سروت و سیمبول و ئایکۆنی ژمارە 40:.. ئەحمەد ڕەزا

گرنگترین ئەو وێنە هونەرییانەی خەیاڵ ئەیچنێ، نزیک کردنەوەی شتە دوور لەیەک و دژ بەیەکەکانە، خەیاڵی هونەریی بە تەنها بینینەوەو کۆپی کردنی هەست پێکراوەکان نییە، بەڵکو داڕشتنەوەو چنینی درک پێکراوەکانە، بە پێی ئاستی جوانبینیی هونەرمەند/ شاعیرەکە، لەو جوانکارییانەی بۆ خۆی گرنگە، تا لەڕێگەیەوە، هەم وێنە ئیستاتیکییەکانی خۆی گەشە پێبدات و بەوجۆرەش چێژە ئیستاتیکییەکە بگوێزێتەوە بۆ وەرگر.. لەم بارەیەوە د. جابر العصفور پێی وایە ” چەشن و تواناو کاریگەرێتیی خەیاڵ پێوەری بەهای شاعیرە، کە چۆن بتوانێت لەنێوان ڕەگەزەکاندا گونجاندن و پەیوەندیی نوێ بدۆزێتەوە.. ئێمە بەهۆی پێدراوەکانی واقیعەوە خەیاڵی شاعیر بە ئەفرێنەری شیعر ئەزانین، بەڵام بە چنینێک تەواو جیاواز لە بەکارهێنانە واقیعیەکەی، بە مەبەستی گەڕان بە شوێن پێشکەش کردنی دنیابینییەکی نوێدا” . ئەمەش پێچەوانەی میتۆدە کۆنەکانی ڕەخنەیە، لە ڕەخنەی هاوچەرخی ئەدەبیدا خەیاڵ بنچینەی وێنەی هونەرییە.
بونیادی کارە ئەقڵانییە پەتییەکانیش خەیاڵە، خۆسەرقاڵ کردن و بەردەوام خسنەگەڕی خەیاڵ، بنچینەی سیمبۆلیزم بەهێز ئەکات، کە لەڕێگەیەوە گەشە بە سروت/ ” طقس” ە تایبەت و کۆمەڵایەتییەکان ئەدات، هەر بەو هۆیەشەوە باوەڕهێنان بە جۆری ڕێوڕەسم/ ” شعائر” پەیدا ئەبێت و سیمبولەکان کە مەعنەویین * نەک ماددی- ، ئەکەونە ناو تۆڕی واتاکانەوە.
لە کۆمەڵگەی نوێدا، سروتەکان بەهۆی بەرفراوانبوونی ئەقڵانیەت و زانست و تەکنۆلۆژیاوە، تەواو لە کزییداوەو لە بۆنە ئاینییە بەرتەسکەکاندا نەبێت – بە مانا تەقلیدییەکەی- شوێنێکی بۆ نەماوەتەوە، گەر ئەو سرووتە نەگوێزرابێتە ناو بواری سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی..
گەر وەک دورکهێیم/ David Émile Durkheim ئەڵێت” بەردەوام ئایین لەڕێگەی سروتەکانیەوە بەرجەستە ئەبێت” بە مانایەکیتر پێدانی تایبەتمەندیی پیرۆزیی لە سروتەکاندا بە ئایین و وردەکارییەکانی، بەو جۆرەی زەینی مرۆڤەکان ئەگوازێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی سەرمایەیەکی گەورەی سیمبول، ئەم حاڵەتە لە ڕێگەی بە پیرۆز تەماشاکردنی دیاردە نائاینییەکانیش لە نەستدا هەمان واتا بەرهەم ئەهێنێتەوە، بە تایبەت لە ڕێوڕەسمە گشتییەکاندا، سیستمێکی سیمبولیی نوێ بەرهەمدێت وەک: ڕێوڕەسمەکانی مردن و چلەی مردووان و لەدایکبوون و ڕێوڕەسمە ئایدیۆلۆژییەکان و زۆریتریش…
بەم چەشنە سیستمە سیمبولییەکان ناتوانن خۆیان بەسەر بونیادەکاندا بسەپێنن، ئەگەر خۆیان وەک بونیاد ڕێکنەخرابن، دەسەڵاتی سیمبولیزم دەسەڵاتی بونیادنانی واقیعە و هەوڵ ئەدات بۆ دامەزراندنی سیستمێکی ئەبستمۆلۆژیی. .. کەواتە دووبارە سیمبولەکان دەگەڕێنەوە بۆ خەیاڵدان و زەبروزەنگی خەیاڵیش ناهێڵن ئەقڵ و سۆز بەمانا پەتییەکەیان لە خزمەتی سیمبولدا نەبێ، بە هیچ جۆرێکیتر کار بکەن، بەوەش ” شیعر لە ڕێگە ڕاستەوخۆگەرییەکەی/ المباشریة لائەدات و سیمبولەکان ئەجوڵێنێت، کە لە کۆتاییدا بیرۆکە، یان سۆزێک ئەگەیەنێت”
لە دەقی ” مردووان گۆرانی زەوی دووەمیان دەڵێن” بە جۆرێک شاعیر مومارەسەی سیمبولەکان ئەکات، وەک ئەوەی جیهانی ماددی و مەعنەویی ئەو تەنها بریتی بێت لە سیمبول.. دروست ئەو ڕاستییە ئەسەلمێنێت کە ” مرۆڤ ڕوانگەی ئەنترۆپۆلۆژیاوە بوونەوەرێکی سیمبولی/ سروتییە بە پلە یەک، بەهۆی خەیاڵگەیەکی سیمبولییەوە پەیوەندییەکانی نێوان خۆی و خۆی و خۆی و ئەوانیترو خۆی و شتەکان ڕێکئەخات، بەوجۆرەش تۆڕێک لەماما دروست ئەکات” .
ئەم لێشاوی سیمبولانە بە جۆرێک ئەگوزەرێن کە بونیادێکی سروتیی پێکئەهێنن و دواتر لە تەواوی دەقەکەدا ئاسۆیەکی میتۆلۆژیی دەرئەکەوێت.. لەوێشدا یەکێک لە سیمبولە دیارەکای میتۆلۆژیا ژمارە ” 40″ ە، کە بە درێژایی مێژووی نوسراو لە سروت و بۆنە مێژووییەکاندا ئامادەیی هەیە.
سەباح ڕەنجدەر شاعیرێکی نوێخوازە، یەکێکە لە دیارترینی ئەو شاعیرانەی لە دنیای وێنەو سیمبولدا، بە ڕەهایی تیایدا قاڵ ئەبێت و گرنگترین خوێندنەوەش بۆ دەقەکانی ڕەنجدەر، تەنها دۆزینەوەی کۆدی خوێندنەوەی دەقەکانییەتی، لەبەرئەوەی بەو ڕێگە تەقلیدییە نانووسێت، کە لە دەقی هەموو شاعیرێکدا ئەبینرێتەوەو ڕاهاتووین لەسەر ئەو شێوازگەرییەی کە شآعیری کورد پێی ئەنووسێت، هەروەک پێکهاتەی بونیادی دەقەکانیش لەوانیتر ناچێت، کەواتە باشترە بڵێین خوێنەری تایبەتی خۆی پێویستە، لەبەر ئەم هۆکارەش هەندێک لە خوێنەران بە گشتیی ئەو جیهانە بە ئاڵۆزو تەمومژاویی وەسف ئەکەن.. پێشنیازی چارەسەر بۆ ئەم حاڵەتە دۆزینەوەی مەدلوولی ڕاستەقینەیە بۆ دالەکان و تێڕامانە لە هەر وێنەیەک بە تەنها بۆ چنینەوەی مانا لە تەواوی وێنەکانی دوای خۆی.. هەرچەند ئەم جۆرە خوێندنەوەیە نزیکە لەوەی بۆ دەقە کلاسیکیەکان ئەکرێت، بەڵام وەک چارەسەرێک لەبەردەم کەشفکردنی ئەو جیهانە پڕ لە سیمبولەدا، ئەبێتە ئەرک.
ژمارە ” 40″ بەناو دەقەکەدا هەڵڕژاوە، ژمارەکە لە میتۆلۆژیای کۆن و نوێدا ئاماژەیە بۆ زۆرترین، وەک لە ئێستادا ملیارو ترلیۆن بەکار ئەهێنرێت.. بۆ نموونە ئەمە چەند بەکارهێنانێکی جیاوازیەتی لە مێژوودا:

لە میتۆلۆژیای سۆمەرییەکاندا، ” ئین- کی” خواوەندی پیرۆز، ژمارە 40 ی پێدراوەو ” باسمۆ”ش یان ” ماری ژەهرڕێژ” کە بوونەوەرێکی میتۆلۆژییەو لەدوایەوە دێت، درێژییەکەی 40 باڵ بووە.

لە شارستانێتیی بابلییەکانیشدا. ئەستێرەی هێشوویی ” سورەیا” 40 ڕۆژ لە پشتی خۆردا خۆی شاردووەتەوە، بەهۆیەوە باران و تۆف زریان هەڵیکردووەو بە دەرکەوتنەوەشی خەڵکەکە، 40 ڕۆژ ئاهەنگی کۆتایی کارەساتەکانیان گێڕاوەو قامیش و زەلیان سووتاندووە.

لە شارستانێتیی فیرعەونەکانیشدا، باوەڕیان وابووە، گیانی مرۆڤ بۆ ماوەی 40 ڕۆژ لە جەستەی جیا نابێتەوە.

لە تەوراتیشدا لەبارەی زریانەکەی نوحەوە ئەڵێت: کاشکای 40 هەبووایە، لەبەرئەوەی دوای 7 ڕۆژ 40 شەو و 40 ڕۆژ باران و تۆف ئەخوڵقێنم و هەرچی لەسەر زەوی بێت ئەیسڕمەوە.

یونسی پێغەمبەریش خەڵکەکەی ئاگادار کردووەتەوە، کە ئەگەر تا 40 ڕۆژیتر باوەڕ نەهێنن و تۆبە نەکەن، شاری نەینەوا وێران ئەبێت.

(وإذ واعدنا موسى أربعين ليلة ثم اتخذتم العجل من بعده وأنتم ظالمون) ” المائدة”

عیسا 40 ڕۆژ بەڕۆژوو بوو، کاتێ پەیامی پێگەیشت.

نەوەی ئیسرائیل 40 ساڵ لە بیابانی سینا ون بوون.

جالوت 40 ڕۆژ بەرەنگاری نەوەی ئیسرائیل بووەوە، تا دواتر داود پێغەمبەر تێکیشکاند.
دەیان چیرۆکیتر هەن لە شارستانێتییە جیاوازەکان و تەورات و ئینجیل و قورئان و لە ئیدیۆمە کۆمەڵایەتییەکانیشدا، تا ئەگاتە ئەوەی ژمارە 40 وەک ژمارەیەکی میتۆلۆژیی تەماشا بکرێت، تەنانەت بەو پەندەشەوە کە دەوترێت خودا 40 هاوشێوەی بۆ هەر کەسێک دروستکردووە.
ئاهەنگسازییەک و جۆرێک کەشی کەرنەڤاڵیی بە دەقەکەوە دیارە، کە گەرچی داهێنانێکی تاکەکەسییە، بەڵام پەیوەندییەکان لەگەڵ گروپیشدا ڕێکخراون و بە گشتیی وێنەی سروتێکی بە کۆمەڵ ئەگوێزنەوە.. ئەمەش لە چەندین وێنەدا دەرخراوە:
(( لە ئاهەنگی چل ساڵه‌دا
چەندین گۆرانیبێژ بەشداربوون
یەکیان لەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا
مەستانە ئاواز و ته‌زووى بە بەردی تەزیویش دەدا
گۆرانی چاوه‌ڕوانی گۆرانیبێژه گه‌رووی نه‌خه‌ڵه‌تێنێ.))
‘ بۆ بەڕێوەچوونی سروتەکان پێویستە سێ خاڵی سەرەکی ڕەچاو بکرێت، ئەوانیش چۆنێتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان و بارگە سیمبولیەکان و دوبارە بونەوەیە’ جگە لەوەش هیچ سروتێک بەبێ بوونی کەسی پیرۆز ” سەرکردە/ هەڵکەوتوو” بەڕێوە ناچێت.
لەم دەقەشدا هەرسێ خاڵە سەرەکییەکە ڕەچاو کراوە، ئەوانیش: ڕێکخستنی سروتەکەیە لە شێوە ئاهەنگی تەقلیدیداو بارگاویی کردنی دەقەکەیە بە لێشاوێکی سیمبول و دووبارە کردنەوەی ژمارە 40 ە.. لە ناویشیاندا، سەرکردە یاخود هەڵکەوتوو، مەستانە ئاوازو تەزووی بە بەردیش دەدا.. مەبەست لەوەیە تەواوی ئامادەبووان بەر کاریگەرێتیی دەنگی ئەو کەوتوون، لە کاتێکدا ئەو کاری کردبێتە بەردیشو تەزووی پێدابێت.
گۆرانیبێژێك ده‌نگ لێی یاخی بوو
باڵندەی چلئاواز بەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا هات


یەکەم بونه‌وه‌ر مێروولەیە بۆنی پەڵە دەکات
خۆی توند ده‌گرێ و باراناو له‌ شاری لا ده‌دا
ئەم دوو وێنەیە خاڵی هاوبەش و لێکچوویان هەیەو لەگەڵ ئەوەشدا هەر یەکەیان لە دۆخێکی جیاوازدان.. لێرەدا دوو وێنەی جیاواز لە بارەی ڕوودانی کارەساتەوە هەیە.. یەکەمیان ڕوودانی پەڵەو تەنیاییە بێ فریادڕەسەکەی مێروولەیە، کە پێشتریش بە هۆی بۆنکردنی پەڵەوە ئەزانێت بارانی پەڵە ئەیبات و بە ناچاریش لە دەرکی شارەکەدا، یان جێماوە، یان ناچارە، لە هەردوو بارەکەشدا شتێک بە هانایەوە نایەت.. لە وێنەی دووەمیشدا کە وێنەی سروتەکەیەو کاتێ گۆرانیبێژێک/ سەرکردەیەک دەنگی ئەنووسێت، باڵندەی چلئاواز پێی ڕائاگات.
باڵندەی چلئاواز بەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا هات
لەناو لەپی دوو هێلکەی چلخاڵی دانا
باڵی سووك لێكدا و چل جار له‌ هێلکەکانى خشاند
خۆر گەرم بێ دەترووکێن و پرچی نه‌رم دایاندەپۆشێ
دەبیەوە منداڵی دەست بە ترش و شيرينى به‌رات
هەر بۆ خۆی بوونەوەی گۆرانیبێژ بە منداڵی دەست بە ترش و نوقڵ و شیرینیی بەرات، ئاماژەدانە بە جۆرێکیتر لە سروتەکان.. لەو کاتەیدا کە دەنگی لێی یاخی ئەبێت و باڵندەی چلئاواز پێی ڕائەگات، بە تروکاندنی هێلکەکان لەبەر تینی گەرمی سروتەکەدا، جوجەڵە تروکاوەکە ئەبێتەوە بەو مناڵەی سروتی بەراتی بەڕێوە بردووە، بەو مانا سیمبولییەی، نەک هیوا بگێڕێتەوەبۆ گۆرانیبێژ، بەڵکو ئەیکاتەوە بە مناڵەکەی بەرات و دەنگی بۆ ئەگێڕێتەوە.. بەمەش مەرجێکیتری سروت دووپات ئەکاتەوە کە جیاوازیی شوێنە لە دووبارە بوونەوەی کاتدا.. – وەک بەخۆدا کێشانی شیعەکان و گەڕانەوە بۆ زەمەنی کوژرانی ئیمامی حسێن وەک خۆی، لەبەرئەوە بەو هەموو گوژم و حەماسەوە بەخۆدا ئەکێشنەوە، شوێنەکان ئەگۆڕێن، لە دووبارە بوونەوەی زەمەندا.
” کۆمەڵگە بە وێنەی سیمبولیی، نەک ماددیی گوزارشت لە جوڵەی ئەکات، ئەوەش لە ڕێگەی نەریت و سروت و دامەزراوەکانییەوە” لەم دەقەدا گوزارشتێکی ڕەوان لە جوڵەی کۆمەڵگە کراوە، ئەو کۆمەڵگە گریمانەییەی لە دەقەکەدا خەمڵێنراوە.. بۆ نمونە، بەم وێنەیە گوزارشت لە دامەزراوەیەکی پڕ کینەو بوغز ئەکات، کاتێ دێو و دوژمن لە کەسێک پەیدا ئەبن، کە لە ئەزەلەوە بە ئاشقیی خوڵقابێت، لەبەرئەوە گۆشەگیرو مەلولی ئەکەن:
په‌ڕی چلباڵ و ئه‌نگوستیله‌‌ى چلنقێم
لە ماتى و مه‌لوولیم وردمەبنەوە
خودا ئاشقی كردم پێناسه‌م پێنه‌كرا
دێو و دوژمنیشم لەزۆربوونن
دەستم خسته‌ دەستی ڕووناکی چلپه‌ڕی شیعر
دروشمێکم بۆ دێو و دوژمن زۆربوون نەدۆزییەوە.
هانا بردنە بەر شیعر، دەستەوسانییە بەرامبەر بە دۆزینەوەی چارەسەرێک، تا لە دێو و دوژمنەکان بگەیەنێت، کە ئەشق چییە.. بەمەش لە ڕێگەی دامەزراوەکەوە جوڵە کۆمەڵایەتیەکە ڕوون ئەکاتەوە، کە تۆڕێکی سیمبولییە.. هەروەک بەو لێشاوی سیمبول و بونیادە سروتییەوە، تەواو جوڵە کۆمەڵایەتیەکە ئەگەیەنێتە وەرگر.
” لە پشتی هەر زمانێکی شیعرییەوە، چینێک لە ئاماژەو سیمبول و ئەفسانەو بەشێک لە زمانی مرۆڤی سەرەتا هەیە، یەکەیەکە ئەبێتە بەشێک لە قەوارەی زیندووی نەمر، شیعریش لە چنینە ناوەکی و پەیکەرە گشتییەکەی و هەڵوێست و ڕووداو و پاڵەوانەکانیدا بەو یەکەیە کاریگەر ئەبێت” لەبەرئەوەی ڕەگێکی هاوبەش لە نێوان چیرۆکە میللی و خورافیی و میتۆلۆژیی و دۆنکیشۆتییەکاندا هەیە.
بەهێمنی و بێدەنگیش ماومەتەوە و هه‌سته‌كانم له‌ ئاگرن
باڵندەی چلئاواز وەڵامی پێ بوو
ڕەگ لە گەڵا و گوڵ جوانترە
زەویش دەیشارێتەوە
ڕەگ سۆراخ ده‌كا و ناز به‌ به‌روبووم ده‌دا
وەک بیابان ناولەپی بەتاڵ نییە.
هەستەکان لە ئاگرن، خۆخواردنەوەیە دژی ئەو دامەزراوە سیمبولییەی کە جوڵەی کۆمەڵگەکەی دەرخست، بەڵام ئەو باڵندە چلئاوازەی لە شوێنێکدا فریادڕەسی گۆرانیبێژە دەنگ خنکاوەکەو لە شوێنێکیتردا وەڵامدەرەوەی پرسیارە چەپێنراوەکانە، ئەو قارەمانێکی توانا لەڕاددەبەدەری خورافییە، کە لە هەموو تەنگژەکاندا وەڵامی پێیەو ئامادەیە..
ڕەگ لە گەڵاو گوڵ جوانترە.. ئەم جیهانبینییە، جگە لەوەی مانایەکی واقیعیی پەتیی هەیە، بە گۆڕانی جوانترە بۆ بنەڕەتترە.. هەروەها گوزارشتە لە ” هێمنیی و مەلولیی و بێدەنگییەکان” ی خود لە دەقەکەدا.. ئەوەتا ڕەگ چەند جوانترە لە گەڵاو گوڵ کەچی زەوی ئەیشارێتەوە، لەم گوزارشتەدا سێ مانای پێچەوانە ئەخوێنینەوە:
یەکەم لەبەر مانەوەو پاراستنی.. دووەم: پەراوێز خستنی جوانییەکان لە هەموو شوێنێکدا.. سێیەم بێئاگایی زەوی لە شاردنەوەی ڕەگ.. کە ڕەنجدەر خوێندنەوەی سێیەمی بۆ کردووە:
زەوی لە ڕەگ شاردنەوە ئاگاداردەکەمەوە
دوای ئەوەی سێوەکە لە ئادەم وەرئەگرێت، ئەکەوێتەسەر زەوی و لەو نادادییە ئاگاداری ئەکاتەوە.
ئەوەی گرنگە بەم وێنەیەیتر لەسەر شاردنەوەی ڕەگ، ئەگاتە بونیادی جیهانە سروتییە خەمڵێنراوەکەو جیهانە میتۆلۆژییەکە بە ڕەوانیی ئەگەیەنێتە ئێمە:
ئادەم ئەگەر سێوەکەت تەواو نەخواردووە
شتێکی بدە من
نائومێدیی دەکوژم و هەستم تینی تێدەکەوێت
زەوی لە ڕەگ شاردنەوە ئاگاداردەکەمەوە
لەگەڵ ئادەمدا لە بەهەشت بوون و پێکەوە دەرکردن بۆ سەر زەوی.. کۆتایی هێنان بە نەمریی و سەرەتای دەست پێکردنی کۆتایی و مردن.
ئەمڕۆ یەکەم زەنگم لێدا
چل شه‌و و ڕۆژ بەسەر مردووەوە نامێنمه‌وه‌
باخچەیەکم به‌ دیواری گۆڕستانه‌وه‌ هەیە


ژیان درێژبێتەوە لە کۆمەڵە یادگارییەک زیاتر نابێ
دەفتەری خامۆشییت دەکرێتەوە و هێڵەکانی درێژنابنەوە
ئاگر فریوخواردووی به‌خته‌وه‌رییه‌.
سیمبول و ئاماژەکانی مەرگ لە زۆر وێنەیتری دەقەکەدا بە ڕوونیی دیارن.




کتێب\ عەبدوڵڵا سەڕاج نوێکار و ئەزمونگەریی چیرۆکی کوردی.. سابیر رەشید

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




شەڕ و ڕەوەندی شۆڕش لە ئێران.. وەرگێڕانی: کاوە عومەر

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵە جەدید ئامادەکراوە
(ڕوونکردنەوە: ئەم چاوپێکەوتنە پێش بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی المعمدانی ئەنجامدراوە)

حەسەن ساڵحی: شەڕی ئێستای ئیسرائیل و حەماس بەتەواوی کاریگەریی لەسەر بارودۆخی سیاسی و کەشوهەوای ناوچەکە داناوە. هاوکات کۆماری ئیسلامی بە هۆی پشتیوانی لە حەماس پێگەیەکی تایبەتی هەیە. بەڕای ئێوە ئەم شەڕە تا چەند دەتوانێت دۆخی ناوچەکە و هەروەها دۆخی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی بگۆڕێت؟

حەمید تەقوایی: پێموایە کاریگەری درێژخایەن و یەکلاکەرەوەی دەبێت. یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوەیە کە وەک ئێوە وتتان کۆماری ئیسلامی بە هۆی پشتیوانیی ئاشکرا و هەمەلایەنەی لە حەماس پێگەیەکی تایبەتی هەیە. بەڵام لە لایەنێکی ترەوە بارودۆخی سیاسی ئێران و کۆماری ئیسلامی وەک حکومەت لە ئێران تایبەتە، چونکە زیاتر لە ساڵێکە شۆڕشێکی گەورە لە ئێراندا بەڕێوەیە. هه روه ها شه ڕ کاریگەری گرنگی هه یه له سەر پێگه ی کۆماری ئیسلامی له مامه ڵه کردن له گه ڵ شۆڕشدا.
کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم هێرشەکانی حەماس و کوشتاری دڕندانەی خەڵکی ئیسرائیلەوە بە تەواوی پشتیوانی حەماسی دەکرد و هەرچەندە دەیگوت هیچ زانیاری و ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆی لە هێرشی حەماسدا نییە، بەڵام بە ئاشکرا ستایشی هێرشی دڕندانەی حەماسی دەکرد ، و کوشتنی دانیشتوانی مەدەنی ئیسرائیلی بەکارێکی ڕەوا دەزانی، ئەو بە قارەمانانە ناوی برد.
بەڵام کێشەی حکومەت ئەوەیە، کەلەدڵی شۆڕشی ئێستادا هەموو بانگەشەکانی و هەموو ساویلکەفریودانەکانی کە لەگەڵ خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستینە و دڵشکاوە بۆ ئەو منداڵە فەلەستینیانەی کە لە ژێر بۆردومانەکاندا کوژراون و هتد. ، بۆ هیچ شوێنێک ناچن. هەموو ئەمانە بەتەواوی شەرمەزاری و گاڵتەجاڕانەیەو خەڵکی ئێرانیش بە پێکەنینەوە ئەم بانگەشانە ڕەتدەکەنەوە.
کۆمەڵگە و شۆڕشی ئێران، ڕۆڵی حکومەت لەم شەڕەدا هاوتا دەکات لەگەڵ تاوانەکانی دژ بە خەڵکی ئێران. حکومەتێک کە زیاتر لە چل ساڵە خەریکی کوشتار بووە و دیارە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا تەقەی لە منداڵان کردووە، هێرشی کیمیاوی کردووەت سەر قوتابیانی کچ ، لە شەقام و لەگەڕەک وکوچەو کۆڵان و لە ئاسمان و زەویەوە تەقەی لە خەڵک کردووە و تا ئەمڕۆش، زیاتر لە ٥٠٠کەسی کوشتووە و هەزاران کەسی زیندانی کردووە، حکومەتێکی لەو جۆرە ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە ڕووبەڕووی تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل یان هەر حکومەتێکی دیکە ببێتەوە. کۆماری ئیسلامی لە تاوانەکانی دژ بە خەڵکی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا پێشەنگی لە حکوومەتی ئیسرائیل و هەموو حکومەتە کۆنەپەرستەکانی دیکە بردووە. بۆیە ئەم جۆرە بانگەشە و پڕوپاگەندەی ڕێژیم بۆ پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین و دژ بە ئیسرائیل لە نێو خەڵکی ئێراندا هیچ ڕەنگێکیان نییە. لەسەر ئاستی جیهانی، بە هۆی دۆزی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیەوە ، تۆماری تاوانەکانی حکومەت لەبەردەم چاوی هەموو خەڵکی جیهاندایە.
هەربۆیە ئەو خراپ بکە:ک وەرگرتنێک کە ڕێژیم دەیەوێت ئەنجامی بدات و هەوڵی کڕینی ڕووخسارێک و دۆزینەوەی پێگەیەک بۆ خۆی لەسەر بنەمای ئازارەکانی خەڵکی فەلەستین بە تەواوی بێمانایە و ناگاتە هیچ شوێنێک.

لە ناوچەکەشدا کۆماری ئیسلامی ئیتر کارائەکتەرێک نییە کە لە دیپلۆماسیەت و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا حسابی بۆ بکرێت. سەیرکە ئێستا پرسی فەلەستین هاتۆتە ئاراوە و ئەو حکومەتانەی هەڵوێستیان هەیە لەسەر ئەم پرسە و سەنگی یەکسانیان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوار بە کۆماری ئیسلامی نادەن. ئێستا حکومەتی میسر و حکومەتی ئوردن و سعودیە ڕاوێژ دەکەن، هەندێکیان هەوڵی کۆتاییهێنان بە شەڕ دەدەن یان پێداگری لەسەر چارەسەری سیاسی کێشەکە دەکەن، ئەوان لە دیوی حیساب و دیالۆگدان لەگەڵ ڕۆژئاوا و مەیدانێکیان بۆ مانۆڕ و خۆدەربڕین بەدەستهێناوە. لەم نێوەندەدا پێگە و بۆچوونی کۆماری ئیسلامی لە دیپلۆماسیەتی ناوچەیی لە دەوری شەڕ و چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی کە بووە هۆی شەڕ، جێگایەکی نییە. هەروەک چۆن هەڵوێست و بۆچوونی حەماس هیچ جێگایەکی نییە. لە ڕوانگەی دیپلۆماسی و ڕاوێژ سەبارەت بە پڕۆسەی شەڕ و کەشوهەوای سیاسی گشتی کە بەهۆی شەڕەوە هاتۆتە ئاراوە،کۆماری ئیسلامیی لەدۆڕاوەکانی شەڕە.
لە کۆتاییدا خاڵی کۆتایی ئەوەیە کە لەو شۆڕشەدا کە خەڵک ڕێبەرایەتی دەکات، شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی، ئێستا خودی شەڕ و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی بۆتە پرس و گوتارێکی گرنگ. زۆر بەیاننامە و ئاگاداری لە لایەن ڕێکخراو و ڕێکخراوە خەڵکیەکان و دامەزراوە خەباتکاریەکانی وەک سەندیکای خانەنشینان، ڕێکخراوەکانی مامۆستایان، سەندیکای نووسەران، شورای کرێکارانی نەوت و هتد، کە هەڵوێستێکی زۆر ڕوون و ڕاشکاوانەیان لە دژی ئەم شەڕە وەرگرتووە، بڵاو کراوەتەوە ، بە تایبەتی حەماس و کۆماری ئیسلامی. واتە ئەوان لە پێگەیەکی ئینسانی و تەواو پێشکەوتنخوازانە و شارستانییەوە دژ بە شەڕ هاتوونەتە مەیدان.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها ئێران ئەم دۆخەی هەیە. لە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامی توانیویانە بە هەستی دژە ئیسرائیل و پشتیوانی لە حەماس هەندێک کەس بخەنە سەر شەقامەکان. ئەمە لە ئێراندا ڕوونادات. ئەگەر حکومەت دەست بە خۆپیشاندان بکات، خەڵک هەر لەوێ لەسەر شەقام وەڵام دەداتەوە، وەک ئەوەی تا ئێستا کردوویانە. خەڵک ڕێگە نادەن حکومەت تۆمارێکی ئەرێنی بۆ خۆی دروست بکات بە بیانووی تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل دژی خەڵکی کەرتی غەززە کە تاوانی زۆر قێزەون و شۆککەرن.
لە هەموو ئەم لایەنانەوە، کاریگەریی شەڕ لە ئێران، بە لەبەرچاوگرتنی پێشکەوتنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و بە لەبەرچاوگرتنی بەشداریی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی لە جەمسەری تیرۆریستی ئیسلامیی ئەم شەڕەدا، پاڵنانی هەلومەرج و کەشوهەوای سیاسییە بەرەو لاوازی زیاتری کۆماری ئیسلامی و هێزی زیاتر بەشۆڕش.دەبەخشێت.

حەسەن ساڵحی: باسی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیت کرد. ئایا ئەم شەڕە سێبەری نەخستۆتە سەر فەزای شۆڕشگێڕانەی ئێران ؟ ئایا مەسەلەی جەنگ و تاوانەکانی جەنگ کە ئێمە شاهیدی دەبین، بە ڕوونی سەرکوتەکانی حکومەت و بزووتنەوەی خەڵکی ئێران لە میدیاکان و بارودۆخی سیاسی ئێران بە گشتی پەراوێز ناخات؟

حەمید تەقوایی: بەڵێ ئەم ئەنجامەی هەبووە، بەڵام کورتخایەنە. بەگشتی کاتێک گۆڕانکارییەکی گرنگ لە جیهاندا ڕوودەدات،بتەوێ ونەتەوێ سەرنجی میدیا و ڕای گشتی لەدەوری کۆدەبێتەوە. بەم مانایە سروشتییە کە پێشهاتەکان و هەواڵەکانی تر ببنە پەراوێز. ئێستا سەرنجەکان بە تایبەتی لە ناوچەکەدا چوونەتە سەر ئەم شەڕە و ئەم بابەتەش بوتە مانشێتی هەواڵەکان و سیبەری بەسەر هەواڵەکانی پەیوەست بە تێکۆشانەکانی خەڵکی ئێرانی داپۆشیوە. بەڵام ئەمە پێش هەموو شتێک کاتییە و تێدەپەڕێت بە بۆچوونی من بە هیچ شێوەیەک بەردەوام نییە. لەمڕۆشدا دەبینرێت کە پرسەکانی تر دەبنە ناوەندی سەرنج لە کۆمەڵگادا.
دووەم: هەر مەسەلەی شەڕەش، کۆماری ئیسلامی دەکاتە ئامانجی ناڕەزایەتی و خەباتی خەڵکی ئێران و جیهان. هەرکەسێک بەڕاستی خوازیاری چارەسەری ئینسانی بێت بۆ قەیران و شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ سەراپا لەبەردەم کۆماری ئیسلامیدا بوەستێ.
لە لایەکی دیکەوە بتەوێ و نەتەوێ شەڕ ڕەگی سیاسی ئەم ململانێیە، واتە ئاوارەبوون و ئازارەکانی خەڵکی فەلەستین و چارەسەری ئینسانیانەی ئەم کێشەیە، بە هەمان شێوە دەخاتەوە ناوەندی سەرنج. وە چارەسەری ئینسانی کێشەی فەلەستین، کە بە چارەسەری دوو دەوڵەت ناسراوە، واتە پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و یەکسانی فەلەستین شانبەشانی حکومەتی ئیسرائیل، بە تەواوی لەبەرانبەر دروشم و هەڵوێستی کۆماری ئیسلامییە دەوستێت، کە بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل قبوڵ ناکات و ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل دەبێت فڕێ بدرێتە ناو دەریاوە.
لە هەموو ئەو لایەنانەوە شەڕ بابەتگەلێک دەوروژێنێت کە لە چاوی خەڵکی ئێران و لە چاوی خەڵکی شارستانی جیهانەوە، دەستبەجێ و ڕاستەوخۆ کۆماری ئیسلامی وەک یەکێک لە تاوانبارانی شەڕ ئاشکرا دەکات. واتە سیاسەت و پڕوپاگەندەی هەڵوێستە حکومییەکان کە نەک هەر نایانەوێت پرسی فەلەستین چارەسەر بکەن، بەڵکو بەشێکن لە کێشەکە و هەڵگیرسێنەری ئەو جۆرە شەڕ و دوژمنایەتیانەن.
خاڵێکی دیکە، وەک لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا ئاماژەم پێدا، ئەوەیە کە شۆڕشی ئێران خۆی پرس و خاڵ و گوتارگەلێک دەخاتە سەر مێز کە لە کۆمەڵگای ئێراندا گرنگ دەبێت بە بێ گوێدانە ئەوەی لە هەر شوێنێکی جیهان چی ڕوودەدات. هەر لەو شەڕەدا بوو کە کۆماری ئیسلامی بەو شێوازە قێزەونە داریوش مێهرجووی و هاوسەرەکەی کوشت. کارەساتی شەڕەکە کارەساتی ئارمیتای لەبیر نەبردووەتەوە. ئێستا نزیکەی دوو هەفتەیە ئارمیتا لە کۆمادایە و ناوی ئارمیتا و ئیدانەکردنی تاوانکارانی دەسەڵاتدار بەهۆی هێرشکردنە سەری تا ئێستاش مەیدانێکی گرنگی دژایەتی حکومەتە لە سۆشیال میدیا و دیوار نوسینەکاندا.
به هه مان شێوه مەیدان و خه باته کانی دیکه ، وه ک بزوتنەوەی خانه نشینان که هه موو ڕۆژێک کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕه زایه تی ئه نجام ده ده ن، به هێزەوە به ڕده وامن، یان ناڕه زایه تی و مانگرتنی کرێکاری، نه ک نه ک کاڵ نه بووه ته وه ، به ڵکوو دروشمی “واز لە فه له ستین بێهێنن، بیر له بارودۆخی ئێمه بکه نه وه ” ” هەروەها دوبارە گەڕاوەتەوە. بۆ دروشمی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیەکان زیاد کراوە”.
هەفتەی ڕابردوو سێ ڕۆژی مامۆستایان هەبوو، ڕۆژی منداڵان، ڕۆژی دژە سزای لەسێدارەدان. لەو بۆنانەدا زۆرێک لە ڕێکخراو و دامەزراوەکان لێدوانیان دەدا، بانگەوازیان دەکرد، ڕاگەیاندنیان بڵاودەکردەوە و دەهاتنە سەر شەقام، گفتوگۆ لە سۆشیال میدیا و هتد و هتد یان ئەنجام ئەدا لەدژی شەڕ، وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، زۆرێک لە دامودەزگا و ڕێکخراوەکان لێدوانیان داوە و شەڕیان مەحکوم کردووە.
بۆیە دەبێ بگوترێ لەژێر کاریگەریی پرسە جیهانییەکاندا، شۆڕشی ئێران نەک هەر ناوەستێت، بەڵکو بەرەیەکی نوێش بۆ هێرشکردنە سەر حکومەت دەکاتەوە. بە هۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە، خەڵک دەستبەرداری ئامانج و داخوازی و دروشمی حەقی خۆیان نابن، یان چاویان لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی داناخەن. شەڕ ناتوانێت بەردەیەک بدات بۆ نموونە بەسەر کوشتنی داریوش مێهرجووی و هاوسەرەکەی یان تاوانەکانی دیکەی حکومەتدا.
شۆڕشی ئێران خاوەنی دینامیزمی خۆی و پرس و گوتاری تایبەتی خۆیەتی و ئیرادەی خەڵک بۆ ڕزگاربوون لە حکومەتێکی تاوانبار و گەندەڵ، هێزی بزوێنەرە کە شۆڕش بەرەو پێشەوە دەبات. هەروەها پرسی شەڕ خۆی لە گۆشەیەکی ترەوە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دەخاتە سەر مێز و دەبێتە گۆڕەپانێک بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر هێرش بکەنە سەر حکومەت.

حەسەن ساڵحی: هێشتا حزبوڵڵا بەهەموو هێزی خۆیەوە نەچووەتە ناو شەڕەوە. لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر ئیسرائیل درێژە بە هێرشەکانی بدات، لەوانەیە هێزی دیکە بێنە مەیدان. حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وتی کە “گرووپەکانی بەرەنگاری لە دۆخێکی نایابدان” و “دەستەکان لەسەر بەلەپتکەیە”. بەڕای ئێوە ئەگەری تەشەنەسەندنی شەڕ و چوونە ناو شەڕی حزبوڵڵا هەیە؟ لەم حاڵەتەدا مەودای شەڕەکە بۆ ئێران درێژ ناکرێتەوە؟

حەمید تەقوایی: ئەم ئەگەرە لاوازە. ئەم جۆرە هەڵوێستانەی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێنمەوە بۆ بانگەشە بەردەوامەکانی. کە دەسەڵات تەپڵی بۆ لێ ئەدات ، بەڵام تەپڵێکی پڕوپووچە کە هیچ بەهایەکی کردەیی نییە. ماوەیەکی زۆرە حکومەت دەڵێت ئیسرائیل ڕوو لە لەناوچوونە، یان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئیسلام دەست بەسەر جیهاندا دەگرێت، و کۆشکی سپی دەکرێتە حوسێنییە، و ئەم جۆرە شانازیکردنە. لە مامەڵەکردن لەگەڵ شەڕدا هەمان میتۆدیان گرتۆتەبەر. بەتایبەت دەزانن چونە ناو شەڕەوە، تەنانەت لە ڕێگەی حزبوڵڵای لوبنانەوە، بۆ حکومەتەکەیان گران دەبێت و پێگەی لەرزۆکی حکومەت لە ناوچەکە و لەوەش گرنگتر لە خودی کۆمەڵگای ئێران لاوازتر دەکات.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە پرسی فەلەستین تەنیا لە حەماس و حیزبوڵڵادا کورت نابێتەوە. ئەم پرسە زۆر کۆنترە لە تەمەنی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی. ئەم بزووتنەوە تێرۆریستییە و بەتایبەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، نەک هەر چارەسەری ئینسانیانەی پرسی فەلەستین، واتە چارەسەری دوو دەوڵەتی قبوڵ ناکات، بەڵکو بەشێکە لە کێشەی خەڵکی فەلەستین و هۆکاری توند بوونەوەی شەڕ و ئاوارەیی و ئازارەکانی خەڵکی فەلەستینە. دژایەتیکردنی خودی بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل و دروشمی لەناوبردنی ئیسرائیل چارەسەری بۆ هیچ کەسێک دابین ناکات، بەڵکو تەنها دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزبوونی ڕاستی توندڕەوی ئایینی لە ئیسرائیل و بۆ هەمیشە هەڵگیرساندنی دوژمنایەتی و ململانێ و شەڕە بەربەریەکانی وەک شەڕی ئێستا، و تەواو.
فروفیشاڵی پڕوپاگەندەیی کۆماری ئیسلامی لە دژی ئیسرائیل دەبێ لەم چوارچێوەیەدا دابنرێت. حکومەتەکان خۆیان بە هیچ شێوەیەک بەدوای چارەسەری سیاسی و سەربازیدا ناگەڕێن. ئەم دژە ئیسڕائیلیزمە تەنیا پرسێکی شوناس و ئایدیۆلۆژیی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسییە، لە بنەڕەتدا بۆ پاساوهێنانەوە و ڕوایدان بە سیاسەت و هەڵوێستە کۆنەپەرستانەکانی ئەم بزووتنەوەیە.

حەسەن ساڵحی: لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ، زیاتر و زیاتر سەرنج بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل ڕادەکێشرێت. وە تا ئێستا ئەو هەواڵانەی پەیوەستن بە بۆردومانی قورسی ڕۆژانەی غەززە و پچڕانی کارەبا و ڕێگریکردن لە هاتنی ئاو و خۆراک بۆ ئەم ناوچەیە بۆتە بابەتێکی گرنگ لە چاوی جیهان و میدیاکاندا. ئایا ئەم مەرجانە لە ڕووی ڕیکلامەوە لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی نین؟

حەمید تەقوایی: خاڵی یەکەم ئەوەیە، هەرچەندە حکومەتی ئیسرائیل کوشتاری جەنگی بە قەبارەیەکی زۆر گەورە ئەنجام دەدات، بەڵام تاوانەکانی حەماس لەبیر نەکراون. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە هەردوولا تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، واتە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێویستە هەردوو حەماس و حکومەتی ئیسرائیل بخرێنە بەردەم دادگا. دەمەوێت بڵێم ئەمە پرسێکی دوولایەنەیە. لە حەوت ڕۆژی ڕابردوودا و دوای هێرشی دڕندانەی حەماس، حکومەتی ئیسرائیلیش سیاسەتێکی دڕندانەی بۆردومان و کوشتنی بەردەوام و قورسی خەڵکی غەززەی دەستپێکردووە، ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی ئاو، خۆراک، دەرمان، کارەبا و…هتد بۆ ناو کەرتی غەززە کردووە کە هەموو ئەمانە دڕندەیی لێدەکەوێتەوە، تەنانەت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تاوانی جەنگ دادەنرێت. ئەم تاوانانە ئێستا بەتەواوی بوونەتە جێگای سەرنجی زۆربەی جیهان. تاوان پاساو بۆ تاوان نادات. حەماس چ تاوانێکی کردبێت، هیچ حکومەتێک، هیچ هێزێک مافی ئەوەی نییە ئەو جۆرە کارە قێزەونانە بەرامبەر خەڵکی بێتاوان ئەنجام بدات.
خەڵکی شارستانی جیهان مافی خۆیانە ناڕەزایەتی دەربڕن بەرامبەر بەم دڕندەییە، بەڵام کۆماری ئیسلامی و حەماس لە پلەی یەکەمدا ناتوانن وا خۆیان نیشان بدەن کە ستەمیان لێ کراوە و سکاڵا کاربن. وەک چۆن تاوانەکانی حەماس دژی خەڵکی ئیسرائیل هیچ شانازییەک بە حکومەتی ئیسرائیل نادات، تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیلیش حەماس و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی بێبەری ناکەن. تەنانەت کلیپی خەڵکی فەلەستینی دەبینیت کە دەڵێن سەرکردەکانی حەماس و منداڵەکانیان لە بەیروت و وڵاتانی دیکە دەژین و ئێمەیان کردووە بە گۆشتی بەر تۆپ. تەنانەت لە میدیای عەرەبیشدا دەبینیت کە باسی ئەو ڕاستییە دەکەن کە حەماس نوێنەرایەتی خەڵکی فەلەستین ناکات. دەڵێن حەماس یان دەرئەنجامەکانی هێرشەکەی بۆ سەر خەڵکی فەلەستین نەبینیوە یان گرنگی پێنەداوە. وە ڕاستییەکە ئەم دووەمیانە، چونکە ڕوون بوو کە حکومەتی ئیسرائیل نەک هەر چاودێری هێرشی حەماس ناکات، بەڵکو شەڕ و کوشتاری کارەساتبار کە ئێمە شاهیدین دەست پێدەکات. حەماس پێی وابوو بەم شێوەیە دەتوانێت جەماوەری بۆ خۆی پەیدا بکات. بەڵام خەڵک دەبینن کە حەماس و هەروەها کۆماری ئیسلامی کە پەروەردەی کرد، تەنیا دەتوانن ئاگری شەڕ هەڵبگرن و بەهانەو پاساوێک بدەنەوە بە حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل بۆ سەرکوتکردنی زیاتری خەڵکی غەززە و دواخستنی چارەسەری پرسی فەلەستین . لایەنەکان پاساو بۆ یەکتر دەهێننەوە.
بەڵام پێویستە خاڵێک ئاماژەی پێبکرێت. حەماس لە هەموو جیهاندا بە هێزێکی تیرۆریستی ئیسلامی ناسراوە و کۆماری ئیسلامیش وەک لایەنگری ئەو لە جیهاندا ڕیسوا دەکرێت و هەر بۆیە ناتوانن لە تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل سەرمایە بۆ خۆیان دروست بکەن. بەڵام ئەمە لە حکوومەتی ئیسرائیلدا نییە. حکومەتی ئیسرائیل لە ئاستی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا وەک حکومەتێکی دیموکراسی و شارستانی ناسێنراوە، لە کاتێکدا حکومەتێکی تیرۆریستییە تەنانەت هەرگیز پابەند نەبووە بە بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و لە ڕووی هەڵوێست و سیاسەتەوە هێرشە دژی ئینسانیەکانی هیچی لە هێزە تیرۆریستییەکانی وەک حەماس کەمتر نیە.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە هەردوو لایەنی ئەم شەڕە تیرۆریستن و دەیانەوێت پێش ئەم شەڕە پێگەی خۆیان سەقامگیر بکەن. تاوانی هەر هێزێک پێویستە لە ئەستۆی ئەو هێزە خۆی بنووسرێت، ناکرێت تاوانەکانی حەماس بە بیانووی تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل پشتگوێ بخرێت و بە پێچەوانەوە کوشتنی خەڵک لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت بەهۆی تاوانەکانی حەماسەوە.
لەم نێوەندەدا، پرسی ڕیشەیی ئەوەیە کە مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی فەلەستین پێشێل کراوە و زیاتر لە ٧٠ ساڵە پەنابەرە فەلەستینییەکان دەیانەوێت ژیانێکی مرۆڤانە وەک خەلکێک لە خاکی خۆیاندا بژین.کە بەردەوام پاشەکشەی پێکراوە ، بەردەوام پەراویزخراوە، و تا ئەمڕۆش قبوڵی ناکات.
ئه مانه بناغه ی ئه و کێشه یەن که نه کۆماری ئیسلامی و نه حه ماس و نه هیچ هێزێکی دیکه ی ئیسلامی ناتوانێت ونایەوێت چاره سەری بکات. هێزە پێشکەوتنخواز و چەپ و ئازادیخوازەکان ئەم چارەسەرەیان بەدەستەوەیە و دەبێ هەر بەم چارەسەرەوە بەرامبەر هەردوو ئەم هێزە کۆنەپەرستانە بە توندی بوەستین.

حەسەن ساڵحی: ئاسۆی ئەم شەڕە و کاریگەرییە مامناوەند و درێژخایەنەکانی لەسەر کۆماری ئیسلامی و بارودۆخی سیاسی ئێران بە گشتی چۆن دەبینن؟
حەمید تەقوایی: کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدات کە سەرمایەی سیاسی لە چەوساندنەوەی خەڵکی فەلەستین و لەو تاوانانەی کە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت دروست بکات، ومتمانە و ڕەوایەتی پێ بکڕێت. بەڵام وەک وتم تا ئەو جێگەیەی کە پەیوەندی بە خەڵکی ئێرانەوە هەیە، ئەم خەباتانە بۆ هیچ شوێنێک ناچێ چونکە خەڵک تاوانی خراپتری لەم حکومەتەوە بینیوە. بۆیە ئەم تێکۆشانە هیچ یارمەتیەکی کۆماری ئیسلامی نادات.
له ناوچه که شدا له ڕووی دیپلۆماسی نێوده وڵه تی و هه ڵوێستی حکوومه ته کانه وه کۆماری ئیسلامی له خاڵی کۆتایدایه چونکه خه ڵکی جیهان کۆماری ئیسلامی و حه ماس به ته واوکەری یه ک ده بینن و ئاماژه به ئه و هێزه ناکه ن که کێشەکەی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دروستکرد. بۆیە کۆماری ئیسلامی لە دیپلۆماسیەتی ناوچەیی و هێزە ناوچەییەکاندا جێگای نییە.
خاڵی گرنگتر ئەوەیە کە ئەم شەڕە نەک بەتەواوی حکومەتی ئیسرائیل لەقاو دەدات، بەڵکوو هێزە ئیسلامییەکانی بەرانبەریشی زیاتر گۆشەگیر و پەراوێز دەخات لە بیروڕای گشتی و لە پەیوەندی و سیاسەتەکانی ناوچەکەدا.
بۆیە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەم دۆسیەیە بە گشتی ئەوەیە کە هەم هێزە ئیسلامییەکان و هەم حکومەتی ئیسرائیل خۆیان لە پێگەیەکی لاوازتردا دەبیننەوە. لەبیرت نەچێت لە ئیسرائیل بزووتنەوەیەکی گەورە لە دژی نەتانیاهۆ بەهۆی سیاسەتە ڕاستڕەوە توندڕەوە و کۆنەپەرستانەکانیەوە ڕوویدا و ئەمەش کۆتایی نەهاتووە. لەوانەیە بۆ ئێستا بە بیانووی شەڕەوە ڕووپۆشیکیان لەسەر دانابێت، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە لە قووڵایی کۆمەڵگای ئیسرائیلدا بەردەوامە و بە بۆچوونی من بەم زووانە دەست پێدەکاتەوە.
لە ڕێگای یەکەمدا، بۆ کۆماری ئیسلامی کە شۆڕشێکی مەزن کە لە هەموو جیهاندا دانپێدانراوە و جەماوەریی هەیە، بەرەوڕووی تەحەدا بووەتەوە، شەڕی ئێستا تەنیا ڕیسوا و گۆشەگیریی زیاتری لێدەکەوێتەوە. کۆماری ئیسلامی لاوازتر دەبێت و ناوبانگی خۆی لە ناوچەکە و لە خودی ئێراندا لەدەست دەدات.
خەڵکی ئێران بەم ئاڵایەوە مەیدانێکی نوێی خەبات دژی حکوومەت دەکاتەوە کە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەم شەڕهەڵگرسێنەرانە، و بۆ یارمەتیدان، یارمەتیەکی زۆر چارەنووسساز بۆ چارەسەری ئینسانی کێشەی فەلەستین، نەک هەر حەماس بەڵکوو بە هەمان شێوە پێویستە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە پاک بکرێتەوە و فڕێ بدرێتە لاوە ئەمە هەڵوێست و پرسێکی ئینسانی و تەواو پێشکەوتنخوازانەیە کە پێموایە خەڵک و شۆڕشی ئێران ئاڵای ئەوە بەرز دەکاتەوە. وەک وتم لە ئێستادا لێدوان و بانگەواز بەم ئاراستەیە لە کۆمەڵگادا دەبینین و ئەم ڕەوتە بەرفراوانتر دەبێت.
بۆیە لە مامناوەند و درێژخایەندا کۆماری ئیسلامی دۆڕاوی ئەم شەڕەیە و ئەمەش بە مانای بەهێزکردنی نەک تەنیا شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ، بەڵکو هەر هێزێک لە ناوچەکە و لە جیهاندا کە خوازیاری چارەسەری ئینسانیە بۆ کێشەی فەلەستین. مەرجی ئەمەش بریتییە لە نەهێشتنی ڕاستڕەوی توندڕەو لە ئیسرائیل و نەهێشتنی هێزە ئیسلامییەکان لە بەرەی بەرامبەردا. خەڵک زیاتر و زیاتر لەم شتە تێدەگەن و ڕۆحی ئەمەش بەرەی سێیەم، واتە بەرەی شۆڕشگێڕی ژن ژیان ئازادی زۆر بەهێزتر دەکات.

١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ٢٥ی میهری١٤٠٢




کتێب\ گەردەلوولی سیاسەت.. فوئاد سدیق

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ساتیرەچیرۆک: هەڵمەتی هەڵبژاردن.. هێرش رەسوڵ

ناڕەزایەتیی هاونیشتمانان، بە تایبەت مامۆستا و فەرمانبەران بەردەوامیی هەبو. لە هەندێ شوێن و بەردەم بارەگای سەرەکیی حکومەت و نوێنەرانی گەل خێمەیان هەڵدا، کورسیی پلاستیکیان تێدا دانا، یان حەسیر و لەتە فەرش و کۆمباریان تێدا راخست، بە رۆژ و شەو تێیدا دەمانەوە. مۆنتاربۆی گەورە و مایکیان هێنابو، وتاری حەماسییان لێوە پێشکەشدەکرد و هوتافی ئاگرینیان دەگوتەوە.

بەو قرچەقرچی گەرمای هاوینە، کە دەتگوت خۆرەکە باوەشی بە زەویدا کردوە، چوبوە ناو قات و چاکەت و هێلەگێکی رەشەوە و بۆینباخەکەشی توند بەستبو، کورد گوتەنی “خۆی جەڕاندبو!”، ئیتر لەگەڵ تیمەکەیدا، کوچە و کۆڵان و ماڵ بە ماڵی گەڕەکەکانی شار دەگەڕا. لە شەقامە سەرەکییەکانەوە بۆ شەقامە لاوەکییەکان، لە گەڕەکە گەورەکانەوە بۆ گەڕەکە گچکەکان، هیچی نەدەپەڕاند.

هەر لە سەری کۆڵانێکەوە کە دەچوەوەسەر شەقامێکی گشتیی، لوتی بە خێمەیەکی گەورە تەقی، کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە بەردەمیدا وەستابون و هیتریش لە ناوەوەی بون.

“ئەمە خێمەیەکی خۆپێشاندەرانە، کوڕینە بۆ بەپەلە نەچینە ناویانەوە، دەرفەتە.” ئەمەی گوت و چاوەڕێی وەڵامی تیمەکەی نەکرد بەرەو ناو خێمەکە بە هوتافی “بڕوخێ دز، بڕوخێ دز” ملینا، کامێرامانەکەشی بە دوایدا رایکرد تاکو ئەو چرکەساتە تایبەتانەی جەنابی کاندید تۆماربکات و یەکسەر لە پەیجەکەی لە (فەیسبوک) پۆستیان بکا و بنوسێت: “نها.. پەرلەمانتاری ئایندە لەناو خۆپێشاندەران و لەگەڵ خەمی گشتییدا.”

بەڵام یەکسەر چەند کەسێک لێیان نزیک بونەوە و یەکێکیان بە دەنگی بەرز پێیگوت: “فڵتە فڵت، ئێرە پرسەیە، دزی چی و روخانی چی؟”

ئەو کە لە ژیانیدا دەیان هەڵوێستی روگیر و ئابڕوبەرانەی بەسەردا هاتبو یان دیبو، ئەو تەریقکردنەوەیەی ناو خێمەی پرسەکە هیچ شەمەزاریان نەکرد. بە پەلە فاتیحایەکی خوێند و بە دەنگی بەرز سەرەخۆشیی لە کەسوکاری مردوەکە کرد و خواحافیزی کرد. تەنانەت لە دەرەوەی خێمەکە بە چاو ئاماژەی بۆ تیمە هاوکارەکەی کرد کەوا کارتەکانی بانگەشە لێرەش دابەش بکەن.

چەند کۆڵانێک لەولاترەوە، لە دەستی راست لە دەرگای یەکەم ماڵیاندا نەیانکردوە، ئینجا یەکسەر بەرەو دەرگای دوەم ماڵ چون. دەرگایەکی سێ تاکی گەورە. کەمێک قەرەباڵغ دیاربو. چەند پیاوێک لەبەر دەرگاکە وەستابون.
“کوڕینە ئەمەیان پرسەیە، با خۆمانی پێداکەین و لێرەش فاتیحەیەک بخوێنین.”
تا ژوری میوانی ماڵەکە نەوەستان. فەرمو فەرمو کردیاننە ژورەوە. جەنابی کاندید بە بڕوابەخۆبونێکی زۆرەوە هەر بە پێوە دەستەکانی راگرت و بە دەنگی بەرز گوتی: “ئەلفاتیحە.”
ئەو پیاوانەی لە ژورەوە بون بە سەرسامییەوە لەگەڵ کاندید و تیمەکەیدا فاتیحایەکیان خوێند. “ئینشاڵڵا خوا عەفوی کردوە و تەمەنی درێژی بۆ ئێوە جێهێشتوە…” خەریک بو زیاتر لەسەری بڕوا، خاوەن ماڵەکە پێی بڕی: “کاکە وەڵا ئەمە پرسە نیە و خەریکم ژن بۆ کوڕەکەم دەگوازمەوە!”
ــــــــــــــــــــ
‎کانونی دوەمی ۲٠۲٠




دوو دێڕ.. شیعری نەوزاد بەندی

ــدێڕی یەکەم ـــ

کە نازانم بۆ گۆڕاوی

کە نازانم بۆ ڕەنجاوی ..

کە دیارنییە ، بەجێماوی .. ؟ تێکشکاوی ..

دەرکراوی …؟

یان لە پۆستێکی باڵادا دانراوی  ..

کە یاساغ بێ

 لەگەڵ شاعیر و ماعیرا

 قسه بکەی بە ڕاشکاویی ..؟

لە کۆسپێکی سیاسیدا ،

 دیل و دەست بەسەرکراوی ..؟

لە شەڕێکی عەشایەریی

کە ئارایشتیان کردووە و

 بۆتە  کەیسی سۆسیال یان  کۆمەڵایەتیی ،

بەند کراوی .. ؟؟

گرنگ نییە هیچ کامێکیان

گرنگ ئەوەیه تۆ ماوی …

با وەک خۆی بێ ، چاوەڕوانی ..

دەربارەی من با نەزانی ..

گرنگ نییە

 واهیمەی قوڵ .. بۆچوون ..ڕۆچوون

یان چاو و ڕاو ..

چیت بۆ دەرکەوتووە لە ناکاو ..

گرنگ ئەوەیە تۆ ماوی  ..

شار نەیمێنێ ئاو و موچەی

تاریک دابێ گۆشە و کوچەی ..

گرنگ نییە هیچ کامێکیان ،

گرنگ ئەوەیە تۆ ماوی

گرنگ نییە قسە بکەی ..

حاڵ و هەواڵم بپرسی‌ ..

جەژن بڕوا بە تاساویی ..

دڵ هەر ئیش کا بە شکاویی ..

فرمێسک ئیش کا بە تکاویی ..

پیریی تا بێ ، تیری زیاتر با لەلاویی ..

زانکۆ تا بێ دوورتر کەوێتەوە

جارێ له جارێکیان …

بە جۆرێ مەحاڵ بێ چاوم

بکەوێتەوە بە چاوی ..

گرنگ نییە هیچ کامێکیان ..

گرنگ ئەوەیه تۆ ماوی   ..،

ـــدێڕی دووەم ــ

ئەو شەوانەی باران ئەبارێ ،

من نانووم ..

بە دیارییەوە ئێشک ئەگرم ..

نەک دڵۆپەیەک زامدار بێ و

پێویستی بە فریاگوزاری خێرابێ ..

نەک ئاوازەکەی ڕاگرێ کە ببینێ  هەموو خەوتون ، کەس گوێ ناگرێ ..

نەک کۆمەڵێ دڵۆپە برسیان بێ و

کەس نەبێ تیکە نانێکیان بۆ حازر کا ..

نەک هەندێکیان سەرمایان بێ و

کەس نەبێ چایەکی گەرم و

بەتانییەکیان بۆ بێنێ ..

نەک کۆمەڵێ دڵۆپە لە هەورەگرمە،

یاخی بن و ..

پێویستیان بە یارمەتی بێ ..

٭      ٭     ٭

لە شەوێکی پڕ لە بۆن و

بەرامەی خاک ..

پڕ لە ئاواز ..

ئەبێ سودی خەوتن چی بێ ؟