ساغکردنەوەی: هێمن، چۆن شیعری عەشق و ئازادی نووسیوە؟.. ئەرسەلان حەسەن

دووتوێی پێنجشەموانی کوردستانی نوێ – بە تایبەت بە ئەدەب و هونەر، ژمارە (١٣٠٣) لە (١٤/١٢/٢٠٢٣) وتارێکی نووسەر (سوارە نەجمەدین)ی بەوناونیشانەی سەرەوە بڵاو کردووەتەوە کە نووسەر لەو وتارەدا باسی چۆنێتی ئیلهامی نووسینی شیعری (عەشق و ئازادی) شاعیر هێمن موکریانی دەکات و بۆ پشتڕاستکردنەوەی نووسینەکەی دوو نموونە دەهێنێتەوە. یەکەم، چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی مامۆستا (محەمەدی شڵماشی)، کە من بۆخۆشم ئەو چاوپێکەوتنەم بینیوە و دووەم، شێخ ئەنوەر کە لە چایخانەی شەعب بۆ خودی نووسەری گێڕاوەتەوە، هەر چەند نووسەر سەرەتا ئاماژە بەوەدەکات کە شێخ ئەنوەر لەوکاتەدا زاکیرەی خراپ بووە.
هەروەها پاشان نووسەر پشت بەچاپی یەکەمی دیوانی (ناڵەی جودایی) دەبەستێت کە لە بەغداد لە ساڵی ١٩٧٩ لە چاپخانەی (علاء) چاپکراوە و لە کتێبخانەی نیشتمانی ژمارە (٨٥)ی ساڵی ١٩٧٩ی دراوەتێ… هێمن ئەو شیعرەی ساڵی ١٩٧٧ نووسیوە، بەڵام ڕۆژی نووسینەکەی نە نووسیوە و بەڵگەی ئەوەشی هێناوەتەوە کە بە پێی شیعرەکە و دوادێڕی بێت، لە بەهاردا نووسراوە کە دەکاتە بەهاری ساڵی ١٩٧٧.
یەکەم، مامۆستا محەمەدی شڵماشی لەوچاوپێکەوتنەدا وتی: (ئەو شیعرە بۆ هاوسەری شەهید خاڵە شەهاب نووسراوە، کە….) من نامەوێت لێرەدا دووبارە بەسەرهاتەکە بەدوورودرێژی بنووسمەوە و نووسەر دەڵێت بە پێی ئەم گێڕانەوەیە، هێمن ئەو شیعرەی پێش ساڵی٢١/١١/١٩٧٦ نووسیوە، لە کاتێکدا بۆخۆی لەدیوانەکەدا نووسیوویەتی ١٩٧٧. دیسانەوە نووسەر پێیوایە (ناوەڕۆکی شیعرەکە و بەسەرهات و بابەتی شەهید خاڵە شەهاب زۆر دوورن لەیەکترەوە، بۆیە پێموانییە ئەو شیعرە بۆ ئەو ڕووداوە یان هاوژینی شەهید شەهاب نووسرابێت…) و نیوەدێڕی دووەمی بەیتە شیعرێک دێنێتەوە و بە پێی ئەو نیوە دێڕە، پێیوایە گێڕانەوەکەی مامۆستا محمەد شڵماشی ڕێی تێدەچێت، بەڵام لێرەشدا نووسەر دەڵێت: (ئەز نازانم مامۆستا محەمەدی شڵماشی ئەم بەسەرهاتە دەگێڕێتەوە، بۆخۆی لەوێبووە و لە تەک هێمندا ڕۆژی کردۆتەوە یان نا!).
لەدووەمدا بۆ گێڕانەوەکەی شێخ ئەنوەر، نووسەر دەڵێت: (لێ بەندە ڕاستەوخۆ لەزاری شێخ ئەنوەرەوە چیرۆکی ئەو شیعرەم بەجۆرێکی تر بیستووە…)، نووسەر پێیوایە گێڕانەوەکەی چەند خاڵێکی ناکۆکی تێدایە، کە لە نووسینەکەدا ئاماژەی پێدەکات و من نامەوێت جارێکی دیکە وەردی بدەمەوە.

دوو شایەتحاڵی دیکە
لێرەدا باسی دوو شایەتحاڵی چۆنێتی نووسینی شیعرەکە دەکەم و بۆ ساغکردنەوەی ئەوەی هێمن چۆن شیعری عیشق و ئازادی نووسیوە؟ پشتبەنووسینی هەر دووکیان دەبەستم کە یەکەم، م. عەبدە (عەبدولڵا ساڵح) لە وتارێکدا و دووەم، لە کتێبە دوو بەرگییەکەی (خەرمانێک لە کۆی یادەوەریەکانی سەنگەری کوردایەتیم) نووسینی مەلا ڕەسوڵ پێشنماز بەرگی دووەم، کە دەقی نووسینەکەی م. عەبدەش هەر لەو بەرگەدا هاتووە و مەلا ڕەسوڵ گوتەنی: (ئەم نووسراوەم لەسەر دیواری م. عەبدە (Abdullah Salih) وەرگرتووە. منیش ڕوونکردنەوەیەکم نووسیوە و لەسەر دیواری خۆم هەیە و دەتوانن بیخوێننەوە، لەسەر ئەو هۆنراوەی م. هێمن).

ئیلهامی شیعر
مامۆستا مەلا ڕەسوڵ دەڵێ: (خاڵە عەبدە یەکێک لەدۆستەکانی شاعیر “هێمن موکریانی” بووە و هەمیشە سەردانی مامۆستا هێمنی کردووە، بە تایبەت ئەوکاتانەی لە بەغدا بووە، خۆی ئەم یادگاری بەسەرهاتەی گێڕایەوە).
مامۆستا عەبدە لە گێڕانەوەکەیدا لەژێر ئەم ناونیشانەی سەرەوەدا دەڵێ، ساڵانی حەفتەکان مامۆستا بووە لە قەڵادزێ و هاوکارێکی هەبووە بەناوی (پ.ح)، ئافرەتێک بووە زۆر عاشقی شیعرەکانی مامۆستا هێمن بووە و حەزی کردووە لەنزیکەوە بیبینێت. کچە لەمدەمەدا پەیوەندی خۆشەویستی دەبێت، بەڵام بە هۆی زیبکە لێهاتنی دەموچاوی دەزگیرانەکەی وازی (لە ڕاستیدا من نازانم بۆچی م. عەبدە لێرەدا وشەی دەزگیرانی بەکارهێناوە، چونکە هەموومان دەزانین خۆشەویستی و دەزگیرانیی دوو سەردەمی جیاوازن و کچ دوای مارەبڕینی دەبێتە دەزگیراندار، نەک لەخۆشەویستیدا.. نووسەر) لێ دێنێت و ئەویش زۆر پێی ناڕەحەت دەبێت، بەڵام دەزانێ خاڵە عەبدە زۆر دۆستی هێمنە و داوای ئەدرەس و شوێنی مامۆستا هێمنی لێ دەکات بچێت لە بەغداد سەردانی بکات کە لەوکاتەدا لەبەغدا بووە، بەڵام لەبەرئەوەی باری دەروونی بە هۆی ساڵانێکی زۆر دووریی و ئاوارەیی ناتەواو بووە لەنەخۆشخانە خەوێنراوە، ئیدی کیژە ناونیشانەکە دەدۆزێتەوە و سەردانی دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ قەڵادزێ و پاش ماوەیەک کە خاڵە عەبدە مامۆستا هێمن دەبینێت و پێیدەڵێ کەسێکم ناردووە بۆلات بینیت؟ لەوەڵامدا دەڵێ: (کوڕە ئەوە بوو بە هەوێنی شیعرێکی زۆر جوان بۆم. من لەسەر چرپای خەستەخانە ڕاکشابووم هات بۆ لام و بەگریانەوە باسی وەزعی خۆی بۆ کردم. کاتێ فرمێسکی ئەوم بینی ئازاری خۆم لەبیرچۆوە و دوایی بوو بەهەوێنی ئەو شیعرە جوانەی کە دەڵێ:
کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی،
گوتم: یاخوا لەسەر سوورگوڵ نەبینم شەونمێکی تر…)

ڕوونکردنەوەکە
مامۆستا مەلا ڕەسووڵ پێشنماز لەڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێت: (ماوەیەک پێش نوسراوێکی مامۆستا عەبدوڵا ساڵح ناسراو بە م. عەبدە خوێندەوە باس لەهۆنراوەیەکی نەمر مامۆستا هێمن دەکات، بەناوی عیشق و ئازادی) و هەمان دێڕی سەرەوەی بە نموونە هێناوەتەوە.
مامۆستا مەلا ڕەسوڵ لەدرێژەی ڕوونکردنەوەکەی هەمان باسی م. عبدە دووبارە دەکاتەوە و پاشان دەڵێت: (ئەو باسەی مامۆستا عەبدە لەسەری نووسیوە زۆر ڕاستە و من ئاگاداری تەواوم لەوبوارەدا هەیە، ئەو هۆنراوە بۆ ئەو کیژە هۆنراوەتەوە کە مامۆستا عەبدە ئیشارەی پێ کردوە.) هەروەها پێشنماز دەڵێت: (بۆ ئاگاداری خوێنەرانیش م. هێمن لە هۆنینەوەی هۆنراوەکانیدا ئینسانێکی زۆر ورد و بەدیقەت بوو ئەگەر ئەو هۆنراوە بۆ ژنێک با مەحاڵ بوو بڵێ، کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵ شکاو بینی.)
دیسانەوە پێشنماز دەڵێت: (باس لەوەش کراوە کە گۆیا لەوکاتدا شەهید (د. قاسملووش) حزوری بووە ئەوەش وانییە… و من تەنیا ئەو ڕوونکردنەوەیەم لەسەر بوو بە پێویستم زانی باسی بکەم و بەهیوام کەسانێکی دیکە کە پێچەوانەی نوسینەکەی م. عەبدە و ڕوونکردنەوەکەی من شتیان نووسیوە لێمان دڵمەند نەبن).

سەرئەنجام
بەوپێیەی نووسەر (سوارە نەجمەدین) گومانی لە هەر دوو بەڵگەکەی هەیە وەک بۆخۆی دەڵێت، بەو ئەنجامە دەگەین شیعری (عیشق و ئازادی) بۆ ئەو کیژە عاشقە دڵسووتاوە کۆستکەوتووەی قەڵادزێ نووسراوە و نووسینەکەی (م. عبدە)و ڕوونکردنەوە و گەواهیدانەکەی مامۆستا مەلا ڕەسوڵ پێشنماز بەسە بۆ دڵنیابوونمان، چونکە هەم مامۆستا عەبدە هاوڕێیەکی نزیک و هەم مەلا ڕەسوڵ تێکۆشەر و هاوخەباتی مامۆستا هێمن بووە.

———————————-
سەرچاوە

  • هێمن، چۆن شیعری عەشق و ئازادی نووسیوە؟ سوارە نەجمەدین. دوو توێی پێنجشەموانی کوردستانی نوێی تایبەت بە ئەدەب و هونەر ژمارە ١٣٠٣. ١٤/١٢/٢٠٢٣.
  • خەرمانێک لەکۆی یادەوەرییەکانی سەنگەری کوردایەتیم، بەرگی دووەم، چاپی یەکەم ٢٠٢٣، لاپەڕەکانی (٤٠٣ تا ٤٠٦)، کۆکردنەوەی: خاتوو گوڵاڵەی پێشنماز.
    ————————————–
مەلا ڕەسوڵ پێشنماز و ئەرسەلان حەسەن



ناڕەزایەتیەکان بەدژی رادەستکردنی جولیان ئەسانج بە حکومەتی ئەمریکا.. نوری بەشیر

رۆژەکانی ٢٠ و ٢١ی فێبریوەری لەسەر بانگەوازی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، پەیامنێرانی بێسنوور، سەندیکای نیشتمانی ڕۆژنامەنووسان، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان و دەیان ڕێکخراوی دیکەی مافی مرۆڤ و ئازادی قسەکردن، هەروەها بەبەشداری ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوە کۆمۆنیستیەکان، ئەندام پەرلەمانی بەریتانیاو ئەوروپا، ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنوسان و نوسەران، لەبەردەم دادگای باڵادا لە لەندەن بۆ هاوپشتی لەگەڵ جولیان ئەسانج کە تانەدانبوو لەدادگادا بۆ رادەستکردنی بەئەمریکا، لە ٨ی بەیانیەوە تا کاتژمێر ٥ی ئێوارە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا.
لەو دوو رۆژەدا بەجیا لەبەرزکردنەوەی سەدان دروشم و بەدەنگی بەرز ووتنەوەی دورشمی ” تەنیا بڕیار ئازادی ئەسانجە، بەڵێ بۆ ئازادی ئەسانج، بەڵێ بۆ ئازادی رۆژنامەگەری و نا بۆ رادەستکردنەوە بە ئەمریکا”و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام پەرلەمانی بەریتانیاو ئەوروپا لەوانە جێرمی کۆربن ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا، رۆژنامەنوسان، نوسەران و تریسا ئەسانج هاوسەری ئەسانج، قسەوباسیان کرد.
وتاربێژان باسی ئەوەیانکرد جولیان ئەسانج رۆژنامەنوسێکی ئازاو بوێر بوو، کە زۆرێک لە تاوانەکانی جەنگ و ساختەکاری و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و گەندەڵی لە سەرانسەری جیهان و لەوانە حکومەتی ئەمریکای خستەڕوو، لەوانە ٧٠٠ هەزار بەڵگەنامەی لەسەر حکومەتی ئەمریکا بوو، وتیان ئەوەش بەشێکە لەکاری رۆژنامەگەری، بۆیە زیندانیکردن و رادەستکردنەوەی بەدژی ئازادی بەیان و ئازادی رۆژنامەگەریە، وە لەسەر ئەو تاوانانە دەبێت ئەوان سزا بدرێن نەک ئەسانج.
پەیامنێرانی بێسنوور نوسیبویان: “تا جولیان ئەسانج دەستبەسەر بێت ئەم دۆسیەیە پابەندبوونەکانی ئازادی میدیای بەریتانیا تێکدەدات”. وتاربێژان بەتایبەت رۆژنامەنوسان تەئکیدیان لەوەکردەوە زیندانیکردنی ئەسانج زیندانیکردنی هەموومانە.
هەر لەم ڕووەوە لەم دواییانەدا زیاتر لە ١٨٠٠ ڕۆژنامەنووس لە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتەوە ئیدانەی لێپێچینەوەی ئەسانجیان کردووە و بە “هەڕەشە بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان لە هەموو شوێنێک” ناویان بردووە.
لە دووەم رۆژی خۆپیشاندانەکەدا لە کاتژمێر ٥ی ئێوارەدا هەموو لەدادگای باڵاوە بە رێپێوان بەناو شاری لەندەندا بەرەو ماڵی سەرۆک وەزیران بەڕێکەوتن و لەوێشدا تا درەنگانێک ناڕەزایەتیەکە بۆ بەرگری لە جولیان ئەسانج بە وتاردران و بە دروشم بەرزکردنەوەو وتنەوەی تا درەنگانێکی شەو بەردەوام بوو.
وا بڕیارە دادگای باڵا لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات لەبارەی کەیسی ئەسانجەوە، لەحاڵەتی ڕادەستکردنەوەی، ڕووبەڕووی سزای زیندانیی درێژخایەن دەبێتەوە، بەپێی ئەو ١٨ تۆمەتەی کە ئەمریکا خستویەتیتە پاڵی کە زانیاریی نهێنیی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکایە، ڕەنگە ماوەی زیندانییەکەی 175 ساڵ بێت. خۆپیشاندەران لەبەردەم ماڵی سەرۆک وەزیراندا تەئکیدیان لەوە کردەوە کە ناڕەزایەتیەکان بەشێوەی جۆراوجۆر بەردەوام دەبێت، وە هەوڵدەدەن فشار بۆ پەرلەمانی بەریتانیاش بهێنن بۆ رادەستنەکردنەوەو ئازادی ئەسانج.
ئەسانج کەسێکی ئوسترالیەو ساڵی ٢٠١٠ دوای ئەوەی دەچێتە سوید بۆ دەستئاوەڵایی کارەکەی، بەڵام بۆ شکاندنی شەخسیەتی تۆمەتی ئەخلاقی بۆ دروست دەکەن، ئەگەرچی دوایی دادگایی سوید لەبەر نەبوونی بەڵگەی پێویست کەیسەکە دادەدەخات، بەڵام ئاسانج ئەوکات بەناچار دەچێتە بەریتانیاو داوای پەنابەری دەکات، بەڵام بەریتانیا مافی پەنابەرێتی پێنادات، بۆیە لە ٢٠١٢ دەچێتە سەفارەتی ئیکوادۆر لە لەندەن و مافی پەنابەری وەردەگرێت و بۆماوەی ٧ ساڵ لە سەرەفارەتدا ژیان بەسەردەبات، لە ٢٠١٩ دا حکومەتی تازەی ئیکوادۆر لەگەڵ ئەمریکا رێکەدەکەون و مافی پەنابەری لێدەستێنننەوەو هەر بەدوای ئەوەدا پۆلیسی بەریتانی دەچنە سەفارەت و دەستگیری دەکەن. تاکو ئێستا کە ئەم دادگاییە دەکرێت لە زیندانی بێلمارش دایە لە لەندەن. لەگەڵ ئەوەشدا بەزۆرینەی دەنگ پەرلەمانی ئوسترالیا و سەرۆک وەزیرانەکەی داوای ئازادکردنی ئەسانجی لە بەریتانیاو ئەمریکا کردووە.
لەماوەی ئەم ٧ ساڵەدا چەندینجار دادگاییکراوە بۆ رادەستکردنی بەئەمریکا، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاسانج تەئکیدی لەسەر ئەوە کردووە کە بەڵگەنامەکان تەنها پێشێلکاریی لەلایەن سوپای ئەمریکاوە ئاشکرا دەکەن و کردنەوەی دۆسیەی زیان گەیاندن بە ئەمنیەتی ئەمریکا لەدژی، پاڵنەرێکی سیاسیی لەپشتیەوەیەتی، وە پارێزەرەکانی دادگاییەکەیان دواخستووە بەدەلیلی ئەوەی ئەگەر ببرێت بۆ ئەمریکا باری دەرونی تێکدەچێت و رەنگە بمرێت یان خۆی بکوژێت.
ئەگەرچی لەساڵی ٢٠٢١ دادگای باڵای بەریتانیا بڕیاری ڕادەستکردنەوەی دەرکرد و ئەو قسانەی ڕەتکردەوە کە گوایە کێشەی تەندروستی دەروونی دەتوانێت ببێتە هۆی خۆکوشتنی ئەگەر لە ئەمریکا زیندانی بکرێت. لە ساڵی ٢٠٢٢ دادگای باڵای بەریتانیا بڕیارەکەی پشتڕاستکردەوە و پریتی پەتێڵ وەزیری ناوخۆی ئەوکاتە بڕیاری ڕادەستکردنەوەی ئەو وڵاتەی پشتڕاستکردەوە. بەڵام بەهۆی خراپی باری دەرونی و ناڕەزایەتیە جیهانیەکان و بەتایبەتی لەبەریتانیادا رادەستکردنەوەی بە ئەمریکا دواخرا. ئەسانج بەهۆی باری تەندروستیەوە نەیتوانی لەدادگادا ئامادەبێت، بەڵام پارێزەرەکانی لەم دادگایکردنەدا تانە دەدەن بۆ رێگرتن لەداوای ئەمریکا بۆ رادەستکردنەوەی. هەروەها پارێزەرانی ئاماژەیان بە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کرد و داوایان لە دادگاکە کرد دەنگ بدات بۆ ڕێگریکردن لە ڕادەستکردنەوەی.
لە ٢٤ساڵی رابردوودا بەڵگەنامەکانی ویکیلیکس تەنیا بەڵگەنامە نەبوون لەسەر ماهیەتی دژی ئینسانی سیستەمی سەرمایەداری، حکومەتەکان، سەرۆکەکان و حزبە بۆرژوازیەکانیان، بەڵكو بەدوای ئاشکراکردنی بەڵگەنامەکانی ویکیلیکسدا، بەڵگەنامەکانی پەنەماو پاندۆرایش ئاشکرابوون.
بەڵگەنامەکانی پەنەما ‘Panama Papers’ دزەکردنی یانزە ملیۆن و نیو بەڵگەنامەی تربوون کە بەگەورەترین ئاشکراکردنی بەڵگەنامەی نھێنی دادەنرێت، کە دزەکردنی بەڵگەکانی ویکیلیکس ھیچ نیە لەچاویدا. ئەم بەڵگەنامانەی پەنەما لەسەر دزی و بەتاڵانبردن و پێشێلکردنی یاساگەلێکن، کە دەوڵەت و دەسەڵات و سەرۆکەکانی وڵاتە سەرمایەداریەکانی ئەمڕۆ و کاربەدەستە ‌باڵاکانی نوێنەرانی چوارساڵ جارێک ‌ھەڵبژێراو یان خۆسەپێنی دیکتاتۆر، دەخاتەڕوو.
بەدوای بەڵگەنامەکانی ویکیلیکس و پەنەمادا بەڵگەنامەکانی پاندۆرا “Pandora Papers” ئاشکرا کرا، لەلایەن یەکێتی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنوسانی لێکۆڵەرەوە International Consortium of Investigative Journalists – ICIJ کە ١٢ ملیۆن فایلە، بەردەوام لەبڵاوکردنەوەدایە لەسەر سامانی هەزاران لە ملیۆنێرو ملیاردێر لەسەرانی حزبە بۆرژوازیەکان و سەرانی دەوڵەتانی سەرمایەدار و بازرگان و کەسانی جۆراوجۆری تری دەوریان کە بەشێکیان هێشتا لەدەسەڵاتدان و بەشێکیان پێشتر هەبوون، کە چۆن سەروەت و سامانی کۆمەڵگا بەتاڵان دەبەن و دەیبەنە دەرەوەی وڵاتەکانیان و بۆ خێزانەکانیان بەکاری دەهێنن.
بەڵگەنامەکانی ویکیلیکس لە مێژووی ئەمریکادا یەکەمین جارە بەوشێوەیە و بەو گەورەییە نهێنیەکان دزەپێبکات، کە لەو بەڵگەنامانەدا هاتووە وە بووە شوێنی سەرنجی جیهان لەکاتێکدا ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی هەواڵی ئەوەیان دەدا بەگوێی جیهاندا کە هێزەکانیان چوونەتە عێراق و ئەفغانستان بۆ رزگارکردنی خەڵك لەدژی دەسەڵاتی سەرکوتگەری ئەو وڵاتانە، بەڵام لەو بەڵگانەدا لەساڵی ٢٠١٠ دا بڵاوبۆتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٧ گرتەیەکی ڤیدیۆیی پیشان دەدرێ کە دوو هێلیکۆپتەری سەربازی ئەمریکی ١٨ هاوڵاتی مەدەنی دەکوژن یان بریندار دەکەن کە لەناویاندا منداڵ و تیمێکی میدیای رۆیتەرز هەیە بەناوەکانی؛ نمر نورالدین، کامێرامان و سەعید شەماعی شۆفێری تیمەکە لەعێراق. لەبەڵگەنامەکاندا هاتوە کە سوپای ئەمریکا لەکاتی شەڕی ئەفغانستان سەدان هاوڵاتی مەدەنی کوشتووە. هەروەها ڤیدیۆ و وێنەی ئازاردانی عێراقییەکانی لە زیندانەکانی ”ئەبوغرێب” بڵاوکردۆتەوە، کاتێک لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە بە شێوازێکی دڕندانە ئەشکەنجە دەدرێن.
کوردستان لەبەڵگەنامەکانی ویکیلیکسدا، چوار رۆژ دوای کودەتاکەی ٢٠١٦ی تورکیا بەدژی ئۆدوگان، ٣٠٠ هەزار بەڵگەی پارتی دادو گەشەپێدانی تورکیا بڵاودەکرێتەوەو چەند بەڵگەی لەسەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی یەکێتی و پارتی تێدایە لەوانە؛ مەسعود بارزانی بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار لە حکومەتی ئوردوگان وەردەگرێت، بۆئەمەش سەفین دزەیی وتەبێژی ئەوکاتی حکومەتی هەرێم پشتڕاستی دەکاتەوەو تەنانەت دەڵێت ٢٥٠ ملیۆن بووە نەک ٢٠٠ ملیۆن، بەڵام ئەمە قەرزبووە بۆ دانی موچەی فەرمانبەران. هەر لەدۆسییەکی تر لەساڵی ٢٠٠٨دا لەسەر حکومەتی هەرێم باسی گەندەڵی و فەسادی ئەو دووحزبەی کوردایەتی دەکات و نەوشیروان مستەفاش کە خۆی یەكێک لەسەرانی ئەو حزبانەبوو باسی دەکات، کە مانگانە هەریەکە لەو دوو حزبەی یەکێتی و پارتی ٣٥ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە تەنها بۆخۆیان.
ویکیلیکس بەشێکی ئەم بەڵگەنامەنەی لەرێگای چێڵسی مانینگ، شرۆڤەکاری هەواڵگری سەربازی ئەمریکاوە دابینکردبوو، دواتر ئاشکرا بوو بە ٣٥ ساڵ زیندانیی دادگای ئەمریکا حکومیدا.
ئەمەیە راستی دنیای سەرمایەداری! ئەمەیە دیموکراسی دەوڵەتانی زلهێزی دنیا کەرۆژانە دەیدەن بەگوێی ئینسانی ئەمڕۆداو حزبە بۆرژوازیەکان و میدیاو رۆشنبیرە زوڕناژەنەکان بانگەوازی بۆدەکەن، ئەمەیە دنیای چوارساڵ هەڵبژاردن و چەواشەکاریەکانی، کەتاوانی جولیان ئەسانج و پێکەی ویلیلیکس ئەوەیە، کە بەدوای ئەوەی ساڵی ٢٠٠٦ پێگەی ویکیلیکس دروستدەکەن، لەساڵی ٢٠١٠دا ئەوە رادەگەیەنێت کە زیاتر لە ١٠ ملیۆن بەڵگەنامەیان لایەو بڵاویانکردۆتەوە، کە بە ملیۆن ڕاپۆرتی لە پەیوەند بە شەڕ و سیخوڕی و گەندەڵی و جەنگ و کوشتار بووە کە زۆربەیان لەسەر ئەفغانستان و عێراقە، کە لەوانە ٧٠٠ هەزار بەڵگەی نهێنی حکومەتی ئەمریکاو کارە نهێنی و کوشتارو جەنگ و کاولکاریە. ٩٠ هەزاری لەسەر ئەفغانستان و ٤٠٠ هەزار بەڵگەی تایبەت بوو بەجەنگی عێراق کە بەڵگەی تێدایە کە زیاتر لە ٦٦ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوژراوە.
لەساڵی ٢٠١٩ وە بەردەوام ناڕەزایەتی لەلایەن؛ چەپ و کۆمۆنیست و بەرەی ئازادیخوازی دنیاوە، هەبووە بەدژی زیندانیکردنی ئەسانج و داوای ئازادکردنی کراوە، بەتایبەت بەدژی رادەستکردنی بە حکومەتی ئەمریکا، بەردەوام تەئکید لەوەکراوەتەوە؛ کە پێویستە لەبری دامەزرێنەری ویکیلیکس، هەریەکە لە بەریتانیا و ئەمریکا دادگایی بکرێن کە بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبارکراون و وە وتویانە؛ “بەهۆی ئاشکراکردنی تاوانەکانی جەنگی ئەمریکا و بەریتانیا لە عێراق و ئەفغانستان، ئەسانج زیندانی کراوە، داوا لە هەموو جیهان دەکەین بۆ ئازادکردنی جولیان ئەسانج، بێنە سەر هێڵ.
لەدنیای ئەمڕۆی دەسەڵاتی سەرمایەداران و حکومەت و حزبەکانیان، ئاشکرابوونی ئەم بەڵگە رەسمیانە کە چ تاوانێک ئەنجامدراوە، بە تاوان ئەژمار ناکرێت، کە خۆشیان خۆیان و حکومەتانی دنیاش حاشای لێناکەن، ئەوە بە تاوان ئەژمار ناکرێت بەهاوکاری ئەم حکومەتە زلهێزانە حکومەتی ئیسرائیل چی لەخەڵكی غەززە دەکات، حکومەتی ئۆردوگان چی لەبەرامبەر خەڵكی تورکیا بەگشتی و کوردەکان دەکات لەوەش زیاتر هەموو رۆژێک درۆنەکانی چۆن خەڵکی کوردستانی عیراق و سوریا دەکاتە ئامانج، ئەوە لەبەرچاوناگرن لەژیر سایەی دەسەڵاتی بۆرژوازی و حکومەتەکانیان کە ئەمنیەتی و ژیانی ملیار ئینسانی ئەم گۆی زەمینەیان خستۆتە مەترسی و لە بەردەم مردنی شێنەییدان، بەڵام ئەوەی ئەم تاوانە غەیرە ئینسانیانەی ئاشکرا کردووە تاوانبارەو دەبێت هەموو ژیانی لەزینداندا بێت، لەوەش واوەتر هیلاری کلینتۆن وتبووی ئایا ناکرێت ئەسانج بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکوژرێت.
تێبینی: لەسەر بەڵگەنامەکانی پەنەماو پاندۆرا بەجیا لەکاتی خۆیدا نوسیمەو بڵاوکراوەتەوە.
٢٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤




ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و هەڵسەنگاندنێک لەپەیوەندی بەلایەنە بەهێزو لاوازەکانی!.. بەهادین حاجی بەکر دارتاش ( ڕێبوار عارف )

ناڕەزایەتی مامۆستایان وەک ئەزمونێکی درەوشاوە چیمان پێدەڵێت!

مامۆستایانی کوردستان وەک بەشێک لە خەڵکی ناڕازی کوردستان نزیک بە ١٠ ساڵە بەشێوەیەکی لێبڕاوانەتر لە مەیدانابوون بۆ داکۆکیکردن لە مافو داواکاریەکانیان. لەم مێژووەدا مامۆستایان بەشێوازی جیاواز ناڕەزایەتیان دەربڕیووە. سەرەتا لەشێوەی یاداشت، کە لەو ساڵانەدا ٨٤ یاداشتنامەیان نووسیوە بۆ وەزارەتی پەروەردەو لایەنە بەرپرسەکان، دواتر لەڕێگەی خۆپیشاندان و بایکۆت کردنەوە درێژەیان بەخەبات داوە.
ئەوەی ئێمە لەچوارچێوەی ئەم نووسینەدا جێگەی مەبەستمانە ئەو دەورە مێژووی و پڕ لەشانازیەی ئەم قۆناغەی خەباتی مامۆستایانە، کەخاڵی دەستپێکردنی لێدانی چەغماخەی (بایکۆت)بوو بە نەچوونەوەی سەدانو هەزاران مامۆستا بۆ دەوام و قوتابخانەکانیان لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا.
مانگرتن و دەستلەکارکێشانەوەی مامۆستایان لەم قۆناغەدا بووە خالی وەرچەرخانی سەرلەنوێی ئەو جولانەوەیەو هێنایەوە مەیدانی جەماوەرێکی فراوان بۆ بەدەستهنانی مووچە و دامەزراندن… لەمبارەشەوە مامۆستایان ١٦٠ ڕۆژ بایکۆتی دەوامیان بەجەسارەت و ئیرادەیەکی بەرزو کەم وێنەوە درێژە پێدا، ئەم ئیرادەیە بەجۆرێک بوو کە زۆری پێنەچوو هەزاران ئینسانی ئازادیخوازو ناڕازی ڕژانە سەر شەقامەکان بەمشتی گرێدراویانەوە، جیاواز لەشیعاری ( بایکۆت بەردەوامە) چەندین شیعاری دەنگ دلێرانەتریان کردە وێردی سەر زمان و تینوتاوی خۆپیشاندانەکانیان کڵپەدارتر کردەوە.
ئەزمونێکی پردەستکەوت!

ئەوە ڕۆشنە کە ناڕەزایەتیەکانی ئەم قۆناغەی مامۆستایان بە تونێلی بارودۆخێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی ئالۆزو سەختدا تێپەردەبێت. قەیرانێکی ئابوری لەگۆرێدایەو دەسەلات لەژێر ناوی چاکسازیدا، ئاسەوارەکانی بەسەر کۆمەلگادا دەشکێنئتەوەو پەلاماری خزمەتگوزاریە گشتیەکانی بەڕیخستوەو کردونی بە کەرتی تایبەتی.
هاوکات وەک دەبینین تەعینی مەرکەزی و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە لەکەرتی گشتیدا کێشەیەکی تری گەورە بووە، لەپاڵ ئەمانەشدا توندبوونەوەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و داشکانی ڕۆڵی حکومەتی هەرێم وکێشەی نێوان حزبەکان… هەموو ئەمانە مەسەلەی موچەی کردە گرێیەکی سیاسی گەورە، هەموو ئەم دۆخەش ژیانی خەلکی هەژارو کەمدەرامەتی بەگیرهێناوە.
بۆیە دەبینین ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان خوازیاری نان و ئازادی و ژیانێکی شایستە بە ئینسانن، خەڵکی دادپەروەری کۆمەڵایەتیان دەوێت، بۆیە کاتێک کە ئەو مافانەی نەبێت ئیتر باکی بە بوون و نەبوونی ئەو قەوارە سیاسیەوە نیە، کە بەردەوام سەرانی ئەم حیزب و دەسەڵاتە شەقامی ناڕازی پێ سەرکۆنە دەکەن و دەڵێن مووچە نابێت ئێمە بخاتە بەردەم هێنانە ژێر پرسیاری قەوارە سیاسیەکەمان لە بەغدادو بپارێنەوە بۆ مووچە.
هەر لێرەشەوەیە ئێمە لەم بارودۆخەدا دەبێت تێبگەین لەوەی سەرکەوتنەکانی شەقام چ بایەخ و جێگەوڕێگەیەکی هەیە، کەواتە با بزانین ئەو خاڵە بەهێزو پرشندارانە چین کە هاتنەمەیدانی ئەمجارەی مامۆستایاندا تۆمارکرا!

خەباتی١٦٠ ڕۆژی مامۆستایان ڕیکۆردی شکاند !

یەکەم / مامۆستایان توانیان ١٦٠ ڕۆژ بە ئیرادەو ڕاوەستانەوە بەبێ مووچەو هیچ سەرچاوەیەکی بژێوی ژیان درێژە بە ناڕەزایەتیەکان بدەن، کە ئەمە تەنیا نیشانەی ئیرادەیەکی یەکجار گەورە نیە، بەڵکو لە ڕاستیدا ڕیکۆرد شکاندنی مێژووی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی کۆمەڵگای کوردستانە، کەتێیدا بۆ یەکەمجار دەبینین ناڕەزایەتیەک لەسەر چەند داواکاریەک پێنج مانگ تێپەڕێنێت.
لەمبارەشەوە مامۆستایان لەم قۆناغەدا توانیان پەرچەمی نارەزایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردستان بەرزڕاگرن و ئیرادەو ئاستی هوشیاری و خۆڕاگری بەرامبەر بەدەسەلات راگرن و پەرەی پێبدەن.
دووهەم / ئەم ناڕەزایەتیانە سەلماندیان، کە کێ لە جەرگەی خۆپیشاندانەکاندا پەنا بۆ تووندوتیژی دەبات و ڕاستەوخۆ شەقام خەڵتانی خوێن دەکات، سەلماندی کە دەسەڵات بۆ داسەپاندنی ئاماژەکانی خۆی چەندە بێباکە لە دەست بردن بۆ هەر ڕەوشتێکی فریوودەرانەو سەرکوتگەرانە.
١٦٠ڕۆژ دەیان هەزار مامۆستاو خەڵکی ناڕازی و ئازادیخواز هاتنەمەیدان بەبێ ئەوەی چڵەدارێک بشکێت، بەبێ ئەوەی پەنجەرەی دائیرەو قوتابخانەیەک بشکێت، بەبێ ئەوەی فایلی هیچ دائیرەیەک ئامانجدارانە بسووتێنرێت.
سێهەم / بەشداری ڕێژەی باڵای ژنان، لە گردبوونەوەو خۆپیشاندانەکاندا خاڵێکی تری پرشنگداربوو، وە هاوکات جەماوەرێکی یەکجار فراوان لە خەڵکی ئازادیخوازو ناڕازی کوردستان کاریگەریەکی گەورەی لەسەر بردنە سەرەوەی ڕێژەی فراوانی بەشداربووان هەبوو.
چوارەم / دەتوانین بڵێین یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی ئەم ناڕەزایەتیانە، قۆرغ نەکردنی شەقام بوو لەلایەن ئەو حیزب و لایەنانەی کە مامەڵەو ساتوسەودا بە ئیرادەی جەماوەرەوە دەکەن، کە ئەمەش کاریگەریەکی زۆری لەسەر ئیعتمادکردن و دڵخۆشی خەڵک هەبوو لە پرۆسەی خۆپیشاندانەکاندا، بەشداربووان جۆرێک لە دلنیایان هەبوو کە ئەم جوڵانەوەیەش ناکەن بەدەستمایەی دانیشتنەکانی خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتدا.
پێنجەم/ یەکێک لەخاڵە پرشنگدارەکانی ناڕەزایەتیەکانی ئەم قۆناغە، فەزاو پێشوازیکردنی کۆمەڵگاو چونەسەرەوەی هیوای خەڵک بوو بۆ پشتگیری کردن، لە داخوازیەکانی مامۆستایان و بەردەوامی بایکۆت، سەرباری هەموو هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ ڕاوەستانەوە دژ بە بەردەوام بوونی بایکۆت.
شەشەم / دواجار ئەو داواکاریانەی کە مامۆستایان لەم دەورەی ناڕەزایەتیەکانیاندا خستیانە دەستور کاری خۆیانەوە، بەشێکی وەڵامی ئەرێنیان وەرگرتۆتەوەو ئەوەی کە ماوەتەوە جێبەجێکردنیانە.

خاڵە لاوازەکانی ئەم بزوتنەوەیە!
پێویستە بۆ هەڵسەنگاندنێکی دروست تەنیا لایەنە ئەرێنی و پێشڕەویەکانی بەرجەستە نەکەینەوەو لایەنی لاوازی کارەکانمان بەڕۆشنی ببینینەوە، بۆ ئەوەی لەداهاتوودا سوودیان لێوەرگرین، لەمبارەشەوە جێگەی خۆیەتی سەرنجی ئەم خاڵانە بدەین!
یەکەم / نەبونی ئاسۆیەکی سیاسی: ڕەنج کێشانی ئەم جوڵانەوەیە لە نەبونی ئاسۆیەکی سیاسی ڕۆشن، بەجۆرێک کە بتوانێت خوێندنەوەیەکی ڕۆشنی هەبێت بۆ ئاراستەکردنی هەنگاو بە هەنگاوی درێژەپێدانی نەخشە ‌ڕێگایەکی کارا کە بتوانێت بە ڕوئیایەکی شەفافەوە تەواوی پلانی پرۆسەی بەسەرکەوتن گەیاندنی جوڵانەوەکە لە هەموو ڕوویەکەوە بەدوا مەنزلی خۆی بگەیەنێت.
هاوکات مامەڵەیەکی تەندروستدار بکات لەگەڵ توێژو بەشە ناڕازیەکانی تری کۆمەڵگا، تابتوانێت وەک بەشێک لە لەشکری جەنگی ڕوو بەڕوو بوونەوەی دەسەڵات هەڵیانخڕێنێتو دەوری پێشڕەوانەی هەبێت و بەکردەوە هەنگاو هەڵهێنێتەوە بۆ بەرپاکردنی ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەی کە دەیتوانی هاوکێشەکان لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بەگشتی ببڕێتەوە.

ئەم بزوتنەوەیە دووربوو لەو ڕێگەو ڕەوشتەی کە هاوپشتی نێودەولەتی تێدا بەهەند وەرگرێت, لە کاتێکدا کە دەستەلات نیگەرانیەکی زۆری لە هەرجۆرە گوشارێکی نێودەولەتیەو کوشتەی پەردەی لە ڕوو هەڵبماڵینە لە نێوەندە جیهانیەکاندا. بۆیە لەمبارەشەوە رابەری ئەم بزوتنەوەیە بەرزڕاگرتنی ئەو کارانەی کە لەڕێگەی ڕێکخراو نەقابە کرێکاری و کەسایەتیە ناسراوەکانی وەک جۆن ماکدۆنێل دەکرا زۆر بەلاوە بایەخدارنەبوو، لەباتی ئەمە بەشێکی زۆری هیوای خۆیان بەوەوە گرێدبووە کە سبەی فلان کتلەی پەرلەمانی و فلان ‌‌حزب لەبەغداد چ بەلێنێکی پێدەدات و چی بۆ دەکات، لەکاتێکدا ئەم جولانەوەیە ئەوەند مەزن و گەورە بوو کە بەبێ ئەوەی پێویستی بە هیچ فلتەرێک بێت خۆی ڕاستەوخۆ دەیتوانی تەرەف بێت لەگەل پەرلەمان و حکومەت .

دووهەم / ڕابەریەکی ناتەبا : یەکێک لەگرنگترین ئەڵقە سەرەکیەکانی هەر جوڵانەوەیەک، نەبوونی ڕابەریەکی کاراو وشیارو جۆشخواردو تەبایە بەبەدەنەی جوڵانەوەو ڕێکخراوەکەیەوە. کارەکتەری ڕابەری دەتوانێت دەوری چارەنووسازی هەبێت لە لێکهەڵپێکانو هیدایەتکردن و ئاراستەکردنی هەرجولانەوەیەکدا، کەبەداخەوە لەمبارەوە لەنێو ئەنجومەن و دەستەی مامۆستایانی نارازیدا ئەمە لاوازبوو .
لەبەرئەوەی دوو گروپی جیاواز لەنێو دەستەو ئەنجومەنەکانی مامۆستایاندا کاری دەکرد، ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیام و بڕیارەکان هەبوو، هەرئەمەش وایکرد کە کەمتر بتوانن لەچوارچێوەیەکی دیاریکراودا، کارەکانیان پێکەوە ڕابەری بکەن و لە ئاستێکی شایستەدا درێژە بە بەردەوام بوونان بدەن.
بەتایبەتی ئەم دۆخە لە سلێمانی بەرجەستەتر خۆی نیشان دەدات، کە هەندێ جار بانگەوازی خۆپیشاندانی فڵانە ڕۆژ، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بۆچونی گروپەکەی تر ئەنجام دەدرا. دواین حاڵەتێک کە دەکرێت ئاماژەی پێ بکەین ڕاگەیاندنێک بوو بەناوی ئەنجومەنی سەراسەری مامۆستایانەوە بڵاوکرایەوە، بەبێ ئەوەی کەهەندێک لەشارەکان دواین بڕیاری خۆیاندابێت، یان تەنانەت ئاگاداری بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاگەیاندنە بوبن.
دواتر بینیمان زۆرێک لە ئەنجومەن و دەستەی شارەکانیش لەکاتی جیاوازدا لەوبارەیەوە ڕاگەیاندن بڵاودەکەنەوە.. جگە لەهەموو ئەمانە، نەبوونی ئەو هەماهەنگیە کاریگەری نەرێنی لەنێوان شارەکاندا دروست کرد، کە ئەمەش بووەتە هۆی لاواز دەرکەوتنی دەوری ڕابەری سەرتاسەری ئەم جوڵانەوەیە، لێرەوەیە بەجۆرێک ئەوە دەبینین کە ئەم ڕابەریە کەمتر غەمی یەکپارچە راگرتنی بزوتنەوەکەو دەخالەت پێدانی ڕابەران و هەلسوڕاوانی خوارەوەی هەبوو، کەمتر بەدوای دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشدا بووە، بۆیە وەک دەبینین رابەری ئەم جولانەوەیە نەیتوانی ئەو ڕۆلە شایستەیە ببینێت کە لە ئاستێکی بالاتردا جولانەوەکە بەرەو شوێنێکی خوازراوی شایستەتردا بەرێت.

سێهەم / تاکتیک و شێوەکار نەیتوانی وەڵام بە نیازی جوڵانەوەکە بداتەوە!
یەکێک لەچەق بەستووی ئەم جوڵانەوەیە لەتاکتیک و شێوەکارەکەیدا خۆی نیشان دەدات، وەک دەزانن بۆ ماوەی ١٦٠ ڕۆژ ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان لەم قۆناغەدا لەبازنەی بایکۆت+ ڕێپوان وخۆپیشاندانا خولایەوە، لەکاتێکدا دەتوانرا تاکتێکی زۆر کاراتر بەدەستەوە بگرین، لەچەشنی دانانی خێمە بۆ درێژماوە، وەک ئەوەی ساڵی ڕابردو لە کفری ئەنجامدرا.
یەکێکی تر لەو ڕێگەو ڕەوشتانە مانگرتنی دوکان و بازاڕەکانە هاوشێوەی ئەو هەنگاوەی کە لەهەڵەبجە نیشاندرا، بەهەمان شێوە چڕکردنەوەی کارەکانمان لەخاڵە سنووریەکاندا هاوشێوەی ئەوەی کە ساڵی ڕابردو خەڵکی پێنجوێن هەنگاوێکی سەرکەوتوانەیان ئەنجامداو دەسەڵاتیان ناچارکرد بەوەڵامدانەوە بە بەشێکی زۆر لەداخوازیەکانیان، چونکە خاڵە سنووریەکان یەکێکە لەشادەماری پێگەی ئابووری دەسەڵاتەیە.

لایەنێکی تری لاوازی ئەم تاکتیک و شێوەکارە، چۆنیەتی هێنانە مەیدانی چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگایە، کە دیارە لەوەرزی دووهەمی ناڕەزایەتیەکانەوە، هەولێک پەیدابوو بۆ کارکردن بەوئاراستەدا کە هەوڵێکی چڕوپڕتر بانگەوازی هەموو چین و توێژەکان دەکرا بۆ پەیوەست بوون بەناڕەزایەتیەکانەوە.
بەلام بەداخەوە شێوازی کارەکە بەجۆرێک بوو کە هاتنەمەیدانی چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگا دەخرایە خزمەت ئامانجەکانی مامۆستایانەوە، کە تا ئەو شوێنەی بەهاوپشتی کردن دەگەڕێتەوە ئەمە کارێکی دروستە، بەڵام نەدەبوو هەموو چاوەڕوانیەکە ئەوەبێت کە بەشەکانی تری کۆمەڵگا تەنیا سێرڤس بەناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان بدەن، بەڵکو دەکرا هاتنەمەیدانی ئەوان بەخواست و دواکاریەکانیانەوە جەبهەی کێشمەکێش و ڕاوەستانەوەکەی دژ بەدەسەڵات بەهێزتر بکردایە.
بۆ ئەمەش دەبوو کاتێک کە کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تەندروستی، کارەبا، مرورو ڕێگەوبان، خوێندکاران، شارەوانی و باج وخەراج بانگهێشت دەکەیت، دەبوو بەهەمان شێوە خواست و داواکاریەکانی خۆیان بەرجەستە بکردایەتەوە، ئەوکاتە شەقامێکی زۆربەهێزترو جوڵانەوەیەکی یەکجار کاراترمان بەخۆمانەوە دەبینیەوە .
لەم ڕێگەیەشەوە دەمانتوانی وەک بەشێک لە لەشکری جەنگی ڕوو بەڕووی دەسەڵات هەڵیانخڕێنین بەمەش بەکردەوە هەنگاو هەڵهێنێتەوە بۆ بەرپاکردنی ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەی کە دەیتوانی هاوکێشەکان لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بەگشتی ببڕێتەوە.
هەلبەتە نابێت ئەوەش فەرامۆشکەین کە بەشێک لەم شێوازی کارە پەیوەندی بەو بیرکردنەوە سنفیگەراییەوە هەیە کە لەچوارچێوەی توێژو سنفەکەی خۆیان دەرناچێت و لەمەش خراپتر ئەوەیە بۆ سنفەکەی خۆشیان ترسیان لە بە سیاسی کردنی دۆسەکەیان هەبوو، لە کاتێکدا ئەمڕۆ ئیتر هیچ کەسانێک نیە نەزانێت کە مەسەلەی مووچە کراوەتە بابەتێکی سیاسی.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە هەموو ئەمانە پێمان دەلێن کە ئەم بزوتنەوەیە بەدەرلەهەر ئامانجێک کەمتر پشتبەستوبوو بەدەخالەتی ڕاستەوخۆی جەماوەر بەشێوەیەکی ڕێکخراو، هەربۆیە تەنانەت نوێنەرانی شارو ناوچەکانیش لەکارە سەراسەریەکاندا کەمتر دەخالەتیان پێدەدرا، ئەوە باسی هەلبژادن یان لابردنی کەسانێکی نەشیاو ناکەم. جیاواز لە هەموو ئەمانەش لایەنێکی تری لاوازی ئەم شێوە کارە لە نەبوونی هیچ پەیرەو پرۆگرام و مەوازنێکدا خۆی دەبینێتەوە کە گرفتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا .

دوا وشە!
ئەوەی کە خستمانە ڕوو چوارچێوەی گشتی یان پانۆڕامایەک بوو لەو پرۆسەیەی کە تێیدا سەرنجمان چووە سەر هەلسەنگاندنێکی دوولایەنە کە بەبڕوای من تەواوی بابەتەکە لە ئێستەدا هێشتا دواین بزماری بەسەردا نەدراوەو بردنەوەو کۆتایهێنانی ئەو ڕێژەیە لەسەرکەوتن لە گرەوی ئەوەدایە کە ئایا ئێمە دەرکو تێگەشتنێکی هاوبەشمان هەیە لەسەر بەکارهێنانی ترمەنلۆژی (هەڵسپاردن) ئایا دەزانین هەلسپاردن، واتە کارکردن لەقۆناغی ( هودنە)و تێگەشتن لەو دانوساتەی کە لەگەل دەسەلاتدا ڕاتگەیاندوە. کە بەدڵنیای دەسەڵات هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ کەم ڕەنگکردنەوەی سەلماندن و جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی، ئایا ئێمە لەوە حاڵی دەبین کە ئەگەر بە بەردەوامی لەسەر خەت نەبین بەدواچوون لەسەر جێبەجێکردنی داواکاریەکانمان نەکەین، ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێک بەسەر دۆخەکەو بەڵێنەکانی دەسەڵاتدا مستەحیل و چاوەڕوان نەکراو نیە. بۆیە ئەوەی لێرەدا دەتوانێت دەورێکی کاراو چارەنووسازی هەبێت پاراستنی ئاستێک لە هاوخەباتی ئەنجومەن و دەستەکانە کەخۆیان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو ئامادە بکەن و ئەمەش هەنگاوێکی بەرپرسانەیە بە ئاراستەی بەرەو زیاتری ڕێکخراو بوونیان.

بۆئەوەی سزاکان بسڕینەوە!

دواجار بابەتێک کە یەکجار گرنگ و هەستیارە ئایندەو چارەنووسی ئەو ئەزیزانەیە کە بەر شەپۆلی هەڕەشەکانی دەسەڵات کەوتوون سزادراون و غایب دراون تەنانەت مامۆستایانێکیش فەسڵ کراون. بۆیە ئێمە ناتوانین باس لە هیچ سەرکەوتنێک بکەین بەبێ ئەوەی بتوانین تەواوی ئەو سزاو غیابدانانە لەلایەن دەسەڵاتەوە هەڵبووەشینینەوە!
هەربۆیە ئەرکی فەوری ئێمەیە کەمپەینێکی سەرکەوتوو بەڕێبخەین بە پشتیوانی دەیان پارێزەرو دەیان مامۆستاو هەڵسوراوی ئەم مەیدانە. لەمبارەشەوە دەستەی ئامادەکاری کۆنگرەی ڕێکخراوە جەماوەریەکان ئامادەیە بچێتە مەیدانی ئەم جەنگە لە دەرەوەو ناوخۆی کوردستان و عێراقیشەوە، بۆ ڕێگرتن لە سزادانی سزادراوەکان، بۆئەم مەبەستەش ڕوومان لە تەواوی هەڵسوڕاوانی مامۆستایان هەیە کە کارکردن بۆ ئەم مەبەستە بەئەرکی سەر شانی خۆیان بزانن و لەم کەمپەینەدا هاوکارو هاورێمان بن!

بەهادین حاجی بەکر دارتاش ناسراو بە ( ڕێبوار عارف )
٢٧.٢.٢٠٢٤




ئێران.. دەسەڵاتێکی ناشەرعی و خەڵکێکی تووڕە!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

رژێمی ئێران لە کۆتایی خۆی نزیک بۆتەوە. دوای تێپەڕبوونی 45 ساڵ بەسەر دەسەڵاتی ئاخوندان، خەڵکی ئێران لەو دەسەڵاتە تووڕە و ناڕازین. لە راپەڕینە بەربڵاوە جەماوەرییەکانی چەند ساڵی رابردوودا، ئاستی تووڕەیی و رق و نەفرەتی خەڵک بەرامبەر بە رژێمی ئێران بە باشی دەرکەوتووە.
ئەم رژێمە لە ناوخۆی ئێران رووبەڕووی ئاپۆرەیەکی زۆر تووڕە و وەزاڵەهاتوو بووەتەوە کە بە هیچ شتێکی کەمتر لە رووخاندنی ئەم رژێمە رازی نابن. لە نێو خەڵکی ئێراندا هیچ بنەماڵەیەک نادۆزێتەوە کە بە هۆی ئەم رژێمەوە ئازیزێک یان ئازیزانێکی لە دەست نەدابێت، یان ماف و ماڵ و موڵکیان لە لایەن ئەم رژێمەوە تاڵان نەکرابێت. بە واتایەکیتر، هەموو ئێرانییەک بە جۆرێک بووەتە قوربانیی دەستی ئەم دەسەڵاتە ئایینییە!
کەلێنی نێوان توێژی دەسەڵاتدار و ئاپۆرەی ٨٥ ملیۆن کەسی، رۆژانە لە زیادبووندایە. رۆژ نییە لە ئێران کەسێک یان چەند کەسێک دەستبەسەر نەکرێن و ئەشکەنجە نەدرێن یان لە سێدارە نەدرێن و بێسەروشوێن نەکرێن. لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە ٩٠٠ کەس لە لایەن ئەم دەسەڵاتەوە لە سێدارە دراون. ساڵی ١٣٦٧ (1988) زیاتر لە ٣٠ هەزار زیندانیی سیاسی، بە پێی فەتوای خومەینی کۆمەڵکوژ کران. لە راپەڕینی جەماوەری ساڵی 1398 (2019)دا زیاتر لە 1500 کەس بە فەرمانی خامنەیی کوژران و لە راپەڕینی جەماوەری ساڵی 1401 (2022)دا زیاتر لە ٧٥٠ کەس بە فەرمانی خامنەیی و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئاخوندان شەهید کراون.
لە لایەکیترەوە، رۆژ نیە خەڵکانێکی زۆرتر (بەتایبەتی خەڵکانی خوێندەوار و پسپۆڕ) بە شێوازی جیاواز ئێران بەجێنەهێڵن و خۆیان نەگەیەننە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران. بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ژمارەی کۆچبەرانی ئێرانی نزیکە لە (10) ملیۆن کەس. هەژاری لە ئێران، رۆژانە خەڵکانێکی زۆرتر هەڵدەلووشێت. خودی شارەزایانی رژێم دەڵێن “70%ی خەڵک یان لەژێر هێڵی هەژاریدان، یان لە لێواری هەژاری تەواودان!” ئەمساڵ هێڵی هەژاری (30) میلیۆن تمەنی تێپەڕاندووە و لە بازنەکانی ئێراندا باس لە هەڵاوسانی ١٢٠% دەکرێت. میدیای حکومی (خەبەرئۆنلاین) لە ٢٦ی رێبەندانی ١٤٠٢دا نووسیویەتی کە بە پێی راپۆرتە فەرمییەکان، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی هەر مەتری چوارگۆشەی خانووبەرە لە تاران لە ساڵی 1395 بۆ 1396 (واتا 2017) نزیکەی (5) ملیۆن تمەن بووە، ئەمڕۆ ئەم ژمارەیە گەیشتووەتە نزیکەی ٧٠ ملیۆن تمەن.
هەر لە کەشێکی لەمجۆرە لە بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی وڵاتدایە کە عەلی خامنەیی لە پێناو مانەوەی رژێمەکەی، هاوکات لەگەڵ پەرەپێدانی سەرکوت و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و زیادکردنی لەسێدارەدان لە ناوخۆی ئێران، رووی لە شەڕخوازی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کردووە و بودجەیەکی زۆری بۆ تەرخانکردووە!
ئەوەی جێگای سەرنجە، بناغەکانی هەبوونی ئەم دەسەڵاتەیە، کە نەک هەر لە سەرەتاوە بە نەگۆڕی ماوەتەوە، بەڵکو هەمیشە لەسەر بنەمای “سەرکوتکردن لە ناوخۆ” و “شەڕئەنگێزی و شەڕفرۆشی و تیرۆر لە دەرەوەی وڵات” دامەزراوە. هەر کام لەم دوو بناغەیە بڕووخێت، بە دڵنیاییەوە ئەوی دیکەشیان بە هەمان شێوە دەڕووخێت. هێزی پارێزەری ئەم رژێمە، هەرچەندە لەژێر ناونیشانی جیاوازدا کار دەکەن، بەڵام نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە ئەم هێزە چ لە ناوخۆی ئێران و چ لە دەرەوەی ئێران، هەمان “سوپای پاسداران”ە و لەوە بەدەر نیە، کە لە ساڵانی رابردوودا زۆرتر دەستی بەسەر سێ دەزگای دادوەری و حکومەت و یاسادانەری ئەم رژێمەدا گرتووە.
مەهدی نەسیری، بەڕێوەبەری پێشووی بەرپرسی رۆژنامەی (کەیهان)ی خامنەیی، لەم دواییانەدا رایگەیاند کە نزیکەی (70) فەرماندە سوپای پاسدارانیان هێنایە ناو پەرلەمانی پێشوو و رەنگە بیانەوێت ئەمجارە (140) کەس بهێننە ناو ئەم پەرلەمانە!
لەم دواییانەدا گرووپێک بە ناوی “راپەڕین هەتا رووخاندنی رژێم” دەستیان بەسەر ٦٠٠ سێرڤەری سەر بە مەجلیسی رژێمی ئێراندا گرتووە(ئاژانس فەرەنسە – ٢٤ی رێبەندانی ١٤٠٢) و زۆرێک بەڵگەنامەی گرینگی پەیوەست بەم مەجلیسەیان ئاشکرا کردووە. ئەو بەڵگەنامانەی نەک هەر رەهەندە بەرفراوانەکانی دزیکردن و بە تاڵانبردنی دارییەکانی خەڵک لەلایەن ئەندامانی مەجلیسەوە نیشان دەدەن، بەڵکو هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی رژێمیان تووشی کێشەگەلێکی گرینگ کردووە، کە بڕیارە لە رۆژی ١١ی رەشەمەی ١٤٠٢ بەڕێوەبچێت.
بەشێک لە بەڵگەنامە بڵاوکراوەکان رۆڵی خامنەیی و مەجلیسی رژێم لە سەرکوتکردن لە ناوخۆی ئێران و شەڕخوازی لە ناوچەکەی ئاشکرا کردووە. لە یەکێک لە نامەکان کە مۆری “زۆر نهێنی”ی لەسەرە، لە لایەن پاسدار باقری، سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان، نێردراوە بۆ پاسدار (محەمەدباقر قالیباف) و تیایدا هاتووە: “سوپاس بۆ پەسەندکردنی بڕی (3) ملیار یۆرۆ بۆ ژێرخانی بەرگری لە مەجلیس و داخوازیی 500 ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ بەرهەمهێنانی بەلەم و مووشەک و رادار و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازی نرخی ئاڵوگۆڕ و تمەن لە بازاڕدا!”. هەروەها پاسدار قالیباف لە ژێرەوەی نامەکەدا نووسیویەتی: “بەپێی فەرمانی فەرماندەی باڵای گشتی هێزەکان (واتە خامنەیی)، پێویستە بە چاوی تایبەت سەرنج بخرێتە سەر لیستی داواکارییەکانی سوپای پاسداران”.
عەبدوڵڵا ناسری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی (ئیرنا)، وێڕای بەراوردکردنی خومەینی لەگەڵ خامنەیی (٢٠ی رێبەندانی ١٤٠٢) دەڵێت: لە سەردەمی خومەینیدا، نزیکەی تەواوی ئابووریی وڵات لە دەستی حکومەتدا بوو… بەڵام خامنەیی تەنیا سەرنجی لەسەر (سوپای پاسداران) و (بەسیج)ە، و زیاتر لە سەدا (60)ی سەرمایە و ئابووری “نیشتمانی لە دەستی سوپای پاسداراندایە.”
لە نێو بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی گرووپی “راپەڕین تا رووخاندنی رژیم”دا، بەڵگەنامەی مووچەی ٢٢٦ ئەندامی مەجلیس لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٢ بەرچاو دەکەوێت، کە بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە، هەر ئەندامێکی مەجلیس، مانگانە (213) ملیۆن و (765) هەزار تمەن وەردەگرێت. بێگومان مووچەی هەندێکیان زۆر لەوە زیاترە. ئەمە تەنها مووچەی بنەڕەتییە.
هەر لەم روانگەیەوەیە کە لە نەخشەریگای “سەری مارەکە”دا، پێویستە سەرەتا سوپای پاسداران، کە ئۆرگانی سەرەکیی پاراستنی ئەم رژێمە دیکتاتۆریەیە، بکرێتە ئامانج. لە رۆژی هەینی ٢٧ی رێبەندانی ساڵی ١٤٠٢، ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەڵمانیا لە خۆپیشاندانەکەیاندا، کە هاوکات بوو لەگەڵ کۆنفرانسی ئاسایشی مۆنیخ(مۆنشن)، وێڕای شەرمەزارکردنی سیاسەتی سازان لەگەڵ رژیمی مەزهەبیی ئێران، وەک “سەری ماری سەرکوتکردن و شەڕخوازی”، جەختیان کردە سەر ناوزەدکردنی سوپای پاسدارانی ویلایەتی فەقیهیی لە لیستی تیرۆریستیدا.
دوا وشە!
فێڵ و تاکتیکی وەلی فەقیهی دەسەڵاتدار لە ئێران، کە لە 45 ساڵی رابردوودا بەکارهێنراون، ئیتر کریاری نەماوە. سیاسەتی شەڕئەنگێزی و شەڕفرۆشتنی ئەم رژێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆتایی هاتووە و، ئەوەی ئێستا “ڕێنوێنی کردار”ە، پانکردنەوەی سەری ئەم مارەیە یان نیزیکبوونەوەیە لێی. لەم دواییانەدا سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر شوێنەکانی ناوخۆی ئێرانی کردووە. ئەم رژێمە هەرچی زیاتر “دهۆڵی شەڕ” بژەنێت، بژاردەی “پانکردنەوەی سەری مارەکە” زیاتر لەبەرچاو دەگیرێت و بژاردەکانیتر کاڵتر دەبنەوە!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی




وچانێک بەدیار کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان)ەوە.. ئا: عەلی حەمەڕەشید

کەم و دەگمەنن ئەو مرۆڤانەی لەپێناو خزمەتکردن بە کەلتور و فەرهەنگی میللەتەکەیاندا لەگەڵ ئەوەی ماندووبوونێکی زۆر دەچێژن، ئەرکێکی قورسیش دەخەنە سەرشانی خۆیان، جاری وا هەیە لە بواری ئابوورییەوە ئەو کارە پێویستی بە ماددەیەکی زۆر هەیە و هیچ سەرچاوەیەکی داراییش شک نابەن تەنیا ورەی بەرز و گیانی پڕ لە خۆبوردن و ئاسوودەکردنی ویژدان نەبێ، بەڵام بەو بڕە پارەیەی مانگانە دێتە دەستیان یان بەهۆی فرۆشتنی بەشێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆیان و خێزانەکەیانەوە بەدەستیان هێناوە کارەکانی پێ دەکەن.
لەڕاستیدا ئەم پڕۆژەیەی مامۆستا (نەجمەدین عەزیز سمایل) دەستی داوەتێ و بەسەرکەوتوویی بە بەرچاوی هەمووانەوە لە ماوەیەکی کەمدا هەشت بەرگی لە کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان)ی بە چاپ گەیاندووە، ئێمە بەکاری وەزارەت یان دەزگایەکی گەورەی رۆشنبیریی دەزانین، کەچی ئەو بە تەنیا و لەخۆبوردووانە و بێ ماندووبوون بەرگ دوای بەرگ کۆمەڵێک ئەستێرەی گەشی تر بە خوێندەوارانی کورد دەناسێنێ لە هەموو لایەکی کوردستانەوە، واتە لە باکوور، باشوور، رۆژهەڵات، رۆژئاوا و هەندەران و کوردی شوێنەکانی تریشی کۆ دەکاتەوە و لە ئامێزی بەرگێکی قەشەنگدا وەک دیارییەکی بەبەها پێشکەش بە خوێنەرانی میللەتەکەی دەکات، ئێستا کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان) رۆژ دوای رۆژ، جار دوای جار گەشتر و پرشنگدارتر دەبێت. مامۆستا نەجمەدین دەیەوێت هەموو ئەستێرە گەشەکان بکاتە هاوڕێی خۆی و لەوێوە زیاتر بە ئێمەیان بناسێنێ. گرنگی ئەم پڕۆژەیەش لەوەدایە زۆربەی زانیارییەکان لەلایەن خودی کەسەکەوە (ئەستێرەکەوە) بە نامەی تایبەت بۆ مامۆستا نێردراون لەسەر داوای خۆی، کە بە سەرچاوەیەکی راست و دروست ئەژمار دەکرێت، دواتر مامۆستا نەجمەدین هاتووە خۆی زانیارییەکانی جارێکی تر داڕشتۆتەوە، هەروەها لەگەڵ زانیارییەکانیشدا کۆمەڵێک وێنەی کەسەکە بە جیا و لەگەڵ نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانی تردا دانراون کە ناوەکانیشیان لەژێر وێنەکاندا نووسراون. هەروەها وێنەی بەرگی کتێبە چاپکراوەکان و شیعر یان بەرهەمێکی کەسەکەشی داناوە.
ئەگەر سەرنج بدەین و یەک بە یەک لاپەڕەکانی هەر بەرگێکی کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان) هەڵبدەینەوە بە ئاشکرا هەوڵ و ماندوو بوون و سەلیقەی ئامادەکار و دیزاینەریش دەردەکەون. ئاشکرایە لەم جۆرە کارانە پێشتر کراون و ئێستاش هەیە و بەردەوامیش دەبێت، بەڵام هیچ کامێکیان وەک پڕۆژەی کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان)ی مامۆستا نەجمەدین درەوشاوە و فراوان نین، چونکە ئەم زۆرترین کەسایەتی لەخۆ گرتووە، کتێبێکە کە پێکەوەییەکی زۆر جوانی پێوە دیارە. ئەوەتا شاعیر و نووسەر و چیرۆکنووس و هونەرمەند و زۆری تریشی هێناوە لە دووتوێی کتێبێکدا بە ئێمەی دەناسێنێت، بە نەوەکانمانی دەناسێنێت ئەوانەی کە تازە روو دەکەنە خوێندنەوە و دەیانەوێت لەو دەریا قووڵەدا مەلە بکەن.
مامۆستا پێمان دەڵێت ئەمانە پێکەوە کوردستان جوانتر و گەشاوەتر و خۆشتر دەکەن. پێمان دەڵێ با هەر بەو شێوەیە بین، چونکە هێز لەو بەیەکەوەبوونمانەدایە و ئەستێرەگەشەکان زیاتر گەشاوە دەبن، زووتر دەگەین بە هیواکانمان، خەونەکانمان زووتر دێنەدی، خونچەکان زیاتر دەگەشێنەوە، تا سرودی ئاشتی و پێکەوە ژیان و سەرکەوتن بدەین بە گوێی هەموواندا.
کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان) هەرچەندە وەک رێکخستنی ناوەکان نە بەپێی پیتەکان، نە بەپێی قۆناغ، نە بەپێی تەمەن، نە بەپێی زۆری ئەزموونی کەسەکان بووە، مامۆستا هاتووە چی و کێ هاتۆتە بەردەستی و تەماشای ژیاننامەکەی کردووە، کە زانیویەتی وەک ئەستێرەی گەش ئەژمار دەکرێت تۆماری کردووە و هەوڵیشیداوە خۆیشی زانیاریی تر دەربارەی پەیدا بکات کە لە ئێستادا لەڕێی ئینتەرنێتەوە هەر چییەکت بوێت لەماوەیەکی زۆر کەمدا دەتوانیت بە دەستی بهێنیت. ئەم هەوڵە پڕ بایەخانەی مامۆستا نەجمەدین وایکردووە پەیوەندی بە چەند کەسێکی خەمخۆر و دڵسۆزی ناو کوردستانیشەوە بکات لە شارەکاندا بەجیا تا ئەوانیش هاوکار و یارمەتیدەریبن بۆ دەستنیشان کردنی کەسەکان و بەدەستهێنانی زانیاری پێویست دەربارەیان، چونکە مامۆستا نەجمەدین خۆی لە هەندەران دەژی، بەڵام خەیاڵی هەر لە کوردستانە و شار بە شار و دێ بە دێ لەپێناو ئەستێرەگەشەکاندا ماندوو بووە.
ئەم پڕۆژەیە دەکرێت بکرێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ هەموو ئەوانەی کە رۆژێک لە رۆژان دەیانەوێت بەکاریبهێنن بۆ لێکۆڵینەوە و هەر کارێکی توێژینەوە دەربارەی ئەدەب و هونەری کوردی. من وەک نووسەرێک کە بەشانازییەوە یەکێکم لەو ئەستێرانەی کە لە بەرگی پێنجەمی کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان) دا ژیاننامە و بەرهەمەکانیشم بڵاوکراوەتەوە، دەستخۆشی زۆرم بۆ مامۆستا نەجمەدین و هیوای لەشساغی و تەمەن درێژیی بۆ دەخوازم تا ئەم پڕۆژەیە هەر بەردەوام بێت و چەندین بەرگی تری لێ چاپ بکرێت. دەبێت ئەوەش بڵێین هیچ کارێکیش بێ کەموکووڕی نابێت، مامۆستاش هەمیشە بە سنگێکی فراوانەوە ئەو پێشنیاز و تێبینی و سەرنجانەی وەرگرتووە کە لەکاتی ناساندن و بڵاوکردنەوەی هەر بەرگێکی کتێبەکەدا ئاڕاستەی کراوە، بۆیە کە سەرنج لە بەرگەکانی سەرەتا دەدەیت جیاوازییەکی بەرچاویان پێوە دیارە لەگەڵ ئەم بەرگانەی دوایی چونکە مامۆستا ویستوویەتی هەمیشە گرنگی زیاتر بەکارەکەی بدات و کەموکووڕییەکان کەم بکاتەوە کە ئەمەش گەورەیی مامۆستا نیشان دەدات و پەرۆشی بۆ ئەستێرەگەشەکان دەردەخات و دەیەوێت زیاتر سەرکەوتووبێت. خۆیشی هەروەکو ئەستێرەیەکی گەش لەو بوارەدا لەئاسمانی رۆشنبیریی گەلەکەیدا بەگەشاوەیی بمێنێتەوە.
شاعیر و نووسەر (ئەمین محەمەد) لە ناساندنی بەرگی هەشتەمی کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان)دا لە هۆڵی نووسەران لە سلێمانی بە وردی و لە باسێکی جواندا کتێبەکەی زیاتر ناساند بە ئامادەبووان و باسی هەوڵەکانی مامۆستا نەجمەدینی کرد لەو بوارەدا و وەک زانیارییەک بە ژمارە و داتا وتی، تا ئێستا مامۆستا بەو هەشت بەرگە (4472) لاپەڕە و (619) کەسایەتی بەسەر کردۆتەوە کە (71)یان خاتوونن، بەڵام بەرگی هەشتەم کە (536) لاپەڕەیە (17) کەسایەتییان ژنن. باسی لەوەش کرد کە دەبێت ئەوەش بزانین هەندێک کەسایەتی هەن لە ناو کۆمەڵگەدا کە نە نووسەرن و نە شاعیرن و نە هونەرمەندیشن، بەڵام بە کارە گەورە و گرنگەکانیان خزمەتێکی زۆریان بە میللەتەکەیان کردووە و ئەوانیش بمانەوێ و نەمانەوێت ئەستێرەی گەشن کە بە نموونە باسی دکتۆر جەمالی منداڵان لە بواری پزیشکیدا و دکتۆر تەها رەسوڵ لە بواری خزمەتکردن بە ئەدیب و رۆشنبیر و هونەرمەند و بوارەکانی تردا رۆڵێکی باش و گرنگی هەبووە بێ ئەوەی کە ئەمانەی باسم کردن کتێبێکی چاپکراویان هەبێت. زۆر ئەستێرەی گەشی تر ماون کە مامۆستا بەسەریان بکاتەوە بۆ گەیاندنی پەیامە گرنگ و جوان و پڕ خزمەتەکەی.

نەجمەدین عەزیز سمایل



مارشی بێھودەیی.. ستیڤان شەمزینی

چەند رووگرژە چرکەکانی تەمەنم
شێوەی دەچێتەوە سەر ژەنەراڵێکی بەزیو
بە لەشکرێکی ھەڵاتووەوە
چەند تفتە پێکی ئەم شەربەتەی وجود
رووخساری لە چوالەیەکی تاڵ دەچێت
لە نێو زاری شیعرێکی منداڵکاردا
چەند ئازاربەخشە ئەم رۆژە چاوەڕوانەی
خۆر لە دەمی کەلەوە ئاوا دەبێت
بە عاجزیی و بەدزیی منەوە ھەڵدێتەوە
چەند سەختە ژانی ھەناسەدان
ھەر دەڵێی ھەوا ئاگرە و ھەڵیدەمژم
ھەر دەڵێی بای دۆزەخە
لە ھەناوما گڤەی دێت
چەند قورسە مرۆڤبوون
بۆ ئەوانەی
لە زمانی خۆشەویستی تێدەگەن
بۆ من کە میھر دەچێنم و
کینە دەمدورێتەوە
چەند بێمانایە گەمەی ژیان
وەک رێکردن وایە
بەسەر شەقامێکی چەقۆڕێژدا
کێ دەتوانێ
بەبێ برینی گەورە گەورە
بەسەریدا تێپەڕێ؟
چەند تەمومژە ئەم سەر زەوییە
لە شوێنێک دەچێت
بۆ کەرنەڤاڵی خوێنی رژاو و
فەزایەک بۆ لە خاچدانی تروسکەی خەیاڵ
چەند ناسازە ئەم دەنگە نوساوەی مێژوو
ناو سکی تەژیە لە زامی قووڵ قووڵ
لە سوێندی درۆی ھەزاران سیاسەتمەدار
چەند قورسە جانتای پڕی بیرەوەریی
لە ئانی پەڕینەوە بەرەو ئێستا
لە شانت دەکەوێتە خوارەوە و
خۆی دەخاتە باوەشی رەشەبا
ھەرچی نھێنی ئابڕووبەرە
دەکەوێتە سەرەتاتکێ
چەند ئاسانە سەربڕینی ئیسماعیلەکان
بە کێردی ژەنگاویی ئایدۆلۆژیا
بە شمشێری سندان لێداوی سیاسەت
چەند تاریک و نادیارە ئاسۆ
لەنێو دوکەڵی درۆدا چاو چاو نابینێ
ھەر ئیبلیسە دەستی ناوەتە بینی رۆشنایی
چەند چۆڵە ویژدانی دۆڕاوی مرۆڤایەتی
کەس نییە لەسەر کێلی گۆڕێک بنووسێت
ئەم مردووە ژیان بە دڵڕەقی خۆی کوشتی
چەند بێزارکەرە دەنگی واعیز و مەلاکان
لەوەتی ھەن
حەڵوای ژەھرمان دەرخوارد دەدەن
تەنافی سێدارە بۆ ئازادییمان دەچنن
چەند وێرانە ئەم شارە ئاوەدانە
چۆلەیەک نابینی
باسی خۆشەویستی بکا
باخەوانێک بەدی ناکەیت
گوڵێکی تەنھا ئاو بدا
کەناسێک نابینیت
خاشاکی رق گسک بدات
چەند بەستەزمانە
باڵندەی باڵکراوی پێکەنین
لە ھیچ شوێنێک خۆی بۆ نادۆزرێتەوە
کەسێکی راستگۆمان تێدا نییە
پێی بڵێ
گەورەم تۆ مردوویت
گۆڕستانەکان بۆ خۆت بگەڕێ
چەند دووبارەیە حکایەتەکانی شەھرەزاد
چیتر توانای راگرتنیان جەنگیان نییە
بە شەھرەزادەکان بڵێن
مەرکانەی خۆشەویستی
بەشی لێو تەڕکردنێک
ئاوی تێدا نەماوە
چەند کابووساوییە ئەو خەونانە
ناتوانن ماچێکی کاڵ
لە خۆیاندا جێ بکەنەوە
ناتوانن سینگی ھێشوویەک تیشک
بە خۆیانەوە بگوشن
ناتوانن پرسیارێکی غەریب
لە ھیچ موسافیرێک بکەن
ناتوانن چاویلکەیەک
بخەنە چاوی ھیچ رێبوارێکی چاوکزەوە
چەند دۆزەخە ئەم ژیانە
چەند خۆڵاوییە تەمەنم
عومرم دارێکی چەند زڕە
بەھێی ژوانێکی تر ناگرێ
چەند وەحشەتناکە داھاتوو
ئەو دەمەی دەبینم
ئایندەم دوو گیانە و
خەریکە کۆرپەیەکی دەبێت
چەند تاڵە ئەم سەرنەویشتە
کە مەحکومم بەوەی
ساواکەم ناوبنێم وەرین
و
ە
ر
ی

ن

٢٨-٨-٢٠١٤
سویسرا – لوزێڕن




مانیفێست.. شیعری کەنعان مدحەت

لە شەقی دیوارەکانی نێوانەوە
-بێ جیاوازی-
دەستم، بۆ گوشینی دەستان، درێژ دەکەم
بەوانەی تا ئێستاش بەسەر هیلکە ناشەرعییەکانیانەوەن و
بەردەوام جوجەڵەی کەمئەندام..
دەخەنە بازارەوە

لە شەق و کڵاوڕۆژنانی خەڵکانەوە، دەبیسم و
چاوم لێیە؛
مەشق لەسەر ژماردن دەکەن؛
ژمارەی پوڵ و پارە و
کۆمپانیا و
باخ و تەلار
مەشق لەسەر ژمارەی دۆستی ماڵی
باشوورە هاوردەی خنجیڵانە و
نازدار..
لەسەر ژمارەی سەیارە
ئەسپی ڕەسەن
تانجی..
مەشق و کێبڕکێ،
لەسەر سپاردنی ئەرکی ناوجێی
بە خزمەتکار و
یەدەگ-ی لە خۆ نێرەکەرتر دەکەن

چاوم لێیە،
لێ..
ئێوە بۆ چاوتان
لە مانگرانی سەر شەقام نییە؟
گوێتان بەستراو لە حەن ئاە و ناڵەی برسی و
دەست نەڕۆیشتە؟
ئاخۆ جگە لە بەها و بەرپرسیاریەتی
چیترتان لێ ڕۆشینراوە و
ڕزی و ڕزی و
لێ وەریوە..
کەسمان بێزمان نەیەت،
لاتان،
لێکەینەوە؟

ئەمە تەمەڵترین مانیفێستی کاردانەوە و
ڕوونترین ڕاستییە پەرچدانەوەی بێ دەسەڵاتییە
وەکو هەر دوعایەکی مەلایانە،
ئەم شیعرە
لە پارچە پەڕۆیەکی،
سێ سووچەی سەوزی موفەڕکانە بئاڵن
بە تاک سنجاقێک بە سەرینەکانتانەوە بیانلکێنن
دارتاش وتەنی؛
(خوای گشت، لە سوڵتان ئەحمەد گەورەترە)
بەڵکو شەبەق،
لە جێی لەمە ڕسواییترتان بە گەل
پێشنیاری سێدارەتان
بۆ هەڵخڕا




خوێندنەوەیەکی پانۆرامی بۆ فیلمی Rang De Basanti.. رێباز محەمەد جەزا

ئەوەندە بیرمان لە ڕابردووی خۆمان و داهاتووەنادیارەکەمان کردۆتەوە ئیتر ژیانی ئێستامان هەر وێران کردووە.

: Rang De Basant
فیلمێکی فیلمێکی بۆلیوودی نایابی ووڵاتی هندستانە ; ژانرەکەی دراما/کۆمیدیایە، ماوەی فیلمەکە دوو کاتژمێر و سی و پێنج خولەکە، وەک چۆن لەگەڵ فیلمە هیندییەکان ڕاهاتووین، بە درێژی فیلمەکانیان دەناسرێنەوە، بە پێچەوانەی فیلمە ئەمریکییەکان .
فیلمەکە بە زمانی ئینگلیزی، بریتییە لە Rang De Basanti : ڕەنگی قوربانیدان،ڕەنگم بکە.. ناوێکی جیاواز و ورووژێنەرە کە بینەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، وای لێدەکات پرسیاربکات . یەکێک لە بناغەدانەری سینەمایی ئەو ووڵاتە ئەکتەر و دەرهێنەری سینەما کە ” عامر خان ” کاری دەرهێنانی بۆکردووە دەڵێت : ” ئەوەندە بیرمان لە ڕابردووی خۆمان و داهاتووە نادیارەکەمان کردۆتەوە ئیتر ژیانی ئێستامان هەر وێران کردووە.. ” هەر بۆیە دەوترێت ڕابردوو ڕۆشت، داهاتوو نادیارە کەواتە ئەمڕۆ دیارییەکە نابێت لە دەستی بدەین.پریسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە : فیلمەکە باسی چی دەکات ؟” یان بەڕاستی چیرۆکەکەی چییە؟چونکەوەک لەبەرگەکەیدا دیارە ، هیچ پێشنیازێک ناکات و بۆ قوربانیدان تەرخانکراوە..!
بەگشتی با بەشێوەیەکی سادە و بێ سپۆیلەر باسی فیلمەکە بکەین، هەندێک وشەی نەشیاویشی تێدایەو و فیلمەکەش بەتەواوی دوورە لە دیمەنی پۆرنۆگرافی، هەروەها ئەستێرەی ناسراوی هیندی (ئەمیر خان) لەگەڵ ئەکتەرە گەنجەکانی تر بەشدارن تێیدا ، چیرۆکی فیلمەکە لە دەوری ئەوان دەسوڕێتەوە..بە سادەیی چیرۆکەکە باس لە کچێک دەکات کە لە ئینگلتەراوە دێتە هیندستان بۆ ئەوەی فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر ڕۆژنامەکەی باپیری دروست بکات .کاتێک فیلمەکەم بینی و دیمەنی یەکەم دەستی پێکرد، دڵنیا بووم کە ڕووبەڕووی شاکارێکی بێ کات بوومەتەوە لەوەی سینەمای هیندی بەرهەمی دەهێنێت ،هەرچەندە دەرهێنانی زۆر ئاڵۆز و تەکنیکی ناوازە و جیاواز بەکارهاتووە بۆ ئەوەی زیاتر ورووژێنەر بێت لە توندکردنەوەی دەمارەکانی بینەر، هەروەها بەڕای من قورسترین ئەرک لە دەرهێنانی ئەم فیلمەدا توانای دەرهێنەرە کە ڕووداوەکانی فیلمەکە بە شێوەیەکی نایاب بەیەکەوە دەبەستێتەوە، یەک لە دوای یەک و بەبێ ئەوەی بینەرتووشی دڵەڕاوکێ بکات،کارێک دەکات کەنەزانن چی ڕوودەدات، کاتێک سەیری فیلمەکە دەکەیت، بەهۆی ،دەرهێنانی دیمەنەکان بە وێنەیەکی دروست تێدەگەیت، هەرچەندە فیلمەکە لە یەک کاتدا زیاتر لە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە!
چیرۆکەکە بە شێوەیەکی زۆر ڕێکخراوو تووندوتۆڵ پێکەوە گرێدراون و چەندین مانای بەرزی مرۆڤانەی تێدایە کە لەسەر بنەماکانی هاوکاری و سۆز دامەزراوە و ناتوانرێت جیاوازی بکرێت لەلایەن ئایینێک یان نەتەوەیەکی دیاریکراوەوە، هەرچەندە بارودۆخەکە جیاواز بێت .لەم فیلمە بەرزەدا توانای ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بە شێوەیەکی جیاواز نیشان دەدرێت، هەستی هاوڕێیان بەرامبەر بە یەکتر و ڕۆحی بەتەنگەوەهاتنیان نیشان دەدا، جا بە نهێنی بێت یان ئاشکرا ، هەروەها کاریگەری خۆیان زیادەکەن لەگەڵ ئەو دیالۆگە زێڕینانەی کە ناتوانرێت لە یادەوەری بینەردا بسڕدرێنەوە و کەئاماژەن بۆ بلیمەتی نووسەر و دەقی بەهێزی فیلمەکە. هەروەها فیلمەکە چەندین مانا و تەحەدای تێدایە کە مرۆڤ دەتوانێت بیکات ئەگەر پێی وابێت : “گۆڕانکاری مومکینە و هیچ شتێک مەحاڵ نییە” … بێگومان ، ئەمەش هەرلەکاری کاست و کارەکتەرێک دەوەشێتەوە کە هەرگیز لە مێژووی بۆلیووددا دووبارە نابێتەوە.سەبارەت بە گۆرانی و سەمای هیندیش پێویستە چونکە میرات و کولتوورێکن کە دەرهێنەرەکان پێیان خۆشە لە زۆربەی فیلمە هیندیەکاندا پیشانی بدەن، بە گشتی من بە خاڵێکی نەرێنی ئەم فیلمەی نازانم، تەنانەت بە سەرچاوەی بێزارییشی نازانم چونکە ئەو دۆخ و ساتانەی کە پاڵەوانەکانی فیلمەکە ئەزموونیان کردووە ڕوون دەکەنەوەو کاریگەرییان هەیە لە فیلمەکەدا، هەروەها پەیوەندی نێوان کارەکتەرەکان بەڵگەن، لەسەر ئەوەی کەگرنگ وپێویستن.شتێکی تر کە سەرسامی کردم بەکارهێنانی گۆرانی عەرەبی بوو لە پاشخان (دەنگ بۆ هەندێک دیمەن) لە… فیلمێکی هیندی و گۆرانی عەرەبی؟ ڕاشکاوانە بڵێین یەکێکە لە دەست لێدانە نایابەکانی دەرهێنەر و دیدگای جیاوازی دەرهێنەرو جیای دەکاتەوە لە دەرهێنەرەکانی تر.لە کۆتاییدا، فیلمێکی هیندییە بە بەرزترین پێوەر و زۆردوور لە هەموو چاوەڕوانییەکانم ئەوەی تێپەڕاندووە، هەمیشە فیلمی هیندیم بە کەمتر لە فیلمەکانی هۆلیوود بینیووە بەڵام ئێستا دەڵێم: “ ئایا فیلمی هیندی؟ لە ئاستێکدا چی پێشکەش دەکات کە لە فیلمە گەورەکاندا مەحاڵە پێی بگات ؟ ئەم فیلمەش …فیلمێکی هیندیە ! بەڵام دوای سەیرکردنی تێڕوانینم بە تەواوی گۆڕا، کە ئێستا بە یەکێک لە و فیلمانەی پۆلێن دەکەم کەگرنگن ، یان کەپێشنیازی دەکەم هەمووان بیبینن … هەرچەندە فیلمەکە لە ساڵی ٢٠٠٦دایە، واتە تا ڕادەیەک بە کۆن دادەنرێت ، بەڵام گرنگەۆ،پێویستە بینەری بین.




ئایا سۆسیالیزم لە ئێراندا دادەمەزرێت؟/1.. حەمید تەقوایی.. وەرگێڕانی:کاوە عومەر

(بەشی یەکەم)
یەکەم
حەمید تەقوایی
وەرگێڕانی:کاوە عومەر

دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقوایی سەبارەت بە سۆسیالیزم
ئەم بابەتە بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی کەناڵ جەدیددا ئامادەکراوە
حەسەن ساڵحی: حەمید تەقوایی، چەند ڕۆژ لەمەوبەر، لەژێر ناونیشانی ئاسۆی سۆسیالیزم لە ئێران، لە ئەنجومەنی مارکس لە کەنەدا سیمینارێکتان سازکرد. ئەم تەوەرە پرسیاری زۆر دەوروژێنێت، کە بەداخەوە کاتی پێویست بۆ پرسیار و وەڵام لە سیمینارەکەدا نەبوو. من خۆم لەو سیمینارەدا پرسیارم هەبوو کە نەمتوانی بیخەمە ڕوو. هیوادارم لەم چاوپێکەوتنەدا بتوانین بابەتەکە بە تەواوی ڕووماڵ بکەین. با لە بەشی کۆتایی سیمینارەکەوە دەست پێ بکەین. باسی دامەزراندنی سۆسیالیزمت لە ئێران کرد. تکایە ڕوونی بکەنەوە کە ئەمە بەڕاستی مانای چییە؟ ئێمە دەزانین سۆسیالیزم واتە هەڵوەشاندنەوەی کاری بەکرێ و خاوەندارێتی تایبەت. بەڵام ڕەنگە ئەمە بۆ هەموو کەسێک بەرچاو نەبێت. ئاکام و بەرھەمی ئەم پێشکەوتنە ئابوورییە بۆ خەڵک چییە؟
حەمید تەقوایی: هەروەک ئاماژەت پێدا، لە ئاستێکی بنەڕەتی ئابووریدا سۆسیالیزم بە واتای هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی کرێ و چەوسانەوە و هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەت بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان – کارگە، خزمەتگوزاری، سامان و هتد. بەڵام ئەگەر سۆسیالیزم جەخت لەم ئاڵوگۆڕە ڕیشەییانە دەکاتەوە، چونکە ئامانج و فەلسەفە و بنچینەی سۆسیالیزم ڕزگاری ئینسانە و ئینسان. بنەمای سۆسیالیزم ئینسانە، واتە ئازادی، یەکسانی، خۆشگوزەرانی، شوناس، کەرامەتی ئینسانی، و ڕێزگرتن لە ئینسان و ئینسانیەت، تەوەرو و ئامانجی کۆمەڵگەی سۆسیالیستین.
لە ئاستی ئابوریدا هەڵوەشاندنەوەی کاری بەکرێ بە واتای لەناوبردنی کار وەک کاڵایەک کە کرێکار دەبێت بیفرۆشێت بە سەرمایەدار بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی. بۆ هەڵوەشاندنەوەی کاری بەکرێ، واتە هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی و زۆری ئابووری، پێویستە ئابووری ڕێکبخرێت نەک لەسەر بنەمای قازانج و دروست کردنی قازانج، بەڵکو بە ئامانجی دابینکردنی پێداویستییەکانی هەمووان ڕێکبخرێت. لە سیستەمی سۆسیالیستیدا دابینکردنی پێداویستییەکانی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە تەوەرو و ئامانجی هەموو پەیوەندیەکان و سیاسەتە ئابوورییەکانە.
لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە سۆسیالیزم واتە نەهێشتنی هەمووجۆرە هەڵاواردن و نایەکسانییەک. بۆ تێگەیشتن لەوخاڵەی کە هەموو نایەکسانی و هەڵاواردنەکانی ناو کۆمەڵگەی ئێران و هەموو کۆمەڵگاکانی جیهان، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەست دەبێت بە پێویستی قازانج هێنانی سەرمایەکانەوە، پێویستی بە بیرکردنەوەی زۆر نییە. لە جیاوازییەکی توندی نێوان سامانی فەلەکیی کەمینەیەکی بچوک و نەهامەتی گشتیی جەماوەری خەڵکەوە تا دەگاتە چەوساندنەوەی ئایینی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، چەوساندنەوەی نەتەوەیی، ڕەگەزپەرستی و میللی، هەڵاواردنی چینایەتی، پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافەکانی خەڵک، چەوساندنەوە و دیکتاتۆرییەت، تێکدانی ژینگە و هتد و هتد، هەموو ئەمانە دەرئەنجام و پێویستییەکانی کارکردنی سیستەمی سەرمایەدارین.
ئاشکرایە لە کۆماری ئیسلامیدا هۆکار و زەروورەتی ئەو هەموو هەڵاواردن و چەوساندنەوە و هەژاری و سەرکوتانەی کە لە کۆمەڵگەدا بەربڵاوە، دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی چەند سەرمایەدارێکە لە حکوومەت و باندە مافیاکانی سەر بە حکومەت کە سەروەت و سامانیان لە زیادبووندایە .
لە سیستەمی سۆسیالیستیدا ئەم جیاکاری و نادادپەروەری و ئازارانە بوونیان نییە، چونکە هیچ پێویستی و بنەمایەکی ئابووری نییە بۆیان .
کۆڵەکەیەکی گرنگی سۆسیالیزم دابینکردنی ئازادییە بێ کۆت ومەرجەکانە. ئازادی دەربڕینی بیروڕا، ئازادی ڕێکخراو بوون و حزبایەتی، ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن، ئازادی سۆشیال میدیا، ئازادی ناڕەزایەتی و مانگرتن و هتد…هتد. بێگومان ئەمە ڕێک پێچەوانەی ئەزموونی یەکێتی سۆڤیەت و چین و سیستەمەکانی دیکەیە کە ئیدیعای سۆسیالیزم دەکەن، بەڵام ئەم سیستەمانە جۆرێک لە سەرمایەداریی دەوڵەتی بوون و هەن؛ سیستەمی سەرمایەداری لەژێر ناوی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمدا، کە ئەمڕۆ چین نموونەیەکی بەرجەستەیە.
بەکورتی دەکرێ پایەکانی سیستەمی سۆسیالیستی بە ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان دەرببڕین. ئازادی لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنی، یەکسانی واتە لابردن و هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردنی چینایەتی و هەموو هەڵاواردنەکان، خۆشگوزەرانیش واتە بەرهەمهێنان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هەموو ئینسانەکان. ئەمانە بناغەکانی سۆسیالیزمن.
حەسەن ساڵحی: با بگەڕێینەوە بۆ ئەزموونی یەکێتی سۆڤیەت و چین. تۆ باسی سێ میحوەرت کرد: ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان، نەهێشتنی هەڵاواردن لە بواری کۆمەڵایەتیدا، خۆشگوزەرانی لە لایەنی ئابوورییەوە. حەز دەکەم سەرەتا لایەنی ئابووری بخەمە ڕوو. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کاتێک دەگاتە دەسەڵات بەپەلەترین ڕێوشوێنە ئابوورییەکانی چین؟ ئێوە چ گۆڕانکارییەک لە نەزمی ئابووریدا دروست دەکەن؟
حەمید تەقوایی: یەکەم هەنگاوی ئابووریمان ڕزگاربوونە لە باندە مافیاییە دەسەڵاتدارەکان. دەکرێ بڵێین کۆماری ئیسلامی کارەکانی لەم پێوەندییەدا سادەتر کردوەتەوە. دەزانن زیاتر لە 50%ی ئابووری، سەرچاوە، کارگە، خزمەتگوزاری، هەناردەکردن وهاوردە و هتد، لە دەستی چوار پێنج ڕێکخراو و دامەزراوەی حکومی و سەر بە حکوومەتی ئێراندایە: بەیت ئیمام، سپای پاسداران و بەسیج، بارەگای جێبەجێکردنی فەرمانی ئیمام و دامەزراوەی هەژاران و بارەگای قودس ڕەزەوی و یەک یان دوو دامەزراوەی تر. زۆربەی هەناردە و هاوردەکردن، دارستان و کان و سەرچاوەی سامان و خانووبەرە و خانوو و بەنداو، ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری کۆنترۆڵ دەکەن و هەموویان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ وابەستەی حکومەت و بەتی ڕابەرن. ئەمانە ئابووری ئێران دەجوڵێنن.
ئەو ئامارەی کە لەم دواییانەدا لە لایەن دامەزراوەی بانکی و خزمەتگوزاریی سویسرا (UBS) بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ٢٤٦ هەزار کەس لە ئێراندا ملیۆنێری دۆلارن. واتە کەمتر لەسێ هەزاری دانیشتووان. ئەمانە هەموویان سەر بەو باندە مافیایانەن کە من ڕوونم کردەوە. لە لایەکی دیکەوە زیاتر لە ٥٠٪ خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەم دۆخە وایکردووە ڕزگاربوون لەم سەرمایەدارە گەورانە هەم بەتەواوی مومکین و هەم پێویست بێت و هەم لە چاوی خەڵکی گشتیدا خوازراو بێت.
ڕووخانی حکومەت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بە واتای دەرهێنانی زۆربەی پارە و سەرچاوەکان لە دەستی خاوەنەکانیان و ئەگەر وردتر بین، قۆرخکارەکان. سەرنج بدەن ئێران سیستەمێکی سەرمایەداریی ئاسایی نییە وەک ئینگلتەرا، فەرەنسا و تەنانەت تورکیا. لە هەر وڵاتێکی تردا ئەم دەستەو تاقمە مافیاییە بە هۆی گەندەڵی ودزی، دەستبەسەرداگرتنی موڵک، نەدانی باج، کۆکردنەوە، قاچاخ، موزایەدەی تەندەری تەلارسازی و هتد و هتد، تەنانەت بەپێی یاسا و ڕێساکانی خودی کۆمەڵگا سەرمایەداریەکان تاوانبارن و پێویستە دەست بەسەر موڵک و ماڵی ئەواندا بگیرێت. ئەگەر حکومەتێکی سۆسیالیستیش دەسەڵات بەدەستەوە نەگرێت، دەبێت یەکەم کارەکەی هەوڵدان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی ئەو باندە مافیایانە بێت. ڕزگاربوون لەم دەستەو تاقمانەو باندەکانی ماددە هۆشبەرەکان هەم کارێکی پێویست و خوازراوە و هەم داواکارییەکی بنەڕەتیی خەڵکە و بە تەواوی خواستراو و قبوڵکراوە لە بیروڕای گشتیدا.
بەڵام لێرەدا پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: ئایا ئێوە دەسەڵاتی لێوەردەگرنەوە و ڕادەستی کێ دەکەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە جیاوازی بنەڕەتییە لە نێوان حکومەتێکی سۆسیالیستی و هەر جۆرە حکومەتێکی ترە کە ڕەنگە مافیای دەسەڵاتدار لاببات. ئایا وەڵامەکە ڕادەستکردنی ئەو پارە و موڵک و ماڵە کەدەستی بەسەردا گیراوە بە کەسانێکی ترە کە ڕیش و عەمامەیان نییە؟ وە بەوهیوایە بیت ئەمانە بەرژەوەندی کۆمەڵگا دابین بکەن؟! ڕوونە کە چاوەڕوانییەکی لەو شێوەیە ناکرێ، نە ئەو خەڵکەیش کە بە شۆڕشەکەی دژ بە هەژاری و گەندەڵی ئایەتوڵڵا ملیاردێرەکانی ڕوخاندووە، ڕێگە بە شتێکی لەو جۆرە دەدات.
وەڵامی ئێمەی سۆسیالیست ڕوونە: کۆنترۆڵی سەرچاوە ئابووری و بەرهەمدار و خزمەتگوزارییەکان بدرێت بە خودی خەڵک. خەڵک خۆی مەبەستی ئەو خەڵکەیە کە لە شوراکاندا ڕێکخراون. شوراکانی خەڵک کۆنترۆڵی سەروەت و سامان و بەرهەمی کۆمەڵگا بکەن نەک کەرتی تایبەت یان کەرتی گشتی. ئیدارەی ئابووری و سیاسەتە ئابوریەکان دەتوانێت و پێویستە لە دەستی بەرهەمهێنەرانی ڕاستەوخۆدا بێت. ئەمە یەکەم مەرجە بۆ لەناوبردنی سەختی ئابووری و کۆیلایەتی کرێ و بۆشایی قووڵی نێوان هەژاری و سامان لە کۆمەڵگادا.
چەند ساڵێک لەمەوبەر کرێکارانی مانگرتووی قامیشی شەکری هەفت تەپە، داوای ئیدارەی شورایی ئەو ناوەندە بەرهەمهێنانەیان دەکرد. ڕایانگەیاند کە دەتوانین قامیشی شەکری هەفت تەپە باشتر لە کەسانی شارەزا و بەڵێندەر بەڕێوەببەین. ئەمەش خاڵی لوتکەی بزووتنەوەی شورایی بوو کە لە شۆڕشی ١٣٥٧ەوە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
دوای ڕووخانی حکوومەتی شا، شوراکان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە هەموو شوێنێک پێک هات و خەڵک ئازادی و دیموکراسییان نەبەستەوە بە پەرلەمانەوە بەڵکو بە شوراکانەوە. شورا لە کارگە و زانکۆ و قوتابخانە و فەرمانگە و هەموو شوێنێک دروست دەکرا و دەیانویست کاروباری کۆمەڵگە بگرنە ئەستۆ. هێشتا لە یادەوەری کۆمەڵگادا زیندووە. ئەمڕۆ شوراکان پێکهێنراون و وەک ڕێکخراوی خەباتکارانە چالاکن، بە شێوەیەکی سەرەکی بە بەشداری چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، قوتابیان، و تەواوی تۆڕێک لە تێکۆشەرانی بوارە جیاجیاکانی خەبات، و ئەمەش زەمینەیەکی زۆر لەبارە بۆ دروستکردنی شوراکان وەک ئۆرگانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە سبەینێی ڕووخاندنی.کۆماری ئیسلامیدا دروستکردووە. دوای ڕووخانی کۆمەڵگا، دەکرێت کۆمەڵگا لە شێوەی شوراکاندا ڕێکبخرێت و لە هەنگاوی یەکەمدا زۆرینەی ئابووری ئێران کە لە ئێستادا لە دەستی دەستەوتاقمە مافیاکاندایە، ڕادەستی شوراکان بکرێت.
حەسەن ساڵحی: با بگەڕێینەوە سەر بابەتی شوراکان. بەڵام پێش ئەوە دەمەوێت لە بارەی دواکەوتوویی کۆمەڵگای ئێرانەوە بپرسم. هەندێک کەس دەڵێن سۆسیالیزم لە ئێراندا مومکین نییە، چونکە کۆماری ئیسلامی دەیان ساڵە کۆمەڵگەی گەڕاندوەتە بۆ دواوە و کەلێنێکی گەورەمان لەگەڵ کۆمەڵگە پیشەسازییەکانی ڕۆژئاوادا هەیە. باشترە سەرنج بخرێتە سەر بابەتی مافی مرۆڤ و پراکتیکی دیموکراسی و ئەم جۆرە بابەتانە. ڕێوشوێنە سۆسیالیستیەکان چەندە خوازراو بن، بەڵام مومکین نین، یان لانیکەم هێشتا زۆر زووە. ئەوە لەم بارەیە چی دەڵێن؟
حەمید تەقوایی: ئەوانەی ئەم بۆچوونەیان هەیە لەبیریان دەچێتەوە کە پێش کۆماری ئیسلامی هیچ باسێک لە لەدیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ئێراندا نەبووە. لە شۆڕشی دەستوورییەوە تا ئەمڕۆ، جگە لە ماوەی زۆر کورت کە دەسەڵاتی ناوەندی لاواز بوو و خەڵک بە کردەیی دۆخێکیان بەسەر حکومەتەکاندا سەپاند و بە کردەوە ئازادییەکانیان بەدەستهێنا، بە درێژایی سەدەی ڕابردوو نە مافی مرۆڤ لە ئێراندا ڕێزی لێگیرا، نە دیموکراسی، تەنانەت بە مانا پەرلەمانییەکەشی، نەهەواڵێک سەبارەت بە ڕێزگرتن لە کەرامەتی ئینسان و ئازادییە سیاسییەکان هە بوو. ڕاستە کۆماری ئیسلامی بێ مافی و هەژاری و سەرکوت و کوشتنی بردۆتە ئەوپەڕی و دڕندەترین حکومەتە کە ئێرانی هاوچەرخ بەخۆیەوە بینیویەتی، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە تەنیا کۆماری ئیسلامی هەر جۆرە ئازادییەکی، تەنانەت پەرلەمان و هەڵبژاردنەکان لەناوەرۆکەکەی بەتاڵ کردووەتەوە و کردوویەتە گاڵتەجاڕیەک. لە سەردەمی پاشایەتیشدا پەڕلەمان و هەڵبژاردن هەر فەرمایشی و ناوەرۆک بەتاڵ بوو.لەو سەردەمەشدا ئازادی حیزبایەتی بوونی دەرەکی نەبوو. تەنانەت ئەو چەند حزبەش کە لایەنگری پاشایەتی بوون تەحەمول نەکرا ن و تا کۆتایی سەردەمی شا تەنیا یەک حیزب مایەوە، ئەویش حزبی ڕەستاخیز بوو. سێبەری ڕەشی ساواک و سانسۆر و خنکاندنیش هەموو کۆمەڵگای گرتەوە. لە ڕووی بارودۆخی ژیانەوە دۆخەکە بە جۆرێک بوو کە دواجار ڕاپەڕینی پەراوێز نیشینەکان شۆڕشی لێکەوتەوە.
ئەمڕۆ تەنانەت لە ئۆپۆزسیۆنیشدا هێزە ڕاستڕەوەکان دەیانەوێت دەسەڵاتی پاشایەتی و ساواک بگەڕێننەوە و دڵنەوای سوپای پاسداران و شەرمنانە بەرگری لە “سەرکردە نیشتمانییەکان”ی وەک قاسم سولەیمانی بکەن. تەنانەت لە ئۆپۆزسیۆنیشدا بۆرژوازی ئێران خەون بە دیکتاتۆرییەکی داهاتووەوە دەبینێت.
ئایا ئەم ڕاستیانە ئەوەمان پێنادەن کە ئێمە چەندە “دیموکراسی پراکتیزە” بکەین و داوای ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بکەین، دۆخەکە وەک سەد ساڵی ڕابردوو دەبێت، تا سیستەمی سەرمایەداری دادەمەزرێت؟ ئایا ئەم ڕاستیانە ئەوە نیشان نادەن کە بۆ ڕێزگرتن لە سەرەتاییترین مافە ئینسانییەکان، تەنانەت بۆلەناوبردنی ستەم و دیکتاتۆرییەت، دەبێت سیستەمێکی بنەڕەتی جیاواز لە سەرمایەداریمان لە ئێراندا هەبێت؟ سیستەمێک کە نەک هەر ئیسلامی نییە بەڵکو سەرمایەداریش نییە.
سەرمایەداری لە ئێران، لە دوای شۆڕشی دەستوورییەوە، کە یەکەم هەوڵی کۆمەڵگا بوو بۆ ئازادی و دادپەروەری و شارستانییەت، نەیتوانیوە کۆمەڵگایەکی هاوشێوەی کۆمەڵگا ئەوروپاییەکان تەنانەت بە دەپلە خوارتریش لەوان لە لە ئێران دروست بکات. ئێمە دیکتاتۆریمان لە دوای دیکتاتۆریەت هەبووە. پەرلەمان هەمیشە ناوەرۆک بەتاڵ و پوچ بووە لە ئێران، مافی مرۆڤ هەرگیز ڕەچاو نەکراوە، ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەیی و سەرکوتی نەتەوەیی بەربڵاو بووە، هیچ هەواڵێک لە ئازادییە سیاسییەکان، ئازادیی ڕادەربڕین، قەڵەم و چاپەمەنی، ئازادی حیزبەکان ، ناڕەزایەتی و مانگرتن نەبووە.
پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە هۆکارەکەی چییە؟ ئایا ئەمە بەهۆی خراپەکاریی بەرپرسان و پاشاکان و ئایەتوڵڵاکانەوە بوو؟ دیکتاتۆرەکان لە هەلومەرجەوە لەدایک دەبن. پێویستە بناغەی ئەم دیکتاتۆریەت لە ئێرانی هاوچەرخدا لەناو ببەین کە بناغەکەی سیستەمی سەرمایەدارییە. بۆچی بەوشێوەیە؟ لە بنەڕەتدا، چونکە لە ڕووی مێژووییەوە سەرمایەداری لە ئێران لە ڕووی کەڵەکەکردنی سەرمایە، تەکنۆلۆژیا، بەرهەمهێنان و هتدەوە زۆر لەدوای دونیای پیشەسازییەوەیە،لە بەر ئەوە ناچارە بۆ ئەوەی لە مەیدانی جیهانیدا بەتایبەتی ئەمڕۆ کە سەرمایەداری زیاتر لە هەر سەردەمێکیتر سیمایەکی جیهانی بەخۆیەوە نیشانداوە، بۆئەوەی توانای کێبڕکێ و قازانج هێنانی هەبێت، دواکەوتوویەکەی خۆی بە چەوساندنەوەی توند قەرەبوو بکاتەوە. دیکتاتۆرییەت و چەوساندنەوەی ڕووتی چینی کرێکار، ئەو ستەمەی کە بە بیەوێ و نەیەوێ ، شۆڕدەبێتەوەبۆ هەموو کۆمەڵگا ، لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. کرێکارێکی بێدەنگ و کرێکاری هەرزان یەکێکە لە پێداویستیەکانی قازانجی هێنانی سەرمایە لە ئێراندایەو بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە دەمی هەمووان دابخات و هەر دژایەتییەک تێکبشکێنێت.
هەموو ئەزموون و مێژووی هاوچەرخی ئێران ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا ئێران ڕەنگی ئازادی و مافی مرۆڤ و دێموکراسی تەنانەت بە مانای پەرلەمانیش بەخۆیەوە نابینێت. ئەمە ئەوپەڕی خۆشخەیاڵی و وەهمە کە دەکرێت سیستەمی سەرمایەداری لە ئێراندا دەپارێزیت بەبێ دیکتاتۆریەت و چەوساندنەوە.
لە ڕووی بارودۆخی ژیانەوە، بە پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری هیچ شتێک ناگۆڕێت. دڵنیابن کە هەموو حکومەتێکی سەرمایەداری پابەندە بە جێبەجێکردنی سیاسەتی خۆپارێزی ئابووری لە توندترین و دڕندەترین شێوەی خۆیدا. دیکتاتۆری ڕووت و توندوتیژ لە ئێراندا بنەمایەکی ئابووری بابەتیی هەیە کە پێویستی قازانجی سەرمایەیە و بۆ گەیشتن بە ئازادی و خۆشگوزەرانی دەبێ ئەم بنەما بابەتییە لە ناو بچێت.
کاتێک بەرهەمهێنان بۆ قازانج نەما، بانکی نێودەوڵەتیش ناتوانێت بەسەرتا بسەپێنێت کە نرخ و کرێ بۆ بازاڕ جێبهێڵیت و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و هتد و هتد ببڕیت. کاتێک بەتەواوی دەستبەرداری سیستەمی سەرمایەداری بووین، ئەوا هێزەکان ئازاد دەبن و ئئەوپێداویستیانە دروست دەبێت کە لەچوارچێوەی سەرمایەداریدا ناتوانرێت بەدی بهێنرێت.

حەسەن ساڵحی: ئەو سیستەمە سۆسیالیستییەی کە دەتەوێت لە کۆمەڵگادا دایبمەزرێنیت پێویستی بە بەڕێوەبردن هەیە. دەبێت حکومەتێک هەبێت بۆ ڕێکخستنی ئەم سیستەمە و بە شێوەیەکی سروشتی دەسەڵات لە دەستی حکومەتدا چڕ دەبێتەوە. ئەو پرسیارەی کە دەوروژێنرێت ئەوەیە کە گەرەنتی چییە کە ئەم دەسەڵات و بەڕێوەبردنە مەرکەزییە نەگۆڕێت بۆ سەرمایەدارییەکی دەوڵەتی و حکومەتێکی تۆتالیتاری، وەک ئەوەی لە یەکێتی سۆڤیەتدا ڕوویدا؟
حەمید تەقوایی: خاڵی یەکەم ئەوەیە کە کاتێک باس لە سۆسیالیزم دەکەین لە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، پێشگریمانەکە ئەوەیە کە شۆڕشێک لە کۆمەڵگادا ڕوویدا و حکوومەتی ڕووخاند و ئەوەندە چەپ و ڕادیکاڵ بوو کە کۆمۆنیستەکانی گەیاندە دەسەڵات . لە هەلومەرجێکی وادا هێز و زەبری هێز و دەسەڵاتی شۆڕش بنەمای هاوبەشی خەڵک لە دەسەڵاتدا دەڕەخسێنێت. شۆڕش ئامانجە ئینسانیەکانی خەڵک و چاوەڕوانییەکانیان لە کۆمەڵگا و سیستەمی خوازراویان بەرز دەکاتەوە و جەماوەری ڕاپەڕیوی خەڵک لە هەموو جۆرە ڕێکخراو و ڕێکخستنە خەباتگێڕەکان و بە تایبەتیش شورا و ڕێکخراوەکانی هاوشێوەی شوراکان کۆدەکاتەوە و ئەوەش بواری بەشداریکردنیان لە کاروباری کۆمەڵگادا بۆ دەڕەخسێنێت،
وەک نموونە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان کە پایەیەکی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیە، بە شێوەیەک کە جیهان ناوی دەبات بە یەکەم شۆڕشی ژنان لە مێژوودا، یان بزووتنەوەی دژ بە سزای لەسێدارەدان، بزووتنەوەی دادخوازی، بزووتنەوەی کرێکارانی کرێکار و خانەنشین بە دروشمی یەکێتی یەکێتی دژ بە هەژاری و گەندەڵی، دژی مافی فەلەکی و نەهامەتی گشتی، بزووتنەوەی ڕزگاری کولتووری گەنجان و هتد و هتد، هەموو ئامانج و چاوەڕوانییە ئینسانی و ڕادیکاڵەکان بەرز دەکەنەوە و هەن ئامادەن حکومەتەکەیان بڕوخێنن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان. تەنانەت لە شۆڕشی ١٣٥٧دا کە دژە شۆڕشی ئیسلامی زاڵ بوو، دوای ڕووخانی شا، شۆڕش بە هێزەوە بەردەوام بوو. خەڵک لە کارگە و زانکۆ و فەرمانگەکاندا ڕاوەستاون و خەڵک لەژێر ستەم و جیاکاری نەتەوەییدا بەتایبەت لە کوردستان و تورکمان سەحرا، داوای جێبەجێکردنی داواکارییە ڕەواکانیان دەکرد و پشتبەستن بە هێزی خۆیان، لەوانەش شوراکان لە کارگە و زانکۆ و بانکەکانی کوردستان، ئەوان دەستیان کردبوو بە بەدیهێنانی ئاواتەکانیان. زیاتر لە دوو ساڵی خایاند تا کۆماری ئیسلامی شۆڕشی سەرکوت کرد.
ئێمە وەک حیزبێکی بەرهەڵستکاری هەر جۆرە دەسەڵاتێکی سەرو خەڵکی، پێچەوانەکەی کار دەکەین، ئەو ڕێکخراوانەی لە سەردەمی شۆڕشدا پێکهاتبوون، پتەوتر دەکەین، شوراکان فراوانتر دەکەین و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان پێ دەسپێرین.
هەروەک ئاماژەم پێدا، بە شێوەیەکی بابەتیانە شۆڕش بیرۆکە و ئامانجی چەپ دەباتە پێشەوە و زەمینە بۆ بەدیهێنانیانشی دابین دەکات. بۆ نموونە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و ڕاپەڕینەکانی پێشووی ساڵی ١٣٩٨ و ١٣٩٦ و هتد، لە بنەڕەتدا بزووتنەوەگەلێکی چەپ و ڕادیکاڵ بوون،هەن بە ئامانجی ئینسانییەوە . دروشمی ژن ژیان ئازادی، کە لەگەڵ ئیستقبالی جیهانی بەرەوڕوو بوویەوە، دروشمێکی چەپ و مۆدێرن و پێشکەوتنخوازانە و ئینساندۆستانەیە کە ڕێزگرتن لە ژنان و ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان دەخاتە سەر لوتکە و لە لایەکی دیکەشەوە یەکگرتوو و هێزی ژنانی هێنایە مەیدان. ئەمە قسەی سەرزاری هێزە چەپەکانە کە ئازادی ژن واتە ئازادی کۆمەڵگا، ئازادی کۆمەڵگا بەبێ ئازادی ژن بێمانایە. وە “ئازادی” کە لە دروشمی ژن ژیان ئازادیدا ئاماژەی پێکراوە، بۆ خۆی ئەم مانایەی هەیە. یان “ژیان” واتە خۆشگوزەرانی و کەرامەتی ئینسانی وەک ئەوەی من ڕوونم کردۆتەوە. سیستەمی سۆسیالیستی لەسەر شانی شۆڕشێکی لەو شێوەیە بەدەسڵات دەگات
لە ڕووی دیاریکردنی ڕێکخراوەیشەوە، ئەم شۆڕشە هێزی خەڵکی هێنایە سەر شەقام. هەڵسوڕوان و ئەوانەی بەشدارن لە شۆڕش و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، سەرەڕای سەرکوتەکانی حکومەت، لە یەکێتی و ڕێکخراوە مەدەنییە جۆراوجۆرەکاندا خۆیان ڕێکخستووە. شورا یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی کە وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا پشت بە ئەزموونی مێژوویی بەرهەمدار دەبەستێت. بە بڕوای من ئەمڕۆ کرێکاران و قوتابیان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ئامادەن لە شوراکاندا خۆیان ڕیکبخەن. وە لەگەڵ ڕووخانی حکومەتدا، شوراکان بە خێرایی لەسەر ئاستی فراوان و سەرتاسەریدا پێکدەهێنرێن. حزبی ئێمە، و هەر لایەنێک کە بیەوێت سۆسیالیزم جێبەجێ بکات، ئەم پرۆسەیە فراوانتر و بەهێزتر دەکات.
لە شۆڕشە بۆرژوازییەکانی وەک شۆڕشی گەورەی فەرەنسادا، ئەو حیزبانەی کە شۆڕشەکە بەدەستەوە دەگرن، دوای سەرکەوتن خەڵک دەنێرنەوە بۆ ماڵەوە و کاروبارەکان خۆیان دەیبەن بەڕێوە. تەنانەت لە شۆڕشی ئۆکتۆبەریشدا هەمان شت دوای ماوەیەکی کورت ڕوویدا، لەبەر ئەو هۆکارانەی کە لە خوارەوە ڕوونی دەکەمەوە. بەپێچەوانەوە ئێمە بانگەشەکاری حکومەتی شورایین و دوای ڕووخانیش هەوڵ دەدەین هەموو دەسەڵاتەکەان ڕادەستی شوراکان بکەین، یان ئەو ڕێکخراوانەی لە جۆری شورا کە لە شۆڕشەوە سەریان هەڵداوە. شوراکانی خەڵک بەهێز بکرێن و وەک ئۆرگانی حکومی بچەسپێنرێن. وەک ئۆرگانی بڕیاردەر لە سیاسەت و ئابووری و هەموو کاروباری کۆمەڵایەتی پەیوەست بە ئیدارەی کۆمەڵگا. هەروەها پێویستە حزبەکان لە ڕێگەی شوراکانەوە سیاسەتەکانیان بەرەوپێش ببەن، دەبێت شوراکان ڕازی بکەن.
ئەمە لە یەکێتی سۆڤیەت و کۆمەڵگاکانی تر کە ئیدیعای سۆسیالیزمیان دەکرد، ڕووی نەدا، بە شێوەیەکی سەرەکی لەبەر ئەوەی هێز و بزووتنەوەکانی دیکە، وەک بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی پیشەسازی لە ڕووسیا، یان بزووتنەوەی دژە فیۆداڵی-دژە کۆلۆنیالیزم لە چین، یان بزووتنەوەی دژە ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە کوبا، هەروەها بەشدار بوون لە شۆڕشەکانی ئەو وڵاتانەدا. هەروەها ئەم بزووتنەوە پلان و بەدیلێکی ئابوری پراکتیکییان هەبوو کە بنەمای ئەو بزووتنەوەیە مامەڵەکردن بوو لەگەڵ دواکەوتوویی فیۆداڵی. بۆ نموونه لینین گووتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێ چینی کرێکاری ڕووسیا زیاتر به ده ست دواکه وتوویی سه ڕمایه داری ده ناڵێنێت تا به ده ست دەسەڵاتی سه ڕمایه داریەوە. نەهێشتنی ئەم دواکەوتوویی و پێشکەوتنە پیشەسازیانەی ڕووسیا ئامانجی هێزە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنە لیبراڵەکانی وەک حزبی کادێتس و تەنانەت مەنشەفیکەکانیش بوو. ئەم هێز و بزووتنەوە ناسۆسیالیستیانە لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشدا نەماون، بەڵکو لەژێر ناونیشانی سۆسیالیزمدا بەدوای ئامانجە چینایەتییەکانیان چوون و جێبەجێیان کرد. ئەم ڕەوتە لە هەموو ئەزموونەکانی ڕابردوودا دەبینرێت. ئەم هەلومەرجانە بووە هۆی ئەوەی شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم لە ژێر ناوی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمدا شکست بهێنن و سەرمایەداریی دەوڵەتی و دیکتاتۆریەتی تاک حزبی لێکچووی لێبکەوێتەوە. بێگومان ئەمە باسێکی وردە کە حزبی ئێمە لە سیمینارەکانی سەر مارکسیزم و مەسەلەی سۆڤیەت لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە وردی شیکاری بۆ کردووە و لێرەشدا کات نییە زیاتر ڕوونی بکەینەوە.
خاڵێکی گرنگ کە پێویستە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە کە بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئێران تەواو جیاوازە لە بارودۆخی چین و ڕووسیا و وڵاتانی دیکە. شۆڕشی ١٣٥٧ یەکەم شۆڕش بوو لە مێژوودا کە لە وڵاتێکی تەواو سەرمایەداریدا ڕوویدا – پانزە ساڵ دوای چاکسازییەکانی زەوی و لەناوبردنی دوا پاشماوەی فیۆدالیزم. دیکتاتۆری شا دیکتاتۆرییەکی سەرمایەداری بوو و فیۆداڵی نەبوو، یان تەنانەت تێکەڵەیەک لە فیۆدالیزم و سەرمایەداری. لە ڕووی ئابوورییەوە هیچ چاکسازی و گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە شێوەی سەرمایەداریدا مومکین نەبوو. لە وەها بارودۆخێکدا چینی سەرمایەداری – ناوخۆی و جیهانی- تەنیا بە پشت بەستن بە کۆنەپەرستترین هێزی ئۆپۆزیسیۆنی شا کە بە تەواوی دژی مۆدێرنیزم و شارستانیەت و پێشکەوتن بوو، واتە لەگەڵ خومەینی و ئیسلامی خومەینی، دەیتوانی شۆڕش بە ناوی شۆڕشەوە تێکبشکێنێت . شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ – لە ڕاستیدا لە ڕووی ناوەرۆکی خۆیەوە ڕاپەڕینێک بوو لە دژی سیستەمی سەرمایەداری نەک لە ڕووی ئەو هێزە کۆنەپەرستانەوە کە بۆ ڕێبەرایەتی شۆڕشەکە برانە پیشەوە.
ئه مڕۆ و له ڕاپه ڕینه ی ئێستاشدا به شێوه یه کی سەرەتایی بەهه مان شێوه یه . وە لە تەوەر و ناوەڕۆکی دروشم و داخوازی و کولتوری ناڕەزایەتی خەڵکدا لە هەموو شۆڕشەکانی تر زیاتر ئەم ڕاستییە دەبینن.
ئاماژەت بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی کۆمەڵگای بۆ دەیان ساڵ گەڕاندووەتەوە بۆدواوە. بە بڕوای من ڕێک ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە جەماوەری خەڵک ڕوو لە دوایین دەستکەوتەکانی شارستانیەت دەکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ئەو بزووتنەوە و کولتوورێکی ناڕەزایەتی کە لە کۆمەڵگادا دروست بووە، داوای دوا ئاستی شارستانییەت و مۆدێرنیزم و خۆشگوزەرانی و ئازادی و یەکسانی دەکات.
سەیرکە، لە ئاستێکی بنەڕەتیتردا باسەکە لەسەر کار و کاردانەوەیە. کاتێک حکومەتێک کۆمەڵگا دەباتە بنی کۆنەپەرەستی، کاردانەوەی خەڵک گەڕانەوە بۆ دۆخی ڕابردوو نییە، بەڵکو چێژوەرگرتنە لە دوایین دەستکەوتەکانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی. کۆنەپەرستی سەدەکانی ناوەڕاست و دژە مرۆڤایەتی لە حکومەتدا بەرزترین ئاستی شارستانییەت و ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی دەکاتە ئۆپۆزسیۆن و دەیکاتە ئایدیالی جەماوەری. وە ئەمڕۆ ئەم ڕاستییە بە ڕوونی دەبینین.
ڕاپەڕینی ئێستا کە ساڵی ڕابردوو دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە، بە یەکەمین شۆڕشی ژنان لە مێژوودا ناودەبرێت. وە خەڵکی ئازادی جیهان لە پشتیوانی خۆیدا کۆدەکاتەوە. ئێران تاکە وڵاتێکە کە کرێکارانی مانگرتوو باس لە ئیدارەی شورا یی دەکەن و لەلایەن کۆمەڵگاوە پێشوازییان لێدەکرێت. تاکە کۆمەڵگایە کە بە کۆی دەنگ دژایەتی سزای لەسێدارەدان بۆ هەر تاوانێک دەکات و بزووتنەوەیەکی بەهێزی دژ بە سزای لەسێدارەدان پێکهێناوە. تاکە وڵاتێکە کە سەما و مۆسیقای پۆپ و ڕاپی کردووە بە چەکی شەڕ. تاکە کۆمەڵگایە کە پیرۆزییەکانی ئایینی کردۆتە پوش و بێ بەهایانکردووە و نەک تەنها هەر دژایەتی لەگەڵ ئیسلامی دەسەڵاتدار، بەڵکو ئاتەئیزم و بێ خودایشی تێیدا بەربڵاوە. تاکە کۆمەڵگایە کە ناڕەزایەتی نەک هەر لە دژی هەژاری بەڵکو لە دژی دۆڵی قووڵی نێوان هەژاری و سەروەت و سامان بۆتە بزووتنەوەیەکی بەربڵاوی شەقام. ئەم ڕاستیانە هەمووی تایبەتمەندی سیستەمێکی سۆسیالیستین و نیشانەی ئەوەیە کە پێشکەوتن و سەرکەوتنی شۆڕش و بزووتنەوەکانی ئێستا تەنیا بە وەدیهاتن و دامەزراندنی سۆسیالیزم لە ئێراندا مەیسەر دەبێت.
لە لایەکی ترەوە ئەزمونی ٤٥ ساڵەی ئەم دواییە نیشانی خەڵک داوە کە سیستەمی سەرمایەداری دەتوانێت بکوژ و دز و تاڵانچیەکان بهێنێتە سەر دەسەڵات. لە ساڵی ١٣٥٧دا ئەم کۆنەپەرستانە دوورخرانەوە، چونکە سەرمایەداریی ناوخۆیی و جیهانی هیچ بەدیلێکی دیکەی نەبوو. ئەوان بەو وەهمە چوونە پشت خومەینی و ئیسلامییەکان کە لە ماوەیەکی کورتدا شۆڕش سەرکوت دەکەن و کاروبارەکان دەدەنە دەست سیاسییە ئاساییەکانی وەک بەرەی نەتەوەیی و نەهزەتی ئازادی. تەنانەت هەر لەسەرەتاوە خومەینی دەچێتە قوم و بازرگان سەر بە بزووتنەوەی ئازادی بوو بە سەرۆکی حکومەتی کاتی. بەڵام لە بەرامبەر شەپۆلی شۆڕشدا، دواجار پێویستیان بە پەنابردنە بەر خومەینی بوو. وە توانی شۆڕشەکە بە باڵیۆزخانە و شەڕ لەگەڵ عێراق و دژە ئەمریکایی تێکبشکێنێت.
دەمەوێت بڵێم کۆماری ئیسلامی تاکە بەدیلێکی کردەیی سەرمایەدارە ناوخۆیی و جیهانییەکان بوو لە بەردەم شۆڕشی ١٣٥٧دا. تا ئەمڕۆش هیچ بەدیلێکی تریان نییە، ئەگەر هەبوایە، ئەم حکومەتەیان دەگۆڕی، کە بۆتە دڕکێک لە لای ئەوان.
بەم مانایە ئەزمونی کۆماری ئیسلامی نیشانی خەڵک دەدات کە ناکرێ مەلاکان بە تەنیا جێبهێڵن و هەمان سیستمی ئابووری بپارێزن و بگەن بە ئازادی و ڕزگاری.
هەموو ئەمانە بەو مانایەیە کە کۆمەڵگای ئێران دووگیان بووە بە سۆسیالیزم. لە ئێراندا دواهەمین کۆنەپەرستی دژە ئینسانی دەسەڵاتدارە و وەڵامەکە تەنیا دەتوانێ سۆسیالیزم بێت، دواهەمین شارستانیەتی مرۆڤایەتی بێت. بەڕای من کۆمەڵگای ئێران لە هەموو کۆمەڵگایەکی تر ئامادەترە بۆ قبوڵکردن و دامەزراندنی سۆسیالیزم.
حەسەن ساڵحی: دەست خۆش. پرسیاری تریش ماونەتەوە کە لە بەرنامەکانی داهاتوودا باسی دەکەین.
٢٦ی بەهمەنی ١٤٠٢، ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤




نوستالیژیا/ ئەو شەوەی قومارمان کرد.. ستیڤان شەمزینی

بەشی سێیەم

تا ئێستا جگە لە وتارێک ھیچ شتێکی ترم لە بارەی قومارەوە نەخوێندووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا قومار یەکێک لەو خوو و دیاردانەی پێویستە ھەڵوەستەی پتری لەسەر بکرێت. چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمە قومار و جۆرەکانی ئەو گەمەیە لە زۆربووندایە. رەنگە زۆرێک لەوانەی لە تەمەنی ئێمەن، بەشێوەیەک لە شێوەکان قوماریان کردبێت، جا محەلەبی شکێنە بێت، زارزۆری و لگاو بێت، ھەڵماتین و مووشێن بێت، یان رەسمێن و کڵاوێن بێت، یان دومبەڵە و کۆنکەن بێت، ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت. کە منداڵ بووین، باوکم و مامەکانم و خزمە پلە یەکەکانمان، شەوان کۆنکەن یان ئەزنیف و دۆمینەیان دەکرد، یارییەکە ھەر شەوە لە ماڵی یەکێک لە خزمان بوو. دۆڕاویش دەبوو، میوەی ھەموو میوانەکان دابین بکات، ئەوە جگە لەوەی سینییە پاقلاوە و سندووقە ساردیی تێدەکەوت، بە تایبەت ئەو ساردییە خۆشانەی ئەو زەمەنەش کە ئەگەر ھێندەی نووکە دەرزییەک شووشەکەی بشکایە، دەبوو بیبژێریت بۆ خاوەن دوکان، نرخی یەک شووشە لانیکەم یەکسان بوو بە نرخی چوار تا پێنج بیبسی “ئەوێ رۆژێ دەوترا بییسی لە بری پیپسی”. ئیتر ئەوە بابەتی شەوچەرە بوو لەو زەمەنە.
دێتەوە یادم، باوکم یاریزانێکی باش بوو، جگە لەوەی نەنکم لە سەرەتای یارییەوە تا کۆتاییەکەی دەستی بۆ ئاسمان بەرز دەکردەوە باوکم براوە بێت. جار جاریش ھەر دۆڕانی تێدەکەوت، بەڵام وا بزانم دوعاکانی داپیرەم ھێندە کاریگەر بوون، ھەمیشە بردنەوەی بە باوکم دەبەخشی. ئەمەش خۆی جۆرێکی سووکتر بوو لە قومار. ھەرچی ئێمەی منداڵانیشە بە تایبەت لە جەژنان قومارێکی سووکمان دەکرد. بۆ نموونە تەختەیەک ھەبوو ١٠٠ میزەڵانی لەسەربوو، ھەر میزەڵانەی ژمارەیەکی لەسەر بوو، جا میزەڵانی گەورە و بچووکی تێدابوو. خاوەن میزەڵانەکان، توورەکەیەکی بچووکیان لابوو، تۆ ٢٠ فلست دەدا و دەستت دەکرد بە توورەکەکەدا و کارتێکی بچووکت دەردەھێنا، جاری وا ھەبوو کارتەکە دەسووتا و جاریش ھەبووە ژمارەیەکی لەسەربوو، مەرجیش نەبوو کە ژمارەیەکت بۆ دەرچوو، تۆ براوە بووبیت، چونکە جار ھەبوو میزەڵانێک دەردەچوو، چارەگی ئەو قیمەتەی ھەبوو تۆ دابووت.
وەختێک گەورەتر بووین، دەچووین بۆ سینەما. لە سلێمانی سێ سینەما ھەبوو “سیروان، رەشید، دڵشاد”. ئەو دووانەی یەکەمیان لە نزیک سەرا بوون و ئەویتریشیان لە کۆتایی شەقامی “کاوە” نزیک بازاڕی “دۆلارەکە”ی ئێستا. ئێمە گروپێک بووین، زیاتر دەچووین بۆ سینەما سیروان. لە خوار سینەماکەشەوە، کابرایەکی رەشتاڵەی باڵابەرز ھەبوو، مێزێکی گەورەی دانابوو. مێزەکە چەندەھا شتی گرانبەھا و ھەرزانی لەسەربوو. بۆ نموونە تۆپی زیگزاگ کە ئەوسا زۆر بە نرخ بوو، ئێمە بە تۆپی باغە بووین بە رۆناڵدۆ. یان دەمانچەی تەرەقە و عەینەکی رەش و شتی تریش، تۆ چارەگە دینارێکت دەدایە دەستی کابرا. ئەویش باڵندەیەکی ھەبوو لەناو قەفەزێکدا بوو، لەبەردەم قەفەزەکەش ژمارەیەک زەرفی نامە ھەبوو، ھەر زەرفێک لە ناوەوە لەسەر پارچە کاغەزێک ناوی یەکێک لەو شتانەی لەسەر نووسرابوو لەسەر مێزەکەدا دانرابوون، بۆیە کاتێک باڵندەکە بە دەنووکی زەرفێکی دەھێنایە دەرەوە، ئیدی خۆت و شانست، یان قورعەکەت سەرکەوتوو دەبوو، تامت لە فلیمی بەتەڵ غازی دەبینی، یان دەسووتایت و ھەنگوین لە دەمتدا دەبوو بە ژەھر. لە منداڵیی ھەرچەندە بێ شانس بووم، بەڵام ھەموو ئەو یارییانەم تاقی دەکردەوە، ئێستا و ئەوساش، شتێکم بۆ دەرنەچوو، دڵم پێی خۆش بێت. لەگەڵ ئەوەشدا ھەر بەردەوام دەبووم لەسەری. جارێک لەگەڵ کوڕی مەلایەکی بەناوبانگ، کە ھاوڕێی ئێستا و منداڵیشمە، چووینە کۆڵانەکانی پشتی پاسەکانی “تووی مەلیک” واتە کۆڵانی چەک فرۆشەکان. لەوێ دەستمان کرد، بە لگاو بە زار، ئەی خودا، ئەو زارە لە بەختی ئێمە لەسەر پێ دەوەستا. بیرم دێتەوە نزیکەی “٧٠” دینارمان بردەوە. وا بزانم ئەو ٧٠ دینارە بە یەک مانگ تەواو نەبوو. جارێکی تریش چووینەوە بۆ ھەمان شوێن، براوە بووین، زۆرتر لە جاری پێشوومان بردبووەوە. دەمانویست دەست لە یارییەکە بەر بدەین، بەڵام نەیاندەھێشت، لەو کاتە بیرۆکەیەکم بۆ ھات، بە ھاوڕێکەم وت تۆ بەردەوام بە، من دەچم لەفەیەک دەخۆم، دوای سێ خولەک بە شڵەژاویی و راکردنەوە ھاتمەوە شوێن یارییەکە و ھاوارم کرد رابکەن خولە کاراتی ھات “مەحموود کاراتی ئەوسا مفەوەزی پۆلیس بوو لە ناو شار”. ئیتر وەک چۆن بسمیلا لە جنۆکە دەکەیت، کەس دیار نەما، من و ھاوڕێکەشم بە ١٣٧ دینار براوەی یارییەکە بووین و بە کۆڵانەکانی عەقاریدا ھاتینەوە بەرەو ماڵ.
رۆژان ھات و رۆیشت، من زیاتر بەرەو سیاسەت و خوێندنەوە و کایەی رۆشنبیریی رۆیشتم، بەڵام زۆرێک لە ھاوڕێکانم وەکو خۆیان مانەوە. کوڕی مەلا ھیچ نەگۆڕا، بەڵکو بووە قومارچییەکی بە بەخت کە تا ئێستاش ئیفلاس نەبووە. ھاوڕێیەکی ترم ھەبوو ناوی “دیاری” بوو، “لەسەر ئیزنی خۆی ناوی بڵاو دەکەمەوە” ئەویش ھاوشانی کوڕی مەلا، بوونە یەکێک لە ناسراوترین قومارچییەکان. ئەوەی من و ئەوانی لەو قۆناغەدا بە یەکەوە دەبەستەوە، جگە لە ھاوڕێیەتییەکی ریشەدار، ئێوارە خواردنەوەکانی باڕەکانی شار بوو. زۆرتریش دەمەو عەسران، لە چایخانەی شەعب یەکترمان دەبینی، ئیتر یەکێک لەو ژمارە زۆرەی باڕەکانی نزیک ئەسحابەسپی و شەقامی “کاوە”مان ھەڵدەبژارد بۆ خواردنەوە، بەڵام زۆربەشیان قومار و دومبەڵەیان تێدا دەکرا، من دوای خواردنەوە بەرەو ماڵ، ئەوانیش بەرەو قومارکردن دەڕۆیشتن.
ئەوێ رۆژێ “نەوەدەکان” گرانییەکی بێوێنە رووی لە وڵات کردبوو، دەوڵەمەندەکانی شار توانایان سنووردار بوو، بەڵام کوڕی مەلا و “دیاری” بوونە دەوڵەمەندێکی قورس، ئۆتۆمبیل و خانووی خۆیان کڕی. ئیتر بۆ زەمەنێکی کورت وازیان لەو خووە ھێنا. ھەریەکەیان رێگەیەکیان بۆ بژێویی ژیان دۆزییەوە، بەڵام زۆری نەبرد، ھەردووکیان لەسەر مێزی قومار یەکیانگرتەوە. ئێوارەیەک سێ قۆڵی چووینە باڕێکی رۆژانە، دەستمان کرد بە خواردنەوە، کە ئەوسا خواردنەوە گیرفانی ھەڵتەدەکاند، بەڵام پاش چەند خولەکێک سێ کەسی پۆشتە و پەرداخ ھاتنە ناو باڕەکە و ھەواڵی ئێمەیان پرسی، کوڕی مەلا چوو بە دەنگیانەوە، دوایی بۆ من ئاشکرا بوو، ئەو سێ کەسە لە ھەولێرەوە ھاتوون، بۆ ئەوەی قومارێک بکەن!. ئەو ئێوارەیە ١٣ ھەزار دیناری سویسریان بردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی وەزعەکە ئەوەندە سەخت بوو، کەسێک بە ئێوارەیەکی درەنگ بەتایبەت ئەگەر سەرخۆش بووایە، ئەو پارەیەیان پێ شک ببردایە بە چەقۆ دەیانکوشت و پارەکەیان دەبرد.
ناچار ئەوان پارەکەیان کرد، بە سێ بەشەوە، سێ ھەزار دیناریان دا بە من، تا بەسەر گیرفانەکانمدا دابەشی بکەم، ئەوانیش ١٠ ھەزارەکەی تریان دابەشی گیرفانەکانی خۆیان کرد و رۆیشتین. من بە تەواویی خەیاڵ ببووم، ئەوانیش لە خۆشیی بردنەوەکە دووجار خەیاڵ ببوون، بۆیە بیریان چوو، ئەو سێ ھەزارە لە من وەربگرنەوە. ناچار بۆ رۆژی دوایی بۆم بردنەوە، ھەردووکیان سوێند و تەڵاقیان خوارد، ھیچ پارەیەکیان لای من نییە. چی بکەم، پارەکەم تا ماوەیەکی زۆریش دانا، چونکە وتم ھەر کە دۆڕان دێنەوە بۆی، بەڵام شانسی خۆم تا ئێستاش دەنگیان نەبووە، ئەگەر ئەم نووسینە قوڕ نەکات بەسەرمدا و بیریان بکەوێتەوە و لێمسەننەوە.
ئێوارەیەکی باراناویی نەوەدەکان بوو، لە باڕی “دەریا” لە شەقامی کاوە، سێ قۆڵی خەریکی خواردنەوە بووین، ھاوڕێیەکمان خۆی کرد بە باڕەکەدا. زۆر سەیر بوو، ئەو ھەرگیز نەیخواردۆتەوە، تەنانەت رقی لە خواردنەوەیە. وتمان “س” ئەوە چییە، ئاخر زەمانە تۆ ھاتوویت بۆ ئێرە؟. ئەویش بە دەنگێکی حەزینەوە وتی، باوکم کۆچی دوایی کردووە. منیش زۆر خەیاڵ بووم، وتم “کوڕی باش ناشێت ئێمە بە مردووشۆر بزانیت، ئێ خەڵک باوکی بمرێت چی دەکات لە باڕ؟”. ئەویش بێ تووڕەبوون، وتی “وایە بەڵام قوڕ بەسەری من، پارەمان نییە بۆ پرسەکەی”. ھەر ئەمەی وت، ھەرسێکمان لە یەک چرکەدا راچڵەکین. سەیری گیرفانی خۆمان کرد، نزیکەی یەک ھەزار دینارمان پێبوو، وتمان کاکە ئەوە ٥٠٠ دینار بۆ تۆ، ٥٠٠ دیناریش بۆ خۆمان، ئیشی ئەمڕۆ راپەڕێنە، خەمی سبەیت نەبێت، ئەویش وتی کاکە ئاخر پرسە ھیچ نەبێت ٥٠٠٠ دیناری دەوێت، وتمان تۆ بڕۆ خەمت نەبێ.
ئەو شەوە چووینە قومارخانەیەکی خۆش، جیاوازبوو لەو قومارخانانەی، پێش ٣-٤ ساڵ من بینیبووم. کوڕی مەلا و “دیاری” دەستیان کردە قومار، منیش ھاوکارێکی باش بووم لەگەڵیاندا، بەو ٥٠٠ دینارەی پێمانبوو، ١١ ھەزار دینارمان بردەوە، بۆ سبەی، چووینە پرسەکە، برادەرەکەمان کە باوکی مردبوو، ھەر سەیری دەکرد، بەڵام لە دەرفەتێکدا خستمانە ئەولاوە، ٦٠٠٠ ھەزار دینارمان پێدا، وتمان بڕۆ بە دڵی خۆت پرسەکە بەڕێوە ببە. وتی، ئاخر ئێوە لە کوێتان ھێنا؟. دیاری وتی “تۆ کاڵەک خۆری، یان بێستانڕن؟”، ھیچ قسەی نەکرد و پارەکەی وەرگرت. ئێستاش ئەو برادەرە نەیزانی پارەکە بە قومار پەیدا کرابوو، ئەوەتا من لێرە ئاشکرام کرد. بەڵام من ئەو قومارەم ناوناوە “قوماری پیرۆز”، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات، ئامادەم ئەو قومارە دووبارە بکەمەوە.

سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 528-532 بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.




کێشەکانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک.. عوسمانی حاجی مارف

کۆبونەوەکانی پارتی و یەکێتی لەپەیوەند بە پرسی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەردەوامە، تائێستا ڕێکەوتن لەسەر ئەنجامێکی ڕۆشنی یەکلاییکەرەوە نەکراوە، لە دانوسانەکاندا یەکێتی وەها نیشان ئەدات کە لەوبارەیەوە بەڕوی هەموو لایەنەکاندا دەرگای کراوەیە، بەڵام دەیانەوێت لەگەڵ پارتیدا خۆیان بەنزیکتر نیشان بدەن تا لەگەڵ لایەنەکانی تری بەشدار لە ئەنجومەنی پارێزگادا، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو پۆستەی پارێزگار “شایستەیەکی کوردیە”.
لە کۆبونەوەی چوارشەممەدا ١٤/٢/٢٠٢٤، یەکێتی چارەسەرکردنی خۆی بۆ پرسی پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئاشکرا دەکات .ئەوەش ڕادەگەیەنن کە دەبێت ئەم فایلە بەزووترین کات یەکلایی بکرێتەوە، هەروەها دەڵێن کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی تەواوی پۆستەکانی پارێزگای کەرکوک.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە لە ١٨ی کانونی دووەم بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداری لە کەرکوک گەیشتە ٦٩% ، بەرزترین رێژەی بەشداری بوو لەعێراقدا، لەهەمانکاتدا بە سودوەرگرتن لە هەڵخراندن و رێکخستنی نەعرەتەی کوردایەتی، یەکێتی توانی زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت، بەڵام ناتوانی بەبێ رێکەوتن لەگەڵ لایەنی تردا، لایەنی یەکلاییکەرەوە بێت، ئەم رێکەوتنەش لە ئەنجومەنی ئێستای پاریزگای کەرکوک سەخت و پێچیدەیە.
ئەوەی جێگای سەرنجە یەکێتی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو پۆستەی پارێزگاری کەرکوک شایستەیەکی کوردیە و دەبێت بۆ یەکێتی نیشتمانی بێت، لەبەرئەوەی زۆرترین کورسیان بەدەستهێناوە، ئەوەش دوپات دەکەنەوە کە بەدڵنیاییەوە لەگەڵ هەموو لایەک ڕێکدەکەون! واتە ڕێکەوتن لەگەڵ هەر لایەنێکدا کە قەبوڵی پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتی بکات! ئەمەش بۆ لایەنکانی تر قەبوڵکردنی سەختە، بەتایبەتی بۆ پارتی.
بەگشتی تائێستا بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق ڕێکنەکەوتون و بڕیاریان نەداوە لەسەردیاریکردنی پرسی پۆستەکانی پارێزگاکان، بەتایبەتی وەک کێشەیەک ئەم مەسەلەیە بۆ کەرکوک ئاڵۆزترە، چونکە تێکەڵەیەکیان لە ناسیۆنالیزمی عەرەبی و تورکمان و کوردی داوە بەسەریەکدا، کە ڕێکەوتن لەسەر پۆستەکان زەحمەتی زۆر بەدوای خۆیدا دەهینێت، بەردەوام دانیشتنەکان دوادەخرێت، ڕێکەوتن و بڕیار لە دۆخێکی وادا کە هەر لایەنێک بەهەر بەڵگەیەک بێت خۆی بە شایستەی ئەو پۆستە دەزانێت، ڕێگە نادات ئەم پرسە یەکلایی بێتەوە، ئەمەش قوڵبونەوەی ئەو دەردەیە کە هەر لەسەرەتاوە بەدەوری ئەمریکا, حکومەتی عێراقیان لەسەر بنەمای قەومی و دینی و تائفی دابەشکرد.
ئەم ئاڵۆزیە بەجیا لەوەی لە ژێر کاریگەری هەڵبژاردنێکدایە کە عێراقیان لەسەر بنەمای نەتەوەیی و دینی و تائفی دابەشکردوە، لەهەمانکاتدا دەستوەردانی تورکیا و ئێرانیش لە عێراق بەگشتی و لە کەرکوک بەتایبەتی، ئەم پرسەی پارێزگاری کەرکوکی ئاڵۆزتر و داخراوتر داوەبەدەستەوە.
ئەنقەرە بەڕاشکاوی خواستی خۆی لە وەرگرتنی سەرکردایەتی پارێزگاکە بۆ پێکهاتەی تورکمان دەربڕیوە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشتر داوای پەسەندکردنی پرەنسیپی خولانەوە”نۆبە”ی کردبوو لە هەڵبژاردنی پارێزگاردا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو پۆستە پێشتر بۆ کورد و عەرەب بووە، واتە بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، نۆرەی تورکمانەکانە ئەو پۆستە سەرکردایەتیە لە کەرکوک بەدەست بهێنن، پێشتریش سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا، ئیبراهیم کالین، کە لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا سەردانی عێراقی کردوە، لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتە عەرەبی و تورکمانەکان کۆبۆتەوەو داوای لێکردبون هاوپەیمانی یەکتر بن بۆئەوەی پێکهاتەی کورد نەتوانێت پۆستی پارێزگار بەدەست بهێنن.
لەهەمانکاتدا تورکیا ئەوەندەی سەرنجی لەسەر تورکمانەکانی ناوچەی کەرکوکە کە کێشەی لەسەرە، گرنگی بە پێکهاتەی تورکمان کە دانیشتوانی هەرێمی کوردستانن نادات، واتە بۆ ئەنقەرە مەسەلەکەی چارەنوس و مافی تورکمانەکان نیە، بەڵکو پەیداکردنی هۆکارێکە بۆ دەخالەت و دەست تێوەردان لە کێشەکانی شاری کەرکوک و پەیداکردنی جێگایەک بۆ جێکەوتنی بەرژەوەندیەکانی.
لەهەمانکاتدا کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەدوای جێگیرکردنی پشکی شیعەوەیە، کە دەتوانێت لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە کاری لەسەر بکات، بەڵام ئێران لەم بارەیەوە کێشەیەکی وەها دروست ناکات، چونکە باڵادەسەتی حکومەتی عێراق بەسەر شاری کەرکوکدا بەرژەوەندیەکانی ئێرانی پاراستوە، ئەوەی بۆ ئێران جێگای بایەخە بەرگرتنە بە دەخالەتەکانی تورکیا لە کەرکوکدا.
کەرکوک دوای بەسرە، دووەم دەوڵەمەندترین شاری عێراقە لەڕووی نەوتەوە، کە ئیدارەکەی ناکۆکی لەسەرە لەنێوان بەغدا و هەولێر، لەچوارچێوەی ئەوەی کە دوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق بە مادەی ١٤٠ی دەستور، بە ناوچە کێشە لەسەرەکان ناسرا، کە لەساڵی ٢٠٠٥ پەسەندکرا.
کەرکوک لەنێو پارێزگاکانی عێراق جیاکراوەتەوە، بەوپێیەی ٦ کێڵگەی نەوتی زەبەلاحی تێدایە کە یەدەگەکانیان بە نزیکەی ١٣ ملیار بەرمیل مەزەندە دەکرێت، ئەم داهاتە سروشتیەی شاری کەرکوک، بەدوای ڕوخانی حکومەتی بەعس و لە پرۆسەی پێکهێنانەوەی حکومەتی عێراقدا، سەرچاوەی کێشەیەکی گەورەی نێوان هێزە میلیشیاکانە بۆ دەست بەسەراگرتن و بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی ئەوشارە، کە هەر لەسەرەتاوە یەکێتی و پارتی ئەو فرسەتەیان قۆستەوە، کە لەلایەک کۆنترۆڵکردنی چاڵە نەوتیەکان و بازرگانی و قاچاخچێتی بەنەوتەوە کردە بنەمای بەهێزکردنی پێگەی سەربازی و سیاسیان لە هەرێمدا، لەلایەکی تریشەوە، دەوریان دی لە وێرانکردنی ئەو شارەو فەرامۆشکردنی ژیان و گوزەرانی دانیشتوانەکەی، لەهەمانکاتدا ڕەواجدان و باوەشێنکردن بە ململانێ و دوبەرەکی نەتەوەییان بە ڕێخست.
بەڵام بەدوای ٢٠١٧وە، بە شكستی بانگەوازی سەربەخۆی کوردستان، کۆنترۆڵی ئەمنی لە پارێزگاکەدا گواسترایەوە بۆحەشدی شەعبی و هێزەکانی سوپای عێراق، هێزە چەکدارەکانی پارتی و یەکێتی پاشەکشەیان پێکرا و کەرکوکیان دۆڕاند، کەیسی بریاری ١٤٠یش لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان پێچرایەوە، یەکەم هەنگاویش بۆ کاریگەری لە بچوکردنەوەی قەوارەی هەرێم دەستی پێکرد.
تائێستا نەتوانرە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بەرێوە ببرێت، بەهۆی نەتوانینی ئامادەبونی رێژەی نیوە زائد یەک، ئەم نائامادەییەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی لایەنەکان نەیانتوانیوە لەسەر هیچ پێشنیارو کلێشەک لەنێوان خۆیاندا ساغ ببنەوەو پێکبێن، گەر وارێکەوت توانیان ئەو دانیشتنە بکەن، ئەو ئەنجومەنە لەگەڵ گێژاوێکدا دەرگیرە، رێگا چارەیەکیان لە بەردەمدا نیە رێرەوی جێکەوتنی پۆستەکانی پارێزگا جێگیرکەن.
هەردوو لایەنی سەرەکی هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی لەسەر ئەوە ڕێکن کە پۆستی پارێزگاری نوێی کەرکوک کورد بێت، بەلام هیچ بەڵگەیەک لەبەینی خۆیاندا ناسەلمێنن کە ببڕێنەوە لەسەر ئەوەی پارێزگار سەر بە کام لایان بێت، کۆتایی ئەم کێشمەکێشە وەک زۆبەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دیار نابێت و لە بۆشایی بازنەیەکی داخراودا دەخولێنەوە.
لەگەڵ هەموو ئەو کێشانەشدا، گەر وا ڕێکەوێت پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە هەر ڕێگایەکەوە بۆ یەکێتی دیاری کرا، پارێزگارێکی زۆر لاوازو بێدەسەڵات و کلێشەیی دەبێت، چونکە دەسەڵات لە شاری کەرکوکدا و بەدەستەوەگرتنی چاڵە نەوتیەکان و بازرگانی بە نەوتەوە، لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی حکومەتی بەغدادایە، پارێزگاری کەرکوک پارتی بێت یا یەکێتی، نەک لە بەرزبونەوەی ئاستی هاوسەنگی هێزی هیچ لایەنێکیان ناگۆڕێت، بەڵکو زیاتر ملکەچی پرۆسەی جێکەوتنی ناوەند بونەوەی حکومەتی عێراق دەبنەوە.
ئەوەی شایانی باسە ئەو هەرایەش کە یەکێتی پیادەی کرد لە هەڵبژاردنی پاریزگاکان لە کەرکوکدا، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو قەیرانە ناوخۆیەی پەرشوبڵاوی ڕیزەکانی حزبەکەیان بوو، تا گوژمێک بەئارایشی ڕیزەکانی بداتەوە، بەڵام لە باری عەمەلیەوە بۆ گەڕانەوەی دەوری لە ناو کەرکوکدا هیچ بەرهەمێکی نابێت.




مه‌رگ له‌ (بسفۆر)ێدا.. عەبدولوەهاب ئەلبەیاتی.. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

بۆ یادی ( نازم حیكمەت)

(1)
دوای شەوی هەزارە و
پاش ساڵی دەیەم ،
بە ئەستەمبۆڵێدا تێپەڕیم
گه‌یشتمه‌ هاوڕێیان :
هەندێكیان مرد بوون
هەندێ‌ پیر ببوون و
هەندێ‌ خیانەتیان كردبوو ..

تریفەی مانگی لە (بسفۆر)ێدا هەڵاتوو
پاش شەوی یەكەم ..
هەندێكیشیان – وەك خۆیان ماونەتەوە
كە بەجێم هێشتبوون –
بەناو وێنە و
شیعر و مەی و خۆشەویستیدا ..

بەرەو شاری خەون دەچێ‌ و
هەر وەختێ‌ (تەڕوادە(
لە خەونەكانیدا گەمارۆ دەدرێ‌ .. دەگری

) گریكەكان ) شوورەكانییان كوتایەوە و
ژنەكانیان لاقە كردن
ده‌گری و
مەینەتی هەژاران ناگری
وه‌ختێ گەمارۆ دەدرێن و
بەسەر شوورەی
ئەو شارە شەهیدانەوە
لە بێن دەبرێن ..

بە هاوڕێیان گەیشتم :
یونسەشەل مردبوو
یوسفی زیندانیش لە سەرچاوە بوو
هێشتا بۆ (مەدرید)
لە كەشتیەكی كاغەزیدا كۆچی لێناوه‌ و
بە تێكشكاوی ،
پاسەوانی بەندیخانە
لە سەرچاوەدا فریو دەدا . .
( شێخ بەدرەددین)یش لە عەبایەكی سووری
گوڵاڵە سوورەدا ، سەربڕاو
لە دەمارەوە بۆ دەمار
ماهی ڕەشی ناپاكی
لە بازن و گوارەی ژنان
مەیخانە و بازاڕ و
گەمییە سپییەكانی بسفۆرێ دایە ..
كرێكاری بەندەرەكە ،
بە جل و بەرگی شینەوە
لە مەیخانەدا
تارمایی بوو بەسەر كورسییەكەیەوە
فیلەتەنێكە بێ‌ چەك :
وەك بڵێی بە شمشێری برووسكە
لە دەریامان نەدابێ‌
یان تێنەپەڕیبووین ،
لە پێناوی ئەوەی شەوی ئادەمزاد
– خوداوەند – باڵداران
ڕووناك بكەینەوە ..

هەندێكیان
وەك بەجێم هێشتبوون
وا مابوونەوە
بەسەر شانۆی چۆل و
لە سێركدا ،
بەسەر پشتی ئەسپێكی دارینەوە
نمایش دەكەن .
هاوڕێیان ،
بەسەر شۆستەی بەندەردا
لەسەرخۆ
دەبنیسان و دەمردن ..
لێ‌ سترانبێژ ، بە گۆرانییەكانی
بەرەنگاریی
سیس بوون و مەرگ دەبووەوە و
لە دۆزەخیدا ، هەڵقرچاو
شەوی ئادەمزاد و خوداوەند و باڵدارانی
ڕووناك دەكردەوە .

(2)
دوای تۆ
مەرگ و جودایی لە ئەستەمبۆڵێ
گەمەی چاولەڕێی هەڵخەڵەتاوی دەكرد
( مننەوەر) شووی كردەوە و ڕۆیی ..
ئەوانی دیش پردەكانیان سووتاند .

(3)
بەرەو قووڵایی شۆڕ دەبیەوە
بەڵام نقووم نابی ..
داخۆ لە تاراوگەدا ،
بەرەو سوڵتانخانی عەشق
بەسەر هەورێكی سەوزەوە گەڕایتەوە ؟
ئایا حەریم و مانگت
لە چاویدا دی ؟
ئەستێرەی جەوسەر
نهێنی نادركێنێ ‌ ..

ده‌گریم
وەختێ‌ كەنیزەی چاوزەیتی
دەروازەی باخچەم بۆ دەكاتەوە
كە مافووری سوورم لەژێر پێدا‌ ڕادەخا ..
( یونس) بە دارشەقەكەی
بەدوامەوەیە
سوڵتانی مەملەكەتی مەرگ :
منم
ئەو پۆستەچییەم ،
فرمێسك و شەختە و خۆری
بۆ عاشقان هەڵگرتووە ..

سەرچاوەكانی بەهارت
لە پەنجەرەی زیندانەوە : دیوە ؟
یا شەمەندەفەری شەو
كە لوورەی ،
لە ڕەشەبایەكی بەفریندا دەنێرێ‌ ؟
بە قژی سوورییەوە كۆت كرا بووم ..
بەرەو مەنفایان ڕاپێچ ده‌كردم
دەلوورێنم و كۆت دەگەزم
كێ‌ لە مندا دەڕوا و ناگەڕێتەوە ؟
بینیت ؟
شتێك نییە
لە ژاوەژاو و
چەپڵەی هۆڵەكان زیاتر
شەو لە هەموو شوێنێكدا بوو
منیش بە قژییەوە كۆت كرابووم
وەك كۆیلە
بەدوایەوە بووم
بینیت ؟
یوسفی زیندانی
ببووە جاسووسی دەسەڵات ..
كرێكاری چیكەنە و
چاپخانەی نهێنی بووە .
ڕۆژگار وەرسووڕا
بەفر بەسەر دەروازەی
باخچەدا باری
من ،
سوڵتانی مەملەكەتی مەرگ
بەدوای گەورەوەمم
بەرەو تاراوگە ..
میراتم ، گۆڕی شەهیدانە
تا ماوم
میدالەكانییان ،
لە دەرەوەی هۆڵی پاشا و
دزیكەرانی شیعر و
هۆزە نوێیەكان .. هەڵدەگرم

هاوڕێیان هەندێكیان بزركران
یان ون بوون ..
هەندێكیشیان هێشتا
بە ئازایەتییەوە
لەگەڵ كاروانە مەزنەكە دەڕوا و
یونسە شەلیش
هەر لەسەر بیروباوەڕی خۆیەتی
هەموو شەوێ‌
نەخشەی جیهان
بە دارشەقەكەی دەپێوێ ‌ ..
كە دەگەڕێتەوە گۆڕیش ،
دەست درێژ دەكا
خۆڵ لەسەر دەم و چاوی سترانبێژ
بسڕێتەوە ،
كە لە گۆرانییەكانیدا
بەرەنگاری
سیس بوون و مەرگ دەبێتەوە و
لە دۆزەخیدا دەسووتێ‌ ،
شەوی ئادەمزاد و خوداوەند و باڵداران
ڕووناك بكاتەوە .

(*) له‌ كۆشیعری شاعیر‌ ( سیره‌ ذاتیة لسارق النار ) بڵاوكردنه‌وه‌ی
( دار الشروق) چاپی دووه‌م 1985 ل 60 .




( گەڕان ١٤ ).. شیعری ناڵە حەسەن

                                                  

( تابلۆ ، یادەوەری ، عەشق ، فڕین ، نائومێدی ، بوون ، خۆزگە ، ڕابردوو ، جوانی ، تەنیایی ، شیعر ، ئارەزوو ، ژیان ، چاوەروانی ، ئازادی ، پرسیار ، ڕووناکی ، دابڕان ، گومان ، گەڕانەوە ، جیاوازی … )
١
( ……….. )
سەردەمانێک پەنجەکانم
لەژێر ستیانەکەتدا دەخەوتن
لاولاوەی خەونەکانیشم
دەوروبەری کانی حەزەکانتی دادەپۆشی و
ڕەگەکانیان لەنێو ئاوە ڕوونەکەی ئارەزووت
دەمیان بۆ خۆرەتاوی ئومێد دەکردەوە
منیش لەو ڕۆژانە
لەنێو ڕووناکی چاوەکانت خۆم دەشاردەوە
٢
( …………. )
ناولەپی ئازارەکانم پڕە لە ئاگر
ئاگر چیڕۆکە درێژەکانی عەشقم بۆ دەنووسێتەوە
پەپوولەکانیش دڵتەنگ و خەیاڵ ماندوو
بێ مەبەست
لە دەوری گوڵەکان دەسووڕینەوە
لە دوورەوەش
لە شەپۆلە بێهودەکانی ڕووبارەوە
گۆرانییەکی غەمگین دێتە گوێ و دەڵێن
ئاسوودەیی ئێمە خۆرەتاوێکی ڕەنگ زەرد بوو
ئاوابوو ئیتر هەڵنایەتەوە
٣
( ……….. )
بێدەنگیم پڕە لە قسە
پڕە لە هاوار
پڕە لە شیعر
وەکچۆن تەنیاییم
پڕە لە ئاوەدانی و ژیان و مردن
ئەی خوێنەر …
گەر دەتەوێت زێتر
کۆدەکانی شیعر و نهێنیەکانمت بۆ بکرێنەوە
توند توند
دەست بە لچکە کراسی ژیانتەوە بگرە …!
٤
( ……….. )
پەنجەرەی دڵت بکەرەوە و
لە چاوەڕوانیم بە
تا دوا ساتەکان و
چرکە ڕەشەکانی کۆتایی کات
وەکچۆن منیش
بەر لە دایکبوونمەوە لە چاوەڕوانیت دام
من تەمەنێکە چرکە ڕەشەکانی
کۆتایی کاتم جیهێشتووە
لەلای من
زەمەن و ڕووناکی و ڕازە ڕەنگینەکان
دەمێکە کۆتاییان پێهاتووە
٥
( ……….. )
گەر شەو و ڕۆژێک
خۆر لە ماڵەکەی خۆی نەیەتەدەر و یاخی ببێ
چاوەکانی ئاسمان زەق زەق سوور هەڵدەگەڕێن
زەوی لە جووڵە دەکەوێ
کاتژمێرەکان ڕیتمی تکەتکیان بیردەچێتەوە
ڕەنگەکان بە تارایەکی ڕەش خۆیان دادەپۆشن
سیمای جوانی لەسەر ڕوخساری
تاوێر و تاڤگە و تەلارەکان دەرناکەون
منیش لەنێو ونبوونی خۆمدا ونتر و ونتر دەبم
٦
( ……….. )
ئایا لە دۆزەخدا مرۆڤەکان دەمرن
یان / بەر لە ئاگر دۆزەخ هەبوو
ئەی بەهەشت و دۆزەخ کەی هاتوونەتە بوون … ؟!
٧
( ……….. )
زۆر شەوان حەزدەکەم
مۆمێک لەسەر سینگی دەریا داگیرسێنم
تا تابلۆی ئەو چرکە ساتە بکێشم
کە باران لێوە تەڕەکانی ئاو ماچ دەکات
چەندە جوان بوو
گەر مرۆڤیش لەنێو ئاو بژیابا
نە ماڵی دەبوو نە شەقام و نە نیشتیمان
٨
( ……….. )
من خولیاکانتم پڕکرد لە خەون
خەونەکانیشت پڕ لە پەیکەری تۆ
تۆش لە نێو خەون و خولیاکانم
پەیکەرەکانی منت شکاند
٩
( ……….. )
گەر لە تاریکی نەمناسییەوە
چیت لێبکەم لە ڕووناکی
گەر ژیانی من تابلۆیەک بێت لە نائومێدی
خۆشی و سەفا و
بەزم و شادی و بەختەوەری بە من چی ..!
١٠
( ……….. )
جوانی هەورێکی سپییە
لەنێو ئاسمانە ڕەشەکەی دەقدا
بارانێکی شینی پڕ چێژ دادەکا
دەروونی خاک و گیا و باخچەکان
هێمن و ئارام دەکاتەوە … !
١١
( ……….. )
ئازادیش ڕووناکییەکی نارنجی نوورانییە
لەنێو ئاوێنە ئاوییەکەی بووندا
لەگەڵ دەرکەوتنی
جووڵە و ژیانی مرۆڤەکان
ئاکتیڤ و گەش و ڕۆشن دەکاتەوە …!

                                                ڕەشەمێی ٢٠٢٤



بوون بە ڕەقەم، ڕەقەم بەستن.. نەوزاد بەندی

ئەمڕۆ میللەتێ تێکەوتووین ،
تیایدا ،
(بوون بە ڕەقەم) ، (ڕەقەم بەستن) ،
جیاوازێکەیان زۆر ــ زۆرە ..
(بوون بە ڕەقەم) ،
واتا ئیتر هێڵێکی غاز و نەوتەکە ،
بە ماڵتانا تێئەپەڕن ..
دەفتەرە دۆلار بەکۆمەڵ ،
لە بەردەرگاکەت ئەوەستن ،
تکا ئەکەن وەریانبگری ..
کۆکە و باوبژەکانیشت ،
چاپ ئەکرێن و
سەد هەزاریان لێ ئەفرۆشرێ ..
سەر و گوێلاکی ڕێزمانیش
بێنیتە خوار ،
زانا پێش گەمژە ، هەردوو گوێت بۆ ڕائەگرێ ..
گەر وڕێنە و قسەی شێتانەیش بدرکێنی،
پیرۆزە و تەواوی میللەت ،
وەک وێرد ئەیخاتە سەر دەمی ،
لەبەر ئەوەی تۆ ڕەقەمی ..
بەس ( ڕەقەم بەستن ) جیاوازە ،
واتا تۆ لێ بوویتەتەوە ..
واتا تۆ بیر چوویتەتەوە ..
واتا هیچ کەس گوێت لێ ناگرێ ..
خەڵک خۆیانت لێ لادەدەن لە ڕێگا و بان ..
هەرچی بڵێی ، لێت ناگرن و
ناهێڵن تەواوی بکەی ،
ئەو خەمانەی لەناو دڵتان ..
پێت ئەڵێن شێت و پەتەڕی ..
گەر نیتشە و دیستۆفسکیش بی ،
لەلایان وایە ئەوەڕی ..
لێت ئەدەن .. زیندانت ئەکەن ،
ژنت لێ ئەسێننەوە ،
بێ ئیش و فرمانت ئەکەن ..
نایەتە دی هەر شتێکت کە ویستووە،
چونکە ڕەقەمت بەستووە !!

٭ ٭ ٭

سەیرێکی چوار دەورتان بکەن ،
ئەوانەی کە بوون بە ڕەقەم ،
لەگەڵ ڕەقەم بەستووەکان ..
ئەو هیچانەی کە بوون بە شت ،
لەگەڵ ماران گەستووەکان ..
ئینجا بزانن ئەم شارە ،
شار نییه ،
قومارخانەیه ..
عەقڵێ ، داهێنانێ هەبێ ،
بەردباران و دێوانەیە ..
لە نەجمەدین مەلا هەتا
فەرهاد پیرباڵ ..
بە زیندوێتی ،
هەوڵ دراوە ، بخرێنە چاڵ ..
ڕەقەمەکان ..
دەست بە نەوت و
بە دۆلار و
بە داهات و
بڕیار و چەک و قەمەکان ..
ئەمانە پێیان ئەووترێ بخۆر یاخود
مشەخۆری
هەموو کاسه و
هەموو دۆخ و
سەردەمەکان …

٭ ٭ ٭

شتی تریش …




لەبارەی کتێبی ” دنیای تارمایی و کارەکتەری پەنهان “ی هۆشەنگ شێخ محەمەد.. خوێندنەوەی رۆژگار خالید

چەشنی کتێب / لێکۆڵینەوەی ئەدەبی.

ئەو کتێبە گرنگی و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە دەروازەیەکە بۆ قووڵایی ناخی خۆمان و کەسەکانی تر و ئەو ژیانەی تێدایین و لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵینەوە و لێكدانەوە و گەڕانە بەدوای شتەکانی تری دەوروبەرمان وا دەکات پرسیاری دروست بکەین یاخود بترسین لە پرسیارکردن .
بۆیە بەگشتی مرۆڤەکان لەبەردەم کۆمەلێک بژاردەن ، وەک باشە و خراپ ، زانین و نەزانین، ڕاستی و درۆ، دانیشتن بەدیار چارەنووسێکی نادیار یانیش خەریکی گەڕانێک ببن بەنێو فکری تاریکی و خەریکی زیاتر لە وەڵامێک ببن بۆ گەیشتن بۆ تورسکاییەک کەچاوەڕێی دەکەن ، یانیش بترسن لە بزربوونی حەقیقەت و نیشاندانی وەهم وەک جۆرێک لە حەقیقەت ، یانیش وا تێبگەن ژیان ڕاوەستانێکە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی دیوێکیتری شتەکان .
بۆیە دەتوانم بڵێم ئەو کتێبە کتێبی دڵخوازی منە و
خوێندنەوەیەکی گرنگی بۆ دەکەم لەڕوانگەی ” زمانناسی/ کۆرنۆلۆژی ” لەڕووی زانستی گێڕانەوە و هەبوونی دونیای عەقلگەراییدا / نارتۆلۆژی لەڕوانگەین ئایین و فەلسەفی ئیشراقی و دونیایی پەنهانی .

سەرەتا
نووسەری کتێب بەم ووتەی مەولانای جەلالەددینی ڕۆمی دەستپێدەکات
کەدەڵێت :.
جەهل لەبەردەستی کامڵدا دەبێتە زانست، زانستیش لەبەردەستی نوقسان و نەزاندا دەبێتە جەهل !
ئەوەی نەخۆش و دەردەدار دەستی تێوەردەدا دەبێتە دەبێتە دەرد و نەخۆشی و بەڵام کەسی کامڵ ئەگەر دەست بۆ کوفریش ببات دەبێتە ئایین !!
دواتر نووسەر دێت لەڕوانگەی فەلسەفی ئیشراقی خوێندنەوە و گێڕانەوە دەکات بۆ 16 چیرۆکی نووسەری ” یوسف عزەدین ” ئەو چیرۆکانە هەم حەقیقەتن و هەم خەیاڵن چونکە بۆ بەشێکمان زانینن و بۆ بەشێکی دیکەمان وەک جەهل وایە ، چونکە لەخەیاڵگەمان دنیایی تارمایی و مرۆڤ وەک کارەکتەری وون ناتوانێ پەیامەکانی بگەێنێت ، ئەگەرچی مرۆڤ لە ئەسل وجوودی هەیە کەچی بەتێپەڕبوونی کات دەبێتەوە بەتارمایی .

سەرەتایەکیتر
ئەوەی گرنگە بەلای منەوەئەم کتێبە پەیوەست نییە بەکات و زەمەنێکی دیارکراو بەڵکو وەک ڕووناکی و تاریکی وایە لەشوێنێک هەڵدەکات و لەشوێنێکی دیکەتاریک دەبێت وەک سووڕانەوەیە بەدەوری شتەکان بەڵام هەرجارێک بەشێوەیەکی جیاواز !!
گرنگترین ئەو پرسیارانە لەو کتێبەبەدیم کرد ئەوەیە:
ئێمە لەکوێی ئەو زەمەنەینن و بەرەو کوێ دەچین؟!
پەیوەندی کات بە زەمەنەوە لەکوێ دەستپێدەکات و لەکوێ کۆتایی دێت؟!
قسەکردن لەسەر بەستنەوەی و لێکترازانی پەیوەندی نێوان کات و شوێن لە دونیای ئێمەدا ، بەواتایەکی دیکە مرۆڤ لە زەمەنێک لەدایکدەبێت و لە زەمەنێکی دیکە دەژیت و لەسەردەمێکی دیکە دەمرێت !
هەر بۆیە تووشی جۆرێک لە کێشەی فکری دەبینەوە چۆن لەو شتانە تێدەگەین کاتێک وەک حەقیقەت دەیانبینن؟!
چۆن لەو شتانە هەڵدێن وەک وەهم بڕوای لەسەری دروستدەکەین ؟!
مرۆڤ مەحکومە بەکوشتن بەڵام چ جۆرە کوشتنێک کوشتنی جەستە یا کوشتنی روح هەیە ” کاتێک مرۆڤ بیری لێدەکاتەوە ” یانیش جاڕدانی وەک کەسێکی شێت و دەرووننەخۆش!!
بۆیە پرسیارەکان قولتر دەبنەوە و دەبێ بپرسین :
ئایین چییە و ئیمان چییە و مەعریفە چییە ؟
پەیوەندیی نێوانیان چۆنە؟
لەسەرەتای بوونەوە تاوەکو کۆتایی پێهاتنی ئەو گەردوونە
مرۆڤ بەناو ژیان تێدەپەڕێ یانیش ژیان بەناو مرۆڤ تێدەپەڕێ ئەی کامیان ئەوەی دیکە دەخواتەوە ؟!
پیاوی ئایینی و کارەکتەری ئایینی نزیک لە دەسەڵاتداران کێین؟
ڕۆلی فەلسەفەی ئیشراقی لەنێوان ئایین و فەلسەفە و مەعریفەدا چییە؟
چۆن وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە کوفر و ئیلحاد و خودا و ناخودا و ئیمان دەداتەوە و پشت پیرۆزییەکان دەخاتەڕوو؟ چۆن گومان بکەین و ئەی یەقین چیمان پێدەڵێت ؟

خوێندنەوەی یەکەم
مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی لە زمانی ئەوانەی دیکە تێبگات کەواتە گرنگە پڕ یادەوەری ببین و چاوەڕێ ببین و بێدەنگ ببین و نزیک ببین، کەواتە مرۆڤێک ببین هەم وەک کارەکتەری وون و هەم وەک بتێک هەبین ، بۆ چەندەها ساڵ ئاگامان لە دونیای ئاشکرا و شاراوە ببێ ، بۆ ئەوەی ببین بەزمانناس کەواتە دەبێ گێڕەرەوە ببین و هەموو کەسێک وەک کارەکتەرێک تەماشا بکەین !!
بۆ ئەوەی لەکۆی ئەو شتانەی نووسیم تێبگەین، دەبێ ڕامانێکی چاکمان هەبێ و لە شتەکان وردبینەوە و گومان بکەین !
کەواتە دەپرسم:
زمان دەتوانێ چ شتێک بگێڕێتەوە و دەتوانێت چ شتێک نەگێڕێتەوە ؟
چۆن ڕاستییەکان گۆدەکا و چۆن درۆکانیش دەشارێتەوە؟
بۆچی شتەکان بشاردرێنەوە؟
مرۆڤ چۆن شتەکان کەشف دەکا لە ڕێگەی گومانەوەیە یانیش لەڕێگەی حەقیقەتەوە یانیش هیچیان ؟
زمان چۆن بێدەنگ دەکرێت و چۆنیش وای لێدەکرێت هەموو شتێک بلێیت ؟!
چ جۆرە پەیوەندییەک هەیە لەنێوان زمان و بیرکردنەوە؟
چ جۆرە پەیوەندییەک هەیە لە نێوان دونیای مەعریفەنناسی و فەلسەفی زمانناسی ؟
مرۆڤ دەیەوێت لە رێگەی جادوو و سحر هێزێکی بەدەر لە سروشتی هەبێ لەدەرەوەی سرووشت بێت و دواتر وجوودیەتی خۆی نیشانی هەمووان بدات، لەوکاتەدا سوود لە سۆفیەک وەردەگرێ یا دەروێشی یا کەسێک زمانێکی تایبەتی هەبی یا کەسێک فەیلەسوف بێت ، یانیش لە ڕێگەی مەعریفەوە ئەزموونی ژیان و ئەزموونی تێنگەیشتنی لەناواقیعی ژیان و چارەنووسی خۆی دەگێڕێتەوە لێرە دەگەینە دەرئەنجامی :
چارەنووسی شتەکان مرۆڤەکان بەرەو کوێ دەبات، بۆ ئەوەی شەڕی ماناوە بکات لەکاتێکدا دەکرێت شتێک خۆی دەردەخا وەک ڕاستی، کەچی ڕاستی نییە ، مرۆڤەکان چییان بەسەر گەردوون و خودا هێناوە یاخود گەردوون و خودا چییان بەسەر مرۆڤ هێناوە !!
لێرەدا گرنگە بپرسین زمان دەتوانێت چ کێشەیەک دروست بکا و چ دونیایەک وێران بکا لێرە فێری ئەوەمان دەکا زمان چ هونەرێکی تێدا هەیە ، کەچی بێهونەرە .

خوێندنەوەی دووەم
مرۆڤ وەک کارەکتەرێکی ئەقلانی و کارەکتەرێکی پڕ لە کێشە دەخاتەڕوو !!
تێگەیشتنی مرۆڤ چییە لە دونیای ئەقلانی؟
ئایا مرۆڤ دەبێ بێدەنگ ببێ بۆ ئەوەی ئەقلانییەت بەشی هەمووان بکا ؟
پاشان بپرسین مرۆڤی نائەقلانی کێیە؟
پەیوەندی نێوان ئەقلانییەت و نائەقلانی چۆن دەستپێدەکات و چۆن بەردەوام دەبێ و چۆن کۆتایی دێت؟
لەنێوان دوو هاوکێشەدا مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی تاوانکار و مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی تاوانلێکراو، مەحکومە بەشتێک نەیکردبێ یانیش مرۆڤ لە ئەزەلەوە لۆ ئەبەد وەک تاوانکارە و هەمیشە تاوان بەرهەمدەهێنێتەوە !!
لێخۆشبوون چییە؟
ئایا لێخۆشبوون کۆتایی ڕقە یانیش مەرگی ڕقە و دەکرێت جارێکی دیکە زیندوو ببێتەوە ؟
ژیان چییە و ئەودیوی ژیان چییە؟
مردن چییە و مانەوە چییە؟
ڕۆلی سەرەکی مرۆڤ لە سووڕانی ژیان و دروستکردنی کارەکتەرێکی دیکە بۆ ژیانێکی خەیاڵی چییە؟
پەیوەندی نێوان شوێنی تاوان بە زەمەنەوە و پەیوەندی زەمەن و بەکاتەوە چییە؟
ئاگاهی چییە و نائاگاهی چییە؟
خورافە چییە و ئایین چییە؟
ئایا مرۆڤ لەنێوان کوشتن و خۆکوژی خود کامیان هەلدەبژێرن ؟
ئیدیعای مرۆڤ وەک خودا چۆن دروستبوو ؟
لە چ شتێک مرۆڤ و خودا لەیەکدی دەچن وە لە چ شتێک لەیەکدی دووردەکەونەوە ؟!!
لۆ ئەوەی وەڵامی ئەو هەموو پرسیارە بدەمەوە
مرۆڤ دەبەستمەوە بە کتێب و رستە و ووشەوە پاشان دێم گەمەیەک دروست دەکەم، هەموو شتێک دەبەستمەوە بەدونیای مەعریفە و بەزەمەنەوە دواتر مرۆڤ دەگەڕێنمەوە ڕێچکەی خوداناسی و ئایینناسی و گەڕانەوە بۆ ناسینی پێغەمبەران و فەیلەسوفەکان و شاعیران چونکە سروشتی مرۆڤ دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەپیرۆزکردنی شتەکانی !! پاشان ئەو بابەتە دەبەستمەوە بەژیانی چەند هەزار ساڵێک پێش ئێستا چونکە بەگشتی مرۆڤایەتی وێنەیەکی لە خەیاڵی هەیە دووبارە وێنەی دروستی دەکاتەوە و دواتر دێت پۆلێنی دەکات بۆ جۆرێک لە دونیایی ئەقلانی بۆ وێنادەکا و دەیبەستێتەوە بە زەمەنەوە و دواتر دێت بۆمانی دەگێرِێتەوە لەڕێگەی چیرۆکەوە چونکە هەموو شتێک لە ڕیگەی چیرۆکەوە بۆمان ساغ بۆتەوە ، بۆ ئەوەی چیرۆکیش بەشێکی گرنگ بێت لە حەقیقەتی شتەکان و دێت باسی ڕاستی و درۆ و گومان و یەقینی شتەکان دەکاتەوە و دواتر دێت فکرێکی پیرۆز دەسەپێنێ و شەڕی لەسەر دەکا و پاشان دێت جادووی پێوەدەکات ، بەناچاری وادەکا خۆی ببێ بە ئەفسانە و دەسەڵاتدارێکی رەها و پاشان هێز دەداتەوە شتەکان و کردەکان دەبینێ کردەیی خراپە و باشە دابەش دەکاتەوە هەر بەمەبەست یەکێکیان دەشارێتەوە ، دواتر دێت وەک کەسێک دەتوانێت جیهانێک بونیاد بنێت و بتوانێ بیشکێنێت بەئەنقسەت خەیالی ئێمە دەستکاری دەکا و دووبارە دروستی دەکاتەوە ، لە ڕوانینی خۆی پێی وایە بەشێوەیەکی جوانتر شتەکان بۆ خەڵک و زەمەنێکی دیکە دەگوازێتەوە و دەیبیستێتەوە بۆیان بەواقیع و خەیال بۆیان، کەچی دێت هێزێکی فیزیکی بەبەر دەکات و دەبێت بە کارەکتەرێکی پڕ لە جوولە و کەسانی دیکەی پێدادگایی دەکا، پاشان دێت یادەوەرییەکان داگیر دەکات و وا دەکا ببین بە کەسێکی دەرووننەخۆش و شێت، پاشان وا دەکا دەیان تاوان بکەن و دەیان تاوانیان کەشف دەکات بەبێ ئەوەی بکوژ ببین و تاوانکارببن ، لێرەوە دەبێت بەکەسێکی ئەفسوناوی بەرگێکی نوێ دەپۆشێت و رووداوەکان بۆ خەڵکی دەگێڕێتەوە و بەرگری دەکا و پێی وایە ناهێلێت ژیان کۆتایی بێت و مێژوو دەنووسێتەوە و پێمان دەڵێت ژیان هیچ کاتێک چەقی نەبەستووە و ئەو هەموو نهێنییەکان دەزانێ و هەمووان تووشی دۆخێک دەکا بترسین لە ڕوودان و ڕوونەدانی هەر حەقیقەتێک.
بۆیە لەڕێگەی ترسەوە شتەکان دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە وەهم و دۆخێک دروست دەکا کەوا ئەو دەتوانێ بەرگری بکا و نەهێلێت پیرۆزییەکان سوکایەتی پێوە بکرێت ، دیسانەوە خورافە دەهێنیتەوە بەرباس و دووردەکەوێتەوە لە خودا و ئایین و پێغەمبەران و فەیلەسوفان چونکە ناچارانە چاوی لە جەهلە چاوی لە میهرەبانی دار و بەرد و مردوویەکە بۆ ئەوەی ئاواتەکانی بهێنێتەدی، پاشان پێی وایە ئەقلانییەت شتەکی بێسوودە و مرۆڤ نابێت بیربکاتەوە !!
بۆیە وەک ئەفسانەیەک گەمەی بەچارەنووس دێت و لەبەر مێژوو ڕادەکات و بەناو ڕووناکی دەڕوا و دەچێتەوە نێو تاریکی، پێی وایە هیچ شتێک بوونی نییە و هیچ سنوورێک بوونی نییە ئیشی ئەو تەنها و تەنها ئەوەیە و گەمەیەکی تاڵمان لەگەڵ بکات .
کەواتە ئێمە هەم کارەکتەرێکی وەهیمن و هەم لەحەقیقەت دەترسین.




تەنیایی و پەرتبوونی رۆح لە شیعری ( گوناهی ئاڵ)ی سەلاح محەمەددا.. نووسینی/ عەتا قەرداخی

سه‌لاح محه‌مه‌د یه‌كێكه‌ له‌و شاعیره‌ فه‌رامۆش كراوانه‌ی ئێمه‌ كه‌ له‌ ناوه‌ندی رۆشنبیری ئێمه‌دا غه‌درێكی زۆری لێكراوه‌، ره‌نگه‌ به‌شێكی ئه‌و غه‌در لێكردنه‌ په‌یوه‌ندی به‌ لاوازی ئاستی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیه‌وه‌ هه‌بێت، به‌شه‌كه‌ی تریشی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م شاعیره‌ بۆ خۆی پیاوێكی شه‌رمن و بێ هه‌ڵپه‌یه‌، له‌ كاتێكدا كه‌سانێكی زۆر كه‌ ئاستی شعیریان زۆر له‌ دوای ئه‌م شاعیره‌وه‌یه‌ به‌ڵام هه‌م خۆیان به‌هه‌ڵپه‌ن هه‌م ناوه‌ندی رۆژشنبیری كوردیش له‌به‌ر نه‌بوونی هیچ پێوانه‌یه‌كی داهێنان و له‌به‌رنه‌بوونی هیچ پێوانه‌یه‌كی رۆشنبیری و ئه‌خلاقی تیایدا بڵندگۆی خۆی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌لاح محه‌مه‌ده‌وه‌ن ده‌خاته‌ كارو له‌ هه‌موو موناسه‌به‌و بارودۆخێكدا له‌ پێشه‌وه‌و له‌ ریزی یه‌كه‌مدا دایان ده‌نێت. به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌و جێگا پێدانه‌ ناتوانێت كه‌سانی بێ به‌رهه‌م و گه‌وره‌كراو له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ك كه‌ دوورو نزیك په‌یوه‌ندی به‌ داهێنانه‌وه‌ نییه‌ بكات به‌ ناوو شووناسی داهێنانیان پێ ببه‌خشێت. هه‌روه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كه‌سی داهێنه‌ر ئه‌گه‌ر له‌ ئێستاشدا پشت گوێ بخرێت و فه‌رامۆش بكرێت، ئه‌وا ناتوانرێت بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ بخرێته‌ په‌راوێزه‌وه‌ چونكه‌ داهێنان و به‌رهه‌مێنانی زیندوو تاكه‌ بنه‌مان كه‌ ده‌توانن شووناس به‌ خاوه‌نه‌كه‌یان ببه‌خشن. به‌ هه‌رحاڵ شاعیریان نووسه‌رو یان هونه‌رمه‌ندی داهێنه‌رو به‌رهه‌م هێنی وه‌كو سه‌لاح محه‌مه‌د ئه‌گه‌ر له‌ قۆناغێك و ته‌نانه‌ت هه‌تا خۆیشیان له‌ ژیاندان فه‌رامۆش بكرێن ئه‌وا ده‌بێ بزانین زیندووی به‌رهه‌مه‌كانیان زیندووی ئه‌وان بۆ قۆناغی دوورو درێژ ده‌پارێزن.
سه‌لاح محه‌مه‌د له‌ ناوه‌راستی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ شیعر بڵاوكردنه‌وه‌. له‌م دواییانه‌دا كۆی به‌رهه‌مه‌كانی له‌ دیوانێكدا به‌ ناوی ( سه‌رم پڕیه‌تی له‌ سێبه‌ر ) به‌ چاپ گه‌یاند. یه‌كێك له‌ خاسێته‌ دیاره‌كانی ئه‌م شاعیره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڕوای به‌ چۆنێتی و ئاستی داهێنان هه‌یه‌ نه‌ك به‌ چه‌ندێتی و ئاماده‌بوونی رۆژانه‌. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ئه‌گه‌ر سه‌یری كۆی به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م شاعیره‌ بكه‌یت ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌چێته‌ ریزی گروپێكی دیار له‌ شاعیرانی داهێنه‌ری كورد كه‌ له‌ دیارترینیان ئه‌حمه‌د هه‌ردی و ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌دو سواره‌ی ئێلخانی زاده‌و محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان و پاشانیش ئه‌م دێت. ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌رنجی شیعره‌كانی سه‌لاح محه‌مه‌د بده‌ین ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سه‌رباری بوونی خه‌یاڵ و هه‌ستیارییه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند، ئه‌م شاعیره‌ هه‌روا به‌ ئاسانی و به‌ساده‌یی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ زمان و وێنه‌و مۆسیقا و جوانكاری ناكات، به‌ڵكو پێده‌چێت كه‌ چه‌ندین جار زمان و وێنه‌و بنیادی هه‌رده‌قێكی پێداچوونه‌وه‌ بكات تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ فڕێی بداته‌ به‌رده‌می خوێنه‌ر.
لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین خوێندنه‌وه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ( گوناهی ئاڵ ) بكه‌ین كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شیعره‌كانی سه‌لاح محه‌مه‌دو له‌ ساڵی 1996دا نووسیووێتی و له‌ لاپه‌ڕه‌ ( 36 بۆ 41 )ى دیوانه‌كه‌یدا بڵاوی كردۆته‌وه‌. ناونیشانی ئه‌م شیعره‌ له‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌ك پێكهاتووه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ ناوو ئاوه‌ڵناو. ناوه‌كه‌ خۆی واته‌ گوناه وه‌كو وشه‌یه‌ك مانای ئاشكرای خۆیی هه‌یه‌ كه‌ مانایه‌كی گشتیه‌و له‌ راستیشدا وشه‌یه‌كی نێگه‌تیفه‌ چونكه‌ له‌ ئاستی یه‌كه‌مدا گوناه هاوواتای تاوانه‌و هه‌ركه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ ده‌بیستین خه‌یاڵمان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت كه‌ تاوانێك ئه‌نجام درابێت. به‌ڵام له‌ ناونیشانی ئه‌م شیعره‌دا گوناه به‌ ئاوه‌ڵناوی ( ئاڵ ) وه‌سف كراوه‌. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و وه‌سفه‌ جۆرو سرووشتی گوناهه‌كه‌ دیاری ده‌كات، به‌ڵام له‌ راستیدا له‌ سنووری ناونیشانه‌كه‌دا نازانرێت ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ی كه‌ ئاڵ هه‌ڵی ده‌گرێت چییه‌ هه‌رئه‌وه‌ش واده‌كات كه‌ شووناسی راسته‌قینه‌ی ئه‌و گوناهه‌ ئاشكرا نه‌بێت. بۆیه‌ لێره‌دا ناونیشانه‌كه‌ به‌جێ ده‌هێڵین و شۆڕ ده‌بینه‌وه‌بۆ ناو پێكهاته‌ی ده‌قه‌كه‌ به‌و ئومێده‌ی له‌ میانه‌ی شیكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌وه‌ هه‌م مانای راسته‌قینه‌ی ئه‌و ناونیشانه‌ بدۆزینه‌وه‌ هه‌م له‌ دوای پرسیاره‌كانی ده‌قه‌كه‌و چۆنێتی ئاراسته‌ كردنیان بگه‌ڕێین به‌ مه‌به‌ستی ده‌ست نیشان كردنی جیهانبینی گشتی ده‌قه‌كه‌.

چركه‌ی كات خولی ده‌م ( با ) یه‌
سه‌رم دوای ئه‌م گوڵاوه‌ تاڵه‌، یڕ هه‌رایه‌
كام رێگا ئه‌مباته‌وه‌ ماڵێ
كام په‌نجه‌ره‌ په‌رده‌ی عیشقی ،
تێم ئه‌ئاڵێ ؟
ده‌رگاكان یاساوڵی شه‌ڕن
ئێخه‌ به‌ بۆنی ده‌مم و
جگه‌ره‌ی په‌نجه‌ شله‌كانم ئه‌گرن
ئه‌م شه‌قامه‌ باریكه‌ی هه‌موو شه‌وێ
وه‌ك ئه‌سپێكی به‌ وه‌فا جێم ناهێڵێ
بۆنی سۆزی دایكم و
چه‌قۆی قسه‌ تیژه‌كانی لێ هه‌ڵئه‌ستێ
من ئه‌چمه‌ ناوه‌وه‌و
ئه‌ویش تا چاو بڕكا ره‌شه‌
وه‌ك لێك گه‌ڕان
من ئه‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌و
ئه‌ویش ئاڵه‌ وه‌ك راموسان.
شاعیر لێره‌دا باسی خودی خۆیی و مه‌سه‌له‌ تایبه‌تیه‌كانی خۆی ده‌كات كه‌ ده‌شێ ئه‌وه‌ش یه‌كێك له‌ سه‌ره‌كی ترین بنه‌ماكانی به‌رهه‌م هێنانی شیعر بێت. له‌ ده‌ستپێكی شیعره‌كه‌دا سه‌لاح باسی زه‌مه‌ن ده‌كات كه‌ چۆن ده‌ڕوات به‌ تایبه‌تی له‌ كاتێكدا كه‌ وای نیشان ده‌دات كاتی مه‌ستی بێت، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئاستێكی تردا ده‌شێ وه‌های لێكبده‌ینه‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ گوێره‌ی مرۆڤ كات هیچ مانایه‌كی نییه‌و خودی مرۆڤیش له‌م ژیانه‌دا رۆتینێكی بێ مانا به‌ڕێ ده‌كات وه‌كو چۆن مه‌ستێك بێ بیر لێكردنه‌وه‌و بێ ئاگایانه‌ دێت و ده‌ڕوات. ئه‌م شوێنی خۆی وه‌ها دیاری ده‌كات كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌یه‌تی و دوای خواردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ گوڵاوی تاڵ ناوی ده‌بات ئیتر سه‌ری ده‌بێته‌ پوره‌ هه‌نگێكی ئاڵۆزو ده‌وروژێت به‌ جۆرێكی ئه‌وتۆ دڵنیا نییه‌ له‌وه‌ی كه‌ چۆن ده‌گاته‌وه‌ ماڵی خۆی و چ رێگایه‌ك ده‌توانێت بیباته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌. هه‌روه‌ك ده‌شێ ماڵ هێما بێت بۆ شوێنی ئۆقره‌ گرتن و حه‌وانه‌وه‌. ئه‌وی ماندوو سه‌ر پڕ له‌ هه‌راو ئاژاوه‌و ناكۆكی ئاره‌زووی ئه‌وه‌ بكات كه‌ بگاته‌ بارێك تیایدا بحه‌وێته‌وه‌و له‌و باره‌ ئاڵۆزو ناهه‌مواره‌ رزگاری ببێت.
ئه‌م دسان به‌ جۆرێك له‌ گومانه‌وه‌ ده‌پرسێت له‌ باره‌ی ئه‌و رێگایه‌ی كه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ یان ده‌یگه‌یه‌نێته‌ بارێكی سه‌قامگیرو پڕ له‌ ئارامی. هه‌روه‌ك پرسیار له‌وه‌ش ده‌كات ئایا ده‌شێ كه‌سێك هه‌بێت له‌م باره‌ ئاڵۆزه‌دا یان له‌و هێمنی و ئارامیه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت پێی بگات هه‌ستی بۆ ئه‌م بكاته‌وه‌و خۆشه‌ویستی پێ ببه‌خشێت. ئه‌مه‌ش ئه‌و باره‌ ده‌روونیه‌یه‌ كه‌ تیایدا گومان و نیگه‌رانی ئه‌وی شاعیر ده‌رده‌كه‌وێت. دیاره‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرایه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ پایه‌ گرنگه‌كانی داهێنان ئه‌و گومان و هه‌ست به‌ نیگه‌رانی كردنه‌یه‌. له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌م به‌م باره‌ ده‌روونی و هه‌ستیاره‌ى خۆیه‌وه‌ به‌ ئومێدی گه‌یشتن به‌ ئارامی و سه‌قامگیری و حه‌وانه‌وه‌ ده‌جوڵێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا پێی وایه‌ له‌ به‌رده‌م ده‌رگاكانی گه‌یشتن به‌ ئارامی و سه‌قامگیریدا یاساوڵ و لێپرسینه‌وه‌ هه‌یه‌. لێپرسینه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ بۆچى بۆنی گوڵاوی تاڵی لێ دێت، لێپرسینه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ بۆچى په‌نجه‌كانی جگه‌ره‌ له‌ ئامێز ده‌كه‌ن. كه‌واته‌ لێره‌دا هه‌رچه‌نده‌ ماڵ وه‌كو جێگایه‌ك بۆ حه‌وانه‌و ئارمی و سه‌قامگیری باس ده‌كرێت له‌ هه‌مان كاتدا جێگایه‌كیشه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌و بۆ كوشتنی ئازادییه‌كانی ئه‌و. ئه‌وه‌شی كه‌ ئه‌م ده‌خاته‌ به‌رده‌م پرسیاره‌وه‌ ده‌رگای ماڵه‌وه‌یه‌. ئه‌مه‌ش له‌ ئاستی نه‌بینراودا ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ ماڵ له‌ بۆچوونی قسه‌كه‌ری شیعره‌كه‌وه‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌و ئارم گرتنه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ماڵ جێگایه‌كه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌و بۆ به‌دواداچوونی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و چی ده‌كات و چۆن ره‌فتار ده‌كات. دیاره‌ هه‌ر پرسیارێكی له‌م جۆره‌ وه‌كو جۆرێك له‌ خۆ هه‌ڵقورتان له‌ تایبه‌تمه‌ندی ئه‌وی دی ده‌رده‌كه‌وێت ته‌نانه‌ت ئه‌كه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ له‌لایه‌ن نزیكترین كه‌سیشه‌وه‌ بێت كه‌ خۆشه‌ویست یان هاوسه‌ره‌كه‌ی بێت. ئه‌مه‌ش له‌ ئاستێكی تردا رووناكی ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ په‌یوه‌ندییه‌ی كه‌ له‌ ماَڵێكدا دوو كه‌س له‌ چوار چێوه‌ی خێزاندا كۆ ده‌كاته‌وه‌و سرووشتی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش ئاشكرا ده‌كات.
شاعیر له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ باسی په‌یوه‌ست بوونی مرۆڤ به‌ شوێنه‌وه‌ ده‌كات ئیتر گرنگ نییه‌ ئه‌و شوێنه‌ چ جۆره‌ شوێنێكه‌. ئه‌وی شاعیر باسی په‌یوه‌ندی خۆی و ئه‌و شه‌قامه‌ ده‌گات كه‌ شه‌وانی دره‌نگ و زۆربه‌ی كاتیش به‌ مه‌ستی پیایدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و له‌وه‌ش ده‌دوێ كه‌ ئه‌و شه‌قامه‌ به‌ وه‌فایه‌و هه‌رگیز ئه‌م به‌ جێ ناهێڵێت. هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ شوێن ره‌گه‌زێكی بێ لایه‌نه‌و ئه‌وه‌ی مانا به‌ شوێن ده‌به‌خشێت مرۆڤ خۆیه‌تی. لێره‌دا شاعیر خاسێتی مرۆڤ یان ته‌نانه‌ت هه‌ندێ ئاژه‌ڵ به‌ شوێن ده‌به‌خشێت كه‌ خاوه‌نی وه‌فایه‌كی له‌ راده‌ به‌ده‌رن. بۆ نموونه‌ شاعیر شه‌قامه‌كه‌ هاوشێوه‌ ده‌كات به‌ ئه‌سپ له‌ وه‌فاداریدا. ئه‌سپ و سه‌گ له‌و ئاژه‌ڵانه‌ن كه‌ وه‌كو هێمای وه‌فا باس ده‌كرێن. كاتێ ئه‌و ئه‌سپ سواره‌ی كه‌ له‌ غارداندا ئه‌سپه‌كه‌ی شه‌كه‌ت و ماندو ده‌كات و به‌ رێكه‌وت ئه‌سپه‌كه‌ ده‌گلێ یان سواره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ خواره‌وه‌و پێی له‌ ئاوزه‌نكیدا ده‌مێنێته‌وه‌، ده‌ست به‌جێ ئه‌سپه‌كه‌ راده‌وه‌ستێت و به‌ دیار سواره‌ گلاوه‌كه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌و به‌ دوای خۆیدا رایناكێشێت نه‌وه‌كو ئازاری پێ بگات یان بمرێت. خۆ ئه‌گه‌ر سواره‌كه‌ ده‌ست به‌جێ له‌و گلان یان كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌یه‌دا بمرێت ئه‌وا ئه‌سپه‌كه‌ به‌ دیار ته‌رمه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌و به‌ جێی ناهێڵێت. ئه‌مه‌ش وه‌فاو دڵسۆزی و هۆگری ئه‌م ئاژه‌ڵه‌ بۆ مرۆڤ نیشان ده‌دات.
ئه‌م شه‌قامه‌ به‌ جۆرێك جێگای خۆیی له‌ هه‌ست و نه‌ستی ئه‌مدا گرتووه‌ كه‌ بۆنی دایكی لێدێت. ئه‌مه‌ش ئاستی قوڵی خۆشه‌ویستی یان په‌یوه‌ست بوونی ئه‌م به‌م جێگایه‌وه‌ نیشان ده‌دات. له‌ روویه‌كی تریشه‌وه‌ له‌ رێگای وه‌سف كردنی شه‌قامه‌كه‌وه‌ ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت هه‌رچه‌نده‌ دایكی خاوه‌نی سۆزو خۆشه‌ویستیه‌كی قوڵ بووه‌ بۆ ئه‌م به‌ڵام قسه‌كانیشی كاریگه‌رو هه‌ندێ جار پێده‌چێت ئازار به‌خشیش بووبن بۆی، كه‌ ده‌شێ ئه‌وه‌ش له‌و كاتانه‌دا بوو بێت كه‌ ئه‌م سنووره‌كانی رووخاندبێت و گه‌ڕان و رۆیشتن به‌ دوای ویست و حه‌زه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆیدا وه‌های لێكردبێت زیاتر بۆ خۆی بژی و بێباك بێت له‌ ده‌ورو به‌ر. له‌م كاتانه‌شدا رووبه‌رووی جۆرێك له‌ ره‌خنه‌و سه‌رزه‌نشت كردن بووبێته‌وه‌ له‌ لایه‌ن دایكیه‌وه‌. ئێستا كه‌ له‌ رووی یادوه‌رییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رابردوو، یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ شه‌قامه‌كه‌دا ده‌هێنێته‌وه‌ یاد له‌گه‌ڵ ئه‌و یاده‌وه‌ریانه‌شدا دایكی و خۆشه‌ویستی و سۆزو له‌ هه‌مان كاتدا ره‌خنه‌و سه‌رزه‌نشتكردنه‌كانیشی یاد ده‌كه‌وێته‌وه‌. لێره‌دا له‌ ئاستی قوڵی ده‌قه‌كه‌دا ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م دێت كاتێ مرۆڤ خۆی ده‌داته‌ ده‌ستی زۆرێك له‌ خواست و ئاره‌زووه‌ تایبه‌تیه‌كانی خۆی، ئه‌وا گومانی تیادا نییه‌ كه‌ روو به‌رووی ره‌خنه‌و سه‌رزه‌نشتیش ده‌بێته‌وه‌و ره‌نگه‌ هه‌ندێ جار ئه‌و ره‌خنانه‌ تیژو كارگه‌ریش بن وه‌كو ده‌می چه‌قۆ.
ئه‌م هه‌موو شه‌وێ به‌م شه‌قامه‌دا دێته‌وه‌و دوای مه‌ست بوون به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕ ده‌بێت و سه‌رباری لێپرسینه‌وه‌ی ده‌رگاكان به‌ڵام ئه‌م هه‌ر خۆی ده‌كات به‌ ژووردا. واته‌ ژووره‌وه‌ یان ماڵه‌وه‌ ئه‌م له‌ ئامێز ده‌كات و به‌و پێیه‌ش ئه‌م ده‌شارێته‌وه‌ یان ئه‌م به‌و باره‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌چێته‌ باری دیار نه‌مان یان خۆشاردنه‌وه‌وه‌ یان خۆی له‌ ئامێزی ماڵه‌وه‌دا حه‌شار ده‌دات. ئه‌می شاعیر به‌ جۆرێك وێنای شه‌قامه‌كه‌و خۆی ده‌كات كه‌ شه‌وان ته‌نیا هه‌ر ئه‌م به‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌دا رێگا بكات. بۆیه‌ پێمان ده‌ڵێت تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ ئه‌م ده‌رگای ماڵه‌وه‌ دوای پرسیار لێكردن و لێپرسینه‌وه‌ رێگای چوونه‌ ژووره‌وه‌ی ده‌دات هاوده‌می راسته‌قینه‌ی شه‌قامه‌كه‌یه‌، به‌ڵام كه‌ ئه‌م ده‌چێته‌ ژووره‌وه‌ ئیتر شه‌قامه‌كه‌ بێ هاوده‌م و هاوڕێ ده‌مێنێته‌وه‌. كاتێ ئه‌م شه‌قامه‌كه‌ به‌جێ ده‌هێڵیت و له‌و ساته‌ی كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌چێته‌ ژووره‌وه‌ سه‌رنج بۆ دوای خۆیه‌وه‌ ده‌گێڕته‌وه‌ جگه‌ له‌ تاریكی هیچی تر نابینێت. ئه‌گه‌ر گه‌یشتنی ئه‌وی شاعیر بۆ ناو ژووره‌وه‌ بوونی ئه‌و بێت له‌ ئێستادا ئه‌وا شه‌قامه‌كه‌ی دوایه‌وه‌ بریتییه‌ له‌ رابردووی ئه‌و كه‌ رابردوویه‌كی تاریكه‌ واته‌ مێژوویه‌كه‌ رووناكی تیادا نییه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ ئه‌م خاوه‌نی رابردوویه‌كی گه‌ش نییه‌ به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خاوه‌نی رابردوویه‌كی تاریك و نائاشكراو نادیاره‌، كه‌ ئه‌مانه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن كه‌ ئه‌م له‌ رابردوودا نه‌یتوانیووه‌ ئاماده‌ بوونی خۆی بسه‌لمێنێت یان ئاماده‌بوونێكی ئه‌وتۆی هه‌بێت له‌ رابردوودا هه‌تا رابردووه‌كه‌ی ببێت رابردوویه‌كی خاوه‌ن شووناس. ده‌شێ په‌یوه‌ندی ئه‌م و رابردوو رووبه‌رێكی فراوانتری هه‌بێت و ئه‌م بریتی بێت له‌ كۆمه‌ڵ یان نه‌ته‌وه‌و رابردووش رابردووی كۆمه‌ڵ یان نه‌ته‌وه‌ بێت كه‌ له‌ رووی ئاماده‌بوون و بنیادنانی شارستانێیه‌وه‌ بریتییه‌ له‌ تاریكستان.
لێم گه‌ڕێن من هاوڕێی شه‌وم
من هه‌ره‌ دوژمنی سه‌ر سه‌ختی
وڵاتی بێ چاره‌ی خه‌وم
من و شۆسته‌
دوو ته‌رمی ره‌ق و ناسكین
من و جۆگه‌له‌ ئاوه‌كان
پاكه‌تی به‌تاڵ و باسكین .
شاعیر هه‌وڵده‌دات زیاتر خۆی بناسێنێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ باره‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌دوێت و له‌ هه‌مان كاتیشدا داوایه‌كی گشتی به‌رز ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌وه‌ ناچێت دواواكاری بێت به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی كه‌ جۆرێكه‌ له‌ ده‌ربڕین بۆ زیاتر ناساندنی خۆی. ئه‌و داوا ده‌كات كه‌ لێی بگه‌ڕێن و كه‌س خۆی له‌ كاروبارو هه‌ڵس و كه‌وت و ره‌فتاری ئه‌و هه‌ڵنه‌قورتێنێت؟ ئه‌مه‌ش له‌ خۆیدا ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ ئه‌م كه‌سێتیه‌ ده‌یه‌وێت خۆی خاوه‌نی بوونی خۆی بێت و وه‌كو تاكه‌ كه‌س هه‌موو شتێكی له‌ ده‌ستی خۆیدا بێت. ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌ بانگه‌شه‌ كردنه‌ بۆ بنیادنان و درووست بوونی تاكه‌ كه‌سی خاوه‌ن شووناس كه‌ تاكو ئێستا له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بوونی نییه‌. ئه‌می شاعیر وه‌ها خۆی پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ هاوڕێی شه‌وه‌. ئه‌مه‌ش ده‌شێ به‌ دوو ئاراسته‌ى جیاواز لێكبدرێته‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ شه‌و هێمای تاریكی و نه‌زانیه‌. ئایا ده‌شێ شاعیر بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكات كه‌ ئه‌م هاوڕێی نه‌زانی و تاریكی بێت؟ بێگومان ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ بۆ هاوڕێیه‌تی ئه‌می شاعیرو شه‌و ناتوانێت رووبه‌رێكی ئه‌وتۆ داگیر بكات چونكه‌ ناتوانین ته‌سه‌وری ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ته‌نانه‌ت كۆنه‌په‌رستترین كه‌سیش دان به‌وه‌دا بنێت كه‌ دۆست و خوازیاری شه‌وو تاریكییه‌. لێكدانه‌وه‌ی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌می شاعیر خۆی پێشتر باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ چۆن شه‌وانی دره‌نگ دوای مه‌ست بوون به‌ شه‌قامه‌كاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌و كاته‌دا ئه‌م تاكه‌ هاوڕێی شاقامه‌كانه‌، كه‌ ده‌شێ هه‌رچۆن خۆی به‌ هاوڕێی شاقامه‌كان ده‌داته‌ قه‌ڵه‌م به‌ هه‌مان شێوه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌وانی دره‌نگی خۆی جۆرێك چێژی پێببه‌خشێت و بیكاته‌ هاوڕێ و دۆستی شه‌و. له‌ روویه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌شێ شه‌و وه‌ها لێكبدرێته‌وه‌ كه‌ كاتی بیركردنه‌وه‌و خوردبوونه‌وه‌و تێڕامان بێت به‌ تایبه‌تی كاتێ هێمنی و خامۆشی باڵ به‌سه‌ر هه‌موو شوێنێكدا ده‌كێشێت. ئه‌گه‌ر وامان دانا كه‌ ئه‌م لێكدانه‌وه‌یان رووبه‌رێكی فراوانتر داگیر ده‌كات ئه‌وا مانای وایه‌ شاعیر بۆیه‌ خۆی به‌ هاوڕێی شه‌و ده‌زانێت چونكه‌ له‌ شه‌ودا ده‌توانێت بیر بكاته‌وه‌و وردبێته‌وه‌و رابمێنێت به‌رامبه‌ر به‌ بوون و ژیان و هه‌موو شتێكی ئه‌م گه‌ردوونه‌. هه‌روه‌ك ده‌شێ وه‌هایشی لێك بده‌ینه‌وه‌ كه‌ شه‌و كاتی شاردنه‌وه‌و حه‌شاردان و په‌رده‌ له‌سه‌ر نانه‌. ده‌شێ شاعیر بۆیه‌ هاوڕێیه‌تی شه‌وی به‌لاوه‌ په‌سه‌ند بێت چونكه‌ شه‌و ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ هه‌موو شته‌كان به‌ نهێنی ده‌پارێزێت. ئه‌و ته‌نیا له‌شه‌ودا ده‌توانێت گوڵاوی تاڵ بخواته‌وه‌و مه‌ستانه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆیی و به‌ ئازادی بێ ترس له‌ چاوی خه‌ڵك و له‌ قسه‌ی خه‌ڵكی به‌ شه‌قامه‌كاندا رێگا بكات. به‌واتایه‌كی تر به‌لای ئه‌مه‌وه‌ شه‌و ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ تیایدا ئه‌م هه‌ست به‌ ئازادی ده‌كات هه‌ر بۆیه‌ خۆی به‌ هاوڕێی شه‌و داده‌نێت.
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ شاعیر له‌وه‌ ده‌دوێت كه‌ بۆچی ئه‌م هاوڕێی شه‌وه‌ واته‌ هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و په‌یوه‌ست بوونه‌ی خۆی به‌ شه‌وه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات، كه‌ ئه‌ویش چێژ وه‌رگرتنه‌ له‌ مانه‌وه‌و شه‌ونخوونی واته‌ ئه‌م چێژ له‌وه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ له‌ شه‌وی پڕ له‌ نهێنی و هێمنی و خامۆشیدا نه‌نوێت. ئه‌م له‌ كاتێكدا دۆستی شه‌وه‌ ، له‌ به‌رامبه‌ردا نه‌یارێكی سه‌رسه‌ختی وڵاتی بێچاره‌ی خه‌ویشه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ ئاشكرا نییه‌ ته‌نیا له‌ شه‌ودا نه‌یاری خه‌وه‌ یان به‌ گشتی له‌ خه‌و بێزاره‌ یان له‌ بنه‌ڕه‌تدا نه‌یاری وڵاتی خه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش مانایه‌كی جیاواز ده‌به‌خشێت. چونكه‌ كاتێ وشه‌ی خه‌و له‌گه‌ڵ وڵاتدا لێك ده‌درێن مانایه‌كی تر به‌رهه‌م ده‌هێنین كه‌ ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ دواكه‌وتوویی و سستی و ناكارایی و مانه‌وه‌ له‌ جوغزێكی داخراوو گۆشه‌گیردا به‌ جۆرێكی ئه‌وتۆ كه‌ هیچ ویست و ئاره‌زوو خولیایه‌كی كاركردن و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چوون و رابوونه‌وه‌ له‌ ئارادا نه‌بێت. ئه‌گه‌ر به‌م باره‌یاندا لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ربڕینه‌ بكه‌ین ئه‌وا شاعیر له‌ ئاستێكی قوڵدا باسی گۆڕانكاری و رابوونه‌وه‌و به‌ره‌وه‌ پێشه‌وه‌ چوون ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و باری تێڕامان و خوردبوونه‌وه‌و بیر كردنه‌وه‌یه‌دا ده‌گونجێت كه‌ شاعیر باشترین كات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ شه‌و ده‌زانێت.
ئه‌م جارێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ باس كردنی بوونی خۆی له‌ شه‌ودا واته‌ ئه‌و شه‌وانه‌ی كه‌ دره‌نگانێ له‌ دوای مه‌ست بوون به‌ ته‌نیا به‌ شه‌قامه‌ چۆڵ وهۆڵه‌كانی شاردا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و له‌وه‌شدا خۆی هاوشێوه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ شۆسته‌و جۆگه‌له‌ ئاوه‌كاندا.ئه‌م خۆی و شۆسته‌كان وه‌كو یه‌ك ده‌بینێت كه‌ هه‌ردووكیان وه‌كو دوو ته‌رمی ره‌ق و ناسكن. ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ شۆسته‌كان پێكهاته‌یه‌كی ره‌ق و بێگیانن و به‌ ته‌نیشت شه‌قامه‌كاندا وه‌كو ته‌رم راكێشراون، ئه‌میش خۆی ده‌كاته‌ هاوڕێی ئه‌و شۆسته‌ مردووانه‌. لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دات ئایا چ ده‌لاله‌تێك له‌ پشتی ئه‌م هاوشێوه‌كردنه‌وه‌ به‌رهه‌م دێت؟ بێگومان ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ شۆسته‌كان تاكه‌ ئه‌ركێكی ساده‌یان له‌ ئه‌ستۆیه‌ كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ پیاده‌ ره‌وه‌كان به‌سه‌ریاندا ده‌رۆن و ئه‌مانیش واته‌ شۆسته‌كان هیچ پرسێكیان پێنه‌كراوه‌ هه‌تا بزانرێت ئایا به‌وه‌ رازین كه‌ رۆژانه‌ هه‌زاره‌ها كه‌س پێ بنێن به‌سه‌ر پشتیادا. لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ شۆسته‌كان پێكهاتیه‌كی پێ پیادا نراون واته‌ به‌ركارێكی به‌رده‌وامن و هه‌میشه‌ كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت و ئه‌مان هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان نییه‌. ئه‌می شاعیر خۆی هاوشێوه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌م شۆستانه‌دا واته‌ مه‌به‌ستیه‌تی بڵێت منیش وه‌كو شۆسته‌كان له‌ ئاستی یه‌كه‌مدا تاك و ته‌نیام، منیش وه‌كو شۆسته‌كان ته‌رمێكی راكشاوی بێ هه‌ست و گیانم كێ دێت ده‌توانێت پێم پیادا بنێت، منیش وه‌كو شۆسته‌كان ناكارام وهه‌میشه‌ كارم له‌سه‌ر ده‌كرێت به‌واتایه‌كی تر شاعیر ده‌یه‌وێت بڵێت هه‌رچۆن شۆسته‌كان به‌ركارێكی به‌رده‌وامن منیش به‌ركارێكی به‌رده‌وامم و له‌واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ درێژه‌ى ژیادا له‌بری ئه‌وه‌ی بكه‌ر بم و كار له‌سه‌ر واقیع و له‌سه‌ر ده‌ورو به‌ر بكه‌م و بنیاد بنێم و به‌رهه‌م بهێنم، هاوشێوه‌ی ئه‌و شۆشته‌ بێگیانانه‌ پێم پیادا ده‌نرێت. بێگومان ئه‌م گوزارشت كردنه‌ی سه‌لاح محه‌مه‌د گوزارشت كردنێكی راستگۆیانه‌یه‌ له‌ بوون و چاره‌نووسی مرۆڤ له‌ سه‌رزه‌مینه‌ی واقیع كه‌ رۆژانه‌ هه‌موومان ده‌بینین كه‌ چ سووكایه‌تیه‌ك به‌و بوونه‌وه‌ره‌ ده‌كرێت كه‌ ناوی مرۆڤه‌ و وه‌كو شۆسته‌كان پێی پیادا ده‌نرێت و برسی ده‌كرێت و ده‌چه‌وسێنرێته‌وه‌و ده‌خرێته‌ زیندانه‌وه‌و یاری به‌ هه‌ست و كه‌رامه‌تی ده‌كرێت و دواجاریش به‌ دڕندانه‌ترین شێواز ده‌كوژرێت. به‌واتا هه‌رچۆن شۆسته‌كان پێیان پیادا ده‌نرێت مرۆڤیش به‌ چه‌ندین شێوازی جۆراو جۆرو ترسناكتر له‌ پێ پیادا نان، پێی پیادا ده‌نرێت.
جارێكی تر شاعیر خۆی هاوشێوه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ جۆگه‌له‌ ئاوه‌كاندا كه‌ چۆن هه‌ردووكیان پاكه‌تی به‌تاڵن. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ شاعیر ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت هه‌رچۆن پاكه‌تی به‌تاڵ هیچ ناوه‌رۆك گه‌وهه‌رو ماهیه‌تێكی نییه‌، منی مرۆڤیش به‌ هه‌مان شێوه‌ بێ گه‌وهه‌رو بێ به‌هاو بێ ناوه‌رۆكم. ئه‌مه‌ش زیاتر ناكارایی و بێ توانایی مرۆڤ نیشان ده‌دات له‌ به‌رده‌می چاره‌نووسێكی ترسناك و نادیاردا كه‌ ئه‌م خۆی ناتوانێت هیچ ده‌ورێكی هه‌بێت له‌ دیارى كردن و ده‌ست نیشان كردنیدا كه‌ ئه‌ویش چاره‌نووسی ترسناكی مردنه‌ یان چاره‌نووسی سووكایه‌تی كردنه‌ به‌ بوون و به‌ كه‌رامه‌تی مرۆڤانه‌ی. مرۆڤ له‌به‌رده‌می ئه‌و چاره‌نووسه‌ تاڵه‌دا هێنده‌ بێ ده‌سه‌ڵاته‌ وه‌كو پاكه‌تی به‌تاڵ وایه‌ كه‌چۆن ره‌شه‌با ده‌یفڕێنێ و ناتوانێت هیچ به‌رگریه‌ك بكات. كه‌واته‌ لێره‌دا شاعیر پێمان ده‌ڵێت راسته‌ ئێمه‌ی مرۆڤ له‌ زۆر كاتدا خۆمان به‌هێزو وه‌كو سه‌روه‌رى ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ ده‌رده‌خه‌ین و ده‌مانه‌وێت وای نیشان بده‌ین كه‌ خاوه‌نی هه‌موو هێزو توانایه‌كین به‌ڵام له‌ راستیدا له‌به‌رده‌م حه‌قیقه‌تی مردندا بێ ده‌سه‌ڵات و ناكاراین و هیچ شتێكمان پێ ناگۆڕدرێت.
تیر ئه‌ندازه‌ به‌ ئابڕووه‌كان
ئه‌مشه‌و شووشه‌ی خه‌یاڵی ناسكیتان شكان
من چیم پێیه‌
زیاتر له‌ چه‌پكێ فرمێسك و
له‌ دوو لاقی قورسی له‌ ژیان به‌ جێماو
………………….
لاشه‌م بده‌نه‌وه‌ ده‌ست
تا بیبه‌مه‌ ناو حه‌شارگه‌ی
ماڵێكی تاریك وه‌ك
قورگێكی فڕێنراو له‌ سوارچاكی ده‌نگ
من ترپه‌ی باران ئه‌مگرێنێ
من ( با ) خۆشه‌ویستی هه‌موو
ماڵه‌ رووخاوه‌كان
بۆ هه‌واری رۆحم دێنێ
من شه‌ماڵیش ئه‌توانێ
كۆڵه‌كه‌ی هێزم بشكێنێ
من شه‌ماڵیش ئه‌توانێ بمگرێنێ.
شاعیر دوای ئه‌وه‌ی كه‌ شه‌وانی دره‌نگ به‌ مه‌ستی یان به‌ هه‌ر جۆرێكی تر به‌ ته‌نیا به‌ شه‌قامه‌ چۆڵه‌كاندا رێگای ماڵه‌وه‌ له‌به‌ر ده‌گرێت، له‌وه‌ ده‌چێت كه‌ كه‌سانێك رێگایان پێ گرتبێت بۆیه‌ پێیان ده‌ڵێت ئێوه‌ئه‌مشه‌و شووشه‌ی ناسكیتان شكاندو خۆیشی وه‌ها پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ ئه‌م خاوه‌نی هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ فرمیسك و له‌ دوو لاقی قورسی له‌ ژیان به‌ جێماو. به‌ واتا ئه‌م سه‌رزه‌نشتی ئه‌و تیر ئه‌ندازانه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و شه‌وه‌ خه‌یاڵی ناسكی ئه‌میان شێواندووه‌ كه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ شووشه‌ی خه‌یاڵیان شكاندبێت. ئه‌مه‌ش ناسكى و هه‌ستیاری خه‌یاڵی ئه‌و ده‌رده‌خات. هه‌روه‌ك رایشی ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌م جگه‌ له‌و خه‌یاڵه‌ ناسكه‌ شتێكی تری ئه‌وتۆی نییه‌ ته‌نانه‌ت قاچاكانیشی قاچی ئاسایی نین هه‌تا بتوانێت به‌ شێوه‌یه‌كی سرووشتی رێگایان پێ بكات. ئیتر بۆ ده‌بێ كه‌سانێك هه‌بن رێگا به‌م بگرن له‌ كاتێكدا ئه‌م كه‌سێكی په‌پووله‌ ئاسایه‌و هاوده‌می شه‌قامی چۆڵی شه‌وو شۆسته‌ی وه‌كو ته‌رم راكشاوو جۆگه‌له‌ ئاوی درێژكشاوی ته‌نیشت شه‌قامه‌كانه‌؟ هه‌موو ئه‌م وه‌سفانه‌ی كه‌ ئه‌م بۆ خۆیی ده‌كات ناكارایی و نا بكه‌رێتی ئه‌م ده‌سه‌لمێنن كه‌ له‌ ئاستێكی فراوانتردا ده‌شێ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو ئه‌وانه‌ بكات كه‌ خاوه‌نی هه‌ست و خه‌یاڵ و رۆحێكی مرۆیی وه‌كو ئه‌من. كه‌ ده‌شێ له‌ ئاستێكی ته‌واو گشتی تردا هه‌موو مرۆڤایه‌تی بگرێته‌وه‌.
شاعیر دوای ئه‌وه‌ی كه‌ تیر ئه‌ندازه‌كان له‌شه‌وێكی دره‌نگی سه‌رشه‌قامدا رێگای پێ ده‌گرن، پێیان ده‌ڵێت كه‌ ئه‌م خاوه‌نی هیچ نییه‌ هه‌تا رێگای پێبگرن. بۆیه‌ داوایان لێ ده‌كات كه‌ لاشه‌یی بده‌نه‌وه‌. لێره‌دا ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ لاشه‌یان لێ داگیر كردبێت. دیسان هه‌ر لێره‌دا دابه‌شبوونێك له‌ پێكهاته‌ی كه‌سێتی ئه‌ودا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌ویش له‌ نێوان لاشه‌و رۆحیدایه‌ یان له‌ نێوان پێكهاته‌ی فیزیكی و پێكهاته‌ی مه‌عنه‌وی ئه‌ودایه‌، له‌و دابه‌ش بوونه‌شدا رۆح یان پێكهاته‌ی مه‌عنه‌وی باڵا ده‌سته‌و ئاماده‌بوونی هه‌یه‌و ده‌دوێت و ئه‌و خاوه‌نی پێكهاته‌ى فیزێك یان لاشه‌یه‌. ئه‌می شاعیر داوا ده‌كات كه‌ لاشه‌ی بده‌نه‌وه‌ تاكو بیباته‌وه‌ بۆ نێو چوار دیواری ماڵێكی تاریك، ماڵێكی خامۆش و بێ ده‌نگ. ئه‌م كه‌سێتیه‌ یان ئه‌م رۆحه‌ی كه‌ شه‌وانه‌ به‌ته‌نیا به‌ شه‌قامه‌كاندا رێگا ده‌كات پێ ده‌چێت له‌ بۆته‌ی جه‌سته‌یه‌كدا بێت له‌ بری ئه‌وه‌ی كه‌ ویسته‌ فیزیكی و بایۆلۆجیه‌كانی بۆ دابین بكات، ده‌یه‌وێت بیباته‌وه‌ نێو چواری دیواری ژوورێكی خامۆش و بێ ده‌نگ له‌وێدا به‌ندی بكات. كه‌واته‌ ده‌شێ لێره‌دا وه‌های لێكبده‌ینه‌وه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌و ژووره‌ داخراوه‌ یان ئه‌و ماڵه‌ خامۆشه‌ی كه‌ له‌ ده‌قه‌كه‌دا باس ده‌كرێت بوویه‌كی مادیانه‌ی هه‌بێت، به‌ڵكو ده‌شێ بوویه‌كی مه‌عنه‌وی بێت و بریتی بێت له‌و زیندانه‌ گشتییه‌ی كه‌ داب و نه‌ریت و كه‌لتوورو ئاین بۆ جه‌سته‌ی داناوه‌و جه‌سته‌ ناتوانێت ئه‌و ویست وئاره‌زووه‌ بایۆلۆجی و غه‌ریزه‌ییانه‌ی خۆی جێبه‌جێ بكات كه‌ به‌شێكن له‌ بوونی سرووشتی ئه‌و. ئێستا رۆح یان كه‌سێتی مه‌عنه‌وی قسه‌كه‌ری شیعره‌كه‌ كه‌ ده‌شێ به‌ شاعیر خۆیشی ناوی ببه‌ین هه‌وڵده‌دات ئه‌و جه‌سته‌یه‌ به‌ هێمنی و به‌ بێده‌نگی بمێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش باشترین شت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ركوتی بكات به‌وه‌ی كه‌ بیباته‌وه‌ بۆ نێو چوار دیواری داخراوو خامۆشی ژوورێك یان ماڵێك. شاعیر بۆ ئه‌م كاره‌ی كه‌ ده‌یكات پاساوو بیانووی خۆیی هه‌یه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئه‌م كه‌سێكه‌ تاقه‌تی ئه‌و ململانێ و گێرمه‌و كێشانه‌ی نییه‌و كه‌سێكی هه‌ستیاری له‌و جۆره‌شه‌ كه‌ بچووكترین شت كاری لێ ده‌كات بۆیه‌ هه‌روا ئاسان نییه‌ كه‌ خۆی بداته‌ ده‌ستی ویست و ئاره‌زووه‌كانی جه‌سته‌و له‌و پێناوه‌شدا دووچاری كێشه‌و گیرو گرفت بێت. كه‌واته‌ لێره‌دا شاعیر وێنه‌ی كه‌سێكی خۆپارێزمان بۆ ده‌كێشێت كه‌ نایه‌وێت رووبه‌ڕووی كێشه‌و گیرو گرفت ببێته‌وه‌.
شاعیر باسی هه‌ستیاری خۆی ده‌كات كه‌ نه‌ك هه‌ر رووداوی ترسناك كاری لێ ده‌كات به‌ڵكو له‌وه‌ش ده‌دوێت كه‌ چۆن رووداوی زۆر ئاسایی ده‌یهه‌ژێنێ و كاریگه‌ری خۆی له‌ سه‌ری داده‌نێت به‌ جۆرێكی ئه‌وتۆ كه‌ كار له‌ راڕه‌وی ژیانی بكات. ئه‌م ترپه‌ی باران كه‌ له‌ راستیدا باران هه‌م هێمای ژیانه‌وه‌و زینده‌گانیه‌ هه‌م ترپه‌ی باران ئاوازێكی مۆسیقی خۆشی تێدایه‌ كه‌ ده‌توانین بڵێین مۆسیقای رۆحه‌و رۆحی مرۆڤ ئارام ده‌كاته‌وه‌، كه‌چی ئه‌و ترپه‌ مۆسیقیانه‌ وا له‌ ئه‌می شاعیر ده‌كه‌ن كه‌ بگری. ئه‌مه‌ش به‌ دوو ئاراسته‌ لێك ده‌درێته‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ئه‌وه‌نده‌ هه‌ستیاره‌ ته‌نانه‌ت ترپه‌ی بارینی بارانیش رایده‌چڵه‌كێنێ و ده‌یترسێنێ، به‌ جۆرێكی ئه‌و تۆ كه‌ بیگه‌یه‌نێته‌ ئاستی گریان. دووه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌نده‌ هه‌ستیاره‌ ترپه‌ی بارینی باران كه‌ وه‌كو پێشتر گوتمان له‌ مۆسیقایه‌ك ده‌چێت كه‌ بۆ رۆح لێ بدرێت و زمانی رۆحی هه‌بێت، راسته‌وخۆ كار له‌ رۆحی ئه‌م ده‌كات و ده‌یخاته‌ باری جوڵه‌و به‌خۆدا چوونه‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامی ئه‌و جوڵه‌و هه‌ڵچوونه‌ش جۆرێك پاكژبوونه‌وه‌ به‌رهه‌م دێنێت كه‌ ئه‌ویش به‌ گریان گوزارشنتی لێ ده‌كرێت. واته‌ ئه‌و گریانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجامی گۆی لێبوونی ترپه‌ی باران بارینه‌وه‌ درووست ده‌بێت بریتیه‌ له‌ پاكژبوونه‌وه‌ی رۆح. واته‌ ئه‌م كه‌سێتیه‌ ئه‌وه‌نده‌ هه‌ستیاره‌ كه‌ ترپه‌ی باران بارینیش ده‌یگه‌یه‌نێته‌ ئاستی پاكژبوونه‌وه‌ی رۆحی.
شاعیر پێشتر باسی هاوڕێیه‌تی خۆیی و شه‌وو شه‌قام و شۆسته‌و جۆگه‌له‌ ئاوه‌كانی ده‌كرد. ئێستاش باسی په‌یوه‌ندی خۆیی و باران و با و شه‌ماڵ ده‌كات. با ئه‌و ره‌گه‌زه‌ی نێو سرووشته‌ كه‌ ئه‌م و ماڵه‌ رووخاوه‌كان به‌یه‌كتره‌وه‌ ده‌به‌ستێت و خۆشه‌ویستی ئه‌و ماڵه‌ رووخاوانه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ نێو دڵی ئه‌م. لێره‌دا شاعیر هه‌ڵوێستی راسته‌قینه‌ی مرۆییانه‌ی خۆی له‌ ده‌ربڕینێكی شیعری جواندا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵ كه‌ ئه‌وانه‌ن له‌ ماڵه‌ رووخاوه‌كان و له‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژاره‌كاندا ده‌ژین. (با) خۆشه‌ویستی ئه‌م هه‌ژارو بێ ده‌ره‌تانانه‌ له‌ رۆحی ئه‌مدا ده‌نێژێت. ئه‌وه‌شی گرنگه‌ خۆشه‌ویستی ئه‌مانه‌ له‌ دڵیدا هه‌وار ناخات به‌ڵكو له‌ رۆحیدا جێگیر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش زیاتر قوڵی و به‌هێزی ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ نیشان ده‌دات. دیسان ئه‌م له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ له‌ رێگای قسه‌كردن له‌سه‌ر بای شه‌ماڵ، له‌ لایه‌ك هه‌ستیاری و ناسكی خۆی ده‌رده‌خات له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ناكارایی و لاوازی خۆی نیشان ده‌دات به‌ تایبه‌تی كاتێ باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ شه‌ماڵ ده‌توانێت كۆڵه‌كه‌ی هێزی ئه‌م بشكێنێت. ته‌نانه‌ت شه‌ماڵ كه‌ بایه‌كی هێمن و فێنك و سازگاره‌ ده‌توانێت ئه‌وی شاعیر بگه‌یه‌نێته‌ ئاستێك كه‌ بگری. ئه‌مه‌ش دیسان له‌ لایه‌ك ناسكی و هه‌ستیاری ئه‌م نیشان ده‌دات و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ جۆرێك له‌ لاوازی و بێ ده‌سه‌ڵاتی و ناكارایی ئه‌و به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، كه‌ كۆی ئه‌م قسانه‌ش ناكارایی و لاوازی مرۆڤ له‌ به‌رامبه‌ر چاره‌نووسی نادیاری خۆیدا نیشان ده‌دات.
له‌ گیانی منا هه‌ست ئه‌ڕوێ و
له‌ سه‌هۆڵبه‌ندانی دڵتانا
شه‌خته‌ی مه‌رگ ده‌ست پێ ئه‌كا
لێره‌ له‌م وڵاتی كه‌ڕ بارینه‌
خۆشه‌ویستی جوانترین نێچیری سه‌ر بڕینه‌
ده‌ستم ناگاته‌ پرچی خۆر بیڕنمه‌وه‌
ده‌ستم ناگاته‌ ئارایشتگای ده‌مامكه‌كان بیسڕمه‌وه‌.
شاعیر پێشتر خۆی هاوشێوه‌ ده‌كرد له‌گه‌ڵ شه‌قام و شۆسته‌و جۆگه‌له‌ ئاوه‌كاندا واته‌ له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ توخم و ره‌گه‌زه‌كانی سرووشتدا، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌گه‌ڵ مرۆڤ ده‌دوێت و له‌ بری خۆ هاوشێوه‌ كردن له‌گه‌ڵیاندا جیاوازی نێوان خۆی و ئه‌وان نیشان ده‌دات. به‌ واتایه‌كی تر ئه‌وان له‌ جه‌مسه‌رێك داده‌نێت و خۆی له‌ جه‌مسه‌ره‌كه‌ی تر. دیاره‌ له‌و به‌راورد كردنه‌شدا خۆی ده‌بێته‌ هه‌ڵگری خاسێته‌ باش و پۆزه‌تیفه‌كان و ئه‌وانیش ده‌بنه‌ هه‌ڵگری خاسێت و سیفاته‌ خراپ و نێگه‌تیفه‌كان. ئه‌م باسی ئه‌وه‌ بۆ ئه‌وان ده‌كات كه‌ له‌ گیانی ئه‌مدا هه‌ست ده‌ڕوێ كه‌ دیاره‌ مه‌به‌ستی له‌ (هه‌ست ) لێره‌دا هه‌ستی مرۆڤانه‌و ناسكی و هه‌ستیارییه‌ واته‌ ده‌یه‌وێت بڵێت ئه‌م خۆی هه‌میشه‌ له‌ رووی مرۆییه‌وه‌ له‌ گه‌وره‌ بوون و په‌ره‌سه‌ندن و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چووندایه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش وای لێ ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ ترپه‌ی باران وشنه‌ی شه‌ماڵ و خه‌م و خۆشه‌ویستی ماڵه‌ رووخاوه‌كاندا بگری. ئه‌م خاوه‌نی رۆحێكی زیندو دڵێكی گه‌رمه‌و ئه‌و هه‌سته‌ مرۆییه‌ش له‌و رۆحه‌ زیندووه‌و له‌و دڵه‌ گه‌رمه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت. به‌ڵام له‌ جه‌مسه‌ره‌كه‌ى تر كه‌ ئه‌وانن، دڵیان ته‌زیووه‌و رۆحیان له‌ رووی هه‌ستی مرۆییه‌وه‌ مردووه‌ بۆیه‌ له‌ سه‌هۆڵبه‌ندانی دڵیانا شه‌خته‌ی مه‌رگ ده‌ست پێ ده‌كات، واته‌ ئه‌وان ئه‌گه‌رچی خۆیان زیندوون به‌ڵام مه‌رگ به‌رهه‌م ده‌هێنن و دڵیان له‌ بری هه‌ستی مرۆڤانه‌و خۆشه‌ویستی رق و كینه‌و هه‌ستی دژه‌ مرۆیی به‌رهه‌م ده‌هێنێت. هه‌ستكردنی شاعیر به‌م جیاوازییه‌ وای لێ ده‌كات كه‌ هه‌ست بكات ئه‌م جۆرێكی جیاوازه‌ له‌ مرۆڤ و له‌وه‌ ناچێت له‌ ره‌گه‌زی ئه‌وان بێت. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ی مایه‌ی خه‌مێكی گه‌وره‌یه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی وه‌كو شاعیر بیر ده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌ست ده‌كه‌ن و ده‌ژین ژماره‌یه‌كی كه‌من به‌ڵام له‌ رووی مرۆییه‌وه‌ گه‌وره‌ترو به‌رزترو مرۆڤترن.
شاعیر به‌ زمانێكی ساده‌و بێ گرێ ده‌توانێت گه‌لێك وێنه‌ى جوان به‌رجه‌سته‌ بكات. بۆ نموونه‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌ وڵاتی ( كه‌ڕ ) بارین ناو ده‌بات. له‌ راستیدا ئه‌مه‌ وێنه‌یه‌كی ته‌واو نامه‌ئلوفه‌، به‌ڵام وێنه‌یه‌كی جوان و به‌رهه‌م هێنی ماناو ده‌لاله‌ت و جوانكارییه‌. ئه‌مه‌ش تواناو به‌ ده‌سه‌ڵاتی شاعیر به‌سه‌ر مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ زمان و وێنه‌و به‌رهه‌م هێنانی شیعریه‌تدا نیشان ده‌دات. شاعیر پێی وایه‌ ئێره‌ ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه‌ وڵاتی كه‌ڕ بارینه‌. دیاره‌ مه‌به‌ست له‌ كه‌ڕ مرۆڤه‌و شاعیر له‌ بری ئه‌وه‌ی بڵێت له‌م وڵاته‌دا مرۆڤه‌كان خۆیان كه‌ڕ ده‌كه‌ن و گوێ له‌ هیچ ناگرن، ده‌ربڕینی كه‌ڕ بارین به‌كار ده‌هێنێت كه‌زمانێكی شیعریتره‌. ئه‌گه‌ر به‌ دوای ئه‌و مانایه‌شدا بگه‌ڕێین كه‌ ئه‌م ده‌ربڕینه‌ هه‌ڵی ده‌گرێت ئه‌وا بۆمان ئاشكرا ده‌بێت كه‌ له‌م وڵاته‌دا ئه‌وه‌ندی خه‌ڵك قسه‌ ده‌كات ئه‌وه‌نده‌ گۆێ ناگرێت، به‌ واتا له‌ وڵاتی ئێمه‌دا تاكو ئێستا هونه‌ری گفتوگۆ كردن فێر نه‌بووین و كه‌س گوێ له‌ كه‌س ناگرێت و تاكو ئێستا هه‌ر كه‌سه‌و بۆ خۆی قسه‌ ده‌كات. هه‌رچه‌نده‌ ده‌توانین به‌ ئاراسته‌یه‌كی تریش لێكدانه‌وه‌ی وڵاتی كه‌ڕ بارین بكه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م وڵاته‌دا كه‌س گوێ له‌ ئازارو خه‌م و داواكاری و ویسته‌كانی ئه‌وانی تر ناگرێت به‌ تایبه‌تی ده‌شێ مه‌به‌ست له‌ كه‌ڕ هه‌ره‌مى ده‌سه‌ڵات بێت یان ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ پنت و جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدان. له‌ راستیشدا هه‌روایه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌گاته‌ پله‌یه‌كی دیاری ده‌سه‌ڵات ئیتر له‌ به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌رو خواره‌وه‌ی خۆیدا كه‌ڕ ده‌بێت. به‌هه‌ر حاڵ به‌ روانینی من زیاتر لێكدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ وڵاتی كه‌ڕ بارین گونجاوتره‌ چونكه‌ زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵك له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌سته‌ ناسك و رۆحه‌ زیندووه‌و دڵه‌ گه‌رمه‌ی ئه‌می شاعیردا كه‌ڕو بێ وه‌ڵامن.
كاتێ شاعیر ئه‌م وڵاته‌ به‌ وڵاتی كه‌ڕ بارین ناو ده‌بات، بۆ سه‌لماندنی ئه‌و بۆچوونه‌ی خۆی نموونه‌ دێنێته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌م وڵاته‌دا جوانترین نێچیری سه‌ربڕین خۆشه‌ویستییه‌. كه‌واته‌ لێره‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی ئاشكراو به‌هێز ده‌دۆزرێته‌وه‌ له‌ نێوان كه‌ڕی و سه‌ربڕینی خۆشه‌ویستیدا. مه‌به‌ست له‌ كه‌ڕى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك له‌ زمانی خۆشه‌ویستی تێناگه‌ن، یان له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و زمانه‌ نازانن یان فێری نه‌بوون چونكه‌ ئه‌و زمانه‌ سرۆش و ئیلهام له‌ رۆح و هه‌ست و سۆزو دڵی زیندووه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت. پێشتریش ئێمه‌ باسی ئه‌وه‌مان كرد كه‌ كاتێ شاعیر ئه‌م شتانه‌ له‌ بوون و ناخیدا ده‌ژین، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌به‌رامبه‌ر خۆی دایناون له‌ ناخیاندا رق و كینه‌ له‌ دایك ده‌بێت. كاتێ كه‌ خه‌ڵك له‌ زمانی خۆشه‌ویستی تێنه‌گه‌ن و نه‌یزانن مانای وایه‌ خودی خۆشه‌ویستی له‌ به‌رده‌م گه‌وره‌ترین مه‌ترسیدایه‌ كه‌ ئه‌ویش مه‌ترسی سه‌ربڕین و له‌ ناوچوونه‌. ئه‌می شاعیر كاتێ ده‌گاته‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه‌ خۆشه‌ویستی له‌ به‌رده‌م مه‌ترسی له‌ ناوچووندایه‌ به‌ نیگه‌رانیه‌وه‌ ده‌ڕوانێت چونكه‌ ده‌زانێت كاتێ خۆشه‌ویستی هه‌ره‌س ده‌هێنێت مانای وایه‌ ژیان هه‌رس ده‌هێنێت چونكه‌ ناشێت ته‌سه‌وری ژیان بكرێت به‌بێ خۆشه‌ویستی. هه‌ر له‌م كاته‌دا ئه‌وی شاعیر گوزارشت له‌ بێ توانایی و ناكارایی خۆی ده‌كات بۆ رنینه‌وه‌ی پرچی خۆرو بۆ سڕینه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌مامكانه‌ی كه‌ رووی راسته‌قینه‌یان قبَ شاردراوه‌ته‌وه‌. واته‌ ئه‌م ئاواته‌ خوازه‌ كه‌ بتوانێت رووی راستی شته‌كان وه‌كو خۆی و وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ن ده‌ربخات، به‌ڵام ئه‌و توانایه‌ی نییه‌ كه‌ ئه‌و ئاواته‌ی بێنێته‌ دی. ئه‌مه‌ش جارێكی تر ناكارایی و بێ توانای و نائاماده‌بوون بۆ كردنی كار یان درووستكردنی رووداو نیشان ده‌دات له‌ واقیعێكدا كه‌ ئه‌و پێى وایه‌ واقیعی كه‌ڕ بارینه‌.
ئه‌ى هه‌ڵفڕیوه‌ ناسكه‌ سه‌رشێته‌ ئازاكه‌
راكه‌ راكه‌ راكه‌ راكه‌
ته‌رمی سه‌ر شۆسته‌م سه‌ر شان و
ناو دڵ و به‌له‌می ته‌ماشاكه‌
خنكان ده‌روازه‌ی واڵایه‌
بۆنی رۆحت
بێ ناونیشان و ئاڵایه‌
گوناهم كرد
یان تۆ منت كرده‌ دیاری هه‌ناوی
ئا ئه‌م گوڵه‌ سپییه‌ ئاڵه‌
گوناهم كرد
یان تۆ به‌ ئه‌مانه‌ت دات نام له‌لای
ئه‌م وڵاته‌ ره‌نگاڵه‌.
شاعیر كه‌سێك ده‌دوێنێت كه‌ ئاشكرا نییه‌ كێیه‌، به‌ڵام هه‌ندێ خاسێتی ئه‌و كه‌سه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ له‌ رێگای ده‌رخستنی ئه‌و خاسێتانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ سه‌ر شێت و ئازاو له‌ هه‌مان كاتدا ناسك بووه‌و له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڵفڕیووه‌ یان هه‌ڵهاتووه‌ به‌ڵام بۆ كوێ ؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ نه‌زانراوه‌. ئه‌م داوا له‌و كه‌سه‌ ده‌كات كه‌ فریا بكه‌وێت ئه‌می به‌ ته‌رم بووی سه‌ر شۆسته‌ یان ئه‌می مردووی راكشاوی ته‌نیشت شۆسته‌ی مردووی شه‌وانی شار بخاته‌ سه‌ر شانی و له‌ هه‌مان كاتدا سه‌یری ناو دڵ و ناخی بكات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بزانێت چی تێدایه‌. له‌ باری یه‌كه‌مدا شاعیر لێره‌دا خۆی وه‌كو كه‌سێكی مردوو پێشكه‌ش ده‌كات و بیرى نه‌چووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێشتر خۆی هاوشێوه‌ كردووه‌ له‌گه‌ڵ شۆسته‌ مردووه‌كاندا. بۆیه‌ ئێستا داوا له‌و هاوڕێ هه‌ڵفڕیوه‌ ده‌كات كه‌ ته‌رمه‌كه‌ی بگوازێته‌وه‌و سه‌یری ناخیشی بكات تا بزانێت ئایا بۆچی مردووه‌، ئایا چی له‌ ناخیدا په‌نگی خواردۆته‌وه‌و بۆى جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، یان نه‌یتوانیووه‌ گوزارشتی لێ بكات. هه‌ر له‌ ئه‌نجامی ئاخاوتنی شاعیر له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌سه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی نزیك له‌ نێوان شاعیرو ئه‌م كه‌سه‌دا هه‌بووه‌ تا ئه‌و ئه‌ندازه‌ی كه‌ مردنه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ به‌جێهێشتنی ئه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌. شاعیر وای ده‌رده‌خات له‌ كاتێكدا كه‌ هیچ به‌ربه‌ست و رێگرێك له‌ به‌رده‌م مردندا نییه‌، مردن به‌ سه‌ربه‌ستی و بێ دوو دڵی دێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و وای نیشان ده‌دات كه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ى ئه‌و هۆكارێكی سه‌ره‌كی مردنی مه‌عنه‌وی ئه‌مه‌. دیاره‌ مه‌به‌ستیشمان له‌ مردنی مه‌عنه‌وی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م كه‌سێته‌ له‌ راستیدا نه‌مردووه‌، به‌ڵام له‌ رووی مه‌عنه‌ویه‌وه‌ هه‌ست ده‌كات ناكارایه‌و توانای رووداو درووست كردن یان ئه‌نجامدانی هیچ كارێكی نییه‌. هه‌ر بۆیه‌ مردنی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت و وای نیشان ده‌دات هیچ جیاوازییه‌ك نییه‌ له‌ نێوان ئه‌وو شۆسته‌ بێگیانه‌كاندا. لێره‌دا ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م دێت كه‌ بوونی مرۆڤ له‌ بكه‌ر بوونیدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت كاتێ كه‌سێك نه‌توانێت هیچ كارێك بكات یان رووداو درووست بكات كه‌واته‌ بوونی هیچ مانایه‌كی نییه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ رووی فیزیكیشه‌وه‌ زیندوو بێت ئه‌وه‌ له‌ رووی مه‌عنه‌وییه‌وه‌ بوونی نییه‌ واته‌ وه‌كو مردوو سه‌یر ده‌كرێت.
شاعیر له‌ كاتێكدا باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ مردن هیچ سنوورێك ناناسێت و مل كه‌چی یاساكانی كات و شوێن نییه‌، له‌وه‌ ده‌دوێت كه‌ له‌ دووره‌وه‌ بۆنی رۆحی هاوڕێ دووره‌كه‌ی یان هاوڕێ هه‌ڵفڕیوه‌كه‌ی ده‌كات و رۆحی ئه‌ویش له‌ شێوه‌ی وڵاتێكدا وێنا ده‌كات كه‌ نه‌ ناونیشانی هه‌یه‌و نه‌ ئاڵا. بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌م وێنه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌ كه‌س لێكبده‌ینه‌وه‌ ئه‌وا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و تاكه‌ كه‌سه‌ نه‌یتوانیووه‌ له‌ رووی ئاماده‌بوونه‌وه‌ له‌ بواری به‌رهه‌م هێناندا چ به‌رهه‌م هێنانی مادی بێت یان به‌رهه‌مهێنانی مه‌عنه‌وی به‌شداری هه‌بێت و بوونی خۆی بسه‌لمێنێت. هه‌ر بۆیه‌ به‌ كه‌سێكی بێ ناونیشان و بێ ئاڵا ناوی ده‌بات. خۆ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی گه‌ل یان نه‌ته‌وه‌ یان كۆمه‌ڵ ئه‌م وێنه‌یه‌ لێكبده‌ینه‌وه‌ ئه‌وا مه‌به‌ست له‌و هاوڕێیه‌ی كه‌ شاعیر له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌دوێت ده‌شێ كه‌ل یان نه‌ته‌وه‌ یان كۆمه‌ڵه‌كه‌ی شاعیر بێت كه‌ به‌ درێژایی مێژوو شكست یان هه‌ره‌س یان خنكان یان مردن ده‌رگای واڵا بووه‌ له‌ به‌رده‌میداو ئێستاش رۆحی ئه‌م پێكهاته‌یه‌ كه‌ ده‌توانین بڵێین رۆحی گشتی گه‌له‌ رۆحێك نییه‌ گه‌یشتبێته‌ ئاستی بڵند بوون. به‌ چه‌مكی هیگڵی رۆح یان رۆحی گشتی بریتیه‌ له‌ گه‌وهه‌رو ماهیه‌تی بوون كه‌ لێره‌دا ده‌بێته‌ گه‌وهه‌رو ماهیه‌تی بوونی گه‌ل یان نه‌ته‌وه‌ یان كۆمه‌ڵ كه‌ به‌پێی هه‌مان پێوانه‌ ئه‌و رۆحه‌ی كه‌ له‌ ده‌قه‌كه‌دا ده‌خرێته‌ به‌رده‌م لێدوانه‌وه‌ هیچ شووناسیكی نییه‌ چونكه‌ به‌ پێی هه‌مان چه‌مكی هیگڵی شووناس له‌ بوونی ده‌وڵه‌تدا پێناسه‌ی هه‌یه‌.

شاعیر به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌وی هاوڕێی هه‌ڵفڕیو پرسیارێكی نائاسایی و ته‌نانه‌ت وه‌ڵام گوماناوی به‌رز ده‌كاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ شوێن و پێگه‌ی خۆیی و ده‌وری خۆی له‌ خوڵقاندنی ئه‌و باره‌دا، یان ده‌وری ئه‌و له‌ گه‌یاندنی ئه‌م به‌و باره‌ نائاساییه‌دا. دیاره‌ به‌ جۆرێك له‌ گومانه‌وه‌ ئه‌مى شاعیر له‌و ده‌پرسێت داخۆ ئه‌م خۆی گوناهی كردووه‌و ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌ سه‌رئه‌نجامی ئه‌و گوناهه‌یه‌ یان ئه‌م خۆی بێ گوناهه‌و ئه‌وی هاوڕێی هه‌ڵفڕیو فڕێی داوه‌ته‌ ئه‌و باره‌و دۆخه‌وه‌؟ له‌ راستیدا شاعیر باسی خۆی ده‌كات له‌ نێو كفنێكی سپیدا كه‌واته‌ به‌و پێیه‌ ده‌بێ شاعیر مردبێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شاعیر دوای مردنی خۆی ئه‌م قسانه‌ ده‌كات، بۆیه‌ لێره‌وه‌ راسته‌وخۆ تێده‌گه‌ین كه‌ شاعیر باسی مردنی مه‌عنه‌وی خۆی ده‌كات و ناراسته‌وخۆش وای نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌و هۆكاری ئه‌م مردنه‌ مه‌عنه‌وییه‌ی ئه‌مه‌. هه‌روه‌ك دیسان هه‌مان پرسیاری پێشوو به‌رز ده‌كاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ داخۆ ئه‌م خۆی گوناهی كردووه‌ یان ئه‌وی هاوڕێِی هه‌ڵفڕیو سپاردوویه‌تی به‌ وڵاتی ره‌نگاڵه‌ كه‌ مه‌به‌ست له‌ وڵاتی ره‌نگاڵه‌ش وڵاته‌كه‌ی خۆیه‌تی. دیاره‌ لێره‌دا وڵاتی ره‌نگاڵه‌ش ده‌ربڕینێكه‌ كه‌ سه‌ره‌تایی بوونی ئه‌و وڵاته‌ ده‌رده‌خات كه‌واته‌. ئه‌وه‌ی لێره‌دا له‌ ئاستی نه‌بینرای ده‌قه‌كه‌دا ئاشكرا ده‌بێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌می شاعیر له‌ وڵات به‌ جێماوه‌و پێده‌چێت ئه‌وی هاوڕێی ئه‌می لێره‌ به‌جێ هێشتبێت و خۆی به‌ره‌و وڵات و جێگایه‌كی تر رۆیشتبێت. راسته‌ ئه‌می شاعیر خاوه‌نی هه‌ست و سۆزو خه‌یاڵێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندی تایبه‌تی و تاكه‌ كه‌سی خۆیه‌تی به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وای ده‌رده‌بڕێت كه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی كه‌سێكی نزیك و خۆشه‌ویست ده‌وری كاریگه‌ر ده‌بینێت له‌وه‌دا كه‌ مرۆڤ بگه‌یه‌نێته‌ ئاستی بێزاری و خه‌می گه‌وره‌و هه‌ست كردن به‌ ته‌نیایی و به‌ گۆشه‌گیرییه‌كی ئه‌وتۆ كه‌ سه‌رئه‌نجام هه‌ستكردن به‌ مه‌رگی مه‌عنه‌وی به‌رهه‌م بهێنێت. واته‌ هه‌چه‌نده‌ ده‌شێ شاعیر گوزارشت له‌و هه‌سته‌ زۆر تایبه‌ته‌ی خۆی بكات به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵده‌دات له‌ رێگای به‌شداری پێكردنی ئه‌وی تره‌وه‌ له‌ چاره‌نووس وخه‌م و ئازارو هه‌ست كردنه‌كانیدا ته‌نیا نه‌بێت چونكه‌ ته‌نیایی له‌ بارێكی له‌و جۆره‌دا وا له‌مرۆڤ ده‌كات كه‌ نه‌توانێت له‌ به‌رده‌می ئه‌و چاره‌نووسه‌دا خۆی رابگرێت، به‌شداری پێكردنی ئه‌وی دی له‌ رووی ده‌روونیه‌وه‌ كاریگه‌ری پۆزه‌تیفی ده‌بێت چونكه‌ هه‌ست ده‌كات كه‌ ته‌نیا نییه‌. لێره‌دا سه‌رباری گوزارشت كردنی شاعیر له‌ هه‌سته‌ تایبه‌ته‌كانی خۆی كه‌ دیاره‌ ئه‌و هه‌ستانه‌ش هه‌مان هه‌سته‌ مرۆییه‌ مه‌ودا قوڵه‌كانن، دیسان ئاراسته‌ جوڵیه‌ك هه‌یه‌ یۆ خاڵی كردنه‌وه‌ی خۆی یان گه‌یشتن به‌ جۆرێك له‌ پاكژ بوونه‌وه‌. ئه‌مه‌ش به‌ ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی تۆماس ستێرن ئیللیه‌تدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ پێی وایه‌ ده‌ق یان ( شیعر) ته‌نیا گوزارشت كردن نییه‌ له‌ خودی تاكه‌ كه‌سی به‌رهه‌م هێن به‌ڵكو هه‌وڵدانه‌ بۆ دوور كه‌وتنه‌وه‌ش له‌ خودی ئه‌و تاكه‌ كه‌سه‌ خۆی.
ئێى بژی ده‌رگای داخراو
ئێی بمرێ زیندووی كوژراو
ئێی له‌م شته‌ سه‌یرانه‌
ئێی له‌م وشه‌ له‌ناوخۆ كوژراوانه‌
خه‌ونێكی سه‌یره‌ لێره‌ بوون، یا ناونانی
پرسه‌یه‌كی سه‌یره‌ پێكه‌نین یان گریانی.
شاعیر پاش ئه‌وه‌ی به‌ دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت كه‌ بزانێت داخۆ خۆی هۆكاری ئه‌و چاره‌نووسه‌ی ئێستایه‌تی یان هاوڕێ هه‌ڵاتووه‌كه‌ی، پێده‌چێت جۆرێك له‌ دڵنیایی له‌لا درووست بووبێت به‌وه‌ی كه‌ هاوڕێكه‌ی به‌ ته‌نیا به‌جێی هێشتووه‌و مانه‌وه‌ش به‌ ته‌نیا هۆكارێكه‌ بۆ كه‌سێكی هه‌ستیارو ناسكی وه‌كو ئه‌م كه‌ ترپه‌ی باران و شنه‌ی شه‌ماڵیش ده‌توانن بیگرێنن،یان بگاته‌ ئاستی َ خۆی له‌گه‌ڵ شۆسته‌ی راكشاوی ته‌نیشت شه‌قامه‌ چۆڵه‌كانی شه‌و هاوشێوه‌ بكات، واته‌ بگاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ست به‌ مردنی مه‌عنه‌وی خۆی بكات. له‌م كاته‌دا جارێكی تر وای نیشان ده‌داته‌وه‌ كه‌ ته‌نیا ماڵێكی كش و مات و ئه‌و دیووی ده‌رگا داخراوه‌كان جێگای ئارام گرتن و حه‌وانه‌وه‌ن. بۆیه‌ لایه‌نگری خۆی بۆ ده‌رگا داخراوه‌كان ده‌رده‌بڕێت كه‌ ده‌شێ له‌و دیووی ئه‌و ده‌رگا داخراوانه‌وه‌ مرۆڤێكی ته‌واو زیندوو به‌ هه‌موو مانایه‌كی ئاماده‌بوون ئاماده‌بوونی هه‌بێت یان ده‌شێ مرۆڤێگی ته‌واو مردووى تێدا بێت نه‌ك وه‌كو ده‌ره‌وه‌و سه‌رشه‌قامه‌كان كه‌ پڕه‌ له‌ مرۆڤی نیوه‌ زیندوو نیوه‌ مردو یان باشتر بڵێین مرۆڤگه‌لێك كه‌ له‌ رووی جه‌سته‌یی و فیزیكییه‌وه‌ زیندوون به‌ڵام له‌ رووی مه‌عنه‌وی و ده‌روونییه‌وه‌ مردوون. ئه‌می شاعیر دژی ئه‌و حاڵه‌تی نیوه‌ مردوو نیوه‌ زیندووه‌یه‌ چونكه‌ پێی وایه‌ مرۆڤی له‌و جۆره‌ ناتوانێت له‌ هیچ بوارێكدا ئاماده‌بوونی خۆی بسه‌لمێنێت و هیچ به‌رهه‌م بهبَنێت. له‌ راستیشدا ئه‌گه‌ر له‌ نێو ده‌قه‌كه‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی ده‌ره‌و بچین واته‌ بۆ نێو واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی كه‌ ده‌قه‌كه‌ی تیادا به‌رهه‌م هاتووه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵى كورده‌واری، ئه‌وا له‌ رووی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین مرۆڤی كورد مرۆڤێكی نیوه‌ زیندوو نیوه‌ مردووه‌ واته‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژیانێكی ساده‌ به‌رێ ده‌كات ئه‌گینا له‌ رووی به‌رهه‌م هێنانی شارستانێتیه‌وه‌ به‌ درێژایی مێژوو ئاماده‌بوونێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌ كه‌ له‌و ئاسته‌دا بوو بێت كه‌ بكه‌رێتی ئه‌و بسه‌لمێنێت . زیندویش كاتێ مانای هه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ له‌ ئاستی بكه‌ردا بێت. شاعیر ئه‌و باری نیوه‌ زیندو نیوه‌ مردووه‌ به‌ زیندووی كوژراو ناو ده‌بات و لایه‌نگری كۆتایی هاتنی ئه‌و باره‌ شلۆقه‌ ناكاره‌یه‌یه‌ به‌ جۆرێك كه‌ ده‌خوازێت ئه‌و پێكهاته‌یه‌ بمرێت له‌وه‌ باشتره‌ كه‌ به‌و جۆره‌ بمێنێته‌وه‌.
شاعیر ئه‌و باره‌ی كه‌ تیایدا مرۆڤ ناكاراو لاوازه‌و له‌ نێوان مردوو زیندوودا ماوه‌ته‌وه‌ به‌ بارێكی سه‌یر ده‌زانێت، بارێكی ئه‌وتۆ كه‌ پێی وایه‌ شته‌كان له‌ ناو خۆیاندا یان له‌ خودی خۆیاندا كوژراون. هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌یگه‌یه‌نێته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ پێی وابێت له‌ واقیعێكی له‌م جۆره‌دا مه‌سه‌له‌ی بوون وه‌كو خه‌ون وایه‌، خه‌ونێك كه‌ به‌ دیهاتنی مایه‌ی گومانه‌. هه‌ر له‌م واقیعه‌داو په‌یوه‌ست به‌ مه‌سه‌له‌ی بوون، خۆسه‌لماندن و به‌ بكه‌ر بوون یان مه‌سه‌له‌ی مردنی ته‌واوه‌تی له‌ فه‌زایه‌كی ئاڵۆزو په‌شێودان. فه‌زایه‌ك كه‌ تیایدا دیواری نێوان پێكه‌نین و گریان ده‌ڕوخێت. له‌ پشتی ئه‌م بۆچوون و لێكدانه‌وه‌یه‌وه‌ ده‌لاله‌تی تێكه‌ڵاوبوونی ناسنامه‌كان یان لاوازی ناسنامه‌كان بۆ به‌ده‌ست هێنانی خاسێتی ته‌واوه‌تی خۆیان به‌رهه‌م دێت. ئه‌م تێكه‌ڵاو بوونه‌ش بۆ كۆمه‌ڵى رۆژهه‌ڵاتی به‌گشتی و بۆ كۆمه‌ڵی كورده‌واری به‌ تایبه‌تی شتێكی ئاشكراو له‌ به‌رچاوه‌و هه‌تا زه‌مینه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ تاكه‌ كه‌س ببێته‌ خاوه‌نی شووناسی تایبه‌تی خۆی ئه‌وا شووناسی زیندوو له‌ شووناسی مردوو جیا ناكرێته‌وه‌.
له‌ كۆڵم دابه‌زه‌ ماندووم
من نازانم ئه‌ڕۆم یان وه‌ك دووریت
له‌ ناو جه‌سته‌ی خۆما نووستووم
مۆسیقایه‌كی سه‌یره‌ گه‌ر هاتوو گه‌یشتمه‌وه‌
نه‌رم نه‌رم له‌ ده‌رگاكه‌ی سه‌رم ئه‌دات
ئای له‌ ته‌رمی چاوه‌ڕوانی و
له‌ كاروانی شه‌وه‌ تێك شكاوه‌كان.
شاعیر داوا له‌ هه‌مان كه‌س یان هه‌مان هاوڕێی دوور یان هه‌ڵاتوو ده‌كات كه‌ له‌ كۆڵی دابه‌زێت كه‌ له‌ راستیدا وا ده‌رده‌كه‌وێت شتێكی تر بدوێنێت كه‌ بووه‌ته‌ بارێكی گران بۆی كه‌ ئه‌ویش ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆ وه‌كو هاوڕێكه‌ی لێكی بده‌ینه‌وه‌ ئه‌وا ده‌شێ مه‌به‌ست خه‌مى هاوڕێَكه‌ی بێت كه‌ دووری و رۆیشتنی ئه‌وو به‌ ته‌نیا به‌جێ هێشتنی ئه‌م ئه‌و خه‌مه‌ی درووست كردبێت و ئێستا وه‌كو بارێكی گران ئه‌می بێزارو ماندو كردبێت. هه‌روه‌ك ده‌شێ له‌ ئاستێكی فراوانتردا سه‌یری ئه‌و داواكارییه‌ بكه‌ین و وای لێك بده‌ینه‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ست خه‌مێكی گه‌وره‌تر بێت كه‌ ئه‌ویش یان خه‌می گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌ی بێت كه‌ دواكه‌وتووی و مانه‌وه‌ له‌ په‌راوێزی مێژووداو ژێرده‌سته‌یی و كۆیله‌یی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ كه‌ ئه‌م ئه‌ندامێكه‌ لێی و خاوه‌نی هه‌ستێكی زۆر ناسك و حه‌ساسیشه‌ ئه‌وه‌ی لا درووست كردبێت و بۆی بوو بێته‌ خه‌مێكی گه‌وره‌و ئێستا بخوازێت كه‌ له‌و خه‌مه‌ رزگاری ببێت. هه‌روه‌ك ده‌شێ رووبه‌ری خه‌مه‌كه‌ له‌وه‌ش فراوانتر بێت و بریتی بێت له‌ خه‌می ئه‌و بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی له‌ پای ئه‌و سووكایه‌تیانه‌ی كه‌ رۆژانه‌ به‌ كه‌رامه‌تی مرۆڤ و به‌ مرۆڤایه‌تی ده‌كرێت. ئه‌می شاعیر ئه‌م خه‌مه‌ بێزاری كردووه‌و ده‌یه‌وێت لێی ده‌رباز بێت هه‌رچه‌نده‌ بۆ كه‌سێكی هه‌ستیاری له‌و جۆره‌ رزگار بوون له‌ خه‌م و ئازارو نیگه‌رانی شتێكی مه‌حاڵ و چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌.
ئه‌م دڵنیا نییه‌ له‌وه‌ی كه‌ داخۆ له‌ جێگای خۆیدا جێگیره‌ یان ده‌جوڵێت و رێگا ده‌كات. ئه‌مه‌ش ئه‌و باره‌ ده‌روونیه‌ نائاساییه‌ نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌وی تێدایه‌ كه‌ ده‌توانین بڵێین له‌ راستیدا وه‌كو سه‌فه‌رێك وایه‌ له‌ نێوان ئێستاو داهاتوودا. ئه‌و ئێستا له‌ بارێكی خراپدایه‌، هه‌روه‌ك له‌وه‌ش دڵنیا نییه‌ كه‌ ئاینده‌ی له‌وه‌ی ئێستای باشتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و چاره‌نووسه‌ ترسناكه‌یه‌ كه‌ مرۆڤایه‌تی به‌ گشتی به‌ ده‌ستیه‌و ده‌ناڵێنێت. ئه‌م نازانێت داخۆ ده‌ڕوات یان وه‌كو چۆن دووری هاوڕێكه‌ی شتێكه‌ له‌ ناو جه‌سته‌یدا جێگیره‌ مانه‌وه‌ی خۆیشی ئاوا جێگیره‌و ناگۆڕێت یان لێی جیا نابێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دووری ئه‌و له‌ بوونی ئه‌مدا جێگایه‌كی دیاری هه‌یه‌و نه‌ك ناتوانێت له‌ یادی بكات به‌ڵكو به‌شێكی سه‌ره‌كی خه‌م و ئازارو هه‌ست به‌ ته‌نیایی كردن وته‌نانه‌ت هه‌ست به‌ مردن كردنیشى په‌یوه‌ندی به‌ دووری ئه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌. كه‌واته‌ لێره‌دا به‌ ته‌واوی ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ شاعیر له‌ ئه‌نجامی په‌رتبوون و دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئه‌وی هاوڕێی دوور یان هه‌ڵاتوو وای لێهاتووه‌ كه‌ شه‌وانه‌ دوای خواردنه‌وه‌ی گوڵاوى تاڵ به‌ ته‌نیا به‌ شه‌قامه‌ چۆڵه‌كاندا بگه‌ڕێته‌وه‌و خۆی هاوشێوه‌ بكات به‌ شۆسته‌ مردووه‌كان و جۆگه‌له‌ی ئاوه‌كان كه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌وپه‌ڕی ته‌نیایی ئه‌م نیشان ده‌دات. ئه‌م وه‌كو خه‌ونێك سه‌یری به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ ده‌كات و ئه‌و خه‌ونه‌ش زۆر ناسك و پڕ بایه‌خ باس ده‌كات و به‌ مۆسیقا ناوی ده‌بات، مۆسیقایه‌ك كه‌ به‌ هێمنی له‌ ده‌رگای سه‌ری ده‌دات. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ مه‌سه‌له‌ی به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ى ئه‌م و هاوڕێكه‌ی كه‌ ده‌شێ له‌ ئاستێكی تردا به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستان بێت یان به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ی هه‌موو مرۆڤایه‌تی بێت، وه‌كو ئه‌و مۆسیقایه‌ وایه‌ كه‌ هارمۆنیای كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو مرۆڤایه‌تییه‌ ئه‌و مۆسیقایه‌ش ئاراسته‌ی سه‌ر ده‌كرێت ئه‌وه‌ش مانای وایه‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌و به‌یه‌كتر گه‌یشتنه‌وه‌یه‌ كه‌كۆبوونه‌وه‌و به‌یه‌كتر گه‌یشتنی هه‌موو مرۆڤایه‌تییه‌ به‌ عه‌قڵ و له‌ سنووری عه‌قڵدا ده‌بێت و ده‌گاته‌ ئه‌نجام.
كاتی گه‌یشتنه‌وه‌ یان به‌ یه‌كتر گه‌یشتنه‌وه‌ هێنده‌ گرنگ و بایه‌خداره‌ وه‌كو مۆسیقایه‌كی هێمن سه‌یر ده‌كرێت كه‌ له‌ ده‌رگای سه‌ری ئه‌م ده‌دات، ئه‌م له‌ بارێكی شلۆقدایه‌و ناتوانێت بڕیار بدات كه‌ داخۆ به‌ هێمنی ده‌رگای لێ بكاته‌وه‌ یان خۆی لێ بێ ئاگا بكات. ئه‌نجا ئه‌گه‌ر خۆی لێ بێ ئاگا كرد، ئایا ئه‌و پاشه‌ كشه‌ ده‌كات یان به‌ شێوه‌یه‌كی توندتر دێته‌ پێشه‌وه‌؟ واته‌ ئه‌م له‌وه‌ دڵنیا نییه‌ كه‌ ئایا ویست و ئاره‌زووی به‌یه‌كگه‌یشتن و یه‌كگرتنه‌وه‌ تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ به‌هێزه‌ كه‌ ئه‌م و هاوڕێكه‌ی یان له‌ ئاستێكی فراوانتردا هه‌موو مرۆڤایه‌تی كۆ بكاته‌وه‌. ئه‌مه‌ی لێره‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت له‌ ئاستێكی قوڵتردا بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵایه‌تی بوون كه‌ ئه‌وه‌ش چه‌مكێكی سیۆسیۆلۆجیه‌و مرۆڤ به‌ سرووشتی و به‌ غه‌ریزه‌ مه‌خلوقێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ به‌ڵام زۆرجار به‌رژه‌وه‌ندی و ویستی ده‌سه‌ڵات به‌ جۆرێك كۆنترۆڵی ده‌كات كه‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی زۆر لاواز ده‌كات، به‌ جۆرێكی ئه‌وتۆ له‌بری خۆشه‌ویستی و برایه‌تی و یه‌كبوون، رق و كینه‌و دوژمنایه‌تی و په‌رتبوون ده‌بێته‌ خاسێتی دیارو باڵاده‌ستی كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی و له‌ بارێكی وه‌هاشدا رایه‌ڵه‌كانی په‌یوه‌ندی و پێكه‌وه‌ به‌ستن و پێكه‌وه‌ ژیان لاواز ده‌بێت و به‌و پێیه‌ش دیواری ئه‌ستوورى لێك دابڕان و لێكتر تێنه‌گه‌یشتن درووست ده‌بێت. سه‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ش مرۆڤ یان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ به‌ تایبه‌تی ئه‌و نوخبه‌یه‌ی كه‌ هه‌ستیارییه‌كی سه‌روو ئاساییان هه‌یه‌ ده‌كه‌ونه‌ باری هه‌ست به‌ ته‌نیایی كردن و گۆشه‌گیریه‌وه‌. ئه‌و ده‌مه‌ش هه‌ستكردن به‌ جۆرێك له‌ مردنی مه‌عنه‌وی یان ده‌روونی سه‌رهه‌ڵده‌دات كه‌ ئه‌وه‌ش سه‌ختترین و دژوارترین ئازاری رۆحی و ده‌روونی به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت و تاكه‌كه‌سی زیندوو له‌ رووی فیزیكی یان جه‌سته‌ییه‌وه‌ هه‌ست به‌ جۆرێك له‌ مردن ده‌كات كاتێ هه‌ست ده‌كات ته‌نیاو بێكه‌س و بێ هاوده‌مه‌. ئێستا ئه‌می شاعیر له‌و باره‌ شلۆقه‌ ده‌روونیه‌ پڕ ئازاره‌دایه‌و هه‌رچه‌نده‌ له‌ رووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ زیندووه‌ به‌ڵام له‌ رووی مه‌عنه‌وییه‌وه‌ یان له‌ رووی رۆحی و ده‌روونیه‌وه‌ هه‌ست به‌ جۆرێك له‌ مردن ده‌كات.
سه‌رئه‌نجام ده‌توانین بڵێین ئه‌م شیعره‌ی سه‌لاح محه‌مه‌د بریتییه‌ له‌ سه‌فه‌ری مرۆڤێكی هه‌ستیار له‌ جوگرافیای بوونی تایبه‌تی و تاكه‌ كه‌سی خۆیه‌وه‌ بۆ نێو واقیع و بۆ نێو كۆمه‌ڵ له‌ ژێر كاریگه‌ری پاڵنه‌ری غه‌ریزه‌ی مرۆڤانه‌و ویستی كۆمه‌ڵایه‌تی بووندا . به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخدا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی رایه‌ڵه‌ رۆحییه‌كانی پێكه‌وه‌ به‌ستنی تاكه‌كان و هه‌ندێ جار ویستی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونیش لاواز ده‌بن و به‌ جۆرێك كاڵ ده‌بنه‌وه‌ كه‌ به‌ره‌و هه‌ره‌س ده‌چن. له‌م كاته‌دا ته‌نیا رایه‌ڵ و ویسته‌ مادی و غه‌ریزه‌ییه‌كان ده‌بنه‌ هۆكاری كۆبوونه‌وه‌و پێكه‌وه‌ بوون و كۆمه‌ڵایه‌تی بوون كه‌ له‌ بارێكی وه‌هاشدا رووبه‌رێكی ئه‌وتۆ بۆ كاركردنی هه‌سته‌ ره‌سه‌ن و راسته‌قینه‌كانی مرۆڤ نامێنێته‌وه‌و له‌م كاته‌شدا مرۆڤی هه‌ستیاری له‌و جۆره‌ی كه‌ كه‌سێتی قسه‌كه‌ری شیعره‌كه‌ به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات، ده‌كه‌وێته‌ باری ته‌نیای و گۆشه‌گیرییه‌وه‌و هه‌ست ده‌كات كه‌سێكی ته‌نیاو بێ هاوڕێ و بێ هاوده‌مه‌، بۆیه‌ له‌ نێو ره‌گه‌زه‌ بێ گیانه‌كان و له‌ نێو توخمه‌كانی سرووشتدا هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی هاوڕێ و هاوده‌م ده‌دات و خۆیان له‌گه‌ڵ هاوشێو ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌مه‌ستی شاردنه‌وه‌ی باری ته‌نیای خۆیی و بۆ خۆرزگار كردنی له‌ مه‌ترسیه‌كانی ته‌نیایی و هه‌ست به‌ ته‌نیایی كردن و بۆ خۆ ده‌رباز كردن له‌و باره‌ ده‌روونی و هه‌ستییه‌ی كه‌ تیایدا هه‌ست به‌ مردنی رۆحی و مه‌عنه‌وی ده‌كات، واته‌ خۆ هاوشێوه‌كردنی كه‌سی قسه‌كه‌ری شیعره‌كه‌ له‌گه‌ڵ شه‌قام و شۆسته‌و جۆگه‌له‌ ئاوه‌كانی شه‌وانی دره‌نگدا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌و بارو دۆخه‌دا وای نیشان بدات كه‌ ته‌نیا نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ ئازاره‌ سه‌خته‌كانی ته‌نیایی و له‌ مه‌ترسیه‌ سه‌خته‌كانی هه‌ست به‌ ته‌نیایی كردن رزگار بكات. ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ كه‌لتوورو عه‌قڵی كۆمه‌ڵی هاوچه‌خ ئه‌و كه‌لتوورو عه‌قڵه‌یه‌ كه‌ له‌ گه‌ڵ خۆیدا هه‌ستكردن به‌ ته‌نیایی و گۆشه‌گیری مرۆڤ ده‌هێنێت و له‌ هه‌مان كاتیشدا مرۆڤ وه‌كو تاكه‌ كه‌س و له‌ ده‌ره‌وه‌ی عه‌قڵی ده‌سته‌جه‌می نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌ویش مرۆڤێكی تاك و ته‌نیایه‌. دیاره‌ له‌ كۆمه‌ڵی دواكه‌وتووی وه‌كو ئێمه‌شدا ئه‌و تاكه‌ كه‌سه‌ ناكاراو نائاماده‌یه‌و ناتوانێت بوونی خۆی بسه‌لمێنێت بۆیه‌ به‌ ئاشكرا وه‌كو بوویه‌كی هه‌ڕه‌شه‌ لێكراوو چاره‌نووس نادیار ده‌رده‌كه‌وێت. سه‌لاح محه‌مه‌د له‌م شیعره‌یدا وێنای مرۆڤێكی ته‌نیاو گۆشه‌گیری نێو كۆمه‌ڵمان بۆ ده‌كات كه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ری ده‌ركه‌وتنی كه‌لتووری كۆمه‌ڵی هاوچه‌رخ له‌ لایه‌ك و بوونی ئه‌نتۆلۆژیانه‌ی مرۆڤیش وه‌كو تاكه‌كه‌س له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ كه‌ بوویه‌كه‌ ماده‌م به‌رهه‌می یه‌كه‌م هه‌ڵه‌و یه‌كه‌م گوناهه‌و بۆ خۆیشی بوویه‌كی ئاڵۆزو ته‌موو مژاوییه‌ كه‌واته‌ ئاسوده‌یی و حه‌وانه‌وه‌و ئارامگرتنی شتێكی مه‌حاڵ یان چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌. كاتێ مرۆڤ له‌ بارێكی وه‌ها ترسناك و پڕ له‌ نیگه‌رانیدایه‌، به‌ بۆچوونی ئه‌می شاعیر گوناهێك ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ ئه‌ویش گوناهی ئاڵه‌، كه‌ ئه‌ویش له‌ خواردنه‌وه‌ی گوڵاوی ئاڵدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ ده‌شێ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و گوناهه‌ ئاڵه‌دا تاكه‌ كه‌سی هه‌ستیار كه‌مێ له‌ هه‌ستی ته‌نیایی و له‌ گۆشه‌گیرییه‌كه‌ی كه‌م ببێته‌وه‌و به‌وه‌ش كه‌مێ باری شانی سووك ببێت. واته‌ گوناهی ئاڵ له‌ سنووری ئه‌م ده‌قه‌دا وه‌كو جۆرێك له‌ هه‌وڵی رزگاربوون وایه‌ له‌و باره‌ ئاڵۆزه‌ی كه‌ تاكه‌ كه‌سی هه‌ستیاری تیادا ده‌ژی له‌ گۆمه‌ڵی هاوچه‌رخدا.




چاوپێکەوتن لەگەڵ هونەرمەند بەڵێن عەبدولهادی.. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەند بەڵێن عەبدولهادی: ئامێری چەلۆ دەنگێكی ئەفسوناوی هەیە
هونەرمەند بەلێن عەبدولهادی: ژەنیاری زۆر بەتوانای جیهانی و كوردی كاریگەرییان لەسەر من هەیە
بەلێن عەبدولهادی: موزیك و خۆشەویستی تەواوكەری یەكترین
هونەرمەندی ژنیار (بەڵێن عەبدولهادی) لە 1981 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە هەلە منداڵییەوە ئارەزووی بۆ موزیك هەبووە،لە ساڵی 1998 یەكەم ئاوازی بۆ منداڵان داناوە لە كەناڵی كوردستان تیڤی تۆماركردەوە.
ئەو هونەرمەندە،بەمەبەستی پەرپێدان و فێربوونی موزیك بەشێوەیەكی ئەكادیمی لە ساڵی 2001 دەچێتە پەیمانگەی هونەرجوانەكانی هەولێر لەبەشی موزیك دەخوێنێت ،دەبێتە ژنیارێكی بەتوانای ئامێری (چەلۆ) لە كوردستان،بەجۆرێك هەرلەپەیمانگا دەبێت ئاواز و دابەشكردن بۆ مارشی یەكێیتی قوتابیان و یەكێتی لاوانی دیموركراتی كوردستان دادەنێت بەشێوەی كۆرس تۆمار كراو بڵاوكرایەوە.
بەڵێن هادی بەهۆی توانیستی لە ژەنینی ئامیری چەلۆ دەبێتە ئەندامی تیپی ئۆركێسترای كوردستان بەشداری سەرجەم چالاكییەكانی دەكات ئاوازی بۆ چەند گۆرانیبێژێك داناوە وەكو(دڵدار وریا ئەحمەد ،خەند عەبدوڵڵا،ئەمیر محەممەد،ئاری حەلاق ،گریان سادق حەریری ،كاروان عوسمان،گۆران محەمەد..)
ژنیار بەڵێن هادی، لەو كاتەی قوتابی بوو لە پەیمانگەهونەرەجوانەكانی هەولێر،گرووپێكی موزیكی دامەزراێنێت بە ناوی (گرووپی موزیكی ئاڵا) كە چەندین كۆنسێرت لە شارەكانی (هەولێر-سلێمانی-دهۆك-سۆران) ئەنجام دەدەن
ئەم هونەرمەندە خاوەنی چەندین ئاواز و دابەشكردنی موزیكە ئێمە بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە كاری چالاكییەكانی،لە نزیكەوە بە چەند پرسیارێك بەسەرمان كردوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا بابزانین چۆن جیهانی هونەری موزیكت ناسی؟

  • سەرەتای من بۆ هونەری موزیك بە گوێگرتن لە موزیك و بەژداریكردنم لە چەند كارێكی هونەری وەكو كۆرس لە قوتابخانە بوو، ئەمەش فاكتەرێك بوو بۆ ئەوەی حەز و خولیام بۆ موزیك زیاتر بێت هەر لەو كاتانە توانیم ئامێری (كیبۆردێك) بكڕم و هەر لە ماڵەوە ڕاهێنان بكەم ئیتر هەرلەوێدا ئاشنایتیم لەبۆ موزیك زیاتر بوو،بەجۆرێك حەزوو ئارەزووم زۆر زیاتر بوو بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئەكادیمی خۆم فێری موزیك بكەم،بچمە پەیمانگەی هونەرەجوانەكان لە بەشی موزیك بخوێنێم.

    *لەنێو ئامێرەكانی میوزك ئێوە بۆچی ئامێری چەلۆ تان هەڵبژراد؟

  • ئەوەی راستی بێت، سەرەتای پێشكەشكردنم لە بۆ پەیمانگەی هونەرەجوانەكان لەبەشی موزیك لە قۆناغی یەكەم لەسەر ئامێری پیانۆ داندرام دوای یەك مانگ بە هەوڵی مامۆستایانم و بەحەزوو ئارەزووی خۆم ئامێرەكەم گۆڕی بۆ ئامێری چەلۆ ئەویش بەهۆی گوێگرتنم لە چەند پارچە موزیكێكی جیهانی ،ئامێری چەلۆم خۆشویست و هەڵم بژارد، تائێستاش لە ژەنینی ئەم ئامێرە بەردەوامم.

    *وەكو ژنیارێك چۆن پێناسەی ئامێری چەلۆ دەكەیت ؟

  • ئامێری چەلۆ یەكێكە لە ئامێرە ژێدارە جیهانییەكان كە دەنگێكی ئەفسوناوی هەیەو لە كە لە زۆربەی گروپە كوردی جیهانییەكان ئامێری چەلۆ زەرورەتێكە و تەواوكەری دەنگی ئامێرەكانی دیكەیەهەر بۆیە لەزۆربەی تیپە موزیكییەكان بوونی هەیە.

    *یەكەم ئاوازت بەناوی چی بوو؟

  • یەكەم ئاوازم گۆرانییەكی منداڵان بوو كەپێش ئەوەی بچمە پەیمانگەی هونەرجوانەكان بەناوی ( من منداڵێكی پاكم) ،كاری ئاواز و موزیكم بۆ كرد و لە كوردستان تی ڤی كاری كلیپی بۆ كرا بڵاوكراییەوە.

    *كامەن ئەو ژنیارانەی كە كاریگەریان لەسەر تۆ هەبووە یاخود بە ژەنینان سەرسامیت؟

  • بە گشتی ژەنیاری زۆر بەتوانای جیهانی و كوردی هەن كە كاریگەرییان لەسەر من هەیە بەڵام تایبەتمەندی لە ژەنیاری كوردو جیهانی هونەرمەندی بە توانا مامۆستا (دڵشاد محمد سەعید) زۆر كاریگەری لەسەر من هەیە.

    *ماوەیەك سەرۆك بەشی میوزكی پەیمانەگەی هونەر جوانەكانی هەولێر بوویت ئاستی قوتابیان چۆن دەبینت؟

  • بەڵێ بە شانازییەوە ماوەی سێ ساڵ سەرۆكی بەشی موزیك بووم لە پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێر ئەزموونێكی تەواو جیاواز بوو بۆ من كە بە هەماهەنگی مامۆستایانی بەش توانیمان جووڵەیەكی هونەری تەواو بە بەشەكەو قوتابیان بكەین زیاتر بەرەو پێشی ببەین.
    قوتابیانی بەشی موزیك بە گشتی توانا و ئاستی زۆر باشیان هەیە كە دەتواندرێت بەكاری بێنن بۆ خزمەتی هونەری كوردی بە تایبەتی لە ئێستادا كۆمەڵە قوتابییەك هەن جگە لە توانای ژەنین هەوڵ دەدەن لە بواری ئاواز و دابەشكردندا پەرە بە خۆیان بدەن كە ئەم هەوڵەشیان شانازییەكی زۆر گەورەیە بۆ ئێمەی مامۆستایانی بەشی موزیك ساڵانە چەندین قوتابی بڕوانامەی دبلۆم بەدەست دەهێنن، دەبنە كادری هونەری زۆر باشی بواری موزیك.

    *رۆڵی موزیك لە بڵاوكردنەوەی خۆشەویستی و ئاشتی لە نێوان گەلان چۆن دەبینیت؟

  • موزیك و خۆشەویستی تەواوكەری یەكترین بە بڕوای من ئەگەر خۆشەویستی نەبێت موزیك بوونی نییە
    هەموو موزیك ژەنێك لە ڕێگای ئامێرەكەی یاخود دانراوە موزیكییەكەی دەتوانێت كەم یا زۆر گوزارشت لە هەستەكانی خۆی دەرببڕێت موزیك زمانی گەلانە،هەموو گەل و نەتەوەیەك مۆرك و ڕەسەنایەتی تایبەت بە خۆی هەیە موزیكیش بەشێكە لەو ڕەسەنایەتییە بەهۆی موزیك و كاری هاوبەش دەتواندرێت گەلان و كۆمەڵگاكان لەیەك نزیك ببنەوە و كاری هاوبەش ئەنجام بدەن بێ ئەوەی لە زمانی یەكتری حاڵی بن موزیك كۆیان دەكاتەوە.

    *وەكو هونەرمەندێكی ئەكادیمی ئاستی گۆرانی و میوزیكی كوردی لە ئێستادا لەچ ئاستێك دایە؟
  • گۆرانی و موزیك ئەگەر بە شێوەیەكی ئەكادیمی و دابەشكاریەكی جیهانی بۆ بكرێتئن ئەوا بەردەوام بەرەو پێشەوە دەچێت لە كاتی ئێستاش لە سەرجەم شارەكانی كوردستان بە خۆشحاڵییەوە موزیك دانەرەكان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان كە گۆرانی و موزیك بەشێوەی جیهانی و ئەكادیمی دابەشكردنی بۆ بكەن .. هەر بۆ نمونە لە ساڵی 2012 كارێكی كوردی میللی م هەڵبژارد بەناوی (بۆت دەڵێم لەم بەندانە) بەشێوەیەكی ئەكادیمی و جیهانی كارم لەسەر كرد .بە ڕای زۆرێك لە موزیك ژەنان و گوێگران كاردانەوەیەكی زۆر باشی هەبوو لە نێو خەڵكدا و چەند گروپێكی جیهانیش ئەو پارچە موزیكەیان ژەنیوە بە هەمان ئەو دابەشكردنەی كە من بۆیم كردبوو، بۆیە لە ئێستادا موزیك و گۆرانی كوردی رۆژ بەرۆژ بەرەو پێش دەچێت هەمیشە بە گشبینەوە لە موزیكی دەڕوانم.

    *پرۆژەی نوێتان هەیە ؟

  • بەڵێ لە داهاتوویەكی نزیك بۆ یادی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵی 1988 ئەگەر هاوكاری بكرێم لە لایەنی پەیوەندیدار كارێكی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بۆ ئۆركێسترا ئامادەیە كە لەو یادە كارەسات بارە پێشكەشی بكەم لە ئاوازو ئامادەو دابەشكردنی خۆمە .

    چەند وێستگەیەكی هونەری هونەرمەند بەڵێن عەبدولهادی

  • لە ساڵی 2004 لە دەزگای موزیك و كەلەپووری كوردی، دەبێتە بە بەرپرسی ستۆدیۆ ئەندازەی دەنگ، كە چەندین كاری موزیك و تۆماركردن بۆ موزیكژەنان و گۆرانیبیژان ئەنجام داوە.

    • لە ساڵی 2005 دەبێتە ئەندامی كارای سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان .

  • لە ساڵی 2005 بە فەڕمی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندنی سەربە وەزارەتی ڕۆشنبیری دادەمەزرێت.
  • لە ساڵی 2005-2006 گرووپی تەلەڤزیۆنی (هەرێم) دامەزرارێنێت كە بریتیی بوون لە 13 ژەنیار، هەر لەو ساڵەدا لە كۆلێژی هونەرە جوانەكان وەرگیرام و دەستی بە خوێندن كردەوە،بەشداری لە سەرجەم فیستیڤاڵ و چالاكییەكانی كۆلێژ دەكان. -لە ساڵی 2010 گرووپێكی كوردی- كلاسیك بەناوی (گرووپی ژێداری هەولێر) دادەمەزرێنێت، چەندین كۆنسێرت لە شارەكانی (هەولێر،سلێمانی، دهۆك،سۆران، رواندز )پێشكەش دەكەن. -لە چەندین كۆنسێرتی هونەرمەندان بەشداری كردووە وەكوو هونەرمەندان (دانا عەبدولجەبار – محەمەد عەزیز – ماموستا شاكر كەمانچە ژەن – فیستیڤاڵی كەركووك)چەندین كاری تر.

    • لە ساڵی 2011-2016 لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كۆیە بەشی موزیك وانە بێژ بووە.
    • سروودێك بۆ پێشمەرگە بە ناوی (پێشمەرگەی قارەمان) داناوە كە ئامادە و دابەشكردنیش بۆ كردووە و لەلایەن كۆرسەوە وتراوە.
    • تۆماركردن و كلیپكردنی گۆرانییەكی میللی كوردی بەناوی (بۆت دەڵێم) كە بەندێكی باوی ناو كۆمەڵگەی كوردییە بە شێوەی موزیكی كلاسیك ئامادە و دابەشكردنی بۆ كردبوو ئامیرەكانی (violin 1-violin 2 – viola – cello ) هەروەها كاری كلیپیشی بۆ كرا كە لەسەرجەم كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن دادەبەزێت
      هەروەها كۆنسێرتێكی چوارینەی كلاسیك كە 12 موزیكی كوردی و جیهانی لەخۆ گرتبوو لە هۆڵی پێشەوا لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
    • لە مانگی 05-2013 لە فیستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان سەرپەرشتیاری بەرهەمێكی موزیكی كلاسیك و بەرهەمێكی موزیكی كوردیم كرد كە بابەتە كوردییەكە ئامادە و دابەشكردنم بۆی كردبوو من وەكوو ڕابەری ئۆركسترای پەیمانگای هونەرە جوانەكان بەشداریم كرد
      (cellos are missing you)
      بەرهەمێكی موزیكی كوردییە كە شیوازێكی نوێی موزیكە لە كوردستان لە ئاواز و ئامادە و دابەشكردنی بۆ پێنج ئامێری (cello) نووسراوەتەوە كە هەر پێنچ ئامێرەكە لە یەك كاتدا هەریەك میلۆدییەكی جیاواز دەژەنن كەشێوازێكی هارمۆنی جیهانی لەخۆ دەگرێت ماوەی كارەكە نزیكەی چوار خولەك و نیوە.
      -لەگەڵ گرووپی ژێداری هەولێر نمایشی سەرجەم قونسوڵگەرەكانی كوردستانی كردووە. وەكوو (بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، نەمسا، ئەمەریكا)
    • لە ساڵی 2019 مانگی 1 بووم بە بڕیاردەری بەشی موزیك
    • لە ساڵی 2019 بووم بە سەرۆكی بەشی موزیكی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێر .




ئێوارانە ٦٢.. شیعری سەردار جاف و شەهلا

ئەم ئێوارە
گێژەڵوکەی بەر دەربەندی ياخی بوونی لوولم دەدا
چين چين تونێلی تاريکی قوتم دەدا
رێ دەرنابەم
نازانم لەو ديوی تونێل رێ دەدۆزم
قورتار دەبم
يا هەر لە هەناوی نەبوون دەخولێمەوە
جێ ژوانی ئێوارانم سەرەولێژە
مەگەر خودا فريادڕەس بێ
دەنا لە نێو پەتووی مەرگ
ئاوازی خاڵخاڵۆکەی شين دەڵێمەوە
باڵقرتاوی فەنابوونم
بە هەشت سەکۆی شەهلايەکە
بێگەردی مەی، ئيشقم نۆشی
خەڵوەت دوا مەنزڵێ سڕە
سەردەستەی شاژن و حۆری
مەی و نيگا
چاوانم کوليتە و کونجی
ئەو ژنە ميهرەبانەيە
لە ناو هەر دەقە شيعرێکا بۆ خۆی گڕە
کە ياخی دەبێ و لێم دەڕوا بۆم دەنووسێ
ئيرەييم دێ))
بە کزە بای سارد و ڕچيوی ئێواران
کە بە چوار دەورت دەسووڕێ
بەو شەقام و توولە ڕێيەی
دەمتاسێنێ
ئيرەييم دێ
بە شاڵەکەی دەوری ملت
لە ئامێزی خۆيت دەنێ
بەو هەموو گوڵ و گەڵايە
لە سەر ڕێگات کڕنوش بردوون
بۆنی گوڵاوی تۆ دەمژن
بەهار هات و ئاسمان ساماڵ
شکۆفەی سەردارێ کە هات
چەم فێنک و سەوز سەوزە
زێباترين نامەی ئيشق
ئەوينێ سوور
(( هەروەک پاکیی ئاوی حەوزە
کوا ئيتر دەڵێم بێکەسم
ئەوە نييە هەر تۆی ئەوينترين کەسم

٢٢ / ٢ / ٢٠٢٤




دڕکی ئەو خەونانەی لە چاوەکانم دەچەقن.. ستیڤان شەمزینی

من لەژێر ھەوری ئازارەکانمدا
پیاسە لەگەڵ سێبەرەکەم دەکەم
گوێقوڵاخی لرخە لرخی
سەعاتەکەی دەستم و
خشەی پێی شیعرێکم
خۆم دەبینم بە تەڕیی
بە دوو جلگرەی چوارشانە
بە تەنافی یەئسەوە ھەڵواسراوم
دەنگم وەک زیقەی
ئەو قوتووە ژەنگاوییە وایە
مناڵێکی لاسار
لە کەلاوەیەکدا شەقی تێھەڵدەدا
مژ لە بێھودەیی دەدەم
ناسۆر ھەڵدەقوڕێنم
یەکەمین رێبوار بەلامدا تێدەپەڕێت
بە تەوسێکەوە پێم دەڵێت
تۆ شیکترین شێتی شار و
ئاوەزمەندترین ئاژەڵی دنیایت
دووەمین رێبوار دێت
دەیەوێت وەک خواردنێکی ئێکسپایەر
فڕێمداتە تەنەکە خۆڵی ژیانەوە
یان وەک جگەرەیەکی تەواوبوو
بمخاتە تەپڵەکی گریانەوە
سێھەمین رێبوار ھات
تفێکی رۆ کردە بەردەمی
رەشەبایەکی ناوەخت
بۆ سەروچاوی منی ھێنا
ئەو ھەر منی نەبینی و
منیش گوێم لە دەنگی نەبوو
چوارەمین رێبوار
بە سەرخۆشی گەشتە لام
دەستی لە ناو مەمکی شیعردا بوو
ھەر ئەوەندەی توانی، بڵێت
عەشق بەفرێکی سووتاوە
ئاگرێکی سەرمابردەڵەیە
ئیدی بەدەم رێوە بورایەوە
پێنجەمین رێبوار
وەک ئەوەی لە بەلەمی بروسکەدا بێ
بەخێرایی بەلامدا تێپەڕی
بە دەنگێکی نوساوەوە
ھاواری دەکرد
ژیان تەڵەی مشکە
لە مێژە قاچمان کەوتۆتە ناوی
تاکو پشیلەی مەرگ دێت
شەشەمین رێبوار
بە رۆبێکی خۆشتنەوە
بە قژێکی لولی ماش و برنجییەوە
لەبەردەممدا قووت بووە
وا پێدەچوو بیەوێت پشوویەک بدا
ھاتبوو وەسیەتێکم لا بکات:
کوڕم سیاسەت کۆترێکی مەکرباز بوو
تەنھا ریقنەی بەسەردا باراندم
حەوتەمین رێبوار
ژنێکی سەرتاپا سپی پۆش بوو
چاوەکانی وەک ئەڵماس دەدرەوشانەوە
پەنجەکانی بۆنی مێخەکی ئەوینیان لێ دەھات
لە تەنیشتم دانیشت
ماوەیەکی درێژ بە بێدەنگی مایەوە
یەکەم و دوا قسەی خۆی کرد:
من نەھاتووم بۆ رۆیشتن
من ناوکی قۆخی دڵتم
من لمی کەناری رووباری عەشقتم
من شەماڵی ھاوینی تەمەنتم
من ئەو ژنە تریفەییەم
لە داڵانی یەکەمین خەونەوە
تاکو کۆتا خەون
چاوت بۆ دەگێڕا
لەم کاتەدا چاوەکانم کردەوە
بە کامی دڵ تەماشام کرد
ئاە چ ناخۆش بوو
ساتێ حەزحەزێکی خوێڕی
وەک ئەوەی نەقیزەیەک بکات
بە لا قەبرەغەی گوێدرێژێکدا
بە نوکی پێڵاوەکانی رایچڵەکاندم
ئەوسا زانیم
لە تەنیشت شەشەمین رێبوارەوە
لەسەر شۆستەی شارێکی خامۆش
خەوێکی قووڵ بردومییەوە

٢٤-٧-٢٠١٩
ئەڵمانیا – بیلەفێلد
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی




هەمان تەنیایی.. نووسینی: سیسی دوچیو.. وه‌رگێڕانی لە یۆنانییەوه‌: ئومێد قەره‌نی

لە هەموو باژاڕە گەورەکانی جیهاندا
کچان بە تەنیا بە تەنوورەی کورتی هەرزانەوە
کە لە ”چین تاون” کڕدراون..
کوڕان دەرۆزەی چەند ”سەنت”ێک دەکەن
لە نێو واگۆنە ساردوسڕەکانی نیویۆرک..
سەرنشینان بە توندیی پەنجە تەزیوەکانیان
لە نێو گیرفانیان گرمۆڵەکردوە
ئامادەن خۆیان بخزێننە ناو ژوورە بچووکەکانی باڵەخانەکانیان.

ئاسمان ڕووت و باڵەخانەی بەرز
جەستەی مرۆڤ بە زنجیر بەستراوەتەوە
بە سەربانی باڵەخانە بەرزەکانەوە،
لە کاتێکدا زەوی بەردەوامە
لە سووڕانەوەی لە بۆشایی ئاسمان
لە کاتێکدا زەوی بەردەوامە
لە سووڕانەوە لە بۆشایی ئاسمان
نیگایەکی مات و ماندوو
بەردەوامە لە تەماشا لە پشت پەنجەرەکانەوە
تەماشای دەرەوە و شەقامە جەنجاڵەکە دەکا.
لە شارە گەورەکانی جیهاندا تەنیایی وەک یەکە.
دامەزراوەکان، قوتابخانەکان
بانکەکان، فەرمانگە شارەوانییەکان
دایکە دەستبەردارەکان
بە چاوی سووری پڕ لە پەژارە بۆ ئەمڕۆ
تژی لە دڵەڕاوکێیی بۆ سبەینێ
لە باڵەخانەکان شیش دراون.
شارستانیەتێک کە گرنگی بە چێژبردن دەدا
لە خاوەنداریەتیە تایبەتییەکان، تەنیایی هەمان شتە.
کۆچبەران، پەنابەران، بێ جێ و ماڵەکان
بە چاوی خەمگینەوە تەواوی کەلوپەلەکانیان
لە ناو یەک کیسەی ڕەشی زبڵ دایە
تەنیایی هەمان شتە.
سەدان ڕێڕەوی شەمەندەفەر ئامادەن
بۆ بڕینی گڵۆڵەی خۆشییەکانی هەر کەسێک،
بەختەوەرییەکانی هەر کەسێک، تەنیایی هەمان شتە.
بزوێنەرەکان بێ وەستان هەناسەدەدەن
لەگەڵ هەناسەدانی بێ وەستانی بزوێنەرەکان
خەونەکانمان لە ”وۆڵ ستریت”ی فراواندا دەخنکێن
تەنیایی لە هەموو باژاڕە گەورەکانی جیهاندا وەک یەکە.
لە پەناگەی کۆکردنەوەی پەنابەران و
گۆڕەپانی کۆکردنەوەی کرێکارە تازەکان
خانووی کرێکاران لە تەنیشت بەنزینخانە و چێشتخانەکان
لەسەر شەقامە تایبەتەکان ئامادەن بۆ فرۆشتن.
تەنیایی لە وەئاگاهاتنی سپێدانی
فەرمانبەرێکی میریی لە لەندەن و
لە وەئاگاهاتنی سپێدانی
فەرمانبەرێکی کەرتی تایبەت لە بەرلینیشدا هەمان شتە .
تەنیایی هەر وایە،
لە زەردەخەنەی نائومێدیی یاخیبووان و
هیوای زیندانییەکان، تەنیایی هەر یەکە
لە گۆڕی هەڤاڵانی ئەنارکیست لە شیکاگۆ
لە گۆڕی هەڤاڵە کوژراوەکانی ئەسینا.
تەنیاییە نەگوجاوەکان
تەنیایی سۆزی و بەزەییئامێز
تەنیایی ئەو کۆیلەیە کە دەیەوێ یاخی بێ.
تەنیایی وەک یەکە تا سەردەکەوین.

لە کاتێکدا زەوی لە بۆشایی ئاسماندا دەسووڕێتەوە
ئێمە نەخشەی ڕزگاریی خۆمان دادەڕێژین
لە کاتێکدا زەوی لە بۆشایی ئاسماندا دەسوورێتەوە
دەبێ ئێمە ئازادبین

تەنیایی هەمان شتە
تا ئەو کاتەی درێژە بە کۆیلەییمان بدەین

تا زەوی لە بۆشایی ئاسماندا بسووڕێتەوە
ئێمە نەخشەمان بۆ ئازادیی دەبێ.

نووسینی: سیسی دوچیو
وه‌رگێڕانی لە یۆنانییەوه‌: ئومێد قەره‌نی

“سیسی دوچیو_Σίσσυ Δουτσίου”
شانۆکار و شاعیرە. ساڵی ١٩٨٠ لە ئەسینا لەدایکبووە، چوار کتێبی شیعری هەیە لەگەڵ دوو کۆمەڵە کورتە چیڕۆک، دوا کتێبی “خوشکانی قابیل”ە، چەند چیرۆکێک لەخۆ دەگرن…




ژیان مردن ده‌خوا.. شیعری فه‌رهاد که‌ریم

هه‌میشه‌ ژیان به‌ دوامه‌وه‌یه‌ من به‌ دوای ژیانه‌وه‌ نیم
له‌ ئاوڕدانه‌وه‌ ماندووم رابردووم پڕی شوێنه
گاڵته‌م به‌ ئه‌مڕۆ و به‌یانی دێ تژیین له‌ له‌ته‌ مردن
شکاین و مردیین، ده‌شکێین و ده‌مریین
کاتم بۆ کۆناکرێته‌وه له‌ مردن ڕژاوه و ماندووه‌ سه‌ر
به‌ گومانه‌وه‌ رۆژباش له‌ مرۆڤ به‌ یه‌قینه‌وه‌ پیاسه‌ له‌ گه‌ل سه‌گ
باڵنده‌ و دره‌خت و ماسیم خۆشده‌وێن به‌و هه‌موو دڵره‌قییه‌وه‌ مرۆڤ تۆش
پووچیی و مردنت ڕژاند، مردوو ناگه‌ڕێته‌وه‌ ناو مردووان،
کێشه‌مان خستۆته‌ ژیان به‌و هه‌موو پووچیی و مردنه‌وه،‌ شه‌هیدان فێڵی تۆ بوو کوژران
باوه‌ڕم وایه‌ مرۆڤ ده‌بێ کارکا، مردن دوورخاته‌وه‌ و ژیان جوانکا
به‌ مردن پاک نابته‌وه‌ شه‌قام، زه‌وی بۆته‌ گۆڕو شوێنی پووچی
گه‌وره‌به‌ به‌ بچووکی ده‌خورێییت، گه‌وره‌به‌ به‌ بچووکی ده‌مرییت،
مردن وونبوونه‌ و گۆڕه‌ گۆڕی گومان
گرنگ نیه‌ شوێنێک هه‌ناسه‌ی لێدات بۆ مانه‌وه‌ ده‌ژی نه‌ک بۆ ژیان
فێریان کردین یه‌کتر بخۆین، یه‌کتر ده‌خۆین جوانه‌ ژیان

مردن ژیان ده‌خوا

به‌که‌ڵکی ژیان ناییێم
مرۆڤ دیلی چاو و ورگییه‌تیی، نان پربووه‌ له‌ شووره‌یی، ژیان له‌ مردن
خۆخۆری که‌وتۆته‌ ژیان، ئازادی شه‌رم له‌ مرۆڤه‌کا
ژیان ژیان ده‌خوا، ژیان مردن، مردن ژیان ده‌خوا
مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی ئاڵۆز و سه‌یره‌
مردن مردن ده‌خوا، مردن ژیان، ژیان مردن ده‌خوا
نه‌گه‌یشتمه‌ ژیان و له‌ مردن جێمام
پێویستمان به‌ باخه‌وانێکه‌ مرۆڤ بڕوێنێ و ژیان ئاودا
مرۆڤ له‌ مردن رزگارکا و به‌ که‌ڵکی ژیان بێت
ژیان مردن نه‌خوا
مردن ژیان نه‌خوا
مردن مردن نه‌خوا
ژیان ژیان نه‌خوا
ژیان پێویستی به‌ ڕووناکییه‌ بۆ گه‌شه‌کردن
مرۆڤ فریو نه‌درێ به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی ڕۆژ
ده‌ست به‌ گیرفانی شه‌ودا نه‌کا له‌ تاریکی، ڕێ له‌ خه‌نده‌ نه‌گرێ له‌ که‌نار
ته‌ماشای گزنگی رۆژکا له‌ هات و چوون، به‌یانی و ئێواره‌ جوانکا‌
چرای خۆتبه‌ له‌ شه‌و تاریکیت رووناک که
شه‌وت ته‌نها بۆ پشووبێ تاریکیت نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌
مرۆڤ تینووه‌ بۆ رووناکی، ناخی مرۆڤ زیندانی رۆژه
هه‌موو رۆژێ تیشکێ له‌و گۆڕه‌ قووڵه‌ سه‌ر ده‌نێته‌وه‌
ناخی مرۆڤ گۆڕێکی قووڵه،‌ نهێنی ئه‌و گۆڕه‌ قووڵه‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌
مرۆڤ خۆشی نازانێ بۆ لێره‌یه‌ و چی ده‌وێ، گوو ده‌کاو پێده‌که‌نێ
هێنده‌ پڕم له‌ ژیان به‌یانیان به‌ هاوژینه‌که‌م ناڵێم رۆژباش
ئه‌وڕۆش ڕۆژێکیتره‌ مردن ژیان ده‌خوا به‌و هه‌موو پووچییه‌وه‌ گوو به‌ گووه‌ بووه‌ ژیان




چیتر پەراوێزی ناپاکییەکانت بە من ئیعراب ناکرێت.. شەماڵ بارەوانی

جارێکی تر لە پەنجەرەی دڵپاکییەوە موخاتەبەی دڵێک ناکەم لە نەسلی نیرۆن بێت و
لێناگەڕێم مۆرانەی نا ئومێدی بە دیواری خەونەکانم هەلزنێت
جارێکی تر ناڕۆمەوە سەر نەخشەی سەردابی زەمەنێکی لەدەستچوو و
لە کیشوەری خۆشەویستییەکی ساختە ڕەشماڵی بێهۆدەیی هەڵنادەم
تۆ ئەو ئاسمانە نەبوویت مەلی سەرگەرانیم تێیدا باڵ بگرێت و
بارانی ئارامی لە بیابانی تامەزرۆییم ببارێنیت
خۆت مەخەرە دەربەندی ڕێزمانی وشەکانم
چیتر پەراوێزی ناپاکییەکانت بە من ئیعراب ناکرێت
ئەو هەموو گوڵەی خۆشباوەڕیم
لە جوگرافیای بەڵێنەکانت ڕواند
ئەو هەموو سەوڵەی مەراقم لە کەناری درۆیەکانت لێدا
تۆ نە ئەو فەزایە بووی کە کۆتری ڕۆحم تێیدا لە شەققەی باڵ بدا و
نە ئەو دەریایەش بووی کە کەشتی ئۆقرەییم تێیدا بگیرسێتەوە
بڕۆ، نامەوێ چیتر لە بازنەی وەهمدا بخولێمەوە و
ڕۆژەکانم لە ئاستانەی فریودان بەڕێ کەم




زمانی دایک و ڕۆژێک.. نووسین و توێژینەوە: هۆمەر نۆریاوی

کلیلەوشە: زمانی دایک،زمانی ئۆردوو،زمانی بەنگالی،زمانی کوردی،هەژار موکریانی،خانای قوبادی

دەستپێک: زمان بە پێناس و ناسنامەی هەموو نەتەوەیەک دادەنرێت. زمانی دایک،بە زمانی یەکەمی منداڵ دەگوترێت و یەکەم زمانیش دێتە ئەژمار کە منداڵ فێری دەبێت و دەکاری دێنێت و ئەویش بریتییە لە بەشێکی سەرەکی ناسنامەی کەسەکی، جڤاکیی و چاندیی زارۆک. لە ڕاستیدا زمانی دایک،بەو زمانە دەگوترێت مرۆ بۆ یەکەمجار فێری دەبێت،توانای بەسەردا دەشکێت،باشتر دەتوانێت پێی بئاخفێت ،بەکاری بێنێت،خۆی پێ بناسێت و خەونی پێ ببینێت.
زمانی کوردییش،بە یەک لە زمانە هەرە دەوڵەمەندەکانی سەرگۆی زەوی داەنرێت کە خودانی چوار دیالێکتی دێرین و زەنگینە کە هەر کامە لەم زاراوانەیش،دەیان بنزاریان لێ دەکەوێتەوە.
مێژووی خەبات لە پێناو پاراستنی زمانی دایکدا مخابن بەخوێن دەنووسرێتەوە و ئەم دیرۆکەیش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1952 و خۆپیشاندانی بەنگالەکانی بن حوکمی ڕژێم و دەستەڵاتی ئەو کاتی پاکستان کە دەیەویست زمانی ئۆردوو بەزۆرەملێ بەسەریاندا بسەپێنێت.
ئەم توێژینەوەیە دەیەوێت سەرەتا ئاوڕێک لە خودی پێناسەی زمانی دایک و پاشانیش گرینگیی و بایەخی زمانی دایک بداتەوە و ئەو ڕاستییەیش بخاتە بەردەم خوێنەر کە تا چەندە گرینگە مرۆ بۆ پاراستنی کولتوور و چاندەکەی خۆ،پارێزەری زمانەکەی بێت.
مێژوویەک بۆ زمانی دایک:
نیوچە دووڕگەی هیندستان کە سەردەمی خۆی لە بن ڕکێف و حوکمی بەریتانیدا بووە،لە ساڵانی 1948-1947دا گۆڕانێکی قووڵ بەخۆوە دەبینێت و چوار وڵات دەبنە خاوەنی کیانی سەربەخۆی خۆ. یەک لەم وڵاتانە پاکستان دەبێت کە لە بەشی ڕۆژاوای، خەڵکەکەی بە ئۆردوو و بەشی ڕۆژهەڵاتی بە زمانی بەنگلایی یان بەنگالی قسە دەکەن. ڕۆژی 21ی فێبریوەری ساڵی 1952 شۆڕشێک لەو پارەی بن حوکمی پاکستان لە لایەن بەنگالییەکانەوە دەست پێ دەکات کە ئەرچی خوێن دەڕژێت بەڵام لە ئەنجامدا دەستەڵات و ڕژێمی پاکستان پێملی زمانی بەنگالییەکان دەبێت و بە فەرمی ددان بە زمانیاندا دەنێت.

دیاکۆ هاشمی(1965)،نووسەر و زمانناس لە وتارێکدا سەبارەت بە زمانی دایک دەنووسێت: “هەموو یاسا نێونەتەوەیییە جیهانییەکان پاڵپشتی لە مافی زمانیی نەتەوەکان دەکەن. باشترین میناک لەو پێوەندییەدا “جاڕنامەی جیهانیی مافی زمان”ە کە “حەسەن قازی”(1946)لە زمانی ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی. بۆ نموونە لە ماددەی 26دا دەڵێ: “هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێان دەوەشێتەوە پەروەردەیەکیان هەبێ کە دەرفەت بدا بە ئەندامەکانیان بەتەواوی زمانی خۆیان فێر بن و لێی ڕابێن”.

(دیاکۆ هاشمی،زمانی دایک)
لە وڵاتانی زێتر تاکڕەوی جیهانی سێیەمدا کە باوەڕیان بە یەک زمان،یەک نەتەوە و یەک ئاڵا هەیە،لەمێژە ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکرێت و دەرفەتی ئەوە بە کەمەنەتەوەکانی نێو ئەو وڵاتانە نادرێت لە پەنا زمانی فەرمیدا،زمانی نەتەوەکانی دیکەیش بخوێندرێت و پێی بنووسرێت. هەر ئەم سیاسەتە چەوتە،دەنگی نەتەوە بندەستەکانی کە خودان زمانی سەربەخۆن،بڵند کردووەتەوە و ئەم نەتەوانەیش لە پێناو پاراستنی زمانەکەی خۆدا تا هەنووکە خەباتێکی دوور و درێژیان کردووە و هێشتایش ئەم خەباتە هەر درێژەی هەیە و بە سەد داخەوە هێشتاکە گەلێک وڵات و ڕژێم هەیە کە دەرفەتی خوێندن و نووسین بە زمانەکانی دی نێو چوارچێوە دەستکردە جوگرافیاییەکەی خۆی نادات.
کوردیش، یەک لەو نەتەوە دێرینانەی مێژووی مرۆڤایەتی دێتە ئەژمار کە پاش دابەشکران لە نێوان چوار ڕژێمدا هەر لەو سەردەمەوە تا هەنووکە بۆ پاراستنی زمانەکەی خۆی خەبات دەکات و لەم پێناوەیشدا قوربانییەکی زۆری داوە لێ هەرگیز دەستبەرداری زمانەکەی نەبووە و هەنووکەیش لەسەر داوا ڕەواکەی مکوڕە.

شاعیر و وەرگێڕی ناودیاری کورد”ناسر حیسامی”(1959) خاوەن شیعرێکی گەلێک ناسک و پاراو لەم پێوەندییەدایە کە قسەی نێو ناخی گشت تاکێکی کورد دەکات:
مەلان کاتێک لە باغان پۆل دەبەستن
درەخت کاتێک لەبەر باران دەوەستن
کە نەیزاری قەراخ گۆلاو لەبەر (با)
وەکوو شمشاڵژەنێک،شمشاڵ بەدەستن
مرۆڤی سەرزەوی کاتێک کە شادن،
کە غەمبارن،کە هوشیارن،کە مەستن
کە گیانداران لەبەر ئازار دەناڵن
دەنا کاتێک ئەویندار و بەهەستن
هەمووی بە زمانی خۆ دەدوێ و دەخوێنێ
ئەدی بۆچی زمانی من دەبەستن؟
(زمانی دایک،ناسر حیسامی)
2ی ڕەشەممە(21ی فێبریوەری)ساڵی 1999 لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەکانەوە بۆ داکۆکی و پشتیوانی لە زمانی کەمەنەتەوەکان و پاراستن و پێشگرتن بە فەوتانی زمانیان،بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ناودێر کراوە.
بەڵام ئەم ڕۆژە( 2ی ڕەشەممە)،لە نێو ڕووپەلی ڕۆژژمێری نەتەوەی مەدا،ڕۆژی کۆچی دواییی کەسایەتییەکی نەتەوەپەروەریشە کە هەموو تەمەن و ژیانی خۆی بە زمان و چاندی میللەتەکەی بەخشی.

هەژار موکریانی(1991-1921)،یەکێکە لە کۆڵەکە و ئەستووندەکە سەرەکییەکانی پارێزەری چاند و زمانی کوردی کە لە ڕێی شیعر،وەرگێڕان و نووسینەوە،زێترین ڕاژە و خزمەتی زمانەکەی کردووە. هەژار بە یەک لە خەمخۆرە هەرەقەتییەکانی ئەم زمانەیش دادەنرێت،تا بەوێندەرێ دەڵێ:
بە کوردی دەژیم،بە کوردی دەمرم
بە کوردی دیدەم،وەرامی قەبرم
بە کوردی دیسان زیندوو دەبمەوە
لەو دنیاش بۆ کورد تێهەڵدەچمەو
(بۆ کوردستان،هەر کوردم،ل21)
لەسەر مێژووی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، گەلێک پەڕتووک نووسراوە و بە سەدان وتاری زانستییش بڵاو بووەتەوە.بۆیە بە پێویست نازانم پتر لەسەر ئەم پرسە بڕۆم.
ئەوەی بە لای منەوە گرینگە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت،سیاسەت و پلانی فەرهەنگییە کە زمان بە کۆڵەکە سەرەکییەکەی لەقەڵەم دەدرێت و گەرەک کورد لە ڕێی سیاسەتێکی ڕوونی فەرهەنگییەوە،هەر لە ژێرخانەوە دەست پێ بکات و پەروەردەی بنەڕەتی بەهەند وەربگرێت. ئەگینا دواتر ئاڵۆزستانێک چێ دەبێت و هەر یەکە و لە سووچێکەوە(بە ناوی زمانی دایک)،بە تەورەکەی دەستی،پەل و پۆی دارەکەی دەبڕێتەوە.کەس دژ بە فرەزاراوەیی و ئاوڕدانەوەی هەرەقەتی لە دیالێکتە هەرە دەوڵەمەندەکانی زمانی کوردی نییە و بگرە لەسەر هەمووانیشە بەهەندیان وەربگرین.
ئەمە ڕاستییەکی هەژێنەرە کە هەر لە تەنیشت خۆمانەوە بە دەیان و بگرە سەدان زانستوەری کوردمان پێ شک دێت کە هەرگیز زمانی نەتەوەکەی خۆ،ڕۆژێک لە ڕۆژان نەبووەتە خەم و پەرۆشیان. تەنانەت زۆر جار لە کۆڕ و کۆنفرانسەکانیشدا سووکێ بە لای زمانەکەی خۆدا تێدەپەڕن کە گوایە،زانستیی نییە. نابێژن بۆ خۆ هەرگیز توانای نووسینی وتارێکی زانستییمان بە زمانی خۆ نییە.
پڕ ڕوونە شێوە هزرینی بەشێک لە مرۆی زانستوەری کورد لە بن کارتێکەری زمانی سەردەستدایە و تا ئێستا نەیتوانیوە خۆ لە بن هەژموونی ئەو زمانە دەرباز بکات. چونکە هێشتاکە لەژێر سێبەری ترسناک و بۆری پەروەردە بە زمان و ئەقڵییەتی زاڵ و سەردەستدایە و بۆ خۆیشی باوەڕی بە خۆی و ناسنامەکەی نییە.

بەڵام با بزانین زمانی دایک چلۆن پێناسە دەکرێت و بۆچ گرینگە بەم زمانە بخوێنینەوە و بنووسین؟

وشەی دایک،لە باری زمانییەوە مەبەست هەمان سەرەکییە؛بۆیە زمانی دایک، هەمان زمانی باوباپیرانی مرۆیە. بە واتایەکی دی،زمانی دایک،بەو زمانە دەگوترێت کە مرۆ یەکەمجار فێری دەبێت،توانای بەسەردا دەشکێت،باشتر دەتوانێت قسەی پێ بکات،بەکاری بێنێت،خۆی بناسێت و خەونی پێ ببینێت.
بە زمانێکی دی،زمانی دایک،زمانی یەکەمی منداڵە و یەکەم زمانە کە زاڕۆڵە فێری دەبێت و دەکاری دێنێت و ئەویش بریتییە لە بەشێکی سەرەکی ناسنامەی کەسەکی، کۆمەڵایەتی و چاندیی زارۆک.

ئەی بۆچ زمانی دایک گرینگە؟
چونکە،زمانی دایک،شوناسی نەتەوەیە.هۆکارە بۆ ڕەنگدانەوە و وەرگرتنی دابونەریتی کۆمەڵایەتی نەتەوەکەی. لە ڕێی زمانی دایکەوە،منداڵ دەتوانێت باشتر خۆی بناسێت و هەست بە ناسنامەی بکات و باشتر دەتوانێت تواناکانی دەربخات. هۆکارە بۆ فێربوونی زمانی دووەم و هەروەها کرانەوەی بە ڕووی ناسینی زمانی نەتەوەی تردا. دەنگی دایک و سۆزی،وا لە منداڵ دەکات لە بیرکردنەوە و فێربووندا کاراتر و چالاکتر بێت.
بۆ گەشەکردن،منداڵ پێویستی بە سۆز و خۆشەویستیی دایک و باوک هەیە و ئەمەیش لە ڕێی زمانەوە دەگوێزرێتەوە.
پڕۆفیسۆر “کاتلین هۆگ”،زمانناس دەڵێ: “لە ڕێی زمانی دایکەوە دەتوانیت باشتر هەست و نەستت دەرببڕیت”.
دوکتۆر “موحەڕەم ئاقازادە”(1347ی هەتاوی،1968)توێژەر و ڕاوێژکاری پێشووی بەشی فێرکاری لە بەرنامەی ڕێکخراوی نەتەوەکان،دەڵێ: “ئەوەی زمانی یەکەمی،زمانی خوێندنگە نییە،لە قوتابخانەدا تووشی نائەمنیی و ناهێوریی لە باری سۆزداریی و عاتیفییەوە دەبێت”.
“ئیسمایل بێشکچی”(1937)،کۆمەڵناسی تورک و گەورە داکۆکیکاری مافی کوردان،دەڵێ:”ئەگەر بتەوێت نەتەوەیەک سەرشۆڕ و کۆیلە و بێناسنامە بێت،پێویستە ئەلفبێی ئەو نەتەوەیە لەناو ببرێت و،ڕێگا نەدرێت بە زمانی دایکیی خۆی بدوێت”.
شاعیری گەلپەروەری کورد،عەبدوڵڵا پەشێو(1946)یش دەبێژێت:”زمان،شەرەفمانە،نامووسمانە،غیرەتمانە،هەموو شتێکمانە”.

ئەنجام:
زمان بە پێناس و ناسنامەی هەموو نەتەوەیەک دادەنرێت. مێژووی خەبات لە پێناو پاراستنی زمانی دایکدا مخابن بەخوێن دەنووسرێتەوە و ئەم دیرۆکەیش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1952 و خۆپیشاندانی بەنگالەکانی بن حوکمی ڕژێم و دەستەڵاتی ئەو کاتی پاکستان کە دەیەویست زمانی ئۆردوو بەزۆرەملێ بەسەریاندا بسەپێنێت. بەڵام سەرەنجام ڕژێمی ئەو کاتی پاکستان ددان بە زمانی بەنگالیدا دەنێت و ئەم زمانە مافی خۆی وەردەگرێت. ڕێکخراوی نەتەوەکانیش بۆ داکۆکی و پشتیوانی لە زمانی کەمەنەتەوەکان و پاراستن و پێشگرتن بە فەوتانی زمانیان،ڕۆژی 21ی فێبریوەری ساڵی 1999 بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ناودێر دەکات. زمانی کوردییش،بە یەک لە زمانە هەرە دەوڵەمەندەکانی سەرگۆی زەوی داەنرێت کە خودانی چوار دیالێکتی دێرین و زەنگینە کە هەر کامە لەم زاراوانەیش،دەیان بنزاریان لێ دەکەوێتەوە. جگە لە پارێکی کوردستان(باشوور)ئەم زمانە هەرگیز بە فەرمی ددانی پێدا نەنراوە و دەرفەتی خوێندن و نووسین بەم زمانە نەدراوە کەچی سەرباری هەموو کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم، توانیویەتی خۆی بپارێزێت.
فرەزاراوەیی لە نێو زمانی کوردیدا ڕاستە زۆر جار سەرئێشە دروست دەکات بەڵام سەرێشەیەکی شیرینە و گەر بە شێوەیەکی ئاوەزمەندانە و بە بیرێکی نەتەوەییەوە سەیر بکرێت،دەتوانێت فاکتەرێکی بەهێز بۆ یەکگرتوویی نەتەوەییش بێت. لێرەوە ئەرکی ئێمەی کورد لەم سۆنگەوە گەلێک قورستر دەبێت کە پێویستە لە پەنا ناساندنی دیالێکتێک بۆ زمانی فەرمی،ئەو دەرفەتەیش بە شێوەی یەکسان بخرێتە بەردەم ئاخێوەرانی زاراوەکانی دیکەیش کە هەر کامە لە چوارچێوە جوگرافیاییەکەی نیشتمانەکەیدا بە دیالێکتەکەی خۆی بخوێنێتەوە و بنووسێت تا هەموو پێکەوە ڕاگری خودی کۆڵەکە سەرەکییەکە بن کە ئەویش زمانی کوردییە و هەر لەم ڕێگەیشەوە دەتوانین هەستی نەتەوەیی لە نێو ناخماندا بڵندتر بکەینەوە و هەرگیزیش بەدیدەی هەڕەشە و مەترسی چاو لە هیچ کامە لە دیالێکتەکانی زمانەکەمان نەکەین.
بڵا هەموومان وەک خانای قوبادی(1778-1704) چاو لە زمانەکەمان بکەین:
ڕاستەن مواچان فارسی شەکەرەن
کوردی جە فارسی بەڵ شیرینتەرەن
پەی چێش؟ نە دەوران ئەی دنیای بەدکێش
مەحزووزەن هەر کەس بە زوبان وێش
(خوسرەو و شیرین،ل14)

ژێدەر:
1 – ڕۆژی نێونەوەیی زمانی دایک،دیاکۆ هاشمی،ماڵپەڕی یاگەی زمانی کوردی
2 – ڕووپەڕی ناسر حیسامی لەسەر تۆڕی فەیسبووک
3 – بۆ کوردستان،دیوانی هەژار،دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس،چاپی چوارەم،هەولێر،2001
4 – ڕۆژنامه‌ی شه‌رق و ماڵپه‌ڕی ئه‌سغه‌ر زارع که‌هنموویی asgharzareh.ir ،شه‌ممه‌ 3ی ڕه‌شه‌ممه‌ی 1392ی هه‌تاوی
5 – ڕۆژنامه‌ی “شه‌رق”،ژماره‌ 1471 ،ڕۆژی 3/12/1390،لاپه‌ڕه‌ی 19
6 – گۆڤاری بەیان،ژمارە 17،جۆلای 2021،بۆچ دەبێت بە کوردی بخوێنینەوە و بنووسین،هۆمەر نۆریاوی
7 – خوسرەو و شیرین،خانای قوبادی،لە چاپکراوەکانی کۆڕی زانیاریی کورد،بەغداد،1975
و هەروەها چەندان ڕووپەڕی دیکە لەسەر تۆڕە جڤاکییەکان




گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەند د.جەنگی جەلال.. هەڤپەیڤین – كامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەند د.جەنگی جەلال: ماوەی 8 ساڵ وەرشەی دروست كردنی ئامێری عودم هەبوو لە وڵاتی میسر
د.جەنگی جەلال: ئەنجامدانی كەرنەڤاڵی عود دەبێتە نوێبونەوەو ناساندنی بەشێوازێكی ئەكادیمی لە نێو ژەنیاران و كۆمەڵگا
د.جەنگی جەلال: ئامێری عود رەنگدانەوەی باشی هەبووە لەسەر موزیكی كوردی
هونەرمەندی بواری موزیك دكتۆر “جەنگی جەلال “ساڵانێكە لە بواری موزیك بەتایبەتی لە بواری ئامێری (عود) ئەسپی خۆی تاو داوە توانی بڕوانامەی دكتۆرا لەسە ئامێری عود لە وڵاتی میسر بەدەست هێناوە، ساڵانە لەسەردەستی ئەوە چەندین قوتابی لەبەشی موزیكی پەیمانگەی هونەرجوانەكانی هەولێر بڕوانامەی دبلۆم بەدست دەهێنن تائێستا حەوت كەرنەڤاڵی (عود)ی ئەنجام داوە بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە كارو چالاكییەكانی ئەم هەڤپەیڤینەمان لە گەڵ سازدا.

  • سەرەتا ئەگەر بكرێت كورتەیەك لە وێستگەكانی ژیانی هونەری خۆت بۆ خوێنەرامان باس بكەیت.

    ‎- ناوی تەواوم جەنگی جەلال حەسن ،هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری موزیك، لەبنەماڵەیەكی فۆلكلۆریست پەروەردە بوویمە ،هەموو كات باوكم خەریكی كۆكردنەوەی ئەدەب و هونەری كوردیە بووە، بە واتای كۆكردنەوەی لاوك و حەیران و بەسەرهاتی میللی و فۆلكلۆری كوردی، بۆ پاراستنی ئەرشیفی كوردی، بۆیە هەر لەبەر ئەوە ئەو هەستە بۆمان دروست بووە كە ڕێچكەی باوكم بگرم، بچمە نێو جیهانی هونەری و پێش بچمە پەیمانگای هونەرە جوانەكان خۆم فێری ئامێری ساز كرد.

    *لەنێو ئامێرەكانی موزیك بۆچی ئامێری (عود) دت هەڵبژراد؟
    ‎- هۆكاری هەڵبژاردنی ئامێری ئامێری عود دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی كاتێ چوومە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر، ئامێری ساز لە بەشی موزیك نەبوو، بۆیە ئامێری عودم هەڵبژارد بۆ ئەوەی پەرە بە خوێندنی موزیك بدەم، هەروەها حەزیشم بۆ ئەو ئامێرە هەبوو، چونكە ژێدار بوو ،وەك ئامێری ساز، ئاشناییم لەگەڵیداهەبوو، ئامێرێكی نامۆ نەبوو بۆ من.

‎* مێژووی ئامێری عود بۆكەی دەگەرێتەوە؟ شوێنی لەدایك بوونی ئامێری عود كوێیە؟
‎- بە پێی توێژەری ئەلمَانی (شتاودر ) رەچەڵەكی ئامێری عود دەگەرێنیتەوە بۆ نەتەوەی كورد كە
‎پشتی بەستوە بە پاشماوەی كەل و پەلی كۆنی دانیشتوانی چیاكان كە لە كاشی، حوسی، خوری، سوباریەكان پێك هاتوون كە لە دەریاچەی وان تا دەگاتە باكووری عێراق، كە لە سەدەی پێنجەمی پێش زاینی ژیاون.
‎هەروەها توێژەی ( جۆن ریمەر ) بەهەمان شێوە ئامێری عود دەگەرێنیتەوە بۆ دانیشتوانی هەمان ناوچە،
‎بەڵام توێژەرانی تر رای جیاوازیان هەبووە بۆ نموونە توێژەرانی میسری مێژووی عود دەگەرێنیتەوە بۆ میسریە كۆنەكان ،وە توێژەرانی عەرەبی عێراق ئامێری عود دەگەرێنەوە بۆ سەردەمی ئەكەدیەكان ،كەچی توێژەری ئەمریكی (كامب بێل ) دەڵێت عود لە كاتێكی درەنگ گەشتە لای ئاشوری سامیەكان.
ئەو دارانەی كە ئامێری عودی لێ دروست دەكرێت چ جۆرێكن یاخود كامە جۆریان باشە ؟ ‎- ماوەی 8 ساڵ وەرشەی دروست كردنی ئامێری عودم هەبوو لە وڵاتی میسر، ئەو دارانەی كە بۆ كەشی كوردستان و عێراق دەگونجێت، دار گوێزی وشك، دار زان .فینگی، ئەڤەنۆس. ‎ باشە بابزانین نامەی دكتۆراكەت لەسەر چی بوو؟
‎نامەی دكتۆرام لەسەر تەكنیكی ژەنین ئامێری عود لە هەندێك وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوەراست، توێژینەوەیەكی بەراوردی بوو.

‎* هەندێك لە ژنیارانی عود گۆرانكاری لە تەكنیكی ژەنینی عود دا دەكەن،دەتوانیت ئاماژە بە ژنیارانە بكەیت كە خاوەنی ئەم سیفەتانن؟
‎- سەبارەت بە گۆرانكاری لە بواری تەكتیكی عود دا، “شریف محی الدین” بناغەیەكی باشی بۆ ئەو ئامێرە دانایەو گۆرانكاری ڕیشەیی بووە لە سەردەمی نوێ، لە ساڵی1936 قوتابخانەیەكی عودی دامەزراند لە بەغداد كە بەشێكی زۆری ژەنیارانی بەتوانا لە ژێر دەستی ئەو پەروەردە بوون ،وەك منیر بەشیر ،جمیل بشیر، سلمان شاكر ،غانم حداد.. دەتوانین بڵێین گۆرانكاری ریشەیی بوو لە عود دا ،چونكە شێوازی ئەكادیمی وەرگرت ،دواتر هەر یەك لەو چەند كەسەی باسمان كرد بوونە قوتابخانەی تری عود ،میتۆد و شێوازی عودیان گۆری.

‎* ماوەی حەوت ساڵە تۆ كەرنەڤاڵی عود لەرێگەی قوتابییەكانت ئەنجام دەدیت، ئامانج لە ئەنجامدانی ئەو كەرنەڤاڵەدا چییە؟ نیازتان وایە ساڵانە بەبەردەوامی ئەنجامی بدەن؟
‎- ئەنجامدانی كەرنەڤاڵی عود دەبێتە نوێبونەوە لە بواری گەشەسەندنی ئەو ئامێرەو ناساندنی بەشێوازێكی ئەكادیمی لە نێو ژەنیاران و كۆمەڵگا ،چونكە ئامانج بۆ ژەنیارانی عود دروست دەكات كە ساڵانە بە ئاراستەیەك بڕۆن بەهرەمەندان و ژەنیاران زیاتر كار لەسەر بوژانەوەی موزیك بكەن .
‎دواتر ئەو كەرنەڤاڵە دەبێتە شارەزابوون و ئەزموون بۆ قوتابیان و ژەنیارانی بەشدار بوو ،بە پێی توانا هەوڵم داوە ئەو كەرنەڤالە ئەنجام بدەم بەمەستی بوژانەوەی لایەنی هونەری لە نێو كۆمەلگا ئێمەماوەی حەوت ساڵە ئەم كەرنەڤاڵە سازەكەین هیودارم بەردەوام بین .
‎ بە بۆچوونی ئێوە،تیپە موزیكییەكانی كوردستان تاچەند گرنگی بە ئامێری عود دەدەن؟ ‎ئامێری عود ئامێرێكی سەرەكییە، ئەو ئامێرە رۆڵی خۆی هەیە لە كاتی ئێستا لە نێو تیپە میللیەكان ، بە تایبەتی لەسەردەمی دامەزراندنی تیپی هەولێر لە كۆتا ساڵانی 1970 كە هەردوو هونەرمەند (وریا ئەحمەد، رزگار خۆشناو) ئەو ئامێرەیان بە شێوازێكی جوان بەكارهێنا وای كرد فۆرمێكی جوان بە تیپە میللیەكان ببەخشێت، بۆیە تا ئێستا ئەو شێوازە جوانە رەنگدانەوەی لە نێو تیپەكان تری كوردستان هەیە، هەروەها لە زاخۆش كۆمەلێك هونەرمەند وەك (سەباح زاخۆلی ،سمیر زاخۆلی) گرنگی زۆریان دا بەو ئامێرە بە تایبەتی لەگەڵ گۆرانی بێژان (ئەردەوان زاخۆلی ،ئەیاز زاخۆلی) بەجۆرێك كە رەنگدانەوەی باشی هەبووە لەسەر موزیكی كوردی. ‎پرۆژەی داهاتووتان چیە؟
‎-پرۆژەی داهاتووم ئەگەر كات بگونجێت، میتۆدێكی عود دروست بكەم بە سوود وەرگرتن لە میلۆدیە كوردیەكان تا فێرخوازان گوێچكەیان لەسەر میلۆدی كوردی پەروەردەبێت .

هەڤپەیڤین – كامەران حاجی ئەلیاس




کتێب: زمان\بون\شیعر.. نووسینی عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

(خوێندنەوەیەك بۆ ئەزموونو تایبەتمەندیی شیعری هاشم سەڕاج)

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




دوکانەکەی تاڵب خەیات.. ستیڤان شەمزینی

نوستالیژیا
بەشی دووەم

دوکانەکەی تاڵب خەیات

من بە درێژایی نەوەدەکان، کادری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بووم. لە حزبدا ھەر کارێک پێم درابێت، بێ سێ و دوو، بە ئەنجامم گەیاندووە. ھەرچەندە دەروێش نەبووم و بەردەوام رەخنە و بۆچوونی جیاوازم ھەبووە، تەنانەت بە بۆڵە بۆڵکار ناوزەد دەکرام، بەڵام لەو بڕوایەدام زۆربەی ھاوڕێیان گەواھیی ئەوەم بۆ دەدەن، زۆر دڵسۆزانە، ئەوەی لە توانامدا بووبێت درێغیم لە بردنە پێشەوەی ئەرکە حزبییەکاندا نەدەکرد. بەم بۆنەوە توانیبووم پێگەیەک بۆ خۆم دروست بکەم. لە ئازاری ساڵی ٢٠٠٠ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە ژێر فشاری ئێران، زنجیرەیەک گووشاری بۆ سەر حزبی کۆمۆنیست دروستکرد. یەکێک لەوانە ھەوڵدان بوو بۆ دادگاییکردنی حزبی کۆمۆنیست، بە چەند پاساوێکی سەیر، لەوانە: داوای سەربەخۆیی کوردستان و ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کوردستان. ھەر لەو سەوبەندەدا بزووتنەوەی ریفراندۆم لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات چالاکیی زۆری ئەنجامدابوو، دەتوانم بڵێم بە پلەی یەکەم، “ئاسۆ کەمال” ببووە سیمای بزووتنەوەکە.
حزبی کۆمۆنیست توانی لە رێگەی ھاوپشتیوانی رێکخراوە چەپەکان و سەرنجڕاکێشانی رێکخراوە نێودەوڵەتی و لۆکاڵییەکان، دژە گووشارێک بۆ سەر یەکێتی دروست بکات. ئەمەش تاراددەیەک پاشەکشەی بە ویستی یەکێتی کرد بۆ دادگاییکردنی حزب و سەرەنجام ھەڵوەشاندنەوەی. لە کۆتایی مانگی حوزەیران گووشارەکانی یەکێتی فۆرمێکی تری بە خۆوە گرت، ئەویش لە ژێر بیانووی بردنە دەرەوەی بارەگای حزبەکاندا، گووشار خرایە سەر حزبی کۆمۆنیست، تەنانەت ئاو و کارەبای بارەگاکان بە فەرمانی نەوشیروان مستەفا بڕدران. حزب زنجیرەیەک کاردانەوەی ھەبوو، چەند خۆپیشاندان و پرۆتێستێکمان لە شاری سلێمانی ئەنجامدا، بەڵام یەکێتی بە تەقەکردن و لێدان و توندوتیژیی وەڵامی خۆپیشاندانی ھێمنانەی ئێمەی دایەوە. من خۆم یەکێک بووم لە خۆپیشاندەران و شایەتم لەسەر کۆی رووداوەکان. لە چەند رۆژی یەکەمی مانگی تەمووزی ٢٠٠٠ بە روونی ئەوە دەبینرا، یەکێتی نیازێکی خراپی ھەیە و رەنگە پەلاماری بارەگاکان بدات بە ھێزی سەربازیی، ئەم بۆچوونە راست دەرچوو، چونکە رۆژی چواردەی تەمووز ھێزەکانی یەکێتی پەلاماری ئۆتۆمبیلێکی حزبی کۆمۆنیستیان دا و پێنج کادری تێکۆشەر لەو پەلامارەدا گیانیان بەختکرد. پاشان بە ھێزی ئاسایش و میلیشیاکانی تری یەکێتی گەمارۆی کۆی بارەگاکان درا، کە لەو کاتەدا لە ناو بینای رادیۆی حزب بووم لە گردەکەی نێوان گەڕەکی بەختیاری و زەرگەتە “سلێمانی”.
بەم شێوەیە و بە زەبری ھێز یەکێتی بارەگاکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و رێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری بەرگریی منداڵان و یەکێتی خوێندکار و لاوانی ئازادی لە شاری سلێمانی دەستبەسەردا گرت. ئیدی ئەو ماوەیە زیندانەکانی ئاسایش و بنکەکانی پۆلیس لە ئەندامانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی جمەیان دەھات. ئێمەش کەوتینە خۆشاردنەوە. من لە شەوی ١٨ی تەمووز لە خواردنگەیەکی سەھۆڵەکە لەلایەن ئاسایشی رزگاری دەستگیرکرام بە فەرمانی ملازم “بەرزان”. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ھەر بەردەوام بووین لەسەر کار و چالاکیی خۆمان بەشێوەی نھێنی. لە سەرەتای مانگی ئاب، شەوێک بە بۆیاخ سەر دیواری شوێنە گشتییەکانی شارمان نووسی، زۆربەشیان دروشم بوون لە دژی تیرۆرکردنی ئەو پێنج کادرە و قەدەغەکردنی حزبی کۆمۆنیست. جگە لەمەش بەردەوام بە نھێنی بەیاننامە و بڵاوکراوە و رۆژنامەکانی حزبمان بڵاودەکردەوە بە تایبەت لەناو ئەو کەسانەی جێگەی متمانە بوون. لەو سەروەختەدا، دوکانەکەی ھاوڕێ “تاڵب” کە دوکانێکی بچووکی بەرگدروو بوو، لە پشتی بازاڕی گەورەی سلێمانی لەسەر شەقامی کاکە ئەحمەدی شێخ، ببووە مەکۆی سەرەکی بینینی ھاوڕێیان و ھەروەھا زۆربەی بەیاننامە و بڵاوکراوە و رۆژنامەکان لە دوکانەکەی ئەودا دەشاردرانەوە و لە بەرەوە لێیان دەبرا و دابەش دەکران.
ھاوڕێ تاڵب، مرۆڤێکی روح سووکە، لە رووی تەمەنەوە، لەم گرووپە گەنجەی وەک ئێمە بەتەمەنتر بوو، زۆر رێزی ھەبوو لە قەیسەرییەکەدا، زۆرێک دوکاندارەکانی گوزەرەکە بەوەیان زانیبوو دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب، بووەتە مەکۆی یەکتر بینین و گەنجینەی بڵاوکراوە و ئەدەبیاتی حزب، تەنانەت بڵاوکراوەکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێرانیش، لە چەشنی “ئەنتەرناسیۆنال” لە دوکانەکەی ئەو دەستدەکەوتن، بەڵام ئەو دوکاندارانە ھێندە رێز و خۆشەویستیان بۆ تاڵب خەیات ھەبوو، نەک بێدەنگ ببوون، بەڵکو زۆربەی جار دەبوونە ھاوکارمان و ھەواڵیان دەداینێ لەسەر بوونی ئاسایش یان پۆلیس لە نزیک گوزەرەکە. من لەو بارودۆخەدا، ھەمیشە پێیەکم لە ماڵەوە و پێیەکی ترم لە دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب بوو. رۆژانە دەچوومە ئەوێ، ھەر بڵاوکراوەیەکی تازە ھەبوایە وەرمدەگرت، ھەروەھا دەیان نوسخەی ترم بۆ دۆست و ھاوڕێکانم وەردەگرت، کە دەیانویست ئاگایان لە سیاسەتی ئێمە بێت، چونکە ئاسایشی یەکێتی، رۆژنامەی بۆپێشەوە، دواتریش ئۆکتۆبەری لە ریزی تریاک و حەشیشە دانابوو، بەدەستی ھەر کەسەوە بگیرابایە، بێ سێ و دوو، بەرەو فەلاقاخانەکەی ئاسایش دەبرا. بۆیە کەم کەس ھەبوو ئازایەتی ئەوەی ھەبێت تەنانەت بە نھێنیش بڵاوکراوە و بەیاننامەکانمان وەربگرێت، مەگەر ئەو کەسانەی زۆر لێمانەوە نزیک بوون.
ئێستا بیرم دێتەوە، ھەمیشە ٥-٦ کەس لە ھاوڕێیان لە دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب ئامادەبوون، زۆرجار قسە و دیالۆگ ئەوەندە درێژەی دەکێشا، رۆژ ئاوا دەبوو. بەھۆی ئەو قەرەباڵغییەشەوە ھیچ کەس بە تایبەت ئافرەتان روویان نەدەکردە دوکانەکەی. بەکورتییەکەی لە کار و کاسبیمان کردبوو. ھەندێک جاریش تووڕە دەبووین و دەنگمان بەرز دەکردەوە و قسەمان بە دەسەڵات دەوت، کاک تاڵب بە لەسەرخۆییەکەوە دەیووت، ھاوڕێیانی ئازیز کەمێک دەنگتان نزم بکەنەوە، ھەر ئەم کونەمان ھەیە، با ئەویش لە دەست نەدەیت. قسەکەشی راستبوو، چونکە دوکانەکەی ئەو ببووە بارەگایەکی نافەرمی حزبی کۆمۆنیست لە چەقی بازاڕدا. بەدرێژایی ساڵی ٢٠٠٠ ئەوە حاڵی دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب بوو، من دوای ئەوە سەفەرم کرد، ئاگام لەو رەوشە نەما، بەڵام دەمزانی دواتریش رەوشی دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب بە بەراوورد بە ئەوکاتەی لە ناوەوەی وڵات بووم، عەینەن تاس و حەمام بوو. پێموایە ئەوە ماوەی دوو ساڵێک زیاتر درێژەی کێشا. پاشان من لە ٢٠٠٤ بە تەواوەتی وازم لە حزبی کۆمۆنیست ھێنا، ئیدی ئاگام لە چالاکی حزب و دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵبیش نەما، بەڵام دوای دوو ساڵ لە وازھێنانم لە حزب “٢٠٠٦” کاتێک ویستم گوزەرێک بەناو ئەو قەیسەرییەدا بکەم کە دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵبی تێدابوو، زۆر شت گۆڕابوو، ھەم قەیسەرییەکە گۆڕابوو، ھەم دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب نەمابوو، تەنانەت لەم ماوەیە جارێکی دیکە رێگەم کەوتەوە ئەو قەیسەرییە تەنانەت نەمتوانی دوکانەکەشی بدۆزمەوە، ئاخر ھەموو شتێک لە گۆڕاندایە.
ئێستاش بیر لەو قۆناغە دەکەمەوە، کە ١٢ ساڵێک پێش ھەنووکەیە، ھەستێکی سەیرم لا دروست دەبێت، جگە لەوەش درک بە ماندووبوونی خۆم دەکەم،. ھەم بێزارییەکی گەورە سەرتاپا دامدەپۆشێت کە ھەمیشە مەحکوم بووم بە یارییەکی سیزیفی و ھێشتاش لەو بڕوایەدام ھیچم نەبووە بە ھیچ. ھەم بیر لە مرۆڤێکی وەک ھاوڕێ تاڵب دەکەمەوە، ھەوایەکی فێنک بە دڵمدا گووزەر دەکات. ئەگەرچی ئەو زەمەنە بۆ ئێمە زۆر تاڵ بوو، کەچی وەختێک دێتەوە ناو یادەوەرییم، ھەست بە شادییەکی سەرسوڕھێنەر دەکەم.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا لی بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە ٥٤٠-٥٤٣ بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.




دەربـارەی رۆمـان و رۆمـانی هـەرزەکاران.. رەزا شـوان

زاراوەی رۆمـان کە بە زمـانی ئینگـلیـزی (نـۆڤـيـل)ە، لە زمـانی ئیتالیش (نـۆڤـیلا) یە، کە لە کۆی وشەی (نـۆڤـێـلـۆس) وەرگـیراوە، لە رەچـەڵەکـیشدا وشەکەیەکی لاتـینیـیە، بە واتـای (نـوێ) دێـت. وشـەی (رۆمـان) یـش، وشـەیـەکی فـەرەنسیـیە. لەم زمـانەوە بڵاوبۆتەوە. لە ئێستادا بەشێکی زۆری زمـانـەکـانی جیهـان بە زمـانی کوردیـشەوە، بۆ ئەم ژانـرە ئەدەبیـیە وشـەی “رۆمـان” بەکاردەهـێـنـن. لە سـەدەی هـەژدەمـدا، وشەی (رۆمــان) زیـاتـر بـۆ ئامـاژەکـردن بـە کـورتـە چـیرۆکی خـۆشـەویـستی و پیـلانگـێـڕی بەکاردەهـێـنرا. لە مـاوەی (٢٠٠) سەد ساڵی رابـردوودا، رۆمـان بـووە بە یەکـێک لە فۆرمە ئەدەبییە گرنگەکان. بەناوبانگترین و گرنگترین ژانری ئەدەبی ئەم سەردەمەیە.
باسکـردن لە رۆمـان، باسکـردنە لە جـۆرێـکی گرنـگ و بـاو و بـڵاوی ئەدەبی، کە لە ئەمـڕۆدا شوێنێکی بەرزی لە ئەدەبـدا هـەیە. رۆمان لە چـیرۆک درێـژتـرە و لە چەنـد روویەکەوە جیاوازی لەگەڵ چـیرۆکدا هەیە. لەگەڵ ژانرەکانی تری ئەدەبیشدا جیاوازی هـەیە. جیـاوازی رۆمـان لەوەدایـە، کـە چـێـژ و خـۆشی و جـوانـی هـونـەر و زمـان و ئەنـدێشە و فـانتازی و ئەفـسوونی لەخـۆگرتووە. باس لە کێشەکانی ژیان و ملمـلانـێ لەنێـوان باش و خـراپ و شـەڕ و ئاشتی و لە هـیوا و لە خـەونـەکانی مـرۆڤ دەکات. رۆمـان خـوێنـەران دەهـێـنـێـتە نـاو جـیهـانـێکی بەرینـەوە، وایـان لێـدەکات دەسـت لە خوێنـدنەوەی هەڵـنەگرن تا بزانن رووداوەکان بە کـوێ دەگەن و بە چی کۆتاییان دێت.
ئەگەرچی هـەنـدێک لە توێـژەرانی ئەدەب، پێیانوایە کە رۆمـان هـونەرێکی داهـێنراوی تازەیە و لە رۆژئـاوادا سەری هـەڵـدا. بەڵام لە راستیـدا مـێژوویەکی دانەبـڕاوی هـەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ زیـاتر لە دوو هـەزار ساڵ بەر لە ئەمـڕۆ. رەسەنایەتی سەرهەڵـدانی رۆمان بۆ یۆنانییەکان و رۆمانییەکان دەگەڕێتەوە. هەرچەندە مشتومڕ لەسەر رەچەڵەک و رەسـەنـایەتی هـەیە. سەرەتـای رۆمـان هـەرچـیـیەک بێـت، تـا دێـت بەرەو نـاوبـانـگ و بەرزبـوونەوەی زیـاتر دەچـێـت. رۆمان بەشێکە لە کولتووری مـرۆڤـایەتی هەر وەک یەکێک لە نموونە هەرە بەناوبانگ و بەنـرخەکانی کولتووری مـرۆڤـایەتی دەمـێنێتەوە.
هـونـەری رۆمـان، یەکـێکـە لە هـونەرە ئـەدەبـیـیە فـرە بەربـڵاوەکان. بە هـۆی زۆری رۆماننـووسانەوە بێـت یان زۆری هـەواداران و خۆێنـەرانی رۆمـان بێـت. رۆمـان بە گـرنگـترین ئامـرازی زانسـتی و رۆشـنبـیـری دەزانـرێـت. ئەمـەش لەبـەر ئـەوەی کە پـرس و کـێشە کۆمـەڵایەتی و نیشـتمانی و نەتـەوەیی و سیاسی و مـرۆڤـایەتیـیەکانی لەخۆگرتـوون. رۆمـان هـونەرێکی پـڕ لە زانیارییە، کە خوێنەران دەوڵەمەنـد دەکات.

رۆمـان چـیـیە؟
رۆمـان هـونەرێکی ئەدەبی نووسراوی درێـژە، ژانـرێکی گرنگە لە ژانرەکانی ئـەدەب. دەقـێکی گێڕانەوەی خەیـاڵئامێزی دوورودرێـژە، لە رێگای گـێرەرەوە (رۆماننووسەوە) بە نووسین دەگەیەنرێت. رۆمان لە زنجـیرە رووداوێک یان لە زنجـیرە چـیرۆکێکی یەک لە دوای یەک پێکهـاتـووە. لەسەر بنەمای خەیاڵ دامەزراوە. رۆمان داڕێـژراوێکە، تیێدا کۆمەڵێک رەگەز بەیەکەوە گرێدراون. بەپـێی رۆمـانەکە، پەیـڕەوی لە ریـزبەنـدی لە لـێکـۆڵـینەوەکانی رووداوەکان دەکـرێـت. باس لـە ژیـانی پاڵـەوان و کارەکـتەرە جیـاوزە خـەیـاڵـیـیەکان یـان راسـتیـیەکان دەکـات. لە چەندین رووداو و لە چەندین کات و شوێنی فـراواندا دەکـات. رۆمـان بەرهـەمی ئەزمـوون و خـەیـاڵی بـەپیـتی مـرۆڤـە. لـەوانـەیە ئیـلهامی نووسـینی رۆمـان لە سـەرچـاوەیـەک یـان زیـاتـرەوە وەرگـیرابـێـت. بـەڵام سـەرچـاوەی چـوارەم و دوایـەمـین خەیـاڵە. بێگـومان خەیـاڵ رۆڵـێکی سەرەکی و گـرنگی لە داڕشتنی هەموو رووداوێکـدا هـەیە. رۆمانی کورت و رۆمانی درێژ هەیە. رۆمـانی کورت لەنێوان (٣٠٠٠٠ بۆ ٤٠٠٠٠) وشەیە. سـەروتـری ئـەم ژمـارەیە، بـە رۆمـانی درێـژ دادەنـرێـت. هـەریـەکەش لـەم چەشـنانە گوزارشـت لە زەیـن و هـزر و لە روانـینی رۆمـاننـووس دەکـەن.
رۆمـان بەدرێـژایی سـەردەمـە ئەدەبییەکـان، بەشـداریی لە گۆڕیـنی ئایـدیـاڵە (المثـل) ئەدەبیـیەکان کردووە. شێوازە جیاوازەکانی جێـپەنجەی خۆیان لەسەر رۆمـان بەجـێهـێشـتوون.

رۆمـان لە چەنـد رەگەزێـکی گـرنـگ پێکهـاتـووە، لەوانـەش: خـەیـاڵ، بیـرۆکە، بابـەت، گـرێ، کەسایەتییەکان ـ مەرجـیش نییە کەسایەتییەکان مرۆڤـبن، دەشـێت ئاژەڵ و باڵنـدە و شـتی خەیـاڵی ئەفـسانەیی بـن بە تایبەتیش لە رۆمـانی هـەرزەکارانـداـ کـات، شـوێـن، رووداوەکان، زمـان، شـێواز، دیـالـۆگ، وەسـف، گـۆشەنیـگا، گـێڕانەوەی رووداوەکـان لە لایەن (رۆمانبێژ ـ نووسەرەوە) ەوە. لە هـەر رۆمانێکیشدا کێشەیەک یا زیاتر هـەیە. پێویستە پاڵەوان یا کارەکتەرە سەرەکییەکەی رۆمانەکە، چارەسەری گونجاوی کێشەکان بـکات. فـانتـازیاش یـەکـێکە لـە فـاکـتەرەکـانی جـیهـانی رۆمـان و چـیـرۆک و هـونـەر. فـانتـازی بە شێوەیەکی ئەدەبی دەوتـرێـت، کە مەیـلی ئـەوەی هـەیە، لە داب و نەریـتی بـاو دابـڕێـت و کـاری لە لـۆژیـک بـەدەر بکات.

زۆر بە کـورتی و بە چـڕی باسی گرنگـترین رەگەزە سەرەکـییەکانی رۆمـان دەکەیـن:
١ـ بـابـەت: بابـەت بـریتـیـیە لـە بنـەمـا و ئـامـانجی رۆمـان. ئـەو مەبـەسـت و پەیـامە خوازراوەیە کە رۆماننووس دەیەوێت بە خوێنەرانی رۆمانەکەی بگەیەنێت. بابەت ئەو پرسە بنەڕەتییەیە، کە رووداوەکانی ڕۆمـانەکە بە دەوریـدا دەسووڕێنەوە. رۆماننووس دەبێـت بـزانێـت، دەیەوێـت چی بنووسێـت. و چـۆن و لە کوێـوە دەستپـێبکات. پێویستە رۆماننووس زۆر وریابێت لە هەڵـبژاردنی بابـەتێکی مـۆدێـریـن و دانـانی ناونیشانـێکی گـونجـاو، تا سەرنـجی خوێنـەران رابکـێـشـێـت.
٢ـ رووداوەکـان: رۆمـان لە ڕێگەی زنجـیرەیەک رووداوەوە دەردەبـڕێت. رووداو ئـەو کـۆمـەڵـە وردەکـارییـانەن کە تێـیانـدا، پاڵـەوان و کارەکـتەرەکـان دەژیـن. تـا دەگـەن بە کـۆتـایی رۆمـانـەکە. هـەر رووداوێـکـیـش کـات و شـوێـنی دیـاریـکـراوی خـۆی هـەیە. قەیـرانەکـان لە رۆمـانـدا، سێ شێوازی بنیاتنان دەبیـنن، بەڵام ریـزبەنـدیی ئەم بەشـانە، مـەرجی پێـویست نـین: (سەرەتـا، پلـۆتـێک “گـرێ” ، کۆتـایی) رووداوەکان بە یەکەوە گـرێـدراون. کـە رۆمـاننـووس بـە شـێـوازێـکی گـێڕانـەوەی هـونـەری بـە خـوێنـەرانی دەگەیەنێت. سەرچـاوەی ئەم رووداوە یان رووداوانە، رۆمـاننـووس لە ژیـانی راسـتی خـەڵـکـیـیەوە وەریـانـدەگـرێـت و بـە شـێوەیـەکی هـونـەری ئـەدەبی، لـە چـوارچـێوەی رۆمـانێکـدا دایـان دەڕێـژێـت.
٣ـ پاڵـەوان و کارەکـتەرەکـان: لەوانـەیە کارەکـتـەرە ئاسـاییـەکـان، بە درێـژایی رەوتی رۆمانەکە، سـیما و تایبـەتمەنـدییەکانیان نەگۆڕێـت. پاڵەوان و کارەکتەریش هەیە گەشا دەکات، کـچ بـن یا کوڕبـن. کە رووداوەکانی رۆمـانەکە دەگـۆڕێت، دەشێـش گۆڕانکاری بەسەر پاڵەوان و کارەکـتەرەکانـدا بێـت. پاڵـەوان کارەکتەرێکی تەوەرییە لە رۆمـانـدا. کەسایەتیکی نـەرم و نیـانە. تـوانـای گـۆڕانـکاریی و چـارەسـەرکـردنی هـەیە.
٤ـ کـات لە رۆمـانـدا: دوو جـۆرە کات هـەیە، یەکەمیان کاتێکی گـشتییە کە رووداوەکانی رۆمانەکە تێیـدا روودەدەن، وەک قـۆناغـێکی دیـاریکـراو، وەک، سەدەیەک یان ساڵـێک لە ساڵان. دووەمـیان، ئەو کاتـەیە کە ماوەیـەکی دیاریکـراو دەخاتـەڕوو، کـە رۆمـانەکە تێـیـدا روودەدات وەک: رۆژێـک لە رۆژانی دیـاریکـراوی مـانـگ.
٥ـ شـوێـن لە رۆمـان: ئەمـەش پێـویستی بـە ئـەوە هـەیە، کـە رۆمـاننـووس سـەردانی شـوێنـەکـانی رووداوەکـانی رۆمـانەکەی بـکات. بـۆ ئـەوەی بـە وردی باسی بـکات. بـۆ ئـەوەیش خـوێنـەران بتـوانـن لەگـەڵ رووداوەکـانـدا بـژیـن، وەک ئـەوەی راسـتیـیەکی راسـتەقـینەبـن.
٦ـ شـێوازی رۆمـان: سـتایـل یا شـێواز بـریتییـە لـە تەکـنیک و لەو کـۆمـەڵە ئامـرازە هـونەرییـانە، کە رۆمـاننـووس بۆ گەیـانـدنی چـیرۆکی رۆمـانـەکەی بە ئامـانجـەکـانی بەکارایـان دەهـێـنـێـت.
٧ـ دیـالـۆگ لە رۆمـان: دیالـۆگ بـریتییە لە گـفـتوگـۆ یان ئاڵوگۆڕی قـسەکردن لە نێوان دوو کارەکتەر یان زیاتر لە کارەکتەرەکانی رۆمانەکە. ئەرکی بنەڕەتی دیالـۆگ، بـریتییە لە پێـدانی بـیرۆکەیـک سەبارەت بە رووداوەکـان. یەکـێکـیش لە پـێکهاتەکانی دیـالـۆگی سەرکەوتوو، ئەوەیـە رۆماننـووس خـۆی لە هـەڵـەی کوشـندە بپـارێـزێـت. جـاری واش هـەیە، دیالـۆگ لە شـێوەی مۆنۆلـۆگ دایـە، پاڵەوان یا کـارەکتەر لەگەڵ خـودی خـۆێـدا دەدوێـت “لەبەرخـۆیـەوە قـسەدەکـات”.
٨ـ گێڕانەوەی رۆمان: بەواتا گێڕانەوەی رووداوەکانی رۆمانە لە لایـەن رۆماننووسەوە بە نـووسـین. بە شـێوازێکی زمـانی پەتی و هـونەریی ئەوتـۆ، کە لەگـەڵ رووداوەکـانی رۆمـانـەکەی، لەگەڵ جـەمـاوەره فـراوانـەکەی ئـەم رۆمـانـە دەخـوێـنـنەوە بگـونجـێـت. لە بنەڕەتیـشدا رۆمـان پشـت بە باسکـردن و گـێڕانـەوەی دیـالـۆگ و مـلمـلانێی نێـوان کارەکتەرەکـان دەبەسـتـێـت.

٩ـ زمـان: زمان کەرەستەی دەربـڕین و گەیاندنە. رۆمانيش لەرێی زمان و پەیـڤەکانەوە دادەڕێـژرێـت. پێویستە رۆماننووس، شارەزاییەکی باشی لە زمـان و رێـزمانی گەلـەکەی هەبێـت. چونکە سەرکەوتـنی دیـالـۆگ بە بەکارهـێنانی دروستی وشە و زاراوە و تـۆنی دەنگی گـونجـاو بەدەست دێـت.
پێـویستە رۆمـاننووسانی مـۆدێـرن، ئەم راستیـیەش بـزانـن، کە مـرۆڤی ئەم سەردەمە، ئیتر باوەڕیان بە بوونی ئەو هـێزە نەبینراوانە و ئەو رۆحانە ئەفسانەییانە نییە، کە لە رۆمـانە کلاسیکـییەکانـدا، تـوانـای کـۆنتـرۆڵی بەڕێـوەبـردنی بـزووتنـەوەی مـرۆڤ و سروشـتیان هـەبـوو. جیهـانی ئەمـڕۆ لە روانـگەی مـرۆڤی مـۆدێـرنەوە، بەپـێی یاسـا دەروونییەکـان رێکخـراوە. بۆیە ئەم داستانـانە کە تێـڕوانینیان لە بـارەی گـەردوون و خـوداوەندەکانەوە لەخـۆگرتـوون، چـیتر لەگـەڵ هـۆشـیاری تـاک و کۆمەڵـگای نـوێـدا ناگونجێن. واتا وا پێویست دەکات کە رۆماننووسان بە دوای ستایـلی نـوێی گێڕانەوەی رۆماندا بگەڕێن و دابهـێنن، کە لەگەڵ راستیی ئێستای سەردەم و بەهاکانیدا بگونجین. (هـیگـل) ئاماژە بەوە دەکـات، ئەدەبی سـوارچـاکی کە گوزارشـت لە رۆحی سیستەمی فـیـۆداڵی (دەرەبـەگی) و بەهـاکانی سوارچـاکی و رمبازی و شمشـێربازی بـاو دەکات. بەڵام سیستەمی فـیۆداڵی بـەرەو کەمبـوونـەوە و نەمـان بـۆتـەوە. تا ئەو رادەیـەی کە بەهـاکانی سوارچاکی بۆ ئەم سەردەمە نامـۆ و کۆمیـدین و بوونەتە مایەی گاڵتەجاڕی. ئەگەر داستان کچی ئەو ئەقـڵییەتە کۆنەیە، بەڵام رۆمان کچی ئەم ئەقـڵیە مۆدێـر نەیە، کە جیهانی جادوو و جـنۆکە و خێو ئەفسووناوییەکانی تێپەڕاندووە. دەبوو گۆڕانکاری لە شـێوازی گـێڕانەوە و دەربـڕیـن و ناوەڕۆکە زانـستیـیەکانی رۆمانـدا رووبـدات، تا رۆمـان وێنـەی ژیـانی راستی بـکات و گوزارشـت سـەردەمـێکی نـوێ بـکات.

رۆمـانی هـەرزەکـاران:

بەپێی بەندی یەکەمی جاڕنامەی مافـەکانی منداڵان، کە تەمەنی ستانداردی منداڵی دیاری کردووە.، منـداڵ هەر کەسێکە ـ کچ یا کوڕ ـ کە تەمەنی لەژێـر (١٨) ساڵەوە بێـت. ئەم مـاوە تەمەنەش بەپـێی گەشەکـردنی جەستەیی و دەروونـی و ئـەقـڵی، کـراوە بە چـەنـد قـۆناغـێکەوە. یەکێک لەوانە قـۆنـاغی هـەرزەکارییە، لەنێـوان (١٣ـ بـۆ ـ ١٨) ساڵانە. بە واتا “هـەرزەکاری قـۆنـاغی گواستـنەوەی گەشـەی جـەسـتەیی و دەروونی مـرۆڤـە، لەنێوان منداڵی و گەنجیدا روودەدات”. ئەم گواستنەوەیە، گۆڕانکارییە بایـۆلـۆژییەکان، پـێگەیشـتـنی سـێکـسی، کۆمـەڵایـەتی و دەروونی لەخـۆدەگـرێـت.
هـەرزەکاری یان (نەوجەوانی)، سـەردەمی زێـڕینی پەروەردەیـە بـۆ هەموو مـرۆڤـێک. چونکە لەم قۆناغەدا کارامەیی و داهـێنان و لە هەمووی گرنگتر خەون و خەیاڵەکانیان دروسـت دەبـن. خـەیـاڵـیش پێـویـسـتیـیەکی بنـەڕەتی داهـێـنانە. جـیهـانـێکی گـەوەرە و فـراوان لەبـەدەم هـەرزەکـارانـدا دەکـرێتـەوە و دەتـوانـێـت بـە ئـازادی خـەیـاڵ بکـات.
ئـەدەبی هـەرزەکاران، جـۆرێـکە لە ئـەدەب، ئامـانجی ئـەو خوێنـەرانەیە کە تەمەنیـان لەنێـوان دوانـزە بۆ هـەژدە سـاڵە. کـتـێـبەکانی ئەدەبی هـەرزەکـاران جیـاواییان لەگەڵ کـتێـبەکانی ئەدەبی منـداڵانـدا هـەیە. کە چارەسەری بابەتگەلـێکی زیاتر ئاڵـۆز دەکەن. ئامانجـیش خەڵکیـیەکە کە زیاتر پێگەیشـتوون. دەتـوانـن زیـاتر تـێـبگەن و وەربگـرن. لە ئێستادا رۆمـانی هـەرزەکاران، لە ئـەدەبی گـەلانی پێشکەوتـوودا، ژانـرێکی ئەدەبی فـانتازی بـڵاو و باڵادەسـتە. لە ئەمـڕۆدا بە سەدان رۆماننووسی پسـپۆر و بەناوبانگی بـواری رۆمـانی هەرزەکاران لە جیهـانـدا هـەیە. بە سەدان رۆمـانیان بۆ هـەرزەکاران نووسیون و بە ملێـۆنـان دانەیـان لـێیان چاپکـردوون و فـرۆشراون. بەشێکێ زۆریـان کراون بە فـیلمی ئەنیمەیشن و بە فـیلمی سینەمایی و بە زنجیرە درامای تەلەفـزیـۆنی.
رۆمـان رۆڵـێکی گرنـگی لە هـۆشـیاری و تێگەیشتنی هەرزەکارانی خوێنـەردا هـەیە. دەکـرێـت یارمـەتیـیان بـدات کە خۆیـان لە جیهـانی دەوروبەریـان تـێـبگەن و بتـوانـن رووبـەڕووی بەرهـەڵـستییەکان و کـێشەکـانیان ببنـەوە کە رووبـەڕوویـان دەبـنـەوە.
زۆر خوێندنەوە لە کاتی هەرزەکاریدا، دەتـوانێت خـێراتـر و ئاسانتر هەرزەکان بخاتە سەر رێـگای سەرکەوتـن. لێکـۆڵـینەوەکان دەریانخـستووە کە ئـەو هەرزەکارانەی کە جگە لە کتێبەکانی قوتابخانە، کتێبی تر دەخوێننەوە، ئەگەری سەرکەوتنیان زیـاترە لە داهـاتـوودا. هـەرزەکاران بە خوێنـدنەوەی رۆمـان، توانای وشەسازیان زیاتر دەبێـت. ئاستی زیـرەکیشیان بەرزتـر دەبێتەوە. یارمەتی ئەوەشیان دەدات لە داهاتوودا، باشتر بیرۆکەکانیان دەربـڕن. ئاگاشیان لە لایەنە جیاوازییەکانی ژیـان دەبێت و دەشتوانن بە ئاسانی مامـەڵە لەگـەڵ گـرفـت و کێشەکـانیان بکەن.
لەگەڵ پێشکەوتنی سەرسوڕهـێنەری تەکـنەلـۆژیـا و داهـێنانی شـتی سەیـر و سەمەرە لە جیهانی ئەمـڕۆدا. رێنمایی هەرزەکاران ئاسان نییە کە لە یاری ڤـیدیـۆیی و مۆبایـلە زیرەکەکانەوە، بەرەو کتێب و خوێنـدنەوە ئاراستە بکـرێن. ئەگەر بتوانین هەرزەکاران تامەزرۆی خوێنـنەوەی کـتێب بکەیـن و بە باشتریـن ئەو رۆمانانە ئاشنایان بکەیـن کە بە تـایبەتی بـۆ هەرزەکـاران نووسـراون، کـاریـگەرییەکی گەورەیـان لەسـەر ئەمـڕۆ و داهـاتـوویـان دەبـێـت. چـونـکە تەمـەنی هـەرزەکـاری تەمـەنی چـۆسـت و چـالاکـیـیە.
ئایا رۆمـانی هـەرزەکاران لە ئەدبی هەرزەکـارانی کورد سـەری هـەڵـداوە؟

وەکو پێشتر وتمان منداڵ لە دایکبوونەوە، تا تەمەنی هەژدە ساڵان بە منداڵان دادەنرێت و ئەم ماوە تەمەنەش کراوە بە چەند قـوناغێکەوە. رۆمان بۆ منـداڵانی تەمەن تا (١٢) ساڵان، نە لە رووی دەروونی و ئەقـڵی و هـزری و زمانەوە، نە ئەو پشوودرێژییەشیان هـەیە کە رۆمـان بخوێنـنەوە و بە باشی لە مەبەست و لە ناوەڕۆکەکەی تێبگەن. بۆیـە دروست وایە کە بنووسرێـت (رۆمـان بۆ هـەرزەکاران) یان (رۆمـان بۆ مـێردمنـداڵان). یان (رۆمان بـۆ نەوجەوانان). وشەی (هـەرزەکاران) بە پەسەنـدتـر دەزانـم. ئەگەرچی هەنـدێک لەو رۆمانەنەی کە بۆ هەرزەکاران نووسراون، پاڵەوانەکانیان لەژێـر سیانزە ساڵییەوەیە. بۆ نموونە هـایـدی نـۆ ساڵانی پاڵەوانی رۆمانی (هایـدی) نووسینی خاتوو یۆهـانـا شـبیری. (ئەلیـس) ی دە ساڵان، لە رۆمـانی (ئەلـیس لە وڵاتی عـاجـباتییەکان) لە نـووسینی رۆماننـووس لـویس کـارۆل. (لـولـو) ی هـەشت ساڵان پاڵـەوانی رۆمـانی (کچی دورگە بچکۆلەکە) نووسینی مامۆستا ئەمین محەمەد. (نازە)ی دەساڵان پاڵەوانی رۆمانی (نـازیلـێی مـانـگ و شازادەی خـۆر) نووسینی خاتوو پەیـام ئیـبراهـیم.

 رۆمانی نایلێی مانگ و شازادەی خۆر و نووسەر پەیام ئیبراهیم

نووسینی رۆمـان بۆ هـەرزەکاران، گرانترە لە نووسینی رۆمان بۆ گەورەساڵان، چونکە نووسینی رۆمـانی سەرکەوتوو بۆ هـەرزەکاران، پێـویستی بە شارەزایی لە مـەرج و لە بنـەما پێـویستییەکانی نووسینی رۆمـان بۆ هـەرزەکاران هـەیە. پێـویستی بە خەیـاڵـێکی فـراوان و بە شێوازێکی هونەری نووسین و بە تەکنیکی داڕشتن و بە زمانێکی پەتی و دەوڵەمەنـدی کوردی هەیە، پێویستی بە شارەزایی لە سایکـۆلۆژیای هەرزەکاران هەیە.
تا ئێستا چەنـد نووسەرێکی کوردمـان کە باسیان لە رۆمـان بـۆ هـەرزەکاران کـردوون، وەکو دەستپـێشخەر، ئامـاژەیـان بە دوو چـیرۆکی چاپکـراوی نـووسـەر و رۆمـاننوسی کوردمان مامۆسـتا (عـەزیـزی مـەلا رەش) داوە. ئەو دوو چـیرۆکەش (گـورگ و بـزن ـ ١٩٩٠) و (بـۆرە ـ ١٩٩١) کە. بەڵام ئـەم دوو چـیرۆکە لە زۆر رووەوە، مەرجەکانی رۆمانیان تێدا نییە، سەرەڕای ئەوەش تا رادەیەکـیش زمانێکی ناوچـەیی بەکارهـێناوە. ئەگـەر نـاوی رۆمـان، لـە هـەر چـیرۆکـێکی درێـژ بـۆ هـەرزەکـاران بنـێـین، گـەلـێک چـیرۆک و حیکایـەتی فـۆلکـلـۆری و میـلـلی کوردی درێـژمان بۆ هـەرزەکاران هـەیە.
مەبەستیشـم ئەوە نیـیە، لە دڵسـۆزی و هـەوڵی مامۆسـتا عـەزیـز کەم بـکەمـەوە. کە نـزیکەی (٣٤) سـاڵ بـەر لە ئێستا هـەوڵی نووسـینی رۆمـانی بـۆ هـەرزەکاران داوە.
بە شانـازییەوە دەڵـێم، ئێـمەی کورد چەنـدین کـەڵە رۆمانـووسی گەورەکـانمان هـەیە، کە چەنـدیـن شاکارە رۆمـانیان نووسـیون. هەندێکیان ناوبانگی ناوچەیی و جیهـانیان هـەیە. بەڵام بە داخەوە تا ئەمـرۆش نووسەرانی پسپۆری بـواری نووسینی رۆمان بۆ هـەرزاکارانمان نییـە. وەکو پێویسـت ئـاوڕ لە رۆمـانی هـەرزەکاران نەدراوەتەوە. کە رۆمانی هەرزەکارانمان نەبێت، کەواتا جمهـوری خوێنەری رۆمانی هـەرزەکارانیشمان نیـیە. ئەگەر تاک و تەرا هـەشبن، رۆمانی هەرزەکاران بە زمانی بـێگانە دەخوێـننەوە. تا ئێستا لە دوو سێ رۆمان زیـاترم نەبینیوە، کە بـۆ هـەرزەکاران لە زمـانی بـێانییەوە وەرگـێڕابێـت بـۆ سەر زمـانی کـوردی. چەنـد چـیرۆکـێکی درێژیـان بـۆ هـەرزەکـاران وەرگـێڕاون بۆ سەر زمانی کوردی، بەڵام وەکو وتـمان جیـاوازی لەنێـوان چـیرۆک و رۆمـانـدا هـەیە.

 رۆمانی کچی دورگە بچکۆلەکە و نووسەر ئەمین محەمەد

خۆشـبەختـانە پێـرار، ساڵی (٢٠٢٢) رۆمـانـێکی کـوردیی تـایـبەت بـۆ هـەرزەکـاران، چاپکرا و بڵاوکرایەوە، کە رۆمانی (کچی دورگە بچکۆلەکە) یە لە نووسینی شاعـیر و چـیرۆکنووسی ناسراوی بـواری ئەدەبیاتی منـداڵان، مامۆســتا “ئەمـین محـەمـەد”ە.
پێموایە ئەمە مژدەیەکی دڵخۆشکەرە بۆ سەرهەڵدانی رۆمانی کوردی بۆ هـەرزەکاران. لە سـاڵی پـاریشـدا (٢٠٢٣) سێ رۆمـانی تـر بە کـوردی بـۆ هـەرزەکـاران، بـە دوای رۆمـانەکەی کـچی دورگـە بچکـۆلەکـەدا هـاتـن و چـاپکـران و بڵاوکـرانەوە. ئـەم سێ رۆمانەش، رۆمـانی (نـازیـلـێی مانـگ و شـازادەی خۆر)ە، لە نووسینی چیرۆکنووسی بۆاری منداڵان، راگەیانـدنکار، خاتـوو ” پەیـام ئیبراهـیم”ە. مـن بە کورتی و بە چـڕی دوو نـووسینم دەربـارەی ئەم دوو رۆمـانە نووسیوە. لە سایتە ئەلیکـترۆنییەکان و لە گۆڤاری”ژیـار” و لە گۆڤاری “دیـالـۆگ”دا بڵاویانمـکردەوە. یەکەمیان بە ناونیشانی (خوێنـدنەوەیەک بۆ رۆمـانی کچی دورگە بچکۆلەکە). دووەمیان ( پەیـام ئیـبراهـیم و رۆمـانی نـازیـلـێی مـانـگ و شـازادەی خـۆر). شـاعـیـر و چـیـرۆکـنـووسی منـداڵان مامـۆسـتا (عـەلی حـەمـەڕەشـیـد بـەرزنـجی) یـش لە سـاڵی (٢٠٢٣) دا، دەربـارەی رۆمانی کچی دورگە بـچکـۆلەکـە، نووسـینـێکی بە ناونیـشانی (رۆمـانی کچی دورگە بچکۆلەکە و چەند سەرنجێک) لە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) و لە چەند سایتێکدا بـڵاویکـردۆتـەوە. چەنـد لایـەنـێکی ئـەم رۆمـانـەی هـەڵـسەنـگانـدووە.
هەروەها چـیرۆکنووس و و شاعـیری بواری منـداڵان، مامۆستا (سـەردار قـادر) یش دەربارەی ئەم رۆمانەی مامۆستا ئەمین، نووسینێکی بە ناونیشانی (گاریگەریی زمـان لە رۆمـانی کچی دورگە بچکـۆلەکە) دا، لە چەنـد سایتەکانـدا بڵاویکردۆتەوە. کە تێیدا تیشکی خستۆتە سەر لایـەنی زمـان شارەزایی و پاراوی مامۆستا ئەمین لەم رۆمانەدا.
هەر لە دوای بڵاوکردنەوەی ئەم رۆمانە، شاعـیر و چیرۆکنووسی بواری منداڵان کاک (رۆستەم خامۆش) دیمانەیەکی لەگەڵ مامۆستا ئەمین محەمەد سازداوە و لە رۆژنامەی “کوردسـتانی نـوێ” دا بـڵاوی کـردۆتـەوە، مامـۆسـتا ئەمـین لە وەڵامی پـرسیارەکـانی کـاک رۆسـتەم دا، بـاس لـە ئـەزمـوونی نـووسـینی خـۆی لە بـواری منـداڵانـدا دەکـات. باسیش لە نووسیـنی رۆمـانەکەی (کـچی دورگـە بچکـۆلـەکە) دەکـات.

 رۆمانی جانتاکەی کارۆ و عـوسمان دەروێـش

رۆمـانی سێیەم بۆ هەرزەکاران، کە هەر لە ساڵی (٢٠٢٣) دا، چاپکـرا و بڵاوکرایەوە، رۆمـانی (جـانتـاکەی ئـارۆ) یە، لە نـووسینی شاعـیر و چـیرۆکنووسی بـواری منـداڵان کاک “عـوسمان دەروێـش”ە. هـەر ئەم رۆمـانە لە ساڵی پـاردا، لایـەن نووسەر دکـتۆر (جەلیل ئیبراهیم الزهـیری) یەوە، لە کوردییەوە وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی عەربی بە نـاوی (حـقـیـبة آرو). بەڵام مـن تا ئێستا ئـەم رۆمـانەی کاک عـوسمانم پێـنەگەیشتووە کە بـیخـوێـنـمەوە. بـۆ مـاسنجـەرەکـەشی نـامەیـەکم بـۆی نـارد کـە بە (پـی دی ئێـف) رۆمانەکەیم بۆ بنێرێت. بەڵام تا ئەم نووسینەم هـیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە. دووبارەش پیـرۆزبـایی و دەسـتخـۆشی لە کـاک عـوسـمان دەروێش دەکـەم.
رۆمانی چـوارەم بـۆ تـازەلاوان، رۆمـانی (زێـبرایەک لە دارسـتانەکـانی سـویـد دا) لە نووسی شاعـیر و چـیرۆکنووسی بـواری ئەدەبی منـداڵان، مامۆسـتا (ئاکـۆ محـەمـەد سابیر)ە. تیراژی (١٠٠٠) دانە و لە ساڵی (٢٠٢٣) لە شاری (بانـە) لە رۆژهـەڵاتی کوردستان چاپکراوە. مامـۆستا ئاکۆ بە (پی دی ئێـف) بۆی ناردم. ئەم رۆمانە (٢٤) بەشـە، پاڵەوانەکەی (ئادەم) کوڕێکی منداڵێ تەمـەن نـزیک (١١) ساڵانـە. لە رووی بیرۆکەوە هانی منداڵان دەدات بۆ ئاژەڵـدۆستی. بە داخەوە ئەم رۆمانە پـڕە لە هەڵەی رێنـووسی و زمانەوانی. پەیـامـەکەشی بە شـێوەیـەک گەیـانـدووە کە لەگـەڵ خواستی منـداڵانی کورد و لەگەڵ داب و نەریتی کوردەواریـدا گونجاو نییە. بریا ئەوەندە پەلەی نەکـردایە لە چاپکـردنی رۆمـانەکەی و پێـشانی نووسـەرانی شارەزای رۆمـانی بـدایە، لەگەڵ ئەوەشـدا جوانتریـن پیـرۆزبایی و دەستخـۆشی لە مامۆستا ئاکۆ سـابیر دەکـەم.

 بەرگی یەکەم دووەمی رۆمانی ملـوانکەی ئەفـسوناوی بۆ هەرزەکاران ـ ئەمـین محەمـەد

بۆ مامۆستا ئەمـین محەمـەد، کە بە (پی دی ئێـف) رۆمـانەکەی بـۆم نارد. جوانترین دەستخـۆشی و پـیرۆزبـایی لێـدەکەم. لە هەفتەی یەکەمی مانگی شوباتی رابـردوودا، نووسینێکم بە ناوی (خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی ملـوانکەی ئەفسونـاوی) نووسی لە سایتـەکانـدا بڵاوکـردەوە. ئەگـەر یەکـێک ئـارەزووی خوێـنـدنەوەی ئـەو نـووسـینەم بکات، ئامـادەم کە بـۆ ئیـمـێـلەکەی بـیـنـێرم.
رۆمانی ملـوانکەی ئەفسونـاوی، لە ناونیشانەکەیەوە و لە سەرەتاوە بە ئەفسون دەست پێـدەکـات، هـەر بـە ئەفـسونیـش چـارەسەری رووداوەکـان دەکـات و کـۆتـایی دێـت. ئەم رۆمـانە، رۆمـانێکی خەیـاڵـيی فـانتـازییە، لە هەمانکاتیشدا رۆمانێکی خەیـاڵی زانستییە و رۆمانێکی داهـاتووە (جۆرێکە لە جۆرەکانی رۆمان) لەو پێنج رۆمانە بۆ هەرزەکاران رۆمانی ملوانکەی ئەفـسوناوی جوانترین و هونەریترین و فانتازیترین رۆمانی کوردییە بـۆ هـەرزەکاران، لە هەمـوو روویـەکەوە لە ئاستێکی بەرز دایـە.

دەتوانین بڵێین، کە رۆمانی (کچی دورگە بچکـۆلەکە) بۆ هەرزەکاران و ساڵی (٢٠٢٢) بە ساڵی سەرهـەڵـدانی رۆمـانی هەرزەکاران لە ئەدەبی هـەرزەکـارانی کـورد دابـنێـیـن. دەسـتپێشخەری و شانـازیش بۆ مامۆسـتا ئەمـین محـەمـەد دەگەڕێتەوە. هـیـوای ئـەوە دەخـوازم کە نـووسـەرانی شـارەزای تر، بـێـنە ئـەم بـوارە و خۆیـان تـاقی بـکەنـەوە و ئاوزەنگی لە ئەسپی تـوانا و شارەزاییان بـدەن. بۆ ئەوەی رەوتی رۆمانی هەرزەکاران لە ئەدەبی هـەرزەکارانی کورد بکەوێتە رێ و خـۆی بـگەیەنـێـت بە کـاروانی رۆمـانی هەرزەکارانی گـەلان. ئەگەر بمانەوێـت شـتێک نییە نـاوی ئەسـتەم و نابێـت بێـت.

ئێستا دەتوانین ئەوە بڵێین کە (رۆمانی هەرزەکان) لقـێکە لە ئەدەبی کوردی. دەتوانین.

ژانـرێکی تر بـۆ ئەدەبی کوردیمـان زیادبکەیـن بە نـاوی (ئەدەبی هـەرزەکارانی کورد). وەکو ژانـرێکی ئەدەبی سەربەخۆ، لە ئـەدەبی منـداڵانی کورد و لە ئەدەبی لاوانی کورد جیابکەینەوە، چونکە قـۆناغی هەرزەکاری لە زۆر رووەوە تایبەتمەنـدیی خۆی هـەیە.

لەو باوەڕەدام کە کوردێکی کەم، ناوی کچۆڵەی بلـیمەتی کورد و جیهـانی، بچـووکترین رۆمـاننـووس لـە ئەوروپـادا، لەوانـەشـە لـە جیهـانـدا (بەفـریـن شادۆسـت کەریـمی) ی بیستووە. ئەم کچـۆڵە جـوان و زیـرەک و بلـیمەتەمـان. خەڵکی رۆژهـەڵاتی کوردستانە. باوکی (شادۆست) بە هـۆی خەباتی پێشمەرگایەتییەوە، ماوەیک لە شارۆچکەی (کەلار) نیشتەجێ دەبـن. تەمەنی بەفـرین چـوار ساڵ بـوو، وەکو پەنـابەر خانەوادەکەی روویان لە نەرویـج کـرد و لە شاری (ئـۆسڵـۆ)ی پایتـەخـتی نەرویـج گـیرسانەوە.
بە فـرین لە ماوەیەکی زۆر کەمـدا، بە خوێنـدنەوە و بە نووسین فـێری زمانی نەرویجی بـوو. بەفـریـن لە پـۆلی چـواری قـوتـابخـانەی بنەڕەتیـدا، کە تەمـەنی (٩) ساڵان بـوو، چەنـد شانـۆیەکی بە زمـانی نەرویـجی بـۆ قـوتـابخـانەکەیـان نـووسی و دەریـانهـێنان و لەسەر شانـۆدا نمایش کـران. جـێی سەرسوڕمـانی مامۆسـتاکان و هـاوڕێـکانی بـوون.
بەفـرین کەریمی کە لە ساڵی (٢٠٠٩) دا، کە تەمەنی (١٠) ساڵ بـوو، لە پۆلی پێنجی بنەڕەتیـدا بوو، بۆ یەکەم جار رۆمـانێکی بۆ هـەرزەکارن، بە زمانی نەرویجی نووسی بە ناونیشـانی (مـاریـا و زڕدایـکی) بە زمـانی پـەتی نەرویـجی نووسـیوێـتی کە (٧٠) لاپەڕەیە. لە هـەمان ساڵـدا بـۆیان چاپکـرد و بـڵاویـان کـردەوە. بەفـرین لەم رۆمـانەدا، باس لە کـێشەیەکی جیهـانی دەکات. کە کـێشەی لەیەک جیابـوونەوەی ژن و پیـاوە، کە منـداڵـەکانیان دەبنە قوربانی و باجی لەیەکـتری جیابـوونەوەی دایک و باوکیان دەدەن. دەبـێـت چارەنـووسی ئەو منـداڵانە لە سایەی زڕدایکـدا چـۆن بـێـت؟ پاڵەوانی سەرەکی ئەم رۆمانەی بەفـریـن کەریمی، کچۆڵەیەکی تەمەن دە ساڵ و نیوە و ناوی (ماریـا) یە. دایـک و بـاوکی لەیەکـتری جیـادەبنـەوە و دەکەوێتـە بەردەسـت زڕدایـک. ئەم رۆمـانە بووە بەجـێی سەرسوڕمانی هەموو خوێنەرانی نەرویـج، کە کچـۆڵەیەکی (١٠) ساڵانی کورد، رۆمـانێکی نایابی وای بە زمـانێکی پەتی و شـیرینی نەرویـجی بنووسیت. کە تا ئـێستا شـتی وا لـە منـداڵانی نەرویـج و ئەوروپـاش نەوەشـاوەتەوە. بەفـریـن ئەنـدامی کۆمـەڵەی منـداڵانی کـورد ـ لە نەرویـج بـوو. هـەر لە پـۆلی پێـنج و لە تەمـەنی (١٠) ساڵیـدا، دەستی بە نـووسینی رۆمـانی دووەمی بە زمـانی نەرویـجی کرد، ئەم رۆمانەی لەژێـر ناوی (بـاوکـە ئەژدیـهـاکە) دایـە، لە تەوابـوونی نـزیک ببـووەوە، بەداخەوە کە تووشی کارەساتی وەرگەڕانی ئـۆتـۆمبێلەکەیان بوو. بە سەختی بـڕبـڕەی پشتی بـریـدار بـوو، لە مـردن گـەڕایـەوە. سێ نەشــتەرگـەریی پـشـتـیان بـۆی کـرد. سـاڵـێک لەسـەر عەرەبانە بوو. بەفرین کەریمی لە ئێسـتادا، بڕوانامـەی مـاسـتـەری لە سـۆسـۆلـۆژیـدا وەرگـرت. نیـازی بەدەسـتهـێـنانی بـڕوانـامـەی دکـتـۆرایە.
کـتێـبی رۆمـانەکەی بەفـریـن کەریـمی (مـاریـا ئـۆگ سـتـیـمـورەن ـ مـاریـا و زڕدایکی) لەلامـە. ئەگەر درەفـەتـم بۆ بـڕەخـسێـت، نیـازم وایە وەریگـێـڕم بۆ سەر زمانی کوردی.
ئەگەر بوایە بەفـرین کەریمی ئەم رۆمانەی بە کوردی بنووسیایە. دەبوو بە یەکەم و بە بچووکـترین رۆمانووسی ئەدەبی هـەرزەکارانی کورد. چونکە (١٥) ساڵ بەر لە ئێستا رۆمـانی (مـاریـا و زڕدایـکی) نـووسسیـوە و چـاپـیکـردووە. ئەگـەرچی خـانـەوادەکەی بەفـریـن لە ماڵـەوە بە کـوردی قـسەدەکـەن و بە زاریـش کوردییـەکەی بەفـرین باشە. بـەڵام ناتـوانێـت بە کوردی بخـوێـنـێـتەوە و بنـووسـێـت.

(*) بۆ نووسـینی ئەم بابـەتەم کەم یا زۆر، سـوودم لە چەنـد سایتـێکی ئیـنگـلیزی و نەرویـجی و عـەرەبی وەرگـرتـووە.
رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤




كتێب: شەڕی زمان، لە پێناو تەئویلكردنی دەق.. نووسەر: عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بابەت: لێكۆڵینەوە

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




نادیموکراسی دیموکراسی.. سامانی وەستا بەکر

دیموکراتی واتا دەسەڵاتی گەڵ بەڵام کاتێ گەل ناهۆشیار بوو چی؟
ئەی ئەگەر دیموکراسی چارەسەری کێشەکان نەکا جێگرەوەی چێیە؟

دیموکراسی: بە یۆنانی بە واتایی: “فەرمانڕەوایی گەل” شێوازێکی فەرمانڕەواییە کە ھەموو ھاوڵاتییەکی “شیاو” بە یەکسانی تیایا بەشدار ئەبن، کە بڕیارەکان بەپێی ڕێنمایییەکانی زۆرینەی ھاوڵاتیان بەھۆی پرۆسەیەکی ھەڵبژاردنی بێگەرد وەرئەگیرێن. کە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرھەنگی لەخۆئەگرێت، کە رێگە بە ھاوڵاتیان ئەیات چارەنووسی ڕامیاری بە ئازادی و یەکسانی دیاری بکەن، ھەروەھا یەکێک لە گرنگترین بنامەکانی دیموکراسی بریتیە لە “بەرپرسیارت”، کە ڕێز لە سیستم بگیرێت و وشیاریت زالبێت بەسەر زەبر و توندوتیژیا.
دەستەواژەی دیموکراسی لە وشەی یۆنانی “دیموکراتیا” وەرگیراوە، کە وشەی یۆنانییەکە لە دوو بەش پێکھاتووە “دێمۆس” واتە گەل و “کراتین” واتە فەرمانڕەوایی. بەمانای “فەرمانڕەوایی گەل”. چەندین شێواز لە دیموکراسی ھەیە، بەڵام دوو شێوازی بنەڕەتی ھەیە، کە ھەردووکیان ھەوڵ ئەیەن بۆ چۆنیەتی بەدیھێنانی داواکاری ھاووڵاتییان، یەکیک لە شێوازەکانی دیموکراسی، بریتییە لە دیموکراسی ڕاستەوخۆ کە رێگە بە ھەموو ھاوڵاتییەکی شیاو ئەیات بەشداری ڕاستەوخۆ و کاریگەر ھەبێت لە بڕیاران لە پێکھێنانی حکومەت، وە یەکیکی تر لە شێوازەکانی دیموکراسی، بریتیە لە دیموکراسی نوێنەرایەتی کە لە زۆربەی دیموکراسییە مۆدێرنەکان بەدی ئەکرێت کە ھەموو ھاوڵاتییەکی شیاو لە بڕیارانا دەسەڵاتی باڵادەست ئەمێننەوە بەڵام دەسەڵاتی ڕامیاری بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای نوێنەرە ھەڵبژێردراوەکان بە نوێنەرایەتی جێبەجێ ئەکرێت.

هاوڵاتی شیاو:
هاوڵاتی شیاو بەکەسێک ئەوترێ کە لەڕووی تەمەنەوە و توانای بڕیاردانی هەبێ بۆ هەڵبژاردن و دیارکردنی نوێەرایەتی حیزب، ڕێکخراو یان کەسێک تا دەسەڵاتی خۆی پێببەخشێ و بەنوێنەرایەتی بەشداری لە دەرکردنی یاسا و بەڕێوەبردنا بکات.

دەنگدەری شیاو:
بەکەسێک ئەوترێ کە ئاستێكی بەرزی هۆشیاری و تێگەشتنی بۆ لێکدانەوەی بابەتەکان هەبێ و بتوانێ شرۆڤەیەکی ژیرانە بۆ گفت و گوتاری حیزب، ڕێکخراو، کەسایەتیی کاندیدەکان بکات و نەکەوێتە ژێر هەژموونی هەست و سۆزەوە.

هەڵەی شیاو:
مەخابن ئەوانەی کە ئەنجامی پرۆسەی دەنگدان و دیموکراسی “فەرمانڕەوایی گەل” یەکلایی ئەکەنەوە هاوڵاتی شیاون نەک دەنگدەری شیاو کە ئەمەش بە گەورەترین و پڕ کێشەترین پرۆسەی دیموکراسی ئەزانرێت بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و تازە گەشەکردووەکانا چونکوم ڕێژەی هاوڵاتی شیاوچەندین جار بەرامبەر بە دەنگدەری شیاوە بەڵام ئەمە لە ڕۆژئاوا جیاوازترە.

جۆرەکانی دیموکراسی:
*دیموکراسی میللی یان ڕاستەوخۆ، ئەمە زیاتر بە “ئەثینی” یان ڕەسەن ناو ئەبرێت لە کۆی جیهانا بوونی نییە.
*دیموکراسی سۆسیالیستی، ئەم جۆرە لە دیموکراسی سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە.
*دیموکراسی مەسیحی و ئاینەکانی تر، لێرەیا ئاین ئەبێ بەسەرچاوەی کۆی یاسا و ڕێساکان و ئازادی بەرتەسک ئەبێتەوە.
*دیموکراسی لینڕال، ئەم نمونەیە ساڵانی زوو زیاتر لە سویسرا و وڵاتانی ئەسکەندەنافیا جێبەجێئەکرا و بەڵام لە ئێستایا کاڵبۆتەوە.
*دیموکراسی ناوەندی، ئەمەیان خراپترین جۆری دیموکراسییە کە شویعییەت بەرهەمی هێناوە، لێرەیا دەسەڵات لای ئەنجومەنی سەرکردایەتییە و گەل ئەبێ گوێرایەڵبێ.
زۆر جۆری تری دیموکراسی هەیە، بەڵام بە گشتی دابەش ئەبێ بەسەر دوو جۆرا:
١. دیموکراسی ڕاستەخۆ. رێگە بە ھەموو ھاوڵاتییەکی شیاو ئەیات بەشداری ڕاستەوخۆ و کاریگەر ھەبێت لە بڕیاردان لە پێکھێنانی حکوومەتا، ئەم جۆرە لە دیموکراسی لە زۆرێک لە وڵاتەکان دەستی تێئەخرێت و کاریگەری ڕاستەوخۆی هاوڵاتی لاوازئەکرێت.
٢. دیموکراسی ناڕاستەوخۆیان دیموکراسی نوێنەرایەتی. کە لە زۆربەی دیموکراسییە مۆدێرنەکان بەدی ئەکرێت، کە ھەموو ھاوڵاتییەکی شیاو لە هەڵبژاردنی نوێنەران لە دەسەڵات بەشدارەبن، بەڵام دەسەڵاتی ڕامیاری بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای نوێنەرە ھەڵبژێردراوەکان جێبەجێ ئەکرێت. دیموکراسی ناڕاستەوخۆ ئایدیۆلۆژیا و بنەما و ڕێباز و مەبدەئ نییە، بەڵکو کۆمەڵە ڕێکەوتن و بەهایەکی سیاسی هاوبەشە، هەموو لایەک کۆکن لەسەری، بۆیە ئەو هەموو دۆخە وەرئەگرێ.

نادیموکراسی خودی دیموکراسی:
وەک پێشیتر پێناسەکرا کە دیموکراسی واتای “فەرمانڕەوایی گەل”ە، واتا ئەبێت گەل هاوبەش و یەکسانبن و پێکەوە فەرمانڕەوایی بکەن، بەڵام هەر بەپێی ئەو واتایە و لە سیستمی دیموکراسیا نادادی و خۆسەپاندن ئەسەپێنرێ، زۆرینە کۆی مافەکانی بەرامبەر هیچی کەمینە ئەسەپێنێ و لە هەموو لایەکیشەوە دانی پیائەنرێ.
نادیموکراسی بوون لە خودی دیموکراسییا ئەوەیە کە ڕێ بە زۆرینە ئەیات مافەکانی کەمینە پێشێل بکات، زۆربەی کات کەمینە یان نەتەوەی ژێردەست مافەکانی ئەخورێت و بەدەنگدان و بە شێوەی دیموکراسی بەدۆراوی یەتەدەرێ بۆ نمونە دیموکراسی لە “عێراق، تورکیا و ئێران”.
لە عێراقا بە دیموکراسی و حوکمی زۆرینەی نوێنەرانی مەزهەبێکی دیاریکراو لە نەتەوەی سەردەست، لەگەڵ بوونی دەستورێکی دانپیانراوا، کەچی بەردەوام شیعەی باڵادەست لەڕێی زۆرینەی پەرلەمانییەوە بەدیموکراسی مافەکانی سوننە و کورد پێشێلەکا، ئەوەشی بەدەنگدان بۆیان نەکرێ لە ڕێگەی دادگای بەناو فیدراڵییەوە ئەسەپێنن چونکوم زۆرینەی ئەو دەزگایەش سەر بەوانە.
لە تورکیا بە دەنگدان و دیموکراسی لە ڕێگەی هەردوو دەزگای پەرلەمان و دادوەرییەوە مافەکانی کورد لە و وڵاتە نەک پێشێل ئەکرێ بەڵکو تا ئاستی سڕینەوەش ئەڕوات، لە تورکیا زمان و کلتور، خاک و نیشتمان، هونەر و ئەدەب هەمووی لە پەرلەمان و لە دادگاکانەوە لە کورد قەدەغەئەکرێ، لەڕاستیشا بەدیموکراسی لە ڕێی نوێنەرە هەڵبژێراوەکانەوە جێبەجێئەکرێ، کە کۆی ئەو کارانە نادادی و چەوسانەوە و سڕینەوە و نکۆڵی کردنە لە مافی گەلی کورد، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنها سەرنجی لەسەر دەرەبڕێ وئامادەنییە هیچ پەستانێک بخەنە سەر تورکیا لەبەر دوو هۆکار: هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە پرۆسەکە لە پەرلەمان و دادگاکانەوە بە شێوەیەکی دیموکراسی و یاسای جێبەجێئەکرێ. هۆکاری دوەمیش بەرژەوەندی هاوبەشە لەگەڵ ئەو وڵاتە و دیموکراسی ئەکرێ بە خۆراکی بەرژەوەندییەکان.

دیکتاتۆر لە دیموکراسیا:
دیموکراسی ڕاستەوخۆ یان میللی کە زیاتر بە “ئەثینی” ناسراوە و گەل بە یەکسانی فەرمانڕەوایی ئەکەن لە ئێستایا بوونی نەماوە و ئەگەر هەشبێ زۆر دەگمەنە. لە سەردەمی ئێستایا هێزە توندڕەوەکان، ئاینی و مەزهەبەکان، دژە فرەیی و نەتەوەپەرستەکان لەڕێی سندوقەکانی هەڵبژاردنەوە و بەدەنگی زۆرینە و لە پەرلەمان کۆی خواستەکانیان بەسەر کۆی پێکهاتەکانیترا ئەسەپێنن، کە بەداخەوە لە ئێستایا ئەم دیاردەیە وڵاتانی ڕۆژئاواشی گرتۆتەوە، نمونەی سوید، ئیتالیا، هەنگاریا و ڕوو لە هەڵکاشانی زیاتریشە، گومانئەکرێ کە لە ئەگەری هەڵبژردنەوەی دۆنالد ترمپیشا ئەمریکاش بگرێتەوە.
وڵاتانی هاوشێوەی ڕوسیا، ئێران، وڵاتانی جیابۆوە لە یەکێتی سۆڤیەت، تورکیا، ڤەنزویلا، چین….هتد ئەم وڵاتانەش بە سود وەرگرتن لە دەنگدان و لەژێر پەردەی دیموکراسیا درێژە بە دەسەڵات و مانەوەی دیکتاتۆرەکانیان ئەیەن.

زۆرەملێی دیموکراسی:
ئەوەی لەسەر دیموکراسی زانراوە ئەوەیە کە هەر کەسێک بەپێی خواست و حەزەکانی خۆی، بەبێ ترس و بە ئاشکرا، کە دژ بە بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی نەتەوەی نەبێ، ئەوەی بەباشی ئەزانێ ئەنجامی بات، جا لەڕێێ پرۆسەی دەنگدانەوەبێ یان نوسراو یان هەر شێوەیەکی تر کە گونجاوبێت، بەڵام ئەمە لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕابەرانی دیموکراسی جیهانی لە هەموو کاتێکا وەک خۆی جێبەجێ ناکرێ، بۆ نمونە نوسین و بڵاوکردنەوە دژی هاوڕەگەزبازی ڕێگەپێیراو نییە، نابێ بە ئاشکرا بەکەسی هاوڕەگەزباز بوترێ کە ئارەزووی هاوڕییەتی یان پیاسەکردن ناکەی لەگەڵی لەبەر ئەوەی هاوڕەگەزبازە، خۆ ئەگەر ئەوەت پێووت ئەتوانێ ڕووبەڕووی دادگات بکاتەوە، ئەگەر لە مناڵان بپرسرێ کە ئایا چۆن لە هاوڕەگەزبازی ئەڕوانن و لەوەڵاما بڵێن ئەو کارە بەباش نابینن ئەوا باوک و دایکەکانیان بانگئەکرێن بۆ لێپێچینەوە، بەدیوێکیترا ئەبی هاوڕەگەزبازی قبوڵکرێ ئەگەر لەناخیشا دژبی، ئەمەش پێشێلکردنی ئازادی تاکە لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسیا یەکناگرێتەوە.

جێگرەوەی دیموکراسی:
بەهۆکاری ئەوەی کە دیموکراسی ڕاستەوخۆی میللی “ئەثینی”لە ئیستایا بوونی نییە و پرۆسەکە نوێنەرایەتی خودی واتا و مەغزای ناوەکەی ناکات و لە ئێستایا “دەوڵەت- نەتەوە” لە هەموو جیهان بەچڕی و تەنانەت لە ڕۆژئاوا و وڵاتانی ئەسکەندەنافیاش تۆخ بۆتەوانێ و شەڕ لەسەر دیاریکردنی هێڵی سنوورە ئەتنیکییەکان بەردەوامە. ئەوا ئەکرێ بە کەمێک سەرنجەوە “کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک” جێگرەوەبێت.
ئەگەر بەدوای چارەسەرا بگەڕێین بەتایبەتی بۆ ئەو ولات و شوێانەی کە زیاتر لە نەتەوەیەک یان ئاین و مەزهەبێک بوونی هەیە ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان یان عێراق، تورکیا، ئێران، سویسرا، ئۆکرانیا…هتد، ئەوا کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی باشترین چارەیە وە، بە کرداریش لە ڕۆژئاوای کوردستان جێبەجێ کراوەو سەرکەوتووشە، لە سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی بەپێی پێکھاتەکانە نەک زۆرینەو کەمینە یان نەتەوەی زاڵ و سەردەست وەک عێراق، ئێران ، سوریا و تورکیا.
مۆدیلی نه‌ته‌وه‌ – ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ سروشتی کۆی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگاکانی خۆرهه‌ڵاتی ناوین ناگونجێت نەک تەنھا کورد. لە ساڵانی پێشووترا ووردە ووردە لەکۆی جیھانا کار لەسەر کاڵکردنەوەی نەتەوە و سنور ئەکرایەوە و زیاتر گرنگی بە مرۆڤ بوون ئەیرا بەڵام بەداخەوە ماوەیەکە پێچەوانەکەی ئەبینین بەتایبەتی لە دوای کرۆنا و هاتنە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و شەڕی ڕوسیا-ئۆکرانیا و بەهێزبوونەوەی هێزە نەتەوە پەرستەکان دەوڵەت-نەتەوە زۆر تۆخ بۆتەوە و کاریشی پێئەکرێ.
لە مۆدێلی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی ئەکرێ ھەر نەتەوە و پێکھاتەیەک لەبری ئەوەی لەناو گلۆبالیزم یان ئیمبراتۆریەتی نەتەوەی باڵا دەستا بتوێتەوە، بەپێچەوانەوە درێژە بەبوونی خۆی بات و گەشەش بکات، بەڵام ئەمە تەواو جیاوازە لە مۆدێلی نەتەوە –دەوڵەت، کە لێرەیا ھەموو نەتەوە بچوکتر و کەمینە و پێکھاتەکان ئەبن بەخۆراکی نەتەوەی سەردەست، نەک ھەر گەشەش ناکەن بەڵکو ھێدی ھێدی بەرەو توانەوە و لەناوچونیش ئەچن. بەبارێکیترا ئەگەر باس لە سیستمێکی دیموکراتی ڕاستەقینە بکەین ئەوا ئەبێ باس لە مۆدێلی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی بکەین بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە نەتەوە و پێکھاتەی جیاوازی تیایە بەڵام ئەمیش بێ نەنگی نییە کە لێرەیا بوار بۆ باسکردنی نییە.

سامانی وەستا بەکر
٢١-٢-٢٠٢٤
سوید-ستۆکهۆڵم




عاشقی نادیار.. شيعر: هادی زینەتی.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

شەیدای فەرامۆش کردنی
یادی تۆ منم
هەر شەوێک لە بۆن عەتری تۆ
ئەگری پوشاکم
هەر وەک” با” ی بێ رێگە و جێ
من ئاوارەم
تۆ دەریا
من پاپۆڕی بێ سەرنشینم
عاشقێکی نادیار
بێ تۆ ، بێ کەس و ئاشنایانم
بێ ئاگا کە رۆشتی ئەی هاوسەفەرم
بێ تۆ بێ لانە و ناو و نیشانم
شێتێتی عەشق لەگەڵما
هەر شەوێ بەرەو لای تۆ سەفەر ئەکا
ئەم دڵە جار و بار وەک درەخت
ئارەزووی ” تەور” ئەکا
ئاخر شێتێتی عەشقە
باوەڕ کردن وون ئەکا
لە قەفەسی تەنهایی رزگارم کە..وەرە گیانەکەم
وەرە کە بێزامم..بێ ئامانم
وەرە کە لەم شارەیا
عاشقێک جگە لە خۆم ، نابینم




چەند تیرۆژە چیرۆکێک/ نەوزاد بەندی

             ــ1ــ

         قەراغ شار

له کۆڵانێکی قەراغ شار ، دوو هۆدە و هەیوانێکی کڕی ، وەک بڵێی خۆی لە کرێچێتیی شاردەوە ..

دراوسێی لای ڕاستی سواڵکەر بوو ، یەکێک بوو لە وەزعباشەکان ..

دراوسێی لای چەپی توجار بوو ، ڕۆژێ ڕێی پێگرت ، لێی پرسی :

ـــ( تۆ چ کارەی ؟ )

ـــ(لە خەستەخانەم )

ـــ( ئێ ئێ ..کەواتە ئەتوانی شرینقە بوەشێنی ؟ )

ئەگەر بڵێ من ئیش لەسەر چاندنی بەکتریا ئەکەم ، ڕەنگە بتەقێتەوە بەسەریدا و بڵێ : کە ماموابێ تۆ میقرۆبات قەڵەو ئەکەیت و خەڵک نەخۆش ئەخەی ؟؟

ئینجا وەرە تێی گەیەنە ..

ـــ( نا نا .. لە خەستەخانە بلیت بڕم .. )

  ‌          ـــ2ـــ

             مەڕ

تازە بەفرگرەی ئەلەکتریکیی هاتبووە شارەوە ، خەڵکەکە وا لێی تێگەیشتبوون کە ئەبێ مەڕێک و دوو سندوق تەماتە و بامێ و ..سێ چوار سەروپێی تێ بکرێت بۆ زستان ..واتا ئەبێ پڕ بکرێ ..

باوکی ئەمیش لەبەرئەوەی ڕەفیق کەم نەبێ ، دوو مەڕی قسری کڕی و لە حەوشە بەستنیەوە ، هەتا بە زووترین کات سەریانبڕێ و داخڵی پیرە بەفرگریان بکات ..

ئەو عەسرە ئەم هەر خۆی لە ماڵەوە بوو ..دەور و خولی مەڕەکانی دا ، پەتی یەکێکیانی کردەوە ، هەتا وەک فیلمەکان پیاسەیەکی لەگەڵدا بکا .. مەڕ هار بوو ، وەک سوێسکە فرتەی بۆ کرد و لە کۆڵان هەڵیتیزاند ..

ئەمیش مێرمناڵێکی یانزە ساڵان ، هەر ئەوەندەی پێکرا وەک تێسکەی تفەنگ ڕایکردە کۆڵان ، لەو سەری کۆڵان ، مەڕەکە ڕاوەستابوو ، کە ئەمی بینی ، بە چوارناڵە ، لە چاو ونبوو ..  وەک تۆما هۆک ، دوای کەوت .. لە پشت ماڵی ئازاد شەوقی شێوەکار ، پارچە زەمینێکی بەتاڵ هەبوو ، مەڕەکە لەوێ گیری خوارد . . ئەملاولای لێگرت .. مەڕەکە چاوی تێ بڕی ،وەک ئەوەی پێی بڵێ : وازم لێ بێنە ، تەحەمولی ناو بەفرگرە ناکەم ..!

سوودی نەبوو ، شۆقێکی گرت .. بە دەستەکەی تریشی پەتەکە …مەڕە خۆی توند کرد ، ناچار ڕایکێشا ..

لە ژێر لێویشەوە پۆزشی بۆ دێنایەوە  : ( وەڵاهی نەتبەمەوە ، شکم نییە باوکم سەرم ئەبڕێ .. گۆشتیشم ناخورێ .. بەس نییە تۆ گۆشتت ئەخورێ ؟ هیچ نییە ، با هەتا زستان لەناو بەفرگرەدا لێی بخەوی ! )

              ــ3ــ

             خزم

نزیکەی شەش سەعات بوو بە یەکتری ناساندبوون ..ئەمیان لە بنەماڵەی خێزانەکەی بوو ..ئەوەی تریان لە بنەماڵەی خۆی بوو …ئێستایش لە پرسەکەدا ،  لە تەنیشت یەکەوە ڕاوەستاون و جار جار قسە ئەکەن ..دڵنیایە کە باسی ئەم ئەکەن ، چونکە تاکە شت کە هەردووکیان بیناسن  ، ئەمە .. واتا تاکە کۆلکەی هاوبەشی نێوانیان ، ئەمە ..بێجگە لەم ، ئەبێ باسی چی بکەن؟ بە تایبەت جار و بار نیگایەکیان ئەگرتە ئەم ..بەو پێیەی نیگاکانیان توند بوو ، پێدەچوو زۆر خراپ باسی ئەم بکەن ..یەک دوو جار ویستی هەستێت و بڕوات داکۆکیی لە خۆی بکات ،بەڵام سودی نەبوو ، چونکە پێ دەچوو چرکە بە چرکە زیاتر باسی ئەم  بکەن  ، بە جۆرێ کاربگاتە ئەوەی قسەی ڕەق و جنێویشی پێبدەن .. هەر بۆیە باشتر وابوو دان بەخۆیدا بگرێ ..بەڵکو بەخۆیاندا بچنەوە ..بەڵام لەوە نەدەچوو سودی هەبێ ..چونکە تا دەهات زیاتر قسەیان (ڕەنگە )دەربارەی ئەم ئەکرد و ..لەوە ئەچوو نیازیان وا بێ  تەنانەت  لێیشی بدەن ..!




ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک.. ئارام ئیسماعیل کەریم

(۲۱)ی شوباتی هەموو ساڵێک، کە بەرانبەرە به (۲)ی ڕەشەمە، دیاریکراوە وەکو ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک. بایەخدان بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، خەباتە دژ بە داپڵۆساندنی نەتەوەیی، بەو هۆیەوە ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکی کورد زمانە، ئەم ڕۆژە بەرز بنرخێنێت و هەوڵی پاراستنی مافه‌ زمانییه‌کانی نه‌ته‌وه‌کەی بدات.
ئێمەش بە ئەرکی خۆمانی دەزانین خەباتگێڕێکبین دژ بە داپڵۆساندنی نەتەوەیی و پارێزگاریی مافە زمانییەکانی نەتەوەکەمان بین.
سەرەتا دەمانەوێت ئاماژە بەوە بدەین بەو کۆمەڵە هۆزانەی کە لە بانەکانی ئێران واتە (ئاریانا) بون، دابەشبون بۆ سێ کۆمەڵ کە بریتین لە: ئێرانیی و هیندیی و ئەوروپایی، لە ئێستادا زۆرێک بە کۆمەڵەی هیندۆئەوروپایی ناویان دەبەن بەڵام ئەمە هەڵەیە، چونکە زاراوەی هیندۆئەوروپایی ناوی هەرسێ کۆمەڵ و خێزانە زمانەکە ناگرێتەوە و وەکو دیارە تەنیا بەشی هیندیی و ئەوروپاییەکەی گرتۆتەخۆ، کۆمەڵە و خێزانە زمانی ئێرانییان تێدا فەرامۆش و ونکردوە، هەر بۆیە ڕاستتر و گونجاوترە بە کۆمەڵە زمانی (هیندۆئەوروپایی) بوترێت کۆمەڵە زمانی (ئاری)، چونکە ئەو هۆزانەی کە خاوەنی ئەم کۆمەڵە زمانەن لە ناوچەی (ئاریانا)، واتە بانەکانی ئێران نیشتەجێبون، زاراوەی (ئاری) فراوانترە و هەرسێ خێزانە زمانەکەش دەگرێتە خۆی، کەواتە زمانی دایکیمان، کە زمانی شیرینی کوردییە، سەر بە کۆمەڵە زمانی ئاریی و خێزانە زمانی ئێرانییە.
جا لەمەڕ نەتەوەکەمان و زمانی شیرینی کوردیمان بیروڕای سەیر و سەمەرە بەناحەزیەوە تۆمارکراوە، ئەم بیروڕایانە لە پێناو سوککردنی نەتەوە و زمانەکەمان ئەنجامدراون، بۆ نمونە کۆمەڵێک گەڕۆک و ڕۆژهەڵاتناس هەن لەبارەی سەربەچیەتیی زمانی کوردییمانەوە بیروڕای خۆیان دەربڕیوە، پێیان وابوە زمانی کوردییمان زمانێکی ناڕەسەنە و بە زارێکی شێواوی زمانی فارسیی یاخود زمانی هیندییان زانیوە، بەڵام ئەمانە بیروڕای چەوت و هەڵەشەین، هیچ بەڵگەیەکی زانیارانەی بڕواپێکەری لە پاڵدا نییە.
دیارە ئەم گەڕۆک و ڕۆژهەڵاتناسانە بە هیچ جۆرێک ئاگاداریی بەڵگە مێژوویی و لێکۆڵینەوە زانستییەکان نەبون، چونکە زمانی شیرینی کوردییمان سەرجەم قۆناغە مێژوییەکانی خۆیی بڕیوە تاگەیشتوەتە ئەم دۆخەی ئێستای. هەندێکی تر هەن لە ڕووی مەبەستی سیاسییەوە سوکایەتیان بە نەتەوە و زمانەکەمان کردووە، تاکو هەر ژێردەستەیان بین و لە ژێر هەژموون و ڕکێفیاندا بمێنینەوە، بەڵام ئەمە بۆ هەموو کەس ناچێتەسەر، هەموو شتێک دیزەبەدەرخۆنە بکات، بۆیە کوردیش چ لە لایەن خۆیەوە چ لە لایەن لێکۆڵەر و زانایانی بەویژدان و ڕاستگۆوە، وەڵامی ئەو بیروڕا ناڕاستانەیان داوەتەوە و بە بەڵگەی ڕاست و دروستی مێژوویی سەلماندویانە کە کورد خاوەن ڕەگەزی ڕەسەن و نیشتیمانی دیاریکراوی خۆیەتیی، زمانی شیرینی کوردیی زمانێکی ڕەسەن و زیندوە و خاوەن ڕابوردوویەکی دێرینە، گەشە و گۆڕانی لەتەک کۆمەڵی کوردەوارییدا کردووە.
ئێمەی کوردییش کە گوێمان بە ئاوازی شیرینی لایلایە گۆشکراوە و بە وشەی کوردیی زمانمان پژاوە، ئەوپەڕی نەزانییە زمانەکەمان بەکەم بزانین، چونکە نەتەوەکەمان هەزاران ساڵە لێیدەدرێت، هەزاران ساڵە سەرکزدەکرێت، هەزاران ساڵە ئاوارە دەکرێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا زمانەکەمان بە کۆڵ، بە دڵ، بە زار، گێڕاوە و پارێزی بوین، لەبەر ئەوە ئەو پەڕی بێهەستیی و گەوجییە لەم دەمەدا زمانی دایکیمان، بیکەینە قوربانی زمانی بێگانە.

بەداخێکی زۆرەوە ئێستا وای لێهاتوە ڕۆژانە تاکی کورد، تەنیا لەبەر ئەوەی ناتوانێت لە زمانی بێگانە تێبگات و باش پێی بدوێت، سوکایەتیی پێ دەکرێت و کەسایەتیی دەشکێندرێت و تەنانەت کاریشی دەست ناکەوێت، لە کاتێکدا و لە ڕوانگەی زمانییەوە خوێندەوار کەسێکە کە بتوانێت بە زمانی دایکیی بێژێ، بنووسێ و بخوێنێتەوە، نەک بە زمانی دووەم و سێیەم.
خۆ کارەسات ئەوە نییە زمانی بێگانە بزانین، بەڵام کارەسات ئەوەیە زمانی دایکیمان بکەینە قوربانی زمانی بێگانە.

با ئەوەش ڕوونبێت لامان کە هیچ زمانێک لە زمانێکی دیکە باڵاتر نییە و سەرجەم زمانەکان وەکو یەکن، هەتا ئێستاش هەموو لێکۆڵینەوه و تاقيکردنەوەکانی زمانەوانان دان بە ئەو ڕاستییەدا دەنێن و ملکەچی ئەم دياردەیەن و پێیان وایه که هیچ زمانێک نییه له زمانێکی تر باشتر و بە تواناتر و ڕێکوپێکتر بێت، وەلێ لەتەک ئەمەشدا کەسانێک هەن زمانی ئینگلیزیی بە چاکترین زمان دادەنێن، یاخود لایان وایە باڵاترین زمان، زمانی یۆنانیی و هیندییە چونکە کتێبی فەلسەفیی و ئەندازیاریی و ئەستێرەناسیی،…بەو زمانانەن، یان هەنێک لە شارەزایانی عەرەب پێیان وایە زمانی عەرەبیی زمانێکی پیرۆزە و باشترین زمانە، هەندێکی تر بەمەشەوە ناوەستن و دەڵێن لەبەرئەوەی قورئان بە زمانی عەرەبیی دابەزیوە، کەواتە زمانی عەرەبیی باشترین زمانە، بەڵام هاتنە خوارەوەی قورئان بە زمانی عەرەبیی نابێتە بەڵگەی ئەوەی کە باشترین زمانبێت، چونکە بەو جۆرە بوایە خودایگەورە سەرجەم پەیامە ئاسمانییەکانی بە زمانی عەرەبیی دەنارد، بەڵام وەکو زانراوە خودایگەورە تەوراتی بە زمانی عیبریی ناردووە بۆ پێغەمبەر موسا، ئینجیلیشی بە زمانی سریانی ناردووە بۆ پێغەمبەر عیسا، بۆیە نابێت و ناگونجێت بڵێین زمانی عیبریی باشترین زمانە چونکە تەوراتی پێدابەزیوە، یاخود زمانی سریانیی باشترین زمانە چونکە ئینجیلی پێدابەزیوە. هەروەها خودایگەورە لە سورەتی ئیبراهیم، ئایەتی (٤) دەفەرموێت: (وَمَآ أَرسَلنَا مِن رَّسُولٍ إِلَّا بِلِسَانِ قَومِهِ لِيُبَيِّنَ لَهُم فَيُضِلُّ ٱللَّهُ مَن يَشَآءُ وَيَهدِي مَن يَشَآءُ وَهُوَ ٱلعَزِيزُ ٱلحَكِيمُ)
واتە: (ئێمە هیچ پێغەمبەرێکمان ڕه‌وانه‌ نه‌کردووه‌ ئیللا به‌زمانی قه‌ومه‌که‌ی نه‌بێت).
لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە سەرجەم زمانەکان لەلای خودایگەورە لە یەک ئاست و پلەدان و جیاوازییان نییە و سەرجەمیان بۆ خزمەتی مرۆڤایەتیین، دەسا با ئێمەش شانازیی بە کوردبون و زمانە دەوڵەمەندەکەمانەوە بکەین و هیچ پێمان شەرم نەبێت بە زمانی دایکیمان بنووسین و بخوێنین، با بە بەڵگەوە زمان و بونی خۆمان بە جیهان نیشان بدەین، با دڵسۆزانە و لەخۆبوردووانە هەوڵبدەین بۆ پاراستنی زمانی شیرینی کوردیی، چونکە پاراستنی زمانەکەمان، پاراستنی شوناس و فەرهەنگ و کولتوور و مێژوومانە.
وەکو نالیی مەزن دەفەرموێت:
کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆکوردییە خۆکردییە
هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالبی مەعنا دەکات
یاخود:
موحەققەق مەشرەبی “نالی” لە شیعرا هەروەکوو خاکی
خەیاڵی کوردییە، بەیتی سەراپا زوڵفی دوو تایە

خانای قوبادی:
ڕاستەن مەواچان فارسی شەککەرەن
کوردی جە فارسی بەڵ شیرینتەرەن

حاجی قادری کۆیی:
کوردی ئاخر بلێ چییە عەیبی
ھەر کەلامی ھەققە نییە عەیبی
یا لەگەڵ فارسی چی فەرقی ھەیە
بۆ چی ئەو ڕاست، بۆ چی ئەم کەمییە

مەحویی:
کوردی زوبانی ئەسڵمە گەر تەرکی کەم بە کول
بۆ فارسی، بە کوللی ئەمن دەبمە بێ وەفا
یاخود:
فخر هرکس بە زبان خوەش است (محوی)
فارسی راکە تو برگزیدەای‌ پر کردی‌ حیف

واتە: شانازییکردنی هەموو کەس بە زمانی نەتەوەیی خۆیەوەیەتی، ئەگەر تۆش ئەی (مەحوی)ی چاکەی فارسیی بدەیت بەسەر زمانی کوردییدا ئەوە جێگەی ڕەخنە و سەرزەنشتە.

حەمدی:
گوڵ لە بەرگی سەوزی خۆیدا نازک و شیرینترە
بۆیە فکری نازکی حەمدی بە کوردی بێژرا

کەمالی:
من فەخر ئەکەم کە کوردم و کوردی زوبانمە
ئەم شاخ و کێوە دڵکەشە وا نیشتیمانمە

هەژار موکریانی:
بە کوردی دەژیم، بە کوردی دەمرم
بە کوردیی دەیدەم، وەرامی قەبرم!

شێرکۆ بێکەس:
مەم و زین بێ شیعری خانی ئەبێ چی بێ؟!
خانی بێ شەوقی زمانی کوردی چییە؟!
ــــــــــــــــــــ
ڕێکەوتی: (۲۱)ی شوباتی (۲۰۲٤) زاینیی.
(۲)ی ڕەشەمەی (۲۷۲۳)ی کوردیی.




پیاسەیەك بە ئایندەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.. ڕزگار عومەر

تەنگەژەی سیاسی موزمین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی دیکە تیشکی خستۆتە سەرعێراق، ئەمەش وایکردووە دوودڵی و گومان و بیرکردنەوە لە چارەنووسی بزووتنەوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەو عێراق بێتە پێشەوە. جەنگەکان و سەرهەڵدان و شکستی گرووپە توندڕەوەکان، گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و ململانێ ناوخۆییەکان، کۆی ئەو زەمینەیان پێكهێناوە کە بزووتنەوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە چوارچێوەیدا تا ئێستا کاریان تیا کردووە.
سروشتی ناجێگیری ناوچەکە پێویستی بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە، کە مامەڵە لە گەڵ ژینگەیەك بکەن کە سەلامەتی و ئاسایش وەک بەرپرسیاریەتیەکی گشتی هەرسێ کوچکەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی + کۆمەڵگە+ دام و دەزگای پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت ئەژمار بکرێت نەك بکرێتە بیانوی کۆنتڕۆڵی زیاتری دەوڵەت.کارێك کە بزوتنەوە مەدەنیەکان بە هەر نرخێك و ڕیسکێك لە ڕابردوو کردیان و ئەمڕۆش پێویستە خۆیان لەگەڵ ئەم نادڵنیاییەدا بگونجێنن و ڕێگایەك و دووان بدۆزنەوە بۆ تازەکردنەوەی (جۆرو چەندایەتی) پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەکتەرە سیاسییە جیاوازەکان بۆ ئەوەی دۆزی خۆیان و پرسی “مانەوە” ی خۆیان جێگیرتر بکەن.
بۆ پرسی “مانەوە” زۆرجار ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕووبەڕووی سنوورداربوونی سەرچاوەکانی داهات دەبنەوە، ئەمەش ڕێگری لە تواناکانیان دەکات بۆ درێژەدان بە پڕۆژەو پەیامەکانیان، چونکە بەدەر لە دیوی سیاسیدا ناسەقامگیری “ئابووری” و کەمی سەرچاوە دەتوانێت ڕێگری لە کاریگەریی ئەم بزووتنەوەیانە بکات لە دروستکردنی گۆڕانکاریی بەردەوامدا.
گەنجان لە عێراق نوێنەرایەتی قەوارەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکەن بۆ گۆڕانکاری. ڕووداوەکانی ئەم دواییە تیشکیان خستۆتە سەر ڕۆڵی چالاکانی گەنج لە هاندانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. بەکارهێنانی وزە و سۆز و خولیای گەنجان دەتوانێت بەشداربێت لە خۆڕاگری و زیندوویی بزووتنەوە مەدەنییەکان ئەگەر بێتوو” ستراتیژی دروست” کۆیان بکاتەوە.
بەشێك لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەمووی نا، بەرژەوەندییەکی تایبەتی هەیە لە بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و بەها دیموکراسیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق دەتوانن پاڵپشتی ئەم بەشە لە پێکهاتەی نێودەوڵەتی بەکاربهێنن بۆ ئیکۆ و سەدای دەنگەکانیان و کۆکردنەوەی هاوکاری لە ڕووبەڕووبوونەوەی چارەنوسی خەفە کردنی بزوتنەوە مەدەنیەکان.
چارەنووسی بزووتنەوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بنەڕەتدا بەستراوەتەوە بە توانای بەشێك لە کۆمەڵگە بۆ چارەسەرکردنی مەترسیەکانی چەشنی شێوازێك لە ” نایاسایی ” کردن و بەکارهێنانی قوفڵی یاساو “تەخوین” کردن و تۆمەتی “سیخوڕی” کردن و فراوان کردنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی لیستی ڕەشی ڕێکخراوە یاساغ کراوەکان.
لە دۆخێکی وادا هیچ “موعجیزەیەك” نیە ببێتە فریادڕەس بۆ دواڕۆژی بزوتنەوە مەدەنیەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەڵکو دەبێ ” موعجیزەکان” بە ستراتیژی وردرترو کاری کۆلیکتیڤ بەرهەم بهێنرێن! کە ڕەنگە لۆژیکترین دەرفەتی ئەرێنی موعجیزە دروست کردن کۆکردنەوەی گەنجان بێت و ئاشنا کردنیان بە دوو خاڵی سەرەکی؛ یەکەم میکانیزمی زەق کردنەوەی هێزی کۆمەڵایەتی خۆیان، دووەم ئاشنا کردنی خێرایی ئەوان بە “ئایندەیەكی مەترسیدار” کە لە ئەنجامی نەهێشتنی ڕێکخراوەکان و بزوتنەوە مەدەنیەکان لە کۆمەلگە دروست دەبێت. بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەم ئەرکە ئیختیاریی نیە بەڵکو ئیلتزامێکی پرسی مانەوەیەو وەڵامێکی سادەی ئەمرۆیە بۆ پرسیاری “بوون و نەبوون” بەیانی!




به‌رده‌باران.. شیعری ستار ئەحمەد

بەس رامكێشە
ئیتر تەواو خاك ناسوڕێ
بەردێك لەزامەكەم دەركەو
لەگلێنەی دوندێكی سەختا بینێژە
بەردێك وەك ناخی خۆت رەق و
وێنەی هزرت گوماناوی
لەچوارچێوەی سنووری خەونا دامبنێ
بزانە چەندین بەویژدان
مۆری رقم پێوە دەنێ
نەخشەیەكی خوێنین بكێشە
بەردێك
دووان و
هەزار نیشانی لێبگرە
شوێن پێی من و
هەموو دوعاكانی
ئەم خاكەلێوە هەڵگرە
هەتا دەگەیت
بەعەرعەرو نوگرە سەلمان
نیگای وردو
گلێنەی رژاوو
دڵی شكاوو
دەروونی پژاو
كۆكەرەوە
خەرمانی ئێسك و
تەرمی خاك و
دورگەی بەردین شیكەرەوە
ئەدگارێك بۆ داد
مێژوویەك بۆ ماف
لەهەنیەی خاكا هەڵكۆڵە
دەبینی چیا
چۆن لوتكە سەر دەبڕێ
كانیاو بەبەرد ئەتك دەكرێ
ئێمە فەرهەنگی بەردینەین
دونیایەكین لەرقبەری
بەرد ناوكی بڕیوین
لەلما بۆ بەرد دەگەڕێین
بەستەی عەشق و
گۆرانی ئەوین
بۆ بەرد دەڵێینن

ستار ئەحمەد




مەنسوری حیکمەت چی وت سەبارەت بە رفاندنی ئۆجەلان و هۆکار و دەرئەنجامەکانی.. وەرگێڕانی: کاوە عومەر

سیاوەش مەدرەسی: سوپاس بۆ ئەو کاتەی کە بەئێمەتان بەخشی، با بەم پرسیارە دەست پێ بکەم: بە بۆچوونی تۆ بۆچی دەستگیرکردن و لە راستیدا رفاندنی عەبدوڵا ئۆجالان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا، هۆکارەکەی چی بوو کەلەگەڵ کاردانەوەیەکی وا فراوان و و دژبەیەک لەلایەن خەڵکی کورد و دەوڵەتانی ئەوروپا وە ڕووبەڕوو بووەتەوە؟

مەنسوور حکمەت: کاردانەوەی بەرفراوانی خەڵکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک جێگەی سەرسوڕمان نەبوو. خێرایی چالاکییەکەیان لە دەستپێکردنی بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری بەم قەبارەیە بێگومان سەرنجڕاکێش بوو. وەک وتت ناوبردنی ئەم کارە بە دەستگیرکردن بە هیچ شێوەیەک ڕەوا نییە. ئەمە نموونەیەکی زیندوو بوو لە ڕفاندن و تیرۆری دەوڵەتی و هەر ئەم لایەنە قیرسچمەو زۆر ملهوڕییەی پرسە کە توندی هەستی کوردانی دانیشتووی ئەوروپا ڕوون دەکاتەوە. ئەگەر ئۆجەلان لە ئۆپەراسیۆن ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی سەربازی لەگەڵ تورکیادا بە دیل بگیرایە و ، پێم وایە ڕەهەندەکانی کاردانەوەکە سووکتر دەبوون. دزینی ئۆجەلان بوو بە سیمبولێکی زیندوو بۆ بێ مافی خەڵکی کورد. ئۆجەلان سیاسەتمەدارێکی ناسیۆنالیستی کوردە. ئه‌وه‌ی که‌ ده‌کرێ سه‌رۆکی پارتێکی سیاسی به‌ ئاشکرا به‌ به‌شداری حکومه‌ته‌کانی ڕۆژاوا له‌ به‌ر چاوی هه‌مووان بدزرێت و ڕاده‌ستی ئەو دوژمنەی بکرێتەوە که‌ سزای له‌ سێداره‌دانی بۆ دەرکردووه‌، زۆر قێزه‌ون و ئیستفزازیه‌. کەسانی وەک ئۆجالان، بە ئایدۆلۆژیای ئۆجالان و خاوەن بنکەیەکی هەڵبژاردن و هەوادارانی ڕەنگە تەنانەت لە ئۆجالان سنووردارتریش بن، ئەمڕۆ سەرۆکی دەوڵەت و سیاسەتمەداری وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەن. گوناهی ئۆجه‌لان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و کورده‌، هاوڵاتی پله‌ دوو و ئینکارکراوی ئه‌و وڵاته‌یه‌ که‌ تێیدا له‌دایک بووه‌ و ده‌وڵه‌تبوونی کورد له‌ ئێستادا له‌ بازاڕدا نییه‌.
سەبارەت بە کاردانەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوامن دڵنیا نیم کە ئێمە هەمان بۆچوونمان هەبێت پێم وایە ئاماژە بە ئەڵمانیا دەکەیت، کە پێدەچێت ئەو دەرفەتە زیاتر بەکاربهێنێت بۆ بەستنەوەی دەست و باڵی کۆچبەران. بەڵام هەڵهێنجانی من ئەوە نییە کە حکومەتەکانی تر بەم چیرۆکە دڵخۆشن. ڕوونە کە کاردانەوەی دەستبەجێی ئەوان لایەنگری ئەمریکایە. بەڵام پێموانییە ئەو کارەی تورکیا پشتیوانی کارای وڵاتانی رۆژئاوایی هەبێت.

سیاوەش مەدرەسی: رفاندنی سیاسی مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، لە هەر حاڵەتێکدا دەوڵەتانی مرۆڤ رفێن یان تیرۆریزمی دەوڵەتی هەندێک ئامانجی دیاریکراویان لەبەرچاوە.لەم بارەیەوە هاوڕەفتاری ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوا لەگەڵ تورکیا چۆن ڕون دەکەنەوە؟
مەنسوور حکمەت: تورکیا ئەندامی ناتۆیە. ئەمریکا و رۆژئاوا بۆ فڕین بەسەر عێراقدا، سود لە بنکەکانی وەردەگرن بۆ خۆیان. تورکیا دۆست و هاوپەیمانی حکومەتەکانی ڕۆژئاوایە. بەڵام بێگومان ئەندامێکی دڵخوازی کۆمەڵگەی ئەوروپی بێت. لە ئەنجامدا هەم پشتگیریی دەکەن و هەم مەودای خۆیانی لێی دەپارێزن. پێم وانییە وڵاتانی ئەوروپا بە نهێنی دڵخۆش بن بەم رفاندنە. تورکیا و ئەمریکا ئەمانەیان خستووەتە بەردەم کارێکی ئەنجامدراو و ئەوانیش هیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە قبوڵکردنی. بەڵام ئەم کارە پەیوەندی نێوان وڵاتانی ئەوروپا و تورکیا ناسکتر دەکات، بە تایبەت ئەگەر سزای لە سێدارەدان بۆ ئۆجەلان بسەپێنن.

سیاوه‌ش مه‌دره‌سی: چۆن ده‌توانرێت سیاسه‌تی دووفاقی حكومه‌تی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ پرسی كورد له‌ كوردستانی عێراق و توركیا ڕوون بكرێته‌وه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا هاوكاریی ئه‌مریكا له‌ ڕفاندنی ئۆجه‌لان چ كاریگه‌رییه‌كی ده‌بێت له‌سه‌ر پلانه‌كانی ئه‌مریكا له‌ كوردستانی عێراق؟ ئایا هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستانی عێراق و بە فەرمی کردنی دەسەڵاتی خودمختاری کورد لە باکووری عێراق ناکۆکی نیە لەگەڵ سەرکوتکردنی خەباتی میللی لە کوردستانی تورکیادا؟
مەنسوور حکمەت: بۆ ئەوان ڕوونە کە هیچ ناکۆکیەک نییە. فاکتەری دیاریکەر لەم کارەدا پەیوەندی ئەمریکایە لەگەڵ حکومەتەکانی عێراق و تورکیا. خاڵی دەستپێکی ئەمریکا پرسی کورد نییە. هه ڵبژاردنه كان له كوردستانی عێراق بێگومان ئه گه ر ده ستپێبكه ن و به ره ئەوە بڕاوت کە بگات بەشتێک، ئه وه ره نگدانه وه ی بڕیاری ئه مریكایه بۆ مانه وه ی گوشاره كان بۆ سه ر رژێمی عێراق نه ك مەرحەمەتی تازە دۆزراوەی ئه مریكا بۆ مافه مه ده نییه كانی خه ڵكی كوردستان. هەروەها پشتیوانی لە سەرکوتکردن لە باشووری تورکیا ڕەنگدانەوەی دۆستایەتی ستراتیژی ئەمریکایە لەگەڵ تورکیا. بە بڕوای من دزینی ئۆجەلان خۆبەخۆ سیاسەتی ئەمریکا لە کوردستانی عێراق ناگۆڕێت. وەک وتم خاڵی دەستپێکی ئەمریکا نەمەسەلەی کوردستان نە و نە مافی خەڵکی کوردستانە. چیرۆكی ئۆجەلان رەنگە رەوشەكە بگۆڕێت تەنها لەبەرئەوەی كاریگەری لەسەر رەوتە سیاسییەكانی نێوان گەلی كوردستانی عێراق و توركیا هەیە، هەروەها كۆچبەرانی كورد لە رۆژئاوا. هەر گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی رۆژئاوا و ئەمریكا بەرامبەر بە پرسی كورد تەنیا دەتوانێت دەرئەنجامی ئەو فشارە بێت كە بزووتنەوە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق و توركیا دەیخەنە سەر رۆژئاوا. پێم وایە ئەم فشارە تا ئەم ساتە بێ بایەخ بووە. ناسیۆنالیزمی کوردی کە لە پانتایی سیاسی کوردستان و عێراق و تورکیادا باڵا دەستی هەیە، بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرست و خەسێنراو کە هیچ تەماحێکی سیاسی نییە. بیرکردنەوەی سەرکردەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە بنەڕەتدا نیوکۆلۆنیالیزمە. ئه‌وان به‌ دوای دروستكردنی كوردستان وه‌ك خاك ده‌گه‌ڕێن و نه‌ك دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی شارستانی، وڵاتێک. ئامادەن ئەم پەیمان(تیول)ە لە هەر کەسێک وەربگرن کە بتوانێت بیدات. ئەگەر مۆر و واژۆکە لە دەستی سەدام حوسێن بێت، ئەوا کڕنوش بۆ لای ئەو دەبەن، ئەگەر بەدەستی ئەمریکا بێت ئەوە ئەو کڕنوش بۆ ئەو دەبەن. کێشەی مێژوویی خەڵکی کوردستان ئەوەیە کە پەرەسەندنی سیاسی-حزبی ئەم کۆمەڵگایە لە پەرەسەندنی مەدەنی-هزریەکەی خۆی دواکەوتووە. خەڵکی شارستانی و مۆدێرن و تێگەیشتوو دیلی ناسیۆنالیزمی خێڵەکین کە بەدوای دەوڵەتە ستەمکارەکانی ناوچەکەدا دەکەوێت و گەشەی سیاسی و دروستبوونی پێکهاتەی نوێی خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی لەگەڵ توندوتیژی ڕاگرتووە. چارەسەری کارەکە گەشەی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی کرێکارییە لە کوردستاندا.

سیاوەش مەدرەسی: ورتەورتی چاکسازی لە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە پرسی کورد دوای ئەم لێدانە لە پەکەکە زیادی کردووە، تا چەند دەتوانرێت ئەم پرۆسەیە بوەک شتێکی حەتمی هەڵسەنگێندرێت؟
مەنسوور حکمەت: نەک هەر هەرگیز نابێت بە حەتمی هەژمار بکرێت، بەڵکو لەبنەڕەتدا دەبێت گومان لە بوونی زەمینە ماددیەکانی ئەوە بکەیت. کێشەی تورکیا پەکەکە نییە، ئەوە شۆڤێنیزمی تورکە کە هۆکاری کێشەی کوردە لەم وڵاتەدا. لەوانەیە حکومەتی تورکیا بە تایبەت ئەگەر بتوانێت ئۆجەلان ناچار بکات داوای تەسلیمبوون لە ڕێکخراوەکەی بکات، ڕەنگە خۆی لە دۆخێکدا ببینێتەوە کە جۆرێک لە سیاسەتی لە بەرژەوەندی گەلی کورد لە پاڵ سەرکوتکردنی پەکەکە بە کردەیی و خوازراو بزانێت. بەڵام ئەمە وەرچەرخانێکی بنەڕەتی و ستراتیژی نابێت. من هیچ نیشانەیەک نابینم کە گۆڕانکاری لە شێوازی حکومەتی تورکیا، یان ڕۆژئاوا، یان ئەمریکا بە تایبەتی، لەبەرامبەر بە پرسی کورددا.

سیاوه‌ش مه‌دره‌سی: له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی خه‌باتی خوێناوی و به‌ربڵاو بووین له‌ شاره‌كانی كوردستانی ئێران، خه‌بات و تێكۆشان كه‌ هه‌ندێك جار بوونه‌ته‌ هۆی سەپاندنی حكومه‌تی سەربازی. داخوازی و دروشمی ئه‌م خەباتە جیاواز بووه‌، هه‌ندێک جار بۆ به‌رگری له‌ ئۆجه‌لان و هه‌ندێک جاریش ڕاسته‌وخۆ له‌ دژی حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی بووه‌. بە بڕوای ئێوە تا چەند دەسبەسەر کردنی ئۆجەلان فاکتەری توندبوونەوەی ئەم ململانێیانە بووە؟ ئایا خەباتی هاوکاتی خەڵکی کورد زمان لە ئەستەنبوڵ و سنە و مەهاباد و سلێمانی و پێکهێنانی حکومەتی ئۆتۆنۆمی کوردی لە باکووری عێراق ڕەهەندێکی نوێ نادات بە پرسی کورد لە ناوچەکەدا؟
مەنسوور حکمەت: بۆ ئێستا متمانە بە حکومەتی ئۆتۆنۆمی باکوری عێراق مەکەن. تەنانەت ئەگەر حکومەتێکی لەو جۆرەش پێکبهێنرێت، هێشتا لەچوارچێوەی وەسیلەیەک لە بازنەی فشارەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر عێراق ڕۆڵی دەبێت. حکوومەتی خودموختار لە کوردستانی عێراق کاتێک روون دەبێتەوە کە راسپاردنی مافی دەسەڵاتدارێتی عێراق، کە ئۆتۆنۆمی کوردستانیش پارچەیەکە لە ئەو. واته‌ تا ئه‌ركی عێراق نه‌زانرێت، ئۆتۆنۆمی كوردستانی عێراق دیارده‌یه‌كی كاتی و تاكتیكی ده‌بێت. ئه‌گه‌ر باسه‌كه‌ له‌باره‌ی پێكهێنانی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ له‌ كوردستانی عێراق و جیاكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی له‌ په‌یوه‌ندی نێوان رۆژئاوا و حكومه‌تی سه‌دام حسێن بوایه‌، پێم وایه‌ رووبه‌ڕووی گۆڕانكارییه‌كی مێژوویی ده‌بینه‌وه‌. بەڵام ڕوونە کە باسێکی لەو جۆرە لە ئارادا نییە. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە کە پرۆژەی حکومەتی خۆبەڕیوەبەری لە کوردستانی عێراق بە بێباکی و ساردییەوە یان بە دژایەتی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. تەنانەت رەنگە کۆمۆنیزمی کرێکاری لە عێراق بەشداری ئەم پرۆسەیە بکات. بەڵام پێویستە چوارچێوە و تایبەتمەندی ڕاگوزەری بزانێت ووەک ئەوانی تر وەک ئامرازێک سەیری بکات بۆ گەیشتن بە ئامانجە گرنگترەکانی تری.

ئێستا ناڕەزایی لەسەر پرسی ئۆجەلان کەمبۆتەوە. لە خودی ئێراندا ئەم ڕووداوە لە بنەڕەتدا بوو بە بیانوویەک بۆ ئەوەی خەڵک لە دژی ڕژیمی ئیسلامی بێنە مەیدان و پرسی ئۆجەلان بە کردەوە کاریگەری هەبوو لەسەر ی. ڕوونە کە ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتییە لە دەوری ڕوداوی ئۆجەلان دروست بووە و هاوکاتی و ڕادەی ناڕەزایەتییەکانیش هەر لەبەر ئەم هۆکارە بووە. بەڵام پرسێکی گرنگتر لە پشت ئەم کەف وکوڵ وهەڵچوونەوە پرسی مێژوویی کوردە و بنەمای ئەو زوڵم و ستەمەیەکە لەسەر خەڵکی کوردە لە وڵاتە جیاوازەکاندا.

سیاوەش مودەڕسی: بەڕای ئێوە سیاسەتی بنەڕەتی بەرامبەر بە پرسی کورد چییە؟
مەنسوور حکمەت: چەند وڵاتی بوونی پرسی کورد، و فرەڕەنگیی زمان لەناو خودی خەڵکی کوردستاندا، سیمایەکی زۆر ئاڵۆزی بە پرسەکە بەخشیوە. وەڵامی بنەڕەتی لە ڕوانگەی منەوە وەک کۆمۆنیستێک، شۆڕشی کرێکارییە لە ناوچەکەدا و کۆتایی هاتنی هەر جۆرە هەڵاواردنێکە، لەوانەش هەڵاواردنی میللی و نەتەوەیی. کاتێک ئینسانەکان ئەوەندە ئازاد بن کە هەرکەس وەک خۆی، وەک مرۆڤێکی خاوەن ناسنامە و تایبەتمەندی تاکەکەسی خۆی باوەڕپێکراو بێت و ڕێزی لێبگیرێت، چیتر مرۆڤەکان پێویستیان بە داتاشینی ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزی و میللی بۆ خۆیان نابێت بۆ ئەوەی هەست بە سەلامەتی و ڕێزگرتن بکەن . وەڵامی بنچینەیی بۆ ستەم و هەڵاواردن کۆمۆنیزمە. بەڵام لە غیابی وەڵامێکی لەو شێوەیەدا، هێشتا دەتوانرێت بگەینە بارودۆخێکی زۆر ئینسانیتر و دادپەروەرتر لە ئەمڕۆ. بەڕای من ڕەهەندەکانی پرسی کورد بەجۆرێکن کە لانیکەم لە سێ وڵاتی تورکیا و عێراق و ئێراندا ئەو خەڵکەی خۆیان بە کورد دەزانن مافی ئەوەیان هەبێت لە ڕیفراندۆمی ئازاددا بڕیار بدەن کە ئایا جیاببنەوە یان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بمێننەوە . چەند ساڵێک لەمەوبەر لە وتارێکدا دەربارەی کوردستانی عێراق بەڕوونی بەرگریم لە پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ لە کوردستانی عێراق کرد. واقیعەکە ئەوەیە کە ناسیۆنالیزمی کوردی و هەژموونی ڕێکخراوە ناسیۆنالیستەکان و هەندێکجار تەنانەت خێڵەکییەکان بەسەر ژیانی سیاسی خەڵکی کوردستاندا ئاکامی زوڵم وستەمکاری نەتەوەییە. بەڕای من لە وڵاتێکی سەربەخۆی کوردستانی عێراقدا، ڕێکخراوەکانی وەک یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی بارزانی بەخێرایی گۆشەگیر دەبن و حیزب و لایەنە سیاسییە مۆدێرنەکان بە تایبەت حزب و ڕێکخراوە چەپ و کرێکارییەکان دێنە پێشەوە. سەرکردایەتی تاڵەبانی و بارزانیەکان بەرهەمێکی لاوەکی و زۆرەملێی ڕژێمە کۆنەپەرستەکانی ئەو وڵاتانەن.
سیاوەش مەدرەسی: سوپاس و هیوادارین بۆ گفتوگۆکانی داهاتوو.

پوشەی٤ – ئێپرەڵی ساڵی ١٩٩٩




ڕۆمانی ” ژنەکان ووڵاتیان نییە ” لە نووسینی: ئەژین عبدالخالق.. خوێندنەوەی رۆژگار خالید

بەیادی ڕوحی گەشمردەی ” ژینا ئەمینی “
گۆڕەکەی ووڵاتێکە بۆ ئەوانەی بیر دەکەنەوە
” ژن واتای چییە و ژیان واتای چییە و ئازادی واتای چییە “
چونکە /
ژنەکان ووڵاتێکیان دەوێت دوای کوژرانی ڕۆڵەکانیان گۆڕیان هەبێت و بتوانن بەبێ ترس سەردانی گۆڕی ڕۆڵەکانیان بکەن !!
نووسەر لەسەرەتای ڕۆمانەکەی دەپرسێت :.
تۆ لە کوێی ئەو دونیایەدایت و
ئەو کتێبە دەخوێنێتەوە ؟
لەکام ماڵ ؟
لە نێو چوارچێوەی کام سنوور و کام ووڵات ؟
تۆ لەکوێی ئەو دونیایەیت ئەی ووڵات ؟
تۆ دەکەوێتە کوێوە ؟
نووسەر بەم شێوەیە جوابی ئەو پرسیارانە دەداتەوە :
دوێنی لە کوردستان بووم لە ئێوارە خەمگیینەکانم دەڕوانی شەویش لەناو فڕۆکەیەک لەئاسمانی ووڵاتی ئێران بووم و سەری خۆم هەڵدەگرت و ئێستاش لە ووڵاتی نەرویجم منداڵەکەم لەباوەشگرتووە و قاچەکانیشم نازانێت بەرەو کوێ رێکات و لەخۆم دەپرسم لە هەر شوێنێک ببم هەر بێ ووڵاتم !!
پاشان دێت 3 تابلۆی فکری دەکێشێت و دێت شەڕی فکر و شەڕی مانەوەی ژیانمان بۆدەکا ، ئەو شەڕ و فکرەی بەردەوام دووبارە دەبێتەوە ، وادەکا هەندێک ئەو ووڵاتە بەجێ بهێڵن و واشدەکا هەندێک بەدیار چارەنووسی نادیاری خۆیانەوە ڕۆژە ڕەشەکان تێپەڕ بکەن .
بۆیە شەڕی فکر و شەڕی مانەوە وادەکا هەم فکر بدۆڕێت و هەم دڵبشکێ وە هەم ژیانێک دروست بکەی پێیەکی لەناو نائومێدی و پێیەکی لەناو شەڕی ئینکاری و شەڕی خۆسەپاندن بێت .
بەهۆکاری ئەوەی لەدواجار ئەو شەڕە شەڕی ستەمی ژیانە و شەڕی ناعەداڵەتی و شەڕێکە لە مێژووەوە بۆمان ماوەتەوە .
سەرەتا دەمەوێت بڵێم :
ڕۆمانێکی تەواو ژنانەیە دوورە لە هەژموونی فکری پیاو و دەسەڵاتی پیاوەکان ، چونکە پیاوەکان خەریکی بونیادی فکری خۆیان و ووجودیەتی خۆیان و حەزی خۆیانی تێدا دەنووسنەوە و بەدەگمەن ژنەکان لەناو ڕۆمانەکانیان دەبن بەپاڵەوان و نیمچەکارێزما و پەیامبەری پەیمانێکی کۆمەڵایەتی و کەوا ئیرادەی ژن بسەپێنن .
هەر بۆیە ئەوەش دەڵێم :
بۆ ئەوەی ژن هەبێت و ژیان هەبێت و ئازادی بەڕەهایی بوونی هەبێت و ژیانمان و کەڕامەتمان پارێزراوبێت ، دەبێت ووڵاتێک بوونی هەبێت ڕەنگدانەوە ژیانی کچان و ژنانیش ببێت .
نەوەک ووڵاتێکی نێرانە و پیاوسالاری ببێت و ژن ووجودی نەبێت .
بۆیە دەگەڕێمەوە بۆ ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە کاتێک نووسەر دێت تابلۆکە دەکێشیت و لە تابلۆی یەکەم /
کاتەک مرۆڤ سەیری خۆی دەکا بەڕەنگی خۆی دەزانێت دوێنێیە ، چونکە وەک ڕوحی کز و تەنگە وەک ووڵاتەکەی هەر پارچەیەکی بەدەست وڵاتێکەوەیە ، کەواتە ووڵاتەکە دەبێ دروست بکرێت بەو مەرجانەی نووسەر پێمان دەڵێت .
تابلۆی دووەم /
ڕوحی ئینسانە چۆن دەتوانێت لەدەست ستەم و زۆرداری و زوڵم و چەوساندنەوە خەیاڵ بکا، نەوەک ڕۆژانە سەدجار بکوژرێت کەچی تەماشای ئەو هەموو کوشتن و بڕین و زوڵم و نەبوونی ئازادی و ماف بکا و بەرگە بگرێت ، ژیانێکی هەبێت پڕە لەزوڵمی برا و زوڵمی باوک و زوڵمی هاوسەر و زوڵمی کوڕەکەی .
تابلۆی سێیەم /
ئینسان چۆن دەتوانێت بیر لەداهاتووی بکاتەوە و هەست بەئینسانبوونی خۆی بکات ، لەکاتێکدا بێ بەرگ و بێ پارە و بێ ناسنامە و بێ خانوو و بێ ووڵات بێت .
کەچی ئیدیعای ووڵات و هەرێم و ژیانی شارستانی و ژیانی یەکسانی بەگوێی دەدەرێت لەهەمانکاتدا ژیانیشی پارێزراو نەبێت و بترسێت لەگیانی ، هەم لەزۆرداری هاوزمان و هاونەتەوەکەی ، هەمیش دوژمنی ووڵاتانی دراوسێش !!
بۆیە کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە دەبێ ژنێک بێت و تەنها ژنێک !
چونکە ژن دەتوانێت زوڵم ببینێت و بێدەنگ بێت یانیش زوڵمەکان بگێڕێتەوە ، بۆیە گێرەرەوەی سەرەکی ژنە گێڕەرەوەی هەموو ئەو شتانەیە لەژیانی ڕووبەڕووی دەبێتەوە پێمان دەڵێت .
شاهێدی لەسەر ژیانێک دەدا ئینسان هەرگیز نایەوێ بیبینێ نەوەک تێدا بژیت ، ناهێلێت هیچ پیاوێک قسەی بکا و ناهێلێت هیچ پیاوێک ببێت بەپارێزەری ژیانی .
چونکە ژنێکە لەدەست ڕابردووی هەڵدێت و ئیسراحەتی نییە چەندە لەخەمی داهاتووی خۆیتی .
لەپاڵ ئەوەش لە خەمی پاراستی شکۆی خۆیتی ئەوەندە لەخەمی ژیانی خۆی نییە و دەیەوێت داهاتوو بۆ ڕۆلەکەی دروست بکا و کەچی گوێ بەداهاتووی خۆی نادات .
هەر ئەوەشە وادەکا وەک کارەکتەرێک ژنێک وەک ” ژن _ دایک _ کورد ” قوربانی گەورە بدات .
بۆیە ناچارانە شەڕی مانەوە دەکا و گوێ بەو شتانە نادات وادەکا زەلیلی بکەن ، سەربەرزانە خۆی دەنووسێتەوە و دەڵێت ئازادی لای من بریتیە لە :.
” گوتنی ڕاستی چونکە ڕاستیم لەپێش خۆمداناوە لە کوێ ڕاستیم لێقبووڵ نەکەن لەوێدا کۆتایی پێدەهێنم و بڕۆم و ئازاد ببم ” !!
ئەوەی بەلای منەوە جوان بوو کۆمەڵێک پرسیار و وەڵامی جددی هەن لەناو ئەو ڕۆمانەدا توانیم بیدۆزمەوە /
هەر بۆیە دێم 3 تابلۆکە دەبەستمەوە بە پەیوەندی نێوان مرۆڤی کورد بە ” کات و شوێن ” شوێنێک هەرگیز نازانین کوێیە و کاتێک هەرگیز نازانین کەی دەستپێدەکات و کەی کۆتایی دێت .
بۆیە ڕاشکاوانە دەپرسم
بۆچی مرۆڤی کورد ئەوەندە سەیر دەژیت لە ڕووی پەروەردەییەوە لەهەر تەمەنێک بێت جنێو دەدا و زمان شڕە ؟
نووسەر دێت وەڵام دەداتەوە دەڵیت مرۆڤی کورد مرۆڤێکی جنێودەرە لەکوردستان بێت یان لە ئۆسلۆ ، وەک نموونە دەڵێت ئەوان لە ئۆسلۆ دەژیان بەڵام لە شەڕە جنێویاندا هەستت دەکرد لەکوردستان دانیشتوویت ، سەرم سووڕمابوو ئەم هەموو جنێوە کوردییەیان چۆن بەقاچاخ پێدەرچووە بۆ ئەوروپا .
هەیە ستایل و ڕەنگی قژ و مۆدیلی سەیارەی تەواو خۆرئاواییە ، بەڵام بیرکردنەوەی هەشتاکانی سەدەی رابردووی کوردستانی تێپەڕ ناکات .
پاشان پرسیارێکی جددی دێتەپێش
بۆچی ووڵاتمان نییە و بۆچی ناژین وەک مرۆڤ بەبەردەوام خەریکی شەڕ و کێشەی یەکدین ؟
نووسەر وەڵامێکی جددی هەیە و دەڵێت تێگەیشتم کاتێک بەبێ ووڵاتی لەدایکبوویت تاماویت بێ ووڵاتی و هەر بەبێ ووڵاتیش لە کونجێکی ئەم دونیایەدا سەر دەنێتەوە و دەمریت .
لەجیاتی دروستکردنی ووڵات خەریکی وێران کردن و دەستکاری کردنی ژیانی یەکدین و کەرامەتی یەکدی دەشکێنین و شەڕی گچکە دەکەین و شەڕی بەرژەوەندی دەکەین .
پرسیارێکی تر ئەوەیە :
چ شتێک تاکی کورد بەیەکدی دەبەستێتەوە و چ شتێک وا دەکا تاکی کورد پەیوەست نەبێت بە ” شوێن و خاک و پەروەردە و ئەو ژینگەی تێدا دەژیت ” یانیش دەپرسم
بۆچی پیاوی کورد تاوەکو ئێستا لەووجودی ژن بوون تێناگات ؟
نووسەر وەڵامێکی ناخ هەژێنی هەیە و دەڵێت هەموو ئەو کوردانەی لە مەملەکەتی دایک سەیریان دەکردم و سەرسامی خۆیان پیشان دەدا یا درۆیان دەکرد و گرێی دەروونییان هەبوو یانیش هۆکار ئەوە بوو کە کچنەدیتە و نەگبەت و بێئەزموون بوون ، لە پێنج ساڵی هاوسەرگیریدا تەواو دڵنیابووم ئەگەرچی ئەو تەمەنی سەرووی سی ساڵ بوو
بەڵام
پێویستی بە سی ساڵی تر ئەزموون هەبوو بۆ ئەوەی لە ژن و لەمن تێبگات .
پرسیارێکی گرنگتر
بۆچی تاکی کورد بەدەگمەن دەبێت بەتاکێکی تەندروست کاتەک لە شارەکەی یانیش ناوچەکەی کۆچ دەکا و هەوڵدەدا ژیانێکی نوێ دروست دەکا بە دەگمەن دەتوانێت ژیانێکی نوێ دروست بکا ؟
وەڵامی نووسەر ئەوەیە /
ئێمە ژیانمان کەپت دەکرێت هەم لە ڕووی جەستەیی و هەم لە ڕووی خەیاڵەوە بۆیە دێت ژیانی دەنووسێتەوە و دەورە دراوە بەدونیایەک شت ، نابێت هیچی لەبارەوە بزانێت و هیچ شتێک لەبارەی بخوێنێتەوە یانی هەر پرسیارێک و هەر شتێک بڵێت دەبێ بەشەرم و عەیبە .
ئالێرەدا نووسەر دێت و دەڵێت منیش وەک تۆ بووم و بێبەش نەبووم لەو هەموو ناحەقییانەی ژیان پێی کردم منیش بێ ووڵات لەدایکبووم کەبێ ووڵات لەدایکبووی بێ ناسنامەی و هاوڵاتی نیت .
ناوەڕۆکی نێو ئەوڕۆمانە نیوەی لە کوردستان و نیوەی لە نەرویج دەبێت .
نیوەی کوردستان پڕە لە ڕووداو و پڕە لە پرسیار و پڕە لە کۆد و ڕەمزی نەبینراو .
نیوەکەی دیکە /
کەوا نەرویجە پڕە لەپرسیاری بێ وەڵام و پڕە لە خەفەتی قوڵ و پڕە لەهەستکردن بەوەی وەک مرۆڤ ناتوانی بژیت .
دەڵێت بیرم ناچێتەوە چۆن بەچ دڵێکی غەمگینەوە لە کوردستان ڕامکرد لەو ووڵاتەی شوێنی هەموو شتێکی تێدا دەبووەوە ، دار و بەرد و گورگ ، بەڵام شوێنی ژنێکی تێدا نەبووەوە بەئاسوودەی تیایدا بژی .
بۆیە پلانم هەبوو بەهێمنی ئەو دونیایە جێ بهێلم .
بەڵام /
من لەگەڵ هیچ جۆرە توند و تیژیدا نەبووم بەرانبەر بەخۆم .
لەبارەی ژیانی ووڵاتی غەریبی دەڵێت نازانم کێم ئەو کەسەم بەخەیاڵ دەژیام و هەموو شتێکم گۆڕا تا دێت قەناعەت دەکەم ژیان سەفەرێکی تەنیایە و هەر دەبێ بەتەنیا بژی و بڕۆیت .
ئەوە گرنگ بوو لەکۆتاییدا ڕۆمانەکەی توانی بەخەیاڵیش بێت بەئازادی و بەمافی منداڵەکەی پەروەردە بکا .
بەڵام کاریگەری خێزان و کۆمەڵگەی کوردی وادەکا نووسەر بیر بکاتەوە هەموو کوڕێک بە ئەگەرێک دایکی یا خوشکی یا خێزانی یانیش کچەکەی بکوژێت ئەو گەنجە لە هەولێر بێت یا لە ئوسلۆ یا هەر شوێنێکی دیکە ببێت .
بەڵام /
خەیاڵی نووسەر شتێکی دەگێڕێتەوە و پێمان دەڵێت کوڕەکان پەروەردە بکەن و ووڵات دروست بکەن لەناخی کوڕەکانتان بۆ ئەوەی چیدی ژنان نەکوژرێن .
لە کۆتایی دا بەزمانی جیرانەکەی پیرەژنە نەرویجیەکە پێمان دەڵێت :
پیرەژنەکەی دراوسێم دوای سەد ساڵ ووڵاتی هەبوو ، کەمرد و ڕۆمێک خانووەکەی کڕی .




چه‌ندین زانیاریی سه‌رنجڕاكێش سه‌باره‌ت به‌ زمانی ئینگلیزی.. وه‌رگێڕانی له‌ئینگلیزییه‌وه‌: والی عه‌لی

•ئینگلیزی به‌ناوبانگترین زمانه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهانداو به‌ زمانی زاست و ته‌كنۆلۆجیاو هێز ناسراوه‌. ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ چه‌ند زانیارییه‌كی سه‌رنجڕاكێشن سه‌باره‌ت به‌م زمانه‌ جیهانییه‌:
•ئینگلیزی زمانی جیهانیی ئاسمانه‌كانه‌. به‌ چاوپۆشین له‌وڵات و ئه‌و زمانه‌ی خۆیان له‌بنه‌ڕه‌تدا قسه‌ی پێده‌كه‌ن، هه‌موو فڕۆكه‌وانه‌كان پێویسته‌ له‌سه‌ریان فێری ئه‌م زمانه‌ ببن و قسه‌ی پێبكه‌ن.
•زمانی ئینگلیزی بۆ گوزارشتكردن له‌ “سه‌رخۆشبون” سێ هه‌زار وشه‌ی هه‌یه‌. ئیمانم نه‌چێ و خوار پێم نه‌گرێ ئێمه‌ی كورد وابزانم ته‌نها سیانمان هه‌یه‌: خه‌یاڵ، مه‌ست، سه‌رخۆش.
•به‌گشتی هه‌ر قه‌ڵه‌م ره‌ساسێك ده‌توانرێت هێڵێك كه‌ درێژییه‌كه‌ی نزیكه‌ی 56 كیلۆمه‌تر بێت یان نزیكه‌ی 50 هه‌زار وشه‌ی ئینگلیزی پێبنوسرێت. هه‌ركه‌سێكیش باوه‌ڕناكات ده‌توانێت تاقیبكاته‌وه‌!!!
•رسته‌ی The quick brown fox jumps over a lazy dog سه‌رجه‌م 26 پیته‌كه‌ی زمانی ئینگلیزی له‌خۆده‌گرێت.
•ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ نایجێریا به‌ ئینگلیزی قسه‌ده‌كه‌ن له‌ هی شانشینی یه‌كگرتوو زیاتره‌.
•له‌سه‌دا 25ی هه‌موو ئه‌و تێكستانه‌ی به‌ ئینگلیزی ده‌نوسرێن بریتین له‌م وشانه‌:
a, and, be, have, he, I, in, of, that, the, to.
•له‌ناو ئه‌و وڵاتانه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی به‌ زمانی ئینگلیزی قسه‌ده‌كه‌ن، ته‌نها ئه‌مه‌ریكا پیتی z به‌ زیی گۆده‌كات نه‌ك زێد!
•پیتی j یه‌كێكه‌ له‌و پیتانه‌ی ئینگلیزی كه‌ بنه‌ڕه‌تی نین و دواتر بۆ ئه‌بجه‌دیی ئینگلیزی زیادكراون.
•ته‌نها له‌ ئه‌مه‌ریكا، 24 دیالێكتی جیاوازی ئینگلیزی هه‌یه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر جارجاره‌ له‌كاتی سه‌یركردنی فیلمێكی ئه‌مه‌ریكیدا، مێشكت ته‌قه‌ی هات و هیچ وشه‌یه‌كی ئه‌وتۆی لێ تێنه‌گه‌یشتیت، دڵ له‌دڵ مه‌یه‌، ئاساییه‌.
•له‌سه‌دا 89ی خه‌ڵكی سوید، به‌ ئینگلیزی قسه‌ده‌كه‌ن.
•درێژترین وشه‌ی باوی ئینگلیزی كه‌ پیتی بزوێنی تێدا نه‌بێت rhythmsه‌.
•كۆی ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان له‌ئێستادا نزیكه‌ی هه‌شت ملیاره‌. له‌م ژماره‌یه‌ یه‌ك ملیاریان به‌ ئینگلیزی قسه‌ده‌كه‌ن.
•ئه‌گه‌ر له‌ژماره‌ یه‌ك تا 100ی ئینگلیزی به‌خێرایی ئاسایی و ده‌نگی به‌رز بژمێریت، ئه‌وا 75 تا 80 چركه‌ت پێده‌چێت.
ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ چین به‌ زمانی ئینگلیزی قسه‌ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ زیاتره‌ كه‌ له‌ئه‌مه‌ریكا به‌و زمانه‌ قسه‌ده‌كه‌ن.
•هه‌ر كه‌سێكی ئاسایی كه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی قسه‌ده‌كات، نزیكه‌ی په‌نجا هه‌زار وشه‌ له‌مێشكیدایه‌و به‌گشتی له‌ماوه‌ی نزیكه‌ی 600 میللـی چركه‌دا، وشه‌ی راست له‌ناو ئه‌و په‌نجا هه‌زاره‌دا ده‌دۆزێته‌وه‌.
• هه‌موو 98 خوله‌كێك، وشه‌یه‌كی ئینگلیزیی نوێ دروستده‌كرێت، واته‌ نزیكه‌ی 15 وشه‌ی نوێ له‌هه‌ر رۆژێكدا.
• خاوه‌نی زۆرترین مانا له‌زمانی ئینگلیزیدا، وشه‌ی setه‌. ئه‌م وشه‌ بچكۆلانه‌یه‌ زیاتر له‌ 430 مانای هه‌یه‌و پێناسه‌ی ماناكانی 60 هه‌زار وشه‌ی پێویسته‌، ئه‌مه‌ش له‌فه‌رهه‌نگی ئینگلیزیی ئۆكسفۆرددا 24 لاپه‌ڕه‌ی گرتووه‌.
• زمانی ئینگلیزی به‌و هه‌موو شان و شه‌وكه‌ته‌وه‌، ته‌نها پێنج وشه‌ی هه‌یه‌ كه‌ ته‌نها له‌پیتی بزوێن پێكهاتبێت و پیتی نه‌بزوێنی تێدا نه‌بێت. ئه‌وانیش بریتین له‌: (aa, ae, ai, oe, eau).
• به‌گوێره‌ی لێكۆڵه‌رانی زانكۆی وۆرویك، هه‌زه‌لیترین 10 وشه‌ له‌زمانی ئینگلیزیدا ئه‌م وشانه‌ن:
booty, tit, booby, hooter, nitwit, twit, waddle, tinkle, bebop, egghead
• ره‌نگه‌ فه‌خامه‌تی جه‌نابت بپرسیت مانای ئه‌و وشانه‌ چیه‌؟ منیش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێم: خوا په‌نامان با، جا چی نیه‌!!!!
• وشه‌ی good له‌زمانی ئینگلیزیدا، به‌ به‌راورد به‌ هه‌ر وشه‌یه‌كی تر، زۆرترین مورادیفی هه‌یه. ئه‌م وشه‌یه‌ 380 مورادیف واته‌ هاومانای هه‌یه‌.
• ئه‌گه‌ر به‌ نوسین بینوسین نه‌ك به‌ ژماره‌، ئه‌وا یه‌كه‌م ژماره‌ كه‌ پیتی aی تێدایه‌، thousandه‌ كه‌ به‌مانای هه‌زار دێت. هیچ یه‌كێك له‌ژماره‌كانی پێش هه‌زار، ئه‌و پیته‌یان تێدا نیه‌.
• درێژترین وشه‌ی ئینگلیزی كه‌ بتوانرێت به ‌ته‌نها چوار پیتی جیا دروستبكرێت، senselessه‌ كه‌ چه‌ند مانایه‌كی هه‌یه‌ له‌وانه‌: بێهۆش، بێمانا، هتد…
• تا ئێستا هیچ كه‌سێك نازانێت بۆچی پیته‌كانی ئه‌بجه‌دیی ئینگلیزی به‌و ریزبه‌ندییه‌ ریزكراون‌ كه‌ باوه‌. ئه‌گه‌ر تۆ ده‌یزانیت، پێمان بڵێ خێرت ده‌گات.
• رێزمانزانێكی ناودار هه‌یه‌ به‌ناوی دۆمینیك بۆر كه‌ خه‌ڵكی فه‌ره‌نسایه‌. كۆتاقسه‌ی ژیانی ئه‌م براده‌ره‌ ئه‌وه‌ بووو كه‌ وتی: ئه‌گه‌ر بته‌وێت به‌ ئینگلیزی بڵێیت من خه‌ریكه‌ ده‌مرم، ئه‌وا هه‌ردوو رسته‌ی
I am about to die.
یان
I am going to die.
راسته‌.
• زۆر خه‌فه‌تیش مه‌خۆ كه‌ نازانیت به‌ ئینگلیزییه‌كی پاراو قسان بكه‌یت، ئه‌وه‌تا ته‌نانه‌ت له‌ ئینگلته‌را به‌و هه‌موو شان و شه‌وكه‌ته‌وه‌، 770 هه‌زار كه‌س هه‌ن كه‌ ناتوانن به‌ باشی به‌ ئینگلیزی قسه‌بكه‌ن.
• رێژه‌ی خه‌ڵكی هۆڵه‌ندا كه‌ به‌ ئینگلیزی قسه‌ده‌كه‌ن له‌ڕێژه‌ی ئه‌و هاوڵاتییه‌ كه‌نه‌دییانه‌ زیاتره‌ كه‌ به‌ هه‌مان زمان قسه‌ده‌كه‌ن. نزیكه‌ی له‌سه‌دا 90ی خه‌ڵكی هۆڵه‌ندا به‌ ئینگلیزی قسه‌ده‌كه‌ن، له‌كاتێدا ته‌نها له‌سه‌دا 85ی كه‌نه‌دییه‌كان به‌ ئینگلیزی قسه‌ده‌كه‌ن.
• نیشانه‌ی & كه‌ له‌بری and واته‌ “و” به‌كارده‌هێنرێت، له‌بنه‌ڕه‌تدا 27هه‌مین پیتی زمانی ئینگلیزی بووه‌.




پانێڵێک تایبەت بە دوو بواری گرنگیپێنەدراوی ئەکادێمی و هاوکات روناکبیریی و مرۆیی، ئەوانەش پزیشکی دەروونی و دەروونناسییە




لە ناو ئەشکەوتی داڵغەدا مردم.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

گوناھی من چییە
پەروانە رێی شەمعی ون کردووە
نەورەس
دڵی لە دەریا شکاوە
پەنجەرە
بەسەر شەقامی شکاندا دەڕوا؟
خۆ من دەمویست
گۆزەی بە تاڵی ژیان
پڕ بکەم لە گۆرانی
گوڵە شەکەتەکان
لە جۆلانەی باخدا راژەنم
ختوکەی ئاو بدەم
تا باران بکەوێتە پێکەنین
خۆ من دەمویست
خۆکوشتن
لە مێشکی ھەتاو دەربھێنم
خەیاڵی مانگ
لێوانلێو بکەم لە تریفە
بەفر قایل بکەم
بە سپێتی خۆیەوە ببارێتە
سەر پرچی چیایەکی ھەڵکڕوزاو
خۆ من دەمویست
عەرەبانەی ژیان
بەرەو خۆشەویستی پاڵ بنێم
دەفری یادەوەریی
سەرەورێژ بکەم لە مێوژی ئەمڕۆ
جۆگەلە باریکەلەکان
لەسەر میراتی رووبار نەبێتە شەڕیان
شەوە برینگەکان
لە ناو نوێنی دوو عاشقی سەرشێتدا
وەکو نانی تیری تەڕ بکەم
خۆ من دەمویست
زمانی درێژی
بایەقووشی تفەنگ ببەستم
سەنگەرەکان
بە گوڵە بەیبوون بڕازێنمەوە
شەڕگاکان
گولەی گوڵاویان تێدا بتەقێندرێ
زۆرترین گوڵ بکوژرێن
زۆرترین گوڵاو بڕژێت
من دەمویست
ھێڵی سنووری وڵاتان
لە بری خوێن
بە بەرائەتی مناڵان قیرتاو بکەم
شۆڕشێک چێ بکەم
دژی شۆڕش
دژی ئەو شۆڕشانەی لەسەر
کەللەسەر بینا دەکرێن
قوتابخانەیەک ئاوەدان بکەمەوە
دژی ھەموو قوتابخانە نەریتییەکانی تر
لەوێ فەلسەفە
ھونەری مەرگ و
پیشەسازیی چەوساندنەوە نەبێت
تێیدا ژیان بخەمە
سەرشانی لێبوردەیی
من دەمویست، جیھان
باڵەخانەیەکی دوو نھۆمی نەبێت
ھەندێک لەسەر بورجی عاجی خۆشگوزەرانی
قاچ لەسەر قاچ دابنێن
ھەندێک تر لەژێرەوەڕا
دنیا فەرامۆشیان بکات و
بە دەم حەسرەتەوە چاو لێک بنێن
من دەمویست
عودێک بدەمە دەست مۆسیقارێک
ئاوازێکی نوێی پێ بژەنێت
گوێیەکانمان نەیبیستبێت
قەڵەمێک بدەمە دەست شاعیرێک
شیعرێکی تەڕی پێ بنووسێت
بۆنی ژیانی لێ بێت
فڵچەیەک بدەمە دەستی شێوەکارێک
پۆرترێتێک بکێشێت
ھەموو رەنگەکانی نیشتمان
لەناویدا بدرەوشێنەوە
من دەمویست
ھیچ مۆمێک نەکەوێتە
بەر نەفرەتی فوو
گۆزەی ھیچ لێوێک
لە کانی ماچ بە بەتاڵی نەگەڕێتەوە
بەردی گومان
ئاوێنەی خۆشەویستی
ھەپرون ھەپرون نەکات
ئاسمانی دڵی ھیچ عاشقێک
برینداریی لێوە نەبارێت
غەمگینی لێوە نەبارێت
خۆکوشتنی لێوە نەبارێت
تەنھایی لێوە نەبارێت
ھەڵوەرینی لێوە نەبارێت
کاتێک ھیچ شتێک
بە ویستی من نییە
لەم بەستەڵەکی مەنفایەدا
یەک یەک
خەونەکانم دەسووتێنم
داڵغە تەزیوەکانمی
لەبەر گەرم دەکەمەوە




ئەرگوێمێنتی منداڵی.. شەماڵ بارەوانی

دەمەوێ مۆسیقای وشەکانم بچنەوە سەر نەسەبی ئەلفوبێی سەراب و
ملوانکەی ئەم هەموو قەیرەحوزنە لە گەردنی شیعرەکانم دابماڵم

دەمەوێ بڕۆمەوە کەناری متبوون و بەدەم سیگاری حەسرەتەوە
بێدەنگی بکەم بە ناونیشانی دێڕەکانم

نامەوێ چیتر کانی مەراقم جۆگەلەی ڕەشبینی لێ بڕژێت و
هەوری ئاسمانی دیدەم بارانی قەڵەق ببارێنێت

نامەوێ جارێکی تر مۆرانەی هاڕین بە پلیکانەی ڕۆحم سەرکەوێت و
کۆرپەی سەرگەردانیم لە ئاستانەی خەونێکی نەزۆکەوە سەربنێتەوە

دەمەوێ بڕۆمەوە سەر لەهجەی بێتاقەتی و لە قافیەکانی زەمەن ڕەها ڕەها دەبم

هەرگیز نەدەبوو هەموو شتێک لە ڕوانگەی ئەرگوێمێنتی منداڵییەوە ببینم

دڵنیام دوای ئەم فەسڵەی فریودان مەوسمێکی تری کاڵبوونەوە
هەواری تەنیاییم بەسەردەکاتەوە و دووبارە ڕەنگەکانم دەڕۆنەوە دواسنووری ئاوابوون

ناچارم کاژی نیگەرانی فڕێدەم و فەسڵێکی تری ئالوودەبوون بە فرمێسک دەست پێبکەم

ناچارم پێکێکی تری عەزاب بنۆشم و پەڕە پەڕەی دەفتەری بیرەوەرییەکانم بدڕێنم




مەملەکەتە سەیرەکە.. شیعری نەوزاد بەندی

خەڵک ئەوەندە تووڕەن لە حوکمەت ،
لە بچووکترین دەمە بۆڵەی نێوانیاندا ،
کەسێ ئەکوژرێ ..

٭ ٭ ٭

دەوڵەمەند بۆ بەفر ئەگەڕێ و
هەژاریش بۆ دەبەیەک نەوت..
هیچ کامیان نایدۆزنەوە ..!

٭ ٭ ٭

لە هەموو ئەڵمانیا یەک باخ هەیە ،
لێرە هەرچی ڕاست ئەبێتەوە ،
باخێ ئەکڕێ ..!

٭ ٭ ٭

کە دوو مافیا ئەبێ به شەڕیان ،
ئەکەونە تەقەکردن لە یەک ..
قوربانییەکانی دەستیان ،
ئەبن بە دوو بەش ..
بە دوو بەشی دژ بەیەک…!

٭ ٭ ٭

ئەمزانی ئەو کاتەی ئەڵێی ئازیزم ،
لە هەموو کاتێ زیاتر ڕقت لێمە و
لە هەوڵی یەکبینەدای ،
یان گورگی تەنیایی بمخوا
یان بمخەیتە بیرەکەوە ،
پێشتریش ئەمزانی تۆ وای !

 ٭       ٭       ٭

کە دەسەڵات ناشیرین بوو ،
لە کۆمەڵگادا بۆ جوانیی مەگەڕێ !
٭ ٭ ٭

میللەتی خوێڕیی ،
کە هەتاو دەرکەوت ،
ئەیکا بە نیوقۆڵ و
کە دوو نمە باران باری ،
خۆی لە بلوس و ساقۆ ئەپێچێ ، ( دوگ شۆڕ و گوێ کەڕیلە ) ..
کە خوا دوو دینار ڕزقی دا ،
تەنەکەی خۆڵەکەی پڕ ئەبێ لە خواردن .. تا پێی بڵێن VIP
با پێی نەڵێن ڕەزیلە ..
کە ڕۆژێکیش ڕیسوا بوو ،تەنەکەی خۆڵەکان ئەگەڕێ بۆ خواردن ، وەک پشیلە ..

٭ ٭ ٭

لە کۆمەڵگای گەمژە ،
نابێ شوێن پێ جێبێڵیت ،
چونکە بە هیچ شتێ ناسڕێتەوە ..

٭ ئەوەی ناو کەوانەکە ، دێڕێ شیعری (مەڕەکەم ) ــە کە لە ساڵی هەفتاکانی سەدەی ڕابوردوودا ، لە کتێبی خوێندنەوەی کوردی پۆلی دووەمی سەرەتاییدا هەبوو .




ڕەخنەچییە و کێ ڕەخنەگرە.. دڵزار حەسەن

لەزمانی کوردی، وشەی ڕەخنە بەرانبەر مانای (نقد)ی عەرەبی بەکاردەهێنرێت، هەردوو وشەکەش لەبواری ئەدەبیدا بۆ یەک واتا و مەبەست بەکارھاتووە و هەڵگری چەمکێکی دیاریکراون. ڕەخنەی ئەدەبیش لەپاڵ مێژووی ئەدەب و تیۆری ئەدەبدا، دەبنە سێ لقی تایبەت بەلێکۆڵینەوەی ئەدەبی. واتە ڕەخنەی ئەدەبی لقێکی شیتەڵکاری ئەدەبییە و بایەخ بە ڕاڤەی تێکست دەدات. ئەرکی ڕەخنەش توێژینەوە و شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی دەقی ئەدەبییە، بەمانایەکی دیکە دیاریکردنی بەهای دەقی ئەدەبییە. واتە ڕەخنەی ئەدەبی لەو بنەما هونەریی و ئێستاتیکیانە دەکۆڵێتەوە، کە دەقی ئەدەبییان لێ بنیات دەنرێت و ڕەخنەسازیش بەشێوەیەکی زانستییانە بەهای ئەو بنەمایانە دیاری دەکا، بەمەش ڕادە و ئاستی گرینگیی و بایەخی دەق بۆ خوێنەرو نووسەریش دەستنیشان دەکات. بەو پێیە دەڵێین دەبێ ڕەخنەگر لێکۆڵەرەوەیەکی ئەدەبیی و شارەزابێت و زانیاریی تەواوی دەربارەی مێژووی ئەدەب و تیۆری ئەدەبی میللەتەکەی و میللەتانی تر هەبێت و سەرباری ئەوەش لەجەوھەردا، چێژ لێوەرگرێکی ئەدەبیشە، دەبێ زانیاریی لەبوارە جیاجیاکانی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووری و ڕۆشنبیرییدا هەبێت و شارەزاییەکی گشتیشی لە زانستە مرۆییەکاندا هەبێ.
به‌و جۆرە‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو كاره‌كته‌رمان ناسى، ئیدى له‌وه‌ ده‌گه‌ین ڕه‌خنه‌ چ له‌بەرهەمی نووسه‌ر ده‌كا. بیرتان نەچێ ئاوێنه‌ى نووسه‌ر ڕه‌خنه‌گره‌، لێره‌دا خوێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گر لێك جیاده‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو ڕه‌خنه‌گرێك خوێنه‌رێكى جددییه‌، به‌ڵام هه‌موو خوێنه‌رێك ڕه‌خنه‌گر نییه‌. باشە بۆ ئه‌و دوو چه‌مكه‌ لێك جیاده‌كه‌ینه‌وه‌ و به‌س له‌سه‌ر چه‌مكى ره‌خنه‌گر ده‌وه‌ستین؟ بابزانیین ڕه‌خنه‌ چییه‌؟ به‌شێك له‌ نوسه‌رانى ئێمه‌ واتێگه‌یشتوون ڕه‌خنه‌گر شێوه‌یه‌كى پۆلیسى هەیە یان له‌ شیوه‌ى مامۆستایه‌ و كاتێك ده‌قه‌كه‌ى تۆى بینى چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ى لێده‌كه‌ى، كه‌ بزانین چه‌ندت‌ ده‌داتێ، به‌و مانایەی وه‌ك نمره‌ى قوتابخانه‌ چه‌ندت له‌ ده‌ى ده‌داتێ! له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ هیچ پێوه‌ندییه‌كى به‌ ڕه‌خنه‌وه‌ نییه‌. ئه‌و نووسه‌رانەى نمره‌ى پاش ده‌هێنن ئیدى خۆیان لێده‌گۆڕێ و په‌لامارى ئه‌وانى دیكه‌ ده‌ده‌ن و خۆى لێده‌بێته‌ داهێنه‌ری بێھاوتا، چونكه‌ ناوه‌نده‌ ئه‌ده‌بیی و ڕۆشنبیرییه‌كان و ڕه‌خنه‌گره‌ نمره‌ به‌خشه‌كان ده‌ له‌سه‌ر ده‌یان داوه‌ته‌ ئه‌و نوسه‌رە، بۆیه‌ خۆى له‌سه‌روى هه‌موویان ده‌بینێت. ئه‌وه‌یان نه‌ك هه‌ر ڕه‌خنه‌ نییه‌، به‌ڵكوو ئه‌تكردنى نووسه‌ر و ده‌ق و دونیاى ڕه‌خنه‌شه. به‌شێكى دیكه‌ى ڕه‌خنه‌گرمان هه‌یه‌ به‌ لۆژیكى (باش و خراپ) مامەڵە‌ له‌گه‌ڵ ده‌قدا ده‌كا، ئه‌وه‌ش ڕه‌هه‌ندێكى سۆزدارى هه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ پێوه‌ندى به‌ براده‌رایه‌تییه‌وه‌ هه‌بێ، كه‌ ئێستا به‌شى زۆرى به‌ناو ڕه‌خنه‌گرانى كوردى باشوور به‌و فۆرمە‌ ئیش ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ش ناچێته‌ ناو خانه‌ى ڕه‌خنه‌وه‌، ئێ باشه‌ ڕه‌خنه‌ چییه‌؟ به‌ر له‌هه‌موو شتێك ڕه‌خنه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن نییه‌، ماركیتنكیش نییه‌. ڕه‌خنه‌ له‌و كاته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، كه‌ ئه‌وى دیكه‌ جیاوازتر لەخاوەن دەق بیرده‌كاته‌وه‌. واته‌ ڕه‌خنه‌ قووڵكردنه‌وه‌ى جیاوازییه‌كانه‌ له‌به‌رانبه‌ر ده‌قدا، دروستكردنى فاكته‌ بۆ تێگه‌یشتنى جیاواز. كتێبێكت خوێندۆتەوە و پێتباشبووە و دوایی له‌سه‌ریت نووسى، ئه‌وه‌ نابێته‌ ڕه‌خنه،‌ یاخود كتێبێكت پێخراپ بوو، ئینجا تۆ شتى له‌سه‌ر بنووسى!
ڕه‌حنه‌ له‌و كاتەدا‌ ده‌ست پێده‌كا،‌ كه‌ كتێبه‌كه‌ ڕاى جیاوازى دروستكرد، بۆیه‌ به‌شى زۆرى كتێبه‌كانى ئێمه‌ بەحیساب‌ ڕه‌خنه‌یان لێگیراوه، بەڵام‌ هیچی ناچێته‌ خانه‌ى ڕه‌خنه‌وه‌. كتێب هه‌یه‌ خاوه‌نه‌كه‌ى وەک پێویست ناناسرێ و وه‌ك ئه‌وانى دیكه نەخوێندراوەتەوە‌، چونكه‌ تا ئێستا بەرچاوی خوێنەری باش و ڕەخنەگری جددی نەکەوتووە، یاخود هه‌ست به‌جیاوازى له‌ناو ده‌قه‌كەیدا نه‌كراوه‌، جیاوازیه‌كانى نه‌بیندراوه‌، بۆیه‌ دەبینین بە ھۆیەوە پەراوێزکراوە‌. نووسه‌رى واش هه‌یه‌، هێشتا كتیبه‌كه‌ی لەچاپخانە دەرنەچووە، ھەوادارانی ئاهه‌نگى سه‌ركه‌وتنى بۆ سازده‌كه‌ن! ئاخر ڕه‌خنه‌ خۆی لە خۆیدا كوشتنى هه‌قیقه‌ته‌ له‌ناو ده‌قدا، نابێ بۆ هه‌میشه‌ به‌ هه‌قیقه‌ته‌كانى ئه‌و نووسه‌ر ڕازیبین. ناشێ تووشی وەهم بین، كە‌ دونیایه‌ك كتێبى هه‌یه. خۆ ئێمه‌ شه‌ڕى زۆریی و كه‌مى كتێب ناكه‌ین. ڕه‌خنه‌گر كاری ئەوەیە چه‌مكى تازه‌ له‌ناو ده‌قدا بدۆزێته‌وه‌، نه‌ك وه‌هم بۆ نووسه‌ر دروستبكات. ئێستا هه‌ندێك به‌ ناوى ڕه‌خنه‌ تۆمه‌ت ده‌به‌خشنه‌وه‌، هه‌شیانه‌ بوونه‌ته‌ چاوەش و مه‌دالیاى باشى و خراپی به‌ ملى ئه‌وو ئه‌مدا ده‌كا. هه‌ر كاتێك تێگه‌یشتین ڕه‌خنه‌ چییه‌، ئه‌و كات له‌ ڕه‌خنه‌گریش ده‌گه‌ین. هه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ كتێبێك ده‌كا، ناوى لێناوه‌ ڕه‌خنه‌. ئاخر ڕانان و خوێندنه‌وه‌ى كتێب چ پێوه‌ندییان به‌ چه‌مكى ڕه‌خنه‌وه‌ هەیە‌. كێشه‌ى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كار بۆ به‌رهەمهێنانى فكرى ڕه‌خنه‌یی ناكه‌ین، ترسمان له‌ گفتوگۆى جددى هه‌یه و‌‌ تواناى قبوڵکردنی جیاوازییمان نییه‌. له‌جیاوازى ده‌ترسین، بۆیه‌ خاوه‌ن بنەمای ڕه‌خنه‌نین.




حەسار و سەگەكانی باوكم، نۆڤلێتێكی كۆن لە سەردەمێكی نوێدا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

بێگومان هەموو سەردەم و قۆناغێك، پێویستی جۆرە ئەدەبێك و تێكستێك دێنێتە ئاراوە، چونكە ئەدەب بە گشتی، وێرای ئەزموونی خودییانەی نووسەر، هاوكات ڕەنگدانەوەی سەرخانی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە و ئەو نۆڕم و بەهاو دیاردانەیە كە بوونیان هەیە. كۆمەڵگەش بەردەام لە گۆڕان و كرانەوە و پێشكەوتن دایە،لەگەڵ ئەو پێشكەوتنانە، بە تێپەڕینی ڕۆژگار، نۆڕم و بەها كۆنەكان بەشێك زۆریان دەكەون و سیما و ئەدگاری نوێ و سەردەمیانە دێنە ئاراوە. بۆ نموونە، تا بیست ساڵ لەمەوبەریش، وشەكانی فەیسبووك و چات و فۆلۆ و مەیكەئەپ و چەندانی تریش، لە ژینگەی كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و زمانی كۆمەڵگەی كوردی بوونیان نەبوو، كەچی ئێستا بوونەتە بەشێك لە زمانی ڕۆژانە. لە شیعری كلاسیكی كوردیدا، دەیان و سەدان وشەی ئایینی و سۆفیگەری و زاهیدی بوونیان هەیە، بەڵام لە سەرەتای بیستەكانی ئەم سەدەیە، كاتێ شیعری كوردی نوێ دەكرێتەوە، ئیدی ئەو چەمكانە، بە چەمكی نەتەوەیی و نیشتمانی دەگۆڕدرێن و هوشیاریی سیاسی و نەتەوەیی لای شاعیرانی ئێمە، بەرمەبنای ئەو پێشكەوتنە یەو هوشیاری نەتەوەیی و سیاسی، جێگەی هوشیاری ئایینی دەگرێتەوە. بەهەمان شێوە ئەدەبی هەفتاكان، تا ڕادەیەك بە هەموو ژانرەكانییەوە، ئەدەبێكی بەرگریی و نەتەوەییە، بەڵام ئێستا بە هیچ شێوەیەك ئەو ئەدەبە، لە دوای ڕاپەڕینەوە بوونی نەماوە و شیعری كوردی، بەرە و جۆرێك لە بێهوودەیی و خودگەرایی و سوریالییەت چووە، بە هۆی ئەو جەنجاڵی و ئاڵۆزییەی لە ژیان و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی نێوان مرۆڤەكان و كۆمەڵَگە هاتۆتە ئاراوە. ئەم نموونانە، پێمان دەڵێن تێكستێك نییە، هاوسەردەمی هەموو قۆناغێك بێت و هەمیشە وەكو شاكارێكی گەورەی ئەدەبی ببینرێت، ئەمە بەو مانایە نا كە نە خوێنرێتەوە، بەڵكو بەو مانایەی دەبێ بیبەستینەوە بە زەمەن و شوێن و كاتی نووسینی دەقەكە. لێرەدا، وەك خوێنەرێك دەمانەوێت ئیستێك لە ئاست وتارێكی (ئاراس سەعید) بكەین، بە ناوی (ڕەهەندی باوككوژی لە ڕۆمانی حەسارو سەگەكانی باوكم). وەرگرتنی ئەم وتارە و خوێندنەوەی، بە دوو ئامانجە، یەكەمیان: لە پەراوێزی ئەم وتارەوە دنیابینی نەوەی نوێ ببینین و لە پەیوەندی بە جیهانبینی نوێ و خوێندنەوەی نوێ بۆ تێكست هەڵیبسەنگێنین، دووەمیان:
بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، كە ئاخۆ حەسار و سەگەكانی باوكم، ئێستاش هەر شاكارێكی گەورەی ئەدەبییە وەك ئەوەی ئاراس دەیڵێت؟ یاخود ڕووداوەكانی گوزارشت لە قۆناغێكی دیاریكراو دەكات. ئایا لەدوای نووسینی ئەم نۆڤلێتەوە، كۆمەڵگەی كوردی، ماف و ئازادییەكانی ژن، پەیوەندی باوك و منداڵ، كرانەوەی كۆمەڵایەتی و ژینگەی پەروەردەیی خێزانەكان و كۆمەڵگە هەر وەكو خۆیەتی یان گۆڕاون؟ ئایا ئێستاش باوكانی كورد بەگشتی پەتریاكن و كچان كۆیلە و لە مافەكانیان بێ بەشن، یاخود گۆڕانكاریی گەورە هاتۆتە ئاراوە، كە دەخوازێت ئێمە ئەو نۆڤلێتە بە پێی كۆنسێپتی كۆمەڵایەتییانەی كۆمەڵگە لەو كاتدا بخوێنینەوە و ئیدی بە جێی بێڵین؟ ئایا شاكاری ئەدەبی، لەوەدا كورت دەكرێتەوە كە نووسەرێكی بە ناو و دەنگ بینووسێت، یان بە پێچەوانەوە؟ سەرەتا لە نووسینەكەی ئاراسەوە دەست پێ دەكەین. هەڵبەتە لە سەردەمێكدا، كە مرۆڤ بە یەك كلیك، هەر زانیارییەك لە هەر ڕووێكەوە مەبەستی بێت دێتە بەردەستی، ئەوا نووسین ئەگەر بیرۆكە و بۆچوونی جیاواز و تازە و داهێنەرانەی تێدا نەبێت، نەك هەر هیچ بەها و حیكمەت و ئازایەتییەكی تێدا نییە، بەڵكو كاویژكردنەوە و لاساییكردنەوەیەكی زەقیشە. مرۆڤ بە سرووشت و خۆرسكانە، ئارەزووی زانین دەكات، بەڵام هەرگیز نایەوێت شتێك بزانێت كە پێشتر زانیویەتی، بەڵكو دەیەوێت بەر زانین و مەعریفەی نوێ بكەوێت، كە ئەمە بۆ دۆخی نووسین ودنیای ڕۆشنبیریی و ئەدەبیاتیش هەمان شتە. ئێمە وەك خوێنەرێك، ڕۆژانە بەر سەدەها نووسین و وتار و كتێب دەكەوین، بەڵام چەندیان مەعریفەی نوێ و شاراوەیان تێدایە، چەندیان تازە و نوێ و جیاوازن، ئەمە پرسیارە سەرەكیەكەیە.
بێگومان گەر بە وردی سەرنج لە دنیای نووسینی كوردی و نێوەندی ڕۆشنبیری كوردی بدەین، ئەوا دەبینین هاوشێوەبوون، لێكچوون و كاوێژكردنەوە، وەك یەكی و نەبوونی دیدگاو گوتارێكی تازە، لە خەسڵەتە هەرە دیارەكانی گوتاری نووسین و ڕۆشنبیری كوردین. ئێمە بە جۆرێك دنیا دەبینین و بیردەكەینەوە، وەك توتییەك هەمان شت دەڵێینەوە، لە كاتێكدا نووسین و بیركردنەوە هیچ بەهایەكیان نییە ئەگەر جیاواز و دابڕاو نەبن و هوشیاریی و ئاگایەكی قووڵییان لە پشت نەبێت. هاودەم و هاوسەردەمی گۆران، شاعیرانی وەك قانح و بێكەس و دڵدار و شێخ نوری و پێرەمێردیش دەژیان و شیعرییان دەنووسی، بەڵام بۆچی تەنها گۆران بووە نوێكەرەوەی شیعری كوردی؟ بێگومان چونكە جیاواز بیری كردەوە، جیاواز دەیڕوانیی و ئاگاییەكی شیعرییانەی قووڵتری لەوانیتر هەبوو. بۆیە بە ئێستاشەوە، كەس ئەوانە بە نوێخواز و نوێكەرەوەی شیعری كوردی نازانێت، بەڵام بۆ هەتا هەتایە، مەدالیای داهێنان و نوێخوازی بە بەرۆكی گۆرانی شاعیرەوە دەمێنێتەوە. هەمیشە جیاواز ڕوانین و دنیابینی تازە و نوێ، بەهایەكی ئەدەبی و مەعریفی زیاتریان هەیە، وەك لەوەی شتێك بڵێین و بنووسین، كە سەدان جار پێشووتر نووسراوە و قسەی لە بارەوە كراوە. بە دەگمەن ڕێكدەكەوێت، خوێنەر بەر تێكستێكی نوێ، كتێبێكی نوێ، ڕوانینێكی نوێ، كە پێشتر نەگوترابن و نە نووسرابن بكەوێت. بڕوام وایە ئێمە وێرای ئەو هەموو پێشكەوتن و كرانەوەش، وەلێ هێشتا دنیابینی و تێگەیشتنێكی تازەمان لە هیچ ڕووێكی زانستی و ئەدەبی و هونەری بۆ دنیا و بۆ ڕووداوەكان نییە. زۆرجار، لە ژێر یەك ناونیشان، دەیان كتێب و نووسین دەنووسرێن و شتێكی نوێیان تێدا نییە.لەو سۆنگەیەشەوە، ئەم وتارە، نە خوێنەوە، نە گوتارێكی نوێی تێدا نییە، بەڵكو بە پێچەوانەوە، لە ژێر كاریگەریەتی و لاساییكردنەوەی وتارێكی ( ڕٍێبین هەردی) نووسراوە، كە ئەمیش قسەكردنە لە سەر ڕەهەندی باوك و ماناكانی باوك لەو نۆڤلێتەوە بیست و پێنچ ساڵ لەمەوبەر و لە ژمارە پێنجی گۆڤاری ( ڕەهەند) لە بەهاری 1998 بڵاوكراوەتەوە. تیادا نووسەر قسە لەسەر باوك و دەسەڵاتەكانی، كارەكتەرەكانی نێو حەسار دەكات و بگرە ئاراس نموونەی پەڕەگرافێكی بۆ شیكردنەوەی ڕۆمانەكە لەلاپەڕە هەفت هێناوەتەوە، كە هەمان ئەو پەڕەگرافەی ڕۆمانەكەیە، كە ڕێبین قسەی لە سەركردووە. مەبەستی ئێمە لێرەدا، پتر لە نیشاندانی جیهانبینی ئەو نەوەیەیە، كە ناتوانێت لە زۆركاتدا، جیهانبینی نەوەی پێشووتر تێپەڕێنێت وبە دیدگایەكی جیاوازتر قسە لە سەر تێكست بكات. لە ڕاستیدا، ئێمە دەزانین تێكستی ئەدەبی، زۆرتر لە خوێندنەوە و ڕانانێك هەڵدەگرێت، بەڵام خوێندنەوەیەك كە خوێنەر بەر شتی نەگوتراو و نەنووسراو دەخەن، جیاواز لەوەی پێشووتر گوتراوە. تا ئێستا، دەیان وتار لە بارەی ئەو ڕۆمانەوە، بە ئێستاشەوە دەنووسرێن و هەمووشی لە دەوری ئەو تەوەریە دەخولێنەوە، كە باس لە ستەم و پەتریاكی دەسەڵاتی باوك لە كۆمەڵگەی كوردی دەكات، بە بێ ئەوەی خوێنەوەیەكی جیاوازیان هەبێت. یاخود بەراوردی ئەو ڕۆمانە، بە سەردەم و قۆناغەكان بكەن. هەڵبەتە ئەم نۆڤلێتە وەك هەموومان دەزانین، باس لە ستەمی باوك بە مانا سیاسی و كۆمەڵایەتی و ڕوحیەكەی دەكات و دەسەڵاتی باوك، وەك دەسەڵاتێكی سێنترال و ئازاد كوژ و بكوژی خواستی منداڵەكان نیشان دەدەات. ئەم تیمانە، وەك پەروەردەی سەقەت و نامۆبوونی كوڕان و كچان بە یەكتری و نەبوونی ئازادی و كرانەوەی كۆمەڵایەتی و باوكسالاری، بەردەوام ئەو بابەتانەن كە شێرزاد حەسەن، دەیانڵێتەوە. نەمانیست خوێنەرێك بپرسێت و پرسیار لەو نووسەرە بكات، ئایا دەسەڵاتی باوكی كوردی لە ئێستادا، وەك ئەو زەمەنەیە كە حەساری تێدا نووسراوە؟
ئایا نەبوونی ئازادی ژن و پەیوەندی كراوەی هەردوو ڕەگەزەكە، وەك شەستەكان و هەفتاكانی سەدەی ڕابردووە، كە تۆ لە تەیراوە دەژیای؟ تا ئێستاش ئەو نووسەرە بە تاسەوە، لە كۆڕ و كۆبوونەوە و دیمانەكانیدا ئەو شتانە دەڵێتەوە. لە نێوەندی ئەدەبی كوریدا، خوێنەران چونكە شوناسی نووسەر لە پێشەوەی شوناسی دەق دەبینن، ئیدی بڕوایان وایە هەرشتێك نووسەرێكی بە ناوبانگ نووسی، ئیدی شایستە بە خوێنەوەیە و نابێت ڕەخنەی لێ بگیرێت. نكۆڵی لەوە ناكرێت، كە ستەمی باوكسالاری ئێستاش لە كۆمەڵگەی كوردی ماوە، بەڵام هەرگیز وەك ئەو زەمەنە نییە، كە حەساری تێدا نووسراوە. ئێستا بە پێچەوانەوە، باوكەكان بە دەست كوڕەكانیان فڕێ دەدرێنە سەر شەقام، گاڵتە بە نەریت و ڕابردوو، پێگەی كەسی و بنەماڵەیان دەكەن و بەنەنگی دەزانن، خۆیان لە ڕێگای باوكەكانیان بناسێنن. ئێستا، كوڕەكان كاتژمێر دووی شەو، لە كافێ و نادییەكان و شوێنی ڕابواردن لە گەڵ ژنەكان دێنەوە و باوكانیش نەك هەر ناتوانن لێپرسینەوەیان لێ بكەن، بەڵكو بە ئازارە و چاو لە ڕەفتارە نا كۆمەڵایەتییەكانیان دەپۆشن و لەناخەوە ئازار دەكێشن. ئێستا، باوكان بە دەستی كوڕەكانیان دەكوژرێن، دەسەڵاتی كۆمەڵایەتی و خێزانییان پێشێل دەكرێن. هەزاران لەو نەوەیە، پێی شەرمە ناوی باوكی بهێنرێت وسڵ لە ناوبانگی كۆمەڵایەتییانەی باوكی دەكاتەوە.
باوكەكان ئێستا لە چوارچێوەی خێزانەكاندا، زەلیل و داماو و و بێ دەسەڵات كراون و تەنانەت لە سەر خوانی گشتیش دانانرێن و لە سووچێكی لاتەریكی چێشتخانەكەدا، نانێكیان بە منەتەوە دەخرێتە بەردەم.
ئێستا، كچان تا بەیانی خەریكی سناپ و تیك تۆك و ڤایپەر و نامەگۆڕینەوەن. ئێستا بە جۆرێك كراوەو ئازاد و كۆمەڵایەتین، كەس ناتوانێت فشاریان لێ بكات، بۆشووكردن و كێیان مەبەست بێت ئەو هەڵدەبژێرن، تەنانەت ئەگەر دژ بە خواستی خێزانەكانیشیان بێت. مامۆستا (حەمە فەریق حەسەن) زمانپاراو و تێگەیشتوو ڕووناكبیر، لە كتێبە بە برشتەكەی خۆیدا بە ناوی (تایبەتمەندی تاكی كورد) بە دەق لە لاپەڕە (365)دا، نووسیویەتی :_
( من كچانی چەندان خێزانی نەجیب و خانەدانی شاری سلێمانیم دیوە، كە خوێڕیترین كوڕیان بە هاوسەری خۆیان هەڵبژاردووە) ئەگەر باوكێك دەسەڵاتی هەبێت، ڕازی دەبێت كچەكەی، كوڕێكی خوێڕی بكاتە هاوسەری و هیچ ڕێزو شكۆیەك بۆ ناوبانگی خێزانی و بنەماڵەكەیان دانەنێت؟ئێستا كچانی كۆمەڵگەی كوردی، لە گوندەكانەوە ئاشنای نوێترین و سەردەمیترین تەكنەلۆژیا و مكیاژ و خەنە و مەیك ئەپن. ئێستا مامۆستا لە قوتابخانەكەی، نەك هەر دیكتاتۆر نییە بە سەر قوتابییانەوە، بەڵكو قوتابییان گاڵتە بە مامۆستاكانیان دەكەن، داوای جگەرەی لێ دەكەن، نامەی ئاشقایەتی بۆ مامۆستاكانیان دەنووسن و داوای وێنەكانیان دەكەن. ئێستا قوتابی ئەگەر ماقیا و شەقاوەی كۆڵان و شەقامەكانیش بێت، مامۆستا بۆی نییە پێی بڵێ لە پشتی چاوت دوو برۆیە، نەك هەر مامۆستا، بگرە باوكی خۆشی! ئەمانە و دەیان نموونەی تر. ئیدی نازانم شێرزاد حەسەن، چۆن بێزار نەبوو لەوەی باسی ستەمی كچان و كوڕان و نەبوونی ئازادیان بۆ بكات؟ چۆن لە لێدانەوەی ئەو قەوانە، شەكەت و ماندوو نەبوو؟
ئایا ئێستا ئەو سەردەمە، هەمان ئەو سەردەمەیە، كە حەساری تیادا نووسراوە؟ حەسار و سەگەكانی باوكم، بۆ سەردەم و ئەو ڕۆژگارەی تیایدا نووسراوە، شوێن و پێگەی ئەدەبی دیاری هەبوو، بەڵام نیشاندنی وەك شاكارێك كە بۆ هەموو سەردەم و قۆناغێكی كۆمەڵگەی كوردی لە ناوەڕۆك و پەیامی ئەدەبییانەی خۆی ناكەوێت لەلایەن كەسانێكەوە، لە ڕاستیدا تێنەگەیشتنە لەو پەیوەندییە مێژوویی و زەمەنی و كۆمەڵایەتییەی لە نێوان دەقی ئەدەبی و سەرخانی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە هەیە. بە هەموو پێوەرێك ئێستا سەردەمی حەسار نییە، بگرە لەڕووی سیاسیشەوە، چونكە هاووڵاتیان ئەگەر مەبەستیان بێت دەتوانن لە ڕێگەی دەنگدانەوە گۆڕانكاریی سیاسی دروست بكەن و بتە سیاسییەكانی ئێمە، ئیبراهیم ئاسا تێكبشكێنن. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە، كە ئیدی كۆمەڵگەی ئێمە بێ كێشە و گرفتی پەروەرەیی و خێزانی بێت، دەزانین ئێستاش ماریاكان دەكوژرێن، بەڵام لە بەرانبەر ئەمەشدا، هەزاران ماریا پەنا وەبەر دادگا و سكاڵا دەبەن و داكۆكی لە شوناس و ئازادییە كەسییەكانی خۆیان دەكەن، سەربەستن لە كردنی هەموو شتێك. ئەمە دەرەنجامی چییە؟ دەرەنجامی هەموو ئەو كرانەوە و گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتیەیە، كە بەسەر جیهانبینی و ڕەوشی بوونی ژیانی ژنانی ئێمە داهاتوون. ئیدی ئەگەر پێمان وابێت، ئێستاش باوك لە خێزانی كوردیدا قسەكەری یەكەم و كۆتایی خێزانە، لە ڕاستیدا بێ ئاگایە، بۆیەەبیچت ئەو كرانەوەو گۆڕانكارییانە، بەهەن هەڵبگیرێن و لە بەرچاو بگیرێن.

سەرنج:
*ئەم بابەتە لە هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان ژمارە (1370) ی ڕۆژی 19/12/2023 بڵاوبۆتەوە.




نوستالژیا\١\.. ھەوڵەکانمان بۆ دامەزراندنی حزبێکی چەپی شۆڕشگێڕ.. ستیڤان شەمزینی

بەشی یەکەم..

کۆتایی ساڵانی نەوەدەکان ھەروەک دەستپێکەکەی، کوردستان لە بارودۆخێکی سیاسیی ھەڵواسراو و پڕ قەیراندا بوو، ئەگەرچی دوو ساڵی کۆتایی ئەو دەیەیە شەڕی ناوخۆ کۆتایی پێھاتبوو، بەڵام دوو پارتە فەرمانڕەواکەی کوردستان ھیچ پلاتفۆرمێکی رۆشنیان نەبوو بۆ پرسە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ھاووڵاتیان، لەلایەک گرانی و بێکاریی ھەبوو، لەلایەکی تر کۆچڕەوێکی بە کۆمەڵ دروست ببوو بۆ ھەندەران، لەولاشەوە دەسەڵات بێباکانە سەیری دیمەنە تراجیدییەکانی کۆمەڵگەی دەکرد، ھەموو کاریان ببووە دۆشینی داھاتی کوردستان و راکێشانی ھێزی وڵاتانی ھەرێمی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان، ھەر لەم نێوەندەدا چەندان جار سوپای پاسداران کەوتنە ناو پرۆسەی شەڕەکەوە، ساڵی ١٩٩٤ تۆپخانەکانی سوپای پاسداران لە ھەردوو میحوەری ھەڵەبجە و قەڵادزێ بۆ پاڵپشتی پارتی و بزووتنەوەی ئیسلامی بارەگا و سەنگەرەکانی یەکێتیان بۆردومان کرد کە یەکێتی ناچار کرد، رێکەوتن لەگەڵ پارتی و بزووتنەوە بکات تاکو بگەڕێنەوە سلێمانی و گەرمیان و ناوچەکانی ژێر ھەیمەنەی یەکێتی.
لە ساڵی ١٩٩٥ ھاوکێشەکە گۆڕانی بەسەردا ھات پاش ئەوەی یەکێتی توانی دەست بەسەر ھەولێردا بگرێت، ئەم جارە یەکێتی توانی دوو شتی گرنگ بکات، یەکەم توانی پاڵپشتی ئێران بەدەستبھێنێت لە دژی پارتی. دووەم: توانی رێکەوتنێک یان ھاوپەیمانییەکی فراوانی حزبە کوردییەکان دژی پارتی دروستبکات. بۆ نموونە لە رێکەوتننامەی تاران دەڤەری ھەڵەبجە و ھەورامان تاکو سەیدسادق بە واژۆی تاڵەبانی و مەلا عەلی عەبدولعەزیز خرایە ژێر قەڵەمڕەوی بزووتنەوەی ئیسلامی بەو مەرجەی ھاوپەیمانێتی سەربازیی لەگەڵ پارتی کۆتایی پێبھێنن، لە قۆڵێکی تریشەوە رێکەوتن لەگەڵ پەکەکە کرا کە ناوچەیەکی بەرفراوان لە قەندیلەوە تاکو حەوزی بیتوێن بخرێتە ژێر قەڵەمڕەوییان بە مەرجی بەردەوامیدان بە شەڕ دژی پارتی. پاشتریش ھاوپەیمانییەکی ئاشکرا بە ناوی ھاوپەیمانی دیموکراتی کوردستان راگەیەندرا کە یەکێتی و سۆسیالیست و زەحمەتکێشان و پارێزگاران و دیموکراسیخوازان و پەکەکەش لەودیو پەردەوە بوونە ھاوپەیمانی یەکتر بۆ شەڕ دژی پارتی.
ساڵی ١٩٩٦ یەکێتی ویستی پارتی بخاتە ئەودیو زێی بادینانەوە، ھێزێکی چەند سەد کەسی لە ئێرانەوە برد بۆ پشتگرتن لە پارتی کە یەکێک لەو فەرماندانە ھاوڕێیەکی باوکم بوو بە ناوی ملازم محەمەد قەرەچەتانی “ھەڵبەت ملازمی کۆنی سوپای عێراق بوو، ھەر لەو کارەساتەدا شوێن بزربوو”. لە سلێمانیشەوە سوپای پاسداران تا کۆیە و سەر بارەگاکانی حزبی دیموکرات لەشکرکێشی کرد، پارتی لەوە بێ تواناتر بوو بتوانێت شەڕی یەکێتی و ھاوپەیمانەکانی بکات، لە بەرانبەردا لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ دەستی سوپای عێراقی گرت بۆ ناو ھەولێر و بە دەبابەی بەعس یەکێتی لە ھەولێر ھەڵقەند، پاشتر زۆرێک لە ئۆپۆزیسیۆنی شیعەی عێراق بە دیل گیران و برانەوە بەغداد و لەناو بران. دواتر پارتی سوودی لەو شکستەی یەکێتی وەرگرت تاکو مەرزی ئێران یەکێتی ھەڵقەند، بۆ ماوەیەکی کاتی سلێمانی کەوتە دەست پارتی، بەڵام پارتی ھەروەک ئەوەی ئێستا حەشد دەیکات لە کەرکوک کەوتە رەشبگیریی گەنجان و بڵاوەپێکردنی کۆبوونەوەی گەنجان لە گازینۆ و گەڕەکەکاندا بە زەبری ھێز.
دوای چل رۆژ یەکێتی بە پاڵشتی ئێران سلێمانی گرتەوە و پارتیش بە پاڵشتی تورکیا ھێرشەکانی یەکێتی بۆ گرتنەوەی ھەولێر تێکشکاند. تاکو ئەمجارە ھێزێکی تورکی “PMF” بە سەرکردایەتی جەنراڵ کاپڵان بوونە دیواری دێگەڵە بۆ جیاکردنەوەی قەڵەمڕەوی ھەر یەک لە پارتی و یەکێتی. ئەمە رووماڵێکی گشتیی بوو لە باری سیاسییەوە. لە باری ئابوورییەوە ھەژارییەکی زۆر، بێکارییەکی کوشندە، ھەرەسھێنانی چینی ناوەند و بۆرجوا زۆر بە خێرایی تاوی دەسەند، لە رووی کۆمەڵایەتییەوە بەشێوەیەکی گشتیی خەڵک روویان کردە مەزھەب و ئاینگەرایی بەمەش پێگەی حزبە ئیسلامییەکان بەھێزتر بوو، ھەر لەم دۆخەدا بوو یەکگرتووی ئیسلامی توانی لەماوەی چوار پێنج ساڵدا لەچەند سەد کەسێکەوە ببێتە چەند سەد ھەزارێک. جیا لەمەش ژنکوژیی و سەرکوتی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان و مافە تاکەکەسی و سەرەتاییەکانی تاک،ـ دیمەنێکی ھەمەڕۆژی شانۆی کۆمەڵایەتی بوو. دەتوانم بڵێم ھەموو ئاوازەکان ببوونە ئاوازی شەڕ و ھاواری برسێتی، ھێزە بۆرژوازییەکان ھەروەک ئێستا ھەریەک بە ئەندازە و قەبارەی خۆی چاوی لە کێکی دەسەڵات و ئیمتیازاتی وڵاتەکە بوو. لەم نێوەندەدا ئەوەی ھەبوو جیاوازتر لەوان تەنیا چەپەکان بوون، حزبی شیوعی بێلایەن وەستابوو بەڵکو لە سلێمانی یەکێتی و لە ھەولێر پارتی بوون، ئەوەی دەمایەوە تەنیا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بە نزیکی ھەزار ئەندامێکەوە، بەڵام ئەم حزبە دووجار تا ئەو سەروەختە “١٩٩٩” دووچاری ئینشقاق ببوو، لەوە سامناکتر حزبی کۆمۆنیستیش ھێزێکی کاریگەر نەبوو بە زۆر ھۆ کە لە کتێبی “تێزەکان دەربارەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی” لە دوو سەد لاپەڕەدا ھەموو رەھەندەکانیم شی کردۆتەوە.
ئێمە لەو سەروەختەدا “شوباتی ساڵی ١٩٩٩” کۆمەڵێک گەنج بووین کە بیرمان لە پارادیمێکی تری کارکردن و حزبێکی شۆڕشگێڕی چەپ دەکردەوە، چونکە پێمانوابوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی حزبێکە لۆمپنیزمی سیاسیی دایپۆشیوە و دەست و پێ سپیترە لەوەی ئەرکی گەورە لە ئەستۆ بگرێت، زیاتر حزبی راگەیاندن بوو، نەک کار و کردەوەی مەیدانی، ھەروەک ئەمە سروشتی ھەمان ئەو ئۆپۆزیسیۆنە بۆرجوازییەیە ھەنووکە لافی بەرھەڵستکاریی دەسەڵات لێ دەدات. ئێمە وەک ئەو کۆمەڵە گەنجە بەشێوەی تاک تاک و کۆ کەوتینە گفتوگۆی ئەو پرسیارەی کاتی خۆی لینین کردی “چی بکرێت؟”. ئێمەیەک تەمەنی ھیچکاممان نەگەیشتبووە سی ساڵ لەو کاتەدا، ئەرکێکی قورسمان لەسەر شانی خۆمان دانا. ھەڵبەتە پێکھاتەی گروپەکە دوو فۆرمی جیاواز بووین، ھەندێک خوێنەوار و کەسی سیکۆلاستیکی “مەکتەبی” لەگەڵ ھەندێک کادری مەیدانی و تەنانەت سەربازییش.
کۆبوونەوەی یەکەممان لە شەوێکی بەھاردا لە مانگی ئازاری ١٩٩٩ لە ناو حامیە کرد “پارکی ئازادی ئێستا” ئەوانەی لەوێ ئامادەبووین یانزە کەس بووین، ھەموو ناوەکانم لە یادە کە بریتیبوو لە ھاوڕێیان “ئاراس عەلی، محەمەد عەدنان، یوسف ئابڵاخی، نەوشیروان محەمەد، خالید ئەژی، بەھادینە سوور، مامۆستا حەسەن، کوردۆ فایەق، دانای عێزەت، عەباس حەسەن، ستیڤان ئەحمەد”. زیاتر لە چوار کاتژمێر جەدەل و گفتوگۆمان کرد، دوو رای پێچەوانە ھاتنە ئارا، یەکەمیان کە زۆرینە بوون پێداگرییان دەکرد لە ماوەیەکی پێوانەییدا چەند سەد کەسێک چەکدار بکەین و بانگەوازی شۆڕش بکەین، بەوەش ھێزی ناڕازی بێ ئومێد دێنە پشتمان، رای دووەم کە بۆچوونی محەمەد عەدنان و من بوو، پێمانوابوو خەباتی چەکداریی مۆدیل گیڤارایی بۆ ئەم دۆخە ئەستەمە، بەڵکو پێویستیمان بە دروستکردنی کادری چەپ و کۆمۆنیستی بەرچاو رۆشنە کە بتوانێت وەک ئەکتیڤیستی کۆمەڵایەتی لە شارەکانەوە کار بۆ خرۆشانی جەماوەریی بکات نەک لە چیاکانەوە جاڕی شۆڕش بدات، بیرمە من وتەیەکی لینینم بیر ھێنایەوە “ھیچ پراکتیکێکی شۆڕشگێڕانە ھەبوونی نییە، بەبێ ھەبوونی تیۆرێکی شۆڕشگێڕانە”. ئەوانەشی زیاتر لەگەڵ میکانیزمی سەربازیی بوون زیاتر یوسف ئابڵاخی و بەھادین و خالید ئەژی و نەوشیروان بوون.
چەند رۆژێک پاشتر کە ھاتە سەرەتای مانگی چواری ١٩٩٩، لەگەڵ خالید و یوسف دانیشتین لەناو بارەگای کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیست “ئێمە ھەرسێکمان کادری حزب بووین” بۆچوونەکانمان لە یەکتر نزیکتر بووەوە، بڕیاری کۆبوونەوەیەکی ترمان دا، دوو شەو دواتر ھەر لە حامیە کۆبووینەوە و ئەمجارە ژمارەمان کەمتر بوو، بەڵام کاتێکی ئێجگار زۆر سەرقاڵی گفتوگۆ بووین کە گەیشتبووە نزیکی کاتژمێر یەکی نیوەشەو، بۆیە چاودێریی کرابووین و مەفرەزەیەکی ئاسایش ھاتنە سەرمان، ئێمەش ئەوانمان بینی خێرا خۆمان کۆکردەوە بەرەو خوار بە ئاڕاستەی ئەمنە سوورەکە ھاتین، چونکە ماڵی زۆرینەمان لەو ئاڕاستەیەوە نزیکتر بوو، ئاسایشەکان ھاواریان کرد بەسەرماندا نەوەستاین، چوون ئەگەر کاغەز و بەڵگەنامەکان بکەوتبایە دەستیان بێ شک ھەر لەوێدا گوللەبارانیان دەکردین، بۆیە دەستمان کرد بە راکردن بێ ئەوەی یەکتر بزر بکەین و ئەوانیش تەقەیان دەکرد، خالید ئەژی کە شارەزای شەڕ و تەقەکردن بوو، وتی بەردەوام رابکەن با نەگیرێین تەقەکانیان بۆ ئاسمانە، ئیدی بە ھەر شێوەیەک بوو، بێ ئەوەی کەسمان بگیرێت یان بناسرێتەوە خۆمان دەرباز کرد.
ئەوە بوو لە رۆژی ١٠-٤-١٩٩٩دا ئەمە محەمەد عەدنان و خالید ئەژی و بەھادینە سوور و من لە باخی گشتیی کۆبووینەوە، ناوێکمان ھەڵبژارد بۆ جوڵانەوە نوێیەکە “پارتی چەپی شۆڕشگێڕی کوردستان”. ھەر لەوێ کڵێشە سەرەتاییەکانی پەیڕەو و پرۆگراممان بەدەستوخەت نوسییەوە و کاتمان دیاری کرد بۆ مناقەشەکردنی فراوان لەسەری. پاش ھەفتەیەک بە ئامادەبوونی نزیکەی پەنجا کەس لە باخچەی پشتەوەی کتێبخانەی گشتیی سلێمانی کۆبووینەوە، لە سەرەتاوە ھەستمان دەکرد چاودێریی ورد دەکرێین، بەڵام ئێمە گوێمان پێنەدا چونکە ژمارەی تەشکیلاتمان گەیشتبووە چەند سەد کەسێک و سنووری سلێمانیشی تێپەڕاندبوو، بەڵام چەقی کارەکە لەناو سلێمانی بوو. کۆبوونەوەکە تێروتەسەل بوو، بڕیاردرا خەباتی چەکداریی دەستپێبکەین و تەنانەت شوێنیان ھەڵبژارد بۆ دەستپێکردن ئەویش لە چەمی رەزانەوە بوو، تاکو ئەوەی یوسف کردی بە جوک و گووتی ئێمەش لە چەمی رەزانەوە دەست دەکەین بە لەناوبردنیان چۆن ئەوانیش لە سەرەتاوە لەو چەمەوە دەستیان پێکرد “مەبەستی دروستبوونی پێشمەرگە بوو لە ساڵی ١٩٦١ لە چەمی رەزان کە زۆرجاریش دەوترێ چەمی رێزان”.
یەکێتی و دەزگای زانیاریی بەتەواوەتی کەوتنە کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەرمان، بەڵام ھیچ خەتمایلێکیان نەبوو لەناوماندا بۆیە نەیانتوانی ھیچ بکەن. ھەتا بیرمە جارێک پۆلیسێکی کەرتی رزگاری بەناوی “ئا” خۆی نزیک کردەوە لە من و دەیوت بکەمە بە کۆمۆنیست، لە ئەرکەکەی تێگەیشتبووم و چوومە ماڵەوە چەند کتێبێکی زۆر وشکی مارکس و ئەنگلزم بۆ ھێنا، وتم فەرموو لە رێی ئەم کتێبانەوە ببە بە کۆمۆنیست، یان بچۆ کارگەریەک کار بکە و زەحمەت بکێشە تاکو بزانیت ئەم تیۆرییانە باس لە چی واقیعێک دەکەن. کابراش چەند ھەوڵیدا ھیچی لێ سەوز نەکرد بەڵکو ھەڵەیان کردبوو کە منیان ھەڵبژاردبوو، چونکە ھەموو ھاوڕێیانی ترم لەو سیخوڕە ئاگادار کردبووەوە، لە راستیدا ئیسلامییەکان و یەکێتی بە خوێنی سەرم تینوو بوون، چونکە توانیم چەندان گەنجی سەلەفی و ئیخوانیی بکەمە کۆمۆنیستی رادیکاڵ، تەنانەت دواتر کە جارێک “فەلاح ئەحمەد” دەستگیرکرابوو لە ئاسایشی یەکێتی و وتبوویان کێ بەرپرسی سلێمانی خوێندکارانە “یەکێتی خوێندکاران و لاوانی ئازاد، رێکخراوی لاوان و خوێندکارانی حزبی کۆمۆنیست بوو” ئەویش لە وەڵامدا ناوی منی گوتبوو. ئەفسەرەکەش سەری بادابوو، وتبووی ستیڤان، ئای ستیڤان. دواتریش ئیسلامییەکان بە چەقۆ ھێرشیان کردە سەرم و یەکێتیش ئەشکەنجەی زۆری کردم لەم شوێنانە: ئاسایشی سلێمانی، بنکەی ئاسایشی رزگاری، بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەی فریاکەوتن.
دواجاریش ئەوەبوو شەوێک لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران، دوو ئۆتۆمبیلی پڕ چەکداری ئاسایشی یەکێتی ھەڵیانکوتایە سەر ماڵی خالید ئەژی لە گەڕەکی کارەباکەی سلێمانی. لەو کاتەدا منیش لە ماڵیان بووم لەگەڵ شەش گەریلای دابڕاو لە پەکەکە کە سەرجەمیان کورد باکوور بوون جگە لە یەکێکیان کە ناوی “سەربەست” بوو کوردی رۆژئاوا بوو، بڕیاربوو ئەمانیش لەگەڵ ئێمە بن و مەشقی سەربازیی و شێوازی شەڕی پارتیزانی فێری ھەڤاڵانمان بکەن، بەھەرحاڵ دایکی خالید ھاواری کرد ئاسایش ھاتە سەرمان، ئێمەش لە نھۆمی دووەمی ماڵەکە بووین و خێرا ھەر کەسە پەلاماری چەکی خۆی دا، بەڵام کاک “خەلیل” برا گەورەی خالید پێش ھەموومان کڵاشینکۆفێکی ئاڕبیکەی چەقاند لەسەر ستارەی ماڵەکە و ھاواری کرد وەرن ئەگەر مەرد و ئازان، بە قەبری مارکس “کاک خەلیل کۆمۆنیست نەبوو،ـ بەڵام دۆستمان بوو” ناھێڵم کەس بە زیندوویی پێ بخاتە حەوشەکەوە، لە قاتی خوارەوەش کاک “جەمال”ی رەوانشادی باوکی خالید بە بیکەسی وەستابوو، ھێزەکەی ئاسایش کە زانییان چەکی باشمان لایە و ژمارەشمان زۆرە، وتیان تەنیا “خالید”مان ئەوێ، کاک جەمال وتی ئێوە بڕۆن بەڵێن بێت خۆم دەیھێنم بۆ لای ئێوە پاش یەک سەعات، ئاسایشەکان دەیانزانی کاک جەمال خاوەنی قسەی خۆیەتی و خۆیشی ھەر یەکێتی بوو، بۆیە گەڕانەوە، لەو کاتەدا ھەڤاڵە گەریلاکانم لەگەڵ خۆم برد بۆ گەڕەکی ئابڵاخ و بۆ ماڵی یوسف لەوێ خۆیان شاردەوە تاکو بزانین چی روودەدات؟، پاشتر چوومە ماڵەوە. ئەوسا خەڵک لەسەربان دەنوستن چوومە نھۆمی سێھەمی ماڵی خۆمان نوستم بەڵام چەکەکەم کە دەمانچەیەکی تارق بوو ھەر لە ناو دەستما بوو، تەنانەت فیشەکیشی لەبەر بوو، ھەر سەیر بوو لەکاتی خەودا نەمتەقاندبوو بە خۆمدا.
خالید و باوکی ھەر ئەو شەوە چووبوونە ئاسایش، لەوێ خالیدیان رەوانەی دەزگای زانیاریی کردبوو لە قەلاچوالان و ئەشکەنجەیان کردبوو، بەڵام کاک جەمال کە پیاوێکی کۆمەڵایەتی بوو، توانی بە پەیوەندیی خۆی لە زیندان دەریبھێنێت، کە ئازاد کرا من چوومە سەردانی، کاک جەمال وتی: کوڕم ئێوە بەردێکی گەورەتان ھەڵگرتووە، خۆ من تا دوا قەترە خوێنم دیفاعم لێ دەکردن، بەڵام ئەم کارەتان سەرئێشەی بەدواوەیە. دواتر ژوورێکی ماڵەکەی خۆیانی نیشاندام دەتووت جبەخانەیە، چیم بینی؟ ھاوەن و دەیان گووللە، ئاڕبیچی و دەیان گووللە، بیکەسی، چەندان کەپس فیشەکی بیکەسی، زیاتر لە پانزە کڵاشینکۆف، جگە لەو چەکانەی بە ھەڤاڵە گەریلاکان بوو. ئەمان بنەماڵەیەکی چەکدار و عەشائیر بوون، بۆیە بۆ دەسەڵاتیش ئاسایی بوو چەکی قورستریش لە ماڵیاندا بێت. دواتر یەکێک لە ھاوڕێکانی ترمان دەستگیرکرا و لە ژێر ئەشکەنجەدا ھەموو شتێکی درکاندبوو. بۆیە تاکو ماوەیەک چووینە قۆناغی خۆ شاردنەوە، بەڵام شێوازێکی رێکخستنمان دروستکردبوو، کە ھەر کەسێک لە پێنج کەس زیاتر نەناسێ بۆ کاتێکی لەو چەشنەی دەستگیرکردن دێتە پێشەوە، بەڵام ئێمە خاوەنانی بیرۆکەکە نزیکەی پانزە کەس بووین ھەموومان ئاگامان لە خوارەوە ھەبوو، بۆیە ئەگەر یەکێک لە ئێمە بگیرابایە و ئیعترافی بکردبا بێگومان بە ئاسانیی تێنەدەپەڕی.
دوای ئەمە ھەندێک لە ھاوڕێیان ساردبوونەوە لە شێوازی کاری شەڕی پارتیزانی، ئەمەش دڵخوازی ئێمە بوو، یەکێک لەو کەسانەی زۆر سوور بوو لەسەر شۆڕشی چەکداریی بەھادینە سوور بوو، ئەویش دڵسارد ببوو. بەھادین لە ئێمە بەتەمەنتر بوو، وا بزانم یەکێک لەو ھاوڕێ دەگمەنانەی ناو ئێمە بوو، ھاوسەری ھەبوو، بەڵام بیرمە لە پیاسەیەکی شەوان لە گەڕەکی رزگاری نزیک عیمارە عەتار، بەرەو لای مەڵبەندی یەکێتی سەردەکەوتین وتی کاکە من ھەر ئەمشەو چەک ھەڵدەگرم و دوانزە مەخزەن لە خۆم دەبەستم و پێنج رومانەشم ھەیە لەسەر چی وەستاون ئێوە؟ وتم ھاوڕێ قۆناغەکە ئەوە دەخوازێت لەناو شارەکاندا کار بکەین، ئەو شیعرێکی قانعی کرد بەسەر بابەتەکەدا و حەماسەتی فڕی بوو، بەو ھۆیەشی ھەموو دیوانی “قانع”ی لەبەربوو ناوە نھێنییەکەیمان کردبوو بە مامۆستا قانع. ھەر ئەم بەھادینە زۆر ساردبووەوە، بەڵام ساردبوونەوەکەی بەشێوەیەک بوو بڕوای بە کاری رۆشنگەریی و فیکریی نەبوو، بۆیەکا لە ھەنگاوەکانی دواتر لەگەڵمان نەبوو، دەستی کردەوە بە کرێکاریی خۆی.
بە حوکمی ئەوەی زۆربەمان گەنج و کەم ئەزموون بووین، بەشێکیش کەوتنە ژێر باری ترس و تۆقاندنی دەسەڵات شیرازی رێکخراوەکە تێکچوو، ھەندێک بە کەمتر لە شۆڕش رازی نەبوون، ھەندێکی تر وازیان ھێنا و سەری خۆیان ھەڵگرت بۆ ئەوروپا، بەڵام دەستەی یەکەمی کارەکە بە جیاوازیی بیروبۆچوونیشەوە لە دەوری یەکتر ماینەوە، تاکەکەسێکی زۆر ئەکتیڤ سڵی لە وشەی کۆمۆنیستبوون دەکردەوە “محەمەد عەدنان” بوو ئەو زیاتر چەپێکی نەتەوەیی و لە سەرەتاشەوە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی ئیشەکە بوو، ھەموو ئەمانە بوونە ھۆکارێک کە جارێکی تر بگەڕێینەوە سەر گفتوگۆ و جەدەلی زیاتر، بێ دەستبەرداربوون لەو بیرۆکەیەی دەبێت ئەو بۆشاییە ھێزێکی چەپ پڕی بکاتەوە، ھەوڵەکانمان چڕ کردەوە بۆ ھەندێک بابەتی تیۆریی و توێژینەوە، ئەوەی پێشنیار کرا ئەمجارە گۆڕینی ناوەکە بوو بۆ “پارتی چەپی دیموکرات” ئەمەش ئەو ھەڤاڵانەی پێشووی پەکەکەی نیگەران کرد بوو بەو پێیەی ناوی ھەمان پارتی فەرمانڕەوای ئەوسای تورکیا بوو، من یەکێک بووم دژی ئەو ناوە بووم. ھەریەک لە نەوشیروان و یوسف بڕیاریان دا بڕۆنە ئەوروپا و ھەرواشیان کرد لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٠دا، م.حەسەن گەڕایەوە لای ھاوڕێی گیانبەختکردوو فەرھاد فەرەج کە رێکخراوێکی کۆمۆنیستی بچووکیان ھەبوو لەگەڵ رۆژنامەیەک بەناوی “پەیڕەو”، لە ئاکامیشدا لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٩ ھاوڕێ فەرھاد لە ماڵەکەی خۆیدا تیرۆرکرا، دواتریش کەسێکی نێو تەشکیلاتی ئێمە بە ناوی “ئەردەڵان” بە دەمانچەی بێدەنگ تیرۆرکرا لە شارەزوور. منیش بە چەقۆ لێمدرا لەلایەن گروپێکی سەر بە مەلا کرێکار کە ئەوسا پێیاندەوترا “ئیسڵاح” بە سەرپەرشتی فەرھەنگ نامۆ.
من و کوردۆ و محەمەد عەدنان و چەند ھاوڕێیەکی تر بەردەوام بووین لەسەر پارتی چەپی دیموکرات تاکو خەتمایلێک ھەموو شتێکی ئاشکرا کردین، کوردۆ ھەڵات و لە رۆما بن ئۆتۆمبیل کەوت و گیانی سپارد. ئەمە بە تایبەت دوای دەرھێنانی شانۆگەریی “بازاڕی گوڵفرۆشی” کە لە رۆژی کۆتایی نمایشدا ئاسایش چوونە سەر ھۆڵەکە و شانۆگەرییەکەیان راگرت، کوردۆ و چەند ئەکتەرێکی تریشیان برد بۆ زیندان تاکو سێ رۆژ، بەدوای منیشدا گەڕابوون وەک نووسەری دەقی شانۆگەرییەکە. بەھەرحاڵ محەمەد عەدنان ھەر خۆی تاک مایەوە لە حزبەکەدا، ئەویش ناچاربوو دەست ھەڵبگرێت و کۆتایی حزبەکە بەمشێوەیە بوو کە نەیتوانی ھیچ بکات بەڵکو توشی نائومێدییەکی گەورەشی کردین، بەو ھۆیەی تەنانەت حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریش دژایەتی دەکردین، کە من تا ئەو ساتەوەختە و چەند ساڵ دواتریش ھەر وەک کادری ئەو حزبە بەردەوام بووم، کەم ئەزموونی و نەخەمڵینی بارودۆخەکە وایانکرد پڕۆژەکە جێی خۆی نەکاتەوە لە واقیعی حاڵدا، ھەرچەند دواتر من و حەمە لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٠٠ لە ھەوڵێکی تردا یەکمانگرتەوە ئەویش ھەوڵی دامەزراندنی “پارتی چەپی نەتەوەیی” بوو، ھەرچەند ئەم پارتە تەنیا وەک بیرۆکە مایەوە، بەڵام ئەمیش چیرۆکێکی خۆشی خۆی ھەیە و لە داھاتوودا دەگەڕێمەوە سەری.
لێرەدا پێم خۆشە پێش ئەوەی ستراتیجی پارتی چەپی شۆڕشگێڕ روون بکەمەوە، ناوی ئەو ئەکتەرە سەرەکیانە بیر بھێنمەوە کە بوونە ھەوێنی ئیشەکە. ١-محەمەد عەدنان ناوی نھێنی حەمە بوو ئێستا لە نیوزلەندا دەژی. ٢-ئاراس عەلی ئێستا ھەر لە سلێمانی دەژی. ٣- بەھادین قادر ناوی نھێنی مامۆستا قانع بوو لە سلێمانی دەژی. ٤- نەوشیروان محەمەد ناوی نھێنی ھاوڕێ نەوە بوو.. ٥- یوسف رەزا ناوی نھێنی کوڕە ئابڵاخی بوو. ٦- کوردۆ فایەق ناوی نھێنی فەتاح بوو ساڵی ٢٠٠٠ لە رۆما گیانی سپارد. ٧-ئاسۆ کانێسکانی ناوی نھێنی جوتیار بوو. ٨-ستیڤان ئەحمەد ناوی نھێنی کاروان فوئاد بوو “خۆم”. ٩- خالید جەمال ناوی نھێنی ئەژی بوو لە سلێمانی دەژی ئێستا. ١٠-حەسەن شێخ کەریم ناوی نھێنی ھاوڕێ کاوە بوو.
ئامانجەکان یان ستراتیژی سەرەکیی پارتی چەپی شۆڕشگێڕ دەکرێت لەم خاڵانەدا کورت بکرێتەوە:
١- رووخاندنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە رێگەی شورای گەڕەک و شوێنکارەوە.
٢- ھەوڵدان بۆ چەسپاندنی سەربەخۆیی کوردستان بەھەر میکانیزم و رێگەیەکی گونجاو بێت بەتایبەت لە رێی ریفراندۆمەوە.
٣- گۆڕینی سەرجەم یاساکانی وڵات کە یاساکانی زەمانی سەدام بوون بە یاسای نوێ و مرۆڤدۆستانە.
٤- ھەڵمەتێکی خێرا بۆ خوێندەوارکردن و بوژانەوەی ژیانی ئابووری و گۆڕینی سیستمی پەروەردە.
٥- ئامادەسازیی بۆ بیناکردنی دەوڵەتێکی محەلی سۆسیالیستی و پراکتیزەی ئابووری سۆسیالیستی تیایدا.
٦-بە گشتیکردنی کەرتەکانی خوێندن و کارگەگان و پڕۆژە گەورەکان لە ھەنگاوی یەکەمدا.
٧-جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت و پارێزبەندیی بۆ پەیڕەوانی ھەر ئاین و ئاینزایەک بێ جیاوازیی.
٨-چەسپاندنی یەکسانی ژن و پیاو بە پێی یاسایەکی روون و کۆنکرێت.
٩-ئامادەسازیی بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی سکۆلار و پێشکەوتوو بۆ ھەرێمی کوردستان.
١٠-ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو ئەو پڕۆژانەی حزبە ناسیۆنالیستەکان بۆ کۆتکردنی کۆمەڵانی خەڵک دروستیان کردبوو. لەوانە گۆڕینی ملیشیای حزبی بۆ ھێزێکی یاسایی پارێزەری قەوارەی کوردستان.
پاش دە ساڵ لەم حزبە دروست نەبووەی ئێمە، گۆڕان ھەستا بە جووینەوەی ئەم پلاتفۆرمە سیاسییەی کۆمۆنیستەکان کە پێشتریش شوراکان و رەوتی کۆمۆنیست و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریش تەرحیان کردبوو بە شێوە و ئاستی جیا، بەڵام چەپەکان خرانە ئەودیوی گەمەکە، خەڵک گرەویان لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان دەکرد و ھێلکەکانی خۆیان خستە سەبەتەی نەوشیروانەوە بۆ بەدیھێنانی ئەو خواستانە، بەڵام دوای ھەشت ساڵ لە تەمەنی گۆڕان روونی بۆ ھەموو لایەک دەرکەوت گۆڕان ھەر ئەوەبوو ئێمەی کۆمۆنیستەکان لە سەرەتاوە پێمانوابوو ھێلکەیەکی پیسە و درێژەپێدەری ھەمان ئەو سیستمە باڵادەستە بۆرجوازییەیە کە حزبەکانی دەسەڵاتی لەسەر دامەزراوە.
ئێستا کۆمەڵگەی کوردستان گەڕاوەتەوە چوارگۆشەی یەکەم و ھەمان بارودۆخی سیاسیی و ئابووری ساڵانی نەوەدەکان، تاکە شانس بۆ چەپەکان و بۆ خەڵکیش ھاتنە ئارای ھێزێکی چەپی نوێی رادیکاڵە بێ ئەمە نە ھیچ گۆڕانێک روودەدات کە شیاوی باس بێت نە ئیتر چەپ دەتوانێت دەور و نەخشێکی ھەبێت لە کۆمەڵگەدا تا دەورانێکی دوورتر کە دیار نییە کەنگێیە. ئەمڕۆ رۆژی چەپێکی نوێیە “مەبەست تەنیا ئەو رەوتە نییە لە ژێر ناوی چەپی نوێ خۆیان مانیفێست کردووە”. ئەگەر چەپ و کۆمۆنیستەکان کەڵک لەم دەرفەتە وەرنەگرن دەبێت فاتیحا لەسەر گۆڕی خۆیان بخوێنن، ئەگەریش کۆمەڵگە لە کاتی ھەبوونی ئەڵتەرناتیڤێکی بەھێزی چەپدا خۆشخەیاڵ بێت بە گۆڕان و ئیسلامییەکان، نەک لە دۆخی ناھەمواری ئێستادا دەمێنێتەوە بەڵکو بژاردەکە خۆی سەپاندوویەتی بەسەر خۆیدا. حیکمەتی گێڕانەوەی ئەم ھەقایەتە تەنیا بۆ ئەوەیە بڵێم کات بۆ چەپەکان ماوە، بەڵام چۆن و کێ؟ ھیچ نابینرێ لە ئاسۆدا.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالژیا لە بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە ٥٤٣-٥٥٣ بەشێوەی کاغەز بڵاوبووتەوە.




کتێب\ شاعیر دەمرێت، شیعر نا.. سەدیق سەعید رواندزی

خوێندنەوەیەک بۆ شیعری موزەفەر نەواب..

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکە..




ئه‌منـیـیه‌تی بـژێـوی.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

( برسیه‌تیی‮ ‬ڕه‌گێكی‮ ‬هاریی‮ ‬تێدایه‌) ‬پێشینان وایان گوتووه ‌؛ ئینجا میلله‌ت هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ به‌و چه‌شنه‌ شیرازه‌ی‮ ‬په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‮ ‬تێـكچووه ‌،‮ ‬داخۆ ئه‌گه‌ر بیگاتێ چۆن؟ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
له‌و نێوانه‌دا ڕاگرتنی‮ ‬كێرڤی‮ ‬ئه‌منییه‌تی‮ ‬بژێوی‮ ‬هاووڵاتیان پرسێكه‌ ده‌خوازێ وه‌كو ستراتیژ سه‌یر بكرێ‮ ، ئه‌مه‌ له‌ زۆربه‌ی‮ ‬وڵاتانیش هه‌روا ته‌ماشا كراوه ‌،‮ ‬ته‌نانه‌ت له‌و وڵاتانه‌یش سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنیان به‌ دیكتاتۆرییه‌ت ناسراون ،‮ ‬بۆ ئه‌وانیش هیچ نه‌بێ بۆ ڕاگرتنی‮ ‬له‌نگه‌ری‮ ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ ‬ڕای‮ ‬گشتی‮ ‬و ورووژانی‮ ‬جاده‌ و كورسی‮ ‬و پایه‌ی‮ ‬خۆشیان بێت ده‌یكه‌ن‮.‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
تاقیكردنه‌وه‌ی‮ ‬ساڵانی‮ ‬پێش ده‌رچوونی‮ ‬بڕیاری‮ 689 ،‮ ‬ئه‌گه‌رچی‮ ‬نه‌گه‌یشتبووه‌ ئاستی‮ (‬قاتـی)‬یش ،‮ به‌ڵام بینیمان ‬له‌ پاڵ له‌ گرێژنه‌چوونی‮ ‬شیرازه‌ی‮ ‬كۆمه‌ڵایه‌تی ،‮ ڕێژه‌ی‮ ‬تاوانیش به‌رز ببووه‌وه‌‮..‬ دوای‮ ‬بڕیاری‮ 689 یش خه‌ڵكی‮ ‬ئاهێكی‮ ‬هاته‌وه‌ به‌ر ،‮ ‬به‌ڵام ئه‌و ئازووقه‌ و ده‌رمانانه‌ی‮ ‬دابه‌ش ده‌كران به‌هۆی‮ ‬كاكه‌له‌براله‌یی‮ ‬به‌رپرس و كارمه‌ندانی‮ ‬UN‮ ‬بێ له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تی ئه‌وسای به‌غدا و بازاڕ ،‮ ‬یا بێسه‌روبه‌ری‮ ‬و ناشاره‌زایی‮ ‬و گه‌نده‌ڵی‮ ‬و بیرۆكراسییه‌تی‮ ‬كاره‌كانی‮ ‬UNی‮ ‬پێ ده‌ناسرێنه‌وه‌ بێ ؛ ورده‌ ورده‌ وای‮ ‬لێهات ‬ئه‌و ئازووقه‌یه‌ی‮ ‬ده‌درا ،‮ ‬كه‌ به‌زه‌بری‮ ‬دۆلاریش ده‌كڕدرا ،‮ ‬بڕه‌ زۆره‌كه‌ی‮ ‬جیاوازییه‌كی‮ ‬جه‌وهه‌ریی‮ ‬له‌گه‌ڵ ئالیكی‮ ئاژه‌ڵاندا نه‌بێ‮..‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
له‌ كه‌رتی‮ ‬تایبه‌تیش گه‌ڕێ كه‌ هه‌ندێ سه‌ره‌داویان كه‌وتبووه‌ ده‌ست و هه‌ڵسوكه‌وتی‮ ‬هه‌ندێكیان تاڕاده‌ی‮ ‬ده‌ست له‌ ئه‌خلاق به‌ردان بوو ،‮ ‬له‌ ده‌ست به‌سه‌رداگرتن و فێڵ و گرانفرۆشی‮ ‬و بازاڕگری‮..‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئێمه‌یه‌ ئێستا بیر له‌ دانانی‮ ‬نه‌خشه‌یه‌ك بكرێته‌وه‌ بۆ دابینكردنی‮ ‬ئه‌منییه‌تی‮ ‬بژێوی‮ ‬وه‌ك ‬ستراتیژ ،‮ ‬په‌یوه‌ندیدار به‌ ئێستا و به‌ ئایینده‌ ‮.‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
ئه‌م كوردستانه‌ی‮ ‬ئێمه‌ ،‮ ‬وه‌ك ده‌ڵێن شكرێ چی‮ ‬ماوه‌ تێیدا نه‌بێ‮.. ‬قسه‌ لێره‌دا ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر كشتوكێڵ كه‌ سه‌رچاوه‌ی‮ ‬بژێوی‮ ‬دانیشتووانی‮ ‬هه‌ر وڵاتێكه‌‮.. ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
‬بۆ ئێمه‌ ڕه‌نگه‌ وێوه‌تریش بێ ،‮ ‬به‌وه‌ی‮ ‬چه‌ندین ده‌شتی‮ ‬به‌پیتمان به‌شایه‌دی‮ ‬پسپۆر و شاره‌زایانی‮ ‬بیانی‮ ‬ئه‌و بواره‌ هه‌یه‌ ،‮ ‬له‌ وێنه‌ی‮ ‬ده‌شتی‮ ‬شاره‌زوور و قه‌راج و كه‌ندێناوه‌ و هه‌ریرێ و‮…‬تاد كه‌ به‌پێی‮ ‬ئاماری‮ فه‌رمی‮ ‬بژێوی‮ ‬نه‌ك ته‌نیا كوردستان ‮ ‬به‌ڵكو ته‌واوی‮ ‬عێراقیشیان پێ دابین ده‌كرێ و بایی‮ ‬دا كردنیش ده‌مێنێته‌وه‌‮.. ‬یه‌كه‌مین گیرسانه‌وه‌ و جێگیربوونی‮ ‬ئاده‌مزادیش له‌ دونیایێدا – چاخی‮ ‬به‌ردینی‮ ‬نوێ -هه‌ر له‌ كوردستاندا بووه‌‮ ، ‬گوندی‮ (‬چه‌رمۆ)ی‮ ‬نزیك چه‌مچه‌ماڵ ،‮ ‬كه‌ پشكنینه‌ ئاركیۆلۆژییه‌كان سه‌لماندوویانه‌‮.. ‬به‌واتا كوردستان پێشینه‌یه‌كی‮ ‬دوورودرێژی‮ ‬هه‌ر له‌ چاخه‌كانی‮ ‬پێش مێژووه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ وه‌ناوهێنانی‮ ‬زه‌وی‮ ‬و ماڵیكردنی‮ ‬ئاژه‌ڵ و دروستكردنی‮ ‬واری‮ ‬جێگیربوون ،‮ ‬كه‌ دواییش ده‌ستپێكی‮ ‬شارستانییه‌تی‮ ‬لێكه‌وته‌وه‌‮..‬ ئه‌گه‌ر ئه‌م پرسه‌ گرینگه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‮ ‬به‌ ئێستا و ئایینده‌وه‌ هه‌یه‌ ،‮ ‬به‌ نه‌خشه‌ و پلانی‮ ‬زانستی‮ ‬به‌ڕێوه‌بچێ و و بایه‌خی‮ ‬به‌قه‌د خۆی‮ ‬پێ بدرێ‮ ڕه‌نگه‌ له‌ چه‌ند ساڵی‮ ‬دادێ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕه‌سمی‮ ‬گه‌نم و دانه‌وێڵه‌ی‮ ‬تری‮ ‬له‌خۆ زیاد بنێرته‌ ده‌ره‌وه‌‮.‬ باسی‮ ‬چوونه‌وه‌ سه‌ركاری‮ ‬ئه‌و جووتیار و كشتیارانه‌ش ناكه‌م كه‌ به‌ زۆر ڕاگوێزرابوون ،‮ ‬هه‌روه‌ها لایه‌نه‌ ئیجابییه‌كانی‮ ‬دیكه‌ی‮ ‬ئابووری‮ ‬و كۆمه‌ڵایه‌تی‮ ‬ئه‌و پرۆسه‌یه‌ و مسۆگه‌ربوونی‮ ‬ئه‌منییه‌تی‮ ‬بژێوی‮ ‬كه‌ سه‌قامگیری‮ ‬و ئاسووده‌یی‮ ‬ده‌هێنێ‮.‬ لایه‌نێكی‮ ‬دیكه‌ش كه‌ هه‌ر په‌یوه‌ندی‮ ‬به‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه‌ هه‌یه‌،‮ ‬ئه‌ویش چاودێری‮ ڕاگرتنی‮ ‬هه‌موو ئه‌و خۆراك و خواردن و خواردنه‌وانه‌ی‮ ده‌هێنرێنه‌ كوردستان له‌ڕووی‮ ‬ته‌ندروستی‮ ‬و كارایی‮ ‬به‌كارهێنان كه‌ ئه‌ویش هه‌ر ده‌چێته‌وه‌ ناو مه‌سه‌له‌ی‮ ‬ئه‌منییه‌تی‮ ‬بژێوی‮ كه‌ ده‌بێ له‌ ئاستی پێویستدا بن‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬ ، دیاره‌ ئه‌مه‌ش ده‌خوازێ ئه‌ركی له‌پێشه‌وه‌ی حكوومه‌ت بێ .‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬




ئێوارانە ٦١.. شیعری سەردار جاف

ئێوارانە
برينەکان مەسکەنمانە
هەڵتورتاوين لە تەک چرا کزی تەمەن
رۆشنایی هەتوانێکی بەردەوامە
پاسارييەکان لە سەر چڵی درەختەکەی حەوشەکەدا
ئەمبەر و ئەو بەر دەگرن و
ئاوازی جووت بوون بۆ يەکتر دەڵێنەوە
ئێمە هێشتان لە سەرابين
لە سۆراغی لەنجەی وێڵە
من کنەی ديدەنی دەکەم
سەرکێشی گيانی يەک دەکەين
چۆڵەوانی و تاريکييە کە ناوێرين لێی دابڕێين
ئەو دەمانەی شەوەزەنگێ خۆی دەخزێنێتە ژوورەکە
کە پێڵوی چاوان هەڵدەبڕين ئيدی چاوەنواڕی زەنگين
زەنگی خورپەی ژيانەوە
زەنگێ سەدای لە دەشتایی دەنگداتەوە
دەشتێ دوور دوور کاکی بە کاکی مەنزڵێ
شەپۆلە گەرمی سەرابی
قووڵی مرۆ دەهەنجێنێ
چوارچەرخەکەی رۆشنایی لەو سەر ئاسۆ
بە ئاستەمێ خۆی دەبزوێ
بيرەوەری ناحاڵييە
هێدی هێدی شەبەقی رۆژ پەخش دەبێ
دەنگی زەنگەکە کپ کپە
بە گوێمانا نازرنگێ
نها ئەويش لە چاوەڕوانی زەنگمە
گێژاوی ئەندێشەی تاڵە
قۆرخی کردووين
بە دۆراندۆری مۆمێکی هەڵنەکراوا
هەڵکورماوين
خەياڵدانێکی پوچ و تاڵ
دان بە هەڵەی هەڵەشەیی و سەرەڕۆييەکانم دەنێم
هەرچی دەکەم
من ناتوانم لە رووباری شەهلاييا بپەڕمەوە
هێشتاکە ئەو، دەريای قووڵ و بێ مەودايە
مەلەی تيا دەکەم نايگەمێ
دەمەوێ مينا پاساری
لە سەر چڵە زەيتونێکی سەوز سەوز
يادگارييەکان پاشەکەوت کەم
لە سەر ريتمی سەمای زەرد زەرد
ميلۆدی گێڕانەوەيان بممرێنێ
خانەخوێی ڕاڕاييتم و
تۆيش پێت وتم
نابێ بڕۆی وەکو خۆری دەم ئێوارە
ئەمن بە تۆوە پڕ کەسم
ئەمجارەيان من دەبێژم
خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم

١٤ / ٢ / ٢٠٢٤




پرسە لافاو.. شیعری نەوزاد بەندی

ناپرسن بۆ هیچ لافاوێ
ناچێتە ماڵ و بەردەرگا و
ژووری هیچ بەرپرسێکەوە ؟
قەت بیستووتانە لافاوێ
خۆی هەڵدابێتە ناو کۆشک و
باخی ڕەزاقورسێکەوە ؟
چونکە ئەوان
هەموویان چوونەتە ئاسمان ؛
لەسەر داهات و داهاتووی
خەڵکە لات وبرسێکەوە ..
چونکە ئەوان ؛
زاڵن بەسەر کورسێکەوە ..
چونکە ئەوان ؛
داڵن بە دوای
هەر دینار و فلسێکەوە ..
ئێوەیش لە نشێوەکانا
شەتەک دراون بە هەموو
جۆرەکانی
کۆیلایەتی و ترسێکەوە ..




پرۆژەیەکی دراماتۆرگی بۆ شانۆنامەیەکی سارە کین.. نیهاد جامی

ئەم تێکستەی لێرەدا دەیخوێننەوە کردەیەکی دراماتۆرگیە بۆ شانۆنامەی 4:48 ی نووسەر سارە کین، لەپاڵ گەڕانەوە بۆ ژیاننامەی نوسەر و دامەزاندنی دیدێکی هونەری بۆ دروستکردنی فیلمێکی دۆکۆمێنتاری لەبارەی ژیانی نوسەر، بۆیە لەپاڵ کارەکتەری نوسەر، فیلمسازێک دەردەکەوێت، ئەم تێکستە بۆ ئەنجامدانی کردەی دەرهێنان نووسراوەتەوە، کە دەبێتە تازەترین کاری شانۆیی من، پێمخۆش بوو لێرەدا تێکستە دراماتۆرگیەکە بڵاو بکەینەوە.
بۆ دەیالۆگی شانۆنامەکە گەڕاوینەتەوە سەر تێکستە وەرگێڕدراوە کوردیەکەی خاتوو باران، هەرچەندە من بە زمانی کوردی کاری تیا ناکەم، بەڵام پێمخۆش بوو ئاماژە بۆ ئەو خاڵە بکەم، هەروەها هاورێی ئازیزم د. ڕێباز جەلال وەریگێڕاوەتە سەر زمانی پۆڵەندی.


ژوورێک زیاتر لەستۆدیۆی سینەمایی دەچێت، بەهۆی دانانی کامێرا و ڕوناکی و کلاکێتەوە، لەوە دەجێت خەریکی تۆمارکردنی فیلمێکی دۆکۆمێنتاری بن لەسەر ژیانی نووسەرێک، سەرەتا ئێمە وێنەگرێک دەبینین، هەر خۆشی دەرهێنەری فیلمەکەیە، لەپشت کامێراکەوە وەستاوە، ئاراستەکەی کامێراکە دەکاتە دیواری دواوەی ژوورەکە وەک ئەوەی نمایشی فیلمێکی سینەمایی بکات، لەسەر شاشەکەی دواوە دەنووسرێت ٤:٤٨، فێتێکی ڕەش کە زیاتر لەنیشاندانی تراکی فیلمێکی کۆن دەچێت، چارلی چاپلن لەسەر شاشەکە دەردەکەوێت، ئێمە ژنێک دەبینین لە سوچێکی ژوورەکە سەیری فیلمەکە دەکات، دەرهێنەرە سینەماییەکە کە ژنەکە دەبینێت ئاراستەی کامێراکە دەسورێنێتە لای ژنەکە، شاشە سینەماییەکەی دواوەی ژورەکە دەکوژێتەوە، ژنەکە پێّدەکەنێت، لەسەر شێوازی چارلی چاپلن خۆی گۆڕیووە، لاسایی ئەو دەکاتەوە، دەست دەکات بە نواندنی چارلی چاپلن، لەپڕ دەوەستێت، دەچێتە شوێنێّکی تری ستۆدیۆکە، کامێراکە بەدواوەیەتی، دەرهێنەر ئاماژەی بۆ دەکات کە دەست بە قسەکردن بکات.

من ناوم سارە کەین لەژیاندا پێنج شانۆنامەم نووسی، شانۆ باشترین شوێنە بۆ مرۆڤ تا بە ئازادی خۆت برینەکانی تیا بنووسیتەوە، کەس نەتوانێت دەستکاری شتەکانت بکات “وەک ئەوەی شتێکی بیر کەوتبێتەوە” یەکەمجار باوکم دەستکاری شتەکانی کردم، من ئەوەم لەیەکێک لەشانۆنامەکانم باسکردووە، هەموو شتێک لەپێش چاوی مندا دەمرێت، بۆیە مردن و خۆکووشتنم هیچ گرنگیەکی نیە، ئاخۆ خۆکووشتنی من چارەسەری کێشەکان دەکات؟ یەکەمجار کە ئەو بیرۆکەی خۆکووشتنە سەری هەڵدا، ووتم وا باشە لە کاتژمێر ٤:٤٨ خولەک خۆم بکوژم، هەر کاتێک بیری لێ دەکەمەوە، دەزانم ئەوە کاتێکی باشە بۆ خۆکووشتن، بەڵام باشتر وایە شانۆنامەکەم تەواو بکەم، هەست دەکەم قسەیەکی زۆر هەیە نەمنووسیوەو پێویستە بیاننووسم.

٢

لەگەڵ دەرهێنەر باس لەوە دەکات کە دەکرێت دیمەنی دواتر لەنەخۆشخانە وێنە بگیرێت، یاخود کەشێکی وا بێت گوزارشت لەنەخۆشخانە بکات، دەرهێنەر خەریکی گۆڕینی ڕوناکی و کوژانەوەی هەندێک گلۆپ و داگیرساندن و خولقاندنی کەشێکە لەرێی روناکی و ڕەنگەوە، دەرهێنەر تێبینی خۆی لەسەر شوێن و دیمەنەکە پێدەلێت، لەوە دەچێت هەردوکیان لەسەر گرتەکە هاوڕابن، دەرهێنەر شوێنێک دەست نیشان دەکات بۆ وێنەگرتن، سارە کەین وون دەبێت، دەرهێنەر خەریکی خۆ ئامادەکردنی دیمەنی داهاتووە، روناکیەکان کز دەکرێن، لەگەل ڕۆشن بوونەوەی تەنیا سارە کەین دەبینین، لەخەو هەلساوەو خەونەکەیمان بۆ دەگێڕێتەوە، گێڕانەوەکەی تێکەڵەیەکە لە ترس و پێکەنین، زیاتر لەدۆخێکی شڵەژاو دیالۆگەکانی دەڵێت.
لەخەومدا چووم بۆ لای دکتۆرێک، وتی هەشت خولەکت ماوە بژیت. لە کاتێکدا نیوسەعاتبوو لە ژووری چاوەڕوانییە نەفرەتییەکەی ئەو دانیشتبووم!

٣
بێدەنگیەکی درێژ خایەن، ترسێک سارە کەین داگیر دەکات، بەناو ژوورەکەدا دێت و دەچێت، بیر لەشتێک دەکاتەوە، کەوا نازانین چیە، وەک ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵە مۆسیقیەک قسە بکات، تا خۆیان بۆ کۆنسێرتێی مۆسیقی ئامادە بکەن، بەتەنیشتیەوە ئامێرێکی ئۆرکۆدیۆن لەژوورەکەدایە، داوە لە مۆسیقیە خەیاڵیەکان دەکات کەوا دەست پێبکەن، خۆشی لەگەڵیان دەکەوێتە مۆسیقا ژەنین.
مۆسیقاکەی دەوەستێنێت.. هەست ڕادەگرێت، هەڵدەستێتەوە، لەناوەراستی ژوورەکە دەیەوێت بخەوێت، بەلام هەموو گیانی دەلەرزێت، لەبەر خۆیەوە دەڵێت

ــ من گازم بە جولەکەکاندا کرد، کوشتاری کوردەکانم کرد، بۆمببارانی عەرەبەکانم کرد، سواری منداڵی بچووک بووم لە کاتێکدا داوای بەزەییان دەکرد، گۆڕەپانی جەنگی پڕ لە مردووەکان هی منن، من وامکرد هەمووان ئاهەنگەکە جێبهێڵن.
دادەنیشێت، بەدەستەکانی هەردوو قاچەکانی خۆی دەگرێت، دەیەوێت چیرۆکی کەسێک بگێڕێتەوە، بەڵام جولەکردنی فۆرمێکی ئاسایی وەردەگرێت، تەنیا لەکاتی قسەکردن تۆنی دەنگی دەگۆڕێت
من چاوە حیزەکانت دەمژم و لە قتوویەکدا دەینێرم بۆ دایکت و کاتێکیش من دەمرم، لە جەستەی منداڵی تۆدا دێمەوە دونیا، بەڵام پەنجا قات خراپتر و شێتتر، من ژیانت دەکەم بە دۆزەخێکی داگیرساو، من مـــــــل نـــــــــــــادەم مـــــــل نـــــــــــــادەم مـــــــل نـــــــــــــادەم ســــــەیرم مــــــــەکــــــــــــــــە

ئێستا هەڵدەستێتەوە، سەیری دەوروبەری ژوورەکە دەکات، ئۆرکۆدیۆنەکەی لەباوەش دەگرێت، دەیەوێت بگریێت، روناکی لەسەری دەکوژێتەوە، لە شاشە سینەماییەکەوە سەر لەنوێ دەیبینینەوە، دیمەنێک نیشان دەدرێت سارە کەین بەسەر کورسیەکەوەیە وەستاوە، کامێرا دەچێتە بەرزاییەوە دەبینین پەتێکی بەملەوەیە و دەیەوێت خۆی بکوژێت، بە قاچەکانی کورسیەکەی ژێر پێی لا دەبات، شاشەکە ڕەش داگەڕاوە، ژوورەکە بەتەواوی ڕۆشن بۆتەوە، دەرهێنەر بە نیگەرانیەوە کامێرا و کەل وپەلەکانی وێنەگرتن کۆ دەکاتەوە و دەچێتە دەرەوە، ستۆدیۆکە بەتاڵ و وەک ئەوەی هیچ شتێکی لێ نەبووبێت، هەموو شتێک کۆتایی دێت.




چاوپیکەوتنەکەی ڤلادیمێر پوتین.. ڕزگار عومەر

هەفتەی ڕابردوو لە جوڵەیەکی زیرەك و بەرچاودا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بەشداری چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی تاکەر کارلسۆن کرد، ئەمەش بووە هۆی سەرنج و مشتومڕی نێودەوڵەتی، بەشێك لە میدیای ئەمریکاو سیاسەتمەدارەکان ئەم ڕۆژنامەنوسەیان تەخوین کرد! گفتوگۆکە قووڵ بووەوە بۆ کۆمەڵێک بابەت، تێڕوانینێکی جیاوازی بۆ دیدگاکانی پوتین سەبارەت بە کاروباری جیهانی پێشکەش کرد. چاوپێکەوتنەکە 2 کاتژمێر و 6 خولەکی خایاند. سەرۆکی ڕووسیا نزیکەی 60 پرسیاری وەرگرت تەنیا لە 23 سەعاتی یەکەمدا ڕاستیەکی گەورەی سەلماند کە خەڵك ڕۆژئاوا تەنیا نایەوێ گوێ لە سەرکردەکانی خۆی بگرێت ، بەلکو دەیەوێ گوێ ی لەو بە ” دوژمن” کراوەیش بێت، چونکە چاوپێکەوتنەکە تەنیا لە ماوەی 23 کاتژمێردا زیاتر لە 150 ملیۆن جار بینراوە، پاش ئەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوەو لەلایەن زیاتر لە860 هەزار کەسەوە “لایک” کرا. 269 هەزار جار دووبارە بڵاوکراوەتەوە.لە کەناڵی یوتیوبی ڕۆژنامەنوسکە زیاتر لە 8.3 ملیۆن جار بینراوە!
تەوقیتی چاوپێکەوتنەکە “گرنگییەکەی” زیاتر کرد، چونکە لە دۆخێکی پڕ لە گرژیی جیۆپۆلیتیکییەکان و نادڵنیاییە جیهانییەکان سازکرا. ئامادەیی پوتین بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکیدا، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی دیپلۆماسییە بۆ پڕکردنەوەی دابەشبوونی نێوان ڕوسیاو نەیارانی. گرنگی ئەم جۆرە گفتوگۆیە ناتوانرێت کەمنرخ بکرێت، بەتایبەتی لە سەردەمێکدا کە زانیاری هەڵە و لە خشتەبردنی بەپلان دەتوانێت ململانێیە خوێناویەکان فراوانتر بکات.
لە ڕووی هەڵسەنگاندنی ئێستای پۆتیندا؛ سوچێکی گرنگی چاوپێکەوتنەکە، دەرك کردنی دووبارەی ڕۆڵی گرنگی میدیا بوو لە داڕشتنی ڕای گشتیدا. جەختکردنەوەی پوتین لەسەر گرنگی زانیاری دروست و ڕاپۆرتکردنی بێلایەن دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، چونکە تیشکی خستە سەر پێویستی تێگەیشتنێکی هاوسەنگتر لە ڕووداوە جیهانییەکان بەلای کەمی گرنگی “دەرفەتی یەکسان” بۆ هەموو لایەك کە دەنگی بگات و هەروەهاش چاوپێکەوتنەکە توانی بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەنووسان و ژۆرنالیزمی جدی لە دابینکردنی ڕووی دووەمی حەقیقەت بخاتەوە سەر مێزی پیشەگەریی ڕۆژنامەوانی. بەشێك لە نەیارانی پۆتین و سەرکردە سیاسیەکانی ڕۆژئاواو ڕەخنەگران دەڵێن:-
” ڕەنگە ئەو چاوپێکەوتنە خزمەتی بە ئەجێندای سیاسی پوتین کردبێت بە ڕەخساندنی سەکۆیەک بۆ ئەوەی ئەویش گێڕانەوەی خۆی بخاتەڕوو. بە پێچەوانەی ئەمش هەندێکی دیکە پێیان وایە چاوپێکەوتنەکە بەشداری کردووە لە بنیات نانی تێگەیشتنێکی گشتگیرترو نزیکتر لە دیدگای ڕووسیا، کە ڕەنگە ئەم چاوپێکەوتنە ڕێگا خۆش بکات بەلای کەمی لە نێو ڕای گشتی جیهانیدا کە لەبەردەم جەنگی خوێناوی و بەردەوامدا پرسی گەڕانەوە بۆ دیبلۆماسیەت بە هێزتر بکات.
چاوپێکەوتنەکەی پوتین لەگەڵ تاکەر کارلسۆن بێ پەردە دیدێکی جیاوازی ڕەخنەگرانەی لەسەر دۆخی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا و ڕۆڵی میدیا و پرسە جیهانییەکان هێنایە ئاراوە. پرسیارو وەڵامی ڕاشکاوانە لە نێوان سەرۆکی ڕووسیا و ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکەدا، وردەکارییەکی گرنگی لە ئاڵۆزییەکانی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی پێشکەش کرد و لەوێ جەخت لەسەر گرنگی گفتوگۆی کراوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخانە کردەوە کە جیهانی نقوم بووی ئەمڕۆمان پێناسە دەکەن.ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە کردنەوەی دەرگای داخراوی دیالۆگ، دەرگایەك کە کەم نین ئەو سەرکردە جیهانیانەی دەیانەوێ قفڵەکانی تۆکمەتر بکەن!




ڕامانێک لە کتێبی “پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا”.. نووسینی و ئامادەکردنی کاک کامەران سوبحان. خوێندنەوەی: رۆژگار خالید

سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم :
هەر مرۆڤێک لە ئێمە تاوانبار نییە بەو شتانەی دەیڵێت یانیش ئەو کردەوانەی دەیکات بەڵکو تاوانبارە بەو شتانەی لەسەر دەگوترێ ، چونکە لە کۆتاییدا بەو شتانە تاوانبار و سزا دەدرێت و تۆڵەی مەرگی ویژدانی بەسەر دەسەپێنرێت کە نەیکردووە ، نەوەک لە ئەسڵدا تاوانباربێت بەو شتانەی لەسەری دەبێت بە پەڵەی ڕەش ، تەنانەت ئەگەر ئەو تاوانەی ئەنجامیش دابێت چاوپۆشی لێدەکرێت کاتەک دەسەڵات و هێز هەیە پاڵپشتی دەکات !!
ئەسڵی بابەتەکە ئەوەیە :.
بۆچی نووسەران و شاعیران و ڕۆشنبیرانی نەتەوەیی ئێمە ڕوبەڕووی شتانێک دەکرێنەوە نەیانکردووە یانیش وایان لێدەکەن پەڵەی ڕەش بکەوێتە سەر کەسایەتیان !!
بۆ وەڵامی ئەو باس و خواسی هەیە
ئەم کتێبە دەستپێکی باشمان نیشان دەدات و نووسەر هەلدەستێت بە :.
گێڕانەوەی چل چیرۆک و بەسەرهات لەبارەی پیرەمێردی شاعیر و نووسەران و خەڵکی شاری سلێمانی و دەڤەری شارەزوور و ناوچەکە بەگشتی .
لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە بەبەردەوام کێشە و بەریەککەوتنی هەیە لەگەڵ نوخبەی ڕۆشنبیران و پیاوانی ئایینی و خەڵکی ئاسایی لە ژیانی ڕۆژانەمان .
بۆیە دەتوانین بڵێین قسەکان و هەڵوێستەکان نووسینەکان دەمێننەوە و لاناچن ، لەپاڵ ئەوەشدا کاریگەریی نەرێنی دەهێنێت و پێگەی کۆمەڵایەتی ئەو کەسانە دەشکێنرێت ، کەچی ئەو کەسانە بەبەرزی خزمەتی زمان و وێژەی کوردیان کردووە ، لەسەردەمی خۆیان دەکەونە بەر نەفرەتی زمانی خەڵکەکەی .
ئەگەر ئەم پرسە بۆ پیرەمێرد یان نووسەران و شاعیران ڕاست بێت ، بێگومان بۆ هەموو کەسێک ڕاستە ، چونکە هەر تاکێک لە ئێمە تاوانبار دەکرێت بەشتێک نەیکردووە یانیش نەیگوتووە یانیش بەشتێک نەینووسیووە .
لەدواجاردا :.
ئەو ڕۆڵە ناشیرینە وا دەکا هەمووان لە یەک ئاست ببینرێن و کەس جیاوازتر و باشتر و زیرەکتر و بەهێزتر نەبێت .
هەر کاتێکیش لە شتێکی بچووک تاوەکو شتێکی گەورە وابکات جیا ببێتەوە چ بەنووسین بێت یا وەرگێڕان یا هەڵوێستێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت .
بێگومان ڕووبەڕووی دەیان تۆمەت و بوختان و سوکایەتی و هەڕەشە و جنێودان و خیانەتی نشتیمانی و تۆمەتی دینی و لادینی دەکرێتەوە .
هەر ئەوەشە وادەکا :.
ئینسانی ئێمە و کەسایەتی ڕۆشنبیری ئێمە یا لە قهری فەقیری و رەزاڵەتی و بەبێ پشت و پەنای بمرن یانیش سەریان هەڵگرن و ناوچەکە بەجێ دەهێڵن یانیش واز لە نووسین و خوێندنەوە کتێب دەهێنن لە سووچێکی ماڵەکەیان بێدەنگ دەبن کەچی دووبارە سووکایەتیان پێدەکرێت چونکە تەسلیمی واقیع ژیان بوونە .
بۆیە بەدەردی ” شێتی دەمرن ” کەوا خەڵک وایان پێدەلێن .
ئەوەی بەلای منەوە گرنگە لەم کتێبە چەند چیرۆکێکە وەک خۆی دەنووسمەوە و پوختەیەکی لەسەر دەنووسم .
لە چیرۆکی ” نۆیەم “
” پیاوێک لەناو دەستنووسەکان دەبێت بە تۆز “
_ کاتێک شاعیران و نووسەران لەبەر خەم و خەفەت و ئەو هەموو ناو و ناتۆرە شارەکان جێدەهێڵن و سەر هەڵدەگرن و شارەکان جێدەهێڵن بەبێ ئەوەی بزانن بۆچی کۆچ دەکەن ؟
بەرەو کوێ کۆچ دەکەن و لە شارەکان هەڵدێن؟
بۆچی دونیای رۆشنبیر ئێمە و ژیانی خەڵکی ئاسایی ئێمە پڕە لە کێشە و پڕە لە ڕق و کینە ؟
بۆچی دونیای ئێمە پڕە لە ڕووداو و پێشهاتی خراپ و هەر دووبارەش دەبێتەوە !!
وەڵامەکە ئەوەیە قبوولکراونین و بەرژەوەندی کەسانێک هۆکاربوو و مرۆڤ ترساوە لەوەی هۆشیار بکرێتەوە .
لە چیرۆکی ” دەیەم “
” وەنەوزێک هەموو شتێکی کرد بە خۆڵەمێش”
شێخ مەحمود حەفیدی بەرزنجی کتێبخانەیەکی گەورەی پڕ لە کتێبی دانسقەی دەستنووسی سەردەمی ئەمەوییەکانی بەخشیە مزگەوتێکی دێرین لە گەڕەکی سابونکەران لە شاری سلێمانی ، کتێبخانەکەش پێشتر دیاری میرێکی سۆرانی ناوچەی ڕەواندز بوو بۆ شێخ مەحمودی حەفید .
بەڵام
لە بێباکی بیت یاخود بەهۆی کەمتەرخەمی یانیش بەدەستی ئەنقەست بێت ئەو کتێبخانەیە لە بەرەبەیانی زوودا گڕ دەگرێت و کتێبەکان و دەستنووس و قورئانە دێرینەکان دەبنەوە بە خۆڵەمێش و ئەوانەی وەک خزمەتکار و کەسی نوێژخوێن و بێلانە لەم مزگەوتە دەخەون بەهۆی گەرمی ئاگرەکە لە خەو هەڵدەستن !!
پرسیارە جدییەکە ئەوەیە
بۆچی دەبێت ئەو هەموو کتێبە بێباک و بێ منەتانە بسووتێن ؟!
بەلای خەڵکەوە شتەکی وا گرنگیش نییە کتێب و دەستنووس دەسوتێت !!
بۆیە ئەوانەی لەم مزگەوتە دەمێننەوە بە درێژایی 30 ساڵ خۆشەویستی زۆریان بۆ ئەم شوێنە هەیە بەقەهری سووتانی ئەو هەموو کتێبانە دەمرن !!
بۆچی بەدەیان و سەدان کتێب و دەستنووس و دیوانی شیعری شاعیران بەهۆی باران و لافاو دەفەوتێن و بەلای خەلکەوە شتەکی زۆر ئاساییە کاتەک مێژووی نەتەوەیەک ئاو دەیبا و دەفەوتێن و ” گرنگیەکی ئەوتۆی نییە ” !
وەڵامەکە ئەوەیە تاوەکو ئێستاش مەعریفە لەدوای هەموو شتێکە زۆرینەی خەڵکی ئێمە وەک یەکدی دەژین یانیش وەکو چاولێکارن و حەزدەکەن ژیانیان لاسایی بکەنەوە ، زۆرینە دژە کتێب و دژە مەعریفە و دژی خوێندنەوەیە .
چیرۆکی ” یانزەیەم “
مردنی کتوپڕی شاعیران لەناو دەستنووسەکان
ئەوەی سەیرە لەناو ئەو دەستنووسانەی نووسراوەتەوە مردنی کتوپڕی شاعیران و هەڵهاتن و لەترسی کوشتن و ونبوونی هەندێکیان باسکراوە !!
لەم چیرۆکەدا ڕووبەڕووی دوو خاڵ لە واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی نێوان ئینسانەکان دەبینەوە .
1.دزینی کتێب و دەستنووس و دڕان و فەوتانی چەندەها کتێب و فرۆشتن و پێدانی دەیان کتێب بە بێگانە و دوژمنانی گەلی کورد کوشتنی نووسین و ووشە و کتێبی ئەوانە .
2.دروستکردنی سەدان تۆمەت بۆ کەسایەتییەکان لەم کاتەدا
وەک
_ پیاوی ئینگلیزە یا پیاوی بێگانەیە !
_ سیخوڕە !
_ هەتیمچی و پیسخۆرە !
_ کەسایەتی بۆش هیچ لە بارانەبووە !
جگە لە کۆمەڵێک شتی دیکە هەن و سوکایەتیان پێدەکرێت وەک دژە نەریتە و دژە دین و کافرە و مەشروبخۆرە و قەلەمفرۆشە .
ئەوەی سەیرە ئەوەیە تاوەکو ئێستا قسەی لەسەر دەکرێ کێین ئەوانەی دژایەتی ئەوانە دەکەن ؟
ئایا پیاوانی ئاغا و دەسەڵاتداران یانیش چاوساغی تورک و فارس و عەرەبن یانیش پیاوانی ئایینی و پارێزەری نەریتی کۆمەڵایەتی کۆنن یانیش خەڵکی ئاسایی و نەخوێندەوارن .
چونکە
ئەوانەی دژایەتی کراون کەسایەتی بەرزن وەک مەولانا خالیدی نەقشبەندی و نالی و مەحوی و پیرەمێرد و دەیان و سەدانی کەس لەپێش ئەوان و سەدان کەسی دیکە لە پاش ئەوان تووشی هەمان دۆخ بوونەتەوە .
تەنانەت دوای سەد ساڵ
ئێستاش ئەو دەردە هەر هەیە لە نێوان شاری ” هەولێر و سلێمانی” بۆیە رۆشنبیران شارەکان جێدەهێڵن !!
یانیش کۆچ دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات لە پاشان بە دزینی بەرهەمی بێگانە تۆمەتبار دەکرێن لە کاتەکدا ئەو کەسانە زیاتر لە زمانێک و دووان و سێ زمانیان زانیوە ئینجا شاربەدەرکراون .
لە کۆتایی دا ئەو قسەی پیرەمێرد دەیکا کاتەک رەخنەی لێدەگرن لە ستایشی گۆرانی شاعیر و مەحمود پاشای بابان و ئەمین زەکی بەگ و شێخ حسام الدین نەقشبەندی دەکا .
دەڵێت ئەو کەسانە چ دەلێن بابلێن گرنگ نییە ئەوەی گرنگە ئەوەیە .
من چی لەبارەی ئەم منەوەر هەڵکەوتانەی نەتەوەکەم دەلێم .
ئەوەی گرنگە بلێم ئەوەیە
کێن ئەوانەی مانەوە لەنێو مێژووی ئێمەدا دژی رۆشنبیران و نووسەران و شاعیران و نووسەرانی کوردبوون و دژی نووسین بوون ؟
یانیش
نووسەران و شاعیران و نووسەرانی کورد خزمەتیان بە نەتەوە و زمانی کوردی و وێژەی کوردی کرد .
بێگومان نووسین دەمێنێتەوە و نووسەران و شاعیران و نووسەران بوونە بەشێک لە مێژووی ئێمە .
ئەوانەی قسەیان دەکرد و هەڕەشەیان لە نووسەران دەکرد لەبیرکران و بوونە پەلەی رەش بۆ مێژوویی خۆیان .
بۆ ئەوەی بزانین نەتەوەی ئێمە چۆن ژیاوە ، گرنگە هەر کەسێک لە ئێمە ئەو کتێبە بخوێنێتەوە .
لە کۆتایی دەمەوێت ئەوە بڵێم چەندە سادە دەژین و چەندە سادە بیردەکەینەوە و چەندە بەسادەیی دەبینەوە خۆڵ بەبێ ئەوەی هیچ شتێک هەبێت گرنگ بێت بکەین و پیوستە هەڵوەستە بکەین چەندە ترسناکە مرۆڤەکان لەیەکدی بچن .




عێراق گۆڕەپانی گەمەی هاوبەشی ئەمریکاو ئێرانە!.. عوسمان حاجی مارف

عێراق نەک شوێنێکی ستراتیژی گرنگ و تایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دابینکردوە، بەڵکو بەهۆی ئەو سامانەی لەڕێگەی ئەو هێزە میلیشایانەی کە سەربەخۆیەتی و کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقیان کردوە، ئێران گەورەترین سودیان لێ بەدەست دەهێنێت، بەمشێوەیەش سەرچاوەی توانا داراییەکانی بۆ دابیندەکات، تاڕادەیەک قەرەبوی سزا ئابوریەکانی ئەمریکای پێدەکاتەوە.
پرۆژەی فراوانخوازی ئێران، ڕەهەندێکی جوگرافی نوێ و فراوانتری وەرنەدەگرت ئەگەر ئیدارەی جۆرج بوش لە ساڵی ٢٠٠٣ وە لە ڕێگەی هێزە میلیشیا ئیسلامیەکانەوە عێراقی ڕادەستی ئێران نەکردایە، کە ئێستا بۆتە بنکەی هێرشکردنە سەر شوێنە سەربازیەکانی ئەمریکا لەسەر سنوری عێراق و سوریا و ئەردەن.
ڕووخانی حکومەتی بەعس و گۆڕینی تەنها بۆ ژێردەستی ئێران، ڕێگایەکی لە بەغداوە بۆ بەیروت لە ڕێگەی دیمەشقەوە کردەوە، هەروەها بە پشتیوانی بەشار ئەسەد هێزە میلیشیاکان بەتەواوی خۆیان ڕادەستی “کۆماری ئیسلامی ئێران” و پلانەکانی لە ناوچەکەدا کرد، کە تا ئەمڕۆش ووڵاتانی عەرەبی باجی کەوتنی عێراق بە دەستی ئێران ئەدەن.
ئەگەر ئەو بومەلەرزە عێراقیەی کە بە داگیرکاری لەلایەن ئەمریکاوە پێشهات، نەبوایە، کە دواتر لەسایەی دەورو دەخالەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی گێژوای سیاسی هەموو ناوچەکەی گرتەوە، “کۆماری ئیسلامی” ئازاد نەدەبو کە ڕاستەوخۆ دەورو دەخالەتی لە عێراق و ناوچەکەدا سەرکەوتوانە بسەپێنێت، لەهەمانکاتدا توانی لەم هەلومەرجە تایبەتەشدا بەوشێوەیە هێرش بکاتە سەر ئەمریکیەکان لە سنوری سوریاو ئەردەن. بە دڵنیاییەوە ئەوەی ئاشکرایە ئێران بەبێ سەپاندنی خاوەندارێتی عێراق، نەیدەتوانی بونی خۆی لە ناوچەکەدا فراوان کات و دەخالەت بکات.
لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێکدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئێران توانای مومارەسەی ڕۆڵی پارێزەری عێراق و سوریا و لوبنان و بەشێکی یەمەنی هەیە. هەرچەند ئەمریکا دەستی بە هێرشە موشەکیەکانی کردوە، بەڵام تائێستا نازانرێت ئیدارەی بایدن چۆن ئەم پرۆسەیە یەکلایی دەکاتەوە، یان چۆن بەو لێدانە لە سنووری سوریا و ئوردن گرفتەکانی لەبەرامبەر ئێراندا ساغ دەکاتەوە. گرنگ ئەوەیە هیچ وەڵامێکی ڕۆشنی نییە کە بتوانێت لە سەر زەویدا ئەنجامی هەبێت بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراق و هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا، کە لەڕێگەی حکومەتی ئێستای بە سەرۆکایەتی محمد شیاع ئەلسودانیەوە جێبەجێ دەکرێت، کە ئەم سەرۆکایەتیەش ئەجێندایەکی ئێرانیە و هیچی تر.
هێرشێکی لەمشێوەیە دەرخەری ئەوەیە کە ئێران زیاتر بەرەوپێش دەچێت لە هەوڵەکانیدا بۆئەوەی ئەوە دووپات کاتەوە کە دەسەڵاتی باڵای بەسەر ناوچەکەدا بپارێزێت، ئەو هەوڵانەش بۆ دەرکردنی ئێران لە سوریا و بەتایبەت لە باشووری سوریا دەدرێن تائێستا هیچ سوودێکی نییە.
هه ڕوه ها ئەوەی تائێستا جێگیر بووە ئەوەیە کە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراقدا بەگشتی بە بەرژەوەندی ئێران شکاوەتەوە، لەکۆتایدا ئەوانەی ئێستا حوکمڕانی عێراق دەکەن میلیشیای تائیفی عێراقین کە ئێران لە ڕابردودا لە باوەشی گرتبون، هەر ئەم میلیشیایانەن، کە دەیانەوێت هێزی ئەمریکی لە عێراق دەربکەن و هێرشە موشەکی دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
هەرکەسێک لە پراکتیکەکانی ئەمریکادا بپشکنێت، بۆی دەردەکەوێت کە ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئامادە نیە ڕۆڵی هەبێت لە گەیشتن بە ئاگربەست لە شەڕی غەززەدا، وەک ئامادەکاریەک بۆ لێکۆڵینەوە لە داهاتووی کەرتی غەززە، کە بەرەوڕووی شەڕێکی وێرانکەری ئیسرائیل بۆتەوە، ئەمریکا لەم بارەیەوە لە گێژاوێکدایە هیچ ئاسۆیەکی سیاسی نییە، لەهەمانکاتدا بەدوای ئەوەشەوە نیە و لە بەرژەوەندی نیە ئەم شەڕە فراوان بێتەوە.
ئەمریکا باجی پراکتیزەکردنی سیاسەتێک دەدات، کاتێ کە مامەڵەی لەگەڵ حوسیەکان کردووە، وەک ئەوەی هیچ پەیوەندیەکی نزیک و دووریان لەگەڵ ئێراندا نەبێت، لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی نێوان واشنتۆن و تاراندا، باڵادەستیەکی ڕونی ئێرانی هەیە کە هاوتای بێتوانایی ئەمریکایە کە ڕەنگدانەوەی نائامادەیی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی پاش ئەو شکستانەی لە چەندساڵی رابردودا بەسەری هاتووە.
چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ عێراق هێمای سروشتی ئەو گێژاوەیە کە دەرگیرە لەگەڵ هێزە میلیشیاکانی “حەشدی شەعبی” کە دەست بەسەر عێراقدا توندتر دەکەن، هەروەک چۆن “سوپای پاسداران” زۆر بەتوندی دەستیان بەسەر ئێراندا توندتر کردوە. حەشدی شەعبیش فەرمانێکی بەسەر حکومەتی عێراقدا سەپاند بۆ چوونە ناو دانوستانەکان بە ئامانجی کردنەدەرەوەی هێزی سەربازی ئەمریکا لە عێراق، ئەم ئامادەبوونە بۆ کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕۆشنە کە لەسەر بنەمای نەخشە و خواستی “کۆماری ئیسلامی ئێران” ە.
هەر لەم بارەیەوە سەرۆکی پەرلەمانی ئەمریکا دەڵێت؛ سەرۆک نەبوە هێندەی بایدن سیاسەتی رازیکردنی ئێران درێژە پێندات.
بەپێی ئەو زانیاریەی کە حزبوڵای عێراق پلاندانەرو جێبەجێکاری هێرشی سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق و سوریا و ئوردنە، ئەمریکا دوای کوژرانی سێ سەربازەکەی تۆمەتەکانی ئاراستەی ڕژێمی ئێران و هاوپەیمانەکانی کرد.
ئەم هێرشەی پێشتر باسمان کرد لە چەند مانگی ڕابردوودا یەکەمین هێرشی لەم جۆرە نەبووە و دواهەمین هێرشیش نابێت، هەروەها ناتوانرێت لە دەرەوەی چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی ئێران و ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
دوایین پێشهات لەم هێرشەدا ژمارەی کوژراوانی ئەمریکیەکانە، ئەمەش وردەکاریەکە واشنتۆن ناتوانێت پشتگوێی بخات، چونکە وەڵام نەدانەوە بە مانای لاوازی ئەمریکا و بوێری ئێرانی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش لە داهاتودا هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا.
لەکاتێکدا واشنتۆن ڕایگەیاند کە وەڵامی ئێران دەداتەوە، و ئامانجی داناوە کە بە فەرمی ئاشکرای نەکردووە، ئایا بژاردەکان لەنێوان بە ئامانجگرتنی هاوپەیمانەکانی ئێرانە، یان بە ئامانجگرتنی شوێنەکانی ناو دڵی ئێران دەگۆڕێت!؟، هەرچەندە ئێستا هێرشە ئاسمانیەکانی بۆسەر هێزەکانی هاوپەیمان ئێران دەستپێکردوە، ئایا واشنتۆن شەڕێک هەڵدەگیرسێنێت کە لەگەڵ ئاستی هەڕەشەکاندا بگونجێت؟ گەر پێداچوونەوە بە ڕاستیەکاندا بکەین، ستراتیژی ئێستای ئەمریکا بەهیچ جۆرێک بە قازانجی نیە خۆی لە شەڕێکەوە بئاڵێنی، کە بگوازرێتەوە بۆ ناوخۆی ئێران، ئەمریکا بەدوای سەرنەکەوتن و چەقینی نەخشەکانی لە بەرامبەر روسیا لە ئۆکرانیا، هەروەها تێوەگلانی لەگەڵ بنبەستی ئیسرائیل لە غەزەدا، گواستنەوەی شەرەکە بۆ ناوخۆی ئێران، حەتمیەتی شکستێکی گەورە دەخاتە بەر ئایندەی دابەزینی پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەمریکا ناچارە جێبەجێکردنی ‌پەرچەکردار و هەرەشەکانی، جگە لە ئاستی ڕوبەروبونەوە لە بەرانبەر هێزە میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران نەچێتە ناو شەڕێکی فراوانی ناوچەییەوە، لەمەشدا چەند سەرکەوتو دەبێت، دەرگایەکی کراوە لەبەردەمیدا نیە تا هەنگاوەکانی چونە پێشەوەی بسەلمێنێت.
سەرچاوە ئاگادارەکان لە یەکەم هێرشی ئەمریکی – بەریتانیا بۆ سەر گروپی حوسیەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا پێش ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانیان حوسیەکانی ئاگادارکردۆتەوە، کاتێکی تەواویان پێداوە بۆ چۆڵکردنیان! ئەمەش دەگۆڕێت بۆ هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ قۆڵێکی هاوپەیمان لەگەڵ تاران.
هەربۆیە هێرشەکان کاریگەریان لەسەر توانا سەربازیەکانی حوسیەکان نەبوو، لەهەمانکاتدا ئامانجی واشنتۆنیان بۆ دەستەبەرکردنی کەشتیوانی دەریای سوور بەدی نەهێنا!
بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئێران بەهۆی بوونی سەربازی و سیاسی هەردووکیان لە یەک وڵاتدا تێکەڵاو بوون، ئەوە دەبینین ئەو بەرژەوەندیانە بەهۆی هەندێک جیاوازیەوە تێکدەچن، بەڵام زۆری پێناچێت دەگەڕێنەوە بۆ دیپلۆماسی و ئارامی.
ئەم ململانێ و گەمە سیاسیەی ئێران و ئەمریکا بەدوای شەڕی کەنداو و داگیرکاری عێراق، لە ماوەی سێ دەیەدا مایەی پێشهاتی گەورەترن کارەسات و وێراکاری و نەهامەتی بوە بۆ دانیشتوانی عێراق و کوردستان، تا ئێستاش، بەتایبەتی لە هێرشی دڕندانەی ئیسرئیل بۆ سەر غەزە ئەم ملاملانێیە، توندپێچی و دۆخێکی پێچیدەتری بە خۆوە نیشانداوە، جگە لە ئیسرائیل لایەنەکانی تر لایەنگری فروانبونەوەی شەرەکە نین، بەڵام مامەڵەیان لە گەڵ دۆخەکەدا مەترسی گەوروبونەوەی ئەو شەرە دەخاتە بەر ئەگەرێکی مەترسیدارەوە.
بەگشتی لە پەیوەند بە دۆخی ناوچەکەوەو دەوری جەمسەرە جیهانیەکان بەتایبەتی روسیاو چین، واپێدچیت دواجار ئەمریکا بژاردەیەکی تری نەبێت جگە لە ناچاری تەسلیم بوون بە ئێران، گەر هێرشیش بکاتە سەر چەند بنکەیەکی هێزە میلیشیاکان کە دەستیپێکردوە، بەڵام لەپەیوەند بە فراوان نەبونەوەی شەڕی غەززەوە، ناهاوسەنگیەک پێشهاتوە کە کاریگەری لەسەر هاوکێشەی سیاسی لە ناوچەکە داناوە لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەدوای کەوتنی عێراق بۆ باڵادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمریکا ناتوانێ بەرەی شەڕی دژی ئێران گەرم کات، هەروەها شەڕی پاکتاوکردنی دانیشتوانی غەززە لە لایەن ناتانیاهۆوە، ریسوایی و گۆشەگیریەکی بێوێنەی لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیلی لە ئاستی جیهاندا نیشانداوە، لەهەمانکاتدا پەیوەندی نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکاش تەواو ئاڵۆز بووە، تا ئەو ئاستەی کە بەریتانیا نزیکترین دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکایە، لەڕێڕەوی نیشاندانی جیاوازی سیاسیە لە بەرامبەر ئەمریکادا.
بەڵام لە گەڵ هەموو ئەوانەشدا کۆتایی ئەم ململانێ و بارگرژیە، چونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە و کۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران.




ژانی ته‌نیایی.. ستار ئەحمەد

سبه‌ی ده‌ڕۆی
ده‌بمه‌ هێڵ و
چه‌ند دێڕێكم پێده‌نووسی
حه‌رفێك ناكه‌یت به‌میوانم
وه‌كوو مه‌لێك
له‌بێچووی خۆی جوێبێته‌وه‌
رۆحم له‌گه‌ڵ تۆدا ده‌فڕێ‌
دڵم بۆ ژانی ته‌نیایی ده‌كرێته‌وه‌
كه‌چوونه‌وه‌
مه‌مخه‌ره‌ نێو
ده‌ریای خه‌می بیرچوونه‌وه‌
من له‌عومری خۆم وه‌ڕسم

ژوانی تۆ
له‌یادی گڵا ده‌مژێنێ‌
ره‌نگه‌ به‌بیرتا رابوورم
كسپه‌ی شیعرێكم راتژه‌نێ‌
ئه‌گه‌ر شه‌وێك
گوڵه‌ ئه‌ستێره‌ی عه‌شقم هه‌ڵوه‌ری
په‌نجه‌ره‌ی سۆزت دانه‌خه‌ی
له‌سووچێكی ژووره‌كه‌تا
جێیكه‌ره‌وه‌
سبه‌ی ده‌ڕۆی
رۆحم له‌گه‌ڵ خۆتا مه‌به‌
بۆ چه‌ند ساتێك بمده‌ره‌وه‌
هه‌تا بتوانم بۆت بژیم
شیعری جوانترو جوانترت بۆ بنووسم
وه‌ك چۆن گه‌ڵا
له‌قه‌دو لاسكی دایبڕن
ده‌ستی نه‌مان هه‌ڵیده‌گرێ‌
كه‌جێمدێڵی
چاوی وه‌نه‌وز دامده‌پۆشێ‌
ویژدان له‌ده‌روونما ده‌مرێ‌
چاوه‌ڕوانم
له‌سێبه‌ری نیگایه‌كتا
به‌خوێنی زامی هه‌ناوم
په‌ڕه‌ی یادت بنه‌خشێنم
عومرێكی نوێم پێده‌به‌خشی
گه‌ر له‌خه‌ونیشا بتبینم

ستار ئەحمەد




شیعری دەفتەر.. نووسین و خوێندنەوەی بەکر ئەحمەد

https://www.youtube.com/watch?v=pw7qMkx83Xo



پیاسەیەک لە گەڵ پاڤڵ تالەبانی دا.. شاخەوان سعید سەنگاوی

ئەگەر سەردارانی سیاسی هەرێم دەتانەوێت ڕووی خۆتان و شۆفڵەکانتان سپی بێت، ئەوا باشترە لە چواردەورەکەی خۆتانەوە دەستپێ بکەن. ئەویش لە ڕێگای گوێگرتن لە خەڵکی دەرەوەی حەرم سەراکنتان، نەک ئەو مێگەڵە لە ڕاوێژکارەی کە لە چواردەورتان بوونی هەیە هەرگیز ڕۆژێک نابیستن ڕاوێژکارێک پێچەوانەی قسەی ئێوە قسە بکات. چونکە لە ترساندا برستی قسەیان نیە. بەڵام وەرە من پێتان دەڵێم لە هەرێمە گچەیەی خۆماندا نەک کوێخایەک بگرە سەدان و هەزاران کوێخا هەیە بەلام بەناو ناونیشانی جۆراو جۆر، کەواتە گوێبگرە من مشتێک لەو خەرمانەت بۆ باس دەکەم چاوڕێی ئێوە و شۆفڵەکانتان دەبم، یان قەڵاکانی ئەوان بڕوخێنی، یاخود ماڵە سەدوچل مەتریەکەی من.
زۆر دوور ناکەومەوە لە سەرووی ماڵەکەی خۆتەوە کە بەیانیان تەماشایەکی گۆیژە و ئەزمەڕ دەکەیت ئەوە نابینیت کە چون ئەو شاخە هەنجن هەنجن کرا بۆ کێ؟ کەواتە نەک نەزانیت من پێت دەڵێم بۆ پڕ کردنی گیرفانی کۆمەڵێک سەرانەسێنی دیکە، بەڵام لە بەرگێکی یاسایدا هێدی هێدی گۆیژە و ئەزمەر لە خاچ دەدرێت، نەک بۆ پڕۆژەی بنیات نانەوەی شار چونکە بنیاتنانەوەی شار بە پیلان نابێت، بەڵکو بە پلان و هەنگاو دوای هەنگاو دەبێت. هەر زۆر لێت دوور ناکەومەوە چەن سەد مەترێک لەو لای هەواری شار دەبینی چی دەگوزەرێت بەبێ مزایدە و بە بێ بانگەواز سەدان نا بگرە هەزاران دۆنم زەوی دەدرێت بە وەبەرهێن کامە وەبەرهێنانە ئەمانە من ناوی دەنێم ئەنفالچی زەوی چونکە تەنها لە خەمی کەڵکەکردنی سەفتە دۆلارەکانی خۆیانن. هەندێی لەو بەناو سەرمایەدارانە ئەگەر هەر ئەو زەویەی وەریدەگرێت خەمڵندنێکی سەرەتایی بۆ بکەیت دەتوانیت نەک جارێ بگرە دووجار شەقامی سەد مەتری پێ تەواو بکەی ئەگەر ئەمە ئەنفال نەبێت من دەپرسم چیە؟ دڵنیاشم چەند ساڵێکی دیکە دەبینیت ئەگەر تەمەن باقی بێت قسەکەم تەواوە یان نا. با زۆر نەڕۆین بەرەو مێرگەپان چونکە ئەوە نەک سەری من بگر سەری منداڵی بەربێشکەش سپی دەکات.
بۆیە بەناچاری دەگەڕێنەوە بۆ تاقانە شەستیەکەی شار ئەها تەماشاکە بیرم کەوتەوە ئەرێ خێرە هەر کۆمەڵە شوقەیەک کەدەچێ بە ئاسماندا بەنزینخانەیەکیش قوت دەبێتەوە.
باشە. باش….. دەڕۆینە خوارتر ئەرێ بەڕاست شوێنی بەنزینخانە حکومیەکەی دووڕێیانەکە بڕیار بوو بکرێت بە پارک کەچی لە پڕ زەویەکەی هێندە بەپیتە لە جیاتی دار شوقەی تێدا سەوز بوو.
تواخوا بۆستە تەماشاکە ئەرێ ئەوە گەڕاجی بغداد نیە؟ دەبینیت چی تیا سەوز بووە هەر جەمەڵۆنە و پاڵ دەنێ بەجەمەڵۆنەوە.
ئەها بەزمانەکەی خۆت هەڤاڵ تەماشایەکی ئەم گردەش بکە ئۆ دەڵێی قەڵاکەی کابرایە بەڵام لە ناودا جیاواز.
ئەرێ بەڕاست بۆ ئیشارەتی ڕاست داگیرسان ئێمە بڕیار وابوو شەستی بەشتی بڕۆین چونکە بەس بەتەماشاکردنیش کاری کارسازان تەواو نابێت جی حەشرێک بەم مەملەکەتە دەکەن. باشە باش پیاو ناوێرێت ئینکاریت لە گەڵدا بکات دەنا خانۆکەی منیش دەروخێنی.
ئەرێ بەڕاست بۆ دەپرسیت ئەی نایبینیت ئەوە تاوەری کارەبایە بەپێی ڕێنمایەکانیش دەبێت شەقام بێت. ئێباشە منیش دەزانم سیاج کراوە بەس بۆ لەمن دەپرسیت. بڕۆ لە کاربەدەستانی مەملەکەت بپرسە.
باشە ئەوە وازمان هێنا لەو….. بەڵی شەقامە! …..
باوکم بەخوا تۆ ڕاست دەکەیت لەم شەقامە دەڵێت دەست بەدیوار دەکەین هەرجارە و لە لایکیەوە دەڕۆین. دەگوێبگرە با ئەمەشت پێ بلێم ئەم شەقامە دەبینیت ئەمە سەد مەتریە دەیان ساڵە تەواو بووە لە پردەکەی ولوبە وە دەست پێ دەکات تا دەگاتە شەقامی دەروازە.
بەڵێ بەڵێ کەنیسەکەیە، بەڵێ دەزانم زەویەکی باش بوو بەڵێ وابڕیار بوو بکرێت بە پارکێک بەڵام لە پڕ خەت خەت کراو خوا لە خێری دەرنەکات خۆمان خۆش……
وریابە ماڵم ئاواکردیت خەریک بوو کەتنێك بنێیتەوە.
چی!!! باوکم بەخوا درۆم لە گەڵ نەکردیت! بەڵێ ئێستاش دەڵێم ئەم شەقامە تەواو بووە بەس لە سەر کاغەز. هههههه.
کورە ماڵت ئاوابێت خاڵی پشکنینی چی …. دەزانم ئەوە خاڵی پشکنینە بەس هی ئەو یەکەی نیشتە جێ بوونە یە. خۆشت ناو و ناونیشانەکەی دەبینیت، ئیدی بۆ لەمن دەپرسیت. گرنگ شەقامەکە هەیە.
ئەوانەی خوارەوە شوقەیە. ئێ دەزانم کە دەزانیت شوقەیە بەس هەموو شتێ شەرت نیە من پێت بڵێم ئەی ئەو هەموو ڕاوێژکارەت بۆچیە با ئەوانیش پێت بڵێن کە چی دەگوزەرێت لەم شارەدا.
بۆستە … بۆستە… من دادەبەزم لێرە…. بۆی ناوێت چونکە ئەگەر زانیم شۆفڵەکەت کەوتەکار ئەوکات هەزاران شوێنی دیکە ماوە دەتوانین سەردانیان بکەین و شۆفڵەکەتی بۆ بخیتەکار هەر وەک چۆن خستەکار بۆ قەڵاکەی کوێخا. بمێنن بەخێر و سەلامەت.

شاخەوان سعید سەنگاوی
Shaxewan.saed@gmail.com




دوو بە چوار.. نەوزاد بەندی

مناڵانی گەڕەک ، هەموویان ددانەکانیان ڕەش و کرمێ بوون ، بۆگەنێکی قورس له زاریانەوە ڕێی دەکرد ..
نەعلی لاستیک و ..بیجامەی بازه ..
دوای ئەو هەموو ساڵە ، لەسەر تابلۆیەکی گەورە ، بە خەتێکی ناشیرین نووسی : مناڵیی ، نەفرەتت لێ بێ ، بیرت ناکەم ..
ئەوەندە بۆگەنی دەم و گەدەی بەتاڵی هاوڕێکانی هاتبوون بەسەریدا ، کە ئەچوو بۆ قوتابخانە ، ئەیووت ئەڕۆم بۆ تەویلە ..!
بەڕێوەبەر توند نەرمایی گوێچکەیەکی گوشی ،لە تووڕەییدا ، زیاتر بە لووت ئەدوا : (ئەگەر باوکت نەهێنیت بۆ ئێرە ، جارێکی تر نایەیتەوە قوتابخانە )
بە باوکی ووت : ( تەماشا کە )
لەسەر ناوونیشانی تیا نووسەکانی ، ووشەی قوتابخانەی گۆڕی بوو بۆ ، تەویلە ..گەواخانە ..حەدیقەی حەیوانات…
چل و چوار ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا تێپەڕیبون ، هێشتا وا ئەزانێ ئێستایە کە بە باوکی و بەڕێوەبەرەوە ، تێی بەر بوون ، ئەتووت هەویرێکی بێ سۆدە و خومرە ئەشێلن و ..هەرچی دەکەن ، خۆش نابێ ..
کە یەکەمجار ، هاوڕێ ناشیرینە ددان شکاو و چڵکنەکانی دراوسێیان ، داوایان لێکرد بڕۆن لە مزگەوت نوێژ بە جەماعەت بکەن چونکە مامۆستا ئەحمەد بێتوشیی ئەڵێ هەر نوێژێکی مزگەوت ، به 27 نوێژ حیسابە ..
ئەم لە مزگەوت بە مامۆستای ووت : واتا نوێژێک لە مزگەوت بکەم و .. پێنج ڕۆژ و تاقێک پاڵی لێ بەمەوە ؟
ــ یەعنی چی ؟
ــئێ 27 نوێژ ، واتا نوێژی پێنج ڕۆژ و تاقێک ..
مامۆستا ئەحمەد وەک بەڕێوەبەر گوێچکەی بۆ نەجلیقاندەوە ، بە هێمنیی بزەیەکی بۆ کرد و ..ووتی :
ــ سەعدوڵا ، هەتا زیاتر نوێژ کۆبکەینەوە ، هێشتا کەمە .. هەوڵ بدە لە ڕۆژێکا نەک 27 ، هەزاران نوێژ بکەیت ، چونکە کە ڕۆی ، ناگەڕێتەوە .. ڕۆژەکان وەک کۆمەڵێ گوێنی بەتاڵ وان ، پێش ئەوەی لە دەستمان دەربچن ، پێویستە پڕیانکەین لە عیبادەت و ئیشی باش و چاکە و یارمەتیی و دەستگرۆیی ئەوانی تر .. ! )
یەکەم نوێژی جەماعەت ، ئەوە بوو ، کە داخڵی مزگەوت بوو ، خەڵکێکی بینی جیا جیا نوێژی سونەتیان ئەکرد ، چاوەڕێی مامۆستایان ئەکرد بێت و جەماعەتەکەیان بۆ بکا .. ئەم وایدەزانی ئەمەیە نوێژی جەماعەت ، چوار ڕکاتەکەی نیوەڕۆی کرد و لێی دا هاتە دەرەوە ، لەبەر دەرگای مزگەوت مامۆستای دی ، بۆنی کەواکەی ، کە ڕەشەباکە ئەیکێشا بە ڕوخساریا ، هات بەسەریدا ، بۆنێکی گوڵەباخ تێکەڵ بە تڵپەچا و تۆوی عەلی بابا ..
ــها سەعدوڵا ، بۆ کوێ ؟
ــمن نوێژی جەماعەتی خۆم کرد !
ــ هێشتا جەماعەت نەکراوە ، بگەڕێرەوە ..
یەخەی کراسە تایوانە شینە کاڵەکەی ڕاکێشا ، کە لە بازاڕی قاچاخچێکان کڕی بووی ، قوماشێکی لاستیکیی ، دوو گیرفانی سەرسنگی هەبوو ، بە ترەقەی ناسک دادەخران ..
بەناو خەیاڵەکانیدا ڕۆچوو بوو ، لە دێزفول سەرباز بوو ، کوشتارێکی زۆر کرا بوو ، ئەو عەسرە ئێرانێکان هێرشیان کرد ، زۆربەیان کەوتبوونە ناو حەوزی تێزاب و تەلی دڕکاویی کارەبا ، سووتاندبوونی ..
ڕۆژی دوایی موچە و مۆڵەتی شەش ڕۆژی وەرگرت ، کە گەڕایەوە ، هەواڵی مەرگی مامۆستا بێتوشی بیست ..نایشارێتەوە ، خەفەتی بۆ نەخوارد ، بەڵام هەستی کرد بەشێک لەو مناڵییەی کە قەت بیری نەکردووە و دڵی بۆی لێ نەداوە ، هەرەسی هێنا …
دایکی پێی ووت : مامۆستا هیچ نەخۆشی و شتێکی نەبوو ، لە نوێژی نیوەڕۆ گەڕا بۆوە ، تێر قسەی خۆشی بۆ مامۆستا ژن کردبوو ، تێر نانیشی خواردبوو ، توخوا ! برنج و قەیسییان هەبوو ، لەگەڵ چای سێیەمدا ، چاوی داخستبوو ..ئیتر هەزار ساڵ بوو مردبوو !!
مزگەوت ، تەنها جێگایەک بوو کە مناڵە هەژارەکانی گەڕەک بتوانن سەردانی بکەن ، ئەوانەی بەلایەنی کەمەوە ددانێکیان شکابوو ، چوار دانیشیان کرمێ و ڕەش بوون ..ئەوانەی پشتە ملیان هەتاو سووتاندبووی ، جلەکانیان بۆنی دوکەڵ و ..ژێر نینۆکیان پڕ بوون لە چڵکی ڕەش، هی ئەوەبوو نایلۆنیان ئاگر ئەدا و دڵۆپ دڵۆپ نایلۆنە تواوەکەیان ئەکردە ناو شوشەی بەتاڵی شرینقە و لە کۆتاییدا تەلێکی وەک پیتی هەشتیان ئەچەقاندە ناوی ، هەتا ئەڵقەیەکی لێگیر بکەن و ببێ بە مەدالیا ، دەست و نینۆکیشان لە ئازاری دڵۆپە نایلۆنی تواوەی داخ ، بێبەش نەبوون ..تەنها لە مزگەوت بە ئارەزووی خۆیان جوڵە و قسە و بیریان ئەکردەوە ..هەموو داوایەکیان لە خوا ئەکرد :
ــ خوایه گیان ، ڤاڵڤۆیەکی ڕەنگ وەک دۆندرمەم ئەوێ .. ماڵمان سێیەم ماڵە ، بەرامبەر ماڵی ڕەزا شەلی چایچی ..خوایەگیان بۆم دابەزێنە ، تۆ هەموو شتێک ئەتوانی ..

ــ خوایە گیان ، لادایەکی سپی .. فیاتێکی پۆڵسکی ڕەنگ جەرگیی وەک ئەوەی مامۆستا غەریب ، با بە گریزەوە بێ ، خوایه گیان زۆرم حەز لێیه ..
Nawzad Bandy
ــ خوایەگیان ، یەک کیس نوقوڵی مینۆی سێگۆشە و ..مەساسەی مینۆی چیلکە ئاویی ، هەڵدەرە حەوشەکەمان ، ماڵەکەمان بەرامبەر میراوەکەیە ، دوو ماڵ سەروو ماڵی فەخری توجارباشیی .. خوایەگیان شەڕی نێوان دایک و باوکم کۆتایی پێ بێنە .. خوایەگیان خورووی پاشەڵم به بەیانیانی زوودا ، زۆر ئازارم ئەدا .. خوایەگیان ، قوتابخانەمان بۆ خۆش بکە ، دارحەیزەرانی دەستی مدیر و مامۆستاکان بشکێنە ..
ئەوەی لێی تێک ئەدان یان وەک ووتراوە چەم بێ چەقەڵ نابێ ، شێ عەلی خاوەن مزگەوتەکە بوو ، بە خۆی و ڕۆبێکی چوارگۆشەی کۆن و جووتێ نەعلی زلەوە ، خۆی ئەکرد بە مزگەوتەکەیدا و ..مناڵانی ڕاو ئەنا : ( سەرتان بە ….زی دایکتان ..مناڵی ئاخر زەمان ..نازانم چۆن ئەوەنە چاویان قایمە ،بستێکن دێنە دەرەوە ..؟؟ وەڵڵاهی لە عومری ئەواندا بووم لەترسی ئەوەی نەمگێن ، نەئەهاتمە دەرەوە !!..ئەمانە چ ئاگری قورەتێکن ئیلاهیی ؟ )
هیچ کەسێ ، بە مامۆستا ئەحمەدیشەوە ، قسەیان لە قسەی شێ عەلیدا نەدەکرد ، چونکە هەم پیرترین کەسی گەڕەک و ..هەم خاوەنی مزگەوتەکەیش بوو ..یان ڕاستتر کەس نەیدەوێرا وەڵامی بداتەوە .. ئەو قسەکانی سەیر بوون ، بۆ نمونە ئەیووت :
ــ کە جارێ دەستنوێژت گرت و بات لێ بۆوە ..دووەم جار دەستنوێژت تازە کردەوە و بات لێبۆوە ، دەستنوێژی سێیەم مەشۆ ، تەنکییەک ئاوە ، هەمووی بۆ جەنابت دانەنراوە ..مەعنای وایه خوا نوێژی تۆی ناوێ و غەڵەتت زۆرە ، بۆیه وا ئەتتڕێنێ ..!
هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا ، بەسەر ئەو پیتانەدا ئەڕۆیشتەوە و تۆخی ئەکردەوە ، کە نوسی بووی :
منداڵیی ، نەفرەتت لێ بێ ، بیرت ناکەم .. تف !!
بە خەتێکی ناشیرین نووسرا بوو .
Seen by Nawzad Bandy at Tue 11:05 AM




سور النور، شعر و شهادات.. شاعر صلاح جلال

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە بە زمانی عەرەبی کلیکی ئێرەبکەن..




وێردی فەنابوون.. شەماڵ بارەوانی

وەرە ژێرکراسی حەز و سوخمەی تامەزرۆییت
لەسەر ترۆپکی نائومێدییەکانم هەڵخە و
ڕستێک بززە لە لێواری تابلۆی خەمەکانم بچێنە

وەرە لە خەراپاتی بوونم جیلوە بکە و
هەرەمی فیراق بڕمێنە

وەرە کۆتری سوریالیستی دەروازەی ڕۆحم سەرببڕە و
پەردەی ئاسمانی نیگەرانییەکانم بدڕێنە

وەرە پەراوێزی دیدەم ئالوودە بکە بە حیکمەتی سووتان و
کوپێک قاوەی دیدارم بۆبێنە

وەرە بە دەم نۆشینی جامێک مەی غوربەتەوە،
مۆمی تامەزرۆیی لە دیوەخانی دڵتەنگیم دابگیرسێنە

وەرە دەم بخەرە دەمی شیعرەکانم و
ئامێز لە دەیجووری دێڕەکانم وەربێنە

وەره قەسیدەی ماڵئاوایی لە ئەلبوومی یادەوەریم بسڕەوە و
چەپکێک ماچ لە دەربەندی گۆنام بڕوێنە

وەرە لە خانەقای تەنیاییمدا گیتاری ئاوێتەبوون بژەنە و
دڕکی ژان لە پەرێزی چاوەڕوانیم دەربێنە

وەرە بەرماڵی نزام پڕ کە لە وردە موناجاتی عیشق و
واز لە قانوونی عەبەس بێنە

وەرە ببە بە ڕابیعەی ویساڵ و بە دەم سەمایەکی سۆفیانەوە، وێردی فەنابوونم بۆ بخوێنەوە

وەرە زەمهەریری کیشوەری ئومێدم هەپروون هەپروون کە و
بە پەنچەی دەفی سۆزت گڕی ئەو دۆزەخەی جوگرافیای ڕۆحم دابمرکێنە




خەزان.. به‌ خامه‌ی: ئه‌ندریه مۆروا.. وەرگێڕانی بۆ كوردی: گرفتار كاكه‌یی

هیچ شتێك له‌ یادگاریی ئه‌و چركه‌ ساتانه‌ گرانبه‌هاتر نین كه‌ دڵ بۆ یه‌كه‌مین خۆشه‌ویستی لێده‌دات، ئه‌ندریه مۆروا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌ناوبانگترین دانه‌ر و نووسه‌ره‌كانی فه‌ره‌نسا بیره‌وه‌رییه‌كانی شه‌ست ساڵ بۆدواوه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یادگاریی ئه‌و چركه‌ ساتانه‌ی خۆیمان بۆ بگێڕێته‌وه‌، مۆروا به‌ ده‌یان كتێب و بابه‌ت و یاداشتنامه‌ و دەقی مێژوویی نووسیووه‌، كه‌چی له‌ نووسینەوەی چیرۆكی دڵداری كه‌سه‌ ناسراوه‌كاندا زیاتر به‌ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌م چیرۆكه‌شی سه‌باره‌ت به‌خۆی نووسیووه‌.


له‌وده‌مه‌ی ته‌مه‌نم هه‌ڤده‌ ساڵان ده‌بوو، له‌یه‌كێك له‌ شارۆچكه‌كانی شاره‌ زانكۆییه‌كانی فه‌ره‌نسا ده‌ژیام، چونكه‌ كۆلێژه‌كانی زانكۆی فه‌ره‌نسا ژووری تایبه‌تیان بۆ خه‌وتنی خوێندكاران نه‌بوو، بۆیه‌ له‌ماڵی باوكم مامه‌وه‌، هه‌موو رۆژێك له‌ پێش كاتژمێر هه‌شتی به‌یانییه‌وه‌ ئه‌م ماڵه‌م به‌جێده‌هێشت تا بچم بۆ كۆلێژ، هەتا ئێره‌ ژیانێكی ئاسایی بوو”بۆ قوتابیه‌ك كه‌ هاتووه‌ له‌ كۆلێژ زانست وه‌ربگرێت، هیچ شتێكی نوێ له‌ ئارادا نه‌بوو، به‌ڵام دواتر سوپرایزه‌كه‌ ڕویدا. رۆژێك له‌و رۆژانه‌ی كه‌ له‌ رێگای گه‌ڕانه‌وه‌م بووم بۆ ماڵه‌وه‌، جوانترین ئافره‌تی جیهانم بینی، له‌ گۆشه‌یه‌كی جاده‌ی (مالێری) ڕاوه‌ستا بوو، به‌ دوو چاوی ئه‌فسووناوییه‌وه‌ له‌ هامشۆكه‌رانی ده‌ڕوانی، ئه‌و نه‌ك هه‌ر ته‌نها جوانێك بوو و به‌س ،به‌ڵكو ئه‌و له‌و جۆره‌ ژنانه‌ بوو كه‌ له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی شیعرێك یان چیرۆكێكی ئه‌ڤینداریدا خه‌ونم پێوه‌ی ده‌بینی، له‌ هه‌مان كاتدا تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوو له‌ ئافره‌تێكی سه‌نگین و جوان.
هه‌ستم كرد دڵم له‌ خۆشه‌ویستیی ئه‌م ئافره‌ته‌ لێده‌دات، كه‌ وایلێهات هه‌موو رۆژیك نیوه‌ڕوان له‌ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ماڵه‌وه‌ بیبینم، هه‌ر كاتێكیش له‌ شوێن و كاتی دیاریكراوه‌كه‌یدا دره‌نگ بكه‌وتایه‌ زۆر به‌ ئۆقره‌وه‌ چاوه‌ڕێم ده‌كرد، هه‌ر ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی كورته‌ ئاوڕێك له‌ ڕوومه‌ته‌ جوانه‌كه‌ی بده‌مه‌وه‌. له‌ خۆم پرسی: “ئاخۆ ئه‌م ژنه‌ كێبێت، له‌ كوێوه‌ هاتبێت، ئه‌ی لێره‌ چیده‌كات، به‌تایبه‌ت هه‌موو رۆژێك له‌م شوێن وكاته‌ ؟” بۆ ماوه‌ی سێ مانگی ڕه‌به‌ق ده‌مویست وه‌ڵامێك بۆ ئه‌م پرسیاره‌ بدۆزمه‌وه‌، به‌ڵام بێهوده‌ بوو !
رۆژی یه‌كشه‌مه‌، باوكی پزیشكم هات و پێی وتم : “یه‌كێك له‌وهاوڕێ نه‌خۆشانه‌م كه‌ هه‌میشه‌ سه‌ردانی كیلینیكی پزیشكییه‌كه‌م ده‌كه‌ن (ڤێرگی) به‌ڕێزه‌، من و دایكتی بۆ شامی ئێواره‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا داوه‌ت كردووه‌، به‌ڕێز ڤێرگی وتی: كه‌ ئێمه‌ ده‌توانین تۆش له‌گه‌ل خۆماندا به‌رین، پیاوێكی میهره‌بانه‌ و خیزانه‌كه‌شی هه‌روا من دڵنیام به‌ دیداریان دڵخۆش ده‌بیت”.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و رۆژه‌دا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كم له‌گه‌ڵ كه‌سی تردا نه‌بوو، بۆیه‌ له‌سه‌ر داوه‌ته‌كه‌ ڕازی بووم. سوپرایزه‌كه‌ لێره‌دا بوو، ئه‌و ژنه‌ ئه‌فسونگه‌ره‌ی كه‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دابووم كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی بناسمه‌وه‌ ده‌ركه‌وت خێزانی به‌ڕێز ڤێرگییه‌ هاوڕێكه‌ی باوكمه‌. هه‌ستێك له‌ شادی و په‌ژاره‌، له‌ دڵته‌نگی و خۆشیی دایگرتم، كاتێك ده‌ستم درێژ كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ل کیژۆڵەی خەونەکانم خاتوو ڤێرگیدا ته‌وقه‌ بكه‌م!
یه‌كسه‌ر هه‌ستم كرد ئه‌ویش منی ناسییه‌وه‌، هه‌ر خێرا وه‌ك هاوڕێیه‌كی كۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل كردم. شتێكی ترم تێبینی كرد: گەرچی ئەو بەتەمەن لە من گەورەتر بوو، بەڵام زۆر له‌ پیاوه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ی بچووكتر دیار بوو. ئاشكرا دیار بوو ته‌مه‌نی له‌ نێوان بیست و پێنج و سی ساڵان دەبوو، ئه‌ویش خۆم ئاسا شه‌یدای كتیب خوێندنه‌وه‌ بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا له‌ كاتی ئاخافتن له‌گه‌ڵیدا هه‌ستم به‌ شه‌رمێكی زۆر ده‌كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دوای ماوه‌یه‌كی كورت هه‌ستم كرد ڕواڵه‌ت له‌ نێوانمدا به‌لاچوو.
میواندارییه‌كه‌ ته‌واو بوو و گه‌ڕاینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌.
كه‌ رۆژی دواتر له‌ گۆشه‌ی هه‌مان ئه‌و جاده‌یه‌ی كه‌ راهاتوومه‌ بیبینم لێی ڕاوه‌ستاوه‌ به‌یه‌ك گه‌یشتینه‌وه‌ ،”مۆنی ڤێرگی”سه‌ری ته‌كاندا و بزه‌یه‌كی بۆ كردم، خۆشییه‌ك ناخی داگرتم ، بێ باكانه‌ لێی نزیك بوومه‌وه‌ و ئینجا پێكه‌وه‌ ڕێمان كرد تا هه‌ركه‌سه‌و به‌ڕێی خۆیدا رێگامان گرته‌به‌ر و لێك جیابووینه‌وه‌.
“مۆنی “ له‌و رۆژه‌ی كه‌ هه‌رگیز له‌ یادم ناچێت، پێی وتم، كه‌ ئه‌و بایه‌خ به‌ كاری خێرخوازی ده‌دات و وا ڕاهاتووه‌ هه‌فته‌ی سێ چوار جار سه‌ر له‌ ده‌زگا خێرخوازییه‌كه‌ بدات. بۆی ڕوونكردمه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ هۆی ڕاوه‌ستانه‌كه‌یه‌تی له‌و گۆشه‌یه‌ی جاده‌ی مالێری.
زۆر سوپاسی ئه‌و ئه‌ندازیاره‌م كرد كه‌ بڕیاریداوه‌ بنكه‌ی ده‌زگا خێرخوازییه‌كه‌ له‌ رێگای كۆلێژه‌كه‌م دروست بكات.
ئایا خۆشیمویست؟ گه‌ر بڵێم كه‌وتمه‌ داوی ئه‌وینه‌وه‌، ئه‌وه‌ هێشتا به‌س نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ریببڕم كه‌ چی له‌ نێو دڵی مندا هه‌بوو. له‌ ڕاستیدا شتێك هه‌بوو له‌ خودی خۆشه‌ویستیش به‌هیز تر، به‌ڵام چییه‌ ؟ نازانم !
هه‌ركاتێك بمبینایه‌ هه‌ستم ده‌كرد گه‌رماییه‌ك به‌له‌شمدا سه‌ر ده‌كات، خۆشییه‌كی زاڵ دایگرتووم، وا هه‌ستم ده‌كرد له‌ئاسمانێكی دوور به‌ته‌نها له‌گه‌ل “مۆنیک “دا ده‌فڕم !
هه‌رچه‌نده‌ من گه‌ر لاوێكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستا بوومایه‌، یه‌كسه‌ر بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ ماچێكی بكه‌م، به‌ڵام خوێندكارێكی شاعیرانه‌ له‌ ساڵی 1914دا ده‌ژیام ته‌نها هه‌ستێكی وام لا دروست بوو کە دڵم لێ ونبووە. ده‌مویست كارێكی مه‌زن بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی رابكێشم، به‌ڵام هیچ شتێكم نه‌دۆزییه‌وه‌ ته‌نانه‌ت بیریشی لێ بكه‌مه‌وه‌! له‌ دواییدا بیرۆكه‌یه‌كم بۆ هات، به‌ بیرمدا هات كه‌ ئه‌و زورجار له‌ یه‌خه‌ی كراسه‌كه‌ی ده‌سكێكی چكۆڵه‌ له‌ گوڵی وه‌نه‌وشه‌ی دروست ده‌كرد، بۆیه‌ ویستم سه‌ركێشێ بكه‌م و ته‌نانه‌ت گه‌ر تاكه‌ گوڵێك له‌م گوڵانه‌ی بۆ بكڕم كه‌ ئه‌و حه‌زی لێده‌كات، ئه‌م كاره‌ كارێكی مه‌زن نه‌بوو، به‌ڵام بیرۆكه‌كه‌م پێ جوان بوو، جێبه‌جێم كرد!
“مۆنی “ پێشوازییه‌كی باشی له‌ گوڵه‌ وه‌نه‌وشه‌كه‌ كرد. هه‌ستم كرد وا خه‌ریكه‌ پێشكه‌وتنێكی دیار به‌ده‌ست دێنم، شاره‌زای حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی بووم و زانیم ئه‌و حه‌ز له‌چی ده‌كات. به‌و ده‌رماڵه‌ سنوورداره‌م هه‌موو جۆره‌ دیارییه‌كی چكۆڵه‌م پێشكه‌ش ده‌كرد.
زۆر به‌ دڵنیاییه‌وه‌ زانیم “مۆنی “م خۆشده‌وێت، هه‌ستم به‌ خۆشی و شادییەک ده‌كرد ئاوێته‌ی ده‌بن كاتێك ته‌ماشای چاوم ده‌كات، دیرۆكی خۆشه‌ویستییه‌كی بێده‌نگی تێدا ده‌خوێنێته‌وه‌. به‌ڵام مۆنی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش رۆژێك له‌ رۆژان باسی وشه‌یه‌كی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ بێده‌نگه‌ی نه‌كردووه‌. رۆژێكیان لێی پرسیم :” تۆ بۆچی ئه‌وه‌نده‌ له‌ گه‌لمدا میهره‌بانی “؟ .
پرسیارێكی ناحه‌ز بوو، هیچ وه‌ڵامێكم بۆی نه‌بوو، ته‌نها ئه‌وه‌ندەم پێ كرا به‌ ده‌نگێكی چپه‌ ئاساوه‌ بڵێم : له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین شادیی من له‌وه‌دایه‌ تۆ شاد بكه‌م.

ئه‌وكه‌ڤاڵه‌ی كه‌ به‌ دڵی بوو.
ئه‌و وا دیار بوو چاوه‌ڕێی وه‌ڵامێكی تر بوو، كه‌چی هیچ توانجێكی له‌سه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌ نه‌دا.
رۆژێكیان كه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی وه‌رزی خوێندن نزیك ده‌بووه‌وه‌، “مۆنی” پێی وتم كه‌ له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌یدا خه‌ریكی سه‌فه‌ر كردنه‌ بۆ ئه‌مریكا، ناگه‌ڕێته‌وه‌ تا پێش مانگی سێپته‌مبه‌ر(ئه‌یلول). ئینجا لێی پرسیم “ ئایا له‌سه‌ر خۆێندنی كۆلێژ به‌رده‌وام ده‌بیت ؟” وتم : به‌ڵێ، ئێمه‌ له‌ سێپته‌مبه‌ردا جارێكی تر ده‌ست به‌ خویندن ده‌كه‌ینه‌وه‌. وتی: كه‌واته‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌مدا ده‌تبینمه‌وه‌. وتم : بیری رۆژانه‌ پیاسه‌كانمان ده‌كه‌م! له‌م كاته‌دا گه‌یشتینه‌ به‌رده‌م دوكانێك یان نمایشگایه‌كی كه‌ڤاڵی هونه‌ریی .. له‌ پڕ مۆنی ته‌ماشایه‌كی ئه‌و كه‌ڤاڵه‌ی كرد كه‌ له‌ شوێنه‌كه‌دا نمایش كرابوو، وتی :”ئه‌م وینه‌یه‌ت به‌دڵه‌ ؟ “ كه‌ كه‌ڤاڵێكی وێنه‌كێش “پۆرین “بوو له‌ سه‌ر قوماش كێشابووی، دیمه‌نێكی كه‌ناری ده‌ریا بوو له‌ دووفیل به‌و ئاڵا دڵڕفێنانه‌ی كه‌ به‌ده‌م بای ده‌ریاوه‌ ده‌شنانه‌وه‌، وتی : ئای كه‌ جوانه‌ !؟ زۆر پێی سه‌رسامم داوام له‌ مێرده‌كه‌م كرد بۆمی بكڕێت، به‌ڵام مێرده‌كه‌م وتی وێنه‌گه‌لێكی زۆرمان هه‌یه‌ شوێنمان نییه‌ تیای هه‌ڵیواسین. له‌وانه‌شه‌ مێرده‌كه‌م له‌ سه‌ر هه‌ق بێت، به‌ڵام من هێشتا ده‌مه‌وێت.
به‌رده‌م دوكانه‌كه‌مان جێهێشت و لێی دووركه‌وتینه‌وه‌. ده‌ستمان كرد به‌ باسی ئه‌مریكا و سه‌فه‌ره‌كه‌ی داهاتووی، دواتر له‌یه‌ك جیا بووینه‌وه‌. به‌ڵام من له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، گه‌ڕامه‌وه‌ لای نمایشگاكه‌ و جارێكی تر به‌رامبه‌ری وه‌ستام و له‌ كه‌ڤاڵه‌كه‌ ڕامام. به‌ڵێ به‌ڕاستی جوانه‌ : ره‌نگه‌ له‌ به‌ر ئه‌وی ئه‌و حه‌زی لێكردبێت بۆیه‌ ، نازانم ! گرنگ ئه‌وه‌یه‌ وێنه‌كه‌ به‌لامه‌وه‌ جوان دیار بوو.
چوومه‌ نمایشگاكه‌وه‌ و له‌ نرخی كه‌ڤاڵه‌ نمایشكراوه‌ بچووكه‌كه‌ی پۆرینم له‌و خانمه‌ گەنجە كه‌ به‌رپرسی كه‌ڤاڵه‌كان بوو پرسی، ئه‌ویش چاوێكی به‌ لیستی نرخه‌كاندا كشاند و ژماره‌یه‌كی وت كه‌ بەقەد ده‌ جاری ئه‌و خه‌رجییه‌م بوو كه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ره‌به‌ق له‌ باوكمی وه‌رده‌گرم !
وتم : ئه‌ترسم بڵێم ئه‌م نرخه‌ زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ کە میزانییه‌كه‌م به‌رگه‌ی بگرێت! خانمه‌كه‌ پێكه‌نی و وتی : منیش وای بۆ چووم زور سانایه‌ كه‌سێك بزانێت کە تۆ هێشتا قوتابییه‌كی چكۆڵه‌ی، به‌ڵام به‌وه‌ ده‌چێت شه‌یدای كه‌ڤاڵه‌ ڕۆنییه‌كان بیت، وا نییه‌ ؟
وتم: زۆریش، به‌تایبه‌تی خودی ئه‌م تابلۆیه‌! هه‌ر ده‌یپه‌رستم ! ئایا ده‌توانی تا مانگی ئۆكتۆبه‌ر “ تشرینی یه‌كه‌م “بۆم هه‌ڵبگریت؟ ڕه‌نگه‌ بتوانم بیكڕم، كێ چوزانێ ! وتی : به‌ڵێ ده‌توانم په‌یمانی ئه‌وه‌ت بده‌مێ، ئێمه‌ له‌ مانگه‌كانی هاویندا هه‌فته‌ی سێ رۆژ ده‌رگای دوكانه‌كه‌ داده‌خه‌ین، بۆیه‌ ئێستا ئومیدێكی گه‌وره‌ له‌فرۆشتنیدا ناكرێت، به‌ڵام له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ر به‌دواوه‌ ناتوانم وه‌عدی هیچی ترت بده‌مێ !
رێككه‌وتین، گه‌ر تا مانگی ئۆكتۆبه‌ر نه‌توانم بیكڕم ئه‌وا له‌و مانگه‌ به‌دواوه‌ هیچ ئومیدێكی ترم بۆ كڕینی نامێنێت !
پیلانێكی شێتانه‌
بۆ ئه‌م كاره‌ پیلانێكی شێتانه‌م داڕشت، باوكم پێشنیاری كردبوو بمنێرێت بۆئیسپانیا منیش زور حه‌زم ده‌كرد كه‌ڤاڵه‌كانی گۆیا Goya له‌ مه‌درید ببینم هه‌روا كه‌ڤاڵه‌كانی گریكۆ Greco له‌ تۆلیدۆ Toledo، ئه‌م حه‌زه‌ كوت وپڕه‌م له‌ ئه‌نجامی كاریگه‌ری مۆنی بوو به‌سه‌رمه‌وه‌. له‌پڕ خۆم بینییه‌وه‌ حه‌زم له‌ هونه‌ره‌، هه‌رجارێك له‌ پێش تابلۆیه‌كی هونه‌ریی بوه‌ستایه‌م خۆم له‌ نزیكی ئه‌و ده‌بینیه‌وه‌!
خانه‌واده‌كه‌م ئاماده‌بوون خه‌رجی ئه‌و سه‌فه‌ره‌م بده‌ن كه‌ له‌لای خۆمه‌وه‌ هه‌موو شتێكم بۆ ئاماده‌ كردبوو.
له‌ رێگای چوونم بۆ ئیسپانیا بڕیارمدا له‌ بیارتیز Biarritz راوه‌ستم و بچم بۆ گازینۆیه‌ك و لەوێ بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ ژیانمدا ده‌ست به‌ قوماركردن بكه‌م. ئه‌وكاته‌ وامده‌زانی هه‌موو نهێنییه‌كانی قومار ده‌زانم، هه‌ستم ده‌كرد خوێندنه‌كه‌م له‌ بواری بیركاریدا له‌ هه‌ڵهێنانی ماتماتیكی به‌ختدا یارمه‌تیده‌رم ده‌بێت. هه‌ستم كرد شتێك هه‌یه‌ بۆ لای مێزی رۆلیته‌كه‌Roulette ڕامده‌كێشێت، ده‌ستم كرد به‌ كه‌م و كۆ كردن و ژماردنی ئه‌و پارانه‌ی كه‌ ده‌یانبه‌مه‌وه‌، به‌خۆم وت : به‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانم ئه‌وه‌نده‌ پاره‌ كۆبكه‌مه‌وه‌ كه‌ بتوانم ئه‌و كه‌ڤاڵه‌ی كه‌ مۆنی حه‌زی لێده‌كات بكڕم و له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا پێی ببه‌خشم ! چوومه‌ گازینۆكه‌وه‌ و له‌ مێزی ڕۆلێته‌كه‌ چوومه‌ پێشه‌وه‌ وده‌ستم كرد به‌ یاری و هه‌رچی پاره‌یه‌كشم لابوو، تا دواین فره‌نكی گیرفانم هه‌مووم دۆڕاند! ئیستا دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ونه‌كانم داڕوخان ده‌بێ چی بكه‌م؟من ئێستا ئه‌وه‌نده‌ پاره‌شم پێ نه‌ماوه‌ ته‌نانه‌ت كرێی ئه‌و هوتێله‌ش بده‌م كه‌تێی ده‌نووم! تاكه‌ رێگایه‌كم له‌ پێشدا مابوو تاکو له‌م كێشه‌یه‌ رزگارم بكات، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو ده‌بوا به‌ تلیفۆن په‌یوه‌ندی به‌ باوكمه‌وه‌ بكه‌م و داوای لێبكه‌م ده‌ستبه‌جێ بمگه‌ڕێنێته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی خۆم، به‌ڵام هه‌ر زوو وازم له‌م بیرۆكه‌یه‌ هێنا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكم پیاوێكی باش بوو زور دڵنیابووم كه‌ یارمه‌تیشم ده‌دات، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا هیچ بڕوایه‌كی پێم نه‌ده‌ما وئه‌وه‌ش ده‌بووه‌ كۆسپێكی زۆر ترسناك له‌سه‌ر رێگای پاشه‌رۆژم. هۆیەکی دیكه‌ش هه‌بوو كه‌ وایكرد ده‌ستبه‌رداری ئه‌م بیرۆكه‌یه‌م بم، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو ده‌مویست له‌سه‌ر ئه‌م رفتاره‌م سزای خۆم بده‌م. وتم : “ هه‌ر ده‌بێ ڕووبه‌ڕووی دۆخه‌كه‌ ببمه‌وه‌ “ یه‌كسه‌ر چوومه‌ لای به‌ڕێوه‌به‌ری هوتێله‌كه‌، كه‌ مرۆڤێكی زیره‌ك بوو ڕه‌چاوی دۆخه‌كه‌ی ده‌كرد، ورده‌كاری ئه‌وی به‌سه‌رمدا هاتبوو هه‌مووم وه‌كو خۆی بۆ گێڕایەوه‌. دوایی وتم : “ ده‌بێ من چی بكه‌م ئێستا ؟”

كاتژمێره‌ ئاڵتوونییه‌كه‌م.
تاكه‌ شتی به‌نرخم له‌لا هه‌بێت كاتژمێره‌ ئاڵتوونییه‌كه‌مه‌، به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری هوتێله‌كم وت :” من ده‌توانم وه‌ك زه‌مانه‌تێك له‌لات بیهێڵمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم قه‌رزه‌كانم بده‌مه‌وه‌، به‌ڵام نازانم بۆ بزركردنی كاتژمێره‌كه‌م چی به‌باوكم بڵێم؟ من وام پێباشه‌ بۆ ماوه‌ی مانگێك له‌ هوتێله‌كه‌دا كار بكه‌م، ئه‌ویش ئه‌و ماوه‌یه‌یه‌ كه‌ ده‌بووا له‌ ئیسپانیا به‌سه‌ری به‌رم، ئایا تۆ له‌ هوتێله‌كه‌تدا پێویستت به‌ یارمه‌تییه‌كی كاتیی ده‌بێت؟ من ئاماده‌مه هه‌ر كارێك بكه‌م”.
به‌ رێكه‌وت ئه‌و رۆژه‌ كارمه‌ندی ئه‌سانسۆره‌كه‌ وازی له‌ كاره‌كه‌ی هێنابوو به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ ئه‌و كاره‌ی بۆ پێشنیار كردم، پێشنیاری له‌وه‌ زیاتریشی خسته‌ پێشم، وتی : “ تۆ ده‌بوا ئێستا له‌ ئیسپانیا بوویتایه‌ کەچی تۆ ئێستا له‌ بیارتیزیت، به‌ڵام من كاره‌كه‌ت چاره‌سه‌ر ده‌كه‌م، داوا له‌ هه‌ندێ براده‌رم ده‌كه‌م به‌ناوی تۆوه‌ له‌ شاره‌ جیاجیاكانی ئیسپانیاوه‌ نامه‌ بۆ فه‌ڕه‌نسا بنێرن بۆ باوكت، بۆ ئه‌وه‌ی ئاشكرا نه‌بێت كه‌ نه‌چوویته‌ بۆ ئه‌وێ” .
مۆڵه‌ته‌كه‌م به‌كاركردن له‌م هوتێله‌ به‌سه‌ر برد و خۆشیشمویست. له‌ كۆتایی مۆڵه‌ته‌كه‌دا دووباره‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ لێره‌دا سوپرایزێكی تر له‌ چاوه‌ڕوانیمدا بوو، باوكم بڕیاری دابوو بمنێرێت بۆ سۆربۆن له‌ پاریس، یه‌ك ساڵێكم دوور له‌ وڵاته‌كه‌م به‌سه‌ر برد، ئینجا شه‌ڕی جیهانی دووه‌م هه‌ڵگیرسا سێبه‌ری خۆشه‌ویستی یه‌كه‌مم بزر كرد، گه‌رچی یادگارییه‌كانیم له‌ بیر نه‌كردبێت، ساڵانێك به‌سه‌ر چوون، جارێكی تر چاوم پێی كه‌وته‌وه‌ .. له‌گه‌ل مۆنی به‌ یه‌ك گه‌یشتینه‌وه‌ .. ته‌مه‌نم په‌نجا ساڵ بوو، به‌ڵام ئه‌و له‌ شه‌ست ساڵی نزیك ببوه‌وه‌. داوه‌تنامه‌یه‌كم بۆ هاتبوو، بۆ ئه‌وه‌ی محازه‌ره‌یه‌ك له‌ وڵاته‌كه‌مدا بده‌مه‌وه‌، ها خه‌ریك بوو مه‌حازه‌ره‌كه‌ ته‌واو بكه‌م، مۆنی به‌ره‌و ڕووم هات، یه‌كسه‌ر ناسیمه‌وه‌ هێشتا پێكه‌نینه‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی و ده‌نگه‌ سازگاره‌كه‌ی وه‌كو خۆی مابوون. مۆنی ببوه‌ داپیره‌ و بیوه‌ژنیش، لێم پرسی و وتم :”ئایا ده‌توانم پێش گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ پاریس سه‌ردانێكی ماڵه‌وه‌ت بکەم ؟”
وتی : ئه‌وه‌ زۆر دڵخۆشم ده‌كات .
چووم بۆ ماڵی” خۆشه‌ویسته‌كه‌م” ، كاتێك به‌ته‌نیا بووین پێیم وت : “ئایا ده‌زانی من رۆژێك له‌ رۆژان گرفتاری عه‌شقی تۆ بووم !”هه‌موو شتێكم بۆ گێڕایه‌وه‌، چیرۆكی ئه‌و كه‌ڤاڵه‌ی كه‌ حه‌زی لێده‌كرد، قومار كردنه‌كه‌م له‌ گازینۆكه‌ و ئه‌و كاره‌ی كه‌ وه‌كو كارگه‌رێكی ئه‌سانسۆر له‌ پێناو ئه‌ودا كردم! وتی : “ چیرۆكێكی خۆشه‌ “ خۆزگه‌ پیشتر بۆت ده‌گێڕامه‌وه‌ !”. وتم : هه‌لم بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌، به‌ڵام من سه‌رده‌مانێك ئاماده‌ بووم ژیانم به‌خت بكه‌م ته‌نها له‌ پێناو ئه‌وه‌ی گه‌ر به‌ته‌نها یه‌ك خوله‌كیش بیت ! بتنووسینم به‌ سینگمه‌وه‌ و ماچێكت بكه‌م! وتی : ئه‌ی بۆ ئیستا ئه‌وه‌ ناكه‌ی؟
، چركه‌ ساتێكی خۆش بوو، ئه‌گه‌رچی سی ساڵ دواكه‌ت !




فڕین به‌ره‌و ڕووباری وشه‌ به‌ باڵی جوانی!.. بڵند باجه‌لان

(شیعر وه‌كو دنیای مانیفێستبوونی ئه‌و فڕینه‌)

سه‌ره‌تا:
هه‌میشه‌ گه‌یشتن به‌ فه‌زای ئه‌و وشانه‌ی له‌ ڕۆحه‌وه‌ ده‌رده‌چن، پێویستی به‌ مه‌عریفه‌ هه‌یه‌، خۆ ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر (فه‌زای شیعری) بكه‌ین، ئه‌وا له‌پاڵ ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌، پێویستیمان به‌ دروستكردنی دنیایه‌ك هه‌یه‌، بانگمان ده‌كا بۆ خۆشه‌ویستی و به‌رائه‌ت و ترازان له‌ كینه‌ و تارمایی.
ئه‌ركی ڕه‌خنه‌گر بریتی نییه‌ له‌ دابه‌شكردنی ده‌ق به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی ده‌قی (باش) و (خراپ)، به‌ڵكو گه‌یشتنه‌ به‌و فه‌زایه‌ی، ڕۆح تیایدا سه‌نته‌ره‌ و ئاگاداركردنه‌وی خوێنه‌ریشه‌ له‌و ته‌گه‌ره‌ ده‌ستكردانه‌ی، زۆر جار (جه‌هلی ئه‌ده‌بی) كه‌ به‌رهه‌می (كینه‌ی ئایدۆلۆژی و فیكری و ده‌روونییه‌)، له‌ پشتیه‌وه‌یه‌تی.
بۆ گه‌یشت به‌و ڕۆحه‌ شیعرییه‌، كار ده‌كه‌ین بۆ كه‌شفكردنی چه‌ند كۆدی شاراوه‌ی نێو دنیای مه‌ودا فراوانی شیعره‌كانی (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)، چونكه‌ هه‌ست ده‌كه‌ین شاعیر توانیویه‌تی، خوێنه‌ر بخاته‌ نێو بازنه‌ی ئه‌و بیر كردنه‌وانه‌ی، هه‌میشه‌ پێویستییان به‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ هه‌یه‌.

پاژی یه‌كه‌م: ( خنكان له‌نێو دنیای جوانی)دا.

خنكان هه‌ر به‌ ته‌نیا وێستگه‌ی گه‌یشتن نییه‌ به‌ مردن، به‌ڵكو زۆر جار گوزارشته‌ له‌ قووڵترین خاڵی بیر كردنه‌وه‌ كه‌ له‌ڕێگایه‌وه‌ ده‌گه‌ین به‌ حه‌قیقه‌تی زیاتر، كه‌واته‌ جۆرێك له‌ خنكان هه‌یه‌، له‌ ده‌ره‌نجامی گه‌ڕان به‌دوای حه‌قیقه‌ته‌وه‌ پێی ده‌گه‌ین.
(ئاوه‌دانی ڕه‌گم
ڕه‌گ ده‌مگه‌یه‌نێ به‌ لێهه‌ڵبووم
لێهه‌ڵبووم بۆم ده‌ڕوانێ
لێوی په‌ڕیوم به‌ گۆلمی خۆم وه‌ده‌نێم
پرچی په‌تری مناڵیم هێشووی سێبووری گرتووه‌
دێم و كۆت و به‌ندی كات و ناكات ده‌كه‌مه‌وه‌)
له‌م پارچه‌ شیعره‌دا، شاعیر ئینسان په‌یوه‌ست ده‌كا به‌ ڕه‌گه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌خشه‌ری هێزه‌ به‌و مرۆڤه‌ی، ویستی گه‌یشتنی هه‌یه‌ به‌ وزه‌ی درێژه‌دان به‌ ژیان. دیسانه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مناڵی، پشت به‌ست به‌ ئاوه‌دانیی ئه‌و ڕه‌گه‌ی شاعیر تێبینی ده‌كا، سێبووری بۆ ئێستای شاعیر ده‌هێنن و ده‌ره‌نجام مناڵیی شاعیر پڕ ده‌بێت له‌ ده‌نكه‌ ترێ و قه‌تره‌ فرمێسك كه‌ تامی بزه‌ ده‌ده‌ن، سه‌ره‌نجامی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ش، كرانه‌وه‌ی ئه‌و كۆته‌ هه‌میشه‌ییانه‌یه‌، كه‌سێك له‌ زه‌مه‌نێكی شیندا ده‌یانخاته‌ گه‌رده‌نمانه‌وه‌.
زه‌مه‌ن كاتێ شین ده‌بێت، هه‌موو شتێكی نێو زه‌مه‌ن هه‌ر شینه‌، پرته‌قاڵه‌كان شینن و په‌نجه‌ره‌كانیش هه‌ر شین، ده‌رگاكان شینن و فرمێسكه‌كانیش هه‌ر شین، بۆیه‌ بۆ ڕزگار بوون له‌و (شینستانه‌)، پێویسته‌ به‌رده‌وام ئێستامان گه‌ڕانه‌وه‌ بێت بۆ مناڵی، چونكه‌ ئه‌و دنیا په‌مه‌ییه‌ی له‌نێو خه‌یاڵی زۆرێكمان بوونی هه‌یه‌، مه‌گه‌ر هه‌ر له‌ باخچه‌ سه‌وزه‌كانی ئه‌وێدا پێی بگه‌ین، ئه‌گینا سه‌حرای شینی (گه‌وره‌بوون)، هه‌رگیز نابێته‌ مه‌مله‌كه‌تی خه‌یاڵه‌ په‌مه‌ییه‌كان.
وه‌كو گوتمان، شاعیر تێبینی ئه‌و ڕه‌گه‌ پته‌وه‌ ده‌كا كه‌ هێزی ئه‌وه‌، هێزی خۆشویستنی وشه‌ و نیشتمان و خودا، هێزی به‌رگه‌گرتن به‌رامبه‌ر ئازار و سه‌راب و ناڕه‌حه‌تی كه‌ ئه‌مه‌ش دیدگای (نیتشه‌)یه‌، كاتێ پێی وابوو، ئازار مرۆڤ به‌هێز ده‌كا و دژی بۆچوونی (شۆپنهاوه‌ر) بوو كه‌ وجودی ئازاری وه‌كو پێویستییه‌ك قه‌بووڵ نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌و پێیوابوو كه‌ به‌زه‌یی تۆ به‌رامبه‌ر به‌ من، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه،‌ ترسی ئه‌و ئازاره‌ی تووشی من بووه‌، له‌ خۆت دوور بخه‌یته‌وه‌.

پاژی دووه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سروشت و ترسان له‌ سروشت!

ئه‌و ساته‌ی، مرۆڤ له‌نێو سروشتدا، سروشتێكی به‌د نمایش ده‌كا، ئه‌وا به‌رامبه‌ر تووشی ئازارگه‌لێك ده‌كا، وه‌كو ئازاره‌كانی نێو سروشت ده‌رده‌كه‌ون، كه‌چی له‌نێو وێنا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ئه‌و نمایشه‌، ده‌زانین كه‌ ئازاره‌كان هیچ نین جگه‌ له‌ ئازاری مرۆڤه‌ به‌ده‌كان كه‌ ده‌مانسووتێنن.
( سروشت هه‌موو شتێكت ترساندوومی
لرفه‌ی ئاگرت
بڵندایی چیات
گه‌فی ڕووبارت
ده‌شتایی ڕووتت
په‌نجه‌م له‌ چاوه‌ڕوانییه‌كی دوانه‌هاتوو یان گیان پێنه‌ماو)
ترسان له‌ سروشت، ترسانه‌ له‌و دیوه‌ بینراوه‌ی كه‌ مردن به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ، به‌ڵام له‌ شیعره‌كه‌دا هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ترسان له‌ مردن بوونی نییه‌، ته‌نیا ترسان له‌ ڕێگاكانی گه‌یشتن به‌ مردن هه‌ستی پێ ده‌كرێ، بۆیه‌ شاعیر وه‌كو كاره‌كته‌رێكی بوێر باسی ئازاری ئه‌و سروشته‌ ده‌كا، بوێرییه‌ك كه‌ له‌ ترسان له‌ ئاگر و چیا و ڕووبار و ده‌شتاییدا به‌ كۆتا ده‌گات، ترسانێك كه‌ چاوه‌ڕوانییه‌كی دوانه‌هاتوو یان گیان پێنه‌ماو به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ.
مرۆڤ له‌ ئه‌ستانه‌ی گه‌یشتن به‌ مردن، له‌وه‌یه‌ بیر له‌ ڕێگاكانی گه‌یشتن به‌و مردنه‌ بكاته‌وه‌، وه‌ك چۆن باڵنده‌یه‌ك ده‌فڕێ و ده‌شزانێ فڕینی ئه‌و له‌وه‌یه‌ مردنی ئه‌و بێت، له‌وه‌یه‌ له‌ میانه‌ی ئه‌و فڕینه‌یدا، ببێت به‌ قوربانیی فیشه‌كێك یان ساچمه‌یه‌ك یان دارلاستیكێك، به‌ڵام هێشتا ئه‌و ترسانه‌ له‌ فڕین پاشگه‌زی ناكاته‌وه‌ و به‌رده‌وامه‌ له‌ فڕین به‌ره‌و مه‌مله‌كه‌تی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی، بێكۆتایه‌.
(سارتەر) لە شانۆنامەی (دەرگای داخراو)دا، لەسەر زاری كارەكتەرێكەوە دەڵێت: (نەخێر لە دۆزەخدا پێویستیمان بە گورزی ئاگرین نییە، دۆزەخ هەر ئەمانەی دەوروبەرمانن). ناڕەحەتیی نائاسایی (سارتەر)، بەشێكی پەیوەستبووە بە شێوەی (سارتەر) خۆیەوە كە خاوەنی دوو چاوی كز بووە و مامەڵەی ئەوانیتر لەگەڵیدا لە مناڵییەوە نائاسایی بووە، دواجار (سارتەر) نیگای ئەوانیتر بە ڕق و كینەوە ڕوون دەكاتەوە، بۆیە ژیان لەگەڵ ئەوانی تر لای ئەو فەیلەسوفە، دۆزەخێكە بۆ خۆی، چونكه‌ هه‌ست به‌و ئازاره‌ ده‌كا كه‌ له‌ مرۆڤه‌كانه‌وه‌ پێمان ده‌گه‌ن.

پاژی سێیه‌م: له‌ ئه‌زموونی مردنه‌وه‌ بۆ ئه‌زموونی گۆڕستان!

گۆڕستان ئه‌زموونێكی تازه‌یه‌ بۆ مرۆڤ به‌ هه‌میشه‌یی، چونكه‌ به‌رده‌وام مردووی تازه‌ دێنه‌ نێو گۆڕستان، بۆیه‌ ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ به‌رده‌وام خۆی تازه‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌رده‌وام له‌سه‌ر حیسابی خوێن و ئێسقان و جه‌سته‌ی ئێمه‌، بانگه‌شه‌ بۆ ڕیفۆڕم ده‌كا.
( گۆڕستان ماڵێكه‌ ئازیزه‌كانی بانگ ده‌كاته‌ ناو خۆی به‌ مه‌دالیا ناسراویان ده‌كا
فێری زمانی هه‌موومان ده‌بن
له‌
كتێب و
چرا و
سرووش و
شۆڕش و
ئه‌سپ ده‌دوێن
دارشه‌خسه‌كانی لێیان ده‌بڕدرێ بۆ
لانك و
بلوێر و
گۆپاڵ و
په‌رژین
چۆن و به‌ چ تامه‌زرۆیییه‌ك ده‌مخه‌یته‌ سه‌ر دووباڵی به‌هێزی فڕین
ئای فڕین به‌ره‌و كوێم ده‌بات)
شاعیر باسی ونبوونی ئازیزه‌كان ده‌كا له‌نێو گۆڕستاندا، باسی ئه‌و لێدوانه‌ ده‌كا كه‌ لێدوانه‌ له‌ كتێب و چرا و شۆڕش و ئه‌سپ، دواتر (فڕینی نادیار) كه‌ فڕینه‌ به‌ره‌و دنیایه‌كی نادیار، خه‌یاڵی شاعیر داگیر ده‌كا، فڕینێك له‌پاڵ ئازار و ناڕه‌حه‌تییه‌كانی، له‌خۆگری تامه‌زرۆییه‌كانی گۆڕستانه‌ و وێناگه‌لی وه‌كو لانك و بلوێر و گۆپاڵ و په‌رژین به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ.
گۆڕستان پێمان ده‌ڵێ: شكستی مەزن ئەو شكستەیە, مرۆڤ هەست بكا لەسەر ڕێگایەكی ڕاستە و هەر ئەو ڕێگایەش سپاردەی دۆزەخی بكا، شەڕ لە پێناوی ئایدیایەك بكا و هەر ئەو ئایدیایەش بیبا بەرەو كەناراوەكانی مردن، شانازی بە مەعریفەیەكەوە بكا و هەر ئەو مەعریفەیە وجود و بیر كردنەوە و عەقڵی لێ بسێنێ‌، كەواتە لەو ساتەدا ئەو مەعریفەیە هیچ نییە جگە لە جەهلێكی خەست كە پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێ بۆ گومڕابوونی زیاتر.
مادام ژیان هەر كۆتایی دێت و لە چركەساتێكدا دەبینەوە بە سفر، كەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە، ڕابردووی ئێمەیە، هەر ئەو ڕابردووە بەرپرسیارە لە داهاتووی ئێمە و خۆشی و ناخۆشی ئێمەی پێوە لكاوە، بەئەندازەی جوان كێشانی تابلۆی ڕابردوومان، باخچەی ئایندەمان فراوانتر دەبێت, ئەو حەقیقەتە شتێكە پێویستی بە سەلماندن نییە، چونكە زمانی حاڵی هەموو مردووەكان ئەوەمان پێ دەڵێن كە ژیانی دنیا كۆتایی بۆ هەیە، بەڵام وێستگەی جوانكردن و نەخشاندی ژیانی حه‌قیقییه‌، هەر ئەو چركەساتەی سپاردەی خاكمان دەكەن، تێدەگەین ئازاردانی ئه‌وانی تر، چ كارەساتێكی مەزن بوو، وەلێ‌ تازە درەنگە بۆ هەموو شتێك !

كۆتایی:
شاعیر به‌ر‌ده‌وام له‌م به‌رهه‌مه‌یدا كه‌ (زێوان)ه‌، پێمان ده‌ڵێ: پێویسته‌ به‌ قووڵی له‌ دنیا بڕوانین و مامه‌ڵه‌یه‌كی قووڵ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان بكه‌ین، وه‌لێ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌، هیچ له‌ حه‌قیقه‌تی پوچێتی دنیا كه‌م ناكاته‌وه‌.

——–

سه‌رچاوه‌:
دیوانی سه‌باح ره‌نجده‌ر، به‌رگی یه‌كه‌م، 2018، هه‌ولێر
ژیان بێمانایه‌؟، بڵند باجه‌لان، 2023، هه‌ولێر
سه‌فه‌ر به‌ره‌و مناڵی به‌ كه‌شتیی گه‌وره‌بوون، بڵند باجه‌لان، گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ، 2022




گفتوگۆ لەگەڵ شاعیر نەسرین تەنیا.. ئامادەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس

نەسرین تەنیا: نووسین و دەر بڕینی هەستەكان جۆریكە لە یاخی بوون
نەسرین تەنیا: قوڵبوونەوە لە ژانی مێبوون منی ئاوێتەی جیهانی شیعر كرد
نەسرین تەنیا: كاریگەری قوتابخانەی كلاسیك زیاتر لەسەر من هەیە چێژ لەدەقی كلاسیك دەبینم

خاتوو نەسرین حسێن ناسراو بە (نەسرین تەنیا) شاعیرێكی هەست ناسكی نێو بواری ئەدەبە، لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵات لە دایكبووە، قۆناغەكانی خوێندنی هەر لەو شارە تەواو كردووە . خانمە شاعیر (نەسرین تەنیا)، لە ساڵی 1997دەستی بە نوسین كردووە، ساڵی2015 بۆ گەیشتن بەخەونەكانی لەبواری شیعر و ئازاد بوونی بیروباوەڕەكانی و قەڵەمەكەی وەكو ئافرەتێك لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو باشور سەفەری كرد و لەئێستادا لە شاری سلێمانی نیشتەجێ دووكتێبی شیعری چاپكراوی هەیە دووكتێبی تریشی ئامادەیە بۆچاپكردن .ئەم خاتوونە لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر و كەركووك و دهۆك و شارەكانی دەورووبەر بەشداری چەندین سمینار و كۆڕ و دیبەیت كردووە، چەندین دیداری لە تیڤیەكانی ئەنجام داوە خاوەنی دەیان خەڵاتی ڕیزلێنانە هەروەها وەكو چالاكوانێك لە ساڵی 2016وە خۆبەخشانە لە ڕێكخراوە مەدەنیەكاندا كاری كردوە . یەكێك بووە لە دەستەی دامەزرێنەری كۆمەڵەی شاعیران، لە ئێستا هاوسەرۆكی ڕێكخراوی ڕۆشنبیرانی كورد بریتانیایە بەباشمان زانی لە نزیكەوە بەچەند پرسیارێك بەسەری بكەینەوە.

*سەرەتا بابزانین چۆن ئاوێتەی جیهانی شیعر بوویت ؟

  • مرۆڤ زۆرجار پێویستی بەهاوارێكە تاڕێچكەیەك بۆ بەنداوی پەنگخواردووی ناخی بكاتەوە، من ئەو هاوارەی خۆم بەنووسین دەربڕی تا هاوئازارەكانم لەمەترسیەكانی ستەمكار ئاگاداربكەمەوە، ستەمكار هەر داگیركەر و دیكتاتۆرەكان نین زۆرجار مەعشووق بەستەمێك یان بە خافڵبوونێك ڕێڕەوی ژیانت بەرەو بیابانی ئازار دەگۆڕێ . نەگەیشتن بە خواستەكەسیەكانم و هەستكردن بە نادادیەگشتیەكانی وڵاتەكەم و قوڵبوونەوە لە ژانی مێبوون منی ئاوێتەی جیهانی شیعر كرد.

    *زۆر جار ناونیشان شیعرێك سەرەنجی خوێنەران بۆلای رادەكەێشێت تاچەند گرنگی بە ناونیشانی شیعرەكانت دەدەی؟

  • بەڵێ سیمۆلۆژیان ( ناونیشان )، لە هەر شیعرێكدا كاریگەری و هاندەری خوێنەردەبێت بۆ تێگەیشتن لە دەقی شیعر، زۆرجار جوانترین و پڕ ماناترین وشەی ناو دەقەكەم كە دەبێتە لوتكەی ئەو شیعرە و هەڵبژاردەی من دەبێت بۆ ناونیشانی شیعرەكانم.

    *لەگەڵ دەركەوتنی تەكنەلۆژیا وتۆڕەكۆمەڵاتییەكانی سۆسیال میدیا زۆر ێك لە ئارەزوومەندان شیعر دەنووسن وبڵاویدەكەنەوە بۆچوونت لەسەر نووسینەكانیان چیە؟

  • سۆشیال میدیا ئازادییەكی زۆری فەراهەم كردووە و من هەمیشە گوتوومەو دەڵێم هەموو كەس بەهرەیەكی شاراوە لە ناخیدا هەیە كە دەبێ نەترسانە بۆ لە دایك بوونی ئەو بەهرەیە هەوڵ بدات و بەرگەی هەر رەخنەو شكست و كەوتنێك بگرێ، دیارە ئەو كەسانەیش بەهرەی نووسینی شیعریان تێدا هەیە كە دەنووسن و بڵاوی دەكەنەوە ،ڕاستە كۆمەڵێ شیعری لاواز دەبینین و ڕەخنەیان لێ دەگیرێت ،
    بەڵام من ئەڵێم كەسێك بوێری ئەوەی هەبێت قەڵەم بەدەستەوە بگرێ، تەنانەت یەك دێڕیش بنووسێ جێگەی دەستخۆشیە و ئەبێ كەسانی شارەزا هاوكارو هاندەریان بن، نەك بە رەخنەی ڕووخێنەر بێ هیوایان بكەن .
  • كۆمەڵی لە شاعیرانی كورد شوێن پەنجەیان لە نێو ئەدەبی كوردی دیارو بەرچاوە كامەن ئەو شاعیرانەی كاریگەریان لەسەر بەرێزت هەبووە،یاخود سەرسامی بە شیعرەكانیان؟
  • پێم وانیە شیعری هیچ شاعیرێك لە سەر نووسینەكان و هزری من كاریگەرییان هەبووبێ بەڵام بەردەوام شیعری شاعیرە كۆنەكانی كلاسیك و شاعیران شێركۆ بێكەس و لەتیف هەڵمەت و قوبادی جەلیزادو مامۆستا پەشێو دەخوێنمەوەو سەرسامم بە نووسینەكانیان، دەكرێت بڵێم كاریگەری قوتابخانەی كلاسیك زیاتر لەسەر من هەیە و خۆم چێژ لەدەقی كلاسیك زیاتر دەبینم .

    *شیعرەكانی تۆ چۆن لەدایك دەبن؟ بەمانایەكی تر هەوێنی شیعرەكانی تۆ چین؟

  • شیعر خۆ نوسینەوەی خودی شاعیرە كە بریتیە لە “شكست، تەنیایی ڕۆح، لەدەستدانی ئازیزان، غوربەت، هەست كردن بە ئازارەكانی كۆمەڵگە و كەسانی دەورووبەر و جوانیەكان” هەركامێكیان دەتوانن كاریگەری نەرێنی یاخود ئەرێنی لەسەر شاعیر دروست بكەن بۆ دەربڕینی هەستەكان و لە دایك بوونی شیعر، منیش شیعرم لەسەر هەموو ئەو دیمەنانە هەیە كە شایانی هەڵوەستەن .
  • خاوەنی دووكتێبی شیعری چاپكراون، یەكێكیان بەناوی (پێكەنین بە تەمامی گریان)، ئەگەر باس لە ناوەڕۆكی كتێبەكە بكەیت مانشێتەكەی زۆر سەرنج راكێشا؟
  • من دوو كتێبی چاپكراوم هەیە بە ناوەكانی ( ڕووان بە لاپاڵی غوربەتەوە) كە لەساڵی 2017 دا چاپ كراوە لەگەڵ (پێكەنین بە تامی گریان)، لەساڵی 2020دا چاپ كراوە، هەر دوو كتێبەكە لە هۆڵی نووسەرانی كورد لقی سلیمانی ناساندنیان بۆ كراوەو خراوەتە بەر دیدەی خوێنەر. هەروەها سیدیەكی دەنگیشم لە شیعرەكانی كتێبی (ڕووان بە لاپاڵی غوربەتەوە) تۆمار كردوەو لە ئێستادا لە سەنتەری ئەیاد بەردەستە.
    ناوەڕۆكی هەردوو كتێبەكەم بریتیە لە كۆمەڵێ شیعری خۆشەویستی و نیشتیمانی و كۆمەڵایەتی كە بە ستایلی كلاسیك و ئازادو هایكۆ و قەسیدە نووسراوە زۆر جار ناونیشانی كتێب یا شیعرێك ئەتوانێ ببێتە مانشێت و خوێنەر بۆ خوێندنەوە ڕابكێشێت ،بە ڕای خۆم مانشێتی كتێبی (پێكەنین بە تامی گریان)
    لە پێشدا ناونیشانەكەیەتی و دواجار شیعرە ئاشقانەكانیەتی كە ڕاستگۆیانە بە هەستێكی پاكی ژنانەوە نووسراوە.

    *چۆن دەڕوانیتە رەخنە ئایا بەرێزتان روبەرووی رەخنە بوویتەوە؟

  • بێگومان هەموو كەس ناتوانێ رەخنەگربێت ئەگەر لەو بوارەدا نەیخوێندبێ و دراسەی نەكردبێ،
    رەخنەی دروستكەر و ڕووخێنەرمان هەیە ئەگەر كەسێكی خوێنەرو شارەزا لە بواری رەخنەدا بە دڵسۆزی بۆ دروست كردن و بەرەوپێش چوونم رەخنەم لێبگرێت، بە دڵێكی گەورەوە وەری دەگرم و هەوڵ ئەدەم سوود لە زانیاریەكانی وەر بگرم و سپاسی دەكەم ،بەڵێ بە دڵنیایەوە ڕوبەڕووی رەخنە بوومەتەوە كە توانیومە بەم ئاستە بگەم .
  • چیت هەیە بۆ ئەو ئافرەتانەی بەهرەكانیان دەرناخەن و دەیشارەنەوە؟
  • نووسین و دەر بڕینی هەستەكان جۆریكە لە یاخی بوون، كە یاخی بووی نابێ سڵ بكەیت و سەیری دواوە بكەیت، ” دەنگەكەت، قەڵەمەكەت، هونەرەكەت” چەكی تۆیە بۆ سەركەوتنت، بەو چەكە شەڕ بكە و بەرەو لوتكەهەنگاو بنێ، ئێمە ئافرەتین ئافرەتیش جوانترین و بەنرخترین بوونەوەری سەر زەوییە، تكایە با خۆمان بین.

    *پرۆژەی داهاتوون چیە؟

  • دوو كتێبم ئامادەی چاپن، یەكێكیان شیعرەو یەكێكیان كۆمەڵێ چیرۆكی ڕاستەقیینە لە ژنانی زوڵم لێكراو كە لە ئارایشتگاكەم لە كاتی جوانكاری، ئازارەكانی ژیانی خۆیان باس كردووەو لە گەڵیان گریاوم و لە گەڵم گریاون .
  • هەڤپەیڤین – كامەران حاجی ئەلیاس



پرسی حەقیقەت لە فەزای ڤێرچواڵدا.. ئاراس سەعید

فەزایی ڤێرچواڵ، لە کورترین پێناسەدا، بریتییە لە دنیای شاشە یان ئەو جیهانەی لەودیوی شاشەکانەوە ئاوێتە و دەرگیری دەبین. بەشێوەیەکی گشتی فەزایی ڤێرچواڵ ئاماژەیە بۆ نوێنەرایەتی دیجیتاڵی مرۆڤ، لەناو ژینگەی ئەلیکترۆنیدا.
بەدەربڕێنێکی دیکە، فەزای ڤێرچواڵ دەکرێت، جیهانی لاساییکردنەوە و لێکچواندن و کۆپیکردن بگرێتەوە. وەکوو ئەوەی “ژان بۆدریار” بە (سیمۆلاکرا و سیمولەیشن / Simulacra and Simulation) ناودێریکردووە. هەردوو چەمکەکە گوزارشتە لە پیشەسازی لەبەرگرتنەوە و ئاماژەکردن بۆ جیهانێک کە مۆخی جەوهەری خالیکراوەتەوە. بەدیدی بۆدریار، کۆمەڵگەی مۆدێرن بە ئەزموونی لاساییکردنەوەو پیشەسازی لەبەرگرتنەوە دەناسرێتەوە، کە جیاوازی نێوان واقیع و ڤێرچواڵ پەردەپۆشدەکات یان دەسڕێتەوە. بۆدریار دەڵێت:لە جیهانی ڤێرچواڵدا. نوێنەرایەتییەکان/ لەبەرگیراوەکان لە خودی واقیع زیاتر زیندووتر و سەرنجڕاکێشتر دەردەکەون، بۆیە فەزای ڤێرچواڵ دەبێتە جیهانێکی کۆپیکردنەوەو لەبەرگرتنەوە، جیهانێک لە هەموو ڕەسەنایەتییەک داماڵێندراوە.
بەپێی تێڕوانینەکانی بۆدریار ئەو جیهانەی ساختەیەی لە کۆمەڵگەی دیجتاڵیدا دەگیری دەبین، بریتییە لە کۆپیکردنەوە و لاسایکردنەوەی واقیع، بەجۆرێک ساختەکارییەکان له حەقیقەتی شتەکان سەرەنجڕاکێشتر دەردەکەوێت، بۆیە فەزای ڤێرتوێل ئاماژەیە بۆ جیهانێک کە مۆخی جەوهەری خالیکراوەتەوە. وەکوو ئەوەی فەیلەسووفی فەڕەنسی (پۆل ڤیرۆیۆ) دەڵێت: لە فەزای ڤێرچواڵدا فۆڕم جێگەی ناوەڕۆک و مانا و ئیستاتیکا دەگرێتەوە[Paul Verlow :The Art Of The Engine]. بەمانایەکی دیکە، لەفەزای ڤێرچواڵدا فۆڕم نوێنەرایەتی حەقیقەت دەکات. فۆڕمێک کە ماهییەتی جەوهەری خالیکراوەتەوە.
فەزای ڤێرتوێل نوێنەرایەتی واقیعێک دەکات، کە دوورە لە هەلوومەرجی کۆمەڵایەتی و ماتڕیاڵی ئەو واقیعەی کە سوبێکتی تێدا دەژیت. بۆ نموونە: شوناسی سوبێکت لەنێو فەزای ڤێرچواڵدا، هەمان ئەو شوناسە کۆمەڵایەتییە نیە نوێنەرایەتی واقیعی ماتڕیاڵی سوبێکت دەکات. بەڵکو سوبێکت دووچاری جۆرێک لە نامۆبوون دەبێتەوە، کە هەڵگری شوناسێکە لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتی خۆیدا ناگونجێت.
نامۆبوونی سوبێکت دۆخێکە وەکوو ئەوەی فەیلەسووفی ئەڵمانی “فرێدریک هیگڵ” لەبارەیەوە دەنوسێت: پڕۆسەیەکە کە سوبێکت خۆ بەخۆ تێدا دەبێتە بێگانە. ئەمەش ساتێک ڕوودەدەت کە ناتوانێت خودی خۆی ببینیت، لە وجیهانە کۆمەڵایەتییەی تێدا دەژیت[Phenomenology of Spirt. Hegls Phenomenology des Giestes…1807]. بەپێی هیگڵ نامۆبوون پڕۆسەی درپێککردنە بەوەی سوبێکت خۆی لەو جیهانەدا نابینێتەوە کەتێدا دەژێت.
بەدەربڕینێکی دی، پڕۆسەیەکە مرۆڤ نامۆ دەبێت لەو شوناسە کۆمەڵایەتیەی پێدراوە، چوون ئەو شوناسە هیچ گوزارشتێک لەناوەوەی مرۆڤ ناکات، بەڵکو تێگەشتنی ئەویترە لە ڕووی دەرەوەیدا سنوورار بووە. یان بەدەربڕینە “لاکان”ییەکە: نامۆبوون دۆخێکە سوبێکت دەبێتە ئۆبێکت بۆ دەرەوەی خۆی. سوبێکت مامەڵە بە کۆمەڵێک ئارەزووی ڕەمزی و دالەوە دەکات، کەهی ئەویدیکەیە(من ئەویدیکەیە) یان (ئارەزووی من ئارەزووی ئەودیکەیە).
ژاک لاکان لە قۆناغی ئاوێنەدا(The mirror stage ) ئاماژە بۆ سەرەتاکانی ڕسکانی سوبێکت دەکات. ئەو بارودۆخەی ئیگۆ لە بەرئەنجامی کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک وێنە و ئارەزووی ساختە دەرسکێت.
بەگوێرەی لاکان کە دەڵێت:(من ئەویدیکەم یان ئارەزووەکانی سوبێکت ئارەزووەکانی ئەویدکەیە) بڕوانینە شوناسی سوبێکت لە فەزای ڤێرتوێلدا، شوناسی دیجتاڵی یان ئارەزووەکانی سوبێکتی دیجتاڵی هەمان ئارەزوەکانی ئەویدیکەیە. بەو مانایەی شوناسی سوبێکتی دیجتاڵی لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک وێنا و ئایدیای ساختەوە دەڕسکێت، کە لەگەڵ واقیعی سوبێکتی کۆمەڵایەتی ئەودا یەک ناگرێتەوە.
دەکرێت تێزەکانی “ئەفڵاتوون” وەکوو ئەو ڕەخنەیەی دەکەوێتە سەر فەزای ڤێرچواڵ و پیشەسازی لەبەرگرتنەوە وەربگرین، کە پێش لە دایکبوونی پێشکەوتووترین و بەربڵاوترین فۆرمەکانی تەکنەلۆژیا خراوەتەڕوو، بەدوان لەسەر سیستەمی دووانەیی بەهاکان و بێبەهاکردنی جیهانی زەمینی و توخمە دیارەکانی. هەزاران ساڵ بەر لە پەیدابوونی دنیای شاشە و فەزای ڤێرچواڵ، ئەفلاتوون، ئەو ڕەخنەیەی ئاڕاستەی شاعیر و نیگارکێشەکان کرد، کە زۆر بە لێهاتوویی لاسایی حەقیقەتیان دەکردەوە و سەرلێشێواوییان لە نێوان واقیع و خەیاڵدا دروست دەکرد.
تەواوی فەلسەفەی پلاتۆ وەکوو ڕەخنەی (میمێسیس) دەردەکەوێت. (هەموو تەکنیکەکانی پیشەسازی لەبەرگرتنەوە، لەسەر بنەمای بنەمای دووبارەبوونەوە یان لاسایی کردنەوە خۆی مانیفێست دەکاتەوە) لەم چوارچێوەیەدا ڕەخنەی (ئیماگۆ) جێگەیەکی پلە یەک داگیر دەکات. خەیاڵ یەکێکە لە ئامانجەکانی، وەکوو هەر وێنەیەک، کە وەکوو کۆپی واقیعێکی جەوهەریتر تێدەگات و بەو هۆیەوە دەبێتە بەرهەمهێنەری وەهم. کتێبی کۆمار / La République دەوڵەمەندە بە وێناکردن بەتایبەتی میتافۆڕی ئەشکەوت لەگەڵ لێکچوونە بەناوبانگەکەی کە هێمای دابەشبوونی جیهانە بۆ چوار بەشی بەهای نایەکسان، ئەوانیش بریتیە لە جیهانی decrescendo ئایدیاکان، ئایدیاکان، ئەبستراکتەکان(ماتماتێک)،ماتڕیاڵەکان، نوێنەرایەتییەکان[ 1993، VI، 509c-511e، VII، 514-522]
بەگوێرەی ئەفڵاتوون ئەگەر بمانەوێت، لە جەوهەری شتێک تێبگەین، کە پێناسەکەی بەهۆی پێوانە و فیگەرە ئەندازەییەکانەوە دەردەکەوێت، هەرچەندە هەمیشە دەکەوێتە چوارچێوەی کایەی تێگەیشتنەوە، بەڵام کەمێک تەواو و بێ کەموکوڕییە بەو پێیەی کۆپییەکی سادەی واقیع پێکدەهێنێت. ئەمە بۆ فەزای ڤێرچواڵیش بەوجۆرەیە، شتەکان کۆپییەکی واقیعن، لە ماددییەتی فرەیی و دۆخی جوڵاودا گیریان خواردووە. بەمجۆرەش، نوێنەرایەتییە وێنەییەکان ڕەنگدانەوەی واقیعی شتەکانن، کە ڕەسەنایەتیان لەدەست داوە و تەنیا پەیوەندییەکی دووریان لەگەڵ ئایدیاڵە سەرەکییەکەدا هەیە.
دەکرێت فەزای ئەکچواڵ بە فەزای ئەشکەوتەی ئەفڵاتوون وێنا بکەین، لە کتێبی کۆماردا گریمانەی ئەشکەوتێک دەکات و دەنووسێت: وای دابنێ کۆمەڵێک لەنێو ئەشکەوتێکدا دەژین. دەرگای ئەشکەوتە لەسەرەوەیە و لەوانەوە دوورە. دەرگاکەش هێندەی پانیی ئەشکەوتەکەیە و ڕووناکی لەوێوە بە نێو ئەشکەوتەکە دەگات. ئەو کۆمەڵە لە منداڵییەوە لەوێ دانراون، مل و پێیان بە زنجیر بەستراوەتەوە و ناتوانن ئاوڕ بدەنەوە. ڕوناکیش بۆ نێو ئەشکەوتەکە لە ئاگرێکەوە دێت کە لە پشتیانەوە هەڵکراوە. لەنێوان ئەوان و ئاگرەکەدا ڕاڕەوێکی درێژ هەیە. وای دابنێ لەبەردەم ئەوم ڕاڕەوەدا، وەکوو چیغی بەردەم شانۆی بووکەشووشە بۆ هەڵسوڕانی بوکەڵەکان، دیوارێکی نزم هەڵچنراوە. وای دابنێ هەندێک کەس لەو دیو دیوارەکەوە پەیکەری مرۆڤ یان ئاژەڵیان بەکۆڵەوەیە و لە بەرد و تەختەو شتی دیکە داتاشراون و هاتووچۆ دەکەن. هەندێکیان دەدوێن و هەندێکی دیکەیان بێ دەنگن. ئەوەی باسی دەکەیت سەیرە، کەسانی نێو ئەشکەوتەکەش سەیرن. ئەوان لە ئێمە دەچن. ئایا بێجگە لە سێبەری خۆیان و ئەوانی دیکە، کە لە ڕووناکی ئاگرەکە لەسەر دیوارەکەی بەردەمیان دەریدەخات، هیچی دیکە دەبیننن؟ ئەگەر نەتوانن ئاوڕبدەنەوە چۆن دەبینن؟ئەی لەبارەی ئەو بابەتەوە، کە تەنها سێبەرەکانیان دەردەکەون؟ ئەگەر لەگەڵ یەکدا دوان، لەم باوەڕەدا نیت تەنیا ناوی ئەو شتانە بزانن، کە لەسەر دیوار، سێبەرەکەی دەبینن؟ ئەگەر ئەشکەوتەکە دەنگ بداتەوە، لەو باوەڕەدانیت کە لەگەڵ دەنگدانەوەکەدا سێبەرێک ببینن، وا هەست دەکەن دەنگەکە لە سێبەرەکەوە دەرچووە؟ کەوابوو بۆ کەسانی نێو ئەشکەوتەکە ڕاستی بێجگە لەسێبەرەکانی سەردیوارەکەی بەردەمیان هیچی دیکە نیە[ئەفلاتوون، کۆمار، بەشی حەوتەم، و/محمەد کەمال، ل 229].
دەکرێت فەزای ئەکچواڵ بە میتافۆری ئەشکەوت بچوێنین، دەرگیربوون بە فەزای ئەکچواڵ پشتکردنە لەحەقیقەت و ڕووکردنە شاشە، ڕووکردنە لە دیوارەکانی ناوەوەی ئەشکەوت. دنیای شاشە وەکوو دۆگمەکانی ئەشکەوت فریودەرە و هەمان تەکنیکی هەیە، سەرەتا واهەستدەکەین ئەوەی دەیبینین ڕاستەقینەیە، ئەو دەنگانەی لە شتەکانەوە دەردەچن هەمان دەنگی وێنەکانە، بەڵام لەبنەمادا ئەوەی دەیبنین سێبەری شتەکانە لە دنیای شاشەدا. پیشەسازی لەبەرگرتنەوە بەوشێوەیە واقیع لەقاڵبدەدات کە خۆی دەیەوێت، ئەوەی بەریدەکەوین فۆڕمێکی بێ ناوەڕۆکە، کە لەبنەمادا جەوهەر و واقیعی شتێکی دیکە. بەدیدی ئەفلاتوون لەبەرگرتنەوە حەقیقەت نیە و نابێتە حەقیقەتیش. لەڕێگەی سێبەری درەختەوە، ناتوانین درەخت بناسین، ئەوانەی لە ئەشکەوتەکدا نیشتەجێن، تەنها لەڕێگەی سێبەری درەختەوە، درەخت دەناسن، بەڵام درەخت شتێکی دیکەیە. چەمکێک کە داهێنانەکەی مانا وەردەگرێت بە پێچەوانەی جەوهەرێکەوە کە پێشتر بوونی هەیە. فەزای ڤێرتوێل هاومانایە لەگەڵ هەریەک لەو دەستەواژەی ( درۆزنەکان، نمایشکارە بوکەڵەییەکان، سۆفیستەکان و وەهمگەرەکان ) هەموو ئەوانەی لە کتێبی پێنجەمی (کۆمار) دا ئیدانەکراون. کە بەهەمان شێوەی شاعیران و دروستکەرانی دیکەی وێنە کە واقیع ساختە دەکات و بەو هۆیەوە پەردە لەسەر ڕاستییەکان دادەپۆشێت. وەکوو ئەوەی “سێلین برایۆن” دەیڵێت: ئەگەر فەزای ڤێرچواڵ لەسەردەمی پلاتۆ دا هەبووایە، بێگومان لە شاری ئایدیاڵی (فەیلەسوف_شا) قەدەغە دەکرا. چاپەمەنی و تەلەفزیۆن و سایتەکانی ئینتەرنێت چی دەکەن، جگە لە دووبارەکردنەوە و لەبەرگرتنەوەی ڕووداوەکان و نوێنەرایەتیکردنیان لە فەزای ڤێرتوێلدا.




سـلـێمانی له ئەفـسانەی نیشـتـمان پەروەرێـكـدا.. سـەردار قـادر

ساڵ پەنجـاو حـەوت بـوو، بەرلەوەی چەمـۆڵەی زریان هـەناسه فـێنكەكانی شـنەی با بتاسێنێ، بەرلەوەی گوڵاڵه سورەی دوای نەورۆز چرۆی ئارەزوی بژاكێ ، بەرلەوەی بێچووی كۆتره شینكه لەناو هێلانەی غوربەتا كزهەڵنشیێ، بەرلەوەی قریشكەی هەوره تریشقه كۆرپەی ناوبێشكه لەخەوی شیرین هەستـێنێ سلێمانی وەك كاكـێشانێكی گەش دەڕژایه سەرشانی تریفە و لەگەڵ گەردی گوڵەئەستێری وشەدا ئاوازیان بۆخەندەی گوڵ دەچڕی، بەیانیـان گـەڵ شـنەی بادا وەك گـوڵی ئەرخەوان سەمای دەكـرد لەو بەڕەنگی پەمەییەوه كڕنوشیان بۆئەوین وخۆشـه ویستی دەبرد هـەر ئەو ساڵه خودا فـریشـتیەك دەبەخشێ بەسلێمانی و وەك ئاویترین گۆرانی كانی بەهێوری بەرەوڕوبارودەریاچەكان دەخـرۆشێ، سەرتـاپـا سارای ئـەم مەڵـبەنـده پـڕدەكات له ئـاوازی گـڕوگـاڵ و نیانـترله چەهـچەی بولبـول وخۆشترله جـریـوەی پەڕەسـێلكه دەڕژێتـه نێـو سەوزتـرین سترانی شارەوه، شەوێـك لەشەوانی دواهـەمـین وەرزی بەهـار جـۆزەردان وەك مانگه شەوی شیعـر باوش بۆتـریفەی ئەوین دەكاتەوەو بەعـەزرەتەوه گـوێ ڕادەدێرێ بۆگـڕوگاڵی كۆرپەیەك، سروه پێش خەنـده و قاقای سەرلێوی خاتوومامان وەك یەكەمین نوقڵانەی پێكەنین مزگـێنی دەدا بە سەردەمی كازیـوەوڕومەتی پـڕدەكا لەجـێگه مـاچی ئەستێره هەواڵ دەدابەگۆیـژە و ئەزمەڕو پێان دەڵێ: مـزگـێنێ بێ ئەمشەو شارەكەم تەژی بـوو لەگۆرانی نەوتراو، پڕبوو لە هـیواو ئەوین، پڕبـوو له تریقە و قـاقـای ژنـانی گەڕەگ، ڕێـك ئەوساته وەخـته دەبێ، كە گـوڵه هـێرۆ لەبـەر تینی خـۆرا شـۆڕشی ڕەنگـاڵەیی پێشكەش بە چاوەشینەكانی ئاسمان دەكات، سروه بە ئاوێتەی خوناوەوه گوڵ دەخاته سەما، پەڕەسێلكه بە دڵێكی پڕ لە خەونەوه هەڵـدەفرێ و دەجریونێ بەسەر شـكۆفـەی باخ و باخچەدا وەك ئەوەی سلێمانی و جۆزەردان چاوەڕوانی لەدایك بوونی شاعـێرێك بـن وەك ڕونـاكی كازیـوه خـۆی لەشـەوەزەنگ ڕاسـت بـكاتەوه، هـەرئـەو شەوه وەك یەکەمین شادومانی بچکۆلانەی ژیان مناڵێك وەك خاڵخاڵۆكەیەكی ڕەنگـین دەفڕێ وەك یەكەمین سەرچاوەی سۆز و ئەویـن دێتـه ناوباخچـەی ژیـانەوه ئای كە جـوانه شارێ لەنـاو بیلبلەی چاوا پـڕبێت له سەمـای گـوڵە گەزیـزەی عەیاروبـۆن و بەرامەی خۆی تێكەڵ بەشنەكانی كازیـوه دەكات، من نازانـم ئەم شاره بۆلەبونەوه پـڕپـڕه لە سیحری ئەویـن، ئەوەتـا بە تەمـەنـێكی كـەمـەوه، خـۆی كـرد بـه پێـشەوای گـەردون و وەك شۆڕەسـوارێك بەهـێزو هـیوای عەشـقەوه غـاردەدات ئەو پیـاوە شاعـیرو تێكۆشەره “مەردان” بوو هەرلەوساتەوه بۆیەكەمین جاروەك منداڵێكی بزێو پاش ئەوەی دەست دەکا به ناسینی زمانی دایکی، دوای بیستنی ئەم زمانه شیرینه بەعـەشـقه وه هـۆگری دەبێ و بەدڵ گوێی لێ دەگرێ و پێی دەدوێ و ئیدی وەك سەركێشێك كاردانەوەی خۆی دەبێ، ئەوسـا وەك مناڵێكی كورد جـوانتر ئاشنای زمـانی خـۆی و دایـكی دەبێ هەربەو زمانه شیرینەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەگـەڵ هاوڕێ و دەوروبەرەكانیدا پێوەندی دەگرێ هـەربەو زمانەش زۆر شەیـدایانه یاری و گـەمە و كـایه دەکـاو پێ دەکـەنێ وهـەست و نەستی ئاوێتەدەكـا تەنـانەت خـەونەكـانیشی بـەو زمـانەوه ڕاڤـه دەكـا و بـەو زمـانەش كتێبەكانی چاپ دەكات ئیدی بەوپەڕی متمانە و بڕوابەخۆبوونەوه لەگەڵیدا گەشردەكا و باڵادەكات، ئێستا ئـەم پیاوه بـووه بە دیـرۆكی ژیلەمـۆ و سەرەتای هەموو خاكەلێوەیەك خـتووكەی عـەشـقـمان دەدا و وەك بەهـارێـكی ئەبـەدی وەك ســرودەكەی پیـرەمـێرد و ئاوازەكەی دیلان نەورۆزباران و گـوڵبارانمان دەكات هەمـوو ئێةوارەی نەورۆزێ وەك نیگای ئاگـرێكی گـەش بە بیـرەوری مامـەیـارەدا كـڵپەدەكا، وەك ئەسـتێرەیـەك لەپشـت هەورەوه خەونه سپیەكانی دەچـنێـتەوه مـەردان له تـوخـمی مـۆسـیقا دەچێ، نەسـنوری هەیە و نەزمان نەنەژاد، زۆرجار لە خۆر دەچێ هەندێ جاریش لە تریفه هەندێ جاریش وەك خوڕەی دەنگی شەپۆل پرپره لەمیلۆدی كەسك، مەردان گەردونێكه پڕپڕه لە شنەی با و گۆرانی باران من هەمیشە لە خۆم دەپرسی ئەرێ ئەم شەكره پیاوه لەچ ڕەگەزێـكه واهـێنده شـێت و شەیـدای بـڵـیسەی ئاگـر و گـوڵاڵـه سـورەی سەردەمی خـاكەلـێوەیه.
رەسـووڵ هـەمـزاتـۆڤ دەڵـێ:”كاتێ لێت دەپـرسن تـۆ كـێی؟ دەتـوانی ناسنامەی خـۆت پێـشان بـدەیـت. بـەڵام كـاتێ لـه گـەلـێـك دەپـرسـن ئـێـوه كـێـن؟ دەتـوانـن زانـا و نووسـەر و هـونەرمەنـدەكانیان پێـشكەش بـكەن”.
گەلی كوردیش ئێسته خاوەنی دەیان و سەدان كەسایەتیی بەتوانایه له بواره جیاجیاكاندا، كه جێی دەستیان دیـاره.

مامـۆسـتا (محەمـەد مـەردان)

مامـۆسـتا (محەمـەد مـەردان) یەكێكه له و شـاعـیر و نیشـتمان پـەروەر و دڵسـۆزانەی کەهـەمـیشه بەچـاوی خـۆشـەویسـتـیـیەوە لە سـروشـت و ژیـنـگەی شـارەكەی خـۆی و هـەمـوو كوردوسـتانی گـەورەی ڕوانیـوه بـەبێ جـیاوازی بـە دڵـێكی گـەورەوه خـۆی بەخـزمەتکاری گەلـەكەی زانیـوه ئێستاشی لەسەربێ ڕۆژبەڕۆژ خۆشەویستی خاك و نیشتمان لەنێو و دەرونیدا چەكەره دەكات، لەكاتێدا ئەم خۆشەویستیه لە دڵ و دەروونی هەموو تاكـێكی كوردا نیه وەك پێویست، بەڵام مەردان مەردانه قـۆڵی لێ هەڵـدەمـاڵێ و دێت و بەعەشقێكی كوردانەوه (پیرەمێرد) ئاسا بێ ماندووبوون ژیانی خۆی بۆگەلەكەی تەرخان دەكـات قـەلەنـدەر ئاسـا لەدوای ڕاپەڕینـەوه مەشخـەڵـەكه لەدەسـت پیـرەمـێرد وەردەگرێ هەربەو عەشقەوه بۆماوەی زیاتر لە چارەكه سەدەیەك درێژه به ڕێگاكانی ئەو مرۆڤه نەمره دەدات جەژنی نەورۆز زیندوودەكاتەوه ناهـێڵێت ئاگرەگەی پیرەمێرد كپ بكرێتەوه بۆیه لەگەڵ چەندین هاوڕێی نیشتمان پەروەردا خۆبەخشانه دێنه گۆڕپان.
بە دڵێكی كوردانەوه لە گەروی هەزاران ئازارەوه سەرهەڵـدەدەن، لەهـەمـان كاتیـشدا بەسنگێكی فـراونەوه لەپێناو ئدوعەشقەدا مەردان بچوكترین تێكۆشانی هاوڕێكانیشی بەکردەوەیەكی شێرانه لەقەڵەم دەدا.
مەردان بەلایەوە گرنگ نەبـوو چەنـد مانـدوودەبێت و چەنـد شەونخونی دەكات. بۆیه لەدوای ڕاپەڕینەوە دەست دەكات بە چالاكیەكانی وەك سەردەمه زێرینەكەی بێكەس و دیـلان و گـۆران ووڵات پـڕدەكات لە سرودی نەورۆزو ئەی ڕەقـیب و قـریوەی كچان ولاوانی جوامێری شار.
مەردان له بەهـاری ساڵی (١٢/ ٥/ ١٩٥٧) دا، لـه گـەڕەكی گـۆیـژەی سـلـێمانی دا، لە سەوزترین هـەواری ڕەنگـین وجـوانتـرین مەڵـبەندی ئـەوین دا لەدایـك دەبێـت. وەک شەتـڵی ڕەیحـانە و خەونی گـوڵه گەزیـزە و شـنەی شەمـاڵ دا چـاوی دەبـڕێته خۆری بەهار و ئاگـره گەشەكەی نەورۆز.
سـلێمانی ئەگەرچی شارێـكی سەركـێشه، كەچی بـەو تەمەنەكەمەوه خـۆی ناسانـدوه بەهەموو جیهان زۆر بە خێرایی خۆی ئامابازی زەینی گەلێ ناودارانی جیهان كردوه.
سلێمانی هەمیشه به شکۆی بڵندی خۆیەوه سەربەرزبووه، ئەو شارە گەردن بەرزەى کە هـەمـیشە پیـشەنگ بـووە لە لەعەشـق و ئازادیـدا، ئـەوەى ڕۆژێک لە ڕۆژان بە مەبەستى درێـژە پێـدان بـۆ ژیـان ڕوی لەم شاره خۆشەویسته كـردبێ هەرگیز هەستى بە نامۆیی و غەریبی نەکردوە. بەردەوام بزە و خەندەكانی خۆی بەسەریاندا ڕژاندوه، هەمیشه به بـۆنی بەفـری ئەزمـەڕ و گـۆیـژە و پیـرەمەگـرونەوه دڵـیانی فـێـنك فـێـنك كردۆتەوه. سلێمانی وەك بنەوانی مێژوو به هەزاران ساڵ بەر له ئێستا هەر له دیرۆكی زەردەشتەوه هەتا پیەەمێرد و بێكەس و گۆران، به شێنەیی و لەسەرخـۆ پەرده لەسەر هەمـوو راستییەکانی هـەڵـدەداتەوه. کارەسات له دوای کارەسات، ئازار لە دوای ئازار، مەینەتی، ڕۆژڕەشی، باوبۆران، تۆفـان و بەند، زستانی سەخڵەت و سەخت، ڕێبەندان و بەفـرانبار، ویشـوومه، بەڵام سـلـێمانی هـەمیـشه وەك سـیحری گـۆرانیـەكانی ئێـوارانی سـەرچنـار و وەك شـیعـره ناسـكەكـانی دڵـشـاد مەریـوانی لەنـاو بیـرەوری عـاشـقان دا بۆ هەتـاهـەتـایه لەبیرنـاچـنەوه.
کەم شاعير هەیە وەک مەردان بە لاوی شێعـرەکانی کـرابێتنە بەستە و گۆرانی و لاوانی وڵات بە شۆرو زەوقـەوە بیڵێنەوەو ئاوا زوو بچێتە نێو دڵی ئەویندارانەوه، ڕەنگە تەنیا هـۆكاریش ئەمەبێ قەڵەمەكەی جـوان قـسەی دڵی عاشـقانی كردبێ، بۆیـه لەگـەڵ ژانی لەدایـك بوونی یەكەمین كتێبی دا (دابـڕانی خۆشەویستی) دەكاته دیـاری گشت عـاشقان ئەمەو جگە لەوەی کە مامۆستا مەردان خـزمەت بە ئەدەب و فەرهـەنگ و فـولکلۆری کوردی( بە هەموو لـقەکانییەوە) و هەروەها ڕۆشنگەری كرده هەوێنی کارەکانی و بە زمانی نووسین و مۆسیقا گشت هـونەرەکانی ترهـاتـۆته مەیـدانی چـالاکی و ئێستاشی لەسەربێ، بـۆ ساتێكـیش ڕانەوەستاوه.
ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو شاعێران یان دۆستی دەسەڵات بوون و لە لایەن حاکمان و دەسەڵاتدارانەوە گەورە کراون و خەڵاتیان پێ دراوەو لە پڕدا وەک قارچك هەڵتۆقـیون، بەڵام مەردان خۆی ئاوێتەی ئەو فـۆڕمه نەكردوه تەنیا پێی خۆش بووه وەك كوردێكی ڕەسەن و بەئەمەك بێ پاداشت خـزمەتی گەل و نیشتمانەكەی بـكات.
ئەم كەسایەتیە ئازیزەی شاری سلێمانی، بەرێـز (محەمەد مەردان)، سوپاس بۆ یەزدانی مەزن ئێستایش لەژیاندایە و بێوچان شـەو رۆژ دەخـاتە سەریەك بـۆ زیاتر خزمەتكردنی گەل و نەتەوەكەی.
كتێبە چاپكراوەكانی نووسەر: بەرێـز محەمـەد مەردان خاوەنی (١١) كـتێبی چاپكراوە، هەندێكیان بەهاوبەشی لەگەڵ نووسەراندا نووسراوە
١ـ دابـڕانی خۆشەویستی هـۆنـراوە.
٢ـ پەرەنگی یادكردنەوەی جەژنی نەورۆزی ساڵی (٢٠٠٨) بەهاوبەشی شەهلا نامیق.
٣ـ نەورۆزنـامەی فـێستڤـاڵی سـلێمانی.
٤ـ پیاوێـك لە ئەرخـەوان ، سەیـوانـێك لە سـلێمانی.
٥ـ پەڕەنگی سەمای ڕەنگ و گۆچانەكانی هـونەرمەند شەهـلا نامیق.
٦ـ بەرات لەرێرەوی مێژوودا
٧ـ گوڵە گەنمـێك لەسلێمانی خەرمانـێك لەداستان و سەروەری.
٨ـ دیـوانی غـەمنـاك.
٩ـ سەرگوزشـتەی گـێرانەوەی خەوەكانی پاشـا.
١٠ـ فەرهـەنگی كەلەپـوور، بەهـاوبەشی.
١١ـ فۆلكلۆریست (٢٥).
١٢ـ هەروەها ئەم گۆڤارو ڕۆژنـامانەشی چاپكردووە:
١ـ گۆڤاری كەلەپـووری كورد – سەرنـووسەر.
٢ـ گۆڤاری سەنگەر – جێگری سەرنووسەر.
٣ـ گۆڤاری كوردە میر – دەستەی نووسەران.
٤ـ سلێمانی یادی ( ٢٢٧ ) ساڵە ئامادەو سەرپەرشتی.
٥ـ سلێمانی یادی ( ٢٢٨ ) ئامادەو سەرپەرشتی.
٦ـ ساڵنامەی گری نەورۆز – سەرنووسەر.
٧ـ رۆژنامەی كاڵێ – سەرنووسەر.
٨ـ شەونامەی چـلە – سەرنووسەر.
٩ـ رۆژنامەی چنـارۆك – سەرنووسەر.
١٠ـ رۆژنـامەی شیرین – سەرنووسەر.
١١ـ رۆژنـامەی كاوەكەی گەرمیان – سەرنووسەر.
١٢ـ شەونامەی بەرات – سەرنووسـەر.
١٣ـ ساڵنامەی سلێمانی – سەرنووسەر.
لەكۆتایدا هـیوای تەمەندرێژی بۆ ئەم سیمبوولەی شار مامۆستا محەمەد مەردان دەخوازیـن و هـیوامان وایە لە لـوتکەدا بێـت.
سـەردار قـادر




کاریگەری هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکا لە سەر هەرێم.. عوسمانی حاجی مارف

ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانیەکانی ئەم رۆژانەی ئەمریکا بۆسەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و ئەو هێزە میلیشیایانەی پەیوەستن بە ئێرانەوە، کەلە ناوچەکانی هەردوو ووڵاتی سوریا و عێراقدان، لە نزیک سنورەکانی هەرێمی کوردستانەوە نەبووە. بەڵام حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم ، مەترسی ئەوەیان هەیە کە ئەم هێرشانەی ئەمریکا دواتر کاردانەوەی سەربازی و سیاسی بە ئەگەرێکی زۆرە لەلایەن حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبیەوە لێبکەوێتەوە و پەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەند ئاڵۆزتر بکات، هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە شوێنە ئەمنی و سەربازیەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بخاتە بەر مەترسی هێرشی هێزە میلشیاکانی عێراقەوە، کە پێشتر ئەو هێزە میلیشیایانەی سەر بەئێرانن، چەندینجار هێرشیان کردۆتە سەر بنکە ئەمریکیەکان لەناوچەکانی دەسەڵاتی زۆنی زەرددا، یان لەوێنەی ئەو هێرشەی کە راستەوخۆ ئێران کردیە سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی لە هەولێر.
تائێستا لەم بارەیەوە هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لە لایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا دەرنەچووە، وە پێدەچی لەم بارەیەوە زیاتر بێدەنگی هەڵبژێرن، بەومانایەی دەیانەوێت خۆیان بێلایەن نیشان بدەن، کە لەباری واقعیەوە خۆشیان بەشێکن لەو دۆخە! ئەمەش بۆ پەیوەندیەکانیان بە حکومەتی عێراقەوە کاریگەری نەرێنی دەبێت. وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، یەحیا ڕەسووڵ، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێ: “شارەکانی ئەلقائیم و ناوچە سنووریەکانی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە بەهێرشی ئاسمانی کەوتون، ئەمە لەکاتێکدایە کە عێراق هەوڵدەدات بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە، ئەمەش پێشێلکردنی سەروەری عێراقەو تێکدانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە، هەروەها هەڕەشەیەک کە عێراق و هەرێم بخاتە بەردەم دەرئەنجامە نەخوازراوەکانەوە، کە دەرئەنجامەکانی کارەساتبار دەبن بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە”…!، ئەم جۆرە لێدوانەی یەحیا، هەڵوێستی هەرێم دەخاتە ناو چوارچێوەیەکەوە کە بێدەنگی ناتوانێ هاوسەنگی پەیوەندی نێوان بەغداو هەولێر ڕاگرێت، ئاکامەکەی بەچی دەگات؟ دەکرێ بڵێین وردبینیەک لەحساباتی حکومەتی هەرێمدا نیە، یان ناچاریەکە کە ڕۆڵی کارو پێگەی سیاسی حزبەکانی هەرێم لە ناوچەکەدا دەبێت لەم ململانێیەی ئەمریکاو ئێراندا ئێستا باجەکەی بدەن، ئەمەش بۆ ئایندەی دوای ئەم هێرشانەی ئەمریکا بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پەیوەند بە حکومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هەرێم دەکەوێتە بەر لێپرسینەوەو فشارێکی زیاترەوە لەلایەن ئێران و حکومەتی عێراقەوە.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی دوای ئەم شەڕەی غەززە، هەرێم و ناوەند پێگەیەکی ناسکیان لەسەر ئاستی جوگرافی و سەربازی نێوان ئێران و ئەمریکا داگیرکرد، لەوماوەیەی کە پەیوەندیە ئابووری و سیاسی و سەربازیەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێم پەرەی سەند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ناوچەکە بەجۆرێک پابەندبون بۆ واشنتۆن پێناسە دەکرا، ئەمریکا وەک دۆستی کوردو پشتیوانیەکی بەهێزو هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو پۆلێن کرابوو لە لایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمەوە، لەلایەک بەگشتی وەک پارێزەری کوردستان و قەوارەکەی ملکەچی نەخشەو سیاسەتەکانی بون، لەلایەکی تریشەوە لەڕووی سیاسی و بەناوی شەڕ دژی تیرۆرەوە، حزبەکانی دەسەڵاتدار لە هەرێم خۆیان تەواو ڕادەستی پشتیوانیکردن بە ئەمریکا هەڵواسیبوو. بەڵام ئەم حاڵەتە بۆ باقی ناوچەکانی تری عێراق کە لەڕووی سەربازی و سیاسیەوە ملکەچی نفوزی ئێرانن، تەواو جیاواز مانای سیاسی و عەمەلی پەیدا دەکات، نەک ئەمریکا جێگای متمانەیان نەبووە، بەڵکو تاران و هێزە هاوپەیمانیەکانی لەبەردەم پۆلێنکردنی ئەم پەیوەندیەدا، بۆتە ململانێیەکی بەردەوام و هەڕەشەکردن لە بونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا، چونکە بنکەکانی ئەمریکا هەڕەشەیەکی ستراتیژی دەکاتە سەر نفوزی ئێران لە سوریا و عێراقدا.
ئێران فشارێکی چڕی یەک لە دوای یەک لەڕووی ئەمنی و سیاسی و ئابووریەوە لەسەر هەرێم داناوە، بەبیانوی ئەوەی هەرێم بۆتە شوێنی بنکەی سەربازی ئەمریکا و داڵدەدانی ناوەندو شوێنەکان بۆ موسادی ئیسرائیل، لەهەمانکاتدا بەبیانوی وەستانەوەی هەرێم بە قەبوڵنەکردنی میلیشیا عێراقیەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە لە ناوچەکانی هەرێمدا، یان قەبوڵنەکردنی داوای دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە لەلایەن حکومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کاری لەسەر دەکرێت، جگە لەمانەش وەک ڕێگرێک لەبەردەم خێراکردنی پرۆسەی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق و باڵادەستی هێزی شیعەکان کە لە “چوارچێوەی هەماهەنگ”یدا بەرجەستە بۆتەوە، مامەڵەی دەکەن.
نیوەی ئەو هێرشانەی بە چەکی پەیوەست بە ئێران بۆ سەر بەرژەوەندی و بنکەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق و باقی وڵاتانی ناوچەکە دەستیپێکردووە، شوێن و ناوەندەکانی ناوچەی کوردستانیان کردۆتە ئامانج و سروشتی گشتیشیان بە تەنها ئامانجگرتنی ئەمریکا نەبووە، بەڵکو زیاتر ناوچەکانی کوردستانی گرتۆتەوە، بۆیە پێشبینی ئەوە دەکرێت لە قۆناغی داهاتوودا وەک فشارێک لەسەر هەرێم بەردەوام بێت.
بەدرێژایی ئەم ماوەیەی پێکدادانی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکاو هێزە میلیشاکانی سەر بەئێران، هەرێم خۆی لە هەر دەستپێشخەریەکی سەربازی بەدوور دەگرێت، بە بێلایەن ماوەتەوە لە ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکادا، هیچ بەرژەوەندی و ئامادەیی و توانایەکی نەبوو کە بەشێک بێت لەو ململانێیە، بەڵام لە ڕاستیدا واقعیەتی شکستەکانی ئەمریکا و دواتر پشتتێکردنی لە پشتیوانی هەرێم، پێگەی هەرێمی تەواو دابەزاندو بێئعتباری کردوە، هەر بۆیە پەیوەندیەکانی بە حکومەتی ناوەندی عێراقەوە سروشتێکی ملکەچی بەخۆیەوە نیشان ئەداو ناچاربوو پابەند بێت بە هێڵی گشتی حکومەتی ناوەندی لە ڕووی دەستووریەوە.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەمەریکا بنکەیەکی سەربازی سەرەکی لەناوچەی هەریر لە باکووری شاری هەولێر هەیە، هەروەها سەنتەری لۆجستی بۆ ڕێنمایی لە نزیک فڕۆکەخانەی مەدەنی نێودەوڵەتی هەولێر هەیە، ئەمە جگە لەوەی چەندین ناوەندی ڕێکخستنی بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی ئابوری و بنکە سەربازیەکانی لە سوریاو ناوچەکەدا هەیە، کە پەیوەستن بە دەیان کۆمپانیاوە.
دوای ئەو هێرشانەی کە فڕۆکە ئەمریکیەکان کردیانەسەر شوێنەکانی هێزی حەشدی شەعبی عێراقی، خێرا بانگەشەی دژی هەرێم و تۆمەتبارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزە چەکدارو سیاسیەکانی کرا لەسەر بنەمای نەبوونی دڵسۆزی و بەرگریکردن لە عێراق، ئەمەش بەرهەمی ناتەباییە لە سەرانسەری عێراقدا، کەدوای ئەم هێرشانە بیانوەکانی هێرشکردنە سەر قەوارەی هەرێم لەلایەن حەشدی شەعبی زیاتر بێت.
بەدوای هێرشی درۆن و موشەکەکانی ئێران بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەدان بڵاوکراوە و نووسین و کلیپی هەڵبەستراویان لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا لەیەککاتدا بڵاوکرایەوە، بەمەبەستی ئەوەی دواتر لێپرسینەوەی تر لە هەرێمی کوردستان بکرێت، لەلایەکی تریشەوە وێناکردنی هەڵوێستی ئێرانە بەناوی پارێزگاری لەخۆی.
ئەم دۆخەی ململانێی ئەمریکاو ئێران لە عێراق و کوردستان و ناوچەکە، بە هەر بارگرژی و ناکۆکیەک و چۆنیەتی دەورو دەخالەتی جەمسەرەکانی تر لە ووڵاتانی سەرمایەداری زلهێزی دنیا بەرجەستە دەبێتەوە، بەجیا لەوەی دواتر ئاراستەکەی بە کاری دیبلۆماسی و سەوداو مامەڵە ڕێڕەوی ئارام بونەوە بگرێتە بەر، بەڵام ئاسۆیەک لە بەردەم قەوارەی هەرێمدا کە بەچوارچێوەی حکومەتێکی سەربەخۆ بەڕێوەبەرایەتی ناوچەی کوردستانی عێراق بکات، قفل ئەدرێت. پارتی و یەکێتی و هەردوو بنەماڵە وەک دوو هێزی باڵادەست لە چوارچێوەیەکی تردا مەئموریەتی تریان پێدەسپێرن.




نامەی پیرۆزبایی بۆ چوارەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی شورا و سەندیکا کرێکاریەکان لە عێراق.. موئەیەد ئەحمەد

بە بۆنەی بەستنی چوارەمین کۆنگرەی (فیدراسیۆنی شورا و سەندیکا کرێکاریەکان لە عێراق)، سڵاوی دڵسۆزانە ئاراستەی بەشداربووانی خۆشەویستی کۆنگرە دەکەم و لە دڵەوە پیرۆزبایی بەستنی ئەم کۆنگرە گرنگەیان لێدەکەم.
بەستنی کۆنگرەکە لە لایەن سەندیکاکانی سەربە ئەم فیدراسیۆنە، لە پارێزگا جۆراوجۆرەکانی عێراقەوە، و بە دەستپێشخەری کادیرانی ڕابەری فیدراسیۆن، و بە بەشداریی کۆمەڵێکی بەرفراوان لە چالاکەوانی کرێکار، سەندیکالیست و چالاکەوانی سۆشیالیستی لە هەردوو رەگەز، خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی کرێکاری.
مێژووی فیدراسیۆن، لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردووی بوونی خۆیدا، تا ڕادەیەک، مێژووی خەباتی سەندیکایی کرێکاران لە عێراقدا لە یەکێک لە قۆناغەکانی پڕ لە چەلێنج و كێشە و سەختییەکانیدا عەکس دەکاتەوە. خەباتی فیدراسیۆن لە پەیوەند بە خەباتی کرێکاران و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کرێکاران لە کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانی کەرتی پیشەسازی و خزمەتگوزاریدا بەڕیوە چووە، ئەمەش لە کەشوهەوای داگیرکاری سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابوورییە نیولیبراڵەکانی دەوڵەت، لە جەرگەی شەڕی تایفەگەری، تەقاندنەوەی تیرۆریستی، و سەرهەڵدانی داعش و هێزی میلیشیا و ئەوانی تر.
ئەمە و هەرگیز ئاسان نەبووە کە فیدراسیۆن هەر لە دامەزراندنیەوە ناچار بووە خەباتێکی تاڵ و دژوار بکات، نەک تەنیا دژی نەریتە کۆنەکانی سەندیکای کرێکاری، کە تێڕوانین و ئاسؤی ناسیۆنالیستی و ڕیفۆرمخوازی هەلەپەرستانە و سەندیکاگەرایی پەیوەست بە دەوڵەت و پارتە دەسەڵاتدارەکان زاڵ بووە بەسەریاندا، بەڵکو دژی هەوڵەکانی ڕەوت و پارتەکانی ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتداریش بۆ کۆنترۆڵکردنی خەباتی سەندیکای کرێکاران، وە هەوڵەکانی سەندیکا و فیدراسیۆنە ڕیفۆرمخوازە جیهانییەکانیش، کە بە ئاسۆی سەرمایەداریی نیولیبراڵ گۆشکراون، بۆ بڵاوکردنەوەی کاریگەریی خۆیان لە نێو خەباتی سەندیکاییدا. لە سەرووی هەمووشیانەوە فیدراسیۆن دەبوا ڕووبەڕووی هەوڵەکانی بەشێکی چەپ ببێتەوە بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لە ڕیزەکانیدا و زیانگەیاندن بە دڵسۆزی و خۆبەخشی سەرکردەکانی.
ئێمە هەموو ئەم قۆناغانەی خەباتی فیدراسیۆنمان تێپەڕاندووە و منیش شانبەشانی تێکۆشەرانی، بە تایبەتی فەلاح عەلوانی ئازیز و کۆمەڵێک لە چالاکەوانی تری سۆسیالیست، بەردەوام لە خەباتدا بووم، ئەمەش دەرهاویشتەی بڕاوی پتەوی خۆم بووە بە گرنگیی ئەم ئامرازە خەباتکارانەیە بۆ کرێکاران و خەباتی چینایەتی سەربەخۆیان و بۆ ڕیزی کرێکارانی سۆسیالیستی ناو بزووتنەوەی سەندیکایی.
بەشداربووانی ئازیزی ئەم کۆنگرەیە، چوارەمین کۆنگرەی فیدراسیۆن له توندپێچێکی مێژوویی گرنگ له ڕیچکەی خەباتی چینایەتیی کرێکاران له عێراق و ناوچەکەدا به ڕێوە دەچێت، که کاریگەرییەکانی قەیرانێکی قووڵ و فراوانی کۆمەڵایەتی بەتوندی لەسەر ژیان و گوزەرانی زۆربەی جەماوەر ڕەنگی داوەتەوە، و لە ئەنجامدا شێوە جۆراوجۆرەکانی خەباتی کرێکاران و هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە داواکارییە دەستبەجێ و ڕۆژانەکانیان و ئامانجە چینایەتییەکانیان بە شێوەیەکی بەردەوام گەشە دەکات. جگە لەوەش کۆنگرە لە بارودۆخی ئەو شەڕە جینۆسایدیەی کە ئیسرائیل لەسەر غەززە بەڕێوەی بردووە، و توندبوونەوەی ململانێ جیۆپۆلەتیکیەکان لە ناوچەکە و ئەگەرەکانی فراوانبوونی زیاتری بازنەی شەڕ، بەڕێوەدەچێت.
ئەوەی کۆنگرە باسی دەکات و پەسەندی دەکات، نەک تەنها لەسەر فیدراسیۆن و پێگەی لە بزووتنەوەی کرێکاریدا، بەڵکو لەسەر خودی ئەم بزووتنەوەیە و گەشەسەندنی دواتری لە جەرگەی هەلومەرج و ڕەوەندە لۆکاڵی و ناوچەییەکان کە دەوریان داوە، کاریگەریی گەورەی دەبێت.
هیوای دڵسۆزانەم هەیە بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەکە و پەسەندکردنی سیاسەت و پلانی پراکتیکی و میکانیزمی ڕێکخراوەیی، تا فیدراسیۆن ئامادە بکات بۆ بەجێگەیاندنی ئامانج و ئەرکەکانی بە تەواوی لە قۆناغی داهاتوودا.
لەگەڵ ڕێز و پێزانینی دڵسۆزانە
٢٥ی ژانویەی ٢٠٢٤




پارتی و یەکێتی لەبەرامبەر ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و وانەبێژاندا یەکهەڵوێستن!.. نوری بەشیر

ناڕازەیەتیەکانی مامۆستایان و وانەبێژان بۆ مووچەو دەرماڵەکانیان لە پێنجەمین مانگدایە، ئەم ناڕەزایەتیانە لەلایەن حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات؛ یەکێتی و پارتیەوە نەک وەڵامیان پێنەدراوەتەوە، بەڵكو ڕووبەڕووی دەیانجۆر لە هەڕەشە و دەستبەسەرکردن و رێگریان کردونەتەوەو دەیان تۆمەتیان بۆ دروستکردوون و هەوڵیانداوە کۆمەڵگا بەدژیان سازبدەن.
ناڕەزایەتیەکان و بایکۆتی ئەم ماوەیەی مامۆستایان بەشێکە لە ناڕەزایەتیە جەماوەریە کرێکاری و کەمدەرامەتەکانی کۆمەڵگا لە سێ دەیەی رابردوودا بەردەوام بەرامبەر دەسەڵاتدرانی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد هەبووە. ناسیونالیزمێک کە لەسایەی کەلێنێکی نێودەوڵەتیدا کە دروستبوو لەعێراقدا، ئەمریکا دەستی گرتن و هێنانی و هاتنەسەر دەسەڵات و بوونە هێزێکی جێگرەوەی دیکتاتۆرەکانی پێشوو، وەک هێزی میلیشیاو مافیا کەوتنە تاڵان و بردنی هەموو سەروەت و سامانی کۆمەڵگاو سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و مستەشارو دەیان و سەدان ملیاردێرو ملیۆنیریان لەپاڵ خۆیاندا دروستکرد بۆ بێبەشکردنی خەڵكی کوردستان لەداهات و سەروەت و سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی.
بەڵام لەولاوە نەبونی و هەژاری و برسێتی و سەرکوت و کۆچی بەکۆمەڵی لاوان بۆدەرەوە کردە بەش و چارەنوسی خەڵكی کوردستان، کە لە چ شوێنێکی دنیادا مانگ زیاتر لە ٣٠ رۆژە بۆ موچە؟ لەکوێ ئەبیسترێ چارەکە موچە لە داهێنانی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی نەبێ؟ لەکوێی دنیا پاشەکەوتی مووچە هەیە؟ لەکوێی دنیا هەیە مامۆستا، کارمەند و کرێکار کار بکات بەبێ موچە، یان لەساڵێکدا چەند موچەی مانگ نەدرێت؟ ئەمانە لە داهێنانەکانی پارتی و یەکێتی و حزبە موچەخۆرەکانی دەوریانە. بەجیا لەوانەش کەمیان نەکرد لە سەرکوت و ترساندن و زیندانیکردن تادەگاتە تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسان و دەنگە ناڕازیەکان و کۆمۆنیستەکان.
ناڕەزایەتی ئێستای مامۆستایان بەشێکە لەناڕەزایەتی چینایەتی کرێکاران و کەمدەرامەتی کۆمەڵگا کە رۆژانە بەرپادەبێت، بەشێکە لەناڕەزایەتی کرێکاران و کارمەندانی نەخۆشخانەکان، کرێکارانی نانەواخانەکان، کرێکارانی ژینگەپاریز، قوتابیان و بەشێکە لەناڕەزایەتیەکانی دژی کەمی موچە و بەشێکە لە ناڕەزایەتیەکانی ژنان، بەشێکە لە داخوازیەکانی خوێندکاران. هەر بە چاوگێڕانێکی خێرا بە مووچەی ئەم چینەی کۆمەڵگا، لەگەڵ چینی باڵادەستی پارێزەری دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی، هەر لەمکاتەدا کە خواستەکانی مامۆستایان بەڕەسمی ناناسن، موچەی لێپرسراوانی حزبی، ئەندام پەرلەمان، بندیوارەکان و حزبە گوێلەمستەکانی دەوریان لە ئیسلامیەکان و وەزارەتی ئەوقاف و مەلاکان و.. تاد، چەندە ئەوەندەی مووچەی مامۆستایان و کرێکاران و کارمەندانە. کۆمەڵگا دەزانێت ئەم کەمایەتیە مشەخۆرە منداڵەکانیان لەباشترین و تایبەترین قوتابخانەکان دەخوێنن، لە چۆن ژیانێکدا دەژین، کە خەرجی رۆژێکی تەنیا منداڵێکی لێپرسراوانی حزب و سەرمایەدارانێکی دەوریان، موچەی مانگێکی دەیان و بگرە سەدان مامۆستایە، ئەمە کارمانەو سیاسەت و دڵسۆزی حزبەکانی کوردایەتیە بۆ خەڵكی کوردستان و ئەمە راستی فرمێسکی تیمساحیانە بۆ منداڵان و خوێندکاران لە کوردستان.
ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و بایکۆتە، ئاخرین رێگای ناچاری مامۆستایانە کە دەسەڵات وەڵام بەخواستەکانیان ناداتەوە، نەک ئەمەش بەڵکو ئەوە تەنیا یەکێتی نیشتمانی نیە کە بەدژی خواست و داوکاریەکانی مامۆستایانە، بەڵکو پارتی دیموکراتی کوردستانیش، هەم بێدەنگیەکەی کە خۆی بەخاوەن حکومەتی هەرێم دەزانێت و کابینەی نۆیەم لەژێر سایەی بارزانیدا دەڕواتە پێشەوە، کە لە چەندین مانگی ئەم ناڕەزایەتیانەدا نەهات لەسەر خواستەکانیان قسەبکات، بەڵکو ئاگرە سوورە لەخۆم دوورەی پەیڕەوکردوەو بەعس ئاسا ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی کۆنترۆڵ کردوە نەک بۆ ناڕەزایەتیش بەڵکو بۆ هەرجۆرە هاوپشتیەکی مامۆستایان و وانەبێژان کە هەبێت سەرکوتی دەکات.
ئەوەبوو رۆژی ٥ی مانگ بەمەستی پشتیوانیکردن لە خواستەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران قەراربوو لەهەولێر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران سازبدرێت، بۆ ئەم مەبەستە چەکدارەکانی سەر بە پارتی گەمارۆی دەوری بارەگای مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستانیان داو ڕێگەیان نەدا، کە بەشداربوانی گردبونەوەکە بەرەو ئەنجومەنی وەزیران بەڕێبکەون. ئەم کردەوەیەی پارتی کارنامەیەک بووە کەبەردەوام هەیبووە. ئەمە بەیانی ئەو راستیەیە کە پارتیش چەندە دژی خواستەکانی خەڵکی کوردستانە، ئەمە پەیامی پارتییە بۆ مامۆستایان و کارمەندانی سنوری دەسەڵاتی زۆنی زەرد کە هچ ناڕەزایەتیەک دەرنەبڕن، هاوکات پەیامێکە هەم بۆ یەکێتی کە ئێمە یەکدەستین لەگەڵتان لەبەرامبەر هەر ناڕەزایەتیەکی جەماوەری و بەتایبەتی وەڵامنەدانەوە بە خواستەکانی مامۆستایان.
ئەمە وەک پیشەی هەمیشەیی پارتی و یەکێتی و کارنامەیان کە لەشاخ هاتنەخوارەوە، هەر ناکۆکیەکیان هەبێت ئەوا لەبەرامبەر هەر ناڕەزایەتی و خواست و یەکگرتوویی و هاتنەمەیدانی جەماوەری کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگادا دەست لەناودەست بوون. هەردوو یەکێتی و پارتی و بەهاوکاری بزوتنەوەی گۆڕان بەفریوکاری و سەرکوت و کوشتاری ناڕازیان لە شوباتی ٢٠١١ دەستیان سوور بوو، تا دەگاتە وەڵامنەدانەوەو سەرکوتی هەر ناڕەزایەتیەکی گەورەو بچوک لە کۆمەڵگادا، ئەمەی ئێستاش بەشێکە لەو کارنامەیەیان و مۆری شەرمەزاری نێوچەوانیانە.
پارتی و یەكێتی دەزانن ناڕەزایەتیەکانی ئەمڕۆی مامۆستایان بەشێکە لە ناڕەزایەتی و خواستی زۆربەی کرێکاران و کارمەندانی کوردستان، ئەگەر وەڵام بەم خواست و داواکاریانە بدەنەوە ئەوە گەلێک خواستی تری بەدوادا دێت، لە نەبوونی ئاو و کارەبا و گازو گرانی و موچەی کەم و نەدانی موچەو پاشەکەوت و چارەکە موچەو خواستی بەشەکانی تری کۆمەڵگا، بۆیە هاوهەڵوێست وەڵامی نەخێری پێدەدەنەوە.
ئەوەی کە ئەم دەیان هەزار ئینسانە لە کۆمەڵگادا کاردەکەن و دەبێت موچە وەرگرن، ئەوەی کە دەرس دەڵێنەوەو نابێت بیریان لای موچەو بیریان لای قەرزاری بێت، ئەوەی کە ژیانی رۆژانەیان بکەن و خەیاڵیان لای کرێخانوو و خواردن و پێداویستیەکانی رۆژانە نەبێت، بەڵام یەکێتی و پارتی ئەمانە لەبەرچاو ناگرن، بەڵام فرمێسک بۆ قوتابیان کە منداڵانی ئەم مامۆستایانەو کرێكاران و کەمدەرامەتانی کۆمەڵگایە، دەرێژێن، وە دەڵێن مامۆستایان لێپرسراون بەرامبەر چارەنوسی قوتابیان، کە ئەمە لە درۆیەکی گەورە زیاتر هیچی تر نیە، بەڵكو لێپرسراوی ئەم هەلومەرجە یەکێتی و پارتی و حکومەتی هەرێمە.
کێشەی مامۆستایان و وانەبێژان، کێشەی هەموو خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگایە، ناڕەزایەتیەکانیان بەشێکە لەناڕەزایەتی چینایەتی بۆ خواستەکانی جەماوەر، کە ئەم بەشەی کۆمەڵگا موچەیان نەبوو، ناتوانن خەرجی پێداویستیەکانیان بدەن لە؛ کرێخانوو، ئاوو کارەباو خواردن و جلوبەرگ و تا دەگاتە پێداویستیەکانی رۆژانە کە لەدوکان و مارکێتەکان دەیکڕن، تاکو وەڵامدانەوە بەخواستی منداڵەکانیان. کێشەی مامۆستایان کێشەی قوتابیانە، کێشەی دایکوباوکی خوێندکارانە، کێشەی دوکانداران و کێشەی فەرمانبەران و کرێکارانە، هەربۆیە هەموو ئەم ڕیزە فراوانە ملیۆنیەی کۆمەڵگا بەشێکن لە چینێکی کۆمەڵاتی کە بێبەشن لەلایەن کەمایەتیەکی میلیشیاو دزو مافیا کەدەبێت پاشەکشەیان پێبکرێت، ئەویش راوەستانە لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتیە مەزن و پێشڕەوانەی مامۆستایان و وانەبێژان کە بۆ چەند مانگە بەردەوامە.
ئەوە دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیە هۆکاری ناڕەزایەتیە لە؛ خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایان و وانەبێژانە، ئەوە دەسەڵاتە هۆکاری داخستنی قوتابخانەکانەو بێبەشکردنی قوتابیانە وەک منداڵانی کرێکاران و کەمدەرامەتانی کۆمەڵگا، کەواتە با هەموو لە پاڵ مامۆستایاندا بوەستینەوە تاکو بەدەستهێنانی خواست و داواکاریەکانیان، کە خواستی زۆربەی کۆمەڵگایە، هاوکات ئەم بزوتنەوە و ناڕەزایەتیە گەورەیەی مامۆستایان هێزێکی جیهانیشی لەپاڵدایە کە رۆژانە بەشێوەی جۆراوجۆر پشتگیری خۆیان بۆ خواستەکانیان دەردەبڕن.
٩ی شوباتی ٢٠٢٤




شێستوپێنجەم هاوبەند وێنانوسی پێشمەرگەی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی سەردەمی شاخ.. دڵشاد تاقانە

هاوبەندەکانی پێشمەرگایەتی..

براپێشمەرگە..

دەردەسەرەکی گرانتر لەپێشمەرگایەتی چونکە هەست و شۆڕشگێڕی پەروەردەی کردبوو بەڵام زۆر ئاشکرا و ناسراوی ناو گەنجان بوو هەرزوو زوو دەگیرا، دەگمەنە برا پێشمەرگە بووبی لێدان و کوتانت نەخواردبی یا چەند جار زیندانی نەکرابی! لەلایەکی دی ببووە خاڵی ئازاردانی پێشمەرگەکان هەتا وازبهینن و بێنەوە شار، بارگرانیەک بوو زیانی لەپێشمەرگە پێدەدرا. خۆی پێشمەرگایەتی ئاوازی سرودەکی بەجۆشی نیشتمانی بوو، خودەکی سەربەخۆی ئازادیوەر بوو کەچی براکانی لەخۆی زیاتر دەربەدەربوو چونکە لەناوشار و بەردەستی دوژمن بوو. زۆر برا پێشمەرگە لەجێی برایەکەی گولەباران یا هەڵواسرا زۆریشیان توشی دوژمنایەتی بوونەوە، لەوانەیە دەردەسەری زیاتری لەبرا پێشمەرگەکەی بەسەرهاتبی لەئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی. زۆربەیان کاری ڕێکخستنی ناوشاریان دەکرد بەویست و بێ ویست لەکورەی ئاگری شۆڕشەوە گلابوون ئەگەر نەشسوتابن هەردەبی داغکرابن.
سەرەتای هەشتاکانە و ڕەشبگیری ڕێکخستنەکانی شاربوو لەناویاندا مەریوانی کەریماغای نازەنینێ گیرا، هەرچەندە ئەوکاتە تەمەنی کەمتر لەهەژدە ساڵی بوو، بەهۆی بەشداری ڕێکخستن بەشیلاقە و زلە خزێندرایە بەندیخانە. پڕی بوو لەسیاسەتکارە شۆڕشگێڕەکان هەندەکیان یەکێتی، شوعی، بەشەک لەخۆڕاگیراو هەندێکیش لێیان سۆسیالیست بوون بەڵام لەوێ زیندانیەکان وەک سەرکردەکانی شاخ دژەیەک و براکوژ نەبوون بەڵکو هەرهەموویان پارێزەی گیانی یەکدی و و نهێنبەند بوون هاوئازار و ئەشکەنجەبوون. لەژوورەکی تەسک دیوارەکانی پڕ لەنوسین بوون چ لەوانەی ئازادکرابن، چ لەوانەی لەسێدارە درابن، لەپاڵیانەوە بەسەر دەرگاکە وێنەکی دوو قۆری حەسەن بەکر و سەدام حوسێن هەڵواسرابوو. ئەو وێنانە مەریوانی توڕەکرد یەکسەر چنگی لێگیر کرد پارچە پارچە دڕاندی! هەموو زیندانیەکان زراویان چوو لەسزاکەی گەیشتن خراپیان بەسەر دێ. لۆ بەیانی ئەمنە زیندانکارەکە هاتە ژوورێ دیتی وێنەکە نەمایە! پرسی: کا وێنەکانی سەیدولڕەئیس؟ کەس مەتەقی نەکرد و تەنانەت هەناسەش ڕاوەستابوو لەو چرکەدا، کەس نەیدەزانی چ ڕوودەدا! لەوکاتە کەچاوی هەمووان لەسەر ئەمنەکە و چاوەزەقەی ئەمنەکەش لەسەر هەمووان، مەریوان سمێرەختەی پێکەنینەکی کرد! ئەمنەکە جونی پێدا: لۆ پێدەکەنی کەلب ئیبن کەلب؟ مەریوانیش توند وەڵامی داوە: لۆخۆت کەلبی ئیبن کەلبی! ئەمنەکە دایڕسایە لێیدا بەڵام لەبن چنگیشی مەریوان لەباتی هاوار تەماشای هەمووانی دەکرد و بەدەم ئازارەکی قوتدراوە جارجارە زەردەخەنەی دەکرد! هەموو گۆتیان: نازانین وێنەمان نەدیتیە لەوانەیە ئەوانەی پێشمە لێرەبوون بردبیتیان. ئەمنەکە وازیهینا و ڕۆییە دەرێ. چابوو نەیزانی دوای دڕاندنی وێنەکە بەماوەکی زۆر یەک لەزیندانیەکان ئەسعەد هیرانی پارچە پارچەی وێنەکەی وەک بنیشت دەجووی و لە تی پەنجەرەکەی پشتەوە فڕێدەدا دەرێ هەتا دیار نەمینێ. دوای لێکۆڵینەوە زۆربەیان بەردران تەنیا مەریوان گیراوە و بردرا هەیئەی کەرکوکێ زیاتر ئەشکەنجە درا چونکە براپێشمەرگەبوو.

                                 دڵشاد تاقانە



بێدەسەڵاتترینەکان.. شیعری کەنعان مەدحەت

درمەکە،
لە چڵەکانی هەرە سەرەوە
تەشەنەی مۆخ و ڕیشەی کردووە
فریشتەکان..
بە هەڵە مەجوون
بێدەسەڵاتترینەکانی، دەرهەق بە مافی خۆ،
خۆمانین،
خۆ،
خۆ….!

دوای بەر شەق دران و کەسایەتی سڕینەوە..
برینە هەوکراوەکانمان بە لەفافی، ئاشتیخوازانە..
بۆ ئەپێچن.
ڤالیۆم بۆ خەو
مەڵحەم و شروب بۆ چاکبوون
لە کۆڕی دڵدانەوەی بینەرانیشا
بە مەرجی لێخۆشبوون
تیکرا دەچڕین:
( – خوا گیرۆدەی لەمە خەراپترمان نەکا).

سەرەڕای سەپاندنی دەیان دەیان سزا و
فشار و ئیمبارگۆ و
چی و چیتر
پەپوولە و پاسارییەکانی
سەر چڵە دارەکانی ئەوبەرمان
خەریکی جووتبوون و
زاوزێ و
تێپەڕاندنی ڕابوردو و تاڵیی
ئەندێشەکانیانن….
گەدەیان پڕ،
زەوقیان لە جێ..
گاڵتەیان بە دابارین و هەڵکردنی
ڕەشەبا دێ.
ئەمانیش وەک تەم و شێی هەناسەسوار
ترپەترپی سوار
هەڵدەمژن.
بە ڕووبەڕوو بوونەوە و تەڕ
وەک وشک سووتان..
هەوڵ بە بەر گرتنی تروسکە دەدەن!
دەڵێین برسیمانە، برسی….!
نیگاری دوبەی و
باڵەخانە و میوانخانە و شەوخانەکانی هەولێر
لەسەر سفرە و سینیمانا دەکێشن.
دەڵێین لە پێستەوە بۆ ئێسک،
سەرما دایگرتوین!
پاشەکەوت نەکردنی، قرچەی هاوین
بە گوناحی مە دەزانن و
سزا دەدرێین..

هەر ئێستا،
ئا لەم ئیستگە دانپیانەنراوەدا دامگرن
ئەم لێخوڕە،
تراویلکە نەفەسانەی
زەین لە ئەژنۆ و شەل و نابینانا
کورت بین و
بێکەڵک و
بێحەد گەمژە و
کەمتەرخەمن….
بە پێ داگرتنی لەمەم زیاتر
شەڕی دونیا و قیامەت بە گەل دەفرۆشن!

کەنعان مەدحەت




ئێوارانە/ ٦٠.. سەردار جاف

جەژنی ئەوين بەستەڵەکم لە گوێسەبانەی ماڵتدا
شەختەيەکم دەتوێمەوە، بەهارم لەنێو ساڵتدا
دەبمە جۆگە و زنەی بەرپێی هەوراز و نشێوی ڕێگات
بەزەييت ئاوڕداتەوە، نغرۆمکە لە نێو حاڵتدا
بە غەيری يەک کام دەشت و دەر و بيابان بگرينە بەر
کە ساباتی دڵی تۆ بم، بمچنە لە نێو شاڵتدا
هەوری و دەسماڵی سەر شانتم، با باوەشێنی کوڵمت کەم
خۆ من خوری بەردەستی تۆم، ڕەنگڕێژم لە بەرماڵتدا
پەرستگا و ئايينی منی، دەروێشم بە شەهلات قەسەم
کە ديدە مەستەی خومارييت، ئاوابووم لە جەماڵتدا
دەجريوێنم لە سەرداری حەوشەی غوربەتی ئەوينت
شکستی باڵی فڕينمە، نوستووم لە چاوی کاڵتدا
ئاوی روون و بێگەرد و مت، خاکەڕایی دەر پەرژينتم
کەشتی تەمەنت تاو بدە، شەپۆلێکم لە سەوڵتدا
بە کام ماچی ئيشق سڕ بم، کە حەزم هەراسانی تۆ
ئاوازخوێنی باڵندەم لە شۆڕەسواری خەياڵتدا
چاوت شەراب، مژۆڵت تير، بەختم ڕەشە لە کاروانا
*بشێ هەستم کپ کپ ببێ و بسکنێم لە ئيقباڵتدا؟
چەند بنازی هەقی خۆتە ئەم جوانيەت ئاتەشمە
*سەرم شۆڕ و کڕنوش بردوم لە حزووری باسمێڵتدا
خەڵوەتی رێی تاک پەرستيم شەونخونی و پاڕانەوە
*دەساخوايە خۆ ببينم لە دەرگای بنەماڵتدا
٦ / ٢ / ٢٠٢٤
ئيقباڵ ؛ بەخت
باسمێڵ ؛ بە فيز و خۆڕانەر، ، لێرە وەک ناز و لە خۆڕازي بوون هاتووە
بنەماڵ ؛ خانەخوێ ، خاوەن ماڵ




پەیژەیەکم دەوێت پێیدا بڕۆمە خوارەوە بۆ دوێنێ.. دەقی واڵا: ستیڤان شەمزینی

سەیر ونبووم
لە گێژاوی نوستالیژیادا
غەرقی شێی دوێنێم
ھەزاران جار ئەمڕۆ دەکەمە
قوربانی تەمی پێرێ
ھێشتا وەک مەیتێکی بۆنکردوو
لە کۆڵانەکانی شارێکی بێ ناز کەوتووم
ناتوانم بەسەر پردی ئێستادا
بپەڕمەوە رۆخی داھاتوو
بەسەر قادرمەیەکی پێچەوانەوە
ھەنگاو ھەنگاو
سەر بەرەو خوار رێ دەکەم
بۆ ناو ستیانی یادەوەریی و
ژێرزەمینی گەمەکانی منداڵی
جاڕسم لە دێوەزمەی ئەم ھەموو بەرقە
شەڕی من لەگەڵ ئەلکتریکە
دەمەوێ وەک جاران
لەبەر شەوقی چرا
وەزیفەی وانەکانی قوتابخانە بنووسمەوە
ئای ئەمڕۆ چەندێک سەرشۆڕە
بە بەراوورد بە ویقاری دوێنێ
ئای ئەمڕۆ چەند تیژتێپەڕە
بە بەراوورد خاوخلیچکی دوێنێ
کە بەسەر پشتی کیسەڵەوە رێی دەکرد
گوێیەکانم ئیلتھاب دەکەن
بە بیستنی گۆرانییە قۆڕەکانی ئەمڕۆ
لە نێو نوێنی قەتار و ھۆرەدا نوستووم
دەھری دەبم بە دەنگی دی جەی
فێرم بۆ چێژی سترانێک
گوێ بنێم
بە رادیۆیەکی قیسارەی کۆنەوە
کە خشەخش
دەبێتە بەشێک لە موزیکەکەی
کینەم بەرامبەر ھەر شتێکە
سەر بە رۆژگاری ئەمڕۆ بێت
عاشقی تاڵترین رۆژانی دوێنێم
ھیچ پڕۆژەیەکم نییە بۆ ئایندە
پلانم ھەیە بە سواری فڕۆکەیەکی کۆن
بگەڕێمە سەردەمی زێڕینی جاران
ئای چەند حەز دەکەم
بۆ چەند چرکەیەک کات بکەوێتە
ژێر رکێفی ویستەکانمەوە
ئەوسا ملی زەمەن بەرەو دوا بادەدەم
میلی کاتژمێرەکان
بە پێچەوانەوە دەبزوێنم
تا دەگاتە سەروەختی چاوشارکێم
لە گەڕەکێکی پەڕاوێزخراوی شاردا
تەمەنی ساڵەکان درێژ دەکەمەوە
رەنگە عومری ھەر ساڵێکی منداڵی
بگەیەنمە تەمەنی ساڵێکی رووناکی
ھەر ساڵێکی گەنجیش بکەمە
ھێندەی تەمەنی کورتی نوح
ئای چەند نیگەرانم
ماڵت بە قوڕ بگیرێ دیموکرتیس
چەند بێ ویژدانانە فێرت کردین
ناتوانین دوو جار لە ئاوی رووبارێکدا
تێر بە کامی دڵ مەلە بکەین
ھەنووکە ددان بە خودایەکدا دەنێم
دەسەڵاتی ھەبێت لە ٢٠٢٠ەوە
زەمەن بەرەو خوارەوە بگێڕێتەوە
ئاڕاستەی ساڵەکان پێچەوانە بکاتەوە
کۆتایی بەپێشڤەچوونی مێژوو بھێنێت
ئەمە کاری خوایەتییە لە ئەمڕۆدا
ئاخر من نامەوێت
لەمەوپاش ببینم
ناشخوازم بمرم
دەمەوێت بچمەوە
ناو قۆزاخەی رابردوو
لەوێ لە بری سمارت فۆن
دوو قاپی بەتاڵی ئایس کرێم
بکەمە تەلەفۆنێکی وەھمی
لە جیاتی تۆڕی جاڵجاڵۆکەیی ئینتەرنێت و
بچووکبوونەوەی دنیا بۆ گوندێک
بە ھێزی خەیاڵ گەشت بکەم
ئەو باوەڕەم بۆ بگەڕێتەوە
ئەم دنیایە زۆر لەوە گەورەترە
ئەمڕۆ مرۆڤ بچووکی کردۆتەوە
ھیچ کات
تەڵیسمی جوگرافیا ناکەمەوە
بە نێو داھاتوودا گەشت ناکەم
بەڵێن دەدەم
ھەر لە شوێنی خۆم بمێنمەوە
ھەر لەوێ لە حەوشەی ماڵی دوێنێ
کەڕوو بکەم
خودایەکم دەوێت
دەسەڵاتی بەسەر زەمەندا بشکێت
دوو دڵ نەبێت لە پێچانەوەی ئەمڕۆ
بۆ نێو باوەشی گەرمی دوێنێ
من خودایەکی ئاوھام دەوێت

کۆتایی ئۆگەستی ٢٠١٩
ئەڵمانیا – بیلەفێلد
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس

ئەم تێکستە لەناو تەوالێتدا نووسراوە، ئەو دیمەنە درۆزنانەی بە فەزای شاعیریی ناسراوە بۆ من وا نەبووە، ھیچ کات لە نێوان مۆم و لە باڵکۆنی ماڵێکی ئارامەوە ھیچم نەنوسیوە، من زیاتر لە نەخۆشخانە و تەوالێتدا دەنووسم




چادر.. پشکۆ ناکام

…..ئەو جگە لەوەی فەیلەسوفێکی عاشقە !! وەکو شەربەتی مێووژیش “نایاب”ە و بە دەیان کتێبی شانۆیی هەیە و دەیان کەس نەیانخوێنۆتەوە و لە دەیان سەرچاوەی نەنووسراوە بیلا مانێ بە خشپەیی وەرگیراون ، ئەو کە خۆی بە “شێر”ی شانۆ دائەنێ لەوانەیە ” فیل و پڵنگ”یش بێ چونکە شوێنەکانیان شاغیرە ..
ئەو زاتە گەر کاتی خۆی لە” کولیەیەی شورتە ” وەربگیرایە کە بۆ ئەو مەبەستە چووبوە بەغا و بۆ نەگبەتی هونەری کوردی لە “ئەکادیمیا” گیرسایەوە ئێستا لە جیاتی “عمیدي شانۆ” ئەبوو بە ” عمیدی مەخفەر”.!! لەو سەردەمەیا بە لای “حیزبی شیوعی”یا ئەیشکانەوە ئێستا لە پارتی زیاتر خۆی بە ” مەلایی” دائەنێ و شانازییەکی گەورە ئەکا بەوەی “خزم”ی دەسەڵاتدارانە و جەلالی و مەلایی کە ڕەشترین لاپەڕەکانی مئژوومانە ئەو بە سنگ فراوانی و سەربەرزییەوە ئەڵێ ” منی مەلایی”! جا تۆ بڵێ ی فەقیانەکانی قۆڵی ئەو مێژووە سپی کەنەوە؟.. هێندە شارەزایە و دوو هێندە باکگراوندی شانۆیی هەیە کە ئەڵێ : سێ بەشی نواندن دەنگە ، جا ئاخۆ بە ئەنقەست ” پانتۆمیم”ی پەڕانوە و تەمەن وای کردوە کە “چارلی چاپلن”ی لە بیر بچێتەوە..!؟
ئەو کە هونەر و پارەی وەک مشکی و جامانەکەی تێکەڵ کردوە و وائەزانێ خەنجەر و تەسبیحی پشتوێنەکەی سیمبولی شانۆ و هونەرن ، ووڵات غەرقی نەهامەتی و وێرانی بوە ئەو نوتقی لێوە نایە و کە ئەڵێ سێ بەشی نواندن دەنگە بوە نووزویەکی لێوە نایە و بوە بەكەڕەی شەربەت …!؟

لەوانەیە پارە خەڵک بگۆڕێ ، بەڵام کە پارە وەک “مەکینەی جل شتن ” کەسێکی لە “بێ هەڵوێستی” یا لە ئاوا هەڵکێشا ئەو کەسە پاک نابێتەوە بەڵکو کە هاتە دەرەوە شێوەی پارە وەرئەگرێ… ئەو کوردستانی بە ئەندازەیەک خۆش ئەوێ کە هەموو جار ئەیووت : ئەم کوردستانە زۆر خۆشە بەس ئەو یانەمانە تێکی یاوە …
” سوکرات ” ئەڵێ : “گەر بارانی ئازادی باری و کۆیلەکان چەتریان هەڵا ئەوا شایانی ئەوەن هەر کۆیلە بن” ، دیارە شێرەکەی شانۆی کوردی لە ترسی ئەو بارانە “چادر”ی تورکی هەڵاوە…..




حیجاب لەنێوان ئازادی و ترس دا!.. شەماڵ بارەوانی

کێشە ئەو پارچەپەڕۆیە نییە کە ئەوان ناویان ناوە (حیجاب و نیقاب)، بەڵکو مەترسییەکە ئەو ئەجێندا ئیسلامگەرا و فیکرە ئیخوانگەرا مەترسیناکەیە کە لەپشت ئەو پڕۆژەی بە کابولکردنی کوردستان و ئەو تاجی قوڕلەسەرنانە(تاجی زێڕین)یە کە دەخرێتە سەری ئەو هەموو کچە منداڵ و هەرزەکارەی نیشتمانەکەم و مێشکیان پڕی کۆد و فیکری داعشی دەکەن.

کێشەکە هەر ئەوە نییە کە ئەوان دەبێ دەرگای فەزای تایبەتی و گشتی ئەو وڵاتە بۆ چاڵاکییە حزبی، ئایدیۆلۆژییە ئیسلامییەسیاسییەکەیان لەسەر پشت بێت و نابێت کەسیش ڕەخنه لەو هەموو هەوڵ و چاڵاکییە بە داعشکردن و بە تەعریبکردن و ئەنفالکردنەی کلتور و ناو و جل و بەرگ و هەموو شتێکی کوردیمان بگرێت، بەڵکو کارەساتەکە ئەوەیە کە جوودابیران و ئێمەی سیکۆلار و بۆمان نییە ساڵانەش بێت فێستیڤاڵێکی جلی مۆدێرن و نمایشێکی جیاواز و شتێکی جیاواز لە ئاڕاستە و دۆگم و ئیدەلۆژیای ئیسلامی سیاسی و سەلەفییەتی دینی بکەین.

کێشەکە هەر ئەوە نییە کە ئەقڵ و هۆش و منداڵێتی ئەو هەموو کچە منداڵ و هەرزەکارە بێ باکگراوەند، سادەلەوح، ناڕۆشنبیر و ناهۆشیارە وێران دەکەن و نیقاب و حیجابی خەلیجییان لەژێرناوی ئایین دەخەنە سەر، بەڵکو مەهزەلەکە ئەوەیە کە هەموو ئەوانە بە بیرێکی مەترسیناک و داعشی تەلقین دەدرێن و دەبن بە دووژمنێکی سەرسەختی ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵگەی مەدەنی و کراوە و لە کۆمەڵگا و لە سۆشیال میدیا، دێن و جوێن به جودابیر، ئایینەکانی تر، کچی سفوور، هونەرمەند، ئەکتەر، گۆرانیبێژ، شایی ڕەشبەڵەک، شیعر و تابلۆ و هونەر و مۆسیقا و ئازادی و دار و بەرد دەدەن و بەهەرشتێکدا هەڵدەشاخێن و هێرشی دەکەنە سەر، کە لەگەڵ میزاج و فیکریان نەگونجێت. وەک ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە کۆمەڵگەی کوردی.
ئەزیزم، مەڵێ ئەوە ئازادی تاکە و تۆ بۆ قسەی لەسەر دەکەیت؟!
هەڵبەتە لەچک و باڵاپۆشی بەو مانا و مەفهووم و حەملە ئیخوانییەی کە ئێستا لە کوردستان دەکرێت، هیچ پەیوەندییەکی بە ئازادی و شتەوە نییە. ئازادی دەبێ هۆشیاری لەگەڵ دابێت. نەک هەستی پاکی منداڵی هەرزەکار کە هیچ لە واتای ئازادی نازانیت، بقۆزیتەوە و بکەیت و بێیت و بە ئاگری دۆزەخ و ترسی ئایین و چەمکی بەڕەڵایی بیانترسێنیت، تا بۆت ببن بە کەرەسەکی خاو و داماو و بە ئاسانی بتوانیت ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی و کڵاوی ئیخوانییەت و ڤایرۆسی تەعریبیان بخەیتە سەر. بە دڵنیاییەوە ئازادی و ترس، چ جاران پێکەوە کۆنابنەوە. من دایک و خوشکەکانم هەموو موسوڵمانن و لەچکیش دەکەن و تا سەرمۆخی یەسقان ڕێزیان دەگرم و هەرگیز ئێمە دژی لەچک و باڵاپۆشی نین، بەڵکو دژی ئەو حەملە ئیخوانی و ئیسلامییە سیاسییە مەترسیناکەین کە ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە بە ناوی (تاجی زێڕین)ـەوە ئەنجامدەدرێت.
سەیرە! لەچک و جلپۆشین و چی پۆشین و چی نەپۆشین شتی تایبەتین و چی پێویست دەکات فێستیڤاڵی بۆ ڕێکخەیت و حەملەی ئیخوانی بۆ دەست پێبکەیت؟




ڕاکردن.. شیعری نەوزاد بەندی

لە بێدەربەستیی تۆ ڕامکرد ، قەت بڕوا مەکە بێمەوە ..
تکا دەکەم تۆیش واز بێنە و دوورە پەرێز بە لێمەوە ..
چەند جار تەنیاییت تێ بەردام ، ووشە و نیگام لە گۆ کەوتن ،
ئاگات لێ نەبوو بەو داخە ، تا بەیانی ئەتلێمەوە ..
بچووکترین هەل ڕەخسا بێ ، منت تێدا جێهێشتووە ،
لاتوابووە ئاڵودەت بووم ، هەر ناوی تۆ ئەڵێمەوە ..؟
لە ڕقی پیرۆز نازانی ، بەری دار نییە ، هی بەردە ،
کە دڵ داگیرسا وەک پشکۆ ، بە بێ تۆیش ئەگەشێمەوە ..
سەد جار بێ هۆ خۆتت وونکرد، ڕۆیشتی بۆ گەشت و بۆ گەڕان ..
به تەمای بە ئاماژەیەک ، زوو بۆ لات بگەڕێمەوە ..؟!
دیدار و پەیمانی درۆ ، شکاندیانی لەبەرچاوم ،
زامەکانی دەستی خۆتە ، ئێستا لای خۆت ئەکولێمەوە ..
ئەم غرور و لووتبەرزییە ، چییە سەری لێتێکداوی ؟ ،
زۆر دەمێکە من خەریکم داو بۆ غوربەت ئەنێمەوە ..
بە خەتکوژێن نا ، بە چەقۆ ، ئەیسڕمەوە شوێنەوارت ..
بۆ یەک جاریش‌ ، خەندەیەکت
هەڵنەواسیوە پێمەوە ..
پیرەمێردێکی پڕ لە داخ ، ئەبێ کەڵکی چی تۆ بگرێ ؟
دروێنەی شیعرت مەبەستە ، بە بەراو و به دێمەوە ؟
ئەتەوێ لە ووشەی منا ، تەخت و تاراجێکت هەبێ ،
تەنانەت لە خەیاڵیشا نەهێڵی بحەسێمەوە ؟
بە داخەوە ! لە داخی تۆ ، ڕەنگە کتێبیش جێ بێڵم ،
بچمە شوێنێکی وا نادیار ، مەر بە مەرگ بدۆزرێمەوە .




مارکسیزم و ئەدەب: سێ بیرۆکەی سەرەکی.. نووسینی: لووک دان(*).. و: نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)

تێگەشتنی مارکس بۆ ئەدەب چی بوو و دوواتر مارکسییەکان چۆن ئەدەبیان تیۆریزە کردووە؟ مارکسیزم یەکێک لە بەرفراوانترین ڕوانگە ڕەخنەییەکانی سەبارەت بە ئەدەب دابینکردووە و نزیکەی بە دوو سەدەیە تیۆریستانی ئەدەب وەکوو سەرچاوە بەکاریدەهێنن.
لەم نووسینەدا لە سێ بیرۆکەی سەرەکی نەریتی مارکسیستی لە ڕەخنەی ئەدەبیدا دەکۆڵینەوە.
سەرەتا لە هەڵوێستی مارکس خۆی لە بارەی ئەدەبەوە دەست پێدەکەین، دواتر ڕۆشنایی دەخەینە سەر زانستی کۆمەڵناسی ئەدەب، لەگەڵ ئاوێزانکردنی شیکاری کۆمەڵایەتی بە بابەتی ئەدەبی لە ئاستێکی فراواندا. لە کۆتاییشدا هەڵوێستەیەک دەکەین سەبارەت بە هێزی ماددی لە بەرهەمهێنانی ئەدەبیدا لەگەڵ پەیوەندی ئایدیۆلۆژیا و ئەدەب.

ڕێبازی مارکسیستی بۆ ئەدەب

چی دەزانیین سەبارەت پەیوەندی مارکس بە ئەدەبەوە؟ هیچ کەسێک بە بێ هۆکار ئەدەب ناخوێنێتەوە، زۆرجار وا باشترە لە هەنگاوی یەکەمدا هەوڵبدرێت بەرنامەیەکی ئەبستراکت دابنرێت بۆ تێگەشتن لە هۆکارە زاتییە تایبەتمەندییەکان. بە کورتییەکەی مارکس لە ئاستێکی فراواندا خوێنەرێکی لەڕادەبەر ناوازە بووە بەهەمان ڕادەش لە ڕووی چەندایەتییەوە.
مارکس لە تەمەنی لاوێتیدا چەندین هەوڵی سەرەتایی هەبوو لە بواری ئەدەبدا، لەوانە ڕۆمانێکی تەواو نەکراو و کۆمەڵێکی بەرچاو لە شیعر. هەروەها چەندین پرۆژەی پێشنیارکراوی سەبارەت بە ئەدەب و بابەتی ئەدەبی لە پاش خۆی بە تەواونەکراوی بەجێهێشتووە، لەوانە: تیۆری هونەر و رۆشنبیری و ئەویتریان سەبارەت بە ڕۆمانەکانی بەلزاک. لەگەڵ ئەوەشدا وەک ئەوەی تێری ئیگڵتن دەڵێ )ئەم نووسینە قەرزاری کارێکی گەورەیە) بەشدارییەکی ڕاستەوخۆ لە بابەت و کارە ئەدەبییەکانی مارکس و فردریک ئەنگڵسی هاوڕێ و هاوبیری، کە تاڕادەیەک لەدنیای واقیعدا لاوازە.

دۆخی کۆمەڵایەتی ئەدەب

یەکێک لە سادەترین تێڕوانینەکانی مارکسیزم هەر لەو سەردەمەوە کە کاریگەری لەسەر تیۆریزەکردنی ئەدەب هەبووە ئەوەیە کە کاری هونەری دەرهاویشتەی دۆخە مێژوویەکەیەتی. تێگەشتنێکی تەواو لە کارە هونەرییەکە، شیکارێکی دۆخەکە لەخۆ دەگرێت. بەتایبەتی لە ناوەڕۆکی کاری هونەریدا گرنگە وەک بەرهەمی کار سەیر بکرێت. ئاستێکی باڵایە لە پرۆسەی بەرهەمهێنان، هەروەکوو هەندێ دۆخی مێژوویی هەن دەبنە مایەی هاتنە دەرەوەی شێوەیەک لە پیشەسازی و دابەشکردنی سەرچاوەکان، دۆخی مێژوویی هەیە جۆرێک لە کاری هونەری لێدەکەوێتەوە.
یەکێک لەو ڕێگایانەی ئەم هونەرە خۆی تێدا نمایش دەکات پێی دەوترێت “ کۆمەڵناسی” ئەدەب، کە هەوڵدانە بۆ خوێندنەوەی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییەی تێکەڵاوی بەرهەمی کار دەبێت. بۆ نموونە ئەمە بەرتەسک نابێتەوە لە دیمۆگرافیای کۆمەڵایەتی نووسەر و خوێنەر، خوێندەواری و رێگرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی سەر بڵاوکراوەکان و دیاریکردنی سەلیقە. گرنگە جیاوازی بکرێت لە نێوان ئەم دیسپلینە و ڕەخنەی مارکسیستی، کە مەیلی ئەوەی هەیە لە ژێر ڕۆشنایی تێڕوانینەکانی سەبارەت بە کۆمەڵگە هەوڵی تێگەشتن لە بەرهەمە هونەرییەکان بدات.

ئەدەب؛ وەک بەرهەمی هێزی ماددی

وەک ئەوەی پێشتر تێبینیمان کردووە، تێڕوانینی مارکسیستی بۆ ئەدەب جەخت لەسەر پەیوەندی نێوان هونەر و ئەو زەمینە کۆمەڵایەتییە دەکاتەوە کە بەرهەمی دەهێنێت. ئەم مکوڕبوونە لەسەر “ ماددە “ لەوە تێدەپەڕێت تەنها ئیدعایەک بێت سەبارەت بە هونەر، بەڵکوو بایەخدانە بە مرۆڤ و بارە دەروونییەکانی.
مارکس لە کتێبی ئایدیۆلۆجی ئەڵمانیدا بەشێوەیکی ڕۆشن سەرنج دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان فیکر و هێزە مادییەکان وەک ئەوەی لێرەدا دەردەکەوێت: (بەرهەمهێنانی بیرۆکە و چەمک و هۆشیاری پێش هەموو شتێک و ڕاستەوخۆ لە پێگەی یەکەمدا لەگەڵ پەیوەندی ماددی مرۆڤ و زمانی ژیانی ڕاستەقینەدا تێکەڵ دەبێت. تێگەشتن، بیرکردنەوە، تێکەڵاوبوونە ڕووحییەکانی مرۆڤ، لێرەدا دەردەکەوێت کە ئەمانە بەشێکن لە خوو و ڕەوشتە مادییەکانی مرۆڤ. ئێمە لەوە سەرچاوە ناگرین کە مرۆڤەکان دەیڵێن،بیردەکەینەوە، رادەمێنین، نا لەو کەسانەی وەک ئەوەی پێناسەکراون، ئێمە لە کەسی چالاکەوە دەستپێدەکەین… هۆشیاری ژیان دیاری ناکات.. ژیان هۆشیاری دیاریدەکات.) بە دڵنیاییەوە ئایدیۆلۆژیا هەرگیز سەربەخۆ نییە، بەڵکوو ئەرکی شەرعیەتدانە بە هەیکەلی ڕێکخستنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. هونەریش وەک بەشێک لەوسەرخانە بۆخۆی ئامڕازی پێکهێنانی ئایدیۆلۆژیایە.
ڕەنگە پێمان وابێت مارکس هەستێکی بنەڕەتیمان دەداتێ لەوەی ڕەخنەی مارکسی چی لەخۆی دەگرێت، واتە بەم شێوازەی خوارەوە. چونکە بەرهەمە هونەرییەکان خاوەنی هێماسازیی و بنەمای تایبەت بە خۆیانن و تەنیا پەیوەندییەکی مەیل و ناڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ ئەو جیهانە کۆمەڵایەتییانەی کە پێکیان دەهێنن. ئیتر هیچ دەرفەتێک نییە بۆ شیکاری ئەو کۆمەڵگایانەی کە تێیدا دروست دەبن. ڕاستر وایە مرۆڤ دەبێت لە هاتن و ڕۆشتنی بەردەوامدا بێت لەنێوان کاری ئەدەبی و وەک ئەوەی ئیگڵتن دەڵێ (ئەو دونیا ئایدیۆلۆژییەی کە تێیدا نیشتەجێیە.)
ڕەنگە ئارەزوو بکەین و بڵێین شتێکی سێیەم و جیاواز هەیە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت: دەروونناسی خودی نووسەر. ئایا زۆرجار بەرهەمە هونەرییەکان دەربڕی کەسایەتی ئەو کەسانە نییە کە دروستیان دەکەن؟ ئایا ناسینی مێشکی هونەرمەندێک بە ئەگەرێکی زۆرەوە گرنگ نییە، تەنانەت ئەگەر نەمانەوێت پێشنیاری ئەوە بکەین کە شیکردنەوەی بەرهەمێکی ئەدەبی تەنها هەوڵێکە بۆ ئەوەی بزانین مەبەست لێی چی بووە؟
لە کاتێکدا و بەدڵنیاییەوە دەتوانین و وە پێویستە بیر لە نووسەرەکە و نووسینەکەیان بکەینەوە، بەڵام گرنگە ناوەڕۆکی ئەو تێڕوانینە مارکسییە لەبەرچاو بگرین کە دەروونناسی نووسەر بەرهەمی کۆمەڵگەکەیەتی لە ساتێکی دیاریکراوی مێژووییدا . ئەم تێڕوانینە بەڕوونی کاریگەری دەبێت لەسەر شێوازی نزیکبوونەوەی ئێمە لەگەڵ ژیاننامەی ئەدەبی و ڕەخنەگرانی ئەدەبی لە نووسەران.

ئەدەب و ئایدیلۆژیا

تەنها شتێک کە ئیگڵتن پێداگری لەسەر دەکات لە کاتی نووسینیدا سەبارەت بە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی ئەوەیە کە مارکسیزم کەمتر گرنگی بە جیاوازی داوە لە نێوانی کاری هونەری و پرۆسەی هونەری کە مەرجی درووستکردنەکەیە و داننانە بەو رێگایەی کە یەکانگیریان دەکات. لە ڕاستیدا شتێک کەپێویستە جەختی لەسەر بکەینەوە ئەوەیە نەریتی مارکسیستی و بە دڵنیاییەوە گرنگترین لە بیرمەندەکانی، ئەو بۆچوونە ناگرنەبەر کە هونەر خۆی هەمیشە ڕەنگدانەوەی شەفافانەی هەلومەرجی کۆمەڵایەتییە.
لەراستیدا بەهای هونەر، ڕەخنەی هونەری، تیۆری ئەدەبی و .. هتد بەشێوەیەک دەرئەنجامی ئەوەیە کە ئەدەب بۆتە یەکێک لە پێگە گەشەکردووە ئاڵۆزەکانی و لە هەمان کاتدا لایەنە ڕووناکەکەی ئایدیۆلۆژیا. لەم خاڵەدا وا چاکە هەنگاوێک بچینە دوواوە و بپرسین : ئەرێ ئایدیۆلۆژیا چییە؟ ئایدیۆلۆژیا بە مانا نا مارکسیستییەکەی ( یان گرنگ نییە بڵێین مارکسیستی)، ئاماژەیەکە بە مەیلی دۆگمای سیاسی، رەچەتەیەکی ڕۆشنە لەگەڵ هەندێک گرنگییەتی سیاسی. بەڵام ئایدیۆلۆژیا لە سیاقی مارکسیزمدا ڕەنگە بەشێوەیەکی سوودمەند لە چوار چێوەی باوەڕی سیاسیدا پێناسە نەکرێت. بە پێچەوانەوە، ئایدیۆلۆژیا سنووردارکردنی بیروباوەڕ، بەهاکان، دادگا و بیرکردنەوەکان و تەنانەت ڕەنگە کاری سەرکوتکردن و بێهۆشی پەرچەکردارەکەی ببێتە مایەی شاردنەوەی چوار چێوەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەکە.

مەودای ڕوانگە

ئیگڵتن تێبینی ئەوە دەکات کە تێگەشتنی مارکسی ئەوەیە کە ئەدەب پەیوەستە بە ئایدیۆلۆژییەوە لەسەر دوو بنەمای تووندڕەوی. یەکێکیان ئەو هەڵوێستەیە کە پێیوایە ئەدەب شێوەیەکی هونەری ئایدیۆلۆژیا خۆیەتی، واتە ئەمە هەموو شتێکە لە ئەدەب. کەواتە ئەدەب لە خۆیدا تێگەشتنێکە لە کۆمەڵگە خۆی.
بنەمای دووەم پێچەوانەی بنەمای یەکەمە، پێیوایە ئەدەب گەشەدەکات بۆ دژایەتیکردنی ئایدیۆلۆژیا ( لایەنی کەم ئەدەبی باش بانگێشتەی ئەمەیان دەکات).
کەواتە ئیرنست فیشەر ئەم هەڵوێستەیانی هەڵبژارد لە هونەر دژ بە ئایدیۆلۆژیا، بۆیە ئەدەب بەشێوەیەکی تایبەتی شایانی گرنگی پێدانە تا ئەو شوێنەی ئەڵتەرناتیڤی ئایدیۆلۆژی فەراهەم دەکات.
هەڵوێستێکی تر ئەوەیە هەروەکوو مارکسیزانی ناسراوی فەرەنسی لویز ئۆڵثویسەر پێیوایە ئەدەب و هونەر ئایدیۆلۆژی نین، بەڵکوو نوێنەرایەتی ئەزموونێکی تایبەتی ئایدیۆلۆژیا دەکەن، دەکرێت کەمتر یان زۆرتر بارگاوی بن بە ئایدیۆلۆژیا. لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت هونەر پانتاییەک لە دووری نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگەوە دابین بکات و بە هۆیانەوە ڕەخنە لە نۆرمە باوەکان بگرێت. بەڵام بەلای ئۆڵثویسەرەوە حەقیقەت ئەوەیە ڕەخنە ناتوانێت لەگەڵ خودی کاری ئەدەبییەوە بێتە دەرێ، چونکە بەشێوەیەکی یەکلاییکەرەوە نوێنەرایەتی مەعریفەیە نەک ئەزموون. مارکسیزم بە شێوەیەکی نەریتی هێڵێکی وردی کێشا لە نێوان زیادە ڕۆیی ڕووناکبیری و دژەکانی بواری ڕۆشنبیری، هەروەها لە هیچ شوێنێک ئەم هاوسەنگییە بەم ڕۆشنییە بەردەست نییە لە تێگەشتنی مارکسیزم نەبێت بۆ ئەدەب.

(*)لووک دان؛ دەرچووی بەشی فەلسەفە و خوداناسییە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا، بایەخە سەرەکییەکانی بریتین لە مێژووی فەلسەفە و میتافیزیکی عەقڵ و تیۆری کۆمەڵایەتی.

سەرچاوە : TC The. Collector website
Luke Dunne , BA Philosophy & Theology
Posted November 23, 2023

https://www.thecollector.com/marxism-literature-ideas

——————–

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٧ی رۆژنامەی رەوت بڵاوبۆتەوە




دیدارێک لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار هەرێم جەماڵ(*).. سازدانی: عەبدولا سڵێمان(مەشخەڵ)

لەجەرگەی پایزێکی تەڕ و باراناوی و بەدەم کزەبایەکی سارد و وەرینی گەڵای دارەکانی قەراغ شۆستەکانی شار، هونەرمەندێکی کورد لە یەکێک لە ناوەندە هونەرییەکانی شاری ڤانکووڤەر، بەکۆمەڵی تابلۆ و کاری هونەریی جوان دەیەوێت پەیامێک بدات بەگوێی سەردانیکەرانی پێشانگاکە و شار. ئەو هونەرمەندەش هەرێم جەماڵە. تابلۆکانی ئەم هونەرمەندە بەگشتی هەڵگری خەمی ئینسان و نمایشی ستایڵێکی هونەری واقیعی و جوانن. ئەتمۆسفیری کارە هونەرییەکان سیخناخ بوون بە ڕەتکردنەوەی ئەم ماڵوێرانی و کارەسات و جەنگ و ئاوارەیی و کوشتنەی کە یەخەی مرۆڤایەتی گرتووە. هونەرمەند هەرێم جەماڵ لەنێوان خەمی ئینسان و هونەرێکی بەرز، زیرەکانە ڕایەڵەیەکی تووند و تۆڵی ئارایشت داوە. ڕۆژنامەی ڕەوت جگە لە ئامادەبوونی لەو پێشانگایە، پێشنیاری ئەم دیدارەشی خستە بەردەم هونەرمەند هەرێم و ئەویش خۆشحاڵانە پێشنیارەکەی قەبووڵ کرد.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : سەرەتا زۆر سوپاس بۆ قەبووڵکردنی ئەم دیدارە لەگەڵ رۆژنامەی ڕەوت. وێڕای پیرۆزباییمان بۆ ئەم پێشانگایەت، بەچاوگێڕانێک بەنێو تابلۆکاندا، بینەر هەست بە پەیوەندییەکی قووڵ لەنێوان تابلۆکان و ژیانی ئینسانەکانی ئەم سەردەمە دەکات. یان بڵێێن هەست بە پەیوەندییەکی پتەوی نێوان هونەر و واقیع دەکات. بەبۆچوونی ئێوە هونەرمەند چیبکات تا ئەم پەیوەندییەی نێوان هونەر و واقیع بەزیندوویی ڕابگرێت؟

هەرێم جەماڵ : هونەر وهونەرمەندان پێگەی جیاوازیان هەیە لە کۆمەڵگەدا، شێوازی جیاوازیان هەیە بۆ دەربڕین و کارکردن . هونەرمەندی زۆرهەیە لە دەرەوەی بازنەی ڕوداوەکان کار دەکەن، یان لە ڕێگەی هونەرەکەیانەوە جوانی بڵاو ئەکەنەوە و تێکەڵ بە گرفتەکان و واقعی ژیانی ئەمڕۆ نابن، کە بە بۆچونی من ئەوە مافی خۆیانە و ناکرێ بخرێنە ژێر ڕەخنەی ڕوخێنەر کە بۆچی هونەرەکەیان ڕەنگدانەوی گرفتەکان و ئەوەی ئەگوزەرێ نییە. بەڵکوو بگرە جێی دەستخۆشین کە جوانی وئاشتی ئەگوێزنەوە بۆ بینەر وە کۆمەڵگە پێویستی پێیان هەیە. منیش لەگەڵ ئەوەی زۆربەی لەسەر بابەتی جەنگ وستەم و قوربانیانی جەنگ و کارەساتە مرۆییەکانە، بەڵام زۆرجار هەڵدەستم بە کێشانی تابلۆی سروشت، گوڵ، دیمەنی ئارامبەخش و پڕ لە ڕەنگ. چونکە پێویستم پێیەتی وە ئەمە مانای پشتگوێ خستن و دورکەوتنەوە نییە لە ئامانجە سەرەکییەکەم.
ئەکرێ رۆژێک ستایلی کاردنی من بگۆرێ بەڵام لە ئێستادا کاری من ئەوەیە پەیامەکەم بەو شێوەیە بگەیەنم. پێم باشە بە تابلۆیەک ڕای خۆم لەسەر بابەتێک یاخود ڕوداوێکی گرنگ دەربڕم، نەوەک قسەی لەسەر بکەم، یان ڤیدیۆیەک، نوەسینێک، یا پۆستێک بڵاوبکەمەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەوە کاری من نییە و کەسانی تر زۆرن بەو شێوە گوزارشتی بکەن. تەنانەت لە ئێستادا بەشێوەیەکی لێ هاتووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر کەس ‌قسە لەسەر بابەت و ڕوداو وپێشهاتەکان ئەکەن بەبێ شارەزایی و زانیاری دروست. جگە ئەوە پێم وایە پەیامێک یان بۆچونێک لەسەر بابەتێک لەڕێی کاری هونەرییەوە، زۆر زیاتر بایەخی هەبێت و بینەر تێڕامانی هەبێت بۆی و بیری لێبکاتەوە. وە زیندوو ڕاگرتنی پەیوەندی نێوان هونەرمەند و واقیع و بینەر پێویستی بە خۆئەپدەیت کردنەوە هەیە لەگەڵ ڕووداوەکان و ئەو ئیڤێنتانەی کاریگەری هەیە لەسەر هونەرمەند و ئێستای کۆمەڵگە.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : ناوەڕۆکی کارە هونەرییەکانت لێوڕێژن لە هەستی ئینسانیی بەرز. واتە ئینسان بۆتە چەقی ئیشەکانت. خەمی ژیان، منداڵ، ژن،ئاوارەیی و جەنگ..تاد دوواجار هەموو ئەمانە دەبنە پەیامی هونەری. تۆ لەڕێگەی ئەم کارە هونەرییانەوە دەتەوێت چ پەیامێک بگەێنیت؟
هەرێم جەماڵ :
بەڵێ، ئەوانەی ئاماژەت پێدا وە هاوکات مرۆڤە بێتاوانەکان و قوربانیان، زوڵم و ستەم، جەنگ و کاریگەرییەکانی، بابەتی سەرەکی کارەکانمن لە ئێستادا وە بە ڕێژەیەکی زۆر منداڵ چەقی کارەکانمە و هەژموونی هەیە لە کارەکانمدا. هۆکاری هەلبژاردنی ئەو بابەتانە بۆ کارەکانم ئەکرێ زۆربن. ئێمە لە جیهانێکدا ئەژین کە ئەم کارەسات و ڕوداوانە ڕۆژانە دەبینین و دوبارە ئەبنەوە و کۆتایی نایەن. نەک تەنها شایەتحاڵی ئەو ڕووداوانە ئەبین بەڵکوو زۆرێکمان ئەزموونمان کردوە و ئێستاش ڕوودەن، وە تەنها خەڵکی بێتاوان و بێدەسەڵات دەبنە قوربانی و سووتەمەنی لەم نێوەندەدا.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی مناڵ لە چەقی کارەکانمدا، چەند هۆکارێک هەیە. وەک مرۆڤ پێم وابێت هەموومان هاوڕاین لە نێوان ئەم هەموو ڕووداو و کارەساتە مرۆییانەدا، منداڵ تاکە کەسە کە بێتاوانە و هیچ پەیوەندییەکی نییە بەوەی لە چواردەوری ڕوو دەدەن. منداڵ بێئاگایە لەوەی بۆچی دەکوژرێ، برسی دەکرێ، زوڵمی لێ دەکرێ، بێ دایک و باوک دەکرێ. منداڵ بێئاگایە لەوەی بۆچی دەبێ لەناکاو ئاوارە بکرێ. منداڵ بێ ئاگایە لەو دینەی بۆی دیاری کراوە. منداڵ پێویستە تەنها منداڵ بێت و دڵخۆش بێت.
هۆکارێکی تری بوونی منداڵ لە کارە هونەرییەکانمدا ڕەنگە ئەوەبێت کە خۆم مناڵیم لەدەست داوە بەهۆی جەنگەوە. زیاتر لە هەشت ساڵی مناڵیم لە کەمپی پەنابەران بەسەربرد لەگەڵ خانەوادەکەم کە وەک زیندان بوو، هاتنە دەرەوە لەو کەمپە تەنها بۆ کارکردن بوو لەو تەمەنە کەمەدا. جەنگ ساتەکانی مناڵی بردم وە ئێستاش هەر منداڵێک ئەبینم لەو بارودۆخە مناڵی خۆمم بیردەکەوێتەوە، بۆیە ئەمەوێ دڵخۆش بن. ئێستاش کە منداڵان ئەبینم خەریکی یاری کردنن پێمخۆشە بڕۆم یارییان لەگەڵ بکەم و قەرەبووی ساتە لەدەست چووەکانی مناڵیم بکەمەوە.
ئێمە لە جیهانێکدا ئەژین کە پڕە لە جەنگ و نادادپەروەری وە خەڵکی بێتاوان بوونەتە قوربانی چاوچنۆکی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی سەرمایەداری. وەک چارلی چاپلین لە فیلمی ‘دیکتاتۆر’ ئەڵێت “یەهودی وغەیرە یەهودی، ڕەش و سپی، فەرقی نییە. مرۆڤ بوون واتە هەموومان هاوکاری یەکتربین. نەفرەت و ڕق لێبوونەوە کاری ئێمە نییە. زەوی بە پێی پێوییست جێی بۆ هەممومان هەیە و پێویستی هەموومان دابین ئەکات.”
ئێمەی هونەرمەندیش خۆ ئەگەر نەشتوانین گۆڕانکاری بکەین، بەڵام ناتوانین دەست و چاومان دابخەین، وە ئەکرێت بە هونەرەکەمان دۆخەکە بەرجەستە بکەین و کاریگەری دروست بکەین.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : کەرەسە و مەتریاڵەکانی ئیشە هونەرییەکان جیاواز بوون. تیایاندا هەبوو زەیتی بوون لەسەر کانفاس و هەشبوو ئەکریلیک، هەشبوو موجەسەم. ئایا ناوەڕۆکی ئیشە هونەرییەکان وا دەکات کە ئەو کەرەستانە هەڵبژێریت، یان ستایڵی هونەریی وا دەخوازێت؟
هەرێم جەماڵ :
بەکارهێنانی جۆری کەرەستە بۆ کاری هونەری ئەکرێت هەم بە پێی جۆری ستایلی کارکردن وە هەم بەپێی ناوەڕۆکی کارەکە بگۆڕێت. لەگەڵ ئەوەی زۆربەی کارەکانم لە تابلۆیا خۆی ئەبینێتەوە، بەڵام هەندێ جار کۆنسێپتی کارەکە وا ئەخوازێت کە کەرەستەیەکی دیکە بەکاربهێنم کە ڕەنگە زۆر دووربێت لە تابلۆ و بچێتە چوارچێوەی ڕێبازێکی دیکەی هونەری. هەربۆیە کاری هونەری لای من تەنها تابلۆ نیە. هەرچەند ستایل و کارکردنی من زیاتر لەڕێگەی تابلۆوەیە بەڵام زۆرجار سەردانی گەلەری و پێشانگە هونەرییەکان ئەکەم کە کار لەسەر کەرەستە و ڕێبازی جیاواز ئەکەن، وە زۆر گونجاوە لەگەڵ ناوەڕۆکی کارەکان و زۆر بە دروستی و بە قووڵی پەیامی کارەکەیان ئەگەیەنن.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : ئەم پێشانگایە سێیەمین پێشانگاتان بوو لە هەرێمی بریتش کۆڵۆمبیای وڵاتی کەنەدا، بەگشتی ڕەوەندی کوردیی چۆن پێشوازییان لەم پێشانگایەت کرد؟
هەرێم جەماڵ :
بەڵێ ئەمە سێیەمین پێشانگەم بو لێرە وە بە خۆشحاڵییەوە ئامادەبوویەکی زۆری لێبووە بەڵام بەداخەوە ڕێژەی سەردانکردنی کوردەکان زۆر کەم بووە. ئەمە وەک گلەیی نییە لەلایەن منەوە چونکە پێم وابێت زۆری کوردەکان ئآشنان بە چیرۆکی کارەکانی من وە ڕەنگە تەنانەت زۆرێکیان لە هەمان بارودۆخدا بووبن وە هەمان چیرۆک و کارەساتیان بەسەردا هاتبێت. بۆ من زیاتر گرنگی لەوەدایە پەیامەکە بگات بە خەڵکی دەرەوە و غەیرە کورد کە خۆشبەختانە تا ئێستا سەرکەوتوو بووم. کاتێک کە بینەرێکی بیانی دێتە ناو پیشانگەکەم و لە کارەکانم ئەڕوانێت، بە دڵێکی پڕەوە قسەم لەگەڵ ئەکات و هەڵهێنجان بۆ کارەکانم ئەکات و دواتر داوای لێبوردن ئەکات کە ئەو هەموو کارەساتەمان بەسەر هاتووە، ئەوکات من دڵخۆش ئەبم چونکە پەیامی کارەکانم گەشتووە و کاریگەرییەکەی ئەبینم. بەڵام پشتگیری و سەردانکردنی کوردەکان زیاتر ئەبێتە جێی دڵخۆشی کە ببینم بایەخ ئەدەن بە کاری هونەری، وە بوونی کۆمەڵگەیەکی کوردی کە بایەخ بدات بەو چالاکییە هونەرییانە گرنگە.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : پەیوەندییتان لەگەڵ هونەرمەند و دەزگا و ناوەندە هونەرییەکانی وڵاتی کەنەدا چۆنە و لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا توانیوتانە ڕایەڵەیەک دروست بکەن؟
هەرێم جەماڵ :
پەیوەندی دروست کردن لەگەڵ دام ودەزگا هونەرییەکان کارێکی خێرا و ئاسان نییە، بەوەی کە هەزاران هونەرمەندی لێیە کە ماوەیەکی زۆرە لێرە دەژین و کاری هونەری ئەکەن بەبەراورد لەگەڵ من. هەروەها زۆربەی کار و پرۆژە هونەرییەکان لێرە پەیوەستە بە شێوازی کارکردن و پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵ. بەڵام جێی دڵخۆشییە کە توانیومە جێ پێی خۆم سەنگین بکەم و پەیوەندی دروست بکەم لەگەڵ هەندێ لە دام و دەزگا هونەرییەکان و گەلەرییەکان. هەروەها توانیمە کۆمەڵێک هاوڕێ و هونەرمەندی زۆرباش بناسم و پردێک دروست بکەم کە بتوانم هەندێ جار یەکتر ببینین و سەردانی ئیڤێنتە هونەرییەکان بکەین و گفتوگۆ بکەین. هەروەها لەم چەند ساڵەی کە لێرە بووم توانیومە پانتایی کارکردنم زیاتر بکەم و لە چەند پرۆژەیەکی هونەری بەشداربم لە ولاتانی ئەمریکا و ئیتالیا و نیوزیلاند، وە توانیومە پەیوەندی دروست بکەم لەگەڵ هونەرمەندی بە ئەزموون و بەتوانا کە هەریەک لە وڵاتێکەوە بەشدار بوون.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : بەشێکی زۆری کارە هونەرییەکانت هەم واقیعین و هەمیش ئاوێتەکراون بە رادیکاڵییەت و ڕەوتکردنەوەی واقیعی فەرزکراو. ئایا پێتوانییە ئامانج لە ئەم ڕێبازە هونەرییە گۆڕینی واقیعی فەرزکراوە بەرەو دنیایەک کە خاڵی بێت لە جەنگ و کوشتن و هەژاری و برسێتی؟
هەرێم جەماڵ :
کارەکانی من پەیوەندی بە واقعی ژیانی خۆم و ملیۆنان کەسی ترەوە هەیە. واقعی ئەو بارودۆخەی چ لە ڕابردوودا ڕوویداوە وە کاریگەری جێ هێشتووە یاخود ئێستا ڕوودەدات وە ڕەنگە بەردەوام بێت بۆ داهاتووش. لەبەر ئەوەی خۆم ئەزموونی ئەو بارودۆخ و کارەساتانەم کردووە، وە ئێستاش بە واقعی ئەیبینم بۆیە زۆرجار پێم خۆشە هەر بەوشێوە و بەو ڕێبازە واقعگەراییانە دەریبڕم و کاری لەسەر بکەم بەڵام بە ئاوێتەبوون لەگەڵ ئەو خەیاڵ و بیرۆکە و مەبەستانەی کە هەمە و ئەمەوێ بیانخەمەڕوو. بۆیە کاتێک مناڵێکی هەژار ئەبینی لە تابلۆکەمدا کە لەسەر بەرمیلێکی پڕ نەوت دانیشتووە و لەسەرخاکێکی پڕ لەزێڕ و پڕ داهاتە، وە پارچەکانی وڵاتی لەپێش چاودا هەرزانفرۆش ئەکرێت، ئەم دیمەنە ڕەنگە بە واقعی وەک دیمەن یان فۆتۆیەک نەیبینین بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە واقعێکە و هەستی پێ ئەکەین.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : کاک هەرێم گیان ببەخشە ماندوومان کردی و جارێکی تر سوپاست دەکەین. ئەگەر شتێکی ترت ماوە بێڵێی دەتوانیت بفەرموویت.
هەریم جەماڵ :
زۆر سوپاس بۆئێوە و ئەم چاوپێکەوتنە، خۆشحاڵ بووم. لە کۆتاییدا تەنها ئەتوانم بڵێم هیوادارم لەهەرشوێنێکی ئەم دونیایە هیچ کەس دووچاری ستەم و جەنگ نەبێتەوە و خەندە لەسەر لێوی منداڵان نەبڕێ.

(*)هونەرمەند هەرێم جەماڵ لە شاری هەڵەبجە لە کوردستانی عێراق لەدایک بووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە هونەرە جوانەکان وەرگرتووە و هەروەها پڕۆگرامی مەشقی مامۆستایی لە زانکۆی بێرمینگهام لە شاری هەولێر تەواو کردووە. هەرێم جەماڵ لەماوەی ژیانی هونەریدا بەشداری زیاتر لە چل پێشانگای هونەری کردووە کە هەشت دانەیان پێشانگای تایبەت بوون. لەبواری فیلم و نواندنیشدا چالاک بووە و لە کورتە فیلمی ( بیرەوەرییەکانی ماڵەوەی هەرێم) کە لە فیستیڤاڵی فیلم لە ڤانکووڤەر کەنەدا نمایش کرا و سەرکەوتنی بەدەست هێنا. هاوکات لەگەڵ کۆمەڵێک میوزیکژەن و ئاوازدانەری بەتوانا لە وڵاتی ئەمریکا بەشدارە لەپرۆژەی Songs of Hope, کە هەستاون بە داڕشتنی ئاواز لەسەر تابڵۆکانی هەرێم و نمایشکردنی و ژەنینی لە شارە جیاجیاکانی ئەمریکا. وا بڕیارە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ لە ویلایەتی تێنەسی نمایش دەست پێ بکەنەوە. هەرێم جەماڵ ماوەی چەند ساڵێکە لە شاری ڤانکووڤەر لە وڵاتی کەنەدا دەژێت و سەرقاڵی وتنەوەی وانەی هونەرە.




هونەری دۆبلاژ لەفیلم و دراما.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

دەستپێك: سەرچاوەی ئەو نووسینەم لەئەنجامی كاریگەر بوونم بوو بەچەند بەرهەمێكی مۆنتاژ كراوی كۆری و فارسییەوە هات، كە هەریەك لەوان توحفەیەكی بە دەگمەن بوون لەدنیای درامادا.
ئەو كات هەستم بە گرنگی دۆبلاژ و بایەخە بە پێزەكانی كرد، بۆم دەركەوت هەندێ لەو بەرهەمە دۆبلاژكراوانە چ بۆشاییەكی گەورە لەپانتایی پڕ لەبۆشایی دۆبلاژی دراما لای ئێمەی كورد پڕ دەكەنەوە، هەروەك چۆن زۆرێك لە ئارەزووەكانی بینینی فیلم و درامای بەپێز بەدی دێنن، لەهەمان كاتدا دەبنە چ قوتابخانەیەك بۆ دراماكارانی ئێمەو تێگەیشتن لەچەمكی راستەقینەی دراماو بایەخەكانی .
بەپێچەوانەی دراما بازرگانیە توركیە كرچ وكاڵەكان، كە دوور لەبەها مرۆیی و ئەخلاقیكان، بۆ ماوەیەكی دوور، كەناڵە لۆكالیە بازرگانیە نابەرپرسەكان، دوور لەبەرچاو گرتنی هیچ داب و نەریت و كولتوورێكی كۆمەڵایەتی بۆ قازانجی خۆیان لەهەوڵی وێرانكردنی ئەو كولتوورە رەسەنەی ئێمە دابوون. بەڵام ئێستا لەشەرمی بەرهەمە بە پێزەكان، نە و دراما كرچ و كاڵە توركیانە بەرەو كاڵ بوونەوەو لە ناوچوون دەچن.
ئێستا تەوژمی بەرهەمهێنانی دۆبلاژ كردنی بەرهەمە فارسی و كۆرییەكان و عەرەبیەكان لە گڕو تینێكی زۆر دایە، كەناڵە تەلەفزیۆنیە ئاسمانیەكان جگە لەبەرهەمهێنانی زنجیرە درامای خۆماڵی بەشی دۆبلاژیشیان كردۆتەوە، جگە لە هەموو ئەو پێگەو سایتە هونەریانەی بە پێی توانستی خۆیان فیلم و زنجیرە دراما دۆبلاژ دەكەن، یاخود ژێر نووسی بۆ دەكەن .
ئەزموونی دۆبلاژ توانستی زۆر لە ئەكتەرانی ئێمەی لە رووی دەنگ و پێر فۆرمانسی نواندن دەرخست و هەندێ لەوان سنووری توانستی ئەكتەرە رەسەنەكانیان تێپەڕاند، بۆیە من ناتوانم هەرگیز توانای داهێنانی (قادر جەلال) لە رۆڵی بزورگ ئاغا( عەلی نەسیریان) لە زنجیرە درامای شەهرەزادو ( كاوە قادر) لەرۆڵی (لی سوون جای ) گەورە پزیشك لە زنجیرە درامای كۆری ( هۆجۆن ) لە بیر بكەم .

هونەری دۆبلاژ چیە؟
زاراوەی دۆبلاژ لەرەسەندا زاراوەیەكی فەرەنسییە (Dubbloge )بۆ یەكەم جاریش ئەو زاراوەیە ساڵی 1928دوای دەركەوتنی فیلمی بەدەنگ لە فەڕەنسا سەری هەڵدا.
پرۆسەكە بریتیە لەدەنگی ئەكتەرێك بەزمانێكی دیاری كراو، دەخرێتە سەر دەنگی ئەكتەرێكی تری رەسەن بەزمانێكی تر، بەڵام بەهەمان ریتمو وێنەو فۆرمی نواندن و كاریگەرییە دەنگیە رەسەنەكان .
بەرهەمهێنەرەكان لەو دەمەدا بەئامانجی وەرگێڕانی زمانی فیلم و زنجیرەكان چەندین بژاردەیان خستە روو، لەوانە :
1.پاراستنی دەنگە رەسەنەكە و وەرگێڕانی دەق لە ژێرەوەی دیمەنەكان ( ژێرنووس ).
2.یاخود تۆماركردنەوەی بەرهەم بەزمانێكی تر، وەك فیلمی ( تارمایی نیوە شەو )كە بۆ زمانی ئەڵمانی و زمانی ئیتاڵی و ئەسپانی و فەڕەنسی وەرگێڕدرا.
لەساڵانی دوایشدا (مستەفا عەقاد)ی دەرهێنەری عەرەب، فیلمی ( الرسالە) ی بەهەمان فۆرم بە زمانی ئینگلیزی تۆمار كردەوە.
بەڵام دواتر بیری وەرگێڕانی دەنگ لەنێو كۆمەڵە ئەزموونێكدا، بوو بەبژاردەیەكی گشتی بۆ سەركەوتنی هونەری دۆبلاژ.
لەرووی پراكتیكییەوە بۆ ئەنجامدانی دۆبلاج پێویستیت بەسەر لەنوێ داڕشتنەوەی دەق هەیە بەو زمانەی دەتەوێت دۆبلاژی بۆ بكەیت، جگە لەپێویستیت بەدەرهێنەرو سیناریست و ئەكتەری نوێ.

لەو حاڵەتەدا پرۆسەی دۆبلاژ كردن دەبێتە پرۆسەیەكی هونەریی نوێ و پێویستیت بە

  1. پێرفۆرمانسی دەنگیی ئەكتەرو تواناو شارەزا بوونیەتی لەو هونەرەدا 2. توانستی ئەكتەر بۆ بەرجەستە كردنی خەسڵەتەكانی ئەكتەرە رەسەنەكە 3.هەمەرەنگی لەدەنگی ئەكتەردا
    بۆیە كاری ئەو ئەكتەرەی كاری نواندن دەكات لەدۆبلاژدا كارێكی ئاسان نابێت، چونكە دەبێت بەهەمان ئاستی ئەكتەرە رەسەنەكە نواندن بكات، بەهەمان تۆن و چینی دەنگ و هەمان هەست و خرۆشی نواندن. قۆناغەكانی دۆبلاژ كردن
    كاری دۆبلاژ كردن بەچەند قۆناغێك تێدەپەڕێ، لەدەستپێكدا دەقی ئەو بەرهەمەی دۆبلاژی بۆ دەكرێت وەردەگێڕدرێتە سەر زمانێكی نێوخۆیی پاراو، دواتر بەرهەمەكە دەچێتە ستۆدیۆ و میكساجی بۆ دەكرێت پاشان تۆمار دەكرێت .
    بەڵام بەهەمان ئەو كارلێكە دەنگانەی لەدەنگە رەسەنەكەدا هەبوون، كە یەكێكە لەكارە هەرە سەختەكانی پرۆسەی دۆبلاژكردن .
    لەقۆناغە سەرەتاییەكانی سەرهەڵدانی هونەری دۆبلاج لە فەرەنسا و بۆ ماوەی چەند ساڵێك ئەكتەرەكان تەنیا لێوی خۆیان لەگەڵ دیمەنەكاندا دەجولاند، بەڵام ئەم فۆرمە فۆرمێكی سەركەوتوو نەبوو، بووە هۆی شكست هێنانی ئەم هونەرە، بەڵام دوای هاتنە پێشەوەی چەند ئەكتەرێكی خاوەن ئەزموون لە رووی دەنگ و نواندنەوە، ئەم كێشەیە چارەسەر كرا.
    بەڵام ئێستا میكانیزمی ئامادەكردنی دۆبلاژ بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاو دەوڵەمەند بوونی ئەزموونەكە، ساناتر بووە، بۆیە هەست بە بەرفرەوان بوون و تەشەنەسەندنی دەكەین.
    ئەگەرچی تا ئەو ساڵانەی دواییش زۆربەی فیلمەكان تا ئەو كاتەی ئێستاش بە ژێر نووس بەرهەم دەهێندرێن و وەك پێویست سەقامگیر نەبووە، لە بەر دوو هۆكاری سەرەكی:
    1.بەهۆی زۆری خەرجیەكانی بەرهەمهێنانی ئەو هونەرە .
    2.سەختی دابین كردنی بنەماكانی دۆبلاژ لەرووی ئەكتەرو ئامێرو ئامرازە هونەرییەكانی.
    بۆ چاەسەر كردنی كێشەی دووەم، لە هەندێ وڵات دا، هەوڵی بەردەوام لە ئارادایە بۆ پێشخستنی هونەری دۆبلاژ لەرێگەی ئەكادیمیاو سەنتەرە هونەریەكان و كەناڵە تەلەفزیۆنیەكان، بە كردنەوەی چەندین وۆرك شۆپ و خولی راهێنان بۆ ئەكتەرەكان.

    دۆبلاژی كوردی:
    لەناوەڕاستی چلەكانی سەدەی ڕابووردوو، ئەو هونەرە گەیشتە وڵاتانی رۆژهەڵات، سەرەتاش بە دۆبلاكردنی فیلمی كارتۆنی مناڵانەوە دەستی پێكرد، لەلایەن چەند كەناڵێكی تەلەفزیۆنی
    لە ساڵانی دەستپێكی نەوەدەكان، دۆبلاژ لە كەناڵە لۆكالییەكاندا، بەفۆرمێكی سادە وپشت بەستوو بەچەند توانایەكی كەم و دیاری كراو لە لایەن چەند هەوادارێكەوە سەری هەڵدا، بە تایبەت لەفیلمی كارتۆندا. زۆر لەو فیلمانە بێ ئەوەی دەق ئامادە بكرێت، لەسەر وێنەكان ئەكتەر دیالۆگی بۆوێنەكان دا دەنا.
    ئەكتەر لە هونەری دۆبلاژ دا:
    ئەكتەر توخمی سەرەكییە لەهونەری دۆبلاژدا، كەرەستەی بنەڕەتی ئەكتەرلەو هونەرەدا دەنگە، كە بەهۆیەوە دەتوانێ نواندنێك بكات هاوشێوەی ئەكتەرە سەرەكییەكە، لەرووی پێرفۆرمانس و ریتم، بەڵام مەرج نیە هەمان تۆنی دەنگ لە یەك بچن، چونكە زۆر جاران تۆن و ئیلقای ئەكتەری دووەم یان باشتر یان لاوازتر لەئەكتەری یەكەم دەردەچێت، بە بەرارد كردنی هەردوو دەنگ دەتوانی ئاستی هەر یەكێكیان لە گەڵ ئەوی تریان بزانی.
    ئەكتەری دۆبلاژ جۆرێك لە تایبەتمەندی هەیە لەگەڵ ئەكتەری ئاسایی،كە پشت بە هەست و تەكنیكی بەرزی خۆی دەبەستێت، رەنگە لەهەندێ حاڵەتدا ئەكتەری دۆبلاژا یەك فۆرمی دەنگی زێتر بەكار بێنێ لە نواندنداو ئەكتەری سەرەكی توانای ئەو هەمەڕەنگیەی دەنگی نەبێ، لەوانەش هەمەجۆری لە تۆن و چینی دەنگ بەخێرایی، یاخود لاسایی كردنەوەی دەنگی ئاژەڵ لە فیلمی كارتۆن و فیلمی ئەنیمێشن، كە لەتوانای هەموو ئەكتەرێك دا نیە.
    هەموو وزەو تواناكانی ئەكتەری دووەم،كە كەوتۆتە پشت كامێرا، دەبێتە قوربانی ئەكتەری یەكەم كە لەبەردەم كامێرادا دەبیندرێت.
    ئەگەربینەرهوشیاریەكی هونەری هەبێت، كاتێ بەرهەمێكی بیانی دەبیینێت، ئەو زانیاریەی هەبێت بزانێت، ئەو توانا دەنگیەی لە بەرهەمێكی دۆبلاژ كراودا دەیبینی، توانای ئەكتەرێكە لەنەتەوەكەی خۆت، بەڵام بە بەرگێكی تر.
    كارە هونەریەكە بۆ ئەكتەر كاتێك دەست پێدەكات كە هەندێ رستە لەدەق دا هەموار دەكرێتەوە، بەشێویەك لەگەڵ دەقە رەسەنەكە هاوسەنگ بێت و جولانەوەی لێوەكان لەگەڵ دیالۆگ گونجاو بن و بینەر هەست بە وەرگێڕان نەكات .
    دوای ئامادەكردنی دەق بەزمانێكی خۆماڵی سادەو هاوسەنگ، دەنگ لەستۆدیۆ تۆمار دەكرێت، لە كاتێكا وێنەی رەسەنی بەرهەمەكە راستەوخۆ لە سەر شاشە دەبینی و هەوڵ دەدات، هەمان دەنگ و هەمان پێرفۆرمانس و نواندن بەكار بێنێ، ئەو كاتە ئەكتەر زۆر پەیوەست دەبێت بە بەرهەمە رەسەنەكە.




رۆژنامەی رەوت ژمارە ٢٧

ڕۆژنامەیەکی سیاسیە ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق دەریدەکات.

بۆ خوێندنەوەی ئەم ژمارەیە کلیکی ئێرەبکەن..




جیهان وەک خۆی.. وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە : پشکۆ ناکام

چۆن ئەمریکا ڕێگەی دا ئێران دەست
بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستا بگرێ.!!

…تایتڵی ئەم بابەتە ناوی ئەو کتێبەیە کە بەم دواییە لە نووسینی “بن رۆدس” دەرچوە ، ناوبراو لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە ساڵانی 2011-2013 بەرپرسی مەلەفی سوریا بوە و دواتر مەلەفی ووت و وێژ لەگەڵ ئێرانا دەربارەی دۆسییە نەوەوییەکەی وەرگرتوە..
“رۆدس” ئەڵێ لە “مسقط”ی پایتەختی سەلطەنەی “عومان” بە نهێنی زیاتر لە بیست جار لەگەڵ بەرپرسیارانی ئێرانی کۆبۆتەوە ، باس لەوە ئەکا کە”سەرۆک ئۆباما” بە شێوەیەکی سەیر ڕقی لە عەرەبە و هەردەم بە ڕاوێژکارەکانی ئەووت کە: عەرەب هیچ بیر و باوەڕ و شارستانیەتێکیان نیە و بیابان نشین و دواکوتوون ، لە بەرامبەرا بە ئاشکرا و بە چاکی باسی لە ئێران و سەرسامی خۆی بە شارستانیەتەکەی ئەکرد..، ئەو دووپاتی ئەکاتەوە کە “سەرۆک ئۆباما” لە ساڵی 2010 وە دەستی کردبوو بە پەیوەندی کردن لەگەڵ ئێرانا دەربارەی تەماعە نەوەوییەکانی ، ئێران پێشنیازی کردوە کە بۆ ماوی “10”دە ساڵ چالاکییە نەوەوییەکانی ڕابگرێ بەرامبەر بە لابردنی سزاکانی لە سەریەتی و دەست کردنەوە لە جم و جۆڵ لە هەموو ڕۆژهەڵاتی عەرەبیا ..و ئەوەش لە کۆتاییا ڕووی دا..
“رۆدس” ئەوە ئەگێڕێتەوە کە دوای لابردنی سزاکان لە سەری ئێران داهاتێکی زیاتر لە 400 چوارسەد ملیار دۆلاری دەستکەوت ، زیاتر لە 100 سەد ملیاری چوو بۆ پشتگیریی هەڵکشانی خۆی لە سوریا و عێڕاق و یەمەن لوبنان و ئەفریقا و مەغریبی عەرەبی.. ئەوەی جێ ی سەرنجە ئەو بەشەیە کە “بن رۆدس” لە کتێبەکەیا باس لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2013 ی عێڕاقە کە باس لەوە ئەکا “آیاد علاوی” لە هەڵبژاردنانەیا بردییەوە و ئەمە ئێرانییەکانی زۆر قەڵس کرد بۆیە هەڕەشەی ڕاگرتنی گفت و گۆ نهێنییەکانیان کردوە گەر “علاوی” ببێ بە سەرۆک وەزیران ، زۆر بە ڕوونی داوایان لە “ئۆباما” کردکە کارئاسانی بکا بۆ بۆ سەرخستنی “مالکی” بە دەسەڵات و پشتگیریی بکا ، ..ئەمەش هاتە دی..
نووسەری ئەم کتێبە ئەڵێ: ئەوە “مالکی”بوو فەرمانی کردنەوەی دەرگای زیندانەکانی دەرکرد تا بەکرێ گیراوە ئێرانییەکانی سەر بە “القاعیدة” هەڵبێن ، واتا ئەوانەی دواتر کاری دروست کردنی”داعش”یان پێ سپێرا و “مالکی”بوو کە بە ئەنقەست فەرمانی هەڵاتنی سوپای لە “موسڵ”دا و بە جێ هێشتنی کەل و پەل و عیتادی سەربازیی بە بەهای زیاتر لە 20 بیست ملیار دۆلار..هەر مالکی بوو بە ئەنقەست 600 شەش سەد ملیۆن دۆلاری لقی موسڵی بانکی ناوەندی هێشتەوە و بەمەش بەشداری کرد لە هاتنی 600 شەش سەد داعش لە ساڵی 2014 و پێداویستییەکانیان لە پارە و تەقەمەنی مسۆگەر کرا بۆ ئەوەی زنجیرەی داعش و ئێران دەست پێ بکا و ڕووداوەکان بە دڵی ئێران بێ..!! “رۆدس” جەخت لەسەر ئەوە ئەکاتەوە کە “ئۆباما” ئاگای لەوە بوە کە ئێران داعش ئەجوڵێنێ و چاوپۆشی لێ ئەکرد و بیانوەکەش ئەوەیەکە “ئۆباما” ئەیویست ماوەی دەسەڵاتی بە “ڕێککەوتن”ێک کۆتایی پێ بێنێ و کە پێناویا ئامادەی هەر باجێکە …و ئەمەش ساڵی 2015 ڕووی دا..
لە ساڵی 2013 هێرشە کیمیاوییەکەی “الغوط” کرا و “ئۆباما” هەڕەشەی لێدانی هێزەکانی ڕژێمی سوریای کرد ، ئێران دەست بەجێ نامەیەکی هەڕەشەی نارد کە لە ووت و وێژەکان” مفاوەزات” ئەکشێتەوە ، نووسەری کتێبی “جیهان وەک خۆی” دوو پاتی ئەکاتەوە کە دوای ئیمزا کردنی ڕێککەوتنە نەوەوییەکەی لە گەڵ ئێران “ئۆباما” بە یاریدەدەرەکانی ڕاگەیان : بە هیچ جۆرێ باسی مەلەفی سوری نەکەن و بە یەک ڕستە ووتی : ئیشەکەمان جێ بەجێ کرد…..!!

“””””””””””””””””””””””””
((ئەم دەقە عەرەبییە لە” گوگڵ”ەوە وەرگیراوە))




کاریکاتێر.. گرفتار کاکەیی

بێ توانج..




هەزار و یەک شەوە ئەو کتێبەی کە خۆرهەڵات و خۆرئاوا پێی سەرسامن.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

هەتا دێت جیاوازییەکانی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا زیاتر دەبێت، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک شت دەتوانن ئەم جیاوازییە کەم بکەنەوە، لەمەشدا ئەدەب دەتوانێت ببێتە ئەو پردە ئەفسووناوییە، کە ئەم دوو بەشە دژ بەیەکەی سەر زەوی، بە یەکتریەوە ببەستێتەوە.
یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی ئەدەبیاتی جیهان کتێبی ” هەزار و یەک شەوە”یە ، ئەم کتێبە لە پەنا کتێبەکانی تری جیهاندا، لە مێژووی ئەدەبیاتی جیهاندا پێگەی تایبەتی خۆی هەیە، لەهەمانکاتیشدا بە یەکێک لەو کتێبە گرنگانە دادەنرێت ، کە کاریگەری گەورەی بەسەر ئەدەبیاتی خۆرئاواوە هەبووە. بەپێی زۆربەی سەرچاوە مێژوویەکان بێت، کتێبی هەزار و یەک شەوە رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە بۆ پێشخستنی هونەری چیرۆک بەگشتی و رۆمان بەتایبەتی لە ئەوروپادا. ڤۆلتێر فەیلەسوفی ناوداری فەرەنسا لە بارەی ئەم کتێبەوە دەڵێت: هەتاوەکو 14 جار ئەم کتێبەم نەخوێندەوە، نەمتوانی ببم بە چیرۆکنووس” تۆ بڵێیت ئاخۆ ئەم کتێبە چی تێدا بێت هێندە ناخی نووسەر و فەیلەسوف و بیرمەندانی جیهانی هەژاندووە؟!
دیارە هۆکار زۆرن بۆئەوەی جیهان پێگەیەکی تایبەت بەم کتێبە بدات، لە پێش هەموویانەوە ناوەڕۆکی کتێبەکە کە پڕیەتی لە کۆمەڵێک حکایەتی ئێجگار جوان، پەندی پێشینان، حیكمەت، ئەمە جگەلەوەی ئەم کتێبە گوزارشت لە بەشێکی گرنگی مێژووی خۆرهەڵات دەکات، خۆرهەڵات بە مانا گشتگیرییە کەلتوورییەکەی نەک بەو مانایەی ئەمڕۆ کە بەسەر چەند دەوڵەتێکدا دابەش بووە.
لێرەدا هەوڵ دەدەم تیشکێکی خێرا بخەمە سەر ئەم کتێبە و ناوەڕۆک و شێوازی نووسین و کاریگەرییەکانی باس بکەم، هەرچەندە بۆ قسەوباسکردن لەبارەی ئەم کتێبەوە زۆری دەوێت، بەڵام من لێرەدا هەوڵ دەدەم زانیارییەکی گشتی بددەمە خوێنەر و لەپەنا ئەوەشدا وردە سەرنجی خۆم باس بکەم.

ناوەڕۆک
یەکێک لە پاشاکانی خۆرهەڵات ناوی شەهریار دەبێت، پاش ماوەیەک بۆی دەردەکەوێت کە ژنەکەی خیانەتی لێدەکات و لەگەڵ یەکێک لە خزمەتکارە رەشپێستەکانی پەیوەندی سێکسی دەبێت، ئەمەش ئاگر بەردەداتە گیانی و یەکسەر ژنەکەی دەکوژێت، دواتریش بڕیارێکی ترسناک دەدات، ڕقی لە هەموو ژنێک دەبێت و بڕیار دەدات، هەموو شەوێک ژنێک بهێنێت و پاشئەوەی لەگەڵیدا دەخەوێت بۆ بەیانی سەری ببڕێت، چونکە بەلای ئەوەوە هەموو ژنەکان خیانەتکارن.
گەڕان بە دوای کچی عازەبیشدا دەبێتە ئەرکی وەزیرەکەی، دواجار وەزیرەکەی هیچ کچێکی پاکیزەی دەستناکەوێت کچەکانی خۆی نەبێت. کچێکی دەبێت بەناوی شەهرەزاد، ئەمەش وەزیرەکە دەخاتە رەوشێکی دەروونی ئێجگار خراپەوەو نازانێت چی بکات، بەڵام کچەکەی زیرەک دەبێت و دەچێت بە باوکی دەڵێت: من رازیم ئەم کارە بکەم و خۆی دەکاتە قووربانی. سەرەتا باوکی رازی نابێت دواتر شەهرەزاد بە زیرەکی خۆی، قەناعەت بە باوکی دەکات. لێرەشەوە حکایەتەکە دەستپێدەکات.
شەهرەزاد کچێکی زیرەک و جوان و ژیر دەبێت، هەر لە یەکەم شەو کە چاوی بە پاشا شەهریار دەکەوێت، دەستدەکات بە خوێندنەوەی حکایەتێک بۆی، بەڵام حکایەتەکەی تەواو ناکات، هەمووکاتێک کە دەستدەکات بە خوێندنەوەی حکایەتەکە، هەتاوەکو پاشا خەوی لێدەکەوێت، شەهریار بۆ بەیانی بڕیار دەدات کە شەهرەزاد نەکوژرێت هەتاوەکو حکایەتەکەی بۆ تەواو دەکات. بەم فێڵەش هەموو شەوێک شەهرەزاد حکایەتێک بۆ پاشا دەخوێنێتەوە، بەڵام تەواوی ناکات و بەمجۆرەش 1001 شەو لەلای دەمێنێتەوە هەر شەوەی حکایەتێکی بۆ باس دەکات. ئەمەش دەبێتە سەرەتا و کۆتایی ئەم کتێبە مەزنەی جیهان.

مێژوو و سەرچاوی حکایەتەکە
دیارە قسەو باسی زۆر و لێکۆڵینەوەی زۆر لە بارەی مێژوو، سەرچاوەی سەرەکی ئەم کتێبەوە نووسراوەو وتراوە. بەڵام بەشێکی زۆری سەرچاوە مێژووییەکان لەسەر ئەوە کۆکن، کە سەرچاوەو مێژووی ئەم حکایەتە دەگەڕێتەوە بۆ هیندستان. دیارە ئەم وڵاتە مێژوویەکی ئێجگار دێرینی هەیە و خاوەنی کۆمەڵێک ئەفسانە و حکایەتی گرنگە لە پێش هەموویانەوە ” مەها بەهاراتا” کە مێژووەکەی بۆ سەدەی پێنچی پێش زایین دەگەڕێتەوە.
پاشان لە ئێران ئەم حكایەتانە بەشێوەو ناوی جۆراوجۆر دەردەکەون لەوانە: “حکایەتەکانی بوونەوەرە ئەفسوناوییەکان، حکایەتەکانی شەهرەزاد و شەهریار” ئەمانە بوونە سەرەتای ئەم حکایەتانە. کۆنترین دەقی وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی عەرەبی لە فارسییەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتی زایینی، ئەوکاتە لە زمانی فارسی بەناونیشانی ” هەزار حکایەت” بڵاوبوویەوە کاتێک دەکرێت بە عەرەبی بە ناونیشانی ” هەزار شەو، الف لیلة” بڵاودەکرێتەوە، دواتریش دەکرێت بە حکایەتکانی هەزارو یەک شەوە” الف لیلة و الیلة”چاپ دەکرێت. دواتریش لە سەدەی 17 دا لە زمانی عەرەبییەوە وەردەگێڕێتە سەر زمانی فەرەنسیی و لێرەوە عیشقی خۆرئاواییەکان بۆ ئەم کتێبە ئەفسووناوییە دەستپێدەکات.

حکایەتە سەیرو سەمەرەکان
دیارە ئەم کتێبە تەنها لە یەک حکایەت پێکنەهاتووە، بگرە لە کۆمەڵێک حکایەتی جۆراجۆر لە خۆدەگرێت، هەندێکیان لە جیهاندا ناوبانگیان باش دەرکەوتووە، دەتوانم بڵێم لە هەزار و یەک شەوەش زیاتر ناوبانگیان پەیدا کردووە لە پێش هەموویانەوە” حکایەتی سندیباد، عەلادین و فانۆسی ئەفسوناوی، عەلی بابا و چل دزەکە” ئەم حکایەتانەش هەریەکەیان خاوەنی ناوەڕۆک و شێوازی نووسینی جیاوازن. هەمووشیان لەناو ئەم کتێبەدا کۆکراونەتەوە، ئەمەش شێواز و مۆدێلێکی نوێی لە جیهانی ئەدەبیاتدا داهێنا.

شێوازی نووسین
یەکێک لە خاڵە جوان و سەرکەوتووەکانی ئەم کتێبە شێوازی نووسینیەتی، لەم کتێبەدا شێواز و تەکنیکی چیرۆک نووسین لەدایک دەبێت، بەتایبەتی هونەری ” گێڕانەوە” . لێرەوە گرنگی گێڕەوەر یان حکایەتخوان دەردەکەوێت، دواتریش لە ژانری چیرۆک و کورتە چیرۆک و رۆماندا، گێڕەوەر دەبێتە بنەمای سەرەکی هەموو کارێکی ئەدەبی.
جگە لەمیش رەگەزەکانی تر وەکو ” دیالۆگ، گرێی ئەدەبی، کتوپڕ، سەرەتا و کۆتایی،” هەموو ئەمانەش دەبنە بنەمای سەرەکی بۆ ژانری تری ئەدەبی. لێرەشەوە چیرۆک و ئەفسانەکان لە یەکتری جیادەبنەوەو هەریەکەشیان رێچکەی خۆی دەگرێتە بەر.
هەروەها تێکەڵاوکردنی سیحر و واقعیەت، تەکنیکێکی جوانی تری ئەم کتێبەیە، کە لە زۆر حکایەتتدا ئەمە رەنگدەداتەوە بەتایبەتی لە حکایەتەکانی ” سندیباد، عەلی بابا و چل دزەکە” لەسەدەکانی دواتر تەکنیکی ” ماگی ریالیزم،واقعی سیحری” لەدایک دەبێت، کە یەکێکە لە شێوازە جوانەکانی نووسینی رۆمان.
بۆیە تەواوی مێژوونوسانی ئەدەبیاتی جیهان لەسەر ئەوە کۆکن، کە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە، سەرەتایەکی زۆر گرنگ بووە بۆ ژانری چیرۆک و دواتریش رۆمان و کورتە چیرۆک. شێوازی نووسین، خاڵێکی گرنگی تری ئەم کتێبەیە، بۆیە هەموو ئەدیب و نووسەرێک ناچارە ئەم کتێبە بخوێنێتەوە. جگەلەوەش ئەم کتێبە ئاسۆی بیرکردنەوە خەیاڵی خوێنەر بەگشتیی و نووسەران و ئەدیبان بەتایبەتی فراوانتر دەکات.

شیعر
یەکێک لەو شێوازە تایبەتانەی کە ئەم حکایەتانەی پێ نووسراوە، زمانی شیعری و بەکارهێنانی شیعرە. هیچ حکایەتێک هێندەی ئەم حکایەتانە شیعری تێدا بەکارنەهاتووە، هەموو حکایەتێک پارچەیەک یان زیاتر شیعری تێدایە. لێرەشەوە دەگەینە ئەو راستییەی کە ئەو کەسانەی کە ئەم حکایەتانەیان نووسیوەتەوە، زۆر هۆگر و شەیدای شیعر بوون، تەنانەت دەکرێت بڵێین پێدەچێت شاعیریش بووبێتن، دەنا کەسێک شاعیر نەبێت ناتوانێت هەموو ئەو شیعرە جوانانە بنووسێت. هەربۆیە دەتوانین بڵێین کە شیعر بەشێكی گرنگی ئەم کتێبە گرنگە پێکدێنێت و لە زۆربەی لاپەڕەکانیدا شیعری تێدایە، هەمووشیانی شیعری جوانی عەربییە کە لە رووی مانا و دەربڕینەوە، شیعری زۆر جوانن.

بابەتە گرنگەکانی ئەم کتێبە
بەدەر لە لایەنی ئەدەبی، ئەم کتێبە پڕیەتی لە کۆمەڵێک بابەتی جۆراوجۆر و گرنگ، کە کاتێک خوێنەر دەیخوێنێتەوە جێژی زۆری لێوەردەگرێت. ئەم کتێبە تەنها گێڕانەوەی کۆمەڵێک حکایەتی بەرئاگردان نییە، بەڵکو گێڕانەوەی مێژووی بەشێکی گرنگی جیهانە. ئێمە لەرێگەی ئەم کتێبەوە، تاڕادەیەک وێنەیەکی گەلانی ئەم ناوچانەمان لا دروست دەبێت کە لە حکایەتەکاندا باسیان کراوە بەتایبەتی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و چین و هیندستان و ئاسیای ناوەڕاست و یۆنانی کۆن. هاووڵاتیانی ئاسایی، مەلیک و نەجیبزادەکان، کۆیلە و نەجیبزادەکان، ئەهلی قەڵەم و ئەهلی شمشیر و ئەهلی بازاڕ و ئیمانداری،ئەهلی کەیف و خۆشیی و رابواردن، هەموویان لەم کتێبەدا جێگەی خۆیان کردۆتەوە. ئەمەش داهێنان و شتێکی نوێ بووە، کە کتێبێک هەموو ئەو خەڵکە جۆراجۆرانە کۆبکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە ئەم کتێبە تەنها باسی چینێکی کۆمەڵایەتی ناکات، بگرە باسی هەموو ئەو چین و توێژانە دەکات کە لەو سەردەمەدا هەبوون. ئێمە خانمێکی بەرێز ، لەشفرۆش، سەماکەر، کەنیزەک دەبینین، هەروەها پیاوی رێزدار، شەهوەتباز، پیاوکوژ، میهرەبان . هەموویان حکایەتی خۆیانیان هەیە. ئەمەش جوانیی زۆری بەم کتێبە داوە، چونکە ئێمە تەنها بە حکایەتی مەلیک و نەجیزاندەکان ئاشنا نابین، بەڵکو حکایەتی خەڵكی ئاساییشمان دەستدەکەوێت.

ئیرۆتیک
یەکێک لەو بابەتانەی کە مایەی سەرنجی من و زۆرێک لە ئەدیبان و لێکوڵەوەرانی ئەدەبیشن ئەوەیە، ئەم کتێبە لە زۆر شوێندا حکایەت و دیمەنی ئیرۆتیکی زۆری تێدایە، ئەمەش لە کاتێکدا ئەمڕۆ لە گێتی ئیسلامی بە گشتی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، ئیرۆتیک بە هەموو شێوەیەک قەدەغە و حەرام دادەنرێت. کەچی سەیر لەوەیە کە پێشتر ئەم حکایەتانە دەماودەمیان کردووە لە کۆڕ و مەجلیسەکان خوێندراونەتەوەو باسکراون، بەلای خەڵکیی و دەسەڵاتیشەوە نەبۆتە هۆی ئەوەی کە قەدەغە بکرێن یان حەرام بکرێن. هەندێکی تر پێیان وایە باسکردنی بابەتی سێکسیی و پەیوەندی خۆشەویستی نێوان ژن و پیاوان، خاڵێکی گرنگی تری ئەم حکایەتانەیە، چونکە هەست دەکەیت ئەم حكایەتانە هەڵقووڵاوی ژیانی رۆژانەی ئەوکاتەی خەڵکی خۆرهەڵات بووە، پەیوەندی خۆشەویستیی و سێکسیش ، بابەتێکن کە پەیوەندییان بە مرۆڤەوە هەیە جا لە هەر سەردەم و قۆناغێکی مێژووییشدا بن.
هەربۆیە زۆرکەس حکایەتە ئیرۆتیکەکانی ناو هەزارو یەک شەوە، بە سەرەتای لەدایکبوونی ئەدەبی ئیرۆتیک و دواتریش فیلمی پۆرنۆ دادەنێن.
ئەو دیمەنە ئیرۆتیکیانەی ناو حکایەتەکانیش وایکردووە کە نەک تەنها لە رووی ئەدەبییەوە، بەڵکو لەرووی هونەری تابلۆکێشانییشەوە کاریگەری هەبێت و زۆر تابلۆکێشی جیهانیش هاتوون بە کاریگەری حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە، تابلۆی جوان و گرنگیان کێشاوە.

حوکمڕانی خۆرهەڵاتی
کاتێک خوێنەر ئەم حکایەتانە دەخوێنێتەوە، کەمێک بەرچاوڕوونیی و زانیاری لەبارەی شێوازی حوکمڕانی ئەم ناوچەیە دەستدەکەوێت، ئەو وێنەیەش زیاتر ، وێنەیەکی ناشیرینی حوکمڕانی بووە، حاکم یان مەلیک و والییەکان، وڵات و ناوچەکانیان بە شێوازێکی حوکمڕانی رەها و تاکڕەویی کە ئەمڕۆ بە دیکتاتۆری وەسف دەکرێت، بەڕێوە بردووە. خەڵکانی ئەم ناوچەیەش زیاتر وەکو رەعیەت و زۆرجاریش وەکو کۆیلە سەیرکراون بەتایبەتی هەژار و کەمدرامەتەکانی شارەکان، جووتیار و سەپانی گوندەکان. لەپەنا ئەمانەشدا هەست بە خۆشگوزەرانیی و بەختەوەری ژیانی میر و پادشاکان دەکەین، لە چ نازو نیعمەتێکدا ژیان و چۆن داهاتی وڵاتایان بۆ خۆیان و ماڵ ومنداڵیان تاڵان کردووەو کەسیش نەیوێراوە هیچ قسە بکات یان ناڕەزایی دەرببڕێت.

هارون رەشید
یەکێک لە پادشا ناسراوەکانی عیراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش هاورن رەشیدە. دیارە قسەی جیاواز لە بارەی ئەم حاکمەوە دەکرێت، هەندێكیان بە حاکمێکی ملهوڕ و هەوەسباز و شەهوانی ناویدەبەن، هەندێکیش بە باشترین حاکم و پادشای رووناکبیر ناوی دەهێنن. بەهەرحاڵ هیچ مەلیک و حاکمڕەوانێکی خۆرهەڵات، هێندەی هارون رەشید لەناو ئەم حکایەتانە ناوی نەهاتووە، هەربۆیە زۆرکەس پێیان وایە کە ئەم حکایەتانە بەشێکیان لە سەردەمی فەرمانڕەوایی هارون رەشیدا نوسراون. لە رێگەی کۆمەڵێک حکایەتەوە ئاگاداری رەوشی سیاسیی و ئابووریی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی دەبین لە سایەی حوکمڕانی هاورن رەشیدا.
لە پەنا هارون رەشیدا کۆمەڵێک کەسایەتی تر کە لەوەوە نزیک بوون یان بەشێک بوون لە فەرمانڕەوایەتەکەی، ناویان دێت لە پێش هەموویانە شاعیری ناسراوی عەرەب ئەبونەواس، وەزیری ناودار جەعفەر بەرمەکی، مەسروری شمشێر وەشێنییەتی، لە زۆر شوێندا باسی دڵڕەقیی مەسروری شمشێر وەشێنی هارون رەشید دەکرێت.

ئاژەڵ
لەپەنا مرۆڤ و دەروبەری، ئاژەڵ لەم حکایەتانەدا پانتایی گەورەیان بەردەکەوێت، هیچ حکایەت و چیرۆک و ئەفسانەیەک، هێندەی هەزارو یەک شەوە باسی ئاژەڵەکانی تێدا نییە. لە زۆر شوێندا ئاژەڵەکان رۆحیان لەبەر دەکرێت و دێنە گۆ و لە هەندێک شوێنێشدا بە زمانی شیعر باسیان دەکرێت. ئەمەش شێوازێکی جوان بووە، کە دواجار رێگەی خۆشکر بۆ لەدایکبوونی هەزاران حکایەتی هاوشێوەی کە باسی ئاژەڵەکان دەکات.
لە زۆر شوێنیشدا مرۆڤەکان دەکرێنە ئاژەڵ ، لەمەشدا سیحر رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، دەتوانم بڵێم ئەم مەسەلەیە لە زۆر حکایەتدا دەبینین کە ژنێک یان پیاوێک لەلایەن ساحیرێکەوە کراوە بە سەگ یان پشیلە یان مار.
جێگەی ئاماژەیە لە سەدەکانی دواتردا ئەم شێوازە لە رۆماندا بەکاردێت، کە ئاژەڵ ببنە پاڵەوانی رۆمان بۆ نموونە رۆمانی ” مەزاری ئاژەڵان” ی جۆرج ئۆریل.

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
بەشێکی زۆری حکایەتەکان لە ناو شار و دێهاتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست روو دەدەن. ئێرە دەبێتە مەیدانی سەرەکی حکایەتەکانی بەتایبەتی شاری بەغدا، لە هەموو شارەکانی تری خۆرهەڵات باس دەکرێت، هەرئەمەش وەکو بەڵگەیەک بەکاردەهێنرێت کە ئەم حکایەتانە لە سەردەمی هارون رەشیدا نووسراون. لەپەنا بەغداش، شاری بەسرە، موسڵ، حەلەب، موسڵ، دیاربەکر، قاهیرە دێن. بەشێکی زۆری حکایەتەکان لەم شارانە روو دەدەن یان پاڵەوانەکان بەناویاندا تێدەپەڕن. لێرەشەوە کەمێک ئاشنای ژیانی سیاسی و ئابووریی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئەم شوێنانە دەبین.

قوستەنتینییە
قوستەنتینییە کە ئێستا پێی دەڵێن ئەستنەبوڵ، شارێکی ترە کە پانتایی باشی بۆ داگیرکراوە، بەتایبەتی لەحکایەتیی مەلیک عومەر و هەردوو کوڕەکەی شیرکان و زەوء مەکان، کە یەکێکە لە حکایەتە درێژەکان و نزیکەی 200 لاپەڕەی کتێبەکە باس لەم حکایەتە دەکات. بەشێكی زۆری حکایەتەکە باسی چۆنێتی هەوڵدان بۆ پەلاماردان و داگیرکردنی شاری قوستەنتینییە دەکرێت لەلایەن لەشکری مسوڵمانانەوە، لێرەشەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە پەلاماردان و داگیرکردنی شاری قوتسەنتییە کە ئەوکاتە بە پایتەختی ئەوروپا دەناسرا و پایتەختی شارستانی یۆنانی کۆن بووە، دەمێک بووە مسوڵمانەکانی خۆرهەڵات چاویان تێبڕیووەو ویستی داگیرکردنیان هەبووە بۆئەوەی دەست بەسەر سەرەوت و سامان و ژنە جوانەکانیاندا بگرن، بەداخەوە دواجار لەلایەن تورکی عوسمانییەوە بەدڕندەترین شێوە داگیر دەکرێت.

جیهانی کۆن و نوێ
جگە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم حکایەتانە باسی جیهانی ئەوکاتە دەکات کە لە لایەن خەڵکی ناوچەکە ناسراوە بەتایبەتی وڵاتانی ” چین، هیندستان، ئاسیای ناوەڕاست بەتایبەتی شاری سەمەرقەند، ئەفریقا” بەشێکی حکایەتەکان لە وڵاتانی دوورترەوە هاتوون بۆ نموونە حکایەتی ” عەلی بابا و چل دزەکە” باسی کوڕی پینەدۆزێکی چینی دەکات ، کە کوڕێکی تەمبەڵ بووە. هەروەها لە حکایەتی ” بەرگدرو، کۆمڕە، پزیشكی جوو”، ئەمیش رووداوەکانی لە چین ڕوویداوە. واتە لێرەوە جیهان بە چین شارەزا بوون، پێدەچێت ئەسڵی حکایەتەکەش لە چینەوە هاتبێت.
هەروەها جگە لە چین شاری سەمەرقەندیش دەبێتە مەیدانێکی تری حکایەتەکانی هەزار یەک شەوە بەتایبەتی کاتێک باسی شای زەمان برای مەلیک شەهریار دەکات. لێرەشەوە دیمەنێکی خێرامان لە بارەی ئەم شارە دێرینەی ئاسیاوە پێدەدات.
هەندێک حکایەتی دەگەنە ئەفریقا و هیندستان. جگە لە وڵاتانی سەرزەوی، گەشتێکی گەورەی دەریاکانیشی تێدایە بەتایبەتی لە حکایەتی سندیبادا. هەربۆیە دەکرێت بڵێین حکایەتی هەزارو یەکشەوە، یەکەمین کتێبی ئونیڤێرساڵ ” جیهانی” بووەو باسی هەموو گەلان و ئاینزاناکانی جیهان کردووە. ئەمەش خاڵێکی تری سەرکەوتووی ئەم حکایەتانەیە ، هەرئەمەش وایکردووە کە جێژی خوێنەرانی جیهان بۆلای خۆی رابکێشێت.

کاریگەرییەکانی بەسەر ئەدەب و هونەری جیهانەوە
لە پاش کتێبی ئینجیل هیچ کتێبێکی خۆرهەڵات، هێندەی حکایەتی هەزارو یەک شەوە کاریگەری گەورەی بەسەر ئەدەب و هونەری جیهانییەوە بەجێنەهێشتووە بەتایبەتی بەسەر ئەوروپاوە. هەر لەگەڵ وەرگێڕانی بۆ زمانی فەرەنسی، ئیتر کاریگەری ئەم کتێبە بەسەر جیهان بەگشتیی و خۆرئاوا بەتایبەتی دەرکەوت. لە ساڵی 1704 بۆ 1717 لەلایەن خۆرهەڵاتتناس و وەرگێڕی فەرەنسی ئانتوان جالان بە بەش بەش بۆسەر زمانی فەرەنسی وەرگێڕاوە. لەرێگەی زمانی فەرەنسیشەوە بۆ زۆربەی زمانە ئەوروپییەکان وەرگێڕاوە. دواتر ئەم حکایەتانە بۆ زۆربەی زمانەی ئەوروپییەکانی تر وەدەگێڕێت و دەبێتە کتێبە ئەفسووناوییەکەی خۆرهەڵات، کە زۆربەی نوخبەی نووسەر و ئەدیبی ئەوروپا حەزیان بە خوێندنەوەی ئەم حکایەتە دەکەن.
بۆیەکەمجاریش ساڵی 1823 لە زمانی فەرەنسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئەڵمانی، دواتریش لە ساڵی 1837 -1841 بۆیەکەمجار لە زمانی عەرەبییەوە لەلایەن گوستاڤ ڤایل وەردەگێڕێتە سەر زمانی ئەڵمانی، پاشان لە ساڵی 1907 دووبارە لەلایەن رۆژهەڵاتناس و وەرگێڕی ئەڵمانی ڤێکسی گرێڤەوە لە زمانی عەرەبییەوە وەردەگێڕێتە سەر زمانی ئەڵمانی.

تابلۆکێشان
لە رووی هونەرییەوە بەتایبەتی هونەری تابلۆکێشان، ئەم کتێبە ناخ و دەروونی کۆمەڵێکی زۆر لە تابلۆکێشە ناودارەکانی ئەوروپای هەژاندووە، وایکردووە کە عیشقیان بۆ خۆرهەڵات بجووڵێت و ئەم عیشقەش لە تابلۆکانیاندا دەربکەوێت. لە پێش هەموویانەوە تابلۆکێشی ناوداری فەرەنسی ژان ئۆگوست ئانگەر “کە لە ساڵی1780 لەدایک بووەو لە ساڵی 1867 کۆچی دواییکردووە.” هەروەها ئۆژین دیلاکروا ” لە ساڵی 1798 لەدایک بووە و لە ساڵی 1863 کۆچی دواییکردووە” کە ئەویش تابلۆکێشێكی ناسراوی فەرەنسایە سەر بە قووتابخانەی رۆمانسی بووەو جێپەنچەی بەسەر مێژووی هونەری تابلۆکێشانی فەرەنسا و جیهان دیارە. ئەم تابلۆکێشە هێندە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە کاریتێکردبوو، کە هانیدا سەفەرێک بۆ وڵاتانی مەغریبی عەربی بکات و کۆمەڵێک تابلۆی نایابی مەغریبی عەرەبیی و خۆرهەڵات بکێشێت. جگە لە کۆمەڵێک تابلۆکێشی تری جیهان، کە بەشێكی زۆریان لە رێگەی ئەم حکایەتانەوە وێنای خۆرهەڵات لە مێشکیان کێشاوە.

لە رووی موزیک و گۆرانییەوە
لە رووی موزیکیشەوە ئەم کتێبە کاریگەری بەسەر زۆرێک لە کۆمپۆنیست و موزیکژەنەکانی جیهانەوە هەبووە، بۆ یەکەمجار کۆمپۆنیستی فەرەنسی فرانسوا ئاریان بۆیلدیۆ لە ساڵی 1800 ئۆپێرایەکی بەناونیشانی “خەلیفەی بەغداد” ئامادەکرد و دواتریش هەر بەهەمان ناوەوە شاکارێکی موزیکی بڵاوکردەوە. دوای ئەویش کۆمپۆنیسی ئەڵمانی کارل ماریا ڤۆن ڤیبەر لە ساڵی 1811 شاکارێکی موزیکی بەناونیشانی ” عەلی بابا” بڵاوکردەوە.
بەڵام لە هەموویان ناسراوتر ، کۆمپۆنیستی ناوداری روسیا کۆرساکۆڤ لە ساڵی 1888 دا لەپاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە، شاکارێکی مەزنی بەناونیشانی ” شەهرەزاد” بڵاوکردەوە. دواتر بووە یەکێک لە شاکارە موزیکییە جیهانییەکان کە هەتاوەکو ئەمڕۆش لە جیهاندا بە بەردەوامی لێدەدرێتەوە، هەر کە باسی ئەم کتێبە دەکرێت، یەکسەر ئەو پارچە موزیکییە لێدەدرێت.
لە خۆرهەڵاتیش ژنە گۆرانبێژی میسری ئوم کەلسوم، یەکێک لە گۆرانییە جوانەکانی بەناوی ” هەزارو یەک شەوە” یە، کە یەکێکە لە گۆرانییە جوانەکانیی و هەتاوەکو ئێستاش لەناو ناخ و دەروونی خەلکی خۆرهەڵاتدا ماوە. جگە لە زۆر کۆمپۆنیست و موزیکژەن و گۆرانیبێژی تری جیهان.

لەرووی فیلم و کاری سینەمایی و تەلەڤزیۆنییەوە
هیچ کتێبێک هێندەی هەزارو یەک شەوە کاریگەری بەسەری کاری سینەماو تیڤییەوە نەبووە، هەر لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە هەتاوەکو ئەمڕۆ. بۆیەکەمجار دەرهێنەری فەرەنسی جۆرج میلییس فیلمی ” کۆشكی هەزار و یەک شەوە” لە ساڵی 1905 بەرهەمهێناوە. لە ساڵی 1924 دا فیلمی ” دزی بەغداد” لەلایەن دەرهێنەر رائول والچ بەرهەمهێنراوە. دوایینجاریش لەلایەن دەرهێنەری ئیتالی پاولۆ بازۆلینی لە ساڵی 1974 دا فیلمی ” گوڵی هەزار و یەک شەوە” بەرهەمهێنرا.
لەرووی فیلمی کارتۆنیشەوە کاریگەری هەبوو، لەراستیشدا بە حوکمی ئەوەی ئەم کتێبە کۆمەڵێک حکایەتی ئەفسوناویی لەخۆ دەگرێت، بەلای منداڵەوە زۆر خۆشن، من خۆم کاتێک منداڵ بووم زۆر حەزم بە فیلم کارتۆنەکانی ” سندیباد، عەلادین ، هەزارو یەک شەوە” هەبوو. ئەم فیلمە کارتۆنانە دونیای خەیاڵ لای منداڵ زۆر فراوان دەکەن.
بۆیەکەمجار لە ئەمریکا لە ساڵی 1959 وەکو فیلم کارتۆنی لەلایەن جاک کینی بەرهەمهێنرا، دواتریش لەلایەن فیلمسازی ژاپۆنییەوە ئۆسامۆ تیزیۆکا لە ساڵی 1969 بەشێوەیەکی جوانتر و مۆدێرنتر فیلم کارتۆنی هەزار یەک شەوە هاتە بەرهەم.

ئۆپێرا
لەرووی ئۆپێراشەوە کاریگەری زۆر گەورەی هەبووە، هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەیەدا، چەندینجار کراوە بە ئۆپێرا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە زۆرێک لە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە، دەرفەتی زۆرباشی تێدایە بۆئەوەی لەرووی هونەری ئۆپێراوە کاری لەسەر بکرێت، بۆیەکەمجاریش لەلایەن کۆمپۆنیس و موزیکژەنی فەرەنسی فرانسوا ئاریان بۆیلدیۆ لە ساڵی 1800 ئۆپێرای خەلیفەی بەغداد” نمایشكرا، هەر لەگەڵ ئەم ئۆپێرایەشدا شاکارە موزیکییەکەی بۆ دانا. لە پاش بۆیلدیۆوە 12 جاری تر وەکو ئۆپێرا هەزارو یەک شەوە نمایشكراوە دوایینجاریش لە ساڵی 2012 لە ئۆپێرای ڤییەننا لە نەمسا بەناونیشانی ” هەزار و یەک شەوە” نمایشكراوە.
لەرووی شانۆشەوە زۆرێک لە حکایەتەکانی کراون بە کاری شانۆیی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا لەسەر تەختی شناۆ نمایشكراوە.

کاریگەری بەسەر ئەدەبی جیهانەوە
کاریگەری بەسەر ئەدەبی جیهانیشەوە زۆر دیارە، بەتایبەتی نووسەران و رووناکبیران و فەیلەسوفانی ئەوروپا لە سەدەکانی رۆشنگەری. لەمبارەیەوە ڤۆلتێر فەیلەسوفی ناسراوی فەرەنسا دەڵێت: من هەتاوەکو 14 جار حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوەم نەخوێندەوە، نەبووم بە چیرۆکنووس”
ژنە رەخنەگەری ئەڵمانی ئارموندە هێلەر دەڵێت: حکایەتی هەزارو یەک شەوە، توانی وێنەیەکی رۆمانسیی و خەیاڵیی لە زیهنی ئێمەدا بەرامبەر خۆرهەڵات دروست بکات .” هیچ کتێب و نووسەرێکی خۆرهەڵات، هێندەی ئەم حکایەتانە کاریگەری بەسەر ئەدەبی ئەوروپییەوە نەبووە. هەروەها ئەم کتێبە بە قوڵی ناخی شاعیرو بیرمەندی ئەڵمانی گۆتەی هەژاندووەو کاری تێکردووە.

کاریگەری بەسەر رۆمان و چیرۆکی ئەوروپییەوە
زۆر مێژوونوسی ئەدەبی ئەوروپی پێیان وایە، کە ئەم کتێبە کاریگەری گەورەی بەسەر ئەو رۆمان و حکایەتە ئەوروپییانەوە هەبووە، کە بە بەردی بناغەی رۆمان و چیرۆکی ئەوروپی دادەنرێن. بۆ نموونە ئەم کاریگەرییە بەسەر حکایەتەکانی ” سەمیرامیس و شازادەی بابل” ی ڤۆلتێر زاڵە، هەروەها نووسەر و ئەدەیبی ناسراوی ئینگلیزی جیمس مۆریر ” لە 1780 لەدایک بووەو لە ساڵی 1849 کۆچی دواییکردووە” لە بەشێکی زۆری کارەکانیدا، هەست بەم کاریگەرییە دەکەین بەتایبەتی لە حکایەتەکانی ” حاجی بابا، موسلیمە، میرزا و حکایەتی فارسی” . هەروەها هەست بەم کاریگەرییە گەورەیە بەسەر فەیلەسوفی ناسراوی فەرەنسا و ئەوروپا مۆنتیسکۆ دەکەین ، بەتایبەتی لە کتێبی ” نامە فارسییەکان”دا. هەروەها رۆمانە ناسراوەکەی سەرکێشییەکانی رۆبنسۆن کروز کە لە نووسینی نووسەری ناوداری ئینگلیزی دانیێل دیڤۆ،” لە ساڵی 1660 لەدایک بووەو لە ساڵی 1731 کۆچی دوایی کردووە.” هەروەها سەفەرەکانی کالیڤەرز لە نووسینی نووسەری ناوداری ئینگلیزی جۆناتان سویف ” لە ساڵی 1667 لەدایک بووەو لە ساڵی 1745 کۆچ دواییکردووە”، ئەم دوو رۆمانەش کە بە رۆمانە بنەڕەتییەکانی رۆمانی ئینگلیزی و ئەوروپی دادەنرێن، بەشێکی زۆری حکایەتەکانیان لە حکایەتی سندیبادەوە بردووە کە یەکێکە لە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە.
نووسەری ناوداری روسیش لیۆ تۆڵستۆی زۆر هەواداری ئەدەبی خۆرهەڵاتی بووە، بەتایبەتیش حکایەتەکانی هەزار و یەک شەوە، زۆر کاری تێکردووە. ئەم کاریگەرییە گەورەیەش لە حکایەتی ” پاشاو بازەکەی” بە ڕوونی دیارە. هەرچەندە ئەم حکایەتەی، حکایەتێکە بۆ منداڵان نووسراوەو دەچێتە قاڵبی ئەدەبی منداڵانەوە. ئەم حکایەتەش لەژێر کاریگەری حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە نووسراوە بەتایبەتی حکایەتی ” قەمەر زەمان”

کاریگەرییەکانی لەسەر ژانرە جیاوازەکانی رۆمان
هیچ کتێبێکی جیهان هێندەی حکایەتی هەزارو یەک شەوە کاریگەری بەسەر ئەدەبیاتی جیهانەوە نەکردووە بەتایبەتی لەرووی چیرۆک و رۆمانەوە. زۆرکەس بە دایکی هەموو چیرۆک و رۆمانەکانی دادەنێن. لەم کتێبەدا رۆڵی ” گێڕەوەر، پاڵەوان، فەنتازیا، خەیاڵ، زمانی شیعری، گرێی ناو چیرۆک، دیالۆگ” دەردەکەوێت. هەربۆیە ئەم کتێبە دەبێتە ئیلهابەخش و سەرچاوەی داهێنان و ئەفراندنی ژانری نوێی چیرۆک و رۆمان لە پێش هەموویانەوە ” رۆمانی خەیاڵی، ئیرۆتیک، پۆلیسیی، خۆشەویستی، مێژووییی”

رۆمانی خەیاڵئامێز و ئەفسووناوی
حکایەتی هەزارو یەک شەوە راستە لەلایەکەوە باسی ژیانێکی هەقیقی دەکات بەڵام لە پەنا ئەم هەقیقەتەشدا، ئێمە جیهانێکی خەیاڵیی و فەنتازیا دەبینین، ئەمەش لە کۆمەڵێک حکایەتی سەیر و سەمەرەدا دەردەکەوێت کە تێیدا پاڵەوانەکانی هێز و توانای ناسروشتییان هەیە بەتایبەتی لە حکایەتەکانی ” سندیباد، عەلی بابا ، عەلادین”دا ئەو حکایەتاناش بوونەتە سەرچاوەو سەرەتایەک بۆ رۆمان و چیرۆکی خەیاڵئامێز کە دواتریش رۆمانی ” خەیاڵی زانستی-science fiction” و ماگیی ریالیزمی” واقعی سیحری” تێدا لەدایک دەبێت.

ئەدەبی ترسناک
بابەتێکی تر کە لە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوەدا بە روونی دەردەکەوێت، مەسەلەی دەرکەوتنی جنۆکە و دێو و درەنجە، کە ئەمەش زۆرجار ترس دەخاتە دڵی خوێنەری ئاساییەوە، لێرەشەوە ئەوەی کە ئەمڕۆ پێی دەڵێین، ئەدەبی ترسناک جا ” فیلم یان رۆمان و چیرۆک” لەدایک بووە. ئەمەش بەروونی لە حکایەتەکانی ناو هەزارو یەکشەوە دەردەکەوێت بەتایبەتی لە حکایەتەکانی ” ماڵی مردووەکان، شاری مس” دا بە جوانی دەردەکەوێت، کەتێیدا باسی جنۆکە و رۆحی مردووەکان دەکات.

ئەدەبی پۆلیسی
لە بەشێکی حکایەتەکانیدا باسی کەسانی دز و جەردە دەکات، لە حکایەتی ” بەرگدرو، کۆمڕە، پزیشكی جوو” کاتێک بەرگدروێک لە چین کۆمڕەیەک دەباتەوە ماڵەوە ، لەکاتی نانخواردندا دەمرێت، ئەویش دەیبات بۆ ماڵی پزیشکە جووەکە و لە ژێرزەمینەکەدا فڕێی دەدا، دواتر پزیشکەکە تاوانبار دەکرێت بە کوشتنی کۆمڕەکە، دواتر سوڵتان فەرمان دەردەکات بە سزادانی ئەو کەسانەی کە ئەم تاوانەیان کردووە، جگە لە بەرگدرووەکە و پزیشکە جووەکە، نزیکەی 12 کەسی تر تێوە دەگلێن و هەرەیەکەشیان باسی حکایەتی خۆی دەکات و لە کۆتاییدا تاوانبار دەدۆزرێتەوە.
هەروەها لە حکایەتی کوشتنی کچە منداڵەکە یان ” سێ سێوەکە” کاتێک لە بەغدا تەرمی کچێکی منداڵ دەدۆزرێتەوە، هارون رەشید داوا لە وەزیر جەعفەر دەکات دەبێت لە ماوەی سێ رۆژدا تاوانباری بۆ بدۆزنەوە، ئەویش هەتا سێ رۆژەکە تەواو دەبێت تاوانبار نادۆزێتەوە، دواتر خەریکە خودا حافیزی لە ژن و منداڵەکانی بکات و بچێت بۆ بەردەم مەسروری شمشێر وەشێن، تا ملی لە لاشەی بکاتەوە، کەچی لەپڕێکدا دوو کەس پەیدا دەبن و دەڵێن ئێمە کوشتوومانە، دواتر لێکۆڵینەوە دەستپێدەکات، ئەوانیش تاوانبار دەرناچن، دیسانەوە هارون رەشید سێ رۆژی تر مۆڵەت بە وەزیرەکەی دەدات، ئەویش دەگەڕێت تاوانبار نادۆزێتەوە، دواتر ئاشكرا دەبێت کە کۆیلەیەکی رەش سێوێکی بە کچەکە داوە، دواتر خواردوویەتی و ژەهر خواردوو بووە، ماوەیەکیش بە دوای کۆیەلەکەدا دەگەڕێن تا لەکۆتاییدا تاوانبار دەدۆزنەوەو سزای دەدەن.
هەموو ئەمانەش سەرەتایەکی گرنگ بوون بۆ دروستبوونی تەکنیک و فۆرمی ئەدەب و رۆمانی پۆلیسی، کە لە مڕۆدا رەواجێکی زۆری هەیە.

هەندێک سەرنج
لەگەڵ هەموو ئەو جوانیانەی کە لەم کتێبەدا هەیە، بەڵام لە پەنا ئەوەشدا کۆمەڵێک سەرنج و تێبینی و رەخنەش لەم کتێبە دەگیرێت. لە پێش هەموویانەوە ئەم کتێبە بە چەندین جۆر چاپکراوە، لە جیاتی چاپێک و وەرگێڕانێک ، چەندەها وەرگێڕانی هەیە، کە زۆرجار خوێنەر سەری لێتێکدەچێت کامیان هەڵبژێرێت.
لەڕووی ناوەڕۆکیشەوە، زۆر رووداو، چیرۆک هەیە ، کە دووبارە و سێ بارە دەبنەوە، بۆ نموونە لە زۆر چیرۆکدا بابەتی ” خیانەتی ژنێک لە پیاوەکەی، بەدگۆڕان” گۆڕینی مرۆڤ لەرێگەی سیحرەوە بۆ ئاژەڵ” ئەم دیمەنانە هەتاوەکو کۆتایی کتێبەکە بەردەوام دەبن.

کاریگەری ئەفسانەکان
لەلایەکی ترەوە لە زۆر شوێندا هەست بە کاریگەری ئەفسانە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا و هیندستان و ئێران و یۆنان بەسەر ئەم حکایەتانەوە هەیە، بگرە هەندێک چیرۆکی هەیە وەکو خۆی دانراوەتەوە. بەتایبەتی ئەفسانەی گیلگامیش و کەلیلە و دیمنە، کە زۆر پێش حکایەتی هەزارو یەک شەوە نووسراون، لەم دوو ئەفسانەیەشدا ” پاڵەوانی سیحر ئامێز، گۆڕینی مرۆڤەکان بۆ ئاژەڵ” رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، بۆیە هەندێک لە لێکۆڵەوەرەکان پێیان وایە ، کە ئەم حکایەتانەش بەشێکن لەو ئەفسانە کۆنانە.
ژن سەرچاوەی خراپەکارییە
خاڵێکی تر کە زیاتر لەلایەن رەخنەگرە ڤێمینیستەکان لێیدەگرن ئەوەیە، کە وێنەی ” ژن” لەم حکایەتانەدا لە زۆر شوێندا بە خراپ باسکراوەو زۆرجار باسی ” فێڵبازیی و مەکری ژنان” دەکات، هەروەها ژن بە سەرچاوەی خراپەکاری دادەنێت، ئەمەش لە بەشێکی زۆری حکایەتەکاندا هەیە. بەڵام لەهەمانکاتیشدا نابێت ئەوەشـمان لەبیربچێت، کە پاڵەوانی سەرەکی ئەم حکایەتانە شەهرەزادە، کە کچێکی زیرەکە و لێرەشدا زیرەکیی ژن دەردەکەوێت و پێگەی بەهێزی لەناو حکایەتەکاندا پێبەخشییوە.

وەرگێڕانی بۆ کوردی
دیارە ئەم حکایەتانە بۆ زۆر زمانی جیهان وەرگێڕاوە، پێشتریش لە کوردەواریدا لەناو مەجلیس و کۆبوونەوە خێزانیی و کۆمەڵایەتییەکاندا ئەم حکایەتانە جا هەموویان پێکەوە بن یان دانە دانە لەناو خەڵکیدا باسکراون، بەڵام بەداخەوە زۆر درەنگ هەموو حکایەتەکان کراون بە کوردی. خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە زمانی عەرەبیی و فارسییەوە ، لەلایەن کۆمەڵێک وەرگێڕی هێژاوە، کراوە بە کوردی، ئەمەش خزمەتێکی باشی کتێبخانەی کوردی دەکات ، لەهەمانکاتیشدا خوێنەری کوردیش دەستی بەم شاکارە ئەدەبییە مەزنەی جیهان دەگات.

دوا قسە
بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبە خاڵی زۆر جوان و شاراوەی تێدایە، لەوانەبێت من لەم وتارەدا تەنها ئاماژەم بە هەندێک خاڵ کردبێت، بەڵام ئەگەر بمانەوێت باش لەم حکایەتانە بگەین ، سەرەتا پێویستە جارێک یان دووجار ئەم حکایەتانە بخوێنینەوە، بۆئەوەی هەم زانیاریی باشمان دەستبکەوێت و هەمیش جێژ لەو حکایەتە جوانانە وەربگرین، کە لەم کتێبەدا باسکراون. هیوادارم لە خوێنەران کە ئەم کتێبە بخوێننەوە بەتایبەتی ئەوانەی حەزیان بە چیرۆک و ئەفسانەیە، چونکە حکایەت و دیمەن و ڕووداوی زۆر جوانی تێدایە.

———————————

سەرچاوە:
1/ ألف ليلة وليلة. الناشر مؤسسة هنداوي. لندن . المملکة المتحدة. 2017
/1/ ملهم فايز راضي. دراسة-تحليلية-لكتاب-ألف-ليلة-وليلة / https://mqqal.com
2/ محمد عبد الرحمن يونس. حكايات ألف ليلة وليلة تتمازج في ثقافات الأمم والشعوب. www.alarabiya.net
3/ عيسى مخلوف. شهرزاد أو الهجرة إلى الغرب. www.nidaalwatan.com
.
4/ Tausendundeine Nacht zwischen Orient und Europa. www.hu-berlin.de/de
5/ Als Europa den Orient erfand Tilman Spreckelsen. www.faz.net/aktuell




چه‌ند وێنه‌یه‌كی ورد “له‌نێوگێژاوی ژیاندا” بۆ دروستبوونی وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌تر.. ئەژین فەهمی

ده‌كرێ چه‌ندین چیرۆكی ئه‌ندێشه‌كراو لای هه‌ر یه‌كێكمان بۆ گێڕانه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ڵام ئەوەی گرنگه‌ وه‌ها بگێڕینه‌وه‌ له‌ هیی كه‌سی تر نه‌چێت؛ گێڕانه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆمانمان هه‌بێت و هه‌میشه‌یش پێی بناسرێینه‌وه‌. ئیجا ئه‌و گێڕانه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌ داڕشتنی وشه‌سازی، ده‌ربڕینی هه‌ندێك وشه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆمان بێت، یاوه‌خود تەکنیک و وه‌سف كردنی دیمه‌نه‌كان و گرێچنی بێت. بۆیه‌ چه‌ند گرنگه‌ شاره‌زایی و كارامه‌ییت له‌خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌وانی تر هه‌بێت، هێنده‌یش گرنگه‌ له‌ ده‌قی خۆتدا چۆن كار ده‌كه‌یت و چیرۆكێكی جیاواز له‌ گێڕانه‌وه‌ و ناوازه‌ له‌ ده‌ربڕین داده‌ڕێژیت. بۆ دووپات کردنەوەی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌م، له‌ كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی “له‌نێیو گێژاوی ژیاندا”ی چیرۆكنووس (گۆران سه‌مه‌د )دا بە ڕوونی بەدیی دەکرێت. ئه‌م كتێبه‌ له‌ نۆ، کورتەچیرۆك پێكهاتووه‌.
نۆ، چیرۆك له‌ كه‌شێكی جودا له‌ یه‌كدی، كه‌ هه‌ڵقوڵاوی كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی وردن بۆ نیشاندانی وێنه‌یه‌كی باڵاتر، به‌ڵام خاڵێكی هاوبه‌شیان هه‌یه‌، ئه‌ویش نیشاندانی وێنه‌ی (ئیرۆتیك)ه‌، کە له‌ زۆرینه‌ی چیرۆكه‌كاندا هه‌یه‌ و تا ڕاده‌یه‌ك چیرۆكنووسی پێ ده‌ناسرێته‌وه‌. نووسه‌ر جگه‌ له‌ خه‌می تاك و كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌هامه‌تییه‌كانیان، ئه‌و خه‌مێكی گه‌وره‌یش له‌ پشت ئیرۆتیكه‌وه‌ باس ده‌كات، ئیرۆتیك به‌ مانای ئه‌وه‌ی، كه‌ وێنه‌كان سرووشتی وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ن‌، بێ هیچ تەمومژێک، ببینرێن.
نووسه‌ر هه‌ر له‌ڕێگه‌ی وێنه‌ هه‌ستیاره‌كانه‌وه‌ نیشانی داوین، كه‌ چه‌ند سرووشتین، بێ گومان ئیرۆتیكایش هه‌ستی بزواندنه‌، كه‌ ده‌شێ له‌ ژیانی هه‌ر یه‌كێكماندا هه‌بێت و ئه‌مێستایش له‌م چیرۆكانه‌ به‌ری ده‌كه‌وین. هه‌رچه‌نده‌ نووسه‌ر له‌ چیرۆكه‌كانیدا هه‌موو شتێكی باس نه‌كردووه و زۆر شتی لە تاریکیدا بۆ خوێنەر بەجێ هێشتوە‌، لەگەڵ ئەوەیشدا، ئه‌وه‌ی پێویست بووه‌ گوتویه‌تی، به‌ڵام له ڕێگه‌ی وێنه‌كانه‌وه وێنه‌ی تر ده‌بینین. گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه‌ ناونیشانی كتێبه‌كه‌ “له‌نێو گێژاوی ژیاندا” ئه‌وه‌ باش دیاره‌، كه‌ مرۆڤ له‌ به‌دبه‌ختیه‌كانی و سه‌ر لێشێواوییه‌كانی نێو ژیاندا كه‌وتووه‌ته نێو گێژاوه‌وه‌. جا ئەو گێژاوە چەند ڕەهەندی هەیە و لە هەر چیرۆکێکدا بە شێوەیەک دەردەکەوێت. هه‌ر به‌ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كان هه‌ست به‌ ورد چنینی ده‌كه‌ین، ده‌رك به‌وه‌ ده‌كه‌ین شتگه‌لێك كه‌شف ده‌كات و دنیایه‌كی جیاواز له‌ سه‌ربه‌ستی هه‌یه‌. به‌و چه‌شنه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان به‌جه‌سته و‌ ئازادن، به‌ دڵی خۆیان دێن و ده‌سوڕێن، نه‌ك به‌ خواستی دڵی نووسه‌ر گوزه‌ر بكه‌ن. ئه‌م ئازاد كاركردن و كاره‌كته‌ر ناسییه وای كردووه‌ چیرۆكه‌كان جێگه‌ی خۆیان لای خوێنه‌ر بكه‌نه‌وه‌ و ڕووداو و دیمه‌نه‌كان بیر نه‌چنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت خوێنه‌ر به‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كێكیان په‌ر‌ۆشی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وانی تر ده‌بێت. لێره‌دا به‌ باشم زانی به‌ چه‌ند دێڕێك باس له‌ هه‌ر نۆ چیرۆكه‌كه‌ بكه‌م، هه‌رچه‌نده‌ زۆرینه‌یان قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرن، به‌ڵام لام وایه “ئالوده‌ به‌‌ ته‌نیایی”، شه‌شه‌مین چیرۆكه، له‌ باره‌یه‌وه‌ تێڕامانی زیاترم بۆی هه‌بێ‌ و زێده‌تر له‌باره‌یه‌وه‌ بدوێم. چیرۆكی “دوو خولەک و په‌نجاوسێ چركه‌ به‌ كاتژمێره‌كه‌ی ده‌ستم” به‌ چه‌ند دێڕێك له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌دوێم: ئه‌م چیرۆكه، مانشێتئاسایه، بۆ من ته‌كنیكێكی نوێتره‌‌ له‌كاره‌كانی تری نووسه‌ر، ئه‌م ڕێپۆرتاژ كار كردنه‌ وای له‌ ده‌قه‌كه‌ كردووه‌، گه‌ر هه‌ر پارچه‌یه‌ك له‌ چیرۆكه‌كه‌ وه‌ربگرین، چیرۆكێكی سه‌ربه‌خۆیه‌، ده‌شكرێ پارچه‌كانی چیرۆكه‌كان ته‌واوكه‌ری یه‌كدی بن و بێ یه‌كدی مانای ته‌واو نه‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌. بێگومان ئه‌م شێوازە كار كردنه‌ خزمه‌ت به‌ چیرۆكه‌كه‌ ده‌كات و وای لێ ده‌كات به‌ر شێواز و ته‌كنیكێكی نوێ بكه‌وین. نووسه‌ر، له‌ ڕێگه‌ی كه‌سی یه‌كه‌مه‌وه به‌ زمانێكی پاراو‌ و ساده‌، كه‌ توخنی ناوچه‌گه‌رایی نه‌كه‌وتووه‌، چیرۆكی سه‌رگوزه‌شته‌ی خۆی و دڵداره‌كه‌ی له‌ به‌غدا، كه‌ بۆ بژێوی ژیان ده‌چێته‌ ئه‌وێ، بۆ هاوڕێكه‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌. پاڵه‌وان له‌كاتی گێڕانه‌وه‌دا به‌ نێو كه‌ش و كوچه‌ و كۆلانه‌كانی به‌غداددا ده‌مانگێڕێت. وه‌ها باش وێنه‌كانی گه‌یاندووه‌ له‌ ئێمه‌ وایه‌ له‌ شه‌قامی “موته‌نه‌بین” و به‌ دیار هاتن و چوونی پاڵه‌وانه‌کەوەین و تا ده‌گات به‌وه‌ی له‌ كونێكه‌وه‌ سه‌یری نزیك بوونی ئه‌و و دڵداره‌كه‌ی بكه‌ین. ئه‌م چیرۆكه‌ به‌ هونه‌رێكی به‌رز نووسراوه، هونه‌رێك تژی له‌ وێنه‌ی جۆرا و جۆر و بینراو. دوابه‌دوای ئه‌وه‌ نووسه‌ر له‌و ڕێگه‌یه‌وه ‌باسی عیشقێكی ناكام له‌ژێر سایه‌ی پاره‌ و ده‌سته‌ڵات ده‌كات، پێشمان ده‌ڵێت: عیشق باڵاتره‌ له‌ هه‌ر شتێك، كه‌ مرۆڤ بایه‌خی بۆ داناوه‌. بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌یش بێ گوێدانه‌ هیچ شتێك، پاڵه‌وان و دڵداره‌كه‌ی له‌و غه‌ریبییه‌دا به‌رده‌وامی ده‌ده‌ن به‌ عیشقه‌كه‌یان. هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی پاڵه‌وانه‌کەوه به‌ر زۆر شتی نه‌بینراو ده‌كه‌وین، كه چەندین پرسیار دەوروژێنێت‌. بۆیه‌ گه‌ر له‌ دێڕه‌كانی نێو چیرۆكه‌كه ورد بینه‌وه‌ ده‌رك به‌وه‌ ده‌كه‌ین، نووسه‌ر جگه‌ له‌وه‌ی وه‌ك نووسه‌رێك نووسیویه‌تی و خۆی بێ به‌ری كردووه‌ له‌ ڕه‌گه‌زی نووسه‌ربوون، كه‌چی ئه‌وه‌ی گرنگه‌ چڕکردنەوە و كورتبڕی له‌ گێڕانه‌وه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ كردووه‌.
(گۆران سه‌مه‌د) به‌ زمانێكی پاراو و به‌ چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌ك، چیرۆكی چه‌ندین ساڵمان بۆ چڕ ده‌كاته‌وه‌. لە چیرۆكی “گه‌نیو نه‌بوون”دا، بەر تەکنیکێکی تر دەکەوین، بۆ نموونە هه‌یكه‌لی ئه‌م چیرۆكه‌، تا ده‌گات به‌ ناواخنیشی، سه‌رتاپێی له‌ خزمه‌تی دۆخی سایكۆلۆژیی كاره‌كته‌ره‌کەدایە. بار و دۆخی چیرۆكه‌كه‌ سه‌روكاری له‌گه‌ڵ جه‌نگدا هه‌یه‌ و كاره‌كته‌ر له‌نێوان مه‌رگ و ژیاندایه‌. بە ڕوونی لێك چونێك لەنێوان ئه‌م چیرۆكه‌ و چیرۆكی “دواهه‌مین وێنه‌”دا هەیە. گه‌رچی كاره‌كته‌ره‌كه‌مان بێ ناوه‌، به‌ڵام هۆكاری بێ ناوییه‌كه‌ی بۆ به‌دبه‌ختییه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌… گه‌ر بێ ناویش بوویت، شتێك نامێنێته‌وه‌ گرێدراوی ناونیشان بێت. گه‌رچی له‌چه‌ند دێڕێكدا هه‌ست به‌ ده‌ربڕینێكی چه‌شنی وتار نووسین و جۆرە ڕاسته‌وخۆ ده‌ربڕینێک دەکەوین، به‌ڵام لام وایه ئه‌م ده‌ربڕینه‌ وتارئاسا و ڕاسته‌وخۆییه‌ زۆر جار وا ده‌خوازێت بۆ نێو چیرۆك، ڕه‌نگبێت ئه‌م جۆره‌ لە گێڕانەوە، به‌ره‌و قووڵایی بمانبات، هاوکات لێرەدا گرنگە نووسەر بتوانێت تێمان بگەیەنێت و په‌یامه‌كه‌یشی وه‌ك ئه‌وه‌ی ویستوویه‌تی بگات.
بۆ نموونە گه‌ر بڕوانین له‌ دوا دێره‌كانی ل (٢٤) بە ڕوونی ئەمە دەبینین. بۆیه‌ دەکرێت بڵێم: ئەم چه‌ند دێڕه‌ی باسی (قاتیل بونی گیانی خۆت و شانازی كردن به‌م قاتیل بوونه‌وه‌) ده‌كات، لام وایه‌ ئه‌م داڕشتن و ده‌ربڕینه‌،‌ چه‌نده‌ وتارئاسایه‌، هێنده‌یش هونه‌رییانه‌یه‌ و لێرەدا بۆ چیرۆکەکە گرنگە. له‌م چیرۆكه‌دا نیگه‌رانییه‌‌كانی (ئه‌دگار ئالانپۆ)مان بیر دێنێته‌وه، بێگومان هه‌مان نیگه‌رانی و ته‌مومژییه‌كانی نێو چیرۆكه‌كانی (ئالانپۆ) نییه‌، به‌ڵكوو نیگه‌رانییه‌كی تره‌، كه‌ وای له‌ كاره‌كته‌رەکە كردووه‌ شوێن به‌خۆی نه‌گرێت و زۆر كات له‌ دواندنی خۆیدا بێت. كاره‌كته‌ر، چاوه‌ڕێی هاتنی كه‌سێكه‌، هه‌ر ئه‌م خۆ دواندنه‌یش، لەم چاوەڕوانییەدا وای كردووه ئه‌م چیرۆكه‌ هه‌ڵگری په‌یامێكی قووڵبێت و چەندین لایەنی سایکۆلۆژی لەخۆ بگرێت. له‌ چیرۆكی “ئاخێز” یشدا، نووسه‌ر گرنگی به‌ پێوه‌ندی نێوان دوو عاشق ده‌دات، بێگومان ئه‌و پێوه‌ندییه‌یش پرسێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ چیرۆكه‌كه‌دا و وێنه‌ی داوه‌ته‌وه‌. خه‌یاڵی چیرۆكه‌كه‌ له‌و چیرۆكانه‌یه‌، كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كه‌شێكی ساردی زستانی و بۆنی خاك و عیشقێكی جوان. لێرەدا (گۆران سه‌مه‌د) به‌ ئاگاییه‌وه‌ ده‌ستی بۆ بابه‌ته‌كه‌ بردووه ‌و وای كردووه‌ وێنه‌ ئیرۆتیكییه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چاوی كامێراكه‌ی له‌ خزمه‌تی وێنه‌كان داناوه‌. كامێراكه‌یش وێنه‌كانی وه‌ك خۆی، بێ زیاد و كه‌م، گەیاندووە. بێگومان ده‌ربڕینی وشه‌گه‌لێك له‌ ئامانجی نیشاندانی وێنه‌ی هه‌ستیار و ئیرۆتیك، پێیویستی به‌وه‌یه‌ وشه‌ی كه‌م و ئامانجدار به‌كار بێت، له‌م چه‌ند دێڕه‌ی خواره‌م نیشاندانی وێنه‌كان و ئابووری وشه‌ ده‌سه‌لمێنێت. ل (31) گوتی: ده‌خۆیته‌وه‌؟ گوتم: له‌وه‌ ده‌چێت… له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم ده‌رك به‌ شتێكی سه‌یر بكات، پێشبینی ترسێكم لێی ده‌كرد. گوتی: جه‌ناب خۆش ده‌ژییت… گوتم: من؟ گوتی شوشه‌‌كه‌ قڵب بكه‌مه‌وه‌، یان چۆڕێكت بۆ تێكه‌م؟ باگۆم دایه‌وه: تكایه‌، چۆڕێك… جووڵه‌كانی جۆرێك بوون. زۆر كۆنتڕۆڵ و به‌ئاگا. هیشتا جله‌كانی دانه‌كه‌ندبوون. ته‌نیا ماچی هاتنیمان گۆڕیبووه‌وه‌…
له‌ چیرۆكی “بووكه‌ڵه‌ په‌ڕۆیینه‌كاندا” نووسه‌ر به‌ شێوازێكی هونه‌ری سووژه‌ و ده‌ربڕینەکانی چنیووە، ئه‌م چیرۆكه‌ پشتی به‌ نیشاندانی وێنه‌ی منداڵی به‌ستووه‌. شتێکی ئاشکرایە سه‌رده‌می منداڵی هه‌ر یه‌كێكمان بایه‌خێكی گرنگی له‌ یاده‌وه‌ریماندا هه‌یه‌، منداڵیی ده‌توانێت هه‌ڵقووڵاوی چه‌ندان بیرۆكه‌ی كار كردن بێـت له‌ چیرۆكدا. لەو بڕوایەدام، نووسه‌ریش ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی له‌ منداڵیی خۆیەوە وه‌رگرتووه‌. لەم چیرۆکەدا تەمەنی منداڵی لەنێوەندی کارەکەدایە و هەموو شتەکان بە دەوری ئەو یادەوەرییانەدا دەسوڕێنەوە، کە جارێکی تر هەرگیز ناگەڕێنەوە. لێره‌دا پوخته‌یه‌كی چیرۆكه‌كه‌ دێنمه‌ باسه‌وه‌: ئه‌م چیرۆكه‌ لە ژینگەیەکی هاوڕێیانه‌ی منداڵیدا دەسوڕێتەوە؛ هه‌روه‌ك چۆن له‌ چیرۆكی یه‌كه‌مدا نووسه‌ر سوودی له‌ هاوڕێی ڕاسته‌قینه‌ وه‌رگرتبوو، به‌ڵام لێره‌دا باس كردنی هاوڕێ شتێكی تره‌، به‌كه‌مێك جوداوازییه‌وه‌. لێره‌دا ئه‌وه‌ی جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌ منداڵییه‌، یاده‌وه‌ری (كۆدۆ و كارۆیه‌)، كه‌ یاداشت كراوه‌ و خۆیان چیرۆكه‌كه ده‌گێڕنه‌وه‌. ‌ یاده‌وه‌رییه‌ك له‌نێو فیلمی كارتۆن و یارییه‌ منداڵییه‌كانییاندا به‌رجه‌سته‌یه‌. بێگومان ئه‌و به‌رجه‌سته‌ بوونه‌ وێنه‌ی جوانی سه‌رده‌می منداڵی ئه‌فراندووه‌. له‌یه‌ك چواندنی ئه‌و فیله‌ی یاری پێده‌كه‌ن و ئه‌و فیله‌یشی له‌ چیرۆكه‌كانی داده‌ سه‌یراندا هه‌یه‌. شایانی باسه‌ چیرۆكه‌كه‌ ڕەوشێکی تایبه‌ت به‌ دنیای منداڵان لەخۆ دەگرێت‌، كه‌ خێزان تێیدا سه‌رپشكه‌.
هه‌بوونی خێزانیش لەم چیرۆکەدا، وای كردووه‌ چیرۆكه‌كه‌ ساکار و پاك و سرووشتی ده‌ركه‌وێت. كۆتایی هاتنی چیرۆکەکەیش بە تراژیدیایه‌، ناوه‌ڕۆکەکەی تەواو پێكاوه‌ و هه‌ڵگری چه‌ندان په‌یامی جیاوازه، كه‌ ده‌كرێ لای هه‌ر خوێنه‌رێك جیاواز بێت.
له‌ چیرۆكی “دواهه‌مین وێنه، ڕوون نییه‌ كه‌ی ده‌بێته‌ ده‌ستپێك ‌” دا : نووسه‌ر له‌م چیرۆكه‌یشدا تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر وێنه‌كان، به‌ڵام ئه‌م وێنه‌یه‌ی لێره‌دا ده‌بینرێت جیاوازتره‌ له‌ وێنەکانی پێشووتر، بێگومان وێنه‌یش پاڵنه‌رێكه‌ بۆ مانه‌وه‌، به‌ خۆشی و ناخۆشییه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌كرێ بیبینین نیشاندانی كاره‌ساتی بالیسانه‌، ده‌كرێ ته‌واوی ڕووداوه‌كانی ئه‌م كاره‌ساته‌مان یاد نێته‌وه‌، گه‌رچی خۆیشمان له‌وێ ئاماده‌ نه‌بووین، به‌ڵام نووسه‌ر لێره‌دا، به‌ نیشاندانی وێنه‌كان بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌، وەک ئەوەی خۆمان له‌وێ بووین. چرکاندنی وێنەیەک، ئەو ساتەمان بۆ تا ئەبد لەوێدا، بێ جووڵە دەهێڵێتەوە. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌ به‌ زمانی كه‌سی یه‌كه‌م داڕێژراوه‌، له‌ تۆ وایه‌ ئه‌م كاره‌ساته‌، گه‌ر ته‌واوی كاره‌ساته‌كانیش نه‌بێت، ئەوا نووسه‌ر ژیانی خۆی كردووه‌ته‌ چیرۆك. گەر به‌ زمانی که‌سی دووه‌م و سێیه‌می تاك نووسرابوایه‌، شتێكی تربوایه‌ و به‌ جۆرێكی تر به‌ری بكه‌وتینایه‌. سەرلەنوێ نووسه‌ر، لەم چیرۆکەیشدا، خۆی بێ به‌ری نه‌كردووه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌، گه‌رچی لێک چوونێک لەێنوان ئەم چیرۆکە و چیرۆكی پێشتردا هەیە، به‌ڵام شایانی باسه‌ بڵێم: ئه‌م خۆ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی نووسه‌ر بێ مه‌به‌ست نییه‌. به‌ چه‌شنێكی تر و پلۆتیكی تر داڕشتنێكی جوانی نووسیوه‌ته‌وه‌. ده‌كرێ له‌ هه‌ر كونجێكدا وێنه‌یه‌كی جوداوازی به‌دبه‌ختی و ڕاسته‌قینه‌ و ته‌نانه‌ت كاره‌ساته‌كانیش ببینین. له‌ چیرۆکی “ئالووده‌ به‌ ته‌نیایی” دا، چیرۆکێکە لام وایه‌ پێویسته‌ زیاتر له‌باره‌وه‌ بدوێم و زیاتریش قسه‌ هه‌ڵده‌گرێت. لێره‌دا به‌ گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شت زان نووسه‌ر هه‌وڵیداوه‌ ڕاپێچی نێو ئه‌م چیرۆكه‌مان بكات. ئاشكرایه‌ ئالووده‌ به‌ هه‌ر شتێك بین، ڕێی تێده‌چێت و له‌ ژێر فشاری شتگه‌لێكه‌وه‌ ئالووده‌ بووبین، به‌ڵام گه‌ر ورد بینه‌وه‌ زۆر جار به ‌هه‌ر هۆكارێك بێت، ته‌نیایی وا ده‌كات ئالووده‌ بین، ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێویسته‌ بڵێم ئالووده‌ بوون به‌ ته‌نیایی سه‌خته‌، ته‌نیایی پرسێكی فەلسەفی، مرۆیی و خودگەراییە‌، ده‌كرێ هه‌ر كه‌سێك بۆچوونێكی له‌باره‌وه‌ هه‌بێت.
زۆر جاریش هه‌ر ته‌نیاییه‌ داتده‌ماڵێت و دەتشکێنێت، ته‌نیاییه‌ك تێیدا سه‌ر لێ شێواو بیت، هاوکات گه‌ر ئه‌م ته‌نیاییه‌ پشتگوێ بخه‌یت و باكت پێ نه‌بێت و له‌ ئاستی خۆی گه‌وره‌تر نه‌كرێت، ئه‌وا زیانت پێ ناگات، لە هەمان کاتدا ده‌توانی له‌نێو ته‌نیای خۆتدا به‌دوای ماناكانی بون بگه‌ڕێیت. بیرمه‌نده‌كانی پێشوو له‌ ته‌نیایدا زۆر شتیان ئه‌فراندووه‌، به‌دوای ماناكانی شته‌ ورده‌كان گه‌ڕاون و زۆریان بۆ لێکداوینەتەوە‌، زۆر جاریش ببیرمه‌نده‌كان ده‌ره‌قه‌تی ته‌نیایی نه‌هاتوون و خۆیان كوشتووه‌. بۆیه‌ ده‌كرێ له‌هه‌ركوێ بێت خۆمان فریو نه‌ده‌ین و له‌كوێدا پێویستی كرد له‌ ته‌نیایدا بوه‌ستین و له‌ كوێیشدا هه‌ستمان كرد ئیدی نابێت ته‌نیا بین، ئه‌وا ده‌بێت ته‌نیا نه‌بین، به‌ جۆرێكیتریش: زۆر جار هه‌وڵی ته‌نیا بوونمان داوه‌ و ته‌نیا نه‌بووین، زۆرجاریش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. ئێمه‌ له‌به‌رده‌م كاره‌كته‌رێكداین تێگه‌ڵ به‌ ته‌نیایی بووه‌ و تا ڕاده‌یه‌كیش ته‌نیایه و له‌ یادی دڵداره‌‌كه‌یدایە، له‌ ته‌نیاییدا ئاره‌زووه‌ سێكسییه‌كانی كپ ده‌كاته‌وه‌. نووسه‌ر له‌ نووسینه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌دا، كه‌ به‌ دوایدا چه‌ند دێڕێکی تر دێن، ئازادانه‌ باسی ئه‌ندامی نێرینه‌ ده‌كات، ڕه‌نگبێت ده‌ربرینی وه‌ها وشه‌یه‌ك ئاسان بێت، به‌ڵام ئاسانیش نییه‌ نیشاندانی وێنه‌یه‌كی ئیرۆتیكی له‌ ده‌ربرینی ئه‌م وشه‌یه‌دا. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ هه‌ر ئیرۆتیكه‌ نه‌ك زیاتر له‌ ئیرۆتیك بێت. له‌ دوا دێڕه‌كانمدا له‌ باره‌ی چیرۆكه‌كه‌وه‌، گه‌رچی داڕشتنێكی تا ڕاده‌یه‌ك فره‌ ده‌نگه‌ و به‌ر ده‌نگی جودا ده‌كه‌وین. ئه‌وه‌یش باش ڕوونه‌، كه‌ نووسه‌ر چه‌نده‌ شاره‌زایی له‌ دروستکردنی كاره‌كته‌ر هه‌بووه‌، شاره‌زاییه‌ك به‌و ڕاده‌یه‌ی كاره‌كته‌ره‌كه‌ له‌م چیرۆكه‌دا چۆن جووڵێنراوه‌،‌ “گۆران سەمەد” وه‌ها جووڵاندوویه‌تی و بارته‌قای ناسینی كارەکتەر،‌ له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ردا ژیاوه‌ و كۆتایی چیرۆكه‌كه‌یشی به‌ كراوه‌یی جێهێشتووه‌. گه‌ر به‌ چه‌ند دێڕێكیش بێ، باسی چیرۆكی “باڵكۆنێكی شین” دەکەم: ئه‌م چیرۆكه‌ به‌ زمانی كه‌سی دووه‌م ده‌گێڕدرێته‌وه، كه‌ تێیدا گرنگی به‌ باسكردنی كولتووری خۆرهه‌لات دراوه‌، ئێمه‌ له‌م چیرۆكه‌دا به‌ر شوێنێكی جیاوازتر ده‌كه‌وین، وه‌ك له‌ چیرۆكه‌كنی تر، ئه‌ویش بالكۆنێكی شینه‌، ناونیشانی چیرۆكه‌كه‌یش هه‌ر به‌و ناوه‌وه‌یه‌. چیرۆكی دایكێكمان بۆ ده‌گێڕیته‌وه، كه‌ خاوه‌نی منداڵێكی كوڕه‌، كه‌ منداڵه‌كه‌ی له‌ ته‌مه‌نێكدایه‌ هه‌ست به‌ زۆر شتی ده‌وروبه‌ر ده‌كات، تێده‌گات دایكی له‌به‌ر عیشقی پیاوێكی تر خۆی ده‌دوێنێت، گۆرانی ده‌ڵێت و سه‌ما بۆ ژیان ده‌كات، ئه‌سته‌مه‌ تێگه‌یشتن له‌و دۆخه‌، كه‌ دایكی شوو به‌ پیاوێكی تر ده‌كات و پێێوه‌ندی له‌گه‌ڵ باوه‌ پیاره‌یدا چۆن بووه‌. دیاریش نییه‌ ئه‌و پیاوه‌ ده‌بێته‌ باوكی ڕاسته‌قینه‌ی، یان نا، بوون به‌ باوك به‌و مانایه‌ی، كه‌ جێگه‌ی باوكی ڕاسته‌قینه‌ت بۆ بگرێته‌وه، به‌ ڕاستی ئه‌و دۆخه‌ بۆ كوڕێكی له‌و ته‌مه‌نه‌ سەختە. هه‌ر له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌یش نووسه‌ر به‌م ڕێگه‌یه‌ چووه‌ته‌ ناخی كاره‌كته‌ره‌وه، له‌ هه‌مووی جێ بایه‌ختر ئەوەیە، ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ چیرۆكی ڕووسی و لایه‌نی سایكۆلۆژیش پشتگوێ نه‌خراوه‌. گه‌ر به‌ چه‌ند دێڕێك باسی كۆتا چیرۆكه‌كانی (نادیار و مۆسیقاڕ) بكه‌م: ده‌شێ بڵێم: هه‌ردووكیان كورتیله‌ چیرۆكن، به‌ شێوازێكی جودا له‌وانی تر داڕێژراون و سرووشتی هه‌نگاو ده‌نێن: نووسه‌ر هه‌وڵیداوه‌ به‌ كه‌مترین وشه‌ زۆرترین په‌یام بگه‌یه‌نێت.
له‌ چیرۆكی “نادیار”دا جگه‌ له‌ ڕه‌چاوكردنی دەستگرتن بە وشه‌وە، ئێمه‌ ده‌كه‌وینه‌ به‌ر دۆخێكی ته‌واو جیاوازەوە، گه‌ر دوای چه‌ند جارێك خوێنه‌ری بن، دۆخه‌كانیش زیاتر ده‌رده‌كه‌ون. من وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌ركم به‌ هونه‌ری تێكه‌ڵكردنی ئاوازی وشه‌كان به‌و كوردییه‌ پوخته‌یه‌وه‌، کرد. كۆتا چیرۆك، كه‌ چیرۆكی “مۆسیقاڕ”ه‌، بێ هیچ وشه‌یه‌كی زیاده‌ ئامانجی ده‌ربڕینی ڕووداوه‌كانی پێكاوه‌، ڕوونتر بڵێم: به‌ كه‌مترین وشه، یان وشه‌ی بێ ئه‌رك زۆرترین په‌یامی تێدایه. من لێره‌دا بۆ هه‌ردووك چیرۆكەکە به‌ پێویستی نازانم، بچمە وردەکارییەوە و باسی ته‌واوی ڕووداوه‌كانی بكه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێویسته‌ بیڵێم، تێڕامانی دیمه‌نێكه‌، له‌ ڕێی ئه‌م دیمه‌نه‌وه‌، جه‌‌خت له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ ورد و گرنگه‌ی نووسه‌ر ده‌كه‌م، كه‌ چه‌ند به‌ باوه‌ڕ به‌خۆ بوونه‌وه‌ له‌ باره‌ی ئازادی و ڕچه‌ شكاندنه‌وه وێنه‌ی دوو عاشقی بۆ كێشاوین، كه‌ له‌به‌رچاوی خه‌ڵكییه‌وه‌ یه‌كدی له‌ باوه‌ش ده‌گرن و ڕامووسین ده‌كه‌ن. نیشاندانی ئه‌م وێنه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌م به‌ نموونه‌ هێناوه‌ته‌وه‌، گه‌ر خوێنه‌ر زیاتر له‌ جارێك نوقمی دێڕه‌كانی ئه‌م كورته‌ چیرۆكانه‌ نه‌بێت، له‌ ئه‌و وایه، نووسه‌ر هیچی وای نه‌گوتووه‌ و وێنه‌كانیش پارچه‌ پارچه‌ن و نه‌شگه‌یشتوون، به‌ڵام لام وایه‌ گه‌ر زیاتر له‌ جارێك سه‌رنجی وێنه‌كان بده‌ین و ورد بینه‌وه‌، ئه‌وان به‌ باشی ده‌بینرێن، زه‌ینت به‌جێ ناهێڵن و لێڵ نین. بۆیه، لێڵ نه‌نووسین و ڕوون هوونه‌ره‌، وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كه‌ن، كه‌ لێی بێزار نه‌بن و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نووسه‌ریش دوای ماوه‌یه‌ك به‌ر خوێندنه‌وه‌ی هه‌مان به‌رهه‌می خۆی بكه‌وێت، هه‌م وێنه‌كانی دێنه‌وه‌ به‌رچاوی و هه‌میش له‌نێو وێنه‌كاندا ده‌مێنێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: “له‌نێو گێژاوی ژیان”دا، گۆران سه‌مه‌د، ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌، ٢٠٢١




کتێبی (بیره‌وه‌رییه‌کانی نادیه‌ موراد).. هیوا ناسیح

نادیە موراد کچه‌ ڕزگاربووی ده‌ستی داعش و هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی

وابزانم که‌س نییه‌ ناوی نادیه‌ مورادی نه‌بیستبێت، ئه‌و یه‌کێک بوو له‌‌و کچه‌ ئێزیدییانه‌ی که‌ که‌وته‌ ده‌ست داعش و پاش سێ مانگ له‌ ده‌ستیان رزگاری بوو. ئه‌و چیرۆکی کوشتوبڕی گونده‌که‌یان (کۆجۆ) و ڕفاندنیان و به‌که‌نیزه‌ککردن و دواتر هه‌ڵاتی خۆی له‌ دووتۆی کتێبێکدا ساڵی ٢٠١٧ به‌ هاوکاریی جێنه‌ که‌ره‌جسکی (Jenna Krajeski) به‌ زمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاوکردۆته‌وه‌، که‌ به‌ ده‌یه‌ها میلیۆن کۆپی لێ فرۆشراوه‌ و ده‌نگێکی زۆری دایه‌وه‌، دواتر ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌ بۆ چه‌ندان زمانی تر وه‌رگێڕراوه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌کراوه‌ به‌ کوردی. هه‌مان ساڵ له‌ لایه‌ن سێ نوسه‌ره‌وه‌ کراوه‌ به‌ ئه‌‌ڵمانی، که‌ بریتین له‌ (Ulrike Becker, Jochen Schwarzer،Thomas Wollermann)، له‌ لایه‌ن ده‌زگای وه‌شاندنی کنوره‌وه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه، کتێبه‌که‌ له‌ ٣٣ به‌ش پێک دێت، به‌ قه‌باره‌ی ٣٦٣ لاپه‌ڕه‌یه‌. گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی ئابی ٢٠١٤ یه‌ کاتێک داعش پەلاماری شارۆچكەی شەنگال و گوندەوارەكانی دەوروبەری دا و داگیریكرد، له‌رۆژێکدا نادیه‌ دایکی و شه‌ش برای ده‌کوژرێت، دواتر ڕفاندنی و به‌ که‌نیزه‌ککردنی و مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی سێ مانگ له‌ نێو داعش، ئینجا هه‌ڵهاتنی و ڕزگاربوونی. زۆر كاریگەر، هەستهەژێن و تاسێنەرە،. دەكرێت له‌‌‌ ڕووداوه‌کانی نێو ئه‌م کتێبه‌ چەندان بابەتی رۆمان و فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی لێ هەڵبهێنجێنرێت. چونکه‌ به‌‌ هه‌موو پێودانگه‌کان تاوانێکی زۆر گه‌وره‌بوو، بۆیه‌ له‌ زۆر وڵاتانی جیهان ئه‌و ڕووداوه‌ به‌ ژینۆساید ناسێنراوه‌. پاش خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌‌که، حه‌زم کرد ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ی له‌سه‌ر بنوسم.
ناوی کتێبه‌که‌ به‌ زمانی ئینگلیزی (دوا کچ: چیرۆکی دیلیم و جه‌نگی من دژ به‌ داعش)ه‌، به‌ڵام له‌ وه‌رگێڕانه ئه‌ڵمانییه‌که‌دا ناوی کتێبه‌که‌ کراوه‌ به‌ (من ده‌نگی ئێوه‌م)، پێشه‌کییه‌که‌ی له‌ لایه‌ن (ئه‌مه‌ل کلۆنی) که‌ پارێزه‌ریشی بووه‌، نوسراوه‌، ناوبراو هاوسه‌ری ئه‌کته‌ری ناوداری ئه‌مریکی جۆرج کلۆنییه‌. ئه‌و ده‌ڵێت: نادیه‌ ته‌نها بریگرته‌ (موکل)ی من نییه‌، به‌ڵکو هاوڕێشمه، له‌و کاته‌وه‌ی ده‌یناسم ته‌نها ده‌نگی خۆی نییه‌، به‌ڵکو ده‌نگی سه‌رجه‌م ئێزیدییه‌کانه‌، به‌هۆی ئه‌م کتێبه‌وه‌ سه‌رجه‌م جیهان چیرۆکی کوشتوبڕیانی بیست. ئه‌‌م یه‌کێک بوو له‌و کچ و ژنانه‌ی که له‌لایه‌ن داعشه‌وه ڕفێنران و له‌ بازاڕ و ته‌نانه‌ت ئینته‌رنێت و فه‌یسبوکیشدا بۆ بڕه‌پاره‌یه‌ک، هه‌ندێک جار که‌متر بوو له‌ بیست دۆلار ده‌فرۆشران!).

نادیه‌ موراد کێیه‌؟
نادیه‌ موراد باسی ته‌ها ساڵی ١٩٩٣ له‌ شاره‌دێی کۆچۆ له‌ دایکبووه‌، که‌ سه‌ر به‌ قه‌زای شه‌نگاله‌ و که‌وتۆته‌ باشوری رۆژئاوای ئه‌و شاره‌که‌وه‌ و نزیکه‌ی ٢٠ کم دووره‌ لێوه‌ی. ئه‌م له‌ خێزانێکی گه‌وره‌‌ و هه‌ژاره‌وه‌ هاتوه‌ و خاوه‌نی هه‌شت برا بووه‌. دانیشتوانی کۆجۆ نزیکه‌ی ١٧٠٠ که‌سێک ده‌بوون و به‌‌ کشتوکاڵ و مه‌ڕوماڵات به‌خێوکردن پژێوی ژیانیان دابین ده‌کرد. سه‌رجه‌م گونده‌که‌ له‌‌سه‌ر ئاینی ئێزدین. سێ لای گونده‌که‌ به‌ دێهاتی عه‌ره‌بی سوننه‌ ده‌وره‌ دراوه‌. نزیکی شاره‌دێی حاته‌مییه‌ بوو که‌ ئه‌وان ئێزدی بوون و نزیکه‌ی دوو هه‌زار دانیشتوانی هه‌بوو. ساڵی ٢٠١٤ کاتێک داعش هێرشی هێناو ناوچه‌ی به‌رفراوانی له سوریا و عێراق داگیرکرد، گوند و ناوچه‌که‌ی ئه‌مانیش که‌وته‌ به‌ر ئه‌و شاڵاوه‌ و به‌ هه‌زاران که‌سیان لێ کۆمه‌ڵکوژی کردن، وه‌ک ده‌گوترێت نزیکه‌ی ٦ تا ٧ هه‌زار که‌سیشیان له‌ کچان، ژنان، مێردمناڵانیان و مناڵانیان ڕفاندن. کچه‌کانیان لێ کردنه‌ که‌نیزه‌ک و مێردمناڵه‌کانیان ده‌برد بۆ سه‌ربازگه‌ی تایبه‌ت تا مێشکیان بشۆنه‌وه‌ و دواتر وه‌ک خۆکوژ به‌کاریان ده‌هێنان. هه‌رچه‌نده‌ وا بۆ نزیکه‌ی ده‌ساڵ ده‌چێت ئه‌و کاره‌سات و گه‌وره‌ تاوانه‌ ڕوویداوه‌، به‌سه‌دان له‌ کچانیشیان هه‌ڵاتون یان ڕزگارکراون، به‌ڵام هێشتا برینه‌کانیان سارێژ نه‌بووه‌ و به‌ سه‌دان که‌سیان بێسه‌روشوێنن، ناوچه‌که‌شیان له‌ نێو ململانێی سیاسی و هێرشی جارناجاری درۆنی تورکیدایه‌.
لە ساڵی ٢٠١٥ نادیە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی وتاریدا و قسەی لەسەر پرسی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ململانێکان و شەڕەکاندا کرد. لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٦ نەتەوە یەکگرتووەکان ناوبراوی بە فەرمی وەک باڵیۆزی نیازپاکی بۆ کەرامەتی ڕزگاربووانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستنیشان کرد. لە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ بە هاوبەشی لەگەڵ دێنیس موکوێگی پزیشکی کۆنگۆیی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێناوە. جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ ئه‌و یه‌که‌م کورده‌ که‌ خه‌ڵاتی نۆبڵی پێ درابێت! ئێستا ئه‌م خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتییه‌ و له‌ جیهاندا ناسراوه‌، سه‌رۆک و پاشاکانی جیهان پێشوازی لێ ده‌که‌ن، چیرۆکه‌که‌شی به‌ چه‌ندان زمانی جیهانی وه‌رگێڕراوه‌، ناسراوترین که‌سایه‌تی ئێزدییشه‌ له ئاستی جیهاندا.

ڕۆژی حه‌شر!
نادییه‌ ده‌ڵێت: مێژووی ئێمەی ئێزدی مێژووی ئازار و چەوساندنەوە و ڕەشەكوژییە بەسەرماندا، هەموو سەركوتیان كردوین، كوردە مسوڵمانەكان، شاكانی ئێران و سوڵتانەكانی عوسمانیش، بە جۆرێك تا ئێستا ٧٢ جار كۆمەڵكوژ كراوین، جارەهای لەژمارە نەهاتوو كچ و ژنەكانیان ڕفاندوین و بە كەنیزەك كراون، لەسەر ماڵوحاڵی خۆمان دەریانكردوین و تاڵان كراوین، یان بە هێز ناچاركراوین، ئاینی خۆمان بگۆڕین.عه‌ره‌به‌ سوننه‌کان له‌لایه‌ک و کورده‌کان له‌لایه‌‌ک هه‌ریه‌ک بۆ لای خۆیان ڕایان ده‌کێشاین، ده‌یانویست واز له که‌لتور و نه‌ریتی خۆمان بهێنین و ببین به‌وان، ئێمه‌ به‌ کوردی ده‌دوێین و له‌ کورده‌کانه‌وه‌ نزیکترین، که‌چی ئه‌وانیش وه‌ک عه‌ره‌به‌کان ئێمه‌یان پێ بێباوه‌ڕ بوو وه‌ هه‌ندێک جار بێزیان لێمان ده‌بووه‌وه‌ و به‌ (شه‌‌یتانپه‌رست) ناوزه‌دیان ده‌کردین!
ئه‌و دێته‌ سه‌ر سه‌ره‌تای مانگی هه‌شتی ساڵی ١٠١٤ و نزیکبوونه‌وه‌ی هێرشی داعش، که ئه‌وکات خوێندکاری ئاماده‌یی و ته‌مه‌نی ٢١ ساڵ بووه‌، باس له‌وه‌ ده‌کات که به‌ هه‌زاران پێشمه‌رگه به‌ به‌رگی سه‌ربازییه‌و‌ه‌ له ناوچه‌که‌یان بووه‌ و هه‌‌میشه‌ به‌ڵێنیان دووباره‌کردۆته‌وه‌ که‌ هیچ ترس و خه‌میان نه‌بێت و ده‌یانپارێزن له هێرشی داعش. به‌ڵام به‌ڵینه‌کانیان درۆ ده‌رچوو، چونکه‌ پێش ئه‌وه‌ی هێزی ڕه‌‌شی داعش بگاته‌ ناوچه‌که‌یان پێشمه‌رگه‌ له‌ پڕێکدا و بێ ئه‌وه‌ی هه‌واڵیان بده‌نێ، ده‌کشێنه‌وه‌! ئه‌مه‌ برینێکی قوڵ ده‌کاته‌ هه‌ست و نه‌ستی ئێزدییه‌کان. ئه‌م پێی وایه، گه‌ر هێزی پ.م به‌رگرییان بکردایه‌، یان لای که‌می ئه‌‌مانیان پێش پاشه‌کشه‌که‌یان ئاگادار بکردایه‌‌ته‌وه‌، ئه‌یانتوانی خۆیان به‌رگری له خۆیان بکه‌ن، یان لای که‌می زوو هه‌ڵبێن و خۆیان قوتار بکه‌ن و کۆمه‌ڵکوژ نه‌‌کرێن، که‌چی له‌ پڕێکدا بۆ به‌رده‌م دڕنده‌کانی داعشیان جێهێشتن! بۆیه‌ به‌ وشه‌ ده‌‌ڵێت (ناپاکی) بوو لێیان کرا!
ده‌یان هه‌زارکه‌س به‌‌ره‌و شاخی شه‌نگال هه‌ڵاتبوون و له‌وێ گیریان خواردبوو، سەرگەردان و لامسەلایی ملدەنێن، زۆربەش بڕیار دەد‌ەن بمێننەوە، یان ڕاستر بڵێین، هیچ چارەیەكی باشتر شك نابەن، چونكە شاخی شەنگال بە‌و چلەی هاوینە كە زۆر بێ پەنا و بێ درەخت و گەرم و ڕووتەنە، ژماره‌یه‌کی زۆریان لە برسێتی و تێنوێتیدا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. داعشیش په‌لاماری ده‌‌دان، دۆخێكی وەك ئەنفالەكان دێتە ئاراوە. پاشان ده‌ڵێت: هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ و پارتی کرێکاران به‌ یارمه‌تی هێزی ئاسمانی ئه‌مریکی ڕاڕه‌وێکیان به‌ره‌و دیوی سوریا کرده‌وه‌، چونکه‌ نزیکی سنوره‌، ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌‌ی که‌ گیانی ده‌یان هه‌زار که‌سمان رزگاری بێت.
دوای گه‌مارۆدانی گونده‌که‌یان و پاشان کۆکردنه‌وه‌ی چه‌که‌کان لێیان به‌ فێڵ، گوایا ئاوا وازیان لێ دێنن، دێن سه‌رجه‌م خه‌ڵکی گونده‌که‌ له باڵه‌خانه‌ی خوێندنگه‌ی گونده‌که‌دا کۆده‌که‌نه‌وه‌، پیاوان له‌ خواره‌وه‌ و ژنان و مناڵان له‌ قاتی سه‌ره‌وه‌ له‌ وێش وه‌ک پێشتر پێیان گوترابوو، هه‌موو زێڕ و سامان و پاره‌کانیان لێ کۆده‌که‌نه‌وه‌ و به‌ تاڵان ده‌یبه‌ن، ئینجا ئەوەندەی پێ ناچێت چەند لۆرییەكی زلیان بۆ دێنن، پڕیان ده‌که‌ن له پیاو و گەنجەكان و ده‌یانبه‌ن، بە دووری كیلۆمەترێك، ئه‌مان گوێیان لە دەنگی تەقە‌ و ده‌ستڕێژ ده‌بێت، هه‌ست ده‌که‌ن که‌سوکاریان کوشتن، به‌ڵام ئه‌وان گوایا به‌ لۆری ده‌یانبه‌ن به‌ره‌و شه‌نگال و له‌وێ ئازادیان ده‌که‌ن! به‌ گوێره‌ی سه‌رژمێرییه‌ک له ماوه‌ی سه‌عاتێکدا له‌و رۆژه‌دا نزیکه‌ی ٧٠٠ پیاویان لێ گوله‌باران کردون!

که‌نیزه‌ یان کۆیله‌ی سێکس
پاشان ژنان و کچانی گه‌نج کۆده‌که‌نه‌وه‌ و سواری پاسیان ده‌که‌ن و ده‌یانبه‌ن به‌ره‌و لای موسڵ، له‌وێ له باڵه‌خانه‌یه‌‌کی گه‌وره‌دا کۆیان ده‌که‌نه‌وه‌، ده‌ڵێت: کچانی ده‌ دوانزه‌ ساڵانیشمان تێدا بوو، له‌وێ له‌ دایکیان و ژنه‌ به‌ته‌مه‌نه‌کان جیایان ده‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌مان ده‌به‌ن به‌ره‌و شاری موسڵ و باره‌گایه‌کی گه‌وره‌ی داعش. له‌وێ ژنێک ده‌بینێت لێی ده‌پرسێت، لێره چی ده‌گوزه‌رێت، ده‌‌ڵێت: پێشتر ٤٠٠ ژن و مناڵیان هێنا و لێره‌ فرۆشتیانن، هه‌ندێک له کچه‌کان خۆکوژیان ده‌کرد، بۆ فرۆشتن و کڕین، کچیان بردۆته‌ لای پزیشک بزانن په‌رده‌ی کچێنی ماوه‌ یان نا، دایکێکی گه‌نج مناڵێکی ساوای ١٦ رۆژه‌یان لێ سه‌ند!
له‌وێ ئه‌م له‌ لایه‌ن ئه‌میرێکی داعشه‌وه‌ که‌ داده‌وریان بووه‌ به‌ ناوی حاجی سه‌لمان ده‌کڕدرێت، له‌ خانویه‌کی گه‌وره‌‌دا، که‌ پێشتر هی دادو‌ه‌رێکی شیعه‌ بووه‌ و هه‌ڵاتوه‌، له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه‌کانیدا ده‌ژی. مامه‌ڵه‌یه‌کی زۆر خراپی له‌گه‌ڵدا ده‌کات، ده‌ستدرێژی سێکسیی رۆژانه‌، سوکایه‌تی و لێدان و …هتد. ئینجا ده‌یباته‌ دادگای گشتی موسڵ و وێنه‌ی ده‌گرن وه‌ک که‌نیزه‌ک له‌وێ تۆماری ده‌‌که‌ن، تا گه‌ر هه‌ڵات بیدۆزنه‌وه‌.
رۆژێکیان پێی ده‌ڵێت: ئێوه‌ بێباوه‌ڕ و پیسن، کافرن، ویستی خوایه‌ که‌ بکه‌ونه‌ ده‌ستمان، ئێمه‌ هاتین پیاوه‌کانتان بکوژین و ژنه‌کانتان بۆ خۆمان ببه‌ین، ئه‌مه‌ش فه‌رمانی خوایه‌ و جێبه‌جێمان کردوه‌! به‌ کورتی ناچاری ده‌کات، واز له‌ ئاینی خۆی بهێنێت، ئه‌م ده‌ڵێت به‌ ناچاری و زۆر گوایا بوومه‌ته‌ موسوڵمان. جار هه‌بوو خۆزگه‌م به‌ مردن ده‌خواست، به‌ڵام هیوای ده‌ربازبوون و هه‌ڵاتن لێ ناگه‌ڕا خۆم بکوژم. ده‌ڵێت ڕه‌وشی کچه‌ ئێزدییه‌کانی تریش و‌ه‌ک من بوو، به‌زۆر سێکسیان له‌‌گه‌ڵ ده‌کردین، بێ هیج ماره‌یی و نیکاحێک، ده‌یانفرۆشتین و ده‌یانکڕیتین و ده‌‌یانبه‌خشین وه‌ک دیاری به‌ یه‌کتری.
حاجی سه‌لمان هه‌موو رۆژێک له‌گه‌ڵم جوت ده‌بوو، گوێی نه‌ده‌دا به‌ نه‌خۆشی و ئازارم، ناچاری ده‌کردم به‌رگی وروژێنه‌ر له‌به‌ر بکه‌‌م، مکیاژ بکه‌م، ده‌یگوت: تازه‌ تۆ بوویته‌ به‌ ژن، گه‌ر بچیته‌وه‌ لای که‌سوکاری خۆشت ده‌تکوژن، بۆیه‌ هه‌وڵی هه‌ڵاتن مه‌ده‌، جاری وابوو بیانوی پێ ده‌گرتم، رووتی ده‌کردمه‌وه‌ و به‌ قامچی ده‌که‌وته‌ گیانم، وه‌ک ئاژه‌ڵ لێی ده‌دام.
شه‌وێک نادیه‌ هه‌وڵی هه‌ڵاتن ده‌دات، له‌ حه‌وشه‌که‌دا پاسه‌وانه‌کان ده‌یگرن، حاجی سه‌لمان و‌ه‌ک سزا به‌ڕووتی ده‌یکاته‌ ژوورێکه‌وه، هه‌ر شه‌ش پاسه‌وانه‌که‌ی بانگ ده‌کات، یه‌ک به‌دوای یه‌کدا تا به‌یانی له‌گه‌ڵی جووت ده‌بن، تا بێهۆش ده‌بێت! مان له خواردن و خواردنه‌وه‌ ده‌گرێت ،سودی نابێت، ده‌ڵێت: بۆیه‌که‌م جار هه‌ستم کرد، ئه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵکوژ کران له‌ من به‌خته‌وه‌رتر بوون!
سه‌لمان ده‌یدات یان ده‌یفرۆشێت به‌ که‌سێکی تر. ده‌ڵێت هه‌میشه‌ ده‌پاڕامه‌وه‌، نزام ده‌کرد و ده‌گریام، که‌س به‌ فریادم نه‌ده‌هات! جارێکی تر سزای ده‌ده‌ن و د‌ه‌یبه‌ن بۆ خاڵێکی پشکنینی نزیکی موسڵ، له‌وێ تا به‌‌یانی به‌ نۆره‌ موجاهیده‌کان سێکسی له‌گه‌ڵ ده‌که‌‌ن، تا له په‌لوپۆی ده‌خه‌ن! ده‌ڵێت: کاتێک ده‌مگوت ئه‌ی هاوار نه‌خۆشم، ئازارم هه‌یه‌، خراپتریان ده‌کرد. ده‌ڵێت له‌وێ تێگه‌یشتم: گه‌وره‌ترین مۆتیڤ بۆ جیهاد لای ئه‌وان سێکس بوو.

هه‌ڵاتن له دۆزه‌خ
پاشتر له‌ ماڵێکدا ده‌بێت و ده‌یانه‌وێت بینێرن بۆ سوریا بۆ ئه‌و شارانه‌ی ژێر قه‌ڵه‌مڕ‌ه‌وی داعش، ئه‌میش پلان داده‌نێت ڕابکات، شه‌وێکیان له‌ موسڵ به‌ڕێکه‌وت پیاوه‌که‌ی خاوه‌نی بیریده‌چێت، که‌ ده‌رگاکه‌ی ناوه‌وه‌ کلیل بدات، ئه‌میش وه‌ک ژنانی داعش عه‌با به‌خۆیدا ده‌دات و په‌چه‌ ده‌کات، ده‌چێته‌ حه‌وشه‌که‌ و له‌وێوه‌ به‌‌سه‌ر دیواره‌ بلۆکه‌‌که‌دا باز د‌ه‌دات، تا هێزی تێدایه‌ د‌ه‌ڕوات، کۆڵان به‌ کۆڵان، تا دوور ده‌که‌وێته‌وه‌، ئیتر ته‌واو ماندو ده‌بێت، زۆر دوودڵ ده‌بێت، ئایا له ده‌رگای ماڵێک بدات یان نا، وه‌ گه‌ر ئه‌مجار ته‌سلیمی بکه‌نه‌وه‌، چی به‌سه‌ر ده‌هێنن؟ به‌ هه‌ر حاڵ له‌ ده‌رگای ماڵێک ده‌دات، که‌ ماڵێکی عه‌ره‌بی سوننه‌ مه‌زه‌بن، خێزانێکی گه‌وره‌ن و سه‌ره‌ڕای په‌یوه‌ستییان به‌ ئاینه‌وه‌، به‌ڵام داعشی نین و خۆشیان پێیان نایه‌ت. ده‌رگای لێ ده‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌میش باسی چیرۆکی خۆییان بۆ ده‌کات، پێی کاریگه‌ر ده‌بن و ئارامی ده‌که‌نه‌وه‌، که‌ نه‌ترسێت و سه‌ره‌ڕای مه‌ترسییه‌کان ده‌یشارنه‌وه‌. ده‌سته‌ڵاتی حکومه‌تی داعش بڕی ٥ هه‌زار دۆلار خه‌ڵاتی داناوه‌ بۆ هه‌ر که‌سێک، که‌ که‌سێکی دیلی ده‌ستی داعش بگرێته‌وه‌ و ڕاده‌ستیان بکاته‌وه‌، بۆیه‌ نادییه‌ ترسی زۆری ده‌بێت.
پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ک له‌ ماڵه‌که‌ ده‌مێنێته‌وه‌ دڵنه‌وایی ده‌‌که‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئاشکرا نه‌بێت د‌ه‌یگوێزنه‌وه بۆ ماڵی کوڕێکی تریان له‌ شارۆچکه‌یه‌کی ده‌ره‌وه‌ی موسڵ، په‌یوه‌‌ندی به یه‌ک له‌ براکانی نادیه‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ له‌ هه‌ولێر کار ده‌کات و ده‌ژی. کوڕی خاوه‌ن ماڵ که‌ ناوی ناسر ده‌بێت، بڕیار ده‌دات هاوکاری ته‌واوی بکات و ڕزگاری بکات به‌ره‌و هه‌ولێر، پێناسی بۆ دروست ده‌کات، که‌ نادیه‌ هاوسه‌رییه‌تی، ئیتر له‌ که‌شێکی پڕ له‌‌ ترس و دڵه‌ڕاوکه‌دا پلان داده‌نێن، ته‌‌کسی ده‌گرن به‌ره‌و که‌رکوک، له‌ یه‌که‌‌م خاڵی پشکنینی ده‌رچوون له‌ موسڵه‌وه‌ پاسه‌وانه‌که‌ دایان ده‌به‌زێنن و پرسیاری زۆریان لێ ده‌که‌ن، له‌پڕ ئه‌م له‌ژێر په‌چه‌که‌یه‌وه‌ سه‌‌رنج ده‌دات، له‌ خانۆچکه‌ی پاسه‌وانی خاڵه‌که‌، سێ وێنه‌ هه‌ڵواسراوه‌ به‌ قه‌د دیواره‌که‌وه‌، که هه‌ڵاتون و بۆیان ده‌گه‌ڕێن، که‌ یه‌کێکیان وێنه‌ی ئه‌مه‌. ئیترئه‌وه‌نده‌ی تر ترس دایده‌گرێت، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ چونکه‌ ڕووی به‌ ڕووپۆش داپۆشراوه‌ نایناسنه‌وه‌.
ئیتر هه‌‌نگاو به‌ هه‌نگاو دێن تا ده‌گه‌نه‌ که‌رکوک، که ئه‌وکات له‌ ژێر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌دا بوو. له‌یه‌که‌م خاڵی پشکنین نادیه‌ ڕووبه‌نده‌که‌ی لاده‌دات، ده‌ڵێت: هه‌ستم به‌ ئاسوده‌ییه‌کی زۆر کرد، هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵم هه‌ڵکێشا، شنه‌بایه‌کی ئێواره‌ دای له‌ڕووم، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌‌کم کرد. پێشمه‌رگه‌کان پرسیاریان لێ ده‌که‌ن، ناسر ده‌ڵێن سه‌ردانی ماڵی باوکی ژنه‌که‌م، واته‌ نادیه‌، ده‌که‌ن له که‌رکوک، نادییه‌ که‌ زۆر په‌ست و توڕه‌یه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌، خۆشیانی ناوێت و به‌کوردیش قسه‌یان له‌گه‌ڵدا ناکات. له‌وێوه‌ ده‌چن به‌ره‌و سلێمانی، ئینجا به‌ره‌و هه‌ولێر، خاڵی پشکنینی ئاسایشی سلێمانی به‌ره‌و هه‌ولێر، گومانیان لێ ده‌که‌ن، که‌ دوو که‌س له موسڵه‌وه‌ هاتون، بۆیه‌ لێکۆڵینه‌‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، ناچار ئه‌مان چیرۆکه‌که‌ ده‌گێرنه‌وه‌ و ڕاستییه‌که‌ ده‌درکێنن. ئه‌وان زۆر ڕێزیان ده‌گرن، به‌تایبه‌ت له‌ کوڕه‌ گه‌نجه‌ عه‌ره‌به‌که‌، که‌ هاوکاری نادییه‌ی کردوه‌، مۆڵه‌تێکیان بۆ ده‌که‌ن که‌ بێ کێشه‌ هاتوچۆ بکه‌ن، وێنه‌ی ڤیدیۆییان ده‌گرن، ئه‌مان زۆرده‌ترسن، به‌ڵام ده‌ڵێن بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ نییه‌ و ته‌نها بۆ به‌ڵگه‌ و ناوخۆی خۆمانه‌، ده‌ڵێت: پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتی زۆر خۆشحاڵ ‌بوون، کاتێک باسم کرد، که‌ به‌ هه‌زاران له‌ هێزی پارتی ئێمه‌یان به‌ گورگان خواردوو دا و جێیان هێشتوین. ئه‌وان گوتیان: ئه‌وه پاتی بوون، ئێمه‌ بێ تاوانین. دواتر ده‌گه‌نه‌‌ هه‌ولێر و ئه‌و ئوتێله‌ی حوسنی برای نادییه‌ لێی کار ده‌کات، له‌وێ چه‌ند رۆژێک ده‌مێننه‌وه‌ و ده‌حه‌سێنه‌وه‌.
له‌وێ نادیه‌ له ژوورێکدا له‌‌گه‌ڵ ژنێکی تری ئێزدی ده‌بێت له‌ ته‌مه‌نی دایکیدا، بۆی ده‌یگێڕێته‌وه‌‌ که‌ ساڵی ٢٠٠٧ له ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌که‌‌ی ته‌لزه‌عته‌ردا سێ کوڕی به‌جارێک بوونه‌ته‌ قوربانی و تا ئێستاش گۆڕیان نییه‌، چونکه‌ لاشه‌‌کانیان پارچه‌ پارچه‌ بووه‌، ئه‌ویش بڕیاری داوه‌، تا له ژیاندایه‌ خۆی نه‌شوات، ده‌ڵێت: چونکه‌ گۆڕیان نییه‌ هه‌‌ر وا ده‌زانم زیندون و رۆژێک دێت ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ده‌ڵێم ئه‌وکات خۆم ده‌شۆم، به‌ڵام ئێستا ده‌ڵێم: باشتر نه‌مان و ئه‌م رۆژه‌یان نه‌بینی، که‌ چیمان به‌سه‌ردا هاتوه‌! هه‌ردووکیان هاوده‌رد و خه‌مزه‌ده‌ بۆ حاڵی یه‌کتر ده‌گرێن.
پاشتر حوسنی بڕیار ده‌دات له‌گه‌ڵ نادیه‌ بچن به‌ره‌و ئۆردوگای ئێزیدییه‌کان نزیکی دهۆک، که‌ هه‌ندێک له که‌سوکاریانی لێیه‌. کوڕه‌ عه‌ره‌به‌که‌ (ناسر) دێت و خواحافیزی له‌ نادیه‌ ده‌کات، نادییه‌ زۆر زۆر سوپاسی ده‌کات، به‌ڵام ئه‌و له لوتکه‌ی هه‌ستی مرۆڤایه‌تی خۆیدا، ده‌ڵێت: من هیچم نه‌کردوه‌، ته‌نها ئه‌رکی خۆم به‌ جێ هێناوه‌! به‌ هه‌ق مرۆڤ کاتێک هه‌لوێست و کرداری ناسر و باوکی و خێزانه‌که‌یان ده‌بینێت، هه‌ست ده‌کات، ئه‌وان چه‌ند مرۆڤدۆست و خاوه‌ن هه‌ڵوێست و بوێر بوونه‌. ئاخر کچێکی نامۆ و هه‌ڵاتوی ده‌ستی دڕنده‌کانی داعش، له‌ ژێر ده‌سته‌لاتی داعشدا داڵده‌ بده‌‌یت، که‌ نه‌ ئاینه‌‌که‌ی، نه‌ نه‌ته‌وه‌‌که‌ی خاڵی هاوبه‌شتان بێت. دواتریش به‌وپه‌ڕی ئازایی و دڵسۆزییه‌وه‌ هاوکاری بکه‌یت بۆ ده‌رچوون و گه‌‌یاندنی به‌ براکه‌‌ی. ده‌بێت چ مرۆڤێکی جوان و به‌‌ڕه‌وشت و خانه‌دان بێت. له‌ هه‌مووی سه‌یرتر، پێی ده‌ڵێت: نادیه‌ تکایه‌ گه‌ر ده‌زانی له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی کراوه‌ته‌ سه‌رت، براکه‌‌ت یان که‌سوکارت شتێکت به‌سه‌ر دێنن، ئه‌وا لێره‌ ده‌مێنمه‌وه‌ و جێت ناهێڵم! هه‌ردوکیان ده‌گریه‌ن، نادیه‌ ده‌‌ڵێت، نا خه‌مت نه‌بێت. دوای خواحافیزی ناسر ده‌ڵێت: ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لای خێزانه‌که‌م، گه‌ر کچانی تر بوون وه‌ک تۆ هاوکارییان ده‌که‌م ڕزگاریان بێت و ده‌یانهێمه‌و‌ه‌! کێ ده‌ڵێت، له‌وانه‌‌یه‌ ئێمه‌ رۆژێک یه‌کتر ببینینه‌وه‌! نادیه‌ ده‌ڵێت، دواتر بیستمان داعش به‌ کاره‌که‌یان زانیوه‌ و دووبرای ناسریان گرتوه‌، به‌‌ڵام ئه‌وان حاشایان کردوه‌ که‌ ئاگایان له‌و کاره‌ بێت.

ئۆردوگا یان زیندانێکی تر!
ده‌گه‌نه‌ دهۆک په‌نابه‌رانی ئێزدی له‌ چه‌ند ئۆردوگایه‌کدا له‌ ڕه‌وشێکی زۆر خه‌مگینانه‌ و ناخۆش و ناچاریدا له‌ کۆنتێنه‌ردا ده‌ژین. که‌سوکار کوژراو و بێسه‌روشوێنکراو، بێ پاره‌ و کار، بێ خانو ماڵ، کوله‌مه‌رگی ده‌گوزه‌رێنن. له‌وێ براکه‌ی تری نادیه‌ (سه‌عید) ده‌بیننه‌وه‌، که له‌ کاتی کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ به ئاسته‌م و په‌رجو رزگاری بووه‌ و هێشتا له نه‌‌خۆشخانه‌یه‌، چونکه‌ چه‌ند گوله‌ی پێوه‌یه‌. ئه‌‌و له‌ نێو ته‌رمه‌کان و ده‌سڕێژی گوله‌ و نێو چاڵی مه‌رگه‌‌که‌دا پاش ئه‌وه‌‌ی وا ده‌زانن مردوه‌، به‌ برینی سێ گوله‌وه‌ هه‌ڵدێت و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ گوندێکی نزیک، دواتر ڕزگاری ده‌بێت. ده‌ڵێت: سه‌عید هێشتا ئازاری زۆر بوو، به‌ڵام ده‌یگوت، ئازاری له‌شم ناگاته‌ ئه‌و ئازاره‌ی ویژدانم، که ئه‌وان هه‌موو کوژران و من ماومه‌ته‌وه‌!
نادیه‌ ده‌ڵێت له‌ ئۆردوگا هیچمان نه‌بوو بیخۆین، به‌رگمان نه‌بوو، له‌ ڕ‌ه‌وشێک زۆر خراپدا بووین، ته‌نانه‌ت به‌رگی ژێره‌وه‌شم نه‌بوو. له‌ هه‌مووی ناخۆشتر ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ ناخۆشانه‌ و به‌تایبه‌ت ده‌سدرێژیکردنه‌کانم باس ناکرد، دڵم پڕ بوو، له‌ کاردانه‌وه‌ ده‌ترسام. بۆ یه‌که‌مجار که‌ سه‌رجه‌م چیرۆک و ڕووداوه‌ دڵته‌‌زێنه‌کانم بۆ پورم گێڕایه‌وه‌، به‌مه‌ دڵم زۆر ئاسوده‌ بوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی بارێکی گران له‌سه‌ر دڵم لاچوو بێت. پیاوێکی دهۆکی ئه‌م و چه‌ندان کچ و ژنی تری ئۆردوگاکه‌ ده‌بات و به نانه‌سکی، رۆژی ژه‌مێک خواردنی گه‌رم، تا ئێواره‌ له نێو مه‌زرادا کاریان پێ ده‌کات، له‌ هه‌مووی سه‌یرتر منه‌تێکی زۆریان به‌سه‌ردا ده‌کات، که هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌وان رۆژانه‌ دژی داعش ده‌جه‌نگن و شه‌هید ده‌بن، ناوچه‌کانی ئه‌وانیش رزگار ده‌که‌ن و …هتد. ئه‌میش له‌وه‌ زیاتر خۆی بۆ ناگیرێت رۆژێکیان ئه‌م دێته‌ وڵام و ده‌ڵێت: ئاخر هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی ئێوه‌، ئێمه‌یان ده‌ستخه‌ڕۆ کرد، جێیان هێشتین، نه‌ به‌رگریان لێکردین، نه‌ هاوکاریشیان کردین خۆمان به‌رگری بکه‌ین. بۆیه‌ بێده‌نگ بی باشتره‌. ئیتر (کار!)ه‌که‌ی له‌ده‌ست ده‌دات.
ئه‌وه‌ی زۆر ئازاری نادیه‌ ده‌دات سه‌ره‌ڕای شه‌ش براکه‌ی، له‌وێ ده‌زانێت که‌ دایکیشی کوژراوه‌، که‌ ئه‌م زۆر خۆشی ویستوه‌ و هۆگری بووه‌. دوای چەند مانگێك و له مانگی دووی ٢٠١٥ ڕێكخراوێكی خێرخوازیی ئەڵمانی، که‌ پرۆژه‌یه‌کیان هه‌یه‌ بۆ هاوکاری ژنانی هه‌ڵاتووی ده‌ست داعش، دێن و ناونوسی ده‌‌که‌ن بۆ وەرگرتنیان وەك پەنابەر لەو وڵاتە و ناردنیان بۆ ئەوێ. ئیتر قبوڵ ده‌کرێن و ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وێ.

هه‌ڵسه‌نگاندن
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین، کاتێک ئه‌م کتێبه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌، نادیه‌ وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی به‌هیز، بوێر به‌ بڕوا به‌خۆبوونێکی زۆره‌وه‌، له‌ شکست نه‌هاتوو ده‌ناسین. به‌تایبه‌ت له‌ گێڕانه‌وه‌ی بابه‌ت و ڕووداوه‌ کاریگه‌ر و هه‌ستیاره‌کان، که‌ بۆ کچێکی رۆژهه‌ڵاتی ناوازه‌یه‌‌، ئینجا هه‌ستانه‌وه‌ پاش ئه‌و مه‌رگه‌سات و تیاچوونی زۆربه‌ی خێزانه‌که‌‌یان به‌ دایکیشییه‌وه‌، دواتر چالاکی و کاری زۆری دیپلۆماسی بۆ ناساندنی کۆمه‌لکوژکردنی ئێزیدییه‌کان و دڕنده‌یی داعش، چاره‌سه‌رکردن و هاوکاریکردنی کچان و ژنانی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا، ده‌کرێت هه‌ندێک ره‌خنه‌شی لێ بگرین، بۆ نمونه‌، ڕاسته‌ هه‌ستو په‌یوه‌ستی ئاینی له‌ نێو کورددا وایکردوه‌، هه‌ندێک جار به‌شداری له کۆمه‌ڵکوژی ئێزیدییه‌کاندا کردوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ زۆر که‌‌مینه‌‌ بوونه‌ له‌ چاو گه‌لی کورد به گشتی، که‌ هاوسۆزی ئه‌وان بوونه‌. بۆیه‌ ته‌م و گومان خستنه‌ سه‌ر کوردبوونی ئێزیدییه‌کان کارێکی خراپه‌. جگه‌ له‌ هه‌ندێک هه‌ڵه‌ی تری مێژوویی و زانیاری، که‌ نه‌ده‌بوو بیکات، بۆ نمونه‌ له‌ شوێنێکدا ده‌ڵێت: ناوچه‌ی دژه‌ فڕین له باکوری عێراق به‌ هۆی پرۆسه‌کانی ئه‌نفاله‌وه‌ دانرا، له کاتێکدا کۆڕه‌وه‌که‌ هۆکاری ئه‌وه‌ بووه‌ نه‌‌ک ئه‌نفال.

تێبینی و سه‌رچاوه‌:
• نزیکه‌‌ی مانگێکه‌ ده‌ستم کردوه‌ به‌ وه‌رگێڕانی سه‌رجه‌م کتێبه‌که‌ بۆ زمانی کوردی. به‌و هیوایه‌‌‌ی ته‌واوی بکه‌م و له‌مساڵدا چاپ و بڵاو بکرێته‌‌وه‌.
• NADIA MURAD, Ich bin eure Stimme, Das Mädchen, das dem Islamischen Staat entkam und gegen Gewalt und Versklavung kämpft, ISBN 978-3-426-21249-9, KNAUR; 2017




توندبونەوەی ناکۆکییەکانی سەرمایەداری وئەزمە ئیکۆلۆژییەکانی!.. جەمال کۆشش

کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس

کۆڕبەندی داڤۆس، سروتێکی ناوازەی هەیە، وێنەیەکی چڕی خەونە دۆزەخیەکانی هەرە دەوڵەمەندەکان و دەسەڵاتدارە لۆکاڵی و نێونەتەوەییەکانی ئەمڕۆی جیهان بە کۆکراوەیی لەنێو سیرکوسێکی ئاهەنگی شاهانەدا دەبینی. ئەمساڵ،٦٠ (سەرۆک و سەرۆکوەزیران) ، ٢٠٠ وەزیرەکان، لە ١٠٠ دەوڵەت و هەشتایان بە ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی، ٨٠٠ بەڕێوەبەر لە گەورە کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیای زیرەک و دجیتاڵی، نێوەندە گەورەکانی سەرمایەی پولی نێونەتەوەیی و بانکەکان و بازرگانی و زانکۆجیهانیـیەکان بەشداربوون.
چارەسەری ئاشتی بۆ شەڕە خوێناوییەکان “ئۆکرانیا و غەززە”، بێهیچ پەڕەیەکی ڕاسپێردراوی گشتی کۆتیهات. فلافدمیر سیلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، مەرجی کۆتایهاتنی شەڕەکەی بە سەرکەوتن بەسەر فلادمیر پۆتین بەستەوە ، نوێنەرایەتی بۆرژوازی روسیاش لە بەشداری کۆڕبەندەکە بێبەشکرابوون. “ئەوان نەک بەیەکەوە، بەڵکە بەدوای یەکدا قسەیان کرد، ئیسحاق هیرتسۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل: ئیران ئەبێت لە پشتیوانی تیرۆریستان بوەستێنرێت. وەزیری دەرەوەی ئێران، حسین ئەمیر: قەوارەی زایۆنی پێویستە لەسەر تاوانکاریـیەکانی لەغەززە، سەرنگون بکرێت، زیاتر شانۆی خۆنواندن بوو، لە باخچەی ئاژەڵان دەچوو”. ١
مەرجانە سپۆلیج ئیگگەر، خانمە سەرۆکی خاچی سوری نێو دەوڵەتی، لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ” زیاتر لە ١٠٠ شەڕی نێوان هێزە دوژمنە دژ بەیەکەکان لەگۆشە جیاوازەکانی جیهاندا بەرپایە”، بەڵام خاچی سور ناچارە سەدا ٢٠ کارمەندەکانیان بەهۆی بێپارەییەوە لەکارەکانیان دەربکەن.٢
” لە مانگی ٤ی ٢٠٢٣ دا ناوەندی توێژینەوەی ئاشتی جیهانی کە بنکەکەی لەستۆکهۆڵمە (سپیری) ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، بەپانتایی جیهان کەرەستەسەربازییەکان بۆ ٨ مین جار لەسەر یەک بەرز بوەوە، بەجۆرێک بەبەهایی.٢،٠٦ بلێۆن ئیرۆ، تفاقی جەنگی کە دەکاتە ٢.٢ تێکڕایی بەرهەمهینانی کۆمەڵایەتی جیهانی کڕدراوە. ژەنەراڵ پێرشیل، سەرۆک ئەرکانی هێزی چەکداری فەرەنسا هۆشداری دەدا لە (گەڕانەوەی دراماتیکی شەڕەگەورەکان کە بۆتە ئامرازی یەکلاکەرەوەی لایەنە ناکۆکەکان، لەم شەڕانەدا بەجۆرێک توندوتیژی بەکاردەهێنرێت کە سنوری هەموو مۆڕاڵێک و یاسایەکیان شکاندووە، لەکاتێکدا ئینسان بەڕاستی وا هەستی دەکرد کە تەنها لە کتێبە مێژووییەکاندا تۆمارکرابن).٣
جیهان لە کێبڕکێی خۆ پڕ چەککردندایە، وەزیری مالی ڕوسیا، ئەنتۆنی سلیناوف (هەموو لە پێناو بەرەکانی جەنگ، هەموو لە پێناو سەرکەوتن)، ١٠٩ ملیارد ئۆیرۆ کەدەکاتە سەدا ٦ ی تێکرایی بەرهەمهێنانی نشتمانی ڕوسیا بودجەی پەسەند کرد. ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ مۆدێرنیزەکردنی دامەزراوەی بەرگری ١٠٠ ملیارد ئۆیرۆی وەک دابینکردنی بڕە پارەیەکی تایبەت تەرخانکرد. ئەمەریکا بەتەنها سەدا ٤٠ ی چەکی جیهان دابیندەکات، سعودیە و قەتەر و میسر سێ دەوڵەتە یەکەمەکانی کڕیارەکانی کەرەستە سەربازییەکانن. ٤
بۆ تێگەیشتن لە دیمۆگرافی جێوپۆلەتیکی گڵۆباڵی ئەمساڵ، وردبوونەوە لە پێکهاتەی کۆڕبەندی داڤۆس، نەخشەیەکی بەسودە. بەشداربوانی کۆڕبەندەکە، لەبارەی ئەم خۆپڕ چەککردنە جیهانییەوە، بێدەنگەیان هەڵبژارد، وەک ئەوەی بەرهەمهێنانی زۆرترین چەک، ئارامی بۆ مرۆڤایەتی بێت.
مانفێستی کەپیتاڵ
ساڵی ٢٠٠١ کتێبی مانفێستی کاپیتاڵ لە نوسینی “جوهان نوربیرگ” بڵاوکرایەوە، لەو کتێبەدا بازاڕی ئازاد وئازادی بازرگانی وکەمکردنەوەی گومرگ ، وەک زامنی گەشەی مرۆڤایەتی و دابینکردنی هەلی کار و کۆتایهێنان بەهەژاری ناسێنراوە. لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆسیشدا، پلانی ئابووری بۆ جموجۆلی سەرمایەی جیهانی و مۆنۆپۆلی بوارەکانی بەرهەمهێنان و بازاڕی ئازاد و لێهاتوویی کێبڕکێی کۆمپانیاکان دادەڕێژن، ئەم ڕێبازو شیوازە سەرمایەداری بەرەو ڕێگایەکی داخراو و پڕ مەترسی گەیاندووە. جیهانی ئەمڕۆ بەرهەمی ئەو پرۆسەیەیە و شەڕ و برسێتی و دواکەوتیـیە کلتوریـیەکان و نەخۆشیەکان وچەوسانەوە وئەزمە ئیکۆلۆژییەکان وکارەساتە ژینگەییەکان لەوێوە سەرچاوە دەگرن.
بەپێی ڕاپۆرتی ئۆکسفام ، کە زیرەکانە تەوقیتەکەیان هەڵبژارد،هاودەمی کۆڕبەندەکەدا بڵاوییان کردەوە، ٥ کەس لەدەوڵەمەندەکانی جیهان سەرمایەکەیان لەماوەی کەمتر لەدەیەیەک دوو ئەوەندە بووە، لە ٤٢٠ ملیارد دۆلارەوە بوە بە ٨٦٥ ملیارد، لەکاتێکدا ٧٠٠ ملیۆن کەس داخزاون بۆ هەژاریەکی کوشندە ،رۆژانەیان بە تەنها دوو دۆلار ١٥ سەنتە. کەمتر لە دەیەیەک بلیۆنێرمان دەبێت، بەڵام بە ٢٢٩ ساڵی تر دەتوانین هەژاری لە نێوبەرین. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەم نایەکسانیـیە هەرگیز و هیچ کات بەم قەبارەیە نەبووە.٥
بۆ یەکەم جارە لەماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردودا، هەژارییەکی سامناک و خاوەن سامانێکی یەکجار گەورە کێرڤیان بەیەکەوە هەڵدەکشێن. لەساڵی ٢٠٢٠ دا ٢٦ بلیۆن دۆلار (٦٣ لەسەدا) تەنها چۆتە باخەڵی سەدا یەکەوە، لەکاتێکدا ١٦ بلیۆن دۆلار (٣٧) لەسەدا بۆ باقی دانشتوان بووە. ئەم پێشهاتە مێژوویـیەیی دەیەی گەشەی کەڵەکەبوونی سەرمایە، لە ماوەی دە ساڵی پێشوودا، ژمارەی ملیاردێرەکانی دوو قات کرد. لەهەمان کاتدا لە حاڵی ئێستادا ١.٧ ملیارد لە کرێکاران، مەمرەومەژی لەو وڵاتانەی هەڵائاوسان تیا بەرزە دەگوزەرێنن، ٨٢٠ ملیۆن کەس یانی هەر یەک لە دەکەس لەسەر ڕووی زەوی برسی و هەژارن و ژنان و کچان لە سەدا ٦٠هەژاران پێک دەهینن. ئۆکسفام ڕوو لە بانکی جیهانی دەکات و بەم وشانە دەنوسێت: (ڕەنگە ئێمە لەسەردەمێکدا بژین کە گەورەترین نایەکسانی و هەژاری لە دوای شەڕی جیهانی دووەمەوە ببینینەوە)
هەندێک لە وڵاتان بەتەواوی لە لێواری مایەپووچی دان. لە کاتێکدا ووڵاتە هەژارەکان چواربە قەد ئەو پارەیەی بۆ بواری تەندروستی تەرخانی دەکەن، پارە بە خاوەن قەرزەکانیان دەدەنەوە. چوار لە پێنجی دەوڵەتەکان پلانی دەستگرتنەوەیان هەیە بەبڕی ٧.٨ بلێۆن دۆلار لە کەرتە فەرمیەکانی بواری ڕێگاوبان پەروەردە و تەندروستی. ٦
ئەم سیستەمە وەک ڕاپۆرتەکەی ئۆکسفام نێوی ناوە “مەکینەی بەرهەمهێنانی نایەکسانی”، لە ئاکامدا دەستکورتەکان هەژارتر وزەنگینەکان دەوڵەمەندتر دەکات. بەینی مرۆڤ بە سروشتەوە، فۆرمێکی چەوسێنەرانەی هاوشیوەی پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکانی پێدەدا و ناهێڵێت و ناتوانێت پابەندی کەمکردنەوەی گەرم بوونی زەوی و کەمکردنەوەی گازی سیئۆتۆ بێت.
“دە دەوڵەمەنترین پیاوەکانی جیهان توانیان لە کاتی کۆرۆنادا، سەرمایەکەیان دوو قات بکەن، لە هەمان کاتدا لانی کەم ١٣ ملیۆن لە ژنان، کار و داهاتیان لە دەستدا، ٢٠ ملیۆن لە کچان بەهۆی داخستنی قوتابخانەکانیانەوە، جارێکی تر ناتوانن دەست بەخویندن بکەنەوە. بەهۆی هەڵئاوسانەوە ماددە خۆراکیـیەکان و کۆمپانیاکانی ووزە، قازانجەکانیان زیاتر دوو قات بکەن. ٨٤ لەسەدای ٣٠٦ ملیاری دۆلاری ئەمەریکی بەسەر خاوەن پشکەکاندا دابەشبکرێن. بەمجۆرە دەوڵەمەندەکان هەر دەوڵەمەندتر و تەنانەت لە کاتی قەیرانەکانیشدا هەژارەکان هەژارتر دەبن. سەدا حەفتای ئەو کەسانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دا کاریان لە دەستداوە، ژنانن. ٧
ئیکۆلۆژی و شێوازی بەرهەمهێنان، ئیکۆسۆشیالیستی و سیستەمی گەرمی زەوی
پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری وتاڵانکردنی ماددە سەرەتایـیەکان (سروشت) وهەژارکردن و وێرانکردنی ژینگە و گەرمبوونی سیستەمی زەوی هەیە. ڕەنگە ئەم بابەتە بۆ خوێنەرانی کوردزمان لە چاو ئەوروپایی و ئەمەریکییەکان سەرەتا بێت. بۆیە زۆر گرنگە لە نێو کۆنتێستی کۆڕبەندی داڤۆسداوبە فێڵی ئەوەی ‘ کاپیتالیستی سەوز” دەتوانێت کارەساتی ژینگەییەکان تێپەڕێنێت سەرنجبدەین. .
ڕەوتێکی نوێ لە نێو بزوتنەوەی سۆشیالیستی و مارکسیستی بە پشبەستن بە میتۆدی مارکسی، لە تەقالای ئەوە دایە لەنێو جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی فراواندا کە ئەمڕۆ لەبەرامبەر نابودکردنی ژینگەی جیهان و گەرمبوونی سیستەمی زەوی بەڕێکەوتوە، دەرکەوتنی ئەم مەترسیانە پەیوەند بکات بە هۆشیاری تیوری شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریـیەوە. ئەم ڕەوتە متمانە و پشتیوانیەکی فراوانی لەنێو لاواندا.ئەوروپا بەدەستهێناوە . تیۆریسیۆنی بە هێزی مارکسیستی بۆ پەیدا بوون.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە هەر لە دەوروبەری کۆربەندی داڤۆس بڵاوکراوەتەوە، ١٤،٥ ملیۆن مردن و١٢.٥ بلیۆن دۆلار زیانی ماددی بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما تا ساڵی ٢٠٥٠ ڕوودەدات کە بەزۆری ژنان و کەمدەرامەتەکان دەگرێتەوە.٨
دە لەسەدی دانشتوانە دەوڵەمەندەکەی گۆی زەوی ، سەدا پەنجای تاهاب (گازسی ئۆتۆ و میثان و ئۆزۆن)،دروستدەکەن.
( بەتایبەت کێشەی ئاو، لەکاتێکدا نیوەی دانیشتوانی گۆی زەوی لە ساڵێکدا، مانگێک لەژێر بێئاوی بەهێزدا ئازار دەچێژن، ..ئەوناوچانەی بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی سیستەمی زەوییەوە کە٣.٣ ملیارد ئینسانی تیا دەژی، بەهۆی بیابانی وگوڕەوتۆفانەوە، رادەی مردن ١٥ جار زۆرترە لەهەر جێگایەکی تر،… لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە هەر ساڵێک ٢٠ ملیۆن کەس بە هۆکاری گۆڕانی ئاوهەوا ناچارن کۆچ بکەن…)٩
زۆربەی جێۆلۆجیەکان بۆ ئەوە دەچن کە زەوی لە سەرەتای دەورەیەکی نوێدایە ولەئاکامی مامەڵەی ئینسانەوە ئەم ئاڵوگۆڕە پەیدابووە. بەرزبونەوەی پلەی گەرمی وزۆری تاهاب، توانەوەی خێرایی بەستەڵەکەکان، وشکبوونی ڕوبارەکان، تاڵانی کەرەستەکانی سروشت لەلایەن دەولەتانی ئیمپریالیست وئەزمەی ووزە وڕژاندنی ئەم هەموو ژەهرە، مرۆڤایەتی لەبەردەم مەترسیەکی جددیدا ڕاگرتووە. دواکەوتن هەڵناگرێت وگەڕانەوەی پلەی گەرمی زەوی بۆ پێش شۆڕش پیشەسازی وشۆڕش لە پێناو ڕاگرتنی ئیکۆلۆژی و ژینگەی پاک، پێویستە سیستەم بگۆڕین نەک ژینگە.
نوسینەکانی مارکس لەسەر پەیوەندی ئینسان بەسروشتەوەو میکانیزمی کاری ئینسان وکائینێکی بەرپرسیار لە بەرهەمهێنانی پێداویستیەکانی ژیانی خۆی، وە بەشداری ئینگلس لە زانستی دیالەکتیکی سروشت وپەیبردن بە ئۆرگانیکی سروشت، لەکتێبی ئەنتی دۆهرینگدا بەتایبەت، دەتوانین بە سەرەتاییەکی تیوری گرنگ بۆ ناکۆکییە بنەڕەتیەکانی سیستەمی سەرمایەداری تێبگەین.
سیانزە تێزەکەی میشێل لۆڤی سەبارەت بەستراتیژی ئیکۆسۆشیالیزم و کتێب ونوسینەکانی کرستیان تسیللەرلەسەر بزوتنەوەی ئیکۆسۆشیالیستی و سەدان نوسەرو هەڵسوڕاوی سۆشیالیستی ئاسۆیەکی تر دەنێنە بەردەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. ئاسۆی ڕزگاری لە هەژاری و نایەکسانی هاوپشت وهاوکاتە لەگەڵ شۆڕش بۆ ڕزگارکردنی سروشت لە چاوچنۆکی وتاڵانی سەرمایە.
(نوێنەرانی سەرمایەو ڕژێمەکانیان ، وەها زیندانی نێو لۆجیکی توانای ململانێیکانن بۆ مانەوە، نەدەیانەوێت و نەلەو پێگەیەشن بتوانن بەرهەمهێنان، گواستنەوە و بەکاربردن، زیانەکانیان وەها کەمبکەنەوە کە پلەی گەرمی زەوی بۆ ١.٥ پلەی گەرمی سیولی کەمبکەنەوە…ڕێگا مەدەن با لە پێشدا ئاوهەوا زرگاربکەین وئینجا دواتر ولەکۆتاییدا لەدژی ستەم وچەوسانەوە خەبات بکەین)١٠
ئێکۆسوشیالیزم، پەیوەندی ئینسان بە سروشتەوە، ڕێکدەخاتەوە لەسەر بنچینەی ڕزگارکردنی کار لە چەوسانەوە. ئەزمەی ئاو لەناوچەکە وبەتایبەت لەعێراق وپیسبوونی ژینگەی شارەکان، بەشێکە لە گەشەی سەرمایە و هۆکاری هەژاری جەماوەرە. ئەم وتارە هەوڵێکی بچووکە بەو ئاڕاستەیەدا.

  مانگی یەکی ٢٠٢٤ 


1-der Bund.leitartikel , page 15, 19.01.2023
2-WOz.Nr 4.25.jaunuar.2024
3-Le Monde diplomatique.januar 2024,Annete Hug.
4-هەمان سەرچاوەی پێشوو
5&6-Nzz.20.01.2024 , bewegung fur sozialismus.
7-flamende magazine ausgabe 5 Herbst 2023
8-woz,Nr 3,janaur 2024
9-okosozialismus ,Daniel tanuro , page 41
10-okosozilsmus.position des Klassischen Marxismus.page




شەڕخوازی لە دەرەوە و لەسێدارەدان لە ناوخۆی ئێران!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

لە لێژایی نەمانی دەسەڵاتی مەزهەبی لە ئێران، (عەلی خامنەیی) وەک هەموو دیکتاتۆرەکان، شەپۆلی ستەم و سەرکوت و ئەشکەنجە و ئێعدام و کوشتنی خەڵکی زیاد کردووە. بە پێی ئاماری باوەڕپێکراو، ئەم رژێمە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا زیاتر لە ٤٠٠ کەس و لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا نزیک بە ٩٠٠ کەسی لە سێدارە داوە. پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا ئەم ژمارەیە زیاد بکات! بۆچی?!
تێڕامانێک لە دۆخی ئێستای دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی، یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ گەیشتن بە وەڵامی ئەم پرسیارە. دۆخی رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە ناوەڕاستی دەیەی پێنجەمیدا، لار و لەرزۆک و ناسکە و رێگاکانی گەڕانەوە بۆ هاوسەنگی پێشوو بەڕوویدا داخراوە! ئەمە پرۆسەیەکی زانستی و لۆژیکی و حەتمییە. چونکە هەموو تاکتیکەکانی مانەوەی لە دەسەڵات بەکارهێناوە و ئێستا هیچ بژاردەیەکیتری نییە جگە لە رووخان و نەمان؟
بە واتایەکیتر، ئەم دۆخەی رژێمی ئێران، کۆتایی هەموو دیکتاتۆر و دیکتاتۆرییەکان بووە کە ناچار بوون پێیدا تێپەڕن و بڕووخێن و رووخاون. دەسەڵاتی دیکتاتۆری حەمەڕەزاشا، نموونەیەکی کۆنکرێتی ئەو راستییەیە کە لە ساڵی ١٣٥٧ (1979 )لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە رووخێنرا و کۆتایی پێهات!
لە گەڕان بەدوای هۆکارەکانی ئەم دۆخەدا، کە راگوزەر و کاتییە و ئاسۆیەکی روونیش دەخاتە بەرچاو، چەند هۆکارێکی سەرەکی و گرنگ هەن:
• لەناوخۆی ئێراندا خەڵک تووڕەن و بە هیچ شتێک کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆریەتی ویلایەتی فەقیهی رازی نابن. بە تایبەت ئێستا کە ناوەندەکانی شۆڕش (کانونەکانی شۆڕش) لە هەموو ئێراندا بڵاوبوونەتەوە و سەرکردایەتیکردن و رێنوێنیکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانیان گرتۆتە دەست. ئەم ناوەندانە، بە چالاکیی رۆژانەیان، بوونەتە خاڵی ئومێد بۆ خەڵکی ئێران لە پێناو گەیشتن بە ئازادیدا.
• هەموو بەرنامە و پیلان و بەشەیتانکردنی لایەنانی راپەڕینکار و شۆڕشگێڕی بەرخۆدان لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە و لە پێناو بە لاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و پەراوێزخستنی هێزی سەرەکی موقاومەتی ئێران شکستی هێناوە. تەنانەت رۆڵی تێکدەرانە و ماڵوێرانکەری پاشماوەکانی دیکتاتۆریی پێشوو و ئیمدادگەرانی غەیبی و رۆژئاواییش، نەیانتوانی قەیرانی رووخاندنی دیکتاتۆری لە ئێران چارەسەر بکەن!
• سیاسەتی (سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران) کە هەمیشە وەک ئاستەنگ لە بەرانبەر راپەڕینی گەل رۆڵی هەبووە، شکستی هێناوە و ئێستایش خزمەت بە مانەوەی ئەم دیکتاتۆرییەتە دەکات لە هەڵایسانی شەڕ و شەڕئەنگێزی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا!
• شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە راستیدا دوو لایەنی هەیە. لە لایەک دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینیی ئێران و بە تایبەتی باسکە سەربازییە مەترسیدارەکەی، واتە (سوپای پاسداران) و هێزە هاوتەریبەکانی، و لە لایەکی دیکەشەوە خەڵکی ئێران و خەڵکی ناوچەکە. بە واتایەکیتر، شەڕی سەرەکی لە نێوان دەسەڵاتی دیکتاتۆری مەزهەبی و خەڵکی ئێراندایە کە پێشهاتەکانیتری ناوچەکە یەکلایی دەکاتەوە!
• لە ناوەند و کانگای ئەو شەڕە سەرەکییەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، شەڕخوازیی وەلی فەقێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشبینیکراو بوو. شەڕخوازیی دەسەڵاتی وەلی فەقێ کە “دیاردەیەکی شووم و دڵتەزێنە”، نەک هەر نەیتوانی و ناتوانێ رێگری لە رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی بکات، بەڵکو خێراتریشی دەکات و بیر و رای گشتی لە جیهان هان دەدات بۆ پشتیوانیکردن لە راپەڕین و بەرخۆدانی گەل لە ئێران!
• راپەڕینی جەماوەری ساڵی ١٤٠١ راپەڕینێکی نەک جیاواز نییە لە راپەڕینەکانی رابردوو، بەڵکو خاڵی پێگەیشتن و درێژەی راپەڕینەکانی پێشووە و بەتایبەت تەواوکەری راپەڕینی خەڵکی ئێرانە لە ساڵی ١٣٥٧ (1979) لە دژی دیکتاتۆرییەتی حەمەڕەزاشا. گەلی ئێران و خۆڕاگریی ئێران بەبڕیارن بۆ بنبڕکردنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران بۆ هەتا هەتایە! ئەزموونەکان دەریانخستووە کە موقاومەتی خەڵکی ئێران ئەوەی دەیەوێت و پلانی بۆ داناوە و بەتایبەتی (ئازادی)، بەدەست دەهێنێت!
• تا ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا “ستراتیژییەکی دروست”ی نەبووە. ستراتیژیی دروست بریتییە لە “داننان بە خەباتی خەڵک و موقاومەتی ئێران بۆ رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری” و پاشان “دامەزراندنی ئەڵتەرناتیڤێکی دێموکراتیک” کە پابەندە بە جیابوونی ئایین لە دەوڵەت، یەکسانبوون نێوان ژنان و پیاوان، خودموختاریی نەتەوەکان، . هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئێرانێکی کۆماری و نائەتۆمی و فرەیی و پابەند بە ئاشتی و دۆستایەتی لەگەڵ جیهاندا.
• ستراتیژیی دروست، رووخاندنی رژێمی ئێرانە لەسەر دەستی خەڵک و موقاومەتی ئێران. لەبیرمان نەچێت، ساڵی رابردوودا، سیاسەتی سازانی حکومەتەکانی رۆژئاوا لەگەڵ دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران، ویلایەتی فەقیهی لە ئێران هارتر و رووقایمتر کرد. ئەو شەڕە نەگریسەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئاڕادایە، بەرهەمی مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و سیاسەتی سازانە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە. لە کاتێکدا هەر لەسەرەتاوە روون بوو کە “سەری ماری ویلایەتی فەقیهی لە تاراندایە” و پەیڕەوکردنی ئەم فۆرمولەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە!
• ئامانجی سەرەکیی عەلی خامنەیی لە چڕکردنەوە و درێژەدان بە شەپۆلی سەرکوت و ئێعدام لە ناوخۆی وڵات و شەڕخوازی لە دەرەوەی سنوورەکاندا، (بەر لە پاراستنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و دوورکەوتنەوە لە قەیرانی نەمانی دیکتاتۆرییەت) بۆ “شێواندنی” سنووربەندی و بەها مرۆیی و سیاسییەکان و دووبەرەکینانەوە لە ریزەکانی گەل و لایەنە سیاسییەکاندا بووە، کە هەرچەند کورتخایەنە و ناتوانێت چارەسەرێکی درێژخایەن بێت بۆ دەرچوون لە قەیرانی رووخاندن، بەڵام بێ کاریگەری نەبووە. لایەنە بەرژەوەندیخوازەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، لاگر و کڕیاری تاکتیکی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە بوون کە دەرئەنجامەکەیشی، رشتنی خوێنی زیاتری خەڵک و رۆڵەکانی خەڵک بووە لە ئێران و ناوچەکەدا.
• هێزەکانی ناو ئۆپۆزسیۆنی رژێمێک، هەمیشە قاعیدەی بەرخۆدانن بەرامبەر بە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر. بە واتایەکیتر ئۆپۆزسیۆنی رژێمێک، هەرچەندە نوێنەرایەتی رێژەیەکی فراوانتری گەل دەکەن لە دژی دیکتاتۆرییەت، بەڵام (بەرخۆدانی گەل) هەڵگری شۆڕش و گۆڕانکارییەکی ریشەیین لە وڵاتدا، کە خاوەن رێگەچارەی بنەڕەتین بۆ چارەسەری کێشەکان. هەر لەبەر ئەمەشە کە رژێمە دیکتاتۆرەکان لە ئێران هەمیشە لە “ترسی تایبەت”دا بوون و تۆقاون لە بوونی بەرخۆدان و یەکە و ناوەندەکانی شۆڕش!
دەرەنجامەکان:
ڕژێمی دیکتاتۆری ناتوانێت خۆی لە رووخاندن بەدوور بگرێت. هەروەک چۆن ئێران و خەڵکی ئێران بە هیچ شتێک کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت رازی نابن. لە بەرامبەر “بازنەی بچووکبوونەوەی دەسەڵات”، پێویستە “بازنە لە بەرەی گەل”دا بەرفراوانتر بکرێت و “بەرخۆدان” بەهێزتر و داواکاری و دروشمەکان لەگەڵیدا رێک بخرێت. هەربۆیە پێویستە پیلانگێڕان و خەوشدارکردنی سنووربەندییەکان و لاوازکردنی بەرەی گەل، (کە لە لایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆریییەوە کاری بۆ دەکرێت) پووچەڵ بکرێنەوە و ریزەکانی گەل و بەرخۆدانی گەل پتەوتر بکرێن و هەموو فێڵ و تەکتیکی رژێمی ویلایەتی فەقیهی، پێچەوانە بکرێتەوە بەسەر دیکتاتۆرییەتدا. ئەم فۆرمولە، لێکدانەوەیەکیتری فۆرمولەی “سەری ماری ویلایەت لە تاران”ە، کە پێویستی بە پۆلیشکردنی ئیرادە و قۆڵ هەڵماڵینە بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان لە پێناو گەیشتن بە سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەتدا. بەم شێوەیە دیکتاتۆرییەت لە ئێران و ناوچەکەدا کۆتایی دێت!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی





” نامەکانی ڤانکۆخ “.. ئامادەکردن و وەرگێڕانی” حمە هاشم “.. خوێندنەوەی: رۆژگار خالید

کتێبێکی قەبارە بچووکە و نزیکەی 150 لاپەڕەیە .
ناوەڕۆکی کتێبەکە زیاتر لە 30 نامەی دەستنووس و زیاتر لە 40 تابلۆ و ” سێکچ ” دروستکراوی لەگەڵدا چاپکراوە هەموو نامە و تابلۆ و سێکچەکان بۆ ” تیۆ ڤانکۆخی” براکەی ناردووە .
سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کەوا بەدرێژایی مێژوویی ناردنی نامە و دەستنووس و نووسین ، بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە .
پێش ئەوەی مرۆڤ فێری نووسین و خوێندنەوە ببێت لەڕێگەی ” هێماگەلێک لەنێو ئەشکەوتەکان و دیوار و کۆشکەکان وێنەی ڕم و قەڵغان و وێنەی مرۆڤ و هەبوونی ئاژەڵی دڕندەیی کێشاوە و کەسانی دیکەی لێ ئاگادارکردۆتەوە .
“دواتر مرۆڤ فێری نووسین و خوێندنەوە بووە ، ئەوجارە لەڕێگەی هەڵکۆڵین و نووسینی لەسەر ئاسن و پێستە و دواتر لەڕێگەی نامەی کاغەز پەیامی هەبووە .
ئەو پەیامەش چەندەها جۆر بووە وەک ” راگەیاندنی شەڕ و ئاشتی ” یانیش” پیرۆزبای و سەرزەنشتی بووە ” یانیش” نامەی شادی بووە یانیش پرسە و سەرەخۆشی بووە ” یانیش مرۆڤ دەردە دڵی کردیە .
پێش سەدان ساڵ تەنها پادشا و ڕاوێژکار و دەسەڵاتداران و دەوڵەمەند و خانەدان و دواتریش پیاوانی ئایینی و عاریفان توانیویانە بنووسن و بخوێننەوە .
لە ئێستادا ژیانی مرۆڤەکان گۆڕانکاری بەسەر روویداوە و نووسینی نامەی سەر کاغەز پاشەکشێی کردووە و بووە بە بەشێک لەو شێوە ژیانەی هەبووە .
کەچی
نامەی دەستنووسی کەسایەتی و ناوداران و شاعیران و نووسەران کەچەند سەد ساڵێکە نووسراون تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی فراوان دەستاو دەستی پێوەدەکرێت و دەخوێنرێتەوە و لە مەزادی ئاشکرا دەفرۆشێن و هەندێکیان لە مۆزەخانەکانی دونیا نمایش دەکرێن و جێگەی بایەخەن .
ئەم کتێبە 3 بابەتی لەخۆ دەگرێت .
یەکەم /
دروستکردنی تابلۆی سکێچ وێنەکان ڕەش و سپین و تەنها پێنووس بەکاردەهێنرێت و دواتر شێوازی هەڵبژاردن و پەرشکردنی ڕەنگەکان و داهێنانی نوێی کردووە لە دروستکردنی تابلۆکان وەک تابلۆی ” پەتاتەخۆرەکان و ژیانی جوتیار و کرێکاران و ژیانی هەژاران ” و هەڵبژاردنی ئەو شوێنانەی تابلۆی تێدا دروست دەکا و لەو بارەیەوە دەڵێت ” چوومە دەرەوە لەناو جووتیارەکان و کێلگەکان دەگەڕام بۆ ئەوەی شوێنم هەبێت و تاوەکو تابلۆکان بکێشم ، وە کڕینی فلچە و بۆیە و کاغەز و قوماشی تایبەت بۆ تابلۆکانی خەمێکی گەورەم بووە چونکە پارەم نەبووە ناچارانە براکەم پارەی بۆی دەناردم لەم بارەیەوە دەڵێت ” لێرە کەسانێک هەن پاڵپشتی لە تابلۆکێشان دەکەن ئەگەرچی باری داراییان باش نییە وە هەندێکجار کڕیارەکان وا هەست دەکەن پارەیان بەفیڕۆداوە لە کڕینی تابلۆکان، هیوادارم رۆژێک بێت تابلۆکانم بفرۆشم و قەرەبووی چاکەکانت بکەمەوە و باری دارایی سەرشانت سووک بکەم ، لەبارەی ئەم دۆخەدا ڤانکۆخ دەڵێت
” بە شتە بچووکەکان دەستپێدەکەم بەڵام هیواکانم گەورەن ، منیش بۆ ژیان شەڕ دەکەم و ئازار دەچێژم تا بگەمە ئەو رێگە ڕۆشنەی هیوای هەردووکمانە ” .
دووەم /
نهێنی ژیانی خۆی .
دەڵێت
مرۆڤ بەژیان تاقی دەکرێتەوە هەروەک چۆن زێڕ بە ئاگر تاقی دەکرێتەوە !
نازانم ژیان بەرەو کوێ دەڕوات ؟
چی بەسەر هۆشیاری ئێمە دێت ؟
هەموو شتەکانی دەوروبەرم بەرەو خەمۆکیم دەبەن هەرباشە کاغەز و ڕەنگم هەیە، لەگەڵ ئەوانەشدا شتەکان سەرلەنوێ دروست دەکەمەوە و هەموو شتەکان دوای ئەوەی کات بەسەریاندا تێدەپەڕێت کۆن دەبن و سارد و مات دەبن ، من چی بکەم ؟

  1. گۆرانکاری فکری و هونەری .
    باسی ژیانی تایبەتی خۆی دەکات کە سوودی چییە بۆ ژیان و مرۆڤایەتی ئەگەر بوێری ئەوەمان نەبێت هەموو شتێک تاقی بکەینەوە لەگەڵ تەمەنمان شتەکان قورستر دەبن !
    بەڵام هێزی ناوەوەی دڵ گەشە دەکات لەکاتی بەرەنگاربوونەوەی سەختیەکان و هەندێک سەرکەوتن دەرئەنجامی هەڵەیە ، هەر بۆیە پرسیارێکی سەیر دەکا و دەڵێت ژیان چی دەبوو ئەگەر بوێری هەوڵدانمان نەبوایە ؟ راستە خۆشەویستی هەمیشە سەختی دەهێنێت بەڵام لایەنی ئەرێنی ئەوەیە کە وزە دەبەخشێت .
    دوێنێ هەندێک گوڵم بەڕەنگی گل نەخشاند هەموو شتێک خەونێکە خەونەکان بێهودەن پەڕی خەونیش بەردەوام فریومان دەدەن !!
    بیرۆکەی زۆر پاڵم پێوەدەنێت بۆ تابلۆی تازە کەچی ناتوانم بیکەم ، دووشت ڕوحم دەجولێنێت تەماشاکردنی خۆر و مردن .
    هەربۆیە زۆربەی تابلۆکانی ڕەنگی زەرد و ڕەنگی خۆر و ڕەنگی گلن و هەست دەکەی هەموو شتێک ڕوحی تێدا دەرچووە .
    ئەگەر بەڕاستی سروشتت خۆش بوێت، لە هەموو شوێنێکی ئەم دونیایەدا هەمیشە جوانیەکان دەدۆزیتەوە .
    ڕوودەدات؛ هەموو ژیانت خەریکی دڵخۆشکردنی ئەوانی تر بیت کەچی کەس لەبیری تۆدا نەبێت کە چ جەهەندەمێک لەسەرم گەرم بووە !



گفتوگۆ لەگەڵ ستیڤان شەمزینی.. ئامادەکردن: لیزا محەمەد

(ئێمە ئەو نەوەیەی مەحکوم کراین بە رەشبینی..) ستیڤان شەمزینی

لیزا: وەک رۆژنامەنووسێک سەرەتا دەمەوێت بپرسم لە ھەنووکەدا کێشە و رەوشی رۆژنامەوانی کوردیی دوای سەد و بیست ساڵ تەمەن چۆن دەبینیت؟. قسەت لەسەر شێوازی کاری میدیایی چییە لەم بارودۆخەدا؟.

ستیڤان شەمزینی: جیھانی رۆژنامەوانی کوردیی جیھانێکی پڕ ئیشکالییەت و ئاڵۆزییە، بۆ ئەوەشی بتوانین قسەی لەسەر بکەین، ھەم پێویستمان بە رووبەرێکی فراوانترە لە دیمانەیەک، ھەم بابەتەکە پێویستی بە وردبوونەوە و داتا و شرۆڤەی تیۆرییە. ئەوەی لێرەدا دەکرێت ئێمە لەسەر ئەم تێمایە قسە بکەین، ئەوەیە: رەوشی رۆژنامەوانی کوردیی بە بەراوورد بە تەمەنی خۆی “١٢٠ ساڵ” رۆژنامەوانییەکی پاشکەوتوو و بەجێماوە، شایانی بەراوورد نییە تەنانەت بە رۆژنامەوانی عەرەبیی!! کە من پێموایە رۆژنامەوانی عەرەبیش رۆژنامەوانییەکی دواکەوتووخوازە و تاکو ئەندازەیەکی زۆریش بە جێماوە لەو گەشەکردنە خێرایەی فۆرمی رۆژنامەوانی خۆرئاوایی بە تایبەت لە قۆناغی دوای کۆتاییھاتنی جەنگی سارد و خێرا بەستنەوەی جیھان بە یەکترەوە و بچووکبوونەوەی دنیا بۆ ئاستی گوندێک. لەم گوندە بچووکە جیھانییەدا رۆژنامەوانی کوردیی “بە تایبەت باشوور” پاشکۆی رۆژنامەوانی عەرەبییە لە رووی جیھانبینی و فۆرمەوە، رۆژنامەوانی عەرەبیش ھەروەک وتم رۆژنامەوانییەکی ئیفلیج و لەنگە بە پێی ستاندارە ئەکادیمییەکانی کاری رۆژنامەوانی.
لە ستروکتۆرەوە کاری رۆژنامەوانی مامەڵەیە لەگەڵ رووداو یان ھەواڵ، ئەو شەش رەگەزە سەرەکییەی ھەواڵ “کێ و کەی و چۆن و بۆ و لە کوێ و چی” بنچینەی کاری رۆژنامەوانین، بەڵام رۆژنامەوانی کوردیی دوای سەد و بیست ساڵ کەمتر دەتوانێت ھەواڵێکمان پێشکەش بکات بەو زمان و فۆرمە رۆژنامەنووسییە ستاندارە، بە پێچەوانەوە پیشەییبوون و ئیتیک و موراڵی رۆژنامەوانی ھەمیشە لە راگەیاندنی کوردییدا ون بووە و ژێر پێ خراوە!!. رۆژنامەوانی کورد بە گوێرەی ئایدیای خۆی مامەڵە لەگەڵ رووداو و ھەواڵدا دەکات، نەک وەک ئەو وێنە مەلموسەی لە واقیعدا ھەیە یان روویداوە، بە دیوێکی تردا ھەمیشە ئەو ھەواڵ و ئەرتیکڵە رۆژنامەوانییانەی لەلایەن رۆژنامەوانی کوردەوە ئاڕاستەی وەرگر دەکرێت وێنایەکی ساختەی رووداو و ھەواڵەکانن. ئەمەش زادەی ناپرۆفیشناڵی و بێلایەن نەبوون و ھەمەلایەن نەبوونی تاکی رۆژنامەوان و دەزگاکانن!. من لێرەدا نامەوێت بڵێم رۆژنامەوان بۆی نییە لایەنگری ئایدۆلۆگییەکی دیاریکراو بکات، ھێندەی مەبەست لە مامەڵەکردنی بێلایەنانە و ھەمەلایەنانەیە لەگەڵ رووداو و ئامادەکردنی ھەواڵدا.
من ئەم قۆناغەی ئێستای رۆژنامەوانی کوردیی ناو دەنێم قۆناغی گەندەڵبوونی رۆژنامەوانیی لە کوردستان، بەو پێیەی رۆژنامەوان و دەزگا رۆژنامەوانییەکان دەسەڵاتی خۆیان وەک دەسەڵاتی چوارەم، خراپ بەکاردەھێنن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا جۆرێکی ترە لە گەندەڵی، لەو سۆنگەیەی دیاردەی گەندەڵی تەنھا رەھەندی ئابووری یان ئیداریی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی فرە رەھەندە. ئەوەی لە رەوشی رۆژنامەوانی کوردییدا پراکتیزە دەکرێت، نموونەیەکی ھێندە بێ کەڵک و مەسرەفگەرایە، مەگەر ھەر لە کورد ئەمە روویدا بێت، بەو پێیەی مەسرەفگەرایش ھەروەک گەندەڵی تەنھا لە رووە ئابوورییەکەدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو فۆرمی جۆراوجۆری ھەیە، لەم نێوەندەدا دەبینین، لە کوردستان تایپێک لە رۆژنامەوان دروستبوون مەسرەفگەرن، تەنانەت ھێندە وشەیان بە فیڕۆداوە ھیچ ئەرزشێک بۆ وشە نەماوەتەوە، بۆیە “راستکردنەوەی زمان” بە مانا “کۆنفۆشیۆس”ییەکەی کارێکی پێشنۆرە و بایەخداری ئەم قۆناغەی کاری میدیاییە لە کوردستاندا، وەک وتیشم ئەم قۆناغە ناو دەنێم زەمەنی گەندەڵبوونی رۆژنامەوانان. “ھەڵبەتە مەبەستم بەدکەڵکی دارایی نییە، ھێندەی مەبەستم بەدکەڵکی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتە رەمزییەکەی رۆژنامەوانییە”.

لیزا: لە ھەردوو کۆمەڵە شیعرەکەتدا کە بە چاپت گەیاندوون، بە روونی ئەوە دیارە پەیڕەوی ھیچ رێبازێکی ئەدەبی دیاریکراو ناکەیت.؟ ئەمە چۆن دەبینیت و ئایا کێشە نییە شاعیرێک سەر بە قوتابخانەیەکی ئەدەبی نەبێت یان لە روانگەی تۆوە پێناسەی شیعر چییە و چۆن دەڕوانیتە پاشەگەردانی شیعر نووسین؟.

ستیڤان شەمزینی: پرسیارێکی جیددییە، ھەڵبەتە خۆم بە مەلێکی ئازاد دەبینم، ناچمە ناو قەفەزی ھیچ رێڕەوێکی ئەدەبی دیاریکراوەوە، ئەمەش ھاوواتای ئەوە نییە سوودوەرگرتن لە کەلەپووری رۆشنبیریی و قوتابخانە ئەدەبییەکان بەھەند وەرناگرم. ھەرچەند زیاتر سەرسامم بە رۆمانسیزمی نوێ، بەڵام ھەوڵمداوە بە شێوازی خۆم شیعر بنووسم، ئاخر شیعر مامەڵەیە لەگەڵ ھەست و خەیاڵ، تۆ ناتوانیت ئەم ھەست و خەیاڵە بخەیتە چوارچێوەی جیھانبینی قوتابخانەیەکی دیاریکراوەوە، خۆیشم نازانم شیعرەکانم لە چ خانەیەکدا پۆلێن دەکرێن، تەنیا ئەوە دەزانم ھەستی خۆم دەنووسمەوە، ئەو بورکانەی لە خەیاڵمدا دەتەقێتەوە لە بۆتەی شیعردا دەیاننووسمەوە. بانگەشەی ئەوە ناکەم کێش و مۆسیقا و فۆرمی شیعرییم بۆ گرنگ نییە، بەڵام لەسەر ستایلی ھیچ کەس و قوتابخانەیەک شیعر نانووسم، کەسێکی بەرەڵام لە شیعردا، ئاوھاش ئازادترم وەک لەوەی خۆم لەناو بازنەی قوتابخانەیەکی دیاریکراودا گەمارۆ بدەم.
لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم شیعر پێناسە ناکرێت، تەنێ ئەوەندەیە شیعر جۆرێکە لە گەڕانەوە بۆ منداڵی، واتە گەڕانەوەیە بۆ ناو بەرائەت و جیھانی ساکاری منداڵی، لەم سۆنگەوە ھەندێک لە توێژەرانی سۆسیۆلۆجی پێیانوایە کۆمەڵگەی شیعریی کۆمەڵگەیەکی منداڵە. لێ شیعر مێژووی نییە، رەنگە ھێندەی ھەموو تەمەنی مرۆڤ بە تەمەن بێت، بەڵام زمانی شیعر زمانێکە لەگەڵ ئاوابوونی فیوداڵیزم، کاریگەریی خۆی لە دەستدا، لە بری ئەوە “رۆمان” وەک ژانرێکی زەمەنی مودێرنێتە جێگەی گرتەوە، بە مانایەکی تر شیعر بەرھەمی گوندە و “رۆمان”یش بەرھەمی شار. ھەر لەم روانگەوە رووداوی ناو رۆمانەکان ئەگەر لە گوندێکیشدا رووبدەن نکۆڵی لەوە ناکرێت رۆمان کوڕی منداڵدانی شارە. ئەگەر دوور نەکەوینەوە لە کرۆکی بابەت، کورد کۆمەڵگەیەکی مناڵە “بەپێی پێناسەی کۆمەڵناسی” چونکە زمانی باڵادەست تیایدا شیعر بووە، بۆیەکا ھیچ کار و فرمانێکی بێ ئامادەیی شیعر نەچووە بەڕێوە “نموونەی شیعرە کێش و سەروادارەکانی کاتی جووتکردن و تۆوکردن و دروێنە و شەتڵلێدان و قۆغڵی و ھتد..”. لەبەرئەمەش زۆرێک لەو رۆمان و وتارانەی بە زمانی شیعریی دەنووسرێن تا نووکەش پڕ خوێنەرترینن، چونکە تێگەیشتن لە زمانی ئەکادیمی و زانستی بۆ خوێنەری کورد گەلێ ئەستەمە.
لەگەڵ ئەوەی خەریکە ئەستێرەی بەختی شیعر ئاوا دەبێت، کۆمەڵێک شیعرنووس گۆڕەپانی شیعری کوردییان مۆنۆپۆل کردووە بە رۆژی رووناک شیعر ئەتک دەکەن. یەکێک بە ناوی ئیرۆسییەتەوە شیعر لە ئیستاتیکا دادەڕنێت و دەیکاتە بابەتی سەرجێیی. یەکێکی دی بە ناوی زمانی ساکارەوە شیعر دادەڕنێ لە ھەموو فەنتازیا و تەکنیکێکی ھونەریی. ھەر یەکەو بە جۆرێک خەریکی ئەتککردنی شیعری کوردییە، ئێمە سەرەتای شیعریمان لە خانی و مەلای جەزیری و باباتاھیرەوە تا دەگاتە حاجی قادر و مەحوی و مەولەوی و نالی و سالم و حەمدی، پڕیەتی لە داھێنان و شۆکی بیرکردنەوە و گەمەی زمانەوانی و فەنتازیا و ئافراندن، کەچی دوای چەندین سەدە لە رێگەی فەیسبووکەوە چەند ئەرزوحاڵچییەک سەرقاڵی ریسواکردنی شیعری کوردین. ئەمە تاوانێکە وەک تاوانی تاڵانکردنی شوێنەوارە مێژووییەکان، وەک تاڵانکردنی سەروەتە سروشتییەکانی وڵات، وەک گەندەڵی و بە ھەدەردانی سامانی گشتیی. زانیمان لە مێژوودا سیاسییەکان کاریان تەنیا بازرگانی بووە بە خوێن و ھەستی مرۆڤەوە، ئەدی ھەموو ئەو شیعرنووسانە ھەمان کار ناکەن؟. بۆیە پەندێکی فەڕەنسیتان بیر دێنمەوە کە دەڵێ (ئەوانەی کاری بەد جوان دەکەن باشترن لەوانەی کاری جوان بەد دەکەن). ھۆشمەند ئەوەیە لەم پەندە تێبگات.

لیزا: شیعرەکانت دوو ئاڕاستەی سەرەکییان ھەیە، یەکەم عەشق و دووەم رەشبینی و مردن. چۆن دەتوانیت ئەم دوو پێدراوە پێچەوانەیە لە یەک کاتدا لە بۆتەی شیعردا تەوزیف بکەیت؟.

ستیڤان شەمزینی: بێھێنە بەرچاوت ھەڕەتی لاوێتی من، یان دەسپێکی عەشقەکەم کەوتۆتە زەمەنێکەوە، کە ناوم ناوە زەمەنی “تێکشکان و کوژانەوە”! واتە ئەو قۆناغەی دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١، کە ھیچ شتێک بەھای نەما لە شەڕی ناوخۆدا، ھیچ گۆرانییەکی دڵخۆشکەر نەما بۆ وتن، ھیچ ئاوازێکی رووناک نەما بۆ ژەنین، ئەوێ رۆژێ سەرباری جەنگ و گەمارۆی ئابووری و رووخانی تەلاری خەونی نەتەوەیەک، زەمینە و ژینگە کۆمەڵایەتییەکەش مرۆڤی توشی ھەناسەسواریی و نامۆیی دەکرد، ئێمە ئەو نەوەیە بووین لەو ھەلومەرجەدا مەحکوم کراین بە رەشبینی، ئاخر رەشبینی ئارەزوویەک نەبوو ھەوڵی بۆ بدەین، بەڵکو مۆتەکەیەک بوو بەرۆکی دەگرتین، ئێمە لەو زەمانەدا گەنجیمان دەگوزەراند ھەموو ئاسۆکان تاریک ببوون، لێ ئەم ھێڵە دراماتیکییەی تراژیدیای کورد تاکو ئێستاش درێژەی ھەیە، بەڵام بارە قورسەکەی لەسەر شانی ئەو نەوەیەی ئێمە بوو، نابێت ئەو سیاقە مێژووییە نادیدە بگریت نەوەیەکی سیخناخ کرد بە رەشبینی و نیھێلیزم، بۆ نەوەی ئێمە کە ژیان ھەموو رەنگە پەلکەزێڕینەییەکانی خۆی حەشار دەدا، نائومێدیی رەوایی ھەبوو!!، بەڵکو بۆ ھەندێکی وەک ئێمە کە ئەوسا خوێنەری جیددی بووین و بیرمان لە دنیای خۆمان دەکردەوە کارەساتەکە دوو ھێندە گەورەتر بوو.
لەوە بەولاوە وەک نزار قەبانی لە دێڕە شیعرێکیدا دەڵێت “لە زەمەنێکدا بە دوای عەشقدا وێڵ بووین، کە نازانێت عەشق چییە”. لەو زەمەنەی تەنیا بۆنی بارووتی لێدەھات و دیمەنی ھاتنەوەی تەرمی شەڕکەرەکانی جەنگی نێوخۆیی وەک تەمێک ئاسۆی روونی گرتبوو، ھاوزەمان لەو ژینگە داخراو و تۆقێنەرە کۆمەڵایەتییەدا عەشق و عاشقبوون بۆ خۆی شۆڕشێک بوو، شکاندنی سنوورە تابۆکراوەکانی کۆمەڵگە بوو، وەنەبێت لە کاتی شکاندنی ئەو سنوورانە کۆمەڵگە تەنھا فڕێی بدایتبایە دەرەوەی خۆی، بەڵکو لە رووی فیزیکیشەوە دەیسڕیتەوە. گەنجێکی وەک منیش ھەم رەشبین ھەم عاشق، ئاخۆ دەبێت شیعرەکانی چۆن دەربچن؟. ھەوڵم دەدا دوالیزمی رەشبینی و عەشق پێکەوە بخەمە ناو رستە شیعرییەکانمەوە، لە کۆتاییدا رەشبینی و عەشق بوونە بەشێکی گرنگی سایکۆلۆژیام، ئەمە ھەر وەک بۆ زۆرێک لەو نەوەیەی من ھەمان شتە.
لێ لە شانزە ساڵییەوە رووم لە بیرۆکەی کۆمۆنیزم کرد، “ھەرچەند تا ئێستاش چەپم، بەڵام بە دیدێکی جیاتر لە روانگەی چەند ساڵی پێشووترم”. کۆمۆنیزمیش بۆ خۆی بەشێکە لە فەلسەفەی گەشبینی، بەو پێیەی ھەمیشە ھیوادارت دەکات بە سۆسیالیزم و گۆڕانی ریشەیی دنیا، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە ھێشتا لە ژێر کاریگەریی ژینگەیی ئاینی و سۆفیستی کۆمەڵگەی کوردیی دەربازمان نەببوو، جۆرێک لە خۆشەویستیمان بۆ مەرگ ھەبوو، بێ ئاگا کەوتبووینە ژێر ئەو دیدە “ھیگل”ییەی پێیوایە “مەرگ خودی عەشقە، عەشقی رەھا و پوخت لە مەرگدا خۆی ئاشکرا دەکات”. ھەموو دەمانویست “کلایست”ئاسا لەسەر گۆڕی خۆشەویستەکەمان یان بە یادی عەشقێکی ناکامەوە خۆمان بکوژین، تاکو بیسەلمێنین مەرگ خودی عەشقە. لەبەرئەوە ئێمە بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین ببووینە عارفی تەریقەتی مەولانای رۆمی و شاگردی مۆسۆلینی و بێئاگایانە دەمانووت “بژی مەرگ”، بەڵام ھەنووکە دوای ئەو ھەموو ساڵە وەک دێڕە شیعرەکەی “ژان ژینێ” لە زیندانەوە “داوای ئاشتی لە مردن دەکەم”.

لیزا: لە زۆرێک لە کتێبە سیاسییەکانتدا یەک ھێڵی روون بەدی دەکرێت، ئەویش دوانە بە زمانی رەخنەیی لە ئەدای سیاسیی و حکومداریی؟ پێتوایە ئەزموونی حکومداریی لە کوردستان ھەمیشە شایانی رەخنەگرتنە؟.

ستیڤان شەمزینی: لە راستیدا وەزیفەی ھەر تاکێکی بیرکەرەوە بریتییە لە رەخنە، بەو پێیەی رەخنە خۆی میتۆدێکە دژی داخران و چەقبەستن، لەگەڵیدا سترۆکتۆری ھەر بیناکردنەوەیەکی نوێشە. جیا لەوەش بە دەربڕینی ئەدۆنیس “رەخنە دژ و پێچەوانەی میتۆدی داخراوە”. ئیشی رەخنە ئەوەیە پرسیار جێبھێڵێت نەک وەڵام، رەخنە ھەوڵێکی مەعریفی و زانستییە بۆ ئاشکراکردنی دیوی حەشاردراوی ھەر شتێک، بۆیە ھەمیشە پشت بە زانست دەبەستێت، ھەر رەخنەیەک لەسەر زانست رۆ نەنرابێت بێ سێ و دوو ناچێتە چێوەی رەخنەوە، ئیدی رەنگە بەشێک بێت لە داشۆرین یان نابووتکردن. تۆ دیقەت بدە رەخنەکانی نیتچە لەسەر زانستی رەچەڵەکناسی “جینۆلۆجیا” تەبەنیکراون یان رەخنەکانی مارکس بنەمایەکی زانستیی ماددیی و دیالێکتیکیان ھەیە، ھەروەک ئەوەی ئەڵتۆسێر، مارکس بە دۆزەرەوەی مێژوو پێناسە دەکات. لەم سۆنگەوە دەتوانم بڵێم رەخنەی زانستی و سیاسیی پێویستییەکی گرنگە لە پرۆسەی سیاسیی و دەوڵەتداریدا، بێ رەخنە ماشێنی دەوڵەت و ئیدارە بەرەو ستەمکاریی و نادادپەروەریی گەورە دەڕوات.
رەخنەکانی من لەو چوارچێوەیەدان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی حکومداریی لە کوردستان، ھیچ کات وەک نەیارێک بۆ شکاندنی شکۆی کوردبوون رەخنەکانم ئاڕاستە نەکردووە، بەڵکو دروست بە پێچەوانەوە کاری من ئەوە بووە حکومدارییەکی دیموکراتیک و مودێرن لە کوردستان بێتە ئارا و پەیڕەو بکرێت، شکۆی ھاووڵاتیانی کوردستان بەرز رابگرێت، بەمەش شکۆی حکومدارییەکە خۆیشی بەرز رادەگیرێت. بۆ رەخنەی سیاسیی پێویستم بە زمان و میتۆدێکی سیاسیی رەخنەگرانە ھەبووە، ھەروەک “میلان کۆندێرا” لە “کافکالۆژیی”دا باس لەوە دەکات ھەڵسەنگاندنی دەروونشیکاریی یان فەلسەفییانە و مارکسییانە بۆ بەرھەمە ئەدەبییەکانی “فرانتس کافکا” سەرلەبەر ھەوڵگەلێکی شکستخواردوون، بەو پێیەی دەبێت ئەدەبیات بە ئەدەبیات ھەڵبسەنگێنرێت. ئاوھاش من پێموایە ھەڵسەنگاندنی سیاسیی پێویستە بە میتۆدی سیاسیی پراکتیزە بکرێت، ئەگەرنا کارەکە دەبێتە خولانەوەی ناو بازنە.

لیزا: لە کتێبی “گووتاری پۆپۆلیستی و خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد”دا، رەخنەی توند لە خودی رۆشنبیری کورد دەگریت. پێتوایە کەموکوڕیی رۆشنبیران چییە؟ پێتوایە رۆڵی رۆشنبیر چییە لە کۆمەڵگەدا؟.

ستیڤان شەمزینی: خۆی لە کتێبەکەدا بە روونی رەخنەکانی خۆمم ئاڕاستەی ئەو تایپە لە رۆشنبیری کورد کردووە توانیوویانە کاریگەریی جێبھێڵن، ئارکۆلۆژیستانە بە دوای لەنگیی و ناتەواوییەکانی تێفکرینی ئەو تەرزە رووناکبیرە کوردەدا رۆشتووم کە ناخوازن لە رێگەی تێزەکانیانەوە مرۆڤ فێری بیرکردنەوە بکەن، بەڵکو دەیانخەنە دۆخێکی دەروێشانە تاکو ببنە کۆیلەی چەمکەکانیان، بۆ من ئەم جۆرە لە رووناکبیری کورد وەک لە کتێبەکەشدا بە عەوامگەر ناوزەدم کردوون، جێگەی رەخنە و تێبینی زۆر بوون، ئەو جیھانە ئیشکالاوییانەی ئەوانم داوەتە بەر نووکی رمی رەخنە تیژەکانم، لەوەدا رەچاوی قسەکەی “مارکس”م کردووە کە دەڵێت “دەبێت رەخنە بێ بەزەییانە بێت”. ھەر چەند لە نووسینی باسەکانی ئەو کتێبەدا بە قووڵی کەوتوومەتە ژێر کاریگەریی روانگەکانی “د.عەلی حەرب” بەڵام لەوەدا خۆم جیا کردۆتەوە، کە ئەو پێیوایە “رۆشنبیرانی عەرەب پشکدارییان لە دروستکردنی رای گشتیی و ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی نەکردووە”، لەو سۆنگەیەی پێموایە رۆشنبیری کورد کاریگەریی ھەبووە لەسەر رای گشتیی. کەواتە رەخنەکانی من لە کوێدان؟ رەخنەکانم لەوەدا چڕ دەبنەوە ئەم تایپە رۆشنبیرە کارتێکردنی نێگەتیڤیان ھەبووە لەسەر ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی و رای گشتیی، بەو ھۆیەی ویستوویانە جەماوەر لە مێگەلبوون بۆ سیاسییەکانەوە بکەنە مێگەلێک بۆ چەمکە سواوەکانیان.
لەوێدا بە روونی ھێمام بۆ گروپی “رەھەند” کردووە، بە پێچەوانەی بۆچوونی “لەتیف ھەڵمەت” لەسەر بزووتنەوەی ئەدەبیی “روانگە” کە وتی “روانگە ھێلکەیەکی پیس بوو ھیچی ھەڵنەھێنا”!، من پێموانییە “رەھەند” ھێلکەیەکی پیس بووبێت، چونکە رەشبینی و پووچگەرایی بەرھەم ھێنا، نەوەیەکی داڕووخاوی ھیپیستی ھەڵھێنا، نیھێلیزم و بێ ئینتمایی ھەڵھێنا، رۆشنبیریی کوردیی کردە مەزادخانەی فیکر، ھەر لەو مەزادخانەیەدا ھەر رۆژەی تێز و ئەنتی تێزێکی سواوی تێدا ھەڕاج دەکرێت. بەشێوەیەکی گشتیی رووناکبیرانی کورد، ھێشتا کۆمەڵە فەقێیەکی وشکھەڵاتووی چەمک و باوەڕە دۆگمەکانی خۆیانن، نەیانتوانیوە دەسەڵاتی رەمزیی خۆیان بۆ ژیاندنەوە و بیناکردنەوەی ژیان وەگەڕ بخەن، ئەوان ھەمیشە وێرانکارن، دەڕوخێنن و دەستیان خاڵییە لە ئەڵتەرناتیڤ، دەرگاکان دادەخەن بێ ئەوەی پەنجەرەیەکیش بکەنەوە بۆ ھەناسەدان، ئەوان نوێنەری مەرگدۆستین نەک ژیانویستیی، وەک گلگامێش بە نائومێدییەوە لە خۆیان دەڕوانن و دەڵێن “ئاە مەرگ بینەقاقای گرتووین”.

لیزا: خۆت وەک رۆشنبیرێکی چەپ پێناسە دەکەیت. پێتوانییە چەپ ئیتر لە پەڕاوێزی رووداوەکاندایە، یان پێتوانییە بە رووخانی دیواری بەرلین خەونی چەپەکانیش داڕوخا؟.

ستیڤان شەمزینی: قسەکردن لەسەر کۆتایی ھاتنی رۆڵی چەپ وەک قسەکردنە لەسەر کۆتایھاتنی ئۆکسژین لە گەردووندا!! چەپ ئەو ئۆکسژینەیە ھەموو کۆمەڵگەکان وەک ھێزیکی رەخنەگرانە نەک پێویستیان پێیەتی بەڵکو مومکین نییە بێ ئەو بتوانن بەردەوام بن. من وا بڕوا دەکەم ھێشتاش چراکە خامۆش نەبووە، پەندێکی چینی ھەیە دەڵێت “باشترین کار ئەوەیە مۆمێک داگیرسێنیت، نەک بانگەشەی تاریکی بکەیت”. ئەم پەندە زادەی ئەو عەیامە کۆنەیە، مرۆڤ ئاشقی رووناکی بوو، بۆ تیشکی خۆری دەڕوانی. لە زەمەنێکدا پارە فەرمانڕەوا و سەرمایەداریی کولتووری مرۆڤایەتییە، جیھان کەوتۆتە دەست شەمشەمە کوێرەکان. پەندەکەش بەم جۆرە ھەڵگێڕدراوەتەوە: چراکان خامۆش بکەن، نەکا شەمشەکوێرەی سەرمایەداریی بە شەوارە بکەوێت. جیھان لە سایەی بێ ویژدانی کاپیتالیزم و کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکان و بازاڕی ئازاددا، غەرقی تاریکی و تراژیدیایە. ئەوەی لەم شەوەزەنگەدا چراکەی بەدەستەوەیە خودی پیرە پیاوە بیر رووناکەکەی سەدەی نۆزدەیە “کارل مارکس”.
لە راستیدا وەک لە وتاری “یۆتۆپیای مەرگی مارکس و رووخانی وۆڵ ستریت”یشدا ئاماژەم بۆ کردووە ئامادەگیی چەپ و خودی مارکس لە جیھانی نوێی تاک جەمسەرییدا ئامادەگییەکی سەرەکییە نەک کۆمبارسانە، لەوێدا وتوومە ھێشتا جیھان پێویستی بە بیری رەخنەگرانەی مارکس ھەیە, ئاخر کاتێک مارکس ھات، نەک ھەر ئەدگاری فەلسەفەی گۆڕی، بەڵکو کودەتای بەسەر تێرمی بیرکردنەوە و پرسیارە وجودییەکانیشدا کرد، بایەخی مارکس و چەپ زۆر لەوە زیاترە کورت بکرێتەوە بۆ ناو پەیڕەو و پرۆگرامی حزبێکی سیاسیی، چونکە چەپ و مارکس گومان لەم جیھانە دەکەن و ئەڵتەرناتیڤی رۆشنیشیان پێیە بۆ چێکردنی دنیایەکی تازە. پێموایە تا ئێستاش مارکس زیندووترین فەیلەسووفی جیھانە، ئەوەی لە دیواری بەرلیندا رووخا بەڵشەفیزم بوو، ئەوەی مرد لێنینیزم بوو، ئەوانەی پێیانوایە ھەرەسی سۆڤێت ھەرەسی مارکس و چەپە دەبێت جارێکی تر بە ئاستی ھۆشیاریی خۆیاندا بچنەوە. داستانی مارکس و چەپ لە رووخانی دیواری بەرلیندا تەواو نەبوو، بەڵکو دوای داڕووخانی وۆڵ ستریت دەست پێدەکات.
وا بیر دەکەمەوە کۆمۆنیزم رژێمێکی سیاسیی نییە، دەسەڵات و دامەزراوە دەوڵەتییەکان نییە، چوون خودی کۆمۆنیزم پێڤاژۆیەکە لە دەرەوەی دەوڵەت، لە ستروکتۆرە کۆمۆنیزم قۆناغێکە لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژیاریی مرۆڤایەتی، ھەروەک چۆن کۆیلەداریی و فیودالیزم و کاپیتالیزم سێ قۆناغی گەشەکردنی دوای کۆمۆنەی سەرەتایین، ئاواش کۆمۆنیزم زەمەنی ئەو یەکسانییەیە مرۆڤایەتی وەک قۆناغێکی پێگەیشتووتر پێی دەگات، بەو پێیەی لە کۆتاییدا ئامانجی مرۆڤ ژیانێکی باشتر و دنیایەکی جوانترە، چونکە ناتوانێت تا سەر بەرگەی ئەو ھەڵاواردنە چینایەتی و نایەکسانییە بگرێت لە ھەموو رەھەندەکانی ژیانەوە. رۆژێک دێت مرۆڤ ناچار بێت بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکی ماقوڵ بکاتەوە و ھەنگاو ھەڵبگرێت بەرەو ھەڵبژاردنی باشترین بژاردە، ئەو ئەڵتەرناتیڤەش بێگومان رۆحی کۆمۆنیزمە، یان رەنگە قەیرانە ریشەییەکانی رژێمی سەرمایە و نابەرابەرییەکانی ئەو سیستمە وەھا لە خودی ئابووریناسانی سەرمایەداریی بکات بێ ئەوەی خۆیان بیانەوێت چارەسەر لە گەڕانەوە بۆ بیرۆکەی دێرینەکەی کارل مارکسدا بدۆزنەوە، ئەمە نە یۆتۆپیایە نە دۆگماتیزم و دیدی ئایدۆلۆگی رووت، بەڵکو ئەگەرێگە بۆ داھاتوو کە ئەگەرێکی زۆر بەھێزیشە.

لیزا: لە کتێبی “تێروانینی سێھەم”دا لە ٢٥٢ لاپەڕەدا باسی کێشە جڤاتییەکانی کۆمەڵی کوردەواری دەکەیت. ئایا دەکرێت بە پوختی پانۆرامایەکی کێشە جڤاتییەکانی ھەنووکە بخەیتە روو؟.

ستیڤان شەمزینی: کێشە جڤاتییەکانی ئێمە وەک کورد کۆمەڵێک کێشەی فرە رەھەندن، ھەمووشیان پێکەوە بەستراون، قووڵایی و ماکی مێژووییان ھەیە، جیا لەمە کۆمەڵگەی ئێمە پێویستی بە سەرلەنوێ داڕشتنەوە ھەیە، پێویستی بە کڵێشەی تازەتر ھەیە لە ھەموو کایە و سێکتەرە جۆر بەجۆرەکانی ژیاندا. بۆ ئەم کارەش ئێمە پێویستمان بە گۆڕینی سیستمی پەروەردەیی ھەیە، بەو پێیەی میتۆدی پەروەردەیی ئێمە چ لەناو خێزان، چ لە قوتابخانەکاندا، میتۆدێکە لەسەر ریشە و کولتووری ئاینیی و خێڵەگەرایی بینا کراوە، ئەمەش وای کردووە کۆمەڵگەیەکی دەستەمۆ بەرھەم بھێنێت نەک تاکی ئەکتیڤ و ھۆشیار، ھەر لەناو ئەو رەگوریشاڵە پەروەردەییەدا گرێی خۆ بە کەمزانین و خۆ بە بچووک زانین ھەیە، بەو پێیەی مرۆڤگەلێکی بەرھەمھێناوە بە چاوی گومان و ھەستێکی نزمەوە لە خۆی و مێژووی خۆی دەڕوانێت، یەکێک لەو کێشە ھەرە سەرەکییانەی وایکردووە کورد لە مێژوودا نەبێتە خاوەنی دەوڵەت، فاکتۆرەکەی ھەر ئەم گرێ دەروونییەوە بووە، تەنانەت تۆ سەیر بکە لە پرۆسەی ریفراندۆمدا زۆربەی ئەوانەشی دەنگی “بەڵێ”یان دا، دواتر توشی گرێی ئۆدیب بوون، بەو پێیەی فەرمانڕەوایی داگیرکەران بە دەسەڵاتدارێتی باوکە فرۆیدییەکە تێدەگەن.
ئەوەی لەو کتێبەدا، بە درێژایی بیست ھەڤپەیڤین، ویستوومە بە دیدێکی رەخنەگرانە بیڵێم، ئەوەیە: سیاسەت و فەرمانڕەوایی و ئۆپۆزیسیۆن و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و عەشق و خۆشەویستی و ھاوسەرگیریی و روانینمان بۆ کۆی دیاردەکانی مودێرنێتە، سەرلەبەر پێچەوانەوەیە، راستکردنەوەی ئەمەش تەنیا لە رێگەی دەستکارییکردن و گۆڕینی میتۆدی پەروەردەییەوە زامن دەکرێت. بۆیە دەکرێت قسەکانم وەھا پوخت بکەمەوە و بڵێم ھەموو کایە جۆراوجۆرەکانی ژیانی جڤاتیی ئێمە پێویستیان بە دووبارە فۆرمۆلەکردنەوە ھەیە، لەم نێوەندەشدا رۆڵی رۆشنبیر رۆڵێکی کارا و ئێجگار گرنگە، لەو سۆنگەیەی رووناکبیر زانستی گۆڕین و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دنیا بەشێوەیەکی جیاوازتر لەوەی پێشتر بەرھەم دەھێنێت.

لیزا: یاخیبوون و پەشیمانبوونەوە دوو خەسڵەتی سەرەکی ژیانی خۆت و ھەندێ جاریش نووسینەکانتن!! دەکرێت بزانین بۆچی؟

ستیڤان شەمزینی: با لە پەشیمانبوونەوە دەست پێبکەین، تێزێکی سەرەکیی ھەیە لە زانستدا بریتییە لە تێزی بەدرۆخستنەوە یان پەشیمانبوونەوە. زاناکان ئەمڕۆ شتێک لە بارەی بەکتریایەکەوە دەڵێن، سبەی پێشکەوتنی زیاتری زانست ئەو زانیارییە ئاوەژوو دەکاتەوە، ئەمەش پێی دەوترێت بەدرۆ خستنەوە یان پەشیمانبوونەوە لە زانیارییەکانی دوێنێ. ھەموو پەشیمانییەکی فیکریی بەرەو پێشەوەچوونی تاک دەگەیەنێت، مەرجیش نییە ئەو پێشکەوتنە ئەرێنی بێت. پەشیمانبوونەوە خەسڵەتێکی ئەو مرۆڤە بزۆز و داھێنەرانەیە، لە قۆناغێکدا و لەسەر یەک شێوە روانین چەق نابەستن، ئەوەی ئەوروپای پێشخست ھەموو ئەو گومان و پەشیمانبوونەوانە بوو لە زانستەوە تاکو فەلسەفە روویان دا و روودەدەن، دیاردەی پەشیمانبوونەوە فینۆمینێکە رەوڕەوەی مرۆڤایەتی بەرەو پێشەوە دەچەرخێنێت، قاڵب و چوارچێوە کۆنکرێتییەکان تێکدەشکێنێت، ئێمە پێویستە جارێکی تر بە تێفکرینی خۆماندا بچینەوە لە ھەمبەر چەمکی پەشیمانبوونەوە. ھەر لە نێو پەشیمانبووەشدا رەگی یاخیبوون دەدۆزینەوە، بەو پێیەی یاخیبوون ھەمیشە تێپەڕاندنی سنوورە مینڕێژکراو و قەدەغەکراوەکانە، گرنگترین فۆرمی یاخیبوونیش بەزاندنی ھێڵی سووری فیکری باو و رۆشنبیریی زاڵە، لەگەڵ ئەمەشدا لە کۆمەڵگەی ئێمە دیسانەوە میتۆدێکی پێچەوانە پەیڕەو دەکات لە روانین بۆ یاخیبوون و یاخیگەریی لە سۆنگەی ئەوەی خولانەوە لە چوارچێوەی دنیابینی کۆن “بە ماکیاژێکی نوێوە” مانای یاخیبوونی بەدەستەوە داوە، بۆ نموونە لە سیاسەتدا ئەوانەی ٥٤ ساڵە بەناوی باڵی مودێرنی بزووتنەوەی کوردییەوە یەک ئاوازی دێرین دەژەنن و لە ساڵی ١٩٦٤ەوە و نەیانتوانیوە یەک دێڕ ئیزافە بکەنە سەر گووتاری سیاسیی خۆیان، ھەمیشە وەک دەستەی یاخیگەر شوناس کراون.
جگە لەمەش دەمەوێت بڵێم ھەموو یاخیبوونێک پۆزەتیڤ نییە و مامانی جیھانێکی جوانتر نییە. ئەمە بەدەر لەوەی لە دۆخی کوردییدا یاخیبوون چەمکێکی ساختەیە، ئاخر تۆ بڕوانە ھەموو مێژوومان لە یەک دەچێت، ھەموومان لە بیرکردنەوە و رەفتاردا وەک یەکین، ئەگەر جار جار رۆشنبیرێکی یاخیگەر ھەڵکەوتبێت، دواجار بووەتەوە بە بەشێک لە فەزای باو و رۆشنبیریی سائید، تەنانەت کۆمەڵگەی ئێمە لە روانین بۆ رۆشنبیر ھێشتا توانای جیاکردنەوەی دوو شتیان نییە، یەکەم رۆشنبیر وەک مرۆڤ، دووەم رۆشنبیر وەک خاوەن مەعریفە. بۆیە تەنھا رۆشنبیرە تەقلیدییەکان بە مانای گرامیشییەکەی رۆڵیان ھەیە و ئەوانیش ھەمان گووتاری باو بەرھەم دەھێننەوە، تۆ بڕوانە نیتچە کۆتاییەکانی تەمەنی لە شێتخانە بردە سەر کەسیش نکۆلی لە بلیمەتییەکەی ناکات کە پڕ بوو لە شێتی، ژان ژینێ دز بوو زۆربەی بەرھەمە شانۆییەکانی لە زینداندا نوسیوون کە بەھۆی دزییەوە رێی کەوتبووە حەپسخانە، کەچی لە ریزی شانۆنامەنووسە جیھانییەکان ھەژمار دەکرێ. پاپلۆ نیرۆدا وەزیری گەندەڵترین دەوڵەت بوو! کەس نییە شیعرێکی ئەوی خوێندبێتەوە سەرسام نەبێت پێی. ھایدگەر فەیلەسووفێکی نازی بوو ئێستاش خودی خۆی و تێزە فەلسەفییەکانی ھەوێنی وانەی فەلسەفەن لە سەرتاسەری جیھاندا. میشێل فوکۆ ھاوڕەگەزباز بوو کەچی ھێشتا سەرنجڕاکێشترین فەیلەسووفە. جان جاک رۆسۆ باس لەوە دەکات بە منداڵی دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر کەچی فیکری ئەو ھەوێنی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەیە ھەنووکە ئەوروپا تۆزێکی لێ پیادە کردووە! ئەرێ تۆ بڵێی ئەمانە کوڕی کۆمەڵگەی کوردیی بوونایە چی نەفرەتێکیان بەسەردا بباریبایە؟!.

  • ئەم چاوپێکەوتنە لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٨دا ئەنجام دراوە و لە مانگی مایۆی ٢٠١٨دا لە رۆژنامەی “رووداو” بڵاوکراوەتەوە، ھاوکات لە ماڵپەڕی رووداو نێت دووبارە بڵاوکراوەتەوە.



چیرۆک بۆ منداڵان\ کاترین و شێرەکە.. نووسینی: کلەیر جارێت.. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

کاترین لەخەو هەستا و شێرێکی بینی کە پێدەکەنی.
کاترین وتی “سڵاو شێرەکە”
شێرەکە چووە لای کاترین و لەتەنیشتییەوە دانیشت.
کاترین باسی شیش و پەتی یاریکردن و خوشکە بچکۆلانەکەی بۆ کرد.
” با قاوەڵتی بکەین” کاترین ئەمەی وت و ئینجا چوونە خوارەوە.
کاترین دەفرێکی گەورەی بۆ شێرەکە پەیدا کرد.
دوای قاوەڵتی کردن کاترین چوو خۆی بگۆڕێ. بڕیاریدا کراسە پەمبەکەی لەبەر بکات کە قۆپچەی زەردی پێوەیە.
بەخێرایی جلەکەی لەبەر کرد و پاشان قاپووتەکەی کردە بەر. کاترین لەشێرەکەی پرسی “لەگەڵم دێیت بۆ قوتابخانە؟”
شێرەکە وتی ” بەڵێ”
کاترین هاتەوە یادی کەکتێبەکانی کتێبخانە دەبێت بباتەوە.
لە قوتابخانە کاترین قاپووتەکەی داکەند و بە عەسقییەکەوە هەڵیواسی.
کاسری بەهێواشی چرپاندی ” ئا ئاوا” و چووە ناو پۆلەکەیەوە.
تیکڵ خانم وتی ” سڵاو کاترین”. منداڵەکانیش خۆشحاڵ بوون بەبینینی شێرەکە.
کاترین لەنێوان جەیسن و لاورین دانیشت و شێرەکەش لەپشت کاترینەوە دانیشت.
تیکڵ خانم وتی ” بەیانیتان باش”
منداڵەکانیش وتیان ” بەیانیت باش تیکڵ خانم.
تاق بەیانی کاترین کاغەزی ئەبڕی و بە چرێش پێکییەوە دەنووساند و بۆیەی ئەکردن. وێنەی شێرێکی دروست کرد.
لەکاتی پشووشدا بازبازێن و یارییان کرد.
شێرەکە سواری پشتی خۆی ئەکردن.
شێرەکە وتی ” من تینوومە”
کاترین دەفرێکی گەورەی پەیدا کرد و بۆی پڕ لە ئاو کرد.
دوای نانخواردنی نیوەڕۆ سەرخەوێکیان شکاند. هەموو لەسەر پارچە کۆمبارەکان پاڵیان دایەوە وەختێ تیکڵ خانم چیرۆکی بۆ دەخوێندنەوە.
دوای نیوەڕۆشیان بە دروست کردنی هەندێ شتەوە بەسەر برد.
کاترین تاجێکی زەردی دروست کرد و دایە شێرەکە.
شێرەکە وتی ” سوپاس کاترین”
کاتێک ساتی چوونە ماڵەوە هات، کاترین باوەشێکی گەورەی بەشێرەکەدا کرد.
کاترین وتی ” قوتابخانەت پێخۆشە”
شێرەکە وتی ” منیش پێمخۆشە”
لەڕێگای گەڕانەوە بەرەو ماڵ هەندێ شتیان کڕی. کاترین هەندێ خشڵی هەڵبژارد، دوو ملوانکەی زیو و ئەنگوستیلەیەکی ئەڵماس.
کاترین هەستی بەماندووبوون کرد. شێرەکە هەندێک خستییە سەر پشتی خۆی.
لەحەوشەی پشتەوە یارییان کرد. شێرەکە جۆلانەی بەکاترین کرد و فێری مڕاندنی کرد.
زۆری پێنەچوو نانی ئێوارە ئامادە بوو کە ماسی لەشیش دراو بوو.
کاترین وتی ” شێرەکەم لەژێر مێزەکەدایە”
دوای نانی ئێوارە تەماشای فیلمی “شەڕەپشیلە”یان کرد و پاشان کاتی خۆشووشتن هات.
شێرەکە لەتەنیشت بانیۆکەوە دانیشت و بۆنی هەڵمی دەکرد.
کاترین لەسەر پەنجەرەکە نووسی “شێر”
شێرەکە تەماشای کاترینی کرد کە قات بێجامەکەی لەبەر کرد و ددانی شووشت.
شێرەکە وتی ” شێر ددانی ناشوات”
کاترین وتی “بێگومان ئەیشوات” “هەموو کەسێک ددانی ئەشوات”
کاترین وتی ” شەو شاد لە خوشکە بچکۆلانەکەم بکە”
دایکی کاترین کەوتە خوێندنەوەی چیرۆک و کاترینی لەئامێز گرت و ئینجا بەخۆیەوە نووساند و ماچێکی گەورەی کرد.
دایکی کاترین وتی” شەو شاد، شەو شاد ئازیزەکەم” کاترینیش چووە باخەڵییەوە.
کاترین وتی ” شەو شاد شێرەکە،بەردەوام دێی بۆ ئێرە؟”
شێرەکە وتی ” بەڵێ بەردەوام دێم”.

سەرچاوە :

Catherine and the Lion
By Clare Jarrett
Printed in Hong Kong 1996




مێژووی درۆ.. به‌ختیار محه‌مه‌د

((ئه‌گه‌ر هه‌موو گه‌نجینه‌یه‌كت تاقی كرده‌وه‌، ڕاستگۆیی باشترینیانه‌)).(1)

((ئایا نازانی، كه‌ درۆی ڕاسته‌قینه‌… بۆ خواوه‌ندان و بۆ خه‌ڵكیش وه‌كو یه‌ك قێزه‌ونه‌؟)).(2)

كه‌س نازانێ كه‌ی مرۆڤ فێره‌ درۆكردن بووه‌؟ ئایا درۆكردن دیارده‌یه‌كی شارستانییه‌؟ ئایا پێویستییه‌كی مرۆییه‌ و به‌رهه‌می به‌رژه‌وه‌ندی و ناكۆكی و ملانێكانه‌؟ ئایا سه‌ره‌تا درۆ له‌ نێوان كێ و كێ – دا ده‌ستی پێكردووه‌ و په‌یدا بووه‌؟ له‌ چ شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌ و له‌ چ كات و ساته‌وه‌ختێكی مێژووییدا درۆ كراوه‌ و سه‌ری هه‌ڵداوه‌؟ ئایا درۆ هۆكارێك بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌كه‌وه‌ مرۆ به‌رده‌وامیی به‌ ژیانی خۆی بدا و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ هۆكارێك بووه‌ بۆ تاوان و ماڵوێرانیی؟ ئایا مرۆڤ (مرۆڤایه‌تی) ده‌توانێ به‌بێ درۆ بژی؟ ئه‌گه‌ر ده‌توانێ بۆ ناتوانێ درۆ نه‌كا و بۆ واز له‌ درۆ ناهێنێ؟ ئایا درۆكردن به‌ پله‌ی یه‌كه‌م پێوه‌ندی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌یه‌؟ ئه‌ی ئایین چۆن ده‌ڕوانێته‌ درۆ؟ بۆ به‌ ڕه‌هایی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌؟ ئه‌ی هه‌ڵوه‌ستی فه‌لسه‌فه‌ له‌ ئاست درۆدا چییه‌؟ ئایا فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ هه‌یه‌، كه‌ چه‌مكی درۆ ڕه‌ت نه‌كاته‌وه‌ و به‌ كارێكی خراپ و قێزه‌ونی نه‌زانێ؟ ئایا هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ نییه‌، كه‌ درۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێ و هه‌ر ئه‌ویش نییه‌، كه‌ ده‌توانێ له‌ناوی ببا؟ ئایا درۆیه‌كان جیاوازن؟ واته‌ جیاوازن له‌ ئاستی كاریگه‌ریی نه‌رێنییان له‌سه‌ر ژیانی ئه‌وی دیكه‌ و ژیانی كۆمه‌ڵگه‌دا؟ واته‌ ئاستی خراپی درۆی سیاسی وه‌ك درۆی كه‌سیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌؟ ئایا هه‌رگیز درۆی ئابووری و بازرگانی به‌ درۆی به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌راورد ده‌كرێ؟ ئایا، كه‌ ده‌سه‌ڵات (سیاسه‌تمه‌دار) درۆ ده‌كا، وه‌كو ئه‌وه‌یه‌، كه‌ دراوسێ و هاوڕێكه‌ت درۆت له‌گه‌ڵدا بكه‌ن؟ ئایا، كه‌ درۆ زۆرجار ئامراز و هۆكاری تاوانه‌، ئامراز و هۆكارێكی به‌رگرییش نییه‌: به‌رگرییكردن له‌ خۆ؟ به‌ڵام مه‌ترسی ڕاسته‌قینه‌ی درۆ له‌ چ بوار و له‌ چ ئاستێكدایه‌؟ له‌ بوار و ئاستی سیاسی؟ یانیش له‌ بوار و ئاستی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی؟ ئایا، كه‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدار درۆ ده‌كه‌ن، هه‌رگیز وه‌كو ئه‌وه‌یه‌، كه‌ بێ ده‌سه‌ڵات و ناده‌سه‌ڵاتدار درۆ ده‌كه‌ن؟… هیوادارم له‌م‌ وتاره‌مدا بتوانم به‌ پێی توانا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ بده‌مه‌وه‌ و هه‌ندێك به‌ تێر و ته‌سه‌لی له‌م چه‌مكه‌ (دیارده‌یه‌) بڕوانین و بدوێین.

پێده‌چێ به‌ر له‌هه‌ر شتێك درۆ (وه‌ك زۆر دیارده‌ی دیكه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقیی) به‌رهه‌می په‌ره‌ستاندنی ژیار بێ. واته‌ درۆ یه‌كێكه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ نه‌رێنییه‌كانی په‌ره‌ستاندنی ژیار. پێشده‌چێ پره‌نسیپی (سه‌ره‌تای) درۆ، به‌ره‌ژه‌وه‌ندی بێ؛ جا ئه‌م به‌رژه‌وه‌نده‌ چ به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سی بێ، یان به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵه‌كیی و كۆمه‌ڵایه‌تی بێ. پێده‌چێ هه‌موو ئه‌وانه‌ش پێوه‌ندییان به‌ ده‌سه‌ڵاتی (به‌رژه‌وه‌ندی) جیاوازی چینایه‌تییه‌وه‌ هه‌بێ: به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازی چینه‌كان، به‌های درۆی به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌كان به‌رهه‌م ده‌هێنێ. واته‌ هه‌رده‌م له‌ پشت درۆكردندا جۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌: ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ته‌نانه‌ت تاكه‌كه‌سیش. واته‌ درۆكردن پێوه‌ندی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌یه‌: ترس له‌ ده‌سه‌ڵات، هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك بێ؛ به‌ڵام گه‌وره‌ترین ترسی درۆ له‌ حه‌قیقه‌ته‌، حه‌قیقه‌تی كه‌شفكردنی خۆی، بۆیه‌ زۆرجار درۆ، یان ده‌سه‌ڵات، یانیش تاكتیك و فرت و فێڵ دژ به‌ حه‌قیقه‌تی ئاشكرابوونی خۆی به‌كار ده‌هێنێ. له‌ ژیاری ئێمه‌دا درۆ هه‌ر ته‌نیا دیارده‌یه‌كی قێزه‌ونی زیانبه‌خش نییه‌، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كی ژیاریی سوودبه‌خشیشه‌. ماده‌م سته‌م هه‌یه‌، ده‌شێ درۆی سوودبه‌خشیش هه‌بێ. ماده‌م ترس (ترساندن) هه‌یه‌، ده‌شێ درۆی سوودبه‌خشیش هه‌بێ: درۆی فریاكه‌و‌تن (ئه‌گه‌ر بشێ ئه‌م ناوه‌ی‌ لێ بنێین). ئه‌م جۆره‌ درۆیه‌ پلاتۆ (ئه‌فلاتوون) پێی ده‌ڵێ: ((درۆی گۆكراو{ملفوظِ})). به‌م شێوه‌یه‌ش وه‌سفی ده‌كا: ((درۆی گۆكراو هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ لاساییكردنه‌وه‌ و وێنه‌یه‌كی كاڵی بارێكی ده‌روونی به‌ر له‌ درۆكه‌، نه‌ك درۆیه‌كی ته‌واو‌…)).(3) هه‌ڵبه‌ت درۆ هه‌ر پرسێكی (كێشه‌یه‌كی) ئه‌خلاقیی نییه‌، به‌ڵكو پرسێكی (گرفتێكی) گه‌وره‌ی فره‌ڕه‌هه‌ندی مرۆڤی سه‌رده‌مه‌. ئێمه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ده‌ژین، ناتوانێ به‌بی درۆ بژی: درۆ خه‌سڵه‌ت و میكانیزمێكی بنچینه‌یی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی هاوچه‌رخی سه‌رمایه‌دارییه‌. به‌رچاوترین درۆی ڕۆژانه‌، كه‌ له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ده‌یبینین، ڕیكلامه‌كانن بۆ شمه‌ك و كاڵاكان: له‌مه‌وه‌‌ به‌ده‌رده‌كه‌وێ، كه‌ چۆن به‌رژه‌وه‌ندی درۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێ: درۆی پێویست و زه‌روری. ئه‌م درۆیه‌ درۆیه‌كی ئه‌خلاقییی نییه‌، به‌ڵكو درۆیه‌كی ئابوورییه‌؛ به‌ڵام ئایا هیچ درۆیه‌ك هه‌یه‌، كه‌ له‌ پرسی ئه‌خلاق به‌دوور بێ؟ ڕاستییه‌كه‌ی درۆ دۆڕاندنی ئه‌خلاقه‌. واته‌ كه‌ی ئه‌خلاق نه‌ما، ئه‌و كاته‌ درۆ ده‌ست پێ ده‌كا. ئه‌و كاته‌ی‌ ئه‌خلاق وێران ده‌كرێ، ئیدی پرۆسه‌ی درۆكردن به‌ سیستماتێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا و له‌ ژیانی تاكدا ده‌ست پێ ده‌كا. ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م كاره‌ش ئه‌نجام ده‌دا – به‌ پله‌ی یه‌كه‌م – ده‌سه‌ڵاته‌. هیچ هێزێك هێنده‌ی ده‌سه‌ڵات پێویستی به‌تێكشكاندنی ئه‌خلاق و پێویستی به‌ وه‌زیفه‌ی درۆكردن نییه‌. ئه‌و وه‌زیفه‌یه‌ی، كه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ شه‌رعیه‌تی پێ ده‌دا. ڕاستییه‌كه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكاری ناشه‌رعی، شه‌رعیه‌ت به‌ درۆكردن و پرۆسه‌ی درۆكردن ده‌دا. ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار ئه‌گه‌ر درۆ نه‌كا، ناتوانێ هه‌بێ. درۆ ئۆكسجینی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكاره‌. ته‌نانه‌ت كه‌سێكی وه‌ك ماكیاڤیللی پێی وایه‌، كه‌ ((سه‌ركه‌وتنی ئه‌سكه‌نده‌ری شه‌شه‌م بۆ درۆیه‌ سه‌رسووڕهێنه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌)).(4) ئه‌فلاتوونیش به‌م شێوه‌یه‌ ڕه‌وایه‌تی به‌درۆی فه‌رمانڕه‌ وا و ده‌سه‌ڵاتداران ده‌دا و ته‌نیا به‌ ئیمتیاز و به‌ مافێكی ڕه‌وای ئه‌وانی ده‌زانێ و ده‌ڵێ: ((ئه‌گه‌ر درۆ بۆ كه‌سێك بشێ، ئه‌وا ته‌نها بۆ فه‌رمانڕه‌وایان ده‌شێ، ئه‌ویش بۆ فریودانی دوژمن و بۆ باوه‌ڕپێهێنانی خه‌ڵكی بۆ چاكه‌ی ده‌وڵه‌ت، ئه‌گه‌رنا بۆ هیچ كه‌سێك ڕێگه‌ پێدراو نییه‌، كه‌ له‌م ئیمتیازه‌دا به‌شدار بێ، به‌ڵكو ئێمه‌ وای داده‌نێین، كه‌ درۆكردنی خه‌ڵك بۆ زه‌ره‌ری ده‌وڵه‌ت یه‌كسانه‌ به‌ درۆكردنی نه‌خۆش له‌گه‌ڵ پزیشكه‌كه‌ی و شاگرد له‌گه‌ڵ ڕاهێنه‌ره‌كه‌ی له‌ باری ته‌ندروستییه‌كه‌ی و درۆی كه‌شتییه‌وان له‌گه‌ڵ كاپتنه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ ڕه‌وشی كه‌شتییه‌كه‌ و ده‌ریاوانه‌كانی…)).(5) ‌هه‌روه‌ها ده‌شڵێ: (( كه‌ فه‌رمانڕه‌وایان ناچارن زۆر په‌نا بۆ درۆكردن و چه‌واشه‌كردن‌ ببه‌ن له‌ پێناو سوودی پێڕه‌وانیان. ئێمه‌ پێشتر گوتمان، كه‌ ئه‌م جۆره‌ درۆیه‌ به‌ كه‌ڵكه به‌و سیفه‌ته‌ی كه‌ ده‌رمانه‌‌.)).(6)‌ درۆ زۆربه‌ی جار – له‌سه‌ر ئاستی تاكدا – ڕه‌هه‌ندێكی چینایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیشی هه‌یه‌: هه‌ستكردن به‌ كێماسی ده‌شێ درۆ (كه‌سایه‌تییه‌كی درۆزن) به‌رهه‌م بهێنێ. لێره‌ درۆ ئامرازی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه‌: قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كێماسییه‌كانی ژیانی تاك؛ تاكێك، كه‌ له‌ ئاست تاكانی دیكه‌دا خۆی به‌ كه‌متر ده‌زانێ. ئه‌م حاڵه‌ته‌ هه‌م ڕه‌هه‌ندێكی چینایه‌تی، هه‌م ڕه‌هه‌ندێكی خودی و زاتیی هه‌یه‌. ده‌شێ بڵێین تاك لێره‌ كه‌سێكی درۆزن نییه‌، به‌ڵكو وه‌همداره‌. واته‌ وه‌همی چیرۆكی گۆڕینی واقیعی هه‌یه. ئه‌و به‌ درۆ خۆی ده‌كاته‌ كه‌سێكی پاڵه‌وان. به‌ تایبه‌تی ئه‌مه‌ له‌ ئاست نموونه‌ی كه‌سه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا ڕوو ده‌دا. واته‌ كه‌سی درۆزنی وه‌همدار، به‌ داتاشینی چیرۆكی درۆ خۆی ده‌كاته‌ هاوبه‌شی كه‌سه‌ به‌رپرسه‌كانی ده‌سه‌ڵات. ئه‌و له‌ چیرۆكێكی خه‌یاڵیدا، كه‌ خۆی دایتاشیوه‌، ده‌بێته‌ ئه‌ندامێكی پێگه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، ئیدی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسی بێ یان كۆمه‌ڵایه‌تی یانیش ئابووری، گرنگ نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه، كه ئه‌م كه‌سه‌‌‌ له‌ ئازاری واقیعی كه‌مسه‌ری ڕزگاری ببێ، بۆیه‌ش‌ چێژ له‌ هه‌موو وه‌هم و هه‌موو درۆكردنێك وه‌رده‌گرێ.‌ هیچ شتێك هێنده‌ی ده‌سه‌ڵات (به‌تایبه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ته‌قلیدییه‌كاندا) مرۆڤ شه‌یدای خۆی ناكا. له‌مه‌شه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات كه‌سی درۆزن و‌ ماستاوچی به‌رهه‌م ده‌هێنێ؛ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هیچ پێگه‌یه‌كیان نییه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێ له‌ ڕێی درۆ و مه‌راییكردنه‌وه‌، پێگه‌یه‌ك له‌ناو ده‌زگاكانی ده‌سه‌ڵاتدا بۆخۆیان به‌ده‌ست بهێنن. ئه‌م پێگه‌یه‌ زۆربه‌ی جار پێگه‌یه‌كی پاشكۆییه‌. واته‌ پێگه‌یه‌كه‌ پاشكۆیی و كۆیله‌یی بۆ ده‌سه‌ڵات به‌رهه‌می ده‌هێنێ. سه‌رله‌به‌ری پاسه‌وانه‌كان – له‌ هه‌ر ئاستێكدا بن – ئه‌م پێگه‌یه‌یان هه‌یه‌: پێگه‌ی پاشكۆیه‌تی بۆ ده‌سه‌ڵات. ده‌بێ بزانین، هه‌ندێ جار درۆ، درۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێ. به‌نموونه ده‌ڵێم‌: من هه‌رچه‌ند ڕاستگۆ بووبم له‌ ژیانی خۆمدا، به‌ڵام كه‌ درۆم كردبێ، ئه‌وا – زۆربه‌ی جار – له‌ ترساندا درۆم كردووه‌: ترس له‌ دایك و باوك، له‌ مامۆستایه‌كه‌م، له‌ پۆلیس و ئاسایش، له‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك، كه‌ ویستوویانه‌ هه‌ڕه‌شه‌م لێ بكه‌ن. من به‌م شێوه‌یه‌ درۆزن بوویمه: واته‌ به ‌شێوه‌ ئه‌رێنیی و خۆپارێزییه‌كه‌ی (هه‌رچه‌ند به‌مه‌ ناگوترێ درۆزن، كه‌ سیفه‌تی هه‌میشه‌یی نه‌بێ)‌. به‌ڵێ زۆر جار ترس له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی داخراودا درۆمان پێ ده‌كا؛ بۆیه‌ درۆ هه‌ندێ جار پێویسته‌ و ڕێی نه‌جاته‌ (ڕزگاربوونه‌). ئه‌م درۆیه‌ سوودبه‌خشه‌، زه‌ره‌رمه‌ند نییه‌. درۆیه‌كه‌ ده‌شێ ژیانی كه‌سێك له‌ مه‌ترسی ڕاسته‌قینه‌ ڕزگار بكا (یان له‌ هه‌ڵوه‌ستێكی زۆر ناخۆشی شه‌رمه‌زارانه‌). كێ له‌ ئێمه‌ هه‌یه‌ جارێك له‌ جاران درۆی سپی نه‌كردبێ؟ ئه‌و درۆیه‌ی هیچ زه‌ره‌رێكی نییه‌ و ده‌شێ سوودی هه‌بێ. ئێمه‌ هه‌ندێ جار به‌ ناچاری درۆ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیشمان ده‌كه‌ین؛ هه‌ڵبه‌ت درۆی سپی، تا له‌ فڵانه‌ شت ڕازییان بكه‌ین و واز له‌ گریان و لاساری و داخوازه‌ ناماقووڵه‌ زۆره‌كانیان بهێنن. به‌نموونه‌ پێی ده‌ڵێین ئه‌و شته‌ی تۆ له‌ هی برایه‌كه‌ت یان له‌ هی خوشكه‌كه‌ت جوانتر و باشتره‌ (خۆ ئه‌گه‌ر واش نه‌بێ)، تا واز له‌ داواكارییه‌ لاساره‌كه‌ی بێنێ و نه‌ڵێ منیش وه‌كو ئه‌وان و هی ئه‌وانم ده‌وێ؛ به‌ڵام نابێ درۆكردن له‌گه‌ڵ منداڵدا له‌م سنووره‌ (سپییه‌) تێپه‌ڕێنێ، ئه‌گه‌رنا مه‌ترسیدار ده‌بێ و ده‌بێته‌ درۆی ڕه‌ش (ترسناك). درۆی ڕه‌ش له‌ناو گه‌وره‌كاندا هه‌یه‌، نابێ له‌گه‌ڵ منداڵ به‌كار بهێندرێ. به‌نموونه‌ ساده‌ترین درۆی ڕه‌ش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ درۆ به‌ڵێنیان پێ بده‌ین ئه‌و شته‌یان بۆ ده‌كه‌ین، پاشان نه‌شیكه‌ین و ئه‌مه‌ش نه‌ك هه‌ر جارێك و دووجار به‌ڵكو چه‌ندین جار دووبار ببێته‌وه‌ و ببێته‌ دیارده‌ لای دایكان و باوكان و په‌روه‌رده‌كارانیان.

له‌نێوان درۆی ڕه‌ش و درۆی سپیدا سنوورێكی ئه‌خلاقیی هه‌یه‌: هه‌موو درۆیه‌كی ڕه‌ش له‌ به‌دڕه‌وشتییه‌وه‌ سه‌ر هه‌ڵ ده‌دا و به‌رهه‌می هه‌ره‌سی ئه‌خلاقه‌: ئه‌خلاقی تاك و ئه‌خلاقی كۆ؛ كه‌چی له‌ درۆی سپیدا هێزی ئه‌خلاق به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ: ئه‌خلاقی یارمه‌تی دانی خود و ئه‌وی دیكه‌. ڕاستییه‌كه‌ی ماده‌م ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار و ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی هه‌یه‌، ئه‌وا درۆش به‌ هه‌ردوو دیوه‌ ڕه‌ش و سپییه‌كه‌ی (ئه‌رێنێنی و نه‌رێنییه‌كه‌ی) له‌ ژیانی تاك و له‌ ژیانی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بێ. ئایا درۆی خۆڕسكانه‌ هه‌یه‌؟ واته‌ ئایا هیچ مرۆڤێك هه‌یه‌، كه‌ هه‌ر به‌خۆڕسك كه‌سێكی درۆزن بێ؟ ئێمه‌ ده‌زانین منداڵ تا كه‌مێك گه‌وره‌ نه‌بێ و له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی تێكه‌ڵاو نه‌بێ و كارلێك نه‌كا، ناشزانێ درۆ بكا (واته‌ درۆ لێره‌ به‌رهه‌می په‌ره‌ستاندنی عه‌قڵیشه‌). له‌مه‌وه‌ پێناچێ مرۆڤ به‌ خۆڕسك بوونه‌وه‌رێكی درۆكرده‌ بێ. واته‌ درۆ به‌رهه‌می په‌ره‌ستاندنی ڕه‌هه‌نده‌كانی ژیاره‌. به‌نموونه‌: مرۆڤ فێربووه‌ درۆ بكا، تا باشتر به‌رژه‌وه‌ندی خۆی – له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وانی دیكه‌ – بپارێزێ. فێربووه‌ درۆ بكا، تا له‌ناو خێڵ و هۆز و گه‌له‌كه‌یدا خۆی بكاته‌ ده‌سه‌ڵاتدار. كێ هێنده‌ی دیكتاتۆره‌كان درۆزنه‌ (ئه‌وان داهێنه‌ری میدیای درۆزنن)؟ ئێمه‌ درۆ ده‌كه‌ین، تا فێڵ له‌وی دیكه‌ بكه‌ین. واته‌ زیانی پێ بگه‌یه‌نین (هه‌ڵبه‌ت درۆی گه‌وره‌ و ڕه‌ش). هه‌ر درۆیه‌ك زه‌ره‌رمان پێ بگه‌یه‌نێ، ئه‌وا درۆیه‌كی گه‌وره‌ و ڕه‌شه‌. واته‌ درۆیه‌كی ترسناكه‌. درۆی ترسناك ئه‌وه‌یه‌، كه‌ حه‌قیقه‌ت له‌ناو ببا. واته‌ ڕاستی شته‌كان له‌ناو ببا. به‌نموونه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی تاوانێك درۆ ده‌كرێ، تا ڕاستی كردنی تاوانه‌كه‌ له‌ناو ببردرێ. ئه‌م جۆره‌ درۆكردنه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌توانێ بیكا. واته‌ ده‌سه‌ڵات له‌ڕێی درۆوه‌ ڕاستی تاوانه‌كانی خۆی ده‌شارێته‌وه‌. ئه‌و ئه‌گه‌ر خه‌ڵكیش بڕوا به‌ درۆیه‌كانی نه‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و له‌ڕێی هێزه‌وه‌ وه‌ك ڕاستی درۆیه‌كانی خۆی ده‌سه‌پێنێ. هه‌ركه‌سێكیش ئه‌م درۆیه‌ ئاشكرا بكا، ئه‌وا ده‌شێ ژیانی بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. له‌مه‌وه‌ ڕاستگۆیی و ده‌ستگرتن به‌ ڕاستییه‌وه شتێكی دژوار و‌ مه‌ترسیداره. ڕاستیگوتن دژی درۆكردنه‌، دژێكی ڕه‌ها؛ به‌ڵام هه‌ندێ جار درۆ له‌پێناو ڕاستیدا ده‌كرێ. ئه‌م درۆیه‌ درۆی سپی و درۆی تاكتیكییه‌. واته‌ درۆ لێره‌ ده‌توانێ وه‌ك په‌رژێنێك ڕاستیی (حه‌قیقه‌ت) بپارێزێ.‌ ئه‌م جۆره‌ درۆیه‌ ڕاستییه‌، به‌ڵام به‌ توێكڵی درۆ. واته‌ ڕاستییه‌كه، كه‌‌ له‌ به‌رگی درۆدا خۆی ده‌رده‌خا. ئێمه‌ ئه‌م جۆره‌ درۆیه‌ هه‌میشه‌ له‌نێوان جه‌للاد و قوربانیدا به‌دی ده‌كه‌ین. جه‌للاد ده‌یه‌وێ به‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان دانپێدانان (ڕاستییه‌كان) به‌ده‌ست بهێنێ، به‌ڵام قوربانی هه‌وڵ ده‌دا ئه‌م ڕاستییانه‌ وه‌ك نهێنی له‌لای خۆی بپارێزێ، تا تاوانبار نه‌كرێ؛ چونكه‌ جه‌للاد هه‌وڵ ده‌دا له‌ڕێگه‌ی دانپێدانانه‌وه‌ (به‌ده‌ست هێنانی ڕاستییه‌وه‌) ڕاستییه‌كان بكوژێ. ته‌نانه‌ت جه‌للاد هه‌ول ده‌دا درۆش به‌ كه‌سی قوربانیی بكا، تا له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ڕاستییه‌ك – ئه‌گه‌ر به‌ درۆش بێ – به‌ده‌ست بهێنێ و بیكوژێ و له‌ناوی ببا. ڕاستییه‌كه‌ی وه‌زیفه‌ی جه‌للاد ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ ڕاوه‌دووی حه‌قیقه‌ت بنێ، ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی، كه‌ جه‌للاد لێی ده‌ترسێ و دژی جه‌للاده‌. هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكار فۆبیای له‌ ڕاستیی هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌شه‌ ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕه‌خنه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كا، چونكه‌ ڕه‌خنه‌ جه‌وهه‌ری ڕاستییه‌. ڕه‌خنه‌ ڕاستی دروست ده‌كا و ئاشكرای ده‌كا، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌؛ ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ نه‌بێ، ئه‌سته‌مه‌ ڕاستییش هه‌بێ. تا ئێستا، هه‌موو جیهانی پێشكه‌وتوو، ڕه‌خنه‌ په‌یدای كردووه‌ و به‌رهه‌می هێناوه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتووه‌كاندا ڕه‌خنه‌ نییه‌؛ جنێو و جه‌نگ هه‌ن، به‌ڵام ڕه‌خنه‌ وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ و فیكری فه‌لسه‌فی نییه‌؛ ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه‌ له‌ ئاسته‌ هه‌ره‌ ساده‌ و سه‌ره‌تایه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌شی نییه‌، بۆیه‌ له‌م كۆمه‌ڵگایانه‌دا عه‌قڵ (ڕه‌خنه‌ و فیكر) بێ ده‌سه‌ڵاته‌ و سۆز (دابونه‌ریت و ده‌مارگیریی و ئایین) باڵاده‌سته‌. لێره‌وه‌، كه ‌ڕه‌خنه‌ نه‌بوو، درۆ زۆر ده‌بێ: درۆی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقیی و … تاد. تۆ بنۆڕه‌! چۆن ڕێژه‌ی درۆ له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا‌ یه‌كجار زۆره‌ له‌چاو كۆمه‌ڵگه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی وه‌ك سوید و دانمارك…؛ چونكه‌ له‌وێدا مێژووی فیكری ڕه‌خنه‌ ئازادی دروست كردووه‌، به‌ڵام لای خۆمان وا نییه‌: لای خۆمان چونكه‌ ڕه‌خنه (به‌ واتا فه‌لسه‌فی و سیاسی و فیكرییه‌كه‌ی)‌ نییه‌، ئازادیش (به‌ واتا كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌زگایی و یاساییه‌كه‌ی) نییه‌. واته‌ ڕاستییش (وه‌ك كولتوور، وه‌ك ئه‌خلاقی باو، وه‌ك جه‌وهه‌ر و میكانیزمی كاری ده‌زگاكان و وه‌ك ویژدان و ئه‌خلاقی كه‌سه‌كان) نییه‌. لێره‌وه‌ ڕاستی له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا وه‌ك پراكتیك دیارده‌یه‌كی فره‌لایه‌نی په‌سه‌ندكراو نییه‌، كه‌چی درۆ به‌ پراكتیك دیارده‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نی په‌سه‌ندكراوه‌: ئێمه‌ به‌ قسه‌ دژی درۆین، به‌ڵام به‌ كردار و له‌ واقیعدا وا نین. زه‌رده‌شتیش ده‌ڵێ: ((باشترین چاكه‌ ڕاستییه‌ و به‌دترین تاوان درۆیه‌)).(7)

په‌راوێزه‌كان:

1- ول ديورانت, قصة الحضارة (النهضة / الاصلاح الديني), ترجمة: محمد بدران, د. عبدالحميد يونس, المجلد الحادي عشر (21 / 22), 2001, ص 94
2- افلاتون, الجمهورية, ترجمة: عيسى الحسن (الطبعة الاولى, 2003), ص 139
3- هه‌مان ژێده‌ر، ل 140
4- ول دیورانت، قصة الحضارة (النهضة / الاصلاح الدیني), ترجمة: محمد بدران, د. عبدالحميد يونس, المجلد الحادي عشر (21 / 22), 2001, ص 69
5- افلاتون, الجمهورية, ترجمة: عيسى الحسن (الطبعة الاولى, 2003), ص 148
6- هه‌مان ژێده‌ر، ل 246
7- اكرم بهرامی، په‌یامی زه‌رده‌شت، وه‌رگێڕانی له‌ فارسییه‌وه‌: وریا قانیع (له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ڕۆشنبیری جه‌مال عیرفان 2013)، ل 73

به‌ختیار محه‌مه‌د




دابەشکردنی مووچە گرێیخواردوەتەوە بە هێنانەئارای هاوسەنگییەکی نوێ لە نێوان هێزە چینایەتییەکاندا.. موئەیەد ئەحمەد

کەمێک بیرکردنەوە لە هۆکارەکانی هەژاربوونی کادری پەروەردەیی و کرێکاران و فەرمانبەران و زۆربەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، و ڕۆڵی دەسەڵات و دوو حزبی بۆرژوا ناسیۆنالیست، واتە دوو حزبی سەرمایە؛ پارتی و یەکیەتی، لەوەدا، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەم واقیعە ڕەنگدانەوەی هاوسەنگییەکی دیاریکراوی هێزی چینایەتییە لە هەرێمدا لە نێوان جەماوەری کرێکار و زۆربەی هاووڵاتیان و لە نێوان دەسەڵات و حزبە دەسەڵاتدارەکان و خاوەنەکانی سەرمایە.
چیتر لە هاوکێشەی خەباتی چینایەتی لە هەرێمدا هیچ شتێک جێگیر نەماوەتەوە، ئەوەی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان لە هەرێمی کوردستان و هەروەها لە عێراقدا بەدەستیان هێناوە، بەدرێژایی دەیان ساڵ، لە سەپاندنی دابەشکردنێکی دیاریکراوی ئەو سامانەی وڵات کە دەوڵەت خاوەندارێتی دەکات، بە شێوەیەک کە کرێکاران و فەرمانبەران لە سەدایەکی دیاریکراو لەو سامانە بەهرەمەند بن، و بۆ ئەوەی داهاتێکی جێگیر و ئاستێکی دیاریکراوی ژیانیان گەرەنتی بکات، چیتر شتێکی گەرەنتی نییە، و تەنانەت هەڕەشەی نەمانی هەیە. بۆیە ئەم دابەشکردنی سامانە پێویستی بە پێناسە و دیاریکردنێکی نوێ هەیە، بەپێی هاوسەنگی بەکردەوەی هێزی چینایەتی. ئەمە دڵی مەسەلەکە و جەوهەری بابەتەکەیە و ئەمەش بزووتنەوەی ناڕەزایی ئێستای مامۆستایان و فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان و چارەنووسەکەی دەگرێتەوە.
بۆرژوازی ناسیۆنالیست لە کوردستان و نوێنەرە سیاسییە سەرەکییەکانی، پارتی و یەکیەتی، هەروەها پارتە ئیسلامییە ئۆپۆزسیۆنەکان و ناسیۆنالیستە نیولیبراڵەکان، توانییان، بە درێژایی زیاتر لە سی ساڵ حوکمڕانیی خۆیان، وەک حزبە دەسەڵاتدارەکان و ئۆپۆزسیۆن، لە چوارچێوەی ڕژێمێکی ناسیۆنالیستی دەسەڵاتداردا کۆببنەوە لەم هەرێمەدا، و پاشەکشە بەسەر هەوڵ و تێکۆشانی ئازایخوازانەی جەماوەری کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان، خوێندکاران، گەنجان و ئازادیخوازاندا بسەپێنن، و هەروەها توانیان سیاسەتە ئابوورییە نیولیبراڵییەکانی بۆرژوازی جیهانی بێباکانە و بە پلەیەک لە دڕندەیی کە بە دەگمەن لە جیهاندا دەبینرێت، بسەپێنن بە سەر کۆمەڵگادا، و تاڵان و قۆرخکاریی هەمەلایەنەی سەروەت و سامانی وڵات بکەنە کارەکتەری سەرەکیی و پایەی سەرجەم ڕژێمی ناسیۆنالیستی دەسەلاتدار.
حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە، لە ڕێگەی سەرکوت و پشتبەستن بە ئاسۆی سیاسیی ناسیۆنالیستی زاڵ لە کۆمەڵگادا، توانیان چەپۆکی هێزیان بەسەر جەماوەردا توندتر بکەنەوە، و هەرچی لە توانایاندا بوو بەکاریان هێنا بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی کاریگەرییە شۆڕشگێڕییەکانی بزووتنەوەی شورای کرێکاران و زەحمەتکێشان و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی گەشەسەندوو، کە لە سەرانسەری کۆمەڵگادا سەریهەڵدابوو، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا.
بزووتنەوەی شورایی، وەک هێزێکی چینایەتی شۆڕشگێڕی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، و بە دەستپێشخەری ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکان، سەریهەڵدا و ڕۆلێ بەرجەستەی دیار بوو لەسەر شانۆی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری لە هەرێم لەو سەردەمەدا، و لە ململانێیەکی جددی دا بوو لەبەرامبەر حزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستە کوردیەکان لەسەر دیاریکردنی چارەنووس و دەسەڵاتی سیاسی کۆمەڵگا. هەرچەندە ئەم ململانێیە بە قازانجی حزب و هێزە ناسیۆنالیستەکان شکایەوە، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی لە هەمان کاتدا تۆوی دابڕانی سیاسی ئەو حزب و هێزانە لە جەماوەر نەچێنن و زەمینەسازی بۆ داڕمانی ئاسۆ و ستراتیژی نەتەوەیی خۆیان و کەمبوونەوەی دواتری کاریگەرییان لەسەر جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان ئامادە نەکەن.
ساڵانێکی زۆرە و بە تایبەت لە ساڵی ٢٠١١ وە لەگەڵ سەرهەڵدانی یەکەمین بزووتنەوەی جەماوەریی دژ بە دەسەڵاتدارانی هەرێم و حیزبەکانیان، ڕەهەندەکانی ئەم دابڕانە مێژووییەی نێوان ئەم حیزبانە و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش لە کوردستاندا بە ڕێژەیەکی زۆر هەرچی قووڵتر و چڕتر بوونەتەوە.
لە ئێستادا هیچ سیستەمێکی سیاسی لە هەرێمەکەدا نییە کە پابەند بێت بەو شتەی کە لە ڕووی مێژووییەوە سەپێنراوە، واتە دابەشکردنێکی دیاریکراوی سامانی وڵات لە نێوان بۆرژوازی و دەسەڵاتداران، و چینی کرێکار، چونکە هاوسەنگی هێزی چینایەتی لە نێوان جەماوەری کرێکار و ئازادیخوازن، و ڕژێمی دەسەڵاتدار، تا ڕادەیەکی زۆر بەلای ئەمەی دووەمیاندایە، بە تایبەت دوای ئەوەی حزبە دەسەڵاتدارەکان توانیان ستەمکاری لە هەردوو ناوچەی سەوز و زەرد بسەپێنن و سەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپیشاندەران چەندبارە ئەنجامبدەن.
ئاڕاستەکردنی ڕەخنەی ڕیفۆرمخوازانە بە ڕووی ڕژێمی دەسەڵاتدار لە هەرێم و بانگەوازکردنی بۆ ڕاگرتنی تاڵانکاری و گەندەڵی، بێ کەڵکە، هەروەها خولانەوە لە بازنەی ڕەخنەی سیاسی و ئەخلاقی، لە پێگەی بۆرژا ناوەندی ناسیوۆنالیست هیچی تر نییە جگە لە کات بەفیڕۆدان بۆ جەماوەری زەحمەتکێش لە کوردستان. ئەوەی پێویستە ڕەخنەی کردەیی و ڕێکخستنی ناڕەزایەتییە لەسەر بنەمایەکی ڕوونی چینایەتی پرۆلیتاریی بۆ سەپاندنی داواکارییەکانی جەماوەری کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان و هەژاران. لەسەر ئەم بنەمایەوە، بانگەشەی جەماوەری بەرفراوانی زەرەرمەند لە حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتە تاڵانچییەیە، کە پەرە بە خەباتی خۆیان بدەن و لە خەباتێکی کاریگەردا یەکی بخەن بۆ هێنانەدی هاوسەنگییەکی نوێی هێزی چینایەتی و سەپاندنی داواکارییەکانیان بەسەر دەسەڵاتدا.
سەپاندنی داواکارییەکانی جەماوەر بەسەر دەسەڵاتداران و هێنانەدی گۆڕانکاری لە دابەشکردنی سامانی کۆمەڵگا لە بەرژەوەندی ئەوان، ئەڵقەیەکی گرنگ و هەنگاوێکی جددی پرۆسەی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەی هەمەلایەنە لە کۆمەڵگا و سیستەمی دەسەڵاتدا پێکدەهینێت. تەنیا شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار و هەژاران و چەوساوەکان کە سیستەمی چینایەتی سەرمایەداری و ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی کە دەیپارێزێت لە عێراق و ناوچەکەدا دەڕوخێنێت، دەتوانێت ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان بەدەستبهێنێت.
بزووتنەوەی ناڕەزایی مامۆستایان، کرێکاران، فەرمانبەران و جەماوەری هەژار لە هەڕیمدا مافی خۆیەتی کە دابەشکردنێکی نوێی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لە بەرژەوەندی خۆیدا بسەپێنێت و سنورێک بۆ کۆنترۆڵ و قۆرخکاریی بۆرژوازی دەسەڵاتدار لەو سەروەت و سامانانە دابنێت. پێکهێنانی شورا جەماوەرییەکانیان لەسەر بنەمای چینایەتی سەربەخۆی خۆیان هەنگاوێکی ئەوپەڕی گرنگە بۆ ئەوەی بتوانن سەرپەرشتی دابەشکردنی ئەو سەروەت و سامانە بکەن کە دەوڵەت و ڕژێم قۆرخیان کردووە لەبەرژەوەندی خۆیان. ئەو فۆرمەی کە ئەم ئامانجە بەدی دێت، پەیوەستە بە پەرەپێدانی خودی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی چینایەتییان.
پرسی بنەڕەتی دەستەبەرکردنی پێدانی مووچە بریتییە لە هاتنەمەیدانی هێزێکی چینایەتی کاریگەر بۆ سەپاندنی داواکارییەکان و مافی سەرپەرشتیکردنی ڕاستەوخۆی خۆیان لە دابەشکردنی موچەدا بەسەر هەردوو حکومەتی ناوەندی و هەرێمدا.

٢٨/١١/٢٠٢٣




بنبەستی دەسەڵات و بێتوانایی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی.. نادر عەبدولحەمید

لە ئێستادا یەک کۆکتێل لە بنبەستی دەسەڵاتی سیاسی و بێتوانایی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، بارودۆخی گشتی؛ سیاسی-ئابووری و کۆمەڵایەتی-کلتوری هەرێمی کوردستانی عێڕاقی پێکهێناوە بە هەموو ئاڵۆزیـیەکانیـیەوە.
هەر لە دەیان کێشەی لەچارنەهاتووی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەندەوە بیگرە تا لە گرێژنەچوونی یەکڕیزی حزبە قەومیـیەکان، تا لەشکرکێشی و موشەکبارانی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، تا قەیرانی ئابووری؛ لە مایەپووچی زیاتر لە سێ هەزار پڕۆژە و کۆمپانیای سەرمایەداران و بێ مووچەیی و بێکاری و هەژاری کرێکاران و زەحمەتکێشان، تا پەرەسەندنی ئایدیا و نەریتە دواکەوتووەکان و پاشەکشەی فەرهەنگی مۆدێرنیتە و بەها جیهانییەکانی ئینسان و هاتنەخوارەوەی پلەی ئینسانی ژن لە کۆمەڵگە و بێ ئاسۆیی لاوانی کچ و کوڕ و کۆچ و ڕەوی بەکۆمەڵیان بەرەو هەندەران بۆ دەرباز بوون لەم بارودۆخە دۆزەخیـیەی کە دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد کۆمەڵگەی کوردستانی عێڕاقی پێ شکڵداوە.
ئەم باروودۆخە لە ئێستادا، ئەگەر سەرپێی سەیری بکەین، وێنەیەکی فۆتۆگرافی وەستاو (ئیستاتیکی) دێتەبەرچاومان، بەڵام ئەمە خۆی وێنەی چرکە ساتێکی مێژوویی دیاریکراوە کە لەسەر پڕۆسەیەکی دینامیکی زیندوو لە کێشمەکێشێکی کۆمەڵایەتی چینایەتی دوو ڕەوەندی مێژوویی هاتۆتەئاراوە لەم هەرێمەدا، کە هەلومەرجێکی بابەتی شۆڕشگێڕانەی هێناوەتە ئاراوە، بەڵام نەگەیشتۆتە ئەوەی ببێتە قەیرانێکی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕاماڵینی دەسەڵات لە هەرێمەکە.
دووبارە بەرهەمهاتنەوەی ئابووری و دەسەڵاتی هەرێمەکە
یەکێک لەو دوو ڕەوەندانەی ئەم بارودۆخەی هێناوەتە ئاراوە، پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی سەرمایەداریـیە، لە کەڵەکە و ئینتیگرەبوونی سەرمایە و سەرمایەداران و بورژوازی هەرێمی کوردستان و دەسەڵات و حکومەتەکەی لەگەڵ سەرمایە و سەرمایەداری و بورژوازی ناوچەکە (تورکیا، ئێران و وڵاتانی کەنداو) و لێکهەڵپێکان بە بازاڕ و سەرمایەی جیهانی و بە بورژوا ئیمپریالیستی جیهانیـیەوە. ئەمڕۆ ئەم هەرێمە بۆتە بەشێکی لێکهەڵپێکراوی جیهانی سەرمایەداری هاوچەرخ و ملکەچی هەمان یاسا و ڕێساکانی ئەو سیستەمە سەرمایەداریـیە هاوچەرخەیە وەک پێکهاتەیەکی ئابوری کۆمەڵایەتی و سیاسی. لێکدانەوە بۆ بارودۆخی کوردستانی عێراق و ئاکامگیری لێی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییانە، ناتوانێت واقعی و دروست بێت.
ناسیونالیزمی کورد، وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی (کوردایەتی) بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنیەوە، بەباڵی ڕاست و چەپـیەوە، وە بە هاوکاری و هاوپەیمانەتی ئیسلامی سیاسی ئەم ڕەوەندەیان بردۆتەپێش، بەهەموو ڕوانگەیەکی جیاواز و کێشمەکێش لەسەر جیهەتگیریـیە ئیقلیمی و بلۆکبەندیـیە جیهانیـیەکان.
لە (کۆڕبەندی جیهانی وزە) لە (٢٧ و ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٢) لە (دووبەی) پایتەختی (ئیمراتی عەرەبی یەکگرتوو)، هەروەها لە (لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان) هەر لەو شارە بەدوای کۆڕبەندەکەدا لە (٢٩ و ٣٠ی ئازار)، سەرۆکی حکومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لە وتەکانیدا ڕایگەیاند کە ئامادەیە بەشداری بکات لە پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانی بازاڕی نەوت و گاز و وزەی جیهان، بەتایبەت دوای جەنگ لە ئۆکرانیا، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەموو ساڵێک جەماوەری هەرێمەکە هەر لە پایزەوە بەر لە زستان خەریکی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینن دژ بە نەبوونی نەوت و گاز لە هەرێمەکە بۆ پێداویستی ڕۆژانەیان هەتا بە نرخێکی گرانتریش لە بازاڕی جیهانی. ئەمەش واتا سیستمی ئابووری هەرێم وەک بەشێکی ئۆڕگانیکی بازاڕی جیهانی، ئاڕاستەی دابین کردنی پێداویستییەکانی سەرمایە و سەرمایەداری جیهانیـیە، نەک دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی هاوڵاتیانی ناوخۆ.
نەک هەر ئەوەش بەڵکو مانەوە و ئاسیشی سیستمی سیاسی و حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتداری، هەرچی زیاتر گرێی خواردووە بە بەرژەوەندی زلهێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیـیە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاواوە، بەتایبەت بەرژەوەندە ستڕاتیژەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەمڕۆ جگە لە شەپۆلی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەر کە خوازی ڕزگاربوونن لەدەست دەسەڵاتدارەتی هەرێمەکە، هەتا بەپێی ستانداردەکانی بورژوازیش، ئەم دەسەڵاتە هیچ شەرعییەتێکی نەماوە؛ ئەمە نەک هەر لە بایکۆتی زووربەی هەرە زۆری جەماوەر لە هەڵبژاردنەکاندا دەبینرێت، بەڵکو لە مامەڵەی حزبەکانی دەسەڵات و حکومەتی هەرێمیشدا لەگەڵ دامەزراوەی پەرلەمان بەئاشکرا دیارە کە ئۆڕگانێکی ڕوکەش و پوچ و گەندەڵە لە چەشنی حکومەتە گەنەدەڵەکەی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات.
بەم پێیە هەم ئابووری هەرێمەکە و هەم دەسەڵاتدارەتییەکەی لەسەر بنەمای بەرژوەندیـیە ئابووری و ستڕاتیژە سیاسی و سەربازی و ئاساییشیـیەکانی زلهێزە ئیقلیمی و ئیمپریالیستییەکانی جیهان دووبارە بەرهەم دێنەوە، بەردەوام دەبن و لە کێشمەکێشی جیۆ-پۆلیتیکی ناوچەکەدا درێژە بەمانەوەی خۆیان دەدەن.
 نەخشەمەندی و پلانی ئاگاهانەی نیولیبرالیزم
دەسەڵاتدارەتی ناسیونالیزمی کورد لە (١٩٩١)ەوە تا ڕووخانی ڕژێمی بەعس (٢٠٠٣)، گەرچی درێغی نەکردووە لە گرتنەبەری ئەجندای بازاڕی ئازاد و برەودان بە کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان، بۆ بەتاڵانبردنی سامانی گشتی کۆمەڵگە، بەڵام بەهۆی جەنگی ناوخۆ و هەڵواسراوی بارودۆخی سیاسی کوردستانی عێڕاق لەو کاتەدا، نەیپڕژاوەتە سەر ئەوەی کە بە پلان و نەخشە، سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزم و تایبەتاندنی کەرتی گشتی (خەسخەسە) پیادە بکات، بۆیە دوای (٢٠٠٣) نەخشمەندانە پیادەی کردووە.
پەسندکردنی (یاسای نەوت و گاز) لە (٢٠٠٦)دا ئەڵقەیەکی پتەوی ئەو نەخشەیە بوو، تا ئەوەی کە کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەندی بووە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە (٢٠١٤)دا و سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی کابینەی هەشتەم (نێچیرڤان بارزانی) داوای لە (بانکی نێودەوڵەتی) و (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) کرد کە کۆمەگیان بکەن، ئەوەبوو لە (٢٠١٦)دا کۆنفراسیێکیان لە هەولێر بەست بە شداری (نەتەوە یەکگرتووەکان) بۆ دانانی نەخشەیەک بۆ ئابووری هەرێمەکە.
ناوەڕۆکی ئەم نەخشەیە، لایەک بریتی بوو لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت؛ بە ڕادەستکردنی کەرتی گشتی هەرچی زووتر و خێراتر بۆ دەستی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان، و شانخاڵی کردنەوەی حکومەتی هەرێم لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، وە لە لایەکی ترەوە زۆرکردنی داهاتی حکومەت بە دانانی باج و سەرانە بەسەر هاوڵاتیاندا.
ئەم باروودۆخەی ئێستا لە سەرەتای (٢٠٢٤)دا کە وەک وێنەیەکی وەستاو دەیبینین لە بێ مووچەیی، پەرەسەندنی بێکاری و هەژاری لە ڕادەبەدەر، نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و وێرانبوونی کەرتی تەندروستی و خوێندن و …هتد، هەمووی ئاکامی پڕۆسەیەکی چەندین دەیەیە لە گرتنەبەری ئەم سیاسەتە چینایەتییە نیولیبرالیزمە ئابووریـیە کە تەواوی سەروەت و سامانی کۆمەڵگەی بە ملیارەها دۆلار لە دەستی کۆمپانیا زەبەلاحەکاندا کۆکردۆتەوە.
بەم پێیە، بێ مووچەیی هەژاری و برسییەتی و نەخۆشی و کەمی خزمەتگوزاری گشتی، … ئاکامی نەبوونی سەروەت و سامان نییە لە هەرێمەکەدا، تا چاوەڕێی دەستی حکومەتی ناوەند بێت بودجە بنێرێت، بەڵکو بە دیاریکراوی ئاکامی دەستبەسەراگرتن و مۆنۆپۆڵکردنی ئەو سامانە گشتییەیە کە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمەکە بە حکومەت و حزبە قەومی و ئیسلامی و پەرلەمان و هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و دادگا و میدیایەکی زەبەلاحەوە پارێزگاری لێ دەکەن. ئەمە واقعییەتێکی چینایەتی سیاسی دەردناک و ئاکامی پەرەسەندنی سەرمایەدارییە، کە کۆمەڵگەی دووکەرت کردووە لە نێوان کەمایەتییەکی خاوەن دەسەڵات و پشتیوانەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و مۆنۆپۆلکەری سەروەت و سامان و زۆرایەتییەکی بێبەش کە ژیانێکی کولەمەرگی بەسەردا سەپاوە.
نمونەی بەرچاوی ئەم واقعیەتە ئەوەیە کە دوای ئەو هەموو ساڵە لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و گاز لە بازاڕی جیهاندا، لەوسەرەوە حکومەتی هەرێم زیاتر لە (٣٢) ملیار دۆلار قەرزارە، لەوە دەچێت داهاتی دەرهێنان و فرۆشتنی ئەم سامانە سروشتییە هەر بۆ کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان بووبێت و ئەم حکومەتەش تەنها بە گرتنە ئەستۆی خەرجییەکان بەشداری کردبێت! و بە لێ بڕینی مووچەی مامۆستا و کارمەندان، بە داسەپاندنی باج و سەرانە بەسەر هاوڵاتیان و بەبڕینی خزمەتگوزارییەکان قەرزەکانی بداتەوە.
 بزووتنەوەی ناڕەزایەتی، قۆناغەکان و تایبەتمەندییەکانی
جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز وەنەبێ لەبەرامبەر ئەم بارودۆخەدا بێ دەنگ بووبن، هەمیشە خەریکی مانگرتن و خۆپێشاندان وەڕێخستنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بوون، کە لەهەر قۆناغێک لە سێ قۆناغی (١٩٩١-٢٠٠٣) و قۆناغی (٢٠٠٣-٢٠١٣) و قۆناغی (٢٠١٣-٢٠٢٣) تایبەتمەندی خۆی هەبووە. لێرەدا ناچینە ناو خودی ئەم باسەوە، بەڵکو ئەوەی شوێنی مەبەستمانە ئەوەیە کە لە قۆناغی دووەمدا داهاتێکی زۆر لە بودجەی سەراسەری عێڕاق و داهاتی ناوخۆ کەوتە بەردەست حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات و سفرەخوانی بازرگانان و بەڵێندەران و خاوەن پڕۆژە ئابووری و کۆمپانیاکانی پێ ڕازێنرایەوە، ئەم قۆناغە بە تەخشان و پەخشانی دۆلار و دابەشکردنی زەوی و دروستبوونی گەڕەکەکانی فیرعەوناوا ناسراوە، لەبەرامبەر ئەم هەموو ناز و نیعمەتەی توێژە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداران، جەماوەری زەحمەتکێش و هاوڵاتیان بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، و ئازادیخوازان و ڕۆشنبیرانیش بەدەست سەرکوتی فکری و سیاسییەوە دەیانناڵاد و لێرەو و لەوێ ناڕەزایەتییان دەنواند، تا ئەوەی لە (ئۆگۆستی ٢٠٠٦)دا بووە شەپۆلێکی خۆپێشاندان و پاشان ناڕەزایەتییەکانی دژ بەسەرکوت و ترۆری ڕۆژنامەنوسان بەدوای ترۆری (سەردەشت عوسمان)دا لە (ئایاری ٢٠١٠)دا سەری هەڵدا و لە (١٧ی شوباتی ٢٠١١)دا ناڕەزایەتییەکانی ئەم قۆناغە گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی، بە ئاکام نەگەیشت، سەرکوتکرا و ئەم قۆناغە کۆتایی هات.
ئەوەی شایانی باسە ڕۆشنبیرانی لیبڕاڵ قەومیی کوردستان، کە لە هەوڵدا بوون (کوردایەتی) موتوربە بکەن بە لیبرالیزمی جیهانییەوە، لەم قۆناغەدا و لەناو ناڕەزایەتییەکاندا زۆر چالاکبوون ئەمەش لە ناو بزووتنەوەکەی (سەردەشت عوسمان) و بەتایبەتیش لە (١٧ی شوبات)دا دەرکەوت، بەڵام دوای بنبەستی هەوڵەکانی (بزووتنەوەی گۆڕان) بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری هەتا ئەگەر شکڵیش بێت لە ڕێگەی پەرلەمانەوە، ئاوێکی سارد کرا بەسەر ئەم لیبڕاڵ قەومیـیانەدا.
جگە لەوە بارودۆخی قەیرانی ئابووری و دارایی لە دوای ساڵی (٢٠١٣)وە، تا هاتووە چڕتر بۆتەوە و لەسەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا شکاوەتەوە و بەم پێیەش خسڵەتی چینایەتی ئەم ناڕەزایەتیانە زیاتر بەرجەستە بۆتەوە و ناڕەزایەتی توێژی ڕۆشنبیران و میدیکارانی دژ بە تەنگەبەرکردنەوەی ماف و ئازادیی خستۆتە ژێر سێبەری خۆیەوە، کە ئەمانە تێکڕا بوونەتە پاڵنانی هەرچی زیاتری ئەم لیبڕاڵ قەومییانە بۆ پەراوێزی ئەو بزووتنەوانە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو پێشبینی ڕاپەڕینی جەماوەریش وای لێ کردوون بەچاوێکی دوودڵییەوە بڕاواننە بزووتنەوەکان و بەناوی دژایەتی کردنی “توندوتیژی” هەرچی زیاتر خۆیان کەنارگیر بگرن لێیان.
ئەمە و لە پڕۆسەیەکیشدا، وە بە ئەزموونێکی خۆبەخۆییانە، ئەم ناڕەزایەتییانە نەک هەر هیچ خۆشباوەڕییەکیان بە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات نەماوە، بەڵکو هەرچی زیاتر سەربەخۆیی خۆشیان لە ڕەوت و حزبە قەومی و ئیسلامییەکان بەرجەستە کردۆتەوە، ئەڵبەتە ئەمە نەفی ئەوە ناکاتەوە کە ئەم ڕەوت و حزبانە نفوز و جێ پێیان هەبێت لەناویاندا، بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوانە وەک یەکەیەکی گشتی لە ژێر هەژموون و ئیتۆریتەی سیاسی ئەمانە و لیبڕاڵ قەومییەکانی کوردستاندا نەماون، بەڵام ئەم دابڕانە سیاسیـیەی ئەم بزووتنەوانە هێشتا نەگەیشتۆتە ئاست دابڕان لە ئاسۆ و ئامانجی ڕەوتە بورژوا قەومییە لیبڕاڵ و ئیسلامییەکان، کە ئەمە ناکۆکییەکی کوشندەی ئەم بزووتنەوانەیە و دواتر دێینەسەری.
بەکورتی، لەبەرامبەر بنبەستی ئابووری و سیاسی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدا، کە توانای هیچ جۆرە چاکسازییەکی هەتا شکڵی و بێ ناوەڕۆکیشیان نییە، چەندین بزووتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان، کارمەندانی تەندروستی و بەگشتی مووچەخۆران و مانگرتنی دەستەجەمعی شارەکانی وەک دەربەندیخان، پێنجوێن، هەڵەبجە و کفری، دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و بێکاری لاوان و هەژاری و بێدەرەتانی وەستاوە، ئەمە جگە لە مانگرتن و ناڕەزایەتی هەر ماوە نا ماوەیەکی کرێکارانی ژینگەپارێز و جەماوەری گەڕەکە فەقیر نشینەکان و شوفێرانی پاس و تاکسییەکان، … وە هەموو ئەم بزووە ناڕەزایەتیـیانە لە دەرەوەی هەژموونی سیاسی و ئەجیندای ڕەوت و حزبە ئۆپۆزیسیۆنە قەومی و ئیسلامییەکان لە ئارادان، بەڵام نەیانتوانیووە پاشەکشەیەکی مانادار بە حکومەت و حزبەکانی دەسەڵات بکەن، بۆ ماوەیەک بە گووڕ سەردەردێنن و بە بێ بەدەستهێنانی خواستەکانیان پاش ماوەیەک و بەزۆری لە ڕێگەی سەرکوتەوە دادەمرکێنەوە و دووبارە لە کاتێکی تردا سەردەردەهێننەوە و لەناو بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێنەوە.
بە دڵنییاییەوە بەرجەستە نەبووبەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە لە ناوچەی (زەرد)ی ژێر دەسەڵاتی (پارتی) بەهۆی سەرکوتێکی تووندەوە و یەکگرتوونەبوونی ئەم بزووتنەوە جیاجیایانەی ئەم توێژ و بەشە کۆمەڵایەتییانە لە بزووتنەوەیەکی سەراسەریدا لە ئاست هەرێمی کوردستانی عێڕاق، خاڵێکی لاوازی بنچینەیی ئەم بزووتنەوانەیە لە بەرامبەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدا کە زۆر بێباکن لە ئاست ئەو هەموو نەهامەتی و کارەساتەی کە دایان سەپاندووە بەسەر جەماوەری ئەم هەرێمەدا، نمونەی ئەمە خۆی لە پەککەوتنی سیستمی خوێندن لە (زۆن)ی سەوزدا دەبینێتەوە بەهۆی بایکۆتی زیاتر لە چوار مانگی مامۆستایانەوە، کە نەبۆتە مەسەلەیەکی جددی نەک هەر بۆ حکومەت، بەڵکو بۆ ئەجیندای وەزارەتی پەروەردە و خوێندنیش.
 پرسیاری ئەسڵی ئەوەیە کە چ بکرێت؟
بەدڵنیاییەوە هەر هەوڵێک بۆ بەرجەستەکردنەوەی ناڕەزایەتیـیە پەنگخواردووەکانی جەماوەر لە (زۆنی زەر) و هەوڵدان بۆ یەکخستنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و هێنانەدی فیدراسۆنێکی سەراسەری ئەو بزووتنەوانە هەنگاوێکی پێشڕەوی جیدی دەبێت، بەڵام دیسان ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە کە چۆن و لە کوێوە دەستبەکار دەبین بۆی؟
خاڵی یەکەم و سەرەتا ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوانە، هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستن، وە بە دیاریکراویش بەرهەمی داسەپاندنی سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزمی حکومەت و حزبەکانی دەسەڵاتە بەسەر جەماوەری زەحمەتکێشی ئەم هەرێمەدا، ئەمە لە لایەک وە لە لایەکی ترەوە ئەم بزووتنەوانە هی توێژە زەحمەتکێش و ڕەنجدەرەکانی ئەم کۆمەڵگەیەن و ڕووبەڕووی دەسەڵاتێک بوونەتەوە کە زووربەی هەرە زۆری کۆمپانیا و پڕۆژە ئابوورییەکانی ئەم هەرێمە یان هی ئەفراد و بنەماڵە و حزبەکانی دەسەڵاتن یان هاوبەشی پشک و خاوەن جۆرێک لە پەیوەندیـین کە ئەم حکومەت و دەسەڵاتە بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزێت و ئەوانیش بەپێی ئەجینداکانی ئەم حکومەت و دەسەڵاتە کاردەکەن.
بۆیە دەسپێکی عەمەلی ئەوەیە کە دەبێ هەوڵبدرێت ئەم بزووتنەوانە هەڵگری ئەم ئاسۆیە بن لە بەگژاچوونەوەی سەرچاوەی ئەم نەهامەتیانەیان کە سیاسەتێکی چینایەتی ئابووریە و حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات ئاگاهانە و نەخشەمەندانە پیادەی دەکەن، و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی جیهانی ئیمپریالیزم لە (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) و (بانکی نێودەوڵەتی) و (نەتەوە یەکگرتووەکان) و (یەکێتی ئەوروپا) بە پشتییەوەن، کە ئەویش پیادەکردن و داسەپاندی ئەم نیولیبرالیزمەیە لە کوردستان.
گەرچی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان وەک ئاماژەمان پێداوە لە ژێر هەژموون و ئەجیندای سیاسی لیبڕاڵ قەومییەکان و ڕەوت و حزبە قەومی و ئیسلامییەکان هاتوونەتەدەرەوە و هیچ خۆشباوەڕییەکیشیان بە چاکسازی دەسەڵات نییە، بەڵام ئاسۆ و ئامانجی ئەو ڕەوتانە زاڵە لەناو ئەم بزووتنەوانەدا و ڕێگرە لەوەی نوکی ڕمەکانیان ئاڕاستەی ئەو شوێنە بکەن کە جەوهەری و سەرەکییە لە پێشڕەوی و بەدەستهێانی سەرکەوتنیاندا.
بەمانایەک دەبێ هەوڵبدرێت بزووتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران، بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان، بزووتنەوەی لاوانی شۆڕشگێر، بزووتنەوەی بێکاری و بزووتنەوەی توێژە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران …. هەموویان یەکگرتوو بن بۆ بەگژاچوونەوەی سیاسەتی نیولیبرالیزم کە حکومەتی هەرێم پیادەی دەکات. دەبێ نەک هەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات وەک هۆکاری سەرەکی ئەم نەهامەتیانەی خەڵکی بناسرێنرێن، بەڵکو دەبێ لەگەڵیشیاندا (یەکێتی ئەوروپا) و (ئەمریکا) دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش وەک دووژمنی خەڵکی کوردستان بناسرێنرێن، و لە هەوڵی ڕێکخراوکردنی ئەو جەماوەرەدا بن بەم ئاسۆیەوە بۆ بەگژاچوونەوەی ئەم بەرە یەکگرتووەی حکومەتی هەرێم و پشتیوانە نێو دەوڵەتییەکانی.
ئەمەش کارێک نییە تەنها بە پڕوپاگەندەی فکری و سیاسی ئەجام بدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەمە بەشێکی بایەخداریەتی، بەڵکو دەستبەکاربوونە لەناو خودی ئەم بزووتنەوانەدا و پەیوەندی گرتنە بە ڕابەران و هەڵسوڕاوانیان و پێکهێنانی کۆڕ و کۆمەڵ و ئەڵقەی خەباتکارانە و پێکەوە گرێدانی بزووتنەوە جیاجیاکانی توێژە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانە لە ڕێگەیانەوە، بەشێوەیەک کە بتوانێت بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری دژ بە هەڵپێچان و ڕادەستکردنی کەرتی کشتی بۆ دەستی کەرتی تاتبەت و قۆرخکاری کۆمپانیاکان بۆ سەروەت و سامانی ئەم هەرێمە بووە ستنەوە و لە پەرەسەندنیشیاندا دەست بەسەر سەرمایەکانیاندا بگرن و بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی و بخرێتە خزمەت خۆشگوزەرانی جەماوەرەوە.
ئەمەش کارێک نییە کە بەجیا ئەنجام بدرێت لە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی کرێکاری سۆشیالیست و ئینتەرناسیونالیست، کە لە جەرگەیدا کۆمۆنیستەکان و مارکسیستەکان یەکگرتوو بکات. بەو ئەندازەیەی کە بزووتنەوەیەکی بەهێز و بەرفراوانی حزبی و سۆشیالیستی لە دەرونی ئەم کۆمەڵگەیەدا سەروسامانی پێ دەدرێت، بەو ئەندازەیە یەکگرتووکردنی ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرەکانی توێژ و بەشە کۆمەڵایەتییە جیاجیان بنەمایەکی مادی پتەو پەیدا دەکات و لە خولانەوە لەناو بازنەیەکی بۆش دێنە دەرەوە و گرێ دەدرێنەوە بە بزووتنەوەی هاوچینەکانیان لە سەراسەری عێڕاقدا بۆ جەنگێکی یەکلاکەرەوە لە دەژی دەسەڵاتی چینایەتی بورژوازی.

کۆتایی مانگی یەکی ٢٠٢٤




سزادانی مامۆستایان تاوانە.. عوسمانی حاجی مارف

حکومەتی هەرێم لەگەڵ خراپترین قەیرانی نەدانی موچەدا، ڕوبەڕوی واقعیەتێکی ئاڵۆزتربۆتەوە، بێجگە لە حساباتی ساڵانی پێشو، هەر لە ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤دا نەدانی پارەی چوارمانگ قەرزارە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەم قەرزە زیاتر بێت.
لەگەڵ ئەوەی ناڕەزایەتیەکان بەردەوامن، بەڵام هیچ هەنگاوێکی جدی و ڕۆشنی نیە بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزە، لە هەمان کاتدا گرێی چارەسەری پەیوەندی کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند نەکراوەتەوەو نیشانەیەکیش نیە بۆ کردنەوەی. ئەوەی جێگای سەرنج و ڕیسوایی و گاڵتەجاریە، بڕیاری سزادانی مامۆستایان پەیامی هەڕەشەی حکومەتە بۆ شکاندنی بایکۆت بەبێ وەڵامی داواکاریەکانیان!.
دیارنەبونی ئاسۆیەک بۆ دانەوەی قەرزەکان و دانی موچە لەکاتی خۆیدا، دەنگێکی ناڕەزایەتی بەرزبۆتەوە، کە داوا دەکەن مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بگوازرێتەوە بۆ بەغدا، بۆ ئەو مەبەستەش واژۆی بەشێکی زۆری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم کۆکرایەوە، چەندین کۆبونەوە بۆ نوێنەرەکانیان لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس لە بەغداد ڕێکخراوە، داواجاریش ئەنجامێکی ئەرێنی نەداوە بەدەستەوەو دۆخەکە وەک خۆی بە ئاڵۆزی ماوەتەوە!.
ئاسۆی دابینکردنی دانی موچە لەکاتی خۆیدا، پلەبەرزکردنەوە کە زیاتر لە ٩ ساڵە ڕاگیراوە، دانەمەزراندن بەگشتی و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.. بۆتە گرێ کوێرەیەکی حکومەتی هەرێم مەبەستی نیە بیکاتەوە.
هەرچەندە حزبەکان و حکومەتی بەغدا و هەولێر دەیان کۆبونەوەی فەرمیان ئەنجامداو سەردانیان ئاڵوگۆڕ کردوە، بەڵام نەگەیشتونەتە چارەسەری یەکلایی کەرەوە، لەهەمان کاتدا ئاسۆیەک دیارنیە بۆ نیشاندانی هاوڵاتیان کە چارەیەک پەیدادەبێت و ئەم دۆخە ئاڵۆزە تێدەپەڕێت. زیاتر کێشەکان بە لاسەنگی و بێ وەڵام و بێ چارەسەر دەبینرێن، ئەمەش بۆتە سەرچاوەی ئەوپەڕی بێئومێدی و نادڵنیایی دانیشتوان لە بەرامبەر قوڵبونەوەی زیاتری قەیرانەکانی هەرێم کە بە دەسەڵاتدارانی میلیشیای نابەرپرسی بنەماڵەکان بەڕێوەدەبرێت.
ناوچەی زەرد بە پێشێلکردنی ئازادی و تۆقاندن بەر بە ناڕەزایەتیەکان دەگرێت، وەک بە بارمتەگیراوو کۆیلە مامەڵەی فەرمانبەران و مامۆستایان دەکات، ناوچەی سەوز بە چەواشەکاری فەرامۆشکردن و تاوانبارکردنی مامۆستایان، یا هەڕەشەی سزای لەکار دەرکردن فشار بۆ مامۆستایان دەهێنێت دەوام بکەنەوە، ئەمەش جۆرێکی ترە لە مامەڵەی بە کۆیلە کردن.
لە هەمان کاتدا جگە لە کەمتەرخەمی بەرامبەر بە پێدانی موچەو ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران، ئاستی دابینکردنی پێداویستی و خزمەتگوزاریەکان بۆ دانیشتوان لە تەندروستی و کارەباو.. تابڵێی شەرماوەرو بە ئازارە.
دەسەڵاتێک بە هەر پێوەرو شێوازو میکانیزمێک پێکهاتبێت و بەرێوەبردنی کۆمەڵگەی گرتبێتە ئەستۆ، نەیەوێت و نەتوانێ سادەترین پێداویستیەکان دابین بکات، نەک نابێت بەهیچ جۆرێ ڕێگای ئەوەی پێبدرێت، کە لەبەرامبەر ناڕەزایەتی بۆ داواکاریە ڕەواکانی پەیوەند بە پێداویستیە حەیاتیەکانی خەڵکەوە، بەهیچ جۆرێک باس لە سزا بکات و بڕیاری سزادان دەرکات، بەڵکو ئەو دەسەڵاتە بۆ خۆی دەبێت بدرێت بەدادگاو لێپرسینەوەی لە گەڵدا بکرێت و سزا بدرێت.
دوای سێ دەیە زیاترلە ئەزمونی حکومڕانی لە هەرێمدا بە رۆشنی ئەوە لەبەرچاوە، کە حکومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکان و دەسەڵاتی بنەماڵە و سیاسەتمەدارانی هەرێم، بەجۆرێک لە گەڵ گەندەڵی و جەردەیدا قاڵبون و ئاڵاون، هیچ ڕێگایەک بەرەو چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە لەدەستوری کاریاندا نیەو ناتوانێت ببێت، بەتایبەتی کە ئێستا ئاستی کێشەکان بارگرژی ناوچەکەو هێرشی درۆنی موشەکیشی هاتۆتە سەر.
سزادانی مامۆستایان و فەرمانبەران گەر دەسەڵاتی ئیستای حزبەکان بەهەر جۆرێک هەوڵی جێبەجێی کردنی بدەن، نابەجێ و نافەرمیە، ئەمەش دەچێتە لیستی ئەو تاوانە قێزەوەنانەی کە چەندین ساڵە بەرامبەر دانیشتوانی هەرێم جێبەجێیان کردوە.




سادق جەعفەر ئەلفەللاحی ڕابەرێکی خۆڕاگر و شۆڕشگێڕی چینی کرێکاری عێراق.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

                                                                                                                            

ڕابەرێکی خۆڕاگر و شۆڕشگێڕی چینی کرێکاری عێراق

مێژووی خەباتی چینی کرێکاری عێراق، لەهەناوی خۆیدا گەلێ ڕابەری بەرجەستەی شۆڕشگێرانەی هێناوەتە دەرێ کە بە ئاوڕدانەوە لەو مێژووە و بە وردبوونەوە لە خەبات و تێکۆشانی ئەو ڕابەرانە دەتوانین گەلێ وانەی شۆڕشگێڕێتییان لێوە فێر بین. ئەو ڕابەرانە چ لەناو خێزان و کۆمەڵگە و چ لەناو کارگە و زیندان نموونەی خۆڕاگری و وزە و توانا و ورەی خەباتگێرانە بوون وەکو محەمەد ساڵح ئەلقەزاز و حوسێن ڕەحاڵ و عەلی شوکور و تالیب عەبدولجەبار و ئاراخاجادۆر و کازم ئەلدوجەیلی و حیکمەت کوتان و فەخری بەتروس و عەبدولقادر عەیاش و هادی عەلوان و تەها فایق و کەلیبان ساڵح و عەبدوللەتیف بەسیم و مەحەمەد غەزبان و جاسم یەحیا و عەلی غەزالی و حەنا شابا و کلیبان ساڵح و لەتیف کەشکۆڵ و هاشم عەلی موحسین و ئیبراهیم عەبدولجەبار و حوسێن عەلوان و سادق جەعفەر ئەلفەللاحی…تاد ، کە ئەمەی دواییان یەکێک بوو لەو ڕابەرە کرێکاری و شۆڕشگێڕ و خۆڕاگرانەی کە مێژوو دەست لەسەر سینگ بۆی دەوەستێت.

سادق جەعفەر ئەلفەللاحی و بزووتنەوەی کرێکاری
نیوەی یەکەم و ناوەڕاستی سەدەی بیستەم لە عێراق؛ بزووتنەوەی کرێکارانی عێراق هێشتا ئەزموونی پێویستیان لەخەبات دژ بە ڕژێمی پاشایەتی عێراق و کۆڵۆنیالیزمی ئینگلیز بەدەست نەهێنابوو، بەڵام توانیبووی لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێت. لەو قۆناغە کە سەرمایەداری تازە گەشەکردووی عێراق هەڵپەی قازانجی زیاتر و سەرمایەی پتر بوو، لەهەموو جومگە ئابوورییەکان و ڕشتە جیاوازەکانەوە لەسەر حیسابی کار و ژیانی کرێکارانی عێراق و بیانیی خەریکی بەهێزکردنی خۆی بوو. هاوکات چینی کرێکاری عێراقیش تا دەهات پانوپۆڕتر و گەورەتر و فراوانتر و هەروەها بەهێزتر دەبوو. یەکێک لەو کادیرە مارکسیستانەی نێو بزووتنەوەی کڕێکارانی عێراق (لە سەرەتای چلەکانی سەدەی ڕابردوودا سادق جەعفەر ئەلفەللاحی بوو، کادرێکی کرێکاریی شۆڕشگێڕ بوو لە نێو کرێکارانی کارگەی چنین لە شاری کازمییە، لەهەمان کاتیشدا سەر بە ڕێکخستنەکانی حزبی شیوعی عێراق بوو. سادق لە ڕابەرایەتیکردنی مانگرتنی کرێکارانی کارگەی چنین چالاک بوو و توانیبووشی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران بۆ ڕیزەکانی حزب ڕابکێشێت.)(١) دیارە بە دڵنیاییەوە چاوی دەزگا جاسوسییەکانی ڕژێمی پاشایەتی لەسەر هەڵسوڕاوانی کرێکاریی بووە و هەربۆیەش لەو سەردەمەدا سادق تووشی هەراسانکردن و زیندانیکردن بوونەتەوە. سادق کرێکارێکی هۆشیار و تۆکمە و وەستای زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن بووە.
سادق جەعفەر ئەلفەللاحی کرێکارێکی هۆشیار و تۆکمە و خۆڕاگری نێو زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن بووە. سادق لە زیندانیشدا ڕابەرێکی چالاک بوو و بە ڕۆح و وزەی گەنجانەوە، پۆلی فێرکردنی کردبۆوە و وانەی مێژووی چینی کرێکاری عێراقی و عەرەبی و ئەنتەرناسیونالی دەوتەوە.)(٢) سادق لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاردا نەک ورەی نەڕووخاوە، بەڵکو بە کاتێک لەگەڵ بەهادین نوری و هاوڕێکانیدا ئەشکەنجە دەدران بەڕووی جەلادەکان هەڵدەشاخان و دەیانوت (چارەنووستان هەر مردنە).(٣)
سادق جەعفەر ئەلفەللاحی وەک ڕابەرێکی کرێکاریی و مارکسیست هەمیشە دڵی لەگەڵ ژیان و خەباتی کرێکاران و بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی کرێکاران بووە، بۆیە بەردەوام هەدای نەداوە و تێکۆشاوە تا کرێکاران ڕێک بخات و هۆشیاری سیاسی و چینایەتییان بەرێتە سەر. سادق جگە لەوەی ڕابەرایەتی مانگرتنی کرێکارانی کارگەی چنینی دەکرد، بەڵام ئەو هەمیشە وەک رابەرێکی سەرتاسەری کرێکاری دەجووڵایەوە و هەوڵی دەدا تەواوی بزووتنەوەی کرێکاری عێراق بەرەو ئاراستەی ڕزگاری بەرێت. کاتێکیش لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە عێراق و دامەزراندنی کۆماری عێراق لە ١٤ ی تەمموزی ١٩٥٨، (دەستە و کۆڕ و کۆمەڵە کرێکارییەکان دامەزران و هەر هەموو ئەو دەستە و کۆڕ و کۆمەڵاتە مۆڵەتی فەرمییان پێدرا و لە ١١ ی تەممووزی ١٩٥٩ یەکەمین کۆنگرەی دامەزرێنەری یەکێتیی گشتی نەقابەکانی کرێکارانی کۆماری عێراق بە رابەری (سەرۆکایەتی) سادق جەعفەر ئەلفەللاحی بەسترا.)(٤) هەروەها یەکەمین کۆنگرەی یەکێتیی گشتی نەقابەکانی کرێکارانی کۆماری عێراق لە ٩ تا ١١ی شوباتی ١٩٦٠ بەسترا کە ٣٥٠ نوێنەر وەک نمایندەی ٣٠٥٠٠٠ کرێکار بەشدار بوون لەو کۆنگرەیە. هەروەها یەکێتیی گشتی نەقابەکانی کرێکارانی کۆماری عێراق لە ٣ ی شوباتی ١٩٦٠ دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەیەک بەناوی ( یەکێتی کرێکاران).(٥)

سادق جەعفەر ئەلفەللاحی و کاری سیاسی
سادق جەعفەر ئەلفەللاحی هەر لە نیوەی دووەمی دەیەی چلەکانەوە پەیوەست بووە بە حیزبی شیوعی عێراقەوە و وەک ئەندامێکی چالاک و کارا هەڵسوڕاوە. سادقیش وەک زۆرێک لە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاریی عێراق لەژێر کاریگەری سیاسی حیزبی شیوعی عێراق بووە و تێڕوانینەکانی ئەو کاریگەرییەیان پێوە دیارە. سادق جەعفەر ئەلفەللاحی ئاماژە بەوە دەکات کە گرنگترین ئەرکەکانی کرێکارانی کۆمۆنیست بریتییە لە کۆکردنەوەی زۆرترین ژمارەی کرێکاران لە گردبوونەوەکان و چالاککردنیان بۆ دروستکردنی بزووتنەوەیەکی نەقابی کاریگەر کە جەماوەری کرێکاران بەرەوپێش ببات و نەقابەکان پاڵ بنێت بۆ کارکردن بە توندی لە بەرژەوەندی کرێکاران و گۆشەگیرکردنی ئەو جەستە و توخمە لاوازانەی کە هەست بە بەرپرسیارێتی خۆیان ناکەن بەرامبەر بە جەماوەری کرێکاران و بەرامبەر بە ئەرکە ڕاستەقینەکانی سەندیکاکانیان. سادق لە کۆبوونەوە حیزبییەکاندا قسەی دەکرد و وتاری دەدا و لە زیندانیشدا مامۆستای کرێکارانی زیندانیکراو بوو. سادق جەعفەر ئومێدی زۆری لەسەر حیزبی شیوعی هەڵچنیبوو. بەڵام (کاتێک حزبی شیوعی عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٧ی زایینیدا دووچاری جیابوونەوە بوو و ڕێکخراوی زیندانەکان لایەنگری گروپی قیادەی مەرکەزییان کرد. عبدالقادر احمد العیتاني دەڵێت (لە کۆبوونەوەیەکی کادرانی حزبیدا کەمنیش لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە بووم، سادق ڕێک وتی (من دژ بەم جیابوونەوەیە دەوەستمەوە چونکە دڵم بەهۆی جیابوونەوەکانەوە خوێنی لێ دەتکێت.)(٦) سادق تەنانەت بەر لەوەی ژیانئاوایی بکات، کتێبێکی بەناوی (ڕووداوەکانی ساڵانی پشکۆ) بڵاوکردەوە.

ئەنجام
سادق جەعفەر ئەلفەللاحی؛ وەک نموونەی ڕابەرێکی کرێکاری عێراق و مارکسیستێک و خۆراگرێکی نێو زیندانەکانی ڕژێمی عێراق لەهەردوو نیوەی یەکەم و دووەمی سەدەی بیستەم ڕۆڵی بەرچاوی بینیوە لە مێژووی ڕێکخستنی چینی کرێکارانی عێراق و لەهەمان کاتیشدا وەک هەڵسوڕاوێکی حیزبیی ( حیزبی شیوعی عێراق) تێکۆشاوە کرێکاران بە بیڕوباوەڕی حیزبەکەی ئاشنا بکات و ڕێکیان بخات.(٧) سادق جەعفەر ئەلفەللاحی بڕوای قوڵی بە مارکسیزم وەک زانستی ڕزگاریبەخشی چینی کرێکار هەبووە و هاوکات خەمی ئەوەی بوو کە ستەمی چینایەتی نەمێنێت و کرێکاران لە کۆیلەتی کاری کرێگرتە ڕزگاریان بێت. یادی ئەم ڕابەرە مەزنە سادق جەعفەر ئەلفەللاحی، ئەو کەسە چینایەتییە و تێکۆشەرەی کە تەمەنی خۆی بە ڕێگەی خەباتی شۆڕشگێڕانە و هۆشیاری چینایەتی کرێکاران بەخشی، هەمیشە زیندووە و ڕێگای ئەم تێکۆشەرە شۆڕشگێڕە هەر ئاوەدانە.

پەراوێز و سەرچاوەکان :
١-عبدالقادر احمد العیتاني من اعماق السجون نقرە السلمان …قیود تحطمت موقع الناس ١٠-٥-٢٠١٤
٢- عبدالقادر احمد العیتاني من اعماق السجون نقرە السلمان …قیود تحطمت موقع الناس ١٠-٥-٢٠١٤
٣-عەبدولقادر ئەحمەد ئەلعیتانی دەگێڕێتەوە و دەڵێت( لەدەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، کاتێک بەهۆی ناپاکی هەندێ جاسوس و خۆفرۆشەوە دراوەتە سەر ماڵی حیزب (واتە ماڵی نهێنی حیزبی شیوعی عێراقی) لەلایەن دەگاکانی ئەمنەوە، ئەوکات لەوماڵە بەهادین نوری و سادق جەحفەر ئەلفەللاحی و باقر جەعفەر ژیاون، دەستگیر دەکرێن و دەنێردرێنە ئەمنی گشتی کە لەلایەن بەڕێوەبەری جەللادی ئەوکات ( بەهجەت ئەلعەتییە و جێگرەکەی نائل عیسا)ەوە سەرپەرشتی دەکرا، سزا و ئەشکەنجە دراون. دەوترێت ئەوان چەند ئەشکەنجەی تووند و نائینسانییان داون، کەچی ئەم رابەرانە بەڕووی جەللاداندا هەڵصاخاون و پێیان وتون چارەنووستان هەر مردنە.)
٤-محمد علي محیالدین العمل النقابي في العراق موقع الحوار المتمدن ١٦-٧-٢٠٢٢
٥-فیصل الفٶادي المٶتمر الاول لاتحاد نقابات العمال ١٩٦٠ موقع طریق الشعب ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٣
وردکاری دەرەنجامی یەکەمین کۆنگرەی یەکێتیی گشتی نەقابەکانی کرێکارانی کۆماری عێراق کە لە ٩ی شوباتی ١٩٦٠ لە هۆڵی گەل لە بەغدا بەڕێوەچوو، بەمجۆرە بوو. عەلی شوکر بە سەرۆک و حسێن عەلوان وەک جێگر و ئارا خەجادۆر بە سکرتێری یەکێتی هەڵبژێردران، لە ئەندامەکانیدا سادق جەعفەر ئەلفەلاحی بۆ پەیوەندییەکان، عەبدولقادر بوو ئەیەش، کازم ئەلدوجەیلی، حیکمەت کوتان، تەها فایق، کەلیبان ساڵح، و عەبدوللەتیف بەسیم جگە لە محمد غەدبان و… جاسم یەحیا.دواتر دوو ڕۆژ کۆمەڵێک بڕیار لەلایەن کۆنفرانسەوە دەرکرا، لەوانە هەموارکردنەوەی یاسای کار لە کۆماری عێراق و فراوانکردن و گشتاندنی بیمەی بەکۆمەڵ بۆ سەرجەم کرێکارانی عێراق.
٦- عبدالقادر احمد العیتاني من اعماق السجون نقرە السلمان …قیود تحطمت موقع الناس ١٠-٥-٢٠١٤
٧-دیارە سادق جەعفەر ئەلفەللاحی و زۆرێکی لە هەڵسوڕاوە کرێکارییەکانی ئەو سەردەمە پێیان وابووە کە حیزبی شیوعی عێراقی حیزبێکی مارکسیستییە و تاکتیک و ستراتیژی ئەو حیزبە لەخزمەت چینی کرێکاری عێراق دایە. بەڵام بەداخەوە مێژوو سەلماندی هەم ئەو ڕابەر و هەڵسوڕاوانە هەڵە و خۆشباوەڕ بوون و هەمیش چینی کرێکارانی عێراق باجی ئەو ناحاڵیبوون و خۆشباوەڕییان زۆر بە قوورسی داوە.




زیرەکی دەستکرد چی لە مرۆڤایەتی دەکات!.. ڕزگار عومەر

زیرەکی دەستکرد وەكو هێزێکی گۆڕانکاری سێبەری خستۆتە سەر ئەمڕۆی جیهان، گۆڕانکاری زۆر کاریگەری لە لایەنە جیاوازەکانی ژیان دروست کردووە، کە بە دڵنیایی راستەوخۆ کار دەکاتە سەر بازاڕی کار . یەکتر بڕینی هەردوو جەمسەری کۆمەڵناسی – پێشکەوتنی تەکنەلۆژی تادێت گرینگتر دەبێت بۆ تێگەیشتن لە ئەمڕۆمان، بەتایبەتی بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری لە جیهاندا.
یەکخستنی زیرەکی دەستکرد لە پیشەسازییەکان لە لایەك بووەتە هۆی زیادبوونی کارایی و بەرهەمهێنان، بەڵام بووەتە هۆی گۆڕانکارییەکی بەرچاویش لە میکانیزمەکانی بازاڕی کار. بە تایبەتی ئەو جۆرە لە کار کە سروشتی دووبارە کردنەوەی تێدایە، ئەمجۆرە لەکار بە شێوەیەکی گشتی بە سیستەمی ئۆتۆماتیکی دەگۆڕدرێن، ئەمەش کێشەیەکی فراوانی بێکاری و مرۆیی لێدکەوێتەوە.
یەکێك لە ساغ بوونەوە سەرەتاییەکانی کۆمەڵناسیی دەربارەی زیرەکی دەستکرد کاریگەرییەکەیەتی لەسەر ڕێژەی بێکاری جیهانی. بەپێی زانیاری و داتا تازەکان، چەند وڵاتێک تووشی هەڵاوسان بوون لە ژمارەی دامەزراندنی کرێکارو فەرمانبەرو کارەمەندی نوێ کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەبووە لەگەڵ پەنا بردن بۆ تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد بۆ نموونە، توێژینەوەیەك کە لەلایەن کۆڕبەندی ئابووری جیهانییەوە ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە تا ساڵی ٢٠٢٥، ڕەنگە زیاتر لە ٨٥ ملیۆن هەلی کار بەهۆی سیستەمی ئۆتۆماتیکی زیرەکی دەستکرد لە کۆمپانیا مامناوەند و گەورەکاندا لە جیاتی بدرێت بە مرۆڤ دەدرێ زیرەکی دەستکرد!
دەرئەنجامە کۆمەڵایەتیەکانی بێکاری بەهۆی زیرەکی دەستکرد لە دەرەوەی بازنەی بازاڕی کاریش خەستر دەبێت چونکە لەگەڵ ئەوەی تاکەکان لەگەڵ نائەمنی کاردا دەجەنگن، پێکهاتەو چینەکانی کۆمەڵگا تووشی فشاری زیاتر دەبن. پرسەکانی وەك نایەکسانی لە داهات، دەستڕاگەیشتن بە خوێندن بۆ بەدەستهێنانی کارامەیی پێویست بۆ گەڕان و ئومیدی دۆزینەوەی چانسی کار، نائارامی کۆمەڵایەتی دەبێتە بەشێکی دیمەنی کۆمەڵگاکان کە ئەرکێکی جدیتر دەخاتە سەر کۆمەڵناسیی نوێ، ئەرکێك کە ڕەنگە سیستەمەکان نەیانەوێ هیچ بودجەیەکی بۆ تەرخان بکەن.
حکومەتەکان و دامەزراوە پەروەردەییەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیرەکی دەستکرد لەسەر بازاڕی کار. داڕێژەرانی سیاسەت دەبێ ستراتیژییەکان دابڕێژن بۆ دووبارە ڕاهێنانەوە و بەرزکردنەوەی لێهاتوویی هێزی کار، دڵنیابوون لەوەی کە تاکەکان کارامەیی پێویستیان هەیە بۆ لە ئەستۆ گرتنی کاری نوی کە تەواوکەری تەکنەلۆژیاکانی زیرەکی دەستکردن .
لە تێڕوانینی ئەمڕۆی کۆمەڵناسیدا زیرەکی دەستکرد شمشێرێکی دوو سەرە، کە لە یەك کاتدا دەرفەتی بێ وێنە پێشکەش بە چینێک دەکات و کێشەش بۆ چینێکیتر دروست دەکات، بەتایبەتی لە بواری بێکاری جیهانیدا.
سیستەمی قازانج هیچ قەلەقی ئەم پێشبینیانەی کۆمەڵناسیی نوی نیە، ئەمەش ئەرکێکی زیاتر دەخاتە تیئۆری کۆمەڵناسی کە ڕەنگە لە ڕووی ئەکادیمیەوە نامۆ بێت بە سروشتی خۆی، کۆمەڵناسی نەك بە هەڵبژاردەی خۆی بەڵکو وەکو حەتمیەتی ئەم دۆخەی جیهان چاری نیە بە دەستێك داتاو تیئۆر بە دەستەوە دەگرێ بە دەستەکەیتر ڕەخنە لە شێوازی خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی تەکنەلۆژیای نوێ!




” میرنشینی خاک و خۆڵ “.. نووسینی ” نەبەز گۆران “.. خوێندنەوەی: رۆژگار خالید

لەبارەی شێوە ژیانی شاعیر و ڕەچشکێنی دەقی ئەدەبیاتی کۆن و داهێنەری ڕێنووس و دەقی نوێی شیعری کوردی حەزرەتی ناڵی نووسراوە .
بۆیە حەق بەخۆم دەدەم ئەوە بڵێم خوێندەوەی ڕۆمانێکی وا بەڕێنووس و تەکنیک و دەقێکی هێندە بەرز و ووشەی پیرۆزی وەک ” سروشت و چێشتەنگاو و ئێوارە و ڕۆژ و شەو و خەون و خەیاڵ و خۆڵ و ئاو و مەرەکەب و دەستنووس و ناوهێنانی باڵندە و ئاژەڵ و هیلاکبوون و ئیسراحەت و بیرکردنەوە ” وامان لێدەکا هەست بکەین ئەم ڕۆمانە لە سەردەمێک نووسراوە دووربووە لەو شێوە ژیانەی ئێستا تێدا دەژین .
ئەم ڕۆمانە لە دووبەش پێکدێت :

  1. بەشێکی خەیاڵە .
  2. بەشێکیتری لەو واقیعە تاڵە وەرگیراوە کاتێک ناڵی ڕووبەڕووی بۆتەوە .
    بێگومان کاتێک ڕۆمانێکی وا دەنووسرێت .
    دەبێت وا بنووسرێت کە ئەو شێوە ژیانەی ناڵی ژیاوە بەدوای جوانی دەگەڕێت نەوەک ناشیرینی ژیان ، بەدوای خۆشەویستی دەگەڕێت نەوەک ڕق ، فێرمان دەکا لە هەر شوێنێک سەنگ و قورساییمان نەما جێی بهێلین و کەمتر گلەیی بکەین و کەمتر بەدوای قسەکان و ووشەکان بکەوین .
    لە پاڵ ئەوەشدا هەوڵدانە بۆ دروستکردنی ئومێدی نوێ و خەونی نوێ .
    لەهەر شوێنێک ئومێد نەبوو جێی بهێڵە و لەهەر شوێنێک خەون نەبوو پێویست ناکا جەستە ڕاکشێ و ببێ بەتەرم !
    پوختەیەک لەبارەی ئەو ڕۆمانە :.
    پیاوێک لەسەر شێوەی حەزرەتی ناڵی شاعیر یانیش ڕوحی و جەستەی زیندوو دەبێتەوە و گوند و شار و ناوچەکان و مرۆڤەکان بەناچاری جێدەهێڵێت .
    ژیانێکی نوێ هەڵدەبژێرێت دوورە لە ژیانی شارستانی و دونیای مرۆڤەکان .
    کەچی دوای چەندین ساڵ بڕیاردەدا دووبارە بگەڕێتەوە نێو ژیانی مرۆڤەکان ئەو مرۆڤانەی لەسەر هەموو شتێک دوژمنی یەکدین لەسەر ڕق نەبێت !
    کەچی ناڵی بەڕێنووسی نوێ و دەقی نوێی شیعری کوردی و بەمانای نوێ دەگەڕێتەوە ، گوزەرێک دەکا و لەهیچ شوێنێک خۆی ڕاناگرێت .
    ئەمەش وا دەکات بەریەککەوتنی تووش بێت لەگەڵ ئەو کەسانەی دەیانبینی و گفتۆگۆیان لەگەڵ دەکا و شیعری نوێیان بۆ دەخوێنێتەوە !
    ئەو خەڵکەی وادەزانن زمانی کوردی و شیعری کوردی و ئەدەبیاتی کوردی بەهایەکی نییە !
    ئەوەی بەلای منەوە جوان بوو لەپاڵ ناڵی شاعیر ، حەزرەتی سالمیش ووجودی هەیە و دەبێتە پاڵپشتیەکی بەهێز بۆی وا دەکا دوکانەکەی کەشوێنی چاپکردن و نووسین و لەبەرگرتنەوەی بەرگی کتێبە بکاتە پاڵپشتیەکی گەورە بۆ شیعرەکانی ناڵی کە شیعرییەکانی تێدا بخوێنرێتەوە بۆی بنووسێتەوە و پاشان بۆی بڵاوبکاتەوە .
    دوای دروستبوونی جەدەلی نوێ و ئەو شێوە ئاراستەی ناڵی قبووڵ بکرێت و دەقە شیعرەکانی قبووڵ بکرێت یانیش دووبارە وەدەرنرێت تووشی کێشە و گرفت و ناڕەحەتی دەبێتەوە ” چەندە سەیرە ” !
    لە کۆتاییدا شیعری ناڵی چۆک بەدەقی شیعری فارسی و عەرەبی و تورکی دەدا و باس باسی ناڵی و شیعرەکانی دەبێت ئەوانەی دژی ناڵین ستایشی دەکەن ئەوانەی گاڵتە بەزمانی کوردی دەکەن و پێیان وایە زمانی کوردی دەرەقەتی شیعر و دەرەقەتی زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی نایەت سەرسەختانە پشتگیری شیعری نوێ دەکەن و پەشیمانن لەوەی بیروباوەڕیان وابووە .
    کەچی لەکۆتایی ڕۆمانەکە هەستێک بۆ ناڵی دروست دەبێ کەوا کۆچ بکات و بچێتە ووڵاتی غەریبی و هەر لەوێش بمرێت .
    چەند دەقێکی ڕۆمانەکە وەک خۆی دەنووسمەوە :.
    _ مرۆڤ نەتوانێت خەونەکانی بکێڵیت ناتوانێت ئومێدێک دروست بکا !
    _ مەرج نییە لەناو مرۆڤەکاندا بژیت و تەنیا نەبیت !
    _ خاوەنی خەونە گەورەکان غەریبی سەردەمی خۆیانن !
    _ مرۆڤ تارماییەکەی لەخۆی جوانترە !
    _ مەنزڵی من نێو کێوەکانە چونکە بێزاربووم لە خراپەی مرۆڤەکان !
    _ لە مێژووی کۆنی مرۆڤەکان خوێندبوویەوە ئەوەی دەگاتە دەمی مرۆڤەکان نیوەی بەڕاستی دەگەیەنن !
    _ ژیان وەک گۆزە وایە خۆت چۆنی دروست بکەی بەو جۆرە دەردەچێت !
    _ هۆگری هەر شتێک بیت دەبی بە بەشێک لە ژیانت تەنانەت ئەو شتە پارچە قوڕێکیش بێت !
    _ پیرترین مرۆڤی دونیا دەتوانێت هەمان ئەو جوانییە ببینێ گەنجترین مرۆڤی دونیا دەبینێ !
    _ لەناو هەموو جوانییەک ناشیرینیەک هەیە، دەنگێک لە ناخی پێی گوت بەدوای جوانییەک بگەڕێ هەمیشەیی بێت !
    _ وەستان لەشوێنی خۆت مەرگە !
    _ دونیاکە بووە بە دونیای شێوەکان، تەمێک ژیانی شاردۆتەوە !
    _ ئەوەی جوانی پێ بەخشیت گەر تۆزقاڵێک بوو وەریبگرە !
    _ ئەو خۆشەویستانەی لەخەیاڵدا دەمێننەوە هەمیشەیین !
    _ ژن خۆی شیعرە !
    _ کە زمانم هەبێت بۆچی چاوەڕێی تۆ بم قسەم بۆ بکەیت !
    _ ئەوەی خەونی گەورەی هەبێت ژیانی خۆی بیردەچێتەوە !
    _ مرۆڤەکان بە شێوەیان ناناسرێنەوە بە زمانیان دەناسرێنەوە !
    _ مرۆڤی گوماناوی ژیان ژەهراوی دەکا !
    _ ئەم خەڵکە پارچە پارچەت دەکەن و دواتر پێت دەلێن بۆ خۆت کۆناکەیتەوە !
    _ مادام غەریبین بەم نیشتمانە لەهەر شوێنێک بین جیاوازی نییە !



ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌كه‌.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

له‌ هاوكێشه‌ی‮ ‬كارتێكردن و كاردانه‌وه‌دا ره‌نگه‌ هه‌بن له‌ گۆڕانكاری‮ ‬بترسن‮.. ‬له‌ به‌رامبه‌ریشدا هه‌ن به‌ سووننه‌تی‮ ‬ژیانی‮ ‬ده‌بینن‮.‬ ئه‌سڵی‮ ‬مه‌سه‌له‌كه‌ نیشتمانێك هه‌یه‌ له‌سه‌رووی‮ ‬هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌،‮ ‬ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ ڕۆژنامه‌نووسان به‌ سنوور و به‌ربه‌ستێك بدرێته‌ قه‌ڵه‌م ،‮ ‬لێره‌ڕا ناڕه‌وا نییه‌ بپرسین‮:‬ ــ ئایا ئێمه‌ پێویستیمان به‌و هه‌موو كه‌ناڵی میدیایه‌ هه‌یه‌‮..‬ ــ ئایا توانیومانه‌ له‌و نێوه‌نده‌دا ئیزافه‌یه‌ك بكه‌ین‮.‬ ــ یا توانیومانه‌ له‌هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌دا زمانێكی‮ ‬ڕۆژنامه‌نووسی وا ‮ ‬بخه‌ینه‌ كار‮ خۆمانی پێ هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌.‬ ــ ئایا سه‌رچاوه‌ی‮ ‬نووسین له‌ كوێوه‌یه‌ و داخۆ ده‌توانین به‌ده‌ر له‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بڵاوكراوه‌كانمان به‌ وه‌رگێڕان پڕ‮ ‬بكه‌ینه‌وه‌؟ ــ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
یاخود ئایا ڕۆژنامه‌ی‮ ‬ڕۆژانه‌ له‌ناو لێشاوی‮ ‬ئه‌و هه‌موو كه‌ناڵانه‌ی ‌ ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی‮ ‬ناوه‌خۆوه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان و ڕایه‌ڵه‌كانی ئینته‌رنێت و مۆبایل…تاد‮ ‬چ كه‌لێنێك ده‌مێنێ پڕی‮ ‬بكاته‌وه‌؟ ــ لێره‌دا ئایا بۆ ڕۆژنامه‌یه‌كی‮ ‬ڕۆژانه‌ كامیان هه‌واڵه‌كانی‮ ‬ناوخۆ‮ ‬یا هی‮ ‬ده‌ره‌وه‌ گرینگتره‌.؟ ــ ئایا ڕۆژنامه‌ ده‌توانێ وه‌كو پێویست بایه‌خ به‌ ئه‌ده‌ب و ئه‌وه‌ی‮ ‬په‌یوه‌ندی‮ ‬به‌ ژیانی‮ ڕووناكبیرییه‌وه‌ هه‌یه‌ بدا‮.. ‬ئه‌گه‌ر وه‌ڵام به‌‮ (‬نا) ‬بێ ،‮ ‬ئایا پاشكۆ و پاشكۆی‮ ‬تایبه‌ت بڵاوكردنه‌وه‌ ئه‌و هه‌قه‌ ده‌داته‌وه‌؟ ــ باشه‌ ئه‌و ئازادییه‌ی‮ ‬له‌ مێشكماندایه‌ كه‌ هیچ سنوور و ئاسۆیه‌كی‮ ‬نییه‌ ،‮ ‬داخۆ له‌ ڕۆژنامه‌ و ژیانی‮ ‬ڕۆژنامه‌نووسیدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ یا ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ هه‌رچی‮ ‬بڵێین ،‮ ‬هه‌ر چییه‌ك بنووسین‮..‬؟ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
پرسیار له‌وه‌دایه ‌،‮ ‬سووننه‌تی‮ ‬گۆڕانكاریی و شه‌یدایی بۆ قوربانیدان و ماندوو بوون ده‌خوازێ بۆ ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌كه‌ بێ كه‌ نیشتمانێك هه‌یه‌ له‌سه‌رووی‮ ‬هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌‮.‬.. هه‌موو شتێك‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬ ، ئه‌و نیشتمانه‌ی ‌ هه‌میشه‌ به‌ ماندوو بوون و شه‌یدایی هه‌ژارانه‌وه‌ ماوه‌ و ده‌مێنێ ئه‌گه‌ر چی له‌ (ساته‌وه‌خته‌ شاد)ـه‌كاندا له‌بیر ده‌كرێن ..‬‬‬‬‬‬‬‬
مه‌گه‌ر شتێك ، بوونه‌وه‌رێك ، خه‌یاڵ و خه‌ون و ته‌نانه‌ت زینده‌خه‌ونێك له‌ نیشتمان مه‌زنتر ده‌بێ چی بێ به‌ هه‌موو ئه‌و مانایانه‌ی ئه‌و مه‌زنایه‌تیه‌ی بیری لێ ده‌كه‌یه‌وه‌ ….
له‌و نێوانه‌دا هه‌قه‌ ئیتر به‌ وه‌ختی بزانین بیرێك له‌ خۆمان بكه‌ینه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ كوێی
هه‌موو ئه‌و هاوكێشانه‌ین كه‌ ئه‌مڕۆ ته‌واوی دونیایێی پێوه‌ سه‌رقاڵه‌ ، یان ئێمه‌ له‌ هه‌نییه‌مان نووسراوه‌ تا هه‌ین و تا هه‌تایێ وه‌چه‌ دوای وه‌چه‌ هه‌مان خه‌ون ببینین و هه‌مان هیوا به‌ تراویلكه‌ ببینین و بێهووده‌ ….




رێگا.. کورتە چیرۆک: ستیڤان شەمزینی

وێستگەی پاسەکە جمەی دێت، نیوەڕۆیەکی گەرم و شێدارە، ھێندەی نەماوە خۆر باوەش بە زەویدا بکات، شەقامە قیرتاوە پڕ چاڵەکەش قرچەقرچی دێت وەک ھەناوی دایکێکی جەرگسووتاو. سەرنشینە دابەزیوەکان سەر لە بڕیاری شۆفێری پاسەکە دەرناکەن، بۆچی ھەموویان دابەزاند و خۆی بەرەو دواوە گەڕایەوە؟!، ئەمە روون نەبوو بۆ ھیچ یەکێک لەوانەی لە پاسەکە دابەزیبوون. ھەموو سەرنشینەکان لە چاوەڕوانیی ھاتنی پاسێکی تردا بوون، زۆربەی سەرنشینەکان سکیان لە برسا قۆڕەی دەھات و گەرماکەش ھێندەی تر تینوو و شەکەتی کردبوون. زیاتر لە کاتژمێرێک تێپەڕی و ھەتاو ھەمووانی سوور کردەوە، ھیچ پاسێک دیار نەبوو، تەنانەت شەقامەکە ھیچ ئۆتۆمبیلێکی تری پێدا تێنەدەپەڕی!. کپییەکی سامناک باڵی بەسەر وێستگەکەدا کێشا بوو، جار جار یەکێک لە سەرنشینەکان بۆڵەیەکی لێوە دەھات و شوێنەکەی جێدەھێشت، ئیتر بە پێ دەکەوتە رۆشتن. یاغر یاغر وێستگەکە چۆڵ بوو، بە تەنیا ئەو سێ ھاوڕێ مێرمنداڵە مانەوە، بە دزیی کەسوکارەوە بڕیاریاندا بوو، سەفەر بکەن بۆ جوگرافیایەکی تر.
کاتێک لە نێو پاسەکەدا بوون، مێرمنداڵی یەکەم کە تۆزێک باڵای لەوانیتر بەرزتر بوو، بە دەم فیکەلێدان و ھەستێکی تێکەڵاو لە ترس و شادیی، دەتریقایەوە دەیگووت ھەر گەیشتینە ئەوێ، وا و وا دەکەین. مێرمنداڵی دووەم چاوەکانی وەک ئەستێرەی شەوێکی تاریک دەدرەوشانەوە، کەمێکیش گۆشتن و خەپەتۆڵە بوو، سەری رادەوەشاند و بە دەنگێکی بەرز دەیگووت بێگومان، ھەر دەبێت دوا ئاواتمان لەسەر ئەو جوگرافیایە بێتە دی. مێرمنداڵی سێیەم بە درێژایی رێگای ناو پاسەکە، سەری نابوو بە پەنجەرەکەی تەنیشتییەوە، وا دەبینرا دوودڵ و پەشیمان بێت، لە دنیای دەرەوەی دەڕوانی، وەک ئەوەی بڵێت نامەوێت ئێرە بە ھیچ جێگەیەکی گریمانەکراو بگۆڕمەوە. بە بێدەنگی و بە دەم ھەناسەی قووڵەوە لە ئەشکەوتی داڵغەدا نغرۆ ببوو، دوو مێرمنداڵەکەی تر بە لاچاو و گاڵتەپێکردنەوە لێیان دەڕوانی، مێرمنداڵی یەکەم پێی گووت ئەگەر بڕیاری تەواوەتیت نەداوە، ئێستا بگەڕێیتەوە لە سزای ماڵەوە قووتار دەبیت!. مێردمنداڵی دووەم قسەکە لە دەمی ئەویان وەردەگرێتەوە و لە مێشێک دەڕوانێت لەسەر کوشنەکە و دەڵێت: ئەگەر لە خۆت رانابینی پێویستی نەدەکرد تا ئێرەش بێیت، پێموایە زۆریش ھاتوویت. مێرمنداڵی سێیەم بێ ئەوەی متەق بکات، وەک ئەوەی گوێی لە ھیچ نەبووبێت، بەردەوامە لەسەر بێدەنگی و خەیاڵکردنی خۆی.
ئێستا بە تەنیا ئەوان لە وێستگەکەدا ماونەتەوە، مێرمنداڵی یەکەم و سێیەم بڕیار دەدەن، بگەڕێنەوە بۆ وێستگەی پێشوو، ھەرچی مێرمنداڵی دووەمە سوورە لەسەر مانەوە لە وێستگەکەدا، دوای مشتومڕێکی زۆری نێوانیان، دوو مێرمنداڵەکەی تر، مێرمنداڵی دووەم جێدەھێڵن، ئەویش بە دەم جوینی بنێشتی سەھمەوە چاوەڕوانی پاسێکی تر دەکات. مێرمنداڵی یەکەم و سێیەم پێکەوە دەکەونە رێ، ھەنگاوەکانیان خێراتر دەکەن پێش ئەوەی فێنکایی عەسر دابێت و جموجۆڵی خەڵکی شار دەستپێبکاتەوە، ئەویش نەکا کەسوکاریان بە ماڵ جێھشتنیان بزانن. گیانیان شەڵاڵی ئارەقاو دەبێت، گۆرەوییەکانیان لەناو پێڵاوەکانیاندا دەڵێی کەوتووەتە چۆمێکەوە. رێگەکە تا دێت خۆی درێژ دەکاتەوە، بە چەشنێک حەوسەڵەیان لەبەر دەبڕێت، بنی پێیان تلۆقە دەکات، بە حاڵەحاڵ دەتوانن بگەنەوە بە وێستگەی پێشتر، کاتێک دەگەن بیابانێکی کشومات دەبینن، سەریان سووڕ دەمێنێت چۆنە ھیچ گەشتیارێک لێرە چاوەڕێ نییە! مێرمنداڵی یەکەم ھاوار دەکات، ئای خودایە ئەوە چییە دەڵێی ئەمە شارە جنۆکەیە و بیسملایان لێ کراوە. ئەویتر بە ھەمان شێوازی خۆی کڕە، ورتەی لێوە نایەت، تەنیا چاو دەگێڕێت. مێرمنداڵی یەکەم دەچێتە بەردەمی و بە قۆشمەچێتییەکەی خۆی پێی دەڵێت: بڕۆ بۆ ماڵەوە میکانۆکانت بھێنە، ئێرە ھیچ دوکانێکی لێ نییە.
لە ناکاو ھەردووکیان چاویان دەچەقێت بە کاغەزێکی چرچی سەر دیوارێک کە بە خەتێکی ناخۆش و درشت، ئاگادارینامەیەکی لەسەر نووسراوە: (چیتر ھیچ پاس و ئۆتۆمبیلێک لێرەوە تێناپەڕێت). بۆ یەکەمجار مێرمنداڵی سێیەم قسە دەکات و دەڵێت: ئەمە مەحاڵە، بەڵام ھەر دەمەوێت بگەمە ئەو شوێنەی ئاواتەکانم پێوە گرێداوە. مێرمنداڵی دووەم بە واق وڕماویی و دەنگێکی کزۆڵەی لێ دەردەچێت (دەبوو پاسێک بھاتبایە و لە وێستگەی دواتر بە ھاوڕێکەمان بگەیشتیانەتەوە). چەند خولەکێک بێدەنگی باڵ بەسەریاندا دەکێشێت، پێشھاتە چاوەڕواننەکراوەکە ھەردووکیان یەکسان کرد لە بێ زمانیدا. (دەبێت بەردەوام بین لە رۆشتن، ئامانجەکەمان گرنگترە لە ھەر شتێکی تر). مێرمنداڵی سێیەم ئەمەی گووت و ھەستایە سەر پێ، مێرمنداڵی یەکەمی لە زمان کەوتوو ھیچی نەگووت. تەنیا فرمێسک بە چاویدا ھاتە خوارەوە!. (ئەم فرمێسکە چییە؟ ئەمە یەکەم وێستگەی گەشتەکەیە، ئەی چۆن بەرگەی وێستگەکانی تر دەگریت؟). مێرمنداڵی سێیەم بێ ئەوەی رووبکاتە ھاوڕێیەکی ئەمەی گووت. ئەویتریان دەستەکانی دەلەرزین و بەردەوام فرمێسکەکانی وەک ئاوی کانی ھەڵدەەقووڵان. (من دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە!). مێرمنداڵی دووەم وای گووت و لەگەڵیدا قەیتانی پێڵاوەکانی شل کردەوە و بە ئاڕاستەی ماڵەوە کەوتە ھەنگاونان. مێرمنداڵی سێیەم چووە بەردەمی و پێی گووت: (ھاوڕێی نیوەی رێگە مەبە). ھاوڕێکەی ھەستی بە شەرم و دڵشکان کرد، دەستی خستە سەر شانی و گووتی: (ئەوەی بە بێدەنگی رێگە دەبڕێت، لەوە باشتر دەگاتە جێ کە ھاتوھاوار دەکات), ئەم قسانە لە وتەی مێرمنداڵێک زیاتر بوون، وەک دەگووترێت رستە جوانەکان لە ھەلومەرجە جوانەکاندا لە دایک نابن، رەنگە ئەمەش بەشێک بێت لەو راستییە. مێرمنداڵی یەکەم و سێیەم بە دوو ئاڕاستەی پێچەوانە یەکتریان جێھێشت.
کەس نازانێت مێرمنداڵی سێیەم بە چ رێگەیەکی دژوار یان ئاسان، بە تەنیا خۆی گەیاندە ئەو جێگەیەی بڕیار بوو بە سێقۆڵی پێی بگەن. ھەندێک دەڵێن بە دوو ساڵ و بە قوورسترین شێوە گەیشتووە، ھەندێک دەڵێن ھیچ کات نەگەیشتووە، بەشێکی تر دەڵێن بە چەقەنەیەک گەیشتووە. ئەمە ئەو حکایاتەن لە دوای مێرمنداڵی سێیەمەوە دەماودەم دەگێڕدرێنەوە. دوو دەیە و نیو ئەم ئەفسانە و مەتەڵە ھەڵنەھاتووە جێگەی باسی دۆست و ئاشنایان بوو، سروشتی خەڵکیش وایە حەزیان بە حکایەت دروستکردنە. دیارنەمانەکە زۆری خایاند و چیرۆکەکەش کۆن بوو، لەو دەمەی خەریکبوو ھەموو شتێک لە بیر دەچووەوە، پیاوێکی کەڵەگەتی چاوڕەشی ئەسمەر، لە شارەکەدا سەر دەردەھێنێت. کەس نازانێت کێیە و لە کوێ ھاتووە، بە چ مەبەستێک ھاتووە یان نێردراوە؟. (ئەم دووکەڵە ئاگرەکەی دیار نییە، نەک ئاگرێکی بێ دووکەڵ بێت). ئەمە تێڕوانینی ئەو رۆژنامەنووسە بوو لە بارەیەوە، سەروسەکوتی لە دەغیلە دەچوو. زۆرێک دەڵێن سیخوڕێکی مەترسیدارە، بەو ھۆیەی لەگەڵ گەیشتنی بە ئێرە بە لێکۆڵەرەوەی پۆلیسی نشینگەی گووتبوو: (ئێوە وشەکان دەخوێننەوە، من پشتی وشەکان). بەشێکی تر دەڵێن سەرمایەدارێکی نیمچە شێتە، چوونکە لەم رۆژانەدا لە بەردەم یەکێک لە قاوەخانەکەدا گووتبووی: (پێم دەڵێن تۆ بوونەوەرێکی سەیر و سەمەرەیت، راستییەکەش ئەوەیە دەبێت سەیر بم). زۆرێکی دیکەش دەڵێن کابرایەکی فشەکەری قەشمەرە.
مێژوویەک تێپەڕیوە، مێرمنداڵی سێیەم، ئێستا پیاوێکی تێکسمڕاوە و لاجەنگەکانیشی سپی بوون، ھیچ کات ئەو دوو ھاوڕێیەی تری لە بیر نەکردووە، بەڵام ھیچ کاتیش ئاگای لە ھەواڵیان نەبووە و خۆیشی نەیویستووە ھەیبێت. لە وەرزی پشکوتن و رۆژێکی فێنکدا کە دموزی تێیدا دەچێتە ژوانی ئینەننا، بڕیار دەدات ھاوڕێکانی بدۆزێتەوە. کەس نازانێت چۆن و بە کوێدا ھاتەوە و لە کوێش دەمێنێتەوە؟. نھۆ مێرمنداڵی سێیەم، نووسەرێکی بەناوبانگە، گەرەکیەتی ئەو بەسەرھاتەی خۆی بکاتە رۆمان. سەرەتا دەیەوێت بڕوات بۆ ئەو وێستگەیەی ھاوڕێی دووەمی تێدا جێھێشت، ھەرچی کۆشا نەیتوانی وێستگەکە بدۆزێتەوە، ھیچ شتێک لە پێشوو نەدەچوو، تەلاری بەرز، ھوتێلی چوار ئەستێرە، نێرگەلەخانە و قاوەخانە، چەند دوکانێکی لوکس و مۆڵێکی گەورە و پارکێکی بچووک لەو دەوروبەرە دروستکرابوون، ھیچ کات ناتوانێت شوێنەواری شەقامەکە بدۆزێتەوە، ناچارە پرسیار بکات، لە ھەرچ کەسێک دەپرسێت، بە گوومان و سەرسووڕمانەوە وەک شوێنەوارناسێکی تازە شێتبوو لێی دەڕوانن و وەڵامێکی چنگ ناکەوێت، چوونکە زۆربەیان تازە لاون. لە یەکێک لە کافتریاکاندا دادەنیشێت و بەدەم خواردنەوەی کافێ لاتەیەکەوە ماندووێتی دەحەسێتەوە، پێش ئەوەی بچێتە تەوالێتەکە، کتوپڕ چاوی دەچێتە سەر چەند تابلۆیەکی تێکەڵاوی کۆن و نوێ کە بە قەد دیوارەکەوە ھەڵواسراون، ھەر یەکەیان لە رێگەی وێنەیەکی کۆن و نوێوە چیرۆکی ئەم شوێنە دەگێڕننەوە، ئەمە تاکە دەرفەت بوو بتوانێت وێستگەکە بدۆزێتەوە، بە خێرایی بۆ لای تابلۆکان کشا و سێیەم تابلۆ وێستگەکەی بەدیکرد لە ژێرەوشیدا وێنە تازەکەی بینی کە کراوە بە پارکێکی مامناوەند. بە زوویی خۆی کۆکردەوە بەرەو دەرەوە چوو، تەنانەت بیری چوو پارەی قاوەکە بدات. بەدەم ھەنگاوەکانییەوە بیری لەوە دەکردەوە تۆ بڵێی چ گوڵێک ببینیت لە شوێن پێی خۆی و ھاوڕێکانیدا، سەرنجی زۆی ناو پارکەکەی دا، ھەموو شتێک ئاسایی بوو، جگە لە دیمەنی ئەو پیاوە ریش ھاتووە مەستەی رەنگی ریشی رەساسی بوو کە ھەر ھاتوچۆی دەکرد و ھەمیشە سەیری لای سەرەوەی پارکەکەی دەکرد، وەک ئەوەی چاوەڕێی کەسێک بێت، وردە وردە لێی نزیک کەوتەوە، لە سیمایدا نەدەکرا بە ھیچ کەسێک لەوانە بچێت بە درێژایی تەمەن ناسیبوونی، شتێک بەرەو دێوانەکە پاڵی پێوە دەنێت، بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت دەگاتە بەردەم دێوانەکە، کەمێک چاو دەبڕنە یەکتر و دێوانەکە بە دەنگێکی ناسکی منداڵانە داوای سیگارێکی لێ دەکات بە مەرجێک چەرخی پێ بێت، ئەمیش بە خۆشحاڵییەوە سیگارێکی پێشکەش دەکات و چەرخەکەی بۆ رادەگرێت دایبگرسینێت. موچڕکێکی سارد سەرتاپای لەشی دادەپۆشێت، وەختێک چاوی دەکەوێتە سەر پەنجە زیادەکەی، نایەوێت بڕوا بە چاوەکانی بکات و خێرا پارکەکە جێدەھێڵێت.
دەگاتەوە شوێنی حەوانەوەکەی، وەک بروسکە خۆی دەکات بە ژووری ھوتێلەکەیدا، خۆی دەخزێنێتە ژێر چەرچەف و دواتر لە پەنجەرەی ژووری سێ سەد و سێی نھۆمی سێیەمەوە سەیری دەرەوە دەکات، کێچ کەوتووەتە کەوڵی و دەچێتە باڵکۆنەکە و سیگار بە سیگار دادەگیرسێنێت، ئەم دڵگەرمیی و بێزارییە ھەمووی نیو رۆژ دەخایەنێت. پاش ئەوە دەستدەکات بە نووسینی لاپەڕەیەکی نوێی رۆمانەکە، یەکەم دێڕی ئەمڕۆ دەنووسێت: (لە کولتووری ئێمەدا سپی رەنگێکی پۆزەتیڤ بووە یەک جار نەبێت کە لە پەندێکی پێشیناناندا بەرجەستە بووە: دەست و پێ سپی). تێناگات باسی خۆی دەکات یان چی؟ ئەم دێڕە رەش دەکاتەوە. بیرەیەکی سارد لە ساردکەرەوە دەردەھێنێت و دوو قوومی لەسەر یەکی لێدەدات و ئەمجارە بیچمی ناشرینی، دادوەرێکی بیر دەکەوێتەوە، رۆژی پێشوو لە گەراجی ئۆتۆمبیلەکاندا دەستی لە ھاوسەرەکەی بەرز کردبووە و جنێوی پێ دابوو، ئەمیش پێی گوتبوو: (ئاژەڵەکان تۆیان بینیبوو بۆیە پاشگەزبوونەوە لەوەی ببنە خاوەن زمان). دەیەوێت پانتاییەک بۆ ئەم قسەیەی بکاتەوە لەو رۆمانەی مژۆڵی نووسینییەتی. زۆر ناخایەنێت خەیاڵی دەڕواتە بۆ لای دێوانە شەش پەنجەکە، (نا، نا، ناکرێت ئەو بێت) ئەمەی گووت و بینی نا بە شووشە بیرەکەوە چۆڕبڕی کرد. ھەوڵیدەدا بڕوا بە خۆی بھێنێت ھەرگیز نەیبینیوە، ھەرچی دەکرد، نەدەکرا نکۆڵی لە بینینی خۆی بکات، جارێکی تر ویستی رووبەڕووی ئەوە بێتەوە چاوەکانی بینیوویان، لاپەڕەیەکی تازەی ھێنایە بەردەستی و لەسەری نووسی: (چاوم ھیچ نابینێت، واتە زۆر بە زەقی راستییەکان دەبینم، بەڵام فەرامۆشیان دەکەم وەک ئەوەی نەیانبینم). بەدەم نووسینی ئەم دێڕە پرخەی بەرزبووەوە.
ساتێک بێدار دەبێتەوە، تاریکی و کپیی شەوەکەی لە ئامێز گرتووە، سەیری کاتژمێرەکەی دەستی دەکات یانزە و سی و سێ خولەکە، ھەست بە سەرئێشە و ئازارێک دەکات لە ئەژنۆکانیدا. دووبارە دەگەڕێتەوە لای نوستالژیاکانی و خولیای دۆزینەوەی ھاوڕێی یەکەم تەواو مێشکی دادەپۆشێت. وەک پێشتر لە دەفتەری تێبینییەکانیدا ھێمای بۆ کردبوو ئامانجی بینینەوەی دواین جێگەی بیرەوەرییەکانێتی نەک دۆزینەوەی ھاوڕێکانی، ھەر لە ناو ئەو دەفتەرە بچووکەدا نووسیبووی: (گەمژەکان زوو یەکتر دەدۆزنەوە، بەڵام ئاوەزمەندەکان نا). لە لاپەڕەیەکی پاشتردا ئەم دوو دێڕەی بە خەتێکی تۆخ یادداشت کردبوو (مەرج نییە پەشیمانی سەر بە رابردوو بێت، ھەندێک پەشیمانی ھەیە سەر بە داھاتووە، بیرۆکەیەکت ھەیە و دەتەوێت بیخەیتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام پێش ئەوەی پراکتیکی بکەیت بە ھەر ھۆکارێک بێت لێی پەشیمان دەبیتەوە). بەدەم بیرکردنەوە لە رابردوو وەنەوزی دێت و جارێکی تر خەو دەچێتەوە چاوەکانی. لەگەڵ یەکەم کارگوزاری ھوتێلەکەدا بە خەبەر ھات، دوای دوش و دەم و ددان شتن، رۆیشت بۆ بەرچایی خواردنی بەیانیان، کەرتێک سەموونی بۆر و پارچەیەک پەنیر و چەند بۆڵە ترێیەکی خستە سەر قاپەکەی، لە کەنارێکەوە دانیشت، لە ناکاو کۆمەڵێک پیاوی قات لەبەری ورگن خۆیان کرد بە ژووردا، سەری سوڕما لەوەی نانی بەیانی و قاتی فەرمی؟ وەک بڵێی لە پرێس کۆنفرانسدا بن!. ئەمە بیرۆکەیەکی تری پێ بەخشی و دێڕێکی تری دەستکەوت بۆ رۆمانەکەی: (ژیان وای لێھاتووە کەس بە ھیچ جوان نابێت، کەسیش بە ھیچ ناشرین نابێت، ئەوەی پێوەرە تەنیا سامانە).
دوای خواردنی نانی بەیانی، عەوداڵبوون بۆ دۆزینەوەی ھاوڕێی یەکەمی مەست و شەیدای کردبوو، ئارەزوویەکی سەیر پاڵی پێوە دەنا وەک ئەو ئارەزووەی ئارکۆلۆژیستەکان بۆ گەڕان بەدووی شوێنەوارە دێرینەکان ھەیە، بەرەو گەراجی ئۆتۆمبیل راگرتن کەوتە ڕێ، ئەم رێگەیە وەک چاوەڕوانیی پاسەکە درێژ بووەوە. یەکەم سلفی لە ماشێنەکەیدا، دۆزینەوەی ھاوڕێی یەکەمی بەھۆی ناوی گەڕەکەکەیانەوە قورس نەبوو، ئەرکە زەحمەتەکە بەرگەگرتنی بینینی بوو. بەدەم شۆفێرییەکردنەوە چەندان سیناریۆی بۆ ئێستای ھاوڕێکەی لە خەیاڵیدا داڕشت، لە خراپترین ئەگەرەوە بۆ باشترین ئەگەری لەبەرچاو گرت. بەدەم خەیاڵاتەوە گەیشتە گەڕەکەکە، بەڵام جگە لە ئاپارتمانی بەرز و ھەوربڕ ھیچی تری نەبینی، بە نائومێدیی بە ناو باڵەخانەکاندا پێچ و دەورانی دەکرد، لە پڕێکدا ماڵێکی کۆنی ئەو سەردەمەی خۆی ھاتە پێش چاوی، سەرەتا واتێگەیشت چاوی رەشکەوپێشکە دەکات، دواتر دڵنیابووەوە ئەوەی بینیوویەتی راستییە. لەبەردەم ماڵەکەدا دارتوویەکی زڕ ھەبوو، یەکڕاست خەریکبوو لە ھۆش خۆی بچێت، ئەو دیمەنەی بیر ھاتەوە وەک مەیمونێک چۆن بەم دارەدا ھەڵقوون و داقوونی بوو. ئۆتۆمبیلەکەی راگرت. کوڕێکی گەنج لەبەردەم ماڵەکەدا وەستابوو، لە بیستەکانی تەمەنیدا بوو، (ناکرێت ئەمە خۆی بێت)، وا دیار بوو کوڕەکە چاوەڕوانی شتێک بکات، بە خێرایی خۆی پێگەیاند و پرسیاری ماڵی ھاوڕێی یەکەمی کرد و گووتی: من بە دوای ماڵی فلان کەسدا دەگەڕێم، چاوەکانی ھەر یەک لە رەنگێک بوون، یەکێکیان کەسک و ئەویتریان شین و کاتی خۆی… کوڕەکە قسەکەی پێ دەبڕێت و دەڵێت: بەڵێ ئەوە ماڵی ئەوە و من کوڕە گەورەکەی ئەوم. ئەوە باوکمە لە ھەیوانەکەوە نەخشە بۆ سەفەرێکی دێرین دادەنێت کە تا ئێستا سەری نەگرتووە، مێرمنداڵی سێیەم لە شوێنی خۆی سڕ دەبێت، سەیرێکی ھەیوانەکە دەکات پیرەمێردێکی ردێن سپی دەبینێت، ئاوڕ بۆ کوڕەکە دەداتەوە، دەبینێت خۆی ھەڵداوەتە ناو پاسێکەوە!، کاتێک پاسەکە بە لایدا تێدەپەڕێت دەبینێت، سێ مێرمنداڵ لە کوشنی دواوە دانیشتوون، یەکێکیان سەری بە پەنجەرەکەوە نووساندووە.

سوێد- ڤێسترۆس
بەھاری ٢٠١٥

تێبینی: ئەم چیرۆکە لە ژمارە (٣١٥)ی گۆڤاری (رامان) لە رۆژی ٥-١-٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە




گەڕانەوە.. شیعری کەنعان مدحەت

پێم، لە پەرژینی ئاشنای خاك
گیر دەبێت و
چاوم..
مەستی دیمەنی كاڵی نیشتمان.

لووتم، گوڵی بۆن و بەرامەی داك.. دەگرێ
هەمو شانەكانی لەشم
كازیوەی ڕاچڵەكان دەژین.
ئاو و هەوا و
گڕە و قرچەی گەرمیانی خۆ دەناسنەوە..

خوێنم، بە قەد باوەشاسوار.. بالاَ دەكات
بالاَ دەكەم،
لەگەڵ هەر گەزە هەنگاوێكی نزیكبوونەوەم
بالاَ..
بالاَ..
كوانێ دۆست و
هاوڕێ و
دەزگیرانەكانم؟
ئەمە كوردستانی لە شەهید شەهیدتری هەوڵەكانمانە؟
چاوی سەوز و
قژی زەردی،
ڕێڕەو و ڕێژنەی كۆتە پچڕاوەكانم ؟

پێم لە پەرژینی ئاشنای خاك
گیر دەبێت و
شاری كفریم،
بە ڕوواڵەتی سەرەتا سەدەكانی شارستانیەتی
پێشوازیم نوێ دەكاتەوە
ئەم وێرانخانەیە،
یادەكانمم.. چۆن پێ بناسێنێتەوە
جارێكی دی،
بەرماڵی جادە و كۆلاَنەكانیم
لە ژێر پێدا ڕابخات و
نوێژەكانم بسەنگێنێ ؟؟
ئەمە منی خشتی خەواڵووی ئەم كەلاوەیەم
تەمەڵ و ئەستوونی بوونم ناناسمەوە ؟؟
ئەمە ئەو شارە ماگنێتییەیە
خەو و خەون و كڵۆڵیی.. داڕشتووم و
لێی نابمەوە؟؟

لەدوورەوە
گەلێ.. گەلێ.. دوورەوە دێم
هەرچیم پێیە ڕووە و گەرمیان
تەكانە شپرزەكانم گورجتر دەكەنەوە
یادگارییەكانم.. میراتی هەمیشەیی
پاشەڕۆژی نزیكی شاری بەرگرم
وەكوو تەپڵەگێكی سەرمێزی هۆلاكۆ دێتە بەرچاوم
كۆی تفی هەڵدراویشم
چی هەر ڕووی خۆ دەگرێتەوە،
كەوشەكانتان بە دەست بگرن
لەیل و،
كۆرپەكانتان.. بە كۆڵ
دەستەو ئەژنۆ
لە چاوەڕوانیی هەڵچوونی بەردەوامدا
ئامادەگیی ڕەوی سەرەو لێژی ئەمجارە بن .
دوورگەڵەكان.. تەخت و تاراجی پاشە ڕۆژن.
سەردارە ولاَتییەكانی دەرەوەشمان
لە ئەرشیفی پەنابەرە بێژمارەكان
چەند پیتێكی خۆڵەمێشیی،
بێدەرپێ..
دەگیرسێنەوە.

لە دوورەوە،
گەلێ.. گەلێ.. دوورەوە دێم
هێڵ و ڕێچكەی گەڕانەوەم
حەسرەتڕێژ و
خۆزگەم.. دەمكوتی دەستكورتی و
لە بارچوونی تواناتانە..

پێم،
لە پەرژینی ئاشنای خاك،
گیر دەبێت و
شاری كفریم
لە توێی شڕە شەڕواڵیكی
ئێجگار هەرزاندا دەبینم،
قەچاخ سیما و
بۆچوون.. ئەڵقەی پەنجەی سك و
خوو و ڕەوشت.. وەكو شتە بێنرخەكانی
عەتارەكانی سەر شۆستە..
ئەی شارۆچكە خنجیلانە پێكهاتووەكەم
لە سادەیی سادە و دەدە
عەجەم،
ئیمام مەحەمەد و
ئەوبەری و
تاجی سەركەشی باوەشاسوارەكەم.
هێڵ و ڕێچگەی گەڕانەوەم
حەسرەتڕێژ و
خۆزگەم.. دەمكوتی دەسكورتی و
لەبارچوونی تواناتانە.
خواستەكانتان.. باری دیدەم.
برسێتیتان..
نیگەرانیی هەمیشەیی و
كوێراییم.. دیاریی سەفەری ئەمجارەمە.

                   5_14/7/2000   كوردستان



جەژنیش دوورتر.. شیعری نەوزاد بەندی

لە جەژنیش دوورتر ، ئازیزم …
خۆت ئەزانی ،
سەرۆک ، هۆکارەکانی مردنی
لە هەموو شوێنێ داناوە ..
گەنجێک بە دەست برسێتییەوە ڕایئەکێشن …ماسولکەکانی بەهێزن ،
کەڵبەی مردن باش نایبڕێ ..
لە سەد لا خوێنی لێ ئەتکێ ..
زۆر جار ئەچین بۆ نیسکافە ،
لەو سەر لە ئەمبوڵانسێکاین ،
مەرگ لێی ئەخوڕێ ..
خەریکن دوو خێمەی گەورە ،
ئەچەقێنن ،
یەکێ بۆ نێر .. یەکێ بۆ مێ
یەکێ، مەلا نیعمەتوڵا بە ژنانا چاو ئەگێڕێ ..و
یەکێکیان مەلا نەسڕەدین ، مۆڕە لە پیاوەکان ئەکا ..
زۆر جار ئەچین بۆ دۆندرمە ..
لەجەژنیش دوورتر ئەزیزم ..
ئەم هێلانەیەی من و تۆ ،
دروست نەکرا و .. دروست ناکرێ …
به بارانێکا هەواڵم بۆ ناردیت و
شیعرێکی دوور و درێژت ،
بە شەرمەزاریی ناردەوە ..
پیاڵەیەک چات بۆ تێ نەکرد ..
گوڵەباخی حەوشەیەکی مامۆستایەکی ناڕازی ،
لە دەرگای دا ،
بۆ لە سەرت نەکردەوە ؟
ئەوپەڕی جامێکی فافۆن ،
ئاوی ئەخواردەوە و ئەڕۆیشت ..
لە جەژن دوورتر ئازیزم ..
سەرۆک هەموو ڕێکارەکانی برسێتیی ،
دابین کردووە بۆ هاووڵاتیی..
هەموو پێداویستیەکانی گرانیی .. قاتیی ..
سواڵ و لاتیی ..
بە قات و بۆینباخی شین ..
ئەم چیرۆکە ناتەواوەی
تۆ بە گاڵتە و ..
من بە تووڕەیی ئەینووسین ،
قەت ئامادە نابێ بۆ چاپ ..
ئەرێ بۆچی نەیسووتێنین ؟
چاوەڕێی هیچ له ژیان ناکەم ،
سەد جاریش ئەگەر دەست ببا ،
بۆ گیرفانی …
تۆ چاوەڕێی زۆر شت ئەکەی ،
بۆچی ئەوەندە نەزانی ؟
توێژاڵێ خەیاڵم ماوە ،
ئەوەیش بڕوا ،
ژیان وەک گۆرەوییەکی کۆن ،
ناتوانم لە سەری بڕۆم ..
گەشتێ ئەوەندەی ئەهێنا ،
هەرچیت هەیە ،
بیخەیتە ناو تەنەکەی خۆڵ ..؟
دوایی چۆن دەریانئەهێنی ؟
بە چی پاکیان ئەکەیتەوە ؟
تا دوای جەژنیش ،
تەنەکەی خۆڵ باشتر ، ئازیز ..
نە حەمامی جەژن ،
قەت توانیوێتی خاشاکێ پاککاتەوە ..
نە سەدەقە و
زەکاتی دەوڵەمەندە خواناسەکان ،
توانیویانە جلی جەژن
بۆ تەنەکەی خۆڵێ بکڕن ..
تۆ بە تەمایت بە چی من هەڵخەڵەتێنی ؟
من دواییم بە خۆم هێناوە ،
بۆ کۆتاییم پێ ناهێنی ؟
من بە کاری تۆ دێم ؟ چی ؟
ئەو بینا پڕ تاریکییە ،
ناڕوخێنی !
کە لەو سەریش ،
ئەمسەرم هەر لەبەرچاوە ..
زەوی کە پارچە بەردێکە ،
سەرە خولێم تیا ئەڕوێنێ ..
ئەوەی کە تۆ لەلات وایە ،
شتی جوانی حەشار داوە ..
ئەمڕۆیشت ڕۆی وەکو دوێنێ ..
چاوت داخە ..
دوای چێژ و جوانی بکەوە ..
کە هاتیتەوە ،نەماوم من لەو ناوە ..
لە جەژنیش دوورتر ئەزیزم ،
با دنیا بۆ تۆ پێبکەنێ ..
با من بکا بەکەلاوە ..




ئــەو پـــیــاوە.. شیعری محەمەد بەرزی

ئەگەر لە ناو بەهەشتا
پیاوێک لەبەرتان هەستا

یەکەم کەس بوو بە کوردی
بەخێرهاتنی کردی

بە خەندە و خۆشی خۆشی
تێر تۆی گرتە باوەشی

هەر زوو ئەوە بزانە
ئەو پیاوە باوکی منە

لە وێش هەر وەکو ئێرە
خەریکی کاری خێرە

تۆش بە خۆشی پێی بڵێ
زۆر باشین خەمی نەبێ

تێبینی : بیرۆکەی هۆنراوەی ( ئەو پیاوە ) ، لە هۆنراوەیەکی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە و بەرگێکی کوردیم بە بەردا کردووە . نیشانەشە لە وڵاتە زۆر پێشکەوتووەکانیشدا ، بێ ترس و تۆقاندن باسی بەهەشت و دۆزەخ بۆ منداڵەکانیان دەکەن و نووسەرانیش لەمجۆرە بابەتانەیان بۆ دەنووسن .




باڵاپۆشیت یان نا، بەمن چی!.. شەماڵ بارەوانی

گەرچی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان من تەنها لە فەیسبووک چاڵاکم و ئەوانەی تر زۆر کەم بەکاردێنم. بەڵام وەک نووسەرێک ڕۆژانە گەر بەخێرایش بێت، ناچارم گوزەرێک بە ماڵی تیک تۆک، سناپچات و ئەنیستاگرامیش دا بکەم. تا بزانم لەم هەوارانەش چیدەگوزەرێت و ئەو کوردە داماوە خەریکی چییە. تا بێم و لەسەری بنووسم و پەنجە بخەمە سەربرینەکان و دەرد و نەخۆشییەکانی کۆمەڵی کوردی و تاکی کورد دیاری بکەم.

 ڕۆژانە شتی وا سەریر و کۆمێدی و گاڵتەجاڕ دەبینم، لە یەککاتدا دەمەوێ بدەمە قاقای پێکەنین و پڕمەی گریان.

لەخۆم دەپرسم: هەربەڕاستی باشە بۆچی ئەو خەڵکە وای بەسەرهاتووە و خۆی دەکات بە گاڵتەجاڕ و مەززە و بەزم؟!

دەنگێک لە ناخەوە پێم دەڵێت: ئێ هاوڕێ نەتبیستووە کە سەردەمی پڕوپووچییە و سۆشیال میدیا پووچترین مرۆڤت بۆ دەکات بە ئەفسانە و ئایکۆن؟

نازانی کە سەردەم سەردەمی نمایش و ساختەچیانە؟

خانمێک کە پێشووتر گۆرانیبێژبوو، لەو یەک دووڕۆژە یەک دوو دەرکەوتنیم بینی لە سۆشیال میدیا. ئەو خانمە کە کوشتەی دەستی ناوبانگ و خۆدەرخستنە. کاتی گۆرانبێژیش هەروابوو و هێندەی هەوڵی دەدا، هەر بۆ نە دەکرا و نەدەناسرا.

هەڵبەتە نووسینەکەم بە تەنها ڕووی لەو خاتوونەنمایشکارە نییە، بەڵکو گشتییە و ئەو خاتوونە مشتێکە لە خەروارێک.

 بە دڵنیاییەوە ئەو خاتوونەش کە ئێستا خەریکی نماییشە و دەیەوێت جوێندەر و مێگەڵی سۆشیال میدیای کوردی وازی لێبێنن و چیتر جوێنی پێ مەدەن و قبووڵ بکەن، وەک زۆرێکی تر. چاک دەزانێت کە کۆمەڵگەی کوردی تووشی چی بەڵا و دەرد و بەزمێک بووە و کوێی دێشێت، بۆیە ئەویش لەوێوە بۆیان دێت و دەستی لە کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆی بەرداوە و هاتووە ماسکی بەستووە و چووەتەسەر ئاواز و ئایدلۆژیای ئەوانی تر،  تا جوێنی پێنەدرێت و قبووڵ بکرێت!

ئەو خانمە دەزانێت لەو کۆمەڵگە بە داعشبووەی باشوور چەندە سەختە کە دووڕوو نەبیت و جیاواز لەوانی تر بیربکەیتەوە و  بپۆشیت و بۆخۆت و وەک خۆت بژیت و نەچیتە سەرمەزهەب و عەقیدە و دیدەنیگا و شێوەی ئەوانی تر.

وەک خۆی دەڵێت: بەرلەوەی ببم به باڵاپۆش، چاودێریم دەکرد هەم لە پەیجەکەی خۆم و هەم لە هی خەڵک، کۆمێنتەکانی بۆم دەهاتن، هەمووی جوێن و سووکایەتی و هێرش بوو. بەڵام لەوەتەی حیجابم کردووە، سوپاس بۆ خوا ئێستا هەموو کۆمێنتەکان دەستخۆشییە. ئەوە دڵم زۆر خۆش دەکات.

ئەوەی دەمەوێ بیڵێم،

یەک:

بێگومان قسەی ئەوخاتوونە سەلمێنەری ئەوەیە کە جوێندەری سۆشیال میدیا، زۆربەی موسوڵمانی کوردە.

دوو:

 وەک ئاماژەم دا، کە ئەو خاتوونە لە سۆنگەیەکی ئازادانەوە بڕیاری نەداوە واز لە گۆرانی گوتن بێنێت و لەچک بکات، بەڵکو لە ژێرفشاری جوێندەرەکانی سۆشیال میدیا و بۆ لایک و کۆمێنت و دەستخۆشی و ڕازیکردنی دڵی ئەوانی تر و قبووڵکردنییەتی لای تاکی مێنتاڵێنت بە داعشبوو و جوێندەری سۆشیال میدیای کوردی.

زۆرجار لە نموونەی ئەو خانمە هەن، کە بە ئەقڵی مێگەل ڕادەبوێرن لە سۆشیال میدیا، دووسێ و ڕۆژ و ماوەک لەو نمایشە بێتامەی(لەچککردن و پاڵاپۆشی) بەردەوام دەبن تا هەندەک لایک و کۆمێنت و ڤیۆ و دەستخۆشی و ئەی جەزاکەلڵا و وەی مە ماشەلڵا و شت لە سۆشیال میدیا کۆدەکەنەوە، ئینجا لەچک و باڵاپۆشییەکە واز دێنن و دەچنەوە سەربەزمی جاران و دووبارە دەکەونەوە بەرشاڵاوی جوێن و سووکایەتی و هێرشی مێگەل لە سۆشیال میدیای کوردی. لە نموونەی خاتوو یارجان و دیلانار و چەندانی تر.

لەوەش گاڵتەجاڕتر کە شەیدایانی ناودەنگ و ماسکچی و ساختەچی و مەززەکانی سۆشیال میدیای کوردی دەیکەین، شتی تایبەتی خۆیان هەموو دێننە نێوفەزای فەوزای سۆشیال میدیا!

ئەو خانمە دەڵێت خوشکەکەشم دوای خۆم بوو بە باڵاپۆش و ئێستا لەگەڵ کچەکەشم وا خەریکم تا ئەمیش ببێت بە باڵاپۆش!

ئێ باشە تۆ و خوشکەکەت و کچەکەت ببن به باڵاپۆش یان نەبن، ئەوە کەی کێشەی خەڵکە و پەیوەندی بەوانی ترەوە هەیە؟

دادەگیان، گەر تۆ ڕاست دەکەیت و خەریکی نمایش و موجامەلە و دووڕوواتی نیت، دەبێ سەرەتا ئەوە بزانیت کە ئایین پەیوەندییەکی ڕۆحی و مەعنەوی نێوان تاک و خوداوەندە و چی پێویست بەو یارییەی خۆڵکردنە چاو و ئەو هەموو بەزم و موجامەلەی ئەوی تر و خۆدەرخستن و نمایشە بێتامە دەکات، کە تۆ و دەیانی تری وەک خۆت بۆ دەستخۆشیکردن و جەزاکەلڵا و ماشەلڵا و ڕازیکردنی دڵی ئەوانی تر و سەرنج ڕاکێشانی مێگەل دەستان داوەتێ؟

تۆ ئاییندار و باڵاپۆش و لەچکداربیت یان بێ دین و سفوور و بێ لەچک، چی پەیوەندییەکی بە من و ئەویترەوە هەیه؟

دەزانم کە خەتای تۆ نییە خاتوون، بەڵکو سەلەفییەت و ئیسلامی سیاسی دەردێکیان بەو کۆمەڵگە وێران بووە و ئەقڵی تاکی کوردی باشوور کردووە، با بە دەواری نەکردبێت و تاکێکی خۆتێهەڵقورتێن و دووڕوو و تاکڕەهەند و جودێندەر و داعشبیریان دروست کردووە.

تاکێک، گەر بە دڵی  ئەو قسەنەکەیت و بیرنەکەیتەوە و نەپۆشیت و هەڵنەبژێریت، هەرچی سووکایەتی و بێ ڕێزی هەیە، هەمووییت بۆ ڕیز دەکات.

ئافەرین بۆ ئەوانەی کە خۆڕاگرن و ماسک نابەستن و موجامەلە  و نمایش ناکەن بە حەزی خۆیان دەژین، نەک بۆ ڕازیکردنی دڵی ئەوانی تر.




فیلمی سینه‌مایی کوردی “خاڵا تارییا” لە شاری هه‌ولێر نمایش ده‌کرێت.. مەنسوور جیهانی

ـ فیلمی کوردی “خاڵا تارییا” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “ئایشە پۆلات” و لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش” کاتژمیر ٧ی ئێوارێ ڕۆژی چوارشه‌مه ٧ی فێبریوەری 2024 لە سینه‌ما “ئیمپایێر”ی فامیلی مۆڵ له شاری هه‌ولێر نمایش دکرێت.

فیلمی سینه‌مایی “خاڵا تارییا” (خاڵی تاریک) In The Blind Spot لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای سینه‌مایی “میتۆس فیلم” Mitosfilm بە به‌ڕێوه‌به‌ری سینەماکاری کورد “مەمەد ئەکتاش” Mehmet Aktaş و له نووسین و دەرهێنانی “ئایشە پۆلات” Ayşe Polat دەرهێنەری باکووری کوردستان، له بەرهەمهێنەری هاوبەشی کۆمپانیای “پۆنکت” و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کانی WDR و Arteو به‌رهه‌می وڵاتی ئه‌ڵمانیا، له نمایشێکی تایبه‌تدا به هاوکاری ئه‌نستیتۆی “گۆته‌” Goethe-Institut ئه‌ڵمانی له کاتژمیر ٧ی ئێوارێ ڕۆژی چوارشه‌مه ٧ی فێبریوەری (شوبات) 2024 لە سینه‌ما “ئێمپایێر”ی Empire فامیلی مۆڵ له شاری هه‌ولێر پێته‌ختی هه‌رێمی کوردستان پیشان ده‌درێت.

“خاڵا تارییا” که له لایه‌ن کۆمپانیای “ئارت هوود ئینتەرتەیمنت” ArtHood Entertainment له ئاستی دنیادا بڵاوده‌بێته‌وه، له یه‌که‌مین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “به‌رکه‌وتنه‌کان” Encounters لە حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “بەرلین” Berlinale لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایش کرا و کاندیدی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئەم رووداوه‌ پڕبایخ و پله‌ یه‌که‌می سینەمای جیهان بوو.

ئه‌م فیلمه کوردییه له دووهه‌مین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا له به‌شی پێشبڕکێی “نه‌ته‌وه‌یی” له چل و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئه‌سته‌نبووڵ” Istanbul نمایش کرا و توانی چوار خه‌ڵاتی ئه‌م رووداوه گرینگه سینه‌ماییه به‌ده‌ست بێنێت، له‌وانه: خه‌ڵاتی باشترین فیلم بۆ “مەمەد ئەکتاش”، خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ “ئایشە پۆلات”، خه‌ڵاتی باشترین مۆنتاژ بۆ “سه‌رحه‌ت مۆتلۆ” Serhat Mutlu و “یۆرگ ولکمار” Jörg Volkmar و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی “فیپێڕشی” FIPRESCI واته فیدڕاسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ڕخنه‌گرانی فیلم به هۆی “ته‌رکیز له‌سه‌ر جیاوازییه‌ ئه‌خلاقییه‌کان له کرده‌وه‌ی رۆژانه‌ی که‌سه‌کان و گرینگترین بایخه‌کانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا”.

فیلمی سینه‌مایی In The Blind Spot لە رێگەی چیرۆکی یەکێک لە دایکانی شەممە، باس لە هەوڵی تیمێکی ئەڵمانی دەکات کە دەیانەوێت بەڵگەفیلمێک لە بارەی ژیانی “ئەیووب ئازیز چاپکورت”، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بەرهەمبێنن.

فیلمی سینه‌مایی “خاڵی تاریک” له دوایین به‌شداریی نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا له بەشی “سینەمای کوردی” فیلمە بڵیندەکاندا لە دەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “دهۆک” Duhok پیشاندرا و خەڵاتی باشترین سیناریۆ به‌ خاتوو “عایشە پۆلات” به‌خشرا و هه‌روه‌ها خەڵاتی “فیپەرشی” FIPRESCI واته فیدڕاسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ڕخنه‌گرانی فیلمی به‌ده‌ستهێنا.




پیاوێكی بێچارەنووس.. هۆلۆكۆستی جوولەكە و ئەنفالكردنی كوردان.. شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

كاتێك حیزبی نازی لە ئەڵمانیای سەردەمی ئەدۆلیف هیتلەردا، لە بەرگی ڕژێمێكی فاشیزم و تۆتالیتاریزم بە بەرچاوی زلهێزەكانی دونیاوە، بەهۆی جیاوازیی ئایینی و نەژادییەوە، دەست بە پرۆسەی كۆمەڵكوژیی جوولەكەكانی ئەڵمانیا و بەشێكی ئەورووپا دەكات، ئەو ڕووداوە، ڕووداوێكی ئاسایی نییە كە تەنیا پەیوەندی بە كۆمەڵكوژی و پاكتاوكردنی جوولەكەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكدا هەبێت، بەڵكوو دەبێتە خەمێكی گەورەی جیهانی، بەهۆی ئەوەی بە پرۆژە و بە بەرنامە لە ساڵی 1940 بەدواوە تاوەكوو ساتەوەختی كەوتنی ئەڵمانیای نازی، بە مەرگەساتترین و قێزەونترین شێوە درێژەی دەبێت.
ئیدی ئەو هەڵمەتە لە ناخی هەر مرۆڤێكدا دەبێتە ترسێكی قووڵ و پرۆسەیەك وێڕای كوشتن و سووتاندن و خنكاندنی ئینسانی جوولەكە، هاوكات بە بەرنامە كاری بۆ لەشكۆدانی ئینسانیش بە گشتی كرد، ئینسان لە سایەی ئەو پرۆسەیەدا لە ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازیدا، ئەتككرا و سووتێندرا و بەزیندوویی خرایە چاڵەكانی مەرگەوە، بە گاز خنكێنرا و بە هەزاران لاشەی بەستوو، فڕێدران و لەناوبردران، قاچەكانی مرۆڤ لەنێو پێڵاوی بێگاریدا، ڕزین و بڕانەوە و نەخۆشیی گەڕی و كێم و خیزاو ئینسانی ناچار كرد شەرم لە جەستەی خۆی بكات.
هۆلۆكۆست، چیرۆكی دۆزەخی نازییەكان، هەرگیز نابێت لەبیر بكرێت، بە تایبەتی بۆ گەلێكی ستەمدیدەی وەك كورد، هۆلۆكۆست زۆر نامۆ نییە و كوردیش بەهۆی جیاوازیی نەژادییەوە بە پرۆژە و بەرنامەی دەوڵەتی عێراق و دراوسێكانی كۆمەڵكوژ و ئەنفال و كیمیاباران كرا و گازی بەسەردا ڕژێندرا، ئەگەر ئینسانی جوولەكە لە ئۆردووگە زۆرەملێكانی ئاوشڤتز و بۆشنڤەڵدی ئەڵمانیای نازیدا، بەزیندوویی خرانە سووتێنگەوە، دواتر ئەو مێژووە تاوانكارییە لە شوێنێكی تری ئەم جیهانە بەرینەدا خۆی دووبارە دەكاتەوە و لەسەر دەستی ڕژێمەكەی سەددام حوسێن لە عێراقدا ئینسانی كوردیش بە بەرچاوی كۆمەڵگەی جیهانییەوە دەخرێنە نێو زیلی عەسكەری و پاشان لە چاڵە خۆڵەكاندا بەدەم گریان و پاڕانەوە و هاوارەوە زیندەبەچاڵ دەكرێن.
لێرەدا ئازار یەك شێوە ئازارە، بەڵام لە دوو سەردەمی جیاوازدا، ئەگەر ئێستا هۆلۆكۆستی جوولەكەكانی ئەورووپا، ئازارێكە و جیهان هەستی پێدەكات و یادی دەكاتەوە، خۆ ئەنفال و هەڵەبجەی كوردانیش هەمان ئازارن، كەچی وەك پێویست جیهان هەست بەو ئازارە ناكات و یادی ناكاتەوە، بۆیە تۆ وەك كوردێك لەگەڵ هەڵدانەوەی لاپەڕە و بەشەكانی ڕۆمانی “پیاوێكی بێچارەنووس”دا هەست دەكەیت ئۆردووگە زۆرەملێكانی ئاوشڤتز و بۆشنڤەڵد لە عێراقن نەك ئەڵمانیا، هەستی دەكەیت كوردیش گیۆرگی زۆری هەن و هەزاران كەسیشی بێچارەنووسن.

هۆلۆكۆست و پیاوێكی بێچارەنووس

ڕۆمانی پیاوێكی بێچارەنووس، لە نووسینی ئیمرە كیرتێزی ڕۆماننووسی هەنگارییە، ڕووناك شوانی لە سوێدییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی. نووسەر كاتێك تەمەنی نزیكەی چواردە ساڵان بووە، لە پرۆسەی بەدناوی هۆلۆكۆستدا لەلایەن نازییەكانەوە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا، بەهۆی جوولەكەبوونییەوە لە هەنگاریاوە بۆ ئۆردووگە زۆرەملێكانی ئاوشڤتز و پاشان بۆ بۆشنڤەڵدی ئەڵمانیا ڕاپێچ دەكرێت و لەگەڵ هەزاران جوولەكەی تردا كە هیی وڵاتانی جیاوازی ئەورووپان لە ئۆردووگە زۆرەملێكاندا بێگاریان پێدەكرێت و بە چاوی خۆی ئەو دۆزەخەی نازییەكان دەبینێت كە مرۆڤ تێیدا بەزیندوویی دەخرێتە سووتێنگەوە.
پرۆسەی پاكتاوكردن و كۆمەڵكوژكردنی جوولەكەكانی ئەورووپا لە ساڵانی 1940 تاوەكوو 1945 كە بە هۆلۆكۆست ناسراوە، بە بڕیاری ئەدۆلیف هیتلەر سەرۆكی ئەوكاتی ئەڵمانیای نازی بەمەبەستی پاكتاوكردن و كۆتاییهێنان بە ڕەگەزی جوولەكە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا دەستیپێكرد، ئەو پرۆسەیە هێندە قێزەون و مەرگەساتاوییە، تەنانەت جیهانیشی شەرمەزار كرد، پرۆسەكە بە بەرچاوی جیهانەوە بەڕێوەچوو و بە ملیۆنان ئینسانی جوولەكەی ئەورووپایی لە كەمپ و ئۆردووگە زۆرەملێكانی ئەڵمانیای نازیدا، لەو شوێنانەی كەوتنە دەست ئەڵمانیا، كوژران و سووتێندران و خرانە بەر كاری بێگارییەوە.
نووسەرانی كتێبی “هۆلۆكۆست” ستیڤان برۆشفێڵد و پاوڵ ئا. لڤین، لە پێشەكی كتێبەكەیاندا ئاماژە بە ژمارەی قوربانییانی جوولەكە لە پرۆسەی هۆلۆكۆستدا دەكەن، لەنێوان پێنج تاوەكوو شەش ملیۆن جوولەكە و زیاتر لە نیو ملیۆن قەرەج بوون، هەروەها ئاماژە بەوەش دەكەن قوربانییانی تری پرۆسەكە پێكهاتووە لە 100 هەزار كەمئەندام و كەمئەقڵ و خەڵكی بێزراو و هەزاران هۆمۆسێكسواڵ و چەندین ملیۆن پۆڵۆنیایی بێ چەك و گیراوانی جەنگی ڕووسیا. سەبارەت بە ڕوانگەی نازییەكان بۆ نەژاد، هەروەك لە كتێبەكەدا دەڵێن مێژووی ئەڵمانیای نازی جیا نییە لە جیهانیی نازییەكان، كوشتاری جوولەكەكان دەرئەنجامی هزری نەژادپەرستانە-ئایدۆلۆژیای ئەدۆلیف هیتلەر بوو، هیتلەر و حیزبی نازی ڕوانگەیان لە پێكهاتەی نەژادپەرستانەی خۆیان سەبارەت بە مرۆڤ و نەفرەتەكانیان لە كۆمەڵگەی دیموكراتیك و بەهاكانی نەشاردووەتەوە، بۆ نازییەكان نەژاد لەخۆگری هەموو شتێكە و بەهای تاك تەنیا لەوەدا كورت دەبێتەوە، ئامرازێكە لەدەست دەوڵەتی نەژادپەرستدا، ئەم ئایدۆلۆژیایە بەزوویی لەدوای بەدەسەڵاتگەیشتنی نازییەكانەوە لە 30ی كانوونی دووەمی 1933دا هاتە ئاراوە.
هەر سەبارەت بەو بابەتە لە ویکیپیدیادا هاتووە “هۆلۆکۆست لە بنچینەدا وشەیەکی یۆنانییە، بە مانای سووتاندن بە فڕن دێت، زۆرتر بۆ ئەو کوشتارەی جوولەكەکان دێت کە لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانیدا، لەلایەن پارتی سۆشیالیستی کرێکارانی ئەڵمانیا، ناسراو بە “نازی” بە سەرکردایەتیی ئەدۆلیف ھیتلەر دەستیپێکرا، گەرچی ڕای جیاواز ھەن ئەم پرۆسەیە تەنیا جوولەکەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو کەسانی دیكەی پەکكەوتە و نەخۆش و زیندانیانی سیاسی کە بە دیل گیرابوون، واتە لە ھێزەکانی یەکێتیی سۆڤییەت و کۆمۆنیستەکان و قەرەج و ھاوڕەگەزخوازەکانیش دەگرێتەوە.
کوشتاری نازییەکان جگە لە شەش ملیۆن جوولەکە، ژمارەیەکی زۆر خەڵکی دیکەشی گرتەوە لەوانە: سەدان ھەزار قەرەجی ئەورووپایی و سەدان ھەزار (سێرب) کە بەشیکی زۆریان لەناوچوون، نزیک بە دوو ملیۆن مەسیحی و وێڕای سێ ملیۆن جوولەکەی ئەو وڵاتە و دیلەکانی شەڕ و خەڵکی ئاسایی ڕووس و میللەتەکانی سلاڤی ڕۆژھەڵات و ڕووسیای سپی و ڕووس و ئۆکرانی و ھۆمۆسێکسوالەکان، خەڵکی پەککەوتە و نەخۆش و کۆمۆنیستەکان و نەیارانی سیاسی و ڕووناکبیران و ئەندامانی یەکێتییەكانی کرێکاران و پیاوە ئایینییەکانی سەر بە کلێسای ئۆرتۆدۆکس و کاتۆلیک و پرۆتستانت.
لای هەندێك لێکۆڵەر، وشەی ھۆلۆکۆست ھەموو ئەو قوربانییانە دەگرێتەوە کە لە سەرەوە باسکران، بۆیە لەسەر ئامارێكی دروستی سەرجەمی قوربانییەکانی ھۆلۆکۆست کێشە و ڕای جیاواز ھەیە، ئەوەیشە هەندێك لایەن دەڵێن نۆ تاوەكوو یازدە ملیۆن كەس بووە و هەندێكجاریش باسی 26 ملیۆن قوربانی دەکرێت.
وەك لەو كورتە پێناسەیەی هۆلۆكۆستدا دەركەوت، جوولەكەكان قوربانیی باوەڕی نەژادپەرستیی حیزبی نازییەكانن، ڕێك لە ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی سەردەمی ڕژێمی بەعس و سەددام حوسێن دەچێت، ڕاستە جوولەكەكان لە هۆلۆكۆستدا بەهۆی جوولەكەبوونیانەوە كۆمەڵكوژكران، ئەوەتا بە چەند دەیەیەك دوای ئەو ڕووداوە كوردیش تەنیا بەهۆی كوردبوونییەوە لەلایەن دەسەڵاتدارێكی عەرەبەوە كۆمەڵكوژ كرا. لەبەر ئەوە ڕۆمانی پیاوێكی بێچارەنووس گرنگە، ڕێك دەڵێی ئازارەكانی كورد لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا دەگێڕێتەوە، ئەگەر ئینسانەكان لە ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازیدا بە گازی ژەهراوی خنكێندران، لە هەڵەبجەش ئەمە ڕوویدا و هەزاران مرۆڤی كورد بە ژەهر خنكێندران، بەداخەوە كۆمەڵگەی جیهانی لە ئاست ئەو ستەمەی لە كورد كرا، بێدەنگ بوون و تەنانەت لە كاتی داواكردنی سەربەخۆییشدا، پاڵپشتی كورد نەبوون، ئیدی گرنگە كوردیش سەدان ئیمرە كیرتێزی هەبێت، ئازار و كۆمەڵكوژیی كوردان لە ڕێگەی ڕۆمان و بەرهەمی ئەدەبییەوە بە كۆمەڵگەی جیهانی بناسێنن.

چیرۆكی گیۆرگی چواردە ساڵان

گیۆرگی تەمەن چواردە ساڵان، پاڵەوانی سەرەكیی ڕۆمانی “پیاوێكی بێچارەنووس” كە لە ڕاستیدا خودی نووسەری ڕۆمانەكەیە، بەڵام لەسەر زاری گەنجێكی جوولەكە لە فۆڕمی ئەدەبیدا یادەوەرییەكانی خۆی دوای ڕزگاربوونی لە ئۆردۆگە زۆرەمیلێكانی ئەڵمانیای نازی دەگێڕێتەوە.
باوكی گیۆرگی لە هەنگاریا خاوەن كارگەیەكی گەورەی دار و تەختەیە، بە ئایین جوولەكە و سەرقاڵی كاروباری ئاسایی خۆیانن، لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا، ئەو خاوەنكارە بەهۆی جوولەكەبوونییەوە لەژێر گوشاری نازییەكانی ئەڵمانیادا، بۆ بێگاری بانگ دەكرێت و كارگەكە و تەنانەت سەروەت و سامانەكەیشی بە شوتۆی كرێكار و ژمێریاری كارگەكەی دەسپێرێت. شوتۆ ترسی جوولەكەبوون و بێگاری نییە. وەك لە پێشوودا ئاماژەمان بە دۆخی جوولەكەكان لەو سەردەمەدا كرد، بەهۆی جیاوازیی ئایینەوە دەستگیر دەكران و لە خەڵكانی مەسیحی جیا دەكرانەوە.
چیرۆكی گیۆرگی زۆر خەمناكە، بەوەی هێشتا سەرەدەری لە ئایین دەرناكات و خۆیشی پێویستی بە سەرپەرشتیارێكە چاوی لێی بێت، كەچی بەهۆی بانگكردنی باوكی بۆ بێگاری، ئەركی پاراستن و چاودێریكردنی باوەژن و ماڵەوەیشی دەكەوێتە ئەستۆ، دەی ئەو هێشتا نایەوێت لەو دۆخە نەخوازراوە تێبگات، بۆیە پێش ڕۆیشتنی، باوكی و خزمەكانی باوەژنەكەی، هەوڵی زۆری لەگەڵدا دەدەن و دەیانەوێت تێی بگەیەنن ئیدی ئەو پێی ناوەتە قۆناغێكی تری ژیانەوە، پێی خۆش بێت یان ناخۆش، ئێستا ئەركی پاراستن و چاودێریكردنی ماڵ و باوەژن و هەموو شتێكی دەكەوێتە ئەستۆ، وێڕای ئەوەی هێشتا توانای دەرخكردنی ئەو هەموو ئامۆژگارییەی نییە، بەڵام هەرچۆنێك بێت هەست دەكات و تێدەگات دوای ڕۆیشتنی باوکی، ژیانێکی جیاواز دەژین و دەبێت خۆی بۆ قۆناغێکی سەخت ئامادە بکات.
چیرۆكە خەمناكەكە كە پێویستە خەمی هەمووان بێت، لێرەوە دەستپێدەكات، كاتێك بە چەند مانگێك دوای ڕۆیشتنی باوكی بۆ بێگاری، گیۆرگیش بەهۆی دەركردنی چەند یاسایەكی نوێ لە دژی جوولەكەكان، لەلایەن لاوانی نەتەوەیی کە ئەو گرووپە ئەندامی ڕێکخراوێکی سەر بە نازین و گەنجانی تەمەن سێزدە ساڵان بەسەرەوە لەسەر بنەمای سەربازی و شۆڤینیەت پەروەردە دەکەن، گیۆرگی بەزۆرەملێ بۆ کارگەی شێپڵ کە کارگەیەکی پاڵاوتنی نەوتە لە هەنگاریا لەگەڵ هەژدە هەرزەکاری تردا بانگ دەكرێن و پێویستە ڕۆژانە بۆ كاری بێگاری سەردانی ئەو كارگەیەی پاڵاوتنی نەوتە بكات، وێڕای ئەوەی باوەژن و خزمەكانی و خۆیشی تاڕادەیەك خۆشحاڵ دەبن بەو كارە، ئەو سەردەمە كاری لەمجۆرە بۆ جوولەكەكان لەچاو بێگاری لە ئۆردووگە زۆرەملێكاندا زۆر باش بووە، هەرچۆنێك بێت چەند مانگێك بەو تەمەنە بچووكەیەوە، خۆی لەگەڵ بێگاری لەو كارگەیەدا ڕادەهێنێت تا ئەو بەرەبەیانییەی بە ئۆتۆبووسێك بەرەو پاڵاوگە نەوتییە سەربازییەكە دەچێت، پێش ئەوەی بگاتە شوێنكارەكەی، ئۆتۆبووسەکەی لەلایەن پۆلیسەوە ڕادەگیرێت و دەمودەست داوا لە سەرنشینانی دەكرێت هەرچی جوولەکەیە دەستیان بەرز بكەنەوە و بێنە خوارێ، ئەویش ئەو دۆخە بە ئاسایی وەردەگرێت و یەكسەر دەچێتە خوارێ، ڕاگرتنی ئۆتۆبووسی دیكە چەندبارە بووەوە، ئیدی هەر ئۆتۆبووسێک دێت، پۆلیس ڕایدەگرێت و هەرچی جوولەكەیە لە گۆڕەپانێكدا كۆدەكرێنەوە، دوای چەند کاتژمێرێک چەندان جوولەکەی دیكە ڕادەگیرێن و ئینجا بۆ بارەگەیەكی گومرگ دەیانبەن و لە ژوورێكدا دەرگەیان لەسەردا کڵۆم دەدەن، بۆ ئێوارەكەی پۆلیسەكە فەرمان لە سەرووی خۆی وەردەگرێت و سەرجەم جوولەكەكان بۆ گواستنەوەیان بەرەو ئەڵمانیا ناونووس دەكات و دوای چەند ڕۆژێك بە شەمەندەفەر لە هەنگاریاوە دەگەنە سەربازگەی ئاوشڤتز-بیرکناو لە ئەڵمانیا، کە ئۆردووگەكە بە سەربازی ئەڵمانی دەورەدراوە و پڕێتی لە جوولەكەی وڵاتانی ئەورووپا و کەسانی قەرەج و پیر و منداڵ و ژن و پیاو و گەنج، دواتر گیۆرگی لە ئۆردووگەی زۆرەملێی ئاوشڤتزەوە بۆ ئۆردووگەی بۆشنڤەڵد دەگوازرێتەوە.

ڕۆمانێكی فرە ڕەهەند

ئەو ڕۆمانە دەچێتە بازنەی ڕۆمانی فرە ڕەهەندەوە، واتە یادەوەریی و مێژوویی و واقیعی و ئایینی، ئیمرە كیرتێزی نووسەری ڕۆمانەكە خۆی یەكێك بووە لەو جوولەكانەی لە پرۆسەی پاكتاویی ئایینی و نەژادیدا (هۆلۆكۆست) لە ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازیدا بووە، خۆی ئازاری چەشتووە و ڕووداوەكانی بەچاوی خۆی بینیوە تاوەكوو ئەو كاتەی ئەڵمانیای نازی دەڕووخێت، ئینجا ئازاد دەكرێت. ڕۆمانەكە لە ڕێگەی فۆرمێكی ئەدەبییەوە ڕووداوێكی واقیعی بەسەردەكاتەوە كە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا ڕوویداوە و چەندین كتێب و فیلم و هەزاران وتار و بابەت و یادكردنەوەیشی لەسەر نووسراون و ئامادەكراون.
لەو خاڵەیشدا مێژووییە، مێژوویییە بەو مانایەی هۆلۆكۆست پرۆسەیەكی پاكتاویكردنی نەژادی و ئایینییە و دەستپێك و كۆتایی لە مێژوودا تۆمار كراوە، بۆیە بێدوودڵی ئەو ڕۆمانە مێژوویی و واقیعی و یادەوەریی و تەنانەت ئایینی و سیاسیشە، پرۆسەی هۆلۆكۆست لەسەر دەستی حیزبێكی خاوەن دەسەڵات كە فەرمانڕەوایی وڵاتێكی زلهێزی وەك ئەڵمانیای دەكرد، ڕوویداوە، بۆیە سیاسیشە.
جیاوازی ڕۆمان لەگەڵ هەر ژانرێكی تردا كە ڕووداوێكی مێژوویی و واقیعی تۆمار دەكەن و دەنووسنەوە، ئەوەیە، ڕۆمان جیاوازە لەو كتێبانەی دیكە كە ڕووداوی هۆلۆكۆستیان تەنیا وەك ڕووداو و ئامارێكی بێ گیان و دوور لە دۆخە سایكۆلۆژییەكە باس كردووە، كاتێك لە كتێبێكی ئاسایی دەنووسرێت لە ئۆردووگەی زۆرەملێی بۆشنڤەڵدا مرۆڤ ئازار دەدرا و دەكوژرا، ئەمە بەشێكە لە گواستنەوەی ئازارەكە و ناگاتە ئەوەی ڕۆماننووسێك خۆی لە بۆشنڤەڵد بووە و لە ڕێگەی فۆرمێكی ئەدەبییەوە ئازارەكان و ڕووداوەكان و جۆری خواردن و هەستی قێزلێبوونەوە لە جەستەی كێماوی خۆی لەو سەربازگەیە دەنووسێتەوە، ڕۆمان چونكە لایەنی دەروونی تێدا ڕەچاو دەكرێت، بۆ ئەو جۆرە ڕووداوانەی وەك ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازی و ئەنفالی كوردان، قووڵتر دەتوانێت ڕۆبچێتە ناخ و هەستی خوێنەر بجووڵێنێ و ڕای گشتی لەبارەوە دروست بكات.
كێ هەیە كاتێك لاپەڕەكانی ئەم ڕۆمانە پڕ كێم و خوێن و دۆزەخییە هەڵدەداتەوە، لەگەڵ گیۆرگی تەمەن چواردە ساڵاندا، هەست بە ترس نەكات و لەلای خۆیەوە هەناسەیەكی قووڵ هەڵنەكێشێت و نەڵێ ئۆخەی من گیۆرگی نیم!
ئیمرە كیرتێز، بە تەنیا چیرۆكی خۆیمان بۆ ناگێڕێتەوە، ئەو گیۆرگییە لەبری هەمووان بەدەست جیاوازیی ئایین و نەژادییەوە ئازار دەچێژێت، ئەوە خۆی پەیامێكە بۆ هەمووان، ئەگەر جیاوازیی نەژادی و ئایین بوونە هۆی ئەوەی مرۆڤ بەهۆیانەوە بچەوسێندرێتەوە یان بچەوسێنێتەوە، مرۆڤایەتی لەبەردەم پرسیارێكی گەورەدایە، ڕاستە گیۆرگی باسی ئەنفال ناكات، بەڵام هەمان ئازاری كوردێكی هەیە كە بەهۆی كوردبوونییەوە لەسەر پشتی زیلێكی عەسكەری لە گەرمەسێری كوردستانەوە بۆ پارێزگەكانی خوارووی عێراق دەبردێت و لەوێدا لە جیهان دادەبڕێت و بەدەم هاوار و گریان و پاڕانەوە و دەستبەرزكردنەوە بۆ ئاسمان دەخرێتە چاڵی مەرگەوە، ئێ ئەوە چ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەو سووتێنگەیەی گیۆرگی باسی دەكات هەیە، كاتێك لە ئۆردووگەی زۆرەملێی بۆشنڤەڵدی نازییەكاندا مرۆڤ تەنیا بەهۆی جوولەكەبوونییەوە دەسووتێندرێت و لە ژووری سیخناخ لە گاز دەخنكێندرێت! بەڵێ هیچ جیاوازییەكیان نییە، چ ئەوەی لە هۆلۆكۆست و چ ئەوەی لە ئەنفالدا ڕوو دەدەن، لە كرۆكدا یەك ڕووداون و تاوانێكی یەكجار گەورەن، تەنیا كات و شوێنیان جیاوازە.

یەكەم ماچی كونەتەیارە و یادەوەرییەكی شیرین

ئەگەرچی بابەتی سەرەكی ڕۆمانەكە بە تایبەتی تیشك دەخاتە سەر ڕەوشی جوولەكە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی لە ئەورووپا لە پرۆسەی پاكتاوكردنی جوولەكە و چەندین گرووپی دیكەی مرۆڤ لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە لەنێو بردران، بەڵام لە تەك ئەوەشدا، ڕووداوێكی خۆشەویستیی نێوان گیۆرگی و كچێكی هاوتەمەنی خۆی بەناوی ئەنناماریا هەیە، ڕۆمانەكەی لەو دۆخە گشتییە ترسناكەدا، جیاواز و جوانتركردووە، بەڕای من ڕۆحی بە بەردا كردووە.
لەو دیمەنی خۆشەویستییەدا، ئەگەرچی نووسەر نەیویستووە كاری جدی لەسەر بابەتی خۆشەویستی لەنێو ڕۆمانەكەیدا بكات، وەك باوە زۆربەی ڕۆماننووسەكان بۆ ڕاكێشانی سەرنجی خوێنەر، پەنا بۆ بابەتی خۆشەویستی و سێكسی دەبەن، بەڵام ئەو دیمەنەی یەكەم ماچە لەنێو پیاوێكی بێچارەنووسدا ڕووداوێكە و لە بەرگی ئەدەبیدا خۆی خزاندووەتە نێو ڕووداوە ئاڵۆزەكانی ڕۆمانەكە، لێ جێگەی خۆی كردووەتەوە، ئەویش پێناسەكردن و سەربووردەی یەكەم ماچی نێوان گیۆرگی و ئەنناماریایە، پێش ئەوەی گیۆرگی ڕاپێچی ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازی بكرێت، گرنگی ئەو ماچە لەوەدایە لەكاتێكدا بۆردوومانی فڕۆكەیان لەسەرە، كەچی تینی خۆشەویستی و گڕی ماچ، وای لێ كردوون باكیان بە ترس و مەرگ و زرمەی بۆمبەكان نەبێت و لەپڕ بخزێنە باوەشی یەكدییەوە و یەكەم ماچ بگۆڕنەوە، ئەو ماچە هێندە شیرینە، وەك یادەوەرییەكی خۆش لای گیۆرگی دەمێنێتەوە.
گیۆرگی گەنج بە تامەزرۆییەوە باس لەو یەكەم ماچە دەكات: “پێرێ شەو، لە كاتی بۆمببارانی فڕۆكەكاندا، لە كونەتەیارەكە، یان دروستتر بێژین لەو ڕێڕەوە نیمچەچۆڵە تاریكەی لە كونەتەیارەكە جیا دەبێتەوە، لە تەك ئەنناماریادا كەوتینە دۆخێكی تاڕادەیەك تایبەتییەوە. لە بەراییدا گەرەكم بوو نیشانی بدەم لە كوێوە خۆشترە تەماشای ڕووداوەكانی دەرەوە بكات، لێ پاش چركەیەك كاتێك زرمەی بۆمبێكمان ژنەفت، كە لە نزیكمانەوە تەقییەوە، هەموو جەستەی وەك گەڵای دار دەهەژیا، ئەمن بەڕوونی هەستم پێ كرد، چۆن لە ترساندا خۆی بە منەوە ئاوێزان كرد، باسكی لە دەور ملم ئاڵاند و دەموچاوی لە شانم گیر كرد، ئیدی هیچم بەیاددا نایەتەوە، تەنێ ئەوە نەبێت، كە لە دووی دەمی گەڕام، هەستێكی تەماوی، گەرم و نیمچەشێداری، لەگەڵ حەپەسانێكی خۆشی لە ناخمدا جێهێشت، لەبەر ئەوەی یەكەم جار بوو كچێك ماچ بكەم، جگە لەوەش بیرم لێ نەكردبووەوە، ڕۆژی دواتر لەسەر پلیكانەكان بۆم دەركەوت ئەویش بەوە حەپەسابوو، پێی وابوو، بۆمبەكە هۆكار بووە، لە ڕاستیدا ئەمەیان دروست بوو، پاشان جارێكی دیكە یەكترمان ماچ كرد، لەو كاتەوە فێربووم چلۆن بە بەكارهێنانی زارمان لەم ئەزموونە، یادەوەرییەكی شیرین و درێژخایەن دروست بكەین”.
وەك لەو دیمەنەدا دەردەكەوێت گڕی ئەوین و حەزی ماچی ڕەگەزی بەرانبەر كاتێك كڵپە دەدات، كاتوساتی بۆ نییە، هەركە ئەو گڕە هەڵدەگیرسێت، لەنێو كوورەی ئاگریشدا بێت، خۆشەویستەكان باوەش بە یەكدا دەكەن و نێو دەمی یەكدی ماچ دەكەن، ڕاستە ماچی یەكەم شەرمەیەكی لەگەڵدایە، بەڵام بۆ هەمیشە لە یادەوەریی مرۆڤدا دەمێنێتەوە، یادەوەرییەك هەتا ناو گۆڕیش لەگەڵیدا شۆڕ دەبێتەوە. گیۆرگی لەخۆیەوە ناڵێ: لەو كاتەوە فێربووم چلۆن بە بەكارهێنانی زارمان لەم ئەزموونە، یادەوەرییەكی شیرین و درێژخایەن دروست بكەین!

ئاوشڤتز و بۆشنڤەڵد..
دۆزەخەكانی نەژادپەرستی

ئاوشڤتز و بۆشنڤەڵد، دوو لەو سەدان ئۆردووگە زۆرەملێیانەی نازییەكانن كە بە هەزاران ئینسانی جوولەكە و قەرەج و هۆمۆسێكسواڵ و كەمئەندام و كەمئەقڵ و كەسانی بێزراویان تێدا ڕاگیراون، بە تایبەتی ئەو دوو ئۆردووگەیە دۆزەخن بۆ جوولەكەكان، چونكە پرۆسەی پاكتاوكردنەكە زیاتر ئامانجی جوولەكەكان بووە تا گرووپەكانی دیكە، لەبەر ئەوەشە ئێستاش جیهان دەیەوێت نازی ئیسرائیل كە دەوڵەتێكی جوولەكەیە ڕابگرێت و هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن، ئەوەی لە هۆلۆكۆست بەسەر جوولەكەدا هات، دووبارە نەبێتەوە، تەنانەت ئەڵمانیای ئێستاش بە بەردەوامی چاوێكی لەسەر پاراستنی جوولەكەیە تاوەكوو ئەو پەڵە ڕەشەی كە هیتلەر خستە سەر ڕووخساری ئەڵمانییاوە، بە یەكجاری بسڕدرێتەوە و بە كۆمەڵگەی جیهانی بڵێن ئەوە هەموو ئەڵمانییەكان نەبوون هۆلۆكۆستیان كرد، تەنیا هیتلەر و گرووپەكەی لێی بەرپرسیارن، بۆیە ئێستا حیزبی نازی لە ئەڵمانیا كاركردنی لێ قەدەغە كراوە.
ئیمرە كیرتێز، چونكی خۆی قوربانییە و بەچاوی خۆی ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازی دیوە، هێندە ورد و بە سەلیقە، وێنەی كەمپ و ئۆردووگە زۆرەملێكان دەگرێت، تۆی خوێنەر كاتێك ڕۆمانەكە دەخوێنیتەوە، هەر دەڵێی ئێستا لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا دەژیت و یەكێكیت لە بێگارەكان و دەستگیركراوانی جوولەكە و قەرەج، ئاخر كیرتێز بەو ڕۆمانەی، پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینە و ناشرینی نازییەكان هەڵدایەوە، وێنەیەكی ئەوتۆی گرتووە و بە جۆرێك ڕووداوەكانی تۆمار كردوون، هەرگیز لە زاكیرەی خوێنەردا كاڵ نابنەوە. كێ هەیە دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەكە، سووتێنگەكان و ئازاری ئینسانەكان لەبیر بكات!
“مرۆڤ بە تێپەڕبوونی كات بە پەرجوو ڕادێت، وردە وردە توانیم لەسەر پێی خۆم بە پێخاوسی بۆ نۆرینگەكە بڕۆم، پەتووەكەم لەسەر كراسەكەدا لەخۆ پێچابوو، لەنێو هەوا ساردوسڕەكە و بۆنوبەرامە ئاشناكەدا بۆنێكی جیاوازم ناسییەوە، پاش ئەوەی بیرم لە كاتە بەسەرچووەكە كردەوە، بەو ئەنجامە گەیشتم كە دەشێت سەرەتای بەهار بێت، لە ڕێگەی گەڕانەوەمدا سەرپێیی سەرنجی دوو پیاوم دا بە جلی زیندانییەوە لە كۆخەكەی ئەوبەری تەلبەندەكەی ئێمەوە عەرەبانەیەكی تاڕادەیەك گەورە كە تایەكانی لاستیك بوون، لەو جۆرەی دەتواندرێت بە بارهەڵگرەوە پێوەست بكرێت، ڕادەكێشایە دەرێ، لەو بارەدا پەلوپۆی زەردهەڵگەڕاو و بەستوو و پارچە جەستەی وشكەوەبووم بینین”.
ئەوە دیمەنی عارەبانەیەكی گەورەیە لە ئۆردووگەی بۆشنڤەڵد كە پڕ لە جەستەی مرۆڤە، بیهێنە بەرچاوی خۆت، گیۆرگی زۆربەی كاتەكانی لەوێدا لە تەك ئەو دیمەنانەدا بەسەربردووە، دەی ئەگەر تۆ یەكێك بیت لەو گیراوانە و بەچاوی خۆت عارەبانەیەكی پڕ لە پەلوپۆی زەردهەڵگەڕاو و بەستوو و پارچە جەستەی وشكەوەبووی مرۆڤ ببینیت، ئینجا بۆی هەیە تۆش ببیتە پارچەیەك لەو جەستە وشكەوەبووانەی عارەبانەیەكی دیكە و بەندییەكی تر جەستەی تۆ ببینن! گیۆرگی هەركە ئەو دیمەنە بەچاوی خۆی دەبینێت، دەترسێت و بەپەلە پەتووەكە لەخۆیەوە دەپێچێت و بە شەلەشەل و چنگ لەسەر شان بەرەو ژوورەكەی خۆی دەگەڕێتەوە و گورج گورج خۆی دەخزێنێتە نێو لێفەكەی و ئیدی وەك جۆرێك لە خۆشاردنەوە خۆی گرمۆڵە دەكات.

برسێتی و شەرمكردنی لە جەستەی خۆی

ئەگەرچی لە بنەڕەتدا ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازی بۆ ئینسانەكان دۆزەخن، ئەوانەی ڕاپێچی ئەو شوێنانە دەكرێن، لە بەها و شكۆی مرۆیی دادەماڵدرێن، تاوەكوو ئەندامەكانی جەستە توانای كاری زۆرەملێ و جووڵەیان هەبێت، لەلایەن سەربازەكانەوە بەكاردەهێنرێن، كاتێكیش ئەو توانایە لەدەست دەدەن، بە یەكجاری ڕەزیل و بێبەها دەمێننەوە، ئەوەی خاڵێكی گەشە، لەو دۆخەشدا پزیشك و پەرستارەكان وێڕای ئەوەی لەژێر گوشاردان، كەچی تاڕادەیەكی باش نێوانیان لەگەڵ نەخۆش و پەككەوتە و بریندارەكانی ئۆردووگەدا باشە، دەكرێت ئەمە پەیامێك بێت بۆ پزیشكان و هەموو ئەوانەی لە سێكتەری تەندروستیدا كار دەكەن، لە سەروەختی جەنگ و هەر جۆرە ململانێیەكی هێزەكاندا پێویستە ڕێز لە پیشەكەی خۆیان و مرۆڤ بگرن و لووتكەی كار و ئامانجیان ڕزگاركردنی مرۆڤ بێت لە ئازار و مردن. گیۆرگی دەیان نموونەی جوانی ئەو هەستە بەرزەی پزیشك و پەرستار و كارمەندانی ئۆردووگە زۆرەملێكە دەگێڕێتەوە كە سەرباری دۆخە ئاڵۆزەكەی تێیدان، هێشتا پەیامی مرۆیی خۆیان لە ڕێگەی مومارەسەكردنی پیشەی پزیشكییەوە لە چارەسەركردنی نەخۆش و بریندارەكاندا دەگەیەنن، ئەگەرچی ئێستا ئەو دۆخە بە قۆناغێكی تر گەیشتووە بەوەی سەرمایەداری پیشەی پزیشكیشی خستووەتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە تا ئەو ئاستەی لەم جیهانە پێشكەوتووەدا كەسانێك هەن بەهۆی نەبوونی پارەوە بۆ دابینكردنی دەرمان و نەشتەرگەری، گیانلەدەست دەدەن. لێ لە دۆزەخەكەی نازیدا پزیشكەكان لەگەڵ گرتوواندا میهرەبانن.
“نە عینادی، نە نوێژ و نە هەڵاتن لە شتێك ڕزگاریان نەدەكردم، ئەویش برسێتی بوو، دیارە لە وڵاتیشدا برسیم ببوو، یان پێم وابوو برسی بووم، لە كارگەی خشتەكەدا، لە شەمەندەفەر، لە ئاوشڤتز، تەنانەت لە بۆشنڤەڵدیشدا برسیم بوو، لێ هەرگیز بەڕادەی ئێستا هەستم بەم برسێتییە درێژخایەنە نەكردووە، سەراپای بوونم بوو بە بۆشایی، هەموو تەقەلام كپكردن و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە بێكۆتایییە بوو، بۆ ئەو مەبەستەش تەنێ چاوەكانم شك دەبردن كە چاوساغی هزر و هۆشم بوون، كار و ئاكاری ئاراستە دەكردم، دار و وردەبەرد و ئاسن نەخۆم لەبەر ئەوەیە كە نە دەتوانن ئەم شتانە بجووین و نە هەرس دەكرێن، سەرەڕای ئەوەیش لمم تاقیكردەوە، گەر گژوگیایشم دەستبكەوتبایە دوودڵیم لێ نەدەكرد، بە داخەوە گژوگیا نە لە كارگەكە نە لە ئۆردووگاكەیشدا سەوز نەدەبوون”.
لە دۆزەخەكەی نازیدا، برسێتی وا لە ئینسان دەكات تەنانەت بیر لە خواردنی لم و هەر جۆرە ماددەیەكی تری ڕەقیش بكاتەوە، بۆشنڤەڵد نموونەیەكە لەو نموونە واقیعییە تاڵانەی، ڕژێمی دیكتاتۆر و تۆتالیتار ئەگەر بە چەكیش نەتكوژێت، لە برسان و تامەزرۆیی بۆ لەتێك نان دەتكوژێت، ئێمە ئێستا باسی قۆناغێكی سیاسی و مێژوویی سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی دەكەین، وێڕای برسێتی لەو كەمپە زۆرەملێیانەدا، تەنانەت بەهۆی گەمارۆدانی شارێكی ڕووسیا لەلایەن هێزەكانی ئەڵمانیای نازییەوە، مرۆڤ گەیشتە ئەو ئاستەی گۆشتی منداڵ و ژن و كچ و دایك و باوك و هاوڕێ و هاوشارییەكانی بخوات، ئەمەیش لە ئەنجامی ئەو پەتایەی نازییەت كە بۆ ماوەی زیاتر لە 12 ساڵ فەرمانڕەوایی ئەڵمانیا و بەشێكی ئەورووپای كرد، مرۆڤایەتی پێویستە لە ئاست ئەو جۆرە ڕژێمانە هەردەم لە ترسدا بێت نەوەك جارێكی دیكە و لە بەرگێكی تردا زیندوو ببنەوە و هەمدیس ماڵوێرانی و مەرگەسات دووچاری مرۆڤایەتی بكەنەوە.
وێڕای برسێتی ئەو ڕۆمانە پێمان دەڵێت مرۆڤ لە سایەی ئەو جۆرە ڕژێمانەدا، تەنانەت شەرم لە جەستەی خۆیشی دەكاتەوە، بۆچی؟ لە ئۆردووگەكانی نازیدا، مرۆڤ هێندە پەراوێز دەخرێت و بە ژینگەیەكی پیس ئاشنا دەبێت، بە هێواشی جەستە بەهێزەكەی توانای خۆڕاگرتنی نامێنێت و دەبێتە شوێنگەی ئەسپێ و زیندەوەرانی تر و پاشان ئەو جەستە جوانەی ڕۆژگارێك بەهێز و چالاك بووە، دووچاری داڕزان و نەخۆشیی گەڕی و كێم و خیزاو و برینی قووڵ و گەورە گەورە دەبێتەوە، سەرئەنجام هەر ئەو برین و كێم و ئازارانە لە پەلوپۆی دەخەن و ئیدی بەزیندوویی یان بە مردوویی بێت، دەخرێتە نێو عارەبانەیەكەوە و فڕێ دەدرێت و پاشان دەسووتێندرێت.
“ئێستا پێستم چرچ و لەڕ بووە، وشك و زەردهەڵگەڕانەوە، هەموو جۆرە دوومەڵ، پەڵەی قاوەیی، قڵش و لیرگەلێكی لێ دەرهاتووە، كە فرە دەخوران و وەڕزیان دەكردم، بە تایبەتی نێوان قامكەكانم ئەمە “گەڕی” بوو، هەینێ بە باندی سترومم نیشان دا، ئەو بە ئاماژەیەكی لێزانانە دەستنیشانی كرد. لە خێراییی لاوازبوون و لەناوچوونی ئەو پێستەی ئێسقانەكانمی داپۆشیبوو حەپەسام! سەیرم لە ڕۆژبەڕۆژ توانەوە و بنبڕبوونی گۆشتی جەستەمدا هات، هەموو ڕۆژێ شتێكی نوێ سەرهەڵدەدات و سەرم لێی سووڕ دەمێنێ، خەوشێكی نوێ، ناحەزییەكی تر لەم شتە فرە سەیرەدا، لەم شتە زێدە نامۆیەی ڕۆژێك لە ڕۆژان نزیكترین هاوەڵم بوو، جەستەم، شتێكی بەسامە، چیتر ناتوانم بۆی بڕوانم، قێزی لێ دەكەمەوە، بۆیە ماوەیەكی زۆرە جلەكانم لەبەرم دانەكەندوون بۆ ئەوەی خۆم بشۆرم، جگە لە بێحەوسەڵەییم خۆم لە هەموو ئەو كارە سەختە بێكەڵكانە كێشایەوە، سەرما و پێڵاوەكانیشم لەولا بوەستن.

نۆستالیژیا و نامۆیی

ئینسان لەو ئۆردووگە زۆرەملێیانەی نازییەكاندا لە یەككاتدا دووچاری نۆستالیژیا و نامۆییش دەبێت، بە خەیاڵ هەموو ئەو شت و كارە بێزاراوانەی ژیانی ئاسایی خۆش دەوێن و تامەزۆیە بۆ یەكجاریش بێت، بە ژیانی ئازادی ئاشنا ببێتەوە، ئەوەتا گیۆرگی لەنێو ئەو هەزاران كەسەی نێو ئۆردووگەكەدا، بیری هەموو ئەو كار و هەڵوێستە خراپانەی خۆی دەكاتەوە و پەشیمانە لەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان ڕێزی لە شتەكانی خۆی نەگرتووە، مرۆڤ شتەكانی زیاتر لەلا بە نرخ دەبن، كاتێك لەدەستیان دەدات.
گیۆرگی ژیان و هەموو شتێكی لەدەستدا، ئەوەتا ئێستا ئەو هەموو شتێكی ڕابردووی خۆی خۆش دەوێت، چونكە ئۆردووگەی نازییەكان هێندە سامناكە نەبێتەوە، بە خەیاڵ بۆ ڕابردووی خۆی دەگەڕێتەوە و لەدەست ئەو ئێستایەی تێیدا هەڵدێت “خۆشترین شت بەلامەوە بۆ بەسەربردنی كات ئەوەبوو گەر بكرایە ڕۆژێكی تەواو، بەبێ بڕانەوە، لە سبحەینەوە تاوەكوو ئێوارێی ماڵی خۆمان بهێنمەوە بەرچاوم، لە هەمان سادەییدا، دەكرا بە هەمان كۆشان ڕۆژێكی ئاوەها نموونەیی بهێنمە بەرچاوم، لێ هەمیشە ڕۆژی ناخۆشم بەیاد دەهاتەوە”. نامۆیی بە دونیا پەتایەكی ترە ڕۆحی مرۆڤ لە زیندانی دەسەڵاتی تۆتالیتاریدا دەخوات، نامۆبوون بە هەموو شت، بە كۆمەڵگە، بە مرۆڤی دەوروبەر، بە خۆت و جەستە و ناخت، ئیدی لەو زیندانانەدا مرۆڤ هەر ساتەوەختەی بەدەست ئەندێشەیەكەوە گیر دەخوات، جارێك بەخۆی نامۆیە و جارێكیش بە خەیاڵ و نۆستالیژیا دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی ڕابردووی، ڕابردوویەك زەحمەتە دووبارە ببێتەوە.

لە دیلیشدا ئەندێشە بە ئازادی دەمێنێتەوە

ئینسان لە زیندانی دیكتاتۆردا ڕزگاربوونی نزیكە لە مەحاڵەوە، ڕەنگە هەموو هەوڵێكیشی بۆ ئازادی بە شكست و ئەشكەنجەی نوێ كۆتایی بێت، لێ ئازادییەكی تر هەیە، هەرگیز دیكتاتۆرەكان ناتوانن دەستەمۆی بكەن و دەركی پێ بكەن، ئەویش ئازادیی ئەندێشە و لە ناخەوە بیركردنەوەیە لە ئازادبوون، مرۆڤ بە ڕێگەی خەیاڵ و ئەندێشەوە دەتوانێت هەمیشە ئازاد بژی، دەكرێ كەڵەپچە لە دەستت بێت و لە گرتووخانەیەكدا بیت و دەیان پاسەوان و جەللادت لە نزیكدا بن، بەڵام هەرگیز ئەو هەستەت نامرێت كە دەتەوێت ئازاد بیت، گرنگ نییە، ناتوانیت ئازاد بیت، گرنگ ئەوەیە خۆت لەگەڵ كۆتوبەندی دیلیدا ڕانەهێنیت، كۆیلە ئەو كەسەیە بە كۆیلایەتی ڕازی دەبێت و هەوڵی ئازادیی خۆی نادات، بەپێچەوانەوە ئەوانەی تەنیا وەك كۆیلەیەك ڕاگیراون و بیر لە ئازادی دەكەنەوە، ئەوە كۆیلە نین، چون ناخێك هەیە بیر لە ئازادبوون دەكاتەوە، گیۆرگیش ئەگەرچی دەزانێت ڕزگاربوونی مەحاڵە، بەڵام بە ئەندێشە بیر لە ئازادی دەكاتەوە و دەیەوێت هەموو ڕووداوەكانی ژیانی وەك شریتێك بهێنێتەوە بەرچاو، ئەمە خۆی جۆرێكە لە ئازادی و پەیامێكیشە مرۆڤ نابێت لە سەختترین ساتەوەختی زیندان و ئاستەنگەكانیشدا بیر لە خۆڕادەستكردن بكاتەوە. “بەشێك لە سرووشتی مرۆڤ هەیە تایبەت بە خۆیەتی و بە هیچ ڕەواڵێك لێی داگیر ناكرێت، ئەوە ڕاستییە، تەنانەت لە دیلیشدا ئەندێشە بە ئازادی دەمێنێتەوە”.
گیۆرگی لەو دۆخەدا ئەگەرچی تەواو پەكی كەوتووە و هەندێ جاریش هیچ ئومێدێكی نامێنێت، بەڵام ئەوەتا لە ناخیدا دەڵێ: “بەخۆم ژنەفتم باسی ڕابردوو و داهاتوو دەكرێت، لە هەمووشیان زێدەتر، گەلێك باسی ئازادی دەكرێت، بەڵێ بە بوێرییەوە دەڵێم نەمبیستووە لە هیچ شوێنێكی دیكەی جیهاندا هێندەی نێو گرتووان باسی ئازادی بكرێت، ئێوارەیەكی تاریكی مانگی نیسانە، لەكاتێكدا سەرۆكی ئۆردووگەكە جارێكی تر لە بڵندگۆكەوە دەدوا، پیەتیكایش بە ڕوومەتی سوورهەڵگەڕاو، بە جۆشوخرۆش و پڕ بە هەزاران وشەی ناڕوون گەڕایەوە، هاوكات سەرۆكی ئۆردووگاكە حارێكی تر لە بڵندگۆكەوە دەستی بە قسان كردەوە، ئەمجارەیان ڕووی دەمی لە ئەندامانی پێشووی تیمی پەتاتەپاككردنەوە كرد و داوای لێ كردن بەزووترین كات بۆ شوێنەكەی خۆیان، واتە ناندێنەكە بگەڕێنەوە، هەروەها داوای لە دانیشتووانی ئۆردووگەكە كرد، گەرچی تا نیوەشەویش بووە بە بێداری بمێننەوە، لەبەر ئەوەی دەستیان بە لێنانی شۆربابەگۆشتێكی خەستوخۆڵ كردووە، ئەوجا بە ئاسوودەیی سەرم خستە سەر بالیفەكەم و بەكاوەخۆ شتێك لە ناخمدا داسەكا، ئەو دەمەی ئەمنیش ڕەنگە بۆ یەكەمین جار بیرم لە ئازادی كردەوە”.

ئازادی و لەبیرنەكردنی ئازارەكان

دوای ئەوەی ئەڵمانەكان لە شەڕدا دووچاری شكست دەبن، ئەو جوولەكانەی لە ئۆردووگە زۆرەملێكاندا ڕاگیرابوون، ئازاد دەبن و هەر كەسەیان بەرەو وڵات و شاری خۆی دەگەڕێنەوە، ئەگەرچی ئەوانەی ئازادبوون ژمارەیان زۆر كەمە، چونكە زۆربەیان لە ماوەی پرۆسەی پاكتاوكردن لە كەمپەكاندا بە جۆرەها شێوە كوژران و سووتێندران و خنكێندران و لە برسان مردن و لە تینووێتیدا خنكان.
كاتێك گیۆرگی بە وڵاتەكەی “هەنگاریا” ئاشنا دەبێتەوە، زۆر شت وەك خۆیان نەماون، زۆربەی خەڵكەكە یان بزرن یان مردوون، باوكی كە پێشتر بۆ بێگاری لەلایەن نازییەكانەوە بردرا، لە ئۆردووگەدا گیانیلەدەستداوە و باوەژنەكەشی شووی بە توشۆ، ئەو كرێكارەی كە باوكی، كۆگەی دارەكەی پێسپارد، كردووە و شوێنەكەی جێهێشتووە، كەسوكاری باوەژنەكەیشی زۆر هەوڵی لەگەڵدا دەدەن ئەو دۆخەی بەسەری هاتووە، وەكخۆی قەبووڵ بكات و ژیانێكی نوێ دەستپێبكاتەوە، بەڵام گیۆرگی هێندە بە قووڵی ئازاری چەشتووە و لەبەرچاوی شكۆی مرۆڤ شكێندراوە، داواكەیان ڕەت دەكاتەوە، ئەگەرچی سەرجەم ڕووداوەكان بە ئاسایی دەبینێنێت، سەرەڕای ئەوەش ناتوانێت لەئاست ئەو ستەمەدا بێدەنگ بێت، دواجار بڕیار دەدات لەبارەی ئەوەی لە ئۆردووگەكاندا ڕوویداوە، قسە بۆ ڕۆژنامەكان بكات.

——————————————–

سەرچاوەكان:
ناوی كتێب: پیاوێكی بێچارەنووس
نووسەر: ئیمرە كیرتێز
وەرگێڕانی لە سویدییەوە: ڕووناك شوانی
بابەت: ڕۆمان
نۆبەتی چاپ: چاپی یەكەم 2016
لە بڵاوكراوەكانی ئەندێشە
**
ناوی كتێب: هۆلۆكۆست
نووسەران: ستیڤان برۆشفێڵد و پاوڵ ئا. لڤین
وەرگێڕانی: شۆڕش غەفووری
بڵاوكراوەی ئاراس، چاپی یەكەم 2007
**
سەرنج: ئەم بابەتە لە كتێبی (خوێن و ئیرۆتیك)ی شاخەوان برایم عەبدوڵڵا، وەرگیراوە.




کەشوهەوای جیهان و یەکسانی کۆمەڵایەتی.. ڕزگار عومەر

پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان تێکچوونی کەشوهەوای جیهان و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر بارودۆخی ژینگەیی نوێنەرایەتی ئاستەنگێکی گەورە دەکات بۆ کۆمەڵگەو ووڵاتە بێ دەسەڵاتەکان، بەتایبەتی چینە هەژارەکان. لە کاتێکدا جیهان لەگەڵ ئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا ناڵە ناڵیەتی، بۆ ئەم دۆخە چ وەکو چالاکوانێکی سیاسی یان ژینگەیی زۆر گرنگە لە ئەنجامە کۆمەڵایەتییە قووڵەکان بۆ هەژاران و پەیوەندییە سروشتییەکان بە پرسەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێبگەین.
چینە هەژارەکان؛ کە زۆر گروپی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە لەوانە جووتیارە وەرزێرەکان و شوانکاری پشت بەستوو بە لەوەرگا سروشتیەکان و کرێکارە کشتوکاڵیەکان بە شێوەیەکی نایەکسان کاریگەری ڕاستەقینەی سەختی تێکچوونی ژینگەیان لەسەرە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا دروست دەبێت. زیادبوونی ئاستی و توندی کارەساتە سروشتییەکان لە ناوچە هەژارەکان ، وەک زریان، لافاو و وشکەساڵی، بە توندی کاریگەری داناوە، ئەمەش جیاوازیی و قڵشتە ئابووری و چینایەتیەکانی ئێستا زیاتر دەکات. سەرچاوەو داهاتی سنووردارو و ژێرخانی ئابوری ناتەواو لەم ناوچانەدا کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان وادەکات زیاتر ببن بە قوربانی ئەنجامە وێرانەکانی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا، کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ژیانی سەقامگیر، ماڵ و بژێویان .
زۆرجار خەڵکی هەژار بۆ بژێوی ژیانیان پشت بە سامانە سروشتییەکان دەبەستن، وەک کشتوکاڵ و ماسیگرتن. تێکچوونەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ ئەم ئیکۆسیستەمانە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەم و کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە سەرەتاییەکان، ئەمەش وادەکات کۆمەڵگە لاوازەکان قووڵتر نقوم بن لە هەژاری.

دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی ئاستەنگەکانی ژینگەیی زۆر گەورەن، کە نەک تەنها کاریگەرییان لەسەر بژێوی ژیان هەیە، بەڵکو کاریگەریان لەسەر تەندروستی و پەروەردە و خۆشگوزەرانی گشتی هەیە.
کۆمەڵگە هەژارەکان ڕووبەڕووی مەترسی زیادبوونی بەدخۆراکی، نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو و دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و چاودێری تەندروستی دەبنەوە. جگە لەوەش، کۆچی زۆرەملێی خەڵک بەهۆی هۆکارە ژینگەییەکانەوە دەتوانێت ببێتە هۆی قەرەباڵغی ناوچە شارییەکان و فشارێکی زیاتر لەسەر سەرچاوە سنووردارەکان دروست بکات و بەشداربێت لە نائارامی کۆمەڵایەتیدا.
چارەسەرکردنی پەیوەندی نێوان بارودۆخی خراپی ژینگەیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی پێویستی بە ڕێبازێکی گشتگیر هەیە. سیاسەتە ژینگەییەکان دەبێت پێداویستییەکانی کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان لە پێشینەدا بن و گەشەپێدانی بەردەوام و خۆڕاگری بەرەوپێش ببەن.
پەیوەندی نێوان بارودۆخی ژینگەیی نالەباری کەشوهەوای جیهانی و دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان دەرفەتی نەهێشتووە بۆ نکۆڵی لێکردن. گەیشتن بە “دادپەروەری کۆمەڵایەتی” لە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوادا پێویستی بە ڕێبازێکی گشتگیر هەیە کە بەڕێوەبردنی ژینگە لەگەڵ “عەدالەتی کۆمەڵایەتی” تێکەڵ بکات، ئەم تێکەڵ کردنە ئیختیاریی نیە بەڵکو زەرورەتە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە گروپە لاوازەکان بە تەنیا نامێننەوە!




خوێنـدنەوەیەک بۆ رۆمـانی ملوانکەی ئەفـسوناوی.. رەزا شـوان

رۆمانی (ملوانکەی ئەفسوناوی) بۆ مێردمنداڵان، دووەم رۆمانی شاعیر و چیرۆکنووس و رۆمـانـنووسی ناسـراوی ئەدەبیـاتی منـداڵانی کـورد، مـامـۆسـتا (ئەمیـن محـەمـەد) ە. ئەم رۆمـانەی بـۆ هـەرزوکاران نووسیوە. (١٢) بەشە، (٩٢) لاپـەڕەی مامناوەنـدییە. چاپی یەکەمی لە چاپخانەی (پـانـدا) لە ساڵی (٢٠٢٤) دا چاپکـراوە. لە بڵاوکـراوەکانی دامەزراوەی کەریمی ئەلەکە یە، بە سپۆنسەری دارایی بەڕێـز دکتۆر (تەهـا رەسـووڵ) چاپکـراوە، تیراژی (٥٠٠) دانـەیە. کوالـیتی دیـزایـنی بەرگ و وێنەکـان و چاپکـردن و جـۆری کاغـەزەکەی باشـن. چەپکەگـوڵی سوپاسم بـۆ مامۆستا ئەمـین محەمـەد، کە بە (پی دی ئێـف) رۆمـانەکەی بـۆم نـارد. جـوانـترین دەستخـۆشی و پـیرۆزبـایی لێـدەکەم.
رۆمانی ملـوانکەی ئەفسونـاوی، لە ناونیشانەکەیەوە و لە سەرەتاوە بە ئەفسون دەست پێـدەکـات، هـەر بـە ئەفـسونیـش چـارەسەری رووداوەکـان دەکـات و کـۆتـایی دێـت. ئەم رۆمـانە، رۆمـانێکی خەیـاڵـيی فـانتـازییە، لە هەمانکاتیشدا رۆمانێکی خەیـاڵی زانستییە و رۆمانێکی داهاتـووە (جۆرێکە لە جۆرەکانی رۆمان). پێم باشە پێش ئەوەی بێمە سەر دەربـڕینی را و چەنـد تێبینی و سەرنجی تایبەتیم دەربارەی ئەم رۆمـانە. بە کورتی و بە چـڕی، پـێناسەی رۆمـان و ئەفــسون (جـادوو) و رۆمـانی فـانتـازیـا بـکەیـن.

رۆمـان مێـژووییەکی کـۆنی هـەیە، هـەزاران ساڵە هـاودەمی مـرۆڤـە. چەنـدیـن رۆمـان هـەن کـە مێـژوویان بـۆ پێـش زایـنی دەگـەڕێـنـەوە. بـۆ نمـوونـە: رۆمـانی گـلگـامـیش. رۆمانی مـۆدێـریـن لە سەدەی هەژدەمـدا، لە ئەوروپادا سەریهـەڵـدا. گەلێ گۆڕانکاریی بەسەر هـاتـووە. بەڵام تا ئەمـڕۆش پێگەی خـۆی لەنـاو جـورەکانی ئەدەبـدا پاراستووە. مەرج و بنـەما و پێویستییە سەرەکـییەکانی رۆمـانی هـەرزەکاران، هەمـان مەرجەکانی رۆمـانی گەورەکـانـن بە کەمـێک جیـاوازی و تایبـەتـمەنـدییـەوە.
رۆمـان، چ بۆ گەورەکان چ بۆ هـەرزەکاران، یەکـێکە لە هـونەرە ئەدەبیـیە مۆدێـرن و جـوان و فـرە بەربـڵاوەکـانی ئـەم سەردەمـە. ژانـرێکی گـرنگە لە ژانـرەکـانی ئـەدەب، هـونـەرێکی گـێڕانـەوەی خـەیـاڵـئامـێزی پەخـشان نـووسـراوی دوورودرێـژە. لەسـەر بنـەمای خەیاڵ دامەزراوە، لە زنجـیرە ڕووداوێک یان لە زنجـیرە چـیرۆکێکی یەک لە دوای یەک پێکهـاتـووە، کە رەگەزەکانی رۆمـان پـێکەوەی گـرێـداون. بەپێی رۆمانەکە پەیـڕەوی لە ریـزبەنـدی لێکۆڵینەوەکانی رووداوەکان دەکرێـت. کارەکتەرەکانی رۆمـان زۆرن و رووداوەکانی تێکهـەڵکـێشن. رۆمـان فـۆرم پـرۆژەیەکی زەبەلاحـە، نـووسینی رۆمان وەک دروستکردنی مـاڵ وایە. تا زیاتر بـڕازێـنرێتەوە و تاسولووس و تیـفـتـیـفە بـدرێـت جـوانـتر خـۆی دەنـوێـنـێـت. بـەڵام بە مەرجـێک درێـژدادڕی بـێـزارکەر نەبێـت.
رۆمان بەرهەمی ئەزموونی خەیاڵ و داهێنانی مرۆڤە. رۆماننووس توانای ئەوەی هەیە، کە خەیـاڵ و بیـرۆکەکانی زادەی هـزر و پەیـام و رێـنمـاییەکانی خـۆی کە باوەڕی پێـیان هـەیە، لە چـوارچـێـوەی رووداوەکـانی رۆمـانـەکەیـدا دایـانبـڕێـژێـت و پەخـشی بـکات. رۆمـان بـۆ ئاسـانی و بـۆ بـێـزارنەبـوونی خـوێنـەر لە خـوێـنـدنـەوەی، دابەشـدەکـرێـت بـۆ چـەنـد بەشـێک، یـان ژمـارە بۆ بەشـەکانی دادەنـرێـت.
گرنگـترین رەگەزە (توخـمە) پێکهـاتـووەکانی رۆمـان: خەیـاڵ، بیـرۆکە، بابـەت، گـرێ، پاڵەوان و کارەکتەرەکان ـ مەرج نییە کارەکتەرەکان مـرۆڤ بن، دەشێ ئاژەڵ و باڵندە و رووەک و شتی ئەفسانەیی خەیاڵی بن. بە تایبەتیش لە رۆمان بۆ هەرزەکاران ـ دیمەن و دیالۆگەکان، تەکـنیکی گێڕانەوە. هەر رۆماننووسێکیش شێوازی مامەڵەکردنی خـۆی هەیە لەگەڵ هەر رەگەزێک لەو رەگەزانە. لـێرەوە دەکرێت داهێنان لە رۆمانـدا بکرێت.
فـانتـازیا بە خـەیـاڵ پـۆشـراوە. یەکـێکە لە فـاکـتەرەکانی جـیهـانی رۆمـان و چـیرۆک و هـونەر. فـانتـازیا لە ئەدەبـدا، بە شێوەیەکی ئەدەبی دەوتـرێـت، کە مەیـلی ئەوەی هـەیە لە داب و نەریتی باو دابـڕێت و لە راستییەکان رابکات و کاری لە لـۆژیک بەدەر بکات. رۆمـانی فـانتـازی، ئـەو رۆمـانەیە، کە رۆمـاننـووس بە پـلەی یەکـەم پشـت بە جیهـانی خەیـاڵ دەبەستێت. رووداوەکانی لە جیهانێکی خەیاڵـیدا روودەدەن. لە سنوور و کۆت و پـێـوەنی لـۆژیـک خـۆی رزگـاردەکـات. خـوێنـەر بـۆ گـەشـتـێکی دژەبـاو دەبـات. ئـەم جیهـانە خەیاڵـییەش، لە داهـێنانی رۆماننووسە. بەڵام ئەم وەسـفە هـەمـوو رۆمـانێکی فانتـازی ناگـرێتەوە، ئەگەر بە شـێوەیەکی هـونەری لە ژیـان بـڕوانـێت و وردبـێـتەوە.
چـیرۆکـنووسی بەنـاوبـانگی منـداڵان، دکتـۆر (سـیوس) دەڵـێـت:” فـانتازیـا بە تەواوی دیوەکەی تری عـەدەسەکەیە”. فانتازیا نکووڵی لە بوونی ئازار و مەینەتییەکان ناکات. لەوانـەیە رۆمـاننـووس بۆ چارەسەرکـردنی کـێشەکانی جیهـان، بە شێوەیەکی هـێمایی خەیـاڵ بەکـاربهـێنـێـت. نووسـەری ئـوسـترالی، پسـپۆر لە ئـەدەبی منـداڵانـدا، خـاتـوو (کەیـت فـۆرسـت) دەڵـێـت:”فـانتـازیـا لـە چـیرۆکە ئەفـسانەییـەکـانـدا، وەک مـۆمـێکی داگیرساو دەدرەوشـێتەوە و دڕ بە تـاریکی دەدات. بەڵام گرنگـترین شـت ساتەوەخـتی روونـاکـیـترە، کە پـێمـان رادەگـەیەنـێـت، هـیوا و کـۆتـاییـە خـۆشـەکـان هـەن”.
تایبەتمەندییەکانی رۆمانی فانتازی، رۆماننووس بە شێوەیەکی داهێنەرانە لە دەرەوەی ژیانی باودا، چارەسەری کێشەکان دەکات. بۆ گەیاندنی پەیام و هـێنانەدی ئامانجەکانی رۆمـانەکەی پشـت بە ئەفـسون (جـادوو) و شـتەکانی دەرەوەی سـروشت دەبەستێـت.
ئەفـسون (جـادوو) بـریتیـیە لە بەکـارهـێنانی هـێـزی نـائـاسایی، بـۆ ئـەوەی بە خەیـاڵ شـتـێکی ئەستەم بکـرێت. ئەفـسون چالاکییەکە کە بەپێی ئەو کەسەی ئەنجـامی دەدات، دۆخـێکی دیـاریکـراو دەگـۆڕێـت. مێـژووی ئەفـسـون بـۆ هـەزاران سـاڵ دەگـەڕێتـەوە.
قسەکردن لەسەر ئەفـسون، شتێکی پـڕوپـووچ و نامـۆ نییە. لە یادەوەریی کـولـتووری کوردیدا، لە گەلێ چیرۆکی رەسەنی ئەفسانەیی و داستانە کوردییەکان و حیکایەتەکاندا، کە هـەزاران ساڵە کورد دەیـانگـێڕێتـەوە. لە بەشـێکی زۆریـانـدا، ئەفـسون رەگەزێکە لە رەگەزەکـانی ئـەو چـیرۆکانە. بۆ نمـوونە چـیرۆکی (پیـرەژن و چـەرخ و فـەلـەکەکە ئەفـسووناوییەکەی). تەنانەت لە رۆمانی (مـەم و زیـن) یشدا، ئەحـمەدی خـانی پەنـای بۆ ئەفـسون بـردووە. لە کولـتوور و ئەدەبیاتی ئەفـسانەیی و نـوێی هەمـوو گەلانیـشدا ئەفـسون بـوونی هەبـووە و هـەیە. ئەفـسون لە ئەدەبـدا ئامـانج نیـیە، بەڵکو هـۆیەکە بـۆ هـێنانـەدی ئامـانجی لە تـوانـابەدەر. لە هـەمـوو ئـاینـە ئاسـمانییەکـانیشدا، جەخـت لەسـەر بـوونی ئەفــسون دەکـەن. گەلـێک لە کـەڵە رۆماننـوسـانی جیهـانی لە شاکـارە رۆمـانەکانیانـدا بۆ هـەرزەکاران، پەنـایـان بۆ ئەفـسون بـردوون، لەوانـەش: رۆمـانی ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکاندا ـ نووسینی: لویس کارۆل. ساندرێلا ـ نووسینی: چارلـز پـیرۆ. گەشتی سەرسوڕێنەری نـیـلـز ـ نووسینی سەلما لاگیرلۆف. تۆمالـیزاـ نووسینی هـانـز کریستیان ئەنـدەرسـین. هـاری پـۆتـەر ـ نـووسینی جـوان رۆلـینگ… هـتـد.
من خۆم لە ئەدەبـدا نەبێت، بـڕوام بە ئەفسون و جادوو و فـاڵ و بـورجـەکانـیش نییە. ئەفـسون بە سێ جـۆرە ناسراوە: ئەفسونی سپی و ئەفسونی رەش و ئەفسونی سوور. ئەفـسونی سپی بـۆ کـاری چـاک بەکـاردەهـێنرێـت. ئەفـسونی رەش بـۆ کـاری خـراپـە بەکاردەهـێنرێت. ئەفـسونی سـوور بۆ چـارەسەری کـێشەکـان بەکـاردەهـێنرێـت. لـەم رۆژانـەدا کەسـانێکی زۆر، بـۆ چـارەسەرکـردنی کـێشەکـانیان، باوەڕیـان بە تـوانـای سەرووی سـروشـتەوە هـەیە. ئەفـسـون لە رۆمـانـدا کـارێـکی هـەڕەمـەکی نیـیە. لە رۆمانی فانتازیـدا، ئەفـسون نرخ و یاسا و دەستوور و مەرجی هـەیە. میکانـزمێکی گەورەی رووبـەڕووبـوونەوەوەیە. بەبێ ئـەوەی یاساکانی سـروشـت پێـشـێـل بکات. بـۆیـە رۆمـاننـووسی سـەرکـەوتـووی رۆمـانی فـانـتـازی، سـەبـارەت بـە چـۆنـیـەتی بەکارهێنانی ئەفسون لە رۆماندا لە کات و شوێنی خۆیدا. بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکـییەکان بە شێوەیـەکی دروست و تاڕادەیـەک باوەڕپێکـراوبێـت و لە راستییەوە نزیک بێت. پێویستی بە دەستوورێکی ئەفسون و بە شێوازێکی نووسینی ورد هەیە.
رۆمـانی داهـاتـوو: جـۆرێـکە لە جـۆرەکـانی رۆمـان. کە رۆمـاننـووس تێـیـدا هـەوڵی پێشبینـیکـردنی رووداوەکـانی داهـاتـوو و داهـێـنانی ئـامێـری نـوێ دەدات. وەک ئـەو رۆمانانەی وێنەی داهـێنانەکان و گەیشـتنی مـرۆڤ بـۆ بـۆشـایی ئاسـمان و بـۆ سـەر هەسارەکان دەکات. ئەم رۆمانـانەش پشـت بە شێوازی خەیـاڵی فـراوان و بە وشـەی تـازە دەبـەسـتـێـت. مـلـوانـەکەی ئەفـسونـاوی رۆمـانێکی فـانتـازی و داهـاتـووشـە.
دێینە سەر رۆمـانی (ملـوانکەی ئەفسوناوی)ی بۆ مێردمنـداڵان، لە نووسینی مامۆستا ئەمـین محـەمەد. پێمـوایە مامۆستا ئەمـین داهـێـنەر و رابـەری راستـیی سەرهـەڵـدانی رۆمـانی هـەرەزەکارانی کوردە لە کوردستانـدا. رۆمـانی یەکەمی بۆ هەرزەکاران (کچی دورگە بچکـۆلەکە) کە لە ساڵی (٢٠٢٢) دا، چاپیکـرد و بڵاوی کردەوە، نووسـەران و خوێنـەران پێشوازییەکی گەرمیـان لـەم رۆمـانـەی کـرد. بـوو بـە هـانـدان بۆ مامۆسـتا ئەمین. ئەزمـوون و شارەزاییەکی قـووڵـتر و باشـتری دەربـارەی نووسینی رۆمـان بۆ هەرزەکاران پێبەخشی. بۆیە رۆمانی دووەمی (ملوانکەی ئەفسوناوی) بۆ مێردمنداڵان بە تەکـنیک و بە ستایـلێکی جوانتر و پـڕ خەیاڵـیتر و فـانتازیتر و هـونەریتر نووسیوە.

رۆمانی ملوانکەی ئەفسوناوی، رۆمانێکی خەیاڵیی فانتازییە، بە تام و چێژێکی کوردی. مامـۆسـتا ئەمـین کـراسـێکی هـاودامـانی ئەفـسونـاویی لەبـەر ئەم رۆمـانەی کـردووە. پاڵـەوانی سەرەکـیی ئەم رۆمانە (سـیـتا) یە. کە کچێکی ئەفـسوناوی پـرچ زێڕینی زۆر چـالاک و گـورج و گـۆڵـبوو. کچـێکی نـاوازە و جیـاواز و لە تـوانابەدەربـوو. دەیتوانی هەموو شتێک بکات. خەیاڵ سەرتاپای ژیانی داپـۆشیبوو. سیتا کچێکی چاونەترسبوو. هـێمای چاکەخوازی بوو. نازناوی (کچە ئەستـێرە) شی هـەبـوو. ئەو خـۆشی رۆژێـک لە رۆژان یەکـێک بووە لە ئەستـێرەکـان، بە رێکەوت هـاتبووە سەر هەسارەی زەوی. خـۆی ئەم نهـێنیـیەی لای ئازا درکانـدبـوو.
ئەم رۆمانە ململانێیەکی سەختە، شەڕێکی گەورەی مان و نەمانە لەنێوان هـێزی خێر و هـێزی شەڕدا. هـێزی خـێر لە سیتادا کۆبـبووەوە، هـێزی شەڕ و بەدکاریش لە پیرەژنی جادووبـازدا بەرجەستەببـوو. هـەردوو لایـان تـوانـا و هـێزی ئەفـسووناوی و كاری لە توانابەدەریـان ئەنجـام دەدا. نازانـم بۆ زۆربەی ئەفسانەکان و چیرۆکە فـۆلکلۆرییەکان، زیـاتر پیـرەژن دەکـەن بە هــێمای جـادووبـازی و شـەڕانی و بەدکـاری. پێمـوایە ئەمـە ناڕەواییەکە دەرهـەق بە ژنان، ئەو سۆز و نیانی و میهـرەبانییەی لە ژناندا هەیە، بەو رادەیە لە پیاودا نییە. بەڵام لەم رۆمانەدا، رۆماننووس پیرەژنێکی تری (دایەگەورە) ی سەر هەسارەی شینی کردووە، بە فـریادڕەس و بە یارمەتیدانی سیتا بۆ رزگاربوون لە پیـرەژنی جـادووبـاز. بەشـێکی زۆری کـارەکـتەرەکـان، پیـرەژنی جـادووبـاز، جـادووی لێکـردبـوون و کـردبـوونی بە گیـانەوەوەرێـکی تر یان بە دڕکەزێ، بەشێکـیانـیشی لە ئەشکەوتەکەدا بەنـدکردبوون. ئازای لەناو گوێـزێکی گەورەدا بەندکردبوو، حەوت برا پاڵەوانەکەکەشی لەناو پرتەقاڵێکدا بەندکردبوون، دارکونکەرەش کە هـاوڕێی ئازا بوو، چاوشارێکـیان کردبـوو. کە ئازا لەناو گوێـزە گەورەکەدا خۆی شاردبووەوە، بەنـدکـرا، هـاوڕێکەی ئـازا وایـدەزانی کە ئـازا لەنـاو دارێـکـدا خـۆی شاردۆتەوە، بـۆیە بـوو بە دارکونکەر، شەو و رۆژ خەریکی کونکـردنی دارەکان بـوو و بۆ ئـازا دەگەڕا. پۆلێک پـەڕەسـێلکەش، پیـرەژنی جـادووبـاز جـادووی لـێکـردبـوون، کـردبـوونی بە دڕکـەزێ. گیانلەبەران نەیاندەوێرا نزیکی ببنەوە. سیتا بە هۆی گوڵەئەستێرە ئەفسوناوییەکەیەوە، زۆریـانی رزگـارکـرد. تـرسی گـەورەیـان لـە پیـرەژنی جـادووبـاز بـوو، کـە جـادوویـان لـێـبکات. ئەم پیرەژنە ژیانی لە گیانلەبەرانی دارستانەکە تاڵ کردبوو. پـرچـی ئـەوەنـدە درێـژبـوو، تـاڵـەکـانی پـرچـی وەک داو، لەنێـوان لـووتکە چیـاکـانـدا دەنایەوە. پۆلـێک قـازوقـورینگ لە ئاسمانی دارستانـەکەدا، بەسـەر ئـەو تـاڵە قـژە جـادوویانەی پیـرەژن فـڕیبـوون. وەک رسـتە بـامێ، بە ئاسـمانەوە وشک ببـونـەوە.
ئەگەرچی بابـەتی مـلمـلانی لەنێـوان، چاکەخوازی و خـراپەخوازیـدا لەنێـوان ئاشتی و شـەڕدا، لەنێـوان رووناکی و تاریکـیدا، شـتێکی تـازە نییە. بابـەتی سـەرەکی زۆربـەی رۆمان و چیرۆک و ئەفسانە و داستانەکان و حـیکایـەتەکان بـوونە. بە زۆریـش هێزی چاکە و ئاشتی و روونـاکی، بەسـەر هـێزی شـەڕ و خـراپە و تـاریکـیدا سەرکەوتـووە. ئەم راستییانەش لە ئاینەکاندا رەنگـیان داوەتەوە. بۆ نموونە لە ئاینی (زەردەشـتی) دا. ئاینی زەردەشتی لە سەدەی شەشی پێش زاینی سەریهەڵدا. زەردەشت پەیامبەری خودا بـوو، یەکـتاپـەرست بـوو. وشـەی زەردەشـت، زاراویـەکی کـۆنی کـوردییـە، بە مـانـای ئەستێرەیەکی روونـاک و دروشـاوە و جـوان دێـت. رۆگـەی زەردەشـتییەکان تیـشک و رووناکییە. ئاینی زەردەشـتی لەسەر دوو بنـەمـا بنیاتـنراوە: یەکەمیـان (ئاهـورامەزدا) واتا خودای چاکە یان هـێزی چاکە. دووەمیان (ئەهـریمەن) بە مانای هـێزی شەڕ دێت. یۆنانییە کـۆنەکانیـش خوداوەنـدی ئاشتی و خـوداوەنـدی شەڕیان هەبـوو. هـەردەمیش لایەنگـران و پاڵـپشتیکارانی چاکە و خێرخوازی و ئاشتی و سەرکەوتـن، زیاتـربوونە.
نووسـەر بۆ رووداوەکانی ئەم رۆمـانە فانتازییەی، جیهـانێکی خەیـاڵی دروستکـردووە، کە دارسـتانێکی پـڕ لە دار و گـوڵ و گوڵـزار و چـیمەن و دڕکـوداڵ و کـانی و روبـار و ئەشکەوت و دۆڵ و گـرد و چیـایە. پـڕە لە مێروولە و هەنگ و پەپوولە و خاڵخاڵۆکە و باڵندەی رەنگاوڕەنگ و سمۆرە و دارکونکەرە و کەروێشک و بەرخ و مەیموون و بۆق و ژیشک و زەرافـە و فیـل و ئەژدیهـای حەوت سەری رەنگاوڕەنگ و قـازوقـورینگ و مـاسی و دێـوی زەبـەلاح و گیانلەبەر و حەشـامـاتی تـر. لە رۆمـانـدا نەبێـت، لە کـوێـدا ئەژدیهـای حەوت رەنگ و حـەوت سەر هەیە، کە هەریـەکە و بە ئاوازێکەوە گـۆرانی دەڵـێت. لەم رۆمانەدا کـۆمەڵـێـک کارەکـتەری سـەرەکی و لاوەکی هـەن، سەرەکـییەکان وەک: سیتای پاڵەوان و هـاوکارانی: ئازای هـاوڕیی و حەوت بـرا پاڵـەوانەکە و ریتـا و دایەگەورەی دانیشتووی سەر هەسارەی شین. پیرەژنی جادووباز و دێـوە زەبەلاحەکە.
مامۆسـتا ئەمـین، نووسـەری ملـوانکەی ئەفـسونـاوی، باکگـراونـدێکی رۆشـنبـیری و زانیاری و زانستی گشتی و خەیـاڵێکی فـراوانی هـەیە. سەرتاپـای گەردوونی خستۆتە ژێـر رکێفی رۆمانەکەی و لەبەردەم سیتای پاڵەوانی رۆمانەکەیـدا، ئەستە بـوونی نییە. بە سەر پەیـژەی ویست و بـڕوا و هـیوادا بـۆ لای دایـەگەورەی سـەر هەسارەی شـین سەردەکـەوێـت. ئەگـەرچی تا ئەمـڕۆ ئەو راسـتییە پشـتڕاست نەکـراوەتەوە، کە ژیـان لەسەر هەسارەکانی تـردا هـەبێت. یان دەفـری فـڕیـو لەسەر زەویـدا بینرابێـت. ئەمـە تەنیا خەیـاڵ و قـسە و باسـە. بەڵام نووسـەران دەتـوانـن جیهـانێکی خەیـاڵی دروست بکەن و پێشبینی داهـاتـوو بـکەن و بە تـاڵی خەیـاڵ، زەوی و هـەمـوو هـەسەرەکانی گـەردوون پـێکەوە ببـەسـتن.
“ریتـا”ی کەشتییەوانی ئاسمانیی هـەسارە شین، کە جەستەیەکی جیاوازی هەیە، سێ جار بە کەشتییەک لە هەسارەی شینەوە، هـات بۆ سەر زەوی و لەسەر گردەکەی ناو دارسـتانەکەدا، نیشتەوە و لەگەڵ سـیتا و ئازا دا، بوون بە هـاوڕێ و بە هەمان زمان قسەیان دەکـرد. ریتـا لە گەشتی دووەمیـدا، ملـوانکەیەکی ئەفـسونـاوی دەنک گەورەی یاقـووتی، پێشکەشی سـیتای کـرد، کە هـەر مـووروویـەکی لە ئەستێرەیەکەوە هـێناوە. دەنکە سەوزە گەورەکەی، ئەفسوناوییەکی تایبەتییە، لە هەسارەیەکی زۆر دەگمەنەوە هـێناوێتی، هەرکەسێک پەنجـەی لەسەر دابنێت و بڵـێـت:”هـەسارە دەگـمەنەکە تکـایە هاوکاریم بکە” یەکسەر ملوانکەکە دادەگیرسێت و دەبێت بە پەیژە لەنێوان هەسارەکاندا. بەبێ تـرس دەتوانێـت پێـدا سەربکەوێـت. دەبینرێت بەڵام کەس ناتـوانێـت بیگـرێت. ئەم ئـەم ملـوانـکە ئەفـسـونـاوییـە، دایـەگـەورەی سـەر هـەسارەی شـیـن، بـە چـل سـاڵ بـە هـاوکاریی دانیشتوانەکەی بە تاڵـێک لە قـژێ پـرچی خـۆی هـۆنیـویتـەوە. دەنکـێکی لێ دەپەڕی و نەیان دۆزییەوە. ئەو دەنکەش، گوڵەئەسـتێرەکەیە، کە کەوتبـووە لای سـیتا. لە دواییدا دەیبات بۆ لای دایەگەورە و دەیکات بە ملوانکە ئەفـسوناوییەکەوە. سیتا دوو جار چـوو بۆ سەر هەسارەی شـین، بۆ لای دایـەگەورە. جاری دووەم بۆ ئەوە چـوو کە یارمەتی بدات بۆ رزگاربـوون لە پیـرەژنە جـادووبازەکە. دایەگەورە بۆ یارمەتیـدانی بە تـاڵـێک لە قـژی خـۆی، سـیتای دەبەست بە خـۆیـەوە. پـلانی چـۆنیەتی رزگاربـوون لە پیـرەژنی جـادووبـاز بـۆ دانـا. کـلـیلی نهـێـنی پـلانـەکەش ئەمـەیە: (کـچـە ئەسـتـێرەکە، دایەگەورە، هەسارەشینەکە)یە. بە کورتی لەکوتاییدا بە هۆی ئەم پلانە ئەفسوناوییەوە، سـیـتا بەسەر پیـرەژنـە جادووبازەکەدا سەردەکەوێـت. پیـرەژنە جادووبازەکە هەڵدەداتە ناو ئەشکەوتێکی سـەر هـەسارەی سێیەم و سێ جار دەڵـێت:”ئەشکەوتە رەشـەکە ئەم بەڵایـە بە تۆ دەسـپێرم.” دەرگای ئەشکەوتـەکە دادەخـات و فـوویەک دەکات. بێجگە لە پەڵەیەکی رەش هـیچ شوێنەوارێکی دیارنامێنێـت. کە دەگەڕێتەوە بۆ هەسارەکەی خۆی هەمووشتێ ئاسایی بۆتەوە. حەوت بـرا پاڵەوانەکە، بـوونەوە بە ئەستیرەی حەوتەوانە و چـوونەتەوە بۆ ئاسمان. ئەستێرەی کاروان کـوژە و دێـوە زەبـەلاحەکەی ناو بیـرەکە، بێجـگە لە خـۆم، کەس نـازانێـت بـۆ کـوێ رایـان کـردووە.
لێرەدا رۆمانی ملـوانکەی ئەفـسوناوی کۆتایی هـات. بەڵام هەموو رووداو و کێشەکان چارەسەر نەکراون. رەنگە رۆماننووس دەستەوستان دانەنیشێت و لە رۆمـانێکی تری خەیـاڵی فانتازیـدا، چارەسەری بەشێکی تـریان بکات و بە بیانخاتە بەردەم خوێنـەران.
رۆماننووس هـێمایەکی زۆری بەکارهـێناون، هـەریەکە لە کارەکتەرەکانی هـێمایەکن بۆ مەبـەسـتێکی راستی. لەپـاڵ هـەر رسـتە و بەشـێکـدا، مەبـەستـێکی تێـدایە، پێـویسـتە خوێنەر بیر لە مەبەستە خوازراو و شارەوەکانی دیـوەکەی تـری رۆمانەکە بکات. هەر وەک چـۆن گـورگ هـێمای دڕنـدەیی و زۆردارییە. هەروەهـاش پیـرەژنە جادووبازەکە هـێمای بەدکاری و زۆرداری و ستەم و دوژمنی ئازادی و ئاشتییە. میروولەکان هێمای کۆمەڵگایەکی نموونەیی تەبایی و تێکـۆشەر و کـۆڵـنەدە و دووربـین و یاساپـەروەرن. وەک چۆن دەڵێن (واتای شیعر لە دڵی شاعـیر دایە) زۆر واتا و مەبەست لەم رۆمانەدا هـەیە، دەشێت خوێنەر لـێیان تێ نەگات. مەگـەر رۆماننووس خـۆی ئاشکـرایان بکات. کـۆمەڵـێک هـێـمای نەتـەوەیی و نیـشـتـمانی و سـیاسیی و کارەسـاتی لەخـۆگـرتـوون.
رۆمـاننـووس بە وردی کارەکتەرەکـانی هـەڵـبژاردوون، بە وردیـش مامـەڵـەی لەگەڵ رۆڵەکانیانـدا کردووە. بە سەرکەوتـن و چارەسەرکـردنی کـێشەکان کۆتـایی پێهـێناوە.
زمـانی رۆمـانی ملـوانکەی ئەفـسوناوی، زمـانێکی ئەدەبی کـوردی، پەتی و سووک و ئاسـان و شـیرینە، وشـەی بێـگانە و نامـۆی تـێـدا نیـیە، رسـتەکـان کـورتـن و خـوێنەر هەناسەسوار نابێـت. بە وردی پەیـڕەوی شـوێنی دروستی خـاڵـبەنـدییەکـانی کـردوون. تەکـنیک و شـێوازی داڕشـتنەکەی، گونجـاوە بـۆ قـۆنـاغی هـەرزەکاری. ئـەم هـەمـوو خـاڵ ئەرێنیانە، بۆ بە توانایی و شارەزایی و ئەزمـوونی چەنـد ساڵەی مامۆستا ئەمین محەمەد لە زمان و لە نووسینی بواری ئەدەبیاتی منداڵان و هەرزەکاران دەگەڕێتەوە.
بۆچی رۆمانووس (ئەستێرەی شین)ی هەڵبژاردووە؟ پێموایە دەگەڕێتەوە بۆ شارەزایی لە زانیـاری و زانستی دەربارەی هەسارەکـانی گـەردوون. لە راستییدا هەسارەی شـین، یەک هەسارە نییە، کۆمەڵێک هەسارەی شینن. لە ساڵی (٢٠١٢)دا، تیمێک لە زانایانی ئەستێرەناسی ئەمریکی، لە زانکـۆی کالـیفـۆرنیا، بە هـۆی تەلـیسکـۆپی “هـابیـل” ەوە. هـەسـارەیـەکی شـیـنی زەبـەلاحی گـەش و درەوشـاوەی زۆر دووریـان دۆزیـیـەوە، کە دەکەوێتە نزیکەی ناوەڕاستی گەردوونەوە. ناویان لێنا (ئیکارۆس) بەناوی پاڵەوانێکی ئەفـسانەیی یـۆنانی کـۆنەوە. ئـەم هـەسارەیـە (٩) مـلـیـار ساڵی تیـشکی لە زەوییـەوە دوورە. (٣٠) جـار لـە قـەوارەی خـۆر گـەورەتـرە. (١٧٣٣) جـار لـە قـەوارەی زەوی گـەورەتـرە. پـلـەی گـەرمـی لەسـەر روویـدا، دەگـاتـە (٣٥) هـەزار پــلـەی سـەدی. هـەنـدێ لـە هـەسـارە شـیـنەکـان، بـە هـۆی گـەورەیی و گـەشی و درەوشـانـەوەیـان، شـەوان لەسـەر زەوییـەوە بە چـاو دەبـیـنرێـن.
زامـوا: لۆلۆییەکان کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی گەلی کوردی ئەمڕۆ (٤٣٠٠) ساڵ بەر لە ئێستا، لە ناوچەی (میـزۆپـۆتـامـیا) بە تایبەتی لە خـوارووی گـۆمی ورمـێ و زێـی بچووک و شـارەزوور و زەهـاودا، تا نـزیکی شـاری کەرکوک، دەوڵـەتێکی کوردییان دامـەزرانـد. لە سـەردەمی ئاشـووریـیـەکـانـدا، بەو نـاوچـەیـەیـان دەوت (زامـوا). بـە گـشتی پارێـزگای ئێـستای سـلـێمـانی دەگـرێتەوە، کە نیـشــتمانی لـۆلـۆیـیـەکـان بـوو.

رۆمـاننـووس لـە دوالاپـەڕە و لـە بـەرگـی دووەمـی رۆمـانـەکـەیـدا، نـووسـیـوێـتی:
(ملـوانکەی ئەفسونـاوی رۆمـانێکی تایبـەت بە مـێردمنـداڵانە، بەشـێکە لە کـتێـبـێکی گـەورە بە ناونیـشانی یاداشـتەکانی ریتـای ئەستـێرە شـیـنەکە، دەڵـێن گـوایە نـزیکەی حەوت سـەد ساڵ پێش زایـن لە لایەن یەکـێک لە بوونـەوەرە ئاسمانییەکـانەوە لەسەر پێستی شەمشمەکـوێـرە نووسراوە، ئەم کـتێبە دەست نووسە. لەلایەن پـرۆفیسۆرێکی شـوێنەوارناسەوە بە نـاوی (ئەمـین محەمـەد) لە ساڵی دوو هـەزا و بیـست و سێ لە وڵاتـی زامـوا لـە ئـەشـکـەوتـێکـدا دۆزراوەتـەوە. (وڵاتـی زامـوا شـانـشـیـنـێکی ئـەم هـەسـارەیـەیە. مێـژوونـووسـێک دەڵـێ بـە هـۆی نـاکـۆکی نـاوخـۆوە لەنـاوچـوە).
مەبەستی رۆمـاننووس لە شانشینی زامـوا، ئیمـپراتـۆریەتی میـدیـایە، کە حەوت سەد ساڵ پێش زاینی دامەزرا. توانییان شاری (نەینەوا ـ موسڵ) ی پایتەختی ئاشوورییەکان بگـرن و کۆتـایی بە دەسەڵاتیان بهـێـنن. بە بەداخـەوە بە هـۆی ناکـۆکی و ناپـاکـیـیەوە. ئیمپراتـۆریەتی میـدیا، بە دەستی ساسانییەکان کۆتایی هـات. ئەگەرچی ساسانییەکانیش بە ڕەچـەڵـەک فـارس نیـن کـوردن.
بە رای مـن (ملـوانکەی ئەفـسونـاوی) لە هـەمـوو روویـەکەوە رۆمـانـێکی خەیـاڵـیی فـانتازیی نـاوازە و تـازەی جیـاوازە بۆ هـەرزەکارانی کوردمـان. مـن وام پێ باشە کە بیسـت و پێـنج دانەی لـێبـدرێـت، بە بیست و پـێنج هـەرزەکاری خـۆێنـەری کـورد، تا بیخوێننەوە و لە کـۆڕێکـدا، بە ئامـادەبـوونی رۆماننـوس مامـۆستا ئەمـین محـەمـەد. گوێ لە را و لە تێبینی و لە سەرنج و بۆچوونەکانیان دەربارەی رۆمانەکەی بگرێت.
دووبارە جوانترین پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە پـرۆفـیسۆر (ئەمـین محەمەد) دەکەم.

رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤




مناڵ و ئیلحاد.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

( ئەم بابەتە پوختەی ئەو ووتارەیە کە حەوت ساڵ لەمەوپێش ژنە بەغیرەتی عەرەب د.نوال السعداوی ناردبووی بۆ ڕۆژنامەی”الاهرام” بەڵام بڵاوکردنەوەی قەدەغە کرا…..)

…..هەر لە مناڵیمەوە سەیری ئاسمان ئەکەم تا جنۆکەکانی خۆیانیان لێ شاردۆتەوە ببینم ، بەڵام چاوەکانم جگە لە ئەستێرە بە شەو و چۆلەکە بەڕۆژ هیچی تر نابینن..
باوکم پیاوێکی بە ڕەوشت بوو ، جگە لەوەی نەیئەخواردەوە خیانەتیشی لە دایکم نە ئەکرد ، گوێم لێ ئەبوو ئەیووت : خوا ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی و ئازادی و خۆشەویستی و جوانیە و لە هەموو ئینسانێکا بێ جیاوازی ژن و پیاو وەک “ویژدانی زیندوو” هەیە ، لای من باوەڕ “ئیمان” دادپەروەری و ڕاستگۆیی و ئازادی و خۆشەویستی و جوانی و یەکسانی نێوان خەڵکە…
لە مناڵیمەوە مامۆستاکەم لەبەر ئەوەی باوەڕی من لەوەی ئەو جیاواز بوو بە”ئیلحاد” تاوانباری ئەکردم و بڕواشی وابوو کە کوڕ لە کچ باشترە..!! و خوای بە شێوەی پیتی چاپکراوی کتێب ئەبینی و داوای لێ ئەکردم بێ ئەوەی لێ ی تێبگەم لەبەری بکەم ، ڕۆژێک بینی کە ناوی دایکمم لە جیاتی ناوی باپیرم نووسی بوو بۆ ئەو فەسڵە دەری کردم و لە شانسی خۆما کاتم زۆر تر بوو بۆ خوێننەوەی کتێب..
” سیگمۆند فرۆید” ئایینی بە دیاردەیەکی بەشەری کە لە ڕووی مێژووییەوە بە شێوەیەکی کۆمەڵیی” کۆلەکتیڤ”ە ئەزانی ، بەڵام ” ئاریک فرۆم” مەودا دەروونیەکانی دیاردە ئایینیەکانی تێپەڕان بوو و زانا و ئەکادیمییەکان لە توێژینەوەکانیان لە ناوە و دەرەوە ناخی بەشەرییەت بەردەوامن بۆ زانینی بڕوا بوون و “نە بوون” بە ئایین کە بە “ئیلحاد” ناوئەبرێ ، لەگەڵ پەرەسەننی ڕەوتە سیاسیە ئاینییەکانی سەدەی بیست و یەک کتێبی زۆر دەربارەی ئیلحاد دەرچوە وەک ئەوەی کە نەخۆشییەکی دەروونی”نفس” کە گەنجەکان تووشی ئەبن و چارەسەری لای پزیشکە و ئەم بۆچوونانە پزیشکەکانی دەوڵەمەند و ئەقڵی میسریی هەژار کردوە…لەم دوایەیا بابەتێکی پزیشکیی میسرییم خوێننەوە کە ئەڵێ : ئیلحاد نەخۆشییەکی نەفسییە..!! بە واتای ئیلحاد بڕوا نەبوونە بە خودای خالقی دونیا وەک ئەوەی لە کتێبی ئایینا هاتوە و دووپاتی ئەکاتەوە کە زانستی دروست بوونی دونیا” کون” زانست نیە و نەزەرییەی دروست بوونی دونیا “کون” ڕاست نیەو نەزەرییەی گەشەکردن ( کە نەزەرییەی دروست بوون لە ڕوانگە ئایینیەکەوە ڕەت ئەکاتەوە) بێ بنەمایە و جۆرێکە لە ئیلحاد و ئەم ئیلحادەش وەک دەردی غەم داگرتن”الکآبة” بڵاو ئەبێتەوە..!! ،ئەم بۆچوونانە لە لایەن کۆمەڵێ پزیشکی نەفسییەوە دەرئەچێ کە جیاوازییەکی لەگەڵ ئەوانەی پیاوە ئاینییە کلاسیکیەکانەوە نیە و ئایینیان لە باوک و باپیرانەوە بۆ ماوەتەوە ، زۆر کەمیان دەربارەی بڕوا و ئایینە جیاوازەکانی جیهان زانیوە، وا یەتە بەر چاویان کە ئیلحاد ڕەت کردنەوەی ئەوەیە کە ئەوان بڕوایان پێ هێناوە و ئیلحاد کەم ئەقڵی و بیرکردنەوەیەکی هەرزەکارانە و خۆ بەکەم زانینە یان لەخۆبایی بوونێکی گەمژانە و بەدوای مەلەزەت کەوتنە..!!
چوار ملیار کەس ” زیاتر لە نیوەی دایشتوانی سەر ئەرز” لە چین و هیند و یابان ئەژین و بڕوایان بە هیچ ئایینێک نیە ، دوای مەلەزاتی خۆیان نەکەووتون ، بەڵکو دوای کاری بەرهەمهێنەر ، تونایەکی ئەقڵی بەرز و بڕوا بوونێکی زۆریان بەخۆیان هەیەکە وای کردوە ووڵاتەکەیان لە ۆێش ووڵاتانی تری جیهان بێ ، نیوەی گەلانی ئەمریکا و ئەوروپا ئایینیان بە میرات بۆ نەماوەتەوە و کە قوتابخانە نایخوێنن بەڵام لە مناڵییەوە “ویژدانێکی زیندوو” پەروەردە ئەبێ و بڕوایان بە دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی و کەرامەت هەیە ، دژی حکونەتەکانیان یان هەر حوکمدارێکی چەوسێنەری ستەمکار لە هەر قوژبنێکی جیهان بێ خۆپیشانان ئەکەن …مليۆنەها خەڵکیش هەن ئایینیان وەک میرات لە خانەوادەوە بۆ ماوەتەوە و لە قوتابخانە خوێنویانە و بڕوایان وایە ئایین هەقیقەتێکی ڕەهایە و هەموو شتێکی تر بێ بنەمایە و توانای بیرکردنەوەیان بە شێوە و ئاڕاستەیەکی تر لە دەست یاوە..
هێزە سیاسیە حوکمڕانەکان ” بە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە ” پێویستیان بە ئایینە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەقڵی میللەت و دابەشکرنێکی تایەفەگەرییانەیان و ئینسانی “تاک”یش بۆ قبوڵ کردنی کارەساتی مردنەکەی پێویستی پێیە ، مێشکی ئینسان گەشەی کردوە کە ئەزانێ ” مەرگ” بێ ئەم لا و ئەولا جیاوزی نیە لە ڕووەک و ئاژەڵ بەڵام مێشک”مۆخ”ی ئەوان وەک ئینسان گەشەی نەکردوە و نەگەشتونەتە ووشیاری هەقیقەتی مردن و فەنا بوون..
ئینسان لە ڕێ ی خەیاڵەوە هەوڵ ئەیا فەنا بوون ڕەتکاتەوە ، وا خۆی ئەهێنێتە بەر چاو کە ئەو لە ژیانی دوای مەرگا هەیە ، ئەم مەودایەی نێوان خەیاڵ و هەقیقەت یان نێوان قايع و خەو قۆناغێکە لە تەمەنی گەشە کردن یاخود لە مێژووی بێ کۆتایی بەشەرییەت، خەیاڵ لە “بۆشایی”وە سەر هەڵنایا ، بەڵکو لە بەشی پێشەوەی خانەکانی مۆخەوەیە کە تیایا هەست و نەست و بیرەوەرییەکانی مناڵی و داهێنانە هونەری و فیکرییەکان جێگیرن…..
كێ خەوی بەوەوە ئەبینی کە بە “بەکارهێنانی” ئەلیکترۆنیات بە چاو داخستنێک بەگەی بەوسەری جیهان و کێ بیری لە ئەلیکترۆنات”ی ئاسمان ئەکردەوە؟ ئەو ئاسمانەی بە مناڵی وامان ئەزانی پڕە لە جنۆکە..!!
كاتێک “مناڵ”ێکیش هەبوونی جنۆکە ڕەتکاتەوە و بڕوای وابێ کە خودا دادپەروەری و یەکسانی و ڕاستگۆیی و ئازادی و خۆشەویستی و جوانیە ، ئایا ئەبێ بە” مولحید”….!!؟




ساڵی نوێ وپێک شاد بوون.. چیرۆکی قوتابیەکەم.. چرۆ زەند

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ قەیرانی داخستی شوێنە گشتیەکان وە قەدەغەکردنی هاتوچوو دەستی پێکرد. کارو وپەیوەندیەکان لەڕێگای زووم وئنتەرنێت گەشەی کرد. ماوەیەک دابڕام لە پۆلی زمانی کوردی. پاشان لەڕێگای زووم جارێکی تر بە پۆلە خۆشەویستەکەم شاد بوومەوە. خۆشەویستی قوتابیەکانیشم گەورەترین پاڵپشتی بوو. ئەوان بونە هاندەرم بۆ کردنەوەی پۆلەکەم. پۆلی زمانی کوردیم ڕاگەیاند لە توڕە کۆمەڵایەتیەکان لە ماڵی کورد وڕۆژنامەی دەنگەکان کە ڕۆژنامەیەکی سەربەخۆی ئەلەکترۆنیە، دەنگی خەڵکە بێ جیاوازی.

وەک یەکەم مامۆستای زمانی کوردی لە تورنتۆ لە کەنەدا کە سێ ساڵ هەوڵمدا لە پەروەردە وفێرکردن تا توانیم زمانی کوردی بخەمە ڕیزی زمانەکانی دنیا. زمانی کوردی بۆ یەکەم جارلە ساڵی ٢٠٠٣ دانی پێدا نرا، لەو کاتەوە من دەستم کرد بە وانە وتنەوە. من نەم ویست هەوڵی بیست ساڵم لەو قەیرانەدا بەهەند بڕوات، بۆیە بەردەوامیم هەڵبژارد.

ئەم جارەش پۆلەکەم کرایەوە، پۆلم کرد بە دوو بەش. پۆلی یەک، بۆخوێنکاری سەرەتایی. پۆلی دوو، بۆ خوێنکاری ئادەڵت، پێشکەوتوو. بۆ یەکەم جار لە ڕێگای زووم وانەم وتەوە. ئەمە کارێکی نوێ بوو بۆ من. قوتابیەکانم لە ڕێگەی ئنتەرنێت داخڵ بە پۆل دەبوون. پرۆگرامی پۆلەکان کات وڕۆژەکانم بۆ دەستنیشان کردن. هاوکاری قووتابیەکانم پۆلەکەم بەردەوام بوو.
زیلان پەڕتووکی زمانی کوردی کردە پی دی ئێف بوە ڕابەری زووم بۆ پۆلی دوو. میلۆدی بوە سەرپەرشتی زووم بۆ پۆلی یەک. پەری ڕابەری پۆلەکان بوو یاداشتی ناوەکانی دەکرد، هەر قوتابیە ئەرکێکی بوو، بەپێی بوارو لێهاتوویان. بۆ قووتابیەکانم پۆل بووە پەنجەرەیەکی ڕووناکی، تێکەڵ بوون بوو بە کۆمەڵگا لە ڕێگای کۆمپیوتەر، هەناسەیەک بوو بۆمانەوە و بەردەوامی، بەرگریەک لە داخستن وقەدەغەی هاتوچۆ. لەلایەکی ترەوە، وەڵامێک بوو بۆ ئەو زوڵم وستەمەی کە لە ولاتی زێد لێیان کرابوو، زمانی دایک یاساغ بووە. قوتابیەکانم بونە سەرمایەیەکی بەنرخ بۆ پۆلەکەم، هەوڵی ئەوان وهەوڵی من ئاویزان بوون، هاوکێشەیەک بوو پێکەوە لەیەک جودا نەدەکرایەوە. نە من بێ بوونی وان کارم پێدەکرا نە ئەوانیش بێ من پۆلی زمانی دایکیان دەبوو. لە کۆتایی ڕۆژەکەدا پاداشتی من، جوانی زانستی زمان بوو، زەردەخەنەی قوتابیەکم بوو، کە پێی دەوتم سوپاس مامۆستا، من ئێستا فێر بووم بەکوردی ناوی خۆم بنووسم.

چیرۆکی یەک لە قووتابیەکانم لە قۆناغی دوو؛
قوتابیەکانی قۆناغی دوو بە کوردی دەدوان، وەلی لە بواری نووسین وخوێندنەوەدا هەندێکیان کێشەیان هەبوو، دەبا لە نووسینی ناوی خۆیانەوە دەستپێکەن. ژمارەیەک لە قوتابیە نوێکانم ڕوو بە ڕوو نەدیتبوو. من تەنها لە ڕێگەی ئنتەرنێت زووم پۆلەکەم ئامادە دەکر. شەونم یەکێک بوو لە قوتابیانە، شەونم لە ناسکی وجوانیدا لە شەونمی سەر گووڵاڵە دەچوو. بڕێ شەرمن و دووڵ بوو، هەندێ جار بێ ئاگا بوو لەپۆل .گەلێ جار دوا دەکەوت، جاریش وا پێش دەهات پێش دەسپێکی پۆل خۆی ئامادە دەکر. جار جار ئەو بڕە کوردیەشی کە دەیزانی لەبیری دەچۆوە، کاتێ کۆشش وچالاکی پۆل کە دەبوو بخوێنێتەوە چەند جارێ دەیگووت بە خودا مامۆستا چرۆ ئامادەبووم ئێستا بیرم چووە. من دەستم دەکردەوە بە دووبارە وتنەوەی ڕستەکە، دەیگووت ئا، ئا بیرم کەوتەوە، با خۆم بیڵێم، بە پەلە ڕستەکەی دووبارە دەکردەوە، لەگەڵ دووبارەیی وشەکان، دووبارە دەوەستا، ڕستەکەی بۆ تەواو نەدەکرا. شەونم نەیدەتوانی کۆششکەی بەباشی بکات.

گەلێ رۆژ، شەونم بیری دەچوو کە پۆلمان هەیە، بە تەلەفۆن پێش وەخت ئاگادارم دەکردەوە. لەپۆلدا، کە پرسایری پیتێکم دەکرد لە ڕستەدا داینێن، ناوێک لە سەر زاری بوو، لەپر دەی وت. ڕۆژێک ویستم چیرۆکی ئەم قوتابیەم لا ڕوون بێت. مۆڵەتم لێ وەرگرت تا لە نزیکەوە لەگەڵی بدوێم، ئەوکات زانیم کە شەونم خۆشکی یەک لە هاوڕێی ودەستە خۆشکی ئازیزم لە کەنەدا خاتوو شیلان، ساڵانێکی زۆرە دوو کوڕی رۆح شیرینی شیلان قوتابین لە پۆلی یەک لە زمانی کوردی.

کاتێ گوێبیستی چیرۆکی قوتابیەکەم بووم، چیرۆکێکی نوێ نەبو، چیرۆکی زۆرینەی پەناهەندەی گەلی کورد بوو، چیرۆکی دابڕان لە وڵاتی زێد وجیابوونەوە، دووری لەخۆشەویستان، لە کوڕە تاقانەکەی. چیرۆکی غوربەت و جیابوونەوە. ڕەزا تەمەن ٢١ ساڵە، لە تەمەنی پانزە ساڵیدا، بە ڕووداوێک، وەیان هەڵەی پارێزەرێک ولەهەمان کاتدا وەک کورد کە مافی هاوڵاتی لێ زەوت کراوە، مافی سەفەری نەبوە، نەیتوانیوە لەگەڵ شەونمی دایکی سەفەرکات بۆ کەنەدا. شەونم شەش ساڵ مۆمی لەدایک بوونی بەتەنها بۆ کوژاندۆتەوە، بەحەسرەتی بەیەک گەشتن. شەونم نەک هەر گریان فریایی نەدەکەوت، دەژیا تەنها بۆ ئەو چرکە ساتەی بۆ جارێ باوەش بکات بە کوڕە تاقانەکەیدا. ئەو منداڵ وهاوژینەکەی لەگەڵ نەبوو، لەکوردستانی ڕۆژهەڵات مابونەوە، شیلانی خوشکی پشت وپەنای بوو، هاندەری بوو بۆ ژیان وگوزەران. شەونم نەیدەیویست کە دڵخۆشی کەس تێک بدا، لە کۆبونەوە وچونە دەردا، بەڵام لەناخدا وەک لاشەیەکی بێ ڕوح دەژیا، ئازاری دابڕان لە کوڕە تاقانەکەی لە ناخیدا پەنگی دەخوارد زۆر جار زەردەخەنەیەکی بە خۆی بەڕەوا نەدەدی، لەپڕ دەیدا لە پڕمەی گریان.

لە کۆتایی مانگی دیسەمبەر ساڵی ٢٠٢٣، خاتوو شیلان خوشکی شەونم، پەیامێکی بۆ دانام، ئیتر ئەو کاتە مێژوویەی کە شەونم لە فرۆکەخانەی تۆرنتۆ چاوەڕوانی ڕەزا دەکات. من نەم زانی چۆن هەستم دەربڕم، دەم ویست ئەو چرکە ساتە کە شەونم باوەش بە ڕەزادا دەکا لە هزرمدا تۆمارکەم، لەو کاتەدا بژیم، بەچاو بیبینم. ئەو کاتە بوو شەونم وتی من ئیتر هیچ ویستێکم نەما دەمەوێ بمرم.
ڕەزاش وتی من ژنێک باوەشم پێدا دەکات، هەست دەکەم نایناسم، ئەوەی من گفتووگۆم لەگەڵ دەکرد لە تەلەفۆندا بۆ ماوەی ئەم شەش ساڵەدا لە ڕاستی نەدەچوو. کە دایکم ڕۆی، لە پێشدا زۆر ستەم بوو بێ دایک گەورە بم، پاشان بۆم دەرکەوت هەموو شت ڕاهاتنە. ڕاهاتم لە بێ دایکی، کاتێ دەچوومە ماڵی نەنکم هەستم بە قەرەباڵغی دەکرد لە دەورو پشتم ئەو کاتانە بۆ من باشتر دەگوزەرا. باوکم زۆر چاک بوو، من لەگەڵ ئەو دەژیام، جار جار بۆڵەمان دەهات، بەڵام دەڵێم هەموو شت ڕاهاتنە.

لە کۆتایی مانگی دیسەمبەر شەونمم دیت بۆ یەکەم جار لە ماڵە خنجیلەکەی کوڕەکەی لەگەڵە. نە دڵی باوەڕ دەکات، نە هەست دەکات کە ڕاستی بێت. ئەو شەوە وشەوی پێش گەشتکردنیان هیچکامیان نەنووستبوون، خەو لە چاوی هەردووکیان زڕابوو، ساتەکان تەنها تێڕوانین وگێڕانەوەی ساڵەکانی دابڕان بوو. شەونم پاش شەش ساڵ بە کوڕە تاقاناکەی گەیشتەوە. چیرۆکی قوتابیەکەم، دەسپێکی ساڵی نوێ، شاد بوونەوەی بە کوڕە تاقانەکەی.

December 27, 2023




سڕبوون.. شیعری سەلام عومەر

وەک تەزینی درەختەکان و
بێدەنگی باڵندەکان…..
پەنجەکانم
لەبەر سەرما جێهێشتوون و
سڕ سڕم کردوون
ژێیەکانم
لەبەردەم مایکەکان داناوە و
کڕ کڕم کردوون
ئاخر
ئەو باخچەیەی دەنگی باڵندەی لێبڕاوە
دڵنیابن لەوێ
راوچیەک خۆی حەشارداوە.




دەقی واڵا.. ستیڤان شەمزینی

ئەی ژن
ھەر دەبوو ئەمەت پێ بڵێم

ئەی ژن
ھەرگیز ئەو ھەڵەیە نەکەیت
باوەڕ بە ئێمەی پیاو بکەیت
ئێمە تەنھا لە بۆتەی شیعردا
بەرگی خواوەند بە بەرتدا دەدورین
لە گۆرانییە درۆزنەکانماندا
خۆمان بە بێ دەسەڵات
لە بەردەمتدا نیشان دەدەین
تا شەوێکی سوور مسۆگەر دەکەین
دوای ئەمە گورگەکەی ناوەوەمان
لە دڵی نەرمت بەردەدەین
شانامە بە باڵاتدا دەھۆنینەوە
تاکو ئاوی روونی ژنێتیت لێڵ دەکەین
نەکەیت باوەڕمان پێ بکەیت
ئێمە کۆمەڵێک راوچین
تۆ دەکەینە نێچیری حەزەکانمان
ھەوڵی دەستەمۆکردنت دەدەین
چون ھیچ شەرەفێکمان نییە
دەتکەینە شەرەفی ناچاریی خۆمان
ھەر کات یاخیبوویت
بێ ویژدانانە سەنگەسارت دەکەین
گەر زۆر پێشکەوتووخوازیش بین
نامانەوێت تۆ بۆ خۆت سەما بکەیت
ناچارت دەکەین
بە زوڕنای دەنگ گڕی ئێمە ھەڵپەڕیت
نامانەوێت دنیای خۆتان ھەبێت
ھەموو بەدەنگێکی کۆراڵئاسا
ئەنەڕێنین و ئەقیژێنین
ئێوە جیھانی ئێمەن
وەک ئەو منداڵە گڕو دەگرین
بە میکانۆکانی جیھانێک دروست دەکات
نەکەن، بیرتان بچێت
ئێمەی پیاو
ئێوە بە میکانۆکانی گەورەییمان دەزانین
ئارەزوو دەکەین
جیھانێکی بێ رەنگ بخوڵقێنین
بە دڵی ئێمە و لەسەر ئێسکی ئێوە
نامانەوێت ھەست بە بوونتان بکەن
باشترینمان ئەوەیە
وا بیر دەکاتەوە لە پەراسووە گێڕەکەیەوە
ھاتوونەتە دەرێ و
ئەکتەری شانۆگەرییەکن
ھەر خۆی نووسەر و دەرھێنەریەتی
ئەی ژن ھەرگیز نەکەیت
باوەڕ بەم قسانەی منیش بکەیت
وا بزانی پیاوێکی جیاوازم
ھەرگیز بەم قسەی باق و بریقانە تێمەکەوە
ئێمە ھەموو یەک میتاڵین
جیاوازییەکە لەوەدایە
ھەندێکمان لە یاری شێوەگۆڕیندا
کارامە و لێھاتووترین
ئەگەر بۆمان بلوێ
دوا بە یەکتان دەخەینە
تۆڕی خولیا شەھوانییەکانمانەوە
گەر بۆشمان نەکرێت
وەک ماری سڕ دەچینە قاوغی متبوونەوە
ھەندێکی ترمان
مێشکیان لە خوار ناوکیانەوەیە
ھەزاران تۆپ قوماشت تێوە پێچرابێت
ھەر وەک لەشێکی رووت دەتبینن
ئەمانە لەو پیاوانە پێکنەھاتوون
بە ئەبجەدیات نەخوێندەوارن
ھەمانە کتێبی قەبە دەنووسێت
ھەمانە چارەنووسی ملیۆنانی بەدەستە
ھەمانە ئێوە زۆرتان خۆشدەوێت
ئاە کەمتان دەتوانن لە سۆنەرێکدا
ناوەوەی ببینن، تا بزانن
چ کەمتیارێکە لە پێستی کەروێشکدا
ئەی ژن
ئەمەت با بیرت نەچێت
ئەوانەی دەڵاڵی بە لەشتەوە دەکەن
ھەموو پیاون
ئەوانەی خوێنت حەڵاڵ دەکەن
ھەموو ھەر پیاون
گەر بە رێکەوت
مێینەیەکیشیان لەگەڵ بوو
خوێنی پیاوسالاریی
بەدەمارەکانیدا دەگەڕێت
دەبێت ئەویش حسابی نێری بۆ بکرێ
ئەوانەی دەتکەنە کاڵا
لە جەمخانەکانی بازاڕی ئازاددا
یەک بە یەکیان پیاون
ئەوانەی فوو بە شەیپوری جەنگدا دەکەن
کە تۆی تێدا لاقە دەکرێیت
ھەر ھەموو سمێڵ بابڕن
ئەوانەی تەنیا لە شیعردا
تۆیان خۆش ئەوێ
ھەموو ھەر نێرە زەلامن
ئەوانەی لە ژوانەکاندا
درۆتان لەگەڵ دەکەن
ژمارەیەکی بێشووماری کەر پیاون
رەنگە بڵێن
تۆ بۆ ئەم دێڕانە دەنووسیت؟
پرسیارێکی زۆر بەجێیە
لەوانەیە ھیچ وەڵامێکم نەبێت
تەنھا ئەوەندە نەبێت
ئەی ژن
باوەڕم بەوە ھێناوە
تۆ ھەر جەستە نیت
تۆ بۆ بێتاقەتی دەرکردنی من
نەئافرێندراویت
دەرچەیەک نیت بۆ خاڵیبوونەوە
لە ھەڵچوونی غەریزە ھەراشەکانم
نا، شتێکی گرنگتر ھەیە بیڵێم
تکایە گوێم بۆ بگرە
بە خاتری گەیاندنی ئەم مەسیجە
رەچاوی شیعرییەتی ئەم دەقە ناکەم
دەمەوێت پێت بڵێم
وەک مرۆڤێک قبوڵت دەکەم
تۆش وەک مرۆڤ نەک پیاو
تەماشای خۆم و شیعرم بکە

دیسامبەری ٢٠١٤
ناو شەمەندەفەر
لە کۆڵن – ئەڵمانیاوە
بۆ ئاڕنھێم – ھۆڵەندا




ئێوارانە ٥٩.. شیعری سەردار جاف

ئێوارەيەک
قريوەکانی جاڕدان، زارۆکان کاس دەکا
ئەم مەنفايە دەربازبوونی بۆتە مەحاڵ
تەوژم و لرفەی رۆخانە
مێژووی رۆحێ
هێندەی چنگێکی دەمێنێ
لم شەق نابا
دەبێتە رەقەڵانێک و ناتوانێ خۆی تيا نوقم دا
ئەم ئێوارە هەتاکو دێ
تاريکی خۆی دوا دەخات و
حەشاردانی خۆر ون دەکا
شەوێ لە رۆژانی رابردووی من دەچێ
شێت بوونە ؟
يا قەرەجێکی سەرەڕۆ ؟
لە نێوان رەهایی و يەخسيری پەنگ دەخوا
يەکێ بۆنی شەکر دەکا
ئەوی دی جاڕدانی پياو
يەکێ ڤالانتاين دێنێ
ئەوی دی وێنەی پۆست و نامەی بەر ئاو
لێوەکان هەڵدەلەرزن
ژاوەژاوی دەنگەکان سووژنێکن
لە تارمایی خۆيدا ئەوا
مەڵاسدانی لێ ياساغە
چما دەبێ
بێتەوە ناو ئامێزی توانەوەی غوربەت
بێتەوە سەر
پەڕينەوەی ئەم قايەغە
قريوەی شيرينی
لە حەوشەکە
سووربوونی شەهلا رەنگ دەکا
پڕپڕن لە شەرم
لە رۆچوونی زەوی دەچێ
نە خواردنەوەی خودە
نە گێڕانەوەی دوێنێ
کێ لە دەردی کێ تێدەگا
من هەر دەڕۆم و راناگەم
لە پەرتەوازەیی خۆما
پارچەکانم کۆوە دەکەم
کە ونيش بم من هەر هەسم
خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم

٣ / ٢ / ٢٠٢٣




بیركردنەوە لە بری ئەوانیتر یان دیماگۆجیەتی ڕوانین؟.. سەدیق سەعید ڕواندزی

بیركرنەوە لە بری ئەوانیتر، یەكێكە لەو تێگەیشتنە خراپانەی لە كۆمەڵگەی ئێمەا زۆرباوە. ئێمە هەمیشە دەمانەوێت، تێگەیشتنی خۆمان بەسەر هەموواندا بگشتێنین، بە بێ ئەوەی درك بەوە بكەین، كە مرۆڤەكان تایبەتمەندی خۆیان هەیە و خەم و كێشە و مەراقی هیچیان لەویتریان ناچێت. سرووشتی سایكۆلۆژیای هەر مرۆڤێك لەویتر جیاوازە، كاتێ كەسێك لە پێناو خۆشەویستەكەی خۆی دەكوژێت، یان دایكی و دواتر خۆشی دەكوژێت، ئێمە هەموومان ڕەخنە دەگرین، بەلاَم دەبێ بزانین كەسمان ئەو نین و كەسیشمان ئەزموونی ژیانی ئەومان نەكردووە، بۆیە نابێت ژیانی خۆمان و تێگەیشتنی خۆمان، بكەینە پێوەر بۆ تێگەیشتن و بیركردنەوەی ئەوانیتر. لە كۆمەڵگەی كوردیدا، نێرێك نابینیتەوە حەز بكات خۆی بكاتە ژن و ڕەگەزەكەی خۆی بگۆڕێت، بەلاَم كاتێ مرۆڤێك لە بنەڕەتدا ڕەگەزی ژنبوونی لە ڕووی بایۆلۆژیی و فسیۆلۆژی تێدایە و دێت خۆی دەكاتە ژن، پێویست ناكات بە كۆمێنت و پۆست و قسەی برینداركەر، سووك و ڕیسوای بكەین و ڕەخنەی لێ بگرین كە بۆ ئەو كارەت كردووە، كێ دەڵێت ئەگەر تۆش بە هەمان بوون و پێكهاتەوە وەك ئەو بووایت هەمان كارت نەدەكرد؟ بۆیە دەبێ بزانین مرۆڤەكان، بە جیاوازییەوە دەژین و ژیان دەكەن، مەرج نییە ئەوەی من پێم پەسندە و دەیڵێم، لای هەمووان وابێت و یاخود تەنها بیركردنەوەی خۆم پێ ڕاست و دروست بێت. مرۆڤ پێكهاتەیەكە لە هەست و ڕوانین و هزر و دنیابینی، بۆیە سایكۆلۆژیای مرۆڤەكان و جیهانبینییان، ئەگەر ئەوەندە نزیك و هاوشێوەی یەكتریش بێت، بەلاَم لەگەڵ ئەوەشدا بە پۆینتێك جیاواز دەكەونەوە، بۆیە دەبێت ڕێز لە بیركردنەوەی مرۆڤەكان و ئازادی و تێگەیشتن و ڕوانگە و بیر و ڕایان لە بارەی هەر پرسێكەوە بگرین. ئێستا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، بە داخەوە لە پەراوێزی چاپكردنی سەدان كتێبی بازاڕی بە ناوی پەرەپێدانی مرۆیی و كۆمەلاَیەتی و پەروەردەیی و گرفتی تاك و خێزان، جۆرە مۆدێك لەنووسین دروست بووە، كە ئەویش مۆدی بیركردنەوەیە لە بری هەمووان. بە جۆرێك كەسێك كتێبێك وەردەگێڕێت، یاخود دەنووسێت، مەبەستیەتی ئەوەی ئەو لەو كتێبەیدا لە ڕووی ناوەڕۆكەوە خستوویەتییە ڕوو، بۆ هەموو مرۆڤێكی ئەزموون بكات، وەك ئەو چۆن دەڕوانێتە مرۆڤێك، پرسێك، دیاردە و ڕووداوێك، هەموو كۆمەڵگە لەگەڵ ئەودا بن و وەك ئەو بیر بكەنەوە، كە ئەمەش ئەوپەڕی دیماگۆجیەتە. مرۆڤەكان، وەك چۆن لە ڕووی بایۆلۆژییەوە لە یەكتری جیان، بەو شێوەیەش لە ڕووی كۆمەلاَیەتی و سایكۆلۆژی، ژیان و بیركردنەوەیان جیان. گەر گوزەرێك بە نێو دنیای كتێب و بلاَوكردنەوە لە كتێبخانەكاندا بكەین، دەیان ناونیشانی سەیر و سەمەرەی كتێب سەرنجت ڕادەكێشن و ئەگەر یەكجار هوشیار و بیركەرەوە و خاوەن ناسنامەی كەسییانەی خۆت نەبیت فریوت دەدەن. سەدان كتێب هەن، باس لەوە دەكەن ( چۆن بە ڕۆژێك دەوڵەمەند دەبیت ، چۆن كۆنتڕۆڵی تووڕەییت دەكەیت، لە ماوەی چەند چركەیەك چۆن دەبیتە زمانزانێكی باش و قسەكەرێكی لێهاتوو، بە ئاسانی واز لە دوودڵی بێنە، بۆچی پیاوان گوێ ناگرن، چۆن زیرەك دەبیت ، چۆن ژیانی خۆت لە چەند ڕۆژێك دەگۆڕیت، زاڵبە بە سەر ژیانت، بە یەك ڕۆژ ئەتەكێتی ژیان فێر بە، چۆن بە ئاسانی دەوڵەمەند دەبیت، چۆن بە ئاسانی دەبیە بەڕێوەبەرێكی سەركەوتوو) ئەم ناونیشانانە و دەیانی تر، لە ڕاستیدا بێ بەهاكردنی كتێب و بە بازاڕیكردنی كتێبە، لە پێناو قازانجی كەسی و بەشێك لە دەزگاكانی چاپ و بلاَوكردنەوە. ئاخر مرۆڤ ئەگەر كەمێك هوشیاری هەبێت، دەبێ بزانێت دوودڵی، نەخۆشییەكی ترسناكی دەروونییە و نەك بە ڕێنوێنی وەرگێڕێكی نەزان، لە ڕێگەی كتێبی نووسەرێكی نەناسراوەوە چارەسەر ناكرێت، بەڵكو ئەم نەخۆشییە پێویستی بە دەیان دیدەنی پزیشكی دەڕوونی و ڕێنمایی دەروونی هەیە، ئەمە وێرای بەكارهێنانی زۆرتر لە چارەسەرێك، لەگەڵ ئەمەشدا، هەزاران لەو مرۆڤە دوودلاَنە، نەك چاك نابنەوە، بەڵكو سەرەنجام نەخۆشیەكەیان سەردەكێشی بۆ خەمۆكییەكی قووڵ و دواتریش بە داخەوە خۆیان دەكوژن. ئیدی نازانم چۆن بە كتێبێك، مرۆڤێك لەو نەخۆشییە چاك دەبێتەوە؟ یاخود بۆ ئەوەی ببینە بەڕێوەبەرێكی سەركەوتوو لە هەر بوارێكدا، ئەوا دەبێ چەندین ساڵ كۆشش بكەین، فێر بین، ئەزموونمان هەبێت، ئیدی نازانم چۆن بە یەك دوو وتاری نێو كتێبۆكەیەك، دەبینە بەڕێوەبەرێكی سەركەوتوو؟ بۆ ئەوەی ببینە زمانزانێكی باش، دەبێ هەزاران كتێب بخوێنینەوە، زمانزانی و ڕۆشنبیریی قسەكردن و هونەری دەربڕین، كاری یەك ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە. ئەمانە و دەیان ناونیشانی دیكەی بێ مانا، كە گوایا لە چوارچێوەی ڕۆشنبیریی گشتی و پەرەپێدانی مرۆیی دەخرێنە ڕوو، بە داخەوە هیچ نین جگە لە بێ بەهاكردنی كتێب و ڕێز نەگرتن لە مەعریفە و نووسین. ئەم جۆرە قسە و بیركردنەوە سادانە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، مەترسی گەورە و كوشندەن، چونكە هوشیاری زۆربەی هەرە زۆری تاكەكان، لەو ئاستەدا نییە درك بە جیاوازییەكان بكەن و قووڵ ببنەوە و بپرسن، بە ڕاست چۆن مرۆڤ بە ئاسانی دەتوانێت ببێتە هەژار موكریانی و شكور مستەفا؟ بۆیە بە ئاسانی دەكەونە ژێر كاریگەریەتی ئەو بیركردنەوە سادە و چەواشەكارانە و سەرەنجامڕەنگە ڕێگەیەكی هەڵە هەڵبژێرن. ئەركی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە، ژمارەی سپاردن بە هەموو كتێبێك نەدات، بواری چاپ و بلاَوكردنەوە ڕێكبخات، نەك لە پەراوێزی هەبوونی سانسۆر و ئازادی بلاَوكردنەوە و نووسین، بە داخەوە كتێبخانەكانی ئێمە پڕ بكرێن لە كتێبی بازاڕیی و بێ مەعریفەیی لەو شێوەیە! كە لە ڕاستیدا جۆرێكە لە بە گەمژەكردنی تاك كە پێویستە لە هەموو قۆناغەكانی ژیانی و سەردەمێكدا خاوەنی بیركردنەوەو ڕوانینی سەربەخۆیانەی خۆی بێت و بە ئاسانی چەواشە نەكرێت، بە تایبەتیش لە ڕووی ئایینی و ئایدۆلۆژییەوە.

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (4001) ڕۆژی 24/1/2024 بلاَوكراوەتەوە.




لەبارەی ڕۆمانی” هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان” لە نووسینی: بەهروز بوچانی.. رۆژگار خالید

رۆمانێکی تەواو جیاواز و سەردەمییە و براوەیی خەڵاتی فیکتۆریایە ، بەڵام حکومەتی ئوسترالیا ڕێگەی نەدا دوورگەی مانۆس جێبهێڵێت و خەڵاتەکەی وەربگرێت .
خەڵاتی دووەمی لەلایەن ڕێکخراوی قەڵەمی نێودەوڵەتی پێدراوە و کرا بەئەندامەی فەخری رێکخراوەکە لەم بارەیەوە دەڵێت :.
” هەستێکم لا دروست بوو ، وەکو منداڵێک کاتێک دیاریەکی پێدەدرێت لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا ” .

شێوازی نووسینی ئەم ڕۆمانە بەشێوازی تێکست نووسراوە و بەنامەی واتس ئاپ بۆ هاوڕێکانی ناردووە .
ئەم ڕۆمانە تەکنیکی نووسینی هێندە بەرزە لەناو هەر ڕووداوێک وادەکا بیر لە ڕووداو و پێشهاتی دیکە بکەیەوە .

ئەم رۆمانە لە دووبەش پێکهاتووە .
بەشێکی پەیوەستە بەخاکی کوردستان و زوڵم و ستەمی وڵاتانی ناوچەکە دەرهەق بەگەلی کورد و داگیرکردنی خاکەکەی .
بەشەکەی تری پەیوەستە بە ژیان و گوزەران و بارودۆخی مرۆڤەکان و ناچاردەبن وڵاتەکەیان جێبهێڵن و رووبکەنە وڵاتێکی تر، هەر بۆیە ئەم بەشەی ئەم ڕۆمانە باس لەم کەسانە دەکات بڕیار دەدەن بەڕێگەی قاچاخ کۆچبکەن بۆ ووڵاتی ئوسترالیا .
بەدبەختی ئەوان ئەوکاتە دەستپێدەکات لەنێو ئۆقیانووسدا کەشتییەکەیان نوقم دەبێت و کەشتییەکی بەریتانی ڕزگاریان دەکا دواتر دەدرێنە کەشتی سەربازیی ئوسترالیا .
پێش ئەوەی بگەنە کەناراوەکان، بەچوار رۆژ حکومەتی ئوسترالیا هەمواری یاسای کۆچبەرانی کردۆتەوە، چیتر مافی پەنابەرێتی نادات بە کۆچبەران .
وەک چارەسەرێک ڕێوشوێنی تایبەت دەگیرێتە بەر دەرهەق بەم کەسانە و دەبردرێن بۆ دوورگەی مانۆس ووڵاتی پاپوا غینیای نوێ لەم دوورگەیە دەسبەسەر دەکرێن .
خراپی مامەڵەی ووڵاتی ئوسترالیا و زەبر و زەنگی یاساکانی بەندینخانە و مامەڵەی پاسەوانەکان و خراپی باری دەروونی ئەو کەسانە وادەکا دۆخێکی یەکجار خراپ و قورس ڕووبەڕوویان ببێتەوە .
هەر بۆیە نووسینی ئەم ڕۆمانە و وەرگێڕانی بۆسەر زمانی ئینگلیزی و فارسی ، دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکرد و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەرگایەکی گەورەیان بەڕووی کرایەوە.
پرسیاری جددی هاتەپێش لە دوورگەی مانۆس چ دەگوزەرێت ؟!
بۆچی پێشێلی مافی مرۆڤ دەکرێت ؟!
بۆچی پێشێلی مافی پەنابەران دەکرێت؟! بۆچی گوزەرانی ئەم کەسانە بەم شێوەیە ؟!
بۆچی یاساکان و سیستەمی بەندی و مامەڵەی حکومەتی ئوسترالیا و کارمەندانی ئەم بەندیخانەیە بەم شێوەیە ؟!
هەر بۆیە دوای نووسینی ئەم ڕۆمانە و دەیان ووتار لەلایەن بەهرۆز بوچانی ئەمجارە دەرگایەک کرایەوە میدیا و دەزگای راگەیاندنەکان و ڕۆژنامەوانی ناچارکرد بەرەو ڕووی ئەم دورگەیە بچن و هەر بەجددی چ دەگوزەرێت !
دوای دەنگدانەوەکان حکومەتی ئوسترالیای ناچارکرد لە ساڵی 2017 شوێنەکە دابخات .
چونکە کەسێکی وەک بەهرۆز بوچانی سەرمەشق و رێبەری ئەو کەسانە بوو تاوەکو داواکارییەکان جێ بەجێ بکرێت و هەموو جیهانیشی ئاگادارکردەوە .
بەدروشمی
تاوانی من چییە ؟
بۆ دەبێ لە زیندانبم ؟
پرسیاری دیکەش لەچەشنی داواکاری
” بەلەمەکەم وێ نادەنەوە و هەتا بگەڕێمەوە نێو ئۆقیانووس “
” ناهێلن بگەڕێمەوە ئیندۆنیزیا “
داواکاری ڕاستەخۆ
” دادگاییم بکەن “
ناگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی لێوەیهاتووین .
پاشان مانگرتنی سەرتاسەری و وایکرد ئاژاوە و خوێنڕێژی لێبکەوێتەوە و کەسانێک بمرن .
لەم بەشە :
پەیوەستە بە کوردستان و نیشتمان و دایک و پێشمەرگە و مرۆڤەوە هەمووی دەبەستێتەوە شاخەکان و پێمان دەڵێت ئێمە هیچ نین بەبێ شاخەکان هەموو کاتێک شاخەکان ئێمەی لەخۆی گرتووە وەک چۆن دایک منداڵەکەی لەباوەشی دەگرێت .
لەم بارەیەوە لە ڕۆمانەکەی دەنووسێت :
لەسەردەمی شەڕ لەدایکبووم شەڕێک لە ئاسمانەوە بەسەرماندا دەکەوتە خوار .
دایکم پێی دەگوتم کاتێک هەوڵت دەدا بێتە نێو دونیای مرۆڤەکان بەقاچە بچووکەکانت لە ڕەحمی منت دەدا و لەو کاتەدا دەمردم لە برسان .
جەنگ لە ئاسمان بەسەرماندا دەکەوتە خوار بێهیچ پەناگەیەک بووین و پێمان دەڵێت لەدوای جەنگی نێوان عێراق و ئێران لە شاخەکان لەدایکبووم و کوڕی دار بەڕووم ئەو شاخانەی وایکرد کەسانی بەهێز لەخۆی بگرێت و دەپرسێت بۆچی هەموو کاتێک ئێمەی کورد دۆستمان نییە ؟!
لەم بارەیەوە دەڵێت تەنها خۆمان دۆستی خۆمانین .
لەبارەی ژیانی دەڵیت:
لە تەوێل و لە گوندێکی چوڵ لەناو ئەم شاخانە لەدایکبووم .
باشە فەرقی چییە مرۆڤ لە تەنیشت گاگەل و لە گوندێکی چۆڵکراودا لەدایک بێت و بێتە ئەم دونیایە یانیش لەشوێنێکی وەک بەهەشت بۆن و بەرامەی خۆشبدات ؟
دایکان لە غەریزەی دایکایەتی خۆیاندا دەپێچاوە و پەنایان بۆ چیاکان دەبرد و کچانی گەنج لە دڵی پیاوانێکدا بەشوێن خەونەکانیان دەگەڕان کە دەستە دەستە بەرەو شەڕ دەچوون و دەستە دەستە وەک جەنازە دەگەڕانەوە .
گەنجەکان هەڵدەهاتن و پیرەکان قوربانی بوون نەیاندەتوانی بڕۆن بە بیرەوەی دەمانەوە لە برسان و توونیان دەمردن .
پێشمەرگەکانیش لە چیاکان نوێنەرایەتی پاراستنی ووڵات و شەڕەفی دەکرد .
لەبەشی دواتری ڕۆمانەکە /
باس لە بەندیخانەیەکانی مانووس دەکات و دەڵێت بەهۆی زۆری ژمارەی پەنابەران
لەسێ زیندان پێکهاتبوو .
” دیلتا و ئۆسکار و مایک “
وە لە کۆمەلێک کۆنتێنر پێکهاتبوو بۆ شوێنی پزیشکان و پاسەوان و شوێنی نانخواردن و شوێنی پەیوەندیکردنی تەلەفۆنی بەندییەکان بەکەس و کاریان .
دۆخی خراپی کارەبا و ئاوی خواردنەوە و پیسی شوێنەکە و نەبوونی شوێنی پێویست بۆ خۆشوشتن و دەستشۆری توالێت وایکرد ببێتە زبڵخانە .
نەبوونی خواردنی پێویست و نەبوونی شیرینی و گۆشت وایکرد بگاتە ئاستی ئەوەی مرۆڤەکان بمرن لە برسان .
نەبوونی دەرمان و دکتۆری پسپۆر و زۆری سەرەی زیندانییەکان لەکاتی وەرگرتنی دەرمان وایکرد خەڵکانێک داوای چارەسەر و دکتۆری نەکات .
بڵابوونەوەی نەخۆشی ئاوسان و هەبوونی سیسرک و کولەی خوێنمژ و گەرمی پلەی گەرما و بەدخۆراکی و مامەڵەی پاسەوانەکان و شەوانی برسیان رۆژ لەدوای رۆژ ژیانیان خراپتر ببێت.
دۆخەکە بەجارێک تێکچوو کاتێک وەزیری کۆچی ئوسترالیا سەردانی بەندیخانەکە دەکات و دەڵێت :
” ئێوە هیچ شانسێکتان نییە دەبێت بگەڕێینەوە ووڵاتەکانی خۆتان یانیش بۆ هەتا هەتایە لەم دوورگەیە بمێننەوە .
دواتر شۆڕشی گیراوەکان دژی نادادی و ستەمی بەڕێوەبەرانی بەندیخانەکە دەستپێدەکات و دەنگدانەوەی میدیا و راگەیاندنەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وا دەکات ناچار زیندانییەکە چۆل دەکرێت .
ئەوەی گرنگە لەکۆتایی بڵێم هیچ کەسێک ناتوانێت وەڵامی ئەم هەموو پرسیارە و ئەم هەموو مامەڵەیە بداتەوە کاتێک مرۆڤێک ناچارە خۆی بکوژێت و نەگەڕێتەوە بۆ ووڵاتەکەی .
وەرگێڕانی ” دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە “
” پێداچوونەوەی دکتۆر عبدالخالق یەعقوبی”
هیوام ئەوەیە بخوێننەوە بۆ ئەوەی لەخۆت بپرسی جگە لە چیاکان کێ دۆستی کوردە ؟!
وەڵامێکی زۆر سادە و بیرلێنەکراوەمان هەیە خۆمان دۆستی خۆمانین، پێویستە لەناو ماڵەکەت و لەشارەکەت و لە هەرێمەکەت و لە هاوزمانەکەت چاوەڕێی بکەی دۆستتە ، هیچ کاتێک دژە نەتەوەکەت نایەت لەدەرگات بدات و داوای دۆستایەتی بکات .




جەنجاڵی هەڵبژاردنی سەراسەری هەرێم.. عوسمانی حاجی مارف

چەندین ساڵە هێزە قەومی و ئیسلامی و تائفیە میلیشیاکانی عێراق بەهەر جەردەیی و تاڵانچێتیەک کردویانە و دەیکەن و حکومەتیان بەڕێوە بردوە، لەهەمانکاتدا بە بەکارهێنانی دروشمی نیشتمان پەروەری و بانگەشەی وەهمی دینی و چەواشەکارانە کە خەڵکی ماندوکردوە، کاریگەریەکی تەواویان لەسەر توندکردنەوەی دۆخێکی تەواو نالەبار داناوەو ناجێگیری سیاسیان پەرە پێداوەو عێراقیان بەرەو کارەسات بردوە. هەڵبەتە لەسەر ئەم ڕێچکەیە بەرەو کارەساتی زیاتریشی دەبەن.

ئامانجی ئەم بانگەشە چەواشەکاری و ناعەقڵانیە، هاندانی هەستی مرۆڤە ئاساییەکان و کێشانی وێنەیەکی خەیاڵیە، بۆئەوەی هەست و سۆزی نەتەوەیی و ئاینی و نەتەوەپەرستانەی خەڵک بجوڵێنن تا کاریگەری لەسەر بڕیارو هەڵوێستەکانیان دابنێن، بە ئامانجی ئیستغلالکردن و کۆنترۆڵکردنیان.

عێراقی یەکپارچەو حکومەتی فیدراڵی و دادگای فیدراڵی و پەرلەمان، ئەو شێوازو ڕێڕەوەیە کە لایەنە شیعەکان لە پەیوەند بە دەورو دەخالەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەعێراقدا وەک نوێنەرانی ئێستای بۆرجوازی، گەورەترین دەزگای دزی و جەردەیی و تاڵانیان پێکهێناوە، لە بەرزبونەوەی ئاستی هاوسەنگی هێزو پێگەیان بەرەو چەسپاندنی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق، کار بە نەخشەو سیاسەتەکانیان دەکەن، فشارهێنانیان لەسەر حکومەتی هەرێم بۆ بەئەنجام گەیاندنی هەڵبژاردنی ئێستا لە هەرێمدا، هەر لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتانەدایە، کە ڕێگاکانی ملکەچکردنی زیاتری حزبەکانی کوردایەتی بەدەست بهێنن بۆ هەنگاوەکانی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق.

حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا لەڕێگەی دادگای باڵای فیدراڵیەوە، هەوڵدەدات بەشێوەیەکی یاسایی دامودەزگا سەرەکیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێکبدات. هاوکات ئەو سنووردارکردنانەی بەغدا سەپاندویەتی، دۆخێکی دژواری لێکەوتۆتەوە. چەند مانگێکە زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەری حکومەت مووچەیان وەرنەگرتووە، ئاشکرایە کە ناڕەزایی گشتی گەورەتر کردووەو ناڕەزایی بەرامبەر حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکان زیاتر خۆی دەنوێنێت، ئەمەش بۆ خۆی کێشەیەکە لە چوونە پێشەوەو دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردندا.

هەردوو حزبی دەسەڵاتدارو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی کە سێ دەیە زیاترە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پێگەی سەرەکیان هەیە، لەم دۆخەدا لەبەردەم کۆمەڵێک تەحەدای سیاسی و ئابووری بێوێنەو گێژاوی دیارنەبونی چارەنوسی سیاسی و سەرگەردانیدان، بۆیە بوێری ئەوەیان نیە بەئاسانی و ڕاستەوخۆ بەدەوری ئامادەییەکانی ئەمجارەی هەڵبژاردندا کۆببنەوە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان کە بڕیاربوو مانگی شوباتی ٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت، ڕوبەڕوی ئاستەنگی گەورە بونەتەوە، ئەمجارەش هەلبژاردنیان خستە کاتێکی تری نادیار. ئێستا زیاتر لەژێر فشاری وەڵامدانەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیدان، لەبەردەم جەنجاڵی دۆخەکەدا گیریان کردوە.

هەرچەندە ئەو دوو بنەماڵەیە لەژێر کاریگەری فشاری بە ئەنجام گەیاندنی ئەم هەڵبژاردنەدان، بەڵام بۆ هەموان ئەوە ڕۆشنە کە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە کۆتایی بەدەسەڵاتی ئەو دوو بنەماڵەیە ناهێنرێت، بەڵام ئەم دەورەیە فشارەکانی حکومەتی عێراق و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، تەحەداو سەرلێشێواویەکی بێچارەی خستۆتە بەردەم هەردوو بنەماڵەی بەرزانی و تاڵەبانیەوە، کە چۆن بۆیان دەلوێت ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردن بخەنە بەرنامەی کاریانەوە؟

لەگەڵ هەر توندپێچ و گرفتێک کە دێتە بەردەم پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنە، مانای ئەوە نیە کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانیە، ئەمەش لەو واقعیەتەوە سەرهەڵدەدات کە ئەم دوو بنەماڵەیە خاوەن هێزی میلیشیان و باڵادەستن لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی دەزگا گرنگەکاندا، وەک سوپا، دادگا، هێزەکانی ئاسایش و سکێتەرو دارایی و ئابووری، تا دەگات بە پەرلەمانیش، لەهەمانکاتدا حکومەتی عێراق پێویستی ئەوەی پێیانە کە کوردستان بەڕێوەبەرن، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا ئەو گرفتانەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا بۆیان پێشهاتوە، چۆن تێدەپەڕێنن؟ بۆخۆشیان جێگای تێڕامان و بە کێشەیە!.

لەگەڵ ئەوەی ئەمجارەش هەڵبژاردنەکەیان دواخست، بەڵام هەوڵدان بۆ خۆگونجاندنیان لەگەڵ سەردەمێکی سیاسی نوێ لە ڕێڕەوی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق، ڕووبەڕووی جۆرێک لە سەرگەردانی بونەتەوە، کە بۆیان زەحمەت و بارگرانیە، چۆن ئەتوانن یان بۆیان دەگونجێت لەگەڵ ناوەندبونەوەی دەسەڵاتی بەغدادا خۆیان ڕێکخەنەوە، ئەوەی دەبینرێت هەنگاو بە هەنگاو حکومەتی عێراق. حکومەتی هەرێم سنوردارتر دەکات و بنەماڵەکان دەستەمۆی نەخشەو سیاسەتەکانی خۆی دەکات، کێشەکانی ئەم هەڵبژاردنەش بەشێکە لەو واقعە جەنجاڵەی کەتێی کەوتون.

لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لە گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ لە نێو ئەم گەمە سیاسیەی باڵادەست بونەوەی حکومەتی عێراقدا سەرسام و بێچارەو بنبەستن، حکومەتی هەرێم سێ نمونەی ئۆپۆزسیۆنی جیاوازی هەیە، هەریەکەیان کۆمەڵە کۆت و بەندێکی تایبەتی خۆی هەیە، ناشتوانن یەکگرن یا بەرەیەک پێکبهێنن، بۆیە ئەم هەڵبژاردنەش بکرێت یا نەکرێت نیشاندانی ئەزمونی بێتواناییان وەک ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمان و حکومەتدا نیشانداوە، فرسەتی ئەوەیان نەماوە، لە ململانێی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدادا وەک ئۆپۆزیسیۆن جێگایەک پەیداکەن. ناکۆکیان لەسەر سەرکردایەتی، بێمتمانەیی لە نێوان کەسایەتیەکانی ئۆپۆزسیۆن و نیگەرانیەکان لە کێشەکان و زیانەکانی هەڵبژاردن، بێئومێدی لەبەرامبەر ئایندەی سیاسی کوردستان، مایەی ڕێگریە لە پێکهێنانی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتووی بە ئیعتبار، هیچ لایەنێکیشیان بە تەنها لەم دۆخەدا بواری بەکارهێنانی چەواشەکاری بۆ نەماوەتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی پەرلەمانی عێراقدا، تەنها ٢٢.٧٪ کۆی دەنگی مافی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانیان بەدەستهێناوە، ڕێژەیەکی زۆر لە ٧٧.٣٪ی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە، واتە هەڵبژاردنێک بە کەمترین ئاست لە بەشداری دەنگدەران تێپەڕێنراوە، کە نیوەی زیاتری ئەو ڕێژەیەش ئارەزومەندانە و لە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیەوە نەچۆتە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، واتە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە بەدوای سێ ساڵ ئاماژەیە بۆئەوەی لە بەجێگەیاندنی ئەم هەڵبژاردنەدا ئەوپەڕی بێهیوایی بەربڵاو لە دۆخی ئێستادا، وەک ناڕەزایەتیەک ڕووبەڕووی ئەو دوبنەماڵەیە دەبێتەوە، واتە هەستیاری بۆ ڕێژەی بەشداربون لە ئەگەری هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، گومانی تیا نیە کە لێدانی مۆری ڕیسوایی لە ئێستاوە پێشبینی دەکرێت، بۆیە ئەم دەورەیە لە زۆرترین ڕێژەی بایکۆت و کەمترین ڕێژەی بەشداربوان بەرەو ڕون، ئەمەش گرفتێکی سەرسوڕهێنەر دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا.

وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە چارەنوسسازە کە ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان گەر بە هەر جۆرو شێوازێک لەم هەڵبژاردنەدا دۆڕان، ئایا خۆبەخشانە دەسەڵات ڕادەست دەکەنەوە؟، ئەوەی گومانی تیا نیە نەک دەسەڵات ڕادەست ناکەن، بەڵکو دەبێت چاوەڕوانی ئەگەری خولقاندنی کارەساتیش بین.

مەسرور بارزانی، لە لێدوانێکی ئاشکرایدا سەبارەت بە گرنگی مانەوەی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، پێچەوانەی ئەو هەڵوێستەن کە بەرپرسان لە بەغدا دەریانبڕیوە، هاوکات حکومەتی ناوەندی بە سەرۆکایەتی محەمەد ئەلسودانی، داوای کشانەوەی هێزە بیانیەکانیان کردوە، ئەوەی دەیبینین کاردانەوەی بەغدا لەم بارەیەوە تەنیا قسەکردنەو نەیتوانیەوە مانایەکی کرداری بەدوای خۆیدا بهێنێت، چونکە سودانی ناتوانێ هەڵوێستێکی تری هەبێت جگە لەو هەڵوێستەی کە تەنها وەک ڕاگەیاندنێک بانگەشە دەکات، نەک تەنها لەبەر نزیکی خۆی لە ئێرانەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بۆخۆشی سیاسەتمەدارێکی عێراقیەو بەرژەوەندی وەها پێویست دەکات، تەحەدا وەک هێمایەک بۆ پێگەی حکومەتەکەی نیشان بدات، تا پابەند بێت بە پاراستن و بەهێزکردنی ئەو لایەنەی باڵادەستەی لە حکومەتی عێراقدایە، کە دەسەڵاتی ئەو لایەنەش هێزێکی شیعەیە، کە بە “چوارچێوەی هەماهەنگی” ناسراوە، لەهەمانکاتدا بۆ بەرزانیش مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا وەک پاڵپشتیەکە لەپێناو پاراستنی پێگەو نفوزی دەسەڵاتی پارتی و هێزە چەکدارەکانی، لەهەمانکاتدا بۆ پاراستنیانە لە هەر گێژاوێک کە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامگیری هەلبژاردندا دەرگیری دەبن.

گریمانەی کشانەوەی ئەمریکا بەگشتی چیرۆکێکە کە هەمیشە لە باسە ناوخۆییەکان دەوروژێنرێت، بەڵام ململانێیەکە نەتوانراوە یەکلایی بکرێتەوە، لە دۆخی ئێستاشدا ئەو کێشمەکێشەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت، ئەمریکا نیازی کشانەوەی لە ناوچەکەدا نیە، بەتایبەتی بەدوای ئەم شەڕەی ئێستای ئیسرائیل دژ بە خەڵکی فەلەستین. ئەوەی کە پێویست ناکات لە خەو و خەیاڵی جەماوەری حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بێت، پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن، ئەمریکا بەهیچ جۆرێک بەنیاز نیە لەدەرەوەی پرۆسەی جێگیری ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق، ئیمتیازاتێک بۆ حزبە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان بە فەرمی بناسێت، مانەوەی هەرێم لە هەر قەوارەیەکدا بێت بۆ ئەمریکا و ئیران، گرێدراوە بە دامەزراندنی عێراقێکی یەکگرتووەوە!




خاپوور.. شیعری ستار ئەحمەد

شیعره‌ ئاڵه‌كان له‌خاپوور ده‌پرسن

به‌رد له‌ئاوا چۆن نه‌رمده‌بێت

تیشك له‌رۆخا به‌ربه‌ستده‌كرێ‌

سنووره‌كان

ده‌روازه‌یه‌ك ده‌خه‌نه‌ دڵی ئێمه‌وه‌

ئه‌م ده‌ڕوات و گوێناداته‌

به‌سته‌و باڵۆره‌ی زامداران

له‌كوێ‌ كه‌نارێك پێشیبگرێ‌

تووڕه‌ده‌بێت

به‌سه‌ریا په‌رچه‌می شه‌پۆل هه‌ڵده‌رێژێ‌

بۆیه‌ رۆژگار به‌بێ‌ ئاووژیان

له‌ناڵه‌ی تێرنابێت

سه‌رده‌مێكه‌ لێشاو قژی رۆژ ده‌ژمێرێ‌

هه‌تاو له‌بزه‌ی كیژۆڵه‌ی سنوورا پێده‌گرێ‌

كانی له‌زامی خاك زریوه‌ ده‌كڕێ‌

ئه‌م ته‌لبه‌ندانه‌ی

له‌رێگای هه‌نگاوا دانراون

له‌زاری ئاو تێناگه‌ن و

له‌به‌ربه‌سته‌كاندا ناژین

ده‌ریا له‌نركه‌ی ده‌پرسێ‌

جۆگه‌له‌ ماچی گڵده‌كا

له‌وه‌ته‌ی زه‌مین

ئاڵای روناكی په‌رستووه‌

شیعرو شه‌پۆل دوو تیرۆژن

داستانی نه‌به‌ردیی كوردو

برینی چوارپارچه‌ی دڵمیان ژماردووه‌

له‌شیعر ده‌پرسم …؟!

خاپوور ئه‌مڕۆ بۆ تووڕه‌یه‌

كه‌ناره‌كان بۆ خه‌نده‌ی گوڵ

له‌به‌رۆكی چیا ناده‌ن

گه‌ڵای مێژوو

به‌سه‌ر چڵی جوامێرانا هه‌لده‌وه‌رێ‌

ده‌ربه‌ند له‌ته‌مه‌ن ده‌گه‌ڕێ‌

ژیان

له‌به‌سته‌ی سته‌مكارا تیرۆرده‌كرێ‌

ستار ئەحمەد