کۆمەڵگەی سەرمایەداری لە لیبڕالیسمەوە بەرەو تۆتالیتاریسم.. ئەکرەم سەعید

چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لە (کۆمەڵگەی کراوەی کاڕڵ پۆپەر)

بۆچی باسی کۆمەڵگەی کراوە دەکەین؟ لەبەر ئەوەی لەم سەردەمەدا، تەنانەت ئازادی وعەقڵانیەتی بۆرژوازی لەلایەن بزووتنەوە کۆنەخوازەکان و ڕاسیسمە نوێکانەوە دژایەتی دەکرێت، یان بەگومانەوە سەیر دەکرێت. دونیای ئەمڕۆکە پڕە لە پشێوی و ئاڵۆزی، بەتایبەتی کاتێک تۆ میتۆدی ڕوونی مارکسیزمت نەبێ بۆ شرۆڤەکردن، ئیدی لە ناو گوتاری میدیا و سیاسەتمەدارانی چینی دەسەڵاتدار کە بانگەشەی ڕاستییەکان بۆ خۆیان دەکەن، دووچاری سەرەگێژە دەبیت، چونکە بۆرژوازەکان ناتوانن وەڵامێکی زانستیانە بە هۆکارەکانی:قەیرانی ئابووری، زیادبوونی بزووتنەوە پۆپۆلیستەکان و ڕاسیسمەکان، شەڕەکان، نایەکسانی و گەندەڵی، لە جیهانی ئەمرۆدا بدەنەوە.
کۆمەڵگەی کراوە چییە؟ کاڕل پۆپەر دەڵێ:( کۆمەڵگەیەکە ئازادی بە تاکەکان دەدات ڕەخنە لە دەسەڵاتی حکومەت بگرن و تەنانەت بیگۆڕن.)، و (کۆمەڵگەی کراوە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییە کە دیدێکی دیاریکراو، ئایدیاڵ، کۆتایی بەڕێوەناچێت، بەڵکو بە هەنگاوی یەک لە دوای یەک بە ڕێنمایی هەوڵێکی بەردەوام بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن، هەوڵێک کە کراوەیە بۆ بیرۆکە و ڕەوتەکان.). ئەمە دیدگاێکی لیبرالیسمە پۆپەر پێشکەشی دەکات. لە ڕاستیدا لە خولی بوژانەوەو سەقامگیریدا، واتە لە خولی ئاسایی گەشەی سەرمایەداریدا، ووڵاتەکانی سەرمایەداری غەرب تا ڕێژەێک کۆمەڵگەی کراوە بوون بەو مانا لیبڕالیسمە، واتە تەنها بە ڕێژەێک کراوە بوون لە مەیدانی سیاسیدا.
(زۆر جار ئەوە دەبیستین کە تۆتالیتاریزم سەرئەنجام بە جۆرێ لە جۆرەکان حەتمیەو بۆ خۆلێبواردن ناشێت. گەلێ لەو کەسانە کە بەهۆی هۆش و خوێندنیانەوە دەبێت لە بەرامبەر ئەو شتەی دەیڵێن بە بەرپرس بزانرێن، جاڕی ئەوە دەدەن کە هیچ ڕێگاێکی دەربازبوون لەمە نییە.) کاڕڵ پۆپەر کتێبی (کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی)- پێشەکی/ لاپەڕە ۱۹/ وەرگێڕ: ئیدریس شێخ شەرەفی.
سەرنج بە پۆپەر خۆی ڕای وایە کە ئەو کەسانەی بڕوایان بەوەیە کە (لە سیستەمی سەرمایەداریدا لیبڕالیسم و تۆتالیتاریسم دووانەێک یان دوو دیووی یەک دراون) دەبێ “بە بەرپرس بزانرێن” چونکە جاڕی ڕاێک دەدەن کە لەتەک پۆپەر ناگونجێ. یانی چی؟ داخۆ دەیاندەن بە دادگا و سزایان دەدەن؟ بابپرسین ئایا ئەوانە مافی ئازادی ڕادەربڕینیان نییە لە کۆمەڵگە کراوەکەی پۆپەردا؟. کارل پۆپەر هەر کەسێک لیبڕاڵ نەبوایە وەک دوژمنی کۆمەڵگەی کراوە سەیری دەکرد.
تادێت ڕوونتر دەبێتەوە کە لیبرالیزمی ئەمڕۆ خەریکە دەبێتە تۆتالیتاری. دەسەڵاتدارانی غەرب لە ڕێگەی لابردنی پلاتفۆرم و گۆڕانی دەستوور کە ئازادی و مافە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی مسۆگەر دەکرد، سەرکوت و سانسۆر زیاتر دەکەن. هەرکەسێک لیبرالیزم نەبێت لەلایەن لیبرالیزمی هاوچەرخەوە وەک دوژمنی کۆمەڵگەی کراوە تەماشا دەکرێت کە دەبێت سەرکوت بکرێ. تۆتالیتاریزمی لیبراڵ، هاوشێوەی ڕژێمە تۆتالیتارییەکانی دیکە، لەسەر کولتووری لە ناوبردنی دوژمن و سەرکوتی نەیاران دامەزراوە. لە تۆتالیتاریزمی لیبراڵدا نالیبراڵەکان بە “فاشیست”، “ستالینیست”، “تیرۆریست”، “توندڕەو” ناوزەد دەکرێن و بە دوژمن دادەنرێن کە پێویستە سەرکوت بکرێن و سزا بدرێن. بڕوانە سەرکوتی بزووتنەوەی هیلەک زەردەکان و بزووتنەوەی دژی گۆڕینی تەمەنی خانەنشینی لە فەرنسادا، هەروەها سەرکوتی ئەمڕۆکەی بەریتانیا بۆ بزووتنەوەی هاوپشتی لە غەززە. هەرکاتێک سەرمایەداری دووچاری قەیرانی گشتی بووبێ، دەسەڵاتدارانی ڕاستڕەوی بۆرژوازی کۆمەڵگەی کراوە بەرەو کۆمەڵگەی داخراو، بەرەو کۆمەڵگەی جەنگ پاڵپێوە دەنێن، ئیدی عەسکەرتاریسم و تۆتالیتاریسم باڵ بەسەر کۆمەڵگەدا دەکێشێ، وەک ئەمڕۆکە لە ئەوروپادا دەیبینین.
کەواتە کۆمەڵگە چەندە کراوەیە یان داخراوە مەسەلەێکی ڕێژەییە، و بەندو بەستراوە بە هەلومەرجی ئابووری و سیاسی لۆکاڵی و جیهانییەوە.
کۆمەڵگەی کراوەی بە چ ماناێک؟!
مانای کۆمەڵگەی کراوە چییە؟ لە ڕاستیدا پۆپەر مانایەکی ئیبستمۆلۆژی دەبەخشێ بە کۆمەڵگەی کراوە، بۆیە زۆر نەچۆتە باسکردنی کۆنکرێت و پێناسەی ئەو مۆدێلە لە کۆمەڵگە. گرنگ کۆمەڵگەی داخراوی سۆڤیەت بهێنەرە بەرچاوی خۆت و پێچەوانەی کەرەوە. بەڵام دەتوانین هەندێ تایبەتمەندی ئەو کۆمەڵگەیە لە لاپەرەکانی کتێبی (کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی) بدۆزینەوە.
(کۆمەڵگەی جادویی یان خێڵەکی یان کۆگەرا، بە کۆمەڵگەی داخراو ناوزەد دەکەین، و ئەو کۆمەڵگەیەی کە تاکەکان تێیدا لەگەڵ بڕیاری تاکەکەسی بەرەوڕوون بە کۆمەڵگەی کراوە ناو دەبەین.) – کارل پۆپەر / کۆمەڵگەی کراوەو دوژمنەکانی/ و: ئیدریس شێخ شەرەفی) – بەرگی یەکەم/ بەشی ۱۰/ لاپەڕە ۳۸۷. (گرنگترین تایبەتمەندی کۆمەڵگای کراوە رکەبەرایەتی ئەندامەکانیەتی بۆ بەدستهێنانی پێگە)- هەمان سەرچاوە/ لاپەڕە ۳۸۹.
کۆمەڵگەی کراوە ئازادی بە تاکەکان دەدات، تا بتوانن ڕەخنە لە دەسەڵاتی حکومەت بگرن و تەنانەت بیگۆڕن، بێ ئەوەی پێویستی بە بەکارهێنانی توندوتیژی بی. واتە کۆمەڵگەی کراوە سیستەمی دیموکراسییە کە میکانیزمێکی دامەزراوەیی بۆ چاکسازی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و دەستاودەستکردنی، بەبێ ئەوەی پێویستی بە خوێنڕشتن و شۆڕش هەبێت.
پۆپەر دەیگوت لیبراڵ دیموکراسی باشترین فۆڕمی حکومەتە، و مۆدێلی دیموکراتییەتی ووڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوا نموونەیە، چونکە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی حکومەتەکان بەبێ پێویستی بە خوێنڕشتن و شۆڕش، چوار ساڵ جارێک بە دەنگدان، ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە. پۆپەر نووسیبووی: (دەتوانین ڕێگای گەڕانەوە بۆ ئاژەڵەکان بگرینە بەر. بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە مرۆڤی بمێنینەوە، لە ڕێگاێک زیاترمان نییە و ئەویش ڕێگای چوونە ناو کۆمەڵگای کراوەیە و بەس) – کارل پۆپەر/ کتێبی(کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی) – بەشی۱۰ /لاپەڕە ٤۲۸.
ئەمە هاوشێوەی هۆشداری و پێشبینیەکەی مارکس و ئەنگلسە کە لە “مانیفێستی کۆمۆنیست” نووسیبوویان:(یان سۆسیالیسم یان بەڕبەڕیسم)؛ ئەمە یانی بە بڕوای مارکس و ئەنگلس ئەگەر شۆڕشی سۆسیالیسمی نەکەین بەسەر سەرمایەداریدا و کۆمەڵگای سۆسیالیسم دانەمەزرێنین، ئەوا لە نێو کۆمەڵگای سەرمایەداریدا دووچاری هەموو جۆرەکانی قەیران و چەوسانەوە دەبینەوەو دەبینە بەربەری.
جیاوازی هۆشداری و پێشبینیەکەی پۆپەر لەوەدایە کە ئەو کۆمەڵگەی کراوە کە خاوەنی سیستەمێکی لیبراڵی دیموکراسییە، بە مەرجی خۆپارێزی لە گەڕانەوە بۆ بەربەریسم دەزانێ.
ئەمڕۆکە زۆرێک لە نووسەرانی غەیری سۆسیالیستی بە جیهانی ئەمڕۆکە دەڵێن:(لیبڕالیسمی دڕندە/ لیبڕالیسمی تووندڕەو)، ئەمە یانی کۆمەڵگەی کراوەی سەرمایەداری و سیستەمە لیبراڵە دیموکراسییەکەی بۆرژوازی کە فڕەییە و چوارساڵ جارێ هەڵبژرادن سازدەکرێ، و دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی حکومەت بە ئاشتیانە لە زۆرێک لە ووڵاتاندا دەستاودەست دەکات، لەمپەر نییە تا بمانپارێزێ جیهان نەچێتە نێو خولێکی دڕندەیی.
هەروەها ئەم دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات مرۆڤەکانی نەپاراستووە لە دڕندەیی، چونکە چوارساڵ جارێک یان زیاتر، گۆڕینی دەسەڵاتی حکومەت:لە ئەمەریکا(لە بۆش بۆ کلینتۆن، لە جۆرج بۆش بۆ ئوباما، لە ئوباماوە بۆ ترامپ، لە ترامپەوە بۆ بایدن)، یان لە سوید (لە حیزبی سۆسیال- دیموکراتەوە بۆ ئەحزابی ڕاستڕەوەکان)،، هتد، ئەمە دەستاودەستی دەسەڵاتە لە نێوان باڵەکان و ئەحزابەکانی بۆرژوازیدا. ئەمە ئەرزش و سوودی چییە بۆ خەڵکی کرێکاران و هەژاران؟! کاتێ هەلومەرج ڕۆژ داوی ڕۆژ خراپتر دەبێ، و کێشەکان و چەرمەسەرییەکان هەر وەک خۆی باقییە، وە هیچکام لەم حکومەتانەی ئەحزابی بۆرژوازی لە سەرکوت و هەژارکردنی خەڵکی زیاتر، بەدیلی دەرباز بوونی لە قەیران و نائەمنی کۆمەڵگای پێ نییە. یانی جیهانی سەرمایەداری ئەمرۆ لەسەر لەپی دێوەزمەێکدایە، لە نێو قەیران و پشێویی و جەنگدا، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی یەک لەوی دی بەدترن، ئیدی ئالۆگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات لە نێوان ئەحزابەکاندا هیچ چارەسەری ڕاستەقینە نییە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان.
بۆیە مرۆڤ ئەمڕۆکە وەک (مۆریس کورنفۆرس) دەتوانێ پرسیار ئاراستەی هاوڕێکانی پۆپەر دەربارەی کۆمەڵگای کراوە بکات و بپرسێ:(ئایا کۆمەڵگەێک کراوەیە کاتێ بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بەندو بەستراو بێ بە مسۆگەرکردنی زێدەبایی و کەڵەکەی سەرمایە؟ واتە کاتێ قازانج و ئیمتیازاتی هەندێک بەندە بە چەوسانەوەی کاری ئەوانی تر؟!. وە ئایا بەڕاستی ئەقڵی کەسێ کراوەیە ئەگەر توانای بینینی ئەو حاڵەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری نەبێ؟!.) – مۆریس کورنفۆرس – کتێبی/ دفاعا عن الماركسية/ لاپەڕە ۱٥/ کتێبەکە بە زمانی عەرەبی هەیە.
لە ڕاستیدا لەم سەردەمەدا کەسێ دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی حکومەت لە نێوان ئەحزابی بۆرژوازی، و ئیسڵاحی گچکەی بۆرژوازی بە بنەمای کۆمەڵگەی کراوە بزانێ، لە خۆشخەیاڵ و ساویلکە زیاتر هیچی دی نییە.
پۆپەر خۆشی هەستی بەو خۆشخەیاڵییە کردووە، بۆیە نووسیبووی: (لەگەڵ تێپەڕاندنی ساڵەکانی پاش جەنگ، بەشی زۆری ئەو پێشنیارانەی خستوومەتە ڕوو لە هەموویان دیارتر ئەو هەستە گەشبینییە بەهێزەی کە بەسەر کتێبەکەدا بڵاوبۆتەوە، ڕۆژ دوای ڕۆژ وەک هەستێکی سادەو ساویلکانە دەهاتە بەرچاوم، دەنگم هێدی هێدی وەک دەنگی لە ڕابردوو دوورەکانەوە بە گوێم دەگەیشت، وەک دەنگی یەکێک لە ڕیفۆرمیستە کۆمەڵایەتییە گەشبین و بەهیواکانی سەدەی هەژدە یان تەنانەت حەڤدە.). – دیباچە بۆ چاپی دووەم – هەمان سەرچاوەی کێبی ( کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی).
لەو ساتانەدا کە سەرکردە سیاسییەکانی بۆرژوازی، وەک گەمژە و کلاون/ موهەریج لەلایەن خەڵکەوە گاڵتەیان پێدەکرێت، و ئەو سەرکردانە وەک تارماێکی ڕابردوویەکی نادیار لەسەر شانۆی سیاسەت لە ناکاو دەرکەوتوون، و خەڵکی جیهان دەترسێنن، ئیدی شیکاری هەلومەرجی ئابووری و سیاسی بۆ سەرمایەداری سەردەم دەبێ بە زەرورەتێک، تا لە مەسەجی تارمایەکانی بۆرژوازی لە هەلومەرجی ترسناکی دونیا، باشتر تێبگەین.
ئەو پرسیارەی لێرەدا گرنگە وەڵامی بدەینەوە: بۆچی تاڕادەێکی زۆر کۆمەڵگەکانی سەرمایەداری غەرب کراوەترن لە چاو ڕۆژهەڵات کە زۆرکات دەسەڵات ئیستبدادی و سەرکوت، و کۆمەڵگەکەی داخراوە؟!.

دوو هۆکاری ئابووری و سیاسی کۆمەڵگەی داخراو لە ڕۆژهەڵات:
لە سەردەمی دامەزراندنی سەرمایەداری، کۆلۆنیالیسمی کلاسیک و دواتر ئیمپریالیسم، ووڵاتانی غەرب سامانی ووڵاتانی جیهانی بەناو سێیەمیان بۆ خۆیان بردووە. ئەو کەڵەکە سەرمایە مەزنەی غەرب کە بنەمای دەوڵەتی ڕفاه و خۆشگوزەرانێکی ڕێژەییە لە غەربدا، پایەی کۆمەڵگەی کراوەیە لەوێکانە، کەواتە دیارە لەسەر حیسابی هەژاریکردنی کرێکاران و خەڵکی ڕنجدەری ووڵاتانی جیهانی سێیەم، غەرب تا ڕادەێک و بۆ ماوەێکی مێژوویی سەرخانی لیبڕاڵ و کۆمەڵگاکەی کراوە بووە -(هەروەها کێبڕکێی ڕۆژئاوای خاوەن کۆمەڵگەی کراوە دژی یەکیەتی سۆڤییەتی خاوەن کۆمەڵگەی داخراو لە ساڵانی جەنگی سارد، ڕۆڵی هەبووە لە دەرکەووتنی غەرب وەک جیهانێکی ئازاد). هەر کاتێکیش بزووتنەوەێک و سەرکردەێک لە ووڵاتانی جیهانی سێیەم پەیدابووبێ، و ئامانجی گۆڕینی هەلومەرجی ئابووری ووڵاتەکەی و دامەزراندنی کۆمەڵگای کراوەی هەبووبێ، زۆرێک لەو بزووتنەوانە لەلایەن غەربەوە سەرکوت کراون، وە سەرکردەکانیان تیرۆرکراوە نموونەی: “موسەدەق” لە ئێران، وە “سەلڤادۆر ئالێند” لە ووڵاتی شیلی.لە هەلومەرجی سەرمایەداری دڕندەی جیهانی ئەمڕۆدا، لە ڕوی سەرخانی کۆمەڵگەوە، خەریکە شێوەی ئایدۆلۆژی دەوڵەت، شێوەی حکوماتی سەربازی یان مەدەنی، دیموکراتی یان نا دیموکراتی بایەخی نامێنێ، چونکە چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە ڕۆژئاوادا، دەسەڵاتی نوێنەرانی سەرمایەداران بەرەو ئیستبدادی و کۆنەپەرستی وەردەچەرخێن. گەر لە هەندێ جێگای دونیادا هێشتا “ئازادی تاکەکەسی و مافی مەدەنی لیبڕاڵی” مابێ، ئەوەش لەژێر هەڕەشەدایە. بۆیە خەبات لەسەردەمی ئێمەدا گەر بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی نەبێ، ئەوا لەتەک هەلومەرجی بابەتی و ڕەوتی مێژوودا ناکۆکە، و لە کۆتاییدا بێ ئەنجامە. مرۆڤایەتی ئەگەر لە سەردەمەکەی خۆی تێنەگات، ناتوانێ بیگۆڕێ. سەردەمی ئێستا؛ نە شارستانییە، نە ئازادییە، نە مەدەنییە، بەڵکە جەنگەڵستانی سەرمایەداری بەربەریسمە. تاکە ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لەم جەنگەڵستانە شۆڕشی سۆسیالیستییە.

میتودی شیکردنەوەی پۆپەر بۆ تۆتالیتاریسم
کە دەچیتە نێو سیاسەت هۆشت بەخۆتەوە بێ، چونکە تۆ چوویتەتە نێو ئاهەنگی دەمامک پۆشین/ حفلة تنكرية / costume party.
نزیکەی هەشتا ساڵ لەمەوبەر لە نێوان ساڵانی ۱۹۳۸ – ۱۹٤۳ کاڕڵ پۆپەر کتێبی【کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی】نووسیووەو ساڵی ۱۹٤٥چاپ کراوە. تائێستاش ئەم کتێبە هاوڕاو ڕەخنەگری هەیە. (ئەم کتێبە،،، هەندێ لەو کێشانە دەخاتە بەر باس کە شارستانیەتی ئێمە لەگەڵیدا بەرەو ڕویە،، گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگەی داخراو “خێڵ پەرستی”، تۆتالیتاریسم.) -【کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی】- بەرگی یەکەم – و: ئیدریس شێخ شەرەفی) پێشەکی کتێبەکە/ لاپەڕە ۱۸. (هەوڵی ئەم کتێبە بۆ یارمەتی دانی تێگەیشتنمانە لە تۆتالیتاریسم و گرنگی و مانای خەباتی هەمیشەیی لە دژی چڕکراوەتەوە.) -هەمان سەرچاوە/ لاپەڕە ۱۸.
هەر ئەم دوو کورتە پەڕەگرافە لە پێشەکی کتێبەکەدا وا لە خوێنەر دەکات باسەکەی لا گرنگ بێ، چونکە کێ هەیە گەر ئازادیخواز بێ نەیەوێ لە تۆتالیتاریسم تێبگات و خەبات دژی نەکات؟!، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە پۆپەر تۆتالیتاریسم تەنها لە سەرخانی کۆمەڵگەدا (حکومەت و دەوڵەت) قەتیس دەکات، و توێژینەوەکانی ناچێتە سەر بنەمای پەیوەندییەکانی کۆمەڵایەتی، و ڕەگ و ڕیشەی تۆتالیتاریسم لە تۆڕەکانی پەیوەندی ئابووری کۆمەڵگەدا باس ناکات، و بۆ دۆزینەوەی هۆکار و سەرچاوەی تۆتالیتاریسم، پۆپەر تەنها دراسەی میتودی میێژووگەریی فەیلەسوفانی وەک (ئەفلاتۆن، هیگڵ و مارکس) دەکات. ئەمە میتودێکی ئایدیالیستییە لە توێژینەوەی دیاردە سیاسیەکاندا.
پۆپەر ڕای وایە ئەوەی ئێستا بە تۆتالیتاریسم دەیناسین، سەر بە نەریتێکە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خودی شارستانییەتەکەمان. نووسەر ڕەخنە لە “ئەفلاتون و هیگڵ و مارکس” دەگرێ و تاوانباریان دەکات بەوەی ئەم بیرمەندانە پەیڕەوی (میتودی مێژووگەریی) دەکەن، کە میتودێکی داخراوەو دەبێتە هۆکاری دامەزراندنی کۆمەڵگاێکی داخراو.
تیۆری تۆتالیتاریسمی پۆپەر سەرنجی جۆرێک لە پەرەسەندنی هێڵی میتودی مێژووگەریی لە(ئەفلاتونەوە بۆ مارکس)ی داوە. ئەم جۆرە دراسەیە ئامانجێکی زۆر سادەی هەبووە: وێناکردنی هەردوو تۆتالیتاریسم و لیبرالیسم وەک دوو مۆدێلی تائەبەد جیاواز، کەسەر بە هەلومەرجی ئابووری و سیاسی مێژوو نین، بەڵکو سەر بە خودی میتودی فکری ئەو مرۆڤانەن کە خوازیاری دامەزراندنی دەسەڵاتی تۆتالیتاریسمن.
بەڕای پۆپەر مارکس کاتێ دراسەی یاساکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری کردووە، بە “میتودی مێژووگەرایی” پێشبینی گۆڕان و گەشەی سەرمایەداری کردووە، و لێرەوە مارکس پێشگۆیی کردووە بۆ مێژوو. بۆیە بیروباوەڕی مارکس جەوهەرگەریی و دۆگمایە، کە ئەنجامەکەی فکری داخراو دروست دەکات، کە لە سەردەمی ئێمەدا دەبێتە هۆکاری دامەزراندنی دەوڵەتی تۆتالیتاریسم و کۆمەڵگەی داخراو.
(بەم شێوەیە پۆپەر پەیوەندییەک لە نێوان تۆتالیتاریسمی میتۆدۆلۆژی و سیاسیدا دیاری دەکات: یەکەمیان وەک بڵێی پاساوی لۆژیکی و فەلسەفی بۆ دووەمیان دابین دەکات. لە ئەنجامدا، پووچەڵکردنەوەی لۆژیکی یەکەمیان، مەحاڵبوونی ڕاستەقینەی دووەمیان دەسەلمێنێت.) – Studies in Critical Philosophy- کارل پۆپەر و کێشەی یاسا مێژووییەکان ~ هێربێرت مارکیۆز/ ساڵی ۱۹٥۹ بڵاوکراوەتەوە/ Karl Popper and the Problem of Historical Laws [I959] / Marcuse, Herbert.
هەڵبەت بیروباوەڕی ئینسانەکان ڕۆڵی مەزنیان هەیە لە مێژوودا، وە کاتێ بیروباوەڕ بە جەماوەری دەبێت، مارکس ووتەنی: “دەبێتە هێزێکی ماتریالی و کۆمەڵگە دەگوڕێت”، بەڵام بیروباوەڕ لە هەلومەرجێکدا دەتوانێ هەم بەجەماوەری ببێت، وە هەم ڕۆڵی مەزن بگێڕێ، چونکە ڕاکان لە ئاسمانەوە دانابەزن بۆ مرۆڤەکان، وە بیروباوەڕەکان بە ڕێکەوت وەک قارچکەکان لە دارستانێکدا ناڕوێن، بۆیە ناتوانرێ تەنها بە دراسەی بیروباوەڕ لەخۆیدا وەڵامی پرسیاری ئەوە وەرگیرنەوە کە بۆچی (بیروباوەڕ حوکمی دونیا دەکات)، دەبێ بۆ دۆزینەوەی دروستی زانیستیانە بۆ هۆکارەکان نەک تەنها لە دەقەکانەوە، بەڵکە لە هەلومەرجی ژیانی واقیعی ئینسانەکانەوە لە کۆمەڵگەدا بکۆڵینەوە، و بزانین ئەم بیروباوەڕانە لە کوێوەو لە چ پێویستییەکەوە سەرهەڵدەدەن.
(مەفهومی ئایدیالیستی بۆ مێژوو لەسەر ئەو تەفسیرە دامەزراوە کە گەشەی مێژوو بەندە بە گەشەی سروشتی مرۆڤ و بیروباوەڕ و ڕاکان، وەک ئەوەی بیرمەندانی سەدەی هەژدەهەم دەیانگووت.) – فەلسەفەی مێژوو و مەفهومی ماتریالیسم بۆ مێژوو/ بلیخانۆف/ لاپەڕە ۱٦.
(نەخێر ڕای مرۆڤەکان و سۆزەکانیان ناکەوێتە ژێر ڕێکەوتەوە، بەڵکە لە گەشەو سەرهەڵدانیاندا دەکەونە ژێر هەندێ یاسا کە دەبێ دراسە بکرێن. ،، گەر بڕواتان وایە کە (بیروڕا حوکمی دنیا دەکات) بەڵام حوکمی دنیا ناکات بەشێوەێکی ڕەها، بەڵکە ئەویش بە دەوری خۆی مەحکومە، بۆیە باشترە باسی هۆکارە قوڵەکانی بزووتنەوەی مێژوو بکەین.) – هەمان سەرچاوە/ لاپەڕە ۲۳.
(لە دۆخی کۆمۆنیزمدا فاکتەرە بنەڕەتییەکانی تیرۆر سروشتێکی زۆر جیاوازیان هەیە. کۆکوژی هاوسات بوو بە “پلانی پێنج ساڵەی یەکەم” لە ڕەوتی بەگشتیکردنی گەشەی پیشەسازیی توندوتیژدا ڕوویدا، کە لە دژی دانیشتووانێکی دواکەوتوو، بێباکانە، یان دوژمنکارانە ئەنجامدرا. تەنانەت ئەگەر مرۆڤ چەمکی مارکسی سەبارەت بە یاسا نهێنیەکانی گەشەسەندنی مێژوویی تا ئەو ڕادەیە درێژ بکاتەوە کە پیشەسازیی پێشکەوتوو وەک پێشمەرجێکی حەتمی بۆ سۆسیالیزم دیاری بکات، ئەوا سەختە بتوانین بڵێین ئەم تێڕوانینە هیچ ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە سیاسەتی ستالینیزمدا هەبووە. بنیاتنانی خێرای توانای ئابووری و سەربازی کۆمەڵگەی سۆڤیەت بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگەی مەترسی سەرمایەداری و بە تایبەتی فاشیزم بگرێت، وەک هێزی بزوێنەری ئەم سیاسەتە دەردەکەوێت و پێویست ناکات هیچ فەلسەفەیەکی شمولی ڕوونی بکاتەوە. دراسەی تیۆری بەهۆی پلانی ستالینییەوە جامدکرا نەک تەواوکرا. سەبارەت بە پاکتاوکردنەکانی ناوەڕاست و کۆتایی سیەکان و دواتر دیسانەوە کۆتایی چلەکان: ناتوانم بزانم چۆن بە خەیاڵیش بێ دەگەڕێندرێنەوە بۆ چەمکێکی فەلسەفی.) – کارل پۆپەر و کێشەی یاسا مێژووییەکان ~ هێربێرت مارکیۆز – لاپەڕە ۱۹٦/ ساڵی ۱۹٥۹ بڵاوکراوەتەوە/ Studies in Critical Philosophy / Karl Popper and the Problem of Historical Laws [I959] / Marcuse, Herbert.
گەر نووسەرێ بڕوای وابێ کە میتودێکی فەلسەفی (مێژووگەریی) هۆکاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی تۆتالیتاریسمە، ئەی کەواتە دیاردەی ناکۆکی و ململانێی باڵەکانی نێو بزووتنەوەێکی سەر بەو فەلسەفەیە چۆن شرۆڤە دەکرێ؟!. هەموو خوێنەرێکی مێژووی بزووتنەوەی سۆسیالیستی جیاوازی نێوان (کاوتسکی و لینین و ڕوزا)، و جیاوازی نێوان ( ستالین و تروتسکی) دەزانێ.
لە ڕاستیدا وەسوەسەی تۆتالیتەریسم لە هەموو بزووتنەوە فکری و سیاسیەکانی سەردەمدا بووونی هەیە. هیچ بزووتنەوەێکی فکری و سیاسی لە کۆمەڵگای مۆدێرندا: “کۆنەپارێزان، لیبڕالیسم، سۆسیالیسم” نییە کە لەنێو باڵەکانیدا مەیلێکی دەسەڵاتی شمولی نەبوو بێ. لە سۆسیالیسمدا باڵی (سەرمایەداری دەوڵەتی/ ستالینیسم و ماو) بوونی هەبووە، لە بەرامبەریاندا باڵی (ڕۆزا، کاوتسکی، تروتسکی، کاڕڵ کۆڕش) ڕەخنەگر بوون. هەر لە ساڵانی ۱۹۰٥دا (ڕۆزا) ڕەخنەی لە ئیستبدادی بلشفیکەکان گرتووە. داخۆ ئەم باڵە جیاوازانە هەموویان بڕوایان بە میتودی (مێژووگەریی) بووە؟!. گەر میتودی (مێژووگەریی) بنەمای فکریانە، کەواتە بۆچی جیاوازن؟!. میتودی فکری وەڵامی ئەو پرسیارە نادەنەوە، لێرەوە دەبێت جیاوازی باڵەکان دراسە بکەین کە ڕوانگەی جیاوازیان هەبووە. هەروەها لیبرالیسمی کلاسیکی دوو باڵی جیاوازی هەبووە، وە لەم سەردەمەدا جیاوازی باڵی لیبڕالیسمی سیاسی و لیبڕالیسمی ئابووری، دوایی زاڵبوونی لیبڕالیسمی نوێ، زۆر شەفافتر دەرکەوتووە، و باڵی لیبڕالیسمی ئابووری (لیبڕالیسمی بازاڕی ئازاد – لیبڕالیسمی نوێ) مەیلێکی تۆتالیتاریسمی هەیە.

پێشبینیەکەی پۆپەر: کۆمەڵگەی ئەبستراکت
کارل پۆپەر لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی)دا ئەم چەند دێڕە لەسەر (کۆمەڵگەی ئەبستراکت ) دەنووسێ:
(لە ئەنجامی لەدەستدانی کارەکتەری ئۆرگانیکی، کۆمەڵگەیەکی کراوە ڕەنگە پلە بە پلە ببێتە ئەوەی کە من حەز دەکەم ناوی لێ بنێم (کۆمەڵگەیەکی ئەبستراکت). لەوانەیە تا ڕادەیەکی بەرچاو سیمای کۆمەڵەیەکی کۆنکرێتی یان ڕاستەقینەی مرۆڤەکان، یان سیستەمێکی ئەو جۆرە گروپە ڕاستەقینەیانە لەدەست بدات. ،،، ئەم خاڵە بە دەگمەن درک کراوەو دەتوانین بە پەنا بردن بۆ موبالەغەێک ڕوونی بکەینەوە. وێنای کۆمەڵگاێک بکە کە تاڕادەێک هەرگیز مرۆڤەکان تێیدا لەگەڵ یەکتر بەرەو ڕوو نابنەوەو هەموو کارەکان بە تاکی دوورە پەرێزەوە ئەنجام دەدرێن کە بە نامەی تایپکراو یان بە تەلەگرام پەیوەندی دەکەن و بە ئۆتۆمبێلی داپۆشراو هاتۆچۆ دەکەن. ،،، کۆمەڵگەیەکی وەها خەیاڵی دەتوانرێت بە “کۆمەڵگەیەکی تەواو ئەبستراکت” یان بێ کەسایەتێ ناوببرێت. ئێستا خاڵە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە کە کۆمەڵگای مۆدێرنمان لە زۆر لایەنی خۆیدا لە کۆمەڵگایەکی تەواو ئەبستراکت دەچێت. هەرچەندە ئێمە هەمیشە لە ئۆتۆمبێلی داپۆشراودا و بە تەنیایی هاتووچۆ ناکەین (بەڵکە ڕووبەڕووی هەزاران مرۆڤ دەبینەوە کە لە شەقامەکەدا بەلای ئێمەدا تێدەپەڕن) بەڵام دەرئەنجام تاڕادەێک هەمان شتە “واتە لە بنەمادا هیچ جۆرە پەیوەندییەکی تاکەکەسی لەتەک ڕێبوارەکانی تردا دروست ناکەین”. ،،، زۆر کەس هەن لە کۆمەڵگایەکی مۆدێرن دەژین کە هیچ پەیوەندییەکی کەسایەتییان نییە، یان لە ڕادەبەدەر کەم، کە لە نادیاربوون و گۆشەگیریدا دەژین و لە ئەنجامدا لە ناخۆشیدا دەژین. چونکە هەرچەندە کۆمەڵگا بووەتە ئەبستراکت، بەڵام پێکهاتەی بایۆلۆژی مرۆڤ زۆر گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە؛ ئینسانەکان پێویستی کۆمەڵایەتیان هەیە کە ناتوانن لە کۆمەڵگەیەکی ئەبستراکتدا تێری بکەن.)/ 1.
ئەمە ئەو پێشبینیە دروستەیە کە پۆپەر بۆ گەشەی ڕواڵەتی کۆمەڵگە کردوویەتی، کە لە سەردەمی سەرمایەداری دیجیتاڵ و تەکنەلۆژی زیرەکدا خشت پێکاویەتی./۲.
دیارە ئەمڕۆکە مرۆڤەکان بڕێک لە کارکردن لە ماڵەوە جێبەجێ دەکەن بێ ئەوەی پێویست بکات بچنە ئۆفیسەکان، وە بۆ بەشێک لە کڕینی کاڵاکان پێویست بە چوون بۆ نێو بازاڕ و مۆڵەکان ناکات، دەتوانین بە ڕێگای ئینترنێت داواکاریەکانی خۆمان بنێرین، هەروەها بۆ هەواڵ پرسی و گفتوگۆ لەتەک دۆستەکانمان، پێویست بەسەردان ناکات و لە ڕێگای پرۆگرامەکانی شات مەیسەر دەبێ، یان گەر کەسێ لەم ڕۆژگارەدا گەرەکی بێ کۆرسێک بخوێنێ، پێویست بەوە ناکات بچێ بۆ قوتابخانەێک و بە فیزیکی ئامادەیی هەبێ لە پۆلێکدا، بەڵکە لەڕێگای “دیستانس – ئینترنێت” دەتوانێ کۆرسەکەی تەواو بکات.
بیرمەندانی بۆرژوازی جۆرەها ناوی دیکەیان داهێناوە بۆ وەسفی کۆمەڵگەی سەرمایەداری. لەم سەردەمەدا لەبری کۆمەڵگەی سەرمایەداری دڕندە ناوی وەک: کۆمەڵگای کراوە، کۆمەڵگەی پۆستمۆدێرنیسم، کۆمەڵگای شەفاف، کۆمەڵگای چاودێری، کۆمەڵگەی ڕیسک،، هتد، بەکاردەهێنن. ئەوەی ئەم بیرمەندانە لە وەسفی کۆمەڵگەدا دەیانەوێ پەردەپۆشیکەن ناوەڕۆکی دابەشبوونی چینایەتی و دڕندەیی سەرمایەدارییە.
گرنگ لێرەدا ئەوە دووپات بکەینەوە کە بە گۆڕانی ڕواڵەتی کۆمەڵگە و بە تەکنەلۆژی بوونی کەم یان زۆری پەیوەندییەکانی ئینسانەکان، ئەوە هیچ لە حەقیقەتی ئەوە ناگۆڕێ کە بنەمای ئەو کۆمەڵگەیە هێشتا سەرمایەدارییە و لەسەر پەیوەندی (کار و سەرمایە ) دامەزراوە، پەیوەندییەکانی کۆمەڵگە کۆنکرێت بێ یان بڕێکی کەم تا زۆری دیجیتاڵ بێ، هێشتا ئەو کۆمەڵگەیە چینایەتییە، مادامەکی گۆڕان بەسەر پێکهاتی ئابووری و شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدریدا نەهاتووە، چونکە بەردەوام زۆربەی ئینسانەکان کارێک دەکەن و بەرامبەری ئەوە کرێ وەردەگرن، و نوخبەێکی کۆمەڵگەش خاوەنی کۆمپانیا و بانک و ئۆفیسەکانن و قازانج لە بەری کاری ئەوانی دی دەکەن.
پۆپەر خۆی زۆر دژی پێشبینییەکان بوو، و بەڵگەی داڕشتووە کە دەڵێ: بە هۆکاری لۆژیکی ناتوانین داهاتوو بزانین؛ نووسیویەتی:( ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی بە توندی لە ژێر کاریگەری گەشەی زانستی مرۆڤدایە، بەڵام ناتوانین بە شێوازی عەقڵانی یان زانستی پێشبینی گەشەی داهاتووی زانستە زانستییەکانمان بکەین. بۆیە ناتوانین پێشبینی ڕەوتی داهاتووی مێژووی مرۆڤایەتی بکەین). لە کتێبی کۆمەڵگەی کراوە – کاڕڵ پۆپەر/ ساڵی [۱۹٤٥].
وەک لە کتێبی (هەژاریی مێژووگەرایی: The Poverty of Historicism)دا پۆپەر پێی خۆی لەسەر دژایەتیکردنی پێشبینی دادەگرێت، بڕوای وایە کە مێژوو دەستنیشان ناکرێت، بۆیە پێشبینی بۆ ئاییندە نازانستی و هەڵەیە، وە شیاوی ئەوە نییە متمانەی پێ بکرێ و پشتی پێ ببەسترێت. واتە مێژوو چوارچێوەو سنووری بۆ دانانرێت و پۆپەر دژی ئەوەیە پێشبینی بۆ ئاییندە بکەین.
پۆپەر ئەم ئارگیومێنتەی بەکارهێناوە بۆ ڕەخنە لە مارکس، وە بە تایبەتی لە کتێبی (هەژاریی مێژووگەرایی)دا ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە مارکس پەیڕەوی فەلسەفەی (مێژووگەرایی) دەکات و بڕوای بە حەتمیەتی مێژووییە، و لێرەوە پۆپەر دەیگوت کە مارکس وەک پێغەمبەر و فاڵچیێکی درۆزن وایە پێشبینی دەکات. ئەوەی لێرەدا دەمەوێ بە کورتی بیڵێم: مارکس نە پێغەمبەرەو نە بڕوای بە “حەتمیەتی مێژوویی” بووە، بەڵکە وەک زاناێک دوای دراسەی فاکتەکانی واقیعی کۆمەڵگەی سەرمایەداری پێشبینی کردووە، هەر وەک پۆپەر خۆشی کردوویەتی؛ ئایا پێشبینیکردن بۆ پۆپەر خۆی حەڵاڵە و بۆ مارکس حەرامە؟!.

دوژمنە نوێکانی کۆمەڵگەی کراوە
بە بڕوای پۆپەر، دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوە، بەتایبەتی (کاڕل مارکس و هاوڕێکانی)، ئەوانەن کە بانگەشەی خاوەنداریەتی مەعریفە و چاکەیەکی گشتی دەکەن. بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەتوانن بە شێوەیەکی زانستی و دادپەروەرانە کۆمەڵگا کۆنترۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی یۆتوبیاێکی پڕ لە بەختیاری بەدیبهێنن. ئەم زانستە لای نوخبەێکی پێشڕەوە کە حیکمەتیان دۆزیوەتە، هەم ڕاستی زانستییە و هەم نۆرماتیڤ-ئەخلاقییە. کەواتە بە مەعریفە و ئەخلاق دەسەڵاتێکی بیروکراتی حەکیم دادەمەزرێنن تا خەڵکی دەربازکەن لە قەیران و دۆزەخ. بۆیە ئەم مەعریفە و ئەو دەسەڵاتەی دروستی دەکەن، لە سەروی ئازادی تاکی مرۆڤەوەیە، واتە لە سەروی حوکمدانی خۆیانەوە بڕیار دەدرێت سەبارەت بەوەی کە چۆن دەبێ ژیانی خۆیان لە قاڵب بدەن. فەلسەفەی سیاسی پۆپەر لیبڕالیسم و دیموکراتییەتی سەرمایەداری ڕۆژئاوای هاوچەرخی وەک مۆدێلی “کۆمەڵگەی کراوە” قبوڵ دەکرد، وە دژی (سۆڤیەت و نازیەکان) بوو، چونکە تۆتالیتاریسم و کۆمەڵگەی داخراون بوون.
کەواتە گەر لەم سەردەمەدا بە دوای دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوەدا بگەڕێن ئەمانەن: “چین، کۆریای باکوور، کوبا” ئەمانە خۆیان بە کۆمۆنیست دەزانن. “ئێران، ئەفگانیستانی تاڵیبان، سعودیە” ئەم دەوڵەتانە ئیسلامین و کۆمەڵگەی داخراون. هەروەها هەر حیزب و بزووتنەوەێک کە ”میتودێکی مێژووگەریی” و دۆگمان و ئیدۆلۆژی هەیە، ئەمانەش ئامانجیان دامەزراندنی تۆتالیتاریسم و کۆمەڵگەی داخراوە، و بە دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوە دەژمێردرێن.
بەڵام جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆکە دوای کۆتایهاتنی جەنگی سارد، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەمڕۆکە هەندێ لایەن پەیدا بوون کە بە دوژمنە نوێکانی کۆمەڵگەی کراوە دەژمردرێن، کە ناکەونە نێو ئەو خشتەیەی پۆپەر دایڕشت بوو.
لەمڕۆدا سەرمایەداری لە قەیرانی ئابووری و ناسەقامگیردا کۆمەڵگەی خستۆتە ژێر چاودێری، و تایبەتمەندی تاکەکەسەکان پێشێل دەکات. کاتێ ئینسانەکان لە شەقامەکان، مۆڵەکان، یان لە فرۆکەخانەکاندا بن، بە تەکنەلۆژیای زیرەک دەموچاویان دەناسرێتەوە. کامێرای چاودێری دەزانێ لە چ جێکایەک سەیارەکەت ڕاگرتووە، یان بەهۆی سۆسیال میدیا و مۆبایلەکانەوە هەموو زانیاری تایبەتی تاکەکەسەکان خەزنکراوە. ئەمرۆکە تۆڕی داتا و ئینترنێت وەک دەسەڵاتێکی شمولی بەسەر سەری ئینسانەکانەوەیە، و لەتەک گەشەکردنی زیاتری “زیرەکی دەستکرد” ئەم دەسەڵاتە شمولییە زیاتر دەبێ.
بزووتنەوەکانی ڕاستڕەوی توندڕەو (ڕاسیسمی نوێ و فاشیسمی نوێ) هەر بەناوی پاراستنی دیموکراتییەت و شارستانیەتی ڕۆژئاوا جەماوەریان ڕۆژبەڕۆژ زیاد دەکات. ڕاستڕەوی توندڕەو هیچ ناچێتە ژێر ئەو پۆلێنەی پۆپەر، چونکە بڕوایان بە میتودی مێژووگەریی نییە، و باس لە پاڕاستنی (ئازادی و سیکولاریسمی) غەرب دەکەن دژی پەناهەندەکان. دیاردەی نوێی وەک (خراپ بوونی ژینگە، بڵاوبوونەی درم و ڤایرۆسەکان، ململانێی بلۆکەکانی سەرمایەداری – ڕوسیا و چین دژی ڕۆژئاوا) هێندەی دی کۆمەڵگەی کراوەی بەرەو تۆتالیتاریسم بردووە. ململانێ نێوان باڵەکانی بزووتنەوە بۆرژوازەکان کە بڕوایان بە دیموکراتی و لیبڕالیسم هەیە، و ململانێ نێوان کۆمپانیاکانی سەرمایەداران، کۆمەڵگەی کراوە بەرەو تۆتالیتاریسم دەبات. چەند نموونەیەک: ئەو کەسانەی دژی دۆگما لیبڕاڵەکانن (مافی کۆمەڵگەی میم)، ئەوانەی گریمانە لیبڕاڵەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، بە ناوی ڕاستڕەوی توندڕەو ناوزەد دەکرێن. ئەوانەی کاتی کۆڤید نەیانویستایە دەمامک ببەستن یان دژی کۆڤید خۆیان بکوتن، لە زۆر ماف بێبەش دەکران. ئەگەر کەسێک بیەوێت زانست لە پشت گەرمبوونی جیهانەوە بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەوا وەک “ئینکاریکەری گۆڕانی ژینگە” سووکایەتییان پێدەکرێت. دیارە لەتەک تووندبوونەوەی قەیران و کێشەکان، مەیلی بەرەو سەرکوتکردن و تۆتالیتاریسم زیاتر دەبێ.
قەیرانی ئابووری و سیاسی جیهانی ئەمڕۆ لە زۆر ووڵاتاندا ئەگەری تەقینەوەی جەنگی ناخۆیی زیاد دەکات. پشێوی کاتی هەڵبژراردنی بایدن بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، زەنگێکە هۆشداری بە ئەگەری خولێکی زۆر مەترسیدار دەدات لە نێو دڵی کۆمەڵگەی کراوەی سەرمایەداری ڕۆژاوادا. لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆنەپەرستەکان و پۆپۆلیزم لە دونیای ئەمڕۆدا، کە مەیلی پاوانخوازیان هەیە، وە زیادبوونی ئەوەی پێی دەوترێت “فرە قەیران”، ئاسانە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە دیموکراسی بۆرژوازی و مۆدێلی کۆمەڵگەی کراوە مەحکومە بە بن بەست، و جیهانی سەرمایەداری چۆتە خولێکی نوێی دڕندەیی.

———————————————————
تێبینیەکان:
1/ دەتوانن ئەم چەند دێڕە لە(کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی – بەرگی یەکەم – ۱۰/ لاپەڕە ۳۸۹ – و: ئیدریس شێخ شەرەفی) بخوێنەوە کە زمانەکەی باشترە. من لە زمانی ئینگلیزیەوە وەرمگێڕاوە.
۲/ دیمەنی تاکگەرایی و تەنیایی ئینسانەکان لە نێو کۆمەڵگەی مۆدێرنی سەرمایەداریدا گەلێ نووسەر (جگە لە تیۆری نامۆیی مارکس) باسیان لێوە کردووە. من لێرەدا پەرەگرافێکی ڕۆمانێکی دیستۆڤیسکی بە نموونە دەهێنمەوە کە لە ساڵی ١٨٨٠ـ ١٨٧٩ چاپ و بڵاوکراوەتەوە:
(ئەو گۆشەگیرییەی مرۆڤ تێیدا دەژی، بەتایبەتی لە سەردەمی ئێمەدا، لە هەموو بوارەکاندا دیارە. لەم سەردەمەی ئێمەدا تەنیایی کۆتایی نەهاتووە، تەنانەت نەگەیشتووەتە لوتکە. هەموو مرۆڤێک لەم سەردەمەدا هەوڵدەدات تامی ژیان بە تەواوی بکات، بەڵام دوور لەوانی دی، بۆیە بە دوای بەختەوەری تاکەکەسیدا دەگەڕێت. بەڵام مەحاڵە ئەم هەوڵانە ببنە هۆی تامێکی تەواو لە ژیان، چونکە تەنها دەبێتە هۆی لە ناوچوونی تەواوەتی ڕۆح، و تەنها دەبێتە هۆی جۆرێک لە خۆکوژی ڕۆحی لە گۆشەگیرێکی خنکێنەردا. کۆمەڵگا لە سەردەمی ئێمەدا لە تاکەکاندا تواوەتەوە، هەریەکەیان وەک ئەهریمەنێک لە کولانەکەی خۆیاندا دەژین، و لە یەکتر هەڵدێن و تەنها بیر لە شاردنەوەی سامانەکانیان لە یەکتر دەکەنەوە. وە لەمەوە دەگەنە ئەوەی ڕقیان لە یەکتر دەبێتەوەو تا خۆشیان شایستەی ڕق لێبوونەوەش دەبن. مرۆڤ لە تەنیاییدا سامان لەسەر سامان کەڵەکە دەکات و دڵخۆش دەبێت بەو دەسەڵاتەی کە پێی وایە بەم کارە خاوەنییەتی، لە دڵی خۆیدا دەڵێت: “کە ڕۆژەکانم بەم شێوەیە مسۆگەر بووە”، ئیدی گەمژەیی خۆی نابینێت کە زیاتر کەڵەکە بووە، بەمە زیاتر خۆی دەخزێنێتە ناو بێهێزییەکی کوشندە. ئەوەش لەبەرئەوەی ڕاهاتووە کە تەنها پشت بەخۆی ببەستێت و بڕوای بە هاوکاری نەماوە، و لە گۆشەگیریدا ئەو یاسایانە لەبیردەکات کە بەڕاستی مرۆڤایەتی بەڕێوەدەبەن، و کۆتاییەکەی هەموو ڕۆژێک لە ترسی لەدەستدانی پوڵەکانی دەلەرزێت کە ڕۆژێک دێت لە هەموو شتێک بێبەش دەبێت. خەڵکی بە تەواوی لەیادیان چووە کە ئاسایش و سەقامگیری ڕاستەقینە لە ژیاندا بە گۆشەگیری بەدەست ناهێنرێت، بەڵکە لە هاوپشتی و هاوکۆیی هەوڵەکانی یەکتر بەدی دێ.).

/ ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤ/ فیدۆر دۆستۆیڤسکی).




جۆرەکانی دیالۆگ لە رۆمانی (قەبرێکی سێگۆشە)ی فەرهاد پیرباڵدا.. نووسینی: مالیک عەبدولواحید و عبدالسلام اسماعیل

بۆ خوێندنەوەی ئەم توێژینەوەیە کلیکی ئێرەبکەن..




دەق بۆ حەقیقەت، دەق بۆ چێژ.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(رووتەختی پێكەوەسازان)

چێژ كۆمەڵە حاڵەتێكی مینتالیتییە، كە مرۆڤ… هەستی پێدەكات و بەرەو خۆشی و كرانەوەی ئەرێنی دەكاتەوە. بنەمای چێژ هەوڵدانە بۆ خۆشی وەرگرتن. بنەمای چێژ لای فرۆید پێچەوانەی بنەمای حەقیقەتە، چونكە حەقیقەت ئارەزووەكان وەدوادەخات. بە مانایەك لە ماناكان بارت دەڵێ‌ چێژی دەق ئەو ساتەیە كە جەستەی (وەرگر/خوێنەر) تێیدا بە فەزا تایبەتییەكانی خۆی دەگات.
ئەگەر چێژی دەق پەیوەندی بە فەزای (وەرگر و خوێنەران)ەوە بێت، رووتەختی بێ‌ بڕانەوەی حەقیقەت چییە؟ ئایا پرسیار لەبارەی حەقیقەت و چییەتی حەقیقەت گرنگی بەوەدەدا كە حەقیقەت لە ئەزموونكردنی ژیانەوە وەدەست دێت؟ یان لە بیركردنەوە و توانای سیاسی و توێژینەوەی زانستی و داهێنانی هونەری و رامانی فیكری و بڕوای ئایینی و عەقڵی وەكیەك و واقیع و ئازادی… وەدەست دێت؟! ئایا پرسیار لە بارەی چێژی دەق تەنها گرنگی بەوە دەدات كە پێیدەڵێن فەزا تایبەتییەكانی وەرگر و خوێنەران؟
هەڵبەتە چییەتی حەقیقەت و چییەتی چێژ لە دەقی هونەرییدا هەموو ئەوانە تێدەپەڕێنن، بەو مانایەش حەقیقەت جیایە لەوەی حەقیقەتە! چێژیش جیایە لەوەی تەنها چێژ بێت. حەقیقەتی دەقی هونەری بەرجەستەكردنی جوانناسانەی چییەتی زمانە. دەقی چێژی هونەریش بەرجەستەكردنی بیركردنەوەی چییەتی زمانە! چییەتی زمانیش سیستمێكی فیكرییە و هەڵگری جوانی و رەنگدانەوەی رەهەندەكانی ژیاری مرۆڤایەتییە. بەڵام زمان هەموو شتێ‌ ناڵێت. جەستە قسان دەكات، شتەكان، مێژوو، توانا فەردی و كۆمەڵایەتی قسان دەكەن، مردن و ژیان بێ‌ دابڕان بە هەزاران شێواز قسان دەكەن، بەڵام زمان هەموو شتێ‌ ناڵێت.
كەواتە پێویستە بزانین لەنێوان ئەوەی حەقیقەت جیایە لەوەی رووتەختی بێ‌ بڕانەوەی حەقیقەتە و چێژ جیایە لەوەی رووتەختی بێ‌ بڕانەوەی چێژە، چییەتی زمانیش جیایە لەوەی زمان هەموو شتێ‌ بڵێت. بەو مانایەش پێویستە (دەقی هونەری) لەنێوان پێكهاتەكانی زمان و بیركردنەوە تایبەتییەكانی (وەرگر/خوێنەر)انەوە، لەنێوان حەقیقەت و چێژ… رووتەختی پێكەوەسازان درووست بكات.
ئایا دەقی هونەری بۆ حەقیقەتە یان پرسێكی چێژئامێزە؟ ئەگەر دەق بۆ حەقیقەت بێ‌، دەبێ‌ مرۆڤ حەقیقەت پەسەند بكات. بەڵام ئەگەر دەق پرسێكی چێژئامێز بێت، ئەوە (وەرگر/خوێنەر) گرنگترە لە بەرهەمهێن! یەكەمیان دەكەوێتە نێو باوەڕی حەقیقەتی هاوبەشەوە، دووەمیان زمانی هاوبەش بەڕێوەی دەبات، بە پێچەوانەشەوە راستە.
كەواتە بۆ ناساندنی دەقی هونەری بۆ حەقیقەت و دەقی هونەری بۆ چێژ، دەبێ‌ بۆ بنەماكانی بیركردنەوە و جوانناسی زمانەوانی بگەڕێینەوە و رووتەختی پێكەوەسازان درووست بكەین. وەك دەزانین هیچ زمانێك لە گوتندا بەبێ‌ ئاماژە نییە، دواتریش مانا… بەڵام زمان وەك مانا دەگۆڕێ‌ بۆ جەستە. دەمەوێ‌ بڵێم جوانی زمان وەك جەستە، دەق دادەهێنێ‌! بەڵام بۆچی هەندێجار بۆ تێگەیشتن لە رەهەندەكانی ئەو جەستەیە چەند جارێك دەق دەخوێنینەوە؟! ئەگەرچی لە جاری یەكەمدا ماناكەی حاڵی دەبین.
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كۆمەڵێ‌ شتی دیكە لە جەستەی دەقدا هەیە، كە هەر مانا و ئاماژە نییە… لە دەقدا مەعریفەی دەربڕینی بیركردنەوە و مەعریفەی دەربڕینی جوانناسانە ئامادەیی هەیە، بۆنی دەكەین، هەستی پێدەكەین، دەستی لێدەدەین، دەیبسین، گفتوگۆی لەگەڵدا دەكەین…
كەواتە كاتێك زمان وەك مانا و ئاماژە لە جەستەی زیندووی دەقدا دەناسێنین، كاتێك دەق وەك پێكهاتەی جەستە تێكەڵ بە ژیان دەبێت… ئیتر دەبێتە بابەتی خۆشویستن و رق لێبوونەوە، عەشق و گومرایی، حەقیقەت و چێژ… چونكە جەستەكان بەیەكدادەچن و تێكەڵدەبن و كاریگەری لەسەر یەكتر دادەنێن، نەزمی چیگوتن و جوانگوتن گوزارشت لەو ئاماژە و مانایانە دەكەن، كە لە شانەكانی زمانەوانییەوە لە دایك دەبن و بە گوێرەی سەیرورەی دەق و بە گوێرەی رێگایەكی نوێی هونەری رێكدەخرێن و لەو پەڕی ئاماژە و مانادا، لەو پەڕی حەقیقەت و چێژدا… لە رووتەختی پێكەوەسازان دەردەكەونەوە.

رووتەختی پێكەوەسازان
دۆلۆز دژ بە ئارەزووی فرۆیدی، پێیوایە ئارەزوو هەرگیز بۆ لێكدانەوە نییە، بەڵكو ئەزموون دەكرێ‌… بەڵام فرۆید ئارەزوو لە چوارچێوەی خێزاندا قەتیس دەكات، لە كاتێكدا ئارەزوو هەمیشە درووستكەرانەیە و هەرگیز خۆكارانە و یاسایی نییە. دۆلۆز نە بڕوای بە غەریزە ناوەكییەكان هەیە، كە گوایە ئیلهام بە ئارەزوو دەبەخشێ‌، نە وەك دەروونشیكاری فرۆیدی بڕوای بەوە هەیە، كە ئارەزوو (نەقس) بێ‌. چونكە ئەگەر ئارەزوو نەقس بێ‌، ئەوە هیچ رووتەختێكی پێكەوەسازان مومكین نییە، كە دەرفەتی ئەوە برەخسێنێ‌ ئارەزوو بكەن. (رووتەختی پێكەوەسازان) نەقس دەگۆڕێ‌ بۆ مۆركە پۆزەتیفەكەی ئارەزوو، نەك ئارەزوو بگۆڕێ‌ بۆ مۆركە نێگەتیفەكەی نەقس. ئەو بیركردنەوە دۆلۆزییە لەبارەی ئارەزووەوە لە بەشی سێیەم كتێبی (گفتوگۆكان) وەرگێڕانی (هاوار محەمەد) قسەی زۆری لێكراوە.
من دەكەومە ژێر چەمكی (ئارەزووی دۆلۆزی) و (رووتەختی پێكەوەسازان) و دەڵێم “چێژ وەك وێنەی ئەو نەستە دەبینم، كە تێنووەّ. حەقیقەت وەك وێنەی ئەو هەستە دەبینم، كە راخراوە”! بەڵام رێگایەكیش دەبینمەوە لەو لێكدانەوەیە رابكەم، لەوێوە كە چیدی فۆرمەكان بوونیان نییە؟! مەسەلەكە پەیوەندی بە نەخشەی خێراییەكان، چڕبوونەوەكاندایە… مانای جێگیر واتای نەمانی جوولە نییە، بەڵكو ئاماژەیەكە بۆ حاڵەتی رەهایی جوولە، وەك چۆن ئاماژەیە بۆ حاڵەتی رەهای وەستان. ئەوە رووتەختە، جوولە و جێگیری، پەیوەندییەكانی خێرایی و خاوبوونەوە لەنێوان رەگەزە پێكهاتووە تەواو پێكنەهاتووەكاندا دەناسێت.
بەو مانایەش دەشێ‌ حەقیقەت و چێژ سەر بە ئارەزوو بن، وەك چۆن زمان لە نەست رسكاوە. بەڵام دەبێ‌ رووتەختی پێكەوەسازان دامەزرێنن، رووتەختی پێكەوەسازان بخەنە سەر ئاراستەی درووستكردن، ئەگەرنا لە دەرەوەی زمان، یان لە دەرەوەی نەست، نەچێژ هەیە و نەحەقیقەت!. چێژ جەستەیەكی بێ‌ ئەندامە هەرگیز لەگەڵ وەرگر و خوێنەران دژ ناكەوێتەوە، كە بیركردنەوەی تایبەتی خۆیانی تێدا دادەمەزرێنن، یان چێژ دەخەنە سەر ئاراستەی درووستكردن. حەقیقەتیش هەرگیز لەگەڵ پارچەكانی دژ نییە، كە تێیدا دەجولێن و خۆیان لە جیاوازیدا دەنوێنن.
زمان و چێژ و حەقیقەت وەك ئارەزوو ئەزموون دەكرێن. چێژ و حەقیقەت، وەك زمان بنەمایەكی مەعریفییان هەیە. دەقی هونەریش لەسەر بنەمایەكی مەعریفی دادەهێنرێت. بنەمای دەقی هونەری رەگەزەكانی زمانە، زمانیش وەك چۆن ئاماژە و مانا بەرجەستە دەكات، حەقیقەت و چێژیش درووست دەكات! بە دیوەكەی دیكە وەك چۆن چێژ دەشارێتەوە، حەقیقەتیش دەشارێتەوە! لەوێشەوە نوێنەرایەتی پەیوەندییەكی ئاڵوگۆڕئامێزی نێوان نووسەر و دەق، خوێنەر و دەق، فەزای خوێندنەوە و فەزای نووسینەوە، كۆمەڵگا و بازاڕی هونەری دەكات، بەر لەوەی مانا و ئاماژەكان لێكبدرێتەوە، بەر لەوەی مەعریفەی هونەری و هونەری چێژ كەشف بكرێت، پێویستە دەق وەك جەستەیەكی فرە رەهەند و فرە فەزا لە دانوستاندا (وەرگر/خوێنەر) بەرەو خۆی كێش بكات، چونكە هونەری نووسین بە گشتی زانستی خۆشگوتن و فەزای دانوستانی فرە رەنگ درووست دەكات.

دەق وەك جەستەیەكی ئاڵۆز بۆ چێژ
پرۆسەی لە دایكبوونی نووسین پرۆسەیەكی هونەری چڕ و پرسیارئامێزە لە كۆمەڵێك رەهەندەوە لێكدانەوەی دیار و نادیاری بۆ دەكرێ‌! من ئێستا ناچمەوە نێو پێكهاتەكانی زمان و فەزا و رەگەزە هونەرییەكانی دەقەوە. بەڵكو بە كورتی بە ستراتیژی هەندێ‌ لەو هەوڵانەدا دەچمەوە، كە بەرەو دەق و چێژی دەق دەبنەوە، لەوانەش: رۆلان بارت، جۆرج باتای، ماركیز دی ساد.
بارت پێیوایە دەق لە نەستدا لە دایك دەبێ‌ و لە هەستدا دەنووسرێتەوە. ئەو لێكدانەوەیەی بارت لە گوتەزای (نەست وەك زمان رسكاوە)ی ژاك لاكان دەناسێنین. بەڵام باتای بە پێچەوانەوە دەیبینێ‌ و پێیوایە دەق لە رەحمی شێتیدا لە دایك دەبێ‌ و دژ بە دەمارگیرییە. دەشێ‌ رەحمی شێتی باتای ئاڵۆزی زمانمان بیر بخاتەوە! دی ساد راستەوخۆ دەچێتە سەر چێژی دەق و پێیوایە چێژی دەق پەیوەندی بە دژبوونەوەی نێوان باو و ناباوەوە هەیە. دەشێ‌ ئەو قسەیەی دی ساد بە پێشكەوتنی زمان لەنێوان چەمكی پارێزگاریكردنی زمان و پیسكردنی زماندا هەڵبگرینەوە…

چێژی دەق و حەقیقەتی دەق
چێژ بیرۆكەیەكە، دەكەوێتەوە نێوان پارێزگاریكردنی زمان و پیسكردنی زمانەوە. دەكەوێتە نێوان باو و دژە باوەوە… بە گشتی چێژ لەگەڵ كولتوور هاوئاهەنگە. وەك بارت و باتای و دی ساد… قسەیان لێكردووە چیژی دەق وەك چۆن لە خۆدەرخستن و خۆشاردنەوە، جێگیربوون و جێگیرنەبوون، هەست و نەستی زمانەوە گەڵاڵە دەبێت، لە بواری خوێنەر و فەزای خوێندنەوەشدا لە شیكردنەوەی دەروونی و ئارەزووەوە نزیك دەبێتەوە.
كەواتە لەنێوان حەقیقەت و چێژدا، لەنێوان حەقیقەتی سۆسیۆلۆژی و بازاڕی هونەرییدا ئەوە ریتمی تێنووی نەستە، یان رەگەزە دیارەكانی دەقە سنوری چێژ بۆ وەرگر و خوێنەرە جیاوازەكانی دەنەخشێنێ‌! وەك چۆن ئەوە دیتنی پارچەكانی حەقیقەتە، بە رێگای جیاوازەوە وەك هەست كۆمەڵگا دەدوێنێ‌. دەقی چێژ ئەو دەقەیە كە رازی دەبێ‌ هەستی خۆشی بخاتەوە. بەو مانایەش چێژی دەق ئەو ساتەیە كە وەرگر و خوێنەرە جیاوازەكانی لە ساتی خوێندنەوەدا دەكەونە نێو فەزا تایبەتییەكانی خۆیانەوە، لێرەوە بارت دەڵێ‌ بیركردنەوەكانی جەستەم بیركردنەوەكانی من نین. ئەو قسەیەی بارت پەیوەندی بە نەستی زمانەوە هەیە و پەیوەندی بەو حاڵەتە شێتییەوە هەیە، كە باتای دەیخاتە روو، وەك چۆن بەریەككەوتنە باو و ناباوەكەی دی ساد بەشێكی زۆر لە سەرسامی بۆ خۆی دەبات.
بێگومان وەك لەسەرەوە قسەمان لێكرد حەقیقەت قابیلی لێكدانەوەی جیاوازە، حەقیقەت خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەكرێت، وەك چۆن چێژی دەق لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێ‌. بەو مانایە جگە لە رووتەختی پێكەوەسازان یاسایەكی گشتیی بۆ خوێندنەوەی حەقیقەتی هونەری و چێژی هونەری نییە.
ئەو دەقە هونەرییەی مایەی چێژە جۆرە هەستێكی خۆشحاڵیمان لەلا درووست دەكات، ئەو دەقە هونەرییەی پارچەكانی حەقیقەتمان نیشان دەدات، هۆشیاریمان پێدەبەخشێ‌ و هۆشیاریش گۆڕانكاری جۆرا و جۆر دەنێتەوە! دەقی هونەری وەك ئامرازێك بۆ چێژ، هەستی خۆشی بە منی (وەرگر/خوێنەر) دەبەخشێ، ناسنامەی (منی وەرگر/خوێنەر)انی تیا بەهێزتر دەبێ. دەقی هونەری وەك ئامرازێك بۆ بەشە جیاوازەكانی حەقیقەت نەستمان بەهێز دەكات و روانینمان بۆ دنیا دەگۆڕێت. هەموو ئەوانەش لە رێگای درووستكردنی رووتەختی پێكەوەسازانەوەیە.

خەیاڵی زمان و زیرەكی دەستكرد
دنیا لەژێر هەژموونی كۆمەڵە و رێكخراوە گەورەكاندایە، بەڵام بنەمای دەقی هونەری و ئەدەبی جیاوازی زمان و خەیاڵ بەڕێوەی دەبات، لەوێشەوە گۆڕینی هۆشیاری، جوانناسی، خۆشی… بەردەوامی و سەیرورە دەخاتەوە. ئەگەر لە دەستدانی باوەڕی هاوبەش، مەعریفەی هاوبەش لە دەستدانی پەیامی حەقیقەتی هونەری بێت، لە دەستدانی زمانی هاوبەش، خوێندنەوەی هاوبەش لە دەستدانی چێژی هونەری لێبكەوێتەوە، پرسیار ئەوەیە ئایا دەقی هونەری وەك ئامرازێك بۆ حەقیقەت نابێتە هەڵگری جۆرە تێگەیشتنێكی ئایدیالیستانە؟ ئایا دەقی هونەری بۆ چێژ لە تێگەیشتنێكی بازاڕی بازرگانی نزیك نابێتەوە؟!
بێگومان داهێنان لە خەیاڵی زمان و جوانی هونەرییدایە، لە خەڵقكردنی دنیایەكی نوێدایە، لە درووستكردنی پەبلیكێكی نوێدایە… كاری داهێنەرانە، جیهان لەگەڵ (وەرگر/ خوێنەر)ە جیاوازەكانی دابەش دەكات. بەڵام زمانیان لەگەڵ دابەش ناكات. ستراتیژی كاری داهێنان بۆ ئەوە نەخشێنراوە تاكو لە رێگای وەرگر و خوێنەرانی داهێنەرەوە كاریگەری بخاتە سەر جیهان.
بە دیوەكەی دیكەش لەپشت ئاراستەكردن و مەبەستە ئایدیالییەكان… سەیرورەی داهێنانی مرۆڤایەتی و پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و زیرەكی دەستكرد جیهانی دووچاری گۆڕانكارییەكی بەپەلە كردووە. زیرەكی دەستكرد ترادیسیۆنی كاری داهێنان (تكایە بێدەنگ بن نووسەرێك خەریكە دەنووسێت)، دەلەرزێنێ‌. شاراوەكان لە رێگای چاوی شەیتانی زیرەكی دەستكردەوە ئاشكرا دەكرێت. هاككەر دەبێتە راڤەكار! چێژ، حەقیقەت، جوانی… لە ئۆنلاینەوە بوونی خۆیان دەنەخشێنن… بەڵام خەیاڵ دەكەوێتە كوێی زیرەكی دەستكردەوە؟!
بێگومان زیرەكی دەستكرد لقێكە لە زانستەكانی كۆمپیتەر و هاوشێوەی مێشكی مرۆڤ دەتوانێت ئەركەكان جێبەجێ‌ بكات. فەلسەفەی زیرەكی دەستكرد لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ئێمەی مرۆڤ دەتوانین ئامێرێك درووست بكەین وەك خۆمان بیر بكاتەوە، بەڵام خەیاڵكردنی نییە. چونكە خەیاڵی مرۆیی، بەبێ ئەوەی هیچ پێدراوێكی دەمودەست لە هەستەكانەوە بوونی هەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ پێدراوێكی دەمودەست لە هەستەكانەوە بێتە بەرهەم یان بە لاساییكردنەوە درووست بێت، خەیاڵە. زیرەكی دەستكرد خەیاڵی نییە!. كەواتە هەرگیز زیرەكی دەستكرد چارەی نەزانینمان ناكات، بەڵكو توانایەكە بۆ گەیشتن بە پێدراوەكانی مەعریفە و چێژ و جوانی… زیرەكی دەستكرد هێز و توانایەكە وێنەی بوونەوەرە جیاوازەكان دەكێشێت، بەڵام مرۆڤ شاعیرانە كەوتۆتە نێو خەیاڵەوە.

هەولێر 12/3/2024

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




یۆتۆپیا.. به‌ختیار محه‌مه‌د

خۆی گرفته‌كه‌‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ته‌نها ورده ‌بۆرژوازی چه‌په‌ و ئه‌م توێژه‌ هه‌لپه‌رسته‌ ڕابه‌رایه‌تیی بزاڤی چه‌پ ده‌كا. هه‌ر بۆیه‌شه‌ پێوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی ڕاسته‌قینه‌ له‌ نێوان ئه‌م بزاڤه‌ و چینی كرێكاری له‌ بنه‌ڕه‌تدا كه‌م و بێ هێز و په‌رت و بڵاودا نابینی. هه‌ر ئه‌مه‌ش وا ده‌كا، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی ده‌یه‌ی (90) سه‌رله‌به‌ری ئه‌ندامانی بزاڤی كۆمۆنیزمی ڕادیكاڵ (ڕه‌وت و حزبی كۆمۆنیزمی كرێكاری) ئێره‌ به‌جێ بهێڵن و په‌نا بۆ ئه‌وروپای سه‌رمایه‌داری لیبرال و لیبرالی نوێ ببه‌ن و ئێستاش له‌وێ هه‌ر خه‌ریكی جوینه‌وه‌ی دروشم و گوتاری سیاسی و ئایدیۆلۆژیی سه‌ره‌تای ساڵانی ده‌یه‌ی نه‌وه‌د بن. ئه‌وه‌ته‌ له‌ نوێترین گوتاریان له‌ سایتی (ده‌نگه‌كان) ڕێكه‌وتی 26/ 12/ 2023 ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تییان (عوسمانی حاجی مارف) به‌ هه‌مان عه‌قڵیه‌ت و هه‌مان تۆنی‌ گوتاری سیاسی ئایدیۆلۆژیی سه‌ره‌تای ساڵانی (90) ی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌ڵێ: ((… ڕه‌گی كێشه‌كانی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ تایبه‌تی له‌ كه‌ركوك، كێشه‌ نائه‌منیه‌كه‌ی ئاكامی كێشه‌یه‌كی سیاسیه‌، له‌ ڕه‌واجدان و چاندنی دوبه‌ره‌كی نه‌ته‌وه‌یی و تائفی، كه‌ بانگه‌وازه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی به‌دوای شكستی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر 2017، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌ ئاراسته‌ی دوباره‌ ده‌مه‌زه‌ردكردنه‌وه‌ی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی قه‌ومیه‌…)). لێره‌دا وه‌ك ده‌بینین هه‌موو تۆمه‌ته‌كان و هه‌موو ڕه‌خنه‌كان ئاڕاسته‌ی یه‌كیه‌تی (كورد) كراون؛ كه‌چی به‌ یه‌ك وشه‌ش ئاماژه‌ به‌ لایه‌نی عه‌ره‌ب و توركمان نه‌دراوه‌. واته‌ له‌ گۆشه‌نیگای ئه‌م براده‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها كورده‌، كه‌ خه‌ریكی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی تائفی و قه‌ومیه‌، به‌ڵام عه‌ره‌ب و توركمان فریشته‌ن و ئه‌وان وه‌ك بڵێی سۆسیالیست و ئه‌نته‌ر‌ناسیۆنالیستن، چونكه‌ كاكی نووسه‌ر به‌ یه‌ك وشه‌ش به‌ خراپه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وان نه‌كردووه‌. ئا به‌م شێوه‌یه‌ پتر له‌ 32 ساڵه‌ ئه‌م گوتاره‌ دۆگمایه‌ به‌م ئاڕاسته‌یه‌ كار ده‌كات و هه‌موو بزاڤێكی ئازادیخوازی نه‌ته‌وه‌یی كورد به‌ ناسیۆنالیزم تاوانبار ده‌كا و كه‌چی له‌ هه‌مبه‌ر فاشیزمی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌ سه‌رده‌سته‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان بێ خه‌مه‌ و فززه‌ی لێوه‌ نایێ. (*)
ئه‌وان (واته‌ براده‌رانی كۆمۆنیزمی كرێكاری) ئێستا نه‌ك هه‌ر سیاسیانه‌ و چینه‌كیانه‌ له‌ چینی كرێكاره‌وه‌ دوورن، به‌ڵكو جوگرافیانه‌ش لێیه‌وه‌ دوورن.

ماده‌م كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پیشه‌سازیی نییه‌، چینی كرێكاریش چینێكی هۆشیار و ڕێكخراو و په‌ره‌ستاندوو و به‌هێز نابێ. ئه‌و كرێكاره‌ی ئێمه‌ هه‌مانه‌، كرێكاره‌ له‌ بواری بیناسازیی و شاره‌وانی و كار و پیشه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌ بچووكه‌كانی وه‌ك بازاڕ و مۆڵ و چێشتخانه‌كان؛ به‌م شێوه‌یه‌ش‌ چینی كرێكار چینێكی بێ هێز و كه‌م و په‌رت و بڵاوه‌، ناتوانێ وه‌ك هێزێكی یه‌كگرتوو له‌ هه‌مبه‌ر سته‌می خاوه‌ن كار و ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌كی بۆرژوازیدا ڕابوه‌ستێته‌وه‌.

چه‌پی دۆگمای ئه‌رته‌دۆكسی ده‌یه‌وێ له‌ ئه‌وروپاوه‌، شۆڕش (شۆڕشی جه‌ماوه‌ری و كرێكاری) له‌ كوردستان هه‌ڵگیرسێنێ (سه‌یر له‌وه‌دایه‌، چاویان له‌ عیراقیشه‌).

حه‌ز ده‌كه‌م وه‌ك ئه‌مانه‌تێكی مێژوو ئه‌وه‌ش بڵێم: له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌دی سه‌ده‌ی ڕابردوو (91 – 92 – 93…)، چه‌پی دۆگمای كۆمۆنیزمی كرێكاریی گاڵته‌یان به‌ ده‌سته‌واژه‌ و چه‌مكی چوار پارچه‌ی كوردستان ده‌كرد؛ بۆیه‌ به‌ گاڵته‌ و به‌ توانجه‌وه‌ به‌ (قادر نادر) یان ده‌گوت، كه‌ ئێستا چالاكوانێكه‌ و له‌ سوید داده‌نیشێ: ((قادر چوار پارچه‌)). واته‌ ئه‌وان گاڵته‌یان به‌ نیشتمانی له‌تكراوی خۆیان ده‌كرد.
ئێستا ئه‌و (قادر نادر)ه‌ له‌وێ بووه‌ته‌ ڕه‌خنه‌گرێكی سه‌رسه‌ختی ده‌سه‌ڵات، كه‌چی ئه‌و براده‌رانه‌ی كۆمۆنیزمی كرێكارییش (به‌شێكی به‌رچاویان) خه‌ریكی ژیانی خۆشگوزه‌رانی بۆرژوازیانه‌ن؛ تێشیاندا هه‌یه‌ هه‌موو چالاكییه‌كانیان له‌ فه‌یسبووك بووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی، كه‌ تكه‌ و كه‌باب و دۆڵمه‌مان نیشان بده‌ن.

(*) هه‌ڵبه‌ت من هه‌رگیز یه‌كیه‌تی ئێستا به‌ نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م بزاڤه‌ نابینم.

به‌ختیار محه‌مه‌د




هاوگیرفان.. پشکۆ ناکام

….. کە بار و دۆخی ووڵاتێک یان لەتە ووڵاتێک وەک ئەوەی پێی ئەووترێ هەرێم!!داتەپێ وەک چێشتی مجەوری لێ یەت و ” چڵاوخۆرشتی ئێرانی و تەپسی تورکی و ساوەری خۆماڵی ” تێکەڵ بە یەکتری ئەبێ ئیتر پایەکانی کۆمەڵ ئەڕزێن و مەتریس ئەکەوێتە سەر فەرهەنگ و ” زمان” کە زۆرتر لە هەر لایەنێکی تر بڕزێ تا ئاستی هەڵوەشانن….
ئەمڕۆ لە کوردستان زمان بۆتە تورەکەی مولاکەمە و هەر دەزگا و کەس و بەناو میدیایەک هەڵئەستێ بۆکسێکی پیا ئەکێشێ بە تایبەتی دەزگا حیزبی و کەناڵە تێوەگلاوەکانی مافیاکانی نەوت ، بۆ نموونە کەناڵێکی “نەوتاو” کە بە مەبەستی سیاسی و ئەجندای حیزبییەوە قوورسایی خۆی خستۆتە سەر شاری سلێمانی و مێشی سلێمانی ئەکا بە ” گا ” و گای ئەوبەریش نەک هەر ناکا بە مێش بەڵکو ئەیکا بە ” پەپوولە” !!بە خاوەندارێتیەک کە لە هەر چیەک بزانێ تەنها لە میدیا و فەرهەنگ نازانێ و ڕۆژانی [کەرەج] تووشی دەیان گرێ کوێرەی نەفسی و کۆمەڵایەتی کردوە و نازانێ چۆن و بە کێی بڕێژێ، کەناڵەکەی کە کۆمەڵێ کەسی نەخوێنەوار و وەک عەلاگەی جل هەڵواسراو بە میدیاوە و بە پشت بەستن بە “مایە”یەکی زەبەلاحی بێ شومار جگە لە پیاکێشانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەر بونەتە زمانی کوردی و بە ئارەزووی خۆیان دەستکای ئەو زمانە ئەکەن کە لە میراتی باوک و باپیرانمانەوە هەر ئەوەمان بۆ ماوەتەوە و ئەوانیش کە تەنانەت بۆ ئەوی بزانن سەعات چەنە سەیرێکی ڕەسمە زلەکەی پشتیانەوە ئەکەن ئاخۆ ڕازیە سەیری سەعاتەکانیان بکەن یان نا ؟ وەک ناحەزێکی سەسەختی ئەو زمانە مامەڵە ئەکەن..
ئەو میدیا نەوتاوییانە وەرەشەیەکی گەورەیان لە چەکوش ومشار و بزمار و کەتیرە هەیە بۆ داتاشینی ووشەی کوردی و جێی داخیشە کە سایت و پەیجەکان ئەو داتاشینە بە ناچاری یان بە داهێنان!! ئەزانن و تا ئێستاش هیچ دەزگایەک کە پەیوندی بەو بابەتەوە هەیە نوتقیان لێ نایەت بەڵکو لەبەر خاتری” یان لە ترسی” خاوەنی کەناڵەکان بە نا ڕاستەوخۆ پشتگیرییان ئەکەن، نەوت کە “قووت”ی خەڵکە بوە بە ” نقود “ی خاوەنی ئەو جۆرە کەناڵانە کە نەوتیان لێ ئەچۆڕێ و زمانی کوردیش بۆنی نەوتی لێ یەت ، گەر وەک ژماردن ” ستاتستیک ” ئەو وێرانکارییانە بنووسین کە ئەو کەناڵانە دەرهەق بە زمانی کوردی کردویانە بە دەیان لاپەڕە تەواو نابێ..
زمانی کوردی کە خۆی نە یەکگرتوە و نە ڕێزمانێکی هاوبەشی هەیە و گیرۆدەی دەیان گرفتی مێژوویی و سەلماننی سەرچاوە ئەتنێکیەکانی هەیە چەکوشی ئەو کەناڵە نەوتاوویانەشی هاتۆتەسەر و ئەوەنەی تر دایتەپانوە ،،، کۆیلەیەکی نەک حیزب بەڵکو هی کەسێکی ناو حیزب ئەوەنە ئەقڵی بە زمان نەشکێ کە “هاوسەر” و ” هاوژین” لەیەک جیابکاتەوە و بەجێگری یەکتریان بزانێ ،
ئەبێ چ “هاو” ێکی لەگەڵ میللەت و فەرهەنگ و میژوو هەبێ جگە لە یەک [هاو ]کە ئەویش
” هاوگیرفانی” دوای ڕاپەڕینە..




غەزەلە نەوتراوەکان.. ستیڤان شەمزینی

غەزەلی یەکەم

ترسم لە ھیچ کۆتاییەک نییە
بەپێوە دەوەستم
بۆ مردن نەک لەسەر چۆک
ھەمیشە لە سەرەتاکان ترساوم
وەک دەستپێکی عەشقێکی ناکام


لەوانەیە مێشکم تاڤگەیەک بێت
بە ھاژەوە دوا ھەناسەی بدات
لەوانەیە ھەستم برینێک بێت
لە بری خوێن
شیعر لێوەی فیچقە بکات
بە بێدەنگی
بە دەمارەکانی ئەویندا بگەڕێت


ھەتا ماوم لە زیندەگیدا
گۆرانی بۆ ژیان دەڵێم
ھەرچەند کەسێک نییە
گۆرانییەکەم بسەنێتەوە
یان لە بەستەکانم وردبێتەوە
ھێشتا ئەمە
حەزی منی پێ نەکوژراوە
لە گۆرانی وتن
بۆ خۆشەویستی ژن


راستیی ھەموو کات باش نییە
ھەقیقەت وەک چەکی کۆکوژ وایە
زۆرجار درۆیەک ھۆکارە بۆ مانەوەت
یان بوختانێک
بە دەم ئایندەی خۆتەوە ھەڵیبەستیت


شاعیرێکی عاشقم
پێش شیعر
عەشق لە چاومدا ھێلانەی کرد
ئەمێستاش
کە دەفتەری شیعرم دەکەمەوە
پەپولەی خۆشەویستی
تۆی تێدا ھەڵدەفڕێت


خەونێکی زۆر گەورەم ھەبوو
ھەمیشە لە چاوەکانم یاخی دەبوو
خەونم دەبینی
توند توند لە ئامێزت بگرم
ئای چەند تاڵە
ئەم خەونە گورگی مەرگ خواردی


شیعرەکانم ھیچ ناڵێن
بزە نین
بۆ سەر لێوی ھیچ فریشتەیەکی زیز
چاوەڕوانی شەماڵی جێژوان ناکەن
نا، ئازیزم ئەم شیعرانە
تەنھا نرکە نرکی گیانێکن
لە دەمی ئاوابووندا


ھەموو رێگاکانم ون کردووە
ئەو رێگایانەی لە باوەشی میھرەبانیی
شۆخە ژنێکدا
دەمگەیەننەوە بە خۆم
چەند ساویلکانە
ھەموو رێگاکانم ون کرد
ئێستا دۆزەخ
بیر لە من دەکاتەوە
ژنێک لەنێو خۆمدا
بە کوڵ بۆم دەگریێ


ئەو دڵەت لە یاد ناکەم
بە سۆزی گڕگرتوو
بە بۆنی بەھار داپۆشرابوو
پێشکەشی منت کرد
ئەو رۆحەشم لە یاد ناچێت
گۆرانی لێ دەڕژا و
منی کردە کۆپلەیەکییەوە


من مرۆڤێکی دوو دڵم
دڵێکم
لەناو خۆپیشانداندا جێماوە
دڵەکەی ترم
لە تەمتومانی پووچگەراییدا
دڵێکم
لە کۆڵانێکی عەقاری جێھێشت
دڵەکەی تریشم
لەم سەحرای سەھۆڵەدا بەستوویەتی
تەنیا لە بەرامبەر تۆ
یەک دڵم ھەیە
ئەی ئەو ژنەی ماچەکانت
بۆنی کانیاوێکی نیشتمانی لێدێت


نێوانم لەگەڵ خۆم ناخۆشە
ئاگر بە ناخی نەرمم فێر بووە
“با” گاڵتە بە دەواری شڕی
تەمەنم دەکا
زەردەواڵە
بە خەونە ناسکەکانمەوە دەدا
لەگەڵ ھەموو ئەم موعاناتەدا
لە ئاوێنەی دڵمدا
تەنھا ژنێک دەبینم
لەناو زیندانی نوتەکی نێرێکی تردا





عەسرێکی دووشەممە، بە لای ماڵی باپیرتا گوزەر ئەکەم.. نەوزاد بەندی

وەک ئەوەی مۆبایلێکم وون کردبێ ،
یان گورزەیەک کلیل ،
عەسرێکی دووشەممە
بە لای ماڵی باپیرتا تێ ئەپەڕم ..
سێبەرەکەم تەماشای ئاسمان ئەکا و
خۆم تەماشای زەوی ..
ئەو بۆ تۆ ئەگەڕێ و ..
خۆم بۆ گورزەیەک کلیل
یان بۆ مۆبایلێ ، کە ئەگەری هەیە ، وونم کردبێ ..
تۆ منت وونت کردووە و
من ، خۆم و ..
خۆم ، سێبەرەکەم ..
ئێستا خەڵک هەموو لەناو ئوتومبیلدان ،
ئەوەی لەسەر شەقامە ،
تۆز و خۆڵ و ..
تیشکە ئاگراوییەکانی خۆر و
من …
کە به بێ ویستی خۆمان ،
عەسرێکی دوو شەممە ،
بەلای ماڵی باپیرتا گوزەر ئەکەین ..
عەسرێک ، کە لەتاو تەنیایی ،
ڕازیم بە هەر شتێ ، پیاسەی لەگەڵ بکەم ..
ڕازیم تەنانەت بە شەڕێ ،
تەنیاییم بشێوێنێ و
تیایا شەڕە جنێو بکەم ..
تەماشای جوانی تۆز و خۆڵ و ..
فێنکیی تیشکی خۆر و ..
شنەبای هەڵقرچان بکەم ..
ماسی فرۆشێ بە تەنیشتمدا ڕەت ئەبێ ،
ئەڵێ : بڵێی ئەم هەفتەیە
بەغا بینێرێ ؟
ئەڵێم : چی ؟
ئەڵێ : موچە ..
ئەڵێم : بۆ ؟
ُئەڵێ : دوو ڕۆژە ماسییەکم هەڵنەدڕیوە ..
ئەڵێ : تەیف سامی وتوێتی :
هەتا ناو و شورەتی یەک بە یەکی هێزە ئەمنییەکان نەنێرن ، قڕۆشێکتان بۆ نانێرم ..
عەسرێکی دووشەممە بە تەنیشت ماڵی باپیرتا ،
هەنگاوەکانم ڕەت ئەبن ..
هەنگاوێکم بە هەنگاوەکەی ترم ئەڵێ :
ئەگەر تەیف سامی بینێرێ ،
ئەم ڕێگایە پڕ ئەبێ لە هەنگاو ..
هەنگاوی ئەوانەی بە تەنیشت
ماڵی باپیریدا ڕەت ئەبن ..
ماسی فرۆشەکە ، بۆگەنی لێ دێ ،
نازانم هی خۆیەتی یان هی ماسێکانی ..چەقۆکەی بریسکەی لێوە دێ ، لەوە ئەچێ هێشتا دەستی نەچووبێتە خوێنی ماسییەک .. بەو حاڵەوە لە پیاوچاکێ ئەچێ ، هێشتا قەپاڵێکیان نەگرتبێ ،ددانەکانی ..
قەرنابیت فرۆشێ ، ڕێگام پێ ئەگرێ ،
ئەڵێ : تەیف سامی ناینێرێ ..!
هەر بۆیە ووشک بوون ، گەڵاکانی قەڕنابیت ..
تۆز گرتوونی ، گیرفانەکانی ..
لەم عەسرەی کە لە نیوەڕۆ ئەچێ ..
لە ژێر ئەو ئاسمانە ئاگراوییەی
ئەتوانی سوێند بخۆی ،
قەت بارانی تیا نەباریوە ..
لە ژێر تۆز و خۆڵێ ، کە نازانی لە کوێ سەری هەڵگرتووە و
بە تەمایە لە کوێ بنیشێتەوە …
من بە بێ ئامانج بە تەنیشت ماڵی باپیرتا گوزەر ئەکەم …
هێزە ئەمنییەکان لەداخی تەیف سامی ، داوای ناسنامە لە من ئەکەن .. زانیارییەکان ئەیسەلمێنن من خەڵکی ئەو گەڕەکە نیم ..
ئەپرسن : ئەم گوزەرە جێ ئەهێڵی یان داخی تەیف سامیت پێ بڕێژین ؟
کۆمەڵێ مناڵی سووری ،
بە تەنیشت ماڵی باپیرتا ڕەت ئەبن ،
لە خولێکی سەرتاشینەوە هاتوونەتەوە، قژی هەموویان هەڵپاچراوە .. هەندێکیان لەوە ئەچێ کڵاویی هێزە وشکاوەکیەکانیان لەسەر کردبێ ..
هەندێکیان وەک ئەوەی توشی دەردە ڕێویی بووبن ..
هەندێکیان پێدەچێ چارەسەری کیمیاییان وەرگرتبێ ..
ئەوان نازانن ئەو گوزەرە ماڵی باپیری تۆی لێیە ..نازانن ئەو عەسرە ، عەسری دوو شەممەیە ..نازانن من و پشکۆی خۆر و سەرپۆشی تاریکی تۆز و خۆڵ ، خەڵکی ئەو گوزەرە نین ..
ئەوان ڕائەکەن لە ترسی ئەوەی برسێتیی نەیانگەزێ ..
ڕائەکەن تا بە دایکیان بڵێن : بە خۆڕایی سەریان بۆ تاشیون و
بە کامێرایش وێنەیان گرتوون و
ئەمشەو له ڕیکلامدا نیشان ئەدرێن ..
تۆ نازانی من ئەو عەسری دووشەممەیە ،
بە لای ماڵی باپیرتا ڕەت ئەبم ..
بیشزانی ، ئەتەوێ نەزانی ..
پیرەمێردێ ، بەو هەموو تۆز و خۆڵ و سێبەر و پرسیار و پشکۆی خۆرەوە ، ئەبێ به تەمای چی بێ ؟
لەو شەقامەدا ، کە ئیتر درەختی تیا ناڕوێ ..
لەو گوزەرەدا کە ئیتر کەس ناتوانێ دینارێکی تیا پەیا کا ..
لە دڵڕەقیی هێزێکا ،
سەگێ لە ناوەندی شەقامەکەدا ،
بۆ توتەڵە دزراوەکانی ئەقروسکێنێ ..
برسێتی و تینوێتی و ترسی تەڵاقداوە و ..
سەدان ئوتومبیلی پەکخستووە ،
داوای بێچووەکانی ئەکا ،
کە دوو هەفتە پێشتر ،
ئوتومبیلێکی شارەوانی فڕاندونی ..
سەگ تەماشایەکم ئەکا و
سەدان شۆفێری
سەدان ئوتومبیلی ڕاوەستاو ،
تەماشام ئەکەن ..
ئەوان نازانن من ئەم عەسری دووشەممەیە ،
وازم لە هەموو کێشەکان هێناوە ..
ئەو عەسرەم تەنها بۆ ئەوە داناوە ،
کە به تەنیشت ماڵی باپیرتا گوزەر بکەم ..
وەک شنەبایەک ، کەناراوی وون کردبێ
وەک هەنگێ ، لە پوورەکەی دەرکرابێ ..
وەک تیرێ ، نەزانێ لە چ کەوانێ دەرچووە و ..
بۆ چ ئامانجێ هاوێژراوە ..

نەوزاد بەندی




واتایه‌ك بۆ تۆ نادۆزمه‌وه‌.. شیعری ستار ئەحمەد

گه‌ڵای قه‌سیده‌یه‌ك
له‌ خوێنما هه‌ڵوه‌ری
جه‌سته‌م بۆنی هه‌ناسه‌و
په‌رچه‌می تۆی گرتووه‌
گوڵدانی خۆزگه‌م و
خوناوكه‌ی وشه‌
دێڕی عومرم ده‌نوسێته‌وه‌
به‌هاران به‌سه‌ر خاك
نیگای بارانا ده‌ڕژێم
گڵ به‌ته‌م ده‌مشواته‌وه‌
شووشه‌ی به‌رامه‌م وردو خاشده‌بێت
ده‌بمه‌ شه‌هیدی هه‌ناسه‌
گوڵه‌ هه‌ناری خوێن
له‌ جه‌رگما ده‌ڕوێ
بولبول ده‌گرێ
هێلانه‌ به‌رده‌بێته‌وه‌
ئاوازی سوور
به‌سته‌ی سیا ده‌گرێنێ
گۆرانی عیشق
بۆ مه‌رگی سۆز
په‌رچه‌م ده‌ڕنێ
تاریكی داگیرمده‌كات
ده‌سووتێم
دۆزه‌خێك له‌دووكه‌ڵا
ده‌مخنكێنێ
شۆڕده‌بمه‌وه‌ به‌نێو گوناهه‌كانا
له‌ شێوه‌ی تۆو خۆم
كچانی نێو شیعره‌كانم
به‌بێداری و سره‌وتنه‌وه‌
ته‌نها له‌خۆم ده‌نۆڕم
ده‌ستێكم رۆحی روناكی هه‌ڵگرتووه‌
ئه‌وی دیكه‌م له‌ تۆ ده‌گه‌ڕێ
دڵۆَپێ باران شیده‌كه‌مه‌وه‌
مانایه‌ك بۆ نامۆییت
وه‌ڵامێك بۆ نه‌مانت نادۆزمه‌وه‌
ده‌گه‌ڕێم
به‌دوای هێلانه‌ی كه‌ناریا
ته‌لبه‌ندی گڕ ده‌مته‌نێ
لاسكی گه‌ڵا ده‌نه‌خشێنم
خه‌زان ده‌مپۆشێ
له‌رۆحی روناكیا
وردوخاشده‌بم
نابیته‌ مۆمێك
له‌ته‌نیایتدا بتوێمه‌وه‌
له‌ باڵای هه‌ور ده‌ئاڵێم
ستار ئەحمەد




بێ تۆ.. شیعری شەهلا نوری

بێ تۆ
ئه م شاره وڕک ده گرێت لێم بێ تۆ
له هه ر کونجێکی تەنهایی غه یری عه کسی غه می من و تۆ نابینێت بێ تۆ
خۆڵ بارانی شیعره تا لێو لێواری شار بێ تۆ
نیلوفەرەکان مانیان گرتوه سه رخۆشی عه تری خۆشی سه ردارن
سه ردار تۆ
ئاسمان ئەشکی گەرمی ڕژیوه و بەحری استغفاری گرتوه بێ تۆ
شەوانه بەرگی بریقەداری کردووه دەڵێت قەت لەبەری ناکەم بێ تۆ
وادی پڕ له عیشق و له جنونه گەڵا وەرینه بێ تۆ
قصه ى عیشقی ئەم شاره شێواوه و من درێژه بێ تۆ

شه هلا نوری