ئایا ئێمە پێویستمان بە فەیلەسوفە؟.. بەشی سێهەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟.. ئازاد حەمە

پێویستی بۆ فەیلەسوفە پێویستییەکی مرۆیی و شارستانییە

بە کورتی و پوختی هەر لەم سەرەتایەوە ئەوە وەڕووی خوێنەرانی ئەم باسە دەخەین، کە زۆرێک هەندێک جار دەپرسن: دەستکەوتە فەلسەفییەکانی بیرمەندە گەورەکانی ڕۆژئاوا گەیاندمانییە کوێ، تا ئێمە قسە لەسەر بوون و نەبوونی فەلسەفە لەناو کورد دا بکەین؟ بێگومان ئەوە بەرهەمە فەلسەفییەکانی بیرمەندە گەورەکانی ڕۆژئاوا بوو، کە تا ئەندازەیەکی گەورە، مرۆڤایەتییان بەرەو شوێنێک برد لە خۆی و دەورووبەری تێبگات. ئەوە فەلسەفەی ئەو بیرمەندانە بوو، وایان لە مرۆڤی سەردەمە جیاکان کرد لە ژیان دوورنەكەونەوە و خۆشەویستییان بۆ بوونی مرۆیی خۆیان هەبێت و سوودیش لە گۆڕینی بوونی كۆمەڵایەتیی خۆیان وەربگرن. هەر ئەوانیش بوون لە سەرەتای فەلسەفەوە کاریان بۆ ئەوە کرد، ئیشی فەلسەفە کۆڵینەوەبێت لە ڕاستی یان ناڕاستی دیاردەکان.
جەختدەکەینەوە فەلسەفە کردەیەکی هزرییە؛ فەلسەفە بۆ هەر فەیلەسوفێک بەجۆرێک دەخرێتە ژێرپرسیارەوە و گەر تەماشای مێژووی فەلسەفەش بکەین دەبینین هەر فەیلەسوفە و بەشێوەیەک تەماشای گرنگیی فەلسەفەی کردووە و لەو ڕوانگەیەوە پرسیاری سەبارەت بەم چالاكییە هزرییە لادروستبووە.
هەندێک لە فەیلەسوفان لەمیانەی بەها ڕەوشتییەكانەوە دەچنە ناو پرسە فەلسەفییەکانەوە، هەندێکی تر لەمیانەی بوونی مرۆیی مرۆڤەوە و زۆرێکی تریش بەهۆی جەختكردن لەسەر پرسیارە مێتافیزیكییەكانەوە. بەهۆی ئەوەی، كە فەلسەفە هەڵوێستەلەسەر بوون و ئەو ژینگەیە دەكات، كە بوونەوەرەكان تێیدا دەژین، ئەمە وادەكات زۆنی فەلسەفە لەگەڵ كاتدا بەرین و بەرینتر بێت و بەسەر دۆزی ڕوناكبیریی كۆمەڵگەیشەوە مەحەكی دادوەریی بێت؛ ئاماژەیش بێت لەسەر توانای بیركردنەوە و ئاستی تێهزرین لەو كۆمەڵگەیە.
کەواتە مافی خۆمانە، ئێمەی کورد بپرسین: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ یان لە فۆرمێکی تری زمانەوانییدا دەکرێت ئەوە بوترێت: ئایا ئێمە پێویستمان بە فەیلەسوفە؟ ئەم پرسیارە بۆ ئێمە سەرنجڕاکێشیەکەی لەوەدایە، کە ئاڵاهەڵگری تێگەیشتنیشە لە دۆزی قەیراناوی هزرییمان.
بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیاری ناوبراو بدەینەوە پێویستمان بەوەیە، کە بزانین بابەتەکانی فەلسەفە چیین؟ خودی فەلسەفە چییە و چیش نییە؟ ئەم جۆرە پرسیارانە بەدوای دەرەچەی تردا وێڵماندەکەن تا تێمانگەیێنن، کە بەڵێ پێویستمان بە فەلسەفەیە. لێرەدا ئاماژە بە بەشێک لەو دەرەچانە دەکەین: ئێمە بەشێکین لەو فەلسەفەیەی پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی؟ شتێک هەیە بەناوی فەلسەفەی کوردییەوە؟ هزری فەلسەفیی هزرێکی دیالۆگییە یان هەڕەمەکیی؟ کێن ئەوانەی لەناو ئێمەدا لە بواری فەلسەفەیەکی پوختدا کاردەکەن؟کێ کتێبی فەلسەفیی دەنووسێت و کێ ئەو کتێبانە دەخوێنێتەوە؟ ئەی بڕوانامە لە فەلسەفە فەیلەسوفبوون دروستدەکات؟ بۆ دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان ناتوانن فەیلەسوف بەرهەمبهێنن؟
لەم بەشە و بەشی دواتردا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیاریدیش ددەینەوە.

ئێمە بەشێکین لەو فەلسەفەیەی پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی؟

پرسیاری ئێمەی کورد بەشێکین لەو فەلسەفەیەی پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی؟ پرسیارێکی لاوەکی نییە و هەردەم ڕووبەرووی ئەوانەش دەبێتەوە، کە بەدوای مێژووی فەلسەفەی ئێمەوە وێڵن. مێژووی فەلسەفەی ئێمە بە ئاسانی نانوسرێتەوە و تەنانەت باوەڕیش بەو شیکارییانە ناکەین، کە هەموو کەس فەیلەسوفە یان شتیک فەیلەسوفبوونی تێدایە. ئەمە لەکاتێکدا وایە، کە فەلسەفە ڕوناکبیرییەکی گشتی بێت. واتە زانیاری کۆکردنەوە بێت لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە و سەبارەت بە بابەتی جیاواز. بەڵام فەلسەفە زانیاریی گشتی و سەرپێی نییە. فەلسەفە بۆئەوەی فەلسەفە بێت دەبێت زانیاری گشتی تێپەڕێنێت و سەروی تێگەیشتنی باو و پەرت و لاوەکی بێت.
ئەو نەتەوانەی گرێدراوی ئیسلامن پێیانوایە سەردەمی زێڕینی خۆیانیان هەیە. لەوێندەرێ بەدوای فەلسەفەیەکدا وێڵن، کە پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی و بۆ ئەو مەبەستەش پۆلێک ناوی ڕوناکبیرانی خۆیانمان بەردەستدەخەن، کە سەر بەو فەلسەفە ئیسلامییەن. ئەی ئێمە؟ ، ئێمە کە وەک ئەوانیتر لەژێر ڕکێڤی ئیسلامدا بووینە خاوەنی سەردەمی زێڕینی خۆمانین؟ گەر بەڵێ، کەوابێت پرسیارێک لەو بارەوە خۆی زەقدەکاتەوە، کە بەم جۆرەیە: کوان ئەو پۆلە ڕۆناکبیرە کوردەی، کە کاریان لەسەر/لەناو فەلسەفەی ئیسلامدا کردووە؟ پێناچێت دەرکەوتنی ئیسلام لەم ڕووەوە بۆ ئێمە گرنگیی هەبووبێت و ماناداریش بووبێت بۆ هاتنەکایەوەی بیرمەندگەلێکی وەک ئیبن روشد، فارابی، ئیبن سینا.
مەبەستی ئێمە لەوەی وترا ئەوە بوو، کە ئایا میراتی هزری ئیسلامیمان دەکرێت وەک فەلسەفە تەماشابکرێت؟ گەر ئەو میراتە وەک فەلسەفە تەماشاکرا، ئەی دەشێت ئەوانەی لەناو ئەو میراتە کاریانکردووە وەک فەیلەسوف ببینرێن؟ کەواتە گەر کاراکتەرە ئایینی یان نەتەوەییەکانمان (شێخ سەعیدی پیران، قازی محەمەد، و بەرەو مەسعود محەمەد و مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و….تادەگاتە پیرەمێرد و قانیع و نالی و خانی و مەحویش) بە فەیلەسوف تەماشابکرێن دەکرێت بڵێین فەیلەسوفمان هەیە؟ نەخێر، و پێمانوانییە ئەوانە فەیلەسوفبن؛ دواتریش لە زۆر دیدی دییەوە دێینەوەسەر ئەم لایەنە.
هۆکاری ئەو نەخێرەی لای سەرەوەمان بەم پرسیارەوە گرێدەدەینەوە: شیاوە ئەوەی ڕوناکبیرە دیندارەکانمان، شاعیرە سۆفییەکانمان، سیاسییە ئاینییە نەتەوەییەکانمان کاریان لەسەر کردووە بە فەلسەفە (فەلسەفەیەکی ئایینداریی) ناویبنێین؟ باشە هیچ بەڵگەیەکی مێتۆدیی لەئارادایە، کە پێمانبڵێت: بەڵێ لەسەر دەستی ئەوان؛ ئایین و فەلسەفه، شیعر و فەلسەفە، سیاسەت و فەلسەفە، لەوێدا پێکەوە کاریان کردووە؟ بۆیشە وادەڵێین، چونکە بەشێکی زۆر لە دیندارەکانی ئێمە نەفرەتیان لە فەلسەفەکردووە و بە تێکدەری باوەڕداریی ئاینیشیان زانیووە و تەنانەت زۆرێکیش لە دیندارانی کورد ئەوەی پێیدەڵێن فەلسەفە، و بەتایبەت فەلسەفەی رۆژئاوایی، ڕەتیانکردووەتەوە.
بۆ زۆرتر ڕوونکردنەوەی ئەوەی وترا هەر لێرەدا دەپرسین: فەلسەفە لەگەڵ باوەڕی ئایینیدا کۆکە؟ باوەڕدارە ئایینیەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ شتێکدا دەکەن بنەماکەی عەقڵە نەک ئەفسانە و گێڕانەوە؟ لێرەدا دەشێت ئەوەش بپرسرێت، کە ئاساییە بۆ ئەوانەی سەرقاڵی فەلسەفەن، کە ئەوەش بوارێکی عەقڵییە، ئەوانە بە فەیلەسوف بزانن، کە ئیماندارییان بەرەو فەلسەفە بردوونی؟
ئەو دوو پرسیارەی لای سەرەوە ئەوەمان پێدەڵێن ئەو ناوانەی پێشتر گۆکران ناتوانین وەک فەیلەسوف تەماشایانبکەین. مەبەست کارەکانیان ناچنە خانەی فەلسەفەوە، ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی ئەوانە نە سێستەمێکی هزرییان دروستکردووە و نەش کاریان لەناو سێستەمێکی پوختی فەلسەفییدا کردووە. سەرباری ئەوە، ئەوەش دەڵێین، کە شوێنکەوتووانی ئیسلام لە دەڤەری ئێمە لە دەرئەنجامی ڕوانگە ئاینییەکانیانەوە ڕوانگەی فەلسەفییان بەرهەمنەهێناوە. ئەم لایەنەش دواتر دێینەوەسەری.
لە پەیوەندی بەوەی لایسەرەوە وروژا ئەوەش دەپرسین،کە هزری ئیسلامیی ئێمە بۆچی هزرێکی فەلسەفیی قووڵی بەدوای خۆیدا نەهێناوە؟ یان بۆ دامەزراندنی فەلسەفەیەکی ئیسلامیی لەناو ڕوناکبیرانی ئیسلامیی ئێمەدا ئامانج نەبووە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو دوو پرسیارە لەوێوە دەستپێدەکەین، کە لە جیهانی عەرەبیدا ڕوناکبیرییەکی فەلسەفیی ئیسلامیی بوونی هەبووە. هەر لەڕێگای ئەو ڕوناکبیرییە فەلسەفییە ئیسلامییەشەوە نەک هەر ئەمان لە پەیوەندیدا بوونە بە جیهانی رۆژئاواوە، بگرە خودی رۆژئاواش لەڕێگای فارابی و ئیبن روشد و ئیبن سیناوە لە پەیوەندیدا بوونە بە ڕوناکبیرییە فەلسەفییە ئیسلامییەکەی جیهانی عەرەبی ئیسلامییەوە.
هەر سەبارەت بەوەی لای سەرەوە وترا، دوبارە دەپرسینەوە، ئایا ئێمە خاوەنی ڕوناکبیرییەکی فەلسەفیی ئیسلامیین؟ پێناچێت ئەوە بین. هیچ نەبێت لەوبارەوە بەهیچ جۆرێک لە ئاستی جیهانی عەرەبیدا نیین. گەر هەندێک لە خوێنەرانی ئەم بابەتە پێیانوابێت ئێمە خاوەنی ڕوناکبیرییەکی فەلسەفیی ئیسلامیی بووینە، کەواتە ئێمەش تایبەت بەم لایەنە دەپرسین: رابەرانی ئەو ڕوناکبیرییە کێن و کاریگەرییان چییە لەسەر دروستکردنی پەیوەندی ئێمە بە جیهانی عەرەبی و رۆژئاواییەکانەوە؟ شێخ شەهابەدینی سورەبەردی، شەمسەدینی شارەزووری کە رابەرانی فەلسەفەیەکی ئیشراقیین، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، حاجی قادری کۆیی، مەلا کۆرە، مەسعود محەمەد، خانی و ئەوانیتر چ پردێکی هزرییان لەنێوان ئێمە و هزرەڤانانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا دروسکردووە؟ لەسەر دەستی ئەو زاتانە لە کوێی فەلسەفەی یۆنانەوە دەستمانپێکردووە و چیمان لەم فەلسەفەیە، بۆ خۆمان و بۆ کولتوورەکانی تر، دروستکردووە؟
لێرەدا بائەوەش بوترێت، کە ئێمە بەشێک نیین لە فەلسەفەی ئیسلامیی، کە فەلسەفەیەکی عەرەبییە، بە هەردوو ئاقارە کۆن و نوێکەیەوە، هاوکات بەشێکیش نیین لە فەلسەفەیەکی رۆژئاوایی، کە مێژووە تازەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شانزە، ڕێنێسانس، تادەگاتە دوا بزاڤ و تەوژمە فەلسەفییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستی رۆژئاوا(ئایدیالیزم، راسیۆنالیزم، بوونخوازی، پۆزەتڤیستی، بوونگەرایی و پاش بونگەرایی و پاشتازەگەریی و……). گەر بەشێکین لێیان، کوان بەشداری ئێمە؟ لە کوێ و کەی بە پۆلێک تەوژم و بزاڤی فەلسەفییەوە هاتوینەتە ناو فەلسەفەی ئیسلامیی و ئەوەش، کە پێێدەوترێت، فەلسەفەی رۆژئاوایی؟؟

هزری فەلسەفیی هزرێکی دیالۆگییە نەک هەڕەمەکیی

فەلسەفەکردن بۆ کەسێکی وەک دێکارت لە گشت شارستانیەتێکدا پێوانەیە بۆ شارستانیبوون. روونتر بدوێین، بڵاوبوونەوەی فەلسەفە لەناو كۆمەلگە و نەتەوەكان (شارستانیەكان) دا بۆ دێكارتDescartes ی گەورە بیرمەندی فەلسەفەی خودگەرایی واتاداربووە؛ بڵاوبوونەوەی فەلسەفە یارمەتیماندەدات، تا خۆمان لە دڕندە و كێوییەكان جیابكەینەوە.” خوا ئەو وڵاتانە بەختەوەردەكات، بەقەولی دێكارت، كە دەیانكات بەخاوەنی فەیلەسوفی ڕاستەقینە”. ئەم تێگەیشتنە دێكارتییە بەرەو ئەوەمان دەبات، کە بڵێین: فەلسەفەكردن مرۆییبوونمان دەپارێزێت و هەمیشەیش ئەوەمان بیردەخاتەوە، كە مرۆییبوونمان بەرپرسیارێتییەكی ڕەوشتییە.
فەلسەفە بەدواداچوونە. ئەو کەسەش ئەمە دەکات فەیلەسوفە. لەو بەدواداچوونەدا فەلسەفە تێگەیشتنێک دەدۆزێتەوە. ئەو تێگەیشتنە لەخۆڕا دروستنابێت. هاوکات فەلسەفە وادەکات بە ئاوەز و لۆژیک پاساو بۆ شتەکانی ناو ژیانمان بهێنێتەوە. ئەم جۆرە وتنە بەرەو ئەوەشمان دەبات، کە فەلسەفە دەرگادەکاتەوە لە تێگەیشتنمان لە جیهان، لە خۆمان. فەلسەفە نەبێت متمانە بوونی نامێنێت. واتە متمانە بەوەی دەیڵێین لەسەر خۆمان و بوونمان. گومانیناوێت، فەلسەفە لەڕێگای دیالۆگ و گومانەوە متمانە دروستدەکات. ئەو متمانەیەی بەم جۆرە دروستدەبێت تۆکمە و جێگای باوەڕە.
لێرەوە دەگەینە ئەو دەرهاویشتەیەی، کە فەلسەفە لەهەر شوێنێک بێت بوونی فەیلەسوف پشتڕاستدەکاتەوە. ئەوەی فەلسەفە بەرهەمیدێنێت فەیلەسوفە، بوونی ئەم جۆرە مرۆڤانە ئەوە دەگەیێنێت، کە شارستاییەک فەیلەسوفی تیابوو واتە ئەو شارستانییە مەرجە شارستانییەکانی خۆی تەواوکردووە، هەروەها بوونی فەیلەسوف لەو حاڵەتەدا واتە بوونی مرۆڤگەلێکی جیا، بوونی مرۆڤێک، کە پیشەی بیرکردنەوەیە.
دوا وتنیش لەوبارەوە، ئەوەیە، کە پرسیاری چیەتیی فەلسەفە لە ناوەندی فەلسەفییدا خۆی پێویست دەردەخات و لەنێو ناپسپۆڕانیشدا لە فەلسەفە، بەداخەوە، تێگەیشتنێکی فرە ئاڕاستە دروستناكات و قووڵایی فەلسەفەیش پیشاننادات. ئەوەیش، كە لە سەردەمی ئەفلاتونPlatoەوە زۆرینەی فەیلەسوفەكان بەدەستییەوە گیرۆدەن، ئەو گاڵتەكردنەیە بە فەلسەفە دەكرێت، كە فەلسەفە شتێكی بێ سوود و زێدەڕۆئامێزە و فەیلەسوفیش زۆربڵێ و چەنەبازە. جارجارەیش فەیلەسوف، وەك كەسێكی بێئاگا لە جیهانی دەرەوە و داخراو دەبینرێت، بەو كەسەیش دەشوبهێنرێت، كە لە ژوورێكی تەنهادا دانیشتووە و بۆخۆی بیردەكاتەوە. نەخێر، وانییە. فەلسەفە دژی بێهودەیی و بێ باکییە. فەیلەسوف ئەو کەسەیە، کە بەدوای هۆکاری بوونی شتەکان، مانای شت، دەگەڕێت و ئامانجیشی گەیشتنە بە بنەچەی شتەکان. کەواتە هزریی فەلسەفیی، کە هزری فەیلەسوفە، هزرێکی دیالۆگییە نەک هەڕەمەکیی.
گشت ئەوەی لای سەرەوە وترا ئەم پرسیارەی لای خوارەوەی لێپێکهات:

شتێک هەیە بەناوی فەلسەفەی کوردییەوە؟

لای سەرەوە کورت و پوخت ئەوەمان خستەڕو، کە فەلسەفە هزرێکی دیالۆگییە نەک هەڕەمەکیی و پاشخانێکی مێژوویشی هەیە؛ بۆیە لێرەدا بەباشی دەزانین، کە بپرسین فەلسەفە لە ناو ئێمەدا چ بەسەرهاتێکی هەیە؟ چ مێژوویەک لە پشتیەوەیە؟ باشە ئەم مێژووە لەگەڵ مێژووە جیهانییەکەی فەلسەفە یەکمناندەخاتەوە؟ واتە ئێمە بەشێکین لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا و دەرەوەی ڕۆژئاوا؟ ئەم پرسیارانە دەمانخەنە ناو گەرووی پۆلێک پرسیاری ترەوە، لەوانە: مێژوویەکمان لە هزر هەیە؟ ڕێبازە هزرییەکانمان لە چی پێکدێنن؟ بەرهەمهێنەرانەی ئەم ڕێبازانە، یان ئەم مێژووە، کێن؟
بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی لای سەرەوە، ئەوە دەڵێین، کە نووسین بەگشتی جیایە لە نووسینی فەلسەفیی. هەموو دەنووسن بەس خۆ هەموو فەلسەفییانە نانووسن. نووسینی فەلسەفیی هێزێکی هزریی، عەقڵیی، دەیجوڵێنێت. نووسینی تر دەکرێت هەستێک، سۆزێک هۆکاربێت بۆ نووسینەکەی. نووسینە فەلسەفییەکان دەکرێت عەقڵانی بن و دەشکرێت لاهوتی(تێلۆژی) بن. هەر یەکەش لەمانە ئاڕاستە و بیریاری خۆی هەیە. ڕوون نییە ئێمە سەر بە کام ئاڕاستەین و کوان بیریارانی ئەو ئاڕاستەیەمان. گەر فەلسەفەیەکمان هەیە خۆ دەبێت ئاڕاستەگەلێکمان لەناو ئەو فەلسەفەیەدا هەبێت(ئەریستۆیی یان ئەفلاتونی، ستۆیستی / هەیوانی/ یان ئێپیکۆریی،دێکارتی یان سپێنوزایی، کانتی یان رۆسۆیی، و …هتد).
فەلسەفەکاری بەجۆرێکیتر خستەڕووی بیرۆکەیە. ئەو نووسینانەی لەناو ئێمە بەناوی فەلسەفەوە نووسراون هێج بیرۆکەیەکیان بەرهەمهێناوە؟ گەر بەڵێ بەرهەمیانهێناوە، کوا لە چ بوارێکدا؟ چونکە فەلسەفە لە چەند بوارێک پێکدێت: ڕەوشت، پەوەردە، زانست، هونەر و……. . وێرای ئەوە، کە فەلسەفە نەبوو فەیلەسوفیش بوونی نییە. ئەو دوانە، فەلسەفە و فەیلەسوف، واتە بوونی سیستەمێکی هزریی.
فەلسەفەی کوردی، شتێک بەم ناوەوە نییە. گەر فەلسەفەیەکی کوردی هەبێت دەبێت فەیلەسوفەکانیش هەبن. گەر بنەماکانی ئەو فەلسەفە کوردییە شیعر و ئەدەب بێت جا زۆربەی میلەتان ئەوەیان زۆر بەزیادەوە هەبووە و نەشهاتوون ئەدەب و شیعرەکەیان وەک سەرمایەێکی فەلسەفیی نیشاندەن. دەکرێت بوترێت، کە بۆچوونی فەلسەفیی کوردیی هەیە، جا ئەوە سەرچاوەکەی جۆرە شیعر و ئەدەبێکی سۆفیانە بێت یان میراتێکی ئاینییانەی سۆفیانە، بەڵام گشت ئەوانە قوتابخانە و شەپۆلی فەلسەفییان نەخستووەتەوە وەک ئەوەی نەتەوەکانیتر هەیانە(فەلسەفەی ئیتاڵی و بزاڤە کلاسیک و مۆدێرنەکانی، فەلسەفەی ئەڵمانی و تەوژم و شەپۆلە فەلسەفییە کۆن و نوێکانی و……).
چۆن بێینە ناو فەلسەفەی ئیشراقەوە و بەشی خۆمانی لێبقرتێنین؟ شێخ شەهابەدینی سورەبەردی، شەمسەدینی شارەزووری، کە رابەرانی فەلسەفەیەکی ئیشراقیین، هاوکارمان دەبن لە قرتاندنی ئەم بەشە؟ ئەوەش کە لەناو ئیشراقییەکان دا وتراوە سەبارەت بە زانایانی سەردەمی ئیسلام و خودی فەلسەفەی یۆنانی، کە ئەمەیان سەرچاوەی فەلسەفە ئیسلامییەکەی جیهانی عەرەبییە، پێویستی بە دوبارەخوێندنەوە و توێژینەوەی وردە، تالەوە دڵنیابین میراتی فەلسەفیی ئێمە چ جۆرێکە لە میراتی هزریی.
کاتێک دەڵێین شتێک نییە بەناوی فەلسەفەیەکی کوردییەوە ئەمە بەشێک لە خوێنەرانی ئەم بابەتە توڕەدەکات. دیارە توڕەبونیش دەچێتە خانەی سۆز و هەڵچوونەوە و دەرئەنجامی لۆژیکیی ناداتبەدەستەوە. توڕەبوونی کەسێک یان کەسانێک ناکرێت بکرێت بەپێوانە بۆ بوونی فەلسەفە. بوون و نەبوونی فەلسەفە دیاردەیەکیی شیکاریی و ڕاڤەکارییە و دوورە لە هەست و سۆزی کەسییەوە، جا ئەوە تاکیی بێت یان نەتەوەیی.
کاتێک قسە لە فەلسەفەهەبوون؛ بوونی فەلسەفە و گەشەی هزریی فەلسەفیی دەکەین، ئەمە هەروەک پێشتریش وتمان داوای پێناسەی فەلسەفەمان لێدەکات، شانبەشانی ئەوە دۆزی وتنەوەی فەلسەفە و مامۆستاکانی فەلسەفە و خوێندکارەکانی ئەم مامۆستایانەش جێیباسن. هەر تایبەت بەم لایەنە ئەو کەشە سیاسی و ئایینییەیەش جێیباسە، کە لە شاردا زاڵە، کە هەر ئەوەشە نێوەندە ئەکادێمییەکان دەباتەڕێوە.
ڕەنگە فەلسەفە بۆ زۆرێک لە دژوارتین ئەو بابەتانە هەژمارکرێت، کە لەناو بابەتە رۆژانەییەکان گوێیانلێدەبێت. مەبەست، حەز لە فەلسەفە دەمێک وەختە لەناو ئێمە خۆی لەناو لەپی تاریکییدا گیرکردووە، لەم ڕەوەشەوە مێژوومان هەیە. تاساڵانێکیش بێقەدرزانیی بە فەلسەفەدەکرا؛ ترسێک هەبوو لە فەلسەفە و وەک شتێکی بێئیمانانە و دژەدینیش دەبینرا. لە دوو لاوە غەدر لە فەلسەفە دەکرا؛ غەدرێک لە دامەزراوەی ئایینیەوە سەرچاوەیدەگرت و غەدرێکیتریش لە دەسەڵاتە سیاسییەکەوە، کە ترسی لە کردەی هۆشیاریی تاک هەبوو.
گەر تەماشای بەلانی کەمەوە سەدساڵی ڕابردوو بکەین دەتوانین درک بە بوونی سەرەتایەک بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفیی بکەین؟ ڕەنگە ئەو سەدساڵە کەم بێت بۆ ئەوەی بەشداری خۆمان لە مێژووی فەلسەفەی جیهانی دیاریکەین، ئەگەرچی لەماوەی ئەو سەد ساڵەدا بزووتنەوەی ئەدەبی و سیاسی جۆراجۆر بەدیدەکەین؛ لێ ئەفسوس ئەو بزووتنەوانە و بەرهەمەکانیشیان ناتوانن پێمانبڵێن ئێمە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی فەلسەفیی سێستەماتیکین. بزووتنەوەکان لەچاو ئەزموونی هزریی نەتەوەکانی تر پڕهزر نەبوونە و فرەئاقاریش دەرناکەون. پێدەچێت کێشە نەتەوەییەکەمان خەمە گەورەکەی ئەو بزووتنەوە سیاسیی و ئەدەبیانە بووبێت. ئەوەش وایکردووە خەمی نەتەوەیی سەرووی خەمی بیریاریی و هزرییمان بێت.
ئەو سەدەیەی باسیدەکەین، مەبەست گشت سەدەی بیست، کە پێشدەچێت لەڕوی بەرهەمی هزری سیاسیی و ئەدەبییەوە دەوڵەمەندترین سەدەی ئێمە بووبێت، خۆ هێشتا ئەمە ئەوە بە ئێمە ناڵێت، کە ئێمە فەیلەسوفمان هەیە. شاعیر، چیرۆکنوس و پەخشاننوسی سیاسیی و ئەدەبییمان هەبووە بەس فەیلەسوف بە مانا رۆژئاوایەکەی نەخێر نییمانە/نەمانبووە. لەو دەمەدا شتێک بەناوی فەلسەفەی ئیسلامیی عەرەبیی لەناومان دا زاڵبووە، بەڵام ئایا توانیویەتی لەناو ڕوناکبیرانی ئیسلامیی و ئیسلامی سیاسیی ئێمە ڕێچکەبخاتەوە؟

ماویەتی………………………………..




نیاندرتاڵەكەی دوێنێ و نیاندرتاڵەكانی ئەمڕۆ !.. سەدیق سەعید ڕواندزی

لەو ماوانەی ڕابردوودا، پرسی كەللەسەرەكەی ئەشكەوتی شانەدەر و مرۆڤی نیاندرتاڵ، لە هەرێمی كوردستاندا، بووە باس و بابەتێكی گەرمی نێو میدیایا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. بێگومان نكۆڵی لە مێژووی شوێنەوار و پاشماوە دێرینەكان و ئاسەواری مرۆڤە سەرەتایەكان، لە ژیانی فەرهەنگی و مێژووی نەتەوەكانی دنیا ناكرێت، بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییە بزانین كە چەقبەستن لە ڕابردوودا، بە پیرۆزكردن و شینگێڕان بۆی، نامان گەیێنێتە پێشكەوتن و داهێنان. با لێرەدا نموونەیەكی بەرجەستە و دیار بێنینیەوە، هەرچی فەلسەفە و فەیلەسوفی دنیا هەیە، هەرچی ڕێبازی ئەدەبی و هونەری هەیە، لە گریكەكانەوە سەریهەڵداوە واتا یۆنانی ئێستا، بەڵام یۆنانی ئێستا وەك گریكی دوێنێیە؟ یۆنانی ئێستا چەند فەیلەسوف، ڕۆماننووس، ئەدیبی ناوداری جیهانی هەیە؟ چەند پێشكەوتوو، ژیارییە، بەراورد بە بەریتانیان و وڵاتانی ئەسكەندناڤی؟ میسرییەكان، لە سەردەمی فیرعەوندا ئەهرامەكانییان دروستكرد، بەڵام ئێستا گەلێكن لە برسان دەمرن و بۆنانێك شێت دەبن. لە بەرانبەر ئەمانەدا، ژاپۆن لە جەنگی جیهانی دووەم وێران بوو، بەڵام ئێستا ژاپۆن چییەو چۆنە؟ ئەڵمانیا وێران بوو، بەڵام ئێستا ئەڵمانیا چۆنە؟ مەگەر سەدان هەزار كورد بەخەونی گەیشتن بە ئەڵكانیا كۆچ ناكەن؟ پەندێكی كوردی هەیە دەڵێت :_( نان ئەوە نانە ئەمڕۆ لە خوانە ) بۆیە كەللە سەری نیاندرتاڵیش دوێنێ بووە، بووە ڕابردوو، ئەوە گرنگە مرۆڤەكانی ئێستاو سەردەمی مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنە، وەك نیاندرتاڵی دوێنێ لە بیركردنەوە و ڕوانین و تێگەیشتن و ڕەفتاركردن نەبن،. ئێستا حكومەت و وەزارەتی دارایی، بەردەوام لە ڕێی میدیاكانەوە فەرمانبەران فێری چۆنیەتی بەكارهێنانی كریت كارت و ئامێری ئای تی ئێمی ڕاكێشانی پارە دەكەن، مەگەر ئەمەش جۆرێكی دیكە نییە لە سەردەمێكی دیكەی نیاندرتاڵبوون؟ ئەم ڕێسایە كە سەد ساڵە لە وڵاتێكی وەكو ئێران، كە ئێمە بەردەوام بەدواكەوتوو ناوی دەبەین بەكار دێت. تەنانەت دەتوانی هەموو ئەو وڵاتە بگەڕێیت بێ ئەوەی پارەی كاشت پێ بێت و بچییە هەر جێگەیەك پێداویستییەكانت دابین بكەی، بەڵام ئەگەر ئەو ئامێرە مردووە نەبێت كە حكومەت بۆ هەزاران فەرمانبەر یەك دانەی لە شوێنێكی دوورە دەست داناوە،، ئێمە دەتوانین لە ماركێتێك كاڵایەك بكڕین؟ شەوێك لە مۆتێلێك بمێنینەوە؟ لە تیرمیناڵێك پسولەیەك ببڕین؟ من چی لە ئامێرێك بكەم، كە وەك پوورەی هەنگ هەزارەها فەرمانبەر لێی دائەوەرێن، ئەگەر پارەی تیا نەبێت، یان تەنها بتوانن لەو ئامێرە مردووە پارە ڕاكێشن؟ ئایا دەكرێ لە سەردەمی ئایتی و پێشكەوتنە زانستیەكانی سەردەم بژیت، بەڵام تازە هاووڵاتییەكانت فێری بەگەرخستنی ئامێرێك بكەیت، كە سەد ساڵە لە ئەوروپا كاری پێ دەكرێت؟ گەر سەرنج لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەناو كەسایەتی سۆسیال میدیا و یۆتۆبەرەكان بدەین، مەگەر جیاوازییەكی ئەوتۆیان لەگەڵ نیاندرتاڵی دوێنێ هەیە؟ كەسانێك هێشتا بڕوایان بەسیحر وجادوو بێت، بڕوایان بەوەبێت مەلایەك دەتوانێت بە میزی حوشتر نەخۆشی چارسەر دەكات، هیچ جیاوازیەكییان لەگەڵ نیاندرتاڵ هەیە؟ كەسانێك بڕوایان بە جخە گورگ و قوزە كەمتیار، ئەنگوستیلەی سیحر و نوشتە هەبێت، مەگەر فرسەخێك لە نیاندرتاڵ دووركەوتوونەتەوە؟ ئێمە با خەمی نیاندرتاڵەكانی ئەمڕۆ بخۆین، ئەو نیاندرتاڵەی هەفتاوپێنچ هەزار ساڵ لەمەو بەر گوایا لە ئەشكەوتی شانەدرە ژیاوە، نە ژینگەیەكی پیس، نە فێڵ و دوور ِوویی و تەڵەكەبازیی، نە ناپاكی و بێ بەهابوونی مرۆڤەكان، نە تەڵاق و شەڕ وخوێنی بینیوە، بۆیە با خەمی ئەوانە بخۆین كە هێشتا لە سەردەمی نیاندرتاڵ و وەك نیاندرتاڵیش دەژین نەك نیاندرتاڵەكەی دوێنێ ! با ڕێز و شكۆ بۆ كەللە سەری زیندووەكان دابنێین و شكۆیان نەشكێنین، نەك خەمی كەللە سەرێكی مردوومان بێت.

*ئەم بابەتە لەڕۆژنامەی ڕێگای كوردستان ژمارە ( 1392) ی ڕۆژی 11/6/2023 بڵاوكراوەتەوە.




پرۆسەی خۆ ئازادكردن و هەڵبژاردن لە شیعری (قوتوو)ی (نارین رۆستەم)ی شاعیردا.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(قوتوو) وەك ناونیشانێكی شیعریی، ستراتیژییەتی مەدلوولەكان پێكدەهێنێ‌ و دەبێتە دەروازەیەك بۆ چوونە نێو جیهانێكی سوریالی سەرنج راكێش و ئاماژە بۆكراو! بێگومان شاعیرە سووریالییەكان بەردەوام هەوڵی كەشفكردنی توانا بێكۆتاییەكان و چێژە نەبڕاوەكانیان دەدەن، ئەو چێژانەی ئاڵاون بە تۆڕی وسبەلێكراوەكانی زمان و ئارەزووە كپكراوەكانیانەوە، كە بە هۆی دەسەڵاتی سیستمی كۆمەڵایەتی بنبەستووەوە بەدینەهاتوون. لەسەر ئەو بنەمایە دەشێ‌ بڵێم پرۆسەی نووسین لای (نارین رۆستەم)ی شاعیر بنچینەی راستەقینەی خۆ ئازادكردن و هەڵبژاردن، خەون و خەیاڵ، گەمە، چێژ، عەفەوییەت، دەرچوون لە یاسا… دەنوێنێ‌. بۆیە لەو خوێندنەوەیەدا هەوڵمداوە جیهانی شیعری (قوتوو)ی (نارین رۆستەم) لە سەر بنەمای خەون و خەیاڵ، ئازادی و هەڵبژاردن وەك پێكهاتن و شێوەگرتنێكی شیعریی پێشكەش بكەم، كە بە زمانێكی تایبەت و جیاواز داڕێژراوە، زمانێك كە ئارەزوو و پاڵنەرە كۆكراوەكانی شاعیر دەنووسێتەوە، بە تایبەتی ئەو ئارەزوو و خەونانەی كە لە كۆمەڵگایەكی سوننەتی و كۆنەخواز تێركردنیان قوڕسە.
بەمجۆرە شیعری قوتوو لە زمانی باو دەبێتەوە و زمانێكی تایبەت بەخودی خۆی دادەهێنێ‌، بێگومان بەشێكی گەورەی گرنكی ئەو زمانە لەوەدایە، كە ئاسۆی چاوەڕوانییەكانی خوێنەری باو تێكدەشكێنێ‌، بەڵام بەشێكی دیكەی لەوەدایە، كە تاچەند دەتوانێ‌ هێز ببەخشێ‌ بە خوێنەری بەشداربووی تازە بۆ گەیشتن بە بنەما قووڵەكانی دەق، واتە خوێنەرێك بتوانێ‌ بەدوای جوانییەكان و دژە واتاكان هەنگاو بنێت!.
بێگومان رۆڵی خوێنەری بە تواناو نوێخواز لە دۆزینەوەی جوانییەكان و دژە واتاكان و رۆنانی شیعرییەتدا لە ڕۆڵی شاعیر كەمتر نییە.
بە بڕوای من چونكە رەگەزی چێژ و جوانی لە شیعری (قوتوو) رەگەزێكی زاڵە، بۆیە خوێنەر وەك چۆن دەتوانێت چێژ لە زمانی خەون و شێوەگرتنی خەیاڵ وەربگرێت، چێژیش لە جوانی و شیعرییەت و وێناكردنی میتافیزیكی هەستی شاعیریش وەردەگرێت. بە مانایەكی دیكە شاعیر لەو شیعرەدا هونەری نواندنی خەونی زمانەوانی بە تایبەتمەندییەوە دەلكێنێت، فەزایەكی خەیاڵی بۆ خوێنەر/ وەرگر دەكاتەوە، كە رۆڵی خۆی لەو پانتاییەدا بدۆزێتەوە. بەو مانایەش لە رێگای بەشداری وەرگر/خوێنەرەوە دەقی قوتوو دەبێتە دەقێكی كراوە؟! وەك دەزانین دەقی كراوە هەڵگری چەندین رەهەند و شێوازگەری بیركردنەوەی جیاوازە، لەو بارەشەوە بۆ دەقی كراوە (یاكۆبسن) بیر بخەینەوە، كە قسە لە دوو شێوازی ئەدەبی دەكات، شێوازگەری بەرهەم و شێوازگەری وەرگر.
(1)
ئەگەر شیعر، خەون و خەیاڵی لەبیر كرد، ناتوانێ لەگەڵ شیعرییەتدا هاوشوناسی دروست بكات. بەڵام ئەگەر واقیع نەخوێنێتەوە لەگەڵ كۆمەڵگا هەڵناكات. لەبەر ئەوەی شیعری (قوتوو) لە خەیاڵەوە شێوەگرتنی داهاتوو بونیاد دەنێت، كەواتە لە زەمەنی بەردەوامیمان دادەبڕێ‌ و هەنگاو بەرەو ساتەوەختی پرۆسەی نووسینەوەی خەون دەنێ. لەو دەستپێكەوە (نارین رۆستەم) لە داهێنانێكی خەونی شیعریدا خەیاڵ وەك باگكراوەند دەنەخشێنێ‌، بەڵام بێ‌ ئەوەی بیركردنەوەكانی زەمەنی بەردەوامی بە هەند هەڵبگرێت، بەڵكو هەوڵدەدات لە رێگای زمانی خەونەوە بە جۆرێك لە جۆرەكان پشت لە واقیعی سەپێنراو بكات، لەوێشەوە بەرەو ساتەوەختی جوانی و چێژ و خۆشیمان بكاتەوە، بەمجۆرە زمانی خەون دەبێتە زمانحاڵی ئارەزووە كپكراو و وسبەلێكراوەكان، بە باكگڕاوەندی خەیاڵییەوە.
(2)
پرسی شیعری (نارین رۆستەم) پرسێكی هەڵچوونئامێز نییە، پابەند نییە بە بۆشایی نێوان خەون و خەیاڵ، من و كۆمەڵگا، واقیع و دژەواقیع… یان بە مانایەكی دیكە پرسێكی ئاڕاستەكراو و مەبەستدار نییە، بەڵكو بە گشتی بە نەستی شاعیر و شیعرییەتەوە دەلكێ‌. دەمەوێ‌ بڵێم زمانی خەون و خەیاڵی شیعری هەر تەنها لەسەر تێكدانی یاسا باوەكانی زمان و نەریتە باوەكانی كۆمەڵگا نەوەستاوە، هەر تەنها لە دەرەوەی كۆنتڕۆڵكردنی بیركردنەوە و عەقڵدا نییە، بەڵكو هەڵبژاردن و ئازادییە، سەیرورە و گۆڕانكارییە؟!
قوتوو گەمەی بیركردنەوەی خەونی زمانی شیعری دەنوێنێ‌ و خەیاڵ تێیدا شێوەگرتنی نەستی شاعیرە. لە گەمەی بیركردنەوە و نەستی شاعیردا سەری قوتووی ماڵ، بە ئازادی و هەڵبژاردنەوە لكاوە. لە پرۆسەی نووسینی شیعرییدا بە سەیرورە و گۆڕانكارییەوە بەندە.
هەڵبژاردن و ئازادی لە قوتوودا رووی یەك دراون، شاعیر بە شێوەی جیاواز دەیانپارێزێ! وەك چۆن ماڵی بێ‌ سەر لە شێوەی قوتووی بێ‌ سەر، شێوەگرتنی جۆرێك لە ئازادییە، بە هەمان شێوە درووستكردنی خودی ماڵ لە شێوەی قوتوو، هەڵبژاردن رێگاكانی دادەڕێژێ‌.
دەمەوێ‌ بڵێم ئەگەر زمان لایەكی نووسین بێت، ئەوە شێوازگەرایی لایەكەی دیكەیەتی، كەواتە زمان و شێوازگەرایی سرووشتی (نووسین) دیاری دەكەن و نووسینیش ئازادی و هەڵبژاردنە، سەیرورە و گۆڕانكارییە، لە خاڵی بەیەكگەیشتنی سەیرورە و گۆڕانكاری، ئازادی و هەڵبژاردندا زمان پەیوەندییەكی تازە لەگەڵ كۆمەڵگادا درووست دەكات!
بەڵام لەبەر ئەوەی شاعیر ناتوانێ‌ بە زمان باو بنووسێت، كەواتە زمانی خەون لە بەرانبەر درووستكردنی (قوتوو)دا هەڵبژاردنێكی تایبەتییە، واتە بە تایبەتی خەونی زمان بۆ نووسین هەڵدەبژێرێت، بەڵام هەر چەندە شێوازی درووستكردنی (قوتوو) ورد و پتەو بێت، كەچی لە رەمەكییەت و لابەلایی نابێتەوە، بەو مانایە خەونی زمانی نەستی شاعیر و شێوازی قوتوو ئاسۆی بیركردنەوەیەكی تازە و بەخششێكی بێ‌ ئامانج و شیعریی پێشكەش بە خوێنەران دەكات.
(3)
ژان كۆهین دەڵێت: شیعر تێكدانی یاساكانی زمانە و شیعرییەت شێوازی پێدەبەخشێت. (ئاسمان پارچە رایەخێكی موتفەڕكە ل23) كاتێك ئەو ماڵە بیر لە ئاسمان وەك سەرێكی پیرۆز (موتفەڕك) دەكاتەوە، ئەو كاتە شیعرییەت لە خەونەكانی (ئازادی/ سەیرورە) و لە شێوەكانی (گۆڕانكاری/ هەڵبژاردن) بێدار دەبێتەوە! بەڵام شاعیر لەو حاڵەتەدا لێزانانە پەنا بۆ باكگراوەندی خەیاڵی نێوان شەكردان و خوێدان و لە گەسك بەربوونەوە، دەبات، بێ‌ ئەوەی لە روانینێكی كۆنەخوازانە و سیحرئامێزدا بە خوێنەریان بفرۆشێتەوە! چونكە كە لە گەسكەكە بەردەبێتەوە و
بەناو (قاپی جاجیك) دەكەوێ‌.
خوێن بە دەماری تانكیدا هاتە خوارێ‌،
قوتووەكە پڕببوو لە خوێ‌ ل22.
بەسواری گەسكەكە بەسەر قوتووەكەدا دەفڕم ل23.
كەواتە لە داڕژانی ئازادی/ سەیرورە، شێوەگرتنی هەڵبژاردن/ گۆڕانكاری، شاعیر هەوڵدەدات لە رێگای بونیادنانی پرسی شیعرییەوە، لە رێگای خەون و خەیاڵەوە، نەك تەنها ماڵ وەك قوتوو، بەڵكو بونیادی رووكەشی شەكردان و خوێدان، فڕین بەسەر گەسكەوە لە مێشكی خوێنەری كوردیدا تێكبشكێنێ‌! ئیتر وەك (بانگدەر (أكبر)ـەكەی (الله) قووت بداتەوە ل22)!. لەوێوە ئاماژەی ماڵی بێ‌ سەر و گەسك و سیحر و رەنگدانەوەی بە دوایەكداهاتنی شەكردان و خوێدان و مەودا پراگماتیكەكەیان و واژۆكانیان رەتدەكاتەوە و گوتارێكی شیعری خەونئامێز لەسەر ژێی خەیاڵ و ئاسۆی چاوەڕوانییەكی نوێ‌ بۆ خوێنەر/ وەرگر بونیاد دەنێ‌ و فەزایەكی فرە رەهەند لەگەڵ شتگەلی جۆراوجۆردا درووست دەكات و ناكۆكی خۆی لە وێناكردنی تایبەت نیشان دەداتەوە، بێ‌ ئەوەی هیچ یەكێك لەوانە بە ئەسڵی خۆی بزانێت، بەو مانایەش (قوتوو) شانەیەكە لە گوتن و بەرهەمی هەزاران تیشكۆی جیاوازە، لە تیشكۆكانی كلتووری كۆمەڵگا.
(4)
هەموو كلتورێك تێگەیشتنی دیاریكراو بەخۆی هەیە، لەبەر ئەوەی (تێگەیشتن) پەیوەندی بە كلتوری دیاریكراوەوە هەیە، كەواتە بەپێی سنووری دنیابینی ئەو كلتورە كۆمەڵگا خۆی نمایان دەكات. بەڵام پرسی شاعیر سنوور ناس ناكات؟!
(گادامێر) پێیوایە تێگەیشتن لە وەرگرتنی نیازی نووسەرەوە هەڵناقوڵێ‌، نیازی دانەر ئاسۆی تێگەیشتن دیاری ناكات، بەڵكو ئەو ئاسۆیە (راڤەكار) پڕی دەكاتەوە. راستە راڤەكار شوێنی ناوەندی زمانەوانی پڕ ناكاتەوە، بەڵكو لەگەڵ شێوەكانی زمانەوانی مامەڵە دەكات. بەو مانایە ئەوە ئەركی ئەو خوێندنەوەیە بەرەو تێگەیشتنی تایبەتیمان ببات؟!
كەواتە ماڵ بێ‌ سەر بێ‌ یان سەردار، لە كلتووری كوردیدا زەردەخەنەكانی دایك شیرینی دەبەشێتەوە و بە دەگمەن بۆ تامی جاجیكی باوك خوێ‌ ئامادە دەكرێ‌. لە نێوان شەكر و خوێ‌، دایك و باوك… نارینی شاعیر وەك پاڵەوانێكی سوریالی بە گەسكی سیحری دەفڕێ‌، لەبری ئەوەی مەستی شیرینی دایك بێ‌، لە ناكاو دەڕژێتە نێو جاجیكەكەی باوكییەوە!
بێگومان بۆ دیاریكردنی سیمای لۆژیكیانەی سیستەمی (خوێندنەوە) وەك دەربرینێكی مەعریفی, دەبێ‌ گرینگترین ئەو ئاوێتەبوون ‌و تانۆپۆیانە كەشف بكەین، كە دەسەڵاتی خوێندنەوەی لێپێكهاتووە. لە تانوپۆی ئەو شیعرەدا شاعیر بە دەربڕینێكی نالۆژیكی جوولاو لە ماڵدا بەر دنیای (باوك، دایك، خوشك، برا) دەكەوێت، بەڵام ئەو بەركەوتنەی تەنها ئاماژە نییە بۆ ریزبەندكردنی خێزان، بەڵكو لێرەدا خودی ماڵ بابەتی چێژە و خێزان فۆڕمەكانی جوانین، خەونی شاعیر قردێلەی شیعر و ئیلهامە.
(5)
ئەنجامی ئەو خوێندنەوەیە پێمان دەڵێت خوێنەر لەمیانی دەلالەتەكانەوە, ئەگەرچی شوێنی ناوەندی زمانەوانی پڕ ناكاتەوە، بەڵام لە رێگای خەیاڵی شیعرییەوە جوانی و دژە واتاكان دەدۆزێتەوە و لە رێگای خەونی زمانەوە شیعرییەت رۆدەنێ‌, كەچی شاعیر لە رووی وەزیفەوە سەر بە چەمكی سیمە, یان مەدلولە و هێزی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، كە تاچەند دەتوانێت خوێنەری تازە بەدوای جوانی و دژە واتاو شیعرییەتدا بەرێت.
دواجار ئەگەر خوێنەر بیەوێ‌ گفتوگۆ لەگەڵ بۆچوونی بەرهەمهاتووی ئەو خوێندنەوەیە بكات, ناتوانێ‌ بونیادی دەق فەرامۆش بكات, بە دیوەكەی دیكە لە پرۆسەیە خوێندنەوەدا مەعریفەی دەق ‌و مەعریفەی خوێنەر بەریەكدەكەون و خودی ئەو بەریەككەوتنە رەنگدانەوەی بۆچوونی (بەرهەمهاتوو) و (ئاسۆی چاوەڕوانی تازە) یان (دەقی بەرهەمهاتوو) و (قوتووی بێ‌ سەر) دەخەنەوە.
(6)

قوتوو

قوتوویەكی بێسەرە ماڵەكەمان،
هەندێكجار شەكری تێ دەكرێت و
زۆرجاریش خوێ.

كاتێك خوشكم چووە ناو جلی بووكێنییەوە،
ماڵمان شەكردان بوو
(ناگەینە كۆتایی، شەكردانەكە بەشی خواردنەوەی پیاڵەچایەكیشی تێدا نامێنێت.)

ئەو ڕۆژەی بەلووعەی تانكیی ئاوەكەم لە دەست پەڕی و
خوێن بە دەماری تانكیدا هاتە خوارێ،
قوتووەكە پڕ بووبوو لە خوێ!
دەرمانخانەكان لە جیاتیی دەرمان، بلیتی یانەسیبیان دەفرۆشت
بانگدەر (أكبر)ەكەی (الله)ی قووت دایەوە.

لە ناوەڕاستی ئەم قوتووەدا،
ئاسمان پارچەڕایەخێكی موتفەڕكە، هەڵواسراوە
هەر پەڵەهەورێكی چڵكنی بكەوێتە سەر،
دایكم بە گەسك لای دەبات
(ئەوە دەشارمەوە كە دایكم بە قەرەوێلەیەكەوە نووساوە و پەڵەهەورە چڵكنەكان دەژمێرێ.)

بە سواری گەسكەكە بەسەر قوتووەكەدا دەفڕم
باوكم پێكێك عەرەق هەڵدەدا و
فوو لە فانۆسەكە دەكات
من لە گەسكەكەوە بەر دەبمەوە و
بەناو قاپی جاجیكدا دەكەوم!
تەباغەكە كوژاوەتەوە،
بەشی ساڵێكی دیكە نەگبەتی كوڵاوە.

سەرچاوە: بەرەواژ، شیعر، نارین رۆستەم، زنجیرە بڵاوكراوەكانی كتێبی نووسیار ژمارە (26) چاپخانەی كارۆ، چ 1، ساڵی 2021. ل21,




رەنگدانەوەی ئەدەبیاتی شاخ لە گۆڤاری سەفین.. ئامادەکردنی: محەمەد سەلیم فەتاح

بۆ خوێندنەوەی ئەم توێژینەوەیە کلیکی ئێرەبکەن..




“ڕێگای گەشەپێدان” و ئۆپەراسیۆنی تورکیا دژی پەکەکە.. عوسمانی حاجی مارف

ڕەچاوکردنی ئەمنی و ئابوری دوو بابەتی هەرە گرنگن لە پەیوەندیەکانی تورکیە لەگەڵ هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقدا، تورکیا لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوەوە بنکەی سەربازی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دژ بە پەکەکە لە ناوچەی زۆنی زەرد لە دهۆک و هەولێر دامەزراندووە، کە بارزانی کۆنترۆڵی تەواوی هەیە لەو زۆنەدا.
تا ساڵی ٢٠١٦ ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا لە ناوچەی دەسەڵاتی بارزانیدا زۆرتر کورتخایەن بون، ئەنقەرە بەدوای دامەزراندنی بنکەی هەمیشەیی نەبوو. بەڵام دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ وە ڕاگەیاندنی ئیدارەی ترەمپ لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، هەڵسورانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی، ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا لە هەولێر و دهۆک زیادی کرد. لە ساڵی ٢٠١٨ تورکیا دەستی کرد بە دامەزراندنی بنکەی هەمیشەیی.
ئەردۆغان، بەڵێنیدا ڕێڕەوێکی ئەمنی بە درێژایی ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و سوریا دروست بکات و دامەزرێنێت، بەمجۆرە ئەنقەرە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی تەواوی سنووری تورکیای لەگەڵ عێراق خستەبەرنامەی جێبەجێکردنەوە، هەروەها ئەم هەوڵانە نوێنەرایەتی دوایین هەوڵی کردنەوەی دەروازەیەکی سنوری نوێی لەگەڵ عێراق کرد، کە سێگۆشەی تورکیا- عێراق-سوریا پێکدەهێنێت.
بەهۆی خۆئامادەکردنی تورکیا بۆ هێرشێکی کاریگەر بۆ سەر پەکەکە، ئەنقەرە سەرقاڵی دیپلۆماسیەکی چڕ بووە لەگەڵ بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق و سەرکردە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران، دوابەدوای سەردانەکەی ئەم دواییەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا، عێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشی لەگەڵ تورکیا بڵاوکردەوە و تیایدا پەکەکەی بە ڕێکخراوێکی “قەدەغەکراو” و “مەترسی ئەمنی” بۆ تورکیا و عێراق وەسفکرد، کە ئەمەش بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ ئەنقەرە ئەژماردەکرێت.
ئەنقەرە بەهۆی بێدەنگی بەغداوە هەلی گونجاوتری بۆ هەڵکەوتوە، بۆیە پێدەچێت ئۆپەراسیۆنەکەی لە دژی پەکەکە لە قەزای کارا چڕ بکاتەوە کە دەکەوێتە پارێزگای دهوک، گرنگترین ئامانجی ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا زیاتر بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ڕێگای “گەشەپێدانە”، کە بە موسڵدا تێدەپەڕێت، نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر لە کاراوە دورە.
ئەنقەرە بەتایبەتی نیگەرانە لەوەی کە بوونی پەکەکە لە شەنگال لە ڕۆژئاوای موسڵ، پرۆژەکە پەک دەخات، بەم شێوەیەش جەخت دەکات ئۆپەراسیۆنەکانی لەو ناوچانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دەشتی موسڵ و ڕێگای گەشەپێدانەوە کۆنترۆڵ کات.
هەروەها، بەپێی بەیاننامە هاوبەشەکە، بەغدا و ئەنقەرە بڕیاریانداوە لیژنەی هەمیشەیی هاوبەش پێکبهێنن بۆ کارکردن لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەنقەرە تائێستا نەیتوانیوە لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێککەوتنێکی ئەمنی هاوشێوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە عێراق پێشتر لەگەڵ ئێران واژۆی کردبو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرجەم گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ئێران، سەرەڕای ئەمەش تورکیا پێیوایە لە هاوکاریە ئابوریەکان لەگەڵ بەغدا و فشارە دیپلۆماسیە هاوبەشەکان بۆ ڕوبەڕونەوەی پەکەکە، وردە وردە سوودەکانی دەچنێتەوە. جگە لەوەش ئەگەری ئەوە هەیە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق زەمینە بۆ ڕێکەوتنێکی لەو شێوەیە خۆش بکات کە ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەخۆ بگرێت.
ئەوەی لەم نێوەدا بایەخێکی جدی هەیە، تورکیا بۆیە هەوڵدەدات لەگەڵ عێراقدا پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” بەرەو پێشەوە بچێت، هەوڵدەدات پەیوەندی ناوچەیی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەردوو وڵاتدا لەڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە بەدەستبهێنێن و پێگەیەکی باڵا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابمەزرێنن.
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین، پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان پێویستی بە ١٧ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی بیانی دەبێت، ئەو پرۆژەیەی کە بە بەسرە، دیوانیە، نەجەف، کەربەلا، بەغدا و موسڵدا تێدەپەڕێت و لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی وشکانیەوە بەغدا و ئەنقەرە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، دەرفەتی پێشڕەوی لەباری ئابوریەوە بۆ هەردوو ووڵات دەڕەخسێنێت.
بەرپرسانی تورکیا لەم بارەیەوە دەڵێن، ئەگەر ڕێڕەوەکە بکرێتەوە، لە پرۆسەکەدا هەولێر و موسڵ و کەرکوک و بەغدا بە هاوبەشی ئاوەدان دەکرێنەوە.
هەر لەم بارەیەوە لەبەرئەوەی لە ڕێڕەوەکەدا هەولێریش هاتۆتە ناوانەوە، ئەنقرە و بەغدا پێویستیان بەوەیە مامەڵەیەکی گونجاوتر بەکاربهێنن بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی پێگەی بارزانی و حکومەتی هەرێم لە هاوکێشەی سیاسی ناوچەکەدا، هەرچەندە بارزانیش ناچاربووە بکەوێتە بەرەی دژی پەکەکەوە، بەڵام دیاریکردنی پێگەو بەشی هەولێر لە پرۆژەی گەشەپێداندا تائێستا ڕۆشن نیە.
هەرچەندە تورکیا دەڵێت ئاسایشی کۆریدۆرەکە لەلایەن قەوارە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها حکومەتی ناوەندی عێراقەوە دابین دەکرێت، بەڵام ئەو ڕۆڵەی کە هەرێم لە کۆریدۆرەکەدا دەیگێڕێت، ڕوون نیە کە چۆن دەبێت.
بەوپێیەی ئەم ڕێگایە بەشێوەیەک داڕێژراوە کە بەدەر لە ناوچەی کوردستانی عێراقە، پچڕاندنی پەیوەندی وشکانی دەکات لەگەڵ ئەو هێزانەی سەر بە پەکەکەن، ئەو هێزانەی کە کۆنترۆڵی هەردوو دیوی سنووری عێراق و سوریا دەکەن، ئەو ناوچانەش هەڵگری ڕەهەندێکی ئەمنی گرنگن بۆ تورکیا بەتایبەتی لە پەیوەند بە پڕۆژەی گەشەپێدانەوە.
ڕێگای گەشەپێدان کە بەسرە بە بەغدا و موسڵەوە دەبەستێتەوە، پێش ئەوەی سنووری تورکیا ببڕێت، تەواوی هەرێمی کوردستانی عێراق بەدەر دەکات، فاکتەری تۆپۆگرافی و ئابووری لە پشت ئەم بڕیارەوە بووە. لەلایەکی دیکەوە، مەسرور بارزانی، جەختی لەسەر پێویستی “لکاندنی” هەولێر و بەدەستهێنانی “ڕەزامەندی” بۆ جێبەجێکردنی ڕێبازی گەشەپێدان کردەوە، ئاخۆ ئەم جەختەی مەسرور تاچەند وەڵام وەردەگرێتەوە، بەمانەوەی پەکەکە لە ناوچەکەدا، ئاسۆیەکی ئەرێنی لەبەردەمیاندا نابێت.
پێویستە بگوترێ ئیدارەی هەولێر لە دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ ەوە بەهۆکاری سیاسی و ئەمنی و ئابووری لە دۆخێکی لاوازدا بووە و پاشکۆبونێکی یەکجاری بۆ بەغدا نیشانداوە، بەڵام کێشەکانیان هەر ڕۆژە لە بوارێکدا ڕەنگ ئەداتەوە، هەڵبەتە پێدەچێت لەم پرۆژەیەشدا بە مەرجێکی تەواو خۆڕادەستکردن بە بەغداو ئەنقەرەوە، هێزەکانی بارزانی وەک پاسەوانێک دەمێننەوە.
هەڕوەها جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەی گەشەپێدانە و کردنەوەی ڕێڕەوەکه، ناوچەکانی نێوان کوردەکانی عێراق و سوریا له یەکتر دادەبڕێت. تورکیا چەندین جار ڕایگەیاندوە کە دەیەوێت بە کردنەوەی دەروازەی ئۆڤاکۆ ڕێڕەوی پەکەکە لە عێراقەوە بۆ سوریا ببڕێت.
لەلایەکی تریشەوە ئەنقەرە دەیەوێت بگاتە ناوچە سوننە و تورکمانەکان لە باکووری عێراق، وەک موسڵ کە بنکەی سەربازی بەعشیقەی تورکیای لێیە، هەروەها کەرکوک کە تورکمانەکانی تێدا نیشتەجێیە. تورکیا لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە دەتوانێت پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکمان و عەرەبی سوننە دروست بکات بۆئەوەی لە ڕێگەی پەیوەندیە ئابوریەکانەوە کاریگەری سیاسی زیاتر لەسەر ئەم پێکهاتانە بەدەستبهێنێت.
هەرچەندە تورکیا دەڵێت ئاسایشی کۆریدۆرەکە لەلایەن قەوارە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها حکومەتی ناوەندی عێراقەوە دابین دەکرێت، بەڵام ئەو ڕۆڵەی کە هەرێم لە کۆریدۆرەکەدا دەیگێڕێت ڕوون نییە، بەو پێیەی ئەم ڕێگایە بەشێوەیەک داڕێژراوە کە پچڕاندنی پەیوەندی وشکانیە لەگەڵ ئەو هێزانەی سەر بە پەکەکەن، کە کۆنترۆڵی هەردوو دیوی سنووری عێراق و سوریا دەکەن. هەرچەندە هەڵگری ڕەهەندێکی ئەمنی گرنگە بۆ تورکیا، بەڵام مەترسی هەیە لە سەر حکومەتی هەرێم.
ئایندەی پێکهاتەی هەرێم لەم پڕۆژانەدا چۆن دەبێت هێشتا لە مامەڵەدا ماوەتەوە، هەتا گەر وەک پاسەوانێکش قەبوڵ بکرێن، حکومەتێکی تەواو کارتۆنی بەڕێوە دەبەن، ئەمەیە حاڵەتی ئەو حکومەتەی کە بارزانیەکان سی ودوو ساڵە بەڕێوەی دەبەن و هەر ڕۆژە پردی بەرژەوەندی و سیاسەتی وڵاتێکن، ئەو حکومەتەی کە جەماوەری ناڕازی کوردستان کەی هەلیان قۆستەوە پاکتاوی دەکەن.




ژیان رەوشێکی دیالێکتیکییە لە جێگەیەک ناوەستێت.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی یازدە لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

خۆم: پێشتر وا تێدەگەیشتم تەنھا مرۆڤە ناسکەکان دەتوانن خۆشەویستی بکەن!، پێش ئەوەی درەنگ بێت بیرم کردەوە دەشێ دڕندەکانیش بە کردەی خۆشەویستی ھەڵستن، کاتێک مێژووی ژیانی دیکتاتۆرەکانم خوێندەوە، جیاواز لە کرۆنۆلۆژیای خوێن و کابووس و کوشتن و دڵڕەقی، ئەوەی جێی راوەستان بوو بۆم خۆشەویستییە. تەنانەت زۆرێک لە دیکتاتۆرەکان لە بەرامبەر خۆشەویستیدا ھەستیان بە لاوازیی کردووە. زۆرجار ژنێک دڵی دیکتاتۆرترین پیاوی ھێناوەتە لەرزین. لەم سۆنگەوە دەڵێم خۆشەویستی جادوویەکە دڵڕەقترین مرۆڤەکانیش ناتوانن خۆیانی لێ بپارێزن.
من: خۆشەویستی ھێزێکە توانای زاڵبوونی ھەیە بەسەر ھەر دۆخێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی ئینساندا، بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆشەویستی لە مردن دەچێت، شا و گەدا ناناسێت، پلەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی ناناسێت، رەچاوی دۆخی سایکۆلۆژیی کەسیش ناکات، من دەتوانم لەوپەڕی نیھلیزمدا خۆشەویستی بکەم، دەتوانم لە رەوشێکی ھیپیستیدا بکەومە داوی خۆشەویستییەوە، یان تۆ دەتوانیت لە سەرەتای تەمەنەوە خۆشەویستی بکەیت، یان لە کۆتایی تەمەندا بۆی بگەڕێیتەوە، ھەر چۆنێک بیگریت مرۆڤ مەحکومە بە خۆشەویستی، دیکتاتۆرەکانیش دواجار ھەندێک ھەست و خەسڵەتی مرۆییانەیان تێدا دەمێنێتەوە تاکو بتوانن کەسێکیان خۆش بوێت.
خۆم: زۆرێک لە دیکتاتۆرەکان لە ئەنجامی تێکشکان لە پەیوەندییەکی سۆزدارییدا، دووچاری گرێی دەروونی بوون، ھیچ دیکتاتۆرێک نییە لە دنیادا ژنێک دڵی نەشکاندبێت یان ئەزموونێکی خراپی لەگەڵ خۆشەویستی نەبووبێت. دەکرێت ئێمە ھاوکێشەکە پێچەوانە بکەینەوە و بڵێین ئەگەر تێکشکانی عاتیفی نەبوایە ژمارەی دیکتاتۆر و ستەمکاران بەو ئەندازەیەی ئێستا نەدەبوو. مۆسۆلینی، ھیتلەر دوو نموونەی سوپەر دیکتاتۆرن، ئەگەر رۆبچینە نێو وردەکاریی بایۆگرافیایانەوە ئەزموونی تێکشکانیان لە رووی سۆزدارییەوە دەبینین. لەو باوەڕەدام تا خۆشەویستی لە ژیانماندا ھەبێت، ھەلومەرجی بابەتی بۆ دڵڕەقی و خەونی ستەمکاریی کەمتر دەبێتەوە.
من: ئەمەی تۆ دەیڵێت ھەر ئەو ئەنجامەیە “فرۆید” تیۆریزەی کردووە، کاتێک دەڵێت “خۆشەویستی وەکوو رەمەکی ژیان، ھەر لە سەرەتای ژیانەوە کاری خۆی کردووە، پاشان لە بەرامبەر ئەم غەریزەیەدا رەمەکی مردن دەرکەوتووە، لێرەشەوە مەتەڵەکانی ژیانمان بۆ روون دەبێتەوە”. مادام خۆشەویستی غەریزەی ژیانە، کەواتە دیکتاتۆرەکان دەکەونە دەرەوەی ژیان، ئەگەر لە دروشمی فاشیستەکانی ئیتالیا ورد بینەوە “بژی مەرگ”، ئەو فاکتەمان زۆرتر لەلا روون دەبێتەوە، بۆ ئەوەی دیکتاتۆر بەرھەم بھێنیت، دەبێت سەرەتا مەرگپەروەر بیت نەک ژیاندۆست، ژیاندۆستییش بە دیدە فرۆیدییەکە واتە خۆشەویستی.
خۆم: کەواتە ئێمە چۆن دەتوانین نیشانەکانی خۆشەویستی لە ژیانی دیکتاتۆرەکاندا بناسینەوە؟. راستە سیستمی دیکتاتۆریی لەسەر دڵڕەقی و رەتکردنەوەی ژیان و خۆشەویستی راگیراوە، بەڵام ئایا ئەمە لەسەر ئاستی تاکەکەسیش ھەروایە؟. ئایا مافمان ھەیە بانگەوازی ئەوە بکەین دیکتاتۆرەکان وەک تاکەکەسیش لە مانای خۆشەویستی تێناگەن؟.
من: ناکرێت دیکتاتۆرەکان تەجرید بکەین لە توخمی مرۆڤ، تەنیا ئەوەیە دیکتاتۆرەکان خۆیان بە نموونەی سوپەر و بوونەوەری خەیاڵئامێز و فریادڕەس نیشان دەدەن، ئەمە دیوی فەرمی و ئاشکرای ژیانی ھەر دیکتاتۆرێکە، دەشێ ئێمە دیوی ناوەوە و ئاسایی ژیانی ئەوانیش ببینین، کە وەک ھەر مرۆڤێکی تر شاد دەبن، پێدەکەن و دەگرین، تووشی تراوما دەبن، لەحزەی ناجیددیان ھەیە، سۆزیان دەجوڵێت. ھەر بۆ وێنە کۆچی یەکەمین ھاوسەری ستالین، “ئاکاترینا سڤاندێزی” لە ساڵی ١٩٠٧، نموونەیەکی باشە بۆ روونکردنەوەی ئەم پرسە، کاتێک لە مەراسیمی بەخاکسپاردنیدا، ستالین دەڵێت “تەنھا ئەم بوونەوەرە نازدارە دەیتوانی دڵە رەقەکەم ئارام بکاتەوە، ئەویش مرد، بە مردنی ئەو ھەموو ھەست و نەستم بەرامبەر بە مرۆڤ نامێنێت”. پاشان دەستی راستی لەسەر دڵی دادەنێت و دەڵێت “ناتوانم چیتر ھەستم دەرببڕم”. ئەمە ھەمان ئەو ستالینەیە بیست ملیۆن مرۆڤی کوشت و توانی سەربکەوێت بەسەر نازیزمیشدا.
خۆم: کەواتە خۆشەویستی و مردن دوو رووداوی ھاوبەشن لە ژیانی ھەر مرۆڤێکدا. خۆشەویستی ھەروەک مردن ھیچ کات نافەوتێت. جارێک “پاولۆ کۆیلۆ” وتی “خۆشەویستی تاکو سەر دەمێنێتەوە، ئەوەی دەگۆڕێت خودی مرۆڤەکانن” بە تێگەیشتن لە خۆشەویستی و کاریگەریی ژن لە ژیانی دیکتاتۆرەکاندا گەیشتمە ئەو بڕوایەی خۆشەویستی لە مردن بەھێزترە، چوونکە وامان لێدەکات ژیانمان پووچ نەبێت، یان ھۆکارێکمان دەداتێ بۆ بەردەوامبوون لەسەر ژیان.
من: وەک خۆم لە ژێر کاریگەریی ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی ئەوسادا، لە سەرەتای لاویدا دەمووت بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە ژیان پێویستە جیھانێکی باشتر دروست بکەین بە میکانیزمی شۆڕشگێڕانە، ئەو قۆناغە شۆڕشگێڕێکی رادیکاڵ بووم، دوای پووکانەوەی ئەو خەونە گەورەیەم، بەرەو رێگە “نیتچە”ییەکە خزام کە “ئەگەر نەتتوانی ژیانێکی شایستە بژیت ئەوە مەرگ ھەڵبژێرە”. زوو لەمەش ژیوان بوومەوە، ھەنووکە دەڵێم کوالێتی ژیانت ھەر چۆنێکە تەنھا خۆشەویستی ھەڵبژێرە، ئەوەی واتایەک بە ژیانمان دەبەخشێت خۆشەویستییە ھەر ئەویش لەمەرگ دەمانپارێزێت.
خۆم: ئامۆنز، لە شیعرێکیدا دەڵێت “پەیوەندیم بەدنیاوە خۆش نەبوو.. سەرەتا شتێکم نەبوو لەوەی دنیا دەیەوێت.. دواتر دنیا ئەو شتەی نەبوو کە من دەمەوێت”. ئەو کاتانەی خۆشەویستی ھەبوو من سەرقاڵی کارێکی تر بووم، با بڵێم ئەو کاتەی خۆشەویستی لە بەردەم دەرگامدا بوو، من لە پەنجەرەوە بۆ نیگارێکی ترم دەڕوانی، ئەمێستاش دنیاکەی من ئەو خۆشەویستییەی تێدا نەماوە من دەیخوازم. خۆشەویستی ھاتۆتە خوار حەزیشەوە، بووە بە درۆ و پاساوێک بۆ بەڕێکردنی چەند شەوێکی سوور.
من: تۆ دەبێت تێبگەیت ژیان رەوشێکی دیالێکتیکییە، لە جێگەیەک ناوەستێت، خۆشەویستی ھەروەک جوانی وایە، بە پێی سەردەمەکان پێناسەکانی دەگۆڕێت، بەڵام ناوەڕۆکەکەی بە جێگیریی دەمێنێتەوە.
خۆم: خۆشەویستی شتێکە قابیلی دەستکارییکردن نییە، یەک سیمای ھەیە بە درێژایی مێژوو، ئەوەی دەگۆڕێت تێڕوانینی ئێمەیە بۆ ئەو چەمکە. ئێستاش خۆشەویستی بچووک کراوەتەوە بۆ بەریککەوتنی دوو جەستە. ئەمە دیاردەیەکی نامۆی ھاوچەرخە.
من: ھەمیشە دەمگەڕێنیتەوە چوارگۆشەی یەکەم و باسی بابەتی رۆح و جەستە. فیساگۆرسییەکان پێیانوایە رۆح لە جەستەدا بەندە، تەنھا لە کاتی مردنی جەستەدا ئازاد دەبێت!!, ئەوان جیا لەوەی بڕوایان بە دۆنادۆنی رۆحە، لە ھەمان کاتدا جەستە بە شتێکی پووچ دەبینن، لەبەرامبەردا “میرۆلۆپۆنتی” پێداگریی دەکات بوونی مرۆڤ بەستراوەتە بە بوونی جەستەوە، لە دەرەوەی جەستە ئینسان لە ئارادا نییە. ئەگەر گریمان رۆح ھەیە، خۆشەویستی تەنھا دیاردەیەکی رۆحی نییە، بەڵکو جەستەیشە، بەریەککەوتنی جەستەکان بە تەنیا لە خۆشەویستیدا مانای ھەیە، تۆ خۆشەویستی لەگەڵ من بکەیت، ناتوانیت جەستەی خۆتم لێ دوور بخەیتەوە، ئەگەر واتکرد ھێشتا لەنگییەک ھەیە و پەیوەندییەکە ماوێتی ببێتە خۆشەویستی.
خۆم: ھەمیشە ئەوەی لە پێکگەیشتنی جەستە دەسڵەمێتەوە ژنە، چوونکە دڵنیا نییە ئەو پیاوەی لە ژێر ناوی خۆشەویستی پەیوەندیی لەگەڵ دەگرێت، تەنیا خوازیاری پەیوەندیی جەستەییە، نایەوێت ببێتە بەشێک لە دنیای ئەو ژنە.
من: ئەوە راستە پیاوی ئێمە تەنھا بە چاوی لەش ژن دەبینێت، ھەمیشە سەرنجی دەچێتە سەر جەستەی ژن و وەک نێچیرێکی سێکسیی سەیری دەکات، ناتوانێت خۆشی بوێت بەڵکو حەزی لێ دەکات!، حەز شتێکە زۆر لە خوار خۆشەویستییەوە، بە حاستەم پیاوێک ھەیە لە جیھانی ژن تێبگات، لە خەسڵەتەکانی ژن حاڵی ببێت، تاکو پیاو لە ژن تێنەگات ناتوانێت خۆشی بوێت، ھەر کات توانی لێی تێبگات پاشان خۆشی بوێت، ئەوسا پەیوەندیی جەستەیی بە ئۆتۆماتیکی روودەدات!، بۆیە ھەمیشە ویستوومە لە پێشدا لە ژن تێبگەم ئینجا خۆشم بوێت.
خۆم: کێشەکە ئەوەیە فەلسەفەی چێژگەرایی بووە بە بەشێک لە تێڕوانینی پاتریارکی، ھەمیشە پیاو وەک سەرچاوەی لەزەت لە ژن و ژیان دەڕوانێت. ئەمە ھەر ئەوەیە “لینین” رکی لێی دەبووە و بە ئاکاری بۆرژوازیانەی لە قەڵەم دەدا.
من: سەرەتا خودی لینین وەک دیکتاتۆرێک تێڕوانینەکەی لە ژێر پرسیار و گوماندایە، لە باری کرداریشەوە ئەزموونی پێچەوانەی قسەکانی خۆی پیادە کردووە. سەبارەت بە چێژگەرایی ئەوە بناوانێکی فەلسەفی دێرینی ھەیە، فەلسەفەی “ئەبیکۆریزم”ی چاخی ھێلیسنتی وەھا سەیری ژیان دەکات، تەقەلا و کۆششی مرۆڤە بۆ مسۆگەرکردنی ئەندازەیەکی زۆری چێژ. چێژگەرایی ھەر رەھەندی سێکسوالێتی ناگرێتەوە، ئەگەرچی سێکسیش یەکێکە لە سەرچاوەکانی چێژ و ژیاندۆستی، بەڵام ھەموو چێژەکانی ژیان لە خۆ ناگرێت، سەلمێنراوە ئەوانەی قێز لە سێکس دەکەنەوە جیا لەوەی لە رووی دەروونییەوە ساغڵەم نین و کەسایەتییەکی سیکۆپاتیان ھەیە، لە ھەمان کاتدا تا راددەیەکی بەرز مەترسیدارن، چون ئەوان ھەمیشە تابووری نوستووی ھەموو ھێزە مەرگدۆست و دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکانن.
خۆم: لە دوای شۆڕشی پیشەسازیی و باڵابوونی سیستمی کاپیتالیزم، جەستەی ژن بووە بە کاڵا و ماتریاڵێکی ھەرزانی بزنس. سەیری ئەو ھەموو مافیا جۆراوجۆرانە بکە چۆن سەرمایەگوزاریی بە جەستەی مێینەوە دەکەن.
من: قسەی ئێمە لەسەر تێگەیشتنە لە جەستە، پێشتر جەستە بابەتی توێژینەوەی پزیشکی بوو، بەڵام ئێستا ماتریاڵی توێژینەوەی دەروونی و فەلسەفیشە، راستە ئێمە خۆمان لە رووی بایۆلۆجییەوە خاوەندارێتی لە جەستەی خۆمان دەکەین، بەڵام بە مانای ئەوەش نییە جەستەمان لە رووی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییەوە لە بن دەستی خۆماندا مابێتەوە، بەو پێیەی جەستە ھەمیشە پەروەردە و سیستم کڵێشەی جەستەمان بەو جۆرە رەنگ دەکەن خۆیان دەیانەوێت.
خۆم: ژنانی ئێمە لە جەستەی خۆیان دەترسن، بۆیە ھەمیشە خۆشەویستی وەک پێدراوێکی رۆحی وەردەگرن، رەنگە ئەو ترسە زۆر لە جێی خوێدا نەبێت، بەڵام لەو دەرئەنجامانە دەسڵەمێنەوە کە لە کاتی ئازادکردنی جەستەدا دێنە ئارا.
من: ژنی ئێمە لە بواری بایەخدان بە جەستە و ماکیاژ و نەشتەرگەریی جوانکاریی، تووشی درمی مەسرەفگەرایی بووە، بەڵام نازانێت فەلسەفەی ئەو بایەخدانە بە لەشولاری لە کوێدایە. کاتێک گوێی بۆ دەگریت، باسی بۆشایی رۆحی خۆی دەکات، ئەو رۆحەی من زۆر بە گومانم لێی، تێناگات بەڵاکە بۆشایی رۆحی نییە، بەڵکو ئەوەیە فێر نەبووە چۆن جەستەی ئازاد بکات، یان ئازادانە مامەڵە بە جەستەی خۆیەوە بکات، ناچار بە دوای بەھانایەکی تردا دەگەڕێت لە دەرەوەی جەستەی.
خۆم: کەواتە چارەسەری ھەموو شتێک خۆشەویستییە. تەنانەت ھەموو ترسێک بە خۆشەویستی لەناودەچێت. ئەمە ھەمان ئەو گەوھەرەیە ھەمیشە “ئۆشۆ” پێداگریی لەسەر دەکات.
٥-١٢-٢٠١٨
کاتژمێر: سیانزە و پێنج خولەکی نیوەڕۆ
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس




قاسمی سلێمانی شاری سەردەشتی بە كیمیابارانكردن دا.. عەلی مەحمود محەمەد

بۆ حكومەتی عێراقی شاری سەردەشتی هەڵبژارد لەو كات و ساتەدا؟.

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت لە ڕوداوەكانی چەند رۆژ پێشووتری ئەو ناوچەیە بڕوانین, دەستنیشانی روداوەكان و جوڵە سەربازییەكانی بەرەی بەرامبەر عێراق بكەین ئەوانەی لەو رۆژگارەدا گوزەراون, بۆ هۆكاری كیمیابارانكردنی شاری سەردەشت, ئەمەش سەرەتا با لە زمانی شایەد حاڵەكانی خەڵكی شارەكەوە بزانین شاری سەردەشت لەو چركە ساتەدا بۆچوونی ئەوان لەو بارەیەوە چی بووە؟, بۆچی عێراق شاری سەردەشتی هەڵبژارد بۆ لێدانی بە چەكی تایبەت و خەڵكە سڤیلەكەی كردە نیشانەی خۆی لەو كات و ساتەدا؟؟, بزانین لەم بارەیەوە لە لایەن خڵكی شارەكەوە چی وتراوە: (( لە پاش روودانی ئەو كارەساتە و رۆژێك دواتر لە نێو خەڵكی شاردا بڵاوبۆوە، كە بەرەی كوردستانی (باشووری كوردستان) لە شوێنێكی شاری سەردەشت كۆبوونەوەیان كردووە و رێژیمی عێراق لەو كۆبوونەوەیە ئاگادار بوون بە واتایەكی دیكە، ئەوكات باسی ئەوە دەكرا، كە كەسانی ئاگادار و تەنانەت بەشدار لە كۆبوونەوەی بەرەی كوردستانی، وەك سیخوڕ بەرپرسانی عێڕاقیان لە شوێن و كاتی كۆبوونەوە ئاگادار كردۆتەوە. شایانی باسە، كە هیچ كام لە بەرپرسی حیزب و رێكخراوە سیاسییەكانی باشووری كوردستان باسیان لە دروستی و ناڕاستی ئەو هەواڵە نەكردۆتەوە و تەنانەت لە راگەیاندنی فەرمی خۆیاندا زۆر بە كەمی باسی ئەو كارەساتە دەكەن.- 22 ساڵەی یادی كارەساتی بۆمبارانكرانی شاری سەردەشت بە بۆمبی شیمیایی -ئا: عەزیز شێخانی )). دیارە لە راستیدا لەو كاتەدا بەرەی كوردستانی دانەمەزرابوو, بگرە بیرۆكەی دامەزراندنیشی هێشتا نەهاتبووە ئاراوە, بۆ زانیاریتان لە 7ی ئایاری 1988 بەرەی كوردستانی راگەیەندراوە, وە لە كۆی 7 پارتی ئەندامی بەرەی كوردستانی چواریان “شیوعی, پاسۆك, گەل, زەحمەتكێشان” بەشداری هیچ جەنگێكی هاوبەشی پێشمەرگە – ئێرانییان نەكردووە.
لێ لێكۆڵەری بە ناو بانگی هۆڵەندی یۆست هلتەرمان لە بارەی كیمیابارانكردنی شاری سەردەشت و هۆكارەكەی دەڵێت: ((سەردەشت كە شارۆچكەیەكی كورد نشینی سەر سنوور و نزیكی بەرەبوو (مەبەست بەرەی شەڕی عێراق ئێرانە), بوو بووە داڵدە و پەناگای گوندنشینە ئاوارەكان و سەربازگەی هێزەكانی ئێران, كە وەك ناوچەیەكی پشتی بەرە بەكاریان دەهێنا, پێشتر سەردەشت گەلێ جار بە فڕۆكە بۆردمان كرابوو چەند ڕۆژێك پێش هیرشە كیمیاویەكەش, هێزەكانی ئێران و عێراق كەوتبوونە شەڕەوە لە نزیك چیای مامەندە و پاشان لە هێڵەكانی بەرەدا, یەكەمجار ئێرانییەكان بە یارمەتی پێشمەرگەكانی ینك, بەر لە هێرشێكی عێراق بگرن و بیانشكێنن, بەڵام وەك حەمەی حەمە سەعید, كە بەشداربوویەكی ینك بوو لەو شەڕانەدا (چاوپێكەوتنێكی ساڵی2002دا) دەیگێڕێتەوە كە هێزەكانی عێراق خۆیان كۆكردەوە و جارێكیتر هێرشیان كردەوە و كۆنترۆڵی تەواوی ناوچەكەیان كرد, ئا لەم كاتەدا بوو كە عێراق بە كیمیاوی پەلاماری شارۆچكەكەیدا. گەلێ شایەتحاڵ لە سەردەشتدا دەگێڕنەوە كە فڕۆكەكانی عێراق چەندین بۆمبی كیمیاییان خستووەتە خوارەوە و پاشان بۆ ماوەی بیست دەقیقە بە ئاسمانی ناوچەكەدا سوڕاونەتەوە, پێش ئەوەی لە ئاسۆدا لە چاو ونبن – كارێكی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنە- ل112)).

ئۆپەراسیۆنەكانی نەسری 4 و 5
ئەو جەنگە هاوبەشە كە كاك حەمەی حەمە سەعید باسی كردووە, ئێران لە مێژووی جەنگی ئێران عێراقدا ناوی ناوە ئۆپەراسیۆنی نەسری 5, ئەم ئۆپەراسیۆنە لە رێكەوتی 21-6-1987 قاسم سلێمانی فەرماندەیی كردووە, بووە هۆی دەیان هەزار كوژراو بریندار, یەكێكە لەو جەنگانەی قاسم سلێمانی سەركردایەتی كردووەو شكستی تێدا هێناوە, بە یەكێك لە شكستە سەربازییەكانی قاسم سلێمانی لە مێژووی ئەودا دێتە ژماردن.
ئۆپەراسیۆنی نەسری پێنج لە كاتژمێر 0:15 شەوی 22-6-1987بە دروشمی یا زەهرا لە بەرزاییەكانی فەرفەرە لە باشووری خۆرئاوای شاری سەردەشت دەستی پێكرد, ئامانجی سەرەكیش لێی رێگا گرتن بوو لە هاتوچۆی پێشمەرگەی رۆژهەلات بۆ دەشتی بۆجار لە ناوچەی سەردەشت.
ئەم ئۆپەراسیۆنە بە دوای ئۆپەراسیۆنی كەربەلا 10 لە رێكەوتی 14-4-1987 بۆ 25-4-1987 لە ناوچەی سەردەشت–بانە لە رۆژهەڵات و ناوچەی ماوەت بەرەو سوركێو لە باشووری كوردستان بە بەشداری پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بارەگای ئۆپەراسیۆنی نەجەف ئەلئەشرەف ئەنجام درا, تیایدا 250 كم چوارگۆشە خاكی عێراق لە لایەن رژێمی ئێرانەوە داگیر كرا, لەم ئۆپەراسیۆنە فەرماندەی تۆپخانەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران حەسەن شەفیزادە و فەرماندەی تیپ ئەحمەد قادر زادە و چەند فەرماندەیەكی دیكەی ئێرانی كوژران.
هاوكات لە گەڵ ئۆپەراسیۆنی نەسری پێنج, رۆژی پێشتر ئۆپەراسیۆنی نەسری چوار لە رێكەوتی 21-6-1987 بۆ رۆژی هەینی 26-6-1987 لە میحوەری سەردەشت- بانە بە هاوكاری پێشمەرگەكانی ینك ئەنجامدرا, تیایدا شارۆچكەی ماوەت داگیر كرا وە 6000 كەس لە هێزەكانی عێراق كوژرا وە 557 كەسیش دیل كران بە وتەی كۆماری ئیسلامی ئێران, ئۆپەراسیۆنەكە دیسانەوە لە لایەن بارەگای ئۆپەراسیۆنی نەجەف ئەلئەشرەف بەڕێوەبردرا .

ئەدی ئامارەكانی حكومەتی عێراقی چی دەڵێن؟

رژێمی عێراقی لە رێگای نامەیەكەوە كە بە واژۆی عەمیدی روكن بەڕێوەبەری ناوچەی رۆژهەڵاتی هەواڵگری سەربازی نووسراوەو ئاراستەی بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی یەكەی پێنج كراوە وەك زانیاری, لە رێكەوتی 4ی ئۆگستۆسی 1987 , بە ژمارە ش1-ق1-81-ق ص-1654, كە ئەمەش تاكە بەڵكەنامەیە سەبارەت بە كیمیابارانكردنی شاری سەردەشت تا ئێستا بەردەست كەوتبێت.
سەبارەت بە زیانەكانی مانگی ئەپرێل كە ئێرانییەكان بە ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 10 ناویان ناوە, شەڕێكی هاوبەشە لە نێوان كۆماری ئیسلامی و هێزەكانی ینك وەك ئاماژەمان پێدا, لە ناوچەی سەردەشت -بانە, سەرجەم 18000 كوژراو 24000 بریندار هەبووە, لێ بە پێی حكومەتی عێراقی زیانەكانی ئێران لە ئۆپەراسیۆنەكانی مانگی یۆنی كە هەردوو ئۆپەراسیۆنی نەسری 4 و 5 ە, لە هەردوو دیوی باكورو باشووری ماوەت” 12000 كوژراو, 14700 بریندار,8500 بەركەوتەی چەكی كیمیاوی بەهۆی لێدانی چەكی تایبەت”كیمیاوی” ەوە”, وە 155 شەهید و 4600 بریندار لە شاری سەردەشت بە چەكی كیمیاوی لە خەڵكی سڤیل وە 900 بریندار لە بەسیج و پاسدار لە نێوێیاندا فەرماندەی هێزەكانی جونداڵلە لە شاری سەردەشت .

زیانەكانی خەڵكی شاری سەردەشت

ئەوەی شایانی باسە لەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتیەدا كە دەوڵەتی عێراق ئەنجامی دا, بەپێی ئامارە فەرمییەكان، 8025 كەس لە كۆی 12000 دانیشتووانی شاری سەردەشت شەهید و بریندار بوون, واتا نزیك 67%ی كۆی دانیشتووانی شارەكە, لانی كەم 4500 كەس لەو بریندارانە واتا 56%ی كۆی بریندارەكان پێویستیان بە چارەسەری بەردەوام هەبووە, لەوانە 1500 كەسیان لە نەخۆشخانەكان ماونەتەوە لە دەرەوەی شاری سەردەشت, لە چركە ساتی یەكەم 20 كەس بوونەتە قوربانی و دواتر وردە وردە ژمارەی قوربانیان بۆ 130 كەس بەرزبۆتەوە.

داوای لێبوردن بكەن
هەفتەی پێش كیمیابارانكردنی شاری سەردەشت, دوو ئۆپەراسیۆنی گەورەی ئێران و پێشمەرگەی ینك لە ناوچەی سەردەشت بەناوەكانی نەسری 4 و 5 بەڕێوە چووە, لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 10 بوونە لە هەمان ناوچە, كە 57 رۆژ پێشتر لە هەمان جوگرافیا ئەنجامدراوە, لە هەموو ئۆپەراسیۆنەكاندا سوپای كۆماری ئیسلامی دەستپێشخەر بووە لە هێرشەكەیاندا.
وەك هەموو جارەكان دیكە, نهێنی كیمیابارانەكە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكانی نەسری 4 و 5 ە, قوربانیش بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانە خەڵكی سڤیلی شاری سەردەشت و نەهێشتنی چالاكی پێشمەرگەی رۆژهەڵات بووە لە رێگای رێگاگرتن لە چوونە ناوەوە لە دەروازەی بێجاڕەوە.
واتا شاری سەردەشت بە دەردی دەستە خوشكەكەی هەڵەبجە چوو, گەل كوژەی كورد شەڕی هاوبەش سەرچاوەی دەردە سەرەكییەكەی هەردوو شارەكەو هەشتاكانی گەلی كوردە.
خەڵكی شاری سەردەشت لە كۆڕ و كۆبونەوەكان, نەیان شاردۆتەوە ڕاشكاوانە لێرەو لەوێ ئۆباڵی كیمیابارانكردنی شارەكەیان خستۆتە سەر هاوكاری ئێران-پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنانەی ئاماژەمان پێی دا ((جێگای ئاماژەكردنە، كە نە ‌ ئێران و بەرپرسانی رێژیمی تاران لە بیری هەزاران برینداری كارەساتی ٧ ی پووشپەڕدان و نە بەرپرسە كوردەكانی باشووری كوردستان، كە هۆكارێك بوون بۆ ئەو پەلامارە بە هیچ جۆر ئاوڕیان لە قوربانییەكان و ئازاردیتوەكانی ئەو رووداوە ژانهێنەرە نەداوەتەوە -22 ساڵەی یادی كارەساتی بۆمبارانكرانی شاری سەردەشت بە بۆمبی شیمیایی-ئا: عەزیز شێخانی )) .
كەواتا ئەركێكی ئەخلاقییە ئەوانەی بڕیاری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەیان دا, وە بەشدارییان تێدا كرد ناوی گەورەی وەك داستانی رزگارییان لێی ناوە, داوای لێبوردن لە خەڵكی شاری سەردەشت و گوندەكانی دەوروبەری بكەن, وە پەیمان بدەن ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە لە داهاتوودا دوبارە نەكەنەوە لە گەڵ هەر وڵاتێكی دیكە, بە هەر شێوازو جۆرێكی دیكە لە هەموو كات و زەمانێكدا, وە مۆنمێنتی تایبەت بۆ قوربانیانی شاری سەەردەشت دروست بكەن, جێگایەك یان چەندێك بە ناویانەوە بكەنەوە, قەرەبووی مادی قوربانیەكانی تاوانەكە بكەنەوەو بە شەهید و برینداری چەكی كیمیاوی دیارییان بكەن, وەك هێمایەكیش پڕۆژەیەكی ئاوەدانی لە شاری سەردەشت ئاوا بكەنەوە لە خزمەت برینداران و قوربانیانی تاوانەكە.




رەهەندە گرینگییەکانی گردبوونەوەی ئەمساڵی موقاومەتی ئێران!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

دوای رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری شا لە ساڵی ١٣٥٧ (1979ز)، پرسیاری سەرەکی لە ئێراندا ئەوە بوو: “لە ئێستا بەدواوە مەترسی سەرەکی بۆ سەر کۆمەڵگای ئێران چییە؟”. ئەم پرسیارە کۆمەڵگای خستە سەر دوو رێگا. گەورەترین هێزی سیاسی کۆمەڵگا کە توانی هەموو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و لایەنە سیاسیەکانی دەوروبەری کۆبکاتەوە، “دەسەڵاتی کۆنەپەرست”ی لە نێوان دەسەڵاتی “کۆنەپەرست (ئیرتیجاع) و لیبرالیزمدا” هەڵبژارد و بە راشکاوی راگەیاند. بۆیە ئەم هێزە مایەوە و ئەوانیتر کە ئاماژەیان بە “لیبرالیزم” دەکرد وەک مەترسیی سەرەکی، نەک هەر نەمانەوە و توانەوە، بەڵکو بە خێرایی بوون بە نچیر و پاروەنانێک بە دەست ئەم دەسەڵاتەوە. چونکە شۆڕش نەگەیشتبووە سەرکەوتنی کۆتایی و دۆخەکە چووبووە قۆناغێکی ئاڵۆزترەوە. خۆزگە بەم شێوەیە نەبوایە!
لە روانگەی ئەم هێزەوە، هەرچەندە “دەسەڵاتی کۆنەپەرستی” مانایەکی گشتیی هەبوو و بە مانای هەر بیرۆکەیەک بووە بەرەو دواوە، بەڵام بە دیاریکراوی بە مانای “ڕەوتی مەزهەبیی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران” بوو کە “خومەینی” سەرۆکی بوو. لەو کاتەوە بە مانا گشتییەکەی، “سازشتکردن لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندان”، هێما و واتای ماددیی ئەم “دیاردە کۆنەپەرستیە” بووە کە بە جەختکردنی (چڕ) لەسەری، دەکرێت رەگ و دەماری ئەویتریش ویشک بکرێت. واتا لیبرالیسم!
تێپەڕبوونێکی سەرکەوتووانە!
ئەم “هێزە رەسەنە” لە ماوەی ٤٥ ساڵی رابردوودا هەرگیز خۆی لەم گۆڕەپانە دوور نەخستەوە و بە هۆی بوونی سەرکردایەتییەکی لێهاتوو، “سەرکەوتووانە تێپەڕی” بە ناویدا و وەک هێزی سەرەکی و ناوەندی بەرانبەر بە دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا مایەوە. چونکە رۆژانە باجی بۆ داوە بۆ پێشخستنی، جا چ لە ناوخۆی وڵات بێت، چ لە دەرەوەی وڵات، یان جەستەی خۆی، لە هەر شوێنێک بووبێت.
سازشتکاران لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرییەتە، لە یارمەتیدانێکی نەک زۆر شاراوەدا(غەیبی!) و لە کارێکی بە کۆمەڵدا و بەڕواڵەت جیاوازیشدا، هەمیشە یارمەتیدەری دیکتاتۆرییەت بوون لە ئێراندا بۆ لادانی ئەم هێزە رەسەن و ناوەندییە لە کۆمەڵگەی ئێراندا، کە رەنگە هەزاران پیلانی گەورە و بچووکی لە هەناوی خۆی حەشار دابێت بە ئێستایشەوە، کە دواهەمینیان، ئازادکردنی دیپلۆمات تیرۆریستی ئەم رژێمە، واتا (ئەسەدوڵڵا ئەسەدی) و ئەشکەنجەدەر و میرغەزەب، (حەمید نووری) لەلایەن وڵاتانی ئەوروپیەوە بێت کە بە هەڵمژینی خوێنی ئەم موقاومەتە ژیاون و لە هەر شوێنێک سوودی بۆیان هەبووبێت، بە ئاسانی “دادپەروەری” و “دیموکراسی”یان کردۆتە قوربانی (بەرژەوەندییەکانی خۆیان) و (سیاسەتی بە بارمتەگرتن) لە لایەن رژێمی ویلایەتی فەقیهیەوە!
پرەنسیبە بنەڕەتی!
لەم رووەوە هێزی موقاومەتی ئێران بۆ رزگاربوون لە دیکتاتۆرییەت، هەرگیز چاوی نەبڕیوەتە دەستی کەس و بە درووشمی “پشت بەستن بە گەل” و “سەربەخۆیی” هەنگاوی ناوە و لە سیاسەت و ستراتیژیی “ڕووخاندنی دوژمنی سەرەکیی گەلی ئێران” واتا دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی دوور نەکەوتووەتەوە و سەرەڕای کردەوەی بێشەرمانەی دەوڵەتانی رۆژئاوایی، هەرگیز خۆی لەم پرەنسیپە بنەڕەتییە و لە دوژمنی سەرەکی، کە رژێمی ویلایەتی فەقیهیە، دوور نەکەوتۆتەوە.
داراییەکی گەورە!
ئەمجۆرە “بەردەوامی و خۆڕاگرییە ناوازەیە” کە ئەم هێزەی کردووە بە “گەورەترین سەرمایەی گەلی ئێران” لە پێناو نەهێشتنی دیکتاتۆرییەت. ئەم هێزە کە لە راپەڕینە مەزنەکەی گەلی ئێران لە ساڵی 2022 دا، هەرگیز نەکەوتە داوی پیلانگێڕییە بریقەدارەکانی بۆرژوازی و سازشتکارانەوە و پاراستنی راپەڕین و ئامانجەکەی و هەروەها پرەنسیپە جەماوەرییەکانی کردە بنچینەیی کاری خۆی. بۆ ئەوەش “ئۆرگانی سەرکردایەتی بەکۆمەڵی راپەڕین” و “ناوەندەکانی شۆڕش”ی لەسەر ئاستێکی بەرفراوان پێکهێنا و نەیهێشت دەسەڵاتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم، بەرهەم و دەستکەوتەکانی گەل و خەبات و تێکۆشانی سەرکەوتووانەی ئەوان بە تاڵان ببات!
ئێران دیکتاتۆرییەت هەڵناگرێ!
کەواتە رووبەڕووبوونەوەی مێژوویی ئێران مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و بە هاتنی “هێزی بوکەڵەیی” و “ئەڵتەرناتیڤی ساختە و داتاشراوی کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیزم”، گۆڕەپانەکە بە قازانجی دوژمنانی گەلی ئێران چۆڵ ناکریت. ئەزموونی خوێناوی و رەگ و ریشەداکوتاو، پێمان دەڵێت دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا دانوستان هەڵناگرێت. خەڵکی ئێران زۆر جار وەڵامی خۆیان بۆ دیکتاتۆری دووپات کردووەتەوە و ئادرێس و ناونیشانی “زبڵدانی مێژوو”یان پێ نیشان داون!
گەورە پیلانەکان!
جیهان لە رۆژی دوای سەرکەوتنی راپەڕینی گەلی ئێران لە دژی دیکتاتۆری پاشایەتی، لە زمانی رێبەرانی ئەم هێزەوە بیستوویانە کە ئەم “هێزە” لە ناو ناچیت و لە بن نایەت. چونکە رەگ و ریشەی لە کۆمەڵگا و لە ناو جەماوەردا و ناو مێژوودا داکوتاوە. (مووسا خیابانی) لە ساڵی ١٣٥٨ وتی: ئایندە بۆ شۆڕشگێڕانە. هێزەکانی بێ رەگ و ریشە دەتوێنەوە. باوەڕتان بەم شتە هەبێت”. جێگری ئەوسای خومەینی. بەڕێز (حوسێنعەلی مۆنتەزەری)یش وتی کە: “بە کوشتار موجاهیدین لەناو ناچێت!” لە چەند دەیەی رابردوودا جیهان چەندین جار شاهیدی ئەو راستییە بووە کە هەموو چالاکییە سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم هێزە لەسەر رژێمی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقهیدا ئاخوندی چڕ بووە و هەرگیز لەوە بەدەر نەبووە. لەکاتێکدا، هەمان دەسەڵات و سازشتکارە خۆرئاواییەکانی رژێم بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوون ئەم هێزە ببەنە “کوشتارگە رەشەکان” و لە ناوی بەرن!
نیشانەکانی هەنگاونانی راست و درووست لە ئێران!
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوانەی سەرەوە، دەتوانین جەخت لەسەر ئەو راستییە بنەرەتییە بکەینەوە کە “گەلی ئێران” خاوەنی “ئێران”ە. هەرچەشنە دوورکەوتنەوە لەم راستییە، کەوتنە ناو داوی دیکتاتۆرییەتی وابەستە و سەرکوتکەرە. راستییەک کە تا ئەمڕۆش، “موقاومەتی ئێران” رەچاوی کردووە و باجی نەداوە بە دەسەڵاتی کۆنەپەرست و کۆلۆنیالیزم و لە ئایندەشدا هەروا دەبێت. کەواتە پێویستە مرۆڤ قەدری ئەم هێزە بزانێت و متمانەی پێبکات و بە دوایدا بڕوات!
گردبوونەوەی ساڵانەی موقاومەتی ئێران
کۆبوونەوەی ساڵانەی موقاومەتی ئێران لە لایەن هێزێکی وەهایە بەڕێوە دەچێت و خانمی (مریەم رەجەوی) سەرۆکی هەڵبژێردراویەتی و بڕیارە ئەمساڵ لە ٢٩ی جونی ٢٠٢٤ (واتا 9ی پووشپەڕی ئەمساڵ) بەڕێوە بچێت. ئەوە بۆ هەموو تاک و بزووتنەوەیەکی ئێرانی ئەرکە، ئەگەر دڵی بۆ ئازادی گەلەکەی و وڵاتەکەی لێدەدات و دەیەوێت وڵاتەکەی هیچ ئاسەوارێکی دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزمی تێدا نەبێت، ئامادەی خۆپیشاندانەکەی ٢٩ی جونی ئەمساڵ بێت لە (بەرلین) و خشتێک بێت لە بیناکەی “ئێرانی ئازادی دواڕۆژ”. چونکە هەموو ئێرانییەک، بەرپرس و کاریگەرە لە دروستکردنی باڵەخانەیەکی لەو شێوەیە.
نابێ فەرامۆش بکرێت و نابێ لێخۆشبوون هەبێت کە کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیزم کە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوون بەها ئینسانیەکانی و خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێران لەکەدار بکەن بۆ ئەوەی سیستەمی دیکتاتۆرییەت لەسەر ئەم خاکە بۆ هەمیشە بمێنێتەوە و پرەنسیبەکان بخرێنە ژێر پێوە. بەڵێ هەر مرۆڤێک لەم “گۆڕەپان”ەدا جێگە و پێگەی خۆی هەیە!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی





جارێ خۆشیویست.. عەلا‌ء عەببادی\ و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

وتی :
ئەم شەو ژوانمانە
پێش نوێژی فەجری ڕاستگۆ چاوەڕێم بە !
لە پێش پاسدار و
پیاوانی ئەمن ،
ئەوانەی كۆمەكی كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە
من لە ژێرتدا دەبم
پێش ئەوەی بەیانییەكی تازە بدا و
بەر لەوەی دوودڵیت بۆ بگەڕێتەوە ،
من لە ژێرتدا دەبم ..
لەسەر پێخەفی نەرمی سپیتدا ..

شەوقم بۆ تۆ دەمورووژێنێ‌ و
سەرسامم ده‌كا ..
بۆ لای تۆ دێم ..
دزە دەكەم ..
وەك ماری ئاوی
ترسم بە پێش خۆم دەكەوێ‌ و
لەرزینم نائومێدم دەكا ..

تۆ چ ژنێكی ؟
ئەندامێك بەسەرمدا هاوار دەكا
لێی گەڕێ‌ بنوێ‌
سەغڵەتی مەكە !

خۆشەویستم ،
كە لە ژێرتدا دەبم
دەزانم هەرچی بخوازی
دەتوانی پێمی بكەی ..
بەڵام كە من لە ژێرتدا دەبم
ئازادیم وەردەگرمەوە ،
كە مرۆڤایەتی ،
لەبەر دوكانەكانی خەوبینان
لێی داگیركردووم ..
دەزانم
من وەك ئەستێرەیەك دەتبینم
خۆت بۆ من مەڵاس دەدەی و
دەتەوێ‌ بكەویە ئامێزم
بێگومان دەكەویت
پێش بانگی سبەینان
چاوڕێم به‌ !
نوێژ مەكە !
پێكەوە نوێژ دەكەین ..
پاش بانگی سبه‌ینان
بەر لەوەی ئەستێرەیەك بڕژێتە كەنداو ..
نامەوێ‌ هه‌ر خه‌ونت پێوە ببینم

مەنوە !
تۆ بە بێداری لەوپەڕی جوانیدای
هێشتا دڵم بۆ شتێك لێ‌ دەدا
بۆ پێشهاتێك ..
شەو بۆچی ئەوەندە درێژ بووەوە ؟
من بۆ دەلەرزم ؟
ترساو ..
شڵەژاو ..
وەك قوتابییەك مامۆستاكەی پێی دەڵێ‌
مەریەم وەرە سەر تەختەڕەشە !
مامۆستا چۆن ناوی منی زانی !
بۆچی لە هەمووان به‌ته‌نێ من ؟

ئەمڕۆ دەفرێكی گەورەمان
لە قیمەی (ئەبو عەبدوڵڵا) بۆ نارد
باوكم باشی دەناسێ‌ و
دایكم هەمیشە سەردانی دەكا ..
عەبدولباری برا گەورەم سڵاوی لێ دەكا ..

تكایە پێم مەڵێ‌
مەریەم بنووسە ..!
چی لەبارەی ژیربێژییه‌وه‌ دەزانی مەریەم ؟!
ئەمشەو نەچیتە ژوانێ و
چاوەڕێی كەس مەكە !
پێش سپێده‌ و دوای سپێده‌
كەس نایێ
كەس سەرەڕۆیی ناكا
لە سنوور بدا ،
لە سەگی برسی دەترسن
كەس بۆ تۆ ناپەڕێتەوە
بمێنەوە مەریەم !
بەخۆ و بیروڕا ماندووەكانت .

تكایە دەستم لێ‌ مەدە !
كە مەلا بانگی دا
دەستم لێ‌ مەدە !

لە گەرمای بەتینی خۆم لێت دەترسم
هەناسەم ،
كە پەپوولەی ڕۆژێ‌ بەرز دەكاتەوە
لە (فەهرنایت)ێدا
كەس لە گەرمان نامرێ‌
لێتۆژ لێم دەپرسێ‌
ناوت چییە ؟
چ كارەی ؟
بیر لەچی دەكەیەوە ؟
پێش بانگی بەیانیی ڕابردوو لە كوێ‌ بووی ؟
كه ‌سه‌رمه‌ستیی دێ
هاوار دەكەی ؟
تەئیدی جیابوونەوە دەكەی ؟
كەڵوەكەت چییە ؟
كام خواردنت لا پەسندە ؟
پاش ڕۆژهەڵاتن دەنوی ؟
دڵداری دەكەی ؟

تكایە
لێم مەپرسە !
حەزم لە چییە ؟
لێتۆژ وەك زنجیرە دراماكانی توركی
ئەوانەم پێ دەڵێ ‌ ..

بمبە و
لەسەر بەردێك لە كەنداو
لە خاچم بدە !
من كەس ماچی نەكردووم
هیچ ژنێكیش حەزی لێ نەكردووم و
هەرگیز لای لە جەستەم نەكردووەتەوە ..
جارێك خۆشویستووە
ڕەش وەك
چاوه‌ خەمباره‌كانی تۆ
نەرم وەك سكت
گەرم
زۆر گەرم
تژی خەم
وەكو دڵم
بە شكایەت ،
گریاو
وەك گومبەزەكانی كووفە
لێ ئاسان‌
وەك گوڵێكی ساویلكە .

(*)عەلا‌ ئەلعەببادی : شاعیرێكی عێراقییە ، ساڵی 1951 لە شاری نەجەف لە دایك بووە ، زیاتر لە بەغدا نیشتەجێ‌ بووە و هەر لەوێش خوێندوویەتی ..

  • بۆ ده‌قی شیعره‌كه‌ بڕوانه‌ :
    http://www.alebady.com/category/%d8%a7%d9%84%d8%b9%d9%84%d8%a7%d8%a6%d9%8a%d8%a7%d8%aa/%d8%a7%d9%84%d8%b4%d8%b9%d8%b1-%d8%a7%d9%84%d8%ad%d8%b1-%d8%a7%d9%84%d8%b9%d9%84%d8%a7%d8%a6%d9%8a%d8%a7%d8%



دەنگێك بانگم دەكات.. شیعری ستار ئەحمەد

لەدەنگی باراندا …
هەنسكی گوڵ و
دیدەنیی تۆو
ورشەی گریان
كۆمدەكەنەوە
كەشیعرێك لەدڵما دەزێ
عەشقێك ..
لەتیلەی جوانیتا دەمنێژێ
بەرۆخی بوونا شۆڕدەبمەوە
لەوەتەی دەتناسم
تۆو شیعر زامێكن
لەهەناوما كاڵ نابنەوە
دەنگێك لەناخما
بانگم دەكات
دەنگێک
شنەی باو
نیگاری تۆی
بەهەناسەو
تاسەكانت گرێداوە
دەمكات بە تۆ
بەدڵۆپەو
فرمێسكی چاوەكانت و
بەهۆنراوە
بۆیە وشەیەك سەربڕن
كەرتە شاخێك بەلادا دێ
پەنجەكانم
سەراپای لەش و
جەرگ و رۆحم
لێوان لێون
لەخوێنی نیشتمان و
بۆنی كوژرانی تۆیان لێوە دێ
من تژیم لەعەشق
شەوان زیكرو فیكرت
دەمكەنە دەفێكی شەهید
تەجەللای مەرگەساتێك
بەرەو پەرستگای دەرونت
دەمخەنە باڵ
بەرز دەفڕم
لەشارێكی گۆڕ قەرەجا
دەبمە ئاڵای كێلی خۆم و
لەهەناوتا
وڵاتێك لەكاغەز پێك دەهێنم
كەبیر لەدووریت دەكەمەوە
توانەوە دەمخاتە دیدەی دڵۆپێكەوە
نیگای باران رامدەژێنێ
نەئەوەتا لەبۆتەی خوێنم دەربچی
نەلە پێكی شیعرێكی ئاڵا
جێگەی لاشەی سەربڕاوم دەكە یته‌وه‌

ستار ئەحمەد