وەرزی کۆچی پەناهەندەکان بەرەو باشوور .. ئەکرەم سەعید

نە(ئێمە تۆمان دەوێت) بۆ ( ئێمە تۆمان ناوێت) *
بەهاتنی ترامپ و ستافەکەی بۆ نێو کۆشکی سپی لە ئەمەریکادا، دونیا هێندەی دی ئاڵۆزو پڕ لە کێشە بووە. بەتایبەتی دەربارەی کەیسی پەناهەندەکان کە مۆڵەتی مانەوەی فەرمییان نییە، مامەلەی دەزگاکان لەتەکیان هاوشێوەی مامەلەیە لەتەک تاوانباراندا، تا ئەو ڕادەیەی هەواڵ وایە بەشێک لەو پەناهەندانە بگوازرێنەوە بۆ بەندیخانەی”گوانتانامۆ” کە جێگای تاڵیبان و داعیشییەکان بوو.
هەڵبەتە ئەمە سەرەتای شەپۆلی دیپۆرتکردنەوەی پەناهەندەکانە، کە ھێشتا شێوازێکی نەرمە، و ساڵانێکە لە بەریتانیا و سوید،، هتد، ئەم جۆرە سیاسەتە پەیڕەو دەکرێ، بە تایبەتی لە سوید هانی پەناهەندەکان دەدرێ بە گفتی بەخشینی بڕێک پوڵ، واز لە مۆڵەتی نیشتەجێبوون و پاسپۆرتەکانیان بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانی یەکەمی خۆیان. بێگومان چەند ساڵی دی ژینگەی ئابووری و سیاسی و نائەمنی نێو سوید و ئەوروپا، بەشێک لە پەناهەندەکان ناچار دەکات بە کۆچ بەرەو وڵاتانێ کە لێوەی هاتوون، کە بەزۆری دەکەوێتە ئاسیاو ئەفەریکا و ئەمەریکای لاتین، واتە وڵاتانی باشووری گۆی زەوی.
هۆکاری دەرکردنی پەناهەندەکان وەک ڕواڵەت، زاڵبوونی باڵی ڕاستڕەوی توندڕەوە بەسەر فکر و سیاسەتی کۆمەڵگەو حکوماتەکانیاندا، بەڵام لەڕاستیدا بنەمای ئەم دیاردەیە هەلومەرجی ئابووری جیهانی و قەیرانەکانی سەرمایەدارییە، کە لێرەدا هەرچی پەیوەندی بە پەناهەندەکانەوە هەیە لە (ئێمە تۆمان دەوێت) بۆ (ئێمە تۆمان ناوێت)ی کردووە بە ڕێگا چارەی سەرمایەی دڕندە بۆ چارەسەری قەیرانەکانی.
زیاد لە شەست ساڵ لەمەوپێش لە سوید بە خۆشییەوە پێشوازییان لە هاتنی یەکەم شەپۆلی پەناهەندەکانی کارکردنی(یۆنانی و ئیتاڵی) دەکرد، لە نەوەدەکان بەدواوە پەناهەندەی(ئێراق، ئێران، سوماڵ، بۆسنیە، ئەفگانستان، هتد) ژمارەیان لە زیادبوون بوو. هەڵبەتە دیمەنەکە هاوشێوەیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا و ئەمەریکا.
ئەو خولە لە گەشەی سەرمایەداری هێشتا کارگەکان، بەشەکانی کەرتی خزمەتگوزاری سەرمایە پێویستی بە هێزیکار بوو، وە پەناهەندەکان دەیانتوانی ئاستی پێویست لە(سوپای یەدەکی هێزیکار/ بێکاران) لە ڕێژەێکی گونجاو بۆ قازانجی سەرمایە ڕابگرن، بۆیە(ئێمە تۆمان دەوێت) دیمەنی گشتی سەرمایەداری ئەو ساڵانە بوو.
بە گەشەکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان”ڕۆبۆرت و تەکنەلۆژیای زانیاری و ئامێری خۆبزووێن” لەم چەند ساڵانەی دوواییدا، وە بەهۆی قەیرانی سەرمایە کە ئیفلاسی زۆرێک لە کارگەکان و کەرتی خزمەتگوزاری دەرئەنجامی بووە، ڕێژەی بێکاری ڕووی لە هەڵکشانە، بەتایبەتی چەند ساڵی ئایندەی نزیک، فرسەتی کار کەم دەبێتەوە. بۆیە بە کورتی ئەم هۆکارانە ئابوورییانە لە پاڵ ژینگەی فکری و سیاسی دژی پەناهەندەکان، دیمەنەکەی لە بەشێکی زۆری وڵاتانی سەرمایەداریدا کردۆتە:(ئێمە تۆمان ناوێت).

  • گەردەلولی ڕاستڕەوی بەسەر جیهاندا
    دوای هاتنی ترامپ و سەرکەوتنی”ڕاستڕەوەکان/ موحافزین”لە ئەڵەمانیادا، جیهان ڕەنگی شین دەپۆشێ / ۱. هەڵبەتە لە بەشێکی جیهاندا(هیندستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوید، ئەرجەنتین،، هتد) ساڵانێکە ڕاستڕەوەکان حوکم دەکەن.
    بۆرژوازی دونیا بەلای ڕاستدا وەردەچەرخێنێ، و سیستەمی یەک قوتبی دەبێ بەسیستەمی فرە قوتبی، ستافی فەرمانڕەوایەتی و گوتاری ئایدۆلۆژی و سیاسی لیبڕالی گۆڕاوە بە گوتار و ستافی کۆنەپارێزی ئایینی و نەژاد پەرستی و ناسیۆنالیستی.
    تۆبی ویلکینسن لە کتێبی(سەرهەڵدان و داڕمانی میسری کۆن)دا باس لەوە دەکات کە میسرییە کۆنەکان چەمکی “دەوڵەت-نەتەوەیان” داهێنا کە تا ئێستاش زاڵە بەسەر هەسارەکەماندا. پاشاکان ئامرازەکانی وەک:(پۆلیس، دژایەتی بێگانە و سەرکوتکردنی دڕندانەی ناڕەزایەتییەکان)یان بەکارهێناوە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتیان.
    کەواتە فۆبیا لە بێگانە، و ڕق و کینە بەرامبەر بێگانە، دوژمنایەتیکردنی ئەو خەڵکانەی کە لە ئێمە ناچن و لە ئەسڵدا پەناهەندەن، ئەم هەست و هۆشە کە ساڵانێکە کێشەێکی بەرچاوە لە مەیدانی سیاسی جیهانی ئەمڕۆدا، دیاردەێکە هەبووە لە کۆمەڵگە دێرینەکانی سەردەمی کۆنی میسر، چین، هیندستان،، هتد .
    جیاوازییەکە لەوەدایە کە لەسەردەمی دێریندا پەرستگاکانی ئایینەکانی دەسەڵات، هانی خەڵکیان دەدا کە ڕقیان لە بێگانەکان بێت و دژایەتیان بکەن، بەناوی ئەوەی ئەو غەریبانە لە ئێمە ناچن و هەڵگری ئایینی ئێمە نین و دەوڵەتەکەمان تێک دەدەن، بەڵام ئەمڕۆکە لە سەردەمی سەرمایەداریدا، ئەحزابەکانی بۆرژوازی ڕاستڕەو و ناسیۆنالیست هەمان وەزیفەی پەرستگاکان جێبەجێ دەکەن.
    (دژایەتی بێگانە و پەناهەندەکان)ڕۆڵێکی گەورە دەبینێ لە پارچەپارچەکردنی یەکیەتی چینی کرێکاران و فریودانیان، ئەمە ئاسانکاری دەکات بۆ سەپاندنی هەژموونی دەسەڵاتی سەرمایە بەسەر خەڵکیدا، و کاتێ خەڵکی چوونە ژیر سیاسەت و هۆشی بۆرژوازەکان، ئیدی وەک ئەو مانگایەیان لێ دێ کە چەقۆی قەسابەکە دەلێستێەوە.
  • گەمەی سیاسی بۆرژوازەکان و تاوانبارکردنی قوربانییەکان
    لە کاتێکدا(تەقەکەری قوتابخانەکەی شاری ئۆریبرۆ لە وڵاتی سوید”ڕیکارد ئەندەرسۆن”)هیچ جیاوازی نەدەکرد لە نێوان(موسڵمان، مەسیحی، یەهودی، بودی و کۆمۆنیستی، کوردی، عەرەبی، تورکی،، هتد، کار دەکەیت یان بە کۆمەکی سۆسیال دەژیت؟)، چونکە بکوژ لە قوربانییەکانی نەدەپرسی تۆ کێیت؟ بەڵکە ئەو هاتووە پەناهەندەکان بە گشتی کۆکوژی بکات، مشتومڕێک لە نێو خەڵکیدا زیادی کردووە:
    کە داخۆ تندوتیژی و زیادبوونی ئیسلامی سیاسی و ڕەگەزپەرستی خەتای کێیە؟!.
    ساڵەکانی نەوەدەکان و دووهەزارەکان باڵی لیبڕالیسمی نوێ لەژیر ناوی کۆمەڵگەی فرە کەلتووری، کۆمەکی ئیسلامییەکانییان دەکرد تا گەشە بکەن(مزگەوت بە کۆمەکی تورکیا و سعودیە و،، هتد، دروست دەکرا، تەکیەی سونی و شیعە، قوتابخانەی خوێندنی قورئان و،، هتد، کەنیسەی ئینجیلی و پەرەستگای بودی زیادی دەکرد)، ئەمە لە وڵاتانێکدا کە دەوڵەت بە حیساب بە دەستور سیکولاریستە و کۆمەکی هیچ لایەنێک و گورپێکی ئایینی ناکات و، خوێندن دەبێ نیشتمانی بێت نەک ئایینی گروپێک.
    دوای ئەوەی ئەم دیاردانە زیادی کرد، کە خۆشیان باشیان دەزانی کە بەرپەچەکەی زیادبوون و گەشەی بیروباوەڕی ڕاستڕەوی توندڕەوەو ڕەگەزپەرستییە لە کۆمەڵگەدا، ئەمڕۆکە خەتای ئەو پشێوی و تیرۆرانەی ڕوودەدەن، دەخەنە ئەستۆی قوربانیەکان-(پەناهەندەکان).
    به‌ هه‌ر دوو دیوه‌که‌یدا: به‌ بڕوابوون به‌ ململانێی شارستانیه‌کان یان به‌ دیالۆگی شارستانیه‌کان، به‌ بڕوابوون به‌ کۆمه‌ڵگه‌ی فره‌کولتوری یان کۆمه‌ڵگه‌ی تاککولتوری ئێمە له‌ نێو ژووره‌کانی فکرو پراکتیکی بۆرژوازیدا ده‌سوڕێینه‌وه،‌ وه‌ ئه‌م هۆشیارییه‌ که‌ له‌ ئه‌سڵدا هۆشیاری چینی بۆرژوازییه‌، ئه‌مڕۆ له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ژموونی هه‌یه‌.
    ئەحزابە بۆرژوازەکان ئه‌ژدەهاێکی فرە سەرن
فاشیسم له‌ ئه‌وروپای ئه‌مڕۆدا له ئه‌ژدەیهاێکی چه‌ند سه‌ر ده‌کات. سۆشیالیزمه‌کان یه‌که‌م ده‌سته‌ بوون که‌ چونه‌ جه‌نگی ئه‌م ئه‌ژده‌هایه‌ی وا ڕۆژ دوای ڕۆژ گه‌وره‌ ده‌بێت، ئه‌ما سۆشیالیزمه‌کان یه‌ک ڕه‌وت و یه‌ک بۆچوون نین. چه‌پی سونه‌تی و چه‌پی نوێی ئه‌وروپی مارانگازی ڕاسیزمن‌، بۆیه‌ شه‌ڕ له‌ته‌ک ئه‌م سه‌ره‌ی ئه‌ژدیهاکه‌ ده‌که‌ن و ئیسلامی سیاسی چاو لێ ناکات وه‌ک به‌شک و سه‌رێکی ئه‌ژدیهاکه‌، به‌شێکی دی مارکسیزمه‌ په‌ناهه‌نده‌کانن، ئه‌وانه‌ی مارانگازی فاشیزمی ئیسلامی سیاسین، بۆیه‌ په‌لاماری ئه‌و سه‌ره‌ی ئه‌ژدیهاکه‌ ده‌ده‌ن که‌ ئیسلامی سیاسیه‌ و چاو له‌ سه‌رتاپای ئه‌ژدیهاکه‌ و سه‌ره‌کانی دی ناده‌ن. ئه‌م ده‌رده‌ تاک بینیه‌ نموونه‌یمان هه‌یه‌ له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالیسمیدا. بۆ نموونه‌ له‌ به‌رامبه‌ر مه‌ترسی شۆفینزمی نه‌ته‌وه‌یی، به‌شێک له سۆشیالیزمه‌کان ته‌نها شۆفینزمی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستیان ده‌بینی، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ به‌شێکی دی له‌ سۆشیالیزمه‌کان ته‌نها شۆفینزمی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ستیان به‌ مه‌ترسی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا. نه‌بوونی سیاسه‌تێکی سۆسیالیستی دژی فاشیزم، تا خەڵکی بتوانێ بچێتە جه‌نگێکی وشیارانه‌ له‌ته‌ک هه‌موو سه‌ره‌کانی ئه‌ژدەهای فاشیزم، که‌م و کورتییه‌کی ترسناکی تیئوری و سیاسیه‌ که‌ به‌ زیانی گه‌وره‌ له‌سه‌ر یه‌کیه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی چینی کرێکاران ته‌واو ده‌بێت.

/۱ ڕەنگی شین؛ ڕەنگی ئەحزابی موحافزینی بۆرژوازییە.
/۲ لە گریکی کۆن بەو خەڵکانەی کە زمانی گریکیان نەزانییوە گتووە(بەربەر – barbarus) بەمانای دڕندە و وەحشی.




رێکەوتنی ئەمریکا و روسیا.. نوری بەشیر


ئۆکرانیاو چەند راستیەک لە قەیرانی سەرمایەداری!

ئەو سیاسەت و بەرنامانەی ئەمریکاو سەرۆکە نوێکەی دۆناڵد ترەمپ، بانگەشەی بۆدەکات، لەوانە دروشمی “دوبارە ئەمریکا گەورە دەکەینەوە” یاخود” ئەمریکا لەپێش هەمووشتێکەوە”، هێرشکردنە سەر مافەکانی ژنان و نایاسایکردنی لەباربردن، هێرش بۆسەر هاورەگەزخوازەکان و… ڕاگەیاندنی جەنگێکی ڕاسیستی دژی پەنەبارانو کۆچکردوان و تا دەگات بە هەڕەشەی سەپاندنی باج و گومرک بەسەر ئەو ووڵاتانەی کە مل بە سیاسەتی ئابوری ئەمریکاو کابینە ملیاردێرەکەی نادەن، یاخود هەڕەشەی کردنی کەنەدا بە ویلایەتی (٥١) هەمینی ئەمریکاو فشارخستنە سەر دانمارک بۆ فرۆشتنی گرینلاند بە ئەمریکا و داگیرکردنی نۆکەندی پەنەما و… پێشنیاری کۆچی زۆرەملێی خەڵکی غەززە لەژێرناوی بنیاتنانەوەی غەززەدا و تاد… هەموو ئەمانە رەنگدانەوەی دۆخی قەیرانگرتووی سەرمایەداری ئەمریکا و شکستی دنیای تاکجەمسەری بە سەرۆکایەتی ئەمریکاو سەرهەڵدانی دنیای چەند جەمسەریە کە جێگاوڕێگایەکی نزمتر لەجاران بۆ ئەمریکا دادەنێت.
ئەم روولەخواربونەی پێگەی ئەمریکا لەوەدا خۆی بەرجەستە دەکات کە ترامپ وەکو نوێنەری سیاسی بۆرژوازی ئیمپریالیستی ئەمریکا، دوای ئەوەی کە بۆماوەی (٣) ساڵ، ئەمریکاو ووڵاتانی ناتۆ، سەدان ملیار دۆلاریان خەرجی جەنگی ئۆکرانیا کرد دژی ڕوسیا و بەهەموو شێوەیەکی سەربازی و لۆجستیکی و هەواڵگری و تەنانەت ناردنی پێشکەوتوترین جۆری چەکی ستراتیژی ئەمریکا و ئەوروپی و شارەزای سەربازی هاوکاری سوپای ئۆکرانیایان کرد، کەچی ترامپ، لەپشتی هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ و هەروەها بە بێ حسابکردن بۆ ئۆکرانیان و زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕاستەوخۆ دەستی بە وتوویژ کردوە بۆ کۆتاییهێنانی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا.
بێگومان زۆرێک لەمیدیا گوێ لەمستەکانی بۆرژوازی و سەرمایەداری، ترەمپ وا نیشان دەدەن کە خەڵکی ئۆکرانیا لە کوشتار و کاولکاری رزگار دەکات و کۆتایی بە جەنگ دەهێنێ و کەسایەتیەکی ئاشتیخوازەو ئەگەری ئەوە هەیە کە شایستەی خەڵاتی نۆبڵ بێت بۆ ئاشتی! هەروەکو ئەو سەرۆکەی دەناسێنن کە دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی ئەمریکا باشتر دەکات بەوەی کە ئابوری ئەمریکا باشتر دەکات و رێگا لە کۆچی نایاسایی دەگرێت! بەڵام راستی رووداوەکان ئەوەیە کە ئەم هەنگاوانەی ترامپ و دەستەی فەرمانڕەوای بۆرژوازی ئەمریکا بۆ دەربازکردنی ئەمریکا و سەرمایەی ئەمریکیە لەو قەیرانە ئابوریەی تێیکەوتوەو دۆخی ژیانی خەڵکی بەرەو خوارەوە پاڵ پێوەناوە و سەرمایەی ئەمریکی لە کێبڕکێی سەرمایەی جیهانیدا لاوازو کەم کاریگەر کردوە. ئەمریکا بەناچاری دەبێت ئەوە قبوڵ بکات کە لەگەڵ روسیا رێك بکەوێ، چونکە لەلایەکەوە دنیای فرەجەمسەری ئاراستەیەکی نەگەڕاوەیە و ڕوسیا یەکێکە لەو جەمسەرانەی دنیای سەرمایەداری و دەبێ ئەمریکا ئەوە قبوڵ بکات، هەروەها ئەو ملیار دۆلارەی کە لەشەڕی بێسودی ئۆکرانیادا ئەمریکا خەرجی کرد، تەواوی بکات و دەستی بە ملیارەها دۆلار کانزای گرنگ بگات لە ئۆکرانیا و لە ململانێی ئابوری لەگەڵ چیندا پێگەیەکی باشتر پەیدا بکات و روسیا لە چین دوربخاتەوە….
ئۆکرانیا مەیدانێکی ئاشکراو بێپەردەیە کە ترەمپ و دارودەستەکەی سازشی لەسەر دەکەن لەگەڵ روسیا، زۆر راشکاوانەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ئۆکرانیا و تەنانەت هێرشی توند بۆ سەر زیلینسکی و بە دیکتاتۆر و فاشیل ناوزەدکردنی، وە تەنانەت بەبێ گەڕانەوە بۆ ووڵاتەکانی ناو هاوپەیمانی ناتۆ لەگەڵ ڕوسیادا خەریکی رێکەوتنە و بڕیارە لە داهاتوی نزیکدا ترامپ و بۆتین کۆبونەوەی لوتکە ئەنجام بدەن لە سعودیە.
ئەمریکاو ناتۆ کە بەبێ حسابکردن بۆ خەڵکی ئۆکرانیا، لەسەر قوربانی دەیان هەزار هاوڵاتی و سەربازی ئۆکرانی و کاولکردنی هەموو ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاری ئۆکرانیا، بەناوی وەستانەوە بەرامبەر بە شەڕخوازی و هێرشی دڕندانەی بوتین بۆسەر خەڵکی ئۆکرانیا، ئۆکرانیایان پەلکێشی جەنگێکی خوێناوی کردو زیلیسنکی سەرۆکی ئۆکرانیاش وەکو بوکەشوشەی ناتۆ دەوری بینی و هەر رۆژەی لەپەرلەمانی وڵاتێکی ئەوروپادا و لە کۆنگرێسی ئەمریکادا لەلایەی سەرەوە دایان دەناو چەپڵەیان بۆ لێدەدا، بەڵام ئێستا لەدەرەوەی یاریەکە جێگایان بۆ داناوە و هیچ حسابێکی بۆناکەن!
واتە رێکەوتنی ترەمپ لەگەڵ بۆتین لەچوارچێوەی رێکەوتنێکە کە پڕۆژەی زۆرتری بەدوادا دێت. رێکەوتنێک هەتا ترەمپ ئەو بڕیارانەی لەسەر ئۆکرانیا داویەتی، ئەگەر سەبارەت بە خاكی ئەمریکا بیدایە، خەڵكی ئەمریکاو حزبەکانی موخالفی بەدژی دەوەستانەوە و لێیان قبوڵ نەدەکرد. ئایا خەڵکی ئەمریکا ئەوەیان قبوڵ دەکرد کە بەشێك لە ناوچەکانی ووڵاتەکەی بدرێ بە ووڵاتێکی دیکە!؟ وەکو ئەوەی ئەمریکا لە ڕوسیای قبوڵ کرد کە نزیکەی ٢٠٪ ی خاکی ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە داگیرکراوە و دەیەوێ گرێیبداتەوە بەخۆیەوە. ترامپ و ئەمریکا لەم رێکەوتنەدا وەکو رێکەوتنی دوو چەتەو رێگر هەڵسوکەوتی کردوە، بەوەی رەزامەندی لەسەر ٢٠٪ خاکی ئۆکرانیا بدرێ بە ڕوسیا و ئەمریکاش ٥٠٪ ی هەموو سەرچاوە کانزاییەکانی ئۆکرانیا بۆخۆی ببات! چونی ئۆکرانیا بۆ ناو ناتۆش بە مەحاڵ دەسپێردرێت و مەرجەکەی پۆتین بۆ دەستلەکارکێشانەوەی زیلینسکی و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەندجام دەدرێت. هەموو ئەم رێکەوتنانە لەسەر حسابی سێ ساڵ لەکوشتاری خەڵكی مەدەنی و سەربازی و کاولکاری بەشێکی زۆری وڵاتەکەو ئاوارەیی زۆری خەڵک بۆ ناوچەکانی ترو بۆ دەرەوەی ئۆکرانیا بەڕێوەچوو.
ئەم دۆخە ئابوریە قەیرانگرتووەی دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆ و ئەمریکا وەک یەکێک لەزلهێزەکانی دنیا، ترەمپ و هاوشێوەکانی لە ناتانیاهۆ و ئۆردوگان و بۆتین و هاوشێوەکانی لە حزبە راسترەوەکانی ئەوروپاو بەتایبەت لە بەریتانیا و ئەڵمانیا دێنێتە پێشەوە. واتە سەرمایەداری، لەکاتێکدا چینی کرێکاری وشیارو رێکخراو و کۆمۆنیزمێکی شۆڕشگێڕ لەمەیدانی جەنگی چینایەتیدا لاوازو کەم کاریگەرە، ئەوجۆرە فاشیزمەی ئەمڕۆی بەرهەم هێناوە.
سەرمایەداری و حکومەتەکانیان و سەرۆکەکانیان لەوێنەی ترەمپەکان ئایندەیەکی تاریکتر لەبەردەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا دادەنێن! بەرگرتن بەم بەربەریەت و فاشیزمەی سەرمایەداری و ئیمپریالیزم و جەمسەر و بلۆکەکانی، تەنها بەبەهێزبوونی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیزمی چینی کرێکارە کە دەتوانێ ئایندەیەکی دیکەی بەدەر لەو ئایندە تاریکەی سەرمایەداری، بۆ مرۆڤایەتی بەدیاری بهێنێت!

نوری بەشیر




خەڵوەتێک لە نێو گەردیلەکانی ڕووناکیدا.. شیعری کنێر حەسەن

مۆمێك ،ڕەنگ دەبارێنێتە نێو تاریکی،
دەنگێک، لە شێوەی هاواری ژەنینێکی خەمبار، لە ئامێرێکی موزیکدا دەکەوێ.
ڕووناکی لە نێوخانوویەکی قوڕیندا، بیرم دێنێتەوە، کە چرایەک لەوێدا داگیرسابوو.
کات، هەموو ڕووداوەکان، دێنێ و دەبا،
داهاتوو، چەند نادیارو دیار، لە ئێستادا دەڕوێ و شێتانە لێرەدەبێ.
لە دەرگای دەرەوە، زەنگێک هەڵدەستێ، بەڕاکردن بەرەو ئەوێ دەچم ،
تا دەگەمە دەرگا، کات پێش من دەکەوێت، کەس لەوێ نەماوە،
دەرگا ناکەمەوە، دایکم، لەوێدا لەگەڵ تارماییەک دەدوێ.
کات وەک رەشەبا، لێرە وە هەڵدەکات.
هەموومان راپێچ دەکات و من لێرەوە ون دەبم، بۆ گەڕانەوە،
لەسەیری هەڵدێری بەسەرچووندا دانیشتووم و
نائاگاییم خوێنی زامەکانم خەستتر دەکات.
لە نێو دەستەکانی ئاگاییمدا، لە سەماییەکی بێکۆتایی، لە ئاسۆییەکی سەوزباودا،
دەنگێک شارەجوانەکانی ئاوەدانیم ڕووناک دەکاتەوە.
وێران نابێت ڕابردوو، لە نێودڵدا ماڵێکی بۆ سازدەکەم،
هەموو وێنەکان ، لە ئەلبوومی دیوارەکانی هەڵدەواسم.
گشت ئەمانە لێرەن و، من دەچم دەرگا بکەمەوە، کات وەک رەشەبا پێش من دەکەوێ..
چەند بێهێزە بەسەرچوون، لە نێو ساڵ و مانگەکاندا،
کاتێک مرۆڤ ون دەکات وخۆی نازانێ،
ئێمە لە ماڵە پەنهاکانی دڵماندا حەشارمان داون.
برینێک خوێن دەبارێنێ،
زامێک لەسەر دەستی چەپم بەرەو پێدەشتی دڵ دەکشێ.
چارەسەرێکیش نییە، دەستی راستم ، دەخەمە سەر سوورایی خوێن،
وادەزانم، سووری گوڵاڵە ی بەهارەو، بەروویدا بەئارامی پێدەکەنم.
چارەسەری ترم نییە ، خوێنبەربوون، بە پانتایی دەستەکانم،
بەجوانی بوون لە ئێستا دا سارێژدەکەم.

سیحری ئازاری یادگاری و نوشتە و جادووی بەسەرچوونیش بێڕەنگتر بوون،
کاتێ ئێستا بە ئەسپایی کشا بەرەو هەواری من.
لە پیاسەیەکی ئارامدا لە نێودارستانێکی چر، بەڵێنماندا، نەگەرێینەوە بۆ دواوە.
کاتێ داهاتوو دەبارێ من دەستی گەردیلەکانی ئێستام دەگرم،
خۆی ونیگەرانییەکانی لە ژێرتینی تیشکی هەتاوی ئێستادا
وەک و هەڵم بەرەو ئاسمان بەرزدەفڕێ،
من عاشقی جوانییەکانی هەڵفرینی ئارامی رەوتی خۆی دەکات .
من لە ئێستادا، بۆ ئەوێ، بۆ پشوێک لە ژێر تیشکی خۆرباراندا،
بۆ سەمایەک لەنێو دڵۆپی باراندا،
بۆئەوێ و ون بوون لە خۆمدا، بۆ تەنیایی لە نێو خەندە و دەنگ و ئاپۆرای مرۆڤدا.
دەگەڕێمەوە سەرمەزاری پیرۆزی تۆ،بێدەنگی خاکی گۆڕەکەت، میهرەبانەو دەمدوێنێ.
بە چاوە داخراوەکانم، هە موو دونیام لە یەک چرکە پیشان دەدەی،
دەگەرێمەوە و دووبارە، جیهانێک بۆ تاریکی لە دڵمدا بنیات دەنێی،
جیهان کارگەو، کەرەستەی خاوە تاریکی، رۆشنایی بەرهەم دەهەنێێت.
لێرەدا من لەگەڵ خۆمدا ئاشت دەبمەوە.
لێرەوە خۆشەویستی دەستم دەگرێت،
هەتاو دێت و وەک منداڵێک بە هێوری دەچرپێنێ،
هەتاو دەڵێ، لەبوونەوەرەکانی خودا جوانی هەیە.
دووبارە، بەهەتاو دەڵێم: “لەروحی ماندووی مرۆڤدا، تۆدەبینم
لە لەگیانی بێئومێدیدا، خەم وکینە”
بێزاربووم من، لە دڵرەنجان لە بوونەوەرە دڵشکاو و توڕەکاندا،
جێگای بەزەییە مرۆڤ لەتاریکی.
بەختەوەری لە ئێستادا لە ژێر ڕۆشنایی بەسەرچوون ،
من دەگەیەنێ بەژوانێک لە گەڵ عەشقی داهاتوومدا .

01.2025




کتێب\ داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین.. ناڵە حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..

ناوی کتێب: داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین
بابەت: لێکۆڵینەوە
نووسەر: ناڵە حەسەن




مانگرتن و سەرکەوتنی ئینساندۆستی.. عوسمانی حاجی مارف

ڕۆژی ١١ی شوباتی ٢٠٢٥، دوای پانزە ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو، مانگرتنیان هەڵپەسارد. ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی زنجیرەیەک ناڕەزایەتی بەردەوامی جەماوەری ناڕازی کوردستاندا دێت کە دوای هەڵبژاردن و قەیرانی پێکنەهێنانی حکومەت، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ڕووبەڕووی قەیرانی دواکەوتنی موچە و پاشەکەوتی موچە و وەستانی پلەبەرزکردنەوە کردۆتەوە، کە بۆتە مایەی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و توڕەبونیان. بەرزبونەوەی توڕەیی و ناڕەزایەتی گەیشتووە بەو ئاستەی کەسانێک تەندروستی و ژیانی خۆیان بخەنە مەترسیەوە.
مانگرتن لە خواردنیان هەڵپەسارد، بەڵام هەوڵدان بۆ بەردەوامی بە ناڕەزایەتی و گەشەدان و فراوانبونەوەی ڕێکخستن و بەهێزکردنی ناڕەزایەتیەکان، لە بیرکردنەوەی جەماوەری ناڕازی و ئازادیخوازاندایە تا ئەو کاتەی داواکاریەکان جێبەجێ دەکرێن، هەروەها هەوڵدان بۆ دەسکەوتی زیاتر و سەرکەوتن بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە کۆمەڵگەدا ئومێدێکی گەورەیە.
هەڵپەساردنی مانگرتن و داخستنی خێمەکە، بە کاریگەری بانگەوازو داوای جەماوەری شاری سلێمانی و هەڵەبجەوە ئەنجامدرا، کە بۆ سەعاتێک دوکان و بازاڕیان داخست، بە مەبەستی پشتیوانی لە خواستەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران، هەروەها بۆ داوای کۆتایهێنان بە مانگرتن لە خواردن، بەتایبەتی دوای تێکچوونی باری تەندروستی مانگرتوان و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان. مانگرتوان پێشوازیان لە داوای دڵسۆزانەی جەماوەری توڕەو ناڕازی لە دەسەڵات کردو مانگرتنەکەیان هەڵپەسارد.
پانزە ڕۆژی مانگرتنەکەو ڕۆژانی دواتریش، میدیاکان بەشێوەی جۆراوجۆر وێنەو هەواڵی مانگرتووەکان و خەیمەکەو کارمەندانی تەندروستی و ئامادەبوانی پشتیوانی لە مانگرتوان ڕۆماڵ دەکرد، وێنایەکی سەربەرزی و ئیرادەو شکۆی جەماوەری ناڕازی بەرامبەر بەدەسەڵاتی میلیشیای تاڵانچی گەندەڵ و مشەخۆری نابەرپرس نیشاندرا. ئەم ڕوماڵە کە دەنگدانەوەیەکی سەرنجڕاکێشی بە خەڵکی کوردستان و دەرەوەی کوردستان بەخشی، دۆخێکی جیاوازی پڕ شانازی خستە سەر شانۆی ناڕەزایەتی جەماوەری و ئامادەیی وەستانەوە بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی زۆنی زەردو و زۆنی سەوز.
لەلایەکی ترەوە ململانێی حزبە دەسەڵاتدارەکان و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان، لەبەرامبەر یەکترو لەبەرامبەر جەماوەری ناڕازیدا، لەسەر ئەوەبوو کە تا چ ڕادەیەك هەر لایەنێکیان دەتوانن بەناوی پشتیوانیکردن یان دژایەتیکردنی مانگرتنەکەوە، کاریگەری لەسەر مانگرتوان و مانگرتنەکە جێبهێڵن و وەک ئەکتەرێکی سەرکەوتو بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بهێنن! بەڵام ئاستی ئەم ناڕەزایەتیەو ئیرادەی مانگرتوەکان و هێزی پشتیوانی، بەربەستێکی گەورە بون کە ئەکتەرەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەکەیان لە پەرلەمان بتوانن یاری بەم حەرەکەتە بکەن.
مەسەلەیەک کە لە ڕۆماڵی میدیاکاندا نەتوانرا بە فراوانی و بە باشی ڕۆماڵ بکرێت، ئەو ململانێیە بوو کە لە نێوان ئەوانەی پشتیوانیان لەو مانگرتنە دەکرد، وەک دوو ئاراستەی جیاواز لە پشتی پەردەی ئەو شانۆیە دەوریان دەبینی:
یەکەمیان ئەو بۆچونەی لایەنە ئیسلامیەکان و ناسیۆنالیستەکان بوو کە بۆچوونێکی کۆنەپەرستانەو دژی ئینسانی بوو وە هانی مانگرتوانی دەدا بەردەوام بن لە مانگرتن لە خواردن! بەنیازی ئەوەی بەڵکو کەسانێک گیانیان لەدەست بدەن و بیانکەنە قوربانی شڵەقاندنی دۆخەکە، بەو ئاراستەیەی کە دۆخەکە بە ئاقارێکی تردا بڕوات و نیازەکانی خۆیانی تیا بهێننەدی، کە لەم بارەیەوە حزبە دەسەلاتدارو ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو پەرلەمانەکەیان هاوبەش بوون. ئەمانە نابەرپرسانەو بێباک مامەڵەی مانگرتوانیان دەکرد، کە هەر لایەنێکیان بۆ مەبەستێکی سیاسی تایبەت بەدەوری ئەم ئاراستەیەدا دەسوڕانەوە.
دووەمیان ئەو بۆچون و ئاراستەیە بوو کە تەندروستی و پاراستنی ژیانی مانگرتوان بنەمای پشتیوانی و دەخالەتیان بوو، کە لەڕۆژی یەکەمەوە تەواوی هەوڵەکانیان هەنگاونان بوو بەگۆڕینی دەستبەجێی ئاراستەی مانگرتن لە خواردن، بۆ شێوازێکی شارستانی و گونجاوترو کارسازتر، کە لەڕاستای هەوڵەکانیاندا دەورێکی پێشڕەوانەو ئەرێنیان بینی لە رێکخستنی ناڕەزایەتی جەماوەری، بەداخستنی دوکانەکان و کۆکردنەوەی جەماوەرێکی چەند هەزاری بەدەوری خەیمەکاندا، کە داوا لە مانگرتوان بکەن، مانگرتن لەخواردن ڕاگرن. ئەم کارەیان ئەنجامداو سەرکەوتنێکی مەزنیان بۆ مانگرتوان لە خواردن تۆمارکرد، ئەم ئاراستەیە ڕۆڵ و ململانێی ئازادیخوازان و ئینساندۆستان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و رێكخراوەکانی ژنان و کۆمۆنستەکان بوو.
مەیدانی ناڕەزایەتی و مانگرتن و کۆبونەوەی جەماوەری لە تەواوی ئەو پانزە ڕۆژەدا، بەهەر پێشرەوی و کەموکوریەکەوە، جگە لە بەرزڕاگرتنی ئیرادە و پێداگری بۆ داخوازیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران، ململانێی ئەو دوو ئاراستەیەو سەرکەوتنی ئازادیخوازی و ئینساندۆستی و رادیکاڵیزم و بەشداری ئاستێکی بەرچاو لە ڕابەرانی ژنانی ئازادیخواز، سیمایەکی گەشی ئاسۆی ناڕەزایەتی ئایندەمان پێدەناسێنێت، کە لە هەنگاونانی بەردەوامی ناڕەزایەتیەکاندا ئەتوانین وەک ئەزمونێک هەوڵی زیاتر بدەین کە بەر بە هەر دەخالەتێکی نائیسانی و کۆنەپەرستی بگرین، کە دەیانەوێت یاری بەچارەنوسی ناڕەزایەتیەکان و ژیانی خەڵک بکەن و بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەکاری بهێنن.




دیدارێک لەگەڵ هونەرمەند چالاك سەدیق.. ئامادەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەند چالاك سەدیق: لەهەموو سەردەمێك بەڕۆژگاری ئەمڕۆشەوە بەرهەم وكاری هونەری جوان كراوە
هونەرمەند چالاك سەدیق: ئەنجامدانی فیستیڤاڵ كارێكی باشە بەمەرجێ هونەرمدانی بەئەزموون ئامانجە هونەریەكەی داڕێژن
هونەرمەند چالاك حەسن ناسراوە بە (چالاك سەدیق)،یەكێكە لە هونەرمەندە دیارەكانی كوردستان ئاوازی بۆ چەندین هونەرمەندی كوردستان داناوە،لەگەڵ چەندین تیپی موزیكی كوردی كاری كردوە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی موسڵ و زانكۆی بەغدا بەشی زانستی موزیك..زۆر سەرسامی ژەنینی هونەرمەندان مشتەبای میرزادە و ئەنوەرقەرداخی بووە هەرئەوەش وای كردوە خولیاوحەزی بچێتە سەر ئامێری كەمانجە شارەزایەكی باشی لە مقاماتی كوردیدا هەیە ..لە رووی كارگێریشەوە شارەزایەكی باشی هەیە بەو هۆیەوە ماوەی چەند ساڵێكە بەرێوەبەری پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی كەركووكە بۆیە بەباشمان زانی لە نزیكەوە بە چەند پرسیارێك بەسەری بكەینەوە.
هەڤپیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

  • سەرەتا بابزانیین چیرۆكی ئاشانابوونت بە هونەری موزیك چۆن دەستی پێك كرد؟
  • هەڵبەتە ئەم حەزو خولیایە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی، كاتێ گوێبیستی هونەرمەندانی گەورەی
    كورد لەمامۆستایان (عەلی مەردان و حەسەن زیرەك و مەزهەری خالقی ..) وهونەرمەندانی تر
    لەڕادیۆكانی كرماشان و بەغدا دەبووم،وە كاریگەری تیپەٍكانی موزیكی (سلێمانی و هەولێر و تیپی
    تەلەفزیۆنی كەركوك و باواجی ) كەبەرهەماكانیان پەخش دەكرا پارچە موزیكەكانی هۆرەی مامۆستا
    ئەنوەر قەرەداغی و كچە شۆخەكەی تیپی باواجی لەگەڵ گەلێكی تر بەمنداڵی دەناسیەوەو ئەمانە ئەو حەزە دەروێشییەیان لام درووست كرد بڕیارمدا فێری موزیك ببم و بەردەوام بم.. سەرەتای فێربوونیشم لەساڵی 1981 لەلای مامۆستا ( جەلال سۆدەچی) بوو كە بە شێوەی (گوێگرتن ) سەماعی بوو پاشان لەساڵی 1982 لەلای مامۆستا ( قادرمەردان ) بەشێوەی زانستی سەرەتاكانی فێربوونی كەمانم خوێندووە بەوهۆیەشەوە ساڵێك دوایی ئەو خوولە لەپەیمانگەی هونەرەجوانەكانی شاری موسل وەرگریام لەساڵانی پەیمانگاش لەلای هونەرمەندی كەمانچەژەنی بەتوانا ( ئەحمەد جەوادی) بۆماوەی 4 ساڵ وانەكانی ڤایۆلین ( كەمان ) و سۆلفێج و هارمۆنی و تیۆری موزیك و لای چەند مامۆستایەكی دیش وانەكانی ترم خوێند بۆیە،پەیمانگەی هونەرجوانەكان رۆڵێكی گرنگی بینی بۆ پێگەیاندنی ئێمە لەگەڵ هەوڵ و كۆشیشی خۆشمان توانیمان ببین بەو ژنیارو هونەرمەندەی ئێستا.
  • ئاشكرایە ژەنینی ئامێری كەمانجە ئاسان نییە بۆچی لە نێو ئەو هەموو ئامێرە موزیكیانە تۆ كەمانجەت هەڵبژارد؟
  • دیارە كاریگەری مامۆستایانی بەڕێز ( ئەنوەر قەرەداغی و مشتەبای مریزادە) هەرچەندە ئەو كات نەمان دەزانی مشتەبای میرزادە ئەوژەنیارەی هونەرمەندان( حەسەن زیرەك و مەزهەری خالقی) یە كاریگەری هەبوو لەوەی ئامێری كەمانجە هەڵبژێرم بەڵام هونەرمەند مامۆستا ئەنوەر قەرداغی لە تەلەفزیۆن دەمانبینی بۆیە ئەویش كاریگەری لەلام دروست كردم لەگەڵ چەندین هونەرمەندی تر وەكو (رزگار خۆشناو ) لەگەڵ گەلێ ژەنیاری تری تیپەكانی كوردستان .
    هەر ئەوەش وای لێكردم بۆ یەكەمینجار لەهاویین ساڵی 1979 ئامێرێكی كەمانچەم لە ئۆرزدیباكی شاری كەركوك بە 10 دیناری ئەو سەردەمەم كڕی بەڵام لە دوای یەك ساڵ بەدواوە چوومەمە لای مامۆستای تایبەت (جەلال سۆدەچی) كەلەنەتەوەی توركمانی شاری كەركوك بوو كەمانی باشرتی بۆپەیداكردم.

    *گۆرانی و موزیكی كوردی خاوەنی چەندین فۆڕمی جیاوازە، تا چەند ئەم فۆڕمانە هاوكارن لە پێشڤەچوونی موزیكی كوردی؟

  • ئەو فۆرمانە كاریگەری تەواوی لەسەر ئاوازو گۆرانی كوردی، هەیە چونكە هەر ناوچەیەكی كوردستان خاوەنی چەند فۆرمێكی تایبەتن بۆنموونە لاوكەكانی باكورو ناوچەی بادینان هەوێینی ستران وئاوازی ئەو دەڤەرانەن بەڵام لەگەرمیان (ئائ ئای و ئەڵاوەیسی و قەتارو خاوكەر )بوونەتە بۆن وبەرامی بەستەو گۆرانێكان و هەموو ناوچەكانی تریش بەهەمان شێوە، ئەوەشی دەمێنێتە سەرئاوازدانەرەكان دەبێت ئەوئاوازو فۆرمە ڕەسەنانە بكەنە هەوێینی كارەكانیان، نەك ئاواز و فۆرمی بیانی بە جۆرێك كاریگەری نەرێنی زۆری هەبێت لەسەر گوێچكەو رۆحمانا.

    *ساڵانە لە پەیمانگەی هونەرجوانەكانی كەركووك،كادری هونەری خوێندن تەواو دەكەن بەڵام لە گۆڕەپانی هونەری دیار نیین وەكو مامۆستایەك هۆكارەكەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

  • دیارە من بۆخۆم دەستەی دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری پەیمانگەی هونەرجوانەكانی كەركووكم كە لەساڵی 2005 وە دامەزراوە،لەتێكڕای بەشەكان هونەرمەندی دیاری لێ درووست بووەو ئێستا ڕۆڵی باشیان هەیە لەناو گۆڕەپانی هونەری كوردیدا نموونەی ( هەوار فارس – نەژادنەجم – سوزان ئەمحەد -چنار عیزەدین – بەرزان یونس – هۆزان شێرزاد ) لەبەشی شانۆ ( عومەر موفق – عەلی حمەمەد – ئەمحەد نەجیب -كاروان حمەمەد ) كۆمەڵێ كادری تریش كە بەشێكیان كیان مامۆستای كۆلێژی هونەرن لەزانكۆكانی كوردستانن وە لە ئێستا دا (15) كەسیشیان هەر لەپەیمانگای هونەرەجوانەكانی كەركوك مامۆستان لەهەرسێ بەشەكە . هەروەها بەشێكی زۆریشیان ئامادەییان لەكارە هونەرییەكاندا هەیە لەكەركوك و شارەكانی دیكەی كوردستان و لە فیستیڤاڵەكانی ناوەو دەرەوەش هەندێكیان خەڵاتیان بەەدست هێناوە. لەساڵانی ڕبردوشا دەرچووەكانی بەشی موزیك ئەوانەی ژەنیاری باشن لەگەڵ بەندەدا لەتیپی مۆسیقای كەركوك لەگەڵ بەشداریان هەبووە لەكلێپ و فیستیڤال و كارەهونەرێكان. ٍ

    *لە زۆربەی شارەكانی كوردستان تیپی موزیكی ئۆركرێسترا هەیە ئایا لە كەركووك بیرتان لەوە نەكردۆتەوە ئۆركسترای كەركووك دابمەزرێنن؟

  • هەوڵەكان هەبووە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەبوونی پاڵپشیت باش ئەو كارە نەمانتوانیوە ئەنجامی بدەین لەگەڵ ئەوەشدا بەشێك لەژەنیارەكان بەخۆمشەوە ئەندامی ئۆركێسرتای جیاوازەكانی كوردستاننی هەندێكیان كەركوكیان بەجێهێشتووە، بەڵام ئەگەر پشتگریی هەبێت ئەتواننی تیپی مۆسیقای كەركوك پەرەپێ بدەین كە زیاتر لە 25 ساڵە ئامادەمیان هەیەو خاوەنی چەندین بەرهەمی جوانین.

    *زۆرێك لە گۆرانییەكانی كوردی لە ئێستا بۆماوەییەكی دیار كراوە لە یادی وەرگر دەمێنێتەوە دوای لەبیر دەچێتەوە هۆكارەكەی میلۆدییە یان تێكستە یان دەنگی گۆرانیبێژەكەیە؟

  • لەگەڵ ئەوەی لەهەموو سەردەمێك بەڕۆژگاری ئەمڕۆمشانەوە بەرهەم وكاری هونەری جوان كراوە لەگەڵ ئەوەش دا،بەرهەمی بێ پەیام و بێ ئاستیش هەر هەبووە بەڵام ڕەنگە ئەمڕۆ زیاتر چونكە ئاسانكاری و هۆكاری تۆماركردن و گەیاندن ئاسانترو زۆرترە بەداخەوە گوێگرو بینەرو گۆرانی بێ بەهاو بێ ماناش زۆرە كاتێ هونەرمەندێك بەرهەمێكی چاك و بەئاست بەهەموو پێوەرەكان باڵاو دەكاتەوە دەبیین، بەداخەوە پێشوازیەكی ئەوتۆی لێ ناكرێت وەك ئەوەی پێشوازی لەگۆرانیەكی بێ ئاست لەڕووی تۆمارو هۆنراوەو ئاوازو دەنگ و تەنانەت ووشەی بێ ماناو دەنگی ناخۆش ئەكرێ، دیارە هەموو پێكهاتەی درووست بوونی گۆرانی لە (میلۆدی ،دەنگ، تێكست) دەگرێتەوە.

    *وەكو ژنیارێك ئەوكلیپانەی لە ئێستادا بەرهەم دەهێنرێت، تاچەند خزمەت بە گۆرانی وگۆرانیبێژەكە كردوە؟

  • دیارە ئەمەش كارێكی دوولانەیە زۆر كلیپ هەیە سەرنجی هەموومان ڕادەكێشێ كەهەموو پێكهاتە هونەریەكانی وێنەگرتن و لایەنی بینین، هەروەها گۆرانێكە مەرجەكانی هونەری لەئاسیت بەرزدایە كاریگەری باشی هەیە، بەڵام پێچەوانەكەشی هەیە وەكو دەیبیننی جیاواز لەنەرییت كوردەواری و هیچ خزمەت بەهونەرو میدیای ،كوردی ناكات كەبەداخەوە زۆربەی كەناڵەكان پەخشی ئەو جۆرە كارانە دەكەن، لەكاتێكدا ئاوازو گۆرانیەكانی هونەرمەندانی دێرین و ڕەسەن خاوەنی هیچ جۆرە كلیپێك نین كەچی بەگوێ گرتنیان ،هەریەكەو بەجۆرێك وێنای جوانین بۆدەكەن هەر بۆیە هەمیشە بە زەندووی دەمێنەوە.

    *ساڵانە چەندین فیستیڤاڵی موزیكی لە شارەكانی كوردستان ئەنجام دەدرێن تاچەند سازكردنی فیستیڤاڵ هاوكارن بۆ زیندوو كردنەوەی رەسەنایەتی موزیكی كوردی؟

  • هەڵبەتە ئەنجامدانی فیستیڤاڵ كارێكی باشە بەمەرجێ هونەرمدانی بەئەزموون ئامانجە هونەرەكەی داڕێژن وە ئامانجی دیاری كراوی جۆر و شێوازە هونەریەكەی لەموزیكدا هەبێت بۆ فۆرم و ئاوازو مەقامە كوردێكان،دەتگبێژی باشی تێدا دەركەوێت و ئەو ڕەسەنایەتییە بمنێتەوە و پەرەی پێبدرێت یان بۆ تیپ و گروپە جیاوازەكان بێت لە ئۆركێسترا – تیپە دێرینەكانی وەكو تیپی سلێمانی و دهۆك و هەولێرو كەركوك و ئەوانی تر یان هەرفۆرمێكی تر لەگروپەكان بەمەرجێ هونەرمەندانی بەئەزموون ببن بەدادوەر بۆ هەموولایەنەكانی موزك لەدەنگ و ئاوازو موزیكی باش و هۆنراوەو گەلێ چەمكی تر تاكوە ئەو فیستیڤاڵانە كاریگەری ئەرێنی بەجێبهێڵێت و هونەری موزیك بەرەو پێشەوە ببات و ئاڵ وگۆڕی هونەری وفیكری لەسەر یەكتری درووست بكەین .

    هونەرمەند چالاك سدیق لە چەند دێرك دا:
    -دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەكانی موسڵە لە ساڵی 1987 / 1988 ،دەرچووی كۆلێجی هونەر لە زانكۆی بەغدا بەشی زانستی موزیك بە پلەی یەكەم زۆرباشە لە ساڵی 2013 / 2014 تەواو كردوە.

  • لەماوەی خوێندنی لە پەیمانگا بەشداری لەهەموو فیستیڤاڵ وچالاكیە موزیكێكانی كردوە.
  • بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرە جوانەكانی شاری كەركوكە .

    • ئەندامی دەستەی دامەزراندنی تیپی مۆزیكی گەرمیان بووە.
    • سەرەتای ساڵی( 1992 لە شاری سلێمانی لەگەڵ هونەرمەندان ( حەمە ڕەئووف كەركوكی و لالۆ ڕەنجدەرو دلێر حسین ) و چەند هونەرمەندێكی تر تیپی مۆزیكی كەركوكیان دامەزراندوە.
      لە ساڵی ( 2011 ) وە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بووە ،سەرۆكی لقی كەركوكی هەمان سەندیكای بووە
      -سەرۆكی تیپی مۆزیكی كەركوكە ساڵانە چەندین بەرهەم پێشكەش كردوە بەتایبەتی لەساڵی 1998 تا ئێستا.
    • ئەندامی ئۆركیسترای شاری سلێمانی بووە لەساڵی 2002 تا ئێست بەبەردەوامی ساڵانە بەشداری چەندین كاری ئۆركێسترایی سیمفۆنیم كردووە لبە ڕابەرایەتی هونەرمەندان ( ئەنوەر قەرەداخی و نەجات ئەمین و عبداللە جمال سەگرمە و مستەفا عباس و كۆمەڵێ مایسترۆی بیانی). )
      . – لەگەڵ زۆرینەی تیپە مۆزیكێكانی شاری سلێمانی كاری كردووە
    • بەشداری چەندین كاری تۆماركردنی بەرهەمی هونەرمەندانی كوردم كردووە
    • ماوەی پێنج ساڵ بەبەردەوام لە كەناڵی كوردسات بەتایبەتی لەبەرنامەكانی ( سۆزو ئاواز و میلۆدی )كاری كردوە هەروەها دامەزرێنەرو سەرپەرشتكاری گروپی بەرنامەئاوێنە بووە لەو كەناڵە.)
    • چەندین خوول و ۆرك شۆپم لەناوەو دەرەوەی وولاندا لەسەر هونەر بینیوە لەوانە لە زانكۆی (مۆزارتیۆم ) لە وڵاتی نەمسا لەگەڵ رێكخراوی ( yes acadimi ئەمریكی پێنج ساڵ لەگەڵ كردوون 2007تا 2012 .
    • كاری مۆزیك و ئاوازم بۆ كۆمەڵێ هونەرمەند كردووە لەوانە ( حەمە ڕەئووف – عباس محمد، ئاكۆ عبدالسلام، نامۆ عمر، عباس صلاح داودە، چنار كەركوكی …. هتد كردووە.
      . – كۆمەڵێ ئاوازو بەرهەمی بۆ منداڵان لەكەناڵە ئاسمانێكان بڵاو كردۆتەوە
      -چەند بەرهەمێكی مۆزیكی ئۆركێسترایی داناوە لە سەر شانۆ نمایش كراوە
      مۆزیكی م بۆ درامای كەركوك 4 داناوە كەلە دەرهێنانی هونەرمەند ناسر حەسن بوو
    • بەشدار بووە ڤیستڤاڵەكانی موزیكی كوردی 2003 لەشاری سنە و 2004 لەسەردەشت 2005 لە دیاربەكر كۆنسێرتێكی ئۆركێسترا لە 2014 لە شاری سۆفیای وڵاتی بولگاریا.




سووکە ڕوانینێک لە مەڕ ئارێشەی کۆمەڵایەتی.. نووسین: هێمن ئەمینی

ئارێشەی کۆمەڵایەتی یان کێشەی کۆمەڵایەتی(social problem) پێناسەی زۆری بۆ کراوە، بەڵام بە زۆرینە لە سەر ئەوە کۆکن کە کاتێک بابەتێک دەبێتە کێشە کە بوو بێتە دیاردە. ئەویش چەندین پێناسەی بۆ کراوە. بەڵام یەکێک لە پێناسە باوەکان ئەوەیە کە دیاردەکە یان کێشەکە هەتا چەندە بەربڵاوە و خەڵکێکی زۆر لە خۆ دەگرێت. بۆ وێنە؛ ئەگا لە شارێكی دوو سێ ملوێنی لە ساڵێکدا دە هەزار کەس کۆچ بکات، وەک ئارێشە نابیندرێت و بەڵام ئەگا هەر ئەو دە هەزار کەسە لە شارێکی سەت هەزار کەسیدا کۆچ بکەن، ئەوە دەریدەخات کە کێشەیەک دەگۆڕێدایە. یان بۆ وێنە لە پۆلێکی خوێندنی ٣٠ کەسیدا ئەگا ٣ خوێندکار لە وانەکانی خوێندنێدا بکەون، ئاساییە و بەڵام ئەگا دە کەس بکەون ئەوە دیارە کێشەیەک هاتۆتە کایەوە و جا کێشەکە ڕەنگە لە؛ خوێندن بە زمانی دیکە وبە تایبەت زمانی نەتەوەی سەردەست، کەمکاری؛ خوێندکاران، مامۆستایان، خوێندنگە، بنەماڵەکان یان؛ چاوەڕوانیەکانی کۆمەڵگا، باری ژیان، بابەتەکانی خوێندن و ناپەیوەندیداربوونیان بە پێویستیەکانی سەردەم یان ناوچەی ژیانی خوێندکاران، گیرۆدەبوون و خووگرتەیی خوێندکاران بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، پێداگری لە خوێندنی یەک ڕەهەندی بۆ وێنە هەر وانەدانی مامۆستا و لە بەرکردن، نەبوونی ڕابواردن و دڵخۆشکەری لە خوێندنگەدا، دووپاتەوەبوونەوەی بابەتەکان و … بێت. هەروەتر لە کێشەی کۆمەڵایەتیدا بابەتێکی دیکە کە زۆر گرینگە ئەویش ئەوەیە کە کێشە لە دەرەوەی تاکە کەسە و پێکهاتەییە و بەڵام کەسەکان لە سەرەتادا وادەزانن هەر بۆ خۆیان گیرۆدەی ئەو دەردەن، بەڵام دوایە دەردەکەوێت ئەوە کێشەی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگایە. بۆ میناک؛ لە هەڵاوەسانی ئابووریدا، ڕۆژ بۆ ڕۆژێ خواردەمەنی سەر خوانی خەڵکی بە تایبەت چین و توێژەکانی هەژاری کۆمەڵگا لە کزی دەدات و ئەگا پار و پێرار بنەماڵەیەکی هەژار لە ساڵێدا دوو سێ جار گۆشتی سوور و یان ماسی دەکڕی، ئەوە ئەو ساڵ هەر جارێکیشی بۆ ناکڕێت و جا سەرەتا کەسەکە وەدەزانێ کێماسی هەر لە خۆیەتی و دواتر بۆی دەردەکەوێت کە بەشێکی زۆر لە؛ خزم، کەسووکار، هاوڕێ، هاوکار، هاوشاری و هاونیشتمانی گیرۆدەی ئەو دەردەن و ئەوە تەنیا بە تەنێ لە دەست ئەواندا نیە و زۆر جار لە دەرەوەی دەسەڵاتی تاکەکەسەکان دایە و پێکهاتەییە و کێشەکە هەڵاوەسانی ئابووریە، کە ڕۆژ بۆ ڕۆژێ دەسەڵاتی کڕینی ئەوانی کەم کردۆتەوە و ئەوەش کاریگەری خستۆتە سەر خواردن و جۆری خواردن و لە پاشانیش تەندروستیان، لە بەروەی زۆر شتی پێویستیان بە لەشی ناگات، جا ئەو کات دەزانن کە کێشەکە بەرینتر لە کێشەیەکی تاکەکەسیە. بۆ ئەوەی بابەتێک و دیاردەیەک بە کێشە پێناسە بکرێت، دەبێ هێندێک کەس، سازی و دامەزراوە و کۆمەڵ کاری لە سەر بکەن هەتا وەک ئارێشە پێناسە بکرێت. دەنا ئەگا ئەو کارە نەکرێت بۆی هەیە ئەو دیاردەیە و کێشە هەشبێت بەڵام لە بەر ئەوەی کاری لە سەر نەکراوە وەک کێشە و ئارێشە پێناسە نەکراوە و لە لای خەڵکی زۆر ئاسایی بووە. بۆ وێنە زۆرداری دەرەبەگایەتی هەتا پەنجا شێست ساڵ لەوە پێشیش لە گەڵ ئەوەی زۆر بە زەقی هەبووە و زۆرینەی کۆنەڵگای پێدەتڵایەوە، بەڵام لە لای زۆرێک لە خەڵکی وەک کێشە پێناسە نەکرابوو و لە لایان ئاسایی بوو و دوای ئەوە کە کەسانێک و دامەزراوەگەلێک هاتن کاریان لە سەر کرد، جا ئەو کات وەک کێشە بیندرا و کار بۆ بنەبڕکردنی کڕا. ئەوە لە بابەت دیاردەی ژن بە ژنە و گەورە بچووکیش لە گەڵ ئەوەی بە ڕاستی دەردێکی گەورە بوون، بەڵام لە لایەن زۆرینەی خەڵکی و تەنانەت قوربانیەکانیشەوە شتێکی ئاسایی بوون و وەک دیاردە نەدەبیندران و هەتا هێندێک کەس و سازی وەک کێشە زەقیان کردنەوە و کار بۆ دزێوکردن و بە کێشەکردنی کرا و کە ئەو دیاردانەش وەک دیاردەی دەرەبەگایەتی گڵۆڵەی کەوتە لێژی و بەرەو خاشەبڕ بوون هەنگاوی نا. جا ئەگا کەسانێک یان دامەزراوە و سازیەکان بیانهەوێت کێشەیەک لە کۆمەڵگایەکدا پێناسە بکەن و لە لای کۆمەڵگا وەک کێشەی بناسێنن و ئارێشە کۆمەڵایەتیەکان و بە کێشە کردنی دیاردەیەک بۆ کۆمەڵگا و دەستڕۆیشتوو و کاربەدەستانی کۆمەڵگا ڕوون بکەنەوە پێویستە ئەو چەند تێبینیە لە بەر چاو بگرن؛
١-هەستیار کردنی کۆمەڵگا: لە سەرەتادا کەسێک یا کەس گەلێک لە سەر کێشەیەک یا دیاردەیەک هەستیاری دروست بکەن، هەستیان لە مەڕ دۆخەکە ببزوێنن و بە زەقکردن و مەترسیدار دەرخستنی دیاردەکە ئەو دۆخە دەڕەخسێنن. بۆ وێنە لە مەر کێشەی ژینگە؛ بڕینی دارستانەکان، دەستدرێژی بۆ سەر پاوان و لەوەڕگە گشتیەکان، لێدانی بەنداوەکان، چاڵاولێدانی زۆر، دروستکردنی ئەو هەموو بە نێو ماڵە باخە، تێکدانی زەویە وەرزێریەکان و دابەشکردنیان بۆ تەختە زەوی بچووک بچووک بۆ شوێنی ماڵە باخ و ماڵی دووەم و … کاریگەری نەرێنیان لە سەر؛ کۆچی دانیشتوان و چۆڵبوونی هێندێک شوێن، کەم بارین، لافاوەکان، جمگە و ڕۆچوونی زەوی، وشکەساڵی و کەمئاوی، کەمکردن و وشکبوونی ئاوی کانی و سەرچاوە و چاڵاوەکان، چوونە سەری پلەی گەرمی، ئاگرکەوتنەوەکان و … زەق بکرێنەوە.
٢-زەقکردنەوەی ڕاستەقینەبوونی دیاردەکە: دەبێ ئەوە تۆخ بکرێتەوە کێشەکان ڕاستین و هەر خەون و خەیاڵ نین و بە کردەوە و لە ڕاستەقینەدا ڕوو دەدەن و لە گۆڕێن، ئەوەش بە بەڵگە پێشان دەدرێن. بۆ وێنە لە مەڕ کێشەی ژینگەیی بە ئاشکرا ئەوە پێشان بدرێت کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندە دارستان و لێرەوار لە نێو براوە و بۆ زەوی وەرزێری و نێشەجێبوون و … داگیر کراوە و ئەوەش چەندە کاریگەری نەرێنی لە سەر ژینگە و بوونەوەرەکانی داناوە.
٣-نالێکی دیاردەکە لە گەڵ بەهاکانی مرۆڤایەتی و بەهاکانی کۆمەڵگا: وا بۆ خەڵک شی بکرێتەوە کە ئەوە لە گەڵ بەها مڕۆڤییەکان یا بەهاگەلی ئەوان نایەتەوە و یەکناگرێتەوە. بۆ وێنە لە مەڕ خۆکوژی ئەوە ڕوون دەکرێتەوە کە ئەوە لە گەڵ باوەڕی گشتی و بە تایبەت مرۆڤی باوەردار و بڕوامەندی کۆمەڵگای کوردی نایەتەوە. هەروەها بۆ وێنە دەکارین لە مەڕ خووگرتەبوون بە دۆکەل و کەڕەسە سڕکەر و خواردنەوە بەزەڕەکان بە هەموو چەشنەکانیەوە گشت توێژ و تاکەکانی کۆمەڵگا ڕوون بکرێنەوە کە ئەوە دژی هەموو بەهاکانی مرۆڤایەتی، نەتەوەیی و ئایینی ئەو نیشتمانەیە و بەدەر لە ئاکار و ڕەوشتی مرۆڤانەیە.
٤-دەرخستنی ئارێشە وەک کێشەیەکی گشتی: دەبێ ڕوون بکرێتەوە ئەو ئارێشەیە هەر تاکەکەکەسی نیە و گشتیە، لە مەر وە بدوێن کێشەکە کۆییە. بۆ وێنە ڕوون بکرێتەوە کە کێشەی کۆچ لە شارێکی بچووکدا تەنیا پەیوەندی بە ویستی کەسەکەوە نیە و چەندین هۆکاری وەدەرنەر و ڕاکێشەر هەن و بۆ میناک لە ناوچەیەکدا؛ بێکاری، نەبوونی هێمنایەتی و تەناهی، نەبوونی پێداویستیەکانی ژیان، وشکەساڵی، تەنگ پێهەڵچنران، داگیرکاری، نەبوونی ئازادیە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیەکان، خۆشبژێوی نزم، دەستێوەردان لە ژیانی تاکەکەسیدا، دواڕۆژێکی ناڕوون، سەربەخۆنەبوون لە بڕیارداندا و … هۆکاری وەدەرنەرن. لەو لاشەوە هۆکارگەلی ڕاکێشەر لە شوێنی مەبەست وەک؛ ئازادی، کار، خۆشبژێوی باش، هەبوونی پێداویستیەکان و دابینبوونی چاوەڕوانیەکان، هێمنایەتی و ئاسایش و … وادەکەن کە کەسەکە کۆچ بکات.
٥-مێژوویی بوونی دیاردەکە: دەبێ ئاوا دە کۆمەڵگا بگەیێنرێت کە کێشەکە مێژووییە و لە مێژوو بەدەر نیە و لە سەردەمێکی مێژوویدا ئەوە کێشەیە و بۆی هەیە لە سەردەمێک و دۆخێکیتردا کێشە نەبێت. بۆ وێنە؛ ژن بە ژنە، گەورە بە بچووک، مارەکردنی سێ بە گا، لەش شەمزاندنی مێینە و … چل ساڵ لەمەوبەر پڕ کێشە بوون، ئێستا بە خۆشیەوە نەماون یا زۆر لە کزیان داوە. بەڵام ئەو کات قسەکردنی دایک و بابان لە گەل زارۆیان بە زمانی نەتەوەی سەردەست هێندەی ئەوڕۆ پەڵهاویشتوو نەبوو بێت و یا کێشەی ژینگە ئەگا هەش بوو بێت، هێندەی ئێستا تۆخ و مەترسیدار نەبووە.
٦- ڕێژەیی و بگۆری(changeble) بوونی دیاردەکان: دەبێ ڕێژەیی بوون و بگۆڕی ئارێشەکە دەر بخرێت کە لە؛ هەموو شوێن و جێیەک، بۆ گشت کەسێک، تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگا وەکوو یەک کاریگەری نیە. بۆ وێنە هەڵاوەسانی ئابووری بۆ چینی سەرووی ئابووری و چینی خواروی کۆمەڵایەتی یەک نیە، هەر چەند ڕەنگە هەر دووک زەرەرمەند و زیانمەند بن، بەڵام زیانمەندی سەرەکی هەژارەکانن. لە بەر ئەوەی کە چینی سەروو یان کەسی ساماندار و دەوڵەمەند بوونێکی هەیە وشتێکی لە جێدا هەیە و بە پێێ هەڵاوەسانی ئابووریەکە بەهای سامان و شتە هەبووەکانی دەشتە سەرێ و ئەگا تێچووی دەشتە سەرێ داهاتیشی دەشتە سەرێ. بەڵام داهاتی هەژارەکە بە ئاستەمتر دەشتە سەرێ و فریای هەڵاوەسان ناکەوێت و ئەگا لە بەردا بڵێین بە دە ساڵ دەبوو بە خاوەن خانوو، ئێستا ڕەنگە بە بیست ساڵیش نەبێتە خاوەن چاوە خانوویەک.
٧-بەربڵاوی دیاردەکە: بەربڵاوی و فرە ڕەهەندی بابەتەکە پێشان بدرێت، ئەوەی کە لە بوار و بەستێنێکدا ئارێشەکە بەرتەسک نەکرێت و بۆ میناک؛ سەبارەت بە بابەتی ماف و مافخوراوی هەر پەیوەندی بە بواری ماف و یاساوە نیە، زانستەکانی وەک؛ ڕامیاری، کۆمەڵناسی، مێژوو و … دەگرێتەوە، دوای وەی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتیە بەشێکی زۆری کۆمەڵگای تەنیوەتە و پێوەی گیرۆدەن و کاریگەری نەرێنی لە سەر ژیانیان داناوە و ئەگا وریا نەبین و کارێک نەکەین لە دەسەڵاتی ئێمەدا نامێنێت.
٨-هەبوونی چارەسەر: خەڵک و کۆمەڵگا دڵنیا بکرێتەوە کە وەک کورد گووتەنی: خوا ئەگا دەردی داوە، چارەسەر و دەرمانیشی داوە، واتە ڕێگای دەرچوون و دەربازبوون لەو ئاڕێشە و تەنگەژەیەش هەیە. هەر چەند دەبێت ئەوە لە بەر چاو بگرین، ڕەنگە ئێمە بتوانین کێشەکە و بارستایی و ڕێژەکەی کەم کەینەوە، هەتا ئاستێک بەری پێ بگرین، دەنا بنبڕ کردن و ڕێ لێبرینەوەی یەکجاری و ڕێگاچارەسەری یەکلاکەرەوە ئەستەمە.
بەڵام لە گەل هەموو ئەوانەش وەک دەڵێن؛ گەرمێن بۆ پیاوی هەژار دوورە، لەگەل وەی زۆر جار نووسەر، چاڵاکڤان و بیرمەند ئەوە دەکات، زۆر کەس تەقەی لە بن سەری نایە. بۆ میناک: لە بابەتی ئارێشەگەڵی ژینگەوە لە گەڵ ئەو هەموو وردەکاری، ڕونکردنەوە و تێبینی دانە کەچی بەشی زۆری کەترەخەمە. جا بۆیە دەبێ بۆ ئەوەی بە کردەیی کار بکەین هەتا کێشەیەکی کۆمەڵایەتی چارەسەر بکەین، پشتیوانی و دەسەڵاتی ڕاییکردن و بەڕێۆبەرایەتیکردنیش هەبێت، هەتا بتوانێت بە کردەوە کارێک بکات و بۆ وێنە لە مەڕ کێشەگەلی ژینگەیی و تێکدانی ژینگەیی بە کردەوە بەری پێ بگرێت. جا ئەگا ئەو پشتیوانیە نەبوو دەبێ بە کاری بەردەوام و ڕونکردنەوەی بەردەوامی کۆمەڵگا و چین و توێژەکانی و بە تایبەت کەس و توێژە بەرخەسارەکان بە پێی ئەو تێبینیانەی لە خاڵەکانی سەرەوەدا ئاماژەیان پێدرا، بەرچاوی کۆمەڵگا ڕوون بکرێتەوە و بزاڤێکی بە هێزی کۆمەڵایەتی و کاریگەر ساز بدرێت، ئەو بزاڤە بە ئەگەری زۆر دەکارێت لە نزیک مەودا یان نیوەمەودا و درێژمەودادا تەنگژاویبوونی دۆخەکە و دیاردەکە دە کۆمەڵگا، دەسەڵات و هێزی ڕاییکردنی کاروبای کۆمەڵگا بگەیێن هەتا هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەری ئاڕێشەکە بێنێتە گۆڕێ.

نووسین: هێمن ئەمینی




فۆڕم و هێما و سێکتاریسمی حزبی کوردی!؟.. برایم فەڕشی

ئەگەر بتەوێ خەڵکێک لە بیرکردنەوە و تێگەیشتن، لە قووڵایی مەسەلەکان دوور خەیەوە و بۆ ئامانجی سیاسی، ئایینی، ئیدئۆلۆژیک بەکاریان بهێنی، باشترین ڕێگا بەکارهێنانی هەست و بزواندنی هەستیانە.

یەک لە شێوەکانی هەستبزواندن، پڕۆپاگەندەیە، کە مرۆڤ لە تەسکبینی و تێگەیشتنی ڕووکەشدا دەهێڵێتەوە. بەکارهێنانی فۆڕم و هێما، (سەمبول)ی هەمەجۆر ئەم مەبەستە دەپێکێ کە لە سیاسەت و بازاڕ و ڕێکڵامی تیجاری بە خڕی بەکاردەهێندرێ.

ئایین بەر لە سیاسەت و حکومەت و بازاڕ خەڵکیان لە گەڵ فۆڕم و سەمبول گرێدا، وەک ئەستێرەی داود، خاچی عیسا و هێماکانی تری ئایینی. سەرەڕای سەردەمەکانی ئەنتیک، ڕۆم و دواتر لە دووسەدوپەنجا ساڵی ڕابوردوو، هەم بۆ سیاسەت و هەم ئیدئۆلۆژی لە هێما بۆ بەستنەوەی خەڵک بە سیاسەت و ئیدئۆلۆژی کەڵک وەرگیراوە.

سەدەی بیست زۆرتر و زۆرتر مرۆڤ لە لایەنی سیاسی و بازاڕەوە بەردەوام لە تەک هێما و سەمبول گرێدرا و لایەنی شوناس و ناسنامەی پێبەخشرا. لە سەردەمی شۆڕشی ئۆکتۆبر و سەردەمی فاشیسمی ئیتالیا و ئاڵمان هێماکان باری سیاسی ئیدئۆلۆژیکی پێبەخشرا. خاچی شکاوی نازیسم و فۆڕمی بەکارهێنی باسک وقۆڵ وەک سڵاوی فاشیستی هیتلێری، کرا بە ناسنامە و هێمای ناسینەوەی نازیسم. ئەم تێگەیشتنە هاوردەی تورکیا و ئێران و وڵاتانی عەڕەبی و ئیسلامی کرا.

مستەفا کەماڵ کە وەک باوکی تورکان بە هێما و جلوبەرگی تایبەت دەناسرێتەوە، بوو بە هێمای فاشیستەکانی تورک و دواتر گورگەبۆرەکان. ڕەزاشا تێگەیشتنی یەک فۆڕم و یەک جلوبەرگی هێنایە گۆڕێ و خۆی گوتنی ،،متحد الشکل کردن،، بووە هۆی لەناوبردنی سیمای هەمەجۆری نەتەوەکانی نە فارس. دواتر هەمان تێگەیشتن پانئیرانستەکانی هێنایە سەر ئەو خەتەی فۆڕم و جولەی هاوشێوەی فاشیستەکانی ئاڵمان بەکار بێنن.

ئەم شێوە لە بیرکردنەوە لە چین لە سەردەمی مائۆ سەرجەم خەڵکی هەمەجۆری ئەم وڵاتەی لە یەک چەشن و ڕەنگی جلوبەرگدا قەتیس کرد و هەمە ڕەنگی تێدا کوشترا. ئەم چەشنە لە یەک ڕەنگ و یەک دەست کردنە لە کۆمەڵێک وڵاتی کۆمۆنیستی لە ئاسیا و ئورووپا و ئامریکا و ئامریکای لاتین بڕوی پێدرا وەک سەردەمی ستالین، سەردەمی فیدل کاسترۆ.

ئەوەی ئێستا ئەم تێگەیشتنە کە پێشتر لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات تاقیکراوەتەوە، سەر لەنوێ لە ڕۆژهەڵات بێتە ئاراوە کە لە ڕاپەڕینی ژیناشدا لێرەو ولەوێ بیندرا، نە تەنیا تێگەیشتنێکی سیاسی ساخڵەم نییە، بەڵکە تێگەیشتن و سیاسەتێکی ترسناکە و کۆمەڵگای کوردستان لەوەی کە هەیە بەرەو لەبەریەک ترازانی کۆمەڵایەتی و دڕدۆنگی زۆرتر لە یەکتر دەکێشێ.

تێگەیشتنی،،خاک پۆشان،، یەک شکڵ و یەک فۆڕم و یەک ڕەنگکردنی خەڵک ،،سووریی و ڕووکەشیانە،،یە. تاک حزبی کردنی خەڵکی شار و گوند و گەڕەک، سوودی سیاسی و تەبلیغاتی و پرۆپاگەندە بەو حزبە و بەو کەسانەش ناگەێنێ و یارمەتی ئەو ،،ئاکسیۆنێرانەش،، نادات کە دەبنە ئاکتۆری ئەم سیاسەت و تێگەیشتنە چەوتە.

داهێنەرانی ئەم تێگەیشتنە دەبوو ئانالیزی ئاکسیۆن و جەولە بێ ئاکام و زیانبەخشەکانی پێشووی خۆیان کردبایە و بە دەرس وەرگرتن لە ئازموونی پێشتر کە لە ڕاپەڕینی ژیناش خۆی نوواند، بەرەو هەڵهێنانەوەی ئەم هەنگاوە نەچووبایەن.

کۆمەڵگای ئێستای کوردستان لە هەر چوارپارچە، دەیان جار کۆلکەزێڕینەترە لە دەیان ساڵی ڕابوردوو. ئەوەی حزبی کوردی دەبێ بیکات، هەنگاو هەڵهێنانەوە بەرەو هەمەڕەنگ کردنی خۆیان و حزبەکانیانە، نە پێچەوانەکەی. ئەم سەردەمە سەردەمی هەمەڕەنگییە.
حزبەکانی سەدەی بیستی ئورووپا و کۆمەڵگاکەیان ئێستا ئیتر تەنیا ڕەنگی سوور و ڕەش لە خۆ ناگرێ و حکومەتەکانیشیان لە دوو ڕەنگ و یەک ڕەنگ تێپەڕیوە. ئەوە کۆمەڵگای کوردستانیش دەگرێتەوە، کە لە بواری حزب و حزبایەتیش یەک ڕەنگ نەماوەتەوە.
ئەوەی کوردستان پێویستی پێی هەیە ڕەنگی پارچە و فۆڕمی جلوبەرگ و تێگەیشتنی ،،سەرسەری،، و تەبلیغاتی هەرزانخڕ نییە. ستراتێژی هاوبەش، یەک دەنگی و هاوپشتی و یەکگرتووییە، ئەوەش بەرهەمی بیرکردنەوە و قووڵ بیرکردنەوە و داڕشتنی بەرنامە و ڕێکخستن و ئۆرگانیزەکردنە.
کوردستان لە سەرەتای مێژووی خۆییەوە وڵاتی ڕەنگەکان بووە و مێزۆپۆتامیا و زاگرۆس و میللەتانی نیشتەجێ لەو دەوەرە بە هۆی بەڵگە و لێکۆڵێنەوە، شوێنی سەرەتای چەشنێک لە دێموکراسی و هەمە ڕەنگی سروشتی و ژیانی سروشتی بووە. گۆڕینەوەی هەمەڕەنگی بە تاک ڕەنگی، ناتوانێ سیاسەتی حزبێکی کورد بێ، کە ئیدعای پێشڕەوی و دێمۆکراسی هەیە، بەڵکە ئەوە کەوتنە داوی تێگەیشتنی سێکتاریستی حزبییە.
هەڵپەڕکێ و جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ و فۆڕمی جلوبەرگ لە ناو نەتەوەی کورد ئەمڕۆ سیمای جیهانی و ناسنامەیی پەیداکردووە و سڕینەوەی ڕەنگەکان و فۆڕم و ستیلی هەزاران ساڵەی یەک نەتەوە بۆ مەبەستی حزبی و پڕۆپاگەندە، خەتایەکی گەورەی سیاسی – کۆمەڵایەتی ترسناکە و بەزاندنی سنووری بایخەکان بۆ بەرژەوندی تەسکی حزبییە، کە بەرژەوەندیی حزبیشی لێناکەوێتەوە، وەک پڕۆژە بەتاڵەکانی پێشوو کە لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە لایەن حزبەکانەوە فەشەلی هێنا.
ئیسلام هەزاروچوار سەد ساڵە تاک ڕەنگی و تاک فۆڕمی بە سەر موسڵماناندا داسەپاندووە و ڕژیمی ئیسلامی ئێران چل وپێنج ساڵە ڕەنگێکی ڕەش و فۆڕمی کفنی مردووانی بەناوی جلوبەرگ بەسەر نیوەی کۆمەڵگادا داسەپاندووە، ئێمە نابێ ئیزنی ئەوە بە خۆمان بدین بە ناوی کورد و حزب و شۆڕشگێڕیی، کاری هاوچەشن لە ژێر هەر ناو و ئامانجێک دووبارە بێتەوە.
بە حزبی و ئیدئۆلۆژیکردنی فەرهەنگ ، هونەر، ئەدەبیات، دامودەزگای مەدەنی و هەر لایەنێکی ژیانی خەڵک کە لە مێژوودا کارەساتی لێکەوتۆتەوە، نابێ بەرۆکی خەڵک و کۆمەڵگا بگرێتەوە!

برایم فەڕشی
٢٢/٢/٢٠٢٥
** ئەم باسە لە کورتی بڕاوەتەوە و لە داهاتوو، هەراوتر و قووڵتر دەکرێتەوە.




تێڵا.. پشکۆ ناکام

[[“بە چوونی بۆ کۆشک کەر نابێ بە پاشا ، بەڵکو کۆشک ئەبێ بە تەویلە..
“پەندێکی فارسی”]]

….. تۆ بزانە ئەو عەرەبە شۆڤینیە مەزهەبیانەی بەغا چی بە کورد ئەکەن و چۆن ڕێگرن لەبەردەم هەر هەنگاوێکی کوردایەتی و بونیادنانی دەوڵەتی کوردی..!! هەر کە زانیان هەرێم بەحاڵ و تۆزێکی ماوە هەر بەقەد دەزوویەکی ماوە ببێ بە دەوڵەت یەکسەر کەوتنە سەروگوێلاکی ئابووری سەربەخۆی کوردستان ، ئەوەبوو کە زانیان “ کۆڕەک تێلە کۆم” دەورێکی سەرەکی هەیە لە بوژانەوەی ئابووری هەرێم و ژێرخانەکەی بە تۆمەتی قەرزاری ڕایان گرتوە ، لە ڕاستیا هۆیە ئەسڵییەکە “ کوردبوون”! ی ئەو کۆمپانیایەیە کە هێندە پەرۆشی خزمەت کردنی خەڵکی کوردستانە بە تایبەتی کەس کاری ئەو ڕووبارە خوێنەی هەرێمیان دروست کرد ، ، تەنانەت چەن جارێک مووچەی ناردوە بۆ بەغا کە لەوێوە ڕەوانەی هەرێمی بکا تا دابەش بکرێ و بە بەغای ووتوە نەڵێت ئەو پارەیە هی کۆڕەکە کورد وەتەنی “ پیاوەتی بکە و بیە بەدەم نەوتەوە..” جگە لەوەش ئەو ڕیزە ئوتێلە چەن ئەستێرەییە کە خاوەندارێتی کۆڕەک لە ئەوروپا هەیەتی هەموو داهاتەکانی بۆ تەواو کردنی پرۆژەکانی هەرێمە و تەنانەت نیازی وابوو کارەبای بیست و شەش سەعاتی “ بیست و چواری ئەسڵی و دووی ئیحتیات “ بۆ هەرێم دابین بکا …
دەسەڵاتدارانی بەغا ویستوویانە سوود لە دروشمە سەرەکییەکەی خاوەندارێتی کۆمپانیاکە وەربگرێ کە بە :“ جەنەراڵی هەڵهاتن “ ناوبانگی هەیە بەڵکو ئەمە خوایە لەبەر قەرزارییەکەی دروشمەکەی “ مەخمور” دووبارە جێ بە جێ بکا و بۆی بقوچێنێ بەڵام لە بیریان چوە سەروەت و سامانی بێ شوماری کۆڕەک هەر هەمووی بە ئارەقی ناوچەوان و ماندوو بوونی شەو و ڕۆژ ، بە زستان و بە هاوین کۆکراوەتەوە بە ناوی خوا و ڕێبازی ڕەحمەتی و کوردایەتی زیندوو خزمەتی تاک بە تاکی کوردستانی کردوە و دوا ئامانجیشی دەوڵەتی کوردی بوە و چونکە دەوڵەتی بێ پارە وەک گیرفانی کون تێکراو وایە کۆڕەک ئەو کونەی گرت ناهێڵێ بەغا بە “درێل”یش کونی تێ بکاتەوە…مەگەر بە موعجیزەیەکی ئیلاهی و بەرامبەر بە قەزا قەدەریش کەس هیچی پێ ناکرێ…

با شۆڤینیەکانی بەغا و ئەودیویش بزانن کە تەنانەت ئەگەر کۆڕەک ناچار کرا بە یانەوەی ئەو ملیار و کسورە ئەوا چۆن حکومەتی هەرێم بە حیکمەتی خۆی قەرزەکانی بە مووچەی خەڵکی هەرێم ئەیاتەوەکە کەسیش نازانێ قەرزی چین ؟ هەر ئاواش بە مووچەی خەڵکی هەرێم قەرزەکەی کۆڕەک ئەدرێتەوە و هەر قەرزەکە تەواو بوو “ کۆماری دیموکراتی کۆڕەک” ڕائەگەینرێ و بۆ ناحەزانی کوردایەتی ئەبێ بە” کۆڕەک “تێڵا” کۆم”…….




لە دوا دواییەکاندا.. شیعری نەوزاد بەندی

بەناو کۆڵانێکا ئەڕۆم ،
تۆی لێ بی و ..
تۆیشی لێ نەبی ..
ئاخر چونکە لە خۆم زیاتر ،
کەسی ترم پێ کۆڵ ناکرێ ..
ئەچمە غەزەلنووس ،
حەز ئەکەم تۆی لێ بی و ..
تۆیشی لێ نەبی ..
لە وێستگەی پاس ، کە نیمانە ..
له بەردەم ئاپۆڕەی گەشتیار ،
لە کەنار دەریا ..
لە بەردەم شەمەنەفەر ،
کە نیمانە ..
حەز ئەکەم تۆی لێ بی و
لەوێیش نەبی ..
ئەو عومره ڕۆی
کە ئەمووت :
( ڕۆژێک وەرە من لەوێم
یان تۆ لەوێ بە ، من دێم )

٭ ٭ ٭

بەیانی زوو ..
هەورێکی بەفراویی ،
ڕێی لێ تێک ئەچێ و ..
دێتە خاکی براکوژی و ..
خۆی تیا بەتاڵ ئەکاتەوە ..
دێمە دەرێ ..
وەک لە ماڵێکی غەریب بم ،
به شەرمەوە
تەماشای بەفر ئەکەم و ..
لە ڕووم نایەت
تۆپەڵێکی لێ هەڵگرم ..
ئەو عومرە ڕۆی ،
کە ئەمووت :
شەڕەتۆپەڵ خۆی هاتووە ،
دێی یان من بێم ؟
بڵێی لەگەڵ شەڕه تۆپەڵ ،
لە هەر کوێ بن ،
منیش لەوێم …

٭ ٭ ٭

وەک کۆتایی دراماکان ،
ئەکتەرەکان ماندوو بوون و ..
هەنگاو ئەنێن بێ ڕێ بڕین ..
قسە ئەکەن بێ دەربڕین ..
لەگەڵ یەکترن بێ بینین ..
حەز ئەکەم لە سەمونخانە ،
کە زۆرمان هەن ،
بتبینم و نەیشتبینم ..
لە چێشتخانە و دەرمانخانە و
تەلاری پزیشکیی و تاوەر ،
کە زۆرمان هەن ..
حەز ئەکەم تۆ بی و
تۆیش نەبی ..
ئاخر پڕ بووم و لێم ئەڕژێ ..
لە تەنیشت ڕۆژەکانمەوە ،
ئەڕۆم و ..
هانکە هانکێکیشم گوێ لێیه ،
ڕەنگە مردن بێ ، بێ قەسەب ،
خوێنم بمژێ ..




ژیریی دەستکرد.. شیعری عەلی حەمەڕەشید

ناوم ژیریی دەستکردە
کارم بەدەست وبردە
لەجیهاندا ناوی من
باسێکە تەواو مەزن
بۆ ئەم سەردەمە هەموو
بەکارم دێنن زوو زوو
سودی من هێندە زۆرە
هەروەکو تیشکی خۆرە
دەی وەرن هەوڵبدەن
بەکام زمان حەزدەکەن
بڕۆنە چات جی پی تی
پرسیار بکەن بە وردی
وەڵامەکەی بێوەستان
زوو دەخەمە بەردەستتان
لە زۆر بواردا ئەمڕۆ
توانام هەیە ڕاستەوخۆ
هاوکاری ئێوە دەکەم
زانیارییتان پێدەدەم

عەلی حەمەڕەشید




کەوشەن.. نووسینی: نەوشیروان ئازاد

بۆئەوەی تۆش بەئازادی بمێنیتەوە ، هەرگیز سنوری ئازادی کەس مەبەزێنە…
کەپۆستێک دەنوسم …
ئازادم چی دەنوسم ،
ئازادم ڕای خۆم دەربڕم …
پۆستەکەم ڕەنگدانەوەی کەسایەتی خۆمە …
هاوڕێ…
بەڕێزیشت ئازادی کە بیخوێنیتەوە یان نا ..
کۆمێنت بنوسی یان نا…
بەڵام ئەوەبزانە تۆش نوسینەکانت پێناسەی کەسایەتی خۆتە …بۆیە بزانەچی دەنوسی ……
ئەگەر منیش وەکۆ تۆ بیربکەمەوەو، وەکو تۆ بنوسم …
کەواتەجیاوازی من وتۆ چیە؟ …
ئەگەر بێ ڕێزی نەبێت …ئەوەی واهەست دەکات کەدەبێ نوسەر بەدڵی خوێنەربنوسێت ئەوەبزانە ئەو خوێنەرە نەخوێندەوارە ئەگەر خاوەنی حەفتابڕوانامەی دکتۆرابێت و حەفتا ووڵاتی دنیاش گەڕابێ….
ببورن … مەبەستم لەڕەخنەگرتن نیەلەسەربابەتێکی ئەدەبی یان ئەکادیمی زانستی کەپێویست بەڕەخنەو لێکۆلێنەوەبکات ..دیارەکەئەوەجیاوازە…مەبەستم لەوکەسانەیە کەکویلەی بیرکردنەوەی خۆیانن …بێ توانج و زویربون بۆهیچ کەسێک ..

نــەوشیروان ئازاد
سلێمانی




لە یادەوەرییەکانی ڕادیۆوە.. هۆمەر نۆریاوی

(نەرمەدەنگێک و شارایەک یادەوەری)

لە سەردەمێکدا لە لایەکەوە لەبەر سیاسەتە چەوت و داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا کە هەرگیز دەرفەتی گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییان بە کۆمەڵگەی کوردی نەداوە و لەو لایشەوە لەبەر باڵادەستبوونی ئەقڵییەتی پیاوسالارانە و کۆمەڵە دابونەریتێکی دواکەوتووانە لە هەمبەر ڕەگەزی مێینەدا،ژن زۆر کەم ئەو دەرفەتەی لەبەردەمدا بووە وەک ڕەگەزی بەرانبەر،هەزار یەکی تواناکانی خۆی دەربخات،لە گوندێکی دوورەدەستی نیشتمانەکەی کوردانەوە،گوندی”دشە”ی ناوچەی هەورامان،لەبن سێبەری بنەماڵەیەکی چاوکراوەدا خانمێک،ئەوین و خۆشەویستی میدیا دەکەوێتە دڵی و سەرەتا لە ڕادیۆ کوردیی کرماشانەوە دەست بە خەباتی میدیایی دەکات و بۆ دەستپێکیش لە گۆشە و بەشی ئەرشیڤ و پاشان چیرۆکی ڕادیۆوە دەردەکەوێت.میدیاکاری ناسراوی کورد “هومایۆن کەمانگەر”دەڵێ،ناهید(نەهیە) ڕاهدار سەرەتا لە ڕادیۆ کرماشان و لە بەشی ئەرشیڤ دا وەرگیراوە. دەنگە نەرمونیانەکەی ئەم خانمە هەورامانییە زۆر زوو سەرنجی بەڕێوەبەرانی ڕادیۆ بەرەو لای خۆ ڕادەکێشێت و وەک بێژەر مژولی کاری میدیایی دەبێت. لە نێوان ساڵانی 1359-1350ی هەتاوی(1980-1971)لە ڕێی ڕادیۆ کرماشانەوە دەنگی بۆ بەردەنگ و بیسەری کورد دەگوێزرێتەوە و بۆ نزیکەی 9 ساڵ لەو سەنگەرەوە خزمەتی بواری چاند و ئەدەبی کوردی دەکات. دواتر بارگەی بۆ گەورەشاری تاران دەپێچێتەوە و ئەمجارە لە ڕادیۆ کوردیی تارانەوە درێژە بە خەباتە میدیاییەکەی دەدات. لێرەوە خەباتی میدیایی ئەم خانمە میدیاکارە گوڕ و تینێکی تایبەت بەخۆوە دەبینێت و زێتر بەهرە و توانا هونەرییەکانی دەردەکەون.
یەکێکی دی لە لایەن و ڕەهەندە هونەرییەکانی ژیانی ناهید ڕاهدار،ڕووی لە کاری دۆبلاژە کە لە دەیان فیلم و درامادا گۆشەیەک لە بەهرە و توانای خۆ دەنوێنێت. ئەمە قسەی من نییە و میدیاکاری کورد،ناسر سینا باسی لێوە دەکات و بە کوردیزان و دەنگێکی هەرە لەبەردڵانی نێو بواری دۆبلاژی کوردی دادەنێت کە دەگەڵ دەیان سیمای ناودیاری بەستێنی دۆبلاژی کوردیدا هەر وەک مریەم زاهیریانی(1945)،عەزیز عەبباسی(1956)،محەممەد فەرەیدوونی(1949)،پەروێز حەبیبی(1946)،میدیا زەندی،شاناز کەریمخانی،شایستە ئیبراهیمی،وەهاب بەقاڵ،حەسەن مەسعوودیان(1960)،عەلائەدین بابەشەهابی(2014-1939) و …،خزمەتێکی شیاویان بەم بەستێنە میدیاییە کردووە.
ناهید ڕاهدار،بە یەک لە دەنگە نازەنینەکانی نێو ڕادیۆ کوردیی تاران دادەنرێت کە بە هاوچاخی”میدیا زەندی”هاوژینی مامۆستا “حەسەن زیرەک”(1972-1921)دێتە ئەژمار و ساڵانێکی زۆر پێکەوە هاوکار بوونە. ئەرچی پێوەندییان بەردەوام هەوراز و نشێوی بەخۆوە بینیوە بەڵام سەدان بیرەوەریی خۆشیشیان پێکەوە هەبووە.
ناهید ڕاهدار لە سەردەمێکدا ڕێی دەکەوێتە ڕادیۆ و خەباتی میدیایی دەست پێ دەکات کە ئافرەت لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا ئەوەندە دەرفەتی خۆدەرخستنی پێ نەدەدرا. بۆیە ئەمیش وەک میدیا زەندی بە ڕچکەشکێن دادەنرێت و ڕێگەکە بۆ نەوەی پاش خۆی هەموار دەکات. گەر خوێندنەوەیەکی دروست بۆ ئەم پرسە بکەین و لە ورەبەرزیی ئەم خانمە بوێرە تێبگەین،پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمە. هەر لێرەوە لە لایەکەوە،ڕۆڵ و دەوری بنەماڵە زەق دەبێتەوە کە چەندە بە دیدێکی ڕوون و پێشڕەوانەوە سەیری توانای ئافرەتی کردووە و لە ئالییەکی دیکەیشەوە،خودی خواست و ویستی بڵندی ئەم خانمە خەباتکارە تێیدا بەرجەستە دەبێتەوە کە سڵ لە مەترسیی و کەند و لەندەکانی بەردەم ناکاتەوە و بۆ نەخشاندنی داهاتوویەکی ڕەنگاڵەیی بۆ خۆ تێدەکۆشێت.
بۆ خۆم وەک نووسەری ئەم دێڕانە کە لە هەفتاکانی هەتاوی(نەوەدەکانی زایینی)بەملاوە خەباتی میدیاییم لە ڕادیۆ کوردیی تاران دەست پێ کرد،ئەو دەرفەتەم کەوتە بەردەست ببمە ئەندامێکی گچکەی ڕادیۆ و دەگەڵ دەیان سیما و ڕوخساری ناوئاشنای بواری ڕاگەیاندنی کوردی هاریکار و هاوخەبات بم و چەند ڕووپەڕێک بۆ مێژووی ڕاگەیاندنی کوردی بنووسمەوە. هومایۆن کەمانگەر1942)،میدیا زەندی(2008-1940)،فاتیح محەممەدی(1947)،حەسەن سەلاح سۆران(2009-1941)،سدیق بۆرەکەیی(2023-1943)،سەیید محەممەدساڵح ئیبراهیمی(شەپۆل)(2018-1933)،سەیید جەلال نیزامی(1951)،مستەفا شەرەفکەندی(1955)،عەلائەدین بابەشەهابی(2014-1939)،برایم بەریاجی و ئەییووب گازرانی تەنێ چەند هاوکار و ناوێکی دیاری ئەم مەیدانە دێنە ئەژمار کە جێپەنجەی خزمەتیان دیارە و بۆ هەمیشە دەچنە نێو ڕووپەڕەکانی مێژووی کاری ڕاگەیاندنی کوردییەوە.
یەک لەو سیما نازەنینانەی هەر بەو ساڵانە و پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران(1979)هێشتا هەر لەسەر کار و خەباتی میدیایی بەردەوام بوو،”ناهید ڕاهدار” بوو کە وەک بێژەر لە ڕادیۆدا دەوری دەبینی. کە زێتر ئاشنایەتیم دەگەڵ پەیدا کرد،جگە لەوەی خەڵکی ناوچەیەک بووین،جۆرە پێوەندییەکی خزمایەتیش لە نێوانماندا هەبوو.
بۆ چەندان ساڵ بەرنامەی “هەوارگەی زەنوێر”سەرەتا لە تەک جەعفەر شێخولئیسلامی و پاشانیش دەگەڵ میدیاکاری ناسراوی کورد “ناسر سینا” کە دواتر ڕوو لە هەندەران دەکات و ڕادیۆ زایەڵە لە وڵاتی سوێد و شاری ستۆکهۆڵم دادەمەزرێنێت،پێشکەش دەکات. خودی ناسر سینا،ناهید ڕاهدار بە دەنگبێژ و بێژەرێکی لێهاتوو دادەنێت کە دەنگێکی بلاوێنی هەبووە و لە سەدان چیرۆک و بەرنامەی ڕادیۆییدا دەوری بینیوە.
دێتەوە یادم،یادگەش دایکم،بۆ کۆڕێکی پرسە و سەرەخۆشی ڕووی لە گوندی دشە نابوو کە لەوێ بەم خانمە نازەنینە ئاشنا بووبوو. دایکم کە گەڕایەوە،وتی، ڕۆڵە ئیمڕۆ لە پرسەکەدا ئاشنا بە خانمێک بووم کە وتیان لە ڕادیۆ کوردیی تاران کار دەکات. کە باسی تۆم کرد،زۆر بە جوانیی وەسفی کردیت.
ژیانی ئاڵۆزی ئەم سەردەمە مخابن مرۆی بە دەردێک بردووە کە وەک پێویست ئینسانەکان سۆراخی یەکدی ناپرسن و هەر یەکە و لە نێو جەنجاڵستانەکەی ئەم ڕۆژگارەدا نغرۆ بووە. هەر پار و پێرار بوو چەند جارێک تەلەفۆنم بۆ کرد و پێکەوە هەندێک لەسەر بیرەوەرییەکانی دوێنێی ڕادیۆ و سەرقاڵییەکانی ژیانی مرۆی ئەم سەردەمە کەوتینە قسە و باس. ئەرچی گەڕابووەوە دەڤەرەکەی خۆ و لە شاری “پاوە”دا گیرسابووەوە بەڵام بەردەوام بەدەست بێتاقەتییەوە دەیناڵاند و دەیگوت،لێرە کەس ناناسم بەڵام شوکر ڕوو لە هەر کوێ دەنێم،خەڵکە بەئەمەکەکە دەمناسن و ڕێزم لێ دەنێن. هەر پار بوو داوای کتێبێکی کرد و منیش پاش سووکە گەڕانێک، کتێبەکەم دەست خست و وەک دیاری ناردمە خزمەتی. بە سەد داخەوە دواتر بیستم تووشی نەخۆشییەکی سەخت هاتووە بۆیە هەمدیس تەلەفۆنم بۆ کرد و سۆراخێکم گرت و بەوپەڕی دڵتەنگییەوە دەیگوت،کاکە هۆمەر،بمبینیت،نامناسیتەوە. منیش بەردەوام یادەوەریی جوانی ڕادیۆم بۆ دەگێڕایەوە و بۆ چەند ساتێک وەبزە و پێکەنینم دەخست و تۆسقاڵێک لەو بارگرانییەم لە لا سووک دەکرد.
ئەمە سەربردەی بەشێکی زۆری ئەو جۆرە سیما و کەسایەتییانەی کوردە کە لە پێناو چاند و زمانەکەیاندا لە شار و دەڤەرەکەی خۆ ئاوارە و تەرە دەبن و کە دەگەڕێنەوە، لە غوربەتێکی سەیری ناخدا ژیان وەپشت سەر دەنێن. لێرەوە لەسەر کۆمەڵگەی کوردییە قەدرزانی خەبات و خزمەتی ئەم چەشنە کەسایەتییانە بێت و تا ماون،ئاوڕێکی بەخێریان لێ بداتەوە.
هەر چلۆنێک بێت ناهید ڕاهدار،یەک لە دەنگە نەرمونیانەکانی نێو ڕادیۆ کوردییەکانی کرماشان و تاران دێتە ئەژمار کە تەمەنێک لەو مەتەرێزەوە سەرچاوەی خەمخۆریی و دڵسۆزیی بەرانبەر فەرهەنگ و زمانی کوردی دەبێت و بەشێکی فرەی ژیان لەو پێناوەدا تێدەپەڕێنێت. ناهید ڕاهدار،دەگەڵ دەیان کەسایەتی گەورەی وەک سەیید تایەر هاشمی(1991-1915)،مەلا محەممەد ڕەبیعی(1996-1932)،هومایۆن کەمانگەر،دوکتۆر عابید سیراجەدینی(1995-1923)،میدیا زەندی(2008-1940)، عوسمان ئەحمەدی(1937)،پەروین موشیروەزیری(2010-1941)،ناسر سینا(1962) و… لە ڕادیۆ کوردییەکانی کرماشان و تاران کاری کردووە و لە نزیکەوە ئاشنا بە گەلێک نووسەر و هونەرمەندی کورد بووە و بۆ درێژەپێدان بە خەباتی میدیایی خۆ، پشتی بە وانە و ئەزموونەکانیان بەستووە.
جێی ئاماژەپێدانە،”ناهید ڕاهدار” ڕۆژی 1ی پووشپەڕی 1328ی هەتاوی(1949)لە گوندی”دشە”ی سەر بە شاری پاوە(ڕۆژهەڵاتی کوردستان) لەدایک بووە و درەنگانی شەوی 2ی ڕەشەممەی 2724(20ی فێبریوەریی 2025)و لە تەمەنی 75 ساڵیدا هەر لە شاری پاوە کۆچی دواییی کرد و ڕۆژی هەینی،3ی ڕەشەممەیش تەرمەکەی بۆ هەمیشە لە گۆڕستانی شارەدێی “دشە”دا ئارامی گرت و بە خاکی نیشتمان سپێردرا.
سەرنجێک: شارەدێی دشە دەکەوێتە نزیک 7 کیلۆمەتریی شاری پاوە. ئەم شارەدێیە خاوەن مێژوویەکی کۆنە و جگە لەوەی سرووشتێکی گەلێک دڵبزوێنی هەیە،زۆر شوێنەواری دیرۆکیشی لێیە. ئەم گوندە هەر لە کۆنەوە بە دەیان مرۆی وریا و ڕووناکبیری تێدا هەڵکەوتووە کە دواتر هەر لە هەموو کوردستاندا ناوبانگیان دەرکردووە. بنەماڵەی موفتیزادەکان، نموونەیەکی هەرە دیار دێتە ئەژمار کە باب و باپیر لەوێوە سەر هەڵدەدەن و دواتر مناڵانیان لەسەر ڕێچکەکەی ئەوان دەڕۆن و ناویان لە گشت کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە.
وێنەکان لە ئەرشیڤی میدیاکاری ناسراوی کورد،ناسر سینا وەرگیران،لەڕاستیدا بۆ خۆی کەرەم و لوتفی نواند و تا پرسەکەم بەلاوە باس کرد،بەوپەڕی میهرەبانییەوە کۆمەڵە وێنەیەکی بۆ ناردم،هەر لێرەوە دەستخۆشیی فرەوانی لێ دەکەم.




به‌ختیارعه‌لی، شكستی رۆشنبیری و رۆشنبیر.. سەلام عەبدوڵڵا

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن…




کورد گەل نین.. سامانی وەستا بەکر

فرۆید پێی وایە کە کەس یان تاک مێژوو دروست ئەکا، بەڵام بافلۆف پێی وایە کە زەمینە مێژوو دروست ئەکا، بەواتای ئەوەی کە ئەوە زەمینەیە ڕێگە بۆ کەس یان تاک خۆشەکا تا مێژوو دروست بکات.
ئەگەر ئێمە پرسیارێک لە خۆمان بکەین ئایا ئێمە کەسمان نەبووە یان زەمینەمان بۆ نەڕەخساوە تا مێژوو دروست بکەین؟
وەڵامەکەی ئەوەیە کە ئێمە خەڵکانێکی زۆرمان هەبووە و هەیە وە زەمینەی گونجاویشمان بۆ ڕەخساوە و ئەشڕەخسێ تا مێژوو دروست بکەین و کردووشمانە بەهەردووجۆرە ناسراوەکەی:
١. یەکێکیان مێژووی شکستەکانە، کە ئەبێ ببن بەوانە بۆ داهاتوو، “لەوەش ناچێ کە بووبن”.
٢. مێژووی سەروەری، سەرکەوتن و دەستکەوتەکانە، لەمەیانا سەرکەوتن و دەستکەوتی زۆرمان بەدەستهێناوە بەڵام مەخابن نەپایزراون و گەڕاونەتەوە خانەی یەکەم “شکستەکان”. ئەویش ئەگەرێتەوە بۆ دوو هۆکار:
١. هۆکاری دەرەکی.
٢. هۆکاری ناوخۆی.
نامەوێ هیچ لەسەر هۆکاری یەکەم بڵێم چونکە ئاشکرایە و چی ئەگوزەرێ و باسکردن لێێ چەنبارەکردنەوەیە، تەنها یەک شت کە گرنگە لەسەری بوترێ ئەوەیە کە هۆکارە دەرەکییەکان سود و هێز لە هۆکارە ناوخۆییەکان وەرەگرن بۆ سەرداربوون و زاڵبوون.
هۆکاری ناوخۆی: ئاشکرایە و زۆرن بەڵام دیارتینیان “ناتەبایی، یەکتر قبوڵنەکردن، خۆ بەزلزانی لەئاست یەکتر و خۆم بەکەمزانی بەرامبەر بێگانە، چاشایەتی و خیانەت، هاوکارینەکردنی یەکتر، دژبوون، خێڵەکی بوون…..هتد
مەبەستی ئەم نوسینە گەڕانە بەدوای چارەسەرێکا بۆ هۆکارە ناخۆییەکان کە زۆر لە مێژەوە بوونەتە مخۆرکەی ناو جەستەی کورد، مخۆرکەیەک کە لەدوای مادەکانەوە ڕێگربووە لەوەی کە کورد بتوانێ هیچ سەروەریەک یان سەربەخۆبوونێک بەئاڕاستەی دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن جوگرافیایەکی دایارکراو بەدەستبهێنێت.
لەوەڵامی نامەیەکی نوێنەری بەریتانیا پارک سایکس، بۆ هاوتا فەڕەنسیەکەی فڕانسۆ بیکۆ لەسەر دروست نەکردنی قەوارەیەکی کوردی لەسەرەتای چارەکی یەکەمی سەدەی بیستا ئەنوسێ “کوردەکان گەل نین. بەڵکو چەند هۆزێکی لێکجیان، چەند زاراوەیەک لێکیان جیائەکاتەوە، بەجۆرێک ئەو زاراوانە لەبنەڕەتا ئێرانین، بەزۆری لەشوێنی دوور لەیەک نیشتەجێن، هیچ پەیوەندیەکیان بەیەکەوە نیە. چۆن بتوانین لەخودموختاریا کۆیان بکەینەوە، ئەوان بەو شێوەبن”.
ئەم پەیڤەی ناو ئەم کورتەنامەیە باسی هۆکار و ڕێگر و بەربەست لەگەیشتنی کورد بەقەوارەیەکی سەربەخۆئەکا، بەڵام بەدیووەکەیتریا پێتشت ئەڵێ چارەسەر ئەوەیە کە پێچەوانەی ناوەرۆکی ناو کورتەنامەکەبی. بەڵام ئایا دوایی زیاتر ١٠٠ ساڵ توانیمان وابین؟ واتە ئایا توانیمان خۆمان لەوپێناسیە بەدوور بگرین کە پارک سایکس ئەماناسێنێ؟ وەڵام، بێگومان … نەخێر.
نوێنەرە بەریتانییەکە درێژە بە بۆچوونەکانی ئەیا بۆ پاساو هێنانەوە و ئەڵێ، “کوردەکان خۆیان لە ناو گروپی خێڵ و هۆزا ئەبیننەوە، ئەمەش وائەکات یەکریز و یەکگرتو نەبن”.

بەکورتی ئەکرێ پاساوەکانی نوێنەرە بەریتانییەکە لە دوو خاڵا کۆبکەینەوە کە ئەڵێ:
١. کورد گەل نین، ئەمەیان بێ وێژدانی و ناشارەزاییەکی زۆری نوێنەرە بەریتانیەکە دەرەخا چونکوم کورد نەک گەلە بەڵکو کۆنترین گەلی ناوچەکەشە، خۆ ئەگەر کۆنترین گەلی هەموو جیهانیش نەبێ. ئەوەتا هەر لەخودی کنە و پشکنینەکانی خۆیانا لە ئەشکەوتی شاندەر ئێسک و پروسکی مرۆڤی نیاندەرتاڵ ئەدۆزنەوە، لە چەرمۆی لای چەمچەماڵ کۆنترین مێژووی کۆنترین شارستانیەتی مرۆڤ دۆزراوەتەوە، لە ئامەد، سلێمانی، کرماشان…هتد شوێنەواری بوونی دێرینترین کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی ئەدۆزرێتەوە و بەردەوامیشە.
٢. کوردەکان خۆیان لە ناو گروپی خێڵ و هۆزدا دەبیننەوە، ئەمەش وادەکات یەکریز و یەکگرتو نەبن، ئەمەیان ڕاستە و نکوڵی لێناکرێ، خۆ ئەگەرچی نوێنەرەکە دۆستی کورد نەبووە و مەبەستی نەبووە کە کورد ببێتە خاوەنی قەوارەیەکی سەربەخۆ، بەڵام دەستی خستۆتە سەر برینێک کە جەستەی کوردی شەقارشەقارکردوە، ئەبوو لە ١٠٠ ساڵی ڕابردووا کار بۆ چارەسەر و دوورکەوتنەوە لە ئەقڵی هۆزو خێڵ بکرایە، لایەنیکەم لە بەڕێوەبردنی حیزب و داودەزگا و حکومەت. مەخابن لە ئێستایا ئەبینین کە كۆی حیزبەکانی باشور جگە لە حیزبی شوعی، گەورە تا بچوک بە ئەقڵی خێڵ حیزب بەڕێوەئەبەن و باپیر، باوک، کوڕ، کوڕەزا بەنورە لەسەرەیا وەستاون بۆ سەرۆکایەتی، ئەمە وێڕای ئەوەی کە ساڵانە کۆبوونەوەی هۆزو خێڵەکان ڕێئەخرێ بۆ نمونە فستیڤاڵی ساڵانەی ئێل بەگی جاف، دیوەخانی عوزێرییەکان، خزمانی شارەزوور…هتد
ئەمانە هێندە پەرۆشیان بۆ کەسوکار و تیرە و نزیکەکانیان هەیە هێندە پەرۆشیان بۆنەتەوە و دەسکەوتەکان نییە، هەر بۆ نمونە کاک مەسعود سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەیەکێک لە کۆنترین و لە گەورەترین حیزبەکان هەژمارەکرێ، لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانا لەبری شانازی و خاوەندارێتی بە هەموو تاکێکی کورد، شانازی بەوەوە کە ئەوان ٣٠٠٠ پیاون و هەموویان لەپشتین، هەڵبەتە مەبەستی لە بارزانییەکانە، کە ئەمە پەیامێکی زۆر هەڵە لە سەرۆک و سەرکردەیەکی دێرین و ناسراوەوە ئەگوازێتەوە بۆ گەلی کورد، کە بوونی خێڵ و هۆز شانازیە و پێویستە، بێئاگا لەوەی کە ئەو هەموو خەبات و کۆششەی کورد ساڵانێکە بەرخودانی بۆئەکا هەر بەهۆی ئەم ئەقڵی تیرە و هۆزو خێڵانەوە نەگەشتوەو ناشگاتە ئامانج و سەربەخۆبوونی کوردستان.
کە گەل زمانی ئاخافتن و کەلتوری هەبوو، هەنگاوئەنێت بۆ یەکگرتنەوەی هۆزەکان و نواندنیان لە پێکهاتەی گەورەترا کە گەل و نەتەوەیە، ناسیونالیستیی و سۆز بۆ نەتەوە فاکتەری تەبایی و فرەڕەنگی زۆربەی گەلانە لەوڵاتان، مەخابن کورد تا ئێستا ئەو هەنگاوەی نەناوە و زۆریش درەنگ کەوتووە و بەجێشماوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر یەک هەڵوێستی دژبە مەترسیە دەرەکیەکانی وڵات و میللەتیش هەیە.
کە تاک بەگشتی پەرۆشی نەتەوەیی هەبوو هەڕەشەی ناتەبایی ناوخۆ و پەرۆشی بۆ تیرە و هۆز ناتوانی کەلێن بخاتە ناو یەکگرتوویی میللەت لەئاست مەترسیە دەرەکیەکانا، بەڵام بە پێچەوانەوە کە تاکی کۆمەڵ لایەنگیری بۆ نەتەوە لاوازبوو، ناتەبایی ناوخۆ پەل ئەکێشێ بۆسەر ڕوخساری میللەت، کەواتە پێویستە ئێمە کار لەسەر بەهێزبوونی پەرۆشی تاک بۆ نەتەوە و بەرژەوەندیە گشتیەکان بکەین لەسەرووی پەرۆشی تاکەوە بۆ خێڵ و هۆز و تا حزبیش، لێرەوە بۆمان دەرەکەوێ کە تاوەکو ئێستاش بێ هێزبوونی هەڵوێست لەئاست مەترسیە دەرەکیەکانا هەر ناتەبایی کورد خۆیەتی.
لە یەکهەڵوێستی میللەتا ئاراستەی خێڵ وهۆز لە قاڵبە تەسکە ئاساییەکەی خۆیا ئەمێنێتەوە سەردەرناهێنێت بۆ دروستبونی کەلێن، تەنانەت لە ئاست بوونی مەترسیە دەرەکیەکانیشا، لەیەکهەڵوێستیا هێز دروستەبێ و پێچەوانەکەشی ڕاستە، مەخابن لە مێژووی دێرین و نوێی کوردا زۆربەی کات کار بە ئاڕاستە پێچەوانەکەی کراوە، ئەمەش بۆتە هۆکاری نەبوونی قەوارەیەکی سەربەخۆ.
یەکهەڵوێستی زامنی پەیدابوونی ئاسایشی گشتیە، ئەوەی زۆرتر لەمێژووی گەلی کوردا ئەبینرێت هاوکێشەکە پێچەوانەیە بەئێستاشەوە. ناتەبایی ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆی کایە سیاسیەکانی چارەنووسی میللەتیش هەیە، دەمارگیری بۆ خێڵ و هۆز هێندە بەزەقی لەناومانا ڕەنگی یاوەتەوە، چۆتە ناخی هەموو جومگە و ئێسکەکانی کەسە دەمارگیرەکانی خێڵ و هۆزەوە، خەڵک پەرۆشی بۆ خێڵ و هۆز و کەسایەتی لە نەتەوە زیاترە، ئەمەش ناتەبایی گشتی میللەتی هێناوەتە ئاراوە. ناتەبایش ڕەنگدانەوەی لەسەرکۆی تاکەکانی کۆمەڵ و میللەت هەیە، پەرۆشی بۆ کێشە نەتەواتیەکانا نەک لاواز کردووە، بگرە یەکهەڵوێستی لەئاست هەندێدک هەڕەشەیا هەر نەماوە، بۆ نمونە پاساوهێناوەوە بۆ بوونی سوپای تورک لەسەر خاکی باشوری کوردستان، دەستەوەردانی ئێران لەکاروبارەکان.
کارگەشتۆتە ئەوەی کە ڕەنگدانەوەی خێڵ و هۆز پەلی کێشاوە بۆ پانتایی فراوانتر و ناتەبایی حزبەکانی کوردستانی ڵێکەوتۆتەوە لە ئاست بڕیارە چارەنوسسازەکانی کە ڕەهەندی نەتەوەییان هەیە، خێڵ، هۆز و تیرە بەجۆرێک بەناو ڕۆخ و دەماری بەشێک لە کوردا ڕۆچووە کە تاکەکانی خێڵێک یان تیرەیەک بەبێ ئەوەی بیر لەبەرژەوەندی نەتەوەی و نیشتمان بکەنەوە هەرهەموویان دوای سەرۆک خێڵ ئەکەون و ئەچنە ناو حیزبێکەوە، بەبێ ئەوەی کەمترین زانیاریان لەسەر پەیڕەو ئاڕاستە و ئایدۆلۆژیای حیزبەکە هەبێ، لەوەش سەمەرەتر ئەوەیە کە ئامادەن گیانی خۆیان بەختبکەن و ژیانئاوابن بەبێ هیچ ئامانجێکی دیارکراو و تەنها بۆ ڕازیکردن و سەربەرزی کاکی سەرۆک خێڵ.
هۆز، خێڵ و تیرە کۆمەڵگە پێکئەهێنن بۆیە گرنگە و ئەبێ وەبەرهێنان لەسەر کۆمەڵگە بکرێ نەک پێچەوانەکەی.

سامانی وەستا بەکر
٢٣-٢-٢٠٢٥ سوید/ستۆکهۆڵم




چی ئەفسونێکە.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

کەسێک کوا باکی بە نەفرەتی هەتا هەتاییە
گەر بۆ ساتێکیش ،
هەستی بە خۆشبەختیەکی ئەبەدی کردبێ
چارلس بۆدلێر

شیعر/ کاوە عوسمان عومەر
(1)
چی ئەفسونێکە
چرا کزەکانی
ئەو ئەستێرانەی
پێت دەڵێن
بمێنە ئەمشەو لێرە
لە نزیک مێرگێکی تەنیا
جێیەک، لە تەمتومانی
بێدەنگی فەنا

(2)
بیرتە
دەچوینە کەناری غەمگین
تاوەکوئەندێشەیەک، تاوێک
شەپۆل ، جەستە بەرێ
کاتێک شەوێکی پرچ درەوشاوە
هێدی هێدی
لە تەمێکی فرمێسکهەڵچنا
کەشتیە ئاڵتونیەکانی
پایزی ئە هێنا
(٣)
سەدەی وونبوون
لە جەستەی پەرەندەی
پەرتبووی یەکتر
سەدەی شەکەنجەی گومڕابون
لەناسینەوەی ئاوێنەی ڵێڵی
ڕوخساری یەکتر
سەدەی کوژانەوەی
مۆمی درەوشاوەی دڵی یەکتر
سەدەی دەستبەرداربوون
لە پرووشە شنەبردوەکانی
ئەڤینی لەدەستچووی یەکتر
(٤)
تەنیا ، و بێدەنگ
گیتارژەنی با
بێ دوا چرپە
لە تۆفانی گریانێکا
سەری خۆی هەڵگرت
ئەو چرا کزانەش
لە شەوە بێڕەنگ و
تەزیوەکانا
کوژانەوە
بەندۆلی ئەو کاژێرە لمینانەی
لە جوڵە وەستان
ئەو چرپەو ووشانەش
لە تەنیایی سەرابێکا
ویستم پێتی بڵێم
لە دڵا بەند ما
(٥)

دوور تا چاو بڕکا
گۆمەزەیەک
لە هەوری گڕ گرتوا
ئەبریسكێتەوە
چی جوانیەکی جەرگبڕە
بزەی لێوی ڕەوشەنی
خوار هەورە پەمەییەکان
چی هەستێکی
سامناکی خۆش
کە دەڤەرێک لە خۆرئاوابوون
بەرەو فەرامۆشبوونت ئەبا
بە تەنیایی،
زیندویت، تۆ ئەی کۆچەر
لەئەبەدیەتی چەند ساتێکا
نەسیمێکی قەشەنگی جادوگەر
وەک پێت بڵێ
ئەی پیادەڕەوی مەست
بە قەشەنگی زەردەپەڕ
ئاشنا بە، میهرەبانی
ئەم ساتەوەختەی فەناییت پیرۆز
تاکە ڕاستی
لە نامۆییدا
مەشخەڵی ڕۆحە
ئەدرەوشێتەوە
بە دەروازەی
پرشنگداری حەقیقەت




لە یادی 37 ساڵەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەكدا

لە شەوی سێشەممە كاتژمێری 2:25 بەرەبەیانی رێكەوتی 23-2-1988 ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەك دەستی پێكرد, تاكو شەممە رێكەوتی 19-3-1988 بەردەوام بوو, 26 رۆژی خایاند.
ئۆپەراسیۆنەكە بە سەركردایەتی لیوا روكن سۆلتان هاشم فەرماندەی رەدیفی لەشكری یەك, لیوا روكن كەماڵ ساجد فەرماندەی لەشكری یەك, لیوا روكن نیعمە فارس حوسین محیاوی فەرماندەی لەشكری پێنج، وە بەسەرپەرشتی راستەوخۆی فەریقی یەكەمی روكن عەدنان خەیروڵلا وەزیری بەرگری عێراق، عەلی حەسەن مەجید بەرپرسی بیرۆی باكوری حیزبی بەعس، سەرۆكی ئەركانی سوپا فەریقی روكن نزارعەبدولكریم خەزرجی ئەنجامدرا.
٢٠ لیوای سوپای عێراق و ٣٠ فەوجی سەر بە گاردی كۆماری و 110 فەوجی جاش و ژمارەیەك مەفرەزەی تایبەتی جاش بەشدارییان تێدا كرد, كۆی هێزەكە مەزەندە دەكران بە زیاتر لە 100 هەزار كەس, واتا هەر دە مەتر چوارگۆشەی ناوچەی ئۆپەراسیۆنەكە سەربازێكی بەردەكەوت.
لە نۆ قۆڵەوە هێرشكرایە سەر گوندەكانی دۆڵی جافایەتی تا مەرگە بە درێژایی 70 كیلۆمەتر(دوكان، بنگرد، چوارتا، قەڵاچوالان، ماوەت, كارێزە, سەرچنار و سورداش).
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە رێكەوتی 23-2-1988, هێزە پەلاماردەرەكەی سوپای عێراقی بە چەكی كیمیاوی لە گوندەكانی چۆخماخ, یاخسەمەر, هەڵەدن, چاڵاو, سەرگەڵو و بەرگەڵویان دا, رۆژانی 25 و 26ی شوبات گوندەكانی سەرگەڵو, هەڵەدن, یاخسەمەر و گوێزەڵە كیمیاباران كرانەوە. لە كیمیابارانەكەی 26 مانگ 8 شەهید و 201 بریندار هەبوون, دوای كۆتایی قۆناغی ئەنفالی یەك بە چوار رۆژ لە رێكەوتی 23-3-1988 جارێكی دیكە بە چەكی كیمیاوی لە گوندی شاناخسێی ناوچەی ماوەتی دا, 22 كەس شەهید بوون و زیاتر لە 720 هاولاتی سڤیل و پێشمەرگە بریندار بوون, هەمان گوند هەردوو رۆژانی پێشتریش كیمیاباران كرابوون, لە پرۆسەی ئەنفالی 1 بە گشتی 7 جار دەڤەرەكە كیمیاباران كرا.
نزیكەی ١٥٠ گوند لەم قۆناغەدا بەر شاڵاوەكە كەوتن و یەك تاقە دیواریان بە پێوە نەما، هەموو خانوو و مزگەوت و قوتابخانەو نەخۆشخانەكانی رۆخێنران و بەشێك لە خەڵكەكەشی ئەنفالكران.
لە ئەنفالی یەكدا دەیان كەس دوای بەجێهێشتنی ماڵەكانیان لە رێگا لە ناو بەفر رەقبونەوە, زیاتر لە 160 هاووڵاتی سڤیلی تریش لەو شەڕو گەمارۆیەدا كوژران و نزیك 500 كەسیش ئەنفالكران.
ئەنفالی یەك بە بەیانی فەرمی ژمارە 3087ی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكان لە رۆژی شەممە رێكەوتی 19-3-1988 كۆتایی هات, تیایدا وێڕای رۆڵی سوپا, ستایشی رۆڵی جاشە كوردەكانیش كراوە لە بەشداریكردنی كاریگەریان لە ئۆپەراسیۆنەكە.

-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید- kwg
-تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – Koncicc
-تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
-رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
-رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی-www
-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
-گۆڤاری تۆبزاوە
-رۆژنامەی نگرە سەلمان

  • رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان



چڵک و چەپەری ئەو ڕۆژ پاک بۆتەوە.. شیعری شاهۆ حوسێنی

دەستەکانت
ئەو بڕیار ەبوو
کە نەمگرت و
با بەکۆڵانی فەرامۆشیدا
فڕاندی

زۆڵفت
ئەو خەنجەرە بوو
کە لە گەرووی چاوەکانما
کراسێکی گەردەلوولی لەبەردابوو
تەختی ڕەش ڕەش
گوڵی زەرد زەرد
سەمای دەکرد

بەژنت
سەمای لق و پۆپی شۆڕبی بوو
کە لەبەر دەم وەرزی بزەما
شەختە لێی دا و
سەرما بردی

من لە وەرزی وەڕەزی
ئەم بڕیاڕە زەردەدا
دەستەکانم
لەگەرووی گیرفانم ڕاکردەوە
چاوەکانم
بە ڕەخت‌ئاوێزی وەنەوزا داکردوە
دڵم
بە تەنافی حەوشەکامانا هەڵخستوە
تا ویشک بێتەوە و
بیکەمەوە بەرما
لەچڵک و چەپەری
ئەم ڕۆژانە پا بۆتەوە

شاهۆ حوسێنی




ووریا و پەپولەکانی.. شیعری : حەمە گەردی

کورد هەر خەریکی نوچدانە هیچ کوردێ بێ وچان نییە .
بێخەمترین میللەت ئێمەین ، بڕوامان بە گۆڕان نییە .
نەتەوەیەکی بەش بەشین ، ڕازیشین و قبوڵمانە .
دەسەڵاتێکی خۆپەرست ، بە حیسابیش موسوڵمانە.
نانمان هەبێ یان بدزرێ ، هەر بێخەمین .
موچە هەبێ یان بدزرێ ، هەر یەکەمین .
چەپڵە لێدەری ئاهەنگی کادیر و دزی نەفامین
میللەتێکی ووڕ و خەوخۆش ، کورتترین هەنگاو ، ناتوانین .
بێ ئاگاین لە ڕۆڵەی شەهید ..لە ڕۆڵەی هەژار و هەتیو .
هەموو خەریکی خۆمانین ، وەک نەدی بدی و هیچ نەدیو .
هەیە کوڕی دەوڵەمەندە ، خۆیشی گەلۆر و بێ بەهرە .
فێر بووە گیرفانی پڕ بێ و به بێخەم بێتە سەر سفرە ..
هەندێ بێ باوکیش بە ڕەنج و ماندووبوون و خەباتی خۆی ..
هەوڵ ئەدا ، ئەستێرەی بەختیش له پڕا پێئەکەنێ بۆی .
ووریا ، پەپولە ماندووەکەی باخچەی ماڵە هەژارەکان ..
کە ئەستێرەی بەختی دەرکەوت ، مەرگ ئەستێرەی عومری کشان ..
ووریا ، کوڕە خاکییەکەی کوڕی هەموو ماڵەکان بوو ..
ووریا ، دژی هەموو دز و گەندەڵکار و داڵەکان بوو ..
ووریا ئەو کانیاوە ڕوونە ، لە پڕا وشکایی داهات ..
سەوزایی ڕاگەیاندن بوو بە بیابانێکی چۆڵ و مات




گۆرانی ماچی کیفایەت.. وتنی سەرکەوت نامیق

بۆ گوێگرتن لەم گۆرانییە کلیکی ئێرەبکەن..

سەرکەوت نامیق.. ماچی کیفایەت



بۆچی زاناو شێخە وەهابیەکانی سعودیە جیهادو غەزا لە دژی ئیسڕائیل ڕاناگەێنن؟.. حەسەن ڕازانی

(دەیەی ڕەش و دەیەی تاوان و فەتوای جیهادی سیاسیانە بە بەرگی ئیسلامییەوە!)

زاناو شێخە فەتواچیە وەهابیەکانی سعودیە زۆر بە باشی کەرتی غەزەی ناو فەلەستین دەبینن کە چۆن بۆتە وێرانە بە دەستی سوپای ژێرفەرمانی حکومەتی ڕاستڕەوی( ئیسڕائیل)ەوە، بەڵام نوقەیان لێوە نایەت! ئەو فەتواچیە وەهابیانە خۆیان کەڕو لاڵ و کوێر کردووە لە ئاست ئەو هەموو کوشتارو ماڵوێرانیە بێوێنەیە کە بەسەر خەڵکی کەرتی غەزەدا هاتووەو بەردەوامیشە! بە بڕوای من، ئەوانە فەتواچی سیاسین! چونکە کاتێک کە دەوڵەت دەیەوێت بێدەنگ بن ئەوان دەچنە خەڵوەتەوەو کاتێکیش سیاسەتی دەوڵەت بیەوێت کە ئەو فەتواچیانە وەدەنگ بێن، هەردەستبەجێ فوو بە بڵنگۆی تەواوی مزگەوتەکاندا دەکەن و تەواوی جیهانی ئیسلامی لێ دێننە سەرپێ و ئامادەی جیهادی دەکەن! بەڵام هەرکاتێک کە سیاسەتی دەوڵەت وابخوازێت بێدەنگ بن ئەوا ئەو شێخ و زاناو فەتواچیە وەهابیانە خۆیان نەبان دەکەن لە ئاست کوژرانی نزیکەی پەنجا هەزارلە خەڵکی ناوغەزە کە لە ناویاندا دەیان هەزار لە منداڵ و ژنی بێتاوان هەیە! ئەو فەتواچیە سیاسیە وەهابیانە وەک ئەوە خۆیان نیشان دەدەن کە نابینن بە سەدان هەزار لە ژن و منداڵ و خەڵکی بێتاوان برینداربوون ولە ناویاندا بە دەیان هەزارهەیە کە بێدەست و بێ قاچ و بێ چاوبوون! ئەو فەتواچیە وەهابیانە نابینن کە تەواوی کەرتی غەزە بە ژێرخان و سەرخانیەوە لە گەڵ زەوی تەخت کراوەو تازە کەڵکی ژیانی تێدا نەماوە! ئەمانە لە سعودیە لێیان پاڵداوەتەوەو فەتوایەک چیە لە دەمیان نایەتە دەر لە دژی سوپاو حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسڕائیل!
بەڵام هەرئەو زاناو شێخە سیاسی و فەتواچیە وەهابیانە بوون کە خۆیان دەگەیاندە ئەوسەری دنیاو ئاگری فیتنەیان دادەگیرساند! هەر بۆ نموونە ساڵی ١٩٩١ ئیسلامی سیاسی لە وەڵاتی جەزائیردا بە ئیعازی فەتواچیە سیاسیەکانی سعودیە تەواوی بزووتنەوەو پارتە ئیسلامیەکانی جەزائیری لە نێوخۆدا کۆکردەوەوجیهادیان لە دژی حکومەتی ئەوکاتی جەزائیر ڕاگەیاند. ئیسلامی سیاسی شەڕێکی ماڵوێرانکەری لە جەزائیردا هەڵگیرساند کە دەیان تاوانی جەنگ و دژە مڕۆڤانەی تێدا ئەنجامدرا، بە کێردو شیرو تەوران سەری خەڵکی بێتاوانیان دەپەڕاند! ئەو شەڕە کە بوو بە شەڕێکی ناوخۆیی لە ساڵی ١٩٩١ وە درێژەی کێشا هەتا ساڵی ٢٠٠١. شەڕەکە هێندە ترسناک و هێندە زۆرخەڵکی بێتاوانی تێدا بوو بە قوربانی و دە ساڵیشی خایاند بۆیە وەک دەیەی ڕەش خۆی خستە ناو مێژووی هاوچەرخەوە! لەو دە ساڵەدا یان با بڵێین لە دەیەی ڕەشدا زیاتر لە دوو سەد هەزار کەس لە خەڵکی بێتاوانی جەزائیر بوونە قوربانی!
ڕۆڵی زاناو پیاوانی سەر بە ڕەوتی وەهابی لە سعودیە لە هەڵگیرساندن و بەردەوامی پێدانی دەیەی ڕەشدا لە ڕووی دینییەوە بە ئاشکرایی دەرکەوت کە کاریگەری هەبووە! وەهابیەکانی ناو سعودیە فەتوای جیهادو غەزایان دا لە دژی حکومەتی ئەوکاتی جەزائیر. بە ئاشکرا فەتوایان دا کە هەر کەسێک لە گەڵ حکومەتی جەزائیر بێت کافرەو خوێنی حەڵالەو غەزاو جیهاد لە دژیان ڕەوایە! ئەم فەتوادانە بووە هۆی کە ڕەوتە ئیسلامیەکانی جەزائیر سڵ لە هیچ تاوانێک نەکەنەوە بە بیانووی ئەوەی کە کە ئەوان جیهادو غەزا دەکەن لە دژی کافران. بە کێردو شیرو تەوران کەوتنە گیانی خەڵکی بێتاوانی جەزائیرو کەوتنە نێو لادێ دوورە دەستەکان و چەندین خەڵکیان بە شیران سەر دەپەڕاند. بۆ نموونە تەنها لە یەک شوێنی بجووکدا لە ڕووی دانیشتوانەوە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا زیاتر لە چوارسەد کەسیان بە شیرو تەورو کێردان سەر پەڕاند!
بەڵام کاتێک کە دەرکەوت سعودیە لە تەقاندنەوەی تاوەرەکانی نیویۆرک لە ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ دا تێوە گلاوە، هەر ئەو مەلاو زاناو شێخە وەهابیانەی سعودیە بوون کە لە ساڵی ١٩٩١ دا فەتوای جیهادیان لە دژی حکومەتی جەزائیردا، ئەوجارە ١٨٠ پلە بایاندایەوەو فەتوایاندا کە نابێت شەڕ لە گەڵ حکومەتی جەزائیردا بکرێ و دەبێ دەستبەجێ بوەستێ و بەردەوامیپێدانی شەڕ حەرامەو ڕێگەپێدراو نیە لە ڕووی دینییەوە! هەروەها داوای ئەوەیان کرد کە دەبێ تەواوی ڕەوتە ئیسلامیەکانی ناو جەزائیر لە گەڵ حکومەتی جەزائیر ئاشت ببنەوەو شەڕو ناکۆکیی کۆتایی پێبهێنن!
دیسان هەر ئەو مەلاو شێخە وەهابیانەی سعودیە بوون کە لە ساڵی ١٩٧٩شدا فەتوای جیهادیاندا لە دژی هێزەکانی سۆڤیەت لە ئەفغانستان و داوای جیهادیان کرد لە موسڵمانانی جیهان کە لە دژی هێزە کافرەکانی سۆڤیەت لە ئەفغانستان بجەنگن وجیهادو غەزا ئەنجام بدەن! لەو بارەوە حکومەتی سعودیە ڕاستەوخۆ ڕۆڵی کاریگەری هەبوو لە ناردنی موجاهیدین بۆ ئەفغانستان تا لە دژی سۆڤیەت جیهاد بکەن! لە ئەفغانستانیش بە هۆی فەتوای وەهابیەکانی سعودیە لە ماوەی ١٠ دە ساڵدا لە سەرووی ١٧٦ هەزار کەس بوونە قوربانی و وەڵاتی ئەفغانستانیان بەرەو کەلاوە برد. دیسان لە ساڵی ٢٠١٣ دا هەر ئەو مەلاو شێخە وەهابیانەی سعودیە بوون کە فەتوای جیهادو غەزایان لە دژی حکومەتی سوریای بەشار ئەسەد دا. هەروەها هەر ئەوانە بوون کە بوونە هۆی ئەوەی کە لە سوریاش لە سەرووی ٥٠٠ هەزار کەس بوونە قوربانی و وەڵاتی سوریایان بەرەو کەلاوەو وێرانی برد. فەتوای ئەوانە بوو کە هیچ پێداویستیەکی ژیانیان لە سوریادا نەهێشت و لەڕووی پێشکەوتنەوە سوریایان دەیان ساڵ بۆ دواوە گێڕایەوە!
جا لێرەدا کورتەی باسەکە ئەوەیە کە بە بەهۆی فەتوای ئەو شێخ و مەلاو زانا وەهابیانەی سعودیەوە لە ماوەی دەساڵدا زیاتر لە یەک ملیۆن موسڵمان بەدەستی موسڵمان کوژران، زیاتر لە ١٥ ملیۆن موسڵمان بەدەستی موسڵمان ماڵیان لێوێرانکراو لە شوێنی خۆیان بە زۆرەملێ کۆچیان پێکراو بوونە پەناهیندەی هەندەران! ئەوە بێجگە لەو هەموو ماڵوێرانی و کاولکاریی و بریندارانەی کە بە هۆی بەردەوامی ئەو شەڕانەوە پەیدابوون!
پرسیاری سەرەکی دەست بەجێش کە دەبێ بکرێت ئەوەیە بۆچی هەر ئەو مەلاو شێخە وەهابیاناەی سعودیە کە بە نوێژی نیوەڕۆ دەبینن کەرتی غەزەی برا موسڵمانەکانیان بەرەو وێرانەیەکی تەواو ڕۆییشتووە، وا زەویەکەش بە وێرانەیی خراوەتە مەزادەوەو تڕەمپ بە تەمایە بیکڕێت بۆ پڕۆژەی وەبەرهەمهێنان، کەس ناتوانێت ئیتر لەو بەشەدا ژیان بەسەر بەرێت، خەڵکی کەرتی غەزە کەوتوونەتە نێوان دوو بەرداشی بێویژدانی دژە ئینسانی وەک حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسڕائیل لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە برا حەماس و جیهادیە موسڵمانەکانیان لە ناو کەرتی غەزەدا. هەردووک لایان کەوتوونەتە هاڕینی خەڵکی بێتاوانی کەرتی غەزە. لەونێوەدا خەڵکی کەرتی غەزە بێجگە لەوەی کە تەواوی ماڵ و حاڵیان وێران بووەو کەرتی غەزە بۆتە وێرانەێک کە ئیتر سەختە ژیانی بۆ بگەڕێتەوە! لە لایەکی تریشە بە سەدان هەزار لە بریندارو دەست و قاچ پەڕیو لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا پەیدابوون ، نزیکەی پەنجا هەزار لە کوژراو، بە دەیان هەزار لە کوژرانی منداڵان و چەندین کارەساتی جەرگبڕی تر، کەچی هێشتا مەلاو ئاخوندە وەهابیەکانی سعودیە لەو گوێیەیان ناچێت بۆ ئەو گوێیەی ترو نەبایان پێدا دێت و نەباران. بۆچی ئەوەندە بوێرییان تێدا نیە فەتوای جیهاد لە دژی دەوڵەتی ڕاستڕەوی ئیسڕائیل بدەن و ڕای گەێنن کە جیهاد لە دژی ئیسڕائل و سوپای ئیسڕائیل پێویستەو دەبێ ئەنجام بدرێت؟ یان ئەوەتە ئەو ماستە گوریسێکی تێدایەو فەتواکانی تریشیان فەتوای سیاسی بوون و پەیوەندیان بە دینەوە نەبووەو دینیان بەکارهیناوە!

تێبینی: لە پەیوەند بە مێژوو، ژمارەی کوژراوو بریندارەکان و فەتوای مەلاکانی سعودیە سوودم لە الجزیرە نت، ویکیپیدیا، الشرق الاوسط و القدس العربي وەرگرتووە!




تۆش ڕۆشنبیرێكی فریودەریت!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

ئەدەبی كوردی بە هۆی ئەو دیفاكتۆ سیاسی و نەتەوەیەی كوردی تێدا ژیاوە، ڕەنگدانەوەی سەرخانی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردی و ئەو ڕەهەندە سیاسی و نەتەوەیە بووە بەتایبەتیش لە ئەدەبی بەرگریی و قۆناغی تیچكۆشانی شاخدا. ئەم واقیعە، ڕەنگدانەوەی قووڵی لە ئەزموونی ئەدەبی كوردی بە گشتی و شیعریش بە تایبەتی هەبووە، چونكە هیچ كاتێك ئەدەب و كۆمەڵگە و كارەساتەكانی، لە یەكتری دانابڕێن بە تایبەتیش لە مێژووی سیاسی نەتەوەیەكی چەوساوەی وەك ئێمە. لەو سۆنگەیەوە، كارەساتەكانی ئەنفال، كیمیاباران، جینۆساید و سوتتماككردنی كوردستان و پێشمەرگە و چیاو سەدان ئایكۆنی بەرگری دیكە، بە گشتی لەو تێما شیعریانەن كە ئەزموونی شیعری شاعیرانی ئێمە پێكدێنن. واتا شیعر دەبێتە ڕووبەرێك بۆ بە نەمری هێشتنەوەی ئەو كارەساتانە لە یادەوەری ئێمەدا و نە سپاردنیان بە پەراوێزەكانی مێژوو.

ئەدۆرنۆ دەڵێت :_( دوای ئاوشفیتزم نووسینی شیعر كارێكی بێ مانایە) وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە كارەساتی جینۆسایدكردنی جوولەكەكان و تواندنەوەیان لە كوورەكانی ئاگر و كردنیان بە سابوون، لە دەرەوەی زمانە و زمان و شیعر لەوە بێ تواناترن، مەزنی ئەو كارەساتە هەڵبگرن و بەرجەستەی بكەن، بەڵام ئەگەر بە دیوێكی دیكەدا، بۆ ئەو بۆچوونەی ئەدۆرنۆ بچین و پرسیاری ئەوە بكەین، چی كارەسات و تراژیدیاكانی مرۆڤ، لە ڕووبەرێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی و كولتووری دێنێتە نێو بیر و یادەوەری ئێمە؟ ئایا هەر كارەساتێك كە ڕوودەدات، پەیوەست نییە بە زەمەن و شوێنێكی دیاریكرا و ئیدی دەبێتە بەشێك لە ڕابردوو؟  لێرەدا، نالۆژیكی قسەكەی ئەدۆرنۆ دەردەكەوێت و ئەگەر زمان وەك هێمای گوزارشتكردن، وێناكردن و بەرجەستەكردنی ئەو ڕووداوانە، لە ئاستی دەربڕین نەبێت، ئەوا ئەو ڕووداوانە تەنها لە چوارچێوەی ئەو شوێن و زەمەن و مێژووە دەمێننەوە، كە تیایاندا ڕوویانداوە. ئەگەر كارەساتی ئەنفال بە نموونە وەربگرین، دەبینین ئێمە لە كاتی خوێندنەوەی گۆرستانی چراكان و دەربەندی پەپوولە و ئاقات و لاوكی هەڵەبجە و چەندان دەقی شیعری دیكەش، ئەوا هەست ناكاین كارەساتەكانی ئێمە بوونەتە ڕابردوو، بەڵكو لە چوارچێوەی زەمەنە فیزیكیەكە دەرهێنراون و زەمەنێكی دەروونیان پێدراوە، كە هەستێكمان لا دروست بكات ئەنفال و كارەساتەكانی دیكە ئێستا ڕوویانداوە. واتا ئاستی بەركەوتنی ئێمە بەو كارەساتانە مێژززیی نییە، بەڵكو ئێستاییە. لێرەوەش بە شیعركردن و بە تێماكردنی ئەو دەقانە، بۆ بە نەمری هێشتنەوەی ئەو كارەساتانە لە بیری ئێمەدا، قسەكەی ئەدۆرنۆ پێچەوانە دەكەنەوە، چونكە ئەگەر لە دوای هەر كارەساتێك، پێمان وابێت زمان لەوە بێ تواناتر و بێ مەوداترە گوزارشت لە قووڵایی ئەو كارەساتانە بكات، ئەوا ئێمە تەنها هەوڵی هێشتنەوە و بینینی ئەو كارەساتانە، وەك ڕووداوێكی مێژوویی، كە لە كات و ساتێكی دیاریكراو  كە ڕوویانداوە دەبینین، بەمەش ئەو كارەساتانە دەچنە پەراوێزی مێژوو. لێرەدا، ئەو پەیوەندییە سەرخانی و زمانی و نەتەوەییە لە نێوان زمان و كارەساتەكانی ئێمە دروست دەبێت، ئێمە لێرەدا، لە بەردەم بە شیعركردنی ئەو كارەساتانەین و هێشتنەوەیانە وەك ڕووداوێك كە هەرگیز نابنە رابڕوود وەك ئەوەی لە ئەزموونی شیعری بەرگریی ئێمە دەبینرێت. لە كتێبی (ڕۆشنبیرە فریودەرەكان) نووسەری كتێبەكە، ڕەخنەی ئەوە لە شێركۆ بێكەس دەگرێت، كە چۆن ئەنفال و هەڵبجە بە شیعر دەكات، لە كاتێكدا ئێمە خۆمان لە بەردەم وێنەی ڕاستەقینەی كارەساتەكە داین. بڕوای وایە، ئەمە پێویست نییە و شێركۆبێكەس لە گەورەیی ئەو كارەساتانەی كەم كردۆتەوە، ڕەخنە لە پاپلۆ نیرۆدای شاعیری سیمبولی مرۆڤایەتی لە جیهاندا دەگرێت، كە بۆچی هەر باسی هەژاری و نان دەكات و نایەوێت لەوە زیاتر شتێكی دیكەمان پێ بڵێت ( ئەمەیە  كورد دەڵێت تێر ئاگای لە برسی نییە) هەروەها ڕەخنە لە سوهراب دەگرێت، كە بۆچی باسی هێمنی ئاو دەكات مەگەر ئێمە خۆمان ئاو نابینین؟ ڕەخنە لە دیستۆفسكی و محمەد شوكری دەگرێت، كە ئەزموونەكەانی ژیانی هەژاری و بێ دەرەتانی خۆیان كردۆتە كتێب ! بە بڕوای ئەم نووسەرە، ئەو نووسەرە گەورانەی كورد و جیهان، ئێمەیان فریوداوە، چونكە نەیانتوانیوە باسی شتێكی دیكەمان بۆ بكەن و ئێمە خۆمان ئەنفال و نان و هەژاریمان دیوە، ئاو دەبینین. ئەمانە ڕۆشنبیری فریودەرن (1). ڕەخنەی ئەوە لە گۆران دەگرێت، كە بۆچی گەشتی هەورامانی كردۆتە شیعر؟ بۆچی هەر باسی جوانی ژن دەكات؟ ئەمانە نەداهێنانن،  نە شیعر چونكە ئێمە خۆمان ئەو شتانە دەبینین (2)  ئەمانە تەنها كۆپیكردنەوەی واقیعی ڕووتن. نەجات نوری لێرەدا، هەمان ئەو بۆچوونە نالۆژیكی و بێ مانایەی ئەدۆرنۆ دووبارە دەكاتەوە و بە پاساوی ئەوەی زمان ناتوانێت گوزارشت لەو كارەساتانە بكات، ئیدی دەبێ ئێمە نەیانكەینە تێمایەكی ئەدەبی و شیعریی و نەیانهێنینە نێو بیر و یادەوەری خۆمان و دەبێ هەر وەكو خۆیان لەو چوارچێوە مێژووییە بمێننەوە، ئەمەش قووڵایی كارەساتەكان دەردەخات. لێرەدا،  دەمەوێ نموونەیەك لە بارەی ئەو بینینە جیاوازانە بێنمەوە، ئێوارەیەكیان لە سەر لێواری خەرەند، كە دیمەنێكی سرووشتی زۆر جوانی شاری ڕواندزە و سەرچاوەی ئیلهامە دانیشتبووم، لەو دەمەدا هونەرمەندێكی هاورێم پەیدابوو، دوای سڵاو، دەستیكرد بە كێشانی وێنەی خەرەند، لە چوارچێوەی تابلۆیەكی گەورەدا، منیش پێم گوت، تۆبۆچی وێنەی خەرەند بۆ ئێمە دەكێشێت، كە ئێمە خۆمان بە واقیعی و بە ڕاستەقینەیی خەرەند دەبینین؟ لەوەڵامدا گوتی (بینینی من جیاوازە، بینینی من وەك هونەرمەندێك هونەریانەیە و من ئێستا لە دیار خەرەندم، بەڵام بە ڕاستەقینەیی نا، بەڵكو خەرەندێكی دیكە كە لەو تابلۆیە بەرجەستەی دەكەم)  بێگومان ئێمە هەزارانمان ڕۆژانە خەرەند دەبینین، بۆ ناتوانین بیكەینە تابلۆ؟ 
مەگەر ئێمە ئەنفالمان نەدیت؟ هەستمان بە ئازار و برینەكانی نەكرد؟
بۆچی نەك ئێمە، شاعیرانی دیكەش نەیانتوانی گۆڕستانی چراكان بنووسن؟  مەگەر ئێستاش هەژاری سیمایەكی دیاری مرۆڤایەتی نییە؟ كەواتا بۆچی دەبێ بڕوامان وابێت نیرۆداا شاعیر نییە؟ ئەم بۆچوونانەی نەجات نوری، بۆچوونی سەبر و نالۆژیكین، هەموو مرۆڤایەتی لە ئەسكەندنافیاوە بۆ لێوارەكانی باشووری ئەفەریفا، بۆ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، نیرۆدا وەك سمبولی مرۆڤایەتی دەبینن و خۆشیان دەوێت، ئیدی بۆچوونی نووسەرێكی نەناسراوی كورد لە هەنبەر ئەو شاعیرە، كە لە ڕوانگەیەكی ئایدۆلۆژیی و چینایەتییەوە دەریدەبڕێت، ناتوانێت نیرۆدامان لەبەر چاو بخات. بە هەمان شێوە، شێركۆ بێكەس، بۆ ماوەی نیو سەدە ڕوحی برینداریی نەتەوەیی ئێمە لە كۆڵ دەنێت و شارەو شار، وەك مەریوان قانع دەیڵێت دەیگێڕێت. شێركۆ دێت و لە ڕێگەی شیعرەكانییەوە، ناهێڵێت ئەنفال و هەڵەبجە، سەرگەلۆو بادنان، پێشمەرگە و چیا، منداڵە تەمەن شەش ساڵەكەی گوندی هەڵەدن، كە بە كیمیای شەهید دەبێت، لە یادی ئێمە بچنەوە و ببنە ڕابردوو.  ئەو بە ئێستاییكردنەی كارەساتە نەتەوەییەكانی ئێمە، لە بنەڕەتدا هەڵگرتن و نەمركردنی ئەنفال و كارەساتەكانی دیكەیە لە چوارچێوەیەكی مێژوویی، بۆ ئەدەبی و خەیاڵی، لە زمانی گوزارشتكردنەوە، بۆ زمانی هەمیشە وێناكردن و بینین. ئێمە لە شیعرەكانی شێركۆ بێكەسدا، لە بەردەم ئەنفالێك نین ڕووی دابێت، بەڵكو لە بەڕدەم ئەنفاڵێكین كە هەیە و نابێتە ڕابردوو، هەر ئەمەشە ئەركی ڕاستەقینەی شیعر و شاعیران، لە سەردەمێكدا كە هەمووشتێك دەبێتە خوێن و مەرگ و  ژیان دەسڕدرێتەوە.
نەجات نوری، لە كاتێكدا ڕەخنەی ئەوە لە نیرۆدا و شێركۆ بێكەس و سێرڤانتس و گۆران و دیستۆفسكی دەگرێت، كە سادە و بێ قووڵایی دەنووسن و باسی شتێكمان بۆ دەكەن كە خۆمان دەیبینین، كەچی هیچ كێشەیەكی لەگەڵ ئەوە نییە (كافكا) سادە بنووسێت، باسی بێهوودەیی و بێ مانای ژیان بكات و ساكارانە بدوێت هەروەك دەڵێت:_( كافكا هیچ تەم و مژ و نادیاریەك لە دەقەكانیدا نییە، نەهاتووە لە شتێك بدوێت كە بوونی نییە،  لە مرۆڤ دەدوێت و برینەكانی دەبینێت ) (3) نووسەر، گرفتی لەگەڵ نیرۆدا، كە هەزار ئەوەندەی كافكا، مەزنتر و مرۆڤدۆستر و خۆشەویسترە لە دنیادا هەیە كە باسی نان و هەژاری دەكات، بەڵام ئەمەی بۆ كافكا پێ ئاسایە، ئەگەر ئەم نووسەرە، كە هێمای بێ هوودەیی ژیانە، سادە و بێ تەم و مژ بنووسێت. هەر باسی ئەو شتانە بكات كە لە واقیعدا هەن، ئیدی نازانم نەجات نوری، بۆچی نیرۆدا و گۆران ڕەت دەكاتەوە، بەڵام پەسنی كافكا دەدات؟ بۆچی دەبێ كافكا سادە بنووسێت و وەك پەیامبەر بیبینین، بەڵام نیرۆدا و شێركۆ بێكەس و گۆران و دیستۆفسكی، كە هەزار ئەوەندەی كافكا، ئەدەبەكەیان لە خزمەت مرۆڤایەتی و چینی چەوساوە بووە ڕەت بكەینەوە؟ ڕەنگە ئەم تێڕوانینە بۆ ئەدەبی كافكا و سارتەریش وەك نماییندەی ئەدەبی بێهوودەیی، پەیوەندی بە جیهانبینی ئەم نووسەرە لە بارەی بوون و ژیان و پەیوەندی مرۆڤ بە هەموو شتێكەوە هەبێت، كە وای لێكردووە بە پووچی و بێ مانایەوە بڕوانێتە ژیان و ئەمەش لە نووسینەكانی ئەم ساڵانەی دواییدا و ئەم كتێبەش بە تایبەتی  دیار و بەرچاوە. نووسەر هەر لەو كتێبە و لە بابەتێكی دیكەیدا، نائومێدی خۆی لە كتێب دەردەخات و دەڵێت:_ ( دەبێت كتێب چی لە جیهانی  پڕ لە تاریكی و نەهامەتی برسێتی و ستەم و جەنگ و نەخۆشی گۆڕیبێت؟ گرنگە مرۆڤ هەست بكات، كە هیچ كاتێك كتێب توانیبێتی جیهان و مرۆڤایەتیش ڕزگار بكات و جیهانی پێ بگۆردرێت) (4) كتێب چی لە ژیانی مرۆڤ دەگۆڕێت، ئەو پرسیارە میللی و ناهزریەیە، كە من وەك كتێب خوێنێك ڕۆژانە لەلایەن عەوامی دوور لە كتێب و دنیای خوێندنەوە بەری دەكەوم. بەو مانایەی ئێمە بۆچی دەخوێنینەوە، لە كاتێكدا هیچمان پێ ناگۆڕدرێت؟ بەڵام گەر لە بری وەڵامی ئەو پرسیارە، پرسیارێكی دیكە بكەین و بپرسین ئەی ئەگەر كتێب نەخوێنینەوە، چی لە واقیعی ئێمە دەگۆڕێت؟ لە ڕاستیدا نائومێدكردنی مرۆڤەكان لە كتێب و داكوتانی ڕەگی بێهوودەیی لە ناخیاندا بەوەی كە كتێب ناتوانێت كەس و كۆمەڵگەیەك بگۆڕێت، لە سەر زاری نووسەرێك كە گوایا هەرچی ئەقسانە و ئایینی دنیا هەیە خوێندوویەتییەوە، جێگەی سەرنج و پرسیار و شۆكە، چونكە هەر نووسەرێك ئەو پەیوەندییە ڕوحی و توندو تۆڵەی لەگەڵ كتێب هەبێت، ئەم پرسیارە ناكات. ڕاستە لە كۆمەڵگەی ئێمە، كتێب هیچ شاێك ناگۆڕێت، بەڵام دەتوانێت ئەوە بگۆڕێت كە كتێب دەخوێنێتەوە. دەتوانێت جیهانێكی دیكەی پێ ئاشنا بكات، كە ڕەنگە لە هیچ كام لە دایك و باوك و ئۆرگانێكی پەروەردەیانەی ژیان بەری نەكەوتبێت.
مرۆڤەكان دەتوانن لە ڕێگەی كتێبەوە خۆیان و دنیا و مرۆڤەكان بناسن، دەتوانن ئەزموونی ژیانێكی تازە بكەن كە هەزاران پەنجەرەی هەیە بۆ ڕوانین،  باسكردن لەوەی  كە خوێندنەوە ناتوانێت هیچ بگۆڕێت، بە تایبەتیش لە كۆمەڵگەی ئێمەدا  كە هەموو نەهامەتییەك و ناهوشیارییەكانی پەیوەندییان بە نەبوونی كولتووری خوێندنەوەی كتێب هەیە، ئەوەندەی تر فراوانتركردنی ڕووبەری نەزانی و ناهوشیاریی و بێ ئاگایە. من زۆرجار تا سەر ئێسقان لە كتێب و خوێندنەوە نا ئومێد و ڕەشبین دەبم، بەڵام هیچ كاتێك ناتوانم پاساوی ئەو ڕەشبینییە بەوە بدەمەوە كە ئیدی با هەموومان واز لە كتێب خوێندنەوە بێنین چونكە هیچ لە ژیانی ئێمە ناگۆڕێت !هەوڵدان بۆ كەمكردنەوە لە بەهای كتێب و دنیای خوێندنەوە لای نووسەرانی ئێمە، بە ڕاستی كارەساتە. دەشێ ئەوان لە پەراوێزی ئەو ئەزموونەی خۆیان لەگەڵ كتێب نەیانتوانی بێت شتێك لە ژیانی خۆیان بگۆڕن، یاخود جۆرێك لە بێهوودەییان لە كتێب، لە دەرەنجامی دواكەوتوویی كۆمەڵگەو دەرگیرنەبوونی لەگەڵ كتێب بۆ دروست بووبێت، ئیدی لە پەراوێزی ئەو ئەزموونە شكستخواردووەی خۆیان دەڕواننە كتێب.
من هەر كاتێك پرسیاری ئەوە دەبینم كە كتێب مرۆڤ ناگۆڕێت، ئەزموونی ژیانی پڕ لە نەزانی و بێ باكی و دواكەوتوویی  ژێر دەستی دایك و باوكە میللییەكەی خۆم دێتە بەرچاو، كە چۆن تەنها گەورەیان كردم، بێ ئەوەی فێری یەك شتیشم بكەن. ئیدی كتێبەكان قێری هەموو شتێكییان كردم و پەروەردەیان كردم . جەخت كردنەوە لەو تێڕوانینە میللی و نەریتی و هەمووەكییە، كە دەڵێت مەخوێننەوە چونكە هیچ شتێك لە مەسەلەكان ناگۆڕێت، ڕەوایەتیدانە بە مانەوە و ئەو تێگەیشتنە دواكەوتووەی كە ئارەزووی مانەوەی هەموومان بە نەزانی و نەخوێندەواری دەكات، مانەوەیەك تەنها وەك ئاژەڵ خەمی گەدەمان بێت، وەك ئەوەی بەداخەوە ئێستا لە كۆمەڵگەی ئێمە دەبینرێت. مەگەر هەموو كۆمەڵگەكانی دنیا، لە ڕێگەی شۆڕشی چەكدارییەوە یان كتێبەوە پێشكەوتوون و هوشیار بوونەتەوە؟
نەهامەتی ئێمە لەوەدایە كە ناخوێنینەوە، ئەگەر نا هیچ كۆمەڵگەیەك هێندەی كۆمەڵگەی ئێمە پێویستی بە خوێندنەوە نییە. دواجار ڕووی دەمم وەك خوێنەرێك كە هەموو ژیانم لەگەڵ كتێبەو تا مردن خۆمیان بەقەرزار دەزانم و فێری هەموو شتێكییان كردم، لەكاتێكدا دایك و باوكم فێری هیچیان نەكردم، ئاراستەی نووسەری ئەو كتێبە دەكەم و دەڵێم: ( تۆش ڕۆشنبیرێكی فریودەریت، چونكە دەتەوێت كافكا و سارتەر بخوێنینەوە و خۆشمان بوێن، بەڵام گۆران و شێركۆ و نیرۆداو دستۆفیسكی نا، تۆش لە بری ئەوەی هانمان بدەیت زیاتر بخوێنینەوە، زیاتر كتێب بناسین، قووڵتر بچینە نێو كتێب، باسی ئەوەمان بۆ دەكەیت كە خوێندنەوە فێری هیچتان ناكات و هیچ شتێك ناگۆڕێت بۆیە مەخوێننەوە !).




پەراوێزەكان :_

1_ ڕۆشنبیرە فریودەرەكان، نووسینی: نەجات نوری، ساڵی چاپ _2024 ل  68 .

2_ ه –س –پ ل 69

3_ه – س- پ – ل 94.

4 _ ه _س –پ ل  192.

*ئەم بابەتە لە هزرو هونەری ڕۆژنامەی خەبات ژمارە (199) لە 16/1/2025 بڵاوكراوەتەوە.




سەبارەت بە باسی “شۆڕشی سۆشیالیستی و ئەزمونی شۆڕشەکانی سەدەی ٢٠.. خوێندنەوەی ئیبراهیم محمد

یەکێك لەو باسانەی لە کتێبی تێگەشتنێك لە شۆڕشی سوشیالستی دا خراوەتە ڕوو باسێکی هاوڕێ ئاسۆ کەمالە لە ژێر ناونیشانی‌ ( شۆڕشی سۆشیالیستی و ئەزمونی شۆڕشەکانی سەدەی ٢٠) . وەک هاوڕێ ئاسۆ خۆی دەڵێ باسەکەی، ئەکرێ سەربەخۆ لە باسەکانی ترسەیر بکرێت. بەڕای من ئەگەر نەبێت بەژێر ئەو هەموو باس و ووتارو پۆستەوە کە بێشمار دەڕژێتە سۆشیال میدیاوە، پێویستە جدی وجیاواز سەیری بکرێت و هی ئەوە نیە سەرنج و تێبینی لە سەر نەدرێت.
هاوڕێ ئاسۆ ،بە پێشەکیەک و دووبەش و ئەنجامگیریەک باسەکەی بەشێوەیەک دەخاتە ڕوو کە خوێندنەوەیەکی جیاوازەولە ڕوو شیکاری کۆنتێکستەوە:

  • بەدواداچوون بۆ ئەو زەمینە مێژوویی و سیاسییەی کە توێژینەوەکە بە شوێنیەوەیە دەکات .

    • توێژینەوەکە پێشهاتەکانی ئێستا و ڕابردووی پەیوەست بە بابەتەکە لەبەرچاو دەگرێت.

  • ئەم باسە لە فۆرمە گشتیەکەیدا باسێکی پێ لە زەویەو، هەرئەوەی کۆمەڵێک پرسیار دەکات و هەندێک پرسیاریش بۆ خوێنەر دەوروژێنێ بۆ خۆی گرنگە.
    لە سەرەتاوە دەیەوێ .<<ئەوەی هێشتا تێزی شۆڕشی دیموکراتی دواتر شۆڕشی سۆشیالیستی لای کۆمۆنیستەکان هەر ماوە>>١، بکات بەدەستپێك . دواتر ڕەنگدانەوەی ئەو فۆرمۆلەیە لە بەرنامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی دا وەک نموونە زەق دەکاتەوە. . . بەهەرحال هاوڕێ ئاسۆ دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەکی دوور کە لە زهنی کۆمەڵگادا نەماوەتەوە،دەیەوێت بزانێ بۆ ئەو شۆڕشانە سەرکەوتوونەبوون، چی لەو شکستانەوە فێردەبین؟. بۆ سەردەمی کۆمۆنەی پاریس، تابتوانێ کۆنسێپی ئەو ڕەوت و رێکخراوانە ، بداتە بەر ڕەخنە. ئەگەر ئەم گەڕانەوە یە پێویستە دەبێت سەرجەم ڕەوەندی مێژووی ئەوکاتە لەبەرچاو بگرین تا وێنەکە دروست بێت، چونکە هەموو گەڕانەوەیەك بۆ مێژووی، لەخۆی دا،نووسینەوەی مێژووە. نوسینەوەی مێژووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی وکرێکاری بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕەوەندی ئەوکاتەی کۆمەڵگا ناتوانێت وێنەیەکی دروست بێت ئەگەر سەرنج بدەین و بە پێی ئەم پێویستیە بگەڕێنەوە بۆ مێژوو،ئەوا شۆڕشی ١٨٤٨ لە ئەوروپا سەرەتای ئەو چارەنووسە جیاوازە بوو.سیستەمی سەرمایەداری لێرە بە دواوە وەک چەترێک کرایەوەو پێی نایە قۆناغێکی تر تەواوی سیستەمی سیاسی ،جمهوری ئوروستقراتی و دەستوری بەشێوەێەک ئارایشدرایەوە بوو بە سەرپۆشی سیاسی سیستەمی سەرمایەداری و ئەوروپا بەتەواوەتی پێی نایە قۆناغێکی. تر دوای شکستی شوڕش لە ئەوروپا هەندێک گۆڕانکاری چارەنووس ساز ڕووی دا ،لەوانە ئەزمەی ئابووری ساڵی پەنجاو حەوت کۆچی ملێۆنی ڕووەو ئەمریکا شەڕی ناوخۆی ئەمریکا ساڵی ١٨٦١ -١٨٦٤ وقۆناغی دووەمی شۆڕشی دووەمی پیشەسازی.
    ئەتوانم بڵێم جگە لەشەڕی قەرم و کۆمۆن قۆناغێکی گەشەو پرشنگداری ئەوروپا بوو زانست و تەکنۆلۆجیا و داهێنانە نوێکان ،داڕشتنەوەو ئارایشی سیاسی کۆمەڵگا لێبرالیزمی بۆ جاری یەکەم پەرچەم دار کرد کاردابەشکردن پێی نایە قۆناغێکی تر ئاستی بژێوی گۆڕانی سەرسوڕهێنەری بەخۆوە بینی ژمارەی دانیشتوان تەقیەوە سەرمایە ڕووەو کەڵکەبوون دەچوو داهێنانە زانستیەکان مۆرکێکی چارەنووس سازیان لە کۆمەڵگا دا ،ناکۆکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی پێی نایە قۆناغێکی ترو ئاگاهی چینایەتی پەرەسەندنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینی نیقابەو سەندیکاکان کاریگەریان دانا.
    هەرچەندە ئەزمەی١٨٧٣ سەری هەڵداو کەڵەکەی سەرمایە ناکۆکی تیژ دەکردەوە لە دوای ناوەڕاستی هەشتاکان بەدواوە بزووتنەوەی کرێکاری هەژموونی هێناو دیمووکراسی بەسەر سەرمایەداریا فەرز کرد وسوسیال دیموکراتی بوو بە ڕکەبەری لیبرالیزم ئەمە قۆناغێکی گرنگی تر بوو کەڵەکەی سەرمایە لە چوارچێوەی ئەوروپا گەورەتر بوو کێبرکێی سەرمایە تیژ بوویەوە تا حەدی زاڵکردنی سێبەری شەڕێکی سەرتاپا گیر چارەنووس ساز…..سەرەتای سەدەی بیست شەڕ بوو بە چارەسەر …..کەڵەکەی سەرمایەو ناکۆکی کۆمەڵایەتی پێکەوە لە چوارچێوەی ئەوروپادا تەحەموول نەدەکرا…. شەڕی ئیمپریالیستی بەردەرگای گرت…. قۆناغی مێژوویی دوای شۆڕشی ١٨٤٨ تا سەرەتای جەنگی جیهانی یەکەم پڕە لەو ڕووداوە سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتیانەی کە تا ئێستا کاریگەریان هەیەو بێ دەرکێکی ڕۆشن لێکدانەوەی ناتوانرێ سەرجەم مێژوو دروست وێنا بکرێت .چ جای قۆناغی ئێستا. دەبێت ئەم قۆناغە وورد تر لێکدرێتەوە تا وێنەی ئێستا ڕۆشنتر بێت.ناکرێ ئەم سیاقە مێژووی یە وەک باگراوندی کۆمۆنەی پاریس تەلخ بکەین تەنها چاوم لەسەر شۆڕشەکە بێت.
    شۆڕش لەشارێکا لە چاوی سەرجەم ڕەوەندی مێژووی ئەوکاتە ئاکامە سلبیەکانی لە سەر بزووتنەوەی کۆمۆنیستی وکرێکاری کاریگەر تر بوو لە چاو دەرس و تەجروبەکانی هاوڕێ ئاسۆ ئەڵێ: ئەوەی لەم سیمینارەدا بیخەمە ڕوو وەڵامی ئەم پرسیارە یە، بۆچی شۆڕشە کرێکارییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و بیستەم سەرکەوتوونەبوون…سوسیال دیموکراتی، بەپیرۆز کردنی دیموکراتی بۆرژوازی..بەلشەفیزم بە کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی سیاسی وەبەرهێنانەوەی سەرمایەداری بەڵام ئەمانە بەرئەنجامی شکستی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی وکرێکاری یە لەکۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا نەك هۆکار . شکستی ئەم بزوتنەوە یە وکارکردی ڕووداوە و پێشهاتەکانی سەدەی بیست و ڕەوەندی گەشەی سەرمایەداری و گۆڕان و کاردانەوەی کاریگەری دانا لەسەر تواناو هەستانەوەی بزوتنەوی کرێکاریی لە چەقی قورسایی پێویستی خەباتی چینایەتی یەوە. هاوڕێ ئاسۆ بەشوێن ڕیشەی دوالیزم و شۆڕش و ڕیفۆرم وەیە .
    دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش بەشێکی کارکردی حزبێکی کرێکاریی یە کە بیەوێ پەیوەندی بە خەباتی کرێکاریی وە بەردەوام بێت و دانەبڕێت لە خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران و ناڕەزایەتیەکان و ئامادەیی هەبێت پێویستە ریفۆرم کرێکاریی بەهەند وەربگیرێت، چونکە کرێکاران هەمووکات لە هەلومەرجی شۆڕشی کردندا نین .لە هەلومەرجی ئێستادا ئەکرێ دەورو کارکردی دەزگا بۆرژوازی یەکان بۆ خەباتی کرێکاریی کارامەو لەبار نەبێ.بەڵام سەد ساڵ لە مەوپێش ڕەنگە وانەبوو بێت. ئەوەتە ئەنجلس ئەڵێ ((ئێستا تێدەگەین کە ئەو شێوازەی لە ساڵی ١٨٤٨دا پەیڕەویمان لێکرد، بەپێی پێویست نەبووە، لەو کاتەوە بارودۆخی ئابووری لە کیشوەری ئەوروپادا زۆر پەرەی سەندووە، ئێستا شێوازێکی دیکەمان هەیە کە دەتوانێت سوودێکی زۆر زیاتری بۆ خەباتی پرۆلیتاری هەبێت لە چاو شێوازەکانی ڕابردوو ، واتە بەکارهێنانی مافەکانی هەڵبژاردن))” هەروەها دەڵێ(( تەنانەت ئەگەر وا دابنێین کە مافی دەنگدانی گشتگیر جگە لەو سوودەی کە لە ئەنجامی ئەو ڕاستییەوە دێتە ئاراوە کە ڕێگەمان پێدەدات سێ ساڵ جارێک دەسەڵاتەکانمان حیساب بکەین، هیچ سوودێکی تر نادات؛ و کە لە سایەی گەشەی کتوپڕ و بەردەوام بەرچاو لە ژمارەی دەنگەکاندا، بە هەمان شێوە متمانەی کرێکارانی بە سەرکەوتن و ترس و دڵەڕاوکێی دوژمنانی بەهێزتر کردووە و بەم شێوەیە بووەتە باشترین لە نێو ئامرازەکانی پڕوپاگەندەی ئێمەدا؛ وە کە زانیاری وردی لەسەر خاڵە بەهێزەکانی خۆمان و لەسەر خاڵە بەهێزەکانی هەموو لایەنەکانی نەیارەکانمان پێداوین و بەمجۆرە بوارێکی بۆ هەڵسەنگاندنی کردار و هەڵسوکەوتەکانمان کە لە هیچ شوێنێکی تردا هاوتای نەبووە لەبەردەمماندا کردەوە و هەم لە دوودڵی ناکاتیی و هەم لە کاتی ناکاتی پاراستین بوێری بێباکانە – تەنانەت ئەگەر ئەمە تاکە سوودیش بێت، ئەوە نە بەس دەبوو…… ؟))٢ ئەگەر قسە لە سەر ئەو خۆتەکاندنەوە ی سۆشیال دیموکراتیە لە ئامانج و دەستگرتن بە ڕیفۆرمی وە وەک ستراتیج ، ئەوا ڕیشەی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەدا ڕوویان دا زەمینەی ئەوەی خۆشکرد کە ڕیفۆرمیزم وەک ستراتیژی سۆشیال دیموکراتی دا ببێتە ئامانج و ستراتیژ. بەڵێ نیوکلاسیکزم بە پێی پێویستی سوڕی سەرمایە لەو کاتەدا پرۆسەی بەکارهێنانی چالاک کردەوە ،ئەمەش بووە هۆی کارکردی ئەو گۆڕانکاریانە لە فکرو لە سیاسەت دا.

    هاوڕێ ئاسۆ لە لاپەڕەی بیست دا دەڵێ …ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتییە پرۆسەیەکە…نەک بە تەنها ئەزمەیەک یان ڕووداوێک…بەڵام تەواوی شۆڕشە کرێکارییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و بیستەم بەرئەنجامی کارکردن شەڕەکان بوون ،بۆشایەک لەدەسەڵات و کۆمەڵگادا دروست بووە و بە شۆڕش پڕکراوەتەوە لەو ڕێچکەی پرۆسەی بەسەر ئەنجام گەیاندنی شۆڕش دا خۆی نەگرتوەتەوە واتە هەر کە سەرمایەداری گەڕاوەتەوە سەر ڕێچکەی خۆی ،ئەو بۆشاییەی کە لەدەسەڵات دا دروست بووە پڕکراوەتەوە، ئەمە بۆ هەردوو شۆڕشی ئەڵمانیاو کۆمۆنەی پاریس ڕاستە،بۆ شۆڕشی ئۆکتۆبەریش ناڕاستەوخۆ لە پرۆسەیەکا ئەمەی کردووە. شکستی ئەم شۆڕشانە کاریگەری سەلبی کردوەتە سەر سەرجەم بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و لە سەنتەری سەرمایە دووری خستونەتەوە .لە ڕاستیدا ئەم شۆڕشانە شۆڕشی سیاسی بوون شۆڕش ئەوە نیە لە دورگەیەکی یان شاری یا وڵاتێکی ڕوو ئەدات،یەکێک لە پێناسە بنیادیەکانی مارکس بۆ سەرمایەداری،جیهانی بوونیەتی . واتە ئەم سیستەمە کە لە ئەوروپاوە گەشەی کرد، بەتایبەتی لە بەریتانیاوە سیستەمێکە سەرجەم کون و قووژبنی دنیای تەنێوە ئەمەش لەوێوە سەرچاوەی گرتوە کە داهێنانەکانی ئەوەی نیشان داوە کە سنوورەکان کۆنترۆڵی ناکات. شۆڕش ئەوەیە لە پرۆسەی پێچانەوەی سیستەمەکەدا خاڵێکی پۆزەتیڤە واتە سەرجەم سیستەمەکەی لە پێش چاوە، تەنانەت شکستەکانشی پێشمەرجەکانی سەرکەوتنی ڕاناگرێ چونکە زەمینە مێژوویی و مادیەکەی لە خەباتی چینایەتی و لە کۆمەڵگا دا ئامادەیە ،واتە لە بەرامبەر کێشمەکێش و ناکۆکییەکە لە چارنەهاتوەکانی سیستەمەکەدا شۆڕش بووە بە پێویستی،وەک بەهاری ئەوروپای ساڵی1848.
    هاوڕێ ئاسۆ لە بەشی دووەمی باسەکەی دا قوڵتر دەبێتەوە لەم تێگەیشتنە لەشۆڕشی کۆمەڵایەتی و بەشێوازێکی تر هەمان تێگەشتن دەخاتەڕوو بەڵام ئەوەی بۆم سەرنج بوولە دەسپێکەوە دەگەڕێنێتەوە سەر تەواوکردنی ڕەخنەی پێشووی لە كۆمۆنیزمی کرێکاری.ئەمە وا دەکات باسەکە ناڕاستەوخۆ لە کێشمەکێشی فکری دا بمێنێتەوە بەرتەسک بێتەوە لەتێڕوانینێکی مەکتبی ڕەوتێکا.لەکاتێکا، کێشەی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تێڕوانینی ڕەوتێکی ئەم بزوتنەوە نیە کە دەست و پێی گرتبێت. بەڵکو کێشەی چینێکی کۆمەڵایەتی یە کە لەم هەلومەرجەدا بەشێوەیەک توند بووەتەوە وا پێویست دەکات ڕەخنەوە بەدیلی کۆمەڵایەتی خۆی هەبێ. پرسیار ئەوەیە ئایا لە کاتێکا کە نیولێبرالزم بە پێچەوانەوە ئیدیعاکانی وە خەریکە بەشەریەت لەناو ئەبات، کۆمۆنیزم بەپێی پێویست گەڕاوەتەوە ڕێچکەی مێژووی خۆی ؟ کێشەکانی لە رابردوودا چیە و لەداهاتوودا چی دەبێت؟ نەك ئەوەی ڕەوت و تێڕوانینێکی چەپ چی دەڵێت.یان چ ئاراستەیەکتەیکردوە و چ ڤێرژنێکی دەرداوە.
    کۆی باسەکەی جدییە شوێن پەنجەی ئاسۆێکی فراونی هاوڕێ ئاسۆی پێوە دیارە…

    *١کتێبی تێگەشتنێك لە شۆڕشی سوشیالستی
    پێشەکی ساڵی ١٨٩٥ جەنگی ناوخۆی http://xn--marxists-dwk1gwa0oqc20j.org/ ٢ *




داڕووخان.. شیعری ستار ئەحمەد

هێندە تەنهاو پەرێشانم
لەژیانما
خەو نەبووە بەمیوانم
ئەوەی هاودەمی تەمەنمە
تەنها نامۆیی و هەڵبەسته
هەمیشە خۆم دەخۆمەوە
ڕۆحی زامم لەنێو دەستە
پێنووس دەنووک
دەخاتە خوێنی ئاڵمەوە
پەڕە دەنوێ لەپاڵمەوە
نووچدان
توند بەرۆکم دەگرێ
پەنجەکانم زۆر ئالوودەن
بۆ ڕامووسانی هۆگرێ
خەون دێتە لام
وەک کۆتری لانە ڕووخاو
لەدەرووی شەوێک دەگەڕێم
بێداری ڕەدووم دەکەوێ
دەیەوێ ببێت بەهاوڕێم
هەرچی لەچوار چێوەمدایە
چوون چڕنووکی ڕەشەبایە
لانەم پەرتەوازە دەکەن
بەدەم توێشووی زریانەوە
پەڕو باڵم لێک دەئاڵێن
دەمێک لەکەنار دەکەوم
ساتێک بیرەوەری شەوم
لەوەتەی خۆمم ناسیوە
تاریکی ژینم دەنووسێ
شەستەی باران دەیسڕێتەوە
سەرینێک دڵم ناداتێ
لەڕایەخی شەوانەدا
هەرگیز جێگەم نابێتەوە
نوێن چەمۆڵەم لێدەنێ
پۆشاک لەجەستەم دەترسێ
ژوورێکی چۆڵ
بۆ پێشوازیم هەڵدەئاوسێ
هەوارگەم بەدەم ژانەوە
لەچێژ ڕووتم دەکاتەوە
زێدم گۆڕێکی تاریکە
خەوی شەوو
شیعری ئاڵم دەباتەوە

ستار ئەحمەد




چەند ڕێکاری ژینگەپارێزی.. هێمن ئەمینی

لە چەند سەدەی ڕابردوودا و لە گەڵ گرنگیدان بە ئاوەزی مرۆڤ و بە ناوەندبوونی مرۆڤ و ئەو پێشڤەچوونانە خێرایەی مرۆڤ لە بواری زانست و بەرهەمهێناندا کاریگەری سەرەکیان لە سەر ژیانی مرۆڤ و خۆشبژوێی و ڕابواردنی مرۆڤ داناوە و هەروەها ویستی لەبڕاننەهاتوو و تێرنەخواردوی بازار و مرۆڤەکان بۆ مشەخۆریکردن وبەرخۆری هەر لە برەوسەندن و تەشەنەسەندن دایە و ئەو پێشکەوتن و بەرخۆریەش بۆتە هۆی تێکدانی ژینگە. مرۆڤ بۆ دەستڕاگەیشتن بە بەرهەم و پێداویستی زیاتر دەستی لە ئەوکی ژینگە ناوە و لەو نێوانەشدا ژینگە لە هەموو لایەنێکەوە گورزی مەترسیداری بەرکەتووە. ئەوەش هەموومان بە سانایی هەستی پێدەکەین و ڕۆژ بە ڕۆژیش هەست بە کاریگەرییە نەرێنیەکانی ئەو دەستوەردانە نابەجێ و زۆر و زەوەندەی مرۆڤ دەکەین و ئەوەش بە شێوەی؛ گەرم بوونی زەوی، مەترسی کوونبوونی توێژی ئوزۆن، وشکەساڵی، گۆڕانی کەشوهەوا، توانەوەی چاڵە بەفرەکان و بەفر و سەهۆڵی جەمسەرەکان، لەنێوچوونی بە هەزاران جۆری گژ و گیا و بوونەوەر، خۆڵبارین، هەڵگەڕانەوەی هەوا، دووکەڵ، پیسبوونی ئاوەکان، چەندین جۆری نەخۆشی و بە دەیان کێشەیتر کە ڕۆژانە ڕوبەڕوی سروشت و مرۆڤ دەبنەوە و هەردەمیش لە هەڵکشاندان، خۆیان دەردەخەن. ئەوەش هەموو دنیای بە گشتی کەم یا زۆر تەنیوەتەوە و هیچ شوێنێکی گۆی زەوی لەو بازنەیەی تێکدانە بە دوور نیە و کاریگەرییەکانیشی هەموو شوێنێک و هەموو کەسێک کەم تا زۆر دەگرێتەوە.
دیارە ئێرەش لەو کاوڵکاریە ژینگەییانە پشکی شێری پێبڕاوە. جا بۆ ئەوەیکە دۆخەکە لەوەی هەیە مەترسیدارتر نەبێت، چەند ڕێکارێک هەن کە دەکارین ڕەچاویان بکەین و بۆوەی یارمەتیەکی ژینگەمان دابێت و بەر لە هەموو شتێک بە هانای خۆشمانەوە بێین و ئەو ڕێکاڕانەش کە لە ئینگلیزیدا بە ڕ(ئار R) بە نێوبانگن، شی دەکەینەوە. دیارە ئەوانە هەر بۆ وەبیرهێنانەوەن و دەنا داهێنانێکی نوێ نین و وەچەکانی بەر لە ئێمە لە گشت دنیا بە خۆ سازدانیان لە گەڵ سروشت ئەوە ڕێکارانەیان ڕەچاو کردوە و لە بەشی زۆری ئایین و ڕوانینەکانی ڕابردوودا سەرنجی وردی ئەو ڕێکارانە دراوە و ڕەچاویان کردون و لەو ڕێکارانەش دەکڕێ ئاماژە بەوانە بکەین؛
١-دەست پێوەگرتن(Reduce)، کەمکردنەوە، داشکاندن. ئەو ڕێکارە واتە ئێمە دەست بە دەکارکردنی شتیەوە بگرین و یان ئەگا هەتا ئێستا زۆرمان دەکار کردوە، ڕێژەکەی کەم کەینەوە. بۆ وێنە؛

-ئێمە دەکارین بە جێی وەی کە هەموو چرای دە ماڵەوە یا نووسینگەکەمان باییسێ با هەر چرای ئەو ژورەی کارمان پێیە و ئەویش ڕوناک نیە، هەڵکەین.

  • ئەگا ماشێنی دەشۆین یا خۆ دەشۆین با دەست بە ئاوەوە بگرین.
    -بە جێی وەی دە دەست کەوش و دە دەست کاوپاتۆلمان هەبێت با کەمترمان هەبێت. با بەجێی سێ ماشێن با ماشێنێکمان هەبێت و بە جێی سیپەیەک میوە چەندمان دەوێت ئەوەندە ببەینەوە کە دەخورێت و پێویستە. با بیستۆکیكمان هەبێت و چەند دەنکمان نەبێت.
  • با ئەگا گەرمامانە، بە جێی وەی پەنجەرەی وەکەین، کورەکە کز و کەم کەین و یان ئەگا لە ماڵەوەین با بەرگی گەرم لە بەر کەین و بە تەواوی خۆ نەکەینەوە و تینێ نەدەینە گەرمکەرەوەکان.
    -هەر کات چووینە نانەوەخانەی با کەوڵ و پارچەی خۆمان بەرین و بەجێی جارێک بە دەیان جار دەکاری کەین و ئەوە بۆ شت کڕینی دیکەش دەتوانین زەمبیل، سەوەتە، تورەکە و … خۆمان بەرین و بۆ چەندین جار بە کاری بێنین.
    -پێویست ناکات هەموو ڕۆژێک ماشێن بشۆین و ئاو بە فیڕۆ بچێت و با لە جیاتی ماوە ماوە بیشۆین و ئەوە بۆ کەسانێکیش کە سۆسەی ماڵپیسیان هەیە، با ساڵێ لە جارێک زیاتر ماڵێ هەڵنەگرن و لە خۆوە ئاوی زۆر دەکار نەکرێت و لەو لاشەوە زۆر شتی کیمایی لە ڕێگای ئەو شلانەی شومەک شتنەوە، بشتە دەنێو ئاوەکان و زێرابەکانەوە. واتە پێش بە فیرۆدان و خۆڕاییکردن بگرین.
    ٢-پاتەکردنەوە(Repeat)، دووپاتکردنەوە، دووبارەکردنەوە. ئێمە هەر ئەو شتەی کە هەمانە بێ ئەوەی دەسکاری کەین و لێی کەم و زیاد کەین، هەر بەو شێوەیە و هەر بۆ ئەو کارە دەکاری دەکەینەوە. بۆ میناک؛ دەستێک کاوپاتۆڵمان هەیە، وا هەست دەکەین ڕەنگیان کاڵبۆتەوە بە جێی وەی فڕێیان بدەین، بۆ کاری کشتوکاڵی یا دەرودەشتێ و یان کاریتر دەکاریان دەکەین. یان جاری وایە بەرگەکانمان بۆ تەنگ بوونەوە و دەیاندەین بە کەسانیتر با لە بەریان بکات. ئەو کۆنە یا بەرگی دەستی دوو یا تاناکۆرا کە دێت هەر ئاوایە، واتا وەک خۆی دەکار دەکرێتەوە. ئەوە بۆ کەڵوپەڵی ماڵێ و ماشێن و سەدان شتی دیکەش ڕاستە، خۆ ئێمە ناچین فڕێیان دەین، دەچین دەیاندەین بە کەسێک یان بە کۆنەکڕێک و یان بە ئی تازەیان دەگۆڕێنەوە و ئەوانە بێ ئەوەی گۆڕانکاریان بە سەر دابێت هەر بەو شیوەیە و هەر بۆ ئەو کار و مەبەستە بەڵام بە دەست کەسێکی دیکە و لە شوێنێکتر هەر وەک خۆیان دەکار دەکرێن.
    ٣-لەکارکردنەوە، بەکارهێنانەوە، خستنەوەکار(Reuse). لە خستنەوەکاردا، ئەو شتەی کە کارمان پێنەماوە بەجێی وەی فڕێی بدەین، دەچین بە شیوەیەکی دیکە و ڕەنگە بە هێندێک گۆڕانکاریەوە بێ ئەوەی پێکهاتە سەرەکیەکەی لە نێو بچێت بۆ کارێکی دیکە دەکاری دەکەین. بۆ وێنە تەنەکە یا پوتی ڕۆنی بە جێی وەی فڕێی بدەین، دەیکەنە تەنەکەی پەنیری و پەنیری تێدا دادەگرین و یان پاشماوەی زبڵ و خاشاکی تێدەکەین.

    -ئەو جل و بەرگەی کەڵکیان نەماوە دەکەینەوە پەڕۆ کۆن.
    ساڵان لە لای خۆمان دەهاتن بە تورەکە و کیسە برینجی کەوڵی نانیان هەڵدەدرو.
    -لایلۆنی میوەی یا شومەکی کە هێنامانەوە و پاشی شومەکمان لێدەرهێنان، دوایە بیانکەینە لایلۆنی زبلی.
    -کەڵک وەرگرتن لە شتی قایم و بۆ چەندین جار بەکارهاتن و دەکارکردن بە جێی شتومەکی یەکڕایی و سەفەری. بۆ وێنە بۆ نانوەرگرتن لە کەوڵ و خام و پارچەی تایبەت کە بۆ سەدان جار دەکار دەکرێت و هاسانیش دەشورێت کەڵک وەرگرین.

  • لە ماڵەوە، خواردنگەکان و لە دەرودەشت بە جێی کەوڵ، سفرە و هەوروهۆڵەی یەکڕایی و سەفەری کە شتیشیان تێدا خۆش نیە، کەڵک لە کەڵوپەلی چەندڕایی و تۆکمەتر وەرگرین.

    ۴-مردەوەژیRecycling))؛ لە مردەوەژیدا کەڵوپەڵی لە کەڵکەوتوو، لە بەردادەکارکراو و لە کارخراو لە بنیڕا هەڵدەتەکێنرێت و و سەر لە نوێ هەڵدەشێلرێت و دادەڕێژرێتەوە و بۆ شتێکی دی و بۆ دەکارکردنێکی هاوشێوەی گۆرینی خۆی یا نوێتر و جیاوازتر دەگۆڕدرێت. بۆ وێنە پڵاستیکە کۆن، ئاسنی ژەنگاوی، زەردە و شتی لەو بابەتە سەر لە نوێ دەتاوێنرێتەوە و هەڵدەشێلرێنەوە و دەکرێنەوە بە هەمان بەرهەمی پێشوو یان شتێکی دیکە. یا لاپەڕە و کۆنە قاقەز و نووسراو هەویر دەکرێنەوە و سەر لە نوێ دەبنەوە بە قاقەز، کارتۆن و شتیتر.

    ۵-گێرانەوە، دەستخستنەوە(Recover)؛ لە دەستخستنەوەدا ئەو پاشماوانەی خواردنەکانی مرۆڤ یا پاشەرۆی ئاژەلان بۆ نێو سروشت خۆی دەگێرینەوە. بۆ وێنە ئەو توێکل و پاشماوەی میوە، ورکەنان هەر لە نێو سروشتدا یا گەوەردا بۆ ئاژەڵ، پەلەوەر و بوونەوەرەکانیتری ڕۆدەکەین، یان گەڵای دارەکان هەر لە بن دارەکان دەکەینەوە بۆ خۆی وەک پەینی کیمیاوی کار دەکات و زەرەر و زیانی ویشی نیە، پەین و پاشەڕۆی ئاژەلەکان لە بن دار و گژی گیادا بکرێت با باشتر هەڵدەن و بەر بگرن. دیارە ئەوەش لە مێژە باوە.

    ۶-سەر لەنوێ گۆڕین، گۆرین، دیسان گۆرین(Rechange)؛ لە سەر لە نوێ گۆڕیندا دوو لایەن دەکرێت ڕەچاو بکرێت؛
    یەک: ئەو شت، ئامێر، کەڕەستە و شتانەی کە وزەیەکی زۆر دەکار دەکەن، دەستکاری بکرێن و یا بگۆڕدرێن بە ئامێر و کەرەستەی نوێ کە وزەی کەمتر دەکار دەکەن. بۆ میناک؛ چرا و گلۆپێ کە وزەی زۆر دەکار دەکەن بۆ ئەو چرا و گلۆپە نوێیانە دەگۆڕدرێن. ئەو ماشێنانەی کە وزە و سووتەمەنی زۆر دەکار دەکەن، وەلا دەنرێن و ئی نوێ دەکار دەکرێن.
    دوو: بە جێی وزە نوێنەبووەکان لە وزەی نوێبووەکان(وەژینەوەکان) کەڵک وەردەگیرێت. بۆ وێنە؛ بەجێی کەڵک وەرگرتن لە وزەی نوێنەبووی هاوشێوەی سووتەمەنە بەردینەکانی وەک؛ نەوت، بێنزین، دار، گاز، ڕەژی بە هەردووک جۆری کانگە و دارینەکەیەوە و … لە وزە وەژینەوە(نوێبووە)کانی وەک؛ خۆر، با، ئاو و … کەڵک وەربگیرێت.

    ٧-سەر لە نوێ تێرامان، بە خۆداهاتنەوە(Rethink)؛ لە بە خۆداهاتنەوەدا لە تیرامان و بیرمان و داب و نەریت و هەڵسوکەوتەکان ڕادەمێنین و ئەوەی دەزانین بۆ ژینگە مەترسیدارە دەیانگۆڕین. بۆ وێنە؛

  • هەموو کەسێک ڕون بکرێتەوە کە بۆ شتی پروپوچ وەک؛ ئەوەی ئەو شوێنەی ئاژەلێک بۆ میناک جگی گورگی یا ئاژەلێکیتر بەختت دەکاتەوە دەست هەڵگرن و ئاژەلێک بۆ بیرێکی وا چەوت تێدا نەبرێت.
    -ئەگا هەتا ئێستا لە باڵتەی چەرمی، یا شتێک کە لە پێستی ئاژەڵ یا پەر و تووکی باڵندە و ئەندامی بوونەوەرەکانیتر دروست کراوە. دەست هەڵگرین و دنەی کەسانی دیش بدەین لەوەی بتەکنەوە.
    -گۆشتی ڕاوێ و ڕاوچیەتی کە ئەوەش بۆ سەردەمی نێچیرڤانی و بەروبۆ خڕکردنەوە دەگەڕێتەوە، وەلا بندرێت. ئیدی ئێستا کە مرۆڤ بۆ خۆی بە دەیان ئاژەڵی کەوی کردوە و بۆ خۆی بەڕێژەیەکی زۆر بە خێویان دەکا و کێلگەی ناوەتەوە، خواردنی گۆشتی ئاژەڵی کێوی و پەلەوەر و باڵندەکان هیچ واتایەکی نیە و با بە نێوی تامی خۆش و ئەوە دەست بە خوێنی ئەوانە سوور نەکەین. هەروەها با ڕاوچیەتی کە وەکوو ڕابواردنیش لێی دەنواڕن، وەک پیشەیەکی سووک، دڕندانە و قێزەوەن زەق بکرێتەوە و وەک تاوانباری و تێکدەری هاوسەنگی ژینگە پێناسە بکرێت.
    -هەروەها با هێندە گرنگی بە ئاژەلێک لە سەر هەژماری ئەوانیتر نەدرێت، بۆ وێنە سەگ کە لە چاو ئاژەڵەکانی دیکە زۆری پێڕادەگەن، ئەو گرنگیدان بە گەماڵ و یان لانیکەم کار پێنەبوونی لە جاو بوونەوەرەکانیتر بۆتە هۆی زەوەنانەوە، ترەکین و وەچەنانەوەی لە ڕادەبەردەریان. جا ئەو شوێنەی سەشی لێیە، ئیدی هیچ ئاژەڵێکی کێوی لێنامێنێ و سە لە نێویان دەبات و هاوسەنگی سروشتی دەوەرەکە تێکدەدات.
    -دەست لە بازرگانی؛ پەلەوەر، باڵندە، گژ و گیا دەگمەنانە هەڵگرین، ئێستا کەسانێک فێربوون لە دەرەوەشڕا کەسانێک دێنن کە زۆرێک لە گیاکان بۆ وێنە مێکۆک لە بنەوە هەڵقەنن، بە قسێ خۆیان ئەو گیایە ڕیشاژۆیە زۆر دەکات و ئەوە لە کاتێکدایە ئەو گیایە و هەزاران گیایتر بە چەندان کەڵکی ژینگەیی و پزیشکیان هەیە، بەر بە جمگە، ڕۆچوون و داخزانی زەوی دەگرین و هەروەها ئاوێکی باشی بارانیش بۆ زەوی پاشقوول دەدەنەوە و پاشەکەوتی دەکەن.
  • ئاژەڵ و باڵندە دە کەژاوە و قەفەس و ماڵێدا حاسیە نەکەین و هەر ئاژەڵە لە سروشتی خۆی و لە شوێن و جێگای خۆی چالاکتر، ئاسودەتر و جوانتریشە.
    -با بە نێوی وەرزێری، ڕابواردن، مەڕداری، باخداری دەست لە پیخی لێرەوار نەنێین و ئەو بیری ئەوەی کە هەموو دەبێت خاوەن ماڵە باخی خۆمان بین وەلانێین. زەوی و زار لە کەسانێک کە ژینگەیان تێکداوە نەکڕینەوە و زەوی بەرهەمهاتوو لە تێکدانی ژینگە نەکڕینەوە. بەروبۆی ئەو زەوی و باخانەش نەکڕینەوە کە لەبەردا دارستان، پاوان و بە گشتی ژینگەی سروشتی و گشتی بووە.
    -با هێندە دەستکاری ئاوەکان نەکەین و هێندە ئاوێ هەڵنەبەستین و بەردەوام بیر لێنەدەین و وابزانین کۆتاییان نایە.
    -با نەیکەینە پیشە هەموو ڕۆژ و هەموو حەوتەیەک وەنێو سروشت بکەوین و گژ وگیا بشێلین و بۆ چایەک دارێک ئاور بدەین یا بۆ مریشک برژاندنێک مۆرەدارێک نەفەوتێنین و با هەر لە ماڵەوە چێشتەکەمان لێنین و لە دەرێ بە گەرمکەرەوەیەکی وەک پەڕەمێز، پکنیک و … گەرمی کەینەوە، لە ماڵێ ساردوگەرمی پڕ کەین و یان لە سەر گەرمکەرەوەیەکی گەڕۆک چای وەسەر نێین و ئەو بیرە وەلا نێین کە چای داری یان کەبابی ڕەژیەی خۆشترە.
  • با لە ئاگرکردنەوەدا جا چ بۆ ڕابواردن، پێداویستی، جێژنی نەورۆز، چا و چێشت لێناندا و … بە خۆداچوونەوەیەک بکەین و لە داری لێرەوار کەڵک وەرنەگرین و لە داری هەرسکراوی دەسنێژ و یا داری بڕاوی دەسنێژی تایبەتی نەک خۆڕسک، سروشتی و گشتی کەڵک وەرگرین و بە ئاگری چووک بسازێین و مۆرەدارانی پێوەنەنێین.
    ٨-بەرەنگاری(Resistance)؛ لە کۆتاییدا هەر تاکێکمان لە سەر شانمانە بە هەموو شێوەیەک دژی ئەوانەی ژینگە تێک دەدەن بوەستینەوە، جا ئەوە بە ئاگادار کردنەوە، ڕونکردنەوە و وشیارکردنەوەی ئەو تاوانبارانە و هەروەها تەواوی کۆمەڵگا لە ئاکامی کردەوەی دزێوی ئەو ژینگەتێکدەرانە بێت و یان بە مانگرتنی گشتی و بەرگرتن لێیان بە شێوەی ئاسایی و یاسایی و دەنگهەڵبرین یان بە هەر شێوەیەک بێت، وا بکەین ئەو کاولکاریەکانە بوەستێنرێت.
    دیارە لەو چەند ڕێکارە سەرەکیە بە زۆرینە لە سەرچاوە و نووسینەکاندا ئاماژە بە ڕێکاری یەک، سێ و چوار زۆرتر دەکرێت و جاری واشە ئاماژە بە دوو و پێنجیش دەکرێت و بەڵام هەر پێنجەکەم ڕیزکردن و جیا لەوەش ڕێکاری شەش، حەوت و هەشت بۆ خۆم زیادم کردون و ئەو میناکانەش هەر بۆ خۆم هێناومەنەوە و بە پێی ژینگەی خۆمان دامڕشتوون. ئێمە ئەگا ئەو ڕێکارانە ڕەچاو کەین جیا لەوەی کەڵکی بۆ ژینگە هەیە و لەولاشەوە لە باری ئابوریشەوە تێچوومان کەمتر دەبێت و لە لایەکی دیکەشەوە کاتمان بۆ دەگەرێتەوە و هەروەها پێویستیش ناکات خۆ ماندوو بکەین و بۆ وێنە تێچووی زیادی بکەین بەڵێ ئەوە ئێمە دار لە نێو دارستاندا لێدەدەین و ئەو هەموو خەڵکەکە بە خۆوە ڕاگیر بکەین، بە تایبەتی لەو شوێنانەی دارستانی خۆڕسکی لێیە، هەر ئەوی بپارێزین تەواوە و جا تێچووشی نیە بۆ سرۆشتەکەشی خۆڕاگرترە. هەروەها بە دەکارکردنی ئەو ڕێکارانە زۆر ڕوداوی سروشتی نەخوازراو و ئەو مەترسیە ژینگەییانەی کە لە سەرەتادا لە بارەیان دواین، لە کەمی دەدەن. لە کۆتاییدا دەتوانین ئەو هیوایەشمان هەبێت کە زانست و خراپ بەکارهێنانی چەندە لە تێکدانی ژینگەدا مەترسیدار دەرکەتووە، دەتوانرێت بە شێوەی دروست بۆ بەرژەوەندی سروشتیش دەکاری کەین و بەر لەو تێکدانە ژینگەییانە بگرین.



کتێبی “ئەدەب و هونەری منداڵان”.. زیاد ڕەشاد قادر

ناساندن و هەڵسەنگاندن

ئەدەب و هونەری منداڵان، ناوونیشانی ئەو کتێبەیە لە سازدانی دیمانە و ئامادەکردنی هەردوو بەڕێزان د.هاوژین سڵیوە و ڕۆستەم خامۆش، کتێبێکی قەبارە گەورەی ٥٥٢ لاپەڕەییە و بە تیراژی ٥٠٠ دانە لە ساڵی ٢٠٢٢ چاپ کراوە، لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوە و پەخشی کۆیەیە و لەلایەن سەڵاح شێخ شەرەفەوە پێشەکیی بۆ نووسراوە.
کتێبەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت، بەشی یەکەم کە لە لاپەڕە ٢٣ تاکوو لاپەڕە ٢٧٦ی کتێبەکەی گرتووە، تێیدا لێدوان لە ٦٣ کەس لە نووسەر و مامۆستا و دەروونناس و نیگارکێش و مۆسیقار و گۆرانیبێژ و کاریکاتێریست و کەسایەتی دیکەی چالاکی بواری ئەدەب و هونەری منداڵانە وەرگیراوە لەبارەی شازدە تەوەری جیا جیای کە بریتیین لە: {ڕۆڵی فۆلکۆر لە ئەدەبی منداڵان، ئەدەبی منداڵان، شیعری منداڵان، چیرۆکی منداڵان، ڕۆمانی منداڵان، شانۆی منداڵان، نووسین بۆ منداڵانی باخچە، نیگارکێشی منداڵان، کاریکاتێری منداڵان، میوزیک و گۆرانیی منداڵان، فیلمی کارتۆنی منداڵان، ڕۆژنامەنووسیی منداڵان، ڕۆژی جیهانیی منداڵان، کتێب و گۆڤاری منداڵان، وەرگێڕان لە ئەدەبی منداڵان، بەرنامەی منداڵانە لە ڕادێۆ و تیڤیدا}. هەرچی بەشی دووەمە لە لاپەڕە ٢٩٢ تاکوو لاپەڕە ٥٤٣ی کتێبەکەی داگیر کردووە، چاوپێکەوتنە لەگەڵ ٣٦ کەسایەتیی بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەدەب و هونەری منداڵان.
بەگوێرەی ئاگاداری و دیتنی ئێمە ئەم هەوڵە ناوازەی ئەو دوو بەڕێزە، بەو قەبارە گەورە و بەرفراوانییە، هەوڵێکی داهێنەرانەیە و یەکەم جارە لە نێوەندی ئەدەبی منداڵانی کورددا، لە ڕێگەی بەسەرکردنەوەی ئەو هەموو کەسایەتییەوە لە هەموو پارێزگاکانی باشووری کوردستان و بەشێکی نووسەر و چالاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تاراوگەنشینیشی تێدایە و ژمارەیەک بابەتی گرنگ بخرێتە بەر باس و گەنگەشەکردن، لە نموونەی مژارەکانی ئەدەبی منداڵان بە شیعر و چیرۆک و ڕۆمانەوە، هەروەها بە قسەکردن لە شانۆ و نیگارکێشی و کاریکاتێر و میوزیک و فیلمی کارتۆنی و وەرگێڕانەوە، بە باسکردنی لایەنەکانی وەک کتێبی منداڵان و ڕۆژنامەگەریی منداڵان بە بەرنامەی ڕادێۆیی و تەلەڤزێۆنییەوە.
دیارە ئەمەش بۆ کۆششی زۆر و لێهاتوویی و ماندووبوونی هەردوو دانەری کتێبەکە دەگەڕێتەوە، کە جگە لەو کتێبەیان هەر یەک لەو دوو نووسەرە پاشخانێکی دەوڵەمەندیان لە بواری ئەدەبی منداڵاندا هەیە. ئەوەتا د.هاوژین سڵیوە جگە لە نووسین و چالاکییە ڕۆشنبیری و ئەکادیمییەکانی لە مەیدانی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی گشتیدا، هەوروەها لە بواری ئەدەبی منداڵاندا هەوڵی جوانی لە شیعر و چیرۆک و وەرگێڕاندا هەیە. سەبارەت بە مامۆستا ڕۆستەم خامۆشیش ساڵانێکە خۆی بۆ کاری نووسینی دەقی منداڵانە و ڕۆژنامەگەریی منداڵان یەکلا کردووەتەوە و بە هەق جێپەنجەشی لەم بوارەدا دیار و بەرچاوە.
بۆیە ئەگەر بە لایەنە جوان و درەوشاوەکانی ئەو کتێبەدا بچین، لەلایەک جگە لەوەی بە چەند ڕستە و پەرەگراف و لاپەڕەیەک تەواو نابێت، لەلایەکی دی بە ئەرکی ئەو نووسینەی نابینین ڕۆڵ و پێداویستی و بایەخی ئەو کتێبە ڕیز بکەین و بنووسین. بەڵکوو بۆ ئەوەی هەردوو ئەو نووسەرە بەڕێزە و تەواوی ئەوانەمان کە قسە لە ئەدەب و هونەری منداڵان دەکەین بە هەموو ڕشتە و بەشەکانییەوە، بەرهەم و بابەتی باشتر و بەپێزتر و ناوازەتر بنووسین و لەپاڵ گەڕان لەدوو زمانێکی پاراوتر و بیرۆکەی جوانتر و داهێنانی گەورەتر و خزمەتی زێتر بە لایەنی سەلیقە و پەروەردەی منداڵ بین و بابەتی ڕەخنە و دەرخستنی خەوش و کێماسییەکانی هەر دەق و بەرهەمێک زەق بکەینەوە وکاری جددی لەسەر بکەین. بۆیە لێرەوە لەپاڵ دەستخۆشی و ئافەرین و بارەکەڵڵای زۆرم بۆ ئەو کۆشش و شەونخوونی و ماندووبوونەیان، بە داوای لێبوردەنەوە لە چەند خاڵێکدا پەنجە دەخەینە سەر ئەو نەنگی و ناتەواوی و ناهاوسەنگییەی بە دیدی ئێمە لەو کتێبەدا هەیە.
یەکەم: هەرچەندە ئامادەکارانی کتێبەکە لە پێشەکیدا دەڵێن: “پرسیارمان بۆ چەندین کەسی دیکەش ناردبوو و داوامان لێ کردبوون کە وەڵاممان بدەنەوە، بەڵام ئامادە نەبوون وەڵاممان بدەنەوە، هەبوو بەڵێنی پێداین و دواتر لە بیری چوو…هتد”. (ئەدەب و هونەری منداڵان، ل١٣). من نازانم ئەوانەی وەڵامیان نەداونەتەوە و کێن و چەند کەس بوون، بەڵام ئەوە دەزانم کۆمەڵێک نووسەر و چالاکی بواری ئەدەبی منداڵان پێشی زۆرێک لەوانەی لەم کتێبەدا قسەیان هەیە، بە نووسین و کتێب وچالاکیی هونەری پشکدارییەکی گەورەیان لە پێشخستنی ئەدەب و هونەری منداڵانی کورد کردووە، ئەوەتا ئەگەر سەرەڕای هەر سەرنج و تێبینییەک لەسەر بەرهەمەکانیان، بۆ نموونە هەر کە بتەوێت سەرچاوەیەک لەسەر ئەدەبی منداڵانی کورد ببینیت و بخوێنیتەوە، ناچاریت بەشێکی ئەو نووسەرە کوردانەی کە کتێبەکانیان جێگەی باوەڕن و زانیاریی ورد وگرنگیان تێدا دەست دەکەوێت، پێکهاتوون لە مامۆستایان حەمەکەریم هەورامی، ناهیدە ئەحمەد، فازڵ مەجید مەحموود… یان هەر کە بتەوێت لەسەر ڕۆژنامەنووسیی منداڵان سەرچاوە پەیدا بکەیت، ناچاریت بۆ کتێبە ناوازەکەی د.ئیدریس عەبدوڵڵا بگەڕێیتەوە، کە دێیتە سەر گۆرانیی منداڵان کەسایتیی هونەرمەند سەڵاح محەمەد ناسراو بە مام عەوڵا وەک سیمبولێک دەبیندرێت. کەچی هیچێک لەو ناوانەی باس کران لەو کتێبەدا حزووریان نییە. ئیدی پێدا وەرە زۆر قەڵەم و نووسەری دیکەی لە نموونەی فەهمی کاکەیی، محەمەد فەریق حەسەن، محەمەد عەبدوڵڵا ئامێدی، حوسێن بەفرین، موحسین ساڵح حەسەن، مەدحەت بێخەو، محەمەد گۆران ناسراو بە بابە گەورە، سەید ئەحمەد بەرزنجی، جەمال گردەسۆری، عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی، بڕوا موحەممەدی و زۆرانی دی کە هەر یەکەو بە نووسین یا وەرگێڕان جێدەستیان لە پێشخستنی ئەدەبی منداڵانی کورددا هەیە.
دووەم: ناهاوسەنگییەکی زەق و بەرچاو لە بایەخدان بە تەوەرە جیاوازەکانی نێو کتێبەکە هەیە. بۆ نموونە بۆ پرسێکی گرنگ و ئاوکێش و قسەهەڵگر و پڕ مشتومڕی وەک (ڕۆڵی فۆلکۆر لە ئەدەبی منداڵاندا)، زۆر بەکورتی چاوپێکەوتن تەنیا لەگەڵ یەک کەسایەتی کراوە و تەنیا لاپەڕە و نیوێکی بۆ تەرخان کراوە، کەچی لە بەرانبەردا بۆ باسی شیعری منداڵان قسە و بۆچوونی حەفت کەسایەتی وەگیراوە و حەڤدە لاپەڕەی بۆ تەرخان کراوە. بۆ تەوەری چیرۆکی منداڵان چاوپێکەوتن لەگەڵ هەشت کەسایەتی کراوە و بیست و شەش لاپەڕەی کتێبەکەی بۆ تەرخان کراوە. هەروەها لە هەندێک بەش و فایلدا نووسەرێک پرسیارباران کراوە، لە هەندێکێش پرسیارێکی کورتیلە و وەرامێکی دوور و درێژی چەند لاپەڕەیی بەرچاو دەکەوێت، بۆ نموونە لە یەکێک لە تەوەرەکان نووسەرێک بەبێ ئەوەی هیچ پرسیاری لێ بکرێت، کەچی وەرامێکی پێنج لاپەڕەیی نووسیوە! لە باسێکدا کە بە حسێب باسی وەرگێڕانە و قسە لەسەر وەرگێڕان دەکرێت، کەچی بە ڕستەی “چۆن ئاشنا بووی بە جیهانە جوان و ڕەنگاڵییەکەی منداڵان” پرسیاری لێ کراوە.
سێیەم: بەشێک لەو کەسایەتییانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە، چەند جارێک و لە چەندین تەوەری جودادا قسە و لێدوانیان هەبووە، کە ئەمە زەحمەتە بۆ یەک کەس لە هەموو ئەو بوارە جۆراوجۆرە بۆچوونی زانستی و ڕای دروست بخاتە ڕوو. بۆ نموونە نووسەر هەیە لەو کتێبەدا حەفت جار چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە و تێیدا جگە لە قسەکردن لەبارەی شیعر وچیرۆک و ڕۆمانی منداڵان، هەروەها لەسەر فیلمی کارتۆنی و بەرنامەی ڕادێۆ و تەلەڤزێۆنی و نیگاركێشیی منداڵانیش وەک شارەزایەک لێدوانی داوە، نووسەری دیکە هەیە جگە لەوەی لە سێ مژاری جودادا لێدوانی لێ وەرگیراوە، دواتر لە تەوەری دووەمی کتێبەکەدا چاوپێکەوتنی بەرفراوانی لەگەڵدا کراوە.
چارەم: مەرج نییە ئەوەی شیعری جوانی نووسی بۆ منداڵان لە هەمان دەمدا لە باسکردنی خەسڵەتەکانی شیعری منداڵان لێزان و زیرەک بێت، هەر وەک دەشێ کەسێک با لە مەیدانی ڕەخنەی ئەدەبی منداڵاندا بلیمەتیش بێت و هەر بۆ ئەوە باش بێت دەقی داهێنانکارانە و دەقی سواوی پێ لێک جوێ بکەیتەوە، بەڵام ڕەنگە هەر ئەو کەسە بۆخۆی نەتوانێت شیعر یان چیرۆکێکی جوان و سەرکەوتوو بنووسێت. ئەوجا بەشێک لەو بەڕێزانەی لێدوانیان لێ وەرگیراوە، یان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە بەم تەرز و شێوەیەن. بۆ نموونە کەسێکت هەیە چەند دەقێکی جوانی بیانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، چ پێویست دەکات بە پرسیارکردن لە باسی شانۆ یان کاریکاتێری منداڵان تووشی هەڵە و قسە فڕێدانی بکەیت. یان کابرا چەند شیعرێکی بۆ منداڵان نووسیوە، چ لازم بە پرسیار لە تایبەتمەندی و بەهای چیرۆکی منداڵان بەسەری بکەیتەوە، یاخود کابرا لە دەروونزانیدا پسپۆڕە، ئاخر لەکوێ ورد و درشتی ڕۆمانی منداڵان و مێردمنداڵان شی بکاتەوە؟
پێنجەم: باوەڕ ناکرێ هیچ کەس نکوڵی لەوە هەبێت پرسیار دانان بۆ کتیبێکی بەو قەبارە گەورەیە و بەو هەموو بوار و بابەتە جۆراوجۆرە کارێکی ئاسان بێت، بگرە ڕەنگە هەندێک جار دانانی پرسیاری ورد و ئامانجدار لە وەرامەکان قورستر و ماندووکەرتر بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش مادام هەردوو نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بەڕێز شانیان داوەتە بەر وەها پرۆژەیەکی گەورە، دەبوو لە پرسیارکردن وردتر بن، هیچ نەبێت لێرە و لەوێ تووشی پرسیاری دووبارە نەبنەوە. من لێرەدا تەنیا دوو نموونە دێنمەوە. یەکێکیان لە تەوەری شیعری منداڵاندا لە یەکەم پرسیاردا هاتووە: “تایبەتمەندی شیعری منداڵان چییە و دەبێ چۆن بۆیان بنووسرێت”.لە کۆتا پرسیاری هەمان تەوەریشدا هاتووە: “بە بیر و ڕوانینی تۆ دەبێت شیعری منداڵان چۆن بێت لەڕووی ڕووخسار و ناوەرۆکەوە”. ئێ جا چونکە هەردوو پرسیار یەک شتن، بۆیە کە وەرامەکەش دەخوێنیتەوە، هەمان شتن بە کەمێک جیاوازیی لە وشە و دەربڕیندا. یان لە پرسیارێکدا هاتووە: “تایبەتمەندییەکانی چیرۆکی منداڵان چییە” دوای ئەوە نووسراوە: “ئەی خاسیەتەکانی چین”. کە ئەمە وەک ئەوە وایە بە کەسێک بڵێیت ئەرێ تەمەنت چەندە، پاشان پێی بڵێی ئەدی چەند ساڵیت!
شەشەم: ئەو کارەی ئەو دوو بەڕێزە ئەنجامیان داوە، کارێکی جوانی ڕۆژنامەگەرییە، نەک شرۆڤە و توێژینەوە، دیارە لە ئیشی ڕۆژنامەگەریشدا، وەک چۆن ڕۆژنامەنووس دەتوانێت ئەو وەرامانەی وەریدەگرێتەوە ناوونیشانی گونجاوی بۆ دابنێت و ئەو ڕستە و پەرەگرافەی بە باشی دەزانێت زەقی بکاتەوە و بیکاتە مانشێت، بە هەمان تەرز بۆی هەیە بە کورتکردنەوە و ڕێکخستن و مۆنتاژ و لادانی هەندێک ڕستە و پەرەگرافی زیادە و ناپێویست بە چاوپێکەوتنەکاندا بچێتەوە، ئەمە بێ ئەوەی کاریگەری لەسەر گەیاندنی پەیام و ڕا و بۆچوون و دونیابینیی ئەو نووسەر یان چالاکە هەبێت کە دیمانەی لەگەڵ ساز دراوە. بەڵام ئامادەکارانی کتێبی ئەدەب و هونەری منداڵان پێناچێت ئەو مافەیان بە خۆیان دابێت بە وەرامەکاندا بچنەوە، بۆیە لە هەندێک لاپەڕەدا قسەی دووبارە و درێژدادڕیی ناپێویست بەدی دەکرێت. بۆ نموونە لە یەكێك لە چاوپێکەوتنەکان تەواوی پرسیار و وەرامەکان شەش لاپەڕەی کتێبەکەی گرتووە، بەڵام هەر لەو چاوپێکەوتنە برای چاوپێکەوتن لەگەڵ کراو، هاتووە پرۆفایلی خۆی لە پێنج لاپەڕەدا خستووەتە ڕوو، ئەوانیش دەق وەکوو خۆی داینناوە! یان کە پرسیار لە نووسەرێک کراوە و بۆ نموونە باسی نووسینی چیرۆکی منداڵانی لێ کراوە، کەچی ئەو لەناو وەرامەکەیدا بێ ئەوەی بە خۆی زانیبێت کەوتووەتە ناو قسەکردن لە وەرگێڕان، ئەمانیش هاتوون دیسان قسەکەیان دەق بەبێ هیچ کەم و زیادکردنێک داناوە!
حەفتەم: لە بەشێک لە بەرسڤی ئەو بەڕێزانی لێدوانیان لێ وەرگیراوە یان دیمانەیان لەگەڵ ساز دراوە، هەندێک قسە و بڕگە و پەرەگراف بەرچاو دەکەوێت. هەر بەڕاستی سەیر و نامۆیە، ئەوجا ئەگەر ئامادەکاران مافی سانسۆرکرنی ئەو قسانەشیان پێ نەدرابێت، وەها پێویست بوو لانی کەم داوا لەو نووسەر و چالاکە بکەن کە بەو بۆچوون و قسەیەیدا بچێتەوە و تەواو لێی دڵنیا بێت ئەوجا بڵاویان کردبایەوە. بۆ نموونە شاعیر هەیە لە لێدوانێکیدا گوتوویەتی: “شیعری مناڵان ئەبێ کورت بێت لە چوار دێر کەمتر و لە شەش دێر زیاتر نەبێ” لە کاتێکدا وەها باشە شیعری منداڵان کورت بێت بەڵام بە چ بەڵگە و بیرکردنەوە و پێوەر و لۆژیکێک هەر دەبێ لەنێوان شەش دێر و چار دێردا بێت! یان هەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەقی منداڵانە پێویستە بەشێوەی ئاکادیمیانە بنووسین! یان هەیە ڕایگەیاندووە کە “مامۆستا قانع و مامۆستا هەژار لە ڕۆژهەڵاتدا لەو شاعیرانەن کە ڕاستەوخۆ بەرهەمی ئەدەبیان بۆ منداڵان خولقاندووە”. هەروەها گوتراوە ” ئەحمەدی خانی چیرۆکی بۆ منداڵان داناوە”… ئەمەو چەندین قسە و لێدوانی دیکە کە زەق دیارن کە زانیاریی هەڵە و نەگونجاون و پەیوەندییان نییە بە دید و بۆچوونی جیاوازی ئەم و ئەو لەسەر مەسەلەیەکی دیاریکراوی ئەدەبی منداڵان.

زیاد ڕەشاد قادر




خوێندنەوەیەک لەبارەی کتێبی” پارچە ونبووەکانی بێدەنگی “.. رۆژگار خالید

” ڕوانین لەتەنهای ژیانی مرۆڤەکان “

چەشنی کتێب ” چیرۆک “
نووسینی ” گۆران سەمەد “

لەڕاستیدا ئەوە سێیەم کۆمەڵە چیرۆکی نووسەرە دەخوێنمەوە .
ئەو کتێبەیان جیاوازییەکی زۆر تێدایە لەڕووی ناوەڕۆک و تەکنیک و شێوازی نووسین و گێڕانەوەی ژیانی کارەکتەرەکانیش .
دەتوانم بڵێم لەم کۆمەڵە چیرۆکە دەیان وێنەی جیاواز و وێنەی جوولاومان نیشان دەدات ، زیاتر لەوەی چاومان و خەیاڵمان لای ئەوە بێت نووسەر چ وێنەیەکی دروستکراومان لە زهنی دروستبکات ، دەبی ئینسان درک بکات لەدەوروبەری چ دەگوزەرێت ؟
بۆچی ڕوانینی ژیانی ڕۆژانەی هەریەکێکمان پەرش و بڵاوە ، لەم سەردەمەدا خێرایی ڕووداوەکان و زۆری ڕووداوەکان وادەکات مرۆڤەکان نەپرژێنە سەر بچووکترین ڕووداوی دەوروبەریان !!
هەربۆیەش گێڕانەوە و دروستکردنی وێنەی جوولاو وادەکا ووردتر و باشتر لەمانای چیرۆک تێبگەین بۆ نموونە ، بینینی کتێبێک یا سەیرکردنی ئاسمان یا بارینی باران و لەبیرکردنی کلیلێک یانیش تەماشاکردنی کتێب و پێنووسێک .
نووسین بەم ستایلە وادەکات وازبهێنن لەچیرۆکی دووبارە و ڕیزکردنی ووشە و بەدەستەوەدانی مانا و کۆتاییەکی خۆش بۆ چیرۆکەکان .
لەگەڵ ئەوانەشدا ئەرکی نووسەرە نێوەندگیری بکات لەنێوان چیرۆکەکان و خوێنەری جددی و ورد ، تاوەکو بچووکترین وردەکاری و نهێنی بەسەرمان تێپەڕ نەبێت ، چونکە بەتێپەڕبوونی هەر شتێکی وورد و قوڵ و گێڕانەوەی بەم شێوەیە لەواتای چیڕۆکەکان و دونیای شاراوەی کارەکتەرەکان دوور دەکەوینەوە .
دەتوانم بڵێم
یەکێک لەجوانیەکانی ئەوجارەی نووسەر ئەوەیە بەقوڵی قسە لەسەر فۆڕمی ژیانی کۆمەڵایەتی ئێستامان دەکات و دەیبەستێەوە بەکات و ڕووداوەکانی سەردەم و مرۆڤەکانی دەوروبەرمان ، لەناو ژیانی هەر کارەکتەرێکی نێو چیرۆکەکان نەبوونی هەست و سۆز و هیلاکی و خراپی باری دەروونی و ژیان و گوزەرانیان دەکاتە یاداشت درک دەکەین چەندە ترسانکین .
لەگەڵ ئەوەش هەست دەکەی ژیانی مۆدێرنە وردە وردە لە مرۆڤەوە دەمانگەیەنێتە ئاستی رۆبۆتبوون و بووکەڵەی پەڕۆیی، ئەگەرچی هەموو شتێکی پێداین کەچی هەستی مرۆڤایەتی لێوەرگرتینەوە وردە وردە ئەو شێوە ژیانە لەناوماندا بوونی هەیە و مرۆڤی ئێستا ژیانی تاکڕەوی هەڵبژاردووە و دوورکەوتۆتەوە لەژیانی کۆمەڵایەتی .
بۆیە رێگە بەخۆم دەدەم و دەڵێم لەناو هەر چیرۆکێک لەو چیرۆکانە چەندەها چیرۆک و وێنەی بچووکی ڕابردوو و یادگاری و شەونخوونی و شوێن هەیە ، لەڕێگەی نووسینەوە نووسەر بەبیرمان دەهێنێتەوە و یادمان بەئاگا دەهێنێتەوە وەک پێنووس _ دار الحکمة _ ئەنکیدۆ _ کتێبخانە _ برسیبوونی سەردەمانێک _ ناوی نەبی یونس و شتی دیکە مرۆڤ بەبیری خۆی بهێنتەوە .
ئەگەر ئەو کۆمەڵە چیرۆکە ببەستمەوە و بەچیرۆکەکانی چیرۆکنووسی گەورەی جیهانی ” ئانتوان چیخۆف” بێگومان دەبینی لەناو هەر چیرۆکێک سەردەمەکان دەگۆڕێن و پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان دەگۆڕێن و بەرژەوەندی و دونیای ماددە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە ، شێوازی جۆراوجۆر جل و بەرگ و خواردن و کەرەستەی گواستنەوەی مرۆڤەکان گۆڕاوە ، چلێسی و هەژاری و چاوچنۆکی و گریان و هێز و حەزی مرۆڤ بۆ سێکس و شەراب و سەرمایە وەکو خۆی ماتەوە و مرۆڤ هەستی ئیرەی تێدا ماوە .
لێرەش نووسەر درێژە بەژیانی ئێستامان دەدا و سەردەمێکی نوێ دەنووسێتەوە و ژیانی شارستانیەتی لەئێستادا گۆڕاوە بۆ شێوە ژیانێکی سەیرتر ، وەک دەبینین منداڵ و بەخێوکردنی منداڵ گۆڕاوە ، مرۆڤەکان بەتەنها دەژین و خواردنی دەرەوە دەخوات و سەگێک یاخود پشیلەیەک لەگەڵی دەژێت ، لەڕێگەی مۆبایلەکەی ژیانی ڕۆژانەی لەگەڵ هەمووان هاوبەشی پێدەکات و شەوانە هەست دەکات چەندە تەنها و چەندە هیلاکە.
هەر ئەوەشە وادەکا هەژاندنی هەست و ناخی کارەکتەرەکان لەڕێگەی دەردە دڵەوە بکەینەوە بەپرسیار و بەدوای ئەو وەڵامانەدا بگەڕێن لەگێڕانەوەی چیرۆکەکان هەستی پێدەکرێت .
چەندین پرسیاری سەیر دێتە پێش گرنگیشە بەلای هەمووانەوە :.
هەر بەجددی مرۆڤ تێدەگات ؟
چەندە بەقوڵی لەناو ژیانی ئەوانەی دیکە ووجودی هەیە و ژیانیان تەواو دەکات و بووە بەپاڵەوانی ژیانیان یان ئەوان بوون بە پاڵەوانی ژیانی !
لەگەڵ ئەوەش هەردوولا وادەکەن بەردەوامی بەو ژیانە بدەن بەئاسانی چیرۆکی تراژیدی دروست ببێت .
ژیانی مۆدێرنە ژیانێکە مرۆڤ بەدوای حەقیقەت ناگەڕێت بەدوای خۆدزینەوەیە یانیش بەدوای ئەوەیە گرنگی بە شتەکان نەدا یانیش بەدوای ژیانێکە پرسیاری جددی دروست ناکا لەهەمانکاتدا بڕوای ژیانێکی ڕووکەشی هەیە یانیش ژیانێکی اجباری فێری مرۆڤەکان دەکات .
لە چیرۆکی یەکەم /” پەنکچوەیشن “
خەیاڵ بەشێوەیەکی سەیر زەق بۆتەوە لەلای پاڵەوانی چیرۆکە بیر لە ڕابردوو دەکاتەوە و ئێستا و داهاتووی لەبیر چۆتەوە پێی وایە ژیان کۆتایی هاتووە !
لەهەمان کاتدا بیر لەنیوەی مرۆڤایەتی ناکاتەوە تاوەکو یەکێک لەو نیوەی مرۆڤایەتی دێتە نێو ژیانی فێری دەکا رابردوو ببەستێتەوە بەئێستای و لەڕێگەی چیرۆکەوە داهاتوو بنووسێتەوە .
دەتوانم بڵێم ئەوە نووسینە وادەکا مرۆڤ خەیاڵ بکات و پرسیار بکات و بەدوای ئەو شتانە بێت وەک تاک پێویستیتی لەژیانی ڕۆژانەی .
خاڵێک دابنێ بۆ ژیانی ئێستای جاریش هەیە فاریزەیەک دابنێ جاریش هەیە پرسیاری جددی دروستبکات جاریش هەیە بەدوای وەڵام بگەڕێت یانیش بەسەر سووڕمانەوە لە حەقیقەت و درۆ و خەیال بڕوانێت .
ئەگەرچی دەیەوێت وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بداتەوە هیچ ڕۆژێک بەخەیاڵی نەهاتووە .
بۆیە بۆ هەر یەکێکمان پێویستە بزانرێت بەدوای چ شتێک دەگەڕێن پێش ئەوەی بەدوای ئەو بوونە ڕاستەقینەیە بگەڕێن دەمانەوێت .
لە چیرۆکی دووەم /” ڕێگەم بدەن تا زووە لێرە بڕۆم “
_ شارێکی وێران هەیە ئەو شارە موسڵە بنەماڵەیەکی ڕەسەن و خانەدان و گەورەی کورد بۆی دەگەڕێنەوە .
ئەگەرچی ئەو گەڕانەوەیە هیچ سوودێکی نییە وە هیچ ئاماژەیەک نییە بەگەڕانەوەیان دڵیان خۆش بێت و بتوانن بەخۆشی بژین کەچی سەیرەکە لەوەیە دەترسن و خۆیان لەم شارەدا قایمکردووە تێدا دەژین ئەگەرچی لەناخی هەر یەکێکیان بۆشاییەک هەیە هەرگیز و هەرگیز پڕ نابێتەوە ، لەکۆتایی چیڕۆکەکە درک دەکەین بۆشایی بێکەسی و هەژاری و نەخۆشی و ترسە ، سەیرەکە لەوەیە بێدەنگن تەنها ڕووخساری یەکدی دەخوێننەوە و بێزارن لەیەکدی .
ئەو بنەماڵەیە ئەگەرچی لەبیرکراون چونکە ئەوانە لە سەردەمێک لەم شارەدا بوون پێگەیان هەبووە ، ئەو سەردەمە ” نووسین و خوێندنەوەی کتێب و کڕینی کتێب و پرسیاری جددی و هەژاندنی هەست و فکری ئینسان و ژیانی گشتی جێی بایەخ بووە ” .
لەئێستادا ئەوان گەڕانەوە ئەم شارە ژیانی تاک لەژێر پرسیارێکی بێوەڵامە و کەس نایەوێت یانیش تاقەتی نییە لەبارەی بدوێت .
لەکۆتایی چیرۆکە دەتوانم بڵێم ئاماژەکان و جوولەی مرۆڤەکان بەسە تێبگەین ژیانکردن لەم شارەدا دەمێکە کۆتایی هاتووە کەس بەئاگا نییە بۆیە سەرۆکی خێزانەکە کۆتایی بەهەموو شتێک دەهێنێت پێی وایە ئەوە کوشتن دەتوانێت هەم پرسیاری جددی بێت و هەمیش وەڵامی جددی بێت بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بمرن !
چیرۆکی سێیەم / “چیرۆکێک بەبێ خاڵی کۆتایی “
پەیوەندییەکی قووڵ لەنێوان چیرۆکی یەکەم و سێیەم هەیە و وادەکات بەستنەوەیەک و گرێیەک بکەینەوە و تێڕامانێکمان هەبێت لەسەر کارەکتەری سەرەکی ڕووداوەکانی هەردوو چیرۆکەکەدا .
بەهەمان شێوەی چیرۆکی یەکەم نووسین و فێربوونی تەکنیکی نووسینی چیرۆک و بەبیر هێنانەوەی ناوی کارەکتەرەکان و بەستنەوەی بە شوێنەکان وادەکا بەردەوامییەک هەبێت ، بۆیە لەم چیرۆکەدا بەشێوەیەکی تەکنیکی دەیەوێت ڕووداوێک ڕاست بکاتەوە پەیوەندیی هەیە بەکوژرانی کەسێک . تاوەکو لەپڕ تێدەگەین گومانکردن لەکەسێک تاوانبارە بەکوشتنی کەسێکی ئازادیخواز و نووسەر لەڕێگەی پیتەوە بەڕاستی ئەستەم بێت .
بەڵام بۆ مرۆڤێکی ژیر ژیان چەندە سەیر و ترسناک بێت ، کەچی دەتوانێت لەهەموو شتێک تێبگات لەم چیڕۆکەدا کارەکتەری سەرەکی راناوەستێت ناوی جەللاد و جاسوسەکە دەزانێت و کوی پەیوەندییەکە دەخاتە بەردەم واقیعێکی تاڵ و ناخۆش چونکە ناوهێنانی کەسێکی ئاشنا بەگوێی هەمووان، جۆرێکە لە دووبارە بوونەوەی ترس لە هەموو شتێک کەسەکە (ملازم محسینە) .
لە چیرۆکی چوارەم /” ئاوەڵکراسی مۆر “
نووسەر چەند پارچە بینینی دەبەستێتەوە بەیەکدی لەم چیرۆکەدا دوو ئاست لە تێگەیشتن هەیە هەرگیز ئەو دوو ئاستەدا هاوتای یەکدی نابن دوو بیرکرنەوە هەیە هەرگیز هاوتای یەکدی نابن دوو خۆشەویستی هەیە هیچ شتێکیان ئەوەی دیکە نابەستێتەوە بەیەکدی ، هەر ئەوەشە وادەکا لەڕووی دەروونییەوە لەکەسەکان بڕوانین تاوەکو بتوانین لەڕووی کەسایەتییەوە خوێندنەوەیەکی واقیعیانە و ڕاستگۆیانەیان بۆ بکەین ئەگەرچی لەسەردەمی ئێستادا ماددییەت هەموو شتێک دەشێوێنێت و مرۆڤەکان بەچاوی کڕین و فرۆشتن لەهەموو شتێک دەڕوانن و نرخیان لەسەر دادەنێن .
هەر ئەوەشە وادەکا لەپڕ بیرکردنەوە و ڕوانینی مرۆڤەکان بگۆڕێت هیوا و ئومێدی کەسەکان وابکات مرۆڤ باوەڕی بەهیچ شتێک نەمێنێت بەترسەوە لە داهاتوو تێبگات کەچەندە تەنهایە ، هەر کاتێک مرۆڤ ترسا لەداهاتووی خۆی خۆشحال ناژیت و لەناخەوە شۆک دەبێت سێکس وەک گەمەیەک دەبینێت و ئافرەت وەک مەکینە دەبینێت و لەبەر خاتری ئەو ژیانە درۆیینەیە لەهیچ شوێنێک ئۆقرە ناگرێت گرێی دەروونی بۆ دروست دەبێت ، بەپێچەوانەوە ئافرەت لەڕێگەی سێکسەوە پارە پەیدا دەکات و دواتر بەدوای پیاوی ناوخەون و خەیاڵی دەگەڕێت و دەیەوێت ژیانێکی نوێی هەبێت .
چیرۆکی پێنجەم / ” شێوەی ئەندازەیی تەنهایی “
تەنیاییەک هەیە هیچ شتێک نییە قیاسی بکات و هیچ کەسێک نییە بتوانێت لەبارەی بنووسێتەوە بۆیەش وا دەڵێم هەرشتێک بوو بەمەحاڵ ئەو شتە بەنهێنی نامێنێتەوە بەڵکو دەبێتە گلەیی و گازندەی شەو و ڕۆژ و ئەوکاتانەی ئینسان لەهەموو شتێکی ژیان توڕە دەبێت .
تەنیاییەک هەیە تاقەتی ئینسان ناهێلێت لەڕێی ئەو تاقەتەوە ئاشنای شێوە ژیانێک دەبین هەزاران مرۆڤ بەمردووی تێدا دەژین و نانی زیندووەکان دەخۆن و هەوای کەسانی دیکە هەڵدەمژن و پێویستیان بە جێگە و پێگەیەک هەیە بۆ ژیانکردنیان .
ئەو سەردەمە میدیا و گەیاندنی زانیاری و هەواڵ دەبەسترێتەوە بەوەی بنەماکانی ژیان مرۆڤی بەرەو چ گۆشەیەک رۆیشتووە لەم گۆشەیە هەموو شتێک دەبینین جگە لەتاریکی ناخمان هەموو شتێک گەرمە جگە لە هەناسەی سییەکانمان هەموو دونیا بووە بەگرێیەک کەچی ئەم گرێیە کەس ناتوانێت بیکاتەوە چونکە لەسەردەمێک دەژین مرۆڤ بەقەد هەموو شتێک تەنهاییە و بەقەد هەموو شتێک درۆ لەگەڵ دەوربەری دەکات و دەزانێت خۆی بەشێکە لەم گەمەیەی هەرگیز کۆتایی نایەت .
چیرۆکی شەشەم / ” لەودیو قیژەی بێدەنگییەوە ” .
لەناخی هەر یەکێکماندا بێدەنگییەک هەیە ئەو بێدەنگییە خەم و خەفەت و ناخۆشی و مەینەتی کەسانێکە قەدەری ژیان زاڵمانە لەگەڵیان جوولایەوە کەسێک نەبووە لێیان تێبگات و لێیان بپرسێتەوە ئەگەر بە ناشکوری نەڵێن لە هەزاران چیرۆک و بەسەرهات و خەم و خەفەتی ئەم میللەتە بەدەگمەن پێکەنین و قسەی خۆش و شایی و گۆرانی تێدایە .
ئەم چیرۆکە لێهاتووی دوو مرۆڤ نیشان دەدا دەیانەوێت ئەم شتانە بنووسنەوە بەچەند ووشەیەک دەتوانرێت خەمێکی گەورەمان پێبڵێت .
بەچەند ووشەیەک خەمی مەرگەساتی ئەنفال و روحی سەدان مرۆڤمان نیشان بدات بەشێوەی یاداشتێک هەرگیز لەبیرناچێتەوە .
لەیاداشتی دواتر هیچ کەسێک ناتوانێت قیژە بکات بەقەد ئەو کەسە مردنی ئازیزێک چەندە سامناکە و تێکچوونی دەروونی ئینسانێک قیژەی لەکەسێک دەبڕێت و منداڵێک بەبێ دایک گەورە ببێت چۆ دەتوانێت بقیژێنێت ئەگەر ئەمانەش بنووسرێتەوە بێگومان سەدان قیژە و خۆبریندارکردنی دیکە هەیە پێویستی بەقیژەیە ، بۆ کەسێک زیاتر حەزبکات لەمانای زیاتری ئەم ووشەیە تێبگات کەچەندە سامناکە رۆمانی “قیژە” لەلایەن کاک” فەرهاد چۆمانی” نووسراوە هەر کەسێک بخوێنێتەوە تێدەگات ژیان چەندە بێزارمان دەکات شەڕ چەندە بێزارمان دەکات مرۆڤ لەخۆڕا قیژە ناکات مەگەر چیڕۆکەکەی نەبیسترێت و کەس نەینووسێتەوە چونکە قیژەکردن بەئاگاهێنانەوەی هەستی ئینسانبوونە .
چیرۆکی حەوتەم ” ناپلیۆن “
لە چیرۆکی کۆتاییدا نووسەر لەڕێگەی ناوی سەرکردەیەکەوە قوڵ دەبێتەوە بۆ دونیای فکریمان و گەمەیەکی قوڵ بەمێشکمان دەکات و وادەزانین باسی شکۆ و هێز و مێژووی ” ناپلیۆنە ” کەچی مەبەستی ئەوەیە چۆن فەرماندەیەکی سەربازی لە ژوورەکەی خۆیدا خەریکی یاری کۆنکان و خواردنەوەیە خۆی مەست دەکات .
لەبەشێکی دیکەی چیرۆکەکە شەڕێک دەگێڕێتەوە دیارنییە کەیە و ئەو شوێنەی شەڕی تێدا روودەدا چ شوێنێکە و ئەو شەڕە کەی کۆتایی دێت بەڵام ئەم چیرۆکە لە لای تاکی کورد ئاشنایە چونکە هەرگیز نەتەوەی کورد و چەک و شەڕ جیانابنەوە .
ترس و کوشتن و برسیەتی و بێئاگایی و نەبوونی خەمخۆری لەم چیرۆکەدا دووبارە بۆتەوە.
لەڕاستیدا دووجۆر شەڕ هەیە لەم چیرۆکەدا
شەڕێک شەڕی ئیرادە و ویستی کەسی و خەونی سەدان کەسە.
شەڕێکی دیکە کەسێک دەیکات و هەموو شتێک دەکا قوربانی ئەو شتانەی بڕوای پێی هەیە و ڕەوایەتی بەخۆی دەدا .
لەم چیڕۆکە بێدەنگی و گریان و کوشتن و بێباکی و شکست و کشانەوە و هێز و چەک و ڕووخانی وورەی سەربازەکان لەگەڵ شکۆی ناپلیۆن یەکناگرێتەوە .
ئەو فەرماندە سەربازییە لەکارەکتەری چیڕۆکی ” ئاژاوەگێری ” کۆچیرۆکی نووسەری جیهانی “ئانتۆن چیخۆف ” دەچێت گەمەی کات دەکات و دەیەوێت هەموو شتێک بەیەکدی ببەستێەوە بەمەبەستی راحەتی دەروونی ، کۆبەرهەمی ” ئانتۆن چیخۆف ” لەلایەن ” رەسول سوڵتانی ” وەرگێرانی بۆ زمانی کوردی کراوە .




دیپسیك و ديموکراتیزەکردنی تەکنەلۆژیا.. لیو جون، کونسوڵی گشتی چین لە هەولێر.. ئامادەکردنی هەڵۆ حەسەن

وەک دەزانن ماوەیەکی باش بوو، بواری «زیرەکیی دەستکرد» لەلایەن کۆمەڵێک کۆمپانیای زەبەلاحی ڕۆژئاواییەوە قۆرخ کراوبوو. ئەم کۆمپانیایانە، کە خاوەنی سەرچاوەی دارایی زۆر گەورەن، ملیارەها دۆلاریان خستۆتە گەڕ بۆ لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی “زیرەکیی دەستکرد”.

ئەو نیشاندان و دەرکەوتنە گەورەیەی “دیپسیك” پەرەسەندنێکی بەرچاو بوو لە تێکشکاندنی قۆرخکاری و بزاوتێکی ئێجگار گەورە بوو لەو شەپۆلە گۆڕانکارییانەی لە دنیای تەکنەلۆژیای جیهانی و پنتە جیاوازەکانی دیکەی ژیاندا دێنەئاراوە. وەک دیپلۆماتکارێکی چینی، من ئەمە تەنها وەک هەنگاوێکی تەکنەلۆژیایی نابینم، بەڵکو وەها دەیبینم هەنگاوێکی بەرەوپێشبردن بێت بۆ سیستەمێک کە ژینگەی «زیرەکیی دەستکرد» لە دنیادا فراوانتر و دادپەروەرتر بکات.

ئاستەنگەکانی قۆرخکاری لە پەرەپێدانی “زیرەکیی دەستکرد”

ماوەیەکی باش بوو، بواری «زیرەکیی دەستکرد» لەلایەن کۆمەڵێک کۆمپانیای زەبەلاحی ڕۆژئاواییەوە قۆرخ کراوبوو. ئەم کۆمپانیایانە، کە خاوەنی سەرچاوەی دارایی زۆر گەورەن، ملیارەها دۆلاریان خستۆتە گەڕ بۆ لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی زیرەکیی دەستکرد،ئەو کۆمپانیا قۆرخکارانە، داتایەکی زۆریان کۆکردۆتەوە، باشترین بەهرەمەندەکانیان لە هەموو گۆشەیەکی جیهانەوە بۆخۆیان ڕاکێشاوە، ژێرخانێکی بەهێزی تەکنەلۆژییان دروست کردووە. ئەمانە بوونە هۆی دروستکردنی مۆدێلێکی پێشکەوتووی زیرەکیی دەستکرد، کە زۆرجار تەنانەت لە دەست زۆرینەی دامەزراوەکاندا نامێنێت، ئەمە چ لە وڵاتە پێشکەوتووەکان و چ لە وڵاتە گەشەسەندووکاندایشدا هەمان دۆخ هەیە.سروشتی قۆرخکاری ئەم پەرەپێدانە کاریگەرییەکی نەرێنی زۆری هەبووە. هەروەک ئەوەی لەنێو ئەم تۆڕەدا نوێکاری خنکێندراوە، چونکە خودی سیستەمەکە وەها داڕێژراوە کە کارمەند و توێژەرە باشەکان لە بازنەی دەرەوەی ناوەندە تەکنۆلۆژییە نەریتییەکان لە تێکۆشاندان وخەریکی ڕکابەرایەتین. ئەم سنووردارییەی ڕکابەری، خێرایی پێشکەوتنی دەستکردی هێواشتر کردووەتەوە، بەتایبەت لەوەدا کە دەبوو ڕێگە بە کۆمەڵێک بیرۆکە و ڕێبازی جۆراوجۆر بدرایە هەتا سیستەمەکە گەشە پێبدەن و کارەکە تەنها لەسەر یەک ڕێنباز و ئایدیا نەڕۆیشتایە. لەگەڵ ئەوەشدا، تێچووی زۆری دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیای دەستکرد، کەلێنێکی دیکەی لە بواری پێشکەوتنی دیجیتاڵی دروست کردووە، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی وڵاتانی گەشەسەندوو و کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان لە پێشبڕکێی زیرەکیی دەستکرد دوابکەون، هەر بۆیە ناتوانن سوود لە توانای گۆڕانکاری ئەم تەکنەلۆژیایە وەربگرن بۆ پەرەپێدانی خۆیان.

دیپسیك: وەک چرایەک بۆ گۆڕانکاری

“دیپسیك”،لەئێستادا وەک تێکدەرێکی ئەرێنیی بەهێز سەریهەڵداوە، کە بەرەنگاری پارادایمی هەنووکە و نوێترین پێشهات دەبێتەوە. لە ڕێگەی تەکنیکی داهێنەرانە و ڕێبازێکی بەرهەمهێنەرانەتر لە ڕووی سەرچاوەوە، توانیویەتی مۆدێلی پێشکەوتووی دەستکرد پەرە پێبدات. یەکێک لەو لایەنانەی کە ستایشی زۆری لێدەکرێت لە “دیپسیك”ئەوەیە کە بەردەوام سەرنجی لەسەر ئەوەیە کە تەکنەلۆژیای دەستکرد بەبێ جیاوازی و بۆ هەمووان بەردەست بخات.مۆدێلەکانی زیرەکیی دەستکردی “دیپسیك”بە شێوەیەک دیزاین کراون، کە لەسەر هاردیوێری کەمترین توانای نەرمەئامێرەکان کار بکەن، ئەمەش بە بەراورد بە هەندێک لە هاوتاکانی خۆی لەو بوارەدا. لەڕاستیدا ئەم پێشکەوتنە بۆ ئەوەیە کە ئێستا هەر تاکێکی کۆمەڵگە، یان کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان، تەنانەت دامەزراوەکانیش لەو ناوچانەدا کەو ناوچانەدا کە خزمەتگوزارییەکانی بواری ئایتی تێیاندا سنووردارە، بتوانن سوود لە توانا پێشکەوتووەکانی زیرەکیی دەستکرد وەربگرن، کە هەرێمی کوردستانی عێراق، یەکێکە لەو ناوچانە، کە ڕەنگە ژێرخانی تەکنەلۆلۆژیای کۆمپیوتەری بەشێوەیەکی باڵا سنووردار بێت.تەکنەلۆژیای “دیپسیك”جیهانێکی سەرچاوەی زانیارییە بۆخۆی، ئێستا بازرگانییە ناوخۆییەکان دەتوانن چات بۆتی خزمەتگوزاری کڕیاری زیرەکیی دەستکرد بەکاربهێنن، کە پەرەپێدراوە و زۆر زیرەکانە کاردەکات، هەروەک دەتوانن بەڕێوەبردنی کۆگا و شوێنەکانیان لەڕێی هەمان سیستەمەوە باشتر بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا شیکاری وردی بازاڕ ئەنجام بدەن، کە ئەو ئەرکانە پێشتر لە توانای ئەواندا نەبوون.

بەرەنگاری و ڕەتکردنەوە: سنووردارکردنە ناڕەواکان

لە ماوەی ڕابردوودا، هەندێک وڵات دەستیان کردووە بە سەپاندنی مەرجی سنووردارکردن لەسەر بەکارهێنانی “دیپسیك”ئەم کردارانە نەک تەنها کورتبینی و دەستەوەستانییە، بەڵکو بنەمایەکی باوەڕپێکەری لۆجیکیشییان نییە.یەکێک لەو مشتومڕە باوانەی لەلایەن بانگەشەکارانی سنووردارکردنی “دیپسیك”ەوە بەڕێوەدەچێ، ئەوەیە کە پێی دەوترێت “نیگەرانیی ئەمنی”. بەڵام تەکنەلۆژیای دەستکرد بەگشتی، لەوانە “دیپسیك”،تەنها ئامرازێکی سوودگەیاندنی زانیارییە، چۆنییەتی بەکارهێنانی ئامرازەکە، کاریگەرییەکەی دەردەخات، نەک خودی پلاتفۆڕمەکە. هەروەک چۆن چەقۆ دەتوانرێت بۆ چێشتلێنان یان زیانگەیاندن بەکاربهێنرێت، لەکاتێکدا تۆ بە خراپ بەکارتهێنا، تۆمەتبارکردنی خودی چەقۆکە کارێکی نالۆژیکییە.بەڕێوەبەرانی “دیپسیك”بە مۆدێلێکی وەها سەرچاوەمەندیان کردووە، کە زیان بە کەس نەگەیەنێت، میکانیزمەکانی لە شوێنی خۆیدایە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی داتا و بەکارهێنانیان لە چێوەیەکی ڕەوشتبەرزیی باشدا. ئەم پلاتفۆڕمە بەردەوام وردبینی ئەمنیی توند و چاکسازی بەردەوامی تێدا دەکرێت لەپێناو پاراستنی داتای بەکارهێنەر و تایبەتمەندییەکان.مشتومڕێکی دیکە لەبارەی “دیپسیك”پەیوەستە بە “پاراستنی ئابووری”یەوە، کە وا دەردەکەوێت هەندێک وڵات نیگەرانن لەوەی کە هەڵکشانی “دیپسیك”زیان بە پیشەسازییە پەیوەندیدارەکانی کاری دەستیی نێوخۆییان دەگەیەنێت، بەڵام ئەم دیدگایە ناتوانێت وەڵامدەرەوەیەکی دڵپەسەندی سەردەمیانە بێت. لە سەردەمی جیهانگیریی ئێستادا، سنووردارکردنی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکردی پێشکەوتوو، بەنموونە وەک “دیپسیك”تەنها دەتوانێت خێرایی دەستگەیشتن بە پێشکەوتنە گشتییەکانی بواری پیشەسازی لە جیهاندا واڵا بکات، واتا لە جیاتی ئەوەی هانی نوێگەری بدات، ئەوەشمان بیرنەچێت ڕێوشوێنەکانی دەستگرتن بە شێوازە نەریتییەکانەوە، وا دەکات کە ژینگەیەکی بازاڕی کەمتر کارا و کەمتر ڕکابەرانە بێت.

تێکشکاندنی بەربەستەکانی بەردەم دەستپێگەیشتنی زیرەکیی دەستکرد
تێچوون و لایەنی ماددی بەربەستێکی سەرەکیین بۆ دەستگەیشتن بە زیرەکیی دەستکرد، “دیپسیك”هەنگاوی بەرچاوی لەم بوارەدا ناوە. بە ڕێکخستنی پرۆسەی پەرەپێدانێکی ستراتیژیی کاریگەر، خزمەتگوزارییەکانی زیرەکیی دەستکرد بە نرخێکی کەمتر لەو نرخەی کە لەلایەن دامەزراوە قۆرخکارەکانەوە دەخرێتە ڕوو پێشکەش دەکات. ئەم کەمکردنەوەی نرخە گۆڕانکارییەکی گەورەیە، بە تایبەتی بۆ باشووری جیهان،لە بواری پەروەردەدا، قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق ئێستا دەتوانن سوود لە ئامرازەکانی فێربوونی “دیپسیك”وەربگرن کە زمانەکەی پەرەپێدراو و پێشکەوتووە. ئەم ئامرازانە دەتوانن یارمەتی خوێندکاران بدەن لە باشترکردنی شارەزایی زمانیان، چ کوردی بێت، چ عەرەبی، چ ئینگلیزی. هەرزانی ئەم ئامرازانە ئەوە دەخاتە ڕوو کە ژمارەیەکی زیاتری خوێندکار دەتوانن چێژ لە ئەزموونی فێربوونی تایبەت وەربگرن، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی باشتربوونی ئەنجامە پەروەردەییەکان،لە کەرتی تەندروستی، تەکنەلۆژیای “دیپسیك”دەتوانرێت بۆ شیکردنەوەی وێنەی پزیشکی بەکاربهێنرێت. بەتایبەت لەو ناوچانەدا کە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان زۆر سنووردارن، دەستنیشانکردنی نەخۆشی بە یارمەتی زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت هاوکاری پزیشکەکان بێت بە زوویی و وردی نەخۆشییەکان دەستنیشان بکەن. سروشتی هەرزانی چارەسەرەکانی “دیپسیك”،وا دەکات کە بۆ کلینیک و نەخۆشخانە نێوخۆییەکان گونجاو بێت کە ئەم تەکنەلۆژیایە وەربگرن، بەمەش کوالیتی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی بەرز دەکەنەوە.

پەرەپێدانی نوێگەری و هاوکاری جیهانی

هەروەها هەڵکشانی “دیپسیك”،بووەتە هۆی ئەوەی سیستەمێکی پەرەپێدانی دەستکردی هەمەجۆرتر و هاوکارانەتر بۆ مرۆڤایەتی بەردەست بێت، ئەمەش بە تێکشکاندنی ئاستەنگەکانی چوونە ژوورەوە، هانی بەشداری خەڵکی لە هەموو جیهان داوە. ئەم هەمەجۆریی بەشداربووان ڕازاوەییەکی دەوڵەمەندی بیرۆکە و دیدگە دەهێنێتە ئاراوە.لە هەرێمی کوردستانی عێراق، پەرەپێدان و توێژینەوە لەڕێی زیرەکیی دەستکرد ئێستا سەکۆیەکی باشە و زۆرێک بۆ پەرەپێدانی بەهرەکانیان سوودی لێ وەردەگرن. بەشداربوان دەتوانن لەسەر تەکنەلۆژیای “دیپسیك”،بینای ئاوات و دڵخوازییەکانی خۆیان دروست بکەن، بە خواستی خۆیان بیان دەستکاری دەکات، بەتایبەت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکان و ڕۆڵیان هەبێت لە بەشداریکردنیان لە زەخیرەکردنی زانیارییەکان بۆ سەر زیرەکیی دەستکرد لە جیهاندا. ئەمەش نەک تەنها لێهاتووییە پەیوەندیدارەکانی زیرەکیی دەستکرد لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا پەرەپێدەدات، بەڵکو زیرەکیی دەستکردی جیهانییش دەوڵەمەند دەکات بە زانیار و گەڕان بۆ دۆزینەوەی گرفتە ناوچەییەکان،بۆ نموونە، پەرەپێدەرانی کورد دەتوانن چارەسەری بنەمادار بە زیرەکیی دەستکرد بەرهەم بهێنن، بەتایبەت لە بواری پاراستن و بەرزکردنەوەی زمانی کوردی و کلتوورەکەی. ئەوان دەتوانن ئامرازی وەرگێڕانی زمانیی وردتر بۆ زاراوەکانی کوردی پەرە پێبدەن یان دەستپێشخەری پرۆژەکانی پاراستنی میراتی کلتووری بکەن بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بۆ دیجیتاڵکردن و شیکردنەوەی شوێنەوە مێژووییەکان.

ڕوانین بەرەو داهاتوو: ئاستەنگەکان و دەرفەتەکان

لە کاتێکدا هەڵکشانی “دیپسیك”،هەنگاوێکی گەورەی بەرەو پێشچوونە، هەندێک ئاستەنگیش هەن کە دەبێت چارەسەر بکرێن. نیگەرانییەکان دەربارەی تایبەتمەندیی داتا، ئاسایش و کاریگەرییە ئەخلاقییەکانی زیرەکیی دەستکرد، هەموویان ڕەوان، پێویستیان بە سەرنجی هەموو کۆمەڵگەی بەڕێوەبەریی زیرەکیی دەستکرد هەیە، لەوانە دیپسیك. وەک دیپلۆماتکارێکی چینی، من بانگەشەی هاوکاری نێودەوڵەتی دەکەم لە داڕشتنی چوارچێوەیەکی ئەخلاقی ڕێکخراو بۆ دڵنیابوون لەوەی کە سوودەکانی زیرەکیی دەستکرد جێکەوتە دەبن، بەبێ سازشکردن لەسەر ئەم لایەنە گرنگانە،سەرباری ئەوەش، لەگەڵ ئەوەی بازاڕی زیرەکیی دەستکرد زیاتر و زیاتر ڕکابەری بۆ پەیدا دەبێت، پێویستە “دیپسیك”،بەردەوام بێت لە نوێگەری. ئەمەش بە بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی مۆدێلەکانی، فراوانکردنی مەودای بەکارهێنانەکان، و بەهێزکردنی هاوبەشە جیهانییەکان لەخۆدەگرێت. چین، بە پابەندبوونی بۆ هەماهەنگیی لەگەڵ تەواوی جیهان، ئامادەیە پشتگیری “دیپسیك”و نوێگەری دیکەی زیرەکیی دەستکرد بکات لە هەوڵەکانیان بۆ داهاتوویەکی دەستکردی فراوانتر و پێشکەوتووتر،لە کۆتاییدا، هەڵکشانی “دیپسیك” پەرەسەندنێکی بەرچاوە کە توانای تێکشکاندنی قۆرخکارییەکانی ئێستای ئەم بوارەی هەیە، ئەم تەکنەلۆژیایە زیاتر بەردەست و هەرزان دەکات لە ئاستی جیهانیدا، ژینگەیەکی دەستکردی هەمەجۆرتر و نوێخوازتر پەرە پێدەدات،بۆ ناوچەکانی وەک هەرێمی کوردستانی عێراق و باقی جیهان دەرفەتی نوێ بۆ گەشەی ئابووری، پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا دەڕەخسێنێت. لەکاتێکدا ئێمە بۆ داهاتوو دەڕوانین، من گەشبینم بەوەی کە لە ڕێگەی هاوکاری و نوێگەرییەوە، زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت هێزێک بێت بۆ چاکە و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو گۆشەیەکی جیهان.




پەیڤێک بۆ پەنچا ساڵەی تەمەن.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

کاتێک مرۆڤ دەگاتە پەنچا ساڵ، یەکسەر دوو هەستی دژبەیەک ڕووبەڕوی دەبێتەوە، لەلایەکەوە هەست دەکەیت کە پەنجا ساڵی تەمەنی رۆیشتووە، ئەو پەنجا ساڵەش بریتین لە باشترین و خۆشترین ساتەکانی تەمەنی، تەمەنی منداڵی، هەرەزەکاری، گەنجێتی. لەدەستدانی ئەم قۆناغەش خۆی لەخۆیدا جۆرە هەستێکی حەزین لای مرۆڤ دروست دەکات. هەستی دووەمیش، تاڕادەیەک هەستێکە جۆرە باوەڕبەخۆبوون، کامڵ بوون و پێگەیشتن دەگەیەنێت. بەڵام لەگەل ئەوەشدا دەبێت چاوەڕێی ساڵانی سەختر بکەیت، چونکە چیتر مرۆڤ ئەو هێز و توانایەی جارانی نامانێت، ئۆرگانەکانی لەشیشی ووردە ووردە بەرەو لاوازی و نەخۆشی دەچن، لەبەرئەوە دەبێت، بۆ هەموو ئەگەرێکی ناخۆش خۆت ئامادە بکەیت. هەربۆیە مرۆڤ دۆشدادەمێنێت، ئاخۆ دڵی بە پەنچا ساڵی تەمەنی خۆشبێت یان نیگەران و دڵتەنگ بێت؟!
من کاتێک سەیری لاپەڕەکانی ژیانم دەکەم، ئەو پەنچا ساڵەی تەمەنم، لەرووی مەعریفەوە، کتێبێکی زۆرم خویندۆتەوە، هەرچەندە ئەو کتێبانەی من خوێندومەتەوە، دڵۆپێک ئاوە لە دەریایەکی گەورەی مەعریفەدا، هێشتا هەزار کتێبی جوان و گرنگ ماون، کە نەمخوێندۆتەوە. لەرووی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیشەوە، پێدەچێت من لە ژیانمدا خەڵکانێکی زۆرم ناسیبێت، هەر لە خزم و کەسوکار و گەڕەک و قوتابخانە، هەتاوەکو قۆناغی زانکۆ، دواتر بۆ ناوبازاڕ، لێرەش چەندین کەسانی بازرگان و کاسبم ناسیوە. پاشان بۆ ئەوروپا، لەوێش بەدڵنیاییەوە خەڵکانێکی زۆرم ناسیووە. لەژیانمدا خەڵکانێکم ناسیووە، کە زۆر ئازاریان داوم، ناخیان بریندار کردووم، یادەوەریی تاڵ و ناخۆشم لەگەڵیاندا هەیە، هەندێکیشیان زۆر ئاسوودەیان کردووم، یادەوەریی خۆشم لەگەڵیاندا هەیە، لەمەدا من بە قسەی لیۆ تۆڵستۆی نووسەری ناسراوی روسیا دەکەم کاتێک دەڵێت: یادەوەرییە خۆشەکان لە لای خۆت بهێڵەوەو زوو زوو بیری خۆتی بهێننەوە تاوەکو ئاسوودەگیت پێ ببەخشێت، هەوڵیش بددە یادەوەرییە ناخۆشەکان لەبیربکەیت تاوەکو دووبارە برینەکات نەکولێننەوە ئازارت نەددەن.
بەدڵنییاوە مرۆڤ بێ یادەوەری ناژیی، مرۆڤ رۆژانە چرکە و سەعاتەکانی ژیانی تێدەپەڕێت، لەم ماوەیەشدا بەشێکی بۆ کار، بۆ خواردن و ئیسراحەت بەکاردەهێنێت. من لە ژیانی خۆمدا دەتوانم شانازی بەوەوە بکەم کە لە ماوەی پەنچا ساڵی تەمەنمدا، لەبواری ئەدەبیی و فکریی و سیاسییدا 26 کتێبم چاپ کردووە، هەندێکیان وەرگێڕان بووە و هەندێکیشی نووسینی خۆم بووە. لەوانەبێت ئەنامە تاکە شتێک بن کە هیوایەکی گەورەم پێببەخشن و لە دوای خۆم بمێنێتەوە. ئاخر وەکو فەیلەسوفی ئیسرائیلی یوڤال نوح حەراری دەڵێت: ئامانج و مەبەستی داهێنانی نووسین لەلایەن مرۆڤەوە بۆ ئەوەبوو، کە وەکو گەنجینەیەک شتەکانی خۆی تێدا خەزن بکات و بیهێڵێتەوە. منیش لەرێگەی کتێبەکانەوە، توانیوومە، کەمێک تێگەیشتن و تێڕوانینە ئەدەبیی و فکریی و سیاسییەکانی خۆم لەرێگەی کتێبەوە بهێڵمەوە، لەوانەبێت نەوەی ئێستا و داهاتووش حەز بە خوێندنەوەیە بکەن، بەهەرحاڵ ئەمانە دەبنە مێژوو.
مرۆڤ لەژیانییدا کۆمەڵێک ئاوات و ئامانج و هیوای هەیە، بەدڵنیاییەوە لەژیانیدا ناتوانێت هەموو ئەوانەی دەستبکەوێت کە خەونی پێوە دەبینێت، بەڵام بەلایەنی کەمەوە هەندێکیان دەستدەکەوێت، منیش لەژیانمدا زۆر هیوا و ئامانجم هەبووە، بەشێکیانم بەدەستهێناوە، بەشێکی زۆریشیان هێشتا نەهاتوونەدی. بەڵام بە بڕاوی من کاتێک مرۆڤ تەمەنی بەرەو هەڵکشان دەڕوات، باشترین هیوای ئەوەیە کە لەشساخ بێت، چونکە لەشساخیش نیعمەتێکی گەورەیە.
وەکو هەموو کوردێکیش بەدڵنیاییەوە منیش خەونم بە وڵاتێکی ئازادی کوردییەوە بینیوە، تارادەیەکیش کارم بۆ کردووە. بەداخەوە رەوشی ئێستای کورد زۆرباش نییە، لە رۆژئاوا هەڕەشەی تورکیا، لە هەرێمی کوردستانیش، نەبوونی حوکمڕانییەکی ئازاد و دیموکرات، بۆتە هۆی دروستبوونی حوکمڕانییەکی خراپ، کە بەشێکی زۆری خەڵكی لێی بێزارن، ئەم بێزارییەش مەترسیی زۆری هەیە بۆسەر ئەم قەوارەیە، کە ئەویش بەرهەمی ڕاپەرین و کۆڕەوی خەڵكی کوردستان بوو.




فیڵۆسکوڵ پرۆژەیەکی نوێی ( گەلەری ئارام)ە، لەگەڵ د. ئازاد حەمە.. تێگەیشتنێکی فەلسەفییانە بۆ هاوڕێیەتی

کۆرسی هەشتەم:
هاوڕێیەتی و شار:
هاوڕێیەتی نێوان ڕەگەزەکان لە شاردا ( مێ و نێر، مێ و مێ، نێر و نێر)

٢٠\٢\٢٠٢٥
٦ی ئێوارە

ناونیشان: گەلەری ئارام، دوو کۆڵان خوار ئەمنە سورەکە..




تیـدی سێ ساڵان بچـووکـترین ئەنـدامی مـێـنسایە.. رەزا شـوان

تیـدی هـۆبـز کوڕێکی بچکۆلانەی بەریتانیایە، خەڵکی شاری پـۆرتـیـشێـدە لە ویلاەیەتی سـۆمەرسـێـت لە بەرەیتانیـا. منـداڵی گـەورەی خاتـوو (بێـت هـۆبـز) و (ویـل هـۆبـز) ە. تیـدی و خوشکە بچکـۆلەکەی، لە رێـگەی پیتانـدنی دەستکـردەوە لەدایک بـوون. تیدی منداڵـێکی بلـیمەت و پەرجـوویە. لە تەمەنی (٣) ساڵیدا، بـوو بە بچـووکـترین ئەنـدامی کـۆمەڵەی مـێـنسا لە بەریتاننـا. تا ئێستا رەنگە زیـرەکـترن منـداڵ بێـت لـە بەریتانیـادا.
مـێنسا لە ساڵی (١٩٤٧) دامەزرا، گەورەتـرین کۆنـترین کۆمەڵەی نێودەوڵەتییە، تەنیا ئـەو کەسە زیـرەکانە بە ئەنـدامێـتی وەردەگرێـت، لە هـەر شـوێـنـێکی جیهـانـدا بن، کە نـمرەی زیرەکـییان لە ئاستێکی بـاڵا دایـە. لە تاقـیکـردنەوەکانی سـتانـفـۆرد ـ بینێت ـ ی تایبەت بە مـێنسا، نمـرەی زیـرەکیی لە سەدا (٩٨) نـمـرە یا زیاتریان بەدەسـتهـێـناون.
تیدی هـۆبز، لە تەمەنەی، دوو ساڵ و دوو مانگیدا، لە رێگەی سەیـرکردن و گوێگرتن لە بەرنامەی منـداڵان لە تەلـەفـزیـۆنی پەروەردەیی بەریتـانیـا، بە رەوانی خـۆی فـێری خوێنـدنەوەی هەمـوو پـیـتەکان و چەنـدین وشـە کرد. بێ ئەوەی کەس یارمەتیی بدات، خـۆی فـیری نـووسـینی پـیـتەکـان و بـە دەیـان وشـە کـرد. دەنـگەکانی پیـتەکانی کۆپی دەکرد. تیدی هەر لەو تەمەنەدا، دەیتوانی بە حەوت زمان (ئینگلیزی، ویڵـزی، چـینی، نـۆرمانـدی ئـیسپانی، ئەڵـمانی، فـەرەنسی) لە ژمـارە (١) کەوە تا (١٠٠) بـژمـێرێـت.

(بـێـت هـۆبـز) ی دایکی دەڵـێـت:”لەسەر تابـلـێـتەکەی یـاریی دەکـرد. ئـەو دەنـگانەی دەردەکرد کە مـن نەم دەناسینەوە، لـێم پـرسی ئەم دەنگانە چـین؟ وتی: دایـکە مـن بە زمانی چـیـنی دەژمـێـرم”.
(بـێت) دەڵـێت:”مـن و هـاوسەرەکەم زمانناس نین، ئێمە دڵـنیانین، کە چـۆن بەم ئاستە گەیشتووە”؟ دەشڵێت:”تیـدی هەموو ئەو کارانەی بە تەنیا کردوون. کاتێک کە دەچـینە دەرەوە، سەرپـشکی دەکەیـن کە شکـۆلاتـەیەک هـەڵـبژێـرێت. ئـەو لە جـێی شکـولاتـە، کـتێـبـێکی دەوێـت”.
تیـدی هـۆبـز بەسەر هـیچ شتـێکـدا بازنـادات، گـوێ لە هـەمـوو شـتێک دەگـرێـت. ئەو گـفـتـوگـۆیـانـەی کە لە جـەژنی کریـسمسی ساڵی رابـردوودا، لەگەڵـیان کـردووە، هـەر هـەمـوویـانی لـە بیـرە.
تیـدی زۆر حەزی لە بیرکارییە. جارێکیان ئەوندە بە وردی سەرقاڵی کەرتەکان دەبێت، تا خـوێـن لە لـووتی هـات ئەوجـا وازی هـێـنا. لە یـاری و وەرزش و لە چـالاکـییەکانی چـێژ وردەگرێـت، زۆریـش دەخـوێـنێـتەوە. چـێژیـش لە خوێنـدنەوە بـۆ خوشکە (١٥) مانـگـییەکەی وەردەگـرێـت. بیـرۆکەی ئـەوەی هـەیە لە داهـاتوودا ببێـت بە پـزیـشک، چـونکە لەگـەڵ هـاوڕێیەکی لە دایـەنـگاکەیـانـدا، یاریی پـزیـشک و نەخـۆش دەکـەن و رۆڵی پـزیـشک دەبـیـنـێـت.
کە تەمـەنی تیـدی دوو ساڵ و نیـو بـوو، دەیـانـوت. ئاستی خـوێنـدنەوە و وەرگـرتـن و تێگەیـشـتن و قـسەکردن و وەڵامـدانـەوەی و ناسینەوەی پـیـت و شـەکانی، لە ئاسـتی تـوانـای منـداڵـێکی هـەشـت سـاڵ و نیـو دایە.
کە تەمەنی دەبێت بە (٣) ساڵ، دایکی کە یەکەم رۆژ دەیبات بۆ دایانگە، پێیان دەڵێت: “پێموایە خـۆی فـێری خوێندنەوە کردووە. سەرەتـا بە راستی، باوەڕیان پێـم نەکـرد”.
پاشان هـەر هەمـان رۆژ، خاتـوویەکی مامۆستای پێـش قـوتابخانەی بنەڕەتییان بانگ کردبوو. بۆ ئەوەی قـسەی لەگەڵ بکات و بخوێنێتەوە. بە رەوانی بۆێ خوێندبووەوە.
بە تەلەفـۆن پەیـوەنـدییان پێـوەکـردم و وتیـان:”بـێـت تـۆ راسـت دەکەیـت”.
مـێـنسا هـەڵـسەنـگانـدنی زیـرەکی، بـۆ منـداڵانی خـوار تـەمـەنی (١٠) سـاڵان ناکـات. بەڵام ئەگەر دایکان و باوکانیان، بیانەوێـت منـداڵەکانیان ـ کە لەژێـر ئەو تەمەنە دان ـ پـشکـنینیان بۆ بکـرێت، پێویستە بیانبەن بۆ لای پـزیشکی دەروونناسی پەروەردەیی.
پـزیشکی دەروونناسی پەروەردەیی، کە هەڵسەنگانـدنی زیرەکیی بۆ تیدی هـۆبـز کرد. سەرسامی زیـرەکیی و بلیـمەتی بوو. یەکسەر بۆ تاقیکردنەوەکانی مێنسا کاندیدی کرد.
تـیـدی تەمـەن سێ ساڵ بە ئاسایی و کراوەیی، لە ئەنجامی تاقیکـردنەوەکانی مـێنسادا، توانی لە کۆی (١٦٠) نمرە (١٣٩) نمرە بەدەست بهـێنێت. کە دەکاتە رێژەی (٩٩،٥) سـەدی تەمەنی خـۆی. بوو بە بچووکترین ئەندامی مێنسا لە بەریتانیا. دایک و باوکی بەو ئەنجامە تووشی شۆک بوون، هيچ بیرۆکەیەکیان نەبوو کە تا چ رادەیەک زیرەکە. هـیچ پلانێکـیشیان بۆ مێـنسا نەبـوو.
تیـدی هـۆبز لە (٥) ساڵیدا وتی:” ئەگەر دایک و باوکم رێم پێـبدەن، دەتوانم کتێبەکانی رۆمـانی هـاری پـۆتـەر بخـوێـنـمەوە”.
دایکی وتی:”دیـارە ئێمە رێی پێنادەیـن، کە رۆمـانی هـاری پـۆتـەر بخـوێنـێتەوە. ئێـمە کـتـێبی گونجـاوتـری لە رووی سـۆزدارییەوە بۆ هـەڵـدەبـژێـرین. بەڵام لە بنەڕەتدا ئەو لەو قـۆناغـە دایـە، کە دەتوانێـت هـەر شـتـێک بخوێـنـێـتەوە کە بـیخـەینـە بـەردەمی”. تیـدی هـۆبـزی بـلیمـەت و نـاوازە، لـە ئـێستادا تەمـەنی شەش سـاڵە.
(*) بۆ ئـەم نووسـینە، سـوودم لە چەنـدیـن سایـتی ئینگـلیزی وەرگـرتـووە.
رەزا شـوان
دوبـەی/ ٢٠٢٥




پشیلەکە و شتی تریش.. شیعری نەوزاد بەندی

شا لیر ،
به یەکێ لە بەرپرسەکانی ووت ،
کە زاوایەکی چاوی هەڵکۆڵیبوو :
هەر کاتێ ویستت بگریت ،
چاوەکانی خۆمت ئەدەمێ ،
پێیان بگری ..

٭ ٭ ٭

هەندێ جار ..
یان لە ساڵێکا جارێ دوو جار ،
چێژێکی تایبەتی هەیه،
جلەکان بڵاو کەیتەوە ..
بەردێ بەی بە شوشەیەکا ..
برسیشت بێ و نانیش نەخۆی ..
ڕیش نەتاشی ..
به پێڵاوەوە بێیتە ژوورێ..
تەلەفۆنت بۆ هات وەڵام نەدەیتەوە ..
بە هەموو هێزی خۆت ،
شەقازللەیەکی بازاڕیی
لە بناگوێی
پلەدار ێ بەی

٭ ٭ ٭

بەفر باری و ..
ڕاستت نەکرد ،
نەباریتە حەوشەکەمان ..

٭ ٭ٕ ٭

ئێمە خەڵکێکی خۆ ویستین ..
ئەزانین ئەو ڕۆژانە چەندن ،
جگەرەمان تیا نەکێشاون ..
ئەو ڕۆژانەی بێ بازاڕین ..
ئەزانین حوکمەت چەند موچەی خواردووین ..
بە هەموو کەسێک ئەڵێین ،
لە دابەزینی دۆلارا ،
چەندێ زەرەرمان کردووە ..
بەڵام پێچەوانەکانیان ،
کەس نازانێ ..

٭ ٭ ٭

به کۆڵانەکانی عەقاریدا ،
به دوای کۆشکەکەی کافکادا ئەگەڕا م .. بەڵام
نەمدۆزییەوە ..
تۆ ، له گۆشەیەکدا ،
وەک زیندانییەکی ڕاکردوو ،
خۆتت حەشار دابوو ..
وا تئەزانی من پۆلیسم ..
یان ئینیزباتی عەسکەریی ..
بۆچی عەقڵت لە دەستدابوو ؟

٭ ٭ ٭

ئیتر باران تۆم بیر ناخاتەوە ..
ئیتر کورسییە بەتاڵەکەی تەنیشتم ،
تۆ ناهێنێتەوە یادم ..
بۆنی باران ، دەستم ناگرێ و ..
پێم ناڵێ : ئەویش لەوێیە ..
بە پێچەوانەوە ،
دەرگا و پەنجەرەکان دائەخەم
پەردەکان دائەدەمەوە ..
تۆیش ئارەزووی خۆتە چی ئەکەی ، ئازیز‌ ..
هەردووکمان گیرمان خواردووە
بە دەست بەنی ئادەمەوە ..!

٭ ٭ ٭

لەو ڕۆژەوە پیرتر دیارم ..
پشیلەکە خواردن ناخوا و ..
بە ووردیی تەماشام ئەکا ..
وەک ئەوە وایە بپرسێ :
ئەرێ تۆ هەر ئەویت کابرا ..؟

٭ ٭ ٭

خەڵکی دڵڕەق و سیحرباز ،
خەڵکی بێ ئەخلاق ..
کلکیان لە بنا بڕیبوو ..
لەو کاتەوە تەنیایی هەردووکمانی
بە یەک ناسان ..
ڕۆژی سێ جار ئەیبینیم و
ڕۆژی سێ جار
هۆتدۆگم بۆ دادەنا ..
هێلانەیەکم بۆ دروست کرد ..
نازانم بۆ له بینینم تێر ناخوا ؟ ..
بە چاوە گەورەکانی پێم ئەڵێ ،
بۆ لای خۆت هاتووم نەک خواردن ..
پێم ئەڵێ بە بێ تۆ
چۆن ڕۆژم لێ بڕوا ؟؟

٭ ٭ ٭

زۆر هەوڵمدا بۆت داپۆشم ..
بیرم کردەوە بە ووردیی ..
هەزار بیانووم هێنایەوە ..
چل ساڵ خۆم مناڵ کردەوە ..
سودی نەبوو ،
هەر شەڕەکەم لەگەڵ کردی !

٭ ٭ ٭

وا مەزانە بێ تۆ شیعرم پێ نانووسرێ ..
خانوو چۆڵیش بێ ،
تەنیایی و جاڵجاڵۆکە ،
ئەیگرن بە کرێ ..!

٭ ٭ ٭

تەنها کاتێ ماندوو ئەبی ،
وەک عەرەق منت لێ ئەتکێ ..
دەست بدەمە هەر بەشێکت ،
دێت بە دەستمەوە و
ئەشکێ ..
لەگەڵ شیعرا نەبێ ناتوانم قومێکت لێ بخۆمەوە ..
زۆرجار ئەپرسم چۆن ناسیم ..
کۆمەڵێ وەڵامی جیاواز ،
ئەنووسم ..
هەر له خۆمەوە …

٭ ٭ ٭

تێ ئەپەڕم ..
پشیلەکە هەر وەستاوە و
بە ووردیی تەماشام ئەکا ..
نازانم ئەو حەقی چییە ؟
بۆچی خواردنەکەی ناخوات و ..
پرسیاری چی لێ کردووم وا
چاوەڕوانی وەڵام ئەکا ..؟

٭ ٭ ٭

بێ تۆییم زۆر پێوە دیارە ..
بەوە دڵم ئەدەمەوە ،
کە من هەمیشە بێ تۆ بووم ..
پێم بڵێ کەی بێ تۆ نەبووم ؟
یان وەک بڵێی ،
لە هەموو شتەکانمدا ..
لە هەموو شیعرەکانمدا ،
تۆم دەرکردبێ ئەم جارە ..
بۆیه هەرگیز نەیشمدیوی و
بێ تۆییشم پێوە دیارە ..!

٭ ٭ ٭

حەز ناکەم ئاوڕ بەمەوە ..
شتێ شایانی بینین بووبێ ،
جێم نەدەهێشت ..
حەز ناکەم دووریش بڕوانم ،
شتێ هێشتاکە نادیار بێ ،
بۆ بیری لێ بکەمەوە ؟

٭ ٭ ٭

ڕۆژی دە هەزار هەنگاو ،
به پێ ئەڕۆم ..
ئەمەوێ تەندروستیم وەک تۆ ،
لە پڕ لێم جیا نەبێتەوە ..

٭ ٭ ٭

پشیلەکە ،
کۆترێکی پەل پەل کردبوو ..
بەر دەرگاکە پەڕ و باڵی خۆڵەمێشیی دایپۆشیبوو ..
هێشتا تەماشای ئەکردم ..
وەکو بڵێی کۆترێکی کرد بێ بە خێر ،
وەکو دوێنێم لێ بێتەوە !

٭ ٭ ٭

بیشڕۆمەوە سەر
هەموو خوەکانی جارانم ،
ئاڵودە نابمەوە بە تۆ ..
پرسیارێکی زۆر قورس بووی ،
تەرکم کردی ..
بارێکی قورسم فڕێدا ..
ئەگینا چۆن ،
دە هەزار هەنگاو ئەتوانم
بە ڕۆژێ بچم بە ڕێدا ؟

٭ ٭ ٭

پەڕ و باڵی کۆترەکەم کۆکردەوە و
ویستم نەعلێکی تێ بگرم ،
خواردنەکەی بەجێهێشت و
ڕۆی ..
بۆ ساتێ کەوتمە شکەوە ..
هەستم کرد تۆی ..

٭ ٭ ٭

جانتایەکی زۆرم هەیە ..
چونکە سەفەرێکی زۆرم بڕیار دابوو ،
نەیشمتوانی ..
سەفەر بە تاقی تەنیا ڕۆی ..
من و جانتای دایە دەستی ،
چاوەڕوانیی ..

٭ ٭ ٭

خۆ ئەمزانی ،
چاک ئەمزانی ..
کە تۆ نازانیت چیت ئەوێ ..
وا تئەزانی ئەوە منم ..
دوای ساڵەها جا پێت زانی ،
منیش ئەوە نیم ئەتەوێ ..

٭ ٭ ٭

مانگیش مەردە ..
بەو هەموو جوانیی و تیشکەوە ،
ئەو هەموو شەوە بە تەنیا ،
هێشتا کەسێ نەیبینوە ،
لە هیچ ماڵێکا پاڵکەوێ ..
هەرچی ئاڵتونی دنیایە ،
لەلای پوشە ..
تۆ بەشێکت وەک مانگ وایه ،
هیچت ناوێ
یاخود نازانی چیت ئەوێ !

٭ ٭ ٭

زۆربەی زۆرمان ،
مەرجەکەی کافکا شک نابەین ،
کە ئەیووت مرۆڤ پێویستە ،
لانی کەم یەک کەسی هەبێ ،
بتوانێ پەنای بۆ بەرێ …




ژیان لەگەڵ ژیریی دەستکرد دا، بەرەو کوێ دەڕوات؟.. ئاراس سەعید

ڕۆژی 1ی ئایاری 2023، (جیفری ھینتۆن) زانای باڵا و باوەگەورەی داھێنەری (ژیریی دەستکرد و زیرەکی قووڵ) ئەوەی ئێستا ھەموو شارستانیەتی مرۆڤایەتی سەرقاڵیەتی و بێجگە لەمە ھیچ بابەتێکی دیکە جێی بایەخ و مشتوومڕ نییە. دەستی لە کارەکەی کێشایەوەو وازی لە کۆمپانیای گوگڵ ھێنا و لە میانی دیمانەیەکدا لە ڕۆژنامەی (واشنت پۆست)وە ڕایگەیاند:” کە ئەو پەشیمانە لەوەی، کە ‌تەمەنی بۆ شتێک تەرخان کردووە،‌ کە ئێستا ئەبێت دژی بێت.”
ئەم لێدوانەی (جیفری ھینتۆن) دەمان باتەوە بۆ دووسەدە لەمەوبەر، پێش ساڵی (1818) زاینی هیچ تێکستێکی ئەدەبی بەناوبانگ نەبوو کە پەیوەست بێت بەوەی کە ئێستا پێی دەڵێین: (خەیاڵی زانستی) بەڵام خانمە نووسەری بەریتانی (ماری شێلی) دەرکەوتوو کاتێک یەکەمین و بەناوبانگترین ڕۆمانی خۆی بەناوی (فرانکشتاین) بڵاو کردەوە و تێیدا جیهانی شۆکرد و بۆ سەدان ساڵ، ناوی بەزیندووی لەسەر شانۆی ئەدەبی جیهانی هێشتەوە.
(لە ڕۆمانی فرانکشتاین دا، زانایەک بەکەرەستەی (بێ گیان و مردوو) ڕووح لەبەرێک درووست دەکات و دوای درووستبوونی، بوونێکی سەربەخۆ وەردەگرێت و چیدی لە دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی درووستکەرەکەی نامێنێتەوە و بوونێکی سەربەخۆ وەردەگرێت.
ئەم وێنا ئەفسانەییە هاوشێوەی سەرگوشتەی ئەفراندنە کاتێک خودا له شتێکی بێ گیان لە (گڵ) ڕووح لەبەرێکی وەک ئادەم درووست دەکات و دواتر لە داری سێوی بەهەشت دەخوات و لێی یاخی دەبێت.)
ئەگەر ورد تر لەو لێدوانەی (جیفری ھینتۆن) بدوێن، دەکرێت بوونی زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان بە بوونەوەرەکەی (فرانکشتاین) ی (ماری شیلی) بچوێنین، بە شتێک کە لەدەستی ئەفرێنەرەکەی دەرچووە و بوونێکی سەربەخۆی وەرگرتووە و ئەگەری هەیە ڕۆژێک وەک دڕندەیەکی زەبەلاح بەرەڵابێت و بەخاوەنەکەی نەگیرێتەوە و بەسەر ئێسک و پروسکی داهێنەرەکەیدا بڕوات.
ئایدیای ڕۆمانەکەی (ماری شیلی) وێنایەکە بۆ دڕندەیەک کە مرۆڤ خۆی درووستی کردووە و بۆی ناگیرێتەوە. هێزێکە مرۆڤ خۆی ئەفراندوویەتی و چیدی بۆی نابەسترێتەوە و بۆی کۆنتڕۆڵ ناکرێت. ئەمە وێنایە بۆ سیستەمێک یان شێوازە ژیانێک کە چیتر ژیانێک بەردەوامی لەدەستی ئێمەدا نەماوە و سەربەخۆ لە ئێمە دەژیت و دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەریدا ناچێژ و هیچە. هەربۆیە شتێکی مەحاڵ نییە باوەگەورەی ژیری دەستکرد بڵێیت: ” کە ئەو پەشیمانە لەوەی، کە ‌تەمەنی بۆ شتێک تەرخان کردووە،‌ کە ئێستا ئەبێت دژی بێت.”
گەرچی ئایدیای چیرۆکەکەی (فرانکشتاین) تەنیا خەیاڵێکی زانستییە و گریمانەیە بۆ دونیای دوا ڕۆژی مرۆڤ. لەبەرامبەر ئەم چیرۆکەکەی فرانکشتاین چیرۆکی (وێرانە بازنییەکان)ی (بۆرخێس) هەیە، لەم چیرۆکەدا چیرۆکی درووستکردنی مرۆڤێک موو بەموو بۆ یەکێکی دیکە دەگێڕێتەوە، (مرۆڤێک موو بەموو خانە بەخانە مرۆڤێکی دیکە درووست دەکات) مەخلووقە ئەفرێندراوەکەی خەیاڵیش کەسێکە هەڵدەسێت و دەڕوات و دەجوڵێت و هەموو سیفەتەکانی مرۆڤی ئاسایی هەیە، بەڵام بەپێچەوانەی بوونەوەرەکەی فرانکشتایینەوە بوون و مانەوەی هەمیشە گرێدراوی توانای خەیاڵی ئەو کەسەیە کە درووستیکردووە و ناتوانێت لە کۆنتڕۆڵ خۆی قوتار بکات.
کاتێک مرۆڤ ئەم چیرۆکە دەخوێنێتەوە لەخۆی دەپرسێ داخۆ زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان هەمیشە هاوشێوەی چیرۆکەکەی بۆرخێس گرێدراوی خەیاڵی ئێمەن و ناتوانن لەئێمە خۆیان ڕزگار بکەن و بوونێکی سەربەخۆ وەربگرن؟ خۆئەگەر ڕوودانی ئەوە مەحاڵ بێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ئالەتە بکەین؟
لەماوەی ڕابردوودا (ساندر بیچای)، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (گوگڵ) لە ‌لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: “جیھان بە ئەندازیار و تەکنیکار بەڕێوە ناچێت، چیتر پێویستی بە فەیلەسووف و بیرمەندە و مرۆڤایەتی پێویستی بە ڕەوشت ھەیە”.
کەس گومان لەوە ناکات کە ئەمڕۆ زانیاری و هێزێکی زۆر زیاتر لەبەردەستی مرۆڤایەتییە لە چاو سەردەمەکانی ڕابردوو، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئێمە زۆر باشتر لە خۆمان و ڕۆڵمان لە گەردوون تێدەگەین. بۆچی ئەوەنده ئاسانە بۆمان کە زانیاری و هێزی زیاتر کۆبکەینەوە، بەڵام هێندە قورسە ژیرتر ببین و ئامێرەکان لە ئێمە ژیرتر دەربکەون؟
لە سایەی مەترسییەکانی ئامێر و تەکنیک هاوتای سەرهەڵدانی چەرخی ژیریی دەستکرد، گەورە مێژوونووسی ئیسرائیلی(یۆڤاڵ نوح هەراری) لە نوێترین کتێبی خۆی بە ناونیشانی: “Nexus: A Brief History of Information Networks from the Stone Age to AI”
دەڵێت: پێشینیانمان بەردەوام دەگەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئێمە لاوازییەکی کوشندەمان هەیە کە وامان لێدەکات هێزگەلێک بەدەست بهێنێن، کە ناتوانین کۆنتڕۆڵیان بکەین.
ئەو دوو نموونەی ئەفسانەی یۆنانی دەهێنێتەوە یەکەمیان: ئەفسانەی(فایتۆن)ە باس لە کوڕێک دەکات کەدەزانێت کوڕی خودای خۆرە(هیلیۆس) بۆئەوەی ڕەچەڵەکە خوداییەکەی بسەلمێنێت، داوا لە باوکی دەکات ڕێگەی پێبدات گالیسکەی خۆر لێبخوڕێت. هیلیۆس ئاگاداری کوڕەکەی دەکاتەوە کە هیچ مرۆڤێکی فانی ناتوانێت جڵەوی ئەسپە ئاسمانییەکان بگرێت کە گالیسەکە ڕادەکێشن. بەڵام فایتۆن سوورە لەسەر ئەوە و لەکۆتاییدا باوکی قایل دەبێت. کاتێک فایتۆن بەرەو ئاسمان دەڕوات، کۆنتڕۆڵی گالیسکەکان لەدەست دەدات. خۆر لە ڕێڕەوی خۆی لادەدات و هەموو ڕووەکان دەسووتێنێت و ژمارەیەکی زۆر گیانلەبەر دەکوژێت و هەڕەشەی سووتاندنی زەوی دەکات. لێرەدا زیۆس دەستێوەردان دەکات و تریشقەیەک بەرەو گالیسکەکە دەهاوێژێت و مرۆڤە لووتبەرزەکە وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە ئاسمان دەکەوێتە خوارەوە و خوداوەندەکان دەسەڵاتیان بەسەر ئاسماندا دەسەپێنن و جیهان ڕزگار دەکەن.
دوای دوو هەزار ساڵ، کاتێک شۆڕشی پیشەسازی یەکەمین هەنگاوەکانی دەناو ئامێرەکان دەستیان بەجێگرەوەی مرۆڤ دەکرد.(یۆهان ڤۆڵفگانگ فۆن گۆتە) هۆنراوەیەی هۆشداریدەری هاوشێوەی بەناونیشانی ( شاگردە جادووگەرەکە) نووسی. بالادەکەی گۆتە ( لەوانەیە لە وەشانی والت دیزنی بەمیکی ماوس بیناسین) باس لەوە دەکات کە چۆن جادووگەرێکی پیر، شاگردە گەنجەکەی لە کارگەیەکەدا بە تەنیا جێدەهێڵێت و داوای لێ دەکات لە غیابی ئەودا چەند کارێک ئەنجام بدات. لەوانە، دەبێت گەنجەکە ئاو لە ڕووبارەکەوە بهێنێت، بەڵام شاگردەکە بۆ ئەوەی کارەکەی کەمێک ئاسانتر بکات فەرمان بەگسکێکی جادوویی دەدات ئاوەکەی بۆ بهێنێت. لەبەر ئەوەی ئەفسوونەکە نازانێت کە پێی دەتوانێت گسکەکە بوەستێنێت، گسکەکە بێوچان ئاوی زیاتر و زیاتر دەهێنێت، تا دەبێتە هەڕەشەی درووستبوونی لافاو لەناو کارگەکەدا. لە نائومێدیدا، گەنجەکە تەورێک هەڵدەگرێت و گسکەکە دەکات بە دوو کەرتەوە، بەڵام ئێستا دوو گسک ئاوی زیاتر دەهێنن. دواجار کاتێک جادووگەرەکە دەگەڕێتەوە، شاگردەکە داوای یارمەتی لێ دەکات( گەورەم کێشەکە گەورەیە! ئەو ڕۆحییەتانەی بانگم کردن، ئێستا ناتوانم دەریان بکەم) جادووگەرەکە دەستبەجێ کۆتایی بە جادووەکە دەهێنێت و فەرمان بە لافاوەکە دەدات بوەستێت. وانەکە بۆ شاگردەکە و مرۆڤایەتی ڕوونە:
( هەرگیز بانگی هێزگەلێک مەکە، کە ناتوانیت کۆنتڕۆڵیان بکەیت) ئەم دوو چیرۆکەی (فایتۆن و شاگردە جادووگەرەکە) کە (یۆڤاڵ نوح هەراری) وەک نموونە دەیان هێنێتەوە بێجگە لەوەی ئێمەی مرۆڤ بە ئاشکرا خۆمان لەبیستنی ئاگادارکردنەوەی مەترسی ئەم ئالەتە بواردووە هیچ مانایەکی دیکە ناگەیەنێت. مرۆڤ کەشوهەوای هەسارەکەی لە هاوسەنگی دەرهێناوە و ملیارەها گسکی جادوویی، درۆن، چاتبۆت و ڕۆحی ئەلگۆریتمی تری بانگکردووە کە دەتوانن لە کۆنتڕۆڵ دەربچن و لافاوێک لە ئەنجامی نەخوازراو بەرەڵا بکەن و هاوتای بوونەوەرەکەی فرانکشتاین بوونێکی سەربەخۆ وەربگرن و بەسەر ئێسک و پرووسکی مرۆڤدا بڕۆن.
ئاراس سەعید: خوێندکاری زانکۆ

16ی شوباتی 2025




شێرپەنجەی ئیداریی.. نەوزاد بەندی

شێرپەنجە دروستبوون و زیاد بوونی کۆمەڵێک خانەیه لە هەمان لەشدا ، کە کاری خانە و شانەکانی تر لاواز ئەکات . . بەرە بەرە ئەو خانە شێرپەنجەییانە بەهێزتر و چالاکتر ئەبن ، لە بەرامبەردا ئەندامەکانی لەش لاوازتر و وێرانتر ئەبن ، واتا پەیوەندییەکی پێچەوانە لە نێوانیاندایه ، بە جۆرێک ئەگەر چارەسەری قورس وەرنەگرێ ، لە ماوەیەکی کەمدا مەرگێکی پڕ لە ئازار ڕوو دەدات .
لە ڕاستیدا لە جیاتی ئەم خانە شێرپەنجەییانە کە بەشێکن لەو لەشە ، فیشەکێک یان ژەهرێک توشی ئەو لەشە ببووایە ، ئەیتوانی به جۆرێ لە جۆرەکان ، دژایەتیان بکات و چاک بێتەوە ، بەڵام ئەو خانە خیانەتکارانە کە درستکراوی هەمان لەشن ، چارەسەریان زەحمەتە و ..بەرنامەکەیان چالاکبوونی خۆیان و پوکانەوەی ئەو لەشەیە .
بە هەمان شێوە ئەگەر بڕوانینە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و بریکارەکانی کۆڵۆنیالیستی جیهانیی ، هەمان ڕۆڵی خانە شێرپەنجەییەکانی لەش ئەبینن ، واتا کوڕی کۆمەڵگاکەن ،کەچی هەموو کار و چالاکییەکانیان له دژی ئەو کۆمەڵگایەیە .. کۆمەڵگا بەرەو هەژاریی و نەخوێندەواریی و بێکاریی و جەنگی بێ مانا و ترس و دڵەڕاوکێ ئەبەن ..لە بەرامبەردا ، ئەو خانە شێرپەنجەییانەی دەسەڵات ، ڕۆژ بە ڕۆژ خۆیان و خێزان و خزمەتکارەکانیان ، دەوڵەمەندتر و بەهێزتر و خۆشگوزەرانتر ئەبن ..
ئەم دۆخە ڕۆژ بە ڕۆژ زەقتر ئەبێتەوە .. ئەگاتە ئاستێک داهاتی هەموو کۆمەڵگاکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەخرێتە خزمەتی ئەو خانە شێرپەنجەییە دەسەڵاتدارانەوە ، پارەیەکی خەیاڵیی لە کڕینی شتی زۆر سەخیفدا خەرج دەکەن ، چونکە کورت و کرمانج ئەوانە شێرپەنجەن ، به جۆرێک لە کاتێکدا بە ملیۆنەها هاووڵاتی ئەو کۆمەڵگایه لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن ، ئەو خانە شێرپەنجەییانەی دەسەڵات ، ڤێلا بە ملیۆنەها دۆلار ئەکڕن ، نەک ڤێلایەک و دووان و سیان و چوار ..لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا ، بە بێ ئەوەی تیایدا بژین ، دزینی ملیارەها دۆلار و توندکردنیان لە بانکی وڵاتە کۆڵۆنیالیستەکانی جیهاندا ، تەنها بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان ( بە پێی بۆچوونی شێرپەنجەییانەی خۆیان ئەگینا بەهێزکردنی پێگەی دەسەڵات بە لەخۆبوردن و خۆبەخشیی ئەبێ نەک بە کاری مافیاگەریی و دزی و تاڵانیی ) هەروەها پۆشینی پۆشاکی زۆر گران بە دەیان و سەدان هەزار دۆلار ، دانانی سەعاتی مەچەکی ملیۆنان دۆلاریی ..ئەم جۆرە ڕەفتارە ناشیرین و قێزەونانە ، کە خۆپەرستی و ناکامڵیی و هەزرەکارییان لێ ئەتکێ ، هەم بۆ تێرکردنی غەریزەی شێرپەنجەیی خۆیانە ، هەم جەنگێکی دەروونییه لەگەڵ تەواوی میللەتدا ..ئەم جەنگە فرەلایەنەیش زیاد ئەکات بە زیادبوونی هەژاریی و نەداریی کۆمەڵگا ، واتا هەتا دۆخی کۆمەڵگا وێرانتر بێ ، دۆخی ئەوان شاهانەتر ئەبێ .. چونکە خانەی شێرپەنجەیین ، کاریان ئەوەیە سات لە دوای سات خۆیان بەهێزتر و چالاکتر و دەوڵەمەندتر بکەن ، لە بەرامبەردا خانەکانی تری ئەو لەشە یان ئەو کۆمەڵگایه لاوازتر و نەخۆشتر و دەردەدارتر بکەن ..
ئێستا تەماشایەکی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بکەن ، بزانن ئەو شێرپەنجە فەرمانڕەوایانە چ دەردێکیان توشی میللەتەکانیان کردووە ..چۆن چۆنی میللەتەکانیان کردۆتە کۆیلەی پاروویەک نان ..دایانڕزاندوون .. زانست و ئەدەب و هونەر و کلتوور و ئایینیان پوکاندۆتەوە ..تاکە پیشە کە دەست ئەکەوێت ، پیشەی ترساندن و تۆقاندن و شەقهەڵدانە لە هاووڵاتیان .. بزانن چ هەژاریی و لە برساکوشتنێک لە ئارادایە ..تەماشای ئەو لێکترازان و سەرلێتێکچوونی نەتەوایەتیی و مرۆییەی کە لەو کۆمەڵگایانەدا ئەگوزەرێ .. سەیری دیاردەی نامۆبوون و سەرهەڵگرتنی هەتاهەتایی بۆ وڵاتان و شێت بوون و خۆکوشتن و هەڵوەشانی خێزان و دابەزینی نرخی مرۆڤ و نەمانی مافەکانیان بکە .. بچووککردنەوەی مرۆڤ هەتا ئاستی مێروویەکی بێ هەست و هۆش و دەستەمۆ ..
بێگومان ئێستا هەمووتان هەست بەو دۆخی شێرپەنجە و ئەشکەنجەدانە ئەکەن کە سەرجەم سێکتەرەکانی ووڵاتی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی گرتۆتەوە .. لە بچوکترین خزمەتگوزاریی و مافەوە هەتا گەورەترینیان ، تێکڕا کاریگەریی ئەو خانە شێرپەنجەییانەیان لەسەرە و به جۆرێک لە جۆرەکان ، نەخۆش و لاواز و ئیفلیج بوون ..
لێرەدا باس لە چارەسەری ئەم دۆخە ترسناکەی کۆمەڵگا تووشبووەکان بە شێرپەنجەی دەسەڵات ئەکەین ..ئاخۆ چارەسەرییەکەی چۆنە ؟ میانڕەوەکان ئەڵێن پەروەردە کردن و هوشیارکردنەوەی هاووڵاتیان ، ڕێگا چارەیەکی باشە ، لە کاتێکدا ئەگەر بە چاوی سەر بڕوانن ، هەرچی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و شێرپەنجە هەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ، به جەنگ و شۆڕش و توند و تیژیی هەڵکەنراون و کۆمەڵگایان لێ ڕزگار کراوە ..هیچ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر نەبووە و نییە و نابێ لە ڕێی پەروەردە و ڕێکاری دیموکراسیی مۆدێرنەوە ، واز لە دەسەڵات بێنێ و کۆمەڵگا لە شێرپەنجەی فەرمانڕەوایی ڕزگار بکات ..
بە هەمان شێوە ، کاتێک لەشێک ئەکەوێتە داوی شێرپەنجەوە ، بە هیچ چارەسەرێکی سونەتیی و نەرم و نیان ڕزگاری نابێ .. بەڵکو تاکە ڕێگا ، چارەسەری قورسە ، چارەسەری کیمیاوی و تیشک ، کە ئەبنە هۆی سوتاندنی بنکە و بارەگا و فۆکەسەکانی خانە شێرپەنجەییەکان ، لەگەڵیشیدا ئەو لەشە ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر ئەکێشێ ، چونکە ئەو خانە شێرپەنجەییانە بەشێکن لە خۆی و دەمار وخوێنی خۆییان پێدا ئەڕوات ..بەڵام سوتاندنی بنکە و بارەگا و پێگەکانی ئەو خانە شێرپەنجەییانە ، لەگەڵ ئەوەی ئازار و ئەشکەنجە و پارە و سامان و لە خۆبوردن و ئارامگرتنێکی زۆریان ئەوێت ، لەگەڵ ئەوانەیشدا ، ڕوناکیی خۆری ڕزگاربوون لە ئاسۆکاندا دەردەکەون و .. درەختە سووتاوەکانی هیوا و ئاوات ، چرۆ و شکۆفە دەردەکەن ..




2 شیعر له‌ شاعیری ئه‌رمه‌نی ئاودیك ئیسحاقیان.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

تفلیس 1899

با گۆڕم دیار نەبێ‌ و
شنەبام بەسەردا بخوولێتەوە .
بەرد و خاچم
لە سەرینگانمدا ناوێ‌ ..
با تەنیا شەنگەبییەكم بەسەردا بلەرێنەوە .
ئای لە دەست مرۆڤ .. لە دونـیایێ‌
چەندت خاچ هەڵگرتوون ، چەند
هەر لە دێرەوە لەسەر دڵمدا
بەردی زۆر قورس و ڕەش هەن .

زویرخ 1955

لە خەمی سووتێنەردا
دڵم تێكشكاوە ..
ژیانیشم تێكشكا ..
چیم تیا ماوە ؟
با بگریم ،
فرمێسكم ببن بە دەریایەكی سوێر
بەو مەرجه‌ی دایكم بە خەمم نەزانێ ‌ .
ئاخ ..
گەر پەڕاگەندە بووم و
كەوتمە كێوان
تـاوێر و گاشە بەردم دوای گاشە بەرد
بەسەردا
بەربوونەوە
با دڵم بۆ گورگان بێ‌
بە شه‌رتێ دایكم
بە مه‌رگم نەزانێ‌ .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

  • ئاودیك ئیسحاقیان : شاعیر و ڕۆژنامەنوسی ئەرمەنی ، زۆربەی ژیانی
    لە نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیادا بەسەر بردووە .
    یەكێكە لەو شاعیرانەی بایەخێكی تایبەتی بە گیروگرفتەكانی ژیانی ڕۆژانە داوە.

** بۆ ده‌قی عه‌ره‌بی هەردوو شيعرەكە برِوانە :
http://www.adab.com/world/modules.php?name=Sh3er&doWhat=shqas&qid=82187&r=&rc=1

http://www.adab.com/world/modules.php?name=Sh3er&doWhat=shqas&qid=82189&r=&rc=3




بوومەڵێڵ.. شیعری شاهۆ حوسێنی

لە تەمتوومانی تەمایک و
وەنەوزی نووزەیەک و
زەردەی زراوێک
لە سەرەمەرگی خۆمدا
لەگەڕەکێکی قیرتاوی شەوێک
چریکەی چاوم چرکاندی و
دەمم بە گۆپکەی مەمکی ئەم جیهانەوە نا
من لەگەڕەکی گەڕۆکەکانی ناو شار و
لە هەراوترین ناو هەراو هوریای خەفەتا
بەگریاناوی‌ترین چاوی گەڕاودا
بڵیند بڵیند باڵام کردوە
سەرم بە سەکۆی پەنجەرەی نیگای
کۆڵانا داکردوە و
قاپی نیگام
لە تەمەننای مانای مانێکا پڕ بوە
من نیوەڕۆی ڕۆڕۆیەکم لەگەروودا
ئاوێنەی ئەوینێکی شکاوم لە دڵدا
خەونی خەندەیەکم لەسەر لێوە و
ماسی ماچێکم لەسەر گۆنا خنکاوە
زەروودیی زەردەیەک لەسەر لیوم زاوە
لەمندا
جانووی جەوانی دەکورێنێ
کە لەهەلدێرگەی ژانی ژینێکی وەخێرنەگەڕاودا هەڵدێردراوە
لاقەکانم
پنگی ڕێگایەکی نەپێواویان بە لاقەوە
دەستم
تاسەی ملێکی لەئامێزنەگرتووی هەر بە دەستەوە
جەستەم
شەکەتی ژیانێکی ژاواناوی هەر بە جەستەوە




ترس لە ناڕەزایەتی، ئاگرێك، كه‌ به‌سه‌ركوتكردن، زیاتر بڵێسه‌ ده‌ستێنێ.. مه‌سعود مه‌موزینی

ئه‌و ڕێگرییه‌ی لە مامۆستایان كرا له‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هه‌ولێر، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبارەی كێشەی مووچە و مافە سه‌ره‌تاییه‌كانیان، كارێكی لۆژیكی نه‌بوو، بۆیه‌ سه‌ركوتكردن و ڕێگری له‌خه‌ڵك بۆ خۆپیشاندان، نه‌ك ته‌نیا ڕێگاچاره‌یه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌م قه‌یرانه‌، به‌ڵكو بێتوانایی حكومه‌ت له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خه‌ڵك ده‌رده‌خات.
خۆپیشاندان و مانگرتن، یه‌كێك له‌ سه‌ره‌تاییترین مافی هاووڵاتییه‌، به‌ڵام ئەم ڕووداوە جارێكی تر ئەو ڕاستییە ده‌رده‌خات كە حكومەتی هەرێمی كوردستان له‌ ساڵانی ڕابردوو هیچ ڕێگاچاره‌یه‌كی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی موچه‌ و قوت و گوزه‌رانی خه‌ڵك نه‌بووه‌، لەجیاتی ئەوەی بە جدییەوە بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە هەوڵبدات، هه‌موو هێزی خۆی بۆ ڕێگری و سه‌ركوتكردنی هه‌ر دەربڕینێكی ده‌نگی ناڕەزایەتی به‌كارهێناوه.
بۆیه‌ بۆ ڕه‌وایه‌تیدان به‌سه‌ركوت كردن، تۆمه‌ت به‌خشین و ئاژاوه‌ و به‌كرێگیراوی و ده‌یان شتی كه‌ ده‌داته‌ پاڵ خۆپیشانده‌ران. كه‌ ئه‌وه‌ش لێدانه‌ له‌ كه‌سایه‌تی ناڕازییه‌كان، تاوه‌كو ڕه‌وایه‌تی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ بخاته‌‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، كه‌ نه‌توانن ببنه‌ پێشڕه‌وی خه‌ڵكانێكی ناڕازی و جۆش و خرۆش نه‌ده‌نه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تا ئێستا بوێری ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌ ده‌نگ هه‌ڵبڕن. ئیتر بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان هه‌موو ئامرازێكی به‌كارهێناوه‌، له‌ڕێگای هێز و ڕاگه‌یاندن و ترس و تۆقاندن.
ئه‌م ترسه‌ی حكومه‌ت له‌ خۆپیشاندان، ڕه‌گوڕیشه‌ی له‌ واقعێكی سیاسی و مێژوویی داكوتاوه‌، حكومه‌ته‌ خۆسه‌پێنه‌كان، هه‌میشه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌یانداوه‌، كۆمه‌ڵگا له‌ ئاستی سه‌ره‌تاییترین خواسته‌كانی خۆی كه‌ بژێوی ژیان و ئه‌منیه‌ته‌، ڕابگرن، به‌هه‌مانشێوه‌ی كه‌ له‌ تیۆره‌كه‌ی پێداویستییه‌كانی هه‌ره‌می مازلۆ هاتووه‌، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆی ده‌ست و په‌نجه‌ لێبدات، كه‌متر بیر له‌ مافی هاووڵاتیبوون و ئازادی و گه‌شه‌سه‌ندنی فیكری خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌. كه‌ هه‌میشه‌ ترسی ئه‌و جۆره‌ حكومه‌ته‌ له‌ هۆشیاری و گەشەی کەسایەتیی مرۆڤەکانه‌.
كه‌واته‌ گرفته‌كه‌ له‌وه‌دانییه‌ كه‌‌ ده‌سه‌ڵات توانای چاره‌سه‌ری گرفتی موچه‌ی نییه‌، به‌ڵكو ئامانجی ئه‌وه‌یه‌، خه‌ڵك له‌ڕووی گوزه‌ران و ئابوورییه‌وه‌ گرێدراوی حكومه‌تبن، چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ نیگه‌رانییه‌كانی له‌ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی كورت ده‌بێته‌وه‌، كه‌متر بیر له‌ ئازادی و بونیادنانی خۆی ده‌كاته‌وه. به‌ڵام ئه‌م ستراتیژییه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كورد هاوكاربێت له‌ كۆنترۆلی بارودۆخه‌كه‌، به‌ڵام له‌ درێژماوه‌ بارودۆخه‌كه‌ ئالۆزتر و قه‌یرانه‌كان قووڵتر ده‌كاته‌وه‌.
بۆیه‌ ناتوانرێت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام خه‌ڵك له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی ڕابگیرێت، له‌ كۆتاییدا خواسته‌ سه‌ركوتكراوه‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی تر خۆی ده‌رده‌خات و چه‌ند دره‌نگتر وه‌ڵامی ئه‌م داخوازیانه‌ بدرێته‌وه‌، هێزی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ زیادتر ده‌بێت.
ئه‌مه‌ش‌ بۆ هەرێمی کوردستان كه‌ به‌ دوژمن چوارده‌ور دراوه‌ و هه‌میشه‌ له‌دوای ده‌رفه‌تێكن له‌ناوت به‌رن، مه‌ترسیداره‌ و له‌وانه‌یه ئه‌وه‌ی كورد به‌ده‌ستیشی هێناوه‌ له‌ده‌ستی بدات.
بۆیه‌ حكومه‌ت ده‌بێت له‌وه‌ تێبگات، كه‌ سه‌ركوتكردن و هه‌ڕه‌شه‌ ناتوانێت ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ناوببات، به‌ڵكو ڕێگاچاره‌ی ڕاسته‌قینه‌ گوێگرتنه‌ له‌ داواكاری خه‌ڵك و شه‌فافییه‌ته‌ له‌ داهاته‌ ئابوورییه‌كان و پێشكه‌شكردنی ڕێگاچاره‌ی ڕاسته‌قینه‌یه‌ بۆ باشتر كردنی ژیانی خه‌ڵك.
مێژوو ده‌ریخستووه‌ ئه‌و حكومه‌تانه‌ی له‌جیاتی چاره‌سه‌ری قه‌یران، ڕوو له‌ دامركاندنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن، زوو یا دره‌نگ ڕووبه‌ڕووی توڕه‌یی خه‌ڵك ده‌بنه‌وه‌، كه‌ ئه‌وكاته‌ له‌وانه‌یه‌ زۆر دره‌نگ ‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر.




ناساندنی کتێبی “تەنگەژەکانی لینین- “The Dilemmas of Lenin” ” ی تاریق عەلی.. ئامادەکردنی: گۆران عەبدوڵڵا

ئەم کتێبە قەبارە ٣٢٧ لاپەڕەییە لە ساڵی ٢٠١٧ لەچاپخانەی ڤێرسۆی لەندەن و نیۆرک بە زمانی ئینگلیزی لە چاپدراو و بڵاوکرایەوە کە هاوکاتە لەگەڵ سەدەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕووسیا. نووسەر لەم کتێبەدا؛ لینین وەک بیرمەندێکی سیاسی و ڕێبەرێکی شۆڕشگێڕ دەخاتە بەرچاو وە خاڵی بنەڕەتی ئەم کتێبە ئەوەیە کە لینین لە جێگاو شوێنی شیاوی خۆی دابنێت.

بابەت و تێڕوانینە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە:

١- پراگماتیزمی شۆڕشگێڕی
تاریق عەلی، لینین وەک شۆڕشگێڕێکی پراگماتیک نیشان دەدات کە بەردەوام دەبوایە هاوسەنگی لە نێوان ئایدیۆلۆژی و پێداویستییە کردارییەکان بپارێزێت. ئەو نیشانی دەدات چۆن لینین تیۆری مارکسیزمی لەگەڵ بارودۆخی ڕووسیادا گونجاند و بڕیاری گرنگیدا لەوبارەوە کە هەندێک جار پێچەوانەی بیرکردنەوەی ئۆرتۆدۆکسی مارکسیزم بوون.

٢-زەمینەی مێژوویی
کتێبەکە بڕیارەکانی لینین لە چوارچێوەی مێژووییدا دادەنێت، بە تایبەتی لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن فشارەکانی جەنگی جیهانی یەکەم، جەنگی ناوخۆ و گۆشەگیری نێودەوڵەتی کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی هەبووە. تاریق عەلی باس لەوە دەکات کە زۆرێک لە بڕیارە جێی مشتومڕەکانی لینین وەڵامدانەوە بوون بۆ بارودۆخی مێژوویی دیاریکراو نەک پەسەندکردنی ئایدیۆلۆژی.

٣- گەشەسەندنی فیکری
تاریق عەلی گەشەسەندنی فیکری لینین دەگێڕێتەوە بۆ کاریگەرییە سەرەتاییەکانی نەریتی شۆڕشگێڕی ڕووسیاوە بەشدارییە تیۆرییەکانی دواتری. کتێبەکە لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن بیرکردنەوەی لینین سەبارەت بە پرسەکانی ڕێکخستنی حزب، دەوڵەت و شۆڕش بە تێپەڕبوونی کات گەشەی کرد.

خاڵەکانی شیکردنەوەی ڕەخنەگرانە:

بیرکردنەوە و باوەڕی تاریق عەلی هاوسۆزە بەڵام بێ ڕەخنە نییە. ئەو لێکۆڵینەوە لەو بڕیارانە دەکات کە بوونەتە جێی مشتومڕ و وەک سەرکوتکردنی حزبە سۆشیالیستەکانی تر و بەکارهێنانی دەوڵەت وەک ئامرازێکی سەرکوتگەر، دەیانخاتە چوارچێوەیەکەوە، بەڵام لینین لە بەرپرسیارێتی بەری ناکات. کتێبەکە هەردوو گێڕانەوەی باوی دژە کۆمۆنیستی و پیرۆزکردنی ئەوەی لینین لە دەرەوەی رەخنە دابنرێت تێدەپەڕێنێت. هەوڵدەدات وێنەیەکی ئاڵۆزتر لە لینین وەک ڕێبەرێکی شۆڕشگێڕ پێشکەش بکات کە ڕووبەڕووی بژاردە دژوارەکان بووەتەوە. تاریق عەلی بە تایبەتی جەخت لەسەر نێودەوڵەتیخوازی لینین و تێگەیشتنی لە ئیمپریالیزم دەکات، باس لەوە دەکات کە ئەو دیدانەی لینین هێشتا پەیوەندییان بە گفتوگۆی سیاسی هاوچەرخەوە هەیە.

توخمە پێکهاتەییەکانی ئەم کتێبە:

گێڕانەوەکە هەم بەپێی کات و هەم بەپێی بابەت ڕێکخراوە، لێکۆڵینەوە لە تەنگەژە سەرەکییەکان دەکات کە لینین لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی شۆڕشگێڕیدا ڕووبەڕوویان بووەتەوە. تاریق عەلی بەشێوەیەکی بەرفراوان پشت بە نووسینەکانی لینین و گێڕانەوە هاوچەرخەکان دەبەستێت، دەیانخاتە بەرباس لەگەڵ لێکدانەوە مێژووییەکانی دواتردا. کتێبەکە بەشدارییە تیۆرییەکانی لینین بە پرسە سیاسییە هاوچەرخەکانەوە دەبەستێتەوە، بە تایبەتی سەبارەت بە ئیمپریالیزم و ستراتیژی شۆڕشگێڕی.

بەشدارییە گرنگەکان:

١-کتێبەکە تێڕوانینێکی نوێ بۆ بەشدارییە تیۆری و کردارییەکانی لینین پێشکەش دەکات، جەخت لەسەر پەیوەندییان بە خەباتی سیاسی هاوچەرخەوە دەکات.

٢-شیکردنەوەکەی تاریق عەلی یارمەتیدەرە بۆ تێگەشتن لەو شیکردنەوە ناکۆکانەی دەربارەی بیر و کردارەکانی لینین کە وەڵامدانەوە بووە بە بارودۆخی مێژوویی دیاریکراو نەک ناکۆکبوون.

٣-کارەکە هەم ڕەخنەی لیبراڵی و هەم کۆنزەرڤاتیڤ لە لینین تێدەپەڕێنێت لەهەمانکاتدا تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە بۆ بڕیارەکان و ئەنجامەکان دەپارێزێت. لەوانەیە هەندێک خوێنەر مامەڵەی هاوسۆزانەی تاریق عەلی لەگەڵ لینین بۆ هەندێک لە بڕیارەکان مایەی مشتومڕ بن. کتێبەکە زانیارییەکی زۆر لەسەر مێژووی ڕووسیا و ئەوروپا وەردەگرێت. لە کاتێکدا تاریق عەلی هەوڵدەدات بیرۆکەکانی لینین بە سیاسەتی هاوچەرخەوە ببەستێتەوە، لەوانەیە هەندێک لەم پەیوەندییانە بۆ هەندێک خوێنەر درێژدادڕی دەرکەوێت.

پەیوەندی هاوچەرخ:

تاریق عەلی باس لەوە دەکات کە تێڕوانینەکانی لینین تاوەکوو ئێستاش پەیوەندییان بە خەباتی سیاسی هاوچەرخەوە هەیە، بە تایبەتی سەبارەت بە:

  • پەیوەندی نێوان نەتەوەخوازی و نێودەوڵەتیخوازی
  • پرسەکانی ڕێکخستن و ستراتیژی سیاسی
  • تێگەیشتن لە ئیمپریالیزم بە شێوە مۆدێرنەکەی
  • ڕۆڵی دیموکراسی لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکاندا

کتێبەکە بە سەرکەوتوویی نیشانی دەدات کە چۆن بەشدارییە تیۆرییەکان و ئەزموونە کردارییەکانی لینین بەردەوامن لە پێشکەشکردنی تێڕوانین بۆ بزووتنەوە سیاسییە هاوچەرخەکان لە کاتێکدا دان بە تایبەتمەندی مێژوویی زەمینە و بڕیارەکانیدا دەنێت. شایەنی باسە کاری ئەم کتێبە هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە تەنگەژەکانی لینین وەک کێشەی سیاسی ڕاستەقینە نەک تەنها پرسی تیۆری. تاریق عەلی لە کتێبەکەیدا باسی هەردوو سەرکردە ستالین و ترۆتسکی دەکات، بەتایبەت لە چەند ڕووەوە:

١-پەیوەندیان لەگەڵ لینین: شیکردنەوە دەکات بۆ پەیوەندی نێوان لینین و ترۆتسکی، کە چۆن سەرەتا جیاوازییان هەبوو بەڵام دواتر نزیکایەتییەکی فیکری زۆر لە نێوانیاندا پەیدابوو. باس لە ڕەخنەکانی لینین لە ستالین دەکات، بەتایبەت لە “وەسیەتنامەکەی” کە تیایدا ئاگاداری دەدات لە دانی دەسەڵاتی زۆر بە ستالین.

٢-ململانێی دوای مەرگی لینین: باسی ئەو ناکۆکیانە دەکات کە دوای مردنی لینین لە نێوان ستالین و ترۆتسکی سەریان هەڵدا و شیکردنەوە بۆ ئەوە دەکات کە چۆن ستالین توانی دەسەڵات بگرێتە دەست و ترۆتسکی پەراوێز بخات.

٣-جیاوازی تێڕوانینەکان: باس لە جیاوازی نێوان بۆچوونی ترۆتسکی بۆ “شۆڕشی بەردەوام” و تێڕوانینی ستالین بۆ “سۆشیالیزم لە یەک وڵات” دەکات. شیکردنەوە دەکات بۆ ئەوەی کە چۆن ئەم جیاوازیانە کاریگەرییان لەسەر ئایندەی یەکێتیی سۆڤییەت هەبوو.
تاریق عەلی هەوڵی داوە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە مامەڵە لەگەڵ ڕۆڵی هەردوو کەسایەتییەکە واتە (ستالین و ترۆتسکی) بکات و کاریگەرییان لەسەر میراتی لینین و شۆڕشی ڕووسیا شیبکاتەوە.
پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی لینین لەگەڵ چەندین کەسایەتی و بزووتنەوەی سیاسی تاوتوێ کراوە، جەخت لەسەر ئەوە کراتەوە کە چۆن ئەم پەیوەندییانە لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی شۆڕشگێڕیدا گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. نیشانی دەدات کە چۆن شێوازی مامەڵەی لەگەڵ هاوپەیمانێتییەکان پراگماتی بوو نەوەک دۆگماتی. بۆ نموونە:

  • لەگەڵ پلیخانۆڤ: سەرەتا وەک مامۆستایەک بوو کە دواتر بوو بە نەیار.
  • لەگەڵ مارتۆڤ و مەنشەڤیکەکان: هاوپەیمانی پێشووی نزیک کە بوون بە نەیاری ئایدیۆلۆژی.
  • لەگەڵ ترۆتسکی: لە ناکۆکی سەرەتاییەوە بۆ بوون بە هاوبەشێکی گرنگی شۆڕشگێڕی.
  • لەگەڵ سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا: لە ڕێزەوە بۆ ڕەخنەی توند دوای پشتگیریکردنیان لە جەنگی جیهانی یەکەم.

    لەڕووی مێژووییەوە ئەم پەیوەندییانە دەخاتە ناو چوارچێوەی فراوانتری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕییەوە.نیشانی دەدات کە چۆن گۆڕانی بارودۆخەکان کاریگەریی لەسەر هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان هەبووە، هەروەها لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن ڕووداوە نێودەوڵەتییەکان کاریگەرییان لەسەر ئەم پەیوەندییانە هەبووە. ئەم بەشە یارمەتیمان دەدات تێبگەین لە میتۆدی سیاسی لینین و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ دروستکردن و پاراستنی هاوپەیمانێتییە شۆڕشگێڕییەکان لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەیارانی سیاسیدا.

————————————-

ئەم بابەتە لەم شوێنانە بڵاوبۆتەوە..
رۆژنامەی رەوت ژمارە 34ی شوباتی ٢٠٢٥

ناوەندی گاورباغی- بۆ هزر و هۆشیاریی سۆسیالیستی




ئێمە «فۆکۆ» مان نەناسی.. نیهاد جامی

فەیلەسوفی فەڕەنسی میشێل فۆکۆ لەچەندین بواری جیاوازدا کاری کرد، ئێمە زۆربەی کارەکانیمان بە زمانی عەرەبی خوێندەوە، لەم ساڵانەی دوایشدا هەندێک لەبەرهەمەکانیمان بە زمانی کوردی خوێندەوە، هەندێک کات لەکتێبەکانی تێناگەین، بیانوی بۆ خوێنەربونی خۆمان دێنینەوە بەوەی بەهۆی زمانە سەختەکەیەتی، بەڵام ئێمە وەک خوێنەر ئەو پرسیارە لەخۆمان ناکەین بۆچی دەبێت کێشەکە بەهۆی وەرگێرانەکانەوە نەبێت؟
کاتێک بە مرۆڤێکی فەڕەنسی دەڵێین: کتێبی «ووشەکان و شتەکان» زۆر قوڕسە و ناتوانم تێیبگەم، ئەو پێدەکەنێت و دەڵێت «بەو ڕادەیەش نیە و ئالۆزیش نیە، ئەوە فۆکۆیە»
شتێکی گرنگ لەم کتێبەدا کە پێویست بکات بیزانین ئەوەیە، فۆکۆ لەبارەی بابەتێکی دەست نیشان کراو نەینوسیووە، بەڵکو لەبارەی سیستمی سەربەخۆ نووسیویەتی، بۆیە لەبارەی ماوەیەکی زەمەنی نێوان سەدەی شانزە بۆ نۆزدە قسە دەکات، وەک چۆن بیرمان دێنێتەوە کە ئەو لەگەڵ هاوڕێکانی وەکو سارتەر نەوەیەکی بوێرن لەبارەی سیستمی شتەکانەوە قسە دەکەن.
هیلواس لیگێت بەڕێوبەری نووسینی گۆڤاری «زانستە مرۆییەکان» ی فەڕەنسی، لە وتارێکدا گفتوگۆیەکی رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسیمان بیر دێنێتەوە، کەوا لەگەڵ سیمۆن دو بۆڤوار سازکراوە، لەو گفتوگۆیەدا خانمی فەیلەسووف دەڵێت « من پێموایە فۆکۆ وەکو هەموو شتەکانیتر تۆزاویە {….} ئەوە ئەدەبە، فۆکۆش لەڕوویەکی تایبەتدا، دەبێتە دابینکردنی ئاگایی بۆرژوازیی بە باشترین بیانوەکانی، ئێمە مێژوو وەلا دەنێین، دواتریش نەهامەتی و ماندوویەتی زیاتر درووست نابێت، تەنیا سیستم هەیە، فۆکۆ سووربوو لەئاستی سیاسی زۆر وەڵام نەداتەوە»
بۆچی ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ ئەو گفتوگۆیە؟ لەبەر ئەوەی نوسەری وتارەکە هەندێک شت لەبارەی فۆکۆ دەلێت، هەر هەموویان باسگەلی نوێن بۆ ئێمە، بەم دواییە گۆڤاری «زانستە مرۆییەکان» ژمارەیەکی تایبەت کرد بە میشێل فۆکۆ، کاتێک وتارەکانی ئەم گۆڤارە دەخوێنینەوە، پرسیارێک لەلامان ئامادەبوونی دەبێت: فۆکۆ کێیە؟ لەبەر ئەوەی بەڕاستی تا ئێستا ئێمە نەمان ناسیووە.
فۆکۆ بیرۆکەی مەرگی مرۆڤی خستە ڕوو، بەڵام بەدوای چل ساڵ لەمردنی فەیلەسوفی مەرگی مرۆڤ، دەپرسین: ئایا فۆکۆ مرد یاخود ئامادەبوونە فەلسەفیەکەی تا ئێستا لەژیانی فەلسەفیماندا ئامادەبوونی هەیە؟ ئایا دەستبەرداری کتێبەکانی ببین؟ یاخود پێویستمان بەخوێندنەوەی سەر لەنوێی هەیە بەتایبەت مێژووی سێکسوالێتی؟ لەبەر ئەوەی هەموو وێرانەکانی ئەمڕۆ تیای دەژین، لەڕوانگەی چەمکە فەلسەفیەکانیەوە دەخوێنینەوە.
لەم ڕۆژگارەی ئێمەدا دەپرسین: فۆکۆ لەکوێیە و دەکەوێتە کوێی بیرۆکەی مەرگی مرۆڤ؟ ئایا مردنێک کە لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و کەناڵە ئاسمانیەکانەوە دەیبینین، گوزارشت لە مردنە فۆکۆییەکە دەکات؟
بەدڵنیاییەوە ئەوەیان تەواو دوورە لەچەمکە فەلسەفیەکەی فەیلەسووفی مردنی مرۆڤ، لەبەر ئەوەی مردن لەلای ئەو گوزارشتە لە ویست، لەناوەوەی مرۆڤ ویست دەکەوێتە کوێوە؟ ئەوە ویستی زانینە.
ئەو لەسەرەتای ژیانی خوێندنیدا بەدەست کێشەو ئازاری زۆر گیرۆدە بوو، هۆکارەکەشی زیاتر بەهۆی هاوڕەگەزبازیەکەی بووە، ئەوەش وا دەکات لەلایان زۆر کەسەوە ڕەتبکرێتەوە، تەنانەت بیرۆکەی خۆکوشتن لەلای ئەو لەو کاردانەوانەوە سەرچاوەی گرتووە.
هەڵبەت بەدوای تێزەکەی «مێژووی شێتی لەسەردەمی کلاسیکیدا» هاوڕێکانی ڕۆژگاری خوێندنی لەسەر ئەم لۆژیکە هاوڕان، بەوەی بیرۆکەی خۆکوشتن وابەستەی دەوروبەرەکەی بووە، بۆیە فۆکۆ کتێبەکەی لەبارەی خۆیەوە نووسیوە.
رەنگ بوو ساڵانێک پێش ئێستا گەر ئەو بۆچونەمان لەلا دروست بوایە، خێرا خۆمان بەرپەرچ دەدایەوە، بەوەی کتێبەکەی هیچ پەیوەندی بە ژیانی خۆیەوە نیە، بەلام اەو دەمەی بەناو کتێبەکانی رۆ دەچین و بەتایبەت ئەو نهێنینانەی نووسین کە پێشتر ئاشنایەتیمان پێیانەوە نەبوو، ئەوسا ناچار بە گومان و گەڕانی نەزانراومان دەکاتەوە.
سالی ١٩٥٨ دەیویست لە پۆڵەندا کتێبی «گەمژەییەکانم» تەواو بکات، بەڵام دیارە ناتوانێت زۆر لەوێ بمێنێتەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە پۆلیسی پۆڵەندیی لە ساری وارشۆ دەریدەکەن، چونکە ئەوان بێزار ببوون بەدەست پەیوەندیەکانی فۆکۆ وە، لەو بارەیەوە نووسەری پۆڵەندی ریمیگیۆش ریژنێسکی کتێبێکی نووسیوە بەناوی «فۆکۆ لە وارشۆ» کتێبەکە بەزمانی پۆڵەندی نووسراوەو وەرگێردراوەتە سەر زمانی فەڕەنسیش.
کرۆکی فەلسەفەی گوتارە فەلسەفیەکەی فۆکۆ بریتیە لە جیاوازی لە مانادا، بۆیە زۆربەی کات بڕوای وایە تێگەیشتنی خوێنەر لەشوێنی ڕاستی خۆی نیە، ساڵی ١٩٦٩ کاتێک کتێبی «ئەرکیۆلۆژیای مەعریفە» دەنووسێت لەو بارەیەوە دەنووسێت «نەخێر، من لەوێ نیم، لەو شوێنەی کە تۆ چاوەڕوانم دەکەیت» ئەوە مانای وایە بەهۆی جیاوازی تێگەیشتنی خوێنەر، وایکردووە تێگەیشتن لەشوێنی راستی خۆی نەبێت، هەر بۆیە دەنووسێت «من لێرەم لەو شوێنەی کە سەیری تۆ دەکەم، تۆش پێدەکەنیت.
فۆکۆ بەهۆی هاوڕەگەزبازێتیەکەی لەکۆمەلگا ناترسێت، بەلام ئازاریش دەچێژێت، وەک پێشتر ئاماژەمان پێی کرد، بەوەی نازانێت چۆن ڕەفتاریان لەگەڵدا بکات، وەک لەوتارەکەی گۆڤاری زانستە مرۆییەکان هاتووە کە زیاتر مەبەستی دیدیار ئیربۆن بوو، ئیربۆن لە زانکۆدا لەگەڵ هەموواندا خاوەنی کەسێتیەکی توندو تیژ بووە.
هەڵبەت ترسی فۆکۆ لەبابەتە کەسێتیەکان نەبوو، بەقەد ئەوەی ترسی بووە لە دەسەڵاتی سیاسی کە ژیان زەوت دەکات، تەنانەت ئینتیما کردنیشی بۆ گوتاری مارکسی هۆکارەکەی ئەوە بوو کە چۆن بەگژ دەسەڵاتدا دەچێتەوە، بەڵام هەر وەک هیلواس لیگێت لە وتارەکەیدا دەنووسێت «فۆکۆ دەگەڕا بەدوای دیدگای چەپخوازی، نەک بۆ (ترۆتسکی) نە بۆ (ماو) یش، ئێمە فۆڕمی دووەمی چەپمان دەدۆزیەوە»
هاوکاریەکانی فۆکۆ بۆ شۆڕش و خواستی ئەوەی کە دەیویست لێیانەوە نزیک بێت وهاوکاریان بکات، وەک لە ١٩٦٨ لەگەڵ سارتەرو ئەوانیتر لە خۆپیشاندانەکانی زانکۆ بەشداریی کرد، بەدوای ئەوەش کۆمەکی شۆڕشی تونسی کرد، لەڕێگەی دوو سیمینار لەبارەی بوون لای دیکارت، لە ئێرانیش وەک رۆژنامەنووس لەکاتی شۆڕشی ئیسلامی رۆژانەکانی خۆی دەنووسیەوە.
هەموو ئەمانەی بۆ شتێک بوو، دەیویست شتێک بگۆڕێت، ڕەنگە بپرسین: ئەو دەیویست چی بگۆڕێت؟ گۆڕان لە چەمکی بوون ئیشکالیەتی فەلسەفیە لە گوتاری فۆکۆدا، بۆیە دەگەرێتەوە بۆ کۆژیتۆکەی دیکارت «من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم» چەمکی بیرکردنەوە دەگۆرێت بە هەڵەکردن، بۆیە لە سیمینارەکەی تونسدا دەڵێت «من هەڵە دەکەم، کەواتە هەم».

نیهاد جامی- فەڕەنسا




داعشی دوای ئەسەد.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو دۆخەی لە ناسەقامگیری و گێژاوی سیاسی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هاتۆتە ئاراوە، ئەگەری فرسەتی زیاتر بە داعش ئەدات کە لە مۆڵگە بیابانیە دوورەکانیەوە بگەڕێتەوەو لە ناو سوریادا فراوانتر بێت، ئەمەش دوای نزیکەی شەش ساڵ لە ڕووخانی. “خەلافەت”ەکەی، ئەگەری ئەوە هەیە پێگەیەکی تر بەدەست بهێنێتەوە.
بنکەی داعش کە لە ئەفغانستانە، دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢١دا، هێزی خۆی گەشاندەوە، هەروەها کەسانی توندڕەوی لە دانیشتوانی ئاسیای ناوەڕاستیش قۆستۆتەوەو ڕێکیخستون.
ئەو هێرشەی داعش کردیە سەر مۆڵێکی بازرگانی مۆسکۆ لە ئازاری ٢٠٢٤دا، هێرشێکی وێرانکەر بو کە ١٥٠کەس کوژران و زیاتر لە ٥٠٠کەس بریندار بون، لەهەمانکاتدا ڕاگەیاندنێکە تواناو هێزی تیرۆرستی و مەترسی داعش نیشاندەدا بۆ سەر جیهان، لەبەرامبەر ئەو بانگەوازەی کە دەڵێن داعش کۆتایی هاتووە.
ئەوەی زانراوە داعش بەشێکی زۆری سوریا و باکووری عێراقی کۆنترۆڵکردووە و لە هەمان کاتدا، لقەکانی لە سەرانسەری ئەفریقا و ئاسیا هەیە وەبە زنجیرەیەک هێرشی تیرۆرستی کوشندە لە شارەکانی ئەوروپادا بەردەوام بووە.
لەو کارەساتە گەورانەی داعش لە ساڵی ٢٠٢١دا خولقاندی، ئەو کارە خۆکوژیە بو لە فڕۆکەخانەی کابول، کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی ٢٠٠ کەس، لەنێوانیاندا ١٣ سەربازی ئەمریکی پاسەوانی فڕۆکەخانەکە بوون. هەر لەو کاتەوە خولگەی خۆیان فراوانتر کردووە، هەروەها هەوڵیانداوە ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمریکا بکەنە ئامانج.
ئاکامی بۆشاییەک کەبەدوای ڕوخانی ئەسەد سەری هەڵداوە و سوریا لە گێژاوێکی سیاسی و دۆخێکی تەواو ناجێگیر و ناڕۆشندایە، ئەگەری شەڕی ناوخۆ لە سوریا، فرسەتی ئەوە ئەدات بە داعش لە سوریا کۆبێتەوەو فراوانتر ببێت، بەتایبەتی کە هەیئەی تەحریری شام بۆ خۆشیان لە پاشماوەکانی داعشن، وەها مەزەندە دەکرێت کە هێرشەکانی داعش لە سوریا لە ساڵی ٢٠٢٤دا بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو سێ هێندە زیادی کردووە، هێرشەکانی لە ڕووی جوگرافیەوە زیاتر فراوان بۆتەوە.
یەکێک لە مەترسیەکان ئەوەیە ئەو زیندانیانەی لای هێزە کوردیەکانە کە هەزاران ئەندامی داعشی تێدایە، لە کاتێکدا کە ئەو هێزە کوردیانە گەمارۆدراون، پاراستنی زیندانیەکان بۆیان زەحمەت دەبێت، لەلایەکی تریشەوە ئەحمەد شەرع لە هەوڵی مامەڵکەکردنە بە زیندانەکانەوە، ئەمەش خاڵێکی تری پێکهێنانی نالەبارکردنی دۆخەکەو بەهێزکردنی تیرۆرستانە بە داعش و قاعیدەو هاوشێوەکانیانەوە.
لەلایەکی ترەوە لەم دۆخەدا مەسەلەیەک کە جێگای سەرنجە بەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، وایکردووە لایەنە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق بە هەوڵەکانیاندا بچنەوە، سەبارەت بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، چونکە کەوتنی ئەسەد کە هاوپەیمانی ئێرانە، بۆتە هۆی لاوازبونی نفوزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا، ئەمەش وایکردووە ئەو گروپانەی هاوپەیمانی ئێرانن لە عێراق هەست بە لاوازی بکەن، بەتایبەتی مەترسیان لەبەرامبەر جوڵەکانی داعشدا.
زۆرێک لە لایەنە عێراقیەکان ترسیان لەوە هەیە کە داعش ئەو بۆشاییەی دوای ئەسەد پێشهاتووە کەڵكی لێوەربگرێت بۆ گەڕانەوە، لە کاتێکدا گەر سەرکردایەتی نوێ بە دەوری هەیئەی تەحریری شام و بە پشتیوانی تورکیا لە سوریا خۆی دامەزرێنێت، مەترسیەکە زیاتر دەبێت، چونکە دەبێتە مایەی بەهێزبونی هێزە سونیەکان لە عێڕاقدا، کە کاریگەری دەبێت لەسەر لاوازکردنی زیاتری پێگەی هێزە شیعەکان لە حکومەتی عێراقدا.
بەرپرسێکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان ئەوەی ڕایگەیاندووە، زۆربەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئێستا پشتگیری لە بەردەوام بوونی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن. بەڵام ئاشکرایە کە پێشتر زۆربەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دژی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بون لەعێراق و داوای چونە دەرەوەی ئەمریکایان دەکرد، ئەوەیان ڕادەگەیاند کە هێزە سەربازیەکانی عێراق بە حەشدی شەعبیەوە ئامادەن و ئەتوانن شەڕی داعش بکەن!.
بەڵام ئەم بادانەوەیەی شیعەکانی عێراق بەرامبەر بەبونی هێزەکانی ئەمریکا، ترسیان لەوە هەیە داعش ئەو بۆشاییە ئەمنیە بقۆزێتەوە کە بەدوای جێهێشتنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر پێکهاتەی حکومەتی ئێستای عێراق و لە هەمانکاتدا کاریگەری لەسەر چۆنیەتی دەخالەتی کۆماری ئیسلامی لەعێراقدا دەبێت.
دەتوانین بڵێین ئێران لەم دۆخەدا دەکەوێتە بەردەم ناکۆکیەکەوە، کە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، یان چونە دەروەی لە عێراق، لە بەردەم دۆخێکی پر گێژاودا بەرەو روو دەبێتەوە، بەتایبەتی کە دوای کۆتایی ئەسەد پاشەکشە بە پێگەو نفوزی کراوە.
بەرپرسێکی باڵای “دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق” ڕایگەیاند، لە میانی کۆبونەوەیەکی حکومەتی عێراقدا، ئاماژە بەوەدراوە، کە ئێستا لە بەرژەوەندی عێراق نیە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بکات.
ئەمەریکا نزیکەی ٢٥٠٠ سەربازی لە عێراق هەیە لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانیەتەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا بۆ بەرەنگاربونەوەی تاقمی داعش پێکهێنرابوو. هاوپەیمانیەکە هێزەکانی وڵاتانی دیکە بەتایبەتی فەرەنسا و بەریتانیا لەخۆدەگرێت.
دوابەدوای دەستپێکردنی داگیرکاریەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان، لایەنە چەکدارەکانی پاشکۆی ئێران ئەو بنکەیەیان لە عێراق و سوریا کردە ئامانج کە هێزەکانی ئەمریکایان تێدایە، لە تۆڵەی پشتیوانی واشنتۆن بۆ ئیسرائیل.
ئەم فراکسیۆنانەی کە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایان دەکرد، بەڵام لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، بە ئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکایان راگرتووەو ناشخوازن ئێستا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەرچێت. ئەمەش ئاکامی سەوداو مامەڵەیەکە کە جگە لە مەترسیان لە داعش، لەهەمانکاتدا لە زۆرلایەنەوە چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزەکانی حەشدی شەعبی کەوتونەتە بەر لێشاوی لاوازبون و هەڕەشەی هەڵوەشانەوە.
هەنگاوە سیاسیەکانی ئەمریکا لە ململانێ و دەخالەتی بەردەوام و هەڵگیرسانی جەنگی گەورەو دواتر كشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان و پشتیوانی لە داگیرکاریەکانی ئیسرائیل و کوشتاری دەیان هەزارو وێرانکاری و ڕێگاخۆشکردن بۆ هەیئەی تەحریر شام…هتد جگە لە فەراهەمهێنانی ناسەقامگیری و گێژاوی سیاسی درێژماوەی دەیان ساڵە لە ناوچەکەدا شتێکی تر نەبووە، کە مایەی ڕودانی گەورەترین کارەسات و سەدان هەزار قوربانی بووە، لەهەمانکاتدا بەرجەستەکردنەوەی بێئیرادەکردنی دەوری جەماوەری خەڵک بووە لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان و دەوور دەخاڵەتیان لە دەسەڵاتی سیاسیدا.
سەرباری ئەم هەموو ڕۆڵە نائینسانیەی ئەمریکا دەیبینێت، لە درێژەدان بە داگیرکاری کارەسات و وێرنکاری و کوشتاری بە کۆمەڵ و مامەڵەکردن و یاریکردن بە چارەنوسی خەڵك، ئەوەی جێگای شەرمەرزاریە، کە هێزو لایەنە ناسیۆنالستەکانی کوردستان لە تەواوی ژیانی سیاسیاندا ، جگە لە ئەزمونی مەزنی کۆبانی ، چاوەڕوانی و تەواوی ئومێدی سیاسیان لەسەر دەوری نەخشە و سیاسەتەکانی ئەمریکا داڕشتووە، هەموو سەرشۆڕی و ملکەچیەک قەبوڵ دەکەن لە پێناو مامەڵەیەکی سیاسیدا، یان دەستکەوتێکی دارایی، گەر هەزاران کەسیش ببنە قوربانی.
ئێستاش لەبەرامبەر مەترسی داعش و دۆخی ناجێگیری سوریا و ناوچەکەدا، گەر شەنگالێکی تریش دوبارە بێتەوە، چاوەڕوانن لەڕێگەی نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلەوە دەستکەوتێکی “زێڕینیان” هەبێت.!
بەدوای وێرانکاری شاری موسڵ و کوشتارێکی بێشومار و ڕوخانی خەلافەتی داعش، هێشتا داعش ماوەو مەترسیەکی گەورەیە، سەرمایەداران و هێزە سیاسیەکانی بۆرجوازی، لەگەڵ ئەوەی بانگەوازی دژی داعش ڕادەگەیەنن، بەڵام لەبەرامبەر ناڕەزایەتی و خرۆشانی جەماوەریدا پێویستیان بە داعشە، توڕدانی مەترسی داعش و پاکردنەوەیان پێویستی بە شۆڕشی جەماوەریە.




غوربەت.. شیعری شەهلا نوری

زەمان و دەورێ ھات وەداخەوە
ئیشق حەرام وی وە دەم ئاخەوە
زنازنا بی لادێکەی سەرچەم
وەبان تەپۆڵکە و گرد و شاخەوە
لەنتەران لەریان وەقەد دارەوە
سەربەستە سەوزەی وە قسناخەوە
دڵان دل وەبەرد، ڕووبار وە هاژە
کەنیشک و لاوێ وەزام ئاخەوە
شەیداو لێرەوار لەناو بێستانێ
وەکەیف و سەفا دەم وەزاخەوە
گیریان،فەلاقەن بە شەرمی ئشقێ
شەو ھەتا بەیان بە قاڵاخەوە
خزمێل و ھاوسێل وە مەراقەوە
خڕبین لە دەرێ.. وەبان شاخەوە
مەڕو ماڵات کەوتنە غارەوە.
مەرگیان لە پاڵ چەپەچاخەوە
دڵسۆز و دڵدار مەستی گرینن
زەلیل دەستێکن وە قەڵتاخەوە
ناوکی خەرمان چی پێ نەکریا
بە وەعز و شەوکەت باڵا باخەوە
نە دانا و بیرمەند هەداریان ھەویی
بەو بەرزە ھزری لای دەماغەوە
قڕەی لادێکە ، مات ومەلویل بی ..
شێتێ پەیا بی، پاک لە ناخەوە
وەسینە ساف و جوان و خاسەوە
پێم بێژن قەومێل ئیشقێ ساغەوە
گۆناه و خراو نەویی
کە هیچ گا
بۆ وە پەنتان کرد وەناو باخەوە

شەهلا نوری
ئەم دەقە،ئیحاکەی لە درامای غوربەتەوە وەرگیراوە




هونەری رۆماننووسین لەلای کارلۆس فۆینتس.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

کارلۆس فۆینتس یەکێکە لە ناسراوترین نووسەر و رۆماننووسی مەکسیک و جێپەنچەشی بە ئەدەبیاتی مەکسیکی و ئەمریکای لاتینەوە دیارە، خاوەنی کۆمەڵێک رۆمان و چیرۆکی زۆر جوانە، لەوانە: رۆمانی (کورسی سەرۆک، ئۆرا). کارلۆس فۆینتس لە ساڵی 1928 لە مەکسیک لەدایکبووەو لە ساڵی 2012 کۆچی دواییکردووە. لەرووی نووسینی پەخشان و سیناریۆشەوە، جێپەنجەی دیارە، هەربۆیە ناکرێت باسی ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین بکرێت، باسی کارلۆس فۆینتس نەکرێت. بۆیە ئەزموونی نووسینی ئەم نووسەرە مەکسیکییە، زۆر گرنگە و دەکرێت خەڵكی تر لێوەی فێربێت بەتایبەتی لە بواری رۆماننووسیندا. جێگەی ئاماژەیە کارلۆس لە تەمەنێکی درەنگەوە دەستی بەکاری نووسین کردووە، ماوەیەکی زۆر لە بواری دیپلۆماتیدا کاریکردووەو باڵیۆزی وڵاتەکەی بووە لە فەرەنسا و چەند وڵاتێکی تری جیهان.
لەماوەی پێشوودا چاوم بە نامیلکەیەکی بچووک کەوت لەژێرناونیشانی (هونەری ڕۆماننووسین؛ گفتوگۆی پاریس ڕیڤیو لەگەڵ کارلۆس فۆینتس دا) کە جەبار سابیر وەریگێڕاوە. لەم نامیلکەیەدا نووسەر هەوڵیداوە باسی کاروانی نووسین و لەهەمانکاتیشدا شێوازی نووسینی خۆی بکات. جگەلەوەش قسە لە بارەی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی ترەوە بکات لەوانە: ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین و ئیسپانی و ئەوروپی، خاڵە بەهێز و لاوازەکانیان دەخاتەڕوو.

شێوازی نووسین
ئەوەی روون و ئاشكرایە، هەر نووسەرەو بەجۆرێک یان مۆدێلێکی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ نووسین، فۆینتسیش مۆدێلێکی تایبەت بەخۆی هەیە و لەوبارەیەوە دەڵێت:
من نووسەری سپێدانم، لە سەعات هەشت و نیو دەست دەکەم بە نووسین، تا دوازدەو نیو دەنووسم، پاشان دەچم بۆ مەلەکردن، کاتێک گەڕامەوە نانی نیوەڕۆ دەخۆم و پاشنیوەڕۆ دەخوێنمەوە تا ئەوکاتەی دەچم بۆ پیاسە و خۆم بۆ سبەی ئامادە دەکەم.ل.9
دەشڵێت: دەبێت کتێبەکە لە مێشکمدا بنووسم، بەرلەوەی لە پشت مێزەوە دابنیشم.ل9
سەرەتا بە دەست دەنووسم و کاتێک دڵنیا بووم بابەتەکە ئەوەیە کە دەمەوێ، لێدەگەڕێم وەک خۆی بمێنێتەوە، پاشان دەستنووسەکە راست دەکەمەوەو خۆم تایپی دەکەم و دیسان تا دوایین سات بە تێکستەکەدا دەچمەوە، ل10
کاتێک بابەتەکە لەسەر کاغەز دەنووسم، بە کردەوە تەواو بووە، نە بەشێک جێ ماوەو نە دیمەنێک، لە بنەڕەتەوە دەزانم بابەتەکە چۆن دەچێتە پێشێ و لە روانگەی منەوە زۆر کامڵ و تەواوە، بەڵام هاوکات خۆم لە رەگەزی غافلگیریکردن بێ بەش دەکەم.ل10

جیاوازی نووسەری ئەمریکای لاتین و ئەمریکا
بابەتێکی تر کە بەلای منەوە جێگەی سەرنج بوو، تێڕوانینی تایبەتی فۆینتسە بۆ نووسەرانی ئەمریکای لاتین و ئەمریکا. لەمبارەیەوە دەڵێت: ئێمە بە بەروارد بە نووسەری ئەمریکی ناچارین کارگەلی پتر لە فەرهەنگی خۆماندا بکەین، ئەوان کاتی زیاتریان بۆ خۆیان و نووسینەکەیان هەیە، بەڵام ئێمە گرفتاری بابەتە کۆمەڵایەتییەکانین. بابلۆ نیرۆدا دەیگوت هەر نووسەرێکی ئەمریکای لاتین کە بەڕێدا دەڕوات پەیکەرێکی قورس بە دوای خۆیدا رادەکێشێ، پەیکەری خەڵکەکەی، رابردووی و دیرۆکی وڵاتەکەی. ئێمە ناچارین قورسایی مەزنی رابردوومان لە ئەستۆ بگرین تا بیرمان نەچێتەوە، چ شتێک ژیانی پێ بەخشیوین، ئەگەر رابردوت لەبیر بکەیت، دەمری.ل 13
زمانی ئیسپانی و ئەمریکای لاتین
بابەتێکی دیکە کە نووسەر قسەی لەسەرکردووە، زمانی ئیسپانیی و ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتینە. جێگەی ئاماژەیە تەواوی ئەمریکای لاتین جگە لە بەرازیل کە بە زمانی پورتوگالی قسە دەکەن، هەموویان بە زمانی ئیسپانی قسە دەکەن و دەنووسن. هەربۆیە فەزای زمانی ئیسپانی، زۆر فراوانە و سنووری جوگرافیای ئیسپانیا تێدەپەڕێنێت. نووسەرانی ئەمریکای لاتینیش، زیاتر لە ئیسپانییەکان خزمەتی زمانی ئیسپانییان کردووە.لەمبارەیەوە فۆینتس دەڵێت:من بە ئیسپانی خەون دەبینم، هەروا بە ئیسپانی عاشق دەبم، جارجار ئەمە دەبێتە هۆی سەرلێشێوانم، بەڵام ئەمجۆرە شتانە تەنها بە ئیسپانی مەیسەرە. ل18
لە زمانی ئیسپانی ئێمەدا دەبێ بۆشایی گەورەی نێوان سەدەی حەڤدە و بیست پڕ بکەینەوە. ل19
من هەر لە سەرەتاوە تێگەیشتووم کە قسەکردن لە ئەدەبیاتی مەکسیک یان پیرۆ یان شیلی گاڵتەجارییە و زانیم کە ئەگەر بڕیارە مانایەکمان هەبێت و گشتێتیمان هەبێ، ئەمانە لە پانتاییەکی فراوانی ئەم زمانە کۆڵەوار و بێنەوایەیە کە پێی دەڵێین زمانی ئیسپانی. ل59

خۆرئاوا
لەبارەی مەسەلەی خۆرئاواشەوە، نووسەر دیدێکی جیاوازی هەیە و پێی وایە، کە فەرهەنگی ئەمریکای لاتین بەشێکە لە فەرهەگی خۆرئاوا. لەمبارەیەوە دەڵێت:
یەکیک لە خەسڵەتەکانی فەرهەنگی گشتی ئەمریکای لاتین ئەمەیە، کە ئەم ناوچەیە لە راستیدا لقێکی دەرەکیی فەرهەنگی خۆرئاوایە. هەربۆیە ئێمە هەست دەکەین ناچارین لە هەر ئینگلیزێک یان فەرەنسییەک باشتر فەرهەنگی خۆرئاوا بناسین .ل 23

ئەدەبیات
لەبارەی ئەدەبیاتیشەوە نووسەر پێیوایە ئەدەبیات لە دەنگێکەوە لەدایک دەبێت، تۆ دەنگێک دەدۆزیتەوەو دەتەوێ جەستەیەکی کاغەزین بدەیتە ئەو دەنگە، بەڵام هەمان دەنگە کە دەبێتە واقعیەتی رۆمان. ل23
رەخنە
فۆینتس یەکێکە لەو نووسەرانەی کە هەمیشە کاروبەرهەمەکانی مایەی گرنگی پێدانی رەخنەگران بووە، هەندێکجار وەسفیکراوە، هەندێکجاریش هێرشی توندیان کردۆتە سەر. لەمبارەیەوە نووسەر ئەزموونی تایبەتیی خۆی هەیە. لەبارەی رەخنەوە فۆینتس دەڵێت: هەندێك لە رەخنەگران هێرشیان کردوومەتە سەر کە وێنەی ژنانێکی زۆر داوێنپیسم کێشاوە، بەڵام هۆکارەکەی ئەوەیە کە فەرهەنگی من روانگەیەکی نەرێنی بۆ ژن هەیە. ل26
رەخنەگرێک لەبارەی رۆمانێکمەوە نووسیبوی، ئەم رۆمانە تەنها بۆئەوە باشە فرێی دەیتە ئاودەستەوەو سیڤۆنەکە ڕابکێشی. ل 54

کاری نووسین
مەکیسیکیش وەکو زۆرێک لە وڵاتانی پاشکەوتووی جیهان، نووسەران هێندە پێگەیەکی بەهێزیان لەناو کۆمەڵگەدا نییە، هەروەها کاری نووسینیش، ناتوانێت بژێوی باش بۆ ئەو کەسە دابین بکات، هەربۆیە وەکو زۆربەی کۆمەڵگە پاشکەوتووەکانی دیکەی جیهان، تێڕوانینی خەڵکی بۆ پیشەی نووسەری، تێڕوانینێکی نەرێنییە. لەمبارەیەوە فۆینتس باسی ئەزموونی خۆیمان بۆ دەکات و دەڵێت: باوک و دایکم دەیانگوت یاسا بخوێنم، لەبەرئەوەی باوەڕیان وابوو ئەگەر بمەوێ لە مەکسیک لەرێگەی نووسینەوە بژیم، لە برسان دەمرم. تەنانەت نووسەر و شاعیرێکی ناوداری مەکسیکیش هانیداوە کە نەنووسێت، چونکە گەلی مەکسیک گەلێکی رواڵەتپەرستن ئەگەر کارێکت نەبێت خەڵکی رێزت لێ ناگرن. ل53

شار
هەمیشە رۆمان و شار پەیوەندییەکی بەهێزیان پێکەوە هەیە، زۆرجار نووسەران شارێک دەکەنە مەیدانی سەرەکی کاروبەرهەمەکانیان بۆ نموونە نەجیب مەحفوز قاهیرە مەیدانی سەرەکی بوو، دۆستۆیڤسکی پیترسبورگ، فۆینتسیش مەکسیکۆ سیتی دەبێتە مەیدانی سەرەکی. لەمباریەوە دەڵێت:
پێم وایە رۆمانەکانی من لەوێنەکانی شارەوە سەرچاوە دەگرن و شاری خەونەکان یان کابووسەکانی من مەکسیک سیتییە. پاریس یان نیویۆرک ئەنگیزەی نووسین لە مندا بەخەبەر ناکەنەوە. ل32
بەگشتی ئەزموونی نووسینی فۆینتس بۆ ئێمە گرنگە، چونکە ئەو یەکێکە لە رۆماننووسە سەرکەوتووەکانی جیهان. لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە کاک جەبار سابیر بکەین بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.




سەركەوتنی رووتی زمان دەركەوتن لە پێناو دەركەوتن.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بە چاوێكی پڕ لە بیركردنەوە و هەست، چاوێك كە (زمان) وەك بوونەوەرێكی چالاك تەماشا دەكات، بوونەوەرێك كە پرۆسیسەی پرسیارەكانی بوون و خەیاڵەكانی داهێنان و ئاگری بەرهەمهێنانەوە و نووسین خۆش دەكات، سەركەوتنی رووتی زمان دەنووسم. كەواتە بیركردنەوە و پرسیاری ئەو نووسین و خوێندنەوە و بەرهەمهێنانەوەیە لە پێگەی دال یان مەدلولدا كورت نابێتەوە، بە مانایەكی دیكە کتێبی (سەركەوتنی ئایین)ی (ژاك لاكان- وەرگێڕانی بۆ زمانی عەرەبی: محمد الحاج سالم- چاپی 2023) كتێبێكە روو لە دەرەوەیە! واتە زمانی نووسین لای لاكان زمانێكی باو نییە، زمانێكی نامۆیە، دەرگا لە غەریبەكان، فەرهەنگەكان، گێڕانەوەكان، حیكایەتەكان واڵا دەكات.
ژاك لاكان لەو كتێبەدا هۆی سەركەوتنی ئایین بۆ سەرنەكەوتنی شیكردنەوەی دەروونی دەگەڕێنێتەوە. پێیوایە هەر لە سەرەتاوە ئایین بە دەوری مانادا دەخولێتەوە، ئایین مانا بەو شتانە دەدات، كە رۆژێ لە رۆژان شتی سرووشتی بوون. ئەوەش لە ئاییندا نیعمەتی خواییە. بەڵام شیكردنەوەی دەروونی بۆ هەمیشە (سروشت/ ناسروشت- خودا/مرۆڤ) لێكجیا دەكاتەوە و مرۆڤایەتی دابەش دەكات. رووداوی ئەو دابەشبوونە مرۆڤ بۆ هەمیشە بە مانا فرۆیدییەكە و شیكردنەوەی دەروونی بە نوقسانی دەهێلێتەوە، هەر بەو مانایەش (زیگمۆند فرۆید) پێیوایە مرۆڤ ئاژەڵێكی سەمپتۆمدارە (سەمپتۆم نەخۆشی نییە، نیشانەی نەخۆشییە) سەمپتۆم زەقبوونەوەی تێرنەبوونێكە لە ناو دەرووندا. بێگومان نەقسی فرۆیدی لای لاكان بە (درز) ناو دەبرێت، كەچی لای دۆلۆز ئەو چاڵ و درزە دەكەوێتە نێوان سەیرورە و جێگیربوون، یان گۆڕانی بەردەوام و داهێنانی بەردەوام. كەواتە شیكردنەوەی دەروونی خستنەڕووی نەخۆشییە. ئەوە بەشێكە لە نیگەرانییەكانی ژیاری، كە فرۆید لە كتێبی (نیگەرانییەكانی ژیاری) قسەی لەبارەوە دەكات.
رەنگە شیكردنەوەی دەروونی بە كاری ئایین هەڵبسێ. بەڵام بۆچی دەڵێن شیکەرەوەی دەروونی لە بارێکدایە کە ناتوانێ بەرگری لە ئایین بکات؟ لاكان بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە جیاوازی لەنێوان (فێركردن) و (حوكمكردن) دەخاتە روو، پێیوایە ئەوەی دەبێتە جێی نیگەرانی چەمکی (فێرکردن)ە، واتە لە مانای فێرکردندا مرۆڤ دووچاری نیگەرانی دەبێتەوە، كەواتە وێناکردنەکانی مرۆڤ، یان مرۆڤ کێیە و ماھیەنی مرۆڤ چییە… ھەموو ئەوانە کێشەن. بەڵام (حوكمكردن) نیگەرانی ناسناكات، حوكمكردن تەواو جیاوازە، بە ئەندازەی ئیمان! لە شیکردنەوەی دەروونیدا ئەگەرچی ھەرگیز نە حوکم دەوەستێ و نە فێرکردن… بەڵام ئایین لەسەر حوكمكردن وەستاوە! لە ئاییندا پرسیاركردن سنوری ئیمان تێناپەڕێنێ، شیكردنەوەی دەروونی سەر بە پرس و فێركردنە.
ئەو كتێبە روو لە دەرەوەیە، لەو قسەوە دەمەوێ بڵێم ئەو كتێبە کورت نابێتەوە بۆ کۆ ئاماژە یان تێگەیشنێکی ئاڕاستەكراو و دیاریکراو…. بەڵکو خۆی لە خوێندنەوەی خوێنەرە جیاوازەكانیدا بەرهەمدەهێنێتەوە. لەو كتێبەدا ژاك لاكان دەڵێت: تاکە شتێ کە دەکرێ لە دیدی شیکردنەوەی دەروونیدا، لە خۆیدا بە گوناح دابنرێ، وازھێنانە لە ئارەزووەکانی خۆت. بەو مانایەش گەڕانەوەی لاکان بۆ فرۆید گەڕانەوە نییە، بۆ گوتەکانی بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ نیازەکانی، بۆ شۆڕشی فرۆیدی و بەرهەمهێنانەوەی جیاوازییەكان.

واقیع و رووتی
دەشێ سروشت و ناسروشت، مرۆڤ و خودا… لە رێگای دەستەواژەی ئەگەر رووتی نەبوایە مرۆڤ چۆن دەیزانی پۆشاک چییە، شیبكەینەوە. هەروەها دەتوانین بە رەنگێگی دیكە ئەو پرسیارە بنووسینەوە و بڵێین ئەگەر ئایین نەبوایە، مرۆڤ چۆن دەیزانی شیكردنەوەی دەروونی چییە؟
لەو خوێندنەوە و شیكردنەوەیەدا قسە لە چەمكی زانین و نەزانین ناكەم، هەڵبەتە ئەو كتێبە روو لە دەرەوەیە، دووبارە دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی بڵێم رەنگە شیكردنەوەی دەروونی بە كاری ئایین هەڵبسێ، بەڵام ناتوانێ بەرگری لە ئایین بکات. كەواتە ئەو ململانێیە دەكەوێتە نێوان ئایین و شیكردنەوەی دەروونی، واقیع و ناواقیع، رووتی و پۆشاك…
شیكردنەوەی دەروونی بوونی ئایین رەتدەكاتەوە. رووتیش لە رێگای پۆشینەوە بوونی (نیعمەتی خوایی) رەتدەکاتەوە. بەو مانایەش شێوەی نێگەتیفی رووتی (ئایین)ی لە (شیكردنەوەی دەروونی) و پۆشاکەوە مانا وەردەگرێ. کەواتە ئەگەر دەرککردن بە رووتی لە وەردەرنانی ئادەمەوە بێ لە بەهەشت، ئەوە رووتی لە گوناهەوەیە. بۆیە داپۆشینی رووتی، واتە دووركەوتنەوە لە گوناح، واتە داپۆشینی گوناح. بەمجۆرەش ناتوانین بگەینە بوونە هەرە پوخت و ریشەییەکەی مرۆڤ تەنها لەو ماوە کەمە نەبێ، کە لە فیردەوس بووە! وەك چۆن لە واقیعدا شیكردنەوەی دەروونی ناتوانێ ئەو نیشانە، نەقسە، یان چاڵ و درزە… چارە بكات، تەنها لە رێگای داهێنانی بەردەوامەوە نەبێ. کەواتە بە مانا ئایینییەكە کاتێ مرۆڤ فڕێدراوەتە نێو واقیع، ئیتر مرۆڤ بە گوناهەوە لكاوە. لە واقیعدا ئەسڵی مرۆڤ پیسە، گوناهبارە، نوقسانە، چاڵە… هەر بەو مانایەش كۆی پرسیارەكان لەوەدا كورت دەكەینەوە و دەڵێین: ئەگەر پۆشاک (نیعمەت) نەبێ مرۆڤ نازانێ نوقسانی چییە؟ بە مانایەكی دیكە دەشێ دەستەواژەی شیكردنەوەی دەروونی دەستەواژەیەکی ئایینی بێ، دژ بە ئایین.
هەڵسانەوە لە گوناح، واقیع… دووبارە بە دەستهێنانەوەی ئازادییە. بەڵام مرۆڤ لە دروستکردنییەوە ئازاد نەبووە، دەیەوێ ئازادی بەدەستبهێنێ. بەدەستهێنانی ئازادی لە ئاییندا گەڕانەوەیە بۆ ئەسڵ! وەدەستهێنانی ئازادی لە واقیعدا داهێنانی بەردەوامی داهێنانە… (ئیتر کە پەناگا نامێنێ، کە پەیوەستبوون نامێنێ ئازار، برسێتی، مردن…. دەستپێدەکات).

من فرۆیدم، من زمانم
نەقسی فرۆیدی وەك لە شیکردنەوەی دەروونی و بە تایبەتی لاکان وەسفی دەکات، چارەکردنە بە زمان، قسەكردن، ئەوەش شیکردنەوەی بونیادی گوتارە لە ناوەوەدا، گوتار ئەو هێزەیە، کە وادەکات دیاردەیەک، یان تێکستێک مانایەکی تایبەت بە دەستەوە بدات، هەستێکی تایبەتی جێبهێلێت. کەواتە گوتاری شیكردنەوەی دەروونی چارەی دەروونی لە رێگای زمانەوە دەكات، یان ئەو چارەكردنە بە زمان نەبێ، بە ھیچ شتی دی مەیسەر نابێت، زمان سەرچاوەی بوون و داهێنانی بەردەوامی مرۆڤە، بەو مانایەش زمان ناوەندیاری بەیەکگەیشتنی دنیای ناوەوەی مرۆڤ و دنیای دەرەوەیە. لە دیدی لاکاندا زمان بەیەکگەیشتنی (پێداویستی) و (ئارەزووە)ە، وەك کرداری ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی نێوان رەمزی و واقیعی و خەیاڵی تەماشای دەكرێ، (واتە دەستبردن بۆ پێداویستی ژیان و تێرکردنی ئارەزووەکان و بەدیھێنانی خەون و خەیاڵەکان…)
بەڵام لە رێگای واقیعەوە، ھیچ کاتێ لە ئارەزووەکانی نەخۆش تێناگەین تەنھا لە رێگای زمانی قسەکردنەوە نەبێ، یان گوتنەوە نەبێ، کە ئارەزووەکان دەگۆڕێ بۆ پێکھاتەی مانای زمانەوانی و وشەکان زیاد لە مانایەک ھەڵدەگرن و دەبنە دەنگدانەوەی حاڵەتەکانی نەست و بە تایبەتی لە خەونەکاندا بە دەردەکەون، یان لە لادان و خلیسکانی زماندا… هەڵبەتە وەک دیارە لاکان بۆ شیکردنەوەکانی لەبری چەمكی نەستی فرۆیدی، زمان بە کار دەھێنێ. لەسەر ئەو بنەمایە دەڵێ: نەست لە زمان رسكاوە.
من لێرە بۆ بەكارهێنانی دەستەواژەی من فرۆیدم، من زمانم. سوودم لە كۆی بۆچوونەكانی لاكان وەرگرتووە، ئەگەرچی دەستەواژەی من ئەفلاتوونم، من حەقیقەتم، یان وەک لویسی شانزە و دەوڵەت، کە دەیگوت من دەوڵەتم… بیر دەخاتەوە. لەوێشەوە دەمەوێ بۆ شیكردنەوەی نێوان (نێر و مێ) بڵێم لە هەموو ئەوانەدا حەقیقەت نێرینەیە. نێرینە وەک (ڤالووس) كە لای وایە مێیینە وەک (سەتح، روو-كار) دژ بە حەقیقەتە. مێینە، ڤالووسی نییە، کەواتە خەسیووە.
هەڵبەتە دوای هەنگاونان بەرەو ئایین بۆ نموونە (لە مەسیحیەتدا) حەقیقەت دوورتر دەکەوێتەوە، ئیتر (فەیلەسوف) چیتر جیهانی حەقیقەت نانوێنێتەوە، پیاوی ئایینی ئەو کارە بە بەڵێن دەکات، ئەوەش ئایدیایەکی زیاتر دڵرفێن و فریوودەرە! لێرەوەیە (فریدریك نیتشە) دەڵێ ئایدیای حەقیقەت دەبێ بە مەسیحی، دەبێ بە ئافرەت، چونكە ئافرەت، ژن بەڵێنێکە بە پیاوان دەدرێ… ئەگەر لە واقیعدا ژن و پیاو گوناح نەکەن، یان گوناح بکەن و تۆبە بکەن، ئەوە لە دواییدا ئایین بەڵێنی بەیەکگەیشتنی هەتا هەتاییان پێدەدا. هەر بەو مانایەیە نیتشە دەڵێ، کە ئایین دێ، چێژ لەناو دەچێ، شادی دوادەخرێ! کەواتە لە ئاییندا گوێڕایەڵی مرۆڤ (پیاو و ژن) بۆ (حوكم)ەكانی ئایین دواین فۆڕمی کاملی ئەخلاق و مێژووی فەزیلەتە. بەڵام نیتشە، گوێڕایەلی، گوناهباری، پاڕانەوە، زەلیلی هەموو ئەوانە بە ئەخلاقی کۆیلە دەزانێت. بەو مانایەش ئایین پەلاماری رەگی ژیان دەدا. شیكردنەوەی دەروونی زمان بە (فێركردن) و چارە دەزانێ.
بە کورتی بەکارھێنانی میکانیزمی چارەكردن بە زمان لە نەستی نەخۆشەوە سەرچاوەی گرتووە. واتە لە رێگای میکانیزمی قسەکردن كار لەسەر بونیادی گوتاری نەخۆش دەكات و مەدلولە خەفەكراوەكانی كەشف دەکات. لە دیدی لاکان زمان لە جێی چەپێنراوەکانی فرۆیدە، لێرەوە لاکان لە شیکردنەوەی بونیادی نەستی فرۆیدەوە بەرەو زمان و دال و مەدلول و پاشان کۆکردنەوەی دال و مەدلول لە تێگەیشتنی ئەویدیکەدا هەنگاو دەنێت، وەک ئەوەی گوتارێک بێ، یان دەرکەوتنی زمانی کارای پاڵنەرەکانی نەستی نەخۆش بێت. وەک ئەوەی گوتار پەیوەستێکی کۆمەڵایەتی لە نێوان کارا کۆمەلایەتییەکان دیاری بکات، جا لەبەر ئەوەی زمان دەبێتە بنەمای کەشفکردنی حاڵەتە دەروونییەکان، یان وەک لاکان دەڵێ لەبەر ئەوەی زمان لە نەست رسکاوە، کەواتە مرۆڤ جگە لەوەی کە دەتوانێ بە وەزیفەیەکی رەمزی ھەڵسێ، کە زمان بەرجەستەی دەکات، شتێکی دیکەی لە توانادا نییە، ھەر لە رێگای ئەو وەزیفەیەشەوە دەتوانین لە مرۆڤ بگەین.
بەو گوزارەیەی کە زمان وەک تەفسیرکردنی رەفتاری مرۆڤ دەبینێ، بە تەفسیرکردنی زۆربەی گوتەکانی فرۆید لە بارەی غەریزەی سێكسییەوە، دەگەینە ئەوەی کە زمان ئاوێنەی نەستە. کەواتە تیۆری شیکردنەوەی دەروونی ھەر تەنھا چەپێنراوەکان کەشف ناکات، بەڵکو راڤەی رەھەندەکانی زمان و حەقیقەتی ناوەوەی واقیعی مرۆڤ كەشف دەکات. شیکردنەوەی دەروونی ھەر چارەی مرۆڤ لە پێناو خۆش گوزەرانی و سەرکەوتنی نەخۆش بەسەر سەمپتۆم لە کۆمەڵگاو لەسەر ئاستی کەسی ناکات، بەڵکو وای لێدەکات بتوانێ رووبەرووی ئارەزووەکانی و دەوروبەری بێتەوە.

حەقیقەتی رەها، حەقیقەتی رووپۆشكراو
نەریتی بیرکردنەوەی ئەفلاتوونی بنەڕەتێکی میتافیزیکی هەیە، بیركردنەوەی نوێ و بە تایبەتی نیتشە لە نەریتێکی جیاوازەوەیە. نیتشە بنەماو فۆڕمی بیرکردنەوەکەی تەواو غەریبە و قاچی لەسەر زەمینەکەی ئەفلاتوون نییە. بۆ نموونە کە دەڵێ ژن سەتحیە، لە نەریتی ئەفلاتوونی وشەی (سەتح) نێگەتیف دەکەوێتەوە و دژە ژن دەوەستێ، بەڵام لای نیتشە هەرگیز چەمكی سەتح نێگەتیف و دژە ژن نییە، بەڵکو خاڵی گەشانەوەی ئافرەتە. لای نیتشە ناتەبایی جەوهەر و رووکەش هەڵدەوەشێتەوە و جۆرە پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان حەقیقەتی رەها و حەقیقەتی رووپۆشدا دادەمەزرێنێ، کە خۆی لە رووکار (سەتح)دا دەبینێتەوە، چەمكی (روو-کار) کارایی رووە بۆ نەخشاندنی زڕەوێنەی حەقیقەت لەسەر خۆی. لێرەوە سەتح پەردەی حەقیقەتە، حەقیقەتیش چاڵێکی بۆشە، کە بەو پەردەیە، وەک پڕییەک داپۆشراوە. پەردەی ونبووی واقیعی قووڵ و حەقیقی نیتشە، دوورە لە رەنگدانەوەی ئاوەژووی واقیعێكی قووڵ و حەقیقی ئەفلاتوونیزم. پەردەی واقیع هیچ پەیوەندییەكی بە حەقیقەت و حەقیقەتی رەهاوە نەماوە، واتە ئەوەی نیشانیدەداتەوە ئایدیای ئەفلاتوونی نییە، لە پشت ئەوەی نیشانیدەداتەوە هیچ ئایدیا و ئایكۆن و وێنەیەك بوونی نییە، تەنها زڕەوێنەیە، زڕەوێنەی پەتی خۆیەتی، لەو بیابانە هیچ شتێ بەرهەمنایەتەوە، جگە لە بیابان نەبێت، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها نیشانەكانن، نە هیچ شتێ دووبارە دەكەنەوە و نە هیچ شتێ بەرهەمدەهێننەوە، كاڵا ئاماژە نییە، بۆ پێویستی، تەنانەت بۆ بەهای ئاڵوگۆڕیش، داتا هیچ حەقیقەتێ روونناكاتەوە.
بە جۆرێ لە جۆرەكان دەشێ هەموو ئەوانەی لەسەرەوە قسەی لێكرا، لە هەستكردن بە گوناحدا خۆی راڤە بكاتەوە، هەڵبەتە ئەسڵی هەستكردن بە گوناح بۆ ئایین دەگەڕێتەوە، بەڵام فرۆید وەک (كارل گۆستاف یۆنگ) ئایینی نییە! لای فرۆید ھەستکردن بە گوناح دەکەوێتە نەستەوە، ھیچ کەس بە شێوەیەکی فەردی لێی بەرپرسیار نییە. ئەو تاوانە لە ناخی مرۆڤدا چەسپاوە، کە ئارەزوو وەک پێوانەی زمانی گوتراو بێ. (گوناحی چەسپاو لە ناخی مرۆڤ و لە نەستی مرۆڤدا، گوناحێکی زمانییە). بۆیە ناتوانین نکۆڵی لە نەست بکەین، وەك چۆن ناتوانین نكۆڵی لە زمان بكەین. چونکە ئەگەر ئێمەش نکۆڵی بکەین، (ئارەزوو- ئەو) نکۆڵی ناکات. لە پێکھاتەی مرۆڤدا (ئەو) بەشدارە لە ئارەزوو. وەك چۆن زمان لە نەست رسكاوە. لای فرۆید لبیدۆ، ئارەزووی سێکسی، لێپرسراوی نەقسی مرۆڤە و لەوێوە مرۆڤ گرژی دەماری ھەڵگرتووە و ئەو نەخۆشییە عوسابییە دەست بەسەر مرۆڤی شارستانیدا دەگرێ، ئیتر لێرەوە چارەیەک پێشنیار دەکات، ئەویش چۆنێتی ھەڵکردنی خودە لەگەڵ نیگەرانییەكانی، هەموو ئەوانەش دەشێ پەیوەندییەکە شێواو بێ یان پارێزراو.
راسپاردەیەکی ئینجیلی ھەیە دەڵێ (ھاوسێیەکەت وەک خۆت خۆش بوێ) فرۆید لە کۆی ئەو راسپاردەیە جەخت لە راناوی لكاوی (ت) دەکاتەوە، پێیوایە ئەوە قەوارەی راناوی لكاوی (ت)ە، كە خۆی بۆ خۆشەویستی ئەویدیكە دیاری دەکات، بەو مانایەش خۆشەویستی خود لای ئەو جێگای گەورەی ھەیە، پێیوایە ھەموو کەسێ دوای ئەوەی ھێزی وڕێنەی خۆی دەرک دەکات و بە دوایدا دەچێ، ناوی ئەو ھێزە دەنێ ھێزی نەرگسییەت. بەڵام لاکان بە میتۆدی (رەمزی و خەیاڵی و واقیعی) ئەو دۆزە و راناوی (ت) روونتر دەكاتەوە و دەڵێ بێگومان من خۆم خۆش دەوێ، واتە من پەیوەستم بە جەستەی خۆم لە رێگای ھێزێکی جیاکاری ناوەوە، ئەویش ھێزی دەروونییە، واتە ئیرۆس (ئیرۆس- خواوەندی خۆشەویستییە لە یۆنان و لێپرسراوە بەرانبەر ھەستی خۆشەویستی لە دەروونی مرۆڤ، لە بەرانبەر ئیرۆسیش خواوەندی مردن ھەیە کە ناتانۆسە، فرۆید پێیوایە هەموو رەفتاری مرۆڤ ئاوێتەبوون و ململانێی نێوان ئەو دوو خواوەندەیە) کەوا دەکات جەستە زیندووەکان لە زۆربوون، بە هۆی (ئەویدیكە) نزیک ببنەوە، ئەوەش پێی دەگوترێت وزەی سێكسی یان لبیدۆ، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە ھەوەسی عەقڵی جەستە نییە، بەڵکو ئەو وێنەیەیە، کە لە رێی جەستەوە فێرمان دەكات، ئەو وێنە جوان و بە ھێزەم خۆشدەوێ وەک چۆن خۆم خۆش دەوێ، کەواتە بنەمای خۆشەویستی (بە پێتی بچووک- وەك لاكان دەڵێ لەبەر ئەوەی قوتابییەکانم زاراوەی ئەویدیکەی بچووک بەکار دەھێنن)، چەمكی ئەویدیكە- ئەویترە. کەواتە من ئەوەم خۆشدەوێ کە لە من دەچێ.

دەركەوتن لە پێناو دەركەوتن
بێگومان ھوشیاری تەواکەری ژیانە، پێشکەوتن رێچکەی دنیای ھۆشیاری دیاری دەکات. ھەموو ئەوەش کاریگەری بەسەر گەشەی تاک و تێگەیشتنی رەفتارەوە هەیە، كەواتە بە گشتی تێگەیشتنی رەفتار دەكەوێتە سەر هۆشیاری و پێشكەوتن و هەموو ئەوانەش بە شێوەیەكی تاکانە ژیانی مرۆڤ دەگۆڕێ، تا ئەوەی دەگاتە پووچیش. ئەوەی فرۆید لەبارەی نەستەوە دیاری کردووە، بە نزیکی ھەموو بوارەکانی گەشەی تاك و پێشكەوتن و رۆشنبیری دەگرێتەوە. ھەندێجار ھەموو ئەوانە دەبنە تەگەرە بۆ بەجێھێنانی ئارەزووەکانی تاک و دەبنە ھۆی ئەوەی تاک ئارەزووەکانی پشتگوێ بخات و بیشاریتەوە. ئەوەش وەک فرۆید بۆی چووە دەبێتە ھۆی نەخۆشییە عوسابییەکان. بە دیوەكەی دیكە ئەوە حەقیقەتی ئارەزووەکانە، واتە واقیعە.
کەواتە ئارەزوو ھەر تەنھا شتێکی سادە نییە، وەك چۆن یەکلاکەرەوەش نییە، بەڵكو بەرھەمی فۆرمەلەکردنێکی ئاڵۆزە و پڕە لە مانا و دەلالەت، نە درێژکراوەیە و نە گەڕانەوەیە بۆ سرووشتی خۆی و نە وێناکردنێکی ئایۆنی مەعریفەیە و نە دووبارەکردنەوەیەکی مەجازییە… ئارەزوو وەک لای فرۆید دەرکەوتووە، بابەتێکی نوێیە بۆ بیرلێکردنەوەی ئەخلاقی. لەسەر ئەو بنەمایە لاكان دەڵێ: بەڕاستی فرۆید بۆ ئەخلاق بە وەفا بوو. ئێمە دەزانین کە فرۆید کابرایەکی ماددی تەواو بوو، بۆیە چارەی دەسەڵاتی ئەخلاق و رەوشتی بە رێگای کلاسیکیانەی كردووە، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ سوودگەرایی. بۆ ئەوەی سوودگەرا بیت، پێویستە بۆ زۆربە، كۆمەڵگا بگەڕێیتەوە. گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگا بە مانا فرۆیدییەکە لە رێگای چێژبردن بە یاسای ھەوەس پیادە دەبێت، واتە پەیوەندی خود بە بوون بە ھۆی زۆربوونەوە. كەواتە كە باسی ئایینی حەقیقی دەكرێ (ئایینی حەقیقی لای لاكان ئایینی رۆمانییە. قسە لە یەك ئایین دەكات، ئەویش مەسیحییەتە) دەبێ وەك شیزۆفرینیای راستی وەسف بكرێ. بەو مانایە ئایا دووركەوتنەوەی مرۆڤ لە واقیع، رەتكردنەوەی شیزۆفرینیایی كۆییە؟
ئەمڕۆ چیدی كێشەی واقیع کێشەی ئایین و كێشەی نەقسی شیكردنەوەی دەروونی نییە، بەڵکو کێشەی زۆربوون و زۆرێتیی واقیع خۆیەتی، لەوە زۆرتر کە واقیع بتوانێ هەڵیگرێ؟ ئەو بیركردنەوەیە ئەمڕۆ (گی ئەرنست دیبوور)ی شانۆنووس بەرەو ئەوە دەبات بڵێ: واقیع، واقیعی گۆڕیووە بۆ نمایش. هەر شتێ نەیەتە نێو نمایش وەک نەبوو وایە. یان (ژان بۆدریار) قسە لە زێدە واقیعی دەكات، كە هیچ کەلێنێکی بۆ رەخنە نەهێشتۆتەوە. زێدە واقیعی دۆخێکی زۆرینەیە، دۆخێكی کۆمەڵگایە، کە ئاگایی بە بوونی خۆی بووە بە هەستکردنێکی نمایشكارانە، ئیگۆی واقیع و گوتاری رەخنەی شۆڕشگێرانە هاوتا لەگەڵ گوتاری دەسەڵات گەشە دەكەن. فرۆید لە بارەی واقیع سەرسام دەوەستێ، چونکە دواجار فرۆید دەبینێ رقلێبوونەوە وەک سێبەری خۆشەویستی هەنگاو دەنێت، واتە رقلێبوونەوە بە خۆشەویستی نامۆ نییە و هەتا دێ لە خۆشەویستی نزیك دەبێتەوە.
كەواتە كێشەی پەیوەندی مرۆڤایەتی دوایی نایەت، چونكە واقیع هەم دەرچەیە و هەم دوژمنكارانە و پڕە لە نیگەرانی، واقیع سیمایەكی جیاكار و جیاوازی هەیە، كە قابیلی بیرلێكردنەوە، یان لەسەرووی خەیاڵی مرۆییەوەیە. لێرەوە لاكان پێیوایە ئەوەی پێیدەڵێن واقیعی حەقیقی، ئێمە ناتوانین پێی بگەین، ئەوەی بە تەواوی واقیعی حەقیقییە نادیارە، یان بەتەواوی لێیجیابووینەتەوە، بۆ؟ چونكە بە جەوهەری نەگەیشتووین، وەك چۆن نەمانتوانیوە بیسەلمێنین، هەرگیز نەگەیشتووینەتە جەوهەری پەیوەندی نێوان بوونەوەرە قسەكەرەكانی وەك نێر و مێ! ئەمڕۆ ئێمە خۆمان لە سەرسامییەكی گەورەدا دەبینینەوە. ئەوەی پێیدەڵێن بوونی بەشەری هەرگیز دەرفەتی سەركەوتنی لەبەر دەمدا نییە. لاكان دەڵێ لێرەوە فرۆید لەسەر حەق بوو كە سێكسوالێتی هێنایە ئاراوە، بەڵام هەمیشە سێكسوالێتی بە نسبەت بوونەوەری مرۆیی نائومێدی دەنوێنێ.
بە كورتی ئەوەی لە كتێبی (سەركەوتنی ئایین) و تیۆرەكانی لاكان دەرك دەكرێ ئەوەیە، كە مرۆڤ بنەمایەكی بیۆلۆژی یا فسیۆلۆژی نییە، بەڵكو بنەمایەكی زمانەوانی هەیە. پێشتریش یۆحەننای مەحمەدانی گوتویەتی (سەرەتا وشە هەبوو) بەڵام لاكان دەڵێ، بۆ ئەو دەستەواژەیەی یۆحەننا من یەك شتم زیاد كردووە، ئەویش ئەوەیە لەپێش سەرەتا چ هەبووە؟ ئەو پرسیارە تەگەرە دەخاتە پێش تێگەیشتنی (سەرەتا وشە هەبوو)ی ئینجیلی یۆحەنناوە، چونكە لەپێش ئەویش شتێكی دیكەش هەبوو، كە پێیان دەگوت (سفر تەكوین) ئەویش بێگومان لە وشە پێكهاتبوو. خەڵك ئەو دوو شتەی كۆكردەوە و گوتی وشە كاری خوایە. خوا دنیای لە وشە دروستكردووە. ئەوەش بەڕاستی كارێكی سەیرە.
دواجار لەو كتێبەدا لاكان دەڵێ من نانووسم هەتا خەڵك تێبگەن، من دەنووسم بۆ ئەوەی خەڵك بخوێنێتەوە، ئەو دوو شتەش وەك یەك نین. راستە خەڵكانێكی زۆر هیچ لە نووسینەكانم ناگەن، بەڵام دەكەونە ژێر كاریگەری نووسینەكانم. دواجار لەبارەی شیكردنەوەی دەروونییەوە دەڵێ: شیكردنەوەی دەروونی هیچ كلیلێكی بۆ ئایندە بە دەستەوە نییە. ئەوەی هەیە چركەساتێكی جیاكارە لە بەدەستهێنانی گوتاری خودی قسەكەر! چەمكی (خودی قسەكەر) بە مانا لاكانییەكە واتای ئەو خودە دەگەیەنێت، كە دال دەخاتە بەرانبەر دال، واتە زمان بەرهەمدەهێنێ. بەو مانایەش خودی قسەكەر گوزارشت لە نەست دەكات.

هەولێر 30/10/2024




پرسەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیریی.. ئامادەکردنی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

پرسەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیریی،هەرجارەی لەسەر بابەتێک چەند نووسەر و هونەرمەند و ڕۆشنبیرێک دێنێتە گۆ. بانیژەی ئەدەب و کلتوور لەڕێگەی ئەم گۆشەیەوە دەیەوێت پەنجە بخاتە سەر گیروگرفتەکانی کایەی ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردیی و ورووژاندنی پرسیاری جیددی. لەم گۆشەیەدا پرسی ئەدەبی منداڵان دەوروژێنێت.
پرسیار : پرسی ئەدەبی منداڵان پرسێکی پەروەردەیی و مەعریفی گرنگە. گرنگی ئەدەبی منداڵان لەچیدایە و ئەدەب دەتوانێت چی پێشکەش بە منداڵان بکات؟ گرفتەکانی ئەدەبی منداڵان چین؟ بەبۆچوونی ئێوە منداڵانی کوردستان چەند ئاشنای ئەو ئەدەبەن کە بۆ ئەوان دەنووسرێت؟

محەمەد بەرزی؛ نووسەری بواری منداڵان

محەمەد بەرزی:نووسەری بواری منداڵان

وەڵام: ئەدەبی منداڵان جۆرێکی ناوازە و تایبەتە بۆ بەرژەوەندی و دابینکردنی پێداویستی منداڵان نووسراوە و گوزارشت لە خواستەکانییان دەکات و ئۆخژن و ئارامی دەدات بە دەروونیان و دڵیان خۆش و گەش دەکات. بەشێکی سەرەکییە لە پەروردەکردنی منداڵاندا. بۆ ئەوەیە میشکیان ئامادەبکات بۆ وەرگرتنی ڕاستییەکان ، زۆر گرنگیشە ئەم ئەدەبە ڕاستییەکان بگرنە خۆیان . لە ڕێگای وشە و چیرۆک و وێنە و گۆڤار و پەڕتووکی ڕەنگاوڕەنگەوە ، زانیاری دەگەیەنێت بە منداڵان. کارێک دەکات باشتر بنووسن و بخوێننەوە . ڕووبەڕووی وشە و ڕستەی زۆریان دەکاتەوە ، ڕۆڵی گرنگ و کاریگەر و گەورەیان لە زمانەوانی و سۆزداریدا هـەیـە . هاندەری بیرکردنەوەی قوڵ و زیرەکییە و ئاسۆی خەیاڵیان فراوانتر دەکات . پاشان توانای گوێگرتن و قسەکردن و تێگەیشتنیان زیاتردەکات . پەرە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئاشنای ژیانی ئاژەڵ و باڵندەکانیشیان دەکات. سەرچاوەیەکی گرنگیشە بۆ فێربوون . پاشان لە کارەکتەر و پاڵەوانەکانی ناو چیرۆک و هۆنراوەکاندا خۆیان دەبیننەوە. سەرباری ئەمانەش ئەدەبیاتی منداڵان لە ڕێگای چیرۆکی سەرنجڕاکێش و وێنەی ڕەنگاوڕەنگەوە، خێراتر خەیاڵ و ڕادەی بیرکردنەوەیان گەشەدەکات. لە ئەنجامیشدا باشتر بیردەکەنەوە و دەتوانن ئەوانەی دەورووبەریان قبوڵ بکەن. واتە خوێندنەوەی بەردەوام بۆ منداڵان لە تەمەنێکی بچووکدا ، دیاردەیەکی هیوابەخشە ، چونکە مێشک چالاکتردەکات و پەیوەندی منداڵ و دایک و باوک و ئەندامانی خێزان بەهێزتردەکات . ئەوەی شایانی باسە تۆژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، خوێندنەوە بۆ کۆرپەلەی ناو سکی دایکیش، ئاستی چالاکی مێشکی کۆرپەلە بەرزدەکاتەوە و لە کاتی لە دایکبوونیشدا کۆرپەکە دەتوانێ دەنگی دایکی بناسێتەوە . هەر بۆیە باشتر وایـە هەموو ڕۆژێک ، جا بــەر لە کاتی نووستن ، یان لە بەیانیان و کەشێکی ئارام و هێمندا و بە دەنگی بەرز بابەتێک بۆ منداڵ بخوێنرێتەوە ، بەمەش نەک تەنها پەرە بە زمانییان دەدات و خەیاڵ و بیرکردنەوەیان باشتر دەکات و لە قوتابخانەش سەرکەوتوو دەبن ، بەڵکو لە داهاتووشدا ڕادەی خۆشەویستییان بۆ خوێندنەوە زیاتر دەبێت و دەبن بە کەسانی داهێنەری زیرەرک و سەرکەوتووی ناو کۆمەڵگا و ژیانیان پڕدەبێ لە بەهرە ، چونکە گەشەکردنی شانەکانی میشکی منداڵ لە سەرەتادا ، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە خوێندنەوەوە هەیە . لە دواجاردا ئەدەب یەکێکە لە باشترین و کاریگەرترین ڕێگا بۆ یارمەتی منداڵان بۆ تێگەیشتن لەو بابەتانەی ، کە پێی ئاشنا نەبوون . پاشان منداڵ بە دەگمەن بۆ ماوەیەکی زۆر بە هێمنی دادەنیشێت ، بەڵام خوێندنەوە ڕەفتارەکانییان دەگۆڕێت و لە کاتی خوێندنەوەدا ئارامی دەیانگرێتە باوەش . سەرباری ئەمەش ئەدەبیاتی منداڵان بۆ گەورەکانیش سودی تایبەتی خۆی هەیە و یارمەتییان دەدات سەردەمی منداڵی خۆیان لە بیرنەکەن . بێگومان هەتا ئێستاش منداڵانی کوردستان و خێزانەکانییان وەک پێویست ئاشنای ئەو بوارە زۆر گرنگە نەبوون ، هۆکارە سەرکییەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامە بێ بەهاکانی تەلەفزیۆنەکان و بە تایبەتیش بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی وەک ئایفۆن ، کە بەگشتی خێزانەکانیان سەرقاڵکردووە . پاشان کەمی ژمارەی ئــەو کتێب و گــۆڤــارانەی لە کوردستاندا بۆ منداڵان چاپ دەکرێن ، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە، کە هەتا ئێستا کۆمەڵگای کوردی لای لەو بوارە زۆر گرنگەکەی ئەدەبی منداڵان نەکردۆتەوە . ٣٠ / ١٢ / ٢٠٢٤

ڕەزا شوان؛ شاعیر و نووسەر لەبواری ئەدەبی منداڵان

ڕەزا شوان؛ شاعیر و نووسەر لەبواری ئەدەبی منداڵان

وەڵام: تا ئـێستا پێناسەیەکی گشتی چەسپاو، بۆ ئەدەبی منـداڵان نییە، بەڵام خاڵی هـاوبەش لە نێـوان پێناسە جیـاوازەکانـدا هـەیە. پـێمـوایە باشـتریـن پـێناسە بۆ چەمکی ئەدەبی منداڵان، پێناسەکەی (ماریا نیکۆڵا) یە کە دەڵێت:”ئەدەبی منداڵان ئەو ئەدەبەیە کە لەلایـەن کەسـانی شـارەزای جـیهـانی منـداڵانـەوە نـووسـراوە و بەرهـەم هـێـنراوە و بڵاوکـراوەتـەوە، کە خـوێنـەری سـەرەکـیـیان منـداڵانـن”. لەبەر گرنگی ئەدەبی منداڵان، ئەم سەردەمە بە سەردەمی ئەدەبی منـداڵان ناودەبرێت. ئەمـەش لـە گـرنـگـیرۆڵـی منـداڵانـەوە سـەرچـاوەی گـرتـووە.بـێگـومـان ئـەدەبی منداڵان، گرنگی و کاریگەری و رەنگـدانەوەیەکی زۆری لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منـداڵان و لە بنیاتـنانی کەسـایەتی دروسـت و هـاوسـەنـگی منـداڵان هـەیە. لە بـارەی گـرنگی ئـەدەب بـۆ منـداڵان، شاعـیری ناسـراوی بـولـگاری (ران بـوسـلـیک)دەڵـێت: “ئەدەب بـۆ منـداڵان، وەک شـیری دایک و هـەوای پاک وایـە، کە پێویـستە هـەبـن”.دکتۆر (ناسرەدین ئەلئەسەدی)یش دەڵێت:”ئەدەبی منداڵان بۆ بیر، وەک ڤیتامینەکانن، کە هـۆش و ئەنـدێـشەی منـداڵان، پێویـستییان بە جـۆرەکانی هـەیە. هـەر جـۆرێکیش لایـەک لە بیـر و هەسـت و لایـەنە ئەنـدێـشەیـیەکان مەسـت دەکـات”.ئەدەبی منـداڵان خـۆی لە خۆیـدا ئامانـج نییە، بەڵکـۆ هـۆیـەکە بـۆ هـێنانەدیی ئامـانج ئـەدەبی منـداڵان، جـۆگایەکی ئـاو خـوڕ و زوڵاڵـە، لە رووبـاری رۆشـنبـیریی منـداڵان، رۆڵێکی گرنگی لە رۆشـنبریکردن و گەشەکـردنی ئەنـدێـشە و هـزری منـداڵان هـەیە. ئـەدەبی منـداڵان رۆڵـێکی گـرنگی لە گەشەکـردنی زمـانی منـداڵان هـەیە، فـەرهـەنگی وشەکانیان بە وشـە و زاراوەی نـوێ دەوڵەمەنـتر دەکات. تـوانای گوزارشتکردنیشیان بە زارەکی و بە نووسین،لە ئەنـدێـشە و هـزریـان زیـاتـر دەبێـت. ئەدەبی منداڵان و پەروەردەی منداڵان دوانەن، یا گیانێکن لە دوو جەستەدان. هەموو دەقـێکی ژانـرەکانی ئەدەبی منـداڵان، پەیامـێکی جـوانی پەروەردەییان لەخـۆگـرتوون.
گرنگی ئەدەبی منداڵان لەوە دایە، کە منـداڵان بۆ داهـاتـوویەکی باشتر ئامادە دەکات.
کەواتا ئەدەبی منداڵان دەتوانێت ئه‌‌رکێکی زۆر گرنگ ببینێت، له‌ چەنـد رەهـه‌نـدێکی وەک: په‌روەردەیی و نه‌تـه‌وەیی و نیشـتمانی و کۆمه‌ڵایـه‌تی و رەوشتی و جـوانی و سروشتی و ویـژدانی و سۆزداری و هـزری و مرۆڤـایه‌تی. ئه‌وە ئەدەبی منداڵانە کە منـداڵە چاوگه‌شه‌کانمان به‌ کوردایـه‌تی و کوردسـتان په‌روەری، گـۆش و پـه‌روەردە دەکات. فێری وانه‌ی نیشتمان په‌روەری و دڵسۆزی و خه‌بات و تـێکـۆشان و خۆڕاگری و ئازایـه‌تی و دلـێری و به‌رگـری و کـۆڵـنه‌دانیـان دەکـات. ئـه‌وە ئـەدەبی منـداڵانـە، که‌ جگەرگۆشەکانمان فێری رەوشت به‌رزی و رەفـتار دروستی و گه‌شبینی و هـیواخوازی و چـاکـه‌خـوازی و هـاوکـاری و یـارمـه‌تـی و لـێـبـووردن و رێـزگـرتـن و بـرایـه‌تـی و ژینگەپارێزی و هـاوڕێتی و مـرۆڤایەتی و ئاژەڵـدۆستی و زۆر شتی جوانی تر دەکات. گـرفـتەکانی بەردەم گەشەکـردنی ڕەوتی ئـەدەبی منـداڵان لە کوردسـتان زۆرن. بە کـورتی و بە چـڕی ئەمـانە گـرنگـتریـنیان:
ـ نەبوونی دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی تایبەت بە ئەدەبیاتی منداڵان لە کوردستان.
ـ نەبوونی دەزگایەکی چـاودێـری، بۆ هەڵـسەنگانـدنی بابەتـەکانی نووسـین بۆ منـداڵان. بۆ رێگـرتن لە چاپـکـردن و بڵاوکردنەوەی کـتـێبی بابـەت کـرچ و کاڵی پـڕ لە هـەڵەی زمـانەوانی و رێنـووسی و سـایکـۆلـۆژی و هـزری.
ـ نەبوونی رەخـنەی ئەدەبیی دروست لە ئەدەبی منـداڵان. چونکە ئەدەب بەبێ رەخـنە پێـش ناکەوێت. ئـەدەب و رەخـنە دوو رووی دراوێـکـن.
ـ کـەمی تیـراژی ئـەو کـتـێـب و گـۆڤـارانەی کە بـۆ منـداڵان چـاپ دەکـرێـن.
ـ نەبـوونی دەسـتوورێکی یەکگـرتـووی رێـنـووسی کـوردی.
ـ پـشتگـیری نەکردنی نووسـەرانی منـداڵان بە دارایی، بـۆ چاپکـردنی کـتـێبەکانیان.
لە راستیدا منداڵانی کوردستان، تا ئەمڕۆش نەبوونە بە هاوڕێی کتێب و گۆڤارەکانی منداڵان. تا ئەمـڕۆش خوێنـدنەوە نەبـووە بە پێویـستیـیەکی رۆژانەیـان و خووییان بە خـوێنـدنەوەوە نەگرتـووە. هـۆی ئەمەشەش بـۆ دایکان و باوکانیان و بۆ مامۆستاکانیـان دەگەڕێتەوە. کە وەک پێویست کتێب و گۆڤارەکانیان بۆ دابین ناکەن و هـانیـان نـادەن بۆ خـوێنـدنەوە. خـۆشـیان نەبـوونە بە نمـوونە و بە سـەرمـەشـق لە خوێنـدنەوەدا، تا منـداڵەکانیـان چـاویـان لـێـبکەن.

ئەمین محەمەد؛ ڕۆماننووس و شاعیر و توێژەر لە بواری ئەدەبی منداڵان

ئەمین محەمەد؛ ڕۆماننووس و شاعیر و توێژەر لە بواری ئەدەبی منداڵان

وەڵام: بەگشتیی گرنگی ئەدەبی منداڵان لەوەدایە،کەدەتوانێت بەشێوازێکی ئەدەبیی وهونەریی باڵا ،لەخەون وخۆزگەی منداڵ بدوێ و بەهاکۆمەڵایەتی و کارامەییەکانیان بەشێوازێکی ڕاست ودروست ومرۆڤ دۆستانە بۆشی بکاتەوەو لەهەموو لایەکەوە، ئاستی تێگەیشتن و ڕۆشنبیرییان پێشبخات،بەڕەچاوکردنی قۆناغبەندی تەمەنی منداڵ و لایەنی دەرونیی و کۆمەڵایەتی .هەرلەڕێگای ئەدەبی بۆمنداڵ نووسراوەوە دەتوانرێت پەرەبەلایەنی زمان وئاستی بیرکردنەوەو خەیاڵفراوانی منداڵ بدرێ ،بەمەرجێک نووسەر بیروبۆچوونی تایبەتی خۆی تێکەڵ،بەدەق نەکات چونکە خۆهەڵقورتاندن وبیروڕا سەپاندنی نووسەر زیانی گەورە لەمنداڵ دەدەن. ئەدەبی منداڵان بەسەرجەم ژانرەکانییەوە چێژ بە منداڵ دەبەخشن و دەبنە هۆی ڕۆشنبیرکردنی و پرسیاری لادروست دەکەن و کتێب و گۆڤار لای منداڵ خۆشەویست دەکەن و لەڕێگای ئەدەبەوە خوێندنەوەیان لادەبێت بەکتوور،منداڵ بەخوێندنەوەی ئەودەقە تایبەتانەی کەبۆی نووسراون، دەبێت بەتاکێکی ژیر و کارامە و ڕەخنەگر و بڕوابەخۆبوو،خوێندنەوەی دەقی باش و نوێخواز و سەردەمییانە وا لە منداڵ دەکەن، ببێت بە کەسێکی بەسوود بۆ کۆمەڵگەو سەرجەم مرۆڤایەتی، ئەوەش ئەرکی نووسەرانی تایبەتی بواری ئەدەبی منداڵان و پەروەردەکارانە، بەو ئەرکەگرنگە هەستن و بەپێی پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژ کار بۆ منداڵان بکەن.
منداڵانی کوردستان بەهۆی کەمی گۆڤار و ڕۆژنامەی تایبەت بە منداڵان و کەمی تیراژی ئەو بڵاوکراوانەی تایبەتن بەمنداڵان و هەندێ ئاڵنگاری تایبەت، زۆربەکەمی ئاگاداری ئەدەبی تایبەت بەخۆیانن و بەپێی پێویست سوودی لێنابینن، چونکە زۆربەی ئەو کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامانەی بۆ منداڵان دەردەچن بەشی منداڵانی یەک شارۆچەکەش ناکەن،لەبەرئەوە زۆربەی زۆری منداڵان بێ بەشن و ئاگایان لێی نییە،یەکێکیتر لە ئاڵنگارییەکان زۆربەی ئەو نووسەرانەی لەو بوارەدا کاردەکەن،چەقبەستوون و کەمتر بەلای نوێگەری و بابەتی بەسوود و گونجاو بۆ منداڵاندا دەچن، ئەوەش وای کردووە منداڵان حەز بە خوێندنەوەی دەقەئەدەبییەکانیان نەکەن ،هۆکارێکیتر کەمتەرخەمی دایک و باوک وهەندێ لە مامۆستایان ،لەبەردەست نەخستنی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەی تایبەت وبەسوود، هاننەدانی منداڵان بۆ خوێندنەوە، ئەم هۆکارانە وایان کردووە ،منداڵانی کوردستان ئاگاداری تەواوی ئەو دەقە ئەدەبییانە نەبن کەبۆ ئەوان نووسراوە، تاکە چارەسەر ئەوەیە کە بەفراوانی دەزگای تایبەت بەچاپ و بڵاوکردنەوەی دەقی بۆمنداڵ نووسراو بێتەکایەوەو خەمخۆرانە کاریان بۆ بکات ، تامنداڵانی ئێمەش وەک منداڵی وڵاتانی پێشکەوتوو سوود لە ئەدەب ببینن.

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان؛ نووسەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان؛ نووسەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

ئەدەبیاتی منداڵان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەشەکردنی منداڵان و داڕشتنی کەسایەتییان. لێرەدا هەندێک لەو گرنگی و سوودانە دەخەینەڕوو کە ئەدەب پێشکەشی منداڵانی دەکات:
١- ئەدەبی منداڵ یارمەتی منداڵاندەدات بۆ پەرەپێدانی تواناکانی زمان لەڕێگەی چیرۆک و شیعرەوە و باشتر لە زمانەکە تێبگەن وبەشدارە لە باشترکردنی وشەسازی و ڕێزمان و دەربڕینی زمانەوانییان.
٢-هانی منداڵان دەدات بۆ بیرکردنەوەی داهێنەرانە و خەیاڵکردنی جیهانە نوێیەکان،دەرگایان بۆ دەکاتەوە بۆ داهێنان و دەربڕینی بیرۆکەکانیان.
٣-زۆرێک لە چیرۆکەکان پەیامی ئاکاریی لەخۆدەگرن، یارمەتی منداڵان دەدەن لە بەهاکانی وەک هاوڕێیەتی و بوێری و ڕاستگۆیی تێبگەن. چیرۆک دەتوانێت ڕێگەیەک بێت بۆ فێرکردنی منداڵان چۆن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان بکەن.
٤-منداڵان لەڕێگەی ئەدەبەوە ئاشنا دەبن بە کلتوور و ئەزموونە جۆراوجۆرەکان. یارمەتی بەرەوپێشبردنی لێبوردەیی و ڕێزگرتن لە جیاوازییە کلتوورییەکان و بەرزکردنەوەی تێگەیشتنی کلتووری دەدات.
٥-پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە: چیرۆکەکان هانی منداڵان دەدەن بۆ پرسیارکردن و شیکردنەوەی ڕووداوەکان. توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی منداڵان و تێگەیشتن لە پەیوەندییەکانی نێوان کارەکتەرەکان و ڕووداوەکان بەرز دەکاتەوە.
٦-ئەدەبیات یارمەتی منداڵ دەدات هەستی خۆی و هەستی کەسانی تر بناسێتەوە. پەرەپێدانی هەستی هاوسۆزی و تێگەیشتنێکی قووڵتر لە کەسانی دیکە.
٧-چیرۆکەکان ڕێگەیەکی خۆش بۆ دەربازبوون لە واقیع دەڕەخسێنن. یارمەتی نەهێشتنی فشار و دڵەڕاوکێ دەدەن.
٨-خوێندنەوە لەگەڵ خێزان پەیوەندی خێزان بەهێز دەکات. دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتگەلی گرنگ و هاندانی گفتوگۆ.
بەڵام بەداخەوە بەشێوەیەکی فراوان پەیامی ئەدەبی منداڵان وەک پێویست نەگەشتووە بە منداڵانی کورد، ئەویش لەبەر چەند ئالەنگارییەک، کە لێرەدا بە کورتی هەندێکیان دەخەینە ڕوو:
یەک: کەمی سەرچاوەی دارایی: نەبوونی بودجەی پێویست بۆ پاڵپشتیکردنی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و نووسەرانی منداڵان، ئەمەش ڕێگری لە بەرهەمهێنانی کتێبی نوێ دەکات.
دوو: دابەشکردنی کتێب: سەختی دابەشکردنی کتێب لە ناوچە دوورەکانیان گوندنشینەکان، ئەمەش وا دەکات منداڵان دەستیان بە ئەدەبیات بگات.
سێ: چەند زاراوە: زمانی کوردی چەند زاراوەیەک لەخۆدەگرێت، ئەمەش وا دەکات ئاستەنگکردنی ئەدەبیات زیاتر بکات بۆ ئەوەی بە دەستی هەموو منداڵان بگات.
چوار: نەبوونی پشتیوانی حکومەت: پشتیوانی نەکردنی حکومەت بۆ بەرنامە کلتووری و پەروەردەییەکان کە ئەدەبی کوردی بەرەوپێش دەبەن
پێنج: نەبوونی نووسینی تایبەتمەند:کەمیی نووسەرانی ئارەزووداری نووسینی ئەدەبیات بۆ منداڵان، ئەمەش هەمەجۆریی بابەت و شێوازە ئەدەبییەکان سنووردار دەکات.
شەش: کێبڕکێ لەگەڵ ئەدەبی بیانی: منداڵان زیاتر ئارەزووی ئەدەبی وەرگێڕدراویان بیانی دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئارەزووی ئەدەبی ناوخۆیی.
حەوت: هۆشیاری ڕۆشنبیری: ئاگادارییەکی تەواو لە گرنگی ئەدەبی کوردی و کاریگەرییەکانی لەسەر شوناسی کلتووری کەمە یان نییە،ئەمەش کاریگەری لەسەر هاندانی منداڵان بۆ خوێندنەوە هەیە.
هەشت: تەکنەلۆژیا؛لە کاتێکدا تەکنەلۆژیا دەرفەتی نوێ بۆ بڵاوکردنەوەی ئەدەبیات دەڕەخسێنێت، بەڵام زیادبوونی بەکارهێنانی میدیای دیجیتاڵی ڕەنگە ببێتە هۆی دابەزینی خوێندنەوەی تەقلیدی.
نۆ: ناوەڕۆکی نەشیاو: بوونی ناوەڕۆکێک کە نەگونجاویان ناڕێژەیی بێت لەگەڵ کلتووری منداڵان، کەڕەنگە ببێتە هۆی دابەزینی متمانە بە ئەدەبیاتی ناوخۆیی.

چرۆ رەشید؛ نووسەر و توێژەر لەبواری ئەدەبی منداڵان

چرۆ رەشید؛ نووسەر و توێژەر لەبواری ئەدەبی منداڵان

ئەدەبیاتی منداڵان کاریگەریی ئەرێنی بەرچاوی هەیە لەبنیادنانی کەسایەتی منداڵان وپەرەپێدانی توانای هزری،سۆزداری،چاندنی بەهاو کارامەییەکان، متمانەبەخۆبوون، دروستکردنی پەیوەندی کومەڵایەتی لەگەڵ هاوڕێ و دەوروبەر، پاڵپشتی تەندروستی دەروونیی منداڵان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەستەکانی وەک ترس،توڕەیی،دڵخۆشی وپەرەپێدانی توانای خەیاڵ و داهێنان،لەهەمان کاتتدا ئەدەبییاتی منداڵان ناوەڕۆکی پەروەردەیی دەبەخشێت وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێت بۆ ئاسانکردنی بابەتگەلێکی ئاڵۆز و ئاسانکردنی تێگەیشتنیان بەتایبەتی لەقۆناغی باخچەی منداڵان وبازنەی یەکەم.
ئەدەبیاتی منداڵان سەرەڕای گرنگی لەگەشەکردن وپەرەپێدانی بەهاو کارامەییەکان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بۆتەوە کەگەشەکردن وکوالێتییەکەی سنورداردەکات چونکە زۆرێک لەنووسەران و تەنانەت بڵاوکراوەکانیش زانیارییەکی وردییان نییە لەسەر منداڵ وپێداویستییە دەروونیی وپەروەردەییەکانیان. دەتوانین بڵێین، هەندێ لەو نووسەرانەی کە بۆ منداڵان دەنووسن، کەم توانان و لەئاستی پێویستتدا نین چونکە نووسین بۆ منداڵان پێویستە بەشێوازی قۆناغبەندی بێت، لەگەڵ ئەوەی ئەدەبییاتی منداڵان بەدەست کەمی بوودجەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی کتێبی کوالێتی بەرز لەڕووی دەق و وێنەکێشانەوە کاریگەری ینەرێنی لەسەر سەرنجڕاکێشانی منداڵان بۆ کتێب دەبێت، هەروەها پشتبەستنی زۆر بەبەرهەمە وەرگێڕاوەکان دەبێتە هۆی بۆشایی لەدابینکردنی ناوەڕۆک کەڕەنگدانەوەی ئەو ژینگە و کلتوورە کۆمەڵایەتییە بێت کە منداڵان تیایدا دەژین جگەلە نەبوونی هاندانی دامەزراوە حکومی و تایبەتەکانەوە بۆ بەدەستهێنان و چاپکردنی کتێبی منداڵان و دەستڕاگەیشتنی سنووردار دەکات، هەندێک بەرهەم لەسەر بنەمای شێوازی کۆن و لاسایی نووسراون وا لەمنداڵان دەکەن ئارەزووی خوێندنەوەیان لەدەست بدەن، لەلایەکیترەوە کاریگەریی تەکنەلۆژیا و ئامێرەزیرەکەکان وایکردووە ئارەزووی منداڵان بۆ خوێندنەوە کەم بێتەوە هەندێک لەخێزان و لەقوتابخانەکانیش گرنگیی تەواو نادەن بە هاندانی منداڵ بۆ خوێندنەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم ئاستەنگییانەدا. پێویستە هانی نووسەرانی بواری ئەدەبییاتی منداڵان بدرێت تا زیاتر لەپێداویستییە دەروونییەکانی منداڵان تێبگەن، وەبەرهێنان زیادبکرێت و پاڵپشتی دارایی لەلایەن حکومەت ودامەزراوە تایبەتەکانەوە هەبێت بۆ ئاسانکاری لەبەرهەمهێنانی کتێبی کوالێتی بەرز وەبەرهێنان لە بڵاوکردنەوە و دابەشکردن بکرێت بەدابینکردنی کتێبی منداڵان بەنرخێکی گونجاو جگە لەمانەش دەتوانرێت فەرهەنگی خوێندنەوە لای منداڵان بکرێت بە کلتوور هانی منداڵان بدرێت بەسازدانی بۆنە و ئاهەنگەکانی وەک پێشانگای کتێبی منداڵان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر گرنگی خوێندنەوە لەماڵەوە و لە قوتابخانە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بەشێوازێکی ئەرێنی و تێکەڵکردنی کتێب لەگەڵ میدیای کارلێککەری بۆ ڕاکێشانی سەرنجی منداڵان.
منداڵانی کورد تائێستا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بەتەواوی ئاشنا بن بەئەدەبییاتی منداڵان لەبەر کەمی ژمارەی ئەو کتێب و بڵاوکراوانەی بۆ منداڵان دەنووسرێن تەنانەت زۆرێک لەبڵاوکراوەکان کەدەردەچن تایبەت نین بەقۆناغێکی دیاریکراو تامنداڵان بتوانن بەپێی ئاست و تەمەنی خۆیان سوودی لێببینن سەرباری ئاستەنگ، لەبەدەستهێنانی ژمارەی پێویست تامنداڵان بتوانن لێی سوودمەند بن. لەکۆتاییدا ئەدەبییاتی منداڵان وەبەرهێنانێکە لەمێشکی نەوەکانی داهاتوودا بەهاو کارامەییان تێدا دەچێنێت ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ داهاتوویەکی داهێنەرانە پێویستە ئەمجۆرەی ئەدەبییات بەهەموو ژانرەکانییەوە پەرەی زیاتری پێبدرێت و منداڵانی کوردستانی پێ ئاشنابکرێت، چونکە ئاشکرایە تەنها لەڕێگای ئەدەبەوە دەتوانرێت بەئاسانترین و خێراترین کات منداڵا فێر ببن و ڕۆشنبیر بکرێن.

ڕۆستەم خامۆش؛ شاعیر و نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان

ڕۆستەم خامۆش؛ شاعیر و نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان

گرنگیی ئەدەبی منداڵان لەوەدایە، کە لە ڕێی دەقەکانییەوە دەتوانێ ئاڕاستەی منداڵ بگۆڕێ بۆ چێژوەرگرتن و ئومێد و گەشبینی و ڕوانین بۆ جوانییەکانی ژیان، پێم وایە هەر لە ڕێگەی ئەدەبەوە منداڵ دەتوانێ لە هەموو کایەکانی دیکەی ژیان سەرکەوتوو بێ، چونکە ئەدەب کاریگەرییەکی باشی هەیە بۆ ئەوەی منداڵ: خەیاڵ و بیری فراوانتر بێ، باشتر خۆی بناسێ لە ڕێی دەقی نووسراوی تایبەت بەخۆی، ئاستی خوێندەواریی دەچێتە سەرتر، زیاتر ئاشنای زمانی دایکی و فەرهەنگ و کلتووری نەتەوەی خۆی دەبێ، هۆشیاریی و ئاگایی زێتر دەبێ، هەڵسوکەوتی لەگەڵ خانەوادە و کەسانی دی جوانتر دەبێ.
دەکرێ بڵێین گرفتەکانی بەردەم ئەدەبی منداڵان زۆرن، کە تا ئێستا نەیان هێشتووە زیاتر گەشە بکات و بەرەوپێشتر بچێت و بوونەتە کۆسپ، لێرەدا بە چەند خاڵێک ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین:
١- هەرچەندە دیداری تایبەت بە ئەدەبی منداڵان کراوە، یان لە پەراوێزی هەندێ فێستیڤاڵ باسی لێوە کراوە، یان هەندێ ڕەخنە و لێکۆڵینەوە نووسراون، بەڵام تا ئێستا وەک پێویست کاری جددی بۆ نەکراوە و ئاوڕێکی باشی لێنەدراوەتەوە.
٢- لایەنی پەیوەندیدار و ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، کەمتر کاریان بۆ ئەدەبی منداڵان کردووە.
٣- هەندێ لە نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، دەقی جوان و باشیان هەیە، کە تا ئێستا ڕووناکیی چاپیان نەبینیوە.
٤- بەشێک لە میدیای کوردیی، کەم تا زۆر بایەخی بە ئەدەبی منداڵان نەداوە لە چاو زۆر بابەتی دیکە، کە ڕەنگە هەندێ بابەت سوود و کاریگەرییان نەبێ بۆ کۆمەڵگە.
٥- زۆربەی دەقی شاعیر و نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، لاسایی کردنەوەی پێش خۆیانە و سواویی و جوینەوەی پێوە دیارە.
٦- یەکێ لە گرفتەکانی دیکەی بەردەم ئەدەبی منداڵان، ئەوەیە، کە ئەو دەقانەی، تایبەتن بە منداڵان و بۆ ئەوان نووسراون، چ لە کتێب و نامیلکە، یان لە گۆڤار و ڕۆژنامە، دایکان و باوکان وەک پێویست بۆ منداڵەکانیان دەستەبەر ناکەن و بێبەشیان دەکەن لە هەموو زانیاریی و چێژوەرگرتنی دەقەکان.
پێم وایە منداڵانی کوردستان، تا ڕادەیەک ئاشنای ئەو دەقانەن کە بۆ ئەوان نووسراون و بڵاوکراونەتەوە، بۆیه ئەوانیش لە ڕێگەی ئەو شیعرانەی، کە لەنێو پڕۆگرامی خوێندندا جێیان بۆ کراوەتەوە و دەخوێندرێن، یان لە ڕێگەی چەندان کتێب و نامیلکەی شیعر و چیرۆک، کە تایبەتن بۆ منداڵان، یان لە ڕێگەی کۆمەڵێک گۆڤاری تایبەت بە منداڵان و لاپەڕەی بەشی منداڵان لە ڕۆژنامەکان، کە چەندان تێکستی منداڵانیان بڵاوکردووەتەوە، یاخود ئەو بەرنامانەی کە لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکان پەخشدەکرێن و شیعر و چیرۆکی تایبەت بە منداڵان دەخوێننەوە، یاخود لە ڕێی ئامێرە زیرەکەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کە ئێستا ئەوەندە فراوانە، دەکرێ بڵێین زۆربەی منداڵان بە کاری دێنن و پێوەی سەرقاڵن، کەواتە بەپێی ئەو چەند خاڵەی ئاماژەمان پێدا، دەتوانین بڵێین منداڵانی کوردستان تێکستی تایبەت بەخۆیان دەناسن و دەیخوێننەوە، یان گوێی لێدەگرن.

زارا ئەحمەد جاف؛ شاعیرو پەروەردکار

‎

 
زارا ئەحمەد جاف؛ شاعیرو پەروەردکار

ئەدەبی منداڵان ئەو کاریگەرییە هونەرییانەن کە جۆرەها شێوە لەخۆدەگرن ، بە بیرۆکە و هەست و خەیاڵی فراوان کە لەگەڵ ژینگەو تێگەیشتنی منداڵاندا دەگونجێن دێ لەهزری منداڵدا وێنای بۆ دەکێشێ .بەجۆرێک چێژ و خۆشییان پێ دەبەخشێت، هەستی جوانیی و واتایان تێدا گەشە پێدەدات، بەهاو کارامەییە کۆمەڵایەتیەکانی تێدا دەچەسپێنێ سوپاسگوزاری و خۆشەویستییان بۆ چاکە بەهێز دەکات، خەیاڵ و وزەی داهێنەریان ئازاد دەکات و مرۆڤایەتییان تێدا بنیات دەنێت ، یاسا و میتۆدە زمانەوانییەکان و فەرهەنگییان پێ ئاشنا دەکاتیارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی هەستی هونەریی لەلایان ، بۆ بەرزکردنەوەی سەلیقە و بەشداریکردن لە بنیاتنان و گەشەی کەسایەتییان .لەگەڵ ئەمانەدایارمەتی منداڵان دەدات زانیاری بەدەست بهێنن. دەربارەی شت، شوێن و تاوەکو چەمکی نەناسراو فێر ببن هەروەها ئەدەب وادەکات مەودای بیرکردنەوەی منداڵان فراوان بکات و توانای زمانیان پەرە پێبدات هەروەها لێزانانە چارەسەرکردنی هەندێک لە کەموکوڕی زارەکی و نەخۆشی دەروونی لە منداڵاندا پەیوەست دەکات بۆ ڕزگارکردنی منداڵان لە توندوتیژیی هەستە زیانبەخشەکان ئەدەبی منداڵ دەتوانێت وابکات منداڵ لەتەمەنی منداڵی خۆیدا بژی و داهاتووی خۆی لە ئارامیدا بنیات بنێت، بە شێوازێکی هونەری جوان کە خەیاڵی منداڵەکە هان دەدات و لە ناویدا گەشە دەکات .سەلیقەیەکی باش و خۆشەویستییدا ڕۆحی ڕەخنەی بنیاتنەر لە منداڵدا و توانای جیاکردنەوەی باش و خراپ گەشە پێبدەن. بۆیە دەبێت تایبەتمەندییەکانی منداڵیی لەبەرچاو بگیرێت و بە تێرکردنی پێداویستییەکانیان لە چوارچێوەی سەردەم و بەها و مۆدێل و تێڕوانینی دروست وسەردەمیانە دابێت ئەو ئەدەبیاتەی کەپێشکەش بە منداڵان دەکرێت لە ژانرە جیاوازەکاندا.. یان هەموو شتێک کە لەڕووی خوێندنەوە، مادەی دەنگییان بینراوەوە وابەستەی تایبەتمەندییەکانی گەشەکردن و پێداویستییەکانی منداڵان لەبەرچاو بگرێت ئەم ئەدەبیاتە هەموو ئەو ماددانە لەخۆدەگرێت کە لەمنداڵیدا پێشکەش بە منداڵان دەکرێت کە تێیدا مانا و بیرۆکە و هەستەکان بەرجەستە دەبن. لەڕاستیدا ئەدەبی منداڵان ئەو ئەدەبەیە کە منداڵان بۆ خۆیان پێناسەی دەکەنیان کۆمەڵێک نووسینە کە منداڵان بە هی خۆیان دەزانن
‎ئەدەبی منداڵان دەتوانێت بەرپرسیارانە ئەرکی خۆی بگرێتە ئەستۆ کە لەگەڵ خێرایی گەشەسەندنی شارستانیەت لە فۆرم و ڕەنگە جۆراوجۆرەکاندا بگونجێت تا بتوانێت لەوسەردەمی گۆڕانکاری و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووەی ئێستا منداڵان بۆ داهاتووی ژیان و سبەینێ ئامادە بکات.بە گشت سێبەرە جۆراوجۆرەکانییەوە، خۆی بۆ خزمەتکردنی ژیان لە کەشوهەوای داهاتوودا ئامادەباش بکات تا یارمەتی منداڵان بدەن خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییە فرەڕەهەندەکانی داهاتووی ژیان بگونجێنن.

شێوازی نوسینی ئەدەبی منداڵان کاریگەرەو توخمێکی گرنگە لە ئەدەبی منداڵاندا چونکە هەر ناوەرۆکێکی ئەدەبی هەرچەندە بەهێز و ڕەسەن بێت کاریگەری لەسەر منداڵ نابێت مەگەر شێوازێکی سەرنجڕاکێش و چێژبەخش لەبەردەستدا نە بێت کە لە ئاستی تێگەیشتنی منداڵ و بیرکردنەوەی لەوشە و میتۆدەکانی گونجاو لەگەڵ توانا زمانەوانییەکەی و لە چوارچێوەی فەرهەنگی وشەکانیدا نە بێت هەتا ئێستا کارکردن و بەدەنگەوەهاتنی نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان بۆ پرسەکانی ئەم بوارە بە پێی پێویست نین نەبوونی دەزگایەکی چاودێر بۆ هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی بابەتەکانی منداڵان لەپێش چاپکردنیان لاوازیڕۆڵی گرینگیدانی میدیایی و تیڤیە لۆکاڵیەکان بەبابەتی ئەدەبی منداڵان نوسەرانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان لەڕاوسەرنجەکانیان بۆبەرەوپێشبردنی بوارەکە هاوڕاویەکگرتووبن نین سادەیی زمان و درێژدادڕی لەنوسینی بابەت وایان کردوە بابەتی باش نەگاتە بەردەستی منداڵان بێ پلانی نوسەران لەچاپکردنی بەرهەمەکانیان ئەوەندەی گرنگی بە چەندایەتی لەڕووی ژمارەی کتێبیەکانیان دەدەن ئەوەندە گرنگی بە ناوەڕۆکی بابەتەکانیان نادەن لاوازی بابەتی خەیاڵ لە لەدەقەکاندا وادەکات بابەتەکان چەشە بە ناخی مندڵ نەبەخشێ و سەرنجەکانی منداڵ پەلکێش ناکات، بابەتەکان نەبوونە هۆی گەشەپێدان وفراوانی خەیاڵ فراوانی منداڵ. جیاوازی ئاستیڕۆشنبیریی هەندێ لە خێزانەکان وادەکات گۆڤارو کتێبەتایبەت بە ئەدەبیاتی منداڵان بەشێوەی پێویست نەگەنە بەردیدەی منداڵان بێ سانسۆری لەوەڕگێڕانی دەقی لاوازو ناپەروەردەیی و دوور لەکلتووروی نەتەوەیی وادەکات خێزانەکان خۆیان لەبڵاوکراووگۆڤارو نامیلکەکان بەدووربگرن بڵاو کراوەکانی تایبەت بەمنداڵان کەمتردەگەنە گشت ناوچە جیاوازەکان نەبوونی کتێبخانەیەکی تایبەت بە کتيب و گۆڤارەکانی منداڵان لە ناوەندەکانی خوێندندا زۆر جار ئاستی لاوازیڕۆشنبیریی خێزان وا دەکات بەسەرنجەوە گرنگی نەدەن بە سودی بڵاوکردنەوەکانی بواری منداڵان و ئەوقۆناغە بەهەند وەرنەگرن زۆر جار ئەو بەرهەمانەی دەنووسرێن لەژێر دەستی و پسپۆڕانی بواری منداڵاندا تێناپەڕن و بەپێی هۆشیاری و خەیاڵ و عەقڵییەتی منداڵان ئەو بەرهەمانە ئامادە ناکرێ داخستنی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی تایبەت بە بڵاو کراوەکانی منداڵان.




میدیای پێشەنگ و میدیاکاری پیشەگەر!.. هۆمەر نۆریاوی

یەکێک لە بابەتە هەرە گرینگەکان لە نێو دنیای میدیا و ڕاگەیاندندا ڕووی لە پرسی پێداچوونەوە یان بە واتایەکی دی، کۆنترۆڵ و چاودێرییە. بابەت و نووسینێک پێش ئەوەی بۆ بڵاوکردنەوە و چاپ بچێت،پێویستە لە لایەن هەڵەگر و ئیدیتۆرەوە،پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێت و هەڵە و پەڵەکان ڕاست بکرێنەوە و وشە و دەستەواژەی هەڵە دەرخواردی بینەر و بیسەر و خوێنەر نەدرێت.
یەکێکی دی لە مەرجەکان بۆ دامەزران و وەرگیران لە نێو دنیای ڕاگەیاندندا ڕووی لە پرسی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەیە. پێویستە ئەو کەسەی لە نێو دنیای میدیادا کار دەکات،یەکەم،بە باشی شارەزای زمانەکەی خۆی بێت، پاشان دەرچووی بەشی ڕاگەیاندن بێت و دواتریش خاوەنی پێنووسێکی بەپێز بێت؛پڕ ڕوونە گەرەک هەڵگری دەیان تایبەتمەندی دیکەیش بێت کە ناکەونە نێو بازنەی ئەم دێڕانەوە و لێکۆڵینەوەی جوایەزتری گەرەکە.
بۆ گەلێک ساڵ دەچێت ئەم پەیامە بۆ میدیا و ڕاگەیاندنی(بیستراو،بینراو و نووسراو)ی باشوور دەگوێزمەوە و بەرانبەر هەڵەیەکی زەق وریایان دەکەمەوە کەچی هەر دوای هێڵە ناڕاست و چەوتەکە دەکەون و هاوارەکەی منیش چ دادێک نادات.
تازەتترین نموونەیش ڕووی لە هونەرمەندی ناسراوی کورد”عەزیز شارۆخ”(1938)ە کە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرتێک ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە و لێرە و لەوێ هەڤپەیڤین و وتووێژی دەگەڵ دەکرێت و بە “عەزیز شارۆخی” ناودێر دەکرێت.
بە سەد داخ و کەسەرەوە،لەمێژە لە باشووری نیشتماندا هەرکە کەسەکە کوردی ڕۆژهەڵات بێت، بە ناوی سیانییەوە،”ی”یەک دەدرێتە پەنای. نزیکەی 20 ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕێی نامەیەکەوە بۆ ماڵپەڕێکی کوردی بابەتەکەم ڕوون کردەوە و داوام کرد تکایە بەرپرسیارانە بەرانبەر بەم پرسە هەستیارە بجووڵێنەوە و پێش بڵاوکردنەوە،تۆسقاڵە زەحمەتێک وەبەر خۆ بدەن و خۆڵ لە چاوی خەڵک مەکەن. چونکە کاتێک بابەتێک لە ڕاگەیاندنی کوردییەوە بە هەڵە بڵاو ببێتەوە،ئیدی هەڵەکە هەر وا دەڕوات و دواتر ڕاستکردنەوەی ئەرک و بگرە ڕەنجێکی فرەوانی گەرەکە. ئەمە دەسەلمێنێت میدیا خاوەنی توانا و دەستەڵاتێکی بەرفرەوانە، هەر بۆیە بە دەستەڵاتی چوارەمیش ناودێر دەکرێت. لێرەوە گەر میدیا لە دەست شارەزا و ئەهلەکەی خۆیدا نەبێت،دەتوانێت کۆمەڵگەیەک وێران بکات. نموونەکان لەم پەیوەندییەدا یەک و دووان نین و تەنیا دەتوانم ئاماژە بە وشەی”بەروار”بکەم کە ئەرچی هەنووکە هەمووان دەزانن “بەروار” ناوە بۆ ناوچەیەک لە ئامێدی(باشووری کوردستان)کەچی بە خودی گەلێک نووسەری پێشڕەویشەوە تا ئێستاکەیش بە هەڵە، هەر بۆ “ڕێکەوت” و “ڕۆژبەر” دەکاری دێنن. پاش ئەم هەموو ئاسمان و ڕێسمانە،ئێستا هەمان هەڵە لە ڕێی کەناڵێکی سەتەلایتییەوە کە خۆی بە پێشەنگی بواری ڕاگەیاندنی کوردی دادەنێت،پاتە دەکرێتەوە.
لەم ماوەیەدا بینەری هەڤپەیڤینی”شانۆ بەکرفەرەج”(1994)، پێشکەشکاری ناسراوی کەناڵی “ئاڤا میدیا”دەگەڵ هونەرمەند عەزیز شارۆخ بووم کە پرسیاری لەم هونەرمەندە دەکرد باشە ئەم نازناو یان ڕاستتر بڵێم،ناوی سیانییەت لە چییەوە هاتووە و واتای چییە؟
“عەزیز شارۆخ”ی هونەرمەندیش هۆکارەکەی بۆ پێشکەشکار باس کرد و بەجوانی ڕوونیشی کردەوە و چەند جاریش هەڵەی پێشکەشکارەکەی ڕاست کردەوە و پێی دەگوت،”شارۆخ”ە نەک “شارۆخی” و “شارۆخ”یش بە واتا و مانای ڕوخسار و سیمای جوان دێت کەچی پێشکەشکار هەر دەچووەوە سەر هێڵە خوارەکە و لەسەر هەڵەکەی مکوڕ دەبوو. ئەرچی گەرەک ئاماژە بەم خاڵە بدەم،ئەم هەڵەیە لە ژێرنووسی کەناڵەکەدا نەدەبینرا و هەڵەکە تەنیا ڕووی لە خودی پێشکەشکار بوو. کەچی دیسانەوە لەسەر ئەو تابلۆیەی وەک دیاریی و یادگاری بەم هونەرمەندە دەبەخشرێت،هەمدیس نووسراوە”عەزیز شارۆخی،دەنگێکی ڕەسەن”و هەڵەکە پاتە بووەتەوە کە ئەمەیان کوشندەترە چونکە بۆ مێژووە و دەمێنێتەوە.
دە ئاخر کەسێک پەیدا نابێت بڵێ،بەڕێزینە،تکایە و هەزار تکا،پێش دیمانە و هەڤپەیڤین یان نووسین،بڕێک زەحمەت وەبەر خۆ نێن و گەڕانێک بکەن و تۆسقاڵێک پەیجۆر بن! چونکە یەکەم تایبەتمەندی بۆ ڕۆژنامەوانێک ڕووی لە گەڕان و پەیجۆربوونە کە ئەم خاڵە جەوهەرییە کەمتر لە میدیا و ڕاگەیاندنی کوردیدا بەردیدە دەکەوێت. میدیای کوردی لەمێژە ئەم جۆرە هەڵە و پەڵانە پاتە دەکاتەوە و هەرچەندەیش ڕۆشنگەری دەکرێت،مخابن بێکەڵکە.
ئەم پرسە بەداخەوە بەرانبەر بە هونەرمەند “ئیسماعیل سابوور”(2019-1957)یش لە میدیای بینراو و بیستراو و نووسراودا بەجاران پاتە دەبووەوە و هەرچی ئەم هونەرمەندە دەنگی هەڵدەبڕی،دەنگەکەی نووساو و کز بوو و میدیا و میدیاکاریش دیسان هەر لەسەر هەڵەکەی خۆ دەچوون.
یەکەم و دوا وانەم بۆ میدیاکاران،وەک کەسێک پتر لە 30 ساڵە مژول و خەریکی کاری میدیا و ڕاگەیاندنم ئەوەیە پێش دیمانە و هەڤپەیڤین،نووسین و بڵاوکردنەوە،پێویستە لەسەر تەوەری نووسین و گفتوگۆیەکە،گەڕانێکی ورد بکەن و لەسەر مژارەکە،زەحمەتی سووکە توێژینەوەیەک وەبەر خۆ بدەن و زانیارییە ڕاست و پێویستەکان لە سەرچاوەی باوەڕکراوەوە دەست بخەن و پاشان دەرخواردی خوێنەر و بەردەنگیان بدەن. چونکە دەرەنجامی نووسین و گفتوگۆیەکەتان ئەرشیڤ دەکرێت و دەچیێتە نێو ڕووپەڕەکانی مێژووی ڕاگەیاندنەوە. لێرەدایە سەنگ و قورساییی ئەم ئەرکە سەد هێندە خۆ دەنوێنێت. بەرپرسیاری یەکەم و کۆتایی بەرانبەر بەهەڵەتۆمارکران،بڵاوبوونەوە و نووسینەوەی بابەت یان پرسێک،خودی میدیا و میدیاکارە. هەر بۆیە بەرپرسیارەتی لە نێو میدیادا ئەرکێکی پڕ چەتوون و گرانە.
جێی ئیشارەتپێدانە “ئاڤا تێ ڤێ”،کەناڵێکی کوردیی سەر بە گرووپی ئاڤا میدیایە کە چەند هەیڤێک بەسەر وەرزی نوێی وەشان و پەخشیدا تێدەپەڕێت. بنکەی سەرەکیی کەناڵەکە لە “هەولێر”ی پێتەختی هەرێمی کوردستانە.
22ی ڕێبەندانی 2724




چەند خاڵێک سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەکانی سوریا.. نادر عەبدولحەمید

ئەوەی ڕوویدا لە سوریا، بە پێشڕەوییە سەربازییەکانی (دەستەی ڕزگاری شام) و ڕووخانی خێرای ڕژێمی (بەشار ئەسەد) لە (٨-١٢-٢٠٢٤)دا، ئاکامی پڕۆسەیەکی مێژوویی لانی کەمی سێ دەیەی ڕابردووە (١٩٩٠-٢٠٢٤) کە ئەم وڵاتە و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیا تێپەڕیوە.
ئەم پڕۆسەیە دوو ڕەوندی ناوخۆیی و دەرەکی؛ جیهانی و ناوچەیی تیایدا بەشدارن.
کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بەسەر ئابووری ئەم وڵاتە و لەژێر ناوی سۆشیالیزمی عەرەبی (بەعسی)دا، لە میانەی سێ دەیەی ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیست، ژێرخانی ئابووری سەرمایەداری ئەم وڵاتەی پەرەپێدا و ئەم سەرمایەدارییە دەوڵەتییە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی تا ئەوەی لە دەیەی نەوەتەکاندا، پڕۆسەی ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ دەستی کەرتی تایبەت دەستی پێکرد.
هەرچەندە لە دەیەکانی ڕابردوو کەرتی تایبەت هاوکاری و دەستگرۆیی کرابوو لەلایەن دەوڵەتەوە، بەڵام ئەوەی کە لە دەیەی نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە لەسەر دەمی (حافز ئەسەد) وەڕێخرا و پاشان لە سەرەتای هەزارەی دووەمەوە لەسەر دەستی کوڕەکەی (بەشار ئەسەد) گوڕێکی خێرای پێدرا پڕۆسەی گواستنەوەی کەرتی گشتی بۆ کەرتی تایبەت و شیفتی سەرمایەداری دەوڵەتی بوو بۆ سەرمایەداری نیولیبرالیزم.
داڕمانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، بلۆکی سەرمایەداری دەوڵەتی سۆڤیەت لەبەرامبەر بلۆکی ڕۆژاوای سەرمایەداری بازاڕی ئازاد و نیولیبرالیزمدا، گوڕ و خێرایی بەخشی بەم پڕۆسەیەی شیفتی سەرمایەداری دەوڵەتی بۆ سەرمایەداری نیولیبرالیزم لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەوانە: لە تورکیا، میسر، عێراق و سوریەدا کە مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتییان پیادە کردبوو.
تا ئەو شوێنەی کە پەیوەستە بە سوریاوە، ئاکامە کۆمەڵایەتیـیەکانی پیادەکردنی ئەم سیاسەتە ئابوورییەی نیولیبرالیزم لە ماوەی دوو دەیە (٢٠ ساڵ)دا، واتا لە دەیەی نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە تا دەیەی یەکەمی دوو هەزارەکان (١٩٩٠-٢٠١٠) بووە هۆی هەڵتۆقینی جۆرەها کۆمپانیا و پڕۆژەی ئابووری و قۆرخکردنی بازاڕ و بازرگانی لەلایەن سەرمایەداران و بازرگانانێک کە نزیک لە ئەڵقەی دەسەڵات و بنەماڵەی ئەسەد بوون و لەبەرامبەریشدا هەژاری و بێکاری و پەراوێزنشینی جەماوەری زەحمەتکێش لە دەوروبەری شارەگەورەکان و گەڕەکە فەقیر نشینەکاندا پەرەیان سەند.
بەم شێوەیە کۆمەڵگە هەرچی زیاتر بەرەو قوتبی بوونەوەی چینایەتی چوو، لایەک کەمایەتییەکی خاوەن سەروەت و سامان و قۆرخکاری بازار و قوتی جەماوەر کە دەسەڵاتی سیاسی بەپشتیانەوەیە، لایەکیش جەماوەرێکی بەرین لە کرێکار و زەحمەتکێش و توێژگەلێکی فەقیر و بێدەرەتان لە کۆمەڵگەدا، کە بۆ هەر بێزاری و ناڕەزایەتییەک کە لەو ژیانەی هەیانە دەبوونە جێگەی چاودێری و بەدواداچوونی دەزگاکانی ئاسایش و پیاوانی ڕژێم و تەنگپێهەڵچنینان و ڕاوەدوونان و گرتن و شکەنجەیان.
ئەوەش لەیاد نەکەین کە ئیستیبدادی دەوڵەتی و دامودەزگای سەرکوتگەر هەر جۆرە نەفەسێکی ئازادانەی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی لە هاوڵاتیان بڕیبوو. لێرەوە زەمینە خۆش بوو تا ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و چینایەتی تێکەڵ بە ناڕەزایەتی فکری و سیاسی ڕۆشنبیران و ڕەوتە فکری و سیاسییەکان ببێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە (بەرەی نیشتیمانی پێشکەوتووخواز) کە حزبی بەعس لە سوریا دامەزرێنەری بووە لە (١٩٧٢) و ڕابەرایەتی دەکرد تا هەڵوەشانەوەی لە (٢٩-١-٢٠٢٥) دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، ئەم بەرەیە لە دە (١٠) حزب و دوو یەکێتی سەندیکای کرێکاران و جوتیاران پێکهاتبوو، کە ناوی زووربەی حزبەکانیش وشەی سۆشیالیستی یا کۆمۆنیستی تێدابوو. ئەم بەرەیە لە ڕووکەشدا دیموکراسیەتی فرە حزبی نیشان دەدا، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بۆ شەرعییەتدان بوو بە دەسەڵاتی ئیستیبدادی دەوڵەت کە ناسیونالیزمێکی سێکیولار ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێت دژە ئیمپریالی و زایۆنیستی بوو.
جابۆیە سەیر نییە ئەو ڕەوتە سیاسیانەی کە بوونە ئۆپۆزیسیۆن و دژ بەو جۆرە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی بوون لە سوریا بریتی بوون لە ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی کە دژە سێکیولار و دژە سۆشیالیست و دژە کۆمۆنیست و دژە ئازادی ژن و هەرجۆرە پێشکەوتووخوازییەک بوون و توانیان ببنە ڕەوتی زاڵی فکری و سیاسی بەسەر ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی جەماوەردا، هەر بۆیەش کاتێک لەگەڵ شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقیا، جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز لە سوریا لە (٢٠١١) دەستیان کرد بە جموجوڵێکی شۆڕشگێرانە و لە چەند شارێک ڕاپەڕین، بە خێرایی لە لایەن ئەو ڕەوتانەوە قۆزرایەوە و کرا بە جەنگێکی کۆنەپەرستانەی خوێناوی و ماڵوێرانکەر لە سوریا، کە ئەو وڵاتەی کردە مەیدانێک بۆ کێشمەکێشی جیۆپۆلتیکی نێوان زلهێزە ئیمپریالیستە جیهانی و ناوچەییەکانی وەک وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا و ڕووسیا و جمهوری ئیسلامی ئێران و تورکیا و سعودیە و وڵاتانی کەنداو و بەناڕاستەوخۆش چین.
ئاکامی جەنگی ناوخۆ و کێشمەکێشی جیۆپۆلیتی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان لە ئازاری (٢٠١١) وە تا دێسمبەری (٢٠٢٤) بووە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و بەدەسەڵات گەیشتنی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی بە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا و موبارەکبادی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا و دۆڕانی زلهێزەکانی وەک ڕووسیا و ئێران.
شایەنی باسە کە میدیاکانی بورژوا لیبراڵی ئیمپریالیستی و بورژوا کۆنەپەرستی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئۆپۆزسیۆن و دەوڵەتیـیانەوە، تەنها ڕواڵەتی ئیستبداد و نەبوونی دیموکراسی سیاسی و سەرکورتی ڕژێمی سوریا و دەستێوەردانی دەرەکیی بەرجەستەدەکەنەوە، وەک ئەوەی کە کێشەکە تەنها لەنێوان ئیستیبدادی سیاسی ڕژێمێک بە ستەمی میللی و تائیفییەوە لەبەرامبەر جەماوەری ناڕازی بە خواستی دیموکراسیدا بێت! وە ئاگاهانە پەردەپۆشی سیستمی ئابووری و ناکۆکیـیە کۆمەڵایەتیـیەکان و چەوسانەوەی چینایەتی دەکەن لە باسکردنیاندا بۆ ئاڵوگۆڕ و ڕووداوەکانی ئەو وڵاتە.
خاڵێکی گرینگ کە پێویستە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەین، ئەوەیە کە تێکشکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی شۆرشگێرانەی جەماوەری سوریا و باڵادەستی ڕەوتە دژە شۆڕشییەکانی ئیسلامی سیاسی، ئەو زەمینەی لەباربرد کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ناوچە کورد نشینەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، واتا لە کوردستانی سوریا یا ئەوەی کە ناسراوە بە (ڕۆژاڤا) و هەروەها جەماوەری کرێکار زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ئەو ناوچانەی کە تائیفەی (درووز) تێیدا نیشتەجێن لە خوارووی ئەو وڵاتە، ببنە بەشێک لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی سەراسەری شۆڕشگێڕانە دژ بە دەسەڵاتی ناوەندی و چارەنوسیان پەیوەست بێت بە چارەنوسی جەماوەری شۆڕشگێڕ و ڕاپەیوو لەسەراسەری وڵاتەکەدا.
لێرەوە لەبارودۆخی لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەند و لە غیابی شکڵگیری ئەو بزووتنەوە سەراسەریـیەدا و لەترسی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی بەگشتی و بەتایبەتیش ڕەوتە فاشیستەکانی چەشنی (داعش)ی، هێزە ڕێکخراوە سیاسیـیەکانی ئەو لۆکاڵانە؛ چ سەر بە ڕەوتی چەپی بۆرژوا-ناسیونالیستی کوردی (پەیەدە) وەیا بۆرژوا-تائیفی دورزی (حزب اللواء السوري) توانیان جەماوەر لەو ناوچانە ڕێکخراو بکەن هێزی چەکدار و میلیشیا دروست بکەن بۆ بەرگری ئەو ناوچانە و ڕێگرتن لەوەی بکەونە دەستی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و قەوارەی سیاسی-ئیداری خۆشیان (ئیدارەی خۆسەری ڕۆژاڤا) و ئیدارەی ناوچەکانی دروزنشین لە خواری سوریا شکڵ پێبدەن، لەبەرامبەر دژە شۆڕشی ڕەوتە میلیشیاییەکانی ئیسلامی سیاسی و لەبەرامبەر دەوڵەتی مەرکەزی (بەشار ئەسەد) و ئێستای (ئەحمەد شەرع)دا.
دیارە ئەم دوو هێزە لۆکاڵییە لە سوریا هەم لە ناوەڕۆکی فکری و سیاسیاندا و هەم لە شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچەکانیاندا زۆر لێک جیاوازن و باسەکەی ئێمە لێرەدا ناچێتە ئەو بوارەوە. ئەوەی جێگە مەبەستمانە ئاماژەی پێ بدەین، ئەوەیە کە هەردوو ئەم ڕەوتە بەحوکمی ناوەڕۆکی چینایەتی و پێکهاتەی سیاسی قەومی و سیاسی تائیفییان، ئەو هێزە نەبوون و ناشتوانن ببن بە بەشێکی ئۆڕگانیک لە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی سەراسەری وڵاتەکە. لێرەوە چارەنوسی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستانی سوریا و ناوچە دروزنشینەکان پەیوەستەبووە بە سەوداومامەڵەی هەردوو ڕەوتی بۆرژوا ناسیونالیستی چەپی کورد و بۆرژوا تائیفی دروز لەگەڵ دەسەڵاتی تازە هاتووەسەرکاری سوریا.
لە کۆتاییشدا ئەوە بڵێین کە پڕۆسەی دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستەکانی جیهان و ناوچەکە بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەروازەیەکی بەرفراوانتری بۆ کراوەتەوە، ئەمەش واتا لە کێشمەکێشە جیۆپۆلیتیکەکاندا هێزە ئیمپیریالسیتەکانی ڕۆژاوا بەتایبەت ئەمریکا و فەڕەنسا، وە زلهێزی ناوچەیییەکان بۆ هێنانەدی بەرژەوەندییەکانیان پێویستیان بە هاوکاری ئەم هێزە لۆکاڵی و ئەم قەوارە سیاسیانە هەیە جا چ کاتی بێت یان ستڕاتیژی، بەم پێیە مانەوەی ئەم هێزانە و مانەوەی قەوارە سیاسی و ئیدارییەکانیان بەشێکە لە کێشمەکێشێکی بەرفراوانتری ئیقلیمی و جیهانی و پەیوەستیشە بە سەقامگیری بارودۆخی دەسەڵاتی سیاسی ناوەندەوە.
ئەوەی لەو نێوەدا لە کێشمەکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سوریادا بزرە هێزی ڕێکخراوی کۆمۆنیزم و کارگەرە، کە لە فرسەتێکی تردا دێینەسەری.
سەرەتای شوباتی ٢٠٢٥




هەژانێکی تر.. د. هەژار مەعروف عوسمان

کاتێک ژانە جۆروجۆرەکان بەردەوامن و ژانێک نین چاوەڕێی لەدایکبونێکی جوانتر و باڵاتر و گەشەکردوتری لێبکەین، بەڵکو ژانگەلێکن سەرچاوەکەیان ترس و بەردەوامیی ئەوەی ژیانی یەک بە یەکمان بە چەقین و مانەوە لە جێی خۆیشی نەوەستێ و هەنگاو بە هەنگاو بگەڕێینەوە بۆ دواوە، ئیتر هەژان و بزوتن و موچڕکە و گریان و هەڵچون و توڕەبون، بگرە بێزاری لە ژیان بە ناو دڵ و لولە خوێنەکانی تاکەکانی ئەم کۆمەڵەدا وەک لەرز و تای نەخۆشی بڵاودەبێتەوە. ئەو ژن و پیاوانەی بەم چلەی زستانە لە بناری شاخی گۆیژە ڕەشماڵی مانگرتنیان هەڵدا و دەستیان دایە مانگرتنی تەواو لە خۆراک ، ڕاستە سیازدە ژن و پیاو بون، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان نوێنەر و زمانحاڵی سەدان هەزار هاوڵاتیی ئەم هەرێمە بون و هەن، هەر بۆیە بینیمان و بیستمان و تێیدا ژیاین چۆن لە تەواوی چین و توێژەکانی ئەم کۆمەڵە بە هانای مانگران چون و پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ ڕەوایی مانگرتنەکەیان دەربڕی و لە هەمان کات دا نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لە سەر ژیانیان چونکە بینیمان ئەو سیازدە ئینسانە ڕۆشنبیرە بە بڕوای تەواو بە ڕەوایی و ڕاستبونی چالاکییەکەیان نیازیان وابو هەتا لە هۆش خۆچون و گەیشتن بە کەناری مەرگ یا هەر بە مەرگی ڕاستەقینە خۆی بەردەوام بن لە سەرمانگرتنەکەیان. هەواڵی مانگرتنەکە تخوبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست و عەنتەریاتی ترامپ و نەتانیاهو و کاولستانی غەزەشی تێپەڕاند و بینیمان چۆن کرایە هەواڵ و باسێکی گرنگ لە ڕۆژنامەی (شرق الاوسط) ی لەندەنی و میدیا عێراقیەکان.
لە هەنگاوێکی ڕچەشکێنی بوێرانەدا چەند سەد چالاکوانێکی ئازا و ڕۆشنبیر و گیان لە سەر دەست لە گەڵ چەند پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ بە نیازی ئەوەی دەنگی ناڕازیی خەڵکی کوردستان و مانگرتوانی سلێمانی بگەیەننە بەردەم چەقی دەسەڵاتی کوردی لە هەولێری پایتەخت ، هێزە چەکدارەکانی پارتی لە گوندی دێگەڵە ڕێگریان لە خۆپیشاندەران کرد وکاتێک ئەمان توانیان سنورە بەد ناوەکەی بە خوێنی براکوژی سوری دێگەڵە بشکێنن و تێیپەڕێنن ، ئیتر نۆرە هاتە سەر گازی ژەهراوی و زۆر بێبەزەییانە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنرا و بوبە هۆی برینداربونی چەند کەسێکیان. من دڵنیام خۆپیشاندەران بگەیشتنایە هەولێر زۆر ئاشتیخوازانە و مەدەنیانە ڕەخنەی سیاسیی خۆیان لە دەسەڵاتی کوردی دەگرت و بە تایبەتی تەکەزیان دەکردە سەر شکستی ئابوریی ئەو دەسەڵاتە کە چۆن بوەتە هۆی دواخستنی موچە و سستیی بازاڕ و بێکاری و کۆچی بە کۆمەڵی گەنجان و کەڵەکەبونی ناڕەوای سەرمایەی بێشومار لە دەستی کەمینەیەکی کەمی سەربە دەسەڵات و نەداری و کەمداهاتیی زۆرینەی خەڵک. لوتکەکانی دەسەڵاتی پارتی بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هەڵەیەکی گەورەیان کرد و چانسێکی ناوازەیان لە کیس خۆیاندا، ئەوان ترس و باوەڕی پارانۆیای لەدەستدانی دەسەڵات توشی هستیریای کردن. بە بۆچونی من هەم مانگرتنەکە و هەم خوپیشاندانەکەی دێگەڵە دو چالاکیی مەدەنیی سەرکەوتو بون و دەچنە ناو گەنجینەی پڕبەهای ئەو سەدان خۆپیشاندن و چالاکیە مەدەنیە ئاشتیخوازانەی لە شوباتی ٢٠١١ وە درێژەیان هەیە و نانیشنەوە تا گۆڕینی بنەڕەتی لە سیستمی حوکم لە هەرێمی کوردستاندا.
چەند هەڵوێستێکی بوێرانە ودیموکراتیانە و بڕوابەخۆبوانە دەبو ئەگەر بەلای کەمەوە یەکێ لە سێ لوتکەکەی دەسەڵاتی ناو پارتی لە بازگەی دێگەڵە بە چەپکە گوڵی ڕەنگاوڕەنگەوە پێشوازیی لە خۆپیشاندەران بکردایە و پێکەوە بڕۆشتنایە بۆ ناوجەرگەی هەولێر، ئەوسا دێگەڵە لە پەڵە خوێنەکانی شەڕی براکوژی پاک دەبۆوە و بە جۆرێکی مێژویی ڕون و پاک و ئومێدبەخش دەگەڕایەوە ناو مێژوی گەلەکەمان! بەڵام من هەر واز لە گەشبینی ناهێنم و ئەو ڕۆژە هەر دەبینین!




دیدارێک لەگەڵ هونەرمەند جەبار سابیر.. سازدانی: بانیژەی ئەدەب و کلتوور

زۆرجار تابلۆیەکی هونەریی، یان کاریکاتێرێکی هونەرمەند جەبار سابیرم بەرچاو کەوتووە. هەموو جارێکیش چاوێکم لەکارە هونەرییەکە کردووە. بەڵام لەمڕۆژانە کاریکاتێرێکی جەبار سابیر (جوایەزیی چینایەتی) لەماڵپەڕی(ئەمڕۆ) ڕای وەستاندم و بۆ ماوەیەک بەدیار کارە هونەرییەکەوە ڕامام. ئەوسا چوومە سەر لاپەڕەی هونەرمەند و گەشتێکم بەنێو کاریکاتێر و تابلۆ هونەرییەکانیدا کرد، کە بەڕاستی جیهانێکی جوان و سەراسیمە، پر لە پەیامی کۆمەڵایەتی و ئینسانیی، لێوڕێژ لە سەلیقە و جوانیی بوو. منیش پەیوەندیم پێوە کرد تا ئەم دیدارەی لەگەڵدا ساز بکەم و ئەویش بە خۆشحاڵییەوە داواکەی قەبووڵ کردم.
بانیژەی ئەدەب و کلتوور : سەرەتا زۆر سوپاست دەکەم بۆ قەبووڵ کردنی ئەم دیدارە. با لەو گۆشەنیگایەی جۆرج بلیخانۆفەوە کە دەڵێت( هونەر ئاوێنەی ژیانی کۆمەڵایەتییە) دەست پێبکەم و بپرسم کە ئایا هونەری کاریکاتێر پێویستە لەکوێی ژیان و کۆمەڵگەوە بێت؟ واتا پەویەندی نێوان ژیانی کۆمەڵایەتی و هونەری کاریکاتێر چۆن دەبینن؟

جەبار سابیر:سەرەتا دەست خۆشیتان لێ دەکەم بۆ ئەم دیدارە کە دەربارەی هونەری کاریکاتێرە. کاریکاتێر کە بەشێکی گرنگی ڕۆژنامەوانییە و لە هەمان کاتدا بەشێکی گرنگی هونەری شێوەکارییە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەرخوێنەر و بینەری وێنە کاریکاتێرییەکان کە لە شێوەی دەڕبڕینیان وێنا کردنیان سەرنجڕاکێشن و بە بێ دەنگی هاوار دەکات و کۆمەڵگە بەئاگا دێنێت لەو دیاردە شاراوانەی کە کەسانی تر لێیان ونە کە ڕاستەو خۆ پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەو هەمیشەیی کۆمەڵگەوە هەیە وە کاریکاتێرست وا بەرجەستەی دەکات بە جۆرێک لە گۆشەنیگایەکی سەرنجڕاکێش وێنەیان دەکێشێ کاریگەری لەسەر بینەر دروست دەکات .

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : بەبۆچوونی ئێوە کاریکاتێریستی داهێنەر و سەرکەوتوو بەچی دەناسرێتەوە و تایبەتمەندییەکانی کاریکاتێریستی داهێنەر چین؟
جەبار سابیر: هونەرمەندی کاریکاتێرستی بە توانا و داهێنەر و سەرکەوتوو دەبێت کەسێکی زۆر بە ئاگاو هۆشیار و بوێر بێت لە بەرامبەر دیاردە ناڕێکەکانی کۆمەڵگە بەگشتی، وە بتوانێت بە ئازادی هێڵە گەرمەکانی کاریکاتێرەکە وێنا بکات و بیانکێشێ وە هەروەها لەگەڵ ئێش و ئازاری گۆمەڵگە بژێت بابەتە گەرماوگەرمەکان بوروژێنێ بۆ ئەوەی بەدووا داچوون و چارەسەریان بۆ دەستەبەر بکرێ.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : تەکنەلۆژیا و جیهانی دیجیتاڵ چ کاریگەرییەکیان لەسەر هونەری کاریکاتێر داناوە؟ ئایا دنیای دیجیتاڵ ئەم هونەرەی لە ڕۆژنامەکان سەندووەتەوە؟
جەبار سابیر: تەکنەلۆژیا و جیهانی دیجیتاڵی سوودێکی زۆری هەیە بۆ کاریکاتێرست لەڕووی وێنەکێشان و بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرەکان و بەجیهانی کردنیان بە ئاسانی و زووتر بڵاوکردنەوەیان بۆ بەرچاوی هەموو جیهان لە ڕێی ماڵپەڕو تۆڕەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، وە بە ئاسانی توانیویەتی ببێتە پردی پەیوەندی نێوان دام و دەزگا ڕاگەیاندن و میدیا و ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی جیهان و ناو خۆ وە توانیویەتی پەیوەندی گرنگ لە نێوان هونەرمەندان و ناوەندەکانی هونەری درووست بکات و سوود لە هەموو نوێکاری و داهێنانێکی نوێ وەربگیرێ. هەروەها هونەرمەند ئاگاداری هەموو پێشبڕکێ و پێشانگا جیهانییەکان بێت و بتوانێت بەشدارییان بکات. هەروەها لایەنی نەرێنی هەیە لە کاتێک بە نادرووستی بەکار بهێنرێت. بەڵام تەکنەلۆژیاو جیهانی دیجیتاڵی کاریگەری لەسەر تەواوی ڕۆژنامەگەری(چاپ کراو)هەیە نەک کاریکاتێر بەتەنیا، جیهانی دیجیتاڵ ئەو هونەرەی لە ڕؤژنامەکان نەسەندۆتەوە، تا ئێستاش زۆربەی زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارە جیهانییەکان گۆشەی کاریکاتێریان هەیە و گرنگییەکی زۆری پێ دەدەن و یا گۆڤاری تایبەت بەکاریکاتێریان هەیە ، بەڵام بەداخەوە ڕۆژنامەکان و گۆڤارەکانی کوردستان زۆر گرنگی نادەن بە کاریکاتێر کە بەشێکی گرنگی ڕٶژنامەیە کە خوێنەر لەدوایی ماندووبوونی خوێندنەوە لە گۆشەی کاریکاتێر بتوانێت پشوویەک بدات .
بانیژەی ئەدەب و کلتوور : هونەر وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ناکەوێتە دەرەوەی ململانێی چینایەتییەوە. بەبۆچوونی ئێوە هونەر لەنێو ململانێی چینایەتی چۆن دەتوانێت گرەوی شۆڕشگێڕبوون بباتەوە؟
جەبار سابیر: هونەر بە هەموو جۆرەکانییەوە بەشێکی گرنگی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەیە و ڕەنگدانەوەی کلتوور و خۆشی و ناخۆشییەکانی تاک و کۆمەڵگە بەرجەستە دەکات و لە شێوەی دراما یان شانۆگەری یان دەڕبڕینی بە مۆسیقاو گۆرانی و هەڵپەڕکێ و لاواندنەوە وەیان لەشێوەی تابلۆیەک یان کاریکاتێرێک یا هەر بواراێکی تری هونەر. حەتمەن کاریگەرییەکانی چینایەتی لە کۆمەڵگە زۆر بە زەقی ڕەنگی داوەتەوە لە هونەری بەرەنگاری و جیاکاری و شۆڕشگێڕی وە توانیوەیەتی کێبڕكێ بکات بۆ بەدەست هێنانی گرەوی ململانێی چینایەتی و ستەمی جیهانی سەرمایەداری و زولم و زۆرداری ، وە بەردەوام کار لەسەر هۆشداری و بە ئاگایی کۆمەڵگە دەکات و بێ لایەن نییە لە کێشەو گرفەکانی کۆمەڵگە.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : چ خوێندنەوەیەکتان بۆ گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم هونەری کاریکاتێر هەیە و چۆن دەتوانرێت چارەسەر بکرێن؟
جەبار سابیر: گرفتی هەرە گەورەی بەردەم هونەری کاریکاتێر لە چەند خاڵێک خۆی دەبینێتەوە:

  • نەبوونی پانتایەکی ئازادی ڕەها کە هونەرمەند بتوانێت تەواوی کێشەو گرفتەکانی ناو کۆمەڵگە بڕوژێنێ .
  • نەبوونی ( پیشەی ) کاریکاتێرستی ،بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەک بۆ دابین کردنی ژیانی ڕؤژانەی هونەرمەند تابتوانێت درێژە بەو هونەرە بدات و داهێنانی تێدا بکات .
  • گرنگی نەدانی ڕۆژنامەو گۆڤارەکان و میدیا بەو بەشە گرنگەی ڕۆژنامەگەری و هونەر .
  • نەبوونی بەشێکی خوێندن لە کۆلێج و پەیمانگا هونەرییەکان بۆ بە ئەکادیمی کردنی ئەم هونەرە .
  • نەبوونی یارمەتی بۆ کردنەوەی پێشانگا و بە چاپ گەیاندنی بەرهەمەکانی هونەرمەند .
    بۆ چارەسەری ئەم کێشەو گرفتانە، پێویستە ئەو هونەرە گرنگی زیاتری پێ بدرێ و ئاشنا بکرێ بە کۆمەڵگە لە ڕێی گۆڤار و ڕؤژنامەکان و میدیا و سۆشیال میدیا وەگرنگییەکی زۆری پێ بدرێ لە لایەن دەسەڵاتەوە وە دەست خۆشی لە هونەرمەند بکرێ بۆ ووروژاندنی بابەتە نەرێنییەکانی دام و دەزگاکان و دیاردە ناڕێکەکانی کۆمەڵگە وە هەروەها بە ئەکادیمی کردنی ئەو هونەرە لە کۆلێج و پەیمانگاکان، بکرێتە پیشەیەک بۆ ئەوەی هونەرمەند بتوانێت داهاتی هەبێت و تایبەتمەند پێت بەو هونەرە گەشەی پێبدات.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : زۆر سوپاس و دەستەکانت خۆش بن. من پرسیاری ترم نییە و ئەگەر خۆت حەز بکەیت شتێک بڵێیت، فەرموو.
جەبار سابیر: زۆر سوپاس بۆ ئەم دیدارە ، گرنگیدانتان بە هونەری کاریکاتێر دەبێتە هاندەرێک و پاڵپشتێک بۆ هونەرمەند لەوەی کە درێژە بە کارەکانی بدات و هەوڵی بەرەو پێشچوونیان بدات.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : جارێکی تر سوپاس بۆ بەڕێزتان و هیوادارم هەر لەدا‌هێنان بەردەوام بن.
جەبار سابیر: سوپاس و دەست خۆشیتان لێ دەکەم بۆ ئەم دیدارە ، هەر سەرکەوتوو بن.

https://www.facebook.com/jabar64.saber/ ماڵپەڕی جەبار سابیر لە فەیس بووک




شاری چۆڵ.. نەوزاد بەندی

لە سلێمانی ، ئەچیتە هاوینە هەواری دوکان وسیتەک و قەڵاچوالان و کانی سارد و مێرگە پان و قەرەداغ و ڕێی هاوینە هەواری دوکان و هەزار مێرد و گەلێ شوێنی تر ، بە نرخی ملیارەها دۆلار ڤێلا و باخی چۆڵ و بێدەنگ ئەبینی .. هەروەها لە شەقڵاوە و پیرمام و ڕێگای هاوینەهەوارەکانی تر ، ملیارەها دۆلار ڤێلا و باخی چۆڵ و خەمگین ئەبینی .
لە بەرامبەردا سەدان هەزار هاووڵاتیی بێ ماڵ و بێ پاره و بێ کار .. لە بەرامبەردا دەیان هەزار گەنجی هەڵگری بڕوانامەی بەرز ، کە دانەمەزراون و ..وەک سزادراو بێ کار و بێ پارە و بێ ماڵ و خێزان ، ئەسوڕێنەوە و ژیانیان لە بازنەیەکی داخراوی تاریک و نوتەک و،بێ هیوادا بەسەر ئەچێت ..تاوانیان ئەوەیە کە درەنگ لە دایک بوون و فریای دابەشکردنی زەوی و ئاسمانی کوردستان نەکەوتوون و ..مایه پوچ ماونەتەوە ..ئەرێ بەڕاست پێویست ناکات چاوێ بە مرۆڤبوون و ..بە ئایینداریی خۆماندا بخشێنینەوە ؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە خۆپەرستیی و بۆخۆژیانیی خۆمان بخەینە ژێر پرسیارەوە و ..پەنجەیەکی هەڕەشە لە ڕووی خۆماندا ڕاوەشێنین و .. کانیاو و کارێزە ووشکهەڵاتووەکانی فرمێسک و سۆز و عاتیفەی خۆمان هەڵگێڕینەوە و بۆ چەند دڵۆپە فرمێسکێک بگەڕێین ؟ ئایا وەختی ئەوە نییە مەردایەتیی و غیرەت و کەسایەتیی خۆمان پەلکێشی دادگای ویژدان بکەین و ..بە چەندەها سزای قورس خۆمان سزا بدەین ؟؟
من ناڵێم ئازادی تاکە کەس زنجیر و کۆت و بەند بکرێ ، بەڵام ئەگەر ئەو هەموو ملیار دۆلارەی کە بە بێ سوود لەو دەشت و دەرە فڕێ دراون و ..وەک خانووی تارمایی و ترسناک بەجێهێڵراون ، ئەگەر ئەو پارە زۆرەمان بکردایە بە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی هەرزان و ..بەسەر کرێچی و گەنجە خێرلەخۆنەدیوەکاندا دابەشمان بکردنایە لە بەرامبەر کرێیەکی کەمدا ، باشتر نەبوو ؟
ئایا ئەگەر ئەو هەموو پارە و ماڵ و سامانە بە هەدەر دراوانەمان ، بکردایە بە کارگە و فرۆشگا و کارخانەی بچووک و پڕۆژەی وەبەرهێنان و ..سەدان هەزار لاوی هەناسەساردی میللەتەکەمان بخستایەتە کار و .. داهاتوویەکی جوانمان بۆ دروست بکردنایە ، جوانتر و بەسوودتر نەدەبوو ؟ هەم بۆ خۆمان و هەم بۆ ئەوان و هەم بۆ ئارامیی و تەواوکاریی نەتەوایەتیی و پێشکەوتن ؟
ووڵاتێکی وەک چین ، بەو پارانەی ئێمە کردوومانن بە ڤێلا و باخی چۆڵ و ترسناک ، سەدان و هەزاران کارخانە بنیات نراون و .. هەموو جیهانیان پڕ کردووە لە بەرهەم و هەزاران ئەوەندەی ئەو پارانەیان قازانج کردووە ..
شایانی باسە هەڵتۆقینی ئەم ڤێلا و باخ و کۆشکە چۆڵ و ترسناکانە ، یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی جیهانی سەرمایەداریی ، کە جێگای ئێرەیی و ڕق و تووڕەیی هەژارەکانە و.. کۆت و پێوەنێکی قورسیشە لە گەردنی دەوڵەمەندەکاندا کە نازانن چی لەو هەموو دەسکەوتە بێ سوود و بێ خێر و بێ داهاتانە بکەن .. ساڵان دێن و ساڵان ئەڕۆن ، ڤێلا و باخە چۆڵ و بەجێهێڵراوەکان قەوزە و شێ و تەپ و تۆز دایانئەپۆشێ و ڕەنگەکانیان کاڵ ئەبنەوە و مۆدێلەکانیان بەسەر ئەچن و ئەپڕۆتکێن .. درز ئەبەن و ..گەچەکانیان ئەکەوێتە خوارێ ..وەک بڵێی ماڵ وسامانێکن لە دەرەوەی پێویستی خۆیان و لە ڕێی هیچدا دروستکراون و جێهێڵراون
شایانی باسە دەوڵەمەندێک ئەناسم ، ئەیووت من جل و پێویستییە زیادەکانم ئەدڕێنم و ئەشکێنم و ئەسوتێنم بۆ ئەوەی هیچ کەسێک سوودیان لێ نەبینێت ..ئەمە ئەو هەستە ترسناکەی جیهانی سەرمایەدارییە کە وا ئەزانێت پارە و داهاتێک قۆرخی کردووە ، هی هەوڵ و ماندوو بوونی خۆیەتی و ئامادە نییە بیبەخشێت بە خەڵکێکی تر کە ئەو هەوڵ و ماندووبوونەوەی پێوە نەکێشاوە .. هەر لەم چەند ڕۆژەی ڕابوردوودا کە دۆناڵد تڕەمپ یارمەتییەکانی لە ووڵاتە هەژارەکان بڕی ، بڕیاری دا سەدان ملیۆن تەن خواردەمەنی لەناو ببات ، لە کاتێکدا ملیۆنەها مرۆڤ له ئەفەریقیا و ئەمەریکای لاتین و هیند و یەمەن بە دەست برسێتییەوە ئەناڵێنن و ..ڕێژەیەکی دیار له مناڵان له برساندا ئەمرن ..
ووڵاتێکی سەرمایەداری وەک فەڕەنسا کە خۆی بە خاوەنی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ ئەزانێ ، سەدان ڤێلا و کۆشکی چۆڵ لە پاریس و ستراسبۆرگ و شارە گەورەکانی تردا بە چۆڵکراویی بەجێهێڵراون ، لە کاتێکدا لەو ووڵاتەدا کێشەیەکی گەورەی نیشتەجێبوون هەیه ، کار گەیشتۆتە ئەوەی ساڵانە چەندین حاڵەتی چوونە ناو ئەو ڤێلا چۆڵانە هەیه ، خەڵکێک لە بێ دڵدەییدا دزە ئەکەنە ئەو کۆشکە چۆڵانەوە ، بۆ ئەوەی هەتا پۆلیس پێیان ئەزانێ و دەریانئەپەڕێنێ و ڕوو بە ڕووی یاسایان ئەکاتەوە ،چەند ڕۆژ و هەفتە و مانگێک ،وەک مرۆڤ بژین ..!
بە داخەوە ..
لە هەمان کاتدا لە جێی خۆیایەتی ئەگەر باسی هەندێ کەسایەتیی مرۆڤ و لە خۆبوردوو و خۆنەویستی وەک خوالێخۆشبوو عەلی کەمال و کەریمی عەلەکە له سلێمانی بکەین ، کە لەگەڵ ئەوەی دەوڵەمەند بوون ، هەرگیز خۆیان بە خاوەنی ئەو ماڵ و موڵکە نەزانیوە و .. هەمیشە خەریکی بە دەمەوەچوونی هەژارانەوە بوون و بە هەموو جۆرێک خزمەتیان کردوون .. کار گەیشتە ئەوەی عەلی کەمال ، بێجگە لە یارمەتیی دارایی هەژاران و دروستکردنی چەندەها بنکەی تەندروستی و مزگەوت له سلێمانی و شارەکانی تری عێراقدا ، چەندین گەڕەک خانووی لەسەر کرێنشینەکانی تاپۆ کرد .. چەند جێی شانازییە ، ئێستا دڵنیام هەمووتان بەم ووشانەی کۆتایی ووتارەکە ، شنەبایەکی شانازیی و ئارامیی بە دڵ و دەروونتاندا دێت .. لەناخەوە هیوادار بوون ئێوەیش وەک ئەو بوونایه .. نووسەری گەورەی ڕوس و جیهان لیڤ تۆڵستۆیتان بیر کەوتەوە کە هەموو زەوی ماڵەکانی بەسەر جوتیارەکانیدا دابەش کرد و خۆیشی کۆشکەکانی بەجێهێشت و وەک جوتیارێک چووە ناو کێڵگەکانەوە و دەستیکرد به جوتیاریی و کارکردن ..
شایانی باسه ، هەرچەندە پەیوەندیی بە بابەتەکەمانەوە نییە ، کاتێ تۆڵستۆی بڕیاری دا کۆشک بەجێبهێڵێت و بڕواتە ناو جوتیارانەوە و وەک ئەوان بژی و بمرێ ، لەو هەزاران کتێبەی کتێبخانەکەی تەنها یەک کتێبی لەگەڵ خۆی برد ، کتێبی برایانی کارامازۆفی تیۆدۆر دەیستۆیڤسکی .. ووتی : لەو تەمەنەی ماومە ، وەک کتێب تەنها برایانی کارامازۆفم بەسه ..




بێهودەییەکی قەشەنگ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

هەر زۆر زیاتر
لەوەی خواوەندەکان خوازیاری بون
من فرمێسکم وەراند
ئارسەر ڕامبۆ ( وەرزێک لە دۆزەخا)

بێهودەییەکی قەشەنگ

دەشێ ئەمڕۆش
شنەبایەک تۆ بهێنێ
دەشێ مەی لێوی
گوڵە هەڵالە کێویە دورەکان
لە نیگای ئەو، ڕۆح بەرێ
تا ئەو پەڕی لوتکەی
ئازادی ڕەهابوون
دەشێ حیکمەتی ژیان وەرگرم
لە کاسێ ژەهری شیرینی خۆکوشتن
هیچ شتێک هەڵە نیە
لە سەحەرێکی مۆری نغرۆی شیعرا
ژێر بارانی بێهودەییەکی قەشەنگ
کە تۆ دەڕۆیت بێ ماڵئاوا
کە تۆ خەندەکان ئەکەیتە
پەپولەی بریقاوی دوێنێ تێپەڕیوەکان
من پەرتئەبمەوە
گەرچی درۆزنن ئەو گوڵە ئاویانەی
لە لاوێتیا
پەیمانی پیرۆزی ئەڤینێکی ئەبەدیان دا
هەموو ئەو شتانەم بیرە
شوێنە قورمزیە نهێنیەکانی ئەوسا
یان گۆشەیەکی غەمگینی مەیخانەیەک
پر لە ئەڤینی ئاوارەکانی دنیا
ئەی ئەهریمەنی گەردونێ
لە ئەفسوون
ئافرەتە خواوەندیەکان
چیان لێهات
کوان هاوڕێ بوهەیمیەکان
بە چرایەکەوە
بە پلیکانی ئەستێرە بزێوە درەوشاوەکان هەڵکشان
بەرەو قەڵای عیشقێکی قەشەنگی کوژەر
بەڵام ئە فسووس
بازێکی ئاڵتونی وێڵ و دێوانەیە دڵ
بۆیە دەشتایی سپی تەنیاییم هەڵبژارد
لە ژێر نمەدا نوسیمنەوە
مێژووی ئەو کازیوانەی تێر بۆ جوانیەکەی گریام
ئای ژین! چی مەیخانەیەکی سەمەرەیت
هەراجی هەستی عاشقانەو
لەسەرووی هەر بەردەڵانێکی بوون
کەس ناگاتە کەسی تر
کەس نابێتە فریادڕەس
لە گەلە گورگی بەردی ڕەشی مەرگ
لە نەمانی پەرستگەی بێگەردی خۆر
دورخەیەکم کردە
دوا مەنزڵگەی دڵ
قومێک لە سیحری شەوێکی
بەدنەفرەتی قەشەنگم پێویستە
تا لەگەڵ سازی ئەفیوونی
ئەم ئێوارە پاکیزەیەدا یەکانگیر بم
تا هێزم تیا بێ ئەدرەوشێمەوە
ئەو ساتە پوچانەشم بەدڵە
کە بە پەنجە ووشکبوەکانم
جامی شەرابی بێهودەیی بنۆشم
پڕ بە بۆگوڵاوی گوڵە خەشخاش و
لەیلەکی مۆری شەیتانی
ئەو کە لە دارستانی باران نەما
چەند جار پێتم ووت
تکامە مەڕۆ، مەڕۆ
کاتێ من هێندەی زەریا مەستبووم
بۆ دەرکەوتەی ڕەنگاڵە هەورێ لە ئەڤینێکت
تازە سەرنج دان لە پۆلە مراویە
ڕەشەکانی تیپەربووی عیشقت چی سودی هەیە
کە چیتر نابینی پروشە ئاگری وەنەوشە شێتانەکانی
ژێر نەسیمێکی بەیانی
هەر ئەسوتێم
و ڕەوشەنبوونمە
لە ژێر بێدەنگیەکی هێمنی
ئەم دەروازە کراوەیە
بەرەو نووری سەرخۆشی
عەدەمێکی بیرچونەوەی خۆش و قەشەنگ




دوای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان.. موئەیەد ئەحمەد

ڕۆژی (٢١)ی کانونی دووهەمی (٢٠٢٥)، بلۆکە بۆرژوا تائیفی و ناسیۆنالیستەکانی پەرلەمانی عێراق ساتوسەودایەکیان کرد لە نێوان خۆیاندا، و پیکهاتن لەسەر ئەنجامدانی کردەوەیەکی ئاشکرا دوژمنکارانە بەرامبەر ژنان و منداڵانی عێراق و کۆمەڵگە بەگشتی، ئەویش بە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی (١٨٨).
ئەم هەموارکردنەوەیە، بە شیوازی پەرلەمانە دیکتاتۆر و فاشیستەکان، و بە دەنگدان لەسەر سەبەتە یاسایەک، پەسەندکرا. ئەم سەبەتەیە جگە لە پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، دوو یاسای دیکەی لەخۆگرتبوو، کە یاسای لێبوردنی گشتی بۆ زیندانییەکان و یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار و مڵک وماڵ بوو بۆ خاوەنەکانیان. یاسای یەکەم لەم دوو یاسایە خزمەت بە بەرژەوەندییە سیاسییە پەرلەمانییەکانی بلۆکی ناسیۆنالیستی عەرەبی و تائیفی سوننی دەکات، دووەمیان خزمەت بە بەرژەوەندییە سیاسییە پەرلەمانییەکانی بلۆکی ناسیۆنالیستی کورد دەکات.
ڕێککەوتنی ئەم دوو بلۆکە لەگەڵ بلۆکی ئیسلامی سیاسی شیعەدا لە کاتێکدا ئەم بلۆکە مەرجی تێپەراندنی ئەو دوو یاسایەی گرێدابووەوە بە پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێـتیـیەوە، بۆخۆی شیوەکاری بەعسیانە و تائیفەگەریانە، و هەروەها ناسیۆنالیست شۆڤێنیستانە بوو لەدژی ژنان و منداڵانی عێراق بەگشتی، و بەتایبەت لە دژی ژنان و منداڵانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کە نەریت و هەژمۆنی تائیفەگەری شیعە زاڵە بەسەریاندا.

پاش تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاساکە
لەگەڵ تێپەراندنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی (١٨٨)، ماف و ئازادییەکانی ژنان گورزێکی گەورەی بەرکەوت کە کاریگەریی نەرێنی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری وێرانکەری لەسەر ژیان و چالاکییەکانیان، و لەسەر بارودۆخی بوون و خەباتی کۆمەڵایەتییان بەجێ دەهێڵێت. جگە لەوەش منداڵانی کچ لە عێراق کەوتنە بەر هێرشێکی دڕندانە کە ماف و بەختەوەریان و هی نەوەکانی داهاتووشیان لێ زەوت دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە فۆرمی هەندێک لە گرنگترین بابەت و پرسی سیاسی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و پرۆسەی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە عێراقدا.
لە کۆمێنتێکی کورتدا، کە لە (٢٤ی ١ی ٢٠٢٥) لە پەیجی خۆم لە فەیسبووک بڵاومکردەوە، جەختم لەسەر ئەمانە کردەوە:
“لەگەڵ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە عێراق، پێموایە فۆرمی هەندێک پرس و کێشەکانی پڕۆسەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و خەباتی شۆڕشگێڕانە بە گشتی لە عێراقدا گۆڕاوە.
لێرەدا تەنیا ئاماژە بە دوو شت دەکەم: یەکەم: ئەم ڕێککەوتنە پەرلەمانییە لە جۆری داعش و فاشیستی بەعسی و شۆڤێنی نەتەوەییە و لە ویژدانی پرۆلیتاریا و ژنان و ڕزگاریخوازانی عێراقدا وەک خۆی چۆنە ئاوەها، واتە وەک کارێکی دوژمنکارانەی ئاشکرا بەرامبەریان دەمێنێتەوە، بەڵام له هەمانکاتدا ئەم کردەوه دوژمنکارانەیە نیعمەتی خۆشاردنەوەی پشتی لافوگزافی پەرلەمانی بەبادا و بە دەستی خۆیان فەرشیان لەژێر پێی خۆیان و پێی ئەو بەرگریکاره ڕیفۆرمخوازانە دەرهێنا که هەردەم خەریکی سازشکارین لەگەڵ دەسەڵات، و بە یەکجار هەموو ئەو خۆشباوەڕیـیەی بە پەرلەمان و سەروساختەکەی ڕیسوا کرد.
دووەم: لەگەڵ دەرچوونی یاساکە، پرسی ڕزگاری ژنان لە عێراق و خەباتی شۆڕشگێڕانە لەم بوارەدا چوونە قۆناغێکی ئاڵۆزتر و سەختترەوە، بەڵام قۆناغێکی بەرزتر لە ڕوانگەی مێژوویـیەوە، بەو پێـیەی کە تێز و سیاسەت و سنوورە ئاشناکانی دوو دەیەی ڕابردووی بەشێوەیەکی دیالێکتیکی تێپەڕاند، بەو ئاکامەشیەوە کە پێداگریـیە لە سەر پێویستی پێشڕەوی لەبواری ڕەگوڕیشەداکوتانی کۆمەڵایەتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان لە سەرجەم عێراقدا”(١).
هەر واشە، بە تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنەوەیە، ئەو هیوایەی کە هەڵچنرابوو لەسەر پەرلەمانتاریزم و خۆشباوەڕییەکان دەربارەی، لەناو جەماوەردا گورزێکی گەورەی لێدرا، و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان ئەگەرچی لە هەلومەرجێکی قورستر و سەختتردا بێت، بەڵام هەنگاوی نایە ناو قۆناغێکی دیکە و باڵاتر لە خەباتی خۆی لە بواری ڕزگاریی ژناندا، کە پڕە لە ناکۆکی و سەختی. بەم پێیە، باڵەخانەکانی ئەو خۆشباوەڕیـیانە داڕمان کە خەباتی ژنانیان تەنیا لە چوارچێوەی چاکسازیی وردە وردەدا سنووردار دەکرد، و ئەم خەباتەیان قەتیس دەکرد لە بازنەی پشتبەستنی تاکلایەنە بە کاری گروپە فشارەکان لەسەر پەرلەمانێکی تائیفی و قەومی کە ئامادەیە تاوانی گەورە ئەنجامبدا دژی ژنان و منداڵان لەو جۆرەی کە پیادەیانکرد لە تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیدا.
ئەوەی ڕوویدا ئەوەیە کە یاسایەک دەرچوو بۆ بەرینکردنەوە و پتەوترکردنی پانتایی ئەو کۆیلایەتیـیەی کە ژنان و منداڵان تێیدا دەژین لە عێراقدا لە ئێستادا و بەیاساییکردنی سەپاندنی پاشەکشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و موڕاڵی و سەختییەکی یەکجار زۆرە بەسەریاندا، کە لە مێژووی تازەی عێراقدا وێنەی نیـیە. ئەوانەی کارەساتی ئەم هەموارکردنەوەیەیان بەسەردادەشکیتەوە ژنان و منداڵانن، و بە پلەی یەکەم ژنان و منداڵانی ئەو ناوچانەی کە مەزهەبی تایفەگەری شیعە زاڵە تیایاندا، وە ژنان و منداڵانی ناو چینی کرێکار و تۆێژە کۆمەڵایەتییە هەژارەکان، و ئەمەش لێکەوتەی جۆراوجۆری لەسەر ڕەوەندی خەباتی چینایەتی و سیاسی دەبێت لە کۆمەڵگادا.
لە وتارێکی پێشوودا ئاماژەم داوە بە گرنگی ستراتیژی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری کەسێتی (١٨٨) بۆ ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی شیعەی دەسەڵاتدار لە عێراق و پەیوەندیی ئەم کارە بە ترسیان لە شۆڕشی پڕۆلیتاریای داهاتوو لە وڵاتدا. ناونیشانی وتارەکە بەم شێوەیەیە “هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێەتی (١٨٨) بۆچی؟ ئیسلامی سیاسی و ترس لە شۆڕشی پرۆلیتاری”.
ئەڵبەتە لەگەڵ پـێـنانە نێو قۆناغی دوای هەموارکردنەوەکە، ئەو حزبانەی کە ڕێبازێکی چاکسازیخوازانەی بۆرژوازییان هەیە، و حیزب و ڕێکخراو و نەریتە سیاسییە ڕادیکاڵە غەیرە کرێکاریەکان، کە بۆ خۆیان دابڕاون لە جەماوەری ستەملێکراوی ژنان، هەروەها بزووتنەوە و گروپ و چالاکییە بەرگریکاری و ڕیفۆرمخوازیـیەکانی ژنان، و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە هەندێکیان خزمەتگوزاریی گرنگ پێشکەش دەکەن بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە کوشتن و توندوتیژی، واتە تەواوی ئەو چالاکییەی کە لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە عێراق لە بواری بەرگریکردن لەم یان ئەو لایەنی مافەکانی ژنان ڕوویداوە، و خەباتیان کردووە دژی جیاکاری و توندوتیژی بەرامبەر ژنان، لەم سەردەمە نوێیەشدا بەردەوام دەبن.
بەڵام درێژەدان بەم چالاکییانە بە هەمان شێوازی کۆن، واتە شێوازی پێش دەرکردنی هەموارکردنەوەی یاساکە، سوودێکی ئەوتۆی نابێت، و ئەمەش وا دەکات ئەم هەوڵانە کاریگەرییەکی لاوەکیان هەبیت لەسەر واقیعی سەختی نوێی ژنان وە خەباتیان، واتە لەسەر واقیعێکی پڕ لە هەڵاواردن و چەوساندنەوە و پەراوێزخستن بەرامبەریان. هەروەها شیوازی کۆن ناگونجێت نە لەگەڵ توندوتیژتربوونەوەی ناکۆکیـیە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیـیەکان کە وڵاتەکە لەم قۆناغەدا پێیدا تێدەپەرێ، وە نە لەگەڵ پێویستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئامانجی سەرەکی ئیسلامییەکان لە هەموارکردنەوەی یاساکە وەک سیاسەتێکی دژە شۆڕش کە بە پلەی یەکەم ژنانی پرۆلیتاری و دابرانی ڕیزەکانیان لە ڕیزەکانی جەماوەری کرێکار لە سەرتاسەری عێراقی کردۆتە ئامانج. ئەمەش بەکورتی بەو مانایەیە کە شیوازی کۆن ڕێک نایەتەوە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییەدا کە لە تایبەتمەندییەکانی هەندێک لایەنی خەباتی سیاسی چینایەتی و خەباتی ژناندا ڕوودەدەن.
ئەمه، و ڕەچاونەکردنی ئەو گۆڕانکاریانه و دانەنانی له کارنامه و ستراتیژ و سیاسەتی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژناندا، لێکەوتەی نەرێنی زۆری بۆ ئەو بزوتنەوانە دەبێت.
کارکردن بۆ ڕەگوڕیشەداکوتانی کۆمەڵایەتیی سیاسەتی ڕزگاریخوازانەی ژنان، و هەوڵدانی بەردەوام بۆ پێشخستنی بەرگری و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی ژنان لە ئاستی کۆمەڵگەدا و لەنیو ژنانی پرۆلیتاریدا، و کاری بەردەوام بۆ پڕ چەککردنی جەماوەری ژنان، بە تایبەت کچی گەنجی ناو چینی کرێکار و هەژاران، بە تێڕوانین و تیۆرێکی سیاسی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ و ڕزگاریخوازانە و یەکسانیخوازانەی ژنان، ئەمەیە کە ڕێگا لە لەدەستدانی وزە شۆڕشگێڕییەکان دەگرێت. هەر ئەمەشە کە دەرگاکان بەڕووی ڕەگوڕیشە داکوتانی کۆمەڵایەتی بزووتنەوەی ژنان دەکاتەوە، و گۆڕینی پرسی ڕزگابوونی ژنان بۆ بابەتێکی کۆمەڵایەتی بەپەلەی ناو هەر خێزانێک، و گەیاندنی بە ژنان لە هەموو گەڕەک و شار و کوچەیەکدا، دەکاتە واقیع لە قۆناغی داهاتوودا.

گۆڕینی ئەولەویەتەکان مەسەلەیەکی سیاسی چینایەتیە پێش ئەوەی گۆڕانکاری بێت
لە شێوازی کارکردندا

گرتنەبەری ئەم ڕێبازە بۆ ڕەگوڕیشەداکۆتانی کۆمەڵایەتی خەباتی ژنان، و پێشخستنی ئەو تیۆرییەی کە ڕێنوێنی خەباتی ژنان دەکات، تەنیا مەسەلەیەکی پراکتیکی و میکانیزمی و شێوازی کارکردن نییە، بەڵکو لە سەرووی هەموویەوە مەسەلەیەکی سیاسی و میتۆدۆلۆژی و تیۆریـیە و هەر بەم پێیەش چینایەتیـیە. لە جیهانی خەباتی چینایەتی و ململانێی سیاسی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکاندا، هیچ مەسەلەیەک ئەو تایبەتمەندییەی نییە کە بەئاسانی بگۆڕدرێت وەک دەڵێن “سیاسەت سەرسەختە”.
مشتومڕ (جدل) دەربارەی گۆڕینی بزووتنەوەی ژنان بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە هێزی سەرەکی بزوێنەری ئەم بزوتنەوەیە جەماوەری ژنانی پرۆلیتاریا بێت، مەسەلەیەکی سیاسی و فیکرییە، و پەیوەندی بە گرتنەبەری هێڵی مارکسیستی ڕزگاریخوازانەی ژنانەوە هەیە، و پەیوەندی بە کێشانی هێڵی جیاکەرەوە هەیە لەگەڵ ئاراستەکانی ڕەوتە بورژوا لیبراڵەکان و شێوازە فێمینیستـیـیە نوخبەگەراییەکانی ئەو ڕەوتە و ئاراستەکانی بزووتنەوە ئیسلامی و ناسیۆنالیستییە بۆرژوازییەکان کە نوقمی کۆنەپەرستین، و هەروەها پەیوەندی بەخۆجیاکردنەوەوە هەیە لەگەڵ شێوازی کاری سیاسی ڕادیکاڵ و ناپرۆلیتاریانەی زۆربەی حزب و ڕێکخراوە چەپەکان.
ئەوە ڕوونە کە بزووتنەوە ئیسلامییەکان خەریکی ڕەگوڕیشەداکوتانی هەرچی زیاتری کۆیلەکردنی ژنان و چەسپاندنی هەژموونی پیاوسالاری ئیسلامی و ناسیۆنالیستین لە کۆمەڵگادا، و بە شێوازی جۆراوجۆر کار بۆ فراوانکردنی مەودای ئەم هەژمۆنی و بەکۆیلەکردنە دەکەن. ئەڵبەتە ئەمەش لە ڕیگەی خنکاندنی ماف و ئازادییەکانی ژنان و منداڵان، و سەرکوتکردنی هەر تەشەنەکردنیکی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان لە ئاستێکی کۆمەڵایەتی بەریندا، و لەباربردنی لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، ئەمە جگە لە گۆڕینی پرسی ژنان بۆ پاشکۆیەک بۆ ستراتیژە سیاسییەکانیان، و خنکاندنی هەر سەربەخۆیـیـیەکی چینایەتی سیاسی و پرۆلیتاری لە خەباتی ڕزگاریخوازی ژناندا.
بەرتەسکردنەوەی (حصر) چالاکیی ڕزگاریخوازانەی ژنان لەنێو بەشی سەرەوەی کۆمەڵگەدا، واتە لەناو بازنەی ئەو ڕەوەندە سیاسییەی کە سیاسەتی بۆرژوازیانەی سپێکتریمی (أطياف) جۆراوجۆری نیولیبراڵ، ئیسلامی، ناسیۆنالیستی و ئەوانی تر زاڵە تیایدا، کە ئەمەش زۆرجار جێگەی کەمێ چالاکیی چاکسازیخوازانەی ڕەوت و حزب و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان و گروپە فشارەکانی تێدا دەبێتەوە، ژنان و منداڵان لە قووڵایی کۆمەڵگا و لەسەر ئاستێکی کۆمەڵایەتی فراوان بەجێدەهێڵێ تا وەک نێچیرێک لە ژێر چەپۆکی ئیسلامیـیەکان و ناسیۆنالیستەکان و سەرکوتگەری و درندەییاندا بمێننەوە، و دیلی دەستی چەمک و بیرۆکە و نەریتە کۆنەپەرستانە و پیاوسالارەکان بن.
بزووتنەوەی سۆسیالیستی و ڕزگاریخوازانەی ژنان، ژن لە کۆمەڵگادا بەجێ ناهێڵیت بۆ ئەوەی لەژێر زوڵمی دامودەزگا ئایینی و تائیفی و خێڵەکییەکان و حیزبە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان و ئاسۆ و نەریتە کۆیلەوارەکانیاندا بژی، کە بێگومان دوای تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاساکە زەبروزەنگێکی وێرانکەرتر و کوشندەتر بەخۆیەوە دەبینێت. هەروەها ئەم بزووتنەوەیە نایەوێت خۆی دەستخەڕۆ بکات بە خولانەوە لە بازنەی سەپاندنی کەمێ چاکسازی بەسەر بۆرژوازی و پەرلەمانە دژە جەماوەریەکەیدا، هەر بۆیە، گەشەسەندنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی سۆسیالیستی ژنان ئەستەمە ئەگەر پرسی گۆڕینی خۆی بۆ بزووتنەوەیەکی ڕەگوڕیشەداکوتراوی کۆمەڵایەتی نەخاتە ناوەندی ئەولەویەتەکانی بۆ قۆناغی داهاتوو، و ئەگەر چالاکیـیەکانی بۆ چاکسازی و داواکاریـیە بەرگریکارە ڕۆژانەکانی بەشێکی ئۆرگانی و تەواوکەری خەبات نەبن بۆ ئەم ئامانج و ستراتیژیـیە. ئەمانه تایبەتمەندیـیەکانی دۆخی نوێین که پشتگوێخستنیان بۆ ڕەوتی مارکسیستی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان، وێرانکەر دەبێت.

چاکسازی لە هەلومەرجی نوێدا و پەیوەندیی بە شۆڕشەوە؟
بۆ مارکسیستەکان ئەوە ڕوونە کە خەبات بۆ بەدیهێنانی سادەترین ڕیفورم، چ ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی یان کولتووری، و لانانی هەڵواردن و جیاکاری و سەپاندیان بەسەر دەسەڵاتدا، تەنانەت لە هەلومەرج و بارودۆخی توندترین دیکتاتۆریەتدا، مەسەلەیەکە کە لە پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ وەلانانی سەختیـیەکان و نادادپەروەرییەکان لەسەر شانی ئەو چین و گروپە کۆمەڵایەتیـیانەی کە بەدەست باری قورسی ستەم و سەرکوت و جیاکارییەوە دەناڵێنن. هەربۆیە کەس مافی ئەوەی نییە بەر بگرێت بەخەبات لە پێناو سەپاندنی چاکسازی و باشتربوونی ژیانی جەماوەر لە ڕێگەی خەباتی ئەو چین و گروپانە و هەروەها هەڵسوڕاوان و گروپ و ڕێکخراوە جەماوەریەکان و تەنانەت ئەو حزبانەش کە ئەو کارە دەکەن. جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لە نێوان ڕێبازی ڕیفۆرمیزم، وەک ڕێبازێکی سیاسی چینایەتی سەر بە بۆرژوازی و سیستەمە سیاسیەکەی ، لەگەڵ مەسەلەی داوای ڕیفۆرم و چاکسازی و دەستڕاگەیشتن بە باشترکردنی بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی چین و گروپە کۆمەڵایەتیـیە چەوساوەکان و بەدەستهێنانی ماف و ئازادیـیەکان.
بۆیە سەرەڕای ئەم پاشەکشەیە کە لە ئەنجامی پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاساکەدا هاتۆتە ئاراوە، خەبات بۆ چاکسازی هەر بەردەوام دەبێت، بەڵام ڕۆڵی لە سەرجەم پڕۆسەی خەباتی شۆڕشگێڕانەدا، و لە کۆی خەباتی سۆسیالیستی و ڕزگاریخوازانەی ژناندا، دەچیتەدواوە گەر وەڵامی پێویستییەکانی واقیعی نوێ نەداتەوە و خۆی گرێنەداتەوە پێوەی.
پتەوکردن و قووڵکردنەوەی زیاتری ڕەگوڕیشەی هەژموونی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا و بەکۆیلەکردنی ژنان و زەوتکردنی ماف و ئازادیـیەکانیان، یەکێکە لە گرنگترین پایە و ئەجێنداکانی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی، و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پرسی ژنان لە عێراقدا ببێتە پرسێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری گەورەی وەها، کە بەبێ ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوەیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری بەرفراوان نەتوانرێت بە ئاسانی ڕووبەڕووی ببیتەوە، ڕاپەرێنێک کە نەک تەنها لە لایەن هەمان ئەو هێزانەی کە ڕۆژانە تووشی ستەم و چەوساندنەوە دەبن لە ئەنجامی ئەم پرسە، واتە بە ملیۆنان ژن لە عێراق، ئەنجامبدرێ، بەڵکو بە ڕاپەرێنێک کە لەلایەن چینی کرێکار و جەماوەری بەهەژارکراو و چەوساوە و ستەملێکراو و ئازادیخوازانی ژن و پیاوەوە ئەنجامبدرێ.
ڕەگداکوتانی چەمکەکانی ڕزگاری ژنان و گەڕاندنەوەی سەرچاوەی چەوساندنەوەیان بۆ سیستەمێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی و فیکری لە بناغەدا چینایەتی، واتە سەرمایەداری، و بۆ فۆرمی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و کەلتوری پیاوسالاری کە لەم سیستمەدا هەردەم سەرلەنوێ بەرهەمدەهێنرێتەوە، و ڕەخنە لەو واقیعەی کە ژنان تێیدا دەژین لە ڕوانگەیەکی شۆڕشگێڕانەی ماتریالیستی و مارکسیستی و ئازادیخوازانەی ژنانەوە، هەروەها بانگەوازی پتەوکردنی پەیوەندی ئۆرگانیکی نێوان خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و خەباتی سۆشیالیستی پرۆلیتاریا، گرنگییەکی بێئەندازەیان هەیە لە گەیشتن بە ڕزگاری ژنان. ئەم دیدە ئاسۆی ڕزگاریخوازی ژنان و خەبات بۆ گەیشتن پێی بەرتەسک ناکاتەوە، هەروەها ئەم ڕزگاریەش ناخاتە ژێر مەرجی پرۆژەکانی مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی ستالینیستی بە ناوی “سیستەمی سۆشیالیستی”!، و بە دابڕان لە ڕزگاری مرۆڤ.
ڕوانگە و تیۆری ماتریالیزمی شۆڕشگێڕانەی مارکس بۆ ڕزگاری مرۆڤ بەگشتی و هەروەها ڕزگاری ژن لە بنەڕەتدا پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕانەی بەردەوامی بەرەو ڕزگاری کۆتایی لەپێشچاوگرتووە، کە نە سنوور و فۆڕمۆڵەی ئامادەکراو قبوڵ دەکات و نە تەنانەت چوارچێوەی ئابووری و سیاسیش لە ژێر هیچ ناوێکدا بێت، ئەمە جگە لە قەتیسکردنی لە قاڵبی ڕیفۆرمخوازی بەستەڵۆکدا.
هەروەها، خەبات بۆ ڕزگاری ژنان خەباتێکی مێژوویی ڕوو لە هەڵکشانە و هیچ سنوورێکی دەستکردی زەینی (ذهني) ناناسێت، چونکە ڕەگوڕیشەی ستەمی ژنان و پیاوسالاری لە پێکهاتەی سیستەمی چینایەتی سەرمایەداریدا چەسپاوە و بەردەوام بەرهەمدەهێنرێتەوە، هەروەها کولتوور و نەریتە دژە ژنیـیەکان کە بە میرات ماوەنەتەوە بەدرێژایی هەزاران ساڵ، و بەرژەوەندییە ماددییەکانی ستەمکاریی ژنان وای لێدەکات کە بەردئاسا ڕەقوتەق بێت و سەرسەختانە بوەستێتەوە بەرامبەر گۆڕانکاری.
بۆیە دەبینین هەر کات کە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و ڕزگاریخوازانەی ژنان پێشرەویی دەکات و دەستدەگرێ بەسەر قەڵایەکی پیاوسالاریدا، قەڵاگەلیکی دیکە دەردەکەون کە تا ئەو کات شاراوە بوون لەبەردەمیدا و بەم شێوەیەش خەباتەکە بەردەوام دەبێت. سەرەڕای هەر پاشەکشەیەک کە خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان لە قۆناغە جیاجیاکانی ئەم پڕۆسە مێژووییە هەڵکشانەیەیدا ڕووبەڕووی ببێتەوە، مێژووی خەباتی ژنان گوڕانکاری چۆنایەتی (نەوعی) و قەڵەمبازی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە لە ڕێڕەوی گەشەسەندنی خۆیدا، وەک ئەوەی لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا ڕوویدا. وە ئەوەش ڕوونە کە چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و ڕەوتەکانیان و ستراتیژە دژبەیەکەکانیان بە شێوەی جیاواز کاریگەرییان لەسەر ئەم مێژووە هەڵکشاوەی ڕزگاریخوازی هەبووە، هەر لە “فێمینیزمی لیبراڵ” بۆرژوازییەوە بەهەموو ڕەنگەکانیەوە تا دەگاتە فیمینیزمی مارکسیستی و تا شەپۆلە فێمینیستیەکانی سێیەم و چوارەم و پێنجەم و ئەوانی تر.

دوای تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەکە،
بەرزکردنەوەی چاوەڕوانیـیەکان و داواکاریـیەکانی بزووتنەوەی ژنان

بە تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، ئیتر ناتوانرێت بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و ڕەوتی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی کۆن، واتە ماوەی پێش پەسەندکردنی هەموارکردنەوەکە، لە بواری یاساکانی ڕێکخستنی باری کەسێتیدا، و هەر بۆیە ناتوانێت خۆی لەم بوارەدا سنووردار بکات بە گەڕانەوە بۆ داواکاری بەرگریکردن لە یاسای باری کەسێتی (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩)، بەڵکو پێویستە لەوە زیاتر بڕوات و خەبات لەم لایەنەوە بەرز بکاتەوە بۆ قۆناغێکی باڵاتر کە وەڵامی واقیعی ئەو قۆناغە بداتەوە کە بەکردەوە تیایدا دەژی. گومانی تێدا نییە کە ئەمە بە مانای درێژەنەدان نییە بە خەبات لەم قۆناغە ریگوزەریەدا (ئینتقالیەدا) بە مەبەستی پوچەڵکردنەوەی پڕۆژەی هەموارکردنەوەکە.
ئەم پەرەسەندنە بەو مانایەیە خەباتەکە بۆ ئەو ئاستە بەرز ببێتەوە و یاسایەک بخاتەڕوو کە لەسەر بنەمای ڕزگاری و یەکسانی تەواوی ژنان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان وەک هاووڵاتی لە کۆمەڵگەیەکی جیهانیدا، داڕیژرابێت، وە بەجۆرێک لەگەڵ دوایین ماف و ئازادییەکان کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و پرۆلیتاریا سۆسیالیستی جیهانی بەدەستیهێناون، یەکبێتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەمانە، ئەوەش ڕوونە کە هەر فۆرمێک داواکارییەکانی داهاتوو لەم بوارەدا دەیگرێتەبەر، پەیوەستە بە گۆڕینی هاوسەنگی هێزە چینایەتیـیەکانی ناو کۆمەڵگە بە قازانجی پرۆلیتاریا و ژنان.
گرتنەبەری ڕوانگە و ڕێبازی ماتریالیستی دیالکتیکی شۆڕشگێڕ لە بواری بزووتنەوە و پرسی ژنان و پرۆسەی پێشرەویی ڕزگاربوونیان، پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بەسەرجەم تێڕوانینی ماتریالیستی شۆڕشگێڕانەمانەوە هەیە بۆ جیهان و دیاردەکان و جەوهەریان، واتە ئەو تێڕوانینەی کە گۆڕانکاریـیەکان تەنها وەک گوڕانکاریە شێنەیی و پلە بە پلەیەکان و بەپێی گەشەسەندنی سروشتی و تیۆری پەرەسەندن نابینێ، بەڵکو بەپێی مەبدەئی ڕوودانی بازدان و شۆڕش و گۆڕانکاریـیە چۆنایەتیـیەکان دەبینێ، بەڵام گرتنەبەری ئەم ڕێبازە شۆڕشگێڕانەیە بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری و جێبەجێکردنی لە هەر سەردەمێکی مێژووییدا، مەرجدارە و لە ڕووی مێژووییەوە و بە شیوەیەکی توندوتۆڵ پەیوەستە بەو چینە کۆمەڵایەتیـیە و توێژەکانی کە بەرژەوەندییان لە هێنانەدی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەدا هەیە، واتە پەیوەندیی بەو چینەوە هەیە کە لە ڕووی مێژووییەوە شۆڕشگێڕە.
لە سەردەمی ئەمڕۆی تەشەنەی سەرمایەداری بەسەر تەواوی هەسارەی زەوییدا و گەشەی چینی کرێکار بەهەموو مانای وشەکە وەک چینی کۆمەڵایەتی شۆڕشگێڕی جیهانی، گرتنەبەری ڕێبازی شۆڕشگێڕانە لەوێوەیە کە بارودۆخی ژیانی ڕۆژانەی ئەم چینە و باریگرانی ئەو کوتوبەند و کۆیلەکردن و جیاکاری و ستەمانەی کە لە ژێر سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا ئەزموونی دەکات، هەر ڕۆژەوە پتەوتری دەکات. شۆڕشەکان بە تایبەت لەم سەردەمەدا هاتونەتە نێو ئەجێندای مێژوو و بەشێک لە میکانیزمەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی پێکدەهێنن، بۆ ئەوەی هەموو ئەوەی بەسەرچووە و کۆنە لە میراتی چەوساندنەوە و سەرکوت و جیاکاری ڕاماڵێت، لە بەرامبەر پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بەرەو قۆناغێکی باڵاتر.
لەم بارودۆخە نوێە و هەلومەرجی دوای سەپاندنی ئەم پاشەکشەیە بەسەر ژنان و ماف و ئازادییەکانیان و داسەپاندنی نەهامەتی بەسەر منداڵانی کچ لە عێراقدا، بە هۆی تێپەراندنی هەموارکردنەوەی یاساکەوە، گرتنەبەری ڕێبازی شۆڕشگێڕانە بۆ خوڵقاندنی گۆڕانکاری بووەتە پێویستییەکی واقعی خەباتی ژنانی پرۆلیتاری، و خۆی جێگیر دەکات لەسەر بنەمای پەیوەندی ئۆرگانیکی نێوان ئەم خەباتە و خەباتی پرۆلیتاریا بەگشتی دژی سیستەمی سەرمایەداری و هەموو جۆرەکانی چەوساندنەوە و جیاکاری و سەرکوت.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هەرچەندە ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیستەکان توانیان دەسەڵاتی خۆیان و پایەکانی حوکمڕانی خۆیان بچەسپێنن، بەڵام ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و خەباتی چین و تۆیژە کۆمەڵایەتییە چەوساوە و ستەملیکراوەکان بۆ ساتێکیش نەوەستاوە، و ئەو ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەی کە عێراق لە تشرینی یەکەمی (٢٠١٩) و چەند مانگێکی دواتریشیدا شاهیدی بوو بەشێک بوو لە ڕەوەندی سیاسی عێراق، و ئەگەری سەرهەڵدانی سەرلەنوێی لە ئارادایە لە قۆناغەکانی دواتردا، و بە ڤێرژنێکی نوێ و جیاوازی چۆنایەتیـیەوە. بۆیە لەم ڕوانگەیەوە تێپەراندنی یاسای باری کەسێتی ستراتیژێکی سیاسی کۆنەپەرستانەی ئەم بزووتنەوە دەسەڵاتدارانەیە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی لەرزۆکی خۆیان و هێچی تر.
٢٦ی ژانویەی ( کانونی دووهەمی) ٢٠٢٥
-.-.-.-.-.-.-.-
(1) کۆمێنتەکەم پێشتر لە پەراوێزی وتارێکی هاوڕی (ینار محمد) نووسیوە، کە سەبارەت بە تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنەوەیە بوو، و لە هەمان بەرواردا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردبووەوە.
(2) https://www.albadeel-alsheoi.org/ar/?p=7477




یاقووتییەکان و هەژاریی فەرهەنگی.. هۆمەر نۆریاوی

ئاوڕدانەوە،نووسین و بگرە توێژینەوە لەسەر هەر پرسێک بە بێ پێناسەکردنی خودی بابەت و ناونیشانی پرسەکە،ڕەنگە دیوی ڕاستینە و کرۆکی بابەتەکەمان لە لا ئاڵۆز بنوێنێت. هەر بۆیە کورت و پوخت دەکرێت بێژم،هەژاری،دیاردەیەکی جڤاکی،ئابووریی و کولتوورییە کە لە ئەنجامی بێتوانایی و لاوازیی لە دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیاندا سەر هەڵدەدات. هەژاریی بۆ خۆ دەیان ڕەهەندی هەیە و لێکۆڵینەوە لەسەر هەر لایەن و ڕەهەندێکی ئەم پرسەیش،پێویستی بە ئەرک و ماندووبوونێکی تایبەت هەیە و لە چوارچێوەی ئەم نووسینەیشدا ناگونجێت و مەبەست لێرەدا مکوڕبوونەوە لەسەر یەک لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی ئەم پرسەیە و ئەویش بە”هەژاریی فەرهەنگی”( Cultural poverty)ناودێر دەکرێت کە ئەمڕۆکە گەلێک کۆمەڵگەی مرۆیی نەخاسما جڤاکی کوردی بەدەستیەوە گیرۆدەیە.
لەو نێوانەدا یەک لە پێوەرە سەرەکییەکان بۆ کۆمەڵگەیەکی پێشڕەو،بە بەرزبوونی ڕێژەی خوێندەواریی یان بڵندبوونی ئاستی ڕۆشنبیریی دادەنرێت. پڕ ڕوونە ئەم پرسەیش بۆ خۆی پێوەندی ڕاستەوخۆی دەگەڵ چەندان پرسی دیکەدا هەیە و بوونی کەلێن لە هەر بوار و بەستێنێکیشدا لە شوێنی دیکەوە بۆشاییی دروست دەکات و بە بێ بوونی ژێرخانێکی تەندروست و بەهێز،پڕکردنەوەی ئەم کەلێنەیش گەلێک چەتوون و زەحمەت دەنوێنێت.
کۆمەڵگەی کوردی لەم سۆنگەیەوە لەبەر گەلێک هۆ و هەگەر کە بۆ خۆی لێکۆڵینەوەی جیاوازی گەرەکە،بە یەک لە کۆمەڵگە هەژارەکان دادەنرێت.
دوابەدوای ئەو هەژان و بزاوتە بەرفرەوانەی کە لە ڕێی شۆڕشی تەکنۆلۆژیاوە دنیای گرتووەتەوە،کۆمەڵگەی کوردییش ئەرچی هێشتاکە لە بن هەژموونی دەوڵەتە سەردەستەکاندایە و جگە لە نیوەهەناسەیەک لە باشووری نیشتمان،هەرگیز وەک پێویست ئەو دەرفەتەی نەخراوەتە بەردەم تا بتوانێت کار لەسەر ژێرخانە بنچینییەکانی خۆی بکات. ئەم ئارێشەیە دواتر بۆ خۆی بووەتە هۆکار و بگرە سەرچاوەی دەیان کێشەی دیکە و خەمساردیی خودی کۆمەڵگەیش دە هێندە پرسەکەی ئاڵۆسکاوتر کردووە. ڕاستە ئێستاکە لە باری ئابوورییەوە ئەم جڤاکە لە هەر هەموو پار و بەشەکانی نیشتماندا،تەکان و گەشەیەکی بەرچاوی ڕواڵەتییانەی بەخۆوە بینیوە بەڵام چونکە ژێرخانەکە هەرۆڵە و بە شێوەی دامەزراوەیی و سیستەماتیک لەم پێوەندییەدا کار نەکراوە یان بە واتایەکی ڕاستتر،لەبەر ئەوەی جڤاکی کوردی هەلی لەباری بۆ نەڕەخساوە،بۆیە لەم سۆنگەیەوە سامان و دارایی ڕووت بە تەنێ دادێک نادات و بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە گرینگە،گەرەک هەرمان و خەباتی بنچینەیی و ڕیشەیی بکرێت.
نووسەری ئەم دێڕانە،کۆچی دواییی ڕۆماننووس و ڕووناکبیری کوردی فارسینووس”مەنسوور یاقووتی”(2024-1949)(1403-1327)وەک دەرفەتێک دەقۆزێتەوە و پەردە لەسەر پرسێکی هەرە هەستیار و دیوێکی تاریک و نووتەکی چاندیی کۆمەڵگەی کوردی هەڵدەداتەوە کە بە هەژاریی فەرهەنگی ناودێرە.
ئەمە ڕاستییەکی تاڵی نێو کۆمەڵگە دواکەوتوو یان بە واتایەکی دی،کۆمەڵگەکانی ڕوو لە گەشەیە کە کۆمەڵگەی کوردییش دەچێتە هەمان خانەوە،تا کێشە و ئارێشەیەک سەرهەڵدەدات،لە جیاتی بیرکردنەوەیەکی قووڵ لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی ئەم کێشەیە و چارەسەرکردنی گرفتەکە بە شێوەی بنچینەیی،خێرا پەنا بۆ ژانبڕ دەبردرێت کە ئەم ڕێکارە بۆ کورتخایەن وەرامدەرەوە دەبێت لێ هەرگیز گرفت و پەتاکە بە شێوەی بنەڕەتی چارەسەر ناکرێت.
هەر لەم ماوەیەدا دوابەدوای کۆچی دواییی مەنسوور یاقووتی،هەندێک باس و خواس هاتووەتە ئاراوە کە زام و برینەکە دە هێندە دەکولێنێتەوە. یارمەتیدانی دراویی بنەماڵەی یاقووتی لە لایەن چەند مرۆیەکی خەمخۆرەوە ئەرچی نیشانە بۆ پەرۆشیی ئەم جۆرە مرۆیانە بەرانبەر چاند و کولتووری کوردی دێتە ئەژمار بەڵام لە ئالییەکی دیکەوە زۆر هەژێنەرە و پەردە لە ڕووی گەلێک ڕاستیی تاڵ هەڵدەداتەوە کە ئێمەی کورد هێشتاکە چەندە لە باری فەرهەنگییەوە هەژار و بەلەنگازین. بۆیە دەڵێم فەرهەنگ،چونکە ڕووناکبیر و شاعیری ناسراوی کورد،”فەرهاد شاکەلی”(1951)لە پەڕتووکی “زمانی گەردەلوول،خەونی شنەبا”دا دەنووسێت:”من وشەی فەرهەنگ بەرانبەر(Cultural)ی ئینگلیزی و ئەورووپایی و(سەقافە)ی عەرەبی بەکار دەهێنم و ئێمە لە وشەی (فەرهەنگ)چاکترمان نییە”.(فەرهاد شاکەلی،ل10)
مەنسوور یاقووتییەکان لە نێو ڕووبەری فەرهەنگیی کورددا یەک و دووان نین و هەر ئێستاکە بە سەدانمان پێ شک دێن کە ڕۆژانە بە پەناماندا تێدەپەڕن و بەوپەڕی خەمساردییەوە پشتگوێ دەخرێن و لە ئەنجامیشدا بە کۆبەرهەمێک و هەگبەیەکی ڕەنگاڵەییی یادەوەرییەوە کە قەت هەلی نووسینەوە و لەچاپدانیان بۆ ناڕەخسێت،سەر دەنێنەوە. لە جیاتی ئەوەی کۆمەڵ وشیار بکرێتەوە بۆ لەچاپدان و کڕینی بەرهەمەکانی ئەم جۆرە کەسایەتییانە کە بە سامانی ڕۆشنبیریی نەتەوەیەک دادەنرێن،وەئەستۆگرتنی بەشێکی خەرج و بەرجی بنەماڵەکەیان تەنیا وەک ژانبڕەکە دەور دەبینێت و گرێ ئاڵۆزەکە چەند هێندە ئاڵۆسکاوتر دەکات. کارکردن لەسەر کۆمەڵ و دروستکردنی وشیاریی فەرهەنگی و جێبەجێکردنی دەیان هەنگاوی کردەیی لەم پێوەندییەدا سەد هێندەی ئەو چەشنە هەوڵانە دەتوانێت کاریگەر بێت.چونکە کاتێک کردەیەک بوو بە نەریت،بە هاسانی ڕیشەکێش ناکرێت. بۆیە دەیان پرسی هەرە هەستیاری وەک پەروەردەی ژێرخانیی و بەکولتوورکردنی تایبەتمەندییە جڤاکییەکان دواتر لە بەرژەوەندی کۆمەڵ دەشکێنەوە.
پرسەکە زۆر لەمە ئاڵۆسکاوترە و تەنانەت کوردانی تاراوگەیش دەگرێتەوە. بۆ پتر لە 70ساڵ دەچێت کە ڕەوەندی کوردی لە وڵاتە جۆربەجۆرەکانی ئەورووپا و ئەمریکا نیشتەجێیە کەچی ئەرچی ئەم ڕەوەندە بێ دەستکەوتیش نەبووە و دەستکەوتەکانیش زێتر ڕوویان لە خەباتی کەسەکییە،بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە سەدی یەکی چاوەڕوانییەکان مسۆگەر بکات. کوردانی دیاسپۆرا،لە جیاتی ئەوەی بەدرێژایی ئەم هەموو ساڵە، لۆبی بۆ نەتەوەکەیان دروست بکەن و لەسەر سیاسەتی دەوڵەتان کاریگەر بن و سەرچەشنیش بۆ کۆمەڵگەکەیان بن،بە هەزار داخەوە زۆرینە بە چەشنێک لە نێو ئاشەمەکینەی ڕۆژاوادا تواوەتەوە کە هیچ ئاسۆیەکی ڕوونت ناخاتە بەردەم. چونکە ئەم پرسە پێویستە هەر لە منداڵییەوە بە کولتوور بکرێت. ئەمە قسەی خودی خەمخۆرانی بواری ڕۆشنبیریی کوردییە کە لە دەیان پیشانگە و کۆڕی ڕۆشنبیریی کوردانی ئەورووپادا لە سەد کەس،دوو کەسیان بۆ کڕینی بەرهەمێکی چاندیی یان بە واتایەکی دی،کتێبێکی کوردی دەست بۆ گیرفانی نابات. ئەوە لە حاڵێکدایە بە هەزارانمان پێ شک دێن کە بۆ کۆڕێکی ڕووکەشی بەناو هونەری یان شەواهەنگ(شەوەئاهەنگ)ێک،بە سەدان دۆلار خەرج دەکەن. لێرەوە پرسەکە کارەساتبارتر دەنوێنێت. هەرگیز نابێژم،مرۆ ئەو مافەی نییە دووی خواست و ئاواتە کەسەکییەکانی خۆی بکەوێت بەڵام چونکە ئاستە فەرهەنگییەکە لاوازە،جیاوازیی لە بەینی هونەری ڕاستینە و هونەری سەرقاڵکەریشدا نابینرێت. لە حاڵێکدا وێڕای ڕێز و پێزانینم بۆ بەشێک لە بەزمگێڕەکان کە لە سای هەژاریی فەرهەنگیی کۆمەڵگەوە سامانیان لە بازرگانان واوەترە،ڕۆشنبیرانی وەک یاقووتییەکان گەرەک مانەوە لە نەخۆشخانەیان لە لا پێ باشتر لە گەڕانەوە بۆ ئامێزی بنەماڵە بێت! ئەمە گریانی گەرەکە و پەردە لە ڕووی هەژاری کولتووریی کۆمەڵگە هەڵدەداتەوە. ئەم پرسە ڕاست دەمباتەوە تا بەردەم واقیعێکی تاڵ کە ئەویش ڕووی لە ڕەخنەگرتنێکی ژنە ڕووناکبیر و شاعیری کورد”مەهاباد قەرەداغی”(2020-1966)لە تێکستی گۆرانییەکی”عەزیز وەیسی”(1967)(1345ی هەتاوی)یە کە کۆمەڵەی تەنانەت ڕۆشنبیریی کوردی ئەوەندە لایەنی گۆرانیبێژەکەی گرت،کەمتر ئاوڕی لە دیوە ڕاستینەکەی پرسە و هەروەها بەرهەمە فەرهەنگییەکانی ئەم ژنە ڕۆشنبیرە دایەوە.
بە لای “حەمەسەعید حەسەن”(1950)ی نووسەر و ڕەخنەگرەوە،”ڕۆشنبیر کەسێکە ڕەخنە لە نەریت دەگرێت،نەک لەوەی پێڕەوی دەکات”. (ل28)
هەموو فەرهەنگ و کولتوورێک لایەنی ئەرێنی و نەرێنی تێدایە و بە گوێرەی سەردەمیش ئەم پرسە گۆڕانی بەسەردا دێت. هەر ئەوەندە ئەم تێکستە سەرچاوەکەی لە فۆلکلۆری کوردییەوە هەڵقوڵاوە کە فۆلکلۆریش بەشێکە لە فەرهەنگی نەتەوەیەک و کوردیش خاوەنی یەک لە سامانە دەوڵەمەندەکانی فۆلکلۆر لە نێو گەلانی دنیادایە و کەسیش حاشا لەم ڕاستییە ناکات،کوانێ ئیدی کەس بۆی نییە وەبەر توانج یان ڕەخنەی بدات! وەک چلۆن ئێمەی کورد هەنووکە هەندێک دابونەریت و تایبەتمەندیی ئەرێنیی فەرهەنگ و کولتوورەکانی گەلانی دی بۆ نێو فەرهەنگی کوردی دەگوێزینەوە و لە شوێنی دیکەیشدا گەلێک نەریت و خەسڵەتی ئەو کولتوورانە وەبەر ڕەخنە دەدەین،بە هەمان چەشنیش نابێت دەمارگرژانە و کوێرانە داکۆکی لە هەر جۆرە دابونەریت و سامانێکی بەرینانمان کە بۆ ئەم سەردەمە ناشێن و ڕەخنەی فرەیان بەرەوڕوو دەکرێتەوە،بکەین و بڵا لەم ڕێگەیشەوە خۆڵ لە چاوی خەڵک نەکەین.
ڕەهەندێکی تاڵتری هەژاریی فەرهەنگی ڕووی لە توێژی پێشڕەو یان بەواتایەکی ڕاستتر بەناو ڕووناکبیری کوردە.
ئەو جۆرە بەها و نۆرمە جڤاکییانەی فەرهەنگە سەردەستەکان کە لە ڕاستیدا بە دژەفەرهەنگیش بۆ کولتووری کوردی دادەنرێن و لە لایەن توێژی بەناو ڕووناکبیر و پێشڕەوی کۆمەڵگەی کوردییەوە بۆ نێو کولتووری کوردی دەگوێزرێنەوە،خۆی لە خۆیدا لە هەژاریی فەرهەنگییەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەم جۆرە گوێزتنەوەیە گەلێک مەترسیدارترە چونکە کۆمەڵگەیش دەوری لاساییکەرەوەی ئەم توێژە دەبینێت و بەرەنگاربوونەوە و بنبڕکردنی ئەم دیاردەیەیش بە ساڵان ڕۆشنگەری گەرەکە. بۆیە توێژی پێشڕەوی کۆمەڵ لەم پێوەندییەدا بەرپرسیاریەتییەکی قورسی لەسەرشانە و پێویستە دەستبەرداری لاساییکردنەوەی ڕەهای کولتووری زاڵ ببێت.
چونکە توانەوە و بیرکردنەوە و هزرینی ناکوردی بۆ خۆی یەک لە پەتا کوشندەکان بە حاڵی کۆمەڵگەی کوردییە و بە هۆکارێکی هەژاریی فەرهەنگی دادەنرێت کە سەرچاوەکەیشی توێژی خوێندەوار یان بە واتایەکی ڕاستتر،زانستوەری کوردە. ڕاستە نزمبوونی ئاستی خوێندەواری بۆ خۆی یەک لە هۆکارە گرینگەکانی بڵاوبوونەوەی هەژاریی فەرهەنگی لە نێو کۆمەڵگەدایە بەڵام لەو لایشەوە ئەمە ڕاستییەکی هەژێنەرە کە تەنانەت بەشێکی بەناو ڕووناکبیری کورد ئەوەندە بیرکردنەوە و خوێندنەوەی ناکوردییە کە سەد مخابن دواتر بەرهەمی هەر ئەم شێوە هزرینە دەگوێزێتەوە بۆ نێو ڕووبەری فەرهەنگیی نەتەوەکەی کە سڕینەوەیان پڕ چەتوون و ئاستەم دەبێت. هەر بۆیە هەژاریی فەرهەنگی تەنیا ڕووی لە ڕەشۆک نییە و فرە جار ئەوە توێژی خودی خوێندەوار و بەناو ڕۆشنبیری کوردە کە لەبەر نامۆیی بەرانبەر سامانی فەرهەنگیی خودی خۆی یانژی بەنزم سەیرکردنی زمان و فەرهەنگەکەی خۆی،دەبێتە کۆسپ و لەمپەری سەرڕێی گەشەسەندنی فەرهەنگ و کولتوورەکەی و سووک و سانا ئامێز لە ڕووی فەرهەنگی سەردەست دەکاتەوە و ملکەچی چاندی زاڵ دەبێت. لەم سۆنگەیەوە ئەم ڕەهەندەی هەژاریی فەرهەنگی دەتوانێت مەترسیدارتر بێت.
با بزانین هەژاریی فەرهەنگی چلۆن سەرهەڵدەدات؟
لێرەدا تەنیا ئاماژە بە چەند هۆکارێک دەکرێت.
کاتێک سامان و کەرەستە فەرهەنگییەکان بە شێوەی یەکسان لە نێو کۆمەڵگەدا دابەش نەکرێن،گەلێک ڕوونە هەژاریی فەرهەنگی چێ دەبێت. بە نزم سەیرکردنی چاند و کولتووری خۆ،بە یەکێکی دی لە هۆکارەکانی هەژاریی فەرهەنگی دادەنرێت. ڕاگەیاندنی چەواشەکار و کرچوکاڵ و نەبوونی ئازادیی لە نێو دنیای میدیادا بۆ خۆ یەک لە هۆکارە گرینگەکانی سەرهەڵدانی هەژاریی فەرهەنگی دێتە ئەژمار.
ئەی چۆن دەتوانین چارەی ئەم ئارێشەیە بکەین؟
دەستەڵات دەتوانێت لەسەر چارەسەرکردنی ئەم ئارێشە گرینگە دەوری سەرەکی ببینێت. بەڵام بۆ ئێمەی کورد کە هێشتاکە بەدەست ئەم دەردە گرانەوە ناڵانین،واتە تۆ کە کیانێکی سەربەخۆت نەبوو،پڕ ڕوونە میدیا و دەزگای سەربەخۆی ڕاگەیاندنیشت نابێت. پەروەردە و بارهێنانی سەربەخۆیشت نابێت. لێرەوە بەشی سەرەکیی ئەرکەکە دەکەوێتە ئەستۆی بنەماڵە،میدیا و ناوەندە سەربەخۆ فەرهەنگییەکان و دەتوانن لەسەر چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کاریگەر بن. قسە لەسەر هەر کامە لەم فەکتەرانەیش بۆ خۆی پێویستی بە توێژینەوەیەکی تایبەت هەیە. بەڵام ڕاستیت گەرەکە ئێستاکە هیچکام لەو فەکتەرانەیش دەوری سەرەکی خۆی نابینێت. بنەماڵە بەدەست خەمی نانەوە گیرۆدەیە. ناوەند و بنکە فەرهەنگییەکان بوونەتە مەکۆ بۆ تاقمێکی خودی و ئەوانی دی بە ناخودی لەقەڵەم دەدرێن. میدیایش بۆ خۆی چارەنووسی ڕوونە و بە فیتی ئەم لایەن و ئەو پارت هەڵدەسووڕێت و زۆر جار کۆپییەکی کوشندەی میدیای فارسی،تورکی و عەرەبییە و بگرە بەهاکانی ئەو جۆرە فەرهەنگانە کە دژ و تەنانەت دەگەڵ کولتووری کوردی ناتەبان،بۆ نێو فەرهەنگی کوردی دەگوێزنەوە کە بەڕاستی ئەمە زۆر هەژێنەرە و فەرهەنگ و کولتووری ڕەسەنی خۆت پەراوێز دەخەیت. پرسی بەرنامەسازیی لە نێو میدیای کوردیدا هەر مەپرسە و بێ پلانی بێداد دەکات.
دیوێکی دی یان بە واتایەکی تر،ڕەهەندێکی دیکەی هەژاریی فەرهەنگی ڕووی لە بازرگانی کورد و کاسبکارانی ڕووبەری فەرهەنگییە.
زۆرینەی ساماندار و دەوڵەمەندە کوردەکان لە ساڵدا بەم بۆنە و بەو بۆنەی جیاوازەوە کە کەمتریش پێوەندی بە فەرهەنگ و کولتووری کوردییەوە هەیە،بە میلیۆنان خەرج دەکەن کە گەر سەدی یەکی ئەم دراوە لە پێناو گەشەپێدان و پێشخستنی فەرهەنگەکەی خۆدا دەکار بێنن،هەم خزمەت بەرانبەر کولتوورەکەیان دێتە ئەژمار و هەمیش وانەیەکی جوان بۆ نەوەی ئێستا دەگوێزنەوە کە تا چەندە گرینگە مرۆ ڕاژە و خزمەتی فەرهەنگەکەی خۆی بکات کە دواتر ناوێکی شیاویش لە مێژوودا بۆ خۆ تۆمار بکەن. بەڵام کوا جگە لە قازانج و بەرژەوەندییەکی بەرتەسکی کەسەکەی(تاکەکەسی)پرسی دی ئەوەندە بەهەند وەردەگیردرێت!
لە لایەکی دیکەوە،بە هەزاران کاسبکاری ڕووبەری فەرهەنگییت پێ شک دێت کە لەمێژە بازرگانی بە کولتووری کوردییەوە دەکەن،بڵا بۆ جارێکیش بووە،دەرزییەک بەخۆدا بچەقێنن و بۆ لەمەوبەدوا ئەو سامانە زۆرەی لە ڕێی فەرهەنگی دەوڵەمەندی نەتەوەکەیانەوە دەستیان دەکەوێت،ڕێژەیەکی کەمی بخەنە خزمەت فەرهەنگی گەلەکەیان.
لایەنێکی دیکەی هەژارییەکە،ڕووی لە خودی تاکی کوردە کە هەرگیز وەک پێویست بەخۆدا ڕۆ ناچێت.
خۆزی هەر لە دەستکورتترین کەس تا بە داراترینمان کە لانیکەم هەر چەند ساڵە و بۆ تازەکردنەوەی دەفر و دۆڵە و کەرەستەی ناوماڵ خەرج دەکەین،سەدی یەکیشی بۆ دەکارهێنانی لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی کۆمەڵدا تەرخان بدەین کە یەک لەو ڕێگەیانەیش خەرجکردن لە پێناو بڵندکردنەوەی وریایی کولتوورییە.
چاو لە هەژمار و تیراژی کەمی چاپی کتێبی نووسەر و ڕووناکبیران بکە و ئەودیوی پرسەکە بخوێنەوە کە بە هەزار ئەفسووسەوە زۆرینە تەنێ بە تەنیشت بەرهەمەکانیدا تێدەپەڕین و بۆ پاڵشتیکردنیش بووە ئاوڕێکی بەخێر لە کتێبەکانیان نادەینەوە و لانیکەم نابینە دنەدەرێک بۆ تێپەڕاندنی ژیانێکی نیوەئاسوودی ئەم توێژە پەرۆشەی فەرهەنگەکەمان بەڵام لە ئالییەکی دیکەوە،لە کاسبکارانی کتێب بنۆڕە کە لە خوانی ڕەنگاڵەیی سیما و کەسایەتییە ناودارەکانی کورد دەخۆنەوە و توانای بەبازاڕکردنیان لە هێز و توانای بازرگانە بێعارەکانیش بانترە و کەسیش فززەی لە دەم نایەتە دەر. ئەم پرسە،دوو دیوی هەرە تاڵمان دەخاتە بەرچاو کە بە لای نووسەری ئەم دێڕانەوە پەردە لە ڕوویەکی ئاشکرای هەژاریی فەرهەنگی لە نێو کۆمەڵگەدا هەڵدەداتەوە.
ئەم بۆچوون و ڕوانینەی ڕووناکبیر،شاعیر و نووسەری کورد،فەرهاد شاکەلی بەرانبەر پرسی هەژاریی فەرهەنگی دەکەمە دواپەیڤی ئەم کورتەنووسینە کە لە کتێبی”کە بازنە و لاکێشەکان هەڵدەوەشێنەوە”دا دەنووسێت:”بوارێکی دیکەی زۆر گرنگ هەیە کە بەڕاستی من کەمجار قسەم لەسەر کردووە،چونکە دەزانم کەم کەس تێی دەگەن،مەبەستم هەژاریی فەرهەنگی و هەژاریی زانستییە. ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکی فەرهەنگییە؛شۆڕشێکی ڕاستەقینەی فەرهەنگی”.(فەرهاد شاکەلی،لاپەڕەکانی 63-62-61)
کورد گوتەنی”بەدەستێک چەپڵە لێنادرێ”(خاڵ،ل113)،بۆیە ئەم شۆڕشەیش پێویستی بە هەڵماڵینی باسکی هیممەت و کارابوونی هەر هەموو جومگەکانی کۆمەڵ هەیە و گەرەک هەر یەکە و بە دڵسۆزانەترین شێوە ئەرکەکەی خۆی جێبەجێ بکات.

ژێدەر:
• زمانی گەردەلوول،خەونی شنەبا،فەرهاد شاکەلی،کۆمپانیای چاپ و پەخشی نووسەر،پرۆژەی تیشک،چاپی یەکەم،ساڵی 2008
• ئەو وشانەی دونیایان هەژاند،حەمەسەعید حەسەن،ناوەندی ئاوێر،چاپی یەکەم،2020
• کە بازنە و لاکێشەکان هەڵدەوەشێنەوە،فەرهاد شاکەلی،بڵاوکراوەی ئاراس،چاپی یەکەم،2010
• پەندی پێشینیان،شێخ محەممەد خاڵ،دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم،سلێمانی،چاپی سێیەم،ساڵی 2000 و چەند سەرچاوەیەکی دی




لە بەهێزی راستەکان و راسیستەکانی ئەوروپادا، دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران، ئاماژەیە بۆ دەرکەوتنی نیوفاشیزم.. جەمال کۆشش

دوو دەیە دەبێت حزبە ڕاست و نیولیبڕاڵە کۆنەزەرفاتیڤ و ڕەوتە کریستیانە جۆراوجۆرەکانیان و سەوزە لیبڕاڵەکان و ڕاسیستەکان بەشێوەی جۆراوجۆر، لە گۆشەی جیاوازە و بەدرووشمی جیاواز و ئاکتی جەماوەریـیەوە، هەنگاوهەنگاو لە پەرلەمان و ستراکتوری (structure) دەوڵەتدا، هەر جارەی چەند بەندێک و پەرەگرافێک لە یاساکانی پەنابەری و کۆچ و بیانی هەموار دەکەنەوە و تێیدەپەڕێنن. بەهێزبوونی ئەو لایەنانە لە پەرلەمانی نیشتمانی و پەرلەمانی ئەوروپا و دەوڵەت و لە کۆمەڵگاکانی ئەوروپا و ئەمەریکادا، بەرهەمی ئاڵۆگۆڕێکی ماددیی و پراتیکی سیاسیە. (لەم نوسینەدا بوار نیـیە ئەو ئاڵوگۆڕە بەسەر بارودۆخی ژیان و مافەکانی هاوڵاتیانیشدا لێبکۆڵمەوە، دەنا هەمان ڕەیڵ هەیە).
کێشەی مووچە لە کوردستان چ ئاڵۆزیـیەکی بێکۆتایی و چ سەرلێشواویـیەکی دروستکراو و مانۆڕی میدیایی پوچی لێهەڵچنراوە، مەسەلەی پەنابەران هەمان سێرکی (circus) لە ئەوروپا و کرێکارانی کۆچبەر لە ئەمەریکادا هەیە. پێشنیار و ڕێگا چارەسەری ڕاسیستانەی ئەم دۆسیەیە ئەبێتە مایەی سەرکەوتنیان لە پەرلەمان و حکومەتەکانیاندا. ئەوانەی ئاگادار و سەودایان لەگەڵ ئەم پرسەدا هەیە، شایەدن کە لە ماوەی (٢٠) ساڵی ڕابردوودا، بە بەردەوامی یاساکانی پەنابەری، مافی پەنابەری سیاسی و ئینسانی و مافی مانەوە و مۆڵەتی کارکردن و کاتیگۆرییەکانی، هاوڵاتی بوون و بیمە کۆمەڵایەتـیـیەکان و فێربونی زمان و پرۆسەی هاوسەرگیری و یەکگرتنەوەی خێزان …هتد، توندتر و بەرتەسکتر کراونەتەوە.
لەگەڵ کۆچی کرێکارانی ئەمەریکای لاتین (بەزۆری مەکسیکیـیەکان) بەتایبەت دوای ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان بۆ بازاڕی کار لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کە بەزۆری لە تەماتەڕنین و لۆکەچاککردن و خانوبەرەدا، کاریان دەکرد، ڕەوەندێکی تراژیدی دێتە نێو بازاڕی کارەوە. کرێی یەکجارکەم، کاری سەخت و درێژ، بێ بیمەی تەندروستی، بەقاچاخ ژیان و بێگرین کارت (Green Card). چەند کاتژمێرێک دوای دەستبەکاربونی (ترامپ)، واژۆی لەسەرتوندکردنەوەی ڕێکارەکانی کۆچ و دیپۆرتکردنەوەی ملیۆنی و هەڵوەشانەوەی مافی ئەو کۆرپانەی کە لەسەر زەوی ئەمەریکا لەدایک دەبن بە پەڕەموچەیەکی گەورەی ڕەش ئیمزا کرد. باری نائاسایی نیشتمانی ڕاگەیاند بۆ بەکارهێنانی لەشکر لە دژی کۆچکردوان و دیپۆرتکردنەوەیان (ئێمە گەورەترین دیپۆرتکردنەوە لە مێژوی ئەمەریکادا جێبەجێ دەکەین)١. (ملیۆن بەڵی ملیۆنان، دەیانگەڕێنینەوە بۆ ئەو جێگایانەی کە لێوەی هاتوون). ئەم ڕەشبگیریـیـیە لە کۆڵانەکان، کارگاکان و شوێنی کار، وە قوتابخانەکان و تەنانەت لە نەخۆشخانەکانیش دەگرێتەوە.٢. لە ئێستادا مەزندە دەکرێت (١٠-١١) ملیۆن کەس بن.
ئەو ڕێککەوتنەی کە سیاسەتێکی هاوبەشی پەنابەری لەنێوان (٢٧) دەوڵەتی یەکێتی ئەوروپادا بەدیهات لەسەرەتای ساڵی (٢٠٢٦) دا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئاژانسی فرۆنتێکس (Frontex)، دامەزراوەی یەکیتی ئەوروپا بۆ پاراستنی سنورەکان، لەماوەی ئەم دە ساڵەی کە دامەزراوە، بە بەردەوامی بە پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیاکانی سەربازی و سیخوڕی و چاودێری گەشەی کردووە تا (١٠) هەزار کارمەندی جۆراوجۆر بەنیازن تا ساڵی (٢٠٢٧)، سێ قاتی بکەن و لە چوارچێوەی دیپۆرتکردنەوەی هاوبەشی یەکێتی ئەروپادا بەگەڕ بخرێت. جگە لە سیمڕێژکردنی سنورەکان و مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی تورکیا، تونس، لیبیا بۆ ڕێگەگرتن لەپەنابەران. ٣.
تەماشای ساڵی (٢٠٢٤) بکەین، خاڵی وەرچەرانێکە لە مێژووی سیاسەتی پەنابەری و کۆچدا. دەوڵەتی سوێد کە بە ترادسێۆنی ئینسانی و بەخشندەیی شانازی دەکرد، ئێستا تەنانەت بیردەکرێتەوە لە لێسەندەنەوەی شوناسی هاوڵاتی لەو کەسانەی پێشینەی کۆچبەریان هەیە. ئەڵمانیا بە دیپۆرتکردنەوەی (٢٨) پەنابەری ئەفگانی (ئەفغانستانی) ڕێگای بۆ ئەوروپا تەختکرد. نەمسا و بەلجیکا دەستیان بەپەیوەندی کردووە و نەمسا وەفدی ناردووە. ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق لە مانگی ئایاری ساڵی پار (٢٠٢٤)دا بەتەواوی لێکتێگەیشتنیان ئیمزاکرد. یەکەم ڕۆژی ڕووخانی ئەسەد لە (٨-١٢-٢٠٢٤) تەواوی دۆسیەکانی پەنابەرانی سوریا لە ئەوروپا سڕ (تەجمید) کراون. ڕێککەوتنی نێوان بەریتانیا و عێراق لەسەر دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران، ئاکامی هەمان ڕەوتی دژە پەنابەریـیە.
بوارێکی گرنگی ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی کە زۆرێک لە حزب و دەوڵەتە ڕاستەکان بە (هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نێوخۆ) و (نائارامی و ترسی هاوڵاتیان)، بەهانەیان بەدەستەوە گرتووە، پەرەپێدانی دجیتاڵی و پێکەوەبەستنی ناوەندەکانی (نێوەندی زانیاری شێنگن-Schengen Information System)، (سەنتەری زانیاری ڤیزە-Visa Information System) و (ئیۆرۆ دۆک- بانکی داتای پەنابەری)، و کۆکردنەوەیان لەیەک ناوەنددا. لە نۆڤەمبەری (٢٠٢٤)دا (گەشتی هاتن/دەرچون ) دامەزراوە.
(هانا شتۆل)، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی (سۆلیدارتی سانس فرۆنتێ- solidaire sans frontières)) کە تێزی دکتۆراکەی لەسەر (ئیرۆدۆک ئەسیل داتن بانک) بووە دەڵێت: (ئەوەی ئێستا پەنجەمۆری هەر دەپەنجەکە، ڕەگەز، بایۆمتری دەموچاو، ناو و ناوی خێزانی و نازناو، ناوی لەدایک بون و شوێن و ڕۆژی لەدایک بوون، هاونیشتمانی، جۆری شوناس و مێژووی بەسەرچوون، دۆکیۆمنتی سەفەر و بەڵگەکانی ئەسڵیبونی و کۆپی و سکانکردنی ڕەنگاوڕەنگی، ئەمانە دەدرێن بەپێی ئەو دەوڵەتانەی کە ئەندامی ڕێکەوتنامەی (دەبلن)ن وە هەروەها دەکۆڵنەوە لە دەرچوون و دیپۆرتکردنەوە، ئایا ئەم کەسە بەتەواوی مافی پەنابەرییەکەی ڕەدکراوەتەوە؟، وە بەشێوەیەکی گشتی ئایا ئەم کەسە مەترسی هەیە بۆ سەر ئاسایشی نێوخۆ، ئەگەر گومانیان هەبێت جۆری توندوتیژییەکەی چۆنە، چەکی پێبووە، یان شتێک بیبەستێتەوە بە تاوانێکەوە، ئەگەر ئەوە بێت، هەموو ئەمانە لە (ئیۆرۆ دۆک-Eurodoc)ەکەدا جێگیر دەکرێت. هەموو ئەم زانیارییانە بەکراوەیی دەکەوێتە دەست بەرپرسیارانی وەزارەتی داد و نێوخۆ و پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتی کۆچ، کە بەیەک کلک دەتوانن هەموو بەڵگە و زانیارییەکان ببینن و هەندێک یەکسەرە دەرگا لە پرۆسەی مافی پەنابەریـیان دادەخرێت. ٤.
(کامێلا هاریس) لە چاوپێکەتنێکی تەلەفزیۆنیدا، ترامپی وەک فاشیست ناساند. پێموایە بەئیمزاکردنی لێسەندنەوەی مافی هاوڵاتی لە مناڵانێک کە هێشتا لەدایک نەبوون بەهۆی ڕەگەزنامەی دایـیوبابیانەوە، مافی ئەوەمان هەیە بە فاشیستی بناسێنین. (جۆرجیا میلۆنی) نیوفاشیست، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، کە (١٦) پەنابەری بۆ ئەلبانیا گواستەوە بە کەشتیەکی (٨٠) مەتری و بە(٦٠) کەس لەپارێزەر و پۆلیس و وەرگێڕی زمان و کەشتیەکەوە، بەتێچووی (٢٥٠) هەزار ئێرۆ. (٦٥٠) تا (٨٥٠) ملیۆن ئێرۆی بۆماوەی (٥) ساڵ بۆ ئەو ئۆردوگایە تەرخانکردووە کە بۆ پەنابەرانی دیپۆرت کراوەیە.
پێگەیەک کە ڕاست و ڕاسیست و فاشیستەکان لە ئێستادا بەدەستیانهێناوە، دۆخێکی یەکجار سەخت بۆ پەنابەران و کۆچکردوان دەخوڵقێنێ. زنجیرە ئەڵقەکانی پەنابەران نزیکدەبێتەوە لە دواین قۆناخەکانی. جۆرێک موستەحیلکردنی ڕێگایەکی سەلامەت و گەرەنتی، سنوری سیمڕێژکراو و چاودێرکراو و دجیتاڵکراو، مامەڵە لەگەڵ تورکیا و لیبیا و تونس، قۆنتەراتدان و تەندەری سنورەکان، سیستەمی هاوبەشی سیاسەتی پەنابەری یەکێتی ئەوروپا، دروستکردنی ئۆردوگاکانی دەرەوەی سنوری یەکیتی ئەوروپا، (ئیۆرۆ دۆک-Eurodoc) و بەستنەوەی بەگرنگترین و تایبەتیترین بابەتە شەخسیەکانەوە، سیاسەتی هاوبەشی دیپۆرتکردنەوە و گریمانی بەکارهێنانی ئاژانسی فرۆنتێکس (Frontex)، ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتەکانی عێراق، ئەفگانستان، سوریا بۆ وەرگرتنەوەی پەنابەران.
بەرەی بەرەنگاری و دژی فاشیزم
نزیکەی یەک ملیۆن کەس ڕۆژی (٢-٢-٢٠٢٥) لەتەواوی ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان کرد، تەنها لەبەرلین بە ئامادەیی(٢٥٠) هەزار کەس بە پێی وتەی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، لەدژی مەترسی بەڕێککردنی یاسای دژە پەنابەری و دژی ڕاسیزم و حزبی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئاڵتەناتیف بۆ ئەڵمانیا (ئا،ئیف، دێ-Alternative für Deutschland, AfD). ئەمە ئاسۆیەکی گەش و ئومێدی ڕووبەڕوبونەوەی شەقام و سەدای بزووتنەوەی دژی ڕاسیزم و دژی فاشیزمی بەرزکرد.
“ساڵانی داهاتوو، لەسەر چەپی نێونەتەوەییە خەبات بکات و ئیتر خەباتی کۆچکردوان وەک خەباتی چینایەتی دەرکپێبکات و ئەلتەرناتیفی ڕاستەقینە بۆ پێکەوە ژیانی هاوبەش دابمەزرێنێت”.٥.
تۆڕ و ناوەند و کۆمەڵەیەکی فراوان و هەندێکیان ئەوروپایین و هەندێکیان لە چەند وڵاتێکی ئەوروپادا چالاکی زۆر گرنگ و چارەنوسساز دەکەن بۆ ڕاوەستانەوە بەدژی ئەو ڕەفتارە فاشستیـیەی ڕاستەکانی ئەوروپا بەدژی پەنابەران. ڕێکخراوی (داڤۆسێکی تر) ڕێک لەو ئایدیایانەی دەکۆڵییەوە، ئەو هەڵسوڕاوە نێونەتەوەییانەی کۆدەکردەوە و هاوپشتی نێونەتەوەیی پتەو دەکرد.
“دەوڵەتانی ئەوروپا بەڕێژەیەکی یەکجارکەم پەنابەرانی وەرگرتووە، بەڵام بەرپرسە لە سەداپەنجای ئەو پەنابەرانەی لە ڕێگادا مردوون و بەڕێژەیەکی یەکجار زۆریش هۆکاری کۆچکردنیانە”.٦.
لە (٢٥-١-٢٠٢٤) لە گەرەکی مانکۆ لە بەرلین بەهۆی گڕتێبەردانی نیونازییەکانەوە، ژنێکی خەڵکی سوریا دایکی (٦) مناڵ بەهۆی زۆری سوتانەکەیەوە گیانی لەدەستدا. بەپێی بڵاوکردنەوەیەکی وەزارەتی نێوخۆیی ئەڵمانیا سالی (٢٠٢٣) لە دەرەوەی کەمپەکاندا داواکارانی پەنابەری (١٢٤٨) جار هێرشکراوەتە سەریان.لە سویسراش لەم ماوانەدا دۆسیـیەی سوتاندنی (٤) تامیلی لە تەموزی (١٩٨٩)دا کە دوانیان مناڵی (١٠) و (١٢) ساڵی بوون، و بە ئەگەری زۆر لەلایەن باندێکی ڕاسیستیەوە ئەنجام دراوە و لە لایەن میدیاکانیشەوە پەنجەی گومان بۆ لێکۆڵینەوەی دەوڵەت درێژدەکرێت کە کەمتەرخەم بووە لە بەدواداچوونەکانیدا.لە ساڵی ١٩٨٨تا ١٩٩٣ ١٣کەس گیانیان لەدەست داوە لە لایەن ڕاسیستەکانەوە.(٧)
ئەم ماوەیە کە هەڵچونێک لە باڵادەستی توانای ڕاستەکاندا هەیە و پەنابەران دەکەنە بەهانەی هێرەشەکانیان، هەڵدانەوەی تاوانکارییەکانی فاشیستەکان بایەخی جددی هەیە. مێژووی نازی نابێت بەهیچ جۆرێک لە ئەڵمانیا و فاشیزم لە ئیتالیا دووبارە ببنەوە. ئەگەر (فاشیزم ئامرازی تیرۆری سەرمایەی مالی) بوو وەک ئەنتەرناسیۆنالی کۆمۆنستی لەسەرەتای سیـیەکانی سەدەی ڕابردوو دەیناساند، ئێستاش دەتوانێت هەمان مانا بدات بەتایبەت کە سەرمایەی مالی و تەکنۆکۆنیاڵی لەسەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتێکی گەورەی بڕیاربەدەستی جیهانیدایە. هەروەک بیریار (ئیلچ بودریتاکس) بە دیاردەیەکی مێژوویی ئالوگۆر دەیناسیێنێ، بەڵام ئەوەش دەلێت (بەڵام ڕەگی فاشیزم لە ناوسروشتی بازاڕی کۆمەڵگای سەرمایەداری هەیە)، بۆ ئەم سەردەمەش هەمان بیریار دەنوسێت (سەدەمێکی فاشیستانەیە). سەردەمی (فاشییستەکردنی دەوڵەتەکانە). (ماکس هۆکایمەر) دەڵێت: (هەر کەسێک لەسەر سەرمایە نەیەوێت بدوێت، لەبارەی فاشیزمەوە باشترە بێدەنگی هەڵبژێرێت).٧.
بزوتنەوەی دژە فاشیزم، بەشێکە لەخەباتی ڕزگاریخوازانەی چینی کرێکار و هەربۆیە لەپێشەوە ڕێکخراوە کۆمۆنستیەکان و هەڵسوڕاوانی سۆشیالیست، لەنێویدا چالاکانە هەڵدەسوڕێن.
سەرەتای شوباتی ٢٠٢٥
1-Die Zeit.25.januar 2025 s42-Die Zeit30.januar2025 S13
3-bultten solidarat NR.4.December 2024
4-bultten solidarat Nr4.december 2024(sosf.ch)
5-Antony obst und Venessa E,thompson ,ak,S13
6-bullten NR4
7- das magazin Nr o4-18.januar 2025
8-woz-Nr48-28November.2024




دەبێ تێبگەن.. گۆران هەڵەبجەیی

حیزب ئامرازێکە بۆ گەشتن بەدەسەڵات وپاشان خزمەتکردنی خەڵک لەو ڕێگەوە،جاگەر حیزبێک ڕاستگۆبوو لەگەڵ خۆی و بەشێکی گرنگی لەبەرنامە حیزبیەکەی جێبەجێ کرد کە لەدەمی هەڵبژاردندا یاخود وەک درووشمی حیزبەکەی بەرزی کردوونەتەوە ،ئەوە حسابی حیزبێکی سەرکەوتوو و خاوەن هەڵوێستی بۆدەکرێت.
ئەمجۆرە سیاسەت و حیزبایەتیە لە وڵاتە مۆدێرن و پێشکەوتوەکاندا بەتایبەتی ئەوانەی ڕەچاوی پرەنسیپە ستاندرو باوەکانی کاری حیزبی دەکەن و ڕێز لە ئەندام و جەماوەری دەنگدەر دەگرن تا ئاستێکی بەرز پەیڕەودەکرێت.
لێ لە سیستەمە تۆتالیتارو دواکەوتوەکاندا کارەکان بەجۆرێکی ترن،بەوەی حیزبەکانی دەسەڵات تاکە هەوڵ و تەقەلایان مانەوەیە لەدەسەڵات،ئیدی جێبەجێکردنی بەرنامەی ئینتخابی و بەڵێنی خزمەتکردن فلسێک ناهێنێت و پشتگوێی دەخەن.
گەر یەکێتی و پارتی بەنمونە بهێنمەوە ئەو ڕاستیەمان بۆدەردەکەوێت کە ئەم دووحیزبە لە ماوی [٣٤] ساڵی حکومڕانیاندا لەگەڵ بەردەستبوونی ئەو گشت پارەیە کە لەچەندین سەرچاوەوە دەستیان کەوتووە کەچی نەیانتوانیوە یاخود ڕوونتر بڵێم نەیانویستوە خزمەتی خەڵکی پێبکەن ،گەر تاڕادەیەکی کەمیش بێت هەوڵبدەن هاوڵاتیان لەخۆیان ڕازی بکەن.
لەبری ئەوە هەردووحیزب ئیمپراتۆریەتی سامان کۆکردنەوەیان دامەزراند،مافیا ئاسا کەوتنە بەتاڵانبردنی هەرچی سامان و سەرچاوەی ئابووری کوردستان هەیە ،لەبەرامبەردا سیاسەت و حیزب و خەڵک و وڵات و بەرژەوەندی نیشتمان، هەموو ئەمانەیان خستە سندوقێکەوەو قفڵێکی گەورەیان لێداو کلیلەکەیان فڕێدایە بەنداوی دوکانەوە.
بەهۆی ئەوەی ئەم دووحیزبە ئامانجیان کۆکردنەوەی پارەیە ،جا لەو پێناوەدا هەموو ڕێگایەکی نایاسایی و ناشەرعی و نائەخلاقی دەگرنەبەر، باگەر دزینی پارووی دەمی منداڵە هەژارەکانیش بێت.بوار نەماوە دزی تێدانەکەن،شوێن نەماوە گەندەڵی تێدا نەکەن،پێگەیەکی ئابووری نەماوە دەستی بۆنەبەن ، کۆنترۆڵی سەرجەم کایە ئابوریەکانیان کردوە، لەو شوێنانەوە بەردەوام پارەیان بۆدێت و بەمەش خەرمانی پارەدزراوەکان تابێت بەرزتردەبێتەوە.
سەیرلەوەدایە ڕۆژبەڕۆژ تۆڕە ئابووریەکانیان فراوانتر دەبێت بەوەی بەردەوام پێگە و سەرچاوەی نوێ دەدۆزنەوە بۆ دزی و سەندنی باج و سەرانە.دوکاندار هەیە هەشت نۆ جۆر باج دەدات بێ ئەوەی سەری لێدەرکات کە هی چین.
کارگەیشتوەتە ئەوەی دەست بۆ تاکەسەرچاوەی بژێوی مووچەخۆران و خانەنشینان ببەن.
ئەوە بۆ چەندین ساڵ دەچێت مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیەکیان بە ڕێک و پێکی وەرنەگرتوە،دەسەڵات چەندین موووچە قەرزداری مووچەخۆرانە.لەکاتی چاوەڕێی وەرگرتنی مووچەدا بەتایبەتی خانەنشینان سوکایەتیان پێدەکرێت لەحەسرەتدا لێیان دەمرێت ،کەچی دەسەڵاتداران مێشێک میوانیان نیە. لەهەر وڵاتێکی دیکە ئەوە ڕوویبدایە ،بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کەرامەتی هاووڵاتیان پارێزارەوە،دەسەڵات و حکومەتی دووچاری قەیرانی ئەخلاقی دەکرد و حکومەتی پێدەڕوخا.
ئەم مافیانە خۆیان کوڕو کوڕەزاکانیان شاهانەدەژین وخاوەنی ملیارات دۆلارن ،کەچی پێیان قەلسە و سەختە بۆیان گەر مووچەخۆران داوای مافی خۆیان بکەن .هیچ باکیان بەژیانی سەختی خەڵک نیە کە بە چ کوولەمەرگیەک دەژی .لە بەدبەختیدا خەڵکی باشوور ڕووبەڕووی دووحیزبی ویژدان مردوو بوونەتەوە کە ژیانی خەڵک لەوە سەختتریش بێت باکیان پێ نیە و هەرگیز کێشەی ئەوان نەبووەو ونیە..
لەم ڕوانگەوە گەشتوومەتە ئەو قەناعەتەی گەر هەموو مامۆستایانی مانگرتوو گیان لەدەست بدەن ،سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بە خەیاڵیاندا نایەت ،چونکە ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە بەردەوامی ماشێنی پەیداکردنی پارەیە لەکارکردن.
یەکێتی و پارتی لەمێژە لە وەهم و خەیاڵدا دەژین، وا تێگەشتوون تاستەم وچەسانەوە و برسیکردن و ناعەدالەتی لەسەر خەڵک زیاتر بێت ،ئەوان باشتر و زیاتتر پێگەی خۆیان بەهێزتر دەکەن . بەڵام دەبێ تێبگەن هەر ئەم وهمە دەبێتە لاوازبوون و لەدەستدانی دەسەڵاتیان . دەبێ تێبگەن پارێزگاری لە دەسەڵات بە چەکداری دەمامکدارو شەقووەشێن و کەسانی مشەخۆرو بندیوارو هیچ و پووچ و ستەمکاری ناکرێت. لەوە دڵنیام دوور یا نزیک ،ئیمڕۆ یا سبەی خەڵکی کوردستان لەوە زیاتر ستەمکاریتان قەبوڵناکەن،دەبێ تێبگەن کە ڕۆژێک دێت دەکەونە بەر نەفرەت و بێزاری خەڵک. دەبێ تێبگەن کە تووڕەیی خەڵک لە شکاندنی[ قەڵای دێگەڵە] و ڕێکردن بەرەو هەولێر لەلایەن هەودارانی مانگرتوانەوە بەرجەستەبوو کە ئاماژەیە بۆ هێزی جەماوەرو شکستی هێزی پارتی.




پلانی کۆتایی حەشدی شەعبی و ئایندەی عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

لەوکاتەوەی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق زیادیکردوە، بۆتە فشارێک لەسەر سەرکردەکانی حەشد و تیاماون و نازانن چ بڕیارێک بدەن. ئەوە باش دەزانن کە بە هەڵوەشاندنەوەیان یان یەکگرتنیان لە سوپای عێراقدا، کۆتایی ئەو پێگەیەیەی ئێستایانە کە لە حکومەتی عێراقدا هەیانە. ئەوەی دەبینرێت سەرکردەکانی چەکدارە شیعەکانی سەر بە ئێران لێدوانەکانیان لە میدیا ناوخۆییەکانی عێراقدا چڕتر کردووە و جەخت لەوەدەکەنەوە کە هەرگیز چەکەکانیان دانانێن!.
شایانی باسە محەمەد شیعە سودانی، چووەتە دانوستان لەگەڵ سەرۆکی کوتلە چەکدارە شیعەکان، سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی هەڵوەشاندنەوەیان. لەم بارەیەوە زیاتر خەریکە شەڕێک لەسەر پۆستی سەرۆکی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی بەڕێوەدەچێت.
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حزبوڵڵای نوجەبا دەڵێت، ئێمە چەکەکانمان دانانێین. مەگەر فەرمانی ڕاستەوخۆ و ئاشکرای دەسەڵاتی ئاینی”عەلی سیستانی”، داوامان لێبکات ئەوکاتە ناچاردەبین ئەو کارە ئەنجام بدەین. بە وتەی سەرکردەیەکیش لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، ئەوە بەیان دەکات کە ڕێکەوتنێک لە ئارادایە کە بچنەناو گفتوگۆوە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی کردوە کە شەڕی ئابووری و سزا بەسەر بەغدادا دەسەپێنێت.
ئەو کوتلانەی کە ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان دابنێن یان تێکەڵ ببن لەگەڵ سوپای فەرمی عێراقدا، بە “فراکسیۆنە یاخیبووەکان” ناودەبرێن و ئەم کوتلانە لەخۆدەگرێت: “لیواکانی سەید شوهەدا، لیواکانی حزبولڵای عێراق، بزوتنەوەی حزبولڵای نوجەبا”
لەلایەن سەرکردەیەکی لیواکانی حزبوڵای عێراقەوە جەخت لەسەر ئەوە کراوە کە دەستبەرداری چەکەکانیان نابن، تا ڕێکەوتن لەسەر مەرجەکان دەکرێت، بەبێئەوەی وردەکاریەکانی مەرجەکانیان بخەنەڕوو، لەکاتێکدا سەرچاوەکانی تر ئەوەی ڕایانگەیاندووە کە مەرجەکان پەیوەستن بە پۆستە باڵاکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، لەنێویاندا سەرۆکایەتی هێزەکان، کە چیان بەسەردێت.
لەوکاتەی هەڕەشەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەر عێراق زیادی کردووە، پەیوەندی بەغدا لەگەڵ واشنتۆن زۆر خراپ بووە، لەهەمانکاتدا هێزە شیعەکان مەترسی ئەوەیان هەیە کە ترەمپ هەمان ڕێوشوێنی تیرۆرکردنی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی بگرێتە بەر لەدژیان.
بەگوێرەی سەرچاوە عێراقیەکان، تائێستا هیچ چارەسەرێکی عەمەلی و کۆتایی و یەکلاکەرەوە سەبارەت بە پرسی فراکسیۆنە چەکدارەکان، لە دانوستانیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا نەگەیشتۆتە ئەنجامێک و بڕیارێکی دیاریکراو. سەرۆکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دەڵێت، “ناکرێت قەیرانی کوتلە چەکدارەکان لە شەوێکدا چارەسەر بکرێن، پرسەکە زۆر ئاڵۆزە، حکومەتی عێراقیش نایەوێت بچێتە ناو ململانێ لەگەڵ ئەو فراکسیۆنانەوە، بەڵام لانیکەم دەیانەوێت دۆخەکە هێور کەنەوە تا هیچ ڕێوشوێنێکی سزایی لەلایەن ترەمپەوە نەگیرێتەبەر.”
جگە لە چارەسەرنەکردنی قەیرانی کوتلە چەکدارەکان، لەلایەکی تریشەوە، قەیرانی سەرکردایەتی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی سەریهەڵداوە، لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەوڵ هەیە بۆ گۆڕینی فالح فەیاض سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، کە ماوەی ١٠ ساڵە پۆستی بەرپرسی حەشدی شەعبی بەدەستەوەیە.
سەرچاوەیەکی سیاسی لە چوارچێوەی هەماهەنگیەوە، نوری مالیکی تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بەتوندی لە پشت هەوڵی گۆڕینی فالح فەیاضەوەیە، بەهۆی توڕەیی ئەوەی کە فەیاض لە هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانیەکی سیاسیە کە پشتگیریە لە محەمەدسودانی. هەروەها ئەو سەرچاوەیە جەخت لەسەر ئەوەش دەکات کەهێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر دوو تیم دابەش بوون سەبارەت به فالح فەیاض، تیمێک که نوری مالیکی و قەیس خەزعەلی لەخۆ دەگرێت، پاڵپشتی له لادانی فەیاض دەکەن، تیمەکەی تریش کە دەیانەوێت فەیاض بەردەوام بێت، سودانی سەرۆکایەتی دەکات!
شایانی باسە، قەیس خەزعەلی، سەرۆکی عەسائیب ئەهلی حەق، سەرەڕای پشتیوانی بۆ سودانی، لەمێژە فشار دەخاتە سەر فالح فەیاض بۆ وازهێنان لەسەرۆکایەتی حەشی شەعبی، بۆئەوەی فراکسیۆنەکەی خۆی پۆستی سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی کۆنترۆڵ بکات. لەلایەکی ترەوە ئەو تیمەی پشتیوانی لە لادانی فالح فەیاض دەکەن، دەڵێن ئەم گۆڕانکاریە پێویستە بۆ وەڵام بە فشارەکانی ئەمریکا، کە داوای داڕشتنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەن.
هەروەها سەرچاوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەشیان ئاشکرا کردوە کە ئەبو فەداک محەمەداوی فەرماندەی لیواکانی حزبوڵای عێراقی کە پۆستی سەرۆکی ئەرکانی دەسەڵاتی جموجۆڵی جەماوەری هەیە، دەیەوێت فالح فەیاض لەناوببات و پۆستەکەی بەدەستبهێنێت. بەڵام نوری مالیکی دانانی ئەبوفەداک محەمەداوی لەجیاتی فالح فەیاض قەبوڵ ناکات، بەوپێیەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەئێستادا دەیانەوێت نفوزی ئێران بەدور بگرن لەنێو دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدا، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵی دورکەوتنەوەیە لەو ڕێوشوێنانەی کە ڕەنگە ئیدارەی ترەمپ لە دژی ئەوان بیگرێتەبەر.
سەبارەت بە چارەنووسی فالح فەیاض، پێشبینی ئەوە دەکرێت دەست لەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بکات، چونکە بەگشتی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دەیانەوێت بڕیارەکە جێبەجێی بکەن، بەڵام ئەمەش دەرگای ململانێ دەکاتەوە لەسەر پێگەی فەیاض لە نێوان کوتلە چەکدارەکاندا، بۆیە ئەنجامی ئەم بڕیارە تائێستا دیار نیە!
ئەوەی لە دۆخی ئێستای کێشەکانی نێو فراکسیۆنەکانی حکومەتی عێراق بەرچاودەکەوێت، بەتایبەتی دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، دانوسانەکان و ڕێکەوتن لەسەریان ئاسان نیە، بەوپێیەی فراکسیۆنەکان بەو مەرجە پابەند دەبن بە دانانی چەکەکانیان، کە لەبەرامبەریدا ئیمتیازێکی زۆر بەدەست بهێنن لە دەسەڵاتی سیاسیدا، داوایانکردوە بگۆڕدرێن بۆ کوتلەی سیاسی و بەدەستهێنانی پۆستی گرنگ و هەستیار لەناو حکومەتدا، کە زۆربەیان پەیوەندیان بە خزمەتگوزاریە ئەمنیەکان و بەڕەنگاربونەوەی تیرۆرەوە هەیە. بەدیهێنانی ئەو داواکاریانە بۆ حکومەتی عێراق زۆر قورسە، بەتایبەتی ئەم پۆستانە بەسەر پارتە سیاسیەکاندا دابەش کراون.
لەهەمانکاتدا لەباری عەمەلیەوە ئەوەش ناگونجێت بۆ هەر فراکسیۆنیک کە سەرکردەکانیان بەوە بگەن بڕیاری دانانی چەکی هێزەکەی قبوڵ بکات یاخود لەناو سوپای عێراقدا بتوێنەوە و سەرکردەکانیان بڕۆنە ماڵەوە دانیشن. بۆیە حکومەتی عێراق لەبەرامبەر دەورانێکی ناکۆک و سەختدایە لە پەیوەند بە چارەسەری ئەم کێشەیەوە.
لەڕاستیدا ئەنجامدانی کارێکی لەو چەشنە دەبێتە مایەی لاوازیی پێکهاتەی حکومەتی ئێستای عێراق، کە پێکهاتەیەکە لە چەند هێزێکی میلیشیا. لەهەمانکاتدا ئەوەش جێگای پرسیارە کە کاریگەری لەسەر پاراستنی مانەوەی سەرۆک وەزیران بۆ محەمەد سودانی دادەنێت لە ئێستاو لە هەڵبژاردنەکانی مانگی دوانزەی ئەمساڵدا.
بەگشتی ئەو ئاڵوگۆرانەی لە ناوچەکەدا بەدوای روخانی ئەسەد پێشهاتووە، هاوکێشەی سیاسی، بەدوای چەندین ساڵ لەهەوڵی بەرجەستەکردنەوەی دەسەڵاتی شیعەگەرا و فراوانکردنی نفوزی ئێران، بەجۆرێک گۆڕدراوەو بەزیانی ئێران و حکومەتی عێراقە، کە حکومەتی عێراق کەوتۆتە بەردەم پاشەکشەیەک پێویستی بەوە دەبێت خۆی لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی ئێستای ناوچەکە بگونجێنێت، گەر بتوانێت، چونکە نەگونجاندن، دەسەڵاتی سیاسی چوارچێوەی هەماهەنگی بەرەوڕووی کۆتاییهاتن دەکاتەوە.
هەر لەم دۆخ و ئاڵوگۆڕەدایە کە حکومەتی عێراق لەژێر فشاردایە، بارزانی و پارتی ڕێڕەوی مامەڵەیان لەبەرامبەر حکومەتی بەغدادا خستۆتە سەر سکەی فشارهێنان لەسەر حکومەتی عێراق، دەربارەی هەناردەکردنی نەوت و بودجەو بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و یاریکردن بە موچەو گوزەرانی فەرمانبەران و خانەنشینان.
لەکاتێکدا هەر لەسەرەتای دامەزراندنی حەشدی شەعبی و گوندەیی دەسەڵاتی شیعەکان، کارەسات بووە بۆ ژیانی ئینسانی ‌و هاوچەرخی دانیشتوانی عێراق، لەهەمانکاتدا هەڵوەشانەوەشیان لە ڕێڕەوی ململانێ و شەڕی ئێستای کۆنەپەرستانەی نێوان لایەنە ئیسلامی و نەتەوەپەرستی و پێکهێنانی عێراقێکی فیدراڵیدا و لە دۆخێ ئاڵوگۆڕەکانی ئێستای ناوچەکەدا بەردەوامی تراژیدیاو کارەساتەکانە لە چوارچێوەو شێوازی تردا.
ئەم دۆخەی ئێستا عێراق لەبەردەم دەورانێکی ڕاگوزەردایە، بەتایبەتی لە میانەی توندبونەوەی ململانێ ئیسرائیل و ئەمریکاو ئێراندا، ئەگەری پێشهاتنی ئاڵوگۆڕی ترو کارەسات و تراجیدیایە بە ژیان و ئایندەی دانیشتوان، بۆیە عێراق لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە هەڵسانەوەی ئەو خرۆشانە جەماوەریەیە کە لە ئۆکتبەری ٢٠١٨دا حکومەتی عێراقی لەرزاند، هەڵسانەوەیەکی ڕێکخراوتر و فراوانتر بە ئاسۆ و ئامانێجکی ڕۆشن، کە ئاراستەکەی کۆتاییهێنان بێت بەپێکهاتەی حکومەتی بەشبەشێنەی هێزە قەومی و ئیسلامی و تائیفیە میلیشیاکان، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە بەدەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا جێکەوێت، بەرەو ڕێڕەوی بەرجەستەکردنەوەی هاووڵاتیبون و ئازادی و یەکسانی هەنگاو بنێت.




پیاوە بەددەکانی پارتی.. گۆران هەڵەبجەیی

دانانی کەسانی لێهاتوو شارەزا پرۆفیشیناڵ و خۆشەویست و قەبوڵکراوی خەڵک، یەکێکە لە پرەنسیپەکانی دەسەڵات و حکومەتە سەرکەوتووەکان ،بەتایبەتی گەر قسەلەسەر پۆستە هەستیارەکان وەک وەزیر،پارێزگار،قایمقام ،وتەبێژ،ڕاوێژکاربێت ،چونکە ئەمانە ڕووی دیاری دەسەڵاتن و بەرکەوتنی بەردەوامیان لەتەک خەڵک و میدیاو کەسانی بێگانە هەیە. کارەسات لەوەدایە یەکێتی و پارتی وەک چۆن دەسەڵاتەکەیان شلۆق و گەندەڵە، هاوکات دوورن لە نمونەی دەسەڵاتی مۆدێرن .
دیارە دەسەڵاتی خراپ و شکستخواردوو تەنها لە پلان و سیاسەت و بڕیاری کەسانی یەکەمدا قەتیس ناخوات بەڵکو شتێکی سرووشتیە کە شۆرببێتەوە بۆ خوارەو ە و پۆستەکانی دیکەش بگرێتەوە ،لەئاکامدا دەبنە ئاوێنەی دەسەڵاتە فاشیلەکە.
لەودەمەوەی ئەم دوو حیزبە کۆنترۆڵی سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگاو دەسەڵاتیان کردوە ،دیقەتم داوە بەدەگمەن کەسانی بەموراڵ و شارەزاو خاوەن ئەتەکێتیان لەپۆستە گرنگ و هەستیارەکاندا داناوە، سەرجەم یا زۆرینەیان کەسانی{نەخوێنەوار} نەشارەزا لە بوارەکانیاندا،خاوەن زمانی زبرو بێ ئەتەکیەتن.
سێ نمونەی زیندوو لەبەردەستدان کە ئەوانیش پێشەوا هەورامانی{وتەبێژی حکومەت و ئومێد خۆشناو{پارێزگاری هەولێر} وکیفاح مەحمود {ڕاوێژکاری} مەسعود بارزانی.
لە هەموو دیرۆکی پارتیدا کەسم نەدیت هێندەی ئەم سیانە بێ شەخسیەت،بێ ئەتەکیەت،نەشارەزا لە کارەکانیاندا،خاوەن زمانی بازاڕی دوور لە عورفی دیبلۆماسی. .
دوێنێ مامۆستایان ،مووچەخۆران،پشتیوانانی مامۆستایانی مانگرتووی سلیمانی، ئەمانە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن تا داواکاریەکانی مانگرتوان بگەیەننە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان ،ئەوەبوو پارتی لەپشتی دێگەڵە بەزەبری هێز ڕێگەی لێیان گرت و نەیانتوانی بەرەو هەولێر بڕۆن.
ئەمە بەشێکی کێشەکەیەو سرووشتی پارتی ناسراوە کە بەهیچ جۆرێک ڕێگە بەوجۆرە چالاکیانەنادات ،بەتایبەتی دەرکەوت کە ژمارەی ڕێکەران زۆربوون .
کێشەو سکەنداڵە مەزنەکە لە قسەکانی ئومێد خۆشناو و کیفاح مەحموددا یە. کیفاح ئەو مرۆڤانەی بە{ڤایرۆس} شوبهاندبوو . ئەم پێناسەیە زۆر زۆر دوورە لە ئەخلاق و گوزارشتی کەسێک خۆی بە ڕۆشنبیر بزانێت وبەردەوام میوانی میدیا عەرەبیەکان بێت. چۆن ڕوویدێت لەمەودوا بەخۆی بڵێت ڕوناکبیر؟
ئومێدیش گووتبووی [ئەو میوانانە ڕەزا قورسن و وەریان ناگرین].ئەم قسەبازاڕیەی نەک هەر مانگرتوان و ڕێپێوانانی تووڕە کرد ،بەڵکو ملیۆنان کوردی لەناوەو دەرەوەی کوردستانی هێنایە قسە.ئومێد خۆشناو بەم قسەبازاڕیەی هەندێک لە بەرپرسانی پارتیشی ڕووگیرکرد ،بۆیە هەوڵیان دا فەزاحەتەکەی ڕاست بکەنەوە ،بەوەی گوایە ئەو قسانە تەنها گوزارشتت لەخودی خۆی دەکات. گەر پارتی ئەم خۆشناوە لەپۆستە کەی دوورنەخاتەوە ئەوە شەرمەزاری زیاتر بۆ پارتی دەهێنێت.
هەر پەیوەست بە ئومێد خۆشناوەوە دەمەوێت ئاماژە بەدووخاڵ بکەم ،یەکەم ئەو پارێزگاری هەولێرە، واتە هەرچی قەزاو ناحیەو گوندە دەکەونە ژێر قەڵەمڕەوی پارێزگاری هەولێرەوە.بەڵام هەر کارێک پەیوەندی بە باژێڕی هەولیرەوە هەبێت وەک[باژێڕ] ئەوە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی [قایمقامەوە] نەک پارێزگار.ئەمە لە هەموو دونیادا وایە،پێم وابێت ئەم پرەنسیپە تەنها لەپارێزگای هەڵەبجە جێبەجێ کراوە.
وای بۆدەچم کەسیان، واتە [قایمقام و پارێزگار]سنووری کار و دەسەڵاتی خۆیان نازانن ،یاخود پێدەچێت کە ئومێد تەجاوزی دەسەڵاتەکانی خۆی کردبێت و لەبەشی قایمقامیش بخوات ،ئەمەش تەنها بەمەبەستی خۆدەرخستن.
دووەم ئەم کابرایە خۆی فڕێدەداتە هەندێک شوێن و هەڵوێستەوە کە لە ئاکامدا خۆی پێ سووک و ڕسوابووە ،ئەمانەش چەند نمونەیەکن: بەخشینەوەی خەیار ،کە لەوکاتەوە ناوی {ئومێدخەیار} بڕاوە بەسەریدا.پێشوازیکردن لە ئارین کوڕی مەسروور ،کە دەزانین ئەم گەنجە هیج پۆستێکی حییزبی و حکومی نیە،ئەوە بوو لەلایەن حیمایەکانی ئارینەوە سوکایەتی پێکراو کەوتە بەر پاڵ.دواشت کەوتنەدوای مەسرور لەکاتی بینینی بەرپرسێکی بێگانەدا ،لەوێشدا حیمایەکانی مەسروور ڕێگریان لێکرد و بەچاوی میدیاکانەوە سوکایەتیان پێ کرد.بەڵام دیارە ئەم ئومێدە وانە وەرناگرێت ،بۆیە بەدووری نازانم لەئایدەدا دووبارەیان بکاتەوە.
سەبارەت بە پێشەوا هەورامانیش شتێکی لە ئومێد کەمترە ، جا بۆئەوەی ئەم باسە درێژ نەبێت ئەو هەڵدەگرم بۆ دەرفەتێکی گونجاو.




عەشق بە مەرگ ناوەستێ.. شیعری شاهۆ حوسێنی

لەسەر کوورسیلە کۆنە دارەکە دانیشتبووم
لەبن دارچنارە بەرزەکە
نسێی باوەشێنی دەکردم
قاوەکەم هێشتا هەڵمی لێ دەهات
جانتاکەم هەر بەکۆڵەوە
بوونەوەرێکی دەمووچاو داپۆشراوی ڕەشپۆش
لە جنۆکە و شەیتان و عیزارئیل دەچوو
دەورەی ئەدام
نازانم تەماحی لەچیم کردبوو
لەشم بەتاڵ بوو لەڕووحم
ڕووحم زۆر دەمێک بوو یاخی ببوو
جار و بارە لەشەقامێ
پەسێوی دیوارێ
یان لە گوێ‌سوانەی سەربانێ
لەسەر لیواری کۆڵانی
دەم‌دیت و دەمگڕاندەوە بۆ ماڵ
بەڵام ئێستا زۆر دەمێ بوو
هەواڵێکم هەر لێ نەبوو
نەمدەزانی هەڵوەدای کام کۆڵان
سەربان
دەوران
یان چاوانە
بزر ببوو
سەری خۆی هەڵگرتبوو
ڕۆیشتبوو
لای خۆم گوتم
تەماحی لە جانتاکەم کردوە
بەبزوە جانتام هەڵڕشت
چەپێکێ عەشق و
دوو سێ دەسک بزەی تەڕ و
فینجانێک ماچی لیوی دڵدار و
سێ‌ چوار دەنک ئاخی شیرین
چەمۆڵێکی لەسەری نا و
وەکوو دووکەڵ
بە کۆڵاندا
دوور دەبۆوە و
کاڵ دەبۆوە
ڕەشپۆشە ناشیرینەکە

شاهۆ حوسێنی




رۆژی جیهانی دژ بە چەكداركردنی منداڵان

12ی فیبریوەری رۆژی جیهانی دژ بە چەكداركردنی منداڵانە, هەموو مرۆڤێك بە پێی یاسای مرۆیی جیهانی مافی خۆیەتی تەمەنی منداڵی لە دەرەوەی شەڕو ترس بەرێتە سەر بە خوێندن و یاری و نازی دایك و باوكییەوە.
كۆمەڵگای مرۆڤایەتی تێدەكۆشێت هەموو ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە, چەك نەكرێتە شانیان و لە ململانێی چەكدارییەكان چ دەوڵەتی و چ ناوخۆیی بەشدارییان پێ نەكرێت و ژیان و ئاسایشیان پارێزراو بێت.
ئێستا لە جیهاندا دەیان هەزار منداڵی كەمتر لە 18 ساڵ چەكداركراون و لە ململانێ چەكدارییەكان بەكار دەهێنرێن لە ولاتانی ئەفریقیاو ئاسیا, عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانە لە لایەن داعشەوە منداڵان لە كاروباری سەربازی بە بەربڵاوی بەكار هێنراوە, كە تا ئیستا چارەنووسی هەزاران منداڵی ئێزیدی نادیارە لە ساڵی 2014 ەوە, بەشێكیان لە كردارە چەكدارییەكان بەشدارییان پێدەكرێت, تا كاری خۆ كوژی.
نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە گشتی ٢٦ هەزار و ٤٢٥ پێشێلكاری بەرامبەر منداڵان لە بارودۆخی ناكۆكی و ململانێی چەكداری لە سەرانسەری جیهان پشتڕاستكردەوە, واتە ڕۆژانە ٧٢ سەرپێچی یان لە هەر كاتژمێرێكدا سێ سەرپێچی.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سزای قورسی دیاریكردووە بۆ ئەو كەس و لایەنانەی منداڵان چەكدار دەكەن و لە ململانێ چەكدارییەكان بەكاریان دەهێنن, یاخود ئازاریان دەدەن یان وەك داعش دەیان رفێنن, چەكداركردنی منداڵانی كەمتر لە 15 ساڵ بە پێی پەیمانامەی رۆما وەك تاوانی جەنگ سەیر دەكرێت.
دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكان سزای توندی بەسەر ئەو كەسانەدا سەپاندووە كە منداڵان چەكدار دەكەن و لە شەڕە چەكدارییەكان بەكاریان دەهێنن، یان ئەشكەنجەیان دەدەن یاخود دەیانڕفێنن.
رێككەوتنامەی (ئۆپاك) كە لە مانگی ئایاری ٢٠٠٠ پەسەندكرا، لە لایەن ١٧٢ وڵاتەوە پەسەند كراوە، كە هەموویان بەڵێنیان داوە كە هیچ كەسێك لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە وەرنەگرن لە هێزە چەكدارەكان .
تا ساڵی ٢٠٢٢ نەتەوە یەكگرتووەكان پشتڕاستی كردەوە كە نۆ هێزی چەكداری دەوڵەتی منداڵان لە شەڕەكاندا بەكاردەهێنن: كۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، كۆماری كۆنگۆی دیموكراتی، مالی، سۆماڵ و باشووری سودان , فەلەستین و سوریا و یەمەن ,ئەفغانستان, میانمار, بە پێی هەواڵەكان ئێستا لە سودانیش مندالان لە كردە سەربازییەكان بە بەرفراوانی لە ململانێ چەكدارییە ناوخۆییەكان بەكار دەهێنرێن.
تا ساڵی ٢٠٢٢ نەتەوە یەكگرتووەكان ١٢ وڵاتی دەستنیشان كردووە كە منداڵان بە شێوەیەكی بەرفراوان لەلایەن لە لایەن گروپە چەكدارییەكانەوە بەكاردەهێنرێن.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە پراتیك بەرەو رووی چەكداركردنی مندالان بۆتەوە, تۆماس لۆبانجۆ” سەركردەی سوپای نیشتمانی رزگاری كۆنگۆ” بە 14 ساڵ زیندانی و قەرەبووی قوربانیان حوكم درا لە رێكەوتی 10ی یۆلی 2012 لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە , بەتاوانی چەكداركردنی منداڵانی كەمتر لە 15 ساڵ .
لێرەوە داوا لە سەرجەم پارتە كوردستانییەكان دەكەین پابەند بن بە هەڵوێستی نێونەتەوەییەوەو منداڵانی كەمتر لە 18 ساڵ لە ریزەكانیان بە هیچ بەهانەیەك وەرنەگرن, بە چەكداركردنی منداڵان وێڕای ئەوەی دەچنە لیستی رەشی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤەوە, بەمەش هەر كردارێكی وا دەیانباتە ریزی تاوانكارانی نێونەتەوەییەوە, بە تایبەتیش چەكداركردنی منداڵانی كەمتر لە 15 ساڵ.

-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید- kwg
-تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – Koncicc
-تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
-رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
-رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی-www
-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان




ئیمپراتۆریەت خۆی وێران دەکات.. نووسینی: کریس هێجز.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

ئێمە نەخۆشییەکانی هەموو ئیمپراتۆریەتە لەناوچووەکان هاوبەش دەکەین لەگەڵ تێکەڵەیەک لە گاڵتەجاڕی، گەندەڵی بەرفراوان، شکستی سەربازی، داڕمانی ئابووری و سەرکوتکردنی دڕندانەی دەوڵەت.

کریس هێجز

ملیاردێرەکان، فاشیستە مەسیحییەکان، فێڵبازەکان، دەرون نەخۆشەکان، گێلەکان، خۆپەرستەکان و لادەرەکان کە دەستیان بەسەر کۆنگرێس، کۆشکی سپی و دادگاکاندا گرتووە، کار لەسەر داڕمانی بنەماکانی دەوڵەت دەکەن. ئەم برینە خۆکردانە، تایبەتمەندی هەموو ئیمپراتۆریەتە دواکەوتووەکانە، بەشەکانی دەسەڵات شەل و وێران دەکەن. پاشان، وەک خانووی لە کارتۆن درووستکراو ئیمپراتۆریەت دادەڕمێت.

لە لووتبەرزی خۆیاندا، ناتوانن لەکەمبوونەوەی هێزی ئیمپراتۆریەت تێبگەن، بەرپرسە باڵاکان لە ئیدارەی ترەمپ پەنایان بردۆتە بەر دنیایەکی خەیاڵی کە چیتر ڕاستییە سەخت و ناخۆشەکانی بونیان نامێنێت. ئەوان هەرای بێبنەما دەکەن و لە هەمان کاتدا دەستوور دەدزن و دیپلۆماسی فرەلایەنی و سیاسەت دەگۆڕن بە هەڕەشە و سوێندی وەفاداری. ئاژانس و بەشەکان، کە بە یاساکانی کۆنگرێس دروستکراون و پارەیان پێدراوە، خەریکە دەبن بە دووکەڵ.

ئەوان ڕاپۆرت و داتای حکومەت لەسەر گۆڕانی کەش و هەوا لادەبەن و لە ڕێککەوتننامەی پاریس بۆ کەش و هەوا دەکشێنەوە. ئەوان لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەکشێنەوە. ئەوان سزای بەرپرسانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەدەن – کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانتی وەزیری بەرگری پێشوو دەرکرد بە تۆمەتی تاوانی جەنگ لە غەزە. ئەوان پێشنیازیان کرد کەنەدا ببێتە ویلایەتی ٥١. ئەوان گروپێکی کاریان پێکهێناوە بۆ “لەناوبردنی ئەوانەی دژایەتی مەسیحیەت دەکەن”. ئەوان داوای لکاندنی گرینلاند و داگیرکردنی کەناڵی پەنەما دەکەن. ئەوان پێشنیازی چۆڵکردنی غەزەو دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن ئەمریکاوەو گۆڕینی بە شوێنێکی گەشتیاری دەکەن. ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەوا ڕژێمە عەرەبییەکان کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێن دەڕووخێنێت.

فەرمانڕەوایانی هەموو ئیمپراتۆریەتەکانی ئەم دوواییانە، لەوانە ئیمپراتۆرەکانی ڕۆما کالیگولا و نیرۆ یان چارلزی یەکەم، دوا پاشای هابسبۆرگ، ئەمانە هیچ جیاوازنیین لە کڵاو لەسەرە بێبەهرەکان کە وشە بێماناکانیان یەک لەدوای یەک ریزدەکەن. ئەوان، وەک دۆناڵد ترەمپ، ڕەنگدانەوەی ئەو ڕزینە ئەخلاقی، فیکری و جەستەییەن کە کۆمەڵگەیەکی نەخۆش تووشی دەبێت.

من دوو ساڵم بەسەر برد لە توێژینەوە و نووسین لەسەر ئایدیۆلۆژییە چەوتەکانی ئەوانەی کە ئێستا دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست. لە کتێبەکەمدا “فاشیستە ئەمریکییەکان: ڕاستڕەوی مەسیحی و جەنگ لە دژی ئەمریکا.” شایانی خوێندنەوەیەکی جدییانەیە.
ئەم فاشیستە مەسیحییانە، کە ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆژیای ئیدارەی ترەمپ پێناسە دەکەن، بێسڵەمینەوە ڕقیان لە دیموکراسییە فرەیی و عەلمانییەکانە. ئەوان، وەک بە وردی لە چەندین کتێب و بەڵگەنامەی “مەسیحی”دا وەک پڕۆژەی ٢٠٢٥ی دامەزراوەی هێریتەج باسیان کردووە، هەوڵ دەدەن دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانان، لەگەڵ میدیا و ئەکادیمیا، بکەن بە پاشکۆی دەوڵەتێکی “مەسیحیکراو” کە ڕابەرێکی خوایی دەستنیشانکراو سەرکردایەتی دەکات. ئەوان بە ئاشکرا ستایشی لایەنگرانی نازی دەکەن وەک Rousas John Rushdoony ، کە پشتگیری جینۆساید دەکات و بەڵگە دەهێنێتەوە کە پەروەردە و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی دەبێت بدرێت بە کڵێساکان و یاسای ئینجیلی دەبێت جێگای یاسای عەلمانی بگرێتەوە، هەروەها تیۆریستەکانی پارتی نازی وەک Carl Schmitt. ئەوان ڕەگەزپەرست، دژە ژن و دژە هاورەگەزەکانن. ئەوان تیۆری پیلانگێڕی سەیر دەگرنەبەر لە تیۆری جێگرتنەوەی سپی پێستەکانەوە تا دێوێکی تاریک کە ناویان ناوە “وۆک- “the woke.””. تەنها دەتوانیین ئەوەندە بڵێین کە ئەوان پشت بەستوونین بە واقعیەتی کۆمەڵگە.

فاشیستە مەسیحییەکان لە تاقمێکی تیۆکراتی بەناوی دۆمینیۆنیزمەوە (Dominionism ) دێنەدەرێ. ئەم تاقمە وا بانگەشەکەی دەکات کە مەسیحییە ئەمریکییەکان ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی ئەمریکا بکەن بە دەوڵەتێکی مەسیحی و نوێنەری خودا. نەیارانی سیاسی و فیکری ئەم ئینجیلگەراییە توندڕەوە وەک نوێنەری شەیتان سەرکۆنە دەکرێن.
“لەژێر دەسەڵاتی مەسیحیدا، ئەمریکا چیتر نەتەوەیەکی گوناهبار و کەوتوو نابێت بەڵکو نەتەوەیەک دەبێت کە ١٠ فەرمانەکە بنەمای سیستەمی یاساییمان پێک دەهێنێت، خولقاندن و ‘بەهاکانی مەسیحی’ بنەمای سیستەمی پەروەردەییمان پێک دەهێنن، میدیا و حکومەت موژدەی خۆش بۆ هەموان ڕادەگەیەنن،” وەک لە کتێبەکەمدا ئاماژەم پێکردوە. “یەکێتییەکانی کرێکاران، یاساکانی مافی مەدەنی و قوتابخانە گشتییەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە. ژنان لە هێزی کار دەردەکرێن بۆ ئەوەی لە ماڵەوە بمێننەوە، هەموو ئەوانەش کە بە ڕادەی پێویست مەسیحی نین، هاوڵاتی بوونیان لێ زەوت دەکرێت. جگە لە ئەرکی بانگەوازکردن، حکومەتی فیدراڵی کەم دەکرێتەوە بۆ پاراستنی مافەکانی موڵکایەتی و ئاسایشی ‘نیشتمانی’.”

فاشیستە مەسیحییەکان و کۆمەککارە ملیاردێرەکانیان، وەک ئاماژەم پێکرد، “بە وشە و دەستەواژە قسە دەکەن کە بۆ زۆربەی ئەمریکییەکان ئاشنا و دڵنیاکەرەوەن، بەڵام چیتر وشەکان بۆ ئەو مانایە بەکار ناهێنن کە لە ڕابردوودا هەیانبووە.” ئەوان ماناکوژی ئەنجام دەدەن، پێناسە کۆنەکان دەکوژن و بە پێناسەی نوێ جێگەیان دەگرنەوە. وشەکان – لەوانە ڕاستی، دانایی، مردن، ئازادی، ژیان و خۆشەویستی – هەڵدەوەشێنرێنەوە و مانای دژ بە یەکیان پێ دەدرێت. ژیان و مردن، بۆ نموونە، مانای ژیان لە مەسیحدا یان مردن بۆ مەسیح دەگەیەنن، نیشانەی باوەڕ یان بێباوەڕی. دانایی ئاماژە بە ئاستی پابەندبوون و گوێڕایەڵی بۆ دۆکترینەکە دەکات. ئازادی پەیوەندی بە ئازادییەوە نییە، بەڵکو ئەو ئازادییەیە کە لە شوێنکەوتنی عیسای مەسیح و ڕزگاربوون لە فەرمانەکانی عەلمانییەتەوە دێت. خۆشەویستی دەشێوێنرێت بۆ گوێڕایەڵییەکی بێ پرسیار بۆ ئەوانەی، وەک ترەمپ، کە بانگەشەی ئەوە دەکەن بۆ خودا قسە و کار دەکەن.

کە باهۆزی مەرگ خێراتر دەبێت، دوژمنی وەهمی، ناوخۆیی و دەرەکی، تاوانبار دەکرێن بە لەناوچوونەکە، چەوساوەکان بۆ لەناوبردن دیاری کراون. کاتێک وێرانکارییەکە تەواو دەبێت، کە دڵنیایی لە هەژاری هاوڵاتیان دەکات، تێکچوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دروستکردنی تووڕەییەکی نائامادە، تەنها ئامرازی توندوتیژی دەوڵەت دەمێنێتەوە. خەڵکێکی زۆر ئازار دەچێژن، بەتایبەتی کاتێک قەیرانی کەش و هەوا بە توندی و توندی زیاتر تۆڵەی کوشندەی خۆی دەسەپێنێت.

داڕمانی سیستەمی دەستووریمان لە هاوسەنگی و کۆنترۆڵ بەشێوەیەک لە شێوەکان زۆر پێش هاتنی ترەمپ ڕوویدا. گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات دووایین هەناسەی پاکس ئەمریکانا (Pax Americana ) نیشان دەدات. ئەو ڕۆژە دوور نییە کاتێک، وەک سێنای ڕۆمانی لە ساڵی ٢٧ی پێش زایین، کۆنگرێس دوا دەنگدانی گرنگی خۆی دەدات و دەسەڵات ڕادەستی دیکتاتۆرێک دەکات. پارتی دیموکرات، کە ستراتیژیەکەی وا دیارە هیچ نەکات و هیوادار بێت ترەمپ بۆخۆی بڕوخێت، پێشتر لای خۆیانەوە بەو چارەنووسە حەتمییە رازیبونە.

پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا ئێمە دادەڕمێین، بەڵکو چەند ملیۆن بێتاوان لەگەڵ خۆمان دەبەین. لەبەر توندوتیژی پیشەسازی کە ئیمپراتۆریەتەکەمان بەکاری دەهێنێت، دەکرێت زۆر بێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەوانەی لە دەسەڵاتدان بڕیار بدەن دەست بۆ چەکی ناوەکی ببەن.
هەڵوەشاندنەوەی ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) – کە ئیلۆن ماسک دەڵێت لەلایەن “هێلانەی مارێکی مارکسیستی چەپڕەوی توندڕەوەوە بەڕێوە دەبرێت کە ڕقیان لە ئەمریکایە” – نموونەیەکە لەوەی چۆن ئەم ئاگرتێبەردەرانە هیچ تێناگەن لەوەی چۆن ئیمپراتۆریەتەکان کار دەکەن.

یارمەتی دەرەکی چاکەخوازی نییە. چەکدار کراوە بۆ پاراستنی باڵادەستی بەسەر نەتەوە یەکگرتووەکان و لابردنی ئەو حکومەتانەی کە ئیمپراتۆریەت بە دوژمنیان دەزانێت. ئەو وڵاتانەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە فرەلایەنەکانی تر کە بەو شێوەیە دەنگ دەدەن کە ئیمپراتۆریەت داوا دەکات، کە سەروەری خۆیان ڕادەستی کۆمپانیا جیهانییەکان و سوپای ئەمریکا دەکەن، یارمەتی وەردەگرن. ئەوانەی وا ناکەن، یارمەتی وەرناگرن.

کاتێک ئەمریکا پێشنیاری ئەوەی کرد فڕۆکەخانە پۆرت-ئۆ-پرینسی (Port-au-Prince ) پایتەختی هایتی دروست بکات، ڕۆژنامەنووسی لێکۆڵەر مات کێنارد راپۆرتێکی لەوبارەوە نووسی کەداوا لە هایتی کراوە دژی وەرگرتنی کوبا بوەستێت لە ڕێکخراوی وڵاتانی ئەمریکی، کە رێک ئەو کارەی کرد.

یارمەتی دەرەکی پڕۆژەی ژێرخان دروست دەکات تا کۆمپانیاکان بتوانن کارگەی کاری قورسی جیهانی بەڕێوە ببەن و سەرچاوەکان دەربهێنن. پارە بۆ “پەرەپێدانی دیموکراسی” و “چاکسازی دادوەری” تەرخان دەکات کە خواستەکانی سەرکردە سیاسییەکان و حکومەتەکان پووچەڵ دەکاتەوە کە دەیانەوێت سەربەخۆ بمێننەوە لە چنگی ئیمپراتۆریەت.

بۆنموونە (USAID )، پارەی “پڕۆژەی چاکسازی پارتی سیاسی”ی دا بە بۆلیڤیا کە نەخشەکە وا داڕێژرابوو “وەک هاوسەنگییەک لەبەرانبەر” بزووتنەوەی “ڕادیکاڵ”ی بەرەو سۆشیالیزم (مۆڤیمیێنتۆ ئەل سۆسیالیزمۆ) هەوڵیان دەدا ڕێگری لە هەڵبژاردنی سۆشیالیستەکانی وەک ئیڤۆ مۆراڵێس ( Evo Morales) بکەن. کاتێک مۆراڵیس توانی هەڵبژاردنەکە بەرێتەوە، کەوتنە دابەشکردنی پارە بەسەر ئەو ڕێکخراوانەدا لەبواری بەرنامەی تایبەتدا لەوانە بەرنامەکانی ڕاهێنان تا گەنجانی بۆلیڤی فێری شێوازەکانی بازرگانی ئەمریکی بکرێن، بۆ ئەوەی سۆسیالیستەکان نەتوانن دەسەڵاتی خۆین بە تەواوەتی بسەپێنن.

کێنارد (Kennard ) لە کتێبەکەیدا، “ڕاکێت: ڕۆژنامەنووسێکی یاخی دژی ئیمپراتۆریەتی ئەمریکی“، بەڵگە دەهێنێتەوە کە چۆن دامەزراوە ئەمریکییەکان وەک سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی، بانکی جیهانی، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، بانکی گەشەپێدانی نێوان-ئەمریکی، USAID و ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لەگەڵ پێنتاگۆن و ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی کار دەکەن بۆ ژێردەستەکردن و چەوساندنەوەی باشووری جیهانی.

دەوڵەتە کڕدراوەکان کە یارمەتی وەردەگرن دەبێت کار بۆ نەهێشتنی سەندیکاکان بکەن، ڕێوشوێنی سەختگیری بسەپێنن، کرێ نزم بهێڵنەوە و حکومەتی بووکەڵە بپارێزن. بەرنامە یارمەتییە پڕ پارەکان، کە بۆ ڕووخاندنی مۆراڵێس نەخشەی بۆ دانرابوو، لە کۆتاییدا وایان لە سەرۆکی بۆلیڤیا کرد USAID لە وڵات دەربکات.

درۆیەک کە بە خەڵک دەفرۆشرێت ئەوەیە کە ئەم یارمەتییە هەم بۆ هەژارەکانی دەرەوە و هەم بۆ ئێمە لە ناوەوە سوودبەخشە. بەڵام ئەو نایەکسانییەی ئەم بەرنامانە لە دەرەوە ئاسانکاری بۆ دەکەن، نایەکسانی ناوخۆیی دووبارە دەکەنەوە. ئەو سامانەی لە باشووری جیهانی دەردەهێنرێت بە دادپەروەرانە دابەش ناکرێت. دەچێتە دەستی چینی ملیاردێر، زۆر جار لە حیسابی بانکی دەرەوە دەشاردرێتەوە بۆ خۆدزینەوە لە باج.

لە هەمان کاتدا، باجەکانی ئێمە بە شێوەیەکی نایەکسان پارە بۆ سوپا تەرخان دەکات، کە مستی ئاسنینە لە پاراستنی سیستەمی چەوساندنەوە. ئەو ٣٠ ملیۆن ئەمریکییەی کە قوربانی دەرکردنی بەکۆمەڵ و پیشەسازی لابردن بوون کارەکانیان بۆ کرێکارانی کارگە قورسەکانی دەرەوە لەدەست دا. وەک کێنارد ئاماژە دەکات، هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە، “گواستنەوەیەکی فراوانی سامانە لە هەژارەوە بۆ دەوڵەمەند لە ئاستی جیهانی و ناوخۆیی.”
“هەمان ئەو کەسانەی دەربارەی ئەوەی لە دەرەوە دەیکەین ئەفسانەکان دادەڕێژن، سیستەمێکی ئایدیۆلۆژی هاوشێوەیان دروستکردووە رەوایی بە دزی لە ناوەوە دەدات؛ دزی لە هەژارترینەوە، لەلایەن دەوڵەمەندترینەوە،” ئەو دەنووسێت. “هەژار و کرێکارانی هارلێم (Harlem ) زیاتر هاوبەشیان لەگەڵ هەژار و کرێکارانی هایتی هەیە وەک لەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارەکانی خۆیان هەیانبێت، بەڵام ئەمە دەبێت بشاردرێتەوە بۆ ئەوەی فێڵەکە کار بکات.”
یارمەتی دەرەکی کارگە قورسەکان یان “ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان” لە وڵاتانی وەک هایتی دەپارێزێت، کە کرێکاران بە چەند سەنتێک لە کاتژمێرێکدا و زۆر جار لە بارودۆخی ناهەمواردا کار بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان دەکەن.
“یەکێک لە لایەنەکانی ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان و یەکێک لە هاندەرەکان بۆ کۆمپانیاکان لە ئەمریکا، ئەوەیە کە ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان تەنانەت ڕێکخستنی کەمتریان هەیە لە دەوڵەتی نیشتمانی لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کار و باج و گومرگ،” کێنارد لە چاوپێکەوتنێکدا پێی وتم:
“تۆ ئەم کارگە قورسانە لە ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان دەکەیتەوە. پارەیەکی کەم بە کرێکارەکان دەدەیت. هەموو سەرچاوەکان دەردەهێنیت بەبێ ئەوەی گومرگ یان باج بدەیت. دەوڵەت لە مەکسیک یان هایتی یان هەر شوێنێک بێت، کە بەرهەمهێنانەکەیان بۆ دەرەوە دەگوازنەوە، هیچ سوودێکی بۆ خەزێنەی وڵاتەکە نییە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە هەرگیز سەندوقەکانی دەوڵەت سامانەکەی زیاد ناکات. ئەوە تەنها کۆمپانیاکانن کە سوود لەو کارە وەردەگرن.”

کێنارد لە کتێبەکەیدا دەنووسێت “هەمان ئەم دامەزراوە و میکانیزمی کۆنترۆڵی ئەمریکیە، بەکارهێنران بۆ تێکدانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی جێرمی کۆربن کە ڕەخنەگرێکی توندی ئیمپراتۆریەتی ئەمریکایە، لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا بۆ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا.”

ئەمریکا نزیکەی ٧٢ ملیار دۆلاری لە یارمەتی دەرەکی لە ساڵی دارایی ٢٠٢٣دا خەرج کرد. پارەی دا بە دەستپێشخەرییەکانی ئاوی پاک، چارەسەری ئێچ ئای ڤی/ئایدز، ئاسایشی وزە و کاری دژە گەندەڵی. لە ٢٠٢٤دا لە ٤٢%ی هەموو یارمەتییە مرۆییەکانی دابین کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێری دەکرد.
یارمەتی مرۆیی، کە زۆر جار وەک “هێزی نەرم” وەسف دەکرێت، نەخشەی بۆ کێشراوە بۆ شاردنەوەی دزینی سەرچاوەکان لە باشووری جیهان لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە، فراوانبوونی جێ پێی سوپای ئەمریکا، کۆنترۆڵی توندی حکومەتە بیانییەکان، ئەو وێرانکارییەی لە لێدانی بیرە نەوتەکان دروست دەبێت، خراپ بەکارهێنانی سیستماتیکی کرێکاران لە کارگە قورسە جیهانییەکان و ژەهراویکردنی منداڵانی کرێکار لە شوێنی وەک کۆنگۆ، کە بەکاردەهێنرێن بۆ دەرهێنانی لیسیۆم.

گومانم هەیە ئیڵن ماسک و سوپایەک لە منداڵە لاوەکانی لە بەشی کارایی حکومەت (DOGE) – کە بەشێکی فەرمی نییە لە ناو حکومەتی فیدراڵی – هیچ بیرۆکەیەکیان هەبێت دەربارەی چۆنیەتی کارکردنی ئەو ڕێکخراوانەی وێرانی دەکەن، بۆچی هەن، یان لەناوچوونی مانای چی دەبێت بۆ هێزی ئەمریکی؟

دەستبەسەرداگرتنی تۆمارەکانی کارمەندانی حکومەت و کەرەستەی نهێنی، هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە گرێبەستی حکومی بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار – زۆربەیان پەیوەندیان بە فرەیی، یەکسانی و لەخۆگرتن (DEI) هەیە، پێشنیارەکانی کڕینەوە بۆ “وشککردنی زەلکاوەکە” لەوانە پێشنیاری کڕینەوە بۆ هەموو هێزی کاری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی – کە ئێستا بە شێوەیەکی کاتی لەلایەن دادوەرێکەوە ڕاگیراوە – دەرکردنی ١٧ یان ١٨ پشکنەری گشتی و داواکاری گشتی فیدراڵی، ڕاگرتنی پارەدانی حکومی و بەخشینەکان، دەبینن چۆن ئەو دێوە زلە دەخۆن کە دەیپەرستن.

پلانیان وایە دامەزراوەی پاراستنی ژینگە، وەزارەتی پەروەردە و خزمەتگوزاری پۆستەی ئەمریکا هەڵبوەشێننەوە، کە بەشێکن لە ئامێری ناوخۆیی ئیمپراتۆریەت. هەرچەند دەوڵەت ناکارا دەبێت، زیاتر دەرفەتی بازرگانی بۆ کۆمپانیا دڕندەکان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی تایبەت دروست دەکات. ئەم ملیاردێرانە سامانێک بەدەست دەهێنن لە “دروێنەکردنی” پاشماوەی ئیمپراتۆریەت. بەڵام لە کۆتاییدا ئەو دێوە دەکوژن کە سامان و هێزی ئەمریکی دروست کرد.

کاتێک دۆلار چیتر دراوی یەدەگی جیهان نابێت، شتێک کە هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەت دڵنیای دەکات، ئەمریکا ناتوانێت پارە بۆ کورتهێنانە گەورەکانی بدات بە فرۆشتنی بۆندی خەزێنە. ئابووری ئەمریکا دەکەوێتە داڕمانێکی وێرانکەر. ئەمە دەبێتە هۆی تێکچوونی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەرزبوونەوەی نرخەکان، بەتایبەتی بۆ بەرهەمە هاوردەکراوەکان، کرێی وەستاو و ڕێژەی بەرزی بێکاری. پارەدان بۆ لانیکەم ٧٥٠ بنکەی سەربازی لە دەرەوە و سوپا زەبەلاحەکەمان ناکرێت بەردەوام بێت. ئیمپراتۆریەت یەکسەر کورت دەبێتەوە. دەبێتە سێبەری خۆی. نەتەوەپەرستی زۆر، کە بە تووڕەییەکی نائامادە و نائومێدی بەرفراوان دەورووژێنرێت، دەگۆڕێت بۆ فاشیزمێکی ئەمریکی پڕ لە ڕق.

“لەناوچوونی ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک هێزی باڵادەستی جیهانی دەکرێت زۆر خێراتر بێت لەوەی هەرکەس وێنای دەکات،” مێژوونووس ئەلفرێد دەبلیو مەکۆی (Alfred W. McCoy ) لە کتێبەکەیدا “لە سێبەری سەدەی ئەمریکی: هەڵکشان و داکشانی هێزی جیهانی ئەمریکا” دەنووسێت:
“سەرەڕای ئەو هەیبەتەی کە ئیمپراتۆریەتەکان زۆر جار نیشانی دەدەن، زۆربەیان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لاواز و ناسکن، تەنانەت هێزی ناوەکی دەوڵەت-نەتەوەیەکی مامناوەندیشیان نییە. لە ڕاستیدا، چاوخشاندنێک بە مێژوویان دەبێت بیرمان بخاتەوە کە گەورەترینیان لەژێر کاریگەری هۆکاری جیاواز بەرەو داڕمان دەچن، لەگەڵ فشارە داراییەکان کە زۆر جار فاکتەرێکی سەرەکین. بۆ زیاتر لە دوو سەدە، ئاسایش و خۆشگوزەرانی نیشتمان ئامانجی سەرەکی بووە بۆ زۆربەی دەوڵەتە جێگیرەکان، پەلاماردانی دەرەکی یان ئیمپریالی دەکات بە بژاردەیەک دەکرێت دەستی لێ هەڵبگیرێت، زۆر جار تەنها ٥ لەسەدی بودجەی ناوخۆی بۆ تەرخان دەکرێت. بەبێ دارایی کە بە شێوەیەکی ئۆرگانی لە ناو نەتەوەیەکی سەروەردا دروست دەبێت، ئیمپراتۆریەتەکان بە دڕندەیی ناسراون لە ڕاوی بەردەوامیان بۆ تاڵان یان قازانج – سەیری بازرگانی کۆیلەی ئەتڵەسی، حەزی بەلجیکا بۆلاستیکی سروشتی لە کۆنگۆ، بازرگانی ئەفیونی هیندی بەریتانی، دەستدرێژی ڕایخی سێیەم بۆ سەر ئەوروپا، یان چەوساندنەوەی سۆڤیەت بۆ ئەوروپای ڕۆژهەڵات بکە.
مەکۆی ئاماژە بەوە دەکات کاتێک داهاتەکان کەم دەبنەوە یان دادەڕمێن، “ئیمپراتۆریەتەکان پوچ دەبنەوە.”
” ئەو دەنووسێت: زەمینەی هێزی ئیمپراتۆرەکان هێندە ناسکە، کاتێک شتەکان بە ڕاستی دەست دەکەن بە هەڵە ڕۆیشتن، ئیمپراتۆریەتەکان بە خێراییەکی نائاسایی هەڵدەوەشێنەوە: تەنها ساڵێک بۆ پورتوگال، دوو ساڵ بۆ یەکێتی سۆڤیەت، هەشت ساڵ بۆ فەرەنسا، یازدە ساڵ بۆ عوسمانییەکان، حەڤدە بۆ بەریتانیای گەورە و بە گشت ئەگەرێک، تەنها بیست و حەوت ساڵ بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە دەستپێدەکات [کاتێک ئەمریکا هێرشی کردە سەر عێراق]،”.

ئەو کۆمەڵە ئامرازانەی کە بۆ باڵادەستی جیهانی بەکاردەهێنرێن – چاودێری بەرفراوان، لەناوبردنی ئازادییە مەدەنییەکان لەوانە پرۆسەی یاسایی، ئەشکەنجەدان، پۆلیسی سەربازیکراو، سیستەمی زیندانی گەورە، درۆنی سەربازیکراو و مانگە دەستکردەکان – دژی دانیشتوانێکی ناڕازی و تووڕە بەکاردەهێنرێن.

خواردنی کەلاکی ئیمپراتۆریەت بۆ تێرکردنی چاوچنۆکی و خۆبەزلزانینی زۆری ئەم داڵانە پێشبینی سەردەمێکی تاریکی نوێ دەکات.


سەرچاوە:
https://chrishedges.substack.com/p/the-empire-self-destructs




دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەژێر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسکدا.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

هەڤپەیڤینێک لەتەک مێژووناس کوین سڵۆبۆدیاندا
مارک فۆن لیوپکە ئەنجامیداوە

نوێکراوەتەوە لە 22.01.2025 ، سەعات 12:36

دۆنالد ترەمپ سەرلەنوێ حوکمی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات، ئیلۆن مەسک پشتیوانێتی. ئایا پلانەکانی ئەو مەڵتیملیاردێرە چین کە دەیەوێت بەدییان بهێنێت؟ مێژووناس کوین سڵۆبۆدیان (Queen Slobodian) هۆشداری دەدات: دەشێت ئەوە ترسناک بێت.
دۆنالد ترەمپ پێش پێدانی پۆستەکەی چەندین هەڕەشە و ئاگادارکردنەوەی ڕاگەیاند، ئێستاش ئەوی کۆماری سەرلەنوێ سەروەرە لە کۆشکی سپی. جگەلەوە ترەمپ بەتەنیا نییە. ئیلۆن مەسکی زۆر دەوڵەمەند بە هەمان شێوە رۆڵێک لە سیاسەتی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا دەگێڕێت. ئایا ترەمپ چیی دەوێت، بەتایبەتی: ئایا ئیلۆن مەسک چیی دەوێت؟ ئەوجا چەند دەشێت گەڕانەوەی ترەمپ و جیهانبینییەکەی مەسک دراماییانە دەوڵەتە یەکگرتووەکان و بەمەش باقییەکەی دیکەی جیهان بگۆڕن؟
ئەم پرسیارانە کوین سڵۆبۆدیان لە گفتوگۆکەدا وەڵامیان دەداتەوە، مێژووناس و نووسەری کتێبەکانی “گلۆبالیستەکان. کۆتایی ئیمپراتۆرەکان و لەدایکبوونی نیۆلیبەرالیزم” و “سەرمایەگەری بەبێ دێمۆکراتی”.
ت-ئۆنلاین: پرۆفیسۆر سڵۆبۆدیان، دۆنالد ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی و ئەوها دەنوێنێت هەست بە برسێتی بۆ خاک بکات. ئایا ترستان لە کەنەدای وڵاتتان هەیە؟
کوین سڵۆبۆدیان: هەڕەشەکانی ترەمپ بەزۆریی پوچەڵن، من هەر ئەوها دوایەمین دەربڕینەکانی بەتایبەتی پەیوەند بە کەنەداوە دەرک دەکەم. ئەو تەنیا بە فشاری ئابووری ئەوەی لە کەنەدا دەستدەکەوێت کە خۆی دەیەوێت. هەموو ئەوانەی دی هیچی دیکە نین جگە لە قاووقیژ و چەواشەکاری. ئەوە زۆر پارادۆکسە: لە لایەک کەسانی دەوری ترەمپ داوای کاریگەریی پەرەپێدراوی حکومەت و کورتکردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکان دەکەن، وەلێ ئەو لە لایەکی دیکەوە خەون بە کشانی ناوچەییەوە دەبینێت تا دەوڵەتی ئەمەریکی فراوانتر و گەورەتر بکات.
ت-ئۆنلاین: ئایا ئەوە تەواو بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو هەژاندنە شیاوانەی سیاسەتی دەرەوە کە پێدەچێت ئابووری و بەهای پشکەکان داخ بکەن؟ وەلێ ئەمە ئەوسا ڕادیکالەکانی بازاڕ کە بەڕێزتان لە کتێبەکەتاندا بە ناونیشانی “سەرمایەگەری بەبێ دێمۆکراتی” شرۆڤەی دەکەن، کەم شادمان دەکات.
سڵۆبۆدیان: بەڵێ. ئەو ڕاستییەکەی هەروەها ژمارەیەکی کافی کەسانی توندوتیژی لە ئیدارەکەیدا هەیە (با ناویان بنێین مەخلوقەکانی بازاڕ) کە دەیوەستێنن گەر بەو جۆرە نیازانە لە سنوور دەربچێت.
ت-ئۆنلاین: سەرۆکی پێشینی دەوڵەتە یەکگرتووەکان بیل کلینتن ساڵی 1992 ئەوەی بەم شێوەیە پوخت کردەوە: “It’s the economy, stupid!”. کەواتە ئایا دۆنالد ترەمپ هەنووکە دەتوانێت گرمەگرم و هەڕەشە بکات تا ئەو کاتە کە سەلامەتیی ئابووریانەی ئەمەریکییەکان لە مەترسیدا نەبێت؟
سڵۆبۆدیان: بەڵێ. زۆر ئەمەریکی مەیلیان بۆ ئەوە هەیە کە بە جزدانەکەیان بیربکەنەوە. ترەمپ ساڵی 2020 لەبەر یەک هۆ هەڵبژاردنەکەی لەدژی جۆ بایدن دۆڕاند: کۆڤید-19. گەر ئەو پاندێمییە نەبووایە، ترەمپ ئەو دەمە سەرلەنوێ هەڵدەبژێررایەوە. ئاخر ئەو لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا پەرەی دا بە دەرهێنانی نەوت و گاز، ئەوەش قورسایی لەسەر جزدانەکانی زۆر ئەمەریکی لابرد، ئەوە کاتێک بەهای پشکەکان بەرزبۆوە. گەرچی نایەکسانییەکی گەورە لە وڵاتدا هەبوو، سەرباری ئەوە هەستی گەشە و خۆشحاڵیی پەرەسەندوو باڵادەست بوو. ئەو دەمە ترەمپ سواری شەپۆلێکی گەشەی ئابووری بووبوو و تا ئەمڕۆش بەو گەشەیەوە پابەند دەکرێت.
ت-ئۆنلاین: جۆ بایدن و کامالا هێڕیس دەبوو بە پێچەوانەوە سەرئەنجامەکانی کۆڤید-19 و هەڵئاوسانی دراماییانەی هەڵکشاو لەئەستۆبگرن.
سڵۆبۆدیان: دروست ئەوهایە. گەر کامالا هێڕێس لە دوایەمین هەفتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەیدا پەیامی پۆپولیستیی لە مەسەلەکانی ئابووریدا بە دەنگدەران بگەیاندایە … نازانم … ڕەنگە بەڕاستی بیبردایەتەوە.
ت-ئۆنلاین: ئایا دەبێت لە چەند ساڵی داهاتوودا حساب بۆ چی بکەین؟
سڵۆبۆدیان: ترەمپ پێش هەر شتێک ئینتەرتەینەرە، ئەوەش لەسەر زەمینەی شکۆفە چەند ساڵی و سەرکەوتووەکەی لە Reality-TV -دا. سیاسەتی نابەردەوامی ترەمپ لە لایەن ئەو کەسانەوە دیاری دەکرێت کە توانیویانە بۆ مەبەستی ئیدێ سیاسییەکانی خۆیان دەزگیری گوێی ئەو ببن.
ت-ئۆنلاین: کەواتە کێ ڕێگەی بۆ گەیشتن بە ترەمپ هەبێت، ئیدی ئایا بەشدار دەبێت لە دیاریکردنی قەدەری ئەمەریکای زلهێزدا؟
سڵۆبۆدیان: زۆر جار لەبارەی ترەمپ وا دانراوە کە جیهانبینییەکەی بەتەواوی لە لایەن ئەو کەسەوە دیاری دەکرێت کە ئەو پێش پێنج خولەک لەتەکیدا گفتوگۆی کردووە. من لەو باوەڕەدام ئەم وادانانە زۆر لە ڕاستی نزیک دەکەوێتەوە. ئەو بۆ نموونە لەتوانایدایە لە یەک خولەکدا ئاگرینانە لەبارەی دێپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ بدوێت و لە خولەکی دوای ئەوەدا بیروڕای خۆی دەرببڕێت لەبارەی زەروورەی ڤیزەی H-1B بۆ پسپۆرانی لێوەشاوەی باڵا لە هیندستانەوە. حولحولێتیی بیرۆکەییانەی ئەوها سەرشێتانە بۆ ئێمە بێهودە دەنوێنێت، وەلێ ترەمپ هیچ کێشەیەکی لەتەک ئەوەدا نییە.
ت-ئۆنلاین: ئایا خودی ترەمپ چیی دەوێت؟
سڵۆبۆدیان: هیچ ترەمپیزمێکی نێوەرۆکیانەی هاوبار لەگۆڕی نییە، نە لە ڕووی سیاسی و نە لە ڕووی ئابوورییەوە. با وا ببێژم، ترەمپ پۆپولیستێکی نموونەییە، پەردەیەکی بەتاڵە و مرۆڤان دەتوانن پێشبینییەکانی خۆیان بپەخشێننە سەری. ئێوە پێشبینیی ئەو بکەن وەک لۆکۆمۆتیڤێک (مەکینەیەکی شەمەندەفەر) کە خەڵک ئیدێ سیاسییەکانی خۆیانی پێوە دەبەستن. ئەمەش ڕەوشەکە ئەوها پڕمەترسی دەکات. بۆیە کێ بییەوێت بزانێت داخۆ ترەمپ بەمزووانە چی دەکات، گەرەکە لەسەر ئاستی ئیدارە لە ژێرەوەی ئەو بڕوانێت. ئاخر لەوێ کەسانی ئەوتۆ هەن کە نێوەرۆکی سیاسەتی ترەمپ دیاری دەکەن.
ت-ئۆنلاین: ئیلۆن مەسک لەم ساتەدا خاوەنی گوێی دۆناڵد ترەمپە. ئەم دەوڵەمەندترین پیاوەی جیهان گەرەکە لە ئایندەدا بیرۆکراتی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کەم بکاتەوە و بە ڕاهێنان حکومەت کاریگەر بکات. ئایا مەسک چیی دەوێت؟
سڵۆبۆدیان: سەرەتا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات، داخۆ دامەزراوە نوێکەی مەسک کە گەرەکە پەرە بە کاریگەریی حکومەت بدات، بەگشتی خاوەنی ئۆتۆرێتی (دەستڕۆیشتوویی) بێت. ئاخر ئەو دامەزراوەیە بەشێک نابێت لە ئیدارەی فەرمی. مەسک دووچاری بەرهەڵستیی زۆری فەرمانگە فەرمییەکان دەبێت کە زۆر چاک دەزانن، ئەوە هێندە ئاسان نییە خەرجییەکان بێدوودڵی لەو شێوەیەدا بسڕرێنەوە کە مەسک پێشبینیی دەکات.
ت-ئۆنلاین: جگەلەوە مەسک خۆی چالاکوانێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو بەڕێی کۆمپانیاکانییەوە، بۆ نموونە SpaceX، پارەی زۆری لە دەوڵەت دەستدەکەوێت.
سڵۆبۆدیان: ئەو پێشبینییەکی ڕوونی لەوبارەیەوە هەیە کە لە پارەبۆئامادەکردندا گرنگی بە چی بدات و بە چی نەدات. ئەوە بۆ مەسک نەسازی نییە کە وەزارەتی پەروەردەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نەهێڵێت و هاوکات گرێبەستی دیکەی چەند ملیاردی بۆ سپەیس ئیکس لەتەک حکومەتی ئەمەریکیدا مۆربکات، بۆ نموونە بۆ هەڵفڕینی ساتێلایتە سەربازییەکان. بۆ مەسک جۆرێکی هیرارشیی پێداویستییەکان هەیە کە کاراییە ناوکییەکەی دەوڵەت وێنەدەداتەوە، لێرەشدا ئەم پێداویستییانە تەواو بەڕێکەوت چوونیەکن بەو کایانە کە مەسک تێیاندا قازانجکەرانە چالاکە.
ت-ئۆنلاین: کەواتە کاتێک مەسک دەیەوێت زۆر خەرجیی دەزگای دەوڵەتی ئەمەریکی بتاشێت، ئایا پلانی ئەوە دادەنێت کە هێشتا هەر کۆمەکی دەستبڵاو و پێسپاردە لە لایەنی حکومەتەوە وەربگرێت؟
سڵۆبۆدیان: مەسک لە کۆتاییدا دەیەوێت مەریخ ئاوەدان بکاتەوە. ئایا بۆ ئەو مەبەستە چیی پێویستە؟ پارە، پارەی یەکجار زۆر. مەسک لەنێو جۆرێکی جیهانی نێوانیدا دەژی؛ مەسەلەکە لێرەدا تێکەڵێکی دەروونییە لەسەر زەمینەی گەمە ڤیدیۆییە سۆسیال-دارڤینیستییەکان کە ئەو خۆی دەیانکات، هەروەها لەسەر بنەڕەتی کێبڕکێ لە بۆڕسە. مەسک جیهانبینییەکی پەڕگری (ئێکسترێمی) هەیە، ئەو جەختە کە ژیاری لە بەربوونەوەی ستوونیدایە و ئێمەش دەبێت لە پێناوی خۆهێشتنەوەماندا وەک ڕەگەز جێنشینگە لەوبەر زەمینەوە بنیاتبنێین. وەلێ ئایا چۆن گەرەکە ئەو جێنشینگانە بەڕێوەببرێن؟ بەجەختی نەک دێمۆکراتیانە. مەسک بەپەرۆشەوە ئەمە دەردەبڕێت، ئێمەش گەرەکە بە هەمان شێوە زۆر زۆر بەجددی ئەو بگرین.
ت-ئۆنلاین: مەسک بە مەریخەوە خەریکە، بەڵێ، وەلێ ئایا تا ئەو کاتە چە پلانێکی بۆ دەوڵەتە یەکگرتووەکان و زەمین هەیە؟ ئەو یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی ترەمپ بەرزبکرێتەوە بۆ نێو کۆشکی سپی، ئێستاش دوای ئەوە هێرش دەکاتە سەر کییر ستارمەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و لە ئەڵمانیاش دەیەوێت پارتی AfD (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) لەسەر دەسەڵات ببینێت.
سڵۆبۆدیان: فەزیلە لیبەرالەکانی وەک لێبوردەیی و هاوهەستی بۆ مەسک نیشانەی لاوازین. هیچ کەس ناتوانێت ئەو بهێنێتەوە هۆش خۆی، بۆ مەسک تەماع چاکە …
ت-ئۆنلاین: … “تەماع چاکە”، ئەمە وەرگیراوە لە فیلمی “Wall Street” کە ساڵی 1987 دەرکرا.
سڵۆبۆدیان: دروستە. تەماع چاکە، وەلێ هاوهەستی لە ڕوانگەی مەسکەوە شتێکە بۆ کەسانی بێهێز و ترسنۆک. ئەوها تاکلایەنە دەتوانین جیهاندیدییەکەی ئەو پوختبکەینەوە. یارمەتیدانی زارۆکان کە لە فێرگە پێداویستیی تایبەتییان هەیە یان ڕۆشناییدان بە نێوندی گشتی سەبارەت بە سوودەکانی کوتان؟ ئەم جۆرە ئەرکانە کە دەکەونە ئەستۆی دەوڵەت، مەسک بە دزێویان دادەنێت، کاری ئەوها گەرەکە بۆ تاکەکەس یان بەکاربەر جێبهێڵرێت. هاوکات مەسک بەشادییەوە لەتەک دەوڵەتدا بیزنیس دەکات، پێسپاردە و کۆمەک وەردەگرێت.
ت-ئۆنلاین: ئایا چۆن هەڵوێستی مەسک بەرانبەر دەوڵەت و جڤاک دەپۆلێنرێت؟ ئایا ئەو نیۆلیبەرالە، لیبەرتێرە یان ئاناڕشۆکەپیتالیستە، هاوشێوەی سەرۆکی ئەرجەنتین خاڤییر میلەی؟ یان تێکەڵێکە لە هەموویان؟
سڵۆبۆدیان: پێدەچێت ئێمە لێرەدا پەیوەندیمان بە شتێکی دیکەوە هەبێت. سەرەتا ئەم پرسیارە گەورەیە سەرهەڵدەدات: ئایا مەسەلەکە لێرە ئەوەیە کە دەوڵەت کلاسیکییانە بە شێوەی مۆڵگەیەکی سەربازی-ئیندوستریانە بۆ خۆ بقۆزرێتەوە و بەو ڕێیەشەوە چەند کۆمپانیایەکی دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر ببن دوای ئەوەی دەوڵەت دەبێت بە موشتەرییان؟ پنتە گرنگەکە لێرەدا ئەمەیە: گەر مەسک پلانەکانی خۆی بەجددی بگرێت، ئەوا مەسەلەکە زۆر پڕمەترسی دەبێت. ئاخر لەم ڕەوشەدا بەهیخۆکردنی دەوڵەت تەنیا تەختەبازێک دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوە و حەلکردنی خودی دەوڵەت.
ت-ئۆنلاین: ئایا هەوڵەکەی مەسک بۆ بەکاربردنی ئەم سیناریۆیە لە کەتواردا ذەشێت چۆن بنوێنێت؟
سڵۆبۆدیان: کێ پلانێکی بەو جۆرە دابنێت، دەشێت بتوانێت پۆستێکی باڵا لە ڕێنوماییکردنی حکومەتدا وەربگرێت. مەسک بەمە گەیشتووە، ئاخر ئەو گەرەکە ڕێنومایی حکومەت بکات. هەنگاوێکی دیکەی لۆگیکیانە خولقاندنی دۆخگەلی ئەوتۆ دەبێت کە تێیاندا مرۆڤان ئیدی هەست دەکەن ناچارن لە پێناوی خۆیاندا بچنە شەڕەوە. بناغەکان بۆ ئەمە لەگۆڕێن، ئەویش بۆ نموونە کاتێک هەڵوێستە سیاسی و جڤاکییەکان هەمیشە پتر درزیان تێدەکەوێت، بۆ نموونە شارەکان هەمیشە پتر لە گوند نامۆ دەبن. پێدەچێت ئەمانە یەکەمین هەنگاوەکان بن.
ت-ئۆنلاین: لە کۆتاییدا چە ئەنجامێک خۆی دەبینێتەوە؟
سڵۆبۆدیان: پێدەچێت مەسک بۆی بلوێت بە دەستتێوەردانە بێنیزامەکانی لە کۆتاییدا کێشەیەکی گەورەمان بۆ بخاتەوە. من لە جۆرێکی تواندنەوەی دەسەڵاتی فەرمی و تایبەتی (پریڤات) دەدوێم، کە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی نێوەندیی لێدەکەوێتەوە.
ت-ئۆنلاین: ئایا پێشنیارەکەی مەسک بۆ هەڵبژاردنی AfD یەکێکە لەو دەستتێوەردانە بێنیزامانە؟
سڵۆبۆدیان: مەسک بەدەگمەن شتێک لەبارەی AfD و ئامانجەکانی دەزانێت؛ ئەو چالاکوانانی بێزارکەری خۆشدەوێت، سەربەخۆ لە پرۆگرامە سیاسییەکەیان. مەسک هەروەها زۆر کەم لەبارەی ڕاستڕەوی بەریتانی تۆمی ڕۆبینسن دەزانێت، کەچی ئەوە ڕێی لێناگرێت لایەنی پارتەکەی ڕۆبینسن بگرێت و بەمەش دژی نایجل فاڕاج بووەستێتەوە. مەسک زۆر شت وەک پاشماوەی سەدەی بیستەم دەبینێت، لێرەشدا ئۆتۆمبێلە سووتەمەنی بەکاربەرەکانی شێڤرۆلێت و واشینگتن پۆست لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، یان SPD و CDU لە ئەڵمانیا، سەر بەو پاشماوانەن. مەسک هەموویان لەسەر سەرەنوێلکی مێژوو دەبینێت.
ت-ئۆنلاین: ئایا مەسک خۆیشی کە ساڵی 1971 لە ئەفریکای باشوور هاتۆتە جیهانەوە، مەخلوقێکی سەدەی بیستەم نییە؟
سڵۆبۆدیان: مەسک ئەوەیە زۆرتر لەوەی ئێمە پێشبینیی دەکەین. ئەو سەرجەم تەمەنی زارۆکیی خۆی و ساڵانی گەنجانەی پێگەییوی لەوێ بەسەربرد. ئەو لە سەردەمی دەمەوکۆتایی ئاپارتایددا سۆسیالیزە کرا و دوای ئەوەش لە دوورەوە لە ئەفریکای باشووری پۆست-ئاپارتایدی دەڕوانی. هەردووکیان زۆر بەهێز شەقڵیان بە مەسک دا. ئەو لە لایەک گۆڕانی بە هەستێک داوە کە لە جڤاکێکی نێو دۆخگۆڕیدا بەناچاری ناکۆکیگەلی تایبەتی سەرهەڵدەدەن، لە لایەکی دی گەیشت بەو جەختییە، مرۆڤان لەو ساتە تەنگژاوییانەدا کە ناچارن چەک هەڵبگرن و لەدژی هاوڵاتیانیان بەرگری لە خۆیان بکەن، زۆر کەم دەتوانن پشت بە فەرمانگە دەوڵەتییەکان ببەستن.
ت-ئۆنلاین: ئایا چی بەدووی ئەوەدا دێت؟
سڵۆبۆدیان: فرە کەسانی ئەفریکای باشوور برەویان داوە بە هەڵوێستی بەنکەر (پەناگەی ژێرزەوی)، ئەم هەڵوێستە لە سەردەمی پێش و پاش ئاپارتایددا لەسەر بنەڕەتی بێمتمانەیی بەرانەر زۆرینەی پێستڕەشانی دانیشتوان بنیاتنرابوو. لەنێو ئەم گرووپەی جڤاکدا شێوازێکی ترساو و بەهێز میلیتاریزەکراوی ژیان و هزرین سەروەرە. Gated Community ، کۆنشینگەی داخراو، بۆ توێژی ناوەڕاست و سەرەوەی پێستسپی و ماوەیەکە بۆ توێژی سەرەوەی پێستڕەشانی ئەفریکای باشوور تەواو ئاساییە.
ت-ئۆنلاین: کەواتە ئایا مرۆڤ وای بۆ دەچێت کە گەمارۆ درابێت؟
سڵۆبۆدیان: لە کتێبەکەمدا بە ناونیشانی “سەرمایەگەری بەبێ دێمۆکراتی” باس لە پێشبینیی سوڤەرێنێتییەکی تەواو وردوخاشکراو دەکەم کە تێیدا کاربەئەنجامگەیەنەرانی تایبەت (پریڤات) و هێزگەلی تایبەتی ئاسایش لە لایەن تاکە کەسانی دەوڵەمەندەوە دادەنرێن بۆ ئەوەی لەدژی دانیشتوانی دەوریان بەرگری لە خۆیان بکەن. درەنگتر هەڤاڵانم لە ئەفریکای باشوور بەگەرمی دڵنیاییان پێدام کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک پێشبینییەکی دژە-یوتۆپیانەی (دیستۆپیانەی) ئایندە نییە، بەڵکو ڕیالێتییە.
ت-ئۆنلاین: تۆقێنەرە …
سڵۆبۆدیان: دروست ئەوهایە. لە دۆخێکی بەو جۆرەوە دوو شیمانە دەکەونەوە. یەکێکیان نواندنی کردارە لە پێناوی ئەوەدا کە شتەکان گۆڕانیان بەسەردا بێت و ئایندەیەکی دیکە بسازێنرێت کە ئیدی مرۆڤان ناچار نەبن لە دراوسێکانیان بترسن. ئەویدیکەیان بەندە بەو گریمانەیەوە کە ئایندەی دیستۆپی بەناچاری دێت و مرۆڤیش دەبێت بەگوێرەی ئەوە خۆی بۆ ئامادە بکات.
ت-ئۆنلاین: ئایا شیمانەی دووەم بە مەسک دەگونجێت؟
سڵۆبۆدیان: بەتەواوی. من جەخت نیم لەوە کە ئەو بەگشتی توانای بۆ شێوازی دیکەی هزرین هەبێت. ئەزموونەکانی مەسک کە لە ئەفریکای باشوور کردوونی، لە ئاڵوگۆڕدان لەتەک نێوەرۆکی ئەو گەمانەی کۆمپیوتەردا کە ئەو دەیانکات. گەمەکان جیهانانی وردوخاشبوو و کەتواران دادەڕێژن کە تێیاندا دەبێت مرۆڤ بۆ خاتری خۆهێشتنەوەی دەستبەجێ لەدژی هەڕەشەگەل پەرچەکردار بنوێنێت. لەبەرئەوە مەسک جددیەتی پێویستی نییە بۆ ئەوەی مامەڵە لەتەک ئەو واتا و بەرپرسیارێتییەدا بکات کە پێگەکەی لەتەک خۆیدا دەیهێنێت. بڕوانن لەو شتانە کە بۆ سەر X پۆستیان دەکات. تەنیا ئایندە دەری دەخات کە شتەکان چۆن گۆڕانیان بەسەردا دێت.
ت-ئۆنلاین: تازە دەمی دەستبەکاربوونی ترەمپ دەستی پێکردووە. ئایا دەکرێت وردتر ڕوونی بکەنەوە کە داخۆ چوار ساڵی ئایندە چی بهێنن؟
سڵۆبۆدیان: پلانە دانراوەکان بێچەندوچوون بریتین لە: کرداری زەبرمەند لە سیاسەتی کۆچبەریدا کە پێدەچێت لە لایەک هەندێک بەشی دانیشتوان بەرهەڵستیی بکەن و لە لایەکی دیکەوە بەر ئاستەنگی یاسایی بکەوێت. بەبێ ئەو دوازدە ملیۆن کۆچبەرە نایاساییە کە ترەمپ دەیەوێت دێپۆرتیان بکاتەوە، بەدەگمەن کایەی ئابووری کارایی گونجاوی خۆی دەنوێنێت. ترەمپ بەوەی دەزانی گەر کەمێک بیری لەوە بکردایەتەوە. من لەپاڵ ئەم شانۆ ناتیڤیستییەدا (شەڕکەرەدا بۆ دانیشتوانی ڕەسەنی خۆ لەدژی کۆچبەرێتی – و) چاوەڕوانی سیاسەتێکی دڕندەی بازرگانی دەکەم کە پشت بە سزادان و گومرگ دەبەستێت وەک چەکی دیپلۆماتییەکی هێرشبەر (ئەگرەسیڤ). ترەمپ لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە لە ئایندەدا بە پاداشت و سزا کاردەکات.
ت-ئۆنلاین: کەواتە ئایا ئەوە بریتی دەبێت لە سەردەمێکی لەبار بۆ نیۆلیبەرالان و لیبەرتێران و نیهیلیستان؟
سڵۆبۆدیان: هیچ گومانم لەوە نییە. لە سەردەمی جەنگی سارددا ژمارەیەکی زۆر هزرڤان و هۆشچالاکی (ئینتەلێکتوێلی) نیۆلیبەرال هەبوون بە کارایی سیاسییەوە، ئەوان بەتایبەتی گرنگییان بەوە دەدا داخۆ چۆن بتوانن بەسەر ئالەنگارییە چەپڕەوەکاندا زاڵ ببن و بییانوەستێنن. وەلێ ماوەیەکە پێناسەی نیۆلیبەرالیزم تا ئەو ڕادەیە گۆڕانی بەسەردا هاتووە کە نوێنەرەکانی دوژمندیدییە سەرەکییە گەلەکییەی خۆیان وەرگۆڕیوە.
ت-ئۆنلاین: پێدەچێت پارێزەرانی کەش دوژمنە نوێ هەڵبژێرراوەکان بن؟
سڵۆبۆدیان: تەواو ئەهایە. ئەوانە چیدی کۆمونیستەکان نین، بەڵکو کەسانی ئەوتۆن کە بۆ نموونە بایەخ بە پاراستنی ژینگە و فێمینیزم و یەکسانی دەدەن. من لە کتێبە نوێکەمدا بە ناونیشانی “Hayek’s Bastards” کە مانگی ئەپریل بڵاودەکرێتەوە، لەو بارەیەوە دەنووسم. هەندێک کەس شادمانن بەوە کە ترەمپ-ێک هەیە وەک جەنگاوەر لەدژی مارکسیزمێکی کولتووری و پەرەسەندنی ئەو ژینگەپارێزی و کەشپارێزییە کە ڕەنگە گەشەی ئابووری بخنکێنێت.
ت-ئۆنلاین: وەلێ مەسک، سەرباری هەموو ڕەخنەیەکی ڕەوا لەو، بە پێشخستنی کارۆئۆتۆمبێل زۆری بۆ کەشپارێزی ئەنجام داوە.
سڵۆبۆدیان: بەڕاستی لەمەدا ئیرۆنییەک هەیە. پێشکەوتنخوازان بەگشتی هۆیان هەیە بۆ ئەوەی هیوادار بن مەسک لە کوالیسیۆنەکەی ترەمپدا بمێنێتەوە. یەکەم، ئەو هێزێکە بۆ وەرچەرخان لە دابینکردنی وزەدا (لە وزەی بەردەنی و ئەتۆمییەوە بۆ وزەی ژینگەپارێزی بەرهەمهێنراو بەتایبەتی لە با و ئاوەوە – و)، کەسێکە کە بەرانبەر کارەباویکردن و کەمکردنەوەی کاربۆن زۆر کراوەترە لە هەر کەسێکی دیکەی نێو تیمەکەی ترەمپ. دووەم، ئەو لە سیاسەتی چیندا بەزۆریی کۆترە وەک لەوەی هەڵۆ بێت، چونکە دەیەوێت لە بازاڕی چیندا بمێنێتەوە. دەشێت مەسک بتوانێت خۆی وەک نێوانێك تیژیی چەند لێوارێکی پرۆگرامەکەی ترەمپ خڕبکات. ئەوەش بەڕاست بزوێنەر دەبێت کە داخۆ ناکۆکییەکانی نێو کوالیسیۆنەکەی ترەمپ زیاتر پەرەبسێنن. ئاخر ستیڤ بێنن ی هاڕدلاینەر (توندئاژۆ) لە ئێستاوە لە مەسەلەکانی کۆچبەریدا لەتەک مەسک تێکچووە.


کوین سڵۆبۆدیان ساڵی 1978 هاتۆتە جیهانەوە، مامۆستای مێژووی نێودەوڵەتییە لە زانستگەی بۆستن. ئەو کە مێژووناسێکی کەنەدییە، پسپۆری مێژووی نیۆلیبەرالیزمە. ئەو لەبارەی ئەم مژارە کتێبە زۆر ڕەچاوکراوەکانی بڵاوکردەوە: “گلۆبالیستەکان. کۆتایی ئیمپراتۆرییەکان و لەدایکبوونی نیۆلیبەرالیزم” و “سەرمایەگەری بەبێ دێمۆکراتی”. 15 ئەپریلی 2025 کتێبە نوێکەی بڵاودەبێتەوە، بە ناونیشانی:
„Hayek’s Bastards. Rece, Gold, IQ, and the Capitalism of the Far Right”.

سەرچاوە:
https://www.t-online.de › Politik › Ausland › USA


فەرهەنگۆک
AfD: (Alternative für Deutschland / ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) پارتێکی نوێی ڕاستڕەوە بە ڕەهەندی نیۆنازیانەوە، تەنانەت لە ئاستی باڵایدا کەسانی نیۆنازی هەن.
ئاپارتاید: سیستەمی سیاسیی ئەفریکای باشوور لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا کە ڕەگەزەکانی (پێستسپی و پێستڕشی) جودا لەیەک دادەنا. بە هەڵبژاردنەکەی 1994 کۆتایی بەو سیستەمە هات و سیستەمی حوکمداریی زۆرینە چەسپێنرا. سەردەمی دوای ئەوە ناودەنرێت پۆست-ئاپارتاید.
CDU: Christlich Demokratische Union Deutschlands / یەکێتی کریستیانی دێمۆکراتیانەی ئەڵمانیا، پارتێکی کۆنزەرڤاتیڤە و لە ڕووی سیاسییەوە وەک تەرەفی ناوەڕاست-ڕاست دەپۆلێنرێت.
ئەنارشۆکەپیتالیزم: ئیدیۆلۆگییەکی ڕادیکالە کە داوا دەکات سەرجەم ڕێکخراوی جڤاکی لە لایەن گرێبەست و پەیوەندییە خۆخوازەکانی بازاڕی ئازادەوە دیاری بکرێت.
ئینتەرتەینەر: لە بنەڕەتدا کەسێکی هونەرمەندی بدووە کە جمهورەکەی ئاسوودە و کەیفخۆش دەکات، بۆ نموونە کابارێتیستەکان.
لیبەرتێر: خۆشویستەری ئازادی، ئازادیخواز، داوا دەکات کە جڤاک بەگوێرەی بازاڕی ئازاد بسازێنرێت، چونکە تەنیا بەو شێوەیە خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان فەراهەم دەکرێت. هەموو دەستتێوەردانێکی دەوڵەت لە کایەی ئابووری ڕەتدەکاتەوە، سیستەمی گلۆبالی هەنووکەی جیهان بە سۆسیالیستی دادەنێت.
سۆسیال-دارڤینیزم: جیهانبینییەکە کە تیۆریی ئێڤۆلوسیۆنی (گەشەسەندنی) چارلس داروین بەسەر جڤاکدا بەکاردەبات، وایدادەنێت توێژی سۆسیال و گروپی ئێتنی هەن کە بیۆلۆگییانە کەمتر لە گرووپی دیکە گەشەیانکردووە.
سۆسیالیزەکردن: بەکەسکردن (پێرسۆنالیزاسیۆن)، پرۆسەیەکە کە لە ڕەوتیدا مرۆڤی بیۆلۆگیانە جۆردراو لەنێو خێزانی ناوکی و لە فێرگە کاری تێدەکرێت خۆی بە نۆرم و بەها و هەڵوێستى نێوکەسییانەی جڤاکەکەی بگونجێنێت، هەروەها خۆی پێوەیان خەریکبکات تا کەسێتییەکەی گەشەبسێنێت و ببێت بە هاوڵاتییەکى بەتوانا.
SPD: Sozialdemokratische Partei Deutschlands / پارتی سۆسیالدێمۆکراتیی ئەڵمانیا، لە ڕووی سیاسییەوە وەک تەرەفی ناوەڕاست-چەپ دەپۆلێنرێت.




درامای ئێرانی پێشكەوتووە یان چەقبەستووە؟.. حەیدەر عەبدولڕەجمان

درامای ئێرانی، بەهۆی ئەو كولتوورە دەوڵەمەندو مێژووە پڕ لەئەزموونەی هەیەتی، شوێنێكی شیاوو سەقامگیری لەنێو درامای جیهانیدا كردۆتەوە كە شایەستەی ستایش كردن بێت، بەڵام بەهەمان شێوە ڕووبەڕووی چەقبەستن و ڕێگرییەكی ناوخۆیی فرە دەبێتەوە، كە نەتوانێ دەستەبەری تەواوی مافەكانی خۆی بكات و بەئازادی پەیامی خۆی بگەیەنێت.
سینەما و درامای ئێرانی لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵی داوە خۆی لەسنووری بابەتە ئایینی و كۆمەڵایەتیەكانەوە چڕ كاتەوە، بەڵام ناتوانێ ئەو خواستە بنەڕەتیە بگەیەنێت كە بینەری ئێرانی بەتایبەتی و بینەری جیهانی ئاواتی بۆ. دەخوازێ.
بۆیە ناچاری ئەوە دەبێت پەنا بەرێتە بەر هێماو دیالۆگی نا ڕاستەوخۆو نهێنی، بۆ دەرخستنی هەندێ بابەت كە پەیەستە بەژیان و ئازادی گەلانی ئێران، بەهۆی سنووردار كردنی پرسە سیاسییەكان و ئەوانەی پەیوەستن بەمافی مرۆڤ.
بەڵام دیسان ئەمەش، تواناو دەست رۆیشتوویی دەرهێنەرە لاوەكان ناشارێتەوە، جگە لە حەشاردان و پێچو پەنای خۆ شاردنەوە لە دیاری كردنی زەمەنێكی دیاری كراو، لە تەكاندان بۆ ئەوەی تواناكانی خۆیان بە تەكنیك و چیرۆك گەرایی نوێ دەربخەن، لە پێناو نیشاندانی ئەو پێشكەوتنە گەورەیەی گەنجەكان هەیانە و گەیاندنی بە بینەری جیهانی.
بۆیە ئەگەر بتەوێت بەراوردێكی سینەماو درامای ئێرانی لەگەڵ وڵاتێكی پێشكەوتووی وەك ئەمریكا بكەیت، كە باوكی سینەمایە لەجیهاندا، ئەوە ڕووبەڕووی دوو ئاراستەی دژ بە یەك دەبیتەوە:
لەئاراستەی یەكەمدا هەموو ئامانجەكان لەچوارچیوەی ئایین و پەروەردەو كێشە كۆمەڵاەتیەكاندا كۆ دەبنەوە.
لەئاراستەی دووەمدا :هەموو ئامانجەكان بەئاراستەیەكی بازرگانی و بەئامێر كردنی مرۆڤ هەڵدەكشێت، لەرێگەی فیلم و درامای ئەكشن و كۆمیدیا، بەئامانجی دروست كردنی توندو تیژی و دروست كردنی مرۆڤی دوور لەسۆز.
بۆیە ئەو دوو ئاراستە دژ بە یەكە لەدراماو سینەمادا كاریگەری خۆیان لە سەر ڕەوشی كۆمەڵگاكانیان بە جێ دێڵن، تا دەگاتە ئاستی كارلێكردنی لەسەر مرۆڤایەتی، چونكە هەردوو ئامراز سنوورێكی دیاری كراویان نیەو دەپەڕنەوە كەنارە بەرفرەوانەكەی مرۆڤایەتی.
دیسان ئەگەر بگەڕێیتەوە سەر بەراورد كاریەكان لە نێوان ئاستی هەردوو شێوازی دراما لەو دوو وڵاتە، بۆت دەردەكەوێت، كە دراماو سینەما ڕووەكی خورسكی نین لە بیاباندا شین بن، بەڵكو هەر یەكەو پێویستیان بەزەمینەیەكی لەبار هەیە بۆ دروست بوون و پیشەسازیەكن كەرەستەو ئامرازی جۆراو جۆریان گەرەكە تادێنە بەرهەم، بەڵام فاكتەری ئابووری لەپێشەوەی فاكتەرەكانی ئەو دروست بوونەن .
كەمی بودجەو نزمی ئاستی بەرهەم هێنان
لەوڵاتێكی وەك ئێران پرۆسەی بەرهەمهێنانی دراماو فیلم، جۆرێك لە تایبەت مەندی هەیە كە لە وڵاتانی دیكەی جیا دەكاتەوە، ئەویش تەسك بوونەوەی ئەو هەلومەرجە سەختە ئابوورییەیە كە بەهۆی ئەو فشارو گەمارۆ ئابوورییەی خراوەتە سەری، تەنگی بە ژیانی كۆمەڵگای ئێرانی هەڵچنیووە، دەسەڵاتی بۆ دابین كردنی بودجە بۆ كاری دراماو سینەما دەسەڵاتێكی دیاری كراوە، بەڵام چونكە ئێران دراماو سینەما بە بەشێك لە سیاسەتی بنەڕەتی خۆی دەزانێ لە بەڕێوە چوونی كاروباری حكومەتدا، بۆیە لەهەموو حاڵەتێكا، چەند ئەو هەلو مەرجە ئابوورییە سەخت و دژوار بێت، ناتوانێت دەست بەرداری دراماو سینەما بێت.
لە لایەك هەوڵی چاكسازی كۆمەڵایەتی خۆی پێ دەكات، لەلایەكی دیكەوە دراماو سینەما دەكاتە چەكێكی كاریگەر بۆ گەیاندنی پەیامی ئایینی خۆی و ڕوو بەڕوو بوونەوەی ناحەزانی. بەڵام ئەم تەنگژە ئابوورییە ئەگەر نەشبێتە هۆكاری وەستانی رَەوتی دراماو سینەما، ئەوە بەلانی كەمەوە كار دەكاتە سەر كەمبوونەوی ئاستی بەرهەم هێنان و سست بوونی بازاڕی دراماو سیتەما.
بەڵام ئەم حاڵەتە لەئەمریكادا بەپێچەوانەیە، لەبەر ئەوەی ئامانجی سەرەكی ئامانجێكی بازرگانیە و داهاتی سینەماو دراماش لەو داهاتە خەیاڵیانەیە كە لە بازاڕدا ڕكابەری كەمەو ساڵانە كۆمپانیاكانی سینەماو دراما سەرمایەكی خەیاڵی بۆ بەرهەمهێنان تەرخان دەكەن و ژمارەی داهاتیشیان رۆژ لەدوای رۆژ هەڵدەكشێن.
هەر واش لەڕووی تەكنیكییەوە، دراماو سینەمای ئەمرێكی چونكە خاوەن سەرمایەو پیشەسازی زەبەللاحە و كۆمپانیاكان بەردەوام لەپێیشبڕكی دان، هەمیشە لەبەرەو پێشەوە چوونی زانستی و هونەری نوێ دان، لەو دواییەش زیرەكی دەستكریشیان خستە نێو كارەكانیان بۆ ئەوەی هەموو خەونەكانیان بكەن بەڕاستی، بەمەش ئەوەندەی تر لەڕووی تەكنەلۆژیەوە چوونە پێشەوە.
بەمەش ئامانجە بازرگانیەكانیان بەرفرەوانترو بەهەڕمێنتر بوو لەبواری دراماو سینەماو ڕاكێشانی بینەری زێتر بۆ بەرهەمەكانیان.
بەڵام هەموو ئەمانە تواناو دەسەڵاتی ئێران بۆ دراماو سینەما ناشارێتەوەو ئێران توانایەكی بەدەگمەن لە ڤیستیڤاڵە نێو دەوڵەتیەكانی وەك ڤیستیڤاڵی كان، بەرلین، ڤینیسیای سینەمادا نیشان دەدا و چەندین خەڵاتی گەورە بەدەست دێنێ.
دیقەت بدەنە دوا پێشهاتەكانی دراماو سینەمای ئێرانی، بە ئاسانیدرك بەوە دەكەن، كە پێشكەوتن لەو دوو بوارەدا دیارەو ئەزموونەكان گەورەتر دەبن و كۆمەڵێ توانای نوێ لە دەرهێنان و نواندن و تەكنیك دێنە پێشەوەو بوونی خۆیان لە گۆرَەپانەكە، لە سەر ئاستی نێو خۆیی و جیهانی دەسەلمێنن.
دوای گەورە دەرهێنەرانی وەك فەرەجوڵڵا سەلەحشوورـ خاوەنی درامای پیاوانی ئەشكەوت و یوسفی ڕاستگۆ و حەسەن فەتحی خاوەنی زنجیرە درامای شەهرەزاد، مەجید مەجیدی،
ئەسغەر فەرهادی و زۆرانی تریش
جگە لە نەوەیەكی نوێ ی درامای ئێرانی وەك:
جەمشید مەحمودی: دەرهێنەری درامای )پێستی شێر( كە درامایەكی تاوانكارییە و باس لەچیرۆكی باوكێك دەكات كە دوای ١٥ ساڵ زیندانی ئازاد دەبێت و بەهیوای بینینەوەی كچەكەی دەگەڕێتەوە. ئەم درامایە بەهۆی چیرۆكە كاریگەر و نواندنە بەهێزەكەی سەرنجی زۆری بینەرانی ڕاكێشاوە.
سەعید ڕۆستایی: دەرهێنەری فیلمی(مەتری شەش و نیو) درامایەكی كۆمەڵایەتییە و باس لە تیمێكی پۆلیس دەكات كە هەوڵی گرتنی بارزگانێكی ماددەی هۆشبەر دەدەن. ئەم فیلمە بەهۆی چیرۆكی توندوتیژ و نواندنە بەهێزەكەیەوە ناوبانگێكی زۆری بەدەستهێناوە.
ئەسغەر فەرهادی :یەكێك لە بەناوبانگترین دەرهێنەرانی نەوەی نوێی ئێران، كە فیلمەكانی وەك (جیابوونەوەی نادر لەسیمین و فروشندە )خەڵاتی ئۆسكاریان بەدەستهێناوە.
فیلمەكانی باس لەپەیوەندییە ئاڵۆزەكانی مرۆڤ و كێشە كۆمەڵایەتییەكان دەكەن.
مەجید مەجیدی: دەرهێنەری فیلمە بەناوبانگەكانی وەك (مناڵانی ئاسمان، ڕەنگی بەهەشت) فیلمەكانی بەگشتی باس لەژیانی منداڵان و كۆمەڵگە هەژارەكان دەكەن و بەهۆی چیرۆكە سادە و كاریگەریەكانیەوە ناوبانگی زۆریان هەیە.
جەعفەر پەناهی: فیلمەكانی وەك (ئەمە فیلم نییە) و (ئۆفساید) باس لەكێشە كۆمەڵایەتییەكان و سنوورداركردنی ژنان دەكەن.
سەمیرا و هانا مەخمەلباف: كچەكانی موحسن مەخمەلباف، فیلمەكانیان وەك (ڕۆژە سەوزەكان) و (ئەسپە دوولاقەكان ) باس لە كێشە كۆمەڵایەتییەكان و مافەكانی ژنان دەكەن.
سیروس نەشواد: دەرهێنەری فیلمی (جانتای سوور) بەشداری لەخەڵاتی ئۆسكار كردووە. وباس لە چیرۆكی كچێكی گەنج دەكات كە هەوڵ دەدات لە ناوچەیەكی جەنگاوەریدا ڕزگاری ببێت.
باباك خاجە پاشا: دەرهێنەری فیلمی (لە ئامێزی دارەكە) بەشداری لەخەڵاتی ئۆسكار كردووە.
شیرین نەشات :دەرهێنەر و هونەرمەندێكی ناودارە فیلمەكانی وەك (ژنەكان بەبێ پیاوان) باس لەكێشەكانی ژنان لەكۆمەڵگای ئێران دەكەن.
ئەم دەرهێنەرانە بەهۆی چیرۆكە نوێ و تاقیكارییەكانیانەوە ناوبانگیان بەدەستهێناوە و كاریگەرییەكی بەرچاویان لەسەر سینەمای ئێران و جیهان هەیە
ئەسغەر فەرهادی: بەیەكێك لە دەرهێنەرە دیارەكانی ئێران لەبواری سینەما و دراما دادەنرێت. بەرهەمە تەلەفزیۆنییەكانی بریتین لە:
(داستانی شار) زنجیرە درامایەكی كۆمەڵایەتییە.
(سەربانی تاران) – زنجیرەیەك كە باس لەپرسە كۆمەڵایەتییەكان دەكات.
(خولگەی پلە سفر) زنجیرەیەكی ڕۆمانسی مێژووییە.
داود میرباغێری: تایبەتمەندە لەبەرهەمە مێژوویی و ئاینیەكان، بەرهەمە دیارەكانی بریتین لە:
(موختارنامە) زنجیرەیەكی مێژووییە، چیرۆكی موختار تەقافی دەگێڕێتەوە.
(ئیمام عەلی) زنجیرەیەكە باس لە ژیاننامەی ئیمام عەلی دەكات.
سەعید سۆڵتانی: بەناوبانگە بەدەرهێنانی زنجیرە درامای كۆمەڵایەتی. دیارترین بەرهەمەكانی بریتین لە: (ستایش) – زنجیرە درامایەكی كۆمەڵایەتییە. (دوای باران) – زنجیرە درامایەكی مێژووییە.
محەمەد حسێن لەتیفی: دەرهێنەرێك كە بەرهەمی هەمەچەشنی لەنێوان دراما و كۆمیدیدا هەیە، بەرهەمەكانی بریتین لە
:(وەفا) زنجیرە درامایەكی ڕۆمانسییە.
ساحێب دلان- زنجیرە درامایەكی ئایینییە.
ڕامبۆد جاڤان:
جگە لەوەی ئەكتەرە، دەرهێنانی زنجیرە كۆمیدییە سەركەوتووەكانی كردووە. دیارترین بەرهەمەكانی بریتین لە:
(بێسەروشوێنەكان) – زنجیرەیەكی كۆمیدی كۆمەڵایەتییە.
(گەشتیاران) – زنجیرەیەكی كۆمیدی فانتازیایە.
كیانوش ئایاری:.

دەرهێنەرێكە بەكارە واقیعی و كۆمەڵایەتییەكانی ناسراوە، بەرهەمە تەلەفزیۆنییەكانی بریتین لە: (هەزاران چاو) – زنجیرە درامایەكی كۆمەڵایەتییە.
(ڕۆژانی نزیك) – زنجیرەیەكی تەلەفزیۆنی ژیاننامەییە.
بەهرام بەیزای: دەرهێنەر و شانۆنامەنووس و سیناریۆنووس، خاوەنی كۆمەڵێك بەرهەمی تەلەفزیۆنی دیارە. بەرهەمەكانی بریتین لە: (سوڵتان و شوان) – زنجیرەیەكی خەیاڵی مێژووییە.
سیرۆس موغدام: دەرهێنەرێكی درامایە، بە كارە كۆمەڵایەتییەكانی ناسراوە.
دیارترین زنجیرەكانی: (پایتەخت) – زنجیرە درامایەكی كۆمیدی سەركەوتووە.
(خوار هەشت ساڵ) – زنجیرە درامایەكی كۆمەڵایەتییە.
مازیار میری (سەلامەت) – زنجیرە درامایەكی كۆمەڵایەتییە.
فورات- زنجیرە درامایەكی مێژووییە.

.

جەمشید مەحمودی: دەرهێنەری درامای )پێستی شێر( كە درامایەكی تاوانكارییە و باس لەچیرۆكی باوكێك دەكات كە دوای ١٥ ساڵ زیندانی ئازاد دەبێت و بەهیوای بینینەوەی كچەكەی دەگەڕێتەوە. ئەم درامایە بەهۆی چیرۆكە كاریگەر و نواندنە بەهێزەكەی سەرنجی زۆری بینەرانی ڕاكێشاوە.
سەعید ڕۆستایی: دەرهێنەری فیلمی(مەتری شەش و نیو) درامایەكی كۆمەڵایەتییە و باس لە تیمێكی پۆلیس دەكات كە هەوڵی گرتنی بارزگانێكی ماددەی هۆشبەر دەدەن. ئەم فیلمە بەهۆی چیرۆكی توندوتیژ و نواندنە بەهێزەكەیەوە ناوبانگێكی زۆری بەدەستهێناوە.
ئەسغەر فەرهادی :یەكێك لە بەناوبانگترین دەرهێنەرانی نەوەی نوێی ئێران، كە فیلمەكانی وەك (جیابوونەوەی نادر لەسیمین و فروشندە )خەڵاتی ئۆسكاریان بەدەستهێناوە.
فیلمەكانی باس لەپەیوەندییە ئاڵۆزەكانی مرۆڤ و كێشە كۆمەڵایەتییەكان دەكەن.
مەجید مەجیدی: دەرهێنەری فیلمە بەناوبانگەكانی وەك (مناڵانی ئاسمان، ڕەنگی بەهەشت) فیلمەكانی بەگشتی باس لەژیانی منداڵان و كۆمەڵگە هەژارەكان دەكەن و بەهۆی چیرۆكە سادە و كاریگەریەكانیەوە ناوبانگی زۆریان هەیە.
جەعفەر پەناهی: فیلمەكانی وەك (ئەمە فیلم نییە) و (ئۆفساید) باس لەكێشە كۆمەڵایەتییەكان و سنوورداركردنی ژنان دەكەن.
سەمیرا و هانا مەخمەلباف: كچەكانی موحسن مەخمەلباف، فیلمەكانیان وەك (ڕۆژە سەوزەكان) و (ئەسپە دوولاقەكان ) باس لە كێشە كۆمەڵایەتییەكان و مافەكانی ژنان دەكەن.
سیروس نەشواد: دەرهێنەری فیلمی (جانتای سوور) بەشداری لەخەڵاتی ئۆسكار كردووە. وباس لە چیرۆكی كچێكی گەنج دەكات كە هەوڵ دەدات لە ناوچەیەكی جەنگاوەریدا ڕزگاری ببێت.
باباك خاجە پاشا: دەرهێنەری فیلمی (لە ئامێزی دارەكە) بەشداری لە خەڵاتی ئۆسكار كردووە.
شیرین نەشات :دەرهێنەر و هونەرمەندێكی ناودارە فیلمەكانی وەك (ژنەكان بەبێ پیاوان) باس لە كێشەكانی ژنان لە كۆمەڵگای ئێران دەكەن.
ئەم دەرهێنەرانە بەهۆی چیرۆكە نوێ و تاقیكارییەكانیانەوە ناوبانگیان بەدەستهێناوە و كاریگەرییەكی بەرچاویان لەسەر سینەمای ئێران و جیهان هەیە. بۆ زانیاری زیاتر دەتوانیت سەرچاوەكانی پەیوەست بەكاربهێنیت.
ئەسغەر فەرهادی:
بەیەكێك لە دەرهێنەرە دیارەكانی ئێران لەبواری سینەما و دراما دادەنرێت. بەرهەمە تەلەفزیۆنییەكانی بریتین لە:
(داستانی شار) زنجیرە درامایەكی كۆمەڵایەتییە.
(سەربانی تاران) – زنجیرەیەك كە باس لە پرسە كۆمەڵایەتییەكان دەكات.
(خولگەی پلە سفر) زنجیرەیەكی ڕۆمانسی مێژووییە.
داود میرباغێری:
تایبەتمەندە لەبەرهەمە مێژوویی و ئاینیەكان، بەرهەمە دیارەكانی بریتین لە:
(موختارنامە) زنجیرەیەكی مێژووییە، چیرۆكی موختار تەقافی دەگێڕێتەوە.
(ئیمام عەلی) زنجیرەیەكە باس لە ژیاننامەی ئیمام عەلی دەكات.
سەعید سۆڵتانی:
بە دەرهێنانی زنجیرە درامای كۆمەڵایەتی ناسراوە، دیارترین بەرهەمەكانی بریتین لە:
(ستایش) زنجیرە درامایەكی كۆمەڵایەتییە.
(دوای باران) – زنجیرە درامایەكی مێژووییە.
محەمەد حسێن لەتیفی:
دەرهێنەرێك كە بەرهەمی هەمەچەشنی لە نێوان دراما و كۆمیدیدا هەیە. بەرهەمەكانی بریتین لە:
وەفا – زنجیرە درامایەكی ڕۆمانسی.
ساحێب دلان – زنجیرە درامایەكی ئایینییە.
ڕامبۆد جاڤان:
جگە لەوەی ئەكتەرە، كاری دەرهێنانی بۆ زنجیرە كۆمیدییەك كردووە. دیارترین بەرهەمەكانی بریتین لە:
(بێسەروشوێنەكان) – زنجیرەیەكی كۆمیدی كۆمەڵایەتییە.
(گەشتیاران) – زنجیرەیەكی كۆمیدی فانتازیاییە.

كیانوش ئایاری: دەرهێنەرێكە بە كارە واقیعی و كۆمەڵایەتییەكانی ناسراوە. بەرهەمە تەلەفزیۆنییەكانی بریتین لە:
(هەزاران چاو) – زنجیرە درامایەكی كۆمەڵایەتییە.
(ڕۆژانی نزیك) – زنجیرەیەكی ژیاننامەییە.
بەهرام بەیزایی:
دەرهێنەر و شانۆنامەنووس و سیناریۆنووسە، خاوەنی كۆمەڵێك بەرهەمی تەلەفزیۆنی دیارە. بەرهەمەكانی بریتین لە:
(سوڵتان و شوان) – زنجیرەیەكی خەیاڵی مێژووییە.
سیرۆس موغدام:
دەرهێنەرێكی دراما كارەو بەكارە كۆمەڵایەتییەكانی ناسراوە، دیارترین زنجیرەكانی:
(پایتەخت) – زنجیرە درامایەكی كۆمیدی سەركەوتووە.
(خوار هەشت ساڵ) – زنجیرە درامایەكی كۆمەڵایەتییە.
مازیار میری:
دەرهێنەرێك كە بە دراما كۆمەڵایەتییەكانی ناسراوە. بەرهەمەكانی بریتین لە:
(سەلامەت) – زنجیرە درامایەكی كۆمەڵایەتییە.
(فورات) – زنجیرە درامایەكی مێژووییە.

پێویستە ئاماژەش بەوە بكرێت كە ئەم لیستە گشتگیر نییەو ئێران پڕە لە چەندین دەرهێنەری داهێنەر كە بەرهەمی دیار و بەرچاویان لە بواری درامای تەلەفزیۆنیدا پێشكەش كردووە.
شەڕی ناوەرۆك لەگەڵ شێوەدا
بەگشتی دەكرێ بڵێین درامای ئێرانی لە ناوەرۆكدا لەئەمریكا پێشكەوتووترە، بەڵام لە ژێر فشارە سیاسییەكان دا تواناكانی سنووردار كراوە، لەگەڵ ئەوەشدا نەوەی نوێ بەشێوەیەكی زیرەكانە تەكنیك و بابەتە نوێیەكان تێكەڵ دەكەن و بەشداری لەفێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكاندا دەكەن.
بەڵام بە بەراورد، ئەمریكا بەهۆی بودجەو تەكنیك و تەكنەلۆژیا لەڕووی شێوەو فۆرمدا لە ئێران پێشكەوتووترە .
نەوەیەكی نوێ ی دراما بەڕێوەیە
لەساڵانی دواییدا، نەوەیەكی نوێی دەرهێنەرانی گەنج لە ئێران سەركەوتنی گەورەیان لە بواری درامای تەلەفزیۆنیدا بەدەستهێناوە، بە تایبەتی لە چەشنی درامای (پێستی شێر) و چەند بەرهەمێكی تری گرنگ.
ئەم دەرهێنەرانە بەهۆی شێوازی نوێ و بیرۆكە سەرنجڕاكێشەكانیانەوە ناوبانگیان بەدەستهێناوە و كاریگەرییان لەسەر پیشەسازی فیلم و تەلەفزیۆنی ئێران هەیە لەوانە:
درامای (پێستی شێر) دەرهێنانی ـــ بەهزاد فەرهادی
. (ناوچەی تاریك) دەرهێنەرـــ سەعید ڕووحانی
(دەستەكانی بەڕاستەوخۆیی) دەرهێنانی: مەهدی فەتحی
(ڕێگای خۆشەویستی)
دەرهێنانی ــــ عەلی ڕەزایی
(ژیان لە ناوچەیەكی تاریكدا ) ـــ حەسەن یەعقووبی
(كۆتایییەكانی ڕۆژ) دەرهێنەر ـ نەسرین نەقشبەندی
(دەستەكانی بەڕاستەوخۆیی) ــ دەرهێنەرــ مەهدی فەتحی
بازاڕی درامای ئێرانی لەكوێیە؟
درامای ئێرانی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەڕێگەی چەندین كەناڵی مانگی دەستكرد و پلاتفۆرمی دیجیتاڵییەوە بڵاودەكرێتەوە.
یەكێك لەدیارترین ئەو كەناڵانە (ئایفیلم)ە كە كەناڵێكی ئێرانییە و تایبەتە بەپیشاندانی زنجیرە و فیلمە ئێرانییە دۆبلاژكراوەكان بەچەندین زمان بەئامانجی ئاشناكردنی بینەرانی غەیرە فارسی بەكولتوور و هونەری ئێرانی.
جگە لەوەش بەشێك لەزنجیرە ئێرانییەكان لەكەناڵە عەرەبییەكانی دیكەدا نمایش دەكرێن،
لەڕێگەی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیاییشەوە، وەك كەناڵەكانی (درامای ئێران) لە ئەپڵیكەیشنەكانی وەك تێلێگرام و ئینستاگرام بڵاودەكرێنەوە، كە كلیپ و ناوەڕۆكی پەیوەندیدار بەدرامای ئێرانی بڵاودەكرێنەوە
هەروا بەشی زۆری بەرهەمهێنانی دراما بەپارەی حكومەت یان لەلایەن دامەزراوە تایبەتەكانی ناو ئێرانەوە بەرهەم دەهێنرێت، بەپلەی یەكەم لە كەناڵە ناوخۆییەكان نمایش دەكرێت. سەرەڕای هەوڵدان بۆ دابەشكردنی ئەم بەرهەمانە لەبازاڕەكانی دەرەوە و لەنێویاندا جیهانی عەرەبی
ڕەنگە ئێران لەزۆر ڕەهەندی جیا جیای ئابووری و بازرگانی و تەكنەلۆژی لەژێر ئەو فشارە سەختەی لەسەریەتی، نەتوانێ پێشكەوتن بەخۆیەوە ببینێ، بەڵام لەڕووی سینەماوە تا ئێستاش عەرشی زۆر لەوڵاتە پێشكەوتووەكانی دراما دەهەژێنێ.




خوێنەر یان دەروێشی نووسەر؟!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

پێوەرێكی هونەری كە لە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی هەر تێكستێكی ئەدەبی دەبێ لە بەر چاو بگیرێت و كاری لەسەر بكرێت ئەوەیە، كە دەبێ تێكست بەدەر لە هەموو جۆرە دیدگایەكی سیاسی و ئایدۆلۆژیی و كۆمەڵایەتی و شاریی و هاوڕێیەتی و كەسی بخوێنرێتەوە و ببینرێت. واتا مەمەڵە لەگەڵ دەقدا دەكرێت، بەدەر لەوەی شوناسی خاوەن دەقەكە كێیە، وەك ئەوەی بارت دەڵێت دوای نووسینی دەق، نووسەر دەمرێت. ئیدی لەسەر ئەو بنەما هونەریی و ئستاتیكییانە دەق دەخوێنرێتەوە، كە پێكهاتەی هونەری دەقەكە پێكدێنن. ئێمە زۆرجار، لە خوێنەوە و ڕاڤەكردنمان بۆ دەقێك بە داخەوە دەكەوینە ژێر كاریگەریەتی تێڕوانینیكی نا ئەدەبی و لە سۆنگەی هاوڕێیەتی، شارچییەتی و گرووپگەرایی و ناسیۆنالیستیی ڕووتەوە دەقەكە دەخوێنینەوە، بەمەش تێڕوانینێكمان لا دروست دەبێت، كە دەقەكە بەدەر لە هەموو ڕەخنە یەكی بابەتی و زمانەوانی ببینین. ئەم جۆرە ڕاڤەكردنەش، نەك هەر خزمەت بە فەرهەنگ و كولتووری ئێمە ناكات، بەڵكو جۆرە دیدگایەكی هەڵەو نا ئەدەبیش لە خوێنەوەی ژانڕە ئەدەببیەكاندا دروست دەكات. مەرج نییە هەر دەقێك، نووسەرێكی بەناو و دەنگ نووسیبێتی، داهێنان و شاكارێك بێت، یاخود هەر كتێبێك كوردێكی تێكۆشەری نەتەوەیی ئێمە نووسیبێتی، ئیدی شایستەی خەڵاتی نۆبڵ بیت. ئێمە هزرە نەتەوەیی شۆڕشگێڕییەكانی ئەو بە هەند دەزانین و دەنرخێنین، بەڵام بەو مانایە نییە نووسینەكانی شایستەی ڕەخنە لێگرتن نەبن.

خوێنەری ڕاستەقینە و جددی، تەنها پەیوەندی لەگەڵ دەقدایەو كێ ئەو دەقەی نووسیوە و خەڵكی كام شارە و هەڵگری كام بیرو باوەڕە، بۆ ئەو نە جێی پرسیاركردنن، نە جێی گرنگی پێدانیشن. ئەوە گرنگە نییە، كاتێ تێكستێكی جوان دەخوێنینەوە، كێ نووسیویەتی ئەوە گرنگە چی لە نێو ئەو تێكستە دایە، ببێتە جێی سەرنج و پرسیارو ڕامان و چێژمان. پەیوەندی خوێنەر بەدەق، پەیوەندییەك نییە، شوناسی نووسەر بكرێتە پێوەر و میتۆدی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی دەق، چونكە خوێنەر بەشێكە لە سێیانەی نووسەر، دەق، خوێنەر و لەو سۆنگەیەوە نابێ خوێنەری دەق بە ئەندازەیەك بكەوێتە ژێر كاریگەریەتی شوناسی نووسەرێك، تا ئەو ڕادەیەی شوناسی خۆی وەك خوێنەر ون بكات و لە بری ئەوەی ڕۆڵی هزرییانەی خۆی وەك كارەكتەرێكی بخوێن لە دەق بگۆڕێت بۆ دەروێشی نووسەر و دەقەكانیشی وەك تەریقەت ببینێت. لێرەدا، ئێمە لە بەردەم خوێنەر نین، لە بەردەم كەسێك نین كە سەروكاری لەگەڵ تێكست بە تەنها دابێت، بەڵكو لە بەردەم كەسێكی شێوە تەریقەت داین، كە نووسەر و بەرهەمەكانی وەك تەریقەتێكی ئایینی و پیرۆز دەبینێت و خۆشی وەك دەروێشێكی ئەو تەریقە بەدەر لە مانا دینییەكەی ڕۆڵ دەبینێت، بێ ئەوەی هەستیشی پێ بكات. ئەمە بە ڕوونی لای بەشێكی زۆری ئەو خوێنەرە هەمووەكی و پۆپۆلیستییانە هەیە، كە دەق وەك كتێبێكی پیرۆز و گەورە دەبینن و سنوورێك لە بەردەم دیدگای جیاوازی دیكە دەكێشن، تەنها لە سۆنگەی ئەوەی نووسەرەكە كەسێكە ناوبانگێكی دیار و گەورەی هەیە. لەو ڕۆژانەدا، لە خوێندنەوەی كتێبی( ئەدەب و مۆدێرنە) بوومەوە. ئەم كتێبە، كۆمەڵە وتارێكە لە بارەی ڕۆمانی (نەفرەتی نەوبەهاران)ی بەختیار عەلی. لەو كتێبەدا، یەك دوو نووسەر باس لەوە دەكەن كە بەختیار عەلی بە نووسینی ئەم ڕۆمانە، بۆ یەكەمجار دیاردەیەكی مۆدێرن دێنێتە نێو كۆمەڵگەی كوردی، كە ئەویش كامێرا و وێنەگرتنە، بەو پێیەی ڕۆمانەكە باسی كارەكتەرێك بە ناو كامیل ئاغا دەكات و ئەویش چونكە لە ساڵی 1957 كامێرایەك دەكڕێت، ئیدی بە بڕوای چەند خوێنەر و نووسەرێكی نێو ئەو كتێبە، ئەوا ئەم ڕۆماننووسە كارێكی داهێنەرانەی گەورەی كردووە و بۆ یەكەم جار مۆدێرێنێتە دێنێتە نێو كۆمەڵگەی كوردی. بێگومان جیاوازی لە نێوان خوێنەرێك كە سەروكاری لەگەڵ دەقدایە بە تەنها و خوێنەرێك كە شوناسی گەورەی نووسەر دەبینێت و ڕۆڵی دەروێشێك وازی دەكات ئەوەیە، كە ئەوەی یەكەمیان خوێنەرێكە، دەق پیرۆز ناكات، نووسەر ناكاتە پەیامبەر، چونكە لە بنەڕەتدا ئەو تەنها تێكستی بەلاوە مەبەستە، بەڵام ئەمەی دووەمیان نووسەر دەكاتە بت و بڕوای وایە جگە لەو كە نووسەری دڵخوازی خۆیەتی، كەسی تر ناتوانێت وەها بنووسێت، چونكە ئەم جۆرە خوێنەرە یادەوەری ئەو ماسییە بچووكەی هەیە، كە نێو حەوزەكەی وەك زەریایەك دەبینێت و بڕوای وایە لە نێو زەریا دایە ! ئەم جۆرە بۆچوونانە، بێ ئاگایە لە دنیای دەق و نووسین. هەموومان دەزانین نالی، دووسەد ساڵ لەمەوبەر، هزرێكی مۆدێرنانەی هەبووە، شیعرەكانی (شێخ نووری، بێكەس، قانع، ئەحمەد موختار جاف، زێوەر و بێخود) پڕن لەو ڕوانگە مۆدێرنانەی كە هەیان بووە بۆ ژیان بوون و هەموو دیاردەیەك. وێرای ئەمانەش (سابیر ڕەشید ) لە ڕۆمانی (شمشێری موسا) دا، باسی ڕووداوەكانی ساڵانی سی و چلەكانی شاری شەقڵاوە و پەیوەندی موسڵمان و جوولەكەكان دەكات. لەو ڕۆمانەدا، كە ڕووداوەكانی سی ساڵ پێش ڕووداوەكانی ڕۆمانی نەفرەتی نەوبەهارانە، نووسەر باسی كامێرا و وێنەگرتن و ئامێری فۆتۆ دەكات. ئەم خوێنەرانە، ناڵێن سابیر ڕەشید بۆ یەكەمجار دیاردەیەكی مۆدێرنی هێناوەتە نێو كۆمەڵگە و ئەدەبی كوردی، چونكە نووسەر پیرۆزكراوی ئەوان نییە، بەڵام چونكە ڕۆمانەكەی تر، هی بەختیار عەلییە، ئەوا بە داهێنان و مۆدێرنە و نوێگەری دەزانن. ئەم جۆرە پەیوەندییە لە نێوان دەق و خوێنەر، پەیوەندی بە خوێندنەوە و ڕاڤەكردن وەك كردەیەكی هوشیاریی و ئاگایانە نییە، بەڵكو پەیوەندییەكە لە سەر بنەمای بە پیرۆزكراو، بە پیرۆزكردنە ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە ئەم جۆڕە ڕوانین و خوێندنەوەیە بۆ دەق، نیشانەی بێ ئاگایەكی گەورەیە لەو دەق و تێكستانەی لە دەرەوەی تێكستی بە پیرۆزكراو، نووسەری بە تەوتەم بوو نووسراون، ئەمەش پێچەوانەی بنەماكانی خوێندنەوەی بابەتی و ڕەخنەیین، چونكە لە خوێنەوەی دەقدا بۆ خوێنەرانێك كە قووڵایی دەقیان ناسیبێت، شوناسی نووسەر گرنگ نییە، بەڵكو مامەڵەی خوێنەر لەگەڵ دەقی نووسەردایە، بۆیە دەبێ خوێنەر بە ئاگاییەوە قسە لە سەر پرس و بابەتێك بكات، نەك هیڵێكی سوور بە دەوری دەقەكانی نووسەرێكی دڵخوازی خۆی و بكێشێت و پێی وابێت ئیدی ئەدەبی هەموو نەتەوە لە ڕۆمانەكانی ئەو نووسەرەدایە و هیچ نووسەرێكی دیكە نەیتوانیوە ئەوە بنووسێت، كە ئەم جۆرە خوێنەرە بە تێگەیشتنی خۆی بڕوای وایە نوێ و داهێنەرانەیە.

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (4235)لە 23/1/2025 بڵاوكراوەتەوە.




هاوپشتیی لەگەڵ مامۆستایانی مانگرتوو!.. ڕێبوار ڕەشید

وا خۆبرسیکردنی ئەو هاوڕێ ژن و پیاوانەی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە وەرنەگرتنی مووچە پێ دەنێتە ١٣ ڕۆژەوە. لە پێناوی بەهێزکردنی ئەو هاوڕێیانە و داوا ڕەواکانیان جێی خۆیەتی چەند خاڵێک ڕوون بکرێتەوە.
١. مێژووی مانگرتن لە فۆرمی خۆبرسیکردندا دەگەڕێتەوە بۆ بزووتنەوەی فێمێنیستە سەفرەگەیتەکان کە داوای مافی دەنگدانیان بۆ ژنان دەکرد (١٩٠٣ تا ١٩١٤). ئەم تێکۆشەرە فێمێنیستانە دووچاری زەبروزەنگێکی زۆر بوون، لە ئەوانە ناچارکردنیان بە خواردن کە لە ئەنجامدا ماری جەین کلارک کۆچی دوایی کرد و چەندینی تر تووشی نەخۆشی بوون. شایانی باسە بە هەزاران ژن زیندانی کران و دووچاری ڕاوەدوونان و لێپرسینەوە و هەڕەشە و گوڕەشە بوون، بەڵام میتۆدی خۆبرسیکردنەکەیان بوو بە هۆی سەرکەوتن و وەدەستهێنانی ئەو مافانەی داوایان دەکرد کە یەکێکیان مافی دەنگدان بوو.
وا دادەنرێت لە مێژووی مۆدێرندا زیندانیانی سیاسیی سەردەمی قەیسەری ڕووسیی یەکەمین خۆبرسیکردنی سیاسییان دژ بە دەسەڵاتی قەیسەر ئەنجام دابێت. ماریون دۆنلەپ ساڵی ١٩٠٩ یەکەم ژن بوو خۆی لەبەر ئەو هۆیە برسی هێشتەوە کە مافی زیندانی سیاسییان پێ نەدەدا و وەکو تاوانبارێکی ملکەچ نەکردوو بۆ یاسا لێیان دەڕووانی.
خانم ئیرۆم شارمیلا ساڵی ٢٠٠٠ دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد و هەتا ٢٠١٦ بەردەوام بوو. بە فەرمیی ٥٠٠ هەفتە خۆراکیی ئاویان پێ دەدا. ئەمنستی ئینتەرناشناڵ بە ڕێزەوە نازناوی ”زیندانی ویژدانیی“ ــیان لێ نا.
ساڵانی ٨٠ کان و ٩٠ کان زیندانیەکانی باشووری ئەفریقا دژ بە ڕژێمی ئەپەرتاید خۆبرسیکردنی گەورە و شایانباسیان ئەنجام دەدا و سەرئەنجامی سیاسیی گەورەی بەدەستهێنا.
لە ناو کورددا، لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان پ/ک/ک بەئەژمارترین و بە ناودەنگترین خۆبرسیکردنەکانیان لە مێژووی کورددا تۆمار کردووە. ڕەنگە لە مێژووی خۆبرسیکردندا، لانی کەم لە ڕووی چەندایەتیی و دۆخی دژوارەوە، لە جیهاندا بێ هاوتا بن. تا ئێستا بە هەزاران جار خۆبرسیکردنیان بە هەفتە و دوو هەفتە و مانگ و زیاتر لە ناو زیندانەکانی تورکیا و لە دەرەوە لە شار و شارۆچکەکانی ئەوروپا ئەنجام داوە. ئەو خۆبرسیکردنانە هەر بە تەنیا بۆ باکوور نەبوون، بەڵکو بۆ قوربانیانی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆڕە و هەروەها دەستدرێژیەکانی کۆماری ئیسلامیی کراون. تێکۆشەرانی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی چالاکیی مانگرتن لە خواردن ئەنجام دەدەن کە زۆریان ژنانن. چەندین تێکۆشەر لە درێژەی خۆراک نەخواردندا لە سێدارە دراون. کوردستانیان دەتوانن سوودی بێ مانەند لە ئەم ئەزموونە گەورە سیاسییە وەربگرن.
٢. خۆبرسیکردنی ئەم مامۆستایانە لە دژایەتیی وەرنەگرتنی مووچە یان بۆ وەرگرتنی مووچە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە ناسیاسییەی تەنگی بە باشوور هەڵ چنیووە. لە راستییدا دەبوو هەموو خەڵکی باشوور، لە خوێندکارانی پۆل یەکی سەرەتاییەوە تا دوا پلەی زانکۆکان، تا دکتۆر و پرۆفیسۆری زانکۆکان و دایک و باوکی خوێندکاران خۆپیشاندانیان بۆ مووچەی مامۆپستایان بکردایە و مانیان لە خواردن بگرتایە چونکە ئەوە خەڵک و نەتەوەیە کە زەرەر دەکات، نەک مامۆستایان. بە جیا لە کێشەی مووچە، باشووری کوردستان خراپترین و شەرمئاوەرترین سیستەمی خوێندنی هەیە
٣. بە داخەوە کە مامۆستایان، یان بە هەر حاڵ، ژمارەیەکی ١٢ کەسیی، ناچار دەبن خۆبرسیکردن بۆ وەرگرتنی مووچە ئەنجام بدەن. لە ڕاستییدا ئەو خۆبرسیکردنە دەبووایە لە سەداسەد سیاسیی بووایە و سێ ئامانجی بپێکایە، واتە لابردنی دین و حیزب و خاشاکی داگیرکاریی لە بەرنامەی خوێندندا. بەرنامەیەک کە مافی مرۆڤ، مافی ژنان، سیستەمی دیموکراسیی و شەفافیەتی دەسەڵات بەهێز بکات. ئەو کارە ئاستی مامۆستایانی بە ئاستێکی سیاسیی دەگەیاند.
٤. خۆبرسیکردن دەبێت دوور بێت لە وتە و قسەوباسی هەستەکیی، لە فرمێسک و گریان و شین و واوەیلا. خۆراک کە مافی هەموو بوونەوەرێکە، نەخواردنەکەی بۆ ئەوەیە کە جەخت لە سەر مەرگێکی ناچارکراو بکرێت، کە فۆکوس بخرێتە سەر ئەوەی دەسەڵات ئامادەیە مەرگ بسەپێنێت. خۆراک نەخواردن یەکێک لە گەورەترین چالاکیە زەبرنەگیرەکانە دژ بە دەسەڵاتێک کە نەگەیشتووەتە ئاستی تێگەیشتن لە ئەرکی سەرشانی خۆی، نە لەسەر ئاستی حیزبیی، نە سیاسیی، نە نەتەوەیی و نە نیشتیمانیی. ئەمە ناوەڕۆکی باسەکەیە.
٥. مامۆستایان بەئەژمارن و گەورەترین کەرتی خزمەتگوزاریی نیشتیمانیی لە فۆرمی فەرمانبەریەتی پێک دەهێنن. سەیرە بە سەدان و هەزاران مامۆستا ناتوانن خۆبرسیکردن لە هەموو شارەکاندا بە ئەنجام بگەیەنن و تەنیا چەند دڵسۆزێک لە سلێمانی لە دەڤەری سەوزدا دەیکەن. هەروەها سەیرتریشە کاتێک هیچ سەندیکایەکی تر، سەندیکاکانی هەموو پیشەکان کە بە دەیانن، ڕێکخراوە ناحکومیەکان، پشتگیریی خۆیان لە ڕێگای سەردانی لێرە و لەوێوە دەردەبڕن و بە سێڵفیەک و چایی خواردنەوەیەک ویژدانی سیاسیی خۆیان ڕەحەت دەکەن. ئەرکی سەرشانی ئەوان ئەوەیە بە کردەوە ىێنە مەیدان، چونکە وەک ئاماژەم پێ کرد، کێشەی مووچە کێشەی مامۆستایان نییە، بەڵکو کێشەی خەڵکە، کێشەی نەتەوە و نیشتیمانێکە.
٦. بە بێگومانییەوە ئەم مانگرتنە لە خواردن دەچێتە مێژووی ناڕازەیی دەربڕینی ئاشتیانە لە خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستاندا. بە هیوای ئەوەی گەورەتر و بەرفراوانتر و گشتگیرتر بکرێت و ئاستی سیاسیی لە چاوەڕووانیی خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستاندا بێت. هاوکات هیوای تەندروستیی و سەرکەوتن بۆ ئەو بەڕێزە تێکۆشەرانە دەخوازم.

ڕێبوار ڕەشید
٢٠٢٥/٢/٧
.




کورد لە ستراتیژی گەورەی چین.. هەڵۆ حەسەن

دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا کە لە ساڵی 2013 لەلایەن شی جینپینگ سەرۆکی چینەوە ڕاگەیەندرا، ستراتیژییەکی گەورەی گەشەپێدانی جیهانییە و ئامانجی بەرزکردنەوەی پەیوەندییە ناوچەییەکان و جیهانگیریی ئابوورییە. ئەم پڕۆژەیە زیاتر لە 60 وڵات لە چینەوە تا ئەوروپا دەگرێتەوە، لەوانە ئەو ناوچانەی کە ژمارەی دانیشتووانێکی بەرچاوی کوردیان تێدایە. لە ڕووی مێژووییەوە ناوچە کوردنشینەکان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوونەتەوە، لەوانە ناسەقامگیری سیاسی و سەختی ئابووری. بەڵام دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا بە باشترکردنی ژێرخانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار و هاندانی گەشەی ئابووری ئەم بوارانە زیندوو دەکاتەوە. زیادبوونی پەیوەندی و وەبەرهێنان دەبێتە هۆی بەهێزبوونی سەربەخۆیی ئابووری و کاریگەری سیاسی کورد. لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە ئەم پڕۆژانە دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی یەکڕیزی و ئاڵوگۆڕی زیاتر، ڕێگە بە کولتوری کوردی دەدات لەسەر شانۆیەکی جیهانی گەشە بکات و لە ڕووی ئابووریشەوە دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا یارییەکە دەگۆڕێت. ڕێڕەوی بازرگانی نوێ و پڕۆژەی ژێرخانی ناوچەکانی کوردستان بەڕووی بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا دەکاتەوە. ئەم بوومەلەرزە ئابوورییە پیشەسازییە ناوخۆییەکان دەگۆڕێت، لە کشتوکاڵەوە بۆ بەرهەمهێنان، و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ چین و دەرەوەی وڵات، لە ڕووی بازرگانییەوە پڕۆژەکانی پشتێن و ڕێگا دەرفەتی بازرگانی نوێ دروست دەکەن. وەبەرهێنان لە بواری گواستنەوە و لۆجستیدا ئاسانکاری بۆ هاتنە ژوورەوە و دەرچوونی کاڵا لە ناوچە کوردستانییەکان دەکات، وەبەرهێنانی بیانی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و بازرگانی ناوخۆیی بەرەوپێش دەبات. بە کورتی دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگای چین تەنها دروستکردنی ڕێگاوبان و هێڵی ئاسن نییە. پەیوەستە بە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ سەقامگیری سیاسی و ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و گەشەسەندنی ئابووری و گەشەی بازرگانی لە ناوچە کوردستانییەکاندا. لە کاتێکدا ئەم بوارانە بەردەوام دەبن لە تێکەڵبوون بەم تۆڕە فراوانە، چین وەک یاریزانێکی سەرەکی کە ئامادەیی جیهانی و ناوچەیی دیارە، بەردەوام بانگەشە بۆ ئاشتیپارێزی و پێشخستنی گەشەپێدان و پەروەردەکردنی سیستەمێکی نێودەوڵەتی باشتر دەکات چۆن کورد دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین بەڕێوەببات و لە هەمان کاتدا پارێزگاری لێدەکات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی وەک ئەمریکا؟ ڕۆڵی کورد و پێگەی کوردستان لە ڕێگای ئاوریشمی کۆندا چی بوو؟ ،پڕۆژەی پشتێن و ڕێگا کە ئامانجی بەرزکردنەوەی بازرگانی جیهانی و هاندانی گەشەی ئابوورییە لە سەرانسەری ئاسیا و دەرەوەی ئاسیا لە ڕێگەی تۆڕێکی بەرفراوانی پڕۆژەکانی ژێرخانی. بۆ کورد کە دابەش بووە بەسەر تورکیا، عێراق، ئێران و سوریا، کۆمەڵێک دەرفەتی ناوازە دەخاتە ڕوو کە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دیمەنی ئابووری کۆمەڵایەتی هەبێت. زۆرێک لە ناوچە کوردنشینەکان بەهۆی درێژخایەنی ململانێ و ناسەقامگیری سیاسییەوە بەدەست گەشەنەکردنەوە دەناڵێنن. بە بەشداریکردن لە پڕۆژەی پشتێن و ڕێگای چین ئەم ناوچانە دەتوانن سوود لە وەبەرهێنانی چینی وەربگرن بۆ دروستکردن و نوێکردنەوەی ڕێگاوبان و هێڵی ئاسن و ژێرخانی گرنگی دیکە. باشترکردنی ژێرخانی پەیوەندییەکان لە چوارچێوەی ناوچە کوردستانییەکان دەبێتە هۆی ئاسانکاری بازرگانی و جوڵەی کاڵا و خەڵک و پرۆژەی پشتێن و ڕێگا دەتوانێت یارمەتی ناوچە کوردستانییەکان بدات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەرتر تێکەڵ بە تۆڕە بازرگانییە جیهانییەکان ببن. بە بوون بە بەشێک لە پرۆژەی پشتێن و ڕێگا، ناوچە کوردنشینەکان دەتوانن ببنە خاڵی ترانزێتی گرنگ بۆ جوڵەی کاڵا لە نێوان ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا. ئەم پێگەی ستراتیژییە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی چالاکیی بازرگانی و ڕەخساندنی هەلی کار و هەمەچەشنکردنی ئابووری.

کورد لەسەر ڕێگای ئاوریشمی کۆنی چین

ڕێگای ئاوریشمی کۆن کە تۆڕێکی بازرگانی مێژوویی بوو، چینی بە دەریای ناوەڕاستەوە بەستەوە. ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەو ناوچانەی کە پێیدا تێدەپەڕی و خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەکانی سەر ڕێگاکەی هێنا و دروستکردنی خانوو و خزمەتگوزاری و دامەزراندنی سیستەمێکی بازرگانی گەشەسەندوو لە کۆمەڵگاکاندا. وەک خاڵی کۆبوونەوەی خەڵک و بازرگانانی وڵاتانی جیاواز، ئاسانکاری بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، موزایەدە، کارلێککردن و ئاڵوگۆڕی کولتووری دەکرد. بەدرێژایی ڕێگای ئاوریشمی کۆن، کارە هونەریەکان، کاری دەستی، تابلۆ، مۆسیقا و زانیاری لەسەر کولتوورە جیاوازەکان ئاڵوگۆڕ دەکران. دەرئەنجامێکی دیکەی بوونی ڕێگای ئاوریشمی کۆن بڵاوبوونەوەی ئایینەکانی وەک مەسیحی، ئیسلام، هیندۆسی و زەردەشتی بوو بۆ خاکە نوێیەکان، کە بەشداربوون لە فرەچەشنی ئایینی و سینکریتیزم بە درێژایی ڕێگاکەی. ڕێگای وشكانى: دابەشکراوە بەسەر ڕێگایەکی باکووری کە لە هاویندا بەکاردەهێنرێت و ڕێگایەکی باشووری کە لە زستاندا بەکاردەهێنرا، ئەم ڕێگایانە زۆرترین بازرگانییان پێدەکرا و بنەمای مێژووی قووڵیان پێکدەهێنا ریگای ئاوریشمی كۆن: لە سەردەمی شانشینی هان دامەزراوە، شۆڕشێکی گەورەی لە بازرگانی نێوان چین و ڕۆمادا کردووە، هیندستان و باشووری ئاسیا و باکووری ئەفریقا و دەریای سووری بەیەکەوە گرێدا. ڕێگای ئاوریشمی کۆن گرنگییەکی بێئەندازەی هەبوو بۆ کورد، ڕۆڵێکی بەرچاو وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی و پردێکی کولتووری کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری كورد هەبوو. ئەمەش بووە هۆی گەشەسەندنی ناوەند و بازاڕەکانی بازرگانی و ڕەخساندنی دەرفەتی ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانی ناوچەکە و دامەزراندنی پێگەی ستراتیژی کوردستان بەدرێژایی ڕێگای ئاوریشم وەک ناوەندێکی بازرگانی چارەنووسساز. ئەمەش ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا و بیرۆکە لە نێوان شارستانییەتە جیاوازەکاندا کرد. خاکی کورد وەک پەیوەندییەکی ڕێڕەوی بازرگانی ڕێگەی پێدا کە سوود لە ڕەوتی کاڵا و کولتوورە جۆراوجۆرەکان وەربگرێت کە بە خاکەکەیدا تێدەپەڕین. ڕێگای ئاوریشم ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە داڕشتنی دیمەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری کوردستان. ڕێگای ئاوریشمی کۆن سەرچاوەی داهات بوو بۆ میرنشینە کوردییەکان. دوای لاوازبوونی عەباسیەکان، خەلیفەکانیان نەیانتوانی کۆنترۆڵی ناوچە دوورەکان و بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکانی باکور بکەن. لە ناوچەکانی باکووری (ورمێ) میرنشینێکی کورد بە ناوی “سدقیە” دامەزرا (770-827ز)، لە دەشتەکانی شارەزووریش ئیشانیەکان دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرت (912-961ز). ئەمەش دەرفەتی بە بنەماڵە کوردەکان دا کە خۆبەڕێوەبەری ڕابگەیەنن. لەگەڵ هاتنی سەلجوقەکان و شکستی بویدەکان ناوچە کوردنشینەکان زیاتر خۆسەر بوون و لەژێر دەسەڵاتی سەلجوقەکاندا چەند حکومەتێک دروست بوون. میرنشینە کوردییەکان لە باشووری دەریای خەزەرەوە تا دەریای عەرەبی درێژبووەوە. سێ ڕێگای سەرەکی بازرگانی بە ڕێگای ئاوریشمی کۆن تێپەڕین. کوردستان ناوچەیەکی ستراتیژی بوو بۆ ڕێگای ئاوریشمی چین.

کورد و پشتێن و ڕێگا
پرۆژەی پشتێن و ڕێگا، سەرەتای پەیوەندییە بەرفراوانەکانی چینە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەرچەندە هەرچەندە ناوچە کوردییەکان خۆیان ڕاستەوخۆ بەشێک نین لە دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا، بەڵام پرۆژەی ژێرخانی و هاوبەشی ئابووری لە وڵاتانی دراوسێ کاریگەری لەسەر پێکهاتە کوردییەکان و داینامیکی جیۆپۆلیتیکی هەیە:
ژێرخان
دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا ئامانجی بەرزکردنەوەی پەیوەندییە لە ڕێگەی پڕۆژەکانی ژێرخانی وەک ڕێگاوبان، هێڵی ئاسن، بەندەر و بۆری وزە. لە کاتێکدا زۆربەی ئەم پڕۆژانە لە وڵاتانی وەک تورکیا، ئێران و عێراقدا چڕبوونەتەوە، بەڵام تەواوکردنیان دەتوانێت تۆڕەکانی گواستنەوە و ڕێڕەوی بازرگانی باشتر بکات کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سوودی بۆ ناوچە کوردستانییەکان دەبێت
گواستنەوە: باشترکردنی ژێرخانی گواستنەوە ئاسانکاری دەکات بۆ جوڵەی کاڵا و خەڵک، ئەمەش دەتوانێت گەشەی ئابووری و یەکگرتنی ناوچەیی بەرز بکاتەوە.
گەیاندنی وزە: پڕۆژەکانی وزە، لەوانەش بۆری نەوت و گاز، ئاسایشی وزە بەرز دەکەنەوە و هاوکاری ئابووری بەرەوپێش دەبەن. یەدەگی گەورەی نەوت و غازی کوردستان سودمەندی ئەگەری لەم جۆرە پڕۆژانەن.

بازرگانی و وەبەرهێنان

دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا بە گرنگیدان بە بازرگانی و وەبەرهێنان، دەتوانێت دەرفەت بۆ گەشەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنانی دەرەکی لە ناوچە کوردستانییەکان دروست بکات، بەتایبەتی لە کەرتەکانی وەک وزە، بیناسازی، و پەیوەندییەکان
وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی دەرەکی: کۆمپانیا چینییەکان کە بەشدارن لە پرۆژەکانی دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا دەتوانن هەلی وەبەرهێنان لە ناوچە کوردنشینەکان دابین بکەن، کە بەشدارن لە ڕەخساندنی هەلی کار و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری
ڕێگای بازرگانی: پەرەپێدانی ڕێگای بازرگانی نوێ لەژێر دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا ئاسانکاری دەکات بۆ زیادکردنی بازرگانی نێوان هەرێمە کوردییەکان و وڵاتانی دراوسێ، هەروەها لەگەڵ چین.

کاریگەرییە جیۆپۆلیتیکییەکان

سەقامگیری ناوچەیی: بەرزکردنەوەی پەیوەندی و گەشەپێدانی ئابووری کە لەلایەن دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگاوە بەرەوپێش دەچێت، دەتوانێت بەشداری بکات لە سەقامگیری ناوچەکە لەڕێگەی چارەسەرکردنی جیاوازییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و بەرزکردنەوەی هاوکاری لە نێوان وڵاتان.
دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا هاندەری هاوکاریی ئابووری و یەکگرتنە، کە دەتوانێت گرژییەکان کەم بکاتەوە و هەوڵەکانی بنیاتنانی ئاشتی نێوان وڵاتان بە تایبەتی ئەو وڵاتانە بەرز بکاتەوە کە دانیشتوانی کوردیان هەیە.

پەیوەندی دیپلۆماسی
هاوسەنگکردنی بەرژەوەندییەکان و سیاسەتی دەستوەرنەدانى چین ڕێنمایی ڕێبازی خۆی دەکات بۆ پرسە سیاسییە هەستیارەکان کە پێکهاتە کوردییەکان تێیدا بەشدارن، بەو پێیەی هەوڵدەدات سەقامگیری و پەیوەندییە ئەرێنییەکان لەگەڵ وڵاتانی پشتێن و ڕێگادا بپارێزێت.
هێزی نەرم و کاریگەری: وەبەرهێنانە ئابوورییەکانی چین و پڕۆژەی ژێرخانی لەژێر دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگادا دەتوانێت هێزی نەرم و کاریگەری خۆی لە ناوچەکەدا بەرز بکاتەوە، کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر داینامیکی سیاسەتی کوردی و جیۆپۆلەتیکی ناوچەیی هەبێت.

ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی

لە کاتێکدا دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا بە پلەی یەکەم گرنگی بە پەرەپێدانی ئابووری و ژێرخانی دەدات، هەروەها کاردەکات بۆ پێشخستنی ئاڵوگۆڕی کولتووری و خەڵک بە خەڵک لە نێوان وڵاتانی بەشداربوودا. ئەو کارلێکە کولتووریانەی کە دەستپێشخەرییەکە ئاسانکاری بۆ دەکات، ڕەنگە بەشدار بن لە زیادبوونی لێکتێگەیشتن و هاوکاری نێوان پێکهاتەکانی چینی و کورد.
بەرنامەی پەروەردەیی و ڕۆشنبیری: دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا پاڵپشتی لە دەستپێشخەرییەکانی وەک ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی، بەرنامەی زمان، و بۆنە ڕۆشنبیرییەکان دەکات، کە دەتوانن لێکتێگەیشتنی یەکتر بەرەوپێش ببەن و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمەکانی چین و کوردی پتەوتر بکەن.
گەشتیاری و پاراستنی میرات: ڕەنگە شوێنە ڕۆشنبیرییەکان لە ناوچە کوردنشینەکان سوودمەند بن لە زیادبوونی گەشتیاری کە لە ئەنجامی باشتربوونی ژێرخانی و پەیوەندیکردن لە ژێر دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگادا دروست دەبێت، کە بەشدارە لە ئابوورییە ناوخۆییەکان و هەوڵەکانی پاراستنی کولتووری.
لە کاتێکدا ناوچە کوردنشینەکان خۆیان بەشێکی ڕاستەوخۆی دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا نین، بەڵام پڕۆژە ئابووری و ژێرخانەکانی چین لە تورکیا، سوریا، ئێران، عێراق کاریگەری لەسەر پێکهاتە کوردییەکان و داینامیکی جیۆپۆلەتیکی فراوانتر لە ناوچەکەدا هەیە. ئایندەی پەیوەندییەکانی کورد و چین لە ژێر کاریگەری فاکتەرە جۆراوجۆرەکاندایە، لەوانە بەرژەوەندی ئابووری، داینامیکی جیۆپۆلەتیک، سەقامگیری ناوچەیی، ئاڵوگۆڕی کولتووری. لەکاتێکدا دەرفەتی هاوکاری لە نێوان پێکهاتەی کوردیدا هەیە.

———————–

سەرچاوەکان
ئەنجومەنی دەوڵەتی کۆماری گەلی چین. (٢٠١٥). دیدگا لەسەر بە هاوبەشی دروستکردنی پشتێنەی ئابووری ڕێگای ئاوریشم و ڕێگای ئاوریشمی دەریایی سەدەی بیست و یەکەم.
وەزارەتی دەرەوەی چین. (٢٠٢٢). وەرەقەی سیاسەتی چین-عەرەب. www.fmprc.gov.cn

شی، ج. (٢٠١٧). پێکەوە کارکردن بۆ دروستکردنی پشتێنەی ئابووری ڕێگای ئاوریشم و ڕێگای ئاوریشمی دەریایی سەدەی بیست و یەکەم. وتارێکی سەرەکی لە کۆڕبەندی پشتێن و ڕێگا، پەکین، چین

ڕۆڵی کوردستان لە دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگای چین: شیکارییەکی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی. گۆڤاری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کوردستان، 12(3)، 45-67


ئاژانسی هەواڵی شینهوا. (٢٠٢٣). چین و عێراق www.xinhuanet.com
ئەلجەزیرە. (٢٠٢٢). کوردستان و چین: پەرەسەندنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە گۆڕانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. www.aljazeera.com

وتارەکانی شی جینپینگ لەسەر دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا، تێڕوانینێک بۆ دیدگا و ئامانجەکانی چین
(http://www.xinhuanet.com/english/2017-05/14/c_136282982.htm)
طريق الحرير والحزام .. خطوط الرمال المتحركة .. هل يلامس كوردستان
https://almasra.iq/35657/
پەیوەندییەكانی چین و هەرێمی کوردستان و كاریگەریی لە سەر دۆزی كورد
د. ڕێبوار ڕەئووف ساڵح
https://www.centerfs.org/the-indian-language-the-hierarchy-of-kurdistan-and-the-language-of-the-kurdistan-region/
د. مۆردیچای چازیزەی
پرسی کورد لە سیاسەتی دەرەوەی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”، و/ هاوڕێ حەسەن حەمە




پیانۆژەنی نابینای بەناوباگ لوسی سیانـزە ساڵان.. رەزا شـوان

لوسی مارک، کچـۆڵەیەکی خـاوەن پێـداویستیی تایبەتە (نابینایە و ئـۆتیـزم) ە. لە ساڵی (٢٠٠٩) لە شاری هـالـیفـاکـس لە ویلایـەتی یـۆرکـشایـر لە ئـینگـلـتەرا لەدایک بـووە. لە تەمـەنی نـۆ مـانگـیدا لە ئەنجـامی نەخـۆشـییەکی قـورسـدا، چـاوەکانی کـوێـربـوون. لوسی کچـۆڵەیەکی بەهـرەمەنـدی بـلیمەت و ناوازە و گەشبینە. بێ هـیوا نەبوو. لەبەر خـۆڕاگـری و کـۆڵـنەدانی بەرابـەر بە کەمـئەنـدامێـتـی، بە (پـاڵـەوان) نـاوی دەبـەن.
لوسی لە تەمەنی دوو ساڵـیدا، بۆ یەکەمین جار، دەستی خـستە سەر کیبۆردی پیانـۆ و خـۆی فـێـری ژەنـیـنی پیـانـۆ کـرد. هـەر لـەو تـەمـەنـەدا، کـە لەسـەر قـەنـەفـەکەیـان دادەنیـشـت، دەستەکانی دەخـستـنە بن گـوێیەکانی و بیـری دەکردەوە و لە ئەنـدێـشە و هـۆشـیدا، ئاوازی بـۆ پارچـە مـوزیـک دادەنـا.
لوسی لە تەمەنی سێ ساڵـیدا، لە لەگەڵ (دانـیـێل)ی مامۆسـتای تایبەتی مـوزیک، لە رێـگەی رێـکخـراوی خـێرخـوازی (ئـەمـبەر تـروسـت) بـۆ مــوزیـک، بـۆ منـداڵانی خـاوەن پێـداویستی تایبـەت، بە شـێوەیەکی ئەکـادیـمی وانـەی مـوزیـکی فـێـربـوو.
لە تەمەنی حەوت ساڵـیدا، پارچـە مـوزیکی “گەڵاکانی پایـز” ی بە پیانـۆ ژەنی. هەر ئـەو کاتە پێـشـبینی کـرا، کە لـوسی دەبـێـتە ئەسـتێرەیەکی گەشی جیهـانی مـوزیک.
کاتێک کە تەمەنی لـوسی (١٣) سـاڵ بـوو، کەنـاڵی چـواری تەلەفـزیـۆنی ئـینگـلـتەرا، پێـشبڕکێیەکی بۆ بەهـرەمەنـدانی پیانـۆژەن راگەیانـد. دایـکی لوسی (کاندیس) کچکەی بۆ بەشداریکردن لەم پێشبڕکێیەدا کاندید کرد. لوسی بە ژەنینی گۆرانییەکی بەناوبانگی ئینگلـیزی بۆ منداڵان (بـدرەوشێوە، بدرەوشێوە ئەستێرە بچکـۆلەکە) بە گۆرانی لەگەڵ ژەنینی پیانـۆدا. زۆر بە شیرینی و بەجووڵەی سەری و قاچەکانی، گۆرانییەکەی چـڕی. لەم پێشبڕکێیەدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. لەو کاتەوە بووە جێی سەرسوڕمانی بینەران و گوێگـرەکان. بە ملـیۆنان بینەر لە ئینگلتەرا و لە دەرەوەیـدا، سـۆز و خوشەویستی و سەرسوڕمـانی خۆیـان، بـۆی دەربـڕی و پیـرۆزبایی و دەستخۆشییەکی زۆریان لـێکـرد.
لـوسی دواتر پارچە مـوزیکی، مـوزیکـژەنە بەناوبانگە جیهـانییەکانی ژەنی، لەوانەش: مـۆزارت، بـیـتهـۆڤـن، شـۆبـان، ئێـرڤـنگ، دوک ئێـلینکـتۆن، سـتیـڤی وەنـدەر،… هـتد. زۆر بە جوانیش گۆرانی (رووباری مانگ) ی چڕی. موزیکژەنی بەناوبانگی ئینگلیزی (لانگ لانگ) کە سـەرۆکی دەسـتەی بـڕیـاردەری پێـشبـڕکـێکە بـوو، زۆر سەرسامی تـوانـای مـوزیـکی لـوسی بـوو. هـەر ئـەویـش بە (بـلـیـمەت) نـاوی بـرد.
دواتر لوسی لە فێستیڤاڵی هـۆڵی شاهانە و لە وێستگەی شەمەندەفەری شاری لیـدز و
لە چەنـدین شـوێنی تر لە ئینگـلتەرا، راستەوخـۆ گۆرانی لە گەڵ پیانـۆژەنیندا وتـەوە. بە ملیـۆنـان کـەس لە جیهانـدا، لە ئینتەرنێتـدا، گوێیـان لە ڤـیدیـۆی گـۆرانی و پـارچە مـوزیکەکانی لـوسی گرتـوون.
رۆڵی سەرەکیشی لە فـیلمی (لوسی هـونەرمەند) دا هەیە، کە فـیلمێکی دیکۆمێنتارییە دەربـارەی گەشـتی ژیـانی لـوسی خـۆی.
لوسی بانگهـێشت کرا، بۆ نمـایـشکردنی ئاهەنگێکی مـوزیکی پـیانۆ، بە بـۆنەی تـاج لەسەرکـردنی شـای ئـینگـلـتەرا، لە قـەڵای ونـدەرسـو. لـوسی لە سـاڵی (٢٠٢٣) دا، وەک باڵـیـۆزی (دامەزراوەی نێـودەوڵەتی مـوزیکی لانـگ لانـگ) دەسـتنـیشان کـرا.
لـوسی لە (٨/ نـۆڤـەمبەر/ ٢٠٢٤) دا، یەکـەم ئەلـبوومی خـۆی، لە رۆژی جیهـانی پیـانـۆدا بـڵاوکـردەوە.
لوسی لە قوتابخـانەی هـایبەری بنەڕەتیی تایبـەت بە منـداڵانی خـاوەن پێـداویستـییە تایبەتییەکان خوێنـدی. لە ئێستادا تەمەنی (١٥) ساڵە لە ئامادەیی (رافـیسکلـیف) لە شاری هـالـیفـاکـس دەخـوێـنی.

(*) بۆ ئـەم نووسـیـنەم، سـوودم لە چەنـدیـن سایـتی ئینگـلیـزی وەرگـرتـووە.




شانۆ\ وێستگەی کۆچەران.. نوسینی: کاوە عوسمان

دیمەنەکە کەنار دەریایەکە کە وەک دوا ویستگەی کۆچی کۆچبەرانە . شوێنی سەرەکی بەرزترە لە چواردەوری کەوەک
دەروازەیەکی کراوەیە و ئەڕوانێ بەسەر زەریاکەی بەردەما. چەند دارێکی پەل و پۆ شکاو لەگەڵ چەند پارچە جل و
بەرگێکی شڕ و کۆن کە هەندێکی بەسەر چل و لقی دارە وشکەکانا هەڵواسراون. لەسەر زەمیینیش چەند پارچە شت
و مەکێکی فڕێدراویش کە لەالیەن کۆچبەرەرەوە جێماون ، هەروەها پارچە بەلەمێکی شکاوو پارچە چوپێکی دڕاویش
بەسەر دارێکی شکاوەوە ئەبینرێت.
دوو کارەکتەر لە بەشی دواوە ی شانۆ دێنە ژورەوە هەروەک ئەوەی لە ڕێگەی دوورەوە هاتبن و هەردوکیان یەک
جۆر جل و بەرگیان لەبەردایە، هەروەها بەهەمان شێوەش شێواز قژێکی درێژو شێواو هەروەها روخساریان
ماندوودیارە….

بۆ خوێندنەوەی شانۆنامە کلیکی ئێرەبکەن…




تۆی هەموو شوێنێ، بێجگە لە من.. نەوزاد بەندی

تۆ لە هەموو شوێنێکی ،
دوور له بۆشاییەکانی من ..
ئەچیتە ناو هەموو ئاپۆڕایەکەوە ،
دوور له تەنیاییەکانی من ..
سینەماکان هەموو گەڕایت ،
نەهاتی بۆ بینینی
هیچ گرتەیەکی
تەمەنی من ..
ڤیستڤاڵ نییە کورسیت بۆ دانەنرابێ ،
بێجگە لە ئینجانەی
قژ ژاکاوی
دەرگاکەی من ..

٭ ٭ ٭

تۆ لە هەموو ڕێگاکانا شوێن پێت هەیە ،
تەنها لەو ڕێیەدا نەبێ ،من بۆ فەرمانگە و ماڵباب و
شیعر بەکاریان ئەهێنم ..
میوە فرۆش نەماوەتەوە پرتەقاڵت بۆ نەکێشێ ،
بێجگە لەو پیکابە میوەفرۆشەی ،
لە کۆڵانی ئێمەدا گوزەر هەنار ئەفرۆشێ ..
کە من ئەڕۆم بۆ سەفەر ،
تۆ لە ماڵەوە دانیشتووی ،
سەر دەر ناکەی ..
کتێب نییە شوێن پەنجەی تۆی پێوە نەبێ ..
بێجگە لە ڕستەکانی من ..

٭ ٭ ٭

تۆ بەو پارکانەدا ناڕۆی ،
ئێواران ڕوویان تێ ئەکەم ..
لەو شوێنانەی کە چایان لێ ئەخۆمەوە ..
ئەو کانیاوانەی دەسنوێژیان لێ ئەشۆم و ..
ئەو فرۆشگای لەنگە و .. شاورمە و ..
کافیتریا و ..
بەنزینخانانەی بوون بە مەعمیلم ..
ئەو یاریگایانە ..
ئەو سەیرانگایانەی کە ڕەنگە ساڵی جارێ بۆیان بچم ..
ئەو هیوایەتانەی من هەمە ..
ئەو چێشتخانانە ..
ئەو ڕۆنگۆڕانە ..
ئەو شەوە تاریکانەی کە تیایانا ئەتلێمەوە ..
کە من بێدارم ،
تۆ لە خەوێکی زۆر قوڵدای ..
کاتێ من خەوتووم ،
تۆ بە دەوری فولکەی بێداریدا
ئەخولێیتەوە ..
کاتێ من بڕیار ئەدەم گۆشەگیر بم ،
تۆ ڤیزەت لێداوە و
کۆنتڕۆڵی فڕۆکەخانەکان بە پێکەنینەوە ئەبڕی ..
کە من ئەڵێم ئەوروپا خۆشە،
تۆ ئەڵێی یەک فلسی قەڵپ ناهێنێ ..
کاتێ باسی ڕیفۆڕم ئەکەم ،
پێم ئەڵێی ئەم میللەتە بە کاری هیچ شتێ نایە ..
لەبەردەم گەلەرییەکدام ،
تۆ سوێندت خواردووە ڕووی تێ نەکەی ..
لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بم ،
تۆ ڕائەکەی بۆ ناو خێمەی مانگرتۆکان ..

٭ ٭ ٭
گەر من لە خەتی پێنجوێن بم ،
یەکسەر له خەتی بازیانیت ..
ئەگەر له خەتی دوکان بم ،
ئەوا تۆ لە هەورامانیت ..




وەرزەکانی فەلسەفە لەگەلەری ئارام.. پێویستمان بە فێربونی (نیچە)یە.. وانەی نۆیەم.. لەگەڵ د. ئازاد حەمە

وەرزەکانی فەلسفە پرۆژەیەکی نوێی ( گەلەری ئارام)ە، هەرجارەو خوێندنەوەیەک بۆ فەیلەسوفێک دەکات بە هاوبەشی لەگەڵ د. ئازاد حەمە.

پێویستمان بە فێربوونی نیچەیە..

وانەی نۆیەم: دەرکەوتنی نیچە: هیچ گەرایی و ویست بۆ مرۆڤی باڵا

پێنجشەممە.. ١٣\٢\٢٠٢٥

کاتژمێر : ٦ی ئێوارە
ناونیشان: عەقاری دوو کۆڵان خوار ئەمنە سورەکە




كتیبێك لە بارەی شەوی یەڵدا چاپ و بڵاو كرایەوە

                         

كتێبێكی دیكەی سەدیق سەعید ڕواندزی بە ناوی (شەوی یەڵدا لە نێوان نالی و كوردی دا) چاپ و بڵاوكرایەوە. ناوەڕۆكی ئەم كتێبە، لێكۆلێنەوە و خوێنەوەیەكی زمانەوانی و فەرهەنگی شیعری هەردوو شاعیر (نالی و كوردی ) یە و و پاشان بەستنەوەیەتیان بە زمانی شیعری سەردەم و دواتریش دەقی شەوی یەڵدا، بۆ ئەوەی ساغبكرێتەوە كە شیعرەكە هی كام شاعیرە. بێگومان ئەم شیعرە، مامۆستای پایەبەرز مەلا كەریمی مودەڕیس بە هی نالی و مامۆستا حەمە بۆریش بەهی كوردی دایانناوە، ئەمەش لۆژیكی نییە، چونكە ناكرێت شیعرێك كە یەك دەقە، لە یەك كاتدا هی دوو شاعیر بێت، بەڵكو دەبێ بە لێكۆلێنەوە و ئەرگۆمێنتی مێژوویی و خوێندنەوەیەكی بابەتییانەوە ساغ بكرێتەوە كە شیعرەكە هی كام شاعیرە. لەو سۆنگەیەشەوە ئێمە لەم لێكۆڵینەوەیەدا، سەرنجێكمان وەك خوێنەرێكی شیعر لە بارەی شیعرەكە خستۆتە ڕوو، بە پشت بەستن بە وردبوونەوەمان لە فۆڕم و ناوەڕۆكی شیعرەكانی نالی و كوردی و دواتریش ئەو شیعرە، هاوكات بەستنەوەی دەقەكە، بە جیهانبینی شیعرییانەی هەردوو شاعیر، پاشانیش بەراوردكردنی زمانی شیعری هەردوو شاعیر، بە زمانی باوی سەردەم و شڕۆڤەكردنی دەقەكە بۆ ئەوەی دەریبخەین، كە ناوەڕۆكی شیعری شەوی یەڵدا لەڕووی زمان و جیهانبینی شیعرییەوە هی كام لەم دوو شاعیرەیە. كە ئەمەش دواجار ئەو بڕوایەی لا دروستكردین كە ئەم شیعرە، شیعری نالییە و هیچ پەیوەندییەكی بە مستەفا بەگی كوردییەوە نییە چونكە زمان و وشە شیعرییەكان و دنیابینی شیعرییانەی نالی لەو شیعرەدا ڕەنگیداوەتەوە، نەك كوردی شاعیر، كە بەشێكی شیعرەكانی بە بڕوای ئێمە هی ئەو نین و دراونەتە پاڵ ئەو. شایەنی ئاماژەكردنە، ئەمە سێیەم كتێبی نووسەرە لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوو، چاپ و بڵاو دەكرێتەوە.




ئایا ئەمریکا پلانی کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا هەیە؟ – خوێندنەوەی: ساث جەی فرانتزمان.. و: گۆران

پرسیارە گەورەکە ئەوەیە کە دوای ئەمە چی ڕوودەدات لە سوریا و چۆن حکومەتی شەرع دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەجێندا جیاوازەکان لە وڵاتەکەدا بکات.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا “پلانی کشانەوەی هەموو هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دادەڕێژێت،” وەک NBC لە سێشەممە ڕایگەیاند.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کرد کە لەبارەی ئەم پەرەسەندنە “دوو بەرپرسی بەرگری ئەمریکی بە NBC -یان راگەیاند “. لە خۆیدا، بیرۆکەی ئەوەی کە پێنتاگۆن ئەم پلانە وەک ئیحتیاتیەک دابڕێژێت زۆر سەرسوڕهێنەر نییە.

ئیدارەی یەکەمی ترەمپ دوو جار هەوڵی کشانەوەی دا لە سوریا، لە ساڵەکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩. ئاشکرایە کە ئیدارەکە بەم زووانە هەڵسەنگاندن بۆ سیاسەتەکەی لە سوریا دەکات.

ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٥ هێزەکانی ناردە سوریا وەک بەشێک لە هەڵمەتی دژە-داعش. ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕۆژهەڵاتی سوریا کار دەکات. هەسەدە لە ساڵی ٢٠١٩ داعشی شکاند و لەو کاتەوە دژی خانەکانی داعش دەجەنگن و کۆنتڕۆڵی بەشێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات دەکەن. ئەمریکا هەروەها پشتگیری بنکەیەکی بچووک لە تەنەف لە سوریا دەکات کە نزیکە لە سنووری ئوردن و عێراق.

تەنەف بنکەیەکی تەنیایە، بەڵام گرنگە چونکە پشتگیری لەلایەن گروپێک دەکرێت کە پێی دەوترێت سوپای ئازادی سوریا. ئەم گروپە، کە نابێت لەگەڵ سوپای ئازادی سوریا تێکەڵ بکرێت کە ناوی گروپە یاخیبووەکانی سوریا بوو، هێزێکی سەربەخۆیە کە لە پیاوانی پارێزگای حمسی سوریا پێکهاتووە. زۆربەیان لە ناوچەکانی نزیک تەدمور (پاڵمیرا)وە هاتوون.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی The Long War Journal ، سەرکردەی گروپە پشتگیریکراوەکەی ئەمریکا لە ٢٩ی کانوونی دووەم لە کۆبوونەوەیەک لە دیمەشق بەشداری کرد کە پشتگیری حکومەتە نوێیەکەی سوریای دەکرد، کە لەلایەن ئەحمەد شەرعە وە سەرکردایەتی دەکرێت.

سالم تورکی ئەلعەنتری، فەرماندەی سوپای ئازادی سوریای پشتگیریکراو لەلایەن ئەمریکا، بەشداری ڕووداوەکەی کرد. ئەمە گرنگە چونکە کاریگەری دەبەخشێتە ئەمریکا و پیشانی دەدات کە چەندە گرنگ بووە ئەرکەکە لە تەنەف وەک ئاوڕدانەوەیە بۆ ئەو رابردووە.

پلانەکان بۆ کشانەوەی تەواو

بەپێی ڕاپۆرتەکەی NBC، “سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی نزیک لێی، دوایین خواستیان دەربڕی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، بەرپرسەکان وتیان، کە وای لە بەرپرسانی پێنتاگۆن کرد دەست بکەن بە داڕشتنی پلان بۆ کشانەوەی تەواو لە ماوەی ٣٠، ٦٠ یان ٩٠ ڕۆژدا.”

شتەکان بە خێرایی دەجوڵێن لە سوریا چونکە حکومەتە نوێیەکە لە دیمەشق بە پراگماتیکی کار دەکات و خەریکە وڵاتەکە سەقامگیر دەکات. لەم دووایانەدا دیمەشق هێزی ناردە عەفرین لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا.خەریکە ڕێککەوتن دروست دەکات و وڵاتەکە پارێزراو دەکات. ئەگەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ هەسەدە بکات، ئەوا لەوانەیە ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا پێویست نەبێت. ترەمپ دەتوانێت بڵێت “ئەرکەکە جێبەجێ کرا” لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.

کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا نیگەرانی داگیرکارییەکی نوێی تورکیا بوون، کە لە ساڵی ٢٠١٩ ڕوویدا کاتێک ئەمریکا وتی کە دەکشێتەوە. بەرپرسانی ئیسرائیلی نیگەرانیان دەربڕیوە بۆ کوردەکان.

بەڵام، ئەگەر کوردەکان بتوانن ڕێککەوتنێک لەگەڵ دیمەشق بکەن، ئەوا لەوانەیە هەموو شتێک ئەمجارە باش بێت. کات پێمان دەڵێت. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا قسەکردن لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا حیساباتی تورکیا دەگۆڕێت یان نا.
نزیکەی ٢،٠٠٠ سەربازی ئەمریکی لە سوریا هەن. ئەوان ڕۆڵ دەبینن لە چەندین بنکە و بارەگا لە ڕۆژهەڵاتی فورات. یارمەتی هەسەدە دەدەن بۆ شەڕی دژی داعش. هەروەها سەربازیش لە تەنەف هەن.

ڕاپۆرتەکەیNBC دوای ڕاپۆرتێکی کەناڵی KAN-ی ئیسرائیلی هات سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا. ئەم ڕاپۆرتانە نیگەرانی کوردەکانن و زۆر دەنگی کوردی هیوادارن کە ئەمریکا بە شێوەیەکی ئاژاوەیی نەکشێتەوە کە وا دەربکەوێت هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بەجێدەهێڵێت.

پرسیارە گەورەکە ئەوەیە کە دوای ئەمە چی ڕوودەدات لە سوریا و چۆن حکومەتی شەرع دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەجێندا جیاوازەکان لە وڵاتەکەدا بکات.

بۆ ئیسرائیل، سوریا گرنگە. نایەوێت سوریا دووبارە ببێتەوە بە هەڕەشە. بەڵگەکان ئەوەن کە شەرع تا ئێستا بە گشتی ئەرێنی و پراگماتیک بووە. لەچەند رۆژی رابردودا لەگەڵ سعودییەکان کۆبووەوە و ئێستاش لەگەڵ تورکیا و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا ئەنجامدا.

زۆر شت وا دەردەکەوێت کە بەرەو ئاراستەی دروست دەڕۆن. ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا شەڕکردن بوو دژی داعش. ئایا داعش هەست دەکات دەتوانێت دووبارە سەرهەڵبداتەوە ئەگەر ئەمریکا بڕوات؟ ئەمە پرسیارێکی سەرەکییە کە پێویستە وەڵام بدرێتەوە.

سەرچاوە:
https://www.jpost.com/international/article-841040




بۆچی گاورباغی؟.. ناوەندی گاورباغی – بۆ هزر و هۆشیاریی سۆسیالیستی

گاورباغی بریتیە لە سمبوڵی مانگرتن و ترۆپکی خەباتی چینایەتی لە مێژووی کرێکارانی عێراق و کوردستان ، بۆ ئێمە نیشانەی هۆشیاریی چینایەتی کرێکاران و ڕێکخراووبونیان دەردەخات لە خەباتی چینایەتیدا دژی دەوڵەت و چەوسێنەران و داگیرکەرانی بەریتانیا، ئەم سمبوڵەش بۆ ئێمە پرنسیپێکی بەردەوامی خەباتی سیاسیمانە دژی جیهانی نیو لیبڕالیزم و سەرمایەداری نوێ.
ناوەندی گاورباغی هەوڵ دەدات لە ئێستادا ئۆرگان و بەشێکی زیندووی خەباتی چینایەتیمان بێت، هەر لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و پەروەردە و پەرەپێدانی هۆشیاری چینایەتی وچەکەرەکردنی ڕەوتێکی شۆڕشگێڕ و سۆسیالیست.
فەرهەنگ و کەلتووری ئێمە بە گشتی لە ئەزموونی بزووتنەوە کرێکارییەکان و خەباتی بەردەوامی ئەوان و خۆڕێکخستنیانەوە سەرچاوەی گرتووە ، بە دیاریکراویش کرێکارانی گاورباغی کە گیانی خۆیان بەخشی لە پێناو ئامانجە شۆڕشگێڕییەکانی چینی کارگەراندا، کە لە مێژووی بزووتنەوەی کرێکارییدا بوونەتە پێشەنگ و مەشخەڵ بۆ تێکۆشانی ئێستا و داهاتوومان.
کۆبەندی ئەرکی ئەم ناوەندە بریتییە لە: کتێب و نامیلکە و وتار لە سەر سیاسەت، ئابووری، دژە فاشیزم، مێژووی کرێکاران، سەندیکاگەرایی، فێمینیزم، هونەر و ئەدەب و کولتوور، دژە ڕەگەزپەرستی، ژینگە، ژیاننامە. هەروەها کتێبی ئەلیکترۆنی و ڤیدیۆ و هتد…. کە بەشدارن لە تێکۆشان و بەرخۆدان بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابووری، یەکسانی نێر و مێ، ئازادی سیاسی، پاراستنی ژینگە، دژایەتی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم.
مانگرتن و تێکۆشانی کرێکارانی نەوتی کەرکوک لە گاورباغی نیشانەی هۆشیاریی چینایەتی کرێکاران دەردەخات لە خەباتی چینایەتیدا لە دژی سیستەمی سەرمایەداری و چەوسێنەران. نابێت ئەوەش لە بیر بکەین کە کرێکارانی کۆمۆنیست دەورێکی پێشڕەویان بینی لە ڕێکخستن و ڕێنوێنیە شۆڕشگێرییەکانیان بۆ ئەم مانگرتنە شکۆدارەی کرێکارانی نەوتی کەرکووک.
هەڵبژاردنی ناوی “ناوەندی گاورباغی”، ئاماژەیە بۆ مانگرتنی کرێکارانی نەوتی کەرکوک لە ساڵی ١٩٤٦ دا، کە زیاتر لە (٥٠٠٠) هەزار کرێکار بەشداری ئەم مانگرتنەیان کردو دوای دوو هەفتە لەم تێکۆشانە چینایەتییە، کرێکارانی مانگرتوو لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی حکومەتی عێراق و داگیرکەرانی بەریتانیاوە هێرشیان کرایە سەرو کۆمەڵکوژ کران، کە زیاتر لە (١٦) کرێکار لە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان خەڵتانی خوێنکران و بە خوێنی سووریان لاپەڕەیەکی گەش و کۆڵنەدانیان بۆ مێژووی چینی کارگەرانی کوردستان و عێراق تۆمار کرد.
ئارمانجی ناوەندی گاورباغی دەکرێ لە یەک وشەدا دەببڕدرێ
“کتێب – جیهانێک بۆ بردنەوە”
ناوەندی گاورباغی – بۆ هزر و هۆشیاریی سۆسیالیستی




دەڵێن کە ئەمەریکا دەپژمێت جیهان تووشی هەڵامەت دەبێت.. زاهیر باهیر

لە ڕاستیدا نەك هەر ئەمەریکا بەڵکو یەكێك لە هەرە ساماندارە ملیاردەرەکانی دونیا وەکو ئێلون مەسك بۆ نموونە بپژمێ وڵاتانێکی زۆر تووشی هەڵامەت دەبن .
مەبەست لەم پەندە ئەوەیە کە ڕاگەیاندنێك لە ئئیدارەی ئەمەریکییەوە دەدرێت کارایی خۆی لەسەر بۆرسە و بازاڕی دونیا و دراوەکانی وەکو پاوەند و دۆلار و یورۆ ئەوانی دیکەش بە دوایدا، دادەنێێت .
دۆناڵد ترامپ پێش دەستبەکاربوونی هەڕەشەی ئەوەی کرد کە گومرگ لەسەر کاڵای هاوردەی چەند وڵاتێك زیاد دەکات گوایە لە بەرژەوەندی ئابووری و ئەمەریکایە و پارەیەکی باشیش دەخاتەوە ناو خەزێنەی ئەمریکییەوە .

پێرێ و دوێنی بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی لە سەدا 25 ی گومرگی لەسەر کەنەدە و مەکسیکۆ و هەروەهاو لە سەدا 10 شی لەسەر هاورردەی چین و وڕاوەی ئەوەش دەکات کە لە سەدا 10 ش لەسەر هاوردەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاس دابنێت .
ئەمەش پێی دەوترێت جەنگی بازرگانیی ، یاخود جەنگی ئابوریی، کە ئەوەی زیاتر لە کۆمپانیا گەورەکان و حکومەتەکان زەرەرمەند دەبێت داینشتوانن ، هاووڵاتییانی خودی وڵاتەکە خۆیەتی . زیادکردنی گومرگ ئەو وشەیەی کە ترامپ وتی ئەو وشەیەی لە فەرهەنگی زمانەوانییدا لە هەموو وشەیەکی دیکە پێ خۆشترە.

لەم ڕەدەڵ و بەدەڵەدا دوو خاڵی گرنگمان بۆ دەردەکەوێت:
یەك : بە هێزیی و بەیەکەوەگرێداراوی سیستەمەکە لەسەر ئاستی دونیا کە چەندێك یەکگرتووە و چۆن چووە بەناو یەکدا و بوونەتە پاشکۆی یەکدی بە شێوەیەك کە هەموویانی بەیەکەو گرێداوە.
دوو: هاوکاتیش بێ هێزی و لاوازی ئەم سیستەمان بۆ دەردەکەوێت کە بە ڕاگەیاندنێك چۆن بەشێك لە بەهای دراوەکان دادەبەزێ و بازاڕ و ئابوری وڵاتانێک لاواز و لاواز تر دەبێت .
کاتێک کە دۆناڵد ترامپ پرسی زیادکردنی گومرگی لەسەر هاوردەی ئەو وڵاتانە دانا لە ماوەیەکی کەمدا هەژموونی خۆی لەسەر بازاڕ و بەهای دراوەکان و پشکی کۆمپانیاکان دانا هەر بۆ نموونە : FTSE 100 بەڕێژەی لە سەدا 1.4 و Nikkei لە یابان بە لە سەدا 2.8 پشکەکانیان هاتنە خوارەوە ئەمە هەر لە کۆتایی ڕۆژی دووشەمەدا. پشکی Wall Street لە سەدا 2 دابەزی، Nasdaq لە سەدا 1.2 دابەزی FTSE 100 لەندەن لە سەدا 1 پشکەکانی دابەزین، DeepSeek بە ڕێژەی لە سەدا 5 دابەزی. کۆمپانیای ڤالیۆی فەرەنسی کە دابینکەری پارچەی ئۆتۆمبێلە بە ڕێژەی 8% دابەزینی بەخۆیەوە بینی. نرخی پاوەند بە ڕێژەی لە سەدا 0.6 لە بەرانبەر دۆلاردا بەهاکەی دابەزی و بەڵام لە بەرانبەر یورۆدا بە ڕێژەی لەسەدا 0.5 سەرکەوت .
تەماشای ئەو ئامارانەی سەرەوە بکە و بزانە چی ڕوویداوە بە بڕیارەکانی ترامپ . بەڵام وڵاتانی مەکسیکۆ و کەنەدە و چین هەرەشەیان کرد وتیان ئەوانیش بە ڕۆڵی خۆیان گومرگ لەسەر هاوردەی کاڵای ئەمەریکی دادەنێن ئیتر هەر دوێنێ درەنگێك ترامپ بڕیاری دواخستنی بڕیارەکەی پێشتری بۆ ماوەی مانگێك لەگەڵ کەنەداو مەکسیکۆ ڕاگرت تاکو وتوێژی لەسەر بکەن ، لەبەر ئەوە ئەمڕۆ تۆزێك ئارامیی بۆ بازاڕ و بۆ هەڵبەز و دابەزی دراوەکان و بەرز و نزمبوونەوەی پشکەکان گەڕایەوە .
بێ گومان گەر بڕیارەکەی ترامپ بخرێتە کارەوە و پەل بهاوێژێت بۆ ولاتانی ئەوروپاو بریتانیا و وڵاتانی دیکە ئەوە ڕۆڵی کاریگەر لەسەر ئابووریی دادەنێ واتە ژیانی خەڵکی ئێکجار گران دەبێت و کولفەی ژیان زۆر زیاتر بەرزدەبێتەوە.

بۆچی؟

بەرزبووەنەوەی گومرگ لەسەر ناردنە دەەرەوەی کاڵاکان واتە هاوردەیان بۆ ئەمەریکا و ولاتانی دیکەش بە ڕۆڵی خۆیان کردنی هەمان شت ، دواجار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە واتە زیادبوونی کولفەی ژیان. بۆ چارەسەری ئەمەش دەوڵەتەکان فۆرمیلەیەکی ئامادەکراوی هەمیشەییان هەیە ئەویش بەرزکردنەوەی سووە بۆ بەرزکردنەوەی بەهای پارەکەیان . بەرزکردنەوەی سووش دەبێتە هۆی بەربوونەوەی ڕیژەی سەراپای سووی قەرزەکان و سلفەی عەقار هەموو سەلفەکانی دیکە . ئەمەش یانی جگە لە خراپتتربونی ژیانی خەڵکیش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی وەبەرهێنان، واتە زۆرێك لە سەرمایەداران دروستکردنی پرۆژەی نوێ و تەواوبوونی پرۆژەکانی ئێستایان رادەوەستێنن. ئەنجامەکەشی یانی کەمکردنەوەی کرێکاران یا لانی کەم کەمکردنەوەی کرێیان. ئیتر بەم شێوەیە ئەم بڕیار یا ئەم کارە کارایی لە سەر ئەوی تر دادەنێت تاکو ڕیفۆرمێکی دیکە دەکرێت لە سیتمەکەدا با ئەوانە هەڵدەوەشێتەوە یا بانقەکان لە پێدانی قەرزدا ڕێژەی سوو دادەبەزێنن.

ئەی ئەگەر گرفتەکە بە جۆرێکی دیکە ڕووبدات؟

واتە گرفتەکە لەسەر دەستی دەسەڵاتداران و سەرمایداراندا نە خولقێت، بەڵکو لە هەندێك لە کۆمپانیا گەورەکانی وەکو ئەمازۆن و تێسلا و ئەوانی دیکە و بۆرصەکاندا کرێکار و کارمەندەکانیان مانبگرن و دەست بەسەر کۆمپانیاکاندا بگرن ، بێ گومان گرفتی ئابووری یا دەتوانرێت بوترێت قەیرانی ئابووری سیتەمەکە پاش ئەوەی ئەم چالاکییە ڕاستەوخۆیە دەگوێزرێتەوە بۆ شوێنەکانی دیکە و نێو کۆمپانیا و کارگەکان و بۆرصەکانی دیکە ، قەیرانە ئابوورییەکە دروست دەبێت .
قەیرانەکە بە جۆرێك دروست دەبێت کە هەرگیز سەرمایەداران و دەوڵەتەکان توانای چارەسەرییانی نییە و دەبێت بەری بۆ شل بکەن تاکو قەیرانەکە بە ئاقاری دروستی خۆیدا دەڕوات و شتێکی دیکە دێنێتە دی.
بەداخەوە کە لە ئێستادا ئاسۆی ئەو گریمانە لە هیچ شوێنێکی دونیاوە دەرناکەوێت ، بەڵام کەسیشمان ناتوانین پێشبینییەکی تەواوی داهاتوو بکەین بزانیین ئایا ڕەوتی ژیان بەرە و باشتر دەڕوات یا خراپتر ، ئەوە ڕوودەدات یاخود ڕوونادات .

زاهیر باهیر
04/02/2025




گەر فڕێتدام.. شیعری شاهۆ حوسێنی

تێهەڵچوونێکە بۆ شیعری فڕێم نەدەی فەرهاد پیرباڵ

گەر فڕێت دام
لێت ون دەبم
وەک دەریای شین
بێ بن دەبم
تاوڵی بەختی ڕەشم
لەکۆڵ دەنێم
جێ ژوان بە جێ ژوان دەگەڕێم
پرچی شین پەرێشان دەکەم
سەما لەدەوری ژان دەکەم
دەچمەوە دێ
مەکۆی تاسەی شاعیرێک و
گۆرانی‌بێژێکی مەحزوون
هەڵوەدای شار و
ئاوارەی شەوارەکان و کووچە و ڕێ
دەبم بە ماسێکی سەرشێت
سەرهەڵدەبڕم
تا قوڵترین شینایی زێ
کە بێ کەس بووی
بێ تاقەت بووی
ئیتر قەت بۆت نابمەوە ژێ
دڵت لە هەناوتا بکوڵێ
بانگم بە هاوار و سەڵا بکەی
ناوم بێنی
هەواڵی پەشیمانیش بنێری
دەڵێم نایناسم، کێ؟

شاهۆ حوسێنی




فەلسەفەی فیتگنشتاین هەڵوەشانەوە و بونیادنانەوە.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(لۆدفیگ جۆزێف یۆهان فیتگنشتاین 1889-1951) فەیلەسوفى نەمساوى هەڵگرى رەگەزنامەى بریتانى، جولەكە ئایین، بە یەكێك لە گەورەترین فەیلەسوفانى سەدەى بیستەم دەژمێردرێت، نووسینەكانى لەنێوان هەردوو جەنگى جیهانیدا شۆڕشێكى گەورەى لە فەلسەفە و فەلسەفەى زماندا نایەوە، لە بوێریدا بە سوكرات ناس دەكرێت. سەرەڕاى شێوازە ئاڵۆزە نیتشەوییەكەى توانى بیركردنەوەى فەلسەفیانە و رێگاى مامەڵەكردن لەگەڵ مەسەلە فیكرییەكان بگۆڕێت، چونكە لاى ئەو ئەركى فەلسەفە نییە جیهان بگۆڕێت، یان راڤەى بكاتەوە، بەڵكو ئەركى فەلسەفە ئەوەیە (شت)ەكان وەك خۆى بە روونی ببینێت و رۆشنایى بخاتە سەر بیركردنەوە. ئەو بیركردنەوە (راسل)ییە، پێماندەڵێت فەلسەفە دیاریكردنى ئەوەیە كە دیارى دەكرێت و ناتوانرێ‌ بگوترێت‌. كەواتە ئەركى فەلسەفە بەرهەمهێنانى (دۆزە) فەلسەفییەكان نییە، بەڵكو روونكردنەوەیانە لە رووی زمانەوە.

(تراكتاتۆس)
پەیوەندی زمان و جیهان

لە كتێبی (تراكتاتۆس- پەیامى لۆژیكى- فەلسەفى) ئامانجی فیتگنشتاین دیاریكردنی پەیوەندی زمان و جیهانە. واتە چۆن دەكرێ بە شێوەیەكی ورد و لۆژیكی لە رێگای وێنەكێشراوەكانی جیهانەوە گوزارشت لە وێنە شیمانییەكانی زمان بكرێت. فیتگنشتاین دەیەوێ‌ شیكارى چەمكەكانى (جیهان) و (زمان) بكات، جیهان بە نسبەت فیتگنشتاین دنیاى واقیعى یان بوونى دەرەكىیە، بۆیە سەرەتا لە شیكردنەوەى جیهانەوە دەستپێدەكات، چونكە پێیوایە بە شێوەیەكى لۆژیكى جیهان پێش زمان دەكەوێت. بەڵام دواتر لە زمانەوە شتە ئاوێتەكان شیدەكاتەوە و بەرەوە رەگەز و بنەما سەرەتاییەكانیان دەباتەوە و زمان بە سەرجەمى دەستەواژەكانییەوە دیارى دەكات. پێیوایە ئەوەى لە زماندا گوزارشت لە خۆى دەكات، ناشێ‌ ئێمە لەمیانى زماندا گوزارشتى لێبكەین، بەس دەتوانین بیخەینە روو! بۆ نموونە (ئاسمان ساماڵە) (زەوى بە دەورى خۆردا دەسوڕێتەوە) هەر یەكەیان وێنەن بۆ راستییەكی دیارى كراو: یەكەمیان، وێنەى دۆخێكى تایبەتى كەش و هەوا دەكێشێ‌. دووەمیان، وێنەى راستییەكی گەردوونییە. واتە زمان پەیوەندى وێنەیە بە نیگارەوە، یان زمان پەیوەندی وێنەی زمانەوانییە بە نیگارەكێشراوەكانی جیهانەوە، یان دەرەكییەوە.. وێنەكان بیرۆكەن و لە زماندا خۆیان دەنوێنن، وێنەبۆكێشراوەكان دەرەكیین و لە جیهانەوەن. هەر لێرەشەوە دەگەینە ئەوەى كە بیرۆكە و هزر هیچ نین، جگە لە دەستەواژەى زمانی پڕ واتا نەبێت.
بەڵام (لۆژیك) بنەماى فەلسەفەیە، لۆژیك زمانمان بە شێوەیەك دادەڕێژێت، كە شیاوى گوتن بێت، بەو مانایەش ئێمە و دۆزەكان دەكەوینە دەرەوەى زمان و دەرەوەى نیگارەكێشراوەكانی جیهانەوە.. لۆژیك وەك پێویست لە دۆزەكان، یان بە گشتى لە زماندا رەنگدەداتەوە، هەموو ئەوەى لە زمانیش رەنگدەداتەوە، ناشێ‌ زمان نوێنەرایەتیان بكات.

وێنە و نیگارەكێشراوەكان
(زمان و جیهان)

زمان وەك وێنەی شیمانەیی، راستی وێنەكێشراوەكانی جیهان دەگەیەنێت، رستەكان رەنگدانەوەی راستییەكانن، رستە وەك وێنەیەك وایە، كە بەشەكانی بەشێوەیەكی رێكوپێك بەیەكەوە گرێدراو بێت، وەك چۆن لە واقیعدا شتەكان بە بەیەكەوە گرێ دراون، كەواتە زمان لە واقیع دەچێت. رستەكان دەشێ راست بن، یان درۆ، بەپێی ئەوەی كە لەگەڵ واقیع دەگونجێن. راستى پەیوەندى وێنەیە بە وێنەكێشراوەكانەوە، ئێمە بۆ خۆمان وێنەى فاكتەكان دەكێشین (ئاسمان ساماڵە) (زەوى بە دەورى خۆردا دەسوڕێتەوە) (خەڵكانێك بە جیهاندا گوزەر دەكەن) هەر یەكەیان وێنەن بۆ فاكتێكى دیارى كراو، بەڵام بونیادى وێنەكێشراوەكانی جیهان ئەو رێگایەیە كە رەگەزەكانى وێنەی كێشراو بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
كەواتە زمان، جیهان لە دۆزی پۆزەتیف و نێگەتیف پێكهاتووە، دۆزە پۆزەتیفەكان وێنەى دنیاى كردەیى دەكێشن، بەڵام دۆزە نێگەتیفەكان وێنەى واقیعێك دەكێشن كە شیاوى بوونە، بەو مانایەش دەكەوینە نێوان بوون و نەبوون. كەواتە جیاوازى نێوان وێنە و وێنەی كێشراو ئەوەیە كە وێنەكێشراوەكان هەبوونن بە كردە، بەڵام وێنە شیانى هەبوونە بە كردە. بە مانایەكی دیكە جیهان بە كردە هەبوونە و زمان بە كردە شیانی هەبوونە.

ئەوەی جیهان دەرنەخات، دەبێ وسبەی لێبكرێت
لەو دەستەواژەیەی سەرەوەدا كورتەیەك لە هەڵوێستی فیتگنشتاین لە بارەی پرسە میتافیزیك و ئایینییەكان دەبینرێت، نواندنی ئەو كورتە هەڵوێستە دەكەوێتە دەرەوەی وێنەگرتنی راستییەكانەوە، راستى (فاكتى) دۆزەكانى زمانیش لەسەر راستى (فاكتەكانى) جیهان وەستاوە. بەو مانایەش ئەگەر فاكتێك بۆ حوكمدان لە ئارادا نەبوو، ئیتر دەكەوینە باری نە راستی و نە هەڵەیی.. (وەك میتافیزیك) نە راستی و نە هەڵەیی تەنها بوونێكى زمانەوانی هەیە و وێنەى هیچ فاكتێك نانوێنێت، واتە هیچ پردێك بە واقیعی نابەستێتەوە. ئەوەش ئەو قسەیەمان بیر دەخاتەوە كە ئەوەى خۆى دەردەخات و فاكت دەرناخات، ناتوانرێت بگوترێت، ئەوەیشى ناگوترێت پێویستە بێدەنگى لێبكرێت.
كتێبی تراكتاتۆس لەسەر بنەمای ئەو بیركردنەوەی سەرەوە، مشتومڕی میتافیزیكی رەتدەكاتەوە و جەخت لە پەیوەندی زمان و جیهان دەكات. لێرەوە تەنیا تیۆرى وێنەكێشراوەكانی جیهان بەرز دەكاتەوە و وسبە لە فاكتە گوتراوەكانى زمان دەكات. هەموو ئەوەى كە ناشێ‌ بیرى لێبكەینەوە، ئەوەى كە ناتوانرێت گوزارشتى لێبكرێت، ئەوەی كە وسبەى لێدەكەین، میتافیزیكایە، بەو مانایەش تراكتاتۆس كتێبێكە لەسەر میتافیزیكا.

(پاش تراكتاتۆس)
لە رووی فەلسەفییەوە هەر دۆزێك، ئەزموون یان لۆژیك تێپەڕێنێ، بێ مانا دەكەوێتەوە. ئەگەرچى فیتگنشتاین سەرەتا لە زمانەوە دەستپێناكات، بەڵام شیكردنەوەكانى زمانەوانییە، ئیتر لە پاش كتێبی تراكتاتۆس بیرۆكەی یارییە زمانییەكانی پێش دەخات، بەڵام نەك وەك ئەوەی زمان وێنەیەكی جێگیری جیهان بێت، بەڵكو وەك ئەوەی زمان یارییەكی كراوەبێ لەگەڵ جیهان… وەك ئەوەی یارییەكی كراوەبێ بەسەر ئایین… ئەو دنیابینییە كۆمەڵێ راڤەكردنی جۆراوجۆری بە رووی جیهان و ئایین و ئەزموونی رۆحی لێكەوتەوە.. راڤەكردنی جۆراوجۆر چونكە هەموو چالاكییە مرۆییەكان یاسای زمانەوانی جۆراوجۆری خۆیان هەیە.. كەواتە مانا لە زماندا پشت بە چۆنێتی بەكارهێنانەوە دەبەستێت و دەكەوێتە چوارچێوەی گەمەی زمانەوانییەوە، نەك چۆنێتی جێبەجێكردنی بەسەر جیهاندا، هەر لەو راستییەوە زمان لە یارى نزیك دەبێتەوە، بۆیە فیتگنشتاین هەرگیز لەگەڵ جێگیربوونی مانا نەبووە، پێیوابوو وشە هەڵگری مانای چەسپاو نییە. وشە مانا لەخۆ ناگرێ‌، بەڵكو ئەوە ئێمەین پڕ ماناى دەكەین، وەك چۆن بیرۆكەی بوونی تاكە زمانێكی لۆژیكی یان ئایدیالی بۆ نوێنەراتیكردنی راستییەكان، رەتدەكاتەوە. لەوێشەوە زمانی سادەی بۆ فەلسەفە پەسەند دەكات، بەو مانایەش رووكردنە لۆژیك واتە رووكردنە روونی زمان، هەر لەوێشەوە لە راستى تێگەیشتن لە لۆژیكى زمانەوە رێگای بۆ زۆر لە كێشە فەلسەفییەكان دەدۆزێتەوە.. كەواتە فەلسەفە تیۆر بونیاد نانێت، بەڵكو گوزارشت لە كاركردنی زمان بە شێوەیەكی روون دەكات.

فەلسەفە حاڵینەبوونە لە لۆژیكى زمان
تراكتاتۆس تا ئەو پەڕى ئەنتى ئەفلاتوون و ئەنتى فەلسەفەیە. دەستەواژەی فەلسەفە حاڵینەبوونە لە لۆژیكی زمان، خودی زمان بۆ كۆمەڵێك دۆز شیدەكاتەوە، بە دواى ئەو دۆز و نۆرم و راستیانەدا دەگەڕێت، كە پەیوەندییان بە فیكر و واقیع و لۆژیك هەیە. دوای تراكتاتۆس لاى فیتگنشتاین زمان فیكرە، هیچ زمانێك بێ‌ فیكر بوونى نییە، بەڵام لە بیرمان نەچێت فیكر بەرهەمى ئازادییە، چونكە خەیاڵ رابەرایەتى دەكات! كاتێك فیتگنشتاین پێیوایە زمان فیكرەكانمان بەرجەستە دەكات، ئەوە بەو مانایەیە، كە زمان ئازادییمان دەنوێنێ‌.
فیتگنشتاین لە قۆناغی تراكتاتۆسدا جەختی لە پەیوەندی زمان و جیهان دەكردەوە، بەڵام لە قۆناغی پاش تراكتاتۆس جەخت لە خودی زمان دەكاتەوە، وەك دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی، كە پشت بە بەكارهێنانە جیاوازەكان دەبەستێت، هەر بەو مانایەش بیرۆكەی عەقڵ و ئاگایی سەربەخۆ دەخاتە دەرەوەی زمانەوە. لە كتێبى (لێكۆڵینەوە فەلسەفییەكان)دا دەڵێت: زمان قسان دەكات و خۆى رۆناك دەكاتەوە، یان ئازادى خۆى دەخاتە روو، ئەوە ئێمە نین ئەو ئازادییە بە زمان دەبەخشین، چونكە ئازادی ئێمە بە تێگەیشتنى زماندا دەڕوات و تێگەیشتنی زمانیش هەر دەبێ‌ بە زماندا بڕوات، هەر دەبێ‌ زمان گوزارشتى لێبكات، هەر دەبێ‌ زمان رۆناكى بكاتەوە…
لە رووى فەلسەفییەوە شیكارخوازان سێ‌ ئاراستەیان هەیە: یەكەم: ئاراستەیەك كە هەوڵدەدات پراكتیزەكردنی چەمك و فیكرەكان بە شێوەی بەش بەش شیبكاتەوە… ئەوە ئەو ئاراستە دیالكتیكەیە كە سوكرات كارى لەسەر كردووە… دووەم: ئاراستەیەك كە مەعریفەكانى مرۆڤایەتى شیدەكاتەوە و دەیانباتەوە سەر كۆمەڵەى سادە و رەگەزى سەرەتاییەوە، وەك لاى جۆن لوك (فیكر كاغەزێكى سپییە) و دیكارت (زانستەكان سروشتین- یان لەخۆیانەوە هەن)… سێیەم: ئاراستەیەك كە بە شیكردنەوەى ئەو دەستەواژانە هەڵدەسێ‌ كە خاوەنى مەعریفەى جێگیرن (فەیلەسوفانى زانكۆى كمبردج- مۆر، راسل، فیتگنشتاین، پۆزەتیفزمە لۆژیكخوازەكان و قوتابخانەى ئۆكسفۆرد)…

زمان و روونكردنەوەى زمان
پێویستە فەلسەفە و لۆژیك راستى و ناڕاستى زمان و پەیوەندی زمان بە واقیعەوە دیارى بكات، وەك چۆن پێویستە فەلسەفە گرنگى بە گرامەرى زمان بدات. فیتگنشتاین پرنسیبى هۆكارئامێزانە رەتدەكاتەوە و پێیوایە ئێمە ناتوانین هیچ شتێك لە مەعریفەى شتێكى دیكەوە بە دەست بهێنین، بۆ نموونە ناتوانین بڵێین بەیانى خۆر هەڵدێت، بە هۆى ئەوەى بەردەوام هەڵدێت. هەموو هۆكارێك دەبێ‌ پێداویستییەكى لۆژیكى لە پشتەوە هەبێت. بەمجۆرە فەلسەفەی فیتگنشتاین لە زمانەوە مشتومڕێكی هاوچەرخ و نەرم و نیان و تێگەیشتنێكی ناتەقلیدی لەبارەی زمانەوە خستەڕوو، زمانی ئازاد کرد لەو سنوورە تووندانەی کە فەلسەفەی کلاسیک و لۆژیکی فۆرماڵی بەسەریدا سەپاندبوو. زمانی وەک بوونێکی زیندوو و فرەچەشن و فرەجوڵە بە ژیانی مرۆڤەوە گرێدا.
فیتگنشتاین فەیلەسوفێکی ناوازە بوو، نەک تەنها لەبەر ئەوەی پەیوەندی نێوان زمان و جیهان پێناسە کردۆتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی تەحەدای ئەو بناغە فەلسەفیانەشی کرد کە زۆر بیرۆکەی تەقلیدی لەسەر بنیات نراون. لە قۆناغی یەکەمدا دیدێکی تووند و ئایدیاڵی زمانی وەک ڕەنگدانەوەی وردی واقیع خستەڕوو، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا سنوورداربوونی ئەم دیدەی درک پێکرد و پەرەی بە دیدێکی نەرمتر و مرۆڤدۆستانەتر كرد، کە زمان لە رێگای فرەییەکەیەوە وەك کۆنتێکست و یارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبینێ.
فیتگنشتاین فێری کردین کە فەلسەفە تەنها بەدواداچوون نییە بۆ ڕاستی ڕەها، بەڵکو فەلسەفە دەتوانێ لە رێگای روونکردنەوەی زمانەوە یارمەتیمان بدات باشتر لە خۆمان و جیهانەکەمان بگەین. وەك چۆن فەلسەفە بنیاتنانی تیۆرە نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ئاڵۆزییە فیکرییەکانە کە لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانی زمانەوەیە.
زیاتر لە حەفتا ساڵ بەسەر کۆچی دوایی فیتگنشتاین تێپەڕیووە، كەچی هێشتا کاریگەری فەلسەفەکەی لەسەر بوارەکانی وەک زمانەوانی، دەروونناسی، ئەنترۆپۆلۆژی، زانستی کۆمپیوتەر و تەنانەت توێژینەوەی ئایینی ماوەتەوە. لە کۆتاییدا فەلسەفەی فیتگنشتاین وەک شایەتحاڵێک دەمێنێتەوە بۆ توانای هزری مرۆڤ، بۆ گۆڕانکاری و نوێبوونەوە، بۆ پرسیارکردن لەوەی کە پێمان وایە دەزانین. فیتگنشتاین ئاوێنەی سەردەمی خۆی بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا سەردەمی خۆی تێپەڕاند و بوو بە هێمایەکی فیکری بۆ نەوەکانی داهاتوو.

هەولێر 31/1/2025




داوای چەکدانانی هەسەدە.. عوسمانی حاجی مارف

ئیدارەی نوێی سوریا پێداگری لەسەر چەکدانانی هێزو لایەنە چەکدارەکان لە سوریا دەکات، هەر لەم بارەیەوە ئەحمەد شەرع پێنج شەمە لە ٢٣/١ لە بەیاننامەیەکدا بۆ میدیاکانی تورکیا، جەختی لەوە کردەوە کە دیمەشق بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە بوونی چەک نادات لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا، هەروەها ڕێگە بە دابەشکردنی سوریاش نادات.
هەر لەم بارەیەوە ئەحمەد شەرع دوپاتی کردەوە کە هەسەدە تەنها لایەنە وەڵامی بانگەوازی ئیدارەی سوریای نەداوەتەوە بۆ چەکدانان، هەروەها شەرع دەڵێت کە پەکەکە و یەپەکە پرسی ڕێکخراوی داعش بەکار دەهێنن بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان.
لەهەمان کاتدا بەرپرسێکی باڵای هەسەدە ڕایگەیاندوە کە ئامادەنین هێزەکانیان هەڵبوەشێننەوە و چەک ڕادەستی حکومەتی دیمەشق بکەن. بەڵام دەتوانین بەشێک بین لە سوپای داهاتووی سوریا، بە مەرجێک حکومەتی ناوەندی نوێنەرایەتی هەموو نەتەوە و گروپەکان بکات!.
لەڕاستیدا ئەم سەوداو مامەڵەیەی هەیئەی تەحریری شام دەیکات، ئاماجی سەرەکیان ڕۆشنە بەدوای چیەوەن، دەیانەوێت چۆن و کام جۆر لە دەسەڵاتی سیاسی لە سوریا یەکلایی کەنەوە، ئەو هەنگاوانەش ئێستا دەیانەوێت پیادەی بکەن، ئاشکرایە سەپاندنی باڵادەستی دەسەڵاتی یەکلایەنەی هەیئەی تەحریری شامە بەسەر تەواوی سوریادا، کە لە ڕێگەی هێزە میلیشیاکانی خۆیانەوە بەرجەستەی دەکەنەوە.
هەیئەی تەحریر لەلایەک بە ووردی خەریکی دامەزراندنی حکومەتی سوریایە بە جۆرو شێوازێک کە دەبێتە بەهێزکردنی پێگە و نفوزی سیاسی هێزەکەیان، کە خەریکن دەستوری ئیسلامی دەکەنە بنەمای پێکهێنانی “دەوڵەتێکی نوێ” لە سوریادا و لەسەر بنەمای شەریعەی ئیسلامی کۆمەڵگە بەڕێوە ببەن. هەر لەو ئاراستەیەوە لە هەوڵی ئەوەدان هێزو لایەنەکانی تر لە سوریا تەریک کەنەوە بەناوی پاراستنی یەکگرتویی سوریا.
ئەوەی جێگای سەرنجی جدیە لە بەرامبەر بانگەوازی هەیئەی تەحریر بۆ چەکدانانی هەسەدەو هەر لایەنێکی تر و بە دەوڵەتکردنی هێزی سەربازی، هیچ گومانی تیا نیە کە ئەم جۆرە لە بانگەوازیان ئاشکرایە، یەکەم دەیانەوێت هیچ هێزێکی چەکداری لە بەرامبەرایاندا نەمێنێت، بەم شێوەیە نەکەونە بەرامبەر شەڕی چەکداریەوە. دووەم ئەو هێزە سەربازیەی دەیانەوێت فەرمی کەنەوە و حکومی بێت، ئەوە، هێزە میلیشیاکەی هەیئەی تەحریرە کە دەیانەوێت شەریعەی ئیسلامی پێ بسەپێنن، نایانەوێت هیچ هێزێکی تری جەکدار لە بەرامبەریاندا هەبێت، کە رەتی پەیڕەوکردنی شەریعەی ئیسلامی کاتەوەو بەر بەدەسەڵاتی یەکلایەنەیان بگرێت، هەڵبەتە لەوبارەیەوە ئاسۆی شارستنی بونی هەسەدە ڕۆشنە، بەتایبەتی دەربارەی یەکسانی ژنان و پیاوان کە پێچەوانەی شەریعەی ئیسلامیە.
هەروەها لەلایەکی ترەوە ئەم بانگەوازەی هەیئەی تەحریر هاوکاتە لەگەڵ ئەو هەڕەشەو هێرشانەی حکومەتی تورکیا دەیکات بۆ سەر هەسەدە و لە هەوڵی کۆتایی هێنانیانە، تورکیاش بەدوای جێگیرکردنی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعەوەیە بۆ دڵنیابون لە پاراستنی دەخالەتی بەردەوام لە سوریا و لە ناوچەکەدا، وە بۆ ئەم ئامانجەیان، مانەوەی هەسەدە بەقازانجیان نیە.
ئەو ئاڵوگۆڕانەی لەدۆخی سوریا پێشهاتووە بەدوای داگیرکاریەکانی ئیسرائیل و پاشەکشە بەدەوری ئێران، وێنایەکی تایبەتی لە ناوچەکەدا پێکهێناوە، کە لە بەردەم ئاڵۆزی و ئایندەیەکی نادیاردا وەستاوە، هاوکێشەی سیاسی لە ناوچەکەدا دەورانێکی تازەی بەخۆوە دیوە، کەهاوسەنگی هێزەکان مانایەکی تر لە پێگەو دەوری هەڵسورانی سیاسیاندا بۆ هاتۆتە پێشەوە.
هەیئەی تەحریر بەدوای چونە ناو دیمەشق و ڕوخانی ئەسەد لە پرۆسەی پێکهێنانەوەی دەسەڵاتەوەیە، هەر لەو ئاراستەیەوە هەنگاوەکانی بۆ پەیگیریکردنی دەسەڵاتی یەکلایەنەیە، تا بە بەرژەوەندی ئەحمەد شەرع تەواو ببێت، هەروەها لایەنەکانی تر کێش دەکەن بۆ ژێر ڕکێفی ئەو سیاسەت و ئامانجانەی دەسەڵاتی سیاسی هەیئەی تەحریر بەرجەستە دەکاتەوە، لەهەمان کاتدا ئەو دۆخەی بۆ هەسەدە هاتۆتە پێشەوە، لەنێو کێشمەکێش و گەمەی سیاسی و دەخالەتی ئیسرائیل و ئەمریکا و تورکیا و دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعدا دەرگیر بووە، لە چاوەڕوانی پشتیوانی ئەمریکا و ڕۆژئاوادایە تا لەو قەیرانە دەریانکێشن، واتە چارەنوسی خۆی داوتە دەست ئایندەی ململانێ و دەخالەتی ئەو ووڵاتانەی چۆن پارێزگاری لەبەرژەوەندیەکانیان دەکەن و دۆخەکە بەرەو کوێ دەبەن، ئەم ئاراستەیەش لە درێژماوەدا ناتوانێ جێگای متمانەی پاراستنی ئیدارەی خۆجێیی لایەنە کوردیەکان بێت.
بەجیا لەوە هەر ئاڵوگۆڕێک و پێشهاتێکی تر لەناوچەکەدا دێتە پێشەوە، گرنگترین هەنگاو و هەڵوێستێک کە هەسەدە لەم دەورەیەدا پێویستە پەیگیری لەسەر بکات، یەکەم بەهیچ جۆرێک لە سایەی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعدا نەچێتە ژێر باری ئەوەی هێزە چەکدارەکانی هەڵوەشێنێتەوە یان بیکات بە بەشێک لە هێزی سوپای حکومی، بەناوی ئەوەی دەبێتە هۆی سوریایەکی یەکگرتوو! . دووەم پەیگیری کردنە لەسەر ئەو ڕێبازە سوکولار و شارستانیەی پەیڕەویان کردوە، تا ئەو ئاستەی بیکەنە فشار لەسەر حکومەتی ئێستای سوریا کە بەدوای چەسپاندنی شەریعەی ئیسلامیەوەن، لەهەمان کاتدا ئایندەی سیاسی خۆیان گرێ نەدەنەوە بە سیاسەتەکان و بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە.
ئەوەی لە هەمانکاتدا پێویستە جەختی لەسەر کەینەوە پرسی ئەو داعشانەیە کە زیندانین، حکومەتی تورکیا و حکومەتی ئێستای سوریا داوادەکەن مەزلوم عەبدی تەسلیمیان بکات، ئەم داوایەش مەترسیەکەی لەوەدایە کە گومانی تیانیە دواتر ئەو زیندانیانە دەکەنە بەشێک لەو هێزی سوپایەی ئەحمەد شەرع ناوی ناوە سوپای فەرمی و نیشتمانی.




گەشتێکی ناوخۆ بەرەو خود لە شیعری:(خۆر ئاسۆی ئاوابوونی خۆی ماچ دەکا)ی سەردار رەزا.. د.ئازاد ئه‌مین باخه‌وان

خۆر ئاسۆی ئاوابوونی خۆی ماچ دەکا
من ژان و نیگای دووری تۆ
گوڵی سووری دەم ئێوارە
بەسەر پەڕەی سپی دەکشێ
من ئاسمان و باران و بای
سنووری تۆ
شاعیری هەست ناسک و بە سەلیقە ( سەردار ڕەزا ) یەکێکە لەو شاعیرە دیارانەی کەرکوک ، کە هەستێکی ناسک و بیرکردنەوەیەکی قوڵی هەیە بۆ نەخشاندن و بەرجەستەکردنی بیرۆکەکانی لە چوارچێوەی وێنەی هونەری نایاب و پێشکەشکردنی بە خوێنەر …
شاعیر لەم دەقە شیعرییەدا بە شێوەیەکی کاریگەر ڕەنگدانەوە و تێڕامانێکی قووڵ لە ڕۆح و سروشتی مرۆڤ بەرجەستە دەکات ، هەوڵدەدات لەو پەیوەندییەی نێوان جیهانی ناوەوەی تاک و دیاردە گەردوونییەکانی دەوروبەری بکۆڵێتەوە. هۆنراوەکە بە دیمەنێکی زۆر هەستیار و کاریگەر دەستپێدەکات ( خۆر ئاسۆی ئاوابوونی خۆی ماچ دەکا )
هەموو وشەیەکی نێو ئەم دەقە دەبێتە بەشێک لەو گەشتە قووڵەی کە شاعیر بە ناخی خۆیدا شۆڕ دەبێتەوە و دواجاریش دەبێتە هۆی ئاشتبوونەوە لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆیدا …
سەرەتا شاعیر بیرۆکەکانی بە چەند وێنەیەکی بینراوی بەهێز چێوەبەند دەکات … لەم وێنە هونەرییەدا خۆر هێمای ژیان و وزە و چالاکییە ، لە هەمان کاتدا خۆرئاوابوون ئاماژەیە بۆ کۆتایی و نەمان و کپبوون … ! ئەم بەریەککەوتنە و ماچکردنەی نێوان خۆر و خۆرئاوابوون، ساتێکی پڕ لە بێدەنگی و ئاشتەوایی لەگەڵ فەنا بوون بەرجەستە دەکات …! وەک ئەوەی سروشت بە چارەنووسی خۆی ڕازی بێت … !
خۆر و ماچکردنی ئاسۆ دیمەنێکی شیعری سەرنجڕاکێشە کە بە ڕوونی سەرەتا و کۆتایی یان ( ژیان و مردن ) پێکەوە گرێ دەدات …! لێرەدا خوێنەر بە هێمنی دەکەوێتە حاڵەتی تێڕامان و بیرکردنەوە سەبارەت بە سووڕە حەتمیەکەی ژیان …!!!

– من ژان و نیگای دووری تۆ
لەم دێڕەدا شاعیر لە وێناکردنی سروشتەوە وێنەکە دەگۆڕێت بۆ گەڕان بەدوای ئازار و ژانی خۆیدا .
( من ژان و نیگای دووری تۆ ) دەربڕینێکی سەرسوڕهێنەرە ، چونکە لێرەدا شاعیر ( ژان ) بەشێوەی بوون و کیانێکی سەربەخۆ بەرجەستە دەکات، وەک ئەوەی لەگەڵ ئێش و ئازارەکانی کەسانی تردا یەکبگرێتەوە …!
بە تێڕوانینێکی ورد و قوڵتر دەمانباتە ناو هەستێکی نۆستاڵۆژیاوە ، ئەویش تامەزرۆ و ئارەزووی شتێکی دوور و نابەرجەستەیە … ! خواستێکە بۆ هەڵهاتن لە ئێستا، یان ڕەنگە گەڕان بێت بەدوای ( مانا ) لە دەرەوەی ساتەوەختی ئێستادا … لێرەدا ئازار دەبێتە بەشێک لە شوناس، وەک ئەوە وایە شاعیر دان بەوەدا بنێت کە ژان و ئێش و ئازار بەشێکن لە گەشتەکانی ژیانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی …!
گوڵی سووری دەم ئێوارە
بەسەر پەڕەی سپی دەکشێ
ئەم وێنە شیعریەش وەک درێژەپێدەری وێنەکانی پێشتر دەردەکەوێت ، کە لە نێوان ژیان و مردندایە . دەشێ گوڵی سوور هێمای ژیان و جوانی بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیوەستە بە ( خوێن و سۆز و خۆشەویستییەوە ) . ! ( ئێوارە )ش کە بەزۆری هێمای کۆتایییە یان تاریکییە، ڕەهەندێکی دیکە بۆ وێنەکە زیاد دەکات، بەو پێیەی گوڵە تازە پێگەیشتووەکان جیاوازن لەگەڵ ساتەوەختی لەناوچوون … ! کە ( بەسەر پەڕەی سپی دەکشێ ) وەک ئاماژەیەک بۆ کفنی سپی و فەنابوون و لەناوچوون …!!!
من ئاسمان و باران و بای
سنووری تۆ
لەم دێڕە کۆتاییەدا مەودای شیعرەکە فراوانتر دەبێت بۆ ئەوەی توخمەکانی سروشت بە تەواوی لەخۆ بگرێت. شاعیر لێرەدا لەگەڵ سروشت یەکدەگرێت؛ دەبێتە ئاسمان و باران و با، واتە لە گەردووندا جێگەیەکی سنووردار کە سنووری ( یارە ) داگیر دەکات . ئاسمان و باران و با ئەو هێزانەی سروشتن کە سنووری مرۆڤ پێکدەهێنن و وای لێدەکەن لەبەردەم هێزە گەردوونییەکاندا درک بە سنوورەکانی خۆی بکات. ئەم وێنەیە ڕەنگدانەوەی دیدێکی فەلسەفی قووڵە: مرۆڤ هەرچەندە بەشێکە لە سروشت، بەڵام بە هەندێک ( سنوور ) سنووردار دەکرێت ، جا ئەو سنوورە چ فیزیکی بێت یان ڕۆحی… !

د.ئازاد ئه‌مین باخه‌وان/ نووسەر و مامۆستای زانکۆ/ کەرکووک




دانیشتوانی سوریا بەرەو ساڕێژکردنی زامەکانیان لە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامیدا.. عەبدوڵڵا ساڵح

لەنێو کۆبوونەوەی پەیڕەوانی ( هيئة تحرير الشام – جبهة النصرة) و لەژێر ناونیشانی “کۆنفرانسی شۆڕشی سوریا”، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی کانونی دووەمی (٢٠٢٥) ڕایگەیەندرا کە (محەمەد جولانی – ئەحمەد ئەلشەرع) سەرۆکایەتی کۆماری لە سوریا وەرگرتووە و دەسەڵاتی پێدراوە بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی یاسادانان، جگە لە چەند بڕیارێکی تری وەک هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی پێشوو و هەڵوەشاندنەوەی سوپا و ڕاگرتنی کارکردن بەدەستور.
لە وتارێکدا دوای دەستبەکاربوونی لەم کۆبوونەوەیەدا، بەپۆشینی بەرگە زەیتونەکەی جارانی، ئەلشەرع، بەبیانوی “پاراستنی ئاشتی مەدەنی”، جەختی کردەوە لە سەر پێویستی کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی ئەمنی لەتەواوی خاکی سوریا.
لەوکاتەوە کە دەسەڵاتی پارتی بەعس لە سوریا ڕووخێندرا لە (٨)ی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو، شاندە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان پەلەیانە لە گەیشتنە دیمەشق و پیرۆزبایی لە (ئەحمەد ئەلشەرع)ی “سەرکەوتوو” و هەوڵی پێدانی شەرعیەتیانە بە حوکمڕانی کەسێک کە دوێنێ دوژمن بوو ئەمڕۆش بووەتە دۆست.
تورکیا، کە سپۆنسەری فەرمی حوکمڕانی (دەستەی ڕزگاری شام-هەیئەی تەحریری شام)ە و ئەردۆگانە چەنگ بەخوێنەکەی کە هەوڵی گەڕاندنەوەی شکۆمەندییەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەدات، ئەم هەوڵەش خۆی ڕێکدێتەوە لەگەڵ ئەوەی کە شەرع هەوڵی بۆدەدا لە دامەزراندنی ئیمارەتێکی ئیخوانی دوای دەستەبەرکردنی کۆنترۆڵ بەسەر هەموو بەشەکانی سوریادا، ڕۆڵی قەتەریش، هاوپەیمانی تورکیا، پاڵپشتی دارایی ئەم پڕۆژە ئیخوانیەیە.
لە چاوپێکەتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (یەنی شەفەق)ی تورکی، شەرع دووپاتی کردەوە کە سوریا پەیوەندییەکی ستراتیژی لەگەڵ ئەنقەرە پەرە پێدەدات و ئەو پەیوەندیـیە لەگەڵ تورکیا پێویستیـیەکی بونیادیـیە بەو پێیەی تورکیا ئەولەویەتی لە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی نوێی سوریادا هەیە.
جگە لەتورکیاش، ئەو یاریزانە سەرەکییەی لەناوچەکەدا کە لە دەرەوەی سوریاوە تێوەگلاوە لەبارودۆخەکە، ئیسرائیلە، کە خۆی هاوڕا دەبینێتەوە لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە ڕووخاندنی ڕژێمەکەی ئەسەد، بەڵام لەسەر کۆمەڵێک بابەتی تر ناکۆکیان هەیە.
دوای ئەم پەلەکردنە بۆ گەیشتنە دیمەشق بەمەبستی شەرعیەت دان بەو دەسڵاتە نوێیە لەلایەن زۆربەی وڵاتانی عەرەبیەوە، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو، نۆرەی ئەمریکا هات، کە بەخشینی دارایی (فیدیەی) دەستگیرکردنی ئەلشەرعی هەڵوەشاندەوە و ئەوروپاش لەدوای ئەمریکا خۆی گەیاندە دیمەشق. جگە لەم سەردان و بەسەرکردنەوانە، لەم ماوە کورتەی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە، چەندین کۆنفرانسی پشتگیریش لە حکومەتی نوێی سوریا بەڕێوەچوو.
ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستەکاندا، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دوای ڕووخانی شای ئێران لە شوباتی ١٩٧٩دا کردیان، کاتێک خومەینی لە مزگەوتەکانی نەجەفەوە گواسترایەوە بۆ هاوینەهەواری (نۆڤێل لۆشاتۆ)ی فەرەنسی و کەناڵە زەبەلاحەکانی ڕاگەیاندنی ئەوکات وەک (سی ئێن ئێن و بی بی سی) پەلەیان کرد بۆ ئەوەی ڕۆشنایی بخەنە سەری و وەک بەدیلێک بۆ دەسەڵاتی شا پێشکەشی بکەن تاکو ڕۆڵی خۆی لە کۆنتڕۆڵکردنی شۆڕشی ئێراندا بگێڕێت، شۆڕشێکی جەماوەری بەرفراوان دژی دەسەڵاتی شا کە لەوێ سەریهەڵدابوو. خومەینیش وەک فراکسیۆنێک لەناو هێزەکانی دژە شۆڕش، ڕۆڵی ڕێگری لە هەر گۆڕانکارییەکی شۆڕشگێڕانە لە ئێراندا پێسپێردرا دوای ئەوەی شا بوو بە هاوپەیمانێکی بێمتمانە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی.
خومەینی ئەم ڕۆڵەی بەهەموو لێهاتووییەکەوە گێڕا و دەوڵەتێکی ئیسلامی لە ئێراندا بنیادنا، دەوڵەتێک کە دواتر بوو بە چەقی سەرهەڵدانەوەی دووبارەی ئیسلامی سیاسی و ڕایەڵەکانی درێژ بووەوە تا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی گرتەوە، ئەمەش وایکرد کە بەتەواوی گوێڕایەڵی فەرمانی ئەو لایەنانە نەبێت کە ڕێگای هاتنە دەسەڵاتیان بۆ فەراهەمکرد، و دواتر بوو بە تۆپەڵەک ئاگر کە تەڕ و ویشکی پێکەوە سوتاند.
بزووتنەوە ئیسلامییەکان چ ئیخوانەکان، سەلەفییەکان یان کۆماری ئیسلامی ئێران، بزووتنەوەیەکی تیرۆریستین و دوژمنایەتی بەرژەوەندیی جەماوەر دەکەن، ئەمە پێناسەیەکی کورتی ئەم گروپانەیە. ئەمڕۆ کە ئەلجولانی وەک “کۆترێکی ئاشتی” پێشکەش دەکرێت و وەک ئیسلامییەکی “میانڕەو” پیشان دەدرێت کە دەکرێ لەگەڵیدا هەڵکەی چونکە گوایە جیاوازە لە ئیسلامییە “ئوسوڵیەکان” و پێشکەشکردنی بۆ خەڵک بەم شێوەیە، تەنها بۆ ئەوەیە فەرشی سووری بۆڕاخرێ تا بتوانێ کۆنترۆڵی خۆی بەسەر هەموو ناوچەکانی سوریادا بسەپێنێ و ئەم وڵاتەیان بۆ بکات بە لەوەڕگایەکی بژوێنی سیستمی سەرمایەداری لە لایەک و بەشداری بکات لە گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لەسەر حیسابی جمهوری ئیسلامیی ئێران و ڕوسیای هاوپەیمانی لەلایەکی ترەوە.
ئەوانەی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی سوریا دەکەن، لەوە تێدەگەن کە دەسەڵاتی ئێستای سوریا، پێش هەموو شتێک، هەموو هەوڵوتەقەلاکانی، بەمەبەستی خۆگونجاندنەوە و ڕێکخستنی کاروباری خۆی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، چڕکردووەتەوە.
ئەوەی ئێستا لە کۆریدۆرەکانی حکومەتەکەی ئەلشەرع دەگوزەرێت و جێگای بایەخ پێدانیەتی تەنها چۆنیەتی زەمینە خۆشکردنە بۆ سەرمایەگوزاریـیە دەرەکیـیەکان و زیادکردنی وەبەرهێنانیان و بە تایبەتکردنی سەکتەرە خزمەتگوزاریەکان و ڕێگا فەراهەمکردن بۆ پیادەکردنی سیاسەتی نیولیبرالیزم لە ئابووریدا، ئەمەش خۆی هەوڵێکە بۆ تێکەڵکردنی سیستەمی سەرمایەداری لە سوریا لەگەڵ سەرمایەداری ناوچەکە و لەوێشەوە لەگەڵ سەرمایەداری جیهانی.
ئەو دۆخەش کە بەتەواوی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە پشتگوێخراوە هەوڵی پەردەپۆشکردنی دەدرێ بارودۆخی ناوخۆییە، کە میدیاکان بەمەبەست، ڕۆشنایی ناخەنە سەر، جا چ میدیا ناوخۆیەکان یان ئەوانی سەر بە وڵاتانی ناوچەکە، تاکە وێنەیەک کە دەیانەوێ دەریبخەن وێنەیەکی سادە و جوانە لەم بارودۆخە ناهەموارە. بۆ نموونە هاوڵاتیانی کەناراوەکانی سوریا کە لە سەر ڕژێمی پێشوو هەژماردەکرێن، لەو کاتەوەی ئەو گروپانە دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، بەرەوڕووی پێشێلکاری ترسناک وجددی بوونەتەوە، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، ڕفاندن و دارکاریکردن لەسەر و هەموشیانەوە ئیعدامی ئاشکرای تاک و بەکۆمەڵ، بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە پێنج سەد هاوڵاتی لەلایەن میلیشیاکانی (دەستەی ڕزگاری شام) و میلیشیاکانی ترەوە تا ئێستا ئیعدام کراون. ئەم دۆخە سەختە نیشانەی هەنگاونانە بەرەو دابەشبوونی تائیفی سوریا وەک ئەوەی لە… عێراق و لوبنان ڕویداوە.
سەبارەت بە دروزەکان، کە پێش گروپە ئیسلامییەکان دژی دەسەڵاتی ئەسەد ڕاپەڕی بوون، هێشتا ڕێگری دەکەن لە هاتنە ناوەوەی میلیشیاکانی ڕژێم بۆ ناوچەکانیان. هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتن و ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە، بەبەردەوامی لەلایەن تورکیای ئەردۆگانی فاشی و گروپە ئیسلامیەکانی سەر بەو وڵاتە لەژێر هەڕەشە و پەلاماردانن، کریستیانەکانیش کە بەر دڕەندەترین شالاو کەوتبون لەسەر دەستی داعش و هاوپەیمانەکانی، لەدۆخێکی دڵەڕاوکێ و نائارامیدا ژیان بەسەر دەبەن، جگە لە هەموو ئەوانە، هاووڵاتیانی بەرزاییەکانی جۆلانیش، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە ژیانێکی زۆر سەخت و نائارامیان هەیە.
سەبارەت بە پێگەی ژن و مافەکانیشی لەسایەی ئەم دەسەڵاتە، پێویستی بە ڕونکردنەوەی زیاتر نیـیە، بەو پێیەی ئەجێندای ئیسلامی سیاسی لەو ڕووەوە ڕوونە کە پێگەی ژن لە ئیسلامدا مرۆڤی پلە دوویە. هەر لەو ڕاستایەدا ولە شانۆنامەیەکدا، لە کاتی پێشوازیکردنی ئەلشەرع لەشاندێکی ژنانی سوریا کە لە ئەمریکاوە هاتبوون، ئەلشەرع هاوسەرەکەی بانگرد بۆ ئەوەی بەشداری کۆبوونەوەکە بکات و دوای هاتنی، بە گاڵتەجاڕیەوە وتی: ((بەخوا هەرئەو یەکەیە و… هیچی تر نییە و ئەوەی لە سۆشیال میدیا دەیبیستین تەنها دەنگۆیە)).
ئامانج لەم بارودۆخە بە گشتی ئەوەیە کە هیچ مەودایەک بۆ جەماوەر نەهێڵنەوە بە مەبەستی خۆڕێکخستن لە دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری و نەهێڵن هیچ دەرفەتێکیان بۆ بڕەخسێت کە بتوانن کۆنترۆڵی چارەنووسی خۆیان بکەن و ژیانێکی ئازاد و ئارام و بێدەردیسەری بۆ خۆیان زامن بکەن دوای ئەو هەموو دەردو ڕەنجەی توشیهاتن وە بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕینی دیکتاتۆرێک بە دیکتاتۆرێکی تر و گۆڕینی سێبەر و دەسەڵاتی ئێران بەسەر سوریادا بۆ سێبەر و دەسەڵاتی تورکیا.

ڕووخانی بەشار ئەسەد قەڵەمڕەوی خەباتی سیاسی لە سوریادا گۆڕی و لاپەڕەیەکی نوێی لەسەر ڕێگای گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری کردۆتەوە. لەناو ئەو هەموو دڕندانەی چاویان لەو وڵاتە بڕیوە وخۆیان بۆ ماتداوە، بۆشایییەک هەیە کە جەماوەری تینووی ئازادی لەسوریا دەتوانن ڕۆڵی خۆیانی تێدا بگێڕن و دەسەڵاتی سەربەخۆی خۆیانی تێدا بسەپێنن بەر لەوەی دەسەڵاتی شومی ئیسلامی سیاسی پایەکانی خۆی تێدا قایم بکات.
ئەوەشمان بیر نەچێ کە هاتنی ئەو هێزە ئیسلامیـیانە بۆ دەسەڵات، نەیتوانیوە ناکۆکیـیەکانی نێوانیان یەکلابکاتەوە و کێشمە کێشەکانیان هەر وەک خۆی ماوە ئەمەش تارماییەک دەخاتە سەر بارودۆخی داهاتوی نێوانیان.

٣٠ – ١ – ٢٠٢٥




چه‌ند شیعرێك له‌ شاعیری گریـكی یـۆرگـۆس سیفیریس.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1)
شیعر‌

چیترم ناوێ‌
لەوە بەدەر بە سادەیی بدوێم
جگە لەوەی
ئەم نیعمەتەم پێ‌ ببەخشرێ ..
چوون ئێمە سترانمان ،
بە چەندان جوور مۆسیقا
قورس كردووە و
وردە وردە خەریكە نقووم دەبێ ‌ ..
هونەرمان ،
بەو هەموو خشڵە ڕازاندووەتەوە
دەم و چاوی بخوا ..
وەختی هاتووە
وشەی كەم بڵێین
چونكە بەیانی ڕۆحمان
چارۆگەكانی بڵاودەكاتەوە .
(2)
چه‌ند ڕۆژێك له‌ حوزه‌یراندا 41 (*)

ئەوەتا ئێستا مانگێكی نوێ‌
شەوقی دایەوە
دوورگەی دێرینی جوانی لە باوەشدا
زامدار ،
خوێنی لەبەر دەڕوا ..
دوورگە هێمنە
دوورگە بەهێزە ، پاكە ..
جەستەیش
وێنەی قەدی تێكشكاو
ڕەگ و ڕیشەی هەڵكێشراون .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(*)شاعیر ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ی دوای داگیركردنی دوورگه‌ی (كرێت)
ساڵی 1941 له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانه‌كانه‌وه‌ نووسیوه‌.

(3)
مرۆڤ كه‌ سێبه‌ریان دزی

سێبەری دارانت لێ‌ دەستێنن ،
لێت دەستێنن ..
سێبەری دەریات لێ‌ دەستێنن ،
لێت دەستێنن ..
سێبەری دڵت لێ دەستێنن ،
لێت دەستێنن ..
سێبەری خۆتت لێ دەستێنن .
5/3/1947

(4)
فیلۆكتیتس(*)

جەستەیەكی خوێناوی ..
وڵات خوێناوی ..
سەردەم خوێناوی ..

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(*) فیلۆكتیتس – قارەمانێكی ئەلیادەی هۆمیرۆسە .

• یۆرگۆس سیفیریس ، یەكەمین شاعیری گریكە نۆبلی ئەدەبیاتی وەرگرتووە ( ساڵی 1963). سیفریس 29/2/1900 لە شاری ئیزمیر لە خانەوادەیەكی ڕۆشنفكر كە بایەخیان بە ئەدەبیات داوە لە دایك بووە. باوكی مامۆستای زانستگە و لە هەمان كاتدا شاعیرێكی لیریكی و وەرگێڕیش بووە.
سیفیریس لە نێوان ساڵانی 1918 – 1924 لە پاریس بووە ، هەر لەوێش بڕوانامەی لە كۆلیجی ماف وەرگرتووە و لە هەمان كاتدا بایه‌خی بە ئەدەبیاتی فەڕەنسی داوە . ساڵی 1960 زانستگەی كامبریج نازناوی دكتۆرای لە ئەدەب پێداوە و پاشان چەندان خەڵاتی دیكەی وەرگرتووە تا ساڵی 1963 كە نۆبلی ئەدەبیاتی بردووه‌ته‌وه‌ .

  • له‌ ( مختارات من اشعار سيفيرس ) و بۆ عه‌ره‌بی. بشار عباس ، بڵاوكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری سووری2005 .

و : نه‌ژاد عزیز سورمێ




دیداری ئولفەت.. شیعری سەردار جاف

برینی سۆزت بەسوێیە، خۆی کۆستێکە چیم دەمێنێ
ڕێژنە بارانی دابڕان، ھاو گەستێکە* چیم دەمێنێ
مەگەر ئولفەتی دەم دەم نیم، بۆ کورتە کات لە ژوانم
وشکە ساڵی ئیشقت دەرخست لە پۆستێکە چیم دەمێنی
دەبێرە گۆ ژنی حەسرەت، بوویە ئاخوندەی نامۆییم
مێزەری شەرم فڕێدە، بۆ مەستێکە چیم دەمێنێ
لە کوێ ھاتی و چۆن پەیا بووی، ئاوەزی پەرشم ژەنگاڵ بوو ئاھ و نزولەم بتگرێ ،لە ھەستێکە چیم دەمێنێ خەیاڵی ناسین لە ھزرا، دەمودووی ناو نزاکانمە شەو و ڕۆژ گەر کڕنووش بەرم، کارڕاستێکە چیم دەمێنێ قامکەکانم سزە بردوون تینووی گەرمی ھەناسەتن
پەی بە سفتیکێ* نەبەین، کوابستێکە چیم دەمێنێ
سریلەی* سەر گویسەوانەی ڕایەڵە و زایەڵەی تۆ بم
کە گوێ بیستی سرتەیەکم، شیڤ دەستێکە* چیم دەمێنێ
با سریوەی دەم بەیانت، ژوانی دادێ گەرم کا
تۆ ھەڵاتوو و ڕاکردوو بی، دوور دەستێکە چیم دەمێنێ
دوور لە دیقەتی زوڵف و چاو، شنەت سوکنایی پەخشەکا
شەوارەی دیداری ترم، لە گوستێکە* چیم دەمێنێ
ھەڵاتووی ئامێزی ئیشقی، تاریکی مۆرانەی جەستە
ئولفەت جەوەنەی پڕ نەبێ، شکستێکە چیم دەمێنێ

سەردار جاف/ شاعیر و ڕەخنەگر/ ئەڵمانیا
٢٨⁄١⁄٢٠٢٥

گەست: ناشیرین، ناحاز، دزێو
ژەنگاڵ: مورووی شین
سزە : کزەی سەرما
سفتیک: دەشتایی نێوان دوو چیا
سریلە: مەلێکی بچوکی جوانە،دوو پەڕی وەک شاخ لێ بەرز دەبێتەوە
شیڤ دەست: دەسکەداوی کەو گرتن
گوست : قامک




کێشەی فەلەستین و مەیلە جیاوەزەکان!.. سابیر محەمەد

کێشەی فەلەستینیەکان کێشەی نێوان ( جوولەکەو) وەموسولمانە عەرەبەکانی فەلەستین نیە!
کێشەی فەلەستین و کۆتاییهاتنی جینۆسایدی فەلەستینیەکان ، پەیوەندی بە کۆتاییهێنانی ( زایۆنیزمە) وەک سیاسەتێکی ئیمپریالیستانەو داگیرکاریانەی جیهانیەوە هەیە !
یەکێک لە خاڵە جیاکەرەوەکان کە وابەستن بە چارەسەری کێشەی فەلەستین ، لەم نێوەدا هەر لەسەرەتای ئەم شەرەوە ، چەند مەیلێکی دیاریکراو لە ئارادابوون و هەن…
. یەکەمیان مەیلی بۆرژوازی جیهانی و نەتەوە یەکگرتوەکان ، کە لە پێناو پشتیوانیکردن لە ئیسرا.ئیل پێداگریان لەسەر ئەوە ئەکرد کە (حە.ماس ) تیرۆ.ریستە ، وە زایۆنیزمیزمی جیهانیان بە خاوەن هەق ئەزانی کە داکۆکی لە خۆیان بکەن و ەهەرچیەک بۆیان ئەکرێت لە کوشتارو جینۆساید ئەتوانن ئەنجامی بدەن و بیکەن ..!
مەیلی دووەم ، ئەوەبوو کە خودی ( حە.ماس ) بە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی موقاوەمەی فەلەستینی دائەنرا ، وە ڕەوایەتی ئەم لێدانەی ٧ ئۆکتۆبەریان ڕائەگەیاند ، بەبێ ئەوەی پەنجە بخەنە سەر ئەو سیاسەتەو ستراتیجیە مەزهەبیانەی دژ بە ( جوولەکە ) کە خودی حە.ماس پیادەی ئەکرد ، وە ئەم شەڕەیان واتە کێشەی فەلەستینیەکان وەک کێشەی نێوان ( جوولەکەو موسوڵمانان ) ئەبینی ، وە چاوی خۆیان لەبەرامبەر زایۆنیزم وەک سیاسەتێکی ئیمپریالیستانە و سەرمایەداریانەی جیهانی ، کە تەنهاو تەنها بە شۆڕشێکی ڕێکخراوی سۆسیالیستانەو ، وە ئامادەیی جەماوەر لە ڕاپەڕینەکانی خەڵکی فەلەستینی بە شێوەی خۆپیشاندان و بەردهاویشتن لەبەرامبەر هەر داگیرکاریەک کە دەوڵەتی ئیس.ڕائیل ئەیکات ، وە توانای هەڵپێکان و ڕێکخستنی ساتە وەختی دەستبردن بۆ خەباته چەکداری ، واتە پێ بەپێی چوونە پێشەوەی بەرهەڵستی جەماوەر وە خەباتی ئەوان ، بتوانن سازماندانی چەکدارانە بخەینە دەستووری کاری خۆیانەوە ، وەئەم ستراتیژیەتە دروستە ڕاستە لە فەلەستین نەگەیشتبووە دەستی سیاسەتێکی شۆڕشگێڕانەی سۆسیالیستی ، بەڵام گەلێک لە چەپە ناسیۆنالیستەکان ، لە ڕاستای ئەم ستراتیژەیەدا کاریان ئەکرد ، وە جیاوازیەکی ئایدیۆلۆژیکی و ستراتیژی لە نێوان ئەوان وە بزووتنەوە ئیسلامیەکانی ئیخوانی موسلمین و بەتایبەت حە.ماس لە ئارادا بوو وە هەیە ، وە لێدانەکەی حە.ماس لە ٧ ئۆکتۆبەردا لە پێناو سەرخستنی ئەو ستراتیژیەتەی خۆیانبوو لەبەرامبەر ستراتیژیەتی موقاوەمەتی جەماوەری خەڵکی فەلەستین ، کە تاڕادەیەک لەو سەروبەندانەدا هەلومەرجی جیهانی گەیشتبووە سەر لێواری بڕیاڕدان و ناساندنی مافی چارەنووسی سیاسی فەلەستینیەکان ، واتە ئەم لێدانەی حەماس کۆتایی بە هەموو خەونەکانی موقاوەمەتی جەماوەری فەلەستینیەکان هێنا ، وە بۆ چەندین نەوەیتر ، ئاسۆو ستراتیژیەتی خەباتی جەماوەریان لە بیر خەڵک بردەوەو ، وە حەواڵەی ئایندەیەکی نادیاریان کرد …
مەیلی سێیەم وەک مەیلێکی شۆڕشگێڕانە ئەوەیە کە کێشەی فەلەستینیەکان کێشەی بۆرژوازی نیشتمانی عەرەبی لە دژی بۆرژوازی نیشتمانی ( جوولەکە) بە بزووتنەوەیەکی نا شۆڕشگێڕو نا دیمۆکراتیک ئەزانی و ئەناسێنێت ، واتە بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتمانی فەلەستنی لە ژێر سەرکردایەتی بۆرژوازی نیشتمانی ، بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرستانەیەو ئەم ئاکامە خراپەو لەوە خراپتریش بە خۆیەوە ئەبینێت لە داهاتوودا .
لەکاتێکدا چارەسەری کێشەی داگیرکاری فەلەستین و مافەکانیان لەژێر سایەی یەک دەوڵەتی سۆسیالیستی و جەماوەری شۆڕشگێڕانەدا چارەسەر ئەکرێت ، کە ئەویش خۆی لە خۆیدا پەیوەندی بە ( شۆڕشێکی جەماوەری ) سەرتاسەری نەک تەنها لە فەلەستین بەڵکە لە تەواوی ناوچەکە هەیە ، کە تیایدا تەواوی دەسەڵاتداریەتی قەومی و نەتەوەیی بەکرێگیراوانەی وڵاتانی عەرەب کۆتایی پێبهێنێت … !
بێگومان وەک ئاماژەیەک بە لایەنگرانی مەیلی یەکەم و دووەم زیاتر بریتیبوون لەڕێکخراوو کەسایەتیانەی کەسەر بە ( چەپە بۆرژوا ڕیفۆرمیستەکانی ) دارودەستەی سۆسیال دیمۆکراسی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان بوون ، واتە سێبەری سیاسەتی ئیمپریالیزمی جیهانی بوون لەمەڕ کێشەی فەلەستین ، وە بە قسە سۆسیالیست بوون ، بەڵام بەکردەوە لایەنگیری و پشتیوانی سیاسەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان ئەکرد …
لە کۆتاییدا ئەوە بەس نیە کە تەنها ڕووی چەوتی ستراتیجیەتی ئیسلامیانەو مەزهەبیانەی حەم.اس دژ بە ( جوولەکە) وە ئیسرا.ئیل بخەینە ڕوو ، بەڵکە پێویستە پێداگری لەسەر شۆڕشێکی سەرتاسەری سۆسیالیستی و دژایەتی داگیرکاری زایۆنیزمی ئیمپریالیزمی جیهانی بکەیەن لەبەرامبەر ئەو جینۆسایدەی کە بەدرێژایی زیاتر لە ٨٠ ساڵە بەسەر فەلەستینیەکاندا سەپێنراوە …

١٧/ ١ / ٢٠٢٥




ڕۆمانی حەشری ئاشقان و حەشركرن بە ئشق!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

بێگومان خۆشەویستی وەك هەستێكی دەروونی وكۆمەڵایەتی و هاوكات پەیوەندییەكی ڕوحی نێوان مرۆڤەكان، ڕووداوێكی گرنگە لە ژیانی مرۆڤەكان بە گشتی. بگرە لە هەندێ كاتدا ئەو ڕووداوە ژیانی مرۆڤ بە ئاراستەیەك دەگۆڕێت كە ببێتە مرۆڤێكی جیا لەوەی كە پێشووتر هەبوو. خۆشەویستی غەریزەیەكی سروشتییە و لە ناخی هەموومان دا هەیە. مرۆڤ بێ خۆشەویستی ناژیت.ڕووبەرێكی بەرفراوان لە ئەزموونی ئەدەبیات بە گشتی و شیعریش بە تایبەتی، ڕەنگدانەوەی ئەزموونی عشق و خۆشەویستییە وتیایدا چیرۆك و سەربوردەی عشقی نێوان مرۆڤەكانمان بۆ باس دەكەن لەوەی كە ڕوویداوە. تاكو ئێستاش داستانەكانی وەك:- مەم و زین وشیرین و فەرهاد وئەسمەر و مامەرو، لە نێو ئەدەبیاتی فۆلكلۆری ئێمەدا بە زیندووی ماونەتەوە و نەوە لە دوای نەوە گوێبیستی دەبن. لە كاتێكدا بە درێژایی ئەو مێژووە، چەندین ڕووداوی تر ڕوویانداوە كەچی لە بیركراون. وەلێ ئەم داستانانە چونكە پەیوەندییان بە خۆشەویستی هەیە، دەبینین تاكو ئێستاش ماونەتەوە. خۆشەویستی ڕەگەزی بەرامبەر، جۆرە خۆشەویستییەكی تایبەتمەندە و بەراورد ناكرێت لەگەڵ هیچ جۆرە خۆشەویستییەكی دیكە. دیارە ئەمەش بۆ سروشتی ئەو جۆرە پەیوەندییە ڕوحی و دەروونییە دەگەڕێتەوە كە مرۆڤەكان بە یەكتری دەبەستێتەوە. نەك هەرئەمە، بگرە لە زۆر كاتدا لەئەزموونی خۆشەویستی نێوان هەردوو ڕەگەزدا، پرۆسەی دۆنادۆن دێتە كایەوە. واتە تێكەڵاوبوونی ڕوحی نێوان هەردووكیان تا ئەو ڕادەیەی دەتوێنەوە لە یەكتری. بە مانایەكی تر، لە ئەزموونی خۆشەویستیدا، هەردوو ڕەگەز بوونی خۆیان لە بوونی یەكتردەبیننەوە، هەرئەمەشە وادەكات كاتێ مرۆڤ خۆشەویستەكەی لە دەست دەدات، ئیدی كۆتایی بەژیانی خۆشی بێنێت، چونكە بە تێگەیشتنی خۆی ژیانی ئەویش دوای خۆشەویستەكەی كۆتایی هاتووە. ئەمەش پەیوەستە بەو ئاوێزانبوونە ڕوحییەی نێوان خۆشەویستەكان. تاكە دیاردەیەك لە ژیانی مرۆڤەكاندا كە بشێ پێوانە نەكرێت ڕادەی خۆشەویستی ئێمەیە بۆ بەرامبەرەكەمان، ئەگەر سنوور لە بەردەم هەموو دیاردەكانی دیكەی ژیاندا هەبێت، ئەوا لە بەردەم خۆشەویستیدا هیچ سنوورێكی دیاریكراو نییە، ئەندازەیەك نییە ئاستی خۆشەویستی ئێمە بۆ بەرامبەرەكەمان بكێشێت. هەر ئەمەشە كاتێ مرۆڤ وەسفی خۆشەویستی خۆی بۆ بەرامبەرەكەی دەكات، هەوڵدەدات ئەم خۆشەویستییە هاوشێوەی هەموو شتێكی ئەم گەردوونە نیشان بدات. دەكات. ئینگلیزەكان دەڵێن:(خۆشەویستی ڕاستە قینە كۆتایی نایەت، ئەگەر كۆتایی هات، مانای وایە ڕاستەقینە نەبووە) یاخود زۆرجار دەگوترێت، جوانترین و گەورەترین و نەمرترین عشق، ئەو عشقەیە كە بە ناكامی كۆتایی دێت. دیاردەی عشق و خۆشەویستی نێوان هەردوو ڕەگەزەكە، تا ژیان و مرۆڤایەتی ماوە دەمێنن و بەردەوام دەبن، بەڵام مەرج نییە هەموو مرۆڤێك عاشق بێت و ئەزموونی عشق و خۆشەویستی بكات، چونكە ئەو ئەزموونە، تایبەت و هەستپێنەكراوە. ئێمە خۆشمان نازانین، بۆچی عاشقی یەكێك دەبین، بەڵام كەسێكی دیكەمان ناكەوێتە نێو دڵ و دیدە و خۆشمان ناوێت كە زۆر لەو جوانتر و سەرنجڕاكێشترە، كەواتا هەر باسكردنێك لە ئەزموونی خۆشەویستی كەسەكان، باسكردنێكی ناتەواوە بەو پێیەی باس لە كردەیەك دەكەین، كە خۆمان ئەزموونمان نەكردووە، بەڵكو لە دوورەوە بەریدەكەوین، بۆیە هیچ كەسێك ناتوانێت گوزارشت لە عشق و پەیوەندی خۆشەویستی ئەویتر بكات. ڕۆمانی (حەشری ئاشقان) (1) لەسەر زاری كۆمەڵێك مرۆڤەوە، باس لە پەیوەندی خۆشەویستی نێوان هەردوو ڕەگەزەكە، ئاریشە خێزانی و كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەی كوردی، بە تایبەتیش لە سەردەمی دنیای مەجازی تەكنەلۆژیادا دەكات. ئەو ڕۆمانە، هەربەشە و بە سەر گوزشتەی كارەكتەرێك دەست پێ دەكات. مەم كوڕی مەلا جیهادە، هاوڕێی لاسە، ڕۆژێك لاس لە دواوەی خۆی سواری ماتۆڕەكەی دەكات، ئیدی مەم بە هۆی بەركەوتنی بەجەستەی لاس، چووكی هەڵدەستێت و لە ڕووی دەروونییەوە دەشڵەژێت و لاس خۆشی هەستی بەو بارە نا ئاسایە كردووە. خەزال و زین، دوو هاوڕێی كچن، بەڵام جۆرێك لە هەستی هاوڕەگەزییان بۆ یەكتری هەیە، بە تایبەتیش ئەو كاتەی خەزاڵ شان و ملی زین، دەشێلێت و بەر جەستەی دەكەوێت، ئەویش بە هەمان شێوەی مەم، لە ڕووی دەروونییەوە دەشۆكێت. سیامەند، كوڕی ژەنیا و لەرینە، ئەو بە منداڵی هەڵگیراوەتەوە و لە بنەڕەتدا دایكی ژنێكی ناتەواوی سەرشەقامەكان بووەو دەیان پیاو دەستدرێژیان كردۆتە سەر و بەو هۆیەوە لە كاتی بوونی سیامەند، دایكی بە سەریەوە دەمرێت و ژەنیا و لەرینیش وەك منداڵێكی هەڵگیراوە، دەیگرنە خۆ و لە كۆتاییدا بەو نهێنییە دەزانێت. شیرین و فەرهاد، چەندین ساڵ عاشقی یەكتر بوونە، لە زانكۆ یەكتری دەناسن و پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانیان دروست دەبێت، ئەو پەیوەندییە بە هاوسەرگیریی كۆتایی دێت، بەڵام ناكۆكییە خێزانییەكانی نێوانیان و ڕۆتینی ڕۆژانەی ژیان، هەردووكیان لە بەر چاوی یەكتری دەخات و لە یەك جیا دەبنەوە و خەزاڵ بەرهەمی ئەو دایك و باوكە بە یەك ناكۆكەیە. زین، كچێكە دایك و باوكێكی ناكۆكی هەیە و هەریەكەیان ناپاكی لەگەڵ ئەویتر دەكات و پەیوەندی تریان هەیە و خۆشیان بەو پەیوەندییە دەزانن و بۆ یەكتری باس دەكەن. زین، پەیوەندی لەگەڵ كوڕێك دەبەستێت، كوڕەكە قۆز و باڵابەرز و جوان و سەرنجڕاكێشە. كامەران و ڕۆزانا، پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام دایك و باوكی كامەران، بە پاساوی ئەوەی ماڵی ڕۆزانا هەژارن و لە ڕووی پێگەی كۆمەڵایەتییەوە لە ئاستی ئەوان نین، ڕەتی دەكەنەوە كامەران ئەو كچە بێنێت، كامەران ماڵ جێدێڵێت و دەچێتە ماڵی سیامەندی هاوڕێی و لەوێ دەژیت. بە گشتی پەیوەندی نێوان كۆی كارەكتەرەكانی ڕۆمانەكە، لە سەر پرسی سۆزداریی و خێزانی و خۆشەویستییە. بێگومان لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، ڕوانگەی پیاو بۆ ژن، هەمیشە ڕوانگەیەكی سێكسواڵیەتییە، بەو مانایەی كە ژن دەبینێت، ئەوا بەر لە هەموو شتێك جەستە و لەش ولاری لە نێو دید و هزری خۆیدا وێنا دەكات. ئیدی ژن بە هەموو بوونی خۆیەوە، بچووك دەكاتەوە لەو ماكە سێكسییەی لە پەیوەندی نێوان ئەو و پیاودا هەیە. بگرە لە پەیوەندی سۆزداری نێوان هەردوو ڕەگەزەكەش، چونكە ئەو دیدگایەی پیاو زاڵە، ئیدی سەرەنجام ئەو پەیوەندییانەشی كە بە هاوسەرگیری كۆتایان دێت دەمرن، چونكە لە بنەڕەتدا ئەوەی هەبووە عەشق و خۆشەویستی نەبووە، بەڵكو حەز و ماكەكانە، بەڵام (یەكێك لە نیشانەكانی خۆشەویستی تێر نەبوونە بە خۆشەویستی ) (2) كەواتا لە پەیوەدنی خۆشەویستی ڕوحیدا، ئەو بەریەككەوتنە جەستەیی و سێكسواڵییەتییە هیچ بەهایەكی ئەوتۆی نییە، چونكە پێداویستی دەروونی و ڕوحی، لە پێشەوەی ماكەكانە بە پێچەوانەی سێكس و ئاوێتەبوونی جەستەیی. ( سێكس هەڵگری پەیامێكە دەڵێ من حەزم لێتە و ئیشتهات دەكەم ) (3) نووسەری ڕۆمانەكە، چونكە هەمان دیدگای سێكسواڵیەتییانەی بۆ پەیوەندیی خۆشەویستی كە لە ڕووبەرە كۆمەڵایەتی و میللییەكەی كۆمەڵگەی ئێمە وەك نەریتی كۆمەڵایەتی هەیە، ئیدی لەو سۆنگەیەوە پەیوەندی نێوان كارەكتەرەكانی ڕۆمانەكەی، كە لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندی بە پرسی عشق و خۆشەویستییەوە نییە، وەك عەشق دەبینێت. تەنانەت ئەو هەستی هۆمۆیەی نێوان لاس و مەم وەك دوو كوڕ، خەزال و زین وەك دوو كچ، كە بۆ یەكتری هەیانە، لەو ڕۆمانەدا وەك عشق وێنا دەكرێت، لە كاتێكدا هەموومان دەزانین ئەو پەیوەندییە ناسرووشتی، ناكۆمەڵایەتی و نەگونجاوە، هیچ پەیوەندی بەعشقەوە نییە، كەچی لاس بە مەم دەڵێت:(عەشقێك هەیە ئەویش عشقی نێر بۆ نێرە ) (4)، ئەم دیاردەیە ناسرووشتیی و ناكۆمەڵایەتییە، وەك سێكسێكی جیاواز، ڕەت كراوە و نەگونجاو لەگەڵ ئادابی گشتی و ڕەگەزیش و وەك حاڵەتێكی نامۆ و ڕێزپەر لە نێو هەموو كۆمەڵگەكان بە كۆمەڵگەی كوردیشەوە هەیە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم جۆرە هەست و پەیوەندییانە دەچنە خانەی عشق وەك ئەوەی ڕۆماننووس وێنای كردووە؟ یاخود لەرین و ژەنییار، پێشتر بە یەكەوە لە زانكۆبوونە، پەیوەندییەكی خۆشەویستی قووڵ لە نێوانیان دروست دەبێت و سەرەنجام لە ماڵێكدا بە یەكەوە وەك دوو هاوسەر ژیانێكی نوێ دەست پێ دەكەن، بەڵام ڕۆتینی ژیان و كێشە خێزانی و بەركەوتنەكانی ژیانی ژن و مێردایەتی، هەردووكیان لە بەرچاوی یەكتری دەخەن، بۆیە هەریەكەیان لەكاتێكدا هێشتا هەر هاوسەری یەكترین، كەچی پەیوەندی سێكسی لەگەڵ ژن و پیاوی دیكە دەبەستن و بۆ یەكتریشی باس دەكەن كە ئەمەش پێچەوانەی عشقە و لەبنەڕەتدا ئەوان لەسەر بنەمای جەستەو غەریزە، لە ژێر ناوی خۆشەویستیدا بەیەك گەیشتوون. لە عشقدا مەعشوق یەكە، ئەو پەیوەندییەی لە نێوان عاشق و مەعشوق وەك دوو ڕەگەزی جیاواز هەیە، هیچ واقیعێكی كۆمەڵایەتییانەی ژیان و هیچ ڕۆژگار و زەمەنێك كاڵی ناكاتەوە ( مەم لەو یەكەم ساتەوەی زینی خۆشویست تا ئەو ساتەی مرد، سەڕەڕای ئەو هەموو ڕێگڕی و ئازارەی لەبەردەم عشقەكەیدا هەبوون هەر زینی خۆشویست ) (5) چونكە لە عشقدا، ئەویتری جێگرەوە بە مانا ڕوحانی و سۆزدارییەكەی بوونی نییە. لە تێڕوانینی عاشقدا، یەك مرۆڤ، یەك عاشق و خۆشەویست هەیە و بەدەر لەو ڕوانگە تاكانەیە، ئیدی هەموو پەیوەندییەكانی دیكە، دەچنە خانەی پەیوەندی سۆزداریی و خۆشەویستی فریودەرانە، بۆیە دەبینین عاشقەكان لە دوای مردن و نەگەیشتن بە عشقەكەیان، هەرگیز ناتوانن جارێكی دیكە عاشق ببنەوە ( ئەوانەی خۆیان دەكوژن لەبەر ئەوەیە بە بێ خۆشەویستەكەیان، خۆیان بە هیچ دادەنێن و دوای ئەو چیتر ژیان بە شایستە نازانن لە پێناویدا بژین)(6). بێگومان عشق پرسێكی گشتی و كۆمەڵایەتییانەی ژیان نییە، ڕووداوێك نییە لە ژیانی هەموو مرۆڤەكان ڕووبدات، داستانەكانی عشق و خۆشەویستی لە ڕابردوودا، بەڕوونی هەڵگری ئەو پەیامەن كە عشق ئەزموونێكی زۆر كەسی و تایبەتییانەی ژیانەی مرۆڤەكانە و مەرج نییە هەر پەیوەندییەك گەر خۆشەویستیش بوو، دەلالەت لە مەسەلەی عشق بكات، لەو سۆنگەیەوە كاتێ سیامەند لە ڕۆمانەكەدا بە كامەرانی هاوڕێی دەڵێت:( زۆرینەی هەرە زۆری خەڵكی دەتوانن عاشق بن و عشق پەتایەكی گشتییە) (7) لە ڕاستیدا ئەمە دیدگایەكی ناعاشقانەیە و پەیوەندی بە عشقەوە نییە، ڕۆزانا كاتێ پشت لە بە ناوی عشق خۆی و كامەران دەكات و لەگەل كوڕێكی دیكە هاوسەرگیری دەكات، ئەمە مانای وایە هەر لە بنەڕەتەوە شتێك لە نێوان ئەو و كامەراندا بە ناوی عشق نەبووە، بەڵكو حەزێكی جەستەیی و سێكسی بووە، كە ئەمەش دەشێ لە هەموو ژن و پیاوێكدا بەرجەستە ببێت بە پیچەوانەی عشق، بەڵام( كاتێ عشق بە سەر غەریزەدا سەركەوت ئەوا لایەنی جەستەیی و چێژ و خۆشی و سێكس فەرامۆش دەكات و بەرە و ڕوحی كەسەكان دەچێت)(8) لەكۆمەڵگەی ئێمەدا، چونكە عشق و خۆشەویستی لە سێكسكردن دەبینین، ئیدی پێمان وایە دەبێ ئەو پەیوەندییە، دواجار بە یەكەگەیشتن و ئاوێزانبوونی جەستەیی و سێكسكردن كۆتایی بێت. لێرەوەش كاتێ مرۆڤەكان لەو حەزە تێر دەبن، ئیدی وردە وردە، ئەو هەست و خۆشەویستی و عەشقەی پێشتر بۆ یەكتریان هەبووە نامێنێت، چونكە لە بنەڕەتدا عشق و خۆشەویستی ڕاستەقینە نەبووە. بەڵكو نووسەر لە ڕاستیدا بە ناوی عشقەوە، حەشرێكی بە عشق كردووە، با بە دەواری شڕی نەكردووە! عشق زۆر گەورەتر و پیرۆزتر مەزنترە، لەو دیدە سێكسواڵییەی كارەكتەرەكانی ئەو بە ناو ڕۆمانە، وەك مرۆڤ بۆ عشق هەیانە. عشق ئەزموونێكی ڕوحی زۆر تایبەت و تاكییانە، هەرچی بە ناوی خۆشەویستی و حەزەوە لە نێوان مرۆڤەكان بوونی هەبوو، ناكرێ كەسانێك بیناسێنن بە عشق و لە دووتوێی ڕۆمانێكی هەژاردا، وەك تێما بیخەنەروو.ئیچمە بەو شیچوە سادەو ناڕوحییانە لە عشق گەیشتووین، بۆیە پەیوەندییە بە ناوعشق و خۆشەویستییەكانمان دەبنە سەرچاوەی ڕق، چونكە لەگەڵ كۆتایی هاتنی ئەو حەزە و تێركردنی، ئیدی وردە وردە ئەو بە ناو پەیوەندییەی گوایا دەلالەت لە عشق و خۆشەویستی ڕاستەقینە دەكات، دەسبەجێ نامێنێت وەك ئەوەی ئێستا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا باوە و دەرهاویشتەكانیشی لە سەر ژیانی خێزانی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە دەبینین. دواجار دەڵێم، ناوەڕۆكی ئەم ڕۆمانە هیچ پەیوەندی بە عشقەوە نییە، ئەوەشی وەك عشق خراوتە ڕوو، جگە لە دیوە شەهوانی و غەریزە سێكسییەكە هیچی تر نییە. ئەمە وێرای ئەوەی چەندین هەڵەی زمانەوانی، گێڕانەوە، بابەتی لە ڕۆمانەكەدا هەن، كەلای خۆمان پەراوێزمان كردوون و ئاماژەمان پێ نەكردن.

سەرچاوە وپەراوێزەكان:
1_ حەشری ئاشقان، ڕۆمان، نووسینی: زەردەشت نورەدین، بڵاوكراوەی كتێبخانەی ڕۆمان، ساڵی چاپ 2022. 2 پرسیارەكانی خۆشەویستی، نووسینی :فەوزییە دریع، وەرگێڕانی: عەبدوڵا محمود زەنگەنە، بڵاوكراوەی ئەندێشە 2019، ل 378. 3 هس پ، ل 421.
4_ حەشری ئاشقان، نووسینی: زەردەشت نورەدین، بڵاوكراوەی كتێبخانەی ڕۆمان، ساڵی چاپ 2022. 5 عشق و دەركەوتەكانی لە ئەدەبیاتی كوردیدا، نووسینی: محمەد تاتانی، بڵاوكراوەی: ناوەندی كولتووری كۆچ، ساڵی چاپ 2023، ل 198 . 6 پرسیارەكانی خۆشەویستی، نووسینی: فەوزییە دریع، وەرگێڕانی: عەبدوڵا محمود زەنگەنە، بڵاوكراوەی ئەندێشە 2019، ل 389. 7 حەشری ئاشقان، نووسینی: زەردەشت نورەدین، بڵاوكراوەی كتێبخانەی ڕۆمان، ساڵی چاپ 2022، ل 225. 8 عشق و دەركەوتەكانی لە ئەدەبیاتی كوردیدا، نووسینی: محمەد تاتانی، بڵاوكراوەی: ناوە ندی كولتووری كۆچ، ساڵی چاپ _2023، ل 198.

*ئەم بابەتە لە هزرو هونەری ڕۆژنامەی خەبات ژمارە (201) لە 30/1/2025 بڵاوكراوەتەوە.




داهێنانی داهێنانەکان لە عەقڵی مرۆڤەوە «ديب سيك».. ئاریان کەرکوکی

با جیاوازییەکانی دیدگاکان جێبهێڵین، وە با زاڵبوونی فیکری لە چۆنیەتی تێگەیشتن لە گەشەسەندنی خێرا لە بواری زانستە مۆدێرنەکاندا جێبهێڵین چونکە تەنانەت بۆ ساتێکیش بیرکردنەوە لە دۆزینەوەی دیدێکی جیاواز لە تێگەیشتندا بەرەو لادان و لادانمان دەبات بۆ ئەوەی هاوسەنگ نەبن لەگەڵ خێرایی تەکنەلۆژیا لە سەردەمی ئێستادا لە هەموو بوارەکاندا، سەرەتا لە بەرنامە ئەلیکترۆنیەکان و تەکنەلۆژیاوە کۆمپیوتەر و چەندین ئامێری تر کە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە ئاسۆدا دەرکەوتن، لە بیست ساڵ زیاتر نەبوو، بە… شۆڕشی ڕاستەقینە لە پیشەسازییە پێشەنگەکاندا لە دوای شۆڕشی پیشەسازی سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە، بە زانینی ئەوەی کە هەموو زانستەکان پێویستیان بە چەندین سەدە بووە بۆ ئەوەی لە داهێنانەکاندا بگاتە دەستیان، بەڵام ئەو کاتەی ئێستا لە خەیاڵی هەندێک بیرمەندی سۆفیستدا ناتوانرێت باوەڕمان پێی هەبێت دوورکەوتنەوە لە چەمکەکانی زانستی مرۆڤ، بنەمای بەردەوامی ژیانە. هەرچەندە لە ناو ئەو پێشهات و کێبڕکێیانەدا، پارە ڕۆڵێکی بەرچاوی تێدا بینی و لە دونیای ئەمڕۆشدا بەس نییە بۆ کۆکردنەوەی ملیۆنان دۆلار لە وەبەرهێنەرە گەورەکان و خاوەن هەژمارە بانکییەکان کە بارگرانیی ئەو باندە بەهێزەیان لەسەرە و بیانخەنە ناویەوە پێکهاتە پیشەسازییەکان لە دۆڵی سلیکۆن یان لە سەنگافورە یان لە سۆفیاپۆلیس و چاوەڕێی داهێنانەکان دەکەن نامۆ، بەڵام تەنها دەتوانێت ئەنجامێکی نائاسایی بەدەستبهێنێت بە پێکهێنانی عەقڵی مرۆڤ و گەیاندنی بە تاقیگەی بەرهەمهێنان کە عەقڵی ئێستای مرۆڤ، بەتایبەتی لە وڵاتانی خاوەن سەروەری کە زاڵن بەسەر گەلەکانیاندا بۆ خۆیان سوود لە بەردەوامی دەوڵەت بەبێ وەستان یان گەشەکردنی دەروون. داهێنانی ڕێکخراوێکی زانستی پاتێنتێکە لە داهێنانەکەدا، بەڵام داهێنانی عەقڵەکان تا ڕادەیەکی بەرز داهێنانەکەیە لە خۆیدا، بۆ نموونە چین بنکەیەکی بنەڕەتی عەقڵی مرۆڤی هەیە کە لە هەزاران هێندەی عەقڵی ئەنیشتاین تێسلا تێدەپەڕێت، و داهێنان فۆرمولەیەکی بنەڕەتییە لەم بوارەدا، و داهێنان بۆ هێنانە ئارای بەرهەمێک کە پێویستی بە هەزاران چالاککردن و پەرەپێدان هەیە تەنها دۆلار، و شۆڕشێکی داهێنان لەوانەیە ڕووبدات کە مرۆڤایەتی پێشتر نەیزانیبێت، و ئەمەش ئەوەیە کە لەگەڵ “Deep Sci. ” پێم وایە داهێنانێکی لەم شێوەیە ناوەستێت، بەڵکو بەردەوام دەبێت، و کێبڕکێ توندتر دەبێت، شەڕی بازرگانی و سنووردارکردنی ئەمریکا زیاتر دەبێت، کە ئەمریکا دەیسەپێنێت بەسەر هەموو شتێکدا کە لە چینەوە دێت، و ئەم دووەمیان خۆی دەدزێتەوە و زیاتر و زیاتر بەرهەم دەهێنێت، بەپێی ئەو عەقڵ و لێهاتووییانەی کە بەرهەمی هێناوە و ئەو هاوپەیمانییانەی کە لە ئاسیا و ئەفریقا و شوێنەکانی دیکەدا ئەنجامی داوە و بەپێی یاساکانی جیهانگیری کە ئەو بە باشی تێگەیشتووە و توانیویەتی خۆی فڕێ بداتە باوەشی و خۆی بە زیرەکییەوە جێگیر بکات، و لە… جیهانێک کە نوێ و هەموو شتێکی هەرزان خۆشدەوێت و ماوەیەک لەمەوبەر بوومەلەرزەیەکی دەنگدانەوە لە جیهانی زیرەکی دەستکرد و جیهانی توێژینەوەی زانستی و بۆرسە و جیهانی سیاسەتدا ڕوویدا دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی چینییەکان بەدەستیان هێنا بەرنامەی “Deck Seek” کە خاوەنەکەی یانگ وێنفیان توانی داهێنانی بەرنامەیەک کە ئێستا لەسەر تەختی بەرنامەکانی ئەپڵ وەک زۆرترین دابەزاندنی بەرنامە لەلایەن بەکارهێنەرانی ئایفۆن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ ئەوەی وایکرد لە زۆرێک لە ئەپڵیکەیشنە ئەمریکییەکان سەرکەوتوو بێت ئەوەیە کە دەتوانێت بە خێرایی و لۆژیکی بیربکاتەوە لە ماوەیەکی پێوانەیی و بە تێچووی زۆر کەم چونکە پشت بە چیپەکانی ئەمریکی نابەستێت کە لە “Nvidia” و کۆمپانیاکانی ترەوە دێن، واتە زیرەکی بەرهەمدار لە چین توانیویەتی بۆ پەرەپێدانی چیپی تایبەتی ناوخۆیی کە داهێنەرانە و توانای کێبڕکێیان هەبێت، یان ئەوەی کە داهێنەر بووە لە پشت بەستن بە بەدیلەکانی تری نەناسراو کە ئەم چیپانە بەکارناهێنن، و ئەمەش لەم جیهانەدا دەکرێت کە بە خێرایی ڕەشەبا گەشە دەکات… ئەمە ئەگەر… ئەوە کێبڕکێی نێوان زلهێزەکانی ئەمریکا و چین بوو، بەڵام دەبینم کە هەوڵێکە لەلایەن ئەو چینەی کە لەم وڵاتانەدا چڕبوونەتەوە بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە باڵادەستی دەروونی نەک تەنها لە نەوەی ئەمریکیدا ئینکاری دەکرێت، بەڵکو لە نەوەکانی دیکەی وڵاتانیشدا ئینکاری دەکرێت. ئەگەر تایبەتمەندی ئابووری و بازاڕی دارایی یارمەتیدەر بێت لەوەدا، ئەوا باڵادەستییەکی تر دەبێت جگە لە باڵادەستی دیپ سایکۆ بۆ ئەوەی بەکارهێنانەکە بە مافە تەکنەلۆژییەکەیەوە وەسف بکرێت، دیپ سایکۆ لە بابەتێکی بنەڕەتیدا لە باقی ڕکابەرەکانی باڵادەستە ، بەو پێیەی کراوەیە بە تەواوی سەرچاوەی لەسەرە، واتە دەتوانرێت دابەزێنرێت و لە کۆمپیوتەرەکاندا هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ناوخۆدا یاری پێبکرێت بەبێ ئەوەی پێویست بکات لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەکاریبهێنرێت، هەموو ئەمانە بە چەند سەنتێک؛ نرخی API ی مۆدێلەکە کەمتر لە ٤٠ سەنتە بۆ هەر ٢ ملیۆن فەرمان، لە کاتێکدا بۆ ChatGPT ١٥ دۆلارە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمی تێچووی پەرەپێدانی مۆدێلی چینی بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستدان، بەرهەمە چینییەکە تەنها 5.5 ملیۆن دۆلاری تێچووە بە بەراورد بەو سەدان ملیۆن دۆلارەی کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان پێویستیان بوو بۆ پەرەپێدانی مۆدێلەکانیان. ئەوەی لە دونیای کێبڕکێی تونددا دەگوزەرێت کە هیچی لەدوای خۆی بەجێناهێڵێت، لەگەڵ شەپۆلی لێدوانی کاریگەرە ئابوورییە گەورەکان، وەبەرهێنەران و خاوەن کۆمپانیا گەورەکان، وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی مایکرۆسۆفت و چاتجی پی تی، یان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان یان بۆ ڕێنماییکردن سیاسەتە گشتیەکانی داهاتوو یان “ “کوێرکردنی” ئەوەی ئەوی دیکە بەرهەمی هێناوە یان پێشبینیکردنی ئەو زیانە گەورەیەی کە دەتوانێت ڕووبدات، باسی ئەو دۆخە مەترسیدارە ناکەم کە سەرۆکی ئەمریکا تێیدایە، کە هێز و گەشەسەندنی زیرەکی دەستکردی ئەمریکای کردووە بە یەکێک لە پایەکان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی و یەکێک لە بناغەکانی ڕێنماییەکانی سیاسەتی ناوخۆیی، و کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر فەرمانی جێبەجێکردنی واژۆکرد سەبارەت بە زیرەکی دەستکرد، کە سیاسەتەکانی پێشووی حکومەت هەڵدەوەشێنێتەوە کە بە وتەی خۆی “بەربەستن لەبەردەم داهێنانی ئەمریکی لە AI.” ئەو پشتگیری خۆی لە دەستپێشخەری وەبەرهێنانی ستارگەیت دا، هاوپەیمانی کۆمپانیاکانی وەک سۆفتبانک و ئۆراکل کە “بڕیاری وەبەرهێنانی 500 ملیار دۆلاریان دا بۆ بنیاتنانی ژێرخانی خۆی کاتێک داهێنانێکی لەو شێوەیە بە سەرکەوتنێکی وەها گەورە دێتە ئاراوە و لە وڵاتێکەوە کە تێیدا کاردەکات.” نهێنی و سەرسام دەکات ڕکابەرە پیشەسازییەکان و خاوەن پاتێنتەکان بە داهێنانی چاوەڕواننەکراو، کە بنەماکانی دیاریکردنی قورسە، و بەهێزی ئەوەی دوای ئەوان دێت لە ڕووی بەرهەمەکانی ترەوە، بەو پێیەی ئەمە دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ و لەدەستدانی متمانە لەنێو ڕکابەرە سەرەکییەکان، و مەبەستم لەوە ئەمریکییەکانە؛ کۆمپانیای ئەمریکی “Nvidia” ئەو کەسە بوو کە قسەی کۆتایی لەم بوارەدا هەبوو، و بە پشتبەستن بە قسەی زانا و داهێنەرەکانی و دەرئەنجامی بەرپرسەکانی، سیاسەتی گشتی و تایبەت لەم بوارەدا پەسەند کرا و ئێمەش لەوە تێدەگەین کە ڕاستەوخۆ دوای ئەوە دەرکەوتنی داهێنانی چینی، زۆرێک لە وەبەرهێنەران متمانەیان بە کۆمپانیاکە لەدەستدا و بەو چیپانەی کە لێی دروستیان کردبوو سەرچاوەی سامانەکەیان، و ئەو کەسەی کە زۆری فرۆشت R لەوان پشکەکانیان، بۆیە پشکەکانی کۆمپانیاکە لەسەدا ١٧ی بەهاکەیان لەدەستدا، واتە زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دۆلار، ئەمەش زیانێکی مێژووییە، دەستبەرداری دەسەڵاتی خۆی بوو وەک یەکێک لە دەوڵەمەندترین کۆمپانیاکانی جیهان، بێگومان کاتێک کۆمپانیای باوک پژمین دەکات ، کۆمپانیاکانی تر سەرمایەکی توندیان هەیە، و تەنانەت لەوانەیە بە تەواوی بتەقێنرێنەوە
•
•
•
•




ئەوروپا دوای زیاتر لە ٧٧ ساڵ جارێکی تر دووچاری شەڕێکی نەخوازراو بوه‌وە،.. شورش عزیز سورمێ

ئەوروپا دوای زیاتر لە ٧٧ ساڵ جارێکی تر دووچاری شەڕێکی نەخوازراو بوه‌وە، ئەویش شەڕی رووسیای پوتینە دژ بە وڵاتێکی خاوەن سەروەر و ئازادی وەک ئۆکرانیا، کە تاکە تاوانی داواکردنیەتی بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا

ئەو پرسیارەی لای هەمووان دروست دەبێت ئەوەیە، داگیرکردنی ئۆکرانیا لە لایەن پوتین بە تاوانی جەنگ دادەنرێت یان نا، ئایا پوتین رووبەڕووی چ سزایەک دەببێتەوە؟
دوای چەند رۆژێک لەو تۆپبارانە چڕەی کە بەردەوامە، ترسی ئەوە هەیە سەرۆکی رووسیا لە رۆژانی داهاتوودا هێرشێکی گەورەتر بکاتە سەر کیێڤ و شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا.
وەزیری بەرگری ئۆکرانیا (ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ) هۆشداری ئەوەی دا کە پۆتین بە نیازە بۆمببارانی شارەکانی تری وڵاتەکەی بکات، بە مەبەستی لاوازکردنی هێزەکانی ئۆکرانیا.
هاوکات دوای ئەو ئیدانەکردنانەی کە لەلایەن وڵاتانی جیهان کرا بەرامبەر بە کردەوەکانی رووسیا، داواکاری گشتی دادگای نێودەوڵەتی تاوان رایگەیاند، کە پلانیان داڕشتوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی هەڵسەنگاندنی ئەو شەڕە لەلایەن پوتینەوە، هەروەها بەدواداچون لەو کردەوە سەربازییانەی، کە رووسیا بەرامبەر بە ئۆکرانیای کردووە و ئەو بەڵگانە چین کە پوتین بە دەستیەوەتی بۆ ئەنجامدانی ئەو شەڕە لە دژی ئۆکرانیا.
تاوانی جەنگ چییە؟
تاوانی جەنگ بریتیە لە پێشێلكردنی یاساكانی جەنگ، كە كەسێك یان گرووپێك ئەنجامی دەدا. یەكەم دادگای تایبەت بە تاوانی جەنگ، لە بەرامبەر پیتر فۆن هاگنباخ بەڕێوەچوو، كە لە ساڵی 1474 فەرمانڕەوای نەمسا بووە، بە هۆی تێوەگڵان و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. لە جەنگی جیهانی یەكەمدا، زۆرێك لە وڵاتان، دانیان بەو یاسایانە نا، كە پێشێلكردنیان بە تاوانی جەنگ هەژمار دەكرا. (وەك ئەو یاسایانەی، كە لە پەیماننامەی لاهای لە ساڵی 1899 و 1907 هاتوون). بەڵێنامەكانی دادگای نێودەوڵەتی نۆرمبێرگی ساڵی 1945یش، تاوانی جەنگی، بە پێشێلكردنی بنەمایەكان و نەریتی جەنگی دەستنیشان كردووە. وەك كوشتن و خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكانی سڤیل و راگواستنیان لەناوچە داگیركراو و كوشتنی بەند و دەستبەسەرانی جەنگ.
بەپێی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستەواژەی تاوانی جەنگ ئاماژە بە پێشێلکاریی جدیی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەکات، کە لە کاتی شەڕێکی چەکداریدا بەرامبەر هاووڵاتیانی سیڤیلی ئەنجام دراوە.
یاساکان لە کاتی ناکۆکییەکانی دوای جەنگی جیهانی دووەم لە پەیماننامەکانی جنێڤی ساڵی 1949 کە لەلایەن هەموو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە واژوو کرا، بە رووسیاشەوە. هەروەها “هێرشکردن یان بۆردومانکردنی شارەکان، گوندەکان، خانووبەرە یان بینا پارێزراوەکان کە نابێت ببنە ئامانجی سەربازی بە هیچ شێوەیەک”.
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ تیشکی خستە سەر یەکێک لەو هێرشانەی کە هێزەکانی رووسیا بۆ سەر باخچەیەکی ساوایان لە باکوری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ئەنجامیانداوە، کە تیایدا چەکی قەدەغەکراویان بەکارهێناوە، کە دەڵێت دەتوانێت تاوانێکی جەنگی پێکبهێنێت.

شورش عزیز سورمێ/ ئیتالیا




ئۆپەرێت: سنوور.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

نەبەز:
کەژاڵی چاو جوان، کەژاڵی چاو جوان
لە تاوی عیشقت، دڵم کەوتە ژان
هەر لەو ڕۆژەوەی کە تۆم دی لەوێ
خەو لە چاوانم هەرگیز ناکەوێ
لە ڕێی کانییان، ئاسکی باسک
بەناز و عیشوە، بە غەمزەی ناسک
دڵت ڕفاندم، شەیدات بووم شەیدا
دێوانەت کردم، دڵم پڕ سەودا

کەژاڵ:
نەبەزی دلێر، نەبەزی دلێر
ئەی کوردی نەبەرد، ئازا وەکوو شێر
شەو و ڕۆژ هەردەم لە خەیاڵمی
گیرۆدەی دەستی زوڵمی زاڵمی
هەر لەم ڕۆژەوەی تۆم دی لای کانی
لە خەیاڵمی شەو تا بەیانی
ناتە ناو دەستم سێوی پڕ مێخەک
یاری چاونەترس، پڕ وەفا و ئەمەک
ئێستاش چاوەڕێم، چاوم لە ڕێتە
گیانم قوربانی گەردی بەر پێتە

نەبەز:
نەفرەت لە شەڕ و لە دوژمنانمان
لە سەفەربەرلک، جیهادی تورکان
سەدان ساڵ پاڵەین، ئەوانیش سەردار
کە هاتە بێنیان، کەوتنە گریە و زار
گوێمانیان کاس کرد، بە قسەی زلیان
قەرداش قەرداش و جەنگی گاوران
من چیم لە تورکە، لە ئالی عوسمان
زمانم کوردی و شاهم شاماران
چەند ساڵە لەبەر خزمەتی سوڵتان
ئاوارەی کێو و کەژ و کۆساران
کورد هەتا کەینێ حاڵی وا دەبێ؟
نۆکەری فارس، تورک و عارەبێ
هەتا کەی خاوەن وڵاتمان نەبین؟
هەڵی کەین ئاڵا، ئاڵایێ ڕەنگین

چیرۆکبێژ:
هاتن وا هاتن، لەشکر وا هاتن
دوژمنی خەڵکی شار و دێهاتن
نە ئەویان دۆستە، نە ئەمیان هاوڕێ
کورد لەم نێوەدا، بەڵای هاتە ڕێ
شەڕ‌ دەستەویەخە، شەستیر و هاوان
یەک یەک دەپێکێ لاوی کوردستان
گرمە و ڕمبەڕمب، حەوت شەو و ڕۆژان
شار و وڵاتیان وێران کرد، وێران
لە هەموو لایێ، لاوی تازەجوان
بە پۆل دەوەرن، وەک گەڵای خەزان
دایکی شەهیدان، کەوتنە گریانێ
لە کرمانشانێ هەتا کۆبانێ
دەشت و دەر هەمووی ئاگر بارانە
خەڵتانی خوێن بوو ئەم کوردستانە
هەر چی کە کوردە وا بوو ئاوارە
ئەمڕۆ ئاهەنگی گورگ و کەمتیارە
بەشی کورد هەردەم گریە و ڕۆڕۆیە
هەردەم خۆ کوژی و شەڕە پەڕۆیە
ئەو کلکی ئەو لا، ئەم کلکی ئەم لا
لەم نێوانەدا، بووین هەلاهەلا

کەژاڵ:
هەواڵمان بۆ هات، هەواڵمان بۆ هات
شەڕ ڕاوەستاوە لە شار و دێهات
دەستم دامێنت، ئەی چەرخی گەردوون
بێوەی بێ یاری عاشق و مەجنوون
ژێر پێم سووتایە، ئۆقرەم نەمایە
یاری شیرینم کەی دێ خودایە
چاوم هاتە دەر لە چاوەڕوانی
یار کەی دێتە لام بۆ دەستگیرانی
ئاخۆ تۆ بڵێی، ئێستاش وەک جاران
شێت و شەیدام بێ، یاری نەوجەوان
یاخۆ تۆ بڵێی، لەوێ لە سەنگەر
کچێکی جوان و باریکە کەمەر
بە لەنجەولاری شێتی کردبێ
بە تیری چاوی دڵی بردبێ
ئۆقرەم لێ بڕا، هۆشم نەمایە
یاری شیرینم کەی دێ خودایە

نەبەز:
کەژاڵ وا هاتم، کەژاڵ وا هاتم
شێتی دیداری بەژن و باڵاتم
چرای ژینمی، مەرهەمی ژانمی
شێرکۆ گوتەنی، تۆ نیشتمانمی
ئاخۆ تۆ بڵێی یاری چاو جوان
چاوی لە ڕێم بێ وەک جاری جاران
خۆ لەوانەشە، کوڕێکی زەنگین
خاوەن تەلار و کۆشکێکی ڕەنگین
بە قسەی شیرین، بە ماڵ و سامان
فریوی دابێ، بە گفت و پەیمان

کەژاڵ:
چارم ناچارە، ئیدی خۆم ناگرم
سەر لە بەیانی، سەرم هەڵدەگرم
بەرەو ئاسۆی ڕوون، بەرەو یارەکەم
تاکوو نەیبینم، مەرجە سڵ نەکەم

نەبەز:
گیرۆدەی دەستی یاری شیرینم
ماندوێتیم ناشکێ، تاکوو نەیبینم
سەرم هەڵدەگرم پەیمانم داوە
تاکوو نەیبینم ناڕۆم لەم ناوە

چیرۆکبێژ:
کەژاڵ لە ئەمبەر، نەبەز لە ئەوبەر
ڕێگەی جەنجاڵی، گوندیان گرتە بەر
ئەویان لەم گوند و ئەویان لەو دێیە
ماوەی نێوانیان یەک قۆناخ ڕێیە
تامەزرۆی دیدار، وان بە نەرمەغار
بۆ یەکدی دەڕۆن، دوو دڵ و دڵدار
هەر چەند هەنگاوێ دوور بوون لە یەکتر
وا بە باڵ کەوتن، وەکوو دوو کۆتر
بەڵام خۆشییان هەتا سەر نەما
هیوا و ئاواتیان یەکسەر داڕما
دوو دەستەیان دی، دوو دەستە عەسکەر
یەکیان ڕوو لەمبەر، یەکیان ڕوو لەوبەر
چەکیان لە شان و بوغز لە چاوان
دابەشیان دەکرد خاکی کوردستان
دەنگی کەڕەنا و نەعرەتەی زوڕنا
هیوای ئەوینی وانیان لە گۆڕ نا
هاواریان هەستا: «ئەی سنوور بەزێن
ما نامانبینن، ئەوە بۆ کوێ دێن؟
نازانن ئیتر لێرە بەدواوە
ئەمبەر و ئەوبەر لێک ترازاوە؟
وا کێشاومانە سنووری دەستکرد
لەتلەتمان کردووە خاکی گەلی کورد
خاکی کوردانمان کردە چوار پارچە
بە زەبری هێز و گوللە و دەمانچە»




گیرفانی بەتاڵ، تەوێڵی بەرز.. نەوزاد مدحەت

لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر،
منیش هەڵدێم لە ماڵی خۆم
شانم چەماوە لە ژێر قورسایی فاتورەی کەڵەکەبوو
خەونەکانم وردوخاش،
هیوا کزدەبێت، بەڵام ناشکێت.

مەچەکەکانم لە پشتم پڕ ئازارتر،
لە بەرزکردنەوەی سامانی خەڵکی تر،
سامان وەبەر دێنم
سەدان جار لە باڵای خۆم بەرزتر
کەچی چەقیوم لە پنتێک،
هەرچەندە دەمەوێت بفڕم.

ژمارەکانی ئەژماری بانکییم ناگۆڕێن
هەرچەندە کاتەکانی رۆژ درێژتر دەکەمەوە،
شەوەکانیش کورت
هێشتا هەڵدەستم و بەڵێن دەدەم:
هەر دەبێت من براوەبم
لە کاتژمێرە نەبڕاوەکانی کار.

نەشکان لەم ئێسکانەدا دەژی،
هەرچەندە هەژاری لە دەرگام دەدات،
من لەوە زیاترم کە هەمە
نرخی من لە سامانم گەورەترە.

هەر هەنگاوێک کە دەینێم
شوێنەواری جێدێڵێت،
هەر سرودێ بۆ یەکسانی کە دەیچڕم
سەدای نەبڕاوەیە بۆ هەمیشە
هەرچەندە دادپەروەری دیار نامێنێت،
ڕۆحم هێشتا بە کەللەڕەقی پێدەکەنێت.

خەباتی من بەردەوامە،
ئاسوودەیی وەک ئەستێرەیەکی دوور دیارە،
سەرم بەرز دەکەمەوەو
دوور دەڕوانم وەک هەمیشە،
هێشتا شانازی دەکەم بەوەی من کێم و چیم.
2024

ئەم بابەتە لە رۆژنامەی رەوت ژمارە ٣٣ لە بەشە ئەدەبێکەی (بانێژە) بڵاو بۆتەوە..