڵى تاکەکەسى ژنان نادیدە بگرین یان لە شوێنى خۆیدا ئاماژەى پێ نەدەین. رێکخراوەکانى لاوان هەموویان دەسکەلا و هەڵماتى دەستى حزب بوون و لە برى ئەوەى گەنج وەک مەحرومترین کائینى ئەم کۆمەڵگەیە لە گێژاو و وەهمەکانى حزب و خێڵ و دامەزراوە چەپێنەرەکانى دى رزگار بکەن و ساز و ئامادەیان بکەن تاببنە گروپى فشار و داخوازیى ویست و ئارەزووەکانیان بەرز بکەنەوە، گەنجیان کرد بە قۆشمە و نەگبەتتریان کردووە و تاکو ئەو سنوورەى بردویانەتە کەنارى شێتبوون و نیهلیزمێکى کوێرانە و سەرلێشێواوانە.
لە پەرچەکردارى هەموو ئەم سەرکوت و بێئومێدییانەدا گەنج نەیتوانى بەرەنگارى بکات یاخۆ با بڵێین رۆحى بەرەنگاربوونەوەى لێسەنرایەوە، ئیدى بە درێژایى نزیکەى 13 ساڵى دواى راپەڕین بە تایبەتى لە کاتى شەڕى ناوخۆدا هەزاران بگرە سەدان هەزار لاو چارەنووس و خودى خۆیدایە دەستى قەدەر و دەریا و مافیا و رێگەى مینڕێژی هات و نەهات، بە مەبەستى قووتاربوون لە دۆزەخى وڵات و شادبوون بە بەهەشتى تاراوگە، هەرچەند لە کاتى گەیشتنیان بە تاراوگە ئەو وەهمەشیان بەتاڵ بۆتەوە و هەستیان کردووە ریکڵام و سەتەلایت چەواشەى کردوون، بەڵکو لە ئەوروپاش نامۆبوون و ئاوارەیى و کێشەکانى تاراوگە و دواجار بوون بەئامێر و لێسەندنەوەى رۆح و بەها نەتەوەییەکان دیسان بۆتە خاڵى تێکشکان بۆیان، بە کورتى گەنجى ئەم وڵاتە بە تایبەتى لە دواى راپەڕینەوە گەنجێکى خۆشبەخت نەبووە، ئەگەر یەکێک لە هۆکارەکانى ئەم بەدبەختیى و بەرتەسککردنەوە و سەرکوتکردنە دەسەڵاتى باوک و زاڵبوونى هەژموونى سیستمى باوکایەتى (پاتریارکى) بێت بەسەر کۆى ژیاندا ئەوا بەدڵنیاییەوە هۆکارێکى ترى بۆ ناهۆشیاریى و تێنەگەیشتن و پاسیڤبوونى خودى گەنج دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئەم هۆکارەى دواییان کاریگەرى لەوى یەکەمیان زیاتر نەبێت ئەوا بێگومان هیچى کەمتر نییە.
هەموو ئەمانەش بەشێوەیەکى سەرەکى دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى گەنج بەشداریى نەبووە لە کایەى سیاسەتدا یان بەشێوەیەکى لاوەکى بەشداریى لە ژیانى سیاسیدا کردووە، هاوکات تێڕوانین و تێگەیشتنێکى هەڵەى دەربارەى چەمک و ممارەسەى سیاسەت هەبووە. لێرەدا دەمەوێ بڵێم من قسە لەسەر ئەو دەستەبژێرە گەنجە ناکەم لە گۆڕەپانەکەدا بوونیان هەیە و بەشێوەیەکى دیار و بەرچاو و ئەکتیڤ ممارەسەى کاری سیاسیی دەکەن. بەڵکو دەمەوێ بەشێوەیەکى راستەخۆ قسە لەسەر زۆرینەى گەنجان بکەم، چوونکە زۆرینە پێوەرە نەک دەستەبژێر، هەر ئەوەش کۆمەکمان دەکات لەوەى هەڵسەنگاندنەکانمان راست و دورست دەربچن. بەردەوام نەوەى دواى راپەڕین سیاسەتى بە بڤە زانیوە و خۆى لێ لاداوە، کەم نین ئەو گەنجانەى بە سیاسەت قەڵس و بێزار دەبن، تەنانەت لە گوێگرتنى هەواڵەکان و بەرنامەیەکى سیاسیى تەلەفزیۆن بێزان و ئامادەی گوێگرتن نین بۆى، تەنانەت بەشێکى زۆرى شەڕى نەوەکان و باوان لە نێو ماڵەکاندا شەڕى هەواڵەکانى تەلەفزیۆنە! هەروەک گوتم هەرگیز گەنج ئامادە نییە کاتى خۆى بۆ تەرخان بکات.
هەروەها هەمیشەش لە دیدگاى گەنجانى ئێمەوە سیاسەت سپێردراوە بە نەوەى رابردوو، لە دیدى ئەم نەوەیەدا ئەوان تەنیا کاریان ئەوەیە بە دواى پەیوەندیی رۆمانسى و خۆشەویستیدا بگەڕێن (بێ ئەوەى بزانن ئەو دنیا جوانەى ئەوان بیرى لێدەکەنەوە سیاسەت دروستى دەکات و هەر سیاسەتیش دەتوانێت وێرانى بکات)!!، ئیدى چارەنووسى نەتەوە و کۆمەڵگە و دواڕۆژى سیاسیى وڵات بە جەهەنم، بەداخیشەوە تەنانەت ئەم تێڕوانینە پەڕیوەتەوە بۆ ئاستى دەستەبژێرە چالاکەکە و وای لێکردوون دوورەپەرێزیى لە سیاسەت هەڵبژێرن، بگرە بە تۆپەڵ بوونەتە شاعیر و شیعرنووس، کۆى بیرکردنەوە و نووسینەکانیشیان لە مەوداى پەیوەندیى خۆشەویستى نێوان دوو رەگەزەکە تێپەڕ ناکات، هەر ئەمەش بووەتە هۆى کارەساتێکى گەورە و بەردەوامى تێکشکانە رۆحى و دەروونییەکانى گەنجى ئەم وڵاتە. من خۆم لە یەکێک لە رۆژنامەکاندا نووسینێکى لەو جۆرەم خوێندەوە، ئەوەى نیگەرانى کردم ئەوەبوو نووسینى گەنجێک بوو خاوەنى دوو کتێبە و نووسەرێکى ئەکادیمى و چالاکیشە، لە نووسینى ئەم هاوڕێیەدا تەرکیز کراوەتە سەریەک خاڵى ستراکتوریى: ئەویش ئەوەیە گەنج دەبێت وەک گەنج بژى و لە کەنارى رووبار پیاسە بکات و نامەى خۆشەویستى بگۆڕێتەوە.
ئیدى سیاسەت لە دەرەوەى بازنەى ئەوە و لاو هیچ پەیوەندییەکى بە سیاسەت و مەسەلە کارگێڕییەکانەوە نییە، ئەمەش دەرخەرى ئەوەیە لاو خۆى جڵەوى شل کردووە و نایەوێ بێتە نێو گۆڕەپانەکە و خۆى بسەلمێنێت و بەشداریى چالاکانە بکات لە گۆڕانکاریى و پێشهات و کێشمەکێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانى کۆمەڵگەدا، ئەوەشى هەیە و بەشداریى کردووە (محەمەد عومەر عوسمان) وتەنى بە بۆیاخى حزب خۆى بۆیاخ کردووە و بیرکردنەوە و ئایدۆلۆژیاى حزب هەموو سەرچڵى و یاخیبوون و توڕەییەکى لێ سەندۆتەوە کە لە واقیعدا ئەمانە خەسڵەت و سروشتى راستەقینەى گەنجن. بێ لە هەموو ئەمانەش تێکەڵاوییەکى زۆر بەدی دەکرێت لەلایەن گەنجەکانەوە دەربارەى چەمکى سیاسەت و حزب، هەر وترا سیاسەت هاوتەریب کراوەتە لەگەڵ حزبایەتی، بەڵام مەرج نییە هەموو کەسێکى سیاسیى حزبى بێت، یان بەو شێوەیە بێت سیاسەت و حزب دوالیزمێکى لێک دانەبڕاو بن، بە پێچەوانەوە هیچکامیان پێشمەرجى ئەوى دیکەیان نییە، سیاسەتیش پێش ئەوەى حزب دەربکەوێت لە مێژوودا و بێتە گۆڕەپانى چالاکییەوە لە ئاستى کۆمەڵگە بوونى هەبووە، بە کورتى سیاسەت لە پێش حزبدا لە دایکبووە و مەرجیش نییە هەردووکیان پێکەوە گرێدرا بن. هەروەها لێرەدا پێویستە وەک تێبینییەک ئەوەش بوترێت حزبایەتى شتێکى قێزەون نییە بەڵکو بەشێکە لە پێداویستى پرۆسەى سیاسەت لە کۆمەڵگەدا، بەڵام ئەو رەشبینیەى ئێمە دروستمان کردووە لە بەرامبەر حزبدا دەگەڕێتەوە بۆ واقیع و ئەزموونى حزبایەتى لە کوردستان، کە سەرەتا و کۆتایى بریتى بووە لە شەڕى براکوژیى و خۆکوژیی و یەکتر سڕینەوە، هەنووکەش بە شێوەیەک لە شێوەکان و بە جۆر و میکانیزمێکى جیاواتر شەڕى ناوخۆ وەک شەڕێکى سارد بەردەوامیى هەیە.
نموونەى حزبى کوردیش ئەوەندە نموونەیەکى سلبیی و بێ کەڵک بووە، حزبایەتی پرۆسەیەک بووە دوور کەوتۆتەوە لە ئارەزووی خەڵک. هەمیشەش خەڵک بە گشتیی و لاوان بە تایبەتى پەنایان بە خوا گرتووە لە شەیتان و حزب، بەڵام هێشتا ئەمە بەهانە نییە بۆ ئەوەى لاوان خۆیان بدزنەوە لە کێشەکانى خۆیان و بێ دەربەستانە و بەشێوەیەکى دەستە جەمعى بەرەو تاراوگە کۆچ بکەن، هیچ کاتێک ئەو بەهانە و عوزرە ناشەرعییە جێگەى قبوڵکردن نییە، چوونکە هەر چین و توێژێکى کۆمەڵایەتی خۆى خۆى رزگار دەکات و نابێت چاوەڕێى هێزێکى غەیبانی و میتافیزیکى بێت، بگرە ئەو چاوەڕوانییە چاوەڕوانى گۆدۆیە و لە کۆنیشەوە وتراوە هەق دەسێندرێت نابەخشرێت. ئەگەر ئێستا مایکى تیڤییەک بچێتە بەردەم لاوێک و پێى بڵێ ئاوات و خواستت چییە؟ بێگومان ژیانێکى ئاسایی و گەنجانە دەخوازێت، بەڵام لە بیرى کردووە ئەمانە هەمووى لە رێگەى سیاسەتەوە بەدیدەهێنرێت، چوونکە کاتێک دەتوانرێت ئەم خواستە بەدیبێ لاوان خۆیان بەشداریى بکەن و ببنە گروپى فشار، ئەمەش کارى دەستە جەمعى و پێکەوەیی و ئۆرگانیزەکراو دەخوازێت، هەر کۆبوونەوە و دروستکردنى فراکسیۆنێک لە دەورى ستراتیژێکى دیاریکراو خۆى لە خۆیدا سیاسەتە، بۆیە هەموو گۆڕان و وەرچەرخانەکان بەستراوەتەوە بە سیاسەتەوە و گەنجیش بۆئەوەى بتوانێت وەک گەنج بژى و ممارەسەى ژیان بکات پێویستە بەشداریى چالاکانە بکات لە کایەى سیاسییدا.

*ئەم وتارە لە ژمارە (107)ی رۆژنامەی (جەماوەر) لە رۆژی 6-12-2004 بڵاوبووەتەوە.




زاڵبوون بەسەر کۆسپەکانی بەردەم راپەڕینی گەل لە ئێراندا.. عەبدولڕەحمان گەورکی

دوایین بارودۆخی راپەڕینی خەڵکی ئێران و ئەرکەکانی ئۆپۆزسیۆنی دیکتاتۆرییەت
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی

خەڵکی ئێران بەر لە چوونە ناو ساڵی نوێ، رێزیان گرت لە سەدان شەهیدی راپەڕینی ساڵی رابردوو (1401) و بەڵێنیان نوێ کردەوە و سەری کڕنۆشیان بۆ دانەواندن و لە بڕیارێکی پتەوتر لە رابردوودا، پێداگرییان کرد لەسەر درێژەدان بە رێبازی شەهیدانی راپەڕین لە پێناو رووخاندنی دیکتاتۆرییەت و دامەزراندنی ئازادی و سەربەخۆیی و سەروەریی نیشتمانی و جەماوەری و ئەمەیش وەک یەکەم هەنگاوی خەڵک بۆ چوونە ناو ساڵی نوێ، کە ساڵی زۆرێک گۆڕانکاریی گەورە و گرینگە.
ئێستا دوای تێپەڕبوونی نزیکەی حەوت مانگ بەسەر راپەڕینی قارەمانانە دژی دیکتاتۆرییەت، خەڵکی ئێران زیاتر هەست بە توانست و هێزی خۆیان دەکەن و راپەڕینەکەیان بەهێزتر دەبینن و بە ئومێدبەخشی دەزانن. چونکە پێیان وایە سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەتدا لە نیوەی رێگادا تێپەڕیوە!
لە بیروڕای گشتی و لە چاوی گەلانی جیهانیشدا، بە پێچەوانەی ئیدیعا و پیلانەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێران و لایەنگرانی کۆلۆنیالیزم، باوەڕێکی پتەو هەیە کە “ڕاپەڕینی گەل” نەک هەر دانەمرکاوە، بەڵکو بەرپاکردنی “جەژنی سەرکەوتنی گەل” بەسەر “دیکتاتۆرییەت” لە داهاتوویەکی نزیکدا هەستی پێدەکرێت.
ململانەی دوو بەرەی دژ بە یەک!
ئەوەی لە حەوت مانگی رابردووی راپەڕینی خەڵکی ئێراندا بەرچاو کەوتووە، رەنگدانەوەیەکی بچووکی ئەو راستییە گەورەیە کە لە ئێراندا بوونی هەیە. چونکە سیاسەت و ستراتیژەکانی “کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم” پێکەوە رێگریان کردووە لە رەنگدانەوەی راستەقینەی راپەڕین و هەروەها خێراکردنی پرۆسەکە لە دژی دیکتاتۆرییەت و هەوڵیانداوە بە “سانسۆر” و “فیلتەرینگ” رێگەری بکەن لەو گۆڕانکارییە گەورەیەی بەڕێوەیە لە ئێران و بەمجۆرە، دیکتاتۆرییەتێکیتر بەسەر خەڵکی ئێراندا بسەپێنن!
لە قوڵایی ئەم ململانەیەدا شەڕێکی خوێناویتر لە نێوان دوو بەرەی “گەل” و “دیکتاتۆری”دا هەبووە و ئێستایش بەردەوامە. لە قووڵایی دیمەنی راستەقینەی شەڕەکەدا، سنوور و ریزەکانی ئەم دوو بەرەیە “شێواو” نین. زۆر “ڕوون” ن و، دەستی رەش و شاراوەی کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیزم بە ئاشکرا دیارە. لەم گۆڕەپانی راستەقینەی راپەڕیندا، لە دوو بەرە بەدەر نەماون. “بەرەی گەل” و “بەرەی دیکتاتۆری”. زۆر هەڵەیە گەر پاشماوەی دیکتاتۆریی پێشوو بە بەشێک لە بەرەی گەل و نەیاری دیکتاتۆرییەتی ئایینی دابنێین!. ئێستا هەندێک دەوڵەتانی زلهێز و تەنانەت دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئێرانیش ئەوانەی (قوت) کردووەتەوە بۆ شێواندنی راستییەکانی راپەڕین.
پەلەقاژەی دیکتاتۆرییەت بۆ مانەوە لە دەسەڵات!
هەموومان لەبیرمانە کە لە سەرەتای راپەڕینی ساڵی رابردووەوە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئێران و پاشماوەکانی دیکتاتۆریی “شا” چۆناوچۆن بە دروشمی جۆراوجۆر هەوڵی بە لاڕێدابردنی مەسێری راستەقینەی راپەڕینیان داوە. ئەوان دەیانویست بەهاکانی خەڵک و راپەڕین و کۆمەڵگا بشێوێنن و بەم شێوەیە راپەڕینەکە بە لاڕێدا بەرن و دواتر دایمرکێنن. ئەوان دەیانویست بە داتاشینی “سەرکردایەتی” و “ئەڵتەرناتیڤ” بۆ راپەڕین و بۆ لەباربردنی بەهاکانی کۆمەڵگا و شۆڕش، بە “دانسینگی سەر شەقام” و “قژبڕینەوە” و لێکترازاندنی ریزەکانی راپەڕین بە رێگەی “ئیسلامی و غەیرە ئیسلامی”، “ژن و پیاو”، “بە حیجاب و بێ حیجاب”، “فڕێدانی مێزەری ئاخوندان”، “دووبەرەکی نانەوە لە ناو نەتەوەکان و ئایینزاکان”دا و… گۆڕەپانی راپەڕینەکە ئەوەندە “قوڕاوی” و “لێڵ” بکەن کە خەڵک لە درێژەدان بە راپەڕینەکەیان بێهیوا بکرێن و دیکتاتۆرییەت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
لە سەرەتای راپەڕیندا، کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم، سیاسەتی ” چەکوچ و سەندان”یان بەکارهێنا بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران ناچار بکەن لە نێوان دوو بژاردەی “شاپەرستی” و “ویلایەتی فەقیهی”، یان بە واتایەکی دیکە “دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی” یان “دیکتاتۆرییەتی ئایینی”، یەکێکیان قبووڵ بکات. ئەوان بەم دوو بژاردە دژە مرۆییە، دەیانویست هێزی سەرەکی گۆڕەپانەکە و هێزی راستەقینەی سەر شەقام پەراوێز بخەن و ئەڵتەرناتیڤی دڵخوازی خۆیان بەسەر ئێران و ئێرانییەکاندا بسەپێنن و جارێکی دیکە سەرکردایەتی راپەڕینی خەڵكی ئێران بە تاڵان بەرن!
تێهەڵچوونێک لە دوو دیوی سنوورەکانی ئێراندا!
عەلی خامنەیی و کاربەدەستانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری، راپەڕینیان بە “ئاژاوەگێڕی” و راپەڕینکارانیان بە “ئاژاوەگێڕ” ناوبرد و رایانگەیاند کە راپەڕینەکە لەلایەن “بیانییەکان”ەوە رابەرایەتی دەکرێت!
لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش، ئەکتەرە کۆلۆنیالیستەکانیش هەر لە سەرەتای راپەڕینەوە بە نیاز بوون لە ژێر ناوی “ناتوندوتیژی” و “خۆ بەدوورگرتن لە تۆڵەسەندنەوە”دا، “داڕمانی رواڵەتیی دەسەڵات” و “تێپەڕبوونی هێمنانە بەسەر دەسەڵات”دا، لە جێگەی “ڕوخاندنی دیکتاتۆرییەت” دابنێن و لە جیاتی رووبەڕووبوونەوە بەرانبەر بە دیکتاتۆرییەت لە سەر شەقام و گۆڕەپانەکاندا، بانگەوازی خەڵک بکەن کە “لە ماڵەوە”دا بمێننەوە و “پاراستن و مانەوەی سوپای پاسداران و هێزە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵات”یان کردبوو بە درووشمی خۆیان!
سنووری سووری نێوان گەل و دیکتاتۆر!
بەڵام خەڵک، بە هێڵی سووری “نا با شا و نا بۆ ئاخوند” و فراوانکردن و بڵاوکردنەوەی درووشمی سەرەکیی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” و “مەرگ بۆ خامنەیی” و “مەرگ بۆ ستەمکار، چ شا بێت و چ رابەر (واتا وەلی فەقێ)” و لادانی درووشمی لاوەکی، پیلانگێڕی و ئاستەنگەکانیان یەک لە دوای یەک تێکشکاند.
لە تێڕوانینێکی راست و درووست بۆ سەر حەوت مانگ راپەڕینی خوێناویی خەڵک لە ئێران، دەبینین رێگایەکی دوور و درێژ خراوەتە پشت سەر و خەڵکی ئێران زۆرێک کۆسپ و پیلانی کۆنەپەرستانە و کۆلۆنیالیزمیان (کە بەداخەوە هەندێک تاک و لایەنی “کورتبین” و “بەرژەوەندخوازەکان” بە “فێڵکردن و “لەخشتەبردن” خستبووە پاڵ خۆیان) تووشی شکست کردووە و هاوکات دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئاخوندییان بەرەو لێواری رووخاندن برد. ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانی راپەڕیندا پێی لە ناو “راستییەکان”دا نییە، پاشماوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی شا و ئەو ئەکتەر و رەوتە هەلپەرستانەن کە لەلایەن کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیزمەوە هێنراونەتە سەر شانۆ!
ئازار و دەرمانی هاوبەشی گەل!
لەمڕووەوە خەڵکی ئێران بە پەرەپێدان و توندترکردنی هەنگاوەکانی راپەڕینەکەیان و بە تایبەتی پێشکەشکردنی زیاتر لە ٧٥٠ شەهید، پشتیان بە خۆیان و هێزی خۆیان بەستووە نەک بە هێزی “زلهێز” و “بێگانە”. ئەوان بە درووشمی “یەکڕیزی” و “برایەتی”، دەیانەوێت “ئازاری هاوبەش” بگەیەننە ئاستی “چارەسەری هاوبەش”. چونکە “رەمزی سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەت”یان بە دەستەوەیە. درووشمی “لە زاهیدان و کوردستانەوە تا تاران، گیان بەخت دەکەم بۆ ئێران”، کە ئێستا بۆتە یەکێک لە درووشمە نەتەوەیی و جەماوەرییەکانی سەرتاسەری ئێران، پەیوەندی بەمەوە هەیە.
کەواتە بە هۆی هۆشیاربوونی خەڵک و هەبوونی موقاومەتێکی رەسەن و خاوەن پێگەی جەماوەری و مێژوو و پێکهاتەی دێرینیەوە، راپەڕینی خەڵکی ئێران لە کەوتنە ناو رێڕەو و مەسێری نادرووست، (کە لەلایەن دیکتاتۆرییەتەکان و پشتیوانانی جیهانی و ناوچەیی دیکتاتۆرەکانەوە کاری بۆ کراوە) پارێزراوە و توانیویەتی مۆنیزمی خۆی بپارێزێت لە گەیشتن بە ئامانجی سەرەکیدا و، مۆرکی “نا” بکێشێت بەسەر هەر وەستان و باجدانێکدا.
وانەیەکی گرنگ!
ئەو نەوەیەی لە گۆڕەپانی راپەڕینی دژەپاشایەتی لە ساڵی 1357 (1979) حزووری هەبووە، بە باشی بیری دێتەوە کە چۆن “سەرکردایەتی راپەڕین” لەلایەن “خومەینی” و “دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی”یەوە دزرا و دیکتاتۆرییەتێکی زۆر خراپتر هاتە سەر کار و دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت. راپەڕینی ساڵی رابردووی خەڵکی ئێران لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی، لەسەر بنەمای وانەیەکی وەها گەورەدا توانیویەتی پارێزراو بێت بەرانبەر بە چەتەکان و مشەخۆران و، پیلانەکانی دیکتاتۆرییەت تێکبشکێنێت. ئێستا ئەوە نەوە بەهێزەکانی کۆمەڵگای ئێرانن کە لە پێوەند لەگەڵ “دەزگای رێبەرایەتیی گشتیی راپەڕین” توانیویەتی بەردەوامی بدات بە بڵێسەی راپەڕین لە ئێران و خۆی ئامادە بکات بۆ هەنگاوێکیتری راپەڕین و بە تایبەتی بۆ وەدیهێنانی رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئێران. بە پشت بەستن بەو ئۆرگانەیە کە دەکرێت سەرکەوتنی شۆڕش و راپەڕینی گەل لە ئێران مسۆگەر بکرێت.
ئەرکێکی گرینگی سەردەم!
لەسەر بزووتنەوە جەماوەرییەکان، پێکاتە و رێکخراوە رەسەنەکانی ئێران و هێزە راستەقینەکانی ئۆپۆزسیۆنی دیکتاتۆرییەتە کە بەبێ گوێدانە هەر جیاوازییەک، بە دروشمی “نا بۆ شا و نا بۆ ئاخوند”، خێرایی بدەن بە گۆڕانکارییەکان لە ئیران و، ئەم وڵاتە بەرەو رزگاری بەرن و چیتر دەسەڵاتی کۆنەپەرستانە و کۆلۆنیالیزمی لە ئێران دووبارە نەبێتەوە و هەموو بەشەکانی خەڵکی ئێران بتوانن لە پێناو دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی و جەماوەری دێموکراتیک، شان بە شانی یەکتر بەردەوام بن لە راپەڕین!
کۆتایی




کاتژمێر-9-بوو.. شەماڵ بارەوانی

کاتژمێر-9-بوو
ویژدانی مرۆڤایەتی مرد
جاڕنامەی گەردوونی ون بوو
میلی سەعاتی زەمەن ڕاوەستا و
دڵی 182 هەزار کورد کون بوو

کاتژمێر-9-بوو
پەپوولەکان مردن
گوڵەکان وشکبوون و
باهۆزێکی ڕەش هات،
هەچی لای لایەی دایەبوو هەموی بردن

کاتژمێر-9-بوو
ژیان سڕبوو
هەرچی دەنگی درۆزن بوو
هەمووی کڕبوو
کەسێک نەیگوت نەیانکوژن
یا کارەساتێکی جەرگ بڕبوو

کاتژمێر-9-بوو
دنیا خەوتبوو
یوئێن (UN)خەریکی مامەڵەی خوێن بە نەوت بوو
لە سایەی بێدەنگی مـەردووم
182هـەزار کورد قڕ و فەوت بوو

کاتژمێر-9-بوو
ئاسمان گریا
ڕووبارەکان بوونە فرمێسک و
گـەردوون هاواری لێ هەستا
خۆزیا نەبوامە سەد بریا

کاتژمێر-9-بوو
جیهان نققەی لەخۆی بڕی
ڕوحی 182 هەزار پەپوولە
بۆ شوێنێکی نادیار فڕی

شەماڵ بارەوانی




ئەنفال.. پشکۆ ناکام

                                 

لەسەر ئەنفال زۆر ئەووترێت ، هەمووی قسە و پەخشان و موزایەدە و فرمێسکی تیمساحە ،  تا ئێستا جگە لە تاوانباری بریاردەر کە ” بەعس” بوو ، کوردە جێ بەجێکارەکانی ئەو جینۆ سایدە لە ناومانا، لە گەڕەکەکانمانا ، لە شارەکانمانا موعەزەز موكەڕەم ئەژین ،،!! بۆیە باشترین یاد کردنەوە ئەوەیە کە لە هۆڵێکی گەورە هەرچی جاش و موستەشاری بەشداربووی ئەنفال هەیە بۆ نان خواردنێکی شایەستە ، بانگ بکرێن و مناڵان و کەس وکاری ئەنفال کراوەکان خواردنی دەعوەتەکە حازر بکەن و بیخەنە بەر دەم میوانەکان … هۆڵەکەش بە دوو تابلۆی گەورە بڕازێنرێتەوە ، تابلۆی یەکەم ” سورەی ئەنفال” و تابلۆی دووەم وێنە ” پورترێت” ێکی فرۆکەوان ” تاریق عزاوی” دیواری هۆڵەکە داپۆشن ،  کۆتایی دەعوەتەکەش بە پێشکەش کردنی گوڵێکی زەرد و گوڵێکی سەوز بە میوانە خۆشەویستەکان کۆتایی پێ بێ……




مارکسیزم و تیۆری ئەدەب.. نووسینی : نەسروڵڵا مامبرۆڵ

وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

مارکسیزم فەلسەفەی ماتریالیستە کە تێکۆشا جیهان لەسەر بنەمای جیهانی کۆنکرێتی و سروشتی دەوروبەرمان و ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژین؛ لێکبداتەوە. دژایەتی فەلسەفەی ئایدیالیستە کە جیهانێکی ڕۆحیی لە شوێنێکی تر چەمکساز دەکات کە کاریگەری لەسەر جیهانی ماددی هەیە و کۆنترۆڵی دەکات. بە جۆرێک هەوڵیدا بیرکردنەوەی خەڵک بخاتە ناو گێڕێکی پێچەوانەوە چونکە جیاوازییەکی بنەڕەتی هەبوو لەگەڵ ئەو فەلسەفانەی کە پێش خۆی هاتبوون. خودی کارل مارکس لە سەر ئەم سروشتە شۆڕشگێڕانەی مارکسیزم سەرنجی داوە و دەڵێت : (فەیلەسوفەکان تەنیا بە شێوازی جۆراوجۆر دونیایان لێکداوەتەوە؛ گرنگ ئەوەیە کە بیگۆڕین). ڕاستە لە کاتێکدا فەلسەفەکانی تر هەوڵیان دەدا لە جیهان تێبگەن، مارکسیزمیش هەوڵی گۆڕینی دەدا.

مارکسیزمی کلاسیک: بنەما بنەڕەتییەکان
بە بڕوای مارکسیزم کۆمەڵگە لە ڕێگەی ململانێی نێوان هێزە دژبەیەکەکانەوە بەرەوپێش دەچێت. هەر ئەم ململانێیەی نێوان چینە دژبەرەکانە کە لە ئەنجامدا گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و مێژووش لە ڕێگەی ئەم خەباتە چینایەتییەوە بەرەوپێش دەچێت. خەباتی چینایەتی بەدرێژایی مێژوو لە چەوسانەوەی چینێک لەلایەن چینێکی ترەوە سەرچاوە دەگرێت. لە سەردەمی فیۆداڵیدا گرژی لە نێوان فیوداڵەکان و جووتیاراندا بووە و لە سەردەمی پیشەسازیدا ململانێ لە نێوان چینی سەرمایەداری (بۆرژوازی) و چینی کرێکاری پیشەسازی (پرۆلیتاریا) بووە. چینەکان بەرژەوەندی گشتییان هەیە. لە سیستەمی سەرمایەداریدا پرۆلیتاریا هەمیشە لە ململانێدایە لەگەڵ چینی سەرمایەداری. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، بە بڕوای مارکس، دواجار دەبێتە هۆی گۆڕینی سیستەم بە سۆشیالیزم.

چەمکێکی گرنگی دیکە کە مارکس بەکاری هێنا، دیالێکتیک بوو کە لە سەرەتادا لەلایەن فەیلەسوفی ئەڵمانی سەدەی هەژدە (هیگڵ)ەوە پەرەی پێدرا. هیگڵ فەیلەسوفێکی ئایدیالیست بوو کە ئەم دەستەواژەیەی بەکارهێنا بۆ ئاماژەدان بوو بە پرۆسەی سەرهەڵدانی بیرۆکەی نوێ لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی بیرۆکە دژ بەیەکەکان. ئەو پێیوابوو جیهان بە فیکر بەڕێوە دەچێت و بوونی ماددی گوزارشت لە جەوهەرێکی ڕۆحی ناماددییە. بەڵام مارکس هەمان چەمکی بەکارهێنا بۆ لێکدانەوەی پێشکەوتنی جیهانی ماددی. بە ڕای مارکس هیگڵ جیهانی لنگەوقووچ کردەوە بە پێدانی پلە یەک بە بیرۆکەکان لە کاتێکدا هەوڵی مارکس پێچەوانەکردنەوەی بوو. لەبەرئەوەی دیالێکتیکی مارکس بە ماتریالیزمی دیالکتیک ناسراوە، مارکس دەیوت هەموو سیستەمە فیکرییەکان( ئایدۆلۆژییەکان) بەرهەمی بوونی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی و ئابوورین. بۆ نموونە سیستەمی یاسایی ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی چینی باڵادەستە لە قۆناغە مێژووییە تایبەتەکاندا نەک دەرکەوتنی عەقڵی ئیلاهی. دیالێکتیکی مارکسیستی دەکرێ وەک زانستی یاسا گشتی و ئەبستراکتەکانی گەشەسەندنی سروشت و کۆمەڵگە و بیرکردنەوە تێیبگەین کە گەردوون بە کۆیەکی دانەبڕاو دەزانێت کە تێیدا شتەکان وابەستەی یەکترن، نەک تێکەڵەیەک لە شتە دابڕاوەکان لە یەکتر. هەموو شتەکان لەناو خۆیاندا دژایەتی دیالێکتیکی ناوخۆیی لەخۆدەگرن، کە هۆکاری سەرەکی جووڵە و گۆڕانکاری و گەشەسەندنن لە جیهاندا. ماتریالیزمی دیالکتیکی ئامرازێکی کاریگەر بوو بە دەستی مارکسیستەکان لە ئاشکراکردنی نهێنییەکانی پشت پرۆسە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەوتی گەشەسەندنی داهاتوویان.

یەکێک لە چەمکە بنەڕەتییەکانی تێڕوانینی مارکسیستی کلاسیک چەمکی ژێرخان و سەرخانە کە ئاماژەن بۆ پەیوەندی نێوان ئامرازە ماددییەکانی بەرهەمهێنان و جیهانی کلتووری هونەر و بیرۆکەکان، کە لە بنەڕەتدا چەمکگەلێکی ڕەمزیین و پێکهاتەی ستراکتۆرییان بەکارهێناوە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پەیوەندییە. ژێرخان بەمانای پەیوەندییە کۆمەڵایەتی- ئابوورییەکان و شێوازی بەرهەمهێنانە و سەرخانیش بەمانای هونەر، یاسا، سیاسەت، ئایین و لە سەرووی هەموویانەوە بەمانای ئایدۆلۆژیایە. بە شێوەیەکی بەرفراوان ئاماژەیە بۆ ئەو بیرۆکەیەی کە کلتوور بە بارودۆخی مێژوویی و پەیوەندییەکانی باڵادەستی و ژێردەستەیی کە لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا باون، بەڕێوەدەچێت. ئەخلاق، ئایین، هونەر و فەلسەفە وەک دەنگدانەوەی پرۆسەکانی ژیانی ڕاستەقینە سەیر دەکرێن. بە وتەی کارڵ مارکس خۆی (تارمایی یان خێون و لە مێشکی مرۆڤەکاندا دروست دەبن). لەم ڕوانگەیەوە هەموو بەرهەمە کلتوورییەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژێرخانی ئابووری لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا هەیە.
دۆسیەی ڕۆمانەکانی مولک ڕاج ئاناند وەربگرە کە باس لە ژیانی دەست لێنەدراوەکان و کولییەکان(١) و کرێکارە ئاساییەکان دەکەن کە لە پێناو ماف و خۆبەگەورەزانینی خۆیان خەبات دەکەن. ڕاستە دەتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو ململانێ چینایەتییەی کە لە کۆمەڵگەی هیندستاندا باو بووە. ئێم تی ڤاسودێڤان نایر، ڕۆماننووسێکی بەناوبانگی مالایالم، لەبارەی تێکچوونی تاراڤادی فیۆداڵی لە کیرالا نووسیویەتی. بەڵام لەدوا شیکردنەوەدا چیرۆکەکانی فلتەرکردنی مۆدێرنیتەی بۆرژوازین لە کۆمەڵگەی کیرالا و چۆنییەتی چوونە ناو پەیوەندییەکی ناکۆکی لەگەڵ بەهاکانی فیۆدالیزمدا ئاشکرا دەکەن. بەم شێوەیە دەتوانرێت شوێنەواری ئەم پەیوەندییە لە فۆرمە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنانی کلتووریدا دەستنیشان بکرێت.

ڕیالیزمی سۆشیالیستی
ڕیالیزمی سۆشیالیستی وەک بنەمای جوانیناسی فەرمی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی نوێ شکڵی گرت. بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ئیستاتیکا و سیاسەتی شۆڕشگێڕانەی سەدەی نۆزدەهەمەوە شكڵ و شێوەی پێدرا. ڕەیمۆند ویلیامز سێ بنەما وەک بنەما دامەزرێنەرەکانی ڕیالیزمی سۆشیالیستی دەستنیشان دەکات. ئەوان پارتینۆست یان پابەندبوون بە دۆزی چینی کرێکاری حیزب، نارۆدنۆستی جەماوەری و کلاسۆڤۆس یان پابەندبوونی نووسەر بە بەرژەوەندییە چینایەتییەکان. بیرۆکەی پارتینۆست لەسەر بنەمای وتارەکەی ڤلادمیر لینین، ڕێکخستنی حیزبی و ئەدەبی حیزبی (١٩٠٥) دامەزراوە کە پابەندبوونی نووسەر بە ئامانجی حیزب بۆ ڕزگارکردنی چینی کرێکار لە چەوسانەوە دووپات دەکاتەوە. نارۆدنۆست ئاماژەیە بۆ سادەیی باوی بەرهەمی هونەری. مارکس لە کتێبی دەستنووسەکانی پاریسدا ئاماژە بۆ ئەو نامۆبوونەی کە لە جیابوونەوەی عەقڵی و جەستەیی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا سەرچاوە دەگرێت، دەکات. پێشتر لە ژێر سیستەمی فیۆدالیزمدا ئەو کرێکارانەی کە سەروکاریان لەگەڵ پیشەسازی بەرهەمهێنانی پەنیردا هەبوو، گەلێ شتومەکی جۆراوجۆر یتریان بۆ خۆیان بەرهەم دەهێنا، کە هەموو چالاکییەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانەکە لە هەمان شوێن لە ژێر چاودێری هەمان خەڵکدا ئەنجام دەدران. بەڵام لە ژێر سیستەمی سەرمایەداریدا کرێکاران کۆنترۆڵی بەرهەمەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانیان لەپرۆسەی بەرهەمهێنان لەدەستداوە و لە کارەکانی خۆیاندا هەستییان بە نامۆ بوون کردووە. بۆیە تەنها هونەری میللیی وەک هونەری خەڵک مایەوە. چەمکی نارۆدنۆست ئەم کوالیتییەی هونەری باو دووپات دەکاتەوە کە جەماوەر بە ئاسانی دەستی پێڕا دەگات و خوازیاری گێڕانەوەی کۆی بوونی لەدەستچوویانە. کلاسۆڤۆسیش ئاماژەیە بۆ پابەندبوونی نووسەر بە بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار. پەیوەندی بە جیهەتگیریی ئاشکرای نووسەرێکەوە نییە بۆ چینێکی دیاریکراو بەڵکو پەیوەندی بە توانای سروشتی نووسەرەوە هەیە بۆ وێناکردنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان.

بۆ نموونە، بەلزاک، لایەنگری شانشینی بۆربۆن، لە هەموو مێژوونووسەکان زیرەکتر باسێکی دزەپێکەری کۆمەڵگەی فەرەنسی دەخاتە ڕوو. هەرچەندە تۆڵستۆی، ڕۆماننووسی ڕووسی، سەر بە بنەماڵەیەکی ئەرستۆکرات بوو و هیچ پەیوەندییەکی بە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی ڕووسیا نەبوو، بەڵام لینین تۆڵستۆی بە ئاوێنەی شۆڕشی ڕووسیا ناوبرد، چونکە لەڕێگەی ڕۆمانەکانییەوە سەرکەوتوو بوو لە ئاشکراکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە کۆمەڵگەی ڕووسیادا کە بوونە هۆی بەرپابوونی شۆڕش. هەڵوێستی لینین سەبارەت بە هونەر و ئەدەب لە هەڵوێستی کارڵ مارکس و فریدریک ئەنگڵس تووندتر بوو. ئەو دەیگوت ئەدەب دەبێت ببێتە ئامرازی حیزب. لە کۆنگرەی نووسەرانی سۆڤیەتدا لە ساڵی ١٩٣٤دا، ڕیالیزمی سۆسیالیستی وەک بنەمای ئیستاتیکی فەرمی یەکێتیی سۆڤییەت قەبوڵکرا. وەک دۆگمایەکیش لەلایەن کۆمۆنیستەکانی سەرتاسەری جیهانەوە پەیڕەوکرا.

بەم شێوەیە لەگەڵ ڕاگەیاندنی سیاسەتی ئەدەبی فەرمی لەلایەن یەکێتیی سۆڤییەتەوە، “هێڵی مۆسکۆ”(٢) بەناوبانگ بوو و لە نێو کۆمۆنیستەکاندا قبوڵکردنی نێونەتەوەیی بەدەستهێنا. لە ئەنجامدا پەیوەندی ڕاستەوخۆی (هۆ – ئەنجام)ی نێوان ئەدەب و ئابووری لەگەڵ هەموو ئەو نووسەرانەی لە سنووری فیکری پێگەی چینایەتی خۆیاندا گیریان خواردبوو، گریمانە کرا. یەکێک لە نموونەکانی ئەم ڕەخنە ئەدەبییە بێڕەحمانە مارکسیستییە، وەهم و واقیعە کە لە نووسینی کریستوفر کادوێڵە. هەرچەندە دامەزراندنی پەیوەندییەکی یەک بە یەک لە نێوان ژێرخان و سەرخاندا وەک ئەوەی ڕەنگە هەندێک لە “مارکسیستە دەستوپێ سپییەکان” هەوڵی بۆ بدەن، لەلایەن ڕەخنەگری مارکسیست، تێری ئیگلتنەوە دژایەتی دەکرێت. بە بڕوای تێری ئیگلتن، “هەر توخمێکی سەرخان، هونەر، یاسا، سیاسەت و ئایینی هەر کۆمەڵگەیەک، خێرایی گەشەسەندنی تایبەت بەخۆی و پەرەسەندنی ناوخۆیی خۆی هەیە، کە کورتناکرێتەوە بۆ تەنها دەربڕینێکی خەباتی چینایەتی یان دۆخی ئابووری .” بەڵام مارکسیستە کلاسیکییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە دوا شیکردنەوەدا سەرخان بەو شێوازی بەرهەمهێنانە دیاری دەکرێت. ڕەخنەگری مارکسیستی هەنگاری جۆرج لۆکاش نوێنەرایەتی ئەم جۆرە ئۆرثۆدۆکسییە سیاسییەی دەکرد. لوکاش خەیاڵی ڕیالیستی سەدەی نۆزدەهەمی وەک مۆدێلێک دەبینی و پێی وابوو کە بەرهەمێکی ڕیالیستی دەبێت نەخشەی بنەڕەتی دژایەتییەکان لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتیدا ئاشکرا بکات. دیبەیتەکەی لەگەڵ بێرتۆڵت برێشت لەسەر کۆی پرسیارەکانی ڕیالیزم و گوزارشتخوازی بە وردی باسی گرنگی فۆرم و چەمکی فۆرمی لە ڕەخنەی مارکسیستیدا کرد. دیبەیتەکە ڕادەستی فۆرمالیستەکان کرا کە ئاراستەی نوێیان لە پەرەپێدانی ڕەخنەی مارکسیزمدا پێبەخشی.

پێشکەوتنی زیاتر لە ئیستاتیکای مارکسیستیدا
ڕەخنەی مارکسیستی لە دەرەوەی هێڵی فەرمی لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەوروپادا گەشەی کرد. فۆرماڵیزمی ڕووسی (٣) وەک ڕوانگەیەکی نوێ سەریهەڵدا کە مارکسیزم لە ساڵانی ١٩٢٠دا شێوەی پێدابوو. بەهۆی ئەوەی لەگەڵ دیدگای تیۆری فەرمی حزبدا نەگونجا، لەلایەن حزبی شیوعییەوە هەڵوەشایەوە. ئەندامانی دیاری ئەم گرووپە بریتی بوون لە ڤیکتۆر شکلۆڤسکی، بۆریس تۆماشێڤسکی و بۆریس ئایچنباوم، کە لە بنەڕەتدا بیرۆکەکانیان لە کتێبی ڕەخنەی فۆرماڵیستی ڕووسی لەمیانی چوار وتاردا بڵاوکردەوە، کە لەلایەن لی تی لیمۆن و ماریون جەی ڕیسەوە سەرپەرشتی کراوە.
هەرچەندە فۆرماڵیستەکان لە یەکێتیی سۆڤییەتدا سەرکوت کران، بەڵام بە شێوەی جۆراوجۆر لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و پراگ سەریان هەڵدایەوە. یەکێک لە ئەندامانی ئەم گرووپە، میخائیل باختین لە یەکێتیی سۆڤییەت مایەوە و درێژەی بە پراکتیزەکردنی ڕەخنەیی خۆی دا. چەمکی دیالۆگیزمی ئەو فرەیی و جۆراوجۆرەی دووپات دەکردەوە. ئارگومێنتێک بوو دژی هەژموونی کۆنترۆڵی ڕەهای نووسەر. پێویستی ڕەچاوکردنی ئەوانی دیکە و ئەویتربوونی دووپاتکردەوە. بە جۆرێک ئارگومێنتێک بوو دژ بە زیادبوونی یەکسان کردنی ژیانی کلتووری و سیاسی لە یەکێتیی سۆڤییەتدا.
زۆر کەسی دیکە کە سەر بە هەمان ڕوانگە بوون، چوونە دەرەوە و لە دەرەوەی وڵات درێژەیان بە کارەکانیاندا، کە سەرەتای فۆرمێکی نوێی ڕەخنەی مارکسیستی بوو. ڕۆمان جاکۆبسۆن لەگەڵ ڕێنی ویلێک و چەند کەسێکی دیکەدا حەلقەی زمانەوانی پراگیان دامەزراند. (٤) لە ئەڵمانیا قوتابخانەی ئیستاتیکای مارکسیستی فرانکفۆرت لە ساڵی ١٩٢٣ وەک دامەزراوەیەکی توێژینەوەی سیاسی پەیوەست بە زانکۆی فرانکفۆرت دامەزراوە. (٣) واڵتەر بنیامین، تیۆدۆر ئادۆرنۆ و هێربێرت مارکوزە هەندێک لەو کەسایەتییە گرنگانە بوون کە پەیوەست بوون بەم قوتابخانەیە. هەوڵیاندا لایەنەکانی فۆرماڵیزم لەگەڵ تیۆرییەکانی مارکس و فرۆید تێکەڵ بکەن. بۆ یەکەمجار لێکۆڵینەوەیان لەسەر کلتوور و پەیوەندیی جەماوەری و ڕۆڵی ئەوان لەبەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و زاڵبوون بەسەریدا ئەنجامدا. هەروەها قوتابخانەی فرانکفۆرت یەکێک لە یەکەمین مۆدێلەکانی لێکۆڵینەوەیەکی کلتووری ڕەخنەیی دروستکرد کە پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی کلتووری و ئابووری سیاسی، سیاسەتی دەقە کلتوورییەکان و پێشوازیکردن و بەکارهێنانی شوێنەوارە کلتوورییەکانی بینەر، شیدەکاتەوە.

بیرمەندانی مارکسیستی وەک واڵتەر بنیامین و بێرتۆڵد برێشت هونەریان وەک بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی دەبینی. وتارەکەی واڵتەر بنیامین، نووسەر وەک بەرهەمهێنەر (١٩٣٤) باس لەم پرسیارە دەکات، “پێگەی بەرهەمی ئەدەبی لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەردەمی خۆیدا چییە؟” بنیامین هەوڵدەدات بڵێت بەرهەمهێنانی هونەری پشت بە هەندێک تەکنیکی بەرهەمهێنان دەبەستێت کە بەشێکن لە هێزە بەرهەمهێنەرەکانی هونەر وەک بڵاوکردنەوە و پێشکەشکردنی شانۆیی و هتد. هونەرمەندی شۆڕشگێڕ نابێ بە بێ ڕەخنەی هێزەکانی وجود بەرهەمهێنانی هونەری قبوڵ بکات، بەڵکو پێویستە ئەو هێزانە پەرەی پێبدات و شۆڕشیان بۆ بەرپا بکات. هونەرمەندی شۆڕشگێڕ یارمەتیدەرە لە دروستکردنی ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی نوێ لە نێوان هونەرمەند و بینەردا. لەم پرۆسەیەدا نووسەر و خوێنەر و بینەر دەبنە هاوکاری یەکتر. شانۆی ئەزموونگەریش کە برێشت پەرەی پێداوە، وەدیهێنانی چەمکی بنیامینە.

بێرتۆڵت برێشت، هاوڕێی نزیکی بنیامین، چەمکی شانۆی مەلحەمی پەرەپێدا کە شانۆی ترادیسیۆنی سروشتخوازی هەڵوەشاندەوە و جۆرێکی نوێی شانۆی بەرهەمهێنا کە پەیوەندییە کاراییەکانی نێوان شانۆ و بینەر، دەق و بەرهەمهێنەر و بەرهەمهێنەر و ئەکتەر دەگۆڕێت. شانۆی بۆرژوازی لەسەر بنەمای وەهمگەرایی دامەزراوە. بینەر بەکاربەرێکی پاسیڤیستە. شانۆنامەکە هانیان نادات بۆ بیرکردنەوەی بنیاتنەرانە. بە بڕوای برێشت ئەمە لەسەر ئەو گریمانە دامەزراوە کە جیهان جێگیر و بەخشراو و نەگۆڕە و ئەرکی هونەر دابینکردنی خۆشییەکی خۆشخەیاڵانەیە. بەشداری بەناوبانگی برێشت کاریگەری نامۆبوونە. تەکنیکەکە بریتییە لە نامۆکردنی بینەران لە نمایشەکە و ڕێگریکردن لە یەکسانبوونیان لە ڕووی سۆزدارییەوە لەگەڵ شانۆنامەکەدا. ئەزموونی زانراو لە ڕووناکییەکی نەناسراودا دەخاتە ڕوو کە بینەر ناچار دەکات پرسیار لەو هەڵوێستانە بکات کە بە سروشتی و نەگۆڕ دادەنرا. برێشت تەکنیکەکانی وەکو نیشاندانی وینە و فیلم لە پشتەوە، گۆرانی سەما و بڕین و تێکدانی ئاکشن لەبری سازانێکی جوان بەدەستەوە دەگرێت.

بیرمەندی مارکسیستی فەرەنسی، لویس ئاڵتۆسەر زیاتر پەرەی بە ڕێبازی مارکسیستیدا لە ڕێگەی هێنانەکایەی چەمکە جۆراوجۆرەکانی وەکو زیادە دیاریکردن، ئایدۆلۆژیا و.. هتد. چەمکی زیادە دیاریکردن ئاماژەیە بۆ کاریگەرییەک کە لە هۆکاری جۆراوجۆرەوە سەرهەڵدەدات نەک لە یەک هۆکارەوە. ئەم چەمکە؛ بنکۆڵکردنێکی سادەی بیروڕای گشتی و گونجاندنی یەک بە یەکی نێوان ژێرخان و سەرخاندا دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئایدیۆلۆژیا زاراوەیەکی دیکەیە کە لەلایەن ئەلتوسێرەوە دەستکاری کراوە. بە بڕوای ئەڵتۆسەر ئایدیۆلۆژیا سیستەمی نوێنەرایەتییە کە بەخشراوە بە بوونێک و ڕۆڵێکی مێژوویی لە دڵی کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا. واقیعی کۆمەڵایەتی بە سروشتیکردنی بیروباوەڕەکان و بە بەرەوپێشبردنی بەهاکان کە پشتیوانی لێدەکەن، تەمومژاوی دەکات. کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕێگەی یاسا و کتێبی قوتابخانە و ڕێوڕەسم و نۆرمەکانی ئایینیەوە ئایدۆلۆژیا بڵاودەکاتەوە بەجۆرێک کە خەڵک تەنانەت بەبێ ئاگاداری خۆیشیان وەک ئاو دەیخۆنەوە. ئایدۆلۆژیا لەلایەن دەوڵەتەوە لە ڕێگەی دوو ئامێرەوە دامەزراوە، ئامێری دەوڵەتی سەرکوتکەر؛ کە دادگاکانی یاسا، زیندان، پۆلیس، سوپا و هتد لەخۆدەگرێت و ئامێری دەوڵەتی ئایدیۆلۆژیش کە قوتابخانەکان، میدیاکان، کڵێساکان، خێزان، هونەر و هتد لەخۆدەگرێت. ئەڵتۆسەر بونیادگەرایی هێنایە ناو مارکسیزمەوە. لە ڕوانگەی ئەڵتۆسێرەوە کۆمەڵگە کۆی پێکهاتەیەکە کە تاڕادەیەک لە ئاستە سەربەخۆکان پێکهاتووە وەک یاسایی، سیاسی و کلتووری کە شێوازی پێکەوە بەستانیان تەنیا لەلایەن ئابوورییەوە دیاری دەکرێت.
دامەزرێنەری پارتی کۆمۆنیستی ئیتالیا، ئەنتۆنیۆ گرامشی سیاسەتمەدار، تیۆریستێکی سیاسی، زمانزان و فەیلەسوف بوو. گرامشی لە نێو بیرمەندانی مارکسیستیدا بە بیرمەندێکی ڕەسەن ناسراوە، چەمکەکانی وەک هەژموون و ژێردەستەیی ناساندووە. هەژموون بریتییە لە زاڵبوون بەسەر توێژە تایبەتەکانی کۆمەڵگەدا لەلایەن چینە زلهێزەکانەوە. زۆربەی کات لە ڕێگەی ڕەزامەندییەوە کاردەکات نەک بە هۆی هێزەوە. سەرکردایەتی ئەخلاقی و فیکری چینی باڵادەستە لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا. زاراوەی ژێردەستە لەسەرەتادا لەلایەن گرامشی وەک وەسفێکی بەکۆمەڵ بۆ چەندین گروپی جیاواز و چەوساوە کە هۆشیاری چینایەتییان نییە، بەکارهێنراوە. بەڵام ئێستا بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەموو چینە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە وەک بێزراوەکان، ژنان، کەمینەکان و هتد بەکاردەهێنرێت.

کەسایەتییەکی کاریگەر لە نێو بزووتنەوەی چەپی نوێدا ڕیمۆند ویلیامز بوو. نووسینەکانی لەسەر سیاسەت، ڕۆشنبیری، ماسمیدیا ئەدەب، بەشدارییەکی بەرچاون لە ڕەخنەی مارکسیستی لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و هونەردا. ویلیامز حەزی لە پەیوەندی نێوان زمان و ئەدەب و کۆمەڵگە بوو. ئەو میتۆدی ڕەخنەیی داهێناوە، ماتریالیزمی کلتووری کە چوار تایبەتمەندی هەیە، سیاقی مێژوویی، میتۆدی تیۆری، سیاسی – پابەندبوون و شیکاری دەق. ماتریالیزمی کلتووری دیدگای جیاوازمان پێدەبەخشێت لەسەر بنەمای ئەوەی کە چی هەڵدەبژێرین بۆ خەفکردن یان ئاشکراکردنی لە خوێندنەوەی ڕابردوودا.
ماتریالیزمی کلتووری؛ پێیوایە کلتوور پێشکەوتنێکی کۆمەڵایەتی پێکهێنەرە کە چالاکانە شێوازی ژیانی جیاواز دادەهێنێت. بە هەمان شێوە دروستکردنی مانا وەک چالاکییەکی ماددی پراکتیکی سەیر دەکرێت کە ناتوانرێت بخرێتە ئاستێکی لاوەکی. چەمکێکی گرنگی دیکە لە بیرکردنەوەی ویلیامزدا بریتییە لە پێکهاتەکانی هەست. ئەوان بەهاگەلێکن کە لە کاتی ژیان و کاردانەوەمان بەرامبەر بە جیهانی ماددی دەوروبەرمان دەگۆڕدرێن و دروست دەبن و هەمیشە لەژێر هەڕەشەی گۆڕانکاریدان. ویلیامز لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانییەوە لەسەر کلتوور بەشدارییەکی زۆری لە پەرەپێدانی ئیستاتیکای مارکسیستدا کردووە. گرنگترین بەرهەمەکانی بریتین لە وڵات و شار کە ساڵی (١٩٧٣) کە تێیدا چەند بابەتێکی تایبەت بە ئەدەب گۆڕدراون بە بابەتەکانی مێژووی کۆمەڵایەتیدا. ولیامز زۆر بەچڕی مارکسیزم و ئەدەبی لەساڵی (١٩٧٧) نووسی کە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ پسپۆڕانە، بەڵام هەروەها ڕێبازێک بۆ خۆی بۆ لێکۆڵینەوە کلتوورییەکان ساز دەکات کە ناوی لێدەنێت ماتریالیزمی کلتووری.

فرێدریک جەیمسۆن، ڕۆشنبیرێکی مارکسیستی ئەمریکی، سەرنجی لەسەر تیۆری ڕەخنەیی بوو و کاریگەری کینێس بێرک، جۆرج لوکاش، ئێرنست بلۆخ، تیۆدۆر ئادۆرنۆ , قوتابخانەی فرانکفۆرت، لویس ئاڵتۆسەر و سارتەری لەسەر بووە. ئەو ڕەخنەی کلتووری وەک تایبەتمەندییەکی دانەبڕاو لە تیۆری مارکسیزمدا دەبینێت. ئەم هەڵوێستە نوێنەرایەتی پچڕانێک دەکرد لەگەڵ مارکسیزمی ئەرسەدۆکس کە ڕوانگەیەکی تەسکی بۆ ماتریالیزمی مێژوویی هەبوو. لە هەندێک ڕووەوە جەیمسن لەگەڵ ڕەخنەگرانی کلتووری مارکسیستی دیکەی وەک تێری ئیگلتۆن خەمی ئەوە بووە کە پەیوەندی مارکسیزم لە ڕێزگرتن لە ڕەوتە فەلسەفی و ئەدەبییەکانی ئێستادا بخاتەڕوو. جەیمسۆن لە ساڵی ١٩٦٩ لەگەڵ ژمارەیەک لە خوێندکارە دەرچووەکانی لە زانکۆی کالیفۆرنیا، گروپی ئەدەبی مارکسیستی دامەزراندووە. (٦)بەرهەمە سەرەکییەکانی بریتین لە مارکسیزم و فۆرم: تیۆرییە دیالکتیکییەکانی سەدەی بیستەمی ئەدەب (١٩٧١) و ماڵی زیندان ماڵی زمان باسێکی ڕەخنەییە لە بونیادگەری و فۆرماڵیزمی ڕووسی (١٩٧٢). مێژوو هاتە سەر ئەوەی کە تا دێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە لێکدانەوەی جەیمسۆندا بۆ هەردوو خوێندنەوە (بەکارهێنان) و نووسین (بەرهەمهێنان)ی دەقە ئەدەبییەکان بگێڕێت. جەیمسۆن پابەندبوونی تەواوی خۆی بە فەلسەفەی هیگڵی- مارکسیستی بە بڵاوکردنەوەی کتێبی نائاگایی سیاسی: گێڕانەوە وەک کردەوەیەکی کۆمەڵایەتی هێمادار (١٩٨١) دیاری کرد، کە دروشمی سەرەتایی “هەمیشە مێژووکردن”ە.

جگە لە جەیمسۆن، ڕەخنەگرانی مارکسیستی هاوچەرخ وەک تێری ئیگلتۆن، پرۆفیسۆری ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی لانکەستەر لە ئینگلتەرا و ئایجاز ئەحمەد، بیرمەند و شرۆڤەکاری سیاسی ناسراوی مارکسی لە هیندستانەوە بەشدارییەکی بەرچاویان لە بواری تیۆری مارکسیستی و ئیستاتیکادا هەیە. بەرهەمە بەناوبانگەکەی ئایجاز ئەحمەد، لە تیۆریدا: چینەکان، نەتەوەکان، ئەدەبەکان (١٩٩٢) شیکاری مارکسیستییانەی چەمکەکانی وەک ئەدەبی جیهانی سێیەم و ڕۆژهەڵاتناسی لەخۆگرتبوو. لە لایەکی دیکەوە ئیگلتۆن زیاتر لە چل کتێبی بڵاوکردەوە کە بریتین لە تیۆری ئەدەبی :ناساندنێک (١٩٨٣)، ئایدیۆلۆژیای جوانیناسی (١٩٩٠) و وەهمەکانی پۆستمۆدێرنیزم (١٩٩٦). بیروباوەڕی مارکسیستی بەدرێژایی ساڵان گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە کە شایستەی ئەو ئیدیعایەی مارکس بووە کە گۆڕانکاری تاکە دیاردەی نەگۆڕە لەم جیهانەدا و هەروەها بڕبڕەی پشتی نزیکەی هەموو تیۆرییە مۆدێرنەکانی کلتوور و ڕەخنە بووە. ڕەنگە پارادۆکسێک بێت کە لە کاتێکدا پراکتیکەکانی مارکسیستی لەم ساڵانەی دواییدا پاشەکشەیان کردووە، تیۆری مارکسیستی لە هەموو جیهاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان وەرگیراوە.(٧)

تێبینییەکان مەشخەڵ ئامادەی کردوون :
(١) کولییەکان یان قلی کە بەزمانی ئوردۆ و زمانی تورکی یانی کۆیلە. ئەسڵی وشەکە (قول) ە بەمانای دیل دێت. کولییوکان بەو کۆڵکێش و کرێکارانە دەوترا کە هەقدەستێکی زۆر کەمیان پێدەدرێت لەبەرامبەر کارێک. بەتایبەتی کرێکارانێک کە کەوتوونەتە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا
(٢)هێڵی مۆسکۆ ؛ ئەو هێڵە فەرمییە بوو کە حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤییەت و ستالینیزم ڕێبەرایەتیان دەکرد و لە بنچینەدا ئەوەندەی هەوڵدان بوو بۆ بەهێزکردنی ڕیالیزمی سۆشیالیستی ستالینی و جوانکردنی ڕووخساری سەرمایداری دەوڵەتی سۆڤییەت و تاوانەکانی ستالین هیچی تر نەبوو. ئەم خەتە گەرچی بەهۆی سیاسەتی دەرەوەی سۆڤییەت سەپۆرت کرد، بەڵام هەرگیز نەیتوانی ببێتە ئەلتەرناتیڤی ئەدەبی مارکسیستی و کرێکاریی.
(٣)قوتابخانەی شێوەخوازی ڕووسی یان شێوەخوازە ڕووسییەکان؛ قوتابخانەیەکی ڕەخنەگرانەی ئەدەبی بوو لە ڕووسیا کە کاریگەری زۆری هەبوو لەسەر بزاوتی ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕووسیا لەنێوان ساڵانی ١٩١٥-١٩٣٠ . لەو نووسەر و بیرمەندانەی کە جێدەستیان دیار بوو وەکو ڤیکتۆر شیکلۆڤسکی، توری تایتیانۆڤ، ڤلادیمیر پرۆپ، بۆریس ئیچنباو، ڕۆمان جاکۆبسۆن، بۆریس تۆماشڤسکی، گریگۆری گوگۆڤسکی بوون. فۆرمالیستەکان زۆر لەژێر کاریگەری ڕەخنەی نوێدا بوون بەتایبەتی بونیادگەرایی و پۆست بونیادگەرایی. فۆرماڵیزمی ڕووسی بزووتنەوەیەکی هەمەچەشن بوو، هیچ باوڕێکی یەکگرتووی بەرهەم نەهێنا و هیچ کۆدەنگییەکی لە نێوان لایەنگرانیدا لەسەر ئامانجێکی ناوەندی بۆ هەوڵەکانیان لەئارادا نەبوو.
(٤)حەلقە یان بازنەی زمانەوانی پراگ؛ حەلقەیەک بوو لە ژمارەیەک ڕەخنەگری ئەدەبی و زمانناس لەساڵی ١٩٢٦ لە پراگ پێکهات. ئەندامانی دامەزرێنەری حەلقەکە بریتبوون لە ڕۆمان جاکۆبسۆن، نیکۆڵای ترابزکۆی، سێرجی کارجیڤیسکی، رێنێ وەڵاک. جان موکارۆڤسکی، ڤیلەم ماثیسیۆس. ساڵی ١٩٢٩ حەلقەکە تێزەکانی خۆی لە وتارێکدا ڕاگەیاند. ساڵێ ١٩٢٩ دەستیان کرد بە دەرکردنی گۆڤارێک بەناوی بەرهەمە زمانەوانییەکانی بازنەی پراگ و بە هاتنی جەنگی جیهانی دووەم ئەویش وەستا. دووجاری تر ئەو گۆڤارە لە ساڵەکانی ١٩٦٦ – ١٩٧١ و هەروەها لە ساڵی ١٩٩٥ زیندوو کرایەوە و هاتە وەشاندن.
(٥)قوتابخانەی فرانکفۆرت؛ ئەم قوتابخانەیە قوتابخانەیەکی تیۆری کۆمەڵایەتی فەلسەفی ڕەخنەگرانە بوو، کە لە ساڵی ١٩١٨ لە شاری فرانکفۆرت هاتە دامەزراندن. گەلێ بیرمەند و فەیلەسووف و ئەدیب و سیاسی پەیوەست بوون بەم قوتابخانەیە. ئەم قوتابخانەیە ڕۆڵێکی گەورەی گێرا لەبردنەپێشەوەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی. بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت پێیانوابوو کە بیردۆزی کۆمەڵایەتی بەس نییە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو سیاسەتە کۆنەپەرستانەیەی کە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری لیبراڵی سەدەی بیستەمدا ڕوودەدەن. توێژینەوەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت لە ڕەخنەی لە سەرمایەداری و هەروەها ڕەخنە لە مارکسیزم-لینینیزم وەک سیستەمی فەلسەفی نەگۆڕی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بە ڕێگای بەدیل بۆ گەیشتن بە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و نەتەوە دەکرد. دوای چەندین قۆناغ و هەوراز و نشێوکردن، ئەم قوتابخانەیە لەساڵی ١٩٣٣ دەگوازرێتەوە بۆ جنێڤ و پاشانیش بەرەو ئەمریکا گوێزرایەوە.
(٦)گروپی ئەدەبی مارکسیستی؛ئەم گروپە لە ساڵی ١٩٦٩ دا کە لەلایەن فریدریک جەیمسۆن و چەند قوتابییەکی دەرچووی زانکۆی کالیفۆڕنیا لە شاری سانتیاگۆ هاتە دامەرزاندن. ساڵی ١٩٧٥ فراوان بۆوە و گەلێ بیرمەند و نووسەری ئەکادیمی لەدەور کۆبووە و سیمیناریان گێڕا لەوانە فریدریک جیمسۆن، تێری ئیگلتن، ستانلی ئارۆنۆویز، گەیاتری سپیڤاک ، مایکڵ ڕایان، جێنی هۆڵەند، جون هۆوارد، جان بیڤەرلی. ئەم گروپە لەسەر گەلێ بابەت هەڵوەستەیان کردووە وەک لێکۆڵینەوە کلتوورییەکان، پۆستمۆدرینیزم، پۆست بونیادگەری، لێکۆڵینەوە دەروون شیکارییەکان و گوتاری پۆست کۆلۆنیالی و فیمینیزم. شایانی باسە هەتا ئەمڕۆش لە چالاکی فەرهەنگی و کلتووری خۆی بەردەوامە.
(٧)جێی ئاماژەیە لەم نووسینەدا گەلێ ناوی نووسەر و ئەکادیمی هاتوون لە بە پێویستیم نەزانی بیان ناسێنم. خوێنەری چالاک لەڕێگەی گوگڵەوە دەتوانێت زانیاری تەواو لەسەر ئەو نووسەر و ئەدیبانە بەدەست بهێنێت.

١٢ی نیسانی ٢٠١٦

سەرچاوەکان :




شین وەک ئاسمان.. یوسف محەمەد بەرزنجى

گوزەرێک بەنێو بێجامە شینەکەدا

تێوەردان(مداخلە)
ڕەنگە زۆرمان بیرەوەرى نوسراو چاپکراومان بەرچاوکەوتبێت، یان خوێندبێتەوە، ڕەنگە خوێندوەى بیرەوەرى بۆ فزولیەتى مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ ئەوەى لە ئەنجامى خوێندنەوەى بیرەوەریدا بۆ ئەوە بگەڕێتەوە بزانێ نهێنێنى شاراوەو ئاشکراکانى مرۆڤەکان و کەسایەتییە جۆربەجۆرەکان، سیاسییەکان ئەدیبەکان، هونەرمەندەکان،داهێنەرەکان… ئەوانى تر بەگشتى چۆن لە لێڕەوارى سەرکەوتن و بە ناوبانگ وەدەستخستن نزیک بوونەتەوە، یاخود ڕەنگە خوێندنەوەى بیرەوەرى بۆ نزیکییەک لەناسین و بەرهەمەکانى ئەو جۆرەکەسانە بگەڕێتەوە کە بەهۆى ناو و بەرهەمەکەیەوە لێمانەوە نزیکن، گەرنزیکیش نەبن، ئەگەرێک هەیە ناویى لە ناو ناواندا هەبێت، بیرەوەرى نوسینەوە مێژوويیەکى دوورو درێژى لەنێو مرۆڤەکاندا هەیە، یان لەنێو گەلە جۆربەجۆرەکاندا بۆ خۆى دابين كردووە.
زۆر لە مێژە گرنگى بە بیرەوەرى نوسینەوە دراوە، زۆرێکیش لەو بیرەوەرییە سیاسیى وئەدەبیى و هونەرى و کۆمەڵایەتییانە بەچاپ گەیشتوون و لە زمانى جۆراوجۆردا وەرگێڕانیان بۆ کراوەو پێمان ئاشنان. یان نوسەرانى خۆماڵى و ناوخۆ لەناو گەلاندا نوسیویانەوەو خەڵک بەتامەزرۆییەوە سەرقاڵى خوێندنەوەیانن. بیرەوەرى نوسینەوە بەهەموو شێوەو فۆرم و نێوەرۆکەکەیانەوە، گرنگن دەتوانرێ زۆر کون وقوژبن بۆقۆناغ و سەردەمەکان ڕوون بکەنەوە، ڕاستگۆیى لە نوسینى بیرەوەریدا گرنگە، وشەو دەستەواژەو سیحرى نوسین و جوانکارى وداڕشتن و نێوەرۆک وبابەت و ڕوداو چنینى بەشوێن یەکدا بۆ کتێبى یاداشت و بیرەوەرى ویادگە گرنگ و بەسوودە، درۆکردن وزیادەڕەوى کردن و خەیاڵپڵاوکردن و بەرزکردنەوەى خودو کردنى بەسۆپرمان و فریاد ڕەس و قارەمان و پاڵەوان، زیان بەنوسین و یادگەو بیرەوەرى دەگەیەنێت و لە بەهاو کەسایەتى نوسەر کەم دەکاتەوە، بۆیە واقیع وەک خۆى ئاوێتەى نوسین بکرێت لەنێو بیرەوەریدا بەسودو بەپێزو بەنرخ دەکات، تەنانەت پشتبەستن بەنامەو وێنەو بەڵگەنامە… زۆرگرنگ و بەکەڵکەو بیرەوەرى نوسینەوە زیاتر بەهێزو بێخەوش دەکات، زمانى جوان وداڕشتنى پڕئیستاتیکاى وشە بیرەوەرى بەجوانى وزێندوێتى بۆ نەوەکان دەهێڵێتەوەو دەبێتە شایەتى مێژووى ئایندە.

پیاوە بیجامە شینەکە
وەک گوترا زۆرێک لە تاکەکانى کۆمەڵگە دەتوان بیرەوەرى خۆیان بەوزمانەى هەیانە بنوسنەوەو تۆمارى بکەن و بەچاپکراوى بیخەنە بەردەست خوێنەرانیان ونێو ڕەفەى کتێبخانەى پێبڕازێنەوەو سوود وکەڵک بە خوێنەرو نەوەکان بگەیەنێت و هەم ئەزمۆن و تاقیکردنەوەى کەسى بیرەوەرى نووس کەڵک وسوود بەخوێنەر بگەیەنێت و قۆناغى مێژوویى و تێپەڕین بەتاقیکردنەوەکان، لەکەوتن وشکست و هەستانەوە باش بگەیەنێت و پەیام وبەرئەنجامى هەبێت.
پیاوە بیجامە شینەکە، بیرەوەرى نووسەرو شاعیرى دیارو ناسراو لەنێوەندى ئەدەبیدا(جەلال بەرزنجى)یە(٦٣١)لاپەڕەى نیوئەى فۆڕى بۆخۆى داگیرکردووە، لەلایەن دەزگاى فام بۆچاپ و بڵاوکردنەوەوە، ساڵى ٢٠٢٢چاپ وبڵاوى کردۆتەوە.
بیرەوەرى نوسەر کەلەم کتێبەدا(پیاوە بیجامە شینەکە)دا بڵاوکراوەتەوە، بەچەند قۆناغ یان چەندشێوەیەکدا تێپەڕیوە، پاشان ئەم بەرهەمەى لێشین بووەو هاتۆتەبەرهەم، بیرەوەرى و ڕووداوى نێوکتێبەکە لە کوردستان و کەندا وازییانکردووەو لەم کتێبەدا بەرهەمهاتوون و نوسراون، چونکە بەرزنجى کوڕى کوردستانەو لە کوردستان پێى ناوەتە ژیانەوەو ژیانى ئەزمۆن کردووەو دووەم ئەزمۆنى ژیانکردنى کەنەدایە کەزۆر دوورە لە خاکى باب و باپیرانیەوە، بەرزنجى دەڵێت:ڕۆژێک بۆ ئاهەنگى ئیمزاکردنى کتێبى نوسەرێک بانگهێشتى کردین نووسەرەکە خەڵکێکى هەرێمێکى دیکەى کەنەدایەو چەند ساڵە هاتووە بۆ هەرێمى ئەلبێرتا. کتێبەکەى ئەو نووسەرە یادەوەرییە. لە ئەزموونى ئەو نوسەرەوە فێربووم لە خۆم بپرسم”نوسەرێک کتێبێک لە سەر شوێنگۆڕینى خۆى لە ناو یەک وڵات بنووسێت،ئەى بۆمن کتێبێک لە سەربڕینى سنوورى سێ کیشوەر نەنووسم و ئەو یادەوەرییەخۆش و ناخۆشانەى چەندەها ساڵە لە ناوەوەم هەڵم گرتوون، نەیگێڕمەوە؟!” واتە سەرەتاى بیرۆکەى بیرەوەرییەکانى نووسەر لەم سەرچاوە ئاماژە پێدراوەوە سەرچاوەى گرتووەو شاعیرو نووسەر بیرۆکەى نووسینەکەى لەلا گەڵاڵە بووە. سەرتاش ساڵى ٢٠٠٨ بەزمانى ئینگلیزى نوسیوێتى و ساڵى ٢٠١١ بەهاوبەشى زانکۆى ئەلبێرتاى کەنەدا، زانکۆى مەشیگان لە ئەمریکا بەزمانى ئینگلیزى چاپیان کردووەو لە زۆر ماڵپەڕیش وەک ئەمازۆن بڵاوکراوەتەوە، جارێکیش وەک پڕفرۆشترین کتێب و لەلایەن خوێنەرانى ئەو وڵاتانەوە، پێشوازییەکى باشى لێکراوە. کتێبەکە چەندین خەڵاتى کەنەدى و نێونەتەوەى پێبەخشراوە.
پاشان لەلایەن نووسەرو دەزگاى ئاراس بەوەرگێڕانێکى نوێوە بۆ سەرزمانى کوردى، ڕەزامەندى بۆ وەرگیراوە کە لە کوردستان و دەزگاى ئاراس لە شارى هەولێر چاپبکرێت، بەڵام بەهۆى داخرانى دەزگاکەوە چاپکردنەکەى دواکەوتووە. بەڵام وەک نوسەر باسى لێوەدەکات پاش بەراوردکردن وتەتەڵەو پێداچوونەوە بەبیرەوەرییەکاندا چەندجارێک (ئیدیت)کردن زۆر شتى لەنێوەرۆکدا بۆ زیاکراوەو پوختەتر کراوەو بە ناوەرۆک دەوڵەمەند بووەو پاش ئەو هەموو ئاڵوو گۆڕوو ڕانان و گفتووگۆکردنە لەسەر کتێبەکە”١١”یانزە ساڵ تێپەڕین بەسەر چاپە ئینگلیزییەکەى لەلایەن نوسەرو دەزگاى فامەوە بڵاوکراوەتەوە.

زمانى نووسين
جەلال بەرزنجى، سەرەتا بەخوێندنەوەو نوسین جگە لەبڕێنى پلەکانى خوێندن لەگوندەکەیان(ئەشکەوت سەقا)”٤٠”کیلۆمەتر لە شارى هەولێر دوورەو لە سەر شاڕێگەى هەولێر کە دەچێتە کۆییە. دەستى پێکردووەو کۆتۆتە نێودونیاى خوێندنەوەو نوسین و شیعرەوە، زۆربەمان جەلال بەرزنجیمان لە ڕێگەى کتێبى(سەماى بەفرى ئێواران)ى ساڵى ١٩٧٨ کە بەخەتى دەست چاپى کردبوو، وەک کۆپى چاپ ناسى، شاعیر هەنگاو ئەزموونى و تواناى ئەدەبى لەم کتێبەوە خستە بەردیدەى خوێنەرەکانى کە شیعرو دنیابینى شیعرى بوو، پاشان بەپلەکانى پەیژەى ئەزمۆن وخوێندنەوەو شیعردا سەرکەوت و پێشکەوت و تێکەڵاوى کۆڕ و بڵاوکردنەوەى بەرهەمەکانى بوونە ئاوێتەى گەشەکردن وپێشکەوتن وهەڵزنانى ئەم شاعیرە.

بیرەوەرى پیاوە بیجامە شینەکە
ئەم کتێبەى شاعیر لە دووجیهانبینین و دوو دونیاو سەرزەمینى جوداو فرە کلتوورى جیاوازدا نووسراوون، کلتوورو دابوو نەریتى خێڵەکى ومەزهەبى پڕ ئازار و برینى کوردستان و کەلتوورو دابوونەریتێکى پێشکەوتووى سەقامگیرى خۆرئاوا، کە نووسەر نیوەى ژیانى لە خۆرهەڵات و نێوەکەى ترى لە خۆرئاوا بەسەردەبات،مەگەر گەشت پێکیانەوە گرێبدات، تەمنێک لەملاو تەمنێک لەولا، بەڵام گەشەکردن و گۆڕان لەم دوو ئەزموونەدا هەیەو کاریگەرى تەواى لە سەر نووسەرو تاقیکردنەوەکانى ژیان و نوسین وخوێندنەوەدا بۆ بەرهەمهێناوەو بەرئەنجامێکى زۆر باش و پوختەو دەوڵەمەندى فێرکردووەو خستوێتییە سەر، یان ناو دونیاو فەزایەکى جیاوازتر لەپێشترو زۆر ئەزموونەکەى دەوڵەمەند وبەپێز کردووەو جوانى زۆرى بە(جەلال بەرزنجى)بەخشیووە.
ئەم بیرەوەریانەى نووسەر زۆر بەزمانێکى جوان وپاراو پڕئەزموون ودەوڵەمەند نووسراوون، تەژییە لەجوانى گێڕانەوەو بیرخستنەوە، لە سەرخۆ بەنەرمى دەمانخاتە نێوڕوداو کارەسات و ململانێکانى مێژوو، ژیان لە کوردستان و کەنەداو خۆرئاواوە، ئەو لەبیرەوەرییەکانيدا زمانى زبر توند بەرزوو نزم هەڵچوون خۆ بەقارەمانکرد، دڵرەقى وتوندوتیژى نازانێ چییەو خۆى لێبواردووە عەقڵێکى فراوان و ئیستاتیکا لە ووشەدا بەکاردەهێنێت، من لام وایە نووسەر گەر لەکەنەداو ئەو بارودۆخە سەقامگیرەى ئەزموون و تاقینەکردایەتەوەو تێیدا نەژییایە، نەى دەتوانى بەزمانێکى هەنگوینى و سارد و لە سەرخۆو ئاشتییانە بنووسێت، ئەویش بەوەى زۆر بیرەوەرى نووسەران وشاعیران وکەسایەتییەکانى جۆربەرجۆرى خوێندۆتەوەو لەزمانى ئاشتى وتەباى مرۆڤ دۆستانە گەیشتووەو لاى ئەو گرنگى و کەڵکى زیاتر دەگەیەنێت. لە ڕەنگى شین و ئاسمانێکى بێسنوورى شیندا شتە جوانەکان جوانتردەبینێت.

ناوەرۆکى پیاوە بیجامە شینەکە
پیاوە بیجامە شینەکە گەشتێکە بە ناو کایەکانى ژیان ومردن و منداڵى و گەورەبوون و هەراشبوون و برین و ئازارەکانى رۆژگاردا، ستەم لە بەرانبەر ئاشتیدا وەستاوە،منداڵى لە زێدى خۆیى وهاتنە دونیاى لە خانووە قوڕەکانى گوندى(ئەشکەوت سەقا) و گوزەر بەنێوگەڕەکەکانى هەولێرو موسڵ وسلێمانى وکۆییەو بینینى چیاو دۆڵەکان و سوتانى ڕەزوباخ و گوندو شەڕو ستەم و بەندیخانەو کتێب و چیرۆکە نەبیستراوەکانى بەندیخانەو شیعرو دونیاى وشەو خنکاندنى ئازادى، گولەبارانکردنى هاوڕێو کەسوکارو هەڵکەندنى بنجى درەختەکان و ژاکانى گوڵەکان و خەون بینین بەدونیایەکى نوێو گەیشتن بەسەربەستى وئازادییە، گەشت وهەڵهاتنە بەنێو سنوورو کۆڕەو کیماباران و ئەنفال و بیابانەکانى خواروى عێراق و عەرعەردا، گەیشتنە بەنێو خاکى دراوسێکان وبینینى باڵەخانە بەرزو ڕێستۆرانت و شەقامەڕازەوەکان و باخچە دڵگیرەکاندا، ناسینى کەسایەتیە ئەدەبییەکان و وڵاتانە،بەڵام کۆتایى گەشتیى پیاوە بیجامەشینەکە هەڵفڕینە لە ناو ئامێزى ئاشتى وئازادى و سەقامگیرو گەشتى بێسانسۆرو فرینە بەنێو وشەو جوانی و لەبیرنەچوونەوەى نیشتمان و ئازیزانیدا.

پیاوە بیجامە شینەکە دەڵێت:
ئێمەو ماڵەکەمان لەناو جانتا
لە سیڤاسەوە چوینە ئەستانبووڵ
تا تاریک و ڕوون بچینە تاراوگە
ئەو ئێوارە فرۆکەخانە پڕبوو لە کۆچبەر
هەندێک دڵیان ئامادە دەکرد بۆ گەشت
هەندێک بە فەرهەنگ خۆیان فێرى زمانى ئینگلیزى دەکرد
هەندێک بیرى ماڵەوەیان دەکرد
هەندێک دەترسان بیانگێڕنەوە ماڵەوە
مامۆستا جەلال بەرزنجى بیرەوەریى و پەیڤەکانى جوان چنیووە، بەرهەمێکى بەرزە و نایاب و شیرینەو درەوشاوەیە وەک تیشکى خۆرێک لەناو ئاسمانێکى شیندا، بۆیە شایانى خوێندنەوەیە، پیرۆزبایى لێدەکەم بەهیوام بەردەوام و تەمەندرێژو بەختەوەرو شادمان بێت.
سەرنج:
*هەڵەى چاپ وکۆمپیوتەرى فرە تێدایە.
*بەڵگەى سەردەمى خۆیى لەنامە،بەڵگەى گرتن و ئازادکردن، ڕۆژو مانگ و… زۆربەکەمى بەکارهاتووە یان نیە.

  • لەزۆر شوێندا بەلای پارتایەتى هۆکارى چونە بەندیخانەى نەچووەو ڕوون نیە خانەوادەو خۆى لەبەرچى دەستگیرکراون و لێپێچینەوەیان لێکراوەو خراونەتە زیندانەوە، تەنیا جەخت لەسەر کوردبوون وشتى تردەکاتەوە.
    *”لە گۆڤارى نووسەرى کورد” لە شاخ ئەم شیعرەم بە ناوى(زەمەند)بڵاوکردەوە. ئەمە هەڵەیە گۆڤارەکە ناوى نوسەرى کوردستانە، بەوناوە نهێنى و خوازراوەوە شتى واى تێدا نیە.تکایە سەیرى هەمان گۆڤاربکە، ئامادەکردنى نووسەرى ئەم بابەتە سەرجەم ژمارەکان، ساڵى ٢٠٢٣.
    *بۆیەکەم جار بە بڵاوکردنەوەى هەندێک” قسەى نەستەق”لە کتێبى (گوڵەکانى ڕۆژگار)م وەرمگرتبوون… ، لەڕاستیدا نووسەر ناوى ئەم کتێبەى بە هەڵە داناوە، ناوە درووستەکەى(گوڵاڵەکانى ڕۆژگار)ە نوسین و وەرگێڕانى محمەد حسن مەنگۆڕییە، ساڵى ١٩٦٨،چاپخانەى اللواء، پێشەکییەکەى مامۆستا محەمەد مولود مەم نوسێوێتى.
    *یەکەمین جارکتێبەکانى (ماوتسى تۆنگ)م لەبەرگێکى سووربە کوردىلەوێندەر بینى…
    ئەوکاتە یەک کتێبى ماوسى تۆنگ وەرگێڕاوە ساڵى١٩٧١، ناوى(چەپکێک لە قسەکانى ماو)ە، وەرگێڕانى خوالێخۆشبووان نەوشیروان مستەفاو مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدە، کتێبێکى گیرفانى بەرگ سوورى چەرمە.
    *هێرش:مامۆستا دەڵێى پێشمەرگایەتیت نەکردووە؟!
    لمووزى بەرز کردەوە،گوتى: هاها ها، ئەوەتا.. لەڕاستید(لمووز)یان(لەمۆز) بۆمرۆڤ بەکارنایەت و دروست نیە، چونکە بۆ ئاژەڵو وڵاخ بەکاردێت.
    سەرچاوە: بیرەوەرى پیاوە بیجامە شینەکە، دەزگاى فام، ٢٠٢٢، ٦٣١لاپەڕە، پێوانە١٣،٥سم، بە٢١سم. لاپەڕە

٢٥\٣\٢٠٢٣

1- بیرەوەرى پیاوە بێجامە شینەکە، جەلال بەرزنجى، دەزگاى فام بۆچاپ وبڵاوکردنەوە، ٢٠٢٢ل١٩
2- سەرچاوەى پێشوول٤٦٧
3- سەرچاوەى پێشوول٥٩
4- سەرچاوەى پێشوول٢٣٤
5- سەرچاوەى پێشوول٢٣٦
6- سەرچاوەى پێشوول٣٩٦




گفتوگۆ لەگەڵ نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)* لەسەر کار و چالاکی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست.. سازدانی: عەبدوڵڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

دەربارەی کار و تێکۆشانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست و گۆڤاری ڕابەر ١٩٨٧ – ١٩٩١

بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە کلیک لەسەر ئەم ناونیشانەی خوارەوەبکە..
ئەم گفتووگۆیە لە کتێبی:  دەربارەی کار و تێکۆشانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست و گۆڤاری ڕابەر لە نووسینی عەبدواڵ سڵێمان)مەشخەڵ بڵاوبۆتەوە..

پرسیاری یەکەم : چۆن ئاشنا بوون بە گۆڤاری رابەر و چۆن دەستتان دەخست؟
جگە لەوەی خوێنەری گۆڤاری رابەر بوون، لەهەمان کاتیشدا بەرهەمتان بۆی دەنارد، چ بەرهەمێکتان لەو گۆڤارە بڵاو بۆتەوە؟

گۆران عەبدوڵڵا:
سەرەتای ئاشنابوونم بە گۆڤاری ڕابەر دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ١٩٨٨ ئەوکاتەی لەگەڵ ئەم کۆمەڵە هاوڕێیە ( پەخشان و بەختیار، مستەفای حەسەنە گەورە، عەدنان حەمید، جەمال کرێکار و شێرکۆ) بە هۆکاری نەچوونمان بۆ (خزمەتی سەربازی) بە نهێنی لەچاوی دامودەزگاکانی بەعس لەیەکێک لە شوقەکانی شاری هەولێر دەژیاین و سەرقاڵی خوێندنەوەو کاری سیاسی بووین وەکوو حەڵقەی مارکسی.
پاش ئاشنابوونمان بە ئەدەبیاتی ڕێکخراوەی ڕەوتی کۆمۆنیست و پەیوەستبوونمان بەو ڕێکخراوەوە، بۆ یەکەمینجار لەڕێی هاورێیەکەوە چاومان کەوت بە یەکێک لە ژمارەکانی گۆڤاری ڕابەر. بەرگێکی شین، بە خەتێکی ڕەش لەسەری نوسرابوو ڕابەر. ناوەوەی گۆڤارەکە وەرقەیەکی تەنک بوو پێی دەوترا ڕایز. ئەو ناوانەی بەرچاوم کەوتن و لە یادەوریمدا مانەوە ( هۆشەنگ، مەشخەڵ، کاوە و ناوێکی تریش سەیر دەهاتە بەرچاوو بەقورسی بۆم لەبەرکرا، بەڵام ئەولەبەرکردنەم هەرگیز بیر نەچوەوە ئەو ناوەش ( شۆڕش هیومانێست) بوو! پاش ڕاپەڕینی ٩١ زانیم ئەو ناوە جەمال کۆشش بوو. دوواتر شیعرێکی خۆمم بۆیان ڕەوانکرد بەناوی ( بۆ مناڵێکی نانفرۆش) لەیەکێک لە ژمارەکانیدا بڵاو بووەوە.

پرسیاری دووەم: هەڵسەنگاندتان بۆ کار و چالاکییەکانی حەلقەکە و گۆڤاری رابەر چۆن بوو و ئێستا چۆنی دەخوێننەوە؟

گۆران عەبدوڵڵا:

ئەو سەردەمە سەردەمی زێڕینی بەرگریکردن و وەستانەوە بوو لە بەرانبەر دیکتاتۆرییەت و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی. هەر کار و جوڵانەوەیەک لەناو ئەو بازنەی مقاوەمەتەدا جێیەکی بۆخۆی بگرتبایە جێگای ئعتیبار و دەستخۆشی بوو. ئێمە، ئەو هاوڕێیانەی کە پێکەوە دەژیایین جگە لە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی سیاسی، سەروکاری ئەدەبیشمان هەبوو. هەربۆیە گۆڤارەکەو هەوڵەکانی پشت گۆڤارەکەمان بەرزدەنرخاند. ئەوەی لەبیرم مابێت هەموو کۆک بووین لەسەر ئەوەی ئەمکارە لاسایکردنەوەی گۆڤاری ئەدەبی( پێشەنگ)ی کۆمەڵە سازمانی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانە (دیارە بەلایەنە ئەرێنێکەیەوە) ئەو سەردەمە لە زۆر بواردا لاسایی کارەکانیانمان دەکردەوە، بەزمانێکی تر بە نمونەیەکی تەواو کامڵی خۆمانمان دەزانین. لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاونان بەرەو گەشەپێدانی ئەدەبی کرێکاری و سەربەخۆی ئەو ئەدەبەمان بە گرنگ دەزانی و هەستمان دەکرد ئەمەش هەنگاوێکە بۆ تەکاموڵی بزووتنەوە سیاسێکەمان و نزیکتر مامەڵە دەکات لەگەڵ هەست و واقعیەتی کۆمەڵگەکەمان. ئەو هەوڵانە لە ئێستاشدا دەبێت بە پێوەری بارودۆخی سیاسی ئەو سەردەمە بخوێنرێتەوە. سەردەمێک هەموو دەرگاکانت لێداخرابوون، سەرکووت تا ئەوسەری خۆی ڕۆشتبوو، مەرگ لەسەر هەموو کۆڵان و ناو ماڵێک خۆی مەڵاس دابوو، وشەیەک بەس بوو بۆ لێسەندنەوەی گیانی دەیان کەس! بێنە بەرچاو لەو هەلومەرجە ترسانەکەدا کۆمەڵێک گەنج نەک خۆی لەمەرگ دەبورێ بەڵکوو لەڕویدا دەوەستێتەوە، ئەوە لەڕوانگەی مەرگ دۆستییەوە نەبوو، بەپێچەوانەوە لە سۆنگەی ژیان دۆستییەوە بوو نەک تەنها بۆ خوود بۆ ئەوانی تریش. لەناو ئەودۆخە دژوارەدا هەر ئەوەندە دەکرا کە کرا.

پرسیاری سێیەم : تا چەند لەگەڵ سەربەخۆیی ڕیکخراوێکی ئەدەبی هەیت؟ ئایا پەیوەست بوونی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست بە ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیستەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

گۆران عەبدوڵڵا:

تا چەند لەگەڵ سەربەخۆیی ڕیکخراوێکی ئەدەبی هەیت؟ ئەم بەشەی پرسیارەکەتان، پێم وایە مێژوویەک لەگفتووگۆی لەسەر وەستاوە واتە بە ئا و نا، تێڕوانین و سەرنجی زۆری لەسەرە.
چەمکی سەربەخۆبوون و نا سەربەخۆبون لەدونیای ئەدەبی و سیاسی ئێمەدا شێوێنراوە، بەتایبەت لە دووای ڕاپەڕینەوە، ئەوکاتەی ئەحزابی شاخ کۆمەڵگەیان بەتەواوی دابەشکردە سەر ئەحزابی سیاسیدا. ئەوکاتەی سنووری نێوان چینەکانیان بە شوناسی حیزبی بوون شاردەوە.
ئەوەی کەباسی دووای ڕاپەڕین دەکەم مەبەستم ئەوە نییە شانی ئەحزابی ئایدیۆلۆجی گەرا خاڵی بکەمەوە کە لەسەد ساڵی ڕابردوو کاریگەری قوڵیان لەسەر زهن و کاری ئێمە هەبووە هەرچی کارێک دەستی بۆ بردبێت، ویستوویەتی ڕەنگداری بکات بە ئایدیۆلۆجێکەی خۆی و بە کۆمەڵگە بڵێت ئەوە منم. بەزمانێکی تر ئەوەندەی خەمی نیشاندانی کارەکانی دەبێت ئەوەند بەدوای جێکەوتەبوونی کارەکانیەوە نابێت.

باسکردن لەسەربەخۆیی گرنگە ڕۆشن بڵێیین سەربەخۆبوون لەچی؟ سەربەخۆبوون لە ئەدەبی بۆرژوازی، یان سەربەخۆبوون لە ئەحزابی سیاسی؟ یان کاتێک دێینە سەرباسی سەربەخۆیی ئۆرگانێکی ئەدەبی و لەو گۆشەیەوە سەیری سەربەخۆبوونەکەی دەکەین کە ئەم گۆڤارە یان ڕۆژنامەیە تەنها گرنگی بە بڵاوکردنەوەی بابەتگەلێک دەدات کە دەستەی بەڕێوەبردنەکەی پێش وەخت، خەت و ختووتەکەی بۆداڕشتووە، واتە بە پشت بەستتنیان بە تێڕوانینە فکری و ئایدیۆلۆژێکەیان شورایەک بەدەوری خۆیاندا دەکێشن و فیکر و تواناکان لەو چوارچێوەیەدا لە قاڵب دەدەن.
کاتێک باس لە سەربەخۆیی ڕێکخراوێکی ئەدەبی دەکەین بەڕای من گرنگە پێشتر لە ئەرکەکانی ئەدەب تێبگەین. بە زمانێکی تر، ئێمە خەریکین چی لەسەر شانی ئەدەب باردەکەین. بەشێوەیەکی بنەرەتی و باو دوو ڕوانگە کار لەسەر دونیای ئەدەب دەکات، یەکێکیان پێی وایە ئەدەب دەبێت تەواوکەری سیاسەت بێت و لەسەنگەرەکانی پێشەوە خەریکی شەڕبێت ئەوەش زۆرتر بە ئەدەبی پرۆلیتاریا ناسراوە. لەناو ئەم تێڕوانینەدا نووسەر بە تەواوی ئازادێکانی خۆی لەدەست داوە و لە بۆتەی سیاسەت و ئایدیۆلۆجیایەکی دیاریکراودا دەشێلرێت. لە زهنی نووسەری ئەدەبیدا ئەوە بەرجەستە دەکرێت کە سیاسەت بەیەکەم دێت و دونیای ئەدەبیش دەکرێتە خزمەتی سەرکەوتنی سیاسەتەوە واتە سیاسەت جێگای یەکەم دەگرێت و ژیان دووەم ( ژیان بەمانای لایەنە زاتی و بایۆلۆجێکەی ئینسان) دیارە مەبەستمان لەو خەتە سیاسییە کەلە زهنیەتی نووسەردا جێگیر دەبێت. لێرەوە تراجیدیای ئەدەب دەستپێدەکات و نووسەر دەبێت بەڕۆبۆتی ستراتیج و تاکتیکەکانی ئایدیۆلۆجیایەکی دیاریکراوو دونیای ئەدەبیش تا ئەو سەری خۆی بچوکدەکرێتەوە.

ڕوانگەکەی تریش بەشێوەیەکی تایبەت کار لەسەر ناشیرینکردنی ئایدیۆلۆجیا دەکات لەڕێی میدیا زەبەلاحەکانیانەوە بەناوی ئەدەبی دیموکراتییەوە کەش و هەوایەک دەڕەخسێنن، نووسەر لە بنەما ئابوری و کۆمەڵایەتییەکەی خۆی دادەبڕێنن و وەکو تاکێک لەسەر پشتی پەپولەیەک لە نێوانی ئەستێرەکاندا خەریکی شەوی شین و پەمەیی دەکەن.
دەبێت ئەو بارانەی کەسەر بە هەواری دونیای ئەدەب نیین لە کۆڵی ئەدەب بکرێنەوە. دەبێت ئەدەب لە پەیوەندییە قوڵەکەی بە ئینسانەوە سەیربکرێت.
وەکوو جەیمس فێرەڵ لە ئەدەب و ئایدیۆلۆجیادا دەڵێت (ئەدەب هونەرە لەسەردەمێکدا هۆشیاری و ویژدان درووست دەکات. ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی چی بەسەر بەشەرەکاندا هات، وە دەکرا چییان بەسەردابێت وە بیریان کردەوە چییان بەسەردا دێت. باسی ئەو سەردەمانەمان بۆ دەکات کە ژنان و پیاوان لە چ دڵخۆشی و نا خۆشی و چەرمەسەرییەکدا ژیان. ژیان پڕە لە نهێنی وە گەورەترین نهێنی ژیانیش خودی مرۆڤ خۆیەتی. ئەدەب گەڕانە بە دوای ئەم نهێنیانەدا..) لە دێڕێکدا دەتوانیین بڵێین با دەستهەڵگرین لە سەربەخۆبون و نا سەربەخۆبوون با زەمینەیەک بۆ ئەدەب بڕەخسێنین ببێت بە ئاوێنەیەکی ڕوونی سەردەم و ژیانی ئینسانەکان.

سەبارەت بەبەشی دووەمی پرسیارەکەتان:
ئایا پەیوەست بوونی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست بە ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیستەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەم پرسیارە لە کاتی خۆیدا لەناو ئەو هاوڕێیانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدان بوو بە شوێنی قسەو باس. بەشێوەیەکی گشتی دیدێکی ڕۆشنمان نەبوو لەبارەی ئەدەب و ئایدیۆلۆژیاوە. تێبینییەک کە هەمان بوو ئەوەبوو ئەم کارە دەبێتە مایەی ئەوەی نووسەرانی غەیرە ڕەوت خۆیان دوورە پەرێز بگرن لە حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست چوونکە بە کردار دەبێتە حەلقەی ئەدیبانی ڕەوتی کۆمۆنیست.
لە دیدی ئەمڕۆمەوە ئەو بڕیارەی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست بە بڕیارێکی تەواو هەڵە دەزانم، چونکە دونیای ئەدەب زۆر فراوانترە لەوەی بترنجرێتە ناو بۆتەی ڕێکخراوێکی سیاسییەوە. لە کۆتاییشدا بە ئاستی گەورەی و بچوکی ئەو ڕێکخراوەیە ئەویش گەورەو بچووک دەبێتەوە.
لە کۆتاییدا و لە یادی ئەو ڕۆژگارەو هەوڵەکانی کارکردن بۆ باشتر کردنی ژیان وهەنگاو نان بۆ گۆڕینی دونیا، چەندە کارەکان زۆر سەرەتایی و بچووک بووبن یان ڕەنگە مایەی پێکەنینبن بۆ ئەمڕۆ، دەڵێم سەرجەم کارەکان مایەی ڕێزو دەستخۆشین. رۆژگارێک بوو مەرگ لە کەمینا بوو بۆ هەموو کارو بکەرێکی کار. هەڕچی کارە کرا لەو چوار چێوەیە، تەنها نییەت کارکردن بوو هیچی تر. دووبارە دەستان خۆش.

  • نــەوزاد مدحــەت (گــۆران عەبــدواڵ) نووســەر و شــاعیر و هەڵســوڕاوی جەمــاوەری و کرێــکاری
    لــە داکیبــووی شــاری کەرکووکــە ســاڵی ١٩٦٤ . لەهەڕەتــی لاویدا پەیوەســت دەبێــت بــە کۆمەڵــەی
    ڕەنجدەرانـی کوردسـتانەوە. پاشـان وەکـوو دەیـان کەسـی تێکۆشـەری تـر واز لـە کۆمەڵـە دێنێـت و
    پەیوەسـت دەبێـت بـە بزووتنـەوەی کۆمۆنیسـتی و بەتایبەتـی ڕێکخـراوی ڕەوتـی کۆمۆنیسـت. هـاوڕێ
    گـۆران هەڵسـوڕاوێکی جیـددی سیاسـیی و جەماوەریـی بـوو. جگـە لـە ڕێکخـراوی ڕەوتـی کۆمۆنیسـت
    و پاشـان حیزبـی کۆمۆنیسـتی کرێـکاری عێـراق، لـە یەکێتیـی بێـکاران لـە کوردسـتان و کۆمەڵـەی
    ئاوارەکانــی کوردســتان زۆر شــیلگیرانە هەڵدەســوڕا. ئــەم تێکۆشــەرە بــۆ ســاتێک چییــە وازی لــە
    خەبـات لەپێنـاو دنیایەکـی ئینسـانیی و باشـتر نەهێنـاوە. ئێسـتاش دوو دەیـە زیاتـرە لـە وڵاتی
    کەنـەدا دەژێـت و بەڕێوەبـەری سـایتی دەنگەکانـە.



جەوهەری فەلسەفە و حەقیقەتی فەلسەفە.. نووسینی: دڵشاد کاوانی

سەرەتا
مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤ بیرۆکەی لەسەر دۆزینەوەی حەقیقەت و ڕاستی یان ئاسانکردنی ژیان و ئەزموونە فکرییەکان هەڵچنی وە، بۆ بیرمەندان، ڕاستی گەردوون گرنگە، ئایدیاڵی بیرکردنەوە بریتییە لە گەڕان بەدوای جەوهەر و دۆزینەوەی ڕاستی. بەهۆی گرنگی ژیان لە دەرەوەی دەستڕاگەیشتن و چارەنووسی مرۆڤ، کاریگەری بیرکردنەوە و بیرۆکەکانی لەسەر مرۆڤ دانا، نەوەک تەنیا لەسەر خودی بوون. کۆکردنەوەی ئەو بیرۆکانەش لە ڕوانگەیەکی گشتییەوە ناوی لێنرا “فەلسەفەی مرۆڤ”.

قوتابخانەی سۆفیستیکا دووەم قوتبخانەی بیرکردنەوە.
لێرە باسی ڕۆڵی قوتابخانەی دووەمی بیرکردنەوەی فەلسەفیی سەردەمی سۆقرات دەکەین، کە پێکهاتووە لەو کەسانەی کە لە زمانی یۆنانیدا بە “سۆفیست” ناسراون، قوتابخانەیەکی بیرکردنەوەیە کە بە ئەنترۆپۆسێنتریزمی پێش سۆکراتی تایبەتمەندە. دیارترین تایبەتمەندی ئەم ڕەوتە ئەوەیە کە پێوەر بۆ لێکدانەوەی حەقیقەتی بوون تەنیا لەسەر بنەمای بڕیار و هەستی مرۆڤەکانە و مەحاڵە باس لە سروشتی ڕاستەقینەی بوون بکرێت.

وشەی “سۆفیست” کە بە واتای “وەستا، لێهاتوو” دێت، سۆفیستی یۆنانییە، و لە زمانی یۆنانیەوە بە وشەی “سۆفیستیکا، سۆفیزم، ساپساتا” هاتۆتە ناو زمانەوەکانی دیکەوە. سەرەڕای واتا ئەرێنییەکانی زاراوەی سۆفیست، بە تێپەڕبوونی کات، هەندێک لە بیرۆکەکانی سۆفیست سەرباری ئەوەی بەناوبانگ بوون، تۆمەتبارکراون بە کێشەی ڕیتۆریکی.

فیساگۆرس، سەرکردەی بزووتنەوەی سۆفیستەکان، یەکێک بوو لە بەناوبانگترین سۆفیستەکانی جیهانی یۆنانی، بۆ ئەو ڕاستی ڕێژەیی و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر و لە بارودۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر دەگۆڕێت. ئەگەر ڕاشکاوانەتر باسی بکەین، بۆ نمونە لای ئەو، بوونی یان نەبوونی سەرما لە ڕۆژێکی زستاندا پەیوەندییەکی نزیکی هەیە بەوەی کە ئایا مرۆڤ بە بەستەڵەک دەبێت یان نا، ئەگەر کەسێک ببێتە بەستەڵەک، دەتوانین باسی بوونی سەرما بکەین، ئەگەر بەستوویی و قەسڵینی مرۆڤ نەبێت، ناتوانین باسی بوونی سەرما بکەین. بە جۆرێک حەقیقەت لەسەر بنەمای مرۆڤ دامەزراوە، ئینکاری جەوهەری حەقیقەت دەکات، واتە ئەو بیرۆکەیەی کە حەقیقەت یەک حەقیقەتی هەیە، بە شێوازی تێگەیشتن لە تێکدانی هەموو شتێک، ڕێگا بۆ نیهیلیزم (نکۆڵیکردن) دەکاتەوە.

لای فیساگۆرس حەقیقەتی مرۆڤ پێوەری هەموو دروستکراوەکانە.
“مرۆڤ پێوەری هەموو دروستکراوەکانە.” بەناوبانگترین وتەی فیساگۆرسە و دەتوانرێت بڵێین فەلسەفەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر ئەم وتەیە دامەزراوە. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، بیرۆکەی ڕێژەیی حەقیقەتی بەو بیرۆکەیە خستەڕوو کە ڕاستی وجود لەگەڵ ڕێزگرتن لە مرۆڤدا دەگۆڕێت، ئەمەش بووە هۆی دەستپێکردنی ڕێژەگەرایی فەلسەفیی. پێشخستنی ئەو بیرۆکەیە بووە چەقی ئەو تیۆرییەی کە بابەتی فەلسەفە دەبێت تەنها مرۆڤ بێت، هەموو کێشە فەلسەفییەکان دەبێ لە دەوری مرۆڤدا بسووڕێنەوە.

بە پێی تیۆری ڕێژەیی کە فیساگۆرس پێشنیاری کردووە، ئایین و ئەخلاق و دادپەروەری و یاسایەکی گەردوونی یان گەردوونی نییە. بە واتایەکی تر هەموو بوون لە بازنەی ڕێژەییدا دەجوڵێت و مەحاڵە باس لە بوونێکی ڕاستەقینە بکرێت. بە جۆرێک ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕاستی ڕێژەییە.

فیساگۆرس بە ئاماژەدان بە نیهیلیزم (نکۆڵیکردن، هیچ نەبوون) و ئەگنۆستیزم (تیۆری نەزانی)، ئەو بیرۆکەیەی پێشخست کە مەحاڵە بزانین خودا هەیە یان خودا چۆنە: “ئەگەر کەمێک زیاتر بژین، ڕەنگە هەندێک شت فێربین، بەڵام ژیان زۆر کورتە بۆ فێربوون.” شتەکان بۆ ئێمە داماون. بۆیە ئێمە مافی ئەوەمان نییە هیچ شتێک لەبارەی خوداوە بڵێین و لەسەر ئەو شتانەی کە ناتوانین هیچ لەبارەیەوە بڵێین.

توانین بنەمای فەلسەفە و بیرکردنەوەیە، لای گۆرگیاس

گۆرگیاس، خوێندکاری ئیمپێدۆکلیس، کارەکتەری گوماناویتر بوو لە پرۆتاگۆراس. بۆ ئەو خودی بوون دۆخێکی جێی پرسیارە و وشە بەناوبانگەکانی مێژووی بیرکردنەوەش بریتین لە “هیچ شتێک بوونی نییە، مەحاڵ دەبوو بزانرێت ئەگەر هەبووایە و ئەگەری زانینیش هەبووایە، مەحاڵ دەبوو بتوانیت بە ئەوانی تر بیگەیەنێت”..” بۆیە ئەرکی ڕێژەیی پێدەدرێت.

ئەمەش سێ بیرۆکه ی سەرەکی له خۆ گرتووه:.
1) چونکه پارادۆکسی بوون سروشتێکی وای هەیه که ڕوونکردنەوەیەکی عەقڵانی نییه ، بۆیه مەحاڵه باس له بوون بکرێت.
2) کە دەرئەنجامەکانمان سەبارەت بە بوون نادروستن چونکە عەقڵ ناتوانێت بە شێوەیەکی دروست هەست بە بوونی جیهانی دەرەکی بکات و هەر بۆیەش مەحاڵە بزانێت.
3) سەرچاوە و تێگەیشتن و تێنەگەیشتنی گوێگرە لە بوون بە هۆی بێتوانایی زمان لە دەربڕینی بوون بە شێوەیەکی دروست و کامڵ و نەتوانینی گەیاندن و لە ئەنجامدا نەزانین بەهۆی ناتەواوی زمانەوەیە. نموونەیەک لەم ئارگیومێنتە: تێگەیشتنی ڕەنگ هەوڵدەدات لە ڕێگەی وشەسازی و بیستنەوە مەحاڵبوونی تێگەیشتنی ڕەنگ بسەلمێنێت.

بە بۆچوونی گۆرگیاس، بەو پێیەی مەحاڵە بزانین، بۆیە فەلسەفە نابێت ئامانجی زانستناسی (مەعریفە) بێت، بەڵکو دەبێت ئامانجی ژیانێکی بەرز و باش بێت. کاتێک ئەفلاتون لێی پرسی ئاخاوتن چییە؟ گوتی باڵاترین هونەر لەم ژیانەدا قسەکردنە و بابەتی قسەکردن تەنها وشەیە، باسی لەوە کرد کە ڕاستی و درۆ و ڕاست و هەڵە لە هونەری قسەکردندا گرنگ نین. ئەفلاتون ڕەخنە لە قسەکانی دەگرێت و دەڵێت واتا “ڕەوایەتیدان بە درۆ”. لە ڕاستیدا گۆرگیاس مەبەستی ئەوە نییە کە فەلسەفە مەعریفە دروست دەکات، بەڵکو شتێکە کە درک بە ئامانجەکانی مرۆڤ بکات و خزمەت بە ئامانجەکانی مرۆڤ بکات.

با لە ڕوانگەی جەوهەری فەلسەفەوە سەیری ئەو شتانە بکەین کە گۆرگیاس لە سەرەوە گوتی: لە ڕاستیدا تاکە ئایدیالی فەلسەفە دۆزینەوەی حەقیقەت و ڕاستییە و لەسەر بنەمای ڕاستی دامەزراوە. سروشتی حەقیقەتگەری فەلسەفە لە پشتبەستنی بە لۆژیکەوە سەرچاوە دەگرێت وەک بڕبڕەی پشتییەتی، کە تاکە ئامرازێکە کە عەقڵی مرۆڤ لە کەوتنە هەڵەدا دەپارێزێت. هەروەها لۆژیک هاوشێوەی تەرازووە. بەو پێیەی بۆچوون هیچ ئایین و نەتەوە و ڕەگەزێکی نییە، تەنیا بە پشتبەستن بە لۆژیکەکەی مرۆڤ دەتوانێت خۆی لە چەقاندنی لە بەرامبەر وەهم و ساختەکارییە جۆراوجۆرەکانی بیروڕا بەدوور بگرێت. هەروەها توانای وەستانەوە لەسەر حەقیقەت لە لۆژیک و عەقڵەوە سەرچاوە دەگرێت.

کاتێک پرسیار لە ئەرستۆ کرا کە فەلسەفە چییە؟ بە کورتی دەڵێت “زانستی هۆکار و کۆتاییەکانە”. ئەرستۆ بەم جۆرە وەڵامی دایەوە، ئەفلاتون لە لێکدانەوەیەکدا ئێژێت: “فەلسەفە ئامادەیە بۆ مردن” لە ڕوانگەی ئایدیالی دەستبەجێ و لە لێکدانەوەیەکی دیکەدا، لە ڕوانگەی ئایدیالی درێژخایەنەوە، “فەلسەفە هەوڵی مرۆڤە بۆ بوون.” تا ئەو جێگایەی کەپێی دەکرێت وەک خودا بێت”. بەگوێرەی لێکدانەوە فەلسەفییەکانی فەیلەسوفە یۆنانیەکان، زانینی هۆکار و ئامانجی بوون، هەروەها دۆزینەوەی حەقیقەت و گەیشتن بە حەقیقەت و گەیشتن بە حیکمەت، هۆکارە سەرەکییەکانی بنیاتنانی فەلسەفەن. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، پاککردنەوەی ڕۆحە لە دونیای ناتەواوەوە بۆ جیهانی سەرەوەی کامڵ و خۆ ئامادەکردنی بۆ مردن، واتە ژیانی دوای مردن، یان قیامەت بە زاراوەی ئایینی ئیسلامی.

جەوهەری حەقیقەت لای کیندی و ئیبین سینا لە قوتابخانەی ئیسلامیی.
کیندی کە بە یەکەم فەیلەسوفی ئیسلامی ناسراوە، لە وتاری “لەسەر فەلسەفەی یەکەم”دا فەلسەفەی بە “هەوڵدان بۆ زانینی ڕاستی وجود تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە توانای مرۆڤەوە هەیە” پێناسە کردووە و ڕوونی دەکاتەوە. لە پێناسەیەکی دیکەدا دەڵێت “فەلسەفە خۆناسینی مرۆڤە”. سەرنجەکانی کیندی بە توندی ڕەنگدانەوەی پەیوەندی نێوان زانستناسی و حەقیقەتن، هەروەها ئەوە نیشان دەدەن کە ئایدیاڵی فەلسەفە دۆزینەوەی ڕاستی و زانینی ڕاستە. ئیبن سینا کە بە پاشای فەیلەسوفە ئیسلامییەکان ناسراوە، فەلسەفە بەم شێوەیە پێناسە دەکات: “مرۆڤ بە زانینی ڕاستی شتەکان دەگاتە کامڵبوون”.

بە پێچەوانەی فەلسەفەوە، حەقیقەتی ڕەها یان زاراوەیەکی تر بۆ حەقیقەتی ڕەها یان حەقیقەتی ئەبەدی بوونی نییە و مەحاڵە بە تەواوی حەقیقەت بناسین، کە مامەڵە لەگەڵ حەقیقەتی ڕێژەیی یان زاراوەیەکی تر بۆ حەقیقەتی بابەتیی دەکات. لای ئەوان ڕاستی ڕێژەیی و چاکەی بوارێک گوزارشت لە چاکە ناکات لە بوارێکی تردا و کردارێک کە بۆ تاکێک ئەخلاقی بێت ناتوانێت بۆ تاکێکی تر ئەخلاقی بێت، ئینکاری ڕاستی یان جەوهەری شتگەلێکی وەک ئەخلاق، جوانی، و چاکە، پێوەرەکانی ئەخلاق و چاکە لە حەقیقەت جیا دەکاتەوە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە “فەلسەفەی مرۆڤ”ی مرۆڤ سەنتەری بنیات ناوە کە لەسەر بنەمای زەمینەسازی مرۆڤ لە ناوەنددا دامەزراوە. بەڵام فەلسەفە لە بەرامبەردا لە ڕوونکردنەوەی جەوهەری شتەکاندا، مرۆڤ یان بەرژەوەندی مرۆڤ ناپێوێت، بەڵکو حەقیقەتی ئەبەدی یان حەقیقەتی ڕەها دەپێوێت. بە واتایەکی تر لە کاتێکدا پێوەرەکانی فەلسەفە بۆ حەقیقەت و مەعریفە لەسەر بەرژەوەندی مرۆڤ دامەزراون، پێوەرەکانی مەعریفە و مەعریفەی فەلسەفە لەسەر بنەمای حەقیقەتی ئەبەدی یان حەقیقەتی ڕەهایە.

ئەگەر بتوانین باسی ئەخلاقی گەردوونی بۆ فەلسەفە بکەین، مەحاڵە باسی ئەخلاقی گشتگیر بۆ فەلسەفە بکەین. چونکە ئامرازێکی تری گرنگی زانست بۆ پێوانەوەکردنی بوونەوەکان بریتییە لە تیۆری ڕێژەیی کە پەیوەندییەکی نزیکی بە بنەمای گۆڕانکاری لە فیزیادا هەیە و بۆ ئەگەری بوونەوەکان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پێوەندی لەگەڵ مرۆڤ و ژیانیدا بەکاردێت. بە واتایەکی تر لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتیدا ڕۆڵی هەیە.

فەلسەفەی حەقیقەت لە قوتابخانەی ماتریالیزمی دا
ماتریالیزمی دیالکتیکی، ڕەوتێک کە مارکس و ئەنگڵس دەستیپێکردووە، بە ئیدیعاکردنی ڕاستی بابەتیی، ڕاستی ئەبەدی، واتە میتافیزیک ڕەتدەکاتەوە. ئەگەر ڕاشکاوانەتر بڵێین، هەوڵدەدات گەردوونی میتافیزیکی پووچەڵ بکاتەوە بە یەکەمایەتیدان بە گەردوونی فیزیکی. لە جیهانی یۆنانیدا، لە دیمۆکریتۆسەوە دەست پێدەکات، “ڕۆح لە ماددە پێکهاتووە”. ڕوانگە، واتە قوتابخانەی فیکری ماتریالیست-ماتریالیستی ئەمڕۆش لەگەڵ قوتابخانەی فیکری ماتریالیستی بە ڕێبەرایەتی مارکس و ئەنگڵس بەردەوامە، ئەو بیرۆکەیە ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە ڕاستییەکی جێگیر لە حەقیقەتی گەردوونی و ئەخلاقی گەردوونی و دادپەروەری گەردوونیدا هەیە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە مرۆڤایەتی پێوەرەکەی ڕاستی و دادپەروەری و ئەخلاقە. بەڵام مرۆڤ شوێن حەقیقەت دەکەوێت، حەقیقەتیش شوێن مرۆڤ ناکەوێت.

سەرئەجام
لە کۆتاییدا ئەگەر لە ژێر ڕۆشنایی عەقڵ و لۆژیکدا سەیری ئەم کێشەیە بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە حەقیقەت جەوهەری خۆی هەیە. زەوتکردنی جەوهەری حەقیقەت یان حەقیقەت لە خۆی و نکۆڵیکردنی بوونی خۆی بە جێبەجێکردنی تیۆری ڕێژەیی بۆ حەقیقەت یان حەقیقەت و نکۆڵیکردن لە سروشتی ڕەسەنی بوون و بە ناسروشتی کردنی، هاوتایە لەگەڵ نکۆڵیکردن لە سروشت لە ڕوانگەیەکەوە. وەک ئەوە وایە پیاوێک حەقیقەتی پیاوسالاری بخاتە ناو ڕێژەییەوە و بانگەشەی ئەوە بکات کە ژنسالاریش بوونی هەیە، یان مەحاڵە بە هیچ شێوەیەکی ڕاستەقینە باس لە پیاوسالاری بکرێت. وەک گۆرگیاس، دەڵێت “کە حەقیقەت بوون نییە. ئەگەر هەبێت، ناتوانین بیزانین، یان ئەگەر بیزانین، ناتوانین ڕوونی بکەینەوە. بە مانایەک گومانی لە بوونی بوون هەبوو، تیۆری ڕێژەیی ڕاکێشا بۆ ناو ئۆنتۆلۆژیا و چووە ناو ئینکاری بوون. دوای ئەم کێشەیە کێشەی بوونی خودا بەدوای خۆیدا دێنێت، هەروەها تیۆری ڕێژەیی سەبارەت بە بوون و یەکگرتوویی خودایان بەکارهێنا بۆ ڕاکێشانی کێشەی ئەگەری یەکگرتوویی و فرەیی. لەم ڕوانگەیەوە تیۆری ڕێژەیی ڕۆڵێکی تایبەتی هەیە لە ئەنترۆپۆسێنتریزمی ئەوان و لە فەلسەفەی سەرەکی خۆیاندا. تیۆری ڕێژەیی بنەمایەکی بنەڕەتییە لە فیزیادا و ئەوەش دەرئەنجامی ماددە و گۆڕانکارییەکانی، یان بەهای ڕێژەیی، کە لە بوونە فیزیاییەکاندا هەیە. بەو پێیەی بوونە میتافیزیکییەکان لە ماددەی بنەڕەتی پێکهاتوون، جێگیرن، ناگۆڕدرێن و لەبەر ئەوەی ڕاستییەکانیان بۆ هەمیشە ڕاستن، ڕاستییە ئەبەدییەکانی سروشتی “ڕاستی ڕاستییە نەگۆڕەکان”یان هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، چونکە لە ڕوانگەی لۆژیک و عەقڵەوە ناتەبایی هەیە، هەروەها لە ڕوانگەی واقیع و ڕاستییەوە، بناغەی فیزیکی بە میتافیزیکەوە ببەسترێتەوە، بناغەی میتافیزیکیش بە فیزیا، ناوەکە لە تیۆری ڕێژەیی لەگەڵ میتافیزیک و ئەخلاق و بەهاکانە، واتا سابساتا یان سۆفستایی بەبازاڕکردنی ڕێژەگەرایی بە ناوی فەلسەفەوە لایەنگری گوومانەوەکان نییە، بەڵکو پشتگیریکردنیشە لە حەقیقەت بەرامبەر بە درۆ، ڕاست بەرامبەر بە هەڵە.

سەرچاوەکان:
فارسی
-رساله سوفسطایی افلاطون جلدی٢ نویسنده: افلاطون. مترجم: علیرضا ساعتی. نشر: پرسش. ١٣٥٦.
-کتاب هنر همیشه بر حق بودن. نویسنده : آرتور شوپنهاور. مترجم : عرفان ثابتی.. نشر: نگار ١٣٧٨.
-نام کتاب:خرید کتاب دیالکتیک طبیعت اثر فردریش انگلس از نشر شفیعی. ناشر:شفیعی. نویسنده:انگلس. مترجم:فرامرز نسیمی٢٠٢٠.
عەرەبی
-کتاب. كارل ماركس أو فكر العالم. مولف: جاك اتالي. ترجمة من الفرنسية: صباحز الناشر: دار كنعان للدراسات و النشر. سنة 2018م.
-كتاب رسائل الكندي الفلسفية. مولف: كندي. قسم الفلسفة المعاصرة. الناشر: دار الفكر العربي. لسنة 2017.

ئینگیزی
A History of Greek Philosophy, Volume 3: The Fifth Century Enlightenment, Part 1: The Sophists W.K.C. Guthrie




من باوەڕ ناکەم!.. نووسینی: نووسەرو هوونەرمەندی تەشکیلی عێڕاقی/ عەفیفە لوعێبی

وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

من باوەڕناکەم، باوەڕ بە هەمووشتێک ناکەم کە لە کتێبە ئایینیەکاندایە هەتا ئەگەر ڕاستیش بێت، ئەوەی کە لە سەدەکانی ڕابردوودا بۆ ژن دەگونجا لەو سەردەمەی ئێستادا ناگونجێت، هەروەها پڕ بە دەمم دەیڵێم کە من کەم عەقڵ نیم وەکو کە لە حەدیس دا هاتووە، عەوڕەت و ڕووتیش نیم وەک و کە لە حەدیسێکی تردا هاتووە، هەروەها وەکو سەگی ڕەشیش پیس و گوڵاو نیم تەنانەت وەک و سەگی سپیش.
ڕازی نابم کە لە ئەگەری کوشتنمدا بگووترێت پارەی خوێنەکەم نیوەی پارەی خوێنی پیاوە، هەروەها من هیچم لە پیاو کەمتر نیەو پیس و گوڵاویش نیم هەردەستم بەر پیاو بکەوێت دەستنوێژی بشکێت، ئەوەندەش بێهەست نیم تاکو چوار مانگ و دە ڕۆژ لە ماڵێدا ماتەمینی بگرم بۆ پیاوێک کە ڕەنگە لە ژیانیدا بە دووشت خۆشی پێنەگەیاندبم، وە قەبوڵیش ناکەم کە لە ماڵێدا زیندانی بکرێم هەر بۆ ئەوەی کە بە هۆی منەوە پیاوێک دووچاری گوناح نەبێت، وە ڕازیش نابم کە ڕوخسارم داپۆشم هەروەک کە پێم شەرم بێ بەدەرەوەبێ، من نە شووشەم و نە پەراسووی خواروخێچیشم، ڕازیش نابم کە شوو بە جانەورێک بکەم و ژیان لە نەگبەتیدا بەسەربەرم.
بۆچی دەبێ نوێژ بکەم و ڕۆژوو بگرم و بچمە حەج و تەواوی ئەرکەکانی خواپەرستیش بەجێبێنم وکاتێکیش کە دەمرم و مێردەکەم لێم ڕازی نابێت و گەردنم ئازاد ناکات دەبێ بچمە دۆزەخەوە؟، هەروەها بۆچی دەبێ کاتێک کە لەناوجێدا داواکاریی مێردەکەم بەجێناهێنم فریشتەکان لەعنەتم لێبکەن و کاتێکیش کە من لە ناوجێدا داوایەکم لە مێردەکەم هەبێ ئەو گوێم ناداتێ وهیچیش بۆ ئەو نابێت و فریشتەکانیش هیچ لێی ناغەزرن؟، وە بۆچی دەبێ کاتێک کە بابم دەمرێ، یاخوا تەمەنی درێژ بێت، میرات بە قەدەر نیوەی هی براکەم بدات بە من هەرچەندە کە براکەم لەوەتی خوێندنی ئامادەیی تەواو کردووە بۆخۆی ژیاوەو ژنیکی ئەمریکیشی هیناوەو لە ماڵی خۆیدایەو زۆر بەدەگمەن لە بابی دەپرسێت و هەر منم کە ئاگام لە بابمەو کە نەخۆشیش دەکەوێت هەر منم کە خزمەتی دەکەم و شەونخوونی لەسەر دەکێشم و هەمیشە بەلایەوەم و پارەشم بۆچارەسەری نەخۆشیەکەی لێخەرج کردووەولەسەر بابیشم مێردکردن و زۆر شتی تری پەیوەند بەژیانی خۆشم وەدواخستووەو ئێستاس ئەوە منم کە دەستکورتم و پێویستم بە پارەیەو براکەم دەوڵەمەندەو هیچ پێویستی بە میراتی بابم نیەو کەچی سەرباری ئەوەش دەبێ من نیوەی ئەوم بدرێتێ؟.
هەروەها قەت قەبوڵ ناکەم وەکو کۆیلەو کەنیزەیەک لە نێوچوار کەنیزەدا کە پیاو شەش جار لە مانگێکدا دێت بۆلام و لەگەڵمدا دەخەوێت واش نیشانم بدات کە ئەوە چاکەیەکە لەگەڵ منی دەکا، وە هەرگیز ڕازی نابم مێردەکەم لێم بدات جا با بەدار مسواکی ددان پاک کەرەوەیەکیش بێت بە بەهانەی ئەوەی کە من ژنم و بە بەهانەی ئەوەی کە پیاو مافی دیسپلینکردنی ژنەکەی خۆی هەیە، وە قەبوڵیش ناکەم کە مێردەکەم ڕەتی بکاتەوە کە هاوکاری داراییم بکات بۆ چارەسەری نەخۆشیم و بە بەهانەی ئەوەی کە لە ڕووی شەرعیەوە ئەرکی ئەو نیە کە چارەسسەرم بکات یان کاتێک کە دەمرم کفنم بۆ بکڕێت. ڕازیش نابم کە مێردەکەم درۆم لەگەڵدا بکات چونکە لە ڕووی شەرعیەوە درۆکردن لە گەڵ ژن ڕێپێدراوە.
جێی داخیشە کە من منداڵم وەسک دەکەوێت و دەم بێت و پەروەردەشی دەکەم و لە کۆتاییشدا بە ناوی باوکیەوە بانگ دەکرێت بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە ناوی ئەو کەسە بهێنرێت کە لە گەڵیدا ماندوو بووە ، هەروەها ئەوەش دەم کوژێت و ئازارم دەدات کاتێک منداڵی نێرینە هەر لە تەمەنی حەوت ساڵیەوە سەرپشک دەکرێت لە نێوان داک و بابدا کە بیانەوێت لێک جیا ببنەوە ئاخۆلەگەڵ کامیان دەیەوێت بژیت بەڵام کچ دەدرێتە بابی جا با دەستبەگریانیش بکات یان خۆشی بەدایکیەوە بنووسێنێت و نەیەوێت لێی جیا ببێتەوە، هەروەها جێی داخیشە کە ژن هیچ مافێکی نیە لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیدا و مێرد دەتوانێت کەی ویستی ژنەکەی تەڵاق بدات و کەنگێش ویستی دەتوانێت بیهێنێتەوە لای خۆی وهەروەکو بزنێکیش وایە کەی ویستی لێی دەخوڕێت و کەنگێش ویستی دەیفرۆشێت، هەروەها جێی داخە کاتێک کە ژنەکە داوای جیابوونەوە دەکات پێی دەگوترێت دەی زووبە مارەییەکەت وە مێردەکەت بدەرەوە جابا شێست ساڵیش تێپەڕیبێت بەسەر ژن و مێردایەتیەکەیاندا، جێی داخیشە کە ژن لە کاتی مارەکردنیدا بڕێک مارەیی دەدرێتێ هەروەک ئەوەی وایە کە کاڵایەک بێت و بیکڕن.
قەبوڵ ناکەم کە خێڵ من لە بری خوێن بدەن و پێشم بڵێن کە سپڵەو پێنەزانم لە کاتێکدا ئەو ئاکارانە لە پیاودا زۆرتر بوونیان هەیە وەک لە ژناندا، وە ڕازی نابم کە من و خوشکەکانم وەک بەڵایەک بین کە خودا بابمانی بە ئێمە تاقی کردۆتەوە کە کچی بوون و جا ئەگەربابمان ئارامی گرت لەسەر ئەوەی کە ئێمەی هەن ئەوا ئەو دەچێتە بەهەشت، وە بۆچی دەبێ لە ڕەحمەتی خوا بێبەش بکرێم لەسەر ئەوەی کە تاڵێک لە برۆکانم هەڵدەوەرێت یان تووکی دەستکرد بکەمە سەرم، وە بۆچی دەبێ فریشتە ڕوونەکاتە ماڵمان کە من قژم بەدەرەوە بێت، هەروەها بۆچی دەبێ کاتێک کە مێردەکەم دیارنامێنێت و هیچیشی دەربارە نازانم دەبێ من چوار ساڵان خۆبگرم ئینجا دادوەر فەرمانی جیابوونەوەم پەسند دەکات، وە بۆچی دەبێ سەرباری ئەو هەموو سووکایەتیەی کە بەژن دەکرێت و کەمترە لە پیاو بە پاساوی ئەوەی کە پیاو بەتواناترەو ژیرترە هەر بۆیەش پیاو کراوە بە پارێزەرو بەرپرسیاری ژن، بەڵام کاتێک کە ژن هەڵەیەک دەکات بە هەمان شێوەی پیاو سزای خۆی وەردەگرێت و لەگەڵ ئەوەشدا دەگوترێت کە ژنان زۆرترین خەڵکانی دۆزەخن.
من دەزانم کە زووربەی ژنان بەوە ڕازی نین بەڵام ئەو ناڕازیبوونەی خۆیان دەرناخەن و لە دڵی خۆیاندا دەیشارنەوە و هەوڵیش دەدەن کە شێوەی بیرکردنەوەکەیان بگۆڕن کە دێنە سەر ئەو بابەتانە لەبەر ئەوەی لەو جۆرە بیرکردنەوانە دەترسن تاکو ئایینی ئیسلام ناشیرین نەکەن و نەکەونە ناوبەرەی بێباوەڕانەوە.
من بەڕاستی بەزەییم دێت بەو جۆرە ژنە موسڵمانانە بەڵام کاتێک کە دەبینم ئەوان بەوحاڵەی خۆیان ڕازین پێیان دەڵێم:” ئارەزووی خۆیانە” بەڵام من مڕۆڤم و کەڕامەتم هەیەو عەقڵم هەیەو دەشبینم کە مێردەکەم لە من ژیرتر نیەو لە منیش باشتر نیەو ئەو شتێکیشی نەکردووە کە من نەتوانم بیکەم کەواتە بۆچی دەبێ من لەو کەمتر بم هەتا ئەگەر بە پلەیەکیش بێت؟،
بە چاوی خۆمان بارودۆخی ئەو وەڵاتانەمان بینی کە بێجگە لە پیاوان کەس فەرمانڕەوا نیە تێیاندا کە بە شێوەیەکی ڕەها پیسترین بارودۆخیان هەیە بە پێچەوانەی ئەو وەڵاتە پێشکەوتوانەی کە ژنان هاوبەشی پیاوانن لە بەڕێوەبردن و دەرکردنی بڕیاری سیاسی و بەڕێوەبردنی وەڵاتدا . لەوبارەوە ئەوەندە بەسە کە ژنە سەربازەکانی ئەمریکاو ئیسڕائیل بە نموونە بهینینەوە کە چۆن پیاوی عێڕاقی و ئەفغانیان نابووت دەکرد و ئەوەی کە کوشتیان کوشتیان لەو پیاوانە.
قسەیەکە هێندە گوتراوەتەوە لەبەرمان کردووە و کەسیش باوەڕی پێناکات بێجگە لەوانەی کە عەقڵیان بەکارناهێنن، جا ئەگەر پیاو مارەیی دەداتە ژن و ماڵ و حاڵ و خواردنی بۆ دابین دەکات خۆ بە هەمان شێوەش کە دەچێت بزنێک دەکڕێت شوێن و خواردنی بۆ دابین دەکات.
من دەزانم کە ئێوەی پیاو باوەڕتان بەو پاساوانەی خۆتان نیەو بە دڵنیاییەوە دەزانن کە ژن سوکایەتی پێدەکرێت بەڵام لەبەرهۆیەک یان شتێکی تر خۆبەزلزانن و بەڵگەش بۆ ئەوە ئەوەیە هەرکاتێک کە من دەربارەی ئەو بابەتە قسەم لەگەڵ یەکیک لە پیاوان کردووە دەستیان بە قسەکردنی زۆر کردووە تا گەییشتوونەتە شوێنێک کە گووتوویانە ئیتر بەسەو ئەو بابەتە داخەو هیچیتر لەسەری مەرۆ. بەڵام هەر کاتێک کە بیر لەو بابەتە بکەنەوە ئیتر وەک چەکوچێک هەمیشە ئەو بابەتە بەسەر سەریانەوەیە!

https://www.facebook.com/groups/496093623891552/?hoisted_section_header_type=recently_seen&multi_permalinks=2392916684209227




سیاسه‌ت.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئه‌وه‌ی باڵنده‌ نییه‌
وا باشتره‌ له‌ به‌رزایی و هه‌ڵدێران هێللانه‌ چێ نه‌كا..
نیتچه‌

یاقووتی شاراوه ‌، له‌و قووڵاییانه‌دایه‌ كلیله‌كانی تێكه‌وتووه‌.. حه‌قیقه‌ت وه‌ك ڕۆژێ له‌ ڕۆژان هیراكلیتس گوتی بۆ هه‌موو كه‌س نییه ‌، حه‌قیقه‌ت ته‌نیا بۆ ئه‌وانه‌یه‌ هێزیان هه‌یه‌.. مرۆڤ ئه‌وه‌نده‌ی ئولفه‌تی به‌هه‌ردوو شۆڕشی كشتوكاڵی و پیشه‌سازیدا گرت و له‌گه‌ڵیاندا هاته‌وه‌ ، پێناچێ ئه‌وه‌نده‌ متووی جیهانایه‌تی و شۆڕشی گه‌یاندن و ده‌رهاوێشته‌كانی بێ..
ده‌گمه‌ن و نائاشنایی له‌یه‌ك سه‌رچاوه‌وه‌ دێن و وه‌هم له‌ خه‌یاڵاندا جێگیر ده‌كه‌ن..
چیت ده‌وێ بۆت باس بكه‌م ؟
هه‌مووی ئاكام ده‌بێته‌وه‌ خۆڵه‌مێشی ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ )سیاسه‌ت) ، كه‌ پاشان خاكه‌شین به‌ ڕێژنه‌یه‌ك شوێنه‌واریشی نامێنێ..
ئه‌و چه‌شنه‌ ئاگردانانه‌ به‌و سیما و قاوخانه‌ سپێده‌یان لێ ده‌رناكه‌وێ..
ئه‌وه‌ش یارییه‌كی دیكه‌یه‌ له‌ ئۆلۆمپیادی خۆهه‌ڵخستن و پێشبڕكێ و ماراسۆنێك له‌ بنبه‌ستدا كه‌ ‌ سه‌ره‌تا و كۆتایی دیار نییه‌..
ئاوازی مرۆڤدۆستی تێدا ونه‌…

هه‌موومان به‌شتێكه‌وه‌ خه‌ریكین تێیدا به‌ڵه‌د نین..
هه‌موومان به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ مژوولین و ڕێگامان له‌ ئه‌هلی كار ته‌نگ كردووه‌..
یاقووتی شاراوه‌ له‌وێدا نییه‌ خوشك و براینه‌ )باوه‌كو وای لێ هاتبێ خێری زیاتر بێ)
یاقووتی شاراوه‌ ئه‌وه‌تا ؛ له‌و كێڵگانه‌یه‌‌ ڕه‌گی مرۆڤیان تێدا ڕواوه‌…




نەوت و ڕێکەوتن لە نەخشەی بارزانیدا.. عوسمان حاجی مارف

مەزەندەی ئەوە دەکرێت گوایە دەوڵەمەندترین حزبی دنیا “پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق”ە، ئەم دەنگۆیە چەندە واقعی بێت یان نا، لەوە کەم ناکاتەوە کە ئەو حزبەو خانەوادەی بارزانی یەکێ لە پلە بەرزترین ملیاردێرەکانی دنیان. سەرچاوەی سەرەکی ئەم سامانە بێشومارەش جگە لە بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی کوردستان، شتێکی تر نیە.
بنەماڵەی بارزانی لەژێر ناوی حزبی دیموکراتداو بە هێزی چەکداری، بەدوای چەندین ساڵ بە سەوداو مامەڵە و بازرگانی بە مەسەلەی کوردەوە، دواجار لەسەروبەندی شەڕی کەنداو و داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، توانیان ناوچەیەکی ستراتیژی لە خاکی کوردستانی عێراق، بخەنە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی هێزەکەیانەوە، لەهەمانکاتدا دەسەڵاتێکی میلیشیاییان داسەپاند، کە ماوەی سی ساڵ زیاترە بونەتە بەڵاو کارەسات بەسەر ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەوە.
سەرەتا دەستگرتنیان بەسەر مەرزی برایم خەلیل و پاشان تاڵانی و قاچاخچێتی و بازرگانی بە نەوت و دامەزراندنی کۆمپانیاو کەڵەکەی سەرمایە..، سەرچاوەی سەرەکی تەواوی ئەو نەخشەو پلانە سیاسیانەی بارزانیەکان بووە، کە لەلایەک هەرێمیان پێ بەڕێوەبردووە، لەلایەکی ترەوە چارەنوسی پێگەی کێشمەکێش و شەڕو ڕێکەوتن و پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسیەکانیانی دیاریکردووە.
بارزانیەکان لەژێر پەردەی هەر دروشم و بانگەوازێکی سیاسی و دڵسۆزی بۆ کوردستان و شانازی بەکوردایەتیەوە بێت، ئەو دەیان ملیارە دۆلارەی لە کەڵەکەی سەرمایەدا بەدەستیان هێناوەو لە بانکە جیهانیەکاندا پاراستویانە، دەرخەری بنەمای ئەوپەڕی ڕوخساری قێزەون و ڕیسوایی پێگەی هێزو دەسەڵاتی سیاسیان بوو لەدنیادا.
تەواوی مێژوی سەوداومامەڵەی سیاسیان بەهەر بەهایەکی نائینسانی و لەسەر بەقوربانیکردنی ژیانی هەزاران ئینسان کەوتبێت، بەڵام مەسەلەی بنەڕەتی بۆیان پاراستنی دەسەڵات و پێگەو نفوزی سیاسی هێزەکەیان بووە، لەپێناو بەردەوامیدان بە تاڵانی و سەرمایەگوزاری و کەڵەکەی سەرمایەدا. ئەم ڕوخسارە نائینسانیە لە دەسەڵات و گەمەی سیاسی بارزانیەکاندا، هیچ کات شاراوە نەبوەو خەسڵەتێکی ئاشکرای پێکهاتەی هێزەکەیان بووە، لەچونەپێشەوەو شەڕو ئاشتی و ڕێکەوتن و پاشەکشە و شکستدا، هەمیشە خەڵکیان کردۆتە قەڵغان و قوربانی بۆ پێداویستی هەر مامەڵەو دەستکەوتێک مەبەستیان بوبێت.
هەموو ئەم واقعیەتە قێزەوەنەی بارزانیەکان لە هەر هەنگاوێکدا گەر ئەوپەڕی ملکەچی و شەرمەزاریشیان نواندبێت، لەوە دانەبڕاوە کە لەو ناوچە ستراتیژیەی جوگرافیای کوردستاندا هێزی یەکەم و باڵادەست و بەنفوزترین هێز بون و هەن. بەمانایەک سی ساڵ زیاترە ناوچەی زۆنی زەرد قۆرخکراوی ژێردەستەی دەسەڵاتی هێزێکە کەبە ویست و ئارەزوی بێ بەزییانە، یاری بە ئیرادەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەکات.
بەداوی چەندین ساڵ لە مێژویەکی پڕ مەینەتی و بەڵاو دەردیسەری و یاری و قومارکردن بە چارەنوسی نادیاری خەڵکی کوردستانەوە، کە بە ڕۆڵی هەردوو دەسەڵاتی میلیشیای بارزانی و تاڵەبانی بەڕێوەبراوە، جارێکی تر لەسەروبەندی هەلومەرجێکی قەیراناوی ئابوری و سیاسی لە دەوارنی ئێستای ناوچەکەدا، هەنگاوێکی تر لەو گەمە سیاسیانەی پارتی، مەسرور بارزانی بە ناچاری واژۆی ڕێکەوتنێکی تازەی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ئەنجامدا، کە دەربارەی ناردنە دەرەوەی نەوتە بە سەرپەرشتی لیژنەیەکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی عێراق و کوردستان.
ئەم ڕێکەوتنە بە چەندین بۆچونی جیاوازو بەرژەوەندی جیاوازەوە، خەریکە لێکدانەوەی شکستی بۆ دەکرێت، یا بەدەستکەوت و سەرکەوتن پێناسە دەکرێت، ئەمانەش جۆرە لێکدانەوەیەکن لەنێو هاوکێشە سیاسیەکاندا تەنها دەگەڕێتەوە بۆ پێگەو مەوقعیەتی ئەو هێزە سیاسیانەی کە لە هەر قەیران و دیاردەو ڕوداوو کارێکی سیاسیدا چ ڕۆڵێکیان هەیەو چەندە بەرژەوەندیان پەیوەست دەبێت بەو دیاردەو ڕوداوو قەیرانەوە، یا ئەو ڕێکەوتنەی لەئارادایە. بەڵام واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتنەی مەسرور و سودانی، تەنها ڕێکەوتنی بارزانیەکان و حکومەتی عێراقە لەچوارچێوەی هەلومەرجێکی سیاسیدا کە ئاڵوگۆڕێک لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بەتایبەتی پێشبینی دەکرێت.
ئەم ڕێکەوتنە، لەلایەک سنوردارکردنی پارتیە لە مامەڵەی ئابوری و بازرگانی سەربەخۆ بە نەوتەوە، لەلایەکی ترەوە پابەندبونی گرێدانی زیاتری هەرێمە بە حکومەتی بەغداوە، بەو مانایەی سەربەخۆیی ئابوری و کوردستانی سەربەخۆ، لەسایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا تەواو قەدەغە کراوەو حزبەکانی کوردایەتیش هەم بە شەرمەزاری و هەم بە ملکەچی، بە ناوی سەربەرزیەوە ئەم پاشەكشەیە بۆ هەتاهەتایە قەبوڵ دەکەن.
ئاکامەکانی ئەم ملکەچییە ناچاریەی بارزانیەکان بۆ حکومەتی عێراق، پێشوازی و قەبوڵکردنی ئەو ئاڵوگۆڕانەیە کە پێشبینی دەکرێت لە ئایندەیکی نزیکدا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبدات، کە بە دەورو دەخالەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکە، هاوکێشە سیاسیەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت بە مەبەستی هەوڵدان بۆ زیاتر دابینکردنی ئارامی و دڵنیایی بوون لە دامەزراندنی سەرمایە لە ناوچەکە، بەم مانایە پێگەی هێزە سیاسیەکانیش پێویستە وەڵامدەرەوەی خۆ گونجاندن بن لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەدا، چونکە گەر هەر هێزێکی سیاسی نەتوانێ وەڵامدەرەوەی ئەو خۆگونجاندنە بێت، ئەوە لە کاروانی ئەو گۆڕانکاریانەدا بەجێ دەمێنێت، ڕێکەوتنی پارتی و بەغداد بەشێکە لە پرۆسەی ئەو گۆڕانکاریە.
هەربۆیە ئەو لێکدانەوانەی تەنها لە فەلەکی نیگەرانی یەکڕیزی کوردو پاراستنی شێوازی قەوارەی ئێستای هەرێم دەسوڕێنەوە، ئەوە مانای ئەوەیە ئەولایەنانە ناتوانن وێنای پێشبینی ئەو ئاڵوگوڕانە بکەن و ناتوانن لەگەڵ ڕێڕەوی ئەو قەیران و ئاڵوگۆڕانەدا هەنگاو بنێن کە هەلی تازە بۆ سەرمایە گوزاری و کەڵەکەی سەرمایە بەجۆرێکی تر لە فەزای ئارامی سیاسیدا هەوڵی بۆ ئەدرێت.
ملکەچیەک کە بارزانیەکان و پارتی پێشوازی لێدەکەن، یەکەم پێگەی سیاسیان وەک هێزی یەکەم لە هەرێمدا ئەو هەلەیان بۆ ڕەخساوە، بەپیر ڕێڕەوی ئەو گۆڕانکاریانەوە بچن و لە شێوازو چوارچێوەیەکی پەیوەندی تردا بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان بپارێزن و بەردەوام بن لە هەوڵیان بۆ جۆرێکی تر لە تاڵانچێتی و کەڵەکەی سەرمایە. دووەم ئەوەی مەبەستیان نیە لە پرۆسەی ئەم گۆڕانکاریانەدا، ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشانە کە ئاخۆ بەرەو کام چارەنوس هەنگاو دەنێت. مەسرور وەک نوێنەرو پارێزەری بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی کە پارتی و بارزانیەکانە ئەم ڕێکەوتنەی واژۆ کردوە، نەک وەک نوێنەری خەڵکی کوردستان و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان، لە نمونەو ئەزمونی تەواوی ئەو ڕێکەوتن و پەیوەندیانەیە کە لە ماوەی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتی بارزانیەکاندا ئەنجام دراوە، کەنەک هیچ پەیوەندیەکی بە بەرژەوەندی زۆرینەی خەڵکی کوردستانەوە نەبووە، بەڵکو مایەی هەژاری و بێدرەتانی و نائارامی زیاتر بووە. ئەم ڕێکەوتنەش لە هەلومەرجی سیاسی ئێستای ناوچەکەدا کە پارتی پێشوازی گەرمی لێدەکات، لەلایەن پارتیەوە بەناچاری کراوە بۆ پاراستنی هێزو دەسەڵاتەکەی لە ئەگەری داڕمان! لەلایەکی تریشەوە دڵنیایە کە تەنها بەمجۆرە ڕێکەوتنە دەتوانێت جارێکی تر خەسڵەت و پێگەی تاڵانچێتیەکەی دەپارێزێت.
کێشەی ئەم ڕێکەوتنەی ئێستای بارزانیەکان و حکومەتی ناوەندی، ئەگەری ئەوە هەیە، لەلایەک پەیوەندی نێوان حزبەکانی کوردایەتی پەرشوبڵاوتر بکات و نەگونجانی زیاتری نێوانیان بخولقێنێت، لەلایەکی تریشەوە باڵادەستی و پاوانخوازی پارتی زیاتر خۆی بنوێنێت.
واتە گەر ڕۆڵی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، فراوان بوون و خۆڕێکخستن و پێشڕەوی زیاتر نەنوێنێت بۆ کۆتایی بەدەسەڵاتی پارتی و تەواوی بزوتنەوەی کوردایەتی، ئەوە بارزانیەکان و پارتی وەک مۆتەکەیەکی قورس و گران بەسەر سنگ و هەناسەی خەڵکەوە لەو قەیران و گۆڕانکاریانەشدا وەک بەڵاو دەردیسەری درێژە بە مانەوەی خۆیان ئەدەن.




کورتەچیرۆک/ پێشبینی و شتی تریش.. نەوزاد بەندی

لەگەڕەکی ئەمدیو بارانێکی زۆر بە خوڕ بوو ، هەروەها لە گەڕەکی ئەودیویش بارانێکی بەخوڕ بوو ..بەڵام موختاری گەڕەکی ئەو دیو پێی ناخۆش بوو بارانە ، چونکە کەشناسێکی گەڕەکی ئەمدیو پێشبینیی ئەو بارانەی کردبوو .. ڕیش سپییەکان پێیان ووتبوو : قوربان ! گوێی مەدەرێ.. ئەو کێیە تا بڵێ باران ئەبارێ یان کوللە ؟ .. ئەبێ سوپاسی خوا بکەین ئەو دەشت و دەرە تینووەمان ئاوی خواردەوە .. باڵندە و گیانداران ..هەنگ ،.مێروولە هەموو تینوێتیان شکا ..
بەڵام موختاری ئەو دیو ، تووڕەییەکەی دانەئەمرکایەوە، کەشناسی خۆیانی بانگ کرد ، گەنجێکی باریک و بنێس بوو ، لوتێکی درێژی هەبوو ، کە زیاتر لە دەنووک ئەچوو هەتاکو لووت ..
( چۆن تۆ نەتتوانی پێش ئەو ڕایگەیەنیت کە بارانە؟ خەریکی چی بووی ؟ داڵغەی لووتە شمشێرییەکەت لێی دابوویت؟ )
ئەم دەرچووی زانکۆیەکی ئەوروپی بوو ، هەر بۆیە خۆی تێک نەدا ، تەنها زەردەخەنەیەکی بۆ کرد و ..وتی : ( نا .. دوێنێ محەویلەی گەڕەک سووتا .. ئەنتەرنێت بڕا .. لە کوێوە ئاگام لە کەشناسیی بێ ؟ )
موختاری ئەو دیو هەتا ئەو کاتە وایزانیبوو کەشناس ، وەک شاعیر ، ئیلهامی پێشبینیی کەشی بۆ دادەبەزێ و پێویستی بە کارەبا و ڕاگەیاندن و شت نییە ..
لە هەمان کاتدا، موختاری ئەمدیو ، داوەتی نانی ئێوارەی کەشناسەکەیانی کردبوو ، دوای خواردنێکی مام ناوەندی ، کەستەنەیان ئەبرژاند .. کەشناسەکە زۆر بە کەستەنە تێک ئەچوو ، تەنانەت جارێکیان وتبووی : پشقلخواردن لە کەستەنەخواردن باشترێکە ..
بەڵام لای موختار نەیدەتوانی وا بڵێ ، چونکە موختار هەوادارێکی دێرینی کەستەنە بوو ، لە توکیاوە بە فەردە بۆی ئەهات ، شوێنێکی تایبەتی لەسەر ئاگردانەکەی بۆ کەستەنە برژاندن دانابوو.. کە دەکەوتە کفەکف ، هاواری لێ بەرز ئەبۆوە : وای کە خۆشی .. ئای کە خۆشی ..!
بە کەشناسەکەی ووت : ئەمە سەری چەندەمین جارە تۆ سەری من بەرز ئەکەیتەوە ؟
کەشناسەکەی ئەمدیو، دەرچووی چواری سەرەتایی بوو ، ماوەیەکی زۆر بەو شاخانەوە قاچاخچی بوو .. چا و ئەرزاقی بە هێستر ئەبرد بۆ ئێران و .. لەوێیشەوە فەرش و بەتانی و شتی دانسقەی دێنا .. تەقەی زۆر لێکرا بوو .. پەنجەی شایەتمانی دەستی چەپی ، فیشەک بردبووی .. هێستری کوژرا بوو.. باری هەڵدێرا بوو .. بەڵام وازی نەهێنا بوو ..جا لەگەڵ قاچاخچێتیەکەیا، هەر عەشایەرییانە ، فێری کەشناسیی بوو بوو .. بۆنی هەوای ئەکرد ، ئەیووت شەپۆلێکی باران بە ڕێوەیە ، ئەوە پۆله مراوییەکەیە .. تۆزێکی تر کۆترەکان ئەفڕن .. بۆنی خاک ئەکەن ؟ لەوێ دایکرد .. چێشتەنگاو ئەگاتە ئێرە !
ڕاستی ئەکرد ..
سەیرێکی زەمینی ئەکرد ، پاڵئەکەوت ، چاوێکی دائەخست ، ئەوەی تریانی وەک سێڕەی بڕنەو ، وورد ئەکردەوە ، ئەیووت ڕەشەبا و گێژەڵوکە بە ڕێوەیە ، خەرمانەکان عیلاج کەن . . مەڕ و ماڵا ت کۆکەنەوە ..
ڕاستی ئەکرد ..
سەیرێکی موختاری کرد ، وەک ئەوەی باسی بارێکی چا یان دوو فەرشی دەگمەنی بیجار بکا ، ووتی : ( ئەستەغفیرەڵڵا .. من حەدم نییە ..سەری ئێوە هەر بەرزە ، قوربان .. خزمەتکارتم .. نۆکەرتم .. )
هەر لەو کاتەدا ، موختاری ئەو دیو ، تەواو تەنگەتاو بوو بوو ، ئەهات و ئەچوو.. باران بە ڕیشیا ئەهاتە خوارەوە .. کۆمەڵێ لە بەردەستەکانی بە چەتر و کڵاوەوە ، ڕاوەستابوون ، کەسیان زاتی ئەوەی نەدەکرد بیخاتە ژێر چەترێ یان کڵاوێ بتەپێنێتە سەری ، چونکە ئەیانزانی لە کاتی تووڕە بووندا ، بە هەموو جوڵەیەک شێت ئەبێ ..
(مەلام بۆ بانگ بکەن )
مامۆستا مەلا ناجی بەو شەوە باراناوییە ، بە تراکسودەوە لە پڕخەی خەودا بوو . . کە لە دەرگا درا ، شکی نەبوو کە کەسێک مردووە و بۆ تەلقین هاتوون بە دوایدا ، پەنجەرەی هەیوانی ترازاند و هاواری کرد : ( برا چوار سەعاتی تر ڕۆژ ئەبێتەوە ، بەم ناوەختە و بەم شەستە بارانە ، فریای هیچ ناکەوین .. لە مزگەوت داینێن و با یەک دووانێکتان بە دیاریەوە قورئان بخوێنن ، رۆژ بۆوە ئەڕۆین ئەینێژین !)
پاسەوانەکانی موختاری ئەودیو پێکەنینیان ئەهات ، لایان وابوو مامۆستا مەلا ناجی تێکچووە یان خەواڵووە و وڕێنە ئەکا ..یەکێکیان هاواری کرد : ( کەس نەمردووە ، موختار ئیشی پێتە .. موختار .. شوکور بۆ خوا ، کەس نەمردووە ..)
کە گوێی لە ووشەی موختار بوو ، بە خێرایی خۆی گورجکردەوە .. جلی ئیشی لەبەر کرد .. مێزەرێکیشی بەست ..خێزانی داچڵەکی ، پێی ووت: ( چیە؟ دیسان سەرقەبرانە ؟ )
مامۆستا بواری وەڵامدانەوەی نەبوو ، دوای دوو پاسەوانەکەی موختار کەوت ، کە دانەیەکیان هێشتا پێکەنینی ئەهات ..
گەیشتنە جێ ، موختار هەر لە حەوشە ئەهات و ئەچوو .. بوو بوو بە جل ، تەواو خوسابۆوە ..دەیان چەتر و کڵاو بەدەستیش ئەهاتن و ئەڕۆیشتن و ئازایەتی ئەوەیان نەبوو نەختێ خزمەتی بکەن ..
مامۆستا مەلا ناجی وایزانی موختار تێکچووە .. هەر بۆیە بە پیاوەکانی ووت : باوەشی پیاکەن و بیبەنە ژوورەوە ، وشکی بکەنەوە و جلەکانی بگۆڕن و لای زۆپاکە داینێن ، با بێم نەختێ موبیناتی بەسەرا بخوێنم !
موختار لە جیاتی تووڕە بێ ، بە پێی خۆی ، چووە ژوورەوە و ..بە مامۆستای وت تۆیش وەرە .. بەڵام ئەوەندە تەڕ بوو ، شڵپە شڵپ ، ئەتووت بەناو جۆگەلە ئاودا ئەڕوا نەک بە ڕێڕەوی ناوماڵدا ..
(مامۆستا مەلا ناجی ! دۆعایەک شک نابەیت باران ڕاوەستێنێتەوە ؟؟)
( مەگەر ئەوەی حەزرەتی نوح ، قوربان )
( دە هەموو ئەو پیاوانە فێرکە ، خۆت بیڵێ و با ئەوانیش بە کۆرس لە دواتەوە بیڵێنەوە !)
تا خۆر هەڵهات مامۆستا بە دەنگێکی نووساوەوە هاواری ئەکرد :
(وقیل یا ارض ابلعي ماؤك و یا سماء اقلعي‌)
پاسەوان و پیاوەکانی موختاری ئەودیویش بە عەرەبییەکی شەق و شڕ بۆیان ئەسەندەوە کە هیچ لەو ئایەتە پیرۆزە نەدەچوو ، بەڵام ئیتر بڕیاری موختار بوو ، ئەبوو جێ بە جێ بکرێ ..جار جار مامۆستا مەلا ناجی پێی ئەووتن ڕۆڵە جوان بیڵێن ، ئەوە ئایەتی قورئانە ..قورئان ..
بەڵام سوودی نەبوو ، ئەوان عەرەبییان نەدەزانی و ئەهلی مزگەوتیش نەبوون ..
لە کۆڵانی ئەمدیویش ، موختاری ئەمدیو ، بەو شەوە داوای کرد مامۆستای سروود بانگ بکەن بۆی
گۆرانیبێژ بوو ، پێکەوە ژیانێکی خۆش ئەژیان .. وای هەست ئەکرد مێردەکەی بیتهۆڤن بێ ، ئەمیش وەک سیلۆن دیۆن ئەوی ئەبینی ..لەو شەوە باراناوییەدا ، باوەشیان بە یەکتردا کردبوو ، تاکە شت کە لە بەرژەوەندیی ئەو ئاوێتەبوونە ڕۆمانسیەتا نەبوو ، فاسۆڵیای نانی ئێوارەیان بوو ، سکی مامۆستای میوزیک بای کرد بوو ، ئەبوو جار جار بە ناوی ئاوخواردنەوەوە پێخەف جێبێڵێ و بڕوا لە ژووری ئەو دیو هەندێ هەوڵی خۆ خاڵیکردنەوە بدات ..
کە لە دەرگا درا ، ژنەکەی پێش خۆی ڕاچڵەکی .. هەردووکیان زۆر ترسان .. خەیاڵیان بۆ ئەو سروودە نیشتمانییە ئەچوو کە هێشتا بڵاویان نەکردبۆوە و ئاسایش پێی زانیبێ و نیشتبنە سەریان .. یان ڕەنگە سەرخۆشێ بێ ، لێی تێک چووبێ ، لە دەرگای ئەمان بدا ..بارانەکەی تا ئەهات بەخوڕتر ئەبوو.. دەرگا کوتانەکەیش قایمتر ئەبوو .. هەر لەو کاتەدا کارەبایش کوژایەوە .. لایتی شەحن لە ژوور سەریاندا دانرا بوو ، دایانگیرساند .. خێزانی ووتی :نەخەڵەتابی بچیتە دەرەوە .. ئەتکوژن..
ئەمیش دەستێکی ، دەستی ئەو و دەستەکەی تری دەسکی لایتی شەحنی گرتبوو ..
کەبڕیاری دا دەرگا نەکاتەوە ..دووان خۆیان هەڵدایە حەوشەکەیەوە ، ئەم داماوە تەنها کەمانچەیەکی هەبوو ، بە چی بەرگری لە خۆی بکا ؟
ژنەکەی ئەلەرزی و ئەگریا ، ئەمیش دڵنیای ئەکردەوە لەوەی بەس ئەمشەو ڕزگاریان بێ سبەینێ کڵاشینکۆفێک بکڕێ ..کەمانچەی خوێڕی بەکاری چی دێ ؟
کە دوو پاسەوانەکە خۆیان ناساند ، کەمێ هێوربوونەوە .. مامۆستا پێی ووتن : ئێ کوڕی باوکم ! کەی ئێستا کاتی بانگردنە ؟ تۆزێکێ تر ڕۆژ ئەبێتەوە ..چۆن هەڵئەقوننە ناو ماڵان ؟ لە سەتەلایت و ئەنتەرنێت و شت ، هیچ فێر نەبوون ؟
پێیان ووت: قوربان لە تۆ زیاتر خەومان دێ ، بەڵام چی ئەڵێی ؟ ئەمری موختارە ..
یەکێکیان ووتی : زەحمەت نەبێ ئالەت مۆسیقاکەیشت بێنە لەگەڵ خۆت ..
مامۆستا لە داخا خۆی نەگۆڕی ، ڕۆبێکی لەبەر کرد و کەمانچەکەی هەڵگرت و لە گەڵیاندا چووە دەرەوە ..
کە گەیشتن ، موختار خوانێکی زۆر جوانی ڕازاندبۆوە ، هەر مامۆستای میوزیکی بینی ، گورج ڕاست بۆوە و باوەشی پیاکرد و ئەملاولای ماچکرد ..کۆمەڵێ گەنجی کوڕ کچی دەنگخۆشیشی کۆکردبۆوە و بە ڕیز داینیشاندبوون ..
مامۆستای میوزیک سەری سوڕما بوو ، لەگەڵ ئەوەی دیندار نەبوو ، یەک لەسەر یەک تەسبیحاتی ئەکرد : ئەستەغفیرەڵڵا .. سوبحانەڵڵا .. لا ئیلاهە ئیلە ڵا ..
موختار ووتی : ( بە ئەرک نەبێ ، لەبەر ئەم دەسکەوتە گەورەیە ، کە خۆمان پێش هەمووان زانیمان باران ئەبارێ ، داواکارم تا خۆر هەڵدێ سروودێک لەسەر باران تەرتیب بکەن.. ئەوەیش کۆرسێکی دەنگخۆشم بۆ ئامادە کردوویت .. هەرچیەکیشت بوێت ، بۆت دابین ئەکەم )
(خانوویەک و کڵاشینکۆفێک ! )
( بە چاوان )
تەماشایەکی کۆرسەکەی کرد و پێی وتن ، چی ئەڵێم بیڵێنەوە ..ئەوانیش سەرێکیان ڕاوەشاند ، دیار بوو هەموویان لە خەو ڕاچڵەکێنراون و هێنراون ..

( بارانە .. باران .. بارانی خۆشی . . )
هەموو بۆیان سەندەوە : ( بارانە باران .. بارانی خۆشی )
ویستی بڵێ : ( موختاری خوێڕی تۆ شەڕ ئەفرۆشی )
باش بوو فریا کەوت ..واتا فریای دەمی خۆی کەوت ئەگینا زمانیان بۆ کردبوو بە شفتە ..
هەرچەندە گفتی کڵاشینکۆف و خانووی وەرگرتبوو ، بەڵام هەر تووڕە بوو ..خەوی شەوانی بارانی بە هیچ شتێ نەدەگۆڕییەوە ..
( ببارێ زیاتر بە گوڕ و جۆشی )
کەچی شتێکی سەیر ڕووی دا ، یەکێک لە کوڕە گەنجەکانی کۆرسەکە ، هەستایە سەر پێ و بە هەموو دەنگی هاواری کرد :
(موختاری خوێڕی تۆ شەڕ ئەفرۆشی )
گەنجەیان بە شەق و مشتەکۆڵە برد و .. سروود بەردەوام بوو ..ئەم واقی وڕما ، ئەو کوڕە چۆن ئەو نیوە دێڕەی لەم وەرگرت ؟ یان تۆ بڵێی خۆی نەبووبێ بە شەق بردبێتیان و نەیزانیبێ ؟؟ دەستێکی بۆ گوڵەنکەی ڕۆبەی برد ، خۆی بوو .. بە شەق نەبرا بوو ..
سەرتان نەئێشێنم ..چونکە ئەم جۆرە کورتە چیرۆکانە تەواو نابن .. ڕەنگە حەفتا هەشتا ساڵ هەر درێژەیان هەبێ و تەواو نەبن ..
بە کورتی : تا بەرە بەیان گەڕەکی ئەو دیو ئایەتی وەستانەوەی تۆفانی حەزرەتی نوحیان خوێند ..بۆ نەمانی باران .
گەڕەکی ئەمدیویش سروودی بارانە باران ، بارانی خۆشییان ووت ، هەتا هەمیشە باران بێ ..
لەو ڕۆژە بە دواوە ، ئەم سروودە لە گەڕەکی ئەو دیو قەدەغە بوو ..ئەو ئایەتەی حەزرەتی نوحیش لە گەڕەکی ئەمدیو ، گێچەڵی بۆ زۆر کەس دروستکرد ..




رەشنووسی شیعرێکی بزڕکاو.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

من بوونێکی راستەقینەم نەبوو
بوونەوەرێکی وەهمی بووم
ژنەکان لە رۆحیاندا خوڵقاندیانم
بە نازەوە گەورەیان کردم
من وەک کاسپەر
بەنێو هەموو کات و زەمەنێکدا
بەنێو ئەستووریی دیوارەکاندا
بە ئاسانیی تێدەپەڕیم
بوونێکی بەرجەستەم نەبوو
هەر لە توێی کتێبەکاندا
وەک دەقێکی خەیاڵی نووسرابوومەوە
چیرۆکێکی ئەفسوناویی بووم
لە پەنا و گوێ ئاگردانەوە داتاشرابووم
قالۆنچەیەکی زەبەلاح بووم
لە منداڵدانی کافکاوە هاتبوومە دەر
زۆر جار لە رێستۆرانتەکاندا
پیتزا یان ئەدەنە کەبابم دەخوارد
ئەوەی پارووی دەجوی
من نەبووم
منی راستەقینە بە گەدە بەتاڵیی
لە ژێرزەمینی دڵەڕاوکێدا یەخسیر بووم
بەردەوام لە دۆنادۆندا بووم
لە پێستی کوڕی ماڵە هەژارێکەوە
بۆ سەر سفرەی پڕی خانەدانێک
لەوێوە بۆ لێقەوماوێکی سەرجادە
هەمیشە گەشتم دەکرد
بەنێو خۆمدا
خۆم لە هیچ جێگەیەک نەدەبینییەوە
ژنە عاشقبووەکان
پیاوە ئیرەییبەرەکان
منیان لە قوڕێکی خورافی دروست کرد
هەر خۆیان بە نەفرەتیان کردم
وەک ئیبلیس لە خۆیان بێبەرییان کردم
لە ئاسمانی سەفاوە
بۆ خەرەندی شیوەن فڕێیاندامە خوارێ
لەم سەرزەمینە کارێکم نەبوو
کۆڵەپشتم کیلۆیەک چکلێتی شیعر و
چەند گرامێک یاقووتی هەست بوو
خۆم دەمزانی کائینێکی سەیرم
هەموو ژنانی دنیام خۆشدەویست
ژنی رەش ئەسمەر
ژنی چاو کەسک
ژنی باڵابەرز
ژنی قژ کاڵ
ژنی زوڵف لوول
ژنی سپی پێست
ئەوەی لە کۆتاییدا تێیگەیشتم
هەر ژنێکی شەرمنە
لە قووڵایی دڵیدا هەڵیگرتووم
بۆنی هەموویانم بەوەوە کرد
بە باشی دێتەوە بیرم
ژنەکان فریویان دام
منیان لە وڕێنەکارەوە کردە
شاعیرێکی گەورە
ئەو تێکستە قۆڕانەی
لە بێ تاقەتی خۆمدا دەمنووسین
بە شاکار وەسفیان دەکرد
بەسەریدا دەتوانەوە
هەندێک رۆحیان فیدا دەکردم
هەندێک بە شاسواری خەونەکانیان
لە قەڵەمیان دەدام
هەندێک بە میری شاعیران و
ژەنەراڵی عەشق
ناوزەدیان کردم
هەندێکی تر منەتیان دەکرد
لە چاوەڕوانی دەرکەوتنمدا
پرچی سپیان هۆنیوەتەوە
ئاه من هێندە رووشکێن نەبووم
لەسەر ئەم رووپاماییە سەخیفە
تەریقیان بکەمەوە
هێند رووگیر بووم نەمدەتوانی بڵێم
درۆکانتان
مێشکی شیعری بردم
نەمدەزانی بەچی فۆنەتیکێک
تێیانبگەیەنم
کۆمەڵێک کەلاوەی دڵتەنگن
لە پشت تەلاری سۆزی منەوە
خۆیان مەڵاس داوە
نەمدەزانی بە زمانی چ سەردەمێک
راستییەکە وەک دڕک
لە زمانی هەراشیان بچەقێنم
بە بێ رووشاندنی پێستی ناسکی شیعرم
لە رێی دەقێکەوە تێیانبگەیەنم
پێڕێک تەرمی نێو جەنگی پیاوەکانی ترن
دڵتان لە شوێنێکی ترەوە کوناودەر بووە
لەم گیانەڵایەدا
بە لاف و گەزافەوە
دەتانەوێ لە تیانووسە بەسامەکەمدا
وەک دوا پەناگە بسرەون و
بە دەقە تەڕەکانم
ئاورشێنی چیمەنە وشکەهەڵاتووەکانتان بکەن
نەمدەتوانی پێیان بڵێم
پیاوێکی سۆزانی نیم
راشکاوانە داوای شەوێکی سوور بکەن
پێویست بەوە ناکات
بە درۆی خۆشەویستی گێژ و وڕم بکەن
چاک وەبیرم دێتەوە
چۆن بە دەست خۆم و
ئەو ژنانەوە گیرم خواردبوو
وەک گروپە هەنگ
شیلەی هەڵاڵەی شیعریان دەکرۆژتم
مڕخیان لە گەنجیی و
بێ نەواییم خۆش کردبوو
هەردەبوو کەتنێک بکەم
یەک یەک لە بێژنگیان بدەم
ئا، کەتنێکم نایەوە
رەنگە ئەمێستا بیرتان بێت
پێش چەند ساڵێک
چ کەتنێکی گەورەم نایەوە
وەک ئەوەی پەردەی ئۆزۆنم دڕاندبێت
یان بۆمبی ئەتۆمیم تەقاندبێت
نەفرەت وەک بارانی بەهار بەسەرما باری
خۆم دەبینی
لە هەمان ئەکشن و حاڵی عیسادا
لەو دەمەی بە سوکایەتییەوە دەیانبرد
بۆ لە خاچدان
برادەرەکانی خۆیان شاردەوە و
حاشایان لە ناسینی کرد
ئاه عیسای هاوڕێم
من جگە لە تۆ
لە مریەمی مەجدەلیش دەچم
تۆ لە کوێی پێیان بڵێی
کێتان فریشتەیە
یەکەم بەرد ئەو تێی بگرێت؟
ئەو ئانەی کەوتمە بەر بەردبارانی
رێوییە خوێڕییەکانی سیاسەت
بە تەنیا دەگریام
هەموو پێدەکەنین
بە تەنیا مامەوە
هەموو رۆشتن
بە تەنیا ئازارم دەچەشت
هەموو روویان وەرگێڕا
ئەو دەمەی لەژێر ئەو شاخە بەردینەدا
وەک سەگێکی تۆپیو پلیشابوومەوە
کەس نەیدەوێرا
خۆی لە قەرەم بدات
تەنها ژنێک نەبێت
لە کونی کلیلی دڵەوە
تەماشای دەکردم و
هێندە بێ دەسەڵات بوو
تەنها فرمێسکی بەسەرما دەچۆڕا و
وەک بەورێکی زامدار
تینوویتیم پێی دەشکا
هەموو رۆشتن
هەموو بێدەنگ بوون
رێتان دا، تاژیەکانی حزب
وەک سیخوڕێکی بەدفەساڵ
بمخەنە قەفەزی تۆمەتەوە
بەڵێ، حاشا ناکەم
سیخوڕیم دەکرد
بەسەر دەریاوە بۆ مانگ
سیخوڕی بەهەشتنشینان بووم لە دۆزەخ
سیخوڕی ژیان بووم بەسەر مەرگەوە
ئێوە هەر تێنەگەیشتن
دڵخۆشم بەوەی لێم تێناگەن
کاری من لەوێدا تەواو دەبێت
لە من حاڵی ببن
ئێوە بۆ ئەوەی لێم تێبگەن
دەبێت فامی ئەوە بکەن
ئەو وەختەی نەفرەتتان لێکردم
هەموو قاقا و قریوەتان دەهات
من غەرقی ئەسرین بووم
تۆڵەی ئەو فرمێسکە تیمساحیەتان
لێکردمەوە لە ئانی کەتنەکەدا
وەک ریایی رشتان
هیچتان بیرتان لەو گریان هەقیقییە نەکردەوە
سەرئەنجامی کەتنەکەی کردە کۆمیدیا و
منی تێدا قەشمەر بووم
هەمووتان، بەڵێ یەک بە یەکتان
دەرزی لە زمانتاندا بوو
میزەڵانی دنیا خەیاڵییەکەمتان تەقاند
ماڵە وەهمییەکەمتان رووخاند
کە ئارەزووی دوا بەیەکتان بوو بێنە ناوی
ئێوە هیچ کات لە من تێناگەن
هەروەک ئەوەی کتێبەکانم
بە خەتی هێرۆگلیفی نوسرا بن و
بە زمانی خێڵەکانی ئەمازۆن بدوێن
کەس کەستان حاڵی نابن
هەمیشە وا خۆتان نیشان دەدەن
شێتەکانتان وەک مرۆڤی رۆح سوک
تا ئەوپەڕی خۆش دەوێن
ئەی چۆن شەرم ناکەن
لەسەر شێتییەکانم
کە لە حیکمەتەکانی ئێوە جوانترن
سزاتان دام و
لە مەڵبەندی خۆتاندا دەرتانکردم؟
ئێوە هێشتا نازانن
پێش ئەوەی ئێوە توڕم بدەن
وەک خواردنێکی پیسی ناو گەدەم
لە رشانەوەیەکدا فڕێمداون
ئێوە لە کتێب تێناگەن
خوێندەواریتان ئەوەندەیە
مێژووی میرە جەلادەکان بخوێننەوە
عەقڵتان هەر ئەوەندە بڕ دەکات
کتێبەکانم وەک زوخاوێک ببینن
پیاوێکی سیکۆپات
پیاوێک لە ئاگری قورەت
کردوویتە رێبەری نەزعە شەڕەنگێزەکانی
نا وانییە
ئێوە دەبێت
لە نێو دەقەکاندا بمدۆزنەوە
لە شەربەتی کتێبدا تامم بکەن
لە ژێر ساباتی شیعردا بمبینن
هەرگیز ناتوانن بگەنە من
ناتوانن تۆزی درۆ
لەسەر فۆتۆ راستەقینەکەم بسڕنەوە
ناتوانن ئەو گەردانە لاببەن
وەک تەمێکی رەش
ناوبانگی منیان داپۆشیوە
ئێوە هەرگیز لە من تێناگەن
منیش توانای تێگەیاندنی کەسم نییە
ئەو بۆشاییە بۆ هەمیشە
لە نێوان من و ئێوەدا دەمێنێتەوە
هەرگیز نە بە خۆم
نە بە هیچ کەسی تر پڕ ناکرێتەوە
ئای لە بۆشایی
ب
ۆ
ش
ا
ی
ی


*رەنگە ئەم تێکستە هیچ کاتێک نەبێتە شیعر، کەچی توانیوویەتی ئازارەکانی من لە خۆ بگرێت و مانیفێستیان بکات. ئەم دەقە حکایەتێک دەگێڕێتەوە بە ژیانی تاڵی منەوە نووساوە، شەڕە لەگەڵ ئەو مۆتەکە بێ حەیایەی سواری سەری خەونە ئاڵەکانم دەبێت. ژنەکان لێرەدا ئاماژەیە بۆ دەستەیەک ژن لە جیهانی ریالیتەدا کە بەریەککەوتن و ناسینم لەگەڵیاندا هەبووە، هەموو ئەوانە لە بوونەوەرێکی ناسکەوە بەهۆی هەڵەیەکی ساکاری منەوە بوون بە مێردزەمە و جەلادی رۆحی پەروانەییم.

17-7-2019
ئەڵمانیا- بیلەفێلد
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی
تێبینی: ئەم قەسیدەیە لە دیوانی “سۆناتای خۆشەویستی” لە ساڵی 2020 چاپکراوە.




نيگاى پەنجە.. ئیلهام مورادى

بە ڕەوایەتى کام ئایەت دەستنوێژ ئەشۆی

لە کڕنۆشی کام خودا ئەگەڕێیتەوە

کە بەرماڵەکەت لە قەوارەیەکی درۆزنا

یاخیە لە دۆعا….؟

چرکە ژانی کام شەرم،

چرکەساتى کام خەیاڵ,

هەست بە خاڵیبوونت ئەکا پڕ تاوان…؟

لە نیگای کام پەنجەرەوە ڕوانیت

ئەڤین چرۆ ناکا ….؟

سفرە ئەژنۆی شکاوە بێ نان

پارە بەرگەی هەناسەیةک ناگرێ

ئاژاوەگێری ئاساییە

شه‌ڕ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی گوناحه‌

یه‌خه‌ به‌ یه‌خه‌

سنه‌

ئیلهام مورادی




پیاوێ مایسترۆى دڵى منە.. دڵکەش قادر

پیاوێک مایسترۆى دڵى منە
پیاوێ بە هەموو وجوودییەوە
خەونم دەدزێ و
شێتانە مەستم دەکات
شێتانە ئالوودەى خەیاڵى خۆیم دەکات.
پیاوێ زاڵمانە لە دواى باران
شەبەنکى چاوى
گەرمى هەناسەى
قژى ئاڵۆسکاوم شانە دەکات.
من و تۆ لە پێکێک پێکەنین و
میلۆدییەکى مەردان* ئاوێتە…
من و تۆ
لە مەرکانەى ئاوازێ و
جوانى مێخەکبەندان و
بۆنى قەنەفڵ
شێتبوون تا ئاڵوودەبوون، تا توانەوە
تا گەیشتنە ماڵى چێژ.
پیاوێک ماسترۆى خەیاڵ و
جووتە شەمامەى باخچەیەکى بێناز و
ئارەقى هەڵگۆفینى ئەو چاوانەیە تا گەیشتن بە دواهەمین تاریکى شەو
پیاوێک نەناسراوانە و شێتانە
منى ئاوێزان کرد.
ئەى جونتر لە باخچەکانى عەددەن ئاشتم کەوە و
ڕاپەڕینێکت لە نێو دڵى منا هەڵگیرساندووە و
دەروازیەکت چێکردووە بەناوى ئازادى و
وڵاتێکت لە سەر سینەى من نەخشاندووە بێناو وەک دڵى نەوڕەسێکى وێڵ
پیاوێ خەیاڵتر لە تیشکى هەتاو
پیاوێ مایسترۆى خەیاڵى منە.

سلێمانیى
دڵکەش قادر

*عەلى مەردان




ئێوارانە ٢٧.. سەردار جاف

ئێوارەيە و بێ ئەقڵي دارەدارەی کردووە
بە دەم هەنسک و وەنەوزی رێوە
برسێتيم دەچنييەوە
خۆ دەسکەنە دەکەم بوو
لە سۆراغی رابردووما،
نوقمی خەياڵە پوچەکان بووم
لە نێو بەيبوون و باغێ ئاڵۆسکاوم
کەچی دڕکە زی دەچێتە پێم
جاوە شەهلاييەکە جار و بار ياغی و ئاڵۆسکاو
من هەر لە چيمەن دوورينەوەم
دايکم چرا قوتيلەکەی بەر پەنجەرەکەی فڕێدا
بە دووی رۆشناييەک عەوداڵ بووم
نغرۆی سەرابێ بووم و لە خود تێنەدەگەيشتم
نازانم تای چ دەردێکی دڵم گرتبوو
پێم وابێ ئيشق بوو
کۆڤيدی شەيدایی ساتەکانمی شەن و کەوی دەکرد
بە دووی ئەو يەقينە وێڵ بووم کە نەنکم بە دەنگە پڕ حەسرەتەکەی بۆی دەگێڕاينەوە
دەمهاوارە گوێی
درێژەی پێبدا
دەيگوو وريابە يەقين دێ و مەمکەکانی يار دەبڕێتەوە
لەوێوە درۆکانيان جاڕ دەدرێ
بە دەم برسێتی ئەوی رۆژگارەوە
ئەو پەتايە لە پەلوپۆی خستبووم
ژمارە ديارەکەی گوشيەکەم و
عەتری سەر پێڵاوەکان و
سووتانی لاپتۆپەکە و
قرچەقرجی قامکەکانم بە بای گڕەوە
زۆر بێ عەقڵی ديکەم نواند
سبەينێ تەمەن لەو تخوبەوە دەست پێدەکاتەوە
ئوس ) و ( ئێس ) و ( ڤۆڵتێرس )و ( چەمێ ) بێناونيشان )
دەبێتە جێ تراتێنی هەڵپەڕکێ
وەختە کڵافە رێسەکەم لێ دەبێتەوە خووری
دايکم وەک ئێمە گوێی لە نەنکم نەدەگرت
هەمووی لە بەر کرد بوو
وەڕس ببوو
شەوانيش ، بە ترسی ئەو شەولەبانە سوورە دەيخەواندين
ئێمەيش و دايکيشم لێی تۆقی بووين
نەبا بێتەوە
مەمکم نەبوو بيخوا
ئەو کاتيش لە مەمکی خوشکەکانم دەترسام
ئێستايش مەمکەکانی ئەو ديوی تخوب
يەژن شەو لەبانە سوورەکە دێتەوە
ئەمجارە دەبمە پەرژين بۆ دەوری يار
با من بخوا و ئەو بێ وەی بێ
نەبا ئەو بڵێ بێ کەسم
نەتزانيوە هەر من هەموو کەسم
ئاشقتم و خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم

٦ / ٤ / ٢٠٢٣
ئەڵمانيا




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گـومڕا-56-.. شەماڵ بارەوانی

بەشی(٥٦).

با ئەو تازە فەقێیانە، فێندەمێنتالیست و توندڕۆ دەرنەچن!

نموونەکی تری خۆش هەیە بۆتانی بگێڕمەوە، هەر لەو حوجرەی مزگەوتی حاجی بەدرییە، بە حوکمی ئەوەی من دەیان جۆر ڕۆژنامە و گۆڤارم دەخوێندەوە، کاکە یوسفەک هەبوو، خەڵکی گەڕەک بوو و ئەهلی مزگەوت و جەماعەت بوو. پیاوێکی زۆر هێمن و بەڕێزبوو، لە فەرمانگەیەک فەرمانبەر بوو، هەفتانە هەموو ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی کە بۆیان دەهات، دواترئەو بۆمنی دەهێنان. خۆشم هەر گۆڤار و ڕۆژنامەیەکی ترم لەبازاڕ بەرچاو کەوتبوایە، دەمکڕین.

لە نموونەی: گوڵان، هاوڵاتی، ئاوێنە، هەولێر پۆست، برایەتی، لڤین، باس نیوز، وشە، چرپە، هۆنیا، میدیا…تاد.

من هەمان شێوەی موتاڵای کتێب، زۆرم حەز لە خوێندنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیش دەکرد. هەرچی هەواڵی هونەری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بوایە، دەمخوێندەوە. دواتر دەمانکردن بە خوانی نانخواردن.

جا هەندەک فەقێمان لەگەڵ بوون، تازە فەقێبوون، من و فەقێیەکی تریش لە کۆلێژی شەریعەبووین،  کە ئێستا مەلایە، لە دەڤەری ئاکرێ و ئەو ناوە.

 دەمانگوت: با ئەو تازەفەقێیانە،  مێشک وشک و فێندەمێنتالیست و داخراو و توندڕۆ دەرنەچن، هەرچی وێنەی ژنە هونەرمەند و گۆرانیبێژ و ئەکتەری تورکی و عەرەبی و بیانی بوو، وێنەی هەرچی ژنە وەرزشوانە جیهانییەکانی سەر ڕۆژنامە و گۆڤارەکان هەبوو، کە بە قەناعەتی ئەوکاتی ئێمە، وێنەی نیمچە سێکسی و وروژێنەر بوون، دەمانکردن بە خوان، دەمانگوت با فەقێکان لەکاتی نانخواردن بەرچاویان بکەوێت و بە دڵی خۆیان سەیری کەن و کاریگەرییان لەسەر دروست بکات.

هاهاها ئینجا دەمان دا قاقا. چەندین جار ئەوکارەمان لە حوجره، دووبارەکردەوە.




نهێنی پیرە نەناسراوەكەی ناو ئاوێنەكە.. شوان عەباس بەدری

كاتێ لە چواردەورم نائومێد و بێزار ئەبم ، پەنا ئەبەمە بەر ئاوێنە ، پێش ئەوە ئەچم لە سەرخۆ و هێور هێور گوێزانێكی تیژی بڕەڕی بێ بەزەیی ئەگرم بە دەستمەوە و بۆ چەند خوولەكێك لە خۆم و گوێزانەكە و ملم ئەڕوانم و لە ئاوێنەی دەستشۆرەكەوە زەردەخەنەیەكی سارد و سڕ بۆ خۆم ئەكەم و چاو ئەبڕمە چاوی خۆم ، بە هێواشی پەنجە گەورەی دەستی ڕاستم ئەهێنم بە بنی گوێزانەكە و بە شێوەیەك كە پەنجەم نەبڕێت دەمی گوێزانەكە و پەنجەم ئەكەونە گفتۆگۆیەكی شاراوەی پڕ لە نهێنی !
دوای چەند خولەكێك و پاش تەواو بوونی گفتۆگۆی گوێزان و پەنجەم ،ملم بەرز ئەكەمەوە و بە هێواشی گوێزانەكە ئەهێنم بە ملما و دەست ئەكەم بە تاشینی ڕیشم .
دوای ئەوە كورسییەكی دارینی ڕەنگ ئاڵتوونی ئەهێنم و بەرامبەر ئاوێنەی ژوورەكەم دایئەنێم و بە جۆرێ دائەنیشم كە تابلۆی سرووشتە هەڵواسراوەكەی پشت سەرم لە ئاوێنەكەوە دیار بێت و جارێكی تر لە خۆم ئەروانم ، هەموو جارێ لەناو ئاوێنەكەوە وێنەدانەوەی مرۆڤێكی بەساڵاچووی ڕیش و قژ سپی گوێنی لەبەر ئەبینم كە لە سەر كورسییەكی داڕزاوی كرماوی دانیشتووە و كز كز نیگاكانی بەملاوئەولای خۆی ڕائەكات و نیوە مۆمێكی كوژاوەی بە دەستەوەیە !
هەموو جارێكیش كە لێی ئەپرسم : تۆ كێیت و بۆ وا كز كزی ؟
دەستی ئەهێنێت بە ڕیشە سپی و درێژەكەیا و زەردەخەنەیەكم بۆ ئەكات بە جۆرێ كە دانە زەردهەڵگەڕاوە ژەنگاوییەكانی وام لێ ئەكەن هێڵنج بدەم و بە زۆر خۆم بگرم و نەڕشێمەوە ، دوای ئەوەش ئاوڕێك بۆ دواوە ئەداتەوە و دەستی بۆ دیوارەكەی پشتەوەی درێژ ئەكات و بە پەنجەی ئیشارەت وێنەیەكم پیشان ئەدات كە ڵێڵ و تەڵخە و چوارچێوەكەی ژەنگاوییە !
بەڵام ئەمجارە بڕیاڕمداوە ئیتر وەك جارەكانی پێشوو بێدەنگییەكەی بێدەنگم نەكات و بچمە جەنگی ئەو پیرە گوێنی لەبەرەو ئەمجارەیان لە جیاتی ئەوەی ئەو پەلكێشم بكاتە ناو جیهانەكەی خۆیەوە من پەلكێشی ناو جیهانەكەی خۆمی بكەم !
هەر بۆیە لە جیاتی ئەوەی وەك هەمیشە بەرامبەری دانیشم و لێی بڕوانم ،بڕیاڕمدا هەستمە سەرپێ و بەرەو ڕووی بڕۆم و لەو دیو ئاوێنەكەوە ئیخەی بگرم و بەسەریا بقیژێنم : ئەی مۆتەكەی چڵكنی نەناسراو تۆ كێیت ؟
بە گوڕوتینەوە هەستامە سەر پێ تا بەرەو ڕووی بڕۆم بەڵام هەرچەن هەوڵمدا قاچەكانم لەگەڵما نەهاتن و نەمتوانی بەرەو ڕووی هەنگاو بنێم ، هەر وەك بڵەیت ئەژنۆكانم بە یەكەوە بەسترا بن و بنی پێشم بە زەمینەوە داكووترا بن بە باڵای خۆم كەوتمە سەر كورسییە دارینە ڕەنگ ئاڵتوونییەكەو بە واق ورماوی ئەمڕوانییە پیرە گوێنی لەبەرە پشت كوڕەكەی ناو ئاوێنەكە كە هەستا بووە سەر پێ و سەمای ئەكرد و ئیشارەتی بۆ ئەكردم و قاقا پێم پێئەكەنی !
ئەمە یەكەمجار بوو ببینم ئەم نەفرەتییە نەناسراوە هەستێتە سەر پێ و بەو جۆرە سەما بكات و شێتانە پێبكەنێت !
هاوارم كرد : ئەی نەفرەتی گاڵتە بكە بەس با بزانین دواجار كاممان یەخەی كاممان ئەگرین و ئەیدەین بە عەرزا .
كە گوێی لەو هاوارەم بوو ساتێ لە سەما كردن وستا و چەند چركەیەك سەیری سەرتاپامی كرد كە چۆن هەوڵمئەدا دووبارە هەستمەوە و هەنگاو بنێم بەرەولای و یەك لە سەر یەك وەك جاری یەكەم ئەكەوتمەوە سەر كورسییەكە .
نیگاكانی پڕ بوون لە تووڕەیی و نێوچەوانی گرژگرژ كردبوو لەناكاو زمانی وەك گاڵتە كردن لێ دەرهێنام و دەستی هێنا بە ڕیشە درێژەكەیو لەسەر كورسییە داڕزاوەكەی دانیشت .
چەن چركەیەك چاوەكانی داخست و دەستی هێنا بە سەریا و قژی خوراند و لەبەر خۆیەوە ورتە ورتی ئەكرد .
سەرم سورما بوو لێی ،ئاخر ئەمە یەكەمجاری بوو ئەم ڕەفتارانە بكات و بەو جۆرە خۆیم پیشان بدات ، هەموو جارێ بێدەنگ بێدەنگ دائەنیشت و منیش بە بێدەنگی لێم ئەڕوانی .
خۆمم نەگرت لێم پرسی : ورتە ورتی چی ئەكەیت ؟، گوێم لێت نییە !
لە پڕ چاوی كردەوە و زەردەخەنەیەكی كرد بە جۆرێ كە دیسان ددانە زەردهەڵگەڕاوە و ژەنگاوییەكانی دەركەوتنەوە و وتی : ئەڵێم ئەم نەفرەتییە چەندین ساڵە ئاوێكی سازگاری پیشان نەداوم تا خۆمی تیا بشۆم و لەم چڵكنی و گەڕییە نەجاتم بێت .
تۆنی دەنگی نووسا بوو و بە زۆر وشە و پیتەكان لە قوڕگییەوە ئەهاتنە دەرەوە ، وەڵامم دایەوە : چڵكنی و گەڕی تۆ چ پەیوەندییەكی بە منەوە هەیە !؟
لەگەڵ تەواو بوونی پرسیارەكەم دەستی كرد بە پێكەنین و وتی : دەمێ ساڵە من و تۆ هاوڕێین و پێكەوە ئەژین ، تۆ وائەزانیت تەنها ئەو كاتانەی لە چواردەورت ڕائەكەیت و یەیت و بەرامبەر ئەم ئاوێنە نەفرەتییە دائەنیشیت من دەرئەكەوم و ئەمبینیت .
كە ئەمەی ووت بۆ چەند چركەیەكی كەم بێدەنگ بوو و ژێر چەناگەی خۆی خوراند و سەیرێكی بن مێچی ژوورەكەی كرد و دەستی كردەوە بە قسە كردن : سەیر بكە جوان سەیر بكە .
بە پەنجەی ئاماژەی بۆ بن مێچی ژوورەكەی كرد و وتی : ئەم بن مێچە نەفرەتییە زەردهەڵگەڕاوە قەوزاوییە تاریكە سەردەمانێ ئەوەندە ڕووناك بوو كە پرشنگی ئەدایەوە – دوای ئەوەی ئەمەی وت تۆنی دەنگی گۆڕا بە تۆنێكی پڕ لە تووڕەیی – بەڵام ئێستا جوان سەیری بكە هەی نەفرەتی بزانە لەبەر تۆ و بیركردنەوە و تێگەیشتنی تۆ چی لێهاتووە .
كە ئەمەی ووت وەك بڵەیت سەتڵێ ئاوی ساردیان پیا كردبێتم گەرم و گوڕی هەستان و هەنگاو نانم بەرەو ڕووی نەما ،بەڵام دوای چەند چركەیەك هێزم بە بەردا هاتەوە و هەستامە سەر پێ و هاوارم بەسەرا كرد : درۆۆۆۆۆ ئەكەیت ، من هەر نازانم تۆ كێی ئیتر چۆم بە بۆنەی منەوە ئەو مێچە وا گەڕ و گول بووە هەی درۆۆۆۆۆۆۆۆزن .
لەگەڵ هاواركردنەكەشم چەند جارێك هەوڵمدا بەرەو ڕووی هەنگاو بنێم ،بەڵام دیسان هەوڵەكانم بێ ئاكام بوون و كەوتمەوە سەر كورسییەكە و لەگەڵ هەموو كەوتنێكم ئەو نەفرەتییە بە دوو پەنجە ئەملاوئەلای لێوی ئەكشاند و سەری بەملاوبەولایا با ئەدا و زمانی لێ دەرهێنام !
ئەوەندە هەستام و كەوتم تا تەواو تەواو ماندوو بووم و برسكم لێبڕا ، سەرو سیما و هەموو گیانم تەڕ تەڕ ببوو و بە ئەندازەی یەكساڵ عەرەقم كردبووەوە ، بە جۆرێ كە تك تك عەرەق لە سەروسیمامەوە ئەهاتە خوارێ و چاومی ئەكزاندەوە .
بە ناچاری لێم پرسییەوە : بەس پێم بڵێ تۆ كێیت ؟
كاتێ گوێی لەم پرسیارەم بوو بە هێمنی لە سەر كورسییەكەی هەستایە سەر پێ و لەسەرخۆ لەناو ژوورەكەی دەستی كرد بە پیاسە ، ئەوەندە لەسەرخۆ پیاسەی ئەكرد و بە وریایی هەنگاوی كورتی ئەنا كە وەك بڵەیت ئەترسێ كە وردە شووشە بچێ بە بنی قاچیا یا پێ بنێ بە شتێكا و ئازاری پێبگات!
دوای چەن چركەیەك لە هاتوچۆ شێت ئاساكەی وستا و ڕووی كردە دیوارەكە و دەستی بەرەو تابلۆ ڵێڵ و تەڵخەكە درێژ كرد و بە دەنگێكی نووساوی هێمنەوە پێی وتم : ئەم تابلۆیە سەردەمانێك سەردەمانێكی زۆر كۆن پڕ بوو لە هەناسە و دەنگی هاژە و پێكەنین ، بەس ئێستا سەیری بكە چی بەسەر هاتووە ، نە هەناسەیەكی تیا ماوەو نە ڕووبارێك تا دەنگی هاژەكەی بێت و نە مرۆڤێكی گەشبین و دڵخۆش تا پێبكەنێت ، ئەوەتا چەندین ساڵە لەم كونجە تاریكە كەوتووە و چوارچێوە ڕەنگ زێڕینەكەی ژەنگ خواردوویەتی – دوای ئەم قسانە لە ژێر چاوەوە سەیرێكی كردم – و بە هەمان هێمنی و تۆنە ئارامە وتی : زۆر حەز ئەكەیت بزانیت من كێم ؟ باشە پێت ئەڵێم ، من زیندانبانم و تۆش زیندانی ، من پەڵە هەورێكی ڕەش ڕەشم و تۆش ئاسمانێكی تاریكی بێ ئەستێرە ، من ….من …. – دوای ئەمە بە تووڕەییەوە هاواری كرد – من هەموو ئەو بیركردنەوە و تێگەیشتنە هەڵانەی تۆم كە چەندین ساڵە لەناو هزرتا كۆت كردوونەتەوە و ئێستای تۆیان درووست كردووە ، هەموو ئەو تووڕە بوون و پنگ خواردنانەتم كە لە كاتی خۆیا دەرتنەبریوە و لەناو خۆتا هێشتووتەتەوە ، هەموو ئەو خەونانەتم كە هەوڵت بۆ نەداون ، من هەموو ئەو فرمێسكانەم كە ئەبوایە بتڕشتایە و پێت عەیب بوو بیانڕێژی و ئێستا گەرووت ئەگووشن ، من وەك گوڵە لەولاوێكی خەمۆكم كە بە ناو دەروونتا بڵاوبوومەتەوەو هزر و مێشكتم داگیر كردووە .
دوای ئەم قسانە هات و دووبارە لەسەر كورسییەكەی دانیشت و چاوی بڕییە چاومەوە و ئەمجارەیان بە تۆنە دەنگێكی نووساوی مام ناوەند و بزەیەكی تاڵەوە پەنجەی بەرەو سەرم درێژ كرد و پێی وتم : دیارە هێشتا تێنەگەیشتووی من كێم ! من ئەوەتام لەوێم ، ماڵی هەمیشەیی من ئەوەتا ئا لەوییا ، تۆ دەرباز بوونت نییە لە دەستی من ، مرۆڤ زۆر لەوە بێهێزتر و بێ ئیرادەترە كە بتوانێت لە من ڕزگاری بێت هاوڕێم ، من لە ناو مێشك و هزری تۆیا ئەژیم … من تۆم .
دوای ئەم قسانەی هەستم ئەكرد خەریكە ئەخنكێم ، نەمئەتوانی وەك پێویست هەناسە بدەم و تەنها سەیرم ئەكرد ، لەتاو كزانەوەی چاوم زوو زوو چاوم ئەنووقاند و ئەكردەوە ، بە زۆر گوڕم بە خۆمدا و بە تۆنە دەنگێكی هەنێسكاوی پێم وتم : من هاوڕێی تۆ نیم ، بە من مەڵێ هاوڕێ .
وەڵامی دامەوە : پێت نەڵێم هاوڕێ ! سەیرە ! تۆ نە تەنها تاكە هاورێمی بەڵكو بگرە تۆ خولقێنەری منی ، چەندین ساڵە بە بێ ئەوەی بە خۆت بزانیت و هەستی پێبكەیت خۆت خزاندۆتە ناو تولە ڕێیەكی تاریكی بێ كۆتایی و سات لە دوای ساتیش لەناو تاریكی ئەو تولە ڕێیە مارپێچە وونتر و وونتر ئەبیت ، – دوای ئەم قسانەی بە تۆنێكی گاڵتەئامێزەوە- پێی وتم : تۆ دەرباز بوونت نییە لەمن ، تازە بە تازە بە نیازی هەستیت و بێی یەخەم بگریت داماو.
دوای ئەم قسانەی دیسان پەنجەی بۆ درێژ كردمەوە و دەستی كرد بە پێكەنینێكی شێتانە ،ها ها ها ها ها.
دەنگی پێكەنینەكەی وەك ئەوە وا بوو بە نووكی پەنجەم ئاسنێك یا دیواریك بكرێنم ، مێشك و دەروون و گوێمی ئازار ئەدا ، سات لە دوای ساتیكیش دەنگی پێكەنینە نەفرەتییەكەی بەرز تر و بەرزتر ئەبوو و بە دەم پێكەنینەوە هەستا بووە سەر پێ و لە بەرامبەرما شێت ئاسا سەمای ئەكرد .
لە ناكاو تووڕەیی و هێز و گورێكی سەیر هەموو گیانمی داپۆشی ، بە هەموو هێز و توانامەوە هەستامە سەر پێی و لە گەڵ یەكەم هەنگاوم هەستم كرد ئەژنۆكانم و بنی پێم ئازاد ئازاد بوون و بەرەو ڕووی ڕۆیشتم و لە ئاوێنەكەوە ئێخەم گرت و ڕامكێشایە دەرەوەی ئاوێنەكە و دام بەزەویا و بە مستە كۆڵە بەربوومە دەم و چاوی .
لە گەڵ هەر مستێك هەستم ئەكرد میشكم لە تاو ئازار خەریكە ئەتەقێت و لە هەمانكاتیشا دەروونم ئارامتر و ئارامتر ئەبێت ، ئەویش بە بێ هیچ بەرگرییەك لە ژێر لێزمەبارانی مستەكۆڵەكانم لە پێكەنینە شێتانەكەی بەردەوام بوو و منیش تووڕەتر و تووڕەتر مستم لە دەم و چاوی ئەدا و هاوارم ئەكرد : با بزانیت بەهێزتر و بە ئیرادەتر لەوەم كە تۆ بیرت لێ كردۆتەوە ، خۆت وتت من خولقێنەری تۆم كەواتە هەر خۆیشم ئەتوانم تۆی تاریك و بێ دەلاقە بگۆرم بە پانتاییەك لە سەوزایی و دەنگی ڕووبار و پێكەنین ، من ئەتوانم مێشك و دەروونم لە تۆ ڕزگار بكەەەەەەەم هەی بە نەفرەت بیییییییییییت .
+++++++
كاتژمێر پێنجی بەیانییە و بەرامبەر ئاوێنەی ژوورەكەم دانیشتووم ، پەنجەرەی ژوورەكەم كردۆتەوە و لە پەنجەرەی ژوورەكەمەوە هەوایەكی فێنك و دڵڕفێن دێتە ژوورێ و دەست ئەهێنێت بە سەروسیمام و هەست ئەكەم دڵداریم لەگەڵ ئەكات ، بۆ چركەیەك لە پەنجەرەكەوە ئەڕوانمە گزنگی بەیان و ڕوو ئەكەمە ئاوێنەكەم ، پیاوێكی پۆشتەی بۆن خۆش كە ڕیشی تازە تاشیوە بەرامبەرم لەسەر كورسییەكی دارینی ڕەنگ ئاڵتوونی دانیشتووە و لە پشتییەوە تابلۆیەكی سەرسەوز ئەبینم كە دەنگی هاژەی ڕووباری لێوە دێت ، بۆ چەند چركەیەك چاوم دائەخەم و لە دڵەوە بە خۆم ئەڵێم : من كە توانیم خۆم لەو نەفرەتییە ڕزگار بكەم بە دڵنییاییەوە كەسانی تریش ئەم هێزەیان تیایە و تەنها ئیرادەیەكی پۆڵایینی پێویستە و هیچی تر .
دوای ئەوە بە پەلە هەستامە سەر پێ و بەرەو دەرگای دەرەوەی شووقەكەم هەنگاوم نا و چوومە دەرەوە ، لەسەر پلیكانەكان دراوسێكەمم بینی، بۆ یەكەمین جار دوای چەندین ساڵ دراوسێتی بە زەردەخەنەوە بەیانی باشێكی گەرمم لێ كرد و بە دڵگەرمییەوە هەنگاوم نایە ناو كۆڵانەكەمان و بەرەو شوێنی كارەكەم كەوتمە ڕێ .
دوای ساڵەهای ساڵ بۆ یەكەمینجار لە گەڵ هەر هەنگاوێكما هەستم ئەكرد زیندووم و دەروونم پڕە لە ئارامی و شنەبای بەیان مەستی ژیان و جوانییەكانی كردبووم .




ڕەهەندەکانی کەلاخستنی کولتووری.. مەحمود چاوش

کەلاخستن یان کەنارخستنی کولتووری (بە لاتینی مارگینالیزاندن ـ Marginalisierung) بە یەکێك لە چوار ستراتیژیەکانی ئاڵوگۆڕی کولتووری (بە لاتینی ئاکولتوراتسیۆن- Akkulturation) ناوزەددەکرێت، کە جۆن ڤیدەپ بێری(1) لەسەر بنەمایەکی زانستی شرۆڤەی کردووە.ئەم کەلاخستنە کولتوورییە بە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی ئەوتۆدا تێدەپەڕێت، کە تاکێك، گروپێك یان گرووپێکی کولتووری بەهۆی تەنگپێهەڵچنینەوە دەهاوێژرێتە کەناری کۆمەڵگەیەکەوە، کە تێیدا بە شێوەیەکی زۆر لاواز بەشداری ژیانی کولتووری، سیاسی و بژێوی (ئابوری) کۆمەڵگە دەکات.
بێگومان ئەم کەلاخستنە تەنها بەلاوەنانێکی کولتووری نییە، کە لە لایەن کولتوورێکی جیاوازتر و زاڵتر و زۆرینەترەوە نەفی دەکرێت، بەڵکو تەواوی ناکۆکییەکانی نێو خودی کولتوورەکان دەخاتە نێو قەیرانێکەوە، کە تەنانەت کۆمەڵگە مۆدێرنەکانیش بە هەموو توانای هزری و زانستی و کۆمەڵایەتییانەوە نەیانتوانیوە چارەیەك بۆ ئەم ستراتیجیە بدۆزنەوە. ڕێگرەکانی کەلاخستنی کولتووری ئاڵۆزترن لەوەی، کە ئێمە هەستی پێدەکەین و ڕۆژانە بەرەنگاری دەبینەوە. گەر بێینە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە، ڕەنگە پێمان سەیربێت، کە تەنانەت لەنێو کولتوری خانەخۆی و هۆمۆگێندا (هاوکولتووریدا) ئەم کەلاخستنە پڕاکتیزە دەکرێت، وەک کەلاخستنی بەساڵاچوان، کەمئەندامان، هەژاران، هاوڕەگەزانبازان، تەنانەت ژنان و مناڵانی بێ باوانیش (هەتیوان)، کە تاکو ئێستاش لە زۆرینەی کۆمەڵگەکاندا بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ مامەڵەیان لەتەکدا دەکرێن. ئەم دیاردەیە دەتوانرێت تا سنووری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و تاکەکەسی هەنگاوبنێت. کەلاخستن زۆرێك ڕەهەند لەخۆدەگرێت، سەرئەنجام مرۆڤ ڕووبەڕووی لە “قاڵبدان” یان “بەکەمدانان” دەبێتەوە.
لە زۆرینەی کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا پرۆسەی کەلاخستنی کولتووری بۆتە هۆکاری نایەکسانی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی بەرامبەر گروپێك یان ئێتنییەك، کە لە ئەنجامی ئەم پڕۆسەیەدا ڕووەو هەژاری، کولەمەرگی و بێدەرەتانیان دەبات، ژیانیان تەنگەتاو دەکات و لە بازنەدانێکی کولتووری یان لەمۆڵگەخزاندن (گێتۆکردن)دا چەقدەبەستن. نمونەی گەڕەکە هەژارەکانی شارە گەورە و مێترۆپۆلەکانی وەك مۆمبای هیندوستان و لیما لە پێرۆ زۆر بەڕوونی ئەم کارەساتە مرۆییەی لەمۆڵگەخزاندن پێشان دەدەن، کە ملیۆنان مرۆڤ ڕۆژانە لەژێر سەختترین و بێدادترین بارودۆخدا ژیان دەگوزەرێنن. لێرەدا ئاشکرایە، کە ئەم دیاردەیە لەنێو کولتوورێکی هۆمۆگێنیشدا بەئەنجام گەیەندراوە و بەردەوام دەگەیەنرێت.

هۆکارەکانی پشتگوێخستن و توڕدانی تاکێك، گروپێك یان ئێتنییەك بۆ کەناری کۆمەڵگەیەك

مرۆڤ بەردەوام و لە تەواوی مێژوودا بۆ ئەوە هەوڵی داوە، ژیانی پڕئارامی و خۆشبەختانە بەسەربەرێت، بژێوی، تەندروستی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان لە هاوکێشەیەکی یەکساندا هاوسەنگ بکات، ئاخر ئەم هەوڵ و تێکۆشانەی مرۆڤ لە دروستکرنی شارەکان و پێشکەوتنی پیشەسازی و تەکنۆلۆژیای نوێوە هەر بۆ ئاسانکاری ژیان بووە، واتا نێوەندی پیشەی دەستی و بازرگانیی بووە، کە لە بەرژوەندگەرایی مرۆڤدا بوون. مەخابن ئەم پڕۆسەی مێژوویی پێشکەوتنخوازییە گەلێک دیاردە و پێکهاتەی نێگەتیڤی لەتەك خۆیدا بۆ مرۆڤایەتی بەرهەمهێناوە، کێشمەکێش و دووبەرەکایەتی و تەنگژە (قەیران) جەنگییەکان کەمتر نەبوونەتەوە، بارودۆخی هەژاری و نەداری بەردەوام لە زیادبووندایە. باری کۆمەڵایەتی و خێزانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە لاوازی و بەرەو نەمان ڕاپێچدەکرێت.
سەرئەنجام هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە، گەر سیاسی، ئابوری یان کۆمەڵایەتی بن، مرۆڤ ڕاپێچی بێدەرەتانی و تائاستی تاوانکردن دەبات. گەر ئەم دیاردەیە لە چوارچێوەی گرووپی ئێنتیدا بڕوانین، ڕوونتر دەبێتەوە، کە بەشدارییە سیاسی و ئابوری و کولتوورییەکانی کۆمەڵگەیەك لەو گروپە دادەبڕرێن لەم بوارانەدا. لە تەواوی مێژوودا ئەم کەلاخستنی کەلتوورییە بە خواستی مرۆڤەکان نەبووە و هۆکارە دەرەکییەکان پەستانی کۆمەڵایەتیان خستۆتە سەر کەسێک، گروپێک، یان ئێتنیەك و توڕیان داونەتە کەناری کۆمەڵگەکە. کەلاخستنی ئەرمەنەکان لە یەکەم جەنگی جیهانی لە لایەن عوسمانیە بەناو موسڵمانەکانەوە، کەلاخستنی جووەکان لە دووم جەنگی جیهانی لە لایەن ڕژێمی تۆتالیزمی نازی هیتلەرەوە دوو نمونەی کەلاخستنی گروپێک یان ئێتنیەكن، کە بە شێوازی سیستماتیکی پلانی بۆ داڕێژراوە و بەئەنجام گەیەنراوە. دەسەڵاتداران لەم پرۆژە و پلانانەدا پرسیان بە ئەرمەنی و جووەکان نەکردووە و ئەوان خوازیاری ئەوە نەبوون. ئەم دەسەڵاتدارانە مێژوویان کردۆتە کەلاوەیەکی کەڵەکەبوو لە زبڵخانەی ئایدۆلۆجی و ستراتیجیەکانیاندا. نووسەر و فەیلەسوفی ئەڵمانی جوو و هاوکاری قوتابخانەی فڕانکفۆرت ڤالتەر بێنیامین (Walter Bendix Schoenflie Bejamin) (2) بەڕوونی لە هەڵبژاردەی نووسینەکانیدا ، بەتایبەت لە نووسینی تێگەی مێژوودا باس لەم کەلاوەخانەیەی مێژوو دەکات و تێگەی پێشکەوتن بەمانا مێژووییەکەی ڕەتدەکاتەوە، چونکە پێشکەوتن بە دیدی ئەو تەنها وێرانەی لە هەنووکەدا کەڵەکەکردووە.3 بێنیامین وێناکردنی ئەم وێرانکاری و کەلاوە مێژووییە دەگەڕێنێتەوە بۆ کێشەی پێشکەوتن. لە “هەڵبژاردەی نووسراوەکان”دا باس لە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی مرۆڤایەتی دەکات بە وێنەیەکی “پاول کلێ” بەناوی “ئانگیلۆس نۆڤۆس”وە، کە فریشتەیەکی لەسەر وێنە کراوە بەناوی فریشتەی مێژوو. ئەم فریشتەیە باڵەکانی کراونەتەوە، دەمی داچەقیوە و چاوەکانی زەقە و لە شتێك دەڕوانێت، کە دەیەوێت لێی دووربکەوێتەوە، کە مێژووی ڕووداوەکانە. 4 بێنیامین ڕوونتر باس لە ئەرکەکانی نەوەی داهاتو دەکات، کە بەرپرسیارێتی بەرامبەر مێژوو لە ئەستۆی خۆیان بگرن (نەوەکانی داهاتو ئەرکیان ئەوەیە، کار لە ڕابردوویاندا بکەن). بە بیروڕای بێنیامین مرۆڤایەتی کاری لەسەر ڕووداوەکانی مێژوو نەکردووە، بۆیە ئێستامان وێرانە. ئەو دەبێژێت: “ئێمە دەبێت وەکالەتێک بدەینە هزرمان، سەردانێکی ڕابردوو بکات، بۆ ئەوەی لە مەترسییەکانی ئێستامان تێبگەین.”5
نووسەر و فەیلەسوف و ڕەخنەگرانی قوتابخانەی فڕانکفورت زۆر زوو لە سیستەمی ئەم پڕۆسە مێژووییە تێدەگەن و شڕۆڤە بۆ ئەم گرفتەی “مێژوو” دەکەن.
ئەگەر دیاردەی کەلاخستنی کولتووری لە مێژووی کۆندا بە شێوەیەکی ڕێکنەخرا و لابەلا بووبێت و کەمتر لە ڕۆژگاری ئێستادا ڕوویان دابێت، ئەوا پێکهاتەکانی مۆدێرنە و پێشکەوتی تەکنەلۆجیا، بە ڕێنیسانسیشەوە، کەلاخستنی کولتووریان هاویشتۆتە باڵاترین شێوازی ڕێکخراوی نامرۆڤانەوە. لەبازنەدانی ملیۆنان مرۆڤ لە گەڕەکی تایبەتی شارە مێترۆپۆلەکاندا نمونەیەکی ڕوون و ئاشکرای ئەم دیاردەیەن.
بێگومان کەسان و گروپی تایبەتیش بە خوازیاری خۆیان لە کەناری کۆمەڵگەیەكدا خۆیان دوورەپەرێز دەگرن و ناخوازن تێکەڵی کۆمەڵگەکەیان ببن، کە ئەم بابەتەش نووسینی تایبەتی خۆی دەخوازێت.

جۆرەکانی کەلاخستنی کولتووری

1 کەلاخستنی کولتووری لە نێو کولتوورێکی خانەخوێدا: وەلاوەنان و کەلاخستنی کولتووری لە کۆمەڵگەیەکی هاوکولتووری (هۆمۆگێن)یشدا بەئەنجام دەگەیەنرێت، کە ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکان لە نێو کولتوورە خانەخوێکەدا بە هەمان پڕۆسەی کەلاخستن و گۆشەگیری و دابڕانی کۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕن.
2 پڕۆسەی کەلاخستنی کولتووری لە نێوان کولتووری زۆرینە و زاڵ لەتەك کولتووری کەمینە و لاوازدا بەرپادەبن، کە دەرئەنجام دەبێتە دروستبونی گێتۆ و لەبازنەدانی گروپێك یان کەمینەیەک. بۆ نمونە کەلاخستن و وەلاوەنانی کەمینەی تواڕێک (Tuareg) لە مالی و نێجیریا لە ئەفریقادا. کولتووری تواڕێکەکان لە ئەنجامی پڕۆسەی تەنگپێهەڵچنینەوە بەرەو کەناری کولتووری ئەو دەڤەرە نراوە.
3 خۆکەلاخستنی ئارەزوومەندانەی تاکێک، گروپێك یان کەمینەیەك بۆ دەرەوەی کولتوورێکی جیاوازتر لەخۆ. لێرەدا مەرج نییە ئەم پرۆسەیە بە شێوەی گوشاری سیاسی، ئابوری یان کۆمەڵایەتی، بەڵکو دەشێت بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و کەسی ڕووبدات. هەندێجار تاکێکی هەمان کۆمەڵگە بە هەر هۆکارێکی کەسیەوە بێت خۆی دەهاوێژێتە کەناری کۆمەڵگەکەی. ئەم کەنارخستنی کولتوورییە باس لە گۆشەگیر و خۆکەنارخستنی کەسانێك ناکات، کە بەهۆی نەخۆشییە دەروونییەکانەوە دەخرێنە کەناری کۆمەڵگەوە، بەڵکو زیاتر باس لەدابڕانی تاکێك یان گروپێك لە کۆمەڵگە دەکات. ئەوەی ئاشکرایە ئەم کەنارخستن و خۆکەلاخستنی کولتوورییانە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە ڕوودەدەن.
بێگومان کەلاخستنی کولتووری تەنیا نیشانە و دیاردەی کۆمەڵگەی مۆدێرن نییە، بەڵکو ڕیشەی لە قوڵایی مێژوودا داکوتیووە و جووتلایەنە لە مێژووی خۆکەلاخستن و کەلاخستنی کولتووریدا ڕودەدات و دەبێت بە گرفتێکی ئاڵۆزی مێژوویی. بۆ نمونە مێژووی گروپە کۆچەر و دەشتەکیەکانی چادرنشینی سنتی و ڕۆماکان، کە بە (قەرەج)6 ناوبانگیان دەرکردووە، ئەو گروپانە لەخۆدەگرن، کە لەکەناری کۆمەڵگەکاندا بە شێوازی جیاواز لە داب و نەریت و نۆرمی ئەواندا ژیانی خۆییان پیادەکردووە. ئەم گروپانە بەهۆی شێواز و جۆری ژیانیانەوە لەکەناری کۆمەڵگەکاندا کەلاکەوتون و تێکەڵی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو دەڤەرانە نەبوون. ئەم ڕەوشە جووتسەرییە هەر یەکەیان لە ڕوانگەی خۆیەوە دەینرخێنێت: کولتووری خانەخوێ ئەوان بەوە تاوانبار دەکات، کە توانای وەرگرتنی نۆرمەکانی ژیانی ئەوانیان نییە و خۆیان ناگونجێن و خۆیان وەدەردەنێن، لەوبەرەوە جەخت لەوە دەکەن، کە کولتووری خانەخوێ ڕێزی بۆ کولتوور و شێوازی ژیانی ئەوان نییە، بەپێچەوانەوە دەیەوێت ئەوان لەنێو خۆیدا بتوێنێتەوە. ئەمەش بۆ ئەوان بریتی دەبێت لەدەستبەرداربوونی کولتوور و داب و نەریتی خۆیان. لەسەرئەنجامی ئەم ڕەوشە جووتلایەنەدا قەرەجەکان هیچ بەشدارییەکی کولتووری سیاسی لەو وڵاتانەدا نەکردووە.
دەرئەنجام دەگەینە ئەو پنتە، کە “کەلاخستنی کولتووری” و “خۆکەلاخستنی کولتووری”، کە بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە ڕوودەدات،” بەرهەمی ئەو ئاڵۆزیانەن، کە لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکاندا بەرپابوون و بەردەوامیشن. بە بەرجەستەیی ببێژین، کۆچ و پەنابردنەبەر وڵاتانی ئەوروپا، چڕبوونەوەی ژمارەی کۆچبەران تێیاندا، وەك سەرئەنجام بەهۆی پیادەکردنی ژیانی تایبەتی کولتوورییانەوە جۆرێک لە خۆکەلاخستن و هەروەها کەلاخستنی دەرەکیان لە لایەن گەلی خانەخوێوە لێکەوتۆتەوە، بۆ نمونە لە شارە گەورەکانی وەك پاریس و بەرلین و لەندەن و ئەوانی تردا. بێگومان ئاشکرایە لەم ڕەوتەدا زۆر گیروگرفتی وەك نەگونجانی کولتووری و نەخۆشی دەروونی و تاوانکاری هاتونەتە گۆڕێ.

مەحمود چاوش

——————————————————————

پەراوێزەکان

  1. جۆن ڤیدەپ بێری لە ساڵی 1939 لە شاری مۆنتریاڵ/کەنەدا لەدایکبووە و پڕۆفیسۆری زانستی دەروونناسی و توێژەری کۆچبەرییە. مامۆستایە لە زانکۆی کینگستن/کەنەدا. گەلێك توێژینەوەی لەسەر تێگەی (Akkulturation) کردووە و سەرەتاکانی ئەم بابەتەی هێژاندووە. بە بیروڕای ڤیدەپ کەلاخستنی کولتووری بەشێکی دانەبڕاوی ئاڵوگۆڕی کولتوورییە و بە لەبازنەدانی کولتووری یان “گێتۆکردن” ناوزەد دەکرێت.
  2. ڤالتەر بێنیامین لە (15.07.1892) بەرلین هاتە ژیانەوە و لە (26.09.1940) لەسەر سنووری فەڕەنسا-ئیسپانیا لە کەناری پۆرتبۆ بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەست نازییەکان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
  3. کاوە جەلال: ماتەریالیزمی مێسیایی ی ڤالتەر بێنیامین، لاپەڕە 14
  4. Walter Benjamin, Illuminationen, Ausgewählte Schriften I, Suhrkamp Taschenbuch 345, Frankfurt am Main, Erste Auflage 1977.
  5. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 252
  6. واژەی “قەرەج” بۆ کەمایەتییەکانی “سنتی و ڕۆما” بەکارهێنراون، لە ڕوانگەی ڕەگەسپەرستی و بەچاوسوککردن و جیاکارییەوە نرخێندراون و جۆرێکن لە بوغزاندن و کەلاخستن بەرامبەر ئەم گروپانە.



دەستپێکی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی.. نووسینی : ساندیا مەولانا(*)

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

هەرچەندە کارل مارکس شیعر و ڕۆمانی نووسیوە، بەڵام بەرهەمەکانی زۆر کەم ئاماژەیان بە باس و ڕەخنەی ئەدەبی کردووە. سەرەڕای ئەوەش، فەلسەفەکەی کاریگەرییەکی زۆر بەرفراوانی لەسەر ڕەخنەگران و نووسەران هەیە، ئەمەش بۆتە هۆی لەدایک بوونی ئەو شتەی کە پێی دەوترێت ڕەخنەی ئەدەبی مارکسی. ئێمە لێرەدا تێدەکۆشین باس لە گرنگیی مارکس نەکەین وەک باوەگەورەی کۆمۆنیزم و خەباتی چینایەتی، بەڵکو باس لە گرنگییەکەی دەکەین لە پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی ئەدەبی کە ئەدەب بە دیاردەیەکی کۆمەڵناسی دەزانێت کە هاوشێوەی دیاردەکانی دیکەی لەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بەهۆی سنوورداربوونی پانتایی ئەم چینە، تەنیا باس لە کاریگەرییەکانی مارکس (و ئەنگڵس) دەکەین لەسەر لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسی و مێژوویی ئەدەب. سەرنجەکانی مارکس و ئەنگڵس لەسەر هونەر و ئەدەب پەرش و بڵاو و پارچە پارچەن. ئەمەش یەک لەو هۆکارانەیە کە ڕەخنەی مارکسیستی زیاتر لە تەنها دووبارە خستنەڕووی ئەو کەیسانە دەگرێتەوە کە دامەزرێنەرانی مارکسیزم دایانناوە. بەشێکی ئەو زانستە بنیات دەنێت کە بە ‘کۆمەڵناسی ئەدەب’ ناسراوە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی ئەدەبیەوە هەیە، چۆنییەتی چاپکردنی کتێبەکان، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی نووسەران و خوێنەرەکانیان، ئاستی خوێندەواری، دیاریکەرە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سەلیقە و پەیوەندیی سۆسیۆلۆژی دەقە ئەدەبییەکان. ڕەخنەی مارکسی زیاتر لە سۆسیۆلۆژیای ئەدەب، گرنگیدانێکی هەستیارانەیە بۆ فۆرم و شێواز و مانای بەرهەمە ئەدەبییەکان وەک بەرهەمی مێژوویەکی دیاریکراو پەرە پێدەدات. کەواتە ڕەسەنایەتی ڕەخنەی مارکسیستی لە ڕوانگە مێژووییەکەیدا نییە بۆ ئەدەب، بەڵکو لە تێگەیشتنی شۆڕشگێڕانەکەیدایە بۆ خودی مێژوو.
کارل مارکس و فرێدریک ئەنگێڵس مارکس زاراوەی بناغە یان ژێرخانی بۆ هێزەکان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان دیاری دەکات کە پێکهاتەی ئابووری کۆمەڵگە پێکدەهێنن. لەم ژێرخانە ئابوورییەوە، سەرخانێک، هەندێک فۆڕمی یاسا و سیاسەت، جۆرێکی دیاریکراو لە دەوڵەت سەرهەڵدەدات، کە ئەرکە جەوهەرییەکەی بریتییە لە شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی ئەو چینە کۆمەڵایەتییەی کە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی ئابوورییە. هەروەها سەرخان فۆڕمی دیاریکراوی هۆشیاری کۆمەڵایەتی (سیاسی، ئایینی، ئەخلاقی، جوانیناسی و ئەوانی دیکە) لەخۆدەگرێت، ئەمەش ئەوەیە کە مارکسیزم وەک ئایدیۆلۆژیا ناوی دەبات. هەروەها ئەرکی ئایدیۆلۆژیا بریتییە لە شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی چینی دەسەڵاتدار لە کۆمەڵگەدا. بیروباوەڕە باڵادەستەکانی کۆمەڵگەیەک بریتین لە بیروباوەڕەکانی چینی دەسەڵاتداری ئەو کۆمەڵگەیە. هونەر و ئەدەب بۆ مارکسیزم بەشێکن لە سەرخانی و ئایدۆلۆژیای کۆمەڵگە. تێگەیشتن لە ئەدەب، لە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیدا، تێگەیشتنە لە کۆی ئەو پرۆسە کۆمەڵایەتییەی کە بەشێکە لێی. ڕەنگە ئەدەب بەشێک بێت لە سەرخان، بەڵام تەنیا ڕەنگدانەوەی بێکاریگەری بناغەی ئابووری نییە. ئەنگڵس دەیەوێت ڕەتی بکاتەوە کە هیچ پەیوەندییەکی میکانیکی و دانە بە دانە لە نێوان ژێرخان و سەرخان هەبێت؛ توخمەکانی سەرخانیش بەردەوام دژەکردار دەنوێنن بەپێی کاریگەرییان لەسەر بناغەی ئابووری. تیۆری ماتریالیستی مێژوو (کە بەشێکە لە تێگەیشتنی مارکسیزم) نکۆڵی لەوە دەکات کە هونەر خۆی لە خۆیدا بتوانێت ڕەوتی مێژوو بگۆڕێت؛ بەڵام پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە هونەر دەتوانێت توخمێکی چالاک بێت لەم جۆرە گۆڕانکاریانەدا. مارکس پێی وابوو ئەدەب دەبێ یەکگرتوویی فۆرم و ناوەڕۆک ئاشکرا بکات. گومانی لە ڕادەبەدەر لە نووسینە فۆرماڵیستییەکان هەبوو. بە بڕوای مارکس فۆرم بەرهەمی ناوەڕۆکە، بەڵام لە پەیوەندییەکی دوو لایەنەدا کاردانەوەی بەرامبەر بە ناوەڕۆک دەبێت. مارکس تێبینی ئەوەی کرد کە فۆرم هیچ بەهایەکی نییە مەگەر فۆڕمی ناوەڕۆکێک نەبێت، دەربڕینێک کە دەتوانرێت بە یەکسانی بۆ بۆچوونە ئیستاتیکییەکان بەکاربهێنرێت. شرۆڤەی مارکس لەسەر فۆرم و ناوەڕۆکی ئەدەب ئیلهامبەخش دەبێت بۆ باسێکی درێژ لەسەر گرنگی هەردوو فۆرم و ناوەڕۆک لە بەرهەمێکی ئەدەبیدا. ئەمەش لە جۆرج لۆکاش و لیۆن ترۆتسکییەوە دەستی پێکرد و دواتر بەردەوام بوو لە بەشداریکردنی ڕەخنەگرانی مارکسیستیتر، وەک لوسیەن گۆڵدمان، پیێر ماچێری و فرێدریک جەیمسۆن.

(*)ساندیا مەولانا؛ قوتابی دکتۆرا لە بەشی ئەدەب و لێکۆڵینەوەی کلتووری ، فاکەڵتی پەرەپێدانی مرۆیی زانکۆی کانساس لە ئەمریکا کە بەمۆڵەتی ئەکادیمی زانکۆی پادجادجارانی ئەندەنیسیا دەخوێنێت.

سەرچاوە : THE BEGINNING OF MARXIST LITERARY CRITICISM Literary Criticism Sandya Maulana, S.S
https://images.slideplayer.com/25/7988892/slides/slide_4.jpg




ڕۆڵی ڕاگەیاندنی کوردی لە تێکدانی شیرازەی کۆمەڵ.. شەماڵ بارەوانی

هەموو ئەوانەی دەخوێننەوە و مرۆڤی هۆشیارن، درک بەوە دەکەن، کە کۆمەڵگەی کوردی و تاکی کورد چەندە ناهۆشیار و نەخوێندەوارن. ئەوانەی من ناوم ناون(مەڕەکانی باشوور).
ئەو بە مەڕبووانەی، لەم سەردەمی پڕوپووچییەدا، بە هەواڵی ساختە و بێ بنەما، بە دڵی خۆت پێیان ڕابوێرە و چۆنت ویست، ئاوا ئاڕاستەیان بکە. لەم سەردەمی پڕوپووچییەی وەک نووسەر”ئەردەڵان عەبدوڵڵا”دەڵێت: مرۆڤ هێندە تەمبەڵ بووە، خەڵكی تر بە چەندین شێوە، نمایشی ڤیدیۆیی بۆ دەکەن و دەیخەنە گریان و پێکەنین، ئەمیش تەنها کاری ئەوەیە سەیری ئەو شتانە بکات کە لە تەلەفۆنەکەیدا هەیە. ڕۆژانە سەدان و هەزاران هەواڵی درۆ بڵاو دەکرێنەوە، کەسیش تاقەتی ئەوەی نییە بەدواداچوونیان بۆ بکات “
ڕاگەیاندنی کوردی، هێندە نابەرپرسیارانە و نا پیشەییانە مامەڵەی حەدەسەکان و واقیع و بابەتە هەستیارەکان دەکەن، بڵاوبوونەوەی فیکری نالێبووردەیی و توندڕۆیی و وێرانکردنی ماڵی پێکەوەژیان و ئەو پشێوی و سەرگەردانییەی سۆشیال میدیای کوردی و کۆمەڵگەی کوردی، تاوانباری سەرەکی تێیدا ئەو ڕاگەیاندنە کوردییە نابەرپرسەیە.
بەڕاستی ڕاگەیاندنی کوردی هێندە بێمانا و نەخوێندەوار بووە و شتی هێندە ئاستنزم و نا پیشەیی بڵاودەکەنەوە، مرۆڤەکانیان هێندە سەرقاڵی بەرنامە و بابەتی گاڵتەجاڕی و مناڵکار و بێمانا کردووە، مرۆڤی هۆشیار قێز دایدەگرێت، کاتێک دەبینێت ڕاگەیاندنی کوردی بۆ ئەو ئاستە نا ئەخلاقی و ناپیشەیی و بێ مۆڕاڵی و نابەرپرسیارییه دابەزیوە.
لەڕێگای پەیجەکانیانەوە هەواڵ و شتی هێندە منداڵانە و گاڵتەجاڕانە بڵاو دەکەنەوە، مرۆڤ نازانێت بۆ حاڵی ئەو کەناڵ و ڕاگەیاندکار و میدیاکارانە، بداتە قاقا یان قوڵپی گریان!
بەڕاستی ئابڕووی کاری ڕاگەیاندن و میدیاکاریشیان بردووە.
سەیری کەناڵەکەی شاسوار بکەن، چۆن بێ ئەوەی زانیاری هەبێت، یان بە ئەنقەست و بۆ لێدان لە پێکەوەژیان و سووکایەتی بە ئێزدییەکان ئەوکارە دەکات و کۆمەڵێک وێنە و دوو ڕستە نووسین دادەنێت و دەڵێت: ئێزدییەکان لە (لالش)هەمووان خەریکی زەیتوون دروستکردنن.
بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە ئەو زەیتوونە بۆ چرایە، نەک خواردن. هاتووە ئەو وێنانەی داناوە.(من ئەوەم لە پەیجی یەک دوو کەناڵی تریش بینیوە). ئینجا ببینن، ئەو خەڵکە لە مۆڕاڵ داچۆڕاو و دەمشڕەی هەرێمی کوردستان، چۆن لە کۆمێنتەکان زمانی پیسیان دەردێنن، هەمووی داعشگەرا، چ بێڕێزی و چ سووکایەتییەک بە ئێزدییەکان دەکەن.
ئێ لای هەمووان ڕوون و ئاشکرایە، کە مەڕەکانی باشوور ناچنە ناو قووڵایی بابەتەکان، ئەوان تەنها ئەهلی بینینن، تەنها بە نمایشێک و پیشاندانی کورتە ڤیدیۆیەک و وێنەیەک، دەتوانیت حەقیقەتی هەر شتێک کە بتەوێت لێیانی بشێوێنیت و فریویان بدەیت و بە دڵی خۆت پێیان ڕابوێریت و لێیان بخوڕیت!




کتێب/ دەربارەی کار و تێکۆشانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست و گۆڤاری ڕابەر.. عەبدواڵ سڵێمان)مەشخەڵ

بابەت: مێژووویی- ئەدەبیی..
ئەدەبــی کــوردی بەدرێژایــی ســەد ســاڵی ڕابــردوو هەمیشــە لەهەنــاوی خۆیــدا دوو جــۆر
تێڕوانینـی چینایەتـی بەرجەسـتەکردۆتەوە. دووجیهانبینـی جیـاواز کـە پێداگربوونە لەسـەر
بەرژەوەنـدی چینایەتـی کرێـکاران و زەحمەتکێشـان لەالیـەک و بـۆرژوازی لەالیەکـی دی. دوو
ڕەوت لەناو ئەـو بزووتنەوەی ە ب ەردەوام شانبەش انی یەکتر هەناس ەیان داوە. ڕەوتێکیـان
کــە زۆرینــە و بااڵدەســت بــووە، هەڵگــری جیهانبینــی ناســیونال – بــۆرژوای کــورد، کــە
لەبەرژەوەنـدی سـتەمکاران نووسـراوە و ئـەوەی کـە بـۆی مەبەسـت نەبـووە ئـازادی و ڕزگاری
ئینس انی زەحمەتکێش ی کورد بـووە لەسـتەمی چینایەت ی و نەتەوایەتـی. دواتـر ئـەم ئەدەبە
لەڕەوتــی گەشــەی مێژووویــی کۆمەڵگــەی کوردســتان و عێراقــدا وەک ئەدەبێکــی پارێــزەر
لـە بەرژەوەندییەکانـی چینـی بـۆرژوازی کۆنەپەرسـت لەڕێگـەی فریودانـی خەڵکـی هـەژار و
سـتەمدیدە بەنـاوی پارێـزگاری لـە نیشـتمان و خۆشەویسـتی خـاک و واڵت، سیاسـەتەکانیان
بــرەو پێــداوە و پاشــانیش هــەر ئــەو ئەدەبــە کۆنەپەرســتە لەالیــەن ڕەوتــی لیبراڵیزمــی
نوێیــوە قــۆرخ دەکــرێ و دەکرێتــە پێخــۆرەی ئیندیڤیجوالیــزم….

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن…




شیعر لە(ڕۆمانێک عەشق)دا.. شوان شەفیق

‎بیرت دەکەم
‎وەک هێلکەو ڕۆنەکەی دەستی دایکم!
‎دووری چەندین ساڵ
‎کەچی عادەتمگرتووە بەو بۆنەیەوە
‎زۆر هەوڵمدا بەدەستی بێنم و
‎لە شووشەیەکدا هەڵیگرم نەکرا!
‎ڕێگای مەرگ بێ بەشت دەکا لە هەموو شت.

‎ئێستاش لەسەر دیواری
‎لای ڕاستی حەوشەکەی ماڵمان
‎چەندین چۆلەکە مەستی بۆن و
‎تێری وردە نانەکەی دەستی دایکمن!
‎ئەبێ چ گوناهێکم کردبێ؟
‎وا لەم دوورەوە ئەوەندە بیرت دەکەم.

‎بیرت دەکەم
‎خۆزگە دەکرا دڵۆپ دڵۆپ
‎ئەو دەنکۆڵە شەونمانە کۆکەمەوە
‎کە لەسەر گەڵای هەنگی دنیا کە دەنیشتن
‎کاتێک دەستی تۆی بەردەکەوت،
‎تا بیپرژێنم بە گیانمدا و مەستبم.
‎چی لەوە خۆشتر ئەبوو بێئاگا بم لەم ژیانە!

‎بیرت دەکەم
‎هێندەی گەرەکی بەختیاری
‎ دەزانیت لە کۆڵان بە کۆڵان و
‎گشت شەقامەکانی پێم بەهیلاک بردووە،
‎دەیان جووت پێڵاوم تیا دڕاندووە!
‎ئەوێ بۆم تەنیا گەرەکێ نییە لە شار یادگاریمە!

‎ئاخۆ ئەبێ
‎ لە بەردەم باخچەی زەبیحی
‎وەک جاران چاوەڕێی خۆشەویستەکانیان بکەن؟
‎چەند دڵی تیادا شکاوە،
‎چەنێک پەیمنی تیا دراوە
‎چەندیش ژووانی تیا بەستراوە
‎ هێندەی هەموویان بیرت دەکەم
‎خۆ دەزانم بێ هودەیە
‎ئیتر ئەوە دڵی منە بێ ئۆقرەیە!

‎بیرت دەکەم
‎چرنووکی تووند لە ڕانی خۆ ئەگرم و
‎ددانم لەیەکتر گیر دەکەم و
‎پەنجەکانم تووند لە زەوی دەچەقێنم و
‎نینۆکەکانم دەشکێنم و
‎تێکەڵی وردە زیخ و خۆڵیان دەکەم
‎ئیتر دەزانم ئەم قسانەی ئەیانکەم
‎ئەو کردارانەش
‎بە چاوی تۆ نابینرێ، بە گوێی تۆدا ناچێ!
‎نە کاتت هەیە تەماشایان بکەی، نە بیانخوێنیتەوە!
‎تۆ بەدەنگی موزیک
‎ڕاهاتووی
‎پاساری بۆت بخوێنێ
‎هەستی لە خەو
‎چما ناڵە و شینی دوورە دەستێک!
‎ئەو میهرەبانییەشت بیردەکەم.

‎بیرت دەکەم
‎ئەتوانی نەپرسی
‎درێژە بە ئازار کێشانم دەدەم و
‎خوێ دەکەم بە برینەکانمدا
‎ خۆ دەزانم تۆ لە تەلارە بەرزەکەتەوە
‎خانۆچکە خنجیلەکەی من نابینی!
‎خۆ دەزانم تۆ مەرهەمی ئازارەکانی من نیت،
‎ئەوەندە قوڵ دەبن برینەکان
‎خەیاڵم نووقم ئەکەن و تۆش زیاتر گوشار دەخەیتە سەریان تا لە فیچقەکردن نەوەستن.

‎بیرت دەکەم
‎لە دووەم گەورەترین شار
‎غەریبم و بە تەنیایی ڕێدەکەم
‎قەرەباڵغ ی و دەنگەدەنگی نە سوکنایی بە دڵدا دێنێ نە دەنگی تیادا دەبیستم.

‎هاوڕێی جگەرەیەک و
‎کۆمەڵێک کتێب و ڕۆژنامەی بێ دڵ دەکەم
‎ئەو ڕۆژە ڕۆژنامە فرۆشەکە دەیگوت:
‎بۆ ئەوەندە گەشبینیت چیتە وا هەمیشە پێدەکەنیت؟
‎ئەو چۆن درک بەو دڵە تەنگەی من دەکا
‎کە پەرژین کراوە بە خەم.

‎بیرت دەکەم
‎باران خوڕ خوڕ دەباری
‎برووسکەی ئازار تەنگی پێ هەڵچنیبووم
‎ ناچار بەرەو نەخۆشخانە کەوتمە ڕێ
‎چوومە پرستگە و بە ڕوویەکی گەشەوە پاش چاوەڕوانی پەرستارەکە وتی فەرموو بڕۆ ژوورەوە
‎ددانەکانم ئەوەندە زەردبوون دکتۆرەکە بەرلەوەی لە نزیکەوە تەماشای بکا وتی:
‎ددانت ڕووپۆشی ئاڵتوونکردووە!
‎ تومەس بێئاگایە
‎قەهر و کێشانی جگەرە ئەو ڕەنگەی پێ بەخشیووە.

‎دەیان موسافیر ڕۆژانە لەم وێستگە بۆ ئەو وێستگە هاتووچۆ دەکەن کەچی لەخۆم تەنیاتر نابینم
‎دەزانی لە پەرەی ڕۆمانێکدا نووسراوە
‎دڵەکان هاودەنگی یەکتر دەکەن
‎پێ دەچێ ئەو دێرە بە مەستی نووسەرەکەی نووسیبێتی
‎ئاخر کەی ئەوە ڕاستە؟
‎بیرت بکەم.

شوان شەفیق
۹/٤/۲٠۲۳




ترازان.. سه‌لام عومه‌ر

هه‌ركاتێك هه‌ڵبژاردن نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌بری یه‌كڕیزی نیشتمانی دروشم و توانجه‌كان له‌ یه‌كتری ده‌بێته‌ هۆكاری ترازان و ئه‌و ئومێده‌ش كاڵ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی رێكه‌وتنه‌ ستراتیژیه‌كانه‌وه‌ هاوڵاتیان دڵخۆش ده‌كا، به‌تایبه‌ت سه‌قاگیری ئابووری كه‌ له‌وه‌ته‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئابووری راگه‌یه‌نرا ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ له‌ به‌ین چووبوو.
ئێستا ده‌سه‌ڵاتی دوو بنه‌ماڵه‌كه‌ له‌بری ره‌خساندنی كه‌شێكی له‌بار بۆ هه‌ڵبژاردن و له‌ پاڵیشیدا ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و نیگه‌رانیه‌ی هاوڵاتیان به‌رامبه‌ر له‌ده‌ستدانی ئابووری سه‌ربه‌خۆ و زۆر دۆسیه‌ی دی كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ ئاینده‌دا به‌رۆكی هه‌رێم بگرێ‌، دێن تۆمه‌ت بۆ یه‌كتری و قسه‌ بۆ ترازان ده‌كه‌ن له‌بری هاوده‌نگی نیشتمانی، به‌تایبه‌تیش ئێستا تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پڕ بووه‌ له‌ ره‌خنه‌ی جدی له‌ ده‌سه‌ڵات و ئه‌و به‌رنامه‌ شكستخواردوانه‌ی له‌ سی ساڵی ته‌مه‌نیدا به‌سه‌ر هاوڵاتیانی سه‌پاند، به‌زه‌قیش ره‌نگدانه‌وه‌ی حزبایه‌تی له‌ نێو جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و پشگوێخستنی توێژی هه‌ژاران و لاوان به‌گشتی بۆته‌ دیارده‌ .
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمان بێت دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی په‌یڕه‌وكه‌ین ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئازاد دوور له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی فڕێدانی ناكۆكییه‌ چینایه‌تیه‌كان دابمه‌زرێ، له‌كاتێكدا خه‌بات بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتیه‌كان له‌پێشه‌وه‌ی تایبه‌تیه‌كان بێت و ته‌واوی چین و توێژه‌كانیش له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌كی پته‌و كۆبكرێنه‌وه‌، تا هیچكام له‌ توێژه‌ جۆراو جۆره‌كان هه‌ست به‌ په‌راوێزخستن نه‌كه‌ن و هه‌موان خۆیان به‌به‌رپرسیار بزانن كار بۆسه‌رخستن و پێشكه‌وتنی بكرێ.
هه‌میشه‌ لینین كۆمه‌ڵگای به‌گرنگ زانیوه‌ سه‌رنجی ده‌خسته‌ سه‌ر به‌رنامه‌و بیروراسیاسیه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌كانیشی ده‌خسته‌ پێشه‌وه‌و له‌كوێدا خزمه‌تی زیاتر به‌خواره‌وه‌ كرابا له‌وێدا دروشمه‌كانی هه‌ڵده‌هێنجا، ده‌چۆ ناو ته‌واوی توێژه‌ جۆراوجۆره‌كان و گوێی لێده‌گرتن، داواكاریه‌كانی به‌هه‌ند وه‌رده‌گرت و بۆی جێبه‌جێ ده‌كردن، ئه‌و به‌ئاشكرا دژی سه‌رمایه‌داری و چه‌وساندنه‌وه‌ بوو، پشت و په‌نای زۆرینه‌ بوو توانیبووی وڵات به‌ سیسته‌مێكی پته‌و بپارێزێ.
به‌ڵام ئه‌زموونی چه‌ند ساڵه‌ی حوكمڕانی لێره‌ زۆر جاران پێچه‌وانه‌ی زانسته‌ سیاسیه‌كانه‌و هه‌میشه‌ ئه‌و توێژانه‌ بێ هیوا ده‌كرێن كه‌ بڕبڕه‌ی پشتی كۆمه‌ڵگان، ئه‌وه‌تا لاو كه‌ هێزێكی دیارو به‌رچاوه‌ و هه‌موو وڵاتێك پشت ئه‌ستووره‌ به‌م وزه‌و توانایه‌، كه‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌م توێژه‌وه‌ گۆڕانكاری بنچینه‌یی و داهێنان به‌رهه‌م دێت، پشتگوێ خراوه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ وڵات له‌ توێژی مشه‌خۆره‌وه‌ ئاراسته‌ی به‌رهه‌م هێنان ده‌كات، لێره‌ لاو كه‌وتۆته‌ نێوه‌ندی ئه‌و په‌راوێزه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمان كرد، بۆیه‌ به‌سه‌دانیان خۆیان به‌ئیجه‌ داداو هه‌زارانیش نیشتمانیان جێهێشت، به‌تایبه‌تیش ته‌واوی دروشم و به‌ڵێنه‌كانی سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووتر خرانه‌ ئه‌ستۆی بارودۆخه‌ سیاسیه‌كان و به‌ بیانووی قه‌یرانه‌كان كه‌ هه‌ر خۆیان هۆكاری بوون، ئه‌م توێژه‌ش به‌تاقی ته‌نێ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌جێمان و ساڵ به‌ساڵیش بێكاری شێلگیرانه‌تر یه‌خه‌یان ده‌گرێ، هه‌روه‌ك چۆن جوتیارانیش خرانه‌ لیستی موچه‌خۆرانی حزبی و خواستی به‌رهه‌م هێنانیان ریشه‌ كێش كردو هه‌ڵیاندانه‌ به‌ر ده‌رگای حزبیه‌كان و فێری ده‌ست پانكردنه‌وه‌و سه‌ره‌گرتنێكیان كردوون كه‌ ئیدی نه‌توانای جۆماڵكرنی هه‌ره‌وه‌زی و وه‌شاندنی دانه‌وێڵه‌و گرتنی داسیان ماوه‌، نه‌بیریش له‌ زیادكردنی به‌رهه‌م و به‌بازاڕكردنی ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ن توێژه‌ په‌راوێز خراوه‌كان ناچنه‌ ده‌نگدان و به‌یه‌ك چاو ته‌ماشای ته‌واوی پارته‌ سیاسیه‌كان ده‌كه‌ن.
سلكی په‌روه‌رده‌ش به‌ جۆرێك تێكو پیك دراوه‌ خه‌ریكه‌ له‌نێو مامه‌ڵه‌ دارایه‌كان و حزبیه‌كاندا ئه‌وده‌ستی و ده‌ستی پێده‌كرێت، قوتابخانه‌ی تایبه‌ت و حكومی و كۆ ژماره‌ی ئه‌وێ و ئێره‌و زانكۆ ئه‌هلیه‌كان قوتابیانی ده‌سخه‌ڕۆی دوودڵی و راراییه‌ك كردووه‌ خه‌ریكه‌ ئه‌وانیش ده‌خلیسكێنه‌ نێو نه‌زانی ئه‌و پلانانه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان بۆیان داده‌نێ، به‌م هۆكاره‌شه‌وه‌یه‌ ترازانی زیاتر ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئاستی قوتابیان و چینێكی خاوه‌ن داراییه‌كی زۆر ده‌بێته‌ نمره‌ كڕو قوتابییه‌ ماندووه‌كانیش به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ سه‌رنج له‌ ئه‌نجامه‌كانیان ده‌ده‌ن.
ئه‌وه‌ی كه‌زۆر مه‌به‌سته‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستایه‌ كه‌ هاوڵاتیانی پێدا گوزه‌ر ده‌كات، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی بێكاری پانتاییه‌كی به‌رفراوانی داگیر كردووه‌، جموجۆڵی بازاڕیش دوای گران بوونی به‌های دۆلار و هه‌ڵبه‌زو دابه‌زینی كاڵاكان و به‌تایبه‌تیش سووته‌مه‌نی، باری هاولاِتیانی چه‌ند باره‌ گران كردووه‌ و كه‌چی شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتیش بۆ كورسی و تۆمه‌ت و خه‌ستبوونه‌وه‌ی حزبایه‌تی تادێ‌ زیاتر ده‌بێ‌، له‌منێوه‌نده‌شدا زیانی گه‌وره‌ به‌ر هاوڵاتیان ده‌كه‌وێ‌، چوونكه‌ موچه‌ كه‌وتۆته‌ ده‌ستی هه‌ردوو حكومه‌تی تاسه‌ر ئێسقان گه‌نده‌ڵ و ده‌روونی هاوڵاتیانی به‌جۆرێك تێكوپێك داوه‌ بایی یه‌ك گه‌رد متمانه‌یان به‌ كۆمپانیاكانی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م نیشتمانه‌ نه‌ماوه‌، چونكه‌ له‌ هه‌ر قه‌یرانێك كه‌ روو له‌ وڵات ده‌كات ئه‌وان ده‌سته‌وه‌ستان ده‌مێننه‌وه‌و پڕ ده‌ده‌نه‌ موچه‌ی هاوڵاتیان و هه‌ر له‌یه‌كه‌م ساته‌وه‌ بیر له‌ دواخستن و كه‌مكردنه‌وه‌و نه‌دانی ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌لێ‌ به‌شی خۆیان ده‌خه‌نه‌ لاوه‌و كادیره‌كانیانی پێ‌ پڕ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیدا و به‌تایبه‌ت حوكمداری زۆر ده‌گمه‌نه‌.
هه‌موو ئه‌م هۆكارانه‌ چینایه‌تی به‌ جۆرێك زه‌ق كردۆته‌وه‌ كه‌ له‌دیارده‌وه‌ بۆته‌ مه‌ترسی و پێناچێ بانگه‌شه‌و به‌ڵێنی كۆمپانیاكانی ده‌سه‌ڵات توڕه‌یی ئه‌م چینانه‌ هێور كاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و شه‌قاره‌ گه‌وره‌یه‌ی درووستیان كردووه‌ به‌و ته‌قه‌ڵه‌ رزیوانه‌ یه‌كناگرنه‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌كاتی بانگه‌شه‌كاندا نێوانه‌كانی پێده‌دروونه‌وه‌.
بۆیه‌ چاره‌سه‌ری ریشه‌یی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ناو خه‌ڵك و گوێگرتنه‌ له‌و داواكاریانه‌ی له‌ شه‌قامه‌وه‌ ده‌رده‌چن، چونكه‌ چه‌قی گۆڕانكاریه‌كان له‌وێ له‌ دایك ده‌بن، هه‌روا جێبه‌جێ كردنی به‌ڵێنه‌كان و هاوسه‌نگ كردنی موچه‌، كه‌ ده‌روونی زۆرینه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی برینداركردووه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ هیچ به‌هایه‌ك بۆ ساڵی خزمه‌ت و فه‌رمانبه‌ره‌ به‌ته‌مه‌ن و ماندووه‌كان دانه‌نراوه‌و له‌ به‌رامبه‌ردا پله‌ی حزبی جێگه‌ی گرتۆته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌نگاوی هاوسه‌نگ كردنی موچه‌ یه‌ك له‌ كاره‌ سه‌ره‌كیه‌كان بێت چونكه‌ ئه‌وه‌ هه‌وڵێكی سه‌ره‌تاییه‌ و ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ له‌ توێژه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان ، خۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ و شكۆی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی هه‌رچی زووه‌ ده‌بێت كاری بۆ بكرێ، دواتر بیر له‌ نه‌هێشتنی چینایه‌تی بكرێته‌وه‌ كه‌ ئێستا خه‌ریكه‌ زۆر به‌زه‌قی پانتاییه‌كانی كۆمه‌ڵگا داده‌پۆشێ و به‌رنامه‌كانیان له‌ خه‌ڵكه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك بێت و ئاراسته‌ی بیركردنه‌وه‌شیان هه‌ر له‌نێو خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵێنجن، ئه‌وسا له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیدا ده‌توانن درووشم و به‌ڵێنه‌كانیان ببنه‌ جێگه‌ی متمانه‌ نه‌ك ترازان.




گەشبینی و گومان لەمەڕ بەهاری عەرەبی.. ستیڤان شەمزینی

(بەبۆنەی دوانزە ساڵەی بەهاری عەرەبی)

لە سەرەتاوە تا ئێستا نزیکەی پێنج مانگ تێپەڕیوە بەسەر شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبی کە لە ئەدەبیاتی سیاسییدا بە “بەهاری عەرەبی” ناوزەد دەکرێت، تا نهۆ بەهاری عەرەبی توانیوویەتی دوو رژێم لەسەر کار لاببات. لە سێ دەوڵەتی تردا “لیبیا، یەمەن، سوریا” شۆڕش لە کڵپەسەندنی بەردەوامدایە، بارودۆخی هەر یەک لەو سێ وڵاتە لە یەکتر جیاوازە، لیبیا دەرگیری شەڕێکی ناوخۆیی چەکداریی گەورە بووە، ناتۆ و وڵاتانی رۆژئاوایش لە رێگەی بۆردومانی رژێمەکەی “قەزافی”یەوە بوونەتە تەرەف لە جەنگەکەدا. لە یەمەن بارودۆخەکە جیاوازە، جەماوەر تەنیا لە رێگەی خۆپیشاندانەوە داوای گۆڕینی رژێم دەکات، بەڵام دوای بریندارکردنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵحی سەرۆکی ئەو وڵاتە و ژمارەیەک کاربەدەستی باڵای دەوڵەت لە رێگەی موشەکەوە، پێدەچێت ئاقاری رووبەڕووبوونەوەی دەوڵەت و جەماوەر بەشێوەیەکی تر بگۆڕدرێت، هەرچی سوریایە بە مامەڵەیەکی بەعسییانە وەڵامی داخوازیی خۆپیشاندەران دەداتەوە و تا هەنووکە زۆرترین کوژراو لە خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە تۆمار کراون بە بەراوورد بە هەریەک لە یەمەن و تونس و میسر و بەحرەین و ..هتد. تا ئەم چرکەساتەشی ئێمە قسەی تێدا دەکەین شۆڕش بەهەردوو شێوەی چەکدارانە و ئاشتییانە لە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی درێژەی هەیە.
جیاواز لەوەی چی دەگوزەرێت و چۆن رژێمەکان لە دونیای عەرەبییدا دەگۆڕدرێن، پرسیارێکی سەخت هەمیشە ئامادەیی جیددی هەیە، ئایا ئەم شۆڕشانە دەتوانن سەرەتایەکی نوێی دیموکراسی لە نیشتمانی عەرەبییدا بهێننە دی؟. ئایا بە نەمانی رژێمە تۆتالیتاریی و دیکتاتۆرییەکانی وڵاتانی عەرەبیی، دەوڵەتی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لەسەر ئەو جەستە کۆنە لە دایکدەبێت؟. ئایا بەهەموو شۆڕشێکی دژی دیکتاتۆریی دەوترێت شۆڕشی دیموکراتی؟. ئەگەرچی وەڵامی ئەم پرسیارانە وەک یەک نین، بەڵام لە راستیدا هێشتا هیچ دیمەنێک نابینین پێمان بڵێت لە تونس و میسر کە رژێم تیایاندا گۆڕاوە، کاروانەکە بەرەو دیموکراسی کەوتۆتە رێ. بە پێچەوانەوە هەندێک ئاماژەی خەتەرتاک دەبینین تەفسیری یەک حاڵەتمان بۆ دەکەن، ئەویش ئەوەیە هێشتا زەمینەی کۆمەڵگە عەرەبییەکان بۆ تاقیکردنەوەی ئەزموونی دیموکراسی و سەرهەڵدانی دەوڵەتگەلی نوێی لیبراڵ نەخەمڵیوە، چوونکە ئەو زەمینەیە زادەی سەدان ساڵ لە کولتووری پریمیتیڤ و بەداوەت و دەیان ساڵ لە حوکمی پۆلیسی و دیکتاتۆرییە، ئەمە لە رووی سیاسییەوە، لە رووی کۆمەڵایەتییەوە فەرهەنگێکی ئاینیی وشکهەڵاتوو تا ئێستا کاریگەریی جیددی هەیە لەسەر هزری تاکی عەرەبیی، لە رووی ئابوورییەوە زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی یان لە ریزی دەوڵەتە هەژارەکانن یان دەوڵەمەندن بە سەرمایەی نەوت و لەژێر کاریگەریی رۆشنبیریی نەوتن کە تاکی بەکاربەری دژە بەرهەمهێنی دروستکردووە، ئەمەش بەهیچ جۆرێک یارمەتی پرۆسەی دیموکراسییەت نادات، چوونکە دیموکراتییەت و پیشەسازیی پێکەوە بەستراون، یان بە مانا باوەکە دوو رووی یەک دراون.
بیرمەندی ناسراوی عەرەب “جۆرج تەرابیشی” پێیوایە، بەهاری عەرەبی یان شۆڕشەکانی عەرەب کە حاڵی حازر هەڕەشەی پلە یەکن بۆ سەر رژێمە تەقلیدییەکانی عەرەب، شەپۆلی سێیەمی دیموکراتی جیهانیین، بەو پێیەی شەپۆلی یەکەم لە خۆرئاوای ئەوروپا و ئەمەریکا لە دوای شۆڕشی فەڕەنسییەوە دەستیپێکردووە، شەپۆلی دووەمیش لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا بە نەمانی بلۆکی رۆژهەڵات دەستیپێکرد لە ساڵی 1989، هەرچی شەپۆلی سێیەمی دیموکراتی جیهانیشە ئەم شەپۆلەیە کە لە ساڵی 2011 لە تونسەوە بەرەو کۆی وڵاتانی عەرەبی دەکشێت. وەلێ ئەم بۆچوونەی تەرابیشی جۆرێک لە گەشبینی و پاڵپشتی و سۆزی تاکەکەسی تێدایە بۆ شۆڕشە عەرەبییەکان، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەوە بدەین ئەم شۆڕشانە دەبنە سترۆکتۆری دیموکراتی لە جیهانی عەرەبییدا، هێشتا زۆر ئاماژەی ترسناک هەیە کە هەڕەشە لە ئایندەی شۆڕشەکان دەکەن، ئەگەر بۆ نموونەی میسر بگەڕێینەوە دەبینین رۆڵ پەیداکردنی هێزە ئیسلامییە ئسوڵییەکان کارتێکردنی نەرێنی هەبووە لەسەر پرۆسەی بینای دیموکراسی لەو وڵاتەدا، لەمەش ترسناکتر وا خەریکە کۆمەڵگەی میسریی بەرەو جەنگێکی ئاینیی لەنێوان موسڵمان و کریستیانەکاندا رادەکێشن. راستە قەبارەی مەترسییەکە بەو ئەندازەیە نییە هەموو هاوکێشەکە بگۆڕێت، بەڵام ناشێ لە حاڵی حازردا چاو لەو جۆرە مەترسییانە بنووقێنرێت.
“فەرید زەکەریا” سەرنووسەری گۆڤاری “نیوزیوک” لە وەڵامی پرسیاری خوێنەران لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لە هەمبەر شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبی، ئەوە دەخاتە روو ئەم دۆخە، هەمان دۆخی ساڵی 1989یە، واتە دۆخی دوای رووخانی دیواربەندی بەرلین، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت تێبینی ئەوە بکرێت وڵاتانی عەرەبی، کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا نین، لەبەر ئەم فاکتۆرە پرۆسەی گۆڕان و وەرچەرخان بەرەو سیستمی دیموکراتی بە هێواشی و بە پێی پرۆسەیەکی زەمەنی دەبێت، ئەمە بێجگە لەوەی لە ئێستاوە بە روونی لە تابلۆکەدا ئەوە دەبینرێت، ئەم پرۆسەیە هەموو وڵاتانی عەرەبی پێکەوە ناگرێتەوە. زەکەریا ئەوەش دەخاتە روو پرۆسەی گۆڕانکاریی لەو وڵاتانەی خاوەنی شلەی نەوتن، خێراتر و کاریگەرترە وەک لەوانەی هیچ نەوتیان نییە، بەو پێیەی پتەویی ژێرخانی ئابووری و هەبوونی بژێوییەکی باش بۆ تاکەکەس هەرچی زیاتر پرۆسەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و گۆڕان رووەو دیموکراسی خێراتر دەکەن. ئەم بۆچوونەی زەکەریا دیسانەوە پاڵپشتی لە هەمان دیدگا دەکات کە پێیوایە دیموکراسی تەنیا بە ئیرادە و میکانیزمی شۆڕشگێڕانە ناهێنرێتە دی، چەسپاندنی دیموکراسی پێش هەر شتێک پەیوەستە بە هەبوونی کۆمەڵێک زەمینە و پێشمەرجی سیاسیی و فیکریی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە. لەسەر راستیی ئەم پرنسیپە ناتوانین بە هەموو شۆڕشە عەرەبییەکان بڵێین شۆڕی دیموکراسی تەنیا لەبەرئەوەی دژی رژێمێکی دیکتاتۆریی بەرپاکراون، نەخێر ئەمە رێسایەکی ماتماتیکی نییە کە هەمیشە یەک کۆ یەک بکاتە دوو.
لەگەڵ خستنەرووی ئەم گومانانەشدا، هاشا لە دیوە ئیجابییەکانی شۆڕشە عەرەبییەکان ناکەین، بەپێچەوانەوە ئەمە سەرەتایەکی نوێیە لە جیهانی عەرەبدا و وەک فەیلەسووفی فەڕەنسی “ئێدگار مۆران” بۆی چووە ئەم شۆڕشانە وێنای عەرەبیان لە جیهاندا گۆڕیوە، کە هیچ دوور نییە ئەم گۆڕینەی رژێمەکان، سەرئەنجام ببێتە گۆڕانێکی سەرتاپاگیر لە کۆی کایە و بوارە جیاجیاکانی ژیانی تاکی عەرەبدا، بەوەش کولتووری دیموکراتی زیاتر گەشە بکات. بۆیە قسەی ئێمە لەسەر خودی شۆڕشەکان نییە، چوونکە هیچ لارییمان لەوە نییە، شۆڕشی گەلانی عەرەبی شۆڕشی رەوان و رژێمە عەرەبییەکانی ئێستا تەنیا شایستەی رووخاندنن، بەڵکو قسەی ئێمە لەسەر ئەوەیە ئاخۆ ئاکامی شۆڕشەکان بە کوێ دەگەن؟. ئایا شۆڕش دیموکراتی بەرهەم دەهێنێت یان توێژێکی دیاریکراو بۆ ماوەیەکی زەمەنی دیارینەکراو دەکاتەوە بە حوکمڕان؟. یان ئیسلامی سیاسیی بەرهەمەکەی دەچنێتەوە؟. بەشێوەیەکی گشتیی هەموومان تەنیا سەیری رەوتی رووداوەکان دەکەین، هەم گەشبینین و هەم گومانمان هەیە، واتە بارودۆخەکە بەشێوەیەک لەنگەری گرتووە لە نێوان گەشبینی و گوماندا رابوەستین و چاوەڕوانی وەرچەرخان و پرۆسەکانی داهاتوو بکەین، ئاخۆ شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبی دەبنە مامانی دیموکراسی یان نا؟.

ستیڤان شەمزینی

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە “5506”ی رۆژنامەی “کوردستانی نوێ” لە 15-6-2011 بڵاوبۆتەوە




نمونەی چەند وانەیەک لە وانەیەکی ڕاهێناندا.. عەلی حەمەڕەشید

سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

ئاشکرایە کە باخچەی منداڵان تایبەتمەندی خۆی هەیە بەگشتی و بەتایبەتی لە بواری وانە وتنەوە و فێرکردندا.چونکە منداڵانی باخچە سەرەتای دروستبوونی کەسایەتییانە و ئەو قۆناغەش هەستیارە و وا پێویست دەکات کە مامۆستایان بە وردی و وریاییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەن و زانیارییەکانیشیان لەشێوەی چیرۆک و هۆنراوە و شانۆیی و یارییەوە پێبڵێن ،وانەکانیشیان یاری ئامێز بێت و وەرزش و چالاکی جۆراوجۆر کە بگونجێت بۆ ئاستی تەمەنی ئەوان بەکاربهێنرێت.هەروەها ئەو چیرۆک و هۆنراوانەش کە مامۆستایانی بەڕێز هەڵی دەبژێرن و بە منداڵانی دەڵێن گونجاوبێت بۆ منداڵانی باخچە و پەیوەندیشیان هەبێت بەو بابەتانەوە کە بە منداڵانی دەڵێن .وەک لیژنەی باخچە ناحکومییەکانی بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و بە مەبەستی زیاتر ئاشنا بوونی مامۆستایانی باخچە ناحکومییەکان دەربارەی شێوازی وانە وتنەوە و چۆنیەتی بەکارهێنای هۆیەکانی فێرکردن و هەڵس و کەوت لەگەڵ منداڵانی باخچەی منداڵان ، باخچەی منداڵانی کوردجینیەس/٢ ی ناحکومی لە چالاکییەکدا نمونەی چەند وانەیەک لە وانەیەکی ڕاهێناندا کە لە وانەی وەرزش و شانۆ و زانست و میوزیک و هونەر پێکهاتبوو لەلایەن چەند مامۆستایەکەوە بەسەرکەوتوویی پێشکەش بە مامۆستایانی ئامادەبووی باخچە ناحکومییەکان کرا کە لەهەر بەشێکدا چالاکی و جوڵە و هۆی فیرکردنی نوێ و گونجاو و جیاواز خرانەڕوو کە منداڵان بەپەرۆشەوە لەگەڵ گوێگرتن لەمامۆستا بەشداری وانەکانیشیان دەکرد و خۆشی و حەزکردن بەوانەکان وەک ڕەنگ بە ڕوخساریانەوە دیاربوو،ئاوێتەی جوڵە وەرزشییەکان و گۆرانی و ڕێتمە مۆزیکییەکان و وتووێژو قسەکانی (مشکەبۆر) کە لەشێوەی بوکەڵەدا نمایش دەکرا و تا کۆتایی وانەکانی تریش ئەویش جار جار بەشداری دەکرد و وەک ئامادەبووەیەکی ناو وانەکە ،شێوازی وتنەوەی هۆنراوە بە ئاوازو گۆرانی و توت توتی ئەو شەمەندەفەرەی کە مامۆستا وەک چالاکی و جوڵە بە منداڵەکانی کرد وا هەستیان دەکرد کە لەو ساتەدا هەر بەڕاستی لەناو شەمەندەفەردان و دەچن بۆ گەشت،دوو مامۆستا لەسەرەتای دەستپێکردنیان بۆ وانەیەکی تر یەکێکیان گوڵێکی پێبوو وتی من ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم کەلەگەڵ ئێوەم ،دواتر دای بە یەکەم منداڵ و داوای لێکرد کە ئەویش هەمان دەستەواژەی وتەوە و گوڵەکەی دا بە منداڵێکی تر ئەویش بەهەمان شێوە وتیەوە و تا کۆتایی هەر منداڵێک وەریدەگرت دەیوتەوە کە ئەمەش نواندنی خۆشەویستی مامۆستا دەردەخات بۆ منداڵەکان.دواتر مامۆستا چیرۆکێکی بۆ گێڕانەوە بەناوی جوجەڵە.جوجەڵە و ئامۆژگارییەکانی دایکی جوجەڵە و دواتر چوونەدەرەوەی جوجەڵە و فەرامۆشکردنی قسەکانی دایکی کە (هەوای ئۆتۆمبیلێکی تیژڕەو دەیخات بەزەویدا و دەیگەیەننە پزیشکی تایبەت بە گیاندار و باڵندە چونکە وەک چۆن پزیشکی تایبەت بەمرۆڤ هەیە بەو شێوەیەش پزیشکی تایبەت بەوان هەیە).باسکردنی پیشەی دارتاشی و پزیشکی کەیەکێکیان بابەتی وانەی پێشووبوو وای لە منداڵان کردبوو کە بەشێوەیەک تامەزرۆ بوون وەک لە شاری یاری یان لەسەیرانگەیەکدا دانیشتبن وابوو،کۆمەڵێک لەو پێداویستییانەی کە دارتاش بۆ کارکردن بەکاری دەهێنێ وێنەکانی بە بچوکی دانرابوون و مامۆستا لەکاتی وانەکەدا نیشان منداڵانی دەدا،وێنەی دارتاشێک بەگەورەیی ،دواتر سندوقێکیان هێنا کە یەک یەک منداڵانیان بانگ دەکرد تا دەست بکات بە سندوقەکەدا هەر شتێکی دەرهێنا ناوەکەی بڵێت کە سەرجەمیان پێداویستییەکانی دارتاش و پزیشک بوون یان ئەو کەرەستانەی کە پەیوەندیان بەو دوو پیشەیەوە هەیە.چەندە جوان و سەرنجڕاکێش بوو کە یەکێک لە مامۆستاکان خوی خست و وتی ئای ئای قاچم منداڵێکیان نارد کە بچێت بەدوای پزیشکدا کە لەو دیو دەرگەکەوە منداڵێکیان دانابوو جل و بەرگی پزیشکیشی لەبەردا بوو هاتە ژوورەوە کەجوان بوو خێرا تەماشای قاچی مامۆستای کرد و وتی هیچ نییە و لەزگە و شتی بۆ بەکار هێناو وتی زۆر باشە ئازارەکەشت نامێنێ،لەوکاتەدا (مشکەبۆر) بانگی کرد و پرسیاری لێکرد زۆر بەجوانی وەڵامی دایەوە،لەڕاستیدا ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییانە لەگەڵ ئەوەی کە وانەکە لای منداڵ خۆشەویست دەکات و لەبابەتەکەش بەباشی تێدەگات،لەیادەوریشیدا دەمێنێتەوە،هەروەها وا لە منداڵ دەکات کە زیاتر بڕوای بەخۆی ببێت و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی کەسانی تری هەبێت و بە شێوەیەکی باش وەڵامی گونجاویان بداتەوە.لەبەشێکی تردا باسی نیشتمان و هەرێم و شارەگەورەکانی هەرێم کرا و وێنەی شارەکانیش بەشێوەیەکی جوان دانرابوون.وەرزش بەشێوەیەکی جوان لەڕێگەی چەند یارییەکەوە کە بووە مایەی زیاتر دڵخۆشکردنی منداڵان.پێویستە مامۆستا پرسیار ئاراستەی گشت بکات و وەڵام لەیەک منداڵ وەربگرێت ،دواتر ئەگەر ویستی دەتوانێت داوا لە منداڵانی ژوورەکە بکات کە دووبارەی بکەنەوە،کە بەو شێوەیە منداڵ فێری ئارامی و یاسای پۆل و لەخۆیەوە وەڵام ناداتەوە تا داوای لێدەکرێت.لەبەشی مۆزیکدا گۆرانی شاری سلێمانی و ئاڵای کوردستان وترا و دروستکردنی ڕیتمی مۆزیک بە دوو داری بچوکی درێژ کە منداڵان چێژێکی تایبەتیان لێوەردەگرت.لەبەشی هونەریشدا مامۆستا منداڵانی بەشێوەی گروپ داناو پێداویستییەکانی دروستکردنی وێنەیان خرایە بەردەست کە بۆیەی ئاوی و ئاو و لاکێشەیەکی بچوک کە هەریەکەیان لە شەش داری چلورە دروست کرابوو کە مامۆستا ڕێنمایی کردن تا ئاڵای کوردستان دروست بکەن،چەند جوان بوون هەریەکەو سەرقاڵی ڕەنگکردن و دروستکردنی ئاڵای کوردستان بوون،ئەوەی کە پێویستە بوترێت ئەوەیە کە مامۆستایانی بەشداربووی ئەم چالاکییە بەحەزێکی زۆرەوە بۆ منداڵ و بۆ وانەکەیان وانەکانیان دەوتەوە،هەموویان تەواوکەری یەکتر بوون لەبابەتەکاندا و زۆرجار واتدەزانی کە یەک وانەیە کەئەمەش سەلیقە و تواناو شارەزایی مامۆستاکانی دەسەلماند و گیانی هاوکاری و یارمەتیدانیان کردبووە بنەما بۆ سەرکەوتنی کارەکانیان،دەستخۆشی لە کارگێڕی و مامۆستایانی باخچەکە دەکەین،لەکۆتاییدا هیواخوازین کە مامۆستایانی ئامادەبوو سودیان لەو چالاکییە وەرگرتبێت تا بتوانن لەگەڵ زانیارییەکانی خۆیان ئاوێتەی بکەن و لەباخچەکانی خۆیاندا بەکاری بهێنن.ئێمەش وەک لیژنەی باخچە ناحکومییەکان لەکۆتاییدا دەستخۆشی و تێبینی و سەرنجی خۆمان خستەڕوو بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی هەمووان و چالاکییەکانی ناو وانەکەم بەشێوەی هۆنراوە بۆ ئامادەبووان خوێندەوە کە لەکاتی بەڕێوەچوونی وانەکەدا لەگەڵ تێبینییەکانمدا نووسیبووم کە بووە مایەی خۆشحاڵی بۆ هەمووان ،وا لێرەدا دەینووسم:

وا باخچـــــەی منــــداڵانی…کوردجینیەس گشت ئامادەن
بەچـــالاکی جـۆرا و جـــۆر…پێشـــوازیتان لێدەکـــــەن

بـەئــــاوازێکی دڵگـــــیر…دەڵێن بەخێربێن هەمــــوو
بە هـــاتنتان خۆشحـــاڵین…باخچەکەمــان جوانتر بوو

ئەم وانەیە زۆر خۆشـــــە…بوو بە شــــــانۆی بوکەڵە
یاری و وەرزش و مــۆزیک…گـۆرانیشی لەگــــــــەڵە

مامۆستاکانیش یەک یەک…چـــــــالاکییان دەنـوێنن
توانا و شـــــــارەزاییـان…بە بـاشی بەکــــــاردێنن

خۆ چـــالاکی جۆراو جـۆر…لەگــەڵ وانــەی ڕاهێنان
بەســــودە بۆ مامــۆستا…لەنێو باخچــەی منداڵان




حەیا.. پشکۆ ناکام

                                                                

قسەکانی دوێنێتان هەر لە گوێمانایە: بەغا موفلیسە…پوڕە نینە…نەوتی خۆمان بۆ خۆمان و هی خۆیان بۆ خۆیان ..ئەبین بە دوو دراوسێ ی باش…گەر سوپای عێڕاق ڕاست ئەکا یەک بست قاچ بخاتە کەرکوکەوە …و ..و …، ئەمانە و دەیان هاژەهاژ و تەسریحی نەزانین و لەخۆبایی بوون و بێ ئەقڵی ، لەوەوە بۆ ڕاست کردنەوەی باری لەقیوتان دوای ” تاپۆی ڕەشی ڕیفڕاندۆم !!” بەرپرسی واتان هەبوو ئەیووت من پورم عەرەبە و یەکێکی تر خاڵۆژنی ، گەر بۆیان بکرایە بە دیسداشە و “چەفیە” وە ئەسوڕانەوە ، بە قوڕگێکی پڕ لە گریانەوە ئەتانووت : تکایە دەرگای گفت و گۆمان لەسەر دامەخەن..! ، دوێنێ مێژووە کە ناتوانرێ لە قوژبنی زیندانە تاریکەکانی ئاسایش و پاراستن گووم بکرێ ، ئەمڕۆشتان وا بە بەرچاوی خۆمانەوە ئەتانبینین چۆن تەسلیم بە بەغا بوون ، ئەو کەسەی بەرامبەر نەیارەکەی ” وەک خۆتان ئەڵێن شۆڤینیزمی عەرەبی” چەمایەوە و تەسلیم بوو هەر چەک ناکرێ لەوانەیە تا گۆرەوییەکانیشتان پێ دا بکەنن و هەر ئێوەش مەمنوون ، ئەمە مەنتیقی براوە و دۆڕاوە ، ڕۆژێ.. جارێ.. سودفەیەک بیرتان لەوە نەکردەوە بۆ میللەت بچەمێنەوە ، سیاسەت و میللەت بەڕێوە بردن قومار نیە چاوڕێ ی جۆکەر یان وەرقەی حەوزەکە بیت ،، کە نەتانزانی “ئابووری سەربەخۆ” چیە ، بخۆن دەرتان بێ ..گەر چی وەک هەموو شکستەکانی ترتان ئەمجارەش باجەکەی ئەکەوێتە سەر شانی خەڵک ، لەگەڵ ئەوەشا دیمەنی تەسلیم بوونتان تەسکینیەک بە دڵی ئەو خانە نشینەیا ئەیا کە لەژێر گەرمای هاوینا بە پاڵەپەستۆ چاوەڕێ ی معاشە دووسەد هەزار دینارەکەیەتی، ئێوە واتانزانی ئابووری سەربەخۆ ئەو پارە مفتەیە کە کاتی خۆی لە “کەرەج و سەقز” وەرتان ئەگرت و سەربەخۆ بوون لە سەرف کردنی، ئێوە هیچ دەمێک میللەتان نەئەبینی و پارەی نەوتەکەش ئەوەنەی تر بەرچاوی گرتن تا ئەو ڕۆژەی دەرکەوت حساباتەکانتان چەن بێ بنەما و نا ئەقڵانی بوون و واتان ئەزانی “تورکیا” بە بەرتیلی نەوت بەردەم و پشتان وەک” قەڵغانەکەی جەنگیز خان” ئەتانپارێزێ ، پەلە مەکەن ئەمە هێشتا موقەدیمەی فیلمەکەیە ، مێژوو پڕە لە جۆرە فیلمانە ، لە کوێتانە کە بەرژەوەندی تورکیا چۆن ماڵی خۆتان و میللەتیش دائەڕمێنێ ، سبەی بە سازش کردنێک بۆ عێڕاق ڕێک ئەکەون و سوپای عێڕاقیش ئەگاتە سنوورەکان و ئەو هەموو مەسرەفەی سوپای تورکیا لە هەرێم! لە کۆڵ ئەنقەرە ئەبێتەوە و مەلەفی کێشەی “پ.ک.ک” تەسلیم بە عێڕاق ئەکرێ، بەس پەلە مەکەن ، جا ئەو کاتە بەرداشی سێ کوچکەی قەندیل و تورکیا و عێڕاق وەک شەقشەقە ئەتان هێنێتە هەلەکە سەما …
بڕواتان هەبێ ئەوەنە خراپکاریتان بەرامبەر بە خەڵک کردوە کە نەمانی نەوتیان پێ باشترە گەر نەمانی ئێوەی لە دەسەڵاتا پێوە بێ ، بۆ خەڵک زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە و بۆ ئێوەش ڕەنگە شکستی کۆتایی هێنان پێتان ، خەڵک نەبوونی و بێ دەرامەتی زۆری بە خۆیەوە دیوە ئەوە ئێوەن لەوەتەی هەن بەبێ کیسە پارەی خۆ خۆستنە خزمەتی ئەم یان ئەو ناژین ، ئەووترێ “حەیا” قەترەیەکە کە ڕژا ئەڕژێ ، حەیا لای ئێوە “تانکەرێ نەوت” بوو لە ناو تورکیا ڕژا….




ئامانج و بەرژەوەندیەکانی تورکیا لەبەرامبەر کورد.. م/ ڕۆشنا ڕەقیب گرتکی

پەیوەندی تورکیا لەگەڵ کورد و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیێکی مێژوویی و هاچەرخە، بەجیا لەگەڵ پارچەکانی تری کوردستان کە تاکو ئیستا ئازاد نەکراون، بەدوو دیوی جیاواز تورکیا ڕۆڵ دەگێڕێت لەلایەک بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی و ستراتیجیەتی ناوچەکە هاوپەیمان و دۆستی کوردە، لەلایەکی تر وەک دوژمنێکی سەرسەختی خۆی دەڕوانێتە کورد بەتایبەتی لەگەڵ ئەو پارچە کوردستانیانە کە هیشتان لەژێر چەپۆکی دوژمناندان، ئەو ڕۆڵەی تورکیا دەگڕێت بۆ بەدەستهێنانی متمانەی خۆیەتی بۆ ئەوەی بەردەوام باڵادەست بێت لەناوچەکەدا، لەلایەکی تر ئەو پارچە کوردستانەی کە ئازادی تیادا بەرقڕاڕە دەیەوێت ئەو ئازادیە نەهێڵێت و بەجۆرێک سیاسەت لەگەڵ ئەو بەشە دەکات وەک بڵێین داوابکات ئێمە خاوەنی ئەو خاکەین و پێویستە بگەڕێنینەوە، چەواشەکاری و دوژمنایەتی ئەو دەوڵەتە لە زۆر ڕووی ژیانەوە پێوە دیارە کە نایەوێت کورد سەرکەوت و بێت و ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێت لەناوچەکە، قۆرغ کردن و کوشتنی کورد بەدەستی تورکەکان لەکۆنەوە تاکو ئیستا بەردەوامی هەیە و دەستیش هەڵناگرێت، ئامانجی تورکی داگیرکەر بۆ سڕینەوەی نفوسی کوردە ئەمەش بۆتە ئەستەم بۆ ئەو دەوڵەتە کەبتوانێت ئاو کارە بەئەنجام بگەیێنێت، هندێ لایەنی کوردیش بۆ سەرخستنی ئەو دەوڵەتە ڕۆڵ دەگێڕن ئەمەش بەجۆرێک دەردەکەوێت کە نایانەوێت سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لەناوچەکە کۆتایی پێ بێت و ببێتە تێکچونی ڕۆڵی راستەقینەی ئەوانیش، لەکۆتایی لێکەوتەکان دەردەکەون کەبەزەرەری کورد تەواو دەبێت و تورکیا وەک دوڵەتێکی دژە کورد ڕۆڵی دەردەکەوێت، کورد لەسەرەتای دەرکەوتنی ناتفاق بووە لەنێوماڵی خۆی ئەمەش دەرفەتی بۆ بێگانە ڕەخساندوە باڵادەست بێت و ترسی نەبێت لەهەبوون و گەورەبوونی کورد لەناوچەکە، یەک هەڵوێستی بۆ کورد دەسپێکی سەرکەوتنێکی مێژووی دەبێت و زیاتر ڕێگای ئازادی فراهم دەبێت و حسابێکی جدی دەکرێت بۆ کورد و دژایەتیەکان کەمتر دەبنەوە.




کرێکارانی مەعریفە و شۆڕشی سپی.. سەلاح جەلال

دەبێت چۆن بڕوانینە ئاست و پەیوەندی و روانین و بیرکردنەوەو بونمان؟ لەچی هێڵێکەوە بچینە ناو زەریای بیرو گومان و پرسیارەوە؟ چۆن زەمەنی بێدەنگی بە دایەلۆژو کرانەوەو خۆدۆزینەوەو لێکدانەوەو گۆڕانکاری ببڕین؟ لەدەستکەوتی مادی بۆ بیرکردنەوەو بەدواداچون و کۆشش و گونجاندن و ئاڵوگۆڕو وەرگرتن و پەیوەندێتی وهاوچەرخێتی..تاد بچین.
مامەڵەی رۆشنبیری بەرزکردنەوەی دروشم نیە، بەڵکو پرۆژەی رۆشنبیریە، بەردەوام پێویستی بە هۆشی مێژویی و زانستی هەیە، وەک ئەوەی (یەقتین) ئاماژە دەکات بە مامەڵەکردنیان لەگەڵ مارکسیەتدا پرۆژەیەکی مەعریفیە بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی بەبێ هۆشی مێژویی بووە، هەرووەها پێبەخشین لەگەڵ بونیەویەتدا بەبێ هۆشی زانستی بووە. ئەمەش دەمانخاتە تۆڕی زمان و بیرو گومان و پرسیارەوە، لەچی گێژاوێکداین و لەکوێوە دەست پێبکەین؟ ئایا چۆن بڕوانینە ئامادەیی مەبەست و کردارەکانی زمان و رەوتی ئاڵوگۆڕی رەمزی و بوعدی بڵاوکردنەوە بۆ ئامانجی زمانی بەکارهاتو؟ چۆن بەسەراچونەوەو گشتگیری کردنی ئاست و قوناغی بەسەراچو بخوێنینەوەو بەراورد لەگەڵ ئیستادا بکەین بۆ ئایندەو لەم سەردەمە جەنجاڵەدا چاو بکەینەوە بۆ بەرهەمهێنان و خۆگونجاندن و جیاکاری؟ لەکاتێکدا پێویستە لەگەڵ گۆڕانکاریەکاندا بگونجێین، ئەویش پەیوەندیەکان و تۆڕی زانیاریەکانە، چۆن بچینە ناو جیهانی ژمارەییەوە؟
(ئێمە دەستمان بەوەکردووە بچینە ناو جیهانی ژمارەییەوە، بەڵام هەڵگری زیهنیەتی پێش ژمارەیین؟ ل16(1)
ئەمەش پێویستی بە نوێ بونەوەو داڕشتنەوە هەیە لە نوسینەوەی کوردیدا، گەورەترین کێشەیش زمانی کرمانجی سەرو خوارووە، تائێستا دایەلۆژێکی لەسەر نەکراوە، لەیەکگرتنەوەی یان جیاکاری؟ لەراڤەو پۆڵینکاری و رێکخستنەوەو داڕشتنەوەی سەرلەنوێی زمان و ئەدەب؟ (یەقتین) ئەم چونە ناو سەردەمی ژمارەییە لە رێگەی دەقی پەیوەنیدارو بەمیتۆدکردنی پەیوەندیداری دەقی دەبینێتەوە، نوێبونەوەی نوسینەوەی عەرەبیە بۆ نوێبونەوە لە بناغەی زمان لە نەحو، ێەرف، ئیملاء نیشانەکانی ژمارەیی و پاوانکردن و رێکخستنێکی پێکهاتەیی و دەلالی دەق:
(ئەو پرسیارانەی دەمانبات بۆ چونە ناو ئەم جۆرە گفتوگۆیەوە بۆ تازەکردنەوەی روانین و بیرکردنەوە، لەم جۆرانەیە: چۆن لە چاخەکەماندا بژێن؟چۆن لەتواناماندا دەبێت ژمارەیی بیر بکەینەوە؟چۆن توانامان دەبێت بەژمارەیی بنوسین؟ چۆن لە تواناماندا دەبێت بەژمارەیی بخوێنینەوە. ئایا رێگاکانی بیرکردنەوەو نوسین لە نەبونی ژمارەیی و ناوەندە کارکەرەکانەوە مێتۆدمانکردووە، ئەوە خۆیەتی لەسەرمانە لە ئامادەبونیدا کاری لەسەر بکەینەوە؟ل1٧)(2).
ئەمەش کردنەوەی پانتاییەکە لە روانین و بیرو فەزادا، بۆ خوێندنەوەی ئێستاو خۆئامادەکردن لە بەشداری ژمارەییدا، ئەرکێکی گرانەو لەسەر رۆشنبیریەکی رادیکالی دادەمەزرێت، پێویستە بەهۆشی نوێوە، حەزو ئامانج و ئەندێشەی گەشەکردنی ئێستا هەڵبگیرێت و کەشێک بکرێتەوە بیری نوێی تیادا لەدایک ببێت، جیاوازیەکانی خوێندنەوەو بەراوردکردنە لە بواری میتودلۆژیادا، لای (ریجیس دۆبریە)، هەمو میدیاو دامەزراوو کەناڵ و پێگە رۆشنبیریەکان دەگرێتەوە، بایەخدانی لە پەیوەندی نێوان واقیع و ناوچەکانی واقیعدا بو، ناونانیشی بۆ شۆڕشی ئەلکترۆنیەکان، (زەمەنی بیستراوو بینراو)ە، چەند زاراوەیەکی تریش بەکارهاتووە(ئەدەبی ئەلکترۆنی و دەقی پەیوەندیدارو ئەدەبی داسەپاوو سیبرالادب) لە دوای هەمو دەستکەوتە زانیاریەکانی ئێستاوە.
لای (غرامش)یش شیکردنەوەی کۆمەڵایەتی بۆ رۆشنبیر مرۆڤێکە کۆمەڵێک ئەرک بۆ کۆمەڵ بەدەست دەهێنێت وەک:
پیشەی نوێ و بێژەری، پیشەی کاری ئەکادیمی و شیکەرەوەی بواری کۆمبیوتەرو پارێزەری تایبەتمەند بە بواری وەرزش و دام ودەزگای راگەیاندن و راوێژکاری دامەزراوەیی و پسپۆڕی سیاسی و راوێژکاری میری و نوسەری بازرگانی تایبەت. بە گشتیش رۆڵی کرێکاران لە بواری رۆژنامەی جەماوەری هاوچەرخدا).
بەم جۆرەیش رۆڵی رۆشنبیر جیادەکاتەوە، لە تەقلیدیەوە بۆ رۆشنبیری ئەندامێتی، ئەوان وتراوەکان دەڵێنەوە لەنەوەیەکەوە بۆنەوەیەکی تر، ئەندامیش راستەوخۆ پابەندن بە چینەکان یان بە دامەزراوە بازرگانیەکانەوە لە بوارەکانی رێکخەری کارەکانی سەرمایەداری، لەلای خۆیەوە تەقنیەی پیشەسازى دادەهێنێت، هەروەها تایبەتمەندی لە ئابوری سیاسی و، بەرپرسانی دامەزراندنی رۆشنبیری نوێ، یان سیستەمی یاسایی نوێ … هەرکەس ئەمرۆ لە هەر پانتاییەکدا کاربکات، پابەند بێت بەبەرهەمهێنانی مەعریفە یان بڵاوبونەوەی هەمو ئەوشتانەی ناودەربرێَن بە پیشەسازی مەعریفەوە ئەوانەی پەیوەندیان بەبەرهێنانی مادیەوە هەیە، کارکەری بواری بەرهەمهێنانی مەعریفەن).(بروانە ێورالمپقف/ئیدواردسعید) لای(عەلی حەرب)یش بەهەڵبژاردەی رۆشنبیری ناویان دەبات، خوێندنەوەی بەرهاتویان هەیەو بەر لە هەمو شتێک کێشەیان لەگەڵ خۆیان و فیکری خۆیاندا هەیە، بەبیرەکەیان ئێمەو جیهان دەگۆڕن بۆ زەویەکی نوێ:
(خوێنەرێکە، روداو دەخوێنێتەوەو قەیران دەستنیشان دەکات بۆ وەرگێڕان یان بۆ کێشەیەکى هزرى یان ئامڕازێکى چەمکیانە.ل2٧)(3).
دواتر لەگەڵ رۆڵی رۆشنبیری تەکنیکی و کرێکارانی مەعریفەدا شیکاریان دەکات، ئاماژە بە چونە نێو سەردەمی بە جیهانی بون و نێوەندە جۆراو جۆرەکان دەکات، نەک وەک ئەوەی رۆڵی هەڵبژاردە نەمابێت، بەڵکو توانای دیکە دەخوڵقێنێت بۆ بونیاتنانی سیستەمی نوێی بەیەکگەیاندن و جیاکردنەوە، گۆڕینەوەو شێوازێکی نوێ لە نێوان مرۆڤدا بەرجەستە دەکات.
رەخنەگرتن لە رۆشنبیری دەستە بژێر و ئەندامێتی ئەوە ناگەیەنێت، بەڵکو ئەڵتەرناتیفە بریتیە لە رۆشنبیری تەکنیکی دابڕاو لە نێو بازنەی پسپۆڕیەکەی خۆیدا ل21٥)(4)
ئەمەش بانگەشەکردنی نوسەرانی نوێیە بۆ کێشەی نەوەی داهاتو، کار لەسەر دامەزراندنی بەهایەکی نوێ بکەن، هەڵدەستێت لەسەر پەیوەندیداری و کارلێکەر ناوەرۆکی ژمارەیی و نێوەندێتی کارلێککراوە. فەزای تۆڕو دەقی پەیوەندیدار کەشێکی مەعریفی و بونیەیەکی نوێ پێکدەهێنن، لەنێوان دەقی ئەدەبی و سەرچاوەی زانیاری و ئەدەبی ژمارەییدا، لە رێگەی بەدەستکەوتنی زانینەکان و کارپێکردنیانەوە بەرجەستە دەبێت.
(دەقی ئەدەبی دەقی پەیوەندیدارە لەسەر پەیوەندیداری دەقی بەو پێەی رەوتێکە لە رەوتەکانی کارلێکەر ببێتە دەروازەیەک بۆ نوێبونەوەی بیری رەخنەیی عەرەبی ل3٧)(٥)
بەمشێوەیەش فەزای پەیوەندیەکان بە جۆرێک فراوان بووە، تەنیا نابەسترێتەوە بە رۆشنبیری هەڵبژاردەو رۆژنامەنوس و نوسەرو سیاسی، زۆر بانگەشەی کۆتایی رۆشنبیری هەڵبژاردە دەکەن، ئەمڕۆ کۆمەڵ خۆی لە پەیوەندی هاوبەشدایەو ئامادەکاری و بونی خۆی هەیە لەڕێی تۆڕی پەیوەندیەوە، بەڵکو ئێستا رۆشنبیری تەکنیکیە هەمو پانتاییەکانی داهێنانی مەعریفە دەگرێتەوە، بەتەکنۆ رۆشنبیری فەیسبوک ناو دەبرێن، ئێمەش کتوپڕ چوینەتە ناو پێشکەوتنەکانەوە، ئێستا ئەم رۆشنبیریە دەکەوێتە ناوەڕاستی جیهانەوەو جیهان بە تۆڕی پەیوەندیە زانستیەکان گرێ دەداتەوە، ئەمەش ئامادەکاری ئەو گەلانەیە لەروی زانستیەوە باڵادەستن، تەکنیک کاریشیان لەدایکبوی ئەو فەزایەن، ئێمەش دەبێت سەرەتایەک بۆ هەوڵی خۆگونجاندن بەرجەستە بکەین.
(ئێمە داوامان لێکراوە لەگەڵ ئەم چەرخەدا خۆمان بگونجێین، بەڵام پێشبینی چونێکی راستەقینە بۆ ئەم چەرخە ناکرێت بەبێ بەدەستهێنانی ئەم خۆگونجاندنە، ل16).(6)
چۆن خۆگونجاندن بکەین وکامەیە ئامادەکاری و پێدراوو زانین و زانیاری و زانستەکان؟ چی خوێندنەوەیەکی سەرەتاییمان هەیە بۆ هەر لقێک لە لقەکانی ژمارەیی و پەیوەندیەکان؟ رەگ و ریشاڵیان دەچێتەوە بۆ زانستەکان، لەکاتێکدا ئەمڕۆ جیهان لە تۆری تەکنۆلۆژیادایە، بۆتە سەردەمی چرکە، ئێمەش بەکاربەری تەکنۆلۆژیاین، ئەمەش پرسیارە لە رابردو ئێستا لە جیاوازیەکان، چی بەدواداچونێک بۆ ئەم زانستە هەیە؟ کامەیە رەنگدانەوەو جیاوازی و ململانێ میدیای سەربەخۆو داهێنەر؟ لەکاتێکدا پێویستی ئێستای کورد شۆڕشی ریشەیی و جۆراوجۆرە، ئەم پۆلینکاریەش کاری کۆلیژی ئاداب و ئەندازیارانی مەعریفەیە بتوانن لە بواری گشتی زانست و مەعریفەدا گونجاندن لەم بوارە پڕ بایەخەدا بکەن، لە رێی داهێنان و کۆششی نوێ و ناکۆکیەوە پێشکەوتن بەدیبهێنن، نەک وەک ئەوەی لە سایەی ژمارەییدا بژین، یان ڤەیسبوک بکەینەوە، لەکاتێکدا ئەم پەیوەندیە جیهانیە، دەمانبەستێتەوە بە (بون)وجیهانەوە.
(ناتوانین باس لە قۆناغی ژمارەیی بکەین لە بەرهەمهێنان و وەرگرتندا بەبێ هۆشی ژمارەیی، وە بیرکردنەوەی ژمارەیی و روانین و فەلسەفەی ژمارەیی بۆشتەکان و جیهان، بەبێ بەدەستهێنانی ئەوە گوتارو گفتوگۆیەکی فەلسەفیانەو کۆمەڵایەتی و زانیاریانەیە، هێشتا بەوردی لێی نەکۆڵاوینەتەوە بۆ دیاریکردنی رەوتی ئەم هۆشەو ئەو بیرکردنەوەیەو ئەو فەلسەفەو روانینە. ل1٧)(٧).
ئایا ئەو پەرەسەندنەی دەستمان کەوتووە راستەقینەیە لە بیرکردنەوەو روانین و فەلسەفەوەیە؟ یان پەرەسەندنێَکی دەستکەوتوگەیەنەرە؟ بەبێ پۆلینکاری و جیاوازی لەم قۆناغەوە دەچێتە ئەو. لەکاتێکدا پێشبڕکێیەکی راستەقینە نیە مانای جیاوازی لە فیکرو روانین و شێوەو ناوەرۆکدا بکات، زۆربەی پێگەی رۆشنبیریش پاوان کراون بۆ کۆمەڵێکی دیاریکراو، عەقڵ و رۆحی رۆشنبیری هەڵبژاردەو یاخیش دەگمەنەو بۆتە کۆیلەی گروپکاری و شەڕی سیاسی:
(شیکردنەوەی هزری راستەقینە رێگرە لەوەی ناونانی لایەنێک بە چاک و ئەوی تر بەشەرەنگێز بکرێت، لەراستیدا هزری بونی تاکلایەنی لە حاڵەتی گفتوگۆ لەسەر رۆشنبیریەکان هەتا سنورێکی زۆر گومانی تێدەکەوێت. ل121)(8)
ئەمەش نەبونی پرۆژەیە، بیرمەند بەهزرەکەی گۆڕانکاری دەکات و لە وان و لە حیزب جیا دەبێتەوە، بەپێچەوانەوە دەستەیەکی رۆشنبیر لەهەمو بوارو پێگەکاندا جێگەیان گرتووەو بواری داهێنانیان بە خۆپەرستی و رق خنکاندووە، داهاتی رۆشنبیری بۆ کۆمەڵێکە لەحیزب و حکومەتدا هاوپشکن، خانەنشینیش نایانگرێتەوە، بونەتە دەریا لوشی دەستکەوتەکان، دەبێت وەک سارتەر نۆبڵ رەفز بکەن؟ یان وەک باختین سیبریا هەڵببژێرن؟ تەنیا دەبێت نەوەی نوێ رۆڵی خۆی دەربخات، ئەمەش لە یەکگرتنەوەی رۆشنبیری هەڵبژاردەو تەکنیک کاراندا رۆح و دڵ و مێشکیان بەپاکژبونەوەی هەڵچونەکانیان بشۆن و تۆڕێکی نوێ بکەنەوە، شۆڕشی سپی بکات، لەگەڵ پێویستیەکانی نێوەندە نوێیەکەو مەرجەکانیدا بۆ بەشداریکردن لە وەرگرتن و کارکردن و خۆگونجاندن لە شۆڕشەکانی فیکرو زانین و زانیاریەکان لە ئێستادا.
ئەمەو چەندین پرسیارو گریمانەی تر لە چۆنیەتی بیرکردنەوەو نوسین و بیرکردنەوەی ئەدەبی و رۆژنامەنوسی و سیاسی و هەڵبژاردنەکاندا چی جیاوازیەک دەبینین؟ یاخود هەرکەس چووە ناو فەیسبوک بەتەکنیککار دابنرێت؟ فەیس بوک مانای تاقم بەستنە بە هێرشکردن و جنێو بە داهێنەران، یان سیستەمی زانیاری و پێدراوو بەرهەمهێنانی مەعریفەو داواکاری نوێیە؟ جگە لەوەش جیاوازی رۆژنامەنوسی تەقلیدی و کاری تەکنیکی زۆرە، لێرەدا هەتا دواسنور فراوان دەبێتەوە:
(ئایا پێویستە لەسەر نوسینی رۆژنامەنوسی لە فەزای تۆڕەکاندا، بۆ نمونە، پەیوەست بێت بەو رەوتەی لە پێش نوسینی ژمارەییدا زاڵبووە؟ یان لەسەری پێویستە بەرزببێتەوە بۆ داواکاریە نوێیەکان. بۆ ئەو گفتوگۆیانەی لەلای ئێمە لەسەر دەوڵەت و هەڵبژاردنی ژمارەیی دەخرێنە رو، ئایا مەشقی هەڵبژاردنەکان دەکەین؟ ل1٧(٩)
ئەمەش ئەرکی رۆژنامەنوس دەگۆڕێت، تەکنیک کاران لە ژێر دەسەڵاتی سەرمایەداری لیبرالیدا کار دەکەن، بەمەش جیاوازی دروست دەبێت. لێرەشدا لای (یەقتین)کاری ئەدەبی لەسیانیەوە دەگوێزرێتەوە بۆ چواری لە(نوسەر، دەق، خوێنەر)ەوە بە بەشداری کۆمپیوتەر، لایەنێکی بنەڕەتیە لە کرداری بەرهەمهێنان و وەرگردا.
(ناوەندێتی ژمارەیی ناوەندێکی ئاڕاستە کراوە، لەسەر کرداری وەرگرتنی دەقی زیاتر لە بەرهەمەکەی دادەمەزرێنێت. رۆڵی نوسەر بە پێچەوانەی وێناکراوەوەیە، زیاتر لەخۆی ئاڵۆزترو تێکەڵاوتربووە. ل ١٩٩/١٩8(10).
ئاماژە بەگۆڕانی گوتەی مەرگی نوسەر دەکات لە نێوەندێتی ئەدەبی ژمارەییدا، پێشتر تێگەیشتنێکی هەڵەی بۆکرابو، وەک گوتەی خوێندنەوەو خوێنەر زیاتر دەلالەتی ئاشکراو قوڵیان وەرگرتووە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت رۆڵی نوسەر لاببات، راستە ئەرکی نوسەر گۆڕدراوە لەو جیاوازییەوە، لەئەدەبی نوسراوو ژمارەییەوە دروست دەبێت، مانای ئەرکی نوسینی ئەدەبی و فیکرو داهێنان بێبایەخ نیە، بەڵکو فراوانتر دەبێتەوە بۆ ئەوەی لە کونی دەرزیەکەوە بۆ جیهان پەخش ببێت، جیاوازیش ئەوەیە ئەوانەی بەکاربەری ژمارەیی خوازراوەن بەبێ پاشخان و هۆشی زانستی و گونجاندن، ئەرکی راستەقینەیان داواکردنی سەربەستی تاک و دەسەڵاتی لامەرکەزی و ئابوری تێکەڵاوو فرە سیاسیە، ئەمانەش بناغەو پاشخانی پێشوەختەیان دەوێت، ئایا ئێمە تەکنۆلۆژیامان نیە نابینە کۆمەڵگەیەکی پیشەسازی و زانستی کشتوکاڵیشمان نیە نابینە کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵی، بە هۆی نەبوونی زانستەکان و فەلسەفەیشەوە دوورین لەوەی گەیشتبێتینە زەمەنی سفر، ئەمەش بەو مانایەی دەشێت پرسیار بکەین، بۆچی بەو شێوەیە دواکەوتوین؟ ئەنجامی بەشداری نەکردنە لە شۆڕشە باڵاکانی جیهان، وەک (فەیسەل دەراج )ئاماژەی پێدەکات، بەشداری شۆڕشی پیشەسازی و بۆرژوازی و شۆڕشە باڵاکانی جیهان وگۆڕانە فیکری و رۆشنبیریەکانیان نەکردووە بەمەش عەرەب بەکەم ئەندام دەزانێت.
جاران پرسیارمان لەسەر قۆناغی چینایەتی و شۆڕش و جیابونەوە، هۆکاری گرنگی یەکنەگرتنەوەو پچڕان بە هۆی نەبونی بازاڕی ئابوری هاوبەش و رێکنەخستنەوە ژیرخانی ئابوری دانەمەزراوە، بەم هۆیەش سەرخانێکی پتەومان نیە، بتوانرێت گۆڕانەکانی لەسەر بکرێت..بەو هۆیەی کوردستان بەهۆی نەبونی دەسەڵاتێکی سەربەخۆوە، هەتا ئێستا بازاڕێکی هاوبەشی نیەو نەیتوانیوە سیستەمی ئابوری دابڕێژێت، ئێستاش ئابوری بەکۆمپیوتەرکردن و بەزانست کردنە، ئەرکێکی قورسە، وەک زانست و بازاڕ لەبواری ئابوریەوە زەلیلین، ئیتر چۆن و لە کوێوە پرسیار لەسەر سەرخانی کۆمەڵگا بکەین؟ پێویستە کارکردنێکی ورد بکرێت لەسەر سیستەمی ئابوری جیهانی گونجاندن بکرێت، وەک (عەلی حەرب)لە دیکارت دەڕوانم(من بیر دەکەمەوە کەواتە من هەم)ئەمەی بۆ ئەوروپاییەک نەگوتووە بەڵکو کەشێکی بۆ بیرکردۆتەوە، بۆیە بیری بیریاری هەمو نەتەوەیەک پابەندە بە منیشەوە، ئەمەش دیسانەوە بەکاری داهێنەرانە دەکرێت، ریشەکانی زانست و فەلسەفە بەهۆشی زانستی و مێژوییەوە لەناو پانتاییەکانماندا دابمەزرێنین، ئەمەش کاری لقەکانی زانکۆو کەسەکانی فیکرو داهێنانە، خوێندنەوەی بەرهەمهێن بکەن، خۆ عەرەب و فارس و تورکیش لەروی مەعریفەی زانستی فەلسەفەوە وەک ئێمەن، لە کەلتورو خوێندنەوەو هۆشی خۆگونجاندن و کارکردنەوە جیاوازیان هەیە. ئەو هێڵەیشی ئێمە لە رابردو جیادەکاتەوە؟ بەرامبەر بەخستنە سەرو جیاوازی و پێدراوەکان لە هۆشی مێژویی و زانستیدا پرسیارە لە فەزای رۆشنبیری: چی کەشێک بۆ فیکرو روانینە جیاوازەکان دروست بووە؟ چی خوێندنەوەیەک بۆ مەعریفە باوو خوازراوەکان کراوە؟ یاخود رەوڕەوەی ئۆپزسیۆنی حیزبی چیە؟ ئەویش هەمان تراژیدیا دوبارە دەکاتەوە، پێویستە کاری رێکخراوەیی مەدەنی بکات و سیستەمێک دابرێژێت، خەڵکە گشتیەکەش لەگەڵ پێدراوو دەستکەوت و ئامانج و بەرهەمهاتووەکاندا یەکسان بکاتەوە، دامەزراندنی َتۆڕی پەیوەندییە بەچینی رۆشنبیری نوێوە لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و گۆڕانکاری راستەقینە، ئەرکی شۆڕشی سپیە، کارکردنە لە تۆڕی پەیوەندیەکانەوە، تەکنیکی و جەماوەری، کارکردن لەبواری بەرهەمهێنانی مەعریفە، سیستەمی دیموکراسی ئەو رۆڵەی جارانی نەما لە بەردەم فەزای ژمارەییدا، پێویستی بە ئامادەبون هەیە، هەمیشە من و تۆو ئەوان ئامادەین روبەڕوی یەکتری دەبینەوە، ئەمە سیستەمێکی نوێی لە گۆڕانکاریەکاندا هێنایە کایە، رۆڵی کرێکارانی مەعریفەی کردە جاڵجالۆکەی تەونەکانی بون، لێرە هەزاران ئامادەن، لە یەک کاتدا هەمومان سیستەمێک دادەهێنین، ئەمانەش لەو کارکردنانەوە دەدۆزرێنەوە دەمانباتەوە بۆ ناو فەزای رۆشنبیری، چۆن شێوازی ئاستێک لە ئاستێکی تر جیادەکرێتەوە، لەپچڕانی شیرازەی نەتەوەیی و چینایەتی رۆشنبیر ئێستا بۆتە چینێکی جێگرەوەو باڵادەست، هەتا بەرز بونەوەی ئاست و جیابونەوە لە پێشوو بە مانای شۆڕش لە هەمو بوارەکاندا خاوەنی جیابونەوەیەکی مێتۆدی و فیکری نیە، پێویستە بە بەرهەمە فیکریەکان جیابکرێنەوە.
لێرەدا لە زانکۆکانەوە ئەو تۆڕە بکەینەوە، ئاسۆی دەرچوانی زانکۆ تا چەندە لە پانتایی و هێڵە جیاوازەکاندا کاریان کردووە؟ کامەیە بەکۆمپیوتەرکردنی ئابوریەکان و بە ژمارەکردنی نوسراوەکانی ئەدەبی و هونەری و رۆشنبیری، یاخود ئەو ریشەو خوێندنەوانەی لەبواری زانستەکان و فەلسەفدا کرابێت؟ ئەی کەواتە کامەیە هۆشی مێژویی و مەعریفی؟ چۆن بچینە ژمارەییەوە؟ لەکاتێکدا ئامارو رێکخستنی ژمارەیی کاری کۆلیژی ئادابە، چۆن بیرکردنەوەو روانین و خوێندنەوەمان بەژمارەیی بکەین؟ چۆن دەقەکانی ئەدەبی کوردی بەژمارەیی دەکرێن؟ ئەدەب لە سەدەی ژمارەییدا دەبێتە دوان، ئەوەی کۆن نوسراوەو ئەوی تر ژمارەیی نوێیە(سەعید یەقتین) راڤەی هەمو ئەو دەقانەی کەلتوری عەرەبی دەکات، ئەوانەی دەست خەتن لێکۆڵینەوەیان دەوێت جگە لە قورئانی پیرۆز، هەمو مەرجەکانی تیایە بچێتە ژمارەییەوە، ئەمەش لە چوار بەشدا شیدەکاتەوە،
(ا. وشە)لە وردبینی وێنەی وشەکان(ئیملا)و دانانی خاڵ لەسەر پیتەکان، خاڵبەندی، پەنابردن بۆ شێوەی شیتەڵکردنەوە.
(ب. رستە)وەستان، دانانی نیشانە لەنێوان ئایەتەکاندا.
(ج.گوتار)، دیاری کردنی نیشانە لەنێوان سورەتەکاندا، دیاریکردنی ئایەتەکان (د. دەق) رێکخستنی ئایەتەکان و جیاکردنەوەیان بۆ ئەحزاب و بەشەکان، ئەمانەش کرداری بیناکردنن کاردەکەن بۆ گواستنەوەی دەق لە تەلارسازی شەفەویەوە بۆ کرداری نوسراوەیی.(بڕوانە/ النێ المترابگ/ل114=11٥
ئەم ئامادەکاریەی ئێستا بۆ ئایندە پێویستی بە راڤەی تەواو هەیە، کاری زانکۆو کەسەکانی فیکرە، دەبێت چۆن باس لە ژمارەیی بکەین؟ لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی مەعریفە کارکردنە لەسەر پێدراوو پێگەیشتو نامەو کارەکانی ناو پانتاییەکانی مێژویی و زانستی بە شێوەیەکی گشتگیر، ئەی کەواتە چۆن لە رابردو جیادەبینەوە؟ دایەلۆژمان لەگەڵ نەوەی ئایندەدا چییە؟ ئەی نامەکانی ماستەرو دکتۆرا؟ ئەمە جێگەی هیچ مشتومڕێک نیە، دەبو ببونایە بە خاڵی وەرچەرخان و خستنە سەرو جیاکاری گەورە، مانای چیە نامەکان بڵاونابنەوە؟ دەکرێت خوێندنی باڵا، وەک هەنگاوی باشی ناوە کەشێکی پێشبڕکێ بۆ ئەوانە بکاتەوە، بڕوانامەیان نیەو توێژینەوەی بەربڵاویان هەیەو دەتوانن لەپانتاییەکدا جیاوازیەک بخوڵقێنن، لە کاتێکدا بۆشاییەکانمان ئەوەندە زۆرن لە ئاستی زانستەکان و فەلسەفەوە نەگەیشتوینەتە زەمەنی سفر. کەواتە چۆن بەرەو ژمارەیی بچین؟ ئەمەو دەیەها پرسیاری تر لە تۆڕێکدا پیشان دەدات تەنیا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ خاڵی سەرەتا.
ئێستا بەهۆی جیهانگیری و پەیوەندیەکانەوە کرانەوەیەکی گەورە هەیەو ئەو داخراویەی پەیوەندیەکان نەماوە، بەهۆی باری جوگرافی و دوری لەدەریاو رۆژهەلاتی ناوەراست و سەختی ناوچەو هاتوچۆوە هەبووە، ئەوەی کاریگەری راستەوخۆی هەیە پارچە بونی کوردستان و پچڕانی شیرازەی نەتەوەیی و چینایەتیە، پێویستە لەروی عەقڵ و مەعریفەوە هەوڵی یەکگرتن بدرێت، ئەمەش گۆڕنکاری فراوانی دەوێت لە هەمو پێگەکانی ئێمەدا، لای (سەعید یەقتین) بایەخدانە بەزانست، ئەگەری سەرنەکەوتن دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی خەو بەگۆڕانکاریەوە دەبینین و لە بەدەستهێنانی گۆڕانیشدا بایەخ بەزانست نادەین. لەم رووەیشەوە بانگەشەی چەکداربون دەکات بەدو شت: (مەعریفەی زانستی و تەکنۆلۆژیا) و ئەو هاوبەشیە مەرجکراوەی لەنێوانیاندایە: ئەوە: (زانستێکی دامەزراوە لەسەر بناغەی مەعریفی و فەلسەفی، هەرچەندە رۆشنبیرانمان زیادەڕەوی بەزانستێک دەکەن پانتایی مرۆڤایەتی هەڵگرتووە، )ل13 (11)
یەقتین باس لەوە دەکات پەیوەندیان بەتەکنۆلۆژیای راگەیاندن و پیگەیشتنەوە لە رێگەی وەرگرتنەوە بووە، ئەم نوێبونەوەیەی نوسینی عەرەبی بۆ ژمارەیی، بە نوێبونەوەی زمانی پێگەیشتن دەزانێت لە نێوانیاندا، ئایا دەبێت چۆن زمانی پێگەیشتن بەرجەستە بکەین و کار بۆ پێدراوو خستنە سەرو جیاوازی و بەرهەمهێنان بکەین؟ بۆ یەکگرتنی عەقڵ و گونجاندنی زانستی ژمارەیی… تاد. ئەمانەو دەیەها پرسیارو گریمانەی ترلەو پێشکەوتنە رێژەییەی پەیوەندی بەتەکنۆلۆژیاو پێکگەیشتن و وەرگرو شۆڕشی سپیەوە هەیە دەمانخاتە بەردەم شەپۆلی پرسیارو گومانی سەرسوڕهێنەر.

—————————–
پەراوێز:

1- سعيد يقطين. النص المترابط ومستقبل الثقافة العربية. المركز الثقافي العربي. بيروت لبنان. الطبعة الآولى2008. ص16.

2- سعيد يقطين. النص المترابط ومستقبل الثقافة العربية . نفس المصدر. ص1٧

3- على حرب. الممنوع و الممتنع، نقد الذات المفكرة. المركز الثقافي العربى. الطبعة الاولى. ص2٧

4- عەلی حەرب . باسی کۆتاییەکان، کردنەوەکانی بە جیهانی بون و تەڵزگەکانی شوناسنامە. وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە سەلاح حەسەن پاڵەوان. لە بلاوکراوەکانی ئاراس چاپی یەکەم 2006/لا21٥

5- سعيد يقطين. النص المترابط ومستقبل الثقافة العربية. المركز الثقافي العربي. بيروت لبنان. الطبعة الآولى2008. نفس المصدر/ص 3٧

6-نفس المصدر. ص16

٧-نفس المصدر.ص 1٧

8- ادوارد سعيد . صور المثقف. دار النهاربيروت. نقله الى العربية غسان غصن. ١٩٩6

٩- سعيد يقطين. النص المترابط ومستقبل الثقافة العربية. نفس المصدر/ص1٧

10- سعيد يقطين. النص المترابط ومستقبل الثقافة العربية. نفس المصدر ص١٩8/١٩٩

11- سعيد يقطين. النص المترابط ومستقبل الثقافة العربية. نفس المصدر  السابق. ص13

تێبینی: دوا وتارو لێکۆڵینەوەمە بەکوردی تاماوەیەکی درێژ.
لە رۆژنامەی چاودێر ژمارە(24٧)لە 14/11/2011دا بڵاوبۆتەوە.
لە گۆڤاری ڕێبەر ژمارە(15)ی بەهاری 2023 دا جارێکی تر لەبەر گرینگی بڵاو بۆتەوە.




وردبوونەوەیەک لە ڕۆمانی فاتە هەڵۆ.. نووسینی: یووسف اسماعیل

لە ئەدەبیاتی کوردیدا بەتایبەت لەبواری ڕۆماندا، تاڕادەیەک کەمە کە ناونیشانی ڕۆمانەکە لەگەڵ پاڵەوان و کەسی یەکەمی ڕۆمانەکە یەک ناونیشان بن. ئەمەش گرینگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە. ڕۆمانی فاتە هەڵۆ کە زرار سەرتاش نووسیویتی، هەمیشە لەنووسینی ڕۆماندا خێرایە، ئەمە هەم پڕتوانایی ڕۆماننووس و هەندێک جار دیقەت نەگرتنی دەقی لێ دەکەوێتەوە. جا چ لەڕووی هاتنە پێشی ڕوداوەکانی نێو ڕۆمان یان جووڵەی کارەکتەرەکان بێت، یاخود ناوەڕۆک. بەڵام جوانووسی تا ڕادەیەکی زۆرباش لە ڕۆمانەکەدا دەبینیت. لێرەدا باس لە ڕۆل و خەبات و تێکۆشانی کارێکتەرێکی ژن دەکات ئەوەش ( فاتە ‌هەڵۆ )ــیە، کە پەیوەندێکی بەهێز و پۆڵاینی نێوان شاخ و شاردا هەبووە، لە دوو شۆڕش و سەردمی جیادا لەخەباتدا بووە. گەر لەڕوویەکی تری ڕۆمانەکەدا سەیری بکەین ئەم پسیارە دروست دەبێت، ئەویش بۆچی لە قەبارەی ١٣٦ لاپەڕەدا نووسراوەتەوە کە ئازایەتی ئەم شێرە ژنە کە بە دایکی پێشمەرگە ناسراوە، دەبوو زۆر لەمە زیاتر و قووڵتر بنووسرابایەوە، بەڵام داخی گران کە سەیری ئەم مێژووە بکەین بۆمان بەدیار کەوتووە ئەم ژنە قارەمانە چونکە نەخوێندەواربووە نەیتوانیوە یادەوەری و بیرەوەریەکای خۆی بنووسێتەوە تا بتواندرێت بکرێت بە کۆمەڵێک چیڕۆک و ڕۆمان. نووسەر بە بە تێکەڵەیەکی واقع و خەیاڵ ئەم ڕۆمانەی نووسیەوە و پڕکردووە لە ئازایەتی ئەم تێکۆشەرە مەزنە، کە زۆر جوان نووسەر ڕۆل و کاریگەری بە شێوازێکی ئەدەبی جوان نووسیتەوە و ئامانجی خۆی پێکاوە، بەجۆرێکی تر. بە تەکنیکێکی جوان بیرەوەری و چیڕۆکەکانی ڕابردوو و واقعی ئێستا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. گەر بەووردی بڕوانیین لە ڕۆمانەکە، تەماشای چارەنووسی پێشمەرگە دەکەین وە ئەو ژینگە و بارودۆخی تێیدا ژیاوە لەگەڵ دڵسۆزی خەڵکەکە.
هۆنینەوەی کەسایەتێک لە ڕۆماندا ئاسان و سادە نییە، کە نووسەر توانیوێتی لە نۆزدە بەشدا ڕۆمانێک لەسەر قارەمانیەتی ئەم تێکۆشەر و هورەبەرزە بنووسێت. کە مێژووێک لەڕۆماندا خۆی ببینێتەوە و لەبەر دەستی خۆێنەر بێت.
ساردبوونەوە لە ڕۆمان کە ئەوە بۆتە نەخۆشیەک لەنێو ئێمەی کوردا، کە وەڵام و تاوانەکە دەخەینە ئەستۆی خوێنەر. بەڵام لەڕاستیدا ئەمە دەبێت ئاڕاستەی نووسەر بکرێت کە ڕۆمانێکی چڕی نووسیەوە و هەر ڕستەیەک کۆمەڵک مەبەست و نیشانەی جیاواز دوای خۆی بەجێدەهێڵێت، هەر لە چوونە ژوورەوە بۆ دونیای ڕۆمانکە ترس لە خوێنەر دروست دەبێت، لەهەمان کاتدا خوێنەر کۆتایی بە ڕۆمانەکە دهێنێت. بەڵام دەتوانم بڵێم ئەمانەی کە باسم کرد هیچیان لە ڕۆمانی فاتە هەڵۆدا نابینیت، دەتوانیت وشە بە وشە لەنێو خودی خۆدا هەستی پێبکەیت.
گرنگێکی تری ڕۆمان دەگەڕێتەوە بۆ سەر خاڵبەندی، کە ئەمە دەکرێتە پێوەرێک بۆ باشی ڕۆمانەکە. لێرەشدا هەر بەشێوەیەکی تەواو و چەسپاو هەڵەی خاڵبەندی لێ دەرکراوە.
لێرەدا نامەوێت بچمە نێو بنج و نەوانی ڕۆمانەکە، بەڵام گرنگترین شت کە پێم خۆش و سەربەرزیە کە ئێمەی کورد بتوانین کەسە قارەمانەکانی خۆمان بکەین بە داستان و ڕۆمانێک، بە ئەدەبدا بیان ناسێن و لاوەکانمان خەریکی خوێندنەوە ئەم جۆرە ڕۆمانانە بن نەوەک هەر بیریشیان لای ئەو تێکۆشەرە مەزنانە نبێت و وەلا بنرێن. با کەمێک لە ڕۆمانی دەرەوەی کولتووری کوردی بێینە دەرەوە و ئاشنای ڕۆمانە ڕەسەنەکانی خۆمان بیین. هەمووان بتوانین کەسێکی تری وەک فاتە هەڵۆ بە ڕۆماندا بیان ناسێنیین.

نووسینی: یووسف اسماعیل




“کڵۆڵی” عێراق پاش 20 ساڵ بەسەر ڕووخانی سەدام.. ئاوات ئەسعەدی

20 ساڵ بەر لە ئیستە پاش جەنگی ئەمریکاو هاوپەیمانان، لە بەرەبەیانی رۆژی 9 ی نیسانی 2003 لیوای 2 ی فیرقەی 3 ی پیادەی لەشکری ئەمریکا دەستیان بەسەر پێگە سەرەکییەکانی پایتەختی عێڕاقا گرت و داگیریان کرد، لەوانە وەزارەتی نەوت، بارەگای سەرەکی ئاساییش و زانکۆی شارەکە. نزیک 6 ی ئیوارەی ئەو رۆژە مێژووییە سەربازێکی ئەمریکایی لە بەردەم هۆتێلی فەلەستین لە گۆڕەپانی فیرداوسدا سەرکەوتە سەر پەیکەرە گەورەکەی سەدام حوسێن وەک ئەوەی مزگێنی کۆتاییهێنانی حوکمی رەشی ئەو دیکتاتۆرە بەجیهان رابگەیەنێ، پەیکەرەکەی داپۆشی، لە سەرەتادا بە ئاڵای ئەمریکا، دواتر بە ئاڵای عێراق؛ پاشان ئەو پەیکەرە گەورەیە بە هۆی زرێپۆشێکی چیایی M88 سوپای ئەمریکا هێنرایە خوارەوە.
ئەم دیمەنە لە زۆربەی کەنالە تەلەفزۆنیە جیهانیەکانا راستەوخۆ پیشان درا. بووە هێمایەکی زۆر گرنگ و پڕواتا لە بۆ روخانی یەکێک لە دڕندەترین رژێمەکانی ناوچەکەو مێژووی تازەی جیهان.
پێم وایە زۆرینەی گەلانی ستەم ستەمدیدەی عێراق هەرگیز خەونیان بە رۆژێکی واوە نەئەدی، کە زلهێزێکی جیهان بە خوێنی سەربازانی خۆی، ئەو رژێمە خوێناوییەیان بەو ئاسانیە لە کۆڵبکاتەوە.
ئەمڕۆ ئەو رۆژە مێژووییە، وەک رزگاریی ئەو وڵاتەو قوتاربوونی لەو دەسەڵاتە تاریکە تەماشا ناکرێت.
هەڵەش نیە گەر بڵێێن: کەس بیری ئەو رۆژە گرنگەی نەماوە!
هۆکاری ئەمەش شاراوە نیە لای کەس: جێگرەوەی ئەو رژێمە دڕندەیە، ئەگەرچی بە “پرۆسەیەکی نیمچە دیموکراتیانەش خاوەنی جۆرە شەرعیەتێک بن”، بە رەفتاری نالەبارو خراپیان، بە سیاسەتی هەمیشە شکستخواردەیان، “وڵاتیان” گەیاندوەتە باڕێکی زۆر کۆڵەوار. زۆریش بە داخەوە کەسانێکی زۆری چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەکانی عێراق، لە نەزانی بێت، لە بێئاگایی بێت، بە هوشیاری بێت، یان بە ناهوشیاری، زۆر دەمێکە “رەحمەت ئەنێرێن” بۆ سەددام حوسێنی وێرانکارو خوێنرێژی ئەو وڵاتە.
لەمەش تاڵتر ئەوەیە، کە رێک بیست ساڵ لە رۆژی یادەوەری روخانی دیکتاتۆریەتدا، هەڵبژاردەی تیپی فوتبالی عێراق، نەک لە وڵاتێکی بێلاینا یان لە ئەمریکا و لەگەڵ تیپی ئەو وڵاتەیا یاریەکی دۆستانە ئەنجام ئەدات، بەڵکو لەگەڵ هەڵبژاردەی تیپی تەریکراوی روسیای شەرخواز لە شاری سانت پیتەرسبۆرگ.
ئەمەش ئەگەر نیشانەی شتێک بێت، ئەوا تەنیا بودەڵەیی و سەرلێشێواوی و سوکێتیی سیاسەتمەدارانی عێراقی دوای سەددامەو هیچیتر.
وڵاتێک هێندە “نەزانانە” نزیکی وڵاتێکی دیکتاتۆری و بوخزێنراو بکەوێتەوە، کە هاوشێوەی رژێمە شەڕئەنگیزەکەی سەدام بێت، هیچ کەمتەرخەمیەکی نەبێت، لە جەنگە وێرانکاریەکانیدا لەگەڵ هاوسێیانیی، ئەوا “سیاسەتمەدارانی” ئەو دەوڵەتە شایستەی هیچ رێز و سەروەریەک نین.
کورد جوانی وتووە: “تەیری گول عاشق بە داری ژەقنەبووتە.”

ئەو وێنەیەی سەروە هی ئاژانسی AP یە.




سێ بۆچوون لەمەڕ شۆڕشە عەرەبییەکان.. ستیڤان شەمزینی

یەک
دونیای عەرەبیی بۆ ماوەی چەندین “دەیە” بێدەنگ بوو، راستتر وایە بڵێین بێدەنگ کرابوو، میکانیزمەکانی بێدەنگی و خەساندنی کۆمەڵگە عەرەبییەکان لە کەسمان شاراوە نەبووە، میکانیزمی دڵڕەقانە و زەبر و زەنگئامێز بووە. ئەگەرچی بە رووکەش کۆمەڵگەی عەرەبیی بە هێمن و بێدەنگ دەبینرا، بەڵام ئەوە تەنیا دیوی دەرەوەی تابلۆکە بوو، بەپێچەوانەوە لە ژێرەوەڕا کۆمەڵگەی عەرەب کۆمەڵگەیەکی تووڕە و پڕ لە قسە بووە، تەنیا چاوەڕوانی دەرفەتێک بووە بۆ ئەوەی تووڕەیی خۆی نیشان بدات، وەک ئەوەی لە دەرفەتی خۆ سووتاندنی “محەمەد بوعەزیزی”دا بەرجەستە دەبێت. بوعەزیزی تەنیا پاساوێک بوو یان راستتر وایە بڵێین دەرفەتێک بوو بۆ کۆمەڵگە عەرەبییەکان تا تووڕەیی خۆیان بڕێژن، چوونکە مرۆڤی عەرەب بە درێژایی دەیەکان سووکایەتی زۆر لەوە گەورەتری لەلایەن دەسەڵاتدارانی عەرەبەوە پێکراوە، بەڵام ئەمجارە هاوکێشەکە تەواو هەڵدەگەڕێتەوە و خۆ سووتاندنی عەرەبانچییەکی گەدا بڵێسەی راپەڕینێکی گەورەی عەرەبی دادەگیرسێنێت. هەروەک “ئەدۆنیس” بۆی چووە ئیتر تاکی عەرەب گەیشتە ئەو هۆشیارییەی بە رووخانی کۆی رژێمە عەرەبییەکان شتێک نەماوە لە دەستی بدات، بۆیە ئیدی تاکی عەرەب دەگاتە ئەوەی دەست ببات بۆ گۆڕینی رژێم و ئەو سیستمە سیاسیی و ئابوورییەشی ئەو رژێمانەی پایەدار کردووە.
سەبارەت بەوەی ئەم راپەڕینانە دەبنە فاکتۆری دروستبوونی سەقامگیریی و دیموکراسییەت؟. وەڵامدانەوە بەم پرسیارە بڕێک سەخت و ئاڵۆزە. چوونکە هێشتا پرۆسەی گۆڕینی رژێم و راپەڕین بۆ نموونە لە هەردوو وڵاتی میسر و تونس بەردەوامە. بۆیەکا ناکرێت ئێمە پێش بارودۆخەکە بکەوین و بڕیاری حاسمی لەسەر بدەین، ئەوەی هەیە راپەڕینی کۆمەڵگە عەرەبییەکان لایەنی گەش و لایەنی تاریکیشی هەیە. لایەنە گەشەکان بریتین لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و بە خاکسپاردنی رژێمەکانی پاشماوەی قۆناغی رزگاریی نیشتمانی و کۆلۆنیالیزم و دەستبردن بۆ ئەو کاریزمایانەی کە بڕیاریاندابوو کۆماری باوک و کوڕەکان بۆ چەندین دەیەی تر درێژە پێبدەن، لایەنی خراپی ئەو راپەڕینانەش لەوەدایە لە هەندێک جێگە و لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبیی، خەریکە ئاگری شەڕی ئەهلی دەکاتە دیفاکتۆ، لەولاشەوە هێزە ئیسلامییە فێندەمینتالەکان دەیانەوێت گوڵەوەچنی دەستکەوتەکانی راپەڕین بکەن.
کێشەی سەرەکیی ئەوەیە، ئەو راپەڕین و خۆپیشاندانانەی وڵاتانی عەرەبییان گرتۆتەوە، هێشتا نەیانتوانیوە ببنە شۆڕش. چوونکە شۆڕش پرۆسەیەکی گۆڕانکاریی هەمەلایەنە و ریشەییخوازانەیە، بۆیە پێشبینی ئەوە دەکرێت گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە عەرەبییەکان کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لاوەکی و پەڕاوێزی بن کە دەکرا لە هەناوی رژێمەکانی پێشووشدا بهێنرێنە دی، لێ ئەمە پاساو هێنانەوە نییە بۆ رژێمە سەرکوتگەرەکانی عەرەب، بەڵام راپەڕینەکان تا نهۆ شتێکیان پێشکەش نەکردووە بۆنی ئەوەی لێبێت کۆمەڵگەی عەرەبی دەباتە پێشەوە و لە وێستگەیەکی تر دایدەنێت کە دیموکراسیی و کۆمەڵگەی کراوەیە. من وەک خۆم دوودڵم و ناتوانم بەوە دڵخۆش بم ئەم راپەڕینانە مزگێنی دیموکراسین. بە قەد پیرۆزیی راپەڕینەکان گوومانم هەیە و پێموایە دەشێ ئەم راپەڕینانەش دەستبەتاڵ دەربچن. چوونکە کۆمەڵگەی عەرەب پێش گۆڕینی رژێمەکان پێویستی بە گۆڕینی خەیاڵدان و بیرکردنەوە هەبوو. رێنیسانسی فکریی و عەقڵانی پێش شۆڕشەکان گرەنتی دیموکراتی و ئازادیی دەکات. ئەمەش رێسایەکی سادە و ئاشکرایە، تاکێک خاوەنی فەرهەنگی دیموکراتی نەبێت، بە دژایەتیکردنی رژێمێکی سەرکوتکەر نابێتە دیموکراتی. تۆ سەیری “شۆڕشگێڕان”ی لیبیا بکە، ئەو کاتە بیر لەوە بکەرەوە ئایا بەم هێزە توندوتیژە دیموکراسی چێ دەبێت؟.

دوو
کارەساتەکە ئەمەیە. هێزەکانی ناتۆ دەیانەوێت بە موشەک دیموکراسی چێ بکەن. ئەمە لە بیرکردنی ئەزموونی عێراق و ئەفغانستانە. چوونکە یەکەمیان دوای هەشت ساڵ و نیو و دووەمیان دوای دە ساڵ، نەک نەبوونەتە نموونەی دیموکراسی، بەڵکو لە شوێنی خۆیان فەڕەتەناش لێدەدەن و هێشتا لە هەمان زەلکاوی پێشوودا مەلە دەکەن. لە راستیدا لە هیچ شوێنێکی دونیا دیموکراسی بە زەبر و هێرشی فڕۆکە نەهاتۆتە ئارا، مرۆڤ کوشتن مرۆڤ کوشتنی لێدەکەوێتەوە، نەک دیموکراسی. ئاخر ئەگەر گەوهەری دیموکراسی ئەوە بێت کە دەبێت بە پێشکەوتووترین چەکی دەستی ناتۆ خەڵکی بۆ بکوژرێت، ئیدی شتێک نییە مانایەکی باش و بوونێکی گرنگی هەبێت، بە پێچەوانەوە نەفرەت لەو دیموکراسییەی قەسابخانە بۆ مرۆڤ دەخاتە کار.
میدیاش لەهەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت، پاشکۆی سیاسەتە و کار بۆ سیاسەتێکی دیاریکراو دەکات، ئێستا کۆدەنگییەکی گەورەی زلهێزەکانی دونیا هەیە، بۆ لەناوبردنی رژێمە عەرەبییەکان، بۆ ئەمەش رەچاوی رێسای پوولی دۆمینە دەکەن و پێیانوایە وردە وردە هەموویان بە دوای یەکدا دەکەون. تا ئێرە ئاساییە و تەنانەت جێی دەستخۆشییە وڵاتانی زلهێزی دونیا یارمەتی گەلانی وڵاتانی عەرەبی بدەن، لە پێناوی ئاڵوگۆڕ و لەناوبردنی رژێمە دیکتاتۆرییەکاندا. کاری میدیای جیهانیش لەو نێوەندەدا هیچ گلەییەکی لەسەر نییە، بەڵام چاو نووقاندن لە ئاست کوشتوبڕ و لە ناوبردنی هەزارەها مرۆڤ لەلایەن ناتۆوە، بە تایبەت لەلایەن کەناڵی راگەیاندنەوە تاوان و بێهەڵوێستییەکی زۆر گەورەیە کە هەرگیز مێژوو لە بیری ناکات.
من بڕوام وایە کە میدیای جیهانی بووە بە پاشکۆی سیاسەتەکانی ئەمەریکا، بۆیە هەموویان لەسەر یەک ئاواز و وەک قاز یەک شت دەڵێنەوە، لە کاتێکدا چۆن ئەو میدیایە تاوانەکانی موبارەک و قەزافی و بنعەلی دەبینێت، پێویستە بە هەمان شێوە تاوانەکانی ناتۆ و ئۆباما و ئەردۆگانیش ببینێت. ئەوەتا لەلایەک ئەو میدیایە چەکدار و بەرهەڵستکارانی قەزافی بە شۆڕشگێڕ ناوزەد دەکات و چەپڵە بۆ هێزەکانی ناتۆ لێدەدات، کەچی لەولاوە دەستخۆشی لە دەوڵەتی تورک دەکا و هێزێکی وەک پەکەکە و پژاکی پێ تیرۆریستە!. ئەمەیە ئەو ئیزدواجیەتەی لە کاری میدیای جیهانیدا خۆی بەرجەستە کردووە. ئیزدواجیەتێک مەگەر هەر “چۆمسکی” هەبێت پەردە لە رووی هەڵماڵێت و دەستەکەیان بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکات.

سێ
ئاشکرایە کۆمەڵگەی عەرەبی باجی شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ دەدات. موعەمەر قەزافی و حافز ئەسەد و موبارەک لە یەکێک لە ساتەوەختە مێژووییەکاندا وەک شۆڕشگێڕ و قارەمانی نەتەوەیی، تێکڕای گەلی عەرەب چەپڵەیان بۆ لێداون. کەچی ئەمڕۆ دەریایەک خوێن دەڕێژرێت لە پێناوی لە کارخستن و لابردنیان. من پێموایە نەوەی شۆڕش سەقەتترین نەوەن، بۆیە من ترسی زۆرم لەوانەش هەیە ئەمڕۆ بە شۆڕشگێڕ ناو دەبرێن، چوونکە ئەوەی رەوایی خۆی بە خوێن وەربگرێت، بێگوومان بە خوێن لێی دەسەنرێتەوە. لەم سۆنگەوە پێموایە شۆڕش جگە لە توندوتیژیی و لێکترازانی ریزەکانی کۆمەڵگە هیچی تر بەرهەم ناهێنێت. من وەک خۆم دژی شۆڕش نیم بەڵکو مارکس وتەنی هەموو گۆڕانکارییەکی جەزری لە رێگەی شۆڕشەوە دەبێت، بەڵام مەرج نییە هەمیشە شۆڕش خوێناویی بێت و بریتی بێت لە زنجیرەیەک رووبەڕووبوونەوەی فیزیکیی نێوان خەڵک، بە پێچەوانەوە یەکەم شۆڕش ئەو شۆڕشەیە کە خەیاڵدانی مرۆڤ و روانگەی مرۆڤ دەربارەی دونیا دەگۆڕێت، بە داخەوە کۆمەڵگەی عەرەب هێشتا خاڵییە لەم جۆرە شۆڕشانە، بۆیە ئومێدەکانیشمان بە دیموکراسیی لە دونیای عەرەبیدا هێشتا لاوازە و بە بەراوورد بە کاتی پێش راپەڕینەکان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەر نەهاتووە.
دووپاتی ئەو بۆچوونەی پێشووم دەکەمەوە و پێموایە دیموکراسی بە چەک و زەبروزەنگ نایەتەدی، بۆیە من رەشبینم بەرامبەر ئەوەی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارەی وڵاتانی عەرەبی بتوانێت دیموکراسی چێ بکات، خۆ ئەگەر سەیرێکی وردی ئەو پرۆسەی گۆڕانکارییانەش بدەین بۆ نموونە لە میسر و تونس روویانداوە کە دوو وڵاتن رژێم تیایاندا گۆڕاوە، هیچ ئاماژەیەکی دڵخۆشکەر نابینین، بۆ نموونە پرۆسەی لێپرسینەوە و بنبڕکردنی گەندەڵی لەلایەن کەسانێکەوە بەڕێوە دەبڕێت، بەرهەمی هەمان عەقڵی سیاسیی رژێمی پێشوون!، چوونکە زۆرینەیان لە بەرپرسانی پێشووی رژێمن، لە میسر ئەوەتا هێشتا سەرباز دوا قسە دەکات، پاشان لە پرۆسەی دەنگدان لەسەر دەستووری ئەو وڵاتە بینیمان، ئیرادەی ئیخوان سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا. لەبەرئەمە من گوومانم هەیە ئەم راپەڕینانە ببنە هەوێن و مامانی دیموکراسی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت ئەم راپەڕینانە بە خاڵی دەستپێک دابنێین و ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێزی دیموکراتخوازانە جڵەوی سیاسەتی بکەوێتە دەست، ئەوا بێگوومان بە پێی پرۆسەیەکی مێژوویی کۆمەڵگەی عەرەبی دەبێتە کۆمەڵگەیەکی کراوە و دیموکرات.

تێبینی: ئەم وتارە بۆ یەکەم جار لە ژمارە “506”ی رۆژنامەی “میدیا” لە 1-11-2011 بڵاوکراوەتەوە. لە یادی دوانزەی ساڵەی بەهاری عەرەبیدا دووبارە بە پێویستم زانی بیخەمەوە بەر دیدی خوێنەر.




سۆڵۆیەکی تەپڵ.. شیعر: نزار قبانی.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

فەرمانڕەوا تەپڵ لێ ئەیا
و
هەموو دەزگاکانی ڕاگەیانن
ئەکێشن بەهەمان تەپڵا
و
هەموو دەزگاکانی هەواڵ
ریتمی تەپڵەکە زلتر ئەکا
و
ڕۆژنامە بچووک و گەورەکان
لە “مەلها”یەک ڕەقس ئەکەن
كە دەسەڵات بەڕێوەی ئەبا
لە مۆسیقایا
هیچ شتێ لە دەنگی دەسەڵات
ناخۆشتر نایە بە گوێتا

گۆرانی ووتنی ڕەسمی
وەک : نان
…چا
…پاقلە
لەسەر عەڕەبانەکان ئەفرۆشرێ
هەر وەک : حەبی مەنع
حەبی زەغت
پارچەی ئۆتۆمبیل ئەفرۆشرێ
گۆرانی ڕەسمی
وا لەسەر هەموو شەپۆلەکان
و
ووتەی دەسەڵات بریقەدارە
هەروەک : جل و بەرگی ڕاقیسەکان

كەس لە ” ڕەچەتە “
و
دەرمانی دەسەڵات ڕزگاری نابێ
سێ کەوچک پێش نان خواردن
سێ کەوچک دوای نان خواردن
سێ کەوچک پێش نوێژی بەیانی
سێ کەوچک دوای بوێژی عەسر
سێ کەوچک پێش مەراسیمی ناشتن
و
پێش چوونە ناو قەبر
لە مێژووا نەبوە
لەم خەفەتە گەورە تر
ئەم تەپڵە شێتی کردووین
خودایە پێمان ببەخشە کەمێک سەبر

دەسەڵات لە دروستکردنی ووشەیا : زانایە
لە ڕێزمانا : شارەزایە
لە “عەزەڵات” نیشاندان : بێ هاوتایە
لە شیعری دەسەڵات خراپتر نیە
هیچ درۆیەک
لە درۆی دەسەڵات زیرەکانە تر نیە
ڕۆژنامە…دەنگ و باس..کۆمێنتەکان
خودەیەکی شەوقداری ژێر خۆر
ئەستێرەی بریقەداری سەر شانەکان
تفەنگی فیشەکە درۆیینەکان

نیشتمانێک لەسەر ئانتێنەکان هەڵواسراو
نیشتمانێک لە بەڕێوەبردنی شەڕا
شک نابا یەک سەرە واو
جگە لە درۆ و قسە کردن
نیشتمانێک ئێستاش سروودی سەرکەوتن
بۆ ئەوانە ئەڵێ
لە پێناوایا مردن

هەر لە سەرەتاوە
ڕیتمی تەپڵی دەسەڵات دووبارەیە :
“ڕاوێژ کردن بە خەڵک ، بناغەی حوکمڕانیە”
“میللەت بە پێ ی دەستوەر..!! بناغەی حوکمڕانیە”
….جگە لە دەسەڵات
كەس ڕەقس لەسەر ووشەکانی ناکا
خودایە : لە دەنگی ئەو تەپڵە تێر بووین..
چیتر لە توانای مێشکمانا نیە
…کەس وەک دەسەڵات
زینا بە ووشەکان ناکا
داپڵۆسین ، بناغەی حوکمڕانیە
كوشتنی ئینسان ، بناغەی حوکمڕانیە
حوکمی پۆلیسیانە ، بناغەی حوکمڕانیە
بە ڕۆبۆت کردنی ئینسان ، بناغەی حوکمڕانیە
تێڵا تڕێنی ووشە ، بناغەی حوکمڕانیە
تێڵا تڕێنی ئینسان ، بناغەی حوکمڕانیە

تەپڵ…….تەپڵ
دەسەڵات جوانی خۆی
و
خشڵی خۆڕازانەوەی ئەخاتە بازاڕی جوملەوە
هیچ “ڕووتێک”
لە دەسەڵات بە ڕووتی
ناشرینتر ، نەبۆتەوە
تەپڵ….تەپڵ
ستافی کۆرس و گۆرانی ووتن
و
زانایان و ئەهلی فیکر
قازی شار
بە بیستنی تەپڵ هەڵئەلەرزن

گۆرانی ڕەسمی
وەک ڕاچڵەکین لە هەموو لایەکەوە دێ
و
گۆرانی ” نەوت” ئەیەوێ
ئینسان بخاتە بازاڕەوە
یەک دانە بەرمیل
لە بەهای ئینسان بە گرانتر ئەشکێتەوە
گۆرانی ڕەسمی
وەک گۆرانی” شەیتان” دووبارە ئەبێتەوە
و
کاتێ ” سولطان ” گۆرانی ووت
ئەبێ هەموان سەر بجۆڵێنینەوە
و
لەبەردەمی ئاسیشەکانا هاوار بکەین :
ئای ..ئای.. اللە لەو دەنگە…ئای
گۆرانییەک ، بە ڕقەوە سەپێنراوە
خۆشییەک ، بە ڕقەوە سەپێنراوە
مردنێک ، بە ڕقەوە سەپێنراوە
گۆرانی فەرمانڕەوا
وەک گۆرانی خوا
بە زۆر پیرۆز کراوە

“”””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””
(تێبینی : بۆ ئەوەی ڕیتم و داڕشتنە کوردییەکە چێژی شیعرەکە لە کیس نەیا ، بە ناچاری ووردە دەستکارییەکی کراوە..)




٣٣ پرسیار بۆ وروژاندنی خەیاڵی داهێنەرانەی منداڵ.. وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە:عەلی حەمەڕەشید

بۆ جوڵاندنی خەیاڵی منداڵەکەت و هاندان بۆ داهێنان،دەتوانیت ئەم پرسیارانە ئاراستەی بکەیت ،کە دوورە لەو پرسیارە کۆن و سواوانەی کە ڕۆژانە ئاراستەی منداڵ دەکرێن و بێزارن لە وەڵامدانەوەی. لە چاوی دایک و باوکەوە هیچ کەسێک گرنگتر نییە لە منداڵەکانی ، بەڵام لە ئێستادا خەمی ژیان و گوزەرانمان ڕێگەمان پێنادات کە منداڵەکانمان بەو شێوەیە بناسین کە خۆمان ئارەزووی دەکەین. کەواتە بۆچی بە شێوەیەکی باشتر قسەیان لەگەڵدا نەکەین، با دەستەواژە ئاساییەکان بوەستێنین و بە دیالۆگ و گفتوگۆی ڕاستەقینە تاقییان بکەینەوە.
لێرەدا کۆمەڵێک پرسیار دەخەینە ڕوو کە هاوکارت دەبن لە گواستنەوە لە پرسیاری باو و سواوی وەک “قوتابخانە چۆن بوو”، بۆ شتە نوێ و گرنگەکان بۆ ئەوەی زیاتر دەربارەی منداڵەکانت بزانیت و ڕەنگە لەبارەی خۆیشتەوە شتێک بزانیت.ئەم نزیککردنەوەیە ڕێگەتان پێدەدات کە کاتی خۆتان بەفیڕۆ نەدەن لە ئامۆژگارییە ئاکارییەکاندا و گفتوگۆ و مشت و مڕەکانتان بگۆڕن بۆ بابەتی بونیاتنەرانە لە پەیوەندییەکانتاندا.
بۆ ئەم وتارە لە ماڵپەڕی (التربية الذكية)، بەشوێن هەندێک بابەتی گرنگدا گەڕاین لە ڕێگەی چەندین وتار و پەرتوکەوە،کە ڕەنگە مایەی گرنگی پێدانی خەڵک بێت لە بازنەی خێزانیدا و پەیوەندییەکان یەکگرتووتر دەکات،هاوکاریش دەبێت لە جوڵاندنی ئەندێشەی منداڵەکانتاندا.
ئەو پرسیارانەی کە جێگەی ئەو پرسیارە “ڕۆژەکەت چۆن بوو؟” دەگرێتەوە؟

  1. لە ئەمڕدا گرنگترین شت بەلاتەوە چی بوو؟
  2. ئەمڕۆ چی فێربوویت؟
  3. چی ڕوداوێکی ئەمڕۆ زەردەخەنەی خستە سەر لێوەکانت؟
  4. کێ لە ئەمڕدا کردارێکی پێکەنیناوی ئەنجامدا؟ کێ ئەمڕۆ لە پۆلدا نوکتەیەکی گێڕایەوە؟
  5. ئەمڕۆ بە چی ڕووداوێکی لە ناکاو سەرسام بوویت؟
  6. ئەمڕۆ یارمەتی هاوڕێیەکت داوە؟
  7. ئەمڕۆ کەسێک یارمەتی دایت؟ یان شتێکی خۆشی پێوتیت؟
  8. ئەمڕۆ شانازیی بەخۆتەوە دەکەیت؟ بۆچی ؟
  9. ئایا ئەمڕۆ خەمبار بوویت؟
  10. ئایا ئەمڕۆ بەلاتەوە سەخت بوو ؟
  11. ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێکانتدا هیچ یارییەکت کرد؟
  12. ئەمڕۆ خواردنت لەگەڵ کێ خواردووە؟
  13. لە پۆلدا حەز دەکەیت هاوڕێیەتی کێ بکەیت ؟ پێت وایە ئەمە گونجاو بێت؟ بۆچی ؟
  14. لە پۆلدا کێ لە تۆ دەچێت؟کێ لە تۆ جیاوازە ؟
  15. کام مامۆستات هانت دەدات؟ کام مامۆستات هانت نادات؟
  16. ئەگەر بۆ یەک ڕۆژ مامۆستا بوویتایە چیت فێری هاوپۆلەکانت دەکرد؟
  17. ئایا ئەمڕۆ شتێک توڕەی کردیت؟
  18. ئایا کەسێک کارێکی هەڵەی کردووە؟
  19. ئایا ئەمڕۆ هەستت بە کەمێک ونبوونی خۆت و بێ ئاگایی کردووە؟
  20. ئەگەر بتوانیت ڕووداوەکانی ئەمڕۆت دووبارە بکەیتەوە، چی تێیدا دەگۆڕیت؟
  21. ئەمڕۆ لە چی ئەرکێکدا سەرکەوتوو نەبوویت؟ وە لە چی ئەرکێکدا سەرکەوتوو بوویت؟
    ئەو پرسیارانەی ئەندێشەی منداڵ دەجوڵێنن:
  22. ئەگەر ئەم ئێوارەیە خواردن ببارێت ، چ جۆرە خواردنێکت دەوێت؟
  23. حەزت لە سواری کام ئاژەڵە؟ فیل یان زەڕافە؟
  24. ئەگەر توانای گۆڕینی ناوی ڕەنگەکانت هەبێت، چۆن ناویان دەنێیت؟
  25. ئەگەر پشیلەکەت قسەی بکردایە، پێت وایە چی دەگوت؟
  26. ئەگەر بتوانی داوای شتێک لە ئاژەڵێکی کێوی بکەیت، داوای چی دەکەیت؟
  27. ئەگەر ئەشکەوتێکی خۆت هەبوایە، چیت تێدا دادەنا؟
  28. چۆن دەتوانیت دیوارێک دروست بکەیت کە توانای نەڕوخانی هەبێت؟
  29. کام ئاژەڵ ئەگەر هەیە دەتوانێت ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت؟
  30. چۆن دەتوانین شتێک دابهێنین کە بوونی نییە؟
  31. ئەگەر بتوانی بەربەستی کات بشکێنیت چی ڕوودەدات؟
  32. چۆن بەبێ پارە جیهان بنیات بنێین؟
  33. ئەگەر دارێکی سیحریت هەبوایە، ئەو سێ شتەی کە ئاواتت پێدەخواستن چی بوون؟
    سەرچاوە:
    https://tarbiazakia.com/



ئێوارانە ٢٦.. سەردار جاف

ئێوارەيەک
لەو ديو شەپۆلەکانی ئەشکی ئەندێشەوە
رووەو مەزاری ئاوابوون
هۆن هۆن کوڵم و گۆناکان لە ترپەی دڵۆپەوە
نوقمن لە دارووخانێ
لەو ديو بير تەسکی کۆڵانە تەسک و تەنگەبەرەکانا
رێی دەرچوونێ کڵۆمدراو و
دەعبايەکی رەش رەشن لە بەرەژانێ
هێشتان سوورمە و پوولەکان
بە سەر شانم و بؤنی لێو و سووراوەکەی بە سەر لێوم و سارد و سڕی دەستی لە نێو لەپم
دەزريوێنەوە
هێشتان هەناسە و گڤەی بسکی و دەنگی ميلۆدیيە سازەکەی
لە خەياڵدانما لە پياسەيان بوو
بزە و خەندەی دەبوونە قاقا و دەقريوانەوە
بە دەم وەنەوزی رێوە
بێ دەنگی من ئەوی ونکرد و
شەوتاری و مايەپووچی جاڕدرا
ئيدی مۆزيکێکی خەمين بە دەم نەينەواوە
قومرييە بێ باڵەکانی خستەوە گريان
لە بن سێبەری ئارامی خەما ژوانێ بۆ خەندە گڕ درا

کە مناڵ بووم
باوکم رۆژانەی بەختمی دەکردە دەخيلە بچوکەکەی ژێر سنوقە شڕەکەی ژوورە گەورەکە
کە مناڵ بووم،
دايکم بەختەکەمی دادەپۆشی
دەخيلەکەی بە گەچێ سپی سپی سواخ دابوو نەبا رۆژێ بدرێتە بەر تەورەکە
هەر لە ئێوارەوە گريانی شەوم لێ ديار بوو
سەبايەکی حاڵی بوون بوو لە ژانی نەی
نەرمە نەوای کەمانجەژەنێ
چرای ژانەکانی هەڵکرد
بە ئەشکم ماڵئاوایی پێدا
ئەی ياری سوبحەدەمی فيراق
هێشتان و تائەبەد سەرچڵەی
کە باوکم مرد
لەوێ نەبووم گيرفانی کفنەکەی تەی کەم
بەختەکەی لە گەڵ خۆ برد
لەساوە دەگريم
نازانم بۆ باوکە يا بەختی ونبوو
لەساوە ئاگابوونم
وەک دەستی گۆچانەکەی نەنکم مرد
سپێدە بە دەم هەنسک و خەمۆکی دابڕان
هاتمەوە نێو زەمەنی مردوو
لاشەی خۆم دی تەنها و تەنها کپ و نوستوو
بە هەموو ژان و برين و کێمێکمەوە
تۆ هەر تۆيت و هەم شەهلا و هەم ژوان و هەم نەفەسم
خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم

ئەڵمانيا
٢ / ٤ / ٢٠٢٣




ناساندنی دوو کتێبی نوێ

له‌م ماوه‌یه‌دا دوو کتێبی نوێی نوسه‌ر و چالاکوانی دووره‌ وڵات هیوا ناسیح چاپ و بڵاوکرانه‌وه‌ که‌ بریتین له‌:
١. ھەڵەبجە و ئەنفال ، له‌ چاپخانه‌ی بینایی به‌ قه‌بار‌ه‌ی ناوه‌ند، چاپکراوه‌، پارێزگاری سلێمانی د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر ئه‌‌رکی چاپکردنی گرتۆته‌ ئه‌ستۆ.ئه‌م کێتبه‌ بریتییه‌ له‌ سێ به‌ش
به‌شی یه‌که‌م: کۆمه‌ڵێک وتار و بابه‌ته‌، که له‌سه‌ر هه‌ندێک چالاکی و کاری گرنگن له‌ ئه‌وروپا و کوردستان، که‌ نوسه‌ر بۆ به‌ جینۆسایدناساندنی هه‌ڵه‌‌بجه‌ و ئه‌نفال و تاوانه‌کانی دژ به‌ گه‌‌لی کورد ئه‌نجامی داون‌.

به‌شی دووه‌م: کۆمه‌ڵێک راپۆرت وتاری وه‌رگێڕراوه له‌ میدیای رۆژاواوه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌سه‌ر کۆمه‌ڵکوژییه‌کان و دادوه‌ری له جیهاندا، ئه‌م بابه‌تانه‌ له‌ سێ زمانی ئه‌ڵمانی، عه‌ره‌بی و ئینگلیزییه‌‌وه‌ وه‌رمگێڕاون.

به‌شی سێیه‌م: کۆمه‌ڵێک چاوپێکه‌وتنی رۆژنامه‌وانیییه‌، یه‌کێکیان به ئه‌ڵمانی له‌گه‌ڵ نوسه‌ر ئه‌نجام دراوه‌، له‌ میانه‌ی توێژینه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر کورد و ئه‌وانی تر هی رۆژنامه‌ و گۆڤار و سایته‌ کوردییه‌کانن. سه‌رجه‌میان له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال و کارکردن بۆ ئه‌و دۆسیانه و مافی مرۆڤن.

چالاکییه‌کانی لێره‌دا تۆمارکراون زۆریان له‌ چوارچێوه‌ی کاره‌کانی رێکخراوی (چاک)دا بوونه‌، که‌ کاتی خۆی چالاکترین رێکخراوی بواری مافه‌کانی مرۆڤ و کارکردن بۆ به‌جینۆسایدناساندنی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال بوو له‌ باشوری کوردستان و هه‌نده‌راندا، به‌ڵام بیرۆکه‌ و ده‌ستپێشکه‌ری نوسه‌‌ری کتێبه‌که‌ بوونه،‌ وه‌ ئه‌و ڕۆڵی سه‌ره‌کی تێیاندا هه‌بووه‌. دوو پرۆژه‌که‌‌ش که‌ پێشکه‌ش به‌ ده‌‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکومه‌ت و په‌رله‌مانی باشوری کوردستان کراون، ناوبراو نوسیونی. له‌ گرنگترین کاره‌کانیش رێکخستنی یه‌که‌م کۆنفرانس بۆ به‌جینۆسایدناساندنی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال له‌ باره‌گای سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان له شاری ژنێڤ، گه‌یاندنی دۆسییه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال به‌ په‌رله‌مانی سویسرا و پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ به‌جینۆساید ناساندنی ساڵی ٢٠١١، هه‌روه‌ها چوونه‌ پاڵی رێخکراوی ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ له‌سه‌ر دۆسییه‌ی دادگاییکردنی گه‌وره‌تاوانبار نزار خه‌زره‌جی و …هتد.

شایه‌نی باسه‌ هه‌ردوو وتاری: ئه‌مریکا، سه‌ددام و گازی ژه‌هراوی (په‌یوه‌ندیه‌ نهێنییه‌کانی ئه‌مریکا وسه‌ددام له‌ هه‌شتاکاندا)، هه‌روه‌ها یه‌که‌مین ڕاپۆرتی میدیای ئه‌وروپی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئه‌نفاله‌کان به‌ناوی (سکاڵای قورسی کورده‌کان له‌ ده‌ست به‌غدا، به‌کارهێنانی گازی کیمیایی دژ به‌ دێهاته‌ کوردییه‌کانی عێراق)، که‌ له‌ ئه‌ڵمانییه‌وه‌ وه‌ریگێڕاون، دیاره‌ ئه‌م دوو بابه‌ته‌ بایه‌خ و گرنگی خۆیان هه‌یه‌، له‌ ڕووی زانیارییه‌کانی ناوی و هاوکات وه‌ک به‌‌ڵگه‌نامه‌ی ڕۆژنامه‌وانیش. له‌گه‌ڵ وتار و بابه‌ته‌کاندا هه‌ندێک به‌ڵگه‌نامه‌ی گرنگ‌‌ بڵاوکراونه‌ته‌وه‌، که‌ به‌شێکیان بۆ یه‌که‌مجاره‌ بڵاوده‌کرێنه‌وه‌.

هه‌روه‌ها چه‌ند بابه‌تێک له‌ سه‌ر راکێشانی تاوانبارانی گه‌لانی جیهان به‌ سێ تاوانه‌ گه‌وره‌که‌ (گه‌لکوژی واته‌ جینۆساید، تاوانه‌کانی جه‌نگ و تاوانه‌کانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی) و دادگاییکردنیان. ئه‌مه‌ش به مه‌به‌ستی ئاشنابوونی خوێنه‌ر و چالاکوانانی مافی مرۆڤه‌ له‌سه‌ر دادگای تاوانبارکردنی نێوده‌وڵه‌تی هه‌میشه‌یی له‌ جیهاندا و هه‌روه‌ها ئه‌و دادگایی و پرۆسانه‌ی له‌م بواره‌دا ئه‌نجام دراون. چونکه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌‌ نێو گه‌لی ئێمه‌دا زانیاریی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌ زۆر که‌مه‌، زۆر گرنگه‌ خوێنه‌ر و به‌تایبه‌ت چالاکوانانی ئه‌م بواره‌ تێبگه‌ن، که‌ ڕاسته‌ کارکردن له‌م بواره‌دا حه‌وسه‌ڵه‌ و وزه‌ و توانا و ئارامیی زۆری ده‌وێت، به‌ڵام دونیاش وه‌ک ده‌‌ڵێن (شاری بێ ساحێب نییه‌)، بۆیه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو سته‌م و نادادی و ناهه‌قییه‌ی له‌ وڵاتانی جیهاندا کراوه‌ و ده‌کرێت، زۆر جارانیش داد و دادوه‌ریی ئامانجی خۆی پێکاوه‌ و ده‌پێکێت، له‌ ئه‌نجامدا، وه‌ک له‌ وتارێکیاندا هاتوه‌‌، ده‌یان سه‌رکرده‌ی زۆردار و خوێنڕێژ و سه‌رۆک و پاشای وڵاتان له‌ جیهاندا، که‌ گه‌لکوژی و کۆمه‌ڵکوژی و گه‌وره‌تاوانه‌کانی تریان ئه‌نجامداوه‌، پێش مه‌رگیان دادگایی کراون و سزای ڕه‌وایانه‌ی خۆیان وه‌رگرتوه‌.

٢. ئێمە لەدیدی ئەوانەوە، له‌ چاپخانه‌ی ئاسیا چاپکراوه‌، ئه‌م کتێبه‌یان کۆمه‌ڵێک وتاری سیاسی، چاوپێکه‌وتن و خوێندنه‌وه‌‌ی کتێبه‌ له‌سه‌ر کورد و ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، که‌ به‌ چه‌ند زمانێکی بیانی له‌ ئه‌وروپا بڵاوکراونه‌ته‌وه‌، هیوا ناسیح وه‌ریگێڕاون‌ و ئاماده‌ی کردون. نوسه‌ر و وه‌رگێڕ به‌کر شوانی پێشه‌کی بۆ نوسیوه‌. له‌سه‌ر ئه‌رکی د. ته‌ها ڕه‌سوڵ چاپ کراوه‌.
نوسه‌ر له‌ پێشه‌کییه‌یدا نوسیویه‌تی: ((ئه‌م کاره‌ی من ده‌ستم داوه‌تێ له‌ وڵاته‌ پێشکه‌وتوه‌کاندا کاری ده‌زگا و دامه‌زراوه‌‌‌ی تایبه‌تن، تا‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ بکه‌ن، که له‌سه‌ر گه‌له‌‌که‌‌یان نوسراوه‌، به‌ڵام من له‌ نه‌بوونی ئه‌و جۆره‌ ده‌زگایانه‌دا هاتوم و ده‌ستم بردوه‌ بۆ ئه‌م کاره‌، هه‌رچه‌ند نازانم ئایا کتێبخانه‌ی کوردی کتێبی وای تێدا بێت یان نا، که‌ وتاری سیاسیی رۆژنامه‌نوس و چاودێرانی بیانی کرابێتنه‌ کوردی و له‌ دووتوێی کتێبدا بڵاوکرابێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ خوێنه‌ری کورد گرنگه‌، که‌ بزانێت کێشه‌ی کورد له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ چۆن ده‌بینرێت، چه‌نده‌ جێی بایه‌خه‌ و چه‌ند زانیارییان له ‌سه‌ری هه‌یه‌)).

ئه‌م کتێبه‌ بریتییه‌ له‌ سێ به‌ش، به‌م جۆره‌:
به‌شی یه‌که‌‌م کۆمه‌‌ڵێک وتار و ڕێپۆرتاژی ڕۆژنامه‌وانی، که‌ له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ ئه‌ڵمانیزمانه‌کاندا بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ و له‌‌ لایه‌ن نوسه‌ره‌وه‌ له‌ کات و ساتی خۆیدا کراون‌ به‌ کوردی و له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤار و سایته‌ کوردییه‌کاندا بڵاوکراونه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ وا ئێستا هه‌ندێک له‌م وتارانه‌ ده‌ تا پانزه‌ ساڵێکی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ش بایه‌خی خۆیان له‌ ده‌ست نه‌داوه‌، چونکه‌‌ گرنگه‌ دید و بۆچوونی ئه‌وانی دی، که‌ به‌ زۆری نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوسی ناسراو و پیشه‌یین له‌سه‌ر کێشه‌ گه‌رمه‌کانی، که‌ له‌ده‌وروبه‌ری ئێمه‌ ڕوویداوه‌ و زۆربه‌شیان به‌رده‌وامن، بزانین، تا بۆمان ده‌رکه‌وێت چۆنیان ڕوانیوه‌ته‌ کێشه‌کان، پێشبینیان چی بووه‌، سه‌رنجیان چیه‌ و ره‌خنه‌یان له‌ چی بووه‌. بۆهه‌ر یه‌که‌‌شیان وێنه‌ی نوسه‌ره‌که‌ی یان یه‌ک له‌و وێنانه‌ی له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌که‌دا له‌ ئۆرگیناڵه‌که‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، لێره‌ش له‌گه‌ڵی دانراوه‌، له‌گه‌ڵ لینکی سه‌رچاوه‌‌ی بابه‌ته‌که‌.

به‌شی دووه‌م چه‌ند چاوپێکه‌وتنێکی رۆژنامه‌وانین، له‌مانه‌ دوانیان هیوا ناسیح خۆی ئه‌نجامی داون، یه‌که‌میان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارێکی سویسری، که‌ ئێستا هاوسه‌رۆکی پارتی سۆسیالیستی سویسرایه‌، که‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین پارتی نێو په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌یه‌. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ د. تۆماس شمیدینگه‌ر که‌ ئه‌کادیمی، نوسه‌ر و توێژه‌ره‌وه‌یه‌کی ناسراوی نه‌مساییه‌ و زۆر دۆستی کورده‌ و چه‌ندین جار سه‌ردانی کوردستانی کردوه‌ و چه‌ندان کتێبیشی له‌سه‌ر کورد نوسیوه‌.
به‌شی سێیه‌میش خوێندنه‌‌وه‌ بۆ چه‌ند کتێبێکه‌، یان وردتر بڵێین پوخته‌ی پێنج کتێبه‌، که‌ به‌ زمانی ئه‌ڵمانی و له‌ ده‌زگا به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌وروپادا بڵاوکراونه‌ته‌وه‌، ناوه‌ڕه‌ۆکه‌کانیان ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ خه‌باتی گه‌لی کورد و که‌لتور و بارودۆخی کوردستان یان ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ کوردیان به‌سه‌ردا دابه‌ش کراوه‌. نوسه‌ر پاش خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌کان، هاتوه‌ ناوه‌ڕۆکه‌کانی به‌ سه‌رنج و تێبینی خۆیه‌وه‌ له‌سه‌‌ریان به‌ کوردییه‌‌کی ڕه‌وان نوسیوه‌ته‌وه‌.
به‌کر شوانی له پێشه‌کییه‌که‌یدا ده‌نوسێت (( زۆربەی دەوڵەتان و میللەتانی جیهان هەر لە سەردەمانێکی زووەوە دەزگاگەلی تایبەت بە بەدواداچوون و کۆکردنەوە و ئەرشیڤکردن و وەرگێڕانی ئەو بابەتانەیان هەیە کە ئەوانی تر دەربارەیان بەرهەمی دەهێنن. وەلێ کورد، وەک خاوەن قەوارە و دەسەڵات لەم سەردەمەدا، سەرباری هەبوونی بوار و توانای پێویست، لەم بوارەدا زۆر کەمتەرخەمە و ڕای گشتیی کوردستان بەدەگمەن نەبێت، ئاگاداری ئەو هەموو بابەتە نییە کە لە دنیای ڕۆژئاوادا لەبارەیەوە بەرهەم دەهێندرێن. ئەوەش وا دەکات کەسانی خەمخۆری وەک کاک هیوا ناسیح وەک تاک و بە دەستپێشخەریی خۆیان دەست بۆ ئەرکێکی لەو جۆرە ببەن.
وێرای دەستخۆشیم لە کاک هیوا ناسیح، هیوادارم ئەم کارە هێژایەی ببێت بە سەرەتایەک بۆ دامەزراندنی ناوەند و دەزگای تایبەت بە بەدواداچوون و پۆلێنکردن و وەرگێڕانی زیاتری ئەو بابەتانەی کە لە دیدی ئەوانی ترەوە لەسەر کورد و دۆزەکەی نووسراون)).
هه‌ر دوو کتێبه‌که‌ ژماره‌ی سپاردنیان له‌ لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رێتی گشتی کتێبخانه‌ گشتییه‌کانه‌وه‌ پێدراوه‌.

ئەم دوو کتێبەی نوسەر لەلایەن کۆمپانیایی بلاڤ پەیک ەوە دابەش کراوە، ئێستا له‌ زۆر له‌ ناوەنده‌‌کانی فرۆشی کتێب له‌ شاری سلێمانی و هه‌ولێر له‌به‌ر ده‌سته‌.




خەیاڵ.. زانا کوردستانی

(۱)

خەیاڵەکانت
ئەوندە باڵا کردونە کە
ڕۆژێ چەن جار دێنە سەر دانم،
باران هەتا شەو دەبارێ و بەدوایی
-با- دایکی پیرم هەموو بەیانی
کۆلانە خوولینەکەمان گزک ئەدا
بەڵکەم کە بیت و سەرێکم لێ بدەی و
ئەم زامە کۆنە لەژێر چاومدا لابدەی و بیفڕێنی.
دڵم، شیشەیکی ناسکه بەڵام
دڵگیریەکانم و دڵگیریەکانت
وەکۆ شاتاڵی مغولەکان
لەسەر گیانم هاژۆتکار دەبن،
هەتا بەیانێکی تر بیرم داگیر ئەکرێت
لە ژێر هەنگاوانێک وا تۆ هەڵ نەتگرت!
سیگارەکانم کاتێ گڕ دەگڕن هەوار دەکەن:
(بۆ من ئەویندارت بووم؟!)

(۲)
هەرکاتێک کە بێت،
مانگەشەو یا خۆرەتاو؛
من… شێعرەکانم،
بۆ ئەو شەمعانە دەنووسم؛
کە لە شەڕی تەک تاریکی
شەهید کران.

(۳)
وشانی زۆر نێو دەمم تلۆڤە کرانە!
بەڵام،
تەنانەت نێوی تۆس
کە لەگەڵ هەر شێعرێک دا
–دیتە دەر!!!

(۴)
هیوادار بوو؛
که له جیاتی تفەنگ،
کتێب و،
قەڵەمێکێ پێ بواێا
تا وێنەێ باڵەندەێکی بکێشا
لەگەڵ لەقێک زەیتوون؛
— چه‌کمه‌بۆر!

(۵)
خۆزگا،
داهۆڵێک بواێام
لە نێو بێسانی خەێاڵت
هەر لە بەێانی هەتا ئێواران
قاڵاوەکان نۆکێان بدا
–له تەنیاییەکانم!!!

(۶)
دەلاقەکان لێک کەوا
هەتا بۆنت
شار و شەقام لەبەر بگرێت و
قۆرتانن لە بیری جیهان ببات

(۷)
ڕەشەمە ئەلێ
زۆڵفت پەرێشان نەبێت
خاکەلێوە بەڵام،،،
دوودڵە.

بێ ئاواتی
خەراپە
دەزانم
دەزانم
که هیچ گۆڵانێک
بۆنی زۆڵفت لێک ناکاتەوا!

(۸)
کوژەرتر لە تیر بۆ گیانی من
نەبوونی تۆس…
–(وردەوردە مردن)
کاتێک کە ڕووژەکانی ساڵ تەواو دەبن و
هێشتا…
من تۆم نیە!

(۹)
من هەموو بەێانی
بەو ژنە کوردە بیر دەکەمەوا
کە وا نەیزانیوە….
حەوشی ماڵەکەی
لە کوێنەێ ئەم جیهانا لێدانی کات.

(۱۰)
لە نێوانی ئە‌وێنی تۆ
هە‌موو کە‌س بوون بە شاعر،
ـ آی‌ی‌ی “لە‌یلا”
رۆژگارێک مە‌وڵە‌ۆی وُ مونزەوی!
دێسان “زانا”…

زانا_کوردستانی




خراپ بەکارهێنانی چەمکەکان، چەمکی سیاسی بە نموونە.. نووسینی دڵشاد کاوانی

پێشەکی
چەمکەکان گرنگییەکی تایبەتیان هەیە بۆ جیهانی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. زیادەڕەوی نییە ئەگەر مشتومڕە سیاسییەکان بە ململانێ لەسەر مانای ڕەوای زۆربەی زاراوە سیاسییەکان ناوببەین. هەریەک لە لایەنە دژبەرەکان لە کاتێکی لێکدانەوەی چەمکە سیاسییەکان دا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە “ئەوان ئازادی سیاسیی چەمکەکان دەپارێزن”، بۆ “ڕەچاوکردنی دیموکراسی” یان “داکۆکی لە دادپەروەری” دەکەن، مشتومڕ و پێکدادان و هاودژیی و تەنانەت لەو پێغانەدا شەڕی یەکتر دەکەن. کێشەکە لەوەدایە کە وشەکانی وەک “ئازادی”، “دیموکراسی” و “دادپەروەری” بۆ کەسانی جیاواز مانای جیاوازیان هەیە و وا دیارە خودی چەمکەکان لە لێکدانەوە و ماناکردنیان دا کەموکوڕییان تێدایە.

لێکدانەوەکان بۆ چەمکی سیاسی
بەلایەنی کەمەوە دەتوانرێت سێ هۆکار بۆ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی نائاسایی چەمکەکان لە شیکاری سیاسیدا، چ لەسەر پرسە ناوخۆییەکان یان نێودەوڵەتییەکان بخەینەڕوو.
یەکەم: شیکاری سیاسی بە گشتی دەتوانرێت گشتگیر بکرێت. گرنگی ئەمەش زیاتر بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازی نێوان سیاسەت و مێژووەکەی لەم ڕووەوە دەربکەوێت. ئەگەر مێژوونووسێک خەمی ڕووداوێکی دیاریکراو بێت بۆ نموونە (شۆڕشی فەرەنسا، شۆڕشی ڕووسیا، یان شۆڕشەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی ساڵانی ١٩٨٩ و ١٩٩١)؛ شرۆڤەکارێکی سیاسی لەوانەیە لە ڕوانگەی گرنگی شۆڕش وەک دیاردەیەکی گەورەتر یان گشتگیرتر لەم جۆرە ڕووداوانە بکۆڵێتەوە. بۆ مێژوونووسان، بە تایبەتی بەدواداچوون بۆ چەمکی “شۆڕش” سوودێکی کەمی هەیە، چونکە ئەوان زیاتر گرنگی بەو شتانە دەدەن کە جیاوازە، تەنانەت ناڕێژەیی، سەبارەت بە ڕووداوە تایبەتەکان، دەبیندرێت.
دووەم: لە ڕووی بەکارهێنانی زمانەوە، ئەو زمانەی کە فێرخوازانی سیاسەت و پراکتیزەکارانی سیاسەت بە تایبەت سیاسەتمەدارانی پیشەیی بەکاری دەهێنن، زۆر لەیەک دەچن. چونکە سیاسەتمەداران زیاتر حەزیان لە دەستپێشخەرییە سیاسییەکانە نەک تێگەیشتنی سیاسی، مەیلێکی بەهێزیان هەیە بۆ بەکارهێنانی زمان بۆ کۆنترۆڵکردن، هەندێکجاریش بۆ چەواشەکاری پەنای بۆ دەبەن. لە ئەنجامدا ئەمە فێرخوازانی سیاسەت ناچار دەکات کە بە تایبەتی وریا بن لە بەکارهێنانی زماندا. پێویستە بە ڕوونی پێناسەی زاراوە و پێناسەکردنی چەمکەکان بکەن بۆ ئەوەی خۆیان لەو خراپ بەکارهێنانە بەدوور بگرن کە زۆرجار لە مشتومڕە سیاسییەکاندا ڕوودەدات.
سێیەم: زۆرجار چەمکە سیاسییەکان لەگەڵ بیروباوەڕی ئایدیۆلۆژیدا تێکەڵاو دەبن. لە دوای سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیا سیاسییە مۆدێرنەکان لە کۆتایی سەدەی هەژدە و سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا، نەک هەر گوتارێکی سیاسی نوێ سەریهەڵداوە، بەڵکو ئەو زاراوە و چەمکانەی لە گوتاری سیاسیدا بەکارهێنراون، تادێت دووفاقی و زۆرجار دژ بەیەک بوون. بۆیە چەمکە سیاسییەکان بوونێکی تەحەداکارن: زۆرجار دووفاقین و زۆرجار بابەتی کێبڕکێ و مشتومڕن. دیسانەوە، ڕەنگە چەمکەکان “بارگاوی” کراون بە حوکمدانی بەهای بێهەڵوێست و کاریگەرییە ئایدیۆلۆژییەکانی تێدا بەکارهێنراون.

چەمک خۆی چییە ؟
چەمک بریتییە لە بیرۆکەیەکی گشتی سەبارەت بە شتێک، بەزۆری بە یەک وشە یان تێکەڵەیەکی کورتی وشە دەردەبڕدرێت. چەمکێک مانایەکی فراوانتری هەیە لە ناوێکی دیاریکراو یان ناوی شتێک. بۆ نموونە: جیاوازی هەیە لە نێوان باسکردنی ڕێوی و (ڕێویەکی تایبەت و ناوازە) و هەبوونی چەمکی “ڕێوی” (بیرۆکەیەک دەربارەی ڕێوی). چەمکی ڕێوی بە تەنیا شتێک نییە، بەڵکو بیرۆکەیەکە، واتە بیرۆکەیەک کە لە تایبەتمەندی جۆراوجۆر پێکهاتووە کە سیمایەکی ناوازەی فێڵبازی خۆی بە ڕێوی دەبەخشێت، وەک “ئاژەڵێکی ڕووتەڵەی”بچووک”، کە “ئاژەڵ و پەڕەوڵی ماڵی”، “دەگرێت”. کۆمەڵیک سیفەت دەخاتە پاڵ ناوەکەی خۆی. بە هەمان شێوە دەستەواژەی “سەرۆکایەتی” ئاماژەیە بۆ سەرۆکێکی دیاریکراو، بەڵکو بۆ کۆمەڵێک بیرۆکە سەبارەت بە ڕێکخستنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن. لەپاڵ ئەوەدا کردەوکانی کۆمەڵەک سیفەت و لێکدانەوەی نامەوزوعی تری دەخرێتە پاڵ ناوەکەی.

گرنگییەتی چەمکەکان
کەواتە، گرنگی چەمکەکان چییە؟ درووستکردنی چەمک هەنگاوێکی بنەڕەتییە لە پرۆسەی ئیستدلالکردندا. چەمکەکان کۆمەڵێک ئامرازن کە ئێمە پشتیان پێدەبەستین بۆ عەقڵ و ڕەخنە و مشتومڕ و وەسف و شیکاری. هەستکردن بە جیهانی دەرەکی و تەنیا زانیاریمان لەسەر جیهانی خۆی پێ نابەخشێت. بۆ ئەوەی لێی تێبگەین، دەبێت بە جۆرێک مانا بۆی دابنێین. ئێمە ئەم ئەرکە لە ڕێگەی چەمکسازییەوە بە ئەنجام دەگەیەنین. بە سادەیی، بۆ ئەوەی ڕێویەکە وەک ڕێوییەک مامەڵەی بکەین، سەرەتا دەبێت چەمکێک پێکبهێنین کە شتەکە چییە. ئەمەش بۆ پرۆسەی ئیستدلالکردنی سیاسیش دەگونجێت: ئێمە تێگەیشتنمان لە جیهانی سیاسی نەک بە سەیرکردنی ڕاستەوخۆی، بەڵکو بە دروستکردن و بیرکردنەوە لەو چەمکانە بنیات دەنێین کە یارمەتیدەرمان دەبن لە تێگەیشتن لە جیهان. بەم پێیە چەمکەکان بنەمای بنیاتنانی زانینی مرۆڤن. هەروەها چەمکەکان خلیسکن، زیاتر لە چەمکە سیاسییەکان. کێشەی سەرەکی چەمکە سیاسییەکان ئەوەیە کە هەمیشە لە بەهاکاندا چەسپاون و ماناکانیان دەتوانێت بابەتی مشتومڕ و گوماناوی بێت. هەندێک جار بەها و گرنگییان زیاتر لەوەی کە لە ڕاستیدا هەیە و زیادەڕەوی لەبارەیەوە دەکرێت.

چەمکە نۆرماتیڤ و وەسفییەکان.
چەمکە نۆرماتیڤەکان بەزۆری وەک “بەهاکان” دەردەکەون و ئاماژەن بۆ بنەما و ئایدیاڵە ئەخلاقییەکانی وەک “دەبێت، مەرجە، دەکرێت”. لەم ڕوانگەیەوە، زۆرێک لە چەمکە سیاسییەکانی وەک “ئازادی”، “ماف”، “دادپەروەری”، “یەکسانی” و “لێبوردەیی” بارگاوین بە بەهاکان. بۆیە بەهاکان یان چەمکە نۆرماتیڤەکان لەبری ئەوەی وەک دیاردە یان بە دۆخێکی دیاریکراو وەسف بکەن، داکۆکی لە فۆرمێکی تایبەتی ڕەفتار دەکەن و بەرەوپێشی دەبەن. بەهۆی ئەمەوە هەندێک جار جیاوازی لە نێوان بەها سیاسییەکان و بیروباوەڕی ئەخلاقی و فەلسەفی و ئایدیۆلۆژیی ئەو کەسانەدا قورسە کە پشتگیریان دەکەن. لە بەرامبەردا، لێدوانی وەسفکەر ئەرێنین و ئاماژەن بۆ “ڕاستییە” هەبووە بابەتییەکان و نیشاندەرەکان، واتەکەی کە بوونیان هەیە. لەم ڕوانگەیەوە چەمکەکانی وەک “سیستەم”، “دەسەڵات”، “ماف” و “یاسا” تایبەتمەندی وەسفکەریان هەیە نەک چەندایەتی. چونکە بوونیان جێگەی پرسیارە.

پڕکتیک و بەها لە چەمکەکان دا
جیاکردنەوەی نێوان پراکتیک و بەها بە گشتی بە مەرجی پێشوەختە بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دادەنرێت. ڕەنگە بەهاکان بە بۆچوون هەژمار بکرێن، بەڵام دەتوانرێت پراکتیزەکان بە ڕاست یان هەڵە بسەلمێنرێن. بۆیە چەمکە وەسفییەکان بە بێلایەن و بێ بەها دادەنرێت. بە کورتی لەگەڵ خراپییەکانی توێژینەوەی زانستیدا دەگونجێت. لەڕاستیدا بانگەوازی پەرەپێدانی زانستێکی سیاسی لەژێر کاریگەری پۆزەتیڤیزمدا لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا بە بۆ ماناکردن قسەی بێمانا بوو، چونکە چەمکە پۆزەتیڤیستەکان بە “میتافیزیکی” دادەنران. بەڵام کێشەی چەمکە سیاسییەکان ئەوەیە کە زۆرجار پراکتیک و بەهاکان لەیەکتردا تێکەڵاون و تەنانەت چەمکە بەڕواڵەت ئەبستراکتەکانیش بە کۆمەڵێک واتا ئەخلاقی و ئایدیۆلۆژییەوە دادەندران، بۆ نموونە ئەمە لە چەمکی “دەسەڵات”دا دەبینرێت. ئەگەر دەسەڵات بە “دەسەڵاتی کاریگەری لەسەر کردارەکانی ئەوانی تر” پێناسە بکرێت، ئەوا بە تەواوی دەتوانرێت چەمکەکە بە شێوەیەکی وەسفکەر بەکاربهێنرێت بۆ وەسفکردنی ئەوەی کێ دەسەڵاتی هەیە و کێ نییەتی و لێکۆڵینەوە لەو بنەمایە بکرێت کە لەسەری مومارەسە دەکرێت. بەڵام مەحاڵە ئەم چەمکە بە تەواوی جیا بکرێتەوە لە حوکمەکانی بەها کە کەی و چۆن و بۆچی دەسەڵات بەکاربهێنرێت. بە کورتی هیچ کەسێک بێلایەن نییە کاتێک باس لە دەسەڵات دەکرێت. بۆ نموونە لە کاتێکدا دەسەڵاتخوازان کە لە سەرەوە جەخت لەسەر پێویستی فەرمانەکان دەکەنەوە، مەیلیان هەیە دەسەڵات بە ڕاست و تەندروست سەیر بکەن، بۆ ئەنارکیستەکان کە باوەڕیان بە خراپەی حکومەت و یاسا هەیە، پێیان وایە دەسەڵات ستەمکارییەکی دڕندانەیە.

چەمکی سیاسی لە سەدەی بیست و یەک دا
یەکێک لە وەڵامەکان بۆ سروشتی بەهادارانەی چەمکە سیاسییەکان کە لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە کاریگەرییەکی تایبەتیان بەخۆوە بینیوە، بزووتنەوەی پێداگری لەسەر “ڕاستگۆیی سیاسی” بووە لە بەکارهێنانی زماندا. ڕاستگۆیی سیاسی بەگشتی لەلایەن فێمینیستەکان و چالاکوانانی مافە مەدەنییەکان و گروپە کەمینەکانەوە بانگەشە بۆ کراوە کە دەیانەوێت زمان لە واتاکانی تری سووکایەتیکردن یان ڕقاوی ڕزگار بکەن. ئەم گەڵاڵەیە لەسەر ئەو تێڕوانینە دامەزراوە کە زمان تا ڕادەیەکی زۆر ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی دەسەڵاتە لە کۆمەڵگایەکدا و هەر بۆیە خزمەت بە گروپە باڵادەستەکان دەکات و ژێر گروپەکان گۆشەگیر دەکات. بۆ نموونە: مرۆڤ (بە مانای نێر) بۆ ئاماژەدان بە جۆری مرۆڤ، ڕەشپێستەکان یان ڕەنگاوڕەنگەکان بۆ ئاماژەدان بە کەمینەکان، “جیهانی سێیەم” یان وڵاتی “ناپێشکەوتوو” بۆ وەسفکردنی وڵاتانی تازەپێگەیشتووەکان و هتد.. بەکارهێنانی وشە و دەستەواژە دەربڕینێکی ئاشکرایە بۆ ئەمە. ئامانجی ڕاستگۆیی سیاسی ئەوەیە کە مشتومڕی سیاسی بە زمانێکی دوور لە جیاکاری بەڕێوە بچێت. بەڵام خواستی دروستکردنی گوتارێکی سیاسی بێلایەن و بابەتیانە وەهمێکە. لە باشترین حاڵەتدا دەتوانرێت زاراوە نەرێنییەکان بە زاراوەی ئەرێنی بگۆڕدرێن، بۆ نموونە کەسانی “کەمئەندام” کەسانی “خاوەن پێداویستی تایبەتن”، “ڕەشپێستەکان” “سپی پێست” دەکرێت بگۆڕدرێن”.

چەمکە کێبڕکێکارەکان.
کێشەی گەورەتر ئەوەیە کە زۆرجار چەمکە سیاسییەکان دەبنە بابەتی مشتومڕی ئەکادیمی و ئایدۆلۆژی. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، زۆر حاڵەتی ناکۆکی لە نێوان ئەو کەسانەدا هەیە کە بانگەشەی پشتگیری لە هەمان بنەما یان بیرۆکە دەکەن. بۆیە ناکۆکی چەمکی خۆی یەکێکە لە سەنگەری سیاسەت. ئەم دۆخە لە هەوڵدان بۆ دیاریکردنی تێگەیشتنێکی دیاریکراو بۆ چەمکێک وەک ئەوەی کە لە ڕووی بابەتییەوە دروستە، وەک دیموکراسی “ڕاستەقینە”، ئازادی “ڕاستەقینە”، دادپەروەری “ڕاستەقینە” ڕەنگ دەداتەوە. ڕێگای ڕزگاربوون لەم جۆرە گەمژەییە. وێناکردنی لەلایەن دبلیو بی گالی (٦-١٩٥٥). بە بڕوای دبلیو، ناکۆکی لە چەمکەکانی وەک “دەسەڵات”، “دادپەروەری” و “ئازادی” هێندە جیددییە کە هەرگیز ناتوانرێت پێناسەیەکی بێلایەن یان جێگیر بۆ ئەم چەمکانە بکرێت، بۆیە قبوڵکردنی ئەو چەمکانە وەک “چەمکێکی کێبڕکێکار لە بنەڕەتدا”. پێویستە لە بنەڕەتدا هەر زاراوەیەک چەندین چەمکی دژ بەیەک لەخۆدەگرێت، کە هیچیان ناتوانرێت بڵێین مانای ڕاستەقینەی ئەو زاراوەیەن. بەڵام دانپێدانان بەوەی کە چەمکێک “لە بنەڕەتدا جیاوازە”، وازهێنان نییە لە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لێی، بەڵکو دانپێدانانە بەوەی کە ئەم وشانە و پێچەوانەکانی ئەو چەمکە بە یەکسانی ڕەوان.
ئەو بیرۆکەیەی کە خراوەتە ژێر ڕەخنە، چەمکەکانیان فرەلایەنەن یان “لە بنەڕەتدا جیاوازن” لەلایەن زۆرێک لە فەیلەسووفان ڕەخنەی لێ گیراوە، دیارترینیان تێرێنس بۆڵ (1988). مشتومڕێکی دوولایەنە لەسەر ئەم بابەتە خراوەتەڕوو.
یەکەم: ئەوەمان بیردەخاتەوە کە زۆرێک لە تیۆریستەکان کە هەوڵی جێبەجێکردنی بیرۆکەکانی گالیک دەدەن (وەک ئەوەی لۆقاس لەگەڵ “هێز”دا دەیکات) زۆرجار لایەنگری لێکدانەوەی پەسەندکراوی خۆیانن بۆ چەمکێک و ئەوانی دیکە ڕەتدەکەنەوە. قبوڵنەکردنی ئەوەی کە هەموو وەشانی چەمکێک بە یەکسانی ڕەوایە، بووەتە هۆی سووتەمەنی گفتوگۆ و مشتومڕی بەردەوام، کە ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی یەک چەمک و قبوڵکراو لە هەندێک کاتدا لە داهاتووش زیاتری لێ بکەوێتەوە. بە واتایەکی تر هیچ کام لەم دوو چەمکە لە بنەڕەتدا دژبەیەک و دژ بەیەک نین.
دووەم: هێڵی دووەمی ئارگومێنتەکە ئەوەیە کە شیکارییەکەی گالی بنەمایەکی مێژوویی نییە. بۆ نموونە هەندێک چەمک کە ئێستا مشتومڕیان لەسەرە، سەردەمانێک بە شێوەیەکی بەرفراوان وەرگیراون. ڕوونە کە مشتومڕە بەرفراوان و قووڵەکانی ئەمڕۆی دەوروبەری دیموکراسی تەنیا بە هاوبەشی لەگەڵ ڕەوتە ئایدیۆلۆژییە نوێیەکان لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمەوە سەریان هەڵداوە. بۆیە گونجاوە ئاماژە بە چەمکە ناکۆکەکان بکرێت وەک چەمکە ناکۆکەکانی “لە ئێستادا” لە (2023) یان چەمکە ناکۆکەکانی “ڕێکخراو” لە ساڵی (1990).

کێشەی کولتووری چەمکەکان
کێشەیەکی کۆتایی لەگەڵ چەمکەکاندا، کولتوری چەمکەکانە. ئەم دۆخە کاتێک سەرهەڵدەدات کە چەمکەکان وەک ئەوەی بوونێکی جیاواز و کۆنکرێتی بن لەو کەسانەی کە بەکاریان دەهێنن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بە واتایەکی تر، زانست نەک وەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە شتەکان، بەڵکو وەک خودی شتەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ماکس وێبەر (١٨٦٤-١٩٢٠) هەوڵیدا ئەم کێشەیە چارەسەر بکات بە پۆلێنکردنی هەندێک چەمک وەک “جۆری ئایدیاڵ”. جۆری ئایدیاڵ چوارچێوەیەکی فیکرییە کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت مانای کۆنکرێتی لە واقیعی بێکۆتایی و ئاڵۆز دەربهێنرێت بە گەیشتن بە لوتکەیەکی لۆژیکی. واتە جۆرە ئایدیاڵەکان ئامرازی ڕوونکردنەوەن نەک ھاوشێوەکردنی واقیع؛ یان واقیع لەناو نابەن و ئایدیاڵێکی ئەخلاقی دابین دەکەن. بەم پێیە چەمکەکانی وەک “دیموکراسی”، “مافی مرۆڤ” و “سەرمایەداری” زیاتر نوانس و یەکگرتوون لەو واقیعە نامەعنەویەی کە بە مەبەستی وەسفی دەکەن. وێبەر خۆی وەک جۆرێکی ئایدیاڵ مامەڵەی لەگەڵ دەسەڵات و بیرۆکراسی دەکرد. گرنگی ناسینی هەندێک چەمک وەک جۆری ئایدیاڵ ئەوەیە کە جەخت لەوە بکەینەوە کە چەمکەکان تەنیا ئامرازی شیکارین. هەر لەبەر ئەم هۆکارە باشترە چەمکەکان یان جۆرە ئایدیاڵەکان کەم تا زۆر وەک “بەسوود” بیربکرێنەوە نەک تەنها “ڕاست” یان “درۆ”. گرنگی ناسینی هەندێک چەمک وەک جۆری ئایدیاڵ ئەوەیە کە جەخت لەوە بکەینەوە کە چەمکەکان تەنیا ئامرازی شیکارین. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش باشترە چەمکەکان یان جۆرە ئایدیاڵەکان کەم تا زۆر وەک “بەسوود” بیربکرێنەوە نەک تەنها “ڕاست” یان “درۆ”. گرنگی ناسینی هەندێک چەمک وەک جۆری ئایدیاڵ ئەوەیە کە جەخت لەوە بکەینەوە کە چەمکەکان تەنیا ئامرازی شیکارین. هەر لەبەر ئەم هۆکارە باشترە چەمکەکان یان جۆرە ئایدیاڵەکان کەم تا زۆر وەک “بەسوود” بیربکرێنەوە نەک تەنها “ڕاست” یان “درۆ”.

چەمکە سیساییەکان لەپۆستمۆدێرنتە
سروشتی ئەگەری چەمکە سیاسییەکان لەلایەن بەناو تیۆریستەکانی پۆستمۆدێرنیستییەوە زیاتر جەختی لەسەر کرایەوە. ئەوان هێرش دەکەنە سەر گەڕانی “تەقلیدی” باو بۆ بەها گشتگیرەکان کە لەلایەن هەمووانەوە وەرگیراون وەک پێشگریمانەیەک کە خاڵێکی بەرز هەیە کە دەتوانرێت لێیەوە حوکم لەسەر هەموو بەها و پاڵنەرەکان بدرێت. ئەوەی کە ناکۆکییە بنەڕەتییەکان سەبارەت بە شوێنی ئەم خاڵە بەرزە بەردەوام نابێت، مانای ئەوەیە کە فرەچەشنییەک لە تێڕوانینە سیاسی و ئەخلاقییە ڕەواکاندا هەیە و زمان و چەمکە سیاسییەکانمان تەنیا لە چوارچێوەی ئەو چوارچێوەیەدا ڕەوان کە تێیدا دروست دەبن و بەکاردەهێنرێن.

ڕەخنەگری بودایی بۆ چەمکەکان
بەڵام پێدەچێت ڕادیکاڵترین ڕەخنەی چەمکەکان لە فەلسەفەی ئایینی بودایی مەهایانادا داڕێژرابێت. ئەم فەلسەفەیە جیاوازی دەکات لە نێوان ڕاستی “کاتی” کە پشت بە ڕەزامەندی گشتی دەبەستێت بۆ پێکهێنانی گرێبەستێکی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی چەمکەکان بە شێوەیەکی دیاریکراو و ڕاستی “ڕەها” کە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئەزموونەوە دەچێتە ناو واقیعەوە و بەو هۆیەوە چەمکسازی تێدەپەڕێنێت. لەم ڕوانگەیەوە هەر بیرکردنەوەیەک هەمان دانەوێڵەی واقیعە، جۆرێک لە وەهم پێکدەهێنێت. هەروەک چۆن قوتابخانەیەکی بودایی مەهایانا – لە وەرگێڕەوە) دەڵێت، بە بیرکردنەوە لە پەنجە بۆ ئاماژە ناسینی مانگ وەک خودی مانگ، ئێمە لە مەترسیداین، ئەگەر بیر لە تەنەکانیش بکەینەوە وەک تەن.

ئەنجام
بە کورتیی دوای وردبوونەوە، لە جۆرییەتی و لێکدانەوە و ماناکردن و شیکاریی کردن بۆ چەمکەکان بەگشتی و چەمکی سیاسی بە تایبەتیی، بەو ئەنجامە گەیشتم کە پڕاکتیک و بەها، دوو جەمسەری جودان بۆ بە ماناکردنی چەمەکەکان. بە پێی قۆناغ و پێویستییەتی مێژوویی هەر چەمکێک ڕاڤە و لێکدانەوەی بە پێی وستی دەسەڵاتخوازیی سیستەم و سیاسەتکاری کۆمەڵگەکان و جارێکی دیکە خۆی دەخاتەوە بەر ڕاڤەکاری و مشتوومڕی نوێ بۆ لێکدانەوە و هاودژییەتی خۆی دەخاتەڕوو، ئەمەش دەبێتە هۆیی مشتوومڕو و پێکدادانی بیرۆکەخوازان و بە پێی هێزی شەڤۆیی لایەکی هاودژ بە شێوەیەکی کاتی و بۆ قۆناغێکی دیاری کراو یەکلایی دەبێتەوە.

———————————————————
سەرچاوەکان
عەرەبی

  • موسوعة المفاهيم الأساسية في العلوم الإنسانية والفلسفة. تأليف : محمد سبيلا, نوح الهرموزي. دار الكتاب 2017.
  • كتاب علم المنطق المفاهيم والمصطلحات الجزء الأول التصورات محمد حسن مهدي بخيت ، تحميل مباشر من موقع المكتبة نت أكبر مكتبة كتب ، وقراءة أونلاين كتب الكترونية PDF مجانية2013.
    فارسی
  • کتاب سیاست. نینویسنده: اندرو هیود اندرو هیود. مترجم : عبدالرحمن عالم. انتشارات: نشر نی نشر. سال انتشار: 1401
  • فلسفه سیاسی. نویسنده: آدام سویفت. مترجم: پویا موحد. نوبت چاپ٣. سال نشر:١٣٩٧. تولید کننده: ققنوس.
  • کتاب «خاستگاه مفاهیم سیاسی جدید در دوران میانه» به همت سیدعلیرضا بهشتی و کامیار صفایی توسط نشر روزنه منتشر شده است.
    ئیگلیزی
  • Political Concepts And Political Theories 1st Edition by Gerald Gaus (Author), Gerald F. Gaus (Author) July 1, 2000.
  • Political Ideas and Ideologies (Understanding Political Theory: Major Concepts and Debates)
    AUTHOR: O.P. GAUBA. PUBLISHER: MAYUR BOOKS, NEW DELHI PUBLISHER:MAYUR BOOKS, NEW DELHI LANGUAGE: ENGLISH.



سەربەخۆیی ئابوریی، گڵۆپی سەوز بۆ سەربەخۆیی سیاسیی هەڵدەکات!.. تاهیر عیسا

ئەمە مانشێتی تەواوی ڕۆژنامەو میدیاو ماس میدیا سێبەرو بەرهەتاوەکانی بنەماڵەی بارزانی و حیزبەکەیان بوو، کەدەساڵ لەمەوبەر، لەدوای بڕیاری بەناو سەربەخۆفرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٤، دا دەستیان بۆبردو بانگەشەی سەربەخۆییان لەپاڵیدا کاوێژدەکرد!
لە سیستەمی سەرمایەداری جیهانی ئەمڕۆ و ڕۆڵ و نەقشی کۆمپانیا زەبەلاحەکان، لەسەر سیاسەتی وڵاتان بەگشتی و وەبەتایبەتیش تاڵان و بڕۆیەک، کەوەک نیولیبڕالیزم دەستیان داوەتێ، لەهیچ پنتێکی ئەم دنیایەدا جێگایەک بۆ چەمکی سەربەخۆیی و سەربەخۆ فرۆشی ناهێڵێتەوە، بەتایبەتیش کوردستان، بۆ کۆمپانیا سەرمایەداریە جیهانیەکان، پێگەو زەمینەیەکی زۆر لەبارتریشە بۆ بەتاڵانبردنی سامان و هێزی کارەهەرزانەکەی، لە چاو پێگە فەڕمیی و دەوڵەتداریەکانی تر، وەهێشتنەوەی کوردستانیش لەم بارودۆخەدا و وەک بەشێک لەعێڕاق بۆ ئەوان زۆر بەقازانجترە.
بڕیارێک، دوای نزیکەی یەک لەسەر دەی قەڕنێک، لەجیاتی لایکەمی بووژانەوەی ژێرخانێک و بوونی نەختینەیەک لەسەرمایەی دوای ئەم پڕۆسەی سەربەخۆ فرۆشییە، وەک دەستکەوت و قازانجی فرۆشەکە، نەک ناتوانن تاکە لایەنێکی باشی بۆ خەڵکی، تیا نیشان بدەن، بەڵکو هەر لەپاڵ ئەم سیاسەتەشیاندا، لە ڕێککەوتنێکی ژێر بەژێریی دوور لەمیدیاو زوومی کامێڕاکاندا، گرێبەستی نەوتی پەنجاساڵەیان لە گەڵ ئەردۆغان و ئاکەپەی پارتەکەیدا ئیمزاکرد، کە هەرلەناو ئەم کەین و بەین و ڕێککەوتنەشدایە، گەڵاڵەکردنی ڕیفڕاندۆم و ئەنجامدانی لەپاڵ هەمان سیاسەتدا، وەک پرسێک دێتە پێشەوە، ئینجا ئاگایانە و بەمەبەستەوە کرابێت یان نائاگایانەو بێمەبەست، کەلە ئاکامەکەیدا دەکرێت زیاتر لەوەڵامی ئەم مەتەڵە نزیک بینەوە، کە بەهاتنە پێشەوەی ڕوداوی شانزەی ئۆکتۆبەرو لەدەستدانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر و بچوکبوونەوەی جوگڕافیای سیاسیی وئیداری هەرێمی کوردستان، کەوەک دیفاکتۆیەک لەدوای سەرهەڵدانی داعش، لەساڵی ٢٠١٤، دا قەڵەمڕەوی خۆی تێدا بەرفراوانکردبوو، دەچێتە خانەی مەبەستداریەوە، کەبۆ تورکیاو ئەردۆغان، ئەم خستنە تەڵەیەی هەرێم و بانگەشەیان بۆ ڕیفڕاندۆم و گرتنەبەری ڕێگای بەناو سەربەخۆیی، گرنگیەکی ستڕاتیجی هەبوو! کەمەسعودبارزانی و ڕیفڕاندۆمەکەی، لەم بوارەدا خزمەتێکی بێپایانی بەم ستراتیژەکردو بیانووی دا بە دەوڵەتانی کۆنەپەرەستی ناوچەکەو زلهێزەکانیش،کەمەسعود بارزانی خۆیشی دەیزانی ئامادەیی ئابووری و سەربازی و هەوەها ناوخۆيشی نییە( لەو سەروبەندەدا بوو، کەمامۆستایان، خۆپیشاندانیان دەکردو، مەسعود بارزانیش دەیگووت بابۆخۆیان هەر هەڵپەڕن)کەلەدژیدا بوەستنەوەو، بۆیەکجاریش، ڕیفڕاندۆمی، وەک مافێک بۆ خەڵکی کوردستان، کە ئیدیعای دەکرد سەری خۆی لەپێناویدا دادەنێت و داینەنا، دەتواندرا لە هەل و مەرجی دوای داعشدا،پەنای بۆ ببرێت، لەدەستی خەڵکی کوردستاندا وەک کارتێک بەتاڵ و مایەپووچ کردەوە.
سەرباری ئەمەش، سیاسەتی نەوتی هەرێم، نەک هەر نەیتوانی بارودۆخی موچەخۆرانی کوردستان بە شێوەیەکی ستانداردی و ئاسایی بباتە پێشەوەو موچەکان لەکاتی خۆی بەموچەخۆران بدات، بەڵکو بەناوی پاشەکەوتیشەوە، چەندین ملیار دۆلاردەدزرێت و زیاتر لەسی ملیار دۆلاریش وەک قەرز نراوە بەتەنگەی خەڵکەوە، کە دەبێت بۆ چەندین دەیەی ترو زیاتریش، لەژێر باری ئەم قەرزەدا نەک تەنیا جیلی ئەمڕۆ و سبەینێ، بە لکو چەندین جیلی داهاتوش، باجی قورسی سیاسەتی سەربەخۆی فرۆشتنی نەوتی بدەن، کە ئەم بنەماڵە ئۆلیگارشییە هەڵتۆقیوانە لەپارەو سامانی بەتاڵانبراوی خەڵک، دەستیان بۆبرد.
سیاسەتێک کە ئەمڕۆ ئاکامەکەی، شکست و ڕیسوایی، ئەو بەناو سەربەخۆییە بوو، کە لەپاڵ بانگەشەی درۆزنانەی خەمخۆریان بۆ چارەسەری پرسی کوردو دەوڵەتدارییەوە بەدەستیانەوە گرتبوو، جگە لەکەرەستیەکی تەبلیغاتی بۆ فریودان و چەواشەکردن و ختووکەدانی بیری ناسیۆنالیستانەو ساویلکانەی لایەنگرانیان، هەتا بتوانن هەرچی زیاتر درێژە بەدەسەڵاتی گەندەڵکارانەو تاڵانچیانەی سەروی خەڵکەوە بدەن، هیچی تر نەبوو.
چونکە لەڕاستیدا، لەچوار چێوەی وڵاتێکدا کە سەرانی قەومی و ناسیۆنالیستی، لەنووسینەوەی دەستورەکەیدا، بەشدارییان کردووە و دواتریش لە ڕیفڕاندۆمدا دەنگی پێدراوە، بانگەشەی پرسی کورد و دروستکردنی کێشەیەکی وەهمی جگە لەدرۆیەک کە ئەم بنەماڵە و حیزبانە لەماوەی ڕابردوودا بەدەستیانەوە گرتووە ، هیچی واقیعیەتی تێدانەبووە!
لەچوارچێوەی هەمان دەوڵەتدا، ململانێکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کوردیش لەسەر پۆستە سیادی و وەزاریەکان وچنینەوەی داهاتێکی زەبەلاحیش لەم بوارەدا، سیاسەتی سەربەخۆ و ئیدیعای سەربەخۆیی ئەم بنەماڵانە و بانگەشەکانیان لەپێناوی، سەربەخۆیی و ڕیفڕاندۆم و چارەسەری ڕیشەیی ئەم پرسە، جارێکی دیکە وەدرۆ دەخاتەوە.
ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی دەساڵ لە سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ و شکستیان لەبەرامبەر ڕەقیبە بۆرژوا ناسیۆنالیستە مەزهەبیەکانیاندا، لەزمانحاڵی هەمان میدیای بێعار و بێمۆڕاڵەوە، دووبارە بەجۆرێکی دیکە، شکستی سیاسەتەکەیان( شکستی سیاسەتی بەناو بانگەشەی دژە ناوەندی وەک خەمخۆری پرسە قەومییەکان، کە لەپاڵیدا خەڵک وادار بەچاوەڕوانی لەئاڵ و گۆڕێک لە ژیانی سیاسی و ئابووری کراوە )، وەک بڕیارو سیاسەتێکی زۆر حەکیمانە بە خەڵکی کوردستان دەفرۆشرێتەوەو دەوترێت،:- ڕێککەوتنی هەولێر – بەغدا ، سەرکەوتنێکی دیکەی سیاسیی دیبلۆماسی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو!
وەک ئەوەی نەبایان بینیبێت نەباران، خۆ لەڕاستیشدا، خەڵکی کوردستانە لەگەڵ ئەم سیاسەتەیاندا موعانات و بەدبەختی ئەزموون کردووەو باو بۆرانی ئەم سیاسەتە هەراسان و ناڕەحەتی کردووە، بەڵکو ئەوان، لەم چەندین ساڵەی حوکمڕانییاندا، چ لە سەردەمی فرۆشی نەوت و چ پێش فرۆشی نەوتیش، لە ڕوتاندنەوە و چەوساندنەوەی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان و بەتاڵانبردنی داهات و قوتی بژێوی ڕۆژانەیاندا، بۆ تۆزقاڵێکیش درێغییان نەکردووە، کە ئەوان لە ماوەی سیی ودوو ساڵەی حوکمڕانییاندا، توانیویانە بۆ خۆیان و نەوەی نەوەکانیشیانەوە، ئەگەر بەدەردی سەدام و نەوەکانی یان بەدەردی موعەمەڕ قەزافی، نەچن، بە ملیاران دۆلارو بەدەیان کۆشک و تەلارو باڵەخانەو بەدەیان کۆمپانیای وەهمی و ناوەهمی بۆ خۆیان بەدەستبهێنن!
هەڵبەتە، ئەزمونی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمدا، چ لە پێش ڕووخانی ڕژێم و چ لەپاش ڕووخانی و نووسینەوەی دەستورو پێکهاتنی حکومەتی فیدڕاڵیدا لە ٢٠٠٥، کەپشکی هەرێم لەو حکومەتە لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان، دیاریکراوە، ئەزمونێکی تاڵی پڕ لە نادادپەروەری و پڕ لە فەسادی بووە. ئەوان وەک باقی دەستە و تاقم و تایەفەو قەوم و مەزهەبەکانی دیکەی بەشدار لە حکومەتی فیدڕاڵدا، لەو دزی و تاڵانیی و گەندەڵییە گەورەیەی لە خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەدی عێڕاق و کوردستان،کراوە، لەسەر مەبنای، بەش بەش کردنی خەڵکی عێڕاق وکوردستان بەگشتی، لەژێر ناوی کوردو سوننەو شیعەو تورکمان و ئاشوری و….هتد، لەسەروی خۆیانەوە دوور لەبەرژەوەندیەکانیان لەلایەن کەمایەتیە بۆرژواو سەرمایەدارەکاندا نوێنەرایەتی کراون، کەتێکڕا قوربانی هەمان هەل و مەرجی سیاسی ئابووری کۆمەڵایەتین، کە ڕيشەی لە ململانێی نێوان کارو سەرمایەو مڵکدارێتی تایبەتی و کاری بەکرێ و قازانج و زێدەبایی و دزی و تاڵانیدایە.
وە هەر لەسەرەتای پڕۆسەی حکومەتی تایفی و قەومی و مەزهەبی و خۆشباوەڕی خەڵکی عێڕاق و کوردستان بەو دەستەو تاقمانە و ملدان و ڕازیبوونیان بەو دابەشکارییە وەهمیە دوور لەڕاستی و واقیعیەو سپاردنی چارەنووسیان بە و کەمایەتیە ساختەیەی لەژوور سەری خۆیانەوەن،وەک نوێنەری بەرژەوەندییە وەهمیەکانیان، نەک بەرژەوەندییە واقیعیەکانیان، باشترین دەرفەتی دایە ئەم مافیایانە، دەوڵەتداری وەک ئێستا و بەو شێوازە لێوان لێو لە فەسادو گەندەڵی، بەسەر خۆیاندا بهێڵنەوە.
ململانێکانی نێوان هەرێم و بەغدا، لەدوای دەستبردن، بۆ ئابوری سەربەخۆی هەرێم، لە پێناوی خەڵک و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکدا نەبووە، وەک چۆن ململانێی نێوان سوننەمەزهەبەکان و شیعەمەزهەبەکان، لەسەر بەرژەوەندیەکانی هیچکام لە کرێکارو زەحمەتکێشی سوننە مەزهەبەکان و شیعەمەزهەبەکان نەبووە.هەروەک چۆن شیعەگەرایی بۆ کرێکارێکی شیعەمەزهەب نانێکی بەسفرەی خاڵی زیادنەکردووە، وەهەروەها هەژارێکی سوننەمەزهەبیش بەهەمان شیوەو بۆ کوردێکی بێ کارو ماڵ و مەسکەنیش هەر هەمان شتە، بەڵام لەسەرووی خۆیانەوە، ئایدۆلۆجیا جیاوازەکانی وەک دینی و قەومیی و مەزهەبی و گۆشکرانی کرێکاران و نەداران بەم ئایدیۆلۆجیانە، نازو نیعمەتێکی لەبڕان نەهاتووی بۆرژوازی و حیزبەکانیانن، هەتا بتوانن دەورو نەقشی خۆیان لە دزی و تاڵانیدا ببین و خوارەوەش موتیع و ملکەچ بهێڵنەوە.
ململانێ و شەڕە قۆچەکانی نێوان لایەنەکان بەگشتی و حکومەتی کارتۆنی هەرێم و ناوەند، لە پێناو بردنی بەشی زیاتر لە هەریسی ئاخوڕێکدا بووە کە لە ژێر ناوی حکومەتی فیدڕاڵیدا، بەپەنجەمۆری خەڵک لە هەڵبژاردنە گاڵتەجاڕانەکانیاندا شەرعیەتیان پێدراوە.
خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوباتی خەڵکی کورستان لەساڵی ٢٠١١، و ناڕەزایەتییە یەک لەدوای یەکەکانی دواتریش و هەروەها هاتنە مەیدانی خەڵکی بەغداو شارەکانی وەسەت وجنوبی عێڕاق لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، دا و بەوشارانەشەوە کەناوەندی پیرۆزی مەزهەبی شیعەکانن، دەورەیەکی تازەبوو، تائاستێک لە وشیاری سیاسیی ئابووری ئەو بەشە بەرفراوانە لە خەڵکی عێڕاق و کوردستان، لە بەرامبەر نوێنەرە ساختەو موزەیەفەکانیانداو، بەڵام بە هۆکاری سیاسیی جۆراو جۆرو خۆشخەیاڵییان هێشتاش بە ڕەوتە بۆرژوا قەومیی و دینی و مەزهەبیەکان، نەیتوانی ئایندەو ئاسۆیەکی گەش بەو بزوتنەوانە بدات و شکستیان هێنا.
سەرباری ئەمەش، بایکۆتە گشتگیرو بەرفراوانەکانی، خەڵکی عێڕاق و کوردستان لە هەڵبژاردنە جۆراو جۆرەکاندا، لە فاوەوە هەتا زاخۆ، بەڵگەیەکی دیکەی ئەو هەوڵ و تەقەڵا خۆڕسکانەیەی خەڵکە کە، باوەڕیان بە ئاڵ و گۆڕ لە ڕێگای هەڵبژاردنەکان و ئەو لایەنانەش نەماوە، کە دەچنە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانەوە.
ئەوەی کە دەکرێت لەناو ئەم هەل و مەرجە سیاسیەی عێڕاق و کوردستاندا، ئومێدێک و ئاسۆیەک بۆ ئاڵ و گۆڕی
سیاسیی ئابووری کۆمەڵایەتی بەقازانجی کرێکاران و کەمدەرامەتەکاندا، پەیدابکات، هاوپشتی و هاودەنگی تەواوی خەڵکی عێڕاق و کوردستانە، لەڕاستای هەل و مەرج و بارو دۆخێکدا، کە تێکڕا، وەک یەک ڕەنج و زەحمەتی لێبەهەدەردەدەن، کەتێکڕا وەک یەک گیرۆدەی هەمان بارو دۆخن بەبێ جیاوازی، بەرژەوەندی کرێکارێکی موسڵ، کە بەئایدۆلۆجیای سوننەمەزهەب و دواتریش بوو بەنێچیری داعش، لەگەڵ کرێکارێکی نەجەف و کەربەلای موبتەلابەبیری شیعەگەرایی و لەگەڵ کرێکارێکی کوردی پەمپخواردوو بەسیاسەتی بارزانی و کوردایەتی، یەک تۆزقاڵ جیاوازی نییەو هەموویان دواجار کرێکارن و لە هێزی کاریان و لە پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابوورییاندا، بەهرەبەرداری دەکرێت .
دوای ڕێککەوتنێک لەنێوان شیاع سۆدانی و مەسرور بارزانیدا، ئەوەی بەدیدەکرێت، دوور لە ئیرادەی خەڵک و دەخالەتی خەڵکی کرێکارو مووچەخۆر، دووبارە ڕێککەوتنەکان، بە قازانجی دەستەو تاقمەبۆرژوا فەرمانڕەواکان دەڕواتە پێشەوە، هەتا ئەو جێگایە بۆ مەسرور بارزانی و حیزب و بنەماڵەکەی ملنەدان بەم سیاسەتەی ناوەند گرنگ بوو، کە ڕێککەوتن بۆ یەک تۆزیش بەقازانجی خەڵک نەڕواتە پێشەوە، ئەم خاڵە بۆ هەردووک بنەماڵەی دەستڕۆيشتوو بارزانی و تاڵەبانی زۆر گرنگە، کە دەستیان لەبنی هەمبانەکە دەرنەچێت، ئێستا پێداگریی مەسرور لەسەردانانی کەسێکی باڵای ناو حیزبەکەی وەک جێگری کۆمپانای سۆمۆ، کە فرۆشیاری نەوتی عێڕاق و سەرپەرشتیکردنی پارەو داهات و خەرجیەکەیەتی، وەهەروەها حیساب بانقێک کە ڕاستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتی مەسروربارزانیا بێت، هیچ لەو بابەتە ناگۆڕێت، کە پێشتریش ئەوان لە مەلەفی نەوت و فرۆش و داهاتەکەیدا دزی و تەخشان و پەخشانیان دەکرد.
یەکێک لەو گرفتانەی دەسەڵاتی گەندەڵکاری کوردی لە ماوەی سیی ودووساڵەی حوکمڕانییاندا، دزیو فزی و تاڵانی بووە، بە ڕێگای یاسایی، یاسایەک کە خۆیان بەسەریەوە دەسەڵاتی ڕەهاو موتڵەقیان هەبووە و هەیە، هەمیشە لەبەرامبەریاندا ملکەچ و دەستەوئەژنۆیە، هەربۆیە لەمەو دواش، دوور لەدەخالەت و ئیرادەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش، لەدەورەی داهاتووش پشکیان لەو دزی وتاڵانییە هەر بەردەوام دەبێت، کە لەسیاسەتی بەناو سەربەخۆ فرۆشیدا دەستیان بۆبردبوو، هەر بۆیەش دەڵێن، ڕێککەوتنی هەولێر – بەغدا ، سەرکەوتنێکی دیکەی سیاسیی دیبلۆماسی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو!.

تاهیر عیسا
6.04.2023




ڕێکەوتنەکەی هەولێر و ساغکردنەوەیەکی مێژووی.. شاخەوان سەنگاوى

هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان هیچ مێژوو نوسێکی کورد نەیتوانیووە بەشێوەیەکی زانستی ساغکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ خاوەندارێتی جەژنی نەورۆز بکات، وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە ئایا نەورۆز چەژنێکی کوردیە یان وەکو فیردەوسی دانەری پەرتووکی شانامە، بنەچەی نەورۆز دەباتەوە سەر کۆنە ئەفسانەیەک، واتە ئەفسانەی کاوە و زوحاک. ئەوەی فیردەوسی باسی دەکات کە زوحاک یان (ئاستیاگ) ناوێک ھەبووە و دوایین پاشای مادەکان بووە واتا پاشای دەوڵەتی کوردی، فیردەوسی وەکوو کابرایەکی خوێنخۆری مار لەشانی زاڵم باسی دەکات کە دەبوو ھەموو ڕۆژێ مێشکی دوو گەنجی دەرخوارد بدەن. ھەر بۆیە کاوەی ئاسنگەر لێی یاخی دەبێت و شۆڕشێکی لە دژی بەرپا دەکات و تەخت و تاجی لێ وەردەگێڕێ. کە پێچەوانەی ڕای فیردۆسی لە وتارێکی بەڕێز د. مەولوود ئیبراھیم حەسەندا ھاتووە، کە زوحاک یان (ئاستیاگ) دوایین پاشای مادەکان، نەک زاڵم و سەرەڕۆ نەبووە بەڵکو پیاوێکی تا بڵێی ڕووخۆش و دادپەروەر بووە. بەڵام لە شانامەدا مێژووی پەیوەندیدار بەو کابرایە تەواو پێچەوانەیە. بە ڕایمن، سەرکەوتنی ھەخامنشییەکان، بەسەر وڵاتی ماددا و کۆتاییھاتنی تەمەنی یەکەمین دەسەڵاتی کوردی و سەرکەوتنی تیرەیەکی فارس و دامەزراندنی وڵات لەلایەن ئەوانەوە، بووەتە ھۆی ئەوەی کە لە زەهنیەتی فارسەکان بە گشتی و لە نەستی کەسێکی وەک فیردەوسیدا بە تایبەتی، ئەفسانەیەکی لەو جۆرە وێنا بگرێت. کەواتە من لێرەدا بەوپەڕی ڕێزەوە پێچەوانەی ڕای دکتۆر مەولودم هەیە ئەویش بەرئەنجامی ئەو ڕێکەوتنەی کە هەڕێم لە گەڵ بغداد ئەنجامی دا لە سەر دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازارکردنی نەوتی عێراق.
خەڵکی کوردستانی بە کۆی گشتی شاگەشگە کردووە، سەرەڕایی هەستکردن بە لە دەستدانی خەونی ئابووری سەربەخۆ کە دەرچەیەک بوو بنیاتنانی کیانێکی سەربەخۆ لە باشوری کوردستان، کەچی خەلکی ئەمە بەچەژن دەگێرن، ئەویش بەرئەنجامی ڕزگاریانە لەو سیستەمی بەڕێوەبردنەی کە لەلایەن دەسڵاتی کوردیەو بۆ ماوەی سی ساڵە پەیڕەو دەکرێت، کە جۆرە سیستەمێک پەیڕەو دەکەن کە هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی و سیاسی و ئیداری و دارایی نەهێشتۆتەوە بۆ تاکی کوردی، تا لە چوارچێوەی ئەم هەرێمەدا ژیانێکی شایستە بە ئەو خەبات و قوربانیەی لە ڕووی مادی و مەعنەوی ەوە کە پێشکەشی ئەم هەریمەیان کردووە بژین، چونکە پارتە کوردیەکان لە سیستەمی بەڕێەوەبردنی ئەم هەڕێمە بۆ ماوەی سی ساڵ ئەو ڕاستیەیان لە سەر ڕاستیەکان هەڵماڵی لە هەر دەمێکدا کە تاکی کورد دەسڵاتی بەڕێوەبردنی لە دەستا بووبێت بە بێ سڵمینەوە لە هیچ بەها و ئەخلاقێک کاری کردووە لە سەر داڕزانی هەناوی تاکی کوردی و سڕینەوەی ئینتما، کورد وەتەنی شێری ماڵ و چەقەڵی دەرەوە بوون. منیش وەکو نوسەرێک کە لە زەمەنی خۆبەڕێوەبردنی کوردیدا بینەری ڕووداوە گەلێکم کە تێدەگەم لەوەی کە ڕاستە نەورۆز چەژنێکی کوردی نیە. ئەی کەواتە دەپرسم ئەی خێرە کورد پێش هەموو نەتەوەکانی دیکە لە سەروەختی هاتنی نەورۆزدا چەژن و خۆشی دەگێڕێن بۆچی؟ چونکە ئەوان کە دەکاتە باوانە گەورەی ئێمە هەروەکو تاکێکی کوردی ئێستا کە دانیشتووی ئەم هەرێمەیە ئەوان کۆمەڵەی یەکەم بوون لە ڕزگار بوون لە سیستەمی خۆبەڕێوەبردنی کوردی هەر وەکو ئەوەی ئێستا کە خۆمان بینەری ڕووداوەکانین.

Shaxewan.saed@gmail.com




مەزەکانی سۆشیال میدیا.. شەماڵ بارەوانی

بیرۆکەی ئەو نووسینەم لەوەوە بۆ هات، بەیانی بوو فەیسبووکەکەمم کردەوە، بینیم فەریکە فەقێیەکی هاوڕێی سەردەمی حوجرەم لە فەیسبووکەکەی خۆی نووسیبووی: خانمە میدیاکار(سۆما خالید)الحمدلله، باڵاپۆشبوونی هەمیشەیی خۆی ڕاگەیاندووە.
پیرۆزە خوشکە سەربەرزەکەم.👑💐
بیرمە فەقێ بووم، داوەتنامەیەک بۆ فەقێکان هات، کە کۆمەڵێک فەقێی حوجرەیەکی تر ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرن، بۆ ئەم مەبەستە، حوجرەکەی ئێوە بانگهێشت کراون.
ئێمەش فەقێ و مەلاکان هەموومان بە کۆستەرێک، لە حوجرەی محەمەدییە ڕۆیشتین بۆ حوجرەیەک لە بەستۆڕە. مەلای حوجرەکە و فەقێکانی هەمووی کۆمەڵی ئیسلامی و سەر بە هێلی عەلی باپیر بوون.
لەوێ ئاهەنگی ئیجازەدان دەستی پێکرد و مۆڵەتی دوازدەعیلمییان دا بە کۆمەڵێک فەقێ.
وەک گوتم، بەو بۆنەیەوە، ئاهەنگێکیان ڕێک خستبوو، زۆر فەقێیان لە حوجرەکان داوەت کردبوو. مزگەوتەکە هێندە قەرەباڵغ بوو، دەتگوت ڕۆژی حەشرە.
سەرەتا دەستیان بە قورئانخوێندن کرد، پاشان دروشمی عاتیفی و حەماسی. بیرمە، تازە (سابرین)خاتوونە ئەکتەری میسری ببوو بە باڵاپۆش. جا ئەو فەقێ عەلی باپیرییانە، ئەو ڕۆژە دروشمێکیان لەشێوەی شیعر بەسەر سابرین و بڕیاری لەچکپۆشینەکەیدا هەڵگوت٫ من لە دڵخۆشییان دەستم کرد بە گریان و فرمێسک بە لێزمە لەسەر گۆنام ڕێچکەیان بەست و لەچکەکەی سابرینم لا یەکسان بوو بە فەتحکردنی هەموو دنیا.
سابرین ڕاستە لەچکی کرد، بەڵام وەکو (شادیە)،وازی لە کاری نواندن و سینەما نەهێنا.
دوای ماوەیەک، لەو بڕیاری لەچکپۆشین و شتە، سابرین لە فیلمێک دەرکەوت، بارۆکەی بەستا بوو.
ئەوە هەرا و دەنگدانەوەیەکی زۆری دروست کرد. هەر ئەو ئیسلامییانەی دوێنێ و پێرێ بەو بڕیاری باڵاپۆشینەی سابرین لە دڵخۆشییان شاگەشکە ببوون، ئەمڕۆ هێرشیان دەکردە سەر سابرین و جوێنیان پێ دەدا. سابرین بە ناچاری هاتە سەر شاشە و گوتی: کاکە، شێخێکی ئەزهەر فەتوای بۆ داوم و من لەخۆمەوە بارۆکەم نەکردووە و نەمگوتووە: ژن دروستە بە بارۆکە ڕۆڵ ببینێت لە فیلم، تا قژی ڕاستەقینەی خۆی دەرنەکەوێت.
ڕۆژان هات و چوو، سابرین لەچکەکەی فڕێ دا و بوو بە سابرینە سفوورەکەی جاران و ئەو شیعر و شیعارانەی فەقێیەکانی عەلی باپیر لەو ئاهەنگە بۆ سابرینیان دەگوت، هەمووی بوو بە خۆڵەمێش.
جا ئەوە هەر سابرین نا، بەڵکو کۆمەڵێک لە ئەکتەر و هونەرمەندی تری لە نموونەی: شاهیناز، عەبیر سەبری، سوهێر ڕەمزی، ئیمان ئەلعاسی، نورهان، حەلا شیحە، سەوسەن بەدر…هتد.
هەموویان خۆیان کردە مەزەی سۆشیال میدیا و ڕاگەیاندنەکان، هاتن و گوتیان: ئەلحمەدولیلا، لەقەد تەعەگەبنا.
دوای ماوەیەک ئەو خوشکە تەعەگەبنایایە، بوونەوە بە ئەلحەمدولیلا خەلەعنا ئەلعیگاب.
ئێستا بەچکە کچەمۆدێل و ڕاگەیاندنۆککارەکان و مەزەکانی سۆشیال میدیای کوردی، دێن و بەهەمان شێوە، خۆیان دەکەن بە مەزە و بابەت و دەیانەوێ سەرنجی مەڕەکانی کۆمەڵ بۆخۆیان ڕابکێشن و خەڵکی وەی ماشاللە و جەزاکەللایان بۆ بکەن.
دوای ماوەیەکیش وەک یارجەن لەچکەکە فڕێ دەدەنەوە.
هەر ئەو خەڵکە ناهۆشیارەی دوێنێ بارەکەلڵا و جەزاکەلڵایان بۆ دەکردن. ئەمڕۆ جنێوبارانیان دەکەن و تف و نەفرەتیان لێ دەکەن.
ئەوەی دەمەوێ بیڵێم: ئەو لەچککردن و نەکردنە، ئەو لەچکبەستن و فڕێدانە، شتێکی تایبەتییە و چ پێویست دەکات بیهێنیتە سەر شاشە و ناو فەوزای سۆشیال میدیا؟
مرۆڤی هۆشیار دەبێت لەوە تێبگات کە بابەتی پۆشینی لەچک و باڵاپۆشی و بێ لەچکی و سفووری، پرسێکی تایبەتی هەر مرۆڤێکە و دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت و مرۆڤ لە هەردووکیان ئازاد بێت. کەس بۆی نییە، نە بەزۆر بیسەپێنێت و نە بەزۆر لای بەرێت. کەسی هۆشیار، کاتێک کچێک، دوور لەفشار و ترسی ئایین و کوتەکی مەزهەب و دەستی ئیسلامی سیاسی و هەڕەشەی خێزان و توانجی کۆمەڵ و قامچی ئەمر و نەهییەکانی پیاوانی ئایینی و دەوڵەتی ئایینی و هەڕەشەی سووتاندن بە ئاگری دۆزەخ و دوور لە فشاری ئەم و ئەو، بەو پەڕی ئازادی بڕیار دەدات لەچک بکات، هەرگیز هێرشی ناکاتە سەر و ڕێگری لێ ناکات و قسەی پێ ناڵێت. لە هەمان کاتدا، پیرۆزباییشی لێ ناکات. چونکە ئەوە پرسێکی تایبەتە و پەیوەندی بە کەسی ترەوە نییە. بۆیە پێویست بەوە ناکات، کەس خۆی تێهەڵقورتێنێ. بەهەمان شێوە کاتێک کچێک، لەچکەکەی فڕێ دەدات و بڕیار دەدات چیتر باڵاپۆش نەمێنێت، کەسی هۆشیار، دەستخۆشی لێ ناکات و خۆشحاڵیش دەرنابڕێت و ئاهەنگی دڵخۆشی و فێستڤیاڵی فڕێدانی تاجە زیڕینەی لەچکە سیاسییەکەی ئیسلامی سیاسی ناگێڕێت. چونکە بە تێگەیشتنی کەسی هۆشیار و لیبڕاڵ، ئەو بابەت و بڕیارە، پرسێکی تایبەت بەو کەسە خۆیەتی و هیچ کەسێک ئەو مافەی نییە قسەی لەسەر بکات.

وەلێ بابای سەلەفیزم و مەزهەبی و ئیسلامی سیاسی، پەروەردە و بیروباوەڕی وایە، پێی وایە دەبێ دەست لە ژیانی تایبەتی مرۆڤەکانی تر وەر بدات. لەو سۆنگەی خۆ تێهەڵقورتاندنەشیانەوە لە هەموو شتێکی خەڵک و ژیانی تایبەتی مرۆڤەکان و ئازادی تاکەکان، کاتێک کچێک لەچک فڕێ دەدات و بڕیار دەدات ئیتر لەچکپۆش و باڵاپۆش نەبێت. دنیای بەسەردا کاوڵ دەکەن و لە سۆشیال میدیا، هەزاران بێڕێزی و سووکایەتی پێ دەکەن و دنیایەک قسەی ناشیرین و جوێنی بۆ دەنێرن. بە سۆزانی و مەیموون و بێ ڕەوشت و سەرلێشێواو وەسف و پێناسەی دەکەن. پسوولەی چوونە دۆزەخی بۆ دەبڕنەوە، بەنەفرەتی خوداوەندی دەسپێرن.
نموونەی ئەو خانمە میدیاکارەی یەکگرتوو، کە چەندساڵێک بەر لەئێستا دەستبەرداری لەچک و باڵاپۆشی بوو، ئیسلامییەکان و مەڕەکانی مێگەڵی کوردی، چی نەما لە سۆشیال میدیا، بەو خانمە نەکەن!




بێ ناونیشان.. نەوزاد بەندی

دیار نەبوو ، لە چ بەروارێکدا بوو ، ئەتوانین بڵێین چەندەها ساڵ پێش ئێستا ، کاتێ لە فرۆشگایەکی دەستی دووی ئەوروپیدا .. ژمارەیەکی زۆر لە کەوچکی کڕی بوو . . ڕاستتر ، ئەم نەیویستبوو بیانکڕێ ، بەڵام خاوەن دوکانەکە ، کە لاوێکی سەر وڕیش خورمایی بوو ، پێی وتبوو : هەمووی ببە بە دینارێک …
ئەمە ئۆفەرێکی زۆر باش بوو، وەک ئەوە وابوو پێی بووترێ هەمووی ببە بە خۆڕایی .. دینارێک واتا چوار پیاڵە چا .. بەڵام سەدان کەوچکی گەورە و بچوکی کۆن ، ڕەنگ زیویی ، پێدەچوو زۆربەیان زیو بن و ..لە کۆشکەکانی ئەوروپادا ، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ، شاژنی بەژن زراڤ ، قاوەڵتییان پێ کردبن ..
ئەم لای وابوو ، سەر و ڕیش خورماییەکە پێی ڕائەبوێرێ ..بۆیە پرسیاری کرد ئاخۆ نرخی ئەو هەموو کەوچکە تەنها دینارێکە ؟ ..ئەویش بە یەک وشە پێی ووتبوو: بەڵێ ..!
کە بۆی پێچابۆوە ، هەستی کردبوو زۆر قورسن ..بە جۆرێک ئەم دەست و ئەو دەستی پێکردبوون ..
دوای چەندین ساڵ جا بۆی دەرکەوتبوو ئەو سەر وڕیش خورماییە یەکێک بووە لە خوێنەرە هەرە دڵسۆزەکانی کافکا و زۆر دژی دەسەڵاتیش بووە ..ووتەکانی کافکای وەک یاسا ، تەماشا کردووە و هەوڵی داوە بە ووردیی پەیڕەوییان لێ بکات ..
ئەوەندە هەیە کە پێش دەیان ساڵ ، کە ئەم هەموو کەوچکە کۆنەی گەیاندبووە ماڵ ، نەیتوانیبوو ئاشکرایان بکات ، چونکە زۆرترین شت لە ماڵەکەیدا کەوچک بوون ، بێجگە لەوە ئەم کەوچکانەی زۆر بەنرخ تەماشا ئەکرد ..تەنانەت وەک گەنجینەیەکی زێڕ و زیو و گەوهەر بۆی ئەڕوانین .. لە چەند تورەکەیەکا ، کەوچکە کۆنەکانی چاک چاک پێچایەوە و لە ژێر خانی خانووەکەیدا ، لە پاڵ کۆمەڵێ کەل و پەلی کۆندا شاردنیەوە ..دوای ئەوە هەوڵێکی زۆری دا بۆ ئەوەی لە بیری بچنەوە .. هەوڵەکەیشی تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بوو .. چونکە کەمترین جار دەچووە ژێر خان ، هەروەها شتێ بە تاکە یەک دینار کڕرا بێ ، زوو لە یاد ئەچێتەوە ، لە کاتێکدا دینارێ تەنها چوار پیاڵە چا بێ ..
لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا ، کە ئەو شتە ڕووی دابوو ، ئەم هەمیشە بە تەواوەتی لە یادی چوو بوو کە خاوەنی سەدان جۆری کەوچکە و .. حەزیشی نەدەکرد هیچ کەسێ بزانێ …وەک ئەوەی بترسێ لێی بدزن، یان خەڵکێکی چاو پیسی وای لێ پەیدا بن ، هەر بە چاو ، ئەو کانزا زۆر کۆن و بەنرخانەی لە دەست بکەنەوە…
بەڵام هەندێ جار و .. لە هەندێ کۆڕی هاوڕێ دەوڵەمەندەکانیا ، کە باس ئەهاتە سەر ماڵ و موڵک و نەختینە ، ئەم بێ ئاگایانە ئەیووت : بەخوا هەر زیو ، ڕەنگە بایی بیست سی هەزار یۆرۆ ، زیوم هەبێ و هەر نایشزانم لە کوێم فڕێ داون …!
ئەوان گوێیان بەو قسانەی نەدەدا ، هەندێکی کەمیان نەبێ ، پێیان ئەوت : بەڕاست ؟
لەگەڵ ئەوەی وەک هەستی شانازیی ، ئەیووت : ناتوانم هەندێ شت نەکڕم کە نرخیان بەردەوام زیاد ئەکا ..!
هاوڕێکانی لێی تێ نەئەگەیشتن ، ئەمیش لە جیاتی بۆیان ڕوون بکاتەوە ، تام و چێژێکی تایبەتی لەو تێنەگەیشتنەیان ئەبینی ..حەزی ئەکرد خەڵک هەموو بە سەرسامییەوە تەماشای بکەن و پێی بڵێن : ئەرێ تۆ چیت ؟!
بەڵام کە دۆخی دارایی هەرەسی هێنا و .. کەوتە ژێر فشاری قەرزەوە ، بەیانییەکیان لە ناکاو بیری کەوتەوە کە شتێکی گرانبەهای لە ژێرخانەکەدا شاردۆتەوە …
بە تەنگەتاویی خۆی پێ گەیاندن و دەستی دانێ ، هەستی کرد زۆر سوکن .. هێندە سوکن ، تەنانەت ڕەنگە شنەی شەماڵێک بیانبات .. بۆیه ترسی ئەوەی لێ نیشت لێیان دزیبێ یان خەڵکێکی چاو پیس ، هەر بەچاوە پیسەکانیان تورەکە کەوچکەکانیان بۆ بەتاڵ کردبێتەوە ..
کە دەمی توورەکەکانی کردەوە ، کەوچکەکان کەم و زیادیان نەبوو ..سەدان کەوچک ، بچوک مام ناوەندیی ، گەوره ..پڕ نەخش ونیگار ..دەسک عاج ..
لەناو عەلاگەیەکی گوڵ گوڵی زۆر پتەودا ،داینان و ..ڕووی کردە بازاڕی مزگەران .. نیشانی دان ، هەندێکیان ئەیانووت فافۆنن ..هەندێکی تریان پێیان وابوو تەنەکەن ..
ئەم توڕە بوو ، پێی ووتن : ئێوە لە تڕی کەرەکەیش نازانن ..کەوچک و تەنەکە ؟؟؟
پاشان لای چەند زیو فرۆشێک ، کەوچکەکانی نیشان دا .. ئەوانیش دوای تەماشا کردن و خستنە خوارەوەی هەندێکیان بۆ سەر زەوییەکە و گوێگرتن لە زرنگانەوەکانیان ، ووتیان ئەمانە زیویش بن سەدا پێنج یان تەنها ڕووکەشیان زیوە ، ئەگینا زۆربەیان داڕشتەن ..
بڕوای بەوانیش نەکرد ، ئەمانە شتی خەڵک ئەبەن بە ناخی ئەرزا و شتی خۆیان ئەبەنە کەشکەلانی فەلەک ..
هاوڕێیەکی شاعیری زەڕەنگەری هەبوو ، شیعری بەکێشی پەنجە ئەنوسی ، هەمیشە باسی لێو و ڕومەتی یاری ئەکرد ، پێی ووت : ڕاستێکەی لەم شارەدا هیچ کەسێک ناتوانێ و نازانێ زیو بناسێتەوە ..هەر هەموو تەماشای مۆری کۆمپانیا ئەکەن ، خۆ ئەگەر ئەو مۆرەی پێوە نەبێ ، ئەڵێن ئەمە زیو نییە ..
بەڵام عەولی خولە سمێڵ پێنج فلسی هەیە ، پشت حەمامی سورەت ..ئەوە هەر زۆر شارەزایە ، بیگرە و بەری مەدە …
لەگەڵ ئەوەی حەمامی سورەت زۆر دوور بوو ، بەلام خۆی پێگەیاند ..هەنگاو هەنگاو ، کەوچکەکانی دەستی هەم زڕەیان کپتر ئەبوو ، هەم کێشیان سوکتر . .
گەیشتە بەردەم دوکانێکی بچووکی داڕوخاو ، چەند پارچە ئاسن و زنجیر و قۆری زەرد و قەوانی فیشەک و تۆپی نەمساویی تێدا بڵاو بووبوونەوە .. زەمینی دوکانەکە خۆڵ بوو ، بە ڕایەخێکی کۆن و چڵکن داپۆشرا بوو ، کە پشتی کیسەڵێکی چڵکنی پیری بیر ئەهێنایەوە ..
پیاوێکی سمێڵ فش ڕاوەستابوو ، لێی پرسی: دوکانی وەستا عەبدول ـــــ
قسەکەی پێ بڕی : ووتی بەڵێ ئەمەیە ..
خەریک بوو پێی بڵێ ئەو سمێڵ پێنج فلسیە و تۆ سمێڵ بابڕ ..
بەڵام هیچی نەووت.. کەوچکەکانی نیشان دا ..
تەماشایەکی كردن ، سمێڵێکی لار کردەوە ، گازی له دانەیەکیان گرت ..
ووتی : هیچیان زیو نین ..!
لەو کاتەدا ، بۆی دەرکەوت سمێڵی ناجێگیرە ، واتا لە هەندێ گۆشەی بینینەوە ، سمێڵی وەک ئەوەی هیتلەر دەردەکەوت و.. لە هەندێ گۆشەی تریشەوە ، وەک سمێڵی فریدریک نیتشەی لێ ئەهات ..




(ئۆلیڤەر تویست)، لە نۆرینگەی دکتۆرێکدا.. فازیل شــەوڕۆ

“مامۆستا، خۆزگەم بە ڕۆژانی ئۆلیڤەر تویست!” ناسیاوێکی گۆپاڵبەدەستی ڕیش ماشوبرنجی باڵابەرزی نەختێ گەنمڕەنگ، کە ڕۆژێک، لەسیلەی کۆڵانێکی شاردا تووشم بوو وای پێگوتم. منیش بە خەندەوە گوتم:”نەکەی بڵێی خوێندکاری تۆ بووم، خۆ تۆ لە من پیرتر دیاری!” ئەوجا بە هێمنی و هەناسەیەکی پر لە سۆز و حەنین، گوتی:”جا کەس هەیە، لە دوو دەرسی تۆ ئامادە بووبێت و گێڕانەوەی ڕووداوەکان و وەسفی کەسایەتییەکانی ئەو ڕۆمانە ناخهەژێنەی لەبیر چووبێتەوە، کە تۆ لە شێوەی شانۆگەریدا بۆ ئێمەت نمایشت دەکرد. دەزانێ ڕۆژێک دڵۆپ دڵۆپ فرمێسک بە چاوانم دادەهاتە خوارە وە کە ئۆلیڤەر لە بەرچاوما، لەبرسان بە زمان دەفری چێشتەکەی دەلێسییەوە! ئەدی ئەو ڕۆژەی دەمانچەکەت لە ژێر چاکەتەکەت ڕاکێشا و نانسیت کووشت و پۆلەکەت هێنا خرۆشان! توخوا مامۆستا، ئەوە دەمانچەی بە ڕاستی بوو یان نا؟”
ڕۆمانی ئۆلیڤەر تویست لە نووسینی چارلز دیکنز(١٨١٢ – ١٨٧٠)، گەورە نووسەر و ڕەخنەگری کۆمەڵایەتی ئینگلیزە. ڕۆمانەکە کە لە ڕێی منداڵێکی هەتیوخانەکانی ئینگلتەرا، ڕەخنەی توندی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ئەخلاقی لە حکوومەتەکەی ئەو کات دەگرێت و ڕووداوەکانی ڕۆمانکە دەگاتە هۆڵی پەرلەمان و تەواوی کۆمەڵکای ئینگلیز دەهەژێنێ و دەبێتە مایەی گۆڕینی چەندان یاسا وفرمانی وڵات.
چارلز دیکنز بە مەزنترین ڕۆماننووسی سەردەمی ڤیکتۆریا دادەنرێت. بەرهەمەکانی کە تا ئێستا نزیکەی (٢٠٠) ملیۆن دانەیان لێ فڕۆشراوە، بۆ زۆربەی زمانەکان وەرگێڕدراون.
دەمەو عەسری دوێنێ، بۆ پشکنین و چارەی سووکە نەساغییەکی خۆم، چوومە نورینکەی دکتۆر دەوەن حەوێزی لە کۆیە. دوای ناونووسکردنم، یەکێک لە دوو کیژۆڵە لەچەکدارەڕەشپۆشەکانی لە پشت مێزی نووسینگەکە دانیشتبوون، دوای لێکردم کە دانیشم و نەختێ چاوەڕێ کەم. لە نزیک دەرگا شووشەبەندەکەی هۆڵی چاوەڕوانی، کە لە نهۆمی ئەرزی بوو، دانیشتم. هۆڵە کە دوو ڕیز تەخت و کورسیی سەردەمییانەی ڕوو لەیەکتری تێدابوو، پاکژ و ڕێکوپێک ومۆدرن دیاربوو. نزیکەی دە دوانزدە نەخۆش و یاوەری نەخۆش، لە ژن و پیاو و منداڵ، وەک من نۆبەیان گرتبوو. نەمزانی ئەو دوو کیژۆڵە ڕۆحسووکەڵەی نووسینگەکە، لە بەر خاتری ڕەمەزان ڕەشپۆش بوون، یان تازیەدار بوون. نۆرینگەکەی دکتۆر دەوەن کە بە داڵانێکی دیکۆرجوان بۆی دەچووی، لە لای دەستە ڕاست بوو، نۆرینگەی پشکنینی تیشک و سۆناریش لە لای دەستە چەپ. لە دڵی خۆمدا، خواخوام بوو، دکتۆر دەوەن لە کامێرای چادێری یان لە نامەی کۆمپیتەرەکەی بەردەم ئەو دوو گیژۆڵە، نەمبینی و نورەکەم، وەک ڕیزلێنانێک، پێش نەخات. حەزناکەم، مافی چاوەڕوانیی نەخۆشی دیکە بخۆم کە ئەوانیش وەک من یان خراپتریش، ناساغن. جگەرکێشێکی پێنەچوو، گەنجێکی باڵابەرزی قیت و قۆزی شەرواڵ لەپێ کە تەنکە ڕیشێکی قەترانی هەبوو، لەگەڵ کچۆڵەیەکی شەش حەوت ساڵان بە ژوورێ کەوتن و پەڕە کاغەزێکیان بە دەستەوە بوو. یەکسەر هەردووکیان هاتنە بەردەمی من و ڕاوەستان، ویستم ئاماژە بۆ مێزی نووسینگەکە بکەم و نیشانیان بدەم، بەڵام گەنجەکە بە مینگە مینگێک و دەست پانکردنەوە داوای یارمەتی لێکردم. وەک کەسێکی حەپەساو، من هەردوو چاوم لەو گەنجەکە و ئەو کچۆڵە بڕیبوو، نەمدەزانی ئەوە نمایشە یان ڕاستیی! من هیچ خۆم تێکنەدا و جوولەم نەکرد، ئەوان وەک پەیکەر هەر بەرامبەرم بوون و شتێکیان دەگوت، کوردی بوو و کوردیش نەبوو. بێدەنگی وهێمنی هۆڵەکە باڵی بەسەر شانۆیەکەدا کێشابوو، دوای ماوەیەک ئەوجا گەنجەکە چووە بەردەم نەخۆشەکەی تەنیشتم، ژنە هەزار دیناری لە مستی نا. لە ڕیزی بەرامبەریش باوکێک کە منداڵەکەی هێنابوو، هەزار دیناری دایە… ئەوجا چوونە بەردەم سێ کەس کە پیرێژنێکی نەوەد ساڵیان هێنابوو، هەرچەند دەگەڕان لە نیو گوژمە پارەکانی ناودەستیان هەزار دینارێکیان نەدۆزیەوە، ژنێکیان پێنج هەزارییەکی لە دەستی منداڵەکەی نا و ڕۆیشتن.
وەک برووسکە، لە چەند چرکەیەکدا دەیان پرسیار مێشکیان سمییم! چۆن ئەو گەنجە قۆزە، بە بەرچاوی ئەو هەموو خەڵکە و ئەو کیژە نازادارنە ڕوویهات، وا خۆی زەلیل کات و بەو هەموو قەڵافەتەوە دەست پان بکاتەوە! جا کە پێشی دەڵێن”خودا بتداتێ.” چاوقایمتر ڕادەوەستێ و بە دەستەواژە و پاڕانەوەی کاریگەرتر، بەرۆکت دەگرێ. خۆم بە بیرهاتەوە، هەر شانزدە حەفتە ساڵان بووم، ڕۆژێ باوکم زیللەیەکی لە بنا گوێی دام و بەسەرمدا شیڕاندی:”حۆلە! ئێستا، ئەتو لۆ ناچی ئەو تەنەکە ڕوونە لە کن فائیقی مام سارحی بینییەوە؟” هەرچەندە من ناحەقی باوکم نەدەگرت، ئەو بە چەکوچ و پلایسێک، ٢١ کەسی بەخێودەکرد، بەڵام منی هەرزە، دەمەویست وەختێ بچم ئەو تەنەکە ڕوونە ١٦ کیلۆییە بێنمەوە کە بازاڕ نەختێ چۆڵ بێ. حەزم نەدەکرد و شەرممیشم دەکرد کەس بمبینی تەنەکە ڕوونم لەسەر شانییە! باشە، ئەو گەنجە جوانە ئەو هەموو جورئەتەی لە کوێ هێناوە وا بچێتە ناو چاوی ئەو خەڵکە و بپارێتەوە؟ لە خۆشم دەپرسی: دەبێ، بەڕاستیی ئەو موحتاج نەبێ؟ یان لە دەرۆزەکەرە ساختەچییەکانە؟
هێشتا پیاڵە خەستەکەی پرسیارەکانی ئەو گەنجە بەرینەدا بووم، هێندەم زانێ گەنجێکی دیکە بەژوورێ کەوت، کتومت دەتگوت جومکی سوالکەری یەکەمە، ئەوەیش دەستی کوریژگەیەکی هەشت و نۆ ساڵی گرتبوو، هەردووکیان شەرواڵ و کۆنە قەمسلە و فانیلەیان بۆشی بوو، ڕۆژەکەی تەواو سارد بوو ئەو چەند ڕۆژە بەهارییە. لەم پەردە نوێیەدا، کوڕە قیت و قۆزە چاو ڕەشەکە، نووقەی لێوە نەهات، منداڵەکە ڕۆڵی سوالکەرێکی بیست ساڵەی دەگێرا… دەنووزایەوە… دەپاڕایەوە…، دەستی پاندەکردەوە، کە نەخۆشەکە ڕووی خۆی وەردەگێڕا، منداڵەکە بە هێمنی دەستێکی لە شانی دەدا و ڕشتتر داوای یارمەتی لێدەکرد، تووتڕکی کەسی بەرنەدەدا، گەنجەکەش هەر بە چاو دەپاڕایەوە. کەس لە نەخۆشەکان دەستی بۆ باخەڵی نەبرد، بە دڵساری و دەست بەتاڵ ئەو دووانە هۆڵەکەیان بەجێهێشت.
نۆڕەی خۆم هات، یان دکتۆر دەوەن پێشی خستم، نازانم!
هێندە بە ڕیز و حورمەتەوە دکتۆر پێشوازی لێکردم، خەجاڵەتی کردم. هەمیشە ڕوخسار و گفتولوتفی دکتۆر بۆ نەخۆش، پێش چارە، دەبێتە دەرمان. جەرگسۆزانە پشکنینی بۆ کردم و ویستی بچم پشکنینێکی سۆناریش، بۆ پتر دڵنایی، بکەم.

دکتۆر دەوەن، خوێندکاری من نەبووە، بەڵام دکتۆر شاهۆی برا، وابزانم دوو ساڵ، بەیەکەوە بووین لە پۆل. دکتۆر دەوەن، بەدەر لە پیشە و خزمەتەکانی پسپۆریی خۆی، یەکێکە لە کەسایەتییە جەرگسۆز و خەمخۆر و جددی و خێرخواز و چالاکەکانی شارەکە. هەرچەندە پرسیاری لە کار و چالاکییەکانی من کرد و دەمزانی حەزدەکات دوو قسە بکەین، بەڵام چونکە دەمزانی چاوەڕوانی بۆ نەخۆش چەندە زەحمەتە و ئەویش پڕ ئیشە و نۆریبگەش دیوەخان نییە، سەرپێی وەڵامم دایەوە، دەنا منیش لە دڵ حەزم دەکرد دەرفەت بووایە قسەمان لەسەر دوو سێ پرۆژە ، بۆ شارەکە، بکردبایە، کە بەڕاستی لە بەرنامەی من دان و پێویستم بە ڕاوێژ و ئامۆژگاریی کەسانی دڵسۆزی وەک دکتۆرن.
دیسان، بۆ پشکنینی سۆنار، لە هۆڵەکە دانیشتم و چاوەڕوانی بانگ کردنی ناوی خۆم بوو، من دکتۆرەکەی سۆنارم نەدەناسی. نزیکەی نیو دەمژمێرێک دانیشتم.
لەو ماویەدا، بینیم، نەخۆشێکی بە تەمەنی ڕەنگ زەرد و لاواز و بێتاقەت، چەند سۆندەیەکی لە پۆشاکەکەی دەرهاتبوو و لەسەر پشتی دەستی کانونە، بە پلاستەری چەڵکن چەسپکرابوو و پەڕەکاغەزێکی لە مست دابوو، ملی خوارکردبۆوە، ئێستانا ئێستا گیانی دەردەچێ، لە دیوی شووشەبەندەکە، لەسەر کەچە کورسییەکی چەرخەدار هاتە پێش دەرگای نورینگەکە و زەلامێکی پیرتر لە نەخۆشەکە کورسییەکەی پاڵدەدا، کە زانیم دەیەوێ بێتە ژوورەوە، گورج دەرپەڕیم، بە هێمنی دەرگا شووەشەکەم تەواو بۆ خستە سەر پشت، دەمەویست کورسییەکەی بۆ ڕاکێشم … بە دوو سێ تەکانان ئەوجا لە شیشەی بەر دەرگا پەڕیەوە. ئەویش، ڕێک هات بەرانبەرم ڕاوەستا، پیرەمێردی پشت کورسییەکە، پەڕەکاغەزەکەی هێنا پێش چاوم و ڕایگرت و گوتی، نەخۆشە و عەمەلیاتی دەوێ و دەبێ یارمەتیمان بدەی. لەو چرکە ساتە خێرایانەی تەمەنیان کورت دەکردمەوە، دەیان فلیم و گرتە و دیمەنم هاتە پێش چاو، چاوم بڕێبوە ناو چاوی نەخۆشەکە، بەڵام خەیاڵم لە جێگەیەکی دیکە بوو… جارێک لە هەولێرێ، لە چایخانەی کۆڵانەکەی بەرامبەر باتا، پیاڵە چایەکم دەخواردەوە، کتومت، سواڵکەرێک لەم شێوەیە لەبەردمم قیت بۆوە، منیش شتێکم خستە ناو لەپی. کە چایەچییەکە هات پیاڵەچایە بەتاڵەکە هەڵگرێ، پێیگوتم:”مامۆستا، ئیشێکی خراپت کرد، ئەو سوالکەرەی دەیبینی، دوو خانووی هەیە، خانوویەکی داوەتەوە کوڕەکەی خۆی، مانگانە کرێی لێ دەستێنێ!، ئەوانە خێریان پێناشێ.” لە هەمان کاتیشدا، لە دڵی خۆمدا دەمگوت:”ڕاستە، من هیلانە کۆترەیەکیشم نییە، لێ، چونکە پیرە و نەخۆشە، پێویستە یارمەتی بدەم… .” ڕەحمان و شەیتانی سەرشانەکانم شەڕیان بوو. هیچم نەدایە، گوتم،”بە زمانی بەڕۆژوو، ئەو گوناحە ناکەم، ڕۆژی پەسڵان، خۆم دەزانم چۆن جوابی خوای گەورە دەدەمەوە.”
ئەوەی کە پتر، لەم پەردەیەدا، سەرنجی ڕاکێشام ئەوە بوو، ئەو خەڵک و خوایەی لە هۆڵەکە بوون، جگە لە کەسێک، نەک هیچیان نەدا ئەو دوو زەلامە، بەڵکوو بە تیچاوێکیش تەماشایان نەدەکردن. بۆ من دیمەنەکە نوێ بوو، بەڵام دیار بوو ئەوان هیچ سۆز و هەستێکیان بۆیان نەجولا، ڕەنگبێ شانۆگەرییەکە بەلایانەوە درۆیەکی زۆر ڕووت و بێمانا بووبێ. ئاخر، گریمان ئەو پیرەمێردە، لە ڕۆژێکدا دوو سەت هەزار دیناریش کۆکاتەوە، خۆ ناکاتە یەک دەمژمێری بەر ئەو کەشە سارد و ئەو عەزابەی سەر ئەو عەربانە شەقوپەقەی ئەو هەموو چاڵ و چۆلە. تەڕەزانیش بینی لەسەر ئەو عارەبانەی دانێت و لە کووچە و جادە و شەقامە (جوانەکانی) کۆیە بیگێڕی ڕۆحێ دەردەچێ، نەک پیرەمێردێکی پلیشاوە! باشە کوڕ و کچی ئەو پیرەمێردە چۆن دڵیان بەبەریداوە و ڕێیان داوە ئەو باوکە بەستەزمانەیان بەو حاڵەوە بگێڕن؟!
بەلای منەوە، سەیر بوو، ئەو دوو گیژۆڵەی نووسینگەکە ـ کە دواتر بوونە سێیان، بۆ سۆدرەیسەران، تەماشایەکی ئەو سواڵکەرانەیان نەکرد و خۆیان لێ نەبان دەکردن، کەئەنەما، نە کەسیان لێهاتووەتە ژوورێ و نە کەسیش چووتە دەرێ. هەقیان بە هیچەوە نەبوو. ئەوەشم هەر وا خوێندنەوە کە ڕەنگبێ بۆ ئەوان دیمەنەکە گرتەی سوواوی ڕۆژانەبێ، یان ئەوەتا ئەوانیش هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر ئەو دەرۆزەکەرانەدا ناشکێ و یاسایەک شک نابەن پشتیوانیان بێ!
لەو چاوەڕوانکردنە کورتەدا، ئەوا شەش سواڵکەرم دیت، جێگەی سەرنج بوو، هەموویان شەرواڵیان لەپێ بوو و کۆنە سەندەڵیشیان بەسەر پێوە بوو. لەو کەسانەی لە هۆڵەکەشدا چاوەڕوان بوون، هەر چوار پێنجێکیان کورد بوون، ئەوانی دیکە، هەموو برا عەرەبە چاو ڕەشەکان بوون، ئەوانیش جگە لە دوو ژن و پیاوێک، هەموو شەرواڵیان لە پێ بوو و نەعلیان بەسەر پێوە بوو. دوو شتم بینی: یەک: تێکەڵبوون و ئاوێتەبوونی ئەو دوو نەتەوە جیاوازە: کورد و عەرەب، وا دێ، وردە وردە کلتووری ناوچەکە بگۆڕن، لە هەموو شاری کۆیە، بە بیرم دێ، دوو پیشەوەر، نەعلیان لە پێبوو، ئەوانیش پیشەکەیان ئەوەی دەخواست، چونکە دادەنیشتن، دەنا جاران کەس بە نەعل نەدەهاتە بازاڕی. جا گەنجێکی کوردیش هاتە ژوورە و کە دیار بوو لە ئەوروپا لەگەڵ کەپڵەکەی گەڕابۆوە، ئەو گەنجەش، گەرچی پۆشاکێکی جوان و پۆشتە و پەراغی لەبەردابوو، نەعلی بەسەر پێوە بوو نەعل و دژداشە بەشێکە لە کلتووری عەرەب. ئێستا عەرەب شەرواڵ و کورد سەندەڵی پەیدا کردوە. دووەم: عەرەبەکان، بە عەرەبی لەگەڵ دوو کیژەکەی نووسینگەکە دەئاخاوتن، بەڵام دوو کچەکە، هەر بە کوردی وەڵامیان دەدانەوە و عەرەبەکانیش خۆیان هیچ نەدەشێواند، دیار بوو چاک لە کوردی تێدەگەیشتن ـــ منیش لە هەولێر چوومە سەر چەند دوکانێک، خاوەنەکانیان هەر بە عەرەبی قسەیان دەکرد، مردن و ژیانەوە، من هەر کوردییەکەم بۆ نەکردنە عەرەبی. دەبینم بەنگلادیشی و فلیپینییەکی کرێکار، شەش مانگە هاتۆنەتە کوردستان، وەک من کوردی فێربوون، بەڵام کاکی عەرەبی چاوڕەش وا لە ٢٠٠٥ وە لێرەیە، خۆیان لە کوردی نابان دەکەن. مامۆستایەک بۆی گێڕامەوە، کە هاوڕێیەک بۆی باس کردبوو، لەو قووشتەیەیە، چەند عەرەبێک، تێروپڕیان لە عەرەبێکی دیکە دابوو، چونکە کەسی دارکاریکراو بە کوردی قسەی کردبوو!
پشکنینی سۆنارم بۆکراو و ئاکامەکەشم وەرگرتەوە . ئەو دکتۆرەکەش قورس و هێمن و بەڕێز بوو. هاتمەوە هۆڵەکە تا دەرفەت هەبێ بچم نیشانی دکتۆر دەوەنی بدەم.
دکتۆر دەوەن، وەک هەمیشە، بە خەندە و ئومێدەوە، دوای تەماشاکردنی ئاکامی سۆنارەکە، دەرمانی پێویستی بۆ نووسیم و بە سوپاسەوە، ئیمێلی خۆشی بۆ نووسیم، تا ئاگاداری ڕەوشی تەندرووستیم بێ.
پێش ئەوەی هۆڵەکە بەجێبهێڵم، چوومە لای دوو کیژەکەی نووسینەگە، بەڵام ئەوان گوتیان دکتۆر پێیڕاگەیاندوون کە هیچم لێوەرنەگرن. بۆیە منیش ویستم دیسان بچمەوە لای دکتۆر و سوپاسگوزارییەکی پێشکەش بکەم، بەڵام بینیم نەخۆشێکی لە لایە، بۆیە لە داڵانەکە چاوەڕێی دەرچوونی نەخۆشەکەم کرد.
داڵانەکە، زۆر دڵخۆشی کردم کە بینیم، جگە لە چەند پەیکەرەشووشە خەڵات و ڕێزلێنانێک کە پێشکێش بە دکتۆر کراون، دوو ڕەفتەی جوان بە چەند کتێبێکی پزیشکی، ڕۆشنبیری، ئەدەبی ڕازاندراوەتەوە و مێز و کورسی داندراوە، ناونیشانی کتێبێک سەرنجی ڕاکێشام و کەوتمە خوێندنەوەی. کتێبکەم پێ جوان بوو، ئەم کۆپلەیەتان بۆ دەنووسمەوە کە زۆر بە دڵم بوو:
(ئایا پزیشکەکان، وەک زۆر کەس وایان هەڵدەسەنگێنن، بەڕاستی، لوتبەرز و لەخۆبای و بە فیز و کەمدوو و بێخولقن؟ ئایا ئەوان خۆیان لە نەخۆش ولە خەڵک بە گەورەتر دەزانن؟) لە وەڵامدا نووسەر دەڵێ :(بەرێزم، تۆ بۆ سەردانێکی سەرپێی، کە پێ دەنێتە نەخۆشخانە، هەست بە جۆرە لەشقورسی و خەمناکی و ڕەشبینییەک دەکەی، ئاخر ئەوەی لەوی دەیبنی ناخهەژێن و خەماوییە. ئەدی چ دەکەی گەر تۆ لە جێی ئەو پزیشکانە بێ، کە تەمەنی خۆیان لە شوێنێک بەسەر دەبەن، یان مەرگە یان سیبەری مەرگی بەسەرەوەیە و یان بۆنی مەرگی لێدی…؟ پزیشکەکان، مرۆڤی ئاسایین و زۆر مرۆڤدۆست و ژنگەدۆستن، بەڵام جۆری ئیش و تێکەڵنەبوون و دووری خێزان و شوێنی ڕەزاقورسی کار و ماندووبوون و شەکەتی و …. و ….. ئاخر ئەوانیش وەک ئێمە مرۆڤن، لەمەش زێتر، ئەوان هەست دەکەم گیان و ژیانی خەڵکی دیکە، دوای خودا، لە دەست وان دایە…. تاد).
هێندە بە ناخی ناوەڕۆکی کتێبەکدا چووبوومە خوارێ، دەمگوت خوایە جارێ، نەخۆشەکە دەرنەچێ، تەواو خۆم لە بیرکردبوو، لە نکاوڕا… خودایە! چیم دی و چیم بیست….!؟
لە نکاوڕا، لە ناو هێمنی و بێدەنگی گۆڕستانئاسای هۆڵەکەدا، کە تییەکی لەمن دیار بوو، کوریژگەیەکی شەش حەوت ساڵان، بەو پەڕی متمانەبەخۆبوون و جۆرئەت و جەسووریەوە، ڕوو لە ئامادەبوون، دەنگی خۆی لێهەڵبڕی و گوتی:”ئەی موسڵمانانی خۆشەویستی خودا، باری تەعالا ڕۆژووتان قبوڵ بکات و پاداشتان بداتەوە، بەو خودایەی ئەو ئیمانەی پێبەخشیوین، دایکە بەستەزمانەکەم، نەخۆشی سەرجێگەیە لە ماڵ، باوکم چووەتە ڕەحمەتی خودا، کۆزە منداڵێک لە کۆڵی ئەو دایکە هەژارەمە، ئەمڕۆ ڕۆژی خێر و سەدەقە و ئیماندارییە… دەی، قوربانی هەمووتان بم، دەستی ڕەحمەت نەگێرنەوە… .”
چەخماخەی برووسکەیەک لە مێشکی دام، دیمەنی (فێگن)ی ڕۆمانەکەی چارلز دیکنزم هاتەوە پێش چاو کە ئۆلیڤەر تویستی شەش حەوت ساڵانی دەعاملاند، چۆن دەرۆزە بکات و چۆن چۆنی باخەڵببڕێ و چۆن سۆزی خەڵک بۆ لای خۆی ڕاکێشێ… بەڵام دڵنیا بووم ئەو (فێگن)ە کوردەی ئەو (ئۆلیڤەر تویست)ەی نۆرینگەکەی دکتۆر دەوەنی دەرس دابوو، سەدجار لە(فێگن)ە ئینگلیزەکە، مامۆستاتر و زۆرزانترە. ئاخر چۆن ئەو دەقە پەخشانە دەروونهەژێنە بەسۆزەی داڕشتووە و بەو منداڵەی ئەزبەرکردەوە؟ ئەدی ئەو ڕووشکێنی و بوێریی ئەو منداڵە؟ داڵانەکە لا چەپ بوو، ئەو ژنە یان ئەو پیاوەم لێ دیار نەبوو کە خاوەنی ئەو منداڵە دەرۆزەکەرە بوو. چونکە نەخۆشەکە لە ژووری دکتۆر هاتە دەرێ و من چوومە لای دکتۆر، دیمەنی ئەو شانۆگەریم هەموو نەدیت و نەمزانێ دوایی چ لە هۆڵەکەدا گوزەرا… .
لە بەندێکی کتێبی (شوێنپێیەکانم لە جەماهیرییەی لمدا)، من بە وردی دیمەن و شێوە و ڕووخساری ئەو دەرۆزەکەرە عێراقییانەم نیگار کردووە، کە لەسەردەمی ئابلووقەی ئابووری، ڕوویان لە لیبیا کردبوو و زۆریان بە چەندان فەن وفنوون و مەکربازی کەوتبوونە سواڵکردن و دەرۆزەکردن، تەنانەت باسی ئەوم کردوە چۆن عێراقییەکی دکتۆری زانکۆ، بەنیاز بوو واز لە پیشەکەی بێنی لە زانکۆی فاتیح و بچێ ببێتە دەرۆزەکەر. گەرچی لە سەردەمی قەزافی (دەرۆزە و بۆیاغچی پێڵاو و حەماڵی) بە یاسا قەدەغە بوو، زگیان بە ژن و منداڵی عێراقی سووتا و ڕێیان لێنەگرتن دەرۆزەبکەن، بەڵام کە بینیان، ئەوان بێتامیان کردوە و بێئسووڵانە هەموو سنوورێکیان بەزاند و شکۆ و حورمەتی عەرەبیشیان برد، قەدەغەیان کرد هیچ عێراقییەک لە لیبیا دەرۆزە بکا.
بەڕاستی، ئەوەی لە عێراق و کوردستان دەگوزەرێ، لەم بارەیەوە، هەموو سنوور و تخوبێکی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و ئایینی بەزاندووە. ماوەیەک پێش ئێستا، کە بۆ دەستەیەک لە مامۆستا و پەروەردەکارانی دەزگای ژیاری پەروەردەیی لە هەولێر سیمینارێکم پێشکێش دەکرد، سەرنجم دا، گە گەیشتمە ئەو بڕگەی خوارەوە، سیما و ڕووخساری مامۆستاکان هێندە ترس و خۆف و خەمی لێنیشت، هەر ئەوەندەی نەمابوو، فرمێسک ڕوومەتیان تەڕکا، کە گوتم:
“من پرسیارێک لە ئێوەی پەروەردەکار دەکەم، ئاخۆ کەس لە ئێوە، نەخشە و ژیان و ژینگەی عێراق و کوردستانی دوای (٢٠) ساڵی داهاتووی، لەبەرچاو گرتووە؟ ئێوە دەزانن، ئیمڕۆ، ،٢٠٢٣، لە عێراقدا ١٢ ملیۆن منداڵی نەخوێندەواری بەڕەلا لە سەر شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە؟ ئێوە دەزانن ٨ ملیۆن بێوەژنی جوان و جاحێڵ لە پشت دەرگاکاندا یەخسیر و بێکەسن بە کۆزێ منداڵەوە؟ ئێوە دەزانم لە هێندێ شاردا، هێڵی هەژاری لە خوار ٤٩٪ دانیشتوانە؟ ئێوە خەبەرتان هەیە کە لە ٤٠٪ی گەنجانی ناوەند و باشووری عێراق ئاڵوودەی هۆشبەرەکانن؟ باشە لە خۆتان پرسیوە دوای (٢٠) ساڵی دێ، ئەو (٢٠) ملیۆن بێکەس و و نەدارە، چ لەو وڵاتە دەکەن؟ دەبێ ئایندەی منداڵەکانی ئێوە و نەوەکانتان، بەدەست ئەوانە چ ڕۆژێکی تاریک و ئایندەیەکی باسام و خۆفیان هەبێ؟
باشە، ماقووڵە وڵاتێکدا، یەدەکی نەوتی ژێرزەوی بگاتە ١٤٥٠١٩ ملیار بەرمیل، جگە لە گاز؛ وە لە مەرتەبەی چوارەمی بەرهەمهێنەرانی جیهان بێ لە نەوت و گەنجینەی دۆلار و زێڕی لە سەرووی ١٥٠ ملیار دۆلار بێ و ئەو هەموو هەموو دەرۆزەکەر و دەستپانکەرەوەی هەبێ؟ ئەوەیە لانکەی یەکەمین شارستانیەتیی ڕووی زەمین؟
دراوسێیەکی ئایرشیم، لە دوبلن گوتی: تۆبە جارێکی دیکە بچمە مەغریب و میسر بۆ گەشتگوزار. پرسیم؛ بۆ؟ گوتی لەبەر سواڵکەران!
لە ساڵی ٢٠٠٤، سەرپەرشتیی ئاهەنگێکی گەورەی نەورۆزم دەکرد لە دوبلن، لە داڵانێکدا چەند تابلۆیەکی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالم نمایش کردبوو، ڕۆژێک پێش ئاهەنگەکە، ژنێکی ئایرشی پێیگوتم، نابێ تۆ دڵی ئەو کەسانەی بۆ خۆشی و ئاهەنگ دێنە ئێرە، بەو دیمەنە خەمهێنەرانەی ئەو تابلۆیانە تەنگ و نیگەران بکەی. دەتوانی ڕۆژێکی دیکە پێشەنگایان بۆ بکەیتەوە. منیش بە قسەم کرد و تابلۆکانم بۆ پێشەنگایەک هەڵگرت. مەبەستمە، ئەو دیمەنە خەماوییانە، سەر و دڵ و دەروون و ویژدانی خەڵکی دەشێوێنن. ئاخر چۆن ئەو پاروە کەبابەت لە گەروو دەچیتە خوارێ، کە منداڵێک دێتە کەبابخانەکە، تەماشای کەبابەکە دەکات و هەناسەهەڵدەکێشی و دەست پاندەکاتەوە؟
کاتی ئەوەهاتوو، بەرپرسان، بە یاسا و ڕێسا، سنوورێک بۆ ئەو دیاردە ناشیریینەی دەرۆزەکردن دابنێن. دیمەنی جوانترین و گەورۆنەترین باڵەخانەی مودرن، ناتوانی دیمەنی منداڵێکی سواڵکەری شەقامەکان لە بەرچاوی گەشتیار و هاووڵاتی بشارێتەوە. ڕوووەرگێران لەم دیاردەیە و بەڕەلاکردنی دەروازەکانی کۆمەڵایەتی بەو شێوەیە، دەچێتە خانەی: خیانەتی مەزن!
دڵنیابن، ئێوە ئاسوودەی لە ژیانتاندا نابینن، تا منداڵەکانی ئەم نیشتمانە، هەر دەرۆزەکەر و دەستپانکەرە و بێخودان بن!




تاسەی عەشقێکی ناکام.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

لەودیو پەنجەرەوە لێم مەڕوانە
شوشەش گەرد دەخاتە سەر سپێتیی من
وەرە ئەم دیو پەنجەرەکەوە
سەیری پەردە ئەستوورە مۆرەکە مەکە
بڕوانە سپێتی هەست و
رەشێتی چارەنووسم
تۆ ئەی فریشتەی پەمەیی پۆش
خەیاڵت بۆ جێگەیەکی دوور نەفڕێت
چاو بۆ گوڵێکی بابردوو مەگێڕە
ئەوە دڵتە هێندەی خۆت لێم نزیکە
ئەوە رۆحمە لە چاوەکانتدا دەشنێتەوە
تۆ ئەی فریشتەی عەیار و بەناز
گوێم لە دەنگی سازەکەت نییە
تەڵەکانی یەک یەک وەک بزەکانم وەریون
تۆ دڵی خۆڵەمێشی ساردەوەبووت بۆچییە
گەر پێشتر نەفرەتت لە ئاگردان کردبێت؟
چیرۆکی چی دەخوێنیتەوە
گەر بەر لە دەستپێکردن کۆتایی هاتبێت؟
هێشتا هەر لەودیو پەنجەرەی عاتیفەوە
لەناو بێستانی سوتماکی هۆشەوە
هەر خەریکی لێکدانەوەی خەونەکانی خۆتیت
خەونگەلێک لە شێتخانەی عەقڵدا سەر دەنێنەوە
تۆ ئەی فریشتەی هاروهاج
بیرتە پێم گووتی هەر لە نیگامدا بمێنەوە
نەکەیت بفڕیتە ناو غوباری بیرەوەرییمەوە
بزێو بوویت بە سنگەخشکێ خۆتە گەیاندە
چینی هەرە ژێرەوەی یادەوەرییم
ئێستا بەدوای هەر نهێنییەکدا بگەڕێم
دەست بخەمە ناو مێشکم
بۆ بیرهاتنەوەی هەر شتێک
ئەوەی لەمسی دەکەم هەر تەنیا تۆیت
نە دەتوانم دەرتبکەم
نە دەتوانم راتبگرم
پێم بڵێ بۆ واتکرد گەر دەتزانی
تەنیا لەناو بیرکردنەوەمدا دەمێنیتەوە؟
ئەی فریشتەی بێ باڵی سەر زەوی
ناشێ لە بیرت کردبێت
بەدەم نەفەسی سیگارەکەمەوە پێمگووتی
قەڵایەکی زەمەنی بزربووی ماددەکانم
تەنیا دەرگای چوونە ژوورەم هەیە
هیچ دەروازەیەکم نییە بۆ راکردن
ئێستا دەبینم
ناکامانە لە دەرگاکان دەڕوانیت
نا، ئازیزم بەهەر دەرگایەکدا تێپەڕیت
دەتهێنێتەوە نێو هەناوی من
گووتم لە بیری مەکە
دەروازەیەکت نییە بۆ دەرچوون
تۆ ئەی فریشتەی هەناسەسواری رێ
باوەڕ ناکەم لە بیرت چوو بێت
لەپاڵ تارمایی پیاوێکی تردا بوویت
چرپاندم بە گوێتدا و پێمگووتیت
ئەو رێگایەی خۆت گرتووتە بزری مەکە
بەهەر رێگەیەکی تردا بڕۆیت وێڵ دەبیت
بەهەر رێگەیەکی تردا هەنگاو بنێیت
لە کۆڵ خۆیانت دەکەنەوە
کۆتایی هەموو رێگاکانیش دێنەوە
سەر رۆمای عەشقی من
چما وا زوو بیرت چوو؟
هەموو ئەو رێگایانەی پێیاندا تێدەپەڕیت
دەتهێننەوە سەر رێگا تەنهاکەی من
تۆ ئەی فریشتەی هەمیشە گریاو
ناکرێت لە بیرت چووبێتەوە
لەناو کەشتییەکە سوورەکەدا بوویت
بە دەنگێکی شەپۆلاویی پێم گووتیت
وریابە، ئەی کاپتنی کەشتی سەرەڕۆیی
هەر کات نقووم بیت دەکەویتە
نێو قووڵایی ئۆقیانووسی بێ بنی دڵم
ئەمێستا بەخۆت و
کەشتییەکەتەوە نقوم بوویت
تۆ کە مەلەوانی نازانیت
بۆچی بیر لە جێهێشتنی
ئەم زەریا ئارامە دەکەیتەوە؟
تۆ هیچ چارەیەکی ترت نییە
وەک سەدەفێک هەر لێرە دەمێنیتەوە
تۆ ئەی فریشتەی بێدەنگ و دڵشکێن
تێناگەم چۆن خێرا لە بیرت کرد
لە رۆژێکی گەرم لە ژێر بڵێسەی هەتاودا
بە سەدایەکی گڕگرتوو پێم گووتیت
ئەوە عەشقی منە
لە هەورێکدا چڕ دەبێتەوە
نم نم بەسەر عومری وشکتدا دەبارێت
نەکەیت چەتری دابڕان هەڵبکەیت
بارانی من لە خۆت دوور بخەیتەوە
ئێستا خۆ دەبینیت
بە چەتری شکاوی دەستتەوە
وەک چۆلەکەیەکی تەزیو هەڵدەلەرزیت
لەبەردەم رەهێڵەی مەرگی ناوادەی مندا
ئاخر نەدەکرا ئەمە لە بیر بکەیت
نەدەکرا ئەم کارەساتە رووبدا
نەدەکرا ئەم چارەنووسە
بۆ خۆت بنووسیتەوە
جۆگەلەی چاوەکانت
بێ پسانەوە
خوێنی منی لێ هەڵقوڵێ و
تا قیامەت خوڕەی بێت

کۆتایی هاوینی 2013
پاریس – شانزێ ئەلیزێ
*ئەم شیعرە لە مانگی 10ی 2013 لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاوکراوەتەوە و پاشتر لە دیوانی سۆناتای خۆشەویستی لە لاپەڕە 160-164 چاپکراوە.




كتێبێكی نوێی دكتۆر نووری تاڵه‌بانی بڵاوده‌كرێته‌وه‌

كتێبی (لە پێناو چارەسەکردنى کێشەکانى هەرێمى کوردستان) نوێ ترین كتێبی نووسه‌ری گه‌وره‌ی كورد (نووری تاڵه‌بانی) له‌ دوو توێی (120) لاپه‌ڕه‌ بڵاوكرایه‌وه‌.
له‌سه‌ر داواكاری چەند نووسەرێکی کوردی باشوورى کوردستان به‌شێك له‌ وتاره‌كانی نووسه‌ری ناوبراو کە پێشتر بڵاوى کردبوونەوە، پاش رەزامەندبوونى بەڕێزیان، لە شێوەى کتێبێکى سەربەخۆ چاپ كرا.
جێگه‌ی ئاماژه‌ بۆ كردنه‌ سه‌رجه‌می ئه‌م وتارانه‌ له‌ سات و كاتی جیاوازدا له‌ بەشێک ماڵپه‌ڕەکاندا بڵاوكراوه‌نه‌ته‌وه‌.
سه‌رجه‌می وتاره‌كانی ئه‌م كتێبه‌ باسی بارودۆخ و واقیعی ئێستای هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، نووسه‌ر له‌م كتێبه‌یدا هه‌وڵی داوه‌ ده‌ست له‌سه‌ر برینه‌كاندا بنێت و چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ كێشه‌كان بدۆزێته‌وه‌.
دكتۆر نووری تاڵه‌بانی وه‌ك نووسه‌ر و كه‌سایه‌تیه‌كی سه‌ربه‌خۆ خاوه‌نی ده‌یان كتێب و توێژینه‌وه‌یه‌ له‌ بواره‌كانی قانوون و مافه‌كانی كورد، هه‌میشه‌ هه‌وڵی داوه‌ له‌ ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان كورد یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك گوتاری سه‌به‌رخۆی خۆی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ مافه‌كانی بگات.




چاوپەرست.. دڵشاد تاقانە

تۆ جوانێکی خوداوەندی
وەکو مانگی شکۆمەندی
من گەڕیدە چاوپەرستم
لەناخی دڵمی هاوبەندی

کاتێک بەچاو دەمدوێنی
گڕی عیشقێ دەمهەژێنی
وێنەت نەخشاوی دیدەم
لاپەڕی چاویش دەخوێنی

تۆم بایەخی پڕ ڕەهەندی
زۆر بەسۆزی هەستمەندی
وەکو دەریای میهرەبانیت
شێلونابی و گەلێک مەندی

بەگیانی من تاک پەیوەندی
لەبۆم تاقانەی هەرچەندی
ئەگەر نەکرێت ببیە یارم
خۆشمدەوێی ئەوینمەندی

    دڵشاد تاقانە



شکاندنی شاشەکان و ڕزگاربوون لە ئالوودەبوون.. نووسینی: دڵشاد کاوانی

مرۆڤایەتی کە لە مێژوودا ئەزموونی گێڕانەوەی زارەکی و پاشان نووسراوی (قەڵەم)ی کردووە، ئێستا چووەتە سەردەمێکی نوێ و تازە، بە دیجیتاڵکردن کە تایبەتمەندییەکی تایبەتی ئەم سەردەمە نوێیەیە، ئەمەش ئێمەی بە جیهانێکی مەجازی دەرچوون لە جیهانی واقیعی مەحکوم کردووە. لە ئەنجامدا، بۆ سوودمەندبوون لە پشتبەستنمان بە جیهانی مەجازی، کێشە و ئاریشەکان و لێکەوەتە زانبەخشەکانیشی بۆتە هۆی ئەوەی ڕووبەڕووی ئیدانەکردنی تووندی مرۆڤایەتی بووە. ئێمە ئێستا بە تەواوی بە ئامێری ئەلیکترۆنی دەورە دراوین. لە جیهانی دیجیتاڵیدا کاروبارەکان، کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان، سیمیناری زانستی، شەڕەکان (جەنگی ئەلیکترۆنی)، بۆنە کولتووری و هونەرییەکان و تەنانەت پەرستشە ئایینییەکانیشی پێوە بەڕێوەدەچن. پەروەردەی منداڵ و گەنجەکانمان لەم جیهانە دیجیتاڵیەدا تووشی مەینەتییەکی زێدە بۆتەوە و چەندین گۆڕانکاری بلەز لە کۆمەڵگەکان و لەم جیهانەدا ڕوودەدەن. بێگومان لەم دونیایەدا دەتوانین بە خێرایی ڕەشەبا زانیاریمان دەست بکەوێت، پەیوەندیکردن ئاسانتر بووە، جگە لەوەش لە زۆر بواردا کارەکان ئاسانتر بوون، بە کورتی ژیانمان زۆر ئاسانتر بووە لە جاران. وەک چۆن ناتوانرێت نکۆڵی لە سوودەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە بکرێت، ناتوانرێت زیانەکانیش پشتگوێ بخرێن. بۆ ئەم پێشکەوتنە دیجیتاڵییە و تەنیایی و گۆشەگیری واقعی لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگە زیادکردووە و ڕووێکی دیکەی کۆمەڵایەتی وەهمی لەنێوان سەرانسەری مرۆڤایەتی بونیادناوە. ئەمە وای کردووە ئاسانتر لە لایەنە زیانبەخشەکانی ئەم جیهانە مەجازییە باشتر تێبگەین. ئەوە دەزانین جگە لەبانگێشەی ئازادیی و دەڕبڕینی بیر و ڕای کەسی ئەوە وڵاتانی دیکتاتۆری وەک چین سوودیان لە سوودە تەکنەلۆژییەکانیان وەرگرتووە بۆ دروستکردنی ڕژێمی دیکتاتۆری دیجیتاڵی. پێکهاتەی کۆمەڵایەتی هەرەمی خەریکە دەگۆڕێت، ئەم پێکهاتە ڕێگە بە مرۆڤی ئاسایی دەدات بیانەوێت “بەناوبانگ”بن، جاران تەنها یەک دەرگا هەبوو، ڕێگەیەکی ئاسان نەبوو بۆ چوونە ژوورەوە یان دەرچوون لە لوتکەی هەرەمەکە. بۆیە هەوڵێکی زۆری دەویست و تەنانەت تەمەنێکیشی دەویست تا ناوبانگ دەربکەوێت. بەڵام ئێستا هەوڵێکی زۆر ناخایەنێت تا ناوبانگ بێت، چونکە ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییە بازنەییە وەک تۆپێکەی گۆی زەوییە لە کوێت دەوێت، دەرگا بەڕووت کراوەیە، مرۆڤیش لە هەر شوێنێکەوە بیەوێت بچێتە ژوورەوە دەتوانێت. بۆیە کاتێک کەسێک دەڵێت “بەناوبانگ” دەبم، گرنگ نییە چی بکات، دەتوانێت خۆی لە دەرەوەی شاشە پیشان بدات. بە کورتی سروشت و شێوەی ناوبانگ لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی شاشەی مەجازیدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، کە خەریکە لە شێوەی هەرەمییەوە دەگۆڕێت بۆ شێوەی گۆڕ و کەسانی ئاسایی دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت کە “ناوبانگ”بن و ببنە مرۆڤی “سوپەر”. مەودای ژیانی تایبەتی مرۆڤ، بە واتایەکی تر مەودای ژیانی تایبەتی، بەرتەسکتر دەبێتەوە. خاوەن زانیاری و تەکنەلۆژیا خەریکە دەبنە بەهێزترین بڕیاردەر لە کۆمەڵگەدا. پەیوەندی خێزانی، خزمایەتی و هاوڕێیەتی یان پەیوەندییەکان لاواز دەبن. لە کاتێکدا کۆمپانیاکانی زانیاری و پەیوەندیکردن بە سەرقاڵکردنی سەرنج و پاشان مامەڵەکردن بۆ ئامانجەکانی خۆیان، دەستیان بەسەر کۆمەڵگەدا گرتووە، بەڵام پێشتر تاکەکانیان کردووە بە بینەرێکی پاسیڤ. “ماندوێتی” بووەتە باوترین حاڵەت لە ناو ئێمەدا. ژیانمان پێشتر لەلایەن شاشەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە کە بەردەوام بە دوگمەی لایک و داواکاری هاوڕێیەتی و داواکاری فۆڵۆو مامەڵە دەکەن، “قۆناغێکمان پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی ئینتیماکانمان لەگەڵ کەسانی دیکەدا هاوبەش بکەین، یان ژیانمان داوەتە دەستیان جا پێمان خۆش بێت یاخود نا. بە بێ هەستکردن خەڵکانی دیکە ژیانمان ئاڕاستە دەکات. ئەم شتانەی کە دەستیان بەسەر ژیانماندا گرتووە، شاشەکان، ماندوومان دەکەن و هەر جارێک سەیری دەکەین دڵۆپێک لە ژیانمان لەدەست دەچێت، هەرچەندە هەموو شتێک دەزانین، بەڵام لە خەسارداین بۆ ئەوەی بزانین بەرامبەر ئەمە چی بکەین. ڕەوت، لە ڕووی ئەکادیمییەوە، “پێکەنینی شاشەی ئەبستراکت” دەبیندرێت.

بە شێوەیەکی مەجازی هەموو بوارەکانی کۆمەڵگە تا ڕادەیەک گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
ئاوێنەی شاشەی مەجازی بەتەواوی سەرنجی عەقڵی مرۆڤ بۆ خۆی ڕادەکێشێت، نەک بیرکردنەوەی عەقڵ، بەڵکو بەبینی چاو، و بیستن. بە واتایەکی تر خاڵی بنەڕەتی کردار چاوە، نەک عەقڵ یان بیرکردنەوە. لەم پرۆژەیەدا سەیرکردن و بینین و بیستن گرنگە نەک بیرکردنەوە و چاودێریکردن. لەم ئاوێنەدا چاو لە ئامرازی فێربوون و چاودێریکردن دوور دەخرێتەوە، و دەکرێتە ئامرازی ئارەزوو و شەهوەت. ئەمەش بە سروشتی مرۆڤ زیاتر خۆپەرست و تێرنەبوو و بێباکانە و مەیلی توندوتیژی زیاتر دەکات. لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ پەیوەندی خۆی لەگەڵ خۆی، لەگەڵ ئەوانی تر، لەگەڵ کۆمەڵگە و لەگەڵ گەردوون دادەمەزرێنێت، نەک لەسەر بنەمای ڕاستی، بەڵکو لەسەر بنەمای وێنە و ڕواڵەت. چونکە ئەم سێبەرە زاڵە بەسەر ژیانی مرۆڤدا، تێگەیشتنی عەقڵ لاواز دەکات و تێگەیشتنی دڵ لەناو دەبات. ئەمە زانراوە مرۆڤ کەسێکی تێگەیشتووە و تێگەیشتن لە زانیارییەوە سەرچاوە دەگرێت. مەعریفە چەمکێکە لە بوارەکانی وەک لۆژیک، مەعریفە، فەلسەفە، دەروونناسی. مرۆڤ بە عەقڵ و دڵ و بیرکردنەوەکانی خۆی و کۆمەڵگە و جیهان هەست پێدەکات، واتە مرۆڤ بوونەوەرێکی هەستپێکەرە. مرۆڤ پێویستە بە هۆشیاری تەواوەوە مامەڵە بکات. بە واتایەکی تر مرۆڤ دەبێت بە عەقڵ و دڵی خۆی هەست پێبکات نەک تەنها بە وێنەکێشانەکانی و تەنانەت بە چاوەکانی. کاتێک مرۆڤ بە تێگەیشتنێکی گشتگیرەوە مامەڵە دەکات، دەتوانێت ماددە و مانا، فیزیا و میتافیزیک بزانێت.
تێگەیشتن بەسەر سێ بەشدا دابەش دەکرێت: تێگەیشتنی هزری، تێگەیشتنی هەستەوەری و تێگەیشتنی سۆزداری. تێگەیشتنی فیکری ئاماژەیە بۆ گەیشتن بە بنچینەی کێشەکە لە ڕێگەی بیرکردنەوە و ئیستدلالەوە، دڵ ئاماژەیە بۆ تێگەیشتن لە کێشەکە لە ڕێگەی حیکمەت و عەقڵەوە بە یارمەتی تێگەیشتنی فیکری. تێگەیشتنی هەستیاری ئاماژەیە بۆ زانینی شتەکان لە ڕێگەی پێنج هەستی بینین، بۆنکردن، دەست لێدان، بیستن و تامکردن. تێگەیشتنی سۆزداری تەنیا دەکەوێتە ژێرکاریگەری بینی یان بیستن واتە شاشەی مەجازی خۆڵەمێشی تەنها یەکێکە لە هەستە بینراوەکانمان، کە سەرنجی لەسەر وێنە و شێوە و دەنگەکانە. هەر لەبەر ئەمەشە کە تێگەیشتنێکی وردە. کاتێک تێگەیشتنی بینراو زاڵ دەبێت، مرۆڤەکان مەیلیان هەیە بۆ هەستکردن بە هەموو ڕاستییەک بە وێنە و فۆرم و ئەوەی لە تێگەیشتنی مرۆڤدا گرنگە وێنەیە نەک ڕاستی. هەر وشەیەک، قسەیەک یان گفتوگۆیەک کە دەبیسترێت سنووردارە بە وێنە، چاوی مرۆڤ کەڕ دەبێتەوە بەرامبەر بەو شتانەی کە دەیبینێت و گوێچکە مەیلی لاواز دەبێت دەکەوێتە ژێر ڕکێفی ئەوەی هەیە کە دەیبینێت نەک ئەوەی دەیبیستێت. تێگەیشتنی بینراو هەموو وێنە و تێگەیشتنەکان کۆنتڕۆڵ دەکات. وێنە و فۆرم و وێنە جێگەی حەقیقەت دەگرێتەوە و نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت، بۆیە زۆربەی ئایینەکان لەپاڵ فۆرمە ئایینەکانیان زۆرتین تەرکیزیان دەخەنە سەر فیلم و وێنە و واتە بۆ سەرنجڕاکێشانی پەیڕەوکارەکانیان چیڕۆک و ئامۆژگارییەکانیان بە وێنە و دەنگ دەگێڕنەوە. ئەمەش لەئایینی جوولەکە و مەسیحی و ئیسلام بە ڕوونی دەردەکەوێت. تەنانەت کە لە کڵێسا یان پەرستگای بوداییدا ئەوە وێنەیە کە بابەتی پەرستنە. شیعر، ئەدەب، فۆلکلۆر و هونەر بەهۆی ئەم شاشە خۆڵەمێشەوە چیرۆک گێڕانەوەکان لاواز دەبن.
ئێستا دەستەواژەی وەک سادەیی دیجیتاڵی، دیتۆکسی دیجیتاڵی و هاوسەنگی دیجیتاڵی دەبیستین. ئێمە بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێین بۆ دەربازبوون لەو دیجیتاڵ یان شاشانەی کە ئەوەندە بە قووڵی لە ژیانماندا چەسپاون. ئەم هەوڵە چڕتر بووەتەوە، بەتایبەتی لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆڕۆنادا، بەهۆی مانەوەی مرۆڤەکان بەندکردنیان، لەماڵەوە کاتی زیاتری پێداوون کە سیەرکەری شاشەکانبن ئەمەش وامان لێدەکات زیاتر ئالوودەی شاشەکان ببین، چەندین کتێب و بابەت و کۆنفرانس و پۆدکاست لەسەر زاڵبوون بەسەر ئالوودەبوونی شاشەدا لە جیهان بڵاوکراونەتەوە. بەڕای من کارپێکراوترین بۆ ئەم مەبەستە کتێبی “مینیمالیزمی دیجیتاڵی” کال نیوپۆرتی ئەکادیمی ئەمریکییە، کە لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی میترۆپۆلیسەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی چەند زمانێکی دیکە. ئەم کتێبە نەخشەی ڕێگایەکمان بۆ دابین دەکات بۆ زاڵبوون بەسەر ئالوودەبوونی شاشە و ماندوێتی دیجیتاڵی. ئەم فەلسەفەیە لەسەر بنەمای بنەمای کەمترکردن، زیاترکردنە لە پەیوەندیمان لەگەڵ ئامێرە دیجیتاڵییەکان، ئەو بەهایانەمان پێدەبەخشێت کە بەڕاستی باوەڕمان پێیانە، وەڵامی ڕوونمان پێدەداتەوە سەبارەت بەوەی کە پێویستە کام ئامێر بەکاربهێنین و چۆن، هەروەها هەموو ئەو شتانەی کە هەمانە لەبیر دەکات بۆ وازهێنان و ئەو تێچوونانەی کە لە ئەنجامی وەرگرتنی ئەم شێواز و چارەسەرانەدا داومانن.و ڕێوشوێنی پێشنیار دەکات بۆ ئەوەی پەشیمان نەبینەوە لە جیابوونەوەمان لێیان.
هەروەها کاریگەری پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا، دیاریی سلیکۆن ڤالی بۆ مرۆڤایەتی، لەسەر ژیانمان، مشتومڕی گەرمی لەسەرە. لە ئێستادا چێژ لە بەکارهێنانی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای وەک ئینستاگرام و تویتەر و یوتیوب و فەیسبووک وەردەگرین. بەڵام هێشتا ناتوانین لە ناوەوە دڵخۆش بین، لە لایەک چێژ و ناڕەحەتی لە لایەکی تر ئەزموون دەکەین، واتە لە حاڵەتێکی دەرونی دژبەیەکدا دەژین. فیلمی دیکۆمێنتاریی نێتفلێکس (دووفاقی کۆمەڵایەتی)، (The Social Dilemma) سەرچاوەیەکی گەورەیە بۆ تێگەیشتن لە عەقڵیەتی ناکۆکمان. لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریدا کە پێکهاتووە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ کارمەندانی پێشووی کۆمپانیاکانی گەنج و پیری، کۆمپانیاکانی گووگڵ، فەیسبووک، ئینستاگرام، تویتەر و یوتیوب، کە پێشتر هەموومانیان سەرسام کردووە، سیلیکۆن ڤالی دەڵێت: چۆن ئەم تەکنەلۆژیایەی پلاتفۆرمانەی کە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە پەرەی پێدراوە دەتوانن کاریگەری نەرێنی لەسەر تاک و کۆمەڵگەکان هەبێت. “ئەگەر پارە نەدەیت بۆ ئەو بەرهەمەی کە بەکاریدەهێنیت، هەڕمێنی باشتر دەبێت، گەرهاتوو بە پارە و فیزاکارت بێت، دیسان ئالوودەبوو دەچێت دەیکڕێت، ڕەنگە بە هەمان شێوە هەر کێشەکە بەردەوام دەبێت!” وای دەبینم کە گرانکردنی نرخەکانشی بیرۆکەیەکی باش نابێت. ئەم جارە شکاندن و دزەکردنی نایاسایش بەرۆکی بابەتەکە دەگرێت. ئەم دۆکیۆمێنتارییە جوان دەچێتە ناو ناخی کێشەکە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا کاریگەرییەکی قووڵیان هەیە نەک تەنها لەسەر دەروونی تاکەکان، بەڵکو لەسەر دەروونی گشتی کۆمەڵگەش. جەخت لەوە دەکرێتەوە کە لە دونیای ئەمڕۆدا کە سیاسەتمەدارانی پۆپۆلیستی و ڕەگەزپەرست و دیکتاتۆر پێشەنگایەتی دەکەن، ئەم پلاتفۆرمانە زیاتر دابەشبوون لە کۆمەڵگەدا گەورەتر دەکرێن و تیۆری پیلانگێڕی بەرز دەکەنەوە و مرۆڤەکان لە ڕاستی (شێواندن، هەڵخەڵەتاندن، دەستکاریکراو) لەبری ئەوەی سروشتی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان بزانێت، دوورت دەخەنەوە. بە بڕوای کۆمەڵناسیانەی کاریگەر ژان بۆدریلارد، ئێمە تەنیا ئاگاداری “سێبەر”ی حەقیقەتین. تایبەتمەندییەکی سەرەکی ئەم کۆمپانیا ئایتییانە کە بە بەرهەمی “ئەندازیاران و بازرگانان” ناسراوە، ئەوەیە کە ئەو تەکنەلۆژیایەی کە بەرهەمی دەهێنن ماندوو نەناسانەکاری لەسەر دەکەن و پێشی دەخەن. بیر لە زیانەکانی ناکەنەوە، چونکە ئەمە کارامەترین ڕێگایە بۆ ئەوەی ئەم کۆمپانیایانە پارە پەیدا بکەن.
یەکێک لەو گرفتە سەرەکیانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبێتەوە دیاردەی سەرنجدان و سەرقاڵکردنە کە لە منداڵ و گەنجی تازە پێگەیشتوودا بەهێزترە. ئەو کۆمپانیایانە کە پێشتر باسمان کرد، پێشتر سەرنجی ئێمەیان بۆ خۆیان ڕاکێشاوە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی کۆمپانیای دیلۆیت ڕیسێرش لەسەر بەکارهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکان لە جیهاندا، بەکارهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکان لە هەر خولەکێک، سەیرکردنی مۆبایلە زیرەکەکان دەبێتە هۆی کێشەی دەروونی و هزری و سۆزداری و جەستەیی لە کەسێکدا. ئێدوارد تافتەر، پرۆفیسۆری ئەمریکی لە زانستی کۆمپیوتەر، لە فیلمە دیکۆمێنتارییەکەدا ڕایگەیاندووە، “دوو پیشەسازی هەن کڕیارەکانیان بە بەکارهێنەر ناودەبەن و ئەمانەش پیشەسازی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و پیشەسازی نەرمەکاڵاکانن”، ئەمەش ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەم ڕاستییە دڵتەزێنە. زۆربەمان مەترسییەکانی ئالوودەبوون بە شاشە دەزانین، بەڵام هێشتا کۆڵ نادەین و بەردەوام دەبین لە چێژوەرگرتن لە شاشە. دەتوانین بە وتەی ئیبن خەلدون، یەکێک لە دامەزرێنەرانی زانستەکانی وەک کۆمەڵناسی و فەلسەفەی مێژووی ئیسلامی، “مرۆڤ منداڵی خووەکانە”. ئەم دۆخە عەقڵیەتی تاوانباریشمان چالاک دەکات. کال نیوپۆرت ئەو پارادۆکسە ڕوون دەکاتەوە کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: “بێگومان کەس بە مەبەستی لەدەستدانی کۆنترۆڵ ناچێتە ناو ئەم جیهانە. هەموو کەسێک هۆکاری باشی هەیە بۆ ئەوەی سەرەتا ئەپێک دابەزێنێت و ئەکاونتێک دروست بکات، بەڵام دواتر بە تەواوی نوقم دەبێت لە جیهانی سەرنجڕاکێشی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا. مرۆڤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و کەسانی دیکە ناوی خۆی تۆمار دەکات بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێکانی ئەودیوی جیهان، دوای ماوەیەک لە هەست و سۆزەکانی ئەم جیهانە ئەفسوناوییەدا دەخنکێن و بە تەواوی هاوبەش و خۆشەویستان و هاوڕێ نزیکەکانی لەبیر دەکەن.
ئەمڕۆ نەوەی نوێی “نیۆ-لودیتەکان” هەیە کە دەڵێن نابێت هەر تەکنەلۆژیایەکی نوێ لە تەکنەلۆژیای مۆدێرن بەکاربهێنرێت، هەروەها هەوادارانی “خووی ژمارەیی” کە جەختیان لەسەر سپاردنی هەموو شتێک بە تەکنەلۆژیا نوێیەکان لە ڕێگەی هەستەوەر و شتە لەبەرکراوەکانەوە هەیە، دوو ڕەوتی توندڕەو سەریان هەڵدا.
یەکەم: فەلسەفەی سادەیی دیجیتاڵی ئامانجی ئەوەیە هاوسەنگییەک لە نێوان ئەم دوو توندڕەوییەدا دروست دەکات.
دووەم: زەمینەیەکی ناوەڕاست، ئەگەر بڵێین. سادەیی، فەلسەفەی بنەڕەتی بزووتنەوەی سادەیی، بنەمای سادەیی دیجیتاڵیش پێکدەهێنێت. بەم پێیە سادەیی دیجیتاڵی خۆی بەم شێوەیە پێناسە دەکات: ئەمە فەلسەفەیە سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە کاتەکانت وەربگریت، سەرنجت لەسەر ئەو شتانە بێت کە بەهایان پێدەدەیت، لەسەر بڕیار و چالاکییە هۆشیارەکانت، هەروەها فێربوون لەوەی کە وازی لێهێناوە بۆ ئەوەی لە ئالوودەبوون بە شاشە ڕزگارت بێت.
فەلسەفەی سادەیی دیجیتاڵی نیۆپۆت شێوازێکی نوێی ژیانە کە پەیوەندی نێوان تەکنەلۆژیا و مرۆڤەکان ڕێکدەخات، ئامانجی باشترکردنی کوالیتی و ئاستی ژیانی مرۆڤە، نەک میتۆدێک کە بۆ ماوەیەکی کاتی خوێنەران هان بدات و بارگرانییەکی قورس بسەپێنێت و پزیشکی ناچاری جێبەجێ بکات.
شێوازەکان سێ بنەمای سەرەکی هەیە:
یەکەم: تێچووی زۆری، واتە داکۆکیکارانی سادەیی دیجیتاڵی باش ئاگادارن کە بەسەربردنی کات و سەرنج و سەرنجدان لەسەر ئامێر و ئەپ و خزمەتگوزارییە زیادەکان دەتوانێت دەرئەنجامە نەرێنییەکانی هەبێت. کاریگەری زۆر هۆکار توانای لەناوبردنی سوودەکانی هەر خزمەتگوزارییەک یان زانیارییەکی هەیە. بە کورتی هەبوونی زیاتر لە شتێک بەو مانایە نییە کە سوودی هەبێت یان باشە.
دووەم: بنەمای دووەم ئەوەیە کە باشکردن گرنگە و سادەخوازە دیجیتاڵییەکان دەزانن کە بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئایا تەکنەلۆژیایەکی دیاریکراو بۆ شتێکی بەهای ڕێژەیی بەسوودە یان نا، تەنها هەنگاوی یەکەمە. بە وردی ڕەچاوی ئەوە دەکرێت کە چۆن ئەم تەکنەلۆژیایە بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی بە باشترین و کاراترین شێوە ئەم سوودانە بەدەست بهێنرێت.
سێیەم: سادەیی دیجیتاڵی داوای ئەوە دەکات کە مرۆڤەکان لە کاتی هەڵبژاردنی تەکنەلۆژیادا بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە بکەن، ئامێرە تەکنەلۆژییەکان بە شێوەیەکی دروست و گونجاو و لەسەر بنەمای بەهای مەبەستدار بەکاربهێنن. جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەکنۆلۆژیا کە ڕاستەوخۆ سوودی لێ وەرناگرێت و بەها بۆ ژیانمان زیاد ناکات، نابێت هیچ جێگەیەکی لە ژیانماندا نەبێت. زانیارییەکی زۆر لەخۆدەگرێت کە چۆن ڕێوشوێن و بەکارهێنانە پێشنیار کراوەکان دەتوانن یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتر و مانادارتر بژین. سەیرکردنی ڤیدیۆی کۆمیدی لە یوتیوب بۆ ماوەی کاتژمێرێک ماندوومان دەکات، بەڵام فێربوونی چۆنیەتی گۆڕینی ماتۆڕی، موبەڕیدەیەک، هەوادارێکی تەکنیکی لە یوتیوبەوە یان سەیرکردنی ڤیدیۆی پەیوەندیدار بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر بابەتێکی دیاریکراو سوودی زیاتری دەبێت بۆ ئێمە. یەکێک لە بناغەکانی سادەیی دیجیتاڵی تێگەیشتنە لەوەی کە بەکارهێنانی بە ئەنقەست و وردی تەکنەلۆژیا نوێیەکان ئەنجامێکی باشتر لە دوژمنایەتی تەکنەلۆژیا یان بەکارهێنانی بێ پێشوەختەی هەر تەکنەلۆژیایەکی نوێ بەرهەم دەهێنێت. فێربوونی کاتێکی سەربەخۆ بۆ خۆت و دوورکەوتنەوە لە گەڕانی بێ ئامانج لە سۆشیال میدیادا. بەپێی ئەو پرەنسیپەی کە هەموو شتێک لە دونیادا بۆ مرۆڤە، پێویستە سۆشیال میدیا و تەکنۆلۆژیاکانی تر وەک ئامرازێک ببینین، هەوڵبدەین وایان لێبکەین بۆ مرۆڤ کاربکەن و خۆمان بەدوور بگرین لە کردنی مرۆڤ بە کاری ئەو شتانەی کە دروستیان کردووە.

سەرچاوەکان
كتاب بعنوان “إدمان الإنترنت” للأستاذ الدكتور محمد شاهين. دار العلوم العربية للنشر والإعلام بجمهورية مصر العربية ٢٠١٦.
کیتاب اعتیاد به اینترنت نووسندە: سمیه جگتایی ناشر: پادینازبان: سال چاپ:١٣٩٩.
https://www.thesocialdilemma.com/ The Social Dilemma
Digital Minimalism: Choosing a Focused Life in a Noisy Cal Niporti – February 5, 2019




بابەتێک لەسەر سەرپۆش فڕەدان و دژکردەوەی کۆماری ئیسلامی.. خەلیلی غەزەڵی

«سەرپۆش»(حێجاب) تەنافێک لە ملی کۆماری ئیسلامی

پاش زیاتر لە چوار دەیە حکمڕانیی ئیسلامی سیاسی لە ئێران و هەوڵدان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتێکی رەشی دواکەوتوو لە شکڵی «شوان و مێگەل» دا، ئیمڕۆ لە راوەستانێکدا دەبینی کە کوشتنی جەنایەتکارانەی کچە کوردێک(ژینا) بەیەکجاری هەموو رێسە ئیدئۆلۆژیکیەکانی حکومەتی کردەوە بەخوری و شۆڕشێکی سیاسی ـ کۆمەڵایەتیی بەناوی «ژن ژیان ئازادی» هاتە ئاراوە کە لەماوەیەکی زۆر کورت دا کۆمەڵگەی ئەم دیو بۆ ئەو دیو کردوە.
هەر لە کاتی ناشتنی تەرمی ژیناوە، سنەی پێشەنگ هاتە سەر شەقام و کور و کچ پێکەوە بە دروشمی ژن ژیان ئازادی شۆڕشێکی نوێی مەدەنی و سەردەمیانەیان دژی دەسەڵاتی رەشی حکومەتی دینی بانگەواز کرد.هاوکات لە گۆڕستانی ئایچی(سەقز)یش کچان و کوڕان بەهەمان شێوە هاتنە سەر شەقام و لە ماوەیەکی فرە کوردتدا، بڵێسەی گڕ و قین و مافخوازی کچان و کوڕانی کورد وەک گڕکانێکی پەنگ خواردوو تەقیەوە و سەرانسەری کوردستان و لەوەش فراوانتر ، ئێرانی گرتەوە . کە پاش ماوەیەک سنوورەکانی ئێرانیشی تێپەڕاند و دونیا پێشوازیی لە حەرەکەتی ژن ژیان ئازادی کرد ، کە ژن بە پشتیوانیی کەم وێنەی کوڕان و پیاوان، پێشەنگایەتی دەکرد و حکومەتی جەهل و جەنایەتی لە کونجی کۆنەپەرستانەی خۆی پەساوتبوو و بە تەوژمی هێندە بەرەو پێش هەنگاوی نا کە بوە راپەڕینێکی گشتی و لە پڕۆسەی خۆیدا وەک «شۆڕشی ژن ژیان ئازادی» پێناسە کرا. شۆڕشێک کە تەنانەت سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی و زۆررێک کۆڕ و ناوەندی لە سەرتاسەری جیهان بۆلای خۆی راکێشا.
ئەم شۆڕشە گەرچی بە زۆر هۆ ی وەک ئاسۆیی بوون ( کە ئەزموونێکی نوێ لە حەرەکەت دژی کۆماری ئیسلامی بوو) و نەبوونی رێبەریەکی تۆکمە، قەتیس مان لە خۆپیشاندانی شەقام و پەل نەکوتان بۆ بواری دیکەی ئیعتراز وەک مانگرتن، بەستنی دەمارەکانی ئابووری و… پاش شەش مانگ حکومەت توانی بە سەرکوتی خوێناوی و بە رەچاوکردنی سیاسەتی گرتن، ئەشکەنجە ، دەسدرێژیی و کوشتاری بێڕحمانە خۆی کۆ بکاتەوە و شکڵی ئیعترازی خیابانی مەهار بکات، بەڵام بەهێچ شێوەیەک بە سەر ئەسڵی حەرەکەتەکەدا زاڵ نەبوو. ئەوەبوو شێوەیەکی دیکە لە ئیعیتاز بە شێوەی «نافەرمانی مەدەنی» دەستیێکرد. گەرچی هەر لە سەرەتاکاندا حکوومەت «رەوایەتی» (مەشرووعیەت)ی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە چوە ژێر پرسیارەوە و بێ ئیعتبار ببوو، بەڵام درێژەی حەرەکەتی نافەرمانی مەدەنیی و دژایەتی کردنی بە فڕەدانی سەرپۆش، ئەوەندەی دیکە ئیعتبار و مەشرووعەتیان لە دەسەڵاتی ئیسلامی سڕیەەە.
حەرەکەتی نافەرمانی مەدەنیی بەتایبەت لە بواری سەرپۆش(حێجاب) فرەدان و گشتگیر بوونی ئەم دیاردەیە کە هەر لە سەرەتاوە ببوە گرفتێکی گەورەی حکوومەت، ئەمجار وەک رێبازێکی کەم هەزینەتر لە ئیعترازی خیابانی، بەربینگی بە دەسەڵات گرت و هێندەپەرەی ئەستاند کە حکومەت و هێزی سەرکوتی لەبەرابەریدا ئیفلیج بوون. گەرچی حکومەت بێکار دانەنیشت و لەو ماوەدا درێژەی بە گرتن و جەریمەکردن و لێدان و بەردانی «سەگەکانی خۆی»(بەسیج و لیباس شەخسی و لات و لومپەنی سازماندراو)بۆسەر گیانی خەڵک بەتایبەت لاوان، درێژەی داوە. بەڵام ئیستا کە دەبینێ هیچکام لەو زەبر و زەنگ و سیاسەتی سەرکوتە کاریگەر نەبوە و تا دێت شەپۆلی نافەرمانی بەرفراوانتر دەبێ و شیرازەی دەسەڵاتەکەی و نوێنگەی ئیدئۆلۆژیەکەی( دژایەتی ژن لە شکڵی حیجابی ئیجباری دا)وەمترسیی جیدی کەوتوە، لەم رۆژانەدا کەوتوەتە لەشکەرکەشیی یەکلاکەرەوە. ئەوەیە کە هەموو سەرکردەکانی بە کەف چەراندن کەوتوونەتە بێحورمەتی بە ژن و هەرشە و گوڕەشە و بەتەواوی هێز وتوانەوە هاتوونەتە مەیدان بۆ بەرگری کردن لە «بێ حێجابی» و سەرکوتی یەکجاریی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی.تا ئەو رادەیە کە ئیمڕۆ ئێران بوەبە مەیدانی ریزبەستی شەڕ. واتا شەڕی دەسەڵات دژی کۆمەڵگە کە نوێنگەکەی(حێجاب)ی لە زبڵدان خستوە.
وەک دەزانین دژایەتی کردنی ژن و مافەکانی بوەبە ئیدئۆلۆژیی حکوومەتی ئێران ، هەر ئەوەشە کە ئەم شەپۆلە لە نافەرمانی( فرە دانی سەرپۆش) بە مەترسیی لەسەر دەسەڵاتەکەی دەبینێ. بۆیە بەتەواوی هێزەوە وبۆ یەکلایی کردن و سەرکوتی یەکجاریی «ژن ژیان ئازادی» هاتوەتە مەیدان. کە لە چەند رۆژی رابردوودا مەودای سەرکوت و هەڕەشەی گەیاندوەتە ئەوپەڕی خۆی. کە ئێمە لە داخستن و پلومپ کردنی دوکان و بازار و پاساژەکان و گرتن یا جەریمەکردنی ژنان و رەشبگیریی لە شەقامەکان دەیبینین. ئەوەی روونە ، بێگومان حکوومەت ناتوانێ لەم قۆناخە هەستیارەی سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی خۆی دەرباز بکات. گەرچی بەتەواوی هێز و توانەوە بۆ سەرکوت هاتوەتە مەیدان و رەنگە بتوانێ بۆ ماوەیەکی کورت بە رژاندنی هەزاران و سەدان هەزار هێزی سەرکوتگەر شەقامەکان داگیربکات، بەڵام بە دڵنیایەوە کاتی دەبێ و هێزی بزوێنەری «ژن ژیان ئازادی » دیسان وەک گڕکان بڵێسە دەستێنێتەوە و تەوار و هەڵۆەکان شەقام داگیر دەکەنەوە و ئەم پڕۆسەیە تا گۆڕ کردنی ئیسلامی سیاسی درێژەی دەبێ.
ژن ژیان ئازادی




گفتوگۆیەک لەگەڵ شەهریار لە ڕادیۆی هەمسەدا(هاودەنگ).. مەنسور حکمەت

وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

دەقی نوسراو

شەهریار: بەڕێز مەنسور حیکمەت، سڵاوت لێدەکەم و زۆر سوپاس بۆ میهرەبانیت و قبوڵکردنی بانگهێشتنامەکەمان بۆ چاوپێکەوتن.
مەنسور حیکمەت: زۆر سوپاس. سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم.

شەهریار: تکایە. هەروەک هەموو گوێگرانمان دەزانن کاک مەنسوور حیکمەت یەکێک لە تیۆریست و ئایدۆلۆژیستەکانی چەپی سیاسی ئێرانە و ئەمڕۆش بەدەر لە مەسەلە حیزبی و تەشکیلاتی و رێکخراوەییەکانیان، لەگەڵ کاک حیکمەت لە پرسگەلێکی دیکەدا، لەوانەش مێژوو، فەلسەفە، پرسیارمان هەیە ، هونەر، ڕۆشنبیری، و ئەدەب.ئێمە دەبێت و بە دڵنیاییەوە گوێگرانی ئازیزمانیش کاتیان دەبێت بۆ بەشداریکردن لەم چاوپێکەوتنەدا.

یەکەم پرسیارم بۆ تۆ کاک مەنسور حیکمەت ئەمەیە؛ ئەگەر مەنسوور حیکمەت نەبوایە بە ئایدۆلۆژیستێکی سیاسی و ڕێکخەری حیزب چی دەبوو؟ ئایا تۆ شاعیر دەبوویت؟ ئایا تۆ ڕۆماننووس دەبیت؟ ئایا تۆ ڕەخنەگری ئەدەبی دەبیت؟ ئایا مێژوونووس دەبوو یان فەیلەسوف؟

مەنسور حیکمەت: ئەوەی من دەمویستم و حەزم دەکرد ببومایە بەچی، یەک باسە و ژیانم بە چ ئاراستەیەکدا دەڕۆیشت، ئەگەر ئەو مەرجانە نەبوونایە، باسێکی دیکەیە. لەڕووی بابەتییەوە ئەگەر شۆڕشی ئێران ڕووی نەدایە و ئێمەش لە نزیکی ڕووداوە سیاسییەکانی ئێراندا نەبوینایە، ڕەنگە من کارێکی زانکۆییم هەبوایە و ڕەنگە لە زانکۆیەکی ئەورووپا وانەی ئابووری بوتایەتەوە. ئەمە ئەگەرێک بوو کە خەریک بوو نامێنێت. بەڵام من چیم دەویست؟ بەرژەوەندییەکان تەنیا تاکەکەسییە و شتێکە کە دواتر لە مندا گەشەی کرد، پێموایە پێش هەموو شتێک بەدوای مۆسیقادا دەگەڕام.

شەهریار: سەلیقەت بۆ موزیک یان شارەزایت لە مۆسیقا، ئایا لە ڕووی سۆزدارییەوە مەیلی ئەوەت هەبووە یان لە ڕاستیدا بەهۆی ئەو پێگەیەوە بوو کە مۆسیقا لە جیهانی ئەمڕۆدا وەک هونەرێک هەیەتی؟

مەنسور حیکمەت: من ئەوەندە بە ئاگاییەوە بیرم لەم بابەتە نەکردۆتەوە. بۆچوونی من ئەوەیە کە لانیکەم لە نێو بوارە هونەرییە جیاوازەکاندا، لە نێو هونەرە جیاوازەکاندا، لە نێو پراکتیزە هونەرییە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگادا، مۆسیقا ئەو شتە بوو کە زۆرترین کاریگەری لەسەر من هەبوو و منیش بە شێوەیەکی شەخسیی ئەوە سەرنجی ڕاکێشام.

هەروەها ئێمە سەر بە نەوەیەک بووین، منیش بە شەخسی سەر بە قۆناغێک و فۆرمێکی دیاریکراوی کولتوور بووم، کە هاوکات بوو لەگەڵ شۆڕشێکی مۆسیقی لە ئەوروپا. ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی مۆسیقای ڕۆک و پۆپ و بە جۆرێک بلوز لە ئاستێکی فراواندا لە نێو گەنجانی ئەو قۆناغەدا و ئەم کاریگەرییەشی هێندە لەسەر من هەبوو کە سی ساڵ لەمەوبەر بووم بە( هەواداری)Fanی تیپە پۆپەکان.و ڕۆکەکان وە کاریگەرییەکەی بەم شێوەیە بوو لەسەر کەسێک کە ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە دەبێتەوە، ئەو حەزی لێیە. هەرگیز دانەنیشتم بۆ ئەوەی مۆسیقا وەک هونەرێک بخوێنمەوە، لانیکەم بنەما تیۆریەکانی. لە ڕووی جۆر و تیۆری مۆسیقای باشەوە، شتێک دەزانم، بەڵام بەو شێوەیە بەدوای مێژووی مۆسیقادا نەکەوتووم، بەڵام مۆسیقای پۆپ و ڕۆکی ڕۆژئاوایی دەزانم، تا ڕادەیەک مۆسیقای بلوز دەزانم، حەزەکانیشم وا بووە بەجۆرێک کە دەچم بە گیتار یان فلوتەوە بەدوایاندا بگەڕێم

ئەمەیە کە دە یان دوانزە ساڵ لەمەوبەر زۆرم پێ خۆش بوو بیکەم. بەو مانایە نییە کە مرۆڤ بتوانێت ببێتە مۆسیقاژەنێکی باش. بەڵام من پێم خۆش بوو و ئەگەر بەبێ گوێدانە هەر پرسێکی سیاسی سەیری ژیان بکەم، ڕەنگە ئەوەی بەدوایدا دەگەڕام هەمان مۆسیقای ساڵانی حەفتاکان بێت، بلوز و ڕۆک، کە سەردەمی ئێمەی بە هەموو جیهاندا برد.

شەهریار: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سەردەمە و دیدگای ئەمڕۆت، کاریگەریی کۆمەڵایەتی مۆسیقای مۆدێرن یان ڕۆک و بلوز لە ڕاستەقینەدا چۆن دەبینیت؟ ئایا پێت وابوو ئەگەر ئەم ئمیمکانیەتەتان بۆ بڕەخسایە، تۆ وەک موزیکژەنێکی پرۆفیشناڵ یان ئاوازدانەرێکی پرۆفیشناڵ دەچوویتە ناو گۆڕەپانی مۆسیقا، بەو بیرکردنەوە فەلسەفی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە ئەمڕۆ هەتە، بە هەمان شێوە و لەگەڵیدا هەوڵت دەدا بە هەمان بیرکردنەوەوە سەیری مۆسیقا بکەیت؟

مەنسوور حیکمەت: نەخێر بە هیچ شێوەیەک نا! چونکە پرسیارەکەت ئەوە بوو، ئەگەر من بەدوای سیاسەتدا نەگەڕام و سیاسەت بەسەر ئێمەدا نەهاتبایە چی ڕووی دەدا، بۆیە وەڵامی ئەم پرسیارەی ئێوەم دایەوە.

بەڕای من سیاسەت سیاسەتە و ئەگەر کەسێک بیەوێت سیاسەت بکات وبەشداری لە سیاسەتدا بکات، پێویستە بچێتە ناو هەمان بارودۆخەوە کە ئێمەڕۆشتینە ناوی. واتە بچنە ناو خەباتی سیاسی، بچنە ناو ڕێکخستنەوە، بچنە ناو هۆشیارییەوە، بچنە ناو خەباتی حزبی و بەشداری بزووتنەوەی سیاسی بکەن. ئەگەر موزیکژەنێکی سیاسی بێت، بەڕای من هێشتا بەڕادەی پێویست سیاسی نییە. مەگەر بە ئاگادارییەوە بەشداری لە بزووتنەوەیەکدا نەکات. من لەگەڵ ڕاکێشانی سەرۆکی هونەر بەرەو سیاسەت و ئەو دیاردەیەی کە پێی دەوترێت هونەری پابەند یان بەناو هونەری سیاسی، کە لە ئێران لە هەموو هونەرمەندێک چاوەڕوان دەکرێت هونەرمەندێکی پابەند و خەباتکار بێت. بەڕای من هونەر و مۆسیقا بەتایبەت مۆسیقا مۆسیقایە، سیاسەتیش سیاسەتە! من تێدەگەم مرۆڤ موزیکژەنێکی بەناوبانگ و کاریگەرە و دەتوانێت بە هونەرەکەی تێڕوانینی سیاسی خۆی فراوانتر بکات و یارمەتی ئەو بزووتنەوەیە بدات کە خۆی بە سەر بە خۆی دەزانێت، بەڵام خودی مۆسیقاکە، خودی بەدەستەوەگرتنی سازێک، و ژەنینی ئاوازێک و دانانی ئاوازێک سیاسیکردنێکی پێشڕەوانەی تێیدا نییە.

شەهریار: لەم ڕوانگەیەوە دەگەمە ئەو دەرئەنجامەی کە ئێوە سیاسەت و هونەر لەیەکتر جیا دەکەنەوە، ئایا ئەوە ڕاست نییە؟

مەنسور حیکمەت: بە پێچەوانەوە! سیاسەت و هونەر لەیەک جیا ناکەمەوە. بەڕای من هونەر پێگەیەکی سیاسیش لە کۆمەڵگادا هەیە. من بە جیا باس ناکەم، بەڵکو بە مانایەکی دیاریکراو، کایەی سیاسەت. سەیرکە، ئەگەر کەسێک بیەوێت لە باشووری ئەفریقا بەرەنگاریی ئاپارتایدی ڕەگەزی ببێتەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە چ هونەرێک دەزانێت، یان چ میتۆدێکی هەیە بۆ دەربڕینی هەست و سۆزەکانی لە کۆمەڵگادا، یان چۆن بژێوی ژیانی خۆی پەیدا دەکات، دواجار پابەندە بە بەشداریکردن لە -بزووتنەوەی دژی ئاپارتایدا. ناکرێ بگوترێ تۆ بڕۆ پێشەوە و خەباتی سیاسی-حیزبی خۆت بکە و من لێرەوە، لە دوورەوە گۆرانیت بۆ دەڵێم! دەزانم مۆسیقا ڕۆڵی هەیە و وەک هەر لایەنێکی تری بزووتنەوە و کارلێکی ئینسانی، لە بزووتنەوەی سیاسیشدا جێگەی خۆی دەدۆزێتەوە. بەڵام ئەمە قبوڵ کراونیە کە من، بە زانینی ئەوەی کە دواجار خەباتی سیاسی و لە هەندێک ڕەهەندیشدا تەنانەت سەربازییە، پێویستە بزووتنەوەی سیاسی بچێت بۆ ڕووخاندنی حکومەتەکان، هێزەکان لە سەر ڕێگای خۆی دروبخاتەوە بۆ ئەوەی بە ئامانجەکەی بگات ، با سەرەتا بەهێمنی و لەلای خۆمەوە بڕیار لەوە بدەم من لە ڕێگەی شیعرەکانمەوە یان لە ڕێگەی ئەو ئالەتەی کە دەیژەنیم بەشداری ئەم بزووتنەوەیە دەکەم! دەبێت بچیتە بزووتنەوەی سیاسی و بەشداری تێدا بکەیت، دەبێت ببیتە ئەندام و بەشداری تێدا بکەیت، دەبێت کاری قورس بکەیت. کارێکی زۆر قورستر و دژوارە، بە بڕوای من، دەستپێکردنی بزووتنەوەیەکی سیاسی-حیزبی کە بتوانێت خەڵک یەکبخات، خەڵک بهێنێتە مەیدان، ئەرکێکی زۆر قورسترە لە نووسینی شانۆگەرییەکی سیاسی یان دانانی کۆنسێرتێک کە ئەم بیرکردنەوانە هەندێک جار دەردەبڕران.

شەهریار: بە بۆچونی تۆ ئایا کاریگەری کارێکی هونەری لەسەر ڕواڵەت بەرهەمدار کردنی هزر و ڕێنماییکردنی ئەو هزرە بە ئاراستەی بەناو پێشکەوتنی هۆشیاری ئازادی (بە گوتەی هیگڵ)، ئایا هیچ دژایەتیەک هەیە لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە لەگەڵ بەرهەمە هونەریەکان وەک وبزوتنەوەگەلێک، کارگەلێک کە دەتوانن ئاراستەی سیاسی بە ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکان بدەن؟ ئایا ئەمانە دژ بەیەکن؟
مەنسوور حیکمەت: هیچ دژایەتییەک نییە. سەیرکە لە م نێوەدا شتێک هەیە کە پێم وایە لە مێشکی تۆداشدا هەیە و کەن لەپەیوەند بەوەوە قسەم نەکردووە و ئەویش تاکی هونەرمەندە. لەوانەیە هونەرمەندێکتان هەبێت کە کۆمۆنیست یان فاشیست یان لیبراڵ بێت و لە ئەنجامدا هونەرەکەی بخاتە خزمەت ئەو بزووتنەوەیەی کە سەر بە خۆیەتی. ئەمە یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە ڕەنگە باسی سروشتی سیاسی هونەر بکەین. ئەوەی بۆ نموونە شاعیرێکی دیاریکراو سروودێکی دیاریکراوی نووسیوە و ئەم سروودە کەوتۆتە سەر زمانی هەندێک جەنگاوەر کە بەشداری شەڕێکیان دەکرد، ئەم تێڕوانینە تێڕوانینێکی سنووردارە بۆ پەیوەندی نێوان هونەر و سیاسەت. کە ئەم هونەرە لە ڕێگەی کەناڵی کەسی پەیوەندیدارەوە دەچێتە پاڵ سیاسەتەوە. ئەم پەیوەندییە سنووردارە، چونکە یەکەم ئەرکی بزووتنەوەیەکی سیاسی، گۆرانی گوتن و نووسینی شیعر یان ئامادەکردنی شانۆنامە نییە. بەزۆری ئەرکی یەکەمی بزووتنەوەیەکی سیاسی ئەوەیە کە بچێت و ڕاستەوخۆ دروشم و ئامانجەکانی بە جەماوەری خەڵک بڵێت و بۆ ئەو بەشەی کۆمەڵگە کە حەزی لێیە و هەوڵەکانیشی قەناعەت پێکردن و یەکخستنیانە، بۆ تێپەڕاندنی ئەو پرش وبڵاویانەی کە لە ناویاندا هەیە و هتد. لە ئەنجامدا بە بڕوای من کەس ناتوانێت بێت و بە سادەیی بڵێت هونەر یان فۆرمەکانی هونەر یان دەربڕینی هونەری دەتوانن لە سیاسەتدا ڕۆڵ بگێڕن و بڵێن هونەر خۆی ڕاستەوخۆ وەسیلەیەکە بۆ خۆدەربڕینی سیاسی و پێویستە بچێت لەم کارەدا کار بکات ڕێگا.ئەنجامی دوو برا کە گەورە دەبن، ئەگەر یەکێکیان بچێتە سەر کاری حزبی، ئەوی تریان دەڵێت، باشە، تۆ بڕۆ بۆ کاری حزبی، منیش بەدوای پیشەی هونەریدا دەگەڕێم، و هەردووکمان خزمەتکردنی هەمان ئامانج دەکەین. بزووتنەوەیەکی سیاسی سیاسییە، بزووتنەوەیەکی سیاسییە کە دەبێت لەوە تێبگات کە کام فۆرمی هونەری خزمەتی دەکات. من ئەم مانا سنووردارەی پەیوەندی هونەر و سیاسەت قبوڵ ناکەم، واتە ئەم بەناو لێخۆشبوونە لە خزمەتی سەربازی بۆ شاعیران و نووسەران نادەم، کە لەبەر ئەوەی ئێمە شیعر دەنووسین و خوێندەوارین و فیلم دروست دەکەین، ڕێگەمان پێدەدرێت بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و مانگرتن و پەناگرتن، لە وقسەوباسی چوار ڕیانی بازاڕدا، پێویستە لە بەشداریکردن لە بەشدار بوون لە کۆڕو کۆبوونەوەکاندا بێبەری بین، چونکە کاری ئەدەبی دەکەین. بۆ نموونە کەسێک کە زۆرانبازێکی بەناوبانگە و دەڵێت تەنها لەبەر ئەوەی زۆرانبازێکی بەناوبانگم و خەڵک دەزانن کە من ئەندامی بەرەی نیشتمانیم، خزمەتی خۆمم کردووە. باشە بەرەی نیشتمانی دەیخاتە تەنیشت هەڵسوڕاوەکانی تری خۆیەوە و دەبینێت ڕۆڵی چەندە گەورەیە. بەهەر حاڵ دەمەوێت بڵێم ئەمە لایەنێکی سنووردارە و نابێت قبوڵ بکرێت. پەیوەندی نێوان هونەر و سیاسەت فراوانتر و قووڵترە و بە جۆرێک لە جۆرەکان نائاگایانەترە. هەموو هونەرێک ملکەچی بارودۆخی سیاسی سەردەمی خۆیەتی، فۆرمەکانی دەربڕینی ملکەچی بارودۆخی سیاسی ئەو سەردەمەن، ئەو ناوەڕۆک و تەوەرانەی دەچنە ناو ئەو فۆرمە هونەریانە ملکەچی سیاسەتن و لەو لاشەوە کاریگەری لەسەر جەماوەری خەڵک، عەقڵیەتی گشتی دادەنێت. ئەگەر باس لە موزیک و ئەدەب و شیعر و فیلمسازی و هتد بکەین و پێگەی سیاسەت تیایدا، دەتوانین بە وردی قسە بکەین و پێکەوە کاریگەریی یەکتری ئەمانە لەسەر یەکتر ببینین. دیارە لە سەردەمی ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات و بەناو کۆتایی کۆمۆنیزمدا، من شاهیدی زۆر بزووتنەوە بووم کە کۆمەڵگەی هونەری دژی چەپ ئەنجامیاندا و پێموانییە کەس بە ئاگاییەوە بە خۆی بڵێت کە دەبێ ئێمە بەرنامەیەکی دژە کۆمۆنیست دروست بکەن، شیعرێکی دژە کۆمۆنیست بنووسن، یان ڕۆمانێکی دژە کۆمۆنیست بنووسن. هەمووان ڕەنگدانەوەی کەشوهەوای سەردەمی خۆیان بوون، ڕەنگدانەوەی کەشوهەوای سەرکەوتنی بازاڕ بوون. هەندێ جار، ئەوانەی دژ بە ڕەوتەکە قسەیان دەکرد، هەوڵەکانی چەپی کۆمەڵگاشیان بۆ تەسلیم نەبوون دەگێڕایەوە، بەڵام ئەمە جیاوازە، بینینی پەیوەندی نێوان سەرخانی فکری و هونەریی کۆمەڵگە و سیاسەت جیاوازە لە بینینی چالاکی ڕۆژانەی شاعیرێک یان سینەماکارێک.

بەڕای من ئەمەی دووهەمیان زۆر ڕەوا نییە. ئاواتی ئەوە کە دەیەوێت لە ڕێگەی شیعر و ئەدەب و سینەما و پەیکەرسازییەوە بەشداری بزووتنەوەی دژە ئاپارتاید بکات. هەموو کەسێک بۆی هەیە هەر کارێک بکات، بەڵام بەڕای من بزووتنەوەی دژە ئاپارتاید لە بنەڕەتدا بزووتنەوەیەکی سیاسییە، بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە بنەڕەتدا بزووتنەوەیەکی سیاسییە و بە دڵنیاییەوە پێویستی بە پەیکەرتاش و شاعیر هەیە. بەڵام ئەمە ئەو پەیوەندییە نییە کە شیعر و پەیکەرسازی لەگەڵ کۆمۆنیزم لە کۆمەڵگادا هەیانە.

شەهریار: کاک حیکمەت بۆچی مرۆڤ هۆگری سیاسەت دەبێت؟ چی پاڵنەرێکە هەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ هۆگری سیاسەت بکات؟

مەنسور حیکمەت: پێموایە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەوەی دەیبینێت. مرۆڤ شتێکی نایەوێت و حەزی لە شتێک نییە و دەیەوێت بیگۆڕێت، هەر زوو تێدەگات کە ئەم گۆڕانکارییە ڕووبەڕووی بەرگری ئەو دامەزراوانە دەبێتەوە کە لە بنەڕەتدا پەیوەندییان بە دەسەڵاتەوە هەیە، ڕووبەڕووی دامەزراوە دەوڵەتیەکان دەبێتەوە، ڕووبەڕووی یاساکان دەبێتەوە، ڕووبەڕووی سوپاکان دەبێتەوە، ڕووبەڕووی بیروباوەڕەکان دەبێتەوە.وە پێی وایە بۆ ئەوەی گۆڕین، پێویستە بچێتە ناو پرۆسەیەکی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردانەوە، کە لە بنەڕەتدا شەڕێکە لەسەر هەبوونی دەسەڵاتی قسەکردن و کارکردن لە کۆمەڵگادا، کە دواجار سیاسییە. مرۆڤ دەچێتە ناو سیاسەتەوە چونکە دەیەوێت دۆخی وڵاتەکەی بگۆڕێت.

شەهریار: باشە لێرەوە گەشتینە جێگایەک ئەو مەسەلەیەی کە بە شێوەیەک جێگای سەرنجی منە. پرسیارەکەم بەم شێوەیە دەکەم. ئەگەر سەیری مەسەلەی دەسەڵات و دەستڕاگەیشتن بەدەسەڵات بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمە هەمیشە کێشەیەک بووە لە بواری سیاسەتدا هەروەها کێشەیەک بووە لە بواری بیرکردنەوە و فەلسەفەدا. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەم پرسە چ لە لایەنی کردەیی و چ لە لایەنە عەقڵی و تیۆرییەکەیەوە، بە ئامانجی دابینکردنی ئەگەرەکانی گەیشتن بە خود بووە. لە فەلسەفەی یۆنانی کۆنەوە تا دواین و بەنرخترین بیرمەندەکانی سەردەمی هاوچەرخ، بێگومان بە بۆچوونی من نیچە. پێت وایە گەیشتن بە هێزی سروشتی و ناوەوەی مرۆڤ یان پاڵنەرێکی بەدەست هێنراوە؟
مەنسور حیکمەت: تێناگەم، مەبەستم ئەوەیە، وتم بە بۆچوونی من ڕوونە کە دەسەڵات دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە، بەم مانایە سروشتی نییە. ئەگەر کۆمەڵگا لە دەرەوەی سروشتی مرۆڤ پێناسە بکەین، هەموو پرسی دەسەڵات دیاردەیەکە مرۆڤ ڕووبەڕووی دەبێتەوە و لێی تێدەگات. بەڵام وەک بوونەوەرێکی سروشتی، وەک بوونەوەرێکی بەناو سەر بە سروشت، بیر لە دەسەڵات دەکاتەوە؟ ئەمە پرسیارێکی گریمانەییە. هەریەکێک لە ئێمە کە چاومان دەکەینەوە، هەر لە سەرەتاوە لە دامەزراوەی بنەماڵە، لە کۆمەڵگا و لە قوتابخانە، ڕووبەڕووی پرسی دەسەڵات دەبینەوە و کە ئەم دەسەڵاتە، هەبوونی، وەرگرتن یان ئینکاری لە کەسێک یان بەرەنگاربوونەوەی دەبێت بەشێک لە ژیانمان و ئەوەی کە دڵخۆش بین یان نا، مرۆڤی بەدبەختین، سەرکەوتوو بین یان سەرکەوتوو نەبووین، بەندە بەوەوە کە ئەم دەسەڵاتە چیمان لەگەڵ دەکات و چیمان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە دەکەین. ئێمە لە نەزمێکدا لەدایک بووین کە پێش ئێمە بوونی هەبووە، ئەگەر نەمانەوێت و بمانەوێت تێکی بدەین، پێویستمان بە هێز هەیە. مەبەستم هێز لە ڕەهەندی سیاسی وشەکەدایە. لە ئەنجامدا دەسەڵات، ئۆتۆتیتەی دەسەڵاتی بڕیاردان، سەروەری، ئەمانە دیاردەن کە زۆر بە خێرایی لە مێشکماندا چەسپاون، زۆر زووتر لەوەی هەموومان بیری لێدەکەینەوە. واتە بەڵێ لە دونیادا دەسەڵات هەیە، بەرز و نزمە، یان لەگەڵیدا بنیات دەنێیت یان دژی دەوەستیتەوە و دەیگۆڕیت یان دەستکاری دەکەیت. بەڵام ژیانت بەو فەرمانە دیاری دەکرێت کە پێش تۆ بووە و کاردانەوەت بەرامبەری. ئێمە بۆ خۆمان لە دۆڵ و گردەکاندا دەلەوەڕێین. شتێک هەیە، بینایەک کە دەبێت تێیدا بژین. ئەگەر پێمان خۆش نەبوو، دەبێت بیگۆڕین، ئەگەر بمانەوێت بیگۆڕین، بەرەنگاری دەبێتەوە، تەنانەت ڕەنگە بیانەوێت بێدەنگمان بکەن، ئەم هەوڵە بۆ گۆڕینی جیهان لە هەندێک شوێن و لە هەندێک کاتدا مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکات. دەسەڵات دەستبەجێ بۆ ئێمە دێتە پێشەوە و هێماکەیشی مەقولەی دەوڵەتە. جگە لەوەش با ئەو ڕاستییە پشتگوێ بخەین کە دەسەڵاتی باوکسالاری، خێزان،ئۆتۆریتەی فکری ، سیاسی و ڕۆحی، نۆرم، بیروباوەڕ، نەریت، ئایینەکان، هەریەکەیان بە گشتی ڕێگان بۆ بەسەردا سەپاندنی فەرمانەکانی ڕابردوو و نەزمی ڕابردوو و نەزمی ئێستا بۆ کەسانێکی نوێ کە لەدایک دەبن.تا سەپاندنی بەسەرئەوانەدا. توانایی بەو مانایە بیرکەمەوە، چ دەستکەوتێک بەدەست هێنراو بێت یان چەند سروشتی، هەر لە لەدایکبوونەوە لەگەڵیدا ئاشنادەبین.

شەهریار: بەڵام هەر ئەم شێوە سروشتییە هەندێک جار بەو شێوەیە لێکدەدرێتەوە کە دەکرێت سروشتی مرۆڤیش بێت. واتە بۆ نموونە ئێوەی دوو منداڵی بچووک کە لە باخچەی ساوایان پێکەوە یاری دەکەن و ڕۆژەکانیان پێکەوە بەسەر دەبەن. ئەوان بە بێ هیچ وشیاریەکیان لە دەوروبەریان، واتە وەک ئێمەی گەورەکان نە هەست بەو فشارە کۆمەڵایەتییە دەکەن و نە فشاری ئەوەی کە پێی دەوترێت خێزان هەست پێدەکەن و بەڕێکەوت ڕووبەڕووی خۆشەویستییەکی زۆر دەبنەوە لەلایەن دایک و باوکی خۆیان و دایک و باوکی باخچەی ساوایانەوە. بەڵام کاتێک ئەم دوو منداڵە دێنە پێشەوە بۆ لای بەناو کەرەستەیەکی یاری، یان تەنانەت یارییەکیش نایەتە پێشەوە، و لەگەڵ یەکتردا گاڵتە و گەپ دەکەن، هەندێک جار دەبینیت یەکێکیان هێزی خۆی بەرامبەر ئەویتر بەکاردەهێنێت.

مەنسور حیکمەت: لە هێزی جەستەیی خۆی!

شەهریار: بەڵێ لە هێزی جەستەیی خۆی و لە هەمان کاتدا دەیەوێت بە شێوەیەک دەسەڵاتی فیکری و دەروونی خۆی لە جیهانی منداڵیدا مومارەسە بکات. ئایا بە ڕاستی تۆ ئەمە بە بەدەستهێنان دەزانیت؟

مەنسوور حیکمەت: پێموایە ئەمە بەشێکە لە مەقولەی خۆچاکردن و “خۆ”پاراستنی و بەرگریکردن لەدەسەڵاتی “خۆ”، کە لە کۆمەڵگاشدا هەیە. من ئەمە بە بەدەستهێنان نازانم. پێم وایە کە منداڵ دواجار کاتێک لە مەقولەی”خۆ” تێدەگات و تێدەگات کە “خۆی” و “ئەوانی دیکە”. ئەم سنوورە دەکێشێت ئەوەی کە ئیستا ئەم سنوورە چۆن دەشێوێنرێت و بەرگری لێدەکات، بابەتێکی دیکەیە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە تەنیا لەبەر ئەوەی بوونەوەرێک “خۆی” هەبووە، گیانی هەبووە و ویستویەتی ئەم گیانە بپارێزێت و ویستویەتی پاسەوانی ئەم گیانە بکات ، ئەگەر بڵێین، دەبێت بگەینە ئەو ئەنجامەی مرۆڤ خۆی لەخۆیدا دیکتاتۆرە . بە بڕوای من دەکرێت گیان هەبێت، “خۆ” هەبێت و قەڵەمڕەوێکی پێناسەکراوی بۆ “خۆ” هەبێت، تەنانەت ئەمەش یەکێکە لە لایەنە گرنگەکانی سروشتی مرۆڤە، کە قەڵەمڕەوە سەرەکییەکانی ناسنامەی ئێمەن . ئەو بەشەی ئێمە کە هی خۆمانە و لەگەڵ کەسدا هاوبەشی ناکەین. ئەمە پێناسەی ئێمەیە لە زۆر شوێن، بەڵام ئەوە نایسەلمێنێت کە مرۆڤەکان کە خۆپاراستنیان هەیە و دەیانەوێت خۆیان بپارێزن، دەیانەوێت ڕێگری لە هێرشکردنە سەر خۆیان بکەن، بێ ئەملاولا ئەبێت لە پەیوەندیانەدا بژین کە لەسەر بنەمای ئۆتۆریتە دامەزرابێت، یان ناتوانن جگە لەمانە بن. بە بڕوای من دەکرێت کۆمەڵگەیەکی ئازاد هەبێت و دەکرێت پەیوەندییەک هەبێت کە سەرەڕای ئەوەی مرۆڤەکان دەرک بە هێرشەکانی سەرخۆیان دەکەن و دەرک بە نەبوونی دۆخ و مەودایەک دەکەن بۆ خۆیان ، ئەو میتۆدەیە کە دەیگرنەبەر بۆ فراوانکردنی مەودای کارکردن ژینگەکەیان و گەشەکردنی تواناکانی دەوروبەریان، شێوازەکە دوژمنایەتی دەرەوە نییە، بەڵکو شێوازێکی هاوسەنگە. پێم وایە دەکرێت بیر لەم بابەتە بکرێتەوە. منداڵێک کە چووبێتە باخچەی ساوایان، بە بڕوای من منداڵێکی چوار پێنج ساڵان یان سێ چوار ساڵان، لە مێژە مۆرکی کۆمەڵگای لەسەرە. ئەگەر بمانەوێت بڵێین بەدەستهێنان بەو مانایەی کە بۆ نموونە لە تەمەنی شەش یان حەوت ساڵییەوە مرۆڤ بە ئاگادارییەوە شتەکان بەدەست دەهێنێت، باشە، پێناچێت زۆر شت بەدەست بهێنرێت. بەڵام کاتێک منداڵ لە سکی دایکیدایە، زانیاری و سیگناڵێکی زۆری پێدەگات، کە پێی دەوترێت نیشانەکانی ئەم دونیایە و هەر کە لەدایک بوو ئەمە وەردەگرێت. لە ئەنجامدا ئەو منداڵە دوو ساڵەی ئێستا زۆر پێشکەوتووتر و ئاڵۆزترە لەوەی ئێمە بیری لێدەکەینەوە. تەختەیەکی پاک نییە کە هەرچی کردبێتی بگەڕێنێتەوە بۆ سروشت. بەڕای من تا ئەو ساتە کۆمەڵگا توانیویەتی بڕێکی زۆر لە لۆژیک پیشانی منداڵە دوو ساڵانەکە بدات کە تێیدا حوکم دەکات، هەر لەو ساتەوەی شیری پێدەدەن یان لێی دەگرن.
شەهریار: بەڵێ. لە ڕاستیدا دەمەوێت مەسەلەی دەسەڵات لە شێوەی پرسیارێکی هاوبەشدا لە چاوی مارکس و هیگڵ و باکونین و نیچە بوروژێنم. پرسیارەکە بەم شێوەیەیە: پرسی دەسەڵات، چ لە چاوی هیگڵ و مارکسدا، یان لە چاوی باکونین و نیچەدا، پرسێکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بە مرۆڤایەتی پاک، ئەوەندەی من لانیکەم بزانم… بەڵام بە ڕواڵەت جیاوازی تیۆری لە نێوانیاندا هەیە. بێ گوێدانە جیاوازییە تیۆریەکان، ئایا تێڕوانینێکی هاوبەش لە نێوان مارکس و باکونین و نیچە سەبارەت بەم بابەتە نییە؟کلکە پرسیار: چونکە هەر سێیان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەسەڵات بە واتای بەرجەستەکردنی خەونە بەدی نەهاتووەکانە. ئێستا لە چاوی مارکسدا من سۆسیالیستم و لە چاوی نیچەشدا مرۆڤێکی شارستانیم. کاک حیکمەت ڕات چییە؟

مەنسور حیکمەت: من ڕێگە بەخۆم نادەم کۆمێنت لەسەر باکونین و نیچە بدەم، چونکە من ئەو ئاستە لە زانیاری و تێگەیشتنم لە بۆچوونەکانیان نییە و ئەگەر ڕێگە بدەیت دەتوانی قسەیان لەسەر بکەیت. سەبارەت بە مارکس و هیگڵ، بە بۆچوونی من مەسەلەکە جیاوازە. جیاوازی سەرەکی نێوان مارکس و هیگڵ ئەوەیە کە ئەو مەقولانە و ئەو پەیوەندیانەی کە بۆ هیگڵ بەشێکن لە سیستەمێک لەناو کۆمەڵەیەکی ڕەهادا، بەشێکن لە کۆیەکی ئێستای کۆکراوە و هەبووە کە خەریکە لەناو خۆیدا مانا دەکرێت، پرۆسەیەکە بۆ مارکس لە دەرەوەی مرۆڤ، لە دەرەوەی عەقڵ و لە پرۆسەی ماددی مێژوودا بەدی دێت. دەسەڵات بۆ هیگڵ دەتوانێت بنەمای چاکە بێت بەو مانایەی کە نوێنەرایەتی حیکمەتی پاک دەکات، نوێنەرایەتی عەقڵ دەکات و بتوانین بڵێین بە مانای کۆی گشتی کە دەتوانێت بنەمای بەختەوەری یان ئەو دۆخێک بێت کە مرۆڤ تێیدا دەژی مانا پێبدات. دەسەڵات لای مارکس دیاردەیەکە کە بە شێوەیەکی سروشتی و فیزیکی لە دەرەوەی مرۆڤدا چاودێری دەکرێت و لە کاتی پرۆسەیەکی مێژووییدایە کە ڕەنگە بگەینە پەیوەندیی دەوڵەت یان نەبوونی دەوڵەت، کە تێیدا مرۆڤ بتوانێت بەختەوەری بەدەستبهێنێت، ئەوە پرۆسەیەکە کە ئەبێت لە جیهانی.ماددیدا تێپەڕێنرێت. بۆیە ڕەنگە پاوانخوازی لە سیستەمی هیگڵدا مانایەکی ناوخۆیی و فەلسەفی هەبێت و بۆ مارکس زۆر بەخێرایی وەرگێڕدراوە بۆ مەقولەی دەوڵەت، بۆ مەقولەی شێوەی بەرهەمهێنان، سەرخانی سیاسی و خەباتی چینایەتی دێنێتە ئاراوە، هەر وەک ئەوەی سیستەمەکە پێچەوانە بکاتەوە. ئەوە (سیستەمی هیگڵ) هەموو شتێکی تێدایە و ئەمەش (سیستەمی مارکس) ئەوکاتە دەبێت ببێت، ڕووبدات، بێتەدی. بۆ ئەوەی بگاتە ئەو هەلومەرجە کۆتاییەی کە مرۆڤەکان لە دۆخێکی عەقڵانیدا تێیدا دەژین، کۆمەڵگە دەبێت بە سەدان و هەزاران ساڵ تێکۆشان و ململانێ بەسەر دەسەڵاتەکاندا تێپەڕێت کە بە هیچ شێوەیەک گەرەنتی بەختەوەری مرۆڤ ناکەن و بە هیچ شێوەیەک هیچ حیکمەتێکی تایبەتیان نییە بۆ مرۆڤەکان.ئەوان نوێنەرایەتی ناکەن، پێویستە بچێتە ناو ململانێیەکەوە لەسەر ئەمانە. حکومەتە خێڵەکیەکان، حکومەتە فیۆداڵەکان دەڕوخێن، سەرمایە دەبێت بێت و سەرمایە بڕوخێت. لە ئەنجامدا بۆ مارکس بە بڕوای من دەسەڵات قورسایی فەلسەفی نییە، بە توندی مەقولاتێکی کۆمەڵایەتییە. ئەگەر ڕاستگۆ بین، مرۆڤ وەک مارکسیستێک هەست بە پابەندبوون ناکات کە زۆر مامەڵە لەگەڵ سروشتی مرۆڤدا بکات. چونکە سروشتی مرۆڤ چییە؟ چونکە مارکسیست پێش هەموو شتێک مرۆڤ بە بەرهەمی هەلومەرجی دەرەکی خۆی دەزانێت و تەنانەت خۆیشی لەو هەلومەرجانەدا چالاکە، بەڵام بە پلەی یەکەم مرۆڤ و ئەو ڕەفتارەی کە لە مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو شوناسەی کە هەیەتی، تەنانەت ئەو خۆ وشیاریەیش کە هەیەتی پەیوەستە بەو قۆناغ و کاتەی کە تێیدا دەژی و پەیوەندییەکان هەن کە لەو قۆناغەدا بوونیان هەیە. لە ئەنجامدا بە بڕوای من مارکسیست نابێت بزمار لێدەری سروشتی مرۆڤەکان ، دەڕوات بۆ خودی کۆمەڵگا ، بەمانەیەک،سەیر دەکات کە چۆن دەکرێت مرۆڤ بە گۆڕینی کۆمەڵگا بگۆڕێت، مرۆڤ چۆن دەتوانێت خۆی بگۆڕێت بە گۆڕینی کۆمەڵگاکەیان و گەیشتن بە شوێنێک. سەبارەت بە نیچە، من تێگەیشتنێکی گشتی و دوورم هەیە و ڕێگە بەخۆم نادەم لێدوان لەسەر ئەوە بدەم کە چەندە لێکچوون هەیە، بۆ نموونە لە نێوان هیگڵ و نیچە یان باکونین و مارکسدا. بەڵام هیگڵ و مارکس، بە بۆچوونی من، سەرەڕای ئەوەی کە یەک ڕەگ و ڕیشەن، میتۆدۆلۆژیایان ، ئەو مانایە کردەییەی کە فەلسەفە لە هەریەکەیان وەریدەگرێت، بە تەواوی سەد و هەشتا پلە پێچەوانەی یەکترن. چونکە هیگڵ لە پاساودانی دەسەڵاتدا هەڵە دەکات و مارکس بە کردەیی نکۆڵی لێدەکات و لە جیهانی ماددیدا ڕەخنەی لێدەگرێت.

شەهریار: بەڵێ. پرسیاری داهاتووشم بەم شێوەیە. درێژەی ئەم کێشەی دەسەڵات و تێڕوانینی مارکس و هیگڵ بۆ ئەم پرسە. ئەگەر مارکس بە درێژە پێدەری تیۆری فەلسەفی هیگڵ بزانین، دەبینین کە لەگەڵ مەقولەی ئۆبژێکتیفیکیشن* کە بە بڕوای هیگڵ بە مانای نامۆبوونی هێزە بەرهەمهێنەرەکانە لە بەرهەمەکانی خۆیان، بۆ مەقولەی لەخۆنامۆبوونی هێزە بەرهەمهێنەرەکان لەوەی کە خۆیان بەرهەمی دێنن و هەروەها لە جۆری خۆیانەوە، یان لە لەلایەن مارکسەوە دەگەین بە دەربڕینێ لە هاوچەشنانی خۆ. وە بە خستنەڕووی ئەم مەقولە و فراوانبوونی و بەدیلە تیۆرییەکەی، لە چاوی مارکسدا، واتە دەگات بە سۆسیالیزم. مارکس بە داڕشتن و فراوانکردنی ئەم مەقولە گەیشتە سۆسیالیزم. پێت وایە هێشتا مەقولەی نامۆبوونی مارکس پاڵنەرێکە بۆ گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان، واتە شۆڕش، یان بەپێی ئەو مەقولە عەقڵانیکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کە لە تیۆری هیگڵەوە وەرگیراوە، ئەم مەقولە بوار بۆ گواستنەوەیەکی ئاشتیانە بۆ مرۆڤایەتی بۆ گەیشتن بە خەونەکانی خۆش دەکات؟
مەنسور حیکمەت: پێم خۆشە زیاتر قسە بکەیت بۆ ئەوەی زیاتر لە مانای ئەم پرسیارە تێبگەم. بەڵام ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە ڕزگاری و بەختەوەری مرۆڤ جۆرێکە لە جیهادی گەورە، جیهادێک کە لە ڕۆحی مرۆڤ تێدەپەڕێت؟ بەڕای من ڕوونە کە مارکسیزم ئەمە قبوڵ ناکات.

کێشەکانی مرۆڤ، کۆت و بەندکردنی دەست و قاچیەتی، ڕەگی سەختی و نەهامەتیەکانی لە دەرەوەی هەر مرۆڤێکە. لەوانەیە لەناو کۆمەڵگایەکدا بێت کە لە هەموو مرۆڤەکان پێکەوە پێکهاتووە، بەڵام لە دەرەوەی هەر کەسێکە. گواستنەوەی ئاشتیانە بۆ بەختەوەری و خۆشگوزەرانی لە کۆمەڵگەیەکی تەواو عەقڵانیدا تەنیا دەتوانێت ملکەچی ئەو هێزانە بێت کە ئارەزووی ئەم بەختەوەرییەیان نییە، یان لانیکەم بە قووڵی سەرمایەگوزاریان لە پاراستنی دۆخی ئێستادا کردووە، ئامادەبن بە ئارامی گۆڕەپانەکە بەجێبهێڵن.ئەمە لە تیۆری مارکسیستیدا، بە پێی تیۆری مارکسیستی دەوڵەت، بە پێی تیۆری مارکسیستی چەوسانەوە، بە پێی ئەو هەڵوێستەی کە مارکس بە سەرپێکهاتەی فیکری و سیاسی و یاسایی کۆمەڵگاوە دەیبەستێتەوە، سەرهەڵدانی ئاشتیانەی بەختەوەری کۆتایی کۆمەڵگەی ئینسانی زۆر بەدووری دەزانرێت. بۆ ئێوەهەر ئەوەندە بەسە سەیری جبەخانەی ئەتۆمی و نائەتۆمیی حکومەتە هەنووکەییەکان بکەن کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە لە شێوەی دامودەزگای ئیداری کە هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن و بودجە دادەنێن و پەرلەمانیان هەیە و هتد. بەڵام دەزانن ئەگەر پێستی ئەم واقیعە لاببەیت، دەچیتە ناو سوپاوە و کاتێک دەگەیتە پشتیەوە، مووشەکی کروز دەبینیت، بۆمبی ئەتۆمی دەبینیت، ئەو فیشەکانەش دەبینیت کە ئەمڕۆ لە فەڵەستین دەتەقێنرێن . ئەو بۆمبانەی بەر خەڵکی عێراق کەوت و ئەو بۆمبانەی بەر خەڵکی یوگۆسلاڤیا کەوت. دەبینیت لەپشت ئەم هەموو حکومەتەوە، کە مرۆڤ دەتوانێت فەلسەفیانە باسی بکات، تووڕەیی ڕووت وبێ پەردە هەیە کە دەسەڵاتی کوشتنی مرۆڤەکانی لە خۆیدا هەیە و قۆرخکاری کوشتنی هەیە، لە زۆربەی شوێنەکانیشدا کوشتن بە شێوەیەکی یاسایی ڕەوایە. لە ئەنجامدا داهاتووی ئاشتیخوازانەی بەختەوەری مرۆڤ و پرۆسەی بەناو ئاشتیانە لە ڕوانگەی مارکسیستێکەوە کە نایەوێت کڵاوێک لەسەر خۆی دابنێت، زۆر مەحاڵە. واقیعەکە ئەوەیە کە دۆخی ئێستا ئارام نییە. وەک ئەوە نییە ئێمە لە دۆخێکی ئارامدا بژین و ئەوانەی دەیانەوێت بیگۆڕن پێدەچێت مەقولەی خێرایی لە گۆڕانکاری و توندوتیژی لە گۆڕانکاری و توندوتیژی بەرز بکەنەوە. توڕەیی ئێستا لە سیستەمدایە. بۆ نموونە ئەوانەی دەیانەوێت بیگۆڕن، وەک سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان، ڕووبەڕووی بەرەنگاری زۆرەملێی نەزمی کۆن دەبنەوە و هەر ئەم بەرەنگاریە توندوتیژ ئامێزە کۆنە کە خەریکە خوێن دەڕژێنێتە ناو ڕەوتی گۆڕانکاری و پرۆسەی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگادا، نەک پێویستی ئەوانەی کە گۆڕانکاری دەکەن. بەدڵنیایی خۆپیشاندەران بەزۆری ئەو کەسانەن کە سەرەتا تێزەکانیان دەدەن و بۆچوونەکانیان دەخەنە ڕوو. کەمتر کەسێک بەر لەوەی ڕایبگەیەنێت کەچی دەوێت بهێنێت هەوڵ بدات خەڵک تێبگەن. دەستی بۆ چەک بردووە.ئەوە حکومەتە کە پێش ئەوەی کەس قسە بکات، چەک هەڵدەگرێت، یان دەرگای زیندانەکان دەکاتەوە، یان ڕۆژنامەکان دادەخات و هتد… حکومەت بە مانای فراوانی وشەکە، بەو مانایەی ئێمە لە ئەوروپای ڕۆژئاوا دەژین. لە ئەنجامدا بەم مانایە، بە بڕوای من، خۆ نامۆبوون و خەبات لە دژی خۆ نامۆبوون، مەقولەی لەخۆ نامۆبوون، تەرکیزی ڕوونکردنەوەی داهاتووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نییە بۆ مارکس. مارکس لە چەمکێکی تردا لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا لەنامۆبوون بەکاردەهێنێت و پێموانییە ئەو باوەڕی بەوە هەبێت کە ئەم نامۆبوونە بە ڕێگەی ناسیاسی چارەسەر بکرێت. ئەو نامۆبوونەی کە مارکس باسی دەکات ئەوەیە کە بەرهەمی داهێنەری مرۆڤ دەچێتە دەرەوەی مرۆڤ، و خۆی وەک دیاردەیەکی بەناو نامۆ بۆ مرۆڤ نیشان دەدات. من و تۆ شتێک دەکەین، شتێک دروست دەکەین، دواتر تێدەگەین کە بوونەوەری دەرەوەی ئێمە حوکممان دەکات. لەسەر شانی دەسەڵاتێکی نادیار و نەناسراو بنیات نراوە کە حوکمڕانی بەسەرماندا دەکات و بە زنجیرەوە دەمانهێڵێتەوە. ئەم نامۆبوونە لە خود و ئەم دابڕانە، مەقولەیەکی دەروونی، فیکری، کولتووری، ئەخلاقی، یان هونەری نییە. بە پلەی یەکەم مەقولەیەکی سیاسی-ئابوورییە و بۆ مارکس گۆڕینی ئابووری سیاسی، گۆڕینی دۆخی بابەتیی، پێویستی بە بزووتنەوەیەکی سیاسی-ئابووری بابەتیانە هەیە. سەرەتا دەگەڕێتەوە بۆ مەقولەی خەباتی چینایەتی. بەم مانایە، بە بڕوای من، ئەوانەی کە بۆ نمونە، بەدوای ڕەگی سەختییەکانی ئینساندا دەگەڕێن، ئەو سەختییانەی کە هەموومان لە ژیانماندا هەمانە، ئەو کەموکوڕیانەی کە جیهانی ئێستا هەیەتی، ناتەواوییەکانی، ئەو ئازارانەی کە تێیدایە لەو فۆرمانەی کە عەقڵمان هەیەتی، نابینین کە ئەم عەقڵە بەرهەمی قۆناغ و کاتێکی دیاریکراوی هەیە و تا ئەو ماوەیە و کاتە وەک خۆی بمێنێتەوە، ئەم عەقڵی مرۆڤە بەرهەم دێتەوە. هەم منداڵانی باخچەی ساوایان و هەم سەربازانی بەرەکانی شەڕیش ڕەنگدانەوەی ئەمەیە.

شەهریار: بەڵام ئەگەر ئەو ئامانجگەراییەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ڕوانگەی هیگڵدایە، واتە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەمیشە لە جووڵە و پێشکەوتندایە لە هۆشیارییەوە بۆ ئازادی و ئەو شێوازەی کە لە ڕوانگەی مارکسەوە هەیە، واتە ئامانجی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەگەیشتن بە ئازادییەک دەزانێت، واتە لە کۆتاییدا هەردووکیان پشت بە ئازادی دەبەستن. ئازادی مرۆڤ! ئێستا لە چاوی مارکسدا باس لە ڕزگاربوونە لە نامۆبوون لە خود و بەرەو خود یان لە خۆیدا، دەستڕاگەیشتن بە خود، بۆ خۆی و لە چاوی هیگڵیشدا جۆرێکە لە نەهێشتنی سۆز -پێی دەوترێت بابەتیکردن یان ئەوەی پێی دەوترێت ئەوەی کە لە خۆی جیاکراوەتەوە. لە کۆتاییدا، باوەڕم وایە، هەردووکیان دەگەنە یەک ئامانج، بەڵام ڕێگاکانی گەیشتن بەو ئامانجە جیاوازن. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر بەناو پرۆسەی کۆمەڵگا بەجۆرێک بێت کە بە گواستنەوەیەکی ئاشتیانە و بەناو دەستڕاگەیشتن بە ئازادی بە شێوەیەکی خۆوشیارانە لە قۆناغە جیاوازەکاندا، لە کاتە جیاوازەکاندا بگەینە ئەم ئەنجامە؟ ئایا هێشتا باوەڕت وایە کە تیۆری شۆڕش لە تیۆری مارکسیزمدا لەسەر هەمان بنەما دامەزراوە کە لە چاوی مارکسدا بوو؟
مەنسور حیکمەت: با بگەڕێینەوە بۆ هەندێک لە گریمانەکانت. یەکێکیان ئەوەیە کە هیگڵ و مارکس بە کردەوە ئاماژە بە یەک شت دەکەن و یەک دیاردە ئامانجی ئەوانە. من وا بیرناکەمەوە. بەڕای من ١٨٠ پلە پێچەوانەن. من وەک خۆم پێموایە هیگڵ لە ڕووی میتۆدۆلۆژییەوە چەندین دەستکەوتی فەلسەفی هەبووە، بەتایبەت باسکردنی دیالێکتیک و پەیوەندیی بوون و پێکهاتن، کە بێگومان هەرگیز لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا نەبووە مۆد و کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا لە ئاستی کانتدا مایەوە. بەڵام بەڕای من هیگڵ ئەبستراکتێک پێشنیار دەکات بەبێ ئەوەی پێویستی بەراوردکردنی ئەم ئەبستراکت لەگەڵ جیهانی ماددیدا ببینێت. لای هیگڵ هەموو دژایەتییەکان لە پرۆسەیەکدا کۆتایی دێت کە سەربەخۆیە لە کات و شوێن و سەربەخۆیە لە گۆشت و پێست لە سنووری خودی عەقڵدا. بۆ هیگڵ هۆکارگەرایی پرۆسەیەکی لۆژیکییە. حیکمەت ئەوەیە کە پێی دەوترێت گونجانی فیکری و دەروونی. بۆ مارکس ئەمانە لە دەرەوەن. بۆ مارکس دەبێت ئەمانە سەرهەڵبدەن. بۆ نموونە دەتوانیت دوو جۆر هۆکار بەراورد بکەیت. کاتێک دوو لای سێگۆشەی ڕاستت هەیە، لای سێیەم دەست بەجێ لەوێیە. ئەمە ئەو جۆرە پەیوەندیەیە کە وا دەکات لایەنی سێیەم بە مەرجێک دوو لایەنەکەی ترت هەبێت و بڕیار نییە ئەم لایەنە دواتر سەرهەڵبدات. تا ئەو کاتەی دوو لای سێگۆشەی ڕاستت هەبێت، بۆ نموونە کەش و هەوا لەبەردەمتدایە. ئەمە جۆرێکە لە بوونە دەرئەنجام بۆ مارکس ئەم دەرەنجامە دەبێت لە جیهانی ماددیدا لە شێوەی پرۆسەی ماددیدا ڕووبدات. بۆ نموونە ئەگەر ژمارەیەکی کەم لە خەڵک ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دەچەوسێننەوە بۆ مارکس ئەم هەنگاوە لۆژیکییە، ئەوە ئاماژەیە بۆ حیکمەت کە ئەم چەوساندنەوەیە بە هاوکاری و بزووتنەوەی ئەو کەسانە نامێنێت کە لە ژێرچەوسانەوەدان. ململانێی چینایەتی لای مارکس ئامرازێکە بۆ چارەسەرکردنی ململانێیەکی ڕاستەقینە لە دەرەوەی عەقڵ و دەرەوەی بازنەی بیرکردنەوە. لە ئەنجامدا ئەوەی بە گشتی لەناو سیستەمێکی ئیستدلالدایە بۆ هیگڵ، لە کۆمەڵگا و لە جیهانی ماددیدا بۆ مارکس دەچێتە دەرەوە. ئەوەی بۆ هیگڵ بێ کات و زەمەنە ئێستایە. بۆ مارکس ئەو دەرەنجامەی کە لە ئێستادا لە هەندێک حوکمەوە وەرگیراوە، پێویستە بە شێوەیەکی واقیعبینانە بۆ ماوەی سەد ساڵ لەسەر بنەمای پراکتیکی وەربگیرێت. ئەوەندەی من تێبگەم، هیگڵ مەقولەیەکی پراکتیکی نییە. هیگڵ لۆژیکی هەیە بەڵام پراکتیکی نییە. تەواوی بیرکردنەوەی مارکس لەسەر پراکتیک و گۆڕینی پراکتیک دامەزراوە، پراکتیک کە دژایەتییەکان کۆدەکاتەوە و تێزێکی نوێ پێشنیار دەکات. بۆیە تێز و دژە تێز و سەنتەزی هیگڵ پرۆسەی عەقڵانی و لۆژیکی بیرکردنەوەن کە لە جیهانی گشتیی عەقڵ و بیرکردنەوەدا ڕوودەدەن و بۆ مارکسیش ئەم کۆکردنەوە دەبێت لە واقیعدا ڕووبدات و لە جیهانی ماددیشدا ڕەنگە سەد ساڵ بخایەنێت. لە ئەنجامدا ئەگەر شتێک بیەوێت مارکس جیا بکاتەوە، پێگەی بنەڕەتی پراکتیک، پراکتیکی مرۆڤەکان، مەبەستم پراکتیکی حزبی مرۆڤ نییە، ئەوە پراکتیکی گشتی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکانە، کارلێکی نەوەکانی مرۆڤە لەگەڵ یەکتر، کە کۆمەڵگا بەرەو عەقڵانی بوون، بەرەو ئەو ئەنجامە ژیرانە دەبات کە کۆمەڵگا دەتوانێت هەیبێ، و ئەو نەبوونی ململانێیە، کۆمەڵگایەک کە لەگەڵ خۆیدا گەیشتبێتە ئاشتی و مرۆڤ ملکەچی نەماوە، لە ژێر دەسەڵاتدا نییە و مرۆڤ ئازادە له ئەو دا. لای هیگڵ ئازادی تێگەیشتن پێویستییە. بۆ مارکس تێگەیشتن لە پێویستی ئازادی دروست ناکات، بەڵکو ئەو پرۆسەیە کە ئەم پێویستییە بە واقیع دەکات کە دواجار کەسێک ئازاد دەکات و ئازادی بۆ مرۆڤایەتی دەهێنێت. هەرچۆنێک بێت، هیگڵ سیستەمێکی عەقڵی و فیکری ئایدیالیستی پێشنیار دەکات، مارکسیش بزووتنەوەیەکی ماددی دەرەکی و پراکتیکی پێشنیار دەکات. لە ئەنجامی ئەو گریمانەیەی کە ئەگەر مرۆڤایەتی بتوانێت بە شێوەیەکی ئاشتیانە ئامانجەکانی بگات، ئایا مارکسیستەکان هێشتا باوەڕیان بە شۆڕش هەیە، گریمانەکە لە هەوادایە! واتە چی ئەگەر مرۆڤایەتی بتوانێت لە سیستەمێکی ئاشتیانەدا بگاتە ئامانجەکانی؟ وە دواتر چۆن دەتوانرێت دۆخێکی توندوتیژ بە شێوەیەکی ئاشتیانە بگۆڕدرێت؟ چونکە گریمانە گشتییەکە ئەوەیە کە ئێستا جیهان ئارامە و شتێکی باش نییە لەو بارەیەوە. گریمانەیەک کەلە پشت باسەکەت و شێوازی وتت. وا دیارە ئێستا جیهان شوێنێکی ئارامە و هەندێک کەس ڕازی نین و دەیانەوێت بیگۆڕن. هەندێک کەس پێیان دەڵێن وەرن بۆ لای خودا و بە ئارامی بیگۆڕن. مارکسیستەکان لەو ڕاستییەوە دەست پێدەکەن کە جیهانی ماددی ملکەچی نادادپەروەری و هێز و توندوتیژی و دڕندەییە و بۆ گۆڕینی ئەمە و دروستکردنی جیهانێک کە شتێکی لەو جۆرەی تێدا نەبێت، پێویستە پراکتیکێکی سیاسی فراوان ئەنجام بدرێت و ڕووبەڕووی ئەو توندوتیژییانە ببنەوە. وەک وتم توندوتیژی یان شۆڕش سیناریۆیەک نییە کە بۆ کۆمەڵگا نووسیبێتمان. سیناریۆیەکە کە کۆمەڵگا بۆ ئێمە نووسیویەتی. دەبێت بەشداری تێدا بکەین و ئەمەش جیاوازی سەرەکییە. بەڕای من ئێمە دیاری ناکەین کۆمەڵگا چۆن بەرەو قۆناغەکانی داهاتوو دەڕوات کە بەختەوەری مرۆڤ تیایە، ئەوە کۆمەڵگایە کە پێمان دەڵێت بەبێ ئەوەی حکومەت بڕوخێنیت، بەبێ کشانەوەی سوپایەک، بەبێ ئەوەی فڵانە کەنیسەیەک بیهێنیتە خوارەوە، بەبێ تێکدانی خورافاتەکان … لە ڕاستیدا ناگەیتە ئەو داهاتووە.

شەهریار: پێتوایە شۆڕش بە واتای دروستکردنی بەها و دروستکردنی بەهای نوێ؟
مەنسور حیکمەت: ئایا شۆڕش بەهای نوێ دروست دەکات؟

شەهریار: بەڵێ بە مانای دروستکردنی بەهای نوێ دێت؟ بە واتای بەها کۆنەکان، بەها ئاینییەکان…

مەنسوور حیکمەت: دەبێ وابێت. واتە پەروەردەکردن و دۆزینەوەی پەیوەندی بەها نوێیەکان.

شەهریار: ئەم پرسیارە دەوروژێنم بۆ ئەوەی بەدواداچوونەکەی بەم شێوەیە پێشکەشتان بکەم، کە مەقولەی نکۆڵیکردنە لە بەهاکان و جێگرتنەوەی بەها نوێیەکانە، چ بە بڕوای مارکس و چ بە بڕوای نیچە، پێموایە کلیلی تێگەیشتنە لە مەقولەی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا. مارکس بە پێشنیارکردنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیزم دەگاتە جۆرێک لە ئیرادەکردن یان دیاریکردن. واتە لەگەڵ پێناسەی سۆسیالیزمدا دێتە سەر نکۆڵیکردنی کۆمەڵگەی سەرمایەداری. ئینکاری شتێک لە فەلسەفەی سپینۆزا و هیگڵ و مارکسدا بە واتای سەلماندنی شتێکی تر کاتێک دیاری دەکرێت. بەڵام جێگرتنەوەی بەها نوێیەکان لە چاوی مارکسدا بە مانای نکۆڵیکردنی بەها بۆرژوازییەکان نییە. وەک بۆ نموونە لە ئینکاری نیچەدا، شاهیدی لێدوانی ڕوونی نکۆڵیکردنی هەموو بەها ئەخلاقی و ئایینییەکان و پەیوەندییەکانی پێشووین. بە بڕوای مارکس ئەم نکۆڵییە ئەوەندە بە ڕوونی دەرنابڕدرێت. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا مارکس وەک هیگڵ پێی وایە ئەوەی “عەقڵانییە پێویستە و ئەوەی پێویستە عەقڵانییە”؟ ئەگەر نا، بۆچی وەک نیچە هەموو بەهاکانی پێشووی کۆمەڵگەی بۆرژوازی نکۆڵی لێناکات؟ ئایا ئەوە نییە کە بەهاکان دەربڕینی تیۆری ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانن؟

مەنسوور حیکمەت: ئەوەی کە”شتێکی عەقڵانی پێویستە و شتێکی پێویستیش عەقڵانییە” بە بڕوای من لە مارکسدا بەتەواوەتی بنەمایە و وەک وتم بۆ تێپەڕین وسەلماندنی پێویستی پشتڕاست کردنەوەی شتێکی عەقڵانی ڕەوەندێک لەجیهانی ماددیدا تێدەپەڕێت کە بۆ هیگڵ ئەم پرۆسەیە ئۆتۆماتیک.و دەستبەجێ و ئەنجامێکی فەلسەفییە. بۆ مارکس ئەمە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە. ببورن، دەنگی من دەبیستن؟

شەهریار: بەڵێ بەڵێ.

مەنسور حیکمەت: بۆ مارکس ئەمە دەرەنجامێکی کۆمەڵایەتی-سیاسییە. ئەوەی عەقڵانییە دەبێت سەرهەڵبدات، بەڵام هەر کە دەبێت ئەمە بخرێتەڕوو و ئەم پێویستییە بە شێوەی جیاواز خۆی لە عەقڵی مرۆڤ و ژیانی مرۆڤدا نیشان دەدات، پرۆسەکانی بەدیهێنانی ئەم پێویستییە دەست پێدەکات و ئەو پرۆسانەش پێیان دەوترێت لۆژیکی فەلسەفی و فیکری و فیزیکی تەنیا نین ڕەوتەکان ماددین و ئەم پێویستییە تا ئەو کاتەی ئەم ڕەوتانە بەردەوامن و زۆرجاریش لەباردەچن، زۆرجار شکست دەهێنن، زۆرجار بەدیهێنانی ئەم پێویستییە دوادەکەوێت. بۆ نموونه ، ده مێکی زۆره که عه قڵانییه که مرۆڤ ئاوه دان بێت و مافی ژیانی هه بێت و ته ندروستی بۆ نموونه ته ندروستی و نیشته جێبوون مافی هه موو مرۆڤێکه . لەوانەیە دوو سەد ساڵ لەمەوبەر ئەمەیان لێت قبوڵ نەکردبا، لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە قبوڵیان نەدەکرد. ئێستا زۆر زەحمەتە تەنانەت بۆرژوازیش بەرەنگاری ببێتەوە کە تەندروستی مافی هەموو کەسێکە یان نا! هەمووان دەڵێن بەڵێ! ئەمەش بووەتە پێویستییەک، هەمووان دەزانن کە پێشمەرجی بوونی هەموو مرۆڤێک ئەوەیە کە بتوانێت بە تەندروست بژی، بەڵام ئەو پرۆسەیەی کە مرۆڤەکان لە کۆتاییدا تێیدا دەژین و تەندروستی خۆیان بکەنە مافی خۆیان، پرۆسەیەکی لۆژیکی و زانستی نییە. پرۆسەیەک نییە کە پێویستە لە جیهانی بیرکردنەوەدا پەیڕەو بکرێت، بەڵکو پرۆسەیەکە کە پێویستە لە جیهانی ماددیدا پەیڕەو بکرێت. واتە ئەو ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری و ئەخلاقی و کۆسپانەی تر کە ڕێگرن لە وەدیهاتنی ئەم پێویستییەهەر ئێستا سەلمێنراوەن و ڕێگرن لەوەی ئەو شتە عەقڵانییەی باسی دەکەین بشسەلمێنرێت و لەپێش چاوان بێت و جێبەجێش بکرێت. ئەوە خەباتی دژ بەو ئاستەنگانەیە کە پرۆسەی نەکردنی ئەو کارە ڕوون دەکاتەوە. بۆ مارکس پرۆسەی تێز و دژە تێز و سەنتەز پرۆسەیەکی ماددی کۆمەڵایەتییە کە مرۆڤ تێیدا خۆی دەرئەبڕێت. پراکتیکی مرۆڤ لە پرۆسەی کۆکردنەوەی دژایەتییەکانی پێشوو و دروستکردنی تێز و دژە تێزێکی نوێدا. مرۆڤ بە خێرایی خۆی لەگەڵ فیکری خۆی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی بەشداری دەکات و ئەم پرۆسەیە بەرو پێشەوە دەبات و ئەم کۆکردنەوە دەبێت لە جیهانی ماددیدا ڕووبدات. ئەمە بۆ هیگڵ وا نییە.
لەئەنجامی ئەو قسانەی تۆ سەبارەت بە ڕادەی نکۆڵیکردنی بیروباوەڕ و بیری ڕابردوو و پێوەرەکانی ڕابردوو، ئەمە بەو مانایەیە کە نزیکبوونەوەی مارکس بۆ هەموو قۆناغێک و هەر قۆناغێکی ژیانی مرۆڤ، ڕوانگەیەکی هۆشیارترە لەوەی کە بە تەواوی نکۆڵی لە هەڵوێستەکەیان بکات. ئەگەر دیاردەیەکی دوێنێ خۆی دەرئەنجامی داهێنان بووبێت و کۆکردنەوەی دژایەتییەکانی پێشوو بووبێت، بۆیە هەمان پلەی ڕەوایەتی و دەسەڵاتی هەیە. بۆ نموونە ئەو شۆڕشە فیکرییەی کە بۆرژوازی دەیکات، ئەو شۆڕشە ڕۆحییەی کە بۆرژوازی لە جیهانی دواکەوتووی فیۆداڵیدا دەیکات، جێگا و بەهای تایبەتی خۆی هەیە بۆ مارکسیستەکان. تێپەڕین لەوە بە مانای نکۆڵیکردن لە پێگەی مێژوویی و فەلسەفی خۆی لە بیرکردنەوەکانی تا ئێستایان نییە. بەم مانایە مارکس باوەڕی بە شۆڕش هەیە لە فیکر و بیروباوەڕەکاندا، بەڵام ئەم شۆڕشە تەنها پرۆسەیەکی لەناوبردنی دۆخی ئێستا نییە، چونکە تێپەڕین لەوان و بینینی ئەو ئەخلاق و بیروباوەڕ و سەرخانە فیکری و پێوەر و بەهایانە تێزێکی نوێن کە ئێستا دژە تێزی خۆیان هەیە.و پێویستە کۆکردنەوەکەیان پێکبهێنرێت. بۆ ئەم شانازییە، مارکس باس لە پرۆسەیەکی ماددی دەکات، پێگەی ماددی دیاردەکان و هەڵسوکەوتەکانی دەبینێت و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێوەرانەی کە بە درێژایی مێژوو دروست بوون، ئارەزوومەندانە نییە.

شەهریار: کاک مەنسوور حیکمەت، چەند ساڵێک لەمەوبەر بابەتێکی ئێوەم خوێندەوە سەبارەت بە ساڵیادی شۆڕشی ئێران بە ناوی شۆڕشی نەدۆڕاوەکان…

مەنسور حیکمەت: مێژووی نەدۆڕاوەکان!

شەهریار: بەڵێ مێژووی نەدۆڕاوەکان، زۆر سوپاس! ئەو نووسینەم بینی، ئەگەر ڕاستگۆ بم، یەکێک لە جوانترین وتارەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، بەو هەموو کورتییەکەی و ئەو هەموو ڕاشکاویەی، یەکێک لە جوانترین ئەو بابەتانەیە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ڕەوتی چەپەکانی ئێراندا نووسراوە.

مەنسور حیکمەت: زۆر سوپاس.

شەهریار: من ئەم بۆچونەم وەک موجامەلە دەرنابڕم و بێگومان کەسێک نیم کە ببەخشم و وەریبگرم (هەردووکیان پێدەکەنن)، لەم دیدگایەوە کاتێک سەیری دەکەم دەیبینم و لە دڵی خۆمدا دەڵێم ئەگەر مەنسوور حیکمەت بیەوێت مێژووی هاوچەرخی ئێران بنووسێتەوە ، ئایا ئەمە مێژووەلە چ ڕوانگەیەکەوە دەنووسێتەوە؟ بێ گوێدانە ئەوەی کە مەنسوور حیکمەت مارکسیستە، ئایا لە ڕاستیدا ڕوانگەیەکی تەواو دیترمینیستی(جەبرگەرایی)وە یان بەناو یەکلایەنەی دەبێت بۆ کێشەکانی مێژووی ئێران یان چاوەکانی دەکاتەوە و لەوە زیاتر سەیری تەواوی پرۆسەی ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکان و لە هەموو ڕوانگەکانەوە لە بابەتەکە ڕوانێت؟

مەنسور حیکمەت: سەرەتا سوپاس بۆ بۆچوونی باشتان لەسەر ئەو بابەتە. من بە شەخسی دیتەرمینیست نیم و پێم وایە کە دیتەرمینیزم نامۆیە بە مارکسیزم و بەدڵنیاییەوە ئەگەر نووسینەکانی منتان بینیبێت، بە گشتی باسی ئەو ڕاستییە دەکەم کە پراکتیکی هەندێک کەس یەکلاکەرەوەیە لە گەیشتن بەو ئەنجامانەی کە لە کۆمەڵگادا دابین کراوە دەوری چارەنوس سازە، و هیچ شتێک لە پێشەوە دانەنراوە، حەتمی نییە، بڕاوە نییە، و لە ئاکامدا پەیوەستە بەوەی کە ئینسانەکانی نەوەیەک، چینێک، کۆمەڵگایەک چی دەکەن. پەیوەستە بە کار و پراکتیکەکەیانەوە و لە ئەنجامدا ئەو بەرهەمە کۆمەڵایەتییەی کە لەدایک دەبێت و ئەو دۆخەی کە دەردەکەوێت. سەبارەت بە مێژووش، بە ناو مێژووی شۆڕشی ئێران یان مێژووی هاوچەرخ، ئەگەر بمەوێت شتێک بنووسم کە لەم ساڵانەدا تێبینیم کردبێت، کە لانیکەم لە نزیکەوە مامەڵەمان لەگەڵ ئەو پرسانەدا کردووە و هتد، ئەوە ئەوەیە کە لە کۆمەڵگا، هەروەک چۆن لەژێر ڕووی هێمنی دەریادا، بەناو ڕەوتی ئاو هەیە کە بەملا و ئەولادا دەڕوات، بەڵام من و تۆ نایبینین لە دەرەوە ، کۆمەڵگاش بەهەمان شێوە لەژێر کاریگەری جوڵانەوەی بزووتنەوەکاندایە،ئەو بزووتنەوانەی کە بەردەوام چالاکن تێیدا ئەم بزووتنەوە کاردەکەن و هەن مێژووش بەرهەمی ئەم بزووتنەوانە و خەباتی چینایەتی لە ئاستێکی قووڵتردا و لە پشتی ئەم بزووتنەوانەوە ئەم بزووتنەوەیانە شکڵ پێک دەهێنن بەڵام ئەم بزووتنەوانە بوونیان هەیە. ئەگەر بتەوێت سەیری مێژووی ئێران بکەیت، ناتوانی بڵێی تەنها مێژووی ململانێی نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازییە. چونکە خەباتی پرۆلیتاریا و بۆرژوازی، کرێکار و سەرمایەدار ، ئیمپریالیزم و هتد، دواجار ئەمانە لەسەر بنەمای بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە دەتوانن لە وڵاتدا دەرکەون و ڕۆڵیان هەبێت، پێکبهێنرێن. بە بڕوای من مێژووی ئێران لەم سەد ساڵەدا لە شۆڕشی دەستوورییەوە تا ئێستا گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکی دیاریکراوی حیزب و بزووتنەوەی ڕۆشنبیران بووە، نوخبەی خوێندەواری ئەو کۆمەڵگایە بۆ دروستکردنی ئێرانێکی ڕۆژئاوایی، ئێرانێکی بۆرژوازی سەرمایەداری لە جۆری فەرەنسا و بەلجیکا و ئینگلتەرا و بەرگریەک کە بە جۆرێک حکومەتە خۆسەپێنەکان لە دژی کردیان یان ڕۆژئاوا لە دژی کردوویەتی. بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە بنەڕەتدا بزووتنەوەی دەستەبژێرەکانی ئێران بوون بۆ دروستکردنی جۆرێک لە سەرمایەداریی ئێرانی. تەنانەت شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧یش، هەرچەندە کرێکاران بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشدارییان تێدا کرد، بەڵام چارەنووسی کۆمەڵگاکەمان و هەموو ژیانی ئێمە دواجار ئەو بنەماڵە سیاسییە گەورەیەیە کە سەرێکیان مەشروعەیە و سەرێکی دیکەیان دەستوورییە، سەرێکیان موسەدق و ئەو سەرەکەی تری خومەینی و تەنانەت ڕەزا شا. لەخۆدەگرێت. ئەو تەیفە بزووتنەوەکەی دیاری کرد کە بەرهەمی شۆڕشی دەستوورییە. وە ئێمەی کۆمۆنیست و ئێمەی سۆسیالیست و چینی کرێکار بە شێوەیەکی بەرفراوانتر سەیری ئەو ڕووداوانەمان دەکرد کە لە ئێران ڕوویاندا. پێم وایە ئێستا دەتوانرێت بگۆڕدرێت. بێگومان ئێمە باسی مێژوو دەکەین و بۆ ئێستا بە تەنیا جێی دەهێڵین. بەڵام بەڕای من تا ئەم ساتەوەختە ئێمە لەگەڵ جوڵانەوەکانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە بە هێڵە ناوخۆییەکانیەوە ڕووبەڕوو بووین، کە ئێرانێکی سەرمایەداری گەورە و بەهێزی دەوێت.

شەهریار: ئایا بەڕاستی باوەڕت وایە کە مێژوونووسی تا ئێستا بەم پێناسەیە نووسراوە، کە دەبێ لەوە تێبگەین کە مێژوونووسی تا ئێستا لە بەناو ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکانەوە یان لەناو کۆمەڵگای ئێرانەوە مێژوونووسییەکی واقیعی نییە، بەڵکو لە ڕوانگەیەوە لە بزووتنەوە و نوخبە فیکرییەکانی کۆمەڵگەدا هەیە؟
مەنسور حیکمەت: بە دڵنیاییەوە ڕاستە. بەڕای من ئەم باسی مێژوونوسییە لە شوێنی خۆیدا ئاڵۆزترە! بۆچی هەر چۆن بێت مێژوو لە دەمی گێڕەرەوەکانیەوە دەبیستین و لە کۆتاییدا، کام گێڕانەوە لە تێڕوانینەکانی زۆرترین مۆرکی خۆیان لەسەر ئێمە بەجێدەهێڵن، ئەوە دیاری دەکات کە چۆن ئەو مێژووە دەبینیت. ئێمە خۆمان ئێستا باسی ئەو ڕووداوە دەکەین کە هەمان سەردەمی من و تۆیە، شۆڕشی ١٣٥٧، ئەگەر بمانەوێت بنووسین، هەموو ئەو نەوەیەی کە لە هەمان کاتدا لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا دەژیاین، پێموایە بەقەدەر ژمارەی خۆمان چیرۆکی جیاواز لەسەر ئەمە دیاردەیە دەدەینە دەرەوە ، بە جۆرێک کە نەوەکانمان سەریان لێ دەشێوێت، ئەم ڕووداوە چی بوو کە لە ساڵی ١٣٥٧ ڕوویدا؟ لەوانە تێدەپەڕین کە ئێستا لەگەڵ ئەو میتۆدۆلۆژیایانەدا کە لە ئەکادیمیاکاندا باڵادەستە و بە تایبەتی نەک لەئێستا بەڵکو چەند ساڵێک لەمەوبەر، سەرهەڵدانی جددی قوتابخانەی پۆست مۆدێرنیزم، کە نکۆڵی لەوە دەکات کە ئایا مێژوو بابەتییەتی هەیە یان نا، ڕەوتێک دەتوانرێت تێیدا دەستنیشان بکەیت،ئایا ئاراستەیەکی هەیە و ئایا بەهیچ شێوەیەک دەکرێت چیرۆکێکی هەبێت کە هەموومان سوێندی بەسەری بخۆین، جێگەی پرسیار بووە بۆیان، واتە ئایا بەڕاستی شۆڕشی پیشەسازی شۆڕشێکی پیشەسازی بوو؟ ئایا بەڕاستی جەنگی جیهانی یەکەم جیهانی بوو؟ ئایا ڕاستییەکان وەک ئەوەی وێنا کراوە یان بە شێوەیەکی تر؟ ئایا شتێک هەبوو بە ناوی شۆڕشی بۆرژوازی یان نا؟ ئێستا هەموو ئەمانە لە ئەکادیمیاکاندا لەنێو مێژوونووسەکاندا باس دەکرێن چونکە میتۆدۆلۆژیای مێژوونووسی لەگەڵ سەرهەڵدانی پۆست مۆدێرنیزمدا دوچاری لێکترازان و سەرلێشیواوی بوو. بێگومان ئێستا ڕەنگە وەک ئەو ئاڵۆزیەی دوو سێ ساڵ لەمەوبەری نەبێت. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو مێژووەی کە ئێمە وەک مێژووی هاوچەرخی ئێران وەرمان گرتووە، ئەو مێژووەیە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە زیندوەکانی لەو قۆناغەوە بۆ ئەو قۆناغەی گوزارشت لێکردووە و ناتوانێت مێژووی ژنان بێت. هیچ مێژوویەک نییە کە لە گێڕانەوەکەیدا ژنان ڕۆڵیان تێدا بینیبێت. ئێوە لە شۆڕشی دەستوورییەوە وەرن تا ئێرە، هەرکەسێک ئەم ڕووداوانەی بینیبێت: هاتنە ناوەوەی هاوپەیمانان، ڕۆیشتنی ڕەزاشا، هاتنی محەمەد ڕەزا شا، ٢٨ی مورداد، چاکسازیی زەوی، شۆڕشی ١٣٥٧، بزانە ئەمە چ بەشێک لەم مێژووەدا بەڕاستی دیدگای ژنان لەو کۆمەڵگایەدا تۆمارکردوە و یان چەندە لەسەر ئەم کۆمەڵگایە دەزانین کە دەڵێن وا بووە و چی ڕوویداوە هەندێک جار بەم شێوەیە؟ دوکتور موسەدق بە پاڵەوانی نەتەوەیی ناودەبرێت و دەوترێت هێمای لیبرالیزمە لەو وڵاتەدا. تا ئێستاش بچوکترین شت لەبارەی پێگەی ژنان لە ساڵانی حوکمڕانی دوکتۆر موسەدیقدا نازانین. کۆماری ئیسلامی بیست و چەند ساڵە دەسەڵاتدارە و کەسێکی وەک ئەم شارەزایانە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەتوانێ بڵێت کۆماری ئیسلامی ئەم یان ئەو پێشکەوتنەی بەدەستهێناوە، بەڵام هیچ کام لە میدیا فەرمییەکان باس لە چارەنووسی تەواوی نەوەیەک ناکەن لە ژنان لە یەکەیەکی سەربازیدا. لە ئەنجامدا ئەم هەڵوێستە لەم مێژووەدا غیابی هەیە. لە هیچ شوێنێک تۆمار نەکراوە و باسی ناکەن. لە خودی ئەوروپاشدا هەمان شتە. دەڵێن ئەمساڵ دیموکراسی هاتە ناوەوە و دواتر بە مرۆڤ دەڵێن مافی دەنگدانی ژنان تەنها بۆ ئەم بیست ساڵە یان پەنجا ساڵە…

شەهریار: بەڵێ، لە ڕاستیدا ویستم لە پێوەندی لەگەڵ ئەم بابەتەدا ئاماژە بەوە بکەم کە ئێوە هەموو مێژووی کۆمەڵایەتی ئەوروپاتان جگە لە مێژووی تایبەتی ژامرەیەک مێژوونووسی تایبەت نووسیویانە. بۆ نموونە ئەگەر سەیری مێژووی گشتی ئەوروپا بکەن، پێموانییە بزووتنەوەی ژنانی ئەوروپی لە هیچ شوێنێکدا بە جددی و بەو شێوەی جێ مەبەستی ئێوەیە باسی لێوەکرابێت. ئایا ئەمە لەڕاستیدا بە بۆچونی ئێوە گشتییە یان تایبەتە بە کۆمەڵگای ئێمە؟ بێگومان دەزانم لە کۆمەڵگای ئێمەدا تایبەتمەندیەکی زیاتر لە خۆدەگرێت ، بەڵام بەداخەوە ئەم بۆچوونە گشتییە.

مەنسوور حیکمەت: دەزانی تەنیا ئەوە نییە کە باسی ژن نەکراوە. سەیرکە، ئەگەر مێژوو چیرۆکی ژیانی ئەو خەڵکە بێت کە ڕۆیشتوون، مانای فراوانی چیرۆکەکە ئەوەیە کە چی بەسەر خەڵکدا هاتووە و چ شتێک زاڵ بووە بەسەریاندا ، بە چ ئاراستەیەکدا ڕۆشتووە و بۆچی ڕۆشتووە، و تۆش شایەتحاڵی بەشێکی مەزن لە کۆمەڵگە وەرنەگریت لەپەیوەند بەم دیاردەیەوە، ڕوونە کە وێنەکە سەروخوار و عەجیب وغەریبە. ئێوە شایەتحاڵی ئایینە کەمینەکانتان نییە، شایەتی ئەو کەسانەتان نییە کە مەیلی سێکسی جیاوازیان هەبووە، شایەتحاڵی منداڵانتان نییە. مێژوونووسیی ئێمە دیدگای منداڵێک لە سەر ئەو قۆناغە کەمی تێدایە. نازانیت منداڵەکان چییان بەسەر هاتووە و بەشێکی زۆری دانیشتووان لەو ماوەیەدا چ سەختییەکیان بەسەر بردووە و تووشی چ سەختییەک بوون. لە ئەنجامدا ئەم مێژووە گێڕانەوەی بزووتنەوەکانە. ئەگەر بزووتنەوەی ژنان مێژوو بنووسێت، ئەوا سەیری ئەم دیو دەکات و ڕەنگە سەیری دیوەکەی تریش نەکات. دەمەوێت بڵێم ئەگەر مێژوونووسین لە مێژوو جیا بکەینەوە، ئەو مێژوونوسییەی تا ئێستا بوونی هەبووە، ئاماژە بە پرۆسەی مێژوویی ناکات. هەر بۆیە تیۆری بۆ زیاد دەکرێت. بۆ نموونه مارکسیستێک دێت و شێوازی بەرهەمهێنان، ئاڵوگۆڕە ژێرخانیە کان دەخاتە ڕوو ، که به شێک نین له مێژوونووسی هیچ که سێک، به ڵکو تێزی ئه م که سەیە ، و ئه و ده چێت و هه وڵ ده دات به که ڵک وه رگرتن له داتاکانی مێژوونووسان وئەیەوێت بڵێت به ڵێ ئه م لەگەڵ ژێرخانێیکدا ڕوویدا و بۆ تێگەیشتن لەم ڕەوتە مێژووییانە. به ڵام ئێستا که له باره ی ئێرانەوە پرسیت، به بڕوای من یه کێک له کاره بێ نرخ و دژواره کانی مێژوونووسییه . ژیاننامە، مێژوو کارێکی شیرین و باشە کە مرۆڤ بۆ نەوەی داهاتوو بەجێی دەهێڵێت، کە ئەمە لەم ڕۆژەدا ڕوویداوە و منیش ئەمەم لەم گێڕەرەوە بینیوە، و کە شایەتحاڵی بارودۆخی سەردەمی خۆیەتی، بەڵام ئەو کەسەی دێت و هەوڵی بۆ دەدات فەلسەفە و مێژوو ڕوون بکاتەوە.وە بۆ ڕوونکردنەوەی هەنگاوە یەک لە دوای یەکەکان و گێڕانەوەی ئەوەی لەم جیهانە و ئەم کۆمەڵگایەدا ڕوویداوە، پێموایە مەترسییەکی میتۆدۆلۆژی بەرز ئەنجام دەدات و ئەویش ئەوەیە کە لە ناو بزووتنەوەکەی خۆیەوە سەیری باقی جیهان دەکات و ڕوونی دەکاتەوە لەم گۆشەیەوە. پێموانییە بچوکترین ئاماژە بە پێگەی چینی کرێکار، موچەخۆران لە مێژووی چینە دەسەڵاتدارەکاندا هەبێت کە نووسیویانە. هەرچەندە هەموومان سەیری قۆناغی مێژووی هاوچەرخی ئێران دەکەین، بەڵام نووسینە ڕەسەنەکانی بچوکترین جێگایان لە دیاردەی ئەوەی لە ماڵەکاندا ڕوویدا نییە، چی بەسەر ئەو بنەماڵانەدا هاتووە؟ ئینسانەکانی ئەو قۆناغەی چۆن هەستێکیان بەرامبەر بە ژیانیان هەبوو و هتد.
شەهریار: بەڕێز حیکمەت، ئەگەر مۆڵەتم بدەیت، حەز دەکەم چەند پرسیارێکی کورتت لێ بکەم. بێگومان ئەم پرسیارانە کەمێک کەسین و پەیوەندی بە ئێوەوە هەیە، هیوادارم وەڵامێکی کورت ببیستم بۆ ئەوەی بتوانین گوێگران بهێنینە سەر خەت. سوپاس بۆ ئامادەبوونت، باوەڕم وایە لە نووسینەکانتدا ڕووت کردووەتە جۆرێک لە نۆسراوی پەخشانی پاک و لە هەمان کاتدا نووسینێکی بەهێز و کورت و لە هەمان کاتدا بۆ جۆرێک لە خەیاڵکردنی کتێبەکەت یان خەیاڵەکەت، ئەگەر سەیری بکەین لە بواری نووسینەوە، جۆرێک لە خەیاڵی ڕۆمانێک یان کورتە چیرۆکێک یان فانتازیایەکی ئەدەبی، تێیدایە. ئایا ئارەزووی ڕۆمان و شیعر و کورتە چیرۆک و چەمکە هاوشێوەکانی دەکەیت؟

مەنسوور حیکمەت: دووبارە سوپاس! نەخێر! شیعر بە دڵنیاییەوە نا، من شوێن شیعر ناکەوم و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر من نییە. من کار لەسەر شیعر ناکەم.

شەهریار: بۆچی؟ کاک حیکمەت بۆچی حەزت لە شیعر نییە؟

مەنسوور حیکمەت: (پێکەنین) ئێستا دەگەین بەئەویش. پێم وایە ئەوەی جێی سەرنجمە هێزی دەربڕینە. من ئەمە وەک فەزیلەتێک دەبینم کە کەسێک بتوانێت قسەکانی بکات و هەرچەند زووتر باشتر و هەرچەند ڕوونتر و کاریگەرتر باشترە. لە ئەنجامدا زمان وەک ئامرازێک بە نرخ دەزانم کە وەک ئامێرێکی مۆسیقی مرۆڤ دەتوانێت بەکاری بهێنێت و بە لێهاتوویی بەکاری بهێنێت. ئەو بەختەی کە بەدەستم هێنا بەو مانایە بوو کە بنکەی فارسیم، ڕێزمانی فارسیم، باش بوو. بەڵام ئەدەب خۆی کاریگەری لەسەر کارەکانم نەبووە. ڕەنگە بە جۆرێک ئەگەر شتێک کاریگەری لەسەر کارەکانم هەبووبێت، ئەوە نوکتە و بەدواداچوونە بۆ نوکتە، چونکە بوارێکە کە من حەزم لێیە، کتێبەکانی کۆدەکەمەوە. خوێندنەوەی تەنز لە ژیانی فکری ئێمەدا جێگەیەکی زۆری هەیە. ئەمەیە کە من بەکاری دەهێنم، بەڵام ئەو نواندن و ئەو لایەنانەی کە تۆ باسی دەکەیت زیاتر لەبەر ئەوەیە کە من بە ئاگادارییەوە هەوڵ دەدەم ئەو زمانەی کە بەکاری دەهێنم بیرکردنەوە بێت، و ئەگەر ڕاستگۆ بم، بیرم لەوە دەکردەوە و پلانێکیشم دانا کە تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە لە نووسین کە من پێی دەڵێم “نووسینی ڕاستەوخۆ” بۆ ئەوەی نامیلکەیەک بێت لەسەر چۆنیەتی نووسینی ڕاستەوخۆ، و پێموایە ئەمە شێوازێکە کە بە ئاگادارییەوە کارم لەسەر کردووە، و ئەگەر نووسینەکانی بیست ساڵی ڕابردوو یان زیاترم ببینن، ئەوان جیاوازن لە ئێستا.

شەهریار: بەڵام هەندێک جار، لە نووسینەکانتدا، تووشی جۆرێک لە فانتازیایەکی بەهێز یان بۆ نموونە تێڕوانینێکی بەهێز بۆ هەندێک بابەت دەبم. تەمثیلێک یان تایپۆلۆژیایەک. بۆ نموونە لە یەکێک لە نووسینەکانتدا خۆت بەراورد کردووە بە ئەژدیهایەک (پێکەنینەکەی مەنسوور حیکمەت) ئەم ئەژدیهایە لە ئەشکەوتەکەیدا کار دەکات و دەنووسێت و بەناو خەیاڵەکانی ڕێکدەخات، دواتر شتێک لە جیهانی دەرەوەیدا ڕوودەدات، پاشان مەنسوور حیکمەت بە زاراوەیەکی تر ململانێی دەروونی لە ئەشکەوتەکە دەچێتە دەرەوە و بتوانین بڵێین شتێک کە پێموایە ئەگەر بیخەینە بواری کورتە چیرۆکنووسینەوە، چیرۆکێکی باش دەردەچێت. ئەم نیگایە دەمباتە ئەو دەرئەنجامەی کە دەبێ زیاتر حەزت لەوە بێت کە ئێستا بەداخەوە کە ئێستا لە ئێوەوە بیستووم (هەردووکیان پێدەکەنن) کە تۆ هیچ حەزت لە شیعر نییە، مەبەستم ئەوەیە کە پێم وابوو زیاتر مامەڵە لەگەڵ ڕۆماندا دەکەیت.

مەنسور حیکمەت: نەخێر، من زیاتر مامەڵە لەگەڵ نوکتە دەکەم. هونەری بینراو، فیلم، شانۆی گاڵتەجاڕ، و کتێب و نووسینی گاڵتەجاڕ. جۆری کارەکانی کەسانی وەک برایانی مارکس، نازانم تاچەندێک دەزایانناسن، وودی ئالن، تەنزنووس و ڕەخنەگرانی تەنز ئەو سەرنجڕاکێشەیەیان هەیە بۆ من، و پێموایە ئەوەی تۆ دەیڵێیت بەشێکی لە توانایەکەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ هەنگاو بنێن لەو پرسە دەستبەجێیە و سەیری ئەو بابەتە بکەن.لە دەفرێکی فراوانتردا، دۆزینەوەی نموونەیەک یان هەستێک و بەکارهێنانی گێڕانەوەی باشتری ئەوانی دیکە بۆ دەربڕینی ژیانێکی باشتر. بەڵام ئەمە شتێکە کە بەرهەمی ڕۆمان و شیعر نییە. بەڕاستی من شوێن ڕۆمان و شیعر ناکەوم و شانازیش بەوەوە ناکەم. جێگەی داخە، وەلێ بەرهەم نییە. لە سەرووی هەموو شتێکەوە بەرهەمی چاودێریکردنە، بەرهەمی چاودێریکردنی ژیانی مرۆڤەکانە.

شەهریار: کاک حیکمەت، ئەوەندەی من بیستوومە ئێوە سەبارەت بەخوێندنتان، بێگومان نازانم تا چ ڕادەیەک ئەوەی بۆی گێڕاومەتەوە بە دروستی وتوویەتی، بە زارەکی بیستوومە، ئێوە لە ئێراندا ئەدەبیاتی فارسیدا خوێندوە. ئایا ئەم جۆرە نووسینە دەرئەنجامی ئەو پشتیوانەیە کە ئێوە لە ئەدەبیاتدا هەتانە یان لە ڕاستیدا شتێکە لەخۆوە لە تۆدا سەریهەڵداوە؟
مەنسور حیکمەت: نەخێر! سەرەتا پەروەردەی من ئەدەبیات نییە. پێشتر دەچوومە قوتابخانەی ئەلبۆرز، کە خۆشبەختانە هەموو مامۆستای باشە لەوێ کۆبووبوونەوە، هەروەها ڕێگەیان بە ئێمەش دابوو کە بچین. بنکەی فارسیم بەهێز بوو، چونکە لە پۆلی یەکەوە بۆشەش لە ئەلبورز خوێندوومە، بۆیە بنکەی ڕێزمانەکەم باش بوو. خۆشبەختانە ئەو خێزانەی تێیدا دەژیام خێزانێکی کولتووری بوون و قسەکردن بە دروستی فەزیلەتێک بوو و توانای دەربڕینی خۆی بوو! لانی کەم دەمتوانی لە هەمان تەمەنەوە خۆم دەرببڕم. پاشان پسپۆڕی من ئابوورییە. من لە زانکۆی شیراز ئابوریم دەخوێند، دواتر لە ئینگلتەرا چوومە خوێندنی ئابووری و گەشەپێدانی ئابووری بۆ وەرگرتنی ماستەر ، و هیچ نیازێکم نەبوو هیچ بنووسم. ئەوە شۆڕش بوو کە پاڵی پێوەنام بۆ نووسین و لە ڕاستیدا یەکەم شت کە بە زمانی فارسی نووسیم ئەفسانەی بۆرژوازی میللی و پێشکەوتنخوازی ئەو قۆناغە بوو، لە یەکەم نووسینەکانمدا. پێم وایە هەرکەسێک بچێتە سەر جەوهەری خۆیدا بڕوات و ئەوەی دەیەوێت بیڵێت و بڕیار بدات ڕاستەوخۆ قسە بکات، جوان دەنووسێت.

ئێستا دەتوانن کاری لەسەر بکەن. من وەک هونەرێک سەیری نووسین دەکەم، کەمتر هونەرێک بە مانای فەلسەفی وشەکە، زیاتر بە مانای کارامەیییەکەی.سەیر دەکەین کە دەکرێت فێری ببی. دەکرێت پشتی پێ ببەستین، دەکرێ خاڵە لاوازەکانی بناسرێت و هەرچۆنێک بێت، من کارم لەسەر نووسینەکانی خۆم کردووە، و لە کاری حیزبیشدا، کە بۆ ماوەیەکی زۆر ناچار بووین ئەم و ئەو بابەتانە ببەین و بخوێنینەوە و کێشەکانیان پێ بڵێن، من بەڕادەیەکی زۆر ئەزمونم هەیە لە بژارکردنی ناوەڕۆکی بابەتی کەسانی تر. لە ئەنجامدا هونەرە. وەک ئەوە وایە فێری ببیت کە ببیت بە پزیشک یان فێری یاری تۆپی پێ بیت. ئەمەش بۆ خۆی تەکنیکییە. وتم کە هەر وەک ئامێرێکی مۆسیقایە کە دەتوانیت فێری بیت، نووسینیش ئامرازێکە بۆ دەربڕینی بۆچوونێک، ئەمەش شتێکە کە من بە جددی مامەڵەی لەگەڵ دەکەم و گرنگی پێدەدەم، و پێموایە دەقێکی باش گرنگە. ئەمەش مانای فرت وفێڵ و تەکنیکە کە دەبێت فێری ببن.

شەهریار: بەڵام دوا پرسیار تا گوێگرانمان لەسەر خەت هەیە. لێرەوە ڕایدەگەیەنم کەژمارەی تەلەفۆنەکەمان ٦٨٧٠٣٨٠ گوێگرانی خۆشەویست دەتوانن هەر ئێستا پەیوەندی بکەن. بۆ ئەوەی یەکەم گوێگرمان هەبێت، دوا پرسیارتان لێ دەکەم. ئەگەر سبەی شۆڕشێک لە ئێران ڕووبدات و چینی کرێکار بە ڕاستی دەسەڵات بگرێتە دەست و حکومەتێکی سۆسیالیستی ڕابگەیەنێت و مەنسوور حیکمەت ببێتە وەزیری ڕۆشنبیری، چی بۆ ئەم وڵاتە دەکات؟ چ ئاسانکارییەک بۆ هونەرمەندان و شاعیر و نووسەران و سینەماکاران دابین دەکات کە دژی ئایدۆلۆژیای ئێوەن، دژی حکومەتەکەتن، دژی سۆسیالیزمن، بۆ ئەوەی بتوانن خەریکی داهێنانی دەروونی خۆیان بن؟

مەنسور حیکمەت: پێموایە ئەگەرەکانی دەربڕینی هونەری لە شانۆوە بۆ بڵاوکراوە و گۆڤارەکان کە مرۆڤ دەتوانێت خۆی بۆ ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکان دەرببڕێت شتێکە وەک مەلەوانگە، پێویستە هەموو کەسێک هەیبێت. شتێکە وەک ماڵ و قوتابخانە کە پێویستە هەموو کەسێک هەیبێ و هەموو مرۆڤێک بە هەر دیدگایەکەوە بتوانێت خۆی دەرببڕێت، بتوانێت داهێنەری خۆی بهێنێتە سەر تەختەی شانۆو نیشانی بدات. دەبێت بتوانێت کارەکانی خۆی بگەیەنێت. پێویستە بتوانێت بەو ئامرازانەی کە دەیەوێت قسە بکات. لە ئەنجامدا لە حکومەتێکدا کە ئێمە خەونی پێوە دەبینین، خەڵک دەتوانن بچن هۆڵەکە بگرن و هەر شانۆیەک بیانەوێت پیشانی بدەن، خەڵک دەتوانن بچن و هەموو جۆرە گروپێکی مۆسیقا دروست بکەن، خەڵک دەتوانن بچن گۆڤاری هونەری بڵاو بکەنەوە. ئەگەر مشتومڕ لەسەر ئەوە بێت کە ئایا حکومەت پاڵپشتی ئەم جۆرە کارە دەکات یان نا، باشترین پاڵپشتی کە دەتوانرێت بدرێت ئازادی و هەبوونی ئاسانکاری زۆرە بۆ بڵاوکردنەوە، پیشاندان، کۆڕ وکۆبونەوە، کە مافە سەرەتاییە مەدەنییەکانی خەڵکن. بەڕای من کۆمەڵگا دەتوانێت هۆڵی پێشانگاکە و شانۆکە و ئاسانکارییەکانی بڵاوکردنەوەی گۆڤار و ڕۆژنامە و هەبوونی کەرەستەی وێنەگرتن و هتد بکاتە بەردەستی هەمووان. ئێستا دەتوانین بچینە سەر ئینتەرنێت و کەناڵێکی تەلەفزیۆنی دروست بکەین و کەس ناتوانێت هیچمان پێ بڵێت. چەند سەد دۆلارێکی زیاتری تێناچێت. من پێم وایە پێویستە سانسۆر لە سەر هەموو بیرکردنەوەیەک لاببرێت. هەرکەسێک مافی خۆیەتی هەر بیرکردنەوەیەکی هەبێت، هەرکەسێک مافی ئەوەی هەیە بتوانێت کەرەستەی خۆی هەبێت و قسەی خۆی بکات. گرنگ نییە چی لەبارەی ئێمەوە دەڵێت. ئێستاش هەروایە.
من باوەڕم بە هونەری حکومەت نییە. من باوەڕم بە هونەری پرۆلیتاری نییە. من باوەڕم بە هونەری پابەند نییە. من پێم وایە هونەر واتە توانای ئەوەی بە تەواوی بڵێیت کە بەرامبەرەکە دەیەوێت و ناکرێت ڕێگابۆ داهێنان دابنرێت و فەرمانگەیان بۆ دابنێیت.

شەهریار: ئایا هەموو ئاسانکارییەکانی ژیانیان بۆ دابین دەکەیت، وەک مافی نیشتەجێبوون، مافی هاووڵاتیبوون، مافی کۆمەڵایەتی، مافی پیشەیی، مافی بژێوی ژیانیان؟

مەنسور حیکمەت: لەسەدا سەد! ئەرکی کۆمەڵگایە کە بۆ هەموو کەسێک جا هونەرمەند بێت یان نا دابین بکات. دەبینیت ئەگەر ئازاد بین بچین شەڕ بۆ نانەکەمان بکەین و کێشەکەمان ئەوە نەبێت کە لە بەیانیەوە تا شەو ڕابکەین و کار بکەین تا لە ماڵەوە ماندوێتیمان دەربکەین، ئەوا داهێنان دەتوانێت سەرهەڵبدات. بەڕای من کەسێک کە دەیەوێت فیلمێک دروست بکات، پێویستە ئاسانکارییەکانی هەبێت و بتوانێت بچێت بیکات بەبێ ماڵی خۆی تێک بدات. وتم شتگەلێکی وەک مەلەوانگە، یاریگای تۆپی پێ، قوتابخانە، شتگەلێکی وەک ناوەند، کەرەستەی دەربڕینی هونەری دەبێت لەبەردەستی هەموو لایەکدا بێت. من وێنەیەکی دەستەبژێری هونەرم نییە. پێم وایە پێویستە هەموو کەسێک بتوانێت قسەی خۆی بکات. بەڕای من هونەرمەند چین نییە. بەڕای من هەموومان دەتوانین داهێنانێکی دروست دەرببڕین ئەگەر ئامرازەکان بدۆزینەوە و ئەگەری فێرکردنی بدۆزینەوە، دەتوانین دەریببڕین.

ئەگەر هەموو کەسێک ئەمەی هەبێت، ئەوا ڕوون دەبێتەوە کە ئایا کەسێک هەیە جگە لەوەی کە پرۆفیسۆرە لە بواری هونەر و تەکنیکدا، شتێکی هەیە بیڵێت کە باقی ئێمە هێشتا تێی ناگەین. چونکە ئێستا وا بووە کە هەرکەسێک ڕەنگی ئاوی بکڕێت پێی دەوترێت نیگارکێش، هەرکەسێک دەفتەرێک بکڕێت پێی دەوترێت شاعیر، ئەگەر دەفتەر و ڕەنگی ئاو بۆ هەمووان بێت، ئەگەر هۆڵ و پارک بۆ هەموو کەسێک بێت کە بتوانێت پیشانی بدات، ئەوا تەنها ئەو کاتە ئایا دەتوانین تێبگەین ئەگەر داهێنان هەبێت ئایا هەیە یان نا؟ چونکە ئێستا لەپشت ئەم دۆخەوە، لەلایەک لەژێر فشاری هونەرمەندان و لەلایەکی ترەوە ئەو نوخبەگەراییەی کە لە جەوهەری چەمکی هونەردا تێکەڵە، بەڕای من ناکرێ داهێنان زۆر لە شارەزایی و کارامەیی هونەری جیابکرێتەوە.

شەهریار: کاک حیکمەت دوا پرسیار بەڕاستی! وە زۆر سوپاس بۆ ئەوەی زەحمەتماندان و ئیتر بێزارتان ناکەم. بێگومان ئەگەر گوێگرانی ئازیز دەیانەوێت و هەر پرسیارێکیان هەیە ژمارەی تەلەفۆن ٦٨٧٠٣٨٠ بەخۆڕاییە، دەتوانن پەیوەندی بکەن. بەڵام تا گوێگرێک هاتە سەر خەت، دوا پرسیار: ئەگەر کەسانی وەک ڕیازانۆڤ لە سەرکردایەتی حکومەتی بەناو سۆسیالیستیدا هەبن، کە لە ڕاستیدا دەیانەوێت سیستەمی سانسۆر و پێداچوونەوە و کۆنترۆڵکردن دابنێن، چ هەڵوێستێک وەک وەزیری ڕۆشنبیری؟ ئایا بەرەنگارییان دەبیتەوە یان دەست لەکار دەکێشیتەوە ئەگەر نەتوانی بەرەنگاری ببیتەوە؟

مەنسور حیکمەت: ئێمەت کردووە بە وەزیری ڕۆشنبیری (هەردووکیان پێدەکەنین) و ئێستا پرسیار لە وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی داهاتوو دەکەیت…

من باوەڕم بە سانسۆر نییە و نەک تەنها باوەڕم پێی نییەبەڵکو لە دژیشیم. فەلسەفەی ژیانمان بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاستەنگانەیە کە ژیانی خەڵک و ڕادەربڕین و پراکتیزەکردنی ئازادانەی ئینسانەکانیان ڕاگرتووە. لە ئەنجامدا ئەوە ڕوونە کە هەر جۆرە حکومەتێک کە بیەوێت بلۆک و سانسۆری بیرو ئەندێشە بکات، پێویستە دژایەتی بکرێت. جا تۆ وەزیری ڕۆشنبیری بیت یان هاوڵاتییەکی سادە. ڕاستگۆیانە لەو حکومەتەی کە من باوەڕم وایە، وەزیری ڕۆشنبیری ئەو دەسەڵاتانەی نییە کە تۆ دەیڵێیت، یان ڕیازانۆڤ ئەو دەسەڵاتانەی نییە کە تۆ دەیڵێیت. سیستەمی ئێمە حکومەتی شوراکانە. خەڵک کۆدەبنەوە و بڕیار دەدەن. من بە شەخسی لەگەڵ ئەوە نیم حکومەت دەستوەردان لە هیچ جۆرە داهێنان و دەربڕینی بوونی فیکری و مەعنەوی مرۆڤدا بکات. پێم وایە حکومەت پابەندە. سەرەتا بڕیارە خودی حکومەت لەگەڵ نەمانی فەلسەفەی بوونەکەیدا نەمێنێت. بەڵام بەڕای من دەسەڵاتی کرێکاری پابەندە بەوەی ئینسانەکان یەکسان و ئازاد بکات و لێبگەڕێت کە ژیانی خۆیان بژین.


ئەم دەقە لە شریتی چاوپێکەوتنی ڕادیۆی هەمسەدا لەلایەن ئازەر مودەرێسی وەرگیراوە بۆ چاپکردن و بڵاوکردنەوەی لە کۆمۆنیستی مانگانەی ژمارە ٧.
بەراوردو و وردبینی: ئیرەج فەرزاد. لە ماڵپەڕی ئێران تێلێگراف وەرگیراوە.
hekmat.public-archive.net #3876fa.html




کورد و سیاسەتەکانی تورکیا.. هیمداد اسماعیل ایبراهیم

پەیوەندی کورد لەگەڵ تورکیا پەیوەندیێکی سیاسی و ئابوریە، لەکۆندا کورد گیرۆدەی دەستی سیاسەتە خراپەکانی دەوڵەتی تورکیا بووە، هەمیشە هەوڵەکانی بۆ بەرەو پێشبردن بووە، بەڵام ناڕۆنیەک هەیە لە ئەداکردنی پەیوەندیەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا. سەدەکانی ڕابردوو کورد وەکو هاوپەیمانێک لەگەڵ تورکیا توانیویەتی ئەزمونی خۆی تاقی بکاتەوە لەگەڵ ئەم دەوڵەتە، بەڵام بەخراپ بۆی شکاوەتەوە.
کوردستان وەکو ناوچەیەکی ستراتیچی گرنگ دەرکەوتووە، بەردەوام چاوی تەماحکاری لەسەرهەبووە بۆ داگیرکردنی خاکەکەی بێ گوێدان بە ڕێکەوتنەکان و پەیمانە یەک لەدوایەکەکان. هێشتان کورد نەیتوانیوە پێداچونەوە بەو ڕێکەوتنانە بکات لەگەڵ ئەو دەوڵەتە، ئەمەش هۆکاری خۆی هەیە کەکورد نەیتوانیوە ئەوە هنگاوانە بگرێتەبەر.
دژایەتی دەوڵەتی خۆسەپێن لەسەردەمی عوسمانیە داگیرکەرەکان دەسپێ دەکات دوای چەندان گفت و بەڵێن بەڵام بێ ئەنجام بوون. یەک لەهۆکارەکانی زاڵبوونی ئەو دەوڵەتە تۆبۆگرافیای ناوچەکەیە کە وایکردووە کورد ملکەچ بکات بەداواکاریەکانی خۆی، ئەو جەنگانەی بەرۆکی تورکیایان گرتبوو لەئێستا و لەڕابردوو کورد بەئمتیازاتێکی زۆرەوە لەبەرەی تورکیابووە، بەڵام تورکیا تاکو ئیستا بەگرنگی وەرنەگرتووە ئەو هاوپەیمانەتیە، وەک بڵێین کورد خاکەکەی بەئیجارە وەرگرتبێتەوە لەتورکیا، ئەو سیاسەتەی تورکە عوسمانیەکان لەناوچەکە پەیڕەو دەکەن بەدەرەجە یەک لەدژی کورد و کوردستان بووە، بۆئەوەی کورد پێگەکەی بەهێزبێت دەبێ هەوڵی یەکگرتووی بدات و پێداچونەوەیەک بەسیاسەتی خۆی بکات بەرامبەر بەو زوڵم ستمانەی کەدەرحەقی دەکرێت، ئەگەر ئەمە نەکات لەداهاتوو تورکیا وەک داگیرکەر هەوڵی بەدەستهێنانی خاکی کوردستان دەدات و دەیخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، هەرچەندە ئیستاش ئەو دەوڵەتە بەشێکی زۆری خاکی کوردستانی بەزاندووە بەئەگەری هەبوونی چەکدارەکانی پەکەکە، بەڵام ئەوە نابێتە هەنجەت بەڵکو دەبێتە دەسپێکی دەسبەسەرداگرت بۆ مەرەمە سیاسیەکانی خۆی لەناوچەکە و لاوازکردنی پێگەی کورد، چونکە تورکیا نایەوێت کورد بەهێزببێت و کاریگەری دروست بکات بەسەر دەوڵەتە ئەقلیمیەکان و بەتایبەتی تورکیا.




رێم بدەن منداڵ ببمەوە.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

چی دەبوو
خوا بیکردبایە منداڵ ببمەوە؟
جارێکی دیکە
بە قادرمەی تەمەندا بۆ دواوە شەقاوم بنابا
خۆم دەمزانی چی دەکەم لەناو منداڵیدا
هەرگیز خەونم بە گەورەبوونەوە نەدەبینی
میلی کاتژمێری زەمەنم دەوەستاند
پێویستی نەدەکرد گەورە بم
پێویستی نەدەکرد لە منداڵی بترازێم
ئێستاش تامی نوقڵی شەوی بەرات و
چکلێتی جەژنان هەر لە دەممدا ماون
چۆن هێندە خێرا گەورە بووم؟
دوێنی بوو
گۆڵچی تیپی فوتبۆڵی گەڕەک بووم
ئەمڕۆ ریش چەرمۆی بازاڕی ژیان
دوێنی بوو
بەدەم خواردنی لەفەیەک قاورمەوە
لە ژێر دارهەناری حەوشە خەوم لێ دەکەوت
چۆن ئەمڕۆ بووم بەم پیاوە کامڵەی
لەو گەڕەکەی تێیدا لەدایکبووم
کوڕ و کاڵ بە خاڵۆ خاڵۆ بانگم بکەن؟
دوێنی بوو لەسەربان دەنووستم
چاوم دەبڕییە ئەستێرە درەوشاوەکان
لە خەونیشمدا
دەمکردنە ملوانکە بۆ دایکم
چۆن ئەمڕۆ لاجانگم بەفری بەسەردا باری و
لە ناو دەفتەری بیرەوەرییدا بورامەوە؟
دوێنی بوو وا بیرم دەکردەوە
جیهان بەو پانوپۆڕییەوە
هەر نێوان شاخەکانی ئەزمەڕ و بەرانانە
چۆن ئەمڕۆ
تەڵیسمی ئەو هزرە رەوینەوە
بە فڕۆکەیەکی رزیوی هێڵی ژێرمانیا
سنووری وڵاتان دەبڕم؟
چی دەبوو ئەژدیهای ناو یاری
مار و پەیژەی گەورەیی قوتی دابام
لە خانەی یەکەمی لە دایکبوون فڕێی بدابام؟
من چیم لە هەڵکشانی تەمەن دەست کەوت
جگە لە گۆڕانی دەمانچە ئاوییەکان
بە چەکە ئێسک تاڵەکانی ئێستا؟
من چیم لە خەونەکانم هێنایە دی
جگە لە قەڵەوبوونی ژمارەکانی تەمەن و
لاوازبوونی ئاسکەکێوی جوانیی؟
من چیم لە تێپەڕین بەنێو ساڵەکاندا
دەست کەوت
جگە لە رەتبوون بەنێو چەرخێکی کوێر و
ئاوڕنەدانەوە لە خۆڵەمێشی خەونەکان
من چیم لەم گەورەبوونەی لەش دەست کەوت؟
جگە لە دابەزین لە وێستگەی مەراق و
گوڵەوەچنی پەرچنەیەک لە ئازار؟
چی دەبوو ئەگەر گەورە نەبووبام؟
چیم دەدۆڕاند لە گەورەییدا
جگە لە ددانە کلۆرەکان و چاویلکەیەک؟
چیم لە کیسە دەردەچوو
بێجگە لە مشتێ پارەی ئاسن و
تۆفانێکی شاراوە
لە ژێر پێڵووی چاوەکانمدا؟
چیم هەبوو لێم زەوت بکەن
بێجگە لە پایپێکی چڵکنی رزیو و
پەرستگەیەکی بێ ناونیشانی
ناو تەمی مێژوو؟
ئاه خودایە چۆن منداڵیم تێپەڕی؟
بۆ ناهێڵیت جارێکی دیکە
دایە گەورەم
بەرچایی بخاتەوە بەردەستم و
بە گۆرانی جادە و چۆڵ و سێبەر بوو
لە خەو رابم؟*
بۆ ناشێ ئەم زەمەنە
بۆ دواوە بگەڕێتەوە؟
هەروەک چۆن چیاکانمان
بۆنی بیابانیان گرتووە
منیش بگەڕێمەوە
گەڕەکی خەونە ئاڵەکان
لەوێ مامۆستا ولیەم**
فێری نۆتەی ژیان و موزیکم بکاتەوە
مامۆستا فرانسیس***
گوێ بۆ مەقامێکی حیجازم بگرێت دەستم بگرێت بۆ ناو کەنیسەی مریەم عەزرا****
ئاه خودایە
بۆچی نابێت ئەم ماشێنی ژیانە بەگێک دانێ
تێیدا من لە قوتابخانەی بەرانان*****
لە ریزبوونی قوتابخانەکەماندا
دەستەسڕەکەمم بیرچووبێت
مامۆستا محێدین******
بە لەسەرخۆیی بڵێ ئەمە دواجارت بێ
دواتر بەبەردەم ماڵی کەژاڵ ئەحمەددا*******
بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە و
بەرد بگرمە تووی ماڵە دراوسێیەک
ئاه خودایە بۆ رێگە نادەیت منداڵ ببمەوە؟
ئێستا ناتوانم
هۆکارەکانت یەک یەک بۆ بژمێرم
تۆ رێگەم بدە
ئەم جارە بگەڕێمەوە منداڵی
لەوێ لە ناو منداڵیی، بە میکانۆکانم
ماڵێک لە پاکیزەیی چێ دەکەم
ناهێڵم شاعیرەکان بێنە ژوورەوە
ئەوان تەنیا لە نێو دەقەکانیاندا جوانن
ناهێڵم نووسەرەکان سەری پێدا بکەن
ئەوان لە کتێبەکانیاندا دەدرەوشێنەوە
لە دەرەوەی تێکست کۆمەڵێ مەیمونن
ناهێڵم سیاسییەکان بێنە ژوورەوە
نەبادا دیوارەکان بۆنی ناخۆشیان بگرن
ناهێڵم قەشەکان پێ بنێنە ناوی
ئەوان لەهەر کوێ بن گڵاوی دەکەن
ناهێڵم بازرگانەکان
لەناو ژووری میوان پاڵ بدەنەوە
ئەوان ژمارەگەلێک دەستی چەپەڵن
رەگی گولی وجودن
تەنها رێ دەدەم
عاشقەکان تێیدا بحەوێنەوە
لەناو هەیوانەکەیدا ژوان ببەستن
لە باخچەکەیدا
چاو لە مەعشوقەکانیان نەتروکێنن
چی دەبوو خوا بیکردایە
منداڵ ببمەوە؟

3-8-2014
رۆژی لە دایکبوونم و لە چاوەڕوانی نەشتەرگەرییدا

ئەڵمانیا- دوسڵدورف

پەڕاوێز:
*ئاماژەیە بۆ یەکێک لە گۆرانییە بەناوبانگەکانی هونەرمەندی شەهید “قادر کابان”.
**ئاماژەیە بۆ مامۆستا “ولیەم یوحەننا” هونەرمەندی ناوداری بواری موزیک، لە چالاکی قوتابخانەکان موزیکی فێر دەکردین. هونەرمەندی ناوبراو لەساڵی 1934 لە سلێمانی لەدایکبووە و ساڵی 2005 کۆچی دوایی کرد.
***مامۆستا فرانسیس داود، یەکێکی ترە لە مامۆستاکانی هونەری موزیک، یەکێکیشە لە هونەرمەندە ناسراوەکانی موزیکی کوردیی. هیوای تەمەن درێژیی بۆ دەخوازم و فەزڵی زۆری هەیە لەسەرم.
****کەنیسەی مریەم عەزرا کۆنترین کەنیسەی شاری سلێمانییە و دەکەوێتە گەڕەکی سابونکەران. کەنیسەکە ساڵی 1862 دروستکراوە بەهاوکاریی “ئیلیا”ی بازرگان.
***** قوتابخانەی بەرانانی سەرەتایی تێکەڵاو دەکەوێتە گەڕەکی شێخ محێدین- شاری سلێمانی.
****** مامۆستا محێدین بەڕێوەبەری قوتابخانەی بەرانان و دراوسێی ماڵمان بوو لە گەڕەکی سەهۆڵەکە.
*ئاماژەیە بۆ خانمە شاعیر “کەژاڵ ئەحمەد” کە هەموو رۆژێک بەبەردەم ماڵی ئەواندا دەڕۆیشتم بۆ قوتابخانە و لەو کۆڵانەشدا ماڵێک هەبوون دارتوویەکی گەورەیان هەبوو هەمیشە تاکە نەعل یان بەردمان دەگرتە دارەکە تاکو تووەکان بوەرێنە خوارەوە و بە تۆز و خۆڵەوە دەمانخواردن.




چـۆن دەبیـت بە شاعـیرێکی شیعـرنووس بۆ منـداڵان؟.. رەزا شـوان

شـیعـر کـۆنـتریـن و گرنگـتریـن ژانـری ئەدەبە. جـوانـتریـن و ناسکـتریـن شـێوەیە لە شـێوەکانی هـونەر. شـیعـر فـۆرمـێکی نایـاب و سەرنجـڕاکێـشە. گوزارشـتـێکی پـڕ لە هەست و سـۆز و خـۆشەویستـییە. پەیامێکی پەروەردەیی و سۆزداری و نیشتمانی و رەوشـتیی و بەهـای بەرزی مـرۆڤـایەتی لەخـۆگـرتـووە.
شیعـری منـداڵان، نـزیکـترین هـونـەرە لە دەروونیـانەوە. بەشـێکی گـرنگە لە ئەدەبی منداڵان. جۆگایەکی هەمیشە خوڕە لە رووباری رۆشنبیریی منداڵان. چـێژ و خۆشی و سوودێـکی زۆریان پێـدەبەخـشـێـت. شـیعـری منـداڵان، کـاریـگەریـیەکی گـەورەی لـە پەروەردەکردنی دروست و لە بە ئاسانی فـێرکردنی منداڵان هەیە. کاریگەریی لەسەر ژیـانی ئەمـڕۆ و دهـاتوویانـدا هـەیە. لە نووسـینێکی پـێشـترمـدا، بە درێـژی باسم لە
(گـرنگـییەکـانی شـیعـر بـۆ منـداڵان) کـردووە. لەم نووسـیـنەمـدا، باس لە گرنگـترین ئـەو رێنمـاییە پێـویستیـیانە دەکەم، کە پێـویستە ئەو بەهـرەمەنـدانەی کە ئـارەزووی نووسینی شیعـری بـاش بـۆ منـداڵان دەکـەن و دەیانەوێـت ببن بە شاعـیری منـداڵان.
ئەگـەر ئارەزوو و خـولـیای ئەوەت هـەیە، کە شـیعـری جـوان و باش و بـۆ منـداڵانی کوردمـان بنووسیـت و ببیـت بە شاعـیرێـکی ناسراوی شـیعـرنووسی منـداڵان. ئەمـە مایەی خۆشبەختی و دڵخۆشییە، کە شاعـیرێکی تازەی کوردمان، لە بـواری شـیعـری منـداڵانـدا لـێهـەڵـبکەوێـت. بتـوانیـت لە رێـی شـیعـرەکـانـتـەوە، خـزمـەتی ئـەدەبیـاتی منـداڵانی کوردمان بکەیت. لێی مەوەستە و چاکی لـێهەڵبکە و ئاوزەنـگی لە ئەسـپی تـوانـاکـانـت بـدە و خـۆت تـاقی بـکـەرەوە. بـەڵام بـەوە فـریـو مـەخـۆ کە پێـتـوابێـت، شیعـر نووسـین بـۆ منـداڵان، کـار و پیـشەیـەکی هـەڕەمـەکی و ئـاسـانە، بێ مـەرج و بێ بنەمایە، چـونکە بـۆ منـداڵانە. نەخـێر وا نییە و لە نووسینی شیعـر بۆ گەورەکان گرانترە. نووسینی شیعـر بۆ منداڵان پێویستیی بەو تێگەیشتنە هەیە، ئەوە بزانیت کە منـداڵان حەزیـان لـە چـیـیە و چـیـیان دەوێـت، نـەک تـۆ چـیـت دەوێـت ئـەوەیـان بـۆ بنووسیت. نووسینی شـیعـر بۆ منـداڵان، شارەزایی لێـدەوێت، بۆ ئەوەی بە زمانێکی شیرین و ناسک و ساکار، بتوانیت مەبەست و پەیـامەکانـت بە منـداڵان بگەیەنیت تا منـداڵان بتـوانن لـێی تـێبگەن. شیعـر هـەر ئـەوە نییە کە کـۆمەڵێک وشەی سەروادار ریـزبکەیـت و نـاوی لـێبنێیـت شیعـر بـۆ منـداڵان. هـەر شیعـرێک هەست و دەروونی منداڵان نەبـزوێنت و چـێژی لێوەرنەگـرن، منـداڵان بە شیعـری نازانن و رەتیدەکەنەوە. کەواتا پێویستە لە سەرەتاوە، پەنجە بخەیتە سەر ئەوەی کە منـداڵان حەزیان لە چـییە. پێویسە ئەوەش بـزانیت کە تەنیا بەهـرە مـەرج نیـیە، بۆ ئـەوەی ببیـت بە شـاعـیرێکی منداڵان، بەڵکو نووسینی شیعـر هـونەرە، هەر هـونەرێکیش شێوە و شێواز و رێبـاز و تەکنیکی داڕشـتنی خـۆی هـەیە. هـەر شاعـیرێکـیش شێواز و ستایلی تایبەتی خـۆی لە شیعـر نووسینـدا هـەیە. جیـاوازە لەگەڵ شـێواز و رێبـازی و ستایلی شاعـیرێـکی کـەدا.
لە راستیشدا هـیچ رێگایەکی دیارکراو بۆ نووسینی شیعـر نییە، بەڵام دەتوانیت هەندێک یاسای بنەڕەتی پەیـڕەوی بکەیـت بۆ ئەوەی ببیـت بە شاعـیرێکی باش و سەرکەوتـوو. هـەمیشەش ئەوەت لەیـادبێت، کە تۆ شیعـر بۆ منـداڵان دەنووسـیت نەک بۆ گـەورەکان.
دەکـرێت هـەر بەهـەرمـەنـدێکی ئارەزوومـەنـدی شـیعـر بـبێـت بە شـاعـیر، لە میـانـەی راهـێنان و دووبـارەکـردنەوەدا. بەڵام بەشـێک لە بەهـرەی نووسینی شـیعـر رەمـەکییە.
رێنماییەکانی نووسینی شیعـر بۆ منـداڵان
بۆ ئەوەی شیعـرێکی جـوان و باش بۆ منداڵان بنووسیت، هەنگاو بە هەنگاو پەیـڕەوی ئـەم رێنـماییـانە بکە. کە ئـەم هـەنـگاوە سەرەتـاییـانەت زانـی، دەتوانیـت بە روونی لە چـۆنیـەتی نووسـینی شـیعـر تێـبگەیـت و دەست بە شیعـرنووسین بۆ منداڵان بکەیـت:
١ـ خـووبـدەرە خوێنـدنەوەی شـیعـر بـۆ منـداڵان: تا پێـت دەکـرێت شـیعـری شـاعـیرانی جیاواز بۆ منداڵان بخوێنەوە. بە تایبەتیش رۆژانە شیعـرە تازەکانی شاعـیرە ناودارەکان بخوێنەوە. تازەترین کـتێبی شیعـر بۆ منـداڵان بخوێنەوە. لە شێواز و رێبازی نووسینیان تێدەگەیت. تا شیعـری زیـاتر بخـوێنیتەوە، ئیـلهـام و بیـرۆکەی زیاتر و باشترت بۆ دێت. خوێندنەوەی شیعـری منـداڵان، هەنگاوێکە بۆ هـۆشت تا ئامادەی نووسینی شیعـر بێت.
٢ـ پێویستە ئامانجـت دیاری بکەیـت: پێویستە لە نووسینی هـەر شـیعـرێک بۆ منـداڵان ئامـانجـێکی روونت هـەبێـت. پـەروەردەیی، نیـشـتمانی، رەوشـتی، ژیـنگەیی،… بێـت. ئەگەر نەزانیت بۆ کوێ دەچـیت؟ چـۆن دەتـوانیت لە خۆتەن رێگایەکی نەزانراو بگریتە بـەر.. بێگـومـان بە شـوێـنی مەبەست ناگـەیـت. نـووسینی شـیعـریـش بـۆ منـداڵان لـەم پێویستییە بەدەر نییە. تا ئامانجی شیعـرەکەت دیاری نەکەیت ناتوانیت شیعـر بنووسیت.
٣ـ لە کوێـوە ئیـلهـمی شیعـرت بۆ دێت؟: ئیلهام وەحی نییە بۆ مـرۆف بنـێرێت، کارێکی ناکاوی و کوتـوپـڕیش نییە. ئیلهـام لە ئەنجـامی خەیـاڵ و بیـرکردنەوە بۆ شاعـیر دێـت. دەشێش لە ئەنجـامی بیـرکردنەوە لە یادەوەرییەکانی منـداڵیتەوە بۆت بێـت. یا لە بینینی دیمـەنێک یان رووداوێـک، یا لە جـوانی سـرووشـتەوە یا لە هـەستـێکی نیشــتمانییەوە بۆت بێت. ئیلهـام سەرچـاوەی زۆر زۆری هـەیە و نایـەنە ژمـاردن و سنووردارکـردن.
٤ـ هەڵبژاردنی ناونیشانی شیعـرەکەت: دوای ئەوەی کە بیرۆکەی شیعرەکەت دیاریکرد، هەوڵبدە ناونیشانێکی جوان و گونجاو و کورت و سەرنجڕاکێش بۆ شیعرەکەت دابنێیت.
٥ـ کـێشی بـڕگەیی لە کـێشی شیعـرەکانـدا بەکاربهـێنە: چـونکە ئاسانتریـن کـێشە، وا بـاشـترە کە کـێـشەکـانـت لـە (ە ، ٦، ٧، ٨، ٩) بـڕگـە زیـاتـر نـەبـن، ئـەوەش بـزانە باشـتر وایە کە شیعـری سەروادار بۆ منـداڵان بنووسیت. لەبەرکـردنیان ئاسانترە. با شـیعـرەکانت کـورت و پوخـتبن. باشـتر وایە شیعرەکانت بۆ منـداڵانی تەمەن تا (١٠) ساڵان لە نێـوان (٦) دێـڕ بـۆ (٨) دێـڕ زیـاتـر نەبـن. تا بە ئاسانی لەبـەریـان بـکەن. ریـتـم و تەکـنـیکی شـیعـریـش پێـویسـتە بەپـێی پێـوەرەکانی شـیعـر بـۆ منـداڵان بێـت. زۆر جـاریـش پـێـویسـت ناکـات، کە سـەروای کۆتـایی هـەر هـەمـوو نیـوە دێـڕەکانی شـیعـرەکانـت سـەرواداربـن.
٦ـ خەیـاڵ رەگەزێکە لە رەگەزەکانی شیعـر: خەیـاڵ پێویستییەکی گـرنگە لە نووسینی شیعـر بۆ منـداڵان. شاعـیر لە رێی خەیاڵـیشەوە ئیـلهـام و بیـرۆکەت بـۆ دێـت. خەیـاڵ رۆڵـێکی سەرەکی گـرنـگی هـەیە بـۆ راکـێـشانی منـداڵان بـە لای شـیعـرەکانـتـدا. ئەو شیعـرانەی کە بە خەیاڵـێکی ناسک و شـیریـن داڕێـژراون، بۆ ماوەیەکی درێـژتـر لە بیـری و لە یـادی منـداڵانـدا دەمـێنـنەوە. تـۆی شاعـیر لە رێی خەیـاڵـەوە، دەتـوانیـت باوەڕ بە منـداڵانی قـۆنـاغی بەرایی ـ قـۆنـاغی خەیاڵی ـ لە لەدایکـبوونەوە تا شەش و حـەوت ساڵان بهـێنیـت، کە ئـاژەڵ و باڵـندە و دار و درەخـت و شتی بێگـیان بە زمانی کـوردی دەدوێـن وەک ئەوەی کە کوردبـن. خەیـاڵ هەموو ئـەو شـتانە دەگـرێتەوە، کە بە خەیـاڵ بـڕیاریـان لەسـەر دەدەیـت. بەڵام ناشبێـت شـتەکـانـت لە خـەیـاڵ بەدەربـن و منـداڵان باوەڕیـان پـێـنەکـەن. بۆ نموونە: ئەستەم و لە خەیاڵ بەدەرە کە میروولەیەک فـیلـیـك قـوت بـدات. واش تـێمـەگە کـە منـداڵان هـێنـدە سـاویـلکەن و هـیچ نازانـن.
٧ـ شـێوازی شیعـر نووسین بۆ منـداڵان: شـێواز پێکهـاتـەیەکی سەرەکـییە لە شیعـری منـداڵانـدا، بابەتی شیـعـرەکەت شێواز دیاری دەکات. پەیوەندییەکی بەهـێزیش لە نێوان ناوەڕۆک و شێوازی شیعـردا هـەیە. هـێزی شـێوازی شیعـریش بـۆ منـداڵان، لەوەدایە کە تا چـەند منداڵان دەووروژێنێت و بە ئاگایان دێنێتەوە. جوانی شێوازیش لە جوانی و فانتازیی داڕشتنی وشەو و هـۆنینەوەی شیعـرەکەت دایە. وەکو لەسەرەوە باسمان کرد، هـەر شاعـیرێک شێواز و ستایـلی تایبەتی خـۆی لە شیعـر نووسین بۆ منـداڵان هـەیە.
٨ـ زمـان گرنگـترین پێویستی شیعـرە: زمـان گرنگـترین کەرەستەی نووسینە، کـلـیلی گەیـشتـنە بە هـۆش و بە دەروونی منـداڵان. تۆی شاعـیر بە هـۆی زمانەوە دەتوانێت گوزارشت لە هـزر و لە ناخی خۆت بکەیت و شیعـرەکانت بنووسێت و پەیامەکانت بە منـداڵان بگەیەنێـت. بۆیـە پێـویستە، شـارەزای زمـان و رێـزمـان و رێنووسی کوردی بێت. شارەزای فـەرهـەنگی وشەکانی منـداڵان بێت. شیعـرەکانت بە زمانێکی پـەتی و شـیرین و ناسک ساکار بنووسە، دوور لە وشـە و لە زاراوەی قـورس و تـوێکڵـدار. هـێندەش بە دوای جـوانـکاری و رەوانبیـژی و فـانتـازیـدا مـەگـەڕێ. راسـتیـشە زۆر جار زمـان لە ئاستی خەیـاڵ و بیـری مـرۆڤـدا نییە، ئەوەی لە خەیاڵی دایە، نەتوانێت بـەو هـێز و چـێـژ و مەسـتـییەوە، بە وشـە و بە شـیعـر گـوزارشتی لێبـکات. بـۆیـە شاعـیری رابەری شـیعـری نـوێی کوردیمـان، مامۆسـتا (عـەبـدوڵڵا گـۆران) دەڵـێت:
هـەرچـەنـد ئەکـەم ئـەو خەیـاڵـەی پێی مەســتـم
بـۆم ناخـرێتـە نـاو چـوارچـێـوەی هـەڵـبـەســتـم
٩ـ بە شیعـری ئاسان دەست پـێـبکە: لە سەرەتـاوە بە شیعـری ئاسان و کورت دەست پـێبکە. لەوەوە دەست پێبکە کە منداڵان حەزیان لە چی بابەتە شیعـرێکە. لە نووسینی شیعـرەکانیشدا پەلـە مەکە، بە وردی بـیر لە وشە بە وشەکانت بکەرەوە. چونکە ماوە بە لای منـداڵانەوە گرنـگ نییە. گەر لە مـاوەی یەک رۆژدا نـووسیبێـتـت یا لە مـاوەی یەک مانگـدا. گـرنگ بە لای منـداڵانەوە شـیعـرەکـەی بەردەستـیانە کە دەیخـوێـنـنەوە. لە بابـەتی ئـەو شـیعـرە باونـەمـا و دووبـارە بـوونـەوانـەش مـەنـووسە، کە منـداڵانی ئەمـڕۆ چـێژیـان لـێوەرناگـرن. دەتـوانیت سـوود لە ئەزمـوونی ئەو شاعـیرە ناسـراوە کوردانەمـان وەربگـریت، کە شیعـر بۆ منـداڵان دەنـووسـن. بەڵام لاساییان مەکەرەوە. ببـە بە خـاوەنی ریچـکە و رێبـاز و شـێـواز و سـتایـلی تایـبـەتی خـۆت لە نـووسیـنی شـیعـر بـۆ منـداڵان. سێ رەگـەزی گـرنگـیـش لەبەرچـاو بگـرە (مەبـەسـت، کـورتی، سـەروا) هـونەری تەکـنیکی نووسـین و رێـکخـسنی شـیعـر و بە جـبێهـێشتی ماوە لە نێـوان دێـڕەکانـدا پێـویسـتن، بۆ بە ئاسانی خـوێنـدنەوە و بۆ وەسـتان و پشـوودان.
١٠ـ نـوێخـوازی و داهـێـنان لەشیعـری منـداڵان: هـەوڵبدە لە چـوارچـێوەی شـیعـری کلاسیکـیی منـداڵان دەربچـیت، بیـر لە نوێخـوازی و داهـێنان و ئافـرانـدن بـکەرەوە.
١١ـ پێویستە شارەزای قـۆناغـەکـانی منـداڵیەتی بیـت: چـونـکە هـەر قـۆنـاغـێک لە قۆناغەکانی منداڵی، لە رووی جەستەیـی و دەروونی و سۆزداری و بیر و خەیاڵ و زمان و زیرەکی و توانای فـێربوون و وەرگرتـن و گوزارشتکـردن، تایبـەتـمەنـدیی خۆیان هـەیە. تـۆی شاعـیر کاتێک دەتوانیـت شیعـرێکی باش و گونجاو بۆ منـداڵان بنووسیت، کە لە هەموو روویەکەوە شارەزای قـۆناغـەکانی گەشکردن منـداڵی بیت.
تا شیعـرەکانت بە پێی پێـویستییەکانی قـۆنـاغـەکان بنووسیـت.
١٢ـ رەنگـدانەوەی وردەکارییەکانی هـەستیاری لە شـیعـرەکـانتـدا: شیعـری باش بـۆ منـداڵان لەگـەڵ هـەر پێـنج هـەسـتەکـەدا سەرقـاڵ دەبێـت. لە بـۆنکـردنەوە تا دەگـات دەست لێدان و تا بینین و بیـسن و چـێژکـردن. دڵنیابە لەوەی کە شیعـرەکانت ئەوەی تێـدایە کە یـاری بە هـەسـتەکانی منـداڵان دەکەن،. بۆ نمـوونە، کە شـیعـرێک لەسەر بەهاری رەنگـینی کوردستان دەنووسیت، منـداڵان گوڵە رەنگاوڕەنگە سروشتییەکان دەبینن و بۆنیان دەکەن و دەستیان لێـیان دەدەن. یـاری لەگەڵ پەپـوولەکانـدا دەکەن، گـوێیـان لە جـریـوەی مـەل و قـاسـپە قـاسپی کـەو دەبـێـت، تـامی رێـواس دەکـەن و دەیخۆن. کەواتە لێرەدا توانیوتە هـەستەکان بخـەیتە ناو شیعـرەکانتەوە بۆ منـداڵان.
١٣ـ گـەڵاڵـە و پـوخـتکـردنی شـیعـرەکەت: کـە شـیعـرەکـەت نـووسی چـەنـد جـارێـک پێـداچـوونەوە بە نـاوەرۆک و فـۆرم و کـیش و سـەروا و دروسـتی وشەکانـت بکەوە. لە دوا دەستکاریـدا، هـەڵـەکانـت بـژار بکە و ئەوەی پێـویستی بە گۆڕانبـوو بیگـۆڕە. یەکەم رەخـنەگـریـش خـۆت بە، رەخـنە لە شیعـرەکانـت بگـرە و هـەڵـیان بسەنگـێـنە.
١٤ـ شیعـرەکانت پێشانی شاعـیرێکی بە ئەزموـون بـدە: وەکو شاعـیرێکی تـازە پێت شـەرم نەبێـت و شیعـرەکانت پێـشانی شاعـیرێکی ناسراو و خاوەن ئەزموونی بواری شـیعـری منـداڵان بـدە. سـوود لە تێبینی و لە پێشنیارەکانی وەربگـرە و بە سنگـێکی فـروانیـشەوە رێـنمـایی و رەخـنـەکانی قـبووڵ بـکە.
١٥ـ شیعـرەکانت بۆ منـداڵان بخـوێنـەوە: تێدەگەیەت کە تا چەند شیعـرەکانت بە لایانەوە پەسەندن، داوای فـیدباک لە منـداڵانی خوێنەرانی شیعـرەکانت بکە، دەتوانیت سوودیش لە فـیـدباکەکـانیان دەربارەی شـیعـرەکانـت وەربگـریت و را و بۆچـوون و رەخـنەکانیان بە هـەنـد وەربـگـرە. جـارێکی کـەش پێــداچـوونـەوە بە شـیعـرەکانـتدا بکە. تا دڵنیابیت لەوەی کە شـیعـرەکانـت سـەرنجـڕاکـێـشن و ئامـانجـەکـانی شیعـری منـداڵانیان پێکـاوە.
١٦ـ هەست بە ئاستی شیعـرەکانت دەکـەیـت: هەست بەوە دەکەیت، کە شیعـرەکانت لە ئاستێکی باشدان و لە شیعـرەکانی گەلێ لە شاعـییران باشترن، لە ئاستی شیعـرەکانی گـەلێ لە شـاعـیرانی ناسراویـش ئاسـت نـزمـترن. ئەمـەش هـەستـێکی سـروشـتیـیە، چـونـکە ئاستی بەهـرەمـەنـدی و شارەزایی لە نێـوان شـاعـیرانـدا جیـاوازیـیان هـەیە. گـەلێ لە شاعـیرانی کوردمـان شیعـریـان لەسەر (کوردسـتان) بـۆ منـداڵان نووسـیوە، بەڵام جـیوازی لە ئاستی شـیعـرەکـانیـانـدا هـەیە.
١٧ـ شیعـرەکانت بۆ گـۆڤـارێکی منـداڵان بنێرە کە بە کوردی دەردەچـێت: لەوش دڵگـیر مەبـە، کە جـارێک و دووجـار شـیعـرەکانـت بڵاونـەکـەنەوە. سـتافی ئـەو گـۆڤـارەش کە شیعـرەکـانتی بـۆی دەنـێریت. روانینینی خۆیـان دەربـارەی شیعـرەکانت دەبێت، دەشێـت لەگەڵ شـێواز و ستایـلی شیعـرەکانی گۆڤـارەکەیـان گۆنجـاو نەبن. ئەمەش نابێـت ببێتە هـۆی گـلەیی و کـۆڵـدان و ساردبـوونـەوەت.
١٨ـ بەشداری لە کۆڕەکانی شیعـر خوێنـدنەوە بکە: شەرم مەکـە و ئازایـەتی ئەدەبیـت هەبێـت. بەشداری لەو کۆڕانەدا بکە کە بۆ خوێنـدنەوەی شیعـری منـداڵان سازدەکرێن. لەوەش سـڵ مەکـەرەوە کە رەخنـەت لێـدەگـرن.
١٩ـ وەک شاعـیرێـك هـەمیشە پێنووس و پەڕەیەک کاغـەزت پێبێت: چـیت بە خەیـاڵدا هات بینووسە، هەنـدێ جار ئیلهـامێک یا بیـرۆکەیەکی باش یا دێـڕێک شیعـری جوانت بۆ دێـت، بینووسە بۆ ئـەوەی لەبـیرت نەچـێتەوە، لەوانەیە ئەو دێـڕە شیعـرە ببێـت بە سـەرەتـای شـیعـرێـکی تـازەت بـۆ منـداڵان و هـەوڵ بـدەیـت تـەواوی بـکەیـت. کـەڵە نووسەری ئینگلیزی (جـوان رۆلـینگ) ی نووسەری زنجـیرە رۆمانی (هـاری پـۆتەر) لەناو شەمەندەفەردا، ئیلهـامی نووسینی هـاری پۆتەری بۆ هات. یەکسەر پێنووس و کاغـەزی دەرکردوو و ئیلهـام و سەردێـڕی بیـرۆکەکانی نووسی تا لەبیری نەچـنەوە.
٢٠ـ شاعـيری باش نابێت لە نووسینی شیعـر بێزاربێت: لەپاڵ خوێنـدنەوەیەکی زۆری شـیعـری منـداڵان، بۆ ئەوەی شیعـرێکی جـوان بۆ منـداڵان بنووسیت. تا پێت دەکـرێت بنـووسە و بسـڕەوەوە و یـاری بـە وشـە جـوانـەکـان بـکە. درێـژە بـە راهـێـنان و بە نووسینی شیعـرەکانت بـدە. خەیاڵـت فـراوانـتر و هـۆشت زیـاتر دەکرێنەوە. دەتـوانیت ئـەو زۆرە نووسـینانەت، پوخـت و کورت بکەیتـەوە و شیعـری جـوانیـان بۆ منـداڵان لـێـبهـۆنیـتەوە. (شکـسپیر) دەڵێـت:”تا لاپـەڕەیـەکـم نـووسی.. هـەزار پـەڕەم دڕی”. ئەوەش بـزانە کـەس بە شاعـیری لەدایـک نەبـووە. وەکو کوردیش دەڵـێت:(کـەس لە پـڕێـک نەبـووە بـە کـچ و کوڕێـك).
٢١ـ شاعـیرێکی هـەمیشە خوێنەر بە، کورد و کوردسـتان پەروەرێـکی سەرسەخـت بە، هـیواخواز و گەشـبیـن بە، خـۆڕگـر و کۆڵـنەدەر بە، رووگەش و لێوبەخەنـدە بە، خاکی و کـۆمـەڵایـەتی بە. گـەورە و بچـووکـت خۆشـبوێـت، دەمارگـیر و تونـدڕەو مـەبە، رێـز لە هەموو را و بۆچوونێکی جیاواز بگـرە. بە سنگێکی فـراوانەوە رەخنەش وەربگـرە.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣




رۆژنامەی دەنگی کريکار ژمارە ٤٤

بۆ خوێندنەوەی ئەم ژمارەیە کلیکی ئێرەبکەن..




سڵاو.. دڵکەش قادر

ئێواران کە سەیری دیمەنی پڕ لە ئیحساس و جوانی ئاوابوونی خۆر دەکەم و بیر دەکەمەوە، ئەوەی شەڕی ئەو هەموو ناهەقیەی پێناکرێت، من نەبووم. کاتێ بە ناو کۆڵانە پێچاوپێچەکانی سلێمانییدا گوزەردەکەم، غەمگینی دامدەگرێ، کاتێ بیری تۆ دەکەم، لە بەلەکۆنەوە سەیری بەیانیانی ئەزمەڕ دەکەم، وێنەی ئەزمەڕ وا دێتە خەیاڵم چیایەکە بەرگێکی سپی پۆشیوە، سپی وەک ساردی لێدانی دڵ، هێواش وەک نەرمەبارانی شەوانی سەرچنار و جادەی کاوە.
لەوەیە کاتێ ئەم نامەیەم دەخوێنیتەوە، پێکێ لەگەڵ ماملێ نۆش بکەی و مەسـت بیت، بەڵام مەستبوون خەیاڵێکی منداڵانەیە. ئێمە لە خەیاڵی یەکتری جێنزرگەیەکی سامناکمان بۆ ڕێگری لە پەشیمانی جێهێشت.
تۆ لە یادەوەری مندا سروودێک بۆ پێش دەسپێکی جەنگ. من لە یادەری تۆدا کچێکی هەرزەکاری دنیای سەمای بالیەم.
ئێوارەیەک پێش ڕۆیشتن، کوتت: ڕۆیشتن ماڵی دووەممانە و گەڕانەوەش دووژمنێکی سەرسەخت، بە سەرلەقاندنێک و بزەیەک پڕبووم لە بێدەنگی، تۆ لەم بێدەنگییەم نەگەیشتی.

دڵکەش قادر




‬ ڕه‌گه‌زی متمانه‌ له‌كاری‮ ڕۆژنامه‌نووسی دا‮.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

‬‬‬‬

متمانه‌ وه‌ك پره‌نسیپێكی‮ ‬به‌هره‌گیری‮ ‬و ڕاستبێژی‮ ‬و ڕاستیزانی‮ ‬و پێكه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی‮ ‬ئه‌م به‌رو ئه‌و به‌ر ،‮ ‬ئه‌گه‌ر له‌ بواره‌كانی‮ ‬تری‮ ‬ژیاندا پێویست بێ ،‮ ‬ دروستكردنی‮ ‬له‌ بواری‮ ‬رۆژنامه‌نووسیدا ،‮ ‬فاكته‌ری‮ ‬سه‌ره‌كی‮ ‬هه‌یبه‌ت پێدان و خوێنه‌ر په‌یداكردن و ئارشیڤێكی‮ ‬باوه‌ڕ‮ ‬پێكراوه‌ كه‌ مێژووی‮ ‮ ‬له‌سه‌ر بنیات ده‌نرێ‮.. ‬لێره‌دا چه‌ندی‮ ‬ڕه‌گه‌زی‮ ‬خێرایی‮ ‬له‌ كاری‮ ‬رۆژنامه‌نووسیدا گرنگ بێ ،‮ ‬ئه‌وه‌نده‌ش ئاشكراگۆیی‮ ‬و دیزه‌ به‌ده‌رخونه‌ نه‌كردنی‮ ڕاستی‮ ‬له‌ هه‌موو ئه‌و هه‌واڵ و ڕیپۆرتاژانه‌ی‮ ‬ڕۆژنامه‌نووس بڵاویان‮ ‬ده‌كاته‌وه‌‮ گرینگه‌ ..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
‬هۆیێكیشه‌ كه‌ به‌ ڕابردنی‮ ڕۆژگار ده‌بێته‌ بناغه‌یه‌كی‮ ‬پته‌وی‮ ‬هه‌ڵنانی‮ ‬متمانه‌ له‌ نێوان خوێنه‌ر و بینه‌ر و گوێگر و ڕۆژنامه‌نووس‮..‬‬‬‬‬‬
له‌وه‌ته‌ی‮ ‬میدیای‮ ‬كوردستان ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی‮ ‬به‌خۆوه‌ دیوه (‮دوای‮راپه‌ڕین)‬ به‌تایبه‌تیش له‌ ڕووی‮ ‬چه‌ندایه‌تیه‌وه‌ ،‮ ‬زۆرجار له‌ هه‌واڵی‮ ‬وا هه‌ڵنگوتین كه‌ سه‌رله‌به‌ری‮ ‬دروستكراو بووه‌‮!! ‬یا بڵاوكردنه‌وه‌ی‮ ‬وتارێك ،‮ ‬ڕپۆرتاژێكی‮ ‬دیاریكراو به‌نیازێكی‮ ‬تایبه‌تی‮ ‬دوور له‌ مه‌به‌ستی‮ ‬ڕۆژنامه‌نووسیانه‌ی‮ ‬ڕووت ،‮ ‬كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌چێته‌وه‌ خانه‌ی‮ ڕیكلامێكی‮ ‬حه‌ق نه‌دراو ،‮ ‬له‌لایه‌كه‌ی‮ ‬تریش هۆیه‌ك بۆ له‌ق بوونی‮ ‬متمانه‌ له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر و گوێگر و بینه‌ران ‮. ‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
كزبوونی‮ ‬متمانه ‬جگه‌ له‌وه‌ی‮ ‬به‌تێپه‌ڕبوونی‮ ‬كات خه‌ڵكی‮ ‬پێ له‌ ده‌زگاكانی‮ ڕاگه‌یاندن ده‌سه‌نگرێته‌وه ‌،‮ ‬له‌ ئاكامیشدا وای‮ ‬لێ دێ بڕوا به‌ڕاستیه‌كانیش نه‌كا‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬
نه‌مانی‮ ‬متمانه‌یش هه‌میشه‌ كولتوورێكی‮ ‬دواكه‌وتووی‮ ‬وای‮ ‬لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ هه‌رگیز توانای‮ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی‮ ‬پێشهاته‌كانی‮ ‬نامێنێ ،‮ ‬ئه‌وده‌م له‌ ڕووی‮ ‬ناچاریه‌وه‌ هۆیه‌كانی‮ میدیا هه‌ر به‌دوایی‮ ‬ئه‌ركی‮ ‬ڕووناهیكاریان له‌ بیرده‌چێته‌وه ‌و وه‌ك هه‌ر كاڵایه‌كی‮ ‬تر پابه‌ندی‮ ‬بازاڕ‮ ‬ده‌بن ،‮ ‬له‌ هه‌مان كاتدا هه‌موو ئیمكانیاته‌ ئابووریه‌كانیش هه‌ڵده‌لووشێ‮..‬ تاقیكردنه‌وه‌ی‮ ‬سیسته‌مه‌‌ تۆتالیتارییه‌كان به‌رچاوترین نموونه‌ن ،‮ ‬نزیكترینیشیان ڕژێمی‮ ‬به‌عس بوو ‮..‬ وای‮ ‬لێهاتبوو نه‌كه‌س توانای‮ ‬خوێندنه‌وه‌ی‮ ڕۆژنامه‌كانی‮ ‬مابوو ،‮ ‬نه‌كه‌س تاقه‌تی‮ ‬ته‌ماشكردنی‮ ‬ته‌له‌فزیۆن كه‌ به‌ درێژایی‮ ‬ماوه‌ی‮ ‬په‌خش له‌ ‮٠٩‬٪ی‮ ‬په‌یوه‌نددار بوو به‌ هه‌واڵ و سه‌ردانه‌كانی‌ ‮ ‬دیكتاتۆر‮.‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
به‌و ڕه‌نگه‌ ئه‌وسا شتێك نه‌بوو به‌ناوی‮ ‬متمانه‌ له‌ نێوان ئه‌و ده‌زگایانه‌ و خه‌ڵكدا‮.. ‬ئینیتمای‮ ‬نیشتمانیش كه‌ ئێستا باسی‮ ‬لێ ده‌كرێ كاردانه‌وه‌یه‌كی‮ ‬سرووشتی‮ ‬بوونی‮ ‬ئه‌و متمانه‌یه‌یه‌‌‌‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬
دیاره‌ له‌ق بوونی‮ ‬متمانه‌یش به‌ ته‌نیا له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی‮ ‬هه‌واڵی‮ ‬ناڕاست و دروستكراو و ته‌شریفاتیه‌وه‌ ناوه‌ستێ ،‮ ‬به‌ڵكو زۆر جار په‌یوه‌ندی‮ ‬به‌ چۆنیه‌تی‮ ‬بڵاوكردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنی‮ ‬ڕۆژنامه‌نووسیانه‌ی‮ ‬بابه‌تێكی‮ ‬دیاری‮ ‬كراویشدا ده‌بێ ،‮ ‬له‌وه‌ی‮ ‬جۆرێك له‌ چه‌واشه‌كردنی‮ ‬خوێنه‌ری‮ ‬تێدایه ‌‮، ‬به‌ نموونه‌ زۆر له‌و وتار و بابه‌تانه‌ی‮ ‬كه‌ بووه‌ به‌ باو له‌ ڕۆژنامه ‌و گۆڤاره‌كانمان بڵاو ده‌كرێنه‌وه (به‌ كوردی) ‬سه‌یر ده‌كه‌ی‮ ‬نووسه‌ره‌كه‌ی‮ ‬كوردی‮ ‬نازانێ ،‮ ‬ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه‌ به‌خۆیشی‮ ‬له‌ وتاره‌كه‌ی‮ ‬خۆی‮ ‬نه‌گا ،‮ ‬كه‌ له‌ ئه‌سڵدا به‌ عه‌ره‌بی‮ ‬یا زمانێكی‮ ‬دیكه‌ی‮ ‬نووسیووه‌‮! ‬له‌ حاڵه‌تی‮ ‬زمانه‌كانی‮ ‬تریشدا هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌‮.. ‬به‌ڕاستی‮ ‬تائێستا تێناگه‌م بڵاوكردنه‌وه‌ی‮ ‬وتارێكی‮ ‬عه‌ره‌بی‮ ‬به‌ كوردی‮ ‬به‌بێ ئاماژه‌پێدانی‮ ‬ئه‌وه‌ی‮ ‬كه‌ وه‌رگێڕدراوه‌ چ په‌ند و حیكمه‌تێكی‮ ‬تێدایه‌؟‮!‬ بێگومان ئه‌م كولتووره‌ سه‌قه‌ته‌ هۆیه‌كی‮ ‬دیكه‌ی‮ ‬له‌ ده‌ستدانی‮ ‬متمانه‌یه‌‮.‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
دوا جار هه‌قه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی‮ ‬كوردی‮ ‬و ڕۆژنامه‌نووسی‮ ‬كورد كه‌ ئێستا پێگه‌یان تا ڕاده‌یه‌ك جێگیر بووه‌ ،‮ ‬هه‌وڵ بده‌ن دوور بن له‌و لێگۆڕان و‮ ‬یاساشكێنییه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای‮ ‬به‌تاڵ بوونی‮ ‬وه‌همی‮ ‬ئه‌وه‌ی‮ ‬ته‌ماشا ده‌كرێ و گوێی‮ ‬بۆ ڕاده‌دێردرێ و ده‌خوێندرێته‌وه ‌،‮ ‬هه‌موو كه‌لارێكی‮ ‬متمانه‌یش به‌سه‌ریه‌كدا ده‌ڕۆخێنێ‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
به‌م جۆره‌ له‌ بازنه‌یه‌كی‮ ‬به‌رته‌سك بترازێ نه‌گوێی‮ ‬لێ ده‌گیرێ و نه‌ته‌ماشا ده‌كرێ و نه‌ده‌خوێندرێته‌وه‌‮.‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬




سەباح ڕەنجدەر و ( سەرزەمینی هەموو ناوەکان ).. ناڵە حەسەن

سەرزەمینی هەموو ناوەکان ، کتێبێکی شیعری سەباح ڕەنجدەری شاعیرە ماوەیەک لەمەوبەر بڵاوبۆتەوە ، ئەم کتێبە شیعرییە ١٠ دەقی شیعری ناوازەی لەخۆگرتووە بەم ناوانە ،( تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین ، دەرکەوتنی سەر لەنوێ دەستنووسێکی چوارینەکانی بابا تاهیری هەمەدانی ، دەنگ ، ناونیشان بۆ گۆڕەپانی جەنگەکان ، خاڵبەندی ، وەسیەت ، سیما و ساڵەکان لە پێ پیرۆزەوە ، سپی بەرەو ڕەش ، دیوانی مات ، مردووان گۆرانی زەوی دووەمیان دەڵێن ..) لە کۆتاییش ئاماژەیەکی کورتی ژیان و بەرهەمەکانی نووسیوەتەوە . بە شێوەیەکی گشتی شیعرەکان بە زمانێکی چڕی تۆکمە و بە ناوەڕۆکێکی قووڵی پڕ کێشمەکێش نووسراون . ئەوەی مایەی دڵخۆشییە و خاڵێکی درەوشاوەیە لە ئەزموونی شیعری( سەباح ڕەنجدەر ) ئەوەیە ، بە چڕی ئیش لەسەر زمان دەکات ، بە زمانێکی جیاواز دەنووسێت ، زمانێکی شیعری ئەوتۆ بە خودی خۆی دەناسرێتەوە ، شاعیرێکە لە ( زێوانە )ەوە کە هەوڵی یەکەمییەتی لەگەڵ شیعر ، لەنێو ڕووباری شیعر چاوەی هەڵێناوە و تا ئێستا لە هەورازەکانی ئەم ڕووبەرە ماوەتەوە و هەنگاو هەنگاو بەرەو بڵنداییەکانی دەڕوات .
ئەو شاعیرەمان دەتوانم وا باسی بکەم کە ( شاعیرێکی داهێنەری نوێگەرە ) ، چونگە دەبێ ئەوەمان لەلا ڕۆشن بێت کە / هەموو داهێنانێک نوێگەر نییە بەڵام هەموو نوێگەرییەک داهێنانە . زۆر شاعیرمان هەن داهێنەرن بەڵام داهێنانەکانییان نوێ نین .. واتە ( لەوەی کە هەیە ) داهێنان دەکەن و دەقە شیعرییەکانییان تا ئاستێکی بەرز جوانی بەرجەستە دەکەن ، بەڵام نوێگەر نین و لەکاروان دانەبڕاون و بە تەنیا بەڕێگادا ناڕۆن ، ڕەنگە لە ڕیزی پێشەوەی کاروانەکە بن بەڵام تاق و تەنیا نین ..! بەڵام سەباح ڕەنجدەر هەم داهێنەرە هەم نوێگەر ، چونکە سیمایەکی گەش و تایبەتمەندییەکی نوێگەری ( جیاوازبوونە ) . هەرشاعیرێک جیاوازبوو ( لەوەی کە هەیە ) واتە نوێگەرە ، جیاوازبوون ڕوخسار و سیمای ئەم شاعیرەمانە ، هەم لە ڕووی زمان و تەنانەت فۆرمی شیعریش . هەربۆیە شاعیرێکە زۆرترین خوێندنەوە بۆ شیعرەکانی کراوە و دەکرێت . بەمانایەک ناوەندی ئەدەبی بەخۆی سەرقاڵ کردووە . تا ئێرە سەرەتایەکە بۆ ئەو کورتە خوێندنەوەیەم بۆ کتێبی ( سەرزەمینی هەموو ناوەکان ) ، ئەم خوێندنەوەیەم بۆ دوو مەبەستە ، یەکەم ناساندنی کتێبەکە وەک کتێبێکی نوێی شیعری ، دووەم قسەکردن لەسەر شتگەلێکی نوێ کە شاعیر لە چوارچێوەی ئەم دەقە شیعرییانی ئیشی لەسەرکردوون لەهەمانکات ، ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەر بۆ ئەم شتە نوێیانە . بۆیە هێندەی بۆمان بکرێت هەڵوێستە لەسەر بەشێک لە دەقە شیعرییەکان دەکەین و سیما و ڕووگە نوێکانیش دەخەینەڕوو . دەقی ( تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین ) ، ئەم قەسیدەیە یەکێکە لە دەقە نایابەکانی نێو ئەم کتێبە ، ناونیشانەکە وەک ڕووناکییەکی گەورە تیشکەکانی خۆی بەسەر دەقەکانیتر پەخش دەکات چونکە ئەم قەسیدەیە پێکهاتووە لە دە شیعریتر بە تایتل و ناوی جیاواز و سەربەخۆ ، بۆ نموونە ( ڕوخسار و شوێن ، جێناوەکان ، ڕێگاکانی دەوروبەر گەشەی ڕەنگ و ئاوازی چاوپێکەوتن و .. پێنج شیعری تریش .. ) ، شیعرەکان ناوەڕۆکێکی قووڵی پڕ هەوراز و نشێویان هەیە ، خەم و خەونەکان هاوتەریبن لەگەڵ ژیان ، لە پشتی نائومێدییەکان پەنجەرەو گورزە تیشکی خۆرەتاوێکی خەملیو دەبیندرێن . ئێمە کاتی خۆی لەڕێگای نامەیەکەوە بەناوی ( نامەیەک بۆ هاوڕییەکی شاعیرم ) خوێندنەوەیەکمان بۆ هەندێک لە دەستەواژە شیعرییەکانی ئەم دەقە کردووە ، ئیتر هێندەی بۆمان کرابێت بۆ نێو قووڵاییەکان چووینەتە خوارەوە و بەشێک لە دیوە شاراوەکانی پشت کۆد و هێما و وشە و چەمکاکانمان خستبووە ڕوو ، باسمان لەوەش کردبوو کە شاعیر وەک گەریدەیەکی جوانناس لەنێو ڕووبەری گەردوونی شیعر بە هەستێکی مرۆییانە خەمە ڕۆژانەییەکان و ئێش و ژانەکان و خەونە گەورەکان دەخاتە ڕوو ، پەنجە لەسەر برینەکان دادەنێت و لەم ڕێگایەوە هەم هێز و توانای زمانی شیعریمان پێشان دەدات هەم لەنێو ڕووبەری جوانکاریدا دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت کە ( شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە …! ) ، شیعر هاوتەریبە لەگەڵ ژیان و لەگەڵ پیرۆزی مرۆڤ و بەها مرۆییەکان . هاوکات ، هەر لەچوار چێوەی ئەو نامەیەمان باسمان لەوەش کردبوو کە لەنێو ئەم دەقە شیعرییەدا بە ڕوونی هەست بەوە دەکەین کە / شیعر فەلسەفە نییە بەڵام ، دەتوانێ سوود لە فەلسەفە ببینێت ، شیعر زانست نییە بەڵام ، دەتوانێ سوود لە زانست ببینێت ، شیعر بەهۆی ڕووبەرە فراوان و گەردوونیەکەیەوە دەتوانێ سوود لەهەر شتیک ببینێت کە شاعیر مەبەستی بێت دەستی بۆبەرێت و بیخاتە ژێر ڕکێفی خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی ، چونکە دواجار شیعر عەشقێکی گەورەیە ..! ئیتر بۆ زێتر تێگەیشتن لە ناوەڕۆک و دیوە شاراوەکان و مامەڵە سیحراوییەکەی شاعیر لەگەڵ چەمک و وشە و دەستەوازە شیعرییەکان سەرنجی خوێنەر بۆ خوێندنەوەی لێکۆڵینەوەکەم ڕادەکێشم ، چونکە لێرەدا نامانەوێت تەواوی قسە و بۆچوون و لێکدانەوەکانمان دووبارە بکەینەوە تەنها ، بەشێوەیەکی ڕاگوزەر و بەخێرایی هەندی ئاماژە بە دووسێ دەستەواژەی شیعری دەدەینەوە ، لە شیعری ( ڕوخسار و شوێن ) دا دەڵێت :
دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی
هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما
گەڕاینەوە بەر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان ..!
بەر لەهەر شتێک / بەس وردبوونەوە لە تایتلەکە زۆرشت دەخوێنییەوە ، یان نائومێدییەکی گەورە هەست پێدەکەین ، شاعیر زۆر بە ئاگاهانەو شارەزایانە ئەم تایتلەی بەکارهێناوە ، دەکرێت شوێن نیشتیمانە بریندارەکەی خۆمان بێت ، ڕوخسارەکانیش ، ئەو مرۆڤە دابەستی و مشەخۆرە بازرگانە زاڵمانەی دەسەڵات بن .. ئەوەتانێ لە کۆپلە شیعرەکە باس لە هەژاری نەداری و سفرەی خاڵی ماڵەکان دەکات ، کە بەشی زۆریان ماڵەکانییان تا ئاستی گۆڕستان بەتاڵ و تاریکە .. هەر لەو شیعرەدا لە شوێنێکی تر دەڵێت :
گۆڕیان بە تاڵ کردین و ئیسکیان کردە قۆپچە
ڕەنگە بۆ من ئەم دەستەواژە شیعرییە یەکێک بێت لەو دەربڕینە شیعرییانەی کە زۆرترین جووڵەی ئیستاتیکی لەخۆ گرتبێت ، مەبەستییەتی بڵێت / بەدەرلەوەی دیکتاتۆر و دارودەستەکانی کە ژیانی ئێمەیان بە مەرگ سپاردووە گۆڕستانییان کردووە بە ماڵی هەمیشەیی ئێمە ، سەرباری ئەوەش گۆڕەکانمان بەتاڵ دەکەن و ئێسکەکانمان دەکەنە قۆپچە ،، واتە سامانی سەرزەوی و ژێر زەویشمان دەدزن و بەتاڵان دەبەن . ئیتر بۆ گۆڕانی ئەم وەزعە و بیرکردنەوە لە گۆڕانکاری بەرەو ژیانێکی باشتر شاعیر نائومێد دەبێت و هیچ تروسکاییەک نابینێت و دەڵێ :
شۆڕش شەپڕە لێی داوە
ناتوانێ مەلە بکا
یان دەڵێت :
دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا
هەڵخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک
هەر بە وردبوونەوە و ڕامانێکی خێرا لەو دوو دەستەوازە شیعرییەی سەرەوە لە نائومێدییەکانی شاعیر تێدەگەین و چەند ڕاسگۆیانە و واقیع بینانە باس لە دۆخەکە دەکات و تاریکایی و گۆڕستانی نێو ژیان دەخاتە روو هاوکات هیچ تروسکاییەکیش نابینێت ، کە لە کورتماوەدا گۆڕانکاری بیتە ئارا و ژیان بەرەو باشتر گوزەر بکات ، چونکە شۆڕش شەپڕە لێیداوەو شەلەل و ئیفلیج بووە شۆڕشگێرەکان و ئەوانەی جێگای ئومێدن بۆ گۆرانکاری و کۆتایی هێنان بە نەهامەتییەکان ، ڕۆنییان لەژێر پێدا ڕژاوەو هەڵخلیسکاون و بەرەو ڕوناکییەکی چرووک کە ناڕۆشن و بەرچاوتاریکن و لە خشتەبراون . ئیتر لەناو ئەم ناهامەتی و ژیانە مەرگئامێزە یان ئەم ژیانە پڕ لە هەڵاواردن و نابەرابەرییەی پێ قەبووڵ ناکرێ و دێتە دەنگ و دەڵێت :
کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن
بیخەینە گەنجینەی منداڵێک ..!
چەند جوان و شاعیرانەیە ئەم پارادۆکسە ! ( دیکتاتۆر و منداڵ ) ، دیکتاتۆر هێمایە بۆ / دەسەڵات ، دزی ، تاڵان ، تاریکی و مردن ، لەبەرامبەردا منداڵ هێمایە بۆ / پاکی و بەرائەت و جوانی و ئاسوودەیی و ئارامی و خۆشبەختی ..! کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن و بیخەینە گەنجیی منداڵێک وعتە بیخەینە دەستێکی ئەمین و پاک و بێگەرد ..! ئیتر شاعیر لە کێشمەکێش و ململانەکان بەردەوام دەبێت و تا بەوە دەگات ، لە شیعری ( جێناوەکان ) دا دەڵێت :
با بگەرێینەوە دواوە هێز توورەیە لە سێوی کەوتوو
ئەم دێرە شیعرەش ، یەکێکە لە دێرە شیعرە ناوازەکان کە بە جوانکارییەکی تۆخ دەورە دراوە ، ئەم شیعرە لەسەرەتاوە تا کۆتایی ململانێیە لە نێوان ( ژیان و مردن ) یان هێزەکان ( هێزی زەوی و هێزی ئاسمان ) ، دواجار ژیان تەسلیم بە مردن دەبێت و هێزی زەوەی کە هێمایە بۆ گۆڕستان دەیباتەوە و شاعیر دەڵێ / با بگەرێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو ، کێشی زەوی واتە کێشی گۆڕستان و مردن بەهێزترن لە کێشی ئاسمان و کێشی ژیان ، سێوەکە دەکەوێتە سەرزەوی و لە ئامێزی گۆڕستان دەگیرسێتەوە , ئیتر بەناچاری ژیان و ڕێبوارەکان دەگەڕێنەوە دواوە و شاعیر بە نائومێدییەکی گەورەوە دەڵێت / ئیتر تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین …!
ئیدی هەروەک لەسەرەوە گوتمان لەم خوێندنەوەیەمان هێندەی مەبەستمانە قسە لە بارەی ئەو دیاردە و شتە نوێیانە بکەین کە شاعیر لەم کتێبە و لە چوارچێوەی دەقە شیعرییەکانی دەستی بۆ بردوون ، هێندە مەبەستمان نییە خوێندنەوە بۆ کۆپلە شیعرییەکان و بۆ نێو قووڵایی ناوەڕۆکدا شۆڕبینەوە ، لەو شیعرەی سەرەوە تا ئاستێک گەر بە کورتیش بێت ئەوەمان کرد و کەمێک خۆمان لە کەناری مانا و خوێندنەوەو بۆ ئامانج و مەبەستەکانی شاعیردا ، دەکرێ ئەمە پێشاندانی روویەکی گشتگیر بێت بۆ شێوازی شیعر نووسین و ئەزموونی شاعیر و مامەڵەکردن لەگەڵ زمان و وشە و هێما و میتافۆر و دەستەواژە و پێکهاتە شیعرییەکان . لێرەدا هەوڵدەدەین سەرنجی خوێنەر بۆچەند حالەتێک و کار و دیاردەیەکی نوێ ڕابکێشین کە شاعیر ئیشی لەسەرکردوون ، بۆ نموونە لە قەسیدەی ( دەرکەوتنەوەی سەر لە نوێی دەستنووسێکی چوارینەکانی بابا تاهیری هەمەدانی ) ، لەم دەقە شیعرییە وەک شتێکی نوێ کاری لەسەر فۆرمی چوارخشتەکی کردووە ، هەروەکو دەزانین ئەم فۆرمەش ئیش لەسەر وەزن و قافییە دەکات ، بۆیە ناوی باباتاهیری هەمەدانی هێناوە دەیەوێت ئەوە پێشان بدات کە لە سەردەمی ئەو شاعیرەمان لە دێرزەمانەوە تا ئێستاکە چوارخشتەکی یان چوارینە بەیەک فۆرم نووسراوە بە شێوازی وەزن و قافییەوە و هیچ گۆڕانکارییەکی تیانەکراوە بەڵام ( سەباح ڕەنجدەر ) دێت گۆڕان لەو فۆرمە دەکات و بەشێواز و فۆرمەکی نوێ ( شیعری چوارینە )یی دەنووسێت ، ئەویش بە فۆڕمی ( پەخشانە شیعر ) یان شێوازی سەربەخۆ ، واتە ڕەچاونەکردنی وەزن و قافییە ، واتە تێشکاندنی فۆرمی کۆن و لەبەرامبەردا دەستبردن بۆ فۆرمێکی نوێ بۆ شیعری چوارینەیی یان چوار خشتەکی ،، ئەوەش یەکەمجارە لە مێژووی شیعری کوردی شیعری چوارینەیی بە فۆرمی سەربەخۆ بنووسرێت ، وا لە خوارەوە یەکدوو کۆپلە لەو چوارینە شیعرانەتان بۆ دەخەمەڕوو . ئەم دەقە شیعرەش واتە / دەرکەوتنەوەی سەر لەنوێی دەستنووسێکی چوارینەکانی بابا تاهیری هەمەدانی .. لە ( دە ) چوارینە پێکهاتووە هەریەکە و تایتلی تایبەت بە خۆیان هەیە ، بۆ نموونە لە لە چوارینەی ( دوا هێڵی ڕۆژی شەشەم ) دا دەڵێت :
تابلۆی زەوی هێشتان هەموو هێڵەکانی نەکێشراون
باڵندە لەسەر لکە پڕەکان تووشی حەپەسان هاتوون
لە ڕێگادام چەند جارێک ویستوومە پێی ڕابگەیەنم هێڵەکان تەواو
دەکەم
لە زەردەی ئێوارەیەکدا لوورەی ئاگر دەترسێنم و فرمێسکی نابەچێ
ناڕژێ

یان لە چوارنەیەکیتر بە ناوی ( بزربوونی ناونیشانی حەوا ) دا دەڵێت :
ئادەم بۆنی ددانی ڕزیو لە دەمی دێ
حەوا خۆی لە تەنیایی مارە کرد و ناونیشانی بزرکرد
کەس تەماشای ئاشنای خۆی نەکرد و ناسین تەفرەی داین
ئەو درەختانە ئاشنامان بوون ڕەگیان گەیشتبووە ناو ڕووبارە نزیکەکان

لە قەسیدەی ( دەنگ ) ، بە سەلیقەیەکی وردی زمانەوانییەوە ، چەند وشە و چەمکێکی زۆر لە یەکتر نزیکی دۆزیوەتەوە کە بەهۆی دەنگی پیتێکەوە ماناکەی تەواو دەگۆڕێ ، هاتووە ( دە ) دوو وشەی وەک دووانە هێناوە و لەلایەک پێشانی داوە کە کە لە ڕێی دەنگی پیتی ڕاوە .. وەک لە زمانەوانی و لە ڕێزمان پێی دەڵێن ڕای قەڵەو و رای لاواز ،، بەهۆی جیاوازی دەنگی ئەم پیتە چۆن گۆڕانکاری لە وشەکان بەدیدێت دە جووت وشەکانیش ئەمانەن ( برین و بڕین ، بۆر و بۆڕ ، گۆران و گۆڕان ، بر و بڕ ، کەر و کەڕ ، وەرین و وەڕین ، هەڵکران و هەڵکڕان ، باراندن و باڕاندن ، فریو فڕیو ، سوور و سووڕ ، ) دەمەوێت هەر هێندە بڵێم ، ڕەنگە مەبەستی شاعیر بێشاندانی ئەم دووانە وەک کارێکی زمانەوانی لەنیو ڕووبەری شیعر و وەک کارێکی نوێ بێت بەڵام ، بە دیوێکیتر ڕەنگە پێداگرتن بێت و لەوەی کە پێشاندنی کاریگەری و ڕۆلی دەنگ ، واتە ژیان پێویستی بە دەنگە ، دەنگ هەڵبرین گرینگە بۆ گۆڕانکارییەکان ، وەک چۆن ژیان پڕیەتی لە جووڵە دەبێ پڕیش بێت لە دەنگ . لەگەڵ ئەمانەش هەریەک لەم دووانەییانە وردە شیعری سەربەخۆی لێدروست کردوون هەروەک لە ( برین و بڕین ) دەڵێت :
برین دەڵێی مانگی پڕە بەسەر ڕێگای نیوە چۆڵ کراوەتەوە
دەست بەسەر دژوارییەکان دادەهێنێ و پەنجەی گەرم دەبێ
گەرمایی پەنجە گۆرانیی هێمنی و بیرەوەری زەوییە
بە سوپای دۆڕاو شەڕ ناکات


برین بەسەر زەوییەکی پڕ مردوو بە دواتدا دێ
بڕوای بە ڕۆیشتن نامێنێ و دەرگات لە دوا دادەخات
چرای سێبووریت دەکوژێنێتەوە
بە دەنگێکی برووسکەدار دەتخاتە چاوەڕوانییەکی ساردەوە

یان لە دەقی ( ناونیشان بۆ گۆڕەپانی جەنگەکان ) دا .. هاتووە وەک فۆرمێکی نوێ ، ( دە ) دەقی شیعری نووسیوە ، دەقە شیعرییەکان تەنها ،، ناونیشانن و هیچیتر . وەک شیعری تاکدێری و ناونیشانەکانیشی لە ناوەڕاستی لاپەڕەدا نووسیوە ، بۆنموونە ( لە کاتی خۆیدا لە قووڵاییدا هەڵدەلەرزم ، گرەو لەگەڵ کلیلسازی گەنجینەی پاشا و داهاتووی پێشبینیکراو ، پێم بوونەتە ڕووبار و خۆم بۆ شەڕی دونیا ناونووس کردووە ، هەتا دوایی …. ) وەک گوتمان دە ناونیشانە شیعرە ، بە بڕوای من ئەم هەوڵەی سەباح ڕەنجدەر لە دوو ئاست دا دەتوانین قسەی لەبارەیەوە بکەین ، یەکەم / وەک هەوڵێکی نوێ ویستوویەکی ئەم دەقەی بە فۆرمێکی نوێ بنووسێت ، واتە شیعرێک تەنها پێکهاتبێ لە ( ناونیشان ) و بەس .. کە ئەمەش هەوڵێکی نوێیە لە شیعری کوردی ، وەکچۆن کاتی خۆی ( فەریدا زامدار ) دیوانێک شیعری بێ ناونیشانی نووسی کە هەوڵێکی نوێ بوو بۆ ئەوکات ، ئەم هەوڵەی ئەو شاعیرەشمان بە پێچەوانەوە تەنها ناونیشانی نووسیوە و هیچیتر ، دووەم / ئامانج لەم شیواز و فۆرمە بە بڕوای من ،، پەیوەندی بە باری دەروونی شاعیرەوە هەیە ، لەلایەک مەیدانی شیعر وەک مەیدانێکی گەورەی جەنگ دەبینێت لەنێوان زۆرانبازی و ململانێی نێوان ( جوانی و ناشیرینی ) یان بەمانا ( فرۆید )یەکەی ململانێی نێوان ( ئیرۆس و ساناتۆس ) واتە ( ژیاندۆستی و مەرگدۆستی ) کە شیعر لە سەنگەری جوانی و ژیاندۆستییە ، بۆیەش دەڵێین ئامانجی شیعر گەڕانە بەدوای جوانی لەنێو رووبەری زمان دا . لەلایەکی تر / چەمکی ناونیشان و کاریگەری ئەم چەمکە بەسەر دەروونی شاعیرەوە کە کوڕی کۆمەڵگەیەکی بێ شوناس و بێ ناو و نیشتیمانە .. ئەم دەقە گەڕانێکە بە دوای شوناس چ وەک تاک چ وەک کۆمەڵگە . واتە هاوار و ململانێ و جەنگێکە بۆ بە دەستهێنانی شوناس .
شیعرێکیتر بەناوی ( خاڵبەندی ) ، سەباح ڕەنجدەر لە ئەزموونی سەرەتایی دا ، واتە بەدوای ( زێوان )ەوە ، بەهۆی ئەو زمانە شیعرییە تایبەت و جیاوازەی ، کەوتە بەر هێرش و دژایەتییەکی زۆر ، لەوەی کە ، سیستەمی زمان و سیستەمی ڕێزمانی تێکداوەو ڕەچاوی خاڵبەندی ناکات و ئەم ڕەخنە بێ بنەمایانە ، بە ئێساتاشەوە ئەم ڕەخنە و تێروانینانە لەبارەی زمانی شیعری ئەم شاعیرەمان هەرماوە بەڵام ، بە شێوەیەکی تۆخ نییە وەک ڕابردوو ، شاعیریش بۆ وەڵامدانەوە بۆ ئەو ڕەخنە و تەوهینانە ، هاتووە ئەم دەقەی نووسیوە بەناوی ( خاڵبەندی ) کە هەموو یەکە و پێکهاتەکانی خاڵبەندی یەکبەدوایەک ڕیزکردووە و شیعری لێ دروست کردوون ، دەیەوێت پێشانی بدات کە زۆرباش شارەزایی هەیە لە خاڵبەندی کە لە زمانی شیعری ڕەچاوی ناکات مانای ئەوە نییە کە ئاشنا نییە یان بێئاگایە بە یەکە و پێکهاتەکان و ڕۆڵی خاڵبەندی لەنێو رووبەری ڕێزمان و زماندا بەڵام ، بە بڕوای من شاعیر پێی وایە ، زمانی شیعری دەبێت سەربەخۆ و ئازاد بێت ، خۆی نەبەستێتەوە بە هیچ سیستەمێکەوە بە سیستەمی ڕێزمانیشەوە چونکە شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە هاوکات ، شیعر جووڵەیەکی بەردەوامە لە نێو رووبەری ئیستاتیکادا ، بۆیە بوونێکی کراوەی هەیە بە تایبەت لە کۆتایی دەقە شیعرییەکان دا هیچ دەقێک پێویستی بە نوختە دانان نییە ، پیکهاتە خاڵبەندییەکانیش ئەمانەی بەدوای یەک ڕیزکردوون ( خاڵ ، دووخاڵ ، سێ خاڵ ، کەوانە ، هێڵی لار ، تەقەڵ ، وێرگوڵ ، ئەستێرە ، نیشانەی پرسیار ، نیشانەی سەرسووڕمان ، ) هەریەکێک لەمانەش شیعرێکی سەربەخۆی بۆ دروست کردوون وەک لەسەرەتا بە ( خاڵ ) دەستی پێکردووە و دەڵێت :
خاڵ لە شەرمێکی گەمژانەی ڕستە ڕادەگرێت
زەمینیش دەخولێتەوە بە دوای خورپەیەکی بەهێزەوە
ئەدی بەخشندە بە کام دەست دەبەخشێ و بەکام دەست لێمان دەستێنێتەوە
دوای کەمێکی تر زەمین هەمووی تاریک دەبێت
بە دەنووکی سووری قەقنەس گۆڕێک هەڵدەکەنم
دڵ پێی ڕازی نییە و ئاهی شادمانی تێ نەگەڕاوە
گوڵەستێرە لەناوی نیشانە و ناوە
بە نیگایەکی ماندوو بیر و پڕۆژەی دیوارەکانی دەخوێنێتەوە
لەوێ پەیام ناگات
کەویش لە چیای ڵاڵن
هەروەها لەدەقی ( سیما و ساڵەکان لە پێ پیرۆزەوە ) ش لێرەدا شاعیر لە کەش و هەوایەکی ئارامی پڕ لە بیرکردنەوە و ڕامانی قووڵ ، دەڵێ
لەگەڵ ئەستێرە بیردەکاتەوە و لە مەیسوورەوە دێ
سەر لەنوێ سەیری بای پەنجەرە دەکەمەوە
لە کۆتایی ڕێگا دانیشتووم و سڵاو وەردەگرمەوە
چاوم ماندوو نییە بە زۆربینی ..
شاعیر لێرەدا ، بە شوێنێک گەیشتووە لەنێو ڕامان و بیرکدنەوەیەکی قووڵ ، ڕامان لە ڕابردوو و لە ئەزموونێکی دوورو درێژی لەگەڵ شیعر ، ئیتر هەر ڕێبوارە و دێت بەپیرییەوە و سڵاوی لێ دەکەن ئەمیش سڵاو وەردەگرێتەوە ، هەریەکێک لەو ڕێبوارانەش یەکێک لە کتێبە شیعرییەکانییەتی کۆی ڕێبوارەکان سێزدە ڕێبوارن ، ڕێبواری یەکەم ( زێوان )ە تا دەگاتە ڕێبواری سێزدەمین ( سەرزەمینی هەموو ناوەکان ) . لەگەڵ ئەوەی شاعیر دەڵێ ، لە کۆتایی ڕێگا دانیشتووم ، بەڵام هێشتا لەگەڵ ئەستێرەکان بیردەکاتەوە و سەر لەنوێ لە بای پەنجەرە دەڕوانێتەوە و چاویشی ماندوو نییە بۆ زۆربینی ،، ئەگەر لێرە مەبەستی لە بینینی ڕێبوارەکان بێت کە کتێبە شیعرییەکانییەتی ، دەیەوێت ئەو هێزە لەخۆی پێشان بدات کە هێشتا وزەی بینینی ڕێبواریتری تیایە و چاوەکانی ماندوو نابن واتە ، ئەو وزەیەی تیایە بۆ خوڵقاندنی ڕێبواریتر واتە هیشتا کەسێکی پڕ جووڵە و وزەیە لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێناندا . وەک هەوڵێکی پڕ جوانکاریش بۆ هەر ڕێبوارێک بە دێرە شیعرێک باسی کردووە بۆ نموونە :
_ ڕێبواری یەکەم زێوان
بوون تێیدا لە بەیانی خۆڵەمێشی و مانگی نیوەگیان نامێنێتەوە
_ ڕێبواری دووەم ڕووەکەکانی خوداوەند
دیکتاتۆر نەیهێشت گوریسی جۆلانە بە درەختی ناوچیا ببەستین
_ ڕێبواری سێیەم خەون وا خۆی گێڕایەوە
گوڵم لە بێئاگایی نەچنیوە و نهێنی گەشەکردنم درەوشاندەوە
ئیتر تا دەگاتە ڕێبواری سێزدەمین ( سەرزەمینی هەموو ناوەکان )ە ، کە دوا کتێبی شیعرییەتی ، شاعیر بە بڕواو شانازییەکی گەورەوە دڵخۆشە بەوەی کە توانیویەتی ئەو هەموو ڕێبوارەی بە ژیان بەخشیوەو کۆلەگەیان پڕە لە خەون و خۆزگەکانی مرۆڤبوون ئەمەش بۆ ئەو سەروەرییەکی گەورەیە ، واتە لەنێو هەستەکانی ئەو / شیعر دەبێ بە ڕێبوار و ڕێبوارەکان بۆ تائەبەد لەنێو ژیان دەمێننەوە و دەبن بە سەرزەمینی هەموو ناوەکان …! ، چونکە کتێبە شیعرییەکان و شیعر بۆ ئەو مانای ژیان و یانی سەروەری و هێزی مانەوەی پێ دەبەخشن. ئەگەر بە کورتی قسە لەبارەی ناساندنی ڕێبوارەکان بکەین بۆ نموونە ، ڕێبواری یەکەم کە ( زێوان )ە دەڵێت ، بوون تێیدا لەبەیانی خۆڵەمێشی و مانگی نیوەگیان نامێنێتەوە ،، دەکرێت لێرە خوێندنەوەیەکی ( هایدگەر)یانەی بۆبکەین بە تایبەت بۆ بوون کە پێیوایە ، مرۆڤ لەسەرەتاوە بوونێکی ناتەواوی هەیە لە رێگەی داهێنانەکانییەوە هەوڵدەدات بوونەکەی بەرەو کەمال بەرێت ، شاعیریش باس لەوە دەکات بوون تێیدا لە ( بەیانییەکی خۆڵەمێشی ) دەکرێت خوێندنەوەی بوونێکی ناتەواوی بۆ بکەین لە مانگی نیوەگیان نامێنێتەوە ، هەوڵدان ڕۆیشتن بەرەو کەمال لە ڕێگەی داهێنانەوە بێت ،، داهێنانەکانی شاعیریش سەرەتاکەی بە زێوان دەست پێدەکات . بۆ ڕێبواری دووەم کە ڕووەکەکانی خوداوەندە دەڵێت ، دیکتاتۆر نەیهێشت گوریسی جۆلانە بە درەختی ناو چیا ببەستین ، ئیتر لەم کتێبە زێتر قووڵ دەبێتەوە بەنێو کێشمەکێش و هەوراز و نشێوەکانی ژیان ، چ لەنێو داهێنانە شیعرییەکانی چ لەنێو واقیعی ژیانی خۆی ، کە ڕووبەڕووی سەختییەکان دەبێتەوە و دەسەڵاتدار و ستەمکاران ناهێڵن بە ئارامی بژی و خۆشییەکانی ژیانی بەرەو بڵنداییەکان بچن گوریسی جۆلانە کە هێمایە بۆ خۆشییەکان بە درەختی ناوچیا ببەستن . شیعر پێویستی بە چ توانایەک و سەلیقە و وزەیەک هەیە ، لەهەمانکاتیش دەکرێت وەڵامێک بێت بۆ هەموو ئەوانەی لەم نێوەدا ڕەخنەیان لێگرتووە و هێرشی ناڕەوایان کردۆتە سەر کە بە تێکدەری زمانیان لە قەڵەم داوە و ئەوەتا بە ڕوون و ئاشکرایی دەڵێت ، گوڵم لە بێئاگایی نەچنیوە و نهێنی گەشەکردنم دروشاندەوە ، بۆ کتێب و ڕێبوارەکانیتریش بەهەمان شێوە تا دەگاتە دواهەمین ڕێبوار و دواهەمین کتێبی کە ( سەرزەمینی هەموو ناوەکانە ) ، ئیتر بەشی دووەمی ئەم دەقە شیعرییەوە هەموو دەقەکانی تری نێو ئەو کتێبەی شایستە بە قسە لەبارەوە کردن و ئاوڕلێدانەوەن ، بۆ نموونە دەقەکانی ( وەسیەت و سپی بەرەو ڕەش و دیوانی مات و مردووان گۆرانی زەوی دووەمیان دەڵێن .. ) ، بەڵام من لێرەدا دێمە کۆتایی ئەو خوێندنەوەیەم ، بەهیوام ماڵی شیعری سەباح ڕەنجدەری شاعیر هەر ئاوەدان و ڕووناک و بۆ هەمیشەش پڕ کۆشش و داهێنان بێت ، هەروەها هەر لە شاری شیعر بمێنێتەوە چونکە وەک خۆی دەڵێت / لە شاری شیعر هەناسەم نەرم و خۆشە و بە ئارەزووی خۆی لە بەهەشت ناچمە دەرەوە .

                                                    سەرەتای نیسانی ٢٠٢٣ 

سەرچاوە : کتێبی شیعری ( سەرزەمینی هەموو ناوەکان ) .. سەباح ڕەنجدەر




قۆناغی گواستنەوە: لێکدانەوە و ڕاستییەکان.. دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید نوسراوەتەوە

حەسەن ساڵحی: لە هەلومەرجی سیاسی ئێران و لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا، وشەی سەرەکیی “ڕاگوزەر” زۆر دەبیسترێت و دووبارە دەبێتەوە. هەر لەو پێوەندییەدا تا ئێستا چەندین دیدار و سیمینار ئەنجام دراون. ئەنجوومەنی ڕاگوزەریان دروست کردووە، باسی گواستنەوە لە کۆماری ئیسلامیەوە دەکەن، باسی گواستنەوە بۆ دیموکراسی دەکەن، باس لە گواستنەوەی ئاشتیانە دەکەن. گواستنەوە لە کۆماری ئیسلامی بە چ پلانێک و بە چ نەخشێک ئەنجام بدرێت؟ ئەگەر مۆدێلی گونجاو بۆ گواستنەوەکە پەیڕەو نەکرێت، ئایا ئەگەری دامەزراندنەوەی ستەمکاری یان ڕوودانی شەڕی ناوخۆ هەیە؟ ئەمانە ئەو بابەتانەن کە لە بەرنامەی وەڵامدانەوەی ئەم هەفتەیەدا لەگەڵ حەمید تەقوایی باسی دەکەین.
حەمید تەقوایی، هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئێستاوە باس لە قۆناغی گواستنەوە زۆر باسکراوە، بەتایبەتی لە نێو هێزە ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن. پێت وایە دوای کۆماری ئیسلامی قۆناغێکی وامان دەبێت؟
حەمید تەقوایی: سەربەخۆ لەوەی هێزە ڕاستەکانی ئۆپۆزسیۆن چی دەڵێن و چ لێکدانەوەیەکیان هەیە سەبارەت بە قۆناغی ڕاگوزەر – کە دواتر باسی دەکەین- دوای ڕووخانی ڕژێم قۆناغێکی وامان دەبێت. بەگشتی دوای سەرکەوتنی هەموو شۆڕشێک، ڕژێمی هەنوکەیی دەڕوخێت و هەلومەرجی تایبەت دروست دەبێت کە دەتوانین پێی بڵێین قۆناغی تێپەڕین. دیارە لەدوای ڕووخان ئیتر یاساکان، بەرپرسان، دامودەزگا دەسەڵاتدارەکان، وئەو پەیوەندیانە کە لە نێوان چینە دەسەڵاتدارەکان و خەڵک هەبووە هەڵدەوەشێنەوە و هەموو شتێک بە یاسا و حکومەت و بەرپرس و پلەدارەکان و هتد ئەبێت سەرلە نوێ پێناسە بکرێنەوە و دامەزرێنەوە. بە واتایەکی تر دوای ڕووخان لە کۆمەڵگەدا، بۆشایی دەسەڵات دروست دەبێت و قۆناغی تێپەڕین قۆناغێکە کە دەبێت پڕ بکرێتەوە. چ هێزێک بە چ میکانیزمێک ئەمە دەکات، ئەمە باسێکی ترە، بەڵام بە شێوەیەکی بابەتیانە و بەرچاو، هەموو شۆڕشێک لە دواییدا سەردەمیکی وەهای دەبێت.
حەسەن ساڵحی: تایبەتمەندییەکانی ئەم قۆناغە چین و پەیوەندی بە پرۆسەی شۆڕش و هەلومەرجی پێش ڕووخاندنەوە چییە؟ ئایا دەتوانین بە شێوەیەک دابەشی بکەین کە قۆناغی تێپەڕین قۆناغێک بێت کە هیچ شتێک سەقامگیر نەبووە و دەسەڵاتی سیاسی دیاری نەکراوە؟
حەمید تەقوایی: بەڵێ، بەتەواوەتی وەک یەکە و منیش جەختم لەسەر هەمان شت کردووەتەوە. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئێمە باس لە یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی دەسەڵاتی سیاسی لە دوای شۆڕشێک دەکەین. لەوانەیە بەهۆی کودەتا یان شەڕ یان قەیرانی ئابووری حکومەتەکان بخرێنە پەراوێزوە. یان دەست لەکار بکێشنەوە بەهۆی قەیرانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە، یان تەنانەت کە بیانەوێت لە دۆخێکدا دووبارە دەستور بخە دەنگدانەوە. ئەمە لە مێژووی وڵاتاندا ڕوودەدات، بەڵام قۆناغی دوای شۆڕش جیاوازە لە هەموو ئەمانە. قۆناغی ئینتقالی قۆناغی بۆشایی دەسەڵاتە بۆ چینی دەسەڵاتدار، بەڵام دەسەڵاتێکی نوێ سەری هەڵداوە: دەسەڵاتی جەماوەری خەڵک. خەڵکی شۆڕشگێڕ دوای ڕووخاندن ناچنەوە ماڵەوە، تازە دەسەڵاتی خۆیان ناسیوە، تازە توانیویانە لە چارەنووسی سیاسی کۆمەڵگادا ڕۆڵ بگێڕن و متمانەیان بەخۆیان پەیدا کردووە. بە پێناسە شۆڕش واتە
لەناوبردنی دەسەڵاتی باڵادەستەکان. خەڵک لە سەردەمی شۆڕشدا خواست و داواکاریەکانیان خستۆتە ڕوو، کە دەیانەوێت بەدی بهێنرێن، بەڵام چیتر متمانەیان بە سەرووی خۆیان و دەسەڵاتی سەرووی خۆیان نییە و پشت بەوان نابەستن،. ئەوان نایانەوێت هەمان بەرپرس و سیاسەتمەدارە پیشەگەرەکان بە ڕواڵەتێکی جیاوازەوە یان بە ناوێکی جیاوازەوە بێنە سەر کار. شۆڕش خەڵک دەخاتە پەیوەندییەکی تەواو نوێ لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی.
لە شۆڕشی ١٣٥٧دا بینیمان لە هەموو شوێنێک لە دوای ڕووخانی شوراکان پێکهاتن لە کارگە و زانکۆ و قوتابخانە و فەرمانگە و زۆر ناوەنددا کەس لەو ماوەیەدا ئازادی و دیموکراسی بە پەرلەمان و مەجلیس و هتدەوە نەبەستەوە. بە هیچ شێوەیەک باسی ئەمانە نەکرا. خەڵک خوازیاری بەشداری شوراکان بوون لە هەموو بابەتەکاندا و ئەمەش کێشەیەکی گرنگی کۆماری ئیسلامی بوو. داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و پاشان شەڕی ئێران و عێراق بوو بە بیانوو و زەمینەیەکی خوڵقاند کە کۆماری ئیسلامی بتوانێت هێرش بکاتە سەر شوراکان و سەرکوتی خەڵک بکات.
ئەم ئەزمونە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە ڕاستیدا شۆڕش هێزێکی نوێ دەهێنێتە گۆڕەپانەکەوە کە لەلایەن هەر حزب و دامەزراوەیەکەوە کە بیەوێت حکومەت پێکبهێنێت ناتوانرێت پشتگوێی بخرێت. بۆیە لەکاتی باسکردنی بۆشایی دەسەڵات لە دوای ڕووخان، پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە دەسەڵاتێکی نوێش لە مەیداندایە؛ دەسەڵاتی ئەو خەڵکە ڕاپەڕیوەی کە تا ئێستاش لە مەیدانداندایە بۆ بەدیهێنانی ئەو پێشبینی و چاوەڕوانییە ڕەوا و ئینسانانەی کە لە شۆڕشدا ئاڵاکەیان بەرزکردۆتەوەو هێشتا لە مەیداندایە.
لە ڕوانگەی ئێمەوە، و هەر حزبێکی شۆڕشگێڕ کە بەڕاستی دەیەوێت خەڵک ئازاد و ڕزگار بێت، قۆناغی ڕاگوزەر قۆناغێکە کە دەسەڵاتی خەڵک دەبێت شێوەی دەسەڵاتێکی چەسپاو و حکومەتی وەربگرێت، و دەبێت خەڵک ڕاستەوخۆ کاروباری پەیوەست بە بەڕیوەبردنی کۆمەڵگە بەدەستەوە بگرێت. ئەوەی لە بەرنامەی حزبدا وەک حکومەتی شوەایی پێشنیار کراوە. دوای سەرکەوتنی شۆڕش، بە پێچەوانەی خواست و ئامانجی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو، نەک هەر خەڵک بنێردرێتەوە ماڵەوە، بەڵکو دەبێت خەڵک لە ڕێکخستنی جۆری شورادا ڕێکبخرێن بۆ ئەوەی بتوانن دەسەڵات بە دەسەتەوە بگرن.
ئه مڕۆ له کۆمه ڵگه ی ئێمه دا جه ماوه ڕی خه ڵکی شۆڕشگێڕ، کرێکاران، خانه نشینان، مامۆستایان، زەحمەتکێشان، دادخوازان له دڵی شۆڕشی ئێستادا چالاکن و زۆر پێش شۆڕشیش له بزوتنه وه ناڕه زایه تییه جۆراوجۆره کاندا چالاک بوون. دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کە بە هێزی مانگرتن و خەبات و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و دواجار ڕاپەڕینی چەکداری ئەم هێزە ڕوودەدات، هیچ حیزب و ڕێکخراو و تاکێک، هەر پلانێکیان بۆ قۆناغی ئینتقالی هەبێت، ناتوانن حساب بۆئەم هێزە نەکەن. هێزە ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن، هێزی کۆنەپەرست و دژە شۆڕش، کە دەیانەوێت بە کەمترین گۆڕانکاری نەزمی هەبوو بپارێزن، هەوڵ دەدەن خەڵک بنێرنەوە ماڵەوە و خۆیان دەسەڵات بگرنە دەست. ئەوەی کۆماری ئیسلامی کردوویەتی. لە لایەکی ترەوە هێزە شۆڕشگێڕەکانی وەک حزبی ئێمە دەیانەوێت ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی وەک شوراکان بەهێزتر و سەقامگیری بکەن (یان ئەگەر لە سەردەمی شۆڕشدا پێکنەهاتبن ئەوانە ڕێکبخەن) و بە بەشداری ڕاستەوخۆی خەڵک حکومەتێکی نوێ دابمەزرێنن. ئەمەش بنەمای ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی شۆڕشگێڕ و دژە شۆڕشە لە قۆناغی تێپەڕیندا.
حەسەن ساڵحی: زۆربەی کات لەگەڵ باسکردنی قۆناغی گواستنەوەدا باس لە پێویستی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەکرێت بۆ دیاریکردنی سیستەمی داهاتوو و هەروەها داڕشتنی دەستوور. بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەم بابەتانە چییە؟
حەمید تەقوایی: ئەمانە تەنیا لایەنی یاسایی و حقوقی قۆناغی گواستنەوەن. دەبێت ناوی حکومەت یان سیستەم و دەستوور دیاری بکرێت، بەڵام ئەمە جەوهەری مەسەلەکە نییە. بەشێک لە هێزە ڕاستڕەوەکان، گواستنەوە لە کۆماری ئیسلامی وەک بەدیلێک بۆ ڕووخاندن لە ڕێگەی هێزی ڕاپەڕینی خەڵکەوە دەخەنە ڕوو کە بەتەواوی بێمانا و ناڕاستە. مشتومڕی ڕاستەقینە لەسەر ئەو هەلومەرجەیە کە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە لایەن دەسەڵاتی شۆڕشەوە دروست دەبێت. هەندێک کەس پێیان وایە کە ئەو پرسە بە ڕیفراندۆم و دەستوور و هتد چارەسەر دەبێت. هەروەها ئەمەش واقیعی نییە و تەنیا مامەڵە لەگەڵ فۆڕمی ئیداری و یاسایی و دەستاو دەسکردنی دەسەڵات دەکات.
لە ڕاستیدا فاکتەری گرنگ دەسەڵاتی حزب و بزووتنەوەکانە. مەسەلەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە کام لایەن و هێزی سیاسی بە چ پلەیەک دەسەڵات و کاریگەری و پێگەی کۆمەڵایەتی لە گۆڕەپانەکەدان. ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە دەسەڵاتی ئینقلاب ڕووخێنرابێت و خەڵک مانیان گرتبێت و خۆپیشاندانیان کرد و دواجار ڕاپەڕین و ڕووخانی ئەم حکومەتەیان کردبێت، لەو پرۆسەیەدا هێزەکان دواجار ئیعتباریان لە کۆمەڵگادا بەدەستهێناوە و متمانەی خەڵکیان بەدەستهێناوە. ئه م هێزانه به پێی ده سه ڵات و متمانه و ڕاده ی نفوزیان له ناو کۆمه ڵگادا له قۆناغی ئینتقالیدا ڕۆڵێکی چاره نووسساز ده بینن. دەمەوێت ئەوە بڵێم بەوشێوەیە نییە لەگەڵ ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا، هەموو حیزب و هێزە سیاسییەکان و بزووتنەوە سیاسییەکان لە یەک هەڵوێستدا بن و وەک پێشبڕکێیەکی دوو سەد مەتری لە یەک ئاستدا وەستاون، تا لەگەڵ دەنگی ڕووخانی حکومەتدا، پێشبڕکێی جێگیرکردنی خۆیان و پێکهێنانی دەستور و حکومەت دەست پێ بکەن ئەوەی دەیانەوێت. لە واقیعدا حزب و هێزە سیاسییەکان لە قۆناغی ئینتقالیدا بە پێی مێژوو و ئەدای خۆیان پێگە و قورسایی جیاوازیان دەبێت، بەتایبەتی لە قۆناغی شۆڕشدا.
گریمان هەندێک لایەن دەستووری جیاواز پێشنیار دەکەن. پێش هەموو شتێک پێوەری خەڵک ئەوەیە کە چ هێزێک بە چ باکگراوند و ڕۆڵێک لە شۆڕشدا ئەم یاسایانەیان پێشنیار کردووە. خەڵک متمانەیان بە حزبێک هەیە، پشت بە هێزێک دەبەستێت کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە شۆڕشدا هەبووە، جا چ لەسەر ئاستی حزب و ڕێکخراو و تەنانەت تاکیش بێت و دواجار هەڵبژاردنیان سیاسییە و دەنگدانیان لە هەموو هەڵبژاردن و ڕیفراندۆمێکیشدا لەسەرئەم هەڵبژاردنە سیاسییە بنیات دەنرێت.
لە ئێستادا لە ئۆپۆزسیۆندا حزب و ڕێکخراو و کەسایەتی زۆرن، بزووتنەوەی کرێکاری کەسایەتی خۆی هەیە، دامەزراوەی تایبەتی خۆی هەیە، بۆ بزووتنەوەی دادخوازیش هەمان شتە، بۆ بزووتنەوەی خوێندکاریش هەمان شتە و تا ئێستا ئەو کەسایەتیانە ناسراون . لە سەردەمی شۆڕشدا ژمارەی ئەو دامودەزگا و ئامارانە زیاتر دەبێت و حزبەکان زیاتر خۆیان نیشان دەدەن و جیاوازیەکان زیاتر ڕوون دەبێتەوە. به تایبه تی حیزبه کان له پرۆسه ی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا، و حیزب و هێز، یان ئه و ڕێکخراوه، یان ئه و که سایه تییه ی که ڕۆڵی گه وره تری هه یه له پرۆسه ی ڕووخان و کۆکردنه وه و ڕێکخستن و پێشخستنی شۆڕشدا هەمان پلەی متمانەی دەبێت. خەڵک دەنگ بەو دەستوورە دەدات کە لەلایەن کەسایەتی و لایەنە کاریگەر و متمانەپێکراوەکانەوە پێشنیار کراوە. یان ئەگەر هەڵبژاردن هەبێت دەنگ بەو کەسانە دەدەن کە لە دڵی شۆڕشدا لێهاتوویی خۆیان بۆ خەڵک نیشانداوە. بەڕای ئێمە هەڵبژاردنی بەرپرسان دەبێ لە دڵی شورا ناوچەییەکان، شورای شارەکان، شوراکانی کارگەکان و هتد بکرێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت خەڵک دەنگ بەو کەسانە دەدەن کە لە سەردەمی شۆڕشدا متمانەیان پێکردوون و ناسیویانە پرۆسە. بە جۆرێک پێگەی حیزبەکان لە قۆناغی ڕاگوزەردا، دەرئەنجامی چالاکی ئەوانە لە قۆناغی شۆڕشدا. لە ڕووی واقیعی و کۆمەڵایەتییەوە ئەو هێزە دەتوانێت مۆرکی خۆی بخاتە سەر دەستوور و لەسەر ناوی ئەو سیستمەی ئایندە دایبنێ کە لە سەردەمی شۆڕشدا شکۆ و ڕۆڵ و کاریگەری زیاتری بەدەستهێناوە. دەشێ حیزبێک، تاکێک، یان بەرەی هاوپەیمانی یان ڕێکخراوێکی جەماوەری بێت. فۆڕمی جۆراوجۆر دەتوانێت ڕووبدات. بەڵام ئەوەندە دڵنیایە کە لە پڕۆسەی شۆڕشدا حیزب و هێزە سیاسییەکان جێگەیەک لە کۆمەڵگادا دەدۆزنەوە کە بتوانن لە قۆناغی گواستنەوەدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕن.
لە کۆتاییدا پێویستە جەختیش لەوە بکەمەوە کە دواجار کۆمەڵگا لە نێوان چەپ و ڕاستدا هەڵدەبژێرێت و بە سروشتیش لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەدا، ڕەخنەی ڕادیکاڵترین لە دۆخی ئێستا و ئازادیخوازترین و یەکسانیخوازترین بەرنامە ئیجابیەکان زۆرترین پشتیوانییان دەبێت.
حەسەن ساڵحی: تاچەند ئەگەری ئەوە هەیە کۆمەڵگا بکێشرێتە ناو پشێویەوە یان شەڕی ناوخۆ لە قۆناغ بەندیدا ڕووبدات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو دوژمنەی کە هەمووان هەیانبوو و لەدژی شەڕیان کردوە لابراون و گەیشتوینەتە قۆناغێکی ڕووبەڕووبوونەوە کە حزب و ڕەوتە جیاوازەکان دەیانەوێت بەرنامەی ئیجابی خۆیان پەیڕەو بکەن، واتە هەریەک لەو لایەنانە دەیانەوێت کۆمەڵگا بەرەو لایەک بەرن. لەم دۆخەدا ئەگەری ڕوودانی ئاژاوەگێڕی و شەڕی ناوخۆ چەندە؟
حەمید تەقوایی: بە بڕوای من لە دۆخی دوای شۆڕشدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بە دەسەڵاتی خەڵک کەم بووەتەوە، ئەگەرێکی زۆر لاواز هەیە کە کۆمەڵگا بکێشرێتە ناو ئاژاوەوە. یەکێک لە پەرەپێدەرانی ئەم مەسەلەیە خودی کۆماری ئیسلامییە کە دەڵێ ئەگەر من بڕۆم، هەمووان دەمرن، نەتەوەی جیاواز و ئایینی جیاواز شەڕ دەکەن، دوژمنێکی دەرەکی هێرش دەکات و ئێران دۆخێکی هاوشێوەی سوریا دروست دەبێت. هەر ئەو سوریایە کە کۆماری ئیسلامی خۆی هۆکاری سەرەکیی دۆخی کارەساتباری بووە، جڵەوی خەڵکی پێدەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر من بڕۆم، ئەمە ڕوودەدات! ئێمە هەمیشە دژی ئەم تیۆرییە بووین. کەسانێک هەن بە نیازپاکیشەوە هەمان شت دەڵێن، بەڵام لەبیرمان نەچێت ئێمە باسی هەلومەرجی دوای سەرکەوتنی شۆڕش دەکەین. شۆڕش لە دەوری خواستە ئینسانیەکانی وئەو خواستانەی هەموو خەڵک یەکگرتوو دەکەن و دروشمەکانی وەک ژن ژیان ئازادی دەسوڕێتەوە. وەک ئێستا دەبینین خەڵک لە کوردستانەوە تا زاهیدان و تاران و هەموو شارەکان دروشم دەدەن، هەموومان پێکەوەین. دەڵێن کورد، بەلوچ ئازەری ، ئازادی و یەکسانی. دەڵێن کوردستان چاو و ڕوناکی ئێرانە و هتد. بەڕاستی خەڵک پێکەوە وەستاون. بۆیە ئەگەر کەسێک خەمی دابەشبوونی نەتەوەیی و میللی و ئایینی بێت، ئەوەندەی پەیوەندی بە بەدەنەی کۆمەڵگەوە هەیە، هیچ شتێکی لەم شێوەیە ڕوونادات. حیزبە ناسیۆنالیستەکان و حیزبە توندڕەوەکان، چ ناسیونالیزمی فارسی، چ ناسیۆنالیزمی زاڵ کە دەستی باڵای هەیە، یان ناسیۆنالیزمە ناوچەیی و قەومییەکان هەوڵی قوڵکردنەوەی جیاوازییە میللی و نەتەوەییەکان بدەن، بەڵام کۆمەڵگا وەڵامی ناداتەوە. جگە لەوەش لانیکەم لە دڵی شۆڕشی ئێستادا زۆرێک لەو حیزبانە جەختیان لە جیاوازییە میللی و نەتەوەییەکان و هتد نەکردۆتەوە و باسیان لە ئێستادا لەسەر یەکگرتوویی هەموو خەڵکە بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی. لەوەش گرنگتر، لە دروشمی سەرەکی ژن و ژیان و ئازادیدا هیچ شوێنەواری لە مەیلی میللی و نەتەوەیی و ئایینی ودەمارگیری نییە. ژن، ژیان ئازادی بەتەواوەتی یەکگرتوو و گشتگیرە، نەک هەر لە ئێران بەڵکو لە جیهاندا دەتوانرێت بگوترێ و هەر بۆیەش شۆڕشی ئێران کاریگەریەکی جیهانیی وای بەدەستهێناوە.
بۆیە سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان، دۆخێکی هاوشێوەی ئاژاوەگیڕی یان شەڕی ناوخۆ و هتد دروست نابێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە شاهیدی دەسەڵاتی یەکگرتووی خەڵک دەبین و ئەم دەسەڵاتەش خۆی گەرەنتی ڕێگرییە لەهەر جۆرە دابەشبوون و دوژمنایەتییەکی ناوخۆیی.
حەسەن ساڵحی: سیاسەتی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران بۆ قۆناغی ڕاگوزەر چییە؟
حەمید تەقوایی: قۆناغی ڕاگوزەر قۆناغێکە کە جیاوازی نێوان حزبەکان و بەرنامە ئیجابیەکانیان تیشکی دەخرێتە سەر و پێویستە وابێت. قۆناغی ڕاگوزەر بەو مانایەیە کە کۆماری ئیسلامی خراوەتە لاوە و ئێستا خەڵک دەبێ بە هۆشیارانە و ئازادانە هەڵیبژێرن کە کام حیزب و کام بەدیل و کام سیاسەت نوێنەرایەتی هیوا و خواستەکانیان دەکات لە ڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی، پێکهاتەی سیاسی و هتد.
سرووشتی حیزبەکان بەدیلی جیاوازیان هەیە و هەرکەسێک ئارگیومێنتی خۆی دەخاتە ڕوو. پێمان وایە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە تەواوی دیموکراسیانە، لە هەلومەرجێکی سەلامەتدا، لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک، بۆ قازانجی هەڵبژاردنی ئازاد و ئاهانەی خەڵک، حزب و هێزەکان پابەندبن بە بناغە و پرەنسیپەکانی دیموکراسی و چالاکی سیاسی شارستانی لە ئەمڕۆوە. ئەو ستانداردانەی کە گەرەنتی ئازادی بێ مەرجی چالاکیی سیاسی بۆ هەموو لایەن و هێز و هەڵسوڕاوان دەکەن. هەر حیزب و ڕێکخراو و دامەزراوەیەک بتوانێت بۆخۆی قسە بکات و کۆڕ و کۆبوونەوەی خۆی ڕێکبخات و سیمینار و کۆنگرە و کۆنفرانسی خۆی ببەستێت و ڕیکلامی خۆی لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆکاندا بکات.
ماوەیەک لەمەوبەر پرەنسیپەکانمان لەژێر “پەیمانی پابەندبوون بە ئازادی حزب و چالاکییە سیاسییەکان” بڵاوکردەوە، کە تیایدا جەخت لەسەر ئازادی بێ کۆت وبەند و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی هەموو هێزە سەرکوتکەرەکان و هاوشێوەکانیان جەختی لێکراوەتەوە. پابەندبوون بەم بنەمایانە زۆر گرنگە، بەتایبەتی لە قۆناغی گواستنەوەدا. هەر حیزبێک دەتوانێت هەر لێکدانەوەیەکی بۆ ئازادی یان دیموکراسی لە بەرنامەکەیدا هەبێت. مەسەلەکە لەسەر ئەوە نییە، مەسەلەکە ئەوەیە کە هەموو حزب و هێزە ساسیەکان، بێگومان جگە لەوانەی کە لە حکومەتدا بوون و هاوبەشی کۆماری ئیسلامین، بتوانن بە ئازادی چالاکی بکەن. داننان بە ئازادی بێ کۆت و بەندی حزبایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتن ودەربڕین و ڕۆژنامەگەری بۆ هەموو حزب و ڕێکخراوەکان، قەدەغەکردنی سزای لەسێدارەدان و ئەشکەنجەدان و هتد، هەڵوەشاندنەوەی هێزە سەرکوتکەرەکان ڕابگەیەنن، بەدواداچوون بکەن کە تاوابنارەکان دادگایی بکرێن، و هەنگاوە بەپەلەکانی تر وڕێوشوێنەکانی تر پێویستە لە ماوەی ڕاگوزەردا ئەنجام بدرێن. ئەمانە لانی کەمی ڕێککەوتنێکن کە زۆر ترین ڕێگە بە خەڵک دەدات گوێ لە ئارگیومێنتەکان بگرێت و لەنێوان حزبەکانی ئەو قۆناغەدا لە موتەمەدین ترین و ئارامیداا هەڵبژێرێت.
وەک ئاماژەم پێدا، لە سەردەمی شۆڕشدا، خەڵک تا ڕادەیەکی زۆر حیزبەکانیان ناسی. لە ماوەی ڕاگوزەریشدا پێویستە هەلومەرجێک دابین بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر و زیاتر زانیاری ورد و دروست بەدەست بهێنن، بە تایبەت لە بەرنامەی ئیجابی حیزبەکاندا.
قۆناغی ئینتقالی ماوەی خسنەڕووی بەرنامەی ئیسپاتی حیزبەکان و گفتوگۆ و مشتومڕە لە نێوانیاندا. حیزبی ئێمە یان هەر لایەنێکی تر پلانی خۆی ڕادەگەیەنێت، چ جۆرە سەربازییەکی دەوێت، ڕۆڵی خەڵک چییە، ڕۆڵی حزبەکان چییە و هتد. پێویستە هەلومەرجێک دروست بکرێت کە ئەو باسانە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە میدیاکان و دیبەیت و سیمینارە گشتیەکاندا باس بکرێن. گرنگترین خاڵی ئێمە لە قۆناغی گواستنەوەدا پابەندبوونی لایەنەکانە بە پێوەرێکی دیموکراسییەوە بۆ ئەوەی خەڵک بە ئازادی و هۆشیارانە ئایندەی خۆیان هەڵبژێرن.

٣١ی ئازاری ٢٠٢٣، ١١ی فەروەردین ١٤٠٢
سوپاس بۆ ئەمیر تەوەکولی بۆ نوسینەوەی دەقی سەرەتایی ئەم چاوپێکەوتنە.




ژیانم لەوە کورتـترە بەشـی کەسێکی تر بکـات.. موراد عەلی

ـ لە شاری تەنیایـی ھاتوومەتەوە
دەمەوێ پێت بڵێم ھاوڕێ… ئەوێ ھێندە ترسناک نیـیە! تەنێ ھەندێك بوێری دەوێ

ـ تۆ چی دەربارەی گۆڕانم دەزانیت؟
لۆچی ڕوخسارم
لەرزینی دەستەکانم
ماشوبرنجـی قژم …
نا ،تۆ ھیچ نازانیت
وەرە ببـە بە من
وەرە ناخم ببینە
ئەوکات تێدەگەیـت
کاتێک گەنجێك باس لە پیربوون دەکات
چ ئازارێکە!

ـ
کەمتر لە سەد ساڵ ژیان و
مردنێکی ھەزاران ساڵی ھەموومان بەڵگـەییە
بۆ ئەوەی بڵێین:
ژیان لە مەرگ سەختتـرە
ـ
پیرەگەردوون یاری بە ھەموومان دەکات
تۆ ببـە بە یەکەم کچی
حـەوا یاری بە ئەو بکـە
تکاکارم
ـ
دەگـەم بە ھەر شتێك ماچـی دەکەم
دەستی گەورەکان
گۆنای بچووکەکان
بەرگی کتێبەکان
تۆ چ سیحرێکیت؟ ھەموو شوێنێك
ڕەنگـی لێوتی گرتووە
ـ
ئەوەی کاڵ بووەتەوە نە یادەوەرییەکانـن نە شوێنەکانـی برین … ئەوە تۆیت کاڵبوویتەوە لە
عەشقـی من
ـ
ئەگەر شاعـیر بیزانیایە ئەو دێڕانە
دەبن بە برینم
نەیدەھێشت
ئەو ھونەرمەندە بێویژدانە نووسـینەکانی
بە گوێچکەکانم بچرپێنێ
ـ
ئەم نووسراوانە دوای ڕۆیشتـنی تۆن
سەیر کە
بێھەستـیـت چ یارییەك بە ھەستـم دەکـات
ـــــ
موراد عەلی




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(55).. شەماڵ بارەوانی

فەقێیەکی دیکتاتۆر!

من بە شێوەیەکی گشتی، لە حوجرە فەقێیەکی تا بڵێیت کۆمێدی و ڕوو خۆش و قسەخۆش بووم، وەلێ وەک سروشتی مرۆڤ، جارجار تووڕەش دەبوم، کە تووڕەش دەبووم و دەماریان دەگرتم عەیب نەبیت، کورد وتەنی خراپ دەمقەوماند و دۆ و دۆشاوم تێکەڵ دەکرد و دەچوومە پێستی دیکتاتۆرێکەوە و لەیەک کاتتدا دەبووم بە نیرۆن و سەددام و ستالین.

لە حوجرە هەرساڵە و کۆمەڵەک فەقێی تازە و لە خۆم دەمڕوتترمان بۆ دەهات، بیرمە لە حوجرەبوین، لە مزگەوتی(حاجی بەدریە) لە هەولێر.

فەقێی زۆر گچکە و عەجوول و نەعندرامان لەگەڵدا بوون، منیش ئەرکی براگەورەیی و سەرپەرشتیکردنی فەقێکانم خرابوو سەر شان، هەرچەند زۆر ڕقم لەوەبوو و حەزم لە برا گەورەیی و ئەرکی ئەمیرێتی حوجرە نەبوو.

جا بۆ فەقێکانیش زۆرزۆر باشبووم، بۆ کڕینی ئازووقە و خواردن، هەرگیز بێ دڵییانم نەدەکرد. چی پارەی حوجرەم لابوو، یان ئەو دوو مارکێتەی لەسەر حیسابی خێرومەندێک، بەلاش دەچووین شتمان لایان بۆ حوجرەکە دەهێنا، جۆرەها گۆشت، لە گۆشتی مریشک، ماسی قوتوو، پەنیر و کێک و شەربەت و هەرچی هەبوو. لەگەڵ فەقێیەکیتر کە ئێستا لای ئاکرێ مەلایە، بۆمان دەهێنان. یان بۆ بازاڕیکردن و ڕێگەدان بەوەی بۆ هەرکوێیەک بچن.

لە حوجرە سیستەم هەبوو، نەدەبوو تۆ وەک فەقێیەک، بێ مۆڵەت و بە دڵی خۆت چیت ویست و حەزت پێ کرد و کوێت ویست و کەی ویستت بۆی بڕۆیت.

وەلێ من ئەو یاسایانەم لە پێناو فەقێکان دەشکاند و زۆر جار قسە و گلەیی و توڕەیی مەلاشم، لەسەر ئەمە، دەهاتە سەر.

بابێنەوە سەر بەسەرهاتەکە، ئەوە فەقێیەکمان لەگەڵدابوو، بە تەمەن زۆر لەمن بچووکتربوو، لەسەر خوان دانیشتبووین و خەریکی خواردنی نانی ئێوارەبووین. نازانم شتێکم داواکرد، کارو باری حوجرەبوو، فەقێیەکە بە قسەی نەکردم. بیرم نەماوە ڕێک چی بوو !

دوو سێ جار لێم دووباره کردەوە، هەر فشەی بە وەزعەکەی دەهات، ئیتر منیش زۆر تووڕەبووم.

برنج و مەرەگەمان کردبوو، هەندەک مەرەگە لەناو مەنجەڵەکە مابوو، ڕێک هەموویم بە بەرۆکی فەقێیەکە داکرد و فەقێی فەقیرم خەڵتانی مەرەگەی کرد.

دوای ئەوە زۆر پەشیمان بوومەوە و ویژدانم ئاگری تێبەربوو و بە نهێنی زۆر بۆ فەقێیەکە گریام. ئێستاش کاتێک ئەو ڕووداوەم بیردەکەوێتەوە، هەست بە ئازاری ویژدان دەکەم و فرمێسک لەسەر گۆنام ڕێچکە دەبەستێت.
بە خۆم دەڵێم: چۆن من هەڵەیەکی وا نامرۆڤانە و ئەو کارە ناشیرین و قێزەونەم ئەنجامدا؟ هەرگیز، بۆئەوە لەخۆم نابوورم. ئەو فەقێیە خەڵکی دێیەکی سەر بەقەزای بەردەڕەش بوو. باوکی جارێک هاتە حوجرە و پێی گوتم: کوڕەکەم ئەمانەتی تۆ بێت و توخوا زۆر ئاگات لێی بێت، ئەو هێشتا مناڵە. فەقێی ترمان لەگەڵدابوون، زۆر عەجووڵ و سەر بەکێشە و نەعەندرای بوون، بەردەوام لەگەڵ یەکتری جڕە و شەڕە دەم و کێشەیان بوو. بەڵام ئەو فەقێیە لە ڕاستیدا وانەبوو، بەڵام، نازانم من بۆچی ئەوکاتە، ئەو هەڵەیەم لە بەرامبەریدا ئەنجامدا!. دوایی زانیمەوە، کە ئەو فەقێیە بووە بە سەلەفیزم.

ئێستاش هەرچاوەڕێم ڕۆژێک دابێت و ئەو فەقێیە ببینمەوە و داوای لێبووردنی لێبکەم.