بەکورتی7: نهێنی و نهێنیبوون.. ئازاد حەمە

بەپێیئەوەی نهێنی Secretهەردوو ئاکاری شاردنەوە و ئاشكراكردن لەخۆدەگرێت نهێنیەکانی ئەویتر زۆرجار دوچاری گومان و ڕاچڵەکینماندەکات. راستە جیاکردنەوەی ئەوەی نهێنییە لەوەی ناچێتە خانەی نهێنییەوە گرنگیی خۆی هەیە. بەڵام بۆمان هەیە داکۆکی لە ماف بۆ نهێنیبوونSecrecyبکەین و جەخت لەوەشبکەین،کە بەپێی هەلومەرج و دۆزی ژیانی مرۆڤەکان پێویستی بۆ نهێنی یان نەگوتنی ئەوەی ناشێت بگوترێت و لەویتر بشاردرێتەوە جوداوازە.ئەمەو دەستبردن بۆ نهێنی ئەویتر،جیانەکردنەوەی پرایڤت لە نهێنی،دەرگیریبوون بەدەست شاردنەوەی نهێنییەوە هەڵەن، زۆرجاریش گوێمان لێییە هەندێک کەس دەڵێن:من هیچ نهێنیەکم نییە.لەم گوزارەیەدا هەڵە گەورەکە نییەکەیە.
ئەگەرشتێک نەبێت بەناوی نهێنیناسییەوە خۆ نهێنی هێندە گرنگە، کە فەلسەفە گوتنی خۆی لەبارەیەوە هەبێت. نهێنیبوون و دۆزینەوەی نهێنی دیرۆکێکی بەرینی لە هزری فەلسەفییدا هەیە. فەلسەفە هەردەم لە راستیی یان نهێنیی مەرگ دەپرسێت و هەوڵیلادانی توێکڵەکانی ئەم نهێنییەش دەدات.لەبەرئەوە لە ژیانی مرۆڤ دیاردەی نهێنی شتێکی سەرنجڕاکێش و بابەتێکی مرۆیی و عەقڵیشە.هەر بۆیە شێت نهێنی نییە. بەمجۆرە ئاشنابوونی فەلسەفە بە نهێنی شتێکی نوێ نییە و نهێنی(بوون،گەردوون،یەزدان)بەشێکن لەوە. بۆنموونە،پرسی بوون لای هایدیگەر بەشێکە لەو پرسەی تایبەتە بە دۆزینەوە،چونکە بوون لە شاراوەکانە،نهێنییە،ئەمەش داوای گەڕانمانلێدەکات تا ونبوو/شاراوە بدۆزینەوە.
لەسەر ئەو بناغەیە دەپرسین:نهێنی بۆ هەیە و چۆن دێتەسازان؟چی بە نهێنی ئەژماردەکرێت،چیش ناکرێت؟نهێنی بڤەیە؟بۆ کێ؟مێژووی هەیە یان ئەوەی کە مرۆڤ نهێنی هەیە دیاردەیەکی نوێیە؟ئەوەی نایڵێم نهێنییە یان لێمبووە بە نهێنی؟ئایا رۆژێک دێت مرۆڤ لە نهێنی ببێتەوە؟سەرچاوەی نهێنی چییە و سروشتی چۆنە؟چی نهێنی لە نانهێنیی جیایدەکاتەوە؟چۆن نهێنی دەمرێت؟ئەوە دێنێت لەسەر نهێنی رووبەرووی هەڕەشە،تەنانەت کوشتن ببینەوە؟کامیان ترسناکە:بەکاربردنی نهێنی ئەویتر یان ژیانی پرایڤتی؟مرۆڤ پێویستی بە نهێنی هەیە؟لەگەڵ باڵادەستی زیرەکیی دەستکرد چیبەسەردێت؟گەمژەکان،گێلەکان نهێنییان هەیە؟نهێنیی شتێکی ڕەوشتییە یان دیاردەیەکی بەدیی مرۆییە؟نهێنی پێویست لە نهێنی ناپێویست جیادەکرێتەوە؟ئەوەی دەیشارینەوە و باسیناکەین بە نهێنی دادەنرێت؟چەند مافی ئەوەمان هەیە نهێنی ئەوی تر بزانین و شت لەوانەش بشارینەوە متمانەیان پێمانە؟لەچ هەلومەرجێكا بۆمان هەیە وتی وتی لەبارەی نهێنی ئەویترەوە بكەین؟
نهێنی چییە؟نەگوتنی شتێکە،زانیارییەکە،ئەمە بەپێی پەیمانێک دەبێت لەنێوان دوان،یان گروپێک لەناو کۆمپانیا یان دامەزراوێک، یاخود بەپێی یاسایەک دەبێت،کە کەسەکە بە باسنەکردنی ئەو نهێنییە پابەنددەکرێت.نهێنی بڕێک لە بێدەنگبوون،شاردنەوە و سەرنگومکردنی تێدایە.بەمجۆرە نهێنی ئەو شتەیە گوتن لەبارەیەوە قەدەغەیە،یان خودی شتەکە شاراوەیە،ناڕوونە،نادیارە،نائاشکرایە. بۆیە گوتنی نهێنی،وادەکات ئەوەی نهێنیبووە ئاشکرابێت،لە شاردنەوە بەدەربێت،لە نهێنیبوونبکەوێت. کاتێک باس لە نهێنی دەکرێت شتێک دێتەئاراوە بەناوی ئەرکی پاراستنی نهێنی،یان ئەرکی نەدرکاندنی نهێنی.ئاسانتر بدوێێن: نهێنی ئەو شتەیە تۆ دەتەوێت بیزانیت و ئەویتر ئەو زانینەت لێقەدەغەدەکات.
دیاردەی نهێنیپارێزی ژیرمەندیەکی خۆی دەوێت.ئەم دیاردەیە ئەندێشەییەکی تێدایە،کە زۆرێک پەیپێنابەن بۆیە رقیان لێیە. رق لە نهێنی کۆتای بە نهێنیبوون ناهێنێت.نهێنی خۆی لەنێوان دوو دیودا دەبینێتەوە: درکاندنی نهێنی و پاراستنی نهێنی، کە ئەوەش دەکرێت بەرەو گفتوگۆی لایەنیتری ئەم دوو دیوەمان بەرێت، لەوانە:مانەوەی نهێنی و لەناوبردنی نهێنی، زیندوڕاگرتنی نهێنی و مرادنی نهێنی،ئەمەو تادەگاتە نزیکبوونەوە لە نهێنی، کە پێمانوایە ترسناکە/دورکەوتنەوە لە نهێنی کە پێمانوایە چارەسەرە.گومانیناوێت نهێنی دەخوازێت وەک پەیپێنەبراو بمێنێتەوە،خۆئەگەر نهێنی کەوتەبەر درکاندن ئەوا شتێک بەناوی نهێنییەوە نامێنێتەوە. سەرەڕای ئەوە،نهێنی هەیە دەمرێت و نهێنیتر لەدایکدەبێت، هەشە نەمرە،بۆنموونە راستی مەرگ.
هەموو نهێنییەک سروشتی خۆی هەیە و هەر ئەوەش کرۆکەکەی دیاریدەکات.زۆرجاریش بەهۆی نهێنیەکانەوە خۆمان دەپارێزین و جارجارەش ئەو نهێنیانەی بوینەتە هەڵگریان ناخۆشەویستماندەکەن یان ژیانمان دەخەنە مەترسییەوە. جیاکردنەوەی نهێنی باشیش لە خراپ، پێویست لە ناپێویست گرنگیی خۆیان هەیە.چونکە لە شت نهێنی دروستکردن مەرج نییە بە نهێنی ئەژماربکرێت.واتە جاری وایە ناخوازین راستیەکە بڵێین، ئەمە بەو مانایە نایەت ئەوەی نەگوتراوە نهێنییە.لێرە قسەمان لەوە نیە،کە سایکۆلۆژیای هەندێک کەس بەجۆرێکە لەزەت لەوە وەردەگرێت هیچی خۆی لەگەڵ نزیکەکانی باسنەکات،ئەمە نهێنیپارێزی نییە،ئەوە نییە لایسەرەوە لەسەری دوایین.بەڵام کاتێک دەگوترێت(ئەو شتە کرا لە پشت پەردەوە)،واتە بەشاراوەیی کرا، لێرە بێدەنگی لە کردنی شتەکە دەبێتە نهێنی.
گەمژەکان، دەبەنگەکان،بەشێوازی خۆیان هەڵگری نهێنین،لێ نهێنی دەرهێنانلێیان زۆر ئاسانترە وەک لە مرۆڤی ئاسایی. ئاژەڵەکانیش شێوازی خۆیانیان لە خۆشاردنەوە و خۆراکشاردنەوە هەیە،بەڵام شێوازی نهێنی ئەمان لەو سیستەمە ناچێت مرۆڤ نهێنیەکانی پێدەچنێت. سەرباریئەوە،چەمکی نهێنی لەبواری کاری هەواڵگری مانایەکیتری هەیە و لەوێڕا شێوازێکیتر لە شاردنەوەی زانیاری و پاراستنی نهێنی پراکتیزەدەکرێت.بەڵام پاراستنی نهێنی بەپێی نهێنی پیشەییConfidentiality،لە بواری دادوەریی،پزیشکیی، رۆژنامەوانیی تایبەتمەندی تری هەیە، یان قەشە لە وڵاتێکی وەک سوید هەرگیز داوای شایەتحالیلێناکرێت.
کۆتا بینینمان سەبارەت بە نهێنی ئەوەیە،کە دیدگای جیاواز لەبارەی نهێنی و چۆنیەتی نهێنیبوونەوە هەیە: نهێنی و کولتوور،نهێنی و چین و توێژ،نهێنی و رەگەز(نێر، مێ)، و زۆرێکیش لەگەڵ نهێنیخوازیدا ناسازگارن. بەڵام نابێت ئەوەمان بیرچێتەوە،کە هەموان ناتوانیین نهێنیپارێزبیین.ئەمە لە هەندێک ڕوەوە پێدەچێت پەیوەندی بە پەروەردەوە هەبێت. هەندێک پەروەردەی بەجۆرێکە،یان خۆی سروشتیوایە، کە دەمشڕە و ناتوانێت شت نەڵێت و توانای پاراستی گوتنی نییە.لێرەدا پێویستە ئەوە بزانیین،کە شتێک هەیە بەناوی ئاسایشی زانیارییەوە و لەوێ پاراستنی نهێنیەکان مەرجی سەرەکییە. بەداخەوە لەناو ئەو قەرەباڵغییە سیاسییەی لە کوردستان هەیە ئەو ئاساییشە وەک پێویست رێزیلێناگیرێ و وەک خەمێکی نەتەوەییش نابینرێت.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




كتێبی (ئایدۆلۆژست) ی بەختیار عەلی و چەند سەرنجێك.. سەدیق سەعیدڕواندزی

هەموو دەقێكی ئەدەبی، زادەی زەمەن و شوێنێكی دیاریكراوە.ئەگەر دەق بەرهەمی بیركردنەوە و دنیابینی نووسەربێت لە هەڵومەرجێكی دیاریكراودا، ئەوا نووسەریش وەك مرۆڤێك لە زەمەن و شوێنێك دەژیت و لە بەریەككەوتندایە لەگەڵ واقیع و دەوروبەر. لەم ڕوانگەیەشەوە دیاردەكانی دەوروبەری دەبنە جێگەی تێڕامان و بیركردنەوە كە دواجار ئەمەش لە دنیابینی نووسەردا ڕەنگدەداتەوە. لە بەشێكی زۆری دەقی ئەدەبیدا، دیاردە كۆمەڵایەتییەكان و سروشتی ژینگەیی و پەروەردەیی كۆمەلگای كوردی، بە تایبەتیش لە ڕابردوودا دەبینرێت. كە تیایدا نووسەرانی ئێمە، وەك پەیامێكی كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، دەقی ئەدەبیان بینیوە و لەوێوەش ڕەخنەی هەموو ئەو دیاردانەیان كردووە، كە ئەو كات بوونیان هەبووە. ناتوانین دەقێكی ئەدەبی لە چوارچێوەی ئەو زەمەن و شوێنە داببڕین كە تیایدا نووسراوە، چونكە ئەودەقە، بەرهەمی ئەو زەمەن و ژینگە كۆمەڵایەتی و پەروەردەیەیە. بۆ نموونە: هیچ شاعیرێكی قۆناغی بیستەكان، باسی فەیسبووكی نەكردووە، چونكە بوونی نەبووە، بەڵام هەمان ئەو شاعیرانە، سەدان جار باسی نەخوێندەواریی و جیاوازی چینایەتی و ستەمی ئاغا لە جوتیار و پەچەی ئافرەتیان كردووە. كەواتە لە بونیادی هەردەقێكدا، واقیعێك بوونی هەیە كە دەلالەتە لەوكات. بە هەمان شێوە، ئێستا هیچ لە شاعیرانی ئێمە باسی نەخوێندەواری ناكەن.بۆیە ناكرێت دەقێكی چیڕۆك یاخود ڕۆمان، بە میتۆد و دنیابینی ئەمڕۆ بخوێنینەوە. بە دەربڕینێكی تر، ناكرێ دنیابینی شاعیرێك و گوتاری شیعرەكانی بە نموونە لە سەرەتاكانی سەدەی بیستدا، ببەستینەوە بە تێڕوانینی ئێستامان و لە پەراوێزییەوە ڕەخنەی ئەو دەقانە بكەین، یاخود هەوڵی خوێندنەوەی دەقەكان بە كەرستە و چەمكگەلێك بدەین، كە ڕەنگە بۆ ئەو كات و قۆناغ هەربوونیشی نەبووبێت. لەو ڕوانگەیەوە، لە كتێبی (ئایدۆلۆژست)دا، بەختیار عەلی، هەوڵدەدات گوتاری شیعری كوردی و ئەزموونی شاعیرانی سەرەتای سەدەی بیست، ببەستێتەو بە چەمكی ئایدۆلۆژییاو لە پەراوێزییەوە ڕەخنەی توندوو ڕەت كەرەوە لە شیعری ئەو شاعیرانە دەگرێت. كە بە تێگەیشتنی ئەو، مەبەستییانە كەسیەتی تاك لە كەسییەتی كۆی جەماوەر بتوێننەوە و مانایەك بۆ سەربەخۆبوون و ئازادی تاكەكان نەهێڵنەوە، كە ئەمەش بە بڕوای ئەو، كاركردنە لە پێناو دروستكردن و بەرهەمهێنانی مرۆڤێكی ئایدۆلۆژست، كە دواجار لە خزمەت تێزێكی ئایدۆلۆژی دەبێت.بێگومان شیعری كوردی بە گشتی لە سەرەتای سەدەی بیستدا، شیعرێكە لە پێناوی كۆمەلگە و ڕیفۆرمكردنی تاكەكان و هاتنەوە بەگژ هەموو ئەقڵێكی میللی و دواكەوتوویی ئایینی و چینایەتی نووسراوە. كە لەم ڕووەوە ئەزموونی هەریەك لە قانع و بێكەس دیار و بەرچاون. نووسەر لەو كتێبەیدا، دەیەوێت گوتاری شیعری ئەو قۆناغە، بە گوتارێكی ئایدۆلۆژی ڕووت و شاعیرانی ئەو سەردەمەش بە بكەر و دروستكەری ئایدۆلۆژییا بناسێنێت، كە بە بڕوای ئەو، هەرچی نەهامەتی ئێمەیە، لێرەوە دێت و تەنانەت ئەو تیرۆرستانەی ئێستاش خۆیان دەتەقێننەوە، بەرهەمی شیعری (شێخ نوری و بێكەس و ئەحمەد موختارجاف) ن، كە ئەمە نەك هەر ڕایەكی نالۆژیكییە، بگرە ترسناكیشە و دەبێت بە توندی لە دژی بوەستینەوە، چونكە پێناسەكردنی شیعری كوردی، لەو چوارچێوە فیكرییە هەڵەیەدا، لە سەرێكەوە ئەو مێژووەی شیعری كوردی دەشێوێنێت و گومانی دەخاتە سەر، هاوكات بە بڕوای من گەورەترین خزمەتیشە بە هزری ئەوانەی خۆیان دەتەقێننەوە و خاوێن كردنەوەی پەرێزییانە كە ئەوان بەرهەمی سەید قوتب و ئیخوان و داعش و جوندلئیسلام و توندەڕەوە ئیسلامییەكانی كۆمەڵگەی ئێمە نین، بەڵكو بەرهەمی شیعری كوردی سەدەی بیستن. دیارە یەكێك لە سادەترین سیمای ئەدەبی بۆ ناسینەوەی ئەو قۆناغە و ئەو ئەزموونەی شیعری شاعیرانی كورد كە ئەو بە ئایدۆلۆژست ناویان دەبات ئەوەیە، كە شیعری ئەو شاعیرانە لە چوارچێوەی گوتارێكی كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و هوشیاریدایە، كە ئامانجییان هوشیاركردنەوەی خودی تاك و كۆمەڵگەشە. ئەو شاعیرانە، كاتێ جەخت لەسەر هوشیاربوونەوەی تاك و ڕەخنەكردنی مرۆڤی كورد و دیاردە كولتووریی و میللییەكانی كۆمەڵگە دەكەنەوە، مەبەستییان ئەوە نییە دواجار خۆیان ببنە ئایدۆلۆژست و لە بری هەمووان بیربكەنەوە و قسە بكەن، یاخود هەوڵی تواندنەوەی كەسیەتی تاك لە كەسییەتی دەستەجەمعی و كۆ بدەن، وەك ئەوەی بەختیار عەلی دەیڵێت، بەڵكو مەبەستییانە دواجار ئەو ڕەخنەكردنە، ببێتە هەوڵێك بۆ هوشیاركردنەوە و پێشكەوتنی ئەوانیش، هاوشێوەی خۆرئاوا. كاتێ بێكەس لە شیعرێكیدا باسی ئەوە دەكات ئەوروپا پاپای تەمبێ كردو دەستی دایە عیلم و فەن، ئەوا مەبەستییەتی كە كوردیش وەك خۆر ئاواییەكان دژ بەو ئەقڵە لاهوتی و خورافییە بوەستێتەوە، كە بڕوای بە زانست و پێشكەوتن نییە. مەگەر هیچ شاعیرێك هێندەی فایەق بێكەس، ڕوانگەیەكی ڕۆشنگەریی و پێشكەوتنخوازانەی لە شیعردا هەبووە؟ شاعیرێك كە هانی یەكسانی نێوان نێر و مێ بدات، شاعیرێك كە دژی ڕوانینی خورافی و ئایینی بوەستێتەوە، شاعیرێك كە باس لە فڕێدانی پەچەی شەرم وكاركردن و پاشكەوتكردن و فەرقنەكردنی نێوان نێرو مێ دەكات، ئیدی دەكرێ بڵێین ئەمە شاعیرێكی ئایدۆلۆژستە نەك ڕۆشنگەر؟ مەگەر بێكەس لەو شیعرانەیدا، لە خزمەت هیچ ئایدییاو ئایدۆلۆژییایەكی سیاسی بووە؟ كاتێ ئەم شاعیرە، لە بەرامبەر نوێنەری ئینگلیزەكان، باس لە بیست و هەفت ساڵەی ڕەنجەڕۆیی خۆی دەكات، ئاخۆ خزمەتی ئایدۆلۆژییا دەكات، یان دژی سیاسەتی ئیمپریالییەكان دەوەستێتەوە. كاتێ ئەحمەد موختار جاف، خەون بە ڕاكێشانی هێڵی شەمەندەفەر دەبینێت، زێوەر هەموو هەوڵێك دەدات لە پێناو خوێندەواریی و قانع دژی ئاغا و دەرەبەگ و كوێخاكان دەوەستێتەوە، دەكرێ بڵێین ئەمانە شاعیری ئایدۆلۆژست بوونە و لە خزمەت ئایدۆلۆژییا دابوونە یان دیدگایەكی مرۆڤدۆستی و ڕیفۆرمانەیان بە ئامانجی پێشكەوتن و كرانەوەی كۆمەڵگە هەبووە؟ ڕووبەرێكی گەورەی شیعری كوردی لە سەرەتای بیستەكانی سەدەی ڕابردوودا، واتە ئەو شاعیرانەی نووسەر لە كتێبی ئایدۆلۆژست ڕەخنەیان دەكات و دەیانسڕێتەوە، تەرخانە بۆ دواندنی كۆمەڵگە و كاركردن لە سەر هزر و ڕوانینی مرۆڤ بە ئاراستەی هوشیاریی كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و چینایەتی. ئەو شاعیرانە، تاكی كورد لە پێناو ئایدۆلۆژییادا نادوێنن، وەك ئەوەی بەختیار عەلی باسی دەكات، ئەو شاعیرانە، كار لە سەر ناسنامە و سەربەخۆیی تاك ناكەن، بۆ ئەوەی دواجار لە بۆتەی نەتەوە بیتوێننەوە، یاخود ناسنامە و سەربەخۆیی و خۆیان ون بكەن، بە پێچەوانەوە، بەڵكو بۆ ئەوە دەیاندوێنن تاكو درك بە ماف و ئەرك و پێگەیان بكەن. شاعیرێكی وەك قانح، كاتێ بەگژ ئەقلێ چینایەتی دادێتەوە، ئەوا گوتاری یەكسانی نێوان مرۆڤەكان و دادپەروەری كۆمەڵایەتی وەك پەیامێك لە شیعردا بەرجەستە دەكات. بێكەس بۆچی دژی پاپا و ئەقڵی لاهوتی دەوەستێتەوە، ئەگەر شیعر وەك پەیامێك بۆ ڕۆشنبیركردنی ئەوانیتر نەبینێت؟ڕەخنەكردنی ئەو شاعیرانە و ناساندنیان بە بكەری ئایدۆلۆژستی، دەلالەت لە دابڕان و هیچ پەیوەستبوونێكی دەقی شیعر و قۆناغی شیعری و كۆمەڵایەتی لای نووسەری كتێبەكە دەكات، چونكە ئەگەر بە وردی مێژووی شیعری كوردی بخوێنینەوە، زۆر بە ئاسانی لەو ڕاستییە دەگەین، كە ئایدۆلۆژییا وەك چەمك، وەك تیمەی سیاسی، لە دوای نسكۆی شۆڕشی كورد و بە دیاریكراوی لە شیعری ناوەڕاستی هەفتاكان، سەرهەڵدەدات و درێژ دەبێتەوە تاكو سەردەمی ڕاپەڕین. شیعری ئەو قۆناغە، كە دیسانەوە بەرمەبنای ئەو هەڵومەرجە كۆمەڵایەتی و سیاسی و مرۆیەیە كە كورد تیایدا دەژیت، كە قۆناغی نائومێدی و ڕەشبینی و گەڕانە بە دوای فریادرەسێك، شیعریكە تەماهییەكی زۆری لەگەڵ ئایدۆلۆژییا دەبێت، بە تایبەتیش شیعری شێركۆبێكەس، ئەزموونێكی هەرە چڕو دیاری ئەو بە ئایدۆلۆژیكردنەی شیعرە. ئایدۆلۆژییا وەك چەمك، وەك میتۆدێكی سیاسی كە مرۆڤ بۆ بەرنامەیەكی سیاسی، ئایینی، نەتەوەیی، تەیار دەكات، چەمكێك نییە بێكەس و قانع و زێوەر دایان هێنابێت. بەڵكو ئایدۆلۆژییا ئەو كاتە دەچێتە نێو گوتاری شیعری ئێمە، كاتێ لە مێژووی ئەدەبی ئێمەدا شاعیرانێك دەردەكەون، شیعر لەپێناو ڕێكخراوێكی سیاسی، كارەكتەر و سەركردەیەكی حزبی، شۆڕشگێڕێكی ڕێگەی سیاسی دەنووسن كە ئەمەش زۆر ئاساییە، چونكە هیچ كەسێك ناتوانێت و ئەو مافەی نییە، كە ڕەنگرێژی دنیابینی شاعیرێك بكات كە چۆن و بۆچی ئەو شیعرانە دەنووسێت. بە نموونە كاتێ هەژار موكریانی شیعر بۆ بارزانی دەنووسێت، ئەو شیعر لە ڕوانگەیەكی حزبی و ئایدۆلۆژی نانووسێت، بەڵكو شیعر بۆ مرۆڤێك دەنووسێت، كە خەونی گەورەی ڕزگاركردنی نەتەوەكەیەتی. ئەو شیعر لە پێناو پڕۆژەیەكی ڕزگاری و نەتەوەییە، كە ئەویش خەونی گەیشتنە بە ئازادی. لێرەوەش گرفتی بەشێكی زۆری ڕۆشنبیرانی ئێمە لە نێویشیاندا (ڕەهەندییەكان) ی پێشوو ئەوەیە، كە هەموو شتێك بە پێوەری سیاسی و ئایدۆلۆژی دەبینن. ئەوان بۆچوونیان وایە، چونكە سیاسەت كایەكی ناشرین و بێزراوە لە نێو ئێمەدا، حزبە سیاسییەكانی ئێمە نموونەیەكی جوانی كارگێڕیی و دیموكراسی و خزمەتگوزاریان نیشان نەداوە لەو چەند ساڵانەی دوای ڕاپەڕین، ئیدی كوردایەتی، ڕزگاری نیشتمانی، خەونی سەربەخۆیی و ئازادی، خەونی بچووك و بەتاڵ و بێ مانان. ئەو ڕۆشنبیرانە، بۆچوونییان وایە، وەك چۆن تاكێكی خۆرئاوایی، تاكایەتی خۆی دەژیت و نەتەوە و نیشتمان و سیاسەت و ئایین لە پەراوێزی ژیانیدان، ئیدی دەبێ تاكی كوردیش بە هەمان ئەقڵیەتی ئەوان بیر بكاتەوە و بژیت، بێ ئاگا لەوەی كە ئێمە هێشتا لە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی دەژین و وەزیفەی تاك زۆر جیایە لە وەزیفەی تاكێكی خۆرئاوایی، كەچی نووسەرلە لاپەڕە(149) ی كتێبەكەیدا دەنووسێت:(لە قووڵایی قۆناغەكەدا،هەوڵێكی گەورە هەیە بۆ دروستكردنی جەستەیەكی دەستەجەمعی، پرەنسیپی مانەوە لەسەر تواندنەوەی تاك لە جەستەیەكی كۆمەڵایەتی گەورەدا، لە سەر شۆڕكردنی ئینسانەكان بۆ بەرزە منێكی ڕزگار كەر ئیش دەكات هەموو هەوڵەكان بە ئاراستەی گەورەكردنی جەستەی جەماوەرە كە بە كورد گوزارشتی لێدەكرێت) لە پەراوێزی ئەو بۆچوونەوە، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە نووسەر نەك هەر بیروڕای سیاسی تاكەكان لە ئاستی نەتەوەییبوون ڕەت دەكاتەوە، بەڵكو پێی وایە سەر شۆڕیەكی گەورەشە لە شۆڕشدا، بەدوای ڕزگاركەرێكدا بگەڕێین. وەلێ دەكرێ لێرەدا ئەو پرسیارە بكەین، ئاخۆ مانایەك و هەبوونێك بۆ جەستەی تاك لە ئاستی شوناس و ناسنامەدا هەیە، ئەگەر جەستەیەكی نەتەوەیی بوونی نەبێت؟ ئایا وێرای هەموو ئەو پێشكەوتنانەی سەردەم، كاڵبوونەوەی سنوورەكان، گلۆبالیزم و تێكڵبوونی چڕی مرۆیی و نەتەوەیی، هێشتا مانایەك بۆ ناسیۆنالیزم و نەتەوە نەماوەتەوە؟ ئەو تێزەی نووسەر كە توانەوەی جەستەی تاك، لە جەستەی كۆ ڕەت دەكاتەوە، ڕەنگە بۆ خۆرئاوا، بۆ ئەو وڵاتەی ئەو لێی دەژیت، تێزێكی دروست بێت، وەلێ بۆ نەتەوەیەكی وەك كورد، دۆخێكی ترە. نەتەوەییبوون و كوردایەتی وەك شوناس، لە پڕۆگرامی سیاسی حزبێكدا كورت ناكرێتەوە، تا نووسەر بۆچوونی وابێت ئەوانەی بە دوای ڕزگاركەرێكدا ئەگەڕێن، سەركز، سەرشۆڕ و خاوەنی بوون و ناسنامەی خۆیان نین. ئێمە هەر سێ ساڵێك لەمەو بەر، لەلایەن توندترین و جەنگەڵترین ڕێكخراوی تیرۆرستی ڕووبەڕووی پەلامار بووینەوە و هەڕەشە كەوتە سەر ناسنامە و بوون و ژیانمان. بۆیە ئێستاو تا بە دەستهێنانی قەوارەیەكی نەتەوەیی، ماناكانی جەستەی نەتەوەیی ئێمە لە ئاستی بوون و مانەوەدا پێویستن. هەڵەیەكی گەورەیە نەتەوەیەك لە نێوا دوژمنەكانیدا بژیت، بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی سڕینەوە دابێت، كەچی تۆ بۆچوونت وابێت، وەك چۆن تاكێكی خۆرئاوایی، سەربەرستی و شوناسی تاكانەی خۆی بەلایەوە هەموو شتێكە، ئەویش بەو شێوەیە بیر بكاتەوە. ئێمە لە سەرەتا ئاماژەمان بەوەكرد كە بەشێكی زۆر لە ڕووناكبیرانی ئێمە، هەموو كایەكانی ژیان، بە پێوەری سیاسەت دەبینن و دەخوێننەوە. چونكە سیاسەتیش لە میتۆدی كاركردنی حزبی سیاسی بچووك دەكەنەوە، ئیدی بۆچوونییان وایە كە ئەوە كوردایەتییە هەر لە بنەڕەتەوە ناشرینە و نابێ بە ناوی شوناسی نەتەوەیی و كوردایەتییەوە، تاك، تاكایەتی خۆی لەجەستەی گشتی بتوێنێتەوە. گرفتێكی گەورەیە، تۆ بە میتۆدی كۆمەلگەیەكی خۆرئاوایی، كۆمەڵگەی خۆت بخوێنیتەوە. لە ڕاستیدا، بەشێك لە بۆچوونەكانی نووسەر بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ئەدەب و شیعری كوردییەوە هەیە، جێگەی سەرسامین. خوێنەر كاتێ ئەو دیدە دەبینێت كە ئەو نووسەرە بە توانایە شیعری كوردی پێ هەڵدەسەنگێنێت، دەكەوێتە پرسیار و شۆكێكی گەورە. بەوەی چۆن نووسەرێك، ڕایەكی لەو شێوەیە، بێ هەبوونی هیچ ئەرگۆمێنتێك دەردەبڕێت. بۆ نموونە: ئەو لەڵاپەڕە (137) ی كتێبەكەیدا، لەپەراوێزی ڕەخنەگرتن لە شیعری كوردی سەدەی بیستدا، بە تایبەتی شیعرەكانی (شێخ نوری) و(بێكەس) و(قانح) دا، دەڵێت:(ئەم ستاییشەی مردن بە درێژایی سەدەی بیست و تا ئەمڕۆش لە هەموو شوێنێك هەڵدەقوڵێت ئەو تیرۆرستانەشی كە خۆیان دەتەقێننەوە، درێژكراوەی ئەو هێڵە ستایشكردنەی مەرگن كە ئایدۆلۆژستەكان لە سەدەی بیست جێگیری دەكەن) با لەوە گەڕێین كە چۆن ئەو نووسەرە تیرۆرستێك و ئەوانەشی لە پێناوی نەتەوەدا خوێن دەڕێژن، لە تای تەرازووێكدا یەكسانییان دەكات، تەنها دەپرسین لە كوێوەی شیعری شاعیرانی كوردی ئەو قۆناغەدا، ئەو پەروەردە تیرۆرستییە دەبینرێت؟ كام شاعیر و كام شیعر خۆتەقاندنەوە دەكاتە نەریت و بە مرۆڤی كوردی ئاشنا دەكات؟ دەكرێ مردنی تیرۆرستێك، بە مردنی هەمان ئەو خۆبەختكارە بەراورد بكەین كە بە نموونە لە ڕێگەی شیعرێكی شێركۆبێكەسەوە، ئامادەیە لە پێناوی نەتەوەكەیدا خۆی بكاتە قوربانی؟ هەر خوێنەرێك ئاگاداری مێژووی شیعری كوردی بێت، بۆچوونی ترسناكی لەو شێوەیە دەرنابڕێت! ئاخر تیرۆرستان بەرهەمی شیعری شێخ نوری نین، بەرهەمی شیعری بێكەس نین، كە ئەو ئەقڵیەتە ڕۆشنگەرەی ئێستا كاك بەختیار و هاوڕێكانی هەیتیان، بێكەس هەشتا ساڵ لەمەوبەر هەڵگڕی بووە، بەڵكو بەرهەمی ئیسلام، ئیسلامی سیاسی، جوندو ئەنساڕ و ئیسلامییە توندڕۆ و تیرۆستییەكانی داعشن، كە شمێشریان بەلاوە پیرۆزە. كارەكتەری تیرۆرست، نەك هەر كارەكتەرێكی بێزراو و نامۆ و قێزەوەنە لە فەرهەنگی كۆمەڵگەی ئێمەدا، بگرە تا سەرەتا دوو هەزارەكانیش، مرۆڤی كورد نەیدەزانی تیرۆر و تۆقاندن و ملپەڕاندن بە شمشێر هەیە، هەتا مەلاكرێكارو تیرۆستانی جوند، سەری پێشمەرگەیان لە خیڵی حەمە نەبڕی. لە مێژووی كورددا، كوشتن بوونی هەبووە، وەلێ كارەساتە تیرۆرست بە بەرهەمی كۆمەڵگەی كوردی و شیعری سەدەی بیست بزانیت. ئەو بۆچوونە ترسناكە، نەك هەر دەبێ ڕەت بكرێتەوە، بەڵكو دەبێ لە دژیشی بوەستینەوە. ئەو بۆچوونە، لە دوو ڕەهەندەوە مەترسییەكی گەورەیە، لەلایەكەوە بە بڕوای من، پاككردنەوەی پەرێزی ئەوانەیە كە تیرۆریان بۆ یەكەمجار وەك دیاردەیەكی سیاسی هێنا نێو كۆمەڵگەی كوردی، كە هەموومان دەزانین كێن ئەوانە، لەلایەكی دیكەشەوە سڕینەوەی ڕیشەی مێژووی ڕۆشنبیریی و فەرهەنگی ئێمەیە، چونكە نابێ ئەوەمان بیربچێت، كە مێژووی ڕۆشنبیریی كوردی لە شیعرەوە دەست پێ دەكات. ئەو كاتەی خانی بە شێوەیەكی سەرەتایی پرەنسیپەكانی ناسیۆنالیزم لە مەم و زیندا بینا دەكات، چەمكێك نەبووە بە ناوی ناسیۆنالیزم، ئەو كاتەی بێكەس، دژی چەوسانەوەی ڕەگەزی دەوەستێتەوە، قانع خەون بە یەكسانی و دادپەروەری و نەمانی جیاوازی چینایەتی دەبینێت، ڕێكخراوێكی سیاسی نەبووە، بە میتۆدێك لە دژی چەوسانەوەی چینایەتی بوەستێتەوە. شاعیرانی كورد، منەوەرەكانی كوردن. ئەگەر كورد مێژووێكی ڕۆشنبیریی و فەرهەنگی هەبێت، ئەوا ئەو سەرمایە ڕەمزییە گەورەیەیە كە شاعیرانی كلاسیك و سەدەی بیستیش، لە شیعردا بەرجەستەیان كردووە. شاعیرانی ئێمە بە تابەتیش قانع و بێكەس، كە بەختیار عەلی ڕەخنەی زۆری ئاراستەی ئەوانە، شیعر وەك پەیامێكی كۆمەڵایەتی، مرۆیی، نەتەوەیی و نیشتمان دەبینن. هاندانی ئەوان لە شیعردا، هەرگیز هاندانێكی ئایدۆلۆژیی و ڕووت نییە، بە پێچەوانەوە قانع، بەو پەڕی هەژاری و نەهامەتی ژیا، ئاشەوان بوو، وەلێ هەرگیز ڕۆژێك لەو هەژاریی و نەداریەی خۆی پەشیمان نەبوو. ،كەس ئەوەندەی قانع، شكۆ ناكاتە بەهایەك بۆ مرۆڤەكان، ئەو كاتێ دەڵێت لە تۆزی ئاشدا غەرقم لە بنی پێم تا تەوقی سەرم، بەلام بەختەوەرم كە هەر خۆم بۆ خۆم ئامێرم، مانای وایە، مرۆ ڤەكان، فێری شكۆمەندی، سەربەرزی، شكۆی كۆمەڵایەتی و بە ئامێرنەبوون دەكات. ئێمە چ سەرمایەكی هزری، ڕۆشنبیریی، كولتووریمان هەیە، كە ئاماژەیەك بێت بۆ ڕابردوومان جگە لە شیعر؟ كەواتە چۆن دەبێت نووسەرانی ئێمە لە ڕقی سیاسییەكان، بێن هێڵێكی ڕاست و چەپ بە سەر شیعر، ئەدەبیات، شاعیران دابێنن كە مێژووی فەرهەنگی و سیاسی و نەتەوەیی ئێمە لە شیعرەوە سەریهەڵداوە بەتایبەتیش لە سەرەتاكانی سەدەی ڕابردوودا، تا كۆتایی سەدەكە، شیعری كوردی شوناسی سیاسی و ئەدەبی و بەرگریی نەتەوەی كورد، لە باشووری كوردستان پێكدەهێنێت و لەو قۆناغەدا، ئەركی شیعر لە ئەركێكی وەسفییانە و ئایینی و كۆمەڵایەتییانە، كە گوتاری شیعری كلاسیك پێكدەهێنن، دەگۆڕێت و شیعری كوردی ڕۆڵێكی سیاسی و شۆڕشگێڕیی و پەروەردەیی، بە ئاراستەی كرانەوەو هوشیاربوونەوەی نەتەوە و تاك دەبینێتز شیعری كوردی، بەدرێژایی دەیەكانی سەدەی بیست، هەتا ڕاپەڕین، بە جیاوازی قۆناعەكانییەوە، شیعرێكە هەڵگڕی گوتارێكی نەتەەیی، كۆمەڵایەتی و پەروەردەیە. ئەوانەی شاعیرانی سەدەی بیست بە شیعر كردیان، ئێستا لەكۆمەلچگای كوردی، بەو هەموو نێوەندە زانستی و پەروەردەیانە ناكرێت، مەگەر كاتێ بێكەس لەگەڵ یەكسانی نێر و مێ دایە، هەشتا ساڵ دوای ئەو تازە لەكوردستان ژنان فێری نیقاب و باڵاپۆشی ناكرێن؟ بۆیە شیعری كوردی سەدەی بیست، ئەزموونی ڕۆنگەرانە، كرانەوە هوشیارییەو هەرگیز تیرۆ و خۆتەقاندنەوە بەرهەمی ئەو شاعیرانە نین، كە دڵنیایین نووسەر بەمەبەست و لە سۆنگەی ئەوەی هەمیشە ئەدەب و كولتووری كوردی ڕەت دەكاتەوە و بڕوای وایە ڕۆژهەڵات بەگشتی مەڵبەندی جەهالەتە، ئەو بۆچوونە ترسناكانە دەر دەبڕێت، كە مایەی ڕەت كردنەوەن. دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، كە كتێبی ئایدۆلۆژستی بەختیار عەلی، لە چەندین ڕووەوە شایستەی ڕەخنە لێگرتنە. من چاوەڕوانی ئەوەبووم، نووسەران و ئەكادیمییانی ئێمە، ئەو دیدە هەڵەیەی نووسەر ڕاست بكەنەوە، كە تیرۆر خۆتەقاندنەوە بە بەرهەمی شیعری (قانع و بێكەس ) دەزانێت، كەچی بە داخەوە هیچ نووسینێكی ڕەخنەییم تائێستا، لە بارەی كتێبەكەكەوە (جگە لەنووسینێكی خوالێخۆشبوو نووسەر ستیڤان شەمزینی) نەبێت نەبینی. ئەوانیتر، هەموویان ستاییشتنامە و پەسنی ئەو بەرهەمەن كە بەداخەوە ئەمەش ساڵانێكی زۆرە بۆتە باو لە نێوەندی ڕۆشنبیری كوردی و هەر ئەمەشە وایكردووە نووسینەكانی ئەو نووسەرانە، لە سەرووی ڕەخنەوە ببینرێن. لە كاتێكدا، هیچ نووسینێك، نابێ لە سەرووی ڕەخنەوە بێت. بە تایبەتیش بۆ نووسەرێك كە بەرداوام ڕەخنە لە تەوتەمكردنی كەسەكان و بە پیرۆزكردنی هەمووشتێك دەگرێت و دژی دەوەستێتەوە،بەو مەرجەی دژی خۆی نەبێت !

*ئەم بایەتە لە هزرو هونەری ڕۆژنامەی خەبات ژمارە (208) لە 20/3/2025 بڵاوكراوەتەوە.

سەرنج: ئەم وتارە، بەشێكە لە پڕۆژەی كتێبێك لەسەر نووسینەكانی بەختیار عەلی بە ناوی (بێ گوناهان بۆچی بچنە دۆزەخ) كە خوا یاربێت، لە دەرفەتێكدا چاپ و بڵاوی دەكەینەوە.




کتێبی: زیرکی دەستکردی سەرمایەداری، ئاستەنگەکانی چەپ و ئەگەرە جێگرەوەکانی.. لە نووسینی رزگار ئاکرەیی

?Capitalist Artificial Intelligence, Challenges for the Left and Possible Alternatives
الذكاء الاصطناعي الرأسمالي، تحديات اليسار والبدائل الممكنة: التكنولوجيا في خدمة رأس المال أم أداة للتحرر؟‬

ئەم کتێبە بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی لە ئێستادا بەخۆڕایی بەردەستە لە ئەمەزۆن و ماڵپەڕی حوار المتمدن کە لە خوارەوەی ئەم نووسینە لینکەکانی دادەنێین. شایانی باسە هەوڵدەدرێت وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی و لە شێوەی کاغەزی لە کورستان بڵاوبکرێتەوە.
بە باشمان زانی لێرەدا بۆ تیشکخستنە سەر ئەم کتێبە بە کورتی چەند دێڕێک لەسەر ناوەڕۆک و ئامانجی نووسین و بڵاوکردنەوەی بنووسین.

ئامانجی نووسەر لە نووسینی ئەم کتێبە:

ئامانجی نووسەر خوڵقاندنی زەمینەی گفتوگۆیە لە نێوان بەرەی چەپ و سۆشیالیزم سەبارەت بە ژیریی دەستکرد کە بەدڵنیاییەوە لە چەند ساڵی داهاتوودا کاریگەری گەورە دادەنێت لە زۆربەی بووارە کۆمەڵایەتی و ئابورێکاندا. ئەوەش روونە ئەم کاریگەرییانە گەر بەم ئاراستەییەی ئەمڕۆیدا بڕوات، ئەوە بەدڵنیاییەوە بە قازانجی تەواوی سەرمایەداری دەشکێتەوە، چوونکە لەلایەن ئەوانەوە کۆنترۆڵکراوە. ئەی کەواتە رۆڵ و پێگەی چەپ و سۆشیالیستەکان لە کوێی ئەم گۆڕانە گەورەیەدایە کە ژیری دەستکرد لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت؟

ناوەڕۆکی کتێبەکە:
باس لە پەیوەندی نێوان ھۆشداری دەستکرد (AI) و سیستەمی سەرمایەداری دەکات، بەتایبەتی لە چاوگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە چەپەکان لە ژێر کاریگەرییەکانی ئەم تەکنۆلۆژیایەدا دەیبینن. کتێبەکە سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن AI لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا بەکاردێت بۆ بەھێزکردنی دەسەڵاتی کۆمپانیا گەورەکان و کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی کار و دروستکردنی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووری. کۆمپانیا گەورەکان (وەک Google، Microsoft، Amazon و Meta) کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری تەکنۆلۆژیای زیرەکی دەستکردیان کردووە، کە ئەمە بووەتە هۆی چڕبوونەوەی هێز و سەرمایەکی زۆر لەدەستیاندا. هەروەها رەخنە لە نایەکسانی جێندەری دەگرێت کە بەشێوەیەکی بەرچاو لە بووارە جیاوازەکانی ژیری دەستکردا دەبینرێت.

ئامانج و تێگەیشتن:
کتێبەکە ھەوڵدەدات بەرەی چەپ و سۆشیالیزم ھان بدات کە بە شێوەیەکی چالاکانە سەروکار پەیدابکەن لەگەڵ تەکنۆلۆژیای AI دا و چوارچێوەیەک بۆ بەکارھێنانی ئەم تەکنۆلۆژیایە دابین بکەن کە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگەدا بگونجێت، نەک تەنھا بەرژەوەندیەکانی کۆمپانیا گەورەکان و بازاڕەکان. ھەروەھا دەکرێت ڕەخنە لەو شێوازە بگرێت کە AI ئێستا لە ژێر دەستی سەرمایەداریدا بەکاردێت و ئاگادارییەک بێت بۆ ئەو مەترسیانەی کە لەگەڵ خێرابوونی بەکارهێنانی ئەم تەکنۆلۆژیایەدا دێت.

جێگرەوە:
کتێبەکە سەرباری ئەوەی جێگرەوەکان بە کراوەیی جێدەهێڵت بۆ خوێنەرەکانی، بەڵام لە ناوەخنی باسەکانیدا بۆ گەشەپێدانی زیرەکی دەستکرد، هەڵگری چەند پێشنیارێکە:

  1. پرۆژەی کراوە – گەشەپێدانی سەرچاوە کراوە و دیموکراتی بۆ زیرەکی دەستکرد.
  2. خاوەندارێتی گشتی – مۆدێلەکانی نوێ بۆ خاوەندارێتی گشتی یان هاوبەش بۆ زیرەکی دەستکرد.
  3. ڕێکخستنی دیموکراتی – دروستکردنی ڕێکخراوێک بۆ چاودێری و ڕێنمایی گەشەپێدانی زیرەکی دەستکرد بە بەشداری کۆمەڵایەتی.

بۆ دەستڕاگەشتن بەم کتێبە کلیکی یەکێک لەو لینکانەی خوارەوە بکەن:

ئەمەزۆن.. بەزمانی عەرەبی..
https://www.amazon.co.uk/dp/B0DXWTJVLD

ئەمەزۆن- بەزمانی ئینگلیزی..
https://www.amazon.co.uk/dp/B0DYYYRHJK

بۆ خوێندنەوەو داگرتنی بە زمانی عەرەبی..
https://rezgar.com/books/i.asp?bid=3

بۆ خوێندنەوەو داگرتنی بە زمانی ئینگلیزی..
https://rezgar.com/books/i.asp?bid=4

ئامادەکردنی: گۆران عەبدوڵڵا




لیۆناردۆ دا ڤینچی.. وەرگێڕانی: ڕەیان مستەفا نەجیب

لیۆناردۆ دا ڤینچی (لە ١٥ی نیسانی ١٤٥٢ لە ئانکیانۆ، نزیک ڤینچی، کۆماری فلۆرەنسا [ئیتاڵیا] لەدایک بووە – لە ٢ی ئایاری ١٥١٩ لە کلو [ئێستا کلۆ-لوسێ]، فەڕەنسا کۆچی دوایی کردووە) هونەرمەندێکی ئیتاڵی، وێنەکێش، پەیکەرتاش، ئەندازیار و ئەندازیاری تەلارسازی بووە کە ڕەنگە شارەزایی و هۆشمەندیەکەی، زیاتر بووبێت لە هەر کەسێکی تر، نموونەی ئایدیالی مرۆڤدۆستی ڕێنیسانس بووە. تابلۆکانی “شێوی دوایی” (١٤٩٥-٩٨) و “مۆنالیزا” (نزیکەی ١٥٠٣-١٩) لە ناو بەناوبانگترین و کاریگەرترین تابلۆکانی سەردەمی ڕێنیسانسن. تێبینیەکانی بەرجەستەکردنێکی لێکۆڵینەوەی زانستی و داهێنانی میکانیکی دەردەخەن کە چەندین سەدە لە پێش سەردەمی خۆیان بوون.
ئەو ناوبانگە تایبەتەی کە لیۆناردۆ لە ژیانی خۆیدا پێی گەیشت و، پاڵاوتە بە ڕەخنەی مێژوویی، هەتا ئەمڕۆش بێ کاڵبوونەوە ماوەتەوە، بەشێکی زۆری لەسەر ئارەزووی بێسنووری ئەو بۆ زانین دەوەستێت، کە ڕێنمایی هەموو بیرکردنەوە و ڕەفتاری دەکرد. هونەرمەندێک بە خولیا و بەهرە، چاوەکانی بە ڕێگای سەرەکی خۆی بۆ زانین دادەنا؛ لای لیۆناردۆ، بینین بەرزترین هەستی مرۆڤ بوو چونکە تەنها ئەو ڕاستەوخۆ، بە دروستی و بە دڵنیاییەوە ڕاستییەکانی ئەزموونی دەگەیاند. لەبەر ئەوە، هەر دیاردەیەک کە هەستی پێدەکرد دەبووە بابەتی زانین، و سەپێر ڤێدێرێ (“زانینی چۆنیەتی بینین”) بووە بابەتی گەورەی خوێندنەکانی. ئەو داهێنەری خۆی بەکارهێنا لە هەر بوارێکدا کە نواندنی گرافیکی تێدا بەکاردێت: ئەو وێنەکێش، پەیکەرتاش، ئەندازیار و ئەندازیاری میکانیک بوو. بەڵام تەنانەت لەوەش زیاتر چوو. ئەو عەقڵی بەرزی خۆی، تواناکانی سەرنجدانی نائاسایی، و مامۆستایەتی لە هونەری وێنەکێشان بەکارهێنا بۆ خوێندنی سروشت بەخۆی، هێڵێکی پرسیارکردن کە ڕێگەی دا بە دوو هەوڵەکانی لە هونەر و زانستدا گەشە بکەن.
ژیان و بەرهەمەکان

سەردەمی سەرەتایی: فلۆرانس
دایک و باوکی لیۆناردۆ لە کاتی لەدایکبوونیدا هاوسەرگیرییان نەکردبوو. باوکی، سێر پیێرۆ، نووسەری یاسایی و خاوەن موڵکی فلۆرانسی بوو، و دایکی، کاتێرینا، ژنێکی گەنجی گوندنشین بوو کە دوای ماوەیەکی کورت شووی بەکرێکارێک کرد. لیۆناردۆ لە موڵکی خێزانی باوکی گەورە بوو، کە وەک کوڕێکی “یاسایی” مامەڵەی لەگەڵ کرا و خوێندنی سەرەتایی ئاسایی ئەو ڕۆژگارەی وەرگرت: خوێندنەوە، نووسین و ژمێریاری. لیۆناردۆ بە جیددی لاتینی نەخوێند، کە زمانی سەرەکی فێربوونی نەریتی بوو، تا دواتر، کاتێک کە زانیاری کارکردنی لەسەر ئەو زمانە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەدەستهێنا. هەروەها ئەو خۆی بۆ بیرکاری و پێشکەوتن تەرخان نەکردووە – ئەندازەی پێشکەوتوو و ژمێریاری – تا تەمەنی ٣٠ ساڵی، کاتێک دەستی کرد بە خوێندنی بە چڕی و پشوو درێژییەوە.
هونەرییەکانی لیۆناردۆ دەبێت زوو دەرکەوتبن. کاتێک نزیکەی ١٥ ساڵ بوو، باوکی، کە پێگەیەکی بەرزی لە کۆمەڵگای فلۆرانس هەبوو، کردی بە شاگرد لای هونەرمەند ئەندرێ دێل ڤێرۆکیۆ. لە کارگەی ناوداری ڤێرۆکیۆدا، لیۆناردۆ ڕاهێنانێکی فرەلایەنی وەرگرت کە وێنەکێشان و پەیکەرتاشی لەخۆ دەگرت، هەروەها هونەرە تەکنیکی-میکانیکییەکانیش. هەروەها لە کارگەی پاڵ دەست هونەرمەند ئەنتۆنیۆ پۆلایولۆش کاری کرد. لە ساڵی ١٤٧٢ لیۆناردۆ لە یەکێتی وێنەکێشانی فلۆرانس وەرگیرا، بەڵام پێنج ساڵی تر لە کارگەی مامۆستاکەی مایەوە، دوای ئەو ماوەیە بە سەربەخۆیی لە فلۆرانس کاری کرد هەتا ساڵی ١٤٨١. ژمارەیەکی زۆری وێنەی نایابی قەڵەم و پێنووس هەن لەم سەردەمە، لەوانە زۆر خەمڵاندنی تەکنیکی – بۆ نموونە،هاندان، چەکی سەربازی، ئامێری میکانیکی – کە بەڵگەن بۆ خولیا و زانیاری لیۆناردۆ لە بابەتە تەکنیکییەکاندا تەنانەت لە سەرەتای کارییەوە.

یەکەم قۆناغی میلان (١٤٨٢-٩٩)
لە ساڵی ١٤٨٢ لیۆناردۆ گواستیەوە بۆ میلان بۆ ئەوەی لە خزمەتی میراتگری شارەکەدا کار بکات – هەنگاوێکی سەرسوڕهێنەر کاتێک کەسێک بزانێت کە هونەرمەندی ٣٠ ساڵە تازە یەکەم داواکاری بەرچاوی لە شاری زێدی خۆی فلۆرێنسەوە وەرگرتبوو: تابلۆی تەواونەکراوی “پەرستنی پیاوە ژیرەکان” بۆ دێری سان دۆناتۆ ئا سکۆپێتۆ و تابلۆیەکی قوربانگا بۆ نمازگەی سەینت بێرنارد لە کۆشکی سینیۆریا، کە هەرگیز دەستی پێنەکرا. ئەوەی کە واز لە هەردوو پڕۆژەکە دەهێنێت، پێدەچێت ئاماژە بەوە بکات کە هۆکاری قووڵتری هەبووە بۆ بەجێهێشتنی فلۆرێنس. لەوانەیە ڕۆحی نوێ-ئەفلاتوونی زۆر پێشکەوتووی زاڵ لە فلۆرێنسی بنەماڵەی مێدیچی دژی ئەزموونی بیرکردنەوەی لیۆناردۆ بووبن و کەشی زیاتر ڕێکخراو و ئەکادیمی میلان سەرنجی ڕاکێشابێت. سەرەڕای ئەوەش، بێگومان سەرنجی ڕاکێشرابوو بە دەرباری پڕشنگداری میراتگر لۆدۆڤیکۆ سفۆرزا و ئەو پڕۆژە گرنگانەی کە لەوێ چاوەڕوانی دەکرد.

یەکەمی قۆناغی میلان (١٤٨٢-٩٩)
لیۆناردۆ ١٧ ساڵ لە میلان مایەوە، هەتا کەوتنی لۆدۆڤیکۆ لە دەسەڵات لە ساڵی ١٤٩٩. لە تۆماری خێزانی شاهانەدا ناوی نووسرابوو وەک pictor et ingeniarius ducalis (“وێنەکێش و ئەندازیاری دوک”). کەسایەتی نەرم بەڵام ڕێزداری لیۆناردۆ و هەڵسوکەوتی شیکی لە ناو بازنەکانی دەرباردا بە باشی پێشوازی لێکرا. بە ڕێزێکی زۆرەوە، بەردەوام سەرقاڵ بوو وەک وێنەکێش و پەیکەرتاش و وەک دیزاینەری ئاهەنگەکانی دەربار. هەروەها زۆر جار وەک ڕاوێژکاری تەکنیکی لە بوارەکانی تەلارسازی، قەڵابەندی، و کاروباری سەربازیدا ڕاوێژی پێدەکرا، و وەک ئەندازیاری هایدرۆلیکی و میکانیکیش خزمەتی دەکرد. وەک هەموو ژیانیدا، لیۆناردۆ ئامانجی بێسنووری بۆ خۆی داناوە؛ ئەگەر کەسێک هێڵە گشتییەکانی کارەکانی بۆ ئەم سەردەمە، یان بۆ ژیانی بەگشتی دیاری بکات، کەسەکە هەوڵی ئەوە دەدات کە ناوی بنێت “سیمفۆنیای تەواونەکراو”ی مەزن.

وەک وێنەکێشێک، لیۆناردۆ شەش کاری لە ماوەی ١٧ ساڵدا لە میلان تەواو کرد. (بەپێی سەرچاوە هاوچەرخەکان، لیۆناردۆ ڕاسپێردراوە بۆ دروستکردنی سێ وێنەی تر، بەڵام ئەم کارانە دواتر ون بوون یان هەرگیز ئەنجام نەدراون.) لە نزیکەی ١٤٨٣ تا ١٤٨٦، کاری لەسەر وێنەی قوربانگای “پاکیزە مەریەمی تاشەبەردەکان” کرد، پڕۆژەیەک کە بووە هۆی ١٠ ساڵ دادگاییکردن لە نێوان “ئەنجومەنی مەریەمی بێگەرد”، کە داوای کارەکەی کردبوو، و لیۆناردۆ؛ بۆ مەبەستی نادیار، ئەم ناکۆکییە یاساییە بووە هۆی ئەوەی لیۆناردۆ وەشانێکی تری کارەکە لە نزیکەی ١٥٠٨ دا دروست بکات. لە ماوەی ئەم سەردەمە میلانییە یەکەمەدا هەروەها یەکێک لە بەناوبانگترین کارەکانی دروست کرد، وێنەی دیواری مەزنی “شێوی دوایی” (١٤٩٥-٩٨) لە ژووری نانخواردنی دێری سانتا ماریا دێللە گراتسیە (بۆ شیکردنەوەی زیاتری ئەم کارە، بڕوانە خوارەوە “شێوی دوایی”). هەروەها جێگای تێبینییە وێنەی ڕازاندنەوەی بانی ژوور (١٤٩٨) کە بۆ ساڵا دێللە ئاسسێ لە قەڵای سفۆرزێسکۆی میلان دروستی کرد.

وەرگێڕانی: ڕەیان مستەفا نەجیب.

سەرچاوە: https://www.britannica.com/biography/Leonardo-da-Vinci




ئایندەی شەڕی غەززە.. عوسمانی حاجی مارف

هاوکاتی ڕاگرتنی شەڕی داگیرکاری ئیسرائیل بۆ سەر دانیشتوانی غەززە، فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل لەناکاو هێرشی ئاسمانیان لە سەرانسەری کەرتی غەززە دەستپێکرد، زیاتر لە ٣٦٠ فەلەستینی کوژران، کە زیادبونی ژمارەی قوربانیەکان تائێستاش بەردەوامە.
ڕێکەوتنی ئاگربەست بە نێوەندگیری ئەمریکا، میسر و قەتەر، لە قۆناغی دووەمیدا نەچووە پێشەوە، بڕیاری گەڕانەوە بۆ شەڕ لە دژی غەززە زیاتر بەهۆی کاریگەری سیاسەتی ناوخۆییەوە بووە، کە ناتانیاهۆ بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی و یەکگرتوویی هاوپەیمانیەکەی دەیقۆزێتەوە.
ناتانیاهۆ، بە سەرکەوتوویی ئیفادەی بەرنامە بۆ داڕێژراوەکەی لەبەردەم دادگای ناوچەی تەلئەبیب دواخست، کە دەبوا وەڵامی ئەو تۆمەتانە بداتەوە کە دەربارەی گەندەڵی لەسەری تۆمار کراون، هاوکات ئیتامار بن گڤیر وەزیری دەستلەکارکێشاوەی ئیسرائیل، بە دەستپێکردنەوەی شەڕی غەززە، مەرجەکانی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆشەڕ وەک هاوپەیمانیەکی ڕاستڕەو، کە ڕووبەڕووی قەیرانی ناوخۆ بووەتەوە، جێبەجێکرد.
داگیرکاریەکانی ئیسرائیل لەکاتی چوونە ناو قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکەدا ئاگربەستی وەستان، هاوکات ناتانیاهۆ ڕەتیکردەوە کۆتایهاتنی شەڕەکە ڕابگەیەنێت، چونکە دەزانێت کە هەڕەشە لە بەردەوامیدان بە حکومەتەکەی دەکات و ڕەنگە ببێتە هۆی دادگایکردنی و دواتر زیندانیکردنی.
ئەم هێرشە بەرفراوانترین هێرشە لەدوای ڕێکەوتنی ئاگربەستەوە کە قۆناغی یەکەمی لە ١٩ ی ١ ی ٢٠٢٥ دەستیپێکرد، بەدوای ١٦ ڕۆژ لە داخستنی دەروازەکان و سەپاندنی گەمارۆ بەسەر هاوڵاتیانی غەززەدا هات، هاوکاتی ئەو هەموو هۆشداریە کە دەربارەی برسیەتی لە غەززە درا، بەڵام ئەو هێرشە هەر ئەنجامدرا.
هێرشەکان و گەڕانەوەی ناتانیاهۆ بۆ شەڕ بۆ سەر غەززە لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل دوو هەفتەی نیگەرانکەری بەسەربرد لە بەرامبەر سیستەمی سیاسی خۆیدا، کە دەرگیر بە قەیرانە ناوخۆییەکانە لە بودجە و یاسای وەرگرتنی سەربازی، دەبێت تا کۆتایی مانگی ئازاری ٢٠٢٥ بودجەی دەوڵەت پەسەند بکات,،گەر بەپێچەوانەوە بێت ئیسرائیل بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات، ئەگەر بودجە پەسەند بکرێت، ناتانیاهۆ دەتوانێت تا هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.
لەلایەکی ترەوە لەلایەن داواکاری گشتیەوە دەربارەی دورخستنەوەی ناتانیاهو لە پۆستەکەی گەراوەتەوە بۆ پێشەوە، هەرلەم بارەیەوە لەگەڵ سەرۆکی دادوەردا قەیرانێک پێشهاتووە، کە لەلایەن حکومەتەکەی ناتانیاهۆوە باوەرپێکراو نیەو دانی پێدانانێن.
هەروەها پێشنیار هەیە کە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان ڕێککەوتنێکی هاوبەش بۆ ڕووخاندنی حکومەت واژۆ بکەن، جگە لەوەش ئۆپۆزسیۆن بڕیاریان دابوو ناڕەزایەتی بەرفراوان ڕێکبخەن، کە لە سەرەتادا بڕیاربوو لە ڕۆژی چوارشەمە ١٩ی ئازاری ٢٠٢٥ دەست پێبکات.
حکومەتی ناتانیاهۆ بەمەبەست ڕێکەوتنی ئاگربەستی لە غەززە پێشێلکردووە، بە ڕەزامەندی ئەمریکا، چونکە نەیدەویست تەواوی ئەو مەرجانە جێبەجێ بکات کە دوو مانگ لەمەوبەر پابەندی بووە.
٤٨ کاتژمێر بەر لە دەستپێکردنی گفتوگۆی بودجە، ناتانیاهۆ گەڕانەوەی بۆ شەڕی غەززە ڕاگەیاند، ناچاربوو پارتەکەی بن گڤیر بهێنرێتەوە ناو هاوپەیمانیەکەوە بۆئەوەی حکومەتەکەی نەڕوخێت.
پارتەکەی بن گیڤیر پێشوازی لە گەڕانەوەی شەڕ بۆ سەر غەززە کرد و بە هەنگاوێکی دروستی زانی بۆ “لەناوبردنی حەماس و گەڕانەوەی بارمتەکان، دەڵێن نابێت حەماس قبوڵ بکرێت و دەبێت تێکبدرێت”.
ئەتوانین بڵێین کۆمەڵێک ئامانجی سیاسی بەپەلە هەن کە بووە هۆی گەڕانەوەی هێرش بۆسەر غەززە، وەک گەڕانەوەی ئیتمار بن گڤیز و پارتەکەی بۆ ناو حکومەت، هێشتنەوەی بێزالێل سمۆتریچ* لە حکومەتدا، پەسەندکردنی بودجە و لابردنی مەترسی دەستبەجێ لەسەر حکومەت، دواخستنی دادگایکردنەکەی و وەستاندنی ئیفادەی لە دادگا، هەوڵی بۆ دوورخستنەوەی داواکاری گشتی و ڕونین بار سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆ، هەوڵی بۆ لادانی کارنامەی ڕاگەیاندن لە نێو ناڕەزایەتیەکانی دژ بە حکومەت، هەروەها هەوڵ دەدات بە پاراستنی شەڕێکی هەمیشەیی لە چەند بەرەیەکدا تا مانەوەی ئەو ڕژێمە مسۆگەر بکات، جگە لەوەش، دواتر توانی ئیفادەکەی لەبەردەم دادگای ناوچەی قودس هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە شەڕی دژی غەززەی دەستپێکردەوە.
پێدەچێت شێرپەنجەی ململانێکان و شەڕەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەشەنە بکات، هێشتا لە دۆخێکی گێژاوی ئەوپەڕیدایە و بە ئاسانی دانامرکێتەوەو کەم نابێتەوە، ناوچەکە لەناو دیمەنی ئاڵۆزیەکاندا نوقم کراوە.
ئەم دۆخەی غەززە و فەلەستین و کارەساتی گەورەی دژی ئینسانی، شکستی تەواوەتی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و تەواوی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکانی بۆرجوازیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێ و شەڕەکان و بێتوانایی لە وەستاندنی سووڕی نوێبوونەوەی بەرفراوانی خوێنڕشتن. ئەوەی ڕوودەدات تەنها ململانێیەکی سیاسی و مانۆڕی سەربازی نییە، بەڵکو ئەڵقەیەکی نوێیە لە سووڕێکی بەردەوامی دژی مرۆڤایەتی، کە شەڕەکان دەبنە خولگەیەکی دووبارەبوەوە کە تەنیا بە گۆڕانکاری بچووک لە سیناریۆ و پاڵەوانەکاندا خۆیان بەرهەمدەهێننەوە.
ئەوەی نمایشدەکرێت و دەیبینین تەنها بەڕێوەبردنی ناکۆکیەکانە، نەک هەوڵدان بۆ چارەسەرکردن، کە لەسەر مێزی دانوسان و دیالۆگی لایەنەکان جێهێڵراوە، گەمارۆدان، پاشان پەرەسەندنی شەڕ، ئارامبوونەوەیەکی کاتی، پاشان گەڕانەوە بۆ شەڕ، هەر لایەنێکیان لە هەوڵی ئەوەدان موزایەدەکردن بەکاربهێنن، لەکاتێکدا ڕێژەی قوربانیەکان بەردەوام زیاترو زیاتر دەکات.
سەبارەت بە خەڵکی غەززە، هەرچەندە چیرۆکەکە لە ئەوانەوە دەستی پێکردووە، بەڵام چیتر بەشێک نین لە هاوکێشەکە، کەس بیر لە خەڵکی غەززە ناکاتەوە کە پێداویستی و ژیان و خەونیان هەیە، هیچ ئاماژەیەک نیە کە غەززە سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت. بەپێچەوانەوە، هەموو بارودۆخەکان پاڵدەنێن بەرەو تراژیدیاو کارەساتی زیاتر لە ئێستاو لە داهاتودا، بەردەوامی شەڕەکە دەبێتە هۆی خراپتربونی بارودۆخی ئابووری و مرۆیی، فەرامۆشکردن و گۆشەگیرکردنی کەرتی غەززە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا.
لەلایەکی تریشەوە حەماس بۆخۆی لە دۆخێکی تەواو ناکۆک و سەختدایە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشە توندوتیژەکانی بۆسەر کەرتی غەززە دەستپێکردەوە، کە دەیەوێت ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان لەژێر هەڕەشەدا خێراتر بکات، ئەمەش دەبێتە خەسارەتێکی سیاسی گەورە بۆ بزووتنەوەی حەماس، یان گەر پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات، دەبێتە کردنەوەی دەرگایەک بۆ ناتانیاهۆ تا هەڕەشەکانی ئەنجام بدات و هەزاران هاوڵاتی تر ببنە قوربانی.
گەر بارمتەکانیش ئازاد بکرێن، هیچ شتێک ڕێگری ناکات لە ئیسڕائیل لە درێژەدان بە پلانە بنەڕەتیەکەی بۆ هێرشکردنە سەر غەززەو زیاتر وێرانکردن وئاوارەکردنی دانیشتوانەکەی، هەروەها هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەماس و نەهێشتنی سیستمی سیاسی و ئامێرە سەربازیەکەی، جێبەجێکردنی پلانێکە کە دوای جەنگ لەسەر بنەمای ڕێگریکردن لە هەر کاریگەریەکی حەماسە کە بەسەر حوکمڕانی غەززەدا هەیبێت، جا بە ئاشکرا بێت یان بە نهێنی.
سەرەڕای بانگەوازە نێودەوڵەتیەکان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی، بەڵام ناتانیاهۆ بەپشتیوانی هاوپەیمانە ئەمریکیەکەی دووپاتیکردەوە کە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان “پێویستە” بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی بارمتەکان. ئەگەر بارمتەکان لەژێر فشاری هێرشەکانی ئیسرائیلدا ئازاد بکرێن، ئیتر حەماس هیچ گەرەنتیەکی نامێنێت.
سەرکردەکانی ئیسرائیل پشتگیری لە نەمانی حەماس دەکەن وەک هێزێکی سەربازی و دەسەڵاتدار لە غەززە، لەکاتێکدا حەماس ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ گۆڕینی شێوەی حکومەت لە غەززە لە قۆناغی دوای جەنگدا، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە چەکەکانی دابنێت، ئیسرائیلیش لێی قەبوڵ ناکات.
بەڕاستی و بەکورتی حەماس لە دۆخێکی تەواو ناکۆک و سەختدایە، جا بارمتەکان ئازاد بکات یان بیانهێڵێتەوە! ئەگەر بارمتەکان ئازاد بکات، هیچ شتێک نیە ڕێگری بکات لەوەی بکرێنە ئامانج، یان ئەگەر بیانهێڵێتەوە، پاساوێکە بۆ ناتانیاهۆ بۆ لێدانیان.
ناتانیاهۆ لە هێرشی بەردەوامی بۆ سەر غەززە سود لە قسە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە حەماس وەردەگرێت، هەروەها هەڕەشەی نەهێشتنی بارمتەکان لەبەرامبەر حەماسدا دەکات، تا شەرعیەتێک بۆ هێرشی توندوتیژی کە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی بکوژێت، دەهێنێتەوە.
لەم نێوەشدا بە هیچ جۆرێک باسێک لەسەر ئایندە و چارەسەری کێشەی فەلەستین ناکرێت و لە ئارادا نیە، تەنها بەدوای رێگریکردن و وەستاندنی تەواوی هاوکاریە مرۆییەکانن بۆ دانیشتوانی غەززە، لە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو پلانەی ترەمپەوەن بۆ ئاوارەبوونی دانیشتوانی فەلەستین لە غەززەدا.
.——————————-
*بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتیمانی ئیسرائیل هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەیان لە حکومەتی ئێستای ئیسرائیل کرد، ئەگەر بێت و ناتانیاهو، ڕازیبێت بە پێشنیارەکەی جۆو بایدن، لە بارەی ئاگربەستی غەززەوە.




گشتگیریی!.. شیعری: یۆوانا سکلەڤینیتی.. و: ئومێد قەرەنی

واژەکان وەل گشتگیرییەکان دەجەنگن *
ئەمن تامەزرۆی ڕابوونەوەم
لەو رێیەی ’پێداگریی’ وەبەرچاوانم تێپەڕین.
کات قۆشمە دەکا
ئەوان لە کاتژمێرە لمینەکان وێڵدەبن…
نێوەڕۆکە ڕووکەشەکان لە تۆزێم وەردەپێچن
ناونیشانە ڕواڵەتییەکان هەڵدەگێڕمەوە
هەمووی تێکڕا گشتگیرییە
چوارڕیانی ڕێکەوت یان جادووی خاپاندن؟
دەترسێم چیدی ئەو کیژە نەبینمەوە
وەسەر دەریادا دەڕۆیشت و گازی دەکردم
“دە وەرە، وەرە، هوون ژی دکارن” !
لە هیکڕا باران دەبارێ
یارۆیان دەبینم سەمادەکەن و سترانان دەچڕن
هاوڕێم، ئەوان بە دین و دەلوت دەزانن**
شمشێرەکەت لەبیرنەکەی
ئەگەر نیتە کوریکە سۆرەیێ بشەکێنەوە.
شەوەکان تەنیان
پڕن لە ڕاز و پاڕانەوە و پەرستن
ئازار گەمارۆتدەدا
روخساری رەنگ لەبەربڕا و دەمامکی دووڕوویی
مەگری چونکێ گشتگیرگەرایان خڕیان وێرانکرد
ئەو ماڵە هێشتا ڕۆناکە
درەختەکان باوەش بە ڕێبواراندا دەکەن
گۆڕەکان هاتنەگۆ
لێ ئەوانەی لە سەرەمەرگن نایژنەون
ڕاوی سێبەری خۆیان دەکەن
یان سێبەر ڕاویاندەکا !
با پیاسەیەک بکەین
دەمەوێ چاوزارێ لە لمدا وەشێرم
نهێنییەک لەمێژە سەرگەردانە
چاوەڕێی جەستەیەکە بیگرێتەخۆی…
ئەمن تامەزرۆی یەك ڕابوونەوەم
لێ ئەتۆ وە زوانێکی دیکە دەدوێی !

*وەل: لەگەڵ، دەگەڵ، پێڕا، پێکڕا، وێکڕا، پێکەوە
*دین و دەلو: شێت، کەسێک کە لە ڕووی دەروونییەوە کەموکورتی هەیە

و: ئومێد قەرەنی

یۆوانا سکڵەفینیتی: هۆزانڤان و شانۆکارە لە ساڵی ١٩٨١ لە لێفکادا لە یۆنان لەدایکبووە. تا ئێستا دوو کۆمەڵە هۆزانی هەیە: یەکەمیان ”مانگەکانی چێژ”، بڵاکراوەی (پنۆنی) ٢٠١٧، دووەمیشیان ”دوا شەوی پۆمپیاس”، بڵاوکراوەی (کیما) ٢٠٢٤. هەنووکە لە ئەسینا دەژی. بەشی شانۆی لە یۆنان و بەریتانیا خوێندوە.

  • وەل: لەگەڵ، دەگەڵ، پێڕا، پێکڕا، وێکڕا، پێکەوە..
    ** دین و دەلوو: شێت، دێوانە، ئەو کەسەی لە ڕووی دەروونییەوە کەموکوڕیی هەیە.



چه‌ند قه‌سیده‌یه‌كی خۆشه‌ویستی.. ئه‌نتۆنیۆ ماچادۆ(*).. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

بۆ خیومار

(1)
نه‌مزانی
ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستته‌
لیمۆیه‌كی زه‌رده‌
یا تاڵی هه‌تاوه‌ خیومار !
لێوه‌كانتم له‌ تاڵه‌ زێڕینه‌كاندا بیـنی
بۆم زه‌رده‌مسكه‌ ده‌بنه‌وه‌ ..

لێم پرسی چیم ده‌ده‌یێ
ئه‌و‌ ده‌مه‌ی ده‌سته‌كانت ‌له‌ میوه‌یه‌كی
بێستانی گه‌شاوه‌دا ده‌یچنن
یا ئێواره‌ وه‌خته‌ ئارامه‌ بۆشه‌كان؟
یا ون بوونی زێڕین ؟
یاخود ڕه‌نگه‌ ‌وێنه‌یه‌ك‌ بێ له‌ ئاوێكی وه‌ستاو
یان به‌ سووتانی چیایه‌ك بۆ ئه‌وی دی
زه‌رده‌ ده‌په‌ڕێ ؟

ئایا خۆشه‌ویستی،
تاڵی خۆرئاوایێ
له‌ ئاوێنه‌ ڕه‌نگپه‌ڕیوه‌كاندا ده‌شكێنێ ؟

(2)
خه‌ونم پێوه‌ دیتی خیومار
له‌ باخچه‌كه‌تدا بووی!
ڕووبارت به‌ ژێردا ده‌ڕۆیشتن
تۆ له‌و باخچه‌یه‌تدا بووی
كه‌ ڕۆژگارێكه‌
به‌ تامانی ئاسنینی سارده‌وه‌
ده‌وره‌ دراوه‌ ..
چۆله‌كه‌یه‌كم بینی ته‌نیا
به‌ نه‌رمی به‌‌سه‌ر دره‌ختی (ئالمیس)ـه‌وه‌
له‌ ده‌م ڕووباری پیرۆزه‌وه‌
كه‌ تینوویه‌تی و سه‌رچاوه‌ی تێدا
له‌ تینوویه‌تیان ده‌جریوێنێ ..
له‌و باخچه‌یه‌دا خیومار
باخێكی دی له‌ یه‌كگرتنی دڵه‌كانمان
له‌دایك ده‌بێ ..
كاتمان
له‌ ناویه‌كتردا ده‌توێنه‌وه‌
پێكه‌وه‌ هێشووی خه‌ون
له‌ قه‌ده‌حی بێگه‌ردماندا
ده‌گووشین
ئیتر چیرۆكی دووانه‌مان له‌بیر ده‌كه‌ین
یه‌كه‌میان
( له‌باره‌ی پیاو و ژنێك
كه‌ وه‌ك ئاسك و شێر وان
هاتوون پێكه‌وه‌ بخۆنه‌وه‌
ئه‌وی دی ده‌ڵێ :
خۆشه‌ویستی به‌ختیاوه‌ر نییه‌
دوو ته‌نیاییه‌ له‌ ته‌نیاییه‌كدا )

شاعیره‌كه‌ بیرت لێ ده‌كاته‌وه‌ خیومار !
ماوه‌ی به‌ینیشمان
له‌ لیمۆ و وه‌نه‌وشه‌یه‌
كێڵگه‌كان‌ هێشتا كه‌سكن
وه‌ره‌ له‌گه‌ڵم خیومار !
چیا له‌ هێللانه‌وه‌ به‌ره‌و لێڕی داربه‌ڕوان
قووتمان ده‌دا ..
ڕۆژ له‌ ڕۆیشتنیدا ماندوو ده‌بێ
شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئێمه‌ش ده‌ڕوا
بێده‌نگی له‌گه‌ڵ ڕۆژدا هه‌ڵده‌لووشێ
ڕیتم به‌ره‌و سێبه‌ر ده‌بزوێ و
( خوادامارا)یش
ڕه‌نگی زێڕینی ون ده‌كا
چوون شازاده و عاشقه‌كه‌ی
پێكه‌وه‌ هه‌ڵدێن و
مانگیش هه‌ناسه‌سوار به‌ دوایانه‌وه‌یه‌ ..

شه‌مه‌ننه‌فه‌ر بزر ده‌بێ
له‌ جه‌سته‌ی شاخ دا فیشكه‌ی دێ ..
خاك نه‌زۆك‌ و ئاسمان بڵیند
له‌ پشت چیای گرانێت و
پشت چیای بازڵت
ئه‌وه‌تا ده‌ریای دیماهی نه‌هاتوو
با پێكه‌وه‌ بڕۆین
ئه‌وه‌ ئازادی یه‌ .

(3)
له‌ فارغۆنی شه‌مه‌ننه‌فه‌ره‌كه‌وه‌ بۆت ده‌نووسم
له‌ كاتی ژووانی وه‌همیدا
كه‌ ته‌لان په‌لكه‌زێڕینه‌‌ له‌ بادا ده‌شكێنێ و
خه‌میشی به‌سه‌ر پشتی چیاوه‌ ده‌قه‌ڵشێ ..
خۆر و زه‌نگه‌كان له‌ قولله‌ كۆنه‌كانیانن
ئای له‌و بانگی شێوانه‌ هێمن و بژوێنه‌
ئای له‌و ئێواره‌ منداڵانه‌یه‌ی
شاعیره‌كه‌ت خۆشی‌ویست
ئای له‌و ڕۆژه‌ … ڕۆژی گه‌نجی
كاتێ جه‌سته‌یه‌ك بووم
له‌ ڕه‌نگی گوڵان له‌ كه‌ناریدا .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
() ئه‌نتۆنیۆ ماچادۆ ، شاعیری ئیسپانیایی 1875 له‌ ئه‌شبیلیا له‌ دایك بووه‌ ، 1903 یه‌كه‌م كۆشیعری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ قه‌ڵه‌مبازێك له‌ شیعری ئیسپانیایی له‌ قه‌ڵه‌م درا . له‌ 1898 كۆشیعری دووه‌می له‌ ئه‌نده‌لووس بڵاو ده‌كاته‌وه‌ ده‌گووترێ به‌ شاعیرانی ئه‌ندلووسه‌وه‌ كاریگه‌ر بووه‌ ، هه‌روه‌ها به‌( ئیبنی عه‌ره‌بی) . (*) له‌ ماڵپه‌ڕی (دیوان العرب)ـه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی.




دڵ سیحری خەمڕەوێنییە.. ڕزگار شێروانی

هەر زوو حیسابی دواترێ بکە، پەردەکان هەڵبدەوە و ئی پشت پەردە و بن بەڕێ پێبکەوە. لە بنی جوانییەکانا ناشرینییەک خۆی ڤەشارتییە.

ئاواش نا،
لە ڕەنگی دیمەنە کرێتەکانا، شەوقی جوانییەکان ببینە، جواندۆز بە، جوانییە بنکەوتووەکان هەڵگرەوە بە سینگی خۆتیەوەی بنێ، بیکە سۆز، بیکە حەز، بیکە خۆشنوودی و کەیفپێهاتن.

دونیا سپییە، ڕەنگاڵەیە، گەشە، ئەگەر پێتوانییە، دیارە چاوێلکەکەت ڕەشە.

دڵ بە دەوامی نیعمەت خۆش مەکە، بە هاتنی خۆشییەکان مەدهۆشی مەکە، ئۆغری مێوانی خۆشتڤی فەرامۆش مەکە، کۆتاییەکان ببینە.
تاپۆی هەمیشەیی لە بن سەرینت دامەنێ، بە خەونی بەهەشتی سەر دونیایێ هەڵمەفریوێ، ئەو تۆپەی دونیای جوانت، نەک تەنها خەون و خەیاڵی شەوانت، بڵقی سەر ئاوە، عومری لە عیلمی دانەری کێشراوە، ڕۆژ و کاتی لەیەکەم ڕۆژیدا بۆ دانراوە.
ئەوەی هات دەڕوا، ئەوەی هەتە، هەتا هەتا هی تۆ نیە، ئەو ڕۆژە، ڕۆژێک ڕووی لە تۆیە، ڕۆژێکی تر لە یەکێکی نەیار یان نامۆیە.
ئای لەو دڵە تەنگەت! چەند مەحزوونی!
دەمزانی نائومێد دەبی!
لەبیرتە؟
هەر کە ئەستێرە شەوقی بەسەرا ڕژاندی، شاگەشکە بووی، لەباتی چاوت ڕەنگین بێ، چاوت کوێر بوو، نەتزانی سەردەمێ ئەستێرە خۆی دەڕژێ، چراکە دەکوژێتەوە.
کە ئاسمان ڕزقی بە سەرتا باراند، بێ چاوێنی بێ، چاوت لە پترێ بوو، تەنانەت چاوت لە ڕزقی ئەم و ئەویش بوو. دەبا بزانی چوار فەسڵی ساڵێ بەهار نییە، هەموو ڕۆژی بەهارێ باران نیە. نەک: باران بڕا، هیوا بڕا، ئاخرەکەشی چۆن پێشبینیم کرد هەروا بوو: دوای بڵندفڕینێک بە دەما کەوتی.

لە نیعمەتان بە گومان بە، تەنێ چەند ڕۆژێ قاوەڵتیت دەگەڵ دەکا.
لە هەڕمێنی دیوەخانی پڕ لە مێوان، لبادی دڵنیایی ڕامەخە، میوان ماڵی خۆی هەیە بۆی بگەڕێتەوە.
دونیا مامەڵەچییە، دەبەخشێ، وەردەگرێ، قەرزت وێدەدا، ئەمانەتت لەکن دادەنێ، ئەمما بەر دەرگەشت دەگرێ بۆ وەرگرتنەوەی.

بەتەمای هەرچی ویستت یەکسەر وەدەستت کەوێ؟ وەها بی، لە نەهاتێ، لیکاو بەدەمتا وشک دەبێ، دڵت شەق دەبێ، لەمنت نەکەوێ!

خۆ هەموو شەوان خەومان لێدەکەوێ، چ لە کوختێ، چ لە کۆشکێ. چ لەسەر حەسیرێ، چ لەسەر تەختێ، ئەوەی لە کونجی کۆریتە، لەوەیە خەوی گەلێ شرینتر بێ. کێ دەڵێ!

دڵخۆشێک دەناسم گوتی: کە بازاڕی گوزەرانم گەرم بوو، درکم کرد بەوەی ڕۆژێ بایەک دێت و دەرگەی دوکانەکەم دادەخات، کە بە مەحبووبەم گەیشتم، ئەو ڕۆژەم لەپێشخۆ دانا لێکدەبین. کە نۆبەرەکەم لەدایکبوو، زانیم حەتمییە ڕۆژێک دەمرم.
ئەو برادەرە ژیا، جوان ژیا، خۆش ژیا.
بە هەبوونێ ژیا، بە نەبوونێ ژیا.
دەنگی پاسارییانی سپێدان، ئەلارمی لەخەو ڕابوونێی بوو، لەگەڵ هەڵدەستا، بە دڵێکی خۆش دەکەوتە سەما. ئاواتی خۆشیی بۆ هەموو مەخلووقات هەڵدەدا. مزگێنیی ڕۆژێکی شادی بەگوێی کائیناتدا دەدا.
بە سروەی شەماڵێ ختووکەی دەهات.
لە بەر ڕەشەبایێ، بە عەستەم دەشنایەوە، نەدەهەژا، عەرد لەرزیبا، کۆشکی خەیاڵی نائومێدانی دونیا دەڕووخا، نەدەڕما، خۆڕاگر بوو وەک چیا.
بزە هەر لەسەر لێو. دەگمەن نەبا، نەدەگریا.
ئێستەش حوزنم پێوەی نەدیت!

(ڕزگار شێروانی)




سەرنجێکی کورت سەبارەت بە کتێبی شکانەوەی نەتەوەکان.. لە نووسینی: رۆبەرت کوپەر.. وەرگێڕانی بۆ عەرەبی: زهیر سمهوری

ئامادەکردنی: گۆران عەبدوڵڵا

سیستەم و پەشێوی لە سەدەی بیست و یەکەمدا

ئەم کتێبە لەلایەن رۆبەرت کوپەرەوە نووسراوە، کە دیپلۆماتکار و سیاسەتزانێکی بەناوبانگی بەریتانییە، وە یەکێکە لەو بیرمەندە گرنگانەی کە بە وردی باسی لەگۆڕانکارییەکانی سیستمە جیهانییەکان کردووە لەدوای کۆتایی جەنگی ساردەوە.

کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی بە ناوی “The Breaking of Nations: Order and Chaos in the Twenty-First Century” بڵاوکراوەتەوە و دواتر بۆ زمانی عەرەبی وەرگێڕدراوە. لە لایەن زهير السمهوري.

کورتەیەک دەربارەی کتێبەکە:
رۆبەرت کوپەر لەم کتێبەدا شیکارییەکی قووڵ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی سیستمە جیهانییەکان لەدوای ساڵی ١٩٨٩ پێشکەش دەکات، کە بە بڕوای ئەو تەنها کۆتایی هاتنی جەنگی سارد نەبوو، بەڵکو کۆتایی ئەو سیستمە کۆنەی هاوسەنگی هێزەکانیش بوو کە بۆ چەندین سەدە لە ئەوروپادا سەرەوەر بووە. کتێبەکە بە تایبەتی سەرنج دەخاتە سەر ئەوروپا، چونکە بۆ ماوەی ٥٠٠ ساڵ ئەوروپا ناوەندی سیستمە جیهانییەکان بووە. سەرەڕای ئەوە، کوپەر شیکارییەکەی فراوانتر دەکات بۆ تەواوی جیهان لە چوارچێوەی جیهانیبووندا، کە ئیتر کیشوەرەکان لە یەکتر جیا نەماون و کێشەکانی وەک شەڕەکان، تیرۆریزم، و موشەکەکان سنوورەکان دەبەزێنن.

دابەشکردنی جیهان لە کتێبەکەدا:
کوپەر جیهان بە سێ بەشی سەرەکی دابەشدەکات لەسەر بنەمای سروشتی وڵاتەکان و سیستمە سیاسییە سەرەوەرەکانیان:
١. جیهانی کۆن (پێش مۆدێرنە):
ئەم بەشە ئەو وڵاتانە لەخۆدەگرێت کە هێشتا لەژێر سێبەری سیستمە کۆنەکاندا دەژین، کە ئیمپراتۆریەتەکان یان دەسەڵاتە ناوەندییە بەهێزەکان وەک پاشاکان و ئیمپراتۆرەکان سەرەوەرن. ئەم سیستمە تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم سەرەوەر بووە، وە کڵێسا زۆرجار یەکێک بووە لە کاربەدەستە سەرەکییەکانی ئەم سیستمە.

٢. جیهانی مۆدێرن:
لێرەدا کوپەر قسە لەسەر ئەو وڵاتانە دەکات کە پشت بە سیستمە کلاسیکیەکانی دەوڵەت-نەتەوە دەبەستن لەم ناوچانەدا، وەک کەنداو و رۆژهەڵاتی ئاسیا، جۆرێک لە ئاشتی سەرەوەرە، یان بەهۆی هاوسەنگی هێزەکان لە نێوان وڵاتەکان، یان بەهۆی بوونی هێزە دەرەکییەکان وەک ئەمریکا کە جۆرێک لە سەقامگیری پێکدەهێنێت.

٣. جیهانی دوای مۆدێرن (پۆستمۆدێرنە):
ئەم بەشە بەشێوەیەکی سەرەکی یەکێتی ئەوروپا لەخۆدەگرێت، هەروەها هەوڵەکانی وڵاتانی وەک ژاپۆن بۆ پەیوەندبوون پێیەوە. کوپەر پێیوایە یەکێتی ئەوروپا نموونەیەکی نوێیە لەدەوڵەت، کە سنوورەکانی نێوان سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی لەناودەچن و قەوارەکە دەبێتە “پۆست نەتەوەیی”. کوپەر باوەڕی وانییە کە یەکێتی ئەوروپا ببێتە دەوڵەتێکی نەتەوەیی یەکگرتوو، بەڵام دەبێتە نموونەیەک بۆ هاوکاری و یەکخستنی سنوورەکان.

بیرۆکە سەرەکییەکان:

• ئەمریکا و سیستمە جیهانییەکە:

کوپەر رۆڵی ئەمریکا لەم جیهانە نوێیەدا باس دەکات و پێیوایە ئەمریکا ئەوەیە کە ئەم سیستمە جیهانییە نوێیەی لەدوای جەنگی ساردەوە “داهێناوە”. ئەو دەبینێت کە ئەمریکا باوەڕی وایە هەرچی بۆ خۆی گونجاو بێت، بۆ تەواوی مرۆڤایەتیش گونجاوە، هەوڵ دەدات سیستمەکەی وەک پارێزەرێک بۆ ئەم سیستمە لەسەر ئاستی جیهان بسەپێنێت.

• مردنی غەریزەی ئیمپراتۆری:
کوپەر ئاماژە بەوە دەکات کە وڵاتە گەورەکانی رۆژئاوا، وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا.. هتد، چیتر بیر لە داگیرکاری یان فراوانبوونی ئیمپراتۆری ناکەنەوە، تەنانەت ئەگەر توانای سەربازییان (وەک چەکی ئەتۆمی)یش هەبێت. ئیتر خاوەندارێتی زەوی یان کۆنترۆڵکردنی گەلانی دیکە ئامانج نییە، بەڵکو ئەوە بۆ وڵاتەکانیان بۆتە “کابووس” بەهۆی ئەو ئاڵۆزیانەی کە لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت.

• کێشە نوێیەکان:
لە جیهانی گڵۆبالیزەیشندا، کوپەر دەبینێت کە کێشەکان ئیتر بەچەشنی کێشەکانی رابردوونیە (وەک جەنگی نێوان دەوڵەتەکان)، بەڵکو پەیوەندییان بە تیرۆریزم، موشەکەکان و شەڕە سەر سنوورێکانەوە هەیە. بۆ نموونە، ئەوروپا چیتر سەرقاڵی شەڕە ناوخۆییەکانی نێوان وڵاتەکانی نییە، بەڵکو سەرقاڵی چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەم کێشانەی کەلەجیهاندا دەگوزەرێن.

بۆچوونەکان دەربارەی کتێبەکە:
کتێبەکە سەرنجی زۆرێک لە خوێنەرانی بۆ خۆی راکێشاوەو بۆچونی جیاوازی لێکەوتووەتەوە:
• هەندێک کەس ئەوە وەک شیکارییەکی قووڵ و داهێنەرانە بۆ سیستمە جیهانییەکە دەبینن، بەتایبەتی لە دیدگای ئەوروپییەوە. وە ستایشی دیدگای کوپەر بۆ گۆڕانە گەورەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن.
• کەسانی دیکە رەخنەیان لێگرتووە بۆ نەدانی دابەشکارییەکی روون و پەیوەندیدار بۆ مێژووی پێش و پاش مۆدێرنە، وە پێیانوایە کە بیرمەندانی وەک فوکویاما، کیسینجر، و هانتینگتۆن شیکارییەکی زیاتر پتەویان لەم بوارەدا پێشکەش کردووە.

لە دیدی منەوە:
پێموایە کتێبەکە دیدگایەکی سەرنجراکێش دەربارەی چۆنیەتی گۆڕانی سیستمە جیهانییەکە پێشکەش دەکات، بەڵام لەوانەیە تا رادەیەک لایەنگری دیدگای ئەوروپی و رۆژئاوایی بێت. شیکاری کوپەر بۆ رۆڵی ئەمریکا جێگای مشتومڕە، چونکە پێشبینی دەکات کە سیستمە ئەمریکییەکە لە جیهاندا گونجاوە، کە ئەم پێشبینییە بەدڵنیاییەوە هەمووان پێی رازینین، بەتایبەتی لە دیدگای وڵاتە رۆژئاواییەکانەوە کە لەوانەیە ئەم سیستمە وەک جۆرێک لە سەرەوەری ببینن. هەروەها، بیرۆکەی “مردنی غەریزەی ئیمپراتۆری” لەوانەیە خۆشخەیاڵیبێت، چونکە شەڕەکان بۆ سەرچاوە و نفووز هێشتا بەردەوامن، تەنانەت ئەگەر شێوەکانیشیان گۆڕابێت.




کەی جەژنە، سبەی یان دووسبەی؟!.. سیروان بابەعەلی

جەژنەکان جوانن و ماکی ژیاندۆستیین؛ زۆربەی زۆری جەژنە ئایینییەکانیش، لایەنە مرۆڤانەکانی ئایین نیشان دەدەن کە بریتین لە خۆشەویستیی و میهرەبانیی و لێبوردەیی. هەر لەبەرئەوەیە جەژنەکان، تێکەڵ بە کولتوورەکان بوون و لەوە زیاترن کە تەنها بۆنەی ئایینیی بن. هەندێك لە جەژنەکانیش، وەك نەورۆز، کولتووریین، زۆر لەپێش سەرهەڵدانی ئایینییشدا هەبوون و پاشان ئایینەکان لەبەر پاکیی و بەرزی پەیامەکەیان پاراستوویانن و پەرەیان پێداون.
لای خۆمان هەموو ساڵێك، ڕۆژێك یان دوورۆژ پێش جەژن، کۆمەڵگە تووشی هەنگامە و سەرلێشێوان و فڕانفڕان دەبێت، چونکە نازانرێت سبەی یان دووسبەی جەژنە؛ ئەو دیاردەیە تەنانەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوایشدا، کە موسوڵمانان کەمیینەن، شەرمهێنەرە.
بۆ نموونە، ئۆروپییەکان زۆر ڕێزی کولتوورەکان و بۆنەکانیان، بە تایبەتیی هی موسوڵمانان، دەگرن. لە وڵاتی بریتانیادا، ڕێگە بە هەمووکەس دەدەن، ڕۆژی جەژنان (ڕەمەزان و قوربان) پشوو وەربگرن و ئاهەنگ بگێڕن (مووچە و کرێ لە فەرمانبەر و کرێکار نابڕن)؛ بەڵام بۆ دیاریکردنی ڕۆژەکە، ساڵ نییە تووشی گرفت و قاقۆس نەبن و خوێندنگە و کۆمپانیا و کارگەکان پلانیان لێ تێك نەچێت… ئەو دیاردەیە لە لای خۆمان، بەهۆی شێوانشێویی تێکڕای لایەنەکانی ژیانەوە، کاریگەریی کەمترە و خەڵك لە سەری ڕاهاتوون، بەڵام گەر هاتوو، لە پاشەڕۆژێکی بەزاکووندا، بوارەکانی ژیان پەیت بوون و ڕێکخستن و بەرنامەگەلی تەندروست جێکەوتن، خەڵك تووشی کێشەی گەورە دەبن.
من هیچ شارەزای ئەستێرەناسیی نیم؛ بەڵام نێوەندەکانی ئەستێرەناسیی و پسپۆڕەکانی گەردوونناسیی لە جیهاندا هێندە زۆرن کە بە ئاسانیی بتوانین سەبارەت بە بینیینی مانگ زانیاریی دروست وەدەست بهێنین. ئەوە زانستێکە لەمێژوودا ڕەگاژۆیە و بەردەوام گەشەی کردووە. لە مێژوویەکی دووری بەر لە ئیسلامدا، واڵاکاریی لەو بوارەدا کراوە؛ لە میزۆپۆتامیا، بابلییەکان و کلدانییەکان خشتەیان بۆ بینیینی هەسارەکانی کەیوان و بەیان و ناهید و هەروەها بۆ مانگیلە (مانگی یەک شەوە/ هیلال)، هتد، هەبووە. دەوڵەتی مێد ڕووانگەی ئەستێرەناسیی دامەزراندووە.
ئەمڕۆ تەنانەت چەند نێوەندێکی زانستیی ئیسلامیی جیهانیی هەن کە پشت بە نوێتریین تەکنۆلۆژیا دەبەستن. ئەوانە، زۆر پێش لە وادەی خۆی، دەتوانن کاتی دەرکەوتنی مانگ دیاریی بکەن. یەك لەو نێوەندە جیهانییانە، نێوەندی گەردوونیی نێودەوڵەتیی (مركز الفلك الدولي)یە کە لە شاری ئەبوزەبییە؛ یەکی تریان، ئەنجومەنی ئۆروپیی ڕادان و لێکۆڵینەوە (المجلس الأوروبي للإفتاء والبحوث)ە کە لە شاری دبلنە و زانایان و گەردوونناسانی ئیسلامیی سەر بە زیاتر لە حەفتا وڵات تێیدا بەشدارن.
ئەوەی سەرسوڕهێنەرە، زۆربەی ئیسلامییە تاوگیر و بنچیینەگرەکان بایەخ بە دوو تێڕوانیین دەدەن کە وایان لێدەکات پشت لە زانست بکەن و ئەو مژارە بە بڤە و نەتەکن وەربگرن:
یەکەم: چونکە بەپێی پەیامی پەیامبەری ئیسلام، دەبێت مانگ بە چاو ببینرێت.
دووەم: چونکە لە هیچ سەرچاوەیەکی ئیسلامییدا باس نەکراوە کە پشت بە ئەستێرەناسیی ببەسترێت.
هەردوو پاساوەکە زۆر نائاوەزمەندانە و سەیرن!
_ ئایا گەر ئەمڕۆ پەیامبەری هەر ئایینێك بمایە، ناچار نەدەبوو، ئوتومبێل، مۆبایل، ئینتەرنێت، یان هەر پێویستیی و ئاسانکارییەکی تری بواری تەکنۆلۆژیا و زانست بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەی خۆی و کۆمەڵگەکەی بەکار بهێنێت؟! پەیامبەری ئیسلام، ئەوێ ڕۆژێ، ئەنگار و تێگە و پێودانکی ئەستێرەناسیی گەشەکردووی ئەو سەردەمەی بەکار هێناوەتەوە و گەر لە ئەمڕۆدا ژیابا، دۆخبەند دەهزرا و هی ئەمڕۆی بەکار دەهێنا.
جگە لەوە:
_ لە کاتێكدا ئیسلامییەکان، تەنانەت پاژ و پەیامە ناکۆکەکانی مەککەیی و مەدینەیی نێو قورئان لەیەکتر جیادەکەنەوە و دەیانبەستنەوە بە بارودۆخەوە، کەچیی پێشکەوتنە زانستییەکانی ئەم چاخە، کە زۆر جیاوازە لەوانەی هەزاروچوارسەد ساڵ لەمەوبەر، ئەفەرۆز دەکەن!
_ کاتێك زانست هەر شتێکی نوێ دەدۆزێتەوە، ئیسلامییەکان لە قورئاندا لێکدانەوە و چوواندنی واتایی بۆ دەدۆزنەوە و جێگەی دەکەنەوە، کەچیی هێشتا لەسەر دیاردەی بینیینی مانگ بەچاوی مرۆڤ هەڵەتاو و قیرسیچمەن (کە لە هیچ جێگەیەکی قورئانیشدا فەرمانی ئەو بینیینە نەدراوە و تەنها دوێردی پەیامبەرە!).
بەڵام با بزانین، دیاردەی بینیینی مانگ بە چاوی مرۆڤ لە ڕووی زانستییەوە چەند ڕاستە:
_ دیاردەی هەیڤی مانگیی (الشهر القمري/ لونا مۆنز) لە دێرزەمانەوە لە ڕۆژژمێردا پشتی پێ بەستراوە؛ یەکەمجار، لە هەزارەی سێیەمی پێش زاییندا، لە میزۆپۆتامیا و پاشان گریك ڕەچاو کراوە و ئیسلامیش لە شارستانییەتەکانی پێش خۆی وەرگرتووە.
_ مانگیلە (مانگی یەك شەوە/هیلال) ماوەی ٢٩ یان ٣٠ ڕۆژی دەوێت بۆ ئەوەی سووڕی پڕبوونەوەی خۆی تەواو بکات. هەربۆیە ئەو مانگە هەمیشە ٣٠ رۆژ نییە.
_ دیاردەکە ئەو کاتە دەست پێدەکات کە خۆر و زەوی و مانگ لەسەر یەک هێڵی ڕێك ڕیز دەبن و پرشەی مانگ دادەپۆشرێت… یەکەم ڕۆژ، مانگیلە (هیلال) دەردەکەوێت. پاشان مانگ بە سووڕی پڕبوونەوەی ڕوناکییەکەیدا دەڕوات، تا پاش ٢٩ یان ٣٠ ڕۆژ پێدەگات و بۆ ڕۆژی دوای ئەو، مانگیلەیەکی نوێ دەست پێدەکاتەوە. بەو شێوازە، هەیڤی مانگیی دەگوزەرێت.
_ لە زانستدا، گومانی تێدا نییە کە ئەو دیاردەیە پەیوەندیی بە هیچ جێگەیەکی گۆی زەوییەوە نییە و سەبارەت بە هەموو ناوچە جوگرافییەکان هەمیشە لە یەك کاتدا ڕوو دەدات.
_ زانست دەتوانێت، زۆر زوو کاتی دەرکەوتنی مانگیلە و مانگی چواردە دیاریی بکات، هەروەك چۆن کاتی چەند جەژنێکی کولتوورەکانی تر، کە هەمیشە کاتەکانیان دەگۆڕێت، دیاریی کراون.
بۆ نموونە، جەژنی هەستانەوەی مەسیح (ئیستەر/قیامە)، هەموو ساڵێك لە یەکەم یەکشەممی دوای مانگێکی پڕ (مانگی چواردە)ی پاش ٢١ی مارت ڕوودەدات؛ دەبینین کە ئەوەی ئەوانیش بەگرێوگۆڵە، لێ هەمیشە بە زانست دەزانن کە ساڵانێکی تریش لە کامەڕۆژدا ڕوودەدات.
بینیینی مانگ بە چاو هەمیشە پێکاو نییە. لە هەندێك جێگە، بەهۆی بارودۆخی جیاجیاوە، هەر ئەستەمە مانگ ببینرێت… نەخاسمە خۆڵبارین بێت، ئاسمان ساماڵ نەبێت، یان کەشوهەوا بەتەم بێت، مانگ بە سانایی نابینرێت.
هەروەها، ئێمە دەزانین، بەهۆی جیاوازیی ژمارەی ڕۆژەکانی ساڵی زایینیی و کۆچییەوە، هەموو ساڵێك مانگی ڕەمەزان ١٠ یان ١١ ڕۆژ پێش دەکەوێت؛ ئەوە وادەکات، جەژن نێزیکەی دەیەیەکی تر بکەوێتە نێو وەرزی زستان. ئەوکاتە بینینی مانگ، بە چاوی مرۆڤ، لەوانەیە هەر مەحاڵ بێت.
ڕاست وایە، ئیدی کۆتایی بەو هەتڵەکارییە بهێنرێت، دیاردەکە دۆخبەند بکرێت و پەنا بۆ زانست ببرێت، نەخاسمە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو دژایەتییە ئاوەریی و ڕامیارییەی ڕابەرانی شییعە و سوننە و ئەو دەوڵەتانەی خۆیان بە ڕابەری موسوڵمانان دەزانن، کە هەنجاریان نییە و هەموو ساڵێك بەسەر چەند بەرەیەکی جیاوازدا دابەش دەبن و گەمە بە هەستوسۆزی موسوڵمانان دەکەن؛ ئەوانە هەر لایەکیان شەیدای ئاوەر و هەڵیتەیەکە و ئەوەی بۆ گرینگە بڕیارەکە لای خۆی بێت!

سیروان بابەعەلی

سەرچاوە:
المجلس الأوروبي للإفتاء والبحوث. (2020). تقويم أم القرى بين النظرية والتطبيق. دبلن: منشورات المجلس.
مركز الفلك الدولي. (2022). حساب الأهلة بين الرؤية والحساب. أبوظبي: المركز الدولي.
الزحيلي، وهبة. (2001). الفقه الإسلامي وأدلته. دمشق: دار الفكر.
Moonsighting.com. (2023). The Science of Moon Sighting. Available at: https://www.moonsighting.com (Accessed: 30 March 2025).
The Islamic Council of Europe. (2021). Unified Hijri Calendar: A Scientific Approach. Dublin: ICE Publications.
Wael Hallaq (2009). Shari’a: Theory, Practice, Transformations. Cambridge University Press.
Kunitzsch, P. (2004). Der Mond in der Astronomie des Mittelalters. Wiesbaden: Harrassowitz Verlag.




یادی ٥٨ مین ساڵرۆژی (رۆژی جیهانیی پەرتووکی منداڵان).. رەزا شـوان

له‌ ساڵی (١٩٦٧) ەوە، له‌ رۆژی (٢/ نـیـسان)ی هه‌مـوو ساڵێکـدا، به‌ بـۆنه‌ی (رۆژی جیهـانیی پەرتووکی منداڵان) هه‌موو وڵاتانی جیهان، به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌نجوومه‌نی باڵای نێـودەوڵه‌تی بۆ پەرتووکی لاوان، که‌ رێخراوێکی قازانـج نەویـستە، نـوێنـه‌ری تـۆڕێکی نێـودەوڵه‌‌تـین، له‌ که‌‌سانێکی پـارەداری سـوودبـه‌خـش، له‌ هه‌مـوو شـوێـنـێکی جیهـانـدا پێکهاتـووە. هه‌وڵی یارمه‌تیـدان و پشـتگـیری و پێـشخـستـنی پەرتووکی منـداڵان دەدەن.
به‌م بۆنـه‌یه‌وە، لـه‌م رۆژەدا ئاهـه‌نگ دەگـێڕن و چـالاکـیی رۆشـنبـیری ئه‌نجـام دەدەن و پەرتووکی تازەی منـداڵان بڵاودەکه‌نه‌وە و نووسه‌رانی وێژەی منـداڵان خه‌ڵات دەکه‌ن.

له‌ پەرتووکخانە‌ گشتییه‌کانیشدا، پێشانگای تایبه‌تی بۆ تازەترین پەرتووکر چاپکراوەکای بـواری وێـژەی و په‌روەرده‌ی منـداڵان دەکـه‌نه‌وە. میدیـا و ته‌له‌فـزیـۆن و رادیـۆکانیش، دیمـانه‌ و چـاوپێکه‌وتـن له‌گـه‌ڵ نووســه‌ران و هـۆزانـڤانـانی بـواری وێـژەی منـداڵان و وێنـه‌کـێـشانی بـواری هـونه‌ری منـداڵان و له‌گـه‌ڵ هـاوڕێیـانی پەرتـووک و هـۆگـرانی خـوێنـدنه‌وەدا سازدەکه‌ن. پێـشبڕکـێی نووسـین رادەگـه‌یه‌نـن. باویـشه‌ که‌ له‌م رۆژەدا، نـووسـه‌رانی پەرتـووکە‌ چـاپکـراوە تـازەکان، به‌شـێک له‌ پەرتـووکەکـانیان به‌ دیـاری پێـشکه‌شی پەرتـووکخاـنەکانی قـوتابخـانه‌کان و به‌ پەرتـووکخـانە‌ گـشتییه‌کان دەکه‌ن. هـه‌ر له‌م رۆژەدا، قـوتابیـان له‌ قـوتابخـانه‌کـانـدا به‌م بـۆنـه‌یـه‌وە، چـالاکـیی وێـژەیی و رۆشـنبیریی پـێـشکەش دەکـەن.

مه‌به‌ستـیش له‌ یـادکـردنه‌وەی ئـه‌م رۆژە، سه‌رنـج راکـێـشانی خـه‌ڵکـیـیه‌ بـۆ گـرنگی پەرتـووک و خـوێنـدنه‌وەیه‌‌ له‌ ژیـانی تاکـه‌کانی کـۆمـه‌ڵـدا، بـۆ پـێگه‌یانـدنی منـداڵانی هـۆشـیـار و رۆشـنـبـیـر. بـۆ ئـاگـاداربـوون له‌ تـازەتـریـن نووسـیـن و لە پـەرتـووکە‌ چاپکراوەکانی نووسه‌رانی منداڵان، له‌ بواری ژانـرەکانی وێژە و رۆشنبیریی منداڵان.

شایه‌نی باسیشه‌، هه‌ڵبژاردنی رۆژی (٢/ نیسان) وەک رۆژێکی جیهانی بۆ پەرتووکی منداڵان و پاراستنی مافـەکانی نووسەران، هه‌ڵبژاردنێکی هـه‌ڕەمه‌کی و بێ بنه‌ما نیـیه‌، به‌ڵکـو هه‌ڵـبژاردنێکی هـێـمایی و رۆشـنبـیری و وێـژەیی و رێـزلـێـنانی له‌ پـشـته‌وەیه‌، که‌ سـه‌نگـی له‌ وێـژەی منـداڵانی جـیهـانیـدا هـه‌یه‌. له‌ رۆژی (٢/ نـیـسان/ ١٨٠٥) دا، که‌ڵه‌نـووسه‌ری بـواری وێـژەی منداڵان، چـیرۆکنووس (هانز کریستیان ئه‌ندەرسین) ی دانـیمارکی له‌دایکـبوو، که‌ به‌ (بـاوکی وێـژەی منـداڵان) له‌ جیهـانـدا ناسراوە. له‌ ساڵی (١٩٦٧) ەوە، یادی رۆژی له‌دایکبوونی هـانـز کریستیان ئه‌نـدەرسین، بوو به‌ (رۆژی جـیهـانیی پەرتـووکی منـداڵان).

هـانـز ئه‌نـدەرسـین، سـه‌رجه‌م (١٦٨) پەرتـووکی بۆ منـداڵان نووسی و چاپیانی کرد. بابه‌ته‌کانیان بـریـتین له‌ شانـۆ و چـیرۆکی ئه‌نـدێـشه‌یی و ئه‌فـسانه‌یی بۆ منـداڵان. ئه‌م ژمارەیه‌ش بۆ ئه‌و سه‌ردەمه‌، ژمارەیه‌کی پیاوانه‌یی پەرتووکی چاپکراوی منداڵان بوو. پەرتـووکەکانی وەریانگـێڕاون بـۆ زیـاتـر له‌ (١٥٠) زمـانی جیهـانی. چه‌نـد چـیرۆك و شانۆیه‌کیشی وەریانگـێڕاون بۆ سەر زمانی کوردی. له‌وانە: شانۆی (پیڵاوی سوور).

هـانـز ئه‌نـدەرسـین، له‌ رۆژی (٤/ ئاب/١٨٧٥) دا، له‌ شاری کـۆپنهـاگـن کۆچی دوایی کـرد. لـه‌ نـووسـیـنـێکـمـدا، بـه‌ درێـژی باســم لـه‌ هـانـز کـریـسـتیان ئه‌نـدەرسـین و لە خەڵاتی هانز کریستیان ئەندەرسین کردووە، کە بە (نۆبـڵی وێژەی منداڵان) ناودەبرێت.

داواش له‌ پەرتـووکخـانە‌ گـشتییه‌کانی شارەکانی کوردستان دەکه‌م، کـە له‌ رۆژی چـوار شەممە (٢/ نیسان/ ٢٠٢٥) کە یادی (٥٨) مین ساڵـڕۆژی (رۆژی جیهانیی پەرتووکی منـداڵان) ە، بەم بۆنەیەوە، چالاکی و به‌رنامه‌ی تایبه‌‌تییان هـه‌بێت و کۆمه‌ڵـێک پـۆسته‌ر و دروشمی گونجاو بۆ هاندانی گه‌ورە و منداڵان، بۆ خوێندنه‌وەی پەرتووک چاپ بکه‌ن. پـۆسـته‌رەکـانیـش له‌ شـوێنـه‌‌ گـشتـیـیه‌کـانی شاره‌كـانـدا هـه‌ڵـیان بـواسـن. بـۆ نمـوونه‌: (پەرتـووک باشترین هـاوڕێیه‌)، (پەرتـووک جوانترین دیاری و یادگارییه‌)، (خوێندنه‌وە خۆراکی مێشکمانه‌)، (دەمانچه‌ و تـفه‌نگ بۆ منـداڵه‌‌کانتان مه‌کڕن.. گۆڤـار و پەرتووکی منـداڵانیان بۆ بکـڕن)، (گه‌ر دەته‌وێ هـه‌میشه‌ له‌ یادمـدا بیت.. پەرتـووکـێکم پـێشکه‌ش بکه‌)، (دایـکان و باوکـانی هـۆشیار، هـانی منـداڵه‌‌کـانتـان بـدەن بۆ خوێندنەوەی گـۆڤـار و پەرتووکی منـداڵان)، (پەرتـووک مامـۆسـتایه‌.. به‌ خـۆڕایی فـێرمـان دەکات)،… هـتد.

مامۆستا دڵسۆزەکان، با پەرتـووکەکانی پەرتـووکخـانەکانی قـوتابخـانه‌کانتان تـۆز لـێیان نه‌نـیـشێـت. پەرتـووک بۆ رازانـدنه‌وە نیـیه‌، بۆ خـوێنـدنه‌وەیه‌. ئێـوە دەتـوانـن رۆڵـێکی زۆر گه‌ورە ببینن، له‌ رۆشنبیریکـردنی قـوتابییه‌کانتان، له‌ هانـدانیان بۆ خوێنـدنه‌وە. بە تایبەتیش مامـۆستایانی وانـەی زمـانی کـوردی. ببـورن که‌ ئه‌م پـرسـیارەتـان لـێـدەکه‌م: ئایا له‌ ماوەی ساڵێکی خوێنـدندا، ناڵـێم دوو جـار، بۆ ته‌نیا جـارێکـیـش قـوتـابیـیەکانتان بـردوون بۆ (به‌شی منداڵان) له‌ پەرتـووکخـانەی گـشتی شارەكه‌تانـدا؟ تا قـوتابییەکانتان ئاشـنای پەرتـووک و پەرتـووکخانە ببـن‌ و هـۆگـر و تامـەزرۆی خوێنـدنه‌وە ببـن؟ تا لە منـداڵـییەوە بە خوێنـدنەوە ببێت بە خـووی رۆژانەیان. تا ئـیستا خوێنـدنەوە نەبـووە بە کـولـتووری تاکی کوردمـان. خوێنـدنەوە نەبـووە بە بەشـێک لـە ژیـانی رۆژانەمـان.

وەزارەتی رۆشنبیریی کوردستان، ئه‌م پرسیارەش ئاراسته‌ی ئێوە دەکه‌م، ئایا تا ئێستا، له‌ (رۆژی جیهـانیی پەرتـووکی منـداڵان)، چی چـالاکـییه‌کی وێـژەیی و رۆشـنـبـیری و هـونه‌ریتان به‌م بۆنه‌یه‌وە سازکردووە؟ چه‌نـد نووسه‌ری به‌ توانا و ناسراوی کوردمان، لـه‌ بـواری وێـژەی منـداڵان، چـه‌نـد هـونـه‌رمه‌نـدی وێنـه‌کـێـشی بـواری پـەرتـووک و گۆڤارەکانی منـداڵان، له‌لایه‌ن وەزارەکه‌تـانه‌وە خه‌ڵاتـان کـردوون؟ بـڕوا ناکـه‌م ئه‌وانه‌ی که‌ تا ئێستا خه‌ڵاتیش کرابـن، ژمارەیان له‌ په‌نجه‌کانی دەستێکمان زیاتربن. راستییه‌که‌ی ئه‌وەیـه‌، کـه‌ ئێـوە وەکـو پێـویـست ئـاوڕتـان لـه‌ وێـژەی و لـه‌ هـونـه‌ری وێنـەکـێـشانی پـەرتـووکی منـداڵان و له‌ نـووسـه‌ران و لـه‌ هـونـه‌رمه‌نـدانی ئـه‌م بـوارە زۆر گـرنگ و چـارەنـووسسازە نـه‌داوەنـه‌ته‌وە. کـه‌ داهـاتـووی گه‌لـه‌که‌مـانیان پێـوە بەنـدە. هەر گەل و وڵاتـێک گـرنگی بە منـداڵانی ئەمـڕۆیـان نـەدەن، واتە گـرنگی بە داهاتـوویان نادەن. چـونکە داهـاتـووی هـەر گـەل و نیشـتـمانێک لە دەستی منـداڵانی ئەمـڕۆیـان دان.
دوبـەی: ٢٠٢٥




شەهیدێک.. نەوشیروان ئازاد

لەسەرشاشەی
تی ڤی یەکی ڕووڕەش…
یادی شەهیدیک کرایەوە
چوار یەکانەی زل و درۆزن
باسی جوانی وەفاو
خۆشەویستیان بۆی دەکرد
چەند کۆڕو سیمیناریان
بۆساز کرد
چەند قارەمان ناویان دەبرد ،،
بەڵام داخم …
لەپێش دەرکی مزگەوتێکا
خێزانەکەی سواڵی دەکرد
کاتێ خۆیشی بۆ ئەم خاکە
شەهید کرا…
لەگیرفانیا ..
تەنیا دوو هەزاریان دەرکرد

نەوشیروان ئازاد
سلێمانی..
نیشتمانی عەشق وجوانی




رانانی نووسەران مۆفەق عارف لهۆنی و ئاسۆ بیارەیی سەبارەت بە کتێبی: زێبرایەک لە دارستانەکانی سویددا

نوسینی هاوڕێی ئازیزم ٫ ئاکۆ محەمەد سابیر ٫ ڕۆمانێکی پڕ چێژ و جوانیە بۆ نەوجەوانان کە بە سەلیقەیەکی ورد و خەیاڵێکی فراوان ٫ جیهانی مرۆڤ و ئاژەڵەکانی بە دوو چیرۆکی پڕ لە فەنتازیای هاوتەریب بەیەک گەیاندووە ٫ جیهانی ئادەم و خێزانەکەی کە لە ژیانێکی واقعیدان و بە هیوای هاتنەدی خەونەکەی ئادەمی مێردمنداڵ و شادبونی بە ئاژەڵە دڵخوازەکەی کە زێبرایە بە هێڵێکی ڕیالیزمیانە هەنگاو دەنێت بەرەو هاتنەدی خەون و خولیاکەی ٫ هاوکات بە هێڵی دووەمی ڕۆمانەکە ( خەپیلە و کێویلە ) کە دوو گوێدرێژی ماڵی و کێوین ( زێبرا ) بە خەیاڵ و فەنتازیای ئاوێتە بە ژیانێکی ڕیالیزمی ژینگە و دەوروبەر ٫ ژیانێکی نوێی پڕ لە سۆز و خۆشەویستی پێکدەهێنن ٠
دواجار ئەم دوو هێڵە تەریبە پڕ لە چیرۆک و ڕوداوە لە خاڵێکی زۆر هەستیار و دانسقەی ڕۆمانەکەدا یەکدەگرنەوە کە جوانی زیاتری بەخشیوە بە ڕۆمانەکە ٠
بە پێویستی دەزانم نەوجەوانان و خێزان و پەروەردەکارانی کورد لە جوانی و چەشەی ئەم ڕۆمانە بێبەش نەبن و چەند ساتێک بۆ خوێندنەوەی تەرخان بکە.
سەرپەرشتیارو پسپۆری پەروەردەیی ئامادەیی
بەڕێوبەری تیپی هونەری منداڵانی سلێمانی
مۆفەق عارف لهۆنی

زمانێکی پاراو:

زمانێکی پاراو کەسایەتییەکی پتەو و پڕ بروا دروست بەرهەم دێنێ، دەروازەکانی دی ژیان بۆ مرۆڤ بە سانایی دەخاتە سەرپشت.

تەنها ٣٠ خولەک ڕۆژانە جگەرگۆشەکەت لەسەر خوێندنەوە ڕابهێنە!

زمانێکی پاراو ئامرازێکی کاریگەرە بۆ بەشداریکردن لە کایە کۆمەڵایەتییەکان و بەرکەوتەکانی دی…

زمانێکی بەهێز یەکسانە بە مرۆڤێک خۆرت و چەلەنگ.

گەر زمان گرنگ نەبایە، هەرگیز نەتەوەی سەردەست هەوڵی لەناوبردنی نەدەدا، زمان بوونی مرۆڤەکانە و ….

دەستخۆش بەریز ئاکۆ بۆ ئەم بەرهەمە نایابە..!

بەرهەمێک فەرهەنگی دوو نەتەوەی جیا، دوو دەڤەری پێکەوە گریداوە و زیوا وینای سروشتی جوانی وڵاتی سوێدی کردوە، ئاشنایەتییەکی وا، کە منداڵان بەرەو دنیای ئەندیشە بۆ دارستانەکانی سوێد ڕادەکێشی، زارۆکان دەخاتە دەریایەکی بیرکردنەوەی پڕ جوانی و ئەوینداری سروشت و زیندەوەرەکان…
ئاسۆ بیارەیی




بڵاوکراوەی نوێ\ رۆمانی توێشووی رسوایی.. لە نووسینی ئارام حەسەن

ئەم رۆمانە نوێیەی نووسەر ئارام حەسەن لە ناوەڕاستی مانگی چواردا بڵاودەبێتەوە..




بەکورتی6: هیچ…. هیچبوون پاشماوەی نەبوونە.. ئازاد حەمە

دۆشدامان لەبەردەم هیچییدا چارەسەر نییە. لەبەرئەوە لێرەدا چەپکەبیرکردنەوەیەکی فەلسەفیی سەبارەت بە هیچNothingدەخەینەڕوو، ئەگەرچی زۆربەمان دەزانیین ڕوانگە گۆڕین تایبەت بە هیچییNothingnessئاسان نییە. ئەوەش لامان پرسیارە،کە بۆ لە خەمڵاندنی هیچییا کەمتوانایین؟ئەمە یەکێکە لەو پرسانەی ناخرێتەڕوو. لەو بارەوە دەپرسیین:بوونی هیچ راستە؟هیچ تەنها ئەوەیە،کە لە مێشکی ئێمەدا ئامادەیە؟مەگەر هیچ شتێکی هێمایی نییە و تەنها بابەتێکی زمانەوانی نییە؟ئێمەی مرۆڤ توانای بینینی،درکپێکردنی،هیچمان هەیە؟باشە هیچ سەرەتای شتەکانە یان ناپایانە؟واتە شت لە هیچەوە دەخوڵقێت؟ئەگەر هیچشتێک لە هیچەوە نایەت(کە بەلاتینی دەبێت بەمە: ex nihilo nihil fit)کەواتە هیچ بوونی نییە؟بوون نەبێت نەبوونیش نییە؟ئەی یەزدان لەکوێی هاوکێشەکانە؟گریمان یەزدان جیهانی لە هیچیی رەهاوە دروستکردووە، ئەی بوون(گەردوون) پێشهاتنی یەزدان چ فۆرمێکی هەبووە؟ئەدی ترس لە هیچیی بوونی هەیە؟خودی ترسەکە هیچ نییە؟یاخود ئەم جۆرە ترسە وایە و بەهاشی هەیە؟
بمانەوێ و نەمانەوێت،لێرە یان لەوێ هیچ یەخەمان دەگرێت و کەوتنە تەڵەی هیچیشەوە گومانمان لە هیچ ناڕەوێنێتەوە.وێڕایئەوە،هیچ تایبەتمەندیی خۆی هەیە،ئەم تایبەتمەندییەش بەزۆری لەناو زانستە سروشتیەکاندا دەردەکەوێت، بەتایبەت بیرکاری. لەبەرئەوە، سەرەتا دەپرسین هیچ چییە؟ هیچ بەمانای نەبوون دێت. شتێک، کە هێشتا نییە. نەبوونی شتێک واتە هیچ. ئەو شتەی،کە نییە، واتە هیچە. کەی شت هەبوو هیچ نامێنێت،کە شتیش نەبوو بۆشایی(بەتاڵیی) Vacuumهەیە.کە شت هەبوو بوون هەیە، واتە بۆشایی پڕدەبێتەوە.
هیچیی چییە؟ نەبوونی بوونە، وەکیتر بەمانای وەستانی ژیانیش دێت.کەواتە، کە هیچ هەبوو ژیان بوونی نییە و خودی بوونیش بوونی نییە. ئەمانە گەواهی ئەوە دەدەن، هیچ بە مانای بۆشایی دێت. سەرەتای هیچ هەر خودی هیچە، یان دژە هیچ هیچیی دروستکردووە. ڕەنگە هەندێکمان بڵێین: بێ هیچ ژیان ئەستەمە. بەخۆی بوون و نەبوونی هیچ پەیوەندی بە خودی بوونەوە هەیە. سەرنجخستنەسەر بوونی هیچییش سەرنجخستنەسەر ئەو بۆشایەیە تیایدەژین. واتە،دەرککردن بە هیچیی دەرککردنە بەو ڕاستییەی بوونی ڕاگرتووین. بەواتایەکیتر، هیچ واتە نییە. کە نەبوو،کە نییە، واتە هیچ ئامادە نییە. باشە دەکرێت کەسێک بەخۆی بڵێت: من هیچم. نا.. تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێت، کە ئەو خۆی وەک نا و بەتاڵاییەک، دەبینێت. لەبەرئەوەی خودێک، جەستەیەک، بوونی هەیە بۆیە ئەویش هەیە.
باشە هیچ چ جۆرە چەمکێکە؟ هیچ چەمکێکە لە وێنەی نەبوون. هیچ لە قۆناغی نەبووندایە، نەگەیشتووەتە قۆناغی هەبوون. ئەمە ئەوە دەگەیێنێت، کە هیچ نکۆڵیکردنە لە بوونی شتێک.ئەم نکۆڵیکردنە بەوەش دێت، کە بەها بوونی نییە، شوێن بوونی نییە. گشت ئەوەی گوترا دەمانبات بەرەو ئەمە: هیچبوون. واتە هیچ بوونی نییە.
سەرباری ئەوە، هیچ بنەمای نکۆڵیکردنی بوونە و پرسیاریشە لەسەر دۆزی ڕەهابوون. لەبەرئەوەی هیچ هەر هیچ نییە و ئەم هیچە بەهای هەیە، بۆیە هیچ بابەتێکی کرۆکییە. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانیین بڵێین، کە هیچ ئەو هیچە نییە عەوام قسەی لێدەکات.
گەر هیچ نییە بێت و ئەوەش سەرچاوەی گەردوون بێت، کەواتە نییە یان هیچ ڕەچەڵەکی گەردوونە. باشە کێ پێیوایە هیچ، واتە نەبوون، سەرەتا و دەستپێکی گەردوونە! گەر وایە پێویستمان بە فیزیایە ئەمە یەکلاکاتەوە. باشە، گفتوگۆکردنی هیچ دەچێتە خانەی گفتوگۆیەکی فەلسەفییەوە یان فیزیاییەوە؟ گەر باسی هیچ بمانبات بەرەو بۆشایی، بەتاڵیی، کەواتە ئەوەی هیچێک لە فەزادایە بابەتێکی فیزیاییە.
فیزیا بۆی هەیە بۆشایی رەها لە هیچیی رەها جیاکاتەوە. لە فیزیادا،کە دەگوترێت هیچ لە بۆشاییدایە، لەمحاڵەتەدا هیچ تێگەیشتنی تری لەبارەوە هەیە. زانایان پێیان وایە،”بۆشایی بریتییە لە فەزایەک کە ماددە و هەوای تێدا نییە”. بەڵام شتێکی تر لەوبارەوە لەئارادایە، کە هێشتا هەندێک تەنۆلکەی ماددە لە بۆشاییدا هەن،کە زۆر زۆر کەمترن لەو هەوایەی مرۆڤ بەکاریدەبات.
هیچ نییەیە یان بوونی نییەیە پێویستی بە بەڵگەیە. واتە جەغتكردن لە بوونی شتێك پێویستی بە بەڵگە و بە سەلماننە، بەڵام ئەوەی پێیوایە هیچ شتێكە بوونی هەیە پێویستی بەو جەغتەنییە،كە دەڵێین ئاو لەسەر مانگ هەیە لەمحاڵەتەدا دەبێت بوونی ئاوەکە بسەڵمێنین.
جیهان لە هیچەوە دێت یان لە شتەوە؟واتە جیهان پێشتر هەبووە؟ دێکارت پێیوایە ئەوە هەیە، کە دەتوانین بیسەلمێنین. بۆ هایدیگەر بەمجۆرەیە: چاکتر نییە جیهان لە نەبێتەوە دەستپێکات وەک لەوەی لە شتەوە؟ گەر وابێت جیهان لە هیچەوە دەستپێدەکات، واتە باوەرمان بە بۆشایی ،جیهانی بۆشایی ،هەیە. کاتێک بڵێین بوون لە شتەوەیە پێویستە بیسەلمێنین،ئەگەر وانەڵێین ئەوا سەلمانن پێویستناکات. کە وتمان پرتەقاڵ لە مەریخ هەیە دەبێت بیسەلمێنین، کە سەلمانمان واتە ئاو هەیە و ژینگەی تایبەت بە پرتەقاڵیش هەیە.
دوا قسەمان لەسەر هیچ بەوە کۆتایپێدێنینن، کە تێنەگەیشتن لە هیچ گورزێکی سامناکە لە بەهای هیچیی. ئەگەر هیچشتێک لە هیچەوە نایەت کەواتە هیچ بوونی نییە. بۆنموونە گەندەڵی هەیە، چونکە سیاسەت هەیە. گەندەڵی لەخۆڕا نییە، سیاسەت نەبایە گەندەڵی نەدەبوو. بەڵام لەسەر بنەمای قسەیەکی فەلسەفیی لایبنێتز دەڵێێن: هیچشتێک لەخۆڕا بوونی نییە،دەبێت هۆیەک بۆ بوونی شتەکە هەبێت.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




لە لێواری پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا.. عوسمانی حاجی مارف

لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان شاهیدی ڕاشکاوانەی بنبەستی ڕاوێژ و دانوسان و کۆبونەوەکانی نێوان زۆنی زەردو زۆنی سەوز بووە، کە لەدوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ وە بەڕێوەچوو، پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، تائێستا گفتوگۆکان نەیانتوانیوە ئەنجامی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بەیان بکات، بەڵام لەم ڕۆژانەدا وەها ڕادەگەیەنن، خەریکی لێکنزیکبونەوەیەکی سیاسی نێوان هەردوو بارزانی و تاڵەبانین.!
لەدواین کۆبونەوەیاندا لەنێوان هەردوولادا وەها نیشان ئەدەن کە کەشوهەواکە ئەرێنیە، مەسرور بارزانی دوپاتی ئەوەی کردەوە کە دیدارەکەی لەگەڵ تاڵەبانی “زۆر ئەرێنی و باش بووە”. لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا دوای کۆبونەوەکەیان لە هاوینەهەواری سەلاحەدین ئەوەی ڕونکردەوە، کە تیشکیان خستۆتە سەر لێکنزیکبونەوە و لێکۆڵینەوە لە پرسە گرنگەکان. لەهەمانکاتدا باڤڵ تاڵەبانی کۆبونەوەکەی بە “زۆر باش” وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لێکتێگەیشتن لەسەر هەندێک بابەتی ستراتیژی کە “خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی خەڵک” دەکەن کراوە…!”، هەروەها باڤڵ دەڵێت “بڕوام وایە گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن، بەوپێیەی ئامانجی هاوبەشمان ئەوەیە کە بەزووترین کات حکومەت پێکبهێنین بۆ خزمەتی گەلەکەمان”.!
لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا هەردوولا چەند خولێکی دانوستانیان ئەنجامداوە، گوایە گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بە ئامانجی داڕشتنی ڕەشنوسی ڕێکەوتن لەسەر بەرنامەی حکومەتی داهاتوو میکانیزمێک بۆ دابەشکردنی پۆستە باڵاکان لە ناو حکومەتی هەرێمدا بە ئەنجامێکی عەمەلی گەیشتون، بەڵام ئەوەی شایانی باسە هیچ جۆرە خاڵێکی ڕۆشن بەرچاوناکەوێت و مانایەکی واقعی بۆ چۆنیەتی ڕێکەوتنیان نادەن بەدەستەوە، کە ئایا ئەو حکومەتەی دەڵێن بڕیارە خزمەت بە خەڵک دەکات، نمونەو وێنەکانی لەگەڵ ئەو حکومەتانەی کە لەماوەی سی ساڵ زیاتردا هیچی بۆ خەڵک نەکردووە، جیاوزای چیە و چیتر دەکات؟ لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکەوتنەکەیان هیچ ئەنجامێکی وەهایان نیشان نەداوە کە بتوانن بۆ کاروباری خۆشیان پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت خێراتر بکەن.
ئەوەی شاراوە نیە کێشەو ململانێیان لەسەر پێکهێنانی حکومەت، ئەوەندە پەیوەندی بەخەڵکەوە هەیە، کە فشاری خەڵک لەبەرامبەر یەکتردا بەکاربهێنن بۆ گوڕێنی بەرزبونەوەی هاوسەنگی سیاسان و بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر لەبەرامبەر یەکتردا، تا ئەو ئاستەی چەندین ئینسان ببنە قوربانی لە پێناو کێشەکانیاندا، هەستیان نایان جوڵێنێ و ئازار ناکێشن و بێدەربەستن.
لەگەڵ ئەوەی وەها نیشان ئەدەن کە “کۆبونەوەکانی نێوانیان لە ئەرێنیترین کۆبوونەوەکانە لەڕووی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەسەر شێوەی حکومەتی داهاتوو”. بەڵام تا ئێستا ناکۆکیەکانیان لەسەر دابەشکردنی پۆستە باڵاکان ناڕۆشن و بێچارە ماوەتەوە. “یەکێتی بۆ مسۆگەرکردنی بەشداری ڕاستەقینە لە حکومەتدا، لەدانوستانەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامە لەسەر پێداگری بۆ پۆستە باڵاکان و دەبێت دەسەڵاتی ڕەهایان هەبێت”.
لەلایەکی ترەوە سەرکردایەتی یەکێتی دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە سەرەڕای بوونی خاڵە هاوبەشەکانیان، بەڵام ئەوە پلانی گەورەی دەرەکیە کە ڕێگرن لە پێکهێنانی حکومەتەکەیان، بە وتەی خۆیان کورد دوژمنی زۆرە!.
ناکۆکیەکانی نێوان هەردوولا وەک دابەشبونیان بە دوو زۆن و دوو هێزو دوو دەسەڵاتی میلیشیایی جیاواز و ئاستی هاوسەنگی هێزیان و پاشکۆبونیان بە بەرژەوەندی ووڵاتانی ترەوە، سادە نیە بە ئاسانی بگەنە ئەنجامێکی یەکلاییکەرەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە دۆخێکی ئارام فەراهەم بهێنێت، ئاشکرایە کە سی ساڵ زیاترە لە شەڕو ململانێ و پیلانگێڕی و هەندێ جار ڕێکەوتن لە گەڵ یەکتر، هەمیشە سەرچاوەی نائارامی و ناسەقامگیری سیاسی و تالە توانایاندا بێت بەڵان بەسەر خەڵکی کوردستانەوە.
پێش هەڵبژاردنیش باڤڵ هەوڵیدا گۆڕانکاریەکی هەمەلایەنە لە ئاستی سەرکردایەتی حکومەتدا بکات، تەنانەت بیری لەوە دەکردەوە، یان بانگەشەی ئەوەی دەکرد، گۆڕانکاریەک بێت لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی بە ئەنجامێک بگەیەنێت، بەڵام واقیعی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، نەک هیچ هاوکاریەکی نەکرد بۆ ئەو بانگەشەیە، بەڵکو کەسایەتی باڤڵی زیاتر خستە ژێر پرسیارەوە و لە بنبەستێکدا سەرگەردان بەجێماوە، ئەمەش وای لێکرد بەجیا لەوەی بانگەوازەکەی چۆن بەیان دەکات، بەڵام ناچارە بۆ بە دەستهێنانی دەستکەوتی بچووکترو ڕاگرتنی هێزەکەی. بەڵام لەلایەکی ترەوە یەکێتی دەیەوێت حکومەتێک پێکبهێنێت کە نەک هەر بەشداری تێدا بکات، بەڵکو هاوبەش بێت لە بڕیاردانی گرنگ و چارەنووسسازدا، هەروەها بۆخۆشی بەتەنیا فرسەتی ئەوەی نیە بە تاک قەوارەیەکی سیاسی کۆنتڕۆڵی هەموو توانا و بڕیارەکانی حکوومەت بکات، قەبوڵی ئەوەش ناکەن سنوردار بکرێن و بڕیارەکان بەسەریاندا بسەپێنرێت، ئەمەش ئەو کێشەیەیە کە باڤڵ و یەکێتی ناتوانن بە ئاسانی بارزانی ناچار بکەن.
پارتیەکان ئەوە ڕادەگەیەنن کە بەم نزیکانە دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، لە پەیوەند بە هێزە سیاسیە جیاجیاکانەوە دەست پێدەکەن، هەروەها دەڵێن هەوڵدەدەین زۆربەی لایەنە براوەکان بەشداربن لە حکومەتدا بۆ ئەوەی سەرکەوتن لە پێکهێنانی حکومەتێکی پتەو مسۆگەر بکەن و هیچ ئاستەنگیەک نەخەنە بەردەمی ئەم پرۆسەیە، گوایە لیژنەی دانوستانکار کە لەلایەن سەرکردایەتی پارتیەوە پێکهێنراوە، ئەرکی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان لە ئەستۆ دەگرن، بەڵام پێشوەخت ئەوە ئاشکرایە کە زۆربەی لایەنەکانی تر ڕایان گەیاندووە بەشداری لەم حکومەتەدا ناکەن، ئەمەش گرێیەکی تر دەخاتە پێشچاو کە لە دانوسانەکانی نێوان تاڵەبانی و بارزانی بۆ پێکهێنانی حکومەت نەگەیشتونەتە ڕێکەوتنی کۆتایی و پێویستیان بە بەشداری و ملکەچی لایەنەکانی ترە.
هەڵبەتە ئەتوانین ئەوە بڵێین کێشەکان تەنها بەدەوری ئەوەدا ناسوڕێتەوە کە ئایا بارزانی و تاڵەبانی دەگەنە ڕێکەوتن لەسەر ئەنجامگیریەک یان نا؟ بەڵکو گۆڕانکاری و نالەباری و ئاڵۆزی دۆخی سیاسی ناوچەکەو کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان لەم دەورانەدا، کەوتۆتە بەردەم ئەگەری چاوەڕوانی پێشهات و ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو، وە ململانێی نێوان ووڵاتانی زلهێزی دنیا و ووڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی کە هەردوو لایەنی بارزانی و تاڵەبانی، لە تەواوی هەڵسوڕانی سیاسی و سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتی سیاسیاندا،هیچ کات لە پرۆسەی دامەزراندنی حکومەتێکی یەکگرتو لە هەرێم نەبون و ئایندەی بەرژەوەندی سیاسیان هەمیشە بەستراوە بە پاشکۆبون بە بەرژەوەندی و نەخشەی سیاسی ووڵاتانی ترەوە.
ئێستاش پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم ئاسان نابێت، بەڵکو پڕۆسەکە لەڕادەبەدەر ئاڵۆز دەردەکەوێت، لەوانەیە دانوستان ماوەیەکی زۆر درێژتری پێبچێت، بەتایبەتی کە هیچ لایەنێکیان زۆرینەی ڕەهای بەدەست نەهێناوە، ئەمەش پێویستی بە پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەک هەیە کە جگە لەوەی دەبێت توانای بەدەستهێنانی زۆرینەی ڕەهای هەبێت لەناو پەرلەماندا، لەهەمانکاتدا پێویستە بتوانن خۆیان لە گەڵ ناکۆکیەکان و ئاڵوگۆڕەکان و نالەباری دۆخەکەدا بگونجێنن، بەڵام پێکهاتەی زۆنی زەردو زۆنی سەوز، وە دابەشبونیان بە پەیوەندی و بەرژەوەندی ووڵاتانی جیاوازەوە و لە پەیوەند بەبەغداوە، گەر حکومەتێکی ناچاریش پێک بهێنن، بەهیچ جۆرێک نەک ناتوانن نمونە و ئەزمونی حکومەتێکی باشترو جیاواز لە حکومەتەکانی پێشویان نیشان بدەن، بەڵکو نمونەی حکومەتێکی شێواوتر و پەڕپوتتر و نابەرپرسیارتر، لە مێژووی حکومڕانیان لەبەرامبەر خەڵکدا دەخەنە بازاڕو مامەڵەی سیاسیەوە. کە نەک نایانەوێت وەڵام بە پێداویستی و دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک بدەنەوە، ئانیدەیەکی تاریکتر دەکەنە بێ ئاسۆیی و درێژەدان بە سەرگەردانی.
پێویستە خەڵکی کوردستان دوای سی ساڵ زیاتر لە ئەزمونی دەسەڵاتی میلیشیایی بارزانی و تاڵەبانی، کۆتایی یەکجارەکی بەو ئومێدانە بهێنن کە لە هەڵبژرانەکاندا پێیان دەفرۆشنەوە، رۆشنایی ئایندەی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی کوردستان لە رێرەوی دەورو ئیرادە و دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا مانا پەیدا دەکات.




خوێندنەوەیەک بۆ دوا نامەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.. عەبدوڵڵا ساڵح

ڕۆژی پێنجشەممە 27ی شوباتی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەلایەن ئەو شاندەی کە سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی کردبوو، لە زیندانی تاکەکەسی خۆی لە دوورگەی ئیمرالی، ئەمەش دوای ڕفاندن و دەستگیرکردنی لە وڵاتی (کینیا – شاری نایروبی )وە لە شوباتی ساڵی 1999 لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیا بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ مۆسادی ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگری ئەمریکا CIA، بەرە و تورکیا و لەوێش سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو وە دواتر گۆڕا بۆ سزای زیندانی هەتاهەتایی.
نامەکەی ئۆجەلان، لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا، لەلایەن ئەندامێکی شاندەکەوە خوێندرایەوە. ناوەڕۆکی نامەکە بانگەوازێک بوو بۆ لایەنگرانی خۆی لە پارتی کرێکارانی کوردستان کە داوای هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە و دانانی چەکیان لێدەکا. لە هەمان نامەشدا دەڵێت: “ئەو بەرپرسیارێتی مێژوویی لەم بانگەوازەدا هەڵدەگرێت”.
ئەم نامەیە دوای ئەوە هات کە (دەوڵەت باخچەلی) سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) لە مانگی ئۆکتۆبەری 2024 داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بێت لە پەرلەمانی تورکیا وتارێک پێشکەش بکات و داوا لە پارتەکەی بکا چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە.
ئەمە یەکەمجار نییە؛ بەڵکو شەشەمین هەوڵە لەلایەن هەردووک لا بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ململانێ وناکۆکییەکانیان، ململانێیەک کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە. هەر پێنج هەوڵەکەی پێشوو شکستیان هێنا و دەرئەنجام و توندوتیژی دەستی پێکردەوە. سەبارەت بە دوایین بانگەوازی ئۆجەلانیش، ئەوە سێیەم بانگەوازە لەو جۆرە کە ئاراستەی لایەنگرانی کردبێت بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی تورکیا. پێشتریش لە مانگی ئازاری 2013 و دیسانەوە لە مانگی ئازاری 2015 داوای لە لایەنگرانی کردبوو کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕابگرن و دانوستان لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەستپێبکەن. ئەوەی جیاوازە لەمجارەدا ئەوەیە کە دەستپێشخەری و بانگەوازەکە لە خودی تورکیاوە هاتوە، بە تایبەتی لە سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) کە هەڵگری مەیلێکی فاشیستیە و لەهەمان کاتدا هاوبەش و شەریکە لە دەسەڵاتدا لەگەڵ ئەردۆغان. ئەم حیزبە پێشتر بەتوندی دژایەتی هەر پرۆسەیەکی دانوستانی دەکرد لەگەڵ( PKK).
خوێندنەوەیەکی سەرەتایی بۆ کاتی ڕاگەیاندنی ئەم پەیامە ئاماژەیە بۆ ئەو پێشهات و گۆڕانکاریانەی کە لە ئاستی جیهانیدا ڕوویانداوە، لەوانەش سەرهەڵدان پێشڕەوی فاشیزمی نوێ لەجیهاندا بەتایبەتی لە گەورە زلهێزی دنیا ئەمریکا – ترامپیزم – فاشیزمێک کە ناکۆکی نییە لەگەڵ دەسەڵاتی تاکڕەوی و سەرکوتگەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ناوخۆدا، بەڵکو ڕێک لەگەڵیدا دێتەوە. هەروەها پێویستی پاراستن و بردنەپێشی بەرژەوەندی سیستمی سەرمایەداری لە تورکیا وپەیوەندی ئەم سیستمە بە بەرژەوەندی سەرمایەداری جیهانی لە ناو ئەم گۆڕانکاریانەی هاتونەتە پێش لەسەر ئاستی ناوچەکەو جیهان.

ئەمەش بەشێکە لەو پێداویستیانەی وای لە تورکیا کردوە دەستپێشخەر بێ بۆ ئەم پرۆسەی دانوستانە لە کاتێکدا ناوچەکە بە قۆناغێکدا تێپەڕدەبێ کە هێزەکانی “هیلالی شیعە”ی لایەنگری ئێران یەک لە دوای یەک توشی شکستی سەربازی پشتشکێن دەبن، سەرەتا بە داڕمانی سیستەمی سەربازیی (حیزبوڵڵا )لە لوبنان ، دواتر ئەو گۆڕانکاریانەی لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و فەلەستینییەکان بە گشتی ڕوویدا و لەئەنجامدا ڕووخانی ڕوو لە کۆتایی دەسەڵات وتوانا سەربازیەکانی (حەماس)ی بەدوایخۆیدا هێنا و دواجار ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا لەسەر دەستی هێزێکی ئیسلامی نزیک لە تورکیا، کە ئەمەش خۆی بۆشاییەکی لە ناوچەکەدا دروستکردوە، بۆشایییەک کە تورکیا زۆر بە چڕی هەوڵی پڕکردنەوەی دەدات و دەیەوێ ڕۆڵێکی سەرەکی تێدا بگێڕێت، هەرچەندە ئەم سیاسەتەی تورکیا لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا ناکۆکە، بەڵام ئەم سێ وڵاتە سیاسەتێکی ستراتیژی درێژخایەنیان هەیە کۆیاندەکاتەوە، بەو پێیەی سەر بە هەمان جەمسەری سەرمایەداری جیهانین.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان کە بە بڕوای من زیاتر لایەنی شکست لەخۆی هەڵدەگرێ تا سەرکەوتن، عەبدوڵڵا ئۆجەلان زیاتر لە 25 ساڵە لە گۆشەگیرییەکی،تا ئەندازەیەک، تەواودا دەژی، دوور لە ڕووداوە ناوچەیی و جیهانییەکان. بۆیە ئەم گۆشەگیرییە وایکردوە هەر بڕیارێک بیدات جێگەی پرسیاربێ!؟ چونکە ڕەنگە لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی ڕاست و دروست لە دۆخی ئێستای تورکیا و ناوچەکە وجیهان نەبێت، یان دەربڕینی دیدێکی ستراتیژی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە نەبێت. پڕۆسەی چەکداماڵینی ئەو حیزبە و بەم شێوەیە هەڵوەشاندنەوەی، بابەتێکی سادە و ئاسان نییە، تەنانەت ئەگەر کارەکە بەو ئاقارەشدا بڕوا کە ئەردۆغان دەیەوێت. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە کاتێکی تاڕادەیەک دوور ودرێژە ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گرژییە سیاسیانەی کە بێشک دێنە بەردەم ئەم پرۆسەیە و دەرگای ئاڵۆزتر لەبەردەمیدا دەکەنەوە، کە خۆی بە پێچەوانەی ئەوەیە هەندێک لایەن چاوەڕێ دەکەن .

بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە تەنیا پشتبەستن بە کاریگەریی و هەژمونی ئۆجەلان لەناو بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردا بەس نییە، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی حاشا هەڵنەگرەی بوونی کاریگەریی بەرفراوان و بەهێزی (پەکەکە) لەناو باڵی چەپی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردا، بەتایبەتی لە کوردستانی تورکیا و کوردستانی سوریا، جگە لەوەش ئەم حیزبە خاوەنی بنکەیەکی بەهێزی ئابووری و کۆمەڵایەتییە، ئەمەش وای لێدەکات، بە جۆرێک لە جۆرەکان، توانای بەردەوامبوونی هەبێ لەگۆڕەپانی کاری سیاسیدا کاتێک پروسەی چەکداماڵین و ئاشتی سەربگرێ.
ئەم پەیامە کاریگەرییەکی جیاوازی لەسەر باڵە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی بۆرژوازی کورد هەبوو. هەندێکیانی تووشی شۆک کرد و بە تەسلیمبوونێکی بێ مەرجیان لەقەڵەمدا و ئاماژەیاندا بەو پەندە کەدەڵێ : “چۆن دەتوانی دانوستان لەگەڵ تیمساحێک بکەیت لەکاتێکدا کەلەسەرت لە دەمیدایە؟” هەندێکی تر هەوڵیان دا پاساوی بۆ بدۆزنەوە، بەڵام کەمپی شۆکبووەکان فراوانتربوو.
لە کاتێکدا عەبدوڵڵا ئۆجالان و پارتەکەی کاری سیاسی و سەربازیان بە ئاراستەی دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتیەکانی خەڵکی کوردزمانی تورکیا کردوە، بەڵام ئەو چارەسەرەی، لەو ڕێڕەوەدا ، بەدوایدا دەگەڕێن، لە چوارچێوەی چارەسەرێکی بۆرژوازیانەی مەسەلەکە تێناپەڕێت، دروست وەک ئەوەی ئێستا لە کوردستانی عێڕاق دەیبینین ….
بزووتنەوە چەکدارە نەتەوەییەکانی کورد، بە درێژایی مێژووی ئەم سەردەمە، چەکەکانیان ئەوەندەی بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگا بوە و بردنی بەو ئاقارەدا کەخۆیان نەخشەیان بۆ کێشاوەو دەیانەوێ ، ئەوەندە دژی دەسەڵاتە چەوسێنەرەکان نەبووە ، کە ئەمەش لەدوا شیکردنەوەدا ئاوێکە دەڕژێتە ئاشی سیستمی زاڵی سەرمایەداری، بەم پێیە و بەگوێرەی ئەم شیکردنەوەیە، چەکدانانی ئەم بزوتنەوانە و رزگاربوونی کۆمەڵگا لەم بزوتنەوە چەکداریانە، ئاسۆیەکی فراوان بۆ گەشەکردن و بەرەوپێشچونی وشیاری و ئاگاهی سۆشیالستی دەکاتەوە، بەم جۆرەش ئەم بانگەوازە وئەم پرۆسەی ئاشتیە خاڵێکی ئەرێنی یە لەڕێڕەوی خەباتی چینایەتیدا و یارمەتیدەرە بۆ وەلانانی بارگرانیەکی (وەهمە – خۆشخەیاڵی) قەومییەکان لەسەر شانی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و کەش و هەوایەک و زەمینەیەکی گونجاوتر دێنێتە ئاراوە بۆ بەرەو پێشچونی خەباتی چینایەتی و هاوچارەنوسی لەدەروونی ئەم چینەدا بە دوور لە دەمارگیری نەتەوەیی بوون و هاوڕەگەزبوون.

10 – 3 -2025

عەبدوڵڵا ساڵح




تۆ و من.. شیعری نەوزاد بەندی

تۆ
ئەو بەردەی خاڵیی لە دڵ،
تۆ ئەو دڵەی پڕ پڕ لە بەرد ..
تا کەی ئەوەندە تینووین
بە خوێنی یەکتر ؟
تۆ ئەو گوڵەی خاڵیی لە ڕەنگ و بۆن..
تۆ ئەو ڕەنگ و بۆنەی خاڵیی لە گوڵ ..
تا کەی ئەوەندە برسین
بۆ گلانی یەکتر ؟
تۆ ئەو بەرپرسەی خاڵیی لە یاسا..
تۆ ئەو یاسایەی خاڵیی لە بەرپرسیاریی ..
من ئەو فیشەکی موختارکوژەی دەنگیشم نایەت
من ئەو دەنگەی فیشەکی موختارکوژیش لێم ناترسێ..
تاکەی ئەوەندە ئەترسین بمرین؟
تا کەی یەکپارچە برین بە ناوی ژیانەوە هەڵئەگرین ؟
من ئەو بوونەوەرەی تەنها قسە ئەکەم
من ئەو قسەیەی کە قەت ناتوانم بیکەم ..
تا کەی ملوانکەی ژەهراویی ئەکەینە ملی یەکتر ؟
تا کەی ملی یەکتر ئەکەینە پەت و ڕائەکەین بۆ باوەشی دوژمنی ژەهراویتر لە ژەهر ؟
من کە کۆیلەییم لێ بووە بە خۆشگوزەرانیی ..
من کە خۆشگوزەرانیی جیانەکەمەوە لە ماڵوێرانیی ..
تا کەی لە ڕۆشنبیری تازە ئەترسین ؟
تا کەی عاشقی پارچەیەک کورسین؟
تاکەی لە سەری ساڵانەوە،
بچینەوە سەر مێزی گفت وگۆ ؟
ئەرێ
کەی ئەبین بە بەشەر من و تۆ ؟
شتی تریش ….




بەکورتی5: دەگمەنبوون تاکجۆریی و بێوێنەییە.. ئازاد حەمە

سفرەی سەخاوەتی فەلسەفە پڕە لە تێڕوانینی جودا و پێویست بۆ چەمکەکانی رۆژانە. چەمکی دەگمەنیی جێی گرنگییە و لاشم بووە بە پرسیار،کە کێ، چی و کوێ دەگمەنە و شایانی دەگمەنبوونە. لەم کورتە باسەدا، لەزیاد لەگۆشەیەكەوە هەوڵی بینینی دەگمەنیی دەدەم، ئەوەش کە دەگمەنەکان لەیەککاتدا بۆ هەموان سەرنجڕاكێشنیین و بۆچوونی هەموانیش بۆ بەدەگمەنبوون وەک یەک نییە. لەوە بترازێ دەگمەنuniqueهەردەم نییە و زوو زووش دەرناکەوێت. لەوبارەیەوە دەپرسیین:شتەکان و کەسەکان چۆن دەگمەن دەبن؟ئایا دەگمەنبوون هەتاهەتاییە؟پێچەوانەی دەگمەن چییە؟چی و کێ بۆی هەیە دەگمەن بێت؟چی کەس، شتەکان یاخود جێگاکان دەگمەن دەکات؟پێویستیشە لەوە بەئاگابیین،کە ڕۆچوونە ناو چەمکی دەگمەنیی بەرەوناو زۆر داڵانمان دەبات.لەسەر ئەوەش وەستاوە لەکام گۆشە نیگاوە دەڕوانینە دەگمەنیی.هەندێک کەسێکیان یان شتێکیان لادەگمەنە،کە لێشیان دەپرسیت بۆ؟وا وەڵامدەدەنەوە:ئاخر دەگمەنە.
لەبەرئەوە دەپرسین دەگمەن چییە؟دەگمەن تاکە، جۆرێکی تاکجۆرە، بێوێنەیە،ناهاوشێوەیە،دەشێت سەیر، گۆشەگیر، نامۆ،جۆرێکی نادووبارە و نوێ بێت.دەگمەن لەخودی خۆیدا نالێکچووە و پێچەوانەی گشت شتێکی ترە. دەگمەنەکان تاکوتەرا، تاکشێوە و جوداوازن. پێچەوانەکەش شتی دووبارە،بڵاو،گشتی و باوە.لەبەرئەوەی دەگمەنەکان هێجگار کەم، نائاسایی و نانۆرماڵن. ئەو شتەی دەگمەنە تەنهایە،تەنهاش نائاسایی و ناگشتییە.هەرلەبەرئەوە غەریب و تاکە. دەکرێت ئەو شتە تەلارێک،کارێکی هونەریی یان شانۆنامەیەک بێت.
کەسێک، شتێک یاخود جێگایەک بۆی هەیە دەگمەنRare بێت. ئەمانە هەریەکەیان،کە دەگمەندەبن دەکرێت لەگەڵ کاتیشدا دەگمەنیی خۆیان لەدەستبدەن. بەلەدەستدانی دەگمەنیی ئیتر ئەو شتە یان کەسە یاخود شوێنە وەک دەگمەن نامێنێتەوە. کاتێک کەسێک یان شتێک دەگمەن دەبێت سەرنجی دەخرێتەسەر و زۆرێکیش بەشکۆوە لێیدەڕوانن، هەشە گومان لە شکۆدارییەکەیدەکات.
پەژیران و پەسەندکردنی شتێک یان کەسێک وەک دەگمەن کردەیەکی کەسیی نییە.لەبەرئەوەی دەگمەن بەهادارە،تاکە،جیاوازە، دانسقەیە، تایبەتمەندە. لەخودی خۆیدا هەڵگری توخمی دەگمەنییە. بەمجۆرە، دەگمەنیی سەرەتایەکی هەیە.لەناو دەگمەنییدا توخمی دەگمەنیی خۆی مەڵاسداوە.ڕاستە دەگمەن ڕێزپەر exception، ناوازە یان نایابexcellentیش دەگرێتەوە،لێ هێشتا ماویانە بگەنە ئاستی دەگمەنیی. دەگمەن بەرەو سەرویئاسایی دەڕوات paranormal.ئەمە وایلێدەکات وەک دەگمەن بمێنێتەوە.کەواتە دەگمەن بێوچان دەگمەنە، تەنیا لەو حاڵەتانەدا دەگمەن نییە، کە هەلومەرجێک کار لەسەر وەلاخستنی دەگمەنییەکەی دەکات. بۆنموونە کاتێک دەردەکەوێت بیریارێک فاشیستە یان سیاسییەک جەلاد و گەندەڵە.
لێرە دەپرسین:دەگمەنەکان ئەوانەن ئێمە وەک دەگمەن دەیانبینین یان ئەوانەن،کە خۆیان وەک دەگمەن دەردەخەن؟دەگمەنبوون تایبەتمەندیەکی ڕیزپەڕە.خۆوەک دەگمەن نیشاندان دەگمەنیی بەدوانایەت. لەناو دەگمەنبووندا ماهیەتێک پەنهانە کە شتەکە دەگمەن دەکات. سەرباری ئەوە،دەگمەن پێویستی بە پەیپێبردنە. چونکە بەردەست نییە، لە شوێنێکیترە. دەگمەن بەدواگەڕانی دەوێت، دەبێت بدۆزرێتەوە، نەحازرە نەبڵاوە. نە باوە نە گشتییە.دۆزینەوەی دەگمەنیی کاتی دەوێت. هەر فاکتەری کاتیشە دروستکەری دەگمەنییە .
دەگمەنیی سەرپێچیی نییە. چونکە دەگمەن لەناو پرۆسەیەکی هێجگار ئالۆز دەگمەنبووە. دەرچوونیش لە دەگمەنیی پێویستی بە دۆزێکی ئالۆزە. بۆنموونە، گرگن دەگمەن نییە.چونکە زۆرینەیە. کاتێک زۆرینە پێوەردەبێت دەگمەنیی لەوێ باردەکات. نیشتیمانی دەگمەنەکان دوورە، لێرە نییە.
سیاسیی دەکرێت دەگمەن بێت؟بەڵێ،ئەوانەی، کە وەچەرخاندنی مێژووییانکردوە(لێنین،تشیڤارا).دەگمەن سەرەتا دەگمەن نییە، دواتر تایبەتمەندی دەگمەنیی تیادروستدەبێت.هەر ئەم خاڵە وادەکات دەگمەن هەمیشە وەک دەگمەن نەمێنێتەوە.ماندێلا دەگمەنە، دەگمەنیش نەبایە بیریارێکی دەگمەنی وەک دێریدا بۆدەچێتەسەردانی و لە حوزریا سێمینارێک لەسەر ئەپارتیدAparteid(جیاوازیی ڕەگەزایەتی) پێشکەشدەکات.مارکس بیریارە دەگمەنەکەیە، کە تا هەنووکە دەگمەنیی خۆی لەناو وتاری سیاسیی و فەلسەفیی و ئەکادێمیی لەدەستنەداوە. ئەمەی وترا پێماندەلێت: لە هەناوی دەگمەنیدا جیاوازییەک هەیە، هەر ئەو جیاوازییەیە وایلێدەکات بمێنێتەوە بێڕکابەر. وەکیتر دەگمەنەکان هەڵکەوتوو و پێشڕەون.
لەبەرئەوەی دەگمەن بێهاوتا، کرۆکدار و پڕناواخنە، ڕێژە تێدەپەڕێنێت، یان ڕێژەکەی بەجۆرێکە ئەوانیتر پێێناگەن. بەمجۆرە، دەگمەنیی لێوانلێوە لە جیاوازیی و تازەیی و ڕەگ و ڕیشەشی نائاساییە.
شۆرشگێڕێک و سیاسییەکی دەگمەنی لە جۆری تشیڤارا، داستانێکی خۆشەویستی دەگمەنی لەجۆری رۆمیۆجولێت، زانایەکی دەکمەنی وەک گالیلۆ، رۆمانوسێکی دەگمەنی وەک کافکا، بیریارێکی دەگمەنی وەک ڤیتگێنشتێین، نوسەرە بیرمەندێکی وەک ستێنبێری،کارە شاکارەکانی دانتی،شکسپیر،بۆدلێر و گۆران دەگمەنەکانن. پازۆلینی، تارکۆڤسکی، گۆدار سینەماکارە دەگمەنەکانن. مالارمێ،سیلان،پوشکین و سەیاب دەگمەنەکانن.تائێستاش بۆنی دەگمەنییان لێدێت. هەلومەرجێکی تایبەت، کە دیرۆکێک لەپشتیەوەیە کەس یان شت یان جێگاکە دەگمەندەکات. نوسینەکانی تۆلستۆی، گۆتە،پیراندێلۆ،نیچە زۆری خایاندوە تا دەگمەن بووە. واتە تێڕوانین و ڕامانی دەگمەن زۆر دەمێنێتەوە.دەگمەنیەکەی وایلێدەکات دانسقەبێت. بۆیە دەڵێێن: دۆزینەوەی دەگمەنەکان پشوودرێژی دەوێت و خۆشیان هەر بەرهەمی ئەو پشوودرێژیەن. هەرگیز دەگمەنەکان لەخۆڕا و خێرا نەبوونەتە دەگمەن. گەڕیدە و دۆزەرەوەیەکی وەک کۆلۆمبس،جیهانگەڕێکی وەک ڤاسکۆ دا گاما یاخود سەردارگەلێکی وەک ئەلێکساندەری گەورە ،ناپۆلیۆن و بیسمارک بۆ کێ دەگمەنن و بۆ کێ نادەگمەنن ڕوون نیە.
کۆتا وێناکردنمان سەبارەت بە دەگمەنبوون ئەوەیە،کە جێی داخ و ئەسەفە، کۆمەڵگەی ئێمە کارێکی ورد و خێرا بۆ لەناوبردنی دەگمەنەکانی خۆی و سڕێنەوەی دیاردەی دەگمەنیی دەکات. بەشێویەکی بەرچاویش دەگمەنیی خەریکە لە کۆمەڵگەی ئێمە ئاوادەبێت. دڵشكاوانە دەڵێم: هەر کۆمەڵگەیەک دەگمەنیی تیایا دەگمەن بوو، هیچی نەبوو بگاتە ئاستی دەگمەنیی ئەو کۆمەڵگەیە بێباک و نامیهرەبانە بەرامبەر بەخۆی.ئێمە کە دەگمەنمان نەبوو، دەگمەن لەیەک کاتدا هی هەموان نەبوو، ئەوا ئەوەی دەگمەنمانکردووە دەگمەن نییە. ئەگەرچی بەدگومانانە ناڕوانینە دەگمەنیی لە کولتوور و کۆمەڵگەی خۆمان،لێ دەگمەنی ئێمە زۆرجار خەسڵەتێکی پەچەدار و نادانسقەی هەیە.ئەوەش جێگای پرسیارە کە دەگمەنەکانی ئێمە،شاکارەکانمان و بە سیاسییەکانیشمانەوە، دەرەقەتی دەگمەنەکانی ئەوانیتردێن؟

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




تەراویح.. پشکۆ ناکام

                             

……کورد کۆنترین میللەتی ئەم کەونەیە، مەعلومیش نیە ئێمە لە پێش دیناسۆڕەوەین یان دوای ئەوان ! زمانی کوردی دەوڵەمەنترین ترین زمانە و لە دەوڵەمەنیا بەشێکی بە سوود “فائدة” دراوە بە زمانەکانی تر وەکە چینی و ئاسکیمۆیی …و هتد ..مێژووی کورد ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان ، بەڵام ساغ نەبۆتەوە پێش ئەوەی “ جگەرەی سۆمەر” بکێشین یان دوا تر ..هیچ میللەتێ وەکو کورد نە لە مۆسیقا ئەزانێ نە حەزی لێیەتی و مۆسیقارە جیهانییەکان بە ڕەگەز کوردن بەڵام لە تاو عەسکەری کوردستانیان جێ هێشتوە ..کورد لە سێ هۆز پێک هاتوە لە دەروازەی هورمز سەروو قەتەرەوە تا سنووری جۆرجیا نەخشەکەیەتی !! کورد یەکەم میللەت بوە کە بەرازی ماڵیی کردوە و پاشان لەبەر لەش خورانن خوی یاوەتە مەڕ و قەل…زمانەکەمان تاکە زمانە کە ئەوەنە شیرینە کاتی خۆی بە “ پاقلاوە”یان ووتوە “ کوردیلاوە”..هیچ زمانێ وەکو کوردی یەکگرتوونیە کە لە ناوچەیەکەوە بۆ یەکێکی تر پێویستت بە موتەرجیم نەبێ ، کورد ئەوەنە بە بەزییە جاش ئەکا بە موستەشار ، تاکی کورد لە ئاقڵێتیا بێ ئەقڵ بوە و بڕوای وایە هەزار و کسورساڵێک لەمەوبەر کەسێک بە سواری کەرێکەوە فڕیوە بۆ حەوتەم تەبەقەی ئاسمان و چەن هەزار ساڵێکی پێچوە و کە گەڕاوەتەوە چۆتەوە نا جێگەکەی و ژێر لێفەکەی هەر گەرم بوە !! زیاتر لە حەفتا ساڵە کورد یەکتری ئەکوژن و هەر پێی ئەڵێن “ شەڕی برا کوژی “ جا ئاخۆ ئەگەر“زڕ” برا یان دراوسێ بونایە ئاخۆ چییان لە یەکتر بکردایە..؟ ئەڵێن تەنانەت ئادەم کە یەکەم جار قسەی لەگەڵ حەوا کردوە بە کوردی پێی ووتوە: چۆنی دڵ و هەناوم ، بەڵام کە سەیری کردوە خوا خێسەی لێ ئەکا ئیتر ببڕای ببڕای بە کوردی قسەی نەکردوە.. کورد هەرگیز بۆ هیچ کەس نەچەمیوەتەوە تەنانەت کە پێنج کوڕە ئازاکە بۆ مووچە ئەچن بۆ بەغا هەر بە پێوە ئەوەستن و لە تەوقە کردنیشا هەر سەیری سەقفەکە ئەکەن تا بۆ بەرامبەرەکەیان مل دانەوێنن…

….گەر سەیرێکی دوێنێ و ئەمڕۆمان بکەین ئەگەینە قەناعەت کە چیتر درۆ لەگەڵ خۆمانا نەکەین و بە درۆ و بە فشە مێژوو بۆ خۆمان نەنووسینەوە ، بە زۆر و کەڵەگایەتی و فەنتازیا نابین بەو میللەتەی خۆمان ئەمانەوێ ، پێویستمان بە جیا کردنەوەی ئەسڵ و علوجە ، ڕۆژی یەک مليۆن جار باسی کوردبوون کوردایەتی بە قەد ئەوە سوودی نیە کە یەک دەقیقە بە ئەقڵ بیرکەیتەوە کە تۆ چیت وئەتوانی چی بکەیت و چیت دەستکەوێ تا نەکەوینە داوی علوج بوون نەک کوردبوون…
کە ئەقڵت نەبوو نەک ڕووبارێ دەیان دەریای خوێنت لێ ڕژا بێ لە شوێنی خۆت هەر تەراویح ئەکەی.




کتێبی “ئەدەب و هونەری منداڵان” چاپ کرایەوە

کتێبی “ئەدەب و هونەری منداڵان” لە دیمانە و ئامادەکردنی: د. هاوژین سڵیوە و ڕۆستەم خامۆش، چاپی دووەمی کەوتە نێو کتێبخانەکان.

کتێبی “ئەدەب و هونەری منداڵان” سەرچاوەیەکی زۆر باشە بۆ تێگەیشتن لە هەموو بوارەکانی تایبەت بە منداڵان، چونکە لەم کتێبەدا، ئاوڕدراوەتەوە، لە: (ئەدەب، هونەر، پەروەردە، دەروونزانی، کۆمەڵناسی، ڕۆشنبیری و مافی منداڵان)، بەڵام ئەدەب و هونەر پشکی زیاتر و سەرەکییان بەرکەوتووە، لە ئەدەب و هونەریش، ئەدەب زیاتر گرنگیی پێدراوە و بووە بە چەقی مەبەست و سەرەکیی، بۆیە ئەم کتێبە کۆکراوەیەکی پڕ لە زانیارییە لە هەموو لایەن و بوارەکانی تایبەت بە منداڵان.

لە چاپی دووەمدا، کە (٨٤٩) لاپەڕەیە و لە سێ بەش پێکهاتووە، لە بەشی یەکەمدا: (٢٢) تەوەری جۆراجۆر لە خۆدەگرێ لە هەموو بوارەکانی تایبەت بە منداڵان.

لە بەشی دووەمدا: (٦٠) کەس لە شاعیران و نووسەران و هونەرمەندان و شارەزایانی بواری ئەدەبی منداڵان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ سازكراوە.

لە بەشی سێیەمیشدا: چەندان بابەت و ڕاوبۆچوون لەبارەی ئەدەبی منداڵان خراونەتەڕوو، لەگەڵ کۆمەڵێک وتار و پەیڤ و وتەی جوان و بە نرخ لەبارەی کتێبی ئەدەب و هونەری منداڵان.

لە هەر سێ بەشەکەدا، دید و بۆچوون و دنیابینی (١٤٧) شاعیر و نووسەر و هونەرمەند و کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لەم کتێبەدا بەرچاو دەکەون، کە پێکهاتووە لە: (١٨٨) بابەت و لێدوان و چاوپێکەوتن.




خوێندنەوەیەکی کورت وپوخت بۆ ڕۆمانی دێوانەی دارستان.. ئاسۆ بیارەیی

خامەت بەپێزتربێت
بەڕێزئاکۆ!
ڕۆمانی دێوانەی دارستان بەرهەمێکی دی نووسەرە، کۆباسێکی دەروونی کۆمەڵایەتیە،ئەوەمان فێردەکات کەبە چ زمانێک،وشە گەلێک وەڵامی ئەو مێرمنداڵانە بدرێتەوە کەباب یان دایکیان لەدەستداوە…
بەداخەوە نەک لەبواری پەروەردە،بگرە لەبواری بوارە فەرهەنگیەکانی دیش، بایەخیان بەدۆخی ئەومنداڵ، مێرمنداڵانەو گەنجانە نەدراوە لە کوردوستان وڕۆژهەڵاتی ناوین،تاهاوکاری دەروونی کۆمەڵایەتیان پێشکەش بکەن بەتایبەتی لەکاتی مردنی یەکێک لەئەندامانی خێزانەکەیان.
فرەجارکەئەو توێژی کۆمەڵگە(منداڵ، مێرمنداڵ وگەنج)
باوکیان یان دایکیان لەدەست دەدەن،بەدۆخێکی ناهەمواردا تێ دەپەڕن وڕیشەی ئەوداخورپەیە بۆ قۆناغەکانی دی ژیانیان دەکشێ و پێوەی دەناڵن..
نووسەر، ئامانجەکانی فرە نایەب ئەنگاوتووە،دواتر (دیلان) کە کەسی یەکەمی ڕۆمانەکەیە، دەگاتە ئەو بڕوایەی کەمردنی باوکی پڕۆسەیەکی ئاسایی ژیانەو هەمووشتێک لەسروشتدا سەرەتاو کۆتایی هەیە.
تێگەیاندن وشەنکردنی دۆخێکی هەستیار بۆ ئەو توێژەی کۆمەڵ، گرنگی خۆی هەس لەگەمە کۆمەڵایەتی و داهاتوەکانیدا،لە گەشەکردنی کەسێتی ودوا ڕۆژێکی ساغ…
بەرهەمی وامان پێویستە!
ئێمە گەلێکین بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی پاکتاوی نەژادی و جینۆسایداین، گرنگە نەوەکانمان زانستیا یە پێیدا تێپەڕن وکەسێتی بەهێزیان بۆ دروست بکەن
دوبارە دەستخۆش کاک ئاکۆ!

ئاسۆ بیارەیی
٢٦فێبریوەری




ئۆردوگان خەونی ناسیۆنالیستەکانی کوردستانی پوچەڵکرد.. ئەکرەم سەعید

بانگەوازەكەی(ئۆجالان- بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك)لە بەرواری ۲۷/۲/۲۰۲٥ بڵاوکرایەوە، بەڵام دوێنێ ۱۹/۳/۲۰۲٥؛ واتە تەنها دوای بیست ڕۆژ لەو گەمە و شانۆگەرییەی ئۆردوگان بۆ(ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك)، دەسەڵاتدارانی تورکیا (ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ)یان دەستگیر کرد*.
هەر دوای بانگەوازەكەی ئۆجالان بە چەند ڕۆژێ ئەمە هەواڵەکانی ناوچەکەیە: کۆکوژی خەڵکی مەدەنی لە سوریا. شەڕ لە سنورەکانی سوریا و لوبنان. هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر یەمەن. هێرشی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. مەترسی شەڕی نێوان میسر و ئیسرائیل، و ئەگەری هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئیران. ئیدی ئەو هەواڵانە خەونە وەنەوشەیەکانی ناسیۆنالیستەکان وچەپەکانی بە(ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك)پوچەڵکرد.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە بڕێک لە مارکسی و کۆمۆنیستەکانی کوردستان گلەییان لەوە دەکرد کە بانگەوازەکەی ئۆجالان نابێتە مایەی پرۆسەی کۆتایهاتنی ستەمی میلی لە تورکیا!!.
(موساڵەحەی نیوان پەکەکەو تورکیا یەکسان نیە بە چارەسەری کێشەی کوردو هەڵگرتنی ئەو ستەمەی بەسەر خەڵکی کوردستانی تورکیاوەیە. هەرچەندە هەم پەکەکە و خودی ئۆچ ئالان و دەولەتی تورکیا و هەم ئەحزابە ناسیونالیستەکانی کورد و ڕۆشنبیرانی دەوروبەریان وا باس دەکەن کە ئەم ڕیکەوتنە کێشەی کورد چارەسەر دەکات، لەکاتێکدا نمونەی ڕێگاچارەی ئەمریکایی و ئیمپریالیستی بۆ کێشەی کورد لەکوردستانی عێراق کە بەرگی فیدراڵیزمی قەومی بەبەردا کرا، نەک کێشەکەی چارەسەر نەکرد، بگرە خەڵکی کوردستانی روبەڕوی چەندین کارەسات کردەوە. ئەم نمونەیە کە زۆر زیاترو واوەترە لەو ڕیکەوتن و موساڵەحەیەی کە بڕیارە لەنیوان پەکەکە و تورکیادا بەڕیوەبچێت، بۆیە بەدڵناییەوە بەهیچ جۆرێک کێشەی کورد نە لە تورکیاو نە لە سوریاو نە لە ناوچەکە وەک ئەوەی ئۆچەلان بانگەوازی بۆ دەکات، چارەسەر نابێ و وەک برێنێک بە جەستەی کۆمەلگاکانەوە دەمێنیتەوە و لە هەر گۆرانکاریەک کە لە بارودۆخ و هاوکێشە سیاسیەکاندا ڕووبدات، دوبارە سەرهەڵدەداتەوە. کێشەی کورد کاتێک دەتوانێ ڕێگایەکی سیاسی بۆ پەیداببێت کە سیستەمی سیاسی لەو ولاتانەی ئەم کێشەیەیان تێدایە، بگۆڕدرێ بۆ سیستەمێکی ئازاد و سکولاری نەقەومی و نەدینی وا کەفرسەتی گەرانەوە بۆ ڕای خەڵکی کوردزمان بڕەخسێننێ تا بڕیاری ئازادانە لەسەر داهاتوی خۆیان بەمانەوە وەیا جیابونەوە و پێکهێنانی دەولەتی سەربەخۆی خۆیان بدەن. ئەمەش ئەو بابەتەیە کە”پڕۆسەی ئاشتی لەتورکیا”دا، بەهیچ جۆرێک بەلایدا ناچێت.) – “پرسی ئاشتی” و مەسەلەی کورد لەتورکیا – گفتوگۆ لەگەڵ خەسرەو سایە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حزب/ ٢٢/٢/٢٠٢٥.
وە بەڕای ئاسۆ کمال بانگەوازەکەی ئۆجالان بۆ ئاشتی، دەبێتە مایەی نەمانی پاساوی تیرۆر بە دەست دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ سەرکوت و پەرتەوازەکردنی ڕیزەکانی چینی کرێکاران، و ئەمە کۆمەک بە هۆشیاربوونەوەو یەکگرتنی چینی کرێکاران دەکات.(پرۆسەی چەک دانانی پەکەکە دەستیپێکی قۆناغێکی نوێی سیاسی دەبێ بۆ کۆمەڵگەی تورکیا بەوەی دێوەزمەی بیانوی “تیرۆر” بەدەست دەوڵەتی تورکیاوە نامێنێ.)- “چەک دانانی پەکەکە بۆ تورکیا چی دەگەیەنێ؟” / ئاسۆ کمال – ۲۰۲٥-۳-۲ / هاوپشتی.
بۆ ڕای یەکەم پرسیارێک بکەین: ئایا لە هەرێمی کوردستانی ئێراق ستەمی میلی کۆتایی نەهاتووەو دەسەڵات بەدەست ئەحزابی ناسیۆنالیستی کوردەکانەوەیە؟ دەی باشە کاتێ سەرەڕای ئەوەی مووچە بە مامۆستایان و فەرمانبەران نادەن، و ئەو خەڵکە کرێکار و هەژارە بۆ داوای مافەکانییان خۆپیشاندانی مەدەنی دەکەن، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە چی بەو خەڵکە دەوترێ؟ پێیان ناگوترێ(ڤایرۆس و میوانی ڕەزاگران)، و ئاسایشیان تێبەرنادەن و سەرکوتیان دەکەن.
بەڕای سۆسیالیستەکان دەسەڵاتداران(ناسیۆنالیستی:عەرەبی، تورکی، فارسی، کوردی) یان (سیکولاریستی یان ئایینی)بن، ئەو ڕەواڵەتە جیاوازانە ڕۆڵی سەرەکیان نییە، چونکە کاکڵەی دەسەڵات کە دەسەڵاتی چینی بۆرژوازییە گرنگە، نەک قسەی پڕوپووچی چەپی نوێ دەربارەی شوناسی جیاوازی ئەحزابەکانی بۆرژوازی.
(سیستەمێکی ئازاد و سکولاری نەقەومی و نەدینی) ئەم دەر‌بڕینه باوه‌ لای کۆمۆنیزمی بۆرژوازی، بەتایبه‌تی له‌ نێو نیقاشه‌کانیان، به‌کارییان ده‌هێنا بۆ وه‌سفی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی که‌ نیازه‌ پێکبێت دوای ڕیفراندۆم له هه‌رێمی کوردستاندا. “ده‌وڵه‌تێکی نەقه‌ومی و نەدیینی”ئه‌م ده‌ربڕینه‌ لەکوێوه‌ خوازراوه‌؟.
هه‌ڵبه‌ته‌ لەده‌زگای فکری مارکسیدا ده‌ربڕینێکی وا بۆ وه‌سفی ده‌وڵه‌ت بەکار نا‌یه‌ت، چونکه‌ لای مارکسیزم هه‌ویه‌تی چینایه‌تی ده‌وڵه‌ت ده‌رده‌خرێت، نه‌ک ڕواڵه‌تی ئیدۆلۆژی و ده‌ستوری ده‌وڵه‌ت. واته‌ مارکسیزم بۆ وه‌سفی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی گه‌ر دیموکراتی بوو، ده‌ڵێ:ده‌وڵه‌تی دیموکراتی بۆرژوازی، و گه‌ر ده‌وڵه‌ته‌که‌ فاشی بوو، ده‌ڵێ: ده‌وڵه‌تی فاشی بۆرژوازی. جۆری یه‌که‌م له‌ ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی لە‌ناو مه‌کته‌به‌کانی زانستی سیاسی بۆرژوازی به‌”ده‌وڵه‌تی یاسا یان ده‌وڵه‌تی هاووڵاتی” ناوی ده‌برێت.
بۆچی هێنده‌ له‌م ناوو مانای چمکانه‌ وورده‌کاری ده‌که‌م؟!. چونکه‌ من وام ده‌زانی ئه‌وه‌ ته‌نها “گۆڕان”ه‌، که‌ بۆ سه‌ر لێشێواندن چمکه‌کان وه‌ک خۆیان ناڵێ، واته‌ له‌بری ئه‌وه‌ی بڵێ ئێمه‌ ده‌وڵه‌تی دیموکراتی بۆرژوازی ئامانجمانە، ده‌یان گووت ئێمه:”ده‌وڵه‌تی یاسا و ده‌زگاکانمان”ده‌وێت، به‌ڵام گۆڕان ئیدعای کۆمۆنیستی بوون ناکات، که‌واته‌ ئاساییه‌ گه‌ر دەر‌بڕینی دووه‌م بۆ وه‌سفی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی به‌کار بهێنێ، به‌ڵام کۆمۆنیزمی به‌ناو کرێکاری بۆچی په‌نا بۆ وه‌سف و ناوی ڕواڵه‌تی ده‌وڵه‌ت ده‌بات؟.
کۆمۆنیزمی ناکرێکاری نایه‌وێ بڵێ: ئێمه‌ ده‌وڵه‌تی دیموکراتی بۆرژوازی یان ده‌وڵه‌تی یاسا و هاووڵاتی دیموکراتی بۆرژوازی داده‌مه‌زرێنین، تا خه‌ڵکی سه‌رنجیان نه‌چێته‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆکی چینایه‌تی بۆرژوازی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی که ئێستا حکککه‌ به‌خه‌ڵکی ده‌فرۆشێ، دوای ۲۰ ساڵ له‌ جاردان بۆ ڕماندنی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی، ئەمەش جۆرێکە لە فریودان و چاوبەست لە سیاسەتدا.
گرنگتر له‌وه‌سف و ناوی ده‌وڵه‌ت، ناوه‌ڕۆکی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌”نەقه‌ومی و نەدیینی”یه‌ی حکککه‌ چی ده‌گه‌ێنێ؟ ئایا له‌ سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری وه‌حشیدا، له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهاندا، له‌ کاتی جه‌نگ و فه‌وزای به‌رده‌وامدا، چینی بۆرژوازی و سیاسه‌تمه‌داره‌کانی، کە ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌رمایه‌ی پۆناپارتی مافیا ئاسان، ئایا ئەوانە چ جۆره‌ ده‌وڵه‌تێک داده‌مه‌زرێنن؟ ئایا ده‌وڵه‌تی( نەقه‌ومی و نەدیینی به‌پێی دەر‌بڕینه‌که‌ی حکککه،‌ و ده‌وڵه‌تی یاسا و هاووڵاتیبوون به‌پێی ده‌ڕبرینه‌که‌ی گۆڕان، و ده‌وڵه‌تی دیموکراتی‌ بۆرژوازی به‌پێی ده‌ربڕینی مارکسی)،‌ قابلی قبووڵه‌ لای ئه‌حزابی بۆرژوازی، که هه‌موویان ئه‌حزابی فاشین یان نیمچه‌ فاشیێکن؟!. وە ئایا کاری سۆسیالیستەکان و ئامانجیان ئەوەیە دەوڵەتی(دیموکراتی/ دەوڵەتی یاسا و دەزگاکانی بۆرژوازی)دامەزرێنن؟!.
بەڕاستی ئەحزابی کۆمۆنیستی ساڵانێکە هیچ ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵگەی سۆسیالیستیان نەبووە، بەڵکو چەپی کۆن کۆمەڵگە و سەرمایەداری دەوڵەتی،‌ و چەپی نوێ دەوڵەتی یاسا و کۆمەڵگەی دیموکراتی بۆرژوازی، ئامانجیان بووە.
بۆ ڕای دووەم: دوای جەنگی جیهانی دووەم زیاد لە سەد وڵات سەربەخۆ بوون و ڕزگاریان بوو لە دەسەڵاتی ئیمپریالیسم و ستەمی میلی کۆتایی هات، و بیانوی ژێردەستەیی و نەبوونی سەروەری و سەربەخۆی نیشتمان نەما بەدەست چینی بۆرژوازی و ئەحزابەکانیەوە. ئایا ئەوە نزیکەی زیاد لە حەفتا ساڵە دوای کۆتایی هاتنی ئیمپریالیسمی کلاسیکی، چینی کرێکارانی کام وڵات لە(ئاسیا، ئەفەریکا و ئەمەریکای لاتین)هۆشیاربۆتەوەو یەکگرتووە؟!. ئاخر هاوڕێ ئاسۆ بۆرژوازی پەکی دەکەوێت لە بیانوگرتن بۆ سەرکوت؟!.
بەڕاستی ڕاکەی”هیگل”دروستە:(زۆربەی مرۆڤایەتی سوود لە مێژوو وەرناگرن). ئاخر سۆسیالیستەکان لەم خولەدا باس لە دڕندەیی(بەربەریسمی)سەرمایەداری دەکەن، باس لە بوونی قەیرانی ئابووری لە ستروکتوری سەرمایەداری دەکەن، ئیدی هیچ ریفۆرم و بانگەواز و بەڵێنێکی ئەحزاب و سەرکردەی بۆرژوازەکان نابێ فریومان بدات، بەڵام بەڕاستی دەرکەوتووە کە زۆرێک لە خەڵک(سوود لە خوێندنەوەی تیۆر و مێژوو)وەرناگرن.
———————————————————

  • دەستگیرکردنی”ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو”وەرچەرخانێکی هەلومەرجی سیاسی مەترسیدارە لە تورکیادا، لەو ڕۆژەوە خۆپیشاندانی مەزنی ئۆپۆزیسیۆن لە شارە سەرەکییەکان بەردەوامە، و ئابووری تورکیا زیانی زۆر گەورەی بەرکەتووە(بەهای لیرە دابەزیوە: یەک دۆلار=٤۰ لیرە، و بۆرسە زیانی گەورەی کردووەو هەڵهاتنی سەرمایە لە وڵاتەکەدا). ئۆردوگان دوو شێوەی لەبەردمدایە بۆ مامەلەکردن لەتەک هەلومەرجەکەدا:
    ۱/ بەکارهێنانی فروفێڵ بۆ ڕازیکردنی خەڵک بۆ ئەوەی بە شێوازەکەی ئۆردوگان بۆ پاکتاوکردنی”ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو”ڕازی بن. ۲) بەکارهێنانی هێز بۆ ناچارکردنی خەڵک بۆ ئەوەی ملکەچ بن.
    ئایا ئۆردوگان و حیزبەکەی سەرکەوتوو دەبن لەم کارەیاندا؟ یان بە پێچەوانەوە(ئیمام ئۆغڵو)دەبێتە پاڵەوانێکی/ئایکۆنێکی/ سیمبولێکی نیشتمانی تورکیا، و دەبێتە مایەی شکستی ئۆردوگان. بەڕاستی هێشتا زووە ئەنجامی ئەم قەیرانە دەرکەوێت.
    سەرچاوەکان:
    1/Erdoğan’s move against main rival plunges Turkey into crisis –
    Ayla Jean Yackley in Istanbul and Andrew England in London/ Published – MAR 20 2025 – financial times. / هەنگاوی ئەردۆغان بەرامبەر ڕکابەری سەرەکی تورکیای خستە ناو قەیرانەوە – ئایلا جان یاکلی لە ئەستەنبوڵ و ئەندرۆ ئینگلتەرا لە لەندەن/ بڵاوکراوەتەوە – MAR 20 2025 – financial times.
    ۲/ بازاڕەکانی تورکیا لەگەڵ پاکتاوکردنی”ئەکرێم ئیمام ئۆغڵو” نوقمی قەیرانی قووڵبوون -(سەرچاوە: بلومبێرگ)/ ١٩ی ئازاری ٢٠٢٥. – Turkish Markets Sink Most in World as Erdogan Deepens / Bloomberg



پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کەنەدا و تەنگەژە ئابورییەکانیان.. گۆران عەبدوڵڵا

پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کەنەدا بە شێوەیەکی گشتی وەک یەکێک لە پەیوەندییە سەرەکی و ستراتیژیەکان لە جیهاندا سەیر دەکرێت، چونکە هەردوو وڵات هاوسنووری یەکترن( وە بە درێژترین سنووری نێودەوڵەتی ئەژمار دەکرێت لە جیهاندا کە درێژێکەی ( ٨٨٩١ کم) ە) پەیوەندییەکی قووڵی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییان هەیە سەرباری ئەوانەش هاوزمانییان. بەڵام، سەرەڕای ئەو هەموو هاوبەشییە، هەندێک جار ناکۆکی و ململانێش لە نێوانیاندا سەرهەڵدەدات. لێرەدا بە کورتی لەم پەیوەندییە دەڕوانین:

١- پەیوەندییەکی ئابووریی قووڵ:

ئەمریکا و کەنەدا گەورەترین پەیوەندی بازرگانی لە نێواندا هەیە لە جیهاندا ساڵانە مەزەندە دەکرێت بە یەک تریلۆن دۆلار. بەپێی زانیارییەکان، کەنەدا یەکێکە لە گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی لە بواری وزە (نەوت و گاز)، ئامێر و کاڵاکانی دیکەی وەک چەک و کاغەز. هەردوو وڵات ئەندامی پەیمانی بازرگانی ئازادی باکووری ئەمریکا (NAFTA) بوون کە دواتر لە ساڵی ٢٠٢٠ بە پەیمانی ئەمریکا-مەکسیک-کەنەدا (USMCA) گۆڕدرا. ئەم پەیمانە بازرگانی بێسنوور و کەم باج لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەرقەرار کردووە، کە بووەتە هۆی پەرەسەندنی ئابووری هەردوولا. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جار ناکۆکییەکانی بازرگانی سەرهەڵدەدەن. بۆ نموونە، لە کاتی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ (٢٠١٧-٢٠٢١)، ناکۆکییەکی زۆر لەسەر باجەکان و بازرگانی سەرهەڵدا. ترەمپ باجی زیادەی لەسەر کاڵاکانی کەنەدا وەک چەک و ئەلەمنیۆم دانا، کە کەنەدا بە توندی دژایەتی کرد و باجی لەسەر کاڵاکانی ئەمریکا دانا. هەروەها لەم دووایانەشدا لە ١٣ی مارچی ٢٠٢٥، بەپێی هەندێک پۆست لەسەر ئێکس، ترەمپ بڵاوی کردۆتەوە و وتویەتی کە دەکرێت کەنەدا ببێتە “هەرمێکی ئەمریکا” و ئەمریکا پێویستی بە وزە و کاڵاکانی کەنەدا نییە، کە ئەمەش دەنگی جیاوازی لێدەکەوێتەوە و دەشێت کەنەدییەکان تووڕە بکات و وەک بێڕێزییەک بەرامبەر سەربەخۆیی کەنەدا لێک بدرێتەوە.

٢- هاوکاریی سیاسی و سەربازی:

هەردوو وڵات ئەندامی ناتۆ (NATO) و گرووپی G7ن، کە ئەمەش هاوکارییەکی سیاسی و سەربازیی قووڵ لە نێوانیاندا بەرقەرار کردووە. کەنەدا و ئەمریکا لە زۆر پرسی جیهانیدا، وەک شەڕی داعش، شەڕی ئەفغانستان و هەڵوێستەکانیان بەرامبەر چین و ڕووسیا، هاوئاهەنگ بوون. هەروەها، هەردوو وڵات سیستەمی پاراستنی ئاسمانی باکووری ئەمریکا (NORAD) بە هاوبەشی بەڕێوەدەبەن، کە یەکێک لە نموونەکانی هاوکاریی سەربازییە.
بەڵام، کەنەدا زۆرجار هەوڵدەدات سەربەخۆیی خۆی لە سیاسەتی دەرەوەدا نیشان بدات. بۆ نموونە، کەنەدا لە شەڕی عێراق (٢٠٠٣) بەشداری نەکرد، کاتێک کە ئەمریکا سەرکردایەتی ئەو شەڕەی دەکرد. هەروەها، کەنەدا زۆرجار هەڵوێستێکی نەرمتر بەرامبەر کۆچ و پەنابەران هەیە، کە ئەمەش جیاوازە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی لە کاتی سەرۆکایەتی ترەمپ.

٣- کێشە و ناکۆکییەکان:

سەرەڕای هاوکارییەکان، کێشەکانیش هەن. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان سنوورەکانە، بەتایبەتی لە بواری کۆچ و بازرگانی. بۆ نموونە، دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر (٢٠٠١)، ئەمریکا سیاسەتەکانی سنووری خۆی توند کرد، ئەمەش کەنەدییەکانی تووڕە کرد چونکە بازرگانی و گەشتەکانیان سەختتر بووە. هەروەها، کێشەی کۆچبەران لە سنوورەکاندا، بەتایبەتی کاتێک ئەو پەنابەرانەی سنوورەکانی ئەمریکا بە نایاسایی دەبڕن و کەنەدا وەریاندەگرێت ئەمانە دەبنە هۆکاری ناکۆکی و لە ئێستاشدا ترامپ وەک بەهانەیەک بەکاری دێنێت بۆ زیادکردنی باج لەسەر کەنەدا.
کێشەیەکی دیکە کێبرکێ لەسەر سەرچاوە سروشتییەکانە، وەک ئاوی نەیاگرا و سەرچاوەکانی نەوت لە ناوچەکانی باکوور. هەروەها، کەنەدا زۆرجار نیگەرانە لە هەژموونی ئەمریکا، چونکە ئەمریکا وەک هێزێکی گەورە دەتوانێت فشارەکانی خۆی بەسەر کەنەدادا بسەپێنێت.

٤- کۆمەڵایەتی و کەلتووری:

لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەوە، هەردوو وڵات زۆر لێک نزیکن، بەڵام جیاوازییەکانیش هەن. کەنەداییەکان زۆرجار خۆیان وەک کۆمەڵگەیەکی “نەرمتر” و “فرەکەلتووری”تر دەبینن، لەکاتێکدا ئەمریکا بە پێچەوانەوە زیاتر وەک کۆمەڵگەیەکی “سەرمایەداری توند” و “تاک کەلتووری” دەبینرێت. بۆ نموونە، کەنەدا سیستەمی تەندروستی گشتی هەیە، کە ئەمریکا نییەتی و ئەمەش یەکێکە لە جیاوازییە گەورەکانی نێوانیان.

کێشەکانی بازرگانی نێوان ئەمریکا و کەنەدا

کێشەکانی بازرگانی نێوان ئەمریکا و کەنەدا، وەک چەندین وڵاتی دیکە، زۆرجار لە کۆمەڵە هۆکارێکی جیاوازەوە سەرچاوە دەگرن کە پەیوەندی بە سیاسەت، ئابووری و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانەوە هەیە. بۆ تێگەیشتن لەم کێشانە دەتوانین لە چەند خاڵێکدا کورتیان بکەینەوە:

١- سیاسەتەکانی باج و گومرگ:

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کێشەکانی بازرگانی، سیاسەتەکانی باج و گومرگە کە هەر وڵاتێک بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەیانخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بۆ نموونە:
• لە کاتی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ (٢٠١٧-٢٠٢١)، ئەمریکا باجی زیادەی لەسەر کاڵا کەنەدێکان دانا وەک چەک و ئەلەمنیۆم بە بیانووی “ئاسایشی نیشتمانی”. ئەمەش کەنەدای تووڕە کرد، چونکە کەنەدا یەکێکە لە گەورەترین دابینکەرانی ئەم کاڵایانەیە بۆ ئەمریکا.
• کەنەدا وەک وەڵامدانەوە، باجی لەسەر زۆرێک لە کاڵا ئەمریکاێکان دانا. ئەمەش کێشەکانی بازرگانی زیاتر کرد، چونکە هەردوو وڵات دەستیان کرد بە “شەڕی باجەکان”.

٢- جیاوازی لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان:

ئەمریکا و کەنەدا، سەرەڕای هاوسنووربوونیان، بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان هەمیشە یەک ناگرنەوە.
بۆ نموونە:
• کەنەدا زۆر پشت بە دەرهێنانی نەوت و سەرچاوە سروشتییەکان بۆ ئەمریکا دەبەستێت. لە کاتێکدا، ئەمریکا لە ساڵانی دواییدا (بەتایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی پیشەسازی نەوتی شەیڵ (بەردینی)) کەمتر پێویستی بە نەوتی کەنەدا بووە. ئەمەش کەنەدا تووڕە دەکات، چونکە ئابوورییەکەی بەشێوەیەکی گەورە لەسەر ئەم دەرهێنانە دامەزراوە.
• کێشەی بازرگانی لەسەر کاڵاکانی وەک شیر و پەنیر (dairy products) هەیە. کەنەدا سیستەمێکی توندی پاراستنی بازاڕی ناوخۆیی خۆی هەیە بۆ پیشەسازی شیر کە باجەکەی بۆ سەر شیر و پەنیری ئەمریکی لە نێوانی ٢٠٠% بۆ ٣٠٠% دایە، کە ئەمەش ئەمریکاییەکان تووڕە دەکات، چونکە دەیانەوێت کاڵاکانی خۆیان لە کەنەدا بفرۆشن بەڵام بەهۆی باجەکان و سنووردارکردنەکانەوە ناتوانن.
• کاتێک یەکێک لە وڵاتەکان هەست بەوە دەکات کە بەرژەوەندییەکانی پارێزراو نین، دەست بە دانانی سنووردارکردنەکان دەکات، ئەمەش وڵاتی بەرامبەر ناچار دەکات هەمان کار بکات و ئەمە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی متمانە و زیادبوونی کێشەکان.

٣- سیاسەتە ناوخۆییەکان و گۆڕانکارییە سیاسییەکان:

گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە هەر یەکێک لە وڵاتەکان دەتوانن کێشەکانی بازرگانی زیاتر بکەن.
بۆ نموونە:
• کاتێک دۆناڵد ترەمپ سەرۆک بوو، سیاسەتەکانی “ئەمریکا سەرەتا” (America First) کە زۆر گرنگی بە پاراستنی بازاڕی ناوخۆیی ئەمریکا دەدا، کێشەی زۆری لەگەڵ کەنەدا دروست کرد. ترەمپ تەنانەت کەنەدا بە “هەڕەشە بۆ ئاسایشی نیشتمانی” ناوزەد کرد، کە کەنەداییەکان وەک بێڕێزییەک دەڕواننە ئەو گوتارە.
• لە بەرامبەردا، کەنەدا لەژێر سەرکردایەتی جەستن ترودۆ، هەوڵیدا سەربەخۆیی خۆی نیشان بدات و لەگەڵ وڵاتانی دیکە (وەک چین و یەکێتیی ئەورووپا) پەیوەندییە بازرگانییەکانی پەرە پێبدات، ئەوکارەش دەبێتە هۆی تووڕەبونی ئەمریکا.

٤- کێبرکێ لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان:

ئەمریکا و کەنەدا هاوسنوورن و سەرچاوە سروشتییەکانی زۆریان هاوبەشە، وەک ئاوی نیاگارا، نەوت و گاز. کێبرکێ لەسەر ئەم سەرچاوە سروشتییانە دەشێت کێشەی بازرگانی زیاتر بکات.
بۆ نموونە:
• کەنەدا دەیەوێت نەوتەکەی بەرەو ئەمریکا دەربکات، بەڵام ئەمریکا لەگەڵ پەرەسەندنی پیشەسازی نەوتی شەیڵ (بەردینی)، کەمتر پێویستی بە نەوتی کەنەدا بووە. ئەمەش کەنەدای ناچار کردووە کە بەدوای بازاڕەکانی دیکەدا بگەڕێت (وەک چین)، ئەمەش ئەمریکا تووڕە دەکات چونکە نایەوێت کەنەدا پەیوەندییەکی بازرگانیی قووڵ لەگەڵ چین دروست بکات.
• هەروەها، کێشەی پاراستنی ژینگە لەم ناوچانە، وەک بەرنامەکانی بۆریی نەوت (Keystone XL)، کێشەی زۆری دروست کردووە. کەنەدا دەیەوێت رێڕەوی بۆڕییە نەوتەکان زیاتر بکات، بەڵام گرووپەکانی ژینگەپارێزی لە ئەمریکا و کەنەدا دژایەتی دەکەن، ئەمەش وەک بەربەستێکی تری بازرگانی سەیردەکرێت.

کۆتایی:

پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کەنەدا پەیوەندییەکی قووڵ و ستراتیژییە، بەڵام پڕە لە ناکۆکی و کێبرکێ. هەردوو وڵات پێویستییان بە یەکتری هەیە، بەڵام کەنەدا هەمیشە هەوڵدەدات سەربەخۆیی خۆی لە ژێر سێبەری ئەمریکا بپارێزێت. لە کاتێکدا ئەمریکا زۆرجار وەک هێزێکی گەورە و سەرەکی دەردەکەوێت. کەنەدا هەوڵدەدات وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و نەرمتر خۆی نیشان بدات. ئەم پەیوەندییە لە داهاتوودا دەشێت زیاتر پەرە بستێنێت، بەڵام کێشەکانی نێوانیانیش بە تەواوی لە نێو ناچن.

گۆران عەبدوڵڵا




شانۆنامەی ( میوانێك لە سەر زەمینی دوورەوە) ی بەختیار عەلی و چەند سەرنجێك.. سەدیق سەعید ڕواندزی

دەقی شانۆیی وەك ژانڕێكی هونەری، هاوشێوەی هەر دەقێكی دیكەی نووسراو، بونیادێكی واتایی و زمانەوانی هەیە، وەلێ جیاوازی لەگەڵ دەقەكانی دیكەدا ئەوەیە، كە لە شانۆدا، وشە و دەربڕینەكان تەرجەمەی واقیع دەكرێن و لە زمانی نووسینەوە دەبنە زمانی جووڵە و ئاماژە و گەیاندن. بۆیە دەقی شانۆیی وەك تێكستێكی نووسراو، بە بێ نماییشكردن، ئەو ڕەهەندە واتاییە ناگەیەنێت وەك ئەوەی لە دەقی دیكەدا دەبینرێت، چونكە لە بنەڕەتدا بۆ نماییشكردنە و زمانی تێكست، زمانی جەستە و ڕۆڵ بینینە، لەوەی زمانی خوێندراو بێت، لە زمانی شانۆدا، ئێمە هەر تەنها لە پەیوەندی بە خوێندنەوە وەك كردەیەكی هزری نین، بەڵكو لە سەر چەندین ئاستی جیادا و لە ڕێگەی كۆی هەستەكانمانەوە بەر دەق دەكەوین، بەو پێیەی دەقی شانۆ، هەر تەنها دەقێكی خوێندراو نییە، بەڵكو نماییشكارانەشە و دەخرێتە سەر مینبەری شانۆ و دەبینرێت. ئەوەی دەقێكی شانۆیی لە دەقێكی ڕۆمان و چیڕۆك جیا دەكاتەوە، ئەو ئاستە نماییشكاریەیە كە دەشێ بە بێ بینینیشی، تەنها لە ڕێگەی خوێندنەوە و پەیوەندی كارەكتەرەكان و زمان و دەربڕین و جووڵەیان، هەستی پێ بكەین و بەریبكەوین. ئەگەر مرۆڤێك لەو پەڕی توورەییدا، لە میانەی گێڕانەوەی ڕووداوێكی نێو ڕۆماندا، نەتوانێت ئەو پەرچە كردارییە دەروونییەی خۆی لە پەیوەندی بە ئەوانیتر بگەیەنێت، ئەوا لە شانۆدا دەتوانێت، چونكە لە شانۆدا هەر تەنها گێڕانەوە بوونی نییە، بەڵكو پەیوەندی زمانی و جەستەیی و سایكۆلۆژی كارەكتەرەكانیش هەیە، بەو مانایەی ئێمە دەتوانین درك بە تووڕەییەكانی كارەكتەرێكی نێو شانۆ لە كاتی نماییشدا بكەین، هەر ئەمەشە جیاوازی خوێنەوە و بینین لە ڕووی گوتارەوە لە شانۆ و ڕۆماندا دەردەخات كە لەوەی یەكەمیان زمانێكی نماییش و بەرجەستەییە، لەوەی تریان زمانێكی خوێنراو بێ جووڵە و دەنگ و سەدایە. شانۆنامەی (میوانێك لە سەر زەمینێكی دوورەوە) باس لە وێرانكردن و تێكدانی گوندەكانی كوردستان و پرۆسەی بەدناوی ئەنفال، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەكات. لەو شانۆنامەیەدا، سوپاسالار و ئەفسەرە سەربازییەكان، دوای ئەوەی گوندەكان وێران دەكەن، ژن وكچەكان بە دیل دەگرن و لە نێو ئەو هەموو كچانەدا، ،یەكێكییان زۆر جوان و سەرنجڕاێشە بۆیە سەلیمی بەردەستی سوپاسالار، داوا لە فەرماندەكەی دەكات، كە بۆخۆی، واتا سوپا سالار بێت. جوانی ئەم كچە بە كەنیزەكراوە، وا لە هەمووان دەكات، وەك حۆرییەك بیبینن و بیناسێنن، بۆیە سەلیمی (هاوەڵ موڕاسیل) ی سوپاسالار، كە كارەكەر و بەردەستی سوپاسالارە، لەگەڵ نادیەی خزمەتكاری ماڵی سوپاسالار، پێشنیاری ئەوە دەكەن ئەوكچە وەك دەسكەوتی شەڕ و وێرانكردنی گوندەكان، بۆخۆی هەڵبگرێتەوە، ئەویش لە سەر داوای ئەوان، گڵیدەداتەوەو ناوی دەنێت سوندس. سوپاسالار، بڕوای وایە، ئەمە لە پاداشتی سەركەوتنیەتی لە شەڕدا، خوا ئەم جوانەی پێشكەش كردووە. جوانی سوندس، دەبێتە پرس و بابەتی هەمووان و هەركێ دەیبینێت، سەرسامی دەبیت، بۆیە سوپاسالار و سەلیم، ڕێكدەكەون كە لە بۆنەیكدا سوندس وەك حۆرییەكی بەهەشت، كە لە ئاسمانەوە بۆ سوپاسالار دابەزیوە، بناسێنن و ئیدی لە ئاهەنگێكدا كە سوفیانی فۆتۆگرافەر، ئەنوەری نیگاركێش، سەلامی پەیكەرتاش و چەندین ئەفسەر و سەرباز و ژنە كارەكەرەكانی دیكەی ماڵی سوپاسالار تیادا بەشدار دەبن، سوندس دەناسێنرێت و بەڵام لیوا ڕوكن وەفیق، خۆی لە بەر جوانییەكەی ناگرێت و پەلاماری دەدات. چیڕۆكی سوندس، دەگاتەوە سەرۆكی وڵات كە نابینایە، سەرۆك پێی وایە ئەم ژنە، دەبێتە سەرچاوەی ئاشووب و تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و نێوخۆی، بۆیە دەبێت وەك ژنەكانی دیكە، بكوژرێت و بزر بكرێت، بەڵام بە خۆكوشتنی سوپاسالار لە غەم و مەراقدا، ئیدی سەلیم، سوندس بۆ ماوەی پێنچ ساڵ دەشارێتەوە، تاكو سیستەمی وڵات دەڕووخێت و ئەمیری موسڵمانان دێت و سەلیم و نادییە و هەمووان بەیعەت بە ئەمیر دەدەن. بێگومان كارەكتەرەكانی نێو دەقێكی ڕۆمان، یان چیڕۆك و شانۆنامە، دەبێ لە ڕووی شوناسی كەسی و كۆمەڵایەتی، پیشە و ئاستی تێگەیشتن و هوشیاری و جیهانبینیان لە یەكتری جیا بن. ئەم جیاوازكەوتنەوەیە، بەشێكە لەو سرووشتە كۆمەڵایەتی و بایۆلۆژیەی مرۆڤەكان هەیانە، بەو مانایەی مرۆڤەكان دواجار لە ڕووی شوناس و بیركردنەوە، جیاواز دەكەونەوە لە یەكتری، لە ڕووی زمان و هەڵسوكەوت و كردارو ڕەفتارەكان. ئەم جیاواز كەوتنەوەیە، لە دەقی ئەدەبیدا، دەبێ زۆر بە وردی و لە ڕووبەری ڕووداوەكاندا دەربخرێت و جەخت لە ناسنامەی سەربەخۆیی كەسایەتییەكان بكرێتەوە، كە خۆیان دواجار وەك مرۆڤێكی سەربەخۆ لە دەرەوەی دەسەڵاتی نووسەر، بیر بكەنەوە و هاوتەریب لەگەڵ ڕووداوەكاندا بڕۆن، چونكە لە نێوان دەنگی گێڕەڕەوەی هەمووشتزانی دەرەوەی فەزای دەقەكە، لەگەڵ گێڕەڕەوەی نێو دەقەكە كە لە سەر زمانی كارەكتەرەكان دەگێردرێتەوە، دەبێ جیاوازییەكی بنچینەیی هەبێت، ئەگینا بە ئاسانی زاڵبوونی دەنگی نووسەر بە سەر ڕووداوەكان دەبینرێت. لەو ڕوانگەیەوە، لە و شانۆنامەیەدا، گەر لە سەر زمانی كارەكتەرەكان و پێگە و ئاستی تێگەیشتن شوناسی پیشەیی و كۆمەڵایەتییان بوەستین، دەبینین هەست بە بۆشایەكی گەورە دەكەین. سەرەتا ئەو كارەكتەرانەی كە ڕۆڵی سەلیم، سوپاسالار، ئەفسەر و لیوا ڕوكن دەبینن، هەموویان كارەكتەری سەربازین. هەڵبەتە سەرباز لە پاڵ شوناسی كەسی و كۆمەڵایەتییانەی خۆی، شوناسێكی دیكەی هەیە كە ئەویش سیفەتی سەربازییە. سەرباز كەسێكە، پابەندبوونێكی دیسپلینی و سەربازی هەیە و ئەركی تەنها جێبەجێكردنی ئەو فەرمانانەیە، كە بە پێی پلەبەندی سەربازییەوە، لە باڵاترین دەسەڵاتەوە بۆ نزمترین دەسەڵات دەردەچن. ئەگەر ئەو پلەبەندییەش كە بنەمای سەرەكی و بنەڕەتی ژیانی سەربازییە نەبێت، ئەوا شتێك نییە بە ناوی پەیكەری كارگێڕی سوپا و لەشكر. سەرباز لە ژێر فەرماندایە، ناتوانێت لەو ئەركەی بۆی دیاریكراوە دەربچێت، ئەمە بەو مانایە نییە سەرباز مرۆڤ نەبێت و بوونەوەرێكی دەعەجانی بێت، بەڵكو بەو مانایەی سەرباز بەرلەوەی مرۆڤ بێت، لە ژیانی سەربازیدا سەربازە، بۆیە هەمیشە پێی دەگوترێت جێبەجێ بكە، دوانر گفتوگۆی لە سەر بكە كە لێرەدا بەها و مانایەك بۆ گفتو گۆ نامێنێتەوە. پەیوەندی نێوان مرۆڤەكان لە ژیانی سەربازیدا، لە سەر ئەو پلەبەندییە ڕێكدەخرێت و شێوەی هەڕەمێكی پیرۆز وەردەگرێت. ئەو زمانەی لە سەربازگەیەك و لە جەنگ و شەڕدا هەیە، زمانێك نییە وەك هەر زمانێكی دیكەی نێو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، چونكە لەوێدا ئەرك و ڕێككاری سەربازی هەیە. لەو ڕوانگەیەوە گەر سەرنج لە كارەكتەرە سەربازییەكان لەو شانۆنامەی بەختیار عەلی بدەین، ئەوا هەست ناكەیەن ئێمە لە بەردەم وێنەیەكی تۆقێنەر و جەلادانەی سەرباز و فەرماندەكانداین، بەڵكو وەك هەر كەسێكی ئاسایی دەبینرێن و دەدوێن. تەنانەت پەیوەندی سەلیم وەك موڕاسیلێك ( ئەوانەی سەربازییان كردووە دەزانن موڕاسیل َچییە!) و سوپاسالار كە بەرزترین پلەی سەربازییەو لە دوای وەزیری بەرگرییەوە دێت، پەیوەندییەكی زۆر ئاسایی و كۆمەڵایەتی و كاریكاتۆرانەیە. سەلیم بە جۆرێك لەگەڵ سوپاسالار دەدوێت، كە هیچ سام و ترس و شكۆیەكی سەربازی لێ نابینرێت، كە ئەمەش پێچەوانەی ژیانی سەربازییە كە جیاوازییەكی گەورەی لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا هەیە. سەلیم و سوپاسالار، وەك دووكەسی میللی و ئاسایی دەدوێن، تەنانەت نادییە و سوفیان و ئەوانیتریش بە هەمان شێوە لەگەڵ سوپاسالار گفتوگۆ دەكەن، وەك ئەوەی لەبەرانبەر هەر كەسێكی دیكەی ئاسایی بن. لێرەدا خاڵێك هەیە كە دەبێ ڕوونی بكەمەوە، بۆ ئەوەی وا لێك نەدرێتەوە كە ئەمە دەقە و پەیوەندی بە واقیعەوە نییە و لە خەیاڵەوە سەرچاوەی گرتووە، وەك ئەوەی زۆرجار كاك بەختیار و خوێنەرە زەبەند و سەرسامەكانی ئەویش، لە وەڵامی ئەوانیتردا، وەك وەڵامدانەوەیەكی ئامادە و جازر بەدەست دەیڵێن. مەبەستی ئێمە ئەوەیە، لەو دەقەدا ئێمە لە بەردەم كارەكتەرێكین كە سەربازە، سەربازیش دەبێ پابەندی بنەما سەربازییەكان بێت و وەك سەرباز ڕەفتار بكات، بەرلەوەی وەك مرۆڤ، چونكە نابێ ئەوەمان بیربچێت پرۆسەی بە سەربازبوونی مرۆڤە دواجار ئەو هەست و تێگەیشتنەی لا دروت دەكات، كە وەك سەربازێك بكوژێت و خوێن بڕێژێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی كرداری بە سەربازیبوونە بەو مانایەی تا هەڵگڕی شوناسی مرۆڤە، ناتوانێت كەس بكوژێت، بەڵام كاتێ دەبێتە سەرباز، ئیدی هەست دەكات ئەوەی دەیكات، جۆرێك لە ڕەوایەتی مرۆیی و یاسایی هەیە، بۆیەشە لە جەنگەكاندا، هیچ كام لە سەرباز و فەرماندەكان، خۆیان وەك بكوژ نابینن و بڕوایان وایە ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەییان جێبەجێكردووە. كەچی لەو شانۆنامەیەدا، سوپاسالار وەك ئەوەی هیچ پلەیەكی سەربازی نەبێت وەها ڕەفتار دەكات. ئەو لە دیالۆگێكدا بە سەلیمی سەرباز و هاوەڵی دەلێت 🙁 من بۆیە حەزم لە جوانییە چونكە ڕقم لە بیركردنەوەیە . ل 57) بەڵام بە پێچەوانەوە، كەس ئەوەندەی فەرماندە سەربازییەكان بیر ناكەنەوە، پێویستییان بە نەخشە و پیلان و نەخشەڕێی هێڕش و بەرەنگاری نییە. ئەمە لەگەڵ سرووشتی پیشەیی و ئەركی سەربازییانەی سوپاسالار یەك ناگرێتەوە. واتا لەو شانۆنامەیەدا، ئێمە لە بەردەم فەرماندەیەكی باڵای سوپاداین، بەڵام لە بنەڕەتدا وەك فەرماندەیەكی سوپا، ڕۆڵ نابینێت، هەروەها موفتی وڵاتیش كە بەرزترین پایەی دینییە، كەچی وەك ئەوە وایە شارەزایەی لە ئایین هەر نەبێت. موفتی دەڵێت:(خودای گەورە هێزگەلی بێ سنووری بە شەیتان بەخشیوە. ل 191) بەڵام شەیتان دەسەڵاتێكی بێ سنووری نییە، ناتوانێت فریشتەكان بە لاڕێ دابەرێت و ئەگەر شەیتان بیتوانیایە هەموو شتێك بكات، ئێستا كەسێك لە ژیان نەدەما پاك و بێ گوناه بێت، كەواتا چۆن دەبێت كەسێك پلەكەی موفتی بێت، بەڵام زانیارییەكی ئەوتۆی لە سەر شەیتان نەبێت؟! ئەمە پەیوەستە بە زاڵبوونی دیدگای نووسەر، بە سەر ڕۆڵی كارەكتەرەكانی شانۆنامەكە، بەو مانایەی لە بری ئەوەی سەربەستیان بكات خۆیان وەك كارەكتەر ڕۆڵ بگێڕن، بە پێچەوانەوە نووسەر لە دەرەوەی دەقەكە جلەویان دەكات و بە ئارەزووی خۆی، ڕۆڵیان پێ دەگێڕێت، كە ئەمەش لە تەكنیكی ڕۆمان و چیڕۆك و ئەو ژانڕانەی كەسیەتی ڕۆڵیان تێدا دەبینێت، نابێ بوونی هەبێت. لە دیمەنی دووەمدا، دوای ئەوەی سیستەمی سیاسی وڵات دەگۆڕێت و ئەمیر و پیاوە موجاهیدەكان دەسەڵات دەگرنە دەست، ئیدی هەر یەك لە سەلیم و ژنەكان و سەربازەكانیش، بەیعەت بە دەسەڵاتی خەلافەت و ئایینی دەدەن و لە بەرگی باڵاپۆشی و ئیسلامییانە دەردەكەون، سوندس كە پێنچ ساڵ لەلایەن سەلیمەوە شاردراوەتەوە، دوای ئەوەی سەلیم لەلایەن پیاوەكانی ئەمیرەوە دەگیرێت و ئەشكەنجە دەدرێت، ئیدی دان بەوە دا ئەنێت كە سوندسی شاردۆتەوە، بۆیە سوندس دەداتە دەست ئەمیروبەهەمان شێوە بۆ ئەوانیش وەك ژنێك جوانییەكەی مایەی سەرنجە و دەیان پیاوی موجاهید، پۆل پۆل ئامادەن لە پێناویدا بچمە جیهاد وخۆیان بەكوشت بدەن، چونكە حۆرییە. لەو دەسەڵاتەش ئەمیر و فەرماندەكان، تەماحییان دەچێتە سوندس و ئەوەی ناگۆڕێت هەمان ئەو دیدگا پەتریاكی و پیاو سالاریەیە كە بوونی هەیە بەرانبەر بە ژن. ئەمیر و پیاوەكانی، سوندس وەك موعجیزەیەك دەبینن، كە ئەمەش دیسانەوە درك نەكردنە بە ڕەهەندی ئایینی لە كۆمەڵگە لای بەختیار عەلی، چونكە موعجیزە بۆ كەسان وگەلانی بڕوادار نییە، بەڵكو بۆ بێ باوەڕەكانە. موسڵمانان، لە سەر بنەمای (كن فیكون) دەڕواننە دەسەڵاتەكانی خودای گەورە و باوەڕیان وایە هەموو شتێك لەلایەن خوداوە حەتمیەتی ڕوودانی هەیە. موسا كە دەریای سووری شەق كرد، بۆ بەنی ئیسرائیلیەكان نەبوو، بەڵكو بۆ ئەوە بوو كە فیرعەون و قەومەكەی لە هێز و باڵادەستی خودای گەورە بگەن. كە قورئان بۆ پەیامبەر دابەزی، بۆ قوڕەیشەكان و بتپەرستەكان بوو، بۆیە كاتێ ئەمیر و موجاهیدەكان، بڕوایان وایە سوندس موعجیزەیە، تێگەیشتنێكی هەڵەیە، چونكە موسڵمانان دەزانن هەمووشتێك لای خوداوە ڕوودەدات. كاتێكیش جەنگاوەرانی خەلافەت بەیەكتری دەڵێن:( تا ئەو حۆریەمان نەبینی نەمانزانی چ جیاوازییەك و مەودایەكی گەورە لە نێوان ژیانی بەهەشت و ژیانی سەر زەوی هەیە) لە ڕاستیدا هەڵەیە، چونكە نەخوێندەوارترین و گەمژەترین مرۆڤی موسڵمان و بڕوادار، دەزانێت جیاوازییەكی گەورە لە نێوان ژیانی دنیا و دوایی هەیە. ئەمیر، بڕوای وایە سوندس سەرچاوەی تێكچوونی ئاسایشی خەلافەت و تێكدانی هزری موجاهیدەكانە و داوا دەكەن بیكوژن، چونكە ناشێ حۆرییەكان لە سەر زەمین بن و ئەوان تەنها لە بەهەشتی خودادا بوونیان هەیە. لە پەردەی سێیەمدا، هەریەك لە تارمایی سوپا سالار و نەجیبە و سەلیم، ڕێكدەكەون ئیدی سوندس بكوژن، بۆیە سەرەنجام بڕیار دەدەن، بیكوژن تاكو ئەویش بچێتە ڕێزی ئەو ژنانەی زیندە بە چاڵ كران و وەك دەسكەوتی شەڕ دیل بوون و كوژران. بەمەش ڕووداوەكانی نێو شانۆ نامەكە كۆتایان پێدێت. سوندس، كاتێ لەلایەن سوپا و هەروەها ئەمیرەوە وەك دیلی جەنگ، بە كەنیزە دەكرێت و سەودای پێ دەكرێت، ئەوا وەك پاشماوەی شەڕی بێ باوەڕان وایە، بەو مانایەی بەعس و داعشیش، كورد وەك بێ باوەڕ و كافر دەبینن و سەر و ماڵیان حەڵال دەكرێت، ئەمەڕاستییەكەیە و فاكتەری پشت ئەنفال و بگرە پەلامارەكانی داعشی ئیسلامیش بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی نووسەر بە خۆپارێزییەوە لە ئایین ئەو شانۆنامەی نووسیوە، ئیدی نە بەعس و نە ئایینی ئیسلامیش، وەك سەرچاوەی بە سەبایاكردنی سوندس پیشان نادات، بۆیە گەر بە وردی سەرنج لە ناوەڕۆكی شانۆ نامەكە بدەین، دەبینین واقیعەكە پیشان دەدرێت، بەڵام فاكتەكانی ئەو واقیعە پیشان نادرێت، بەو مانایەی نووسەر نایەوێت پێمان بڵێت ڕەوایەتی و هێزێكی ئیسلامییانە لە پشت دیلكردنی سوندسن، بەڵكو دەیەوێت وەك قەدەرێكی ئیلاهی و خودایی وەسفی بكات، كە ئەمە چارەنووسی ژیانی ئەو بووەوە دەبوا هەر بەو شێوەیە بێت. دواجار دەڵێم، بەختیار عەلی، چونكە لە بنەڕەتدا شانۆنامەنووس نییە و ڕۆماننووسە، ئیدی لە شانۆگەریەكانیدا، نەیتوانیوە وەك شانۆكار و سیناریۆنووسێك دەقەكە بە شانۆ بكات، ئەگەر تەكنیكی نووسینی شانۆنامەكەش هەڵبوەشێنینەوە وەریبگێڕینە سەر ڕۆمان، ئەوا دواجار میوانێك لە سەر زەمینی دوورەوە وەك ڕۆمانی لێ دێت، بەتایبەتیش ئەگەر شێوازی دیالۆگەكانی كارەكتەرەكان، لە شێوازی شانۆییەوە بكرێنە دیالۆگ و گێڕانەوە. لە دەقی شانۆییدا، دیالۆگ ڕۆڵی هەیە، بەڵام نابێ ڕەهەندی شانۆنامەكە تەنها دیالۆگ بێت. من كاتێ ئەو كتێبەو ئەویتریش( بۆ دۆزەخ ئەی بێ گوناهانم ) خوێندنەوە، هەستم نەكرد دەقی شانۆیی دەخوێنمەوە، چونكە ڕۆڵی بەرجەستەكراوی كارەكتەرەكان، لە بنەڕەتدا ڕۆڵێكی شانۆیانە نییە، بەڵكو وەك كارەكتەری نێو ڕۆمانەكانی وان، كە بێگومان جیاوازییەكی گەورەش لە نێوان ڕۆمان و شانۆدا هەیە، كە لەكاتێ خوێندنەوەیان وەك دەقێك، دەبێ خوێنەران بە ڕوونی ئەو جیاوازییانە ببینین و هەست پێ بكەن!

*ئەم بابەتە لە هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان ژمارە (1423) لە 28/1/2025 بڵاوكراوەتەوە.




بۆ پارێزگاریی لە ماڵێ خۆی دەستبەجێ خوا ئەبڕەهەو سوپاکەی تەفروتونا کرد!.. حەسەن ڕازانی

“خیبر خیبر یا یهود..جیش محمد سوف یعود!”
شێعاری: “خەیبەر خەیبەر ئەی جولەکە.. سوپای محمد دێتەوە چاوەڕێکە” چی دەگەێنێت؟
ئەو شیعارە، بە بڕوای من، مەبەستێکی دوولایەنە لەخۆدەگرێت. چونکە لە سەرێکەوە جولەکە وەک هەڕەشەو ترسێک دەیبینێت بۆ سەرخۆی. جولەکە پێی وایە ئەو شیعارە مەترسیە بۆ ئێستاو دواڕۆژیش کە ئایین و ڕەگەزی جولەکە دەخاتە بەردەم هەڕەشەی لەناوبردن و سڕینەوەی یەکجارەکی. ترسی جولەکە لەو شیعارە لەخۆڕا نەهاتووە، ئەو ترسە لە بابەتی ئێستای کەرتی غەزەی فەلەستینەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەهۆی مامەڵەی دوژمنکارانەی دەوڵەتی ئیسڕائیل لەگەڵ فەلەستینەکان پەیدانەبووە ، ترسی جولەکە لەو شیعارە لەوێ ڕۆژێوە سەریهەڵنەداوە کە دەوڵەتی ئیسڕائیل درووستبووە، بەڵک و ترسی جولەکە لەو شیعارە لە کۆنەوە درووستبوە. لەو ڕۆژەوە پەیدابووە کە سوپای ئیسلام بە سەرپەرشتی پێغەمبەری ئیسلام، فەتحی قەڵای جولەکە نشینی خەیبەری ئەنجامدا.
لە سەرووی هەزارساڵ پێش سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلامیش جولەکە لە یەسریب واتە مەدینەی ئیستاو بەرزاییەکانی ناوچەی خەیبەردا ژیاوە. نیشتەجێبوونی جولەکە لە نیمچە دوورگەی عەڕەبیدا لەو ڕۆژەوە دەستی پێکردووە کە ئاسوریەکان لە ساڵی ٧٢١ی پ.ز لە عێڕاقی ئێستادا تینیان بۆ جولەکە هێناوەو کوشتارێکی زۆریان لێکردوون. جا ئەوجولەکانەی کە ڕزگاریان بووەو بەر شاڵاوی کوشتن بەدەستی ئاسوریەکان نەکەوتوون، لە ترسی لەناوچوونیان بە یەکجارەکی بە دەستی ئاسوریەکان، زۆرێک لەوانە ڕایان کردووە بەرەو نیوە دوورگەی عەڕەبی و لە وێ لە بەرزاییەکانی ناوچەی خەیبەرو یەسریب واتە مەدینەی ئێستا نیشتەجێبوون. ئەو خێڵە جولەکانەی کە گەورەو سەرەکی و بەناوبانگ بوون و توانیویانە بگەەنە بەرزاییەکانی خەیبەرو یەسریب، بریتیبوون لە خێڵەکانی وەک بەنو نەزیر، بەنو قونەیقاع و بەنو قورەیزە و چەند خێڵێکی بچووکی تر.
جولەکە لە گەڵ عەڕەبەکانی ئەو ناوچەیەدا تێکەڵبووەو پێکەوە بە ئاشتیانە ژیاون تاکو سەردەمی پەیدابوونی پێغەمبەری ئیسلام. کاتێک کە پێغەمبەر لە ٢١ی سێپتەمبەری ٦٢٢ دا لە مەکەوە بەرەو مەدینە گواستیەوە و سوپای گەورەی ئیسلامیی لە شاری مەدینەدا پێکهێنا ئیتر لەگەڵ جولەکەکانی ئەو ناوچەیە بە تایبەتی لە گەڵ ئەوانەی ناومەدینەو بەرزاییکانی خەیبەر کەوتە کێشەو ململانێ. جولەکە زۆر بەباشی مانای ئەو شیعارە تێدەگات و دەشزانێت بە ئەنجام گەیاندنی ئەو شیعارە چ دواڕۆژێکی ڕەش تووشی ڕەگەزی جولەکە دەبێت! لەوبارەوە جولەکە مێژووی دوێنێی خۆی زۆر بە باشی دەزانێت و زۆر بە بەباشی پەیوەندیەکانی خۆی لە گەڵ برا عەڕەبە موسڵمانەکان لە نیوە دورگەی عەڕەبی دا بە گشتی و ناوچەی یەسریب و مەدینەی ئێستاو بەرزاییەکانی خەیبەری بە بیرە! جولەکە دەزانێت کە ئەوە فشارو کوشتارو ترسی قڕان تێخستنیان بووە بە دەستی سوپای موحەمەد، کە زێدی باب و پایرانیان بەجێهێستوە. بەڵگەش ئەوەیە کە ئەگەر ئێستا بە چراو شەدایان بگەڕێی جولەکەیک نابینیت کە لە یەسریب و خەیبەرو بەرزاییەکانی خەیبەردا مابێت.
بەرزکردنەوەی ئەو شیعارە لە ئێستادا، بە بڕوای من، دانپێداهێنانێکی ئاشکرایە بە مێژوویەکی پڕ لە کوشتاری بەکۆمەڵ لە دژی ڕەگەزی جولەکە، کە ئێستا هەندێک لە نووسەرو لێکۆلەرەوانی ئیسلامی هەوڵی بەنادرووست دانانی ئەو مێژووە دەدەن! هەوڵدەدەن ئەوداگیرکاریانەی کە بە ناوی فەتح وغەزەواتەوە لە شام و باکووری ئەفریقاو عێڕاق و کوردوستان و هەندێک شوێنی تریش ئەنجام دراون، خەتاکەی بخەنە پاڵ نادرووستیی مێژوو! هەوڵ دەدەن ئەنجامدانی ئەنفالەکان و کردەی ئەنفال لە دژی هەندێک نەتەوەو ڕەگەز، کردەی بە کەنیزەک گرتنی کچان و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سەروەت و سامانی غەیرە موسڵمان بە شێوەیەک ببینن کە ئەمە دوورە لە ئایین و خودا پەرستی. ئەمانە پێیان وایە بڵاوکردنەوەی خوداپەرستی بە توندوتیژی و داگیرکاریی و بە کەنیزەک گرتنی کچانی ناموسڵمان نابێت! ئەمانە وای دەبینن و موکوڕیشن لە سەر ئەوەی کە ئەمە تۆمەتەو خراوەتە ناو مێژووی ئیسلامەوە بە مەبەستی ناشیرن کردنی ئایینی ڕاستەقینەی خودا. لەلای تەواوی موسڵمانانی جیهان هەردەبێ ئیسلام دین بێت، چونکە خودا ئەوەتە لەو بارەوە لەو ئایەتەدا ئەمەی یەکلا کردۆتەوە کە تەنها ئیسلام دینەو دەبێ حسابی دینی بۆ بکرێت کە دەفەرموێت: “إن الدین عند اللە الاسلام وما اختلف الذین اوتوا الکتاب الا من بعد ما جاءهم العلم بغیا بینهم و من یکفر بایات اللە فان اللە سریع الحساب” سوڕەتی ئالی عەمڕان ئایەتی١٩. بە مانای: “لە لای خودا دین ئیسلامەو ئەوانەی ئەهلی کتێبن ئەو ڕاستەقینە دەزانن. بەڵام هەر لە بەر ئیرەیی کە لە ناو خۆیاندا هەیە پێک نەهاتوون. هەر کەسێکیش بە هەر جۆرێ لە نیشانەکانی خوا حاشا بکا با تێبگەن کە خوا لە لێپرسینەوە زۆر بەلەزەو پێڕادەگا” قورئانی پیرۆز لاپەڕە ٥٢ هەژار موکریانی.
جا لەو بارەشەوە هەندێک لە لێکۆڵەرە ئیسلامیەکان وهەندێکیش لە نووسەرەکانیان بۆ پاڵپشتی بۆچوونەکەیان پەنجەی تاوان بۆجولەکەو قەشەکانیان درێژ دەکەن و دەڵێن ئەوان ئەو جۆرە لە حەدیس و مێژووەیان بە ئیسلامەوە لکاندووە بۆ لەبەرچاوناشیرین کردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئەگینا ئایینی ئیسلام هەمووی پێکەوە ژیان و برایەتی و دوورلە توندوتیژییە! بەڵام مێژووی عەڕەبی ئیسلامی کە لە خوێندنگاکاندا خوێندراوەو ئێستاش بەردەوامیی هەیە ئەم بۆچوونە پشتڕاست ناکاتەوە!
ئامانجێکی تری ئەو شیعارە هی موسڵمانانی جیهانە بەگشتی، هی عەڕەبەکانە بە تایبەتی و ئینجا هی فەلەستینیەکانیشە بە تایبەتی تر لە هەموان. ئامانجی فەلەستینیەکان هێزو توانا بەخۆدانە، وەبیرهێنانەوەی مێژووی دوێنێی سوپای پێغەمبەری ئیسلامە کە ئەوان بە سەرپەرشتی پێغەمبەری ئیسلام کارێکیان بە جولەکە کردووە با بەدەواری شڕی نەکردبێت. ئەمانە دەڵێن ئەوڕۆ نا سپەینێ، دەبێ ئارام بگرین، دەبێ چاوەڕێ بین بۆ ئەوەی سوپای پێغەمبەر جارێکی تردرووست ببێت و ئەو جارە جولەکە بە تەواوی لە سەر زەویێ نەهێڵرێت! ئەو شیعارە بە موسڵمانان و بە فەلەستینیەکان دەڵێت:” با جولەکە بزانێت کە زۆر نابات سوپای پێغەمبەری ئیسلام بە مەرەد خێڵەکانی بەنو نەزیرو بەنو قورەیزەو بەنو قونەیقاعیان دەبات! بۆیە ئەو شیعارە بۆ موسڵمانان و فەلەستینیەکان وەک چەکێکی کاریگەرەو لە قازانجی ئەواندایەو بۆ جولەکەش وەک دێوزمەو شەولەبان وایە کە هەمیشە بەرۆکی بە جولەکە گرتووەو لە کۆڵی نابێتەوە.
ئەو شیعارە، بە بڕوای من، ئەو مەبەست و ئامانجەیە کە بەشێوەی هات و هاواری سەرجادەو شەقامەکانە کە چەندین جار بە ئاشکرا لە کاتی خۆپیشاندانەکانداولە نێوچەکدارانی بزووتنەوە ئیسلامیە توندڕەکاندا دەگوترێتەوە. نەک هەرلە نێو ئەوانەدا بەڵک و هەندێک جاران لە نێو میانڕەوەکانیشدا بوونی هەیە. ئەگەر واوەتریش بڕۆین ئەو شیعارە هەر لە نێو فەلەستینیەکانداو بە تایبەتی لە نێوکەرتی غەزەدا ناگوترێتەوە بەڵک و چەندین جاران لە ئەوروپاو لە ئەمریکاشدا لە نێو جەرگەی زانکۆو پەیمانگاکاندا لە لایەن خوێندکارانەوە بە کۆمەڵ دەگوترێتەوە. ئەوە بێجگە لە ناوبازارو شوێنە گشتیەکاند کە هیندە دیاردەیەکی زۆرەو بە شێوەیەکی توندوتیژانەش بەرز دەکرێتەوە کە هەر باس ناکرێت! کورتەی ماناو ناوەڕۆکی ئەو شیعارو وتافەی سەرەوە بریتیە لە: “خەیبەر خەیبەر ئەی جولەکە..سوپای موحەمەد دەگەڕێتەوە. دیارە مەبەستیان ئەوەیە کە بڵێن سوپای موحەمەد هەربینا هاتەوە بۆتان!”
ئەو شیعارە، بە بڕوای من، ناوەڕۆکێکی کوشتنی بە کۆمەڵ و لە ناوبردنی یەکجارەکی نەتەوەو ڕەگەزو ئایینێکی لە نێوخۆدا هەڵگرتووە کە بریتیە لە نەتەوەو ئایین و ڕەگەزی جولەکە! ئەو شیعارە پێشینەو مێژوویەکی درێژی لە بارەی کوشتنی بە کۆمەڵی ڕەگەزو ئایینی جولەکەی لە پشتەوەیە. بە ئاشکرا ماناکەی ئەوە دەگەێنێت کە سەردەمێک هەبووە، بە پشتبەستن بە مێژووی عەڕەب و ئیسلام دەبێ سوپای پێغەمبەری ئیسلام هێرشی کردبێتە سەر شاری خەیبەر کە شارێکە زووربەی پێکهاتەکەی جولەکە بووە. ئەو هێرشەی سوپای پێغەمبەری ئیسلام لە ژێر بەهانەو بیانووی هەرچیەکدا بووبێت، ئەوە کاری ئێستای ئەو نووسینە نیە، کارێکی بە جولەکەکانی شاری خەیبەر کردووە کە با بە دەواری شڕی نەکردبێت! واتە وەک گەڵا دارێکی لێکردوون کە کولەو سنە لە برسانا هەلا بە هەلای کردبێت.
بە هەندێک گەڕانەوە بۆ پێش بابەتی خەیبەریش، چێڕۆکی هێرشی سوپای ئەبڕەهەی حەبەشە بۆ سەرکەعبە، کە قیبلەی موسڵمانان و ماڵی خودا خۆشیەتی، لە گۆڕێدایە! جا وەختی خۆی تەنانەت لە پێش پەیدابوونی پێغەمەری ئیسلامیشدا ئەبڕەهەی حەبەشە بە سوپایەکی زەبەلاح و پڕچەکەوە کە زووربەی شەڕکەرەکانی ئەو سوپایە سواری فیل و وەڵاخە بەرزە بوون و بەرەو ماڵی خودا کەتۆنەتەڕێ و نیازیان هەبووە زیانێک بە کەعبە بگەێنن! بەڵام پەروەردەگاری بێهاوتا کە فەرمان بکاو بڵێ ببە: دەێت، سوپایەکی لە باڵندەی تەیرە ئەبابیل ناردە سەر سوپاکەی ئەبڕەهە کە پێک هاتبوو لە پەڕەسێلکەی ئیسک سوک و جوانکیلە کە هەریەکێکیان چەنگێک چەوو بەردە وردکەی بە هەردووک چەنگە بچکۆلەکانیان هەڵگرتووەو بە ڕێگای ئاسمانیدا خێراتر لە دڕۆنەکانی ئێستای وەڵاتانی پێشکەوتوو ڕێک چوونەتە مەیدانی جەنگەوەو هەرلە نیوەی ڕێگا پێشیان بە سوپاکەی ئەبڕەهە گرتووەو تەواوی ئەو بەردە ورکەو چەوەی پێیان بووە بەسەر سەری سەربازەکانی ئەبڕهەیاندا بەرداوەتەوە. جا هەمووئەو چەوو بەردە وردانە بوون بە تیرو ڕمب و گولەی تانک بڕو لە چاوتروکانێکدا تەواوی ئەو سوپا زەبەلاحەی ئەبڕهەیان بە خۆیان و فیل و وەڵاخە بەرزەوە تەفروتونا کردووەو ئەوەی ئاقڵ بووە فریا خۆی کەوتووەو ڕایکردوە ئەوەشی کەلەڕەقی نواندووە خوا بەرەو جەهەندەمی ناردووە! جا لێرەدا خوا ئاهوا هێزی خۆی نیشانی نەیارانی داوەو بەو شێوەیەش موجیزە ئاسا بەرەنگاریی لە ماڵێ خۆی کە کەعبەیە کردووە!
بەڵام ئەوەتە خوا بۆخۆی فەرموویەتی:” إذا سألک عبادي عني فاني قریب اجیب دعوة الداع اذا دعان فاستجیبوا لي ولیوءمنوا بي لعلهم یرشدون” سوڕەتی بەقەڕە ئایەتی ١٨٦” مامۆستا هەژار لە قورئانی پیرۆزدا لاپەڕە ٢٨ ئاهوا ئەو ئایەتەی لێکداوەتەوە:” هەرگایەکی عەبدەکانم لە مەڕمن لە تۆ دەپرسن، من نزیکم؛ هەر کەس هانام وەبەربێنێ، بێ وەرامی ناهێڵمەوە. با ئەوانیش لە فەرمانی من دەرنەچن، بڕوای تەواویان بە من بێ، بەشک و ڕێی ڕاست بەدی بکەن.” بە بڕوای من خوا خۆی لەو ئایەتەدا بە موسڵمانان دەڵێت کە هەر کەسێکی موسڵمان پەنا بۆ خودا بەرێ و لە بەری بپاڕێتەوە خودا نزاو پاڕاناوەکانی گیرا دەکات.
جا پرسیارەکە لێرەدایە کە:” ئایا دەبێ خوا خۆی ڕاستەوخۆ خەڵکی داماوو هەلابەهەلابووی کەرتی غەزەی فەلەستین نەبینێت و گوێی لە پاڕانەوەو نوزانەوەو هات وهاواری ئەو ملیۆنان موسڵمانە نەبێت؟ دەبێ کەسێکی وایان تێدا نەبێت کە موسڵمانێکی بێ غەل و غەش بێت؟ ئەدی منداڵە ساواو شیرەخۆرەکان کە لە ناو بۆمب و بارووتدا بە زیندوویی دەسوتێنرێن؟ تۆ تەماشا بکە بە دەیان هەزاریان لێکوژران و بە سەدان هەزاریان لێ برینداربوون و بە ملیون کەسیان لێ دەربەدەر بوون، ماڵ و حاڵیان لە تەواوی ئەو دەڤەرەی غەزەدا لە گەڵ ئەرزێ تەخت کراون! سەرباری ئەوەی کە هەموو ئەو خەڵکەی کە لە ژیاندا ماوە بۆ یەک خولەکیش ڕاناوەستێ و هاوار نەکاتە ئەو خوایەی کە پێیان دەڵێت لە بەرم وەپاڕێن و منیش نزاو پاڕانەوەتان لێ قەبوڵ دەکەم!”
“هەروەها ئەو سەدان هەزار بریندارەش یەک کەسیان نیە کە دەمی ڕابوەستێ لە نزاو پاڕانەوە، تەنانەت’ بە بڕوای من’ هەموو کوژراوەکانیش هەتا ئەو خولەکەی کە گیانیان دەرچووە کە فریا کەوتبن هاواریان کردووەو پاڕاونەتەوەو نزایان کردووە کە خودای گەورە فریایان بکەوێت! ئەوە بێجگە لە سەرووی ملیارێک موسڵمانی سەرئەو زەویە کە بیست و چوارکاتژمێر لە ماڵ و لە مزگەوت و لە نێو پێنج فەرزەی نوێژەکانیشدا و لە کاتی نان خواردن و ئەملاولاشدا هەر هاواردەکەنە خواو دەپاڕێنەوە کە خوا فریای خەڵکی غەزە بکەوێت!”
بەڵام خوای گەورە سەرباری ئەو بەڵێنەشی کە داویە بە موسڵمانان و ئەوانەی کە لە سەر ڕێبازی خودان، کەچی وەڵامی یەک کەسیش ناداتەوە، بەڵام لەولاوەو وەک مێژووی ئیسلامیی پێمان دەڵێت و خواش لە قورئاندا لە سوڕەتی فیل دا باسی کردووە هەر خێرا سوپایەکی تەیارو پڕ چەکی بە بەردە وردکە ناردە پێش سوپاکەی ئەبڕەهەو نەی هێشت بستێک بڕواتە پێش و زیان بگەێنێت بە کەعبە واتە ماڵەکەی خوا خۆی! جا لێرەدا من پێم وایە دەبێ خەڵک بە گشتی و بە تایبەتی موسڵمانان پرسیاریان لە لەلا درووست ببێت و بڵێن:” بۆچی خوا فریای ماڵەکەی خۆی ئاهوا بە زوویی دەکەوێت و لێی وریایە بەڵام گوێ ناداتە کوردی موسڵمان کە بەدەستی موسڵمانەوە ئەنفال دەکرێت، بە دەستی سیستەمەکانی سوریاو عێڕاق و تورکیاو ئێرانەوە لە ناودەبرێت، یان ئەوەتە موسڵمانانی ئێرەو ئەوێ بە نوێژی نیوەڕۆ دەسوتێنرێن بەدەستی کافران، یاخود هەرموسڵمانان خۆشیان بەدەستی برا موسڵمانەکانیان بە نوێژی نیوەڕۆ قەتڵ و عام دەکرێن و دەیان نموونەی تریش لەوبارەوە هەم دوێنێ کە ڕوویان داوەو هەم لەم زەمانی ئێستاشدا کە بە بەردەوامی ڕوودەدەن، بەڵام خوای بە ئاگا لە خشپەی مێروویەک ئەوەتە لە ئێستادا بێدەنگەو پەرچەکرداری نابینرێت! حیکمەتەکە لە کوێدایە؟ بۆچی ؟ بۆچی هەمووی هەر بۆ ڕۆژی دوایی هەڵگرتووە؟ یان ئەوەتە دەبێ وە دوا ئەو فەرموودەیەی خوا خۆی بکەوین کە لە سورەتی هود دا دەفەرموێت :” قال یا نوح انە لیس من اهلک انە عمل غیر صالح فلا تسالن ما لیس لک بە علم اني اعظک ان تکون من الجاهلین٤٦ قال ربي اني اعوذ بک ان ان اسالک ما لیس لي بەعلم و الا تغفر لي و ترحمني اکن من الخاسرین٤٧” سورەتی هود. واتە گوتی ئەی نوح! ئەم کوڕەت کەسی تۆ نیە.ئاکاری ناپەسنی هەس،هەر شتێ چی لێ نەزانی، داوامەکە، من ئامۆژگاریت لێدەکەم کە نەچیە ڕیزی نەزانان٤٦. گوتی ئەی پەروەندەکەم! هەر خۆ بە تۆ دەپارێزم، داوای شتێکت لێبکەم کە نایزانم،ئەگەر بەزەت پێمدا نەیەو لێم نەبووری یەکێکم لە زیانباران٤٧.” تەفدیری قورئانی پیرۆزلاپەڕە ٢٢٧، هەژار موکریانی!

حەسەن ڕازانی

بۆ نووسینی ئەو بابەتە سوودم لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگرتووە:
https://gellerreport.com/2025/03/syria-jolanis-army-of-islam-marches-to-genocidal-chant-of-annihilating-the-jews-
video.html/?lctg=38718787
https://www.youtube.com/watch?v=X8iRwabBRAQ




بەهارو نورۆز لە پەیوەند بە خەباتی چەوساوەکان و جەژنە قەومی و ئاینیەکانەوە!.. سابیر . م

لە هەر ڕۆژێکی دیاریکراوی ساڵدا، وەک ڕۆژی نورۆز و دەسپێکی بەهارێکی نوێ ، چەرخی ژیان ناوەستێت ، کارو کاسبی و ڕەنج و هەوڵێک بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان ناوەستێت .
کرێکاران و چەوساوەکانی کوردیش هەروەک فارسەکان. و ئەفغانیەکان وە ئازبایجانیەکان و تاجیکستان و تورکمنستانەکان ، بەردەوام لە خەمی ژیانی خۆیاندان و ململانێی چینایەتی وە کێشە سیاسی و ئابووریەکانی خۆیان وەلا نانێن وە بگرە بواری جەژن گێڕان وە توانا مادیەکانیان ڕێگە نادات بەهەمان ئەندازەی چینە دەوڵەمەندەکان و بۆرژوا کۆمبرادۆرەکانی کوردو وتوێژە ووردەبۆرژوازیەکان کە ژیانیان وابەستەو پابەندە بە خودی دەسەڵاتداران وە ئەم سیستەمی چەوسانەوەی سەرمایەداریە کۆنتڕۆڵ ئامێزەی ناوچەکەوە هەیە .
هەر یادێک و هەر بیرەوەریەک بە شوێن ئەوەی کە ببێتە کات و ساتی بیرکردنەوە لە ڕزگاری یەکجارەکی ، نابێت ڕێگە بدەین ببنە ڕۆژی خەفەکردن و بەجۆکدادان و ئەفیونی مەستکردن و سڕکردنی هزرو بیری خەباتی چینایەتیمان .
چینە باڵاو خاوەن دەسەڵاتەکان ، زیادەڕەوی لە سازماندان و ڕێکخستنی بەربڵاوی ئەم یادانە ئەگرنە ئەستۆیان ، وە ئیمکانیانێکی ماڵی و مێدیای زەبەلاحی بۆ تەرخان ئەکەن ، وە هۆش و بیرو هزری جەماوەری چەوساوە بە تێڕوانین و ڕۆشنبیریەکی قەومیانەو بەرتەسکی نەتەوایەتی قانگ ئەدەن ، وە لەهەوڵی سڕینەوەو پەردەپۆشکردنی بوونی چینێکی بەرفراوان لە کرێکاران و چەوساوەکان ئەدەن ، وە بانگەوازی برایەتی و هاوتەبایی و ئاشتی لەگەڵ دەسەڵاتداران. و چینە سەرمایەدارەکان ئەکەن .
ئەم ئایدیۆلۆژیەتە بۆرژوازیە زاڵەی کۆمەڵگا ، توێژە مامناوەنجیەکانی خستۆتە ناو جۆش و خرۆشێک و مەستبوونێکی تەواوەو ، کە لەو ڕۆژەدا مەڕو گورگ بەیەکەوە ئاو ئەخۆنەوەو شایی و ئاهانگ ئەگێڕن .
ناسیۆنالیزمی قەومیانەی بەرتەسک و ئاین و مەزهەب و ئیسلامی سازماندراوی جیهادی ، تا بتوانن ڕێکلامی مەزن و سەرتاپاگیر بۆ بۆنە قەومی و ئاینیەکان ئەکەن ، وە تەنانەت بۆنە سروشتی و ڕۆژمێرەکانی ساڵیش بەرگی نەتەوایەتی و قەومی و ئاینی و مەزهەبی و شەریعەتیان بەبەردا ئەکەن ، بەم شيوەیە ئەوا. تا ئێستاش سەرکەوتو بوون لە ڕاپێچانی هەرەزۆری کۆمەڵگای چەوساوەن بۆ ئەم ئایدیاو تێڕوانیە قەومی و مەزبیانەو ، وە بەمەش دوژمنایەتی نێوان کرێکاران و چەوساوەکانیان زیادکردوەو ، بەگژ یەکتردا کردوەو ، تەنانەت ئامادەشن لەسەر بیروڕاکانی خۆیانن نزیکترین کەسەکانی خۆیان بێڕێز سەیر بکەن وە بگرە بیشیان کوژن .
کۆمەڵگا شوانکارەو دواکەوتووەکان کە تائێستاش دابونەرێتی عەشایەری وە تایەفەگەری و مەزهەبی و قەومی بەرتەسکانەیان تیادا ماوە وە سەرباری ئەم دواکەوتوویەش بوون بەژێر هەژموونی گلۆباڵیزمی سەرمایەداریەوەو توانای خۆگونجاندن و تێگەیشتن لە سێکتۆرەکانی ئەم پێشکەوتنە تەکنۆلۆژیانە نیە ، کەوتوونەتە گێژاوێکی بێسەروبەرو نامۆبوونێکی لە ڕادەبەدەر لە ژێر سایەی لێبڕاڵیزمی نوێ و هەڵپەی کەڵەکەی سەرمایەو بەخاوەنداریەتی تایبەتیکردنی هەموو شتێک وە مرۆڤەکان و ژنان بەتایبەتی .
هۆی شەرلێشێواوی کۆمەڵگای چەوساوەکان ، هەر تەنها ئەوە نیە کە دەسەڵاتداران و حیزب و حاکمەکانیان و سیستەمەکەیان چۆن جەماوەر گەوج ئەکەن و کاڵفامیان ئەکەن ، وە مەستیان ئەکەن ، بەڵکە ئەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هێزێکی ڕادیکاڵی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕانە ، کەهەلومەرجی زاتی و مەوزوعی لە ئارادا نیە و ئەوەی کەلە ئارادایە وە بەناوی مارکسیزمەوە هەڵسوڕان ئەکەن چەپێکی بۆرژوازیانەی ڕیفۆرمیستانەو لێبڕاڵانەیە ، کە جیهانی خەباتی چینایەتی سەرتاسەری نابینێت وە پێیوایە مۆدێرنیزم جوابگۆی سیاسی پڕۆلیتاریای ئەمڕۆیە ، نەک سیاسەتێکی ڕێکخستنی کۆمۆنیستانە و ڕێکخراوبوونێکی سیاسیانەی مەحکەمی نهێنی و عەلەنی گونجاو کە ئامانج ڕووخاندنی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی بێت.
لە یادی دەسپێکی یەکەم ڕۆژی بەهارو ڕۆژمێری نورۆزدا ، هیوای شادی و خۆشی تەواوی ئەو کەسانەی کە دڵیان بۆ ئازادی و ڕزگاری چینە چەوساوەکان لێئەدات ، گەرچی شادی و خۆشی چەوساوەکان تەنها بە تاکە هیوایەک نایەتەدی ، ئەگەر لەو پێناوەدا خەبات و تێکۆشانی بۆ نەکرێت .

سابیر . م
٢١ / ٣ / ٢٠٢٥




بۆچی مرۆڤەکان پەنا دەبەنە بەر مەرگی خۆیان و ئازیزانییان.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

لەم وتارەدا بەکورتی و پوختی تەنها ڕوانگەکان وەردەگرم کە هۆکارن بۆ ڕوودانی ئەم کارەساتانە.

زنجیرەی ٢٥١.

لە ڕوانگەی دەروونییەوە، توندوتیژی بە چەک و کوشتن (چ کوشتنی کەسانی تر یان خۆکوشتن) لە باشووری کوردستان دەکرێت بە چەند هۆکارێكەوە شیبکرێتەوە:
لەوانە کاریگەری تراوما و شەڕ: مێژووی درێژخایەنی شەڕ و گەمارۆ لە ناوچەکەدا بووەتە هۆی تڕاومای بەکۆمەڵ کە دەتوانێت هەستی بێهیوایی و توڕەیی بەردەوام دروست بکات. توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە تاکەکان لە کۆمەڵگای دوای شەڕ زیاتر مەیلی توندوتیژیان هەیە.

هەروەها گوشاری کۆمەڵایەتی-ئابووری: نائارامی ئابووری، بێکاری، و هەلی سنووردار دەتوانن ببنە هۆی هەستی بێسوودی و ناهومێدی. ئەم فاکتەرانە پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ توندوتیژی و خۆکوشتن هەیە.

نۆرمە کولتوورییەکان( لە ئاستێکدا ستیگما کۆمەڵایەتیەکان): بەرگری‌کردن لە “شەڕەف” و چەمکەکانی پیاوەتی کە بە هێز و بەرگریکردن پەیوەستن، دەتوانن بڕیاردان بۆ بەکارهێنانی چەک ئاسانتر بکەن. هەروەها بەردەستبوونی چەک کاریگەری بەرچاوی هەیە کە لەفەراغی نەبوونی یاسادا بەردەستبوونەکە بۆ گشت تاکەکان فەراهەم دەبێت.

یەکێك لە هۆکارە سەرەکییەکان کەمی خزمەتگوزاری تەندروستی دەروونییە، هەروەها ستیگمای پەیوەست بە چارەسەری دەروونی، و نەبوونی میکانیزمی گونجاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکان دەتوانن ڕێگری بکەن لە دەستگەیشتن بە یارمەتی و خزمەتگوزاری دەروونی.

چارەسەر بەگشتی بەم جۆرەیە کە دەتوانرێت باشترکردنی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری تەندروستی دەروونی، دروستکردنی هەلی ئابووری، و هاندانی گفتوگۆی کۆمەڵایەتی لەسەر بابەتەکانی تەندروستی دەروونی لەخۆ بگرێت، هەروەها پێویستە کار بکرێت لەسەر کەمکردنەوەی ستیگما بەرامبەر بەدواداچوونی یارمەتی بۆ تەندروستی دەروونی و فەرهەم کردنی یاسا بەجۆرێك فۆڕمە کۆمەڵایەتیەکان ڕێک بخاتەوە و هاوڵاتیان دوورخاتەوە لە بەردەستبوونی کەرەستەکانی جەنگ.

ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)




سپێدە.. شیعری نەوشیروان ئازاد

گەر سپێدەیەک
بەسەرباڵی سیمرخێکەوە…
فڕیم …
فڕیم بەرەو کەنارەکانی عەدەم .
فڕیم …..
بەرەوە ئەودیوی تارماییەکان
بەرەوناخی …..
پڕلە ئاهی ئەو دەڕۆزانەی ….
سنگی شەقام و ترافیکەکان شەق دەکەن …
مەگرە لێم
ئەی نیشتمان ..
چونکە منیش بەدرێژایی تەمەنم وەک زاڕۆڵێکی شڕو هوڕی ،
پێ پەتی ،
سواڵی ژیری و
ئاسودەیی ،
لەدەیجوری ئایەندەدا ،
سوسەیەکی هیوادەکەم …
بەڵام ئاخ…..
ئەی نیشتمان..
تەمەن ڕۆیی و کەچی من هەر مایەپوچم …
مایە پوچم و هیچم دەست ناکەوێ
…….
من مەلەوانێکی کارامەبوم ….
بەڵام ببورەلێم
لەگۆمەلێخنەکەی ئەم بستۆکە زەویەی خۆمدا …نەمتوانی گەوهەری ئەوینە پاکەکە بدۆزمەوە.
ئەزانی بۆ…؟
چونکە بەرلەمن ….
بردیان …
بویە …شیرینەکەم …
بەدوای گەوهەری دزراوا مەگەڕێ
ناخی زەوی هەڵ مەکۆڵە
بۆ ئەوین و
بۆجوانی و
بۆزێڕی قەترانی مەگەڕێ …
دەبێ فێربین بۆ لەمەولا
بەدوای ئاوەز و
بەدوای ژیــــری و
بەدوای عەقڵی وون بودا بگەڕێین

نەوشیروان ئازاد
سلێمانی 27/6/2018




بەکورتی4: گەمژەیی،دەردێکی کوشندەی ئێستامانە.. ئازاد حەمە

ئەم چەند دێڕە بۆ گوتنە سەبارەت بە چەمکە جۆراوجۆرەکانی گەمژەییStupidity،زۆرجاریش وشەی گەمژە لەگەڵ وشەی تردا تێکەڵدەکرێت(گێل،گەوج، دەبەنگ،خۆگەمژەکردن).بەگشتی ئەوەی سەرنجیخراوەتەسەر بەدواداچوون و پەیگیرییە، بۆئەو شتەی بۆ توێژەران لەبواری گەمژەناسیدا بووەتە پرسیار،کە ئایا گەمژەیی دۆخێکی بەردەوامی زگماکییە، کەمئەندامییە یان حاڵەتێکی کاتییە؟گەر گەمژەیی ناساغییە،چ جۆرێکە لە ناساغیی؟دەمارییە یان دەروونییە، یاخود…؟چۆن رەفتاری گەمژە بناسینەوە؟ڕوون نییە گەمژەیی لەگەڵ تەوژمی ژیرمەندیی “کۆمەڵگەی زایاریی”(زیرەکی دەستکرد)چیبەسەردێت؟ بلیمەت دەکاتە دژە جەمسەری گەمژەیی؟ گەمژەیی کەمیی یان نەبوونی ژیریی وتێگەیشتنە، نەبوونی ئاوەز و هەستە؟ گەمژە دەتوانێت فەلسەفییانە بیربکاتەوە؟
گەمژە Stupidکێێە؟ تاکێکی کۆمەڵگەیە، مرۆڤایەتیش بەدەرنییە لە دیاردەی گەمژەیی. گەمژە کەسێکی ناهۆشیارە، بێهەستە، کێشەی زیرەکیی هەیە، توانای تێگەیشتنی خراپە و دەشێت ئەم گەمژەییەی زگماکیی بێت. کەواتە گەمژە کردار و وتنی دوورە لە ئاوەزەوە، لەبەرئەوە توانای ئارگیومێنتهێنانەوەی نییە بۆ کردارە نابەجێکانی و دەرکیش بەوە ناکات سودی بۆ ئەویتری نییە و سودی خۆشی لامەبەست نییە. گەمژە توانای خۆکۆنتڕۆڵکردن و خۆکۆکردنەوەی نییە، زێدەڕۆییدەکات لە رەفتارەکانی و کێشەی سەرنجدانیشی هەیە.
لەناو گەمژەیدا تاریکیەک هەیە و ناسنەمەی گەمژە تەمومژاوییە، ئاسمانی سەری گەمژە هەورە، بێ خۆرە. ئەوەی گەمژە گۆیدەکات بێمانا و ناڕوونە. کردار و گوتنی زمانەوانیی گەمژە، کە پڕکەند و کۆسپە هەڵقوڵاوی تێنەگەیشتن و نەزانیینە و کوانووی هیچ دید و تێڕوانینێکیش نییە.لەمسۆنگەیەوە دەڵێێن:گەمژە بێتوانایە لە دەرکپێکردن و بەکاربردنی زمان. هەربۆیە کێشەی گوزارەکردنی هەیە و توانای دەرئەنجامدان و گومانیشی نییە.زۆربەمان زۆرجار بەزییمان بە گەمژەکان دێتەوە،چونکە دڵنیایین، ئەوەی دەیکەن و دەیڵێن بێئاگاییانە ئەنجامدراوە. دەشزانیین گوتنی گەمژە ناواخن بێهەست و بێسۆزە. گەر وابێت گەمژەکان رەفتاری ناڕەوشتی ئەنجامنادەن. بەمجۆرە بۆمان نییە بە گەمژە بڵێین بێڕەوشت. سەرئەنجام،کێشەی ذهنی لە گەمژە نابێتەوە، ئەمەش وادەکات نە زانین تێبگات و نە زانین بخوڵقێنێت.
سەبارەت بەوەی، کە گەمژە نەخۆشە و دەبێت چارەسەربکرێت، ئاماژە بەوەدەکەین،کە بەپێی توێژینەوە زانکۆییەکان بێت”بەکتریایەک لە مێشکی گەمژەدا بوونی هەیە، کە زانایانی بواری دەمارناسییNeurology بە”ڤایرۆسی گەمژەیی” ناویانناوە، کە هەمان ڤایرۆس لە ئاژەڵانیشدا دۆزراوەتەوە”. ئەوەش،کە دەمارناسی سەبارەت بە گەمژەیی دەیڵێت دەروونناسانیشی هەڵداوەتەژێرڕکێفی خۆیەوە.
بەپێی ئەوەبێت باسکرا،کەسی گەمژە هێندەی کێشەی هزریی هەیە کێشەی جەستەیی نییە. هەندێک لە توێژینەوەکانیش بۆئەوە دەچن،کە گەمژە کێشەی دەروونی نییە. بەڵام ئاستی تێگەیشتن و هۆشەنگیەکەی لە ئاستی خوارەوەی نۆرماڵە. ئەمەو لێکۆڵینەوە لە چەمکی گەمژەییStupidnessبەرەو بۆچونگەلێکمان دەبات ،کە پەچەپۆشینی گەمژەیی بۆهەندێک چارەسەرە بۆ بازدان بەسەر تێگەیشتن،کە بەرپرسیارییە.ئەمە بەزۆری دەچێتەخانەی خۆگەمژەکردنەوە.
گەمژە نە ئەرکی هەیە نە هەڵوێستوەردەگرێت، لەناو پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانیشدا وادەردەکەوێت رەفتار ناهاوسەنگ و نالێهاتووە لە پرسیارکردن و وەڵامدانەوە، شیکاریی و ڕەخنەکردن. کەوابێت، گەڕان بەدوای دانایی گەمژەکان هیچ ناخاتەسەر خەرمانەی خودی داناییەوە. بەڵام هەندێک لە توێژەران بۆ ئەوەدەچن کە گەمژەیی و نەزانی هەمان شت نیین. وێڕایئەوە، ئەو توێژینەوانەش،کە پێداگیرییدەکەن لەسەر ئەوەی گەمژە کێشەی پەروەردەیی هەیە بۆ ئەوەدەچن،کە گەمژەکان شایانی هاوکارین. تا پەروەردەش بێتەخوارەوە گەمژەیی چرۆدەکات.
توێژەری ئیتاڵی کارلۆ ماریە چیپۆلە Carlo Maria cipolla لە توێژینەوەیەکدا بەناوی””یاسا بنەڕەتییەکانی گەمژەیی مرۆڤ””ئەوەی بە چاکیپێکاوە،کە مرۆڤی گەمژە ئەو کەسەیە،کە “زیان بە کەسێکی تر یان کۆمەڵێک کەسی تر دەگەیەنێت بەبێئەوەی لە هەمان کاتدا درک بە هیچ سوودێک بکات بۆ خودیخۆی یان تەنانەت زیان بەخۆشی ناگەیێنێت. ناوبراو لەوەش ئاگادارماندەکاتەوە،کە “ئەو کەسانەی گەمژە نین هەمیشە ئەو زیانانە،کە گەمژەکان تووشی دەبن بە کەم دەزانن”.
سەرباریئەوە، دەبینین،ئەنیشاین هۆشداریدەدات، کە “هەر گەمژەیەکی زیرەک دەتوانێت شتەکان گەورەتر و ئاڵۆزتر و توندوتیژتر بکات.ئەمەش پێویستی بەبڕێک لە دانایی و بوێرییەکی زۆر هەیە، بۆ ئەوەی پێچەوانەکەی بکرێت.” ئەو گەمژە زیرەکە دەکرێت زانایەک بێت لە ئەزموونگەیەکی زانستییدا. بۆیە هەر ئەنیشتاین بەوەدەگات، کە””تەنها دوو شت بێکۆتایە، گەردوون و گەمژەیی مرۆڤ. سەبارەت بە گەردوون هێشتا پێێوایە بەتەواوەتی دڵنیا نیم، کە بێکۆتایە.”
بۆ کۆتا دیتنمان لەم بارەیەوە گوتنێکی بیرمەندی فەڕەنسیی دولۆز، بەهەندوەردەگرین: “فەلسەفە پێویستە دژ بە گەمژەیی بجەنگێت”.ئەڵبەتە ناشێت سەرجەم مێژووی گەمژەیی مرۆڤ لەچەند دێڕێکدا پوختبکرێتەوە،بەڵام ئەوەی زێدە مەبەستە لێرەدا بگوترێت، ئەوەیەکە بەپێی هەندێک توێژینەوەی زانستیی گەمژەیی نابێت وەک پێچەوانەی زیرەکی هەژماربکرێت. ئەمەش بەهۆکاریئەوەی ئاوەزگەرایی سنوردارە، بۆیە لە کەسانی ژیریشەوە دەبێت چاوەرێی کردار و ئاخاوتنی نالۆژیکیی و بێئاوەزببیین.ڕاڤەی گەمژەیی لە کۆمەلگەی نوێی کوردی هاوکارماندەبێت لە دیاردە ناساغ و کردارە بێئاکارییەکانی تاکەکان تێبگەین. مەترسییە گەورەکەش ئەوکاتە دەستپێدەکات،کە دەسەڵاتی سیاسیی دروستکردنی گەمژەیی بۆ گرنگە. لەبەرئەوە زۆر کەیل و خەمبارم بەوەی،گەمژاندن ،کە دەردێکی کوشندەی ئێستامانە، ئامانجێکی سیاسیی لەپشتیەوەیە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




کاتێ کۆمەڵگا ئەبێتە نەخۆشخانە.. نەوزاد بەندی

ئەگەر بڕوانینە شارەکانی کوردستان، خەریکە هەمووی بازاڕ و شەقامەکانی ، ئەبن بە شاری پزیشکی و باڵەخانەی پزیشکیی و کلینیک و دەرمانخانە و تاقیگای شیکاریی خوێن و تیشک و سۆنار ..ئەمە بێجگە لە دەیان هەزار برین پێچ و یاریدەدەری پزیشکیی کە کلینیکی لاکۆڵانیان هەیه و ..هێندەی ئەو ژمارەیەیش، کلینیکی گیایی و میللیی پەیدا بوون. بازرگانیی دەرمانی شێرپەنجە و دەرمانە گرانەکان له لایەن خێزانە حوکمڕانەکانەوە قۆرخکراون چونکە ملیارەها دۆلار قازانجی لێ ڕادەکێشن.
بێگومان ئەم زیادبوونە خەیاڵییەی بیمارستانە هەمە جۆرەکان، بەڵگەی ئەوەیە زۆربەی کۆمەڵگا نەخۆشن، بە جۆرێک چارەسەرکردن بووە بە باشترین بازرگانیی .
ئەپرسین بۆچی زۆرینەی کۆمەڵگا نەخۆش کەوتوون؟
بۆریس باسترناک، کە ڕۆماننوسێکی ڕوسییە و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە لە ئەدەبیاتدا، هەرچەندە لە سەردەمی شەڕی ساردی ڕوسیا و ئەمەریکادا ئەو خەڵاتەی پێ بەخشرا، ناچار بوو خەڵاتەکە ڕەت بکاتەوە ..
باسترناک ئەڵێ : کاتێ ناچارکرایت بە پێچەوانەی خواستەکانی خۆتەوە هەڵوێست بکەیت، لاشەت نەخۆش ئەکەوێ، کاتێ دڵتەنگیت و ناچارت ئەکەن پێبکەنیت، ڕقت لە کەسێکە و ناچارت دەکەن دەستی ئاشنایەتیی و تەوقەکردنیان بۆ درێژ بکەیت، ئا لەو کاتەدا لاشەت نەخۆش ئەکەوێت.
ئەگەر ئەم گریمانەیەی باسترناک بە هەند وەربگرین، ئەگەینە ئەو ڕاستییەی هۆکاری نەخۆش کەوتنی بەکۆمەڵی میللەتەکەمان، بۆ ئەو شەڕە دەروونییە بگەڕێنینەوە کە دژی خەڵکەکە بەرپاکراوە، کاتێ ئەو خەڵکە ڕقی لە دەسەڵات و تەنانەت نیشتمانیش ئەبێتەوە، کەچی ناچار کراوە چەپڵەی بۆ بکوتێت و لە یاسا قەرەقۆشییەکانی ئەو دەسەڵاتەدا بیگوزەرێنێ و مل بۆ سەرانە و تاڵانییەکانی بدات، بە تاوانە حاشاهەڵنەگرەکانی قایل بێ، بە زۆری زۆرداریی لەو نیشتمانە وێرانکراوە دزراوەدا بژی، ئەم دۆخە قورسە دەروونییە، کارێ دەکات کۆمەڵگا تێکڕا نەخۆش بکەون، مناڵەکانی پێش گەنجەکانی، گەنجەکانی پێش پیر و پەککەوتەکانی. نیشتمانێک بووە بە زیندان، تەنانەت بیریارێک دەڵێ : تەنها پێڵاوەکانم بەم خاکەوەی بەستوومەتەوە .. ئەگەر سنوورەکان ئاوەڵا بکەن، خەڵکەکە بە کۆڕەو بەجێی ئەهێڵن ، تەنها چەند بنەماڵەیەکی حوکمڕان و مردووی گۆڕستانەکان لە نیشتماندا ئەمێننەوە.بڕوانە، زۆرینەی نوسەر و بیریار و زانا و داناکانمان له تاراوگەدا ئەژین.
باسترناک بە کورتی باس لە کەسانێک ئەکات لە ناخەوە کۆیلە کراون و ناچار کراون بە پێچەوانەی خواست و خەون و هیواکانیانەوە بژین، ئەم ژیانە پێچەوانەیە وا دەکات تێکڕایان لاشەیان تێک بشکێ و نەخۆش بکەون .
کاتێ دەسەڵات، داهاتی وڵات بۆ خۆی ئەبات و ناچاریشت ئەکات چەپڵەی بۆ لێ بدەیت و لە خۆشییەکانیدا ئاهەنگ بگێڕیت و له ناخۆشییەکانیدا قوڕ بپێویت، وات لێ دەکات، خیانەتەکانی به دەسکەوت و بەرخۆدان بۆ ئەژمار بکەیت، کۆمەڵکوژییەکانی بە خەباتی دژه تیرۆر بۆ تۆمار بکەیت و دزینی داهاتی نیشتمانی بە فەرمانڕەوایی و حەقدەستی پێشمەرگایەتییەکەی بۆ لێک بدەیتەوە، لەوێدا ئیتر تۆ ئەبیتە مۆڵگەی نەخۆشییە جەستەییەکان، خەست بوونەوەی خوێن و ڕاوەستانی دڵ و مێشک و نەخۆشیی بڕبڕەکانی پشت و جومگەکان و تێکچوونی هەرس و شێرپەنجەکان و هەناسه توندیی و تێکچوونی کارەبایی دڵ و نەخۆشییەکانی قوڕگ و گوێچکە و چاو و ئەکزیما و نەزۆکیی و تێکچوونی هۆرمۆنەکان و پیربوونی پێشوەخت و ….هتد.
کاتێ مامۆستای مزگەوتەکانمان داوای پارەت لێ ئەکا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی مزگەوت، جا داوات لێ ئەکا دۆعا بکەیت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆت لەلایەن خواوە !
دروستکردنی مزگەوت ئەکاتە ئەرکی سەرشانی خەڵک ، بەڵام پەیداکردنی گوزەرانی خەڵک، واز لێ دێنێ و ئەیداتە دەست دۆعا و نزا، لێدانی منداڵ ئەکاتە ئەرک لەسەر باوکان و دایکان، بەڵام لێدانی داگیرکەران و مافیاکان ئەداتە دەست خوا و ئەڵێ دۆعایان لێبکەن!
لەبەر ئەوە ڕوژ بە ڕۆژ مزگەوتەکانمان گەورەتر و پێشکەوتوو تر و گرانبەهاتر ئەبن لە بەرامبەردا ئەوانەی دێنە مزگەوت، ڕەش وڕووتتر و برسی تر و نەخۆشتر ئەبن، وای لێهاتووە نیوەی نوێژکەران لەسەر کورسی نوێژ ئەکەن، بە جۆرێک پەیوەندییەکی پیچەوانە هەیە لەنێوان جوانیی باڵەخانەکانی مزگەوت و هەژاریی و شڕ و ووڕیی و نەخۆشیی خەڵکەکەدا ، هەتا مزگەوتەکان شاهانەتر بن، خەڵکەکەی خواناسییان تێدا ئەکەن، برسی و گەداتر و نەخۆشتر ئەبن، وای لێهاتووە خەڵک پاره دادەنێن بۆ جوانکردنی مزگەوت لە هەمان کات داوا لە ئیمام ئەکەن دۆعایان بۆ بکەن هەتا له نەخۆشییەکانیان چاک ببنەوە !، چونکە نەخۆشییەکانییان دەروونییە و پەڕیوەتەوە بۆ هەموو ئەندامەکانی لەشیان و چارەسەری نییە.
لێرە و لەوێ، هەندێ بیریار و سەرکردەی موسوڵمان درکیان بەو کارەساتە مرۆیی وئاینییە کردووە، بۆیە دەڵێن عومەری کوڕی خەتاب فەرموویەتی : جوانکاریی مزگەوتەکان زیادەڕەوییە و لە ئاینی ئیسلامدا شتێک نییە به ناوی جوانکاریی و ڕازاندنەوە و دەستبڵاویی له دروستکردنی مزگەوتەکاندا .
هەروەها ئیمامێکی موسوڵمانان ، کورتترین ووتاری هەینیی پێشکەش دەکات، تەنها دێڕێکە ، ئەڵێت: ( پاروویەک بخەیتە دەمی هەژارێک باشترە لە دروستکردنی هەزار مزگەوت )
واتا هەتا دابینکردنی پێداویستیی و چاککردنی کەم و کوڕیی ماڵەکان وەستابن، حەرامە دەست ببرێت بۆ ڕازاندنەوە و جوانکردن و دووبارە دروستکردنەوەی مزگەوتەکان، کارەساتە ئەگەر لە ماڵەکاندا مرۆڤەکان و مناڵەکانیان شەو تا بەیانی لەسەرماندا ولە برساندا هەڵلەرزن و بتلێنەوە وگینگڵ بخۆن، لە کاتێکدا مزگەوتەکانیش لەو شەوانەدا کش و مات و چۆڵ و هۆڵ، بە ملیۆنەها دۆلاریان تێدا خەرج کرابێ، سورەیا و بەرد و توحفەی گرانبەهایان پێدا شۆڕ بووبێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا هۆکاری هاتنی ئایینەکان و بنیاتنانی پەرستگاکان خۆشحاڵکردن و خۆشگوزەرانیی و ئاسوودەیی مرۆڤەکان بووە، نەک کتێبە ئاینی و پەرستگاکان له زێڕ و زیو بگیرێن، لەو لایشەوە مروڤەکان هەژار و ڕوت و ڕەجاڵ و برسی و نەخۆش بن.
پێغەمبەری خوا دروودی خوای لەسەر بێ، لە مزگەوتێکا کە بە پوشی خورما دروستکرابوو، هەموو جیهانی بە دادپەروەرییەکەی داپۆشی وملیارەها مرۆڤی لە کۆیلایەتی کۆیلە ڕزگار کرد بۆ بەندایەتیی خوای گەورە.
شاچارڵسی بەریتانیا ئەڵێت : ئێمە لە موسوڵمانەکانی ئیسپانیاوە فێری مافی ژن و ئەرکی ژن و زانستەکان بووین، کاتێ لەلای ئەوان چوارهەزار کتێبخانە هەبوو، لە هەموو ئەوروپادا ئەوەندە کتێبخانە نەبوو، لەوانەوە دەرمان و نەخۆشخانە و زانستەکان گەیشتە ئێمە ..
مایکل هارت، موحەمەد دروودی خوای لەسەر بێ، ئەکاتە کاریگەرترین پیاو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە ناو 100 لە کاریگەرترین پیاوی مێژووی مرۆڤایەتیدا، لە کتێبەکەیدا بەناوی 100کەسە نەمرەکە.
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە لە خۆمان بپرسین ئەم ئاینە بەرزەمان بۆچی ئاوا تێکشاندووە و کەمئەندام و شێواندووە؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەم ئایینە بێ بەرهەمە ماندووە نەخۆشە بێ غیرەتە کۆیلە و دەستەمۆ و بێدەسەڵاتە، بگۆڕین بەو ئاینە زانا و دانا و بەرهەمهێن و ڕزگارکەر و مژدە بەخش و دادپەروەرەی کە شا چاڕڵس و مایکل هارد و ڕۆجێ گارودی و ئیحسان تەبەری و جەنڕاڵ کۆستۆ سەری ڕێزی بۆ دادەنەوێنن ؟ کە مرۆڤەکان لە کۆیلایەتیی و بێ هیوایی و .. نەخۆشکەوتنی به کۆمەڵ ڕزگار ئەکات ؟




چیرۆک\ بریسکە.. یونس تانج

بۆ خوێندنەوەی ئەم چیرۆکە کلیکی ئێرەبکەن..




تڕەکەڵەک یان تڕەگەڕەک.. کورتە چیرۆک: نەوزاد بەندی

ئەوانەی ڕیشیان سپی بوو ئەیانووت پێش سەد ساڵ هاتوونەتە ئەم گەڕەکەوە .. ڕیش ماش و برنجێکان ئەیانووت حەفتا ساڵ و قنچکێک نییە .. ئەوانەی ڕیش و سمێڵیان پاک ئەتاشی، ئەیانووت زۆر نییە هاتوون، ڕەنگە هەر سی چل ساڵێک بێ، بەڵام هەموویان کۆک بوون لەسەر ئەوەی لەگەڵ نیشتەجێ بوونیان لە گەڕەکەکەدا هەندێ دیاردەی سەیر ڕووی دا، وەک دیارنەمانی دەڕنەفیز و گسک و بەفرماڵ و کەو ..لە جەڕەسدانی دراوسێکان لە نیوەی شەودا ..شکاندنی پەنجەره .. تەکاندنی دارتوو ..دیارنەمانی گڵۆپی بەردەرگا ..
ئەڵێن کەس نەیدەزانی ژمارەی خێزانەکەیان چەند بوو، ژمارەی ژنەکانیشی نادیار بوون، بەڵام خۆی کۆتەرە زەلامێک بوو پێیان ئەوت پارچەئاغا هەندێ جار به نادر ئاغایش بانگ ئەکرا. مامۆستای مزگەوت ئەڵێ سەرەتا کە هاتنە گەڕەکەوە کرێچی بوون، بە زستان تاک شەڕواڵیان لە پێدابوو، لە دوای ڕەشەمێوە ئەیانکرد بە دەرپێی سەر خەرمان،ئاردی بەڕوویان ئەخوارد.
موختاری گەڕەک ئەیوت نەموێراوە پێیان بڵێم چەند کەسن، چونکە هەندێکیان چەقۆی ئەبو ئەڵقەی ئەڵمانییان لە گیرفاندا بوو، ئەو چەقۆیانەی وێنەی بەرازێکی بچکۆلەیان لەسەر هەڵکەنرا بوو، لەگەڵ سێ ئەستێرەی بە یەکترەوە نوساو، سەقای مزگەوتەکە ئەیووت نیگاری بەراز نەبوو، گامێشێکی نەخۆش بوو.
موختاری گەڕەک زۆر هەرزەکار بوو، هێشتا سمێڵی بۆر نەکردبوو، پیرەکان ئەیانووت هێشتا سمێڵی گوگرە نەبووە، نازانم ئەو هەموو زانیارییەی لە کوێوە کۆ کردبۆوە ؟ ئەیووت نەخێر، گامێش نییە و بەرازە چونکە سێبەری شفرەکانی دیارە و ملی ڕەقە ولار بۆتەوە بۆ سەر زەوی، مەیتەری گەڕەک ئەیووت بێجگە لە چەقۆ، دەمانچەی تۆپڵیشیان هەبوو، پوور خەجیج گۆڕی پڕ لە نوور بێ بە چاوی خۆی بینیبووی کە دەمانچەیەکی تۆپڵییان لە پۆلیسێکی هات و چۆ فڕاندبوو، کاتێکیش ڕای کردبوو بە دوایانا، کوشتبوویان .
موختار بە تووڕەییەوە پێی وتبوو، تۆ پیر بوویت و خڵەفاویت، کەس قسەت لێوەرناگرێ، کوا پۆلیسی هات و چۆ لەو سەردەمەدا هەبوو ؟ لەو سەردەمەدا شار ئوتومبیلی تیا نەبوو، ئیتر پۆلیسی هات و چۆی چی؟ تەنها پۆلیسی بەردەم فەرمانگەی دەفتەر نفوس هەبوو، جلێکی وەک لبادیان لەبەردابوو، سدارەی لبادیان لەسەردابوو، بۆنی گۆرەوییان لێ ئەهات، پێیشیان ئەووتن حەیتە نەک پۆلیس. خەڵکەکە سەریان سوڕمابوو لەوەی ئەم موختارە کە هێشتا سمێڵی گوگرە نەبووە، ئەم هەموو زانیارییە مێژووییەی لە کوێوە هێناوە ؟ هەبوو ئەیووت کوڕی نا شەرعیی نادرئاغایە،هەندێکیشیان ئەیانووت کوڕەکانی پارچە ئاغا دەستکاری شوێنێکیان کردووە به جورێک ناوێرێ بە موو له قسەیان دەربچێ، پیرەکان پێیان ئەووت ئینگڵیز، ئەیانووت باوکی جەردەیەکی عەجایب بووە، تەنانەت ئەسپی له عوسمانێکان دزیوە.
ئەیانووت دوای چەند مانگێک، خانووەکەیان کڕیوە و دوای ساڵێک دوو خانووی تریشیان لە هەمان گەڕەک کڕیوە. مامۆستای ئەلف و بێی نوێ، باڵا بەرزێ بوو بە دەست نەخۆشی سیلەوە گیری خواردبوو بەڵام ددانی پیانەئەنا و ئەیووت ڕۆماتیزمەیەکی ئاسانە، ئەو سەردەمە پێیان ئەووت باداریی، ئەیانووت بە خورما و ڕیقنەی مریشک ئەیپەڕێنی، ئەیووت : دوانزە سیانزە کوڕیانم ژماردووە ، ناوەکانیان : ڕەشید و حەمید و مەجید و لەبید و حەدید و زەبید و بەخیت و یەزید و مەزید و وەلید و فەرید و عەبید و ئەو جۆرە ناوانە بوون. مامۆستای ئەلف و بێی نوێ ئەیووت بە لە بەرچاو نەگرتنی نەخۆشی ڕۆماتیزمەکەم، چوار جار سەریان شکاندووم. ئەوانەی بڕوایان پێ نەدەکرد، ناچار بوو تەپڵی سەر و بناگوێکانیان پیشان بدات کە چۆن سەعدونی موزەمید بە دەرمانی سوور و هەندێ تەقەڵی خواروخێچ بەڕێیکردبوون بۆی. موختار ئەیووت ڕووی ڕەش بێ بۆ ڕاستی، کاتی خۆی هەر لە زگماکەوە گەڕ بووە و ئەو پەڵانەی سەری جێ بەرد نین، جێ برینی گەڕییەکەیەتی. کەس نەیدەزانی ئەم موختارەی کە هێشتا سمێڵی گوگرە نەبووە، چۆن ئەو هەموو شتەی دەزانی. پوور خەجیج بە میرزا بایزی وتبوو : ئەو سەگبابه قولی مامۆستا لەپزێڕینیشی گرتووە و بێحورمەتی بەرامبەر کردووە. میرزا بایز لە سەفەر بەلکا پەنجەی دۆشامژەی پەڕی بوو ، خۆی ئەیووت لە شەڕا پەڕیوە، موختار لێرە و لەوێ وتبووی ڕووی ڕەش بێ، سەگی کوێخا عەول گەستوویەتی و تا فریای شاریان خستووە، پەنجەکەی بۆگەنی کردووە و سەرتاشێکی قەراغشار بۆی بڕیوەتەوە. بە خۆیشی گەیشتبۆوە، زۆر لێی پڕ بوو، بە پورمەنیجی وتبوو : حورمە! خوا ڕۆحم بەرێ، خۆمی لێدەدەم، دەم وددانی هەڵئەوەرێنمە ناو زێرابەکەی قوڕگیەوە.
ئەڵێن ڕۆژێکیان میرزا بایز سێ چوار شینە زەلام کۆئەکاتەوە و پەلاماری موختار ئەدەن، ئەیانەوێ تێی سرەوێنن، کەچی دەستیان جەمام ئەبێ، بەرز نابێتەوە. ئەیانەوێ تفی تێ بکەن، تفەکە وەک چیمەنتۆ بە لێویانەوە ئەیبەستێ .. هەر بۆیە لەو ڕۆژەوە ئیتر بیر لەتەمبێکردنی نەکراوەتەوە و نازناوی شێخی دراوەتێ. ژنی نەزۆک و ئەوانەی نەخۆش ئەکەون و کوڕیان ئەچێ بۆ سەربازیی یان مناڵی کەمئەندامیان هەیە، ئەڕۆن بۆ لای، مریشکی ڕەش و دیاری تری بۆ دێنن ودەستی ماچ ئەکەن بۆ ئەوەی دۆعای خێریان بۆ بکا.
مشەختی بەندەی خودا، سواڵکەری گەڕەک بوو، ئەیووت کە یەکەمجار هاتنە گەڕەکەکەوە، کرێچی بوون، گیرفانی ئەو عەرەبە گەشتیارانەیان ئەبڕی کە ئەهاتنە شارەکەوە بە دوای خەنە و پسکیتی ئێرانیی و تۆزێ فێنکاییدا وێڵ بوون، ئەیووت: هەتا شەش مانگیش شەو تا بەیانی شەڕیان بوو، سێ بە سێ تەڵاقیان لە ژن ئەخوارد، مناڵیان بە شەق ئەکردە دەرەوە، ئەیاننەڕاند، ئەیانقیژاند، ئەیانبۆڕاند، مەرکانەیان ئەشکاند، جنێوی وایان به یەکتر ئەدا پێشتر نەبیسترا بوو، تەنانەت شارەزایەک له بواری کەلەپوردا ڕۆژێکیان بە تایبەت دێتە ماڵیان بۆ بە دۆکیۆمێنتکردنی ئەو جنێوە تازانە، ئەو لەو بڕوایەدا بوو جنێو مۆرکێکی گرنگە لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا، هیچ لە ئاڵا و سروودی نیشتمانیی کەمتر نییە، بە جۆرێک هێندە شارەزا بوو لە زانستی جنێودا، بە جنێودا ئەیزانی جنێودەکەرە سەر بە چ تیرە و بنەماڵە و گەل و نەتەوە و بنەماڵەیەکە، تەنانەت بە تەمابوو کتێبێک چاپ بکات به ناونیشانی : ( جنێوێکم پێ بدە ، پێت ئەڵێم تۆ کێیت ) کە لێیان پرسیبوو بە جنێوەکانیاندا لە خەڵکی کوێ ئەچن؟ وتبووی تێکەڵەیەکن لە هیند و عەرەبە کۆنەکان و نەختێ جولەکەیشیان تێکەڵە چونکە لە هەندێ جنێویاندا پیتی حا ئەکەن بە خا ، بۆ نمونە به تڕحێو ئەڵێن تڕخێو.
ئەیووت دوای شەش مانگەکە بەرە بەرە شەڕکردنەکانیان کەم بوونەوە، بوون بە شەڕی وەرزیی، دوایی مانگانە شەڕێکیان ئەکرد، تاکو وای لێهات جەژنا و جەژن شەڕێکیان ئەکرد، چونکە بەرە بەرە بوون بە خاوەنی ماڵ و سامان و پڕۆژە. ئەیووت ناوەکانیشیان گۆڕانکارییان تێکەوت ، بەڵام وەزن و قافیەی خۆیان پاراستبوو.
موختار، مشەختی بەندەی خودای بانگ کردبوو بۆ دیوەخانەکەی، چینێکی چاکی تێهەڵدابوو، به پیاوەکانی وتبوو سەربەرەوخوار بە کاریتەیەکی گەورەدا هەڵیواسن و میز بکەنە دەمییەوە، بێحورمەتی بێ ئەسڵ و فەسڵی وا، چ قورەتە باسی خێزانێکی بەڕێز و خەباتگێڕ و نانبدە و دەوڵەمەند و خاوەن پڕۆژە و مرۆڤدۆستی گەڕەکەکەمان بکات؟!
لەو ڕۆژەوە مشەختی دیار نەما، خەڵکەکەیش وەختی ئەوەیان نەبوو لە چارەنووسی سواڵکەرێک بکۆڵنەوە، یان تەنانەت پێیشیان خۆش بوو چونکە ئیتر کەسێ نییە لێیان بپاڕێتەوە و وایان لێ بکا پارە و خواردنی بدەنێ. هەر خۆی لە خۆیدا سوکایەتییەکیش بوو بۆ ئەوان دراوسێی سواڵکەرێک بن، وتوویانە قەل بە قەل و قاز بە قاز، با بچێتە کۆڵانی سواڵکەران. مناڵێک وتبووی جا کوا کۆڵانی سواڵکەرانمان هەیە؟ هیچ کەسێ وەڵامی نەدابۆوە، بستە مناڵێک کێ گوێی لێ ئەگرێ تا وەڵام بدرێتەوە؟
ژنانی گەڕەک زۆریان پێ خۆش بوو مشەختی گۆڕبزر کراوە، ئەیانووت چاوی پیس بووە و کراسێکی جوانی لەبەری هەر کەسێکا ببینیایە، مانگیک به گرانەتا و سێ بەڕۆوە ئەیناڵاند، ئەی فەرەجی زەڕەنگەری توشی ئاوڵە نەکرد ؟ کاتێ کابرا پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ لای شێخ و دۆعایەکی بۆ بخوێنێ، ماشێنێکی شینی کاڵی دۆجی مەکینە خواری هێنابووە گەڕەکەوە، ئەڵێن فەرەج هەر لووتی بە لووتی مشەختیدا تەقیوە، یەکسەر عەرەقی کردۆتەوە و تەوێڵی خوراوە، ئیتر ئاوڵە ئەیدا بە زەویدا و هەردوو چاوی کوێر ئەبن، ئێستا حافزە و مەولوخوێنی گەڕەکە و مناڵی تازە لەدایکبوویش ناو دەنێ، هەرچەند هەندێ کەس باشیان لێ نەدەگێڕایەوە، گوایا لە کاتی ناونانی منداڵێکدا، بە دایکەکەی وتبێ : سەر قەڵەمانەکەی ماچێکە!
ئیتر وەک دەڵێن ڕۆژان دێن و ڕۆژان دەڕۆن، پارچە ئاغا هەموو گەڕەکەکە ئەکڕێ و ئەیکا بە تەویلەی گوێدرێژ وهێستر، خۆیشیان بە خێزانەوە ئەگوێزنەوە بۆ شوێنێک یان چەند شوێنێکی نادیار ودوورە دەست.
موختار ئەبێتە پیاوی یەکەمی گەڕەک و هەموو ئەوانەی ڕقیان لێ بوو، ئەمرن، یەکێ لە سەربان ئەکەوێتە خوار، یەکێ گورگ ئەیخوا، یەکێ باگردێن ئەکەوێ بە تەپڵی سەریا، یەکێ فیشەکی تاپڕی وێڵ قوڕ قوڕاگەی هەڵئەتەکێنێ، مامۆستای ئەلف و بێ بە سیل ئەمرێ ..تیایاندایه لە ئوتومبیلا ئەسوتێ یان وەرئەگەڕێ ..پیادەیە و بارهەڵگر ئەیشێلێ.
ئەوانیش هەر لە نەش ونمادان، کوڕ و نەوەیان لە ژماردن نایەن، کام کۆشکە جوانە هی ئەوانە، کام باخ وشاخ و زەوی بەراوە ئەبێ بەهی ئەوان .. ماشێنی گرانبەها، وای لێ دێ به پێڵاوی ئاڵتون ، کچۆڵە هەڵئەخەڵەتێنن و لەگەڵیدا دروست ئەبن و دوای چەند شەوێ بەرەڵایان ئەکەن، بیشڵێن پەردەیان بردووین و بەرەڵایان کردووین، شوێنبزر یان گۆڕبزر دەکرێن، ئەبوو بیانووتایە خۆمان ڕاژەکەمان گۆڕیوە و لە کاری پێشوومان ئازاد بووین.
ئەڵێن لەم دواییەدا لە دەم و فڵق و مەراییەکانی موختاریش بێزار ئەبن و گۆڕ بزری ئەکەن.
ئەیانووت دەستنوسێکی پارچە ئاغا لەو ماوەیەدا کەوتبووە بازاڕەوە به ناوێکی خوازراوەوە، دەستنوسەکەی لەسەر زەرفی سەمون نوسیبوو، ئەو زەرفە بۆرانەی کە هەرچەندیان ئەکرد دژایەتی عەلاگەی نایلۆنیان پێ نەدەکرا، خاڵی لاوازیشیان ئەوە بوو، دەسکیان نەبوو، ئەبوو وەک قەل بیخەیتە بن باڵتەوە ..
دەستنوسەکەی لاپەڕە و نیوێک بوو، نرخەکەی گەیشتبووە چوار ملیۆن دۆلار، باسی قۆناغەکانی پێشکەوتنی دەکرد و بەستبوونیەوە بە تیۆری ئیڤیۆلیوشنی چاڕڵس داروینەوە، تیایدا هاتبوو : ( پێویستە لە قاڵبێکا نەمێنینەوە، هەڵبەت تەنها گا له پێستێکدا ئەمێنێتەوە ..پێویستە قۆناغەکان بە ڕێک و پێکیی ببڕین و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ سەردەمدا بڕۆین و پێش بکەوین و هەرگیز ڕێگا بە خۆمان نەدەین ئاوڕ بدەینەوە بۆ دواوە، چونکە دواوە باش بووایە هەڵمەتمان نەدەدا بۆ پێشەوە ..
قۆناغی مراوی فڕاندن تەواو ..قۆناغی ئێڵ ئێم پی فڕاندن تەواو .. قۆناغی کەرەستە و کەلەپور ئاودیوکردن، تەواو .. ئەبێ هەنگاو بۆ پێشەوە بنێین، بۆ فڕاندنە مۆدێرنە قازانجبەخشەکان ..وەک ووزە و تەکنۆلۆجیا و شەڕی ئەستێرەکان ….) ئەڵێن هەندێ شتی تریشی نوسی بوو کە ڕووی مەجلیسیان نەبوو.
ئیتر زۆر شتی تریشیان ئەووت.




په‌یام.. شیعری ستار ئەحمەد

كوردستانم من واهاتووم
بۆنی ده‌ربه‌ندو سه‌ر گه‌ڵووم
له‌ گڕی كه‌ركوك خواستووه‌
تارای خوینی سه‌دان شه‌هید
له‌ باڵای ساوای هۆنراوه‌م
یه‌كاڵای خه‌می چه‌وساوه‌ی
میلله‌تی چیای كردووه‌
وشه‌م خوێنه‌ زامی مه‌ولاناو
نالی خاك‌و خۆڵی ژانه‌
پێنووسه‌كه‌م په‌پووله‌زای خانی شیعره‌و
تابلۆی هه‌زاران كۆڵنه‌ده‌ری
ئێسك‌و خوێنی قه‌ندیل‌و گردی سه‌یوانه‌
به‌سته‌ی هه‌وری سپی شێخی گه‌وره‌و
مێژووی كوردو كوردستانه‌
په‌یامی باوه‌نورو
مه‌شخه‌ڵی جه‌وه‌ڵبۆره‌كه‌ی
شاری بڵێسه‌ی ره‌نجده‌رم هه‌ڵگرتووه‌
وشه‌م زاری نه‌وه‌ی نوێیه‌
شیعره‌كانم گڕكانی مافداره‌
به‌سته‌كانم نركه‌ی ناڵه‌ی كرێكاره‌
سه‌رده‌مێكه‌ ده‌ستم له‌ خۆم شوشتووه‌
زه‌مانێكه‌ شیعر دڵم داخ ده‌كا
گۆرانی لانكی كوردستانم نیشان ده‌دا
من باوه‌ڕی میلله‌تێكم
مه‌رگ له‌ بوونی ده‌ترسێ
سه‌مای بارێژه‌ ته‌رزه‌یه‌
كۆرپه‌ی ئه‌نفاله‌كانمان راده‌مووسێ
ده‌ستێكم پێنووسی هه‌ڵگرتووه‌
ئه‌وی دیكه‌م هه‌ڵاڵه‌و نێرگزی
له‌په‌ڕه‌ی سۆزیا ناشتووه‌
كوردستانم من واهاتووم
بارگه‌ی خه‌مم له‌ كۆڵناوه‌
بۆ میلله‌تێك دایكی چیایه‌و
كزه‌ی جه‌رگی لانكی ره‌هێڵه‌و هه‌تاوه‌

ستار ئەحمەد




خەیالت كردووم بەلانە.. كاوەی خەسرەوكاوانی

خەیالت كردووم بەلانە
نیە ساتێ سنوورەكەی
تێكبشكێنی و جێ ی بهێڵی…
باڵەفڕەت تەنیالەسەر
ئاسمانی ئەم دڵەی منەو
رۆحم بە عیشقت دەكێڵی…
تۆئەی خەمە شیرینەكەم
ئەی ئەوكەسەی
لەناوخۆتا من وون دەكەی
لەناو خۆما دەتگرمەخۆ…
ئەی ئەوكەسەی
مێژووی ژینم دەنووسیەوەو
گیانم ئاوێتەیە بەتۆ…
ئەتۆفرمێسكی زیوینی
وەكو دەریا چۆن ووشكایی داپۆشیووە
ئەشكت چاوان دادەتەنێ…
تۆختووكەی ساتە كپ و ساردەكانمی
رەنگ دەدەیتە بێ رەنگیم و
رۆحم بەتۆ پێ دەكەنێ .

14/2/2009
kawa_kiwiny@yahoo.co.uk

كاوەی خەسرەوكاوانی




بەکورتی\ بەشی 3: پووچیی، خەریکە داگیرماندەکات.. ئازاد حەمە

گشت ئامانجی ئەم بابەتە کورتە ڕووبەڕووبوونەوەی پرسی پووچیی و گەڕانە بەدوای دەرەچەیەک بۆ هاتنەدەرەوە لێی.هاوکات لێرە پووچیی لە دیدی بیرکارییەوە باسناکرێت،چونکە گفتوگۆی بیرکارییانەی پووچAbsurd ئاڕاستەی قسەکانمان بەرەو شوێنێکیتر دەبات.
دەستەواژەی پووچییAbsurdityیەکێکە لەو دەستەواژە مشتومڕئامێزانەی ڕاڤەی فەلسەفیی و وێژەیی/هونەریی و بیرکاریی زۆری بۆکراوە. پووچیی لەڕووی چەمکییەوە بەرەوناو فەلسەفە، شانۆ و هونەرمان دەبات و لینکێکی هزریشی لەگەڵ هیچگەراییدا هەیە.ئەڵبەتە بیانووی جۆراوجۆریش سەبارەت بە دروستی و نادروستی چییەتی پووچیی لەئارادان.هەربۆیە پووچیی ڕووبەرووماندەکاتەوە لەگەڵ چەمکگەلێکی زۆر، لەوانە مەرگ. بۆ پووچیی گەر مەرگ بێمانایی بێت، ئەوا گەڕان بەدوای مانا بێمانایە. بەواتایەکیتر،مرۆڤ تاکە بوونەوەرە لە پووچیی دەکۆڵێتەوە، کە ئەوەش بەرەو بیرکردنەوەی دەبات لە مانای بوون و بەهاکان. تەنانەت ئازادی و یاخیبوونیش. گفتوگۆی پووچیی بابەتی یەزدانیش دێنێتەپێشەوە،چونکە ئەو دەتوانێت بوون و نەبوونی مانای ژیان، یان بوونمان دەستنیشانبکات. ئەوەش،کە بوون بێمانایە و ئێمە مانای دەدەینێ لە دیدی فەلسەفییەوە بەرەو دەرهاویشتەی جۆراوجۆرماندەبات. خودی پووچیی بابەتی نامۆبوونیش دەوروژێنێت. لەناو نامۆبووندا مرۆڤ دەگەڕێت. مرۆڤی نامۆ مرۆڤێکی پووچگەرا نییە. مرۆڤی نامۆ پووچیی دەگۆڕێت بۆ بەها و سود و مانا. بەمجۆرە، لەناو نامۆبووندا پرسیارە نوێیەکان لەدایکدەبن.
پووچ، کە بێمانایە، لەبەرئەوەیە، کە لە خودی خۆیدا هەڵگری مانا نییە. شتێک،کە پووچبێت دوورە لە مانادانەوە، کە پووچ پەسەندبکرێت واتە بێمانا و بێهودە پەسەنددەکرێت. ئەمەش ناماقوڵ و نالۆژیکییە.
ئێمە،کە لە مانای گەردوون نەگەین واتە گەردوون پووچە؟هەڵەکە، یان کەموکوڕیەکە لە عەقڵی ئێمەدایە،کە پەیبە گەردوون نابەین، یان لە خودی گەردووندایە، کە ماهیەتێکی پووچیی هەیە؟لێرەدا بەگەڕانەوەمان بۆ کامۆ،ئەندازیاری بیری پووچیی،دەڵێێن:”پووچیی ئەو هەستەیە، کە مرۆڤ تووشی دەبێت کاتێک ڕووبەڕووی نەبوونی مانا دەبێتەوە لە گەردووندا، ئەو دەرکە بەئازارەش،کە دایدەبڕێت لە جیهان”.
ئەوەی وترا بەرەو ئەو تێگەیشتنەمان دەبات، کە بپرسین: پووچیی چۆن دێت؟کێ لە هاتنی بەرپرسیارە؟؟داکۆکیکردن لە پووچی هەڵەیە،هەڵەشە لە خودی پووچی حاڵینەبین. پارادۆکەسەکە لەوێدایە، بۆنموونە تاکی کورد دەرک بەوەدەکات خراوەتە ناو دۆزێکی پووچەوە، وایلێکراوە لەگەڵ پووچیدا دەستلەملان بێت. چ کارەساتێکە پووچیی ببێتە ئامانج! پووچیی مرۆڤی کورد دەستپێکێکی سیاسیی هەیە. لە ئەوروپا هیچگەرایی لەگەڵ هاتنی گەشەی زانستدا دەستیپێکرد،بۆ ئێمە کردەی سیاسیی هێنەری پووچییە، ژیانمانی پووچکرد. بۆهاتنەدەرەوەش لە پووچی پێویستمان بەباشترکردن و بەمرۆییکردنی ئەم کردیەیە، نەک هاتنەدەرەوە لێی. شکستە یەک لەدوای یەکە سیاسییەکانیشمان بە پووچیەوەی لکانویین و لەناو تاریکی مێژووشدا هێشتوینەتەوە. ئەوەتا دێڕی سیاسییمان دێڕگەلێکی پووچن. لەوێ مانا بوونی نییە. ئەوەی لەبڕی مانا بوونی هەیە بێسودییە.بۆیە دەتوانین بڵێین کەسێک دێڕی پووچ گۆکات دێڕی بەتاڵی گۆکردووە.
پووچیی ئاماژەیە لەسەر پاشەکشەی بەها ڕەوشتییەکان. مانەوەی پووچیی لە کۆمەڵگەی ئێمە زیان لە ئەندێشەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیمان دەدات. نەک هەر ئەوە،بگرە پووچیی بەڵگەشە لەسەر کێشەی بووناویی ژیانی ئێمە. واتە لە کۆمەڵگەی ئێستای ئێمە پووچیی پێویستە شانبەشانی بوونمان ڕاڤەبکرێت و خۆڕاهێنانیش لەسەر خۆگونجاندن لەگەڵ پووچیی پووچە.ئەو خۆگونجاندنە پووچیی دەهێڵێتەوە، کە دەبوو ئامانج گۆڕینبێت بۆ دروستکردنی مانا.
کۆتا وتنمان لەم بارەیەوە ئەوەیە،کە خەریکە لە بێدەنگییا هەموو پووچیەک پراکتیزەدەکەین. ئەو دەمەش، کە پووچیی کۆماندەکاتەوە بێمانایی شتە هاوبەشەکەمانە. کە بێمانایی داگیرمانیکرد هیچ هیوایەک بۆژیانژیان نامێنێتەوە. بەڵام ئێمە دەبێت ژیانێکمانبوێت، ژیانێک هەڵبژێرین،کە ڕووبەڕووی شتە بێماناکان ببێتەوە، مخابن لەئێستادا ژینگەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی لەبار بۆ بڵاوبوونەوە و گەشەکردنی دید و ژیانی پووچێتییAbsurdism لەئارادایە، کە دەبێت ڕێگای لێبگیرێت.
سەرنج:ڕێشەی لاتینی پووچیی بە absurdus دێت و ئەم واتایانەش لەخۆدەگرێت: بێمانایی،بێهودەیی،بێسود، پوک، نالۆژیکی، بەتاڵ، شتێک،کە لەدەرەوەی عەقڵی ساغەوە دێت.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




هەژار و هۆشیاریی.. نەوزاد بەندی

کارڵ مارکس ئەڵێ : هەرگیز هەژاریی شۆڕش دروست ناکات، بەڵکو هەڵگیرسێنەری شۆڕش، بریتییە لە هۆشیاریی هەژارەکان نەک هەژاریی هەژارەکان .
هەر بۆیه دیکتاتۆرەکان لە هەوڵی یەکبینە بڵاوکردنەوەی هەژاریدان، شێخ و موریدەکانی دیوەخانی دیکتاتۆرەکان لە هەوڵی ئەوەدان هەژارەکان توخنی هۆشیاریی نەکەون، یان ئەگەر لێره ولەوێ هەژارێک هۆشیاریی چنگ کەوتبێ، لێی وون بکەن، بە جۆرێک کە جارێکی تر نەیدۆزێتەوە یان شەرمی لێبێ جارێکی تر هۆشیار بێ، ئەگەر ووردتری بکەینەوە، توشی پەشیمانیی دەکەن و لەبەردەم هۆکارەکانی ڕاگەیاندندا بۆ هەژارانی هاوڕێی ئەسەلمێنێ، ئەو زۆر هەڵە بووە کاتێ هۆشیار بووە یان کاتێ دەستی بردووە بۆ هۆشیاریی، ئەڵێ ئەو هۆشیارییە شتێکی زۆر ترسناکە و وام زانی ( ڕادیۆ ) بووە، ڕستەی خەمگینی ( وامزانی ڕادیۆ بووە ) لە هەژارێکەوە سەرچاوەی گرتووە کاتێ لەبەردەم مایکرۆفۆنی کەناڵێکی ڕاگەیاندندا، بۆ چەند چرکەیەک هۆشیار ئەبێتەوە و گووتاری هۆشیاریی خۆی ڕائەگەیەنێ و جنێو بە ئاغاکان دەدات، هەر دوای ئەو لێدوانەی، بە هەر ڕێکارێک بێت وای لێدەکەن پەشیمان بێتەوە و بڵێت ئەو ئاغایانە زۆر دڵسۆز و مرۆڤ دۆست و نیشتمانپەروەرن و پەشیمانم لەو هۆشیارییە نەعلەتییەی کە ڕیشی گرتووم ، چووزانم ئەو کفرەم دەدرێتە پەخشی تی ڤی، وامزانی کەناڵی ڕادیۆ بووە، چونکە بە حیسابی ئەو، ڕادیۆ ئێستا هیچ کەسێک گوێی لێ ناگرێ!
ئەم کار و کاردانەوە و تێکشکانە، لە جیاتی هەڵوێستی توند لەناو هەژاراندا دروست بکات، ئەبێ بە ترێندی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نوکتە وپێکەنینی لێ دروست دەکرێ ، بە جۆرێک لەدوای ئەو هەر پریشکێکی هۆشیاریی، تەمبێکردن و لێدوانی تۆبەکردن و پەشیمانیی بە دوادادێت، ئیتر زۆرینەی هەژارە ناهۆشیارەکانیش بە پێکەنینەوە پێی دەڵێن ڕادیۆ بوو!
زاراوەیەکی وا ، پێش هەموو شتێک ئەتککردن و سەرتاشین و خۆڵ و دۆکردنە بەسەر هۆشیارییدا، لە بەرامبەردا هەموو هەژاران پەرێزی خۆیان لە نەفرەتی هۆشیاربوون پاک دەکەنەوە و ئەڵێن: ڕادیۆ بوو ! ، پێدەکەنن و دووباره و سەد بارەی دەکەنەوە. دیاردەیەکی لەم جۆرە، درێژکراوەی ئەو پەندەیە ( خوا غەزەب لە بزن بگرێ، نانی شوان ئەخوات ) بە شێوەیەک ئەبێ بزن تەنها گیا بخوات، شوانیش نان وکەرە وگۆشتی بزنەکان حەڵاڵی خۆیەتی، کار ئەگاتە ئەوەی بزنێک هەر لە نانی شوانەکەیش نزیک بێتەوە ، یەکسەر بزنەکانی هاوڕێی بە پێکەنین و گاڵتە جاڕییەوە پێی دەڵێن : دەی خێرا بڵێ ڕادیۆ بوو .
بە مەزەندەی خۆم ئەم دیاردەیە وەک تیۆرەکەی بافڵۆفی لێدێت، واتا ئیتر پێۆیست ناکا کاربەدەستەکان تەمێی کەسانێک بکەن کە دەمیان بۆ هۆشیاری بردووە، بەڵکو خۆیان بە بێ فشار و ئاگادار کردنەوە، لە ماوەی کەمتر لە 24کاژێردا،پەشیمانیی بە لغاوەیاندا دێتە خوارەوە و لەبەردەم هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا ئەڵێن: هەڵە بووین و نەخۆش بووین یان تووڕە بووین و ئەوەی وتوومانە دوورە لەڕاستیەوە و ڕادیۆ بووە!
خۆ ئەگەر خۆیشی ئەوە نەڵێت، هەزاران هەژار لێی دێنە دەنگ و پێی دەڵێن: دەی خێرا بڵێ ڕادیۆ بوو ! واتا هۆشیاریی ئەبێتە بابەتێک بۆ پێکەنین و هەمووانیش ئازادن چەندێک پێبکەنن، تیایاندایە ئەوەندە پێدەکەنێ هیچ شتێک لە دڵیدا نامێنێ، ئیتر ئەوەی ئەبێتە کۆلکەی هاوبەشی نێوان شوان و بزنەکان، پێکەنینە بە هۆشیاریی، واتا کردنی نزیککەوتنەوە لە هۆشیاریی بە سوکایەتیی و گاڵتەجاڕیی و ئەقڵسوکیی، خزمەتێکی بێ پایانی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان ئەکات، تەنانەت خۆیان هانی کەسانێک ئەدەن لە دەرگای هۆشیاریی بدەن و ڕەخنەی دەسەڵات پەخش بکەن ، بۆ ئەوەی یەکسەر ڕاگەیاندنی پەشیمانیی بەدوادا بێت و پێکەنینەکەی هەمووان بە هۆشیاریی بەردەوام بێ، بە جۆرێک هۆشیاریی ببێتە قێزەونترین و سوکترین تێرمی ناو کۆمەڵگا، کە لە هەموو لایەکەوە گێژەڵوکەی پێکەنین ڕایدەماڵێ.
بیریارێکی وەک نەعوم چۆمسکی ئەڵێ : ئەگەر خەڵک وا لێبکەی سەرقاڵی پەیدا کردنی پارووە نانێک بن، کاتیان نامێنێ بۆ بیرکردنەوە، توخنی ئازادی و گۆڕانکاریی ناکەون. باشترین ڕێگای مۆدێرن بۆ چەوساندنەوەی میللەتان، بە چەوساندنەوەی ڕاستەوخۆ نابێ، چونکە پەندێکی چینیی هەیە ئەڵێ : ئەگەر کۆمەڵێک مەڕ ڕاستەوخۆ بچەوسێنیتەوە، لەناکاو هەموویان ئەبن بە گورگ. هەر بۆیە چۆمسکی بەردەوام ئەبێ و ئەڵێ : بەڵکو باشترین ڕێگا بۆ کۆنتڕۆڵکردن و دەستەمۆکردنی میللەت، ترساندنیانە لە برسێتیی و بێکاریی، گەڕانی بەردەوامیانە بۆ پێداویستییەکانی ڕۆژانە هەتا تارمایی برسێتییان لێ دوور بخاتەوە، پێویستە بەردەوام بۆ پارووە نان بگەڕێن، بە شێوەیەک خەباتی ئازادیی و دەستخستنی کەرامەتیان بگۆڕێ بۆ خەباتی پارووە نان. ساڵەهای ساڵی ئابڵوقەی ئابووریی لەسەر عێراق بۆ نمونە، مەبەست لێی گۆڕینی عەقڵییەتی ئەو هاووڵاتییه عێراقییە بوو لە هەڵگیرسێنەری شۆڕشی 1920 دژی داگیرکەران و خۆماڵیکردنی نەوت ودەرکردنی کۆمپانیا داگیرەکانی نەوت، بۆ هاووڵاتییەکی عێراقی تەنها خەون و هیوا وخەباتی بۆ ئەوەیە پارووە نانێکی دەست بکەوێ و لە برساندا نەمرێ، ئیتر هەر کۆمپانیایەک بێت و نەوت و داهات و داهاتووی ووڵاتەکە ببات، کێشەی ئەوی عێراقیی نییە.
جۆرج ئۆروێل باس لە فەلسەفەی دیکتاتۆرەکان ئەکات ، ئەڵێ : میللەت وا لێدەکەن برسی بێ، دوای ئەوە وا لە میللەت تێدەگەیەنن کە برسێتیی قەزا و قەدەرە و لە چارەنووس و ناوچاوانیاندا نوسراوە، کردەیەکی ئەزەلییە و کەس بۆی نییە دەستکاریی و گۆڕانکاریی تێدا بکات!
فڕانتز فانۆن، ئەو پزیشکە دەروونییەی سوپای فەڕەنسا لە سەردەمی داگیرکردن و جینۆسایدی خەڵکی جەزائیردا، هێند دڕندەیی سوپای ووڵاتەکەی ئەبینێ ، له پڕ یاخی ئەبێ و ئەچێتە ناو ڕیزی شۆڕشگێڕانی جەزائیرەوە، ئەڵێ : دیکتاتۆرەکان لە هەژارەکان ناترسن، بەڵکو لەوە ئەترسن هەژارەکان لە هۆکاری هەژار بوونەکەیان تێبگەن، بەو جۆرە دیکتاتۆرەکان بە داگیرکردنی نان و لاشەی هەژارەکانەوە ناوەستن و هەڵدەستن بە داگیرکردنی عەقڵ و بیرکردنەوەیشیان، واتا وایان حاڵی دەکات کە هەژاریی قەزا و قەدەرە و گوێڕایەڵیی داگیرکەران ئەرکێکی ئاینیی و ئەخلاقییە، بێ گومان ئەم وانەیە له ڕێی پیاوای ئایین و سەرۆک خێڵەکانەوە لە ناخی هەژاراندا جێگیر دەکرێ، وەک ئەوەی ئەمان لەلایەن خواوە بڕیار درابێ هەژار بن، لاواز بن، برسی بن، پێویستیشە لەسەریان گوێڕایەڵ و جێبەجێکاری هەموو ویست و داواکانی داگیرکەرەکانیان بن وەک ئەرکێکی ئاینیی بۆ پاراستنی بیر و باوەڕ و دەستخستنی ڕەزامەندیی خودا و بەهەشتی بەرین.
ئەم دۆخە بەڕاستی دۆخی کوشتنی مرۆڤبوونە لە ناخی مرۆڤەکاندا، گۆڕینی میللەتە بۆ تارمایی . تارماییەک لەبەرچاویدا سامان و کەرامەت و هەموو شتێکی لێ زەوت ئەکرێ، ئەویش هیچ کاردانەوەو بەرگرییەکی نییە و ..لە باشترین حاڵەتدا بە چرپەوە ئەڵێ: دەستێک نەتوانیت بیبڕیتەوە، ئەبێ ماچی بکەیت ..بەڵکو خوا چاکی بکات و تازە لە دەستی بەندەی خودادا نەماوە!
واتا ئەبێتە کەسێکی دابڕاو لە شۆڕش و لە بەرگری و لە نەتەوە و لە مێژوو، مرۆڤێک کە بە داخەوە، هەموو بنەماکانی مرۆڤایەتیی و ئینتیما لە دەست دەدات، ئەبێت بە گیاندارێک تەنها تەماشای بەردەمی خۆی دەکات و بۆ پارووە نانێک ئەگەڕێت و لە بازنەیەکی بەتاڵدا ئەخولێتەوە.






بۆچی خوێندەواریی میدیایی؟-٣- نوێنەرایەتی و گێڕانەوە… میدیا چی بە ئێمە ناڵێت؟.. ئاراس سەعید

بەشی سێیەم

نوێنەرایەتی و گێڕانەوە… میدیا چی بە ئێمە ناڵێت؟

پڕۆسەی نوێنەرایەتیکردن لە زۆرینەی ڕەهای میدیادا پیشاندانی واقیعە بە شێوەیەکی تاییبەت. بەو مانایەیەی کە میدیا، واقیع بە تەواوی وەک ئەوەی هەیە و ڕوویداوە ناگەیەنێت بە بینەر، بەڵکوو بە شێوەیەکی دیاریکراو دەیخەنە بەردەم بینەر.
مەرج نییە نواندنەوە بەو مانایە بێت کە میدیا دەیەوێت دژی واقیع مامەڵە بکات یان هەواڵێکی ناڕاست بە بینەر بگەیەنێت، بەڵکوو میدیاکان دەتوانن هەمان ئەو واقیعەی هەیە لە گۆشەنیگای جیاوازەوە بگەیەنین بە بینەر، بە شێوەیەک کە بۆچوونی میدیا ڕۆڵی هەبێت و ئامانجێکی دیاریکراو بپێکێت، بەو مەبەستەی بینەر ئەو تێڕوانینە تایبەتەی هەبێت کە میدیا دەیەوێت بۆ واقیع هەیبێت.
بۆ نموونە/ ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک ناچاربکەین بەوێنەیەک شاری هەولێر نیشان بدات و، بە یەک ڕستە وەسفی شارەکە بکات، چۆن وەسفی دەکات؟ ڕەنگە بە گرتەیەکی ئیمپایەر وەکوو شارێکی مۆدێرن و بەگرتەیەکی قەڵا وەک شارێکی مێژوویی و بەگرتەیەک لە عەنکاوە وەک شاری پێکەوەژیان وەسفی بکات، بەڵام ئەگەر وێنەیەک لەگەڕەکێکی هەژارنشینی پەراوێزی شارەکە پیشان بدات، لەوانەیە وەک شارێکی هەژارنشین و بێخزمەتگوزاری وەسفی بکات.
لەم نموونەیەدا ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە لەواقیعدا هەردوو وێنەکە هەولێرە و واقیعی نەگۆڕاوە، بەڵکوو نوێنەرایەتی و نواندنەوەی لە میدیادا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
میدیاکان بەوجۆرە واقیع دەنوێننەوە کە خۆیان دەیانەوێت. ئەوە میدیایە بڕیار دەدات کە چ وێنەیەک پیشانی کۆمەڵگای خۆمان یان کۆمەڵگاکانی تر بدەن. تەنانەت دەتوانن کاریگەرییان لەسەر بڕیاردانی بەرپرسانی وڵاتەکەمان هەبێت و لە ڕێگەی ئەو وێنانەی کە پیشانی دەدەن، هەروەها توانای ئەوەیان هەیە تێڕوانینەکانمان بۆ واقیع بگۆڕن. بە دڵنیاییەوە وڵاتی ئێمە کەموکوڕیی خۆی هەیە، بەڵام ئەو وێنەیەی کە میدیاکان پیشانی دەدەن، هەندێکجار وەک خۆی نییە و دیوێکی نەگوتراوی هەیە کە میدیاکان بە ئێمەی ناڵێین.!
میدیا هەوڵی گۆڕینی تێڕوانینی بینەر دەدات بەو شێوەیەی کەخۆی دەیەوێت. ئەوان لە شەڕی گێڕانەوەدان، بەو مانایەیەی کە دەزگا میدیاییە جیاوازەکان لەگەڵ یەکتردا کێبڕکێ دەکەن بۆ ئەوەی ئەو گێڕانەوەیەی کە هەریەکەیان لەبارەی واقیعەوە هەیەتی، بەسەر گێڕانەوەکانی دیکەدا زاڵ بێت.
هەر جارێک بیر لە چەمکێک، کەسێک، یان گروپێک دەکەینەوە، یەکسەر ئەو چەشنە کۆنەپەرستییەی کە میدیا لەسەر ئەو چەمکە لە مێشکماندا دروستی کردووە، دێتە بەرچاومان و ئەم بیرکردنەوەش کاریگەری لەسەر حوکم و بڕیارەکانمان دەبێت.
با بەنموونەیەکی دیکە پرسەکە ڕوونبکەینەوە، کاتێک میدیاکان دەڵێن (پایتەختی ڕۆشنبیری) چی بە مێشکتدا دێت؟ ئەمە چەشنە کۆنەپەرستانەیەکە کە میدیا لە مێشکی ئێمەدا دروستی کردووە، لە بنەمادا دانیشتوانی شارێک هەموویان تایبەتمەندییەکی دیاریکراویان نییە، بەڵام میدیا وای لێکردووین هەموو خەڵکی شاری سلێمانی بە خەسڵەتێکی دیاریکراوەوە وێنا بکەین، کە خەڵکی ئەو شارە هەموویان ڕۆشنبیرن. لەکاتێکدا ئەگەر سەردانی کتێبخانەی گشتی سلێمانی بکەین ڕەنگە ئاماری سەردانیکەرانی خوێنەران زۆر لە سەردانیکەرانی کتێبخانەی گشتی هەولێر و هەڵەبجە و قەزاکانی کوردستان کەمتر بێت. ئەمە هێزی نواندنەوەی میدیایە کە ڕوانینێکی زەینی لای وەرگر درووست دەکات، تا بەوجۆرەی خۆی دەیەوێت واقیع ببینێت.
بەنموونەیەکی دیکە ئەمە پرسە زیاتر ڕووندەکەمەوە، ئەگەر میدیایەک بڵێیت: ئەم ئامێرە یان لە ئەمریکا دروستکراوە و ئەوی تریان لە چین دروستکراوە، تێڕوانینی ئێوە بۆ ئەم دوو بەرهەمە چی دەبێت؟ ئەوەی لە مێشکتدا دروست دەبێت، وێنایەکە کە میدیا دروستی کردووە. لە ڕووی کوالیتییەوە، بەرهەمی کوالیتی بەرز و نزم لە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و چین هەیە، ئەم چەشنە وێنا زیهینییە دەبنە هۆی ئەوەی کە هەندێک تێڕوانینمان هەبێت سەبارەت بە بەرهەمەکانی ئەو وڵاتانە کە مەرج نییە درووست بن.

ماوییەتی…




گۆڤاری زمان و زار.. ژمارە ١٧

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ١٧ی گۆڤاری زمان و زار بە ئەلف و بێی کوردی کلیکی ئێرەبکەن..

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ١٧ی گۆڤاری زمان و زار بە ئەلف و بێی لاتینی کلیکی ئێرەبکەن..




فرمێسكێ له‌ گوزه‌رگای مێـژوودا.. فره‌یدوونی موشیری.. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

له‌و ڕۆژه‌ی
ده‌ستی حه‌زره‌تی (قابیل)
له‌ خوێنی حه‌زره‌تی (هابیل)دا سوور بوو..
له‌و ڕۆژه‌ی مناڵه‌كانی (ئاده‌م)
كاكڵی پڕ له‌ ئیمانی خوا
ژاری تاڵی دژمنایه‌تی
له‌ خوێن جۆشاندن
گه‌رچی (ئاده‌م)یش زیندوو بوو
ئاده‌مییه‌ت مرد.

له‌و ڕۆژه‌یدا (یوسف)
به‌ ده‌ستی براكانییه‌وه‌ خرایه‌ بیر
له‌و ڕۆژه‌ی به‌ شه‌ق و خوێن
شووره‌ی (چیـن)یان چێ كرد
ئینسانییه‌ت مردبوو..

له‌ دوایشدا،
دونیا پڕ بوو له‌ ئینسان و
ئه‌و ئاشه‌یش هه‌ر گه‌ڕا و گه‌ڕا
چه‌ندین سه‌ده‌
به‌سه‌ر مه‌رگی (ئاده‌م) تێپه‌ڕی
به‌ داخه‌وه‌
ئاده‌مییه‌ت نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ ..

ئه‌م چه‌رخه‌ی ئێمه‌
ڕۆژگاری مه‌رگی ئینسانییه‌ته‌
سنگی دونیا
له‌ چاكه‌كاری خاڵییه
باسكردنی
ئازادی ،پاكی، مروه‌ت، شێتییه‌
باسكردنی
مووسا، عیسا، محه‌مه‌د نابه‌جێیه‌
ئا ئه‌م چه‌رخه‌ی ئێمه‌
چه‌رخی تیخێكی ئه‌ستووره‌.

من له‌ سیس بوونی چڵێ گوڵ
له‌ نیگای كپی مناڵێ بیمار
له‌ هاواری مه‌لێكی ناو قه‌فه‌س
له‌ خه‌می مرۆڤێكی له‌ زنجیردا سندمكراو
تا وه‌ختێ
جه‌للاده‌كه‌ی لێی ده‌گه‌ڕێ
فرمێسك له‌ چاو و
كینه‌م له‌ گه‌روودا ماوه‌
به‌ درێژایی ڕۆژگار،
ژارم له‌ پیاڵه‌ و ژاری ماریش له‌ گۆزه‌
به‌ مه‌رگی ئه‌و
چۆن باوه‌ر بكه‌م ؟

قسه‌ له‌ سه‌ر سیس بوونی گه‌ڵایێ نییه‌
وای ، ئه‌وه‌ دارستانان ده‌كه‌نه‌ بیابان
ده‌ستی خوێنمژان
له‌به‌ر چاوی خه‌ڵكی ده‌شارنه‌وه‌..
هیچ گیاندارێ
به‌ گیاندارێكی دی ڕه‌وا نابینێ
ئه‌وه‌ی ئه‌و نامه‌ردانه‌
به‌ گیانی مرۆڤی ده‌كه‌ن..

قسه‌ له‌سه‌ر سیسبوونی گه‌ڵایێ نییه‌
وای دابنێ
مه‌رگی مه‌لێكی ناو قه‌فه‌س
مه‌رگ نییه‌
وای دابنێ
چڵه‌ گوڵێ له‌م جیهانه‌ شین نه‌بووه‌
وای دابنێ
دارستانه‌كان
له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌

بیابانی وشك و برنگ بوون..
له‌ ناو ئه‌و مرۆیانه‌ی،
به‌رگه‌ی هه‌موو
كاره‌ساتێكیان گرتووه‌
قسه‌ له‌سه‌ر
مه‌رگی خۆشه‌ویستییه‌
مه‌رگی عه‌شق
گفتوگۆ له‌سه‌ر مه‌رگی ئینسانییه‌ته‌.

() فره‌یدوونی موشیری یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ڵگرانی شیعری نوێی فارسی ، تا ئێستا چه‌ندان كۆشیعری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ . (*) له‌ كتێبی( راهیان شعر امروز) كۆكردنه‌وه‌ی داریوش شاهین كراوه‌ به‌ كوردی.




کاتی خستنەڕووی مەرجەکانە.. دژوار عەبدولقادر

ئیسرائیل بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بە پشتیوانی ئەمریکا و هێزەکانی دیکەی ڕۆژئاوا و لە بێدەنگی و پێخۆشبوونی بەشێکی وڵاتانی عەرەبی، هەردوو ملیشیای وابەستەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە غەزە و لوبنان لە پەلوپۆ خست و گەڕاندووەتەوە قۆناغی گاگۆڵەی دوا تەمەن. هەنووکە شەڕەکە لەسەر حوسیەکانە، تا لەپەلوپۆیان بخات. ئەوەتە چەند ڕۆژێکە ئەمریکا باشی لێ هەڵپێچاون و بە گوفتار پێیان دەڵی خاک و خۆڵتان لە تورەگە دەکەم، ئەگەر لەو سەمایەی خۆتان بە دوزەلەی ئێران بەردەوام بن، هەر ئەوەندەش نە، بە ئاشکرا بە ئێرانی گوت، هەر جووڵەیەکی حوسییەکان دژ بە ئەمریکا و هاوپەیمانانی، ئێران بەبەرپرسیار دەزانێ و بۆیان خراپ دەبێت.
لەم نێوەندە دەبێت عێراقیەکان لە کرۆکی پەیامەکان بگەن کە ناوە ناوە بەرپرسانی ئەمریکا ڕاستەخۆ پێیان ڕادەگەیەنن، ئەگەر ئەوە نەکەن کە دەیەوێ، لە دوای حوسییەکان نۆرەیان دێت، بە هاتنی نۆرەی ئەوانیش شەڕ دەگاتە سەر سنوورەکانی ئێران کە حەتمەن پڕیشکی ئەو شەڕە ئەویش دەگرێتەوە. هەن دەڵێن ئێرانییەکان زیرەکن و دەتوانن برینی خۆیان تیمار بکەن، ئەو تیمار کردنە هەروا بەو ئاسانییە بە دی نایەت، بەڵکو دەبێت دەستوورێکی نوێی بۆ بنووسرێتەوە و دەسەڵاتەکان دابەش بکرێن و واقیعیەتی پێکهاتەی ئێران لەبەرچاو بگیردرێت.
ڕاستە سەرۆکی ئەمریکا و زۆربەی تیمەکەی بە چاوی بازرگانی مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان دەکەن کە ئەنجام هەر وابووە و هەر وادەبێت، بەڵام ئەگەر بازرگانیش بن، خۆ لەسایەی ئەو سیستمە کە ئەوان بە پەنجەشێری جەستەی ناوچەکە وەسفی دەکەن، بازرگانییەکەیان مەیسەر نابێت. واتە لەپێناو ئەو بازرگانییەی دەیخوازن، دەبێت نەخشەی ناوچەکە بگۆڕن، وەک ئەوەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ناوە ناوە پاتەی دەکاتەوە. یەکێک لەو کارێکتەرانەی ئامادەیە و جیهانیش قەرزاریەتی، گەلی کوردستانە، چ بەو غەدرەی لە ئەنجامی شەڕی یەکەمی جیهان لە جەستەیان دا، چ بەهۆی شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە بەریکەوتووە. کەواتە سەرکردایەتی سیاسی کورد نابێت چیدیکە خۆی بکاتە دینگەی ڕاگرتنی وڵاتێک کاتێک دەستی خۆی دەبینێ، بێجگە لەوەی کۆمەڵێک ناتۆرەت بۆ دروست دەکات، بە هەموو جۆرە چەکێک، تا بەچەکی برسیکردن ڕادەگات شەڕی دەکات و خاک و سامانی داگیر دەکات. بۆیە لەو دەرفەتەی هاتووەتە پێش، دەخوازێت سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە یەکگرتوویی مەرجەکانی خۆی لەسەر مێزی بەرپرسانی عێراق دابنێت کە نایەوێ بەهۆی ڕەفتار و کرداری ملیشیایەک کە هیچ خێری بۆ عێراقی فیدراڵ نییە، خەڵک و ئەو پەیڕەوەی سیستمی عێراقی نوێی لەسەر بونیادنراوە، دووجاری داڕمان بێت و باشووری کوردستانی پێوە بسۆژێت، چونکە وەک گوتم ئەگەر ئەمڕۆ لەسەر مافەکانی نەیەتە وەڵام، سبەینێ هیچ سوودی نابێت، نەخاسمە هەر لەسەردەمی سیستمی پاشایەتییەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، جۆرەها ئەزموونی لەگەڵ ئەو عەقڵیەتە هەیە و هەمووی لەگەڵیدا تاقیکردووەتەوە، تا رادەیەک ئەوە بۆ پارچەکانی دیکەش دروستە و نابێت بە کزە بایەک کە بەرەنجامی باهۆزە گەورەکەیە، سنگی خۆیانی لێ بکەنەوە و بەناوی برایەتی خۆشحاڵی خۆیان نیشان بدەن، هاوکات لەوبارەوە ئەزموونیشیان هەیە، بۆیە کاتی خستنەڕووی مەرجەکانە، بەمانایەکی دیکە دەبێت ئەوە بە ڕاشکاوی لەگەڵ دۆستەکان بخرێنەڕوو، بەتایبەتی خۆشیان زۆرجار ئەگەر بۆ دڵدانەوەش بێت، ئەوەیان راگەیاندووە کە کورد باشترین دۆست و هاوپەیمانە؛ ئەوەس بەو مانایە دێت کە دەتوانێ بەرگری لە بەرژەوەندییەکانیان بکات.




ئارەزووی گێڕانەوە، ئاشكراكردنی ئارەزوو.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بە گشتی هەموو سەردەمێك ئارەزوو (یان پاڵنەر)ی گێڕانەوەی خۆی هەیە، بۆیە نابێ لێکچوونی نێوان گێڕانەوەكان بە تێنەگەیشتنی ئارەزوو سەرسام نەبێت و وامانلێبكات تەنها بڕوامان بە لێهاتوویی و شارەزایی و ئەزموون هەبێت! ئەگەرچی لێهاتوویی و شارەزایی و ئەزموون بەربەستەکان دەکاتە ئامراز و نەگونجاوەكان دەکاتە هاوپەیمان.. كەواتە ئەوەی پێویستە دەستنیشانیان بكەین، ئەو جیاوازییانەیە، كە لەنێوان خودی گێڕانەوە و ئارەزووی كاراكتەرەكاندایە، لەنێوان نێوەندگیری ئارەزوو (یان بابەتی ئارەزوو) و ركابەردایە.. لێرەوەیە، كە خودی ئارەزوو مەودای نێوان گێڕانەوە و پاڵەوان و بابەتەكە دەبڕێت. دەمەوێ بڵێم لەلایەك پێویستە جیهانی سەربەخۆی گێڕانەوە و كاراكتەرەكان لە یەكتر جیا بكەینەوە، لەلایەكی دیكە دەبێ باس لە ئەگەرەكانی نێوەندگیری دەرەکی و ناوەكی بكەین، نەبادا نێوەندگیری ناوەندی یەکێکیان و ویستی کەسی ناوەندی ئەویدیکە داگیر بکات. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش باس لە نێوەندگیری بەیەكداچوو دەكەین.

سێگۆشەی ئارەزوو
مرۆڤ وەک گەورەترین نهێنی دەمێنێتەوە، گێڕانەوەش وەك یەكەم گەڕانی ڕۆحی مرۆڤ، هەمیشە زانستەکانی دیكەی بە دوای خۆیدا رادەكێشێت. بەڵام لەگەڵ هەموو پێشكەوتە جیاوازەكانیش ئەگەر خەیاڵ نەبێت، مرۆڤ ناتوانێت بە تەنیا ئارەزووی شتێک بکات، بەو مانایە ئارەزووی مرۆڤ جگە لە بابەتی بەدواداگەڕان پێویستی بە لایەنی سێیەم هەیە، کە ڕێنمایی ئەو شتە بكات، کە ئارەزووی دەکات، دەشێ لایەنی سێیەم لە دەرەوەی ڕووداوی گێڕانەوەدا، خەیاڵ بێت. و لە ناوەوەی گێڕانەوەشدا ركابەر.
بەو شێوەیە لە گێڕانەوەدا پەیوەندی لەنێوان پاڵەوان و نێوەندگیردا سەرهەڵدەدات، بە مانایەكی دیكە لەگەڵ ڕەخنەگری فەرەنسی رێنێ جیرارد و (سێگۆشەی ئارەزوو- مثلث الرغبة)دا تیشک دەخەینە سەر گێڕانەوە و خواستی لاساییكردنەوە. (رێنێ جیرارد) پێمان دەڵێت، کە ئارەزووەکانمان لە ئێمەدا بوونیان نییە، تەنها لاساییكردنەوە و دەنگدانەوەی ئارەزوو و خواستەکانی ئەوانیدیكەن، هەرگیز ئارەزووەکانمان پاڵنەری تاکەکەسی نین، بەڵکو پاڵنەری بە کۆمەڵ و کۆمەڵایەتین.
كەواتە بۆ روونکردنەوەی گەورەترین و ئاڵۆزترین بابەتەکانی پەیوەست بە هۆشیاری مرۆڤ و (ئارەزوو)ەوە قسە لە پرسی ئازادی هەڵبژاردن (خەیاڵی هەڵبژاردن) دەكەین. لەو قسەكردنەشدا مەبەست ئەوەیە، کە بڵێین پەیوەندی نێوان کەسی ئارەزووخواز و بابەتی خوازراو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکو بە نێوەندگیر(یان ركابەر)دا تێدەپەڕێت! لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە ئارەزوو فۆرمی نوێنەرایەتیکردنی ئارەزوو وەردەگرێت، کە هەر (سێ) لایەنەکەی ئارەزوو، واتە (کەسی ئارەزووخواز و نێوەندگیر و مەبەستی خوازراو) دەگرێتەوە. رێنێ جیرارد لە بنیاتنانی ئەم تیۆرییەدا پشت بە تیۆری لاساییکردنی (ئەفلاتون) دەبەستێت، کە (ئەرستۆ) فراوانتری کردووە و ڕەهەندێکی ڕەفتاری بۆ زیاد کردووە، كە بە گێڕانەوەی خەیاڵی ناسراوە. بەو مانایەش بە بۆچوونی جیرارد، ئەو بیرۆکەیەی کە هەموو ساتێک ڕۆڵی ئارەزوو-پاڵنەر لە گێڕانەوەدا دەگێڕێ و هەموو بیرۆکەکانی دیکە بۆی دەگەڕێنەوە، سێگۆشەی ئارەزووە.
ئەنترۆپۆلۆژیست و ڕەخنەگری ئەدەبی (رێنی جیرارد) لە ساڵی ١٩٢٣ لە شاری (ئەڤینۆن)ی فەرەنسا لە باوکێکی کۆماریخواز و عەلمانی و دایکێکی دینداری کاسۆلیکی لەدایکبووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٤٣ بۆ ١٩٤٧ لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە (پاریس) پسپۆڕی مێژووی سەدەی ناوەڕاست بووە، دواتر لە ساڵی ١٩٤٧ بۆ خوێندن گەشت بۆ (ئەمریکا) دەکات و لە ساڵی ١٩٥٠ بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی (ئیندیانا) بەدەستهێناوە، هەر زوو لەوێ ئەدەبیاتی خوێندووە. پاشان لە ساڵی ١٩٥٧ ڕووی لە زانکۆی (جۆنز هۆپکینز) کرد، لە ساڵی ١٩٦٦ بەشداری سیمپۆزیۆمێکی (ندوة) نێودەوڵەتی لەسەر (زمانی رەخنە و زانستە مرۆییەکان) دەكات، کە تێیدا بەشداربووان بریتی بوون لە رۆلان بارت، ژاک دێریدا و ژاک لاکان.. لە ساڵی ١٩٦٨ جیرارد لە زانکۆی (بوفالۆ) رووی لە وانەگوتنەوە کرد، تا ساڵی ١٩٧٢، دواتر بۆ زانکۆی (جۆنز هۆپکینز) گەڕایەوە. لە ساڵی ١٩٨٠ جێیهێشت و ڕووی لە زانکۆی (ستانفۆرد) کرد و تا دوای خانەنشینبوونی لە ساڵی ١٩٩٥ لەوێدا مایەوە و لە ساڵی ٢٠٠٥ پەیوەندی بە ئەکادیمیای فەرەنسییەوە کردووە و بووە ئەندامێکی دیاری ئەو ئەکادیمیایە.. (رێنی جیرارد) لە كتێبی (الكذبة الرومانسية والحقيقة الروائية، ترجمة الدكتور رضوان ظاظا، ومراجعة الدكتور سعود المولى، بیروت 2008، ص522- )دا دەڵێت: مرۆڤ بۆ ئەوەی ئارەزووی شتێک بکات، پێویستی بە لایەنی سێیەم هەیە، کە (ركابەری) لەسەر ئەو شتە بكات، کە ئارەزووی دەکات، وەك چۆن قسە لە سێگۆشەی ئارەزوو دەكات، ئارەزووی لاساییكردنەوەش بیر دەخاتەوە و ئاماژە بۆ قووڵاییە کلتورییەكەی دەكات.
سێگۆشەی ئارەزوو بۆ خوێندنەوەی ڕۆمان بەو ئەنجامە دەگات، کە پاڵەوانی ناو ڕۆمان کاتێک ئارەزووی هەر شتێک دەکات، پێویستی بە نێوەندگیرێکە كە لەسەر (بابەتی خوازراو- ئۆبێكت) ركابەری کەسی ئارەزووكەر (سوبێكت) بكات و رووناکی بکاتەوە. ئەوەی گوزارشت لەو پەیوەندییە سێ قۆڵییەش دەکات (بۆشایی خوازە)یە، دەتوانم بڵێم بۆشایی خوازە، بۆشایی خەیاڵی نێوان ئارەزووخواز و ركابەرە، کە بە شێوەیەکی سروشتی سێگۆشەکە بەیەكترەوە دەبەستێتەوە. كتێبی ناوبراودا ئارەزوو وەک گێڕانەوە ناو دەبات.
لە ڕوانگەی جیراردەوە لە رۆمانی (دۆن کیشۆت)دا ئەوە دۆن کیشۆت و ئەمانیسی راستگۆیە دەستبەرداری ئیمتیازە سەرەتاییەكانی فەردانیەت بوون، واتە چیتر دۆن كیشۆت ئارەزووی خۆی هەڵنابژێرێت، بەڵکو ئامادیس بەناوی خۆیەوە هەڵیاندەبژێرێت. لەوێشەوە بەپەلە بەرەو ئەو بابەتانە دەڕوات کە (مۆدێلی سوارچاکی)یە، (واتە رێنی جیرارد مۆدێلی سوارچاكی وەك نێوەندگیری) ئاماژە پێدەکات و بە نێوەندگیری ئارەزوو ناوی دەبات. بە بۆچوونی جیرارد، ژیانی سوارچاکی لە لاساییكردنەوەی خەونەکانەوە هاتۆتە بەرهەم..
بەڵام کێشەی مرۆڤی مۆدێرن بێهودەییە، وەك چۆن ئەو مرۆڤە خۆبەزلزانە رۆمانسییە ناتوانێت ئارەزوو لە قووڵایی خۆیەوە دەربهێنێت، بەڵکو لە کەسانی دیکەی قەرز دەکات. پاڵەوانەکانی فلۆبێر جگە لەوەی خۆیان مۆدێلێکن و دەتوانرێت وەك جووڵە، تۆنی دەنگ و جل و بەرگ لاسایی بکرێنەوە، بەپێی ئەویدیکەش كار دەكەن.. لە رۆمانەكانی فلۆبیردا ئیما بۆڤاری لە رێگای پاڵەوانانی ڕۆمانە ڕۆمانسییەکانەوە، كە خەیاڵیان سیخناخ كردووە، هەست بە ئارەزووی خۆی دەکات. واتە كاراكتەرەكانی فلۆبیر دووچاری هەمان نەزانی و هەمان لاوازی و نەبوونی و هەمان کاردانەوە و ملکەچی پێشنیاری هەمان ژینگەی دەرەکیین، هەموو ئەوانەش بەهۆی نەبوونی پێشنیارێك لەلایەن خۆیان و ناوەوەی خۆیانەوە..
دەشێ بە بۆچوونی رێنێ جیرارد هەموو بەرهەمە خەیاڵییەکان لە دوو بنەمادا كۆبكەینەوە، چونكە بەرهەمە خەیاڵییەكان خەسڵەتە لاوەكییەكانیان زۆر تێدا بڵاوە. بۆیە بۆ بنەمای یەكەم، دەتوانین باس لە نێوەندگیری دەرەکی بکەین، كە مەودایەكی تەواویان لەنێواندا هەیە، بۆ ئەوەی ئەگەرەکانی گێڕانەوە لە رۆمانەكاندا بەیەكدانەچن، یان نەبادا نێوەندگیری یەکێکیان ئەویدیكەیان داگیر بکات. بنەمای دووەم، دەشێ باس لە نێوەندگیری ناوەكی بکەین، کاتێک كاراكتەری رۆمانەكان بەیەكدادەچن، یان دوو بازنە لە گێڕانەوەدا بە قووڵی بەنێو یەکتردا تێدەپەڕن! لە بنەمای یەكەمدا لە رووی ماددییەوە تا ئەندازەیەك دەتوانین مەودای نێوان بابەت و کەسی ئارەزووخواز بپێوین، بەڵام لە بنەمای دووەمدا لە رووی مەعنەوییەوە مەودای نێوانیان ناپێورێت. دۆن کیشۆت و ساشۆ قوربانی ماددیین و ناتوانرێت نێوانیان لە مەودای کۆمەڵایەتی و فیکریی تەجاوز بكرێت. بەڵام لە رووی مەعنەوییەوە هاوخەیاڵن. بۆیە لە رووی مەعنەوییەوە لاساییكەرەوەی خەیاڵن و ئەوانەی حەز لە گەمەی خەیاڵی دەكەن، دووچاری دووبەرەكی ناوەكی دەبنەوە، چونکە بونیادی خەیاڵی بە خێرایی دەبێ بە بڕوا و ھاوشێوەکردنە ماددییەکە دەرووخێنرێت و سروشتی ئەبستراکت وەردەگرێ و لەوێشەوە پارچەپارچەبوون و نیگەرانی پیادە دەكات. بەڵام هەردووكیان لەسەر شاردنەوەی بوونی بابەتی نێوەندگیری کۆکن.
كەواتە نێوەندگیری خەیاڵی هەمیشە دەڵێ هەموو ئەم بابەتانەی تۆ هیچ نین جگە لە وەرگێڕانێکی جوانکارییانەی خەیاڵ نەبێت. بەو مانایەش نێوەندگیری ناوەكی راستەوخۆ پەیوەندی بە هەموو ئەو ئارەزووانەوە دەكات، كە هەمووان بەرگری لێدەکەن. لێرەوە دەتوانین بڵێین كێشەی پەیامی رۆمانی كلاسیكی لە دەستنیشانكردنی چەمكی ئارەزوو دەگەڕێتەوە بۆ بەرجەستەكردنی خودبوون. (بۆ زێتر بەدواداچوون بڕوانە ل37، ه.س.پ).

ئارەزوو و ركابەریكردن
لە مۆدێرنەدا چەمكی رکابەری بەهۆی هاویەكبوونی دوو ئارەزووكەر بۆ یەک بابەت سەرهەڵنادات، بەڵکو بابەت ئارەزووی خود دەکات. دۆزینەوەی مۆد ئاسانترین دیارخەری ئەو بێهودەییەیە، کە ئەمڕۆ لەگەڵ خۆی دەمانبات. ئێمە دەبینین بۆ نموونە ژنان ژیانیان بە کڕینی جل و بەرگ و ئیکسسوارات بەسەر دەبەن، نەك بۆ ئەوەی سوودی لێوەرگرن، بەڵكوو بۆ ئەوەی لاسایی بکەنەوە، لەبەر ئەوەی بابەت ئارەزوویان دەكات. هەروەک چۆن ئەو گەنجانەی کە لاسایی ئەستێرەکانی وەرزش، یان سینەماكاران دەکەنەوە و هەریەک لەمانە زیادەڕەوی لە سۆز و جیاوازی کەسی و چێژی خۆیان دەکەن، کە هەیانە، یان بە شێوەیەكی سروشتی پێیان بەخشراوە.. مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی هەوڵبدات کەسایەتییەکی تر جگە لە کەسایەتی خۆی وەربگرێت، هەوڵدەدات لە رێگای لاساییكردنەوە خۆی بگۆڕێت بۆ کۆپییەکی رووکەش. هەڵبەتە ئەوە رێگایەكە، کە مرۆڤی مۆدێرن لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵ دەكاتەوە و وای لێدەكات تووشی بۆشایی و بیابانبوونی ڕۆحی و بە بابەتبوون بێت.
مرۆڤی تەكنۆلۆژی (مۆدێرنە) ئیگۆیەکی هەیە، کە لە خۆیدا توانای ئارەزووكردنی خۆی لە پێناو بەبابەتبوون لەدەستداوە… ئەگەرچی لە رووی تەكنۆلۆژییەوە هەمیشە بەرەو پێش دەچێت، بەڵام هەتا لە كۆكردنەوەی زانیارییەكان و چالاكییەكانیشدا هاوتای لاساییکردنەوەی سۆز و سۆزی تاکە جیاوازەکان نییە. ئێمە جلوبەرگێکی ئارەزوومەندانە و سۆز و شکۆمەندیی خۆمان دەپۆشین.. چالاکیی خەیاڵی ئێمە لە هەموو تەمەنەکاندا پەیوەستە بە سێگۆشەی ئارەزووەوە… بەو مانایەی كە مرۆڤ لە سیحری سێگۆشەی ئارەزوو دەرناچێت، كە دەرچوو، تووشی بەبیابانبوون دەبێتەوە.
مرۆڤ سیحری ئارەزووی لێنابێتەوە، تەنها لە لێواری مردندا نەبێت. لە وەسفەکەی رێنێ جیرارددا ڕوونە کە لاساییکردنەوەی کوێرانەی پیاوانی ئایینی یان بانگخوازێک لە وەسوەسەی سەرسامبوون بە یاریزانێکی تۆپی پێ، كەمتر نییە.. بۆیە ئەوانەی توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆیان نییە، ئەوانەی هەستە راستەقینەکانیان لە تێکەڵەیەکدا لەدەست دەدەن، بە شێوەیەکی شەخسی ئارەزووی ئەویدیكەی دراوسێ دەكەن، لە بێهوودەییدا دەژین. بە كورتی رێنێ جیرارد ئاماژە بە کورتە قسەیەکی بیرمەند (ماکس شێلەر) دەکات، كە دەڵێت: مرۆڤ یان خودایەکی هەیە یان بتێکی هەیە. لەوێوە باسی ئەوە دەکات، چۆن مرۆڤ بزانێت کە خۆبەزلزانە؟ بۆچی (بۆ نموونە) زۆربەی چیرۆکە خۆشەویستییەکان دوای هاوسەرگیری شکست دەهێنن؟ بێگومان چونکە ئەو خۆشەویستییە پەلەی تێدا كراوە. خۆشەویستی پاڵنەرێکی راستەقینەی هەستەکان نەبووە، بەڵکو لەبەر لایەنی سێیەمە كە ئیرەیی وڕوژاندووە، خۆبەزلزانینەکەی ناوەوەی وڕوژاندووە بۆ ئەوەی کێبڕکێ بکات… بەڵام دوای ئەوەی مەترسی رکابەرەکەی تێپەڕاندووە، دوای ئەوەی كە ئەویدیكەی ركابەردەبڕێت، ئیتر دەكەوێتە بۆشاییەوە، ئیتر ئیرادەی ئازادی خۆی بەجێدەهێڵێت و دەبێتە عاشقێكی شكستخواردوو.
بە دیوەكەی دیكەش لەبیرمان نەچێ بەدەرنانی ركابەر و غیابی پەیوەندی لەگەڵ ئەویدیکەدا کەسایەتی دووچاری شێوانی دەروونی دەكات. كەواتە وەك چۆن خۆبەزلزان نابێتە هۆی رەزامەندی.. نەرگزییەتیش نابێتە هۆی ڕەزامەندی، بەڵکو لە دوو لاوە دەبێتە هۆی بریندارکردن. بەو مانایەش سڕینەوەی هێڵی نێوان خود و ئەویتر، لە ناوەوە و دەرەوەدا مرۆڤایەتی بریندار دەكات.
لە نێوان نەرگزییەت و خۆبەزلزان و سڕینەوەی ئەویدیكەدا ئەزموونی سەركەوتوو بریتییە لە پارێزگاریكردن لە مەودای پەیوەندییەكان ئەوەی (ئارسەر شوبنهاوەر) وەك (دووفاقی ژووژك- معضلة القنفذ) قسەی لێكردووە.. (هونەركاری ئەدەبیش لەوەدایە كە ئاست و مەودای رەگەزە ئەدەبییەكانی بپارێزێت) واتە بەبێ ئەوەی لە پەیوەندیدا بڕێک – کە رەنگە زۆر بێت – زیان بەیەكتر بگەیەنین و بێتە هۆی لاوازبوونی پەیوەندییە مرۆییەکان، پێویستە لە پەیوەندیگرتندا مەودایەك هەبێت، یان بە مانایەكی دیكە پێویستە سنووری ئازادی یەكتری بپارێزین.
كەواتە درووستی پەیوەندی نێوان خود و ئەویتر، نێوان رەگەزێك و رەگەزێكی دیكە، هەر ئەوە نییە، كە خود بەدوای ئازادی خۆیدا دەگەڕێت، بەڵكوو ئەوەیە، كە بە دوای ئازادی ئەویتری خۆیدا دەگەڕێت، لە ئەویتردا. لەو زنجیرە گەڕانەدا، لە ئەرزشدانان بۆ ئازادی ئیگۆ درێژ دەبێتەوە بۆ ئەوەی ئەویدیکەش بە ئازادی خۆی بگات. بەو مانایە خۆخۆشەویستن بە نەرێنی تەماشا دەكرێت، تا ئەو ئەندازەیەی کە خود ئەویدیکە لە بەرژەوەندی خۆیدا بێبەها نەکات! رێز لە سنووری ئازادییەكانی ئەویدیکە بگرێت.. كەواتە بەریەککەوتنی درووستی پەیوەندییەكان بەو مانایە دێ، کە هەمیشە دووری نێوان خۆت و ئەویدیكە لە رێگای داننان بە سنوورەكانی ئازادی بپارێزیت. لە بەرانبەردا خۆبەزالزان و نەرگسییەت بریتییە لە کاڵکردنەوەی سنوورەکانی ئازادی. پەیوەندی درووست و ئەرزشدانان بۆ ئازادی و ئازادی ئەویدیكە شادیبەخش و دڵخۆشکەرە.. واتە کاتێک دوو شوناس پێکەوە کۆدەبنەوە، یەکتری تەواودەکەن، چێژ و شادی بە یەک دەبەخشن. ئەگەرچی وەك (زیگمونت باومان) دەڵێت دەست بخەیتە سەر هەر بژاردەیەک، شتێک بەدەستدەهێنیت و شتێک لە دەستدەدەیت. هیچ رێگایەکی تر نییە. بەداخەوە ناتوانیت هەردووکیانت هەبێت. بۆیە خەڵک خۆی بۆ یەکلا نابێتەوە، ڕاڕا و دوودڵە. ئەگەرچی هەمیشە چانسی ژیانێکی تر هەیە.

ئەفسانەی ئارەزوو و ئەفسانەی گێڕانەوە
لە ڕۆمانی (غەریب)ی (ئەلبیر کامۆد)ا پاڵەوانە زیندانیکراوەکەی دەڵێ: سەرەتای بەندیم سەخت بوو، بەڵام هەوڵمدا و بەسەرییدا تێپەڕیم.. من لە زینداندا بە ئارەزووی ئازار دەچووم، ئەوەش شتێکی ئاسایی بوو. هێشتا گەنج بووم، تەنیا بیرم لە (مێری) نەدەکردەوە، بەڵکو بیرم لە هەموو ژنێک دەکردەوە… بیرم لە هەموو ژنێک دەکردەوە… لە هەموو ئەوانەی کە لە ژیانمدا ناسیبووم… لە رێگای ئەفسانەی ئەو گێڕانەوەیەدا لە ئەفسانەی ئارەزوو و ئارەزووی ئەفسانە دەگەین. تێدەگەین، كە ئارەزوو و ئەشکەنجە لێكدوور نیین، بۆیە بیرکردنەوە لە مێینە و ئارەزووکردنیان لەناو زینداندا، واتە بەدیهێنانی ئارەزووەكانم، كە خەونی ئارەزووی ئەویدیكە رەنگ دەكات. بەڵام ئایا زیندانیکردن کاریگەری نەرێنی لەسەر بینینی خەونەكانی من نییە، بۆ تێرکردنی خەونی ئەو ئارەزووانەی كە پێشتریش لە دەرەوەی ژووری رەشدا هەر خەون بوون، ئایا لە زینداندا خەونی ئارەزوو ئەفسانە نییە؟
(ئەلبیر كامۆ) لە رۆمانی (غەریب)دا هەوڵدەدات دەست بۆ خەونی ئەو پرسیارە سەرەكی و لاوەكییانە بەرێت و بڵێ کەسایەتی زیندانیكراو گوزارشت لە دیاردەیەکی نەرێنی دەکات، بەدیوەكەی دیكەش ئەوە دەخاتە روو، كە ئارەزووە بەدینەهاتووەكان بەبێ ئازادی مەیسەر نابێت، بەڵام خۆ ئارەزوو چ لە ناوەوە بێ یان لە دەرەوە هەڵگری هیچ فۆڕمێك نییە.. ئایا ئەوانەی ئازاد نیین فۆڕمییان هەیە؟ بێگومان خەونی بە فۆڕمبوونیش بۆ خۆی پرسیارە، بۆخۆی ئەفسانەیەكە و مێژووی سەرکوتکردن لەناو کەسایەتی (كاراكتەری) رۆمانی غەریبدا دەینووسێتەوە!
كەواتە ئەفسانەی ئارەزووكردن.. ئەفسانەی هەموو ئەو خەونانەیە، ئەفسانەی هەموو ئەو فۆڕم و بێ فۆڕمانەیە، كە لە ئەفسانەی گێڕانەوەی (غەریب)دا رەنگیداتەوە. بۆ نموونە (ئەمڕۆ دایكم مرد) هەر بێ فۆڕمی نییە، خەیاڵی نامێژووییشە! (غەریب) بە خەیاڵی نامێژووییەوە دەناسرێتەوە. هەر لە سەرەتاوە دەبینین لە رۆمانی (سوور و ڕەش)ی (ستاندال)دا مەودای نێوان پاڵەوان و نێوەندگیرەکەی کەمتر نییە، لە هاوتاکەی لە ڕۆمانی مادام بۆڤاریدا.. بەڵام (ئەمڕۆ دایكم مرد) وەك دەستپێكی رۆمانی غەریب ئەم مەودایە تێدەپەڕێنێ و ئیرادەی ئازادی دەچەسپێنێ، ئەوەش ئەوەیە، کە لە بنەڕەتدا جیهانی سەربەخۆ لەو جیهانانە جیا دەکاتەوە، کە لە سەرەوە باسمان کرد. لە هەردوو باردا ئەفسانەکانی گێڕانەوە، ئەو خەونە زۆر کۆن و نوێیانەن کە بەڵگە بۆ سەلماندیان لەبەر دەستدا نییە، تەنها بەڵگەیەك كە هەبێت، ئەوەیە، كە لەسەر ئەفسانەی ئارەزووە چەپێنراوەكانی مرۆڤ درێژ دەبنەوە. چونكە ئەفسانەكانی ئارەزوو، ئارەزوو ئەو خەونانەن، كە ئەگەرچی چەپێنراون، بەڵام ڕەگەز و پێكهاتەکانیان شاراوە نیین، لەبەر هەندێ هەرچۆنیان لێكبدەینەوە لە سنووری مرۆڤ و دەروونی مرۆڤ دەرناچن. لە بنەڕەتدا ئارەزووی گێڕانەوە بۆ ڕاڤەكردنی جیھان، یان وەك بەرپەرچدانەوەی مرۆڤی سەرەتایی لە بەرانبەر ھێزە سروشتییە ناسراو و نەناسراوەکاندا داڕێژراون، بۆیە بەردەوام زاراوەی ئەفسانەی ئارەزوو تێكەڵ زاراوەی ئەفسانەی گێڕانەوە و ئاوێتەی ئەمڕۆ و دوێنێ دەبێت.
بە شێوەیەكی گشتی لەو نووسینەدا دەمەوێ لە رێگای (رۆلان بارت-أسطوريات، ترجمة د. قاسم مقداد، وصدرت عام 2012 عن دار التكوين،)ەوە خەسڵەتی مێژووییبوون لە ئەفسانەی گێڕانەوە و ئارەزووی گێڕانەوە بكەمەوە! ئەگەرچی مێژووی گێڕانەوە لە ئوستوورە نزیكە..
بە مانایەكی دیكە دەمەوێ بۆ ئەفسانەی ئارەزووی گێڕانەوە هانا بۆ لێكدانەوە جیاوازەكانی بارت‌ بەرم. چونكە رۆلان بارت وەك ئەنترۆپۆلییستەكان لە ئەفسانە ناكۆڵێتەوە، بەڵكوو وەك رەخنەگرێكی مۆدێرنی ئەدەبی قسە لە جۆرێكی دیكەی ئوستوورە دەكات، ئەویش ئوستوورەی سەردەمە! ئوستوورەی سەردەم لە رێگای ئارەزووی گوتارەوە، رابردوو و ئێستا و داهاتوو بەیەكەوە دەبەستێتەوە. لە (ئوستوورەی ئەمڕۆ)دا بارت پێناسەیەک، یان وردتر کۆمەڵێک پێناسە، بۆ ئەفسانە دەخاتە روو و دەڵێ ئوستوورە سیستەمێکی پەیوەندییە، نامە و فۆڕمێکە لە مانادا، هەموو فۆرمێکیش ملکەچی بەکارهێنانی بە کۆمەڵ و ملکەچی خواستەکانی گوتارێکە کە دەگۆڕێت بۆ ئەفسانە، وەك شێوەی قسەکردن، نووسین، وێنە، پڕوپاگەندە، وەرزش، چالاکییە کولتووری یان کۆمەڵایەتییەکان… كەواتە ئەفسانە لای بارت نە چەمکە، نە بیرۆکەیە و نە شتێکە.. بەو مانایەش رۆلان بارت ئەو کەسەیە کە ئەفسانە زیندوو دەکاتەوە و ئەو کەسەیە کە ئەفسانە دەکوژێت.
ئەفسانە قسەکردنە. بەڵام هیچ قسەكردنێك نییە، لە مێشکماندا یەکسەر پێکدادان لەگەڵ سێگۆشەی ئارەزوو درووست نەكات، هیچ ئوستوورەیەك نییە، دژایەتییەك لە پرۆسە و ڕێکخستنەوەی گرامەر دروست نەکات. ئەفسانە لە پێناسەی (بارت)دا ئەو رێگایەیە (بۆ نموونە کە نامە خۆی پێدەگەیەنێت) کەواتە بەرهەمی (قسەکردن – الكلام)ە، نەوەک زمان (اللغة).. هەمیشە ئەوەی دەگوترێت شتێک دەشارێتەوە، بەڵام چۆنیەتی گوتنی ئەوەی دەگوترێت گرنگە، نەك شێوانەكەی.. لە ڕاستیدا ئەفسانە نە درۆیە، نە دانپێدانان، بەڵکو ئارەزووی گێڕانەوەیە.

هەولێر 9/2/2025




بۆچی خوێندەواریی میدیایی-2- ئاراس سەعید

بەشی دووەم
شاردنەوە لە نواندنەوەدا
” میدیا بەنواندن و پەخشکردنی هەندێک شت، هەندێک شتی دیکە دەشارێتەوە “
پێیەر بۆردیۆ
PIERRE BOURDIEU; On Television

یەکێک لە تواناکانی میدیا تەکنیکی شاردنەوەیە. میدیا لە ڕێگەی پیشاندانی واقیعێکەوە، واقیکێکی گەورەتر دەشارێتەوە. یان بەجۆرێک فاکتەکان دەنوێنێتەوە کە لە بنەمادا وەک ئەوەی هەیە پیشان نەدرێن، یاخوود گۆڕابن بۆ شتی بێمانا و داڕشتنەوە و نواندنەوەیان لەناوەڕۆک و مانایی ڕاستەقینەی فاکتەکان بەتاڵکرابنەوە.
پاتریک شامپاین، فەیلەسووف و سۆسیۆلۆگی فەڕەنسی لە کتێبی (la misère du monde /هەژاری جیهان) فرە قەشەنگ ئەم پرسەی ڕوونکردووەتە و باسی لە چۆنێتی نواندنەوەی فاکتەکان لە میدیادا کردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو، کە چۆن ژۆرنالیستەکان بەپێی لۆژیکی ناوەکیی کارەکانیان و بەلۆژیکی پیشە، ئایدۆلۆژیا، دنیابینی، لەکاتی ڕووماڵکردنی بابەتەکاندا تەنیا لایەنێکی فاکتەکان هەڵدەبژێرن، لایەنێک کە لەگەڵ تێگەیشتنی خۆیاندا بگونجێت.
لای شامپاین، ژۆرنالیستەکان بونیادێکی نادیاری تێگەیشتن ڕێک دەخەن کە دیاری دەکات چی ببینرێت و چی نەبینرێت.
ژۆرنالیستەکان چاویلکەی تایبەت بەخۆیان پێیە کە هەندێک دیمەنی پێ دەبینن و هەندێک دیمەن دەشارێتەوە…چاویلکەیەک بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێت دەبینێت و ڕووماڵ دەکات.
شامپاین بەنموونەی مانگرتنی قوتابیانی دواناوەندی فەڕەنسا (ساڵی 1986) ئەمە ڕووندەکاتەوە. لەم نموونەیەدا دەبینین ژۆرنالیستەکان تەماحیان لە دووبارە بوونەوەی 1968ـێکی نوێیە. دەیانەوێت بەحەز و خواستەنەستەکییەکانیان واقێکی نوێ بەرهەمبهێنن، واقعێکی کارەستبار و پڕ لە تووندووتیژی. ئەوان خەیاڵیان لە نواندنەوەی 1968وە نایانەوێت لە دەستی بدەن، بەڵام مانگرتنەکە لە بنەمادا مانگرتنی کۆمەڵێک مێردمنداڵبوو کە ئەلف و بێی سیاسییان نەخوێندبوو. کۆمەڵێک منداڵ کە خۆیان نەیاندەزانی چیان دەوێت و دەیانەوێت چی بڵێن؟ لەم چرکەساتەدا ژۆرنالیستەکان وتەبێژەکانیان هاندەدا، بەپیرییانەوە دەچوون و ئەمانیش شتەکەیان لێ بەڕاست دەگەڕا.
لەم نموونەیەدا شامپاین دەیەوێت پێمان بڵێت؛ ئەوەی ژۆرنالیستەکان پیشانیان دەدا و ئەوەی تەلەفیزیۆنەکان دەیان نواندەوە واقیع نەبوو، لە بنەمادا نە خۆپیشاندانێکی سیاسی ڕوویدەدا، نە مێرمنداڵەکان سیاسیی بوون، ئەوەی هەبوو خۆپیشاندانی کۆمەڵێک خوێندکاری مێردمنداڵبوو کە خۆیان نەیاندەزانی چییان دەوێت.لێرەدا میدیا خۆی واقیع بەرهەم دەهێنێت و ئەو واقیعەی پێ دەشارێتەوە کە خۆی حەزی لێ ناکات.
ڕەنگە زۆرێکمان بینەری فیلمی (Ace in the Hole 1951) کە بە کەرنەڤاڵە گەورەکە ناسراوە، فیلمێکی تەنزئامێزی ئەمریکییە لە ساڵی 1951 لەلایەن (بیلی وایڵدەر)ەوە دەرهێنراوە. لە فیلمەکەدا کیرک دۆگلاس وەک ژۆرنالیستێک ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، کاتێک
(لیۆ) بەهۆی بومەلەرزەیەکەوە لە نێوان شاخەکەدا گیر دەخوات ژۆرنالیستەکان بەمەبەستی ڕووماڵکردن و گواستنەوەی زانیاری ڕوودەکەنە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام ناتوانرێت لە بن شاخەکەدا دەربهێندرێت.
دوای پێنج ڕۆژ چاوەڕوانی (چاک تاتوم) بۆ ئەوەی یەکەم کەس ببێتە خاوەنی ئەو هەواڵە، (لیۆ) دەکوژێت و دەچێتە سەر شاخەکە و هەواڵی مردنی ڕادەگەیەنێت. بەڵام لە ڕاستیدا لیۆ نەمردووە، بەڵکوو چاک تاتوم خۆی کوشتوویەتی… ئەمە توانایی ڕەهایی ژۆرنالیزمە، بەجۆرێک دەتوانێت خۆی ببێتە کەرەستەی خولقاندنی حەقیقەت. ئەگەر حەقیقەتێکیش بوونی هەبێت، دەتوانێت بیکوژێت و حەقیقەتێکی دیکە بنوێنێتەوە.
خۆ ئەگەر میدیا فاکتێکیش بڵاوبکاتەوە، پێویستە بە دەرگاوانی میدیادا تێپەڕێت. هەموو میدیایەک دەرگاوانی هەیە و هەموو فاکتێک بە دەرگاواندا تێدەپەڕێت. وەک ئەوەی نووسەری ئەمریکی (کیرت لیۆن) دەڵێت:” هەر فاکتێک پێش ئەوەی لە میدیاوە بگاتە وەرگر بەچەند دەرگایەکدا تێدەپەڕێت، لەوێدا بڕیار لەوە دەدرێت چی پێدا دەربازبێت یان چی لێبقرتێنرێت، یان چۆن بنوێنرێتەوە.”هەندێکجار ئەو زانیاریانەی لە دەرگاکەدا دەچنەژوورەوە گەلێ کەمترە لەو زانیاریانەی که لێوەی دێتە دەرەوە و دەنوێنرێتەوە.
ماوییەتی…




نەورۆز.. برایم فەڕشی

نەورۆز وەک سەرەتای دەستپێکردنی بەهار و ساڵی نوێ، کۆنترین جەژنی ناسراوی مرۆڤایەتییە کە جێگای لە ناو ئەفسانە و مێژوو، فەرهەنگ و سیاسەت، بە تایبەت بۆ کورد بۆتەوە. لایەنی سروشتی، بەرهەمهێنان، کار و پیشە گرێدراو لە گەڵ ژیانی مرۆڤ، ئەم جێژنە دەکاتە کۆنترین جێژن، لە بەر ئەوەی بەهار وەرزی سەرهەڵدانەوە، بۆژانەوەی زەوی و فراوانی بژیوی ژیانی مرۆڤ و تازەبوونەوەی سروشتە. مێزۆپۆتامیا (ناوچۆمان) واتە سەرزەمینی نێوان دیجلە و فورات هەتا ناوچەکانی ڕیزە چیای زاگرۆس، ناوەندی سەرەتای کشت و کاڵ و نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە پاش ڕەوی گەورەی مرۆڤ لە ئافریقاوە بووە. ئەمەش بە پێی نوێترین زانیاریی و لێکۆڵینەوە، سێزدە هەزار ساڵ پێش ڕووی داوە و دروستکردنی گوند و شار و پێکهاتنی کۆمەڵگای لێکەوتۆتەوە، کە کانگای فەرهەنگ و دابونەریت و جێژنەکان بووە. دواتر لێرەوە ڕەوی تر بەرەو ئورووپا وشوێنیتر ڕووی داوە.

ئەمڕۆ ئەوە ڕوونە کە شارستانیەت لیرەوە سەری هەڵداوە. ئەفسانە، ئایین، پێکەوەبوون، ڕێوڕەسم و دابونوریت، فەرهەنگ، زمان بەرهەمی ژیانی گرووپی و کۆمەڵایەتی و کشت وکاڵ و کار بووە و و بێژمار بۆنە و ڕێوڕەسمیان لێکەوتۆتەوە.

نەورۆز جەژنێکی گرێدراو لە گەڵ زاوزێی سروشت و بەرهەمی سروشت و مرۆڤە. جەژنێکی دوور لە خەیاڵی ئایینی و ئەفسانەیی، هەرچەند گرێدراوەتەوە بە ئەفسانە و میتولۆگی و داستانی جەمشیدی پارس و کاوەی ئاسنگەری کوردی لێکەوتۆتەوە.

بێگوومان توخم و ڕێوڕەسمی میترایی لە نەورۆزدا دەبیندرێ کە خۆی لە جولە و هەڵپەڕکێ و دەستگرتن و بازنەیی گێڕاندا دەبینێتەوە، کە لە هەموو چەشنەکانی هەڵپەڕکێی کوردیدا هەیە و لە ڕێوڕەسمی نەورۆزشدا خۆی دەبینێتەوە. ئەوەش بەو مانایە نییە کە میللەتانی مێزۆپۆتامیا و زاگرۆس کە ئەمڕۆ لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئورووپا دەژین، خۆیان لەم جەژنە سروشتییەدا نەدیتبێتەوە و تێگەیشتنی کۆن و نوێی خۆیان تێکەڵ نەکردبێ.

نەورۆز کە خۆی لە سەرەتای بەهاردا دەبینێتەوە، ئێستاش بە چەشنی جیاواز لە وڵاتانی باڵکان هەتا هیندوستان دەبیندرێ. دەبێ ئەوەش بگوترێ بەر لە بڵاوبوونەوەی ئایینی عیسایی ئایینی زاڵ ئایینی میترایی لە ئورووپا بووە و کاریگەریی لە سەر تێگەیشتن و کەلتووری ئورووپا هەبووە و سەمبول و نیشانەکانی ئەم فەرهەنگە کۆنە کە لە مێزۆپۆتامیا و زاگرۆسەوە سەری هەڵداوە و لە ناو میللەتانی تردا پەرەی ساندووە، کە لە نەورۆزدا خۆی دەبینێتەوە.

یۆنسکۆ ساڵی ١٩٨٨ نەورۆزی وەک فەرهەنگی ئینسانی و جەژنی کوردەکان پێناسە کرد و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩ بەڕەسمی وەک جەژنێکی ناو میللەتان ناساندی، کە دەبێ وەک فەرهەنگی مرۆڤایەتی بپارێزرێ. یۆنسکۆ لە لاپەڕەی خۆیدا دەنووسێ:” نەورۆز کە لایەنی ڕێوڕەسم، دابونەریت، فەرهەنگ، لایەنی گۆڕینی جلوبەرگ، تازەبوونەوە و خواردنی تایبەت و دۆست و بنەماڵە لە یەک نزیککردنەوە و دیاریی بەخشین بەیەکتر بە تایبەت بۆ منداڵانی، هەیە، جەژنێکە بۆ ئاشتی و ئاشتیخوازی.” سەرجەم ئەو لایەنانەی یۆنسکۆ باسی لێوە کردوە لە جێژنی نەورۆزی کورداندا دەبیندرێ!

نەورۆز جگە لە تازەبوونەوەی ژینگە و زاوزێی سروشت و بەرهەمهێنان، ڕەمزی سەرکەوتنی ڕۆشنایی بە سەر تاریکیدا بووە، هەر بۆیە ئاور دەوری تێدا دەگێڕێ و هەڵپەڕین و مۆسیقا و کۆبوونەوەی بنەماڵە و خەڵک لە دەوری یەک و خواردنی سروشتی لە ئامێزی نەورۆزدا، دەبیندرێ. بۆ کورد ئەم جەژن و ئەم بۆنەیە ڕووی سیاسی و ئازادیی و ناسنامەیی پەیدا کردووە و لە هەموو جیهان بۆتە یەک لە ڕەمز و سەمبولەکانی ناسنامەی نەتەوەیی کوردەکان.
هەرچەند مێژووی نەورۆز بۆ سەردەمی ئەنتیک، حەوسەد هەتا هەزار ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێندرێتەوە، بەڵام دەبێ گەلێک کۆنتر لە سەردەمی زەردەشت بێ، لە بەر ئەوەی تێگەیشتنی میترایی لە بوونی نەورۆزدا دەبیندرێ. ئاو و ڕووناکی و سرشتی میترایی لە ژیانی مرۆڤی کورددا بەردەوامە و تازەکردنەوەی ئاو لە بەرەبەیانی ڕۆژی نەورۆز، یەک لە ئەرکەکانی بنەماڵە کوردەکان بووە و لە زۆر شوێن بەردەوامە.
زیاتر لەوە، نەورۆز لە ناو کورد و نەتەوەکانی تر، لایەنی فەرهەنگی، هونەریی، کۆمەڵایەتی هەبووە و هەیە. ڕێوڕەسمەکانی بەر لە نەورۆز، ئێوارە و ڕۆژ و شەوی نەورۆز هەتا گەیشتنی سێزدەبەدەر، وەک کۆسەبەبە، کۆسەگەردی، کۆسەی هەجیج، کۆسە گەلین و گەلێکی تر خۆ لە شانۆدا دەبیننەوە، کە هەمان شێوە و فۆڕمی هەیە کە لە یۆنان سەردەمی چێکردنی شانۆ باو بووە. کۆسە گەلین ڕێک هەمان داستانی مەڕ و مرۆڤە کە بۆتە سەرەتای شانۆی تراژێدی لە یۆنان.
میرمیرێن کە هەتا سەردەمی ڕەزاشا لە کوردستان باو بووە و بۆ پازدە ڕۆژ دەستەڵاتی شار و گوند دەکەوتە دەستی میری هەڵبژاردە و دەوری کۆمەڵایەتی، سیاسی، کەلتووری و هونەریی نواندن لە چەشنی شانۆی تێدا دەبیندرێ، کە نزیکترین هۆنەر بە فەلسەفەیە، گرێدراوی نەورۆز و ئازادییە و جێگە و پێگەی خەڵک تێیدا دەبیندرێ، کە لە سەردەمی ئەنتیک بە چەشنێک لە دێموکراسی ناسراوە و ئەم ڕۆژانە لە باسی دێموکراسی ئاماژە بەو چەشنە لە دێموکراسییەی مێزۆپۆتامیا دەکرێ، بۆ وێنە لە باسەکانی “ڕاینەر ماوسفێلد” پرۆفیسۆری بواری پسیکۆلۆگی!
فەلسەفەی بوونی نەورۆز و لایەنەکانی سروشتی، کۆمەڵایەتی، هونەریی، فەرهەنگی، سیاسی هەڵدەگرێ زۆرتر باس بکرێ و باس کراوە کە لە ئەدەبیات و بازنەی ئاکادێمی ئورووپا بۆتە جێی باس، کە لەم کورتە باسەدا جێی نەبۆتەوە.
ئاوڕدانەوە لە مێژوو، کەلتوور، ئەدەبیاتی زارەکی، هونەریی بەیت، حەیران، دەنگبێژیی، گێڕانەوە، زارگێڕانەوە، دابونەریت و سەدان و هەزاران گەمەی ناو کوردەواری، ئایینە هەمەجۆرەکانی ناو کورد، سەما و هەڵپەڕکێ و زمانی فرە دەوڵەمەند، جیهانێکی چەندان هەزار ساڵە دەردەخەن کە هەموویان هێشتا وەک نەورۆز خۆیان دەرنەخستووە. ناسین و ناساندنی سەردەمێکی گرنگی مرۆڤایەتی لە مێزۆپۆتامیا و زاگرۆس کە نەرۆز تەنیا یەک وێنەیەتی، ئەرکە!
نەورۆزتان پیرۆز
برایم فەڕشی
ئاڵمان – کۆڵن
١٥/٢/٢٠٢٥




پەیكەری ئەنفال.. شوان كەمال

ئەنفال دانەیەكە لەو زامانەی میلەتی كورد كە هەرگیز سارێژ نابێت زۆرن نەهامەتیەكانی گەلی كورد لەدوای لۆزان و دابەشكردنی بەسەر ئەم چوار دەوڵەتە ئیتر كورد خێری لە بونی خۆی نەبینیوە،لایەنی سیاسی نامەوێت بچمە قوڵاوی باسەكە بۆ ئەوەی باسی كارە هونەریەكەم بكەم.
ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵم بە خەیاڵات و خەونی ئەوەی مۆنۆمینتێك یان پڕۆژەیەكی گەورە و مەزن دروست بكەم بۆ كارەساتەكانی كۆمەڵكوژی چەكی كیمیاوی و پڕۆسەی ئەنفال،بەداخەوە لەبەر هۆكاری نەبونی پارە و بودجێ و خەمساردی لایەنی پەیوەندی دار لەلایەكی ترەوە نەبونی سیاسەتی كلتوری و لاوازی دامودەزگاكانی هونەر لەكوردستان نەمتوانیوە ئەم خەوەم بكەمە ڕاستی.
بەڵام لە دروستكردنی هێڵكاری و سكێچات و پلان دانان نەوەستاوم زۆرێك لەو شتانەم كردۆتە پەیكەری بچوك و لە مەوادی باش وەك بڕۆنز و ئاسن و ئەلەمینیۆم دامڕشتون،تا لە فەوتان دوربن و بۆ مێژو دوای خۆم بمێننەوە.
كاتی خۆی بە تەحدیدی ساڵی ٢٠١٣ لە هۆڵەندە و بەهۆی كەسێكەوە بەناوی(دانا هەڵبجەیی)كە هاوڵاتی هۆڵەندیە پەیوەندی پێوەكردم وتی كاك شوان لە شاری دێنهاگ كە بە (لاهای) ناسراوە بەتەمان لەشوێنی دانانی پەیكەر بۆ قوربانیانی كۆمەڵكوژی چەكی قەدەغەكراو كە زۆرێك لە وڵاتان پەیكەریان داناوە پەیكەرێك دروست بكەن بەناوی كوردەوە منیش لە شارەوانی باسی تۆم بۆكردون كە لە ئەلەمانیا كاری زۆرت كردوە بۆ شوێنە گشتیەكان و ئەو پەیكەرەی عومەری خاوەریان بینیوە زۆریان پێ جوانبوە كە بەشێوەیەكی تەعبیری سوریالی دروستمكردوە.
ماوەیەكی زۆر سەرقاڵی ئەوەبوم هیلاكی كردم بەڵام بەداخەوە لەكاتی ئەوەی كە پەیوەندیان كردبو بە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالی لای خۆمان ئەوكات مامۆستا(ئارام)ێك وەزیر بوە دیارە لە ڕوانگەی حیزبیەوە سەیری كارەكەی كردبو وتبوی ئێمە پەیكەرسازی خۆمان هەیە،ئیتر درێژەی پێ نەیەم كارەكەیان دروستكرد بەشێوەیەكی لاواز و ناشرین دوایش وتیان لێپرسراونی حكومەتی عێراقی پەردەیان لەسەر لابردبو.
لەو ساڵانەی پێشو لە سەفەرێكما بۆ كوردستان لە شاری سلێمانی خەریكی ئەو پەیكەرەی مامۆستا شێركۆ بێكەس بوم لە پاركی ئازادی لەسەر ئارامگەكەی،ئیتر پەیوەندیان پێوەكردم دەزگایەكی ئەلەمانی كە زیاتر كار بۆ قوربانیانی ئەنفال ئەكەن لە ناوچەی گەرمیان..وتیان حەزەكەین پەیكەرێكمان بۆ دروست بكەی لەناو پڕۆژەی مۆنۆمینتی ئەنفال.
كاری زۆرم بۆكردوە لەگەڵ قوربانیانی ئەنفال لە گەرمیان كۆبونەوەشمانكردوە گرێبەستمان نوسیوە بەڵام بەداخەوە لەو كاتەوە لەبەر نەبونی بودجیە ۆڕپژەكە وەستاوە.
لەم ماوەیە بیرم لەوە كردەوە كە هەوڵ بەم پەیكەرێك لە شێوەی مەدالیا لە بڕۆنز دروست بكەم،دوایی بیرم كردەوە مەدالیا پێویستی بە بڵاوكردنەوە هەیە،بۆ ئەمەش بە شێوەی فەرمی تا زیاتر گرنگ بێت و بڵاوبێتەوە بدرێنە میوان و كەسانی بیانی كەسەردانی كوردستان ئەكەن وتم لەسەرۆكی حكومەت و دامودەزگا تەشریفاتیەكان باشترم دەستناكەوێت.
بۆ ئەم شتانەش من كەسێكی زۆر خراپم،ناتوانم تەكلیف و داخوازی بكەم بەتایبەتی بۆ باڵاوكردنەوەی كارەكانم،بەڵام ماوەیك لەمەو بەر وەتەبێژی حكومەت خۆی پەیوەندی پێوەكردم وتی كاك شوان حەزەكەین كارو پرۆژوی هونەریت هەبێت و بۆ شارەكانی كوردستان لەگەڵ بەێز سەرۆكی حكومەتیش باسمانكردوە بەڕێزیان ڕەزامەند بوە و پێخۆشبوە لەكاتێكا خۆشیان كاری هونەری ئەكان و حەزیان بە بوژاندنەوەی فەرگەنگی كوردەواریە.
دو مەدالیای بڕۆنزیم دروستكردوە دانەیەكیان هاتوم بەندیخانەی نوگرەسەلمان لە خواری عێراقم كردوە بە سیمبولێك بۆ نەهامەتی و ئازارو ئەشكەنجەی قوربانیانی ئەنفال،خۆی مەدالیا دوو دیوە لە دیوێكیان بەندیخانەكەم دروستكردوە لەو دیوشی بە زمانی ئینگلیزی باسێكی پڕۆسەی ئەنفالم كردوە.
مەدالیاكەی تریان هاتوم كارێكی قوڕی یان گڵێنەیی سۆمەریەكان بەناوی(نەخشەی ئەستێرەكان)لە بڕۆنز دروستمكردۆتەوە دوایی لەگەڵ نوسینە مێخەكان نوسینی كوردی ئینگلیزیم داناوە باسی ئەنفالم كردوە.
وەك تەعبیرێك لەوەی لەگەڵ ئەو شارستانیەتە مەزنەی میتۆپۆتامیا و ئەم نەخشە گرنەگەی لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس دانراوە ئەم نەهامەتیەش بەسەر میلەتی كوردا هاتوە.
بۆ زانیاری زۆربەی ئاسەوارە گڵینیە گرنگەكان لە خواری عێراق دۆزراونەتەوە كە نوگرەسەلمانی لێیە.
دوایی سەیرمكرد ئەگەر رەمزێكی تری ئەو بیابان و وشكانیەی بۆ زیاد بكەمە لەوانەیە كارەكەم تەعبیری زیاتر بێت و لەلایەنی هونەری و فۆرمی كارەكەش بایەخی باشترو جوانتر بێت،ئیتر هاتم مارومێلكەیەك یان خشۆكێكی بیابانم بۆ دروستكرد كە وەك تەعبیرێك كاتی گۆڕی بەكۆمەڵ و ئەشكەنجە و ئازاری قوربانیانی ئەنفال ئەم ئاژەڵە خشۆكە ئاگادار بوبێت وەك شایەتێك.
لە مەكتەبی سەرۆك و وتەبێژی حكومەتی هەڕێمی كوردساتنەوە ڕایانسپاردوم كە بیرۆكەكە جوان و جێی پێزانین و بەرزڕاگرتنە وتیان كاتێك كە سەردانی كوردستانت كردوە حەزەكەین لەنزیكەوە باسی پڕۆژەكان بكەین.
لەبەر ئەوەی لێرە لە ئەوروپا بەتایبەتی لە مەملەكتی سوید و وڵاتی ئەلەمانیا خەریكی كارو پڕۆژوی هونەریم و گڕێبەستم لەگەڵیان هەیە،سەفەركردن و هاتنەوە بۆ نیشتمان كەمێك ئاسان نیە بۆم.
بەهیوای ئەوەی لەداهاتویەكی نزیك بتوانم سەردانی كوردستان بكەم و كاری جوان و پڕۆژەی مەزن بۆ ئەنفال و قوربانیانی چەكی قەدەغەكرو دروست بكەم.




ڕۆشنبیر و خیانەت.. نەوزاد بەندی

ڤلادیمێر لینین ئەڵێ : ( ڕۆشنبیرەکان بە تواناترین کەسن بۆ خیانەتکردن، چونکە بەتواناترین کەسن له پاساوهێنانەوەدا )
لێرەدا پرسیارێک سەرهەڵدەدات ، ئایا ڕۆشنبیرەکان خیانەت ئەکەن ؟ لە ڕاستیدا ئەو دوو وشەیە یەکناگرنەوە، ڕۆشنبیر و خیانەت، واتا هەر کاتێ ڕۆشنبیر یان هەر توێژێکی تری کۆمەڵگا خیانەتی کرد، سیفەتی ڕۆشنبیر یان هەر سیفەتێکی تری لێ جیا دەبێتەوە و پێی دەووترێت خائین …
بۆیە کاتێ لە وینستۆن چەرچڵ ئەپرسن : ( ئەگەر تەنها 10 فیشەکت پێ بمێنێ لە مەیدانی جەنگدا ، چۆن بەکاریان ئەهێنی ؟ )
چەرچڵ یەکسەر ئەڵێ : ( نۆ دانەیان ئەنێم بە ناوچاوی خائینەکانەوە..)
لێرەدا ئەو ( خائینانە ) ی چەرچڵ باسیان لێوە دەکا، نازانین لە ڕۆشنبیرەکانن، یان نەخوێندەوار یاخود مامۆستا و ئەندازیار و فەرمانبەرن چونکە کاتێ خیانەت دێتەگۆڕێ، ئەبێتە تاکە ناونیشان و تاکە نازناوی کەسەکان وەک بڵێی مرۆڤ کە خائین بوو، بە چی ئەچێ ئەگەر هەر پلە و پۆستێکی ئایدیۆلۆژیی و زانستیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی هەبێت ؟ ڕێک وەک گۆشتێک کە بۆگەن ئەکات، ئەووترێ گۆشتە بۆگەنەکە، ئیتر هیچ گرنگ نییە ئەگەر گۆشتی بەرخ بێ، ئاسک بێ یان حوشتر ، چونکە بە بۆگەنبوونەکەی ، هەموو سیفەتەکانی تری نرخ و گرنگییەکیان نامێنێ . چۆن کاتێ مرۆڤ گیانی دەردەچێ، ئیدی هەموو ناو و نازناوێک وون دەکات و پێی دەووترێ تەرم واتا جەنازە، چونکە ئەو کەسە بە هۆی گیانەکەیەوە خاوەنی ناو و نازناوەکان بوو، بە جیابونەوەی لە گیان، ئەبێتە تەنها لاشەیەک، لە تەرم زیاتر هیچ هەڵناگرێ و لە شیبوونەوە و ڕزین زیاتر شتێکی تر چاوەڕوانی ناکات .
بە هەمان شێوە کاتێک موسوڵمانێک لە ژێر پەردەی موسوڵمانێتیدا کاری دژ بە ئایین ئەنجام دەدات، ئەمجارە تەنانەت نازناوی کافریشی دەست ناکەوێت، بەڵکو لە کافر خراپتر، پێی دەووترێ مونافیق واتا دوو ڕوو، ئەم دووڕووانە لە بنکی ئاگری دۆزەخدا سزا دەدرێن، لەبەرئەوەی ئەمانە تەنها بە دژایەتیکردنی خواوە نەوەستاون ، بەڵکو هاتوون بە ڕوخسارێکی ئاینییەوە دژایەتی خوا و یاسا و داب و نەریتەکانی خوایان کردووە . لەم حاڵەتەدا، ڕێک وەک ئەو ڕۆشنبیرانەی کە لینین ئاماژەی پێکردوون، ئەبنە هۆی سێ جۆر تاوانی گەورە، یەکێکیان شکاندنی یاسا و سنوورەکانی خوایه، دووەمیشیان بەکارهێنانی مۆڕفۆلۆجی ئاینییە بۆ فریودانی کۆمەڵگا و ئاسانکاریی بۆ بەجێگەیاندنی تاوانەکانیان، سێیەمیش سوککردنی ئاینی خوایە لە پێش چاوی خەڵکەکە، ئەها فڵان دیندار چ دز و حەرامزادەیەک دەرچوو .. ئەها فڵان مامۆستای مینبەر بوو بە پیاوی فڵان حیزبی دژەدین و دژە مرۆڤ، ئەها فڵانە خواناس کەوتۆتە فریودانی کچۆڵە و بێوەژنان، بە هەمان شێوە ئەو ڕۆشنبیرانەی خیانەت ئەکەن گەلێک ترسناکترن لەوانەی بە نەزانینەوە یان لە نەخوێندەواریی و لە بێکاریی و لە ترس و لە لاوازیی و کاڵفامییاندا لە خیانەتەوە گلاون، چونکە کاتێ ڕۆشنبیر خیانەت ئەکات ئیتر کایەی ڕۆشنبیریی ئەبێتە جێگای گومان، وەک ئەو کانیاوە سازگارەی زێرابی تێکەڵاو ئەبێ، وەک ئەو ئاسمانە شینەی دوکەڵی لێڵی ئەکا، لەبەرئەوە هەرچەند پاساوی بەهێز و گونجاو بێنێتەوە بۆ خیانەتەکەی، تازە ئەو سێ گورزی کوشندەی لە کۆمەڵگا وەشاندووە ،یەکەمیان سفرکردنەوەی هەموو بەرهەمەڕۆشنبیرییەکانی خۆیەتی کە ساڵەهای ساڵ خۆی و کۆمەڵگای پێوە سەرقاڵ کردبوو، دووەمیان خراپ بەکارهێنانی پێگەی ڕۆشنبیریی بۆ خواست و ئارەزووە تایبەتییەکانی خۆی، وەک سەرۆکی هەندێ دەزگای زەبەلاحی ڕۆشنبیریی کە گلابوون بە چەندەها کەیسی ئەخلاقیی و فریودانی کچۆڵە هەرزەکارەکان به ناوی ئەدەب و هونەرەوە و لادانیان لە ڕاستە ڕێی ڕەوشت و ئابڕوو .
سێیەم، بریتییە لە شکاندنی تێرمی ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیریی لەناو کۆمەڵگادا ، ئەوەیش شکاندنی کتێب و سووککردنی کتێبخانە و خوێندنەوە و چاپ و بڵاوکردنەوەی بە دوادا دێت بە جۆرێک کایەی ڕۆشنبیریی ئەگاتە ئاستێکی زور نزم وەک لای خۆمان کە هەر کەسێ ڕاست ئەبێتەوە قسەی سوک بە ڕۆشنبیریی و کتێب دەدات بە هۆی فڵانە شاعیر یان ڕۆژنامەنوس کە هەر ڕۆژەی پیاوی کەناڵێکی ڕاگەیاندنی دژە گەل و نەتەوەیە، تف دەکەن لە کتێبەکانی ئەنگڵز و لینین کاتێ فڵان ڕۆشنبیری کۆمونیستی پێشکەش‌ کردوون، ئێستایش بووەتە تاکە سەرمایەدار، کە وار و وێخی کۆمەڵگای قوت داوە و ئەوەی یەکسانیی و مافی کرێکار بێ، لە مەزهەبیدا نییە . دژایەتی کتێبەکانی خوا ئەکەن، چونکە ئەم ڕۆشنبیرە ئاینییە خۆپەرست و غەریزە پەرستانەی بنیات ناوە، کە لە کۆشکە حەرامەکانیانەوە بەسەر خەڵکدا ئەقیڕێنن و داوای خێر و بەخشندەیی و تەرکی دنیایان لێدەکەن.
هاوڕێیەکی نووسەرم کاتی خۆی بە دڵسۆزییەوە کتێبی گیرفانی ( دوا خۆشەویستی لە ژیانی دیستۆیڤسکیدا ) ی وەرگێڕا بووە سەر زمانی کوردی و پێشکەشی پڕۆژەی کتێبی گیرفانی کردبوو، ووتی : کتێبەکەم پەسەند کرا و چاپ و هەڵەوەگێڕیی یەکەم و دووەم و سێیەمی بۆ کرا ، لە پڕێکدا بە ئەمری خاوەنی پڕۆژەی کتێبی گیرفان ڕاگیرا .. بۆچی ؟ کەس نەیزانی، تەنانەت ستافی چاپ و پەخشی دەزگاکە زۆر به داخ بوون بۆ ئەو ڕێگرییە ناقۆڵایەی ڕووبەڕووی ئەو کتێبە کرایەوە، ئەمە جۆرێکە لە خیانەتیی ڕۆشنبیرێکی بڕیار بەدەست کاتێ میللەتێک لە جوانترین کتێبی گیرفان بێ بەش دەکات .
هەر بۆیە بە ڕای من ئەبوو ڤلادیمیر لینین ، دێڕێکی تریشی بۆ ووتەکەی زیاد بکردایە و بینووسیایە : ( بەڵام ئێوە هیچ پاساوێکی خیانەت لە ڕۆشنبیرەکان وەرمەگرن و یەکسەر بە خراپترین شێوە سزایان بدەن و بە نەفرەتیان بکەن )




ڕوونكردنەوە و بەرچاو ڕووینییەك بۆ خوێنەرانی دەنگەكان.. سەدیق سەعید ڕواندزی

لە بەر ئەوەی من بابەتەكانم تەنها لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكان بڵاو دەكەمەوە، دوای بڵاو بوونەوەیان لە بڵاوكراوەكان، ئەوكات بە شانازیی و پێزانینەوە بۆ هاوڕێ گۆران عەبدوڵای خۆشەویست و ماڵپەڕی هەرە سەنگین و پڕ خوێنەری دەنگەكان دەنێرم، بۆیە هەر نووسەرێك، هاوڕێیەك، خوێنەرێك، دەیەوێت وەڵامی بابەتەكانی من بداتەوە، با بابەتەكەی، یان ڕەخنە و سەرنجەكەی، لە هەمان ئەو گۆڤار و ڕۆژنامەیە بنووسێت، كە من وەك خوێنەرێك ( نەك ڕەخنەگر و نووسەرێك) بابەتەكەم لێ بڵاوكردۆتەوە، چونكە من نووسەری نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پۆستی فەیسبووك و دنیای كۆمێنت نیم و دوورم لەو دنیایە. یەكێكیشم لە كەسە هەرە گۆشەگیرەكان، كە تەنانەت هاوڕێكانی خۆشم لە ڕواندز، لە بەر سەرقاڵیم بە خوێندنەوە نابینم، چ جای بگاتە ئەوەی سەرنووسەری بڵاوكراوەكان بناسم ( كە بە شانازییەوە داوای بابەتم لێ دەكەن و لە گەورەیی خۆیانە) هەر كەسێكیش خۆی بە نووسەر بزانێت، دەبێ بای ئەوە ڕۆشنبیری هەبێت، كە گۆڤار و ڕۆژنامە، چەندین فلتەریان هەیە و سەرنووسەر و سكرتێری نووسین و ستافی نووسینیان هەیە و ئەوە نییە هەر بابەتێك وەك ئەوەی لە فەیسبووك یان ماڵپەڕێك بڵاو دەكرێتەوە بۆیان بنێردرێت، ئەوانیش بڵاویبكەنەوە. لەگەڵ خۆشەویستیم بۆ ئەوانەشی كە ڕقیان لێمە، چونكە دەزانم ئەوان لە پەسن و ستاییش ڕاهاتوون.

سەدیق سەعید ڕواندزی
شارۆچكەی ڕواندز _ 18/3/2025.




٣٧مین ساڵیادوو شیمیاییوارانوو شارە بێکەسەکەو هەڵەبجەی.. موختار کەریمی

ئیمشەو دیارەن دەردم کاریەن
هووناو جە زامم چوون سەیل جاریەن
ئیمشەو مەینەتان نە دەروون جەمەن
خێڵخانەی کەیفم پەڕ جە ماتەمەن

٠٠- پەرلەمانوو باشووروو کوردستانی دماو ٢٥ ساڵا هیشتا پرۆژەیاسایەوەش پەی بەڕەسمی ئەشناسای ژێنۆسایدو/جێنۆسایدو هەڵەبجەی و ئەنفالی ئامادە نەکەردەن و پێسەو ژێنۆسایدی/جێنۆسایدی بە ڕەسمیش نەشناسان!!
٠٠ – پەرلەمانوو وەڵاتوو کانادای جە (١٦/٣/٢٠١٠) تاوانەو هەڵەبجە و ئەنفالیش پێسەو تاوانیە دژ بە ئانزانیەتی بەڕەسمی ئەشناسا بەڵام نەک پێسەو تاوانەو ژێنۆسایدی کە کورد چەمەڕاش بێ.
٠٠- دادگاو باڵاو تاوانکاری ئێراقی جە ڕۆ (١٧/١/٢٠١٠) و هەرپاسە پەرلەمانوو ئێراقی جە ڕۆ (١٧/٣/٢٠١١)، جە گلێرەو بیەی ئاسایی ژمارە (٤٤)یشەنە، بە بڕیاروو ژمارە (١٢)ی تاوانەو هەڵەبجە و ئەنفالیش پێسەو ژێنۆسایدی بە ڕەسمی ئەشناساینە، بەڵام تا ئیسە هیج وجارایوەش پەی ئی تاوانێ دیاری نەکەردەن.
٠٠- ئەنجومەنوو پارێزگاو شاروو وینی ڕۆ ١٤و ٣ـی ٢٠٢٣ی، شیمیاییوارانوو هەڵەبجەیش پێسەو جینۆسایدی بەڕەسمی ئەشناسا و داواش جە پەرلەمانی سەرانسەری ئا وەڵاتیە(ئۆتریش/نەمسا) کەرد کە پەرلەمانیچ ئی تاوانێ پیسەو ژێنۆسایدی بە ڕەسمی بشناسۆ.
شیمیاییوارانوو هەڵەبجەی بێگومان جە شێوەو بەکارئاردەی ئا چەکا کوشەندا ویروزوو کۆمەڵکوشیەکەو هیرۆشیماین کە پیسەو پەڵێوی سیاوی و پەی هەتاهەتاین بە تەوێڵەو بکەراو ئی تاوانێ و هەرپاسە بە تەوێڵەو زەمینە وەشکەراو ئی ژێنۆسایدیە مەنۆوە.
جە بارەو پەشتیوانی گردلاینەو (لەشکەری، تەکنیکی، سیاسی، ماڵی و…) وەڵاتە وەرنیشتیەکا، بە تایبەت ئوروپا و ئەمریکا فرە نویسیان و وچیان و منیچ بەش بە حاڵوو وێم جە چن ساڵێ ویەردێنە و هەر پی بۆنەوە بابەتێ فرێم بە بەڵگێوە نویستێنی و وەڵاوم کەردێنێوە. بەڵام دیسان پەیوازەن بە بەردەوامی پەی نەوەی تازەی و ئایەندەی باسش کەرمێ و بە کورتیچ بۆ چەمێوەتەرشا پۆرە وزمێ.
ئاڵمان، ئەمریکا، بەریتانیا، هولەند، فەرانسە، شۆرەوی جارانی و…. دەورێو سەرەکیشا بیەن جە یاردیدای ئێراقی پەی بەرهەمئاردەی چەکی شیمیایی، چ بە کەرەسەی خام و چ بە یاونای زانیاری تێکنیکی بە ڕژیموو بەعسی. ڕێکوزیاو (مێدیکۆ ئینتەرنەشنەڵ) جە گۆڤاروو (کوردستان ئەکتوئێل)ی ساڵەو ١٩٩٨ی نامێ 56 هەرمانگای بەرهەمئاوەرێ(شەریکێ) ش وەڵا کەردێوە کە بە ساڵان و بە چڕووپڕی یاردیدەرێ ڕژیموو سەدامی بیەنێ پەی بەهەمئاردەی چەکی شیمیایی.
یۆ چا وەڵاتا کە بە ڵێشاو کەرەسەی شیمیاییش پەی دروس کەردەی ئا چەکە کوشەندا کیاست پەی ڕژیمە فاشیستەکەو سەدام حسەینی، حکوومەتوو ئا وەختەو ئاڵمانی بێ. بە پاو ئا بەڵگا کە ئینای وەروو دەسینە زیاتەر جە 60%و ئا کەرەسە شیمیاییا کە هەڵەبجەشا پەنە خنیکیا جە لاو شەریکە ئاڵمانیەکاوە و بە ئیجازەو دەوڵەتوو ئاڵمانی ورەشیاینێ بە ڕژیموو بەعسی فاشیستی. چی مامەڵە چەپەڵ و جەنایەتکارانەنە زیاتەر جە هەشتا(80) کارگای بەهەم ئاوەرێ (شەریکێ) ئاڵمانیێ بە بەڵگەوە بەشدارێ بیێنێ.
گردوو ئا هەرمانگە بەرهەمئاوەرە (شەریکە) ئاڵمانیا وکەسایەتیەکا دیارێنێ و پەی گردی ئەشناسیاێنێ. بە پاو ئا زانیاریە باوەڕ پەنەکریایا کە چاپەمەنیە ئاڵمانیەکا وەڵاشا کەردێنێوە، نزیکەو 70% و ئا گازە ژاراوی و کوشەنداو ئێراقیە بە یارمەتی هەرمانگە ئاڵمانیەکا بەرهەم ئامێنێ.
جە مانگەو ئووتی(ئاوگوستی) ساڵەو ١٩٩٧ی ٧ کەسێ جە کاربەدەساو بڕێو چا شەریکا جە چن شارێ ئاڵمانی قۆڵبەسێ کریای و دریای بە دادگای. دوێ کەسێ چا وەرپەرسا کارمەندێ ڕێکوزیاو سێخوری ئاڵمانی(ب.ن.د.) بێنێ. بەشێوە فرەو ئا کاربەدەسا بە بێ سەزا و چن کەسێچشا بە سەزایوە فرە سووکە جە دادگانە زیایرە.
جە بارەو کوشەندەیی و خنیکنای خەیراو ئی چەکە مەترسیدارا جە زوانوو شاهێدحاڵاو هەڵەبجەیەو فرە وچیان و نویسیان. ئاسەوارێ وێرانکەرێ ئی چەکا دماو ٣٧ ساڵا هیشتا بە تەمامی نەسەڕیاینێوە و جیامەکاو ئی کارەساتیە هیشتا بە دەردە جۆراوجۆرەکاو ئی گازاوە ناڵا.
دادگایی کەردەی بڕێو جە تاوانبارەکا
سەدام حوسەین و ڕژیمەکەش پێسەو تاوانباری سەرەکی:
دادگاو تایبەتوو ئێراقی سەدام حوسەینش بە تاوانەو ژێنۆسایدوو هەڵەبجەی تاوانبار و ئێعدام نەکەرد. سەرەڕاو ئانەیە کە داواکاری گردی دادگای ٥٠٠ بەڵگێ سەلەمنەری تاوانەکاو سەدامیش وەروو دەسینە بێنێ، بەڵام سەدامش تەنیا بە هۆکاروو کۆمەڵکوشی دوجەیلی جە ساڵەو ١٩٨٢ ی جە سێدارە دا. دڵێ ئا بەڵگانە و جە عانوو دادگایی کەردەکەینە بەڵگێو ئاشکرا بی کە دەزگاو هەواڵگێری لەشکەری ئێراقی جە ساڵەو ١٩٧٨ ی داواو مووڵەتیش جە سەدامی کەردێبێ پەی بەکارئاردەی گازی سارینی و خەردەلی و چن گازیتەری دژ بە کوردەکا. سەدامیج جوابش بە دەزگاو هەواڵگێری دابێوە کە لەیەک دەیدێوە و بزاندێ ئایا هێڕشێوی کتووپڕ پی چەکا کریۆ پەی سەروو کوردەکاو ئێرانیەکا. ئینە ماناش ئانەنە کە سەدام ساڵیە وەڵتەر پلانوو بەکار ئاردەی ئی چەکیشە وەروو دەسینە بیەن.
کورد بە گردی و جیامەنەکاو شیمیاییوارانوو هەڵەبجەی بە تایبەتی جە بڕیاروو دادگاو تاوانبارەکاو ڕژیموو بەعسی کە سەدامش تەنیا بە بۆنەو کۆمەڵکوشی دوجەیلی جە سێدارە دا، ناهۆمێڎی بیێ و ئی بڕیارەشا بە ناهەقێەوی گەورە زانا وەرانوەروو ئا تاوانە گەورێوە کە وەرانوەروو کوردی و بە تایبەت هەڵەجەیەکاوە ئەنجامە دریا.
دادگاو تایبەتوو تاوانباراو ئێراقی جە ڕەوتوو درێژەو دادگایی کەردەکەینە تاوانەو هەڵەبجەیش سەرەتا پێسەو تاوانکاری وەرانوەروو ئانزانیەتی جە قەڵەم دا نەک پێسەو تاوانەو ژێنۆسایدی، (١٧/١/٢٠١٠) . حەسەن عەلی مەجید، ئەشناسیا بە عەلی کیمیایی کە بکەر و راسپاردەو سەدامیی بێ پەی شیمیاییوارانوو هەڵەبجەی، سەرەتا نە بە بۆنەو تاوانەو ژێنۆسایدی، بەڵکوو بە بۆنەو تاوانەو دژ بە ئانزانیەتی بە تاوانکار ئەشناسیا و جە سێدارە دریا، (٢٥/١/٢٠١٠). تەنیا چێروو گوشارێوی فرەینە دادگا دماتەر چەمێوی دووبارەش وست سەروو بڕیارەکەیشەرە و دماو ٣٤ ئەرەنیشتێتەری دادگاکێ تاوانەو هەلەبجەیش پیسەو تاوانەو ژێنۆسایدی بە ڕەسمی ئەشناسا و کەیسەکە یەکلا کریاوە، (٢٨/٢/٢٠١٠). دماتەر ئا پەتێ کە عەلی کیمیاییش پەنە سێدارە دریا، ئاردەشاوە هەڵەبجە و جە مۆنۆمێنتوو قوربانیەکاو هەڵەبجەی نیاشارە.(٢٠١٢)
هەرپا جۆرە کە وەڵتەر ئیشارەم پەنە کەرد، پەرلەمانوو باشووروو کوردستانی کە جە ساڵەو ١٩٩٢وە مەرزیانەرە، دماو شش خولێ هۆرچنیەی پەرلەمانی تا ئیسە هیچ پرۆژە یاسایێوەش پەی بە ژێنۆساید ئەشناسای تاوانەکاو هەڵەبجەی و ئەنفالی پەسەنڎ نەکەردەن. ئینە هەم ئەوپەڕوو شەرمەزارین و هەم فرەیچ یاگێ گومانێنە کە ئی پەرلەمانە چی تائیسە پی ئەرکیشە هۆرنێستەن؟
ئی هورزوکەوتە گوماناویەو پەرلەمانی گاریگەری فرە نەرێنیش سەروو زامڎارەکا و جیامەنەکاو ئی ژێنۆسایدیە نیانەرە. جا وەختێو پەرلەمانوو کوردی ویش ئینە هۆرزو کەوتش بۆ و وێش جە خاوەنداریەتی ئی کەیسیە دزۆوە، ئیتر ئا خەڵکە قوربانیکریا و بێکەسە پەنا پەی کێ بەرۆ؟

جە لایە تەریچەو گاریگەری نەرێنی ئی وێدزیەیەو حکوومەتوو هەرێمی بە وێش و پەرلەمانشەو سەروو ئا ڕێکوزیا میادەوڵەتیارە منیۆرە کە هەوڵ و تەقەلایەو فرەشا دا و کەوتێ شۆنەو ئی کەیسەیە و یاوناشا بە پەرلەمانێ بڕێو وەلاتا. تەنانەت بڕیو چا پەرلەمانا ئی تاوانێشا پیسەو ژێنۆسایدی بەر ڕەسمی ئەشناسا، بەڵام چوون کورد وێش و پەرلەمانش تا ئیسە وێشا نەکەردەن خاوەنوو ئی کەیسەیە، هەوڵە میادەوڵەتیەکایچ بێ ئاکام مەنێنێوە.
.
هەر پا جۆرە و بە هەق خەڵکوو هەڵەبجەی باسش کەرا، هۆکاروو ئی وێدزیەیەو پەرلەمانی گێڵۆوە پەی خیانەتوو دەسەڵەتدارو باشووری بە قوربانیاو هەڵەبجەی و ئەنفالی کە سەڎان تاوانبارێ و ئەنفالچیێشا پەنا داێنێ و فرێچشا ئیسە دلی ئا حێزبانە کاربەدەسێنێ و پلێ بەرزێ حێزبیێشا ھەنێ. بڕێو چا تاوانبارا کە ئا حێزبا پەناشا داینێ، نامێشا ئینا دلێ لیستوو تاوانبارە بەعسیەکانە کە دادگاو تاوانباراو ئێراقی داواشا کەرۆ. نە تەنیا تاوانبارە بەعسیەکا، بەڵکوو وەرپەرسێ کوردێ فرێچ کە ئینای دلێ ئا حێزبە کوردیانە، دەسێوی وناڵینشا بیەن جە تاوانەکاو هەڵەبجەی و ئەنفالیەنە. ئەگەر ڕۆیە جە ڕوا تاوانەکاو هەڵەبجەی و ئەنفالی پێسەو ژێنۆسایدی بە ڕەسمی بشناسیا و تاوانبارەکا دریا بە داگایەوی تایبەتی، بێگومان وەرپەرسێ و دەسەڵاتدارێ ئی حێزبایچە مشۆ دادگایی کریا و بە سەزاو تاوانەکاشا یاوا. بی دەنگی و وێدزیەیەو حکوومەتی و هەرپاسە پەرلەمانوو باشووری نیشاندەروو ئانەینە کە ئی تاوانبارا تا چ ڕادێو یاگێ وێشا دلێ ئی دەسەڵاتیەنە قایمە کەردێنە و شۆنەمایە کاریگەرەشا دلێ ئا دەسەڵاتیەنە هەنە.

موختار کەریمی – ئاڵمان ٢٠٢٥.٣.١٦




بەکورتی2: بۆ لەگەڵ سۆفیزم(تەسەووف) یەکناگرمەوە!؟.. ئازاد حەمە

ڕەخنەکردنی بیروباوەڕی سۆفییایەتی تازەنییە و ئەنتی سۆفیزم Sufism Antiیش هێندەی خودی سۆفیزم قوڵە و بەردەوامیشی هەیە. گومانەکان لە تواناکانی سۆفیگەریی لە گۆڕینی ژیانی مرۆڤ نوێ نیین. بۆیە هەڵوێستەکان لەوبارەوە بەرامبەر بە ژیان و جیهان دەمانخەنەبەردەم دوو جۆر لە زاهیدگەراییەوە(ئاینیی و فەلسەفیی).
سۆفیزم بەچەن قۆناغێکدا تێپەریووە و دیدگاکانیشی تاکئاقار نییە، لێ بەشێکی زۆر لە بیریارانی عەرەبی ئیسلامی سۆفیزم دابەشدەکەنە سەر ئەوەی کێ لە سۆفیەکان لە ئیسلامەوە نزیکە و کێیان لێوەیدوورە. لەبەرئەوە دەپرسین: گەر سۆفیگەرایی ڕێگاکانی پاککردنەوەی پیسی ناخمان پیشاندەدات، ئەی دوای ئەوە؟ شوێنکەوتوانی عیرفانی ئیسلامی لەمڕوەوە زۆریانوتووە، لێ بەپێی دیتنی ئێمە پاقژکردنی دڵ و خاوێنکردنی ناخ پتر لە سۆفیاییەتی دەخوازێت. سۆفیزمێک دابڕاوبێت لە دیدی فەلسەفیی بۆ جیهان، تاک و گەردوون دژیم. بەڵێ دژی سۆفیزمێکم تەنها لە خەیاڵی خودێکدا بێت، لەمیانەی تاکێکەوە خۆی نمایشبکات، کە خودی سۆفیستە. دژیم چونکە مرۆڤ دابڕاودەکات لە جیهانی ڕیال و ئارگومێنتەکانیشی لەبەردەم ئەو ئازارەی مرۆڤەکان لە گەردووندا دەیژێن لاوازە.
هەستێکی نائارامم سەبارەت بە سۆفیبوون هەیە. سەرچاوەی ئەم نائارامییەشم خودی سۆفیگەریی لێیبەرپرسیارە. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، کە لەناو سۆفیگەریدا بێباکییەک بەرامبەربە ئەویتر Other دەبینم، گشت ئەویترێک بۆ سۆفیست(سۆفیگەرا) ئەو مانایەی نییە. بۆیە دژی تەسەووفم.
زۆرێک پێێانوایە، کە سۆفییایەتی شێوازێکە بۆ بینینی جیهان. لەناو ئەم بینینەش پەیوەندیکردن بە خالق چەقی کردەکانی سۆفی پێکدێنێت. بەڵام سۆفیگەری، کە سیستەمێک لە ئەندێشەگەرایی عیرفانی تیابەرجەستەیە، ئەمە چی لە نادادیی و غەدرەکانی جیهان دەگۆڕێت؟
بەپێێ سۆفیزم دیدی زاهید بۆ جیهان هەڵگری مانا بەرزەکانە بۆ ڕۆح، بە پێچەوانەی هەندێک دیدی ترەوە، کە مامەڵە لەگەڵ ژیانی دونیاییدا دەکات. واتە،دونیای بەردەست بۆ زاهید شوێنێکی ڕاگوزەرە، ئەمەش وادەکات مرۆڤی زاهید لە چێژەکانی ژیان خۆی بەدوربگرێت و خۆی بۆ ژیانێکی هەتاهەتایی ئامادەبکات.دواتر چی؟بۆ ئێمە دواترەکە پرسیارە سەرەکییەکە پێکدێنێت.
لە تەسەوفا هۆش ونە و بۆ فەلسەفەش هۆش سەرەکییە. دیارە ئایدیالی زاهید پشتگیری لە بەهاکانی نزاکردن، دەروێشگەرایی، زیکرکردن، پاکیزەیی و خۆنەویستی دەکات. ئەمە بەپێی زاهیدگەرایی فەلسەفیی بەرەو زیادە‌ڕە‌وی لە‌ خوا پە‌رستیمان دەبات،کە بەشێک لە بیریارانی ئیسلام وەک مەترسییەک لەبەردەم ئیسلامگەرایی بینیویانە. بۆیە گرنگیدان بە مرۆڤ و بیرکردنەوە لە باشترین شێوازی ژیان، هەردەم بۆ فەلسەفە مانای خۆی هەبووە.
تەسەوفی عیرفانی، ئەمە کە ئێستا خەریکە لە کوردستان بڵاودەبێتەوە، لە وتارێکی شیعرگەرایی زیاتر هیچیتر نییە. سەرلەبەری ئەو عیرفانەی لەوێڕا بەیاندەکرێت پشتبە دێڕی(گوتنی) تەسەوفی عیرفانی شیعرئامێز دەبەستێت، کە دەخوازێت بگاتە ئاستی دێڕی Aphoristic (گوتنی نەستەق)، لێ ناگات. ناگات، چونکە بنەماکەی هەرتەقاتە Heresy و مانا بەرهەمنایەنێت. بۆ سۆفیەکی عارف مانا گرنگ نیە، ئەو ڕەوانبێژییە پەخشانئامێزە گرنگە عارف خۆی پێژیردەکاتەوە.
کۆتا وتنمان لەم بارەیەوە ئەم پۆلە پرسیارە لەخۆدەگرێت: شیاوە لە ڕەهەندی مەعنەویی سۆفییایەتیدا توخمی فەلسەفیی بدۆزرێتەوە؟واتە کارکردن لەناو پۆلی سۆفیزم(تەسەووف)هاوکارماندەبێت سێستەمێکی فەلسەفیی بونیادبنێێن، کە دواتر گوتارێکی فەلسەفیی لێبخوڵقێت؟ ئایا سۆفیگەریی،کە ئاکاری نزا، سوجدە، بەزەیی، پڕسۆزیی و زاهیدیی پەرەپێدەدات، دەتوانێت رووبەرووی زیرەکی دەستکرد ببێتەوە؟ دیدی زاهید(عارف) بۆ ژیان، بۆ جیهان، دیدێکە لەسەر بناغەی ئەوە دروستبووە، کە ژیان ڕاگوزەرە، کاتییە و تەواودەبێت. ئەمە تابلۆیەکی سوریالی زۆر جوانە، بەس لەبەردەم شەپۆلی زیرەکی دەستکردا چیپێدەکرێت؟

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




پارادۆکس لە فەلسەفەی سیاسی مارکسدا – بەشی یەکەم.. ئەکرەم سەعید

فەلسەفە سیاسی مارکس و دێترمینیزم*

(دەقەکانی مارکس وەک شەمشەمەکوێرە وان: مرۆڤ دەتوانێت هەم باڵندە و هەم مشکیان تێدا ببینێت).-(پارێتۆ- لەلایەن ئۆلمان/ ساڵی ۱۹۷۱- وەرگێڕدراوە).

لەبەرئەوەی بیروکاری سیاسی بەململانێی چینایەتی کۆمەڵگەوە پەیوەندی هەیە، لێرەوە فەلسەفە سیاسییەکان بەپێی بەرژەوەندی ئەو چینەی نوێنەرایەتی دەکەن، لە پرنسیپەکان و ڕێبازەکانیاندا جیاوازن. بۆ نموونە کێشە سەرەکییەکانی فەلسەفەی سیاسی بۆرژوازی(کۆنسەرڤاتیڤسم و لیبڕالیسم) بریتین لەڕێکخستنی خەڵکی، بەجۆرێک کە ئەندامانی کۆمەڵگە ملکەچی دەسەڵاتی سیاسی چینی بۆرژوازی بکەن، بەڵام فەلسەفەی سیاسی سۆسیالیستی هەوڵی هۆشیارکردنەوەو ڕێکخستنی چینی کرێکاران دەدات تا شۆڕش بکەن بەسەر دەوڵەتی بۆرژوازەکانداو دەسەڵاتی کرێکاران دابمەزرێنن.
بە بۆچوونی مارکس فەلسەفەی سیاسی سۆسیالیستی پێش خۆی، دابڕاوبوون لە لێکۆڵینەوەی زانستی کۆنکرێتی، و لەپراکتیکدا پەیوەندییان بەخەباتی چینی کرێکارانەوە نەبووە، بۆیە مارکس لە ڕەخنەی تیۆری کۆمەڵایەتی و ئابووری سیاسیدا، ئەوانی تێپەڕاند، بەڵام خوێنەرە وردبینەکان لە دەقەکانی فەلسەفەی سیاسی مارکسدا، کۆمەڵێک ڕوونکردنەوەو چەمکی دژ بەیەک/ پارادۆکسی تێدا دەدۆزنەوە.
مشتومڕ سەبارەت بە فەلسەفەی سیاسی مارکس، بووەتە هۆی ناکۆکی نێوان سۆسیالیستەکان کە ئایا کام ڕوایەت/ خوێندنەوە بۆ دەقەکانی، مەبەستی مارکس بە دروستی دەخاتە بەردەست.
پێدەچێت زوڵم بێت فەلسەفە سیاسییەکەی مارکس، کە لە هەموو ڕەوتێکی تری فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخ شۆڕشگێڕترە، بەوە ڕەخنەی لێ بگیرێ کە پارادۆکسە. لەڕاستیدا مارکس فەلسەفە سیاسییەکەی لە یەک کتێبدا کۆنەکردوەتەوەو پێشکەشی بکات، بەڵکە بەدرێژایی چالاکی نووسین و سیاسیەتکردنی، پرنسیپەکانی فەلسەفە سیاسییەکەی داڕشتووە. مارکس هەرگیز بە شێوەیەکی سیستماتیک پەرەی بە فەلسەفە سیاسییەکەی خۆی نەداوە، لێرەوە خوێندنەوەی بەرهەمە سیاسیەکانی مارکس، کە بە ڕواڵەت هارمۆنییە و مەحاڵە لێک جیابکرێنەوە، بووەتە هۆی ئەوەی ئەنجامگیری زۆر جۆراوجۆری جیاوازو دژ بەیەکی لێ بکرێ، واتە دەقەکانی مارکس فرە گوتارەو لە هەندێ جێگادا پەرەدۆکساڵە.

فەلسەفەی سیاسی مارکس و دێترمینیزم*
ئەگەرچی مارکس و ئەنگلس هۆشداریدەدەن کە(مانیفێست بووەتە بەڵگەنامەیەکی مێژوویی کە ئێمە چیتر مافی گۆڕینیمان نییە.) – مارکس و ئەنگڵس – پێشەکی بۆ چاپی ئەڵمانی ٢٤ی حوزەیرانی ١٨٧٢، لەندەن. بەڵام بڕێک لە مارکسیستەکان تا ئەمڕۆکەش، دەگەڕێنەوە بۆ بەکارهێنانی هەندێ دربڕین و ڕستەی نێو مانیفێست، کە ماناێکی دێترمینیزمی دەبەخشێ.
یەکێک لەو پەرەگرافانەی نێو”مانیفێست”کە بۆتە هۆی ئەوەی مارکس بە(دێترمینیزم) تاوانبار بکرێ ئەم دەربڕینەیە:(بەمجۆرە پێش هەر شتێک، ئەوەی بورژوازی بەرهەمیدەهێنێت گۆڕهەڵکەنانی خۆیەتی؛ ڕووخانی بورژوازی و سەرکەوتنی پڕۆلیتاریا، وەکوو یەک مسۆگەرە.)- مانیفێست – لاپەڕە ۲٤ – هاوڕێ موسلح وەرگێڕانەکەی لە زمانی ئینگلیسیەوە کردووەو بەراوردیشی کردووە بە زمانی سویدی.
وشەی: inevitable – oundviklig – unvermeidlich – بە ئەڵەمانی و ئیگلیسی مانای:”ڕێگری لێناکرێت – حتمي / لا مفر منه” دەگەێنێ.
پارادۆکسەکە لێرەدا ئەوەیە کە خودی”مانیفێست” بۆ ڕێکخراوێکی نێونەتەوەی کۆمۆنیستەکان نووسراوە؛ واتە هەوڵی کۆمۆنیستەکان بۆ هۆشیارکردن و ڕێکخستنی چینی کرێکاران یەکبخات بۆ گۆڕانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری، یانی تا سوژە(کە چینی کرێکارانە)بتوانێ شۆڕشی سۆسیالیستی بکات، بەم مانایە مارکس بڕوای بەوە هەبووە کە ڕۆڵی سوژە گرنگە لە گۆڕانی مێژوودا. لێرەدا یەکەم شت مرۆڤ بە مێشکیدا دێت ئەوەیە: ئەی کەواتە چۆن(ڕووخانی بورژوازی و سەرکەوتنی پڕۆلیتاریا، وەکوو یەک مسۆگەرە) یانی حەتمییە!، ئەگەر داڕمانی سەرمایەداری و دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی و سەرکەوتنی چینی کرێکاران یاساێکی سروشتی و جەبری مێژووەو حەتمییە، ئیدی ئێمە خۆمان بۆ ماندوو بکەین؟!.
فەلسەفەی سیاسی سۆسیالیستی دەبێ ئەو سیناریۆیەی مارکس نووسیبووی دەربارەی شۆڕشی سۆسیالیستی چینی کرێکاران جارێکی دی بەشێوەێکی واقیعی بنووسێتەوەو ڕزگاری بێت لە ڕوانگەی دێترمینیزمی‪.‬
من بڕوام بەوە هەیە کە ئەوکاتەی چینی کرێکاران، لە هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕیدا، بەکۆمەکی سۆسیالیستەکان(هۆشیاربوونەوەو یەکگرتووبوون)، ئەوکات شانسی شۆڕشی سۆسیالیستییان هەیە، لێرەوە ئەگەری هەیە کە شۆڕشی سۆسیالیستی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی تێک بشکێنێ و کۆمەڵگەی سۆسیالیستی دابمەزرێنێ، بۆیە دروسترە باس لە(شانس و ئەگەر)بکەین نەک مسۆگر/ حەتمی. من هاوڕای بەشێک لە سۆسیالیستەکانم کە دەربڕیینەکەی ‪”‬ڕۆزا‪”‬ بە دروست دەزانن‪:‬(یان سۆسیالیسم یان بەربەریسم ***)، چونکە ئەم دربڕینە دوو ئەگەر نیشان دەدات لەبەردەمی مرۆڤایەتیدا، و ئێستاکە ئێمە لە نێو خولی سەرمایەداری دڕندەدا ژیان بەسەر دەبەین.

بۆچی دەربڕینی دێترمینیزمی نێو مانیفێست دروست نییە؟!.
چونکە بە دیوێکیدا هەوڵ و گەمەکانی چینی بۆرژوازی بۆ پارێزگاری لە سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی؛ واتە ڕۆڵی لایەنی زاتی(سوژەکەی دی کە دژە شۆڕشی سۆسیالیستییە – چینی بۆرژوازی) ناخاتە حیسابی خۆیەوە. لەڕاستیدا چینی بۆرژوازی بەهۆی گوتاری ئایدۆلۆژی ناسیۆنالیستی وئایینی و ڕەگەزپەرستییەوە، توانیویەتی چینی کرێکاران پارچەپارچەک بکات و فریویان بدات، وە سۆسیالیستەکانیشی لاوازکردووە، وە بەهۆی سەندیکای زەردەوە، چینی کرێکاران تەنها خەبات بۆ داوای مافی ئابووری سەندیکای دەکەن، و ئەوە زیاد لە سەد ساڵە ئەم خەبات هێندە نەچووەتە پێش تاببێتە هۆشیاری سیاسی سەربەخۆی سۆسیالیستی.
وە بە دیوەکەی تریدا، دێترمینیزمی مارکسی ئەگەری ئەوەی لەبەرچاو نییە کە ڕۆڵی فاکتۆری بابەتی(گەشەی سەرمایەداری: تەکنەلۆژیا نوێ، و قەیرانی ئابووری و قەبەبوونی سەرمایەی وەهمی لەم سەردەمەدا)، دەشێ درگاێک بکاتەوە بۆ قووتاربوونی سیستەمی سەرمایەداری بە لەمپەردانان لەبەردەم پەیدابوونی هەلومەرجی شۆڕشگێڕی، یان حیساب بۆ ئەوە ناکات کە ئەو فاکتۆرە بابەتییانەی سەرەوە کۆمەڵگەی سەرمایەداری، بەهەردوو چینەکەوە، بەرەو داڕمان و فەوتان ببات.
هیوادارم ئەم کورتە وتارە کۆمەکی بەو خەڵکانە بکات کە بیردەکەنەوەو بەدوای ڕاستیدا دەگەڕین.


  • پارادۆکس بریتییە لە ناتەبایی لە نێوان ئەوەی تیۆرێک باسی دەکات و ئەوەی عەقڵ چاوەڕێی لێدەکات یان لە بەکارهێنانی بنەما و ڕێسای گشتی پەسەندکراو و بەڕواڵەت دروست، کە دەبێتە هۆی دژایەتی چاوەڕواننەکراو یان لێدوانی بە ڕواڵەت نالۆژیک و ناعەقڵانی. یان پارادۆکس بە دەڕبڕینێک دەوترێ کە بە پێوانەی لۆژیکی لەگەڵ خۆیا ناتەبا بێت، یا ڕێگایەک بگرێتە بەر پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان.
    ** دێترمینیزم(به انگلیسی: Determinism)‪:‬ لە فەلسەفە و زانستدا، ئەو تێزەیە کە هەموو ڕووداوەکانی کۆمەڵگە و مێژوو، بە بڕیارو کردارەکانی مرۆڤیشەوە، لەڕووی هۆکارەوە بەلایەوە حەتمییە.
    *** کاوتسکی ١٨٩٢ دەنووسێ: یان دەبێت بچینە پێشەوە بۆ ناو سۆسیالیزم یان بکەوینەوە ناو بەربەرییەت(es heißt entweder vorwärts zum Sozialismus oder rückwärts in die Barbarei).
    لۆکسمبۆرگ ١٩١٥ دەنووسێ: یان گواستنەوە بۆ سۆسیالیزم یان پاشەکشە بۆ بەربەرییەت(entweder Übergang zum Sozialismus oder Rückfall in die Barbarei).
    “مایکل لۆوی” لە وتارێکی ئەم دواییەدا پێشنیاری ئەوە دەکات کە ڕەنگە لۆکسمبۆرگ ئاماژەی بەم بڕگەیە کردبێت لە کتێبی”دژە دورینگ”دا:(هەم ئەو هێزە بەرهەمهێنەرانەی کە شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری مۆدێرن دروستی کردووە و هەم سیستەمی دابەشکردنی کاڵا کە لەلایەن ئەوەوە دامەزراووە، کەوتوونەتە دژایەتی لەگەڵ خودی ئەو شێوازە بەرهەمهێنانە، و لە ڕاستیدا تا ڕادەیەک کە ئەگەر هەموو کۆمەڵگای مۆدێرن لەناو نەچێت، دەبێت شۆڕشێک لە شێوازی بەرهەمهێنان و دابەشکردندا ڕووبدات).
  • سەرچاوەکان:
    1/Marxism And the Paradox of Contemporary Political Thought Stanley Rothman – مارکسیزم و پارادۆکسی بیری سیاسی هاوچەرخ / ستانلی ڕۆتمان
    2/ Philosophy and Progress – KARL MARX’S CONTRIBUTION TO SOCIAL AND POLITICAL PHILOSOPHY
    3/ SIMON CLARKE Althusserian Marxism
    4/ Cyril Smith 1998 / Marx’s Critique of Political Philosophy
    5/ Karl Marx’s Political Epistemology – Subjectivity, abstraction and the state in the writings o f the early 1840s – James Martin Mclvor
    6/ The development of Marx’s social and political theory
    7/ David McLellan’s:Marx Before Marxism



ناوەندیکردنەوە یا فیدراڵیەت لەئایندەی حکومەتی سوریادا!.. عوسمانی حاجی مارف

لە پرۆسەی کاریگەری دۆخێکی پر لە گێژاوی سیاسی و نالەباری چواردە ساڵەی سوریا و بەردەوامی شەری ناوخۆدا، شتێک نەماوە بە ناوی دەوڵەتی ناوەندی و یەکگرتوو، ناوچەکانی سوریا تەواو لەیەک دابراون.
ئەحمەد شەرع و گروپەکەی هەیئەی تەحریری شام کە وەک نوێنەری ئیسلامیەکی سونە مۆریان داوە لە پێگەو هەڵسورانی سیاسیان، دانیشتوانی سوریاش زیاتر لە دوو لەسەر سێی لە سونە پێکهاتووە، هەر بەناوی ئەو نوێنەرایەتیە و زۆرینەی دانیشوانی عەرەبی سونەوە، ئەحمەد شەرع لە هەوڵی پاوانخوازی دەسەڵاتدایە و بانگەشەی ناوەندیبونەوەو یەکگرتوویی دەوڵەت و حکومەت دەکاتەوە. بەڵام ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئایا ئەحمەد شەرع دەتوانێت لەژێر عەبای عەرەبی سونەدا و لە دۆخی ئێستای ناوچەکەدا پارێزەی سەرمایەو سیستمی سەرمایەداری بێت؟ ئایا دەتوانێ سوریا یەکگرتوو بکاتەوە؟ یان بەشێک دەبێت لە درێژەدان بەشەری ناوخۆ و بەو گێژاو و دۆخە نالەبارەی کە چواردەساڵە گیرۆدەی سوریا بووە.
دوای ئەوەی شەرع سەرکردایەتی ئەو هێرشەی کردکە شارەکانی حەڵەب و دیمەشقیان گرتەدەست و ئەسەد دەستبەرداری دەسەڵاتەکەی بوو، پاشان بەزوویی ئەحمەد شەرع حکومەتی راگەیاند، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە شەرع بیرۆکەی سیستەمی فیدراڵی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەگونجاو نازانێت، لەبەرئەوەی ئاواتەخوازە سیستەمێکی سیاسی ناوەندی دروست بکات و لایەنەکانی تر بەشدار بن لە حکومەتەکەیدا ! هێزە چەکدارەکانیان بکەنە بەشێک لە “سوپای نیشتمانی” واتە ئەو سوپایەی کە میلیشایاکانی خۆی سەرکردایەتی دەکات.
حکومەتی شەرع کۆنترۆڵی بەشێك لە خاکی سوریای بەدەستەوەیە، کە زۆربەی شارەکانی ڕۆژئاوا و بەشێک لە لادێکانیش دەگرێتەوە. بەڵام لە دۆڵی فوراتەوە بەرەو رۆژهەڵات هیچ مەیلێکی لایەنگری بۆ هەیئەت تەحریر شام بەدی ناکرێت. لەکاتێکدا هێزەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەحمەد ئەلعەودەی یاخیبووی پێشوو لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی باشوور، نایانەوێت لەگەڵ سوپای نوێی سوریا یەکگرنەوە، لەباکوری ڕۆژهەڵاتیش هەسەدە، گەرچی سەرقاڵی گفتوگۆن لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا، بەڵام بەهەستیاریەوە مامەڵەی ئەو پەیوەندیە دەکەن و مەیلی یەکگرتن لەگەڵ سوپایەکی ناوەندی نیشتمانیدا لەژێر دەسەڵاتی هەیئەی تەحریری شام دا نیشان نادەن
لە شوێنەکانی دیکەی باکوور، میلیشیاکانی لایەنگری تورکیا بەناوی “سوپای نیشتمانی سوری” یەوە، دەستیان بەسەر شوێنە سەربازیە ستراتیژی و قەڵا سەرەکیەکان لە عەفرین، جەرابڵوس و ناوچەیەکی جیا لەنێوان تەل ئەبیاد و ڕەئس ئەلعەین دا گرتووە. ڕۆژی ٢٩/١/٢٠٢٥، تورکیا سەرۆکی ئەم گرووپە، سەیف ئەبوبەکری ناچار کرد لە دیمەشق پیرۆزبایی شەخسی لە سەرۆک کۆماری نوێ بکات، بەڵام تائێستا ئەمە تاکە ئیمتیازێکە کە بە ئەحمەد شەرعیان داوە. ئەم دوو سەرکردەیە شەرع و ئەبوبەکر، مێژوویەکی دوورودرێژیان لە دوژمنایەتی بەرامبەر یەکتر هەیە، بەتایبەتی کە زۆرێک لە چەکدارانی سوپای تازەی سوریا کە چەکدارە کۆنەکانن لە شەڕە خوێناویەکانی دژی هەیئەی تەحریر شام بۆ کۆنترۆڵکردنی پارێزگای ئەدلەب لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٠ بەشدارییان کردووە.
ئەوەی دەیبینین سەرەڕای هەر هەوڵێک لە گفتوگۆو دانوسان لەنێوان هەسەدەو شەرع دا، بەڵام هەسەدە مەیلی بەلای پاراستنی سەربەخۆیی و پێگەی دەسەڵاتی خۆیدایە لە بەرامبەر حکومەتی ئێستای سوریادا، لەهەمانکاتدا دروزەکان کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر پارێزگای سویدەدا درێژکردووەتەوە و ڕێگری دەکەن لە چوونە ناوەوەی هێزەکانی هەیئەی تەحریر شام. لە ناوچە کەناراوەکانی عەلەوییەکان، لەکاتی سەردانەکەی شەرع بۆ لازقیە و تەرتووس لە ١٦ی شوباتدا تەنها لەلایەن پێکهاتە عەرەبە سوننە ناوخۆییەکانەوە ئاهەنگ گێڕدرا. عەلەوییەکان – مەزهەبی بنەماڵەی ئەسەد و بنکەی کۆمەڵایەتی ڕژێمی پێشوو- بەشدارییان لە ئاهەنگەکاندا نەکرد، خۆیان لە گەڕەک و گوندەکانیاندا گۆشەگیرکرد. هەروەها بەرپرسانی پێشووی ڕژێم میلیشیای نوێیان دروست کردووە بۆ پاراستنی ناوچەکە وەک پەناگەیەکی شاخاوی قەڵادار بۆ عەلەوییەکان، ئێستاش لەشەرێکی خوێناویدان و کوشتارێکی زۆر لە هەردوولایاندا هەیە.
ئەم بارودۆخە ناوخۆییە هەمەچەشنە و هەروەها دەستێوەردانی بەردەوامی ئیسرائیل و تورکیا ئەوە دەردەخات کە شەرع ناتوانێ ئایندەیەک لە سوریا بەدەست بهێنێت کە حکومەتێکی ناوەندی و یەکگرتوو لەسایەی پێشرەوی هەیئەی تەحریردا دامەزرێنێت. تێکەڵکردنی هەموو ئەو کوتلە و گروپە نەتەوەیی و تائیفیە چەکدارانە لەژیرسایەی هێزێک بە ناوی نوێنەرایەتی عەربی سونەدا هیچ گرەنتیەکی نیەو ئیمکانی نیە بتوانێ نیشاندەری ئەزمونی حکومەتی ووڵاتێک بێت کە ئازادی و پێکەوەژیان تیادا گونجاو بێت. بەڵام ئەوەی شایانی باسە دانیشتوانی سوریا خۆیان مەیلیان هەیە بە هەر پێکهاتەیەکەوە، سەربەخۆ و بەجیا و بەدور لە دەسەڵات و رۆڵی هەر هێزێکی نەتەوەیی و ئیسلامی و تائیفی، بسازێن و پێکەوە ژیان بکەن، بەڵام ئەحمەد شەرع و رێکخراوەکەی کە لە پاشماوەکانی داعش و قاعیدەن لەدواجاردا سەرکەوتنیان لەوەدایە کە لەرێگەی پاوانخوازی بۆرجوا ناسیۆنالستی عەرەبی و سونە مەزهەبەوە بەریوەبەرایەتی سەرمایەگوزاری لە سوریادا بکەن، بەم شێوەیەش مانایەک نامێنێتەو بۆ ئەزمونێکی سەرکەوتو بەناوی حکومەتی ناوەندی و جێگیربونی ئازادی و پێکەوەژیان.
ئەتوانین بڵێین کە پرۆژەی شەرعیەتی سیاسی لەسەر بنەمای ناوەندیبونەوەی دەسەڵات و یەکگرتنەوەی سوریا لەگەڵ واقیعی ئێستای دۆخی سیاسی سوریاو پێگەی هەیئەی تەحریر ناکۆک و نەگونجاوە. شەرع وەک ‌هێزێکی ئیسلامی ناسراو بە تیرۆریست ناتوانێ نوێنەرایەتی یەکگرتنەوەی سوریا بکات، مەگەر ئەمریکاو ئیسرائیل پشتیوانی بکەن؟!.
لەئێستادا هەوڵی سەرەکی یەکخستنی گروپە جیاوازەکانی عەرەبی سوننە بۆ سوپایەکی نوێی نیشتمانی دوای هەڵوەشاندنەوەی سوپای پێشوو، چەسپاندنی داهاتووی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعە بە رێگایەکی بیرۆکراسی کە لە دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەریدا جێبەجێی دەکات، بەگرتنەبەری ئەو ڕێبازە توندەی کە پێشتر لە ئەدلەب پیادەی کردووە. هەرچەندە شەرع پرۆسەی”دیالۆگی نیشتیمانی” دەستپێکرد، بەڵام لە گفتوگۆکانی دەستپێکردندا بەهۆی هەوڵدانی بەپەلەو جۆری تەرحەکانی بۆ رێکخستنەوە، پرسیارو گومانی لەسەر شەرع دروستکردو زیاتر پەرچەکرداری لێکەوتەوە.
هەرلەم دۆخەدا پێشنیارێکی تر کە بۆ ئایندەی حکومەتی سوریا دەخرێتەروو، پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵیە، پێدەچێت ئەم پێشنیارە زیاتر بەشێك بێت لە هەوڵەکانی ئەمریکا، کە لەو سەرچاوەیەوە دەخرێتەروو کە هەستی دژە ئیسرائیل لەنێو سوریەکاندا کەم بێتەوە و ئیسرائیل بتوانێ مامەڵەو گەمەی سیاسی خۆی لە سوریا پەیرەوی بکات، هەروەک چۆن ئەمریکا دوای روخانی سەدام فیدرالیزمی بەسەر عێراقدا سەپاند، تا لە بەرژەوەندی ئیسرائیل عێراق لاواز بکات، ئەزمونی ئەم فیدرالیە و حکومەتی بەشبەشێنە لە عێراقدا بۆتە بەڵایەکی گەورە بەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان و عێراقەوەو سەرچاوەی بەردەوامی ناجێگیری و گێژاوی سیاسیە، کە لە هەر ئاڵوگۆرێکی سیاسیدا پێگەو هاوسەنگی هێزەکان دەبێتە مایەی توندبونەوەی گرژی و ئاڵۆزی و سەرگەردانی، هەربەم شێوەیەو نمونەی ئەزمونی عێراق و دوبارەبونەوەی لە سوریا، ئاکامێکی نەرێنی لە دۆخی سوریادا دەخولقێنێت.
بونی ئەحمەد شەرع و هەیئەی تەحریر لە هەردوو حاڵەتی ناوەندیکرنەوەی حکومەتی سوریا یا حکومەتی فیدراڵی و دابەشکردنی سوریا لەسەر بنەمای نەتەوەو ئاین و تائیفە، هەرگیز ناتوانێ نمونەو ئەزمونێكی سەقامگیری و ئارامی سیاسی بێت، دانیشتوانی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە ناتوانن بە ئاسودەیی ژیان و گوزەران بکەن، فیدرالیزم داسەپاندنی سیستمێکی کۆنەپەرستانەو دژ بە ئینسانیەتە، فیدراڵیزم یارمەتیدەرە لە دابەشبونی تائیفی لە سوریا و پەرەپێدانی دابەشکردنی دەسەڵاتە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانەتر، تەحەدایەکی گەورەیە لەبەرامبەر دەخالەت و بریاری خەڵک بۆ دیارکرنی چارەنوسی خۆیان.
لەم بارەیەوە هەر هەوڵێك لە سوریا و عێراق بدرێت بۆ حکومتێکی ناوەندی لە یەکگرتنی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئیسلامی و تائیفی یا حکومەتێکی فیدراڵی دابەشکراو لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئیسلامی و تائیفی هەمیشە لەسەر تەقینەوەی بورکانی جەنگ و کارەسات و تراژیدیایەکدا راوەستاو دەبێت، دامەزراندنی حکومەتی ناوەندی دەبێت لەسەر بنەمای بەرەسمی نەناسینی هەر دین و نەتەوەو ئایدۆلۆژیەک بێت لە دەوڵەتدا، دەوڵەتێک بێت بەمانای رەسمیەتدان بەناسنامەی هاوڵاتیبوون و ئازادی و پاراستنی شكۆی ئیسانەکان کە سەر بە هەر دین و نەتەوە تائیفەو هەر بیروباوەر و بۆچونێک بن، پێکهێنانی دەوڵەتێکی سکولار و نانەتەوەیی و بەرەسمیەت ناسینی ناسنامەی هاووڵاتیبون دەتوانێ زەمانەتی یەگرتوویی و پێکەوە ژیان بکات.




مەستورەیەكی بێ خەم لە ڕۆمانی خەمی مەستوورەدا!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

ڕووداو لە دەقی ئەدەبی و بە تایبەتیش ڕۆماندا، ئەو ڕەهەندە مێژوویی و زەمەنییەی نامێنێت كە پەیوەستە بە كات و شوێنی ڕووداوەكە، بەڵكو لە پانتایی نووسیندا، ڕووداو بە تایبەتیش كارەساتی گەورە و ڕووداوی تراژیدی، بۆ ئەوەیە بەردەوام بمێننەوە وجۆرێك لە هەمیشەییبوونی لە یادەوەری ئێمەدا هەبێ. گەر بە وردی هەموو ئەو ڕۆمانانە بخوێنینەوە كە باس لە جینۆسایدی جوولەكەكان دەكەن، خوێنەر هەست ناكات ئەم ڕووداوە ببێتە بەشێك لە واقیع و تێپەڕیبێت، بەڵكو وەك ئەوە وایە، كە چركەساتی ڕووداوی جینۆسایدكردنەكە، لە ساتی خوێندنەوەی دەقەكە بوونی هەیە و هێزی گێڕانەوە و وێناكردنی ئەو كارەساتە و نیشاندانی دیمەن و ڕووداوەكان، ئەو زەمەنە مێژووییەی ڕووداوەكە دەبڕن و دەبنە بەشێك لە ئێستا.

بە بڕوای من، لای بەشێكی زۆری ڕۆماننووسانی كورد، هەتا ئێستا نەتوانراوە گوزارشت لەكارەساتێكی گەورەی وەك ئەنفال بكرێت، وەك ئەوەی لە شیعردا شێركۆ بێكەس لە گۆڕستانی چراكاندا كردی، ئەمە پەیوەندی بە نەبوونی توانا و هێزی گێڕانەوە و بەركەوتن لەگەڵ ئەو كارەساتە هەیە، كە ئەمەش زۆرجار لە بری ئەوەی گەورەیی ئەم كارەساتەمان بۆ نیشان بدات، بە داخەوە بچووك و بێ بەهای دەكات و لە پێگەی تراژییدی و مرۆیی كارەساتەكە كەم دەكاتەوە. لەو سۆنگەیەوە، ڕۆمانی خەمی مەستوورە، یەكێكە لەو ڕۆمانە سادە و هەژارانەی، كە نەك هەر نەیتوانیوە گوزارشت لە كارەساتی ئەنفال و خەمی ژنانی كوردی پاشماوەی ئەو كارەساتە بكات،  بە داخەوە بەڵكو ئەم كارەساتەی بچووك و بێ بەها كردووە و جۆرێك لە دیمەنی گاڵتەجاریی و كاریكاتۆری بەو كارەساتە داوە، وەك ئەوەی نووسەری ڕۆمانەكە باسی دۆخێكی زۆر ئاسایی بكات، لە بری قیژە و ناڵە و هاواری تاساوی ئەو خەڵكە، كە دەنگییان لەو ڕۆژگارە دەگەیشتە لای خودا. كاتێ لە خوێنەوەی ئەم ڕۆمانە سادەیە بوومەوە، وەك ئەوەی ئەنفال هەری ڕووی نەدابێت لام وابوو، چونكە لە بچووكترین شوێنی ڕۆمانەكەش، گەورەیی ئەو كارەساتە نیشان نادات و لە پەراوێزی درێژدادڕی ڕۆمانەكەی، لە تیمەی سەرەكی دوور دەكەوێتەوە و بابەتی لاوەكی دێنێتە نێو باسی ئەنفال.

ئەم ڕۆمانە، باس لە ژنێكی پاشماوەی ئەنفال دەكات. مەستوورە و كچەكانی، دوای ئەوەی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، بە هاوكاری جاشەكانی قاسم ئاغاوە، پەلاماری گوندەكەیان لە ناوچەی شوان و بناری خاڵخاڵان دەدرێت، لە چەمی بابە ڕووشە خۆیان دەشارنەوە، بەڵام دواتر وەك هەزاران كەسی دیكە، بەر ئەو شاڵاوە نەگریسە دەكەون. دوای گرتنیان، بە ئوتومبێلێك دەبردرێن و دەگوازرێنەوە و لە ڕێگەدا ئوتومبێلەكە وەردەگەڕێت و مەستوورە دەبردرێتە نەخۆشخانە و بەم شێوەیە لە (خدری حاجی ) هاوسەری و چوار كچەكەی ( بەهار، نێرگز، كوێستان، ژیان) دادەبڕێت و ئەوان ئەنفال دەكرێن، ئەویش لەلایەن دوو سەربازەوە دەبردێتە نەخۆشخانە و  دوای چاكبوونەوەی لە نەخۆشخانە دەردەچێت و مینە و گوڵە دەناسێت و سۆراغی كچەكانی دەكات، بەڵام ئەم سۆراغكردنە، هیچ ئەنجامێكی نابێت.

مەستوورە، جارێكی دیكە شوو بە بایز ئاغەی پیاوی قاسم ئاغە دەكات و دەبێتە هاوسەری ئەو و لە شوقەیەكی ئیسكان لە شاری هەولێر دەژَیت. مەستوورە، بەم شێوەیە دەمێنێتەوە تا ڕاپەڕین ڕوودەدات و هەولێر ئازاد دەكرێت. ئەمە پوختەی ئەو ڕۆمانە بوو، كە گوایا لە كارەساتی ژنانی پاشماوەی ئەنفال دەدوێت و خەم و ناسۆرییەكانیان لە ڕێگەی ئەدەبەوە بەرجەستە دەكات. بێگومان هەر لە دەسپێكی ڕۆمانەكەوە، میران بێ ئاگاو نەشارەزا بووە، لەچۆنیەتی كارەساتی ئەنفال و بكەرەكانی و مێژووەكەشی.

 لە پرۆسەی ئەنفالدا، هەرگیز ژنان و پیاوانی كورد بە یەكەوە ئەنفال نەكران، بەڵكو لە دەسپێكی هەر هێرش و پەلامارێك بۆ سەر هەر گوند و ناوچەیەك، پیاوانیان جیا دەكردەوە و ژنان و منداڵانیشیان بە تەنها دەبرد، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە، گریمان ئوتومبێلی ئەنفالكراون وەردەگەڕێت وەك ئەوەی نووسەری ڕۆمانەكە باسی دەكات، بەڵام دەبوو ئەوە بزانێت كە هەرگیز پیاوەكانی ڕژێم هێندە میهرەبان نەبوون، تا ئامادە بن بریندار ونەخۆشانی ئەنفالكراو ببەنە نەخۆشخانە و بیانلاوێنەوە و خزمەتیان بكەن. گواستنەوەی ئەنفالكراوان، لە ڕێگەی ڕێ و شوێنێكی هێندە توندو و كۆنترۆِلكراو و چاودێریكراو ئەنجام دەدرا، بواری ئەوە نەبوو، یەك ئوتومبێلیش تووشی تامپۆن بێت. ئەم دەسپێكە ناهونەری و لاواز و گێڕانەوە بێ مانایەی كارەساتەكە  لە ڕۆمانەكەدا، دەریدەخات كە نووسەری ڕۆمان، بێ ئاگایە لە كارەساتی ئەنفال و چۆنیەتی ئەنجامدانی. دوای ئەمە نووسەری ڕۆمانەكە، بە جۆرێك باس لە ژنانی پاشماوەی ئەنفال دەكات، وەك ئەوەی خەمیان تەنها ناو گەڵ و نووستن و مێردكردنەوە بێت، بە كێش؟ بێگومان بەو جاشانەی ئەنفال و ئەتكیان كردن، وەك ئەوەی یادەوەری ژنی كورد هێندە لاواز بێت، ڕاست و چەپی خۆی نەناسێت و بە ئاسانی ئەنفال و جەلاد و بكەرەكانی لە بیر بكات.

میران، نەك هەر سەركەوتوو نەبووە لە وێناكردنی ژنێكی پاشماوەی ئەنفال كە هاوسەر و چوار كچی جوانی ئەنفالكراون، و بەردەوام لە نێو خەفەت و قەهر و چاوەڕوانی دەژیت و تا مردن لە چاوەڕوانی دەمێنێتەوە، بگرە  وێنەی مەستوورەیەكی بێ خەم وخەفەتمان پیشان دەدات، كە لە بری ئەوەی خەیاڵی لای كچ و هاوسەرەكەی بێت، بەردەوام خەیاڵی لای گەرماو و خۆ شوشتن و نێو گەڵ و پشیلە كوێرەكەیەتی. هەڵبەتە، ئێمە زۆر باشتر لە نووسەری ڕۆمانەكە ئەوە دەزانین كە مەستوورەش وەك هەر ژنێكی دیكە، سووڕی مانگانە دەبینێت و مەمكی هەیە ودەچێتە گەرما و وخۆی دەشوات، بەڵام جیاوازی ئێمە لەگەڵ نووسەری ڕۆمانەكە لەوەدایە، كە ئێمە دووشكردن، بە خەمی ڕۆژانەی مەستوورە نازانین، چونكە خەمێكی گەورەتر و كۆستێكی قووڵتر و مەزنتر لە ژیانی ئەودا هەیە، كە ئەویش لەدەستدانی خێزانەكەیەتی. ژنانی پاشماوەی ئەنفال لە دوای ئەو كارەساتە، نەك هەر نەپڕژانە سەر ئەوەی جارێكی دیكە دەست بە ژیان بكەنەوە، بەڵكو زۆرینەیان تووشی خەمۆكی و گۆشەگیریی و تەنهایی بوونەوە و بە تاسەی گەڕانەوەی ئازیزەكانییان، چاوەكانیان خستە ژێر گڵ. با بزانین نووسەری ڕۆمانەكە، لە ڕۆمانەكەیدا چۆنی باسی مەستوورە و ژیانی تایبەتی و ڕۆژانەی لە شوقەكانی ئیسكان دەكات،  تا بزانین ئەمەبوو ژیانی دایكێكی جگەر سووتاو؟ بۆ نموونە:_

*   لا 65 نووسیویەتی :_( بۆ سەر شكانێك ئاگام لە قوونی خۆم نەما) مەبەستی لێرە مەستوورەیە.

*  لا 67 نووسیویەتی:_( لە جەستەی خۆی ڕووانی، دەستی هەڵبڕی و خستییە ژێر مەمكەكانی وەكو جاران قنج و قووتن) دیارە مەستوورە، زۆری بەلایەوە گرنگ بووە، مەمكەكانی لیچ و شۆڕ نەبن و بۆ گرتن بشێن بۆیە وا دەڵێت !

* لا 67 نووسیویەتی:_( دەستی بۆ سەر ورگ و سمتی هێنایە خوارەوە، پەنجەی  ڕاستی خستە نێو تووكە بەرە ڕەشەكەی و سەری شۆڕ كردەوە(

* لا 129 نووسیویەتی:_( لێرەدا، دوای ئەوەی مەستوورە و كچەكانی لە بەر پیاوانی ڕژێم لە چەمی بابەڕووشە خۆیان حەشارداوە، مەستوورە سوخمەی ژیانی كچەكەی ترازاند و پێی گوت با سنگ و مەمكی تۆش دەركەوێت) لەو بارودۆخە دژوار و پڕ لە ترسەی  نێوان مەرگ و ژیاندا، دایكێك هەیە ئەمە بە كچەكەی بڵێت؟ مەگەر لە خەیاڵدانی نووسەری ئەم ڕۆمانە نەبێت !

* لا 134 نووسیویەتی:_( زیاتر لە دە گەنج دەستیان بۆ مەمك و سمتم برد).

* 137 نووسیویەتی:_( ئەگەر خۆت قوزت نەخورێت ئەوا بە ڕووتی بۆ نێو ئەو قەرە باڵغیە نایەیت) بە ڕاستی شەرمە، یەك ساڵ دوای پرۆسەی ئەنفال و ژنانی ئەنفال كراو، قسەی وەها بڵێن و پێیان بگوترێت. ئەمانە  نەك هەر ڕاست نین، بەڵكو سووكایەتیشە بە پاشماوەی ژنانی ئەنفالكراو.

* لا 139 نووسیویەتی :_( ئەم بەلایە لە ژێر قوونی من بووە).

* لا 143 نووسیویەتی :_( مەستوورە ئەوەندە دەستەسڕ و كلنكسی ئاخنیوەتە نێو گەڵ، لچ و لێوی دەكزێتەوە ).

* لا 172 نووسیویەتی:_( ڕیتمی پێكانی ڕادەوەشاند، گردی سمتەكانی لەگەڵ تۆنی تەقە تەقی پێڵاوەكاندا دەجووڵاند(.

* لا 181 نووسیویەتی:_ ( ئازاری زگی هەبوو، دەستی شۆركردەوە نێو دەرپێكەی (.

وێرای باسكردن لەو دیمەنە تایبەتی و پۆرنۆیانەی مەستوورە، كە بە هیچ شێوەیەك گوزارشت لە دنیای پڕ خەمی ژنێكی ڕزگاربووی كارەساتی ئەنفال ناكات، نووسەری ڕۆمانەكە تەنانەت مەستوورە دەكاتە دزیش ! ئەویش دوای ئەوەی دانیشتووانی شوقەكانی ئیسكان، لە كۆچڕەوەكەدا ماڵەكانیان جێدێڵن، ئەو دەچێتە نێو ماڵەكانیان و لە ماڵی پاكیزە خان، پێلاو، عەزییە و  جلو بەرگی ئەو ماڵە دەبات و خۆی پێ بابا دەدات. هەموو ئەم دیمەنانە، جگە لە سووكایەتی، بچووككردنەوە و بێ بەهاكردنی خەمی ئەنفالكراوان، هیچی تر نییە، بەمەش نووسەری ڕۆمانەكە نەك نەیتوانیوە، گوزارشت لە گەورەیی ئەو كارەساتە بكات، بەڵكو لە ڕێگەی ئەو بە نێو ڕۆمانەیەوە، سووكایەتی و گاڵتەشی پێ كردوون.

چەند هەڵەیەك لە ڕۆمانەكەدا:_

بە درێژایی ئەو ڕۆمانە، لە گەلێك شوێن و لە میانەی گێڕانەوەی ڕووداوەكاندا، نووسەری ڕۆمانەكە كەوتۆتە هەڵەی مێژوویی و بابەتی و زەمەن و شوێنیش. بۆ نموونە: یەكێك لەو هەڵانەی بەردەوام دووبارەی كردۆتەوە كاتێ باسی كۆچڕەوە و زەمەنی پێش ڕاپەڕین دەكات ئەوەیە، كە دەڵێت خۆڵبارینێكی زۆر باریبوو. ئم هەڵەیە گەلێك لە ڕۆمانووسانی دیكە، كاتێ باسی زەمەنی پێش ڕاپەڕین دەكەن، بێ ئەوەی هەستی  پێ بكەن تێی دەكەون. ئارام محمەدیش لە ڕۆمانی ( ئەو هاوارەی نەبیسترا ) كە باسی دڵدار دەكات، كاتێ باسی ئەو ڕۆژە دەكات كە دڵداریان شاردۆتەوە، دەڵێ خۆڵبارینێكی زۆر هەبووە. بێگومان خۆڵبارین، دیاردەیەكی سرووشتی و ژینگەیی ئەم ساڵانەی دواییە و لەگەڵ ڕووخانی بەعس دروست بووە. بۆیە پێشووتر نەبووە. كاتێ نووسەری ڕۆمانی خەمی مەستوورە باس لەوە دەكات كە ڕۆژی كۆچڕەوەكە كە ڕێكەوتی 31 /3 / 1991 بوو، خۆڵبارینێكی زۆر هەبووە هەڵەیە، بە پێچەوانەوە لەو ڕۆژانەدا بارانی بە خوڕ دەباری.

یەكێكی دیكەش لەو هەڵانە ئەوەیە، كە نووسەر بەردەوام ئاپارتمانەكانی ئیسكان بەكاردێنێت كە ئەمەش هەڵەیە، چونكە پێش ڕاپەڕین، دانیشتووانی هەولێر و ئیسكانیش نەیان دەگوت ئاپارتمان، بەڵكو هەر بە شوقەكانی ئیسكان ناویان دەهێنرا. لەلایەكی دیكەوە لە گەلێك شوێنی ڕۆمانەكە هەڵە و درێژدادڕی هەیە وەك:_

*  لا 21 كاتی دوو سەربازەكە لە بارەی دیستۆفسكییەوە گفتوگۆ دەكەن، یەكێكیان بە ئەویتریان دەڵێت ڕووسییە، لە كاتێكدا ڕووسی بۆ قۆناغی دوای هەرەسی سۆڤییەت بە كاردێت.

*  لا 103 نووسیویەتی:_ كاتژمێر لە ژوورەكەی مەستوورە نەبوو. ڕێی تێ دەچێت مرۆڤێك بە تەنها لە ژوورێك بژیت و كاتژمێری نەبێت؟ گریمان نووسەر لێرەدا مەبەستی وەستانی زەمەنە لای كەس و كاری ئەنفالكراون، بەڵام هەرخۆی بە درێژایی ڕۆمانەكە، باس لەوە دەكات كە مەستوورە، كاتژمێر چوار دەگەڕایەوە ماڵەوە، یاخود كاتژمێر دوو لە ماڵ دەردەچوو.

* لا 108 نووسیویەتی :_( ڕۆژی دوای ئەو شەوەی شێخ بایز مەستوورە جێدێلێت و پێی دەڵێت لە ماڵ نەچیەدەر و ناحەزان بزانن داخی دڵی من بە تۆ دەڕێژن، ئیدی مەستوورە تایەكی گەرم دەگرێت و هەفتەیەك لە نێو جێگەدا دەكەوێت) كەچی شەش دێڕ دواتر دەنووسێت:_( قسەكانی شێخ بایزی مێردی، مەستوورەی نەترساند).

 * لا 110 نووسیویەتی :_( لە نیوە شەودا، مەجیدە شەل، دوو جار هات بانگی مەستوورەی كرد و لەدەرگا و پەنجەرەكانی داو پێی گوت سەربازەكانی ڕژێمی بەعس گەیشتنە نێو شاری هەولێر) لێرەدا مەبەست ڕۆژەكانی پێش كۆچڕەوەكەیە و دیارە مەستوورە ئاگادار كرایتەوە، كەچی لە لاپەڕە 116 دا،  ئەمجارەیان مەستوورە دەڵێت:_( دەبێ شتێك ڕووی دابێت؟ ئیتر با بزانم مەگەر مەجیدە شەل هەواڵم بۆ بێنێت) بێگومان ئەمەش دوو گێڕانەوەی پێچەوانەی یەكترین.

* لا 123 نووسیویەتی:_( پەنجەی لە سەر زەنگەكە دانا) نووسەر لێرەدا باسی ساتی كۆچڕەوەكە دەكات، بەڵام لە كۆچڕەوەكە و سێ مانگ پێشووتریش، كارەبا لە شاری هەولێر نەبوو.

وێرای ئەمانەش، میران لەو ڕۆمانەیدا، بە جۆرێك وەسفی خەڵكی هەولێری كردووە، وەك ئەوەی خەڵكێكی زۆر بێباك، نا بەرپرسیار و بێ خەم بن بەرانبەر كەس و كاری ئەنفلكراوان، كە ئەمەش جۆرێكە لە چەواشەكاریی، چونكە هەموومان حەقیقەتی هەولێرییەكان و هەڵوێستیان بەرانبەر ئەنفال و ئەو ڕووداوە و لە خۆگرتنی ئەنفالكراوان دەزانین.

 ڕۆماننووس، بە جۆرێك وێنەی مەستوورەی لە هەولێر پیشانداوە، كە هەموو ئەو سووكایەتی و بێ ڕێزیی و شكۆشكاندنەی پێی دەكرێت، لە نێو بازاڕی هەولێر و گەڕەكەكانی و لای هەولێرییەكانە. بەردەوام قەڵا و قەیسەری و بازاڕی ئەوێ دەكاتە ڕووبەری ڕووداوەكانی ژیانی مەستوورە.

دواجار زۆر بە ڕاشكاوی دەیڵێم، ئەم ڕۆمانە، گاڵتەكردنە بە هەست و سۆز و ڕوح و ژیانی  ئەنفالكراوان و پاشماوەكانیان. ئەم جۆرە ڕۆمانانە، لە بری ئەوەی خەم و تراژیدیاو گەورەیی ئەو كارەساتەمان پیشان بدات، بە پێچەوانەوە لە ئازار و گەورەیی كارەساتەكە كەم دەكەنەوە و بێ بەهای دەكەن !

پەراوێز: خەمی مەستوورە، ڕۆمان، میران ئەبراهام، زنجیرە كتێبی بڵاو كراوەی كەپر _ 2020.

*ئەم بابەتە لە گۆڤاری دیوان ژمارە (44) كانوونی دووەمی 2025 بڵاوكراوەتەوە.




گوێڕایەڵیی کوێرانە.. نەوزاد بەندی

ئەریک فرۆم باس لە دۆخێکی تراژیدیی مرۆڤ دەکات کاتێک کوێرانە گوێرایەڵیی دەسەڵات و حوکمڕان ئەبێ، هەموو بیرکردنەوە و کەسایەتیی خۆی ئەسڕێتەوە و لەناو ئەلف و فەرمانڕەواکەیدا ئەتوێتەوە، هەستی ڕەخنەگرتن و ناڕەزایی تیایدا بە تەواوەتیی لە بار دەچێ و ناتوانێ بچوکترین بەدوادا چوون بۆ ڕاستی و مافەکانی خۆی بکات، ناتوانێ بچووکترین پەنجە لە ڕووی زوڵمدا ڕاوەشێنێ و ناتوانێ بۆ چرکەیەکیش هەست بە ئازادیی خۆی بکات، ئەبێتە برغویەکی وەهمیی لەو دەزگا زەبەلاحەی داپڵۆساندندا، لەجیاتی ئەوەی بیر لە ئازادیی و کەسایەتیی خۆی بکاتەوە، بە دوای پاساوهێنانەوە و بیانوودا ئەگەڕێ بۆ پینە و پەڕۆ کردنی دۆخە گوێڕایەڵییەکەی خۆی، تەنانەت ئایین و بیر و باوەڕە ئاسمانییەکان بە جۆرێک دادەتاشێ، لە خزمەتی ئەو دەسەڵاتە دڕندەیەدا بێ کە خۆی تێدا نوقوم کردووە وەک ئەوەی گوایا خوا داوای کردبێ پشتگیریی حوکمڕانانی گەندەڵ بکرێت و بە گەورە و فریاد ڕەس دابنرێن و هەرگیز دژایەتیی نەکرێن، هەر چی بداتێ، بە دڵخۆشییەوە وەریبگرێت و هەرچیشی لێ قەدەغە بکات، بە گوێڕایەڵیی و دڵفراوانییەوە، ڕەزامەندیی بێ قەید و شەرتی خۆی بۆ نیشان بدات .
ئەم دۆخە خەمگین و ترسناکە لە هەمان کاتدا ، بریتییە لە سڕینەوەی مرۆڤ، لە کۆتایی هێنان بە بیرکردنەوە، له هەرەسهێنانی ڕەخنە کە زانستێکە و بنەمایەکی پتەوە لە بنەماکانی کۆمەڵناسیی مۆدێرن و کۆندا، لە تۆماس مۆرەوە کاتێ ڕەخنەی لە دەسەڵاتی ئەو سەردەمەی فلۆڕەنسا گرت ( هەرچەندە هاوڕێی گیانیی بە گیانیی بوو هنری وخانەوادەکەێ بوو ) بوو بە هۆی خۆ فیداکردن و سەرپەڕاندنی لە پێناوی هێشتنەوەی کۆمەڵگا لە دۆخی ئاسایی و سروشتیدا و سنووردانان بۆ سیستمی تۆتالیتاریی ناداد .
هەتا ئەگات بەو کەسە دیارانەی ئەمڕۆ لە پێگە بەرزەکانی سیاسەت و فیکردا ، دژی دەسەڵاتی ناداد ئەوەستن و پەنجەیان لە ڕوودا ڕائەوەشێنن، وەک ڕۆژانە لە پەرلەمانەکانی ئیسڕائیل و ئەمەریکا و ئەوروپادا ئەیانبینین.
گوێڕایەڵیی کوێرانە مرۆڤێک بەرهەم دێنێت لە هەموو شتێک ئەچێت لە مرۆڤ نەبێت، کاتێ بە بڕوانامە و پێگەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتییەوە پاساوی ئاینیی و کۆمەڵایەتیی و دەروونیی دێنێتەوە بۆ وازهێنان له هەموو جۆرەکانی بەرگریی و بانگەشە بۆ خۆبۆ دەسەڵات شلکردن تا بە ئارەزووی خۆی تاڵان و بڕۆ و کوشت و کوشتار و زوڵم و جینۆساید و برسیکردن و زیندانکردن و ترساندن و تۆقاندن ئەنجام بدات .
بۆ نمونە لە هەر کۆڕێکدا گوێی لە دەنگی ناڕەزایی بێ، یەکسەر ئەبێتە پارێزەری فەرمانڕەوا و قسەیەکی ناقۆڵا فڕێ ئەدات وەک ئەوەی ئەڵێ : لە سەردەمی پێغەمبەرانیش هەروا بووە، بەگزادەکان خواردوویانە، میللەتیش به نانەسکی و ئەشکەنجەوە بە ڕێی کردووە، نمونەی بیلالی بێ پشت و پەنا وهەژار و کۆیلە دێنێتەوە کە بەردێکی گەورە ئەخەنە سەرپشتی لە بەرامبەر موسوڵمانبوونیدا، لە هەمان کاتا باسی حەمزەی خاوەن پشت و پەنا و پێگە دەکات کە بە ئازادیی موسوڵمانبوونی خۆی ڕاگەیاندووە و هیچ کەسێ نەیتوانیوە توخنی بکەوێ .
باسی ئەوە ئەکا فیرعەونەکان بە ملیۆنان مرۆڤیان ئەشکەنجە داوە و بە برسێتیی ئەهرامەکانیان پێ دروستکردوون و هەمووانیش لە گوڵ کاڵتریان بە فیرعەون نەوتووە . باسی ئەمەریکا ئەکا، قەتڵ و عامی ملیۆنەها هیندیی سووریان کردووە و ئێستایش هەر خۆی خاوەنی هەموو بڕیارێکە .باس لە عوسمانییەکان ئەکات، لە کەیف و سەفادا ژیاون و ئەرمەنەکانیان جینۆساید کردووە و هیچ کەسێکیش لاریی بوونی خۆی ڕانەگەیاندووە . بەڵام جەنابیان باسی چاوی دووەمی ئەم ڕاپۆرتە تاکچاوانەیان ناکەن ، لە کاتێکدا موسوڵمانە خاوەن پشت و پێگەکان بە زێڕێکی زۆر و چاندنی هەزاران دارخورما، بیلالیان لە کۆیلایەتیی و لە ژێر بەردە زەلامەکە ئازاد کرد و تا کۆتایی تەمەنی ژیا، بەڵام حەمزە لە پێناوی بیر وباوەڕەکەیدا وەک سەربازێک لە گۆڕەپانی جەنگدا شەهید بوو .باسی ئەوە ناکات کە کۆیلەکان له دەوری موسا کۆبوونەوە و شۆڕشیان کرد و فیرعەونیان نوقمی ناو دەریای سوور کرد.
باسی ئەوە ناکات، هیندییە سوورەکان بە تیر وکەوان و چەقۆ و هۆکارە سەرەتاییەکانی شەڕکردن، ڕووبەڕووی سورفلە داگیرکەرەکان بوونەوە و هەزارانیان لێکوشتن .باسی ئەوە ناکا ئەو کەیف وسەفاو زوڵمەی عوسمانییەکان لەدژی کەمینەکان ئەنجامیان ئەدا، سەری خواردن، وا بۆ سەدەیەک زیاترە خەون به خەلافەتەوە ئەبینن و گۆرانی وسروود بۆ گەڕانەوەی سوڵتانەکانیان ئەڵێن و بە خەویش نایبیننەوە، چونکە کە دیکتاتۆر ڕما، جارێکی تر هەڵناسێتەوە.
ئەم مرۆڤە داشۆراوە لە هەموو هەستێکی مرۆڤایەتیی و لە هەموو بیری ئازاد و لە هەموو جوڵەیەکی سەربەخۆ، ئەوەندە خۆی بچوک کردۆتەوە، ئەتوانیت لە مێروولەیەک بچوکتر مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت و بیدەیت بە دار و بەرددا، زیندان و داماو و بێ داهاتوو، برسی و ڕووت و ڕەجاڵی بکەیت بە جۆرێک لە گیاندارانی تر، زیاتر و زیاتر لە بواری بەرگری و مافەکانیدا پاشەکشەی کردووە، بۆ نمونە پشیلەیەک لە گۆشەیەکدا قەتیس بکەیت پەلاماری ڕوخسارت ئەدات، بەڵام ئەم مرۆڤە سەیرەی کە ئەریک فرۆم بە مرۆڤی تواوە پێناسەی کردووە، هەتا قەتیستر بکرێ، زیاتر ئەکەوێت بەسەر پێڵاوی جەلادەکەیدا، زیاتر پاساو دێنێتەوە بۆ نیعمەتی قەتیس بوون و وەک تاقیکردنەوەیەکی خوایی تەماشای دەکات، پەیکەر بۆ قەتیس بوون دادەتاشێ و پیرۆزی ئەکات، جەلادەکانی وەک فریادڕەس و فریشتەی خوایی و جێگرەوەی خوا و شمشێری خوا تەماشا دەکات، ئەڵێ ئەم جەلادە جوانکیلانە نەبوونایە ئێمە له خۆمان بایی ئەبووین و کافر ئەبووین و نوقمی بریق و باقی دنیا ئەبووین و بەلەسە ئەبووین و ئاخیرەت و بەهەشتمان لە کیس دەچوو ، دیارە خوا تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکات و دەستێک دەسەڵات بیبڕێ، خوێنی لێ نایەت و دنیا بۆ بێ باوەڕانە! لەوەیش سەیرتر ئەکەوێتە قسەکردن بەدەم ئایین و پێغەمبەرانەوە و فەرموودە دادەتاشێ، جەلاد ئەکا بە شمشێر وەشێنی خودا و ئەڵێ فەرموودە وتویەتی خۆتان چۆن بن، کەسێکی وا فەرمانڕەواتان ئەکات و مەنجەڵ و سەرقاپی یەکترن ! ئەگەر لێی بپرسی ئەرێ کوا ئێوە و جەلادەکەتان لە یەکتر ئەچن ؟ئەم مەنجەڵ و سەرقاپە له چیدا لە یەکتر ئەچن ؟ ئێوە و جەلادەکانتان هەر خواتان یەکە، لەوەتەی ئێوە هەن ئەو شەقتان تێ هەڵئەدا، ئێوە هێشتا شەقوشاندنتان تاقی نەکردۆتەوە، ئەو لەوەتەی هەیە نان و ئاو و سامان و داهاتووی خۆتان و مناڵەکانتان بۆ خۆی ئەخوا، ئێوە هەموو ژیانتان برسێتیی و نەخۆشیی و نەزانیی و زیندان و بێ هیوایی بووە ، ئاخر ئەمە چۆن لە یەکچوونێکە ؟ ئەمە چۆن مەنجەڵ و سەرقاپێکە ؟
ئینجا وەک هەموو بیردۆزەکان کە کۆمەڵێک دەرئەنجام لە خۆدەگرن ، ئەم مرۆڤە گوێڕایەڵەی دەسەڵات، کۆمەڵێک دەرئەنجامی تری تیادا سەرهەڵدەدات کە ناتوانێ بە موو لێیان لابدات، واتا ئەبێتە گوێڕایەڵی کۆمەڵێکی زۆر لە بەرنامەی ناتەندروست کە خۆی بە داب و نەریت و کولتوور و شتی پیرۆز لێکیان ئەداتەوە ناتوانێ بە موو لێیان لابدات، ئیتر لە خواردندا بێ یان لە تەمەڵیی و تەوەزەلیی و زۆر خەوتندا بێ، لە پیس و پۆخڵیی و وورگ بەردانەوەدا بێ، لە شەڕی گەڕەک و حیزب و ڕێکخراوەییدا بێ،لە شەڕی عەشایەریی و براکوژیی و ئێرەیی و سیخوڕیی و دووزمانیی و فزوڵیەت و هەموو جۆرەکانی خیانەتدا بێ، لە ئازاردانی گیاندارانی بەستەزمان و دار و درەخت وخاک و ئاودا بێ، لە پیسکردنی ژینگە و نمەک به حەرامیدا بێ، بە جۆرێک وەک گیاندارێکی دەبەنگ کۆمەڵگاکەی ئەکاتە تەویلەیەکی ترسناک و نائارام و بۆگەن و پڕ لە دەرد و نەخۆشیی و تاریک .
ئەم دۆخە قێزەونە، ئەبێتە زامنی مانەوەی حوکمڕانەکان بۆ کاتێکی درێژتر، هەر بۆیە زۆر بە تام و چێژەوە تەماشای ئەو کۆمەڵگایه ئەکەن کە لەناو زۆنگاوی نەزانیی و گەمژەیی و دژایەتیی یەکتر و برسێتیی و بێ سەر و بەریەییدا ئەژین، پشتگیریی و دەستگرۆیی ئەو دۆخە ناشیرینەی کۆمەڵگا ئەکەن، شایانی باسە کاتێ لە زانکۆ بووم، لە قۆناغی یەکەمی کۆلێژدا ، هاوڕێیەکی عەرەبم هەبوو، ڕۆژێکیان به ڕێکەوت دەمانچەم لەناو کەل و پەلەکەیدا بینی، ئەمزانی ئەم کوڕە سەر بە حیزبی بەعس نییە هەتا دەمانچەی پێ بێ، هەر بۆیە پرسیارم لێکرد، لە وەڵامدا ووتی : ئێمە شەڕی عەشایەریمان هەیە، دەسەڵاتی بەعسیش مافی دەمانچە هەڵگرتنی بە هەردوو لامان داوە، هەتا لە هەر شوێنێ ڕێکەوتی یەکتری بکەین، یەکتری بکوژین!




ئایین و خوداناسی.. حسین قادر

پرسیاری مێژوویی مرۆڤایەتی ئەوەیە، خودا کێیە و چۆنە؟ لە ڕاستیدا وەڵامی ئەم پرسیارە، لای بێدینەکان و دژەدینەکان بەبێ وەڵامی ماوەتەوە، زۆر جار وەک کەرەستەیەکیش بەرانبەر موسڵمانان بەکار دەهێنرێت. سەرەتا پێویستە لەوەوە دەست پێ بکەین، لەم جیهانەدا دوو تایبەتمەندیی سەرەکی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە بەشێکی ماددی (بەرجەستەیی)یە و لە سنووری ئاوەزی مرۆڤدایە، بەڵام دووەمیان بەشێکی شاراوەیە و خودا بە دانایی خۆی لە مرۆڤی شاردووەتەوە، بێگومان شاردنەوەی بەشێک لە نهێنییەکانی گەردوونیش، تەنیا خۆی پێی زانایە و ئامانجەکەی خۆی دەیزانێت.

سەبارەت بە خودا، هەموو مرۆڤێکی هۆشیار ئەوە دەزانێت، کە خودا لە هیچ شتێکی تر ناچێت، واتە هەموو ئەو شتانەی مرۆڤ بینیوییەتی یان بە خەیاڵیدا هاتووە، هیچیان لە خودا ناچن، سنووری عەقڵ و توانای مرۆڤ، ناتوانێت دەرک بە هەندێک شت بکات و وەڵامی پرسیارگەلێک بداتەوە، وەک (دوای مردن بۆ کوێ دەڕۆین؟ خودا و فریشتەکان شێوەیان چۆنە؟ ڕۆژی دوایی چییە؟ بەهەشت و دۆزەخ چۆنن؟) هەموو ئەم پرسە گرنگانە، پێویستان بە هێزێکی لە ڕادەبەدەرە کە ئەویش بریتییە لە (ئایین). هەموو قۆناغەکانی پێگەیشتن و دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی هەر شارستانییەک، لە سەرەتاوە دابونەریتە، دواتر بەکاوەخۆ دەبێتە کولتوور و هونەر، پاشان توێژینەوەی زانستی وەک قۆناغی سێیەم، ڕۆڵێکی کاریگەریی لە بەرەوپێشبردنی ئاستی ڕۆشنبیریی تاکدا هەیە. دوای ئەوەیش، فیکر و فەلسەفە ڕۆڵێکی گرنگ لە ئاراستەکردنی کۆمەڵدا دەگێڕن و خزمەت بە لایەنێکی جیهان و مرۆڤایەتی دەکەن، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە، دەروونی مرۆڤ بەبێ ئایین نائاسوودەیە. چونکە ئایین، کۆتا قۆناغی پەرەسەندنی ڕۆحی مرۆڤایەتییە. ماکوان کەریم کە بانگخوازێکی کوردە، دەڵێت: (کرۆکی فەلسەفە، خۆشویستنی جوانی و حیکمەتە، بەڵام خوێندنەوە و فەلسەفە ئەگەر نەتگەیەنن بە خودا، ئەوە دەتگەیەنن بە هیچ).

لە نەبوونی خودادا یان هەر هێزێکی باڵای تر، کە مانا بە ژیان ببەخشێت، دۆخەکە زیاتر نامۆ و ئاڵۆزتر دەبێت و مرۆڤیش ڕووبەڕووی ژیانێکی نادادپەروەرانە دەبێتەوە. ئایین وەک هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لە ماهییەتی بوون و دۆزینەوەی مانای ڕاستەقینەی ژیان سەیر دەکرێت. چونکە بەبێ ئایین، مرۆڤ ڕووبەڕووی نیگەرانیی بوونگەرایی دەبێتەوە، کە بەهۆی هەستی بێمانایی و نامۆبوونی ژیانەوە دروست دەبێت. ئایین هەوڵدەدات لە ڕێگەی پێشکەشکردنی بەها و ئامانجی ژیانەوە، ئەم بۆشاییە دەروونییە پڕ بکاتەوە. پڕکردنەوەی ئەم کەلێنەیش لە ڕێگەی فەرموودەکانی پەیامهێنەوە (د.خ) کە مزگێنی بە چاکەکاران داوە، خودای گەورە لێیان خۆش دەبێت و ژیانی دوای مردنی بۆ مرۆڤ، ڕوون کردووەتەوە.
دوا جار کە دوای مردن، مرۆڤ باج یان پاداشتی کردەوەکانی وەردەگرێتەوە، هێزێکی ڕۆحی مرۆڤی ئیماندارە و نیشانەیەکە بۆ فەراهەمبوونی دادپەروەریی ڕاستەقینە لەپاش مردن.

بیرمەندانی بوونگەرایی، وەکوو نیتشە (١٨٤٤ – ١٩٠٠)، مارتن هایدگەر (١٨٨٩ – ١٩٧٦)، ژان پۆل سارتەر (١٩٠٥ – ١٩٨٠) پێیان وایە کە مرۆڤ فڕێ دراوەتە ناو جیهانێکەوە، ئەم جیهانەیش هیچ مانایەکی پێشوەختەی نییە. مرۆڤ ئازادە لەوەی کە خۆی مانایەک بە ژیانی ببەخشێت، بەڵام ئەم ئازادییە لە هەمان کاتدا بەرپرسیارییەتییەکی گەورەی دەخاتە ئەستۆ، چونکە مرۆڤ خۆی بەرپرسە لە هەڵبژاردنەکانی و ئەو مانایەی کە بۆ خۆی دایدەنێت. بەڵام لە لایەکی ترەوە ئایین، پێشنیاری ئەوە دەکات کە مانای ژیان لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و خودادایە، ئامانجەکەیش بریتییە لە ڕەزامەندیی خودا و بەدەستهێنانی بەهەشت. ئایا بوون بەبێ ئامانج مانای هەیە؟ یان ئایا مرۆڤ خۆی دەتوانێت مانایەک بە ژیانی ببەخشێت؟ لە ڕاستیدا ئەوە ئایینە ئامانج و مانا بە بوونی گەردوون و مرۆڤایەتی دەبەخشێت، چونکە تەنیا لە ڕێگەی ئایینەوە دەگەینە وەڵامی پرسیارە گەورەکانی ژیان (ئێمە کێین؟ لە کوێوە هاتووین؟ بۆ کوێ دەچین؟) چۆن فەلسەفە دەتوانێت یارمەتیی مرۆڤ بدات بۆ تێگەیشتن لە بنەما ئایینییەکان، ئایینیش دەتوانێت وەڵامی بەشێکی گەورەی پرسیارە فەلسەفییەکان بداتەوە. جیاوازی سەرەکیی نێوان خواست (ئیرادە)ـی ئازاد کە چەمکێکی فەلسەفییە و قەدەری ئیلاهی کە چەمکێکی ئایینییە ئەوەیە، یەکەمیان ئەو باوەڕەیە کە مرۆڤ توانای هەڵبژاردنی لەنێوان چەند ڕێگەیەکدا هەیە، ئەو بڕیارانەی دەیدات بە تەواوی لەئەستۆی خۆیەتی. بە واتایەکی تر، کردەوەکانی مرۆڤ پێشوەخت دیاری نەکراون و مرۆڤ دەتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕیار بدات. بەڵام دووەمیان باوەڕێکە کە دەڵێت خودا هەموو شتێکی پێشوەخت زانیوە و دیاری کردووە، لەنێویاندا هەموو کردەوەکانی مرۆڤ. بە واتایەکی تر، هەموو ڕووداوێک بە ویستی خودا ڕوو دەدات و هیچ شتێک لە کۆنتڕۆڵی خودا دەرناچێت.

خودا ئاگاداری خشەی مار و مێرووە، زانایە بە هەموو ئەو شتانەی لەم جیهانەدا ڕوو دەدەن، لە نزیکی هەموو مرۆڤێکەوەیە. جۆن فلۆریۆ (١٥٥٣ – ١٦٢٥) کە ڕۆشنبیرێکی سەردەمی ڕێنێسانس، نووسەر، شارەزای بواری فەرهەنگ، مامۆستای زمانی ئیتاڵی و وەرگێڕیش بووە، گوتوویەتی: (ئەگەر خودا بوونی هەبێت، دەبێت ئەم خودایە، ئاگاداری ورد و دروشتی ئەم گەردوونە بێت، ئاگاداری گەردیلەیەک بێت، ئاگاداری هەڵوەرینی گەڵای دارێک بێت). لە ڕاستیدا قسەی ئەم نووسەرە بەرئاوەزە*، چونکە ئەگەر خودایەک ئاگاداری هەموو جووڵە و کاروبارێکی دروستکراوەکانی نەبێت، ئەوە بێگومان شایەنی پەرستن نییە و بە کەڵکی خودایەتی نایەت. ئەگەر لە قورئانیش بڕوانین بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە خودای گەورە زانست و زانیاری لەسەر هەموو شتێک هەیە. (وَعِندَهُ مَفَاتِحُ الْغَيْبِ لَا يَعْلَمُهَا إِلَّا هُوَ ۚ وَيَعْلَمُ مَا فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ ۚ وَمَا تَسْقُطُ مِن وَرَقَةٍ إِلَّا يَعْلَمُهَا وَلَا حَبَّةٍ فِي ظُلُمَاتِ الْأَرْضِ وَلَا رَطْبٍ وَلَا يَابِسٍ إِلَّا فِي كِتَابٍ مُّبِينٍ. الأنعام ٥٩) کە بە کوردی دەبێتە: (تەنیا ئەو کلیلی نهێنییەکانی لایە کە جگە لە خۆی کەسی تر نایزانێت، ئەو دەزانێت چی لە وشکانی و دەریاکاندا هەیە، هیچ گەڵایەک هەڵناوەرێت، ئیللا ئەو دەزانێت و ئاگادارییەتی، هیچ تۆوێک لە تاریکی زەوی و هیچ تەڕ و وشکییەک نییە، ئیللا لە لەوحی مەحفووزدا تۆمار کراوە. سوورەتی ئەنعام، ئایەتی٥٩).

شێوازێکی عەقڵانە (ئاوەزمەندانە) بۆ ناسینەوەی هەر شتێک ئەوەیە، لە ڕێگەی تایبەتمەندی و سیفەتەکانیەوە بیناسیت و پێی ئاشنا بیت. خودا نەوەد و نۆ ناوی هەیە، هەر یەکێک لەم ناوانە خاسیەتێکی خودای گەورەیە و مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی تێگەیشتن لەم ناوانەوە، خودا بناسێت و باوەڕەکەی تۆکمەتر بکات. لەم سۆنگەیەوە، پێغەمبەر (د.خ) لە فەرموودەیەکدا کە ئیمامی بوخاری و موسلیمیش گێڕاوییانەتەوە، فەرموویەتی: (إن لله تسعة وتسعين اسماً، مائة إلا واحداً، من أحصاها دخل الجنة) بە کوردی دەبێتە: (خوا نەوەد و نۆ ناوی هەیە، سەد کەم یەک، هەر کەسێک سەرژمێرییان بکات، دەچێتە بەهەشتەوە). یەکێکی تر لە ڕێگەکانی ناسینی خودای گەورە ئەوەیە، ئەو نامەیەی لە ئاسمانەوە بۆ مرۆڤایەتی ناردووە، بیخوێنیتەوە و لێی تێ بگات. لەو نامەیە (قورئانە)دا خودا ڕێزێکی گەورەی بۆ مرۆڤ داناوە، لە ڕێگەی پەیامیشەوە خۆیی پێ ناساندووە.

ئەگەر ئیمان بوونی نەبێت، ئەوە ئیسلامەتییش هیچ پێگەیەکی نییە. ئیسلام لە پێنج پایە پێک هاتووە، یەکەم: شەهادەت، دووەم: نوێژکردن، سێیەم:زەکات دەرکردن، چوارەم: ڕۆژووگرتن، پێنجەم: حەجکردن. ئەم پێنج پایە ئیسلامی لەسەر بینات دەنرێت، بەڵام زەمینەی ئەم پێنج پایە، ئیمانە. هەرگیز هیچ کەسێک ناتوانێت بەبێ ئیمان، خودا بناسێت. ئیمانیش بڕواهێنانە بە خودا و نهێنییە شاراوەکانی دنیا. ئایەتی سێیەمی سوورەتی بەقەرە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە چەمکی ئیمانەوە هەیە، چونکە سێ سیفەتی سەرەکیی باوەڕداران دەخاتە ڕوو. (الَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِالْغَيْبِ وَيُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَمِمَّا رَزَقْنَاهُمْ يُنْفِقُونَ، البقرة ٣) بە کوردی دەبێتە: (ئەوانەی باوەڕیان بە شاراوەکان هەیە، نوێژەکانیان بە چاکی ئەنجام دەدەن، لەو ڕزق و ڕۆزییەی کە پێمان بەخشیون، دەبەخشن. سوورەتی بەقەرە، ئایەتی٣).

ئایین ڕێگەیەکە بۆ گەڕان بەدوای خودادا، خوداناسییش هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەم گەشتە. لەم سەفەرەدا بە ڕاستیی ڕەها ناگەین، بەڵکو گەشتێکی بەردەوامە. فەلسەفەی ئایینیش ئەوەیە، ئیماندار باوەڕی بە نهێنییەکان و شتە شاراوەکانی گەردوون هەبێت. چونکە ئەگەر وانەبێت، ئایین هیچ ئامانجێکی نابێت و گەڕانیش بەبێ هودەیی کۆتایی پێ دێت.

*بەرئاوەز: مەعقول




ژوانی ڕەش.. نەوشیروان ئازاد


لێم ببورە ،
هەڵەبجەی جوان ..
ئەمساڵ ئیتر نایەمەژووان ..
خونچەی شیعر
لەشانزەی سێ
نادەم لەزولفی کیژی جوان
نایکەمە تاجەگوڵینە ،
بۆسەر مەزاری عاشقان
سی و پێنج ساڵە..
لەشانزەی سێ
هەموساڵێ
شیعرێکی نوێ دێتەبوون ،
بۆئازاری تۆ دەناڵێ ..
ئیتر بەسەبۆتۆسوتان
نەکەس هەتوانێکی کردی و،
نەبەرپرسێ مەشخەڵێکی بۆت داگیرسان
ڕویان ڕەش بێ ئەوانەی وا
سی و پێنج ساڵەوەک زەریا لوش
خوێنی جەستەی شەکەتباری تۆ دەنوشن …
چەن بێ شەرمن …
لەسەر مێزی دانوستاندا…
شەهید بونی تۆدەفرۆشن
بەقەد خۆێنی شەهیدانت ،
هێندەی ژانی پڕئازاری ،
دواهەناسەی ،
ئالودەبوی …کۆرپەکانت ..
تف و نەفرەت …بۆئەوانەی..
تویان ڕەنجان …
لەژیان ..و ،
لەشۆرش و بەرخۆدانت

نەوشیروان ئازاد




خەیاڵی خاڵی.. شیعری شاهۆ حوسێنی

جار و بارە
دڵی پڕم
مەیل و ساماڵ
شەوقی فڕین هەڵی دەگرێ و
روو لە شەوقی
شەبەقی گڵۆپی نیگات
شێتانە باڵی لێک ئەدا
هەڵدەفڕێت و هەلدەفڕێت و
حەزی لێیە
تا کۆتایی هەڵفڕین هەر باڵ لێ بدات
بەڵام دڵی شێتەم
قەت نازانێت
ئەم نیگایەت
ئەم گڵۆپە نوورانیە
زەریایەکی قوڵی مەندە
تەندووراوێکی دڵ‌ڕەقە
هەر چی بەلایدا تێپەڕێت
دەیخنکێنێت
جار و بارە
پەپوولەی دڵ
هەڵوەدای شەبەقی
گڕی مۆمی بزەت دەبێ
حەزی لێیە تەواقفی ئەم لێوە بکات
بەڵام ئەم شێتۆکە قەت نازانێ
هەرچی بەلای
ئەم گڕەدا تێدەپەڕێت
گڕ دەگرێت و
دەیسووتێنێت




بۆ دوبارە نەبوونەوەی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە، داوا دەكەین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی

37 ساڵ لەمەوپێش رژێمی بەعس شاری هەڵەبجەو دەوروبەری بە گازی كیمیاوی كیمیاباران كرد، لە ئەنجامی ئەم تاوانە زیاتر لە 5000هاووڵاتی سڤیلی ئەم شارە بوونە قوربانی و نزیك دە هەزاریش بریندار بوون، رۆژ لە دوای رۆژیش ژمارەكەی لە هەڵكشاندایە بەهۆی مردنی بەردەوامی بریندارەكانەوە.
ئێمە لە یاداوەری 37 ساڵەی تاوانی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجەدا، لە پێناو دوبارە نەبوونەوەی تاوانی لەم چەشنە لە وڵاتەكەمان، داواكارین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی .
ئەگەر ئەم داواكارییەی ئێمە كە 20 ساڵە دوبارەی دەكەینەوە ئەگەر جێبەجێ بەكرابایە، ئێستا كەیسی تاوانەكانی سنجار و دوزو شارو شارۆچكەكانی دیكە بە سانایی دەگەیشتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و تاوانەكان بە جینۆساید لە سەر ئاستی جیهانی دەناسێننران، یاخود هەر رویان نادا، تاوانكارانیش لە سزا رزگاریان نابوو،
بۆیە لەم یادەدا داواكارین:
-بە زوترین كات عێراق پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و پەیوەست بێت بە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتیەوە، پێویستە پەرلەمانتاری كوردستان لە بەغدا بە پشتیوانی ئازادیخوازان و دیموكراسیخوازان كاری جدی بكەن بۆ ئەم مەبەستە.
-دۆسیەی بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ببێتە یەكێك لە خاڵەكانی گفتوگۆی لایەنە كوردستانییەكان لە گەڵ بەغداو هەر لایەنێكی دیكە.
-عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی كورد بكات و سەرۆك كۆمار لە بڕی وڵاتی بكەری تاوان ئەم ئەركە بگرێتە ئەستۆ.
-نابێت تاوانبارانی تاوانە مەزنەكان “ئەنفال، هەڵەبجە، بارزانی، فەیلی، ئێزیدی” لە سزا رزگاریان بێت و پێویستە قوربانیان قەرەبووی مادی و مەعنەوی بكرێنەوە.
-پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی تاوانی جینۆساید و داگیركاری كوردستان بداتەوە.

تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی- KONCICC
16-03-2025




دەستوورێک بە دژ، نەک بۆ کورد نووسراوە.. شێرکۆ کرمانج

چەند سەعاتێک پێش ئێستا لیژنەیەک کە سەرۆکی کاتیی سووریا، ئەحمەد شەرع، ڕای سپاردبوون، دەستوورێکی کاتیی بۆ وڵاتەکە بنووسنەوە، ڕەشنووسێکیان خستە پێش شەرع و ئەویش پەسەندی کرد. ئەم دە (١٠) سەرنجە خێرایە زادەی خوێندنەوەیەکی خێرای بەشی یەکەمی دەستوورەکەیە کە لە چوار بەش و ٤٣ بەند پێکهاتووە:
یەکەم، ڕاستە ئەم دەستوورە کاتییە و بۆ ماوەیەکی ڕاگوزەرە (فەترەی ئینتیقالییە) بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو دەقانەی لەم دەستوورە هاتوون دەبن بە بنەما بۆ دەستوورە هەمیشەییەکە.
دووەم، نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە عێراق لە ١٩٥٨ و تا ٢٠٠٥، واتە بۆ ماوەی ٥٣ ساڵ، بە دەستووری کاتیی بەڕێوەچووە، بۆیە ئەگەری زۆرە کە ئەم دەستوورەش هەروا بە کاتیی بمێنێتەوە. لەبەرئەوە ناکرێت و نابێت وەک دەستوورێکی کاتیی تەماشا بکرێت.
سێیەم، ناساندنی دەوڵەتی سووریا لە ماددەی یەکەم وەک “کۆماری عەرەبیی سووری”، نیشانە و ئاماژەیەکە کە عەقڵییەت و تێگەیشتن و دیدگای دەستەبژێری نوێی سووریا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، بەتایبەت لە پەیوەند بە پرسی نەک هەر لە خۆنەگرتنی کورد، بەڵکوو داننەنان بە کورد.
چوارەم، جەخت کردنەوە لە یەکپارچەیی جوگرافیای سیاسی سووریا، هەر لە ماددەی یەکەم، پەیامێکە بۆ کورد، کە دەڵێت گوێ بگرن ئەم سووریایە یەک پارچەیە و بەشێک لە نیشتیمان و وڵاتی ئێوە لە خۆناگرێت و بیر لە جیابوونەوە و سەربەخۆیی نەکەن، چونکە وەک دواتر جەختی لەسەر کراوەتەوە، کەس ناتوانێت “لە هیچ بەشێکی خۆش بێت”.
پێنجەم، لە ماددەی دووەم، بنەماکانی دەوڵەتێکی داعشیی دادەمەزرێنێت بەوەی کە دەڵێت “دینی سەرۆککۆمار ئیسلامە”. ئەمەش هەموو ئەو بانگەشانە لە گۆڕ دەنێت کە دواتر هەر لەم دەستوورە بۆی دەکرێت لەسەر هاووڵاتییبوون (المواطنة). چەمکێک کە نەک هەر جۆلانی و دەستوورنووسەکانی بۆ دژایەتیکردنی کورد و گرووپە دینیی و نەتەوەییەکانی دیکەی سووریا ماوەیەکە پێداگری لەسەر دەکەن، بەڵكوو دەستەبژێریی سێکولاری سووریش بەردەوام دەیڵێن و دەێڵێنەوە، وەک ئەوەی کە ئەوە بەس کوردە باوەڕی بە “مواتەنە” نییە. لێستنەوەی مافی بەسەرۆکبوون لە درووز و کرستییانەکان، بۆ نموونە، ناهەقییەکی زەقە و بنەماکانی هاووڵاتیبوون نەک هەر بنکۆڵ دەکات بەڵکوو دەیکاتە گاڵتەجاڕیی.
شەشەم، هەر لە ماددەی دووەمدا، دەستوورەکە فقهی ئیسلامیی کردووە بە، نەک هەر بنەمایەکی سەرەکی یاسادانان بەڵکوو کردوویەتی بە “بنەما سەرەکییەکە” (المصدر الرئیسي). ئەمەش تەواو دژایەتی دەکات لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی.
حەوتەم، دەستوورەکە بانگەشەی ئازادی باوەڕ دەکات و دەڵێت پارێزراوە بەڵام دەڵێت دەوڵەت “ڕێز لە دینە ئاسمانییەکان دەگرێت”، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تەنیا سێ دین لەو وڵاتە ڕێزلێگیراوە، ئیسلام و کرستیان و جوو. لەڕاستیدا ئەمە دەکرێت دواجار بکرێت بە بنەمایەک بۆ دژایەتیکردنی دینە نائاسمانییەکان و بێدینەکان.
هەشتەم، تاکە زمان کە وەک زمانی فەرمی ناسێنراوە زمانی عەرەبییە. ئەمەش نەک هەر داننەنانە بە زمانی کوردی بەڵکوو ڕەتکردنەوەی کوردە وەک نەتەوە، یان گرووپێکی ئیتنی. ئەگەر زمانی کوردی بە فەرمی نەناسرێت ئەوە کوردی نەک هەر نابێتە زمانی کار و بازاڕ و زانست و ئەدەب و فەلسەفە بەڵکوو نابێتە زمانی خوێندن و نووسینیش. بەواتایەکی دیکە، ئەمە جۆرێکە لە یاساغکردنی زمانی کوردی، کە ڕێک دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەت و پراکتیزە کە سەد ساڵە لە سووریا پەیڕەو دەکرێت، هاوکات، ئەمە تێنەپەڕاندنی سووریای بەعس و دەمارگیریی و نکوڵیکردنە.
نۆیەم، کورد لە دەستوورەکە وەک نەتەوە یان گەل دانی پێدا نەنراوە تەنیا وەک “عرق” نەبێت، ئەوە ئەگەر “عرق” لە عەرەبییدا بە مانای ئیتن بێت، خۆ ئەگەر “عرق” بە مانای ڕەگەز بێت ئەوە مانای ئەوەیە کە کورد لەم دەستوورە نوێیەدا لە هیچ شوێنێک دانی پێ نەنراوە.
دەیەم، ئەم دەستوورە دوو ڕۆژ دوای ڕێککەوتنەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع نووسراوە. ئەمەش تەنیا یەک مانای هەیە، ئەویش ئەوەیە کە شەرع، باشترە بڵێین جۆلانی، یەک زەڕە ڕێز لە واژۆکەی خۆی ناگرێت، ناکرێت و نابێت کورد متمانەی پێ بکات.
ئەوەی ئێمە لەسەرمانە گەیاندنی پەیامێکە، هیوادارین بگات.




ناساندێکی کورتی کتێبی (تۆفانی چاو)

پەندێکی کۆنی میسری هەیە دەڵێت: (گرفتێکی زۆر گەورەیە، لە ناخەوە باوەڕت وا بێت، هەموو ئەوەی بە سەرت دێن، بە هۆی چاوی پیسەوەیە، بەڵام هەرگیز نەزانی کە کەرێتیی خۆت سەبەبکارە.) ئەم پەندەی میسرییەکان جەخت لە گرینگیی فەلسەفەی بەرپرسیارێتی دەکاتەوە. ئەوەی گرینگە بۆ مرۆڤ ئەوەیە کە پێویستە لە ئاست کارەکانی دا بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت، بە شێوەیەکی عەقڵانی شکستەکان بۆ هۆکارەکان بگەڕێنێتەوە و هەرگیز خۆی وەک هۆکاری سەرەکی یان بەشێک لە هۆکارەکان نەدزێتەوە، هەمیشە مرۆڤێکی بەپاساو نەبێت بۆ هەموو کەوتنێک، یان خێرا بیانووی حازربەدەستی پێ نەبێت بۆ هەموو ئەنجامێکی خراپ و نەخوازراو و بەمە بەرپرسیارێتی لە شانی خۆی نەتەکێنێت، هەمیشە خەڵکی تر نەکاتە هۆکاری دۆڕان و سەرنەکەوتنی، چونکە تا مرۆڤ بەو شێوەیە بیر بکاتەوە، گۆڕانکاریی ئەرێنی لە ژیانی دا ڕوو نادات و نایەوێت ڕوو بدات.
(تۆفانی چاو) ناونیشانی کتێبێکی سێ بەرگییە، کە بریتییە لە توێژینەوەیەكی فرەڕەهەند لە سەر ئاماژە و نیگا جیاجیاكانی چاو. ئەمەی ئێستا چاپ بووە بریتییە لە بەرگی یەکەم لە ژێر ناوی (مرۆڤ و چاوپیسی) کە بە سەر چەند ناونیشانێکی جیاواز، بەڵام پەیوەست بە یەک لە حەوت بەش دا دەکرێینەوە، تێکڕای ناونیشانەکان دەیانەوێ بە دەوری ئەو بابەتە دا بسووڕێنەوە، کە ئاخۆ مرۆڤ چی لە چاوپیسی داوە و چۆن ئەمەی داهێناوە و باوەڕی پێ هێناوە، یاخود ئەم بابەتە بۆچی و چۆن سەری هەڵداوە و بڵاو بووەتەوە و درێژ بووەتەوە و چیرۆکەکانی بەردەوام بوون و لە مێژەوە تا ئەم سەردەمە هاتوون و پێ دەچێت بەردەوامیش بن.
کورتەی پلانی کتێبەکە
بە کورتی لە بەشی یەکەم دا، پرسیاری چاوە پیسەكان بۆ؟ بەشێنەیی دەمانخاتە بەر هۆی هەڵبژاردنی ئەم بابەتە و دەروازەیەكمان بۆ ئەو مەبەستە کردوەتەوە، لەم دەروازەیە دا ڕەخنە لەو ناوەندە ڕۆشنبیرییە گیراوە كە ئەم جۆرە باسانەی خستوەتە پەراوێزەوە و ئەو هۆكارانە ڕوون كراوەتەوە كە بۆچی نووسەران و توێژەرانی كورد بە شێوەیەكی جیدی و ئەكادیمی و زانستی بایەخ بەم جۆرە توێژینەوانە نادەن و خۆیان لە قەرەی باسكردن لەم جۆرە دیاردانە نەداوە و نادەن.
لە بەشی دوەم دا گێڕانەوەیەکی مێژوویی دەخەینە ڕوو، لەم گێڕانەوەیە دا ئاماژە بە بۆچوونی پەیامبەرێک و فەیلەسووفێک دەکەین، بە گەڕانەوە بۆ بۆچوونی ئەم دوانە هەوڵ دراوە ئاشنایەتییەک بە بۆچوونی ئایینی و فەلسەفی لە سەر دیاردەی چاوپیسی دروست بکرێت.
لە بەشی سێیەمیش دا ئاماژە بە تێڕوانینى خەڵكى ئەمڕۆ دەکەین لە بارەی ئەم دیاردەیە و تێی دا سێ کۆمەڵەمان جیا کردوەتەوە.
لە بەشی چوارەم دا لە ژێر ناوی چاوپیسى و دیدگاى ڕۆشنبیران، باسمان لە تێڕوانین و هەڵوێستی ڕۆشنبیران و خوێندەواران کردوە لە بارەی چاوپیسییەوە، لەم بەشە دا ڕەخنە لەو دیدگا نازانستی و سەرپێییانە گیراوە كە هەندێ لە ڕۆشنبیران و نووسەران لە چیرۆك و سەرگوزەشتە و نووسینە ڕۆژنامەیییە جۆراوجۆرەكانیان باسیان لە دیاردەی چاوپیسی كردوە.
لە بەشی پێنجەم دا چاوپیسى و دەرکەوتنی وەک باوەڕێک لە ئەدەبی کوردی دا بووەتە بابەتی توێژینەوەکە و چەندین تێکستمان لە ئەدەبی کوردی دا هەڵداوەتەوە و بوونی ئەم باوەڕەمان دۆزیوەتەوە.
لە بەشی شەشەمیش دا باسمان لە چاوپیسى و لێكدانەوەكانى خەڵكانى ئاسایی کردوە و ئەو تێڕوانینە سادە و ساكار و نازانستییانەی خەڵكی ئاسایی لە سەر دیاردەی چاوپیسی هەیانە، خراوەتە ڕوو، دواتر لێكدانەوە بۆ هۆكاری سەرهەڵدانیان كراوە، بۆ بەشی حەوتەمیش وەکوو دوایین بەشی ئەم بەرگەی کتێبەکە، دواین قسە و کۆمەڵێک پرسیارمان لە سەر ئەم بابەتە خستووەتە ڕوو، بە چەند پرسیارێك هەوڵ دراوە پێوەندییەك لە نێوان ئەم بەشە و بەشەكانی داهاتوو دا ببەسترێت، ئەویش بۆ تیشك خستنە سەر لایەنە ناڕوون و نادیارەكانی ئەم بەشە لە سەر دیاردەی چاوپیسی. پاش ئەویش پوختە و ئەنجامی بەرهەمهاتووی ئەم بەرگەمان نووسیوە و ئینجا سەرچاوەكانمان داناوە.

گرینگیی توێژینەوەکە

ئەم بابەتە کەموزۆر و بە پێی دۆخی ژیان و ئەو دەورووبەرەی مرۆڤ تێی دا دەژی، گرینگیی خۆی هەیە و لای خەڵکێکی زۆر بە هەند وەرگیراوە، ئەگەر پێشتر چیرۆکەکانی لە ناو میللەتان دا دەماودەمیان دەکرد و بڵاو دەبوونەوە و بەبایەخەوە وەردەگیران، ئەمڕۆ لەوەیش زێدەتر تێ پەڕیوە و ئەو شەپۆلە هۆشیارییەی لە پشتییەوە ڕێنماییکارانی گەشەپێدانی مرۆیی بە کتێب و نامیلکە و هۆکارەکانی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو خۆراکی پێ دەدەن، لە سۆسیالمیدیا و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێت، بەردەوام بابەتی ئامۆژگاریی ئەوە پەخش و بڵاو دەکەنەوە: هەموو کات دوعا بکە، نهێنیی خۆشەبەختیت بە چواردەورت مەڵێ، باسی پارە و سامانت مەکە، وێنەی منداڵەکەت و خۆشگوزەرانیت مەخەرە بەر چاو، با کەس نەزانێت چۆن دەژیت و …هتد.
نووسەری مەغریبی (ئەلئەخ ڕەشید) ئامارێکی بڵاو کردوەتەوە و دەڵێت:
(سەنتەری بیۆ بۆ توێژینەوە، ئامارێكی سەبارەت بە باوەڕبوون بە جادوو لە وڵاتانی ئیسلامیی بڵاو کردوەتەوە، لە توونس لە سەدا هەشتاونۆی بەشداربوانی ئامارەکە باوەڕیان پێی بووە، لە مەغریبیش لە سەدا حەفتاوهەشت بووە، بۆ پرسی بڕوابوون بە چاوپیسی و ئێرەیی لە توونس لە سەدا نەوەت بوو، مەغریبیەكان لە سەدا هەشتا بڕوایان بە چاوی پیس هەبووە.) هەروەها نووسەر جارێکی تر لەو کتێبە دەڵێت (لە جیهانی ئیسلام دا باوەڕبوون بە چاوی پیس و جادوو كێشەیەكە لای خەڵكی و بووەتە هۆی نەمانی متمانەی نێوانیان، خەڵکێکی زۆر بڕوای وایە دراوسێكانیان هۆكاری ئەوەن کە ژنیان بۆ نایەت و ئەوان جادوویان لێ كردوون، بەشێکی زۆر كچان دەڵێن جادوو هۆكاری شوونەكردن و شكستیانە لە پێوەندیی ژن و مێردایەتی یان سۆزدارییان.) ئەمانەمان تەنها وەک خاڵێکی گرینگ خستە ڕوو، دەنا لە توێژینەوەکە دا ئاماژە بە چەند خاڵێکی تری گرینگ کراوە.

هێڵە فکرییەکانی کتێبەکە لە چەند بۆچوونێکی خێرا دا
١- ئەگەر هیچ زانیارییەکمان لە بارەی شتێکەوە نەبێ، بە دڵنیایی زۆر زەحمەتە ئەوەی دەیڵێین ڕاستی بپێکێت یان بتوانین خۆمان لە هەڵە لا بدەین، بۆیە بەر لە هەر شتێک پێویستە ئەوە ڕابگەین کە زانیاریمان لە سەر ئەو بابەتە نییە، ئینجا هەوڵ بدەین تەندروستانە بیر لە بابەتەکە بکەینەوە، بۆ ئەوەی بابەتەکە لە کەشێکی ناڕەخنەیی و وەک ڕاستیی ڕەها دەرنەکەوێت، ئێمە کە تەنها بە زانیارییە پێشینەیییەکان و بڕیاری پێشوەخت لە شتەکان دەدوێین، دەبێ بزانین ئەوە تەنها هەستکردنەوە بە بوونی ئەو دیاردانە نەک بیرکردنەوە لێیان.
٢- ئەوە ئێمە نیین تەنها کە سەیری دیاردەکان دەکەین و دەخوازین بیریان لێ بکەینەوە و بڕیاریان لە بارەوە بدەین، بەڵکوو ئێمە خۆیشمان لە ناو دیاردەکان داین، بۆیە بیرکردنەوە لێیان، واتە بیرکردنەوە لە خۆیشمان. بیرکردنەوەیش لە خۆمان ئیمکانی گۆڕینی جیهان باشتر دەکات. ئەو دیاردەیەی لێرە دا لێی دەدوێین تەنها بابەتێک نییە بۆ بیرکردنەوە و گۆڕینی سەنگ و فۆڕمەکەی، بەڵکوو بەر لەوە ئەو بابەتە خۆی کاریگەریی لە سەرمان هەبووە و نیگای گۆڕیوین. ئەوە تەنها ئێمە نیین بایەخ بە دیاردەکان دەدەین، بەڵكوو ئەوە ئەوانیش فیشار لە بینین و ڕوانینمان دەکەن.
٣- ڕەنگە هۆکاری ئەوەی کە ناتوانین تەندروستانە و جیدی بیر لە دیاردەیەک بکەینەوە، ئەوە بێت کە هێندە لەو دیاردەیەوە نزیکین کە ئێمە لە ناوی دا تواوینەتەوە، یان هێندە نزیکین کە ئیتر هەستی پێ ناکەین، ئەم هەستپێنەکردنە هەستی ئاشنایەتیی تەواوەتییە کە کردوویەتی بە بەشێک لە خۆمان و ئیتر بۆ ئێمە شتێکی نامۆ نییە، کە نامۆ نییە واتە سەرساممان ناکات و شتێکی تێ دا نییە تووشی شۆکمان بکات و ڕامان بچەڵکێنێت، کە ئەوەیش نەبوو ئەوا ئەو بابەتە بەتەواوی بۆمان جێگەی بایەخ و گرینگیدان نابێت و پرسیاری لە بارەوە ناکەین، هەر وەک چۆن مرۆڤ پرسیار لە بارەی زۆر ئاشناکانی خۆیەوە ناکات.

کتێبی (تۆفانی چاو) توێژینەوەیەكی فرەڕەهەند لە سەر ئاماژە و نیگا جیاجیاكانی چاو، زنجیرەی ١٠٥ی کتێبە چاپکراوەکانی ناوەندنی کولتوورە بۆ چالاکیی ئەدەبیی و فەرهەنگی لە شاری هەولێر و بەپشتیوانیی د.هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی، ساڵی ٢٠٢٥ کە دووتوێی ٣٢٧ لاپەڕەی قەبارە مامناوەند دا چاپ کراوە.




بۆچی خوێندەواریی میدیایی؟.. ئاراس سەعید

“پێویستمان بەم هەموو زانیاریە نەبوو، ئێمە لەناوەڕاستی زەریایەکدا خەریکین نوقم دەبین؛لە زانیاری…”
Marguerite Duras
L’ amant de la Chine du Nord
پێشەکی
ـــــــــــــــ
مرۆڤی ئەم سەردەمە بەوە لە مرۆڤی سەردەمەکەی پێش خۆی جیادەکرێتەوە کە لە ناوتۆڕێکی ئاڵۆزی تەکنیکدا دەژی. قۆناغی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی قۆناغی دوای دەرکەوتنی میدیای نوێی و سەردەمی تەقینەوەی زانیارییەکانە، قۆناغێکە تێیدا میدیا خۆی لکاندووە بەکۆی کۆمەڵگەیی مۆدێرنەوە و هاوکات وەکوو عەمباری زانییاری و زمان حاڵی سەردەمەکەش دەردەکەوێت. هەر بۆیە چەمکی خوێندەواری لە ئێستادا زۆر لە مانا تەقلیدییەکەی فراوانترە کە تەنها لە توانای خوێندنەوە و نووسین و بڕوانامەیەک کوورت دەکرایەوە. لە دوونیای ئەمڕۆدا چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تەکنەلۆژیا و میدیای نوێ و کارامەیی لە درووست بەکارهێنانی کارامەیییەکە و ئەگەر کەسێک نەزانێت چۆن مامەڵەی درووست لەگەڵ میدیا بکات ئەوا بە نەخوێندەوار دادەنرێت. لە جیهانێکدا کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی لێشاوی گەورەی زانیاری دەبینەوە، یان وەک ئەوەی مارگرێت دیوراس ئێژێت: “ئێمە لەناوەڕاستی زەریایەک لە زانیاری خەریکین نوقم دەبین” جا بۆ ئەوەی فێری مەلەوانی ببین و نەخنکێین، خوێنەواری میدیایی کارامەیییەکی جەوهەرییە.
با نموونەیەک بهێنینەوە، وابیهێنە بەرچاوت لە بازاڕێکی گەورەی قەرەباڵغدایت کە هەموو جۆرە کاڵایەک بە مارکە و کوالێتی و نرخی جیاوازەوە نمایش دەکرێت. بۆ ئەوەی باشترین کاڵا هەڵبژێریت، پێویستە کوالیتی کاڵاکان بناسیتەوە و نرخەکان بەراورد بکەیت و متمانەت بە ڕیکلامەکانی فرۆشیارەکان نەبێت. لەجیهانێکدا میدیا بووە بەپێویستییەک و تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیان، هەر لە منداڵان و هەرزەکاران و گەورەساڵانەوە کاتێکی زۆر بە شێوەی ئۆنلاین و لەبەردەم شاشەکاندا بەسەر دەبەن و زانیاری لێوە وەردەگرن و بەر پەیام و کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەکەون، کە کاریگەری لەسەر عەقڵ و تەندرووستی جەستەیی و دەروونیان هەیە و ڕێگرە لەوەی ببنە هاووڵاتی هۆشیار و ڕۆشنبیر، خوێندەواری میدیایی بەتەواوی هەمان ئەو کارامەییە کە لەنموونەی بازاڕیکردنەکەدا پێویستمانە.
ڕەنگە بەسەر هەمووماندا هاتبێت کە لە کاتی گەڕان بۆ هەواڵێک لە سایت و پەیجەکانی هەواڵ یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تووشی هەواڵی سەیر و سەمەرە یان تەنانەت هەواڵی ناڕاست بووین و بڵاومان کردۆتەوە بەبێ ئەوەی وردبینیمان بۆ کردبێت و بزانین کە لەبنەمادا ئەو هەوڵە ڕاستە یان ناڕاستە، بەڵام دوای ماوەیەک بۆمان دەرکەوتووە کە هەواڵەکە لە دەنگۆیەک زیاتر هیچی تر نییە! ئەمە تاکتیکی تۆڕەکانی سۆشیال میدیا و بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنە، کە بە پێی ئامانج و مەبەستی خۆیان ناوەڕۆک دەشێوێنن و واقیع لەقاڵب دەدەن و بڵاوی دەکەنەوە، هەر بۆیە گەربمانەوێت لە ڕاستی یان ناڕاستی هەواڵ و زانیارییەکان تێبگەین، دەبێت خوێندەواری میدییایمان هەبێت.
خوێندەواریی میدیایی چییە؟
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
“بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگایەک، سود لە یەک ڕەوشی سادە وەربگرن: سەرەتا دەستیان لەکتێب دووربخەنەوە، دواتر سەریان ڕۆبنێنە ناو تەلەفزیۆنەوە”
کارل پۆپەر
خوێنەواریی میدیایی / Media Literacy دیدێکی ناسەنی/ مەعریفیی و ڕەخنەگرانەیە کە یارمەتیمان دەدات لە ناسین و شیکردنەوە و ڕاڤەکردنی پەیامە میدیاییە جۆربەجۆرەکان. هەموو بەرهەمێکی میدیایی بە ئامانجێک بڵاودەکرێتەوە، لە دونیای ئەمڕۆدا نەخوێنەوارەکان زۆر بە ئاسانی دەبنەنێچیری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تەنها ئەوانەی خوێندەواری میدیاییان هەیە دەتوانن پەیامە ئاڵۆزەکان ڕاڤەبکەن و ئامانجە شارەوەکانی پشت پەیامێک بدۆزنەوە کە لە ناوەڕۆکی تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، ڕۆژنامە، گۆڤار، کتێب، ڕیکلام، تابلۆی بازرگانی، ئینتەرنێت و میدیای نوێیدا هاتووە. بەکوردی و پوختی، خوێندەواری میدیا، توانای شیکردنەوە و ڕەخنەکردنی زیرەکانەی پەیامەکانی میدیایە، کارامەییەکە یارمەتیمان دەدات لە ناسینەوەی هەواڵ و زانیاری ساختە و تێگەیشتن لە مەبەست و نیازە شاراوەکان لە دەقی پەیامێکدا. بەزۆری میدیا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کاریگەری ناڕاستەوخۆی هەبێت و هۆکاری ناردنی پەیامەکە و ئامانجەکانی بشارێتەوە.
میدیاناسی
ــــــــــــــــــ
میدیا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دونیای ئەمڕۆدا. ئێمە لە ڕێگەی میدیاوە دەستمان بە زانیاری دەگات و پەیوەندیمان لەگەڵ جیهانی دەوروبەرمان دەبەستین. ئایا تائێستا بیرت لەوە کردۆتەوە کە جۆرە جیاوازەکانی میدیا چین و چۆن کاریگەریی لەسەر ئێمە بەجێدەهێڵن؟ میدیای مۆدێرن چ لێکچوون و جیاوازییەکی لەگەڵ میدیای تەقلیدی وەک ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن هەیە؟ هەرچەندە میدیا لە سەردەمی کۆنەوە بە شێوەی جۆراوجۆر بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە هەواڵەکانی ڕۆژ بوونی هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ میدیا ئیمتیازاتی تایبەتی بەدەستهێناوە و ڕۆڵی سەرەکی لە داڕشتنی ناسنامە و کەسایەتی مرۆڤدا هەیە.
بۆ نموونە/ تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وەربگرین، ئەم تۆڕە زانیاری و ئارەزووەکانت وەردەگرێت و بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد شیکارییان دەکات و هەوڵدەدات بۆ ماوەیەکی زۆر سەرقاڵت بکات. ئەم پلاتفۆرمە بە شێوەیەک دروست کراوە کە ئالوودە بێت لەگەڵیدا، کاتێک دەچیتە ناو ئەم ئەپەوە، کۆتایی بە زانیاری و ناوەڕۆکی نوێ نایەت. بینینی هەر پۆستێکی نوێ یان شوێنکەوتنی هەر لاپەڕەیەکی نوێ پەنجەرەیەکی نوێ لە ناوەڕۆکەکەت بۆ دەکاتەوە، وە چیرۆکەکە کۆتایی نایەت کاتێک ئەم ئەپە دادەخەیت، ئاگادارکردنەوەکانی ڕات دەکێشنەوە کاتێک شتێکی نوێ بڵاودەبێتەوە، بۆ ئەوەی لەدەستت نەچێت!
وەزیفەی میدیا سەرنجڕاکێشان و ئالوودەکردنە. هەموو دەزگایەکی ڕاگەیاندن و هەموو تۆڕێک هەوڵدەدات سەرنجی زیاتر ڕابکێشێت لە شەڕی سەرنجدان. هەربۆیە هۆشیاری و تێگەیشتنمان لەم تایبەتمەندییەی میدیا هەنگاوێک بەرەو پێشەوەمان دەبات.
تایبەتمەندییەکی دیکەی میدیا توانای قایلاندن و ئاراستەکردنی شێوازی بیرکردنەوەی خەڵکە. لێرەدا دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە میدیا چ تەکنیکێک بەکاردەهێنێت بۆ ڕازیکردنی بینەر. چۆن دەتوانن بیرۆکەیەک یان باوەڕێکی درۆینە وەکوو ڕاستی دەربخەن؟
لەم نێوەندەدا، نابێت چاوپۆشی لە تایبەتمەندییە ئەرێنییەکانی میدیا بکەین، وەکو بازرگانی ئۆنلاین، پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوڕێکانت لە دوورەوە و تەنانەت دۆزینەوەی هاوڕێ کۆنەکان، فێربوونی کارامەیی نوێ، پێدانی زانیاری و بڵاوکردنەوەی پەیامی هوشیاری هتد. ئەم ئەرکە ئەرێنی و گشتگیرانەی میدیا نهێنی دەسەڵاتەکەیەتی. لە جیهانی مۆدێرندا میدیا هێزی سەردەمەکەیە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت بسڕدرێتەوە و هەروەها ناشتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
لەودیو پەنجەرە جادووییەکەوە
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
تەلەفزیۆن بۆ ئێمە لە منداڵیدا وەک پەنجەرەیەکی جادوویی دەردەکەوت کە مرۆڤە بچووکەکانی تێدا دەژیان. بەڵام وا دیارە لەگەڵ گەورەبوونی منداڵان و گەیشتن بە تەمەنی دوو ساڵی، دەست دەکەن بە تێگەیشتن لە تەلەفزیۆن وەک میدیایەک. وردە وردە و لە نێوان تەمەنی سێ بۆ پێنج ساڵیدا، جیاکارییەکانی نێوان تەلەفزیۆن و ژیانی ڕاستەقینە زیاتر نەرم و نیان دەبن. هەروەک چۆن منداڵانی بچووک پێیان وایە کە هەموو ئەوەی لە تەلەفزیۆنەکان نمایش دەکرێن ڕاستەقینەن، منداڵانی کەمێک گەورەتر ڕەنگە تەواو پێچەوانەکەی بیربکەنەوە. لە دەوروبەری تەمەنی پێنج ساڵیدا، منداڵان بە گشتی کاردانەوەی بەرچاوتر نیشان دەدەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تەلەفزیۆن هەندێکجار ڕاستەقینە و هەندێکجاریش نا. منداڵان لە تەمەنی ناوەڕاستی منداڵیدا (لە تەمەنی هەشت بۆ نۆ ساڵان) زیاتر ئاگاداری پاڵنەرەکانی بەرهەمهێنەرانی تەلەفزیۆن دەبن و لە ڕاستیدا تاڕادەیەک گومانیان لێدەبێت. ئەمە بۆ دوونیای ئەمڕۆش هەمان شتە، بۆ ئەوانەی خوێنەواری میدیایان نیە وادەزانن ئەوەی لەشاشەکەوە بەری دەکەوێت ڕاستەقینە، ئەمە جادووی شاشەیە، بەڵام ئەوانەی خوێنەواری میدیاییان هەیە توانایی کەشفکردن و خالیکردنەوەی جادووی شاشەکەیان هەیە و دنیای دەرەوەی شاشەکە وەک خۆی دەبینن.
شاشە و جیهانی سێبەرەکان
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
یەکێک لەسەرەنجڕاکێشترین چیرۆکی ئەدەبیاتی فەلسەفەی ڕۆژئاوا (متیافۆڕی ئەشکەوت)ی (پلاتۆن)ە، کە هەزاران ساڵ پێش لە دایکبوونی پێشکەوتووترین و بەربڵاوترین فۆڕمەکانی تەکنەلۆژیا خراوەتەڕوو، بەدوان لەسەر سیستەمی دووانەی بەهاکان و بێبەهاکردنی جیهانی زەمینی و توخمە دیارەکانی. هەزاران ساڵ بەر لە پەیدابوونی دنیای شاشە و فەزای ڤێرچواڵ، ئەفلاتوون، ئەو ڕەخنەیەی ئاڕاستەی شاعیر و نیگارکێشەکان کرد، کە زۆر بەلێهاتوویی لاسایی حەقیقەتیان دەکردەوە و سەرلێشێواوییان لە نێوان واقیع و خەیاڵدا دروست دەکرد.
پلاتۆن، لە کتێبی حەوتەمی کۆماردا گریمانەی ئەشکەوتێک دەکات و دەنووسێت: وای دابنێ کۆمەڵێک کەس لەنێو ئەشکەوتێکدا دەژین، دەرگای ئەشکەوتە لەسەرەوەیە و لەوانەوە دوورە، دەرگاکەش هێندەی پانیی ئەشکەوتەکەیە و ڕووناکی لەوێوە بە نێو ئەشکەوتەکە دەگات. ئەو کۆمەڵە مرۆڤە لە منداڵییەوە لەوێ دانراون، مل و پێیان بە زنجیر بەستراوەتەوە و ناتوانن ئاوڕ بدەنەوە. ڕوناکیش بۆ نێو ئەشکەوتەکە لە ئاگرێکەوە دێت کە لە پشتیانەوە هەڵکراوە. لەنێوان ئەوان و ئاگرەکەدا ڕاڕەوێکی درێژ هەیە. وای دابنێ لەبەردەم ئەو ڕاڕەوەدا، وەکوو چیغی بەردەم شانۆی بووکەشووشە بۆ هەڵسوڕانی بووکەڵەکان، دیوارێکی نزم هەڵچنراوە. وای دابنێ هەندێک کەس لەودیو دیوارەکەوە پەیکەری مرۆڤ یان ئاژەڵیان بەکۆڵەوەیە و لە بەرد و تەختە و شتی دیکە داتاشراون و هاتووچۆ دەکەن. هەندێکیان دەدوێن و هەندێکی دیکەیان بێدەنگن. ئەوەی پلاتۆ باسی دەکات سەیرە، کەسانی نێو ئەشکەوتەکەش سەیرن. ئەوان لە ئێمە دەچن. ئایا بێجگە لە سێبەری خۆیان و ئەوانی دیکە، کە لە ڕووناکی ئاگرەکە لەسەر دیوارەکەی بەردەمیان دەریدەخات، هیچی دیکە دەبینن؟ ئەگەر نەتوانن ئاوڕبدەنەوە چۆن دەبینن؟ ئەی لەبارەی ئەو بابەتەوە، کە تەنیا سێبەرەکانیان دەردەکەون؟ ئەگەر لەگەڵ یەکدا دوان، لەم باوەڕەدا نیت تەنیا ناوی ئەو شتانە بزانن، کە لەسەر دیوار، سێبەرەکەی دەبینن؟ ئەگەر ئەشکەوتەکە دەنگ بداتەوە، لەو باوەڕەدانیت کە لەگەڵ دەنگدانەوەکەدا سێبەرێک ببینن، وا هەست دەکەن دەنگەکە لە سێبەرەکەوە دەرچووە؟ کەوابوو بۆ کەسانی نێو ئەشکەوتەکە ڕاستی بێجگە لە سێبەرەکانی سەردیوارەکەی بەردەمیان هیچی دیکە نییە[ئەفلاتوون، کۆمار، بەشی حەوتەم، و/محەمەد کەمال، ل 229].
دەکرێت دوونیای شاشە، بە میتافۆری ئەشکەوت بچوێنین، دەرگیربوون بە فەزای شاشە پشتکردنە لە حەقیقەت و ڕووکردنە شاشە، ڕووکردنە لە دیوارەکانی ناوەوەی ئەشکەوت. دنیای شاشە وەکوو دۆگمەکانی ئەشکەوت فریودەرە و هەمان تەکنیکی هەیە، سەرەتا وا هەست دەکەین ئەوەی دەیبینین ڕاستەقینەیە، ئەو دەنگانەی لە شتەکانەوە دەردەچن هەمان دەنگی وێنەکانە، بەڵام لەبنەمادا ئەوەی دەیبنین سێبەری شتەکانە لە دنیای شاشەدا. پیشەسازی لەبەرگرتنەوە بەو شێوەیە واقیع لەقاڵبدەدات کە خۆی دەیەوێت، ئەوەی بەریدەکەوین فۆڕمێکی بێ ناوەڕۆکە، کە لەبنەمادا جەوهەر و واقیعی شتێکی دیکەیە. بەدیدی پلاتۆن لەبەرگرتنەوە حەقیقەت نییە و نابێتە حەقیقەتیش. لەڕێگەی سێبەری درەختەوە، ناتوانین درەخت بناسین، ئەوانەی لە ئەشکەوتەکدا نیشتەجێن، تەنیا لەڕێگەی سێبەری درەختەوە، درەخت دەناسن، بەڵام درەخت شتێکی دیکەیە. چەمکێک کە داهێنانەکەی مانا وەردەگرێت بە پێچەوانەی جەوهەرێکەوە کە پێشتر بوونی هەیە. فەزای شاشە هاومانایە لەگەڵ هەریەک لەو دەستەواژەی (درۆزنەکان، نمایشکارە بووکەڵەییەکان، سۆفیستەکان و وەهمگەرەکان) هەموو ئەوانەی لە کتێبی پێنجەمی (کۆمار)دا ئیدانەکراون، کە بەهەمان شێوەی شاعیران و دروستکەرانی دیکەی وێنە کە واقیع ساختە دەکات و بەو هۆیەوە پەردە لەسەر ڕاستییەکان دادەپۆشێت. وەکوو ئەوەی “سێلین برایۆن” دەیڵێت: “ئەگەر فەزای شاشە لەسەردەمی پلاتۆندا هەبووایە، بێگومان لە شاری ئایدیاڵی (فەیلەسوف_شا) قەدەغە دەکرا. چاپەمەنی و تەلەفزیۆن و سایتەکانی ئینتەرنێت چی دەکەن، جگە لە دووبارەکردنەوە و لەبەرگرتنەوەی ڕووداوەکان و نوێنەرایەتیکردنیان لە فەزای شاشەدا.




ڕۆ جەهانی زوانی ئەڎایی جە گردلایەو پیرۆز بۆ– موختار کەریمی

— تەکزوانی جە دنیاو ئارۆینە دیاردێوی دەگمەن و ناسرووشتین
–فرەزوانی بەڵام جە گرد وەڵاتێوەنە دیاردێوی باو و سرووشتین

— یونسکۆ: وانای و پەروەردە بە زوانی ئەڎایی مافێوی فەرهەنگی و بنەڕەتی ئانزانی

–لاوازی پێوەنڎی زوانی بەینوو ئەڎا و تاتەی و زاڕۆی پێوەنڎیەکاتەری لاوازتەر و کێشەکاتەری قووڵتەر کەرۆ و بۆ بە ھۆکاروو جە یۆ نەیاواینە و تەنانەت جە یۆ بڕیای

بیس و یۆهەموو مانگەو فێبروارو ئیمساڵی(21.02.2025) پا منیەیمێ دلێ بیس وپەنجەمین(25) ساڵەو دیاری کەردەی ڕۆ جەهانی زوانی ئەڎاێێ جە لاو یونسکۆیەو.
ئیمساڵێج جە باروودۆخێوەنە ملمێ پیرای ڕۆ جەھانی زوانی ئەڎاییەو کە هەرپاسە هەزاران زوانێ جە پانایی دنیاینە هەڕەشی نەمەنەیشا وەنە کریۆ و یان ڕۆ بە کزی ملا. یونسکۆیچ پی ئەرکیە هۆرستەن و گرد ساڵیە چی ڕوەنە بە مەراسمێ جۆراوجۆرێ دەسەڵاتدارێ گردوو وەڵاتاو دنیای و هەرپاسە ویروڕای گردی هۆشیار کەرۆوە کە ڕێز جە گردوو ئی زوانو گێریۆ، ئێمکاناتوو گەشەیشا پەی فەراهەم کریۆ، جە یاساو بنەڕەتی گرد وەڵاتێوەنە بەڕەسمی بشناسیا و وزیا ویەروو وانای و پەروەردەو ئا وەڵاتا.
یونسکۆ نە تەنیا وانای و پەروەردە بە زوانی ئەڎایی بە مافێوی بنەڕەتی ئانزانی مزانۆ، بەڵکو گرد زوانێو بە سەروەت و سامانی فەرهەنگی گردوو کۆمەڵگاو ئانزانیەتی مزانۆ و فۆتیای هەر زوانێو بە خەسارەتێوی قەرەبوو نەکریا مزانۆ پەی گردوو کۆمەڵگاو ئانزانیەتی. هامکات چەنی ئانەیە گۆش نەڎای و یا وەرتەسک کەردەیەو هەر زوانێو جە لاو هەر دەسەڵاتێوە کە بۆ، بە تاوانە مڎۆش قەڵەم. ئی تاوانێ جە یاسا میادەوڵەتیەکانە بە نامێ تاوانەو زوانکوشی(لینگوساید)ی، پیسەو تاوانیە دژ بە مافە بنەڕەتیەکاو مافوو ئانزانی ئیدانە کریۆ و بکراو ئی تاوانێ ئەشۆ دریا بە دادگاو پاشێلکەراو مافوو ئانزانی.
مافی زوانی بەشێوەن جە مافە فەرهەنگیەکاو ئانزانی. مافە فەرهەنگیەکاو ئانزانیچ بەشێوەنێ جە مافە بنەڕەتیەکاو ئانزانی. مافوو ئانزانی سنوور نمەشناسۆ، پەی گەردکەسی جە هەریەگیەنە کە بۆ هەنێ و مشۆ با. ئی مافا جە یۆی جیا نمەکریاوە و تەمامکەرێ یۆترینیەنێ. ئی مافا ئەگەر پەیڕەو کریا و کردەوەشا شۆنیوە بۆ، با بە هۆکاروو گەشەو گردلایەنەو ئانزانی و هەرپاسە گەشەو گلێرگەی. یونسکۆ وێش جە مادەو پەنجوو(5) یاساو مافە فەرھەنگیەکاو وێشەنە ئی مافشە پێسەو مافێوی بنەڕەتی ئانزانی بە ڕەسمی ئەشناسان. ئی مافە ھەر پاسە جە مادەو 27 و جاڕنامەو گەردوونی مافەکاو ئانزانیەنە و جە مادێ 13 و 15و پەیماننامەو میانەتەوەی مافە فەرهەنگی و ئابووری و کۆمەڵاتیەکانە کە سەر بە نەتەوەیۆگێرتەکان، بە دوور و درێژی باسش سەرەو کریان و بە ڕەسمی ئەشناسیان.
چا پەیماننامەنە پاگێری سەروو ئانەیرە کریان کە مشۆ گرد ئانزانێو ئێمکانوو ئانەیشە بۆ بە زوانێو کە یۆهەم جار فێرش بیەن، حەز و ئارەزوەکاش بەروزۆ و هەر پا زوانیە تا ئاستێوی بەرز جە فێرگە پلەبەرزەکانە بوانۆ و پەروەردە کریۆ. جیا چانەیە مشۆ ئیزن و ئێمکاناتوو ئانەیچشە بۆ فەرهەنگەکەش و وێبیەیش(ھویت) بە گردی پارێزنۆ و داب و نەرێتەکاش پا جۆرە کە وێش گەرەکشەن، پەیڕەو کەرۆ و پارێزنۆشا. لایەنەکاتەریچ، بە تایبەت دەسەڵات، ئەرکشانە کە ڕێزش وەنە گێرا.
زوانی ئەڎایی نەتەنیا بەشێوی گرینگ جە وێبیەی(هویت) ئانزانین و گرینگتەرین ئامرازوو پێوەنڎین، بەڵکوو دەورێوی سەرەکی وینۆ جە وێگونجنای ئانزانی جە گردوو ویەرەکاو ژیوای ڕوانەیشەنە و دلێ کۆمەڵگاینە، بە تایبەت جە ویەروو پەروەردەی و فێرکەردەینە کە بە ئایەندەو نەوەی تازەیوە گرێ دریۆ.
مادام ئێمە باسوو پارێزنای زوانی ئەڎایی پەی گردوو وقسەپەنەکەراو گردوو ئی زوانا کەرمێ و هامکات دڎان منیەیمێ بە بیەی فرەزوانی جە گردوو وەڵاتاو دنیانینە مشۆ دڎانیچ بنیەیمێ بە بەڕەسمی ئەشناسای گردوو ئی زوانارە پاڵوو یۆترینیەنە. جە دنیاو ئارۆیەنە بە تایبەت کە بە سەردەموو گلۆبالیزمی ئەشناسیان، فێربیەی چن زوانا ئاسانکاری کەرۆ پەی وەڵکەوتەی ئانزانی، سەرکەوتەی جە ویەرو فێربیەی و شارەزایی پێشەیی و هەرپاسە جە یۆئەنەیاوای فەرهەنگە جیاوازەکاو کۆمەڵگاو ئانزانیەتی. بەڵام پەی ئانەیە کە ئانزان بتاوۆ زوانێوەتەر فێر بۆ، کە پەیوازوو کۆمەڵگاو ئاورۆین، مشۆ وەڵ جە گردچیەنە زوانی ئەڎایی وێش فێر بۆ و هەر پا زوانیە پەروەردە کریۆ. چوون فێربیەی زوانی ئەڎایی یۆهەمین پلێکانیەنە پەی فێربیەی زوانی دووهەم و یەرەم و….
ڕیزگێرتەی و پارێزنای زوانی ئەڎایی نەتەنیا جە وەڵاتوو خودوو ئانزانیەنە بەڵکوو جە بەروو وەڵاتیچەنە ئەرکوو دەسەڵاتی و گرووپە کۆمەڵایەتیەکاترین، چوون هەر پا جۆرە کە باسما کەرد، مافی زوانی مافێوی بنەڕەتی ئانزانین و مافوو ئانزانیچ سنوور نمەشناسۆ. بە چەپوانەو وەڵاتە دیکتاتۆر و داگیرکەرەکاو وەڵاتوو ئێمە، جە بەشێوە فرەو وەڵاتە ئوروپاییەکانە دڎان نریان بە فێربیەی زوانی ئەڎایی جە پاڵوو وانای و پەروەردەی بە زوانی ڕەسمی و ئیداری ئا وەڵاتانە.
پەی نموونەی کۆمیسیۆنوو مافوو زاڕۆڵا سەر بە پارلەمانوو ئاڵمانی جە ساڵەو 2006ی، کە ساڵەو ڕێزگێرتەی جە زوانی ئەڎایی بێ چە ئاستوو چەھانیەنە، بەیاننامێوەش وەڵاو کەردەو کە بە کورتی پی جۆرە ڕانمایی وەرپەرسا کەرۆ:

“فێربەی زوانی بە گردی پەی کۆچەرەکا جە وەڵاتی نیشتەجێنە ڕا پەی وێگونجنای چا وەڵاتەنە واز کەرۆ. فێربیەی زوانوو وەڵاتی نیشتەجێچ کاتێو بە سەرکەوتەیی بە ئەنچام یاوۆ کە زاڕۆی کۆچەر هەم زوانی ئەڎاییش و هەم زوانوو ئا وەڵاتیە بە باشی فێر بیەبۆ. پەی یاوای پی ئامانجیە مشۆ ئامادەکاری پەیواز هەم جە دەورانوو باخچەو ساوایا و هەم جە فێرگەکانە ئامادەکاری پەیواز بە هامکاری ئەڎاو تاتەو زاڕڵە کۆچەرەکا کریۆ. پیجۆرە فرەزوانی بە شێوازێوی ئەرێنی سەرگنۆ و بۆ بە هۆکاروو دەوڵەمەنڎی فەرهەنگی و هەرپاسە سەرکەوتەیی پێشەیی هەم پەی زاڕۆی و هەم پەی دەولەمەنڎی کۆمەڵگەی”.

ئەرکوو ئەڎاو تاتەین کە هەم جە مەحاڵە غەیرە هەورامیەکاو دڵێ وەڵاتیەنە و هەم جە بەروو وەڵاتیەنە بە زوانی ئەڎایی چەنی زاڕۆڵەکاشا قسێ کەرا. پی جۆرە زاڕۆ هەم زوانی ئەڎاییش کە بنەماو فێربیەی زوانی دووهەمینە و هەم زوانی دووهەم کە کرێڵوو وێگونجناین بە باشی فێر بۆ. جیا چانەیە پێوەنڎی زاڕۆی جە هەندەرانەنە لاواز نمەبۆ ئەگەر پێونڎی زوانی ئەڎا و تاتەی و زاڕۆی لاواز نەبۆ. ئەگەر زاڕۆ زوانی ئەڎاییش بە باشی فێر نەبیەبۆ و ئەڎاو تاتەیچ زوانوو وەڵاتی مێمانداری بە باشی فێرێ نەبیێبا، ئیتر پێوەنڎی زوانی زاڕۆی و ئەڎاو تاتەیچ لاواز بۆ و کێشەو پێوەنڎی و جە یۆئەنەیاوای دروس بۆ.

جە ڕاسیەنە نە تەنیا کێشەو ئەنەیاوای بەڵکوو کێشەو بەروەستەی هەست و سۆزیچ(عاطفی)
بەینشانە دروس بۆ. نموونێ فرێنی کە جە ئورووپانە کێشەو ئەڎا و تاتەی کۆچەری چەنی زاڕۆڵەکاشا قووڵتەرێ باوە و تەنانەت زاڕٶڵەکا زووتەر ئەڎاوتاتەیشا مازا جیا. تاقیکریێ فری سەلەمنانشا کە داخەکێم یۆ چا کێشا کێشەی زوانین بەینو ئەڎا و تاتەی و زاڕۆینە. فرە جارێ زاڕۆڵێ باسشا کەردەن کە ئەڎاو تاتەما نمەیاوانە و ئینای ئاستێوی وارتەرەو. دیارەن مەخسەڎشا ئانەن کە ئاڎیشا ماناو دیاردەکا و زانیاریەکاتەری بە زوانوو وەڵاتی نیشتەجێ فێرێ بیێنێ و ماناو ئی دیاردا بە زوانی ئەڎاییشا نمەزانا. ئەڎا وتاتەیچ بە چەپوانە ئاڎیشا ماناکا بە زوانی ئەڎایی وێشا فێرێ بێنێ و کەمتەر تاوا بە زوانو ئا وەڵاتیە مەخسەڎوو وێشا بەروزا. ئەڵبەتە کێشێ تەریچ هەنی، پێسەو کێشەی فەرهەنگی و کێشەو پەروەردەی و داب و نەریتی و….. کە ئینە وێش باسێوتەرەن.

موختار کەریمی– ئاڵمان 21.02.2025




ئاپۆیزم لە خاڵی کۆتایدا!.. حەمید تەقوایی.. وەرگێرانی لە فارسیەوە: کاوە عومەر

گفتوگۆی بڵاوکراوەی ئەنتەرناسیۆناڵ

ئینتەرناسیۆناڵ: بۆچون و بڕیارەکانی ئەم دواییەی ئۆجەلان مشتومڕێکی زۆری لە نێو خەڵک و بەتایبەت هێزە سیاسییەکاندا دروست کردوە. بە بۆچونی ئێوە بە کۆی گشتی ئەو هەلومەرجانە چیبون کە بوونە هۆی هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ئۆجالان؟
حەمید تەقوایی: بە بڕوای من هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ئۆجالان درێژکراوەی لۆژیکیانەی ئەو تیۆری و باوەڕانەیە کە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر خستیەڕوو کە بە ئاپۆیزم ناسراوە. تەوەر و ناوەڕۆکی ئەم تیۆرییە نکۆڵیکردنە لە دەوڵەت – نەتەوە، کۆمەڵگەی مەدەنی و چەمکی هاوڵاتیبوونە. ئۆجالان ئەم چەمک و دیاردانە بە دەرئەنجامی “مۆدێرنیتەی سەرمایەداری” دەزانێت و پێیوایە چارەسەری ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەیی، وە تەنانەت هەموو هەڵاواردن و کێشەکانی جیهان، گوزەرە لە مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە بۆ “کۆمەڵگە کۆمەڵایەتییەکان” کە لە میللەت و ئایین و نەتەوە و هۆز و گروپە ئەتنیکیە جیاوازەکان پێکهاتوون. مەبەستی ئۆجالان لە دیموکراسیی، جۆرێکە لە دیموکراسی مۆزائیک کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوئاهەنگی نێوان ئەم گروپانە دامەزراوە. ئەم بۆچونانە بە ئاشکرا پۆستمۆدێرنیستی و لە ڕاستیدا گەڕانەوەیە بۆ کۆمەڵگە پاشایەتییە خێڵەکییەکانی پێش سەرمایەداری. گوزەری ئۆجالان لە مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە، گوزەر نییە لە سەرمایەدارییەوە، بەڵکو گوزەرە لە مۆدێرنیزمەوە.
کۆمەڵگەی مەدەنی کە بە بەراورد بە کۆمەڵگاکانی سەدەکانی ناوەڕاست بەهەنگاوێکی گەورە بۆپێشەوە دادەنرێت، بنەمای مۆدێرنیزمی سەرمایەداری دەستکەوتی شۆڕشە پیشەسازییەکانی ئەوروپا و ئەو پێشکەوتنە فیکری و زانستی و هونەریانەیە کە پێش خۆی لە سەردەمی ڕۆشنگەری و ڕێنێسانسدا هاتۆتە ئاراوە.
ئەمڕۆ سەرمایەداری جیهانی لەم دەستکەوتانە پاشەکشەی کردووە و قوتابخانەی پۆستمۆدێرنیزمیش دەرئەنجامی ئەم پاشەکشەیەیە. باوەڕبون بە کۆمەڵگا فرەنەتەوەییەکان و دیموکراسی مۆزائیکی کە خاڵی هاوبەشی فیدراڵیزمی میللی- نەتەوەیی و کۆنفیدرالیزمی جۆری ئاپۆیزمە، زیاتر لە گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگا پاشایەتییە خێڵەکییەکانی سەردەمی فیۆداڵی دەچێت تا بۆپێشەوە هەنگاونان لە مۆدێرنیتەوە. ئۆجالان لە ڕەخنە مۆدێرنیتە تەنانەت بوار بۆ ئایین دەکاتەوە و بە بنەمای ڕەوشتی دەزانێت کە سەرمایەداری لەناوی بردووە.
ئاپۆیزم لە ئاستێکی فەلسەفیشدا، ناسنامەی هاوبەشی ئینسانی هاوڵاتیان – یان تەنانەت چەمک و پێگەی هاوڵاتیبوون – بەفەرمی ناناسێت و لەبری ئەوە ناسنامەی میللی – نەتەوەیی – ئیتنیکی – ئاینی تاکەکان بە بنەما دادەنێت. لەم ڕوانگەیەوە زۆرتر نزیکە لە لێکدانەوە و فەلسەفەی سیاسی سەردەمی فیۆداڵی، کە بنەماڵە و خێڵ و تائیفە و ئایین و نەژاد بنەمای مامەڵەکردنبون لەگەڵ تاک و کۆمەڵگادا. فرەکولتوری و ڕێژەگەرایی فەرهەنگی و نکۆڵیکردن لە بەها مرۆییە گشتگیرە جیهانیەکان لایەنێکی دیکەی ئەم تێڕوانینەن، کە لە ڕاستیدا دەرئەنجامی پاشەکشەی سەرمایەداری جیهانییە لە عەلمانیەت و مەدەنیەت و ئایدیای ئازادی و یەکسانی بۆ هەموو تاکەکان، تەنانەت لە هەمان سنور و ئاستدا کە شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا و هەموو شۆڕشە بۆرژوازییەکانی دیکەی سەدەی ١٨ و ١٩ پەرچەمەکانیانی بەرزکردبۆوە. بۆ ناسیۆنالیزم لە وڵاتانی پێشنەکەوتوی خۆرهەڵاتیدا، یان بە ناو دەستەواژەکەی سەردەمی جەنگی سارد “وڵاتانی جیهانی سێیەم” ، پۆستمۆدێرنیزم و ڕێژەگەرایی فەرهەنگی و فرە کەلتوری، بەگەڕانەوە بۆ “فەرهەنگی خۆیی و خۆماڵی” لێکدەدرێتەوە، کە شتێکی تر نییە جگە لە فەرهەنگ و نەریتێکی پێش سەرمایەداریی لەوڵاتانی جیهانی سێهەمدا. پیشەسازی، زانست، کولتور، هونەر و سکۆلاریزم وە بە گشتی شارستانیەتی ڕۆژئاوایی – کە لە ڕاستیدا دوا دەستکەوتەکانی شارستانیەت و پێشکەوتنی مرۆڤایەتین – بەناونیشانی فەرهەنگی ئیمپریالیستی و دەسەڵاتخوازی ڕۆژئاوایی ڕەخنەیان لێدەگیرێت و دەکرێنە دەرەوە، لەبەرامبەریشدا کولتور و فەرهەنگی خۆمانە، بە ئایین و خورافات و هەموو ئەو دواکەوتوییانەی سەدەکانی ناوەڕاست، کە هێشتا ڕۆژهەڵات لەگەڵیدا خۆی یەکلانەکردۆتەوە، پیرۆز و تیۆریزە کراوە. لە ئێران دوای کودەتای ٢٨ی مورداد، ئال ئەحمەد نوێنەرایەتی ئەم دیدگایەی دەکرد و ئەمڕۆش ئۆچەلان هەمان پەرچەمی بەرزکردۆتەوە. مۆدێرنیتەیەک کە جێگای ڕەخنەی ئۆچەلانە، لە ڕاستیدا دەربڕینێکی کەمێک تیۆرییتر و سیاسیترە لە خۆبەڕۆژئاواییزانە ڕوکەشیەکەی ئال ئەحمەد.
لە ڕوی سیاسییەوە گرنگترین تایبەتمەندی ئاپۆیزم، نکۆڵیکردنە لە دەوڵەت – نەتەوە. تا پێش ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت، هێزە ناسیۆنالیستەکانی کورد لەوانەش خودی ئۆچەلان و پارتەکەی ئەو، باوەڕیان بە مافی چارەنوس هەبوو وە بە تایبەتیش ئەم “چارەنووس”ە یان بە ئۆتۆنۆمی، خۆبەڕێوەبەری، یان سەربەخۆیی لێکدەدایەوە. پێکهێنانی حکومەتێکی خۆجێیی خۆسەر یان وڵات و حکومەتێکی سەربەخۆ لە حکومەتی ناوەندی، تەوەر و بنەمای ئەم ڕێبازە بوو. لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت ئۆجالان بە پەیڕەوکردنی لە یەک بیرمەندی ئانارشیستی ئەمریکایی بە ناوی “بوکچین”، نەک هەر هەموو پرسی دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی دەخاتەلاوە، بەڵکو ڕیشەی گرفت و کێشەکانی “گەلی کورد” و هەموو مرۆڤایەتی بە پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی دەزانێت. ئەم تیۆریه ئەم تایبەتمەندییەی ” گەلی کورد” که له هیچکاتێکدا و لە هیچ بڕگەیەکی مێژوییدا خوازیاری حکومەت و وڵاتێکی سەربەخۆ نەبووه ، بۆ جۆرێک له فەزیلەت بەرز دەکاتەوه و بانگەوازی گەلانی دیکەی ناوچەکه و جیهان دەکات که دەوڵەتی نەتەوەیی تێپەڕێنن. بەم شێوەیە لە ئاستێکی تیۆری و فەلسەفی سیاسیدا ئامانجی دەسەڵاتی سیاسی و بەشداریکردن لە حکومەت و سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەری و تەنانەت فیدراڵیزمی کلاسیکیش وەلا دەخرێت و جێگای خۆی دەدات بە ڕێکخستنی لە خوارەوە بۆ سەرەوەی نەتەوەکان و ئایینەکان و گروپە ئەتنیکیەکان لە کۆمەڵگاکاندا. ئەم جۆرە دەستشۆردنە ئیستراتیژییە لە دەسەڵاتی سیاسی لە ڕووی تاکتیکیەوە هەرجۆرە هەوڵێکی سیاسی و خەبات لە پێناو بەدیهێنانی حکومەتێکی ئەڵتەرناتیڤ لەبەرامبەر حکومەتی ناوەندیدا دەخاتەلاوە. وازهێنان لە دەوڵەت لە ڕووی تیۆریەوە، لە پراکتیکدا دەبێتە سازش و لێبوردەیی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە هەن. بەمجۆرە، خەباتی سیاسی دەهێنرێتەخوارەوە بۆ جۆرێک لە فەرهەنگسازی و هەڵمەتی ڕۆشنبیری و ڕۆشنگەری دژ بە هەموو حکومەت و کۆمەڵگاکانی ئێستا کە هەموویان لەسەر بنەمای دەوڵەتی نەتەوەیی پێکهاتوون.
هەڵوێستی ئێستای ئۆجالان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و ئومێدەواربون بە ئەردۆغان و باخچەلی کە گوایە بەرەو بە فەرمیناسینی مافەکانی گەلی کورد هەنگاو دەنێن، دەرئەنجامێکی لۆژیکی ئەو دید و فەلسەفە و ستراتیژییەی سەرەوەیە. دەستشۆردن لە خەباتی چەکداری لە درێژەی نەریتی پێشمەرگایەتی ناسیۆنالیزمی کوردیدا لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا بە تەواوی جێگای تێگەیشتنە، بەڵام ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دڵخۆشی بە”ڕێوشوێنە” ئەرێنییەکانی حکوومەتی ئەردۆغان، تەنیا دەتوانێت دەرئەنجامی بیروباوەڕێک بێت کە یەکەم، واقیعی چینایەتی کۆمەڵگا و ئەو دەوڵەتانەی کە ئێستا هەن نابینێت، و مۆدێرنیزم بەسەرچاوەی هەموو ئازار و هەڵاواردنەکان دەزانێت نەک خودی سەرمایەداری، دووەم، هیچ ئاسۆیەکی سیاسی وە ستراتیژییەکی پراکتیکی و واقیعیانەی نییە و ناتوانێت هەیبێت بۆ گەیشتن بە یۆتۆپیای ئەو کۆنفیدرالیزمە مۆزائیکیەی کە بانگەشەی بۆ دەکات.
ئینتەرناسیۆناڵ: بۆچوونی ئێوە لەسەر کارکردی یەپەگە لە سوریا و ئەزموونی کۆبانێ چییە؟ ئایا ئەمە دەرئەنجامێکی ئەرێنی ئاپۆیزم نییە؟
حەمید تەقوایی: ئەزموونی کۆبانێ لە ڕووی ڕۆڵگێڕانی ژنان و ڕێکخستنی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای کانتۆنەکان ئەزموونێکی ئەرێنییە. داننان بە مافی پەلکەزێڕینەکاندا لایەنێکی تری ئەرێنی و پێشکەوتنخوازانەی ئەزموونی کۆبانییە. ئەم ئەزموونە ڕەگ و ڕیشەی لە ناسیۆنالیزمی نەریتی و باوی کوردیدا نییە، بەڵکو دەرئەنجامی ئەو بیرۆکانەیە کە ئۆجالان خستوونیەتەڕوو. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەوەی ئەم ئەزموونەی مومکینکرد، سەرکەوتنی ستراتیژی نکۆڵیکردن لە دەوڵەتی – نەتەوەیی سوریا نەبوو، بەڵکو ئەو بارودۆخە سیاسیە تایبەتەی سوریا بوو. لەژێر فشاری ڕاپەڕینی خەڵکی سوریادا، حکومەتی بەشار ئەسەد ناچاربوو کە هەندێ دەستکەوت بە هێزە چەکدارە کوردییەکان بدات بە مەبەستی شکستپێهێنانی ڕاپەڕینی گشتی لە سەرتاسەری سوریادا. هێزە کوردییە ئاپۆیستەکان سوودیان لەم بارودۆخە وەرگرت و دەستیانگەیشت بەجۆرێک لە ئۆتۆنۆمی لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا. تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم بارودۆخە خەباتی ئەم هێزانە بوو دژ بە داعش بە هاوپشتی و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکادا، کە بۆخۆی فاکتەرێکی گرنگیتر بوو لە چەسپاندنی دەسەڵاتی یەپەگە لە کۆبانێ.
پێگەی حزبە کوردییەکان لە هەلومەرجی تایبەتی سوریادا دەگمەن بوو کە ناتوانرێت بۆ ناوچەکانی تری کوردستان گشتگیر بکرێت، وە تەنانەت ئەمڕۆ لە خودی سوریاشدا ناتوانرێت چیتر ئەو هەلومەرجە درێژەی پێبدرێت. بۆیە ناکرێ ئەمە بە مۆدێلێکی سەرکەوتوو بۆ بیروباوەڕی گوزەرکردن لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی هەژمار بکرێت. ئەمە زیاتر ئاکامی ئەو شێوازە تەقلیدیەی ناسیۆنالیزمی کوردە بۆ سودوەرگرتن لە قڵشت و جیاوازیە ناوچەییەکانی نێوان دەوڵەتەکان نەک ستراتیژی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک. بەڕای من تەنانەت ئەگەر حکومەتی بەشار ئەسەدیش لانەبرایە ئەزمونی کۆبانێ نەیدەتوانی بەردەوام بێت. بەبێ یەکلاکردنەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی و بەگشتی چینی دەسەڵاتدار لە وڵاتێکدا، ناتوانرێت “کۆنفیدڕاڵی دیموکراتیک” لە بەشێک لەو کۆمەڵگایەدا سازمانبدرێت.
ئینتەرناسیۆناڵ: یەکێک لەو باسوخواسانەی کە خراوەتەڕوو، ئەگەری ئەوەیە کە بۆچونەکانی ئەم دواییەی ئۆجالان لە ژێر فشار و تەنانەت ئەشکەنجە و هتددا دەربڕدراون، وە بەپێی ئەو پڕەنسیبەش کە ناتوانرێت بۆچوونی تاکەکانی ناو زیندان بە پێوەرێکی دروست هەژمار بکرێت. لە لایەکی دیکەشەوە ئەگەری بەندوبەست و دانوستانی پشت پەردە بۆ ئازادکردنی ئۆجالانیش دەهێنرێتە پێشەوە. ئەمەش بەومانایەی کە ئەم بڕیارانە دوای ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی تورکیا بۆ کۆتایی هێنان بە زیندانیکردنی ئۆجالان دەدرێت. ڕات لەسەر ئەم جۆرە شیکاری و لێکدانەوانە چییە؟
حەمید تەقوایی: بەڕاستی ئومێدەوارم کە بەجۆرێک بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئازادکردنی ئۆجالان. ئەمە دەتوانێت تاکە دەرئەنجامی ئەرێنی هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ئۆجالان بێت. بێگومان پەکەکە بەو هەڵوێستەی کە ئۆجالان خۆی دەبێت ئازاد بکرێت بۆ ئەوەی لە کۆنگرەی داهاتوی حزبدا سەرکردایەتی هەڵوەشاندنەوە بکات، بە جۆرێک ئازادکردنی ئۆجالان دەکاتە پێشمەرج بۆ ئەوەی کار لەسەر ڕاسپاردەکانی ئەو بکات، بەڵام خودی ئۆجالان پێشمەرجێکی لەو شێوەیەی نەخستۆتەڕوو.
سەبارەت بە کاریگەریی زیندانیش، پێموایە ئەوەی کە بۆچونەکانی ئەم دواییەی ئۆجالان دەرئەنجامی گوشار و ئەشکەنجەدانی زیندان بێت، ناتوانرێت جێگای باوەڕ بێت. ئۆجالان لە ساڵی 1999 وە لە زینداندایە، بۆچون و تیۆرییەکانیشی دەرئەنجامی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە و قوڵبونەوەیەتی لە زینداندا، نەک دەرئەنجامی ئەشکەنجە و فشارخستنەسەری. بە بڕوای من نەک فشارەکانی زیندان، بەڵکو پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی ڕۆڵی دیار و بەرچاوی حکومەتی ئەردۆغان لە ڕوخاندنی بەشار ئەسەد و پێگەی یەکلاکەرەوەی ئەو لەو وڵاتە، لەلایەکی دیکەشەوە، بانگەشە و مانۆڕەکانی ئەم دواییەی ئەردۆغان و باخچەلی سەبارەت بە سودەکانی ئاشتی و برایەتی نێوان تورک و کورد، و گۆڕینی دەستور و هتد، زەمینەی گەیشتنی ئاپۆیزمە بەو ئەنجامانەی کەئەمڕۆ دەیبینین.
ئینتەرناسیۆناڵ: لە دونیای سیاسەتدا زۆر بۆچون و تیۆری هەن کە بە هۆکاری جیاجیا مەحکومن بە شکست، ڕەنگە خودی تیۆریسنەکانی ئەم بزوتنەوانە ئەم ڕاستییە بزانن، بەڵام هەموو ئەمانە وایان لێناکات دان بەوەدا بنێن و فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی بزوتنەوە سیاسییەکانی خۆیان دەربکەن بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی دیکە بۆ خەبات بکەن. بریارەکەی ئۆجالان لەم ڕوانگەیەوە چۆن دەکرێت ڕوون بکرێتەوە؟
حەمید تەقوایی: ئەو خاڵەی کە تۆ دەیڵێیت بۆ ئەو حزب و هێزە سیاسیانەی کە ئاسۆ و دیدگایان هەیە، بەتەواوی دروستە. من پێشتر لە یاداشتێکدا ئاماژەم بەوە کردووە کە هێزێکی سیاسی کە ستراتیژێکی واقعیبینانە پەیڕەو دەکات، دەستبەرداربونی لە خەباتی چەکداری، جا بەهەر ئەندازەیەکیش کە هەلومەرج بۆ درێژەپێدانی لە ئارادا نەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ ئیمتیازێک بەدەستبهێنێت مل نادات. لەم ڕوەوە دەتوانین بڵێین هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ئۆجالان جۆرێکە لە تەسلیمبون، هەروەک ڕونمکردۆتەوە کە ڕیشەی لە بیروباوەڕی عەقڵی و خەیاڵی ئەودا داکوتاوە. بەگشتی قوتابخانەی پۆستمۆدێرنیزم کە لە دوای ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت سەریهەڵدا و گەشەیکرد، فرەکولتوری و ڕێژەگەرایی فەرهەنگی کە کارەساتی وەک داعش و تاڵیبان و کۆماری ئیسلامیی لێکەوتەوە، ئەمڕۆ گەیشتووە بە خاڵی کۆتایی خۆی و بۆچونەکانی ئەم دواییەی ئۆجالانیش، لە ئاستێکی بنەڕەتیدا، ڕاگەیاندنی ئەم شکستەیە لە بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کورددا.

٧ی مارسی ٢٠٢٥
لە ڕۆژنامەی ئینتەرناسیۆناڵی ١١١٩ بڵاوکراوەتەوە.
وەرگێرانی لە فارسیەوە: کاوە عومەر
پێداچونەوە: هیوا ئەحمەد




لیستی موچە یان بڕوانامەی کۆیلایەتیی.. نەوزاد بەندی

بڕواناکەم لە مێژووی سیستمە حوکمڕانییەکانی ئەم ئەستێرەیەی لەسەری ئەژین ، شتێک هەبووبێ و ڕاگەیەنرابێ بە ناوی لیستی موچە ..تەنانەت لەسەردەمی ئابڵوقەی ئابوریی و سیستمێکی تێکشکاوی وەک سەدام حسێندا ، شتێکی لەو جۆرەمان نەبینیوە ..
بە ڕاستی جێگای پێکەنین و گریانیشە لە هەمان کاتدا ، کۆمەڵێ کرێکار و وەستا ئیشت بۆ بکەن ، دوای تەواو کردنی ئیشەکەیان بە چەندین ڕۆژ و مانگ ، ئینجا لیستێک وەک مژدە بڵاو بکەیتەوە ، تیایدا فڵان کرێکار ئەمڕۆ موچە وەربگرێ و فڵان کرێکار سبەینێ و فڵان وەستا دوو سبەی ..!
یان کێڵگەیەکی مریشکت هەبێ ، دوای برسیکردنیان بە چەندین ڕۆژ و شەو ، ئینجا لیستێک دابەزێنیت ، تیایدا ئەمڕۆ تەنها مریشکە ئومەهاتەکان بۆیان هەبێ ڕۆژووەکەیان بشکێنن و .. سبەینێ مریشکە شامییەکان و .. دوو سبەی مریشکە سپییەکان ..
جێگای پێکەنینە و له هەمان کاتیشدا جێگای گریان ، کاتێ دابەشکردنی بەری ڕەنج و مافی سەرەتایی فەرمانبەران بکەیت بە دەسکەوت و مژدە و .. لیستێک بە شانازیی و لەسەر لاپەڕەی ڕەنگا و ڕەنگ لە هەموو هۆکارەکانی ڕاگەیاندندا دابەزێنیت و ..بنوسیت : ئەمڕۆ فڵان وەزارەت ڕۆژووەکانیان بە دیناری چاپی بەغداد بشکێنن و .. ئەوانی تر چاوەڕوان بن تا سبەینێ ، بزانین چ وەزارەتێکی تر بۆی دەردەچێ و بە موچەی دوو مانگ پێش ئێستای شاد ئەبێتەوە ..
ئەم لیستە کۆمەڵێک واتای تەنزئامێز و لە هەمان کاتدا خەمگین ئەگەیەنێت وەکو دەست بەسەرداگرتنی تەواوی نان و ژیان و گوزەرانی میللەتێک و .. پاشان نیشاندانی لیستێک ، بۆ ئەوەی هەمووان بەرەو ڕووت ڕابکەن و دەورت بدەن نەک لە خۆشەویستیدا بەڵکو لە برساندا ، ڕێک وەک ئەو بێچووە باڵندانەی پێیان دەوترێ خورما خۆرە ، کاتێ بۆ ماوەی ڕۆژێک و زیاتر برسی دەکرێن ، بۆ ئەوەی ناچار بکرێن بێنە سەر دەستی جەلادەکانی و ماڵیی بن و خواردن لەسەر دەست و شانی جەلادەکان بخۆن .. ئەم پێکەوە ژیانە ، ئەم هاوڕێیەتییە ، ئەم ماڵیکردنە ، پێکەوە ژیان و هاوڕێیەتیی و ماڵیکردنێکە ئەوەندە خەمگین و ناشیرینە ، بە بێ سێ و دوو ئەچێتە خانەی تاوان و ئەشکەنجەدانەوە ..ئەچێتە خانەی تێکدانی ڕەوشت و ڕۆتین و خەون و تایبەتمەندییی قوربانییەکانەوە ..
هەروەها ئەم لیستە گاڵتە ئامێزه خەمگینە ، هەوڵدانە بۆ نیشاندانی وەهمی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی و کاربەڕێکردن و دەوڵەتداریی ..وەهمێکی هێند ناشیرین ، کە ئەگەر هۆکاره ڕاگەیاندنەکانی جیهان تاقەتیان هەبێ و وەریگێڕنە سەر زمانە جیهانییەکان ، ڕەنگە چەندین درامای تەنز ئامێز و کاریکاتۆر و شانۆنامەی گاڵتەجاڕی لەسەر بنوسن ، بۆچی نا ؟ ئەی ئەوە نییە نوخبەی شانۆکارانی ئامریکا ، کۆبوونەوە گاڵتە جاڕە خەمگینەکەی تڕەمپی سەرۆکی ئامریکا و زێلنیسکیی سەرۆکی ئۆکراینیان کردە چەندین کاریکاتۆری پێکەنینئامێز و گاڵتەجاڕ و ..حەیای تڕەمپیان برد کە لە کۆشکی سپیدا داوای سوپاس و نەوازش له میوانەکەی دەکات و لێی توڕە ئەبێ و نانی ناداتێ و بە برسێتیی ئەینێرێتەوە ..
ئەم لیست دابەزاندنەی موچە ، وەک بڕوانامەیەک وایە بۆ تەواو ڕامکردن و تەواو لێبوونەوەی کۆمەڵگا ، لە هەموو داواکاریی و ماف و بیرکردنەوە و هەڵبژاردەیەک ..بڕوانامەی نانخۆریی میللەت و نانبدەیی دەسەڵاتێکە ، کە هەر کاتێ پێی باش بوو ، هەر کاتێ بۆی لوا ، هەر کاتێ لێی زیاد بوو ، لە ناوەختا لیستێکی ڕەنگاوڕەنگ چاپ دەکات بۆ ئەوەی هەموو میللەت بە هەموو دەنگ و ڕەنگ و بیر و باوەڕەکانەوە ، لە کوچەی برسێتیی و چاوڕوانیی ڕایانپەڕێنێ و .. لە دەوری خۆی کۆیان بکاتەوە …لە کەمئەندامەوە هەتا مەلای دوانزه عیلم و چەکدار و پزیشک و ئەندازیار و مامۆستا ..تێکڕا بە تامەزرۆییەوە لیستە ڕەنگاوڕەنگەکە تاوتو بکەن و بە ووردیی بۆ ناوی خۆیان بگەڕێن ، ئاخۆ چ ڕۆژێکە .. جێی داخ و لە هەمان کاتدا جێی پێکەنینە کە لیستی موچە لە گەورەترین شاکاری ئەدەبیی و هونەریی و زانستیی ، لایک و کۆمێنت و بینینی زیاترە .. ژمارەی پێوانەیی چاوەکان لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە و .. ئەبێتە ترێندی پێگەکانی تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان .. ئەبێتە بەنرخترین مژدە لە تۆڕی ڤایبەری فەرمانگاکاندا و .. بە هۆیەوە ئەوانەی لێک عاجز بوون ، ئاشت ئەبنەوە و .. هاوسەرەکان وەک دیاری پێشکەش بە یەکتری ئەکەن له ماسنجەرەکانیاندا .. بۆ سبەینێ سوپایەک لە مرۆڤی تامەزرۆ ، پەلاماری بانک و فەرمانگەکان ئەدەن و ..شەقامی بەردەم بانکەکان بە ئوتومبیل دادەخرێن و پۆلیس بە پاڵ و بە کێبڵ و بە فیکە ڕیزیان ئەکەن ، بۆ ئەوەی بە مافی مانگی ڕابوردوو شاد ببنەوە .. لەو حەشامات و شولوغی و قەرەباڵغیی و ئاپۆڕە و شان شانێیەدا ، چەندین بەساڵاچوو گیانی پاکیان لە دەست دەدەن ..چەندینیان توشی شەڕ ئەبن ..چەندینیان پێش ئەوەی بەو مافە ڕەنگا و ڕەنگە بگەن ، ڕەوانەی هۆڵەکانی بوژانەوەی دڵ ئەکرێن ..
لەم ڕۆژە مێژووییە وەهمیانەدا ، کە تیایدا فەرمانبەران بە مافی مانگێک لە مانگەکانیان شاد ئەبنەوە ، کە زۆرێکیان نازانن هی چ مانگێکە ، بەڵام دڵنیان لەوەی پارەیەک هاتووە ، ڕاستە و خەو نییە و دابەش دەکرێت و .. لیستەکەیش پشتڕاستی کردۆتەوە و .. وەک دەڵێن ئەمجارەیش دەستیان لێ گیر بووە ، ئا لەو کاتە مێژووییە وەهمییەدا ، تاکە کەس کە بێدەنگە و مێش میوانی نییە ، دەسەڵاتە ، وەک ڕاهێنەری سێرک وایە لە گۆشەیەکی نادیاردا لێی دانیشتووە و خۆی مەڵاس داوە و تەماشای نمایشی ڕامبوونی ڕەعیەتەکەی ئەکات ، چونکە دڵنیایە فیلەکان بە جوانترین شێوە بە گۆڕەپانەکەدا ئەسوڕێنەوە و ئەچنە سەر تەختەکان و وەک پەیکەر ڕادەوەستن .. شێرەکان بە ڕێک و پێکیی وەک شێری باغه ، لە دوای یەکەوە ئەڕۆن و خۆیان بەناو ئەڵقە ئاگرینەکاندا هەڵدەدەن ..
ئەوەی جێگای گاڵتەجاڕیی و گریانیشە لە هەمان کاتدا ، لەو ئاپۆڕەیەدا پڕۆفیسۆری سیاسەت و مێژوو و فەلسەفە ، لەگەڵ کرێکاری کارەبا و میراودا هیچ جیاوازییەکیان نییە ..ڕائید و نەقیب و ڕائید و موقەدەم و عەقید و عەمید و لیوا وەکو بلیت بڕ و شۆفێری ئەمبوڵانس و چێشتلێنەر ، هەمان هێرش بۆ بەردەم ژمێریارەکان ئەکەن .. ڕۆژنامەنوسی ئازاد و حیزبیی و شاعیر و ڕۆماننوس وەک خانەنشین وبندیوار و پاسەوان و حیمایە ، هەمان هەناسەسواریی و خێرایی و هەمان ژماردن و گەڕان بۆ پارەی دوو ڕەقەم و ساختە و گوێبڕاو ..هەمان تینوێتیی کۆیان ئەکاتەوە ، ڕێک وەک چۆن لە گۆڕەپانی سێرکدا ، فیل و شێر و کەروێشک ، هەمان گوێڕایەڵیی و هەمان نمایش پێشکەش ئەکەن ..
ئەم دۆخە خەمگینە ، گۆڕینی ناوەرۆکی مرۆڤەکانە بۆ یەک ناوەرۆک .. بۆ یەک بەرنامە ..بۆ یەک ئاڕاستە و .. یەک ئامانج ، کە بریتییە لە دەستخستنی هەندێ پارەی چاپ .. هەندێ مافی خوراوی مانگەکانی پێشوو ..




کتێب\ گوناح و ئیمان.. سمکۆ محەمەد

ناوی كتێب: گوناح و ئیمان
بابەت: توێژینەوە لەبارەی گرووپە ئیتنییەكانی كوردستان
نووسەر: سمكۆ محەمەد

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




نیگەران مەبن ،ئەوان باشتر ڕەوشەکە هەڵدەسەنگێنن.. گۆران هەڵەبجەیی

لەپاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی نێوان جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی ،فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع،سەرۆکی کاتی سوریا ،سەدەها بۆچوون و شرۆڤە سۆشیال میدیای تەنی.
من لێرەدا تەنها تیشک دەخەمەسەر لایەنی کوردی کە پانتاییەکی زۆری لە سۆشیال میدیا داگیرکرد ،بەتایبەتی فەیسبووک.
دەمێک ڕووداوێک گۆڕانکاریەک کارەساتێک لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکدا دێتە ئارەوە و وێنەیەکی تەواو نوێ خۆی نیشان دەدات، ئەو دەمە ئاساییە لەبارەیەوە بیروراو بۆچوونی جیاواز و هەڵوێستی هەمەجۆر گوزارشت لەخۆیان بکەن.
سەبارەت بەو ڕێکەوتنە سێ جۆر هەڵوێست ودەربڕینم بەدی کرد کەئەمانەن:
جۆری یەکەم زۆر نەرێنی و تاڕادەیەکیش ڕەشبینیان پێوە دیارە ،بەداخەوە بڕێکیان لە قاڵبی سوکایەتیدا و بە ئاشبەتاڵ شوبهاندویانە، کە ئەمەش دەلالەت لەکوورتبینی دەکات لە خوێندنەوەی ڕەوشی ڕۆژئاوادا.
بەدڵنیاییەوە لەم گرووپەدا کەسانی خەمخۆرو لایەنگری ئەو ئەزموونەی ڕۆژژئاوا هەن ،وەڵێ پێچەوانەکەیشی هەن کەهیوادارم کەمینەبن.
جۆری دووەم زیاتر نیگەرانی پێوەدیارە کە هەڵقوڵاوی دڵسۆزی و پەرۆشیانە بۆ ئەو ئەزموونە سەرکەوتووە و ناخوازن لەنێو بچێت ،بەڵام پێدەچێت ڕووکەشیانە شرۆڤەیان بۆ ڕێکەوتنەکە کردبێت و حسابیان بۆ ئەوبەندانە نەکردبێت کە ئاشکرانەکراون ،کەئەمەش لەزۆرێک لەڕێکەوتنەکاندا هەن .
جۆری سێیەم ئەوانەن کە جیاواز لەدووگروپەکە خوێندنەوەیەکی واقیعیانەو ژیرانەیان بۆ ڕێکەوتنە کە کردوەو پێشوازی لێدەکەن.
هەوڵدەدەم لێرەدا بۆچوونی خۆم سەبارەت بەو ڕێکەوتنە دەرببڕم کە هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی لەخۆ دەگرێت .
لایەنە ئەرێنیەکان:

  1. یەکەمجارە لە مێژووی دەوڵەتی سوریادا لە بەڵگەنامەیەکی فەرمیی دەوڵەتدا دان بەبوونی کوردا دەنرێت.کە پێویستە پاشان لەدەستووردا جێگیربکرێت.
  2. ئەم دانپیانانە دەروازەیەکە بۆ مامەڵەی و پەیوەندی راستەوخۆی وڵاتان لەگەڵ هەسەدە و هیزە سیایەکانی ڕۆژئاوا.
  3. گەڕانەوەی ئاوارەکوردەکانی عەفرین ،سەری کانی،گرێسپپیی و شوێنەکانی دیکە .
  4. هێزی چەکداریی [هەسەدە] هەرگیز هەڵناوەشێتەوە ،بەڵکو یەکدەخرێت و ناوێکی دیکەی پێدەدرێت ،یەکخستن جیاوازە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوه.
  5. ڕەوشی کەمپەکانی هۆڵ و ڕۆژ لەژێرکۆنتررۆڵی خۆیاندا دمێنێتەوە،بەسەرچاوە ئابوریەکانیشەوە.
  6. ئەم ڕێکەوتنە هەگیز لە بەژەوەندی تورکیادا نیەو تورکیا گۆشەگیر دەکرێت،واتە ئەمە لێدانێکە لە پێگەی تورکیا ، چونکە هەوڵ و ئامانجی تورکیا نەمانی ئەوکیانەبوو ،بەڵام ئێستا نەک هەرمایەوە بەڵكە شەرعیەتیشی وەرگرت .ئەم هەڵوێستەی تورکیا لەوەدا دەرکەوت کە درەنگ ڕای خۆیان دەربڕی کە بەهیچ جۆرێک پیرۆزبایی تێدا نیە،هاوکات ڕایانگەیاند کە هێرشەکانیان بۆسەر ڕۆژئاوا بەردەوام دەبێت.

.7دەرکەوت کە ئەمەریکا ڕۆڵی هەبووە لەم ڕێکەوتنەدا ئەمەش بۆخۆی جۆرێک لە هێز ومتمانە دەبەخشێتە ڕێکەوتنەکە.
.8ڕاگرتنی شەر لە هەموو بەرەکانی جەنگدا بەتایبەت لە بەنداوی تشرین،گەر ئەم خاڵە سەربگرێت ئەوە دەسکەوتێکی مەزن دەبێت بۆ هەسەدە.
.9.زۆرێک لە ڕێکەوتنەکان دۆسیەیەک یا چەند خاڵێکی هاوپێچی ئاشکرانەکراوی لەگەڵدایە کە پاشان لیژنە تایبەتمەندیەکان کار بۆ جێبەجێکردنیان دەکەن. کەواتە ئەم ڕێکەوتنە تەنها بریتی نیە لەو خاڵە ئاشکرایانە.
10.ئەم ڕێکەوتنە پێگەی کورد لە جیهاندا بەهێز دەکات،بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی نێوین.

خاڵە نەرینیەکان :

  1. هیچ ڕێکەوتنێک نیە کە هەردوولا چیان بوێت پێی بگەن،بەڵکو بۆ سەرکەوتنی ڕێککەوتنەکە پێویستە هەردوولا تەنازولات بۆ یەکتری بکەن.کەواتە بەدووری نازانم هەسەدەش لەهەندێک داواکاری خۆی تەنازول بکات.
  2. لەدیرۆکی دانوستانەکاندا ڕوویداوە کە هەندێکیان شکستی هێناوە ئەویش بەهۆی پاشگەزبوونەوەی لایەنێک لەلایەنەکان.لەم حاڵەتەدا گەر پاشگەزبوونەوە ڕووبدات بەبۆچوونی من لەتەرەفی دەسەڵاتی دیمەشقەوە دەبێت.
  3. لەدیرۆکی حکومڕانی سوریادا هەر حیزبێک دەسەڵاتداربووبێت دژی گەلی کورد بووە و لە مافی هاوڵاتیبوون بێ بەشی کردون،بەتایبەت حیزبە نەتەوەییەکان بەنمونەی حیزبی بەعس ،بەڵام حیزب و لایەنە ئاینییەکانیش بەدەرنەبوون لە دژایەتی کوردی سوریا ،بەڕای من هیچ جیاوازیەکیان لەگەڵ بەعسدا نەبووە و دۆژمنایەتی خۆیان بە ڕاشکاوانەو ئاشکرا دەربڕیوە ،بەتایبەتی ئیخوانەکان،جا ئەمانەی ئێستاش کە درێژکراوەی قاعیدە و جەبهەی نووصرەن ،هەمان هەڵوێستی دوژمنکارانەیان بەررامبەر بەکورد بەگشتیی هەبووە ،گەر گۆڕانکاری بەسەر سیاسەت و هەڵوێستیاندا نەیەت ئەوە ئاستەنگ بۆ ئەم ڕێکەوتنە دێتە پێش و دەردەکەوێیت کەبەهۆی نالەباری ڕەوشەکە ئەو دژایەتیان خەفەکردوە .
  4. گەر هەر ڕێکەوتنێک ڕەنگدانەوەی قەناعەتی تەواو نەبێت و وەک پێداویستیەکی چارەسەری هەمیشەیی سەیرنەکرێت، ئەوە هەر دەرفەتێکی گونجاو بێتە ئاراوە ئەودەمە بۆ پاشگەزبوونەوە بەئاسانی پاساو دەدۆرێتەوە ،کەواتە گرنگە ئەم ڕێکەوتنە وەک ستراتیج سەیربکرێت نەک وەک تاکتیک.
  5. لەئێستادا ئەحمەد شەرع لەژێر کۆنترۆڵ و کاریگەری ئەردۆغاندایە،جا بەدووری نازانم ئەردۆغان کار بۆ تێکدانی ئەم ڕێکەوتنە بکات، چونکە بەهیچ جۆرێک لەبەرژەوەندی تورکیادانیە.
    لەکۆتایدا گەرەکمە بێژم ئەوەی هەردەم دڵخۆشی کردووم ئەوەیە کە کوردانی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا لە کوردانی هیچ پارچەیەکی دیکەی کوردستان ناچن ،بەتایبەت دەسەڵاتدارانی باشوور. ئەوان بۆ بەرژەوەندی و لەپێناوی خەڵکدا حکومڕانی دەکەن نەک بۆ بەرژەوەندی خۆیان .مەسەلەی ئاشبەتاڵ لەفەرهەنگیاندا نیە، پاشەکشەو چۆکدادان بۆ دوژمن لەکەلتوریاندانیە.
    گەر ئەم ڕێکەوتنە سەری گرت ئەوە بۆهەردوولا بەسودە و ڕۆژئاوا پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە،خۆگەر شکستی هێنا کەئومێدەوارم ئەوە ڕوونەدات ئەوە ئەوان بەچەک و هێزو توانای خۆیانەوە لەجێی خۆیانن و درێژە بە خەبات دەدەن، لە خزمەت و پێشخستن و ئاوەدانیدا بەدەوام دەبن. ئەوان ئەزمونێکیان دامەزراندوە کە پایەکانی ڕۆچووەو بەهیچ هەڵناکەنرێت،هاوکاتت ڕێزی جیهانیان بۆخۆیان ڕاکێشاوە .
    هەسەدەو هێزە سیاسیەکانی ڕۆژئاوا توانیان لەماوەی چەند ساڵێکدا موعجیزە درووست بکەن کە لە باشوور بە سێدەیە زیاتر نەیانتوانیوە کارێکی وابکەن هاووڵاتیان ئاسودەو ڕازی بکەن.
    کەواتە با گومانمان لەدڵسۆزیان نەبێت متمانەیان پێبکەین،با ڕێگەبدەین خۆیان چۆن دەخوازن لەبەرژەوەندی خۆیان بڕیاربدەن ،چونکە ئەوان لەدۆخەکەدا دەژین و باشتر شارەزان. تاوانبارکردنیان بە ئاشبەتاڵ هەرگیز لەجێی خۆیدا نیە و ناهەقیە .
    هاوکات بانیگەرانیەکانمان پشتبەستووبێت بەخوێندنەوەیەکی درووست و واقیعی بۆ بارودۆخی ڕۆژئاوا و سوریا بەگشتی و وڵاتانی دوروبەر.
    بالەحکومداندا پەلەنەکەین و چاوەڕێ بکەین بزانینن ئایندە چی پێیە ،بەشبەحاڵی خۆم تەنها هێندەم لەدەست دێت کەهیوای سەرکەوتن و سەرفرازیان بۆبخوازم.

گۆران هەڵەبجەیی




ئەی كیشوەرە وون بووەكەم.. كاوەی خەسرەوكاوانی

ئێستا تۆ لە كیشوەرێكی وون بوو دەچی
منیش بۆمەتە كۆلۆمپس و
بۆدۆزینەوەی تۆ شێتم…
من لەحاتەم بەخشندەتر
ئەو ماڵی دا، من من بەرۆح و ژین لە رێتم…
كوانێ ناڵی بۆحەبیبەی هێند وێڵ بووە
ئەوە نیە جارێكی تر تۆخۆت كردووە بەزین و
عیشقت ناوی ناوم بەمەم…
ئەوە نیە دێوانەتر لە دێوانەم
زۆربێ ئۆقرە ترم بۆ شەم…
ئەی كیشوەرە وون بووەكەم
ئەگەرهاتوو بتدۆزمەوە چی شاینتەو
كام ووشە بكەمە ناوت…؟
چی بكەمەقوربانی تۆو
چی سەرببڕم لەژێرپێ ی تیشكی دووچاوت…؟
ئەگەرهاتووماندو و شەكەت گەڕایتەوە ئەم هەوارە
دەرگای دڵم كراوەیە…
تۆئاواز و ئەو گورانی یە نەوتراوەی
خۆشەویستیت ووشەكانی ناسكترین هۆنراوەیە…
28/3/2010
kawa_kiwiny@yahoo.co.uk




هاوکێشەی جەلاد و کۆیلە.. نەوزاد بەندی

یەکێک لە کارەساتە گەورەکان ، ئەوەیە دڵسۆز و خەمخۆر و بیریارەکانت له بیر بچێ و پشتگوێیان بخەیت ، بەڵام بەردەوام چەپڵە و بەڵێ بۆ جەلاد و خائینەکان بکەیت و ..وێنەکانیان گەوره بکەیت و سوێند بەسەریان بخۆیت..
کاتی خۆی یەکێک لە بیریارەکانی حیزبی کۆمۆنیستی چین ، کتێبێکی چاپکرد بە ناوی : دۆستمان کێن و دوژمنمان کێن ..
ئەم کتێبە بەرچاو ڕوونی دا بە گەلانی چین هەتا دۆست و دوژمنەکانیان لێک جیا بکەنەوە ، ڕێز لە دۆستەکانیان بگرن و نەفرەتیش بۆ دوژمنەکانیان .
لای خۆمان کار گەیشتۆتە ئەوەی جەلادەکانمان بە دەمی خۆیان ئەڵێن : ئێمە زوڵممان لە میللەتەکەمان کرد و ڕۆڵەکانیانمان به کوشت دا و سامانی ووڵاتەکەمان دزی بۆ خۆمان و ماڵ و مناڵمان !!
لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا جەلادەکان لەناو دڵ و دەروون و بیرەوەریی زۆرینەدا دانراون ، لە هەمان کاتدا خەمخۆر و دڵسۆزەکانمان پشتگوێخراون و لە یادبراونەتەوە و لە ژێر پێڵاوەکاندا پلیشێنراونەتەوە و هەزاران جنێو و ناو وناتۆرەیان دواخراوە ..
ئەم دۆخە هیچ پێناسەیەکی لە فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نییە .. کاتێ کابرایەکی هەژار و بەشخوراو و بێ هیوا و بێ داهاتوو ، کە ژیانی یەکپارچە وێرانکراوە ،لە بەرچاویدا کۆمەڵێ جەلاد ئەبینێ، داهات و داهاتووی میللەتێکیان دزیوە و .. ملیارەها دۆلاری میللەتەکەیان بۆ ڕابواردنی خۆیان و کچە مۆدێل و کۆشک و باڵەخانە و گەشت و گوزاری خۆیان و خێزانەکانیان خەرج دەکەن ، کەچی هێشتا ئەو کابرا هەژارە ، وەک شاسوار و فریاد ڕەس و پیاوی یەکەم تەماشای ئەو ئەژدیهایانە ئەکات و تەماشای چالاکییەکانیان ئەکات و.. بە جل و بەرگ و سەعاتە گرانبەهاکانی مەچەکیان سەرسامە و.. بە ڕێزەوە بۆ کۆشک و تاوەر و ملیارەها دۆلار و دۆستە لەشفرۆشەکانیان ئەڕوانێ و .. سەرسامە بە مایباخ و جی کڵاس و فڕۆکە تایبەتە گرانبەهاکانیان ..ووتە شەق و شڕەکانیان ، بە بەهاوە گوێ لێئەگرێ و ئەنرخێنێ .. لە بەرامبەردا هیچ بەهایەک بۆ ووتە و هەڵوێست و قوربانیدان و زیندانکردن و شەهید کردنی کەسانی دڵسۆزی میللەتەکەی دانانێ ..به پێچەوانەوە هەوڵی سوککردن و بوغزاندان و جنێوپێدان و به درۆخستنەوەیان دەدا ، لە باشترین حاڵەتدا بێزاریی خۆی بەرامبەریان دەردەبڕێ گوایا ئەم ڕاپۆرت و دۆسیانە ئەوەندە باسکراون ، مێشکیان چووە و ناهێڵن ئەو خەڵکە بە دەردی خۆیانەوە دانیشن ، دواجار تاوانی سیخوڕیی و کلکگرێدانی ژێر بە ژێریان دوا دەخەن ..
ئەم حاڵەتە به ڕاستی ترسناکە .. ئەمانخاتە بەردەم دوو لێکدانەوە کە هەردووکیان جێگای نائومێد بوونن ..لێکدانەوەی یەکەم : ئەم میللەتە بە جۆرێک بێهیوا کراوە ، لەسەر بێهیوایی ئاڵودە بووە و ..حەزی لە خۆشگوزەرانیی و داهاتووی پرشنگدار و خۆشگوزەرانیی نەماوە ، وەک ئەوانەی لێهاتووە کەساڵەها له ئەشکەوت و تاریکیدا بوون ، بە جۆرێ بوون بە دوژمنی ڕوناکیی و تیشکی خۆر ، چونکە ئەو ڕۆشناییانە ئازاری چاوەکانیان ئەدەن ، بەو جۆرە ئەگەر ڕوناکییش بێتە ناو ئەشکەوتەکانیانەوە ، به نەفرەتی ئەکەن و بەردەبارانی ئەکەن و ئەیشکێنن و ئەیکوژێننەوە ، وەک ووتراوە ئەگەر ئازادی وەک باران ببارێ ، کۆیلەکان چەترەکانیان هەڵدەدەن ..واتا ئەم بوونەوەرە بووە بە بوونەوەرێکی دژ بە خۆی ، هیچ خۆشی و ئاسودەیی وخۆشگوزارانییەکی بۆ خۆی ناوێت ، بە پێچەوانەوە هەموو خۆشی و ئاسوودەیی و دەوڵەمەندیی و ئازادییەکی بۆ جەلادەکانی ئەوێت و پێی وایه ئەمە دابەشکردنێکی خواییه و ناکرێ دژ بە خوا ڕاوەستین ، واتا ئەم دوو بوونەوەرە ، کۆیلە و جەلاد ، یەکێکیان بە هەژاریی و ئەشکەنجەدان ئەژی و نەشونما ئەکات ، ئەوەی تریان بە مافیاگەریی و ملیارەها دۆلاری دزراو و شەڕ و ئازاردانی کۆیلەکان ، ئەژی و .. ناکرێ هیچ کامیان لە ژیان و مانەوە بێبەش بکرێن .. ئەگینا هەر هەمان کۆیلە کە دڵخۆشە بە دزینی داهات و داهاتووی خۆی و هاوڕێکانی لەلایەن جەلادەکانەوە ، ئەگەر فلسێکی لای هاوڕێ کۆیلەکەی بێ ، لێی بێدەنگ نابێ و ئەیکا بە شەڕ و ئامادەیە خوێنی خۆی بکاتە کاسەوە لە پێناوی گێڕانەوە و دەستخستنەوەی ئەو تاقە فلسەدا .
هەرچی لێکدانەوەی دووەمی ئەم دۆخە تراژیدییە ترسناکەیە ، ئەوەیە میللەتی بێدەنگیش هەر جەلادە ، بەڵام بار و دۆخی کاری جەلادیی و دەسەڵاتداریی بۆ نەڕەخساوە ، هەر بۆیە ئەو دزی و تاڵانیی و ئەشکەنجەدانەی جەلادەکانی پێ ئاسایی و یاساییە و .. لە هەوڵی یەکبینەدایه بۆ ئەوەی بە پەیژە خوێناوییەکانی ئەو جەلادانەدا هەڵبزنێ و بگاتە جێگایەک یان بگاتە پۆستێکی جەلادیی کە بتوانێ ئەویش تاڵان و بڕۆ وئەشکەنجەدان پیادە بکات ..
بە ڕای من ئەم لێکدانەوەیەی دووەم تا ڕادەیەک نیشانە پێکە ، چونکە هەندێ کەسمان بینیوە هەزاران دروشم و پەیامیی دڵسۆزیی و نیشتمانپەروەریی ومرۆڤایەتیی و نەتەوایەتیی و ئاینیی بەرز کردۆتەوە ، بەڵام کاتێ دەمی لە پۆستێک گیر بووە و گەیشتۆتە ئاستیی جەلادەکان ، هەموو ئەو شتانەی لە یاد چووە و .. دەمی ژەندۆتە ماڵ و خوێنی میللەتەوە و ..بووە بە جەلادێکی نوێ لە خەرمانسەرای جەلادەکاندا .

نەوزاد بەندی




سەرمایەی وەهمی و ساختەکاری.. ئەکرەم سەعید

”ئادەم سمیس ڕای وابوو کە سەرمایەی وەهمی ئابووری بە باڵەکانی دایدالۆسەوە کە لە دراوی کاغەز دروستکراوە هەڵدەواسێ” 1/
حیزبی دیموکراتی ئەمەریکا بەڵێنی خۆشگوزەرانی ئابووری و ئاشتییەکی بەردەوامیان ددەدا بە چینی کرێکاران، بەڵام ئەم حیزبە نیولیبرالە(کە پارتی پارێزگاران پێیان دەڵێن چەپ)ئازادی و خۆشگوزەرانی بە بازاڕی ئازادەوە دەبەستەوە. زۆری نەخایاند دەرکەوت پشتگیری ئەمریکا بۆ ئۆکراینا دژی ڕوسیا و ئیسرائیل دژی حەماس، جیهانێکی ئارامتر و سەقامگیرتری لێنەکەوتەوە، وە بایدن کە بازاڕی ئازادی بەرەوپێش دەبرد، لەبری ئەوەی “ئاشتی لە ڕێگەی خۆشگوزەرانییەوە” بەدەستبهێنێ بۆ جیهان، تەنیا ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی وروژاند و جیهان ناسەقامگیرتر بوو.
ئەما پارتی پارێزگاران بە سەرۆکایەتی ترامپ نەک تەنها ئەمەریکا، بەڵکە سەرتاپای جیهانی بە بڕیارەکانی دووچاری”شۆک و تۆقان”کردووە. ترامپ هەندێ کێشە و جەنگ چارەسەر دەکات، بەڵام درگای لەبەردەم گەلێ کێشە و جەنگ کردۆتەوە. سیاسەتی ترامپ لە لۆژیکێکی ڕاستڕەوانەوە(ماف بۆ بەهێزە) و “ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە”، وەک بازرگانێک گرێبەست دەکات. ئیدی لێرەوە چاوەڕێین کە چوار ساڵ لەتەمەنی سەرۆکایەتی ترامپ دونیا لە لایەێک بەرەو ڕاست وەرچەرخێ، وە لەلاکەی دی بەرەنگاری دژی سیاسەتی ڕاستڕەوی زیاد بکات.
بەرنامەی “چاودێری نایەکسانی” لە ئەمەریکادا، سەرنجی ئەوەی دابوو کە سەد ساڵ لەمەوپێش سەرمایەدارە پیشەسازییەکانی/ نەهەنگەکانی بازاڕ و سەرمایەی وەک(جۆن پێرپۆنت مۆرگان و جۆن دی رۆکفێلەر) وڵاتیان بەڕێوە دەبرد، بەڵام ئەمڕۆکە نوخبەی تەکنەلۆژی(ئیلون ماسک خاوەنی تیسلا، ماڕک زەکەربێرگ خاوەندارێتی کۆمپانیای ئەمریکی مێتا/فەیسبووک، جێف بیزۆس کۆمپانیای ئەمازۆن و سوندار پیچای بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گووگڵ)لە ساتی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی ترەمپ، لە کورسیەکانی ڕیزی پێشەوە دانیشتبوون. لە ڕێڕەوی هەڵمەتی هەڵبژاردن، دۆناڵد ترەمپ و بزووتنەوەی ماگا چەندین جار خۆیان وەک نوێنەری ڕاستەقینەی چینی کرێکاری ئەمریکی نیشانداوە، بەڵام دیمەنی ڕۆژی دەستبەکاربوونی ترەمپ لە کاپیتوڵ، ئیدارەی ترەمپ پڕە لە ملیاردێر و ئۆلیگارشی کۆمپانیاکان کە سامانە سەرسوڕهێنەرەکانیان ساڵ لە دوای ساڵ زیاد دەکات.
ئایا ئەم دیمەنە شتێک لە تایبەتمەندی سەرمایەداری سەردەمی ئێمەمان پێ دەڵێت؟!.
خەڵکی سەردەمی سەرمایەداری ئێمە لە بێ کاتی و بێ حەوسەڵەیی، ژیانی ڕۆژانەیان لەچاو نەوەی پێشوو، سیفەتی خێرایی وەرگرتووە(خواردنی خێرا، سناپ چات و سناپ كاش). زۆربەی خەڵکی کات و ئارەزووی نییە و دارایی نزمە بۆیە خواردنی تەندروستی کە کاتی دەوێ بۆی گونجاو نییە، لەبری پەنا بۆ خواردنی ماکدۆناڵز و نۆدلز دەبات، هەروەها خوێندنەوەی کتێب، جگە لە ئەکادمییەکان، دەنا زۆربەی خەڵکی کاتی نییە و بۆیان مایەی سەرئێشەیە، بۆیە سەردەمی خوێندنەوەی کورتە پۆست و قسەی بێ ناوەڕۆکە، ئەمە ئەنجامەکەی دەمان گەێنێ بە(کۆمەڵگەی هۆش و ئارەزووی نزم). گەر ئەمە سیفاتی کۆمەڵایەتی ئێستا بێ، ئەوا لە بازاڕدا باوی قازانج و پوڵی خێرایە – سناپ كاش. ئیدی سەرمایەی وەهمی لەم سەردەمەدا لە هەموو کات زیاتر تۆڕەکانی پانوپۆڕتر بووەو جۆرەکانی فرەچەشن بووە.
مارکس وەک زاناێکی ئابووری لەم سەردەمەی ئێمەدا، لە باسی سێ بابەتدا:(قەیرانی ئابووری، گەشەی ئامێرو بە ئۆتۆماتیکی بوونی پرۆسەی بەرهەمهێنان، سەرمایەی وەهمی) ئامادەیە لەتەکماندا، چونکە ئەو بناغەی شرۆڤەی ئەو باسانەی داڕشتوە. بۆیە بەتایبەتی کاتێ باسی(سەرمایەی وەهمی)بکەین، ناکرێ نەگەڕینەوە بۆ مارکس، دەنا باسکردنەکەمان کەموکورت دەبێ. بۆیە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرهەڵدانی”سەرمایەی وەهمی”و گەشە و پانوپۆربوونی تۆڕەکانی لە پانتایی جیهاندا، سەرتا دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ڕەخنەی مارکس لە ئابووری سیاسی کلاسیکی بۆرژوازی.
مشتومڕ سەبارەت بە هۆکاری داڕمانی بازاڕی بۆرسە و دراوی کریپتۆ لەم دوو ڕۆژەدا، پرسیاری چەندایەتی ڕۆڵی فاکتۆری بڕیارەکان حکومەتەکانی بۆرژوازەکان و گەمەکانی بانکەکانی ناوەندی بە بازاڕی دارایی وەک سەرچاوەێکی سۆبژەکتیڤ لە قەیرانی سەرمایەداریی ئێستادا، کردۆتە پرسیارێک سەبارەت بە مانای تیۆری قەیرانی سەرمایەداری مارکس، ئەم کورتە وتارە بەشدارییەکە لەو مشتومڕەدا.
بۆ نووسەرانی لیبڕاڵ لە قوتابخانەی ئابووری سیاسی کلاسیک، سەرمایەی وەهمی بە واتای دروستکردنی سەرمایەیە بە شێوەی”دراو” لە ڕێگەی سیستەمی قەرزەوە، بەبێ ئەوەی هیچ سەرچاوەێکی ڕاستەقینەی بەنرخی هاوتای هەبێ لەسەر زەوی. سەرمایەی وەهمی زاراوەیەکی سووکایەتیپێکردنە، لەگەڵ گومان لە فێڵی بەردەوام بە بەکارهێنانی قەرزی نوێ بۆ توانای ئەوەیان هەبێت قەرزە کۆنەکان بدەنەوە.
بەو مانایەی سەرەوە سەرمایەی وەهمی چمکێکە، ئابووریناسەکانی بۆرژوازی بە چەندەها ساڵ پێش مارکس باسیان کردووە، بەڵام مارکس لە کتێبی کەپیتاڵدا- بەم جۆرە باسی پرسەکە دەکات:
(شیکارییەکی وردی سیستەمی قەرز و ئەو ئامرازانەی کە پارەی قەرز بۆ خۆی دروستی دەکات، لە دەرەوەی بازنەی پلانی توێژینەوەکەدایە، ئێمە لێرەدا بە جەختکردنەوە لەسەر چەند خاڵێک خۆمان ڕازی دەکەین، بۆ ئەوەی بە گشتی تایبەتمەندی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بزانین، خۆمان لە مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتی بازرگانی و بانکیدا سنووردار دەکەین. سەبارەت بە پەیوەندی نێوان گەشەپێدانی ئەم دووانە و پەرەپێدانی قەرزی گشتی، دەکەوێتە ژێر ڕەچاوکردنی ئێمە.
پێشتر لە سەرمایە، کتێبی یەکەم، بەشی سێیەم (ب)دا نیشانم داوە کە چۆن پارە وەک ئامرازێکی پارەدان لە سووڕانەوەی سادەی کاڵاکانەوە سەرهەڵدەدات و لەگەڵیدا پەیوەندی قەرزدەر و قەرزکەر لە نێوان بەرهەمهێنەرانی کاڵا و بازرگانی کاڵادا سەرهەڵدەدات. هاوتەریب لەگەڵ گەشەسەندنی بازرگانی و پەرەسەندنی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، کە لەژێر ئەو شێوازەدا بەرهەمهێنان تەنها لە پێناو سووڕانەوەدا ڕوودەدات، ئەم بنەما سروشتییەی قەرزکردن فراوان دەبێت و گشتگیتر دەبێت ،،،.).- بڕوانە( بەرگی سێیەم: پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایە بە گشتی/ وەرگێڕان: د. فالح عەبدولجەبار/ بەشی بیست و پێنج / قەرز و سەرمایەی وەهمی/ لاپەڕەی ٤٦٤).
بەم مانایە لای مارکس سەرمایەی وەهمی کۆمەڵێک سەرمایەی پارەی قەرزکراوە(LMC)، لەبەردەستدایە کە پەیوەندی نێوان قەرزدەر و قەرزوەرگر، تێیدا ڕوودەدات. لە گروپی سەرمایەی قەرزدا، سەرچاوە و بەکارهێنانی پوڵە قەرزکراوەکان هیچ پەیوەندییەکیان نییە، چونکە نیگەرانییەکە لە دڵنیابوونە لە گەڕاندنەوەی پارەکە و لەگەڵ بەدەستهێنانی “سوود”ە کە بتوانای مسۆگەری بکات. بەڵام هەر لەبەر ئەم هۆکارە، مارکس دەستەواژەی سەرمایەی پارەی قەرزکراو(LMC)ی بەکارهێناوە بۆ وەسفکردنی کارکردنی بازاڕەکانی پارە بە گشتی، کە ئەرکە بنەڕەتییە جیاوازەکانی دراو وەک پوڵ کە ئامرازێکی ئاڵۆگۆڕە، وە دراو وەک سەرمایە، لە یەک بازاڕدا کۆدەبنەوە، کە ڕێژەی سوود دیاری دەکات(لانی کەم بە شێوەیەکی ئەبستراکت).
هاوکێشەی(پوڵ-کاڵا-پوڵ) ئەمە بازنەی سەرمایەدارییە لە پڕۆسەی بەدەستهێنانی قازانجی سەرمایەی کەرتی پیشەسازی و بازرگانی، بەڵام سەرمایەی وەهمی هاوکێشەی(پوڵ- پوڵ)ە، واتە ئاڵوگۆڕی پوڵ، کە دەتوانێ سوود و قازانجی چنگ کەوێ بەدوور لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕی کاڵاکان(یانی لە دەرەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەوە).
(پوڵ-کاڵا): سەرمایەدار بە پوڵەکەی مەوادی خام و هێزیکاری کرێکاران دەکڕێ، لەم بەشەدایە لە نێو پڕۆسەی بەرهەم هێناندا زێدەبایی بەرهەم دێ، دواتر سەرمایەداران کاڵای بەرهەمهاتوو دەگۆڕنەوە بە پوڵ(کاڵا-پوڵ) کە هەڵگری(زێدەباییە)، کە وەک قازانج دەردەکەوێت لە ئاڵۆگۆڕی بازاڕدا. ئەم بازنەیە لە سەرمایەی وەهمی بێ پرۆسەی کارە بۆ بەرهەهێنانی ڕاستەقینەی کاڵا(واتە بێ پرۆسەی بەرهەمهێنانی کاڵایە کە هەڵگری زێدەباییە)، بەڵکە تەنها ئاڵوگۆڕی جۆرەکانی(دراو، دراوی کریپتۆ، پشکی کۆمپانیاکان، قەرز،، هتد) کە هەڵگری سوودە، ئەو سوودەی کە لە دواجاردا بەشێکە لە کۆی زێدەبایی بەرهەم هێنراو.
مارکس بەم جۆرە لەم چەند دێڕەدا وەسفی سەرمایەی وەهمی دەکات:
”بەم شێوەیە هەموو پەیوەندییەک لەگەڵ پرۆسەی ڕاستەقینەی کەڵەکەی سەرمایە تا دوا شوێنەوار لەدەست دەچێت، و بەو هۆیەوە چەمکی سەرمایە وەک شتێک کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی خۆی فراوانتر دەکات بەهێزتر دەبێت . . . ڕەنگە کەڵەکەبوونی سامانی ئەم چینە[سەرمایەدارە پارەدارەکان] بەئاراستەیەکی زۆر جیاواز لە کەڵەکەبوونی ڕاستەقینەدا بەرەوپێش بچێت . . . جگە لەوەش لێرەدا هەموو شتێک پێچەوانە دەردەکەوێت، بەو پێیەی هیچ نرخێکی ڕاستەقینە و بنەمای ڕاستەقینەی ئەوان لەم جیهانە کاغەزییەدا دەرناکەون، بەڵکو تەنها دراو، دراوی کانزا، کۆمپیالات،، هتد. بە تایبەتی لەو ناوەندانەی کە هەموو بازرگانی پارەی وڵاتەکە تێیدا چڕبۆتەوە، وەک لەندەن، ئەم ڕەنگدانەوەیە بە ئاشکرا دەردەکەوێت؛ تەواوی پرۆسەکە دەبێتە شتێکی نامەفهوم.”. (سەرمایە/ مارکس- ڕەخنە لە ئابووری سیاسی- بەرگی سێیەم: پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری – لاپەڕە ٥٤٩، ٥٦١، ٥٧٦/ بەزمانی ئینگلیسی).
مارکس هەوڵی داوە خۆی لە دیاردەکانی ساختەکاری و کاری نایاسایی و نائەخلاقی سەرمایەداران(خاوەنداریەتی دزییە) بەدوور بگرێ، و زیاتر شیکاری بۆ پەیوەندی کار و سەرمایە و یاساکانی ڕەوتی گەشەو قەیرانەکانی سەرمایە کردووە. لەتەک ئەوەشدا مارکس بەکورتی باسی لە سەرمایەی خەیاڵی کردووە، کە بنەمای شرۆڤەی سۆسیالیستەکانە بۆ دیاردەی سەرمایەی مالی و بۆرسە و قەرز و سەنەدات و ئەسهم، کە لەم سەردەمەدا(سەرمایەی کازینۆ) بەشکی بەرچاوی سەرمایەیە. (شیکاری سەرمایەی وەهمی مارکس، تاڵەکانی سەرمایەی ڕاستەقینە و دراویی، بۆ تیۆری قەیران بەیەکەوە دەبەستێتەوە.) – سەرمایەی خەیاڵی و تیۆری قەیران – مایکل پێرێلمان/ ٢٠٠٨.
دەبێ ئەوە بڵێین کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا کەرتی بانکی و دارایی(سەرمایەی وەهمی) پەرەسەندنێکی مەزنی بەخۆیەوە بینیوە، لەوە زیاتر کە مارکس یان هەر نووسەرێکی تری سەدەی نۆزدەهەم خەیاڵی کردبوو. کەواتە گەر بمانەوێ سوود لە تیۆری مارکس بۆ قەیرانی سەرمایە وەرگرین، دەبێ لە باسەکانی مارکس دەربارەی سەرمایەی خەیاڵی/ وەهمی تێبگەین؛ چونکە بەبێ شیکاری دروست بۆ ڕۆڵی سەرمایەی وەهمی لە دونیای ئەمڕۆدا، مەحاڵە لە قەیران و ئاقاری سیستەمی سەرمایەداری سەردەم تێبگەین، بەتایبەتی ئەمرۆکە سەرمایەی وەهمی زۆر قەبە بووە، بۆ نموونە:

  • (تەنها سێ کۆمپانیای ئەمریکی “Nvidia, Apple و Microsoft / نيفيديا، أبل و مايكروسوفت” بەهای بازاڕیان لە هەموو بازاڕی بۆرسەی چین زیاترە.) سەرچاوە: ئەمریکا و پێوەرەکانی سەراب – سەرمایەداری گازینۆ لە سۆسیالیزمی پیشەسازی دەباتەوە! الصين بالعربية X – 8 juni 2024.
  • براون و هاوکارانی(2017)، لە ڕووپێویکردنی ئەوروپا، لێکۆڵینەوە لە گەشەی زەمانەتنامە داراییەکان بۆ بەرهەمی ناوخۆیی گشتی دەکەن، و دەبینن کە پشکەکانی FIRE (نێوەندگیری دارایی، بیمە و خانووبەرە) هەڵکشاوە، و بەشداریکردنی دارایی لە بەرهەمی ناوخۆیی لەچاو کەرتی بەرهەمهێنان، زیادبووە.
  • دەیڤس و والش لە(2016)دا ڕۆڵی حکومەتی بەریتانیا لە دابەزینی پیشەسازی و بەرزبوونەوەی دارایی ئاشکرا دەکەن، لە کاتێکدا وانگ لە (2015)دا دەڵێت: دەوڵەتی چین بۆتە “دەوڵەتی خاوەن پشکەکان”.

سەرمایەی وەهمی و ساختەکاری
لە کۆتاییدا سەرمایەداری بە فڕێدانی دەمامکەکانی، ئەم سیستەم و دەسەڵاتە نەفرەتییە ڕوی ڕاستەقینەی خۆی دەرخست. دەمامکەکانی سەرمایەداری مژدەی خۆشگوزەرانی و سەردەمی زێڕینی بە چینی کرێکاران و هەژاران دەدا، و مۆسیقا و سروودی خۆشەوستی و ئاشتی لە لێوەکانییەوە دەچڕی، بەڵێنی سەقامگیری و پێشکەوتوخوازی نوێ دەکردەوە، بەڵام لە کۆمەڵگەدا ساڵ بە دوای ساڵ هەژاری و ساختەکاری و کۆنەپەرستی و جەنگ و تیرۆر زیادی کردووە.
دانتێ لە کتێبی”کۆمیدیای ئیلاهی”دا وەسفی “گێریۆن”ی ساختەکار بەم شێوەیە دەکات:
ئەو دەموچاوەی پیشانی دەدا، دەموچاوی پیاوێکی دادپەروەر بوو،
ڕواڵەتی دەرەوەی سیماکانی زۆر بەخشندە بوون؛
و باقی قەدو باڵای جەستەی مارێک بوو
هەموو کلکی لە بۆشاییەکەدا دەلەرزان
لە کاتێکدا نوکە ژەهراویەکەی بەرەو سەرەوە دەپێچایەوە،
هەر وەکو کلکی دووپشکێک
ئەم وێنەیە سروشتی ساختەکاری بە باشی دەردەخات. قوربانییەکان دەبنە نێچیری وێنە و ڕوخساری چاکەی ساختاکارەکان، دواتر بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە سەرییان لێ دەشێووێ و دەکەونە چنگی شتێکی چاوەڕواننەکراوەوە، پێش ئەوەی نوکە ژەهراوییەکان پێیانەوە بدات.
دادگای تاوانەکانی تورکیە بڕیارێکی بێ وێنەی لە دژی دامەزرێنەری سیستەمی دارایی ساختەی ناسراو بە “بانکی کێڵگە”، مەحەمەد ئایدن ناسراو بە “توسونجوک” دەرکرد. سزای زیاد لە ٤٥ هەزار ساڵ لە زیندانی بەسەردا سەپێندرا، دوای ئەوەی بە چەندین تاوان سزا درا، لەوانە ساختەکاری لەڕێگەی سیستەمی زانیاری و پارە سپیکردنەوەی و پێکهێنانی ڕێکخراوێکی تاوانکاری. – سەرچاوە/ سایتی ڕۆژنامەی(ئەنبات/ ۲۰۲٥-۲-٦).
ئەمە سەرگوزشتەی یەکێکی گرگنی(پارڤێنیر2/)ی سەردەمی ئێمەیە. مارکس لە سەرمایەدا دەنووسێ:(لەبری ئیستغلالکارە کۆنەکان، کە ئیستغلالکردنیان کەم تا زۆر پیاوسالاری بوو، چونکە تاڕادەیەکی زۆر ئامرازێکی دەسەڵاتی سیاسی بوو، پارڤێنویەکی شێتی پارە هەنگاو دەنێت و دێتە پێش).
ساختەکاری لە مێژە تایبەتمەندییەکی سەرمایەداری بەریتانیا بووە. فریدریش ئەنگڵس لە کتێبی(دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا – ١٨٤٥)دا باسی لەوەکردووە کە چۆن لە مانچستەردا، “ساختەکاری لە فرۆشتنی هەموو جۆرەکانی شتومەکدا ئەنجام دەدرێت: فالینە، و گۆڕەوی و،، هتد، دوای یەکەم شۆردن دەچنە ئاو“.
لە وەڵامی پرسیاری “ئایا دراوی کریپتۆ ساختەکارییە “؟!. ئیلۆن ماسک وەڵام دەداتەوە: بەڵێ(دراوی کریپتۆ ساختەکارییە/ فێڵە 3/). کەچی هەر ئەم سەرمایەدارە ساختەکارە خۆی گەمەی بە نرخی دراوی کریپتۆ دەکردو خەڵکی فریودەدا، بەمە ملیارەها دولاری چنگ کەوت.
تایبەتمەندێکی سەرمایەداری سەردەمی ئێمە هەژمونی سەرمایەی وەهمی ساختەکارییە بەسەر جیهاندا، کە جیهانێکی موازی/ هاوتەریبە بە جیهانی سەرمایەداری ڕاستەقینە.
دوێنی ڕۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دروستکردنی یەدەگێکی ستراتیژی لە سامانی دیجیتاڵی ڕادەگەیەنێت. ترەمپ گووتی: ئەمریکا دەببێتە“پایتەختی دراوی کریپتۆی جیهان”، ئەو دراوەی کە بە ڕای ماسک ساختەکارییە. ئەو هەواڵە لە دوێنێوە هەڵکشان و داکشانی بە نرخی بۆرسەکان و پشکەکان و دراوی کریپتۆ کردووە، زیانی ملیارەها دۆلاری لە بازاڕی دراو داوە /٤.
بەڵام سۆسیالیستەکان ڕایان وایە کە: کاتێک چەتەی کێڵگەکەتی سووتاند و دەستیان بەسەر موڵک و ماڵەکەتا گرت و کەسوکارتی ڕفاند، نابێت ئەوەت بەلاوە گرنگ بێ کە چەتەکان چۆن غەنیمەکان دابەشدەکەن. ئەمە وەسفێکی دروستە بۆ ئارگیومێنتەکەی مارکس کە دەڵێت: “ئەگەر سەرمایەدار خاوەنی ئەو سەرمایە بێت کە کاریان پێدەکات، ئەوا تەواوی زێدەبەهاکە دەخاتە گیرفانی خۆیەوە، ئیدی بە هیچ شێوەیەک بۆ کرێکار گرنگ نییە، ئایا سەرمایەدار هەمووی بۆ خۆی دەبات، یان دەبێت بەشێکی بدات بە کەسی دووەم و سێیەم”.
بێگومان ئەم هەرەسەی بازاڕی دراو و بۆرسەکان ڕاستەوخۆ زیانی بۆ چینی کرێکاران نییە کە خاوەنی پشک و دراوی دیجیتاڵ/ کریپتۆ نین، ئەوە چینی مامناوەندە زیانی بەردەکەوێت، بەڵام ناڕاستەوخۆ کاتێ ئابووری ئەمەریکا دەچێتە خولی ڕکود، بژێوی بۆ چینی کرێکاران سەختر دەبێ. گەمە ئابوورییەکەی ئەم چەند ڕۆژەی حکومەتی ئەمەریکا بە سەرکردایەتی ترامپ، وەک خۆی دەڵێ بۆ کەمکردنەوەی قەرزی دەوڵەتی ئەمریکایە، و ناچار ئابووری بە خولێکی ڕاگوزاریدا تێپەڕ دەبێ، بەڵام ئەم گەمەیە ناڕاستەوخۆ زیانی گەورە بە بژێوی چینی کرێکاران و هەژاران دەگەێنێ.
————————————————————————————
/1 لە ئەفسانەدا کاتێک دایدالۆس و کوڕەکەی ئیکارۆس دەخرێنە زیندانەوە، دایدالۆس لە مۆم و پەڕ بۆ خۆی و کوڕەکەی باڵ دروست دەکا تا پێی بفڕن و لە زیندان نەجاتیان بێ. دایدالۆس بە ئیکارۆس دەڵێ کە نابێ زۆر بەرز بفڕێ بەڵام ئیکارۆس دەیەوێ بەرزتر و بەرزتر بەرەو خۆر بفڕێ. بەهۆی گەرمای خۆر مۆمەکە دەتوێتەوە و ئیکارۆس دەکەوێتە ناو دەریا.
/2 پارڤێنیر کەسێکە کە تاڕادەیەک تازە بووە بە چینێکی ئابووری کۆمەڵایەتی پلە بەرز. وشەکە لە زمانی فەرەنسی وەرگیراوە؛ parvenir مانای:(هاتنە پێش، گەیشتن، توانیان شتێک بکەن) دەگەێنێ.
/3 گفتوگۆ لەتەک (ئیلۆن ماسک)دەربارەی دراوە کریپتۆکانی وەک دۆجکۆین. ماسک دانبەوەدا دەنێ کە دراوە کریپتۆکانی وەک دۆجکۆین ساختەکاری و فێڵە – hustle meaning : fraud / swindle / cheat-، کەچی خۆشی کڕین و فرۆشتنی بە دراوەکان دەکرد، و لە سایتی X پرۆپاگاندەی بۆ دەکردن.

/ MAR 8, 2025 – لەلایەن ئەندرۆ ڕ.چۆو – کات / MAR 8, 2025 – by Andrew R.Chow – Tim




ناسنامەی سەگەکانی کۆمارەکەی (ئیبراهیم یوسفی)..(١-٢).. غازی حەسەن

(١-٢)

پێشەکی
خوێندنەوە و شیکردنەوە دوو پرۆسەی گرنگن بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوە و تەواوکردنی دەقەکە، منی خوێنەر بەپێی تێگەیشتنم لە خودی دەقەکە، ژینگە و هێز و مانایەکی تازە بە دەقەکە دەبەخشم. مەرج نییە وەکو نووسەرەکە بیربکەمەوە و لە پێکهاتە فکری و تەکنیکی و وشەسازی و ڕستەسازی و مانا و هێما و نیشانە زمانەوانییەکان بگەم. من لە دیوێکەوە سەیریان دەکەم، ئەمە ڕەنگە هەمان دیو و خواستی نووسەری دەقەکە نەبێت.
ڕەمز و کۆد و نیشانە و هێما و مانا زمانەوانییەکان، ئاراستەیەکی زهنی و وێناکردنێکی هەمەرەنگ بە دەق دەبەخشن، کە هەندێکجار لە مانا و مەبەستە سروشتییە قووڵتر و فراوانتر و هەمەدەنگتر دەردەکەوێت.
دەق دەسەڵات و هێزێکی خەیاڵی و ئەفسوناوی هەیە، من بەدوای دۆزینەوە و دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی ڕەگەز و پاشخان و مێژووی شتەکانم. ئەو شتانەی لەنێو دەقدا دەبنە ناسنامە و پێناسە بۆ خودی هەمان ئەو شتانەی (ناسنامە و پێناسەکانیان) لێ زەوت دەکرێت.

کۆماری سەگ

ڕۆمانێکی ڕۆمانووس (ئیبراهم ئەلیوسف)ە کوردێکی عەرەبینووسە و ڕۆمانەکەی لە دەزگای (خطوط وظلال للنشر والتوزیع) لە عومانی ئوردن لە ساڵی ٢٠٢٠، لە ٣٦٧ لاپەڕە بە بەرگێکی ڕەنگاو ڕەنگی شایستە و هێلکارییەکی مانابەخش و هاوسەنگ لەگەڵ دەقەکە ڕازاوەتەوە، کە پەیوەندی بە نێوەڕۆکی ڕۆمانەکەوە هەیە. ناونیشان و بەرگ هیچیان لە نێوەڕۆکی دەقەکە کەمتر نییە، بەپێچەوانەوە وەکو ناسنامە و پێناسە و کلیلی چوونە نێو دەق وایە، دەق چاوی خوێنەر پڕ دەکات، لە وزە بۆ خوێندنەوە. هزری خوێنەر تەژی دەکەن لە وێنە و مانا و پەیام و ڕەهەند و هزراندن و بزاڤ و نیشانە و هێمای شتەکان، کە هەندێکیان بێ کۆتاین.

تەکنیکی دەقەکە

وەکو لەسەر بەرگی دواوەی ڕۆمانە نووسراوە تەکنیکی نووسینی ئەم ڕۆمانە بریتییە لە “سوود وەرگرتن لەشێوازی بیرەوەریی و ژیاننامە، بەڵام لە چوارچێوەی گەمەیەکی هونەری و هاوکێشەیەکی نەخشێنراو و بەزمانێکی دوور لە بریندارکردن و ئاڵۆزیی، تا زۆرترین کەس بیخوێننەوە، بۆ زمانی دیکە وەرگێڕدێت، چونکە ڕۆمانەکە ژمارەیەک دۆزی گرگ لەخۆ دەگرێت، کە پێشتر بەم دیدگایە باسیان نەکراوە. دیدگای جیاوازی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەمەش لە چوارچێوەی بەکارهێنانی نیشانەکانی جیهانی سەگەکان سەرچاوە دەگرێت، کەپێشتر بەم شێوەیە بەکارنەهێنراون”.
لەم ڕۆمانە قسەکەر و هەقایەتخوانی نێو ڕۆمانەکە خودی ڕۆماننووسە، لە چەند شوێنێک ئاماژە بەوە دەکات کە ناوی (ئالان نەقشبەندییە)، ئەو ئاماژە بەوە دەکات پیشەکەی نووسەرە، نێوبانگی لە نووسین هەیە، هەندێک لەڕێگەی فەیس بووکەوە ئاگاداری کار و چالاکییەکانی ئەون، کوردە و خەڵکی (کوردستانی سوریایە). لەگوندەکانی کوردستان مامۆستا بووە، ئێستا پەناهەندەیە لە ئەلمانیا. بەزمانی عەرەبی دەنووسێت و زمانی دایکی کوردییە، هەندێک فەرەنسی و ئینگلیزیش دەزانێت، بەڵام ئەلمانییەکەی باش نییە و پێویستی بە وەرگێڕە. خێزاندارە و کوڕەکانی ناویان (دڵشاد و دڵدار)ە. سەر بە فکری چەپخوازییە و شیوعی بووە. لە زارۆکییەوە لە حەپەی سەگ ترساوە و هەنووکەش بەهۆی ئەم ترسەوە ناتوانێت بەئاسایی پێشوازیی لە سەگ بکات و هەتا ئێستاش ئەمە وایکردووە، دۆستی سەگ نەبێت و ئەم دۆخە دەروونییە لە ئەلمانیا تووشی کێشەی دەکات، کە سەگ تێیدا خودان مافە وپارێزراوە و دوای منداڵ سەگ بە پلەی دێت و ئافرەتیش بە پلەی سێیەم.
تەکنیکی گێڕانەوە بەهێزە و خوێنەر ڕادەکێشێت ئەمش وایکردووە خوێنەر نەتوانێت دەست لە خوێندنەوە هەڵگرێت، یان خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بە چێژە و خوێنەر بێزار ناکات.
ڕۆمانووس خۆی قسە دەکات، خۆی شتەکان دەگێڕێتەوە، خۆی پێناسەی شتەکان دەکات و بڕیاریان لێ دەدات، واتە کارەکتەریکی فرە توانا و وزەیەکی بەهێز و خودانی بیرەوەرییەکی فراوانە.
لەتەک شێوازی بیرەوەریی و گێڕانەوەی شتە هەقییقەکان و ناوە ڕاستەقینەکان و شوێنە باوە ناسراوەکان، لەبیری نەکردووە هونەری نووسینی ڕۆمانی هاوچەرخ چییە. لە بەکارهێنانی (کەلتوور، نەریت، ئەفسانە، خووڕەوشتی مرۆڤەکان، پێکهاتەی کۆمەڵگە، جیاوازی نێوان دوو ژینگەی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی ئەوەی لەبیر ناچێت، کە مرۆڤ تەوەرەی سەرکی باسەکانە. شێوازی گێڕانەوە لەنێو گێرانەوە، خەیاڵ لەنیو خەیاڵ و وێناکردنی هونەریانە و دەروونیانە پیادە دەکات. کەسایەتی و کارەکتەری زۆر لەنێو ڕۆمانەکەدا ئاماژەیان پێ دەکرێت، بەڵام لەبیری نەکەین، خودی ڕۆماننووس کەسی سەرەکی و بڕیاردەری کۆتاییە. واتە (قسەرکەر و حوکمدەر و دارێژەی نەخەشەی ڕۆمانەکە بەشێوەیەکی سەرەکیی خودی خۆیەتی).
لە دوا بەشی ڕۆمانەکە کە ناوی لێناوە (تحت سقف واحد/ لەژێر یەک بنمیچ) گەمە هونەرییەکە ڕاشکاوانە بەدیار دەکەوێت و لەنێوان بە ئاگا هاتن و خەیاڵدا شتەکانمان بیر دەهێنێتەوە و لە لاپەڕە ٣٦٢ ئەو شتەمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە پەیوەندی بە خەیاڵ و واقیع، بەئاگاهاتنەوە هەیە. هەزارەها شت، دەیان ڕووداو، گەلێک کێشە، بیرکردنەوەی جیاواز، ڕاکردن، تەسلیمبوون، کۆچ، پەیوەندی، تووڕەبوون، گێڕانەوەی ڕووداوە مێژووییەکان، ئینجا تەنیا لە دوا لاپەڕەی ڕۆمانەکە و لە دواین پەرەگرافدا دەڵێت: “ئەوەی لەپێشتر بەسەرم هاتووە، وەهم بوو، مەزەندە کردن بوو، بیرکردنەوەیەکی ساختە بوو، کە لێی نزیک بوومەوە”. ئینجا دەڵێت: “هاوارام دەکرد، کەچی دەنگم لێوەکانمی تێ نەدەپەڕاند، کەس نەبوو گوێم لێبگرێت، ئەگەر (گازی/ ناوی یەکەمین سەگە و لە منداڵییەوە ناتوانێت لە بیر بکات) نەبووایە”. تا لە شێوازێکی دیکەی بەرچاو کە بەئاگا هاتنەوەیە و بەشێکە لە هونەری نووسینی ڕۆمان دەبێژێت : “ئەی نەفرەت لەو مۆتەکە مەلعونە بێت!!”.
لە دوای ئەم هەموو گێڕانەوەیە، دەڵێت (ئەمە مۆتەکە بوو).. خەیاڵ و ترس و نیگەرانی و دۆخی دەروونی بوو.
دەکرێت هەر بەشێکی ڕۆمانەکە لەڕووی تەکنیکییەوە چیرۆکێکی سەربەخۆش بن، دەستپێک و نێوەڕۆک و بابەت و کۆتایی هەیە، کۆتاییەکی کراوە، کۆتاییەک کە چاوەڕوانی سەرەتایەکی دیکەی نوێ دەکات. کۆتاییەک بەستراوەتەوە بە سەرەتایەکی دیکە. لەنێو هەر بەشێکی ئەم چیرۆک و بابەتانەی کە پەیوەندی بە پەنابەریی کوردێکی سوری، یان سورییەکەوە هەیە، دەیان هورتکە بابەتی دیکەی چیرۆکئامێز لەخۆ بگرێت.
لەبیری نەکردووە (سەگێکی ڕۆژئاوایی چەندە دڵسۆز و بەوەفایە بۆ خاوەنەکەی) و (سەگێکی ڕۆژهەڵاتی/ سوری کە لەڕێگەی گێڕانەوەی بیرەوەریی سەردەمی منداڵی و هەرزەکاریی و مامۆستایەتیشی ئاماژە بە بەدبەختی و بێ مافی و ترس و خراپی سەگ) دەکات.

کۆد چییە؟

زمان لەبەکارهێناندا دەردەکەوێت چەندین کۆدی جیاوازی فکری و زهنی و وێناکردن و مەزەندە و تەنیا وێناکردنەوەی وێنە بینراوەکانیش لەخۆ دەگرێت.
(جوناسان کولەر) خاوەنی پێناسەیەکی زۆر باشی کۆدە و دەڵێت: “کۆد بریتییە لە کۆمەڵێک بابەت، یان پۆل کە لەبوارێکی دیاریکراوی ئەزموونەوە وەرگیراون، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، وەکو ئامرازێکی لۆژیکی و بەسوودن لە دەربڕینی پەیوەندییەکانی دیکەدا”. (جونثان کولر، الشعریة البنیویة، ترجمة السید امام، دار شرقیات، القاهیرة، ٢٠٠٠، ٦٦). لەهەمان کاتدا نووسەر لەپێناو گەیاندنی پەیامێک پەنا وەبەر کۆدەکان دەبات، ئەمەش وا دەکات خوێنەر بیر لە کردنەوەی ئەم کۆدانە بکات. بابەتێک بەکاردەهێنێت، بەڵام مەبەستی دیکەی نەگوتراوی لەپشت ئەم بابەتە ئاشکراو ڕاستەوخۆیانە هەیە.
تیۆری کۆد، یان بە کۆدکردنی شتەکان دەگرێتەوە و کۆد بەرانبەر ڕەمز لە تیۆری دەرککردن (الادراک) بەکارهێنراوە، ئەمەی دواییان پێی وایە بیرکردنەوە لەسەر شێوەی تەنیا زمانی نێوەخۆیی ڕودەدات. یانژی هاندانێکە بۆ پوختەی تەمسیلییە زهنییەکان. فرە ڕەهەندە وەکو شتە گریمان کراوەکان و تەمسیلی ماندار و وەسفە ژمێریارییەکان. ( Jared, D, Poh, R.P.y, and Paivio, A., LI and L2 picture naming in Mandarin- English bilingals: A test of bilingual dual coding theory. Bilingualism: language and congnition 16, 2013, 383- 396. )
بەو پێیەی زمان بریتییە لە کۆدی هەمەجۆری زمان لە ناوەوە و زمان لەدەرەوە. کۆدەکانی نێو دەق هەندێکیان زهنی و فکرین و نەبینراون، هەندێکیشیان بینراون و ئەو شتانەن کە لە دەرەوەی سیستەمی زماندا هەن.
لەکاتێکدا تیۆری کۆد دوو سەرەیە کردەی دەرککردن لە یەکەی تەمسیلی نێوەخۆیی پێکدێت و بە دوو ڕێگا چارەسەر دەکرێت یەکەمیان: سیستەمی گوتنە بە زمان تایبەتە بە تەمسیلی زمان و چارەسەری هەموو کێشەکان لەنێویاندا قسەکردن و گفتوگۆ بەکاردێت. دووەمیشیان سیستەمێکی نازمانییە و (وێناکردنە)، تایبەتە بۆ تێگەیشتنی ڕووداوەکان و پێکهاتە نا زمانییەکان، ئەمەش تەمسیلی زهنی وێناکردن شێوەیەکە لە دەرکی سەرەکی تەمسیلکرن لەدەرەوەی زمان..
پێویستە ئاماژە بەوە بکەم، کە سیستەمی کۆدی لە نێو زماندا فرە ڕەهەند و ئەرک و وێناکردنە، وەکو چۆن لە دەرەوەی زمانیش وەکو شتێکی هەقیقی هەیە و دەهێنرێتە نێو زمانی دەق و ڕەنگە مانا و مەبەستی دیکەی جیاواز لە پێکهاتە سروشتییە باوەکەی خۆشی پێبدرێت. بۆ نموونە (سەگ) هەبووێکی سروشتییە و لەدەرەوەی وێناکردن و لەنێو زماندا هەیە، شتێکی سروشتییە، بەڵام کە دەهێنرێتە نێو زمان ڕەنگە ئەم (سەگ)ە مانا و کۆد و شتی جیاوازتر لە خودی خۆی پێ بدرێت. (سەگ) بەمانای شتێکی خراپ، پیس، دڕ، ئیهانە، سووکایەتی لەنێو هەندێک کەلتوور بەکار بێت، ئەمە لە شێوەی داڕشتن و بەکارهێنان لەنێو سیستەمی زماندا دروست دەبێت.
واتە دەکرێت نووسەر کۆدەکان دەستکاری بکات، مانای زهنی و فکری و کەلتووری پێ بدات، لە مانا ڕاستەقینەکەی بیگۆڕێت بۆ مانای وێناکراو، مەزندە و گریمانەی شتی جیاوازتر لەخۆی پێ بدرێت.
بۆیە وەکو (رومان جاکۆبسن) ئاماژەی پێکردووە شەش بنەمای سەرەکی هەیە بۆ لێکدانەوەی گوتاری زمان و بەکارهێنان و ئەرکی لەنێو دەقدا، کە پێم وایە ئەمانە دەبنە سەرەتایەکی گرنگ بۆ ناسینەوە و لێکدانەوەی کۆدەکانیش لەوانە:
١-نێرەر پەیامی هەڵچووانە.
٢- پەیام، پەیامی شیعری
٣- وەرگر، پەیامی کارتێکردن
٤- کەناڵی پەیام.
٥- سەرچاوە، پەیامی سەرچاوەکە
٦- زمانی پەیامە وەسفییەکە
https://www.facebook.com/lissaniyat/posts/%D9%88%D8%B8%D8%A7/

کردەی پەیوەندیکردن یەکێکە لە ئامانج و مەبەستە سەرەکییەکانی دەق و ئامانج لەمە ئەوەیە نووسەر چۆن دەتوانێت پەیوەندییەکی سەرکەوتوو لە نمایش و کارتێکردن و هاندنای خوێنەر دروست بکات و لەهەمان کاتیشدا بەکارهێنانی کۆدی جیاواز لەپێناو بەخشینی دەرفەت و زەمینە بەکار بێنێت بۆ ئەوەی خوێنەر بیر بکاتەوە و شتەکان لێک بداتەوە. وێنەکانی نێو دەق، یان شتە وێناکراوەکان وا دەکات کردەی پەیوەندیی تەمسیلییەکی نێوخۆیی بێت. هەروەها ڕەفتار و ڕەوشتێکی ڕەمزی لە خۆ دەگرێت، پشت بەنێوەڕۆکی تەمسیلی کردنەکە دەبەستێت. ئەمەش وا دەکات بیر لە هەڵسوڕاندنی شیکردنەوەی ڕەفتاری ڕەمزی بکات. ( D.H. Mellor, Ways of Communicating, Cambrige Universty Press, 1990, 4).

دەقی (کۆماری سەگ) لەتەک ئاماژەکردن و بەکارهێنانی بابەت، ئەو شتە هەستپێکراوە بینراوە هەقیقییەشە کە هەموومان دەتوانین بیانبینین، بەڵام نووسەر لەئاستێکی دیکەی زمان ئەم شتانە بەکاردەهێنێت، کە پەیوەندی بە ناوەوەی خودی زمانەکە و ئاستەکانی هەیە، ئەویش بریتییە لە (مانا و مەبەست و وێناکردن و شتە زهنی و فکرییەکان و پەیام و شتە ناڕاستەوخۆکان)، هەندێک ناوی دەنێن تەکنیکی نووسین، من پێی دەڵێم هێزی پێویستی بەرهەمهێنانی گوتاری دەق.

(٢-٢)

کۆدەکانی ڕۆمانی (کۆماری سەگ)

ئەم ڕۆمانە ژمارەیەکی زۆر کۆدی تێدایە، کۆدەکان هەندێکیان بەئاسانی دەبینرێن و هەست پێ دەکرێن، هەندێکیشیان پێویستی بە لێوردبوونەوەی قووڵە. من لێرەدا تەنیا هەندێکیان ئاماژە پێ دەکەم:

بەهەشتی پەناهەندە و دۆزەخی ڕۆژهەڵات

پەیامی گوتاری ئەم ڕۆمانە کارکرکردنە لەبارەی دۆخی دەروونی و کەلتووری و نەریت و ناسین و ناسنامەی کەسێک/ یان گروپێک و کەلتوورێک و وڵاتێک و پتریش لەوانەی پەناهەندەن، لە دۆزەخی ڕۆژهەڵات/ سوریا دەرباز دەبن بەرەو بەهەشتی ئەوروپا و ڕۆژئاوا دەچن. لەوێ لەتەک هەموو شتە جوانەکان، ڕووبەڕووی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گیانەوەر و بەتایبەتی سەگ دەبنەوە. ئەمەش پێشوازیکردن و لەهەمان گاڤیشدا ڕەتکردنەوەی تێدایە.
بۆ ئەوەی پێکهاتە و زمان و تەکنیکی ڕۆمانەکە لەئاستێکی سەرنجڕاکێش بێت، بەشێوازێک بەراوردی دۆخی سەگ لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەکات، کە مرۆڤ بەرەو فەلسەفەیەکی جیاوازتر لە هەقیقەتی (سەگ، یان ناسنامەی سەگبوون) دەبات. لە یەکێک لەئاماژە هونەرییەکان، کە دواتر دەبێتە ئاماژەیەکی فکری قووڵ بەزمانێکی یەکجار سادە، کە هەموومان لەئاستی ڕۆشنبیریی جیاواز دەتوانین تێی بگەین، کە دەڵێت:
“سەگ پەناهەندە نییە لای من، من لای سەگ پەناهەندەم”. لای گەلێک ئەمە قسەیەکی ئاساییە، بەڵام لەکردەوەدا تێروانینێکی فکری و دەروونی و کاردانەوەی بەهێزی تێدایە. هێز لە ئاڵؤزیی و جڕکردنەوەی زمان نییە، هونەر ئەوەی فکرێکی قووڵ بە زمانێکی ببێژیت.
یان لەبارەی ترس، ئەو ترسەی لە ڕۆژهەڵاتدا هەموو کەسێکی کردۆتە (بنیادەمێکی سەرکوتکراوی دەروونشکاوی قرتێنراو لە ڕەسانەیەتی) دەڵێت:
“ترس خراپترین گێژاوەی دەروونییە”، “لە منداڵییەوە لەترسی ئەم مۆتەکەیە لەخەو هاوارم دەکرد”، ” ئەگەر بۆ مانگێک ئەم گیانەوەرانەمان بۆ فێربوونی ترس بناردبایە ڕۆژهەڵات” لە “وڵاتەکەمان هەموو شتێک وەکو بنیادەم دەترسێت، کێ هەیە نەترسێت، هەتا پۆلیس دەترسێت، وەزیر دەترسێت، تەنیا خودی سەرۆکیش دەترسێت”.
لەبارەی دۆخی دەروونی و هەقیقەتی پەناهەندەی سوریی لە ئەلمانیا دەبێژێت:
“ئێمە نامۆین، بێ نیشتمانین، هیچ ناونیشانێکی دیکە نییە، بۆ ئەوەی بچینە سەری، ئەگەر ئەلمانەکان دەرمان بکەن”.
ئەم ناکۆکیی و ململانێیە دەروونییە بەردەوام دەبێت، هێزی گوزارشت و دەربڕینە زمانەوانییەکە بەستراوەتەوە بە چیرۆکی سەگ، ئەو سەگانەی لە ڕۆژئاوا هەموو مافێکیان هەیە و ئەو مرۆڤانەی لە ڕۆژهەڵات لە سەگ خراپتر سەرکوت دەکرێن. سەرباری ناکۆکی لەنێوان کەلتووری ڕۆژهەڵاتی لەبارەی بە سەگکردنی هەموو شتێک و کەلتووری ڕۆژئاوایی و گەورەکردنی هەموو شتک، تەنیا گیانەوەرەکانیان لە مرۆڤ ڕێزلێگیراوترن و مافیان هەیە. لە سەرەتا تاکو کۆتایی وەکو پەناهەندەیەک لەو ناکۆکی و ململانێیە دەروونییە دەژیت و تووشی چەندین فشار و لێکدانەوە و پۆلیس و دادگا و گریمانە و کێشەی بەردەوام دەبێت.

یاسای نوێ و شوێنی نوێ

هەقایتخوان کە خودی نووسەر (ئیبراهیم یوسفە) ناوی هەقیقی و کارەکتەر و شوێن و ڕووداوی ڕاستەقینەشی بەکارهێناوە، چونکە ئەو پشت بە تەکنیکی گێڕانەوەی بیرەوەریی دەبەستێت. ئەو لە شوێنێکی نوێی جیاواز، دەکەوێتە بەردەم گێژاوی یاسای نوێش. یاسای پۆلیس و دەوڵەت، یاسای شەقام، یاسای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، یاسای شێوەژیانی نوێ، یاسای مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ و گیانەوەرە بەخەتەوەر خودان ناسنامەی تایبەتی. ئەمەی دواییان گەڕانە بەدوای پێناسەکردنەوەی چەمکی (مرۆڤبوون و گیانەوەرناسی).
دەبێژێت:
“دەمگوت پۆلیس لەهەر شوێنێک بن، تۆقێنەرن”. و “دروستکەرانی توندوتیژی خودی بەرپرسەکانن”. پێش ئەوەی بێژێت تەواو ڕۆمانەکە کۆتایی هات مردنی ئەو سەگە بەوەفایەی خاوەنەکەی (بیانکا) کە هەولی خۆکوشتن دەدات، دوای پشکنینی پۆلیس و دادوەریی و پزیشک دەردەکەوێت “سەگەکە بەداخ و ئازارەوە مردووە، ئەمەش ئەو کاتە ڕوویداوە کە پێش ئەوەی بگاتە ماڵی هەقاتیخوان”. تا دەگاتە ئەوەی بەراوردی سەگی پۆلیس دەکات، کە چۆن لە سوریا دەزگای هەوالگری بۆ ئازاردان و سزادان و کوشتنی بەرهەڵستکارانی ڕژێم بەکاریان هێناون. لەهەمان کاتدا نووسەر دەمانباتە نێو بابەتێکی یەکجار گرنگ و هەستیار ئەویش ئەوەیە:
“وەرگێڕە سودانییەکە گوێی لێیان دەبێت، ڕەنگی دەموچاوی محامییە کوردەکە گۆڕا، ئەوە لەدەموچاوی دەرکەوت، کە هەست بە ناخۆشی و دڵگیری بکات، کە دەبیستێت کوردێک تاوانی کردووە”.
ئینجا نووسەر، کە خۆی قسەکان دەگێێتەوە و دەڵێت:
” من کوڕی ڕۆشنبیریەکی کۆنم، پەروەردەیەکی ڕەسەنم هەبووە، مرۆڤ لای من پیرۆزە، ئازاری مێروولەیەکم نەداوە، وەکو چۆن باوکم فێری کردووم”.
بێ ئەوەی لە ڕۆمانەکە ناسنامەی کوردبوون بکاتە هێمایەکی سەرەکی دەقەکە، بەڵام ناتوانێت ئەوە بشارێتەوە کە ئەو کوردە، کوردیش لە تاوانکردن دوورن، خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی کۆنی ئاشتەوایی و ڕێزگرتنی مرۆڤە و دوورە لە توندوتیژی و کوشتن و ئازاردانی ئەوانی دیکە، ئەوانە ئەگەر مێروولەش بن، ئازاریان نادات.
نووسەر کەسێک نییە بەشێوەیەکی سۆزدارانەی خراپ، تووندڕەو، دەمارگیرانەی شۆڤینایانە بیر بکاتەوە، نەخێر ئەو تەنیا مرۆڤە و هەموو هەستەکانی لەنێو دەقەکە لە خودی مرۆڤ و چەمک و ئەرک و نیەتی مرۆڤانە سەرچاوەی گرتووە.
لە دەقەکەدا دەردەکەوێت یاسای نوێی ئەلمانیا، مرۆڤانەیە، بەڵام بۆ پەناهەندەیەک نوێیە، وەکو چۆن شوێنەکە و دەوروبەر و مرۆڤ و سەگ و دیوار و شەقام و پۆلیس و هاتوچۆ و شێوەی ژیان و وەرزش و خوێندنەوە و زمان و بیرکردنەوە و نەریتیش جیاوازن. ئەمانە و دەیان دیارد و هورتکە بابەی دیکە خودنای کۆدی تایبەتی خۆیانن. کۆدەکان نهێنی شتە نەگوتراوەکانمان پێ ئاشنا دەکەن.
ئەم هەستە مرۆییانەی (ئیبراهیم یوسف) وەکو پەناهەندە و قەیران و کێشە دەروونی و ئەخلاقی و مێژووییەکانی نێوان دوو کەلتووری جیاواز لە ڕۆمانەکەدا لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئافرەتێکی ئەلمانی قژزەرد (بیانکا شنیدر) دەسست پێ دەکات، ئەم ئافرەتە یارمەتی فێربوونی زمانی ئەلمانی دەدات، ئافرەتەکە خۆشی ناسنامەیەکی تایبەت و ئاڵۆزیی دەروونی و ڕاکردن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هەیە.

سەگ ڕەمزی شارستانییەکان

(ئیبراهیم یوسف) لە خۆڕا و تەنیا لەپێناو دروستکردنی ژینگەیەکی ئەدەبی سەگی بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک و وەکو کەرەستە و ئامرزێک بەکار نەهێناوە تاکو بیروڕا و بیرۆکە و وێناکردنی دەقێکی ئەدەبی بەرهەم بهێنێت، سەگ لای هەقایەتخوانی ڕۆمانەکە (کۆماری سەگ) پەیوەندییەکی قووڵتر و مانایەکی فرەتر و گوتارێکی جیاوازتری لە خودی سروشتی سەگ وەکو دیاردە و بوونەوەرێکی سروشتی هەیە. زمانێکی سادە، بەڵام قووڵ لە مانا و مەبەست، زمانێک هانی خوێنەران دەدات، خۆیان بزر نەکەن و ڕووداوەکان بە ئاسانی وەرگرن و لێکدانەوەکانیان وەکو فکر و ئینتما و ناکۆکی بۆ شارستانییەتە دیارەکان بەکار بهێنن. لەزۆر شوێنی پێویستە خوێنەر کۆدەکان بکاتەوە.
سەگ لەم دەقە ئەدەبیەدا ، هێما و نیشانەیەکی زهنی و فکرییە بۆ بوونی ئەم گیانەوەرە لە کۆنەوە تاکو ئێستا لەنێو شارستانیەتی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی.
لەم دەقەدا سەگ لە چوارچێوە سروشتییە باوەکە دەردەچێت، دەبێت ڕەمز بۆ ڕەفتار و نەریت و کەلتوور و ناسنامە مرۆڤەکان. ئەو لەڕێگەی گێڕانەوە و گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی ، ئاماژە بە سەگ لە ئەشکەوت وەکو هێمایەکی ئایینی دەکات، سەگ لە کۆمەڵگە وەکو کەرەستەیەکی باو بەدەست چینە کۆمەڵایەتییەکان گوزارشتی لێکراوە، سەگ وەکو کەرەستەیەکی بەکارهێنراوی جەنگ، زیندان، ئینجا سەگ وەکو بوونێکی پلە دوو لەدوای (منداڵ) لە ئەلمانیا و ئەوروپا دێت.
مێژووی سەگ، بە وردی دەگێڕێتەوە، زانیارییەکان پشت بە سەرچاوە مەعریفییە ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و گیانەوەردۆستی و هەتا هەواڵەکانی ڕاگەیاندن دەبەستێت، لە گێڕانەوەدا پێمان دەڵێت ئەم ڕەمز و نیشانە ئەدەبییەی لە دوای پشکنین و خوێندنەوەی دەیان سەرچاوە بەرهەمهێناوە، سەرباری سوود وەرگرتن لە دۆستەکەی کە ئافرەتێکی ئەلمانییە. ئەم ئافرەتە لەلایەک سەرچاوەیە و لەلایەکی دیکەش ناسنامەیە بۆ بەدیهێنانی کردەی پەیوەندیکردن و ئینجا گەڕان بەدوای دۆزینەوەی ناسنامەی سەگ.
لە تەک پێناسە و بایەخی سەگ و سازدانی ڕۆژی جیهانی سەگ، نایشارێتەوە کە ناکۆکی و تێڕوانینی (ئایینی و کۆمەڵایەتی) لەنێو خێزانەکەی وەکو پێکهاتەیەکی ڕۆژهەڵاتی لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ لە ئەوروپا هەیە و دەڵێت: “خانەوادەکەم خاوەنی ڕۆشنبیریی ئایینین، بەڵام هیچ کام لەم هەوڵانە نەگەیشتنە تاموچێژ لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەخێوکردنی سەگ”. لە کاتێکدا ئەو ناسنامەی خۆی بەم شێوەیە وەسف دەکات: ” مەسەلەکە پەیوەندی بە ئایینەوە نییە، من کەسێکی عیلمانیم، پەیوەندیم بە جیهانی ئایینەوە نییە، بەڵام کەسێکی مولحیدیش نیم”.
چیرۆک و گێڕانەوە و بەکارهێنانی سەگ وەکو ڕەمز بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکانی پەیوەندیکردن و لێکدانەوە و دابەشکردنەوەی سەر لەنوێی فکر و کەلتوورەکان، ئەو لە قسەکردن لەسەر سەگ ئەوەمان نیشان دەدات، کە بەشێک لە چۆنیەتی مامەڵەکردن پەیوەندی بە ڕۆشنبیریی ئایینی خێزانەکانەوە هەیە. ئەو پێناسەی خۆشی وەکو کەسێکی عیلمانی، کە مولحید نییە نمایش دەکات.
“سەگ لە جیهانی ڕەگەزپەرستیدا داکۆکی لە خاوەنەکانی دژی کەسانی بێگانە دەکات و تەنیا دژی سەگە بێگانەکانیش دەوەستێتەوە”. تەنیا دەگاتە ئەوەی بڵێت “لۆکانیکۆس ساڵی ٢٠١٠ وەکو سەگێک بۆتە ڕەمزی خۆپیشاندانەکانی یۆنان”. لە ئاماژە بە ئازایەتی ئەم سەگە، دەیبەستێتەوە بە هێما و نیشانەیەکی دیکەی زیندووی وڵاتەکەی و کۆدێکی جیاوازتر لە کۆدە ئاساییەکەی لەبارەی سەگ پێ دەدات و دەڵێت: “کە شۆڕش لە وڵاتەکەم دەستی پێکرد، ئاواتەخواز بووم خۆپیشاندەران هەر یەکەیان سەگێکی ڕاهێنراو لەگەڵ خۆی ببات، تاکو بیانپارێزێت”. ئەم جیاوازییە هێما و نیشانەیە بۆ ئینتمای سەگ، سەگ وەکو بوونەوەرێکی باڵای هەستیار و دڵسۆز و خزمەتگوزار و خوادنی هێزی قوربانیدان. ئینجا کۆدی ناسنامەشە بۆ سەگێک لە دەبێتە ڕەمزی خۆپیشاندانەکانی یۆنان و لەهەمان گایشدا کۆدی سەگێکی دیکە، کە تەنیا (خۆزیە و ئاواتە) ئەویش پەیوەندی بە شۆڕشی سوریا هەیە.
ڕەمزە بەکاهێنراوەکانی بەراورد لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤ، کەلتوور و کەلتوور، ژینگە و جوگرافیای جیاواز بەکارهێناوە. لەهەندێک شوێن سەگ سیفەتە گیانەوەرییەکەی دەگۆڕێت، بۆ شتێکی دیکەی نزیک لە مرۆڤ ئەمە کۆدێکی ماناداری زهنییە، نوێنەرایەتی فکر و مەبەست و گوتارێکی جیاواز لە سروشتە باوەکەی خۆشی دەکات.

لەبیری نەکەین، ئەو کە قوربانی سیاسەتە لە وڵاتێکی سەرکوتکاری پۆلیسی، ئاماژە بەوە دەکات کە “بەرەو ماڵ بوومەوە فکرم لەوە دەکردەوە کە ئەوروپاییەکان چەند بایەخ بە سەگەکانیان دەدەن، کەچی لە وڵاتەکەمان جەژنەکان تایبەتکراون بە ڕۆژی کودەتای ڕژێم و وەرگرتنی دەسەڵات، جەژنەکانی دیکەش لەبیرکراون هەتا جەژنە ئایینەکانیش بایەخیان نەماوە.. ئەی خودایە لێرە (ئەوروپا) سەگیش جەژنی خۆیان هەیە”.
لێرەدا کۆد و ڕەمز و نیشانەکان شتی جیاوازتر لە جیهانی سەگمان پێ دەبەخشن.

پۆلیس و لێکۆڵینەوە

لایەنێکی دیکە ئەوەیە دوای ئەوەی (بیانکا شنیدر) تووشی ڕووداوی خۆکوشتن دێت و سەگەکەشی دوای ئەم ڕووداوە تووشی دۆخی دەروونی دەبێت و لەداخی خاوەنەکەی گیان لەدەست دەدات، بەم هۆکارەوە (ئالان نەقشبەندی/ هەقایتخوانی ڕۆمانەکە/ نووسەر/ خودی ئیبراهیم یوسف) لەلایەن پۆلیسەوە دەگیرێت و تووسی لێکۆڵینەوە دێت، لم بوارە دەیان ڕووداو، کە پەیوەندی بە پۆلیس و سزا و لیکۆڵینەوە و پشکنین و ترس و سزا و نیگەرانی لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەکاردێنێت. وەکو شتەکانی دیکەش هەریەکێک لەم دیاردە و دۆخە دروونییانەی هەیە، دەکرێت کۆدێک و پتر لە کۆدێکیان هەبێت. ئەمە پەیوەستە بە هێزی گوزارشت و بەرهەمهێنانی گوتاری دەق.
گرنگترین خاڵ ئەوەیە (سەگەکە) بەهۆی پەیوەندی بەهێز و سۆز و ئینتما لەگەڵ خاوەنەکەی تووشی کێشە دەروونی و ناڕەحەتی دێت و لەداخ و پەژارەییەوە دەتۆپێت (دەمرێت). ئەمە نیشانە و هێمایەکەی زهنی قووڵە سەبارەت بە پەیوەندی (ڕۆمانووس، بیانکای ئەلمانی، سەگ، پۆلیس و لێکۆڵینەوە، دادپەروەریی و باڵادەستی یاسا، ڕەفتاری پۆلیس و سەگی پۆلیس و مرۆڤانە هەڵسوکەوتی پۆلیس و پشکنین. تاد….).
لە پۆلیسخانە دەردەچن و پێیان دەبێژن “تۆ هیچ تاوانێکت نەکردووە، سەگەکە خۆی مردووە و بیانکاش چاوی هەڵێناوە”. لە درێژەی ئەم ڕووداوانە پەنا وەبەر هێما و کۆدێکی دیکە دەبات و دەبێژێت:
” لە ڕێگا باسی دەسەڵاتی سەگ و ترس لەسەگمان کرد، هێندە باسی ئەفسەری پۆلیسمان نەکرد کە کەسێکی میهرەبان بوو… سەگی ئێرە عاقڵە”. ئەم گوزارشتە کۆتایی لەبارەی سەگەکە بۆچوونی کوڕەکەیەتی، (عەقڵ) هێمایە بۆ دونیایەکی جیاواز لە جیهانی سەرکوتکردن و بەکارهێنانی سەگ بۆ ئازاردانی مرۆڤەکان لە (زیندانی بارەگای هەوالگری سوریا). مەبەستم ئەوەیە ئەم کۆد و نیشانە زمانەوانیانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن، کە ڕۆماننووس ڕاستە مێژووی سەگ، ڕەفتار و کێشە و پێگەی سەگ دەگێڕێتەوە، بەڵام لەبیری نەکردووە کە سەگ لەم دوو کەلتوورە جیاوازەدا بۆ دوو ئەرکی جیاواز بەکارهێنراوە. کۆدی سەگ دەکرێت کۆدی خودی مرۆڤیش بێت، یان هەڵگەڕاوەی ڕەفتاری مرۆڤ و سەگ بێت.
پۆلیس بۆ دۆزینەوە تاوان بەکاری دەهێنێت و پۆلیس لە سوریا بۆ ئازاردانی بەرهەلستکارە سیاسییەکانیان بەکاری دەهێنێت و لە یۆنان سەگ دەبێتە ڕەمزی قوربانی و هاوکاری مرۆڤ.

تاوانی سێکسی سەگ

پەیوەندی خۆشەویستی و سێکس دوو بابەتی گرنگ و دوو کۆدی کارای نێو دەقی ڕۆمان و چیرۆک و شیعرن. مەرج نییە نووسەر ئەم کۆدە وەکو بەشێک لە ڕەفتار و خواستی خۆی بەکار بهێنێت، بەڵکو دوو بابەتن، سەرتاپای مرۆڤایەتی بەدرێژایی مێژوو دووچاری کاردانەوە و بەکارهێنان و کارەسات و ئاسودەیی دەروونی و کێشەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و خودیشی کردووە. سێکس بەشێکە لە پێکهاتە جەسەتەیی و دەروونی و خواست و چێژی مرۆڤ، ئەم دیاردەیە لە ڕۆژهەڵاتدا جۆرێکە و لە ڕۆژئاوا جۆرێکی دیکەیە.
(ئیبراهیم یوسف) لە ڕۆمانی (کۆماری سەگ)دا ئەم پەیوەندییە لەنێوان مرۆڤەکان و ئینجا لەنێوان گیانەوەرانیشی نمایش کردووە. کۆدێک دروست دەکات، کە سێکسی سەگ بێ رەزامەندی خاوەنەکانیان کارێکی بڤەیە. کۆدی ئەم باسە ئەوەیە، ئافرەت بەئارەزووی خۆی سێکس دەکات، کەچی سەگ ڕێگە پێدراو نییە، سەگێکی دیکە بە ئارەزووی خۆی سێکسی لەگەڵ بکات.
پەیوەندی قسەکەری سەرەکی و بگێڕەوەی یەکەم و پاڵەوانی فرەزان و فرە ئەرک و تێڕوانین و فکرە، باسی ئەو شەوە دەکات کە لەڕۆژی جیهانی سەگ لەگەڵ ئافرەتە ئەلمانییە شۆخەکە پەیوەندیی و وێناکردنێکی سێکسی دروست دەبێت.
دواتر کێشەی بەزۆر سێکس کردنی سەگێک لەگەڵ سەگێکی دیکە ئاماژە پێ دەکات، کە چۆن ئەمە دەبێتە کێشەیەکی یاسایی و خاوەنی سەگی گایراو، سکالای یاسایی لەسەر سەگی گانکەر تۆمار دەکات. خوێنەری وریا لە کۆدی وێنە کۆمیدییەکە دەردەچێت و ژیرانە سەیری زەمینەسازی پەیوەندی جدی نێوان دوو سەگ دەکات.
لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا ئەوە ئاماژە پێ دەکات، کە دراوسێیەک سکالای یاسایی لەدژی دراوسێیەکەیان تۆمار دەکات، لەبەر ئەوەی سەگەکەیان لەلایەن سەگی ئەوانی دیکەوە سێکسی لەگەڵ کراوە، بێ ئەوەی پرسیان پێ بکەن. مەسەلەکەش پەیوەندی بەوە هەیە حەز لە ڕەگەزی سەگە گانکەرەکە ناکەن. لەکاتێدا وەکو ڕۆماننووس ئاماژەی پێکردووە و دەڵێت “ئافرەکانیان ئازادن لەوەی بە چ جۆرێک و لەکێ سکیان پڕ دەبێت”. بەڵا گیانەوەرەکانیان ڕێگە پێدراو نین. ئەمە کۆدێکە پەیوەندی بە عەقڵ و کەلتوور و شێوەژیانی کۆمەڵگەوە هەیە.

کۆدی سەگ وەکو قوربانی

لەنێو ڕۆمانەکەدا کە سەربردە و مێژووی سەگ و پەیوەندییەکانی ئەم گیانەوەرە بە هاووڵاتیان و پەناهەندە و کەلتووری جیاوازەوە دەگێڕدرێتەوە، سەگ چەندە پلەیەکی بەرزی لە کەلتووری ڕۆژئاوا پێدراوە و بەکردەوە سەگ وەکو گیانەوەرێکی خۆشبەختی خودانی پلەیەکی ڕێزلگیراوە، لەهەمان کاتدا هێما و نیشانەیەکی زەقیشە بۆ قوربانی وەکو کەرەستە و شتێکی بەکارهێنراوی نمایشکراو، بەتایبەتی لەسەردەمی جەنگ و بینیمان ڕوسەکان بە سەدان سەگیان بۆ تەقاندەوەی تانک و هێزەکانی دوژمنانیان بەکار هێناوە و مینڕێژیان دەکەن بۆ تەقاندنەوە. ئەمە کۆدێکی دیکە کە مرۆڤ چەندە دڕندانە سەگ بۆ کوشتنی مرۆڤ بەکاردەهێنن و پیشێلی مافی گیانەوەرانیش دەکەن.
ئەمە کۆد و هێما و نیشانەیەکە بۆ کەرەستە و شتێک کە (دڕندەیی و تاوانکاری مرۆڤ) نیشان دەدات و سەگ وەکو ئامێرێکی قوربانی و جێگەی بەزەیی ئاماژەی پێکراوە، لەکاتێکدا ڕۆمانەکە دەیان نموونەی دیکەی تێدایە کە ئاماژە و هێمایە بۆ (شکۆ و دەسەڵات و پێگە و هێزی) سەگ. تەنیا ناونیشانی ڕۆمانەکەش، کە ناونراوە (کۆماری سەگ) ئاماژە و هێما و کۆدێکی ڕاستەوخۆیە بۆ نیشاندانی پێگە و دەسەڵات و هێزی سەگ لە کەلتوور و کۆمەڵگە جیاوازەکان.
ڕۆماننووس دەڵێت : “سەگ بە خراپی و بەدیی لەدایک نابن، بەڵکو ئێمە وا لە سەگەکان دەکەین خراپ بن، یان باش… “. لەم ئاماژەیەدا ئەوەمان پێ دەبێژێت، کە مرۆڤ ژینگەی سەگەکە دەگۆڕێت و دروستکەری دۆخەکانە، نەک خودی سەگەکان. سەگ بە پاکی و بێ تاوان دەترەکێن. کۆدەکە ئەوەیە هەرچەندە ئەو لە منداڵییەوە لە حەپەی سەگ تۆقیوە، بەڵام سەگ گیانەوەرێکە بەسروشت بە باشی دێتە ژیان و مرۆڤ کۆدەکانی دەگۆڕێت.
(ڕۆماننووس/ ئالان نەقشبەندی/ ئیبراهیم یوسف) نزیکەی چوارسەد لاپەڕی لەبارەی سەگ و جۆرەکانی و سایکۆلۆژیا و مێژوو و کێشە و پەیوەندییەکانی سەگ و مرۆڤ لە دوو شارستانیەتی جیاوازدا نووسیوە، کەچی (بیانکا)ی ئەلمانی کە لەڕێگەی سەگەکەییەوە دەبێتە هاوڕێی پێی دەڵێت: “ڕۆشنبیریەکی هەژار و کەمت لەبارەی سەگ هەیە”.

کۆدی زمان

زمان یەکێکە لە کۆدە گرنگ و دیارەکانی نێو دەق، ڕۆماننووس بە دووجۆر لە مەبەست و کاریگەریی و توانای زمان لە بیناکردنی تەکنیکی ڕۆمانەکە و ئینجا وەکو ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی (کردەی پەیوەندیکردن) پەنای وەبەر زمان و کۆدەکانی بردووە.
لەنێو ڕۆماناکەدا لە چەندین شوێن ئاماژە بە زمان وەکو ئامرازی پەیوەندیکردن و گەیاندن و تێگەیشتن و خۆ لەقالبدان و گۆشەگیریی و لەدەستدانی توانای تێگەیاندن و تێگەیشتن ئاماژە پێکردووە.
دەڵێت ” لەڕێگەی بەکارهێنانی قاموسی ئەلەکترۆنی بەزمانێکی ناڕێک نامەیەکم نووسی”.
” تۆ نەخوێندەواری لەبەر زمانەکەت، فەرهەنگی زمانەکەت بایی ئەوە ناکات لە هەواڵی ئەلمانی بگەیت و یان لە هەواڵی سادەی تەلەڤزیۆنیش بگەیت… لەناخەوە هەستم بە ئازارێکی توند کرد..”.
سەرباری ئەوەش لە چەند شوێنێکدا بەمەبەست بۆ ئەوەی دوو شت بسەلمێنێت، هەندێک دەستەواژەی پەندی کوردی بە کوردی دەنووسێت، یان هەندێک ناوی کوردی بەکاردەهێنێت، دیارە ئەمەش نیشانەیە بۆ گوزارشت لە هەندێک کۆدی دیکە لەڕێگەی زمانەوە، وەکو:
یەکەم: بۆ ئەوەی کۆدی هەبوونی زمانی کوردی و ناوی کوردی و بوونی (نەتەوە و ناسنامەی نەتەوە) لەئاکامی بەکار‌هێنانی زمان، نەک بەکارهێنانی سیاسەت و مێژوو بسەلمێنێت. وەکو ناوی (گازی و شیا و دڵشاد و دڵدار و ئالان.. تاد).
دووەم: پێمان دەڵێت کۆدی دووەم پەیوەندی بە جیهانی کوردییەوە هەیە سەبارەت بە سەگ و پەیوەندیی لەگەڵ ئەم گیانەوەرە و کاردانەوەی لەسەر نەریت و ڕەفتار و بیرکردنەوەی تاکی کوردی و کۆمەڵگەی کوردستانی.

کۆدی زمان یەکێکە لەو کۆدە دووبارە بەکارهێنراوەکەی نێو ڕۆمانەکە، ئامانج و مەبەستی جیاواز دەگەیەنێت، گوتاری زمان، گوتارێکی فرە ڕەهەند و شێوازە. گوتارێکە پەیوەندی بە هزر و زهن و وێناکردنی شتەکان لەنێو زمانەوە هەیە.
کۆدی زمان بریتییە لە:
کۆدی پەیوەندیکردن بە دەوروبەر.
کۆدی تێگەیشتن و لێکدانەوە
کۆدی ئاخاوتن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانی دیکە.
کۆدی زمانی سەگ
کۆدی ساخکردنەوە
کۆدی ناسنامەی نەتەوە (کوردی) و (ئەلمانی) و (عەرەبی) بە نموونە.
بۆ نموونە ئاماژە بەوە دەکات، کە بوونی دیالەکتیک مانای دەوڵەمەندی خودی زمانەکەیە، کورد چەندین دیالەکتیکی وەکو کرمانجی و سۆرانی و زازایی و کەرمەشانی و گۆران.. هەیە
کۆدی زانینی چەند زمانێک
کۆدی خوێندن و کۆرسی زمان
کۆدی سایکۆلۆژیای زمانی سەگ

کۆدی زمانی سەگ

ڕۆماننووس دەبێژێت ” چوارسەد هۆزی سەگ هەیە سەگ زمانی خۆی هەیە، هەروەها کۆدی خۆشیان هەیە، لە توێژینەوەیەک دەرکەوتووە سەگ نۆزدە کردەی ئاماژەی هەیە، لەنێویاندا داواکردنی خواردن، خواردنەوە، یان داوای یاریکردن و کردنەوەی دەرگا..”.
بۆ ئەم ئاماژەیە، گرنگە لەپێناو گەڕان بەدوای دۆزینەوە و شیکردنەوەی کۆدێک، کە پێمان دەڵێت ئەی مرۆڤ لەوە بگە، سەگ وەکو گیانەوەرێک زمانی تایبەتی ئاماژەی هەیە، لەپێناو بەدیهێنانی کردەی پەیوەندیکردن بە دەوروبەرەکەی خۆی ئەم ئاماژانە بەکاردەهێنێت. کردەکانیشی هەمەجۆرە و بریتین لە داواکردن و ئاگادارکردنەوە و خواست و پێویستیی و تووڕەیی و ڕەتکردنەوە… تاد.
ئەم کۆدە وا لە مرۆڤ دەکات وردتر لە کۆدی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گیانەوەران بڕوانێت، فکریان لێ بکاتەوە و شیکاریان بکات. ئەم کۆدە لەکردەوەدا پێویستی بە کردەی (تێگەیشتن، شیکردنەوە و حووکم و بڕیار) هەیە.
لە ئاماژە و بەکارهێنانی زماندا گوتارێکی گرنگمان پێ ئاشنا دەکات، کە دەڵێت:
سروشتی مرۆڤ هەمووی یەکە، زمانەکان لێکمان جیا ناکاتەوە، زمانی ڕۆح، هەست و نەست، هوشیاری، دەرککردن، ئەمانە زمانی نێونەتەوەیین زمانی سەرتاپای جیهانن”.
بێگومان زمان هێما و نیشایەکەی فکری گرنگە، هەر تەنیا ئامرازی پەیوەندیکردن نییە نییە، بەڵکو ئامانجە لەپێناو پێکهێنانی ژینگەیەکی یەکسان و هاوبەشی مرۆیی لەگەڵ ئەوانی دیکە. زمان پەیوەستە بە ژینگەی و دەوروبەری فکریی و تێڕوانینی مرۆڤەکان. نەک هەر تەنیا لای مرۆڤەکان، بەڵکو سەگیش لەم کۆمارەی (ئیبراهیم یوسف)دا خودانی دەیان کۆدی تایبەتی خۆیەتی و بەکردەوە خواست خۆیان و سایکۆلۆژیای خۆیان بەم ڕەفتار و جووڵە و ئاماژانە دەردەبڕن.

کۆدی کوردبوون

یەکێک لە کۆدەکانی نێو ڕۆماناکە پێناسەکردن و دیارکردنی ناسنامەی نەتەوەییە بێ ئەوەی دەمارگیر بێت، یان نەتەوەپەرستانە بئاخڤێت. بەپێچەوانە ئەوی کارەکتەری سەرەکی و پاڵەوانی ڕۆمانە و هەقایەتخوانی سەرەکی ئاماژە بەوە دەکات کۆمۆنیست بووە، عیلمانییە بێ ئەوەی مولحید بێت. زمانی دایکی کوردییە و ئینجا لە قتابخانە فێری عەرەبی بووە و بەم زمانەش دەنووسێت، سەرباری فەرەنسی و ئینگلیزی و دەیەوێت فێری ئەلمانیش بێت. ڕاشکاوانە ئاماژە بە سوری بوون دەکات، بەڵام ئەو لە زۆر شوێندا ڕاشكاوانە کۆدی کورد بوون وەکو زمان، کیانێکی جیاواز لە زمان و ڕەگەز و نەتەوەکانی دیکە دەبینێت، بێ ئەوەی پلەبەندی لەم دیتنە بکات.
تەنیا شتێک وەکو پرسیار و گریمانە و لێکدانەوە ئاماژە پێ دەکات ئەویش (تێکەڵبوون و توانەوەی یەکلایەنە/ اندماج) وەکو پرسێک و کۆدێکی دیکە دەبینێت بۆیە پێی وایە “تێکەڵبوونی یەکلایەنە، قوتدانی ئەوی دیکەیە”. ئەمە لە ڕۆژهەڵات ڕوو دەدات، کەچی لە ئەلمانیا کە نزیکەی ١٨٠ زمانی جیاوازی تێدایە، ئەم تێکەڵبوون و توانەوەیە ڕوو نادات.
ئەم کۆدە لەکردەوەدا گوتارێکی فکری و سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتیشە، کردەیەکە لە ڕۆژهەڵاتدا توانەوە و قووتدانی ئەوانی دیکە، وەکو بەرنامە ستراتیژی سیاسی باڵا دەستە، بە مانای سڕینەوەی ناسنامە و پێناسە و توانەوەی ئەوانی دیکە دێت.

کۆدی تێکچوونی هاوسەنگی

لە ئەلمانیا کۆدێکی دیکەی گرنگ هەیە، کە سەگێک، یان گیانەوەرێک دەمرێت، دەیبەنە گۆڕستانی تایبەتی گیانەوەران و بەڕێز و بایەخەوە ڕێوڕەسمی ناشتنی گیانەوەرە مردووەکە لە گۆڕاستان ئەنجام دەدرێت، کەچی لە ڕۆژهەڵاتدا ئاماژە بە دۆخی سوریا دەکات، لەڕێگەی گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان لەلایەن قسەکەری سەرەکی نێو ڕۆماناکە دەبێژێت: “چیرۆکی منداڵەکان، چیرۆکی ئەو منداڵانەی لەبرسان دەمرن، یان لەژێر خانووە ڕووخاوەکانیان دەیاندۆزنەوە…”. ئەمە کۆدی تێکچوونی هاوسەنگی و شکاندنی شکۆی مرۆڤ و ڕێزگرتنی گیانەوەرانە لەهەمان کاتدا.
کۆدی نەبوونی هاوسەنگی لەنێوان بایەخدان و ڕێزگرتن لەنێوان مرۆڤ و سەگ، لەنێوان کەلتووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە نێوان مرۆڤ لە وڵاتی ڕۆژهەڵات، سەگ لە وڵاتەکانی ڕۆژئاوا. تێکچوونی ئەم هاوسەنگییە، لە کۆتایدا دەبێتە هۆکار بۆ بەدبەختی و کۆچکردن و ئاوارەیی و ڕووکردنە پەناهەندە و لەهەمان گاڤیشدا نیشانە و هێمایە بۆ دروستبوونی کۆدی تێکچوون و نەبوونی یەکسانی و هاوسەنگی لەنێوان دوو جیهانی جیاوازدا.

کۆدی ناوەکان

ناو بەگشتی لەنێو دەقدا ئاماژە و هێمایە بۆ چەندین کۆدی دیکەی نادیار، کە نووسەر لەپێناو گەیاندنی مەبەست و پەیامی جیاواز بەکاریان دەهێنێت و هەندێکیان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ کار دەکەن. هەر ناوێک لەتەک ئەرکە سروشتییە باوەکەی خۆی، چەند ئەرکێکی دیکەی ناڕاستەوخۆ و شاراوە و جیاواز لەپێکهاتە سروشتییەکەی دەگێڕێت.
ناوی شوێن، ناوی کارەکتەرەکان، ناوی شتەکان، ناوی پێکهاتە و کەرەستەکانی نێو دەق. ئەمانە نیشانەی زمانەوانی و هێمای فکری و ئاماژەی دەروونی و کۆمەڵایەتین بۆ دۆزینەوە و پێناسەکردن و بەدیهێنانی کۆدی زمان بۆ راپەڕاندنی گوتاری نێو دەقەکە.
(ئیبراهیم یوسف) لە بەکارهێنانی ناوەکان (کەس، شوێن، فکر، شت و کەرەستەکان) مەبەستی قووڵتر لە مەبەستە ڕۆتینییە باوەکەی هەیە. کە دەڵێت (ڕوس، ڕوسیا) سەگیان بۆ تەقاندنەوە بەکار دەهێنا، ئەمە جۆرێک لە داپچڕینی بەرگی مرۆبوون و هەستی مرۆیی. کاتێک ئاماژە بە شت، یان فکر و نەریت دەکات، دەڵێت دوای دەست لەسەگ دان، پێویستە لەنێو ئەلمانیا (دەست بە خۆڵ بشۆن) ئەمە هەم ئاماژەیە بە ناوی نەریتی کۆمەڵگەی موسلمانی کوردی و هەمیش جۆرە گومانێکە لە پیسی و ڤایرۆسی سەگ و خۆدوورگرتنە لە ڕاگرتن و بەخێوکردنی سەگ لە ڕوانگەی ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە. ئەم کۆدە نیشانەیە بۆ کەلتووری ڕۆژهەڵاتی.
ناوی کارەکتەرەکان، و ناوی شوێنەکان ئاماژەن بۆ پەیوەندی قسەکەری سەرەکی و پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە لەگەڵ کەسەکان و مێژوو، شوێن و نەریتەکان. ئەمانە هەر یەکە خودانی کۆدێک، یان پتر لە کۆدێکن و لەم ڕێگەیەوە نووسەر دەرگای (بیرکردنەوە و لێکدانەوە و ناسینەوە و پێناسەکردنەوەی شتەکان) دەداتە دەست خوێنەر، خوێنەری وریاش دەبێت بەدوای ئەو شتانەدا بگەڕێت، کە نادیارن.

کۆدی نەریت و ڕەوشت و ڕەفتار

لەنێو دوقی ڕۆمانی (کۆماری سەگ) ڕۆماننووس بە مەبەست و لەپێناو دروستکردنی وێنەیەکی زهنی پشت ئەستوور بە کەلتوور و بەراوردی نەریت و ڕەوشتی دوو شارستانیەت، یان دوو شوێن و کەلتوور و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی جیاواز، ئاماژە بە هێما و نیشانەکانی (نەریت و ڕەفتار و کەلتوور) دەکات.
لەڕێگەی ئەم ئاماژانە بێ ئەوەی وەسفی درێژداذڕ و ڕێگە بزرکەر بۆ خوێنەر دروست بکات، بە ئاماژەی خێرا، بە کورتە نموونەی پووخت بەشێوازی گێرانەوەی چڕکراوە، بەراوردی دوو نەریتی جیاواز دەکات، لەبارەی ڕاگرتنی سەگ، پەیوەندی مرۆڤەکان لەگەڵ گیانەوەر و بەتایبەتیش سەگ، کاردانەوەی دەروونی کەسەکان و میهرەبانی و دڕندەیی مرۆڤ لە بەرانبەر سەگ ئاماژە پێ دەکات. مەبەستیش لەمانە هەمووی ئەوەیە، کە پەناهەندەی سوریی، چۆن لەنێو کۆمەڵگەیەکی نوێی ئەوروپایی خۆیان دەگونجێن،یا کۆدەکانی کەلتوور چۆن ڕێگریان لێ دەکات، سەگ بەخێو بکەن، سەرباری کۆدی ململانێی خۆ گونجاندن و شێواز هاوچەرخانە و تەکنیکی پەیوەندیی و ئامانجی کەسەکان لەپێناو مانەوە لە بەهەشتی پەناهەندەیی.
کۆدەکان دەداتە دەست خوێنەر و بەزمانێکی سادە بە خوێنەر دەڵێت، پەناهەندە لە چ دۆخێکی دەروونی و کەلتووری ئاڵۆزدا لە شوێنە نوێیەکەدا دەژین و تووشی چ دۆخێک دێن، کە پەیوەندی بە خودی مرۆڤەوە هەیە،ئەو پێچەوانەی ململانێی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ لە شوێنە نوێیەکە، ململانێکە دەبەستێتەوە بە مرۆڤ و گیانەوەر.
هیچ کەسێک لەسەر شەڕ و کێشە لەگەڵ مرۆڤەکان تووشی زیندان و پۆلیس و لێپرسینەوە نەبووە، بەڵکو لەبەر خراپ پێشوازیکردن لە گەڵ سەگ تووشی کێشەی یاسایی دێن، یان سەگ لەبەر خاوەنە میهرەبانەکەی تووسی دۆخێکی دەروونی خراپ دێت و لە ئاکامدا دەتۆپێت.
ئەمانە کۆدێ فرە ڕەهەند و فرە ئەرکی نێو دەقی (کۆماری سەگ)ن. هەر کۆدێک ژمارەیەک کۆدی بچووکتر، یان فرە ڕەهەندتر لەنیو خۆیاندا هەڵدەگرن، هەندێک دیارن و هەندێکیشیان نادیار و ناڕاستەوخۆن و پەیامی شاراوە دروست دەکەن، خوێنەریش دەتوانێت لەتەک ئەم کۆدانە کۆدی دیکە بە دەقەکە ببەخشێت، چونکە بیرکردنەوە لەنێو دەقەکە کراوەیە، لێکدانەوە فرە ڕەهەندە، وێناکردنی بابەتەکان و ڕووداوەکان شایانی گریمانەی هەمەجۆرن.

٥٦ کۆدی ناونیشان

بێگومان ناونیشان ڕەنگە کۆدێک و پتر لە کۆدێک لە خۆی بگرێت، ئەم ڕۆمانە لەتەک ناونیشانی سەرەکی (کۆماری سەگ)، ٥٦ کۆدی دیکە وەکو سەرە بابەت لە خۆگرتووە، کە دەکرێت هەر یەکێک لەوانە چیرۆکێکی سەربەخۆ بن، لەنێو ڕۆمانەکە و یەکتر تەواو دەکەن.
مەبەستم ئەوەیە بێژم ئەم ناونیشانانەش مەبەست و مانا و گوتاری خۆیان هەیە، گوزارشت لە زۆر دۆخ دەکەن، کە هەر هەموویان خزمەتی ناونیشانە سەرەکەییەکەی ڕۆمانەکە دەکەن. پەیوەندییەکی توند و سەرکەوتووش لەنێوان ناونیشانە لاوەکییەکان و کۆماری سەگ و ڕووداوەکان و بابەتە ئاماژەپێکراوەکان و خودی کۆدەکانیش لەنێو ڕۆمانەکە هەیە.

کۆدی خۆ لەبیر نەکردن

خاڵێکی گرن ئەوەی کە رۆمانووس هەقایتخوانی سەرەکی و پاڵەوانی ڕۆمانەکەی خۆیەتی، خۆی لەبیر ناکات و کۆنترۆڵ لەدەست نادات و کەس ڕەت ناکاتەوە، بیروڕاکانی میناڕەوانەن، ئامادەی گفتوگۆیە، تەنیا لەهەندێک بواردا منداڵەکانیشی ڕەخنەی لێ دەگرن و ئەویش نەرمونیانانە پێشوازی لە ڕەخنەکانیان دەکات. لە سەردەمی دیکاتۆریەت لە سوریا، لە کۆچكردن، لەمانەوەی لە ئەلمانیا و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی نوێ، دۆستایەتی لەگەڵ ئافرەتی ناسک و نازداری ئەلمانی کۆنترۆل لەدەست نادات، مرۆڤێکی هێمن و ئارامە، دەزانێت چی دەڵێت و چۆن دەئاخڤێت و مەبەستی لە قسەکردن و گێڕانەوەی ڕووداوەکان چییە، هەرچەندە درێژ درێژ شتەکانی گێڕاوەتە، بەڵام هەر شتێک شوێنی سروشتی خۆی لەنێو دەقەکە پێ بەخشراوە و ئەو معاناتی زمانی ئەلمانی لە تێگەیشتن و گەیاندنی مەبەست و لێکدانەوە و شیکردنەوە و گێڕانەوەی بابەتەکان هەیە، بەڵام دیسان ئەمانە نەبوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی ڕۆمانووس دوور لە نەریتی باو، بەتوڕەیی و کاردانەوەی خراپ و هەڵچوونەوە بیر بکاتەوە و کۆدەکانی نێو دەقەکە دروست بکات.

دوا کۆدی ڕۆمانەکە

کۆتایی دەق لە سەرەتا و دەستپێک و زمانە خۆشە بەیەک بەستراوەکەی گرنگترە، دەکرێت لە کۆتایدا هەموو دەقەکە بە تەنیا وێناکردنێکی بچووک پڕ بکرێت لە مانا و مەبەست، پەرەگرافێکی کورت چەند وشەیەکی فرە مانا و مەبەستدار لەکۆتایی دەقەکەدا دەتوانێت تەواوی شتەکان هەڵبگێڕێتەوە. لە ٣٦٢ لاپەڕەدا کە پرە لە کۆد، پڕە لە وێناکردن و لێکدانەوە و تێفکرین و جووڵە و ململانێ و بیرکردنەوە و ڕاکردن و پێشوازیی و ڕەتکردنەوە و دەیان شتی پڕ لەشت، ئەو باسی ململانێ مرۆڤ لەگەڵ سەگ و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ لە کەلتوورە جیاوازەکان دەکات و (بیانکا)ی ژنە ئەلمانیش تووسی دۆخی خۆکوشتن دێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی سەگەکەی (رۆکی) بەهۆی ئەم ڕووداوە دۆخی دەروونی تێکبچێت و لە کۆتایدا، پێش تەواو بوونی ڕۆمانەکە بتۆپێت.
کەچی نووسەر لە دواین پەرەگرافدا دەبێژێت ” دەبووژێمەوە، ئەوەی بەسەرم هات وەهم بوو، بیانکا ژیانی بۆ گەڕایەوە و ڕۆکی بەدوایدا دەڕوات، ئەوەتە ئاواتەکەم هاتە دی. مەزەندەکانم هەڵە بوون.
دوای ئەوەی (بیانکا) دەکەوێتە نەخۆشخانە پۆلیس هەواڵی ئەوەی پێ دەدەن، کە چاوی کردۆتەوە و گوتیەتی ئەو خۆی هەولی داوە خۆی بکوژێت، بەمە (ئالان نەقشبەندی) پەناهەندە ئاهێکی دێتەوەبەر و لە تۆمەت وگومان و تاوانباریی دەردەچێت و ڕاست دەبێتەوە. لەکردەوەدا دەسەلمێت ئەو هیچ پەیوەندییەکی بەم ڕووداوە نییە. لە کۆتایی ڕۆمانەکە هەموو شتەکان، ڕووداوەکان، هەستەکانی و کۆدەکان لەم چەند پەرەگرافە کورت دەکاتەوە و دەڵێت:
“لێی نزیک بوومەوە، بێدەنگ بوو و قسەی نەکرد، بانگی سەر جێگاکەی خۆمم کرد و یازدە سەگەکە تووڕەبوون و لە شوێنی خۆیان متبوون و نەجووڵان. سەگەکان وەک لە ڕۆژی جیهانی سەگەکاندا قسەیان نەدەکرد و هیچ بەرپەرچێکیان نەدەدایەوە. سیمایەکی سارد، بەڵام پڕچێژ و تام بوو، لە جاران جوانتر بوو. وەک مێینەیەکی ئەفسانەیی ورووژێنەر دەرکەوت، بەردەوام بوو لە داکەندنی جلەکانی پارچە لە دوای پارچە دای دەکەند: کراسەکەی ژێرەوە، شۆرتەکە، ستیان، ئەو ڕووت بۆوە و بەرەو ڕووی چووم، لە شوێنی خۆمدا، چەقیم و پێم نەکرا چێ دیکە بجوولێم، پێی ناگەم، کەواتە بۆ کێ خۆت ڕوت دەکەیتەوە؟
…. دەمەوێت هەڵبستم، بەرەو دەرگا بچم، ژوورەکەم هیچ دەرگایەکی نییە، ئای چی ڕوودەدات؟ چیم بەسەر هاتووە؟”.
تا دەڵێت:
“نەفرەت لەم مۆتەکە نەعلەتییە!”. ئەمە دوا کۆدی ڕۆمانەکەیە و ئیدی ئەمە دیماهیی دەقەکەیە.
(بیرەوەریی و ژیاننامەی من و سەگ ئازار بەخشە، سەرچاوەی مەعاناتی منە لە منداڵییەوە…. ئەوەی ئەم شەوە ڕوویدا، وەکو نامەیەک بوو بۆ من، بۆیە دەبێت بڕیارێک بدەم، بڕیای کۆتایی!!”. بەم وشە و پەیڤانە دەقەکە کۆتایی دێت. ڕۆمانووس دەگاتە ئەو بڕیارەی کۆدی هەموو دەقەکە دەبەستێتەوە بە (پێویستی بڕیاردان). خوێنەر دەبێت بیر لە کۆدی بڕیار بکاتەوە.
کۆدی (بڕیار) و (هۆکاری ترس و معانات لە منداڵییەوە) و (ژمارەیەک بابەتی پەیوەست بەم دۆخەی لە منداڵییەوە هەیەتی، لە ئەلمانیا و لە سەردەمی پەناهەندەیی دەردەکەوێتەوە و دەبێتە سەرچاوەی ڕۆمانێکی دوور و درێژ، ڕۆمانێک کە هەم بیرەوەرییە و پەیوەستە بە ڕووداوە هەقیقی و واقیعەکانەوە و دەیان ڕووداوی هەقیقی و ناوی هەقیقی و شتی ڕاستەقینە دەگێڕێتەوە، لەهەمان کاتیشدا خەیاڵە و مەزەندە و لێکدانە و تێڕوانینی دەروونی و فکری لەخۆگرتووە.
ئەمە کۆدی کۆتایی ڕۆمانەکەیە، لەڕووی هونەرییەوە بەشێوەیەک کۆتایی پێهێناوە، کە خەیاڵ و هەقیقەت تێکەڵە. بە جۆرێک لەجۆرەکان ئامانجی دروستکردنی کۆدی دیکەیە، کە پەیوەندی بە (خۆشەویستی، سێکس، ئیرادە و بیرکردنەوە لەبارەی کەسایەتی) پەناهەندەیەک لەگەڵ (بیانکا)ی شۆخ و شەنگی ئەلمانی هەیە. سەرەتا (بیناکا) ئەو ڕادەکێشێت بۆ نزیکبوونەوە و خۆی بۆ ڕووت دەکاتەوە، کەچی لەکۆتایدا ڕۆماننووس وا شتەکانی وێنا کردووە، کە دەیەوێت (ئافرەتەکە ڕابکێشتە شوێنی نووستنی خۆی)، بەڵام دیسان دوای خۆڕووتکردنەوەی ئافرەتەکە، ئەو لەجێی خۆی دەچەقێت و ئیرادە ناکات دەستی بۆ ببات.
ئەمە کۆدی سەرەتا و کۆتایی ڕۆمانەکەیە.. هەمووشی لەڕێگەی فێربوونی زمانەوە دەست پێ دەکات لە (پەناهەندەیی)… ! ئیدی ئەمە کۆدەکانی دیکە بەخۆی دەبەستێتەوە و درفەتی شیکردنەوە و لێکدانەوەیان بۆ دروست دەکات و هەمووشیان گوتاری ڕۆمانەکە پێکدەهێنن کە بریتییە لە ژیانی پەناهەندەیی و پەیوەندی نوێی پەناهەندە لەگەڵ ژینگە و شوێنی نوێ، بە هەموو ڕەهەند و پێکهاتە و جۆرێکەوە.. !

دیماهی و پوختە
ڕۆمانێکە مرۆڤ شوێنی خۆی داوەتە (سەگ)ی گیانەوەر، ئەو گیانەوەری لە کەلتوور و شارستانییە جیاکانی جیهان هەمیشە نزیک مرۆڤ بووە. لە کەلتووری بیابان مرۆڤ ناوی زارۆکانی ناوە سەگ، سەگ لەنزیک مرۆڤ ژیاوە، لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلام وەکو بەشێک لە خۆپارێزی سەگیان وەکو گیانەوەرێکی پیس وەسفکردووە، لەکاتێکدا لە ئەشکەوت ڕۆڵێکی پاڵەوانانە دەگێڕێت.
لە کەلتووری ڕۆژئاوایی سەگ بەپلەی دووەم لە دوای منداڵ دێت، ئینجا ئافرەت شون پێیان دەکەوێت.
تەکنیکی بیرەوەریی و ژیاننامەی لەخۆگرتووە، شتەکان و بەشەکانی ڕۆمانەکە لەنێوان هەقیقەت و خەیاڵدا ڕۆنراوە، پشت بە گێڕانەوە دەبەستێت، سوودی لە کەلتوورە جیاکان وەرگرتووە، زمانێکی سادە هەموو کەسێک دەتوانێت بیخوێنێتەوە و تێی بگات، لەهەمان کاتدا پڕە لە (مانا و مەبەست و پەیام) و ئاوسە بە فکر و کەلتوور و وێناکردن و شتی زهنی ورد.
ڕۆمانێکی کوردییە بە زمانی عەرەبی نووسراوە، خودانی ناسنامەی (کوردبوونە)، لەهەمان کاتدا هیچ خۆتواندنەوە، یان توندانەوەی ئەوانی دیکە لەنێو زمان و بوونی کوردیدا بەدی ناکرێت. تەوەرەی سەرەکی قسەکردن لەسەر سەگ و ڕیشە و نەژاد و جۆر و پەیوەندی ئەم گیانەوەرەیە بە خودی مرۆڤەوە لەڕووی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، دەروونی و سەربازی و هەواڵگری و یاسایی.
خاڵێک سەرنجی راکێشام، وەکو زۆر لەو فیلمانەی لەبارەی سەگەوە ئامادەکراون، کە ئەوانیش پشتیان بە دەقی نووسراوی چیرۆک، ڕۆمان بەستووە، فیلمەکە سەرەتای هەیە، کێشە و گرفت و ناکۆکی و زانیاریی لە نێوەڕاستی بابەتەکە هەیە، لە کۆتایدا ئەوانەی سەگ ڕەت دەکەنەوە، دەرگای دڵ و عەقڵ و ویژدانیان بۆ خودی سەگەکە دەکەنەوە و پێشوازی لە دۆستایەتی و بایەخ و گرنگی و شایستەیی سەگ دەکەنەوە، ئەم ڕۆمانەش هەمان شتە، دوای ناکۆکی و ڕەتکردنەوە و خۆپارێزییەکی دوور و درێژ و دەیان کێشە لە دیماهیدا ڕۆماننووسەکە ئەوەمان پێ دەڵێت، کە مرۆڤ شایەنی بەخۆداچوونەوە و گۆڕان و چاکسازیی و گۆڕینی ڕەفتار و هەڵسوکەت و بیرکردنەوەیە.
ئەویش لەکۆتایدا پێشوازی لە سەگ دەکات، وەکو چۆن لە فیلەمکان ئیرادە و دەسەڵاتی سەگ سەردەکەوێت لەم ڕۆمانەشدا ئەمە ڕوودەدات.
ناونیشانی ڕۆمانەکە ئەگەر هەندێک بیریان بۆ ئەوە بچێت، کە بەکارهێنانی سەگ وەکو نیشانە و پێناسەی کۆمارەکە جۆرێک لە سوکایەتی و ناولێنانێکی خراپە، لە کردەوەدا دەقەکە شتێکی دیکەمان پێ دەڵێت و خودی ناونیشانەکەش سوکایەتی نییە، بەڵکو گێڕانەوەی بەسەرهاتی سەگە، کە سەگ (دەسەڵات و پێگە و توانا و ڕێزگرتنێکی یەکجار زۆر و بەهێزی) هەیە. بۆیە ڕۆماننووس ڕاشكاوانە ئەمە بە (دەسەڵاتی سەگ) ناو دەبات. واتە ناونیشانەکە شکاندن و سوکایەتی نییە، بەپێچەوانەوە بەرزکردنەوەی پێگە و بوونی سەگە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مرۆڤ، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا. تەنیا وای لێهاتووە لیستێكی دوور و درێژی ئەو سوریانەش تۆمار بکات، کە لە ئەوروپا سەگ بەخێوە دەکەن و ڕادەگرن.
لە کردەوەدا بەشێوازێک و زمانێک ڕۆمانەکە نووسراوە، کە دەستت پێکرد، حەز ناکەی وازی لێبهێنیت، ئەمەش توانا و بەهرە و دەسەڵاتی ڕۆماننووسەکە نیشان دەدات، ڕووداوەکان یەکتر ڕادەكێشن و خوێنەر هان دەدەن، بە سەلیقەی پترەوە دەقەکە بخوێنێتەوە.
دووجۆر خوێندنەوە بۆ ڕۆمانەکە دەکرێت:
یەکەم: خوێنەری ئاسایی، ڕەنگە حەز لە زانیارییەکان بکات و بۆ خوێندنەوە ئەم لایەنە ڕەچاو بکات.
دووەم: خوێندنەوەی قووڵ و فکرییە. دەقەکە چەندە لە زمان سادەیە، سەد بەقەد ئەوەش فکر و تێڕوانینی مرۆیانە و کەلتووری و مەدەنی و زهنی و ژین بگۆڕی (توند و میانڕەوانە) لەخۆگرتووە.
ئەم کتێبەم لە سەفەرێک بە دیاری لە خودی ڕۆمانووسەکە دەستکەوت، کە تەواوم خوێندەوە، تێگەیشتم باشترین دیاری ساڵی ٢٠٢٤ کە بەدەستم کەوتبێت ئەم کتێبە بەهرەدارەیە. هیوای بەردەوامیی لە نووسین و داهێنان و تەنکینک و بەرهەمی نوێتریان بۆ دەخوازم.
گوتاری دەقەکە شیکردنەوە و گەیاندنی پەیامێکی مرۆییە کە پەیوەندی بە پەناهەندەوە هەیە، کە لەوڵاتەکەی خۆیدا هەموو شتێکی بە ترس و ڕاونان و کوشتن و قڕکردن و توندوتیژی ئابلوقەدراوە، لە ئەلمانیا ژیانێکی نوێی ئازاد و کراوە بەهەموو مانایەکەوە دەست پێ دەکات، بەڵام ئەو ترسەی لەمنداڵییەوە لەچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ لە دەروونیدا ماوە، لە پەناهەندەیش کێشەی بۆ دروست دەکات.. بۆیە پێویستی بە (بڕیارە، بڕیار).

غازی حەسەن




پرسیار و نیگەرانییەکان لە ڕێکەوتنەکەی نێوان مەزڵوم و شەرعدا.. شاخەوان قادر شۆڕش

ئەم ڕێککەوتنە (١٠/٣/٢٠٢٥) کە وەکو دەگوترێت لەژێر گوشار و چاودێریی ئەمەریکا، ڕوسیا، بەریتانیا، تورکیا و قەتەردا کراوە (چەندی ڕاستە نازانین)، ڕێککەوتنێکە لە نێوان بەرەی سیکولار، پێشەکەتووخواز و کۆنەپارێز، ئیسلامی کراوە. ئەگەر بزانین ئەوە لە کاتێکدایە کە لەشکری ئیسلامی بە پاڵپشتی تورکیا هێرشی بۆ سەر بەنداوی تشرین بۆ سەر کوردەکان بەردەوام بوو، لە هەمان کاتدا لەشکری ئیسلامی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دژ بە عەلەوەیەکان ئەنجام دەدا. دەکرێ بڵێین ئەم ڕێککەوتنە ڕێککەوتنی نێوان هێزی ئاشتی و هێزی شەڕە. بێگومان گرنگە کێشەکان لە ڕێگەی دایەلۆگ و بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێن، بەڵام با بزانین دەتوانین چی لە خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنەی کە بڵاوکراوەتەوە بخوێنینەوە.
لە خاڵی سێهەمدا دەڵێت ڕاگرتنی ئاگربەست لە سەرتاسەری خاکی سوریادا. کەواتە دەبێ هێرش بۆ سەر هێزەکانی خۆسەریی لە بەنداوی تشرین و حەلەب بووەستێت، کۆمەڵکوژیی بۆ سەر کەمینەی عەلەوی بوەستێندرێت. لە باری ملکەچیی بە ئاگربەست ڕێگە لە کوشتار و کاولکاریی زیاتر دەگیرێت. بۆیە ئەوە هەنگاوێکی ئەرێنی زۆر پێویستە. بەڵام ئەگەر ئەوە تەنها نووسینی سەر کاغەز بێت، هێرش و کوشتار دژی کەمینەکان بەردەوام بێت کەواتە هەموو ڕێککەوتنەکە دەکەوێتە ژێر گومان و خۆی لە خۆیدا هەڵدەوەشێتەوە.
لە خاڵی پێنجەمدا دەڵێت مسۆگەری گەڕانەوەی هەموو ئاوارە سوریەکان بۆ شار و گوندەکانیان دەکرێت و دەوڵەتی سوریا دەیان پارێزێت. گەڕانەوەی هەموو ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان زۆر پێویستە، بەڵام پرۆسەیەکی زۆر سەختە، لە کاتێکدا زۆر لە گوند و شاری خەڵک وێران بووین، یا لە ژێر چنگی لەشکری داگیرکەری تورکیا و چەکدارە ئیسلامیەکانی سەر بە تورکیایە. ئایا تورکیا ئامادەیە لە باکوری ڕۆژئاوای کوردستاندا، لە عەفرین و شوێنەکانی دیکە بکشێتەوە و لێبگەڕێت کوردەکان و کرستیانەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان؟ ئەوەی تورکیا بناسێت هیچ هەڵەیەکی نەکردووە ئەگەر گومان لە جێبەجێکردنی ئەم خاڵە بکات. جگەلەوەی زۆر لە ئاوارەکان بڕوا بەم دەسەڵاتە ئیسلامیە ناکەن کە لە نوێترین تاوانیدا کۆمەڵکوژیی عەلەویەکانی ئەنجام داوە.
ئایا ئەم ڕێککەوتنە بۆ کەمینەکان چی تێدایە؟
لە خاڵی یەکەمدا نووسراوە “مسۆگەرکردنی مافەکانی هەموو سوریاییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی، بەبێ ڕەچاوکردنی پاشخانی ئایینی و نەتەوەیی”. واتە خەڵک وەکو هاوڵاتی سوریا بێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی بۆیان هەیە لە پەرلەمان و حکومەتدا بەشداربن. لێرەدا جەخت لەسەر مافی هاوڵاتی لە بەشداریی لە پرۆسە یاسایی، جێبەجێکاری و دادوەریەکان دەکاتەوە. لەم دیدەوە مافی تاک لە کۆمەڵگەدا مسۆگەر دەکرێت، هەموو وەکو هاوڵاتی بە یەکسانی سەیریان دەکرێت و جوداکاریی ناکرێت. بەڵام… یەکەم، ئایا ئەم دەسەڵاتە ئیسلامیە دەتوانێ مسۆگەری مافی هاوڵاتیان بە یەکسانی بکات؟ ئایا دەتوانێ ڕێز لە ئازادی هاوڵاتیان بگرێت، لە کاتێکدا پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنی شەریعە دەکات؟ پێداگریی لەسەر سوریایی بوون و عەرەبی بوون دەکاتەوە؟ زۆر سەختە دەسەڵاتی ئیسلامی و نەتەوەیی عەرەبی بتوانێ لە ئاستی ئەم خاڵەدا بێت، ئەگەر نەڵێین هەرگیز. ئایا هیچ دەسەڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی توانیوویانە مافی تاک مسۆگەر بکەن، هەموو ئازادانە و بێ جیاوازیی بەشداری لە پرۆسە جیاجیاکاندا بکەن؟ نەخێر تا ئێستا ئەوە نەبووە. دووەم، بەپێی ڕێژەی بەشداریی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردندا و بەپێی مافی هاوڵاتی لە هەر شوێنێکی گرنگی دەسەڵاتی وڵاتدا ئەندامانی ئەو شوێنانە بە خەڵکی سەر بە زۆرینەی ئایینی و نەتەوەیی پڕ دەکرێنەوە، ئەوەش نایەکسانی دەهێنێتە ئاراوە، کە بەئەگەری زۆر ناڕەوایی، چەوساندنەوە و ناکۆکی بەرهەم دەهێنێت. لەم بارەدا هاوڵاتیانی سەر بە ئایین و نەتەوەی کەمینە هەست بە پەڕاوێز خستن و بەلاوە نان دەکرێن، لە بڕیارەکاندا لە تەماشاکەر بەولاوە هیچیتر نابن. بەکورتی مۆدێلی کۆمەڵگەی مۆدێرن لەسەر بنچینەی مافی تاک و هاوڵاتیبوون لە سوریادا کە تێکەڵەیەکی نەتەوەیی و ئایینیە و مێژووی خوێناوی لە نێوانیادا هەیە، ناڕیالیستانەیە و زۆر سەختە بەدەست بێت.
ئایا ئەم ڕێککەوتنە بۆ کورد چی تێدایە؟
ئێمە نازانین جگە لەم خاڵانە، ڕێککەوتن لەسەر چیتر کراوە و چ بەڵێنێک بە کوردەکان دراوە، بۆیە تەنها هەروەستەیەک لەسەر ئەم خاڵانە دەکەین کە بڵاوکراونەتەوە. لە خاڵی دووهەمدا نووسراوە “کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا و دەوڵەتی سووریا مافی هاوڵاتی بوون و هەموو مافە دەستورییەکانی مسۆگەر دەکات”. یەکەم مافی هاوڵاتی بوون (وەکو لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەی بۆ کراوە) کە پێشتر لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا نەبوو ئێستا دانی پێنراوە. بەم واتایە کورد وەکو هاوڵاتی سوریا مافی هاوڵاتی بوونی هەیە و هەموو مافێکی وەکو هاوڵاتی هەیە. بەڵام مافی هاوڵاتی بوون کە ناوی مافی لێنراوە، لە وڵاتی ئازادا بێ یەک و دوو مسۆگەرە، نکۆڵیلێکردن لێی تاوانە. چونکە کورد لە زێدی باب و باپیرانی خۆیدا پێویستی بەوە نییە کەس ئەو خێرەی پێ بکات. پێشتر ڕژێمی بەعس تاوانی لەم بارەیە ئەنجام دا، ئێستا تاوانەکە نەماوە. دووەم مەبەست لە مسۆگەرکردنی هەموو مافە دەستورییەکان چییە؟ ئەم خاڵە وەکو لاستیک وایە دەکرێ بە ئارەزووی دەسەڵات فراوان بکرێت و وە بە پێچەوانەشەوە تەسک بکرێتەوە. ئایا مەبەست ئەوەیە کوردەکان بەپێی خاڵی یەکەم وەکو هاوڵاتی مافی بەشدارییان لە پڕۆسە و دامەزراوەکاندا هەیە؟ ئەگەر ئەوە مەبەستە، ئەوا ئەو ڕێککەوتنە ڕێکە ئەوەیە کە تورکیا و قەتەر و نەیارانی خۆسەری ڕۆژئاڤا دەیخوازن. لەم بارەدا دەسەڵاتی خۆسەریی و مافی نەتەوەیی کوردەکان نامێنێت. چونکە لەم بارەدا سوریا هی هەمووانە، هەموو لە سوریادا وەکو هاوڵاتی بەشدارن، پێویست بە مافی نەتەوەیی ناکات کە جوداخوازیی لە خۆ دەگرێت. تیئۆریەکە وادەڵێت. ئەگەر وابێت ئەو هەموو شەڕ و خوێنڕشتنە بۆ چی بوو؟ بۆ مافی هاوڵاتی بوون!؟ بە پێچەوانەوە ئەگەر مەبەست لە مسۆگەری هەموو مافە دەستورییەکان ئەوەیە کە کوردەکان بە پێی دەستور مافە نەتەوەیی و ڕامیارییەکانیان مسۆگەر دەکرێت، کەواتە کوردەکان ڕێگەی ئەوەیان پێ دەدرێت کە خۆسەری خۆیان هەبێت و نموونەی کانتۆن یا هەرێمێکی ئۆتۆنۆم یا فیدرال پێک بهێنن. بەڵام ئایا دەکرێ بەپێی ئەو بڵاوکراوەیە بڕوا بەو دەرئەنجامە بکەین؟ خاڵی چوارەم داوای یەکخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازیەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتی دەوڵەتی سوریادا دەکات. ئەوەش گومان لەسەر بوونی مافی ئۆتۆنۆمی دروست دەکات، چونکە ئەوەی ڕاستەوخۆ لەم خاڵە دەخوێندرێتەوە ئەوەیە کە دەوڵەتی سوریا سەرپەرشتی دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکان دەکات. بەڵام دەکرێ بگوترێت خۆبەڕێوەبەریی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا هەیە، بۆیە دەکرێ لەم بارەدا دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکان بمێننەوە و لەژێر چەتری دەوڵەتدا درێژە بە بوونی خۆیان بدەن. بەڵام چۆن؟ کێ ئەرکی بەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ؟ ئەگەر مەبەست کوردەکانە بۆ هیچ ئاماژەیەک بە مافی خۆبەڕێوەبەریی ناکرێت؟
خاڵی حەوتەم خاڵێکی مەترسیدارە بۆ داواکاریی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان. خاڵێکە بە دڵی تورکیا و قەتەرە. ئەم خاڵە وەکو لاستیک دەکرێ بە هەر لایەکدا ڕابکێشرێت کە دەسەڵات گەرەکیەتی. دەکرێ بەپێی ئەو خاڵە داوای مافی خۆبەڕێوەبەریی دروزەکان و کوردەکان دژایەتی بکرێت و ڕەوایی بە سەرکوتکردنی هەر هەوڵێک بۆ مافی خۆبەڕێوەبەریی لەلایەن دەسەڵاتەوە بدرێت. دەکرێ بگوترێت نا ئەم خاڵە مەبەستی داوای جوداخوازییە نەک مافی خۆبەڕێوەبەریی. بەڵام کێشەی ئەم بڵاوکراوەیە ئەوەیە بە یەک وشەش ناوی مافی خۆبەڕێوەبەریی ناهێنێت، بۆیە نادروست نییە ئەگەر خەڵک ڕەشبین بن.
لە خاڵی چوارەمدا ئاماژە بە کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی سوریا بەسەر کێڵگەکانی نەوت و گازەوە دەکات. ئەگەر دەوڵەت کۆنتڕۆڵی کێڵگەکانی نەوت و گاز بکاتەوە، کەواتە سەرچاوەی گرنگی دارایی خۆسەریی ڕۆژئاوا نامێنێت. ئەوەش ئابوریی خۆسەریی زۆر لاواز دەکات. ئەوە ئەگەر ڕێگە بە بوونی خۆبەڕێوەبەریی بدرێت. لە بارێکدا کە خۆسەری ڕۆژئاڤا بە مافی هاوڵاتی بوون بگۆڕدرێتەوە و نەمێنێت، دەوڵەت کۆنتڕۆڵی هەموو دەروازە و سەرچاوە سروشتیەکان بکات، لەم بارەدا تورکیا و قەتەر بە ئاسانی دەتوانن پڕۆژەی لولەکانی نەوت و گاز لە عێراقەوە بە سوریادا ڕابکێشن و بۆ دەریای سپی ناوەڕاست بیبەن. بازرگانییەکە بۆ قەتەر، تورکیا، سوریا و ئەمەریکا و ئەوڕوپا سوودی هەیە، وەکو گازی سروشتی داواکاریی لە بازاڕی جیهانی و ئەوڕوپیدا بەرزە. ئەوسا مافی نەتەوەیی کورد لە بنی بەرمیلە نەوتەکانیشدا نادۆزرێتەوە.

شاخەوان قادر شۆڕش
١١/٣/٢٠٢٥




خوێندنەوەم بۆ ڕۆمانی (سەمای سەما).. نووسینی:‌ سروە مستەفا

چەند هونەرە نووسەر وەت لێ بکا لەگەڵ کەسایەتیی ڕۆمانەکەیدا بژیت، هەر لە قۆناغی منداڵییەوە تا گەورە بوون و سەفەر کردنی و دەرچوون لە فێرگە و بڕوانامە هێنانەوە و تەنانەت پسپۆڕی و ئیش کردنیشی، بێ وەی وەستانێک وەڕسی بتگرێ.
(سەما) ڕەمزی هەموو ئافرەتێکی سەرکوت کراوە. (سەما)ی خاوەن خەون و پەیامی خۆی، کە پێی وابوو بە کۆششێکی باو و ئاسایی دەگاتە مەرامەکانی، کەچی هیواکەی وردە وردە گۆڕا بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەرامبەربوون و دواییش بۆ قەزیەیەک کە دەبوو گیانی بۆ بەخت بکات.
لەو ڕۆمانەدا هەست بە هاوسازیی کات (تزامن) ی ڕووداوەکانی نێو ماڵباتی کەسایەتییەکان دەکەین ، هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی نەوەتەکان و مێژووی پڕ لە جۆش و خرۆشی کوردستان و تێهەڵکێش کردنی لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەوسای ناوچەکە کە نووسەر ئاوێزانی خەیاڵی سەرکەشی خۆی کردوون، کە ئەوەش ڕێپێدراوە لە هونەری ڕۆماننووسیدا.

(سەما) کچێکە مونتەڵیق ، ژیاندۆست!..

لە ئاسمانی خەباتدا بە باڵی خەونەکانی لە باڵەفڕکەی دەدا. ئەو خودی ڕاستەقینەی خۆی لە وڵاتی بێگاناندا دۆزییەوە! کەچی لە زێدی خۆیدا هەمووان خەریکی قرتاندنی باڵەکانی بوون!
نووسەر هێندە بە وردی دەچێتە نێو ناخی پاڵەوانەکەمان (سەما) کە گومان دەکەم قەڵەمی پیاوانەی وەها زۆر بن؛ کە بتوانن بەو شێوە لەسەر ئەو مەسەلە ناسکانە بنووسن.
(سەما) لە گەشتی جێبەجێ کردنی پەیامی خۆیدا ،ئەوەی بە خەیاڵی نەدەهات، بەسەریدا هات . ئەو لەکێ دەیزانی ئەو هەموو ناشرینی و چڵێسییەی بۆ حەشار دراوە؟! لەکێ دەیزانی هەنگاوە دڵسۆزەکانی ڕەنگە بەرەو فەتارەتی ببەن؟!
ئەو لە کۆتاییدا تەمەنێکی بەهەدەرچووی بۆ مایەوە. ئەو دەیویست بیرۆکە سەلبییەکان تێک بشکێنێ کەچی ئەو ویستەی بەسەر خۆیدا پێچەوانە شکایەوە. ئەو پێی وەبوو کە ئازادیی نیشتیمان لە ئازادیی تاکەکانیدایە، بۆیە لەخۆیدا بیرۆکەکانی خۆی بەرجەستە دەکرد. بە ئاشکرا نمایشی ئازادییەکانی خۆی دەکرد، تاکو قوتابییەکانیشی چاوی لێ بکەن. ئەوەش لەوەوە سەرچاوەی دەگرت کە باوەڕێکی ڕەهای بە مافی خۆی هەبوو لە نیشاندانی بیروباوەڕەکانی بەجۆرێک کە لەگەڵ گوفتار و کردارەکانی تێک بکاتەوە.
بەلای (سەما)ەوە ئازادی چەمکێکە قابیلی لەتلەتبوون نییە. پەپوولەی گیانی (سەما) بەدەوری پەروانەی هیوای سەربەخۆییدا وێڵ بوو.تەنانەت لەکاتی بەندکردنیشیدا تەمای بوو سەرلەنوێ لەدایک ببێتەوە. کەچی خەونەکانی وەک ئەفسانە وابوون! ئاواتەکانی وەک مۆتەکە وابوون!
ئەو کە خەریکی پلان دانان بوو بۆوەی ڕێگە بۆ خەونەکانی خۆش بکات؛ کۆت و پێوەندی لە دەوروبەرەوە بۆ ساز دەکرا، کە دەیویست بەشدارییە کاراکانی لە کۆمەڵگادا نابینا بگرێت.
ئەو دوای ساڵانێکی غەریبی هاتەوە نێو کەسانێک کە چاوپۆشییان دەکرد لە هەموو توانا مرۆییەکانی، وەک دەڵێن لە ماڵی خۆی بێگانه خۆی!

هاتەوە ژینگەیەک کە تێیدا لایەنی فێرکاری و دەروونی و هزری و سەربەستی و خۆشەویستی، هیچ بەها و ئیعتیبارێکی نەبوو. ئەو خەونی لە بازنە بچکۆڵانەکەی خۆی فراوانتر بوو. نووسەریش لە دووتوێی ڕووداوەکاندا تەفروتوونابوونی خەونەکانی بۆمان گێڕایەوە، کە چۆن وەک گەڵای پاییز وەرین. نووسەر بە کۆتایێکی (داخراو)ی هێجگار شۆکهێن بۆ خوێنەر، ڕۆمانەکەی قفڵ داوە!
دەتوانم بڵێم بێ ڕەحمانە ناخی خوێنەری بە غەدری ئەو چارەنووسە ڕاچڵەکاندووە! ئەوە نییە نووسەر لەو ڕۆمانەدا مجەڕڕەد یاری بە دەستەواژەکان بکات و مێشکی خوێنەر بە گەمانی وشەکانی جەنجاڵ بکات.. نەخێر! نووسەر باش دەزانێت دەیەوێت چی بگەیەنێت .ئەو هەستەت پێ دەدات کە خاوەنی قەزیەی خۆیەتی! هەڵگری خەمی میللەتی خۆیەتی و درک بە کون و کەلەبەرەکانی کۆمەڵگەکەی دەکات. ئەو هێزی قەڵەم و هونەر دەزانێت، کە بۆی ھەیە چ گۆڕانکارییێک بکات و چ وەرچەرخانێک بێنێتە كايەوە.
نووسەر هێندە شەفافانە مامەڵەی لەگەڵ ڕۆمانەکەدا کردووە تا ئەو ڕادەی کە ماهییەتی پەیام و ئاڕاستە هزرییەکانی لەنێو ڕستە و بیرۆکەکاندا پەی پێ دەبرێت و تەنانەت لە گفت و گۆکانیشدا ڕەنگ دەداتەوە.
‏نووسەر لە بەرامبەر کاراکتەرەکانیدا بێ لایەنیی خۆی وەکو حیکایەتخوانێکیش ناشارێتەوە.
‏جوان هەست بەوە دەکەی کە چاوێکی هەر بەئاگایە و کە ڕەنگە ئەگەر وردتر کاری لەسەر ئەو لایەنە کردبایە، بەپێزتر بووایە.
‏(سەما) کچێکە جیاواز بیر دەکاتەوە، جیاواز دەژی. زۆر باوەڕی بە ئازادی هەیە. ئەو هەر کە هاتبووە نێو ژیانەوە، کێشمەکێشی خۆی پێ بوو. لەگەڵ خۆیدا شەڕی بوون و نەبوونی خۆی هێنابووە ئاراوە.
‏ئەو داستانێکی ماندوویی و شەکەتیی بوو. ئەو سەرەتا (ئەو)ێکی بێ بوون بوو که هەر لە خێزانەکەی خۆیەوە کار لەسەر داپڵۆسین و بچووک کردنەوەی کرابوو! ‏خاوەنی باب و برایەک بوو که دەیانویست ببن بە داڕێژەری ژیانی و پلانێکی بەدڵی خۆیانی وای بۆ بنووسنەوە کە هەموو حەرەکات و سەکەناتێکی ئاڕاستەکراو بێت. ئەو هەموو هەناسە و چپەیەکی تەفسیری بۆ دەکرا و لێک دەدرایەوە. هەمیشە لەژێر زەڕەبینی ئەواندابوو و ناخییان شی دەکردەوە و تێستییان بۆ دەکرد..
بەڵام وردە وردە ئەو کچەمان (سەما) گەورە بوو! خۆی ناسی (بە مانا فەلسەفییەکەی). بووە خاوەنی دید و ئایدیا و زانستی خۆی، تا ئەو ڕادەی وەك مامۆستایەکی زانکۆ لەگەڵ قوتابییەکانیدا گفت و گۆی وجودی بخولقێنێت!
وەک لە ل٩٩ دا ئاماژە بە بیردۆزی تەقینەوەی زەبەلاح کراوە. نووسەر زۆر جوان مۆخی تاکەکانی خوێندۆتەوە لە کۆمەڵگا ئایینییەکاندا. بە تابیەتیش ئەو عەقڵییەتەی کە هەموو شتێک بە ئایینەکەی خۆی دەپێوێت و بەراوردی دەکات.ئەگەر بکرێ ناوی بنێین گرێی دینداری کە مەسەلە زانستییەکان بە چۆنیەتیی تێگەیشتنی خۆی لە ئایین دەبەستێتەوە.بێ ئاگا لەوەی کە ئەگەر تێ ورد بینەوە، بونیادی زانست لەسەر بنەمای گومانە، نەک یەقینی موتڵەق (ڕەنگە ئەو قسەیە زانستی بیرکاری نەگرێتەوە). ئەسڵەن زانست هەمیشە وەک کایەیەکی عیلمانی (بە واتا نەشێواوەکەی) کاری خۆی دەکات و ئەوە ئایینە لە ئەسڵدا فرەوانترە و وەکو ڕۆحانییەتێک دەبێت زانستیش گۆش بکات. دەکرێت زانست و ئایین یەکتر تەواو بکەن بەڵام زانستی عەلمانیی پوخت بە موجەڕڕەدی ئیشی خۆی کردووە و دەقە ئایینییەکانی نەکردۆتە پێوەری بەڵگە زانستیەکانی.ئەوەش ئایین لە دوو ئیشکالییەت دەپارێزێت. یەکەمیان تەفسیری سنووردارکراو و ئامادە، بەو مانایەی کە دەقە ئایینییەکان بە باڵای بیردۆزە زانستییەکان ببڕن و بیانگونجێنن..
(سەما)ش پێمان دەڵێت: ڕەنگە بەیانی بیردۆزی تر بێتە کایەوە، مادەم زانست لەسەر بنەمای گریمانە بونیاد نراوە و دژی بەپیرۆزکردنە،کە ئەوەش ئیشکالییەتی دووەمە!
دەزانم ئەمانە باسێکن هەستیاریی دینی دەوروژێنن، بەڵام پێم وایە نووسەریش هۆشیارانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو لایەنە کردووە. وەک ئەوەی بڵێت: هەموومان هەمان سروشت دەبینین، کەچی جیاوازییەکە لەنێوان هزرمەندی و شێوازی ڕوانین و خوێندنەوەی شتەکان دایە..
لەو ڕۆمانەدا (ترس) وەک تێمایەکی کۆمەڵایەتی کەسایەتییەکان دەجووڵێنێت. ترس ئەو دەردە کوشندەیە کە قوربانی دروست دەکات.
کە تاسان و داخورپان دێنێتە کایەوە. بۆیه لامان نامۆ نییە کە دایکی (سەما) بەس بە دیتنی (ڕەها)ی دەستەخوشکی کچەکەی بەربێتەوە و تووشی دڵەکپی ببێت. ئەو ترس و بیمێکی زۆری بەرامبەر هاوسەری خۆی لە هەناویدا گل داوەتەوە. هەر ترسە ئەو دەهێنێ و دەبات و کاردانەوەکانی دیاری دەکات.
ترس بەرامبەر خالقی مەزنیش ئەگەری ئەوەی هەیە کەسانێک بەلاڕێیدا ببەن و لە بەرژەوەندیی تاکەکان بدات ئەگەر تەهزیب نەکرێت و پۆزەتیڤانە نەکرێتە کردار و بەرجەستە نەکرێت. وەک ئەوەی هەمیشە تاقمێک هەیە ئەگەر بۆیان بڕەخسێت بەناوی (امر بالمعروف و نهي عن المنکر) لەپێناوی (خۆف)ی خوادا شیرازەی ئارامی تێک دەدەن.
مەگەر هەر ترس نەبوو کە (ساوێن)ی خوشکی (سەما)ی وا لێ کردبوو ، تەواو دەستەوەستان بێت لە بەرامبەر هەژموونی باوک و برای! ئیدی کێشەی (سەما) لەگەڵ دایک و خوشکەکەی بوو، نەوەک لەگەڵ باوک و برای. لێرەدا ڕێک وتە ناودارەکەی ئایکۆنی ئازاد کردنی کۆیلەکان لە مێژوودا (هاریێت تەبمەن) مان بیر دەکەوێتەوە کە دەڵێت: زەحمەتترین قۆناغ لە ڕزگار کردنی کۆیلەکاندا ئەوە بوو که بەندەیەک ڕازی بکەی بەوەی کە ئەو بەندە نییە.
دایک و خوشکی (سەما) هێندە ژێردەستییان ژنەوتبوو تا تێکەڵی خوێنیان ببوو! بۆیە دیارترین کێشەی ئازادکرنی تاکەکان، تەسلیم بوونی خودی بەندییەکانە بە واقیعەوە، تا ئەو ڕادەی کە (ساوێن) نەک ھەر مننەتی بە هەوڵەکانی (سەما)ی خوشکی نەبوو بۆ ڕزگار کردنی، بەڵکو قەرداریشی دەکردەوە و نەخۆشیی دایکی کردبووە ئەستۆی ئەوەوە، لەوکاتەی کە (گوڵخاتر)ی پلکی (سەما) بایی ئەوەندە هەڵوێستەکەی دڵنەوایی تێدابوو کە پێی وەبوو (سەما) بە ناردنی (ڕەها) بۆ لای دایکی، بە هەلەپەل بووە و بەس!
نووسەر لێرەدا هۆشیارانە هەڵوێستێکی دروست کردووە، تا خوێنەرانیش وەک پەیامگرێکی پاسیڤ نەبن و ڕای خۆیان بونیاد بنێن، بە داکۆکی کردن بێت یاخود سەرزەنشت کردن، چونکە هەڵبەت هەندێک بابەت هەن ڕای جیاواز لەخۆیاندا هەڵ دەگرن.
نووسەر ڕێک دەزانێ ئەو کۆمەڵگایە کوێی دێشێت و ناماقووڵییەکانی چین. وەزیفەی بۆ هەر کاراکتەرێک داناوە تاکو خزمەت بە پەیامەکەی بکات.
ئاشکراشە بەگشتی ئێستاکە ئەو نەزڕەی بە کەم زانینە بەرامبەر بە ئافرەت کەمتر بۆتەوە، وەک دەرهاوێشتەکی حەتمیی گۆڕانکاری و پێداویستییەکانی ژیان. بەڵام ئایا دیدی کۆمەڵگە بەرامبەر خودی ئافرەت تا چ ڕادەیەک گۆڕانی بەسەردا ھاتووە؟ ئایا بەچاوی ڕێز و ئینساڤ تەمەشا دەکرێ؟ کێ هەیە لەگەڵ خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانەدا لایەنێک یان مەشهەدێک یان چەند کەسێکی نزیک یان دووری خۆی بیر نەکەوتبێتەوە؟ کە دوور نییە نووسەریش لە نیتاقی ژیانی خۆیدا لە بینینی پەیوەندیی لاسەنگی نێر و مێدا بێ بەری نەبووبێت. ڕۆمانەکە ئاماژەی قووڵی تێدایە، بۆ نموونە لە ل١٧٣ دا کە دەڵێت: هەر لە بۆقی ئەو ئاوە دەچوو کە پەیتا پەیتا ئاوەکەیان بۆ هێنابووە کوڵاندن و… هتد .ئەوەش دەمانباتەوە بیردۆزی کوڵاندنی بۆقەکان ( Boiling frog theory)… چوون (سەما)ش وردە وردە ڕاهات لە کڵپەسەندنی خۆی، تا لە پەل و پۆ کەوت و تەنانەت نەیتوانی پازێک بۆ دەرەوەی ئاوە کوڵاوەکە بدات. بۆچی؟ چونکە ئەمێستاکە بێ غایەت بێ تاقەت بووە. ئەو وزەی خۆی هەموو لە خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگەی ئاوە گەرمەکە سەرف کرد. ئەو ئەگەر بیتوانیبایە ئەو ساتە دەستنیشان بکات کە لێوەی بڕیاری بازدان بدات، نەدەگەیشتە ئەو دۆخە. کەڵەکە بوونی ئەو هەموو داخ کردنەی سەرەتا، ئاماژە بوو بۆ سووتانێکی گەورەتر. بەڵام هەستی پێ نەکرد تا بوو بە پیرێکی لاو.. ئەگەر زووتر ئاڕاستەی خۆی گۆڕیبا! ئەگەر هەنگاوی دیکەی هەڵێنایە بەڵکو ژیان فورسەتێکی تری پێ بەخشیبایە. بەڵکو بگەیشتبایە کەناری ئارامی!هەر لەسەر زمانی یەکێک لە کارەکتەرەکانی ئەو ڕۆمانەوە دەڵێین: ئازادکردنی وەتەن ئاسانە بەڵام پاراستنی ئەو ئازادییە تێکۆشانێکی ڕۆژانەی دەوێت! تۆ بڵێی ئەو دەستەواژەیە بەسەر تاکەکانیشدا جێ بەجێ ببێت projection؟! ئەی ئەوە نییە (سەما) سەدایەک بوو لە ئازادی، ئێستا بوو بە بێ دەنگی و کپی؟!
. سەرەڕای ئەوەش هەر لە ناخماندا زیندوو دەمێنێتەوە. لەگەڵیدا ژیاین. لەکاتی هیوا و کۆڵنەدانی. لەکاتی بێ هیوایی و خەمی شەوانی! ئەوەتا نووسەر هەستی منداڵیی ئەومان بۆ دەگوازێتەوە کە بە فیترەت غەریبی بۆ دایکی خۆی هەڵساوە. لە بەرامەریشدا بێ فەخفەخە و بێ فەلسەفە شعووری دایکیمان بۆ بەیان دەکات، دایکێک بە جەرگی خۆی تا بڵێی کولافەیە! ڕاستە (سەمای سەما) کۆتاییەکی داخراوی هەیە بەڵام هەر خوێنەر لە مەراقدا دەهێلێتەوە. ئاخۆ ژیانی خێزانەکەی پاش چارەنووسی ئەو چی بووبێ؟! ئاخۆ لەنێوان پەشیمانی و ئازاردا چۆن تلابنەوە؟! ئاخۆ ئەو کۆمەڵگەیەی ملی لەبەر ملی ئەو نابوو تاچ ڕادەیەک بەرپرسیارێتی ئەو دەرەنجامەیان هەڵگرتبێت؟! شێوەی پاڵەوانەکانی ئەو ڕۆمانە (لە ڕەها و گۆستاڤەوە بترازێ) هیچیان وەسف نەکراون.. دیارە نووسەر ویستوویەتی تان و پۆی ئەو لایەنە (شێوە و سیمای کەسەکان) بە نەزانراوی بهێلێتەوە تاکو خەیاڵی خوێنەری تێدا بەشدار بێت.

ماوەتەوە بڵێم ناوی کارەکتەرەکان بە وردی و بە عینایەت هەڵبژێرراون. بۆ نموونە: ئەوەتا پێشمەرگەیە و ناوی (هەڵۆ)یە. لە ل١٨١ (ژینا) دەردەکەوێت، دیارە هەڵبژاردنی ئەو ناوەش هەڕەمەکی نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەو ژینایەی کە لە لایەن زۆرانێکەوە وەک سیمبۆلی ئازادیخوازی دەبینرێت.

لە کۆتاییشدا ناوونیشانی (سەمای سەما) کە بیرۆکەی ڕۆمانەکەی پوخت کردۆتەوە! (سەما) بەدرێژایی هێلی ڕووداوەکاندا زەماوەندی کەیفسازی و خەمئاوازیی خۆی گێڕاوە! ڕێک شیعرەکەی ئەبوونەواسمان بیر دەهێنێتەوە کە دەڵێت:

لا تحسبوا رقصي بينكم طربا *** فالطير يرقص مذبوحا من الألم.

(سەما) وتەی خۆی گەیاند و ڕۆیشت، بەڵام ئایا سەدایەکەی تا کوێ بڕ دەکا؟!
ئەوە نازانم بەڵام دەزانم کە ڕاگوزەرێکی ئاسایی نابێت بە دەروونی هەموو ئەوانەی دەیخوێننەوە… جا چ کۆک بن لەگەڵی چ ناکۆک!

نووسینی:‌ سروە مستەفا




راپەڕین لە سەرەتاوە تا كۆتایی.. عەلی مەحمود محەمەد

روداوەكان دوای راپەڕین ئەگەر ئەنجامی نەبوایە, كەس خۆی ناكردە خاوەندی, وەك ئەوەی 17ی شوباتی 2011, سەركەوتن باوكی زۆرە, شكستیش هەتیوە, ئێستاش ئەنواع چیرۆكی بۆ دەهۆننەوە, هەمووشی ناڕاستن.
لە راستیدا راپەڕین شكستی خوارد, هەڵاتنی خەڵك دوای شكستەكە كە ناوی كۆڕەوە, بەهۆی وێنە تراژیدییەكەیەوە سەركەوت, لەوەشدا پارتەكان رێگر بوون, شەوی كۆڕەوی 31-3-1991, تا بەیانی رێگریان كرد لە هەڵاتنی خەڵك لە شاری هەولێر, خەڵكیان خستە بەردەم ئاگری بەعس. یەكێك نییە بڵێ من یەكەم كەس هەڵاتم؟, ئەندازیاری كۆڕەوم.

پێشینە مێژویینیەكان
ئەگەر باسی راپەڕینی 5ی ئاداری 1991 ی گەلی كوردستان بكەین, ناتوانین باسەكە دەرباز بكەین بێ ئەوەی بچینەوە سەر داگیركردنی كوەیت و جەنگی كەنداوی دوو و راپەڕینی باشووری عێراق كە ئیسلامی سیاسی شیعە ناوزەدیان كردووە بە راپەڕینی شەعبانییە, چونكە ئەگەر پانۆرامایەكی هەمە لایەنە نەخەینە بەردەست, وا دەبینرێت كەسێك هاتووە لە كوردستان راپەڕینی ئەنجامداوەو كۆشكە زستانییەكانی قەیسەرەكانی یەك لە دوای یەك گرتووەو فەتحیانی كردووە, بۆیە كە باسی راپەڕین دەكەین دەبێت روداوەكانی ئەو 7 مانگ و سێ رۆژە لە 2-8-1990 ەوە بۆ 5-3-1991 بە وردی بخوێنینەوەو چاوێك بە تەقویمی رۆژەكانیدا بخشێنین, هەڵسەنگاندن بۆ وردو درشتی روداوەكانی بكەین, هەمووی تەواوكەری یەكن.
خۆ لەماوەی هەشت ساڵەی جەنگی ئێران عێراقدا ئەم لایەنە سیاسییانەی كوردستان و عێراق هەزاران جاریش نەبێت سەدان جار داوای راپەڕینیان لە خەڵ كرد, كەسیش گوێی لێیان نەگرت.
دەشێت كەسێك, فەرماندەیەككی پلە یەك یان خوارتر دوای دەستپێكی راپەڕین لە عێراق بە 5 رۆژ و زیاتریش لە كوردستان نەخشەی گرتنی شارو شارۆچكە و مەخفەری پۆلیس و رەبایەیەك و دەزگایەك و خۆپیشاندانێكی داڕشتبێت, یان حیزبێك یان چەند حیزبێك دوای ئەنفال ورە بە بەریا هاتبێتەوە چەند مەفرەزەیەكیان لە كوڕی خەڵكی ناردبێتە خوارەوە, وەلێ لە گشتدا روداوەكان پێمان دەڵێن راپەڕین و كۆڕەو محاڵەو بارودۆخی زاتی نەك مەوزوعی هێنابیانیەتە پێشەوە, بەڵكە كارە زاتییەكان دوای روداوە مەوزوعییەكان كە گرتنی كوەیت و لێدانی عێراق و سیناریۆی خەیمەی سەفوان خولقاندویەتی, كارەساتی ئەو رۆژانە هێندە گەورەن مێژووی جیهانیان گۆڕی, جیهانیان لە جوت جەمسەرییەوە كردە تاك جەمسەری, هەموو كورد لەناو روداوەكاندا دڵۆپێكە لە دەریایەكدا.

پانۆرامای شەڕی دووەمی كەنداو”كوەیت”
لە كاتێكدا جیهان بەرەو روی داگیركاری كوەیت لە لایەن عێراقەوە ببوەوە بە یەكێتی سۆڤیەتیشەوە, بۆ یەكەمجار ڤیتۆی بۆ پشتیوانی لە عێراق بەكار نەهێنا لە نەتەوەیەكگرتووەكان, ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان هەمان رۆژ برشیاری 660 دەركرد, داوای لە عێراق كرد دەست بەجێ بكشێتەوە لە خاكی كوەیت, هەروەها لە رێكەوتی 7-8 ئەمەریكا ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی بیابانی راگەیاند, لە 16ی سەپتەمبەریش بڕیاری 667 ی بە كۆی دەنگ دا, كە عێراق تا 15ی ئۆكتۆبەر لە كوەیت بكشێتەوە. لە رێكەوتی 15ی ئۆكتۆبەری 1990 عێراق بڕیاری دا نەكشێتەوە لە كوەیت, بە دوایدا هاوپەیمانی جیهانی ئۆپەراسیۆنی زریانی بیابان رایگەیاند”ئۆپەراسیۆنی رزگاری كوەیت”, كە لە رێكەوتی 17ی یەنایەرەوە بۆ 28ی فبرایەر بۆ ماوەی 43 رۆژ بەردەوام بوو. ئۆپەراسیۆنەكە پێك هاتبوو لە هاوپەیمانی سوپای 34 وڵات و بە بەشداری 966344 سەرباز كە 74%یان ئەمەریكی بوون.

لێدانی عێراق

لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 17ی جەنیوەرییەوە فرۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانان سەرتاپای عێراقیان بۆردومان كرد, بە بەشداری 2430 فڕۆكەی پێشكەوتووی نوێی ئەوێ رۆژێ, هاوپەیمانان لە ماوەی چل و دوو رۆژدا109867 جار بۆردومانی ناو عێراقیان كرد, بەڕێژەی 2555 جار لە رۆژێكدا, رۆژانە 60624 تەن باروتیان بەسەر خەڵك و دازەگا سڤیلەكان و سەربازگاكانی عێراقدا دەباراند, عێراقیان غەرقی دوكەڵ و ئاگرو خوێن و مەرگ و وێرانە كرد, شوێنەوارە تەندروستی و ژینگەییەكانی ئەو جەنگە تا هەنووكە ماوە, تەنها لە جارێكدا لە پەناگەی عامریە لە شاری بەغدا ئێسك و پروسكی 315 ژن و منداڵیان هاڕی و تاوانی جەنگیان ئەنجامدا.
هاوكات ئەمەریكا بە رۆكێتی دور هاوێژی كرۆز و بۆمبی هیشۆیی و بۆمبی زیرەك و چەكی لیزەری پێشكەوتوو تا دەگاتە یۆرانیۆمی چاككراو لە عێراقی دەدا, 288 تۆماهۆكی لە دەریای سورەوە بە عێراقەوە نا, عێراقیش 86 سكودی نا بە ئیسرائیل و سعودییەوە, بە گشتی لە دوای جەنگی كۆریاوە ,شەڕی كوەیت گەورەترین جەنگ بوو لە جیهاندا لە ماوەی چوار دەیەدا. لە بەرامبەردا سەدام حوسێن لە هەمان رۆژی راگەیاندنی زریانی بیابان, دایكی جەنگەكانی راگەیاند كە لای عێراقییەكان بە دایكی دۆڕانەكان بەناو بانگ بوو.
لەسەر داوای یەكێتی سۆڤیەت لە رێكەوتی 22ی شوبات, عێراق رازی بوو هێزەكانی لە ماوەی 24 كاتژمێردا لە كوەیت بكشێنێتەوە, لە رێكەوتی 24 ی فیبریوەری 1991 هاوپەیمانان هاتنە ناو كوەیتەوە, 26 مانگ لە هێزەكانی عێراقیان دا كە لە باری پاشەكشەدا بوو, لە ئەنجامدا لە ماوەی چەند كاژێرێكدا 70 بۆ 100 هەزار سەربازی عێراقی كوژران و 60000 كەسیان بە دیل گیران, بە یەكێك لە گەورەترین تاوانەكانی مێژوو تۆماركرا, لە گەڵ تێكشكانی4000 تانك, 3100 تۆپ, 1856 ئۆتۆمۆبیلی سەرباز گواستنەوە. ئەوەشمان لە یاد نەچێت لە 23ی یەنایەر لە كۆی 750 فرۆكەی جەنگی عێراق تەنها 122 فرۆكەی بە ساغی مابوو, ئەویشی تەسلیم ئێران كرد, ئەویش دەستی بە سەردا گرت. لە كاتێكدا لە ماوەی 8 ساڵەی شەڕی ئێران – عێراقدا, هێزی ئاسمانی عێراقی جوڵەی لە هێزی ئاسمانی ئێرانی بڕیبوو, هەمان ئەو فڕۆكانە تاوانیان دژ بە ئێران ئەنجام دەدا, ئێستا لەسەر سینی زێڕین لە لایەن سەدامەوە پێشكەش ئێران دەكرێت.
عێراق لە پاشەكشەدا لە كۆی 1080 بیرە نەوتی كوەیتی 727 یانی تەقاندەوە, ملیۆنێك بەرمیل نەوتی رژاندە كەنداوی عەرەبییەوە, 128 پەڵە نەوتی گەورە كەنداوی عەرەبی داپۆشی, بەمەش گەورەترین تاوانی ژینگەیی لە مێژوودا ئەنجامدا. لە جەنگێكی 99 كاتژمێریدا دۆڕانی خۆی راگەیاند, جۆرج بۆش لە 27ی مانگ ئازادكردنی كوەیتی راگەیاند, 28ی مانگ ئەمەریكا كۆتایی جەنگی راگەیاند.
وێنای شكستی سوپای عێراقی ئەو رۆژانە لە جەنگی جیهانیشدا نەبووە, ریزی دیلەكان و تەرمی قەراغ رێگاو بانەكان و دوكەڵ و تارمایی ئامێرە تێكشكاوەكان لە ناو چڕە دوكەڵی بیابانی پان و بەریندا شاشەی تەلەفزیۆنەكانی لە جیهاندا داگیر كردبوو, عێراق سێیەكی سوپاكەی لەو 99 كاتژمێرە جەنگە لە دەستدا.

خێمەكەی سەفوان
رێكەوتی 2-3-1991 نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری 686ی راوەستانی جەنگی دا, تیایدا عێراق رەزامەندی دا لە جێبەجێكردنی هەر 12 بڕیارەكەی لەو بڕیارە ئاماژەی پێ درابوو. بۆ جێبەجێكردنی تەكنیكی راوەستانی جەنگ , دانوسانەكانی ئاگربەست لە ٣ی ئازار لە ژێر خێمەی سەفوان دەستیپێكرد.
كۆبونەوەكە لە فڕۆكەخانەی سەنام، سەر بە قەزای سەفوان، لە كاتژمێر 11:30 سەرلەبەیانی لە كەشێكی ئاڵۆز و بارگاوی بێ تەوقە كردن , وە پشكنینی هەموو بەشدار بووان دەستیپێكرد. شاندی هاوپەیمانی ترساون لەوەی شاندەكەی عێراق بۆمب رێژ كرابێتن خۆیان بتەقێننەوە, بۆیە بە وردی هەموو پشكێنراون, كۆبوونەوەكە كاتژمێرێكی خایاند.
شاندی عێراقی پێكهاتبوو لە لیوا سوڵتان هاشم جێگری سەرۆكی ئەركانی ئۆپەراسیۆنەكان و جەنەراڵ سەلاح عەبود فەرماندەی فەیلەقی سێ و دەریاوان نەوفال عەبدول حەفیز وەك وەرگێڕ. شاندی دانوستانكاری هاوپەیمانی پێكهاتبوو لە ژەنەڕاڵ نۆرمان شوارزكۆف فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان و شازادە لیوا خالید بن سوڵتان بن عەبدولعەزیز فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عەرەب.
بە پێی رێكەوتنەكان نابوایە هیچ چەكێك كە تێك نەشكێنرابوون لە جێگای خۆیان جوڵە بكات, بەڵام رێگا بە كشانەوەی لیوای زرێپۆشی پاسەوانی كۆماری درا, تایبەت بە ئاسایشی ناوخۆیی, بەڵام لە كشانەوەیا لێی درا, هەروەها رێگا بە هەندێك كەرتی سەربازی دیكە درا.
لەسەر داوای سوڵتان هاشم لایەنی ئەمەریكی بەهۆی ئەوەی گوایە پردەكانی عێراق زۆریان روخاون بەهۆی بۆمبا بارانەكانەوە, ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەكارهێنانی هێلیكۆپتەرەكانی عێراق لە چوارچێوەی سنوری وڵاتەكەی بۆ گواستنەوەی برینداران و بەرپرسان و حاڵەتەكانی دیكە, بەمەش دەرگای جهەنەم لە بەردەم ناڕەزایەتییەكان كرایە سەر پشت.

راپەڕینی باشووری عێراق

لە 28ی شوباتەوە, شاری بەسرە جمەی دێت, چ لە ئەو سەربازانەی بە ساغی و بە برینداری لە ریزە دورو درێژەكاندا بە دوای یەك, دەڵێی مێرولەن, بە برینداری و سیمای خۆڵاوی و دوكەڵاوی چڵكنەوە, بە سكی برسی و جەستەی تێك شكاوەوە ملی رێگایان بەرەو ناو خاكی عێراق گرتۆتە بەر. لە لایەكی دیكەوە كەسوكاری سەربازان لە هەموو عێراقەوە لە سەرسنووری كوەیتەوە تا بەسرە كۆبونەتەوە بۆ هەواڵپرسی رۆڵەكانیان.
لەم بارودۆخەدا لە كۆتا ڕۆژی مانگی شوباتی ساڵی ١٩٩١ پریشكی راپەڕین لە عێراق لە شارۆچكە سوننەییە سنوورییەكانی ئەبو خەسیب و زوبەیری ٦٠-٧٠ كیلۆمەتر لە باشووری بەسرە دەستی پێكرد، رۆژی دواتر لە رێكەوتی ١ی ئازار راپەڕین شاری بەسرەی گرتەوە؛ سوق ئەل شویوخ لە ٢ی ئازار؛ ناسریە و نەجەف و كوفە لە ٤ی ئازار؛ كەربەلا لە ٧ی ئازار؛ پاشان عەمارە و كوت و هەموو باشووری گرتەوە.
گوایە هەمان رۆژ 28-2-1991 لە شاری ناسریە ئەندامێكی حیزبی دەعوە دروشمی داوەو خۆپیشاندانی كردووە, بارەگای پۆلیس گرتراوە, دەست بەسەر چەكدا گیراوە, بەڵام بە بەرفراوانی پشت راست نەكراوەتەوەو روداوەكە لە ئاستی راپەڕین نەبووە.
شۆفێری زرێپۆشێك بە ناوی خەلیل جوەیبار كە لە نێو ئەو سەربازانەدا بوو لە زوبێرەوە كەوتنە رێ بۆ شاری بەسرە تاكو بڵێسەی شۆڕشەكە هەڵبگیرسێنن لە بەسرا وتی: سەدام پێشتر هێزەكانی پاسەوانی كۆماری بۆ شوێنێكی ئارام كشاندەوە, ئێمە 100 كیلۆمەتر بە پێ هاتینەوە بۆ ناو خاكی عێراق , برسی و تینوو و ماندوو بووین. لە زوبەیر بڕیارماندا كۆتایی بە سەدام و ڕژێمەكەی بهێنین, تەقەمان لە وێنەی سەدام كرد, سەدان سەربازی پاشە كشەكردوو بەشدارییان لە ڕاپەڕینەكەدا كرد, تا پاشنیوەڕۆ بوینە هەزاران سەرباز, خەڵكی سڤیل پشتگیرییان كردین و هاتنە ناو راپەڕینەكە, هێرشمان كردە سەر بارەگای حیزبی بەعس و دەزگای ئەمن و گرتمان , بۆ كاتژمێر 3ی بەیانی رۆژی دواتر واتا 1ی ئازار راپەڕین گەیشتە شاری بەسرە.
ڕاپەڕینەكەی شاری بەسرە لەلایەن محەمەد ئیبراهیم وەلی ئەفسەرێكی عێراقی سەرپەرشتی كرا و هێزێكی لە تانك و زرێپۆش و بارهەڵگر كۆكردەوە بۆ هێرشكردنە سەر پارێزگا و فەرمانگەكانی پارتی بەعس و بارەگا ئەمنییەكان, زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانی شاری بەسرە پشتیوانی شۆڕشیان كرد, سەربازەكان چالاكانە بەشدارییان كردو لەوانە فەوجی 24ی میكانیك, دەرگای زیندانیان شكاند و سەدان زیندانی ئازاد كران.
لە سوق الشیوخ سێ گروپی چەكدار هێرشیان كردە سەر شارەكە. نزیكەی هەموو هاوڵاتییان ڕژانە سەر شەقامەكان و پەیوەست بوون بە راپەڕینەوە, عەبدول شەباجە ئەندامی مەجلیسی نیشتمانی عێراقی و بەعسی پێشوو لە سەرەتادا سەركردایەتی بزووتنەوەكەی كرد لە سوق ئەلشیوخ.
لە رێگای سنووری ئێرانەوە هێزە شیعەكانی وەك ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و حیزبی دەعوەو ئیتڵاعا و سوپای پاسداران زوو هاتنە ناو عێراقەوە, بۆ رێكخستنی خۆپیشاندەران و ئاراستەكردنی و دەست بەسەرداگرتنی, دیارە لە زووەكەوە لە ژێر فەرماندەیی قەرارگای نەسری سوپای پاسداران ئامادە كرابوون.

هەڵوێستە سەرەتاییەكان
محەممەد باقر ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دوای دەستپێكردنی هێرشی ئاسمانی لە رێكەوتی (١7ی ژانویەی ١٩٩١) كە لە بەیروتەوە راگەیەنرا، فەرمانی بە لایەنگرانی خۆی لە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق دا كە بچنە ناو هێزەكانی باڵی سەربازی ڕێكخراوەكەیەوە، هەروەها ئەو كەسانەی ڕاسپارد كە لە نزیك سنووری ئێران و عێراق جێگیر بن لە بەرامبەر “دەستدرێژی ئەمریكا”. حزبی شیوعی عێراقیش دەستدرێژی ئەمریكای شەرمەزار كرد. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان یش دژی بژاردەی شەڕ بوون؛ هەروەها بەرەی كوردستانی كە هاوپەیمانی حزبە كوردییەكان و هەرێمی كوردستانی حزبی شیوعی عێراق پێك هاتبوون، سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان لە دژی سوپای عێراق لە كوردستان ڕاگرت بۆ ئەوەی ” لە پشتەوە چەقۆ لە سوپاكە نەدەن”.
هاوكات تارانیش لەو رۆژگارە بووە شوێنی پەیوەندییەكانی عێراق, وەك ئال حەكیم وتەنی لەبەر تاریق عەزیز ئاگایان لە ئۆپۆزسیۆن نەمابوو, نزیك سەت رۆژی تەواو هاوپەیمانییە چوار قۆڵییەكەیان” قەرارگای نەسر, مەجلس ئەعلا, پارتی, یەكێتی” كۆبونەوەشیان نەكرد.

ئاراستەی خۆپیشاندانەكان باشوور بۆ كوێ؟

لە سەرەتادا راپەڕین خۆڕسكانەو هەڵگیرسا, هیچ پەیوەندی بە هەوڵەكانی قەرارگای نەسر و مەجلس ئەعلاو كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نەبوو.
وەك مۆفەق رەبیعی یەكێك لە سەركردەكانی حیزبی دەعوە وتەنی راپەڕیووە سەركەوتووەكان گروپێكی هەمە چەشن لە سەربازانی سونەو بەعسی و چەپ و هەموو چین و توێژەكانیان لە خۆ گرت.
رەبیعی پێی وابوو ئەوانەی بە هەڵگرتنی وێنەی خومەینی و حەكیمەوە لە ئێرانەوە گەڕانەوە تەنها بە لە باربردنی راپەڕینەكە سەركەوتوو بوون.
نەوشیروان مستەفا لەو بارەیەوە دەڵێت” لە راستیدا راپەڕینی باشوری عێراق سەرەتاكەی شتێكی عەفەوی بو، هێزێك لەو هێزانەی بە شكاوی لە كوێتەوە كشایەوە بۆ بەسرە، لولەی تۆپەكەی كردە یەكێك لە وێنەكانی سەدام و دایە بەر تۆپ ئیتر خەڵك راپەڕی و پەلاماری دامودەزگاكانیان دا. ئەو كاتە مەجلسیش كادر و چەكدارەكانی خۆی ناردەوە بۆ شارەكانی جنوب. لە راستیدا مەجلیس لەوەدا خەتایەكی گەورەیان كرد، هەرچەندە پێش ئەوەی هیچ كارێك دەست پێ بكەن، بەڵێنی ئەوەیان بە ئێمە دابو، كە شیعاراتی دینی نەهێننە ناو راپەڕینەكەوە، بەڵام ئەو بەڵێنەی خۆیان بەجێ نەهێنا. پێشم وایە زەرەرێكی زۆر گەورە لەوان و لە ئێمەش كەوت، لە ئەنجامی ئەو شیعاراتە دینی و رەسمانەوە، كە خەڵك هەموی ئەزانێ چۆن بوە، لە ناو شارەكانی جنوبدا چالاكیان نواند. لە سەرەتادا ئێمە وەكو سێ رێكخراو تەنسیق لە نێوانماندا هەبو، بەڵام كە راپەڕینەكە لە جنوبی عێراق دەستی پێ كرد تا حەدێكی زۆر پێیان وابو ئیتر مەسەلەكە حەسم بوە، ئەوەندە گوێیان نەئەدا بە ئێمە، بۆ ئەوەی تەنسیق لەگەڵ ئێمە بكەن. خۆیان خەریكی خۆیان بون، تا بەرەو تێك شكان چون. ئەو تەنسیقە ئەگەر ببوایە موحتەمەل بو زیاتر سودی هەبێ، یان ئەگەر ئەوان ئەو دروشمە دینیانەیان نەهێنایەتە ناو مەسەلەكەوە، رەنگ بو وا چاوپۆشییان نەكردایە لە لێدانی ڕاپەڕین دا لە رۆژانی راپەڕین.”.
بە وتەی ئیبرهیم ئەحمەد توێژەر “راپەڕین كەم خۆی گرت و زۆری نەبرد فەوجەكانی سوپای پاسداران و ئیتڵاعات و بەدرو حیزبی دەعوە كە چاوەڕوانی رۆژێكی وابوون سواری سەری راپەڕینەكە بوون و لەباریان برد, وێنەی خومەینی و درووشمی شیعەگەرایان بەرز كردەوە.
بە وتەی ئیبراهیم ئەحمەد “ئەوان هەڵیانكوتایە سەر زیندان و بنكەكانی پۆلیس, ئەوانەی تۆمەتبار بوون بە كوشتن و دزیكردن ئازادیان كرد, هێرشیان دەكردە سەر دامەزراوە دەوڵەتی و كۆمەڵایەتییەكان تاڵانیان دەكرد، لە كوچە و گەڕەكەكاندا دەسوڕانەوە دەستدرێژییان دەكردە سەر ماڵ و دوكانەكانی خەڵك, تەنانەت هەندێكیان دەستدرێژییان دەكردە سەر ژنانیش”.
دوای سەركوتی راپەڕین ئێرانییەكان داوای چارەنووسی 150 ئەفسەری سوپای پاسدارانیان لە عێراق كردووە, گوایە لە راپەڕین بزر بوونە, عێراقیش پێیانی وتووە ئێمە لەو كاتە لەگەڵ ئێوەدا لە جەنگدا نەبووینە, كەسی وامان لا نییە, دوای روخانی سەدام ئەوانە كراونەتە شەهید لە عێراق و شەهیدانەیان بۆ دەرچووە.
لەو سەرو بەندەدا هێزەكانی هاوپەیمانی ئامادە نەبوون پێشوازی لە نوێنەری خۆپیشاندەرانی باشوور بكەن, هۆكارەكەشی باڵا دەستی ئاراستەی كۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسلامی سیاسی بوو لە راپەڕینەكەیان.

پێش راپەڕین لە یاداشتی حازم كوتك و سەید كاكە

بزانین پارتەكانی باشووری كوردستان لە ئێران پێش داگیركردنی كوەیت خەریكی چی بوونە, مام سەید كاكە لە یاداشتەكانی خۆیدا دەنووسێت”پێشمەرگە دەستیان بەنوێژ كردبوو لە ترسی ئەوەی نەبادا لە ئێران دەربكرێن, لە هەموی سەیرتر دەیان وت كورد بە هەموو شت رازیەو وایان دەزانی ئەو قاچاخچیانە بۆ سەدامی دەگیچرشنەوە , ئەمە حاڵی هەموو لایەنەكان بوو تا سەدام كۆێتی گرت. “.
ئیتر نازانم مام سەید بۆ خۆی ئاگاداری ئەمەیە كاك حازم كوتك لەسەر پارتەكەی نوسیویەتی یان نا؟ “جێگای داخە تفەنگی ئەوانەی تەسلیم دەبوونەوە لە لایەن هەندێ بەرپرسی قاچاخچی دەبران بۆ زێوەی مەرگەوەڕ دەفرۆشان، بە تایبەتی بەرپرسانی یەكێتی و سۆسیالست.وەك ئەوەی بە ژیانیان پێویستیان بە چەك نەبێتەوە ل324”. كەواتە ئەم پارتانە زۆریان پێش داگیركردنی كوەیت پێویستیان نە بە بیروباوەڕ مابوو, نە بە تفەنگیش.
مام جەلالیش لە یاداشتەكانیدا دەڵێت سەركردایەتیمان چاویان لە مفاوەزات بوو, یانی بەتەمای رەحمەتی سەدام بوونە لایەكیان لێ بكاتەوە.

رۆڵی ئێران لە ئامادەكارییەكان

ئێران لە رۆژەكانی یەكەمی داگیركردنی كوەیت, گرنگی بە پارتی و یەكێتی و مەجلس ئەعلا دەدات, هاوپەیمانیەتییەكان لە ژێر سەرپەرشتی و رێنوێنی قەرارگای نەسر بۆ دروست دەكات, پارتی و یەكێتی لە پاڵ بەرەی كوردستانی لەو هاوپەیمانیەتییەش كۆدەبنەوە, لێرە لە یاداشتەكانی خۆیانەوە بەشێك لە پانۆرامای هەوڵەكانی قەرارگای نەسر دادەنێین, هەرچەندە ماوەی 3 مانگێك بە وتەی خۆیان كۆماری ئیسلامی ئێران ئیهمالیان دەكات.
لایەنە كوردییەكان پێشتر 19 چالاكی هاوبەشی لەگەڵ پاسدار ئەنجام دابوو, لەو چالاكیانە , پارتی 8, ینك 6 یان بەركەوتبوو, ئەوانی دی حیزبوڵاكەی ئەدهەم پارزنی و حسك ئەنجامیان دابوو, بۆیە لێك تێگەیشتن و مومارەسەری رۆلچی وەستاو شاگردییان لەگەڵ یەكتر كردبوو.
بارزانی دەڵێت”لەم چوارچێوەیەدا شەوی 6لەسەر 7ی ئابی 1990,شاندێكی ئێران كە پێك هاتبوو لە هەر یەكە لە مەسجدی، مەجید سەفایی، ئارامش لە لێكۆڵینەوەو تویژینەوە، جەواد جەعفەری، بەرپرسی دەزگای (ئیتڵاعات) و شەرعی، بەرپرسی چالاكییەكان، سەردانی ڕاژانیان كرد و لە كۆبونەوەیەكەدا باس لە بارودۆخی نوێ و دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكان كرا، هەروەها باس لە چۆنیەتیی خۆ ئامادەكردن لەم قۆناغە كرا “.
بەلام نەوشیروان مستەفا باسی لیژنەی سێ قۆڵی دەكاتو قەرارگای نەسردەسڕێتەوە”دوای ئەوەی عێراق كوێتی داگیر كرد، ئێمە لیژنەیەكی سێ قۆڵیمان هەبو، لە نوێنەرێكی یەكێتی، نوێنەرێكی پارتی و نوێنەرێكی مەجلیسی ئەعلای شۆرشی ئیسلامی. زنجیرەیەك كۆبونەوەیان كرد. دو لیژنە بون، لیژنەیەكیان لیژنەیەكی سیاسی بو بۆ تەنسیقی سیاسی، لیژنەیەكیان لیژنەی عەسكەری بو بۆ ئەوەی تەنسیقی عەسكەری بكەین. ئەو لیژنانە مەجموعەیەك ئیحتیمالاتیان باسكرد”.
فەرەیدوون عەبدولقادرو بارزانیش دەڵێن” 14ی شوبات بارزانی و نەوشیروان مستەفا سەردانی كرماشان دەكەن” لەم كۆبوونەوەیە لە گەڵ قەرارگای نەسر و مەجلس ئەعلا دادەنیشن. ئەم كۆبوونەوانە تا راپەڕین لە ژێر سەرپەرشتی ئاغای محەمەد سەركردەی قەرارگای نەسر بەردەوام دەبێت. بە وتەی كاك فەرەیدون ئاغای محمدی، وەك سەركردەی قەرارگای نەسر، دیاری كرابو بۆ هاوئاهەنگی!.
تەنانەت كاتێك لە سەرەتای مانگی ئازارەوە هێزەكانیان دەنێرنەوە, قەرارگای رەمەزان ئاگاداری چونەوە بۆ ناوەوەی هەندێكیان دەبێت و پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەكات.
كاتێك راپەڕین دەست پێدەكات فشارەكان لەسەر لایەنە كوردییەكان زیاد دەكەن بۆ ئەوەی بەرەیەكی نوێ بكەنەوە, فشار لەسەر باشوور كەمبێتەوە” سەعات دەی ڕۆژی 01/03/1991 سەرداری مەسجیدی فەرماندەی قەرارگای ڕەمەزان هاتە لای نەوشیروان مستەفا لە زەڵێ، بۆ سەعات 12 ی نیوەڕۆش شێخ مەولای سەركردە لە مەجلیسی ئەعلا گەیشت و بەشداری كۆبوونەوەكەی كرد “.

كۆبونەوەكان بەرەی كوردستانی و ڕاپەڕین

بەرەی كوردستانی نەخشەی B ی پارتی و یەكێتی بووە, بڕیارە گرنگەكان لە كۆبونەوە چوارقۆڵییەكانی قەرارگای نەسر, مەجلس ئەعلای ئیسلامی عێراق و پارتی و یەكێتی دەرچووە, بۆیەشە كە 11 ی مارت لە قاسمە رەشەوە , 6 رۆژ دوای دەستپێكی راپەڕین و ئازادبوونی زۆربەی كوردستان مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا دادەبەزن ئەندامەكانی دیكەی سەركردایەتی بەرەی كوردستانی لە گەڵ خۆیان نەك ناهێنن بگرە ئاگاداریشیان ناكەنەوە.
مەلاحەسەن وەك سیاسییەكی قسە لە روو بوێر ناسرا بوو, لە یاداشتەكانی خۆیدا بەم شێوەیە باسی هەندێك لە كۆبوونەوەكان بەرەی كوردستانی دەكات” دوای ئەم دەست درێژییە ناڕەوایەی رژێمی عێراقی دژی كوێت ئێمە وەك ك.هەرێم داوامان كرد, كە سەركردایەتی بەرە كۆببێتەوە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێك لەو دەست درێژیییەی رژێم هەرچەندە كارگێڕی بەرە بەیننامەیەكی لە دژی ئەم دەست درێژیە دەركردبو. دیار بوو بڕیار درا بە گرێدانی كۆبونەوەكە لە گوندی راژان, لەم كۆبونەوەیەدا كاك مەسعود و كاك كۆسرەت ئامادە بوون, لە لای ئێمەشەوە هاوڕێ كەریم و من و هاوڕێ رەوەند كە نوێنەرمان لە كارگێڕی بەرە ئامادە بووین, كۆبونەوەكە هەر لە بەیانیەوە تا ئێوارە درێژەی كێشا.بەڵام هەر چەند وەفدی ئێمە زۆر هەوڵی دا, كە سەركردایەتی بەیانێك دەربكات و رسوای ئەم دەست درێژی رژێم دژی كوێت بكات هەندێ لایەنی بەرە بە تایبەتی پارتی لە گەڵ دەركردنی بەیاننامەدا نەبوون بەم شێوەیە كۆبونەوەكە بە بێ وەرگرتنی هەڵوێست كۆتایی پێ هات”.
دیارە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە گەڵ بەیاننامەكەی دەستەی كارگێڕی بەرەی كوردستانیش نەبووە” بەڵام بەپێچەوانەی ئەم بیركردنەوەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەرەی كوردستانی كە بارەگاكەی لەڕاژان بو لای كاك مەسعود بارزانی، بەیانێكی ئیدانەی دژ بە داگیركردنی كوەیت دەركرد. بۆیە یەكێتی دەستبەجێ ناڕەزایی دەربڕی و، نوێنەرەكەی خۆی كە كۆچكردو (جەبار فەرمان) بو لە بەرەی كوردستانی بۆ قاسمەڕەش سەحبكردەوە، داوای لەبەرەی كوردستانیكرد كە ئەو بەیاننامەیە تەعبیر لەبیروڕای ئێمە ناكات بكێشرێتەوە”.
بەرەی كوردستانی لە 12ی ئۆگستی 1990, واتا 10 رۆژ دوای داگیركردنی كوەیت بڕیاری ئاگر بەستی دا بەرامبەر عێراق” حیزبی شیوعی و پارتی گەل دژی بڕیارەكە بوون, پاسۆكیش بەشداری نەكردبوو”.
فەتاح تۆفیق فەتاح ناسراو بە مەلا حەسەن كە لەو كاتە نوێنەری حیزبی شیوعی بووە لە بەرە دەڵێت “لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەم 1991 بۆمبارانی ئاسمانی دەستی پێكرد.ئەم بۆمبارانەش نزیكە چل رۆژی خایاند پێش ئەوەی هێرشی سەر زەوی دەست پێبكات.ئێمە ئەم جارەش داوای بەستنی كۆبونەوەی سەركردایەتی بەرەی كوردستانی-عێراق كرد, دیسان رەزامەندی بۆ بەستنی ئەم كۆبونەوە كرا, لە گوندی راژان ئەم جارە مام قادر و من بەشداریمان كرد لە تەك هاوڕێ رەوەند لە كۆتایی مانگ…. دیسان كاك مەسعود سەرپەرشتی كۆبونەوەی كرد ئێمە لەو كۆبونەوەیەش داوای دەركردنی بەیاننامەمان كرد, بەڵام ئەمارەش پارتی رازی نەبوو لەسەر دەركردنی بەیاننامەكە. یەكێتیش لایەن گری دەركردنی بەیاننامەكە نەبوو, من تا ئێوارە سوور بونی خۆم لەسەر دەركردنی بەیاننامەكە كرد. كاك مەسعود گوتی باشە بەیاننامەكە دەربكەین بەڵام رەنگە لەسەر ناوەڕۆكی رێك نەكوین, بەم جۆرە جارێكی تر كۆبونەوە بێ دەرئەنجام كۆتایی هات”.
بەم شێوەیە بەیاننامەی سەركردایەتی سیاسی كەوتە دوای سێ رۆژ لە راپەڕینی خەڵكی كوردستان, كە سەرەتا لە كەڵەكەوە دەستی پێرد.
مەلا حەسەن دەڵێت “لە 7ی ئاداری 1991 كاك مەسعود لە گەڵ هەندێ ئەندامی ه س پارتی هاتە قاسمە رەش ئێمەشیان ئاگادار كرد. كە ئێوارەی ئەو رۆژە كۆبونەوەی بەرە لە قاسمە رەش دەكرێ من و هاوڕێ مام صاڵەح بەشداریمان كرد لەو كۆبونەوە گرنگەی سەركردایەتی بەرەی كوردستانی كە بڕیار درا ئەمجارە بەیاننامەكە دەربكەین و جەماوەر لە هەمو كوردستان هانبدەین بۆ راپەڕین دژی دام و دەزگاكانی رژێم و لە كوردستان دەریان پەڕێنین. نووسینەوەی بەیاننامە بە كاك ئازاد بەرواری و من و هۆشەنگ لە پارتی گەل سپێردرا, ئێمەش هەر بەیاننامەكەمان ئامادە كرد و لە ئێزگەی یەكێتی و پارتی خوێندرایەوە بە بلاوكردنەوەی بەیاننامەكە جۆش و خرۆش ی جەماوەر زیاتر پەرەی سەند هەر بۆ رۆژی دوایی جەماوەری شاری سلیچمانی شاری هەلچمەت و قوربانی راپەڕین وشارەكەیان لە دامودەزگاكانی رژێم پاك كردەوە.”.” كۆبونەوەكە 6 مانگ كراوە نەك 7″.
مەسعود بەرزانی تایبەت بەو كۆبوونەوەیە دەنووسێت ” ڕۆژی 6ی ئاداری1991سەردانی قاسمە ڕەشم كردو، لە گەڵ نەوشیروان مستافا و برایانی سەركردایەتی بەرە لە ناوچەكە كۆبومەوە،. لە كۆبوونەوەكەدا كە ڕەسووڵ مامەندو مەلا حەسەن لە حیزبی شیوعی و م.شوان لە پاسۆك ئامادە بوون. دوای تاوتوێكردنی بارودۆخەكە، بڕیار درا كە لە هەردوو ئێزگەی دەنگی كوردستان و دەنگی گەلی كوردستانەوە زانیاری و ڕێنماییی پێویست بە جەماوەری كوردستان بدرێت. “.
لێ پێشمەرگەیەكی ئەو كاتی ینك بەناوی دانا حەمە عەزیز دەنووسێت” وتوێژەكانی نەوشیروان مستەفا و سەركردایەتی یەكێتی بۆ قەناعەت پێكردنی لایەنەكانی بەرەی كوردستانی بۆ بەشداریكردن لە ڕاپەڕین، بێ ئەنجام بوو، هیچ كام لەلایەنەكانی بەرە ئامادە نەبوون بەشداری ڕاپەڕین بكەن، بەڵكو دژی بوون و خەڵكیان سارد ئەكردەوە، سەركردایەتی حسك ئەیانووت ئێمە خۆمان توشی ئەم مەعمەعەیە ناكەین “.
مام سەید كاكە لەم بارەیەوە لە یاداشتەكانی خۆی بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە” ئێوارەیەك كادیرەكانی یەكێتی”سەفین مەلا قەرەو بەكرە سور و جەلال ئیلنجاخی” لەگەڵ چەند كادیرێكی دی ئەمانە لەناو یەكێتی كادیری پلە دوو بوون هاتنە سەردانمان و بێ هیوابوون دەیان گوت جارێكی تر كورد نە شەڕی پێدەكرێ و نە خۆپیشاندان, تا درەنگ گفتوگۆیان لە گەڵ كردین, دڵنیا بووم لەوەی كە رژێم رووخاوە بەڵام قسەكانی ئەوان زۆر كاری لێكردم, هەستان رۆیشتن خەوم لێكەوت سەعات 10ی شەو پاسەوانەكان بانگیان كردم گوتیان میوانت هاتووە, كە چووم سەیرم كرد” دوو مەلای ئەنجومەنی باڵا لە تەهران لە گەڵ بەرپرسی قەرارگای رەمەزان لە باختەران هاتبوون” چایان بۆ هێنان و چایان خواردەوە گوتیان هیچتان زانیوە لە رانییە؟, گوتم نەخێر هیچمان نەزانیوە گوتیان ئێوە هێزتان چۆتە خوارێ؟… من زۆر ترسام وام زانی خەبەریان لێداوین چونكە ئێران پێی ناخۆش بوو بچینە خوارێ و لە گەڵ لێدانی ئەمەریكا ئێمەش لە رژێم بدەین, گوتم بەڵێ كە شەڕ لە نێوان ئەمەریكا و عێراق راوەستا ئێمە پێشمەرگەمان بۆ لێدانی رژێم ناردە خوارێ, ئەوانیش گوتیان رانیە و پێشمەرگەی ئێوە واتە سۆسیالست لەناو رانیە یە راستی بێت هەموو حیزبەكان لەوانمان زانی كە رانیە گیراوە راپەڕین دەستی پێ كردووە.”.
هەرچەندە فەرەیدون عەبدالقادر لە یاداشتەكەیدا دەڵێت” میحوەری ڕاپەڕین، لە بەرەبەیانی ڕۆژی 5/3/1991دا، توانییان شارۆچكەی ڕانیە بكەنە دەروازە بۆ ڕزگاركردنی ناوچەكان…..”.
پێی دەچێت لەو سەرو بەندەدا ئێران دژ بە لێدانی عێراق بووبێت, تەقە راوەستانەكەی بەرەی كوردستانیش لە ژێر كاریگەری ئێرانییەكاندا بووبێت , ئەوان ترسابووبێتن لە لێدانی عێراق و هاتنی ئەمەریكا, ئەمەیان بە تەڵە بۆخۆیان زانیبێت, بۆیە نەیان هێشتووە بەیاننامەش دەربكەن, كە دوایی خۆپیشاندان خۆرسكانە لە زووبیچرەوە دەستی پێكرد, ئەوجا هەلەكە دەقۆزننەوەو هانی پارتی و یەكێتی دەدەن بجوڵێن, لە لایەكی دیكەوە وەك مام جەلال ئاماژەی پێ دەددات خوا خوای مفاوەزات بوونە لە گەڵ بەعس, بەڵكە لەو بێهێزییەوە ئێسكێكیان بۆ فڕێ بدات.
سەید كاكە لەم بارەیەوە دەڵێت” یەكێتی خۆی ئامادە كرد, ئەگەر هاوپەیمانان لە عێراق بدات, ئەوانیش لێی دەن, بەڵام ئێران بەوە رازی نەبوو, یەكێتی پاشگەز بووەوە. “.
سەبارەت بەوەی لایەنەكان بەرەی كوردستانی ئامادە نەبوونە بەشداری راپەڕین بكەن, مەلا حەسەن دەڵێ چەندین سەركردەمان وەك ئەبو فاروق, پەخشان زەنگەنە, جەلال دەباغ وە لە عەرەبەكان ئەبو یەسارو سەعدون و چەندینی دیكە لەناو شاردا بوون, لەناو خۆش هیچ كات بێ پێشمەرگەی شیوعی نەبووە, وە ئەوان لە 6ی مانگ یەكەم خۆپیشاندانیان لە هەولێر رێك خست, كچەكەی مەلا حەسەن لە پێش جەماوەرەوە دروشمی داوە لە بەردەم پاركی شار لە جەرگەی هەولێر.

گفتوگۆی ئەگەرەكان و نەخشەی راپەڕین

هەموو گفتوگۆو بەرنامەی راپەڕین, خوێندنەوەی ئەگەر بووە, هەموو لایەنەكان بە كۆمۆنیستەكانیشەوە كە لەو كاتە لەناو شاردا كاریگەر بوون و جەماوەریان هەبوو لە راپەڕین و دوای راپەڕین لە راماڵینی بەعس لە شاری هەولێر لە 17-7-1991 رۆڵی گرنگیان هەبوو, لە كەڵەكەوە تا سلێمانی و هەولێر بەشداری چالاكانەی راپەڕینیان كرد, هەمووی لە ئەگەری نێوان لێدان و لێ نەدان, روخان و نە ڕوخان بووە, لە لێدان چی بكرێت لە لێ نەدان چی بكرێت, دیارە لە كاتی لێ نەدان بێدەنگی كردنەو هەستانە بە مایەی خۆ, با بزانین گفتوگۆی ئەگەرەكان چی بووە؟.
مام جەلال لە دیداری تەمەندا دەڵێت” من رام وابوو لە عێراق دەدرێ, برادەران رایان وابو, لیێ نادرێ ئەوە گاڵتەیە سەدام لە كوەیت دەكشێتەوە, ….. لە ناو برادەراندا تەنها كۆسرەت پشتگیری راكەی منی دەكرد. برادەرانی تر رایان وابوو لێی نادرێ و خۆمان تووشی ئەو بەڵایە نەكەین و عێراق لێمان دەتۆرێ . …ئەو كاتە هەستی گفتوگۆ كردن هەبوو لەگەڵ بەعس”.
نەوشیروان مستەفا لەبارەی ئەگەرەكانەوە دەڵێت”ئەو كاتەی عێراق پەلاماری كوێتی دا، وەكو باسم كرد ئێمە بارەگاكانمان لە قاسمەڕەش و زەڵێ بو. زنجیرەیەك كۆبونەوەمان بە ئەندامانی سەركردایەتی، بە فەرماندەكانی پێشمەرگە، بە كادرە پێشكەوتوەكانی یەكێتی، كرد بۆ ئەوەی چی بكەین و چی نەكەین، یان هەڵوێستمان چی بێت. لەو زنجیرە كۆبونەوانە ژمارەیەك ئەگەرمان دانا. ئەگەر بەو مانایەی عێراق ڕۆشتوە و كوێتی داگیر كردوە، ئەگەر لە كوێت كشایەوە، ئێمە هەڵوێستمان چۆن بێ. ئەگەرێكی تر ئەوە بو، ئەگەر عێراق مایەوە و لە كوێت نەكشایەوە و لێی نەدرا. یەعنی ئەگەر عێراق توانی كوێت بكات بە بەشێك لە قەڵەمڕەوی خۆی، ئێمە هەڵوێستمان چۆن بێز”.
لێ فەرەیدون عەبدوالقادر خۆی و حەمە تۆفیق بە ئەندازیای نووسینی ئەگەرەكانی ینك دەزانێت دەڵێت”كاك نەوشیروان داوای لە من و كاك حەمە تۆفیق كرد، بەرنامەی ئەگەرەكان بنووسین، حیسابی هەموو ئەگەرەكان بكەین!.
وەلێ رێباز كە لە یاداشتەكانیدا زۆر راستگۆیانەیە باسی ترسی خۆیان دەكات لە جولە كردن”لە ڕاستیدا ئێمە تەواوی ئاگاییمان لە چارەنووس ڕاپەڕینەكەی ناوەڕاست وجنووب نەبوو، چونكە ئەوان هیچ پرس یان تەنسیقكیان لەگەڵ ئێمە نەبوو، بۆیە مەترسی ئەوەمان هەبوو ڕاپەڕینی ئەوێ تێكبشكێ و ئێمەش ئەگەر جوولەمان كرد ڕق و كینەی هەمووان بڕژێنێتە سەر گەلی كوردستانی بێ دیفاع، بۆیی وەك كارێكی سەرەتایی بڕیاردرا شانەی چەكداریی بۆ كاتی پێویست چەكدار بكرێن…”.
سەركەوتی جیهاز كە عەدەد جیهازی نەوشیروان مستەفا بووە لەو رۆژانەدا دەڵێت”داگیركردنی كوەیت لە 2 ی ئابی ساڵی 1990، لە لایەن سەدام حسین ەوە، دەرفەتێكی زێڕین بو بۆ كورد و هێزەكانی تا تۆڵەی خۆیان لەبەعس بكەنەوە. سیاسەتی سەركردایەتی یەكیتی نیشتمانی كوردستان لەو كات و ساتەدا ئەوە بو، كە هیچ بەیاننامەو تەسریح و هاشوهوشێك نەكرێ نە بە ئیدانەكردن، نە بەپشتگیریكردن، بەڵكە خۆمان بێ دەنگ بكەین و ئێستا ئیتر كاتی فەرمان و كردارو خۆئامادەكردنە بۆ ئەگەرەكان. ئەگەر سەدام لەژێر زەختی دەولی دا كشایەوە، ئەگەر نە كشایەوەو لێی درا.”.
كۆبونەوە چوار قۆڵییەكانی قەرارگای نەسر لە گەڵ مەجلس ئەعلای ئیسلامی عێراق و یەكێتی و پارتی هەموو گفتوگۆكانیان لە مانگی ئابەوە تا كاتژمێرەكانی پێش راپەڕین لە یاداشتەكاندا بخوێنیتەوە هەمووی لە نێوان ئەگەری لێدان و لێ نەدان خولاوەتەوە, ئامادەكاری بوو بۆ ئەگەرەكان, پلانەكانیان پلانی حازر خۆری بووە, ئەوەشی روویدا سواری ملی راپەڕینی خۆڕسكی خەڵكی عێراق و كوردستان بوون, جەماوەر لە ئەوان شۆڕشگێڕتر بوون.

ئەگەرەكەی حازم كوتك
حازم كوتك لە بنەماڵەیەكی جوتیاری فول دژ بە ئاغایی دەشتی هەولێر چاوی بە دنیا هەڵهێناوە, شۆرشگێڕییان فولە بە بنەماڵەوە, كاتێك لە ئێران خەریكی شۆفێری دەبێت وەك زۆربەی پێشمەرگەكانی دیكە, لە خۆشی داگیركردنی كوەیت كە بە گەورەترین كەرایەتی سەدام دەزانێت لە یەكەم چركەوە, كە هەواڵەكەی دەبیستێت “حازم كوتك دوو نەفەری هەبووە بیانبات بۆ سەردەشت، لە خۆشی ئەو هەواڵە نایانبات، گوایە بزن نانی شوانی خواردووەو سەدام دەڕوخێت و دەگەڕێتەوە بۆ تاقیبی هەواڵەكە, شار بە شار دەگەڕێت بەدوای خوێندنەوە بۆ ئەگەرەكان”.
حازم ڕۆژی لێدانی عێراق ماشینەكەی لێ دەبێتە بەڵاو دەیداتەوە بەوەی لێی كڕیوە بە زەرەر, چونكە لای مسۆگەرە ئەم كەرایەتییەی سەدام سەری دەخوات.

گەڕانەوە دوای ئازادی هەولێر
لە كاتێكدا هەزاران ژن و پیاوی وەك خەجە باوە لە هەولێر لە پێشەوەی خەلچكدا بوون ئەوێ رۆژێ, دوای مسۆگەر بوون لە ئازادكردنی شاری هەولێر, ئەوجا مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا, بێ ئاگاداركردنەوەی لایەنەكانی دیكەی بەرەی كوردستانی, بە بێ دەنگی بڕیاری هاتنە ناوەوەی باشووری كردستان دەدەن و لە سنوور دەپەرشێنەوە, لایەنەكان دی لە گەڵ خۆیانا ناهێنن.
مەسعود بارزانی دەڵێت” لە 11ی ئاداری 1991-دا، لە قاسمە ڕەشەوە بە ڕێكەوتین و بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك بە پێ ڕۆیشتین، سەیارەكان لە نزیك سونێ چاوەڕوانمان بوون، لەوێوە بەرەو ڕانیە ڕۆیشتین.”. بە قسەی سەید كاك بێت” كاك مەسعود و كاك نەوشیروان بە ئۆتۆمۆبیلەكەی سەید كاكە, دەگەنە ئەو ئۆتۆمۆبێلانەی بەدوایانا ناردرابوو. لە هاتنەوەشیان لە بری ئەوەی یەكسەر بگەنە هەولێر, لە بێتواتە و سەرچیا میوانی دوو ئاغای موستەشار دەبن.

ئەگەر

ئەگەر راپەڕین لە كوردستان وەك باشووری عێراق سەركوت بكرابایا بێ دەستكەوتەكانی كۆڕەو, وەك هەڵەبجەو ئەنفال پاَەوان و نەخشە داڕێژەرو ئەندازیاری نابوو, بگرە ئەندازیارەكەشی وەك تاوەنەكانی هەڵەبجەو ئەنفال و حاجی ئۆمەران كە هەیان بوو خۆیان دەشاردەوە, وەك ئەو تاوانانە هەتیو و بێكەس سەری دەنایەوە, كەس نەك باسی ئەندازیاری ناكرد, بگرە بەڵگەنامەی قولابیشیان بۆ پاكانە كردن لێی دروست دەكرد.
تا ئێستا هیچ بەڵگەیەكی بڵاو كراوە نییە هیچ هێزێكی كوردی پێش ئەو مێژووە” راپەڕینی بەسرە1-3-1991 “بانگەوازی بۆ راپەڕین كردبێت, ئەوەی هەبووە جوڵەو پەیوەندیكردن و خۆ رێكخستنەوە بووە بە بێ دەنگی, بگرە چاویان لە مفاوەزات و رێكەوتنیش بووە, لەو بێ ئومێدییەی تێی كەوتبون وەك خۆیان وتویانە جورئەتمان نییە وەك م م بڵێین ئاش بەتاڵە., دەشێت دوای گرتنی كوەیت وەك خوێن جمانی بهارانە ئومێدێكیان پەیدا كردبێت لایەكیان لێ بكرێتەوە,
منداڵێكیش بەو كەم هۆشیەی خۆیەوە بایی ئەوە ژیری هەبوو, دوایی حەڤدەی جەنیوەری 1991 كە دەست بە لێدانی عێراق كرا ئەگەرێك بۆ روخانی رژێم لە ناو كۆمەڵێك ئەگەری دی دابنێ.
هەموو كەس لە تاریك و روونی شەبەقی بەیانی پێنج شەممەی رێكەوتی 17-1-1991ەوە دەیزانی سەدام لە شكستە, چاوەكان دوكەڵ و ئاگری فرۆكەكانی هاوپەیمانانی دەبینی, گوێیەكانیش گوێ بیستی تەقینەوەكان بوون, لەبان خانووەكانەوە چەپڵەیان بۆ لێدەدرا.
بە بڕوای ئێوە راپەڕینێك دوای ئەم هەموو روداوە گەرم و شكستە مەزنەی سەدام هاتبێت, دەشێت ئەندازیاری هەبێت؟؟, وە ئەندازیارەكەشی بۆ خۆیان فیشەكێكیان نەتەقاندبێت؟؟ ئازیزێكیان خوێن لە لوتی نەهاتبێت؟؟؟؟؟, لەناو رداوەكان نەبووبێتن؟.

كۆڕەو سەركەوت
راپەڕین تەنها دوو ساڵ و نیو دوای هەردوو تاوانی هەڵەبجەو ئەنفال ئەنجامدرا, هێشتا شوێن بزر بوونی ئەنفالكراوان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە زەینی خەڵكدا مابوو, هێشتا دوكەڵی كیمیاوی و تەپ و تۆزی روخانی گوندەكان و كوشتنی خەڵك لە بەرچاوان بوو, هێشتا خەڵك بە دوای چارەنووسی ئەنفالكراوانەوە بوون بە زیندویی, هێشتا ترس و لەرزی فڕێ دانە خوارەوەی هاووڵاتیان لە كۆپتەرەوە لە زەین و هۆشیاندا بوو, هاوكات دژە سەركوتكردنی راپەڕین لە باشووری عێراق. حوسێنی زیندوو” حوسێن كامل” گولەی تانكەكەی كە نای بە حوسێنی مردوەوە, نیشانەی دەست نەپاراستن بوو. كوژرانی 5000 بەعسی لە راپەڕین بە كوشتنی 100 هەزار لە هاووڵاتیانی باشوور وەڵام درایەوە, ئەم دوو وێنە تراژیدیایە ئێستا و 88 خەڵكیان هاندا كۆڕەو بكەن. لە سەرەتادا هێزەكانی بەرەی كوردستانی لە ناو شاری هەولێر رێگری توندیان لە خەڵك كرد شار بەجێ بهێڵن, ئێمە تا بەرە بەیان بە ئۆتۆمۆبیلی پڕ لە ژن و منداڵی جل وبەرگ رەشەوە, هەموو لە پرسەی شەهیدو ئەنفالدا بووین, رێگایان نەدا لە شار دەرچینە دەرەوە, وەلێ كە گولەی تۆپەكان گەیشتە دەوروبەری هەولێرو رێگركەران هەڵاتن, ئیتر وەك روبار جەماوەر رێگای خۆی كردەوە, لێرەشدا خوێنی ئەو خەڵكەی لەو رۆژەدا بووونە قوربانی لە ئەستۆی چەكدارەكانی بەرەی كوردستانییە ئەوانەی كە رێگرییان كرد.
خەڵك بە بەجێ هێشتنی ماڵ و شار, ئەو داستانەیان خولقاند كە لە مێژوودا ناوی نرا كۆڕەو, دوای تەنها چوار رۆژ, داستانی برسی و سەرما بردووەكان چووە سەر مێزی نەتەوە یەكگرتووەكان.5ی ئەپرێل بڕیارێكی هەشت خاڵی بەناوی بڕیاری 688 لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەرچوو بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیل, بەمەش كۆڕەو بووە هۆكاری گۆڕانكاری بۆ یەكەمجار لە مێژووی گەلی كورددا لە باشووری كوردستان. هەڵەبجە و ئەنفال لە كاتی خۆیدا نەیانتوانی كاریگەری دابنێن, بەڵام كۆڕەو كە روحی نەمردووی هەڵەبجەو ئەنفال و كاردانەوەی ئەو دوو تراژیدیایە بوو, جیهانی هێنایە دەنگ=.
راپەڕین ئەنجامی نەبوو, وەلێ شكستی راپەڕین بووە سەركەوتن. دوو هۆكاری دواتر هاتنە پێشەوە شەڕی كۆڕێ و بە رادەی كەمتر ئەزمڕ و راپەڕینەكانی مانگی تەموزی هەمان ساڵی ناو شارەكان, وە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە سەرقەڵاو گەرمیان, هەموو ئەمانە سەركەوتنەكانی كۆڕەویان جێگیرترو بەرفراوانتر كرد.
كەواتە لە راستیدا هەر ئێمەی جەماوەر ئەندازیاری راپەڕین بوبێتین, ئەوا بێشك ئەندازیاری كۆڕەوی ملیۆنی و راپەڕینی تەموزی ناو شارەكان بووین, ئەم واقعەی دروست بووە بەری رەنج و تێكۆشای هەموومانە, نەك بەشداربووانی كۆبونەوەكانی فەیلەقی نەسر لە كرماشان و بە دەست لێدان بۆ هاوكاری پاشكۆكانی ئێران لە باشوور جوڵەیان كرد.
هەموو روداوەكان ئەوە دەرەخەن, دەستپێكی راپەڕین لە عێراق و كوردستان خۆرسكی بووەو ئەنجامی رق لە شكست و سەركوت, نەك ئەنجامی نەخشەو پلانەكانی كۆبونەوەكانی كرماشان و رێنوێنییەكانی فەیلەقی نەسر.
لێرەدایە رەو كردن و راكردن بەسەر پەلامارو هێرشدا سەردەكەوێت, بیچ چەك بەسەر چەكداریدا, ژن و منداڵ بەسەر سمێڵ و باسكی بەهێزدا, ئەمە مێژوویەكی نوێیە لە جیهانی نوێدا.

سەرچاوەكان:
الانتفاضە الشعبانیە – ویكی شیعە
https://www.albasrah.net/ar_articles_2023/0823/safwat_140823.htm
https://www.facebook.com/watch/?v=1069997837562544
https://www.youtube.com/watch?v=lQTtedTyLyg
https://www.youtube.com/watch?v=kKcZqzChj28
https://merip.org/1992/05/why-the-uprisings-failed/
https://elaph.com/Web/Opinion/2018/07/1214054.html
https://www.historyofkurd.com/2016/03/16/%D8%B1%D8%A7%D9%BE%DB%95%DA%95%DB%8C%D9%86-%D9%88-%DA%86%DB%95%D9%86%D8%AF-%D8%B1%D8%A7%D8%B3%D8%AA%DB%8C%DB%95%DA%A9%DB%8C-%D9%85%DB%8E%DA%98%D9%88%DB%8C%DB%8C-%D8%A8%DB%95%DA%B5%DA%AF%DB%95%D9%88/
حەفتاو ساڵ ژیان … پەنجاو نۆ ساڵ تێكۆشان ( بیرەوەریەكانی خەباتی مەلا حەسەن) فەتاح تۆفیق فەتاح چاپی یەكەم 2008 – چاپخانەی وەزارەتی رۆشنبیری هەولێر
هەڵۆ سوورەكانی قەندیل فەرەیدون عەبدوالقادر 2020 دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم
بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كرد بەرگی چوار, بەرگی پێنجەم چاپی یەكەم حوزەیرانی 2022
مام جەلال دیاری تەمەن ئامادە كردنی سەلاح رەشید- بەشی دوەم -چاپی یەكەم 2017 چاپخانەی كارۆ
قەندیل بەغدای هەژاند..بەشی سێیەم نووسینی ڕێباز چاپی دووەم 2011
57ساڵ خولانەوە لە ژێر وەهمی شۆڕشدا حازمی عەلی كوتك- دەزگای فێربون 2020
بیرەوەری پێشمەرگەیەك سەید كاكە چاپی چوارەم, 2020-
https://www.peyserpress.com/detail/8505
https://www.wtarikurd.info/2017/03/01/%D8%AF%D8%A7%D9%86%D8%A7-%D8%AD%DB%95%D9%85%DB%95%D8%B9%DB%95%D8%B2%DB%8C%D8%B2-%D8%A8%DB%86-%D9%85%DB%8E%DA%98%D9%88%D9%88%D8%8C-%D9%86%DB%95%D9%88%D8%B4%DB%8C%D8%B1%D9%88%D8%A7%D9%86-%D9%85%D8%B3/




بانگەشەی ئاشتیەکی ئاڵۆز.. عوسمانی حاجی مارف

لەم دۆخەدا کە رۆژهەڵاتی ناوەراست ئاڵۆگۆركی سیاسی بە خۆوە دیوەو پێشبینی ئاڵوگۆری زیاتریش دەکرێت، ململانێکان لە ئاستێکی باڵادا نمایش دەکرێن و هاوسەنگی هێزەکان و بەرژوەندیەکان رۆژانە سینارێۆیی جیاوازمان دەخاتە پێش چاو، روداوەکان چاودێریەکی ورد دەخوازێت، ئەگەرەکان پەرشوبڵاون، یاری لایەنەکان سەرنجراکێشن، پلانەکان و دەخالەتەکان جەماوەریان وەک تەماشاکەرێک لە چاوەروانیدا راگرتووە، ئاڵۆزیەک وێنا دەگرێت، کەکاتی کۆتایی ئەم یاریە نادیارەو ئاکامەکانی نارۆشنە و نەزانراوە کێ یاریەکە دەباتەوە، ناوچەکە لە دەورانێکی ئاڵۆزو ناجێگیر و سەگەردانیدایە، لەمێژوی ژیانی بەشەریەتدا کارەساتەکان و قوربانیەکانی بێوێنەن.
بەجیا لە گۆرانی تارادەیەکی هاوکێشەی سیاسی کە لە ئێستادا بە قازانجی تورکیایە و پاشکشەیە بە ئێران، بەڵام مانای ئەوە نیە مەیدانەکە بۆ تورکیا خاڵیەو دەتوانێ چی دەوێت ئەنجامی بدات، لەم ناوچەیە کە بەرژوەندی سیاسی و پلانی جیاوازی تیا نمایشدەکرێت، ئۆروغان لە بەرامبەر هەڵبژاردەی نێو جەنجاڵیەکی بێوێنەدا قومار دەکات، لەلایەک لە بەینی رێکەوتن یا شەر لەگەڵ ئیسرائیل تیاماوە، لەلایەکی ترەوە دەخالەتی لە چونیەتی رێکخستەوەی حکومەتی سوریا نەک لەبەرامبەر ئیسرائیل بەڵکو لەبەرامبەر فەرەنساو ئەڵمانیا و یونان… کێشەی هەیە.
بەمانایەک دیارنیە تورکیا لە نێو ئەم ململانێیەئ کە هەوڵئەدات لە ناوچەکەدا رێگایەک بۆ چارەسەری قەیرانەکانی پەیدا بکات، دەتوانێ سەرکەوتوبێت!. بەتایبەتی کەلە زۆرلاوە ئاستەنگی بۆ دێتە پێشەوە، ناچار بووە سوکانی جوڵەی نەخشە سیاسیەکانی ئاشتەوایی لەگەڵ ئۆجەلان و پەکەکە بخاتە دەستوری پلانەکانیەوە، ئۆردغان جگە لەوەی ناسیۆنالستێکی فاشست و ئیسلامیە، هیچ کات ئاشتی خوازنەبوەو نیەو نابێت، بەجۆرێک پێویستی بە بانگەشەی راگەیاندنی ئاشتیە بەڵکو رێگاکانی دەخالەتی لە ناوچەکەدا بۆ ئاواڵەترکات!. هەروەها بەکارهێنانی شێوازی ترە لە فشار بۆ سەر ئۆجەلان و پەکەکە، کە داوای کۆتایی هەڵسورانی چەکداری و هەڵوەشانەوەی حزبەکەیان دەکات، بێ ئەوەی چۆنیەتی چارەنوسێکی دیارکراو بۆ ئایندەی پێکەوەژیانی ‘کورد و تورك” ساغکاتەوە.
ئۆروغان گەر بەهەر نرخێک و کارەساتی ئینسانیش بێت، جگە لەوەی لە هەوڵی هەڵسانەوەی تورکیایە لە قەیرانە ئابوری و سیاسیەکانیدا، لە هەمانکاتدا لە هەوڵی ئەوەدایە مانەوەی لەدەسەڵاتدا جێگیرکات.
هەڵبەتە ئەردوغان جگە لە پلان و دەخالەتی لە ناوچەکەدا لە هەمانکاتدا ئەوەشی بە هەند وەرگرتووە کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٨ ئەنجام دەدرێت و ئەردۆغان ناتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە، بۆیە دەبێت دەستوور هەموار بکاتەوە، بۆئەم پلانەش پێویستی بە دەنگی کورد و هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی گەلی کورد هەیە، چونکە لەم بارودۆخەی ئێستادا کوردەکان پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەکەن کە “پارتی کۆماری گەل (جەهەپە)یە” و دیمان کە لە دوایین هەڵبژاردنیشدا پارتەکەی ئەردۆغان بە جیاوازییەکی زۆر کەم سەرکەوت و شارەوانیەکانی لە زۆرێک لە شارە گەورەکاندا دۆڕاند. بۆیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا مەترسی زۆر هەیە بۆ ئەوەی ئەردۆغان و پارتەکەی بە تەواوی لە دەسەڵات لە تورکیا دووربخرێنەوە. هەروەها دۆخی ئەوپەڕی گرینگی ئابووری تورکیا و تێچووی گەورەی شەڕ لە بەرە جۆراوجۆرەکانی ناوخۆ و دەرەکیدا، ئەردۆغانی ناچار کرد ئەمجارە لە ڕێگەی حکومەتی باخچەلییەوە قسە بکات، بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بۆ ئەوەی هەم دڵنیاکردنی ناسیۆنالیستەکان و هەم ڕاکێشانی کوردەکان بەدەست بهێنێت.
باخچەلی کە پێشتر دژی دەستپێکردنی دانوستانی نوێی ئاشتی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا بوو، بەم جۆرە لێدوانانە نیشانیدا کە نەتەوەپەرستترین لایەن لە ئەنجومەنی پەرلەماندا ئامادەیە بۆ دانوستان بۆ رێکخستنی ئەم پرسە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە. پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە کە هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغانە، یاریزانێکی سەرەکییە لە هاوپەیمانی دەسەڵاتدا، ناچارن لەم دۆخەدا سیناریۆیەک بەناوی ئاشتیەوە نیشان بدەن.
باخچەلی ئاماژەی بەوەداوە کە ” ڕەنگە هەوڵەکانی ڕێڕەوی مێژوو بگۆڕن و کۆت و بەندەکانی تورکیا بشکێنن، بۆیە دەبێت هەموو پرسێک و هەموو قەیرانێک لە پەرلەمان بوروژێنرێت و پێویست دەکات چاکسازی دیموکراسی ئەنجام بدرێت بۆ وەڵام بەنیگەرانیەکانی هاووڵاتیانی کورد!.
لە کاتێکدا کەس نەیدەویست گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە دەستپێبکات. پەکەکە هیچ هیوایەکی بە حکومەتی تورکیادا نەبوو، تا ئەو کاتەی دەڤلەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی کۆمیسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان، ڕایگەیاند “با ئۆجالان بێت و لە پەرلەمان قسە بکات”. “ئەوە راگەیەنێت کە تیرۆر بە تەواوی کۆتایی هاتووە و ڕێکخراوەکەی هەڵبوەشێنێتەوە”. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەگەر ئۆجەلان وتارێکی لەو شێوەیە پێشکەش بکات، ڕەنگە ڕێگەیەک هەبێت بۆ ئەوەی لە زیندان ئازاد بکرێت”.!
لە راستیا وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد فاکتەری گرنگ و نوێ لەسەر ئاستی ناوچەکە سەریان هەڵداوە. دۆخەکە لە وڵاتانی دەوروبەری تورکیادا گۆڕاوە، لەوانە سوریا، لوبنان و عێراق. لەم بارەیەوە ئیسرائیل و ئەمریکا پلانیان بۆ ئەو ووڵاتانەو ناوچەکە هەیە کە هیچ جێگایەک بۆ تورکیا دانانێن. بوونی کوردە چەکدارەکانی سوریا لەسەر سنوورەکانی تورکیا، کە ئەمریکا و ئیسرائیل پشتیوانیان لێدەکەن، بەربەستێکە بۆ پلانەکانی تورکیا، بۆیە هاوکات دیمشق و تورکیا لە هەوڵی ئەوەدان کە ئەو هێزە کوردیانە چەکدار بکرێن و یان بیانکەنە پاشکۆی هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا، چونکە حکومەتی ناوەندی سوریا و دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە هەموو ئەمانە بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەزانن، ئەنقەرە بەناوی ئاشتەوایەوە دەیەوێت پێگەیان لاوازکات. ئەمەش تا چەند دەتوانێ لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە قەبول کرێت، پرسیارێکە لە چۆنیەتی سەوداومامەڵەیاندا وەڵام وەردەگرێتەوە.
دواجار پەیامەکە ئۆجەلان خوێندرایەوە بە خێرایی لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە سەرانسەری جیهاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو، ئاستی نارۆشنی پرۆسەکەو شێوازی مامەڵەی ئۆروغان و باخجەلی و شێوەی پەیامەکەی ئۆجەلان و وەڵامی پەکەکە، لێکدانەوەو بۆچونی جیاوازی خستۆتە ناو میدیاکان و لایەنە سیاسیەکان و جەماوەری خەڵکەوە، لە هێوایی و بێ هیوایی!، لە هەمان کاتدا گومان لەسەر پراکتیکی بوونی ئەو بڕگەیە دروست بووە، کە ئاماژە بە داماڵینی چەک لە باڵی سەربازیی و هەڵوەشانەوەی پەکەکە دەکات.
حکومەتی تورکیا، کە لە ماوەی ڕابردوودا سەرەڕای بەڵێنەکانی هەرگیز دان بە مافەکانی کوردەکان لەم وڵاتەدا نەناوە، ئەم بەناو هەوڵدانەی ئێستاش بۆ ئاشتی پەیامێکی رۆشن بەدی ناکرێت کە راشکاوانە دان بە مافەکانی کورد و کێشەی کورد بنێت. تەنانەت بە بیانووی جۆراوجۆر نوێنەرانی یاسایی کوردەکانیان لە شارەوانییەکان و پەرلەمان لە پۆستەکانیان دوور دەخەنەوە و ساڵانە هەزاران گەنج و خوێندکاری کورد دەگرن و دەیانێرن بۆ زیندانەکان، بۆردومانەکانی بۆسەر بنکەکانی پەکەکە نەوەستانووە، هەروەها هێرشەکانی بۆ سەر هەسەدە بەردەوامە.
لە ڕاستیدا پرسی چەکداماڵینی پەکەکە یەکێکە لە ئاستەنگە گرنگەکانی بەردەم پرۆسەی ئاشتی، چونکە لە نەورۆزی ٢٠١٥ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەکەکانی دابنێت، بەڵام پرسی کۆبانی و دروستکردنی ئیدارەیەکی سەربەخۆی کوردی لەسەر سنووری تورکیا بووە هۆی عەمەلی نەکردنەوەی ئەم پرۆسەیە. هەر بۆیە ئۆجەلان لە ساڵی ٢٠١٥دا نەیتوانی پەکەکە ناچار بکات کە چەک داماڵێت.
هەرچەندە جەمیل بایک ئەندامی ئەنجوومەنی فەرماندەیی پەکەکە لەم دواییانەدا لە چاوپێکەوتنێکدا وتی ئۆجەلان سەرکردەی ئێمەیە و وەڵامی داواکارییەکانی دەدەینەوە، بەڵام پەکەکە گەرەنتی دەوێت. گەرەنتییەک کە چارەنووسی ئۆجەلان و سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە دیاری بکات کە ساڵانێکە لە چیای قەندیل دژی تورکیا شەڕیان کردووە.
هەروەها ئایندەی هێزه چه کدارەکانی پەکەکه که دەوترێت ژمارەیان زیاتر له چەند هەزارێکه، چۆن دەگەڕێنەوه بۆ تورکیا؟.
خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لە نێو کۆمەڵگای تورکیا لەسەر بنەمای ناسیۆنالستی و شۆڤێنیزم و دەستووری کەمالیستی پەروەردەکراون کە پێیانوایە تەنانەت لە دەستووری تورکیاشدا نابێت دان بە بوونی کورددا بنرێت. لەبنەڕەتدا پێیانوایە نەتەوەیەک نییە بە ناوی کورد، بەڵکو ئەوانە تورکی شاخن، ئەم دابەشبوونە کۆمەڵایەتیە لە تورکیادا پرسێکی ئاڵۆزەو بەئاسانی چارەسەر ناکرێت.
لەم هەلومەرجەداو بەهەر ئاڵۆزیەک وەک سەرەتایەکیش، ئەگەر تورکیا هەنگاوی کردەیی لەم بوارەدا رۆشن نەکاتەوە و مافەکەنی خەڵکی کوردستان بەرەسیمی نەناسێت و دەستبەجێ بەیانی نەکات، بە متمانەیەکی باوەرپێکراوەوە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانیەکانی خەڵکی کوردستان مامەڵەیەکی شەفاف و بێئەملاولا و دروست نەکات، کە ئەمەش ئەگەرێکی سەختە بۆ ناسیۆنالیستی تورکی دانیان پێدابنێت، ناکرێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە تەنها بە بانگەشەیەکی ئاشتەوایی هەنگاو بە ئاقاری چارەسەری کێشەی کورد دابنرێت، وەک ئەوەی بەشێکی زۆر لە لایەنە ناسیۆنالیستەکان قسەی لەسەردەکەن.
ئەمجۆرە ئاشتەواییە بە هەر ئاڵۆزیەکەوە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و پلانی یەکلایەنەی تورکیا هەنگاوی بۆ دەنرێت و زیاتر مانۆرێکە، کە پەیوەندی بە مافەکانی خەڵکی کوردستان و کێشەی کوردەوە نیە، سەوداو مامەڵەیەکە لەسەرو ئیرادەی خەڵکەوە نەخشەی بۆ دارێژراوە و کاری لەسەر دەکرێت، ئەگەر هەندێ دەستکەوتیشی بۆ پەکەکە تێدابێت!




خۆ دیتن و نەدیتن! ژیان لە ناو و دەرەوەی بنەماڵە!.. برایم فەڕشی

کاتی ناشتنی ناسیاوێک له‌ گۆڕستانێکی شاری کۆڵن، دۆستێک لێمی پرسی،” ئەو باڵتە درێژە کە خەریکە بەرەو ئێرە دێت، دەناسی؟” گوتم نا. ئەوجا گوتی”باڵتە درێژ، برای ئه‌و که‌سه‌یه‌، کە ئێستا خەریکن دەینێژن، ئەو دووانە، سی ساڵە قسەیان لە گەڵ یەک نەکردووە!”
I
زۆر له‌ زینده‌وه‌ران به‌ مرۆڤه‌وه‌، ژیانی به‌کۆمه‌ڵیان هه‌یه‌. فەرهەنگی ژیانی بەیەکەوەبوون شوێن شوێنی جیهان ده‌گرێته‌وه‌. بنەماڵە لەم کۆمەڵگایانە لە سەرووی تاکەوە حیسابی بۆ ده‌کرێ و گه‌وره‌ی ماڵ، دەوری لە بڕیاردان له‌ سه‌ر ژیان و کاری ئەندامانی ماڵ هەیە. سه‌رپێچیکردنی منداڵ لە ئەمری دایک و باوک کێشەی لێدەکەوێتەوە و داپچڕان به‌ هۆی زاڵبوونی ئاتۆڕیته‌ و ترادسیۆن کەمتر ڕوو دەدات، لە بەر ئەوەی بنەماڵە و لەیەکگرێدراویی، هەتاهەتایی دەبیندرێن. فەرهەنگی ژیانی تاکە کەسی خۆی لە ئازادی و سەربەستی و بڕیاری تاکە کەس، سەبارەت بە ژیان و پیشە و هەر بڕیارێکی تردا، دەبینێتەوە.
لە ناو زۆربەی فەرهەنگەکان ترادسیۆن نڕخ و بایخی ناو بنەماڵە دیاریی دەکات. لە ناو بنەماڵەی ئایینی و باوکسالار، قورسایی ئابڕو و شەڕەف دەور دەگێڕێ. ئەگەر ئەندامێکی بنەماڵە لە دژی نۆڕمەکانی بنەماڵه‌ بجولێتەوە، دەتوانێ ببێتە هۆی شەڕ و کێشە. گوێڕایەڵبوون و ڕیزدانان بۆ مرۆڤی بە تەمەن و دایک وباوک، وەک ئەرک لە وڵاتانی ئاسیا و ئافریقا دەزاندرێ و سەرپێچی کردن لەم سوننەتە، قه‌بووڵ ناکرێ.

جیلی نوێ، ئەگەر پایبه‌ندی به‌ نڕخ و بایخی جیاواز لەوەی لە ناو بنەماڵە باوە، نیشان بدات، وەک یەکسانی و ئازادی بڕیاردانی دوور لە ئاتۆڕیتە، کێشە ساز دەبێ. چاوەڕوانی دایک و باوک و بنەماڵە لە مەڕ پشتگیریی و یارمەتیدان بە بنەماڵە لە لایەن منداڵەوە، فەرهەنگی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئورووپا بووە و ئەگەر منداڵ ئەم بەرپرسیارەتییە بەئەنجام نەگەێنێت، دڕدۆنگی له‌ یه‌ک پێکدێت.

ئەو بنەماڵانەی وڵاتی خۆیان بەجێدەهێڵن، ڕووبەڕوی کۆمەڵگا و فەرهەنگ و سیستەمی جیاواز لە ژیانی خۆیان دەبن و تووشی تەنگ و چەڵەمە لە گەڵ منداڵەکانیان دێن، کە لەو سیستەمانەدا گەورە دەبن. دایک و باوک چاوەڕوانی ئەوەیان لە منداڵەکانیان هەیە کە پایبەند بە ترادسیۆن و دابونەریت و سوننەت بمێننەوە، لە کاتێکدا منداڵ فەرهەنگ و دابونەریت و ڕێوشوێنی ژیانی ئەو وڵاتە فێر دەبن و خۆیان لە گەڵ کۆمەلگا ڕادەهێنن و ژیانی خۆیان دەگرنە بەر.

لە ناو ئەو بنەماڵانەی جەخت لە بەردەوامی نۆڕمی بنەماڵە بە شێوەی پێشوو دەکرێ، چارەی کێشە لە ڕێگای نێونجیکەرەوە ئەنجام دەدرێ. بۆ ئەم مەبەستە کەسانی بەساڵاچوو، کەسانی ئایینی و کورد گوتەنی “ڕیش چەرمگ” دەور دەگێڕن. بەڵام لە ناو کۆمەڵگای پشت ئەستوور بە ئازادی تاک، سەرنجی سەرەکی، دەدرێتە گفتوگۆی نێوان کەسان. لە ناو خەڵکانی کۆمەڵگاکانی خاوەن ڕابوردوو، داب و نەریت و ڕێوڕەسمی تایبەت بۆ ئاشتبوونەوە هەیە، وەک بانگکردن بۆ خواردنی بەیەکەوە، بەشداری لە ڕێوڕەسمی ئایینی، بۆنەی نەتەوەیی، بەخشینی دیاریی بە یەکتر.
II
لەم سەردەمە سەربەخۆبوونی تاک و پێڕاگەیشتن بە خۆ، بایخی زۆرتری پێده‌درێ، هه‌تا بەرپرسایەتی له‌حاند بنەماڵە و ئەندامانی. هەر جیل و بەرەیەکی مرۆڤ چاوەڕوانی و تێگەیشتنی خۆی لە ژیان هەیە و زۆرجار نڕخ و بایخ و ئارمانج و مەبەستی جیله‌کان یه‌ک ناگرنه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش‌ زۆرجار دەبێتە هۆی بوونی گرژیی و ئاڵۆزیی و ده‌نگ له‌یه‌ک گۆڕین.
کاروپیشە و شانسی پەیداکردنی کار و مەیلی سەربەستی و ژیانی دوور لە دەستتێوەردانی ئەم و ئەو، دووریی‌ لە زێد و بنەماڵەی لێده‌که‌وێته‌وه‌ و پێوه‌ندیی سروشتی نێوان که‌سان‌ تووشی سستی ده‌کات. ئەم دوور کەوتنەوەیە، دیدار و یەکتر دیتنی بەردەوام ناگونجێنێ، هەرچەند زۆر جار ئەم دیدارانە لە یەک شار و یەک گوندیش سەر ناگرێ. سۆسیال مێدیا بۆته‌ هۆی گرێدانی مکانیکی کەسان، بەڵام نزیکایەتی ڕاستەقینە بە شێوەی سروشتی پێکناهێنێ. کەمترین پێوەندیی ڕاستەقینە و زۆرترین پێوەندیی سۆسیال مێدیایی، سەرسەری و ڕووکەشیانە دەمێنێتەوە و گرفتی نوێ دەخوڵقێنێ.
پێشتر کەسانی بە ساڵاچوو لە گەڵ منداڵەکانیان بە یەکەوە دەژیان و دایەپیرە و باوپیرە و نەوە و نەتیجە بەیەکەوە بوون. ئێستا زۆر لە دایەپیرە و باوەپیرەکان بە تەنیا دەژین. یەک له‌ هۆیه‌کانی ئەوەیە کە ئەم کەسانە لە بواری ئابووریی سەربەخۆن و پێویستی مادیان نییه‌، ڕه‌نگه‌ بۆ زۆر له‌و که‌سانه‌، ماڵی پیران جێگای چه‌شنێک له‌ بنه‌ماڵه‌ی گرتبێته‌وه‌.
بنەمای تێگه‌یشتن له‌ بنەماڵە تووشی گۆڕان هاتووه‌‌ و خۆدەربازکردن لە ژێر ئاتۆریتە به‌ شێوه‌ی کلاسیک ڕوو له‌ زیادبوونه‌. ئه‌م گۆڕانه‌ تێگه‌یشتنی گه‌ره‌که‌ و تێگه‌یشتنی سه‌رسه‌ری و ڕووکه‌ش و ئاماده‌نه‌بوون بۆ قه‌بووڵی ئه‌م گۆڕانکارییانه‌، گرفتی نێوان که‌سان و ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ دوور له‌ چارەسەری ده‌هێڵێتەوە.
III
لایەنی دەروونی و پسیکۆلۆگیی، گرنگی تایبەتی هەیە، هەرچەند کەمتر باس دەکرێ. زۆر کەس بە دەگمەن ئاوڕ لە تاکی خۆی دەداتەوە و گرفتی تاکه‌که‌سی خۆی نابینێ یان نایەوێ بیبینێ. بەشیک لە گرفتی تێنەگەیشتن لە یەکتر، لێرەوە سەرچاوە دەگرێ. ئێمە کەسی بەرانبەر دەبینین و دەیخەینه‌ ژێر چاوەدێریی و ڕه‌خنه‌، بەڵام ئەم کارە لە گەڵ خۆمان ناکەین. کێشەی ناو بنەماڵە جار هەیە دەگاتە بریندارکردنی قووڵی هەست و دەروونی یەکتر. بێدەنگە لێکردن و سپاردنی چاره‌سه‌ریی بە کاتی نادیار، قووڵترکردنەوەی گرفتی لێدەکەوێتەوە.
کۆمەڵێک کەس لە بەر هەستی خۆپەسەندی، ماتڵ دەبن هه‌تا کەسی بەرانبەر هەنگاو بۆ ساخکردنەوەی پێوەندیی و لێبوردوویی هەڵبهێنێته‌وه‌، ئەگەر ئەوە نەکرا، دابڕان به‌رده‌وام ده‌مێنێ و نێوان ناخۆشی قووڵتر دەکرێتەوە. داپچران لە یەک بە درێژایی ساڵان ئەو هەستە قایمتر دەکات کە کەسەکان هیچ شتێکی هاوبەشیان لە گەڵ یەک، نەمابێ و هەستی نەویستبوونی یەکتر تێیاندا قووڵتر بووبێتەوە و بەو ئاکامە گەیشتبێتن کە تێگەیشتنیان بەرانبەر بە مرۆڤ، مرۆڤایەتی و بنەماڵە له‌ یه‌ک دووره‌ و ناتوانن یه‌کتر بگرنه‌وه‌. ئه‌مه‌ به‌ مانای ده‌رگاداخستن له‌ گفتوگۆ و دیالۆگه.‌
تاقیکردنەوەی سەردەمی منداڵی، دەوری به‌رده‌وام لە ژیان و کەسایەتی هەر کەسێکدا دەگێڕێ. ئەگەر منداڵ، لە ناو بنەماڵە تووشی کێشە و ئازاریی دەروونی و جەستەیی کرابێ، ئاکامی لە سەردەمی لاویەتی و دواتر لە هەست و هەڵسوکەتیدا دەمێنێ، تا ئەو کاتەی ئاگابەخۆ ئاوڕ له‌و ڕابوردووە بداته‌وه‌‌. لە شانۆ و شانۆپێداگۆگی تەکنیکی گەڕانەوە بۆ ڕابوردوو بەکاردەهێندرێ بۆ دابڕان لەم تاقیکردنەوانە.
گەلێک لە ناخۆشییەکانی ناو بنەماڵە بە هۆی خراپ حاڵیبوون لە یەکتر، ڕووننەکردنەوە و هەرواهێشتنەوەی گرفت، پێکدێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی دیواری نێوان کەسان. هێندێک کەس پێوەندیی خۆیان لە گەڵ کەسان لە بەر هەست بە خەتاباربوون و شەرم، دەپچڕێنن و دوور لە چارەسەرکردنی گرفت، خۆیان دەخەنە دۆخێکی نالەبار کە ڕەنگە تا کۆتایی ژیان درێژە بێته‌وه‌. ئەم کەسانە زۆرتر ئازار بە خۆیان دەگەێنن.
IV
مرۆڤ چ بخوازێ و چ نەخوازێ، گرێدراوی گۆڕانکارییەکانە. تێگەیشتن لە گۆڕانکارییەکان یارمەتی تێگەیشتن لە گرفتی هەمە لایەنی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ده‌روونی و چەشنی ژیانی سەردەم و ئاڵوگۆڕەکان دەدات. سەردەمانی پێش، بنەماڵە گرنگترین بەشی کۆمەڵگا بوو، چەند جیل بە یەکەوە دەژیان و ئاگایان لە یەکتر بوو. ئەوە فۆڕمی سەرەکی بنەماڵە بوو، کە گرێدراوی دابونەریت و ڕێوشوێن بوو. ئەمڕۆ خوێندن، کار، وێرانی ژینگە، شەڕ، سیاسەت و گەلێک هۆی تر، ده‌بنه‌ هۆی هه‌ڵکه‌ندن لە شوێنی پێشوو. پێکهێنانی بنەماڵە و ژن و ژنخوازیی، جێگای خۆی داوە بە ژیانی هاوبەشی دوور لە قەولنامەی ئایینی و ئیداریی. کۆمەڵگای فرەخوازی سەرمایەداریی کە خۆی لە کاری زۆر و دەرامەتی زۆردا دەنوێنێ، په‌ره‌ی به‌ تاکژینی داوه‌ و وزە و بیرکردنەوەی تاکی لەخۆ گرتووە و کاتی بۆ بنەماڵە و به‌یه‌که‌وه ‌ژیان نه‌هێشتۆته‌وه‌. ئەم سیستەمە جیهانییە به‌ تێکدانی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره،‌ به‌رهه‌می کارخانه‌کانی خۆی به‌ زیادبوونی تاکژینی چه‌ند قات کردووه‌ و گرفته‌کانی ناو بنه‌ماڵه‌ی قووڵتر کردۆته‌وه‌ که‌ خۆی له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌:‌

  • که‌سانێک توانایی دانپێدانان بە هەڵە له‌ خۆیان نیشان ناده‌ن. ئەو کەسانە زۆر جار ئاوا بیر دەکەنەوە ،، بۆچی من دەست درێژ کەم؟ خەتابار کەسی بەرانبەرە!،، ئەم من من کردنە، ناگاتە سەرئانجامی چارەی گرفت.
  • ئەگەر کەسێک پێشتر شکاندرابێتەوە، هەستی بریندار کرابێ، ئەو ترسە بۆی تازە دەبێتەوە کە دیسان تووشی تاقیکردنەوەیەکی هاوچه‌شن بێتەوە. ئەمه‌‌ش دبێته‌ هۆی سستی‌ بۆ هەنگاو هەڵهێنانەوە‌.
  • هەموو کەس فێرنەبووە ئاشکرا باس لە هەست و گرفتەکانی دەروونی خۆی بکات. زۆر کەس بێدەنگی هەڵدەبژێرن و ناڕاستەوخۆ بێزاری و توڕەیی هەڵدەڕێژن و ڕێگای دوورەپەرێزی لە جیاتی ڕاستگۆیانە و ئاشکرا باسکردن و دەربڕینی بیر وهەست، ده‌گرنه‌ به‌ر.
  • لە کێشەی نێوان کەسان، تەنیا یەک ،،ڕاستی و حەقیقەت،، بەدی ناکرێ. هەر کەس لێکدانەوە و بۆچوون و گۆشە نیگای خۆی لە سەر کێشە و ڕووداوەکان هەیە، ئه‌وه‌ هه‌ر دوو لایه‌نی کێشه‌ ده‌گرێته‌وه‌. دوور لە قەبووڵی کەسی بەرانبەر و لەیەک تێگەیشتن، چارەی گرفت، ناکرێ.
  • کێشەی نێوان کەسان و ئەندامانی بنەماڵە کە خۆی لە قووڵایی منداڵی کەسەکاندا دیتبێته‌وه‌، به‌ هۆی دانه‌بڕان له‌ ڕابوردوو، تازه‌ ده‌بێته‌وه‌ و پێش به‌ تێگەیشتن و لێبوردوویی له‌مه‌ڕ سازکردنی ژیانێکی تازە و پێوەندییەکی نوێ دەگرێ.
  • جار هەیە ئەو کەسەی کێشەکە دەنێتەوە، ئەندامی دەرەوەی بنەماڵەیە، وه‌ک دۆست، هاوڕێ، هاوژین، خزم کە دەبنە هۆی داپچڕانی پێوەندیی نێوان ئەندامانی بنەماڵە، جیا له‌وه‌ کۆمەڵگا، سەردەم، فۆڕم وچەشنی ژیان، دەبنە هۆی ئاڵۆزی، کە دەبێ تاوتۆ بکرێ و ئاگابەخۆ مامەڵەی له‌گه‌ڵدا بکرێ و به‌ بێده‌نگی نه‌سپێردرێ.
  • زۆر کەس پێیوایە تێپەڕینی کات دەبێتە هۆی چارەسەریی گرفت. بەڵام چاوەڕوانی، قووڵبوونەوەی گرفتی له‌ دوایه‌. گرفت لە خۆیەوە چارە ناکرێ.
  • ئەو کەسانەی، ناتوانن و نایانەوێ لێبوردوو بن، وا بیر دەکەنەوە کە ئەگەر ئەو کارە بکەن، خۆیان بچووک کردۆتەوە و ملیان بۆ ناحەقی کەسی بەرانبەر دانەواندووە. ئەم چەشنە لە تێگەیشتن چارەسەریی لێناکەوێتە.
  • لە هێندێک حاڵەتدا هەستی گرێدراویی لە نێوان کەسان بەدی ناکرێ. پێوەندییگرتن بۆ کەسەکە گرنگ نییە و بە نیازی خۆی و بە پێویستی نازانێ، حەول بۆ چارەسەری گرفتەکە بدات، ئه‌و که‌سانه‌ به‌رده‌وام ته‌نیا ده‌مێننه‌وه‌.
  • ئەو کەسەی لە ناو بنەماڵە بەردەوام سەرکۆنە کرابێ، کۆنترۆڵ کرابێ، بە حیساب نەهاتبێ و بە شێوەی جیاواز دەروونی بریندار کرابێ، مەیلی بۆ دابڕان لە بنەماڵە و ئەندامانی زۆرتر دەبێ.
  • هێندێک کەس دووره‌پەریز دەمێننەوە لە هەڵئایساندنی شەڕ و کێشە و دەمەقڕە، لە بەر ئەوەی نایانەوەی هەستی ناخۆش بە سەریاندا زاڵ ببێ. ئەوانە لە جیاتی پیشخواردنەوە و مانەوە لە ناو ئەو دۆخە، دوورکەوتنە و دابڕان لە بنەماڵە هەڵدەبژێرن.
  • هێندێک کەس ئەوە لە خۆیاندا نابینن و نایانەوێ بەردەوام خۆیان لە پێستی ئەویتردا ببیننەوە. هەر بۆیە لایان دەبێتە گرفت هەڵسوکەوتی خۆیان بە پێی ڕەزایەت و ویستی ئەویتر ڕێکبخەن.
  • لە هێندێک بنەماڵەدا، دەور و ڕۆڵی چەقبەستوو و نەگۆڕ هەیە کە خۆی لە جیاوازی دانان لە ناو منداڵ دادەنێ، ئەمەیان سوورگوڵی دایە و بابەیە و ئەویتر بزنە بۆر، بزنە ڕەش، بزێو و سەروڕۆیە. ئەم تێگەیشتنە جیا لە لایەنی دەروونی لە درێژخایەن، کێشە و دوورکەوتنەوە لە بنەماڵەی لێدەکەوێتەوە.
  • کەرسەی دژیتاڵی بە هەر دوو باری خاس و خراودا، دەتوانێ لە سەر هەڵسوکەوت و پێوەندیی نێوان کەسان کارتێکردنی هەبێ. سۆسیال مێدیا و سەرجەم کەرەسەکان، پێوەندیی مەجازی نێوان کەسانیان لە ڕێگای دوورەوە هاسان کردۆتەوە، بەڵام سۆسیال مێدیا و پلاتفۆڕمی مەجازی ناتوانن جێگرەوەی پێوەندی و گفتوگۆی سروشتی نیوان کەسان بن و چارەسەری گرفتەکان بکەن و زۆر جار دەبنە هۆی سازبوونی گرفتی نوێ و چاوەڕوانی کەسان لە یەکتر چارەسەر ناکا و پرسیاری نوێی بێ وڵام دەخوڵقێنێ و تێگەیشتنی سەرسەری و ڕووکەش زیاد دەکات.
    V
    هەڵسوکەوتی ڕاستگۆیانە و ئاشکرا و گفتوگۆی دوور لە قامک لە چاوی یەکتر ڕۆکردن، لایەنگری نواندن و حەولدان بۆ تێگەیشتن لە هەست و چاوەڕوانی کەسی بەرانبەر، هەست بە بەرپرسیارەتیکردن و دانپێدانان بە خەتا لە جیاتی بەردەوام کەسی بەرانبەر خەتابارکردن، چاوەڕواننەکردن بۆ هاتنی ،،کاتی گونجاو،، و هەڵهێنانەوەی هانگاوێکی ساکار بۆ وێنە ناردنی پەیام یان پێشنیاری یەکتر دیتن یان هەر ڕێگایەکیتر، لێبوردن و خۆ خەلاس کردن لە پێناو هێمنی و ئارامشی خۆت و کەسی بەرانبەر و خۆ ڕزگارکردن لە گێژاوی مێشک و دەروون و خۆ ئازادکردن لە بەندی هەستی ئازاردەر، ڕێگا چاره‌ی گرفته‌کانه‌.
    ڕێگا چارە، گرێدراویی ویست و خواست و ئامادەبوونی هەر دوو لایەنە. مرۆڤ دەتوانێ بە گوتنی ڕستەیەکی ساکار گۆڕان پێک بێنێ. لە جیاتی پێشداوەری، گله‌یی کردن و خەتابارکردن، ده‌کرێ گفتوگۆ، قسه‌کردن، ڕێزگرتن له‌ هەست و تێگەیشتنی یه‌کتر ببێتە مەبەست. ئەوە ڕوونه‌، سازکردنی پێوەندیی سەرلەنوێ، کات و سەبر و حەوسەلە، بەردەوامی و تێگەیشتن لە یەکتر و قەبووڵی تایبەتمەندی یه‌کتری، گه‌ره‌که‌. بێگوومان ڕاوێژی پزیشکی و مێدیتاسیۆن لە کاتی قووڵبوونەوەی کێشەی نێوان کەسان، سوودی هەیە و نابێ پشتگوێ بخرێ.
    ‎منداڵ، کچ و کوڕ لە ناو بنەماڵە ئه‌گه‌ر تووشی ئازاری دەروونی، جەستەیی، جینسی بووبێیتن، مافی خۆیانه‌ پێوه‌ندیی له‌ گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ بپچرێنن. لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرپرسیاریی و ئاگالێبوونی ئەو کەسانە، ژن و منداڵ و لاوانی ژێر هەژدە ساڵ، دەکەوێتە ئەستۆی دەزگاکانی دەوڵەتی و دەزگاکانی مەدەنی لە ژێر چاوەدێریی دەزگاکانی دەوڵەتی.
    VI
    کورت مارکس Kurt Marx ساڵی ١٩٢٥ لە شاری کۆڵن له‌ دایک بوو. ساڵی ١٩٣٨ لە جەنگەی شەڕی دووهەم لە تەمه‌نی سێزدە ساڵان لە تەک کۆمەڵێک منداڵی تر سواری قەتار کران بۆ ئەوەی نه‌که‌ونه‌ ده‌ست نازییه‌کان. بریتانیا ئەو کات ئیزنی به‌ منداڵانی جوو ده‌دات بچنه‌ ئه‌و وڵاته‌. دایک و باوکی کورت پاش ڕۆیشتنی ئەو، دەستەبەسەر کران و لە ئوردوگای نازییەکان کوژران . له‌م ڕۆژانه‌دا(فوریەی ٢٠٢٥) کورت مارکس پاش تێپەڕبوونی ٨٥ ساڵ، بۆ یەکەمجار گه‌ڕاوه‌ شاری کۆڵن. له‌ گۆڕستانی جووله‌که‌کان هیچ نیشانه‌یه‌ک له‌ دایک و باوکی نه‌بوو! کورت له‌ ڕێگای ڕادیۆی شاری کۆڵنه‌وه‌، وردەکارییەکانی ژیانی خۆی هەتا ئه‌و کاته‌ی بۆ هه‌میشه‌ وڵاته‌که‌ی به‌جێهێشت، گێڕایه‌وه‌‌. به‌سه‌رهاتی کورت مارکس ده‌یسه‌لمێنێ، که‌ تاقیکردنه‌وه‌کانی مرۆڤ له‌ ناو ناچن. ئازاری ٨٥ ساڵ دوورکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ ساڕێژ نه‌کرا. مارکس له‌ کۆتایی وتوێژه‌که‌یدا ده‌لێ” ژیان ده‌رفه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی دووباره‌م پێنابه‌خشێ!”
    ژیان چرکه‌یە‌، هەیە و نییە! چرکەکان بەفیڕۆ نەدین‌‌!

    برایم فەڕشی
    ٣/٣/٢٠٢٥

  • Marshall B. Rosenberg – „Gewaltfreie Kommunikation“
  • Desmond Tutu – „Das Buch des Vergebens“
  • Gary Chapman & Jennifer Thomas – „Die fünf Sprachen der Entschuldigung“
  • Brené Brown – „Verletzlichkeit macht stark“
  • Jesper Juul – „Vier Werte, die Kinder ein Leben lang tragen“
  • Joshua Coleman – „Rules of Estrangement: Why Adult Children Cut Ties and How to Heal the Conflict“
  • Tina Gilbertson – „Reconnecting with Your Estranged Adult Child“
  • Harriet Lerner – „The Dance of Connection“



سەربەخۆیی و ئازادی، دوو بەردی بناغەی بەرخۆدانی جەماوەری لە ئیران!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

ئاوڕدانەوەیەک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی “ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک” لە ئێران

دەکرێت لە گۆشەنیگای جیاوازەوە سەیری دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران بکرێت. بەڵام روانگەیەک (رەسەن)ە کە هەڵقوڵاوی بەرژەوەندی خەڵک بێت. ئەمەش تایبەتمەندی سەرەکی موقاومەتی خەڵکی ئێرانە کە (ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران) نوێنەرایەتی دەکات. پێگە و قورسایی باقی ناڕەزایەتییەکانیش بە دووری و نزیکیی لەم موقاومەتەوە هەڵدەسەنگێندرێت.
“سەربەخۆیی و ئازادی” دوو بەردی بناغەی سەرەکی و رەسەنی ئەم بەرخۆدانەیە. پێشێلکردنی هەر یەکێکیان دەبێتە هۆی “وابەستەیی و دیکتاتۆری” و بەرخۆدان لە رەوایەت دەخات. ئەم دوو پرەنسیپە، بناغەی سەرەکیی بەرەنگاربوونەوەن لە دژی دیکتاتۆرییەت و لە پێناو رزگارکردنی ئێراندا. بەم “پێوەرە”یە هەر دژایەتییەک بەرامبەر بە دیکتاتۆرییەت هەڵدەسەنگێندرێت و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دیکتاتۆری لە ئێران پۆلێن دەکرێن.
بەرخۆدانی رەسەنی جەماوەری هەرگیز لەلایەن “دەسەڵاتە بەرژەوەندخوازەکانەوە” خوازراو نەبووە و نییە و هەمیشە لەلایەن لایەنگرانی وابەستەیی و دیکتاتۆرییەتەوە هێرشیان کراوەتە سەر. لایەنگرانی ئەم بەرخۆدانە کراونەتە ئامانجی زۆرێک پیلان و لیبێڵ و تۆمەت و زۆرێک گوشار خراوەتە سەریان. هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردن، گرتن، ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان و کوشتن لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، لە دەرەوەی ئێرانیش سنووردار و قەدەغە کراون. هەروەها لە دەرەوەی ئێرانیش خراونەتە لیستی رەشەوە. دەکوژرێن و تیرۆر دەکرێن. سانسۆر دەکرێن بۆ ئەوەی وێڕای پەراوێزخستنیان، ئەوانیتر(!) بتوانن کردارییانە مەیدانیان هەبێت و جارێکیتر سەرمایە ماددی و مەعنەوییەکانی خەڵکی ئێران تاڵان بکەن و رێگە بدەن دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا بمێنێتەوە!
زلهێزە بەرژەوەندیخوازەکان چاویان لە تاوانەکانی دیکتاتۆرییەتی ئێران داخستووە و بۆ پەردەپۆشکردنی “ڕاستییەکان”، هەندێک جار دژایەتی و ناڕەزایەتی لە دژی ئەم دەسەڵاتە نیشان دەدەن. ئەمجۆرە پەردەپۆشکردنە نەک ناکۆک نییە لەگەڵ سیاسەت و بەرنامەکانی دەسەڵاتی دەیکتاتۆری، بەڵکو زۆرجار، داخوازیی ئەم دەسەڵاتەیە کە خۆی وەک هەرە دیموکراتی، هەرە ئارامترین وڵات، هەرە ئازادترین وڵات و هەرە مرۆڤدۆستترین دەسەڵات دەنوێنێ. “دروستکردنی ئاستەنگ” لەدژی خەڵکی ئێران و موقاومەتی ئێران، بڕگەی هاوبەشی دیکتاتۆرییەت و لایەنگرانی دیکتاتۆرییەتە لە ئێران!
تاوان و سیاسەت و بەرنامەکانی دەسەڵات دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی بۆ بەشێکی هەرە زۆری گەلانی جیهان و سەربەخۆییخوازان و ئازادیخوازانی جیهان روونە. زۆرێک لە حیزبەکان و بەرپرسانی پێشوو و کەسایەتی و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی گەل لە وڵاتانی جیهان بۆ پشتیوانیکردن لە موقاومەتی ئێران راپەڕیون و چالاکن. لە ئەمریکا کەسایەتییەکانی وەک مایک پێنس، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، جەیمس جۆنز و جۆن بۆڵتۆن، راوێژکارانی پێشووی سەرۆکی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئیدارەی پێشووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک حیزبەکان و ژەنەڕاڵەکانی ئەمریکا وەک کیت کلاگ. لە ئەوروپا، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئینگلتەرا، سەرۆکی پێشووی مەجلیسی بریتانیا، بەرپرسانی پێشووی وڵاتانی ئەوروپا یان جێگرانی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا، بەرپرسان و پەرلەمانتارانی خەڵکی ئەوروپا لە پەرلەمانی ئەوروپا یان وڵاتان، سەرۆک رێکخراو و پارتەکانی وڵاتان. وە لە وڵاتانیتری جیهانیش بە هەمان شێوە.
پشتیوانیکردنەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی لە موقاومەتی ئێران کە لە لایەک پێویست و راست و درووستە و لە لایەکی دیکەشەوە، پێشکەوتنی موقاومەتی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەت نیشان دەدات، کە بەبێ چالاکی و هەبوونی بنکەیەکی کۆمەڵایەتی لە ناو دڵی کۆمەڵگای ئێراندا هەرگیز مومکین نەدەبوو! چونکە بەرخۆدانێکی رەسەن و سەرکەوتوو، رەگ و ریشەی لە کۆمەڵگەی ئێراندا هەیە!
لەمدواییانەدا، تەلەفیزیۆنی سیمای ئازادی، تەلەفزیۆنی میللیی ئێران، بیست و نۆیەمین هەنگاوی خۆی لە بەرنامەیەکدا بە ناوی “یارمەتیدان” دەستپێکرد، کە دوای چوار رۆژ زیاتر لە ٧ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلاری لە بینەرەکانی کۆ کردەوە. ئەم هەنگاوە نەک ناوازەیە، بەڵکو هەڵگری زۆرێک مەسجە، کە لە هۆگربوونی بینەران لە پێناو (سەربەخۆیی) و (ئازادی) لە ناو جەماوەری خەڵکی ئێراندا کورت دەکرێتەوە و دەرخەری پێگەی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی ئەم موقاومەتەیە لە ناو خەڵکی ئێران و رەوەندی ئێرانی لە دەرەوەی وڵاتدا.
چاوخشاندنێک بە فرەچەشنی نێوان یارەمەتیدەرانی ئەم بەرنامە تەلەفزیۆنییەی موقاوەمەتی ئێران، هەندێک راستی ئاشکرا دەکات کە چەندین جار راگەیەندراوە و هەندێکیشیان نوێن. لەم بەرنامەیەدا، لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێران و بە تایبەتی لە ناوخۆی ئێران، هەزاران کەس، لە نەتەوە و ئایین و سپێکترۆمی جیاوازەوە، کە دەیانەوێت دیکتاتۆری لە وڵاتەکەیاندا بڕووخێنن، وێڕای پشتیوانیکردن لە ئەنجومەنی نیشتمانی موقاومەتی ئێران و بەخشینی ملیۆنان دۆلار بۆ ئەم میدیا نیشتمانی و جەماوەرییە، رایانگەیاند کە ئەم میدیایە گرنگترین میدیا بووە. بە تایبەت لەمەڕ هەواڵەکانی بەرخۆدان و خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەتی ئایینی.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە “تەلەفیزیۆنی میللیی ئێران” گوزارشت لە هەواڵ و راپۆرت و بەرنامەکانی موقاومەتی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەت دەکات و مێژوویەکی زیاتر لە سێ دەیەی هەیە. بە بڕوای لایەنگرانی ئەم میدیایەوە، مانەوە و پێشخستن و گەشەسەندنی ئەم میدیایە، بەشێکە لە خەبات و تێکۆشانی خەڵک بۆ رووخاندنی دیکتاتۆری ئایینی لە ئێراندا. بە هۆی پاڵپشتیکردنی خەڵک بۆ ئەم تەلەفیزیۆنە، رژێم سەرەڕای خەرجکردنی پارەیەکی زۆر، نەیتوانیوە بیکوژێنێتەوە و بێکاریگەری بکات.
پاڵپشتیکردنی خەڵک بۆ ئەم میدیایە تەنها پشتیوانیکردنێکی ماددی و دارایی نەبوو. بەڵکوو بە بڕوای لایەنگرانی ئەم میدیایە، ئەم تەلەڤیزیۆنە بۆ ئازادیخوازان و بە تایبەتی ناوەندەکانی شۆڕشیی سەر بە موقاومەتی خەڵکی ئێران، “چرای داگیرساندنی ماڵ و رێپیشاندەری خەبات” و لە هەمان کاتدا بەربەستێکە لە بەرامبەر ئەو بەدیلە کۆنەپەرستە و کۆلۆنیالیستانەی کە دەیانەوێت ئێران لە ژێر دەسەڵاتی رژێمێکی وابەستە و دیکتاتۆردا بمێنێتەوە!
ئەگەرچی خەڵکی ئێران لەژێر سایەی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهیدا لە سەرمایەی ماددی بێبەشن، بەڵام ئەم پشتیوانیکردنانە، لە رووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەعنەوییەوە، وێنەی شەرعییەت و رەوایەتی جەماوەری و مێژوویی بەرخۆدانی ئێرانیان دەرخست. ئێرانییەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، وێڕای پشتیوانیکردن لە چالاکییەکانی “ناوەندەکانی شۆڕش” لە ناوخۆی ئێران، لە بەرەنگاربوونەوە دیکتاتۆرییەتی ئاخوندان، پشتیوانییان کرد لە دەزگای سەرکردایەتیکردنی راپەڕینی خەڵکی ئێران بە سەرۆکایەتی خانمی مریەم رەجەوی کرد. پشتیوانیکردنی قووتابیان، خوێندکاران، ژنان، وەرزشوانان، شارەزایان، مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕانی ئێران، هەروەها زیندانیانی رزگاربوو، لە موقامەتی ئێران، بەڵگەنامەیەکی حاشا هەڵنەگرە بۆ پشتیوانیکردن لەو دوو تایبەتمەندییە سەرەکییەی سەرەوە، واتە ئازادی و سەربەخۆیی. پاڵپشتیکردنێک کە تایبەتە بە موقاومەتی خەڵکی ئێران بەرامبەر بە دیکتاتۆرییەت لە ئێران.
لەم بەرنامەیەدا، ئامادەبوونی کەسایەتییە سیاسییەکان و ئەندامانی مەجلیس لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهانمان بینی کە ستایشی سەربەخۆیی دارایی موقاومەتی ئێرانییان دەکرد. بەشداربووانی بەرنامەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم بەرنامەیە هاوکاتە لەگەڵ شکستی گەورەی ئاخوندان لە گرتنەبەری سیاستی هەناردەکردنی کۆنەپەرستی و شەڕفرۆشتنی ئەم رژێمە کە تیچوویەکی لە رادەبەدەریان بۆ کردووە و بە رووخانی بنەماڵەی ئەسەدی دیکتاتۆر لە سوریا و داڕمانی قووڵایی ستراتیژیی ئەم رژێمە لە ناوچەکە، تووشی نوقمبوون بووە. ئەوان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر رەوایەتی ستراتیژیی موقاومەتی ئێران سەلمێنراوە و گومانی تێدا نییە کە تاکە وەڵامی راستەقینە بۆ رژێمی دیکتاتۆریی ئایینی، وازهێنانە لە رێگاچارەی مەدەنی و ئاشتیخوازانە بەرانبەر بە دیکتاتۆرییەت و گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، واتا هێز و ئیرادە!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی




پێش حزوری نیگاكانت.. كاوەی خەسرەوكاوانی

پێش ئەو ساتەی بگەم بە حزورە نیگات
هەزارویەك بیروخەیاڵ بە مێشكما دێ …
كە گەیشتم بەدیدارت
وەكو منداڵی بێ زمان
شتەكانم بیردەچنەوەو
هەرچی هەیە بەلادادێ …
پێش ئەوساتەی بگەم بەتۆ
پاڵەوانی فلیمێكم ئازاودلێر
لەمانای ترس نازانم…
كە گەیشتم بەدیدارت
مووچڕكێك گیان دادەگرێ و
ئەژنۆم دەكەوتە لەرزین و
تەتەڵە دەكات زمانم …
من لەگەورەترین جەنگ دا
دێوەزمەی ترسی مردنم راوناوە…
كەچی ئەی شۆخ بە گومانم
ئەم سامەی خۆت
لەكام زەمەنا هێناوە…
13/4/2010 kawa_kiwiny@yahoo.co.uk




وانەکان لەسەر پۆپۆلیزم و دیموکراسی.. نووسینی: ئێکۆ ئێرنادا.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

لەگەڵ دەستبەکاربونی دۆناڵد ترامپ و گەڕانەوەی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کاریگەری سیاسی وەک خاڵێکی سەرەکی گفتوگۆکانی جیهانی لەسەر دیموکراسی دەمێنێتەوە. هەڵبژاردنەوەی دووبارەی ترامپ تەنها ڕەنگدانەوەی بێزاری دەنگدەران نییە؛ بەڵکوو ئاماژەیە بە کێشە قووڵترەکانی بەڕێوەبردنی دونیای ئەمڕۆ دەکات.

لێکچونەکانی نێوان سەرهەڵدانەوەی ترامپ و نموونە مێژووییەکانی پۆپۆلیزم، وەک گەیشتنی لویس بۆنابارت Louis Bonaparteبە دەسەڵات، ڕوانگەیەکی سەرنجڕاکێشمان نیشاندەدات. کارڵ مارکس بە شێوەیەکی گاڵتەئامێزانە ناوبانگی بۆنابۆرتی وەک کەسێکی “شێواو و بێتوانا” وەسفکرد، سەرکێشی و کەموکوڕییەکانی خۆی لە پشت “دەمامکی مەرگی ئاسنینی ناپلیۆن” دەشاردەوە. لە “هەژدەی برۆمێری لویس بۆنابارت”دا، مارکس وردەکاری ئەوەی خستەڕوو کە چۆن بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ململانێی چینایەتی ڕێگەیان بۆ گەیشتنی کەسانی نەگونجاو بە دەسەڵات خۆشکرد. ئەم دینامیکیەتە، وەک پیتەر وین-براون Peter Winn-Brown لە “گەڕانەوەی دووەم: بەشی یەکەم – زیندووبوونەوە” دەیخاتەڕوو، هاوشێوەی سەرهەڵدانەوەی ترامپە.

وەک ئەوەی وین براون جەختی لەسەر دەکاتەوە، توانای ترامپە لە ئیستغلالکردنی ناڕەزایەتییە کەلتووری و ئابوورییەکان. ئەم چیرۆکەی قوربانی بوون و یاخیبوون دژی چینی باڵادەست هاوشێوەی ئەو ڕەوتانەیە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بەتایبەتی ئەندەنووسیا، کە لەوێ وتاری پۆپۆلیستی بە شێوەیەکی بەرچاو شێوەو شکڵی داوە بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەندەنووسیا لە ساڵی ٢٠١٩ دینامیکیەتێکی هاوشێوەی دەرخست. کاندیدەکان وەک پرابۆ سوبیانتۆ بانگەشەی پۆپۆلیستییان بەکارهێنا بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری، تەرکیزیان لەسەر سیاسەتی ئابووری نەتەوەیی و ڕەخنەگرتن لە کاریگەری بیانی کرد. ئەم پەیامانە بە قووڵی لەگەڵ دەنگدەرانی بێ هیوابوو لە نایەکسانی ئابووری دەنگی دایەوە. ئەم هاوتەریبییانە ئەوە دەردەخەن کە چۆن پۆپۆلیزم، چ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان یان لە ئەندەنووسیا، بە کەڵک وەرگرتن لە نائارامییە کەلتووری و ناڕەزایەتییە ئابوورییەکان گەشە دەکات.

هەوڵەکان بۆ ناڕەوا کردنی ڕابەرە پۆپۆلیستەکان زۆرجار ئەنجامی نەخوازراوی هەیە، وەک مارکس لە ڕەخنەکەی لە رکابەرەکانی بۆنابارت تێبینی کرد. کەسایەتییەکان وەک ڤیکتۆر هیوگۆ و پییەرجۆزێف پرۆدۆن، بە هەوڵدان بۆ کەمنیشاندانی بۆنابارت، بە شێوەیەکی نەخوازراو پێگەیان بەهێز کرد. وین براون ئاماژە بە دینامیکێکی هاوشێوە لە سیاسەتی مۆدێرندا دەکات، کە تێیدا هەوڵەکان بۆ لابردنی ترامپ چیرۆکەکەی وەک قوربانی زوڵمی چینی باڵادەست بەهێزتر دەکات. ئەمە ئەو پێویستیە ستراتیجیە دەردەخات کەدەبێت هۆکارە بنەڕەتییەکانی ناڕەزایەتی خەڵک چارەسەربکرێت نەوەک تەرکیزکردن لەسەر ڕابەرە تاکەکەسییەکان.

وین براون ڕەخنە لە شکستی پارتی دیموکرات دەگرێت لە پەیوەندیکردن لەگەڵ دەنگدەرانی چینی کرێکار، خاڵێک کە لە سیاسەتی ئەندەنووسیاش دووبارە دەبێتەوە. کاندیدە پێشکەوتنخوازەکان لە ئەندەنووسیا زۆرجار کێشەیان هەیە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆمەڵگە گوندنشین و ئابووری لاوازەکان کە تێیاندا گەشەسەندن نایەکسانە. هەردوو وڵات پێویستی بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکان دەردەخەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان لەگەڵ ڕێزگرتن لە شوناسە کەلتوورییەکان بۆ گەڕاندنەوەی متمانە.

چەمکی “زنجیرەی یەکسانی”ی شانتاڵ موف Chantal Mouffe ڕێنمایی پێشکەش دەکات بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکان و دەنگدەران. ئەم ڕێبازە پەیوەندی بە یەکگرتنی ناڕەزایەتییە جیاوازەکانەوە هەیە لەژێر دیدێکی هاوبەشدا، جەخت لەسەر هاوپشتی دەکات لە بری دابەشبوون.

بەشداریکردن لە حوکمڕانی ڕێگایەکی تری بەرەوپێشچوون پێشکەش دەکات. زانای سیاسی ئارکۆن فونگ Archon Fung پشتگیری لە مۆدێلەکانی وەک بودجەی بەشداریکردن دەکات، کە هاوڵاتیان بەهێز دەکات بۆ بەشداریکردن لە بڕیاردان. لە شارەکانی وەک سورابایا، بەشداریکردن لە بودجە سەرکەوتوو بووە لە باشترکردنی لێپرسینەوەی دیموکراسی و دروستکردنی هەستی خاوەندارێتی لە نێو دەنگدەراندا. لەگەڵ ئەوەشدا، بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکان دەبێت سیاسەتەکانیان بە کاریگەری بگەیەنن بۆ ئەوەی لەگەڵ دەنگدەران لە سەرانسەری جیاوازییە کەلتووری و ئابوورییەکان دەنگ بداتەوە. ئەو سیاسەتانەی جەخت لەسەر گشتگیری و سوودی ڕاستەوخۆ بۆ گرووپە پەراوێزخراوەکان دەکەن دەتوانن وەک هێزێکی یەکگرتوو کار بکەن. بۆ نموونە، چوارچێوەکردنی بەرنامەکان وەک دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی یان گەشەپێدانی ژێرخان وەک ئامرازێک بۆ یەکسانی و بەهێزکردنی ئابووری، کەلێنەکانی لێکتێگەیشتن و پشتگیری پڕ دەکاتەوە.

زیندووبوونەوەی سیاسی ترامپ درزەکان لە سیستەمە دیموکراسییە جیهانییەکان دەردەخات، بەڵام هەروەها دەرفەتێک بۆ تێڕامان و چاکسازی پێشکەش دەکات. لە کاتێکدا وین براون جەخت لەسەر کەموکوڕییە گرنگەکان دەکات، بەڵام لە چارەسەری کردەیی کورت دەهێنێت. بە وەرگرتنی وانە لە ئەندەنووسیا، بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و شوێنەکانی تر دەتوانن سیاسەتێک دابڕێژن کە نایەکسانی ئابووری، نامۆبوونی کەلتووری و بێهیوابوونی سیاسی چارەسەر بکات.

لە هەمان کاتدا، ڕابەران دەبێت دیدێکی ڕوون و گشتگیر بخەنەڕوو کە کۆمەڵگە جیاوازەکان لەژێر ئامانجە هاوبەشەکانی یەکسانی و دەرفەتدا یەکبخات. چەمکی “پۆپۆلیزمی پێشکەوتنخواز”ی نانسی فرەیزەر Nancy Fraser ، بزووتنەوەیەک کە دادپەروەری ئابووری لەگەڵ گشتگیری کەلتووریدا تێکەڵ دەکات، چوارچێوەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ ئەم هەوڵە پێشکەش دەکات.

چ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەندەنووسیا، یان شوێنەکانی تر، بزووتنەوە پۆپۆلیستەکان تەحەدا دەکەن بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە مەبەست و ئەولەویەتەکانی دیموکراسی. داهاتووی سیستەمە دیموکراسییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم گۆڕانکارییانەدا نییە، بەڵکو لە باوەشپێداکردنیاندایە بۆ دروستکردنی چوارچێوەیەک کە ڕیشەی لە هاوپشتی و مەبەستی هاوبەشدا هەبێت. ئەو ڕابەرانەی گوێ دەگرن، خۆیان دەگونجێنن و بە مەبەستەوە کار دەکەن دەتوانن دیموکراسی بۆ سەردەمێکی نوێ پێناسە بکەنەوە.

وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

سەرچاوە:

جاکارتا پۆست/تۆڕی هەواڵی ئاسیا
https://opinion.inquirer.net/180409/lessons-on-populism-and-democracy




بەکورتی: ١- ئێمە ئیسرائیلناسمان نییە. ئیسرائیلناسیی جوولەکەناسیش لەخۆدەگرێت.. ئازاد حەمە*

گومانی ناوێت، کە ئێمە چ لە نێوەندی ئەکادێمیی و چ لە نێوەندی روناکبیریی ئیسرائیلناسمان نییە. لەکاتێکدا، کە ئیسرائیلناسی Israelology جوولەکە ناسیش لەخۆدەگرێت و ئەمەش دەرگا لەزۆر ناسینی تردەکاتەوە، لەوانە ئاشنابوون بە مێژووی ئایینەکان و هاوکات بە تەوراتناسیش.
تەتانەت من کەس ناناسم لە ڕێزی ئەکادێمیان و نوسەرانی کورد، کە لە ئیسرائیلناسی پسپۆڕبێت و شارەزاییەکی قوڵیشی لەسەر پەرتووکی پیرۆز Bible هەبێت. جا ئایا ئەمە کەموکوڕیەکی ئەکادێمیی و ڕۆشنفکریی نییە؟
ئێمە ئیسرائیلناسی (ئیسرائیلۆلۆژی) و جوولەکەناسیەکەمان لەمیانەی سۆسیالمیدیا و ژۆرنالیست و ڕۆشنفکرانی عەرەبەوەیە، کە ئەوەش ناتەواوە و بێلایەنی پێوەدیار نییە. واتە، ئەوەی ئێمە لەسەر دەوڵەتی ئیسرائیل و ئاینی جوولەکە دەیزانین ئەوەیە، کە ساڵاهایە نوسەرانی جیهانی عەرەبی خستویانەتەبەردەستمان، کە سەرلەبەریشی ڕق و لایەنداری پێوەدیارە.
ئیسرائیل تەنها دەوڵەتێکی سیاسیی نییە، ئاین و زمان و کولتوریشە، کە مخابن پێێ ئاشنانیین. لە دەیا دەی خوێندکارەکانم هەرگیز نەیانزانیوە زمانی ئیسرائیلیەکان عیبریە، شوێنی خواپەرستیان سیناگۆکە، و کتێبە پیرۆزەکەشیان ناوی تەوراتە. نەزانینی ئەم شتانە و وردەکاریتر لەگەڵ کاتدا هەر نەزانی بەرهەمناهێنێت، بەڵکو دادوەری سیاسیی، و ئاینیی و کولتوریی هەڵەش بەرهەمدێنێت.
بواری لێکۆڵینەوەی ئیسرائیلناسی لاهوتیات(خواناسی theology) یشی تێدەکەوێت، ئەمەش سەرەتایەک دەبێت بۆ نزیکبوونەوە لە ئاین و زمان و کولتورەکانی تر. گەر تێۆلۆجی(یەزدانناسی)ش بریتیبێت لە لێکۆڵێنەوە لە سروشتی یەزدان و باوەڕە ئایینییەکان ئەوا ئەم جۆرە زانینە لە ئاشنابوون و کرانەوە بەڕووی باوەڕە ئاینییە جیاکان نزیکماندەکاتەوە.
بەنی ئیسرائیل، یاخود ئیسرائیلیەکان و خودی ئاینەکەشیان بەشێکن لە دیرۆکی مرۆڤایەتی. لێرەوە دەڵێێن تەورات، کە یەکێکە لە سێ ئاینە مەزنە ئاسمانیەکە شایانی پسپۆریتیاکردنە. مخابن، توێژینەوەی ئەکادێمی خۆماڵیمان لەوبارەوە زۆر کەمە. من لێرە باسی ئیسرائیلناسییەک دەکەم، کە سیاسەت جارێ نەیشێواندووە، ئەو ئیسرائیلناسیەش، کە هەنووکە دەستی جیهانی عەرەبی پێنەگەیشتووە لە ڕاڤەکاریی.
بۆیە کاتی ئەوە هاتووە، کە ئێمە کتێبخانەی پاک و پوختی ئەکادێمیی خۆمان لەسەر بناغەی توێژینەوەی فرەلایەن و بێ لایەن دروستکەین، کە دواتر توێژینەوەکان بناغەدانێن بۆ هزرێکی ئاینیی متمانەپێکراو. هەر ئەو توێژینەوانە دواتر دەتوانن وەڵامی پۆلێک پرسیاری بیرلێنەکراو بدەنەوە، کە بەم جۆرەیە: چی بەجۆرێکی زاستی لەسەر خاک و گەلی ئیسرائیل و زمانی عیبری و ئیسرائیلیزم دەزانین؟ کێن پسپۆرانی ئێمە لە پەیمانی کۆن Old Testament ؟ روناکبیری ئێمە لەسەر ئەوەی، کە لە چ ئاینێکەوە چی دزەی کردووەتە ناو ئاینێکیتر لە چ ئاستێکدایە؟
کۆتا وتنمان لەم بارەیەوە ئەوەیە، کە تا ڕق زۆرتربێت لە ئیسرائیل، تا دژەجوولەکە گەرایی anti-Semitism پەرەبسێنێت ئیسرائیل رەفتارڕەشتتردەبێت. بۆیە کاتی ئەوە هاتووە نێوەندی ئەکادێمیی ئێمە سەبارەت بە بابەتە وروژێنەرە سیاسیی، ئاینیی و کولتوورییەکان خاوەنی هزریی ئەکادێمیی و روناکبیریی خۆی بێت.

*پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




هه‌ڵویستی شوعییانه‌ نه‌ك لیبڕاڵ دیموكراسی و كۆنه‌په‌ره‌ست.. نووسینی: سەلام عەبدوڵڵا

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




بەخشینى نان لەلایەن بارزانیەوە هیچ کەمتر نییە لە خۆهەڵکێشانەکەی ماری ئەنتۆنێت کە ووتى (با کێک بخۆن).. کۆژین بەهادین مەحموود

لە شانۆیەکی سیاسیدا کە تەنانەت دەکرێت ماری ئەنتۆنێتیش بخاتە شەرمەزارییەوە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان , ڕایگەیاند کە ملیۆنێک نان دەبەخشێت لە مانگی ڕەمەزاندا. کەسێک پێشبینی دەکات وڵاتێکی دەوڵەمەند و پڕ نەوتی وەک کوردستان دەبێت خەرجییەکانى ئەم وڵاتە بۆ چى بێت ئایا( کار، ژێرخان، یان تەنانەت خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بێت)، بەڵام لەبری ئەوە خەرجیەکانى بە شێوەیەک بەفیڕۆ دەدرێت کە، خەڵکی کوردستان دەکاتە کۆترێک لە مەیدانێکی گشتیدا نانیان بۆ فڕێ بدرێت. ئایا ئەمە سەرکردایەتییە، یان تەنها سوکایەتیەکى ڕوونە بە میلەتى کورد لە ڕێگەى کارى خێرخوازییەوە ؟ قورسە بڕیار بدەیت کە کام لەمانە ناخۆشترە: ئەم کارە خۆی یان ئەو چاوەڕوانییەی کە خەڵکی کوردستان دەبێت سوپاسگوزار بن بۆ وەرگرتنی ئەو نانانەی لەلایەن ئەو سەرکردنەوە دەبەخشرێت کە هۆکار بوون بۆ زەوتکردن و وێرانکردنى ئابووریى وڵات؟
ئەو بەراوردە لەگەڵ وتە بەناوبانگەکەی ماری ئەنتۆنێت “با کێک بخۆن” زۆر گونجاوە. لەکاتێکدا خانەوادەى مەسعود بارزانى ژیانێکی خۆش دەبەنە سەر لە نێو کۆشکە گرن بەهاکانیان لە دەرەوە و ناوەوەى وڵات، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە خەڵکی کوردستان لە ململانێدابن، دەستبگرنەوە بۆ چەند پارچە نانێک . ئەگەر سامانی کوردستان بە کەمێک لێهاتوویی بەڕێوە ببردرایە، کەس پێویستی بە دەستپێشخەری “ملیۆن نان” نەدەبوو. بەڵام لەژێر دەسەڵاتی پارتى، ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە نەوتى وەکو کوردستان کراوەتە شوێنێک کە خواردنی بنەڕەتی وەک خۆشییەکی دەوڵەمەندانە سەیر دەکرێت کە دەیانەوێت وەکو بەخشین پڕ ئازار بیدەنە میلەتەکەیان . پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە: ئەو پارەى نەوتە چى لێهات ؟ بە دڵنیاییەوە نەچووەتە گیرفانى خەڵکی ئاسایی لەبەر مەسعود بارزانى دەیەوێت خەڵک سەرەیی بۆ بگرێت وەکو ئەوەى وڵاتەکەیان لە ناوچەیەکی تێکشکاوی جەنگدا بێت.
سەرکردایەتی بریتییە لە دڵنیابوون لە دەوڵەمەندی نەتەوەکەت، نەک فڕێدانی چەند پارچە نانێک بۆ خەڵکی هەژار کە حیزب لە بنەڕەتدا کار دەکات بۆ سەندنى ئەو بڕە داهاتەى کە هەژاران هەیانە. خەڵکی کوردستان پێویستیان بە نان بەخشینەوەى بارزانی و پارتی نییە؛ پێویستیان بە سەقامگیری ئابووری، ڕۆشنبیری، و سەرکردایەتییەکی ڕاستەقینەیە. هیچکات نانی بێبەرامبەر ناتوانێت ڕاستییەکە بشارێتەوە کە لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا، کوردستان بووەتە ناوچەیەک کە دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر دەبن، هەژارەکان برسیتر دەبن، و دەسەڵاتداران بوێرى ئەوەیان هەیە کە چاوەڕوانی سوپاسگوزاری بن لەلایەن میلەتەوە بۆ شکستەکانی خۆیان. ملیۆنێک نان ناتوانێت دەیان ساڵ فەسادى و گەندەڵى لەناو ببات ، و ناشتوانێت ناڕەزاییەتى خەڵک بێدەنگ بکات کە شایەنی زیاترە لە پارچە نانەکانی سفرەی دەوڵەمەندەکەی خێزانی بارزانی.

کۆژین بەهادین مەحموود




رۆڵی زیـرەکیی دەستکـرد لە وێـژەی منـداڵان.. رەزا شـوان

لە جیهـانی ئەمـڕۆدا، لە سایەی شۆڕشی تەکـنەلـۆژیا و داهـێنانی سەیـر و سەمەرەدا، بە خـێرایی بـروسکە، گۆڕانکاری و تازەگەری و داهـێنان لە هەمـوو بوارەکانی ژیاندا روودەدەن. دەستەواژەی زیـرەکی دەستکرد یان (ژیـریی دەستکرد، هـۆشی دەستکرد) کە ناوەکەی لە ئینگـیزیدا، بۆ ئەم دوو پیتە کورتکـراوەتەوە (ئەی ئای). بە عەرەبیش (الذکاء الاصطـناعي). بووەتە بنیشـتە خۆشەی سەر زاری هەرە زۆری خەڵکی جیهان. هەمـووان باس لە زیـرەکیی دەستکرد و لە کاریگەرییەکانی لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیانی مرۆڤ دەکەن، لە ئەمڕۆ و لە داهاتوودا. زیرەکی دەستکرد، بووە بە پێویستی و بە بەشـێکی دانەبـڕاو لە ژیـانی رۆژانەمـان. وەرچەرخـانێکی گـەورەیە و کاریـگەریی لەسەر هەمـوو لایەنەکانی ژیانمان هـەیە. هەمـوو بـوارەکانیـش، دەسـتیان کردووە بە بیرکـردنەوە لـەوەی کە چـۆن ئەم تەکنەلـۆژیایە بقـۆزنەوە و لە خـزمەتی بوارەکانیاندا بەکاریبهێنن. زیرەکیی دەستکرد، تا بێت زیاتر و خیراتر گەشەدەکات و پەردەستێنێت و زیرەکتر دەبێت. تا رادەیەک دڵە راوکێ و ترسی لەلای کەسانێکی زۆر دروستکردووە. دوای راگـرتنی دەکـەن، تـرسی ئەوەیـان هـەیە، کە ئامـێرە زیـرەکەکان، لە داهاتـوودا کۆنترۆڵی مرۆڤایەتی بکەن و زاڵبن و سوارسەری مرۆڤ ببن. ئەگەرچی ئەمە دووره‌ رووبـدات. چونکە کـلـیـل و جـڵەوی زیـرەکی دەستکـرد لە دەستی مـرۆڤە. بە باشی یا بە خـراپی بەکارهـێنانی دەگەڕێتـەوە بـۆ خـودی مرۆڤ. بۆ نموونە فـڕۆکە گواستنەوە بووە بە خێروبێر و خۆشی بۆ مـرۆڤ کە بە خـێرایی لە ئەمپەڕی دنیـاوە بۆ ئەوپەڕی لە کورتـریـن مـاوەدا، بـە ئاسانی گەشـتی پێـدەکـەن. یان پـاسی بێ شـوفـێـر، رۆبـۆتی پـزیـشکی و ئـینتەرنـێـت و ئایـفـۆنی زیـرەک و بە دەیـان داهـێنراوی مـۆدێـرن، کە بە زیـرەکیی دەستکـرد کاردەکەن. هەمـوو ئەمانە بـوونە بە مایەی ئـۆخەی و خـۆشی بۆ مـرۆڤ. بەڵام فـرۆکەی جەنگی و فـرۆکەی بێ فـرۆکەوان (درۆن) و رۆکێت و…هـتد. بوونەتە بەڵا و لەناوبەری مرۆڤ. بە ملیۆنان کەسیان پێ کوژران، بە ملیـۆنان شار و گونـدیان وێـرانکرد و ژیـنگەی سـروشتیان پیسکرد و شـێواندوویانە. ئایا هەر خودی مرۆڤ نییە، کە ئەم چەکە کوشندە و کاولکەرانە بەکاردەهـێنێت و ئاراستەیان دەکات؟
زیرەکیی دەستکرد، لـقـێکی فـراوانە لە زانستی کۆمپـیوتەر، کە مامەڵە لەگەڵ واکردنی ئامـێرە زیـرەکەکان دەکات. کە “بيـربکەنەوە” و تـوانای ئەوەیـان هـەبێـت چارەسەری کێشەکان بکەن. تـوانای ئەوەیان پێبـدرێت، کە بە ئامانجەوە بە دوای شتێکدا بگەڕێن. لەسـەر بنەمـای چـەمکی مێـشکی مـرۆڤ دامـەزراون و هـەنـدێک کاری هـاوشـێوەی زیـرەکیی مـرۆڤ ئەنجام بدەن. زیـرەکیی دەستکـرد، لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە، کۆمپیـوتەرەکان دەتـوانن لە رووی تیۆرییەوە، هـۆشیارییەکی هـاوشێوەی هـۆشیاریی مرۆڤ پەرەپێبدەن. بە کورتی زیرەکیی دەستکرد، ئەو کار و چالاکییانە زیرەکانەیە کە ئامێـرە کـۆمپیـۆتەرییەکان لە هـاوشـێوەی مـرۆڤ بە شـێوەیەکی لـۆژیکی ئەنجـامیان دەدەن. توانـای لاساییکـردنەوەی کـار و هـەڵـسوکەوتەکـانی مـرۆڤـیان هـەیە.
(جـۆن مەکارتی) لە ساڵی (١٩٥٥) دا، دەستەواژەی زیـرەکیی دەستکردی داناوە. بەم شێوەیەش پێناسەی کردووە:”زیرەکیی دەستکرد، بریتییە لە زانست و لە ئەندازیاریی دروستکـردنی ئامـێری زیـرەک”.
ئەگەرچی زیرەکیی دەستکرد بوارێکی خێرا پەرەسەندووە، بەڵام هەڵتۆقاوێکی کوتوپڕ نیـیە، بەڵکـو بە چەنـد قـۆناغـێـدا تـێپەڕیـوە تا گەیـشـتۆتە ئـەوەی کە ئێستا هـەیـەتی.
میـژووی بـۆ سـاڵانی جـەنگی جیهـانی دووەم دەگـەڕێـتەوە. کاتـێک سوپـای ئەڵـمانـیا ئامێری (ئیـنـیگـما) یان بەکـارهـێـنا بـۆ کـۆکـردنەوەی، نامـە بە شـێوەیەکی پارێـزراو.
ئێمەی کوردیـش، پێویـستـیمان بە سـتراتیـژییـەتێکە کە بتـوانـین لەگـەڵ کـاروانی ئەم پێشکەوتنە خێرا و ئاڵۆزەدا دەربەرین. بتوانین سوود لە زیرەکی دەستکرد وەربگرین، وەک یەکـێک لـە بەهـێـزتـریـن ئامـرازەکـانی گـواسـتنەوەی کولـتوور و بەهـاکان، لەم سەردەمەدا رۆڵێکی بێهـاوتای هـەیە، لە داڕشتنی بیروڕای گـشتی. بۆیە پێویـستیی بە گرنگـیدانێکی تایبـەت هـەیە لە داڕشـتـنی سـیاسەتی کولـتووریـدا. زیـرەکی دەستکرد، توخـمێکی نوێیە لە گۆڕینی زانـست و زانـستە مـرۆییـەکان، بە شـێوازێکی نانەریتی. پێویـستە لە کوردستان، زیـرەکیی دەستکـرد، بخـرێتە پـروگـرامی خوێنـدنی پۆلەکانی قـوتابخـانەی بنەڕەتییەوە. مامۆستایانی کوردیشمان ئاشنای چـۆنیەتی بەکارهـێنان و فـێـرکـردن و سـوودوەرگـرتـن، لـە ئامـێرە زیـرەکـەکـان بـن. بـۆ ئـەوەی بتـوانـن لە پەروەردەکردن و فـێرکرنی دروستی خوێنـداکاران سوودیان لێـوەربگرن و بە باشی بەکـاریان بهـێـنن. چـونکە داهـاتـوو بۆ زیـرەکـیی دەستکـردە.
چـیتر تەکـنەلـۆژا لە بـوارەکانی زانـست و ئەندازیاریـدا، قـورخکـرا و سنووردار نییە.
بەڵکو بە هـێزەوە چووەتە بواری وێـژە و رۆشنبری و لایەنەکانی ترەوە. بە تایەتیش بـواری وێـژەی منداڵانـدا. شێوازەکانی بەرهەمهـێـنانی وێـژەی منـداڵان بە شـێوەیەکی ریـشەیی دەگـۆڕێــت. ئیتر پێنـووس تاکـە ئامـرازی نووسـین و داهـێـنان نیـیە. بەڵکـو چەندین ئامرازی مۆدێرن و بەرنامەڕێـژیش چوونەتە پاڵی. فـێرخوازانیش چیتر تەنیا (دوو داری دوور) نابیـنن، بەڵکـو زۆر شـتی سـەیـر و سـەمـەری مـۆدێـرن دەبـیـنن. زیرەکی دەستکرد دەتوانێت بەشداری لە داڕشتنی ئەزموونە وێـژەییەکانن بکات، کە سنوورە نەریتییەکانیان تێپدەپەڕێنن، بوونەنە بە پـلاتفـۆرمی کارلێککار و ناسنامەی کولتووری بەرز دەکەنـەوە و کـنجکاوییەکانی منـداڵان بەرەو داهـێنان دەورووژێـنن.
زیـرەکیی دەستکرد، زاراوەیەکی نـۆێی لە جیهـانی منـداڵان دروستکـردووە. ئاسۆیەکی نـوێ و بێ سنووری بۆ منداڵان کردووەتەوە. هـاتووەتە ناو بـواری وێـژەی منـداڵان و بـە سەرچاوەیەکی گرنگی داهـێنانی و پێشکەوتنی وێـژەی منـداڵان دادەنرێـت. زیرەکی دەستکـرد، لەرێی کارەکتەرە رۆبـۆتـییەکانەوە، بە روونی جـێپەنجـەی لەسـەر وێـژەی منـداڵان نەخـشانـدووە.
لەگەڵ سەرهـەڵـدانی زیـرەکـیی دەستکـرد دا، پـرسیارگەلـێکیش سەریان هەڵـدا. وەک: چۆن زیرەکی دەستکرد، بۆ خزمەتی داڕشتنی ناوەڕۆکەکانی ژانرەکانی وێـژەی منداڵان بەکاربهـێـنین؟ چـۆن وابکەیـن کە منـداڵەکانمان لە زیـرەکیی دەستکـرد سـوودمەندبـن؟ چـۆن وابکـرێت کە زیـرەکـیی دەستکـرد، کـاریـگەرییـەکی ئەرێـنـیی لەسـەر پـرۆسـەی پەروەردە و فـێرکردنی منـداڵان هـەبێـت؟ چـۆن تەکنەلـۆژیا، خـزمەت بە فـراوانکردنی ئەنـدێشەی منـداڵان بکات و پەرە بە ویـژدانیان بـدات؟ ئەمە ئەو لایـەنە گـرنگانەن کە پێویـستە بە وردی لێکـۆڵـینەوەیـان لەسەر بکـرێـن.
زیـرەکی دەستکـرد، توانای بەرهـەمهـێنانی دەقی وێـژەیی هـەیە. دەتـوانـێت ناوەڕۆکی کـوالـیتی بـەرز پێـشکەش بـکات. بەڵام ئایا ئەم دەقـانە دەتـوانـن بە راسـتی هـەسـت و ئەزموونی مرۆڤ بگەیەنن؟ توێـژێنەران دەریدەخەن کە دەقەکانی زیرەکیی دوستکـراو هـەستی قـووڵ و درکـپێـردنی مـرۆڤـیان نیـیە. بۆ نمـوونە چـیرۆکە دروسـتکـراوەکانی زیرەکیی دەستکرد، رەنگە لە رووی پێکهاتەییەوە راستـبـن، بەڵام ناتـوانن ئەزمـوونە سۆزدارییەکان بە باشی بگەیەنن. بە کورتی زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیدەری مرۆڤ بێت، نەک جیگـرەوەی بێت. چونکە ئامـێرە بێ رۆح و کەڕەکان، ناتوانـن ببـنە جێکـرەوەی مـرۆڤ و هەمـوو رۆڵێکی مرۆڤ ئەنجام بدەن، هەرچەنـدەش زیـرەک بن، لە ئەنجامی زیـرەکی مرۆڤـدا داهـێنراون و بەرنامەڕێـژ کراون. مەبەستیش لە داهـێنان و دروستکردنیان، ئاسانکـردن و خـێرایی ئەنجامـدانی کارەکان و ئامانجەکانی مـرۆڤـن.
زیـرەکیی دەستکـرد و تەکـنەلـۆژیـای زیـرەک، دەرفـەتـێکی نایـابیـان بـۆ گەشەکـردن و پێ<شکەوتنی وێـژەی منـداڵان و نەوجـوانان رەخساندوون. بۆ ئەوەی بە ئاسانترین و بە باشـترین شـێوە ئەنجـامەکان بەدەسـت بهـێـنن.
راهـێنانی نووسـەرانی منداڵان بۆ سوودوەرگرتن لە زیرەکیی دەستکردن و بە دروستی بەکـارهـێنانی ئـەم تەکـنەلـۆژیـا مـۆدێـرنـانە، دەتـوانـن یارمەتیـدەربـن لە باشـترکـردنی کـوالـیتی وێـژەی منـداڵان و بە پەرەپێـدانی داهـێـنان و بیـرکـردنەوەی رەخـنەگـرانە لە منـداڵانـدا.

سـوودە وێـژەیـیەکانی زیـرەکـیی دەستکـرد زۆرن. بە کـورتی و بە چـڕوپـڕی باس لە هـەنـدێک لە سـووەکانی زیـرەکیی دەستکرد لە وێـژەی منـداڵان، بۆ منـداڵان دەکەیـن:
١ـ زیرەکیی دەستکـرد، ئاسۆیەکی نـوێ و بێ سنوور بۆ منداڵان دەکاتەوە. بەو پێیەی کە دەتـوانـن ئەنـدێـشەکانیان بگـۆڕن بـۆ راسـتی، بە شـێوەیەک کە پـێـشـتر نەدەکـرا.
٢ـ زیـرەکیی دەستکـرد، یارمەتـیی منـداڵان دەدات، لـە دۆزینـەوەی بەهـرە و حـەز و ئارەزووەکـانیان و گەشەکـردنیـان لە بـواری زانـسـت و بەرنـامەسـازیـدا. لەوانـەش بەهـرەی نـووسـینیان لە چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخـشـان.
٣ـ زیرەکی دەستکرد، کنجکاوی منـداڵان دەوورووژێنێـت و بیـرۆکەی داهـێنەرانەیان بەرزدەکـاتەوە.
٤ـ زیـرەکیی دەسـتکـرد، بەشـدارە لە هـانـدان و لـە بـەرزکـردنـەوەی ناسـنامـەی کـولـتووریی منـداڵان.
٥ـ ئەو چـیرۆکانەی کە لەسـەر بنەمـای زیـرەکیی دەسـتکـرد داڕێـژراون، یارمـەتیی منـداڵان دەدەن بـۆ بەرزکـردنـەوەی بیـرۆکەی رەخـنەگـرانە و داهـێـنان.
٦ـ زیـرەکیی دەسـتکـرد، بـۆ دروسـتکـردنی یـارییـە پـەروەردەیـیـەکـان بـۆ منـداڵان بەکاردەهـێنرێـت. ئـەم یارییـانەش دەتـوانن یارمەتـیی منـداڵان بـدەن بـۆ فـێربـوونی چەمکی نـوێ و پەرەپـێـدانی تـوانـاکانی چـارەسەرکـردنی کـێـشەکانیـان.
٧ـ ئەو چـیرۆکانـەی کە باس لە زیـرەکیـی دەستکـرد دەکەن، وەک بابەتێک یارمـەتیی منـداڵان دەدەن بۆ مامەڵەکـردن لەگەڵ ئەو بەرۆکگـیرییانەی”تەحەدیـیانەی” لەوانەیە لە داهـاتـوودا رووبەڕوویان ببـنەوە. ئەو دەرفـەتەشـیان پـێدەدەن بیر لە بەکارهـێنانی تەکـنەلـۆژیـا بـکەنەوە. ئەمـەش تـوانـای بـڕیـاردانی دروسـتیان بـەرز دەکـاتەوە.
٨ ـ زیـرەکیی دەستکـرد، دەتوانێت یارمەتیی ئەو خوێنەرانە بـدات کە لە خوێندنەوەدا لاوازن، تا باشـتر بخـوێـننەوە.
٩ـ زیـرەکیی دەستکرد، دەتـوانێـت یارمەتـیی منـداڵانی نووسەر بدات. بۆ دەربـڕینی ئـەوەی لە ناخـیان دایە و بـۆ دروسـتکـردنی بیـرۆکەی نـوێ.
١٠ـ زیرەکیی دەستکرد، بەشدارە لە بەرزکردنەوەی رەخنەی داهێنەرانە لە منداڵاندا. بە ورووژانـدنی پرسیارگەلێکی وەک: ئەگەر کۆنترۆڵی زیـرەکیی دەستکـرد لەدەست بـدەین چی روودەدات؟ ئایا رۆبۆت دەتوانێت بـیربکاتەوە و هەڵـبژێـرێت؟ ئایا… هـتد. بەشدارن لە بنیاتنانی کـنجکاویی منداڵان و لە ئاراسـتەکـردنیان بەرەو بـیرکردنەوەی داهـێنەرانە.
زیـرەکیی دەستکـرد، توانای گۆڕینی دەقی نووسراوی بۆ وێنـە و بۆ دەنـگ هـەیە، ئەم وێنـانەش، وادەکـەن کە ئەو خەیـاڵە بەرجەستەبێـت، کە هـونـەرمەنـدان و نووسەرانی وێـژەی منـداڵان، هـەنـدێک جـار لە بەرجـەستەکـردنیـان شـکـست دەهـێـنن.
لە ئێستادا چەنـدین پلاتـفـۆرمی ئەلیکـترۆنی هـەن، وێنە و مـادەی دەنگی بۆ منـداڵان دابیـن دەکەن، لەوانـەش گـۆرانی و حـیکایـەت و چـیرۆکی جـۆراجـۆر لەگـەڵ وێنـەدا.
چەندین سایت هـەن کە زیرەکیی دەستکرد بۆ خـزمەتی وێـژەی منـداڵان بەکاردەهـێنن. لەوانە (سـتۆری بـۆتـس)، (گـوگـلە ئەل کـیـدس) کە چەنـدیـن ئەنیـمەیـشن و ڤـیدیـۆی دەنگیی ناوەڕۆک نوێ و سەرنجڕاکێشیان درووستکردون بۆ منداڵان نمایشیان دەکەن.
لە سایەی زیـرەکیی دەستکرد و ئامێرە زیرەکەکانـدا، داهـێنانی نـوێی زیاتر و زیارتر و گۆڕانکاری گەورەتر بەڕێـوەن، چونکە شۆڕشی تەکنەلـۆژاو و داهـێنان وەستانی نییە. لەو باوەڕەدام، کە زیـرەکیی دەستکـرد، لە داهـاتـوودا دەتـوانێـت لە هەمـوو بوارەکانـدا، کارئاسانییەکی زیاتر و خـێراتر و خـزمەتێکی ناوازەتر پێـشکەش بە مـروڤـایەتی بکات.
(*) بـۆ نووسینی ئـەم بابـەتە، سـوودم لە چەنـدیـن سـایـتی ئـینگـلـیزی و عەرەبی وەرگرتوون.
رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٥




ئـۆپـەرێـتی نـــــەورۆز.. هـۆنـراوەی: رەزا شـوان

مـنـداڵان
بەخــێـربـێـیـت لالــــە نـــــەورۆز
جـــەژنی نـــــــەورۆزت پـــیـرۆز
دیـــــاری چـیــت بـۆ هـــێـنـاویـن
ئـێمـەیـن هــاوڕێی تـۆی دڵـسـۆز

لالـە نـەورۆز
مـنـــــــداڵانی کوردســـــــــــــتـان
رۆڵـەی گەرمیــان و کوێـســـتـان
دیـــاریـی جـــــــوانـم هــێـــــنـاوە
بـۆ ئـێــوەی خـۆشــەویــســـــتان

مـنـداڵان
لالــە نــەورۆز ، هـەر بـمـێـنـیـت
مـــژدەی شــادیـمـان بـۆ بـێـنـیـت
ســەری ســاڵـمــان پــــیـرۆزەکـە
تــــۆوی ئـاشــــــتی بـچـــــێـنـیـت

لالـە نـەورۆز
ئــەم دوو بـووکـــە شـووشـــەیـە
دیـاریی خـونچـــە و نـوخـشــەیـە
ئـەم تـــۆپ و ئــەم کـەمــــانچـــە
پـێـشکەش بە هـیـوا و رەنجـەیـە
ئـەم ورچــــۆڵـە و ئـەم ئـاســکـە
بـۆ ئـێــوەیـە جـــوان و نـاســکـە
ئـەم کــتـێــبە و ئـەم پـێـنووســـە
بـۆ شـــــــــڤـان و بــروســــــکـە

مـنـداڵان
لالـــــە وەرە دەســـــت بـگـــریـن
تــێـر بـە دڵـمــــان هـەڵــــپـەڕيـن
بـە ئــــــاواز و بـە یـەکـــــدەنـگ
ســـروودی نــــەورۆز بـچــــڕیـن
نـەورۆزە ، نـەورۆز ، نـەورۆزە
جــــــەژی کـــــوردە پـــــــیـرۆزە
خـۆشـتریـریـن مانـگی ئـەم ورزە
دنـیـــــا رەنـگــــيـن و ســـــەوزە

کەرکـووک: ١٩٩٥




ئۆجەلان و فەلسەفەی سیاسی لیبڕالیسم.. ئەکرەم سەعید

“جێهێشتنی هەڵە بەبێ ڕەتکردنەوە، هاندانی بێ ئەخلاقی فیکرییە.”- مارکس.
پێشەکی دەبێ ئەوە بڵێم: کە هەموو حیزبێک مافیەتی و ئازادە چ(ئامانجێک و فەلسەفەێکی سیاسی و شێوەی خەبات هەڵدەبژێرێ)، هەروەها سۆسیالیستەکانیش مافیان هەیە ڕەخنەی ئسوڵی لەو حیزبانە بگرن.

لە بانگەوازەكەی ئۆجەلاندا دوو پرس هەیە:(یەکەم پرسی كۆمەڵگەی دیموكراتیك و دووەم پرسی ئاشتی). ئۆجەلان دەڵێ:(كۆمەڵگەی دیموكراتیك، پێویستییەكی حاشاهەڵنەگرە. … دەوڵەتنەتەوە جیاجیاكان، فیدراسیۆن، خۆبەڕێوەبەریی ئیداری و چارەسەرە كەلتوورییەكان كە دەرئەنجامی پێویستی نەتەوەپەرستیی توندن، ناتوانن ببنە وەڵامگۆی سۆسیۆلۆژیای كۆمەڵگەیەكی مێژوویی.)، و دووەم:(چەكەكانتان دابنێن و پەكەكە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە)- / ۱. ئەم بانگەوازەی ئۆجەلان فەلسەفەی سیاسی لیبڕالیسمی کردۆتە ڕێگای تێکۆشانی پەکەکە، واتە وازی لە(دەوڵەتنەتەوە جیاجیاكان، فیدراسیۆن و خۆبەڕێوەبەریی ئیداری) هێناوە کە لە ساڵانی ۲۰۰٤ بۆ ۲۰۰٥ بانگەوازی بۆ دەکرد، و لە بەشی کوردستانی سوریا”خۆبەڕێوەبەریی ئیداری”وەک نموونەێک دامەزرا.

  • تاکە ئازادەکان لە کۆمەڵگەی دیموكراتیكدا:
    “تاکەکەس وەک هاووڵاتی دەوڵەتێکی دیموکرات”چەمکێکی سەرەکی یاسایی و سیاسی لیبرالیسمە، وە پێدەچێت شاووشەی فەلسەفەی سیاسی لیبرالیسم پێک بهێنێ. بۆیە سۆسیالیستەکان نابێت خۆیان لە ئەرکی ڕەخنەگرتن بەدوور بگرن، لە کاتێ حیزبێک یان سەرکردەێک”هاوڵاتیبوون”دەکاتە ئامانجی خۆی، و ئەوە خاڵی سەرەکی بانگەوازەکەی بێت، چونکە لە ئسوڵی فەلسەفەی سیاسی مارکسدا ڕەخنەیەکی ڕیشەیی لە چەمکی “تاکەکەس – هاوڵاتی/هاوڵاتیبوون” هەیە.
    لە دیدگای فەلسەفەی سیاسی مارکسدا مافەکانی تاکی مرۆڤ-مافەکانی هاوڵاتی، ئەوانەی بە ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێناسە دەکرێن، مافەکانی مرۆڤی خۆپەرستە، مرۆڤی گۆشەگیر و نامۆیە، کە جیاکراوەتەوە لە ئەوانی تر و لە کۆمەڵگە.
    بەم شێوەیە مارکس ڕای وایە کە چوار‘‘مافی سروشتی مرۆڤ”وەک ئەوەی لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیدا هاتووە:”ئازادی، یەکسانی، ئاسایش و مافی خاوەنداریەتی تایبەتی موڵک و ماڵ”، ئەو مافانە دەگەڕێنەوە بۆ سامان، وە ئەو مافانەی”هاوڵاتی و مرۆڤ”وەک مەتافۆرێک کار دەکەن، و لە ناوەڕۆکدا مافەکانی چینی بۆرژوازییە.- /۲.
    مارکس لە نووسینەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە مرۆڤ لە کۆمەڵگەی دیموکراتی سەرمایەداریدا لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و ئاڵۆگۆڕدا لەتەک مرۆڤەکانی دی؛ واتە لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا: دەبێتە بوونەوەرێکی نامۆ، چونکە مامەڵەێکی ئۆبژێکتکردن بەسەریدا فەرزدەکرێت و سەرکوتکردنێکی بابەتی بەسەریدا دەسەپێنرێت، ئیدی مرۆڤ وەک تاکەکەس/هاوڵاتی نامۆیە، و زاتی خۆی نادۆزێتەوەو ناتوانێ ئازادی و یەکسانی ڕاستەقینەی ئینسانی خۆی لە کۆمەڵگەدا چنگ کەوێ.
    ئەم ڕەخنە سۆسیالیستییە فاقیدە لە وتارەکان دەربارەی بانگەوازەكەی ئۆجەلان، چونکە زۆربەی وتاری چەپەکان گرنگییان بە”پرسی ئاشتی”داوە .

ئاشتی لە ناوچەێکی ناسەقامگیر و پڕ لە میلیشیادا
(ئەگەر مرۆڤ بیەوێت هەر شتێک بەدەست بهێنێت، هەرچییەک بێت، سەرەتا دەبێت پێوەرێک دابمەزرێنێت کە ڕێگاکەی ئاسان بکات، چونکە بەبێ ئەو پێوەرە هیچ دەستکەوتێک بەدەست ناهێنێت) – فەیلەسوف مۆزی – حەکیمێکی وڵاتی چین *.
لە کاتێدا(یاسای جەنگەڵ .. یاسای ماف بۆ بەهێزە)لە جیهانی ئەمڕۆدا زاڵە، داخۆ چەکدانانی پەکەکە تاچەند کۆمەک بە ئاشتی و سەقامگیری لە تورکیا و ناوچەکەدا دەکات؟، لە کاتێدا تورکیا و هاوپەیمانانی لە ناتۆ، بە جەنگ و بە زۆری چەک دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆرییان گۆڕی، و دەسەڵاتی ئیسلامییە تیرۆریستەکانیان بەسەر خەڵکی سوریادا سەپاند، تاچەند دەسەڵاتدارانی ئەو تورکیایە، جگە لە مانۆرێکی سیاسی بۆ خۆقایمکردن لە دونیای نادڵنیایی ئەمڕۆدا، لە ناوچەی پڕ لە ململانێی چەکداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بڕوایان بە ئاشتی هەیە؟.
کەواتە دیارە تورکیا پراگماتیسمانە گەمەێک دەکات و هەروەهاش پەکەکە پراگماتیسمانە دەچێتە نێو ئەو گەمەیەوە. ئەمڕۆکە دونیای سیاسەت پڕ بووە لە پراگماتیسمەکان. بۆ هەمووان ئاشکرایە کە تورکیا قازانجی لە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دەسەڵاتی کوردەکانی سوریا هەیە، دەنا تورکیا خۆی خاوەنی هێزی میلیشیایە لە سوریا و لیبیادا. ئیدی دیارە”سوودی هەنوکەیی – پراگماتیسم”لە پرۆسەی بەناو ئاشتیدا، پێوەری تورکیا و پەکەکە و ناسۆنالیستەکانی کوردستانە.
بێگومان بۆ خەڵکانی سۆسیالیست(پەکەکە و دەسەڵاتی کوردەکانی سوریا)، خەباتی چەکداری بکەن یان ئاشتیخواز بن، ئەوە ڕۆڵێکی جەوهەری نییە لە هەڵسانگاندن و هەڵوێست بەرامبەریان، چونکە تێکۆشانی ئەوان پەیوەندی بە سۆسیالیسمەوە نییە.
بەڵام ئەو بانگەشەیەی کورد ناسیۆنالیستەکان ئەمڕۆکە دەیکەن بۆ ئاشتی و دژی شێوازی خەباتی چەکداری، دەبێتە بڕواێک، کە ئەگەر سبەی هێزێکی ڕاستەقینەی سۆسیالیست بڕیاری خەباتی چەکداری بدات، ئەوە زۆربە دژی دەوەستن.
لە ڕاستیدا بەدریژایی میژوو حەقدارێکی بی هێز، چەنده پرسەکەشی ڕەوا بووبێ، نەی توانیوە لە ململانێدا لە بەهێزێکی ناحەقداری بەرێتەوە.
ئایا شێوازی خەباتی ئاشتیخوازانە و مەدەنییانە لە نێو جیهانی سەرمایەداری پڕ لە قەیران و پشێوی ئەمڕۆدا، تاچەند کۆمەک بەهۆشیاربوونەوەو یەکگرتنی چینی کرێکاران دەکات؟!.
بەڕای من چ لە تورکیا و چ لە جێگای دی لە دونیادا کۆمەکی زۆر ناکات. چونکە بۆ نموونە لە چەند سەد ساڵێک لەمەوپێش(جەنگ لە نێوان ئینگلیسەکان و ئیرلەندییەکاندا هەبوو)، دواتر ساڵی ۱۹۲۲ ڕێککەوتنی ئینگلیز و ئێرلەندییەکان کۆتایی بەم شەڕە هێنا، و دەوڵەتی ئازادی ئێرلەندا کە پلەی دۆمینیۆنی هەبووە، لە ساڵی ١٩٢٢ دامەزرا. بەڵام جەنگ و پشێوی لە بەشەکانی دی هەر بەردەوام بوو، تا لە ڕۆژی ۱۰ی نیسانی ۱۹۹۸دا واتە ۲۷ ساڵ لەمەوپێش، ڕێککەوتنی ئاشتی واژۆ کراو، کۆتایی بە سێ دەیەی توندوتیژی لە ئیرلەندای باکوور هێنا.
(پێشبینی دەکرا کە شەڕی ئێرلەندا بۆ سەربەخۆیی کاریگەری شۆڕشگێڕانەی لەسەر کرێکارە ئینگلیزەکان هەبێت، و ئەوان بۆ تێکۆشان بجوڵێنێ. لەکاتێکدا لە چل و پەنجاکانی ۱۸٤۰- ۱۸٥۰ سەدەی ڕابردوودا، مارکس پێیوابوو کە ئێرلەندا لە ڕێگەی سەرکەوتنی چینی کرێکاری ئینگلیزەوە ئازادی خۆی بەدەست دەهێنێت، لە شەستەکاندا ۱۸٦۰ بە ئەگەرێکی زیاتری دەزانی کە سەرکەوتنی ئێرلەندا، کرێکارانی ئینگلتەرا بخاتە سەر ڕێگای تێکۆشان بۆ سۆسیالیسم. کاتێک ئێرلەندا لەدەستچوو، مارکس لە ٥ی ئازاری ١٨٧٠ بۆ پۆڵ و لۆرا لافارگ نووسی:”جەنگی چینایەتی لە ئینگلتەرا کە تا ئێستا لە خەوێکی درێژخایاندایە، فۆڕمی توند وەردەگرێت”). – (بڕوانە کتێبی”مارکس ئەنگێڵز – ئێرلەندا و پرسی ئێرلەندی”- پێشەکی لاپەڕە ۳۸/ کتێبەکە بە زمانی ئینگلیسییە/ MARX ENGELS – Ireland and the Irish Question/ Progress Publishers – Moscow.).
ئایا ئەو مێژووە لە جەنگ و دواتر چەند ساڵ ئاشتی، هیچ ڕۆڵی هەبوو لە هۆشیاربوونەوەو یەکگرتنی چینی کرێکاران و هاندانیان بۆ خەبات وەک مارکس پێشبینی دەکرد؟ لە ڕاستیدا نەخێر، و چاوەڕوانیەکەی مارکس لە جێگای خۆیدا نەبووە. ناهۆشیاری و پەرتەوازەیی ڕیزەکانی چینی کرێکاران لە جیهاندا، گەلێ هۆکاری بابەتی و زاتی هەیە، لێرەدا بواری چوونە ناو باسێکی گرنگی وا نییە.
ناسیۆنالیستی و سوودی گچکەی پراکتیکی(پراگماتیسم) پێوەرەکانی ئەحزابی بۆرژوازییە لە باسی ئاشتی نێوان پەکەکە و تورکیادا، بەڵام بۆ سۆسیالیستەکان خودی پرۆسەکە مامەلە و سەودای ئەحزابی بۆرژوازییەکانە و بایەخی نییە، و تاکە پێوەری سۆسیالیستەکان لەم هەڵوێستەیاندا بەرژەوەندی چینی کرێکارانە، کە نابێ ڕێبدرێ بە گەمە و گووتاری ئەحزابەکان فریووبخۆن.

کێشەی سەرەکی جیهانی ئەمڕۆ بۆ چینی کرێکاران و هەژاران نانە؛ برسیەتی و قەیرانی ئابوورییە،گرانی وهەڵئاوسانی دراو، بێکاری، بێ مووچەیی بەشی زۆری کرێکاران و خەڵکی هەژاری ماندوو کردووە. بۆیە لەبری ئەوەی ئومێد بە ئاشتی دەوڵەتە بۆرژوازەکان بهێنین، کە هەمووی گەمەی سیاسی و فریودانە، با زیاتر خەبات دژی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیان بکەین، کە لە ئاشتی و جەنگیاندا هەر مایەی نەهامەتین بۆ چینی کرێکاران.

  • مۆزی، ناوی کەسی(مۆ دی)-فەیلەسوفێکی چینی بووە، یەکێکە لە گرنگترین کەسایەتییەکانی سەردەمی(٤٧٥ – ٢٢١ پێش زایین) چین.
    سەرچاوەکان:
    ۱/(دەقی بانگەوازەكەی ئۆجەلان – “بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك”)- شارپرێس/ ۲۷/۰۲/۲۰۲٥.
    ۲/ ستاتیس کوڤێلاکیس – ڕەخنەی مارکسی لە هاووڵاتیبوون: بۆ دووبارە خوێندنەوەی کتێبی(لەسەر پرسی جولەکەکان) . – Stathis Kouvélakis – The Marxian Critique of Citizenship: For a Rereading of On the Jewish Question
    ۳/ سەرنووسەر: کۆتایی هاتنی ئەو سیستەمەی کە لە دوای ساڵی ١٩٤٥ سەریهەڵدا.
    دۆناڵد ترەمپ ململانێیەکی هاوشێوەی مافیایی بۆ دەستەڵاتی جیهانی دەستپێکردووە -بەڵام یاسا نوێیەکان لەگەڵ ئەمریکادا ناگونجێت. – سەرچاوە: زە ئیکۆنۆمیست- بە زمانی ئینگلیسی. / Leaders | The end of the post-1945 order
    Donald Trump has begun a mafia-like struggle for global power
    But the new rules do not suit America / The economist – Feb 27th 2025.
    هەروەها بڕوانە وتاری: ماتس لارسۆن: دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکێکی مافیا مامەڵە دەکات – سەرچاوە: ڕۆژنامەی ئێکسپرێسن – بە زمانی سویدی-
    MATS LARSSON – Donald Trump agerar som en maffiaboss Publicerad 26 feb 2025 kl 13.18.



شکست لەنێوان ئۆجالان و لینین دا.. ئاراس سەعید

پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیکراوی (پ.ک.ک) خوێندنەوەی زۆری بۆکرا. هەندێک ڕاڤە و خوێندنەوەی سادەی ژۆرنالیستی و هەندێک خوێندنەوەی ئایدۆلۆژی و هەندێک خوێندنەوەی دیکە کە ڕەهەندی قووڵی بابەتی و ئەکادیمی لەخۆ گرتبوو.
هەر زوو ئایدۆلۆژیستە ئاپۆچییەکان پەیامەکەیان بە (پەیامی سەدە) ناودێرکرد. وە پێیان وابوو ئۆجالان گەورەترین ئەقڵی سەدەیە و کلیلی چارەسەری ئەو بارودۆخ و قەیرانەی کە سەدەیەکە کورد لە باکوور لەگەڵی ڕووبەڕووە تەنیا لای ئۆجالانە. تەنانەت پەیامەکەی ئیمراڵی وەک تێسکتێکی فەلسەفی ئاڵۆز ڕاڤەی بۆ دەکرا، بەومانایەی لەسەربنەمای هێڵێکی فەلسەفیی و مێژوویی و سیاسیی نوسراوە کە هەموو کەس لێی تێناگات. هەربۆیە نابێت بەچاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە بارەی پەیامەکەوە بدوێن، چونکە ئەو پێغەمبەری سەردەمەکەی خۆیەتی و دوا حەقیقەتی ڕەها هەر لای ئەوە.
بەدیدی من ئەم بۆچوونە ئایدۆلۆژییە، ناچێز و هیچە کە هەموو کێشەکە چڕدەکاتەوە بۆ نێو یەک پنت و یەک خاڵ، ئەم زمانە ئایدۆلۆژییە زمانێکە لە ئاستی خۆ دووپاتکردنەوە دەدوێت و کڵێشەی ڕەخنەیی لە واقیع، بووەتە بەشێک لەپەچە و لەمپەڕ لەسەر بینینی ئەودیو واقیع و ئەودیوی کێشەکە. بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە سەتحییەوە، ئەو (پەیامە)زیاتر لە هەموو کاتێک مایەی لێڕامان و مشتوومڕ و ڕەخنەیە. بەومانایەی پەیامەکە پەیوەستە بە دۆز و خەباتی سەدساڵەی نەتەوەیەک بۆ مافی چارەی خۆنووسین. دوان لەسەر دۆزی نەتەوە بەشێکە لەکاری بیرکردنەوە، هەر بۆیە خوێندنەوەی ئایدۆلۆژییستانە کۆمەکمان ناکات بەوەی بیر لەقەیرانەکان بکەینەوە. بەپێچەوانەی ئەوەی دەگوترا پەیامەکەی ئۆجالان پەیامێکی زۆر سادەبوو. سادەبوون بەومانایە نا کە کەرەستەکانی بیرکردنەوەی سادەبێت و چارەسەرێکی نا ئەقڵانی بۆ کێشەی کورد بخاتەڕوو، وەناشکرێت سادەش لە بابەتەکە بڕوانین. بەڵکوو زمانی کۆمیونیکەشینەکەی سادەبوو، بەجۆرێک پەیامەکە بەهەموو کەسێک بگات. ئۆجالان لەپەیامەکەیدا، بەوردی دیراسەی مێژووی سەدەی ڕابردوو شکستی سۆسیالیزم و سەرهەڵدانی پ.ک.ک دەکات، کە هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی سارد و جەنگی جیهانی، لەو قۆناغەدا نکۆڵیکردن لە واقیعی کورد و قەدەغەکردنی ئازادییەکان و بەتایبەت ئازادیی بیرکردنەوە ڕوویدا. وە واقیعی سیستەمی سۆسیالیستی و واقیعی سەردەمەکە کاریگەری لەسەر درووستبونوی پ.ک.ک هەبووە لە ڕووی تیۆری و بەرنامە و ستراتیژی و تاکتیکەوە. وە لەدوای داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعییەوە پ.ک.ک مانای خۆی لەدەست داوە و لە ئێستادا گەیشتووەتە کۆتایی تەمەنی و پێویستی بە کۆتاییهێنانە. ئۆجالان لێرەدا جاڕی (شکست) دەدات، وە زیاتر لەشکستیش. مەبەست لە شکست شکستێکی هزری و شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵکوو جاڕی خۆ-کۆتاییپێهێنان و خۆ ڕادەستکردنە.
ساڵی 1922، کاتێک بەلشەفییەکان ناچار بوون پاشەکشە بکەن بۆ ناو سیاسەتی ئابووری نوێ و ڕێگەدان بە پانتایی زۆر فراوانتر لە ئابووری بازاڕ و موڵکایەتی تایبەت، لینین دەقێکی کورتی بەناونیشانی( سەرکەوتن بەسەر شاخێکی بەرز) نووسی. ئەو لە نموونەی شاخەوانێک کەڵک وەردەگرێت کە ناچارە لەلووتکەی شاخەکەوە پاشەکشە بکاتەوە بۆ خاڵی سفر. بۆ سەر زەوی و دواتر لەهەوڵی دووەمدا جارێکی دیکە بەسەر شاخێکی دیکە سەردەکەوێت دەگاتە لووتکەی شاخێکی نوێ. ئەمە نموونەی ئەوەیە کە مرۆڤ چۆن پاشەکشە دەکات بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی هەلپەرستانە خیانەت لە دڵسۆزی خۆی بکات بەرامبەر بە هۆکارەکە. شۆڕشگێڕەکان کە ڕێگە بە نائومێدی نادەن و هێز و نەرمی خۆیان دەپارێزن بۆ ئەوەی لە سەرەتاوە دەستپێبکەنەوە دووبارە و سێبارە… ئەمە لینینە دەڵێت: (جارێکی تر هەوڵبدەرەوە. دووبارە شکست بهێنەوە. باشتر شکست بهێنە بەڵام تەسلیم مەبە.) کاتێک ئۆجالان لە پەیامەکەیدا دەڵێت:( دوو سەدەی ڕابردووی مۆدێرنیتی سەرمایەداری ئامانجی شکاندنی ئەم هاوپەیمانێتی کورد و توورک بووە. ئەو هێزانەی کە کاریگەرییان لەسەر بووە، لەگەڵ بناغە چینییەکانیان، ئەمەیان وەک بنەمایەک وەرگرتووە. ئەم پرۆسەیە بەهۆی لێکدانەوە یەکسانەکانی کۆمارەوە خێراتر بووە. ئەرکی سەرەکی ڕێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییە مێژووییە کە ئەمڕۆ تێکچووە، بە گیانی برایەتی و یەکڕیزی، بەبێ ئەوەی بیروباوەڕەکانمان پشتگوێ بخەین.) ئەمە ڕوانگەیەکی لینینییە لەمڕۆدا زیاتر لە جاران پێویستە، کاتێک تاکە ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە (ناسیۆنالیزمی توندڕەو، ئیکۆلۆژی، جیۆپۆلەتیک، ناتۆ، شەڕ، AI قەیرانی ئابووری جیهان، قەیرانی دیمۆکراسی، کێشەی کۆچبەران..هتد)، هەرچییەک لە بزوتنەوە شۆڕگێڕەکان دەمێنێتەوە کەمتر و کەمتر توانای کۆکردنەوەی خەڵکە لە دەوری ئەلتەرناتیڤێکی بژاردەیی بۆ نەزمی جیهانیی. لینین لەچیرۆکی شاخەوانەکدا بۆ ئەو ئەلتەرناتیڤە دەگەڕا. بەڵام ئۆجالان پێچەوانەی لیینین ڕێگەی هەڵگەڕان بەشاخێکی دیکەدا ناکاتە ئەلتەرناتیڤ، بەڵکوو شکست لای ئەو کۆتایی پێهێنانە و لەسەر زەوی دەمێنێتەوە و تەسلیمی نەزمە جیهانییەکە دەبێت.
ڕەنگە ئۆجەلان پێی وابێت، ڕێگای دەرچوون لەم بنبەستەی بێکۆتایی بیرکردنەوە لە لاوازی چەپەوەیە و بۆیە شکستی سۆسیالیزم دەکاتە بیانوو وەکوو ئەوەی گلەیی لەوەبکات کە خەیاڵکردنی کۆتایی جیهان لە کۆتایی سەرمایەداری ئاسانترە. خودی سەرمایەداری نەک هەر بە سەرکەوتوویی خەیاڵی پۆست کاپیتالیزمی نەکرد بەڵکوو لە واقیعی خۆیدا خۆی دەگۆڕێت بۆ نەزمێکی نوێی پۆست سەرمایەداری. هەربۆیە دەڵێت:( پێویستی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی حاشا هەڵنەگرە. ڕێزگرتن لە شوناسەکان، ئازادی بیرکردنەوە، ڕێکخستنی دیموکراسی و گەشەسەندنی
کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسی هەموو پێکهاتەکان تەنیا بە بوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و فەزای سیاسی مومکین دەبێت.)
ئەمە تەسلیم بوونە بەو حەتمیەتە یۆتۆپییەی کە (فڕانسیس فۆکۆیامایا) دەیگووت:( دیمۆکراسیی سیاسی و سیستەمی ئابووری لیبراڵیزم کۆتا سیستەمی دونیای ئەمڕۆ و کۆتایی مێژووە و بڵندترین ئاستی ڕێکخستنی جڤاکی و کۆمەڵایەتییە، کە ناکرێت بەدیلێکی دیکەی بۆ بدۆزینەوە.) لەساڵی 1989 کاتێک ڕژێمە کۆمۆنیستییەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات هەرەسیان هێنابوو، لەوکاتەدا (فۆکۆیاما) بەنووسینی وتارێک جاڕی (کۆتایی مێژوو) دەدات. کۆتایی مێژوو وەک دوا قۆناغی ڕسکاوی مێژوو، دیمۆکراسی لیبڕاڵ دەبێتە (میتا_ئایدۆلۆژی) دواهەمین مۆدێلی ڕێکخستنی سیاسی لەبەردەم ئایندەی مرۆڤایەتی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و ئازادی. فۆکۆیاما گووتی: پێویستە مێژوو وەک پرۆسەیەی پەرەسەندن تەشابکەین. کۆتایی مێژوو، بەو مانایەیە کە لیبڕاڵ دیموکراسی فۆڕمی کۆتایی حکوومەتە بۆ هەموو گەلان. بەپێی فۆکۆیاما، لە دوای شۆڕشی فەرەنسییەوە، دیموکراسی لیبراڵ چەندین جار سەلماندوویەتی کە لە بنەڕەتدا سیستەمێکی باشترە (لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسی و ئابووری…هتد) لە هەریەکێک لە ئەلتەرناتیڤەکان و بۆیە ناتوانرێت هیچ پێشکەوتنێک لەوانەوە بۆ سیستەمەکە ببێتە ئەلتەرناتیڤ.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەوەی ئۆجەلان دەڵێت: پێویستی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی چارەسەرە یان شکستە؟
بەچاوپێداخشاندنەوە بە مێژوو ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە سەرمایەداری لە شێوەی ئیمپریالیستانەدا باڵیکێلشاوە بەسەر هەموو سووچێکی جیهاندا، لە شەڕە خوێناوییەکانی ڕۆژئاوا تا شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا و شەڕەکانی ئیسرائیل لەناوچەکەدا بەردەوامە.
بناژۆخوازی چەپ و ناسیۆنالیست و ئایینی وەک دژە هێزێک بۆ بڵاوبوونەوەی دیموکراسی لیبڕاڵ لە دایکبوو، لە نموونەی تایبەتی ئیسلامی توندڕەو جیهادی و تاقمی میلیشایی.
هێرشەکانی 11ی سیپتەمبەر، لەلایەن هەندێک لە بیرمەندانەوە وەک هێمای بێهەڵوێستی و گەشبینی ناڕەوای جیهانی ڕۆژئاوا ئاماژەی بۆ دەکرا، بەو پێیەی کە کۆتایی هاتنی ئیمپریالیزم نوێنەرایەتی کۆتایی ململانێی گەورەی جیهانیش دەکات. ئاڵنگارییەکی دیکەی جیهان گەشەسەندنی دەسەڵاتی ئابووریی و سیاسی دوو وڵاتی ڕووسیا و چینە. چین حکوومەتی تاک پارتی دەوڵەتی هەیە، لە کاتێکدا ڕووسیا، هەرچەندە بە فەرمی دیموکراسییە، بەڵام زۆرجار وەک خۆسەپێن و ئانۆکراسی ناودێردەکرێت. لە مانگی ئازاری 2022وە جیهانێک کە چین پشتگیری لە داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا دەکات و ڕووسیاش پشتیوانی لە داگیرکردنی چینی بۆ تایوان دەکات. هەروەها داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمەریکا بەردەوامە. لە جیهانێکدا کە ململانێی ئەم زلهێزانە تێدا بەردەوامە. تەنراوە بەقەیران، قەیرانی کۆچبەران، قەیرانی وزە، قەیرانی جەنگ، قەیرانی جیهان پۆش، قەیرانی کەرامەت. دیمۆکراسی وردە وردە لە ڕۆژئاوا و لەهەموو سوچێکی جیهان پاشەکشە دەکات.
مرۆڤ بە هەر شێوەیەک لەم سیستەمە تێبگات، تێدا مرۆڤ داماڵێندراوە لە کەرامەت و زۆرێک لەدانیشتوانی جیهانی سێیەم، بەهۆی نەهامەتیەکانیانەوە لە دۆخی ئاورتەدا دەژین. بۆ نموونە، لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024، دوای ئەوەی کوڕێکی تەمەن 3 ساڵانی فەلەستینی لە شاری خان یونس لە باشووری غەزە بەهۆی بەربوونەوەی هاوکارییەکانی ڕۆژئاواوە لە فڕۆکە ئاسمانییەکانەوە کوژرا، باپیرەی گوتی: “ئێمە هاوکاریمان ناوێت. ئێمە کەرامەتمان دەوێت.”
بیرۆکەی ئۆجالان کە (دیمۆکراسی چارەسەرە) جاڕدانی شکستە، چونکە دیموکراسی پەیوەستە بە سەرمایەدارییەوە؛ ئەو کێشانەی کە بەهۆی سەرکەوتنی سەرمایەداری و سیاسەتە نیولیبراڵەکانەوە دروست بوون ، وەک نایەکسانی زیاتری سامان و دڵەڕاوکێکی جەنگ مەترسییەکانی قەیرانی ئابووری، تێکچوونی ژینگە، لە زۆرێک لە وڵاتاندا دەرکەوتن کە نائارامی بەرامبەر بە حکوومەتە دیمۆکراسییەکان لێ کەوتووەتەوە.
لێرەدا بەنوکتەیەکی ژیژەک کۆتایی بەوتارە دەهێنم. دەڵێن جارێک (پوتین و شی و ترەمپ) چاویان بە خودا دەکەوێت و هەریەکەیان ڕێگەیان پێدەدرێت پرسیارێکی لێ بکەن. پوتین دەست پێدەکات: پێم بڵێ لە دەیەکانی داهاتوودا چی بەسەر ڕووسیادا دێت؟ خودا وەڵامی دەداتەوە: “ڕووسیا وردە وردە دەبێتە کۆلۆنی چین”. پوتین دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە گریان. شی هەمان پرسیار دەکات و دەڵێت: “وە لە دەیەکانی داهاتوودا چی بەسەر چیندا دێت؟” خودا وەڵامی دەداتەوە: “موعجیزە ئابوورییەکەی چین کۆتایی دێت؛ دەبێت بگەڕێتەوە بۆ دیکتاتۆرییەکی هێڵی توند بۆ ئەوەی بژیت دەبێت داوای یارمەتی لە تایوان بکەیت”. شی دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە گریان. لە کۆتاییدا ترەمپ دەپرسێت: ” چارەنووسی ئەمریکا چی دەبێت دوای ئەوەی جارێکی دیکە دەستبەکاربوومەوە؟” خودا دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە گریان.
ئەمە ئەم نەزمە جیهانییەیە کە ئۆجالان تەسلیمی دەبێت و خودا وەک ئەویتری گەورە بێلایەنانە تەماشایی دەکات و دەست دەکات بەگریان.




هەرەوەز.. لە نووسینی: هێمن ئەمینی

هەر لە سەرەتای بەدیهاتنی مرۆڤەوە کاری پێکەوەیی و هەرەوەزی لە نێو مرۆڤەکاندا هەبووە و دیارە ئەوە لە نێو بوونەوەرەکانیتریشدا بۆ وێنە مێشەهەنگویندا هەیە و بەڵام لەواندا بە پێی نەستە و لە مرۆڤدا بە پێی ویست و ئاوەزە و هەر تەنیا نەست نیە و واتە مرۆڤەکان هەڵیشیدەبژێرن. هەرچەند لە نێو مرۆڤەکانیشدا کاری هەرەوەزی بە زۆر هەبووە کە بێگاریان پێگووتوە و یان کاری زۆرەملی کە هەردووکیان لە لایەن زۆردارانەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و چەوساندنەوەی بێدەسەڵاتەکان کەڵکی لێوەرگیراوە و کاری بە هەرەوەزی لە کۆمەڵێک کەس کێشراوە و بە داخەوە لە لای خۆشمان کەم نەبووە. ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە کاری هەرەوەزی بە ویستی مرۆڤەکان خۆیانە و نەک کاری بێگاری و زۆرەملێ. بە پێی ئەوەی لە سەردەمی ڕابردودا کارەکان بە زۆرینە جەستەیی و سەخت بوون و هەر مرۆڤێک دەبوو لە زۆرینەی کارەکاندا شارەزایی هەبا و ڕاپەڕاندنی گشت کارەکان بە تەنێ پڕ سەخت بوو، بۆیە بە هەرەوەزی کاریان ڕادەپەڕاند، ئەگا کەسێک، ماڵباتێک کەسی کارێیان نەبا دەیانگووت: یەک تەنە و بە تەنێش کار ئاستەم بووە.
دیارە شێوازی یارمەتی لە کوردستاندا پڕ زۆر بوون و لێرەدا دوو جۆری باویان دێنینەوە گۆرێ و ئەوانیش هەرەوەزی و دەستەواون. جا ئەو یارمەتیانە لە کار و لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا و هەروەها لە کاتی خۆشی و ناخۆشی و لێقەوماندا هەبوون و بۆیە لە کوردیدا گووتویانە(شین و شایی لە گەڵ ئاواڵان)، یان پەندێکی دیکە دەڵێت:(شین لە گەڵ ئاواڵان شاییە) و واتە لێقەومانیش لە گەڵ هاوڕێیان بە هاوبەشی هەر خۆشیە.
هەرەوەز: لە فەرهەنگ و وشەدانە کوردیەکاندا، هەرەوەز بەو واتایانە هاتووە؛ زبارە، هەرەوەز، مەهبەرە، کاری پێکەوەیی، ئاریکاری، کاری هاوپارکردن، باربوویی کردن، کاری پێکەوەیی، گەلەکۆمە، هاوکاریکردنی کۆمەڵێک لە کاردا، ئاریکاری بە کۆمەڵ لە کاردا، کۆمەککردن، هاوکۆمەکی، هاوکاری، هاوکاری کردن، هاوکرداری، دەستەواو، پێکەوەکارکردوویی، زگار و …. . بە هەرەوەزی واتە کاری پێکەوەیی بکەین و بە تەنگەوەهاتنی یەکتر لە کاتی پێویستدا و لە ئەگەری هێز و هەتوانین و کاتدا. هەروەها یارمەتیدراویش بە پێی توانایی و کات ئەگا بۆی هەڵسووڕا تێیهەڵێنێتەوە.
لە کارێدا هەرەوەزی واتە: ئەگا کەسێک کاری هەبا و کەسی کارێی نەبا، یان کەسە لێقەوماو با و لە جێدا کەوتبان، پیر و بە ساڵاچوو و کەنفت و پەککەوتە با، ئافرەت یا پیاوێکی بێ هاوژین با، منداڵی سێڤی و بێ دایکوباب بان، کەسێک کە گیرۆدەییەکی بۆ هاتبا پێشێ و لە وڵاتی نەبا و یان هەر کێشەیەکی لەو بابەتانە، یا خەریک بوو بۆ وێنە؛ دەغل و دانەکە دەپەڕی یان کاتی کارەکەی تەواو دەبوو و درەنگ دەهات و بۆ میناک ئەوە پاییز وەدرەنگیە کەوتووە و درەنگ بووە و خەریکە بەفر ببارێ و کابرا گوێسوانی هەڵنەگێراونەوە و لەو بابەتانە … . خەڵکەکە بێ ئەوەی پرسی پێ بکەن، ئەوە ئیدی هەر بۆ خۆیان دەچوون بۆ یارمەتی و جاری وابوو تەنانەت کابرا بە خۆشی نەدەزانی و یارمەتیان دەدا و ئەوە لە کاری کورەی خشتان لە ڕۆژانی چوارشەمە کە ماڵێک قوڕی دەمایەوە ماڵەکانی دیکە دەهاتن یارمەتیان دەدا و یان لە کاری سێوکان کە پاییز درەنگ دەبێ و ماڵەکان دەیانهەوێ بگەرێنەوە، خەڵکەکە هەر بۆ خۆیان، دەچن یارمەتی یەکتری دەدەن.
ئەو هەرەوەزیە بێ هێچ چاوەڕوانیەکە و کەسە خۆبەخشەکان بێ ئەوەی چاویان لە هاتنەوە و تێهەڵێنانەوەی کەسی بەرامبەر بێت یارمەتیان دەدەن، ئەوە لە سەرەخۆشی و زەماوەندیشدا هەیە و کابرا بێ ئەوەی چاوەڕێی کەسە بکات دەچێ بە پیل کەسی بەرانبەرەوە. یان لە نێو ئاوەدانیدا لە کاتی ناشتنی مردودا، لە کاتی کێلهێناندا، مزگەوتداناندا، لە کاتی کانیاوی ژنان و پیاوان خاوێنکردنەوە، دارهێنان بۆ مزگەوتی ئاوایی و یان ماڵی مەلادا و ڕاپەڕاندنی کارەکانی دیکەی ئاواییدا دەبیندرا. ئێستاش لە زۆرێک لە دێکانی ئێمە خەڵک بە تێکرایی ئەو کاروبارانە و کاروباری نوێباویتریش ڕادەپەڕێنن.
هێندێک کاریش هەن ئەگا بە گەلەکۆمە و هاوکاری و هەروەزی نەبا بە ئاستەم ڕادەپەڕین وەک؛ خلەوخەرمان هەڵگرتن، دروێنە، گەڵکردن، پەنیرگرتن و داگرتن، دەستارکردن، گەنم و ساوار و بروێش و … کوتان، نمەدکردن، جاجم چنین، چیغکردن، تانەتەنین، ڕانکەوچۆخەچنین، خوری شتن و خوری شیکردنەوە، گوریس کردن، خوێدان، بەران و نێری تێکردن، جووتوگا، گێرەکردن، ڕەزکێڵان، دروستکردنی خانوو و بە تایبەتی هێنانی نیرە و کاریتە(ئەو کات کە کەلوپەلی گواستنەوە بە شێوەی ئەوڕۆیی لە گۆڕێدا نەبووە)، ماڵهەڵگرتن، نانکردن، ترششکاندنەوە، جۆماڵکردن و کارێز و ئاوەڕۆ و قاناو ڕاماڵین و خاوێنکردنەوە، بێستان کردن و دێراو هەڵدان، بەری باخ و دار چنین و ڕنین، لۆکەچنین، گوێزتەکاندن(گوێزوەشاندن)، قوڕەکاری، تفاقداگرتن و تفاقکێشان، دۆشاوکردن، مەشکەژاندن، تووچنین، تووتن شکاندنەوە، کێوماڵکردن بە دوای کەس یان شتی ونبوودا، چەوەندەرهەڵقەندن، زەماوەند کردن و شینگایی، ماڵ تەڕاوکردنەوە و سپیکردنەوە، ماڵبارکردن و … . خەڵکەکە بە زۆرینە بۆ یەکتری دەچوونەوە.
دەستەواو: جۆرێکی دیکەی یارمەتیمان هەیە و ئەویش کاری دەستەواوە و لە دەستەواودا کەسەکان وا یارمەتی یەکتر دەدەن کە لە کاتی پێوستیدا کەسی بەرامبەر یارمەتیان داتەوە و واتە چاوەڕوانیان هەیە. لێرەدا کەسە دەتوانێ یەک کەس بێت و بچێت یارمەتی کەسی بەرامبەر بدا و ڕۆژە کار یا ڕۆژە پیاوێکی بۆ بچێت و ئەویش لە کاتی پێویست ڕۆژەکارێکی بۆ بێتەوە. جا ئەوە دەیتوانی هەر بۆ یەک کار نەبێت و بۆ کاری دیکەش بێت، بۆ وێنە ئەمن نازانم ڕەزی ببڕم، درواسێکەمان ڕۆژەکارێک هاتووە و ڕەزی بۆ بڕیوم و ئەمنیش جووتکارم و ڕۆژە جووتێکی بۆ دەچمەوە. ئەوەش بۆ سەردەمێک دەگەرێتەوە کە ئابووری سات وسەودا و ئاڵوگۆر دەکایە دابوو و سەردەمی ئاڵۆگۆری کەلوپەل بوو و کار بە پارە وا باو نەبوو، دەنا ئێستا کەسەکە دەچێت بە پارە کەسێک بۆ کارەکەی دەگرێت و هەر کات پێویستی بوو، وادەکات. ئەو دەستەواوە تەنانەت جاری واهەبوو لە سەرەخۆشی و شاییشدا چاوەڕوانی دەکرا و کابرا دەیگووت: کابرا بۆ زەماوەندەکەی نەیخوێندومەوە یان پێی پیاو نەبووم و ئەمنیش نایخوێنمەوە و پێم پیاو نیە و یان ئەگا کەسێک بەشداری پرسەی نەکردبا، کەسی خاوەن مردوو دەیانگووت: شایی و شین دەستەواوە و ئێمەش بۆی ناچینەوە.
لە دنیای ئەوڕۆدا هەم هەرەوەزی و هەم دەستەواو وەک ڕابردوو ئەستەمە و بەڵام دەکرێ شێوازەکانیان بگۆڕین و بۆ وێنە لە ڕابردودا بە زۆرینەی خەڵکی مەڕدار بووە و یان وەرزێر بووە و هەموو خەڵکەکەش ئەو پیشانە و وردەکاری سەبارەت بەوانەی زانیوە و لە کاتی کشت و کاڵدا، جۆ و جۆماڵدا، داچاندن و دروێنەدا، لە کاتی گەڵکردن، خوێداندا، مەڕبڕینەوە، بەران و نێری تێکردندا، گاڕان و نۆرەمەڕدا، ئاودێری و کێڵاندا، لە کاتی گێرەوە و شەنە و خەرماندا و … هەموو کارەکانیان دەزانی و بەڵام لە سەردەمی ئەوڕۆدا کارەکان بە تایبەتی کراون و کەسەکە ڕەنگە سەر لە پیشەی براکەی دەرنەهێنێت و نەزانێت براکەی کاری چیە و یان لە کارەکەی تێنەگات و چۆن یارمەتی بدات و بەجێی وی بچێت کارەکەی بکات؟ بۆ وێنە یەکێک ئەندازیارە و یەک پیزیشکە و یەک مامۆستا و یەک فڕۆکەوانە و یەک نوێنەری پارلەمانە و ئەوانە چۆن دەتوانن بەجێی یەکتری کارڕاپەڕێنن؟ دوای وەش خەڵکەکە لە بەر پوڵی بوونی شت و کارەکان و تایبەتمەندبوونی کارەکان بۆ وێنە لە زەماوەند و شینگاییدا گشت کارەکان کە هەتا ئەو ساڵانە خەڵکەکە بۆ خۆی و خۆبەخش و بە لێزانی خۆیان دەیانکرد، ئێستا هەمووی کەسانی شارەزا و تایبەت ڕایدەپەڕێنن و لە دەستی کەسێکدا نەماوە و تەنانەت خاوەن پرسە و زماوەندیش لەوێ بۆخۆی میوانە و پارە بەشی زۆری کارەکان رادەپەرێنێت. دەستەواویش ڕەنگە لە هێندێک کاری دەستی و وەرزێری و مەڕداری و یان لە نێو کار و پیشەی هاوبەشدا لە نێو هاوکاراندا بۆ وێنە لە نێو مامۆستایاندا هەبێت کە بەجێی یەکتری نۆرەی بکەن و لە کاتی پێویستدا یەکیان بەجێی ئەوەیتر بچێت و یان لە نێو پەرستار و ئەوانەدا شتی وا ڕودەدات و بەڵام ئەگا کارەکە جیا بێت ئەوە ئەستەمە و بۆیە کەسەکە یان لە بڕە مووچەی ئەو ڕۆژەکارەی خۆش دەبێت و یان کەسێک لە جێی خۆی ئەگا گیر کەوت دەنا بە کڕێ دەگرێت، بۆیە ئەوڕۆ دەستەواو بەشی زۆری پووڵ جێی گرتۆتەوە. هۆکارێکی دیکەی ئاستەمبوونی هەرەوەزی و دەستەواو، مەودا و دووری کەسەکانە، بۆ وێنە لە ڕابردودا بە زۆرینەی خزمان و کەسوکار لێک نیزیک دەژیان و ئێستا ئەندامانی بنەماڵەیەک بۆی هەیە وەک ئاردی نێو دڕوان لێک بڵاو بن و هەر یەکە و لە شار و لە وڵاتێکی پەڕژوبڵاو بووبن و نەکارن بە گوێرەی پێویست بە هانای یەکتریەوە بچن.
ئایا دەکرێ ئەو نەریتیانە بە تایبەت هەرەوەزی لە سەردەمی ئەوڕۆشدا هەبن؟ سێ بەرسڤ لەو بابەتەدا دێنە گۆڕێ؛ یەک: ئەوانەی کە دەلێن: وەک ڕابروو دەقاودەق ئەو نەریتانە بە کەڵک دێن، دوو: ئەوانەی کە ئێژن ئەوانە هی سەردەمی نەریتی و کاتێک بوون کە کۆمەڵگا ئی گچکەڵە و بچووک بووە و جیا لەوە خەڵک زۆر گرێدراوی یەکتری بوون. سێ: کومەڵێکن دەڵێن لە گەل وەی کۆمەڵگای ئێستا و ڕێژەی دانیشتووان پترە و تێکەلاویەکی وەک ڕابردووش جێبەجێ نابێت و ئەوانەش دەقاودەق وەک ڕابردوو بە کەڵک نایەن، بەڵام باوەری تۆکمەیان بەوە هەیە بە شێوازگەلی لەو چەشنە ژیان ئاشتەواتر، خۆشتر و کاروبارەکان سانانتر ڕایی دەبن. لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستی زایینیدا چەمکگەڵی وەک سامانی کۆمەڵایەتی، متمانەی کۆمەڵایەتی، دڵنیایی کۆمەڵایەتی، بەشداری کۆمەڵایەتی و … پەڕەیان سەندووە، کە دەڵێن ئەگا ئەوانە نەگەرێنینەوە، ژیان زۆر ڕەق و ویشک دەبێت و دەبێ خەڵک بۆ خۆیان ئاور لێکدەنەوە، کاری هاوبەش بکەن و بە پیری یەکتریەوە بێن و هەر چاوەروانی دەسەڵات نەبن، هەرچەند هێندێک لە ڕەخنەگران ئەو بابەتانە بە شوان هەڵخەلەتێنە و شوێنونکردنێک و خۆدزینەوەی دەوڵەتەکان و سامانداری و سەرمایەداری لە ئەرکە پێسپێردراوەکانیاندا دەبینن.
بۆ شیکردنەوەی زۆرتری بژاردەی سێهەم کە بۆ خۆم لە گەڵ ئەو بۆچوونەدام دەکرێ بە هێندێک وردەکاری بابەتەکە باشتر ڕوون بکەینەوە؛ بۆ وێنە ئێستا دروستە ئەمن لە گەرەکەکەمان کەس ناناسم، بەڵام کە لێشاو دێت و دەزانین شارەوانی یان بەڕێوبەڕایەتیەکانیتری پەیوەندیدار کارەکانی خۆی باش ڕاناپەڕێنێت یا دۆخەکە پڕ ئاڕێشە و تەنگژەیە و فریا ناکەون و دەرەقەت نایەن، جا بۆ چی بۆ خۆمان خەڵکی دەرودڕاوسێ بە هەوڕەبوون و تەڤلی هەوبوون وەخۆ نەکەوین؟ و ئەو مەترسیە لە سەر خۆ لادەین، خۆ ناکرێ کاتێک بۆ خۆمان شتێکمان لە دەست دێت نەیکەین؟ و لە سۆنگەی چاوەڕوانی کەترەخەمی بەڕێوبەرایەتیەکان چاوی ڕەشمان کاڵ بێتەوە و گیانمان بکەوێتە مەترسیەوە. لە سەردەمی ئەوڕۆشدا دەکارێ لە کاری گشتیدا بۆ وێنە ژینگە پاراستن، خێرات کۆکردنەوە، کاروباری گەڕەک وەک؛ بەڕێوەبردنی مزگەوت، پەرتووکخانە، بەسەر خوێندن ڕاگەیشتن، چاوەدێریکردنی کاری شێوەرمەندەکانی شار وشارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ، کاروباری مەدەنی و … ئەو لایەنی هەرەوەزیە ڕەچاو بکەین. ئەوە بۆ کاری نێو باڵاخانەکان و کۆمەڵەی یەکەی نیشتەجێبوون و نیشتنگەکان کە چەند ماڵ یان کەس پێکەوە لە خانووبەرێکدان، دەست دەدات و دەتوانن بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان هەرەوەز یان دەستەواوێ بکەن. هەر نها(ئێستا) بۆ وێنە لە زۆر گەرەک خەڵک پێکەوە بەفری نێو کۆڵانەکان ڕادەماڵن، یا بۆ کاری مردووناشتن. لە زۆربەی دێکانی ئێمە خەڵک بە تێکرایی؛ کاروباری ئاوەدانی وەک؛ بە مزگەوت ڕاگەیشتن و خاوێنکردنەوەی کانی و خروشێوی نێو ئاوایی، بەرد و کێل هێنان بۆ سەر قەبران، مردوو ناشتن و … دەکەن. لە کاتی ڕووداوە نەخوازراوەکان وەک؛ بوومەڵەرزەکانی سەرپێلی زەهاو و قوتور، بۆ عەفرین و کۆبانی، بۆ لێشاولێدراوانی لورستان و … ئەو هەرەوەزی و بە دەنگەوەچوونەمان لە گۆمەڵگای کوردیدا دیوە. هەروەها لەو دەیان و سەدان جار ڕوداوی ئاور کەوتنەوەی دارستان کە لەو ساڵانەدا بە داخەوە پڕ زۆر بووە، زۆر کەس بە ویستی خۆیان و لە سەر تێچووی خۆیان چوون و یارمەتیان داوە. یان ئەو هەموو کاری خۆبەخشەی کە لە بواری فێرکردنی زمانی کوردیدا دەکرێن و یان ئەو هەموو کات و تێچووە خۆبەخشیەی کە لە بۆنە و جێژنە نەتەوەیی، ئایینی و نیشتیمانیەکانی وەک؛ نەورۆز، بێلندانە، مانگی ڕەمەزان، جێژنی ڕەمەزان، ڕۆژی زمان و …دا دەکرێن. دوای وەی ئیمە دەکارین هەر لە منداڵیەوە کەسەکان ڕابێنین کە کاری هاوبەش بکەن و بۆ وێنە خوێندکارەکان و منداڵەکان فێری ئەوە بن بە هانای یەکەوە بچن و لە ماڵەوە، لە گەڕەک، لە خوێندنگە و زانستگا کاری هاوبەشی وەک؛ نەمام چاندن و خاوێنکردنەوەی ژینگە بکەن. هەروەها بە هاناچوون و یارمەتیدانی هەژاران و بەرکەوتووانی ڕوداوە نەخوازراوە سروشتیەکانی وەک؛ لافاو، بوومەلەرزە، ئاورکەوتنەوەکان و … هەروەها ڕوداوە مرۆڤکردەکانی وەک: شەڕ، تێکدانی ژینگە، نابەرابەری و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و … تاقی بکەنەوە و لە تەمەنی منداڵیڕا ڕابهێنرێن. هەروەتر منداڵان و خوێندکاران بەشداری بۆنە کۆمەڵایەتیەکان لە شین و شایی و جێژنەکانەوە بگرە هەتا پرس و بابەتە گشتیە کۆمەلایەتیەکان ببن. منداڵان هەر لە ساڵەکانی سەرەتای ژیانەوە و خوێندکاران هەر لە ساڵی یەکەمی خوێندنەوە دەتوانرێت بانکێکی هاوبەش بکەنەوە و بەشێکی کەم لە تێچووی ڕۆژانەیان لەو بانکانەدا پاشکەوت بکەن ئەگا هاوڕێیەکیان کێشەیەکی ئابووری بۆ هاتە پێش بە کۆمەڵ یارمەتی بدەن و یان ئەگا ڕوداوێکی نەخوازراوی گشتی هاتە پێشێ، ئەوانیش بتوانن یارمەتیدەر بن. کەوا بێت دەکرێ بە هێندیک نوێکاری ئێستاش بە هانای یەکترەوە بچین و نەریتی هەروەزی لە لایەنی کۆمەڵگایی، گشتی و مەدەنیەکاندا زیندوو ڕاگرین و گیانی پێکەوەژیان و هاوکاریە دەنێوماندا هەر لە بوژانەوەدا بێت.

لە نووسینی: هێمن ئەمینی




لە گروپێکی گچکەوە بۆ لوتکە.. گۆران هەڵەبجەیی

دەمێک لە نۆڤەمبەری ساڵی[ ١٩٧٨ ]ی سەدەی ڕابردوودا چەند گەنجێکی باکوور کە ژمارەیان لەپەنجەکانی دەستێک تێپەڕی نەدەکرد،سەرکێشیەکی مەزنیان کرد، ئەویش دامەزراندنی حیزبێکی سەرچڵ و شۆڕشگێڕ بوو بەنێوی{پارتی کرێکارانی کوردسستان}.
ئەودەمەی ئەو گەنجە خوێنگەرمانە ئەم هەنگاوەیان هاوێشت هەرگیز بیریان لەوە نەکردبوویەوە کە ئەم حیزبە لە ئایندەدا تورکیای ئەندامی ناتۆ ،لەڕووی ئابوری وسەربازیەوە ماندوو دەکات و دەبێتە هۆی قەیرانێکی هەمەلایەن بۆیان .
ئەوەش لەهزریاندا نەبوو کە لەجیهاندا دەناسرێن و دەبنە ژمارەیەکی گرنگ لە نێو هاوکێشەکانی دەڤەرەکە. یانژی دەبنە بابەتی گەرمی میدیاجیهانیەکان و ناوەندە سیاسی و حکومیەکان.
دیارە گەر لەودەمەدا ژینگەیەکی لەبار لەتورکیا بۆ کاری حیزبی لەئارادابووایە ، ئەو چەند گەنجە پاش چەند ساڵێک ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەیان هەڵنەبژارد کەئەویش پەنابردن بوو بۆچەک.
تورکیا وەک دەوڵەت لەپاش ئاوابوونی خۆری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی لەسەردەستی کەمال ئەتاتورک ،ئیدی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، نەژادپەرست،نادادپەروەر چەقێنرا . لەو مێژوەوە تا ئەم سەردەمەش هەرئەتنیک و نەتەوەیەک داوای مافی خۆی کردبێت لەوانە میللەتی کورد ئەوە بەدڕنداترین شێواز سەرکووتکراوە. هەر ئەمەش بوو وای لە (پەک) کرد بۆ داکۆکی لە بوونی گەلەکەیان چەک هەڵگرن.
میللەتی زیندو و خاوەن کەرامەت هەرگیز ڕێگەنادات سوکایەتی و چەوساندنەوە ببێتە میتۆدێکی چەسپاو ، هەرگیز ملکەچی واقیعی سەپێنراو نابێت،بەڵکو بەهەر شێوازێک بێت داکی لەخۆی دەکات،ئەمەش لە شۆڕش و سەرهەڵدانە بەردەوامەکانی باکوردا بەجەرستەبوون ،کە بەداخەوە سەرجەمیان زۆربەدڕندانە خامۆش کران.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدارانی تورکییای ڕەگەزپەەرست ،ئەم حیزبە ساڵی [١٩٨٤]بە ڕابەرایەتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان یەکەم بڵێسەی شۆڕشی چەکداری هەڵکرد .ئەم شۆڕشە بە میتۆدێکی نوێ و لەبەرگێکی ئایدۆلۆجیای چەپی سەردەمیانەو شۆڕشگێڕانەدا خۆی نمایش کرد. ،ئیدی لەودەمەوە تائێستا بڵێسەی ئەو گرە بڵندترو مەزنتر دەبێت .
شۆڕشی پارتی کرێکاران تەنها لە ڕێکخستنێکی پڕدسپلین و هێزێکی چەکداریدا قەتیس نەبوو ،بەڵکو بەرهەم هێنەری کۆمەڵێک لەداهێنانی سەرکەوتووی ناوازەبوو لە شێوەی ڕێکخراوی پیشەیی و جەماوەی هەمە بوارو هەمەلایەن و هەمە ئەرکدا، لە وێنەی میدیایی ،کۆمەڵایەتی،هونەری، کەلتووری،گەنجان،زارۆک ،ژنان،ئینسانی ،ئابووری و چەندین بواری دیکە.. دەتوانم بڵێم وڵاتی ئەوروپی نیە دەستی ئەم ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەریانەی پێنەگەشتبێت.
هاوکات وڵاتێک،کیشەوەرێک دەڤەرێکی ئەم جیهانە شکنابەم کە کوردی تێدابژی و کاریگەری ئەم بزافە شۆڕشگێڕەی لەسەر نەبێت،ئیدی وەک ئەندام و لایەنگر یاخود وەک بوونی چەندین چالاکی و پرۆژەی هەمەجۆر،کە ئیلهامیان لەم بزافە وەرگرتوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەم بزافە شۆڕشگێڕە ئەو کۆتوبەندەی شکاند کە دەوڵەتی تورک بەناوی [تەرۆرەوە] کردبوویە ملی،ئێستا وڵاتانی جیهان بەچاوی خۆیان دەڕواننە ئەم بزافە نەک بەچاوی دەسەڵاتدارانی تورک.ڕاستە تائێستاش بەهۆی بەرژەوەندیە ئابوریەکانیانەوە ناتوانن مامەڵەی ڕاستەخۆیان لەگەڵ بکەن ،بەڵام داوەتکردنی هاوسۆزو دۆستەکانیان لەلایەن هەندێک وڵاتانی خاوەن سەنگی ئەوروپاوە ،یاخود داکۆکی پەرلەمانتارانی ئەوروپی لە کوردو دۆزەڕەواکەی لەدانیشتنەکانیاندا،یان پێشوازی گەرم بەچەپڵەڕێزان لە سەرکردەسیاسی و سەربازیەکانی ڕۆژئاوا لەلایەن جەماوەری بەرفراوانی وڵاتانی ئەوروپا ،یانژی پێشوازی گەرم لەکەلتوورو گۆرانی کوردی لە جیهاندا ،هەموو ئەمانە دەرەنجامی خەباتی کەڵەکەبووی ئەو شۆڕشەیە بەهەردوو باڵەکەیەوە.
لەسەر ئاستی کوردستانیش هێندە بەسە کە بڵێین ئەم بزافە دۆزی کوردی بردەوەتە ئاستێکی باڵا کە دەتوانم ناوی بنێم {شۆڕشی ناسنامە لە ناخی تاکی کورددا}،ڕوونتر بێژم بەر لەو سەرهەڵدانە تاکی کورد بەتایبەت لە باکوور لەدۆخێکی پڕنائومێدی و فشارو ترسدا دەژیا ،بەجۆرێک نەیاندەوێرا کوردبوونی خۆیان ئاشکرابکەن ،بەڵام ئێستا بەگەنج و بەتەمەنەوە سەربەرزانە و بەشانازیەوە باسی کوردبوونی خۆیان دەکەن و داکۆکی لە ناسنامەی خۆیان دەکەن.،ئەمەش لە کۆبوونەوەکانی دایکانی شەممەو ئاهەنگەکانی نەورۆزی باژێڕەکانی باکوورو ئیستەنبوڵ و چالاکیە هەمەجۆرەکاندا دەردەکەون.
خاڵێکی گرنگ پێویستی بەئاماژەیە ئەویش مەسەلەی شۆڕشە چەکداریەکەی پارتی کرێکارانە ،ئەم شۆڕشە چەکداریە کە بەر لە[٤١]ساڵ بەرپابوو ،وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ،مەبەست لێی داکۆکی کردن بوو لەبوون و شوناسی نەتەوەکەیان لەباکوور ،واتە چەک ئامرازبوو بۆگەیشتن بە ئامانج.ئامانجیش بریتی بوو لە گەیاندنی پەیامێک بە دەسەڵاتدارانی یەک لەدوای یەکی تورکیا ،کە دەڵێت ئێوە چەند بەهێزو باڵادەست بن ناتوانن ئیرادەمان بشکێنن ،ناتوانن بێدەنگمان بکەن ،ئێمە بەرەنگارتان دەبینەوە ،زیانتان پێدەگەیەنین،ئارامیتان دەشێوێنین،خەوتان دەزڕێنین.
ئەودەمەی ئەم شۆڕشە چەکداریە سەری هەڵدا ژمارەیان کەم بوو،گەورەترین چەکی دەستیان کڵاشینکۆف بوو،دۆستەکانیان کەم بوون و دوژمنیان زۆر ،بەڵام لە ئێستادا پەکەکە وەک حیزب و وەک هێزی چەکدار لە ئاستێکی باڵادان ،بەو ڕادەی خاوەنی درۆن وچەندین جۆرەچەکی پێشکەوتوون کەهەندێکیان بەرهەمی ئەقڵی خۆیانە. دڵنیام کە دەسەڵاتدارانی باڵای تورکیاش ئەم حەقیقەتە دەزانن و حساب بۆ ئاستی توانای گەریلا دەکەن.
کەواتە هێزی گەریلا بەرەنگاری تورکیایەک بووەتەوە کە دووەم هێزی ناتۆیەو خاوەنی تەکنەلۆجیای سەربازی و هەمووجۆرە چەکێکی پێشکەوتووە .
دەتوانم بڵێم لە ئێستادا پارتی کرێکاران لە پێگەی هێزدایە نەک لاوازی ، دۆست و دوژمن ئەم ڕاستیە دەزانن ، بۆیە دەتوانم بڵێم تورکیا لەڕووی سەربازیەوە چەند بەهێزبێت ناتوانێت کۆتایی بەوهێزە شۆڕشگێرە بهێنێت.
دیارە چوونە نێو پرۆسەی دانووستان بۆ ئاشتی لە مەوقیعی هێزەوە باشترین بژاردەیە ،چونکە لەم حاڵەتەدا سەپاندنی داواکاریەکان گەر هەموویشی نەبێت بواری زیاترە.
لای ئەردۆغان ڕوونە کە {پێ کا کا} لەئێستادا وەک هێزی گەریلا یا وەک هێزێکی سیاسی خاوەن دسپلین نەلاواز دەکرێت و نەلەناودەبرێت ،بۆیە ڕێکەوتن لەگەڵیدا تاکە بژاردەیە و هاوکات بژاردەیەکی ئەقڵانیشە.
دوا قسەم ئەوەیە گەرئەم بزافە شۆڕشگێڕە لە ڕێڕەوی خەباتیدا بەچەندین قۆناغی دژوارو سەختدا گوزەری کردبێت و لە چەند خەباتگێڕێک و ژمارەیەک گەریلاوە گەشتبنە ئەم ئاستە باڵایەی ئێستا، کەواتە باترس و خەم داماننەگرێت ودڵنیابین کە ئایندە لەبەرژەوەندیانە.

گۆران هەڵەبجەیی




نۆڤلێتی (ئەو منداڵەکەی کوشت؟) بڵاوکرایەوە

نۆڤلێتی ئەو منداڵەکەی کوشت؟ لە نووسینی نووسەری ناسراوی نەمساوی شتێڤان تسڤایگ، لەلایەن ئەردەڵان عەبدوڵڵاوە لە ئەڵمانییەوە کراوە بە کوردی، لەلایەن ناوەندی رۆمان لە سلێمانی چاپکراوە.. کتێبەکە قەبارە مامناوەندە و خۆی لە دووتوێی 100 لاپەڕە دەبینێتەوە.
شتێڤان تسڤایگ یەکێکە لە نووسەرە ناسراوەکانی نەمسا، لە ساڵی 1881 لەدایکبووە و لە ساڵی 1942 کۆچی دواییکردووە. کەسێکی فرە بەهرە بووە، لەیەککاتدا رۆماننوس، چیرۆکنووس، مێژوونووس، رەخنەگرێکی ئەدەبیش بووە، لە بواری رۆماندا کۆمەڵێک بەرهەمی جوانی هەیە لەوانە (شەترەنج، ئەمۆکلاو، نهێنییە ئاگرینییەکان) ئەم نۆڤلێتەش یەكێكە لە بەرهەمە جوانەکانی نووسەر.
ئەم نۆڤلێتە باسی دوو بنەماڵە دەکات، کە قەدەر دەیانکات بە دراوسێی یەکتر، خێزانی یەکەم ( بێنستی) لە کۆتایی تەمەنیانن، هاتوون بۆئەوەی لە گوندێکدا بژین کە دەکەوێتە نزیک شاری باتی ئینگلتەرا، تاکۆتایی ژیانیان بەسەر بەرن و ژیانێکی ئارامیان هەبێت. گەرچی بنەماڵەی دووەمە( بنەماڵەی لیمپلی) کە ئەوان گەنجترن، ئەوانیش بە دوای ئارامییدا دەگەڕێن و خۆیان لە ژاوەژاوی شار بەدوور دەگرن.
پاش ناسینی هەردوو بنەماڵەکە، خێزانی یەکەم بە رێکەوت سەگێکی بچووکیان پێشکەش دەکەن، تاوەکو کاتی بەتاڵی خۆیانی پێ بەسەر بەرن، بەڵام دواتر ئەم سەگە دەبێتە بەڵایەکی گەورە بۆ بنەماڵەی لیمپلی. سەرەتا لیمپلی زۆر هۆگری سەگە دەبێت و هێندەی گرنگیی و بایەخی پێدەدات، بەشێوەیەک دەبێتە کۆیلەی سەگەکە، بەڵام پاشتر ژنەکەی منداڵێکی جوانی دەبێت، ئەمەش وادەکات کە لیمپلی هەموو ژیانی خۆی بۆ کچە بچووکەکەی تەرخان بکات و سەگەکەی پشتگوێ بخات. ئەمەش دەبێتە هۆی تووڕەبوون و دڕندەبوونی ئەو سەگەکەی کە ماوەیەکی زۆرە بەخێویی کردووە. دواجار سەگەکە تۆڵەی ئەم پشتگوێخستنە لە منداڵەکە دەکاتەوەو دەیکوژێت.
لەم نۆڤلێتەدا نووسەر هەوڵیداوە، جگە لە باسکردنی هەست و سۆزی مرۆڤ، ئاوڕێکیش لە جیهانی ئاژەڵەکان بداتەوە بەتایبەتی سەگ. باسی هەڵسووکەوت، لەهەمانکاتیشدا هەست و سۆزی ئەوانیش دەربخات. ئەم نزیکردنەوەیەی دوو جیهانی دژ بە یەکیش، خۆی لە خۆیدا داهێنانێکی گەورەیە.




سانسۆرو سزاو، دراماو سینەمای ئێرانی.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

سینەما و دراما لەئێراندا كە دوو هونەری كاریگەرو كارتێكی بەهێزو ئەكتیفی حەماوەرین بۆ هوشیار كردنەوەو تێگەیشتن، بەردەوام ڕووبەڕووی سانسۆرێكی توند دەبنەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە.
بەپێی ئەو یاسایەی بۆ سینەما دەركراوە، چەندین خاڵی سنوورداركردنیان لە ناوەڕۆكدا بۆ داندراوە، بۆ دڵنیابوون لەوەی كە ئەو بەرهەمە درامی و سینەماییانەی بەرهەم دەهێندرێن، لەگەڵ ڕەوتی ئایینی و كولتووری كۆماری ئیسلامیدا بگونجێت.
ئەم سنووردار كردنانە بریتین لە: قەدەغەكردنی وێنەگرتنی ژنانی بێ حیجاب.
قەدەغەكردنی دیمەنی بەركەوتنی سێكسی و قەدەغەكردنی باسكردنی ئەو بابەتانەی كە بەبابەتی هەستیار، یان ڕەخنەگرتن لەدەسەڵات دادەنرێت.
سەرەڕای ئەم سنوورداركردنانە، زۆرێك لەهونەرمەندانی ئێرانی هەوڵدەدەن لەڕێگەی كارەكانیانەوە بابەتی كۆمەڵایەتی و سیاسی دەرببڕن، بەڵام هەندێ جار بەرەو ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دەسەڵات ئاراستە دەكرێن.
دەرهێنەرێكی گەورەی وەك (جەعفەر پەناهی) و زۆرانی تریش، ڕووبەڕووی سنوورداركردنی هاوشێوە بوونەتەوە.
ئەوەتا ساڵی 2010دا بەهۆی پشتگیری كردنی ئەو ناڕەزایەتیانەی دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2009 هاتە ئاراوە، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و كاری فیلمسازی و گەشتكردنی لێ‌ قەدەغەكرا.
هەروا دوای ئەوەی دادگای تاران، سزای شەش مانگ زیندانی بەسەر (سەعید ڕۆستەیی) دەرهێنەری ئێرانی و بەرهەمهێنەری فیلمی (براكانی لەیلا) دا سەپاند، بەهۆی نمایشكردنی فیلمی(براكانی لەیلا) لەفێستیڤاڵی كان، بێ‌ وەرگرتنی ڕەزامەندی ئێران لەو بەشداری پێ‌ كردنە، سزای قەدەغە پێكردنی نمایش كردنی فیلمەكەشی لەناوەوەی ئێران بەسەردا سەپێنرا.
فێستیڤاڵەكە لەبەیاننامەیەكدا بەئاژانسی (فرانس پرێس) گەیشتووە، ئەو حوكمە قەزایبەی لە دژی ڕۆستەیی و جەواد نەورۆز ، بەرهەمهێنەری فیلمەكە دەركردوە، لەگەڵ قەدەغەكردنی پێنج ساڵ لەنمایش كردن ، پێشێڵ كاریەكی ئاشكرایە دژی ئازادی ڕادەربڕین.
هەرلە درێژەی ڕاگەیاندنەكەدا هاتووە:
فیستیڤاڵی ( كان) وەك زۆرێك لەپیشەگەرەكان لەسەرانسەری جیهاندا، پشتیوانی خۆی بۆ هەموو ئەو كەسانە دەردەبڕێت كە لەئامادەكاری و بڵاوكردنەوەی كارەكانیاندا تووشی توندوتیژی وسزادان دەبنەوە .
ڕۆژنامەی (ئیعتماد)ی ڕیفۆرم خوازی ئێرانیش، لەڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاند كە دادگایەك لەتاران سزای ئەو بەڕێوەبەرە ئێرانییەشی داوە كە بەشداری لەپڕۆپاگەندە كردن بۆ فیلمەكە كردوەو ، وەئەم رێكارەی بەدژایەتی كردنی سیاسەتی بەرهەمهێنانی هونەری لەكۆماری ئیسلامی ئێران لە قەڵەم داوە.
هەروا ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لەماوەی ڕاگرتنی سزاكە، پێویستە تۆمەتبار خۆی لە چالاكییەكانی پەیوەست بەو تاوانەی ئەنجامدراوە بەدوور بگرێت و پەیوەندی لەگەڵ كەسانی چالاك لەبواری سینەمادا نەكات.
سەعید ڕوستەیی تەمەن 34 ساڵەو دوای دەرهێنانی فیلمی (یاسای تاران) ناوبانگێكی زۆری بەدەستهێنا.
یاسای تاران ـــ فیلمێكی پۆلیسیە و باس لە بازرگانیكردن بەماددە هۆشبەرەكان و سەركۆنەی دەسەڵاتداران دەكات.
هەر (ڕۆستایی) دەرهێنەر لە ئایاری ٢٠٢٢ خەڵاتی دەستەی سوێندخۆَرانی كۆمەڵەی ڕۆژنامەوانی نێودەوڵەتی لەفیلمی (براكانی لەیلا ) بەدەست هێنا.
بۆ نموونە سكاڵای یاسایی لەسەر خانمە ئەكتەر (مەرزیە بۆرومەند) و ئەكتەری ناوداری ئەمریكی (ڕەزا بابەك) تۆماركرا، بەهۆی تەوقەكردن لەسەر شانۆ لەفێستیڤاڵی فیلمی فەجر كە بەپێشێلكردنی بەها ئیسلامییەكان داندراوەـ
دەرهێنەری ئێرانی محەمەد ڕەسولۆف ساڵی 2025 خەڵاتی ورچی زێڕینی لەفیستیڤاڵی بەرلین پێ‌ بەخشرا، لەسەر فیلمی (شەڕ نیە ) كە باس لەسزای لە سێدارەدان دەكات لەئێران،
بەڵام دوای نمایش كردنی فیلمەكەی لەفبستیڤاڵی كان ی سینەمایی بەهەشت ساڵ زیندانی سزا درا، بە تومەتی ئەوەی مۆڵەتی بەشداری بوونی لەهەردوو فیستیڤاڵدا وەر نەگرتووە.
ئەو سەركوت كردنەوەیەی سینەماكاران بەردەوامە، لەكاتێكا ئەوان هەوڵ دەدەن، تێڕوانینێكی ڕەخنەگرانە بۆ كۆمەڵگا و سیاسەت پێشكەش بكەن، كەچی ڕووبەڕووی سنوورداركردنی توندی یاسایی و سانسۆرێكی توند دەبنەوە..




كەمكردنەوەی هەژاری لە چین مۆدێلێك بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو.. هەڵۆ حەسەن

بۆچی چین بنبڕكردنی هەژاری وەك كارنامەی سەرەكی وڵاتەكەی لە پێشینەی كارەكانی داناوە؟،ئەم وێنەیە لە 19ی تەمموزی 1989 گیراوە، كاتێك سەرۆك شی جینپینگ، سكرتێری حزبی ئەوكاتەی شاری نینگدە (پارێزگایەكی دواكەوتووی شاخاوی) لە ناوچەی شونینگ لێكۆڵینەوەی ئەنجامدا،تەنها لە ماوەی 1 ساڵ و 11 مانگدا، سەردانی 123 لە كۆی 124 شارۆچكەی نینگدە كرد بۆ لێكۆڵینەوە لە بارودۆخی ناوچەكە. ئەمەش دەكاتە سەردانی شارۆچكەیەك هەر 6 ڕۆژ جارێك،ئەم ئەزموونە بەرفراوانە لە بنەڕەتدا توانی هەوڵی كەمكردنەوەی هەژاری لەسەر ئاستی وڵات ئەنجام بدات.چین 800 ملیۆن كەسی لە هەژاریی ڕەها دەرهێنا، هەروەها پێش وادەی دیاریكراو ئامانجی كەمكردنەوەی هەژاری لە كارنامەی 2030ی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدانی بەردەوامی بەدیهێنا. ئەوەی چین كردوویەتی لە كۆمەڵێك داتادا:لە ساڵی 2014 تا 2023 بە گشتی 2.5 ملیۆن كیلۆمەتر ڕێگای گوندنشینەكان دروستكراون یان نۆژەنكراونەتەوە و 70 هەزار و 600 گوند بە ڕێگای قیرتاو بەستراونەوە؛ئێستا تۆڕی 5جی چین هەموو شار و شارۆچكەیەكی وڵاتەكە و هەروەها زیاتر لە 90%ی گوندەكانی دەگرێتەوە؛تا كۆتایی ساڵی 2021، چین زیاتر لە 40 هەزار وێستگەی ڕۆشنبیری لەسەر ئاستی شارۆچكەكان و 570 هەزار ناوەندی خزمەتگوزاری كولتووری لەسەر ئاستی گوندەكان پێگەیشت،لە ساڵی 2023دا 96.1%ی گوندەكان خزمەتگوزاری پزیشكییان پێگەیشت ، كە بە بەراورد بە ساڵی 2013 بە ڕێژەی 14.5% زیادیكردووە؛لە ساڵی 2013ەوە چین 108 هەزار قوتابخانەی نۆژەن كردووەتەوە بۆ بەهێزكردنی دابینكردنی خوێندنی ناچاری لە ناوچە هەژارەكاندا

پابەندبوونی مێژوویی و سیاسی
چین لە سەرەتای ڕۆژانی چاكسازی و كرانەوە نەك گەشەی ئابووری بە تەنیا بەڵكو كەمكردنەوەی هەژاری پێویست بوو بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری و پێشكەوتنی نیشتمانی. سەرۆك شی جینپینگ بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی كەسیی خۆی لە” نینگدە “و ناوچە دواكەوتووەكانی دیكە، بنبڕكردنی هەژاری كردە بەشێكی سەرەكیی حوكمڕانییەكەی،دەرهێنانی خەڵك لە هەژاری، سەقامگیری كۆمەڵایەتی درێژخایەن و خۆشگوزەرانی ئابووری مسۆگەر دەكات. هەژاری دەتوانێت ببێتە هۆی سووتەمەنی نائارامی و نایەكسانی، كە چین هەوڵیدا بە تێكەڵكردنی ناوچە دوورەكان لە پلانەكانی گەشەپێدانی نیشتمانیدا نەهێڵێت،چین نزیكەی 10 ساڵ پێشتر ئامانجەكانی كەمكردنەوەی هەژاریی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدانی بەردەوام بەدەستهێنا. ئەمەش ڕەنگدانەوەی پابەندبوونیەتی بە گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و سەركردایەتیكردن لە هەوڵەكانی كەمكردنەوەی هەژاری جیهانیدا،لە ساڵی 2014 تا 2023 چین،دروستكردن یان چاككردنەوەی 2.5 ملیۆن كم ڕێگای گوندەكان، بەستنەوەی 70,600 گوند بە ڕێگای قیر،بۆ هەموو شار و شارۆچكەیەك، كە دەگاتە زیاتر لە 90%ی گوندەكان،پەرەپێدانی 570,000 ناوەندی خزمەتگوزاری ڕۆشنبیری لەسەر ئاستی گوند و ڕۆشنبیری لەسەر ئاستی شارۆچكە زیادكردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشكی لە گوندەكاندا بۆ 96.1% تا ساڵی 2023،سەركەوتنی چین لە كەمكردنەوەی هەژاریدا وەك مۆدێلێك بۆ وڵاتانی دیكەی گەشەسەندوو سەیردەكرێ، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە پلاندانانی ستراتیژی، وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووری و سیاسەتی ئامانجدار دەتوانێت گۆڕانكارییەكی كۆمەڵایەتی بەرچاو بهێنێتە ئاراوە

هەڵۆ حەسەن

——————————–

سەرچاوەكان:

Ningde: Xi Jinpings Training Ground for Governing the Country
https://link.springer.com/chapter/10.1007/978-981-16-0654-0_2?utm_source=chatgpt.com
Infrastructure, growth, and poverty reduction in China
https://documents.worldbank.org/en/publication/documents-reports/documentdetail/958211468770406497/infrastructure-growth-and-poverty-reduction-in-china?utm_source=chatgpt.com
Lifting 800 Million People Out of Poverty
https://www.worldbank.org/en/news/press-release/2022/04/01/lifting-800-million-people-out-of-poverty-new-report-looks-at-lessons-from-china-s-experience?utm_source=chatgpt.com




پڕۆسەی ئاشتی لە باکوور لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل.. شێرکۆ کرمانج

چەند مانگێکە قسە لە پڕۆسەی ئاشتی لە باکوور و تورکیا دەکرێت. هۆکاری زۆر لە پشت دەستپێشخەریی ئەم گەڕەی پڕۆسەکە دایە، لەوانە: ماندووبوونی هەردوولا، گەیشتن بەو باوەڕەی کە لەڕێگەی خەباتی چەکداریی یان نکوڵیکردن هیچ لایەک بە ئامانجی خۆی ناگات، تا دەگاتە ئەو وەرچەرخانەی کە لە دید و تێگەیشتن و ئایدیۆلۆجیای ڕابەری تەڤگەری کورد لە باکوور، عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕوویانداوە. بەڵام هیچیان بە قەد ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتوونەتەپێش کاریگەریی نەبووە کە وەک ئاکامێکی شەڕ و پێکدادانەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر، کە وێرانبوونی غەززە و بەشێکی باشووری لوبنان و لاوازبوونی حەماس و حیزبوڵا و داتەپینی ڕژێمەکەی “حافیز ئەسەد” هاتوونەتە پێش. وەک ئاکامێکیش پەڕوباڵکردن و لە قاوغنانی ئێرانی بەرهەم هێنا. وەک بەرئەنجامێکیش هاوکێشەکانی هێز لە ناوچەکە گۆڕا؛ ئیسرائیلێکی ئێجگار بەهێز و تورکیایەکی سەرکێش و ئێرانێکی پەڕپووت و وڵاتانێکی عەرەبی بێدەنگی بەرهەم هێناوە.
لەم کورتە بابەتە هەوڵ دەدەم، گەنگەشەی پڕۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان بکەم لە پەیوەند بە ململانێی نێوان ئیسرائیل و تورکیا کە هەر یەکێکیان لە هەوڵی خۆبەهێزکردندایە.
ئیسرائیل پێی وایە کە ڕووخانی ئەسەد و بێهێزکردنی ئێران زادەی لێدان و شەڕەکان و پلان و پیلانەکانی ئەوان بووە، بۆیە خۆیان بە شایستەی خەرمانەکە دەزانن. بەڵام ئەگەر تەماشای نەخشەکە بکەین، دەبینین کە یەکێک لە بەرئەنجامەکانی کار و کردەوەکانی ئیسرائیل، فراوانبوونی قەڵەمڕەویی تورکیایە، بەتایبەتی لە سووریا. بۆیە، ئیسرائیل دوای پچڕاندنی هیلالی شیعی و دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی ئێران، دەیەوێت تورکیا نەبێت بە جێگرەوەی ئێران، واتە، بەو هێزەی کە بتوانێت لەڕێگەی سووریا و هاوپەیمانە ئیخوانییە-ئیسلامییەکانی لەوێ هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات، وەک چۆن جاران ئێران دەی کرد. بۆ ئەم کردەیە، ئیسرئیل لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارە نوێکانی دیمەشق بە هیچ شێوەیەک وەک هاوپەیمان، یان نزیک لە خۆی، نە ئەمڕۆ نە سبەی، نابینێت. بۆیە، هەر زوو دوابەدوای گۆڕانکارییەکانی سووریا لە هەوڵی کەڵک وەرگرتنە لە دوو کارت، کورد و درووز.
ئیسرئیل دەزانێت کە درووزەکان هێزگەلێکن لەوانەیە نەتوانن ئەو ڕۆڵە ببینن کە ئیسرائیل دەیەوێت یان ئەو کردارە بکەن کە ئەو پێویستی پێیەتی بۆ گۆڕانکاریی لە هاوکێشە نێوخۆییەکانی سووریا. بۆیە، خۆی لە هەوڵی خۆ نزیک کردنەوەیە لە کورد. ئەمەش لە قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، گیدعۆن ساعر، بەدەرکەوت، کاتێک گوتی: “کوردەکان نەتەوەیەکی گەورەن… بێ دەوڵەتن… ئێمە دەبێ دەستی دۆستانە بۆ لای کوردەکانی ئێران و تورکیا ڕابکێشین و پێوەندیەکانمان بەهێز بکەین”. دواتر، قسەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامێن نەتەنیاهۆ، هێندی دیکە ئەو خۆنزیکردنەوەیەی نیشاندا لەوەی کە گوتی: “ڕێگەنادەین دوژمنانمان لە لوبنان و سووریا بەهێزببنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەستمان درێژكردووە بۆ هاوپەیمانە درووزییەكانمان و دۆستە كوردەكانمان لە ناوچەكە”. پێشووتر لە دیدارێک لە سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی کە بۆ مەزڵووم عەبدی ڕێکخرا بوو، عەبدی دانی بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل نەنا، بەڵام نکوڵیشی لێ نەکرد و گوتی هەڵوێستی ئیسرائیل لە پشتیوانی کورد بەرز دەنرخێنین.
لە هەموو ئەوانە، هەست بە نزیکبوونەوەیەک لەنێوان کوردانی ڕۆژاڤا و ئیسرائیل دەکرێت. هەردوولا پێویستیان بەیەکە. کورد پێویستیی بە هاوکاری ئیسرائیل‌ـە بۆ مانەوە و خۆپاراستن هەم لە هەڕەشە و هێرشەکانی تورکیا، هەم لە هەر پێکدادانێکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق کە پێناچێت لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بگەن بە هیچ لێکتێگەیشتنێک لە گفتوگۆکانیان. بەهەمان شێوە، ئیسرائیل‌ پێویستیی بە کوردە بۆ فشار خستنە سەر حکومەتەکەی دیمەشق و هاوکاریکردنی درووزەکان. ئیسرائیل نایەوێت حکومەتێکی مەرکەزی بەهێز لە دیمەشق دروست بێت، تەنیا کورد و هەسەدە دەتوانن ئەم کارە بکەن و ڕێگریی لە دروستبوونی حکومەتێکی بەهێز و سەرکێش بگرن.
لە هەمان کاتدا، تورکیا چاک دەزانێت کە لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کورد ژمارەیەکە کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت. هاوکات، ئەوەش دەزانێت کە ئیسرائیل بۆ دوورخستنەوەی سەرکێشییەکانی تورکیا و بۆ لاوازکردنی هاوپەیمانەکانی لە سووریا لەوانەیە کەڵک لە کورد وەربگرێت، بۆیە دەیەوێت ئەو چەکە، ئەو کارتە، لە دەست ئیسرائیلییەکان دەربێنێت و بیخانە ژێر دەستی خۆی. ئەمەش وای کردووە کە پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی بکات.
لە پڕۆسەی ئاشتی، تورکیا دەیەوێت کۆمەڵێک ئامانج بپێکێت، لە پێش هەموویانەوە دوورخستنەوەی کورد لە بەرەی ئیسرائیل، کە لەم ئانوساتەدا، عەرەبەکانی کەنداو و ئەمریکا‌ـش لە هەمان بەرەن. بوون بە بەشێک لەم بەرە کاریگەرە زۆر گرنگە، بۆیە زۆر گرنگە کە کورد هەموو هەلێک بقۆزێتەوە بۆ نزیک بوونەوە لەم بەرە.
بەکورتی، ململانێی ئیسرائیل و تورکیا لەسەر کوردە، هەرلایەکیان کورد بباتەوە هەنگاوێک لە زاڵبوون بەسەر ئەوی دیکەدا نزیک دەبێتەوە. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئەدی کورد دەبێت چ بکات؟
من پێموایە کە کورد لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا دەبێت هەوڵ بدات دوولایەنە، دووسەرە، واتە، بە دوو ستراتیجی جیاواز کار بکات، هەم لە تورکیا نزیک بێتەوە هەم لە ئیسرائیل. ڕوونتر بڵێم، دەکرێت پێشوازی لە دەستپێشخەری ئاشتی بکات لە تورکیا و هەندێک مەرجەکانی تورکیاش قەبوڵ بکات، لەوانە چەکدانانی پەکەکە بەڵام زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ تورکیا بکات چونکە من زۆر گومانم لە نیازەکانی تورکیا هەیە. لە ڕاستیدا، من پێموایە، وەک ئاماژەم پێ کرد، تورکیا تەنیا مەبەستی دوورخستنەوەی کوردە لە ئیسرائیل چونکە چاک دەزانێت ئەگەر ئیسرائیل پشتیوانی لە کورد بکات، ئەوا ئەمریکاش لە هاوکارییەکانی لە ڕۆژاڤا بەردەوام دەبێت، بەمەش هێزی کورد دەچێتە ئاستێکی بەرز.
بە دەربڕینێکی دیکە، کورد لە باکوور دەکرێت بە پیر پڕۆسەی ئاشتییەوە بچن، لەبەر هیچ شتێک نەبێت بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر ڕۆژاڤا. هاوکات، کوردانی ڕۆژاڤا و هەسەدە دەست درێژ بکەن بۆ ئەو ئاماژانەی کە لە ئیسرائیل‌ـەوە دێن و هەوڵی دروستکردنی پەیوەندییەکی ستراتیجی تۆکمە بدەن، هەم بۆ خۆپاراستن هەم بۆ پاراستنی درووزەکانی سووریا. کورد دەبێت ئەوە بزانێت ئەگەر ئیسرائیل نیازی پاکیش نەبێت ئەوە تورکیا نیازی گڵاوە، لەبەرئەوە نابێت بە بەڵێنەکانی تورکیا، هەڵبخەڵەتێ و هەڵەکانی حەسەن خەیرییەکان دووبارە بکاتەوە.
ئەگەر کورد بتوانێت پاڵپشتی ئیسرائیل مسۆگەر بکات، ئەوە دەتوانێت وەک کارتێک لە دژی تورکیا لە پڕۆسەی ئاشتیش لە باکوور بەکاری بێنێت.
کورد ڕێزی سوارە، داخۆ دەتوانێت گەمەکە بباتەوە، ئەوە دواڕۆژ بۆمان دەردەخات.




چیرۆك\ حەبی ئایدیۆلۆژیا.. سەلام عومەر

(دوو زللە، یەكیان بناگوێی سوور كردمەوە، ئەویدی منداڵی و گیانی مرۆیی لێسەندمەوە)
یەكەم زللە كە بەبنا گوێم كەوت و رومەتی سوور كردمەوە بەدەستی خاڵم بوو كە پێی گوتم لەگەڵ ئەو حەبخۆرانەت نەبینم، چونكە هێشتا مێرمنداڵی و بەرگەی ئەفیون ناگری جارێ زۆر زووە دەی بڕۆوە ماڵێ.
دووەم زللە كە خوێنی سڕكردم ئی ئەو ئەمنە بوو كە زمانیم نەدەزانی و بەڵام تێگەیشتم كە لەسەر دەسبیحێكی سوور بوو.
ئەم دوو زللە منداڵیان لێ وەرگرتم و هەڵیاندامە نێو لاویەتی، بەجۆرێك سووریان كردمەوە خوێنم قوڵپی دەدا، عەوداڵی خوێندنەوەو شەوگەڕانیانیان كردم، فێری حەبخواردن و وەشاندنی زللەیان كردم، زللە لەوانەی زللەم لێدەدەن، فێرە شەق وەشاندنیان كردم، شەق لەوانەی زمانیان نازانم و تفم لێدەكەن، تف لەوانەش وێنەكانی خۆیان گەورە دەكرد و لە پۆل و بەردەم بارەگاكانیان دادەنا، زللەكان فێرە خواردنی حەبیان كردم تا لەنێو ئایدیۆلۆژیادا یەك رەنگ ببینم و ئەوانیدیم خۆش نەوێن، ئەوەندە نا زۆر زوو گەورەیان كردم، زۆر زۆر زوو فێرە ئەفیونیان كرد.


ئەو رۆژەی حەبەكەم خوارد سەرەتا تووشی سەرئێشەیەك بووم نەبێتەوە، هەستم بە گێژ بوون كرد خەیاڵم دەڕۆیشتن و چاوم رەشكەوپێشكەیان دەكرد، كوڵمەكانم سوور ببوونەوەو مێشكم سڕ بوو، دواتر و زۆری نەبرد سەرئێشەو باری گرانی نێو دەروونم نەما، كە دەڕۆیشتم پێیەكانم نەدەكەوتنە سەر زەوی و وامدەزانی دەفڕم، هەندێك جار لە خەون دەچوو خەونێكی خۆش وەك ئەو خەونانەی بە شەوانە دەمدیتن و دەفڕیم، بەسەر شاردا دەسوڕامەوەو بەتاقی تەنێ سەرنجم دەچۆ سەر كچە جوانەكان، خواردنە خۆشەكان، ترسم نەدەما هێرشم دەكردە سەر دوژمنەكان و خۆ ئەگەر حەزیشم لێبا ئەوە دەچوومە پاڵ كچەكان، بەتایبەت ئەوانەی گرنگیان پێدەدام و زۆریش جوان بوون، دەچووم تا بەیانی لە پاڵیان دەخەوتم، ماچمدەكردن و هەڵمدەگڵۆفتن، بۆنی زولفەكانم دەكرد و یەك یەك جلەكانم لێدادەنان دەكەوتمە دنیای خۆمەوە ئەو دنیایەی خەون و خەیاڵی هەموو لاوێكە، دنیایەك پڕپڕ لە جوڵەو رامووسان، خەوێك ئەمنی دەبردە ئەو دنیایەی.
هەستم دەكرد ئیدی لەنێو كۆمەڵێك هاوڕێدا بۆ هەمیشە دەتوانم ئەركەكانم بەجێ بهێنم و هاوكاریان بم لە رزگاركردنی ئەو نیشتمانەی بابم ئەمنی بەوێوە بەستەوە و دەشیگوت بۆیە درووستم كردووی تا لەگەڵ كوڕەكانی دیدا وڵات لە بێگانان پاك كەنەوە، لێتان ناشارمەوە هیچم دەربارەی سیاسەت و ئیدیۆلۆژیا نەدەزانی وەلێ دەمدی هاوڕێیان لەكاتی پشووی نێوان وانەكان هەبوو باسی حەبی سەوزی دەكرد و هەش بوو باسی زەرد و سپی و سوور و ئەورەنگانەی دەكرد، دەیانگوت ئەوانە حەبی ئایدیۆلۆژیان كاریگەری خۆیان هەیە و تا نەیخۆی بوێرو لەخۆ بردوو نابی، منیش كە قسەكانی بابم و ئەوانی دیم بەرگوێ دەكەوتن هەستم بە شەرمەزاری دەكرد، چۆن تا ئێستا لەوجۆرە حەبانەیان نەداومێ؟ وەلێ كە زللەكەی خاڵم بیر دەهاتەوە ترس دایدەگرتم، ئەمما كە ئی ئەمنەكەم بیردەهاتەوە رقم هەڵدەستا.
پێشتر چەند هاوڕێیەكی نزیك باسی رەنگەكانیان بۆ دەكردم بەڵام نەمدەوێرا توخنیان كەوم و هێشتا ئەو قسە قەڵەوانەی ئەوان دەیانكرد من تێنەدەگەیشتم، تا رۆژێك كتێبێكی گەورەیان دامێ و گوتیا بیخوێنەوە، منیش چونكە ئەو برادەرەم باش دەناسی و هەروابێتەوە لە گەڕەكی خۆمان بوو، لێم وەرگرت و بە چەند رۆژێك تەواوم كردو چێژێكی زۆرم لێوەرگرت، لەوێدا هەموو كاراكتەرە بەناو بانگەكان حەبخۆر و شۆڕشگێڕ بوون، ناوبانگیان هەبوو بەتایبەت ئەوانەی مەرگیان خستبووە سەر دەستیان و نیشتمانیان وەك چاویان دەپاراست، هەر لەو كتێبەدا تێگەیشتم دەبێت ببیە حەبخۆر تا ئایدیۆلۆژیا لە خوێنتدا بڵاو ببێتەوە و ئیدی لەوێوە تۆش هەمان رێگە دەگری.
هەر كە كتێبەكەم دایەوە دەستی ئەویش لە لاكۆڵانێك حەبێكی دامێ و هەندێ قسەی بۆ كردم و گوتی: ئەو حەبە بخۆ بزانە چۆنە، منیش هێشتا كاریگەری روداوەكانی نێو رۆمانەكە لە هزرمدا بوو بۆیە بەبێ دوودڵی وەرم گرت و حەبەكەم خوارد، زۆری پێنەچوو رەنگم سوور سوور بۆوە، هەستم بەگەورەیی دەكرد و ئەوەی ترس بێت لە دووژمن و داگیركەران و تفەنگ بەدەستەكانم نەما، زللەكەی خاڵم هەر لەبیر چۆوە، جگە لەوەش كە چوومەوە ماڵێ بابم رووی خۆشتر بوو و بەبێ ئەوەی بەیەك شت بزانن خێزانەكەم رێزیان دەگرتم، دەیانگوت: كوڕەكەمان گەورە بوە و ئێستا هەم كتێبی گەورە دەخوێنێتەوەو هەم هەست بەوە دەكات بۆچی هاتۆتە ئەم دنیایە، ئەوەندەنا، پێشتر دەبوو لەگەڵ بانگی ئێوارە لە ماڵێ بم، كەچی لە دوای خواردنی ئەو حەبەوە ئەگەر بن پشدێنیشم هەڵاوسابا و بەشەوانیش چوبامایە دەرێ قەت نەیاندەگوت بۆ دواكەوتی، جا نازانم لەبەر خواردنی حەبەكە بوو یان گەورە بوونم؟.
كاریگەری حەبەكە هێشتا لەنێو جەستەم بوو كە رۆیشتمەوە نێو هاوڕێیان و سەرنجم دا هەندێك لە برادەران روویان خۆشەو هەندێكی دی مۆڕەم لێدەكەن، هەندێك لێم نزیك دەبنەوە و هەندێكی دیان پشتم تێدەكەن، ئەوانەی لێم نزیك دەبوونەوە زیاتر خۆشم دەویستن و ئەوانەش دوور دەكەوتنەوە رقم لێیان دەبۆوە، تا ئەوكاتەی ئەو هاوڕێیەم دیتەوە كە حەبەكەی دامێ، ئەو كەڕەتەیان بەبێ ئەوەی من پرسیار بكەم ئەو منی بردە ماڵێك چەند كەسێكی دی لێبوون هەندێكیان چەكدار بوون و یەك دووێكیش وەك من لاو، هاوڕێكەم لەكن خۆی داینیشاندم و دەستی بەقسان كرد، هەستم كرد قسەكانی ئەو و ئی نێو كتێبەكەی دایمێ لێك جیان، ئەوەندەنا شتی نوێتری دەگوت كە من لێی تێنەدەگەیشتم، بۆیە بیرم كردەوە كە ئاوا بڕوا لەنێوان رەنگەكاندا بزر دەبم و بەبێ رازیكردنی كەسەكانم سەردەنێمەوە، هاوڕێكەشم كەدیتی خەریكە رەنگم دەگۆڕێ خێرا حەبێكی دی دامێ و ئەویشم ئاودیو كرد، جا گوتم چ دەبێ با ببێ.
هەر كە لە هاوڕێیەكەم جیابوومەوە شۆڕ بومەوە بەرەو ماڵێ كەچی لە رێگا سێ لاوی دەمامكدار هاتنە سەر رێم و هەڕەشەیان لێكردم، منیش چونكە كاریگەری حەبی ئایدیۆلۆژیام لەسەر بوو نەك حەبی نیشتمانی، سینگم لێ بردنە پێش و سوور بوونی خۆم لەسەر رێبازەكەم راگەیاند، كاتێك هەوڵی هێرش كردنیان دا تا لێم دەن، كەچی هەرزوو پەشیمان بوونەوە و دەمامكەكەیان تونتر لە سیمایان وەرپێچا و گەڕانەوە دواوە و بەخێرایی لە كۆڵانەكە لەچاوان بزر بوون، منیش هەستم بەسەركەوتن و لەخۆبایی بوون كرد، كە حەبخواردن تەنیا ماسوولكەكان بەهێز ناكا بەڵكو سیماشت دەگۆڕێ و ترسناكت دەكا، خەڵك لێت دەترسێ وەك ئەو سێ دەمامك دارەی رایانكرد، لەو خەیاڵانەدا بووم سێ لە هاوڕێ نزیكەكانم كە یەكێكیان ئەوە بوو كە حەبەكەی دامێ لە پشتەوە دەستیان لەسەر شانی دانام و گوتیان ئاگاداربە ئێمە هەر بەدواتەوە بووین هەرگیز نایەڵین هیچ كەسێك لە وانەی حەبی رەنگاو رەنگ دەخۆن زیانت پێ بگەیەنن.
رێك لەو كاتەدا حەبەكە هەموو دەمارەكانمی ئەستوور كرد، هەستم كرد ئیدی بەتەنیا نیم و ئەوەتا كۆمەڵیك هاوڕێ، نا شانەیەك، كوڕە رێكخراوێك بەرگریم لێدەكەن، ئیدی لەو رۆژەوە بوومە خاوەنی پاكەتێك حەب، بەتەنێ نەدەگەڕام و جگە لەخۆم حەبم دەدایە چەندین ئەندامی نوێ، كاتێك توشی بچوكترین مەترسی بام لەدەورم كۆدەبوونەوە، خۆ بەهەر كۆڵانێكدا رۆشتبام كۆمەڵ كۆمەڵ قوتابیم دەدیتن بەڵام هەر كۆمەڵەو رەنگێك بوون، پێشتر كە مۆڕەمان لەیەكتری دەكرد ئێستا سڵاو لە یەكتری دەكەین، جا نازانم لە ترسان بوو یان هاوئامانج؟ ئەوەندە چاودێری یەكتریمان دەكرد و دروشمی دژ بەیەكمان لەسەر دیوارەكان دەنووسی، ئاگامان لە دووژمنە سەرەكیەكە نەمابوو، جاران لە یەك شوێنی شار ئاگری نەورۆز دەكرایەوە كەچی ئەو ساڵە هەر رەنگە و لە شوێنێك ئاگری كردەوە، پێشتر لەنێو پۆلەكانی قوتابخانە لە هەرشوێنێك دانیشتبای ئاسایی بوو كەچی دواتر پۆلەكان بوونە سێ ریز و هەر ریزە و رەنگێك بوو، مامۆستاكانیش تووشی حەبخواردن ببوون هەمیشە مامۆستایەك رەنگی سووربا لەو ریزە وانەی دەگوتەوە كە لە رەنگی خۆیەتی، خۆ بۆ رەنگەكانی دیش بەهەمان شێوە، ئەوەندەنا زۆر جاران لەنێو خێزانەكاندا رەنگی جۆراو جۆر هەبوو، دایكی داماو نەیدەزانی خوارنەكە بە چ رەنگێك لێنێ یان چۆن وەكویەك دابەشی كا.
ئەو حەبە رەنگاورەنگانە رژابووە نێو خوێنی هەموو دانیشتوان، بەجۆرێك شیرازەی كۆمەڵگای تێك دابوو نووسەر هەبوو تەنیا بەسەر بەهاری دا دەنووسی هەبوو بەسەر پایزدا و ئەوانی دیش بەسەر گوڵی سوور و زستان و چوزانم دەبوو رەنگی جلوبەرگ و ماڵ و ئەوشتانەش لە حەبەكان بن.
ئیدی سەرتان نەیەشێنم دوای خواردنی چەندین پاكەت حەب و سڕ بوون و سوور بوونەوەم، چەندین تێك گیران لەگەڵ ئەوانی دی و چالاكی جۆراو جۆر، چەندین زللە هاویشتن و وێكەوتن، چەندین وەشاندنی قاپە شلە و تا گەیشتە گوللەش.
وەلێ دوواجار دوای ماندووبوونێكی زۆر تەواوی رەنگەكان خرانە نێو قاپێكی شووشەوەو لەسەر تاشە بەردێكیان دانا، داخۆ ئەم قاپە دەكەوێتە بەر سێرەی دوژمن یان باڵندەیەك بەرە و لوتكەی دەڕفێنێ، داخۆ ئەم قاپە شوشە لە دەستی سەركردەكانمان بەردەبێتەوە و دەشكێ، یان بێبەرامبەر لەسەر مێزی دوژمنی دادەنێن؟


هەر چەند ساڵێك بوو دووژمن هەوڵی قڕكردنی گەلەكەمانی دابوو، هێشتا بۆنی سێو و ژینگەی نیشتمانەكەمان پاك نەبووبوەوە، خەڵكی دەمارەكانی ملیان ئەستوور ببوو و لە دەرفەتێك دەگەڕان تۆڵەی ئەو رۆژانە بكەنەوە كە خەریك بوو نیشتمان بخنكێنن، وێجا رۆژێك لەو رۆژانە كە هاوكات و یادی ئەو رۆژە رەشە بوو پێش ئەوەی لەماڵێ بێمە دەر حەبێكم خوارد و هەستم دەكرد پێم بە زەوی ناكەون و لەو دنیایەیدا جگە لەمن كەسی دی تێدا نییە، خوێنم سڕ و سپێنەی چاوم سوور سوور ببوونەوە، ئەو دەمانچەی لە كۆبوونەوەیەك دابویانمێ لەبن پشتێم ناو رێك چوومە نێو بازاڕ، سەرم بەرز كردەوە ئاسمان بۆڵەبۆڵی بوو، هەورەكان هەندێكیان سپی و هەندێكی دیان رەش خەریكی ئاوێتە بوون بوون، شەماڵ لە رۆژئاواوە دەهات و بایەكی نیمچە ساریش لە خۆرهەڵاتەوە هەڵیكردبوو رێك لەنێوەندی شاردا ئاوێتەی یەكتری بوون، ئەم دیمەنە بەتایبەت رەنگی هەورەكانی ئاسمان و هێزی شەماڵ و با كوێستانیەكان كە لەیەك كاتدا یەكیان دەگرت، لەلایەكەوە مژدەی باران و لەولاشەوە هەڕەشەی كێژەڵوكەیەكی پێبوو، بۆیە هێشتا لە سەیركردنی ئاسماندا بووم كە كاریگەری ئەفیونی حەبەكە مژدەی رووداوێكی خێرای وەك برووسك بەنێو جەستەمدا رەتكرد.
هەنگاوەكان بەرەو نێوەندی بازاڕی كێش كردم لەوێ كە پڕ پڕ بوو لە خەڵك دیتم بە دوو ئەمنان كەوتبوونە سەر كەسێك و لێیان دەدا، لەجیاتی ئەوەی كەسانێك دەستی ئەمنەكان بگرن و ببڕن، كەچی خەڵكەكە هەر بابابوو دووكانی دادەخست و ئەوناوەیان چۆڵ دەكرد، نزیكتر بوومەوە ئەوەی لەبەردەستی ئەمنەكان بوو كوڕەعەجول و سەرشێتەكەی هاوپۆلم بوو ئەمما لەرەنگی من و لەریزی قوتابخانەم نەبوو، نزیكتر بوومەوە چاوی هاوپۆلەكەم كەوتە نێو چاوم، رێك لەو كاتەدا هەم شەرم و غیرەت بەیەكەوە كاری خۆیان كرد، هەم هەورە جەمسەریەكان بەریەك كەوتن و روناكیەك شاری رووناك كردەوە، هاوپۆلەكەم پڕیدایە تفەنگی یەك لە ئەمنەكان و منیش نەمكردە نامەردی دەمانچەكەم دەرهێناو تەواوی یەدەگەكەم لە ئەویدی خاڵی كردەوە، كەهاوپۆلەكەم ئەوەی دی ئەویش سێ مەتر لە ئەمنەكەی دی دوور كەوتەوەو بە ڕێژنەیەك گوللە لە تەنیشت ئەویدی خست، لەو ئان و ساتەدا هەورە جەمسەریەكان ئەوانەی لە رەنگدا جیاواز بوون دیسان گرمەیان هات، سەرەتا بروسكەیەك و دواتر زرمەیەك یەك رێژنە بارانی بەخوڕی بەسەر شاردا رژاند، بارانێك وەك كوندەی سەربەرەوژێر دەهاتە خوارێ، دەیانگوت: ئەو بارانە هێندە بە لێزمە بووە لەماوەی چەند خولەكێكدا ئاو هەستاوە و لاشەی ئەمنەكانی تێكەڵی روبارێكی سەرشێت كردوەو بۆ هەتاهەتایە بزر بوون، هەندێكی دی دەیانگوت: لەوەتەی دنیا دنیایە لافاوی لەم شێوە لەو دەڤەرەی نەهاتووە شەپۆلەكانی شانی لە شانی سوێبانان خشاندووە، بەتەمەنەكان گوتبوویان هەورە رەشەكە هێندە نەوی ببوو خۆی لە زەی دەسوی و هەموو روداوەكانی سەر زەوی شاردەوە.
خۆ ئەم هەواڵە بە كونفەیەكونێك گەیشتبووە تەواوی شارەكان و لەوێ ئەوەندەی ترش و خوێ پێوە كرابوو گوتوویانە لافاوەكە تەنیا ناحەزانی شاری راماڵیوە دەنا زەڕی بۆ یەك روحلەبەر نەبووە.
ئیدی سەرتان نەیەشێنم من و هاوپۆلەكەم ئەوەندەمان پێكرا بەنێو كوچەكانی شاردا كە لافاو پێلی دەدا، راكەین و نەوەستین تا گەیشتینە چۆڵایی، لەوێشەوە بۆنێو حەبخۆرەكان ئەوانەی تەواوی رەنگەكانی چیایان لە قاپێكدا كۆكردبۆوە.
وەلێ ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانی ئێمەی هەرزە و قوتابی بوو هەریەك لەوانەی كەوتنە بەرچاومان هەموان حەبەكانیان لەوگۆڕەی فڕێدا بوو، سەرو قاپێكی شووشەیان بەدەستەوە بوو خەریكی فڕ كردنی رەنگەكان بوون، سەرۆكەكانیشیان خەریكی تەكاندنی تۆز و خۆڵی كۆرەو بوون كە لە سەرو سیمایان نیشتبوو، چاویشیان لە بزنەڕێیەك دەگێڕا بیانباتە دەشتاییەكان و لەوێوە قەدبڕ رانەوەستن تا خۆیان و باغەڵیان بە گڕی بابەگوڕگوڕ گەرم دەكەنەوە، ئیدی ئەوكات سنوورێك بۆ دەسەڵاتی ملهوڕ دادەنێن و تخوبێكیش بۆ رەنگەكان، راناوەستن پشت لەچیا و روو لە شار تا ترازاندنی رەنگەكان و سەرلەنوێ قوتدانەوەی حەب، حەبێكی پڕ پڕ لە ئەفیون كە رەنگدانەوەی نەك لە نێو نیشتمان بەجێ هێشت، بەڵكو ئیجەشی وەك قاپێكی شووشە كردە ئەفیوناو .

سەلام عومەر




منی دیجیتاڵی.. ئاراس سەعید

منی دیجیتاڵی
“من سێڵفیم، کەواتە من هەم”

ئێلسا گۆدار

من سێڵفی دەگرم، لەسەر لێواری کەندەڵانێک، لەبەردەم تابلۆی مۆنالیزا، لە کەناری تاڤگەکانی نیاگارا، لە کڵاپ و کۆنسێرت و ئاهەنگەکاندا، لەسەر سفرەی ڕازاوە بەخوانی شاهانە، لەگەڵ سەرۆک و سیاسی و نووسەر و هونەرمەند و ئەکتەرە دڵخوازەکانم. من سێڵفی دەگرم و یەکسەر لەسەر ئەکاونتەکەم بڵاویدەکەمەوە، ئەمە بریتییە لە من. ئەرێ من. من سێڵفی دەگرم، کەواتە من هەم!.
قۆناغی سێڵفی
مرۆڤی مۆدێرن بەوە لە تایپەکانی پێش خۆی جودا دەکرێتەوە لە ساتەوەختێکدایە لەناو تۆڕێکی ئاڵۆزی تەکنیکدا دەژی. ئەم ساتەوەختەی کە پەیوەندی سوژە/مرۆڤ بەسرووشتەکەیەوە، لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵییەوە گۆڕاوە بۆ پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ خۆی و جیهان. ئەمەش ئەو چرکەساتەیە کە (هیگڵ) ناوی لێناوە چرکەساتی لە (خۆنامۆبوون) ئەو لە بارەی نامۆبوونەوە بەم جۆرە دەنووسێت: پڕۆسەیەکە کە (سوژە/مرۆڤ) خۆ بەخۆ تێدا دەبێتە بێگانە. ئەمەش ساتێک ڕوودەدەت کە ناتوانێت خودی خۆی ببینیتەوە، لە وجیهانە ڕاستەقینەیەی کە تێدا دەژیت[Phenomenology of Spirt. Hegls Phenomenology des Giestes…1807].
من ئەم ساتەوەختەی ئەمڕۆ ناو دەنێم (قۆناغی سێڵفی) بەو پێیەی کەمتر، لە ڕیاڵێتییەک/ وابوویەکدا تێڕوانینمان بۆ جیهان، گۆڕاوە لەو تێڕوانینەی کە ئێمە پێشووتر تێڕوانیمان بۆی هەبوو، بەو پێیەی ئەم گۆڕانکارییە لە تێگەیشتن بەدەستێوەردانەکانی نێوان ئەو و ئێمە لەم تەنە تێکەڵە لە هەموو شوێنێکدا دەردەکەوێت کە لە یەک کاتدا تەلەفۆن، شاشە، کامێرا و کۆمپیوتەر، کە ئێمە لە مۆبایلێکی زیرەکدا وەسفی دەکەین و پێی دەڵێین:(مۆبایلێکی زیرەک.)
بۆ تێگەیشتن و دوان دەربارەی ئەم پرسە دەگەڕێمەوە بۆ تێزەکانی خانمە فەیلەسووف و دەروونشیکاری فەڕەنسی (ئێلسا گۆدار) و پەرتووکە بەناوبانگەکەی (من سێڵفیم، کەواتە من هەم). گۆدار، سێڵفی وەکوو دۆزێک بۆ بیرکردنەوە و تەفسیرکردنی جیهانی هاوچەرخ دەخاتە بەرباس و، لە ڕوانگەیەکی دیاریکراودا ناوێی ئەم ساتەوەختە دەنێت (هایپەر مۆدێرن و سایبەر مۆدێرن). ئەو لەبارەی نووسینی پەرتووکەکەیەوە دەڵێت:(( پێناچێت فەیلەسوفێک ئارەزووی لە سێڵفی گرتن بێت، لە ساڵی 2015 ئێوارەیەک خۆم لە ئاهەنگێکدا بینیەوە لەگەڵ هاوڕێیەکی فەیلەسوف کە یارییەکی زۆر کۆمیدی نەبوو. پرسیاری لە هەمووان کرد کە ساتەوەختی شێتانەی ژیانیان چی دەبێت؟ کاتم نەبوو بیربکەمەوە پێش ئەوەی بڵێت: “تەنها سەیرکردنی پەیجی فەیسبووکەکەت، ساتەوەختی شێتیەکەت سێڵفییە. مەبەستی لەوە چی بوو؟ ئەو کێشەیەی کە من باسی دەکەم کێشەی نەرگسیسی بوو و، لە 250لاپەڕەدا وەڵامم دایەوە.))
سێڵفی لە پەرتووکەکەی گۆداردا سەرەتا وەک حیکایەتئامێز دەردەکەوێت بەڵام شێوازی ژیان و پەیوەندیمان بەسروشتی مرۆیمانەوە تێکدەدات. بەدیدی ئەو فەیلەسووفە، سێڵفی دەبێتە هۆی تێکچوونێکی گەورە لە خووەکانماندا کە بەهۆی هاتنی مۆبایلەوە هاتووەتە ئاراوە. مۆبایلە زیرەکەکانمان وامان لێدەکەن بتوانین دەستمان پێ بگات، لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکدا، ئەمەش ئاماژەی گۆڕانێکی ڕیشەییە لە تێگەیشتنمان بۆ کات و شوێن و لە سەرووی هەمووشیانەوە پەیوەندیمان بە بیرکردنەوە و کورتکردنەوەی زمان لە مەجازی و وێنەدا.
ئیدی لەم جیهانەدا کە مرۆڤ لەناو تۆڕێکی ئاڵۆزی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی دەژێت، وێنەی سێلفی وەکوو نیشانەی قەیرانی ناسنامە دەرکەوێت. گۆردار پێی وایە، بە هاتنی سێڵفی و ئەو بەکارهێنانەی کە دەتوانین ئەنجامی بدەین. ئیتر کەناڵ/نێوەندگر نەماوە، من پەخشکەرم، بەرهەمهێنەرم، ڕۆژنامەنووسم…هتد
گۆدار، ئەمە بەسەرەتایی “نەخۆشییەکی دەروونیی ژیانی مۆدێرن” وەسف دەکات. ئەو پێی وایە، سێڵفی گرێبەست لەگەڵ”خۆ” دەکات کە بە واتای خۆت دێت بەڵام بە تەنیا بوون، پەیوەندی تەنیایی لەبەردەم شاشەی مۆبایلێکی زیرەک و کۆمپیوتەر و پاشگری سۆزداری “واتە” وەبیر دەهێنێتەوە کە بیرمان دەخاتەوە کە سێڵفییەکە وێنەی خۆت دەگرێت و بۆ مەجازی بڵاوی دەکاتەوە.
بەمانایەکی دیکە، مرۆڤ لەسەردەمی سێڵفیدا بوونی خۆی لە مەجازەوە وەردەگرێتەوە. بۆنموونە(کیم کارداشیان تەنها بەهۆی ڕیاڵیتی تیڤی و سێڵفیەکانیەوە بوونی هەیە) ئێمە لە چوارچێوەیەی چرکەساتێکداین کە وێنە دەسەڵاتێکی سەرنجڕاکێشی وەرگرتووە و لە کۆمەڵگەیەکی وێنەیی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی شاشەدا شوناس وەردەگرینەوە. ئەمەش ئەو پرسە شوناسسازییەیە، لە (قۆناغی ئاوێنەی) دەروونشیکاری لاکاندا ڕوونکراوەتەوە، (من ئەویترە.)

وێنەی سێڵفی و شوناسی وێنەیی
تێزەکەی لاکان باس لەوە دەکات کە لە نێوان شەش بۆ هەژدە مانگدا منداڵ وردە وردە لە جەستەی دایکی جیا دەبێتەوە بۆ ئەوەی بگات بە سوبژێکتیڤی خۆی، بە چەند قۆناغێک لەبەردەم ئاوێنەدا دیمەنی ڕووخساری خۆشحاڵی دەکات. سەرەتا پێی وایە کەسێکی ترە، دواتر تێدەگات کە ئەم ئەویترە تەنها وێنەیەکە، لە کۆتاییدا تێدەگات کە ئەویتر خۆیەتی.
ئەوەی لاکان دەیڵێت؛ ئەوەیە، پێش ئەوەی منداڵ ببێتە سوژە، پێشوەختە لە ئارەزووی دایک و باوکیدا بوونی هەیە دواتر وردە وردە دوورکەوتنەوەکەی ڕێگەی پێدەدات دەستی بگات بە سوبژێکتیڤی خۆی. دەتوانین بڵێین خود وەک سوبێکتێکی دروست لە ڕێگەی پرسیاری وێنەوە، لە ڕەنگدانەوەیەکەوە دەردەکەوێت. کەواتە چی بەسەر ئەم خودە دێت کاتێک ئەم وێنەیە لە وێنەیەکی تردا جگە لە وێنەی خۆی بنیات بنرێت کە وێنەیەکی خۆپەرستە؟
لەم هاوکێشەیەوە دەتوانێن بڵێین، لە سێڵفیەوە، لەو قۆناغەی کە گرتەی خۆمان دەگرین، فۆرمێکی تری ناسنامە لەدایک دەبێت، بەشێکی دیکەی مرۆڤ، پەیوەندی بە ئایدیالی ئیگۆوە هەیە و پێی دەڵێین: ئاڤاتاری.
هەموومان یەکێکمان هەیە، ئەگەر لە کایەی مەجازیدا بوونێکمان هەبێت، ئەوا ناسنامەی دیجیتاڵی ئێمەیە. ئەم ئاڤاتارە دەتوانێت پڕۆفایلی ئێمە بێت لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا. ناسنامەکەمان چەندە زیادەڕەوی تێدا بکرێت، بەشێکە لە ئێمە. دەبێت حیساب بۆ سوبژێکتیڤیتی زیادکراو بکەین کە لەگەڵ جەستەی زیادکراودا بێت لەگەڵ ئەم هاوکێشەیەی خوارەوە: خودی هۆشیار و نائاگایی ڕاستەقینە کە ناسنامەی مەجازیمانە، گۆدار، ناوێی لێناوە (سوژەی مەجازی) ئەو خودە دیجیتاڵییە کە دەستی لێدەدەین و پێکی دەهێنینەوە، بەجۆرێک ئێمە بەردەوام دەست لە وێنەکەمان دەدەین.

پۆست مۆدێرنیتێ و هایپەر مۆدێرنیتێ

ساڵانی حەفتاکان، هەریەک لە (ژان فرانسوا لیۆتار و میشێل مافیسۆلی) یەکێک لە دوا لایەنگرانی پۆست مۆدێرنیزم، وشەی پۆست مۆدێرنەیان بەکارهێنا، پاشان (جیل لیپۆڤێتسکی) نووسەری کتێبی (سەردەمی بۆشایی) بڕیاری دا دەستبەرداری دەستەواژەی پۆست مۆدێرنیتە بێت. بەبڕوای ئەو قسەکردن لەسەر پۆست مۆدێرنیتە ئەوە دەگەیەنێت کە مۆدێرنیتە تەواو بووە و ئێمە لە دوای قۆناغی مۆدێرنیتەین. ئەوپێی وابوو ئێمە لە پۆست مۆدێرنیتەدا نین، بەڵکوو بە پێچەوانەوە لە مۆدێرنیتەیەکداین کە لە فراوانبوونێکی تەواودایە، لە ئاشکرابوونی تەواودا. بەواتای هایپەرمۆدێرنیتێ، مۆدێرنیتەیەک لە زیادەڕەویدا. بەڕاستی ئەوەی ئەمڕۆ هایپەرە، هایپەرمارکێت، هایپەرکۆنتێنت. هەموو شتێک لەبەردەستدایە، لە زۆر و کەم.
هایپەرمۆدێرنیتی لەسەر ئەو بناغانە بنیاتنراوە کە پێشتر لە پۆستمۆدێرنیتەدا دەیدۆزینەوە بەڵام هێزی سەرووتریان هەیە. دەتوانین سەرمایەداریی، تاکگەرایی زیادە، هاوکات پێشبڕکێیەکی هێمنانە بۆ بەختەوەری، سەرکەوتن، بدۆزینەوە، ئێمە لە ساتەوەختی ئێستادا دەژین.
گۆدار پێی وایە، لە پێوەرەکانی پۆست و هایپەرمۆدێرنیتیدا دەتوانین عەقڵی کشاوە و ناسنامەی تێکشکاو و پەرشوبڵاو و پارچەپارچە زیاد بکەین. ئەوەندەی ناسنامە هەیە کە پەیوەندییەکان هەن، من لە شوێنی کارەکەمدا، من و هاوڕێکانم، من و کەسایەتییە دڵخوازەکانم، ئەوەندە ناسنامەی بەشکراو، بەڵام لەبیرمان نەچێت کە ئێمە لە کۆمەڵگایەکی پارادۆکسیالدان.
بەدیدی گۆدار، لەگەڵ هاتنی مەجازییەت دەستمان بە نوێنەرایەتییەکی نوێی کات و شوێن گەیشتووە. ئێمە چیتر مامەڵە لەگەڵ پێشکەشکاریدا ناکەین بەڵکوو مامەڵە لەگەڵ ئەو شتەدا دەکەین کە گۆدار پێی دەڵێت: چرکەساتی، (چرکەساتی کلیک).
تایبەتمەندی کۆمەڵگای هایپەر مۆدێرن بە وردی ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەکی هەنووکەیی، بێ تاقەتی، پەلەکردن، لە هەموو شتێک کەدەمانەوێت دەستبەجێ هەبێت، ئەمەش لە فۆڕمی ئێرە و ئێستادا کورتی دەبێتەوە.
ئەم نوێنەرایەتییە نوێیەی کات ئیتر ئێستاگەرایی پۆستمۆدێرنیستی نییە، بەڵکوو چرکەساتییە. (لێرە و ئێستا) دوو هاوتەریبی دروست دەکات لەبەرئەوەی تاکە بۆشایی نێوان ئێرە و ئێستا (واو)ێکەو. ئەوە زۆر نییە! چ شوێنێک بۆ بوون؟ ئەمەش کولتوورێکی هەنووکەیی دروست دەکات. کەلتووری دڵەڕاوکێی ساتەوەختی، ئەمە دڵەڕاوکێیەک نییە کە پرۆژەی هزری لەسەر بینا بکرێت، بەڵکوو ساتەوەختێکی بۆشە.
گۆدار، سەبارەت بە پەیوەندیگرتن لە بۆشاییدا، پێی وایە: مەجازییەت مەودای هەڵوەشاندەوەتەوە، مرۆڤ دەتوانێت کۆبوونەوەی ١٠ هەزار کەسی دروست بکات بەبێ ئەوەی لەسەر کورسییەکەی بجوڵێت.
گۆڕینی پارادایمی دووەم
گۆدار، بە وەڵام دانەوەی پرسیاری بۆچی بیرکردنەوە لە ڕۆژئاوا فەلسەفییە؟ ئەم پاڕادایمە شی دەکاتەوە…. سۆکرات ڕووداوێکی گەورەی دروست کرد، دابڕانێکی ئیپستمۆلۆژی، پێش سۆکرات بیرمەند هەبوون، (پێش سۆکراتییەکان)هەبوون بە بیرێکی زۆر چڕەوە، یەکەم میتافیزیکزانەکان، یەکەم بیرکارەکان، تالیس، فیساگۆراس، هێراکلیتۆس…تاد بەڵام بۆچی هێشتا بە مانای وشەیی باسی فەلسەفە ناکەین و هاتنی فەلسەفە لەگەڵ سۆکراتدایە کەدەرکەوتنی (لۆگۆس) ڕوودەدات.
پێش سۆکراتەکان دیدگایەک بۆ جیهان تێکەڵاو دەکەن، تێیدا هەم ڕوانگەیەکی عەقڵانی و هەم ڕوانگەیەکی ئەفسانەیی هەیە. ئەوان لە فابولادان، لە چیرۆکەکەدان، هێشتا لە خۆنیشاندانی عەقڵانیدا نین. لەگەڵ سۆکراتدا ئەومرۆڤە دێت کە بە عەقڵ بەخشراوە، لە ڕێگەی نمایشی عەقڵانییەوە کەڵک لە عەقڵانییەتی خۆی وەردەگرێت، ئەوە هاتنی لۆگۆسە؛ لۆگۆس. تا ئەمڕۆش کولتووری زانستی لەسەر بنەمای لۆگۆس دامەزراوە و زاراوەی “لۆژی” لە هەموو دیسیپلینەکاندا دەبینینەوە: سایکۆلۆژی، سیۆسیۆلۆژی، ئەنتڕۆپۆلۆژی…هتد
گۆدار پێی وایە، لەم دیدگایەی جیهاندا پرسی لۆگۆس، دەخرێتە ژێر پرسیارەوە. ئەو باس لە هاتنی شێوازێکی نوێی تێگەیشتن لە جیهان دەکات کە ئێستا لە ڕێگەی شاشەیەکەوە ئەنجام دەدرێت. بۆ نموونە هەر کە گەیشتیتە مۆزەخانە، ئامێرەکەت دەبەیت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی شاشەکەتەوە بیبینیت. یەکەم دیدگای ئێمە بۆ جیهان لە ڕێگەی شاشەکەمانەوەیە،
ئەمە سەرهەڵدانی پرسی جیهانبینییە. پەیوەندیمان بە مەجازییەوە، بە وێنەوە، وامان لێدەکات بە شێوەیەکی نوێ نوێنەرایەتی جیهان بکەین. ئەمەیە کە گۆدار ناوی لێناوە؛ هاتنی ئیدۆلۆن. لە میتافۆری (پلاتۆن)دا بۆ ئەشکەوتەکە، دەتوانرێت ئیدۆلۆن بە وێنە سیموکراسییەکان، سێبەرەکانی سەر دیواری ئەشکەوتەکە وەربگێڕدرێت. گۆدار ناوی لێ دەنێت ئیدۆلۆن یان وێنەی ڕاگوزار/ کاتی.
حوکمڕانی ئیدۆلۆن چییە؟ ئەوە حوکمڕانی ئەو وێنانەیە کە بەدوای یەکتردا دەگەڕێن بەبێ ئەوەی مەرج بێت گێڕانەوەیەک دروست بکەن، پۆستکردنی یەک لە دوای یەک، وەک لە سناپچاتدا هەیە. ڕیاڵیتی تیڤی یەک لە دوای یەک وێنەی بێ چیرۆکە، بەبێ سیناریۆی پێشوەختە، کە پشت بە هەست و سۆز دەبەستێت. ئەگەر دژایەتی لۆگۆسەکان بکەیت بۆ ئیدۆلۆن، لەگەڵ ئەم یەک لە دوای یەک پۆستکردنەدا وێنەی بێ گێڕانەوە، دەسەڵاتی کۆمەڵگەیەکی ئەفێکتەکان دادەمەزرێنیت.
ئەمە شانشینی ئیدۆلۆنە، وێنەی کاتی، بەبێ ئەوەی مەرج بێت چیرۆکێک دروست بکات، بەبێ ئەوەی مەرج بێت مانای هەبێت و کە بە چی بەیەکەوە گرێ دەدرێن؟
گۆدار بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە نموونەی منداڵێکی یەک ساڵان دەهێنێتەوە کە دایکی بە تەنیا دەژی، سەرەتا چی دەکات؟ لە مۆبایلە زیرەکەکەیەوە وێنەی دەگرێت. دووەم شت چییە کە دەیکات؟ سەیری دەکات. وە دواتر ئەم منداڵە چی دەکات، کە لە ڕاستیدا ئەو شتەی پەیوەندیدارە؟ دێت و خۆی لە ڤیدیۆکەدا دەبینێت. پاشان پۆستی دەکات. لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان کەسییەکان، هەڵبژاردن هەیە. ئەم منداڵە ئاگاداری کاتیی نییە، نە لە قۆناغی ئاوێنەیی، نە لە سوبژێکتیڤی خۆی. ئێمە مامەڵە لەگەڵ منداڵێکدا دەکەین کە پێش ئەوەی خۆی وەکوو سوبێکتێک بنیات بنێت، خۆی دەبینێت کە بەبێ ئەوەی ئاگاداری کات بێت، نواندن دەکات، خۆی دەبینێت هەنگاو دەنێت، خۆی وەک سوبێکتێک ناناسێت، خۆی دەبینێت لە مۆبایلێکی زیرەکدا ڕۆڵ دەگێڕێت، لە هەموو ئەو ماوەیەدا بابەتی کراوە. تەنانەت پێش گەشەسەندنی زمان، خۆئاگاداری، هۆشیاریی کات… ئاگایی دەروونییەکەی، لەبری زمان، لە وێنە، وێنەی کاتییەوە بنیات دەنرێت.
گۆدار سێڵفی بە زمانێکی نوێی پێناسەدەکات، شێوازێکە بۆ وەرگێڕانی جیهان لە وێنەی کاتییەوە، لە کایەی ئیدۆلۆنەوە، لە وێنەی گفتوگۆییەوەیە.
منی دیجیتاڵی
گرفتی شوناس لای گۆدار یەکێکە ئاڵناگارییە سەرەکییەکان بەو پێیەی ئێمە لە تاکگەرایی زۆردا خۆمان بەرەوپێش دەبەین. سەیری کیم کارداشیان بکەن کە تەنها لە ڕێگەی خۆ براندکردنەوە بوونی هەیە. خود بووەتە براندێک کە دەبێت پەرەی پێبدرێت، ناوەندی هەموو شتێکە. لە ئەنجامدا دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە ئەوانی تر وەک ئامرازێک سەیری دەکەن. ئایا ئەمە کێشەیەکی نەرگسییە؟
لە نەرگسیزم وەک ئەوەی فرۆید پەرەی پێداوە،
ئەو کەسانەی لە سۆشیال میدیادا زیاد لە پێویست نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن، دیارە کێشەیەکی نەرگسییان هەیە، کەموکوڕییەکی نەرگسییان هەیە. هەرگیز ڕازی نابن و تەنانەت بڕێکی باوەڕپێنەکراو لە لایک بەس نییە بۆ ئەوەی هەست بە بەها بکەن. سێڵفییەکانیان تەنها دەمامکێکی کۆمەڵایەتییە وەک ماسکی ژنان کە بە دانانی ماکیاژ، دەیانەوێت ڕووخساری خۆیان لە باشترین ڕووناکیدا نیشان بدەن، ئەمە دەمامکێکی مەجازییە.
بۆچی پێویستە ئەوەندە خۆمان نیشان بدەین؟ ئایا ئەمە دڵی کێشەکە؟ چی لە مەترسیدایە؟ بۆچی ئەوەندە وێنە پۆست بکەین؟
لە پێویستی خۆشەویستییەوە، هەستکردنە بە ناسینەوە لە چاوی ئەوانی تردا، هەستکردن بە بوون. مەسەلەکە بینینە، (من دەمەوێت ببینرێم چونکە بوونی من پشتڕاست دەکاتەوە) بیرۆکەکە ئەوەیە نەمرم، ئەوە شێوازێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ترس لە مردن. لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەرگیز نامرین. بەڵام کێ میراتەکە بەدەست دەهێنێت؟ ئایا منداڵەکانتان دەتوانن دەستیان بگات بە هەموو ئیمەیڵەکانتان، بە درێژایی ژیانتان؟ ئایا پێویستە میراتگرمان هەبێت؟ سادە نییە.
لە دوای سێڵفیدا، شێوازێکی نوێی بانگەشەکردن دادەمەزرێت، خۆ-مارکەکردن، پێشانگایەک کە چیتر پارێزراوی کەسایەتییە میدیاییەکان یان ئەستێرەکانی ڕیاڵیتی تیڤی نییە. هەموو کەسێک دەتوانێت لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەو وێنەیە دروست بکات و لە قاڵب بدات کە ئارەزووی پیشاندانی دەکات. “ئەگەر کیم کارداشیان سێڵفیەکەی کردبێتە هێمای بازرگانی خۆی و لە سەرووی هەمووشیانەوە بزنسێکی ڕاستەقینە، هەموو کەسێک خۆی لە یەک ڕێبازدا نابینێتەوە”. وە خۆبەرزکردنەوە، لە تۆمارێکی بێناودا، دەتوانێت فۆرمێکی دیکە لە ڕیکلامی پاک وەربگرێت، فۆرمی خۆبەگەورەزانین.
خراپی ئەم هەوڵە بۆ بەرکەوتن ئەوەیە کە سێڵفیەکە ناسکییەکی نەرگسیش ئاشکرا دەکات، چونکە شانۆگەری و ئایکۆنکردنی ناسنامەی مرۆڤ بێ دەرئەنجام نییە بۆ هاوسەنگی هەر کەسێک و ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە بەڕاستی سێڵفی ڕەهەندێکی نوێی کەسایەتی ئێمەی هێناوەتە دەرەوە، کە گۆدار ناوی لێ دەنێت “منی دیجیتاڵی”.
من لە دیجتاڵ دەتوانم دەستکاری و گەورەکردنی ئەم ناسنامەی خۆم بکەم، لە ڕێگەی کاریگەری و فلتەرەکانەوە، وەک لە بەرنامەی “ئینستاگرام”دا: “ منی دیجیتاڵی بە فۆرمێک تێدەگەین کە پاشەکشەیی دەردەکەوێت: ئێمە لە ڕێگەی دەست لێدانەوە دەستمان بە خۆمان دەگات و چیتر لە ڕێگەی بیرکردنەوە، ناسینەوە یان پێشبینیکردنەوە دەرگیری خۆمان نابین. ئێمە یاری بە خۆمان دەکەین وەک ئەوەی منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە ڕێگەی دەست لێدانەوە فێری بێت و جیهان بدۆزێتەوە.
هەروەها ئەو گۆڕانکارییە پارادایمانەی کە بەهۆی دەستبەجێیی وێنەکەوە هێنراونەتە ئاراوە، کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە سۆزدارییەکانمان هەیە. بۆنموونە خۆشەویستی ئیتر ئەوەندە پەیوەندی بە پابەندبوونەوە نییە، ئەوەندە پەیوەندی بە شتێکی بەکارهێنراوەوە هەیە. لە دەرەوەی حوکمدانی بەها لەسەر ئەپەکانی پەیوەندی خۆشەویستی، گۆدار ئاماژە بە پەیوەندییە نوێیەکەمان لەگەڵ دیدگای ژن و مێردا دەکات: “کات چیتر بۆ ژن و مێردەکە نییە بە مانای ئێستا و کلاسیکی زاراوەکە، واتە دوو کەس کە پێکەوە دەژین و خۆیان بۆ ژیانی درێژخایەن پابەند دەکەن (ئەمەش واتای چەمکێکی تەقلیدییە بۆ شوێن و کات)، کە پەیمانێکی ڕاستەقینە یان سەمبولی پێکدەهێنن (…). هەروەها تێپەڕین بۆ جیهان hic et nunc ئاماژەیە بۆ بەپەلەیی، بەکارهێنانی خێرا، ئارەزووی تێربوون تەنانەت پێش ئەوەی ئارەزووی سەرهەڵبدات.
ئەو سێڵفییەی کە نوێنەرایەتیکردنی مرۆڤی سادە دەکات، بڵاوبوونەوەی وێنەی خەونەکانمان، کشانەوە بەهێز دەکات. وەک ئێلسا گۆدار ئاماژەی پێدەکات، وەک کردەوەیەکی تاکەکەسی دەمێنێتەوە، بەبێ ئەویتربوون. دەنگدانەوەیەکی بێکۆتایی، لە mise en abyme سەرسوڕهێنەر دروستکراوە. لەم خولگە ئیگۆسەنتریکەدا، کە خولگەیەکی خۆدرێژکردنەوە، ئەستەمە کەمییەکان و پێچەوانەکان و نەبوونیەکان لە دڵی پەیوەندییەکانی مرۆڤدا بناسێنرێت.
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم پرسە بڕوانە
ـــــــــــــــــــ
ٳلزا غودار: أنا أوسيلفي إذن أنا موجود؛ تحولات الأنا في العصر الافتراضي. ترجمة،
سعيد بنکراد. الناشر المرکز السقافي الکتاب، دار بیضاء/المغرب، الطبعە الٲولی 2019.
https://le-cera.com/elsa-godart-selfie-suis…/




یه‌حیا حه‌سه‌ن ئه‌و شاعیره‌ی كۆمه‌لگه‌ی دانماركی هه‌ژاند

تێبینی:
ئەم نووسینە لە ٢٠١٤ بڵاوبۆتەوە لە دەنگەکان کە لە خوارەوە لینکەکەی دادەنێم.. بە داخەوە بە هۆکاری کێشەی تەکنیکی ئەرشیڤی ئەو ساڵئنەی دەنگەکان ناوی وەرگێڕ کە لە دانیمارکییەوە بابەتەکەی وەرگێڕاوە پەڕیوە… هیوادارین ئەگەر چاوی بەم بابەتەی خۆی کەوت پەیوەندیمان پێوەبکات..

یەحیا حەسەن ی شاعیر و گەنچ لە ١٩/٥/١٩٩٥ لە دایک بوو وە لە کاتی وەرگێڕانی ئەم بابەتە هێشتا لە ژیان دا بوو بە داخەوە رۆژی ٢٩/٤/٢٠٢٠ بە مردوویی لە ناو ئەپارتمانەکەی دۆزرایەوە..
( دەنگەکان)

یه‌حیا حه‌سه‌ن كوڕێكی گه‌نجه‌ له‌ 19.5.1995 له‌ دانمارك له‌ خێزانێكی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك فه‌له‌ستینی له‌ دایك بووه‌. كاتێك بچووكتر بووه‌ ده‌زگاكانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ دایك و باوكی ده‌سێنن و لای خێزانێكی دانماركی دایده‌نێن تا به‌خێوی بكه‌ن.
له‌ 17.10.2013 یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵه‌ شیعری له‌ لایه‌ن ده‌زگای گویلندندال بۆ چاپ كرا.
یه‌حیا حه‌سه‌ن شیعره‌كانی به‌ زمانی دانماركی ده‌نووسێت. ئێستا دوای دوو مانگ به‌سه‌ر ده‌رچوونی ئه‌م دیوانه‌ شیعره‌ زێتر له‌ 100000 دانه‌ی لێفرۆشراوه‌. ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی پێوانه‌ییه‌ له‌ دانمارك بۆ كه‌سێك كه‌ یه‌كه‌م دیوانی ده‌ربكات. ژماره‌ی پێشوو 95000 دانه‌یه‌ و له‌ ساڵی 1977 تۆمار كراوه‌.
هه‌روه‌ها مافی وه‌رگێڕان و له‌چاپدانی تا ئه‌م ساته‌ فرۆشراوه‌ته‌ ووڵاتانی نه‌رویج و هۆله‌ندا و ئیتالیا و ئه‌لمانیا.
میدیاكانی دانمارك به‌ هه‌موو شێوه‌كانیانه‌وه‌ هه‌موو رۆژێك باسی ده‌كه‌ن. له‌ هه‌مان كاتدا میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا و زۆر ووڵاتانی تری ئه‌وروپا باس و خواسی ئه‌م شاعیره‌ به‌ سه‌رنجه‌وه‌ ده‌گوازنه‌وه‌. كۆمه‌ڵێك هۆكاری گرنگ هه‌ن كه‌ وایان كردووه‌ ئه‌م گه‌نجه‌ وا به‌م جۆره‌ ببێته‌ مایه‌ی سه‌رنج و باسكردن.
ره‌خنه‌گران و نێوه‌نده‌ رۆشنبیری و میدیاكان زۆر به‌ ئه‌رێنی رووناكییان خستۆته‌ سه‌ر دیوانه‌كه‌، كه‌ باس له‌ سه‌رده‌می منداڵی و گه‌شه‌كردنی شاعیره‌كه‌ ده‌كات له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی پڕ توندوتیژی و تاوان و فه‌رامۆشكردندا. له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌م شاعیره‌ له‌ دیوانه‌كه‌یدا ره‌خنه‌یه‌كی توند ئاراسته‌ی باوك و دایكی خۆی و هه‌موو بێگانه‌ هاوته‌مه‌نه‌كانی ئه‌وان ده‌كات.
شیعره‌كان زۆر بوێرانه‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر ژیانی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و خه‌ڵكانه‌ لاده‌دات كه‌ به‌ دووڕوویی و فرت و فیڵ و بێ ره‌وشت و بی به‌ها ده‌ژین. شیعره‌كان هاوارێكن به‌رووی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ته‌قنه‌وه‌ كه‌ ژیانی هه‌زاران گه‌نجی وه‌كو یه‌حیایان كردۆته‌ دۆزه‌خ له‌ ژێر ناوی ره‌وشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و په‌روه‌رده‌ی ناڕاست و نادروست. ئه‌م جۆره‌ ره‌فتاره‌ی له‌ لایه‌ن دایك و باوكانه‌وه‌ له‌ نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگا بچووكه‌ داخراوانه‌ی بێگانه‌كان له‌ ئه‌وروپا كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی یه‌حیا و هه‌زارانی وه‌ك ئه‌و له‌ گه‌شه‌كردنێكی ئاسایی و منداڵییه‌كی ئاسووده‌ و كامه‌ران و راست بێبه‌ش بن و هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ شوێنی ئاسایی خۆیان له‌ قوتابخانه‌كان نه‌گرن و له‌ جیاتی خوێندن و مه‌عریفه‌ت وه‌ده‌سهێنان رێگای خراپه‌كاری و ناركۆ و دزی و تاوان و راوڕووت و جه‌رده‌یی بگرنه‌به‌ر.
یه‌حیا خۆی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌سگیر كراوه‌ به‌ تۆمه‌تی راورووت و دزی. ئێستا له‌ قوتابخانه‌ی نووسه‌ران ده‌خوێنێ، ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی نووسه‌ری به‌ توانا بۆ دوارۆژ ئاماده‌ ده‌كات.
بێگومان ئه‌و باره‌ی ئه‌م شاعیره‌ لاوه‌ی تێكه‌وتووه‌ هه‌میشه‌ بێ كێشه‌ گرفت نییه‌.
ئه‌وه‌ی هیچ گومانی تێدا نییه‌ یه‌حیا حه‌سه‌ن شاعیرێكی تا بڵێی تووڕه‌یه‌. تووڕه‌ییه‌كه‌ی له‌وه‌ دێت كه‌ برینداره‌ و برینه‌كانیشی زۆر گرانن.
له‌میانی شیعره‌كانی به‌شێك له‌ره‌خنه‌كانی ئاراسته‌ی دووڕوویی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ژێر په‌رده‌ی ئایینه‌وه‌، به‌تایبه‌تی موسلمانه‌كان، ره‌فتاری نابه‌جێ‌ ده‌گرنه‌به‌ر و چه‌نده‌ها خراپه‌كاری ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ئه‌م ره‌خنه‌ توندوو تیژانه‌ بێگومان وایان كردووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێك كاردانه‌وه‌ی زۆر توندییان هه‌بێ‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی توند و ترسناك و تۆقێنه‌ر له‌ یه‌حیا بكه‌ن. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك به‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ له‌ كولتوور و ئایینی باوك و باپیرانی تاوانباری ده‌كه‌ن و مۆری ناپاكی له‌ نێوچه‌وان ده‌ده‌ن.
هه‌ڕه‌شه‌كان زۆر جیددین به‌ڕاده‌یك ئێستا ئه‌و شاعیره‌ لاوه‌ 24 سه‌عات له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ پارێزگاری له‌ ژیانی ده‌كرێت. له‌ ئێواره‌ كۆڕێكی شیعر خوێندنه‌وه‌ له‌ یه‌كێ‌ له‌ زانكۆكان زیتر له‌ هه‌زار كه‌س ده‌یانویست ئاماده‌بن به‌ڵام هۆڵه‌كه‌ ته‌نیا جێگای 180 كه‌سی تێدابوو. كۆمه‌ڵێك له‌ نه‌یارانی له‌ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌كه‌ ده‌نگی هاوار و هه‌ڕه‌شه‌یان به‌رز كردبووه‌وه‌.
هه‌ر له‌ هه‌مان هه‌فته‌دا له‌ كاتی چاوه‌ڕوانی شه‌مه‌نده‌فه‌ردا له‌ وێسگه‌ی ناوه‌ندی كۆپنهاگن كه‌سێك هێرشی كرده‌سه‌ر و زامداری كرد. تاوانباره‌كه‌ ده‌سگیر كراو له‌ دادگا 5 مانگ زیندانی بۆ بڕایه‌وه‌. یه‌حیا حه‌سه‌ن كه‌ وه‌كو شایه‌ت ئاماده‌ی دادگابوو ووتی من ئه‌و كابرایه‌ ناناسم و دادگاش هه‌رچییه‌كی لێده‌كات په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ نییه‌.
ئێواره‌ی 26.11.2013 كۆڕێكی تری بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كانی له‌ شاری ئۆدینسه‌ به‌ست. ژماره‌ی ئه‌و پۆلیسانه‌ی بۆ پاراستنی ره‌وشی كۆڕه‌كه‌ و ده‌وروبه‌ری كاریان ده‌كرد ده‌گه‌یشته‌ 150 پۆلیس. له‌ مێژووی ئه‌م شاره‌دا پۆلیس ئه‌ركی وا مه‌زنی پێنه‌سپێردراوه‌.
كه‌ناڵی تی ڤی 2 كه‌ كه‌ناڵێكی سه‌ره‌كی ته‌له‌فزیۆنه‌ له‌ دانمارك سه‌عات و نیوێكی بۆ گواستنه‌وه‌ی
راسته‌وخۆی كۆڕه‌كه‌ ته‌رخان كردبوو. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدابوو كه‌ پارته‌ سیاسییه‌كانی ناو په‌رله‌مان گفتوگۆی توندیان له‌سه‌ر بودجه‌ ساڵی 2014 هه‌بوو. ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ له‌ جیاتی گفتوگۆ سیاسیه‌كان كۆڕه‌كه‌ی پێشان ده‌دا.
له‌ كۆتایی ئه‌م پێشه‌كیه‌ كورته‌ حه‌ز ده‌كه‌م ئاماژه‌ به‌ خاڵێك بده‌م. ئه‌و كێشانه‌ی له‌ ووڵاتێكی وه‌كو دانمارك و ووڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كانی تردا هه‌ن و په‌یوه‌ندیان به‌ ژیانی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خه‌ڵكانی بێگانه‌ و مهاجیره‌كان هه‌یه‌، كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌ و جیددین. له‌وانه‌یه‌ كێشه‌كان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌وه‌نده‌ سه‌نگاییان نه‌بێت.
لێره‌دا چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌ شیعره‌كانی یه‌حیا حه‌سه‌ن راسته‌وخۆ له‌ دانماركییه‌وه‌ ده‌كه‌مه‌ كوردی.

منداڵی
پێنج منداڵ به‌ڕیز وه‌ستاون… باوكێك دارێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌
یه‌ك دنیا قیژه‌ و گریان و گۆمێك میز له‌ به‌ر پێیان
بۆ پێشبینی
به‌ نۆره‌ ده‌ستمان ره‌پێش ده‌كه‌ین
خۆشكه‌كه‌م زۆر خیرا له‌سه‌ر ئه‌م پێیه‌ی بۆ سه‌ر ئه‌و پێیه‌ی
هه‌ڵده‌په‌ڕێ‌
میز تاڤگه‌ی به‌ستووه‌ به‌ نێو قاچه‌كانیدا
جارێك ئه‌م ده‌سته‌ و دواتر ئه‌وی تریان
ئه‌گه‌ر ده‌سته‌كه‌ دره‌نگ هاته‌پێش لێدانه‌كه‌ كوێرانه‌ به‌ر شوێنیك ده‌كه‌وێ‌
لێدانێك، قیژه‌یه‌ك، ژماره‌یه‌ك، 30 یان 40…هه‌ندێ‌ جار 50
له‌ راكردن بۆ ده‌ره‌وه‌، دوا لێدان به‌ر لنگ و له‌ته‌ر ده‌كه‌وێ‌
هه‌ردوو شانه‌كانی براكه‌م ده‌گرێ‌ و راستی ده‌كاته‌وه‌
به‌رده‌وام ده‌بێ‌ و لێدانه‌كان ده‌ژمێرێ.
سه‌رم شۆڕ ده‌كه‌مه‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی نۆره‌ی خۆمم
دایكم قاپه‌كان له‌ ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ ده‌شكێنێت
له‌ هه‌مان كاتدا ته‌له‌فزیۆنی ئه‌لجه‌زیره‌
وێنه‌ی بولدۆزه‌ری به‌كار و لاشه‌ی له‌ت و په‌ت بوو ده‌گوازێته‌وه‌
له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌دا خۆره‌تاوه‌.

————

پێشبینی نه‌كردن له‌ فێبریوه‌ردا

هێمنی هێمنییه‌ و
خۆڕسكانه‌ گه‌شه‌ ده‌كات
دۆزه‌خی تۆ هی منه‌
به‌و ئومێده‌ی له‌سه‌ر نووكی په‌نجه‌كانمه‌وه‌یه‌، من داگیری ده‌كه‌م
مه‌سه‌له‌كه‌ به‌و راده‌یه‌ ئاسانه‌
چاوه‌كانی تۆ خه‌یاڵێكن
پارانۆیای من شه‌وانه‌ پێده‌كه‌نێت
من له‌ هۆش خۆم نیم و له‌ هه‌وادا ده‌له‌نگێمه‌وه‌
بێ‌ ره‌گه‌ز، له‌ هه‌وایه‌كی رووتدا
له‌ نێو بیركردنه‌وه‌دا ته‌قڵه‌ لێده‌ده‌م
له‌ مانگی فێبریوه‌ردا خه‌ونێكم بوو
ئیتر هۆشیاربه‌ ماچه‌كانت ده‌خه‌یته‌ كوێ‌
دوور نییه‌ به‌و شوێنه‌وه‌ بنووسێن و لێی نه‌بنه‌وه‌
تۆ هه‌ندێ‌ شت ده‌ڵێیت و من هه‌ندێ‌
به‌ڵام من ناتوانم هه‌روا به‌ دوای بگه‌ڕێم و پاشتر به‌لاوه‌ی نێم
جگه‌ره‌یه‌كی تر داده‌گیرسێنم و سه‌یری خۆرهه‌ڵاتنێكی تر ده‌كه‌م
ده‌بێ‌ ئه‌مه‌ تۆ بیت
سوتووی جگه‌ره‌كه‌ داده‌ماڵم
شه‌رابی نێو كارتۆنه‌كه‌ له‌ شیعر به‌تاڵ ده‌كه‌م
پێت ده‌ڵێم بریسكه‌ت بكه‌ به‌ گریان
به‌ڵام ئاگادار به‌
من هاوڕێیه‌كی ئه‌وتۆم
زۆر به‌ دووری مه‌زانه‌ بێباك بم لێت
به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی چه‌ند درزێك له‌ هه‌میشه‌ییدا به‌دی بكه‌ین
ده‌بێ‌ به‌ری داره‌كه‌ بخۆین و خیانه‌ت له‌خودا بكه‌ین
ده‌بێ‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ژیانماندا كۆكایین به‌لووت هه‌لمژین و
دێرێك له‌ له‌خۆباییبوون به‌ گۆرانی بچڕین
پێویسته‌ وا بكه‌ین
ئه‌وان یۆتۆپیاكان به‌ جیا له‌ خه‌ونه‌كان سه‌رده‌بڕن
پیاوه‌ جل ره‌شه‌كه‌ خوێنی دڵ ده‌كاته‌ زێرابه‌كانه‌وه‌
هاوین هه‌م قه‌ده‌ره‌ و هه‌م زیندان
منیش ترسنۆكێكی ئه‌وتۆم
خه‌ون به‌ ئاینده‌ له‌ باوه‌شی تۆدا ده‌بینم، به‌ڵام بێ‌ ئه‌نجام
پارانۆیای من پێده‌كه‌نێ‌ و منیش له‌گه‌ڵی پێده‌كه‌نم
ده‌ڵێن هه‌ڵسه‌ له‌خه‌و و بۆنی دامێنی ئافره‌ت بكه‌
كه‌چی من گڕ له‌ ووشه‌كان به‌رده‌ده‌م
رووم وه‌رده‌گێڕم
ئه‌وان ئازار ده‌چێژن
به‌ڵام ئه‌م شه‌ڕه‌ شه‌ڕی من نییه‌
گۆشتی من نامۆ كراوه‌
شۆسته‌كه‌ هی من نییه‌
له‌ ژێر خۆره‌تاودا خه‌نده‌ ده‌كه‌م
زۆر حه‌ز ده‌كه‌م بدوێم
به‌ڵام له‌باره‌ی ئه‌مه‌وه‌ نا
تێبینی ده‌كه‌م ده‌ترسم
جگه‌ره‌یه‌كی تریش هه‌ڵده‌مژم
خۆت له‌م تاریكییه‌ به‌دوور بگره‌
هه‌موو ئه‌وانه‌ی تۆیان خۆش ده‌وێت ئه‌م ئامۆژگارییه‌ت ده‌كه‌ن
هه‌موو ده‌یانه‌وێ‌ سوارت بن
هێنده‌ی تر نابات له‌نێو چاڵێكدا به‌ مردوویی كه‌وتوویت
به‌ شیعره‌كانی خۆت خنكاویت
قژی لوولی هۆمۆئاسات رزگارت ناكات
هێشتا زووه‌ تاوه‌كو هه‌ستت ناسك بێت
زووه‌ تاوه‌كو جۆینێك داگیرسێنیت و
ببیته‌ یه‌كێكی ئه‌وتۆ رێگای په‌ناوپێچ بگرێت
بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ كارێكت به‌ خواوه‌ هه‌بێت
وه‌كو منداڵێكی بچووك به‌جووله‌ی ده‌ست ماڵئاوایی ده‌كه‌م
یه‌ك دوو سێ‌ له‌ نێو نه‌مان و له‌ ناوچووندا




شیعرێكی دی له ‌شاعیر (محه‌مه‌د قلینی)(*) یه‌وه‌.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1)
من ناوم محه‌مه‌د قلینی یه‌
شیعر ده‌نووسم
له‌ كۆمپانیایه‌كی جل و به‌رگیش كار ده‌كه‌م
هه‌ر دوو ئیش دژ به‌ یه‌ك نین
ئه‌وه‌تانێ كۆگه‌یه‌كی گه‌وره‌
كراسی هاورده‌ی تیا كه‌ڵه‌كه‌ ده‌كه‌م
خه‌ڵكی هه‌ڵپه‌یانه‌ بۆ كڕینیان..
ئه‌وه‌ش دڵێكی گه‌وره‌تر
قه‌سیده‌ی لێ دا ده‌كه‌م
كڕیارێكی نییه‌‌.

(2)
ژنه‌كه‌م ده‌ڵێ: ماڵه‌كه‌مان زۆر كۆنه‌ ‌
ژووری مناڵان
جێی دوو پێخه‌وی بچووكی لێ نابێته‌وه‌..
هاتم به‌یته‌ شیعرێكم نووسی
به‌ داڵانێكی فراوانه‌وه‌
ئینجا
ده‌ستم ڕاهێشت و وتم:
(ده‌توانین ئه‌مشه‌و لێره‌ بنووین)

(3)
هه‌میشه‌ داو و ده‌رزیم پێیه‌
تا هه‌ر وه‌ختێ دڵم
شیعرێكی لێ دێته‌ ده‌رێ
پێی بدروومه‌وه‌.
ورگی بچووكم
ڕێگه‌م لێ ناگرێ
تێكه‌ڵ به‌ خه‌ڵكی بم..
ته‌نێ شاعیران زۆری به‌سه‌ردا ده‌ڵێن
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی
به‌ هۆی هه‌ڵلووشینی شیعره‌ قه‌ڵه‌وه‌كانی ئه‌وان
په‌یدا بووه‌ ..

(4)
لووله‌ی تفه‌نگه‌كانتان له‌ من بكه‌ن
په‌نجه‌ به‌ په‌لاپیتكه‌وه‌ بنێن
هه‌موو ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دا
مۆسیقا
له‌ خوێنبه‌ره‌كانمه‌وه‌ ده‌رده‌په‌ڕێ‌
بڕوا به‌وه‌ مه‌كه‌ن
شاعیرێك
به‌و مۆده‌ كۆنباوانه بمرێ ..
جارێكیان دزێك
هه‌وڵی دا
چه‌قۆیه‌ك له‌ سنگم بدا
كه‌س بڕوا ناكا
ئه‌و دزه‌
بوو به‌ سترانبێژێكی مه‌زن
منیش باوه‌ڕم نه‌كرد
كه‌ بینیم
هه‌موو گۆرانییه‌كانی (عبدالحلیم)
كۆ ده‌كاته‌وه‌
كه‌ له‌به‌ر دڵم ڕۆیشتوون
به‌ بایه‌خه‌وه‌
گه‌رووی زبری لێ پڕ ده‌كا..
بڕوام پێ بكه‌ن
شاعیرێكی وه‌ك من
قه‌ت نامرێ
ته‌نیا له‌و كاته‌دا نه‌بێ
قه‌سیده‌یه‌كی خراپ ده‌نووسێ.

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

——————————-

() محمد القلینی شاعیرێكی میسرییه‌ ساڵی 1983 له‌ دایك بووه‌ كۆلیژی – ماف‌ -ی له‌ زانكۆی ته‌نتا ته‌واو كردووه‌ ، تا ئێستا دوو كۆشیعری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ ، چه‌ند خه‌ڵاتێكی بردووه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ : خه‌ڵاتی ( اخبار الادب و پیشانگای نێوده‌وڵه‌تیی كتێب له‌ قاهیره‌ و خه‌ڵاتی شاعیر محمد عه‌فیفی مه‌ته‌ڕ. (*) له‌ ماڵپه‌ڕی ( الیوم السابع)ـه‌وه‌ 22ی شوباتی 2025 كراوه‌ به‌ كوردی.




هێدیبە.. شیعری شەهلا نوری

هێدیبە…..
سەفەرمەکە
ئاواتمان هێشتان لەژێر گرێی جادوو ڕاخراون
نە لە ئایین و نە لە زانستدا باون
لە دڵەڕاوکێن
لە ڕاوەڕاون
پێکەوە لە تەک خەونمان داپۆشراون ، زیندە بەچاڵ فڕێدراون
لەسەر تاوانباری کات
بڕێکیان لەژێرخۆڵن
ئەنفال کراون
ئێمە هێشتان
باخی عیشق و خۆشەویستیمان خۆشدەوێت،
هیوامان زۆر و باڵندەکان
دەنگەشەی ئاهەنگمان بۆ بنێرن ،
فالانتاین بگێڕین و
سەمای مەستانە ببەستن
ڕۆژی بەیان شادبکەین و
باخچەی دڵان تەڕتەڕ دەکەین
هێدی بە…
وەک گۆرانی کۆن
لەسەردەمی ئەمێستاکە خۆشم دەوێی
تۆی کۆتری دەوری حەڕەم
دوور لە ئاپۆرا
تەنها تەوافی تۆم دەوێ
هێدی بە….
تۆ ئۆغر بکەیت
شیعر و پەخشان
وڕک دەگرن !
دەفتەری شیعرم دەشێوێ
قەڵەم
دەشکێ ،
فەرهەنگ دەدڕێ
وەک کۆرپەڵەیەکی ساوا
خۆ دەدوێنن
ئۆقرە ناگرن ،
یەخە بەرنادەن ناسرەون
دڵ داگیر دەکەن
دێن و دەچەن
جێی تۆ دەگرن

شەهلا نوری




نامیلکە شیعری ئەلینا لە نووسینی هاوڕێ رەش بڵاوکرایەوە

بۆ نوسینەوەی هەر حیکایەتێک نیشتیمانێکمان دەوێ خاڵی بێت لە موحیبەت،خاڵی بێت لە هەموو ئەو جوانیانەی هەن تا کاتێک حیکایەتەکەمان نوسی باسی ئەو موحیبەت و جوانیە بکەین کە پەلی گرتین و وای کرد پەنجەکانمان تابلۆی ئەو پاڵەوانانە بکێشن کە بونە بەشێک لە نەخۆشی ئەشق لە ژیانماندا تا بزانین جوانی ئەوان نەبوایە چیمان دەنوسی ؟
ئەم پەڕتوکە زادەی مەفتەنێکی ئاڵۆزە دیوێکی باسی شۆخ و شەنگیەتی ئەلینا و ئەو دیوارە زیندانیانە دەکا کە وایان کردووە خۆر ئاشنایەتی نەبێ بە چاوە سەوزەکانی دیوەکەی تری ئەو مل ملانێ و زەحمەتیانە دەخاتە ڕوو کاتێک ئاشقی مەمنوعیەتێک دەبیت لە ژیان و لەناو دەریایەکدا مەلە دەکەی بێ ئەوە بزانیت نغرۆبون ئاسانترە وەک لە پەلەقاژەی خۆ ڕزگار کردن،
پرسیارەکان لە ئەلینا قورسن ئەلینا خۆیشی شیعرێکی نەخوێندراوەی هەزار وچوارسەد ساڵ پێش ئێستایە بۆیە کاتێک بانگی دەکەم جانی جانان دەڵێت هاوڕێ بۆ چاوەکانم مەبە قەرەج من ئەهلی ئەو مردنانەم کە ژیان ڕەدووی خۆی خستون.

ئەم نامیلکە شییعرییە لای ئەم کتێبفرۆشانە بەردەستە..




دیداری سودانی و ستارمەر، دووڕوویی پیاوسالاری.. شێرین عەبدوڵڵا

هەرکەسێک لە دوور یان نزیکەوە ئاگاداری دۆخی ژنان بێت لە عیڕاق، ناتوانێت چاوپۆشی لەو پاشەکشە کۆنەپەرستانە گەورەیە لە ماف و ئازادییەکانی ژناندا بکات لە ناوجەرگەی هەژموون و کۆنترۆڵی هێزە میلیشیایی و تائیفی و عەشایرییەکان لەم چەند دەیەی ڕابردوودا، و بۆی دەردەکەوێت کە بڕگەی تایبەت بە ژنان لە بەیاننامەی هاوبەشی ئەم دواییەی نێوان سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە لە دوای سەردانەکەی ئەلسودانی بۆ بەریتانیا دوو هەفتە لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، سەرلێشێوێنەر و چەواشەکار و بگرە سووکایەتیکردن بوو.
تەنها هەفتەیەک بەسەر وادەی ئەو بەیاننامەیەی سەرەوە تێپەڕیبوو، کە پەرلەمانی عێراق، بە دیاریکراوی لە (٢١)ی کانوونی دووەم (ی ٢٠٢٥)، و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی کۆنەپەرستانەی یاساکان لە نێوان بلۆکە پەرلەمانییەکاندا، یەکێک لە کۆنەپەرستانەترین و ئازارمەندانەترین یاساکانی لە مێژووی وڵاتدا لە دژی ژنان پەسەند کرد، واتە: هەموارکردنەوەی بەدناوی یاسای باری کەسێتی (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩). لەم مامەڵەیەدا، بلۆکە پەرلەمانییەکانی تائیفی شیعە و سوننە و کورد ژیانی ژنان و کچانی عێراقیان خستە مەترسییەوە لە پێناوی چەند دەستکەوتێکی سیاسی دیاریکراو، هەریەکەیان لە بەرژەوەندی بلۆکە پەرلەمانییەکەی خۆی. پێدەچێت ئەم ڕووداوە گەورەیە و ئەم بازە مێژووییە گەورەیە بۆ دواوە، کە چەند مانگێکە، مایەی نیگەرانیی گەورەی ملیۆنەها ژن و منداڵی عێراق و لایەنگرانی ئازادی ژنان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و سۆشیالیستەکان و هەموو پێشکەوتنخوازان بووە و هەڕەشەیەکە بۆ سەر ژیان و سەلامەتی هەموو ژن و کچ و منداڵێکی ئەم کۆمەڵگایە، لە بیر و ئاگای هەردوو سەرۆک وەزیران غائیب بوو!
یەکەم شتی سەرنج ڕاکێش لە خوێندنەوەی ئەو بڕگەیەی کە تایبەتە بە ژنان لە بەیاننامەکەدا تایبەتمەندبوونیەتی بە دەستەواژەی بێناوەڕۆک و پووچەڵ کە هیچ جۆرە بەڵێن و پابەندبوونێک سەبارەت بە مافەکانی ژنان و پێگەی ئەوان لە عێراقدا نیشان نادات، دەستەواژەکان لە چەند وشەیەکی بەتاڵ تێناپەڕن وەک “بەڵێن”، “پێشوازی”، “ڕێکەوتن لەسەر”، “درکیان کرد بە گرنگی”، کە هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە ژیانی ناهەمواری ژنان لە عێراقدا بەدوادا نایەت، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی نائومێدیم، چونکە هیچ پێشکەوتنێک چاوەڕوانکراو نییە لە ماف و یەکسانی ژنان لە عێراقدا لە سایەی ئەم سیستمە تائیفی و ئایینی و ناسیۆنالیستییەی نوقمی پیاوسالارییە. هەروەها، بایەخدان بە ماف و خۆشگوزەرانی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگاش بەشێک نییە لە ئەولەویاتی ئەجیندەی پارتی کرێکارانی ئێستا لە بەریتانیا بە سەرکردایەتی کیەر ستارمەر، ئیتر چۆن دەتوانێت گرنگی بە ژنانی عێراق بدات، بە تایبەتی کە پارتەکەی ئەو، بە سەرکردایەتی تۆنی بلێر و هێڵی ڕاستڕەوی ناو پارتی کرێکارانی ناسراو بە (نیو لەیبەر)، ڕۆڵێکی کاریگەری لە داگیرکردنی عێراقدا گێڕا و بووە هۆی وێرانکردنی هەموو ژێرخانی وڵات و چەسپاندنی تائیفەگەری و لەئاکامدا هەژموونی حزبە ئیسلامی و تائیفی و ناسیۆنالیستەکان و تەشەنەکردنی گرووپە تیرۆریستەکان و کۆمەڵکوژییە کارەساتبارەکانی عێراق.
بەڵام ئەوەی مایەی بێزارییە لە بەیاننامەکەدا، ئەو دووڕووییە پیاوسالارییە ئاشکرایەیەتی؛ لە بڕگەی تایبەت بە ژناندا، بەیاننامەکە ئاماژە بە بەڵێنی هەردوولا دەدات بۆ “قوڵکردنەوەی هاوکاری لەسەر کارنامەی ژنان و ئاشتی و ئاسایش”ی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێشوازیی بەریتانیا لە ” پلانەکانی عێراق بۆ دەستپێکردنی پلانی نیشتمانی سێهەم و تۆڕێکی ژنە ئاشتیخوازانی عێراقی لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥دا”، وەک ئەوەی لە عێراقدا هەموو شتێک زۆر باش بێت! ئەو ڕاستییەیان تەواو پشتگوێ خستووە کە لە ئەنجامی پێداگری لایەنە ئیسلامییە سیاسییە شیعەکان لەسەر تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنەوەیەی یاسایە، نیوەی کۆمەڵگای عێراق کە ژنانە، هەموو هەستێکی ئاسایش و ئارامیان لەدەست داوە، چ لە ماڵ و چ لە شوێنی کاریان. ئەم هەموارکردنە پێشێلکردنی هەموو بەها مرۆییەکان و تەنانەت ستاندارد و نۆرمە نێودەوڵەتییەکانە، و باڵادەستی دەسەڵاتە ئاینییەکان بەسەر پرسەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە دەستەبەردەکات و شەرعیەتدان دەدات بە دەستدرێژیکردنە سەر کچانی منداڵی تەمەن (٩) ساڵ و بە ڕاددەیەکی زۆر کۆمەک دەکات بە هەژارکردنی ژنان و زەوتکردنی مافەکانیان لە میرات، سەرپەرشتیکردنی منداڵ و تەنانەت ئەو ماف و ئیمتیازاتە کەمانەی کە هەبێت، و دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی تائیفەگەری و دابەشبوون لە کۆمەڵگادا.
هەرچەندە بەیاننامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە “هەردوو سەرۆک وەزیران هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و ئەوانەی کە بە ڕابەریی ژنانن، هەروەها دانیان بە پێویستی بەردەوامی پاڵپشتی و دادپەروەری و لێپرسینەوە بۆ هەموو ڕزگاربووانی توندوتیژی سێکسی کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراوە”، لە هیچ ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بە بوونی ژنێک لەنێو شاندەکاندا بەدی ناکرێت و لە هیچ کام لە هەواڵەکاندا هەواڵێک سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی مافەکانی ژنان نییە و هیچ کام لە گرێبەستەکان پڕۆژەی پەیوەست بە تەندروستی و خۆشگوزەرانی ژنان، منداڵان، یان هەر گروپێکی پەراوێزخراو لە عێراقدا نەبووە. پێدەچێت شاندی عێراقی ئەوەیان لەبیر چووبێت بە هاوتا بەریتانیەکانیان بڵێن کە ڕژێمی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ وە بە بەردەوامی شەڕ لە دژی ڕێکخراوەکانی ژنان دەکات و بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرکوتی چالاکوانی ژنان و ڕزگاریخوازان لە عێراق دەکات!
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، “هەوڵە بەردەوامەکان بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان و کچان…”، لە کاتێکدا جێبەجێکردنی هەموارکردنی یاسای باری کەسیەتی هیچی تر نییە جگە لە گەورەترین هەڵمەتی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانی عێراق، کە لەلایەن دەوڵەت و پەرلەمانەکەی و بە پشتگیری لەلایەن سیستەمی خێڵەکی و تائیفی پیاوسالاری کۆنەپەرست کە بەریتانیا بۆ دەیان ساڵە بەشداری کردووە و بەردەوامە لە چەسپاندنی بناغەکانی.
دوا ڕستە، “کۆک بوون لەسەر گرنگی تەواوکردنی خوێندنێکی باشی کچان و بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە، کە سوودی بۆ هەموو کۆمەڵگا دەبێت”، تەنها گاڵتەکردن و گاڵتەجاڕییەک بوو، وەک چۆن هەموارکردنەوەی یاسای (١٨٨)، کە ئیلهامەکەی لە قوتابخانەی بیرکردنەوەی جەعفەری وەرگرتووە، هانی هاوسەرگیری کچان دەدات لە تەمەنی (٩) ساڵییەوە و بەزۆر زیندانیکردنیان لە ماڵەکاندا و سەرقاڵبوونیان بە پەروەردەکردنی منداڵ و بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی ماڵ، لەکاتێکدا هێشتا منداڵن، ئیتر باسی چ پەروەردە و بەهێزکردنی ئابوورییەک دەکەن؟
“مامەڵەی مێژوویی”، بە سوودی کێ؟
سەردانەکەی ئەلسودانی کە بە “مێژوویی” و “ناوازە” و “جیاواز” وەسف کراوە بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی ئابوری و ئاسایش و کۆچی نایاسایی، باس لەوە کراوە کە شاندێکی نزیکەی (٧٠) بازرگانی عیڕاقی و چەندین سیمینار و کۆبوونەوەی تیا بووە لەگەڵ (٢٤) کۆمپانیای بەریتانی بۆ لێکۆڵینەوە لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت کە لە ئەنجامدا پاکێجێکی بازرگانی (١٢.٣) ملیار پاوەندی لێکەوتەوە، کە بە زنجیرەیەک ڕێککەوتنی هەناردەکردن پشتگیری دەکرێت، بۆ پشتگیریکردن لە پەرەسەندنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان بەریتانیا و عێراق.
بەڵام ئەم (١٢.٣) ملیارە بە پلەی یەکەم ئامانجی کەڵەکەکردنی قازانج بۆ کۆمپانیا سەرمایەدارە بەریتانییەکان و شەریکە گەندەڵەکانیان لە ناوەندی دەسەڵات و سەرمایەدارەکانی دەوروبەریان لە عێراق، و ئەم گەشە ئابوورییە سەرمایەدارییە بە زەروورەت لەگەڵ هەژاری و بێبەشی زیاتر و قووڵبوونەوەی ڕووبەری نایەکسانی بۆ جەماوەری زەحمەتکێش لە عێراق و بۆ ژنان بەتایبەتی دێت.
ئەم ڕێککەوتنانە دەستکەوتی ئابووری و هەروەها ستراتیژی و سیاسی گرنگیان هەیە بۆ هەردوو حکومەت.
بەریتانیا کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی برێگزیت و پەتای کۆڤید و شەڕی ئۆکرانیا چەندین گورزی گەورەی ئابووری بەرکەوتووە، هەوڵدەدات کێشەکانی وڵاتەکەی لە بێکاری، هەژاری، کەمیی خانووبەرە و نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتیەکان بخاتە ئەستۆی پەنابەران، کۆچبەرانی نایاسایی، هەژاران و خانەنشینان بە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئاوارەبوون و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران و بڕینی زەمانی کۆمەڵایەتی و یارمەتییەکانی خانەنشینی و فرۆشتنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان بە کەرتی تایبەت. یەکێک لە بڕگە گرنگەکانی ڕێککەوتنەکە بریتی بوو لە بڕیارە کۆنەپەرست و سەرکوتگەرانە دژ بە پەنابەران و تاوتوێکردنی پلانی عەمەلی بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی کە دۆسیەی پەنابەرییان لە بەریتانیا قبووڵنەکراوە و تەواوکردنی ئەو ڕێککەوتنە بوو کە لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو لە نێوان هەردوولا ئەنجامدرا، کە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئیڤێت کوپەر شانازی پێوە دەکات کە کوالیتییەکی هەیە، بە تایبەت کە عێراقییەکان بەشێکی بەرچاو لەم کۆچبەرانە پێکدەهێنن.
سەبارەت بە عێراقیش ئەم ڕێککەوتنە لە پاشخانی تەقینەوەی ڕووداوەکانی ناوچەکە و گۆڕینی ڕژێمی سوریا و گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێزی ناوچەکە و پێویستی عێراق بۆ دۆزینەوەی هاوپەیمان لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە بۆ خۆپاراستن لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی، هەروەها لە پێشبینیی ئیدارەی ترەمپ و سیاسەتەکانی بەرامبەر عێراق و ناوچەکە.
ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیعدا دەگوزەرێت لە عێراقدا، تەواو پێچەوانەی ئەو وێنە گەشاوەیە کە لە بەیاننامەکەی سەرەوەدا ڕەنگدانەوەی هەیە و ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە پاشخانی دەرکردنی یاسای جەعفەری حکومەتی (چوارچێوەی هەماهەنگی-إطار التنسيقي)، بە سەرۆکایەتی ئەلسودانی، دەرئەنجامی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوان، بەتایبەتی بەریتانیا و ئەمریکا، و ستراتیژیان بەرامبەر عێراق، بەتایبەتی لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە.

٣١-١-٢٠٢٥




ململانێی زلهێزەکان و کێشەی کورد.. عوسمانی حاجی مارف

ئەردوگان هەوڵدەدات هەژموونی خۆی لە سوریادا بسەپێنێت، بەمەبەستی بەدواداچون بۆ نەهێشتنی کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکانی تورکیا، هەروەها دەیەوێت لەڕێگەی زاڵبون بەسەر ئیدارەی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرعەوە دەور ببینێت، تا پێگەیەک لە سوریا بەدەست بهێنێت، بۆئەوەی کۆمپانیاکانی بەشداری بکەن لە ئاوەدانکردنەوەدا، لەهەمانکاتدا ئۆردوگان چاوی لە بەدەستهێنانی ناوچە نەوتیەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریایە، وە دەیەوێت بەشێکی سەرەکی هەبێت لەو پرۆژەیەی کە سوریا دەتوانێ ببێتە دەروازەیەکی گرنگی گواستنەوە بۆ بەستنەوەی ناوچەی کەنداو ئێران بە ئەوروپاوە، بۆ ئەم مەبەستانەش هەوڵ ئەدات بەهەر شێوەیەک بێت بەربەستەکانی بەردەم پلانەکانی لابەرێت، کە پەکەکەو هەسەدە بەربەستێکی گەورەی پڕۆژەکانی تورکیان.
دابەزینی دراماتیکی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار، هەروەها بەرزبونەوەی ڕێژەی هەڵاوسانی دارایی، بوونی ملیۆنان پەنابەری سوری و عێراقی و ووڵاتانی تر لە تورکیا، بەرزبونەوەی ڕێژەی بێکاری، ناجێگیری دۆخی سیاسی ناوچەکە، کێشەکانی لە بەرامبەر پەکەکەو هەسەدەدا، تورکیای دەرگیر کردووە لەبەرامبەر قەیرانی ئابوری و دارایی و سیاسیدا.
لەڕاستای ئەم دۆخە پڕگێژاو و نالەبارەدا، ئۆردوگان ململانێ و شەڕێکی بەربەریانە بەڕێوەدەبات لە بەرامبەر ناوچەکانی کۆبانی و عەین عیسا و تەل تەمردا، بەڵام ئەوەی شایانی باسە تائێستا لە لایەن خەڵك و هێزەکانی هەسەدەوە تونراوە بەرگریەکی توند بەرامبەر بە هێزەکانی تورکیاو بەکرێگیراوەکانی بکەن.
ئیدارەی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، بە نیشاندانی هەر هەوڵێک بۆ دانوسان لەگەڵ هەسەدەدا، ئاواتەخوازە ئەو پیلانانەی تورکیاو هاوپەیمانەکانی دژ بە هەسەدە، هەسەدە ناچار بکات ملکەچی دەسەلاتەکەی ئەحمەد شەرع بێت ئەو حکومەتە بێت کە دەیەوێ لە سوریادا دایبمەزرێنێ. لەلایەکی دیکەوە دەیەوێت سنوورە ئاویەکانی سوریا لەناو دەریای سپیدا دیاریبکات، کە ملیارەها مەتر سێجا نەوت و گاز لەخۆدەگرێت، لەهەمانکاتدا پەلە دەکات بۆئەوەی پێشئەوەی حکومەتێکی دەستوری لە سوریا پێکبهێنرێت، باڵادەستی هەیئەی تەحریری شام جێگیربکات.
لەهەمانکاتدا تورکیا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لەو قەیرانانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەمارۆداوە. هەوڵدەدات هەژموونی خۆی لە سوریادا بسەپێنێت بەمەبەستی نەهێشتنی کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکانی خۆی، هەوڵیش ئەدات بنکە سەربازیەکان لە سوریا دابمەزرێنێت و جێگیریان بکات.
ئۆردوگان چاوەڕێی ئەوە دەکات کاروباری ناوخۆی تورکیا هەر لەو چوارچێوەیەدا بەرێتە پێشەوەو ڕێکیبخات، بۆئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا سەربکەوێت و ببێتە سەرکردەیەکی نمونەیی تورکیا و بگاتە پلەی کەمال ئەتاتورک و دەسەڵاتی تاکڕەوی ڕەهای خۆی بسەپێنێت!.
هەنگاوێکی تری ئۆردوگان ئەوەیە کە لەگەڵ دەوڵەتی باخچەلی هەماهەنگیان کردووە، کە پێشنیاری دیداری عەبدوڵڵا ئۆجالانیان کردووە، بۆئەوەی هێزەکانی پەکەکە چەک دانێن. ئەمەش بە خواست و نەخشەیەک کە ئۆردوگان بەدواداچونی بۆ دەکات، کە دوو مەسەلەی بە خۆیەوە گرێ داوە، یەکەم: کۆتاییهێنان بە هەڵسورانی پەکەکە وەک هێزێکی چەکدار. دووەم: ئۆردوگان هەوڵ دەدات، لە ڕێگەی ئەم مامەڵەیەوە لە گەڵ ئۆجەلان و پەکەکەدا، جگە لە هێزی هەیئەی تەحریری شام، هیچ هێزێکی تری سەربازی کە ناکۆك بێت لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی تورکیا لە سوریا نەمێنێت، بەتایبەتی هێزەکانی هەسەدە . هەر بۆ ئەم مەبەستە لایەنگری لە پێشنیارەکەی ئەحمەد شەرع دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو گروپەچەکدارەکان و تێکەڵکردنیان بە سوپای سوریا. بەڵام ئەم ئاواتەی کە ئۆردوگان بەدوایدا وێڵە، لەنێو ململانێ و دەخاڵەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیا و ناوچەکەدا، لەهەمانکاتدا دەوری ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمریکا، ئەگەر مەحاڵ نەبێت، بەدەست هێنانی ناڕۆشن و ئاڵۆزە بۆ تورکیا. پەیامەکەی ئۆجەلانیش بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە کاریگەریەکی ئەوتۆی لە سەر پێگەی تورکیا نابێت کە کێشەکانی لە بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکاو ووڵاتانی رۆژئاوادا بباتە پێشەوە.
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، تورکیا هەوڵی زاڵبون بەسەر سوریادا ئەدات، بەڵام لەگەڵ ڕۆڵ و نەخشەکانی ئیسرائیلدا ناکۆک دەکەوێتەوە، بەتایبەتی ئیسرائیل ڕێگەنادات تورکیا بنکەکانی لە ناوەڕاستی سوریا دابمەزرێنێت، لەلایەکی تریشەوە تورکیا لەبەرامبەر فەرەنسا، ئەڵمانیا و یۆنان… دەستەوەستان ماوەتەوە، کە بانگەشەی هەڵوێستی هاوپەیمانیان بەرامبەر بە کورد و هەسەدە دەربڕیوە. بەمانایەک کە دەڵێن کوردەکان هاوبەش بون لە هاوپەیمانی دژ بە تیرۆر. بەڵام ڕاستی مەسەلەکەیان بۆ کورد نیە، لوتکەی ئەوروپا لە کۆرسیکا، ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە پێشێلکاریەکانی تورکیا لە گەڕان بەدوای سەرچاوە نەوتی و گازیەکان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆ لە ئایندەی پێکهێنانی حکومەتی سوریا.
لوتکەی ئەوروپا کە لە دوورگەی کۆرسیکا لە فەرەنسا، بە سەرۆکایەتی ماکرۆن بەڕێوەچوو، بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگیە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و گەڕاندنەوەی تورکیایە بۆ سنوورە ناوچەییەکان لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاستدا. چونکە سوریا بە دەرچەیەکی سەرەکی بۆ ڕۆژئاوای ئاسیا لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست دادەنرێت، پەیوەندیەکە لەنێوان ناوچەی کەنداوی عەرەبی و ئەوروپا لەڕێگەی وشکانی و دەریاوە بەیەکەوە دەبەستێت، هەروەها ئەتوانێ دەروازەیەکی گواستنەوەی وزە لە ناوچەی کەنداو و ئێرانەوە بۆ ئەوروپا بە هەرزانتر ڕێکبخات. بێجگە لەوە دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی گواستنەوە، بۆیە سوریا خاڵی ترانزێت و ڕێڕەوێکی سروشتی بۆ سەرچاوەکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئێران و ناوچەی کەنداوی عەرەبی) بۆ ئەوروپا پێکدەهێنێت.
بەم هۆیەوە یۆنان و قوبرس لە بەرامبەر تەماحەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست وەستاون. ماکرۆن بەڕوونی لەڕێگەی لێدوانێکی توندەوە پێویستی کۆتاییهێنان بە سەرپێچیەکانی تورکیا دەربڕیوە. تورکیاش ئەم لێدوانانەی بە بێئەدەبی وەسف کردووە. فەرەنساش ئامادەییە سەربازیەکانی بەرەو سەربردوە وەکو پێشبینیەك بۆ پەرەسەندنی ئاڵۆزیەکان لەگەڵ تورکیادا.
لەگەڵ ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆزیەک و ناڕۆشنی و نادیاری ئایندەی ناوچەکەی پێوە دیارە، ناتوانرێ ئاراستەی یەکلاییبونەوەی ململانێی لایەنەکان ساغکرێتەوە، هەر لەم نێوەشدا کێشەی کورد جارێکی تر لەنێو جەنجاڵی ئەم دۆخەدا بۆتەوە بە مەسەلەیەکی دیاری نێو ئەم ململانێیانە، کە هەر لایەنێک، لە پەیوەند بە گونجاندنی دەخالەتی لە ناوچەکەو بەرژەوەندیەکانیانەوە مامەڵەی پێدەکات، کە بەشێک لەڕۆژئاواو ئەمریکا و ئیسرائیل پارێزگاری لە کوردەکانیان کردوە بە باسێک.
هەروەک لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێکرد، ئۆردوگان لەگەڵ ڕەوتی هەنگاوەکانی بۆ دەخالەتی لە ناوچەکەدا، خەریکە جۆرێکی تر یاری بە پرسی کورد لە تورکیاو سوریادا دەکات. لەلایەک لەڕێگەی هەوڵدان لەگەڵ ئۆجەلاندا خەریکە سێناریۆیەک سازدەکات بە مەبەستی چەکدانانی هێزەکانی پەکەکە، لەلایەکی تریشەوە هێرشێکی دڕندانە دەکاتە سەر هێزەکانی هەسەدە. بەمشێوەیە هەوڵ ئەدات کێشەی کورد بخاتە ناو چوارچێوەی سەرکەوتنی نەخشەو سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا، کە سەبارەت بە خودی کێشەی کورد پێش پەیامەکە و دوای پەیامەکەی ئۆجەلان هیچ قسەیەکی جدیان نیە، جگە لە هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە بۆ بەڕێوەچونی پلانەکانیان، کارێکیان بە کوردو کێشەی کورد نیە.
لەلایەکی ترەوە تەواوی ئەو لایەنانەی تر کە هاوئاهەنگی بۆ کورد نیشان ئەدەن، ئەوەندە دۆستایەتی خۆیان دەنوێنن، کە دەڵێن کوردەکان ئازان و شەڕی دژی داعشیان کردووە و پێویستە پارێزگاریان لێبکرێت، بەڵام کێشەی کورد بەگشتی لە ناوچەکەدا بەکوێ دەگات، جگە لە پێشنیاری پارێزگاریکردن باسێکی تر نەهاتۆتە سەرمێزی هیچ لایەنێک، دیاریش نیە ئەو پارێزگاریە چۆن دەکەن.
ئەوەی جارێکی تر حزب و لایەنە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان، لە کەین و بەینی ئەم سەوداو مامەڵەیەدا جگە لە فرۆشتنی خۆشخەیاڵی و فریودانی خەڵک، جگە لە هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی ئیمتیازێکی سیاسی زیاتر بۆ خۆیان، شتێکی دیکەیان لەبەرچاو نیە کە پەیوەندی بە مافی خەڵکی کورد و چارسەری کێشەی کورد و ئایندەی سیاسی خەڵکی کوردستانەوە بێت.
ئەوەش کە ئێستا زیاتر خەریکە یاری و مامەڵە بەم کەیسەوە دەکات و بەناوی “نوێنەری کورد”ەوە دەستپێشخەری دەکات، بارزانی و پارتیە، کە هیچ لاریەکیان نەک لە سیاسەت و دەخالەت و پیلانەکانی تورکیا نیە، بەڵکو لەڕیزی پێشەوەی هاوکاریکردنن بەو پیلانانەو دەیانەوێت ئەنەکەسە بکەنە ئەڵتەرنەتیفی هەسەدە و خۆشیان لەگەڵ حکومەتی ئایندەی سوریا ڕێکەوتن ئەنجام بدەن و سود لە پەیامەکەی ئۆجەلان وەرگرن.
وەڵام بە کێشەی کورد و مامەڵە بە کێشەی کورد دوو کەیسی زۆرجیاوازن. تەواوی مێژووی ئەزمونی هەڵسورانی سیاسی بزوتنەوەی ناسیۆنالستی کورد، مامەڵەکردن بووە بەم کەیسە و بەژیانی خەڵکی کوردستانەوە، بە پاشکۆبون و تێکەڵبونیان لەنێو گەمەو ململانێی بەرژەوەندی ووڵاتانی سەرمایەداری زلهێزی دنیادا، حساباتی وردیان بۆ دەستکەوتەکانیان کردووە.
پێویستە خەڵکی کوردستان فریو نەخۆن بەوەی کە پێیانوابێت لەم دۆخەدا لایەک لە کێشەی کورد دەکرێتەوە. پێویستە ڕێگە نەدەن ئەم ئەزمونە چەندبارە بێتەوە. چاوەڕێی قەدەری ململانێکان نەبن کە پێیانوابێت سودێکی بۆ کورد دەبێت، بەڵکو لە هەموو کات زیاتر کاتی ئەوە هاتووە، بە یەکجاری دەسبەرداری ئەو خۆشخەیاڵیە بن کە ئومێدو چاوەڕوانییان ببەستنەوە بە سیاسەتی حزبەکانی کوردایەتیەوە.
بەجیا لەوەی لە هەر بەشێکی کوردستاندا کە کێشەی کورد بۆتە واقعیەتێک و مەسەلەیەکە پێوێستە وەڵام بدرێتەوە، دروسترین و کارسازترین رێگا گەرانەوەیە بۆ رای خەڵکی کوردستان کە لە ریفراندۆمێکدا بریار لەسەر جیابونەوە یان مانەوە لەگەڵ ئەو ووڵاتەدا بدەن، هەر بۆیە پێویستە ئەوە ببینین کە لە هەگبەی بانگەشەی ئاشتی ئۆردگان و باخجەلیدا بەرێکەوتن یا رێنەکەوتن لەگەڵ پەکەکە و ئۆجەلاندا، باسێک لەسەر چارەسەری کێشەی کورد و مافەکانی دانیشتوانی کوردستانی تیا نیە.
لەهەمانکاتدا دانیشتوانی هەرێم لەگەڵ خەباتیان بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی حزبە ناسیۆنالیست و ئیسلامیەکان، پێویستە خۆیان بڕیار بدەن لەسەر دامەزراندنی دەسەڵاتی خەڵکی و دیاریکردنی ئایندەو چارەنوسی سیاسیان.

عوسمانی حاجی مارف




پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هەڵوەشاندنەوەی PKK، یان دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی خەبات؟.. مه‌سعود مه‌موزینی

لەدوای پەیامی ئۆجەلان، لەلایەن خەڵكانێكەوە ڕەخنەی زۆری لێگیراو لە هەندێك حاڵەتدا تاوانباریش كرا، بەڵام من پێم وایە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، هەڵەتێگەیشتنێکی زۆر بۆ ئەو پەیامە هەبووە. بۆیە لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم ڕوونکردنەوەیەك لەسەر ئەو پەیامە بنووسم و تەوەرە سەرەکییەکانی شیبکەمەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی PKK، لە پەیامەکەی دا بابەتێکی هەستیار و جێگای پرسیار دەوروژێنێت، بەڵام ئایا کاتی هەڵوەشاندنەوەی PKK هاتووە؟ ئەو لەم پەیامەدا، لە لایەکەوە باس لە زەمینەی دامەزراندنی PKK دەکات و لەلایەکی تر، گۆڕانکاری و هەڵومەرجی نوێ، وەک هۆکارێک بۆ کۆتایی ڕۆڵی PKK دەبینێت. ئایا ئەم بانگەوازە بۆ هەڵوەشاندنەوە، بڕیارێکی ستراتیژی و تاکتیکییە، یان لەژێر فشارەوە بووە؟ و لەوەش گرنگتر، ئایا ئەمە کۆتایی ڕاستەقینەی PKK دەبێت؟
PKK بۆچی دروست بوو؟
لە سەرەتای پەیامەکەدا، ئۆجەلان هۆكارەكانی دروستبوونی PKK باس دەکات. ئەو دەڵێت کە ئەم ڕێکخراوە وەک وەڵامێک لەبەرامبەر نكۆلیكردن لە ناسنامەی کورد و قەدەغەكردنی ئازادی بیركردنەوە لە تورکیا دروست بووە.
دەوڵەتی تورکیا نەک تەنها مافە کولتووری و سیاسییەکانی کوردی قەدەغەكرد، بەڵکو هەر وشەی كورد و كورد بوون، ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و بەهێزەوە وەڵام دەدرایەوە.
بەڵام خاڵێک کە ئۆجەلان بەرجەستەی دەکات، هەڵوەشانەوەی سۆسیالیزمی بنیاتنراو بە هۆكاری ناوخۆیی، شكستی نكۆڵیكردن لە ناسنامە لە وڵاتەكە و پێشكەوتنی ئازادی بیركردنەوە، وایكرد پەكەكە واتای خۆی لەدەست بدات و پێویستی بە خۆهەڵوەشاندنەوە هەبێت.
بۆیە پەكەكە كە وەكو ئامرازێك بۆ قۆناغێكی دیاریكراو ئەركەكەی كۆتایی دێت. لەهەمانكاتدا ئەو ئەفكارەش ڕووبەڕووی شكست بۆتەوە كە پەكەكەی لەسەر بنیاتنراوە، كەواتە لێرەدا قۆناغێكی نوێیە، پێویستی بە ئەفكار و ستراتیژییەتێكی نوێیە لە قۆناغێكی نوێی خەبات لەپێناو كۆمەڵگایەكی دیموكراسی.

پەیوەندی مێژوویی كورد و تورك
پەیوەندییەكانی كورد و تورك؛ لە مێژووی هەزاران ساڵەدا تورك و كورد بۆ مانەوەی خۆیان و خۆپاراستن بەرامبەر هێزە هەژموونگەراكان، هەردەم بە پێویستیان زانیوە لەنێو هاوپەیمانییەكی دڵخوازانەدا بن.
هەرچەندە لێرەدا، وەكو مێژوو هەمیشە كورد ڕووبەڕووی ستەم بووە لەبەرامبەر تورك، بەڵام ئۆجەڵان لەوانەیە وەكو نیازپاكییەك ئەو باسەی وروژاندبێت بۆ ئەوەی مێژوویەكی نوێ دەست پێكەن لەگەڵ تورك و دووبارە هاوپەیمانییەكی دڵخوازانە بۆ كورد و تورك بەپێویست دەزانێت بۆ مانەوە لەبەرامبەر دونیای دەرەوەدا، كە ئەمڕۆ ناوچەكە لەبەردەم هەڕەشەدایە.
ئایا کاتی هەڵوەشاندنەوەی PKK هاتووە؟
بەشێکی زۆر گرنگی پەیامی ئۆجەلان، بانگەوازکردنە بۆ هەڵوەشاندنەوەی PKK و لابردنی چەکەکانیەتی. ئەو بەرامبەر ئەندامەکانی ئەم ڕێکخراوە دەڵێت: “تا وەك ئەو كۆمەڵگە و پارتە هاوچەرخانەی بەزۆرەملێ كۆتاییان پێ نەهێنراوە، ئێوەش دڵخوازانە كۆنگرەیەك ببەستن و بڕیار بدەن؛ پێویستە هەمووتان كۆببنەوە و چەكەكانتان دابنێن و پەكەكە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.”
لەم وتانە دەتوانین دوو دەرئەنجامی سەرەکی وەربگرین:
بانگەواز بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئارەزوومەندانە: ئۆجەلان دەڵێت کە ئەندامەکانی PKK پێویستە خۆیان و بە ویستی خۆیان ڕێکخراوەکە هەڵبوەشێننەوە. كە ئەمە لەلایەكەوە بۆ كڕینی كاتە، بۆ ئەوەی پێش هەڵوەشاندنەوە، چاوەڕوانی هەنگاوەكانی دواتری توركیا بن. هەروەها ئامادەكاری بۆ هەنگاوی دوای هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە بكرێت.
هۆشداری: لە هەمان کاتدا، ئەو هۆشداری دەدات کە ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، لەوانەیە ڕووبەڕووی كۆتایی پێهێنانی زۆرەمڵی ببنەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دەیەوێت ئەندامەکانی PKK بە تەواوی لە گرنگی ئەم بڕیارە ئاگادار بن و بە ئامادەباشی ڕووبەڕووی ئەنجامەکانی ئەم گۆڕانکارییە ببنەوە.
لێرەدا ئەوە دەردەكەوێت کە ئەم بڕیارە تەنها هەڵبژاردن نییە، بەڵکو ناچارییەکیشە، چونكە ئەركەكەی PKK لەم قۆناغەدا كۆتایی هاتووە، بەڵام بەستنی كۆنگرە و هەڵوەشاندنەوەی ئارەزوومەندانە، دەرفەتێكی زۆر بە پەكەكە دەدات، بۆ ئەوەی بە دیراسە و هەڵسەنگاندنێكی ورد، شێوازی خەباتەكەی بگۆڕێت، بە ستراتیژییەكی نوێ و هێزێكی نوێ و گونجاو لەگەڵ كۆمەڵگای دیموكراسی كە لەگەڵ ئەم قۆناغە گونجاوبێت. لەهەمانكاتدا ئەمە كاتێكی زیاتر بە پەكەكە دەدات لەگەڵ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە، بەپێی هەنگاوەكانی توركیا بێتە پێشەوە. كەواتە پەكەكەی نەخستۆتە بەردەم بڕیارێكی كتوپڕ، بەڵكو پێش خۆهەڵوەشاندنەوە و چەكدانان، پێویستە ستراتیژییەتی قۆناغی داهاتوو دیاری بكرێت.
هۆشدارییەك بۆ توركیا
سەدەی دووەمی كۆمار، تەنها ئەوكاتەی دیموكراتیزە دەكرێت، دەتوانێت ببێتە خاوەنی یەكێتی و مانەوەیەكی هەمیشەیی. جگە لە دیموكراسی، هیچ ڕێگەیەكی تر ڕێی تێناچێت.
بۆیە لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، هاوكات ئۆجەلان پەیامێکی ڕوون و یەکلاکەرەوە بۆ تورکیا دەنێرێت، کە دەڵێت داهاتووی کۆماری تورکیا پەیوەستە بە دیموکراتیزەکردنەوە. ئەگەر توركیا ئەوەنەكات ڕووبەڕووی پارچەبوون و گرفتی گەورە لەبەردەم مانەوەی خۆی دەبێتەوە.
ئۆجەلان ئاماژە بەوەدەكات کە تورکیا لە سەدەی دووەمی کۆماری خۆیدا، تەنها لە کاتێکدا دەتوانێت یەکپارچەیی و مانەوەیەکی جێگیر بەدەست بهێنێت کە بەرەو كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی ڕاستەقینە هەنگاوبنێت. ئەم ڕستەیە لە ڕاستیدا هۆشدارییەكە، ئەگەر تورکیا دیموكراسییەت هەڵنەبژێرێت، ڕووبەڕووی کێشە و قەیرانی گەورە دەبێتەوە و لەوانەیە یەکپارچەییەکەی بكەوێتە مەترسییەوە.
“جگە لە دیموکراسی، هیچ ڕێگەیەکی تر ڕێی تێناچێت”
لێرەدا ئۆجەلان هێڵی سوور دیاری دەکات: كە دەڵێت کە چەوساندنەوە، شەڕ، نەتەوەپەرستی توندڕەو، و سیاسەتەكانی ئەمنی ڕێگەچارە نین.
تورکیا لەوانەیە تا ئێستا توانیبێت بە هێز و چەوساندنەوە پرسی کوردەکان سەركوت بكات، بەڵام ئەم ڕێگەیە چیتر كاریگەر نییە. تەنها ڕێگای ڕاستەقینە دیموکراسییە.
کەواتە ئۆجەلان چ پەیامێک بۆ تورکیا دەنێرێت؟
ئەگەر تورکیا بیەوێت وەک وڵاتێکی جێگیر بمێنێتەوە، ناچارە کێشەی کوردەکان لە ڕێگەی دیموکراسییەوە چارەسەر بکات. ئەم پەیامە دەتوانرێت وەک جۆرێک لە ئۆڵتیماتۆمی نەرم و ئاگادارییەکی ستراتیژی دابنرێت.

PKK لەناو دەچێت؟ یان شێوازی دەگۆڕێت؟
لە پەیامی ئۆجەلاندا، هیچ باسێکی ڕاستەوخۆ نییە لەسەر ئەوەی ئەگەر تورکیا لە سیاسەتە چەوسێنەرەکانی بەردەوام بێت، PKK دووبارە دەردەکەوێت. بەڵام بە شیکردنەوەی پەیامەکە، دەتوانرێت ئەم ئەگەرە لێکبدرێتەوە.
ئەگەر بمانەوێت پەیامەکە بە پێی لۆژیکی خۆی شیکردنەوەی بۆ بکەین، ئەنجامەکەی بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

  • PKK وەک وەڵامێک بۆ چەوساندنەوە و نەهێشتنی ناسنامەی کوردی و ئازادی بیركردنەوە دروست بوو.
  • ئۆجەلان پێی وایە کە ئەم بارودۆخانە بەشێوەیەک گۆڕاون، بۆیە پێویستە PKK هەڵبوەشێتەوە.
  • بەڵام ئەگەر ئەم بارودۆخانە دووبارە بگەڕێنەوە، ئایا PKK یان ڕێکخراوێکی تر جێگەی دەگرێتەوە؟
    ئەم پرسیارە ئەوەیە کە ئۆجەلان بە ڕاستەوخۆ وەڵامی نەداوەتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە پەیامەکەدا هەستی پێدەکرێت.
    کۆتایی بۆ قۆناغێک و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ؟
    پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان، زیاتر لە بانگەوازێک بۆ هەڵوەشاندنەوە، هۆشدارییەکی نھێنییە دەربارەی داهاتوو. ئەو دەڵێت کە بارودۆخەکان گۆڕاون و پێویستە PKK هەڵوەشێتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەو دەزانێت کە ئەگەر کێشە بنەڕەتییەکان چارەسەرنەکرێن، کۆتایی PKK بە مانای کۆتایی ناڕەزایی و بەرگری نابێت.
    ئەم پەیامە دەتوانرێت وەک بانگەوازێک بۆ ئاشتی لێکبدرێتەوە، لەهەمانكاتدا وەک هەڕەشەیەک بۆ گەڕانەوەی پەكەكە ئەگەر توركیا بەرەو كۆمەڵگای دیموكراسی هەنگاو نەنێت.
    ئایا تورکیا لەم هەلە سوود دەگرێت بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کوردی؟
    یان بە بەردەوامبوونی لەسیاسەتی چەوساندنەوە، پەكەكە بەهێزتر دەردەكەوێتەوە؟
    ئەم پرسیارە تەنها داهاتوو وەڵامی دەداتەوە.



کازیوەیەک لە خوێنی ئاڵ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

( ١)
بە بینینی دەریاچەی خوێنینی کازیوە
خۆم لە بیرکرد
چی بێئۆقرەیەک دڵم ئەبات
بە درێژایی کەنارێک لە چۆڵیا
تێر گریام، لە دوورەوە
زرنگە زرنگی کڵێساکان
کۆترە تەنیا بێ جێگەکانی تەرە کرد
مانگ هێشتا
فرمێێسکێکی زیویی بە چاوەوە بوو
زانیم دەبێ زۆرتر بڕۆم
بەرەو بریسکەی ئەو پلیکانەی، دەگەنە
چرا درەوشاوەکانی ئەو هەورانەی
بە رۆشتنی پەریەک دڵی شکا
(٢)
ترسم لە نەهاتنی پایزێکی ترە..و
لە نێو گیا سەوزە تەڕەکانا
گیانم دەرچێ
لێویشم هێشتا پڕ بێ
لە چرۆی ئاڵی شیعر

(٣)
غەمناکە شەقام ، ئێستا، سەرم
بەرزئەکەمەوە، دەشێ
پەرژینی درێژکراوەی
کەنار دەریا بە تەلیسمی
سەوز و
پەمەیی دەورە درابن، ئەوانە
پەرژینی فرمێسکی
نامۆییمن، کێلگە دوورەکانی غوربەت، کە هەر
نایگەمێ و دڵ دەڵێ
هەر هەنگاو بنێ
هەر دەیگەیتێ

(٤)

لە خۆم دەپرسم، چەند جاری تر دەتوانی
بە سەمەرەیی
بە کۆڵانە تاریکە خەوتوەکانا تێپەڕی
بێ ترسی کەوتنە نێو زەلکاوی
بیرەوەری ژەهرینی شارێک نغرۆ
دەرکپێکردن بەوەی
کە هەرگیز لێرە نامێنم، خۆشبەختیشە
بەوەی کە کاتیە بوون
جێگاکانیش ، دەربەندی پڕ حەسرەتن
هاتن و چونیش
یاریەکی غەمگینە
لە نێوان کابووسی گەورەبوون و
هەڵهاتنی کەم تەمەنی
خۆری منداڵیەکی رەوشەن




گیرفان بڕینی هەژاران.. ئەحمەد رەزا

جۆن پیێر کێنزی هەڵگەڕاوە لە سی ئای ئەی، لە ڕێکەوتنێکی لەگەڵ سەرۆکی سریلانکای پێشوو، ئەڵێ: هەرچی خۆت و خزم ە کەس و کارو ئەوی تۆ ناویمان بدەیتێ، خوێندنیان لە ئەمەریکا ئەبێ و پیاسەو گەڕانیان لە ئەوروپا، باج لەسەر دەوڵەمەندو پرۆژەکانیان ڕەمزیی ئەبێ و لەسەر ئەوانیتری زیاد ئەکەی، پێنج ملیار دۆلارت ئەدەینێ و وڵاتەکەت ئەکەین بەنمونەی جوانترین وڵاتی جیهان، ئاو و ئاوەڕۆو کارەبات بە نوێترین تەرزی جیهانیی دابین ئەکەین.. سەرۆکی وڵاتیش پێی ئەڵێ: جا ئێوە لەم خزمەتکردنە چ سوودێکتان دەست ئەکەوێ، ئەوەی ئەمێنێتەوە گیرفانی بەتاڵەو هیچی تیا نییە، کێنز ئەڵێ: ئێمە ئەو هیچەمان بەسە.
(( ئەمە ڕێککەوتنی بانکی نێو دەوڵەتیی و سریلانکابوو، ئەنجامی بە هەڵهاتنی بەرپرسانی سریلانکا کۆتایی هات، کە بینیمان))
پرۆژە نوێیەکانی ئەم وڵاتەش هەمان ڕێککەوتنە لەگەڵ ئەو بانکە کە بە ئەژدیهاکە ناسراوەو دوای سی ساڵ لە سەپاندنی مەرجەکانی، پلانەکانی پیادە ئەکا.
پرۆژەکانی پۆینت تو پۆینت و هەژماری من و ڕووناکیی و هەناردە کردنەوەی نەوت، بە کۆمپانیاکانی ئەژدیهاکەو بە کرێچی کردنی هاونیشتیمانیی و خوێندنە ئەهلییەکان و نەخۆشخانەو پەیوەندیی و گواستنەوەو بەرەڵاکردنی بازاڕو نەک بازاڕی ئازاد زۆریتریش بۆ بڕینی گیرفانی بەتاڵ مەحروم کردنییەتی لە ژیانی شایستە وەک مرۆڤ.
لە هەرێم هەموو ئەو نادادییە زۆرەملێییانەی بەسەر خەڵکدا بە زەبری چەک و چاو سوورکردنەوە ئەسەپێنرێ، بەرامبەر مانەوەی ئەو حزبانەی لە ڕێککەوتنەکەدان ئەکرێ.. چ شتێکیتر لە گۆڕێ نییە، بەڵام لە هەرێم ژمارەی پێوانەیی زەبرو زەنگ، گەیشتووەتە بەرزترین پلەی باڵا.




چەک دانانی پەکەکە بۆ تورکیا چی دەگەیەنێ؟.. ئاسۆ کمال

پرۆسەی چەک دانانی پەکەکە دەستیپێکی قۆناغێکی نوێی سیاسی دەبێ بۆ کۆمەڵگەی تورکیا بەوەی دێوەزمەی بیانوی “تیرۆر” بەدەست دەوڵەتی تورکیاوە نامێنێ.
بەم بیانوی تیرۆرەوە نیوسەدەیە دەسەڵاتی میلیتاریستی و سیاسەتی شۆڤینیزمی دەوڵەتی تورکیا کوردستانی کردۆتە سەربازگەیەک و دواکەتویی ئابوری بەسەردا سەپاندوە، وە هەروەها ناکۆکی نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژی شۆڤینیستی کەلێن و قەڵشتی گەورەی لە نێوان چینی کرێکاری تورکیا و ڕیزەکانی خەبات بۆ ئازادیە سیاسیەکاندا لەسەرانسەری وڵاتدا درێژەپێداوە.
بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەردۆگان و حکومەتەکەی و حزبە شۆڤێنستەکانی نێودەوڵەتی تورکیا لەم پرۆسەی “نەمانی تیرۆر”ەدا بەدوای چیەوەن؟
بێگومان ئەوە یۆتۆپیای “کۆماری دیموکراتی تورکیا”ی ئۆجەلان نیە کە چارەنوسی ئەم هەنگاوانەی ئەردۆگان و باخچەلی و حکومەتی تورکیا دیاری دەکا، بەڵکو وەک ئەم داڕێژەرانەی پرۆسەکە خۆیان ڕایانگەیاندوە ئامانجی ئەم پرۆسەیە ڕزگاربونە لە دێوەزمەی “تیرۆر”ی ناوخۆ لەپێناو یەکڕیزیاندا بۆ خزمەت بە گەشەی بازاڕی سەرمایە و زلهێزی ناوچەیی دەوڵەتی تورکیادا.
حکومەتی تورکیا لە سایەی ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ونەخشەی نوێی ئەمریکادا بەدوای پاوانخوازیی ناوچەییەوەیە. وەک هێزێکی ناوچەیی لە سوریا و کوردستانی عێراق و ناوچەکە درێژە بە دەستدرێژیە سەربازی و سیاسیەکانی دەدا و لێرەشەوە دەیەوێ ڕێگریە ناوخۆییەکانی “تیرۆر” ی سەربازی پەکەکە لەبەردەم خۆیدا لابەرێ. هەربۆیە بەپێچەوانەی بانگەشەی ڕێگاچارەی دیموکراسی ئۆجەلانەوە دەوڵەتی ئێستای تورکیا خەونی دیموکراسی نیە، بەڵکو خەونی بونە ئیمپراتۆری ناوچەکەی کردۆتە ئامانجی ئەم قۆناغەی.
چەک دانانی پەکەکە قوربانیەکی سەربازیە کە ئەم هێزو بزوتنەوەیە لە پێناو فرسەت پێدانی زیاتری سیاسی بە دەمپارتی و باڵە سیاسیەکەی خۆیدا دەیدا، ئەمە هەوڵی حزب و بزوتنەوەیەکە بۆ چارەسەری ئاشتیانەی شەڕ لەسەر دەسەڵات و گرتنەبەری ڕێگەی پەرلەمانی دیموکراسی، هەر بەو شێوەی تا ئێستا دەمپارتی کردویەتی.
نەمانی بیانوی “تیرۆر” و کێشەی دوژمنایەتی نەتەوەیی زەمینە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان خەباتی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لە تورکیادا لەگەڵ خەباتی سەراسەری کرێکاران و ئازادیخوازانی تورکیا خۆش دەکا دژی حکومەتی ئەردۆگان و سیاسەتی سەرکوت و میلیتاریستی و پاوانخوازیی ناسیونالیزمی تورکی لە ناوچەکەدا.

ئاسۆ کمال
ئازاری ٢٠٢٥




حەوت بروسکە چیرۆک.. نوسینی: تاتیانا ئەلکسیێڤا.. وەرگێڕانی : نەوزاد بەندی

                                  ــ 1 ــ

لە کۆتاییدا بە شاسواری خەونەکانم گەیشتم ، قەت لەو باوەڕەدا نەبووم خەونەکانم ئەوەندە هیچ و پوچ بن .

                                   ــ 2 ــ

لە دادگا هاوسەری سێیەمم ناسی ، کاتێ بەرگری لە هاوسەری دووەمم ئەکرد کە به ئوتومبیل هاوسەری یەکەممی شێلا بوو .

                                   ــ 3 ــ

لەگەڵ هاوسەرەکەمدا بوو بە شەڕمان ، حەبێکی ڤیاگرام بۆ کردە ناو شۆرباکەیەوە ، دوو سەعاتە بۆ هەر کوێ بچم بە دوامەوەیە و داوای لێبوردنم لێ ئەکا .

                                   ــ 4 ــ

دایکم هەر کاتێ شەحنی مۆبایلەکەی تەواو بێ ، وا ئەزانێ مۆبایلەکەی شکاوە ..باوکم دەفتەرێک لە گیرفانیدایە ،ژمارەی تەلەفۆنەکانی تێدا نوسراوە، لە کاتی تەلەفۆنکردندا پەنای بۆ ئەبات ، پورم لایتی مۆبایلەکەی بۆ ڕوناککردنەوەی کاتژمێرەکەی مەچەکی بەکاردێنێت تا بزانێت کات چەندە ، پرسیارێک یەخەم پێ ئەگرێ : ئەم نەوەیە چۆن توانیویانە بگەنە سەر مانگ ؟

                                   ـــ 5 ـــ

من کە تەمەنم حەوت ساڵان بوو ، لەگەڵ کوڕێکی هاوسێمانا یاری ژن و مێردمان ئەکرد ، ئەو وا خۆی نیشان ئەدا کە بە ماندوێتیی لەسەر کار گەڕاوەتەوە ، منیش خواردنم لە لم بۆ دروست ئەکرد .
ئێستا تەمەنم ٤۰ ساڵە ، ئەو یارییەی مناڵیم ، تاکە پەیوەندیی ڕاستەقینەی ژیانمە .

                                   ـــ 6 ـــ

ئەمڕۆ کچێکی هاوڕێم ئاهەنگیی دەیەمین ساڵی هاوسەرگیریی گێڕا .. شانازیی بەوەوە دەکرد کە جلی بوکێنییەکەی پۆشیبۆوە و شانازیشی بەوەوە ئەکرد کە پۆشاکەکە بەبەری تەنگ نەبووە .. نەمویست بە بیری بهێنمەوە کە کاتێ شوی کرد ، سکی نۆ مانگ بوو .

                                    ـــ 7 ـــ

هاوسەرەکەم پێی ووتم ئەگەر جارێکی تر خیانەتی لێ بکەم خۆی ئەکوژێ . لەوکاتەوە هیچ شتێکی پێ ناڵێم ، بەو جۆرە حەوت جار ژیانیم لە مردن ڕزگار کردووە .



سەرچاوە:
https://feneks.net/art/2literature/70818-2023-12-14-08-43-24




کێلی براوەی مەدالیای نیوبێری بۆ پەرتووکی منداڵان ٢٠٢٥.. رەزا شـوان

خاتوو (ئـیرین ئینـترادا کـێـلی) نووسەرێکی بەناوبانگی ئەمـریکییە لە بـواری نووسینی چیرۆک و رۆمان بۆ منداڵان و نەوجەوانان، بۆ جاری دووەمە بوو بە براوەی مەدالیای نیوبـێری بۆ باشتریـن پەرتـووکی منـداڵان. ئەم خەڵاتەش ساڵان دەدرێت بە نووسەرێکی خـەڵکی ئەمـریکا، کە لە ساڵی پـێشـتردا، باشتریـن پەرتـووکی بـۆ منـداڵان نـووسیـوە و بـڵاوی کـردۆتەوە. پەرتـووکەکەش لەنێـوان چەنـدین پەرتـووکی کانـدیدکراوادا، لەلایەن لـیژنەیەکی پسـپۆری بـواری وێـژەی منـداڵان، کە سـەر بە کـۆمـەڵە پەرتـووکخـانەکانی ئەمـریکایە، بە زۆریـنەی دەنگەکـانی ئەنـدامەکانی، بۆ وەرگـرتنی مەدالـیای نیـوبـێری هـەڵـدەبـژێـردرێـت.
پەرتـووکی رۆمـانی ( یەکەمین دۆخی بـوون) لە نـووسینی ئـيریـن ئینترادا کـێـلی، کە لە (٢٠٢٤) لەلایەن (خانەی چاپکردنی گرینویلۆ) ی سەر بە دەزگای (هارپەر کولینز) ەوە بڵاوکـرایەوە. مەدالیای نیوبێـری بۆ ساڵی (٢٠٢٥ ) بۆ باشترین پەرتـووکی منـداڵان بە دەستهـێـنا. خەڵاتـەکەش لە فـۆنیکس، لە رۆژی دووشـەمەی (٢٧/ ژانـویە/٢٠٢٥) لە کـۆنفـرانسی کـۆمەڵەی پەرتـووکخانەکانی ئەمـریکا (ئەی ئێـڵ ئەی) یەوە پێشکەشکـرا. بەمەش ئیرین کێلی بوو بە حەوتەمین نووسەری ئەمريکی، کە دووجار ئەم خەڵاتەیان بەدەستهـێـناون. ئـیـریـن کـێـلی لـە سـاڵی (٢٠١٨) دا، یەکـەم مـەدالـیای نیـوبـێری، لە پەرتـووکی رۆمـانی (رۆژبـاش گەردوون) بـۆ منـداڵان بەدەسـتهـێـنا.
رۆمانی (یەکەمین دۆخی بـوون ) یەکێکە لە پەرتووکە پـڕفـرۆشەکانی نیویـۆرک تایـمز لە ساڵی (٢٠٢٤) دا. چـیرۆکەکە بـاس لە گەشـتکـردن لە مـیانەی کاتـەکـانەوە دەکـات. بـاس لە کـێـشەی سـاڵی ٢٠٠٠، خـێزان، هـاوڕێـتی، دڵـەڕاوکێ، لەدەسـتان، پاراستـنی ژیـنگە، جیـاوازیی چـینایـەتی،… هـتـد. دەکـات. پـەرتـووکی (یـەکـەمـین دۆخـی بـوون) کانـدیـدی کـۆتـایـشە بـۆ وەرگـرتـنی (خـەڵاتی پەرتـووکی نـیـشـتـمانی) لە ئەمـریکادا.
(مایڤ ڤـێسەر ـ نـۆت) ی سەرۆکی لـیژنەی مەدالیای نیوبـێری دەڵێت:” ئـێمە سەرسام بوویـن بە توانای کـێـلی لە تێکەڵکردنی ژانرەکان لە چـیرۆکێکی ئاڵۆز و سەرجـڕاکێش کە وا لە خـوێـنەران دەکـات، بـزانـن هـەریەکەمـان گـرنگـین”.
ئیـرین کـێلی دەڵێت:”لە منـداڵییەوە خەونی من بـووە، کە ببمە نووسەرێکی پەرتووکی چاپکـراوی بڵاوکـراوە. لە ئەنـدێـشەمـدا نەبـوو کە هەمـوو ئەمانە رووبـدەن. تا ئێـستا هەستـێکی سەیـر و سـوریالی و سەرسوڕهـێنەرە بـۆ مـن، کە خـەڵک بە پـلەی یەکەم پەرتـووکەکـانم دەخوێـننەوە. سەرەڕای رێـزلـێـنانـیان”.
ئیرین کێلی لە باشووری لـوزیـانـا گەورە بـووە، بۆ مـاوەی زیاتر لە پـێـنج ساڵـیشە لە شاری میـدلـتاون لەگـەڵ خـێزانەکەیـدا دەژی.
ئیرین کـێلی، بـڕوانامەی بەکالـۆریۆسی لە توێـژینەوەی ژنـان و هـونەرە ئـازادەکان لە زانکۆی ویلایەتی مەکـنیز وەرگرت. ماسـتەریشی لە هـونەرە جـوانەکان لە ئەنـدێشەدا لە کۆلـێژی رۆزمـۆنـت وەرگـرت. لە ئێستادا کـێلی مامۆسـتایە و لە ویـلایەتی دێـلاوێـر دەژی. لە بەرنامەی (ئێم ئێف ئەی سی) ی ماستەر نـووسین بۆ منداڵان و نەوجەوانان لە زانکـۆی هـامـلـین وانە دەڵـێـتەوە. چـێژ لە سەردانی خوێنـدکاران لە قـوتابخانەکانی جیهـان وەردەگـرێـت.
ئیـرین کـێلی پێـش ئەوەی ببێتە نووسەری پەرتووکی منـداڵان، وەک رۆژنامەنـووس و سەرنووسـەری گۆڤـار لە ویلایەتی لـویـزیـانـای زێـدی خـۆی کاری کـردووە. چەنـدین خەڵاتی لە کۆمەڵەی رۆژنـامەوانی لـویـزیانا و ئەسۆشـێتـد پـریـس بۆ رۆژنـامەگەریی خـزمەتگـوزاریی کـۆمەڵایـەتی و نووسـینی وتـار و سەرنـووسـەر وەرگـرتـووە.
زیاتر لە (٣٠) کورتە چـیرۆکی نووسیوە و بڵاویانی کردۆتەوە. خەڵاتی کورتە چیرۆک و خەڵاتی رۆژنـامەی ئـازادی فـلـیـپـینی بۆ کـورتە چـیرۆک وەرگـرتـووە.
ئیـریـن کـێلی لە هەشت ساڵییەوە دەستی بە نووسین کردووە. تا ئێستا کۆمەڵـێکی زۆر چـیرۆک و رۆمانی بۆ منـدڵان ۆ نەوجـەوانـان نووسیوە وچاپیانی کـردوون و بڵاویانی کردوونەتەوە. تەمەنی پاڵەوان و ئەکتەرەکانی چیرۆک و رۆمانەکانی لەنێوان (٨ ـ١٢) ساڵانن. کارەکانی بـۆ زیـاتر لە (١٢) زمـانی جیهـانی وەرگـێڕدراون. بـێجگە لـەو دوو مەدالـیایەی نیوبـێری، چەنـدین خەڵاتی تـری وێـژەیی لە نووسـین بۆ منـداڵان و لاوان بەدەستهـێـناوە. لەوانـە خـەڵاتی نیـوبـێری لە سـاڵی (٢٠٢١) لـە پەرتـووکی رۆمـانی (خـەون بە بـۆشـایی ئاسـمانـەوە دەبـیـنـیـن). خـەڵاتی (ئـاپـالا) ی سـاڵی (٢٠١٧) بـۆ پەرتووکی (خاکی کچـە لەبیرکراوەکان). خەڵاتی (نایبا) بۆ پەرتـووکی ساڵە (٢٠٢٣). چەندیـن خەڵاتی تـری.
کێلی دەربارە ی بەدەستهـێنانی مەدالیای نیوبـێریی ساڵی (٢٠٢٥) دەڵێت:” کاتێک کە پەرتووکەکەم ـ یەکەمین دۆخی بوون ـ م تەواوکرد، چاوەڕێی هـیچ ستایشێکم نەدەکرد” کە نـاوای بە بـراوەی مەدالـیای نێـوبـێری راگەیـانـدرا، نووسـەرانـێکی زۆری وێـژەی منـداڵان، لە سـۆشیال میدیـاکانـدا، دەستخـۆشی و پـیرۆزبـایـیان لە کـێـلی کـرد.

کە لـێـيان پـرسی چـۆنە وا هـۆگـری نـووسـین بۆ منـداڵان بـوویـت؟ لە وەڵامـدا وتی: “منـداڵان و نـەوجـەوانـان، وزەیـەکی زۆریـان هـەیـە، ئەنـدێـشـەیـان بـێ سـنـوورە، کـنجکـاوی و راشـکاو و راسـتگـۆن”.
(*) بۆ ئەم نووسینە، سوودم لە چەندین سایتی ئینگـلیزی وەرگرتـووە.

دوبـەی: ٢٠٢٥




پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان!.. حەسەن ڕازانی

چەند سەرنجێک لە دیدی تایبەتی خۆمەوە!

کاتێک کە خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩، بە هاوکاری بەرەی ناتۆ، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دامەزراند بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە پاراستنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نوێژ فەرزترە.
جا بە بڕوای من خوێندنەوەی پشتی ئەو ڕاگەیاندنەی خومەینی ئەوە بوو کە بە هەرنرخ و شێوازو رێگایەک دەبێ ئەو کۆمارە ئیسلامییە بمێنێتەوە.
پەیامەکەی بەڕێز ئۆج ئالان بە هەمان شێوە، بە بڕوای من، ئامانجێکی سەرەکی لە پشتە کە گەورەترو گرنگترە لە مانەوەی پەکەکە بەو ناوو هێزە چەکدارییەوە! دەیان ساڵە ئەو هێزە کراوەتە تیرۆریستی نێودەوڵەتی، کە دیارە لە سەرداوای ڕاستەوخۆی تورکیاو پشتگیری بێشەرمانەی ناتۆ لە تورکیا بووە!
بە پێی خوێندنەوەی پشتی ئەو پەیامە ئامانجێکی گەورەتر دەدەکەوێت کە لە دوورمەودادا، من پێم وایە، بە قازانجی نەتەوەیی کورد دەشکێتەوە!
ئەو ئامانجە ،من پێم وایە، بریتیە لە پارێزگاریکردن بەپلەی یەکەم لەو دەسکەوتانەی کە لە ڕۆژئاوا بەدەست هاتووە!
من پێم وایە، پەیامەکە بۆ ئەو نیمچە کەیانەی باشووریش هەر بە قازانج دەشکێتەوە. چونکە ئیتر تورکیا بەهانەی هێرش بۆ سەرباشوور بە بیانووی پەکەکە لەدەست دەدات!
جا پارێزگاریی لە ڕۆژئاواو مانەوەی کوردوستانی باشووریش وەک ئەوە وایە بۆ تورکیا کە تیرێکی لە ناوجەرگەی دڵی درابێ و بەرەو نەمانی ببات!
بۆیە کاتێک کە بەوردی لە هەموولاوە لەو پەیامە دەڕوانرێت بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ناتەبایە لەگەڵ ئامانجە ئێستاو دوورمەوداکانی سیستەمی تورکیا لە دژی کورد!
ناوچەکە ڕووی لەگۆڕانە! ناتۆ بەسەرپەرشتی ئیدارەی ڕاستڕەوی ئەمریکاو ترەمپی بیزنیزمان دەستی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ پشتگیری هاوڕێکانیان لە ناوچەکەدا بە تایبەتی ئیسڕائیل!
لەو پەیامەدا کورد ئاشتیخوازەو ئیتر تورکیا ناتوانێت تیرۆریزم بە کاربهێنێت بۆ سەرکوت و کوشت و بڕی کوردان. لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە ئەو داشەی دەسووتێت. بەتایبەتی کە ئێستا ڕۆژئاوا ڕاستەوخۆلەگەڵ ناتۆ لە شەڕی دژە داعشدایە.
ئاشتبوونەوە لە نێوانی کوردو تورک دێتە ئاراوە! ئیتر سیستەمی ڕەگەزپەرستی تورک ناتوانێت هیچیتر تورکان بکاتە دوژمنی کوردان. ئەو ڕیس و سیاسەتەی لێدەبێتەوە بە خوری.
پەکەکە دەتوانێت بەو پەیامە پارێزگاریی لە دەستکەوتی ڕۆژئاوا بکات و لە شەڕو گێچەڵەکانی تورکیا دووری بخاتەوە! چونکە هەمیشە تورکیا کوردانی ڕۆژئاوا وەک پەکەکە دەبینێت.
ڕێگا خۆش دەکات کە هێزێکی تر لە شێوەو جۆرێکی تردا ببێتە شوێنگرەوەی ئەو هێزە چەکدار و سیاسیەی کە ئێستا پەکەکە هەیەتی و تورکیا بە تیرۆریستی دەزانێت، تا ئەو کاتەی کورد دڵنیا دەبێت لە نیازپاکی دەسەڵاتی تورکیا.
ئەو پەیامە فەرمان نیە بە هێزە چەکدارەکانی پەکەکەو هێزی سیاسی پەکەکە بۆ ئەوەی هەر ئێستا چەک دابنێت، بەڵک و زیاتر وەک ڕێگەچارەیەو نەخشەڕێگاییشە هەم بۆ کوردو هەم بۆ تورک، کە نیشانی سیستەمی تورکیای دەداو گەلی تورکی لێئاگادار دەکاتەوە! بۆیە بۆی هەیە جێبەجێبکرێت و بۆشی هەیە نەکرێت.
ناوچەکە شێواوەو تەواوی دەوڵەتانی ناوچەکەو نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکەش کە حوکمڕانی ئەو ناوچەیەیان سەدان ساڵە لە ژێردەستایە ئێستا کەوتوونەتە هەلەکە سەماو دۆشداماون کە نازانن سبەینێی ئەوان چۆن دەبێت. هەمووی لە خۆی دەترسێت بێجگە لە ئیسڕائیل.
هێزێک سەرپەرشتی ئەو گۆڕانکاریە دەکات کە توانای هەیە. هەر ئەو هێزەبوو کە سەد ساڵ لێرەو پێش نەخشەی ئەو ناچەیەی داڕشت و کەسیش نەبوو بڵێ پشتی چاوانت برۆیە . دەبەخوا ئێستاش هەر وایە! دەسەڵاتە بەهێزەکەی سەدساڵ لێرەو پێش فڕۆکەی جەنگی هەبوو، نەتەوە پەرش و بڵاوەکانی ناوچەکەش بە دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانیشەوە هەر بە نیرو ئامووری دار زەویەکانیان دەکێڵا.
ئێستا ئەو هێزەی سەد ساڵ لێرەو پێش چەکی ناوکیی و تەکنەلۆجیای شەڕی بایۆلۆجی و نایترۆجینی و ئەلەکترۆنی بەدەستەوەیەو فەرمانڕەوایانی ناوچەکەش هەر شەڕو کێشەیانە لە سەر کورسی و پارە سپیکردنەوەو دزینی سەرخان و ژێرخانی وەڵاتەکانیان.
گۆڕانەکە بەڕێوەیەو پێشی پێناگیرێت!

حەسەن ڕازانی
٢٧ی شوباتی ٢٠٢٠٢٥




پەیامێکی باڵا و پەیامهێنەرانێکی دەنگ نزم.. سامانی وەستا بەکر

کورد هێندەی هەموو جیهان مارانگەزبووەو گەڕاویشەتەوە ئەو شوێنەی کە مارەکە پێوەییاوە، هەرئەمەش وایکردووە کە لە دوای پەیامەکەی بەرێز عەبدوڵا ئۆجەلانەوە شەقامی کوردی دابەشببێ بەسەر دووبەرایا، یەکێکیان بەترس و دڵەڕاوکێ و ئەویتریان بە حەزەرێکی زۆر و کەمێک گەشبینیەوە لێیبڕوانن.
(بەو کەسە ئەڵێن ئاقڵ و وشیار، لە جێیەک دووجار پێوەی نەیا مار)
دروستبوونی پ.ک.ک و پەیامەکەی ئاپۆ:
١. پێگەی کورد لە ئێستایا نەک بێهێزنییە بەڵکو پێگەی کورد زۆر بەهێز و کاریگەرە لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیش، هەر ئەمەش وایکرد کە باخچەلی نەتەوەپەرست و دژە کورد بە نوێنەرایەتی دەوڵەتی قوڵ پیاڵە ژەهرەکە نۆشکات، لە پەرلەمان دەستبخاتە ناودەستی کورد و داوای ئاشتی بکات، کە تەنانەت خودی خۆشی هەرگیز شتێکی وای بەبیرانەهاتووە، بەڵام کاتێ کە دڵنیابووی لەوەی ئەگەر دەست بۆ ئاشتی درێژنەکەی ئەوا دەست ئەشکێنرێ، ئەوا بەناچاری دەست درێژەکەی.
٢. پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان نە تەسلیم بوونە، نە ئاشبەتاڵە وەک ئەوەی بەشێک لە خەڵک باسی لیوەئەکەن، ئەگەر بەووردی گوێ لە پەیامەکە بگری ئەو ئەڵێ کۆنگرە بگرن و پاشان بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشانەوەبەن، ئەمەش تەنها یەک واتای هەیە ئەویش “نوێبوونە”یە، و خۆگونجاندنە لەگەڵ سەردەمی نوێێا.
٣. تورکیا نەک مافی کوردی نەئەیا بەڵکو ئینکاری بوونیشی ئەکردن، بۆیە بەناچاری پارتی کرێکاران بۆ ئەوە دروست بوو وە دەستیانایە چەک تا بەهێز ئەوە بسەلمێنن کە کورد مافی هەیە و خاوەندارێتی بەشێکی هەرزۆری ئەو وڵاتە ئەکات کە پێی ئەوترێ تورکیا و هەرواشیان کرد.
٤. دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ ئەو مەبەستەی کە پەکەکەی بۆ هاتە بوون، ئامانجی خۆی پێکا و ئێستا سەردەمی قۆناغی دووەمی کارو پلانی ئەو حیزبەیە، کە چیتر بە شەڕ ناکرێ بەڵکو ئەبێ بەدانیشتن و گفتوگۆبێ. خۆ ئەگەر تورکیا پابەندنەبێ هیچ شتێ لە چەک هەڵگرتنەوە ئاسانتر نییە، پێشتر چەندینجار پەکەکە تاک لایەنە ئەمەی کردووە و لە باشوری وڵاتیش دوای نسکۆ پاش تەنها چەند مانگێک شۆڕشی نوێ هەڵگیرسایەوە.
٥. ئەم پرۆسەیە نوێ نییە، کاتێک چاوێک بە ڕۆژنامە وسۆسیال مێدیای دەرەوی کورد ئەخشێنی وگوێ بۆ بیسترا و بینراوی جیهانی ئەگری ئەوەت بۆ ڕوونئەبێتەوە کە هیچ لایەنێک بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا تووشی شۆک نەبوون بگرە دەستخۆشی و ئامادەی هاوکاری دەرەبڕن، ئەمەش یەک واتای هەیە کە پێشتر زانیاریان لەسەر ئەم پرۆسەیە هەبووە، ئەمە ئەگەر بەشداریش نەبن تیایا.
٦. لەدوای پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە چەندین هەڵوێستی جیاواز و شرۆڤەی زۆرکران، کە نێوان ڕەش و گەشبینا دابەش بوون ئەمەش شتێکی ئاساییە، بەتایبەتی لە باشوری کوردستان کە تامی ئاشبەتاڵ کراوەو تا ئێستاش کوردی ئەو بەشە باری قورسی ئەو مۆتەکەیە لەسەر شانێتی و بەیەکێک لە ناخۆشترین ڕووداوی مێژووی شۆڕشی کوردی و نەنگیەکی شەرمهێن ئەیبینێت.
کورد و تورک و پەیامەکە:
ئاشکرایە کە پرۆسەی ئاشتی لە بەرژەوەندی کۆی مرۆڤایەتیایە و تا ئاشتی هەبێ ئاسایشی ئابوری و کۆمەڵایەتی بەرقەرارترئەبێ، ئاشتی ئەمجارە ئەگەرچی لەبەرژەوەندی کوردە بەڵام بۆ تورک گرنگتر و کاریگەرترە، بەجۆرێک کە تورکیا لە دووڕیانێکا وەستاوە ئەگەر ئاشتی هەڵبژێرێ ئەوا:
١. دەستکەوتێ زۆر گرنگ بەدەستەهێنێ، ئابورییەکی ئەبوژێتەوە، سنوری قەڵەمڕەوی و کاریگەری ستراتیژی و هەژموونی لەناوچەکەیا چەندینجار بەهێزترەبێ.
٢. خۆ ئەگەر پێچەوانەکەشی هەڵبژێرێ و پشتکاتە ئاشتی ئەوا: ئێران نمونەیەکی زیندووە کە چۆن دوای ئەوەی ساڵانێک هەژمونگەرایی لەناوچەکەیا گەشتبووە یەمەن، لوبنان، فەلەستین، عێراق و سوریا بەڵام لەماوەیەکی کورتا کلکو باڵی کرا و بەبێهێزی خرایەوە ناو سنوری وڵاتەکەی خۆی، تەنانەت لەوێشا دڵنیا نییەو شەوانە خەویان ئەزڕێت و چاوەڕێی ڕەحمەتی هاژەک “موشەک’کەکانی ئیسرائیلن و هەرواش لە تورکیا ئەکرێ ئەگەر بەپرۆژە نوێێەکەی ئەمریکا-ئیسرائیل ڕازی نەبێ، لەبەر ئەوهۆکارە ئەکرێ پرۆسەی ئاشتی بۆ تورکیا بەکەمێک ترش و خوێوە بە پرۆسەی مان و نەمان پێناسەکرێ.
٣. تورکیا هەرگیز پێشترهێندە پێویستی بە ئاشتی نەبووە، بۆئەوەش کەسیتر ناتوانێ هاوکاریبکا جگە لە کورد. مەخابن ئەوە کورد خۆیەتی بەلاوازی دەرەکەوێ و هەندێجار واهەستەکەی کە لەژێر فشارا ئەو کارریپێئەکرێ، ئەمە لەکاتێکا کورد کۆڵەکەی بنەڕەتی پرۆسەکەیە.
٤. ماوەی ٢٦ ساڵی ڕەبەقە عەبدوڵا ئۆجەلان دەستبەسەرکراوە، بەتەواوەتی لە جیهانی دەرەوە دابڕێنراوە و خۆڕاگریش بووە، توانیویەتی لەناو زیندانەوە درێژە بە خەباتی تاکەکەسی بات، چەندین پەرتووک بەچاپ بگەیەنێ کە بەسودی پرۆسەی ئاشتی و پێکەوەژیان نوسراون، بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوێستە و تێڕامان بوو شێوازی گەیاندنی پەیامەکەی بوو بە کورد و کۆی جیهان.
٥. پەیامەکەی ئۆجەلان بەپەلەپروسكێ و زۆر بەلاوازی پێشکەشکرا کە نەئەبوو وابوایە. مرۆڤێک کە ٢٦ ساڵ خۆڕاگربێ و هیچ پەیام و دەنگێکی نەگەشتبێتە تەنانەت خێزانەکەشی ئەوا ئەتوانێ چەن ڕۆژ و هەفتە و مانگێکیش چاوەڕێکات و بەشێوەیەک پەیامەکەی بگەیەنێ کە قورسای و کاریگەری زۆر زیاتر هەبێ لەوەی تائێستا هەیبووە.
٦. پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتی کەم نەبوو، بەڵکو ئەکرێ ناوبنرێ بەپەیامی چەن دەیەیەک، چونکە تورکیا خودی خۆی هانای بۆ کورد هێناوە بۆ ئاشتی، ئەوەش ئەوە ئەگەیەنێ کە تورکیا پلان و ستراتیژییەکی زۆر گەورەتری لە ئاشتی لەگەڵ کوردا هەیە و کورد بۆ مەرامی خۆی بەکارئەهێنێ و ئەمەش پێێ ئەوترێ سیاسەت، خۆ ئەگەر کورد هەڵەبکا یان بدۆڕێ ئەوە ئەوەئەگەیەنێ کە کورد سودی لە هەژموونی ڕابردوو وەرنەگرتووە.
٧. لەئێستایا تاکە ئومێد قەندیلە کە وەک ئەوەی پێیناسراون بەهۆشیاری و زاناییەوە و بەبێ ئەوەی هیچ خاڵێکی نەرێنی لەسەر خۆیان تۆمارکەن تۆپەکە بخەنەوە گۆڕەپانی گورگەبۆرەکان، تا ئەوەی بەسەر شاندەکەیا تێپەڕی ئەمان بیکەن بە ستراتیژ و بەمەرج بۆ چەکدانان.
هەڵەی گەیاندنی پەیامیەکە:
١. گەیاندنی پەیامەکە زۆر لاوازی کوردی پێوەدیاربوو، ئەمە لەکاتێکا ئەمڕۆ پێگەی کورد لەئاستی ناوخۆ، هەرێمی و جیهانیا زۆر بەهێزە.
٢. چوونەژێرباری مەرجەکانی تورکیا، بەجۆرێک کە تەنها بەوێنەیەکی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕازیبوون لەکاتی خويندنەوەی پەیامەکەیا، کە نەئەبوو وە ناکرێ هەرگیز بەمەرجێک ڕازیبی کە بەتاوانبار و زەلیل و بەزیوو دەرتخات.
٣. گرنگ و باشتر و بەهێزتربوو کە پەیامەکە ڕاستەخۆ یان لایەنیکەم بەڤیدۆ لەلایەن خودی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە بخوێنرایەتەوە تاوەکو هێز و کاردانەوەی زیاترهەبێ و ئەشی بوو.
٤. ئەگەر پەیامەکە ڕاستەخۆ یان بە ڤیدۆبووایە، ئەوا جۆرێک لە شکۆو شانازی بۆ کورد ئەگەڕانەوە و هێزی بەرخودان و هەستانەوەی زیاتری ئەبەخشی بەکورد و لەسەر ئاستی جیهانیش باشتر گوێی لێئەگیرا.
٥. ڕاستەوخۆ یان بەڤیدیۆ سەرنجی زیاتری تورکەکانی ڕائەکێشا بۆ پرۆسەی ئاشتی، بەڵام بەجۆرە لاوازەی کە شاندەکە ئەدایان کرد هەر بەولاوازییەش گەشتۆتە تورکەکان.
٦. بەڕاستەوخۆ یان بەڤیدۆ ئەبووە ترێندێکی جیهانی و زۆربەی دەزگا هەواڵییەکانی جیهان بەگرنگییەوە بڵاویانئەکردەوە و دۆسی کورد لە جیهانا هەنگاوێکی زۆر زیاتر لە ئێستا ئەچووە پێشێ.

کاردانەوە و کاری قەندیل:
١. ئەوەی ئاشکرایە بۆ هەمووان ئێستا تۆپەکە لەلای قەندیلە، ئەوانیش نابێ لە فەرمایش و داواکاری سەرۆکی ڕۆحی حیزبەکە بەهەند وەرنەگرن، چونکە تا ئێستاش هەر عەبدوڵا ئۆجەلان ڕابەر و کەسی یەکەمی پارتی کرێکارانی کوردستانە.
٢. لەدوای پلانە نێودەوڵەتیەکەی ساڵی ١٩٩٩ کە بۆ دەستگیرکردنی ئۆجەلان داڕێژراو جێبەجێکرا، قەندیل لەچەندین کات و بۆنەی تایبەتا ڕایانگەندووە کە بەڕێز ئۆجەلان ڕابەر و کەسی یەکەمی پارتەکەیە، کەواتە نەنگی و هەڵەیە ئەگەر لە ئێستایا پابەندی داواکارییەکانی نەبن.
٣. پابەندنەبوون بە پەیامەکەی ئۆجەلان دۆستی دەرەکی و هەرێمی لە قەندیل دوورەخاتەوە و ئەوەش لەبەرژەوەندی کوردا نییە.
٤. پابەندبوون بە پەیامەکەوە کارە ڕاستەکەیە، بەڵام چەکدانانێکی مەرجدار، بەجۆرێک کە ئەوەی شاندە کوردییەکە بۆی نەکرا قەندیل بیخاتە ناو داواکارییەکانییەوە بۆ نمونە چۆڵکردنی عەفرین و ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و ئازادی بێ مەرجی عەبدوڵا ئۆجەلان….هتد.
٥. زۆرێک نوسیوویانە و ئەڵێن حوکمی هەتا هەتای لە تورکیا ٣٥ ساڵە. تا ئەمڕۆ بەڕێز ئۆجەلان ٢٦ ساڵی بەڕێکردووە، واتە ٩ ساڵی ماوە ئەوەش کاتێکی زۆرە بۆ تەمەنی پیاوێکی بەساڵاچوو. ئەگەر حوکمی هەتاهەتای ٣٥ ساڵبێ لە تورکیا بەڵام خۆئەکرێ پەرلەمان یان سەرۆکی تورکیا ئەردۆگان وەک نییەت پاکی لێبوردن بۆ ئۆجەلان دەربکەن و دوابەدوای ئەوە چەکەکان دابنێن.
٦. پەیامەکە نوسراوێکی ئاسایی نییە و گرنگیەکی مێژووی ئەبێ، بەجۆرێک لەکاتی جێبەجێکردنی ناوەرۆکی پەیامەکەیا باری لاری ئابوری و سیاسی تورکیا ڕاستئەبێتەوە بۆیە ئەبێ کورد داوای پشکی خۆی لە بوژانەوە و ئارامی و ئاشتی بکات.
‌کێ لاوازبوو؟
خەڵکانێکی زۆر هێرشی ناڕەوا ئەکەنە سەر عەبدوڵا ئۆجەلان کە گوایە ئاشبەتاڵێکیتری بەسەر کوردا هێناوە، ئەمە ڕاست نییەو بێویژدانییەکی زۆری تیایە، ئەوەی لاواز و بێهێزو لەئاست گەورەی پرۆسەکەیا نەبوو شاندە کوردییەکەبوو، ئەوان لەناو ملاملانێکانان و ئاگایاری ڕەوشی ئابوری و گۆشەگیری تورکیان، بەڵام هەرچی ئۆجەلانە ماوەی ٢٦ ساڵە دابڕێنراوە لە جیهانی دەرەوەی بەندینخانەی بەدناوی ئیمراڵی، بەپێی زانیارییەکان تەنها بۆی هەیە تەماشای سێ کەناڵی تورکی سەر بە دەوڵەت بکات، ئەمەش وایکردووە کە نەتوانێ هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییەکانا هەنگاوبنێت و زانیاری پێویست و دروستی پێنەگات، لەبەر ئەو هۆکارە ئەبوو شاندە کوردییەکە پێداگر و بوێرانەتر دانوستانیان لەگەڵ تورکەکانا بکردایە.
بەشداری ئەحمەد تورک بۆ؟
بەڕێز ئەحمەد تورک سیاسیەکی شارەزا و کوردێکی بێ خەوشە، لە ئێستایا قەیومی بەسەرا جێبەجێ ئەکرێ، کە ئەمە خاڵێکە ئەبێ هەڵوێستی لەسەر بکرێ، کە چۆن و بە چ هۆکارێک تورکەکان ڕێگەیان بە ئەحمەد تورکداوە بەشداری پرۆسەیەکی وا گرنگ بکات و پەیامەکەی ئۆجەلانیش بەکوردی بخوێنێتەوە؟ ئایا لەکاتی سەرنەکەوتنی پرۆسەکەیا ئەحمەد تورک وەک حەسەن خەیری بەتۆمەتی ئەوەی کە بەکوردی و لەڕاگەیاندنەکان و گۆڕەپانەکانا پەیامەکەی بەکوردی خوێنۆتەوە ڕووبەڕووی زیندان ناکرێتەوە؟ تێبینی، ناوهێنانی گەورە پیاوێک و کوردێکی مەردی وەکو ئەحمەد تورک لەگەڵ حەسەن خەیریا بۆ بەراوردکردنی ئەو دوو کوردە نییە و هەمووان مێژووی هەردووکیان باشئەزانین بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە کە ئەکرێ تورکیا هەمان تۆمەتی حەسەن خەیری ڕووبەڕووی ئەحمەد تورکیش بکاتەوە.

سەرنج: چەکدانانی قەندیک نەبەو خێراییە ئەبێ کە زۆرێک چاوەڕێن نە کۆتای خەبات و بەرخودانی پارتی کرێکاران و کوردیش ئەبێ لەوشوێنەی پێێئەوترێ تورکیا. لەدوای دروستبوونی پەکەکەوە چەندین حیزب نوێنەرایەتی پەیام و ستراتیژیەتی ئەو حیزبەیان لەناوەوەی وڵاتەکە کردووە و گەشتوونەتە پەرلەمانیش و درێژەشی ئەبێ، ئەمە وێڕای ئەوەی لەئەگەری سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتیا کورد ئەتوانێ لەڕێگەی شارەوانییەکانەوە زۆربەی باکوری کوردستان بەرێتەوە و بیبات بەڕێوە، بەبێ ئەوەی قەیوم لەشوێنیان دانرێ بەهۆکاری پەکەکە بوون.

سامانی وەستا بەکر
٢٨-٢-٢٠٢٥ سوید-ستۆکهۆڵم




هه‌ست ڕووگه‌نمای شیعره‌.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

(زۆریان پێ هه‌ڵگوتم، مه‌منوونیان كردم، به‌ڵام خۆم لێ نه‌گۆڕا. جنێو! به‌ڵێ جنێویان پێدام، به‌ڵام نائومێد نه‌بووم.)
هێمن

1

شیعری كوردی ڕێنوێنی من بووە و چێژی مشتوماڵ و فراوان و تیژ كردووم، بەڵام من لە هەستەكانی خۆمدا ڕوونییه‌كی زۆرم لێ ده‌ركه‌وت و گەشەم سەند، وزه‌ی نووسینم قاڵ كردووه‌ته‌وه‌، ئەو شتانەم دۆزییەوە، كە لە شیعری كوردیدا پێویست بوو هەبێت. وردبوونەوە لە هەستەكانی خۆت لە وردبوونەوە لە گەردوون گرنگترە، نهێنی و دۆزینه‌وه‌ و ده‌ركه‌وتنی هاوبه‌ش له‌ نێوان شاعیر و گه‌ردوون و گه‌ردوونناسدا هه‌یه‌.
شیعری بێگەردیش ڕووناكییەكی گەردوونییە، بە دڵەڕاوكێ و قووڵییەكی زۆرەوە ویستوومە پرسیارە كەسییەكانی خۆم لە جیهان و ژیان و شارستانییەت بكەم. پرسیار لە وزەی ده‌سته‌بژێری و سەرڕێژ و ڕاستەقینەی زمان دووبارە بكەمەوە و زاخاوی بده‌م و به‌ سه‌رنجه‌وه‌ بنووسم.
زمان لە شیعری بێگەرددا تاراوگەكراوە. پێوەندیی بەردەوامی لەگەڵ واقیعە زمانییەكەدا نەبڕاوەیە، كە ئێستێتیكای زمان دروست دەكات، نەك لەگەڵ واقیعییە زمانییەكەی، كە ڕووداو و ستەم بەرهەم دەهێنێت.
لە ناوكی شیعردا, زمان گەیاندنێكی ناكام نییە. بە پاڵپشتیی ڕوونبێژی و ڕەوانبێژی و ناسكبێژی؛ دەبێتە هێمایەكی چڕ و ژیانێكی شایان و ئاوێنه‌یه‌كی هه‌سته‌وه‌ر و دۆخێكی ته‌ندروست. شیعر گوڵ نییە خۆی بۆ بینینی خۆی هه‌ڵبخات و چاوانی بەرانبەر خۆی تیژ بكات. چڕە وەك گوڵاو، ناوكی گوڵ, بۆن بڵاو دەكاتەوە، له‌ ڕێگای هه‌ستیاركردنی زمان و لێكدانی هه‌سته‌كانەوە ده‌گه‌یته‌ بۆنكردن و هەست دادەمەزرێنیت و ده‌یگونجێنی. لەم ڕووەوە خوێنەری كوردم بە لای شێواز و دەربڕینی بۆنكردن وەرگێڕا. ئاسۆیەكم كردەوە، ئاسۆی ئاشنابوون و تانوپۆی وێنه‌ى په‌رشوبڵاو و هه‌ستكردن به‌ بۆشایی ده‌وروبه‌ر.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره‌ ناكاته‌وه‌، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه‌ ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه‌.

2
هەندێك گوڕنه‌ته‌ڵه‌ی ئه‌ده‌بی بە شاعیری نانیشتمانیم دەزانن، ڕووبەڕوویش وەك سه‌رزه‌نشت بە پێوەری خۆیان ڕووشكێنیان كردووم، له‌وەیش زیاتر ڕۆیشتوون. من وەك شاعیر، شاعیرێكی هەستیی و خەونيم و به‌ دوای گرتنی مووچڕك و چركه‌ساتی شیعريیبوونه‌وه‌م, به ‌دواى ته‌قینه‌وه‌ و دۆزینه‌وه‌ی وزه‌ی هه‌ستیشەوەم، به‌دوای پایه‌ و مایه‌ و سایه‌ و ئه‌وه‌ نیم ناوبانگم بگاته‌ هه‌موان, هه‌ر شتێكیش هه‌ستم پێی كردبێت نا، بووبێته‌ هه‌ستم نووسیومه، له‌ هه‌سته‌وه‌ ده‌گه‌م به‌ ئێستێتیكا‌. لە پێشەكیی دیوانەكەیشم به‌ها و جیهانی ڕۆشنی ئه‌و بڕوایه‌م كردووه‌ته‌ خاڵی سه‌رنج و گرنگی ئه‌ده‌ب، بەڵام وەك هاونیشتمانییه‌كی كورد؛ بڕوای تەواوم بە كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و بنەماكانی شۆڕشی كوردستان هەیە, هه‌میشه‌یش به‌ داگیركراوم زانیوه‌ بە مانای پڕاوپڕی وشە و ده‌مار و گۆشته‌وه‌ بە تەنگییەوەم، به‌ ته‌نگ خواست و هونه‌ری شیعره‌وەیشم. كار بۆ ئەوە دەكەم ببمە هێمایەكی نیشتمانی، نەك شاعیرێكی نیشتمانی، له‌وەیش زیاتر بڕۆم، بچمه‌ فه‌زای قووڵاییه‌كانه‌وه و‌ ببم بە‌ هێمایه‌كی گه‌ردوونی. دەگمەنەكان دوا ئاراسته‌ نین، به‌ڵام هێمای ئاشنا و خۆشڕووی نیشتمانیين، به‌ خاڵی پڕ شانازی گه‌یشتوون. خاڵی داهێنان و جوانیی داهێنه‌رانه‌، ڕۆژ و ڕۆژگار ئەزموونیان دەكات. زۆرینەیش شاعیری نیشتمانی و بێ مایه و‌ وابه‌سته‌ و پاڵەوانبازین. به ‌دوای پایه‌ و مایه‌ و سایه‌ و ئه‌وه‌ن ناوبانگيان بگاته‌ هه‌موان، ڕۆژان‌ ده‌یانگۆڕێت و ده‌یانهێنێته پێش و‌ پاش و چرووكیشیان ده‌كات.
شیعرم ته‌نیا له‌ سه‌ر شاخی كه‌ڵه‌كێوی و ناوچه‌وانی ئاسك و باڵی په‌پووله‌ و دووگوردی نوێژ نه‌بینیوه‌، له‌ ده‌می شمشێری جه‌للاد و چاوی ده‌رپۆقیوی دیكتاتۆریش بینیوه, خۆیشی جۆری خوێنه‌ر دیاری ده‌كا‌.
شیعری بێگەرد بە پێوەری نانیشتمانی بەهای ئێستێتیكیی بۆ دانانرێت. بە هێمای نیشتمانی دەستنیشان دەكرێت. قەت بە مۆرك و ماك و ئاكاری نیشتمانی نەمنووسیوە و نەژیاوم. بە مۆرك و ماك و ئاكاری ئەوەی شیعر هونەرێكی پیرۆزی سەرەتای ژیان و وزەیەكی نەبینراو و گه‌ڕانێكه‌ به‌ دوای نه‌زانراوه‌دا‌؛ نووسیومە و دەژیم، به ‌سه‌ر ڕه‌ش و سپیشدابه‌ش نه‌كراوم. خه‌باتگێڕێكی بێده‌نگی شیعری بێگه‌ردم، شیعری بێگه‌ردیش له‌ باڵاترین مانایدا به ‌مانا شیعریبوونییه‌كه‌ی نیشتمانییه‌.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره‌ ناكاته‌وه‌، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه‌ ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه‌.

3
هەر كێشێك جۆرێك ترپه‌ و ئاواز و هاوده‌نگیی وشه‌ی لێ دروست دەبێت. (گۆران) به‌ سه‌رنجه‌وه‌ ده‌ینووسی، بنیادێكی خه‌مڵیو و بنچینه‌یه‌كی زیندووی داڕشت، زۆرینەی كێشە خۆماڵییەكانی بەكارهێناوە. هەر یەكێك جۆرێك ترپه‌ و ئاوازی لێ كەوتووەتەوە، هه‌ندێك جووڵه‌ی زمان و ئێستێتیكا ته‌واوی ده‌ق پڕ ترپه‌ و ئاواز ده‌كه‌ن. ترپه‌ و ئاواز لە دەرەوەی كێشیشدا پرشنگ و كڵپه‌ و حیكمه‌تی خۆی دەگەیەنێت، ده‌چێته‌ ناواخنی چنین و پێكهاته‌وه‌. زمان هەر پیت و لێكدانی پیت نییە. زمان ترپه‌ و ئاواز و چنین و پێكهاته‌یشه‌. من جۆرێك شیعر دەنووسم؛ هەوڵم داوە هێڵه‌ سنووریيەكانی ترپه‌ و ئاواز و هاوده‌نگیی وشه‌ و پەخشانی تێدا وه‌ك وزه‌یه‌كی ده‌روونی و ده‌زووی ڕووناكی، پیشان بده‌م. ترپه‌ و ئاواز ماسوولكەی بەهێزی شیعرە، سه‌ره‌تا له‌ جه‌سته‌ و ڕۆحی خۆی، دواتر له‌ جه‌سته‌ و ڕۆحی خوێنه‌ری نموونه‌ییدا.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره‌ ناكاته‌وه‌، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه‌ ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه‌.

4

هەموو ئازارێك هاواری خۆی دەكات، بە دڵنیاییەوە ئازاری مردن لە مژدەی لەدایكبوون كاریگەرترە، به‌ كاریگه‌ریی خوێندنه‌وه‌یش شاعیر نیم، خوێندنه‌وه‌ پاڵپشته‌ و ئه‌زموونم زاخاو ده‌دات.
كاتێك هەستی لاپه‌ڕگه‌یی و نامۆییم بۆ دروست دەبێت و لە ناو شیعردا بزر دەبم، نووسینی شیعرێك سەرقاڵم دەكا و ده‌بێته‌ دایك و باوكم، نابمە بەشێك لە شیعرە نەنووسراوەكە، ده‌بمه‌ ته‌واوی شیعره‌ نه‌نووسراوه‌كه‌، واتە: كەسێكی شیعری، كە شیعرەكەیش نووسرا، دۆخێكی دیكه‌م دەداتێ و ده‌بمە خوێنەری و پرسیاركار، ئایه‌ كنه‌ی چڕكردنه‌وه‌ی زمان و فراوانكردنی هه‌ستم تێیدا كردووه‌، یان ده‌ستوپێ سپی و بێ مایه‌م.
نووسینی هەر شیعرێك تەواو نوێبەخشییە، نوێبەخشی ئەو كاتە ڕوو دەدات؛ شیعرە نووسراوەكەی شوێنێكت، شوێنێكی خەیاڵیت بۆ دروست بكات، پێشبینییەكانی تۆی لێ بێت. بەراوردێكی ئەفسانەیی بكەی لەگەڵ شوێنی ژیان و شوێنی پێشبینییەكان و بەخەبەرهێنانی سەرچاوەی یەكەمین ئازار و كۆكردنەوەی بێدەنگی پڕ هه‌ست لە ناخماندا، هەستێك و بەهای خەیاڵمان دەداتێ بۆ زمان و ئێستێتیكا و نه‌وا و ئه‌نوا و له‌ره و چۆنییه‌تی‌، كە ئەم هەستە پەیدا بوو و جما، شتە كەسی و تایبەتییەكان دەگۆڕێت بۆ وێناكردن و وەسفی ناكات، شوێنی پێ دەدات، هەم دەیپارێزێ و هەم لە سەردەمی وەرچەرخانیشدا بەردەوام پیشانی دەداتەوە و ده‌یكاته‌ خاڵی سه‌رنج.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره‌ ناكاته‌وه‌، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه‌ ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه‌.

5

بە خەیاڵی جڵەونەكراو و نەگەچڵاو و سەربەستی تەواوی كەسییەوە دەنووسم و ناپاكییشم لەگەڵ بەهرەكەمدا نەكردووە، واتە: سارده ‌سارده‌ و خاوی و كه‌مته‌رخه‌می و تەمبەڵیم لە پەروەردەكردنیدا نەكردووە. بەرلەوەی شاعیرانی كلاسیك و (گۆران) بناسم، نووسین لام ئاسانتر و ئەوەندە پڕ ترس و سڵه‌مینه‌وه‌ نەبوو، دامه‌زرێنه‌رانی مێژوو و داهێنان ناسڕێنەوە. كۆڵنەدەر و پرشنگدارن، قه‌واره‌ و شوێن و خۆبوونی خۆیان له‌ بووندا دامه‌زراندووه‌. لە كاتی نووسیندا خۆم به‌ چێژی نووسین ده‌سپێرم و خۆیشم لە خوێندنەوە لا دەگرم، دەزانم كار لەو جیهانە ده‌كات، كه‌ لە مێشكی خۆمدا دروستم كردووە و خەریكم لە نووسیندا بینای دەكەم، بەڵام لە سەرزەمینێكی بەتاڵەوەیش نەهاتووم، بیری به‌شێك له‌ مرۆڤه‌ كاریگه‌ره‌كانی زه‌مینم خوێندووه‌ته‌وه و زاخاویان داوم‌، ئینجا ڕێ به‌ خۆم ده‌ده‌م هه‌وڵی بیناكردن بده‌م. ئەو هەست پێكردن و خوێندنەوانەی لەوەوپێش هەمبوونە، بێباكانە بە شێوازی سروشتیی خۆم لە زەینمدا جووڵاون و دەیانجووڵێنم. شاعیر لەو جیهانەدا كارایانە دەژی، كه‌ خۆی دروستی دەكات. ئەو شتانە كۆ دەكەمەوە، كە لە یادەوەریمدا هەڵم گرتوون و ڕۆژ و ڕۆژگاری ژیانی خۆم زاخاو ده‌ده‌م و ئێستێتیكای ڕۆحم بە لاوە لە هەموو شتەكان لەپێشترە، زراویشم لەوە چووە شاعیرێك پێداگری لەوە بكات، كڵپه‌دان و داهێنان تەنیا لای ئەوبێ. كڵپه‌دان و داهێنان وەك هەقیقەتە، كه‌ به‌رده‌وام ناسنامه‌ی خۆی دروست ده‌كات، هەقیقەت تەنیا لای مرۆڤێك نییە، ئه‌گه‌ر لای یه‌ك مرۆڤ بوایه‌، ته‌نیا یه‌ك پێغه‌مبه‌ر دیاریی سه‌رزه‌مین ده‌بوو. هەر پێغەمبەرێك پێغه‌مبه‌رێكی دیكه‌ی به‌ دوادا هاتووە و لێزیادبوونی هەقیقەتێك لە پەیامەكەیدا بووە، هەقیقەت تەنیا لای مه‌ستیی گه‌ردوونیدایه‌، نیمچه‌ هه‌قیقه‌تیش لای سروشته‌، سروشتیش به‌ سۆزێكی خامۆشی گه‌رم ده‌دوێ.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره‌ ناكاته‌وه‌، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه‌ ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه‌.

6

به‌شێكی شاعیران داواكاری نوێبه‌خشین، كه‌مه‌یه‌كی كه‌میشیان به‌دیهێنه‌ری نوێبه‌خشین، به‌دیهێنان پڕۆژه‌یه‌كه‌ بۆ قووڵبوونه‌وه و سه‌رنجدان له‌ پرس و كولتووری نه‌ته‌وه‌ و زمان‌. به‌شێكیش درێژبوونه‌وه‌ن. خاوه‌نی مێژووی نووسینن، كه‌مه‌یه‌كی كه‌میش خۆبوونی خۆیان هه‌یه‌ و خاوه‌نی ئه‌زموونی نووسینن.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره‌ ناكاته‌وه‌، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه‌ ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه‌.

7

ده‌قی ئاستدار كۆده‌نگی و یه‌كێتیی بۆچوون وه‌رناگرێت و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌. له‌ هێزیدا هه‌یه‌ چه‌ندین بۆچوونی ڕه‌خنه‌یی له‌ بۆچوونی خوێنه‌ر بچێنێت و بیڕسكێنێت. ده‌ق ئه‌گه‌ر چه‌ند خوێندنه‌وه‌یه‌كی له ‌لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانی میتۆد جیاوە بۆ كرا، ده‌قه‌كه‌ به‌ره‌و نیمچه‌ دۆزینه‌وه‌ و ده‌ركه‌وتن و كۆپرسیاری بوونی و گه‌ردوونی ده‌چێت. له‌ شیعری كوردیدا ده‌قی: (بۆ هیوای كوڕم)ی گۆران خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆری له‌لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانی میتۆد جیاوە بۆ كراوه‌، له‌ كاتی به‌راورددا بۆت ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ر یه‌كێكیان ده‌قی نوێ و شێوازی جیاوازتری له‌وی دی پێشكێش كردووه‌، شێواز بیناكردنی مرۆڤه‌ و بناغه‌ی كاری ئه‌ده‌بی و نیشانه‌ی جیاكه‌ره‌وه‌یه‌. ده‌قی ئاستدار سه‌رسامییه‌كت له‌ لا جێ ده‌هێڵێت، بۆ ئه‌م سه‌رسامییه‌ ده‌یخوێنیته‌وه‌، كه‌ خوێندته‌وه‌ به‌ جۆرێكی دی سه‌راسیمه‌ت ده‌كا و سه‌رسامییه‌كی دیكه‌ت له ‌لا جێ ده‌هێڵێت، كه‌واته‌: ده‌قی ئاستدار سانسۆری زمان و هونه‌ر و خۆبوونیی خۆی كردووه. خۆی كردووه‌ته‌ ناوه‌ند‌، ئاسۆ به‌رته‌سك ناكاته‌وه‌ و داناخرێت، هه‌موو شتێكی تاقی كردووه‌ته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌زمووندا ژیاوه‌، به‌ سه‌ركه‌وتن و به‌خته‌وه‌ریی خۆی گه‌یشتووه‌، چه‌شنه‌ ئاڵوگۆڕییه‌كی زه‌ینی له‌ هه‌ستی خوێنه‌ردا دروست ده‌كات. زمانیش له‌ هه‌ستدا ئاڵوگۆڕی به ‌سه‌ردا دێ و خۆی به‌ زاده‌ی ئه‌ده‌بی ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره‌ ناكاته‌وه‌، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه‌ ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه‌.

8
وڕێنه‌ و واقیعی نه‌ورووژێنراو هیچ ئاسۆ و دوورییه‌كی شیعرییبوونیان لێ دروست نابێ، ئه‌گه‌ر شاعیر نه‌توانێ بیانكاته‌ به‌شێك له‌ هه‌ست و شاره‌زایی، كه‌ كرا به‌ به‌شێك له‌ هه‌ست و شاره‌زایی؛ ده‌بێته‌ بابه‌تی لێكدانه‌وه‌ و ئاسۆ و دوورییه‌كی ئیقاعی و شیعرییبوون. خوێنه‌ر سه‌راسیمه‌ده‌كات، سه‌راسیمه‌یه‌كی سۆفییانه‌، واته‌: واقیع نه‌رمونیان ده‌كات بۆ خولیای ناسین و ئاشنابوون و به‌ده‌ستهێنانی به‌روبوومی هه‌ستیی، هه‌ست ڕووگه‌نمای شیعره‌.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره‌ ناكاته‌وه‌، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه‌ ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه‌.

9
شیعری درێژ فۆڕم به‌ بیركردنه‌وه‌ ده‌دا، شیعری كورتیش فۆڕم به‌ هه‌ست، هه‌ستیش به‌جوانی ئه‌زه‌لی داڕێژراوه‌ و به‌رده‌وام فۆڕمی نوێ تاقی ده‌كاته‌وه‌، ده‌یكاته‌ نوخته‌ی بینین. دوای چل ساڵ قاڵبوونه‌وه‌ له‌ ئه‌شقی خوێندنه‌وه‌ و نووسین و تاسه‌ی هه‌میشه‌ییم. شیعری درێژ نیگه‌ران و بێزار و ماندووم ده‌كا. ڕه‌نگه‌ دانپێدانانێكی ترسناك و توندبێت بڵێم: گه‌وره‌ترین ناشاره‌زایی نووسینم ئه‌وكاتانه‌ بووه، كه‌ شیعری درێژم تێیدا نووسیوه‌. ئێستا نیمچه‌ ئامانجێكم لا دروست بووه‌ شیعری كورت و خێرام لا په‌سه‌نده‌ تێیدا بتوانم هه‌ستی سروشت بورووژێنم و تیشكی پڕ ببینم، شیعری كورت به‌ پڕی دێ و له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵڕشتنی ته‌واو هێزی خۆی كۆكردووه‌ته‌وه‌ و پێویستی به‌ پێداچوونه‌وه‌ و هه‌ڵڕشتنه‌وه‌ و داڕشتنه‌وه‌ و جوانكاری ناپێویست نابێت، واته‌: هه‌ر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌ست نواندوویه‌تی. گوزارشتیش له‌ به‌ها و هێما و هه‌مه‌چه‌شنیی حیكمه‌تی زمان ده‌كات، هێزێكی زۆریش ده‌داته‌وه‌ به ‌هه‌ست، واته‌: هه‌ست هه‌ستیار ده‌كاته‌وه‌. ‌
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره‌ ناكاته‌وه‌، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه‌ ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه‌.

10
له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاكانه‌وه‌ تازه‌ پێم ده‌كه‌وته‌ سه‌ر ڕێگای مه‌شقی نووسین. كاڵ و خۆڕسك، به‌ په‌له‌په‌ل و هه‌له‌هه‌ل، هه‌ندێك شیعری ڕوخسار خاو و بێ پشت و له‌ هێز كه‌وتووم نووسیون. خولیا و حه‌ز بوون، زمان و هونه‌ر و خۆبوونی و چییه‌تی و چۆنیه‌تیی نه‌بوون، له ‌ڕۆژنامه‌ و گۆڤاردا بڵاوم كردوونه‌‌ته‌وه‌. ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ ناسینی ڕووكه‌ش و ساویلكانه‌ی من بووه‌ له‌گه‌ڵ شیعردا، به‌ڵام شیعری ئاستدارم نه‌ناسیبوو. (زێوان)، منی بۆ سه‌ره‌تای بوونم گواسته‌وه‌، له‌ودا تانوپۆی شیعرم له خۆمدا چنیوه‌ و‌ شیعرم وه‌ك زمان و هونه‌ر و خۆبوونی و چییه‌تی و چۆنییه‌تی نووسیوه‌ و ناسیوه‌. شیعرم هه‌یه‌ ساڵی یه‌كه‌می گڕوگاڵم نووسیومه‌، هه‌ر ئه‌وده‌م، له‌ سه‌ر ئاو و ئاگر بۆ گۆڤارێكم ناردووه‌، دوای چوار ساڵ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، ڕه‌تیان ناكه‌مه‌وه،‌ لێیشیان په‌شیمان نیم. مه‌ودایه‌كی دیاریكراوی من بوونه‌. له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاردا ده‌یانهێڵمه‌وه‌، به‌ وشیاریی نووسینه‌وه‌ خستوومنه‌ته په‌راوێزه‌وه‌ و‌ خۆم شه‌رمه‌زاری نووسین نه‌كردووه‌، نه‌مخستووه‌ته‌ دیوانمه‌وه‌. چ ئێستا و چ دوای ئه‌وه‌ی مه‌رگ به‌ربینگم ده‌گرێ، ده‌مم وشك ده‌بێ و لاق درێژ ده‌كه‌م، ڕێ به‌ هیچ كه‌س ناده‌م، چ منداڵی خۆم و چ كه‌سانی دی ئه‌م كاره‌م بۆ بكه‌ن و كۆی بكه‌نه‌وه‌ و بیخه‌نه‌ دیوانمه‌وه‌. به‌ قووڵایی و تینوتاوی خوده‌وه‌ دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌، به‌ وشیاری نووسینه‌وه‌ نه‌مخستوونه‌ته‌ دیوانمه‌وه‌. وه‌ك له‌م دوایییه‌دا بینرا نابه‌رپرسانی نووسین، كارێكی له‌م جۆره‌ی ناسروشتییان بۆ (هێمن و هه‌ردی) كرد، كه‌ خۆیان به‌شێك له‌ شیعره‌كانیان به‌ وشیاریی نووسینه‌وه‌ نه‌خستووه‌ته‌ دیوانیانه‌وه، شاعیر بریتی نییه‌ له‌ هه‌موو شیعره‌كانی. نموونه‌: شاعیر هه‌یه‌ چه‌ند شیعرێكی گرنگی هه‌یه‌. تێیدا گه‌یشتووه‌ته دۆخی شاگه‌شكه‌بوون‌، به‌م چه‌ند شیعره‌ی گرنگه‌ و ده‌توانی زۆرینه‌ی شیعره‌كانی دیكه‌ی فه‌رامۆش بكه‌یت، كارێكیش له‌ شاعیربوونی نه‌كات‌.
دروستكردنی درز له‌ كۆشكی داهێنان، جۆره‌ زه‌بروزه‌نگ و به‌ ڕقه‌وه‌ دوانه‌ له ‌باره‌ی كه‌سی داهێنه‌ره‌وه‌، كه‌ خۆی نه‌ماوه‌ و هیچ بوارێكیشی نه‌ماوه‌، تا ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بدا و به‌رگری له‌ هه‌ستی ترسناك و به‌هێزی نووسین بكات.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره‌ ناكاته‌وه‌، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه‌ ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه‌.

                      حوزه‌یرانی 2024 هه‌ولێر

باسی گوڵ ناکات، چیرۆکی گوڵاو دەگێڕێتەوە

فەرهاد شاکەلی

گرنگیی ئەم نووسینەی کاک ڕەنجدەری شاعیر لەوێوە دەست پێ دەکات کە باسی ئەزموونێک دەگێڕێتەوە، دەبێ شێوازی داڕێشتن و گەیاندنەکەی تایبەت بێت، بەڵام هاوکاتیش وەرگری خۆی هەیە و بە هەموو کەسێک، با خوێنەواریش بێت، ناخوێنرێتەوە. ئەو باسی گوڵ ناکات، بەڵکە سەرنجت بۆ جۆرەکانی گوڵاو ڕادەکێشێت؛ ناڵێ هەور چۆن دروست دەبێت، بەڵام نەخش و نیگاری گۆرانییە جۆراوجۆرەکانی باران دەکێشێت.
لە دنیای ئەدەبی کوردیدا کەم جار نووسەران، بە تایبەت باسی شاعیران دەکەم، ئەزموونی هونەریی خۆیان بۆ خوێنەر و بۆ نەوەکانی داهاتووی کوردەواری دەگێڕنەوە. بۆ دیاریکردنی ئەو ئەزموونە، دەبینی ئاوەڵناوی [هونەری]م بە کار برد، بۆ ئەوەی لە ئەزموونەکانی دیکەی جیا بکەمەوە.
باوەڕ ناکەم خوێنەرە باشەکانی شیعر زۆریان بە لاوە گرنگ بێت ئەم یا ئەو شاعیر چەند جار سەفەری کردووە، سەر بە کام پارتیی سیاسی بووە و هەڵوێستی بەرانبەر ڕاپەڕینەکەی شاری (جابوڵقا) چی بووە؟ ئەوان دەیانەوێ بزانن شیعر لای یارۆی شاعیر چۆن گووراوە؟ وشە ماسیشێوەکانی زمان چۆن دەستەمۆ دەکات و لە تۆڕی هەورێشمینی شیعردا چۆن فێری سەمای مەرگیان دەکات.
خوێنەر حەز دەکات لە زمانی شاعیر خۆیەوە بیبیستێت، ئەو هەستە چییە کە لە پڕ دەچێتە دڵیەوە، یا سەر لە خانەکانی مێشکی دەدات و ناچاری دەکات شتێک بڵێت یا بنووسێت، کەس پێشتر نەیگوتووە. دەیەوێ تێبگات ئایەتە پیرۆزەکانی کتێبی عیشق لە کامە گۆشەی ئاسمانەوە دێنە خوارەوە؟
خۆزگە ئەحمەدی خانی ئەوەی ڕێکوڕەوان دەنووسی کە سەرچاوەی ئەو کوردایەتییە جوان و قووڵ و بێگەردەی بۆ ئێمەی بە جێ هێشت، کام بیریار و کام کتێب و کێهە تیۆری بوو؟ بریا شێخ ڕەزای گەورە چمكێکی ئەزموونە شیعری و ناشیعرییەکانی [یا شەرعی و ناشەرعییەکانی] خۆی بۆ ئاشکرا بکردینایە. خۆزگە مامۆستا گۆران پێمانی بگوتایە ئەو کوودەتایەی لە زمان و لە تەشکی شیعری کوردیدا کردی، چۆن و کەی نەخشەی بۆ دانابوو؟
سەباح ڕەنجدەر بوێرانە نهێنی خەونێک ئاشکرا دەکات، ساڵانێکی دوورودرێژە دەیبینێت و کەسێک نییە بۆی لێک بداتەوە. لەم نووسینەیدا هەندێک ڕازی بینراو و نەبینراو دەخاتە بەرچاوی ئەوانەی دەیانەوێ فێری خەونناسی ببن. گوێی بۆ ڕادێرن:
• وردبوونەوە لە هەستەكانی خۆت لە وردبوونەوە لە گەردوون گرنگترە.
• ده‌قی ئاستدار سانسۆری زمان و هونه‌ر و خۆبوونیی خۆی كردووه.
• شاعیر بریتی نییه‌ له‌ هه‌موو شیعره‌كانی. چه‌ند شیعرێكی گرنگی هه‌یه‌. ده‌توانی زۆرینه‌ی شیعره‌كانی دیكه‌ی فه‌رامۆش بكه‌یت، كارێكیش له‌ شاعیربوونی نه‌كات‌.
ئەمانە نە سەرەتای چیرۆکن و نە ڕێنوێنی شیعر، چونکە شیعر هونەرێک نییە بەپێی کاتالۆگ فێری ببین و بە گوێرەی ڕێ و شوێنێکی گشتی پێشوازیی بکەین. ئەو کە دەڵێ: [وردبوونەوە لە هەستەكانی خۆت… هتد]، قسەیەکی ئیمامی غەززالیمان دێتەوە بیر. غەززالی نهێنی دەروون دەگێڕیتەوە بەڵام ڕەنجدەر نهینی شیعر. ئێ، خۆ زۆربەیشمان ئەوە دەزانین کە شیعر لە پزدانی دەرووندا دەڕسکێت.
ئەم نووسینە و هەر نووسینێک ئا بەم جۆرە گەشتنامەی شاعیرێک بەناو شارەکانی زماندا، بەناو وڵاتانی خەیاڵ و جوانیناسیدا و لە پێناوی گەیشتن بە دوڕگەی عیشقدا بنووسێت و بگێڕێتەوە، شاکارێک دەکاتە دیاری بۆ نەتەوەکەی و بۆ زمانەکەی، کە لێکدانەوەی ئایینی شیعرە و تەفسیری کتێبی پیرۆزی خەون و زمان و خەیاڵە.

ئوپسالا، سوێد
ئێوارەی ٤/٦/٢٠٢٤




لەبەر مردن، ژیان ڕەشپۆشە.. هۆمەر نۆریاوی

(لە پەراوێزی ساڵمەرگی چیرۆکنووس مەنووچەر کەیخسرەوپووردا)
هۆمەر نۆریاوی

یەک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات،ڕێزنانی زێدە لە مردن و خەمساردیی بەرانبەر خودی ژیانە.
ڕۆژی پێنجشەممە،9ی ڕەشەممەی 2724(27ی فیبریوەریی 2025)ساڵمەرگی ڕووناکبیر و تۆرەوان”مەنووچەر کەیخسرەوپوور”(2024-1947)بوو،بەم بۆنەیەوە،بنەماڵە و ژمارەیەک ڕووناکبیر و نووسەر لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر مەزارەکەی گرد بوونەوە و چەند ساتێکی خۆیان بە سووکە یادکردنەوە لەم کەسایەتییە چاندییە،بەخشی. نووسەری ئەم دێڕانە کورتە پەیڤێکی پێشکەش کرد کە ڕووی پەیڤەکەی زێتر لە پتەوکردنی ژێرخانی پەروەردەیی کۆمەڵگە بوو کە یەک لە پەرۆشە سەرەکییەکانی خودی ئەم نووسەرە بەدرێژایی تەمەن بووە. ئەم پرسە لە نامەکەی مەنووچەر کەیخسرەوپوور بۆ مامۆستا”ئەلی ئەشرەف دەروێشیان”(2017-1941)و وەرامەکەی ئەم کەسایەتییە ناسراوەدا زۆر بە ڕوونیی خۆی دەنوێنێت.
لە بەشێکی نامەکەی مامۆستا “ئەلی ئەشرەف دەروێشیان”دا هاتووە:” مەنووچەری ئازیز،نامەکەتم وەرگرت. بوویت بە مامۆستای قوتابخانە،ئەرکێکی گەلێک چەتوون و گرانە. بەڕێوەبردنی ئەرکی دیتران(خەڵکانی دی)بەرپرسیاریەتییەکی پڕ گرانە. پەروەردەکردنی مرۆ، ئەرک و کارێکە لە هەموو کەسێک ناوەشێتەوە. ئەگەر ئەرکێکی دیکەت لە ئەستۆ بووایە ئەوە دەکەوتەوە سەر خۆت چلۆن هەڵسوکەوت بکەیت لێ،مامۆستایەتی ئەرچی لەم وڵاتەدا ئەوەندە بایەخی پێنادرێت،ئەرک و کارێکی گرینگ و مایەی شانازییە. مەڵێ ئیدی بوومە مامۆستای قوتابخانە. ئەمە سووکایەتی و بێڕێزیکردنە بە پێگەی ئەرەستوو(322-384ی پێش زایین). هاوڕێی ئازیزم،کاتێک لە پێناو ڕۆشنگەریدا خەبات دەکەیت،گەرەک ئاگات لە شێوەی ئاخاوتن و قسەکردنت بێت. سەرەڕای خوێندنەوەی بەردەوام،پێویستە درێژە بە خوێندنەکەت بدەیت. هیچ پێویست ناکات تەنێ لە بەشی پزیشکیدا وەربگیردرێیت و درێژە بە خوێندن بدەیت. ڕوو لە بەشی ئەدەب و زانستە کۆمەڵایەتییەکان بکە،کۆمەڵناسی بخوێنە،زانستی پەروەردە بخوێنە. فێرە زمانیش ببە.
سەمەد(1968-1939)(مەبەست،سەمەد بێهڕەنگییە کە بە چیرۆکنووس و نووسەرێکی پێشڕەو لە ئەدەب و وێژەی فارسیدا دادەنرێت. وەرگێڕ)جگە لەوەی مامۆستای قوتابخانە بوو،فێرە زمانی ئینگلیزییش بووبوو و ئەو هەموو کتێب و پەڕتووکەیشی نووسی”.(ژیوار،ل64)
پێویستە ئیشارەتیش بەم خاڵە بدرێت کە مێژووی نامەکەی ئەلی ئەشرەف دەروێشیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1348ی هەتاوی(1969).
لێرەوە لە لایەکەوە دید و بۆچوونی ورد،قووڵ و ژیرانەی ئەلی ئەشرەف دەروێشیان خۆی دەنوێنێت و لەو لایشەوە پەی بە بایەخ و سەنگی پرسی هەرە هەستیاری پەروەردە وەک یەک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پێکهێنەری کۆمەڵگەیەکی تەندروست دەبەین. مەنووچەر کەیخسرەوپوور وێڕای ئاوڕدانەوەی هەرەقەتی لەم پرسە کە تەمەنێک لە ڕێی مامۆستایەتی قوتابخانەوە جێبەجێی دەکرد،پرسی فەرهەنگ و چاندی کوردییشی زۆر لە لا گرینگ بوو. هەر لەسەر مەزارەکەی ئەم کەسایەتییە چاندییە،ئاماژەم بەم خاڵە جەوهەرییەیش دا کە ڕاز و نهێنیی مانەوەی ئەم جۆرە مرۆڤانە لە خودی کەسایەتییەکەیاندایە کە تا چەندە پەرۆشی زمان و کولتووری نەتەوەکەیان بوونە. ئەگەر ناو و بەرهەمی هزر و ئەندێشەی مەلای جزیری(1640-1570)،ئەحمەد خانی(1707-1650)،نالی(1855-1798)،حاجی قادر کۆیی(1897-1817)،مەولەویی تاوگۆزی(1882-1806)،پیرەمێرد(1867-1950)،جگەرخوێن(1984-1903)،هەژار موکریانی(1991-1920)،هێمن موکریانی(1986-1921)،شێرکۆ بێکەس(2013-1940) و…هەردەم لە نێو دڵی میلیۆنان کورددا دەمێنێتەوە،ڕاست ڕووی لە خودی ڕاژە و خزمەتی ئەم جۆرە کەسایەتییانە بە چاند و زمانەکەیانە کە مەنووچەر کەیخسرەوپووریش بە هەمان ڕێبازدا چووە بۆیە ناوی لەسەر ڕووپەڕی دیرۆکی ئەدەب دەمێنێتەوە. هەر لێرەوە دەمەوێت جەخت لەسەر ئەم خاڵەیش بکەمەوە کە کەسایەتییە چاندییەکانی ئێمە تا ماون پێویستییان بە ئاوڕدانەوە و سۆراغگرتن و پاڵپشتیکردنی کتێب و بەرهەمەکانیان هەیە نەوەک خێرپێکردن!
بەڵام بیانوویەکی دی نووسینی ئەم چەند دێڕە ڕووی لەم خاڵە گرینگەیە کە،ئێمە چەند تەنیاین تا لەژیانداین و چەندە دەورمان جەنجاڵە بۆ مردن!
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە تا دێت بەها و خەسڵەتە واڵا مرۆیییەکان کاڵتر دەبنەوە و ژیان هەر ساتە و بە ڕەنگێک خۆی دەنوێنێت کە من وەک خودی خۆم هەرگیز دژ بە فرەڕەنگیی و فرەدەنگی نیم بەڵام چلۆنە تا ماوین سەدی یەک ئەوەندە دەوروبەرمان قەرەباڵغ نییە کەچی لە سبەی مردندا ئەوەندە سەرمان بە مردنەوە جەنجاڵە! لە نێو خودی ئارامستان و بگرە دەرەوەی ئارامستانەکەیش حەشرێک بەرپا بوو کە هەر مەپرسە. تۆی خوێنەر ئەم دێڕانە ئەودیوی پرسەکە بخوێنەوە و پێویستی بە ڕاڤەی زێتر نییە.
شیاوی ئاماژەپێدانە چیرۆکنووس و شاعیر”مەنووچەر کەیخسرەوپوور”ساڵی 1326ی هەتاوی(1947)لە شاری شائاباد(ئیسلامئاوای ئێستا)سەر بە ستان و پارێزگەی کرماشان،لەدایک دەبێت و ڕۆژی سێشەممە،8ی ڕەشەممەی2723(27ی فێبریوەری 2024) دڵە میهرەبانەکەی ئەم چیرۆکنووسە لە شاری سنە لە لێدان کەوت و لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی ئەم شارەدا بۆ هەمیشە لە خاکی نیشتماندا ئارامی گرت. ئەم کۆپلە شیعرییە بە دوایین بەشی کورتە نووسینەکە دەبەخشم کە هەر ئەو دەم بۆ مەنووچەر کەیخسرەوپوورم نووسیبوو.
پەڵەهەورێکی باراناوی
لە هەورێکی باراناویی بەهار دەچوو،
نەرمێ دەهات،دادەباری و
وەکوو بزەش،
تەنێ سێبەرێکی نەخشین،
لە خەیاڵدان دا جێ دەما.
کە دەپەیڤی،
خودی خۆی زەردەخەنە بوو،
شیرین شیرین،
لەسەر دڵان ڕۆ دەنیشت و
بۆ هەمیشەش
لە ئەلبۆمی یادگاردا
نەخشی دەبەست.
ئەم ڕێبوارە چاوبەفرینە،
لە ڕەشەممەی چاوکاڵەوە،
چاوی هەر چاوەنۆڕی بەهار و
نەرمە بارانێ وەک خۆی بوو،
کەچی دڵە نەرمۆڵەکەی دەیگوت:
“مەنوو”گیان،بەسیەتی لێدان،
ئارام بگرە و بۆ هەمیشە
بگرە وچان.
سنە
9ی ڕەشەممەی 2723
ژێدەر:
• گۆڤاری ژیوار،ژمارە 3،ساڵی حەوتەم،بەفرانباری 1394ی هەتاوی،نامە مێژوویییەکەی ئەلی ئەشرەف دەروێشیان بۆ بەرزڕاگرتنی پێگەی مامۆستا




ناوی كتێب: یەکێتیی نووسەرانی کورد / لقی هەولێر – بەخشش و بەردەوامی.. ئامادەكردنی: عەبدولڕەحمان فەرهادی – مەسعوود پەرێشان

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




لەنیوان من و تۆدا خاک حاکمە.. شیعری شاهۆ حوسێنی

دارهەناری
تازێی من
هەناری کەسکی چرۆ کردوە
کەسکاوێکی لە هەناودا
ئەو پشتێنەی
لە پشتما دەبەست و
ئەو ئاغابانۆە کەسکەی
لەسەرم دەنا
ئێستا دەست لەملی
ئەم هەنارە تام کەسکانەن
سەیزادەیەک
دەسرۆکێکی کەسکی پێیە و
مەجۆعمەی شینم دەگێڕێت
لەژوور سەری گۆڕەکەما
کێلێکی کەسک
هەتا نیوقەد
بەعەشقی کۆچما
لەخاکا ڕۆچوە
شاعریکی سەر کەسکی
عەبایەکی کەسکی لەبەر دایە
تەوافی خەوفی خەفەتم دەکا
زیکری شێعر و
فاتیحایەک لە مەسنەوی
پێشکەشی ڕەوانی ناشادی من دەکا
سەرم لەسەر ڕانی گۆڕێچەمە و
هەم دەبینم
هەم دەبیسم
هەستیش بە هەموو هەستێک دەکەم و
نە زمانم دەگڕێت و
نە چاوم و
نە توانای هەستانم لە هەستایە
لەنێوانی من و تۆدا
خاک حاکمە
خاک دیوارە
خاک زیندانە
نە دەنگی منت پێ دەگا و
نە مەیلی تۆش
بەمن دەگا




بانگەوازێک لە پێناو بەردەوامی تەلەفزیونە ٢٤ سەعاتیەکەی ( کەناڵ جەدید)

سڵاو هاوڕی
لە ئێران شۆڕشێک بەڕێوەیە شۆڕشی ژن ژیان ئازای یە ، ئەگەر ئەتەوێ کۆمۆنستەکان( حککا) و چەپ ڕابەری بکات، ئەگەر ئەتەوێ تەلەفزیونە ٢٤ سەعاتیەکەی ( کەناڵ جەدید)بەردەوام بێت، تا بەسەر جمهوری ئیسلامیدا سەربکەوێ، لێرەوە داوات لێدەکەم بەشداری بکە لە سەرخستنی هەڵمەتی ماڵی ئەم حزبە دا کە ئامانجێتی ١٥٠ هەزار دۆڵار و زیاتریش بەدست بهێنی بە هیمەتی ئێوە مانان. هەرچەندە دەتوانی جێگای ڕێز و پێزانینە.

سمیر نوری

https://kanaljadid.com/




زیندوو کوژی مردوو پەرست..خۆمانین.. نەوشیروان ئازاد

سەیرە..هەتا زیندوین سەردانی ناکەین تەنانەت لەسواری پاسیشا کەبینیمان خۆمان لەگێلی دەدەین بۆئەوەی جێگەی بۆ نەکەینەوە یان کرێی پاسەکەی بۆنەدەین ..کەمردیش دەڵێین تازەکەس ناتوانێ جێگەکەی پڕ بکاتەوە …ئەمە فەلسەفەنیە .زانست و زانیاریش نیە جۆرێک یان مۆدێلێکی نوێی ئەخلاقیش نیە .

نەخێر ئەمە جۆرێکە لەداڕمانی خۆشەویستی …مایەپوچ بوونی کەسیەتی ..ئەمە…زەهرێکی کوشندەی کۆمەڵگایەکە هێدی هێدی شیرازەی کۆمەڵ تێک دەدات.. نوسەرێک وتارێکی جوان و ناوازە دەنوسێت، شاعیرێک دوای دنیایەک ئازار و ژان و شەونخونی وبێداری  بێکەسی و نامورادی شعرێک دەنوسێ، کەچی  کەس نای خوێنێتەوە یان ئەگەر خوێندیشیەوە بەزۆری دەزانێ کۆمێنتێکی ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر بنوسێت بۆئەوەی خەڵکانێکی دی بیبینن..کەچی داخەکەم …..

تیكتۆک چیەکانی داماڵراو لەهەموو بەها ئەخلاقیەکان …لەپێناوی کۆکردنەوەی بینەرو فۆلۆو شتی وا…ئەوەی کەمرۆڤی ژیر لەڕوی نایەت بەتەنیا بیڵێت ئەوان لەپێش چاوی هەزاران بینەرو هەواداریان بەیەکدی دەکەن و لایک و،کۆمێنتی پێ کۆدەکەنەوە…

کچەمۆدێلێک بەژێرکراسێک و تۆپەڵە ماکیاژێک و لوتێکی شێواو. دەم ولچێکی هەڵاوساوەوە وێنەیەک بڵاو دەکاتەوە هەزاران لایک و کۆمێنتی بۆ دەچێت، ئەمە چی ناولێ دەنێین جگە لەتێکچونی شیرازەی کۆمەڵگاو ڕیسوابون و هەژاری مەعریفە زیاتر.

ببورن گەلی برادەرینە …هەڵەو کەم کورتی لەخودی خۆمان و کەسایەتی خۆماندایە نەک لەسیستمی حوکمڕانی و عەولەمە و زۆرشتی تر …

نەوشیروان ئازاد