مارکس وەکو ڕۆژنامەنووس!.. ڕزگار عومەر

لەم ڕۆژانەی ڕابردوو دەرفەتی ئەوەم بوو کە چاوپێکەوتنێکی گرنگ و درێژبخوێنمەوە بە زمانی ئینگلیزی لە گەڵ “جەیمس لێدبێتەر” سەبارەت بە ئەزموونی ڕۆژنامەگەری لای مارکس، کە هەوڵ دەدەم لەم ستوونە کورتەدا هەندێك لە زانیاریەکان لێرەدا کورتبکەمەوە؛
“مارکس کەم تا زۆر لە هەموو ژیانیدا ڕۆژنامەنووس بووە. لە ساڵی ١٨٤٢ دەستی بە نووسین کرد بۆ ڕۆژنامەی ڕینیش زایتونگ، و لە ساڵی ١٨٤٨ ڕۆژنامەی تایبەتی خۆی دامەزراند. دواتر دەستی بە ناردنی بابەت کردو ستوونی تایبەتی هەبوو لە ڕۆژنامەی (نیویۆرک تریبیون) ئەمریکی.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تریبیون کە پێشەنگ بوو لە دژایەتی کردنی سیستەمی کۆیلایەتی لە ساڵی ١٨٤١ لەلایەن “هۆراس گریلیەوە” دامەزرا، لە ئەزموونێکی کورتدا بە خێرایی بوو هەم بە گەورەترین ڕۆژنامەی جیهان بەتیراژی زیاتر لە دوو سەد هەزار لەو ماوەیەی کە مارکس بەشداری تیا دەکرد دەکردهەم پێشەنگیش بوو لە دژایەتی کۆیلایەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.
ئەگەر بەراوردێك بکەین لەسەر بابەتەکانی مارکس کە لە ڕۆژنامەکاندا وەکو پەیامنێرو وەکو نوسەر بلاوی کردۆتەوە لەم ستایڵە ناچن ناچن کە ئەمڕۆ وەکو ئەتکێتی نووسین لە ڕۆژنامەگەریدا پەیڕەو دەکرێن . بۆ نموونە لە بنەڕەتدا بەرهەمەکانی مارکس شتێکی تێدانیە ڕاستەوخۆ لەوەی کە ئەمڕۆ پێی دەڵێین “ڕاپۆرت”. هیچ باسێکی گەیاندنی سەرەدێری ڕووداوەکانی تێدا نییە، هیچ چاوپێکەوتنێکی تێدا نیە لەگەڵ سەرچاوەکان، فەرمی یان بە شێوەیەکی تر، بونیادی سەرەکی بابەتەکانی ئەو ناوەڕۆکی ڕەخنەگرانەن.
میتۆدی سەرەکی مارکس بۆ ستوونی ڕۆژنامەی “نیویۆرك تریبیون” ئەوە بوو کە ڕووداوێکی گەرم و کاریگەر هەبوایە لە دۆخی جیهانی وجێ ی گرنگی هەواڵەکان بووایە چەشنی هەڵبژاردنێکی گرنگ، ڕاپەڕینێک، جەنگ، سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی ئەمریکا ئەو دەهات بە ووردی پشکنین و بە دواچوونی بۆ دەکرد و بۆ خوێنەران پرسیاری بنەڕەتی سیاسەتی یان ئابووری پەیوەست بە بابەتەکە زەق دەکردەوەو دواتر لەسەر ئەو پرسیارانە وەڵامەکانی خۆی جێگیر دەکرد. بەم مانایە ڕۆژنامەگەریی مارکس لەڕاستیدا لە هەندێک لەو بابەتانە دەچێت کە ئەمڕۆ لە گۆڤارەکانی بیروڕادا بڵاودەکرێنەوە ئاسانە نووسینی ڕۆژنامەوانیی مارکس و ئەو جۆرە نووسینانە ببینین کە تایبەتمەندی زۆرێک لە ڕۆژنامەگەریی سیاسی بووە بەتایبەت لە ئەوروپا لە سەدەی بیستەمدا.
مارکس بە خەستی هێرشی کردە سەرجۆری ڕوماڵی ڕۆژنامەکانی بەریتانیا بۆ شەڕی ناوخۆی ئەمریکاو بە دوو ڕوویی لە قەڵەمی دەدا.مارکس لەو باوەڕە بوو کە دژایەتی کردنی ڕۆژنامەکانی بەریتانیا بۆ شەڕی نەهێشتنی کۆیلایەتی لە ئەمریکا بۆ ئەوە دەگەڕاوە کە پیشەسازی قوماش بزوێنەرێکی گەورەی ئابووری بەریتانیا بوو و پشتی بەو خامە هەرزانانە دەبەست لە ئەمریکای کۆیلەدارەوە دەهاتە بەریتانیا.
مارکس ئەمڕۆ وەك تیۆریستێکی ئابووری، وەك بیرمەندێکی سیاسی؛ وەکو مێژوونووس و فەیلەسوف پۆلین دەکرێت کە سەرجەم ئەو پۆلینکردنانە ڕەوایەتی خۆی هەیە، بەڵام تۆماری مێژوویی، پۆلێنێکیتریش بۆ مارکس پێشنیار دەکات، ئەویش ئەوەیە کە مارکس وەك نووسەرێکی پیشەیی، وەك ڕۆژنامەنووسێك بیری لێبکرێتەوە. بە گشتی مارکس بە یارمەتی ئەنگڵس نزیکەی پێنج سەد بابەتی بۆ ڕۆژنامەی تریبیون بەرهەم هێنا، کە پێکەوە نزیکەی حەوت بەرگ لە بەرهەمە کۆکراوەی پەنجا بەرگی ئەو دوو پیاوە کۆدەکەنەوە. ئێمە لە تێگەیشتن لە گرنگی ڕیتۆریک لە کارەکانی مارکسدا نزیک دەبینەوە ئەگەر وەک ڕۆژنامەنووسێک بیری لێ بکەینەوە.




سەنگەر گرتن لە بەرامبەر مارکسیزم دا بە بیانوی دژایەتی چەپ!.. و. سابیر

هیگڵ واتەنی «ئەگەر ویستت کارێک ئەنجام بدەیت پەکت لە بیانوو ناکەوێت » ، ئەگەر یەکێکیش بیەوێت دوژمنایەتی پڕۆلیتاریاو مارکسیزم بکات پەکی لە بیانوو ناکەوێت .
با بزانین سەنگەر گرتن لە بەرامبەر شۆڕشی پڕۆلیتاریاو خودی مارکسیزم ، کارێکی هەنووکەییەو و تەنها بەستراوەتە بە ئەمڕۆوە ، یان ڕیشەی مێژووی خۆی هەیە ؟
شانبەشانی سەرهەڵدانی خەباتی کریکاری دژ بەسەرمایەداری وە دواتر هاتنە ئاراوەی ڕەخنەکانی کاڕڵ مارکس و ئەنگلس لە خودی بنەماکانی نیزامی سەرمایەداری و چۆنیەتی خەباتکردن لە بەرامبەر ئەم نیزامەداو بەرپەرچدانەوەی زانستیانەیان بۆ تەواوی ئەو تێڕوانین وبۆچوونە خەیاڵیانەی کە سەبارەت بە سۆسیالیزم لەلایەن توێژە ووردەبۆرژوازیەکان و دواتر بۆرژواکانەوە هەبووە.
زۆر لە مێژە بۆرژواکان دەهۆڵی ئەوە ئەکوتن کە مارکسیزم کۆن بووەو بۆ سەردەم و کاتێکی دیاریکراو نووسراوە و، وە مارکسیزمی سەدەی نۆزدەیە و بەکەڵکی سەدەی بیست و یەک نایەت .
زۆر لەمێژە هزرو فیکرو دەستکەوتە زانستیەکانی مارکس و ئەنگلس و لێنین و ترۆتسکیان خستۆتە ناو تاقی کتێبخانەکان و تەنها وەک ئایقۆنێکی جوان و ئەکادیمی سەیریان ئەکرێت ، کە دوورە لە میتۆدی کارکردنی شۆڕشگێڕانەی مارکس .
مێژووی مارکسیزم گەلێک قۆناغی بەخۆوە بینیوە ، لەهەر قۆناغێکدا بۆرژواکان ویستویانە پەڕوباڵی بکەن و بیشێوێنن وە لەگەڵ بەرژەوەندی دەسەڵاتەکەی خۆیاندا بیگونجێنن، ئەم شێواندنە لەژێر ناوی ( چەپ) دا ئەنجامدراوە .
هاتنی لێنین و بەڵشەفیکەکان وە لەوانەش ترۆتسکی ، قۆناغێکی نوێی زیندوکردنەوەی ناوەرۆکی میتۆدۆلۆژی شۆشگێڕانەی مارکسیان دەستپێکردەوە.
تا ئەم ساتەی ئێستاشمان ئەم مێژووە درێژەی هەیە، مێژوی چەوساندنەوەی چینایەتی و سەرکوتی دەوڵەتەکان و شێواندنی مارکسیزمیش لە گەڵیدا بەردەوامە، هەروەها تا ئەو ساتەش کە لەکۆمەڵگادا ئەم هەموو بێدادی و چەوساندنەوەو شەڕو کوشتارو قەیرانە ئابوری وە برسێتی و گرانی و ئاوارەیی وەچەوساندنەوەی مناڵان و ژنان و کەمایەتیە جیاوازەکانیش بوونیان هەبێت و بمێنێت ، بۆچوونەکان و ڕەخنەکانی مارکس لە نیزامی سەرمایەداری درێژەی ئەبێت وە بەزیندوویی ئەمێنێتەوە ، وە تا ئەم بەربەریەتە بمێنێ ، مارکسیزمیش وەک پەرچەمی شۆڕشگێڕانەی چینە چەوساوەکان هەر ئەمێنێ .
ئەمڕۆکە لە ناو ناوەندە کۆمۆنیست و ڕادیکاڵەکانی ئەوروپا و گەلێک وڵاتانی پێشکەوتوی تردا ، زاراوەو ناسنامەی ( چەپ بوون ) ئاشکرابووەو جێی نەفرەتە ، چونکە ئەو پارت و ڕێکخراوانەی کە خۆیان بە ( چەپ) ناساندوە ، بریتین لە باڵی چەپی پەرلەمانە ئیمپریالیستیەکان ودەوڵەتەکانیان ، بۆ پێشگرتن بە خەباتی پڕۆلیتاریا و شێواندنی مارکسیزمە وە دابەزاندنی بۆ ئاستی سۆسیال دیمۆکراتی بۆرژوازیانە .
لە ڕاستای ئەم مێژووە چەند سەد ساڵەدا گەلێک ڕێکخراوەو ودەستەو حیزبی جۆراو جۆر دروستکراون و لە ژێر ناوی ( چەپ) بووندا چالاکی خۆیان نواندووەو بردۆتە پێشەوە .
بڕوانە یەکێتی چەپەکانی ئەوروپا لەگەڵ حیزبە سەوزەکانی ( GUL/NGL ) ، ئەم ڕێکخراوانە تەنها بۆ لە خشتەبردن و چەواشەکردنی پڕۆلیتاریای وڵاتانی ئیمپریالیستی ئەوروپایی و جیهانین ، تەنها بۆ دژایەتیکردنی مارکسیزم و کۆمۆنیستە ڕادیکاڵەکان ، بە کۆمەک ویارمەتی ئابوری و یاسایی و کۆمەڵایەتی خودی بۆرژواکان ئاسانکاری چالاکی و هەڵسوڕانی سیاسیان بۆ ڕەخسێنراوە. ، تا بتوانن داکۆکی لە خودی بنەماکانی سەرمایەداری و ( خاوەنداریەتی تایبەتی ) و هێشتنەوەی ئەم نیزامە بکەن ، لە ڕێگەی جوانکردن و ڕازاندنەوەی ئەم دەسەڵاتە بە زاراوەو بۆچوونی جۆربەجۆری شێواوانەی بنەما سۆسیال دیمۆکراتیانە وە جار بەجاریش دووبارەکردنەوەی وتەکانی مارکس و ئەنگلس و لێنین و تەنانەت ترۆتسکیش ، هەموو ئەم هەوڵانە تەنها بۆ لێدانە لە شۆڕشی پڕۆلیتاریا و خۆڵکردنە چاوی جەماوەر ، وەدواتر نیشاندانی ئەوەی کە مارکسیزم کۆن بووە وە سوودی بۆ بردنە پێشەوەی خەباتی ئێستای پڕۆلیتاریا نەماوە .
خودی مارکس و ئەنگلس کۆمۆنیستێکی ڕادیکاڵ بوون ، نەک ( چەپ) ، چونکە مێژووی زاراوەی «چەپ» ناتوانێت هەڵگری ئایدیاکانی مارکس و ئەنگلس بێت ، وە ئەم مێژووە ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسا لەساڵی ١٧٨٩ ، وە شوێن و جێگەی دانیشتنی ئەندامانی پەرلەمانی ئەو کاتە، لە کاتێکدا کە کۆمەڵگای فەڕەنساو وە تەواوی ئەوروپا بەسەر سێ کوتلەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دابەشببوو ،کوتلەی یەکەم پاشاو پیاوانی ئاینی ، کوتلەی دووەم؛ چینە شازادەکان وە سەرۆکە دەرەبەگەکان ، کوتلەی سێیەمیش لێبڕاڵەووردەبۆرژوازیەکان و خوێنەوارەکان بوون .
واتە لە ڕووی چینایەتیەوە ، کوتلەی پاشاو پیاوانی ئاینی و هەروەها کوتلەی شازادەو سەرۆک دەرەبەگاکان بە گشتی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری چینی بۆرژوازیان پێک ئەهێنا.
لەلایەکی ترەوە لێبڕاڵەکان کە نمایەندەیی توێژە خوێنەوارە ڕۆشەنبیرەکان و وردە بۆرژوازی و کرێکارانیان ئەکرد ، وە ناڕەزایەتی بەردەوامیان هەبوو لەسەر ئەوەی کە جێگاو ڕێگای کۆمەڵایەتی ئەوان هێندە بە گرنگ لەبەر چاو ناگیرێت ، بە بەراوورد لەگەڵ جێگاو ڕێگای پیاوانی ئاینی و شازادەو دەرەبەگە گەورەکان .
شوێن و جێگای کورسی لێبڕاڵەکان کەتبووە لای دەستە ( ،چەپی ) خودی پاشاوە ، وە هەرچی شازادەو پیاوانی ئاینی بوون کەتبونە لای دەستە ڕاستی کورسی پاشاوە .
پڕۆژەو بڕیاڕنامەی هاری ترۆمان سەۆکی ئەوسای ئەمریکا لە کاتی جەنگی ساردەو سەری هەڵداوە ، وە هەموو هەوڵ و تەقەلاییەکی خۆیان بۆ دژایەتی ( کۆمۆنیزم و مارکسیزم) خستبووە گەڕ ، وە هاوپەیمانی و کۆمەکی ڕآستەوخۆو ناڕاستەوخۆی هەموو هێزو ڕێکخراوە ئاینیەکانیان کردوە ،هەربۆیە مۆسادی ئیسڕائیلی بە سەرۆکایەتی و هاوکاری ئەمریکا زۆر لەمێژە پڕۆژەی کۆمەک و سازماندانی هەرهێزێک کە بتوانێت ئەم کارە بکات لە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خستۆتە گەڕ ، وە کۆمەک و پشتیوانی لە تەواوی ئەو حیزبانەی کە بەناوی (چەپی قەومی )
( وە سۆسیالیزمی قەومی) و عروبە بکەن لە پێناو ئەم ئامانجەدا وە بۆ سەرلێشێواندنی جەماوەر.
بەم شێوەیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا بە ناوەندێکی جیهانی بۆ تێکەڵ کردنی بیروبۆچوونی چەپی قەمی و عروبە لەگەڵ بیروبۆچوونی ئیسلامی و کۆنەپەرستانەی ڕاستڕەوانە.
کوردستانیش وەک بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، مەیدانێکی گرنگ و شوێنێکی ستراتیجی پڕبایەخ بوو بۆ ئەمریکاو ئیسڕائیڵ ، هەربۆیەڕۆڵ کارکردی مۆسادی ئیسڕائیلی و ڕێکخراوەکانی سەر بە ئەمریکا لە قووڵایی مێژووی بزووتنەوە چەکداریەکانی کوردایەتیدا کاریگەری خۆیان داناوەو ڕیشەیان داکوتاوە.
«کوردایەتی » میتۆدو هزری سیاسی دەرەبەگەکان و سەرمایەدارانی کوردە بۆ مەسەلەی ( مافی چارەی خۆ نووسین) ، بەڵام کۆمۆنیستەکان بۆ بەدیهێنانی ئەم مافە شان بەشانی بۆرژواکان و کۆمبرادۆرە ملیاردێرەکانی کورد خەبات ناکەن و وەک چەپە ڕیفۆرمیستەکان کە بەشداری ڕیفڕاندۆمیان کردو لەهەوڵی خۆسازاندن بوون لەگەڵ ئەم حیزبە کوردیانەدا .
«کوردایەتی » وە یەکێتی نەتەوەیی کورد ، بەمانای بیرتەسکیەکی قەومیانەو ڕەگەزپەرستانە دێت لەبەرامبەر نەتەوەکانی تردا ، هەروەها بەمانای دژایەتیکردنی چینە چەساوەکانی کوردو کارگەرانیانە .
بزووتنەوەی ڕزگاری کارگەران و چەوساوەکانی کورد بۆ چەوساندنەوەی میللی لەسەر بنەمای ( کوردایەتی ) قەومیانەی بەرتەسکی(ڕەگەزپەستانە) ڕاسیستانە دانەمەزراوە ، بەڵکە لەسەر بنەمای شۆڕشێکی بەرینی چەوساوەکان و کارگەرانی کورد ، لەگەڵ چەوساوەکان وکارگەرانی نەتەوەکانی تری دراوسێدا دامەزراوە ، ئەویش بۆ پێشگرتن بە هەر سووکایەتیەکی میللی و قەومی وە هەڵاواردنێکی ئابووری وسیاسی و فەرهەنگی ، وە تا ئەندازەی ڕەخساندنی فرسەتی جیابوونەوەش ، ئەگەر شایەت ئەو جیابوونەوەیە بە قازانجی چینە چەوساوەکان بێت .
ئەمە بنەمای میتۆدی لێنینە ، بۆ چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی .
لە ناو کۆمەڵگا دواکەوتوەکاندا هێشتا مەسەلەی ( چەپبوون) بە مارکسیست بوون لە قەڵەم ئەدرێت ، وە مێژووی شێوێندراو وە شکستی حیزب و ڕێکخراوە چەپە بۆرژواییەکان ، بە مێژووی شکستی مارکس و مارکسیزم دائەنرێت ، وە ژەهری ئەوە ئەڕێژن کە ئەم تیئۆریانەی لێنین و بەڵشەفیکەکان لەسەر ئیمپریالیزم و و شۆڕش و ڕێکخراوبوونی کرێکاران وە هەروەها ڕۆڵی پڕۆلیتاریا بۆ چارەسەری مەسەلەی میللی باویان نەماوەو کۆن بوون و بۆ میللەتی کورد و کرێکاران شیاو نین .
هەربۆیە لەمڕۆدا بەهۆی دواکەتویی چینە داراکان و بۆرژوا کۆمپرادۆرە کوردیەکان وە ساوایی خەباتی چینایەتی لەو ناوچەیەدا وە نەبوونی بنەمای ئابووری پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیی نەتەوەیی کورد و کوردستان ، لەمڕۆدا تەنها حیزبە قەومیە کوردیەکانن وەک پارتی ویەکێتی وە لێبڕاڵیستەکەی گۆڕان وە نەوەی نوێ و حیزبە ئیسلامیەکان نمایەندەی سەرەکی ئەم ڕەوتە ناسیۆنالیستەن ، وە هەروەها حیزبە ( ناسیۆناڵ چەپەکانی) ئێران و ڕۆژهەڵات وهاوشانانیان لە چەپی پۆپۆلیستی میللی و ڕیفۆرمیستی کرێکاری لەو ناوچەیە ،کە لە هەوڵی خۆسازاندن و خۆ گونجاندان لە نێوان بۆچوونێکی چەپی بۆرژوازیانە و بۆچوونی حیزبە قەومیە کوردیە سەرەکیەکان سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستان .
لە کۆتاییدا ئەوە بڵێین کە ڕەنگە ئەوە ڕاستگۆیانە تر بێت ، کە مرۆڤ بە ئاشکرا سنورو بنەمای جیاوازیە سیاسیەکانی خۆی لە بەرامبەرچەپی بۆرژوایی مەوجودا دابنێت و بکێشیت ، بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەس و تاقم و ڕێکخراوانەی کە کار بۆ درێژەدان و جوانکردنی ئەم نیزامە و دەوڵەتە بۆرژواکانی ئەکەن لە ژێر ناوی (چەپ) بووندا .
بەڵام نە پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕو نە کۆمۆنیستە ڕادیکاڵەکانی چاوپۆشی لەوە ناکەن وە بێدەنگ نابن لەبەرامبەر هەر لێکدانەوەیەکی چەواشەکارانەی لەم چەشنە کە بە بیانوی شکستی چەپی بۆرژوایی هێرش بکەنە سەر مارکس و مارکسیزم و دەهۆڵی کۆن بوونی مارکسیزم بەگوێی خەڵکیدا ئەدەن کە شیاوی ئەم سەدەیە نیە .
وە تا جیاوازی چینایەتی و ململانێی جەماوەری ناڕازی سەرجەم پڕۆلیتاریا بمێنێت ، مارکس و مارکسیزم هەر بە زیندویەتی شۆڕشگێڕانەی خۆی و وەک مەشخەڵی ڕزگاری بەخشی پڕۆلیتاریا بە شەکاوەیی ئەمێنێتەوە .
وە مێژووی کۆمۆنارەکانی پاریس وە شۆڕشی بەڵشەفیکەکان و لێنین باشترین بەڵگەن کە چۆن دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازی و باڵە چەپەبۆرژوازیەکانیان لەو کاتانەدا ژێرەوژوورکرد و تێکشکاند .

بژی خەباتی شۆڕشگێڕانەی پڕۆلیتاریا !
بژی مارکسیزم !
بزاڤی مارکسیستی کرێکاران !
و. سابیر
٢١ / ١/ ٢٠٢٤




گفتوگۆ لەگەڵ خانمە هونەرمەند هێرۆ جەوادمحەمەد ناسرا و بە(هێرۆ جواد ).. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

هێرۆ جەواد: لە كوردستان ڕەخنە گری شانۆیی زۆر باش و بە توانامان هەیە، بە ووردی ڕەخنە كانیان دەخوێنمەوە
هێرۆ جەواد: ڕێزی زۆرم بۆهەموو شانۆكارەكان هەیە، بەڵام حەز ئەكەم تەنیا لەخۆم بچم
هێرۆ جەواد: ئاستی شانۆی كوردی لە ئێستادا زۆر بەباشی دەبینیم

خانمە هونەرمەند هێرۆ جەوادمحەمەد ناسرا و بە(هێرۆ جواد ) یەكێكە لە ئەكتەرە دیارەكانی كوردستان لە ساڵی 1983 لەشاری سلێمانی لەدایكبووە ،دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانییە تائێستا بەشداری چەندین شانۆگەریی و كورتە فلیم و درامای تەلەفزیۆنی كردوە هەروەها كاری دەرهێنان بۆ چەندین شانۆگەری كردوە وەكو( دارستانی بەختیاری ،بۆیاخچیەكان یادگاریان نیە، جەنگی ژنێك..) وەكو ئەكتەر بەشداری چەندین شانۆگەریی كردووە لەوانە( ژووری ژمارە شەش، وەرن ئێمەش ببینن، توندو تیژی ، یاداشتەكانی عەرعەر ،عەترەكانی عەربستان ،ژنانی شارەكەم ،نماز ، زنە ، زەماوەند ، چوار ، جەستەی ژن ، ئێوارەی گوڵە مێخەك ، سێ خوشك ، بیرەوەری ونبوویەك ،شالیر و جادووگەرانی ماكبێس…) هەروەها بەشداری چەندین كورتە فیلم و درامای كردووە لەوانە (خومار لەدوا سەردانەوەیدا ،گەرمیان كوێستان ، خوناو ، ئەڵقە ، تاریكی ، گەڕان ، ساتەكانی ژیان ، سۆما ، شەوێك..) لە ئێستادا هونەرمەند( هێرۆ جەواد )، مامۆستای پەروەدەی هونەرییە لە یەكێك لە قوتابخانەكانی شاری سلێمانی بەمەبەستی ئاشنا بوون بە كارە هونەریەكانی بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا ئەگەر بكرێت بۆ خوێنەرانمان باس لە چۆنیەتی ئاشنا بوونت بە هونەری شانۆ بكەیت؟

  • سەرەتای ئاشنابوونم بەهونەری شانۆ كاتێ چوومەپەیمانگای هونەرە جوانە كانی سلێمانی لەبەشی شانۆ وەرگیرام،پەیمانگا بوو وێستگەی دەست پێكردنم بە كاری نواندن ،هەرلەوێ خۆشە ویستی شانۆ لە دەستی پێ كرد بەشداری چەندین كاری شانۆییم كرد.
    *تۆ شانۆت هەڵبژارد یان شانۆ تۆی هەڵبژرارد؟
  • كاتێ بە ویستی خۆم چوومە پەیمانگا، واتە خۆم شانۆم هەڵبژارد ،بێگومان حەزو ئارەزوویەكی زۆرم هەبوو بۆ هونەری نواندن هەوڵێكی زۆریشم دا بۆئەوەی بەردەوامی بەم حەزوو ئارەزووە بدەم.
    *رۆڵی شانۆ لەژیانی گەلان چۆن دەبینیت؟
  • دەستەواژێكی شانۆ هەیە دەڵێت (شانۆ قوتابخانەی گەلە)،هونەری شانۆ لەرێگەی جەستەی ئەكتەر بەشێوەیەكی زیندوو پێشكەش بە بینەران دەكرێت،خاڵێكی تری شانۆ ئەوەیەكە زۆربەی هونەرەكانی تر وەكو موزیك ،شێوەكاری لە نێو شانۆدا بوونیان هەیە لە هەمان كات دا ئەدەبیش لەرێگەی دەقی شانۆیی رەگەزێكی گرنگی شانۆیە هەربۆیە بەباوكی هونەر ناوزەند كراوە، لەبەر ئەم فاكتەرانە پێگەی هونەری شانۆ رۆڵێكی گرنگی هەیە لە گۆرانكاری كردن و هۆشیاركردنەوەی گەلان.
    *خاتوو هێرۆ جەواد كاریگەری كامە شانۆكاری لەسەرە ،یاخود بە نواندنی كامە شانۆكار سەرسامە؟
  • ئەوەی راستی بێت حەز ئەكەم تەنها خۆم كاریگەریم لەسەرخۆم هەبێت ،ڕێزی زۆرم بۆهەموو شانۆكارەكانی تریش هەیە بەڵام حەز ئەكەم تەنیا لەخۆم بچم لە هێرۆ جواد بێگومان هونەرمەندی زۆر باش و بەئەزموونیشمان هەیە هیوای سەركە وتنیان بۆ دەخوازمشن لێرەوە رێزو سڵاو هەیە بۆیان،بەڵام ئەوە حەزوو ئارەزووی خۆمە.
    *چۆن دەڕوانیتە رەخنەگرانی شانۆ لە كوردستان؟
    -لە كوردستان ڕەخنە گری شانۆیی زۆر باش و بە توانامان هەیە زۆر بە باشی قەڵەمەكانیان دەخەنە سەر نمایشەكان، من زۆر بە ووردی ڕەخنە كانیان دەخوێنمەوە وە دەست خۆشی زۆرم هەیە بۆیان چونكە دوورن لە مجاملە ی شانۆكاران هیوای بەردەوامیان بۆدەخوازم هیچ كارێكی هونەریش كامڵ نیە ، بۆیە هیچ كارێكیش بێ ڕەخنە نابیت بە ڵام ڕەخنەی ڕوو خێنەر نا،بەڵكو رەخنەی بنیاتنەر بێت لەپێناو خزمەتی كارەكەدا بێت.

    *تاچەند ( دەق ) گرنگە لە پرۆسەی نمایش دا؟

  • دەق رەگەزێكی گرنگ و گەورەو گرانی سەركە وتنی هەموو كارێكی شانۆیە ،رۆڵێكی سەرەكی دەبینیت لە پرۆسەی نماش دا ،چونكە دەق نیوەی دەرهێنانە بۆیە هەڵبژاردنی دەق بۆ هەر دەرهێنەرێكی شانۆیی گرنگەبەجۆرێك دەبێتەفاكتەرێك بۆ سەركەوتنی نمایشەكە.

    *ئێوە خاوەن چەندین خەڵاتی شانۆین،دوا خەڵات وەكو باشترین ئەكتەر دووەمی كچ لە فیستیڤاڵی شەشەمی نێودەوڵەتی شانۆی عێراق وەرگرت هەستت چۆن بوو؟

  • بێگومان خە ڵات بۆ هەرهونەرمە ندێك گرنگە،پاڵ پشت و هاندانێكی گەورەیە بۆ هونەرمەند بە دڵنیاییەوە، شانازی بەهەموو خەڵاتەكان دەكەم وهەستێكی زۆر خۆشە لە هەمان كاتەدا خەڵات وا لە هونەرمەند دەكات زیاتر هەوڵ بدات بۆ ئەوەی ئەو توانستییەی هەیەتی پێشكەش بكات. بە ڵام نابێ بەدەست هێنانی خە ڵات ببێتە هۆی ئەوەی كەهونەرمەند توشی لوت بەرزیت بكات بەڵكو دەبێت هەوڵی زیاتر بدات بۆئەوەی بەرەوە سەركەوتنی گەورەتر هەنگاو بنێت.

    *لە ئێستادا شانۆی كوردی لە چ ئاستێك دایە، پێتان وایە شانۆی كوردی لە قەیران دایە؟

  • بە پێچەوانەوە ئەوەی من دەیبنم و بەردەومیشم شانۆ لە شارەكەی مندا زۆر زیندووە و لە قەیران دا نیە ئەوەی قە یرانە …بەداخەوە قەیرانی ئابوری و سپۆنسەری كەمی كارە شانۆییەكانە ئەگەر نا ئێمەی شانۆكاران لە ئامادەباشی داین بۆ هەركارێكی شانۆییدا بەشداربین، شانۆكارانی كورد لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و دەروەوەی عێراقیش ئامادەبوونیان هەیە بەشداری فیستیڤاڵە شانۆیییەكان دەكەن و خەڵاتیش بەدەست دەهێنێن لە شارەكەی من هیچ مانگێك بە بێ نمایشی شانۆ تێپەر ناكات بۆیە من ئاستی شانۆی كوردی لە ئێستادا زۆر بەباشی دەبینیم.

    *لەرێگەی ئەم دیدارە چ پەیامێكی كەسی یاخود هونەریت هەیە بۆشانۆكاران و بینەرانی شانۆ ؟
    -پەیامی من پەیامی خۆ شەویستی و یەكڕیزییە ، بەجۆریك هونەرمەند دووربیت لە قاچ شكاندنی یەكتری و ناوزڕاندن چونكە هونەرمە ند زۆر گەورەیە،پێویستە خۆی بە دوور بگرێت لەو دیاردە ناشرینە هیوای ئەوە دەخوازم هونەرمەندان هەمیشە لە لوتكە دابن كاری جوانتر و باشتر پێشكەش بە بینەران بكەین.

  • هیچ پرۆژەیەكی نوێی هونەریتان هەیە؟
  • بەڵێ كاری نوێم هەیە، بە شداری درامایە كم كردووە ڕۆڵی سەرەكی لە درامایەكە دەبینم ،بەڵام نازانم لە كام كەناڵ پەخش دەكرێت درامایەكە بە ناوی (كرێچیە كان)-ە لە نووسینی (شوعلە شەریعەتی )یە نووسەر و هونەرمەند “پێشڕەو حسێن ” كاری وەرگێڕانی كردووە هونەرمەند (كاوە ئەحمەد میرزا) پێداچوونەوەی بۆ دەقەكە كردووە، هونەرمەند (ئەنوەر قەرەداغی ) كاری موزیكی دراماكە ئامادەو جێبەجێ دەكات ،كاری دەرهێنانی لەلایەن هونەرمەند (دكتۆر غەسان عەبدوڵا) بۆكراوە . هەروەها لە ئامادەكاری داین بۆ كارێكی شانۆ لەگەڵ كۆمەڵەی هونەرە جوانەكان مامۆستای بە ڕێز مامۆستا “شە فیق “كاری دەرهێنانی بۆ دەكات بەمەرجێك ئە گەر داهاتی كارە شانۆ كەمان بۆ دابین بكەن.
  • ئێمە لە كۆتایی ئەم هەڤپیڤینەدا زۆر سوپاست دەكەین بۆ ئەو دەرفەتەی بە ئیمەت بەخشی.
  • منیش زۆر سوپاسی ئێوەی بەڕێز دەكەم بۆ ئەوسەركردنەوەتان.

    هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس




مارف خەزنەدار: ئەوینێک سەرتاپێی هەبوونی ڕەنگڕێژ کردبوو؛ نەتەوە و نیشتمان.. فەرهاد شاکەلی

پێشتر لەوەیە بەرهەم و نووسینیم بەرچاو کەوتبێت، یا خوێندبێتەوە، بەاڵم باوەڕ ناکەم بە شێوەیەکی تایبەت سەرنجمی ڕاکێشابێت. دەزانم یەکەم کتێبی ئەو، کە دەستم کەوت و خوێندمەوە (بووکەشووشە) بوو. ئەمە نامیلکەیەکی بچکۆلە بوو، نازانم یەک چیرۆک بوو یا لە هەندێک کورتەچیرۆک پێک هاتبوو. تا ئەو کاتە خۆیم نەبینیبوو..

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن..




قەسیدەی رووتبوونەوەی پیاوێکی کێویی.. ستیڤان شەمزینی

تۆ ئەی ژنە نازدارەکە
ئەگەر کاتت ھەیە
چەند خولەکێک گوێم بۆ رابگرە
بێ حەپەسان لە وشەکانم ورد ببەوە
تۆ منت زۆر گۆڕیوە
پێش ناسینی تۆ
بەھەشتی داڵغە شەھوانییەکانم
جمەی دەھات لە حەشاماتی سۆزانی
ھێندە لاسار بووم
حەزم دەکرد چەقۆیەک بکەم
بە لاقەبرەغەی خۆردا
بێ شەرمکردن لە تریفە
بەردبارانی مانگەشەو بکەم
ھیچ سەرلەشکرێکی دێرین
ھیچ سیاسەتمەدارێکی ھاوچەرخ
ھێندەی من بەد ئەنگێزە نەبووە
حەزم لە خاپوورکردنی شارەکان و
کوشتنی کانیاوەکان و
ئەشکەنجەدانی ئازادیی بوو
ماڵی بیرکردنەوەم
شوێنی حەسانەوەی نیرۆن بوو
بیرم دێتەوە
زەلکاوی بۆقەکانم شێواند
بە قامچی بەربوومە گیانی پەروانە
ھێلانەی چۆلەکەکانم تێکدا
بەو دیمەنە شێواوە
قاقا دەکەوتمە پێکەنین
با ئەوەشم لە بیر نەچێت
ھێندە سادیست بووم
حەزم لەو فیلمە ترسناکانە دەکرد
خوێن تیایاندا جۆگەلەی دەبەست
رقم لە قوربانییەکان دەبووە
پێکی سەرکەوتنم
بۆ جەلادەکان تێدەکرد
رەنگە بڕوا بەوە نەکەیت
ئەگەر بڵێم
حەزم دەکرد لەشی گوڵ
لە بن پێڵاوی دڵڕەقیمدا بپلیشێتەوە
بە شمشێرێکی کۆن
سەری ھەزاران
خەونی نوێ لێ بکەمەوە
ببمە بایەقووشی جەنگ و
سەرژمێری کوژراوەکان بکەم
دەبێت باوەڕت بەم قسانەم بێت
ئەوەندە درۆزن بووم
ھێندە دڵگەرمانە فووم دەکردە
میزەڵدانی درۆکانمەوە
چەندان جار بە چڕوچاومدا دەتەقین
بێ تەریق بوونەوە، دووبارە
فووم لە درۆیەکی گەورەتر دەکردەوە
ھێندە بێ شەرم بووم
تەنوورەی مێژووم ھەڵدەدایە و
باسی جلی ژێرەوەیم
بۆ ئایندە دەکرد
ھێندە دۆڕاو بووم
قومارم لەسەر ھەرچی کردبا
بە ئیفلاسبوونم کۆتایی دەھات
تەنیا یەک جار نەبێت
جۆکەری کۆنکەنی پایز
کردمییە براوەی تێکڕای گەڵا وەریوەکان
ھێندە کێویی بووم
ئەنگوستیلەی ھیچ خەیاڵێکی شارستان
بە پەنجە دڕەندەکانی منی نەدەکرد
ھێندە تەڵخ و تۆزاویی بووم
رووم نەدەھات
لە بەردەم ھیچ ئاوێنەیەکی رووندا
تەماشای ناشرینی ناخم بکەم
ھێندە بەدفەڕ و زمانشڕ بووم
ھاوڕێتی رەشەبام دەکرد
ھەواڵی تواندنەوەی دوو مۆمی شەیدام
لە باوەشی یەکتردا
بەسەرتاپای خێوەتەکانی
عەشیرەتی خەنجەردا بڵاو دەکردەوە
نامەوێت بەم قسانە شۆک بیت
وا تێبگەیت سەرەم ھاتووە
بمبەن بۆ شێتخانە
نا، دەمەوێت خۆم رووت بکەمەوە
لەبەردەم تۆدا
جلەکانم ھەر لەبەردا دەبێت
دەخوازم ماسکەکانم دابنێم
لە تەنگەبەریی گۆڕ دەترسام
ھەمیشەش گوناھی مەزنم دەکرد
ئاگرم لە کولانەی سەگەکان بەردەدا
گڵۆپی سەرشەقامەکانم دەشکاند
لەگەڵ تاریکییدا سەرچۆپیم دەگرت
بە لای ھەر درەختێکی بەرداردا تێپەڕیبم
تا سنووی رشانەوە لێم خواردووە
پاشان ھەموو چڵەکانیم شکاندۆتەوە
لە ھەر کانیاوێک تینووێتیم شکاندبێت
پڕم کردووە لە بەردی سپڵەیی
لە ھەر پەناگەیەک پشووم دابێت
وەک پاشماوەی جەنگ جێمھێشتووە
لە ھەر شارێک داڵدە درابم
نزای کاولبوونیم کردووە
بە ھەر دەشتێکدا رۆشتبم
تەمەنام کردووە ببێتە قەبرستان
حەزم لە بوختانکردن بوو
چەندان جار بوختانم بۆ دەریا کردووە
لەگەڵ کەشتیوانەکان بە شەڕم داوە
زۆرجاری تریش
بوختانم بۆ مۆم ھەڵبەستووە
گێژەڵوکەم ناردووە بۆ گیانی
لەناکاو وەک ئیزرائیل
رۆحی دەرکێشاوە
ھیچ کاتێک پێنەکەنیووم
مەگەر ئینجانەم بە شکاویی بینیبێت
مەگەر چرچ و لۆچیی غەمگینی
بە رووخساری کۆترێکی گەنجەوە
بە تەواویی سەرنجی راکێشابم
یان ئەو کاتەی بینیوومە
جادووی رەش لە باخێک کراوە
گوڵ لە ھەناویدا
دەستی کردووە بە ھەڵوەرین
ھەر لەو کاتانە پێدەکەنیم
دەمبیست گەشبینی
سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە
یان باڵندەیەکی شیکی بەرزەفڕ
بڕیاری خۆکوشتنی داوە
ئەو کاتانەش کە ھەواڵم پێدەگەیشت
گۆرانی سەری خۆی لە قوڕ ناوە و
لەبەر قاپی نیگەرانی کەوتووە
ئەمە ھەموو داستانی منە
پێش ناسینی تۆ
پرسیار مەکە ھەنووکە چۆنم
بە چاوی خۆت دەبینیت
گریانم
لە چاوی ھەر کارێزێکی بێ نازدا
پێکەنینم بەسەر لێوی عەشقەوە
بارانم بۆ ھەر کێڵگەیەکی تینوو
زریانم بۆ راماڵینی تەپوڵکەی کینە
ھەورە بروسکەم بەھەموو پیاوێتیمەوە
بەسەر دێوی تەنھاییدا دەگرمێنم
کەمانچەیەکم بەدەستی چرچی خوداوە
ئایەتێکم لە سورەتی خۆشەویستی
پارچەیەکم لە ئەڵماسی مرۆڤدۆستی
ژیلەمۆیەکم بە شەماڵی عەشق دەگەشێمەوە
پەشمەکم لە نێو دەمی شیعردا دەتوێمەوە
شەونمم بە لاجانگی دابڕاندا دێمە خوارەوە
ھاواری ئەوینێکم سەدان ساڵ دەنگ دەداتەوە
کەشتییەکم پڕ لە سەرنشینی مەست
زەریای موحیبەت دەبڕن
پێکێک “مەی”م، ژنێک دەمخواتەوە
سەری پڕ دەبێت لە خەیاڵی جوتبوون
پەنجەی درەختێکم
تەسبیحاتی سەوزبوونەوە دەکات
قاچی خەونێکم
بەرەو واقیع ھەنگاو دەنێت
چریکەی تیژی مەقامبێژێکم
تەرمی ھەلاھەلابووی
جوانی دەلاوێنێتەوە
خۆ دەیبینیت، من زۆر گۆڕاوم
ئەو مرۆڤە مێشک چڵکنەی پێشوو نیم
ئەو پیاوە داڕووخاوەی جاران نیم
ئەو بوونەوەرە سامناکەی رابردوو نیم
رەنگە پێت سەیر بێت
ئەم دۆنادۆنە چۆن روویدا!
نھێنییەکەیت بۆ ئاشکرا دەکەم
تەنھا یەک جار
بەر دوو دڵۆپ
پرشنگی مێینەیەتی ژنێک کەوتم
تەنیا دوو دڵۆپ بوو نەک زیاتر
تەنیا دوو دڵۆپ




لە موو باریکتر.. چیرۆکی: نەوزاد بەندی

ئەو بنەماڵەیە هەر هەموویان پلەی دکتۆرایان هەبوو ..بە یەکتریان ئەوت پڕۆف یان یائپڕۆڤ ..وەک ئاماژەیەک بۆ پڕۆفیسۆر و یاریدەدەری پڕفیسۆر …تێکڕایان تێکسمڕاو بوون ، ملئەستوور و.. قاچ و شان کۆتەرە ، لە دوورەوە لە کەرتە شاخ ئەچوون …باپیرە گەورەیان دکتۆرای لە نانەقەیسیدا هێنا بوو ، پرسیارێکی بێ وەڵامی وروژاندبوو ، ئاخۆ نان پێش قەیسییە یان قەیسیی پێش نان ؟ ..خۆی تێزی دکتۆراکەی لەسەر ناوساجی بوو کاتێ بە بنی تاوەوە ئەنوسێ …برا گەورەکەی یاریدەدەری پڕۆفیسۆر بوو ، لە بواری قنچکی پیازدا …خوشکێکیان هەبوو ، زۆر ناشیڕین بوو ، پێیان ئەوت لوت باینجان ، دکتۆرای لە بواری گیزەی مێشولەدا هێنابوو لە شەوی یەڵدادا ، بە پلەی نایاب .. یەکێک لە توێژەران خۆی پێ نەگیرا بوو ، هەتا هێزی تێدا بوو ، جڕتێکی لێ دا بوو ، جا نەڕاندبووی : لە شەوی یەڵدادا نەک مێشوولە ، تەنانەت شەمشەمەکوێرەیش لە سەرماندا ، نایەتە دەرەوە و لە ساتیرەی ئەشکەوتێکا بۆ خۆی خەریکی جۆلانەکردنە ..
هەر ئەو کات و ساتە ، دوو شینە زەلام ، توێژەرەکەیان وەک پارچە فلینێک هەڵگرتبوو و بردبوویان ، ئیتر توێژەر خۆتان خۆش .. ئەو هەموو زانا و دانایه ، هەر نەیشیانپرسی بوو ئاخۆ توێژەرەکە بە چ شێوەیەک کوژراوە ؟ یان چۆن نێژراوە ؟
مامێکیشی هەبوو دکتۆرای بە پلەی زۆر باشە ، لە جیڕەی دەرگادا هێنا بوو ، بە تایبەت لە شەوانی زستاندا … ئەوەندە بە جوانی ئەو جیڕە جیڕەی لێکدابۆوە ، حەزت ئەکرد نەک هەر دەرگاکانی ماڵەوە ، تەنانەت دەرگای مزگەوت و ئوتومبیل و هێلانەی مریشکیش جیڕەیان تێ بکەوێ ، ئەمیش لە خوای ئەویست ، هەر دوای تێزە بە پێزەکەی ، زانکۆیەکی گەورەی دامەزراند ، درەختی دانسقەی وای بۆ هێنا بوو ، نرخەکانی پیاویان تووڕە ئەکرد ، بۆ نمونە درەختێک هێندەی قەلێکی سوور ئەبوو ، نرخەکەی چل هەزار دۆلار .. لەو زانکۆیەدا ، کوڕە زۆر دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووەکان فێری جیڕە جیڕ ئەکران ..چۆن دەرگایەک یان پەنجەرەیەک دێنیتە جیڕە ..یەک کۆرسی تەواو لەسەر جیاوازی نێوان جڕت و جیڕە دەڕۆیشت ..ئەمانیش هەڵبەت هەر وا بە ئاسانیی نایخۆن ، چونکە کۆمپانیاکانی زەیتی دەرگا و دەڕابە هاواریان لێ بەرز بۆوە ، ئێ وای لێهاتبوو بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا ساغ نەدەبوونەوە ..خەڵک بەجۆرێ ئاڵودەی جیڕە بوو بوون ، بابت بکوشتنایە ، بەس باسی ڕۆنی نەرمکردنی ئەنجامەی دەرگات بۆ نەکردنایە .. ئەمان پشتیان قایم بوو ، بە داواکاری گشتییان وتبوو هەر داوایەک دژی جیڕەی دەرگا بەرز کرایەوە ، لوولی کە و بیخەرە تەنەکەی خۆڵەکەوە و خاوەنەکەیشی بە مادەی پەنجا و شەشی تیرۆر سەرنگون بکەن …کار گەیشتە ئەوەی هیچ کورسییەکی بەتاڵ له زانکۆی جیڕە جیڕ نەمایەوە و ..زانایەکی زۆری تیا بەرهەم هات ، کە لە ئاهەنگی دەرچوونیاندا ، زیاتر پاو پوز و ڕانی سپی خانمان نمایش دەکران ، کە هیچ پەیوەندییەکیشی بە جیڕەوە نەبوو ، بەڵام ڕاستەوخۆ لە زانکۆیەکی ئەسکەندنافییەوە وەرگیرا بوو ..جێی شانازی و چاو لەوەڕاندن بوو ..
خوارزایەکیان دکتۆرای لە موشێندا هێنابۆوە ، لە ئەدنبەرە ی بەریتانیا ، یاسای زۆر سەرسوڕهێنەری لەو یارییە میللیەدا داهێنابوو ، بۆ نمونە بە بەڵگەوە حاڵەتی ( حەپولکی ) ڕەت کردبۆوە ، چونکە تۆ کە حەج ئەکەیت ، یان یاری ، هیچ پێویست ناکا بە حەپولکی سڕ بکرێی .. ئەمەیش وایکرد بازرگانیی هەڵمات و گلۆر پێشکەوتنێکی بەرچاو بە خۆیەوە ببینێ ، بە تایبەت دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگاکان زۆر بە دڵشادییەوە دادەنەوینەوە وەک چۆن لەسەر سیفۆنی ئاودەستی ڕۆژهەڵاتیی دادەنیشیی ، ئا بەو شێوەیە ، سەریان بۆ هەڵماتەکان نەوی دەکرد ، بۆ ئەوەی یارییەکە بەردەوام بێ …کوڕ ئەو کوڕە بوو موشی زۆر بباتەوە ، ئەوە لە ئەولەویاتی کارەکانیان بوو …
خاڵۆزایەکیان دکتۆرای لە خاڵخاڵۆکەدا هێنا بوو .. دەرمانێکی دۆزیبۆوە ، لە توانایدا هەبوو خاڵەکانی سەر باڵەکانی خاڵخاڵۆکە بسڕێتەوە ، بەوەیش ناوەکەی گۆڕی بۆ باڵباڵۆکە ، یان کاڵکاڵۆکە … شایانی باسە ئەم تێزی دکتۆرایە کە لە تۆڕە کومەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە ، لە پێنج خولەکی یەکەمدا ، سیانزە ملیۆن لایک و .. دە ملیۆن کۆمێنتی دەستخۆشیی بۆ خۆی کۆکردەوە ..ئەمە وایکرد یاریزانە جیهانییەکان پەیوەندی پێوە بکەن و داوای لێ بکەن خاڵەکانیان بۆ لێبکاتەوە ..لە بەرامبەر هەر خاڵێکدا ، چەند پارەیش داوا بکا ، ئامادەن بیدەنێ ، بەڵام ئەو هەستی نیشتمانیی بەسەریدا زاڵ بوو ، لە کۆنگرەیەکدا ، تابلۆی خاڵخاڵۆکەیەکی بەرزکردەوە و نەڕاندی : هەتا خاڵی خاڵخاڵۆکەکانی نیشتمانەکەم وەستابن ، خاڵ بۆ باوکیشم لێ ناکەمەوە .. هەرچی سەروەت و سامانی دنیایەیە بیخەنە بەڕکمەوە ، نەک خاڵێک ، نیو خاڵیشتان بۆ لێ ناکەمەوە ..
ئەڵێن کەس چەپڵەی بۆ ئەو داستانە لێنەدابوو ، هەر بۆیە خەڵکێکی زۆر دەستگیر کرابوون و .. حوکم درا بوون ، هەندێکیشیان سەرنگووم کرا بوون ..