سێ بە سێ.. شیعری / نەوزاد بەندی

دوو شت دزرا ،
حیزبەکان نەوتی ژێر زەوی و خەڵکەکەیش ئاوی ژێر زەوی …
دووەمیان بە نهێنییە و
یەکەمیشیان بە ئاشکرا ..

٭ ٭ ٭

دوو هەڕاجی نائاسایی ،
حیزب زەوی بازرگانی و
خەڵکیش ڕاستگۆیی و متمانە ،
لە کەمپەکانی ئەوروپا ..
یەکەمیان بۆ فەردە دۆلار
دووەمیان بۆ ڕەگەزنامەی ئەوروپایی ..

٭ ٭ ٭

وامزانی هەورەکە دایکرد ،
کەچی پرژی ئاوڕشێنی ژنێ بوو لە بەردەگا بوو ،
بە دزی نەوتدزانەوە ،
یان بە ئەمری نەوتدزێ ،
بیرێکی ئاوکێشی لێدا و
خەتی دووەمی ئاویشی
بە بۆری سێ چارەک ، دزی ..
( کە ئەمەی دی ،
لەناکاو هەورەکە ڕایکرد ..)

٭ ٭ ٭

دزیی بکەی ،
کەواتە
تۆ هەی ..

٭ ٭ ٭
سەدان تەنکەر نەوتی دزیی ڕیز ئەبن لەو سنوورانە ،
سەدان جۆگەلەی ئاوی ڕوون سەر ئەکەن بە ڕاست و چەپی ناو کۆڵانا ،
..

٭ ٭ ٭
زانیاری زیاترت ئەوێ ؟
جیاوازیی نێوان نەوت و ئاو ،
نەوت کاتێ دزرا ، وون ئەبێ
ئاو کە دزرا ، دەردەکەوێ ..

٭ ٭ ٭
چەندین ڕۆژە،
هەموو عەلامات و ئەعرازەکانی بارینێ ،
بە ئاسمانی شارەکانمانەوە دیارن ،
بەس نابارێ ..
ڕێک وەکو من ،
سی چل ساڵە ،
هەموو عەلامات و ئەعرازەکانی کۆچکردنم پێوە دیارە و
کەچی چەقیوم وەک دارێ ..

٭ ٭ ٭
ئەڵێم تۆ بڵێی بارانەکەیشیان نەدزیبێ و
لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانیی ،
گرێبەستی پەنجا زستانەیان ئیمزا نەکردبێ ؟
کەف و تەمەکەی بۆ ئێمە و ئاوە ڕوونەکەی بۆ ئەوان ..؟؟
ئاخر بە پێی گرێبەستی نەوتەکەیش بوو ،
دوکەڵ و پیسبوون بۆ خەڵک و ..
نەوت و دۆلاریش بۆ خۆیان ..

٭ ٭ ٭
ئەم دەسەڵات و میللەتە ،
ڕۆژانە هەزارەها جار ،
یەکتری تەڵاق ئەدەن ..و
کەچی هیچ کامیان
ماڵەکە جێ ناهێڵێ ..
هەر پێکەوەن ..
ئەم پەیوەندییە ناشەرعییە،
نازانم چۆن
مامۆستاکانی ئاینیی ،
لێی بێدەنگن ؟ ..
چۆن مەلا بەشیر هیچ ناڵێ ؟

٭ ٭ ٭ٕ
له لاپەڕەی فەیسبووکەکەی
نوسی بووی ئیشی پتڕۆڵیۆم ..
ووتم با شتێ دەربارەی
پتڕۆڵ و پێکهاتەکانی
هاوکێشە و بەند و کارلێک و
توخمەکانی ، بچنمەوە ..
کە پیا گەڕام ،
هەمووی هەر تەوقە و مەجلیس و
جامانە و عەشرەت و وورگی هەڵڕژاوی سەر قایش بوو ..
جا بۆم دەرکەوت
ئەم قەپۆزە
لووتخوارە سەر قولکە جەوتە ..
فڕی بە پێکهاتەکانی
پتڕۆڵەوە نییە و تەنها
دزی نەوتە ..

٭ ٭ ٭
زانیاریم پێیە ، نەتدیوە
پێم بڵێ چەندێ کۆمپانیا و تاوەر و ڤێلات بەناوە ،
پێت ئەڵێم چەند بەرمیل نەوتت دزیوە لەم بۆگەناوە ..
پێم بڵێ چەند دەستت ئەڕوا ،
پێت ئەڵێم دابەستەی حەوشەی
چ حیزبێکی ..
پێت ئەڵێم لە ناو ئاگری
دۆزەخا ،
لە چ بەشێکی ..

٭ ٭ ٭

ئەگەر مەکتەب کرایەوە و
پشووی دزیی موچەکانتان بڕایەوە ،
پێم باشە کۆمەڵێ وانەی تازە – تازە زیادکەن بۆ لیستی وانەکان ..
گوناهن ، با لەوە زیاتر
بێ داهاتوو ،
بێ نان نەبن هەژارەکان ..
وەکو وانەی :
چۆن لە ماوەی هەفتەیەکا ئەبی بە دز ؟
چۆن لەگەڵ حیزبا ئەبیتە شەریکە دز ؟
چۆن به کۆرسێ ئەبیتە پسپۆڕ لە عیلمی فێڵ و تەڵەکە و درۆدا ؟
چۆن بە هیچ ئاوێ تەڕ نابی ..
چۆن ئەبی بە سپایدەرمان لە شەڕەکانی ناوخۆدا ؟
چۆن گیرفانت بە زنجیری بیرە نەوتێکا ئەدوری ؟
چۆن دەنگی خەڵکی هەژار و ساویلکە بەکاردێنی تا
ئەگەیتە باوەشی چەوری قەڵەوترین حیزبی ووڵات .. چۆن دۆلار ئەهێنیتە بەر ،
وەک کوڕی حەملان و حەیدەر .. ؟؟
چۆن فێری شانازیی ئەبی بە درۆ و خیانەتەوە ؟
چۆن زەوییە زۆر گرانەکان ،
یەک یەک قوت ئەدەی وەک لوقم ؟
چۆن دایئەمەزرێنی پێڕ و شەقوەشێن و باند و تاقم ؟
ئاسانترین ڕێگا بۆ شانازییکردن کەکاتێ هەموو میللەتیش پێت ئەڵێن دز ..
چۆن چۆنی باج ئەخەیتە سەر دەسکێ سەوزە ، کە لە گوێی جادەیەکا ، ئەیفرۆشێ پیرەمێردێکی سەد ساڵەی نەخۆش و کز ؟
چۆن نیوەی وڵات بفرۆشی و ڕووت ڕەش نەبێ وەک قۆنەرە ؟
چۆن نەتەوە و دین و ئاڵا ،
بکەی بە هۆکاریی دزی ..و
تەزویریان کەی یەک یەک ..فەقەرە فەقەرە ..
چۆن چەرمی ڕووت هێند قایم بێ شمشێری میسریی نەیبڕێ ؟
چۆن دەریایەک نەوت قوت بەیت و دەستیش لە خەڵک پانکەیتەوە و پێیان بڵێی : هەر چیم بەنێ ، خوا نەیبڕێ ….
هەتا دوایی ……..هتد ….




کتێب\ تیۆرەکەی فرۆید.. فوئاد سدیق

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




جەنگی ئیسرائیل-حەماس چیمان پێ دەڵێت؟.. د. صابر حسن رسول

یەکەم: ئەو ئەفسانە و وێنایەی کە بۆ ئیسرائیل کرابوو لە هێزی بەرگری و هەواڵگری، بۆ یەکەم جار تێکشکاو لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا بەجۆرێک جەستەی ئیسرائیل زامدارکرا کە لە دەرەوەی پێشبینیەکان بوو و لە مێژووی دروست بوونی ئیسرائیلدا وێنەی نەبووە.
دووەم: کە ئێستا ئیسرائیل وەک گورگێکی بریندار هێرش دەباتەوە، پابەندی هیچ بەهایەکی یاسایی و ئەخلاقی نییە و هیچ هێڵێکی سوری نییە و بە پاڵپشتیی ئەمریکا لەسەروو یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە ڕەفتاردەکات و ئەو کۆمەڵکوژیەی لە غەززە خستووەتەوە کە مرۆڤایەتی شایەتحاڵیەتی.
سێیەم: بزووتنەوەی حەماس و دانیشتوانی غەززە، سەرەڕای لاوازی ژێرخان و کەمیی و سادەیی تفاقی جەنگیان، کە ١٦ ساڵە لەژێر گەمارۆی سەختی وشکانی و ئاسمانی و دەریاییدان، بەڵام بە باوەڕی بەهێز و ئیرادەی بەرزەوە ڕووبەڕووی گەورەترین ستەمکاری سەردەم بوونەتەوە و سڵ لە مردن ناکەنەوە.
چوارەم: وڵاتانی ئەوروپا خاوەن ئیرادەی خۆیان نین و کوێرانە شوێن ئەمریکا کەوتوون. ئەمریکا و ئەوروپاش بە ئاشکرا و بێ شەرمانە مامەڵەی دووفاقیانە لەگەڵ گەلی فەڵەستین و گەلانی موسوڵماندا دەکەن.
پێنجەم: سەرکردەی وڵاتانی ئیسلامی هیچ نین جگە لە کۆمەڵێک بووکەڵەی گوێڕایەڵی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا. دەرکەوت بێ هەڵوێست و بێ ئیرادەن لە ئاست تاوانە وەحشیگەریەکانی ئیسرائیل بەرامبەر گەلی فەڵەستین. ئەوەندە لەرزۆک و تێکشکاون، ئیرادەی دەرکردنی باڵوێزی ئیسرائیل و پچراندنی پەیوەندیەکانیان لەگەڵیدا نییە، کە ئەمە لانی کەمی هەڵوێستە دژ بەو هەموو کۆمەڵکوژیەی ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامی دەدات.
شەشەم: جیهانی ئیسلامی زۆر و بۆری بەسەریدا زاڵە و بەشێک لەوانەی بە کۆمەڵی موسوڵمانان هەژماردەکرێن لە ڕاستیدا هاوسۆزی ئیسرائیلن، نەک لەبەرئەوەی سودێکیان لێی بینیوە، بەڵکو وەک دژایەتیان بۆ گەلی فەلەستین و بزووتنەوەی حەماس. دیارە لە ناو کوردیشدا ئەم هەڵوێستە نەشازە ڕۆژانە دەبینرێت. لەو ڕووەوە، ئەم جەنگە قوڵی ڕەش و سپی زیاتر دەرخست و هێڵی جیاکەرەوەی نێوان موسوڵمان و دووڕووی تۆختر کردەوە.
حەوتەم: لەسەر ئاستی جیهان هێشتا ڕێژەیەکی باش لە مرۆڤی مردۆڤدۆست هەن کە لە ئازاری مرۆڤەکانی تر تێدەگەن و خاوەن هەڵوێستن و دەنگیان لەئاست تاوان و نادادی بەرامبەر مرۆڤەکانی تر هەڵدەبڕن، بەڵام ئەوانیش لە پێگەی بڕیار و دەسەڵاتدانین؛ هەوڵەکانیان کاریگەری هەیە بەڵام لە سنورێکی دیاریکراودا.
هەشتەم: نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخراوێکە لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە ناکاریگەر کراوە و زیاتر وەک شانۆی تەسفیە حسابی سیاسیی خۆیان بەکاریدەهێنن. سەرەڕای هەڵوێستی جوانی (ئەنتۆنیۆ گوتیرێس)ی سکرتێری گشتی ڕێکخراوەکە کە دەڵێ (هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بێ هۆکار نەبووە)، بەڵام ئەم ڕێکخراوە جیهانییە توانای بڕیاری یەکلاکەرەوەی نییە و کاریگەریەکەی لە چوارچێوەی سەرکۆنەکردن و هاریکاری مرۆیی تێناپەڕێت.
نۆیەم: میدیای ڕۆژئاوایی لە ژێرکاریگەری لۆبی زایۆنیدایە و لایەندارانە ڕووماڵی ڕووداو و پێشهاتەکان دەکەن. تەنانەت ئەوکاتەی بەرپرسانی ئیسرائیل دەیانووت ناتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە حەماس منداڵی سەربڕیبێت، هێشتا بەشێک لە میدیا ڕۆژئاواییەکان بەردەوام بوون لە بڵاوکردنەوەی وێنە و هەواڵی ساختە لەبارەی سەربڕینی منداڵەوە.
دەیەم: لە هەزارەی سێیەم و لە سەدەی بیست و یەکدا، هێشتا لە جیهانێکدا دەژین کە زیاتر لە دارەستانی ئاژەڵەکان دەچێت و مەنتیقی هێز زاڵە بەسەر مەنتیقی عەقڵدا و کورد وتەنی (مست لە درێشە دەگەڕێتەوە). بەکارهێنانی چەک و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو ململانێکان یەکلایی دەکاتەوە، نەک عەقڵ و عەدالەت. ئیتر ئەو چەک و تەکنەلۆجیا پێشکەوتووانە چ کارەسات و مەرگەساتێک دەخوڵقێنن، لای وڵاتانی دونیا گرنگیەکی نییە!




کۆنفرانسێک بە بۆنەی رۆژیجیهانی فەلسەفەوە لە سلێمانی




هەنار.. پشکۆ ناکام

……وەرنەوە …وەرنەوە فێستڤاڵی هەنارە ، ئەو فێستڤاڵەی پشتی “کان”و “نۆبڵ”ی شکانوە ، فێستڤاڵی سیمبولی دیموکراسی و شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و کوردایەتی..!! دوای ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی کوردستان و چارەسەری هەموو کێشەکان و یادکردنەوەی هەموو گەورە پیاو و منەوەرەکانی میللەت تەنها “هەنار ” مابوو کە یاد بکرێتەوە ..هەنار ئەو میوە پڕ لە ڤیتامینەی کە مایەی زیرەکی و لێهاتوویی و دەستپاکی سەرکردەکانە..!! ئیلهامی وورەی بەگژا چوونەوەی شۆڤینیزمی عەرەبی و مەزهەبییەکان و ناحەزانی کوردستانیش هەر ئەم میوە سیحراویەیە ، تەنانەت هەر جار و هەفتەیەک وەفدی “پێنج کوڕە ئازاکە ” بۆ ڕۆشتنیان بۆ بەغا و تەحەدا کردنی دەسەڵاتدارانی ئەوێ لە ڕێگا پەنا بۆ ئەم میوەیە ئەبەن تا زیاتر لە هەڵوێستە نەگۆڕەکانیانا ! پتەوتر بن پەنا بۆ تەسلیم بوون و پاڕانەوە نەبەن و ئەو جانتایانەی بە بەتاڵی ئەیانبەن بە پڕکڕاوی لە مووچە بیانهێننەوە..تەنانەت عەبقەرییەت و غەمخۆری ئەندامانی پارلەمانی ڕەحمەتیش هەر لە شەربەتی هەنارەوە بوە ، هەر ڤیتامینێک لە هەنارا بۆ خۆی سەرچاوەی دەیان گۆڕانکارییە بۆ بەرەوپێش چوونی ووڵات کە دەسەڵاتی کوردی سورە لەسەر پەیڕەو کردنی ..ناحەزانی ئەم میللەتە ئەبێ بزانن ئێمە تا خاوەنی شاخ و هەنار بین ناچەمینەوە..!! تەنانەت ئەکرێ لە جیاتی “مووچە” مامۆستا و باقی مووچەخۆرانی ” هەرێم !!” هەناریان بەسەرا دابەش بکرێ تا ڕوحیەتی خۆڕاگری و سەبر ونیشتمان پەروەرییان گەرم و درێژ خایان تر بێ..و لەوە تێبگەن مووچە وەریشبگیرێ هەر ئەخورێ بەڵام هەنار لە مێژوومانا وەک ئەستێرەیەکی ڤیتامیناوی ئەدرەوشێتەوە کە تەنانەت ئەشێ لە ئاڵا پیرۆزەکەمانا “خۆر”ەکە بکەین بە “هەنار” ێک وەک سیمبولێک بۆ ئەقڵیەتی کورد و مێژووە سورەکەی هەر وەک هەنار..!!خۆر ئاوا ئەبێ بەڵام هەنار : نەخێر….ئەوانەش کە مەترسییان لە تاسەی جادە و بانەکانی کوردستان هەیە پێش سەفەر کردن یەک دوو هەنار بخۆن تا لە تاسەکانا ناڕەحەت نەبن و هەناویان نەکەوێ …هەقە پرسیارێکیش بکەین ئاخۆ “هەنار” لە ماددەی140 جێگیر کراوە یان نا ؟
خۆزگە “گۆران”ی مەزن هەنار فرۆش بوایە تا زیاتر باس بکرایە و یادی بکرایەتەوە