ئاکاری نزم و فاشیزم، فاشیزمی خێڵ و فاشیزمی ئاپۆڕایی.. ئەحمەد ڕەسوڵ

فاروق ڕەفیق، یەکێک لە عەقڵە فەلسەفییەکانی کۆمەڵگای ئێمە بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیانە فەلسەفییەکەی کرد و پڕۆژەکانی بە تەواونەکراوی بەجێهێشتن.

ناو و یادی ئەو هەمیشەیی و پڕشنگدار.

بیربکەرەوە و وێنای بکە، لە غیابی عەقڵە فەلسەفییەکانی و ئایکۆنە ڕۆشنبیریی و ئەدەبییەکانیدا، فاروق وەکو یەکێک لەوان، کۆمەڵگای ئێمە لەسەر دەستی ئاپۆڕای خێڵگەرایی حزبیی و ئیسلامیزمدا، دەبێتە چ بیابانێکی بەرەهوت.

ئادۆرنۆ و کۆمەڵگای پێشکەوتووی پیشەسازی
فاشیزم، ئاکاری نزم و ژیانی خراپ

کۆمەڵگای پێشکەوتووی پیشەسازیی دنیایەکی ڕێکخراو و دیسپلینکراوە بەجۆرێک عەقڵی کردووەتە ئامێریی و ئاکاریش لە بەرهەمهێنراوی ئەو تەکنیکە پەرەسەندووە و ئەو عەقڵە ئامێرییەدا بووەتە ئاکارێکی نائینسانی. ئادۆرنۆ دەڵێت ژیانێکی باش و ڕاستگۆیانە چیدی لە کۆمەڵگای پیشەسازیی پێشکەوتوودا نەماوە، لەبەرئەوەی لە کۆمەڵگایەکی نائینسانییدا دەژین. کتێبەکە خۆی لە ڕەهەندێکیدا هەوڵدەدات پێمان بڵێت ژیانێکی باش و ڕاستگۆیانە چییە و چۆن دەتوانین ئەو ژیانە بژین. کە هەموو ئەمانە لەڕێگەی ووردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە و ئەزموونی ئینسانەوە لە بەرکەوتنی بە مرۆڤەکانیدی و ئاکارە گشتییە کۆمەڵایەتییەکان، بە دەزگاکان و بە یاسا و ڕێساکانەوە، باس دەکات. هەروەها باس لە یۆتۆپیای دنیای پێشکەوتووی پیشەسازیی دەکات هەمان شێوەی ئاین دنیایەکی یۆتۆپیی لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی مرۆڤدا دەچێنێت. کتێبەکە باس لەو ژیانە دەکات کە ووردەکارییەکانی ئاکاری نزم تانوپۆی دەتەنێت و دواجار لە بەرهەمهێنانی فاشیزمدا دەردەکەوێت. واتا فاشیزم بەبێ بوونی ئاکاری نزم و ژیانێکی خراپ ناتوانێت ببێت. ئاکاری نزم و ژیانی خراپ زەمینەی لەدایکبوونی مرۆڤی فاشیست و سەرهەڵدانی فاشیزمن. کۆمەڵگای پێشکەوتووی پیشەسازیی و دنیای پەرەسەندووی تەکنیک، ئەو دنیایەن کە فاشیزم وەکو گوتار و دەستەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئاکاری فاشیستی تێیدا لەدایکدەبێت.

ئەمەی سەرەوە، لە کتێبی “مینیما مۆڕاڵیا؛ شکانەوەکان لە ژیانی زیانبەرکەوتووەوە” ی ثیۆدۆر ئادۆرنۆ٫ فەیلەسوف، کۆمەڵناس و دەروونشیکاری سەر بە قوتابخانەی فرانکفۆرت. هەڵبەت بەو جۆرە نییە کە بە دەق وەرگیرابێت بەڵکو ئایدیایەکی گشتی کتێبەکەیە.

ئەم ماوەیە هەڵمەتێکی فراوان لە ڕووبەرەکانی سۆشیاڵ میدیادا لە دژی د. فاروق ڕەفیق بەڕێوەدەچێت لەسەر هەندێ قسەی “وا تەسەور دەکەم” کە لە سیاقی لێکچەرێکدا بێت و لە میانەی کۆرسە فەلسەفییەکانی و بەشێکی زۆر کەم لە قسەکانی بڕدراوە و بڵاوکراوەتەوە کە ئاشکرایە زۆربەی جار کاتێک چەند ڕستەیەک لە کۆی گشتی ووتەکانی کەسێک بە تەنها وەردەگیرێت و لە سیاق دادەبڕێنرێت ئاساییە مانای جیاواز و پێچەوانە بە مانای گشتی کۆی ووتەکانی ئەو کەسە بە دەستەوە بدەن، لەبارەی شارۆچکەی زەڕایەن، کە بۆچوونە ڕەخنەییەکانی لە بنەمادا لەبارەی پەروەردە بە گشتیی و خوێندنی باڵایە بە تایبەتیی و لەو چوارچێوەیەشدا ڕەخنەکردنی کۆلێژێک لە شارۆچکەی زەڕایەن وەکو نموونەیەک. ئەوەی لە پشت ئەم هەڵمەتەوەیە هەم فەندەمێنتالیزمیی دینیی “سەلەفیزمی دینیی و ئیسلامی سیاسیی” و هەم ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی بە دەستلەملانی عەشیرەتگەریی و دیوەخان. لە ڕاستییدا ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی هەر لە بنەماوە لەسەر ئاوێزانبوون بە بونیادەکانی خێڵگەرایی و مێنتاڵیتیی ئاغاواتی خۆی بیناکردووە. بەڵام لە نزیکەی دوو دەیەی ڕابردوودا باوەشێکی گەورەشی کردووە بە فەندەمێنتاڵیزمی دینییدا. ئەوە بێچەندوچوونە کە لای من و زۆرینەی ئینسانەکانیش خەڵکی زەڕایەن و هەر شار و شارۆچکەیەکی کوردستان و هەر ناوچەیەک وەکو تاکەکەسەکان و گروپی کۆمەڵایەتیی، ئینسانی پاک، سادە، خاوەن ڕۆحی جوانی هاریکاریین و مایەی ڕێز و خۆشەویستین نەوەکو هیچ شتێکیتر.

ئاشکرایە، ئەمە یەکەم جار نییە، بە هەژموونی فەندەمێنتالیزمی دینیی یان دەستلەپشتدانی حزب-خێڵەکانی بزووتنەوەی کوردایەتیی هەڵمەتێکی فراوان بەڕێدەخرێت لە دژی ڕۆشنبیر، چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ، چالاکوانی مافەکانی ژنان، ئەدیب و شاعیران تەنها لەبەرئەوەی تێگەیشتن و جیهانبینی ئەوان بە عەقڵی بچووک و داخراوی ئەوان نایاتەوە و بگرە ترسە تا ئاستی فۆبیا لە کاریگەریی گوتاری فیکریی و جیهانبینی ئازادانە و یەکسانیخوازانەی ئەوان و لەوێشەوە گۆڕانکاریی ڕیشەیی سیاسیی، فیکریی، کۆمەڵایەتیی، کولتوریی و بەهایی لە نێو کۆمەڵگادا. لە ڕاستییدا ئەوەی هەر جارە و بە بیانوویەک و بە پاساوێکی بێناوەڕۆک، هەر سێ ئاپۆڕای کوردایەتیی، فەندەمێنتالیزمی دینیی و خێڵ بەڕێیانخستووە گوایا وەڵامدانەوە بە سوکایەتیی و بێڕێزی بووە، تەنها لە یەک خانەدا جێگا دەگرێت، ئەویش خانەی تێرۆری کەسێتییە. هەڵبەت ئەوەش بە ئامانجی زاڵکردنی کەشوهەوای ترس، ترس لە دەربڕینی ئازادانەی بیرکردنەوەکانت، کە ئەمەش جگە لە فاشیزمی ئاپۆڕایی چیدیکە نییە.

پرسیار ئەوەیە، ئایا ڕۆشنبیر ئەگەر ڕەخنەی سیستمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نەکات، قسەیەک لەسەر سەلەفیزمی دینیی و ئیسلامی سیاسیی نەکات، ڕەخنەی بونیادە قەبەلییەکانی کۆمەڵگای ئێمە نەکات، قسەیەک لەسەر سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا وەکو کایەی ڕازیکردنی ئەو مێنتاڵیتییە سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئاینییە دواکەوتووخوازانەیەی کۆمەڵگای ئێمە نەکات و قسەیەک لە توێژێک و چینێکی کۆمەڵایەتیی نەکات، ئەی چی بکات؟ ئایا تەنها سەرقاڵ بێت بە فەلسەفەوە لە ئاستێکی موتەعال و وەکو کێڵگەی موناقەشەیەکی نەبڕاوە لەبارەی بوون و دەرکەوتنەکانی بوون؟ تەنها سەرقاڵ بێت بە فینۆمینە و نۆمینە؟ تەنها سەرقاڵ بێت بە عەقڵی ڕەها و ئامانجی بوونەوە؟ تەنها سەرقاڵ بێت بەوەی کە هەر شتێک لەنێو خۆیدا هەڵگری دژەکەی خۆیەتیی؟ …هتد

هەڵبەت وەڵامەکە بۆ زۆرینەمان زانراو و ڕوونە. خواستی ئەم سێ ئاپۆڕایە ئەوەیە، ڕۆشنبیر سەرقاڵ بێت بە موناقەشەیەکی بێزەنتی کە هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانی واقعی و ڕاستەقینەی تاکەکەسەکان و کۆمەڵگاوە نەبێت و ئەو موناقەشەیە و ڕۆشنبیرانیش بوون و نەبوونیان وەکو یەک بێت، هیچ کاتێک هەڵگری هیچ ئەگەرێک، هەرچەندە لاوازیش ، نەبێت بۆ گۆڕانکاری لە میانەی ئەو گفتوگۆ و دیبەیت و نووسینانەوە هەم لە عەقڵییەتی تاکەکەسەکان و کۆمەڵگادا هەم لە سیستمی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، کولتوریی و بەهاییدا.
ئەگەر لە هەمبەر قسەیەک، لێدوانێک و ڕەخنەیەکی ڕۆشنبیر، چالاکوان و ئەدیبان ئەم هەموو هێرشە ئاست نزمانە لە مینبەر، سۆشیاڵ مێدیا، مێدیا و تەنانەت ڕێپێوانیش بەڕێدەخرێت لەلایەن ئاپۆڕای کوردایەتیی، ئاپۆڕای فەندەمێنتالیزمی دینیی و ئاپۆڕای خێڵ، هەرجارەی بەبیانوویەکەوە، جارێک بەبیانووی ئەوەی قسە بە توێژێک وتراوە و جارێک بە بیانووی ئەوەی قسە بە حزبێک و بە ڕەمزێک وتراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی سووکایەتی بە مێژوومان و سیمبولەکانمان کراوە، جارێک بەبیانووی ئەوەی قسە بە پێشمەرگە وتراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی کارێکی هونەری جلوبەرگی ژێرەوەی ژنانی تێدا بەکارهێنراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی سەما لە شوێنی گشتییدا کراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی لە پارکی ئازادی کچ و کوڕێک بە ئاشکرا یەکتریان ماچ کردووە لە ڕۆژی خۆشەویستیدا و لەبەردەم پەیکەری خۆشەویستیدا، جارێک بە بیانووی ئەوەی لە درامایەکدا باس لە مەلا بە خراپە کراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی لە شانۆییەکدا هێڵی سوور بەزێنراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی قسە بە شارێک، شارۆچکەیەک و ناوچەیەک وتراوە … هتد

ئەی ئەو کاتەی کە مەلایەک قسە بە تەواوی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەڵێت ئێوە بۆ مێدیا و سۆشیاڵ مێدیاتان لێ پڕ نەکرد؟! ئەی کە مەلایەک ژنی بە دایناسۆڕ شوبهاند، کێ لە ئێوە هاتە دەنگ هیچ نەبێت وەکو ڕێزگرتن لە دایک و خوشک و کچی خۆتان. ئەی کە مەلایەک ووتی زانکۆ هەمووی فەسادیی و بێئەخلاقییە و ئەستەمە کچێک لە زانکۆ بە ساغی دەربچێت، کێ لە ئێوە نقەی لێوەهات هیچ نەبێت بۆ داکۆکی کردن لە کچ و خوشکەکانی خۆتان؟! ئەی کە مەلایەک ووتی پەیمانگای هونەرە جوانەکان پڕە لە بەدڕەوشتیی، کێ لە ئێوە هاتە دەنگ، بۆ ئەوەی مەلایەک تێبگەیەنن بێڕێزیی و سوکایەتی بە دەزگایەکی هونەریی پەروەردەیی ڕەوا نییە و مافی ئەوەی نییە هەرچی بێت بە خەیاڵیدا لە دەمییەوە هەڵیڕێژێت؟! یان کاتێک مەلایەک ووتی لە سەدا ٩٥ ی کۆمەڵگای کوردیی کافرە، بۆ کەس لە ئێوە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڵویستێکتان نەبوو لانیکەم بۆ داکۆکی و ڕێزگرتن لە خودی خۆتان و بنەماڵە و کەسوکارتان کە خۆتان بە موسڵمان و دیندار دەزانن؟ ئەی بۆ ئەو کاتەی مەلایەک ووتی هەر ژنێک بۆنی خۆش لە خۆی بدات و بڕواتە دەرەوە لە ماڵ، بێڕەوشتە و وەکو ئەوەیە زینای کردبێت، بۆ هەمووتان گوێی خۆتان لێ خەواند و خۆتان لە گێلیی دا، مەگەر دایک، خوشک، کچ و هاوسەرتان بۆنی خۆش بەکارناهێنێت یان بەکاری نەهێناوە؟!

ئەم هەموو پرسیارانەم ڕووبەڕووی ئاپۆڕای کوردایەتیی، ئاپۆڕای فەندەمێنتالیزمی دینیی و ئاپۆڕای خێڵە، بە بانگەشەکاران، نووسەران و شوێنکەوتووانیانەوە.

من وەکو خۆم ڕەخنە بە جەوهەری بیرکردنەوەی ئازادانە و هەڵوێستی ئازادانەی مرۆڤ تێدەگەم. ڕەخنەی جدیی و قووڵ لە بونیادە جێگیر و نەگۆڕەکانەوە تا دەگات بە پیرۆزییەکانیش بە مافی هەر ئینسانێک دەزانم و ناشبێت لەسەر ئەم مافە و بەکارهێنانی، هیچ کەسێک تووشی هیچ شێوازێکی سزای یاسایی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ببێت. ڕەخنە لە توێژە کۆمەڵایەتییە فراوانەکانەوە تا دەگات بە ڕەخنە لە سیستمی سیاسیی و حوکمڕانیی، ڕەخنە لە مێژووی دوور و نزیکی کۆمەڵگای خۆمانەوە تا دەگات بە ڕەخنە لە ئەوەی ناودەبرێن بە سیمبول و هێماکانی نەتەوەیی و نیشتمانیی و …هتد. ڕەخنە لە ستراکتوری کۆمەڵایەتیی و کولتوریی کۆمەڵگای ئیمەوە تا دەگات بە ڕەخنە لە کایەی پەروەردە، سێکتەری تەندروستیی و …هتد واتا لە یەک قسەدا هێچ کەس، دەزگا و توێژی کۆمەڵایەتیی، مێژوو، ئایدیا و باوەڕێک پیرۆز نییە و لە دەرەوەی بەگرفتئامێزکردن و ڕەخنەکردن نییە، ئەوەی پیرۆزە ئینسان و ئازادییەکانییەتی، ئەوەی پیرۆزە مافی بیرکردنەوە، قسەکردن، وەژێرپرسیارخستن و ڕەخنەکردنە.
ئەگەر کۆمەڵگای ئێمە بە گوێرەی لانیکەمی پێوەرەکانی کۆمەڵگایەکی تەندروست بهاتایاتەوە، دەبوایە یەکێک لەو دەنگانەی گوێی لێدەگرێت، دەنگی د. فاروق ڕەفیق بوایە. یەکێک لەو عەقڵانەی کە دەبوایە گفتوگۆ بکرایە فاروق ڕەفیقە، نەوەکو چەندین جار تێرۆری کەسێتیی بکرێت. دەبایە مەریوان وریا قانع و فاروق ڕەفیق گوێیانلێبگیرایە، نەوەکو سۆشیاڵ مێدیا پڕ ببوایە لە ڤیدیۆی ئەو هەموو مەلا و بانگخوازانە (هەڵبەت هەموویان نا، بەڵام بەداخەوە زۆرینەیان) کە جگە لە دژایەتییکردنێکی بێچەندوچوونی ئازادیی و داماڵینیی ئینسان لە عەقڵ و ئیرادە هیچیتر ناڵێن. ئەو لێشاوە لە ڤیدیۆی مەلاکان و بانگخوازەکان (دیسانەوە دەڵێم نەوەکو هەموویان، بەڵکو زۆرینەیان، بەتایبەت ئەوانەیان کە لە چوارچێوەی سەلەفیزم و ئیسلامی سیاسییدان) کە لە هەر کونجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، هەندێکیان بە نەڕەنەڕ، هەڕەشە، غەزەب و قەهر و هەرچی ڕستە و تەعبیری ئاست نزمە ڕیزی دەکەن و فراوانکردنی سنوری حەرام و قەدەغەکان تا ناکۆتا دەبەن و کردنی ئینسان بە بوونەوەرێکی تاوانبار و قێزەون کە نەوەکو مرۆڤگەلی دەرەوەی بازنەی دیندارییەکەی ئەوان بەڵکو موسڵمانەکان و هەندێجار مەلا یان بانگخوازەکە خۆیشی لێی دەرباز نابێت. پرسیارێکی لانیکەمی عەقڵانیی و لۆژیکیی ئەوەیە بەڕاست دەبێت ئەو هەموو هاوار هاوارە دژ بە پیرۆزیی ئینسان و ئازادییەکانی گوێی لێبگیرێت یان سیمینارەکانی فاروق و مەریوان؟! بەڕاست دەبێت ئەو هەموو نەڕەنەڕە کە فۆبیایەکی ڕووتە لە ژیان، ئازادیی و گۆڕانکاریی، کە عەقڵ تا دواهەمین سنورەکان پاشەکشێی پێکراوە، گوێی لێبگیرێت، یان ڕۆشنبیران؟!

ئەگەر ئاکار لە کۆمەڵگای پیشەسازی پێشکەوتوو بە گوێرەی ئادۆرنۆ، وەها بێت، ئەی ئاکاری ئۆتۆریتەی حزب-خێڵ، میدیا و میدیاکارانی نزمی حزب-خێڵ، نووسەر “گوایا سەربەخۆ و نەتەوەیی بەڵام لە پشتی پەردە و ژێربەژێر ملپان و ملکەچی حزب-خێڵ”، ڕۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ “زوڕناژەنی گەعدەی پانێڵی فیکریی خاڵی لە فیکر و گەعدەی دیداری حەماقەتی سیاسیی و سەماکاری گەعدەی سەرانی مەغروری ناوبۆشی حزب-خێڵ” دەبێ چۆن بێت و چی لێوە بەرهەم بێت؟!
ئەی ئاکار لە سایەی مێنتاڵیتی سەلەفیزمی دینیی و ئیسلامی سیاسییدا ئەبێت چۆن بێت و چی لێوە بەرهەم بێت؟!
ئەی ئاکار لە سایەی خێڵ و قەبەلیەتی ژێر هەژموونکەوتووی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی و فەندەمێنتاڵیزمی دینیی، ئەبێت چۆن بێت و چی لێوە بەرهەم بێت؟!

تێبینی؛ وتارەکە لە ماوەی هەڵمەتێکی فراوانی نێو سۆشیاڵ میدیا دژ بە فاروق ڕەفیق، سێ ساڵ پێشتر نووسراوە. لە پەیوەند بە مەرگی ئەو توێژەرەی فەلسەفەوە دووبارە بڵاوکردنەوەیم بە باش زانی.

ئەحمەد ڕەسوڵ




بنبەستی ئایدۆلۆژیا و شۆکی یادەوەری: توێکاریی عەقڵی سیاسیی “چەپی ئێران” و ڕێگاکانی ڕزگاری.. نووسینی: حەمید کورەچی

لە زانستە جیاوازەکاندا، لە بیرکارییەوە تا زانستە مرۆییەکان، تێگەیشتن لە کێشەکە بە نیوەی چارەسەر دادەنرێت. ئەم بنەما سەرەکییە لە کاتی شیکردنەوەی دیاردە سیاسییە ئاڵۆزەکاندا گرنگییەکی دوو هێندە پەیدا دەکات. لە فەزای فیکریی ئێراندا، “چەپ” وەک بزووتنەوەیەک کە تەمەنی زیاتر لە سەدەیەکە، لە ڕووی مێژووییەوە بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ڕەخنەگرتن لە سەرمایەدارییەوە بەستراوەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، ئەم بزووتنەوەیە ئەمڕۆ لە ناو دۆخێکی بنبەستی فیکری و دەروونیدا دەژی کە دەرەنجامی ئاوێتەبوونی شکستە مێژووییەکان و پابەندبوونە بە چوارچێوە ئایدۆلۆژییە داخراوەکان. ئەم وتارە هەوڵ دەدات ئەم قەیرانە لە ڕێگەی سێ تەوەرەوە هەڵبوەشێنێتەوە: سروشتی چەمکە سیاسییەکان، دەروونناسیی شۆکە بەکۆمەڵەکان، و میکانیزمەکانی چوونە دەرەوە بەرەو عەقڵانییەتێکی دیموکراسی.

گۆڕینی چەمکەکان بۆ بتی ئایدۆلۆژی

١. سروشتی چەمکە سیاسییەکان
چەمکەکانی وەک “چەپ” و “ڕاست” ڕاستی گەردوونی نین کە بوونێکی سەربەخۆیان هەبێت، بەڵکو ئامرازێکی بژاردەن کە عەقڵی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە واقیعی کۆمەڵایەتی دایتاشیوون. قەیرانەکە لەوێوە دەست پێدەکات کاتێک ئەم “ئامرازە شیکارییانە” دەگۆڕدرێن بۆ “قالبێکی ئایدۆلۆژی” ڕەق. ئایدۆلۆژیا هەستێکی ساختە بە ئاسایشی مەعریفی بە تاک دەبەخشێت لە ڕێگەی سادەکردنەوەی جیهان و دابەشکردنی بۆ دوو جەمسەری توند (چاکە/خراپە، شۆڕشگێڕ/کۆنەپەرست)، ئەمەش توانای بڕیاردانی سەربەخۆ و عەقڵانی لاواز دەکات.

٢. ژینگەی کولتووری و خۆماڵیکردنی ستەمکاری
چەپی ئێرانی لە بۆشاییدا دروست نەبووە، بەڵکو لە ژینگەیەکدا ڕووی کێشاوە کە تێربووە لە باوکسالاری و ستەمکاریی نەریتی. ئەم سێیاقە بووەتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی شێوازە عەقڵییە کۆنەکان لە ژێر توێژاڵێکی “مۆدێرن”دا؛ سەرکردەکان بوون بە کەسایەتیی کاریزماتیکی پیرۆز، تیۆرەکان بوون بە “دەقی پیرۆز”، و جیاوازیی بیروڕاش بوو بە “خیانەت”. چەپی ئێرانی ئایدۆلۆژیا جیهانییەکانی هەڵمژی، بەڵام بەپێی “بەرنامەسازی” کولتوورە سیاسییە ناوخۆییەکە دووبارە ڕاڤەی کردنەوە، کە ئەو کولتوورەش فاقیدی نەریتی گفتوگۆ و دامەزراوەییە.

شۆکی بەکۆمەڵ و بە میراتگرتنی ئازار

١. یادەوەری وەک برینێکی بوونگەرایی
ناسنامەی چەپی ئێرانی لە ڕێگەی زنجیرەیەک شۆکەوە داڕژا: سەرکوتکردنی حیزبی توودە، شکستی بزووتنەوە چەکدارییەکان، و لە سێدارەدانە گەورەکانی دەیەی هەشتاکان (ساڵانی شەستەکانی کۆچیی هەتاوی). ئەم ڕووداوانە تەنها “دۆڕانی جەنگێک” نەبوون، بەڵکو گۆڕان بۆ “شۆکی بەکۆمەڵ” (Collective Trauma) کە کارگەریی کردە سەر ناسنامە، یادەوەری و پێکهاتەی تێگەیشتنی گروپەکە.

٢. میکانیزمەکانی بەرگریی دەروونی و بنبەست
بەپێی تیۆری “شۆکی هەڵبژێردراو”ی ڤامیک ڤۆڵکان، گروپە شۆکخواردووەکان مەیلی ئەوەیان هەیە ڕووداوەکانی شکست وەک هێمایەکی سەرەکی بۆ مەینەتییەکانیان بپارێزن. لە دۆخی ئێراندا، ئەم بنبەستە شێوازە تێگەیشتنێکی پەککەوتەی بەرهەمهێناوە:
• بینینی جیهان لە ڕێگەی دوژمن و دۆستەوە: لەدەستدانی نەرمی سیاسی لە بەرژەوەندیی ململانێیەکی سفر-سفریدا.
• گێڕانەوەی بەردەوامی قوربانیبوون: ڕاکردن لە پێداچوونەوەی ڕەخنەیی لە ڕێگەی پەنابردن بۆ ستەملێکراویی ئەخلاقی.
• گواستنەوەی شۆک لە نێوان نەوەکاندا: گواستنەوەی هەستی تووڕەیی و بێمتمانەیی بۆ نەوەی گەنج، کە ئایدۆلۆژیا دەگۆڕێت بۆ “یادەوەرییەکی سۆزداری” دابڕاو لە واقیعی گۆڕاو.

ڕێگای چوونە دەرەوە.. بەرەو “دیموکراتی ڕەسەن”

١. دابڕان لە چوارچێوە ئایدۆلۆژییەکان
یەکەم هەنگاو بۆ ڕزگاری، هۆشیارییە بە ڕێژەییبوونی چەمکەکان. کاتێک تاک تێدەگات کە ئایدۆلۆژیا بەرهەمێکی مرۆیی و بارودۆخێکی مێژووییە، دەرفەتی “دوورکەوتنەوەی ڕەخنەیی” بۆ دەڕەخسێت. ئەم چوونە دەرەوەیە زۆرجار هەستکردن بە بۆشایی و نەبوونی دڵنیایی لەگەڵدایە، کە ئەمەش قۆناغێکی بەرزەخی پێویستە بۆ دروستبوونی سەربەخۆیی فیکریی ڕاستەقینە.

٢. عەقڵ وەک ئامرازێک بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی جیهانبینی
لە نەبوونی وەڵامی ئامادەکراودا، تاک ناچار دەبێت “عەقڵ”ی خۆی وەک میکانیزمێک بۆ پشکنینی بەڵگەکان و بەراوردکردنی ڕوانگە جیاوازەکان بەکاربهێنێت. عەقڵ لێرەدا عەقیدە نییە، بەڵکو “پرۆسەیەکە” کە دان بە ئاڵۆزیی جیهان و فرەچەشنییدا دەنێت، و جەخت لەسەر گەڕان بەدوای ڕاستیدا دەکاتەوە لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئەزموونەوە.

٣. دروستبوونی لێبووردەیی (ڕۆاداری) و دیموکراسی
تێگەیشتن لەوەی کە هیچ چوارچێوەیەکی فیکری ناتوانێت دەورە بە هەموو ئاڵۆزییەکانی جیهان بدات، جەوهەری لێبووردەییە. لێبووردەیی لێرەدا سازشکردن نییە، بەڵکو دانپێدانانە بەوەی کە جیاوازی سروشتێکی مرۆییە. ئەم وەرچەرخانە دەبێتە هۆی لەدایکبوونی “دیموکراتی ڕەسەن”؛ ئەو تاکەی کە پابەندە بە بەهاکانی عەقڵانییەت و لێبووردەیی، و جۆراوجۆریی ڕاوبۆچوونەکان وەک هەڕەشە بۆ سەر ناسنامەکەی نابینێت، بەڵکو وەک مەرجێکی بنەڕەتی بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد دەیناسێت.

لە زیندانی یادەوەرییەوە بەرەو ئاسۆی ئازادی

تێپەڕاندنی بنبەستی فیکریی چەپی ئێرانی تەنها خۆشبەختییەکی تیۆری نییە، بەڵکو پێویستییەکی سیاسییە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی دیموکراسی. گواستنەوە لە “تێکۆشەرێکی شۆکخواردوو” کە لە ژێرزەمینەکانی ڕابردوودا دەژی، بۆ “هاوڵاتییەکی عەقڵانی” کە ڕووبەڕووی ئاڵۆزییەکانی ئێستا دەبێتەوە، تەنها پردە بۆ شکاندنی بازنەی ستەمکاری. دیموکراسی سەرەتا لە ناو عەقڵەوە دەست پێدەکات؛ بە کردنەوەی پەنجەرەکان بۆ باوبۆری شک و گومان، بە قبوڵکردنی “ئەویتر” وەک شەریک لە ڕاستیدا، و بە گۆڕینی کارەساتەکانی مێژوو لە “کۆت و زنجیر”ەوە بۆ “وانە” لە پێناو پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ.

نووسینی: حەمید کورەچی




(قەیرانی خود/ قەیرانی بوون).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(دیسانەوە بۆ هاوڕێم، محەمەد تەها حوسێن)

لە تێگەیشتنی دەروونناسییەوە بۆ دەروونناسیی بوونگەرایی، لە (سیگمۆند فرۆید)ەوە بۆ (ڕۆناڵد داڤید لانگ- 1927-1989)، لە قەیرانی خودەوە بۆ قەیرانی بوون… دەتوانین بڵێین دەروونناسی و بە تایبەتی دەروونشیکاریی (فرۆید)ی هەوڵێكی بەردەوام بوو، بۆ دامەزراندنی مانایەكی جێگیر بۆ خودی مرۆڤ و جیهان، بەو مانایەش کەسایەتیی مرۆڤ لای فرۆید لە کێشان و ملمڵانێیەکی بەردەوامی نێوان (ئید -ئیگۆ- سوپەرئیگۆ) دەخولایەوە؛ بەڵام بوونگەراكان و بە تایبەتی (ڕ. د. لانگ) ئەو پرۆژەیان ڕەتكردەوە و نیشانیان دا كە مانا و ناسنامە و كەسایەتیی مرۆڤ مەرج نییە هەر تەنها ئەو سێ بنەمایە بەڕیوەی بەرێت و بوونی مرۆڤ لەخۆیدا قەتیس بكات؛ (لانگ- وەك یەكێك لە پێشەنگە سەرەكییەكانی ڕەوتی دژە- دەروونپزیشكی لە ساڵانی شەستەكاندا) جێگیرنەبوونی مانا و ناسنامەی کەسایەتیی بە قەیرانی بوونەوە بەستەوە؛ بەو مانایە دابەشبوونی كەسایەتیی دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ هەست بە نائارامی و دابڕان لە دەوروبەر بكات؛ ئەوەش بانگەشەیەكی قووڵە بۆ ئەوەی مرۆڤ تەنها لەڕووی دوالیزمی (عەقل/ شێتی) نەخوێنرێتەوە، بەڵكە وەك بوونێكی فرە مانا، وەك بوونێكی پڕ لە ترس و نیگەرانی تەماشا بكرێت؛ وەك شێوەیەك لە شێوەكانی بوون لە جیهاندا، نەك تەنها وەك مێشكێكی بایۆلۆژی؛ واتە تێگەیشتن لە مرۆڤ دەبێت لەڕێگای ئەزموونی ژیانەوە بێت، نەك تەنها لەڕێگای توێژینەوەی زانستییەوە.
لێرەدا پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە: ئایا دەتوانرێت (نەخۆشیی دەروونی- شێتی) وەك (قەیرانی بوون) سەیر بكەین؟ یان گرفتی (شێتی) لە قەیرانی بوونەوە هەڵگرینەوە؛ ئایا تێكشكاندنی گێڕانەوە گەورەكان بەرەو جێگیرنەبوونی ماناكانمان دەكەنەوە؟! ئایا شتێك بە ناوی خودی یەكگرتوو هەیە؟!.
قسەكردن لە تیۆری دەروونشیکاریی فرۆیدی بەرەو سێ ئاستی سەرەکیی کارکردنی مێشکمان دەكاتەوە: (نەست- اللاوعي، هەست- الوعي، و پێش‌هەست- قبل الوعي)یە؛ فرۆید پێیوابوو مرۆڤ زیاتر لەوەی هەست بەڕێوەی بەرێت، لەلایەن نەستەوە بەڕێوە دەبرێت؛ بەڵام (ڕ. د. لانگ- پزیشكی دەروونی سكۆتلەندیی) بە هەموو جیاوازییەكانییەوە بەرەو بەرگریكردن لە بوونی ڕاستەقینە و بوونی ساختەی (هایدگەر) هەنگاو دەنێت و دووبارە دەپرسێ: خود چییە و چۆن لەلایەن كەسانی ترەوە دەبینرێت، ئایا بوونی ڕاستەقینە ئەو بوونەیە كە لەگەڵ كۆمەڵگا دەگونجێ؟! لەو بارەشەوە دژی دیدگای فرۆیدی قسە لە نموونەی نەخۆشی (شیزۆفرینیا) دەكات و پێیوایە شیزۆفرینیا تەنها نەخۆشییەكی مێشك و شێوانی سێ ئاستە سەرەكییەكەی كاركردنی مێشك نییە؛ بەڵكە شیزۆفرینیا دەتوانێت ڕێگایەك بێت بۆ پاراستنی (خودی ڕاستەقینە) لە ژیانێكی پڕ لە دڵەڕاوكێ و ناتەواوییدا… بەو مانایەش بەرگری لە تێزەكەی خۆی دەكات و مرۆڤ وەك بوونێكی فڕێدراوی نێو جیهانێكی نالۆژیکی دەبینێ و پێیوایە نەخۆشییە دەروونییەكان تەنها كێشەیەكی پزیشكی نیین، بەڵكە زمانێكی فەلسەفیین كە مرۆڤ لەو ڕێگایانەوە قسە لەگەڵ بێمانایی، ترس و ئازادی دەكات؛ بەمجۆرە (ڕ. د. لانگ) لەڕێگای نەخۆشی شیزۆفرینیاوە (دابەشبوونی خود) ڕادەگەیەنێت.

(قەیرانی بوون/ قەیرانی مانا)
(ژان فرانسوا- لیوتار) لە كتێبی (الوضع ما بعد الحداثي، ترجمة: أحمد حسان)دا باس لە كۆتاییەكان دەكات و پێیوایە هیچ ڕاستییەكی گشتی و چەسپاو بوونی نییە، چونكە خودی مانا ناجێگیر و پەرتەوازەیە، هیچ دەقێكیش لە ناكۆكیی ناوخۆیی و فرە مانایی بەدەر نییە.
دەروونشیکاریی فرۆیدیی كەسایەتیی مرۆڤ لەژێر ململانێی هێزێكی جێگیری ناوخۆییدا دەستنیشان دەكات، نەستی مرۆڤ وەك (شوێن)ی ئارەزووە سەرکوتكراوەكان دەبینێ و گرفتە دەروونییەكان وەك دەرهاویشتەی كێشەی نێوان ئارەزوو و دەسەڵاتی چەسپاو لێكدەداتەوە؛ بەڵام (ڕۆناڵد داڤید لانگ) لە كتێبی (الذات المنقسمة: دراسة وجودية في العقل والجنون- ترجمة: عبدالمقصود عبدالكريم) لە دیدگایەكی (مرۆیی- بوونگەرایی)ەوە بەرەو ڕوانگەكەی (لیوتار) دەچێ و (دڵەڕاوكێی بوون) بۆ وەسفكردنی هەستی ناجێگیری، یان ترس لە ونبوون یان داگیركردن، دەگێڕێتەوە و شوێنی ئارەزووە سەرکوتكراوەكان بە سەرچاوەی گرفتە دەروونییەكان نابینێ، نەك هەر هێندە، بەڵكە پێیوایە هیچ (ناوەندێك/ شوێنێك) نییە (مانا- عەقڵ) بپارێزێت.
لەنێوان دەروون وەك دەرهاویشتەی سەرکوتكردن و بوون وەك ستراتیژیی پاراستن، یان بە مانایەكی دیكە لەنێوان جێگیربوونی عەقڵ و پەرتبوونی شێتییدا… یەكەمیان (خود، مانا، ئارەزوو) وەك كێشەیەكی دەروونی دەبینێت و دووەمیان (خود، مانا، ئارەزوو) وەك قەیرانی بوون تەماشا دەكات؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو جیاوازییانەشەوە: ئایا نەست زمانێك نییە، بۆ دەربڕینی قەیرانەكانی بوون؟! ئەگەر ئەو پرسیارە لە (ژاك لاكان)ەوە ڕووبەڕووی فرۆید بكەینەوە، دەڵێین: ئایا ناخی مرۆڤ لە غەریزە بایۆلۆژییەکان پێکهاتووە، یان ئەلفوبێیەکی هێمایی ڕێکخراوە؟! هەڵبەتە فرۆیدییەکان گرنگییان بە ڕووداوە ڕاستەقینەکانی منداڵی دەدەن، بەڵام لاکان گرنگی بە “دال” (وشەکان) دەدات.
ئەگەر پێمانوابێ كە زمان لە نەست ڕسكاوە! كەواتە (خود، مانا، ئارەزوو) دروستكراوی گوتراوە جیاوازەكان و قەیرانەكانی زمانە… لێرەدا مرۆڤ لەنێوان پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی نەستی زمان و قەیرانی گوتراوە جیاوازەكاندا، لەنێوان مانا بێكۆتاییەكان و گۆڕان و سەیرورەی بەردەوامیدا، دەتوانێت نەستی زمان وەك (دۆخ)ێكی داهێنەرانە ببینێت كە مرۆڤ تێیدا هەوڵی نوێ بۆ مانای بەردەوام و گۆڕانكاری بەردەوام دەدات، بەدیوەكەی دیكەش تیۆرییەکی فیکری بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ لە ناو جیهانی زمان و قەیرانەكانی بووندا گەڵاڵە دەكات؛ بەو مانایەش بەردەوام نەست لە شوێنەوە بەرەو دۆخێكی گۆڕاو دەچێت.

(خودی شكاو)
(خودی دابەشبوو: لێكۆڵینەوەیەكی بوونگەرایی لە عەقڵ و شێتی) ناوی كتێبەكەی (ڕ. د. لانگ)ە؛ لە لێكدانەوەی ئەو كتێبەدا خود تەنها واتایەكی دەروونناسی سادەی نییە، بەڵكە ناوەندی ئەزموونی بوونی مرۆڤ و پەیوەندییەكانی مرۆڤە بە جیهانەوە! لێرەدا (من هەم) بە شێوەیەكی (ڕاستەقینە) دەتوانێ پەیوەندیی ڕاستەقینەی (خێزانی، كۆمەڵایەتی) دروست بكاتەوە، بەبێ ماسك و دەستكردی كۆمەڵایەتی بژیت؛ بەڵام كاتێك خودی ڕاستەقینە لەژێر هەر پەردەیەك دەشاردرێتەوە، ئەوە خودی ساختە (ماسككراو) دەردەكەوێت؛ خودی ساختە: هەڵگری هەستێكی نامۆ و دابڕاو و پڕ لە ترس و نیگەرانییە، هەموو ئەو هەستانەش وەك خۆپارێزی بەرز دەكاتەوە! واتە هەموو ئەو هەستانە هەوڵدانە بۆ پاراستنی خودی ڕاستەقینە… خودی ڕاستەقینە (ژیانی ڕاستەقینە)، یەك پارچەیە؛ خودی ساختە (خودی دابەشبوو)، ئەو خودەیە كە دابڕاوە و سنوورەكانی بوونی شكاون، یان ڕۆڵێكە (ماسكێكە) كە مرۆڤ بۆ گونجان لەگەڵ كۆمەڵگادا دەیگێڕێت؛ كەواتە مرۆڤ بوونێكی هەستیار و پەیوەندیدارە، كە ئەگەر (ئاسایی بوونی) لەدەست بدات، خودی دابەش دەبێت، بەو مانایەش (شێتی) وەك هەوڵێكی مانادار بۆ پاراستنی خود دەردەكەوێت.
لێرەدا دەمەوێ چەمكی خودی ڕاستەقینە و خودی ساختە بۆ خودی جێگیر و خودی گۆڕاو تەرجەمە بكەم و لەوێشەوە هەوڵدەدەم لێكدانەوەیەكی (زمانی- بوونگەرایی) بۆ دۆخی گۆڕاوی (نەستی زمان) دابمەزرێنم، بەو مانایەش نائاسایی بوونی زمان ئەوەیە كە مرۆڤ هەست بە سەقامگیریی بوونی خۆی ناكات، بۆیە مرۆڤ هەمیشە لەنێو زماندا لە دۆخی: ونبوون، داگیركردن، شپڕزەییدا دەژیت؛ لەو كاتەشدا كە زمان ناتوانێت بە شێوەیەكی ئاسایی جێگیر بێت، لەبەرانبەردا بوونی گۆڕاو دەبێتە ئەو خودەی كە بەردەوام دەگۆڕێت و پەیوەندیی نوێ دروست دەكاتەوە و هیچ ناوەندێكی جێگیر شك نابات! لەو بیرۆكە (سارتەر)ییەدا، بوون پێش ماهیەت دەكەوێت (واتە مرۆڤ سەرەتا هەیە، پاشان دەبێتە خاوەنی خود).
لێرەوە خودی گۆڕاو (عاقڵ) هەڵگری هیچ مانایەكی پێشوو نییە، بەڵكە لە كردارەكانیدا (لە داهێنانەكانیدا) (شێتی) دروست دەكاتەوە؛ ئەو بیرۆكە (سارتەرییە- لانگییە) لە نائاسایی بووندایە، لە ونبوونی سنوور و شكاندنی یەكگرتوویی خودەوەیە! لانگ- بە شێوەیەكی سارتەرییانە لەو كتێبەدا پێیوایە مرۆڤ هیچ پلانێكی پێشووی نییە، بەڵكە سەرەتا دەچێتە نێو جیهان (بوون) و پاشان لەڕێگای كردارەكانی (داهێنانەكانی) خۆی ماهیەتی خۆی بونیاد دەنێتەوە؛ لەو بیرۆكەیەدا مرۆڤ بە ئازادی مەحكومە و بەرانبەر هەموو هەڵبژاردنەكانی خۆی بەرپرسیارە… لێرەدا پرسی ئایا ماهیەت جێگیرە، جەختكردنەوەیە لە چەسپاندنی عەقڵ؟! بۆیە لە پرسیارەکە زیاتر ناڕۆین، ئەگەر ڕەفتاری ئەو بەناو عاقڵانە لەبەرچاو بگرین، کە شەڕ و ململانێ هەڵدەگیرسێنن و برسێتی و پەتای کوشندە لە دەستی ئەواندا گەشە دەکەن، ڕەنگە سەرلێشێواویمان بەرانبەر بەو پرسیارە (سارتەری-لانگی)یە زیاتر نەبێت و پێداگری لە عەقڵ چییە؟ شێتی چییە؟ زیاتر نەكەین و كەمەكێك لەو پرسە دوور كەوینەوە، لەوێوە هەوڵدەدەم تەواوی خوێندنەوەكەم لەبارەی (دابەشبوونی خود) و (زمانی بوونگەرایی) بۆ ترسی مانا و قەیرانی مانا و چەمكی جێگیرنەبوون درێژ بكەمەوە، هەتا بتوانم بۆ جارێكی دیكە (خود، مانا، ئارەزوو) لە (بوون بە) دابڕێژمەوە.
كەواتە خودی ڕاستەقینە (خودی جێگیر) پاراستنی بوون دەگەیەنێت و خودی ساختە (خودی گۆڕاو) بەردەوامی بوون و (ناجێگیربوونی خود) نمایان دەكات؛ بەمجۆرە هەردووکیان بە دوو شێوەی جیاواز، نائاسایی (بوون)یان هەڵگرتووە، بە مانایەكی ڕوونتر مرۆڤ بە هەردوو ڕووی (عاقڵ و شێتی) گوزارشت لە بوون دەكات: ڕووی یەكەمیان بە داخستنی (بوون) و ئەویدیكەیان بە كرانەوەی (بوون)، یەكەمیان بە داخستنی (مانای چەسپاو) و ئەویدیكەیان بە كرانەوەی (خەیاڵی زمان) بەو مانایەش تێكچوونی یەكگرتوویی خودی ڕاستەقینە بۆ خودی ساختە، یان (بوونی یەكگرتوو) لە زماندا دەتوانێت دۆخی گۆڕاوی ژیان (سەیرورە- بوون بە) نیشان بداتەوە.
لە كۆتاییدا (خودی دابەشبوو) دەتوانێت وەك دەقێكی سەرەكی لە تێگەیشتن لە (عاقڵ و شێتی) بوونی یەكگرتوو لەڕێگای قەیرانەوە بخوێنێتەوە، بەو مانایەش مرۆڤ شتێكی دیاریكراو نییە، عاقڵە و شێتە، بەردەوام لەنێوان جێگیربوون و پێویستی گۆڕاندا دەژی! بەڵام كاتێك ئەم دوو شێوە (نائاساییەی بوون) بەیەكەوە وەك بوونێكی یەكگرتوو هەڵناكەن، قەیران دروست دەبێت.
كەواتە (خود، مانا، ئارەزوو) نە شتێكی سەقامگیرە و نە گۆڕاو، بەڵكە (ئەزموونی ژیان) مەیدانی شپڕزە و ئاڵۆزی نێوان ئەم دووانەی لەخۆ گرتووە؛ هەمیشە (ئەزموونی ژیان) دەیەوێت خۆی وەك شتێكی سەقامگیر پیشان بدات، بۆ ئەوەی لە (ئازادیی ترسناك) هەڵگەڕێتەوە؛ چونكە مرۆڤ خاوەنی تەواوی خۆی نییە، بەڵكە ئەنجامی گوتار و دەسەڵاتە و هەمیشە خۆی لە ناو تۆڕێكی واتای زمانیی و دەسەڵاتدا دەبینێتەوە؛ دەرئەنجامی (تۆ خۆت) دروست ناكەیت، بەڵكە زمان دروستت دەكات، ڕاستەوخۆ ڕەخنەیە لە بیرۆكەكانی سارتەر و لانگ؛ بەڵام بوونگەراكان باوەڕیان بە خود لەق نابێ، وەك چۆن لانگ باوەڕی بە خودی دابەشبوو هەیە و ئەو دابەشبوونە وەك شكستی نێو جیهانێكی نالۆژیکی دەبینێ، نەك وەك بەرهەمی گوتار و شكستی سیستەمی واتاسازی…
هەڵبەتە قەیرانەكانی خود، مانا، ئارەزوو، وەك لانگ و بوونگەراكان تێیگەیشتوون، قەیرانی بەرپرسیاری ئازادی نییە… بەڵكە قەیرانی نەبوونی بنەمایە؛ چونكە مرۆڤ نەك هەر نازانێت چییە، بەڵكە نازانێت ئایا دەتوانێت هەرگیز بزانێت یان نا… بەو مانایەش مرۆڤ بوونێكی ئازاد و خۆدروستكار نییە، بەڵكە مرۆڤ لە قەیرانێكی قووڵتردا دەژی، ئەویش قەیرانی زمان و قەیرانی مرۆڤایەتییە، چونكە ناتوانێت بە تەواوی خاوەنی مانا بێت؛ مرۆڤ بوونەوەرێكی ناتەواوە!
بەمجۆرە دابەشبوونی (خود، مانا، ئارەزوو) تەنها قەیرانی ئەزموونی ژیان نییە، تەنها قەیرانی زمان نییە، بەڵكە ئەنجامی جیهانێكە كە مرۆڤ تێیدا شكاوە و گومان لە خودی خۆی و لە ئازادیش دەكات… پرسیارەكە ئەوە نییە، مرۆڤ كێیە، زمان چییە؟ پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا (مرۆڤ- زمان) هێشتا دەتوانێت هەبێت؟! هەرگیز ئەو پرسیارە، پرسی دۆخی زمانی داهێنەرانەی لەخۆ نەگرتووە، تەنها دۆخێكی گۆڕاو نییە، بەڵكە دۆخی سەرەكیی مرۆڤی ونبووە…
هەڵبەتە (ڕۆناڵد داڤید لانگ) وەك یەكێك لە پێشەنگەكانی ڕەوتی دژە- دەروونپزیشكی، هەوڵیداوە سنوورە باوەكانی نێوان ئاسایی و نائاسایی لە سنورەكانی قەیرانی خود و قەیرانی بوون، قەیرانی زمان و قەیرانی ئازادی، نزیك بكاتەوە؛ هەر كاتێك ئەم سنورانە ناسەقامگیر دەبن، مرۆڤ دەچێتە دۆخێكی نێوانی، كە تێیدا: هەم دەتوانێت مانای نوێ بدۆزێتەوە و هەم دەتوانێت بە تەواوی لە ناو بێماناییدا ون بێت، هەم دەتوانێت عەقڵ بێت و هەم شێت.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 4/4/2026




خوێندنەوەیەک بۆکتێبی – سینۆهە بەرگی یەکەم.. کارزان عەزیز


ئاوێنەی نیل لە شەقامەکانی کوردستاندا.

ڕوونکردنەوەی ناونیشان

مەبەست لە “ئاوێنەی نیل” ئەوەیە کە ڕۆمانی سینۆهە، کە لە کەنارەکانی ڕووباری نیلەوە سەرچاوەی گرتووە، وەک ئاوێنەیەک وایە. کاتێک سەیری ڕووداوەکانی ٣٠٠٠ ساڵ پێش ئێستای میسر دەکەین، لە ڕاستیدا سەیری ڕوخساری مرۆڤایەتی دەکەین لە هەموو سەردەمەکاندا. ئاوێنەکە پێمان دەڵێت کە سروشتی مرۆڤ (تینوێتی بۆ دەسەڵات، ترس لە گۆڕانکاری، و ململانێی ئایدیۆلۆژی) نەگۆڕە.
لە ڕووی سیاسییەوە: وەک چۆن لە میسردا ململانێی “پەرستگای ئامۆن” و “شۆڕشی ئەتۆن” هەبوو، لە شەقامەکانی ئێمەشدا ململانێی نێوان سیستەمی کلاسیک و بیرۆکەی نوێخوازی بەردەوامە.
لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە: ئەو جیاوازییە چینایەتییەی سینۆهە لە میسر دەیبینی، ئێستا لە گەڕەکەکان و بازاڕەکانی کوردستاندا بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت.

ئاوێنەی نیل لە شەقامەکانی کوردستاندا.
بەرگی یەکەمی ڕۆمانی سینۆهە، کە لەلایەن مایکڵ واڵتاری نووسراوە، تەنها گێڕانەوەی ژیانی پزیشکێک نییە، بەڵکو گەشتێکی قووڵە بۆ ناو ناخی مرۆڤ و هەڵکشان و دابەزینی شارستانییەتەکان. ئەم بەرگە بناغەی هەموو ئەو ڕووداوانە دادەڕێژێت کە دواتر سینۆهە و میسر دەگۆڕن.

لێرەدا خوێندنەوەیەکی گشتی بۆ ناوەرۆک و ڕەهەندەکانی بەرگی یەکەم دەخەینە ڕوو:
1. سەرەتا و نامۆیی (منداڵە ناو سەبەتەکە)
چیرۆکەکە بە دۆزینەوەی سینۆهە لە ناو سەبەتەیەکدا لەسەر ڕووباری نیل دەست پێدەکات. ئەم سەرەتایە ئاماژەیەکی ڕەمزییە بۆ “نامۆیی”؛ سینۆهە لە بنەڕەتەوە نازانێت کێیە و خەڵکی کوێیە. ئەم نادیارییەی ڕەچەڵەک، وای لێدەکات لە تەواوی ژیانیدا وەک “چاودێرێک” بمێنێتەوە نەک وەک کەسێکی سەر بە چینێکی دیاریکراو.

٢. فێربوون و نادادی کۆمەڵایەتی
سینۆهە لە لای باوکی (سێنمۆت) فێری پزیشکی دەبێت. لەم بەرگەدا، ئێمە جیاوازییە چینایەتییە تۆقێنەرەکانی میسر دەبینین. سینۆهە دەچێتە “ماڵی مردووان” بۆ فێربوونی توێکاری، لەوێ تێدەگات کە تەنانەت لە مردنیشدا مرۆڤەکان یەکسان نین؛ دەوڵەمەندەکان بە باشترین شێوە مۆمیا دەکرێن و هەژارەکان فڕێ دەدرێنە ناو نیل. ئەم ئەزموونانە یەکەمین چەخماخەی گومان و پرسیار لە ویژدانی سینۆهەدا دروست دەکەن.
٣. ئاشنایەتی لەگەڵ دەسەڵات (هۆرێم هێب و ئەخناتۆن)
لەم بەرگەدا سینۆهە لەگەڵ دوو کارەکتەری سەرەکی ئاشنا دەبێت کە دواتر مێژووی میسر دەگۆڕن:
هۆرێم هێب: سەربازێکی تینووی دەسەڵات و ناوبانگ، کە نوێنەرایەتی “هێزی شمشێر” دەکات.
ئەمینۆفیسی چوارەم (ئەخناتۆن): شازادەیەک کە دواتر دەبێتە فیرعەون و دەیەوێت ئایینی یەکتاپەرستی (ئەتۆن) بسەپێنێت، کە نوێنەرایەتی “خەیاڵ و ئایدیۆلۆژیا” دەکات. سینۆهە لە نێوان عەقڵی ساردی هۆرێم هێب و خەونە مەحاڵەکانی ئەخناتۆندا دەمێنێتەوە.
٤. کەوتنی گەورە: تەڵەی “نێفێر نێفێر نێفێر”
یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین بەشەکانی بەرگی یەکەم، پەیوەندی سینۆهەیە لەگەڵ ژنە جوانی فێڵباز “نێفێر نێفێر نێفێر”. ئەم ئافرەتە دەبێتە هۆی ئەوەی سینۆهە هەموو سەروەت و سامانی باوکی و تەنانەت گۆڕی دایک و باوکیشی بفرۆشێت و لە کۆتاییدا هیچی بۆ نەمێنێتەوە.
پەیامی ئەم بەشە: نیشاندانی لاوازیی مرۆڤە لە بەردەم ئارەزووەکانیدا. سینۆهە لێرەدا هەموو شتێک لەدەست دەدات و دەگاتە “سفر”، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە میسر هەڵبێت و گەشتە گەورەکانی بۆ جیهان دەست پێ بکات.
٥. کارەکتەری “کاپتا”: چاوی ڕاستی
کاپتا، کە کۆیلەی سینۆهەیە بەڵام لە ڕاستیدا هاوڕێ و ڕاوێژکاریەتی، یەکێکە لە جوانترین کارەکتەرەکان. ئەو نوێنەرایەتی “عەقڵی پراکتیکی” و “بەرژەوەندی” دەکات. کاپتا هەمیشە سینۆهە لە خەیاڵە فەلسەفییەکانی دەهێنێتە خوارەوە بۆ ناو واقیع.

خاڵە فەلسەفییەکانی بەرگی یەکەم:
مرۆڤ ناگۆڕێت: نووسەر لەم بەرگەوە دەست پێدەکات بە چەسپاندنی ئەو بیرۆکەیەی کە سروشتی مرۆڤ (چاوچنۆکی، خۆشەویستی، جەنگ، دەسەڵاتخوازی) لە هەموو سەردەمەکاندا وەک یەکە.
بێهودەیی ژیان: سینۆهە لەم بەرگەدا دەگاتە ئەو بڕوایەی کە هەوڵدانی مرۆڤ بۆ گۆڕینی جیهان زۆرجار بە شکست کۆتایی دێت، وەک چۆن خەونەکانی ئەخناتۆن دەبنە هۆی وێرانی.
پزیشکی وەک ناردن: سینۆهە دەبینێت کە زانست (پزیشکی) زۆرجار لە خزمەت دەسەڵاتدایە نەک خەڵک، ئەمەش دەبێتە کێشەیەکی ویژدانی گەورە بۆی.




جیاوازی نێوان کەسایەتییەکی سیاسی و چەقۆکێشێکی سیاسی.. شوان عەباس بەدری

دوو قسەی باوی تەنزئاسا لەبارەی هونەری دبلۆماسییەوە هەیە کە یەکەمیان بریتییە لە؛ دیبلۆماسییەت واتە هونەری پاککردنەوەی مۆزێک لە پێستەکەی بەبێ ئەوەی مەیموونەکە بێزار بکەیت.
دووەم قسەش بەم جۆرە راڤەی هونەری دیبلۆماسییەت دەکات؛ هونەری دیبلۆماسی واتە بە شێوازە زمانێک بدوێت بە بەرامبەرەکەت بڵەیت بەنەفرەت بیت ئەی دۆزەخی کە بەرامبەرەکەت بۆ ڕۆیشتنە ناو دۆزەخەوە بکەوێتە هەلەکە سەما.
لەم سەردانەی شا چارڵزی سێیەم پاشای بەریتانیا بۆ ئەمریکا و گفتۆگۆکانی لەگەڵ دۆناڵدترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەتەواوی هونەری دیبلۆماسییەتی پاشای بەریتانیا و لەقاڵبدانی سەرۆکی ئەمریکا و کەمکردنەوە لە پێگەی ئەمریکا وەک زلهێزێک و وەبیرهێنانەوەی ڕاستی و ڕووداوە مێژووییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە هەستی پێکرا بەتایبەتیش لە کاتی وەبیرهێنانەوەی سووتاندنی کۆشکی سپی لەلایەن سوپای بەریتانیا لە ساڵی 1814 و هەروەها لەبارەی قسەکەی ترەمپ کە وتبووی؛ گەر ئەمریکا نەبوایە ئەوا ئەوروپا بە زمانی ئەڵمانی قسەیان دەکرد، پاشای بەریتانیا بە زمانێکی تەنز و لەناودڵی واشنتۆنەوە لەبەردەمی سەرۆکی ئەمریکا و دەیان میوان و ملیۆنها بینەری تەلەفزیۆنی وتی؛ گەر بەریتانیا نەبوایە ئەوا ئەمریکییەکان بە زمانی فەرەنسی قسەیان دەکرد.
ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ جەنگەکانی نێوان ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیا و فەرەنسا لە ساڵەکانی 1812 تاوەکوو 1814 و هێرشەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر کەنەدا لەو ساڵانەدا کە لەدوای شکست پێهێنانی ناپلیۆن و سەرکەوتنی بەریتانییەکان بەسەر فەرەنسییەکاندا لە وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئەمریکا و سووتاندنی پەرلەمانی کەنەدا بە هێزێکی بێشوومارەوە هێرشیان کردە سەر ئەمریکا بەجۆرێک کە جیمس مادیسۆن و لێپرسراوە سەربازی و حکوومییەکانی ئەمریکا ڕایانکرد و لە شارۆچکەیەکی بچووک بە ناوی بروکفیل لە ئەیالەتی ماریلاند خۆیان شاردەوە.
بە کورتی و بە کوردی پاشای بەریتانیا بە زمانێکی دیبلۆماسی تێکەڵ بە تەنزێکی سیاسی بەڵام لە هەمان کاتدا قووڵ غرور و لۆمپەنییەت و چەقۆکێشییە سیاسییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای لەبارەی جیهان و بە تایبەتیش کەنەدا و ئێرانەوە لە پەنجەرەی کۆشکی سپی سەمبولی دەسەڵات و زلهێزی ئەمریکا بەسەر جیهانەوە فڕێدایە دەرەوە و تاوێک بە ئارامی لەبەر چاوی هەموانەوە مۆزەکەی دەستی لەناو کۆشکی سپی پاککردەوە بە بێ ئەوەی مەیموونەکەی بەرامبەری بێزاربکات و تاوێکیش بە زمانی تەنزەوە بە سەرۆکی ئەمریکای ووت ; بە نەفرەت بیت بچۆرە دۆزەخەوەو سەرۆکی ئەمریکاش تەنها بە زەردەخەنەیەکەوە وەڵامی دایەوە و لە دڵەوە کەوتە هەلەکەسەما !
لە کۆتاییشدا شا چارڵزی سێیەم پاشای بەریتانیا لە پەیامێکی شاراوە و ناراستەوخۆدا پێی وتین؛ جیاوازی نێوان کەسایەتییەکی سیاسی بە هزر و خوێندنەوەی قووڵ و دیبلۆماسییەتی ناو کۆشکی پاشایەتی وڵاتەکەی و لێدوانی پۆپۆلیستی و لۆمپەنی و چەقۆکێشی سیاسی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ئیدارەکەی لە کۆشکی سپی نوێنەرایەتی دەکەن چییە و بۆچی جیهان بەرەو ئەم ئاقارە مەترسیدارە تاریکە ڕۆیشتووە!




کوردستان لە چنگی «ئال بارزان» و «ئال تاڵەبانی»دا.. هێمن عەلی

سەدان ساڵە گەلی کورد خەبات دەکات و قوربانی دەدات. لەم پێناوەدا ڕووبارێک خوێن ڕژاوە، شارەکان وێران بوون، و هەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە گیانی خۆیان بەخت کردووە بۆ ئەوەی کورد ببێتە خاوەنی قەوارەیەکی نەتەوەیی، کەرامەتێکی پارێزراو و سیستمێکی حوکمڕانی کە تێیدا هاوڵاتیان هەست بە یەکسانی و ئازادی بکەن. بەڵام کاتێک ئەمڕۆ سەیری واقیعی سیاسی هەرێمی کوردستان دەکەین، دەبینین ئەو ئاراستەیە بە تەواوی لایداوە؛ لەبری بونیادنانی نیشتمانێکی یەکگرتوو و دیموکراسی بۆ هەمووان، خەونەکە وەرچەرخاوە بۆ دابەشکردنی وڵات و دروستکردنی دوو میرنشین بۆ دوو بنەماڵە بە ناوەکانی “ئال بارزان” لە هەولێر و بادینان، و “ئال تاڵەبانی” لە سلێمانی و گەرمیان.

قوربانییەکانی گەل لە خزمەت بەرژەوەندیی دوو خێزاندا
ئەوەی زۆرترین ئازار بە ویژدانی تاکی کورد دەگەیەنێت ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە؛ گەلی کورد خۆی بە کوشت نەدا بۆ ئەوەی دوو خێزان ببنە خاوەنی هەموو شتێک. ئەم میللەتە قوربانی گەورەی دا:

زیاتر لە هەشتا و هەشت هەزار کەس لە پرۆسەکانی ئەنفالدا زیندەبەچاڵ کران.
خەڵکی سڤیل لە هەڵەبجە، شێخ وەسانان، بالیسان و سەدان شوێنی تر کیمیاباران کران و بە گاز خنکێنران.

زیاتر لە چوار هەزار و پێنج سەد گوندی ئەم نیشتمانە خاپوور کران و سووتێنران.

ئەم هەموو کۆمەڵکوژی و وێرانکارییە، ئەم خەباتی پێشمەرگە و فرمێسکی دایکی شەهیدانە، بۆ ئەوە نەبوو کە لە کۆتاییدا نیشتمان لەت بکرێت و سیستەمێکی پشتاوپشت دروست بێت، کە تێیدا سەرجەم پۆستە باڵاکانی وڵات، جومگە ئابوورییەکان و دەزگا ئەمنییەکان، تەنها لە نێوان کوڕان و برازاکانی ئەم دوو بنەماڵەیەدا دابەش بکرێت. گەل بۆ ئازادی و ڕزگاری لە ستەم جەنگا، بەڵام بەرهەمەکەی بوو بە قۆرخکاریی دەسەڵات لەلایەن کەمینەیەکی خێزانییەوە.

مۆدێلی کەنداو لە چیاکانی کوردستان: دوو میرنشین لە یەک نیشتماندا
هەنگاوەکانی سەرکردایەتی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، بە ڕوونی ئاماژەن بۆ ویستی کۆپیکردنی مۆدێلی وڵاتانی کەنداو (وەک ئال سەعوود یان ئال ناهیان)، بەڵام بە شێوازێکی دوو ئیدارەیی. ئەم مۆدێلە لەسەر دوو پایەی سەرەکی وەستاوە:

دەستبەسەرداگرتنی ئابووری: نەوتی کوردستان، خاڵە سنوورییەکانی وەک ئیبراهیم خەلیل و باشماخ، و داهاتی ناوخۆی هەردوو زۆنەکە، لەبری ئەوەی ببنە ژێرخانێک بۆ ئاوەدانیی وڵات و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران، کرانە سەرچاوەی دارایيی بۆ بەهێزکردنی بنکەی خێزانەکان و کڕینی دڵسۆزیی خەڵک. لەم سیستمەدا، هاوڵاتی لە خاوەن مافەوە کراوەتە “ڕەعیەت” و “مووچەخۆر”ێک کە چارەنووسی بەستراوەتەوە بە ڕەزامەندیی ئاغاکانی زەرد و سەوزەوە.

هێزی چەکداریی تایبەت: هاوشێوەی میرنشینەکان کە سوپا بۆ پاراستنی تەختی پاشایە، لە کوردستاندا ڕێگریی تەواو کراوە لە دروستبوونی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو. دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ یەکەکانی ٧٠ و ٨٠، و دەزگاکانی ئاسایش و دژەتیرۆر، سەلمێنەری ئەوەن کە ئەم هێزانە ڕاستەوخۆ بە فەرمانی کوڕەکانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەجووڵێن، نەک بە فەرمانی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت.

لەکارخستنی دامەزراوەکان بۆ مانەوەی “سوڵتانەکان”.

بۆ ئەوەی خەونی “ئال بارزان” و “ئال تاڵەبانی” ببێتە واقیع و جێگیر بێت، هەردوو بنەماڵە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە کۆتایی بە هەر جۆرە دامەزراوەیەک بهێنرێت کە لێپرسینەوە دەکات. پەرلەمانی کوردستان زۆرجار پەکخرا یان بێبەها کرا کاتێک لە بەرژەوەندی بنەماڵەکاندا نەبوو، دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیی خۆی لەدەستدا، و مێدیا کرایە ئامرازێک تەنها بۆ ململانێی حزبی و ستایشی نەوەکانی هەردوو بنەماڵە. کاتێک دامەزراوە نیشتمانییەکان دەمرن، تەنها یەک شت دەمێنێتەوە کە بڕیار لە چارەنووسی ملیۆنان کەس بدات، ئەویش ڕێککەوتنی نێوان “دیوەخانی بنەماڵەکانە”.

ئایا ئەمە ئەو کوردستانەیە کە بۆی جەنگرا؟

لە مێژووی هیچ نەتەوەیەکدا ئەوەندە نادادپەروەری نییە کە خوێنی سەدان هەزار شەهید و ئەنفالکراو، وە خاپووربوونی هەزاران گوند، بکرێتە قوربانی بۆ ئەوەی ناونیشانی خێزانی وەک “ئال بارزان” و “ئال تاڵەبانی” لەسەر نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگەی خۆیان بکەنەوە. خەونی کورد دەوڵەتێکی مۆدێرن، دیموکراسی و یەکگرتوو بوو کە تێیدا کوڕی هەژارێک و کوڕی سەرکردەیەک هەمان مافیان هەبێت. ڕەنگە لە ئێستادا بە هێزی پارە، چەک و پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان ئەم دوو میرنشینە دی فاکتۆیە خۆیان سەپاندبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە ئەو ئامانجە نییە کە کورد سەدەیەک بۆی جەنگاوە، و هەرگیزیش ناتوانن شەرعییەتی ڕاستەقینە لە دڵی گەلێکی ماندوو لە ستەم و دابەشبووندا بەدەست بهێنن.




پرۆژەیەکی نوێی گەلەری ئارام بە بەشداری د. ئازاد حەمە

١-ئەدەب بە فەلسەفە دەوێرێت؟
٢- ئەدەب قەرزاری فەلسەفە نییە؟




دەنگێک دەوەستێت: فارووق ڕەفیق و ناڕەحەتیی بیرکردنەوە.. ئەیوب ئەحمەد قادر

هەندێک تاک شوێنەوار بەجێدەهێڵن، هەندێکی تر پرسیار. فارووق ڕەفیق لەو کەسانە بوو کە هەردووکیان بەجێهێشت. مردنی ناگەهانی لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦ لە هەولێر بەهۆی جەلتەی دڵەوە کە کۆتایی بە ژیانی هێنا،بەڵام بیرکردنەوەیەکی بێکۆتایی جێهێشت. بۆ کۆمەڵگەی کوردی کە لەم قۆناغەدا پێویستی بە دەنگی ڕەخنەگر و هۆشیار هەیە، ئەم لەدەستدانە تەنها کۆتایی ژیانێک نییە، بەڵکو بێدەنگبوونی ویژدانی ڕووناکبیرییە.

لە ساڵی ١٩٥٩دا لە سلێمانی لەدایک بوو. ڕێگای ژیانی زوو سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاند و لە کەنەدا خوێندنی فەلسەفەی تەواو کرد و پلەی دکتۆرای بەدەست هێنا. بەڵام وەک زانایەکی دوورەپەری نەماوەوە گەڕایەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، نەک بۆ خۆپاراستن و ژیانی تایبەتی، بەڵکو بۆ بەشدارییەکی چالاک لە گفتوگۆ، بیرکردنەوە و ژیاندا

ڕەفیق فەلسەفەی لە سنووری هەڕەمی زانکۆدا زیندانی نەکرد،بەڵکو هەوڵێک بوون بۆ دەرکردنی فەلسەفە لە چوارچێوەیەکی تەنک و هێنانی بۆ ناو ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان. کتێبەکانی وەک فەلسەفە و ژیان و هونەری فەلسەفە، و وەستانێک لە گەشتێکی فەلسەفی و “ئاشتیکردنەوەی عەقل و خۆشەویستی” لە دیدی ئەوەوە، فەلسەفە سیستەمێکی داخراو نەبوو، بەڵکو پرۆسەیەکی کراوە بوو ئامرازێک بۆ ئاراستەکردنی پرسیار لەسەر جیهان و خۆمان.

کاریگەریی ڕەفیق تەنها لە ناو نووسینەکانیدا نەبوو. وەک سەرنووسەری گۆڤاری (ئاوەز) و هاوبەشدار لە دامەزراندنی (ڕەهەند) فەزایەکی تایبەتی بۆ گفتوگۆی بیرەکان درووست کرد، کە تێیدا بیروڕاکان تەنها نەدەگوتران، بەڵکو دەچوونە ناو کردار و دەخرانە ژێر ڕەخنەی ڕەسەن. ئەم فەزایانە لە ناوچەیەکدا کە زۆرجار پڕە لە ئاڵۆزیی سیاسی، بوون بە نموونەیەکی کەم‌وێنەی گفتوگۆ و نوێگەری.

ڕەفیق باوەڕێکی قووڵی بە ناڕەحەتیی بیرکردنەوە هەبوو. بۆی وابوو فەلسەفە نابێت ئارامبەخش بێت، بەڵکو پێویستە هەژان و تێکچوون دروست بکات. وتە ناسراوەکەی، مردن دژایەتی ژیان نییە، بەڵکو کاتێکی دۆزینەوەیە ، تەنها بە ڕێگەی مردنەوە دەتوانرێت ژیان بە باشی تێبگەین. ئێستا وەک دەنگدانەوەیەکی بەهێز وایە کە بانگەوازمان دەکات بۆ وەستان و دووبارە بیرکردنەوە. لە مردنی خۆیدا، ئەم وتەیە واتایەکی قووڵتر و تاڵتر وەردەگرێت.

بێگومان،هەمیشە هاورا نەبوو. ڕەخنەکانی لەسەر دۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان زۆرجار توند و ناڕەحەتکەر بوون. بەڵام هەر ئەم تایبەتمەندییەش گرنگییەکەی دیاری دەکات،ئەو بەدوای ڕەزامەندی نەبوو بەڵکو بەدوای ڕاستی بوو. و ڕاستی زۆرجار لە کۆنسێنسدا نەدەدۆزرێتەوە، بەڵکو لە ناڕەزایەتییەکاندا.

لەگەڵ کۆچی دوایی فارووق ڕەفیق، کوردستان تەنها بیرمەندێک لەدەست نادات، بەڵکو هەڵوێستێک،ڕەتکردنەوەی وەڵامە سادەکان و بانگەوازی بەردەوام بۆ پرسیارکردن. مردنی ئەو پرسیارێکی کراوە جێدەهێڵێت: کێ دەتوانێت درێژە بەو ڕێگایە بدات کە ئەو دەستی پێکرد؟

لە کۆتاییدا، میراتی ڕەفیق تەنها لە کتێب و نووسینەکاندا کورت نابێتەوە. ئەو میراتە لە ناڕەحەتییەکەدا دەژی کە لە دوای خۆی جێی هێشتووە: لە هەر گومانێک، لە هەر پرسیارێک، و لە هەر هەوڵێک بۆ بینینی جیهان بە شێوەیەکی نوێ. مرۆڤ دەمرێت، بەڵام بیر نامرێت؛ و تا کاتێک بیر دەکرێتەوە، بەشێک لە فارووق ڕەفیق هەمیشە ئامادە دەبێت.
رووحی شادبێت ،خودا سەبری بدات بە کەسوکاری دکتۆر فارۆق ڕەفیق

ایوب احمد قادر/ئەڵمانیا




ڕۆمانی دیوێکی دیکەی حیکایەتە نەنووسراوەکان-ی یوسف عزەدین لەلایەن مختار شکری پور کرایە فارسی

لەلایەن نوسەر و وەرگێڕی ناسراو، ڕێزدار مختار شکری پور، ڕۆمانی دیوێکی دیکەی حیکایەتە نەنووسراوەکان-ی یوسف عزەدین کرایە فارسی کراوەتە فارسی و لەلایەن نەشری ثالث-ەوە، چاپ و بڵاوکرایەوە.

https://salesspublication.com/%D8%B1%D9%88%DB%8C-%D8%AF%DB%8C%DA%AF%D8%B1-%D8%AD%DA%A9%D8%A7%DB%8C%D8%AA-%D9%87%D8%A7%DB%8C-%D9%86%D8%A7%D9%86%D9%88%D8%B4%D8%AA%D9%87?search=%D8%B1%D9%88%DB%8C%20%D8%AF%DB%8C%DA%AF%D8%B1




تەحزیر ڕەسمی.. شیعر\ نەوزاد بەندی

با دوا شت کە لە یادی ئەکەی ،
من بم ..
دوای من،
هیچی ترت بۆ لە یادکردن، نەمێنێ..
با دوا کەس کە تیرۆری ئەکەی،
من بم ..
دوای من هیچ کەسێ نەتدوێنێ …
من با دوا دەنکە فستق بم ،
کە توێکڵەکانی جیا دەکەیتەوە ..
فڕێی ئەدەی ..
با دوا کەس کە بلۆکی ئەکەی،
من بم ..
واڵەکەت وەک دەشتی کەنعان،چۆڵ بێ ..
دوای من، خاڵیی و تەنیا بی وەک مانگ
با من دوا پرژە عەتر بم ،
کە ئیتر ئەبێ شوشەکە
بشکێنی ..
وەک دوا دڵۆپە فرمێسکی
سەر برژانگ ..
نامەوێ دوای من ،
کەسێ زەنگت بۆ لێدا ..
نوکتەیەکت بۆ بکا و
بتهێنێتە پێکەنین ..
لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی عەشقا،
دەنگت پێ بدا و ..
داوەتی پیاسەیەکت بۆ بکا و
لە پێچێکدا،
شانت بەر شانی بکەوێ ..
نامەوێ ..نا ..نامەوێ،
لە دوای من،
شاعیرێ دار و تەختەی
شیعرێکت بۆ ببەستێ و
لە ئەسکەلەیەکەوە،
تەماشات کا و
دنیایەک وێنەت بگرێ..
بیەوێ لە فرسەتێکا،
پێت بڵێ دڵم پێم
ئەڵێ خۆشم ئەوێ ..
نا .. نامەوێ ..
دوای من کەسێکی تر
لە زیندانە نهێنییەکانتا،
بەر هیچ عەفواتێ نەکەوێ ..
ڕازی نەبێ لێت جیا بێتەوە،
بە ئان و زەمان ..
نا .. نامەوێ ..
دوای من، کەسێک
خەوی نیوەڕۆیەکت بزڕێنێ و
وەک قازیقە بتخاتە سەر شانی و
بتبا بۆ ناو درەختە نەمامەکانی پارکێ ..
لە دۆندرمە خانەیەک ،
دوو پسکیتی ڕەنگ و ڕەنگ بکڕێ ..
لە کەبابخانەیەک بڵێ،
چوار شیشی موشەکەل مەحشی ..
نامەوێ . نا دوای من،
هیچ جەردەیەکی ترت لێ هەڵکەوێ ..
ئەمەوێ هەر من،
تیشکی چاوەکانت تاڵان کەم ..
هەر من هەنگاوەکانت بۆ خۆم پاوانکەم ..
نامەوێ دوای من ،
هیچ جەردەیەکی تر،
نەیەڵێ نیوەڕۆ بنووی ..
بە دیارتەوە دانیشێ ،
تۆ باوێشک بەیت و
ئەویش مەوزوعێکی دوور و درێژ بکاتەوە ..
ئەو خەو بیباتەوە و
تۆیش نیوسەعات تەلەفۆن بکەی ..
ئێواره زۆر خێرا بێتە شارەوە و
مانگ پێش وەخت ،
کۆدەتا بکا بەسەر عەسرا ..
کزەبایەک دەستت بتەزێنێ و ..
نامەوێ بێجگە لە خۆم هیچ جەردەیەک،
وەک کۆترە باریکەیەکی بەر شەختە،
دەستێکت بفڕێنێ و
بیخاتە گیرفانێکی ..
بێجگە لە خۆم ، نامەوێ هیچ جەردەیەک،
بێ بەرنامە ،
تۆ بکا بە هاوڕێی سەیرانێکی
بە سەربازی جەنگێکی ..
بە فڵچەی ڕەنگێکی ..
بە هاوبەشی پێکەنین و گریانێکی ..




ماڵئاوایی لە سێبەرەکان.. شیعری شەهلا نوری

لە نێوان دوو جەمسەری دژواردا،
سەما لەگەڵ باهۆزی بوون دەکەم،
لە نێو خەیاڵێکدا کە تێیدا سێبەرەکان دەلاوێنمەوە،
و لە ڕاستییەک کە لێی دەترسم
دەترسم ڕاستی، ئەو بتە بشکێنێت کە پەرستوومە،
دەترسم “تۆ”یەک ببینم…
کە لە “تۆ”ی ناو خەیاڵم نەچێت
بەڵام ئیتر ئامادەم،
ئامادەم پەنجەرەی خەیاڵ دابخەم و
باوەش بۆ تەوژمی ساردی ڕاستی بگرمەوە
با تاڵیی ڕاستی لە شیرینیی خەیاڵ پیرۆزتر بێت،
من نامەوێت لە ناو تەمومژدا ون ببم،
با لە ناو جەوهەری ڕاستیدا هەبم
دەی خەیاڵ… کڕنۆشی ماڵئاوایی!
ئەی ڕاستییە تاڵەکە…
سڵاو!

شیعری شەهلا نوری




زنجیرە کۆری (فەلسەفییانە بیرکردنەوە) لە درەومیدیا بە بەشداری د. ئازاد حەمە

زنجیرە کۆری (فەلسەفییانە بیرکردنەوە) لە درەومیدیا/ وانەی یەکەم بریتیە لە : ویست بۆ فەلسەفە:

https://web.facebook.com/reel/4309702439272528

وانەی دوەمی زنجیرە کۆڕی ( فەلسەفییان بیرکردنەوەیە) کە بەم ناوەوەیە وانەی دووەم: شکۆی بیرکردنەوە:

https://www.facebook.com/share/v/18T2i9dAYV/?mibextid=wwXIfr




فاشیزمی دیجیتاڵی، هاوپەیمانی مۆنۆپۆلی سەرمایە لەگەڵ ڕاستڕەوی توندڕەو.. ڕزگار ئاکرێی

خوێندنەوەیەکی چەپ بۆ مانیفێستی Palantir Technologies پالانتیر

ئەو مانیفێستەی” پالانتیر” بڵاوی کردووەتەوە نە بەڵگەنامەیەکی تەکنیکی و نە دیدێکی ئابوورییە. بەڵگەنامەیەکی سیاسی ئاشکرایە کە قۆناغێکی نوێ لە ڕێڕەوی سەرمایەداری دیجیتاڵی ڕادەگەیەنێت، قۆناغێک کە تێیدا وازی لە بانگەشەی بێلایەنی هێناوە و بڕیاری داوە خۆی ئاشکرا بکات و ڕوخساری تەواوی ئایدیۆلۆژیای خۆی ئاشکرا بکات. ”پالانتیر” حاڵەتێکی جیا نییە لە دیمەنی تەکنەلۆژیای جیهانی.
یەکێکە لە چەندین کۆمپانیای گەورەی تەکنەلۆژیا کە تەکنەلۆژیاکانیان بە سیستەمەکانی سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەفرۆشن و لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤەوە سەرکۆنەی کراوە بەهۆی ڕۆڵی لە دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ و چاودێری بەکۆمەڵ و چەوساندنەوەی بەرهەڵستکاران.
لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە ڕاپۆرتە بەڵگەنامەکان هاوبەشییەکی ڕاستەوخۆی نێوان ئەم کۆمپانیایە دەردەخەن لەگەڵ کۆمپانیاکانی تری تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوایی وەک گووگڵ و ئەمازۆن و مایکرۆسۆفت و سوپای ئیسرائیل کە داتا و سیستەمی ئامانج دابین دەکەن کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەکارهاتوون. لەم ڕووەشەوە، لە ناوەڕۆکدا جیاوازی نییە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی تری سەرمایەداری دیجیتاڵی کە هەمان شت بە شێوەی جیاواز و پلەی جیاوازی کراوەیی ئەنجام دەدەن.
ئەمە ڕاگەیاندنێکی چینایەتییە بۆ پرۆژەیەک بۆ هاوپەیمانییەکی فاشیستی دیجیتاڵی کە تەنها پشت بە توندوتیژی تەقلیدی نابەستێت، بەڵکو پشت بە چاودێری و سەرکوتکردنی دیجیتاڵی و شیکردنەوەی داتا و زیرەکی دەستکرد و دەستکاریکردنی ڕای گشتی و سەرکوتکردنی ناڕەزایی لە رێگەی شێوازێکی هەستپێنەکراو بەڵام کاریگەری قووڵەوە دەبەستێت. هاوپەیمانێتییەک کە تاوانەکانی لە بازنەی نوخبەدا و ئۆفیسی کۆمپانیاکان نامێننەوە، بەڵکو گۆڕەپانەکانی جەنگ و جەستەی خەڵکی مەدەنی دەگرێتەوە، کە ئەمڕۆ بە ڕوونترین شێوە لە ترەمپیزم و هاوپەیمانێتییەکانیدا و تاوانەکانی و جەنگە شەڕانگێزەکانی بەرجەستە کراوە.

لە دۆڵی سیلیکۆنەوە بۆ کۆشکی سپی: هاوپەیمانی ئۆرگانیک
بۆ تێگەیشتن لە مانیفێستی پالانتیر لە دەرەوەی چوارچێوەی دابڕاوەکەی، دەبێت وێنەی ئەو هاوپەیمانییە بهێنینەوە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لەنێوان بەشێک لە نوخبەی تەکنەلۆژیا و پڕۆژەی ڕاستڕەوی ناسیونالیستی توندڕەو دروست بووە. پیتەر ثیل، دامەزرێنەری پالانتیر و گرنگترین سەرمایەداری پیشەی سیاسی ترەمپ، تەنها بازرگانێک نییە کە پشتگیری کاندیدێکی سیاسی بکات.
ئەو ئەو عەقڵە ئایدیۆلۆژیەیە کە لۆژیکی سیاسی خۆی بۆ ئەم پڕۆژەیە دابین دەکات، ئەو کەسەی کە دیموکراسی لیبرال نوێنەرایەتی هەیە وەک بەربەستێک بۆ پڕۆژەی نوخبەی تەکنۆکرات دەبینێت، و بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە سەرمایەداری و دیموکراسی لیبرال تەقلیدی ناگونجێن. ئەم هاوپەیمانێتییە ڕێکەوت نییە، و هیچ یەکتربڕێک نییە. ئەمە لێکنزیکبوونەوەیەکی بابەتییە لە نێوان دوو پڕۆژە کە یەک ئامانجیان هاوبەشە: چڕکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی ئۆلیگارشی دارایی و سیاسی کە بڕوای وایە “مافێکی سروشتی” هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکانی خۆی و ئەوانی تر.
ئەم هاوپەیمانێتییە ئەمڕۆ دەربڕینی دامەزراوەیی خۆی لە بزووتنەوەی خێراکردنی تەکنەلۆژیا دەبینێتەوە کە ئیلۆن مەسک، جێف بیزۆس، مارک زوکەربێرگ و ئەوانی تر لەخۆ دەگرێت، کە بە شێوەیەکی هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی دووەمی ترەمپ دەستیان کردووە بە جوڵە. ئەوەی یەکیان دەخات ڕێکخستنی تەواوی ئایدۆلۆژیا نییە. ئەوەی یەکیان دەخات پێگەی چینایەتی و بەرژەوەندی هاوبەشە: نەهێشتنی هەر کۆتوبەندێکی یاسایی یان دیموکراسی کە توانایان بۆ کەڵەکەبوون، زاڵبوون و فراوانکردنی کۆنتڕۆڵ سنووردار بکات.

مانیفێستی 22 خاڵی: خوێندنەوەی ناوەڕۆکی پۆلەکەی
”پالانتیر” پوختەیەکی کتێبی “کۆماری تەکنەلۆژیا” ی بەڕێوەبەری جێبەجێکارەکەی بڵاوکردەوە کە لە نێو بەشداری فراوانی جیهان و توڕەیی سیاسی زیادبوو. بەڵام تووڕەیی نابێت تەنها بە کاردانەوەی سۆزداری ڕازی بێت، چونکە مانیفێستەکە لە ناوەرۆکی خۆیدا نەخشەڕێگایەکی چینایەتییە کە شایەنی خوێندنەوەیەکی چەپی ورد و قووڵترە لە تووڕەیی.
مانیفێستەکە 22 خاڵ لەخۆ دەگرێت کە بە وردی تەلارسازی بە ئەنقەست دروستکراون، نەک بە هەڕەمەکی. هەندێک خاڵ لە ڕواڵەتدا میانڕەو و مرۆڤانە دەردەکەون، وەک داواکردن بۆ لێبوردەیی بەرامبەر سیاسەتمەداران لە ژیانی تایبەتییاندا، یان دژی دڵخۆشی بە شکستی ڕکابەر.
ئەم خاڵانە نە بێتاوان و نە ڕێکەوتن. ئەمانە ڕووکەشێکی ژمێردراون بۆ بردنەوەی خوێنەری دوودڵ و بەخشینی وێنەیەکی هاوسەنگ بە مانیفێستەکە پێش ئەوەی ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی دەربخات ئەمە ئەو شتەیە کە توێژینەوەکانی ئایدۆلۆژی پێی دەڵێن پێکهاتەی ڕەزامەندی دروستکراو: بڕێک زمانت پێدەدرێت کە دەنگێکی گونجاو بێت بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات ژەهراوەکە قووت بدەیت. کەواتە ئەوەی لە مانیفێستەکەدا لۆژیکی دەردەکەوێت بەڵگەی هاوسەنگییەکە نییە، بەڵکو بەڵگەی زیادەیە لەسەر فێڵبازیی.
هەموو ئەم خاڵانە وەک پەردەیەک بەکاردەهێنرێن بۆ بەرەوپێشبردنی ئەجێندایەکی ئایدۆلۆژیای گشتگیر کە هەموو ئەم نیگەرانیانە بە پڕۆژەی سەربازیسازی، زاڵبوون و پلەبەندی شارستانییەوە دەبەستێتەوە. بۆیە تیشک دەخەمە سەر ئەو خاڵانەی کە زۆرترین چینایەتی و ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆژیای ڕاستەقینەی ئەم پڕۆژەیە دەردەخەن، لە هەمان کاتدا ئاماژە بە چەمکەکانی تری ناو جەستەی دەقەکە دەکەم.
خاڵی یەکەم جەخت لەوە دەکاتەوە کە “نوخبەی ئەندازیاری دۆڵی سیلیکۆن لە ڕووی ئەخلاقییەوە پابەندن بە بەشداریکردن لە بەرگری لە نەتەوەکە.” ئەم چوارچێوە ئەخلاقییە بێتاوان نییە. کاتێک گرێبەستی سەربازی و ئەمنی وەک “ئەرکێکی ئەخلاقی” پێشکەش دەکرێت، فشاری کۆمەڵایەتی دەبێتە میکانیزمێک بۆ ناچارکردنی ئەندازیاران و پرۆگرامسازان بۆ خزمەتکردنی میکانیزمی جەنگ و سەرکوتکردن، و هەموو دەنگێکی ناڕازی لەناو کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا بە ناوی “نیشتمانپەروەری” بێدەنگ دەکرێت. ئەمە گۆڕینی ویژدانی تاکەکەسە بۆ کاڵایەک لە خزمەتی دەوڵەتی سەربازی و ئەمنی و دامەزراوە سەرکوتکەر و چاودێرییەکانی.
خاڵی دووەم داوای “یاخیبوون لە ستەمی ئەپڵیکەیشنەکان” دەکات، واتە ڕەتکردنەوەی تەکنەلۆژیای بەکاربەر لە بەرژەوەندی سیستەمی ئاسایش و سەربازی قوڵتر. ئەمە ڕەخنەیەک نییە لە سەرمایەداری بەکاربەر وەک دەردەکەوێت. ئەمە بانگەوازێکە بۆ ئاراستەکردنی توانای تەکنەلۆژیا بەرەو ئامێری جەنگ و چاودێری نەک بازاڕی خۆشی.
خاڵی پێنجەم دەڵێت “پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا چەکی AI دروست دەکرێت یان نا. پرسیارەکە ئەوەیە کێ دروستیان دەکات.” ئامانجی ئەم لۆژیکە داخراو بۆ نەهێشتنی هەر مشتومڕێکی ڕەتکردنەوەی تەکنەلۆژیای سەربازی لە ڕەگەکانیەوە. کاتێک هەڵبژاردن وەک “ئێمە یان دوژمن” دادەنرێت، ئەگەری وتنی “نەخێر بۆ چەک” دەسڕێتەوە. ئەمە هەمان لۆژیکە کە لەلایەن ئیدارەکانی جەنگی ساردەوە بەکاردەهێنرێت بۆ بێدەنگکردنی بزووتنەوەی ئاشتی و سنووردارکردنی ڕێکخراوە چەپەکان، و لێرەدا بە بەرگی دیجیتاڵی دەگەڕێتەوە.
خاڵی شەشەم داوا دەکات کە خزمەتی نیشتمانی ئەرکێکی جیهانی بێت و داوای پێداچوونەوە بە سەربازی خۆبەخش بکات لە بەرژەوەندی سەربازی زۆرەملێ. ئەم داواکارییە ڕوخساری فاشیستی کلاسیکی مانیفێستەکە دەردەخات: کاتێک دەوڵەت ئامادەیی خۆبەخشانە بۆ بەشداریکردن لە جەنگەکانی بەرهەم نەهێنێت، پەنا دەباتە بەر زۆرداری دامەزراوەیی و پێی دەڵێت “بەرپرسیارێتی هاوبەش”. لە هەمووی ڕوونتر ئەوەیە کە ئەو کۆمپانیایەی داوا لە گەنجان دەکات ژیانی خۆیان پێشکەش بکەن بۆ بەرگری لە ڕۆژئاوا لە هەمان کاتدا ملیارەها دۆلار لە گرێبەستەکانی جەنگ بەدەست دەهێنێت کە تیایدا ئەو گەنجانە دەمرن. ئەرک بۆ هەمووان، قازانج بۆ کەمێک.
خاڵی حەڤدە جەخت لەوە دەکاتەوە کە “دۆڵی سیلیکۆن دەبێت ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی تاوانی توندوتیژی.” ئەم پێشنیارە لە ڕواڵەتدا پراگماتیک دەردەکەوێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی کۆمپانیاکانی ئاسایشی تایبەتە بۆ تێپەڕاندنی ڕۆڵی دەوڵەت و گۆڕینی بۆ هێزێکی سەربەخۆی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی، کە بە لۆژیکی قازانج کار دەکات نەک لۆژیکی یاسا و دادوەری سەربەخۆ و لێپرسینەوەی دیموکراتی.
خاڵی بیست داوای “بەرگری لە بەرهەڵستی بەربڵاوی باوەڕی ئایینی” دەکات. ئەم خاڵە لە بەرگرییەکی ڕاستەقینە لە ئازادی بیروباوەڕەوە سەرچاوە ناگرێت. ئەمە بڵاوکردنەوەی هەلپەرستانەی گوتاری ئایینییە بۆ بنیاتنانی هاوپەیمانییەکی ئایدیۆلۆژی لەگەڵ تەوژمە کۆنسێرڤاتیڤ و ئاینییەکان کە زۆر ئامادەن بۆ جوڵەکردن لە پشت پرۆژەکانی جەنگ. مێژوو فێرمان دەکات کە هەموو پڕۆژەیەکی فاشیستی پێویستی بە هاوپەیمانی لەگەڵ دامەزراوە ئاینییەکان هەبوو بۆ بەخشینی کارەکتەرێکی پیرۆز بە توندوتیژی، ئەمەش ئەو خاڵەیە کە ئەم خاڵە لە ژێر پەردەی “ئازادی باوەڕ” بەدوای خۆیدا دەگەڕێت.
خاڵی بیست و یەک ئاشکراترین ڕەهەندی ئایدیۆلۆژیای قووڵە، کاتێک ڕایدەگەیەنێت کە “هەندێک کەلتوور پێشکەوتنی گرنگیان بەرهەمهێناوە لە کاتێکدا هەندێکی تر ناچالاک و دواکەوتووانە دەمێننەوە.” ئەم ڕستەیە بیروڕای کەلتووری تێپەڕین نییە. ئەمە بناغەی تیۆری ڕەگەزپەرستی کۆلۆنیالی شارستانییە کە زاڵبوون و داگیرکردن و کوشتنی گەلان لە ژێر پەردەی “بەڕێوەبردنی عەقڵانی شارستانیەت” پاساو دەدات.
ئەم لۆژیکە لە بنەڕەتدا جیاوازی نییە لەگەڵ “باری پیاوی سپی” کە لە سەدەکانی پێشوودا کۆلۆنیالیزمی پاساو دەدا، و ئەمڕۆش بە زمانی ئەلگۆریتمی و داتای گەورە بەرهەم دەهێنرێتەوە. ئەوەی کە مەترسیدارتر دەکات لە پێشینەکەی ئەوەیە کە پێویستی بە هیچ هێزێکی داگیرکەری دیار نییە. داتابەیسێک و ئەلگۆریتمی ئامانج بەسە.

ترەمپیزم وەک سیستەمێک نەک وەک کەسێک
هەڵەی باو ئەوەیە کە ترەمپیزم بۆ کەسایەتی دۆناڵد ترەمپ کەم بکرێتەوە. ترەمپیزم پرۆژەیەکی چینایەتی گشتگیرە کە سەرمایەی دارایی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی شۆڤێنی و دوژمنایەتی بەرامبەر کۆچبەران و کەمایەتییەکان تێکەڵ دەکات. لە ناوەڕۆکدا دەربڕینی قەیرانی سەرمایەدارییە کاتێک چیتر ناتوانێت وەهمی لیبرالی بۆ بینەرەکانی بەرهەم بهێنێت، بۆیە پەنا دەباتە بەر گوتاری ناسیونالیستی شەڕانگێز بۆ ئەوەی سەرنج لە دژایەتییە چینایەتییە ڕاستەقینەکان لابدات. ئەوەی مانیفێستی پالانتیر دەیکات بەستنەوەی سەرمایەی مۆنۆپۆلی دیجیتاڵییە بەم پڕۆژەیە و دابینکردنی ئامرازی تەکنەلۆژیای پێویست بۆ گۆڕینی لە گوتاری سیاسی هەڵبژاردنەوە بۆ سیستەمێکی ڕاستەقینەی کۆنتڕۆڵ.
هاوکاری بەڵگەنامەیی نێوان پالانتیر و دەسەڵاتدارانی کۆچبەران و دەزگا ئەمنییەکان لە بەدواداچوون و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران نموونەیەکی پراکتیکی ئەم هاوپەیمانێتییە. تەکنەلۆژیا لێرە بۆ خزمەتکردنی ئاسایش بە هیچ مانایەکی بێلایەن بەکار ناهێنرێت. بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی سەرکوتکەر و ڕەگەزپەرستی بە کارایی بەرز بەکار دەهێنرێت. ئامرازی دیجیتاڵی سەرکوتکردن خێراتر و وردتر دەکات و کەمتر پێویستی بە پاساوی گشتی هەیە.

دەرەبەگایەتی دیجیتاڵی و قۆناغی فاشیستی

وەک پێشتر لە شیکردنەوەکانم بۆ سەرمایەداری دیجیتاڵی باسی ئەوەم کرد، ئێمە لە قۆناغی پێشکەوتووی دەرەبەگایەتی دیجیتاڵیدا دەژین، کە تیایدا کۆمپانیا گەورەکان ژێرخانی دیجیتاڵی قۆرخ دەکەن و مەرجەکانیان بەسەر بەکارهێنەراندا دەسەپێنن، هەروەک چۆن دەرەبەگەکان سەردەمێک زەوییان قۆرخ دەکرد و جوتیارانیان کۆنتڕۆڵ دەکرد. ئەوەی مانیفێستی پالانتیر دەریدەخات ئەوەیە کە ئەم دەرەبەگایەتی دیجیتاڵییە ئێستا دەچێتە قۆناغی فاشیستی خۆیەوە، ئەو قۆناغەی کە سەرمایە چیتر خۆی بە چەوساندنەوەی ئابووری بێدەنگ ڕازی ناکات بەڵکو بەرەو جوڵە و کۆنتڕۆڵی سیاسی و ئایدۆلۆژیای ئاشکرا دەڕوات بۆ پاراستنی سیستەمەکەی لە هەر هەڕەشەیەک.
لە ژێر سەرمایەداری دیجیتاڵیدا، چیتر تەنها کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری تەقلیدی نین کە قوربانی چەوساندنەوەن. هەموو بەکارهێنەرێک داتای ڕۆژانە بەرهەم دەهێنێت کە دەگۆڕدرێت بۆ ماددەی خاو بۆ بەرهەمهێنانی بەهای زیادە بەبێ قەرەبووکردنەوە.
کۆیلەکانی دیجیتاڵ لە سیستەمێکدا کار دەکەن کە خاوەنیان نییە و لەژێر یاسادان کە هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەقینەیان بەسەردا نییە. ئەوەی مانیفێستەکە بۆ ئەم وێنەیە زیاد دەکات سەربازییە: هەمان ئەو سیستەمە چەوسێنەرانە ئێستا ئاراستەی چوارچێوەی مێشکی مرۆڤ و جەنگ و سەرکوتکردنی ناڕەزایی و بەزۆر دوورخستنەوە و بەڕێوەبردنی سیستەمەکانی کۆنترۆڵی ئەمنی دەکەن.

ئەلگۆریتمەکانی مەرگ
ناکرێت مانیفێستەکە بە جیا بخوێنرێتەوە لەوەی کە لە جەنگە هاوچەرخەکاندا ڕوودەدات. ڕاپۆرتە بەڵگەکراوەکان ئاشکرایان کردووە کە پالانتیر هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ سوپا و دامەزراوە ئەمنییەکان دامەزراندووە بۆ دروستکردنی داتابەیسی ئامانج کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەکاردەهێنرێت. ئەمە ئەگەرێکی تیۆری نییە. ئەمە کردارێکی ڕۆژانەی دۆکیۆمێنتکراوە: ئەلگۆریتمەکان ژیانی مرۆڤ دەگۆڕن بۆ خاڵی داتا و خاڵەکانی داتا بۆ ئامانجی سەربازی.
لە فەلەستین، ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی و لێکۆڵینەوە بەڵگەی بەکارهێنانی سیستەمی زیرەکی دەستکرد بۆ دروستکردنی لیستی ئامانج تۆمار کردووە کە بووە هۆی کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی لە غەززە. لە ڤەنزوێلا، ئێران و وڵاتانی تر کە واشنتن بە “هەڕەشە” پۆلێن دەکات، سیستەمی چاودێری و داتا بەکاردەهێنرێت بۆ پاڵپشتیکردنی میلیتاریزم و دەستدرێژی و جەنگ کە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی بێت.
ئەوەی کۆمپانیاکە پێی دەڵێت “سیستەمی ئامانجی زیرەک” لە پراکتیکدا ئامێرێکە بۆ بەڕێوەبردنی کوشتن بە کاریگەری پیشەسازی. کوشتن چیتر پێویستی بە بڕیارێکی مرۆڤی بەرپرسیارانە نییە. پێویستی بە ئەلگۆریتمێک و داتای پێویست و گڵۆپی سەوز هەیە لە دەزگایەک کە هیچ لێپرسینەوەیەکی دیموکراتی نییە. ئەمە کارپێکردنی مەیدانی ئەو شتەیە کە مانیفێستەکە پێی دەڵێت “توانای بڕیاردان لە کاتی ڕاستەقینە”دا، کە بڕیاری کوشتن دەستبەجێ لە سیستەمە تەکنیکییە داخراوەکاندا دەدرێت.
لە هەمووی گرنگتر لەم چوارچێوەیەدا، بەکارهێنانی ئەم سیستەمانە ناتوانێ لەو گوتارە جیا بکرێتەوە کە پاساو بۆ پۆلێنکردنی تەواوی کۆمەڵگاکان وەک دواکەوتوو یان هەڕەشە دەکات. تاوانەکە بە بۆمبەکە دەست پێناکات. بە پۆلێنکردن دەست پێدەکات. کاتێک هەموو کۆمەڵگاکان وەک هەڕەشە پێناسە دەکرێن، کوشتن و بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی دەبێتە “بەڕێوەبردنی ئاسایش” نەک تاوانێک کە دەبێت ئەنجامدەرانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

وەهمی بێلایەنی تەکنەلۆژیا، چاودێری خود و سەرکوتی دیجیتاڵی وەک ئامرازی کۆنتڕۆڵ
مەترسی ئەو مۆدێلەی کە ”پالانتیر” دروستی دەکات تەنها لە بەکارهێنانی سەربازی ڕاستەوخۆی نییە. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە دەتوانرێت بە “کۆمەڵگای چاودێری” وەسف بکرێت، کاتێک کۆنتڕۆڵ دەبێتە ناوخۆیی نەک دەرەکی. کاتێک تاک دەزانێت لە هەموو ساتێکدا چاودێری دەکرێت و هەست دەکات هەموو کارلێکێکی دیجیتاڵی تۆمار دەکرێت و شیدەکرێتەوە، دەست دەکات بە سەپاندنی چاودێری بەسەر خۆیدا.
ئەوان قسەی خۆیان دەگۆڕن، خۆیان لە بابەتە هەستیارەکان دوور دەخەنەوە، خۆیان لە بیروبۆچوونە ناڕازیە ڕادیکاڵەکان دوور دەخەنەوە. ئەم چاودێری خۆبەخشانە بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتووخواز و ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە ناوەوە سنووردار دەکات و لاواز دەکات، بەبێ ئەوەی پێویست بە دەستگیرکردن یان سنووردارکردنی ڕاستەوخۆ بکات.
بانگەوازی مانیفێستەکە بۆ “تێگەیشتنی قووڵ لە هەڵسوکەوتی مرۆڤ” وەک مەرجێک بۆ ئاسایش لە ڕاستیدا بانگەوازێکە بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی گشتگیر بۆ تێکدانی چالاکی سیاسی بەکۆمەڵ پێش ئەوەی سەرهەڵبدات. پێشبینیکردنی هەڵسوکەوتی ناڕەزایی دەربڕین و هەڵوەشاندنەوەی پێش ئەوەی ببێتە بزووتنەوەیەکی ڕێکخراو ئەو خەونەیە کە دەزگا ئەمنییەکان لەمێژە بەدوایدا دەڕۆن و تەکنەلۆژیای پالانتیر بەرەو بەدیهێنانی نزیک دەبێتەوە.
یەکێک لە دیارترین میکانیزمە ئایدیۆلۆژییەکانی مانیفێستەکە پشتبەستنە بە لۆژیکی بڕیاری داخراو . “بێلایەنی تەکنەلۆژیا نابێت”، “پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا چەکی AI دروست دەکرێت یان نا”، “دیموکراسیەکان ناتوانن تەنها پشت بە وتاری ئەخلاقی ببەستن.” ئامانجی ئەم بۆچوونە گۆڕینی هەڵبژاردنە سیاسیەکانە بۆ ڕاستییەکی سروشتی و نەهێشتنی هەر پرسیارێک لە سروشتی سیستەمی ئێستا لە بواری مشتومڕی ڕەوا. ئەمە هەمان ئەو بۆچوونەیە کە نیولیبراڵەکان بەکاری دەهێنن کاتێک لە ساڵانی 1990 دا ڕایانگەیاند “سەرمایەداری کۆتایی مێژووە”. ئێستا هەمان لۆژیکا لە فۆرمولەی ئاسایشدا دەگەڕێتەوە: هیچ هەڵبژاردنێک نییە جگە لە سەربازیکردنی دیجیتاڵی.
ئەم دیترمینیزمە وەسفێکی بێلایەنی واقیع نییە. تاکتیکە بۆ بەتاڵکردنەوەی سیاسەت لە ناوەرۆکەکەی. کاتێک دڵنیا بوویت کە هیچ جێگرەوەیەک نییە، واز لە گەڕان بەدوای یەکێکیان دەهێنیت. ئەمەش ئامانجی سەرەکی ئەم زمانەیە.

ئەڵتەرناتیڤی چەپ: پرسی خاوەندارێتی و کۆنتڕۆڵی بەکۆمەڵ

مانیفێستەکەی پالانتیر تەنها بەڵگەنامەیەکی کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیا نییە کە هەڵوێستەکانی ڕادەگەیەنێت. ئەمە زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە کە هێزە پێشکەوتووەکان دەبێت بە ڕوونی بیبیستن: شەڕ لەسەر داهاتووی تەکنەلۆژیا چیتر لە پشت پەردەوە خۆی ناشارێتەوە. ئەو هەنگاوی ناوە بۆ کراوە، بەبێ شەرم خۆی ڕادەگەیەنێت. ئەوانەی لە تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییە دوادەکەون، چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو یەکلاکەرەوەترین گۆڕەپانی خەبات لەم سەدەیەدا دوادەخەن.
پرسیاری بنەڕەتی ئەوە نییە کە تەکنەلۆژیا چۆن بەکار دەهێنرێت. ئەوە ئەوەیە کە کێ خاوەنیەتی و ئامانجەکانی دیاری دەکات. تەکنەلۆژیا نابێتە ئامرازی ئازادی تا ئەو کاتەی لە دەستی مۆنۆپۆلی دیجیتاڵی هاوپەیمان لەگەڵ پرۆژەکانی ڕاست و جەنگ و سەرکوتکردندا بمێنێتەوە. هەر گفتوگۆیەکی جددی دەبێت لە پێویستی خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی لە ژێرخانی دیجیتاڵی و لە خستنەژێر ئەلگۆریتمی و زیرەکی دەستکرد دەست پێبکات بۆ چاودێری دیموکراتی ڕاستەقینە کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی جەماوەری کرێکار دەکات نەک نوخبەی قۆرخکار.
ئەمە پێویستی بە هێزە چەپەکان، پێشکەوتووخوازان و مافەکانی مرۆڤ هەیە کە بە جددی لەگەڵ گۆڕەپانی تەکنەلۆژیا وەک بوارێکی گرنگی خەباتی چینایەتی تێکەڵ ببن. بەرهەمهێنانی ڕەخنەی فیکری، هەرچەندە گرنگ بێت، بەس نییە بەبێ بنیاتنانی بەدیلی تەکنەلۆژیای ڕاستەقینە لە ڕێگەی هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە ڕێگەی نێودەوڵەتی دیجیتاڵی: پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتیەکان ئازاد لە قۆرخکاری و سنووردارکردن و سەرکوتکردن. ئامرازەکانی گەڕان کە ڕێز لە تایبەتمەندی هەموو بەکارهێنەران دەگرن. سیستەمەکانی زیرەکی دەستکرد بە شێوەیەکی دیموکراتی و شەفاف بەڕێوە دەبرێن. و ئەپڵیکەیشنی دیجیتاڵی تر. ئەمانە پڕۆژەی ڕابواردنی داهاتوو نین. پێویستییەکی ستراتیژی بەپەلەن بۆ هەر پڕۆژەیەکی جددی ئازادیخوازی.

زیادکردنی پێویست: داماڵینی تەکنەلۆژیا وەک پێشمەرجێک

دروستکردنی بەدیل بەتەنها بەس نییە مەگەر لەگەڵ هەڵمەتێکی ڕێکخراو بۆ داماڵینی ئەم قۆرخکارانە لە چەکی تەکنەلۆژیا. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ”پالانتیر” حاڵەتێکی نائاسایی یان نائاسایی نییە لە دیمەنی تەکنەلۆژیادا. ئەمە ڕوونترین و بوێرانەترین دەربڕینی ئەو شتانەیە کە زۆربەی کۆمپانیاکانی تر بە بێدەنگییەکی گەورەتر و وتارێکی نەرمتر پەیڕەوی دەکەن. ئەوەی وای لێدەکات سەرنج بخاتە خاڵی سەرنج لەم شیکردنەوەیەدا ئەوەیە کە ئەو شتانەی ئاشکرا کرد کە کەسانی تر ڕاهاتوون بیشارنەوە، نەک ئەوەی کە لە ناوەڕۆکدا جیاوازی لەوان هەیە. سیستەمەکە یەکێکە. تاکە جیاوازی پلەی ڕاشکاوییە.
هەروەک چۆن بزووتنەوە کرێکارییە مێژووییەکان هەوڵی داماڵینی سەرمایەی کارگە و کێڵگەکانیان دا، ئەمڕۆش خەباتێکی هاوشێوە پێویستە بۆ دەرهێنانی ئەلگۆریتمی کوشندە، سیستەمە ئامانجەکان و چاودێری بەکۆمەڵ لە چنگی ئەم کۆمپانیایانە بەکۆمەڵ.
ئەم ململانێیە چەندین شێوەی هەیە: بایکۆتکردنی خزمەتگوزاریەکانیان، ئاشکراکردنی گرێبەستە نهێنییەکانیان لەگەڵ حکومەتەکان، دادگایی کردنی بەڕێوبەرەکانیان لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە تاوانەکانی جەنگ، و فشار خستنە سەر دامەزراوە گشتییەکان بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانە. هەر گرێبەستێکی حکومەت لەگەڵ ئەم سیستەمە پارەی راستەوخۆی ئامێری کوشتن و دیپۆرتکردنەوەیە. وەستاندنی ئەم لێشاوە داراییە هێڵی یەکەمی ڕووبەڕووبوونەوەیە.
ئەم ڕێگایە بەبێ کارکردن لە هەردوو ئاستی یاسادانانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا تەواو ناکرێت. لەسەر ئاستی ناوخۆیی، دەبێت فشار بخرێتە سەر یاسای توند کە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای ئاسایش ناچار بکات شەفافیەتی تەواو لە گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتەکان بپارێزن، بەکارهێنانی سیستەمی زیرەکی دەستکرد لە ئامانجە سەربازییەکاندا لە دەرەوەی هەر چاودێرییەکی دادوەری سەربەخۆ بە تاوان ناساندن.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دەبێت کار بکرێت بۆ ملکەچی ئەو کۆمپانیایانە بۆ پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی پەیماننامەی جنێڤ کە قەدەغەکردنی ئامانجە کەسییەکانی مەدەنی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی زانیارییە کەسییەکان و ڕێنماییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ. کۆمپانیایەک کە داتابەیسی ئامانج لە ناوچەکانی جەنگ دروست دەکات ڕێگە نادرێت لە دەرەوەی ئەم چوارچێوە یاساییە کار بکات و ئەگەر وابکات ئەوا ئەو حکومەتانەی گرێبەستی لەگەڵدا دەکەن بەرپرسیارێتی تاوانکاری هاوبەشیان لە ئەستۆ گرتووە. ئەمە داواکارییەکی ڕیفۆرمیستی خۆشگوزەرانی نییە. ئەمە کەمترین داوایە لەلایەن مرۆڤایەتی یاسا لە ڕووبەڕووبوونەوەی نامرۆڤانەی ئەلگۆریتمەکە.

زیادکردنی دووەم: ئاشکراکردنی بێدەنگی کرێکاران لە دڵی مانیفێستەکەدا

ئەوەی لە مانیفێستەکەی پالانتیردا جێگەی مانگرتووە، لە ڕاستیدا ئەوەی زۆر جێی گومانە ئەوەیە کە یەک وشە باسی کرێکاران، سەندیکاکان، مافی ڕێکخستن و مانگرتنەکە ناکات. لە بەڵگەنامەیەکدا کە باس لە “نوخبەی ئەندازیاری” و “ئەرکی ئەخلاقی” و “کەلتووری دواکەوتوو” دەکات، هیچ شوێنێک نییە بۆ ئەو کرێکارە دەستی و ڕۆشنبیرانەی کە ئەم ئەلگۆریتمانە دروست دەکەن، بەکاریان دەهێنن و لەژێر قورسایی هەمان چاودێری دەژین.
ئەم بێدەنگییە ڕێکەوت نییە. ئەمە دانپێدانانێکی نادیارە کە پڕۆژەی تەکنەلۆژیای فاشیستی ناتوانێت ڕووبەڕووی پرسی کرێکاران ببێتەوە، چونکە کرێکاران بەتەنیا ئەگەر خۆیان ڕێک بخەن، دەتوانن هێڵەکانی بەرهەمهێنانی مردن بە تەواوی بوەستێنن. مانگرتنێکی گشتی لە دۆڵی سیلیکۆن، یان تەنانەت لە ئۆفیسەکانی پالانتیر، مۆتەکەی ئەم پڕۆژەیە. کەواتە پشتگیری کردنی سەندیکاکانی کرێکارانی تەکنەلۆژیا و بەستنەوەی خەباتیان بە خەباتی جیهانییەوە کارێکی بەرهەڵستکارییە لە پلەی یەکەم.
ئەم خەباتە تەکنەلۆژیایە ناتوانێ لە خەباتی جەماوەری لەسەر زەوی جیا بکرێتەوە. تەکنەلۆژیا ئامرازێکی پاڵپشتییە بۆ تێکۆشان، نەک جێگرەوەی. دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ڕێکخستنی سیاسی، کرێکاری و جەماوەری، لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا، لە هاوخەباتی نێودەوڵەتی لە نێو جەماوەری زەحمەتکێشی ئەم سیستەمەدا دەمێنێتەوە چ لە جەنگدا، لە سنوورەکان، یان لە گەڕەکەکانی کرێکاران کە لەلایەن ئەلگۆریتمەکانەوە چاودێری دەکرێن کە پێویستیان بە مۆڵەتی کەس نییە.

دەرئەنجام: فاشیزمی دیجیتاڵی بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیەوە
مانیفێستی پالانتیر بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە ئێمە ڕووبەڕووی شێوازێکی نوێی فاشیزم دەبینەوە، نەک تەنها لە مانا مێژووییە تەسکەکەدا، بەڵکو لە مانا بنەڕەتیەکەیدا: هاوپەیمانی سەرمایەی مۆنۆپۆل لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی نەتەوەیی شەڕانگێز و بڵاوکردنەوەی توندوتیژی، سەرکوتکردن و پلەبەندی شارستانی بۆ پاراستنی ئەم هاوپەیمانییە لە هەر هەڕەشەیەکی جەماوەری. تاکە جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئامرازەکانی ئەم فاشیزمە ئەمڕۆ ئەلگۆریتمەکان، داتای گەورە و زیرەکی دەستکردن، و ئەمەش وایکردووە بەرهەڵستی قورستر بێت لەوەی پێش خۆی.
کاتێک ئەلیکساندەر کارپ نووسینی مانیفێستی فەلسەفی لە ئۆفیسەکەی تەواو دەکات، ئەلگۆریتمەکانی کۆمپانیاکەی دروستی کردووە بەردەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان، بەدواداچوونی کۆچبەران لەسەر سنوورەکان، دروستکردنی داتابەیسی بەرهەڵستکاران لە سەرانسەری جیهاندا، و پاڵپشتیکردنی میکانیزمی میلیتاریزم و سەرکوتکردن لە سەرانسەری جیهاندا. فەلسەفە و تاوان دوو ڕووی یەک دراون.
خەبات بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادی ئەمڕۆ بە ناچاری و بە شێوەیەکی گرنگ لە ڕێگەی تێکۆشانی ئازادکردنی تەکنەلۆژیا لەم هاوپەیمانییە چینایەتییە شەڕانگێزە تێدەپەڕێت. ئەمە پرسیارێکی تەکنیکی یان پرسیارێکی ئەخلاقی ئەبستراکت نییە. ئەمە پرسیارێکی سیاسییە و بەشێکە لە ململانێیەکی مێژوویی لەسەر ئەوەی کێ کۆنتڕۆڵی داهاتوو و هۆشیاری مرۆڤایەتی دەکات: کەمینەی قۆرخکاری هاوپەیمان لەگەڵ پرۆژەکانی کوشتن و سەرکوتکردن، یان جەماوەری کرێکار کە دەبێت دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەو ئامرازانەدا بسەپێنن کە ژیان و چارەنووسیان پێکدەهێنن.


سەرچاوەکان و سەرچاوەکان
یەکەم: سەرچاوەی سەرەکی — مانیفێستی پالانتیر
1. Palantir Technologies — The Technological Republic، بە کورتی (پۆستی فەرمی X، نیسانی 2026) https://x.com/PalantirTech/status/2045574398573453312
2. Karp, Alexander C. and Zamiska, Nicholas W. — کۆماری تەکنەلۆژیا: هێزی سەخت، باوەڕی نەرم، و داهاتووی ڕۆژئاوا. دراوی تاج، نیویۆرک، 2025. https://techrepublicbook.com/
دووەم: ڕاپۆرت و شیکاری ڕۆژنامەوانی لەسەر مانیفێستەکە
3. ئەلجەزیرە ئینگلیزی — “تەکنۆفاشیزم؟ بۆچی مانیفێستەکەی پالانتیر لایەنگری ڕۆژئاوا ڕەخنەگرانی نیگەران کردووە”، 21 ی نیسانی 2026. https://www.aljazeera.com/news/2026/4/21/technofacism-why-palantirs-pro-west-manifesto-has-critics-alarmed
4. TechCrunch — “Palantir مینی مانیفێستی ئیدانە دەکات لە گشتگیری و کەلتووری “دواکەوتوو”، 19 ی نیسانی 2026. https://techcrunch.com/2026/04/19/palantir-posts-mini-manifesto-denouncing-regressive-and-harmful-cultures
5. Engadget — “Palantir مانیفێستێکی بڵاوکردەوە کە وەک پیاسەی خراپەکارێکی کتێبی کۆمیدی دەخوێنرێتەوە،” نیسانی 2026. https://www.engadget.com/big-tech/palantir-posted-a-manifesto-that-reads-like-the-ramblings-of-a-comic-book-villain-181947361.html
6. TRT World — “ئینتەرنێت لە توڕەیی لە مانیفێستی تەکنەلۆژیای دیستۆپی Palantir دەتەقێتەوە،” نیسانی 2026. https://www.trtworld.com/article/e3c96555543c
7. هۆکار — “مانیفێستی نوێی پالانتیر دەیەوێت ڕەشنووسی سەربازی بگەڕێندرێتەوە،” 20 ی نیسانی 2026. https://reason.com/2026/04/20/this-big-tech-firm-wants-to-reinstate-the-draft
سێیەم: ڕاپۆرتەکانی مافەکانی مرۆڤ لەسەر پالانتیر و هاوکاری تەکنەلۆژیای گەورە لە غەززە
8. لێبوردنی نێودەوڵەتی — ڕاپۆرت لەسەر ئابووری سیاسی جیهان کە یارمەتی جینۆسایدی ئیسرائیل دەدات و پالانتیر لە نێو بەشدارە سەرەکییەکاندا ناودەبات، ئەیلولی 2025. https://www.democracynow.org/2025/9/18/amnesty_international
9. Truthout — “لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە وڵاتان دەکات ئەو ئابوورییەی پشتگیری جینۆسایدی ئیسرائیل دەکات ڕابگرن”، ئەیلولی 2025. https://truthout.org/articles/amnesty-calls-for-states-to-pull-the-plug-on-economy-backing-israels-genocide
10. سەنتەری سەرچاوەی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — گوایە پالانتیر توانای بە ئامانجگرتنی AI ی ئیسرائیل لە غەززە دەدات و نیگەرانی لە تاوانەکانی جەنگ دروست دەکات. https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/palantir-allegedly-enables-israels-ai-targeting-amid-israels-war-in-gaza-raising-concerns-over-war-crimes/
11. سەنتەری سەرچاوەی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — “ئەمازۆن، گووگڵ و مایکرۆسۆفت سووتەمەنی دەستدرێژی سەربازی ئیسرائیل لە غەززە دەکەن، لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن”، شوباتی 2025. https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/amazon-google-microsoft-fuel-israeli-military-aggression-in-israels-war-on-gaza-investigation-reveals/
12. سەنتەری سەرچاوەی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — “گووگڵ و ئەمازۆن و مایکرۆسۆفت گوایە دەستیان لە تاوانەکانی جەنگ هەیە لە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە.” https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/google-amazon-microsoft-allegedly-complicit-in-war-crimes-amid-israels-war-in-gaza/
13. ناوەندی سەرچاوەی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — “گووگڵ وەڵامی ئەو تۆمەتانەی نەدایەوە کە پەیوەندییان بە تاوانەکانی جەنگەوە هەبووە لە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە”. https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/google-did-not-respond-to-the-allegations-over-its-complicity-in-war-crimes-amid-israels-war-in-gaza/
14. سەنتەری سەرچاوەکانی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — “ئەمازۆن وەڵامی ئەو تۆمەتانەی نەدایەوە سەبارەت بە بەشداریکردنی لە تاوانەکانی جەنگ لە میانەی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە،” نیسانی 2025. https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/amazon-did-not-respond-to-the-allegations-over-its-complicity-in-war-crimes-amid-israels-war-in-gaza/
15. سەنتەری سەرچاوەی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — “مایکرۆسۆفت وەڵامی ئەو تۆمەتانەی نەدایەوە سەبارەت بە بەشداریکردنی لە تاوانەکانی جەنگ لە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە”، نیسانی 2025. https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/microsoft-did-not-respond-to-the-allegations-over-its-complicity-in-war-crimes-amid-israels-war-in-gaza/




رۆڵ و گرنگی (بەرێوەبەری شانۆ) لە پرۆسەی نمایشی شانۆ دا.. كامەران حاجی ئەلیاس

شانۆ لە كۆنەوە تاوەكو ئێستا نزكترین هونەری مرۆڤایەتی بووە ،بەهۆی ئەوەی لە ژیانی مرۆڤەوە زۆر نزیكە بووە.هەرلەم ساتەی شانۆ لەلایەن گریكەكانەوەو لەسەر دەستی ئەسخیلۆس و سۆفۆكلیس و یۆربیدس لە دایك بوو گرنگی زۆر بە هونەری شانۆ درا،چونكە ئەم هونەرە بەشێوەیەكی راستەوخۆ و زیندوو لەگەڵ بینەر مامەڵە دەكات و كەرستەی بەكار هاتوو بۆ گەیاندنی هونەرەكە بریتییە لە جەستەو دەنگ و هەستی مرۆڤ، جگە لەوەش ئەدەب و هەموو هونەرەكانی تر لەخۆدەگرێت وەكو موزیك، شێوەكاری ،سینەما هەر بۆیە بە شانۆیان وتووە باوكی باوكی هونەر .
وەكو زانراوە نمایشی شانۆ كارێكی كۆمەڵ و هەمەلایانە و گشتگیرییە جگە لەو ئەكتەران بەرامبەر بینەران نواندن دەكەن چەندین كەسانی تری پسپۆر بۆ ئامادەكردنی نمایشەكە كار دەكەن وەكو كرێكاری هونەری بۆ سەركەوتنی نمایشەكە بەتایبەتی لەرووی دیكۆر و جلوبەرگ و رووناكی و ماكیاژ و بەرێوەبەری شانۆ..
ئەوەی مەبەستمانە لەو نووسینەدا ئاماژەی پێبدەین و هەڵوێستەی لەسەربكەین لەرووی ئەرك و مێژووەكەیەدا كاری (بەرێوەبەری شانۆ) یە لە پرۆسەی نمایشی شانۆدا چونكە بەرێوەبەری شانۆ خاڵێكی بەهێزە بۆ سەركەوتنی هەرنمایشێكی شانۆی..پێش ئەوەی باس لەرئەركی بەرێوەبەری شانۆ بكەین بەپێویستی دەزانم ئاوڕێك لە مێژووی بەرێوەبەری شانۆ بدەینەوە..وەكو زانراوە كاری بەرێوەبەری شانۆ، بە چەندین ئەزموون و گۆرانكاری تێپەریوە هەر لە دەرهێنان و نواندن و ڕووناكی ..پاش چەندین ئەزموون توانرا یاسا و رێسایەكی تایبەتی بە خۆی هەبێت، بەواتایەكیتر بەرێوەبەری شانۆ بووە خاوەن سیتەمێكی ئاكادیمی تایبەت بە خۆی .لێرەدا باس لە قۆناغەكانی (بەرێوەبەری شانۆ) دەكەین بە پێی سەردەمەكان:
یەكەم بەرێوەبەری شانۆ لە سەردەمی گریكەكان: لەو سەردەمەدا لە كاتی هەرنمایشێكی شانۆیی نووسەری شانۆییەكە،هەموو كارەكانی هەر لە بەرهەم هێنان و بەرێوەبەری شانۆ لە ئەستۆی خۆی دا بوو واتا كۆكردنەوەی ئەكتەرەكان و سەرپەرشتیكردنی پرۆڤە و دابینكردنی شوێنی پرۆڤە خوڵقادنی كەشی پرۆڤەكردن و دانانی كۆرس..ئەمانە هەمووی لەسەر خودی نووسەرەكە بوون وەكو ئەسخیلۆس و سۆفۆكلیس و یۆربیدس لە دوایی هەر لەوسەردەمەدا هەرلەرێگەی نمایشەكاندا توانرا هەندێ پسپۆری دەستنیشان بكرێت وەكو دانەری دیكۆر و ڕووناكی و بەرێوەبەری تیپ..بەڵام بەشێوەیەكی زۆر سەرەتایی بوو.
دووەم بەرێوەبەری شانۆ لەسەردەمی سەدەكانی ناوەڕاست دا: هونەر بەگشتی و شانۆ بە تایبەتی لە سەدەكانی ناوەڕاستدا بەهۆی كۆنترۆڵ كردنی لەلایەن پیاوانی ئاینی لە ئاستێكی نزم دابوو چونكە هەوڵیان دەدان شانۆ لەپێناو بڵاوكردنەوەی بیرو باوەڕەی مەسیحییەت بێت .
وەكو زانراوە كاری شانۆیی كارێكی كۆمەڵییە كەلە كۆمەڵی ئەكتەر و كارە هونەرییەكان پێك دێت، لەبەرئەوە پێویستی بە كەسێك دەبێت بۆ ئەوەی سەرپەرشتیان بكات و كارەكان رێك بخات..لەو سۆنگەیەوە بەرێوەبەری شانۆ دورست بوو. لە مۆزخانەی پاریس تابلۆییەك هەڵواسراوە كە پێك هاتووە لە مرۆرڤێكی وەستاو دارێكی لە دەست دایە لە دەستەكەی تریشی دەقێكی شانۆیی لە دەستە ،پسپۆران دەڵێن ئەو مرۆڤە یاریدەری دەرهێنەر بووە یان بەرێوەبەری شانۆیە بە هۆی ئەو دارەی لە دەستیدایە كە نیشانەی ئاگاداركردنەوە ئەگەر چی تائێستا بەباشی ڕوو نە بۆتەوە كە بەرێوەبەری شانۆ لەم سەردەمەدا لە دایك بووبێت، هەرچەندە زۆر لەپسپۆران ئاماژە بە وە دەدەن كە بەرێوەبەری شانۆ لەو سەردەمەدا لە نمایشەكان دا بوونی هەبووە.
سێیەم بەرێوەبەری شانۆ لە سەردەمی رێنیسانس دا: لەم سەردەمەدا شانۆ ئاڵگۆر و جۆرە پێشكەوتنێكی بەخۆییەوە بینی بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانەی لە ژیانی ئاسایی هاوڵاتی رویدا چەندین بیری نوێ هاتنە كاییەوە كە جەختی لەسەر كێشەو ئاریشەكان ناو گۆمەڵگا دەكردەوە..بۆیە گۆڕانكاری زۆریش لە بواری شانۆش ڕوویدا،وەكو دیكۆر و جل وبەرگ و دیكۆر و موزیك.. ئامانج لێی نزیكردنەوەی شانۆ بۆ لەجەماوەر بە تایبەتی هونەرمەندی ئیتاڵی (سباسنیانۆ)، لەم رووە جۆرە تەكانێكی زۆری بە هونەری شانۆ دا.
چوارەم بەرێوەبەری شانۆ لە سەردەمی شكسپیردا: لەم سەردەمەدا بەرێوەبەری شانۆ گرنگی زۆر پێدرا، ئەركەكانی دیار كرابوون كە بریتی بوون لە ئامادەكردنی ئەكتەرەكان ،دەستنیشان كردنی دیمەنەكان واتە كەسێك هەبوو بە ناوی (بەرێوەبەری شانۆ) ،زۆر كاری ئەنجام دەدا وەكو نووسینەوەی جوڵەی ئەكتەرەكان لە لاپەرەیەكی تایبەت هەروەها دیاركردنی هێماكان و كارتێكەرە دەنگییەكان تارادەیەك توانی ئەركی دەرهێنەر سووك بكات زۆر جاریش بەرێوەبەری شانۆ ئەركی پرۆڤەكردنی ئەكتەرانی پێ ڕادەسپێردرا پاشان بووە لێپێسراوی گۆراینی دیمەنەكانی پرۆڤە و ئامادەكردنی پێداویستەكانی پرۆڤە ئەمەش كارێكی ئاسان نییە جگە لە ماندیبوون زیركی و لێهاتووی دەوێت هەربۆیە دوو یاردەری بۆ دانرا واتە دوو یاریدەدەری بەرێوەبەری شانۆ لەبەر ئەوەی شكسپیر بە نووسینی شانۆگەری مێژووی دەستی پێكرد لەوانە(هێنری شەشەم)،كە لەسی بەش پێك دێت ئەم جۆرە شانۆیانەش پێویستی بە توانایەكی زۆر هەیە لە هەموو روێكەوە بە تایەبتی لە رووی رێكخستنی بۆیە هەندێ لەم كارانە درایە دەست كەسێك كە پێی دەگووترێت بەرێوەبەری شانۆ.
پێنجەم بەرێوەبەری شانۆ لە سەدەی (17-19) دا: لەم سەردەمەدا كەسەردەمی تەكنەلۆژیاو پێشڤەچوون و پیشەسازی بوو دیارە هونەریش لەم ڕووە بێ بەش نەبووە بەتایبەتی شانۆ رۆڵێكی سەرەكی هەبوو چونكە راستەوخۆ بایەخی بەژیانی جەماوەر دەدا لەم سەردەمەدا بەرێوەبەری شانۆش گرنگی زۆری پێداراوە هەربۆیە دەرهێنەرەكان لە سەدەی (20) بوودجەو خەرجی تایبەتیان بۆ دادەنا وە هەروەها زۆرێك لە دەرهێنەرەكان كەسێكی دیاركراویان بۆ بەرێوەبەری شانۆ دەستنیشان دەكرد دەیان وت دەبێ (فلانە كەس) ببێتە بەرێوەبەری شانۆ چونكە سەركەوتنی تارادەیەكی زۆر بەند بووە بە بەرێوەبەری شانۆیەكی باش و لێهاتوو.
ئەركەكانی بەرێوە بەری شانۆ لە نمایشی شانۆدا:
ئەركی بەرێوەبەری شانۆ ئەركێكی قوڕس و گرانە دەبێ خاوەن كەسایەتیەكی بە ئەزموون و لێهاتوو و راستگۆ لە هەمان كاتدا كەسێكی بوێر بێت ئەركەكانی هەر لەسەرەتای پرۆڤە دەست پێدەكات تاوەكو رۆژی نمایش واتە دوای ئەوەی دەهێنەر دەق دەستنیشان دەكات ئینجا یەكەم كۆبوونەوە لەگەڵ بەرێوەبەری شانۆ دەكات بۆ دیاركردنی سەرجەم كاستەكە هەر لە ئەكتەران و هونەرییەكان و شوێنی پرۆڤە و شوێنی نمایش یەكەم كار كە بەرێوەبەری شانۆ دەیكات دوو یاریدەر بۆ خۆی دیار دەكات ئینجا خوێندنەوەی دەقەكە بۆ جاری دووەم و سێیەم دەست پێدەكات پاشان كۆكرنەوەی دەقەكە لە ناو تۆمارێك (سكرێپت) بۆ ئەوەی هەموو تێبینەكانی لە ناو تۆمار بكات ،بە تایبەتی تێبینەكانی دەرهێنەر كاری بەرێوەبەری شانۆ دەبێ پێش هەموو كەس لە شوێنی پرۆڤە ئامادە بێت و پێش دەرهێنەریش بۆ ئەوەی پێداویستەكانی پرۆڤە ئامادە بكات وە لە كاتی پرۆڤە هەموو تێبینە سەرەتاییەكانی پرۆڤە لەلای خۆی تۆمار دەكات وەكو جوڵەو گواستنەوەی ئەكتەران، كارتێكەرەدەنگییەكان، دیكۆر، پێداویستەكانی پلانی پانتایی شانۆ و دیاركردنی شوێنی دیكۆر و ئیكسسوارات و شوێنی رووناكی ..پاشان چەند لیستێك ئامادەكات كە ناوی ئەكتەرەكان و ناونیشانیان و ژ. تەلەفۆنیان لە نێو تۆمار دەكات لیستێكی تر تایبەت بە ناوی هونەرییەكان تۆمار دەكات هەروەها راپۆرتی رۆژانە لەسەر كارەكە دەربارەی ئامادە نەبووان و ئاگادار كردنەوەیان دانی ریزبەندی بۆ پرۆڤەی ئەكتەران .. لەبەرئەوەی كاری شانۆ كارێكی كۆمەڵیە بۆیە گرنگی شانۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1- رێكخستی كاری شانۆیی چونكە هەر كارێكی شانۆیی بەبێ رێكخستن كارێكی سەركەوتوو نا بێت.
2- دەبێ یەكێك هەبێت لە نێوان كۆمەڵێك وەكو ئەڵقەیەك بۆ راپەراندنی كارەكە.
3-دورست كردنی خشتەی كاركردن بەپێی بەشەكان.
4- چارەسەركردنی هەر گرفتێك لە كاتی روودانی هەر لە سەرەتایی پرۆڤە تاوەكو رۆژی نمایش.
5-دابینكردنی هەموو پێداویستەكانی پرۆڤەو سەلامەتی ئەكتەركان و هونەرییەكان لە ئەستۆی ئەو دا دەبێت.
دیارە زیاتر 90%ی بینەران نازانن كەلە پشت كالۆسەكان چ كارێك دەكرێت كاركردن لەوێ وەكو مێش هەنگوین كارەكان دەكەن، هەریەكەو كاری خۆی دەكات بۆ ئەوەی نمایشەكە بە شێوەیەكی راست و شیاو بگاتە بینەران لە كۆتاییدا پوختەی ئەركەكانی بەرێوەبەری شانۆ بریتین لە:

  • ئامادەكردنی دەقی شانۆیی كە ئامادەكراوە لەرووی رێزمانییەوە و دابەشكردنی بەسەر ئەكتەرەكان و هەر یەك لە دانەری رووناكی و دیكۆر و موزیك و جلوبەرگ دەقێك وەردەگرن .
  • خوێندنەوەی دەق بۆ جاری یەكەم .
  • خوێندنەوەی دەق بۆ جاری دووەم، لەگەڵ دەرهێنەر و ئەكتەرەكان و شیكردنەوەی دەقەكە.
  • خوێندنەوەی دەق بۆ جاری سێیەم،بۆ دابەشكردنی شانۆگەرییەكە بۆ چەند وەرزێك و چەند دیمەنێك.
  • ئامادەكردنی یاریدەرێك یان دووان بۆ خۆی و دانانی پلان بۆ هەر وەرزێك .
  • بەرێوەبەردنی پرۆڤە لە كاتی ئامادە نەبوونی دەرهێنەر.
  • ئامادەكردنی (سكرێپت) كە دەبێت لە سكرێپتەكەدا هەریەك لە مانەی خوارەوەی لە ناو تۆماركرابێت:
    *دەقە شانۆیەكە و ژیانی نووسەرەكەو شێوازی دەرهێنان.
    *دیاركردنی جلوبەرگ، دیكۆر، رووناكی، میكیاج، موزیك.
    *هەموو تێبینیەكانی دەرهێنەر و پلانی رۆژانەی پرۆڤە.
    لە كۆتاییدا دەڵێم بەرێوەبەری شانۆ خاوەنی دەسەڵاتی دووەم دەبێت، لە دوای دەرهێنەر .هەرچەندە لە نێو شانۆكارانی كوردستان تائێستا ئەركەكانی بەرێوەبەری شانۆ لە نێو تیپە شانۆییەكان ،وەك پێویست پەیرەو ناكرێت بەجۆرێك زۆربەی كارەكان دەكەوێتە ئەستۆی دەرهێنەر.

كامەران حاجی ئەلیاس




گۆڤاری زمان و زار ژمارە ٢١

گۆڤارێکی زمانناسیی وەرزییە..

بۆ خوێندنەوەی ئەمگۆڤارە بەپیتی کوردی کلیکی ئێرەبکەن..

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٢١ی زمان و زار بە پیتی لاتینی کلیکی ئێرەبکەن..




لایەنە کوردیەکانی ئێران لەبەردەم فرسەتێکدا..!.. عوسمانی حاجی مارف

بزووتنەوەی کوردایەتی، یەکێک لە کۆنترین پێکهاتەی هێزی ڕێکخراوەیی ئۆپۆزسیۆنیە لە ئێراندا، لە چالاکی سیاسیاندا وەک نوێنەرایەتی یەکێک لە کەمینە گەورەکان خۆی دەردەخات. کوردەکان، لە دوای فارس و ئازەریەکان، سێهەمین نەتەوەی ئەو وڵاتەن، پارتە کوردیەکان لە گەڵ ئەوەی لە مێژە بەناوی مەسەلەی کوردەوە، چالاکی سیاسی بەڕێوەدەبەن، لەهەمانکاتدا بەئاشکرا دژایەتیان بەرامبەر بزوتنەوەی یەکسانیخوازی و هێزی ڕادیکاڵ و کۆمۆنستی نیشانداوە، هەوڵیشیانداوە هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی بۆرجوازی ئێران دروست بکەن، کە ئامادەن دان بە فرەچەشنی نەتەوەیی ئێراندا بنێن و یەکگرتویی و دیموکراتی، بۆ ئێران و مۆدێلی حوکمڕانی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیان گرتۆتەبەر، بەڵام ئەوەی شایانی باسە، لاوازی و دوبەرەکی لەناو بزوتنەوەی بەرفراوانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرجوازی ئێراندا، ئەم هەوڵانەی ئاڵۆز کردووە، چونکە بەشێکی لایەنەکان بەردەوامن لە داکۆکیکردن لە دیدگایەک، کە تەنها جەخت لەسەر حوکمرانی ناوەندبونی دەوڵەتی ئێران دەکەن.
لایەن و هێزە کوردیەکان، پێیانوایە دۆخی ئەم جەنگەی ئێستا، ساتەوەختی فرسەت و دەرفەتێکی سنوورداری ئەرێنی بۆ ڕەخساندون، بۆیە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناسیۆنالستی کورد، لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکاندا، بەناوی هاوپەیمانی و بەرەی میللی کوردەوە خەریکن خۆیان ڕێکدەخەنەوە، لەکاتێکدا کە ڕێڕەوی ستراتیژی فراوانتری ململانێکانی ئەمریکاو ئێران و جەنگەکەیان، تا ئێستا نادیارە و یەکلایی نەبۆتەوە لە ئایندەیەکی تەواو ئاڵۆزدایە.
هەروەها سەرکردە سیاسیە کوردەکان دان بەوەدا دەنێن کە ئەگەر ناکۆکی ناوخۆی ئێران هەڵگیرسێت و بشێوێت، یان گواستنەوەی سیاسی کە دەسەڵاتی ناوەندگەرایی دابمەزرێنێتەوە، جارێکی دیکە ناوچە کوردستانیەکان، دەکەوێتەوە بەر مەترسی، واتە دەکرێت کوردستان ببێتە ئامانجی سەرەکی، هەر ڕژێمێکی تری دەسەڵاتداری لایەنە کۆنەپەرست و توندڕەوەکانی بۆرجوازی لە ئێراندا، هاوکات بەگشتی هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لایەنە کوردیەکان بۆ ئەگەری گۆڕانکاری خێرا، لە ناوخۆی ئێراندا هەوڵئەدەن بە پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل، خۆیان ئامادە و ڕێکخراوکەن بۆ ئامانجێکی ناتەبایی کە خۆیان دەیانەوێت، تا ئایندەی هێزەکانیان لە کوردستاندا پێگەیەک بۆ ئایندەی هەژمونی و دەسەڵات بەدەست بهێنن!، نەك گرتنەبەری ڕێڕەوێک کە ئایندەی خواستەکان و مافەکانی جەماوەری کوردستانی تیا بەدەست بێت، بە گەڕانەوە بۆ دەور و دەخالەتی ڕاستەوخۆی ئیرادە و ڕای خەڵک کە بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن.
لە تەواوی ٤٧ساڵەی حوکمرانی کۆماری ئیسلامیدا، خواستی لایەنەکانی ناسیۆنالستی کورد بۆ “ئۆتۆنۆمی و لامەرکەزیەت و فیدارلیەت”، لەهەمانکاتدا خواستەکانی خەڵکی کوردستان، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تەماشا کراوە، بە مەیلی جوداخوازی و دوژمنکاری ناوزەدکراوە، ئەمەش لەلایەک بووەتە هۆی ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی بەردەوام لە نێوان ڕێکخراوە سیاسیە کوردیەکان و کۆماری ئیسلامیدا، لەلایەکی ترەوە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوان.
لە دنیای واقعی سیاسی ئێراندا، کوردستان بووە بە یەکەم مەیدانی جەنگی گەورە بۆ سوپای پاسداران، ئۆپەراسیۆنە سەرەتاییەکانی سوپای پاسداران و سوپای نیشتمانی ئێران، شار و گوندەکانی کوردستانیان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا لە ساڵانی سەرەتای دوای شۆڕشی ١٩٧٩وە، دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی بونە قوربانی.
پێکدادانی چەکداری نێوان هێزە کوردیەکان و حکوومەتی ئێران، بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەردەوام بوو، بەڵام وردە وردە گۆڕانکاری بەسەرداهات و هێزە کوردیەکان، لەو دیوی سنورەکان لە کوردستانی عێڕاق بنکەکانیان جێگیر کرد، بۆ بەکارهێنانی خاکی کوردستانی عێراق بە مەبەستی چالاکیە سەبازیەکانیان. بەڵام لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دوای دامەزراندنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەکوردستانی عێراق، ئۆپەراسیۆنە سەربازیە بەردەوامەکانی سنوور بەزاندن، لەدژی ئێران سنووردار کران. لەهەمانکاتدا داخوازیەکانی لایەنەکانی ناسێۆنالستی کورد، لە چوارچێوەی بانگەوازی دروشمی دیموکراسی و مافی سیاسی و هەوڵدان، بۆ دانوسان لەگەڵ ڕژێم کاریان لەسەر کردووە.
لەسەروبەندی ئەم جەنگەی ئێستادا لایەنە کوردیەکانی ئێران، پێکهاتەی سەرکردایەتی ڕێکخراوەیی و باڵی چەکداری دەپارێزن، لەوانە “پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێرانKDPI”، “پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)”، “پارتی ئازادیی کوردستان (PAK)”، “سازمانی خەبات”، ” ڕێکخراوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان”، “حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران”، ئەم گروپانە هاوکاتی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هاوپەیمانی خۆیان ڕاگەیاند، بەڵام لەوە ناچێت هاوپەیمانیەکەیان سەنگین و مەحکەم بێت، زیاتر هاوپەیمانیەکی بەیناوبەینیە، ڕێکدەکەون و تێکدەچنەوە.
زۆرێک لەو گروپانە، بارەگا و بنکەیان لە کوردستانی عێراق جێگیرکردوە، لەوێش بەردەوامن لە مەشقی سیاسی و سەربازی، لەهەمانکاتدا پەیوەندیان لەگەڵ لایەنگرانیان لە ناوخۆی ئێراندا بەڕێوەدەبەن، خاڵێکی گرنگ کە هۆکاری چالاکبونی ئەم ڕێکخراوانەیە، پشت بەستنە بە شوێنی جوگرافی کوردستان، بە قۆستنەوەی ناوچە شاخاویەکان و بارودۆخی سیاسی تایبەتی ناوچەکە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سنووردار لە ناوخۆی ئێراندا، لەهەمانکاتدا بونی ئەو گروپانە لە کوردستانی عێراقدا، لە ناو تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندیەکاندا دەرگیرن، کە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئێران و تورکیا تێیدا بەشدارن، لەهەمانکاتدا وەک گروپی ناپەیوەند بە خەڵکەوە، هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەبون هێزێکی دەرەکی کۆماری ئیسلامی بروخێنێت!.
هەروەها وێڕای دەیان ساڵ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم لایەنە کوردیانە، بەرامبەر بەکۆماری ئیسلامی، هەمیشە دیالۆگ و دانوستانیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی، وەک بژاردەی ستراتیژیی پەسەندکراوی خۆیان لە پێشینە داناوە و هەوڵی وتووێژیان لەگەڵ حکومەتی ئێران داوە، بەڵام زۆرجار ئەم هەوڵانە بە توندوتیژی کۆتایی پێهاتووە، لەوانە تیرۆرکردنی عەبدولڕەحمان قاسملو، هەروەها سەرکردەکانی دیکەی بزوتنەوەی کوردایەتی، بەدرێژایی ساڵان لە ڕووداوە هاوشێوەکاندا کراونەتە ئامانج، ئەمەش بێمتمانەیی قووڵی نێوان ئەکتەرە سیاسیە کوردەکان و دەوڵەتی ئێرانی زیاتر چەسپاندووە، بەڵام کاریگەری لەسەر دوبارەبونەوەی وتوێژ لەگەڵ ڕژێم دانەناوە.
هەرچەندە هێزی سەربازی ئەم ڕێکخراوانە تاڕادەیەک سنووردارە، مەترسیەکی ستراتیژی ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕژێم دروست نەکردووە، بەڵام سەرچاوەیەکی بەردەوامی نیگەرانی ئەمنین، بەتایبەتی لە ناوچە سنووریەکان و لە ماوەی گرژی ناوخۆییدا.
ئەوەی شایانی باسە، هاوکاتی ئەوەی پێشهاتەکانی ئەم دەورانەی فۆکسی جەنگەکە، لەسەر لاواز کردنی کۆماری ئیسلامیە، واشنتۆن داوای لەو گروپانە کردووە خۆیان ئامادە بکەن، بۆ چونە ناو خاکی ئێران و ڕوبەڕوبونەوە بەرامبەر سوپای ئێران و سوپای پاسداران، ئەمەش لە هەنگاوێکی ئەمەریکا-ئیسرائیل، بە ئامانجی دووبارە ئیستغلالکردنەوەی کارتی لایەنە کوردیەکانە لە دژی تاران، لە چوارچێوەی ململانێیەکی ستراتیجی فرە بەرەیدا.
هەر بەو ئومێدە لایەنە کوردیەکان، لە هەوڵی ڕێکخستەوەی ئەندامان و دۆستانی ڕێکخراوەکانیانن لەناوخۆی ئێراندا، تا ئامادەکرنی خۆیان بۆ چونە ناو ئێران و ئامادەکاریەک، لە ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەیەکدا، لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هەڵگیرسانی شەڕی سەربازی، لەبەرامبەر سوپای پاسداراندا، ئامانج لەم کارەیان بە جیا لەوەی ئاکامەکەی بەچی دەگات و چ دۆخێک و کارەساتێک، بۆ دانیشتوانی ناوچەکە دەخولقێنێت، گرنگ بۆ ئەوان هەوڵدانە بۆ هەژمونی و باڵادەستی هێزەکانیان، بەسەر دۆخەکەدا و بەڕێوەبردنی هەر ناوچەیەک بەدور لەدەورو ئیرادەی خەڵکی.
بەدوای هەر پاشەکشەیەک کە سوپای پاسداران، لە هەر ناوچەیەکی کوردستاندا ناچار بێت بیکات، ئەو لایەنە کوردیانە وەک هێزی چەکدار هەژمونی خۆیان بەرجەستە دەکەنەوە، کە ئەگەری ئەوەش زۆرە، ناوچەکان لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن.
واتە ئەگەر دابەشبون و پاشەکشە لەنێو دامەزراوە ئەمنیەکانی ئێراندا سەرهەڵبدات، ناوچە کوردنیشینەکان دەتوانن ببنە فرسەتێک و خاڵی سەرەکی بۆ هێژمونی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکان و ناوچەیەک بۆ هەر لایەنێکیان دابین بکات، بەڵام ئەمەش بە مەرجێ بۆیان سەردەگرێت کە پێشوەخت توانایی ڕێکخستنی جەماوەری بۆ دەسەڵات و هێزی سەربەخۆی جەماوەری ئامادەییان نەکردبێت و شوراکانیان دانەمەزراندبێت.
لەلایەکی ترەوە، بەو پێیەی هەرسیستەمێکی سیاسی، لە ئایندەی ئێراندا و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان نەگەڕێنەوە بۆ ڕای خەڵکی لە دیاریکردنی چارەنوسی نەتەوەکاندا، یان گەر ڕێگە بە دەسەڵاتی “لامەرکەزی و ئۆتۆنۆمی ناوچەیی” تا ئاستی جیابونەوە نەدات، پەیوەندیەکانی ناوخۆی ئێران وەها دەشێوێنێت، کە لە بری هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەی کورد، ئێران نوقوم دەکات لە شەڕی ناوخۆی قەومی، کەڕاگرتنی سەخت دەبێت.
ئەمەش ئەو ئەنجامگیریەی لێ بەرهەم دێت، کە چارەسەری یەکلایی کەرەوە، بۆ پرسی کورد گەڕانەوە بێت بۆ ڕای خەڵکی لە ڕفراندۆمێکدا، تابڕیار لەسەر مانەوە یان جیابونەوەی کوردستان بدات لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیدا، ئەوەی شایانی باسە لە دۆخی ئەم جەنگە وێرانکاری و دژە بەشەریەدا، خەو خەیاڵێکی کاڵفامانەیە، وەک فرسەتێک بۆ ئایندەیەکی ئەرێنی دەربارەی کیشەی کورد پێشبینی لێ بکرێت، بەڵکو هەڵوێستی ئینسانی ئێستا وەستانەوەیە دژی ئەم جەنگە و بەرزکردنەوەی خواستی بێ مەرجی کۆتایی جەنگە.




نەخۆشیی پاتەی دڕاو و دشداشە ی چڵکن.. نەوزاد بەندی

عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب لە ووتەیەکیدا باس لەوە دەکات، خێر لە گەدەیەکدا نییە برسی بووبێت و لە پڕێکا تێر بووبێت.
یەکێک لە دۆخە تراژیدییەکانی مرۆڤ، ئاڵودە بونێتی بە هەندێ شت کە لە ژیانیدا زۆر دووبارە بۆتەوە، ئەو شتانە ئەگەر قورس و ناڕەحەت و حەیابەریش بووبن، هەر ناتوانێت دەستبەرداریان بێ.
لە کەلەپوریی خۆماندا حەکایەتێک هەیە باس لە کوڕە شوانێک ئەکات بازی پاشایەتیی لەسەر شانی ئەنیشێتەوە و لە پڕێکدا ئەبێتە پاشا .. یەکێک لە وەزیرەکانی چاودێریی دەکات، بۆی دەردەکەوێ پاشا قەراغە نان لە تاقەکانی کۆشکەکەیدا دادەنێ، هەتا ڕەق دەبنەوە، جا لە شەودا بە دزیی خەدەم و حەشەمەکەیەوە، قەراغە نانە ڕەقەکان دائەکرمێنێ و ئەیانخوات چونکە ئەوە خواردنی ساڵەهای ساڵی بووە، تاج و تەختی پاشایەتیی نەیانتوانیوە ئەو نانەڕق کرماندنەی بۆ چارەسەر بکەن.
بەڵام لەم ووڵاتە سەیرەی خۆماندا یان لەم کۆمەڵگا ڕەشۆکییەی عێراقدا، بەردەوام دیاردەی دزێو و حەیابەرە ئەبینین، بۆ نمونە خێزانێکی دەشتەکیی کاتێ دێنە شارەوە، لە جیاتیی درێژە به ژیانی دەشتەکیی بدەن یان هیچ نەبێ وەک خەڵکی شار بژین، پێداگریی ئەکەن و خۆیان ئەکەن بە گاڵتەجاڕ بە حیسابی خۆیان ڕوخسار و ڕەگ و ڕیشەی دەشتەکیی لە خۆیاندا قەڵاچۆ دەکەن، ئەبینیت بە هیچ جۆرێ دار و درەخت لە ماڵەکانیاندا نییە، بۆ ئەوەی بیرەوەریی باخداریی و کشتیاریی و پاچەکۆڵەیان تێدا نەژێتەوە .. کوڕەکانیان ئەبنە مەیخۆر و قومارچی، تازەترین مۆدێلی قژ و جل و بەرگ پەیڕەو دەکەن، کچەکانیان بە تەشت بۆیاخ و سوراو و سپیاو بە سەر و گوێلاکیاندا ئەڕێژن.. خانووەکانیان بە تازەترین مۆدێلی دیکۆر دروست دەکەن بە جۆرێک ڕوکاری دەرەوەیان زۆر لە ناوەوەیان گرانبەهاتر و خۆشتر و جوانترە، ئینجا شاخی کەڵەکێوییەک و ئایەتی ( و ان یکادوا الذین یزلقونك بابصارهم …) هەڵدەواسن، دیاردەی ئەم ئایەتی دژی چاوپیسیی هەڵواسینە، لە دوای هێنانی بە لێشاویی دەشتەکییەکانەوە سەری هەڵدا، لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە ساڵی 1979 ..
لە ڕاستیدا هەموو ئەم مەسرەفە گەوره و گرانە، ئەوەندەی تۆسقاڵێک ئەوانی دەشتەکیی ناگۆڕێ، چونکە گۆڕان لە ڕێی زانست و مەعریفە و مێشک و دەروونەوە ڕوو دەدەن، ئەبینیت لە بچوکترین جیاوازی باری سەرنج و بۆچووندا، یەکسەر دەست دەدەنە چەقۆ و گاڵۆک و چەک، یەکتری قەتڵ و عام دەکەن.. کۆڵانەکانی شار پیس و پۆخڵ دەکەن و .. مێینەیەک ببینن، ئەگەر دەستێکیشی بۆ نەبەن، تەشەرێکی بریندارکەری تێدەگرن..لەسەر سانتیمەترێک زەوی لەگەڵ دراوسێکەیاندا ئەیکەن بە شەڕ و دادگای پێ دەگرن..لە ئەرکەکانی شارنشینیی ڕادەکەن وەک باج و شتەکانی تر.. کۆڵان و شەقامەکان پڕ دەکەن له دیاردەی دەشتەکیی، وەکو دەنگی بەرز و بۆڵە بۆڵ و شەڕەجنێو و بێ ڕێزیی و قەڵەباڵغیی بێ مەبەست و دوکانی بیست و چوارسەعاتیی و زیادەڕەویی و پیس و پۆخڵیی لە هەموو دامەزراوە شارستانییەکاندا..
ئەو هەوڵە ڕووکەشە گرانبەها شکست خواردووانە و .. ئەو دۆخە نائارامەی شارەکە توشی دەبێت، وا دەکات هەم خێزانە دەشتەکییەکان نائارام بن و هەم خەڵکی شارەکە ..وەک ئەوە وایە چەند مریشکێک لە کێڵگەیەکی قازدا بەرەڵڵا بکەیت، نە مریشکەکان ئەبن بە قاز و نە قازەکانیش ئەبنە مریشک، هیچ کامیشیان ناحەوێنەوە، مەگەر ئەو کاتە بحەوێنەوە کە مریشکەکان لەو کێڵگەیه ئەچنە دەرەوە، بەو جۆرە بەرە بەرە خەڵکی شار، سەری خۆیان هەڵدەگرن و دەشتەکییەکان ئەبنە خاوەنی شار. ئەم دەردە کۆمەڵایەتییە، دکتۆر عەلی وەردی به دوور و درێژیی ئاماژەی پێداوە، لە کاتێکدا وەسفی ڕەشۆکییەکان دەکات کە بە پۆل دێنە شار و دەچنە دەزگا سیخوڕیی و شەق وەشێنەکان و پۆستی شەق وەشاندن وەردەگرن، ئەوە بە گەورەترین چێژ و سەرکەوتن لە قەڵەم دەدەن کە لە بەرامبەر شەقوەشاندندا، موچە وەربگریت.
کێشەی دەسەڵات لە عێراقدا، لە دوای لابردنی ئەحمەد حەسەن بەکر بە پیلانی ژێر بە ژێری سەدام و دەزگاکا سیخوڕییە جیهانییەکان بە مەرجی هەڵگیرساندنی شەڕێکی دوور ودرێژ لەگەڵ ڕژێمی نوێی ئێرانی ئەوسادا، واتا ساڵی 1980، ئەوە بوو کەسێکی ڕەشۆکیی و دەشتەکیی وەک سەدام حسێن بووە فەرمانڕەوای عێراقێکی شارستانیی و خاوەن کولتوور و مێژوویەکی پرشنگدار .. ئەم دەشتەکییە کەوتە گۆڕانکاریی لە ڕووکەشیدا بۆ شاردنەوەی گەمژەیی و ڕەشکۆکییەکەی، وەک دانانی شەپقەی ڕۆژئاوایی، کێشانی جگەرەی چروتی کوبایی، دروستکردنی دەیان و سەدان کۆشک..جێبەجێکردنی کوێرانەی کتێبی میری نیکۆڵۆ مەکیاڤیللیی ..لاسایی کوێرانەی ستالین و هیتلەر له کوشتن و پاکتاوکردنی هاوڕێکانی و گەلی کورد و ..شیعە .. دانانی باڵاترین پلەی سەربازیی موهیب ڕوکن لەسەر شانەکانی بە بێ ئەوەی لە هیچ کۆلێژ و قوتابخانەیەکی سەربازییدا بۆ یەک سەعاتیش خوێندبێتی.
ئەم کردارە ناشیرین و زیادەڕەو و تاوانکارییانە، ئەوەندەی تۆزێک عەقڵییەتی دەشتەکیی و ڕەشۆکیی سەدامیان نەگۆڕی، ئەو تەنها شێوەزارێکی خوار و خێچی عۆجەی دەزانیی و نەیدەتوانی دوو دێڕ عەرەبی ڕەوان بڵێ، مەگەر بۆیان نوسیبێ و ئەمیش خوێندبێتیەوە.. ئەو هەر ڕەشۆکییەک بوو کە هیچ زمانێکی زیندووی جیهانیی نەدەزانی.. بەو جۆرە دۆخی لە خۆی و گەلانی عێراقیش تێک وپێکدا، نەیدەتوانی عێراق بەجێبهێڵێت، بە درێژایی دەیان ساڵ حوکمڕانیی، یەک جار سەردانی ڕوسیا و یەک جار سەردانی فەڕەنسای کرد، عەقڵییەتی دەشتەکیی و ڕەشۆکییەکەی، وای دەخواست هەر لە عێراق بمێنێتەوە و هەموو شەوێکیش لە تەلەفزیۆندا دەرکەوێت و قسەی هەلەق ومەلەق بکات، شەقام و فەرمانگا و یاریگا و مەلەوانگە و مزگەوت و تەواوی ماڵەکانی ووڵاتەکە پڕ بکات لە وێنە و پەیکەر و وتەی خۆی ..تەنانەت لەسەر کتێب و دەفتەری خوێندگاکاندا وێنەی خۆی چاپ دەکرد و.. لە دیوار و دەرگا و هەموو شوێنێکی ووڵاتدا وتە خوار و خێچەکانی بە پیتی زێڕین ئەنووسران ..
بەو جۆره عێراق هێواش هێواش ڕوخساری شارستانیی لێ داڕنرا و .. بەربەریەت و دەشتەکێتیی باڵی بەسەردا کێشا، ئیتر دەشتەکیی و ڕەشۆکییەکان دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار و پلەدار و خاوەن بڕیار بوون، کەسانی خاوەن بڕوانامە و ئەدەب و زانست و هونەریش، ڕۆژ بە ڕۆژ بێ نرخ و بێ بایەخ دەکران..
لە دوای سەدامیش، کۆمەڵێکی تر بەفەرمانی ئەمەریکا هاتنە سەر تەختی پاشایەتیی، کۆمەڵێ برسی و تینوو، پاتەدڕاو و دشداشه چڵکن، لەناکاو بوون بە پاشای پاشاکان .. ئەم هەموو پاشا پاتە دڕاو و دشداشه چڵکنە، کەوتنە خۆیان، بۆ شاردنەوەی پاتە دڕاو و دشداشە چڵکنەکانیان کە ساڵەهای ساڵ پێیانەوە لکا بوون.. سەرەتا بە خواردنێکی زۆر و بێ شومار، قەڵەو و تەنگەئەستوور بوون، پاشان ملیۆنەها دۆلار لە کۆشک و ئوتومبیل و عەیش و نۆشی پاشا پاتەدڕاو و دشداشە چڵکنەکانا خەرج کرا.. ڤێلای شاهانە، جەڵەبی ئوتومبیلی گرانبەهای ڕەشمیریی، فڕۆکەی تایبەتی گرانبەها، چاکەت و پانتۆڵ و بۆینباخی بڕاندە جیهانییەکانی ئیتاڵیا و فەڕەنسا، عەتری گرانبەها، سەعاتی مەچەکی ئەڵماس بە ملیۆنەها دۆلار، کۆشک و ڤێلای دەرەوەی وڵات بە ملیارەها دۆلار، هەزاران کۆمپانیا و زانکۆ و مۆڵ و تاوەری یەکەی نیشتەجێبوون بەناوی خۆیان و کوڕ و خوشکەزا و برازا و ئامۆزا و یار و یاوەرەکانیانەوە.. پەستاندنی بانکەکانی سویسرا و وڵاتانی مافیاگەر بە ملیارەها دۆلاری ڕەش و بێ سەرەتا و .. پاوانکردنی زەوی و گرد و شاخ و باخ و نەوت و پەیوەندییەکان و کارەبا و ئاو و خوێندن و تەندروستیی و قەل و مەڕ و کچەمۆدێل و سەروپێ!! و هەموو کایەکانی تر ..
ئەو خەرجییە گەورە و گرانانە لە سەر و پۆتەڵاک و نیشتەجێبوون و گواستنەوە و گیرفانیاندا کرا، ئەوەندەی تۆسقاڵێک پاتەی دڕاو و چڵکی دشداشەکانیانی چارەسەر نەکرد.. هەر به ڕەشۆکیی و دەشتەکیی و چەقاوەسویەتیی و دەبەنگیی و نەخوێندەواریی و بێ مۆراڵیی مانەوە .. دوای 35 ساڵ، هێشتا نەیانتوانی ببن بە هاوڕێ و هاوکار.. هێشتا شیر و تیر لە یەکتریی ئەسوون .. چەندین شەڕی براکوژی و مەزهەبییان ڕاگەیاند و دەیان هەزار خەڵکیان به کوشت دا، ئەوانە درێژەی ئەو شەڕانە بوون کە پێشتر لەسەر نۆره ئاو و شەرتی شوانیی و کچ فڕاندن و کلکی چارەوێ بڕین، ڕایانگەیاندبوون.
ئەمانە بوونە تەواو کەرێکی زۆر ترسناکی بەرنامەکەی سەدام حسێن..بە زیادەوە ئەدەب و هونەر و زانست و مەعریفەیان شێواند.. شار بوو بە مارکێتێکی گەورەی خۆیان، داهاتی ووڵات بووە دەخیلەیەکی تایبەت بە خۆیان.. هەموو شتێکیان کرد بە پارە.. پاره ئەو گرێ دەروونییە گەورەیەی کە دەیان ساڵ پێش ئێستا پێوەی ئەتلانەوە و نەیاندەتوانی پاتەی دڕاو و دشداشە چڵکنەکانیانی پێ چارەسەر بکەن..ئەمڕۆ بە داهات و سەروەت و سامانی یەکێک لە گەورەترین ووڵاتە نەوتیی و گازیی و کانزانیی و کشت و کاڵیی و بازرگانییە گەورەکانی جیهان، ناتوانن کێشەی دەروونیی پاتەی دڕاو و دشداشەی چڵکن چارەسەر بکەن.. ڕۆژانە ملیۆنەها دۆلار لەو پێناوەدا بە هەدەر دەدرێ، بێ ئەوەی تۆسقاڵێک پاتە دڕاو و دشداشە چڵکنەکانیان بۆ بشارێتەوە .




“یەکڕیزی ناوماڵی کورد” دەستەواژەیە بۆ فریودانی خەڵک!.. نوری بەشیر

خەڵکی کوردستان زۆرجار لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە دەستەواژەی “یەکڕیزی ناوماڵی کورد” دەبیستن، بەتایبەتی کاتێک حزبە ناسیۆنالستە کوردەکان، لەپێشیانەوە پارتی و یەکێتی، کە لەتەنگانە سیاسیایەکاندا دەکەونە بەرامبەر بەیەکەوەو سەنگەر لەیەک دەگرن و لەئاکامیشدا و لەژێر فشاری خەڵکدا باریان قورس و لاسەنگدەبێت. ئا لەم کاتانەدا ئەم دەستەواژەیە وەک “پەیامێکی کوردایەتی” و “پیرۆزی نەتەوەیی”، لەزمانی کۆمەڵێک لەڕۆشنبیرانێکی ناسیونالیست و تەنانەت بەشێك لە بەرپرسانی دوو حزبی دەسەڵاتداریش،دەردەبڕدرێت تا هەڵە سیاسیەکان و تاوان و تەنانەت “خیانەتی” حزبەکان و تاقمی فەرمانڕاوەو بنەماڵەکانیان دابپۆشن و واپیشانبدەن کە قسەکەر هەرخۆی “دڵسۆزی کوردە” و ئەوانەی کە لە دەسەڵاتدان ڕیزی کوردیان تێکداوە “دڵسۆزی کورد نین” و کوردایەتیەکەیان کاڵە! لەم بارەیەوە بە پێویستی دەدەزانین بۆ راستی دروستی ئەم قسانەمان وەک دوو نموونە ئاماژە بەدوو بابەت بدەین لە ئێستادا، کەئەوانیش بابەتی پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەغداد و جێگۆڕکێی پارێزگاری کەرکووکە:
بێگومان هەموو کەس ئەوە دەزانێت کە یەکێتی و سەرۆکەکەی بەشێوەیەکی یەکلایەنە و بەبێ حساب بۆکردنی پارتی و تەنانەت وەک دژایەتیەکیش بۆی، لەبەرئەنجامی دۆخی جەنگ لەناوچەکەو کاردانەوەی لەسەر پێگەی هێزە عێراقی و کوردستانیەکان کە پاش لە ساڵ و نێوێک لەهەڵبژاردن نەیانتوانیوە کابینەی نوێیان پێکبهێنن!، توانی یەکلایەنە لەگەڵ لایەنە شیعەکان رێکبکەوێت و پۆستی سەرۆک کۆمار بۆخۆی یەکلابکاتەوە، پۆستێک کە پارتیش وەک “براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان” داوای دەکرد و مرخی خۆی لێخۆشکردبوو. لە کەرکووکیش، بەهەمان شێوە یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی پاش ڕێکەوتنی ژێربەژێر و ئاشکرا لەگەڵ لایەنە عەرەبیە شیعی و سونی و تورکمانەکان، پارتی و کیتلەکەی لە پڕۆسەکە کردە دەرەوە، بەبێ هیچ حساب بۆکردنێک پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لە کوردێکەوە گۆڕی بۆ تورکمانێک و هەرئەمەشی ناولێنا “بەرژەوەندی کورد وادەخوازت”!!.
لەم دوو نمونەیەی باسکران ئەو خاڵەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە: چ سەرانی یەکیەتی و ئەو ڕۆشنبیرانەی لایەنگریان لە یەکێتی و سیاسەتەکانی لەپۆستی سەرۆک کۆمارو پاریزگاری کەرکوکدا دەکرد و چ سەرانی پارتی و قەڵەم بەدەستە لایەنگرەکانی ماڵی بارزانی کە دژبەری یەکێتین لە هەردوو سەرەوە باس باسی ” بەرژەوەندیەکانی کوردو یەکڕیزی ماڵی کورد”ە. واتە یەکێتی و لایەنگرانی دەیانوت پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی باشە چونکە هەر ئەو دەتوانێت “بیخاتە خزمەتی مەسەلەی کوردەوەو کێشە نەتەوەییەکانی پێچارەسەر بکات لەگەڵ بەغدا”!!. لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش سەرۆکی یەکێتی بۆ پاساودانی سیاسەتەکەی باسی لەوە دەکرد کە “کەرکوک شاری ئاشتی و برایەتیەو ئەوەی کەکراوە لەبەرژەوەندی کورددایە”. لەبەرامبەریشدا پارتی و لایەنگرانی سەری زمان و بنی زمانیان، “تێکچونی یەکڕیزی ماڵی کوردو سپاردنی شاری کەرکوکە بە دوژمانی و کۆمەڵێک پڕوپاگەندەی قەومی و کینەتۆزی.. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کەئایا مەبەست چیە لە “بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان” و دەستەواژەی “یەکخستنی ناوماڵی کورد”؟ ئایا مەبەستەکە مانای پاراستنی بەرژەوەندی حزبەکان خۆیان و پاراستنی پێگەیانە لە دەسەڵاتدا، یان مەبەستەکە “نەتەوەی کوردە”؟
لەراستیدا پارتی و یەکێتی، وەک دوو حزبی بۆرژوازی کە نوێنەرایەتی چینی سەرمایەدار دەکەن، لەگرتنەبەری هەر سیاسەتێک و هەر هەنگاوێکیاندا، گەیشتن بە بەرژەوەندیەکانی ئەم چینەو حزبەکانیان لەسەر حسابی بێبەشکردنی زۆرینەی خەڵکی کوردستان شتێکیتر ئەنجام نادەن. وە هەموکاتێکیش هەموو سیاسەتەکانیان بەناوی “کوردو نەتەوەی کوردو خەڵکی کوردستانەوە” ئەنجامدەدەن تا نیشانی بدەن کە بەرژەوەندی ئەم چینەو حزبەکانیان هەمان بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە، لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان بە بەرچاویانەوەیە و رۆژانە هەستی پێدەکەن، کە خیزان و کوڕان و بەرپرسانی حزبی و حکومی بزوتنەوەی کوردایەتی چۆن لەسایەی دەستگرتن بەسەر سامان و داهاتی وڵاتدا، ژیانیکی فیرعەونانە دەژین و لەولاشەوە خەڵکی شەرافەتمەند، لە کوڕان و کچانی هەرئەم نەتەوەی کوردە کە ئەوان سوێندی بۆدەخۆن لە بێکاری و نەبونی و گرتنی ڕێگای هەندەران و هەزارویەک دەردەسەریدا ژیان دەکەن. تەنانەت ئەم حزبانە هەر کاتێک بەرژەوەندیەکانیان دەکەوێتە مەترسیەوە، بانگەوازی یەکخستنی ناوماڵی کورد دەکەن، ئەمەشیان بۆ ئەوەیە خەڵکی فریوبدەن و درک بە جیاوازیە چیانیەتیەکانی خۆیان لەگەڵ دەستەی فەرمان ڕەواو دەسەڵات بەدەستدا نەکەن.
کارنامەی ٣٥ ساڵی رابردوو، ئەوە بە ڕۆشنی نیشاندەدا کە هەریەک لە پارتی و یەکێتی چ سیاسەتێکیان گرتۆتەبەر و چۆن خەڵکی کوردستانیان بەچەندین کارەسات و شەڕو ماڵوێرانیدا بردووە، تا ئاستی ئەوەی کە هەریەکەیان دەستیان بۆ “داگیرکەرانی کوردستان” درێژکردوەو سوپا و لەشکری حکومەتانی ناوچەکەیان ڕاکێشاوەتە سەرژیانی خەڵک و هەموشیان هەربەناوی بەرژەوەندیەکانی کوردەوە بووە، لەکاتێکدا لەهەموو ئەو کارەساتانەدا خودی ئەم حزبانەو بنەماڵەو دەست و پێوەندەکانیان سەلامەت دەرچون و مەینەتیەکەش بەسەر خەڵکی هەژارو زەحمەتکێسی کوردستاندا شکاوەتەوە.
کەواتە ئەوەی کە ئەوان بەناوی کوردایەتی باس لەوە دەکەن کە گوایە هەموو کورد و ئەوانەی بەکوردی قسەدەکەن یەک بەرژەوەندیان هەیە، جگە لە درۆیەکی شاخدارو فریودانی خەڵك شتێکی تر نیە، چونکە کوردستان کۆمەڵگایەکی چینایەتیە و قسەکردن بەکوردی و بەکوردی زانینی کۆمەڵگا هەرگیز ئەم بەرژەوەندیە چینایەتیانە و ئەم جیاوازیە چینایەتیە ناسڕێتەوە.
سەبارەت بە دەستەواژەی “یەکخستنی ناوماڵی کورد”یش، دیسانەوە مەبەست لێی پەرەدەپۆشکردنی جیاوازیە چیانیەتیەکان و بەرژەوەندیەکانیان، بۆئەوەیە کە بەخەڵک بڵێن کە “هەمومان کوردین و دەبێ تەحەمولی سەختی و هەڵەکانی دەسەڵاتداران بکەین” دەبێ مامۆستا داوای موچە نەکات، لاوان داوای کارو ئازادی نەکەن، کرێکاران رازیبن بەوەی کە کارێکیان دەستدەکەوێ و ژیانێ کولەمەرگی پێ بەڕێدەکەنە، هەروەها لە دەرەوەی وڵات ناڕەزایەتی بەڕووی سەرانی حزبەکانی دەسەڵاتدا نەکەن… چونکە هەموو ئەمانە ڕوخاساری کوردو دەسەڵاتەکەی ناشیرین دەکات، ئەمە کورد لەبەرامبەر “دوژمنەکانماندا لاواز دەکات”.. لەکاتێکدا ئەوە هەر حزبەکانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردن کە دەستیان خستۆتە ناودەستی ئینسانکوژەکانی وەک ترەمپ، ئۆردوگان و پیاوانی کۆماری ئیسلامیەوە، ئەوە هەر ئەوانن کە “برا کوردەکانیان” لەسلێمانی و هەڵەبجەو هەولێر بێکار کردوەو ڕێگە لەئازادی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان دەگرن و ڕۆژنامەنوسان تیرۆر دەکەن و سزایان بەسەردادەن کەچی لەولاشەوە دەستەوتاقمی شیعەو سونە و قەومیەکان بەدۆستی کورد بەخەڵک دەناسێنن!؟
لە کۆتاییدا، پرسیارێکی گرنگ دەمێنێتەوە: لە هەموو ئەو ململانێ و ڕێککەوتنانەدا، جێگای بەرژەوەندی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان لە کوێدایە؟ ئایا باسێک لە گوزەران، کار، موچە، خزمەتگوزارییەکان و ئایندەی باشتر بۆ خەڵک دەکرێت؟ یان هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵیاندا هەیە، بێگومان نەخێر. ئەی ئایا حزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنە ئیسلامی و قەومیەکان و رۆشنبیرانی ناسیونالیزمی کورد وەک زووڕناژەنی یەکخستنی ناوماڵی کورد چ جێگایەک لە هاوکێشەی سیاسەتی یەکێتی و پارتی و کارنامەی ٣٥ ساڵی رابردوویاندا وەک دوو حزبی ناسیونالیستی کورد دەگرن!؟، کە جیا لەشەریک بوون لەگەڵیان شتێکی تر نیە.
هەموو ئەمانە دەردەخەری ئەو راستیەیە کە ناسیۆنالیزمی کورد هەموو ئەوانە وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت بۆ فریودانی خەڵک. بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان خۆیان لەو سیاسەت و ئایدیۆلۆژیانە جیا بکەنەوە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ ریزی ملیۆنی خۆیان رێکخراو بکەن بۆ ئەوەی بتوان بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی خۆیان بکەن و دەستیان بە ماف و ئازادیەکانیان بگات و لەژیانێکی یەکسانی و شکۆمەند بەهرەمەند بن.

نوری بەشیر




ئێزدییەکان و چاوگی یەکتاپەرستی.. ستار ئەحمەد

کاتێک باس لە ئێزدیاتی دەکەین، لە ڕاستیدا باس لە مێژوویەکی دێرین دەکەین کە لەگەڵ یەکەمین چرکەساتەکانی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەم ناوچەیەدا دەستی پێکردووە. ئەم ئایینە نەک تەنیا کۆمەڵێک ڕێوڕەسمی ئایینی، بەڵکو فەلسەفەیەکی قووڵ و گشتگیرە کە لەسەر بنەمای تاقانەیی خودا و پیرۆزیی گەردوون دامەزراوە. بۆ تێگەیشتن لە چاوگی یەکتاپەرستی لای ئێزدییەکان، دەبێت سەرەتا لە ناوی “ئێزدی” خۆی ورد ببینەوە، کە زۆربەی لێکۆڵەرانی مێژوو و زمانەوانی کۆکن لەسەر ئەوەی ئەم ناوە لە وشەی “ئێزد” یان “یەزدان”ەوە هاتووە کە بە واتای خودا دێت، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئەم پێکهاتەیە لە بنەڕەتەوە خۆیان بە “بەندەی خودا” ناساندووە و ژیانیان لە دەوری تیشکی یەزدانی دەسوڕێتەوە. لای ئێزدییەکان، خودا دروستکەرێکی بێ هاوتا و میهرەبانە، ئەو سەرچاوەی هەموو چاکە و ڕووناکییەکە، و بەهۆی ئەوەی خودا لای ئەوان هێزێکی ڕەهایە، چەمکی “شەیتان” وەک هێزێکی دژبەر یان ڕکابەر بۆ خودا لە فەلسەفەی ئەواندا جێگەی نابێتەوە. ئەوان بڕوایان وایە خودا گەورەترە لەوەی دروستکراوێکی هەبێت کە بتوانێت دژایەتی بکات یان کارەکانی تێک بدات، ئەمەش یەکێکە لە پاکترین و قووڵترین شێوەکانی یەکتاپەرستی کە تێیدا مرۆڤ تەنیا و تەنیا ڕوو لە یەک هێز دەکات.
لە ناوەندی ئەم فەلسەفەیەدا، “تاوسی مەلەک” وەکوو سەرۆکی فریشتەکان دەردەکەوێت، کە لای ئێزدییەکان سیمبولی دڵسۆزیی ڕەهایە بۆ تاقانەیی خودا. بەپێی دەقە پیرۆزەکانی ئەوان، کاتێک خودا فەرمانی بە فریشتەکان کرد کڕنۆش بۆ مرۆڤ ببەن، تاوسی مەلەک تەنیا فریشتە بوو کە ڕەتی کردەوە کڕنۆش بۆ هیچ بوونەوەرێک ببات جگە لە خودا، ئەمەش لای ئێزدییەکان وەک بەرزترین ئاستی یەکتاپەرستی و وەفاداری بۆ پیرۆزیی یەزدان لێک دەدرێتەوە. بەڵام بەداخەوە، ئەم تێگەیشتنە قووڵە لەلایەن ئەوانەی لە دەرەوەی ئەم ئایینە بوون، بە هەڵە یان بە مەبەست شێوێنراوە و تۆمەتی بێ بنەمایان بۆ دروست کراوە. ئێزدییەکان لە ڕاستیدا تیشکی خۆر بە پیرۆزو ڕووگەی خۆیان دەزانن و ڕووی تێ دەکەن، چونکە خۆر لای ئەوان گەورەترین و گەشاوەترین نیشانەی میهرەبانی و دەسەڵاتی خودایە کە بەبێ جیاوازی تیشک و ژیان بە هەموو جیهان دەبەخشێت. ئەم ڕێزگرتنە لە سروشت، لە ئاو، لە خاک و لە هەوا، بەشێکی دانەبڕاوە لە باوەڕی ئەوان، چونکە بڕوایان وایە هەر شتێک لە گەردووندا هەبێت، تیشکێکی خودای تێدایە و پاراستنی ژینگە، پاراستنی پیرۆزییەکانی خودایە.
ئەم پێکهاتەیە بە درێژایی مێژوو، باجێکی قورسیان لەپێناو پاراستنی ئەم یەکتاپەرستییە و ناسنامە ڕەسەنەکەیاندا داوە، کە مێژوو بە “فەرمان” ناوی بردوون. هەر فەرمانێک کە بەسەر ئەم گەلەدا هاتووە، هەوڵێک بووە بۆ سڕینەوەی ئەو ڕەسەنایەتییە، بەڵام ئێزدییەکان وەک داربەڕووەکانی چیاکانی کوردستان، هەرچەندە لقیان بڕدراوەتەوە، ڕەگەکانیان لە ناخی خاکدا قووڵتر بووەتەوە. کۆمەڵگەی ئێزدی کۆمەڵگەیەکە لەسەر بنەمای ئاشتی و پێکەوەژیان دامەزراوە، ئەوان لە نزاکانیاندا هەمیشە داوای خێر و خۆشی بۆ هەموو “ئەو حەفتا و دوو میللەتە” دەکەن و پاشان بۆ خۆیان، ئەمەش نیشانەیەکە لەو پەڕی مرۆڤدۆستی و فراوانیی دڵیان کە هیچ کینە و لکەیەکی تێدا نییە بەرامبەر بەوانەی کە لەوان ناچن. لالش، وەک مەڵبەندی ڕۆحی و دڵی لێدەری ئەم ئایینە، تەنیا شوێنێکی پەرستن نییە، بەڵکو پەناگەیەکە کە تێیدا مرۆڤ و سروشت و مێژوو دەبنە یەک و دەنگی قەول و بەیتەکان چیرۆکی هەزاران ساڵ خۆڕاگری و یەکتاپەرستی دەگێڕنەوە.
ئەمڕۆ، پێویستە جیهان بە چاوێکی تر سەیری ئەم پێکهاتەیە بکات، نەک وەک کەمایەتییەک، بەڵکو وەک سامانێکی گەورەی زانستی و فەلسەفی کە توانیویەتی لە ناو جەرگەی کارەساتەکاندا، جوانی و مرۆڤایەتی و بڕوا بە خودا بپارێزێت. ئێزدییەکان بە کردار سەلماندیان کە یەکتاپەرستی تەنیا بە گوتار نییە، بەڵکو بە کردەوە و بە پاک ڕاگرتنی دەروون و زمان و دەستە. ئەوان پارێزەری زمانێکی ڕەسەن و کەلەپوورێکی دەوڵەمەندن کە بەشێکی سەرەکییە لە ناسنامەی ئەم ناوچەیە. ناسینی ئێزدیاتی، گەڕانەوەیە بۆ چاوگەکانی ڕەسەنایەتی و تێگەیشتن لەوەی کە چۆن مرۆڤ دەتوانێت لە ناو هەموو تاریکییەکدا، هەر ڕووی لە تیشکی خۆر و ڕووناکیی خودا بێت. ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ ناساندنی ئەو تیشکە شاراوەیەی کە هەزاران ساڵە لە ناو دڵی ئێزدییەکاندا دەدرەوشێتەوە و هیچ زریانێک نەیتوانیوە خامۆشی بکاتەوە.

ستار ئەحمەد




شکان.. شیعری سەلام عومەر

لەسەر شەقام مۆبایلەکەم لێ بەربۆوە
دەیان وشەی پەپولەیی لە دەوری کچێک کۆبۆوە
لە تاقیگە
پەرستارێک شوشەی خوێنەکەی شکاندم
سەدان گوڵەشیعری سوری
لێ وەراندم
نەوەکەشم
لاپتۆپەکەی بەردامەوە
پەردەی لەسەر هەزاران نهێنی نێو فۆڵدەرە شاراوەکان هەڵدامەوە،
ئەو چاویلکەی ساڵانێک بوو
نیشتمانم پێدەبینی
لێیان ستاندم
هێڵی نێوان من و خاک و
تۆڕی نێو چاویان پساندم.




چیرۆک/ گریان..نەوشیروان ئازاد

ئێوارە یەکی بێ دەنگ، بێ ڕەنگ ، دڵ تەنگ ،ڕۆژێک لەدواڕۆژەکانی تەمەنی کورتی بەهار ،ئێوارەیەکی پاییز ئاسا وەک ئەوساتانەی پەلکی کەسکی درەختەکان پاش زەردبون هەڵ دەوەرن ،
لەگێژاوی زریانێکدا بەرەو فەنابون دەچن.
هێشتا پرشنگی خۆر ئاڵای شکستی لەپێش ڕەشماڵی شەودا هەڵ نەدابوو ..
ئەستێرەکان لەودیوپەردەی ئومێدەوە چاوڕێی پێشوازی بون تا جارێ ترببنەوە ڕازگری ڕازو نیازی دڵدارەکان…نهێنی شەو بێداران لەتیانوسی بیرەوەری خۆیاندا بنوسنەوە…باڵدارەکان بەرەو ئاشیانەو لانەکانیان بەهەگبەیەک هەواڵ وبژێوی گەڕانەوە…هەموشتێک لای من نامۆیە، وەک پەرەستویەکی تەریو ،بەچەشنی شاخەگولی نێوگوڵدانێکی مردوی سەرمێز ، بێ ئاگاو نامۆم .نامۆم و لەساتێکا لەودیو پەنجەرەی نەخۆشخانەی کۆماری هەولێر دەنۆاڕمە سەدان مڕۆی هاو زوانم .لەکێشەو مل ملانەیەکی واقیع دام .ململانێی نێوان ئایەندەیەکی ڕوون و تار ..نێوان بوون و نەبون ..نازدارێکی سپی پۆش پەری ئاسا بەبزەیەکی پڕلەئەندێشەوە یاری بە بیسەرەکەی ملی دەکات ،جارجارێ دێت و وەپێش دەمم ڕادەبورێ ،بەپاڕێزەوە تیلەی نیگایەکم تێ دەگرێ و لێمدەڕوانێ ،وەک مرۆیەکی نامۆی لەئەسەێرەیەکی دی بینی بێت ..دەشێ لەڕوانینەکانی بێ ئاگابێ و، وەک من لەگژیادێکی دێرین ڕۆچو بێ و بیرەوەریەکی شیرینی لەپەڕاوی ئەم ئێورەدا تۆمارکردبێ ، تاخەمی شەوانی تەنیایی بەبادەی ئەم ئێوارە شیرینە بڕەوێنێ ..نازدارەکە بادەنیە لەدونیادا خەمی من بڕەوێنێ ،ئازاری دڵ و زامی دەرونم بەهیچ هەتوانی ساڕێژ نابێ ..بەڵێ سرکم ..بەڵام بەپارێزەوە لێم مەڕوانە..ڕۆژگارێکە بەچەشنی زەڕنەقوتەیەکی بن لێزمەو ڕەهێڵە، لەگەڵ چرپەو ڕازی دڵی خۆیشم بێگانەم ..ئەوەی تۆ بەبێزاریەوە پێی دەڵێی ئازار، من پێ
گۆشکراوم ..بۆیەدردۆنگ مەبەو ، وەرەیەک بەیەکی لاپەڕەکانی ڕۆژئەژمێری بیست و شش ساڵی تەمەنمت بۆ هەڵدەمەوە…ئەگەر جارجارێ ،لەتەواوی لەپەڕەکاندا شتێکی وەک شادی یان ڕوناکی لەناوشەوەتاری ئەنگوستەچاودا بەدی کرد و، وەک ئارەزوەکانی کورد تەمەنی تەمەنی پەپولەبو ، ئەوالات سانابێ ،چونکەژیانم شادیەکی کەم ، هەرەس و ئاوارەی و، دورخستنەوەو، ڕاگوێزان و،کۆڕەو ، مەرگی بەکۆمەڵ و،ڕاپەڕین و سارد بونەوەو، کۆڕەو گەڕانەوەن …ئەمانەبەسەرهاتی لاوێکی کورد کۆمەڵێک ، گەلێکە …دەڵێن ژیان گۆڕانە،بەڵام لای ئێمە، تراژیدیایەکی وەستاوە..کە
بریتیە لەیادکردنەوەی خۆشیەتەمەن کورتەکانی ڕابردو ژیان لای ئێمە هەر گریانەو گـــــریان …

نەوشیروان ئازاد ـ هەولێر

نەخۆشحانەی کۆماری
پێنجشەمە 15.5.1992




چیڕۆکی سەر زارەکی/ کابرا و سەگەکەی.. وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە: عەلی ڕێژنە

لە شارێکی ئەو ( خۆر هەڵاتی ناڤینەدا )،
کابرایەک، سەگەکەی لە گۆڕستانی موسلمانان دەنێژێت، خەلکی شارەکە، دەچنە لای قازی و سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەن،
قازی فەرمان دەکات، کابرا دەست بەسەر بکەن و بۆ دادگای بێنن.
لەدادگا، قازی بە تووڕەییەوە، هاوری بەسەر داکرد و گوتی: ئەوە ڕاستە، کە سەگەکەت لە گۆڕستانی موسلمانان ناشتووە،
کابرا دەڵێت: بەڵێ قازیم خۆشبێت،
قازی بە توڕییەوە، هاوار دەکا و پێیدەڵێت:
چۆن دەبێت کارێکی وابکەیت، سەگ لە گۆڕستانی موسڵمانان بنێژیت،
کابرا لە وەڵامادا گوتی: بەڵێ قازیم خۆشبیت، ئەم کارەم کردووە، بەڵام، ئەمە ڕاسپاردەی سەگەکەم بووە!
منیش تەنها ڕاسپاردەکەم جێبەجێ کردووە.
قازی دووبارە تووڕە دەبێت و هاوری بەسەردا دەکات،
پێیدەڵێت: تۆ لەبەردەم قازی و دەستەی دادگا،
پێم دەڵی بەڵێ ئەم کارەم کردووە!
ڕاسپاردەی سەگەکەم جێبەجێ کردوە، دەزانی ئەم تاوانە، سزاکەی زۆر قورسە.
کابرا دەچێتە بنگوێی قازی و بە ئاسپایی پێیدەڵێ:
قازیم خۆشبێت، خۆ سەگەکەم ڕاسپاردەی تریشی هەبووە،
ئەو پێی گوتم: هەزار دیناریش بدە قازی.
قازی ئاوڕێک لە ئەندامانی دەستەی دادگا دەداتەوە و منگە منگێک دەکا و هێور دەبێتەوە و شتێک دەڵێت: ئەم کارە، کارێکی ئاساییە،
چونکە بۆمان دەرکەوت، ئەم سەگە،
لە تیرە و بنەچەی سەگەکەی ( یارانی ئەشکەوت)ـە ( اصحاب الکهف )،
…………………………………..
سەرچاوە: پەیجی( بشقە / صوت الطفولە الواعیە)
——————
‏Ali Rejne
2026/4/26




بەبۆنەی ١٢٨ ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی.. فەرەیدوون سامان*

ڕۆڵی سۆشیالمیدیا لە گەشەپێدانی زمانی کوردیدا

یەکێک لە کۆڵەگە گرنگ و بنەڕەتییەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردی زمانی کوردی بووە، چونکە هەر لە ڕێگەی ئەو زمان شیرینەوە نەتەوەی کورد پەیامی دۆزە ڕەواکەی بە دنیا گەیاند، هەر لەو ڕێبازە پیرۆزەشدا بە سەدان قور بانی بەخشی، تا دەگات بەوەی لە دەستووری عێراقدا لە ساڵی ٢٠٠٦ وەک هاوتای زمانی عەرەبی ددانی پێدانرا، لە پەرلەمانی کوردستاندا لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ زمانی کوردی بە زمانی فەرمی لە هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەردرا، هاوکات لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیشدا لە شوباتی ٢٠١٤ لە پاڵ زمانی عەرەبی لەسەر ئاستی عیراقدا زمانی کوردی بە فەرمی ناسێنرا، زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا دوای زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی پلەی زمانی چوارەمینی وەرگرتووە.
ئەو قۆناغە سیاسییەی كە لە باشووری كوردستاندا هەیە، بێگومان ڕۆڵی یەكجار زۆری لە پەرەپێدانی فەرهەنگ و كەلتووری كوردی و بەتایبەت لە بواری ڕاگەیاندن و سۆشیالمیادا هەیە، وێڕای كۆمەڵێك ناوەندی حكومەتی، كەسایەتی کەلتووری، ڕۆژنامەوانی‌ و ڕاگەیاندن بەردەوام ڕۆژانە لەگەڵ پرسی زمانی کوردیدا دان، لەو کایە جیاوازانەدا كار بە زمانی کوردی دەكەن، بۆ نموونە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەتوانن ‌چ ڕۆڵێك بگێڕن‌ لە دروستبوونی ئەو پرۆسە زمانە نەتەوەیی‌ و زمانە یەكگرتووەدا.
زمانی كوردی تایبەتمەندی خۆی هەیە و لە زمانی نەتەوەکانی دیکە ناچێت و سەربەخۆیی خۆی هەیە، بەڵام لەهەر بەشێکی کوردستاندا کەم تا زۆر هەژموونی زمانی فەرمی دەوڵەت کاریگەری بەسەر زمانی کوردیدا هەیە، تەنانەت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی قافقاسدا تا ڕادەیەکی باش ئاسمیلە کراوە، سەرباری ئەو هەموو جینۆسایدی کەلتووری و دژایەتی کردنەش، بەڵام زمانی کوردی هێشتا بە زمانێکی زیندوو و سەربەخۆ ماوەتەوە، بە پێچەوانەی ڕای هەندێک لە ڕۆژهەڵاتناس و ئێرانناس و بیانییەکان کە وای بۆ دەچن کە زمانی کوردی زمانێكە کەڤناری و دیرۆکییە، خەڵكی بیانی بە ئاسانی دەتوانن فێری ببن، لە هەمانكاتدا زمانێكە دینامیكیەتێكی بەهێزی پێشكەوتن ‌و گەشەكردنی تێدایە.
سەرباری ئەوەی کە سۆشیالمیدا دەسکەوتێکی مەزنی زانستی و تەکنەلۆژییە بۆ مرۆڤایەتی بەتایبەتیش بۆ گەلانی بێ دەوڵەت لەوانەش کورد، کەچی ئەمڕۆ دەبینین زمانی کوردی ڕووبەڕووی دوو هێرشی دەرەکی و ناوەوە بۆتەوە، بە پلەی یەکەمیش دەسەڵاتی کوردی لێی بەرپرسە لە دۆزینەوە رێگاچارەی گونجاو لەو کایە گرنگەدا بۆ ئەو ئاستەنگ و کێشانەی کە هاتوونەتەتە بەردەم نەبوونی زمانی ستانداردی کوردی. بە نەبوونی پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە و گونجاو بۆ خزمەتکردنی زمانەکەمان، دەبینین هێشتا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زمانی کوردی لە ڕەوشێکی ئاڵۆز و لە پاشەکشەدایە، کە دواتر ئاماژە بەو هۆکارانە دەکەین کە بوونەتە هۆی ئاڵۆزی و پشێوی لە بەردەم گەشەکردنی زمانی کوردیدا.
بە دڵنیایی هەر نەتەوەیەك زمانەكەی لە زمانی ئاخافتنەوە گۆڕابێت‌ بە زمانی نووسین، ئەلفابیتای تایبەت بەخۆی هەڵبژاردووە، لەگەڵ سیستمی دەنگی ‌و تایبەتمەندیی زمانی خۆیان گونجاندوویانە، لەو رۆژەوە كە كورد زمانەكەی بۆتە زمانی نووسین، هەر لە سەردەمی باباتاهیری عوریانەوە، نزیكەی دە سەدەیەك پێش ئێستا ئەو ئەلفابیتایەی هەڵبژاردووە، لەبەرئەوەی ئەو كاتە كەلتووری زمانەکانی عەرەبی‌ و فارسی لە كوردستاندا زاڵ بووە، خوێندن‌و خوێندەواری، زانست بەو دوو زمانە بوو، ئەدەبییات بەو دوو زمانە بووە، كەواتە ئەم ئەلفابیتایە لە پرۆسێسی دروستبوونی زمانی ئەدەبییدا دەركەوتووە ‌و سەرجەم هزر ‌و بیركردنەوە ‌و تێڕوانین ‌و سیستمی بیركردنەوەی كوردی لە ماوەی ئەو دە سەدەیەدان، ئەم ئەلفابیتایە نووسراوە، ئەلفابیتای كوردی بە جۆرێكی جوان ‌و سەرنجڕاكێش، كە دینامیكیی زمانی كوردی دەردەخات، هەمواركراوە و گەشەی پێدراوە.
ئێستا لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن، لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان چەندان ئەلفابیتای کوردی بەرچاو دەکەون، ئیتر هەوڵدان بۆ کارکردن لەسەر ئەلفابێتایەکی تر، جگە لە زیان گەیاندن بە زمانی کوردی شتێکی تر ناگەیەنێت، بۆیە گەرەکە کەناڵە میدیاییەکانی کوردستان ڕێگاچارەیەکی گونجاو بۆ ئەو کێشەیە بدۆزنەوە کە لە هەنگاوی بەراییدا بۆ داهاتوو هەوڵێکە بۆ زمانی ستانداردی کوردی .
ئاشکرایە پەیوەندییەکی ئۆرگانیک لە نێوان گەشەکردنی زمان و کایەکانی سۆشیالمیدیا هەیە، چونکی ڕەوشی زمان پەیوەستە بە ئاساییشی نەتەوەیی هەر گەلێک، هەروەها ئەو گۆڕانکارییانەی لە دیموگرافیای ئەو ناوچانە ڕوودەدەن، کە دەکەونە بەر هێژموونی سیاسەتی پاکتاوی نەژادی و ئاسمیلاسیۆنی زمان. هەر بۆیەش کەناڵەکانی سۆشیالمیدیا لەو پرسەدا دەتوانن ڕۆڵێکی کارا و ستراتیژیانە بگێڕن لە ناساندنی دۆزی نەتەوەکەمان، بەتایبەتیش لە ڕێگەی زمانێکی ستانداردا و گەیاندنی ئەو پەیامە بە هەموو تاکێکی هاووڵاتیانی کوردستان لە هەر کوێیەکی ئەو سەر زەمینەدا.
سۆشیالمیدیا دوو ڕووی هەیە، یەکیان بەڕاستی دەتوانێت لە خزمەت زمانی یەکگرتووی کوردیدا بێت، ئەویش لە ڕێگای گەیاندنی پەیامی ئەو کەناڵانە بە ئامانجی لە یەکتر نزیککردنەوەی زار و بنزارە کوردییەکان و ئەو بەرنامە پەروەردەیی و هونەری و وێژەییانەی کە بە سانایی دەگەنە ناو هەموو ماڵێک، ئەویش بە ئاشناکردنی کولتووری ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، ئەمەشیان تا ڕادەیەک لە سێ دەیەی ڕابردوودا بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێ کە هاووڵاتییەکی دەڤەری ئیلام یان شارەزوور بە سانایی لە زۆر وشە و زاراوەی کوردی باکوور یان ڕۆژاوای کوردستان دەگات و تا ڕادەیەکی زۆریش زانیاری گشتی لە سەر دابونەریت و کەلەپووری بەشەکانی تری کوردستان پەیدا کردووە.
بەڵام ئەمڕۆ لەسۆشیالمیدیادا کێشەیەک لەبەردەم زمانی کوردیدا هەیە، ئەویش نەبوونی زمانێکی ستانداردە بۆ سەرجەم زار و بنزاری ئیتنیکە کوردییەکان کە جوگرافیایەکی بەرفراوانی زمانی کوردییان داگیرکردووە، وێڕ أی ئەوەی کە زۆرلە نووسەران و ڕۆشنبیرانی پێکهالتەکان بە زمانە بیانییەکانی وەک عەرەبی و فارسی و تورکی دەنووسن، هێشتاش زمانێکی یەکگرتووی کوردی نەبۆتە پێوەر و هۆکاری بەیەکگرێدانی هزرو ئاوەز و یەکێتی نەتەوەییمان. چونکە سۆشیالمیدیا دەبانێکی دوو تیغەیە، لەکاتێکدا هۆکارێکیشە بۆ درووستکردنی زمانی پێوەری هەر نەتەوەیەک، بە دیوەکەی تریشدا هۆکارێکە بۆ لێکترازانی زمانەکە بۆ چەند زارو بنزار و دەڤۆکی جیاواز، لێرەدا نامەوێ باسی هۆکارە مێژوویی و سیاسییەکانی ئەو لێکترازانەی زار و بنزارە کوردییەکان بکەم، چونکە پێشتر قسەم لەسەر کردووە، بەڵام بۆچی دوای ٣٥ ساڵ لە دامەزراندنی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی ناساندنی ئەو زمانە لە دەستووری عیراقدا، هێشتا میدیای حکوومی و ئەهلییەکان خاوەنی زمانێکی ستاندارد نین، هەر کەناڵە بە زارە لۆکاڵییەکەی خۆی دەدوێت و دەنووسێت و لۆکاڵیانە هزر و ئاوەزی دەخاتە بەرچاوی بینەران و بیسەران، کە ئەمجۆرە هزرینەش لە جوغز و چوارچێوەی ناوچەگەڕێتی تێناپەڕێت، لەکاتێکدا زمانی کوردی ڕەوتی سروشتیی گەشەسەندنی مێژوویی خۆی بڕیوە.
هەبوونی دوو ستاندارد لە میدیای کوردیدا بەکار دەهێنرێن، هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت. ئەوانەی بە کوردی باکوور(کرمانجی ژووروو) دەدوێن ئەو ستانداردە بەکار دەهێنن. ئەوانەشی بە کوردیی ناوەند(کرمانجی ژێری)دەدوێن ستانداردی کوردیی ناوەند(سۆرانی)بەکار دەهێنن، تا ئێستاش هەوڵێکی جیددی نەدراوە ئەو دوو زارە هەر نەبێت لە ڕووی ڕێنووسەوە، هەمیش لە ڕووی گراماتیکەوە، ئاوێتە بە یەکتر بکرێن، یان بەلای کەم لەیەکتر نزیک بکرێنەوە.
زمانی کوردی بە بەراورد لەگەڵ ڕەوتی مێژووییدا کە بەردەوام بەربەستی خراوەتە پێشی، ماوەی سەدەیەک پترە بە زۆر شێوازی ڕەگەزپەرستانە دژایەتی دەکرێت و سیستەماتیکانە هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت، بەشێک لەو هەوڵانەش لای خودی هەندێ بەناو زمانناس و نووسەرانی ئەو ئاخێوەرانەیە، بەتایبەت لە هەندەران ئەگەر سەیری وێبسایتەکان کوردییەکان بکەین دەبینین، زمانی کوردی بۆ چەند زارێک دابەش بووە وەک (کورمانجی، سۆرانی، هەورامی، لەکی..)، کە بەداخەوە ڕێنووسەکانیش لە یەکتر جیاوازن، ئەم دیاردەیە لەنێو هیچ گەلێکی سەر ڕووی زەویندا بەدی ناکرێت، خزمەتێکی بێ بەرامبەریشە بە ئەجیندانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان.
لەگەڵ ئەوەشدا زمانەکەمان بە هەوڵی بێوچانی دڵسۆزانی نەتەوە باش چۆتە پێشەوە، لە باشووری کوردستاندا خاوەنی ئارشیفێکی گەورەی زمانەوانین، خاوەنی ڕێنووسێکی پێشکەوتووین، ئەگەر هەمووان ئەو ڕێنووسە بەکار بهێنن، زمانەکەمان زووتر دەبێتە خاوەنی ڕێنووسێکی یەکگرتوو.
بەگشتی کەناڵە میدیاییەکاندا بەتایبەتیش لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا زمانێکی نووسین بەکاردەهێنرێت. ئەگەر چارەسەرێکی گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە لە داهاتوودا بە تێپەڕینی کات دەبێتە دوو زمان، کەوابێت لە جیهانی میدیای کوردیدا ڕەنگە تاکەکەس لەو دەزگایانەدا بە حوکمی نەشارەزاییان و نەبوونی فلتەرێکی زمانەوانی لێرە و لەوێ هەڵەی زمانی میدیایی بکەن، ئەوەش ڕاستەوخۆ باندۆری بەسەر شێواندن و لێکترازانی زمانی کوردییەوە هەیە، ئەو کەسانە بۆ خۆیان زمان نەزانن و لە ژێر هەژموونی زارە لۆکاڵییەکەی خۆیان یان زمانی نەتەوەی سەردەستی دەوڵەتەکەی خۆیانن.
ئەمڕۆ ئەو زمانە باوەی کە لە جیهانی سۆشیالمیدیادا بەکار دەهێنرێت ڕەنگدانەوەی هزری کوردە لە دەرەوەی دنیای دیجیتاڵیدا، دنیای ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەموو لک و پۆپەکانی، دنیایەکی ئازادە کە کەس ناتوانێت ڕێ لە کەس بگرێت و شتی خۆی بەسەر کەسی تردا بسەپێنێت، ئەوەی لەوێ دەبینرێت ئەوەیە کە زمانێکی تاکستاندارد بەکار ناهێنرێت، بەڵکوو جووتستاندارد گەشە دەستێنێت. نابێت ئەوەشمان لەبیرمان بچێت کە زارەکانی تریش لەوێ باشتر دەستیان کراوەیە بۆ گەشەسەندن، واتە خەڵک لایەنگری ئەوە نین کە تاکستانداردێک هەبێت و ئەوانی تر پەراوێز بخرێن. بۆیە باشترە ڕێز لە خواستی یەکتر بگرین و بەو ڕێزلێنانە زیاتر لە دەوری یەکتر کۆبینەوە.
نەبوونی سایتێکی تایبەت بۆ پرسەکانی زمان لەو دەزگا کولتوورییە فەرمییانەی سەر بە حکومەتن، کە بەرهەمی هزری دەبێت بە شێوەی نووسین و دەقی ئاسایی لەو سایتە دابنرێت تا مرۆڤ بتوانێت لە وێبگەڕەکاندا پشکنیان بۆ بکات، نەک بە شێوەی پیدیئێف. بە هەمان شێوە پێویستە ڕێزمانێکی بەپێز و دەوڵەمەند، دیسانەوە بە شێوەی تێکست لەسەر ئینتەرنێت دانابێت، کە جێی متمانەی هەمووان بێت و هەر کاتێکیش بیانەوێت دەستکاریی بکەن و نووژەنی بکەنەوە، هەروەها دەبوا تا ئێستا وشەنامەیەکی دەوڵەمەندی دیجیتالییان لەسەر ئینتەرنێت هەبوایە.
بۆ چوونە نێو قووڵایی ئەو هەل‌ومەرجەی ئەمڕۆ بە سەر زمانی کوردیدا زاڵە، وا باشە ڕوانینێکی تایبەتمان بەسەر نووسەرانی کوردەوە هەبێت. ئەو چاوەڕوانییەی کۆمەڵگە لە نووسەرانی خۆی هەیەتی، لە هەل‌ومەرجی ئاوادا زۆر لە قەبارەیان زیاترە. نووسەری کورد لە دەرەوەی جیهانی سۆشیالمیدیا‌دا چی بۆ کراوە، هەتا بەشێک لە توانایەکانی لە نێو جیهانی سایبەریدا تەرخانی خزمەت بە زمانی ستاندارد بکات!؟ وا باشە چاوەڕوانی مۆجیزەیەیەک نەبین لەم توێژەدا، بەتایبەت کە بەشێکیان “قسەکەری بێکردەوەن”.چونکە لە غیابی ڕۆڵی دەزگا کولتوورییەکانی حکومەتدا و هەروەها هەبوونی بەشەکانی ڕاگەیاندن لە پەیمانگە و کۆلیژەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، کە خاوەنی هەڵگری چەندان بڕوانامەی باڵای ئەکادیمین، بەڵام زۆرینەیان(ناڵێم هەموویان)ئەو مامۆستایانە لە ڕووی زمانەوە کۆڵەوارن، کە دەبوو لەو ماوەیەی ڕابردوودا بۆ چارەسەری پرسی زمان لە کایەکانی ڕاگەیاندندا بەهەماهەنگی لەگەڵ بەشە کوردییەکان پرۆژەی مەزنییان لەسەر ئاستی کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بەرهەم هێنابووا. هەڵبەت بێ هەبوونی پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ ئەم ئامانجە هەرچی دەکرێت مخابن بە فیرۆدانی پارەیەکی زۆر و بێنرخ کردنی کات بووە، ئەزموونی گەلان پێمان دەڵێن زمانێکی ستاندارد بۆ گەلانی بێ قەوارەی سیاسی لە جیهانی سۆسیالمیدیادا مەحاڵ نییە.
دیاردەی نووسین بە شێوەزار و دەڤۆک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن

زارە کوردییەکان – کە لکەکانی زمانی کوردین، پەنابردنە بەر ئەو شیوەزارە نووسینە، ئەو دەربڕینەیە کە خەڵکی گشتی (ڕەشۆک) لە بازاڕدا، لە جۆرەکانی تری پەیوەندی زارەکیدا پەیوەندی و گفتوگۆی پێدەکەن، لە کاتێکدا زمانی پێوەر، زمانی زانست و خوێندن و نامەنووسی فەرمییە، زمانی ئەفراندنی دەقێکی ئەدەبی یان هزری و فەلسەفییە، مخابن هەندێ نووسەر تێینەگەیشتوون و دژ بە زمانی پێوەری کوردی بانگەشە بۆ شێوەزارە لۆکاڵییەکەی خۆیانی بۆ دەکەن.
ڕەنگە ئەم دیارەیە بۆ ڕۆژنامەنووسێک یان میدیکارێک تا ڕادەیەک ئاسایی بێت، بەڵام ئەو دیاردە نامۆیەی کە لەدەزگەکانی ڕاگەیاندن لە هەوڵی ئەوەدان بە شێوەزار، بنزار یان دەڤۆکی گوندەکەی خۆیان بئاخڤن و بنووسن، نیشانەی پرسیارە، داخۆ ئەو دەزگە میدیاییە تا چەند لە ڕێگای بەرنامەکانیان خزمەت بە زمانی پێوەر-ستاندارد دەکەن، هەڵبژاردنی ئەم ڕێبازی کارکردنە هەر چەند دەوڵەمەند بێت بە فەرهەنگێکی وشە و زاراوەی ناوچەیی و خۆماڵی، بەڵام دواجار هۆکارێکە بۆ لێکترازان و دوورخستنەوەی زار و بنزارەکان لە زمانی پێوەر و ستانداردی کوردی، چونکە شێوەزاری لۆکاڵی فۆرمێکی زمانەوانییە و تایبەتە بە ناوچەیەکی جوگرافیای دیارکراو، کە دانیشتوانەکەی میراتێکی کولتووری و کۆمەڵایەتی و مێژوویی هاوبەشیان هەیە، ئەمەش وا دەکات پەرەسەندنی زمانی دایک لە بەکارهێنانی ناوخۆییدا لە نێو ئەندامانی ئەم گرووپەدا بەرتەنگ و تا ڕادەیەک جیاواز بێت.

*سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسی (زمان و زار)




خیانەتكاری لە تراژیدیاكانی شكسپیردا.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

هیچ نووسەرێك لە دنیادا بەقەد شكسپیر نەچۆتە قوڵایی پرسی خیانەتكاری و ڕەگو ڕیشە مێژووییەكانی هەڵنەتەكاندووە.
ئەو زۆرینەی مەرگەساتە مرۆییەكانی كردۆتە تراژیدیایەك كە تا مرۆڤایەتی لەسەر گوێ ی زەوی مابێت، نەوە نەوە دوای ئەوە، ئەو تراژیدیانەی شكسپیر دەگوازنەوەو پەندو عیبرەتی لێ‌ وەردەگرن، باشتر بۆیان یەكلا دەبێتەوە كە خیانەت مێژوویەكی چەند دوورو درێژو كاریگەرییەكی چەند بە ئێشی لە سەر مرۆڤایەتی هەبووە.
كەچی هەر مرۆڤیشە خۆی سانعی ئەو خەسڵەتە قێزەوەنە، كە وەك ئاوێنەیەك ڕووی دووەمی مرۆڤت وەك دڕندەیەكی ترسناك نیشان دەدات و بۆت دەردەكەوێ‌ پاشقۆڵێكی چەند ناشیرینی هەیەو چ باگ ڕاوندێك لە ڕیسوا بووندا .
سەرچاوەی هەموو ئەو تراژیدیە خوێناویانەشی وەك كولتوور لەسەردەمی فابیل و هابیل دەستی پێكردووە، كاتێ‌ قابیلی كوڕی گەورەی ئادەم، هابیلی برای خۆی دەكوژێت .
وەك دەگێڕنەوە هەردوو برا ویستیان قوریانیەك پێشكەش بەخوا بكەن، هابیل كە شوان بوو، باشترین مەڕی هەڵبژارد، بەڵام قابیل كە جوتیار بوو، بڕە بەرهەمێكی لە دانەوێڵە پێشكەش كرد، كەچی لە ئەنجامدا قوربانیەكەی هابیل قەبوڵ كراو ئەوەی قابیل ڕەتكرایەوە.
ئەمەش ئاگری ئێرەیی لە دڵی قابیلدا خۆش كردو نەیتوانی سەركەوتنی براكەی بە چاوی خۆی ببینێ‌ ، ئەوەبوو لە كاتێكی بێ‌ ئاگایی دا براكەی خۆی كوشت،
هەندێكی تر لە مێژوو نووسان دەڵێن كیشەی نێوان ئەو دوو برایە هەر تەنها قوربانی نەبووە، بەڵكو لەسەر مشتومڕی جێگرەوەی ئادەمی باوكیان بووە.
ئەو كولتوورە لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامی هەیەو بە چاوی خۆمان دەبینین كە چۆن ئێرەیی و تەماعكاری بۆ كورسی و دەسەڵات و موغرەیاتی سەرو سامان بەرچاوی نزیكترین كەسەكانت كوێر دەكەن، بۆ ئەوەی لەمرۆڤ بوون داماڵدرێ ی ، ئەو مرۆڤە جوانەی خوا بێتە دڕندەیەكی هارو بڕسی، دوور لە باوەڕ، لەئینساف، لە ویژدان، لە ئەخلاق،..رۆژە قێزەوەنەكانی خۆی تۆمار بكات،
شكسپیر وێنەی سەردەمێك نیشان دەدات، كە زۆربەی پاشاكان بەهێز تاجی پاشایەتیان لەسەر دەنا، بە پیلانگێڕی كەسە نزیكەكانی خۆشیان بەڕیان لە ژێر پێ دەردەهێنان، بەڵام شكسپیر ئەوەش دەردەخا، كە ئەو خیانەتكارە دەست بەخوێنانە چۆن دواتر دەكەونە ژێر فشاری دەروونی و تارمایی غەدر لێكراوەكان ڕاوەدویان دەنێن و ئەو دەسەڵات و سەرو سامانە دەبێتە تەوقێك بە گەردنیان و تاشەبەردێك لەسەر دڵیان.
فەلسەفەی خیانەت لە تراژیدییاكانی شكسپیردا
تراژیدییاكانی شەكسپیر تەنها چیرۆكێكی سادە نین دەربارەی كوشتن یان خیانەت، بەڵكو ئاوێنەیەكمان نیشان دەدەن لەغە ریزە داپۆشراوەكانی مرۆڤ، كە چاوەڕوانی ئەوەیان لێ‌ دەكرێت ، لەهەر لەحزەیەكدا بتەقێتەوە ،
چونكە لای شكسپیر خیانەت تەنها كردەیەكی تاكە كەسی نییە، بەڵكو هێزێكی تێكدەرە كە شیرازەی خێزان، دۆستایەتی، دەوڵەت و تەنانەت ڕۆحی تاكەكانیش هەڵدەوەشێنێتەوە.
خیانەتی بە چەندین فۆرم و شێواز نیشانداوە، لەوانە:
خیانەتی سیاسی:
ئەم جۆرە خیانەتە زۆر جاران پەیوەندی بە دەسەڵات و ململانێی لەسەر كورسی دەسەڵات یان پاراستنی دەسەڵاتەوە هەیە، بۆیە ئامادەن هاوڕێ و خێزان و تەنانەت وڵاتیش بفرۆشن.
خیانەتی ڕۆمانسی :
بریتییە لەخیانەتكاری نێوان هاوسەران یان ئەڤینداران ، یان خیانەتكردن لە نێوان ئەندامانی خێزاندا.
ئەم جۆرە خیانەتە دەبێتە هۆی تێكچوونی پەیوەندییە كەسییەكان و زۆر جاریش كارەساتێكی گەورەی لێ دەكەوێتەوە.
خیانەتی دۆستایەتی:
كاتێك دۆستێك ناپاكی لە هاوڕێیەكی نزیك، یان دۆستێكی دەكات، ئازارێكی زۆر قووڵ دروست دەكات، چونكە متمانە و وەفاداری لەناو دەچن.
خیانەت لە خود:
هەندێك جار، هەندێ‌ كەس لەگەڵ ویژدانی خۆیاندا ناكۆكن و بڕیارێك دەدەن كە دژی بەها و بنەماكانی خۆیانە، ئەمەش وەك جۆرێك لە خیانەت لەخود دادەنرێت.
گرنگترین شانۆنامەكان و شیكردنەوەی پرسی خیانەت تیایاندا:

  1. هاملێت (Hamlet):
    هاملێت نموونەیەكی باڵای خیانەتی سیاسی، خێزانی و دۆستایەتییە.
    خیانەتی (كلاودیەس) مامی هاملێت، كتێ‌ خیانەت لەبراكەی دەكات و دەیكوژێت، بۆ ئەوەی تەختی پادشایەتی و شاژن (گێرترود) بەدەست بهێنێت.
    خیانەتی (گێرترود): دایكی هاملێت،كاتێ‌ دوای كوژرانی باوكی هاملێت، زۆر بەخێرایی هاوسەرگیری لەگەڵ (كلاودیەس) دەكات.
    خیانەتی (ڕۆزێنكرانتز و گیلدێنستێرن : هاوڕێ كۆنەكانی هاملێت، كە لەلایەن ( كلاودیەس) ەوە بەكرێ گیراون بۆ سیخوڕی كردن بەسەر هاملێتەوە.
  2. ئۆتێلۆ
    (ئۆتێلۆ)) یەكێكە لەپڕ دراماتیكی ترین شانۆنامەكانی (شكسپیر) دەربارەی خیانەتی دۆستایەتی و خۆشەویستی، كە لەلایەن كااكتەرەكانیدا ئەنجام دەدرێت .
    خیانەتی یاگۆ :
    یاگۆ، كەسایەتییەكی خراپ و بێویژدانە، بەپلانێكی ورد و ترسناك، متمانەی ئۆتێلۆ تێكدەشكێنێت و وای لێدەكات گومان لەدڵسۆزی و پاكی دێزدمۆنای هاوسەری بكات.
    (یاگۆ) دژی ئۆتێلۆ و كاسیۆ و ڕۆدریگۆ خیانەت دەكات و هەموویان بەكاردەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە شەیتانییەكانی.
    خیانەتی دێزدمۆنا (بە هەڵە):
    ئۆتێلۆ لەژێر كاریگەریی یاگۆدا، پێی وایە (دێزدمۆنا) خیانەتی لێكردووە و لەگەڵ (كاسیۆ )دا پەیوەندی هەیە، ئەم گومانە دەبێتە هۆی كوشتنی دێزدمۆنای بێتاوان و لەئەنجامیشدا خۆكوشتنی ئۆتێلۆ.
    جولیەس سیزەر :
    ئەم شانۆنامەیە بە تەواوی باس لەخیانەتی سیاسی دەكات، بە تایبەت لەلایەن ئەو هاوڕێ و سیناتۆرانەی (سیزەر) كە لەژێر پەردەی پاراستنی كۆماردا، پیلان بۆ كوشتنی دەگێڕن.
    بڕوتس، نزیكترین هاوڕێی سیزەرە، لەسەر ئەو بنەمایەی گوایە باوەڕی بەپاراستنی كۆمارەوە هەیە، ترسی لەوەی هەیە سیزەر ببێتە دیكتاتۆر، بۆیە بەشداری لە پیلانی كوشتنی سیزەردا دەكات.
    ئەمە خیانەتێكی ئایدیۆلۆژییە و بەهای ئەخلاقیی (بڕوتس) دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
    بۆیە لە دیمەنی كوشتننەكەی سیزەردا، كاتێك بە چاوی خۆی چەقۆ بە دەستی بڕوتسی هاوڕی َی دەبینێ‌ دەڵێت: تۆش، بڕوتس؟
    ئەم دێڕە نیشانەی قووڵترین ئازار و بێ باوەڕِیی سیزەرە كاتێك لەلایەن نزیكترین هاوڕێیەوە خیانەتی لێدەكرێت.
    خیانەتی (كاسیەس) و سیناتۆرەكان:
    ئەوانی دیكە كە بەشدارییان لە كوشتنی سیزەردا كرد، زیاتر لەبەر ئێرەیی و ترس لە دەسەڵاتی سیزەر بوو.
    لەم شانۆنامەیەدا، خیانەت لە نێوان ئەندامانی خێزاندا گەیشتووەتە ترۆپك.
    خیانەتی (گۆنێریل ( و( ڕیگان) لە لیر پاشا :
    كاتێ‌ هەر دوو كچە گەورەكەی شا لیر، ناپاكی لەباوكیان دەكەن ، دوای ئەوەی هەموو سامان و دەسەڵاتی خۆی بەو دوو كچە دەبەخشێت ، كەچی ئەوان بێ‌ نمەك بوون و هەموو بەها ئەخلاقیەكانیان كردە قوربانی تەماعكاری و سەرو سامان و دەسەڵات داری.
    ئەوەتا كاتێ‌ لیر پاشا لەلایەن (گۆنێریل) و (ڕیگان) ەوە لە ماڵ دەردەكرێ‌ لەژێر بارانێكی بە خوڕ و گەرەلوولێكی بە هێز ، لەد ەشتاییەكی چۆڵدا ڕوو بە ڕووی ئاسمان دەبێتەوە، بە توڕەیی هاوار دەكات، دەی باكان دەی تا پێتان دەكرێ‌ هەڵی كەن ، گڵپە بسێنن، بتەقنەوە،
    ئەی تاڤگەو گەرەلوولەكان ، ئەوەندە ببارن ، تا تاوەرە بەرزەكانیش نقۆم بكەن دەی،
    ئەی بروسكە تۆقێنەرەكان ، كەللە سەری منیش بسووتێنن، ئەو جیهانە خڕەش تەخت كەن دەی
    تیكی بشكێنن، هەموو ئەو تۆوانە تەفرو توونا كەن، كە مرۆڤی بێ‌ وەفایان لێ‌ دروست دەبێت.
    خیانەتی ئێدمەند لە (گڵۆستەر)ی باوكی و براكەی ، لە هەمان نمایش، بۆ ئەوەی میرات و نازناوی خێزانەكە بەدەست بهێنێت.
  3. ماكبێس
    لەم شانۆنامەیەدا، ماكبێس خیانەت لەخۆی و لە پادشاكەی و لە وڵاتەكەی دەكات بۆ گەیشتن بە دەسەڵات.
    خیانەتی ماكببس لە (دانكان :
    مەكبەس، لەژێر كاریگەریی پێشبینیی ساحیرەكان و هاندانی ژنەكەی (لەیدی ماكبێس)، دانكان پاشا دەكوژێت، كاتێ‌ میوانداریی كردبوو و متمانەی پێی هەبوو. ئەمە جۆرێكە لەخیانەتی متمانە و وەفاداری.
    پێ كوشتنی دانكان ماكبێس مۆنۆلۆگێكی بەناوبانگی هەیە دەربارەی دڕندەیی تاوانەكەی و دڵەڕاوكێكەی: تۆ بڵێ‌ ی ئەمە خەنجەربێ‌ كە من بەچاوی خۆم دەیبینم، ئەها ئەوە دەسكەكەیەتی كا وەرە ناو دەستم وەرە، دەی با بیگرم.
    ئەم دیمەنە سەرەتای داڕمانی ئەخلاقی ماكبێس و خیانەتە خوێناوییەكەی نیشان دەدات.
    دەرئەنجام
    شكسپیر بە شێوەیەكی بێ وێنە، لایەنە تاریكەكانی سروشتی مرۆڤ و ئەو وێرانكارییانەی كە خیانەت دەتوانێت دروستی بكات، نیشانداوە. لە ڕێگەی كارەكتەرە قووڵ و دیمەنە دراماتیكییەكانەوە، وای لە خوێنەر و بینەر كردووە كە بە وردی بیر لە واتای خیانەت و كاریگەرییەكانی بكاتەوە
    شانۆنامەكانی شكسپیر هەمیشە وەك ئاوێنەیەك ماونەتەوە بۆ ڕەنگدانەوەی هەموو ئەو ململانێ و لاوازییە مرۆییانەی كە تا ئێستاش لە كۆمەڵگا و ژیانی تاكە كەسی و سیاسی مرۆڤایەتیدا بوونیان هەیە.



کـۆمەڵکـوژیی دۆڵی زیـلان.. رەزا شـوان

دەوڵەتی عـوسمانی ئیـمپریالـیزمی رەگەزپەرست، مێـژوویەکی رەش و خوێناوی پـڕ لە تاوانی هـەیە. بە دەیان رەشـەکـوژی و کـۆمەڵکـوژییان، لە گەلانی، ئەرمـەنی، یـۆنـانی، کوردی، سووری، سعـوودی، میسری و ئاشووری، کردوە. هەر لەبەر ئەوەی کە تورک نەبوون یان ئاینێکی تریان هەبوو. یان مـلەکەچی دەوڵەتی عـوسمانیی داگیرکەر نەبوون و بەرگـرییـان لـە مـانـەوەیـان و لە نـاسـنامـەی نەتـەوەییـان کـرد. لـەوانە: ژینـۆسایـدی ئـەرمـەنـیـیەکـان لـە (٢٤/ نـیـسان/ ١٩١٥) دا، کـە بـە چـەنـد نـاوێـک نـاودەبـرێـت، بە (دۆزەخی ئەرمەنییەکان) و (قەسـبخانەی ئەرمەنییەکان) و (تاوانی گەوەرە). کە سوپای نامەردی عـوسمانییەکان، بە دڕنـدەتـریـن شێوە زیاتر لە (ملـێون و نیوێک) ئەرمەنییان کوشت. سەربازانی بێڕەوشت و نامەردی عـوسمانییەکان، بە بەرچاوی مێرد و باوک و کـوڕ و بـراوە، دەسترێـژیان دەکـردە سەر کچـان و ژنـانی ئەرمەنی و لاقـەیـان دەکردن، تانەت لاقـەی کچـانی تەمەن نـۆ ساڵانیـشیان دەکـرد. دواتـر رووتیانیان دەکـردنەوە و لە سـێدارەیـان دەدان، یا بە شـمشـێر سەریان دەپـەڕانـدن. لە دوایـشدا هەمـوو پیاوەکان و کوڕەکانیان و تەنانەت منـداڵانی کۆرپەشـیان دەکوشـت یان بە شمـشێر لە ملـیان دەدان. ئەم تاوانانەی عـوسمانییەکان هەڵـبەسـتراو نیـن، بەڵکو بە وێنـە و بەڵگە و بە قـسەی شایەتحاڵانی رزگاربـووی ژیـنـۆسایـدی ئەرمـەنـیـیەکان تـۆمـارکـراون.
لە ساڵی (١٩٢٣) دا، کە لەلایەن مستەفا کەمال (ئەتاتـورک)ی گۆڕبەگـۆڕەوە کۆماری تـورکیا راگەیانـدرا. کەمالییە تۆرانییەکانیش کە مـیراتگری عـوسـمانییەکانن. نکوڵـیان لە ناسـنامـەی کـورد کـرد و سـیاسەتی تـورکـانـدنیـان جـێـبەجێ کـرد. نـاوی (کـورد) و (کوردسـتان) و (زمـانی کوردی) و (قـسەکـردن بە کوردی) و لەبەرکردنی (جلوبەرگی کـوردی) و (گـۆرانی و فـۆلکـلـۆری) و (نـاوی کـوردی لە منـداڵان) ی کـوردییـان، بە یاسا و بـە فـەرمی قـەدەغـەیـان کرد و سـزای بەنـدکـردنیـان بۆ سەرپـێچـیکاران دانـا. بـۆ نمـوونە و بـۆ پـێکەنین، لە سـەرەتـای نەوەتـەکانی سـەدەی رابـردوو، نووسـەری ناسراوی شەهـیدمـان (مـوسا عـەنـتەر) لە باکـووری کوردسـتان، رۆژێـک لە بـازاردا پۆلـسی تورکیا دەیگرن. دەڵێـت: بـۆچی دەمگـرن و تاوانـم چـییە؟! پۆلیسەکان دەڵێن: گـوێـمان لـێتـبوو، کە بـە کـوردی فـیکەت لـێـدەدا!”.
تا ساڵی (١٩٤٦) باری نائاسایی لە ناوچە کوردنشینەکاندا راگەیاندرا و لەژێـر یاسای سەربازیـدا مایەوە. قـێزەوەنـترین رەوشـت و لـووتکەی رەگەزپەرسـتییان ئەوەیە، کە لە دەستووری تورکیادا کوردیان بە (تورکی شاخستانی) ناوبردووە و پۆلێنیان کردووە.

بەڵام هەرگیز کورد چـۆکی بۆ حکومەتەکانی تۆرانیی رەگەزپەرست دانەداوە و دانادات. سەرسەختانە و مەردانە بەرگریی لە بوون و لە ناسنامەی نەتەوەیی کردووە و دەکات. قـوربـانییەکی زۆر زۆری لـەم پێـناوەدا داوە. ئەسـتەمە دەسـت لە خەبـات بـۆ رزاگاری کوردستان هەڵـبگـرێـن.
لە دوای سەرکوتکردنی (شۆڕشی دیاربەکـر ـ ١٩٢٥ـ بە سەرۆکایەتی شـێخ سەعـیدی پیران)، دوای لە سێدارەدانی شێخ سەعـید و کۆمەڵێک لە هـاوڕێکانی. سوپای تورکیا دەستیان بە گرتـن و بە راگواستنەوەی زۆرەملـێی کوردانی ناوچەکە کرد، بە پێی پەتی و بە سەری رووتی، بە برسێتی و توێـنـێتی، بۆ رۆژئـاوای تورکیا گـۆێـزرانەوە. بەڵام بەشـێکی زۆری کوردی خەڵکی ناوچـەکە رەتیـان کـردەوە. کـۆمەڵـێک لە فەرمانـدە و شۆڕشگـێڕان کە لە شـۆڕشەکەی دیاربەکر بەشدارییان کـرد. خۆیان بەدەستەوە نـەدا. روویان لە ناوچە دوورەکان و لە چیای ئاگـری کرد. بە نهـێـنی لەو شـوێنانەدا مانەوە. تا شۆڕشی ئاگری (ئارارات) دەستیپێکـرد، چـوونە پاڵ شـۆڕش. ئەم شۆڕشە لە ساڵی (١٩٢٧ـ بۆ ـ ١٩٣٠) بە فەرمانـدەی ژەنەراڵ (ئیحسان نوری پاشا) درێـژەی هەبوو. (کۆماری سەربەخۆی کورد) یان دامەزرانـد، کە پایتەختەکەی شارۆچکەی (بایەزیـد) بـوو. لە نـزیکی چـیای ئـارارات. ئـاڵای کوردسـتانیـشیان لەسـەر لـووتـکەی ئـارارات هەڵکرد. ئێحـسان نـوری، بە سەرۆک کـۆمار هەڵـبژێـردرا. لەم شـۆڕشەدا نوێنەرانی هەمـوو کوردسـتان بەشـدارییان تێـیدا کـرد. زەبـرێکی باشـیان لە سوپـای تـورکـیا لە ناوچەکەدا دا. کەواتە پـرسی کورد لە تورکیادا، بـۆ زیاتر لە سەد ساڵ بەر لە ئەمـڕۆ دەگەڕێتەوە. پـرسی کورد، پـرسی گەلـێکی مـاف زەوتکـراو و نیشـتمان داگـیرکراوە.
لە مانگی حوزەیرانی (١٩٣٠) دا، ئەنجوومەنی وەزیـرانی تورکیا، بە سەرۆکایەتی (عـیسمەت ئینـۆنـۆ) سەرۆکوەزیـرانی تورکیا. بـڕیاری ژمارە (٨٦٩٢) یان دەرکرد. ئەم بـڕیارە بە هەمـو شێوەیەک رەوایی و رێگە بە کوشـتنی هـەر کوردێک داوە. بە کوشـتنی کـوردیـش، هـیچ کوردکـوژێک تاوانبـار ناکـرێـت. ئەمـە دەقی بـڕیـارەکەیە:
“کوشتنی کورد یان ئەنجامدانی هەر کردەوەیەک بەرامبەر بە تاک یان بە کۆمەڵ لە مـاوەی (٢٠/ حـوزەیـران/ ١٩٣٠ ـ تـا ـ ١٠/ کـانـوونی دووەم/ ١٩٣٠)، لـە لایـەن نوێنەرانی دەوڵەت و میلـیشیاکان، یان هەرکەسێکی مەدەنی لە کاتی بەدواداچـون و سەرکـوتکـردنی یاخـیـبوونی ئـارارات، بـە تـاوان هـەژمـار ناکـرێـت”.
تورکیا سوپایەکی زەبـەلاحی ئامادەکرد، کە دوو هـێـندەی ئەو سـوپایە بو کە هـێڕشی کـردە سـەر یـۆنـان. بـریـتی بـو لـە فـەیـلەقی (٧ و ٩) بـە فـەرمـانـدەی لیـوا (سـاڵـح ئـۆمـۆرتاک). ناوی ئەم ئـۆپەراسـیۆنەیـان نا “پاکـکـردنەوە”. مەخابـین کە بە دەیـان خۆفرۆش و جاش و چاوساغ و كڵاوسووری کورد، رۆڵێکی ناپاکی گەورەیان هەبوو. رێنیشاندەری سوپای تورکیا بوون. بـێجگە لە تانک و تۆپ (٨٠) فرۆکەی جەنگیش،
بـە رۆژ و بە شـەو، بە بـۆمـبی سـوتـێـنەر و ژەهـراوی چـیای ئاگـری و گـونـدەکانیان ناوچـەکەیـان بە چـڕی بـۆردومـان دەکـرد. بە سـەدان کوردی سـڤـیلـیان شـەهـیدکـرد.

ئەتاتـورک و حەمەرەزا شای گـۆڕبەگـۆڕی شای ئێـران، لە سەر گـۆڕینـەوەی بەشـێک لە چیای ئارارات و خاکی وانی کوردستانی رێکەوتن. سوپای ئێرانیش چووە پاڵ سوپای تـورکـیا و پـشـتەوەیـان لە شەرڤـانان گـرت. یەکـێتی سـۆڤـیەتیـش پاڵـپشتی و هـاوکاریی خۆی بۆ سوپای تورکیا دەربـڕی. دۆشـکە و شەستیری بۆیان نارد و دڵـنیاشی کـردنەوە کـە چـەکی دۆشـکەیـان بـۆ دابـیـن دەکـەن. فـرۆکـەکـانی بەریـتـانـیـاش بەشـداریـیان لـە بـۆردمـانکـردنی ناوچـە کـوردییـەکانـدا کـرد.
ئۆپەراسیۆنی پاککـردنەوە، پێش وەرزی دروێنە، لە هەفـتەی کۆتایی مانگی حوزەیرانی ١٩٣٠ دەستیـپێکرد. لە زۆر سەرچاوەدا، لە ٨ی تەمووزی ١٩٣٠ دەستیپێکردوە. هەر کوردێكـییان بـدیایە، یەکسەر دەیانکـوشت. هەمـوو گونـدەکانی ناوچەکەیان تاڵانکـردن و سووتانـدیانـن. ئاگریان لە دەخـڵودان و لە دارستان بەردا. سوپای تورکیا لە کوردستانی باکـووردا، سیاسەتی زەویی سـووتـماکـیان جـێـبەجێ کـرد.
دوای چەنـدین هـێڕش، کە بە دەیان سەربازیان لـێکوژرا، بە هـۆی هـێزی نابەرامبەری و نەمـانی فـیـشەک و ناپاکـیی هـەنـدێک لە کـوردان، کە چـوونە پـاڵ دەوڵـەتی تـورکـیا. شـۆرشی ئـاگـری سـەرکـوتکـرا. (٢٤) لە سـەرکـردەکـانی شـۆڕشـیان لـە سـێـدارە دان.
بەڵام سـوپـای دڕنـدەی تورکـیا، بە دامـرکانـدنی شـۆڕشی ئاگـری و بە کـۆنتـرۆڵکـردنی دوخەکەوە نەوەستان. ئۆپـەراسیـۆنـێکی سـەرتاسەری پاکـتاوی رەگەزیی بەرامـبەر بە گەلی کوردمان لە باکووری کوردستان دەستپێکرد، بە تایبەتیش لە ناوچەی (سەرحەد) کە هـەریەک لە پارێـزگاکانی وان و ئـاگـری و مـوش و بیـنگـۆل و قـارس و ئەرزڕومی لەخۆگرتـووە، ببـوە گـۆڕەپانی رەشەکـوژی و کـۆمەڵکـوژیی کـورد. زیاتـر لە (٨٠٠٠) گوندی ناوچەکەیان تاڵان کرد و خانووەکانیان سووتاندن. ژمارەیەکی زۆری ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەیان، لەناو خانووەکانیاندا سوتاندیانن. زیاتر لە (١٠) هـەزار کەسیان کوشـت. (١٥٠٠) منـداڵ و ژنی کوردیـان، لە چـاڵـێکـدا بەسـتنەوە و ئاگریان تـێبەردان و سوتانـدیانن. بە سەدان منـداڵ و ژنیان هـەڵـدانە نـاو روبـارەکان و خـنکان، بە دەیان ژن و منـداڵـیان لەسـەر چـیاکـانەوە هـەڵـیان دانـە خـوارە و مـردن. دەسـتـدرێـژییـان بۆ سـەر کچـان و ژنـان کـرد. زۆرێـک لە کچـان و ژنـان لە سەربانی خانووەکانیانەوە یان لەسەر گـرد و چـیاکانەوە، لە تـرسی دەستـدرێـژی سەربازانی تورکیا خـۆیـان هـەڵـدایە خـوارەوە و شەهـیـدبـوون. پیـاوەکانـیـشـیان بـەسـتن بەیەکەوە و گولەبـارانیان کـردن. بە زینـدوویـش پـێـستی سـەری کـۆمـەڵـێک لاوی کوردیـان کەوڵ کـرد. بکـوژی کـورد (ئەحمەد دەروێش ئالبای) کە فەرماندەیەکی سوپای تورکیا بوو، وتی:”نرخی فـیشەک زۆرە، ژن و منـداڵەکـانیـان بـە فـیـشەک مەکـوژن، بەڵکـو بـە قـونـاغی چـەکـەکـانتـان بیـانکـوژن یان بە قـەمـەی چـەکەکانتـان سـکـیان هـەڵـدڕن”.

کـۆمەڵکـوژیی دۆڵی زیـلان:
(دۆڵـی زیـلان) کە دواتـر کـورد نـاوی لـێـنا (دۆڵـی خوێـن) دەکـەوێتـە نێـوان چیـاکانی ئـارارات و تەنـدورەک، لە باکـووری شاری (ئـەرتیـش) ی سەر بە پارێـزگـای وان لە باکووری کوردستان. دۆڵی جـوانی زیـلان (٢٠) کـیلـۆمەتـر، لە شاری وانەوە دوورە. هـاوینەهـەواری دۆڵـی زیـلان، بەهـەشـتـێکە بۆ دانیـشـتوانی ناوچەکە. سێ رووباری قەشـەنگ و جـوان دەژێنـەو نـاو رووبـاری زیــلان.
دوای ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە خێزانە کوردەکانی ناوچەکە، لە ژن و منـداڵ و لاو و پـیر، دوای ئـەوەی کە ماڵەکانیـان تـاڵان کرا و گـونـدەکانیـان سوتـێـندران و گەمـارۆی ئابووری خـرایە سەر ناوچەکەیان. لە ترسی بۆردومانی فـڕۆکە و تۆپاران و لە ترسی دەستدرێـژی و گرتن و رەشەکوژی، روویان لە ناوچەی ئەرتیش لە کەناری باکووری دەریـاچـە وان ـ گەورەتـریـن دەریـاچـەی کوردسـتان ـ و لە دۆڵـی زیـلان کـرد.
بەڵام ناوچەکە بە هـەزاران سەربـاز و مـیلـیشا گەمـارۆ درابوو، ببـوو بە ناوچەیەکی داخـراوی سەربازی و هەمـوو رێگاکان و دەروازەکانی هـاتـنەژوورەوە و دەرچـوون گیرابوون، لە کورد قەدەغەکرابوون. وەک دەڵێن”ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرام کرابوو”.

ئێـران و عـێراق و سووریاش، هـاوکاری تـورکـیایان کرد. بەشـێک لە شەرڤـانان، لە دوای شکـستهـێنانی شـۆڕشی ئاگری، روویـان لەو شـوێنـانەی کوردستان کرد. بەڵام ئەو سێ دەوڵەتە گرتیانیان و رادەستی تورکیایان کردن. هەموویانیان لە سێـدارە دان.
لە رۆژی (١٣/ تەمووزی/١٩٣٠) دا، سوپای دڕندەی تورکیا، ئەو خێزانە بێدەرتان و سـڤـیلانـەی کە روویـان لەو ناوچـەیە و لە دۆڵی زیـلان کـردبوون. گەمـارۆیـان دان و هەمـوویانیان گرتن. بە هەزاران منداڵ و ژن و لاو و بەساڵاچوانی کوردیان، هەڵـدانە ناو ئاوی رووباری دوڵی زیـلان. ئـینجا لە هەموو لایەکەوە بە بـۆمـب و بە دۆشکە و شەستیر گولەبارانیان کـردن. هـاواری ژنـان و زیـڕەی منـداڵان دەگەیـشتـنە عـەرشی ئاسـمـان. کەسـیان لـێـدەرنەچـوو، هـەمـوویـان شـەهـیدبـوون. ئـاوی رووبـاری دۆڵی زیـلان و چەم و کانی و جۆگەلەکانی پڕببوون لە خوێن و بە بەخـوێـنی ئەو شـەهـیدە بێتاوانـانە سـوور ببـوون. (دۆڵی زیـلان) بـو بـە (دۆڵی خـوێـن).
(٢٢٠) گـونـدی دۆڵی زیـلانیان سـووتـانـد، خـێزانـێکی زۆریـان لەنـاو خانـووەکانیان سـووتانـدن. مـاڵ و مـەڕ و ماڵاتـیشیان بە تـاڵانی بـردن.
(عـوسـمان ئیلـیری) شایەتحاڵـێکی رزگاربـووی کـۆمەڵکـوژیی دۆڵی زیـلان، دەڵـێـت: “سەربـازەکانیـان لەنێـوان خۆیـانـدا، گـرەویـان لەسـەر رەگـەزی کـۆرپـەلەی لەدایک نەبووی ناو سکی ـ ژنی دوگـیان ـ دەکرد، سکی دایکـیان هەڵـدەدڕی تەنهـا بۆ ئەوەی بـزانـن کـوڕە یا کچـە”.
(کاکـیل ئـەردەم) کە لـە ساڵی (٢٠٠٧) دا، تەمـەنی (٩٤) سـاڵ بـوو، یەکـێکی تـرە لە شایەتحاڵە زیندووەکانی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیـلان، کە لەناو تەرمی کوژراوکانـدا خۆی درێژکـردبـوو و رزگاری بـوو، بۆ دو رۆژنامەنووسی تـورکی گێڕایەوە و وتی:”سی و پێـنج کەس لە کەسوکاری کـوژران. سەربازەکان سکی ژنێکی دوو گـیانیان هـەڵـدڕی. لەبەردەم چـاویـدا بە زینـدووی، پـێـستی سـەری سێ کەسیان لـێکـردەوە. دوو بـراشی لـێـیانـدان تا مردن”. ئەو دوو رۆژنامەنووسە تورکەی کە دیمانەیان لەگەڵ کاکیل کرد، بە بـڕیاری دادگای تـورکـیا، هـەریەکەیـان شـەش مـانـگ بەنـدکـران.

لە گونـدی (گەرماوا ئەدمان) یشدا، کە گونـدێکی دۆڵی زیـلانە، سەربازانی بێـڕەوشتی تـورک ویـستیان دەستـدرێـژی بکەنە سـەر ژنـێکی کورد. بەڵام خـەڵکی گـونـدەکە، بە هـەمـوویانەوە پەلامـاری سەربازەکانیـان دا و بە دەیـان سەربـازیان کـوشـت. خـەڵکی گونـدەکەش ئاوارە بـوون. تاوانی وا لە کوێی جیهـانـدا روویان داوە؟ ئـەمەیە راستیی بـێـڕەوشتی و نامـەردی، قـارداشی تـورکی مـوسـوڵـمان.
(نێـلسۆن ماندێلا) دەڵێت”گەر دەتەوێت تـورک بناسیت بۆ یەک رۆژ ببـە بە کـورد”.
رۆژنامەی (جمهـوریەت) کە سەربە رژێـمی تورکیایە، لە (١٣/ تەمووز/١٩٣٠) دا، شانازی بە کـۆمەڵکـوژییەکەی دۆڵـی زیـلانی کرد، بـە ناونـیشانێکی گەورە، باس لەم تاوانەی سوپای تورکیا دەکات، نووسیبوی:”ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوە دەستیپێکردوە، هەموو ئەو کەسانەی لە دۆڵی زیـلان بوون لەناوچـوون و کەسـیان رزگاری نەبوو”.
بە گوتەی پەیامنـێرەکەیان (١٥) هەزار کەس کوژراون و رووباری زیـلان تا لێواری پـڕبـووە لە تـەرمی کورد.
بەرپـرسـێکی حکـومەتی تـورکـیا بە فـەرمی راگـەیـانـد، کە ژمـارەی کـوژراوانی دۆڵی زیلان گەیشتوونەتە (٤٧) هەزار کەس. بەڵام مێژوونووسان و شایەتحاڵەکان پێیانوایە کە ژمـارەی کـۆمەڵکـوژییـەکەی دۆڵی زیـلان، زیـاتـر لە (٨٠) هـەزار کەسـە.
بە هـەزاران کوردی گونـدنـشین و شارۆچکەکانی ناوچـەی سەرحەدیان، بە زۆرەمـلێ رایانگـواستنەوە بـۆ رۆژئـاوای تـورکـیا. تا ئەمـڕۆش سـیاسـەتی تـورکـانـدنی کورد و گـۆڕینی دیمـوگـرافـیای ناوچـە کوردسـتانییەکان درێـژەی هـەیە.
کـۆمەڵکوژیی زیـلان، یەکـێکە لە نموونە هەرە قـێزەوەنەکانی سیاسەتی سیستماتـێکی لەناوبردن و ئینکاری دژی گەلی کوردمان. هەڵمەتێک بوو بۆ قـڕکردنی تەواوی گەلی کورد ئەنجامدرا. یەکێکە لە کۆمەڵکوژییە سامناک و دڕندەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. ئەم تاوان و تـراژیـدییە بێـوێنەیە، بە بەرچاوی جیهـانەوە ئەنجامـدرا، بە داخەوە هـیچ وڵاتێک سەرکـۆنەی ئەم تاوانەیان نەکرد. وەزاراتی دەرەوەی بەریتانیا بە سەرکەوتنی گەورەی سوپـای تـورکیای نـاوی بـرد.
حکومەتی تورکیا لە ساڵی (١٩٣٠ـ هەتـا ـ ١٩٥٣) ناوچەی دوڵی زیـلانی لە کوردان قەدەغـەکـرد. تا ئەمـڕۆش رێـگە بە لـێکوڵـینەوە نادات کە لەسەر کۆمەڵکـوژی دۆڵی زیلان بکرێت و تاوانەکانی ئاشکـرابکـرێن. حکومەتی تورکیا، نە دان بە ژینۆسایـدی ئەرمەنـییەکان و نە دان بە کۆمەڵکـوژیی دۆڵی زیـلانـدا نانـێـت. بەڵام ئەم دوو تاوانە تاهـەتایە، دو پەڵەی رەشی قـێزەوەنـن بە ناوچەوانی تـۆرانییە رەگەزپەرسـتەکانەوە. گەرچی هـەمـوو ناوچەوانیان پەڵـەی رەش و قـێزەوەنـن.
لە ساڵی (١٩٨٠) دا، حکـومـەتی تـورکـیا، ئەو کەسـانەی کە لـە ئەفـغـانـستان و لە قیرغیزستانەوە هـێنابوویان، جگە لەوەی کەمپینـێکی گەورەی لە دۆڵی زیلان بۆیان دروستکـرد و بەشـێکی زۆریـشیانی لە گـونـدەکانی دۆڵی زیـلان نیشـتەجـێیانی کـرد. زەوی و زاری کـوردی بە سەریانـدا دابەشکـرد، مانـگا و مەڕ و بـزن و تـراکـتۆری دانێ بـۆ ئـەوەی بە هەمیـشەیی لەوێـدا بمـێننەوە. تا ئەمـڕۆش ئەم نامـۆیانە لەوێـدا ماونـەتەوە. تـورکـیا هـەر لە دۆڵی زیـلانـدا، وێـستگەی کـارەبـا و چەنـد کارگەیەکی دروستکرد، بە مەبەستی ونکـردنی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیـلان.
لە ساڵی (١٩٩٢) دا، بەربەستی (کۆجـۆبـرۆ) یان لەسەر رووبـای زیـلان لە شاری ئەرتیـش دروسـتکـرد. بەشـێکی زۆری گـۆڕەکـانئ دۆڵی زیـلان، ژێـر ئـاو کـەوتـن. مەبەسـتی تـورکـیاش، پەردەپـۆشکـردنی تـاوانی کـۆمەڵکـوژیی دۆڵی زیـلانـە.
لە ئێستادا فـیلـمێکی دیکۆمێنتاری بە کوردی بەرهەمهێنراوە بە ناوی (دۆڵی خوێن)
کە لە بەرهـەمێنانی (سـەعـادە ئـۆڵغـنـۆ) یـە. کە باس لە کۆمەڵکوژیی زیلان دەکات.
سوپـای دڕنـدەی تورکیا بە کۆمەڵکـوژیی دۆڵی زیـلان، دەستیان لە تاوانەکانی دژ بە کورد هەڵنەگرت، چەندین کۆمەڵکوریی تریان ئەنجام دا. گەورەترینیان رەشەکوژی و (کۆمەڵکـوژیی دێـرسـیـم) ە.

دوای شکستیهـێنانی (شـۆڕشی دێـرسـیـم)، لە سـاڵی (١٩٣٦ـ ١٩٣٧) بە رابـەرێـتی (سەید رەزای دێـرسیم) سوپای تورکیای رەگەزپەرسـت ، بە تـۆپباران و بـۆردومـانی فـرۆکەی جەنگی، کۆمەڵکوژی و رەشەکوژییەکی تریان لە گەلی کوردمان کرد. کە بە (قەسابخانەی دێـریسیم) ناودەبـرێت. سەرجـەم زیـاتر لە (٩٠) هـەزار منـداڵ و ژن و لاو و پیاوانی بێـتاوانی کوردیان کـوشت. کوردکوشتنیان بە ڕەوا دەزانی. بە هـەزاران دۆنم دار و دارستانیان سووتاند، بە سەدان گوندی کوردیان تاڵانکرد و وێرانیان کردن. بەڵام تـورکیا تەنهـا دانی بە کوشـتنی (٣٠) هـەزار کوردا لە دێـرسـیم دا ناوە. تـورکیا ناوی شاری (دێـرسـیم) یـشی گـۆڕی بە (تـونجەلی). بەڵام کورد هەر بە دێـرسیم ناوی دەبـات. دێـرسـیم هـێـمای راپـەڕیـن و بەرگـرییـە.
پێـشتر نوسینێکـم دەربـارەی شـۆڕشی دێـرسـیم نـوسی و بـڵاومکـردەوە. بـۆێـە لـەم نـوسینەمـدا، درێـژە بە کـۆمەڵکـوژیی دێـرسـیم نـادەم. تەنهـا ئامـاژەم پـێیـدا.
هەرگیز بـرینەکانی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیـلان و قەسبخانەکەی دێـرسـیم و کـیمیابـارانی هـەڵەبجـە و شـوێنەکانی تـر و زینـدەبەچـاڵکـردنی (١٨٢) هـەزارکـورد لە شـاڵاوەکانی ئەنـفـالی بەدناو و کوشتنی (٨) هـەزار بارزانی و (١٠) هـەزار لاوی فـەیـلی کورد، کە بە زۆری لە حەوزی تیزابـدا توانـدیاننەوە. کۆمەڵکـوژیی خوشک و برایانی ئێـزیـدیمان لە شەنـگال، كە زیـاتر لە (٥٠٠٠) هـەزار ئێـزیـدی شەهـید کـران، زۆربەیـان منـداڵ و ژنانـن. لە سێدارەدانی بە دەیان لاوی کوڕ و کـچی کوردمـان لە رۆژهـەڵاتی کوردستان، لەلایـەن کۆماری پەت و سیـدارەی ئیسلامییەوە. شەهـیدکـردنی بە دەیـان منـداڵ و ژنی سڤـیلی کوردمان لە رۆژئاوای کوردستان، بە بـۆمبی فـسفـۆری و بۆ بـۆمبی بۆڵـییەوە، لەلایـەن تورکـیای رەگەزپەرستەوە. ئەستە کە بتوانـین، ئەم تاوانانە و بە دەیان تاوانی تری داگـیرکەرانی کوردستان لە یادبکەیـن. برینە بە سوێیەکانی ئەم تاوانە قێزەوەنانە، نە ساڕێـژدەبـن و نە لە بیـرمـان دەچـنەوە.

(*) : تا رادەیـەک سـوودم لە چەنـدیـن ماڵـپەڕی ئینگـلـیزی و کـوردی وەرگرتـووە.
دوبـەی: ٢٠٢٦




مانا (وەک تەماشاکردن لە گەڕان)دا.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی تێگەیشتنی مانا (وەک ڕێگا لەبەردەم ڕۆیشتن)دا بکەمەوە، بۆ ئەوەی لە سەردەمی (ڤیرچواڵ- Virtual)دا چەمكی (لەڕێگا- دروستبوون، نەك لە ئەنجام)دا وەك ڕاستی بدوێ و تێگەیشتنی مانا (وەک تەماشاکردن لە گەڕان)دا هێزی بوونی هەبێت… شاڕستەی (ئێمە تەنها جیهانی دیجیتاڵی بەكارناهێنین، بەڵكە ئەو جیهانە شێوەی بیركردنەوە و بوونمان دروست دەكاتەوە.) تەتەڵە دەكەم؛ بەو مانایەش چێژی (تەماشا-كردن) لە ژینگەی ڤیرچواڵدا تەنیا ساتێكی خۆش نییە، بەڵكە وەك (گەڕان-Search) بنەمای هەستەکان و تێگەیشتنی بوونی مرۆڤ دروست دەکاتەوە.
كەواتە (مانا- وەک تەماشاکردن لە گەڕان)دا زانیاری و ڕاستی، دەسەڵات و كۆنترۆڵ، ناسنامەی گۆڕاوی مرۆڤ (تۆ-ی ئۆنلاین) لەخۆ دەگرێت، بەڵام تەنها سەرنج بێتە سەر چەسپاندنی (خود)ی ڕێگا، دەشێوێت؛ چونكە ڤیرچواڵ توانایە، خود نییە؛ واتە لەنێوان تەماشا و مانادا ئاستێکی نەبینراو، هەڵبژاردنەكانمان دیاری دەكەن و ئارەزووەكانمان ئاراستە دەكەن؛ بەڵام لەنێوان تەماشاكردن و مانادا خود ئامادەیە… لێرەدا مرۆڤ (وەك ماددەی خاو) لەڕێگای گەڕاندا دەبێتە (وێنە، نیشانە، لۆگۆ- داتا)، بەڵام مرۆڤ وەك هەست و خود لەڕێگای تەماشا-كردندا دەبێتە مانا!.
لە ژینگەی ڤیرچواڵدا بیرۆكەی مرۆڤ وەك داتا، هیچ ناوەندێكی سەرەكی نییە، لەگەڵ هەمووشیان لە پەیوەندیدایە، چونكە دەگەڕێ ناتوانێ بوەستێ؛ بەڵام مرۆڤ وەك مانا، ناوەندێكی یەکگرتوو و ڕوونی هەیە، لە تەماشاكردندا دەوەستێ… لە پرۆسەی گەڕاندا سنووری نێوان ڕاست و ناڕاست تێك دەچێت و ڤیرچواڵ دەبێتە بەشێك لە ڕاستی، دەبێتە (وێنەیەكی ڕاستتر لە ڕاستی)، ئەوە ناسنامەی گۆڕاوی تێكەڵبوونی مرۆڤ و تەكنەلۆژیایە: (سایبۆرگ)ە؛ بەڵام هەست و خود، ناسنامەی مانایەكی یەکگرتوو و ڕوون و سەقامگیرە.
ئێمە لە جیهانی دیجیتاڵییدا تەماشای خێرایی زانیارییەکان دەکەین، كە هەموو شتێ دەبێتە: فەوڕی؛ كات كورت دەبێتەوە و دەبێتە: كاتی هەنووكە؛ ناتوانین لە زێدەگەڕاندا بوەستین و کارێکی دیکە بکەین چونكە بە پرۆسەی گەڕان مەست دەبین، لە زانستی خێراییدا مەست دەبین، هەمیشە چێژ لە گەڕانی زێتر وەردەگرین.
لە ئامرازە دیجیتاڵییەکان (مۆبایل و تەلەفۆنە زیرەکەکان، ئۆتۆمبێل، کامێرای چاودێری، ئامێرە زیرەکەکانی ماڵ و ئینتەرنێت)ەوە زانیارییەكان لە دەوروبەر وەردەگرن و وەك داتا بە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی دەبەخشن و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا ئەلگۆریتمەكان وەك هێزێکی شاراوە هەنگاو بۆ شیکردنەوەی زانیارییەكان و جێبەجێكردنیان دەنێن؛ بەو مانایە سێنسەری ئامرازە دیجیتاڵییەکان (سێنسەر-Sensor: داتاكان بۆ سیگناڵێکی ئەلیکترۆنی دەگۆڕن) کاریگەری لەسەر ڕەفتار و ئارەزووەكانمان دادەنێن و لەڕێگای چێژبەخشینەوە مافی ئەوە بەخۆیان ڕەوا دەبینن حەزەكانمان تەتەڵە بکەن و گۆڕان لە بیركردنەوەماندا بكەن!
بۆچی لەوە ناپرسی زۆرێک لە پلاتفۆرمەکان و کۆمپانیاکانی وەک: گووگڵ، فەیسبووک و ئەمازۆن، داتای بەکارهێنەران (وەک گەڕان، کلیک، شوێن، کڕین، لایكـ)ەكانمان کۆدەکەنەوە و بەهۆی ئەلگۆریتمەكانەوە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكەن و لەوێوە پێشبینی هەڵسوکەوتی داهاتوومان دەكەن… لەوە ناپرسی كاتێك (تەماشا) لەسەر شتێ ڕادەگری، بۆچی هەمیشە ئەو شتە دروست دەبێتەوە؟!
هەموو ئەوانە، وەك ئەوەیە (مانا) لە شاشەی ئامرازە دیجیتاڵییەكاندا لە دروستبوونەوەدا تەماشای (هەمووان) بکات، تەنها (خود) نەبێت! لێرەدا تێگەیشتن (تەماشاكردن)ە و بە دەستبازی دروستبوونەوەوە مەستە؛ بەڵام ئامرازە دیجیتاڵییەكان (تەماشا)ی ئەوی دیکە دەکات، كە من نیم! من پێویستە تەماشای- بکات، بۆ ئەوەی مۆڵەق بێ و ئەوی دیكە نەبینێ؛ كەواتە ئامرازە دیجیتاڵییەكان تەماشا-ی هەموو شتێک دەکات تەنها منی مۆڵەق نەبێت؛ بەدیوەكەی دیكە شاشە لە ئاستێکی نەبینراودا لە (تەماشا-کردن)م ناکەوێت.
بەمجۆرە ژینگەی ڤیرچواڵی هاوشێوەی بەربوونەوەی تێگەیشتن بەشدارییەک لە هەستە مرۆییەکاندا دەوروژێنێت: تەماشا لە گەڕاندا تێگەیشتن فریوو دەدا و چێژێكـ دەبینێ کە لە گەڕانی مانادا نییە، بەڵكە لە جوولەی شاشەدایە؛ كەواتە مرۆڤ لە زانیارییە دیجیتاڵییەکاندا تێگەیشتن بەدەست ناهێنێ، بەڵکە تەماشای شاشەیەک دەکات یان چێژێ دەیبات کە بەخێرایی لە گەڕاندا لێی ڕەتدەبێت.
لێرەوە سێنسەری ئامرازە دیجیتاڵییەکان سەلماندوویانە ئەوە جوولەی زانینە تەماشای مرۆڤ دەکات، نەك تێگەیشتنی چەسپاو؛ مرۆڤ لەو زانیارییە دیجیتاڵییانەدا تێگەیشتن حاسڵ ناکات، بەقەد ئەوەی سێنسەرەکان لە گەڕان بەنێو دەروونی مرۆڤدا حاسڵی دەکەن! سێنسەرەکان لە تەماشای مرۆڤ دۆخێکی سایکۆلۆژی بەرهەم دەهێننەوە.
بۆچی مرۆڤ لە گەڕان بە دوای زانیارییە دیجیتاڵییەکاندا تێگەیشتن (وەك ئەزموون) حاسڵ ناکات؟ چونکە زانیارییەکان تەماشای مرۆڤ ناکەن، تەماشای شاشە (کامیرا) دەکەن! واتە تەماشای جوولەی چاوێکی دیکەی مەتەڵاوی دەکەن، كە كامیرا- شاشەیە، چاوێك كە لە تەماشا ناوەستێ! بەڵام هەست و خود و ئەزموون لە دۆخی وەستاندایە، بۆیە (تەماشا) فریووی دەدات… ئەو شتەی چاومان لەسەریەتی جوولەی (شاشە)یە و لەو بابەتە (گەڕان) ڕاستەقینەتر دیارە کە بەرانبەری وەستاوین، یان لەو داتایەی بەدوایدا دەگەڕێین ڕاستەقینەتر دەردەكەوێت؛ هەڵبەتە لە بابەتی گەڕان و شاشەدا (زڕەوێنە-Simulacra- وێنەیەكی ڕاستتر لە ڕاستی)ی (ژان بۆدریارد) ڕێكارەكانی فریودان ڕوونتر دەركاتەوە.

هونەری گەڕان
لە مانادا (تەماشا-كردن) لەسەر بابەت دەوەستێ، بەڵام ئەو وەستانەی تێگەیشتن، ئەو تایبەتمەندییە نییە کە هونەری گەڕان (هونەری پرسیارکردن)ی پێدەناسرێتەوە، چونكە تێگەیشتنی بابەت دەبێتە ئەزموونێكی خودی، واتە مانا (تەماشا) بۆ ئەوی دیکەی (كردن) دەچەسپێنێ و هیچ کارێکی دیکە ناکات تەنها ئەوە نەبێت كە دەوەستێت؛ چونكە مانا مافی ئەوەی هەیە و پێویستە لەسەری (تەماشا) لە شوێنێ (مۆلەق) بكات؟! بەڵام مەرج نییە گەڕان هەرگیز (تەماشا) بکاتە (كردن)؛ گەڕان وەك ڕێگا لە ڕۆیشتندا (تەماشا)ی هەموو شتێک دەکات تەنها مانای (كردن) نەبێت، تەنها ئەزموونی خود نابینێت، كەواتە (من) وەك (كردن) مانام!
بێگومان زانیارییە دیجیتاڵییەکان بەبێ خواستی خۆیان وێنەیان گیراوە، بۆیە لە مانا و تێگەیشتن تێدەپەڕن و سەیری شاشە- کامیرا دەکەن و لە گەڕاندا مانا دروست دەكەنەوە، ئەزموون دروست ناكەن؛ بەمجۆرە لەنێوان ئامرازی کامیرا و تەماشا هیچ جۆرە تێگەیشتنێ بۆ گەڕان نییە، جگە لە کاردانەوەیەک بە ئاراستەی ئابووری خێرایی گەڕان، بازاڕی خێرایی گەڕان لە کاردانەوەی نەوەستاندا بەردەوام دروست دەبێتەوە، لە كاتێكدا تێگەیشتن، مانا و ئەزموونی خود لە کاردانەوەی بازاڕی-كردن سەوز دەبێت.
من بەدوای ئەو شتەدا دەگەڕێم کە تێیدەگەم، ئەگەرچی لە تەماشادا ئەو شتە نابینمەوە؛ بەڵام لە گەڕانی خۆبەخۆ لە کایەی داخراوی تەماشادا بەردەوام مەستی چێژی لەدایكبوونەوە دەبم! بەمجۆرە گەڕان و (تەماشا)، لە بەدەستهێنانی ئامانجی مانا و تێگەیشتنەوە بۆ چێژ دەگۆڕێت؛ گەڕان و چێژ بە دوای یەکدا لە لەدایكبوونەوەدا یەكتر بەجێدەهێڵن، بەو مانایە هەمیشە گەڕان، مانا بەجێدەهێڵێ، ژینگەی ڤیرچواڵ و زڕەوێنە دەبنە هایپەر-ڕاستی و چێژ؛ بەڵام خود و (تەماشا-كردن)، ئەزموون و هەستەكان هەڵدەوەشێنێتەوە.
لە مەستیدا خود دەرناكەوێت چێژ فەرمانڕەوایە؛ وەك چۆن کتوپڕ تەماشای گەڕان دەگۆڕێت! بەڵام ئایا ئامرازە دیجیتاڵییەكان لەبری خود گرنگی بە چێژ دەدەن، لەبری چێژ گرنگی بە گەڕانی بەردەوام دەدەن، لەبری گەڕانی بەردەوام گرنگی بە فریوودان دەدەن و ناوی دەنێن ژینگەی ڤیرچواڵی كە تێیدا: دەژین، پەیوەندی دەكەین و خۆمان دەگۆڕین؟! هەڵبەتە لە ژینگەی ڤیرچواڵدا سنووری نێوان ڕاستی و خەیاڵ كەمتر دەبێتەوە؛ مرۆڤ لە (پێكهێنانی ژینگەی نوێ)ی ڤیرچواڵیدا تەنها نیشتەجێ نییە، بەڵكە دروستكاری جیهانەكەی خۆیەتی؛ (مانا- مرۆڤ) لەبەردەم گەڕاندا بەندە بە پرسی چێژەوە، چێژ لە پێكهێنانی ژینگەی نوێدا بەندە بە پرسی فریووەوە.
كەواتە کارلێکی نێوان مانا و گەڕان، چێژ و فریوو، لە ئاستە جیاوازەكاندا ئەگەری كراوەن: لەنێوان توانای داهێنانەكانی مرۆڤ و جیهانی ڤیرچواڵیدا؛ واتە ئەگەرچی مرۆڤ جیهانی ڤیرچواڵی دروست كردووە، بەڵام ئێستا ئەو جیهانە مرۆڤ دووبارە دروست دەكاتەوە! بەو مانایە جیاوازی لەنێوان دوو شێوازی بووندایە: لەیەكەمیاندا ئەگەر (تەماشا)ش نەبێ، بابەتی (كردن) هەیە؛ لە دووەمیاندا بوونی تەماشا پەیوەستە بە داتا، سیستەم، بەكارھێنەرەوە؛ لە یەكەمیاندا زانیارییەكان بەسەر ئەزموون و هەستەكاندا دێت؛ لە دووەمیاندا زانیارییەكان بە فلتەر و ئەلگۆریتمەكاندا تێدەپەڕن؛ لە یەكەمیاندا ڕاستی پەیوەستە بە جەستە و كۆمەڵگاوە؛ لە دووەمیاندا ئەوەی دەبینیت هەموو ڕاستی نییە (هایپەر-ڕاستی) لە ڕاستی زیاتر كاریگەری دەبێت؛ یەكەمیان جێگیرە و دووەمیان گۆڕاوە، یەكەمیان خودی بەهایە و سەرنج ڕاكێشە، بەو مانایەی كە سەرەتا و دەستپێكە و دەچەسپێ؛ دووەمیان بەهای بازاڕە و حەپەسان دروست دەكات، بەو مانایەی بەشێوەی كاتی بڵاو دەبێتەوە و دەگۆڕێت.

گەڕان وەك ئاماژە
بێگومان ئەگەر گەڕان تەنها پەیوەندیی بە بەهای بازاڕەوە هەبێت، لەو گەڕانەدا هیچ شتێک لەوە گرنگتر نییە كە تەماشا هەڵقووڵانێکی بێدەنگی وێنە و داتا، ئابجێكت، یا ئاماژە بێت؛ بەڵام ئایا لە فەلسەفەدا گەڕان وەك ڕێنمایی ژیان و باڵابوونی بەهای مرۆڤ و جیهان تەماشا دەكرێت؛ ئایا ژیان و جیهان، ڤیرچواڵ و حەقیقەت، هەموویان لەناو ئەو وێنە و ئاماژەیەی تەماشای بازاڕدا ڕووبەڕووی زانیاری و دەسەڵات دەبنەوە؟ بەكورتی ئایا مرۆڤ لەسەردەمی پۆست هیومانیزمدا تەنیا بوونێکی سرووشتییە، یان (سایبۆرگ)ە، نیمچە- مرۆڤ و نیمچە- تەکنەلۆژیایە؟!
هەڵبەتە پرۆسەی گەڕان تەنها فیزیكی نییە، خودی ژیان گەڕانێكە بۆ مانای هەستەكانی مرۆڤ، هەروەها سێنسەری ئامرازە دیجیتاڵییەكانیش؛ بەمجۆرە مرۆڤ لەنێوان بەهای ڕاستی و ژینگەی ڤیرچواڵیدا ناژێت، بەڵكە لە تێكەڵەی هەردووکیاندا دەژیت، لە تێكەڵەی تەماشا و تەماشاكردندا دەژیت؛ واتە هەم تەماشایە (وێنە، نووسین، لۆگۆ- نیشانەیە کە پات دەبێتەوە) و هەم تەماشاكردنە (مانای هەست و حەقیقەت و خودی ئەزموونە بەرجەستە دەبێت).
نیشانە خۆی واتا نییە، بەڵکە واتا ڕوون دەکاتەوە؛ نیشانە ئەو شتەیە کە پاتە دەبێتەوە یان ئاماژە بۆ شتێکی تر دەكات، نیشانە تەماشایە؛ لە ژینگەی ڤیرچواڵیدا نیشانەکان هەموویان دروستكراون و بۆ پەیوەندیكردن ئامادەن! بەڵام تەماشاكردن بەهای حەقیقەتی مانا بەرجەستە دەكات، ئەو هەستەیە یان ئەو زانیارییەیە کە تێگەیشتنێكی بەرزی ئەزموون دەنرخێنێ و نیشانەكان ڕوون دەكاتەوە! نیشانە دروست دەبێ، بەڵام بێ تەماشاكردن مانای جیاواز نابەخشێت! تەماشاكردن پێویستە بۆ ئەوەی هەست بە نیشانە بكات و بە بەهای مانای بگەیەنێت؛ كەواتە تەماشا- نیشانە: داتا، ئابجێكت، یا کاراكتەرە؛ كەچی خودی مانا- تەماشاكردن: ئەو هەست و ڕوونكردنەوانەیە کە مرۆڤ لەناو جیهانی دیجیتاڵیدا دەیبینێ.
لێرەدا گەڕان خۆی لە ئاستێكی تر دەچێتە سەر، چونكە تەنها تەماشا بۆ دۆزینەوەی نیشانەكان نییە، بەڵكە بۆ ڕوونكردنەوەی پرۆسەی تەماشاكردنە؛ واتە مرۆڤ تەنها لەناو تۆڕێكی نیشانەدا ناگەڕێت، بەڵكە لەناو تۆڕێكی مانا و هەستدا خۆی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە؛ لەم ڕووەوە، گەڕان لەنێوان تەماشا و تەماشاكردندا دەبێتە پڕۆسەیەكی دیالێكتیكی: نیشانەكان مرۆڤ بانگ دەكات، بەڵام تەماشاكردن وەڵامی دەداتەوە و لەو نێوانەدا مرۆڤ لەدایك دەبێتەوە.
لە جیهانی ڤیرچواڵیدا، ئەو دیالێكتیكە تووندتر دەبێت؛ چونكە نیشانەكان بێ ‌وەستان بەرهەم دەهێنرێنەوە و دەگۆڕدرێن، ناسنامەی مرۆڤ بەردەوام دەگۆڕێت؛ بەڵام تەماشاكردن هێشتا پێویستی بە كات و هەستە، پێویستی بە ئەزموونكارییە؛ ئەوە وای لێدەكات بە گومانەوە لەنێوان خێرایی داتا و قووڵیی ئەزمووندا بژی، لەنێوان ئەوەی دەبینرێت و ئەوەی درك دەكرێت.
ئەگەر لە ڕوانگەیەكی قووڵترەوە سەیری كردەی گومان بكەین، ئەوە گەڕان وەك ئاماژە، وەك تەماشا دەبێتە خودی بوونی مرۆڤ: مرۆڤ بوونێكی تەواو نییە، بەڵكو پڕۆسەیەكی بەردەوامی گومان و گەڕانە؛ لەبەر ئەوە، ژیان نە كۆتاییە، نە وەڵامێكی تەواو، بەڵكە پرسیارێكی بەردەوامە كە لەنێوان تەماشا و تەماشاكردندا، لەنێوان گومان و گەڕاندا.
كەواتە لە سەردەمی دیجیتاڵ و پۆست-هیومانیزمدا، گەڕان تەنها كردەوەیەك نییە، گومان تەنها پرسیارێك نییە، بەڵكو شێوەیەكی تەماشای بەردەوامە؛ شێوەیەك كە تێیدا مرۆڤ دەدۆزێتەوە- یان هەرگیز تەواو نادۆزرێتەوە.

هەولێر 27/3/2026




کتێب\ بەختی ڕەش یا کۆمەڵی چەوت.. نەژاد عەزیز سورمێ

چەند لاپەڕەیەک لە رۆژگارەکانی دوای کۆربوونەوەی (ئاگردان)ێکی دی..
چاپی یەکەم ٢٠٢٦

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




چیڕۆكی كوردی و ڕاستكردنەوەی هەڵەیەك!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

چیڕۆك، وەك ژانڕێكی هونەری نوێ و هاوچەرخ، مێژووێكی درێژی نییە و سەرەتاكانی دەركەوتنی لە ئەدەبی جیهانی، بۆ نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم دەگەرێتەوە و لە ئەدەبی كوردیشدا، هێشتا تەمەنی دەركەوتنی ئەو ژانڕە، لە هەشتا ساڵێك تێپەڕی نەكردووە، ئەمەش پەیوەست بە چیڕۆكی لە خەومای جەمیل سائب، بەڵام چیڕۆكی فۆلكلۆری و میللی كە دەچنە خانەی ئەدەبی سەرزارەكییەوە، مێژووەكەی بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و ئەم ژانڕە، تایبەتمەندییەكی نەتەوەیی جیاوازی هەیە و چیڕۆكی میللی و حیكایەتی كۆن، ڕەنگدانەوەی واقیعی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نەتەوە جیاوازەكانە. لەو ڕوانگەیەوە، لە ئەدەبی كوردیش، چەندین داستانی كۆن و چیڕۆكی كۆنی كوردەواری هەن، كە تێماكانیان لە ئەفسانە و پاڵەوانسازیی و ڕووداوی خەیاڵی پێكهاتووە و تاكو ئێستاش ماونەتەوە و لایەنێكی گرنگی ئەدەبی سەرە زارەكی و نەنووسراو پێكدەهێنن، كە هاوتەریب لەگەڵ ڕەوتی مێژوویی نەتەوەیی ئێمە، لە ڕێگەی گێڕانەوە نەوەی دوا نەوە ماونەتەوە. لێرەوەش ئێمە لە بەردەم دوو جۆر ژانڕی جیاواز داین، كە ئەوانیش چیڕۆكی میللی و كۆن، لەگەڵ چیڕۆك بە مانا هونەرییەكەیەتی واتا چیڕۆكی نوێ و هاوچەرخ. لە نێوەندی ئەدەبی كوردیدا، بە تایبەتیش لە میانەی ئەو باس و توێژینەوانەی لە بارەی چیڕۆكی هاوچەرخی كوردی دەنووسرێن، بەردەوام هەڵەیەكی گەورە دەكرێت ئەویش ئەوەیە، كە مێژووی سەرهەڵدانی هەردوو ژانڕەكە تێكەڵ دەكرێت و كاتێ لە بارەی چیڕۆكی نوێوە دەدوێن، باس لەوە دەكەن كە هەزاران ساڵە ژانڕی چیڕۆك لە ئەدەبی كوردیدا هەیە، كە لە ڕاستیدا و بە شێوەیەكی ڕەها، ئەم بۆچوونە زۆر هەڵەیە، چونكە ناكرێ ئەم دوو ژانڕە تێكەڵ بكرێن. مامۆستا فەرهاد شاكەلی، لە كتێبەكەی خۆیدا بە ناوی (گێڕانەوەی مۆدێرنی كوردی) چیڕۆكی نوێی كوردی، بە گێڕانەوەی مۆدێرن ناساندووە، بەمەش جۆرە دابڕانێكی مێژوویی و فەرهەنگی و زمانی لە نێوان ئەم دوو ژانڕەدا كردووە، بەو مانایەی هەموو ئەو چیڕۆكانەی بەرلە چیڕۆكی لە خەوما و هەروەها ئەوانەشی لە سەرەتای سەدەی بیست نووسراون، دەچنە خانەی چیڕۆكی هونەری نوێی كوردی و بەرلەو قۆناغە، چیڕۆكی كۆنی كوردەواری هەیە. تەنها مامۆستا شاكەلی، ئەو هەڵەیەی ڕاستكردۆتەوە و دركی بەوە كردووە، كە ئەم دوو ژانڕە نابێ تێكەڵ بكرێن، كەچی بەردەوام ئەو هەڵەیە لەلایەن توێژەران و ئەكادیمیانی بواری چیڕۆك دووبارە سەد بارە دەكرێتەوە، كە ئەمەش جۆرێك لە ناڕوونی وپۆلێنبەندی لە دیاریكردنی مێژووی هەردوو جۆرەكەی چیڕۆك دروست دەكات و تێكەڵكردنیان لە ڕووی مێژووییەوە هەڵەیە، چونكە ئەم دوو جۆرەی چیڕۆك، دوو ژانڕی سەربەخۆ و جیاوازن و لە ڕووی ناوەڕۆك و تەكنیك و فۆڕمی هونەرییەوە پەیوەندییان بە یەكترییەوە نییە.

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارەی ڕۆژی 12/4/2026 بڵاوكراوەتەوە.




دەربازبوون لەکۆتی خۆبەکەمزانین.. ستار ئەحمەد

کاتێک باس لە مێژووی مرۆڤایەتی دەکەین، ئەستەمە ئاماژە بە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس نەکەین. ئەم جوگرافیا پیرۆزە، تەنیا کۆمەڵێک بەرد و لوتکەی سەرکێش نییە، بەڵکو لانکەیەک بووە کە یەکەمین چەخماخەکانی شارستانییەتی تێدا گەشایەوە. لێرەدا مرۆڤ فێری ئەلفوبێی ژیان بوو، دەستی دایە چاندنی خاک و ماڵیکردنی ئاژەڵ، و ئەم شوێنەی کردە پەناگەیەکی ئارام بۆ هەموو گەل و ئایینەکان. بەڵام جێگەی داخە، نەتەوەیەک کە میراتگری وەها شکۆیەکی مێژوویی بێت، ئەمڕۆ لەناو هەندێک لە تاکەکانیدا تووشی دەردێکی دەروونیی کوشندە بووە کە ئەویش گرێی خۆبەکەمزانینە.
ئەم هەستە نەرێنییە وەک زنجیرێکی نادیار وایە کە مێشک و دەروونی تاکی کوردی پێ بەستراوەتەوە. خۆبەکەمزانین لێرەدا بەو واتایە دێت کە مرۆڤ وا هەست بکات زمانەکەی، مێژووەکەی، و تواناکانی لە چاو نەتەوەکانی تردا کەمتر و دواکەوتووترە. ئەم شکستە ناوەکییە لە بۆشایییەوە دروست نەبووە، بەڵکو بەرهەمی سەدان ساڵ داگیرکاری، ستەمی ڕامیاری و شەڕی دەروونیی نەیاران بووە. داگیرکەران هەمیشە هەوڵیانداوە ، وا لە کورد بگەیەنن کە پێویستە هەمیشە پاشکۆ بێت و بێگانە لەو ژیرتر و لێهاتووترە. کاتێک مرۆڤ بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر گوشاردا بێت، وردە وردە بڕوای بە خۆی نامێنێت و دەبێتە لاساییکەرەوەیەکی کوێرانەی کولتوورە دەرەکییەکان.
یەکێک لە نیشانە هەرە دیارەکانی ئەم گرێیە، فەرامۆشکردنی زمانی دایک و پەنابردنە بەر وشەی بێگانەیە بۆ ئەوەی کەسەکە وا دەربکەوێت کە شارەزا و ڕۆشنبیرە. هەروەها پشتگوێخستنی بەرهەم و داهێنانی ناوخۆیی و بە پیرۆزکردنی هەر شتێک کە لەودیو سنوورەکانەوە دێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە خاکی زاگرۆس سەرچاوەی سەرەکیی زۆرێک لەو زانست و بەهایانە بووە کە جیهانی ئەمڕۆ شانازییان پێوە دەکات. ئێمە لەسەر زەوییەک وەستاوین کە جیهانی کۆنی تێدا بونیاد نراوە، کەچی زۆرجار وەک میوانێکی شەرمن و بێدەسەڵات لەسەر خاکی خۆمان ڕەفتار دەکەین و چاومان لە دەستی بێگانەیە تا پێناسەی شوناسمان بۆ بکاتەوە.
بۆ پچڕاندنی ئەم کۆتە و ڕزگاربوون لەم زیندانە دەروونییە، پێویستە گەڕانەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ خۆمان بکەین. ناسینی مێژووی زاگرۆس تەنیا بۆ شانازییەکی وشک نییە، بەڵکو بۆ تێگەیشتنە لەو هێزە شاراوەیەی کە لەناو هەر تاکێکی ئەم نەتەوەیەدا هەیە. متمانە بەخۆبوون کاتێک دەگەڕێتەوە کە باوەڕمان بە توانا و داهێنانی گەنجی خۆمان هەبێت. دەبێت ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەین کە هیچ نەتەوە و زمانێک لە بنەڕەتدا لەوەی تر باڵاتر نییە؛ جیاوازییەکە تەنیا لە ڕەخساندنی دەرفەت و هەبوونی ویستدایە.

کاتی ئەوە هاتووە کە تاکی کورد لەو قاوغە دەروونییە بێتە دەرەوە و چیتر ڕێگە نەدات سێبەری مێژووە سەختەکان، ڕووناکیی داهاتووی لێ تاریک بکات. زاگرۆس تەنیا شوێنی بەرد و دارستان نییە، بەڵکو هێمای خۆڕاگری و دەسپێکی ژیانێکی نوێیە. بڕوابوون بە ڕەسەنایەتیی خۆمان و کارکردن بۆ زانست و پێشڤەچوون ، تەنیا کلیلی دەربازبوونە لەو تەڵە دەروونییەی کە ساڵانێکی زۆرە تێیدا دیل کراوین. دەبێت بە شانازییەوە ڕووبەڕووی جیهان ببینەوە و نیشانی بدەین کە میراتگرانی ڕاستەقینەی زاگرۆس، هێشتا دەتوانن ببنە پێشەنگی داهێنان و پێکەوەژیان.

ستار ئەحمەد




ئێستایش جار جار.. شیعری نەوزاد بەندی

ئێستایش،
لە دوای تێپەربوونی
دەیەها ساڵ
جار جار
سەردانێکت ئەکەم ..
نە تۆ
کورسیەکی به تاڵت ماوە بۆ من ..
نە من ئەژنۆی
ئەو قادرمەکانی تۆم ماوە بۆ سەرکەوتن ..
ناوێرم نزیک بمەوە لێت،
ئەترسم تەزووی یادگاریی و
عاتیفە بمتوێنێتەوە ..
ببمە مشتێ حەرفی سووتاو
کەس تێم نەگا و
نەتوانێ بمخوێنێتەوە ..

ئێستایش جار جار،
یەک دوو هاوڕێ،
ڕازی ئەکەم بێن لەگەڵم ..
ئەترسم ئەگەر تەنیا بێم،
لەبەرامبەرتا بڕوخێم ..
بسوتێم ..
ببم بە هەڵم ..
ئەڵێم با لەبەر هاوڕێیان،
شەرم بکەم ..
نەهێڵم سۆز داگیرم کا ..
کە سۆز هەر داگیریی کردووم ..
ئەڵێم با لەبەر هاوڕێیان،
نەهێڵم فرمێسکیی دووریی،
گەچکاریم ..
کە ئەو هەر گەچکاریی کردووم ..

ئێستایش جار جار
ساڵانە جارێ
یان دوو جار ..
چوار سەعات ڕێگا و
زیاتریش ..
دە دوانزە بازگەی عەرەب و
کورد و شیعە ..
ئەبڕم و دێم ..
لەگەڵ هەزار دەرد و زاما ..
به پرسگەی زانکۆ ئەڵێم
یابا جێنا زیارە،
ئیحنا خریجی قوداما ..
ئەکەوێتە سەر کەسەکە
یان ئەڵێ ئەهلەن وە سەهلەن،
عەلا ڕاسنا ..
یاخود ئەڵێ،
وەڵاهی ما بیها مەجال،
کامێرا تلتەقت حەتا
نەزەڕاتنا وە حەواسنا ..

ئێستایش جار جار ،
وەک بۆ پاشماوەی جەنگێکی مێژوویی بێم،
بۆ مۆزەخانەیەک، کۆن کۆن ..
بێ جانتای سەفەر ..
بێ خاولی و
مەکینەی ڕیش تاشین و بۆن ..
ئاخر بە نیازم وەک جاران،
قوتابیەکی شیمالی
موخەڕیبین و عوسات بم..
لەناو کۆمەڵێ بەعسیدا،
موستەقیل بم ..
عەرەبێکەم دوکەڵ بکا و
وەکو دیل بم ..
ئەمەوێ وەک تەلەبەیەک،
خۆم نیشاندەم ..
بەڵکو زەمان دڵی پڕبێ و
ئەویش بێتەوە بۆ دواوە ..!
بەڵام کە پرسیار ئەکەم و
لەوەڵامدا ئەڵێن حەجی ..
شانۆگەرییەکە ئەوەستێ و
شانۆ ئەڕمێ و
پیرەمێردێ دەرئەکەوێ
لەگەڵ بەشی بایۆلۆجی




لەناپاڵمەوە بۆ درۆن.. سەلام عومەر

قەڵادزێ بەناپاڵم و كوردستان بەدرۆن شەهید دەكرێن

52 ساڵ پێش ئێستا كەنیو سەدە زیاتر دەكات، بەناپاڵم كە چەكێكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی بوو قەڵادزێ‌ خەڵتانی خوێن كرا و سەدان شەهید و بریندار كەوتنە سەر شەقامەكان، ئێستاش بەدرۆن كوردان دەكەنە نیشانە و شەهیدمان دەكەن و دوای نیو سەدە ئاوڕ لە ئەزموونی رابردوومان نادەینەوە و لەنێو قوڕی ئایدیۆلۆژیادا چەقیوین و پەرلەمانمان پەك خستوە و حكومەتیشمان سڕ كردووە، كەچی نەخۆمان و نە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی نقەیان لێوە نایات.
لەنێو جەنگێكی نەخوازراوی ئاسمانیدا ئابوریەكەمان و كەمپ و براكانمان دەكەنە نیشانە و دۆستێك شك نابەین لەسەرمانكاتەوە، خۆشمان هەر خەریكی ئیدانە كردنین و كەچی ناتوانین یان نامانەوێ‌ یەك ریز بین و پلانەكانی نەیاران لەگۆڕ نێین.
شەڕ رادەواستێ‌ و ئاگربەست رادەگەیەنرێ‌ و وڵاتە شەڕنگێزەكان دەچنە سەر یەك مێزی دانووستان، ئامادەی رێكەوتنیشن كەچی لێرە لەم هەرێمە لەتكراوەدا پەرلەمان چەقیوە و حكومەت غەزریوە و پۆستەكان بوونەتە ڤایرۆس و سنگی پارتە زەبەللاحەكانی وێران كردووە.
لەنێو ئەو بارودۆخە نالەبارەدا فێڵ لەیەكتری دەكەین و دەستكەوتەكانمان دەبەخشین و دەستی دوژمن بۆسەر نیشتمانەكەمان درێژتر دەكەین لێرە یەكتریمان قبوڵ نیە و لەولاش ملی یەكتری دەشكێنین .
رێك لەو كاتە دژوارەدا كە هێشتا دەنگی ناپاڵم لە گوێماندا دەزرنگێتەوە، لە ئاسمان وڕە وڕی درۆنەكان كاسی كردووین، هەر رێك لەم سەردەمەدا یادی بۆردومان و كۆمەڵ كوژی قەڵادزێ‌ دەكەینەوە و هێشتا ئەو رۆژە و كیمیای هەڵەبجە و ئەنفال نەبوونەتە ئەزموون دەرسی لێوەرگرین.
52 ساڵ بەسەر 24/4/1974دا تێپەڕی ئەورۆژە یەكەم ساتی بە كۆمەڵكوژی بوو كەلەلایەن بەعسەوە دەستی پێكردوو بۆ یەكەم جاریش بوو كە لە قەڵادزێ‌ چەكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی بەكارهێناو كەچی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دوای ئەم هەموو تاوانە یەك لە دوای یەكانەی بەعس كە خۆی لە ئەنفال‌و كیمیاباران‌و وێرانكردنی هەزاران گونددا دیتەوە بێدەنگ بوو، تا ئەو كاتەی داگیركردنی كوێت‌و رووداوەكەی 11ی سێبتێممبەری ئەمریكای بە دواداهات, وەهۆش خۆیان هاتنەوە‌و مەترسی دەسەڵاتی بەعسیان لەعێراقدا بۆ دەركەوت.ئەگەرنا لە خەوێكدابوون لەمەبەئاگاتر.
كاتی ئەوە هاتووە ئەو چیرۆكانەی كە هەر لەئەفسانە دەچن و بەسەر وڵاتەكەمان هاتوون لەشوێنی خۆیان بگێڕدرێنەوەو كارەساتەكان كەهەموو سووچێكی ئەم كوردستانەی تەنی بوو لەنێو دیكۆمێنتەكاندا دەربهێنرێنەوەو بدرێنەوە ئەو وڵاتانەی بەرپرسیاریەتیەكەی هەڵدەگرن ، بەتایبەت ئێستا كەخەڵكانێك هەن بەرپرسیاریەتی باڵایان لەئێراقدا لە ئەستۆیەو كەچی تاوانبارانی ئەنفال و كیمیا باران ئازاد دەكەن ، پێمان دەڵێن دەتوانین بەم كارتانە وێرانتان كەینەوەو ئەوسەگانەتان تێبەردەینەوە كەپێشتر شارەكانی ئێوەیان گڵاو دەكردو لەنوگرە سەلمانیش پارچە پارچەیان دەكردن .
بۆیە كاتیەتی ئاوڕ لەرابردووبدەینەوە، یان بگەڕێینەوە بۆ سەردەمە سەختەكان، مەبەستم ئەورۆژانەی باشووری كوردستانی تێدا دەهاڕدرا، رێك دەبێت بەسەر ئەو خەتایانەدا بچینەوە كەرژێمی بەعس دەرهەق بەكوردی دەكرد، یان هەڵوێستەیەك لەسەر چەندین ساڵ ئازادی بكەین و بۆ ئەو رابردووە بگەڕَێینەوە كەگۆڕانەكان نەك وەكو پێویست نین لەئاستی ئەو كارەساتانە نین كە بەسەر گەل و شارەكانمان هاتوون ، بۆیە بیركردنەوە لەگۆڕان بەرەو باشتر سوورمان دەكات بەرەو ئەو جموجۆڵەی كەدەكرێت لە ئایندەدا بكرێ‌ و نابێ‌ ئێمە تاهەتایە لەدوواوەی رەوتی گۆڕانكاریەكان بین و هەرچاومان لەو دەسەڵاتە بێت كەساڵانێكە هەرخەریكی كابینەو دابەشكردنی ئەو بۆدجانەن كەهی هەموانەو بۆ چەندانێكە، یان پڕۆژەكان بۆ ئەو شوێن و شارانەن كەخۆیانی تێدان و ئەوانەش كەلەوەتەی هەن قەوانیان تێدا بەتاڵدەكرێتەوەو كیمیا باران دەكرێن و بۆردوومان دەكرێن ،هەر بۆنی باروتیان لێبێ‌ و ئەو سیما شارستانییە وەرنەگرن كەدەبوو بەر لەشارەكانی دی هەیان بێت.
میكانیزمی دەسەڵاتی ئەوسای بەعس ئاراستەی سەرجەم رووداوەكانی لەو خاڵەدا چڕكردبۆوە كە بە لەناوبردن‌و توانەوەی شۆڕشی كوردی دەتوانێ‌ جڵەوی فەرمانڕەواییەكەی درێژە پێبدات‌و هەموو پانتاییەكان دەكەونە ژێر سێبەری ئەو لەشكرەی چاوی لەدەورو بەر دەگێڕا، هەروا دەشتوانێ‌ ببێتە مایەی ئەو ترسە ئەستورەی كە ئایندەی دەسەڵاتی پێ‌ دەپارێزێ‌, بۆیە بۆ داپۆشین‌و ونكردنی خاڵە لاوازەكانی بەتایبەت لە سەردەمی شۆڕشی كوردی كە ئەو كات شۆڕش لە بەهێزیدابوو توانای بەعسیش سنوورداربوو پەنای دەبردە بەر بەكۆمەڵ كوشتن تا بەرنامە گڵاوەكەی درێژە پێبدات‌و پیشانی دەوروبەریش بدات كە لە هیچ سڵ ناكاتەوە, رژێمێكی ملهوڕەو عێراق بەهەموو پانتاییەكانیەوە لەژێر دەسەڵاتی تاكڕەویانەی خۆیدایەو هەرچی بیەوێ‌ دەتوانێ‌ بیكات، بۆردومانكردنی قەڵادزێ‌ لەم رۆژەداو كوشتنی سەدان هاووڵاتی‌و خاپوركردنی دەیان خانووبەرەو زانكۆی سلێمانی كە زانكۆی سەلاحەدیینی ئێستای هەولێرە,داغكردنی هەر هەموومان بوو، بەڵام پەڵەی ئەو داغە ئەستوورە لەسەر هەردوو شاری هەڵبجەو قەڵادزێ‌ و پێنجوین و چۆمان هێندە ئەستوورە هەمیشە بەروخسارمانەوە دیارەو زۆر جاران تۆخیشی دەكەنەوە ،ئەم بۆردوومانە سەرەتاو دەستپێكی یەكەم تراژیادیابوو كە هاووڵاتی كوردی وەخەبەر هێناو شۆڕشی ئاراستەی گۆڕانكارییە خێراكان كرد‌و وەبیری هێنایەوە كە لە گۆڕەپانی جەنگدا تەنهایەو دەبێت خۆی بەرگری لەخۆی بكات و كۆمەڵگای نێو دەوڵەتیش لە ئاست كێشەی گەلی كورددا خەوتووێكی بەئاگا بوون و رێكخراوە جیهانییەكانی مافی مرۆڤیش لە بێئاگاییەكی میكانیكی دا نەیان دەویست ئاوڕ لەم رووداوە ترسناكە بدەنەوەو بەرژەوەندی باڵای بازرگانە قەبەكانی ئەوسای نەوتی جیهانی‌و ساغكردنەوەی چەك‌و جبەخانە كەڵەكەبووەكانی ئەو وڵاتانەی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دەرگایان لەسەر كلۆم درابوو, هۆكاری ریشەیی بێدەنگ بوون‌و خۆگێلكردن بوون لە ئاست ئەو تاوانە یەك لە دوای یەكانەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دژی نەتەوەی كورد ئەنجام دەدرا, خۆجەنگی ساردوو وڵاتە سۆسیالیستەكانیش لەم نێوەندەداو لە ئاست وڵاتێكی پارچەكراوی وەكو كوردستان بێخەتا دەرنەچوون‌و بەشێكی زۆری تاوانەكان رووبەڕووی ئەوان دەكرانەوە‌و ناپاڵم‌و فرۆكە مەترسیدارەكانی ئەوسا لە ژێر باڵی ئەوانەوە دەفرۆشران‌و شاری قەڵادزێ‌‌و دەیان‌و سەدان گوند‌و شارۆچكەی دی پێ‌ خاپوركراو دواتر تێكدانی بە كۆمەڵا‌و كوشتنی بە كۆمەڵا‌و راگواستنی بە كۆمەڵا‌و كۆچڕەوی بە كۆمەڵی بەدووداهات..!
ئەگەر ئاوڕێكی خێرا لە رۆژی بیست‌و چواری چوار بدەینەوە‌و رووداوەكە وەك كارەساتێكی دژەمرۆیی هەڵبسەنگێنین تێدەگەین كە بزوێنەری ئەم كارەساتە بێ‌ ئەزموونی شۆڕشی كوردبوو لە ئاست هێرشێكی نەخشە بۆ كێشراو كە تا ئێستاش شكستی هەموو شۆڕشەكانمان لە دوای دانوستانە ژەهراوییەكانەوە دەست پێدەكات‌و دووبارە بوونەوە‌و چەند بارە بوونەوەشی ئەو خاڵە لاوازانە وەدیار دەخەنەوە كە هەموو دەم وەك دیاردەیەكی نامۆ, بەڵام شارەزا لە نێو متمانەكانی شۆڕشی كوردیدا خۆی نمایش دەكات, بۆیە هەموو ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندانە دەكرێ‌ لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا سوودی لێوەرگیرێ‌‌و سەركردایەتی كوردی زۆر وشیارانە مامەڵە لەگەڵا ئەو بارودۆخە بكات‌و چیدی خۆی وابەستەی هاوپەیمانییەتییەك نەكات كەدەزانێ‌ لایەنی بەرامبەر شەرمی بەو هاوپەیمانییەتتییەیان دێت، یان ریبَكخراوی داعشی وەسەر دەگەڕێنێ‌و وەك جەنگاوەرێكی ئازا مامەڵەی لەگەڵ دەكات و هەمیشە بە پاشكۆی عراقیشیەوە گرێ‌ دەدا، هەروا دەبێت لەئاستی بەرپرسیاریەتەكان دابێَت و چیدی گیانی پاوان خوازی و خۆ قەبەكردن رابردووی لەبیرنەكات چوونكە ئایندەی لەپێشە، هەروابێتەوە لە بیریشی نەچێت كە ئەم دەستكەوتانەی ئەمڕۆ بەشێكی گەورەی بەر شەهیدانی 24/4‌و 16/3ی هەڵەبجە دەكەوێ‌ ئەوە جگە لەوەی كە كۆڕەوەكەی ساڵی نەوەد‌ویەك فاكتەری سەرەكی ناساندنی گەلی كوردبوو، بە كۆمەڵگای جیهانی‌و دەستپێكی ناساندنی شۆڕش‌و تراژیدیا جۆراو جۆرەكانی گەلی كورد‌و بەجیهانی كردنی كێشەكە‌و گەورەكردنی زیاتری سەركردەكانمان بوو.
بۆیە رێزنان لە رۆژانی سەختی تێكۆشان‌و ناساندنی وەك خۆی رووداوەكان بەس نین بۆ قەرەبوو كردنەوەی ئەو شار‌و گوندانەی بەدەستی بەعس زەرەرمەندبوون, بە قەد ئەوەی كە دەبێت لە ئێستای ئازادیدا كاری جددی‌و بەرهەم ئامێز بۆ ئەم شارانە بكرێت‌و لە بیری نەكەن كە یەكەم خۆپیشاندانی جەماوەری بەرفراوان كە ترسی بەعسی شەقكرد‌و تەواوی كوردستانی گرتەوە‌و گەورەترین ورە‌و توانستی بەپێشمەرگە‌و سەركردایەتییەكان بەخشی راپەڕینی 24/4/1982ی قەڵادزێ‌ بوو كە تەواوی چین‌و توێژەكانی ئەم شارە‌و قوتابیانی زانكۆی سەلاحەدین‌و سەدان قوتابی كچ‌و ژن بەشداربوون‌و بۆ یەكەمجار داوای جەماوەر بەلابردنی هەندێ‌ سەیتەرەو ئازادكردنی گیراوەكان‌و چۆڵكردنی رەبیەكانی ناو شار بەسەر بەعسدا سەركەوت‌و بەم هەنگاوەش تەواوی كوردستان راچڵەكی‌و ئەو ترسە ئەستورەیان فڕێدا كە بەعس لە دڵی گەلی كورددا چاندبووی.
لێرەوە قەڵادزێ‌ بووە ئەو رایەڵە بەرفراوانەی كە شۆڕشەكان متمانەی پێبكەن‌و لانەی ئەو چالاكییە بەردەوامانە بێت كە لەوێوە دژی بەعس دەوەشێنران‌و هەر لەوێشەوە رێكخستنەكانی سەرجەم حزبەكان بەرنامەی كار‌و كردە نهێنییەكانیان بە ئەنجام دەگەیاند‌و هەر لەوێشەوە رێگەكانی چوونە چیاو تێكۆشانەكان پیشانی ئەو هەڵۆیانە دەدران كە دواتر داستانە یەك لە دوای یەكەكانیان لە سەرتاپای كوردستاندا دژی بەعس ئەنجام دەدا, بۆیە ئەوێ‌ واتە قەڵادزێ‌ لەئەنجامی ئەو گیانە شۆڕشگێڕیەو توانستی بێوچانی خەڵكە تێكۆشەرەكەی دژی بەعس و لەهەمان كاتدا هەڵكەوتەی جوغرافی لەلایەن بەعسەوە خاپوركراو لە ساڵی 1989 خەڵكەكەی, بەجۆرێك پەڕاگەندەكرا كە لە مێژوودا وێنەی نەبووە‌و دروستكردنەوەشی لە ساڵی 1991‌و دوای ئازادبوونی كوردستان بێ‌ بەرنامەییەكی هێندە ناشیرینی پێوە دیارە كە كاری لە دیموگرافیای ئەم شارە كردووە‌و راستكردنەوەی‌و جوانكردنەوەی دەبێت خەمی دەسەڵات بێت‌و ناكرێ‌ تاسەر حەوزی پشدەر لەپڕۆژەكان بێبەش بن و ئەو پەراوێزەبێت كە نەخشە سیاسییەكان پرۆژە خزمەتگوزارییەكان قوت دەن‌و ئاوڕی حزبیانە‌و جێ‌ پەنجەی حزبیانە لەو بۆدجانەدا رەنگبداتەوە كە بە قەد قوربانییەكانی قەڵادزێ‌ نین‌و نابن.
شارێكی خاپوور شارێك تا سەرمۆخ خاوەن قوربانی‌و خاوەن دەیان سیاسەتمەدار‌و رۆشنبیر‌و پێشمەرگەی لێهاتوو تا ئێستاش هەر بە خواری نەخشەرێژ بكرێت‌و خوارەوەی هەمان كەلاوەكانی هەشتاونۆ بێ‌‌و لە سەردەمێكی وەك ئەمڕۆی كوردستانێكی دەوڵەمەنددا بەڕاستی بیر لەم شارە نەكرێتەوە‌و برینەكانی بیست‌و چواری چوارەكان ساڕێژ نەكرابێ‌‌و خەڵكی رەسەنی ئەم شارە وەكو نامۆیەك سەیر بكرێ‌. ئەی قەلادزێ‌ نەبوو لە هەفتاو چوار زانكۆی لە ئامێز نابوو، دواتریش پردی هاتوچۆی پێشمەرگەبووین‌و لە خەبات لە نێوانی دوو فەیلەقدا راپەڕین لە بازیان پێش سلێمانی ئاڵای سەركەوتنیان بەرزكردەوە‌و لە جدیدە‌و كەورگۆسك‌و دارەتوو دۆزەخیان بۆ بەعسیەكان دروستكردوو لە هەموو سەردەم‌و شۆڕشەكاندا ئێستاشی لەگەڵدابێ‌ كەدوو وڵات بۆردوومانی گوندەكانمان دەكاو هەراسانیان كردووین، لە قەبارەی خۆمان زیاتر قوربانیمانداوە‌و سەدان‌و هەزاران لاومان بەخشیوە، كەچی هێشتا ئەوەنین لە خوێندنەوەماندا؟!.
ئێوەش وەك دەسەڵات و وەك ئەوانەی بەوێدا هاتن و گەیشتنە ئێرە لە بیرتان نەچێ‌، راستە هەموو كوردستان بایی خۆی زەبری بەعسی وێكەوتووەو شەهیدی هەبووەو قوربانییەكی بێشوماریان داوە بەڵام تەنها دوو قەزایەك كەزۆر هاریكاری شۆرش بوون ولەسەر دەستكەوتەكانی ئێوە گەورەترین زەبری رژێمە شۆڤینیستەكانی خواردبێ‌ ،قەڵادزێ‌ و هەڵبجەیە ،چوونكە ئەم دوو شارە بەتەواوی خاپور كران،جگە لەشەهیدەكان خەڵكەكەی پەراگەندە بوو ئێستا ئەوان بەڵێنەكانی دابویان جێبەجێیان كرد، ئەدیكوا بەڵێنەكانی ئێوە كەهەموو ساڵێ‌ و تەنها لەیادەكاندا دەیدەن ؟؟
خەڵكی ئەم دەڤەرە دەخوازن دەسەڵاتی پشدەر هەمان ئەو دەسەڵاتە بێت كەلەشارەكانی دی هەیەو باچیدی داهاتە قەبەكان نەڕژێنە باخەڵی تاكەوەو قەڵادزێ‌ ئەو شارەیە كە دەكرێ‌ ئەوجار بیری لێبكرێتەوە.پڕۆژە گەلێك بێنن ولاوەكانی دوێنێ‌ كە لە شۆرشەكاندا ماندوو بوون پێیان ئاشت بكەنەوە، بابیر لەئایندەیەكی گەش بۆ تەواوی كوردستان بكرێتەوەو هەوڵبدرێ‌ لەگەڵ جوانكردنی شارەكان ئەوپلانانەش هەڵبوەشێندرێنەوە كەدژ بەنەخشەی ئایندەمان لەگۆڕێدان، یان دەخوازن بچوكترمان بكەنەوەو ئێمەش لەنێو كێشە ناخۆییەكانی خۆمان، خۆمان هێندە بچوك كردۆتەوە خەریكە لەدووچوان دەچین.

سەلام عومەر




خزمەتکردن.. نەوزاد بەندی

کێشەی سەرەکی مرۆڤ و کۆمەڵگا و دەسەڵاتەکان، ئەوەیە چۆن کەمترین خزمەت بکەۆ و زۆرترین خزمەت بکرێن.. واتا مروڤ لەگەڵ کەسێک هاوڕێیه یان دوژمنە لەسەر بنچینەی خزمەتکردن، ئەگەر خزمەتێکی پێ بگەیەنێت، ئەبێتە هاوڕێیی..ئەگەر خزمەتی پێ نەگەیەنێت، ئەبێتە نەناسیاو و نامۆ..خۆ ئەگەر خزمەتێکی لێ قورخ بکات ئەوا ئەبێتە دوژمن.
ووڵاتانی زلهێز ئەیانەوێ ووڵاتەکانی تر لە خزمەتی ئەواندا بن، نەوت و هەموو کانزاکانیان..تەنانەت مرۆڤەکانیان ..ئایین و ڕەوشتە کۆمەڵگاکانیان ئەبێ له خزمەتی ئەواندا بن، ئینگڵیز کە هیندستانی داگیرکرد، بێجگە لەوەی ژمارەیەکی زۆری بە بێ تاوان لێ کوشتن، لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆریشی لێکردن بە سەرباز و ..ووڵاتانی تری وەک عێراقی پێ داگیرکردن ..
کاتێ ئەمەریکا هەڵئەکوتێتە سەر ووڵاتێکی وەک فەنزویلا و بە نیوە شەو سەرۆکەکەی ئەفڕێنێت و سیستمی سیاسیی ووڵاتەکە ئەگۆڕێت، مەبەستی لەوەیە فەنزویلا خزمەتی بکات، نەوتەکەی بداتێ، واتا نەوتەکەی فەنزویلا بۆ فەنزویلا نەبێت و بە خۆڕایی بیداتە ئەمەریکا و دۆناڵد تڕەمپ، چونکە عەقڵییەتی کۆڵۆنالیستەکان بەو جۆرەیه کە تەنها خۆیان مرۆڤن یان مرۆڤی باڵا و زێڕینن و ..ئەبێ تەواوی مرۆڤایەتیی خزمەتیان بکەن.
کاتێ فەڕەنسییەکان حەوت ملیۆن کەسی سیڤیل تەنها لە جەزائیردا کۆمەڵکوژ ئەکەن، ئەیانەوێ بەشێوەیەکی کرداریی بڵێن ئێوە مرۆڤ نین و جۆرێکن له جۆرەکانی مێرووی زیانبەخش و پێویستە ئێمەی مرۆڤ بتانکوژین ..
ئیتر دیاردەی سەیر و سەمەره لەم پڕۆسە ناشیرینەدا دێتە بوون، وەک ئەوەی له فەرمانڕەوای کوردی باشووردا و بە درێژایی نزیکەی دە ساڵ بە حیساب نەوتفرۆشتنی سەربەخۆ، لە جیاتی خۆشگوزەرانیی، قەرزار دەبن ..واتا نەوت ئەفرۆشن کەچی سی چل ملیار دۆلار قەرزار ئەبن، لە ڕاستیدا ئەوە نەوتفرۆشتن نییە، ئەوە نەوت بەخشینە بە زلهێزەکانی جیهان، چونکە ئەوان وا دەخوازن کە تەواوی نەوتی جیهان به خۆڕایی وەربگرن، بەڵام لێرەدا لەگەڵ بە خۆڕایی پێدانەکەیاندا پارەی بۆری و گواستنەوەیشیان لەسەر ئەژمار کردوون، هەربۆیە نەوت ئەفرۆشن و قەرزاریش ئەبن…
تۆ ئەبێ خزمەتم بکەیت ئەگینا لە ئاسانترین بژاردەدا هاوڕێیەتیت ناکەم، خۆ ئەگەر چەکدار و زلهێزیش بم، ئەوا ئەتکوژم و لەناوت ئەبەم.
تۆماری چەکدارانی دوور و نزیک، پڕپڕن لەو کوژراوانەی کە ڕازی نەبوون خزمەت به چەکدارەکان بکەن یان لە بنەڕەتدا دروستکردنی چەک بۆ ئەوەیە ئەوانەی توانای کڕینی چەکیان هەیه لەلایەن ئەوانەی توانای کڕینی چەکیان نییە، خزمەت بکرێن، ئەگینا خوێنیان حەڵاڵ کراوە.
ئەوەتا فایق بێکەس لە شیعری بیست و حەوت ساڵەدا، بە ئەدمۆنزی ئینگلیزی داگیرکەری خزمەتکراودا ئەڵێ :
بیست و حەوت ساڵە دڵم لێت پڕە
ئەحواڵم بە دەست تۆوە زۆر شڕە
سەد بەڵێن بدەی لەلای من تڕە
بەسیەتی ئیتر ئەم وڕەوڕە
نۆکەریت ناکەم ورگم هەڵدڕە

واتا دوو ڕێگا هەیە بۆ وازهێنان لە خزمەتی زلهێز و چەکدارەکان، یان ئەوەتا وورگت هەڵدڕن و کۆتایی بە ژیانت بێنن، چونکە ئەوان ڕازی نابن واز لە خزمەتکردنیان بهێنیت..یان ئەوەتا تۆیش چەک کۆبکەیتەوە و شانەی چەکداریی دروست بکەیت و لە هێزی داگیرکەری خزمەتکراوی چەکدار بدەیت، وەک چۆن عومەر موختاری پیرەمێرد، چەکی پەیدا کرد و دژی هێزی داگیرکەری خزمەتکراو جەنگی پارتیزانیی ڕاگەیاند.
پارتیزانیی زاراوەیەکە مەبەست لێی شەڕکردنی چەکدارانێکی لاوازی مافخوراوە بەرامبەر چەکدارانێکی بەهێزی داگیرکەری زاڵم. هەربۆیە ئەم شەڕە، شەڕێکی نهێنییە، واتا لاوازە مافخوراوەکان ناتوانن ڕوو بە ڕوو شەڕ بکەن چونکە ئەو توانایەیان نییە، بە ناچاری له پەنا و پاسار و تاریکی شەودا، به تاکتیک و فێڵ لە سوپا و چەکدارانی داگیرکەر ئەدەن.. وەک گرتنی گەرووی هورموز لە لایەن ئێرانەوە دوای ئەوەی نەیتوانی بەرامبەر چەک و سوپای پێشکەوتووی ئەمەریکا خۆی بگرێ، بەو پێیه گرتنی تەنگەی هورموز لەلایەن ئێرانییەکانەوە ئەچێتە قاڵبی خەباتی پارتیزانییەوە ..
بەڵێ .. مرۆڤ بە بێ خزمەتکردن ناتوانێ مرۆڤێکی تر بکاتە هاوڕێی .. کچێکی جوان سەد داواکاری هەیه، چونکە چێژبەخشترین خزمەت بە غەریزەی نێریینەکان ئەکات، لە هەمان کاتدا کچێکی ناشیرین داواکاری نییە، بۆیە ئەمیش ناچار پەنا بۆ دەستخستنی ماڵ و سامان و بڕوانامە و دەسەڵات ئەدات، بۆ ئەوەی نێرینەکان وەک خزمەتکار لای خۆی ڕابگرێت یان هاوسەرگیریی زۆره ملێیان پێ ئیمزا بکات..ئافرەتێکی حەفتا ساڵی دەوڵەمەند، پیاوێکی بیست ساڵی هەژار ناچار دەکات بێتە خزمەتیی و بەوپەڕیی سوپاسگوزارییەوە ئەڵقەی بوکێنیی بکاتە پەنجەی.
بەو شێوەیە پەیوەندیی دایک و مناڵەکان ..باوک و مناڵەکان، هەمووی لەسەر بنچینەی خزمەتکردنی یەکتری دروست بوون.. مناڵەکان لاوازن و پێویستیان بە پارە وماڵ و ڕێنمایی و پشت و پەنای باوک و دایکیانە، هەر بۆیە پەیوەندییەکەیان پییانەوە ناو نراوە پەیوەندیی ڕۆحیی و ئاینیی و پیرۆز، چونکە بە بێ ئەوان لەناو ئەچن ..لە هەمان کاتدا باوک و دایکەکان لەناخی خۆیاندا پێی بزانن یان پێی بزانن، هەستێک یان نەستی ئەوەیان هەیە کە لە داهاتوودا پیر ئەبن و پەککەوتە ئەبن، لەو کاتەدا تەنها مناڵەکانیان ئەتوانن خزمەتیان بکەن..یان ڕاستتر ئەو خزمەتە بێ شومارەی کە بێ بەرامبەر پێشکەش منالەکانیان کردووە بەڵکو ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بەشێک لەو خزمەتانەیان وەک قەرزێک لە قۆناغی پیریدا بدەنەوە، هەرچەندە ئەمەیان زۆر متمانە پێکراو نییە، چونکە بەشێک لە منداڵان کە گەورە ئەبن و پێویستیان بە دایک و باوکیان نامێنێ، بە جێیان دەهێڵن..دروستکردنی خانەکانی پیریی، بەڵگەی ئەوەیە کە هەندێک لە مناڵەکان قەرز کوێرن و یەک قرۆش قەرز به باوانیان نادەنەوە.
خزمەت بەرامبەر خزمەت بەردەوامیی هەیە، واتا پەیوەندی سود گۆڕینەوە یان کۆمێنسالیزم.
بەو پێیە دایک و باوک خزمەتی مناڵەکان ئەکەن بە هیوای ئەوەی مناڵەکانیش کاتێ گەورەبوون، خزمەتی ئەمان بکەن ..واتە خزمەتێکی ڕاستی بە هیوای خزمەتێکی وەهمیی و خەیاڵیی..کاتێ مناڵەکان گەورە ئەبن، ئەکەونە دۆخێکی قورسەوە، چونکە ئەبێ خزمەتی دایک و باوکێکی پیر و پەککەوتە بکەن کە نە ئەتوانن خزمەتەکەیان بکەنەوە، نە ئەتوانن تێچووی خزمەتەکەیان بدەنەوە، نەدایک و باوکیان چەکدار و دسەڵاتدارن بە زۆر بیانکەنە خزمەتکاری خۆیان، واتا ئەو خزمەتەی مناڵان بەرامبەر باوانیان ئەیکەن، خزمەتکردنێکی بێ بەرامبەرە، ئەمە لە زانستی فیزیادا بەو جۆرەیە، ئیتر مناڵەکان هەندێکیان ئەڵێن ڕاستە لە مناڵیدا خزمەتیان کردووین، بەڵام خۆ ئێمە عەریزەمان نەداوە یان داوامان نەکردووە خزمەتمان بکەن، یان ئەسڵەن نەمانویستووە بێینە ئەم ژیان و دنیا پڕ لە نەهامەتییەوە..ئێستایش هیچ ئامادە نین خزمەتی دوو پیر بکەین کە هۆکاری هاتنە ژیانێکی پڕ لە دەردەسەریی بوون بۆمان و تەنانەت لێرە و لەوێ داواکاریی دژی دایک و باوک بەرزکراوەتەوە کەچۆن بە بێ ئاگاداریی ئەمان، بڕیاریان داوە بیانهێننە دنیاوە!
لێرەدا ئیتر زاراوەی خزمەتی پیرۆز دێتە ناو فەرهەنگەکانەوە .. خزمەتی پیرۆز، ئەو خزمەتەیە کە بە بێ بەرامبەرە، نە داگیرکراویت، نە چەکت لەسەر سەر دانراوە، نە پێویستت بە هیچ خزمەتێکی بەرامبەرەکەتە، نە هیچ هیوا و ئاواتێکت پێی هەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا خزمەتی ئەکەیت..
خزمەتی پیرۆز لە ئاییندا بە دوور و درێژیی باس کراوە و داکۆکیی لێکراوە، به جۆرێک ئەبێ ئەو خزمەتە پیرۆزە نهێنیی بێ و دەستی ڕاست بە دەستی چەپ نەزانێت، بۆ ئەوەی تایبەت بێ بە ڕازامەندیی خودا، ئەو کاتە لە ژیانی داهاتوودا خودا سەد هێندە و زیاتر خزمەتەکەت پێشکەش ئەکاتەوە، واتا خزمەتی پیرۆزیش بە بێ بەرامبەر نییە یان ڕاستتر بە ئومێدی وەرگرتنەوەی هەزاران ئەوەندەی ئەو خزمەتەیه لە لایەن هێزێکی بێ پایانی بنیاتنەرەوە کە خودایه .. تەنانەت داوا دەکرێت لە مرۆڤەکان کە بازرگانییەکی گەورە ئەنجام بدەن، بە سەر و ماڵەوە بچنە خزمەتی حەق و ڕاستیی و داکۆکیی لەوانی تر بۆ ئەوەی گەورەترین پلە و خەڵات بە دەست بهێنن، ئەویش شەهید بوونە..
شەهید بوون بەرزترین و بە هەیبەتترین ووشەیە لە تەواوی زمانەکاندا، بریتییە لە گەورەترین خزمەتی پیرۆز، مرۆڤەکان بە مرۆڤایەتیی کردبێتیان بە بێ بەرامبەر لە دنیادا ..بە ئومێدی چونە بەهەشت، لە ژیانەکەی تردا.
لێرەدا ئیتر کلاسیفیکەیشنێکی زۆر قورس و چڕ و ئاڵۆز له مرۆڤەکان و باری سەرنجیان و تێرمی ژیانیاندا ئەبینین کە هەمووی لەسەر بنچینەی خزمەتکراو و خزمەتکاردا بنیاتنراون.. تۆ لەڕۆژێکدا لە چەند شوێنێکەوە خزمەت ئەکەیت و لە چەند شوێنێکی ترەوە خزمەت ئەکرێیت..
ئەوانەیشی سەرقاڵی خزمەتی پیرۆزن، ئەوانەن لە پێناوی خاکی داگیر کراو و مافی زەوتکراودا، چەک ئەکەنە شانیان و شەڕ ئەکەن و شەهید ئەبن ..زیندان و ئەشکەنجە و جۆرەها ئازار قبوڵ ئەکەن چونکە بڕوایەکی پتەویان بە خزمەتی پیرۆز و شەهید بوون هەیە ..یان لە بواری زانستیی و ئەدەبیی و هونەرییدا ژیانی خۆیان تەرخان ئەکەن بۆ داهێنانەکان بە هیوای خزمەتکردنی تەواوی مرۆڤەکان و کاربۆئاسانکردنیان و خۆشگوزەرانکردنیاندا..ئەو هەموو ئامێر و کەرەستە و کاڵایانەی لەبەر دەستماندان و ژیانیان ئاسان و چێژبەخش کردووە، زانا و داناگەلێک هەموو ژیانیان لەو پێناوەدا بەسەر بردووە.
بە دیوەکەی تریشدا، کۆمپانیاکانی داگیرکەران چەندەها ئامێری ئەشکەنجەدانیان بەرهەم هێناوە و بەرهەم دەهێنن لە پێناوی نوچدان و پەشیمانکردنەوەی ئەوانەی خۆیان بۆ خزمەتی پیرۆز تەرخان کردووە ..ئەم شەڕ و کێبڕکێیەیش درێژە ئەکێشی و بەردەوامە .. کۆمەڵکوژیی و ڕاگواستن و برسیکردن و ئاوارە کردن و ڕاگەیاندنەکان تێکڕا بەشێکن لەو هێرشە نامرۆڤانەیە بۆ سەر ئەو کەس و گەل و نیشتمانانەی کە سەرقاڵی خزمەتی پیرۆزن و .. ئامادە نین بچنە ژێر باری داگیرکەر و خزمەتکردنی ملهوڕەکانەوە هەر بۆیه فایق بێکەس بە دەنگێکی زوڵاڵ به ئەدمۆنز کەلە تەنیشت خزمەتکارە خزمەتکراوەکانی شاردا لێی دانیشتووە، ئەڵێ :
نۆکەریت ناکەم وورگم هەڵدڕە ..
بەو جۆره مێژووی مرۆڤایەتیی پڕ پڕە لەو ناوانەی لە پێناوی خزمەتیی پیرۆزدا، خۆیان بەختکردووە، لە زانست و سیاسەت و کۆمەڵایەتیی و پارتیزانیی و بوارەکانی تردا.
لە هەمان کاتدا مێژووی مرۆڤایەتیی سیخناخە لەو ناوە قێزەونە داگیرکەرانەی کە بەسەر لاشەی ملیۆنان مرۆڤدا هەڵکشاون و شانازییان بەوەوە کردووە زۆرترین مرۆڤ و نیشتمانی ئەوانی تریان ملکەچ و کۆیله کردووە بۆ خزمەتی خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیان.




ڕۆژنامەی کوردستان یەکەم وەرچەرخان لەمێژووی کورد.. موتەلیب سەعید عومەر

لەدواهەمین دەیەی سەدەیەی نۆزدەیەم لە قۆناغێکی ناهەمواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ هوشیارکردنی تاکی کورد بیرکردنەوەیە لە دەرچوونی ڕۆژنامەیەک ، دوای شکستی شۆڕشی بەدرخانیەکان نوخبەی خوێندەواری ئەو بنەماڵەیە بیریان لەمیکانیزمێک کردەوە کە باشترین کاریگەرترین ئامڕاز بێ بۆ کۆتاییهێنان بەستەمکاری و سەرکوتکردن ، هەردوو ڕۆژنامەوان میقداد مەدحەد بەدرخان وعەبدولڕەحمان لە و بارودۆخە دژوارەدا لە دەربەدەری و نەهامەتیدا بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەو ستەمکارییەی بەدرێژایی مێژوو ڕێگری لەبوونی کوردو قەوارەکەی کردووە لەکاتێکدا دەوڵەتی عوسمانی یەکێک بووە لەدەوڵەتە کۆڵۆنیاڵییەکانی جیهان سیاسەتی کۆمەڵکوژی وسڕینەوەی پاکتاوی مرۆیی پەیرەو کردووە بۆیە دەرکردنی ڕۆژنامەو بڵاوکردنەوەی هوشیاری سیاسی و نەتەوەیی لەژێر ڕکێفی دەوڵەتی عوسمانی کارێکی یەکجار سەخت بووە بە کارێکی مەترسیدار دانراوە ، لەبەرئەوە دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان پێش هەمووشتێک ئامانجێکی سیاسی ، فیکری، هوشیاری لەپشتەوە بووە لە ڕادەربڕین و گەیاندنی پەیامی ڕۆژنامەکە بڵاوبوونەوەی بە زمانی کوردی بە خوێنەری کورد ، لەمەوە دەرچوونی یەکەم ژمارەی کوردستان لە 22 نیسانی ساڵی 1898 بەیەکەم وەرچەرخان دادەنرێت لەمێژووی ڕۆژنامەوانی کوردی ئەگەرچی خوێنەرو خوێندەواری کورد بەڕێژەیەکی کەم ولەئاستێکی لاوازدا بووە بەڵام ڕۆژنامەی کوردستان دەتوانین بەیەکەم وێستگەی بڵاوکراوە دابنێین لە زمانی گفتوگۆ وە بۆ زمانی ڕاگەیاندن .

ڕۆڵی زمان لەڕۆژنامەی کوردستان
زمان ئامڕازێکی گرنگە بۆناساندن وگەیاندنی کێشەی نەتەوەیەک بەوڵاتانی دەوروبەر و دونیا لەهەلومەرجێکدا شۆڕش شکست دەهێنێت بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردی لەسەرەتادایە لەبەرامبەر هێزی داگیرکەری دەوڵەتی عوسمانی ، ئەگەر سەرنج بدەین پێش دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان زمانی کوردی زمانی هەست وسۆز و زمانی شیعر بووە ، پێش ئەو قۆناغە مێژووی کوردی ژێرخانێکی دەوڵەمەندی هەیە لەئەدەبی میللی سەر زارەکی تا دەگاتە بەیت وداستان و چیرۆک ، کەئەدەبی فۆلکلۆر بوون بە شاکارە بە ناو بانگەکەی (مەم وزین ) ی ئەحمەدی خانی و مەلای جەزیری دەست پێدەکات لەو سەردەمانەوە ئەدەبی کوردی بەزمانی پەخشان دێتە ناو زمانی کوردیی یەوە بەڵام بەدەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان زمانی ڕاگەیاندن گۆڕانکارییەکی نوێ دەخاتە ناو زمانی نووسین ، زمانی ئەدەبی لە تەنیا بوارێکدا نامێنێتەوە بەڵکو زیاتر لەئامڕازێک کەئامڕازی میدیایە دەبێتە زمانی بڵاوکراوە و نووسین .

کاریگەری ڕۆژنامەی کوردستان بەدونیای دەرەوە
ڕۆژنامەی کوردستان لەگەڵ ئەوەی خەمێکی ڕۆشنبیری و سیاسی بووە لەهەمانکاتدا خەمێکی قوڵی کۆمەڵایەتی بووە لەنێو لاپەڕەکانی (کوردستان ) گرفتەکانی ناو کۆمەڵی کوردی خستۆتە ڕوو وێڕای ئەوەی خەمێکی گەورەتری هەبووە لەناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد بەدونیای دەرەوە بەنیشاندان و ڕێگا چارەی ئەو کێشانە و بارودۆخە سەختەی کورد تێیدا گرفتار بووە ، سەرباری ڕاوە دوونانی ڕۆژنامەوانان بەدرخانییەکان بە فشارخستنە سەریان ناچارکردن و ڕێگە گرتن لە داخستنی ڕۆژنامەکە بەڵام بەردەوام بوونی ڕۆژنامەی کوردستان تا ژمارە 31 ، سەرباری ئەستەنگەکان پەیامێکی ڕوون وکاریگەرییەکی زۆری لەسەر سیاسەتی دەوڵەتی عوسمانی کردووە ئەگەرچی ژمارەکانی ڕۆژنامەکە بەشێوەی پچڕ پجڕ وهەر ژمارەی لەوڵاتێک چاپ کراوە .

جیاوازییەکانی ڕۆژنامەی کوردستان لەگەڵ ئێستا
گومانی تیانیە ڕەوشی ڕۆژنامەوانی لەسەردەمی بەدرخانیەکان بەبەراوورد بەئێستا یەکجار جیاوازە ، سەردەمی بەدرخانیەکان و دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان بە قۆناغێکی سەختی سیاسی و ئابووری ،نەتەوەیی ، کۆمەڵایەتی دا ڕۆیشتووە پڕ لەکێشە بووە ، بەڵام ڕەوشی ڕۆژنامەنووسی لەئێستادا لەهەلومەرجێکی لەبارو زۆرترین ئامڕازو تەکنیکی پێشکەوتوودایە لەئێستادا تاکی کورد بەئاسانی و لەکەمترین ماوەدا بێ سانسۆر دەتوانێت هەواڵ و گوتارو بابەت وچالاکی جیاواز بڵاو بکاتەوە ئەگەرچی ڕەوشی ڕۆژنامەنووسی لەئێستادا خاڵی نیە لەکێشەو ئەستەنگ بەڵام دەستەبەر بوونی دەیان کەناڵ و ڕۆژنامەی ئەلەکترۆنی و ماڵپەڕ و تیڤی ، ئەکاونتی کەسی کارئاسانی زۆری فەراهەمکردووە بۆ گەیاندنی زانیاری بەهەموو شوێنێک .

موتەلیب سەعید عومەر




شیعر\ دوا گەشتی بێدەنگی.. وریا مەعروف

١

ئێرە وێستگەیەکی پیرە…
دیوارەکان، ڕەنگی ژەنگی ماندووبوونیان گرتووە.
هەموو ڕۆژێک، سەدان مرۆڤ دێن و
بە جانتای پڕ لە خەمەوە، لەسەر کورسییەکان دادەنیشن.
کەس ناپرسێت: “ئەم شەمەندەفەرە بۆ کوێمان دەبات؟”
تەنیا چاوەڕوانین…
چاوەڕوانیی ئەو ساتە، کە کاتژمێرە گەورەکەی وێستگە
بە لێدانێکی قورس، پێمان بڵێت:
“ئیتر کاتی ڕۆیشتنە.”

٢

ئەو ئەسپە ئاسنینە، بێ هەرا و هەیبەت دەگات،
وەک سێبەرێکی سپی، بەناو تەمدا دەخلیسکێت.
سەر دەکەوین…
هەندێکمان چاو بە پەنجەرەکانەوە دەبەستینەوە،
تا تەماشای ئەو باخانە بکەین کە تێپەڕین،
وەك ئەو گەنجێتییەی وەک تەمومژ
لە دوای خێرایی تەمەن ون بوو.
هەندێکمان تەنیا سەر دادەخەین و
دوعا دەکەین، کە نزم و بەرزیی ڕێگەکە زۆر نەبێت.

٣

ژیان، ئەو پەنجەرە پچووکەیە…
کە تێیدا دیمەنی دڵخۆشی و ناخۆشی بە خێرایی دەڕۆن.
جارێک کێڵگەیەکی سەوز دەبینین و دڵمان دەکرێتەوە،
جارێکیش چۆڵەوانییەکی وشک و بێ ئاو.
کەچی ناتوانین بە شۆفێرەکە بڵێین: “بوەستە!”
ناتوانین بۆ چرکەیەک دابەزین و
بگەڕێینەوە ناو ئەو باخەی کە تازە تێپەڕی…
ئەم شەمەندەفەرە تەنیا یەک ئاڕاستەی هەیە،
ئەویش بەرەو پێشەوە، بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەڵێن “کۆتایی”.

٤

پیاوێکی پیر لە تەنیشتم دانیشتووە،
دەستەکانی دەلەرزن و سەیری وێنەیەکی کۆن دەکات.
ئەویش وەک من، وەک تۆ،
لە وێستگەیەکی دووردا، کەسێکی ئازیزی جێهێشتووە.
هەموومان لێرە کۆچەریین،
هەریەکەو خەمێکمان کردووە بە سەرین و
بە دیار ڕێگەکەوە، خەو دەمانباتەوە.
ئازارەکە لە ڕۆیشتندا نییە،
لەوەدایە، نازانین لە کام وێستگەدا بانگمان دەکەن و دەڵێن:
“تکایە… دوا سەرنشین، پێویستە دابەزێت!”

٥

خودایە…
کە گەیشتینە دوا مەنزڵی ئەم گەشتە ماندووە،
کە جانتاکانمان لەبەر دەمماندا کردەوە،
با دەستمان پڕ بێت لە سپێتی و میهرەبانی.
با ئەو کاتەی شەمەندەفەرەکە لە ناو تەمدا ون دەبێت و
ئێمە بە تەنیا دەمێنینەوە،
یادگارییەکی ڕۆشن و
دڵێکی ئاراممان، وەک چرا بۆ مابێتەوە.




‌ چیرۆک/ ماڵئاوایی.. نەوشیروان ئازاد

        


جارێکی تر نیگای گواستەوە،سەرهەردوکیان ،سێری لەدەستی ڕاستی گرت…
ئەڵقەیەکی زێڕ لەدەست و مەچەکێکی بێ وێنەدا…
بەدەم یادێکی کۆنەوە تاس بردیەوە و مژێکی قوڵی لەسیگارەکەی دا…چاوی بڕیە دوکەڵی جگەرەکەی،وەک مێژووی یادەوەری دێڕبەدێڕی لەو پەڕاوە لێڵەدا تۆمار کرابێ لێی ورد بوییەوە…
بریا پەڕەی مێژووی ژینم تۆی تیانەبوایە…
سەردێڕی گۆرانیەکەی دوێنێ دیسانەوە ناسۆری زامەکانی هێنایەوە سوێ…ئازاری ئەوزامانەی کەتا دوێنێ هیوای کۆتایی هاتن و ساڕێژبونی هەبو ئەمڕۆ بۆ دواجار لێی بێ هیوا بوو…جارێکی تر دوکەڵە لێڵەکەبەرچاوی لێڵ تر کرد…

  • چەند تاڵـــە..بەڕاستی هاوڕێ و ئازار ڕەوێنە…
    ناسۆری تەنیایی گەیاندیتیە ئەوڕایەی کەگاڵتەت پێی دەهات…دۆژمنی دوێنێت کردەهاوڕێ و خەمڕەوێنی تەنیایی ئەمڕۆ..ئازار وەک تێزاب مرۆڤ..تەنانەت باوەڕی پۆڵاینیش دائەڕزێنێ..
    بەبێزاریەوە جارێکی تر وەک دوادیدارێک نیگات ئاراستەی سەراپای بەژنی کردەوە…وەک نەدیدە سەرتاخوار لێی ورد بویتەوە بۆدواجار بەچاو ماڵئاوایت لێ کرد…بەڵام چاوی دڵ هەرگیز تێر نابێ و ماڵئاوایی ناکات ….

    بەغداد
    13/14\2\1989




شاعیرى نەفرەتلێكراو.. (ئونسی ئەلحاج و قەسیدەى پەخشان).. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

(1)
شیعر لە دەرەوەی وشە و دەربریندا- خۆشەویستییە، ژیاندۆستییە، مرۆڤدۆستییە… یەكەم كۆمەڵە شیعری (ئونسی لويس ئەلحاج- 27 يوليو 1937 – 18 فبراير 2014) شاعری هاوچەرخی لوبنانی، بەناونیشانی «لن» ساڵی 1960دا بڵاوبۆوە، لەبەر ئەوەی شێوە كۆنەكانی شیعری عەرەبی لەرزاند، نەفرەتییان لێكرد.
هەرگیز (ئونسی ئەلحاج) دەستەكانی بە سیاسەت پیس نەكرد، هەمیشە لەگەڵ ئازادی بوو. ئەوە قسەیەكی سادە نییە، بەڵكە ڕاستییەكی قووڵە كە لە ژیانی ئونسی ئەلحاجدا ڕەنگیداوە… ئەو شاعیرەی كە قسەی خۆی گوت و لە تەمەنی (حەفتا و حەوت) ساڵیدا، دوای ململانێیەكی درێژ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، بە ئارامی ڕۆیشت…
شیعرەكانی (ئونسی لويس ئەلحاج) بۆ زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزی وەرگێڕدراون، و هەندێكـ لە موزیسیانانیش ئیلهامیان لە پەیڤەكانی وەرگرتووە و كاری هونەری و مۆسیقییان لەسەر بونیادناوە… لە یەکێک لە گرنگترین بابەتە تایبەتەکانی لەبارەی گۆرانیبێژی لوبنانی (فەیروز) بەناونیشانی “بەوپەڕی توندوتیژییەوە خۆشم دەوێت”، تیایدا دەڵێت: لە ژیانی ئێمەدا شوێنێک بۆ فەیروز نییە؛ هەموو شوێنەک تەنها بۆ فەیروزە…
هەندێكـ لە بڵاوكراوەكانی شاعیر «سەری بڕاو»، «ڕابردووی ڕۆژە داهاتووەكان»، «چی بە زێڕ كرد؟ چی بە گوڵ كرد؟»، و «پەیامبەرێ بە قژی درێژەوە، تا کانیاوەکان»…
ئونسی ئەلحاج كۆچی دوایی كرد، بەڵام وشەكانی مانەوە— ئەو هەمیشە بە ئازادی وشەكانی دەردەبڕین، تەنانەت ئەگەر ڕووحیشی لەڕێگای ئەو ئازادییەوە بریندار بوایە.
(2)
لە پێشەكى كۆمەڵە شیعرى (لن) هەر تەنها شاعیرێكى یاخى نییە، بەڵكە شاعیرێكى نەفرەتلێكراویشە… هەر تەنها هاوارێكى جیاوازى شیعرى نییە، بەڵكە هێرشێكى دۆزەخى بوو، بۆ سەر چوارچێوەى شیعریى و كلتورى سونەتگەرایى… ئونسی ئەلحاج لەنێوان هۆشیارى ڕەخنەیى و قەسیدەى شیعرى ئازاد و قەسیدەى پەخشاندا ئاگاییەكى نوێى لە قەسیدەى پەخشاندا هێنا ناوەوە، دەمەوێ‌ بڵێم ئاگایى ئونسی ئەلحاج پەیوەندى بە ڕۆشنبیریى شیعرى جیهانییەوە هەبوو، بۆیە وەك ڕووداوێكى ئەدەبى لە بەرجەستەكردنى قەسیدەى پەخشان و چۆنێتى گەیاندنى بە خوێنەران بە جوانى ڕەنگیدایەوە.
قەسیدە دنیایەكى داخراوە بەسەرخۆیدا، هیچ ئامانجێكى زەمەنى نییە. شیعر دڵ- لە دڵدانە. پەخشان- گێرِانەوەیە… قەسیدە كورتبرِى لە هەموو هۆیەكانى دەربرِین دەكات. ڕەگەزى یەكەمى شیعر- موزیكایە. شیعر ئەوە دەڵێ‌ كە گوتراوە، پەخشان ڕوو لە شتێ‌ دەكات و دەیدوێنێ‌ و هەموو چركەكانى گوتار بە هى خۆى دەزانێت، موزیكا لە پێكهاتەى پەخشاندا بوونى دەكەوێتە لەرزەوە. لە شیعردا شاعیر پێش خوێنەر دەكەوێت، چونكە ئەو ئامرازانە ناس دەكات، كە شیعرى پێدروست دەكرێت، هەمیشە شیعر لەڕێگاى لەرەى موزیكاوە دەچێتە دڵى خوێنەرەوە، ئەوەى شاعیرێكى كۆنەپەرست و خوێنەرێكى كۆنەپەرست بەیەكەوە دەبەستێتەوە چارەنووسە!
ئەگەرچى لەنێوان دارِشتنى شیعر و پەخشاندا جیاوازییەكى بەرچاو هەیە، بەڵام ئەوەى جێى گومان ئەوەیە، كە هەموو كەلەپورە زیندووەكانى دنیا، شیعرى مەزنیان لە پەخشان پێشكەش بە مرۆڤایەتى كردووە، هەر لەبەر هەندێ‌ ئەمرِۆ شیعر بە كێش و سەروا ناناسرێتەوە! ئەوەى بەردەوام ڕێگا لە شیعرى پەخشان و قەسیدەى پەخشان دەگرێ‌ كێش و سەروایە. لێرەدا شیعرى بە پەخشانكراو- پەخشان نییە، وەك چۆن قەسیدەى بە پەخشانكراو- پەخشان نییە.
شیعرى لیریكى هەیە، بەڵام پەخشانى لیریكى نییە، قەسیدەى پەخشانى نزیكە لە گێرِانەوە، قەسیدەى پەخشانى بێ‌ ریتمە وەك ئەوەى (سان جۆن پێرس) دەینوسى… قەسیدەى پەخشان خاوەنى جیهانبینییە، قەسیدەى پەخشان ئەزموونێكى قووڵ و بەهێزە، بەو پرِشنگانە دەناسرێتەوە كە بڵاوى دەكاتەوە وەك قەسیدەكانى هینرى میشۆ و ئارِتۆ…!
هەموو قەسیدەیەك وەك پێویست كورتە، بەڵام كورتبرِى زێتر لەسەر پەخشان جێبەجێ‌ دەبێت، نەك قەسیدە… قەسیدەى كێشدار زێتر پێویستى بە یەكگرتنە، نەك گەرِانەوە بۆ سەرچاوە… قەسیدەى پەخشان پێویستى بە ئامرازى گێرِانەوە، وەسف، ئەزموون، جیهانبینى… هەیە.
(سوزان بیرنار) دەڵێت: پێویستە قەسیدەى پەخشان لەپێناو درەوشانەوە- كورتبرِى بكات! هەموو قەسیدەیەكى پەخشان پاڵنەرێكى ئاژاوەیى لە پشتە، ڕووخێنەرە، وزەیەكى ئەندازەیى تێدایە، ڕاپەرِینە بە دژى كۆتوبەند… (ڕامبۆ) دەیویست بەسەر زماندا زاڵ بێت و كورتبرِى لە (بۆن، دەنگ، ڕەنگ…) بكات… قەسیدەى پەخشان لەسەر درەوشانەوە، نەفرەت، شێتایەتى… وەستاوە، هەمیشە هەرِەمەكى بوونی خۆى نیشان دەدات! قەسیدەى پەخشان كارى شاعیرى نەفرەتلێكراو و بەرهەمى نەفرەتلێكردنە… لە قەسیدەى پەخشاندا شتێك نییە پێى بڵێن كۆتایى.
(3)
ئونسی ئەلحاج نامەبەری دۆزەخى زمانە، بەردەوام بە دواى ئامانجە مرۆییەكانەوەیە، بە دواى خۆشەویستى، بە دواى مرۆڤدۆستى و ژیاندۆستییەوە… شیعر لاى ئەو خۆراكى خودە! ئافرەت لاى ئەو ئەلتەرناتیفى ژیانە! منداڵیى لاى ئەو پشتگوێخستنێكى فریشتەییانەیە لە ڕەشەبا دەمانپارێزێت‌… ئونسی ئەلحاج هەمیشە لەنێوان ناپاككردنەوەی زمان و پووچگەرایى ژیان و وێرانكردنى شتەكان، وەك بیابان تینووە.
ئونسی ئەلحاج شاعیرى ڕچەشكێن، شاعیرى هەرێمە دەست بۆ نەبراوەكانە، شاعیرى نەست و ناخ و زمانە قەدەغەكراوەكان ناوەوەی مرۆڤی لەنێو زماندا چەسپاند، دەست بۆ نەبراوەكانى، لە زمان و لە سەر ئاستى بیركردنەوە بەرجەستە كرد… بەڵام شیعر هەر تەنها بە مەسەلە قەدەغەكراو و دەست بۆ نەبراوەكانەوە پەیوەست نییە، شیعر بە حەقیقەت و ژیان و خەونەوە بەندە! شیعر هەر تەنها ڕاستگۆیى و بوێرى نییە، شیعر چۆنێتى تەعبیركردنە لە ژیاندۆستى، لە مرۆڤدۆستى، گەرِانى بەردەوام و بەجێهێنانى زێترى خۆشەویستى و چێژ و خۆشییە…
مەرج نییە قەدەغەكراوەكان هەمیشە قەیران بنێنەوە، بەڵام هەموو ڕچەشكێنییەك ئامانجى ڕچەشكاندنە، ئەوە بەو مانایە دێت، كە هەمیشە وزەى ژیان بەهێزترە لە مردن، ئەوە بەو مانایە دێت، كە یاخیبوون كۆتایى نییە.
(4)
تێگەیشتنى باو ئەوەیە كە پەخشان پەخشانە و شیعر شیعرە، كەواتە ئەو میكانیزمانە چین كە قەسیدەى پەخشان بەرەو شیعر دەبات، یان شیعر لە قەسیدەى پەخشان دروست دەكەن، بێ‌ ئەوەى وەك پرنسیبێكى بنەرِەتى بە سەرچاوەى پەخشانەوە گرێ‌ بدرێت! ئونسی ئەلحاج لە پێشەكى كۆمەڵەى (لن) بەرانبەر ئەو دیدە باوەى كە شیعر و پەخشان لێكجیا دەكاتەوە، پێیوایە لەنێوان شیعر و پەخشاندا پردى بەیەكگەیشتن هەیە! ئەگەرچى پێیوایە پەخشان و شیعر نكۆڵى لە یەكتر دەكەن، چونكە شیعر دەبێ‌ ئەوە بێت كە لە دەرەوەى پەخشاندا دەنوسرێت، بەڵام پەخشان نەرم و كراوەیە، شیعر ڕێكخراو و مەبەستدارە، پەخشان هێمن و جێگیرە، شیعر گرژە، شیعر نە زەمەنییە و نە پەیوەندى بە بارودۆخەوە هەیە، ئەوەش پێچەوانەى پەخشانە. پەخشان بەرهەمى عەقل و ئاگاییە، بەڵام شیعر بەرهەمى دەروونە، پەخشان گەیەنەر و ڕازیكەرە و شتەكانمان بۆ دەسەلمێنێ‌، بەڵام شیعر درەوشاوە و ئاماژەخوازە…
كەواتە ئایا دەكرێ‌ لە قەسیدەى پەخشان دەربچین؟ ئەو پرسیارە ئیشكالئامێزە یەكێكە لە پرسیارە ئاڵۆزەكانى پێشەكى كۆمەڵە شیعرى (لن). بە برِواى من ئەو پرسیارە تەمومژاوییە! دەمەوێ‌ بڵێم دەكرێ‌ لە برى (ئایا) بە (چۆن) پرسیارەكە راستكەینەوە: چۆن لە قەسیدەى پەخشان دەربچین؟ ئەگەرچى پرسیارى دووەمیش مەرج نییە ڕاست بێت، بەڵام لەگەڵ پەیبردن بە قەسیدەى پەخشان زێتر دەگونجێت‌… پرسیارى دووەم پرسى تایبەتمەندى و تاكگەرایى لەخۆدا هەڵگرتووە… ئونسی ئەلحاج پرسیارى یەكەم بە (نەرێ‌) وەڵام دەداتەوە: نەخێر ناتوانین لە قەسیدەى پەخشان دەربچین. لە پشت ئەو وەڵامەشدا پرنسیبێكى چەسپاو هەیە، ئەویش ئەوەیە كە بنەماى شیعر پەخشانە! پرسیارى یەكەم پێمان دەڵێت قەسیدەى پەخشان بە پەخشانەوە بەندە و دەكەوێتە ژێر كاریگەرى جۆرەكانى وەسف و ناونانەوە، بەڵام پرسیارى دووەم ئەو پرسیارەى لێرەدا هەوڵى فۆرمەلەكردنمان داوە پێمان دەڵێت قەسیدەى پەخشان بنەماكەى لەسەر پەخشان نەچەسپاوە، بەڵكە قەسیدەى پەخشان بنەماكەى شیعرە، دواجاریش دەمەوێ‌ تۆخترى بكەمەوە و بڵێم پەخشان ڕەگەزێكە لە ڕەگەزەكانى شیعر… شیعرى داهێنەرانە هەموو ڕەگەزەكانى قەسیدە و پەخشان لە ئاستێكى باڵادا خەلق دەكات، داهێنانیش لە ئاستە باڵاكانى زماندا دەدۆزێتەوە.
كەواتە لەنێوان شیعر و پەخشان مەسافەیەكى ئیستێتیكى و دەربرِینێكى بەرفرەوان هەیە، وەك چۆن مەسافەیەكى جوانى لە وەرگرى جۆراوجۆردا دروست دەكات. بەو مانایەش دەشێ‌ پرسیارى ئونسی ئەلحاج: ئایا دەكرێ‌ لە قەسیدەى پەخشان دەربچین؟ مەبەستى لە پەخشانێك بێت، كە مەسافەیەك لە شیعر نزیك دەبێتەوە…
(5)
شیعرى ئونسی ئەلحاج ڕووتە وەك ئادەم و حەوا بەر لەوەى لە بەهەشت دەربكرێن، وشە ڕووتەكانى بێ‌ ئەوەى هەست بە شەرم بكەن، ڕووبەڕووى دنیا دەبنەوە، هەموو وشە ڕووتەكانى لە قەسیدەكانیدا سەر بەرزانە دەوەستن، بێ‌ ئەوەى خۆیان بە جوانكارى خەریك بكەن، بێ‌ ئەوەى خۆیان دەمامك بدەن، هەر تەنها بە ڕووتى سەما دەكەن، بێ‌ ئەوەى كراسى خوازە و چوارشێوى ڕەوانبێژى بپۆشن! وشەكان لەو مانایانە دەردەچن، كە ئێمە دەیانزانین، ئونسی ئەلحاج لەنێوان شیعر و خۆشەویستى، یەكەمیان بە گوتنى بێدەنگ دادەنێ‌ و دووەمیان بە كردار… ئەو چەند شیعرەى ئونسی ئەلحاج بە بێدەنگى بخوێننەوە:

پلان
لەنێوان دارسنۆبەرەكاندا هاوارت دەكرد، باى دەنگت بەرەو ناخم دەهات، بێدەنگی هەڵگرتبوو
خۆت لە پەنا دارسنۆبەرەكاندا حەشاردابوو، دەگەمە هاوارت، دەگەرِێمەوە بۆ ئەوەى نەمبینیت
لەنێوان دارسنۆبەرەكاندا هاوارت دەكرد، ئازیزەكەم وەرە
من لە پەنا دارسنۆبەرەكان بووم، بۆ ئەوەى نەمبینى، لە هیكەوە بەرەو ڕووت دەبمەوە، تۆ ڕادەكەى.

سەرچاوە:

*أنسی الحاج، دیوان (لن )- المقدمە.ط3. دار الجدید. بیروت 1994 ص27..

تا بەیانی و نیوەی بەیانی
I
بۆتۆ دەرگا كراوەیە—
لە بەیانییەوە تا بەیانی،
بەیانی و نیوەی بەیانی.

II
بە جلەكانتەوە لەسەر گردەكە دانیشتوویت.
باران دەبارێ، تەڕ دەبیت.
مارەكە دەخشێ، و لەسەر گردەكە وەك شمشێر دەچەقێ.
هەناسەتان توند دەبێت.

III
ڕەنگی دەمت بۆنی سێوە.

IV
كاتژمێر شەوە—دوای شەو و نیوەی شەو.
ماڵی خۆشەویستەكەم لە بان شەوە.
ژوورێكی ماڵەكەی لە ناوەڕاستی شەوە.
لەوێوە بۆم دەڕوانێ، نامبینێ.
بۆ ئەو شوێنە دەچێ كە من بۆی دەچم، نامبینێ.
ڕووناكی دەكاتەوە، نامبینێ.
لە پاشان ئیتر دەخەوێ،
خەون بە پەنجەرەوە دەبینێ،
و دەترسێ با بیگرێتە خۆی.

V
چاو لە تاریكایی بكە؛
تێدەپەڕم، دەنگت پڕ دەكەم لە دەنگم.
دەنگت—لە گەروومەوە دێ—
شیرین، شیرین وەكو مێوژ.

سەرچاوە:
أنسي الحاج: ماذا صنعت بالذهب؟ ماذا صنعت بالورد؟ دار الجدید، طبعة ثانیة، بیروت- 1994. ص51-52.
هەولێر 8/4/2026




پێشنیارێک/ پێویستیی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیزمی نوێ لە عێراق.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

٢٠٢٤ – ٢٠٢٦() تەمەنی بزاڤی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیزمی نوێ لە عێراق خۆی لە نیو سەدە دەدات. نیو سەدەی پڕ لە هەڵکشان و داکشان، پڕ لە قوربانیدان و سەروەری، پڕ لە هەوڵ و تێکۆشان، پڕ لە ئەزموون و قاڵبوونەوە. ئەم بزاڤە زۆری برد تا توانی لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێت و ڕاوەستێت. ئێستاش پشت ئەستوور بەو مێژووەی کە هەیەتی، تەکان و هەنگاوی چاک و بوێرانە دەنێت. ئەم بزووتنەوەیە ئێستا نەک هیچی کەمتر نییە لە بزاڤە ڕۆژنامەگەرییە ئایینی و ناسیونال – لیبڕاڵەکانی بۆرژوازی، بگرە لە هەندێ بواردا پێشڕەوترە لە بزاڤی ڕۆژنامەگەری بزووتنەوە بۆرژوازییەکانی عێراق و تەنانەت ناوچەکەش. بۆیە جێی خۆیەتی وەکچۆن لە خەمی ئەوەداین مێژووی ئەم بزاڤە وەکخۆی وێنا بکەین و سەروەرییەکانی تۆمار بکەین، ئاواش لە خەمی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری ئەو بزاڤەین. ڕۆژنامە و بڵاوبوونەوەی لەنێو هەر کۆمەڵگەیەدا هەمیشە لە سەرەتایەکەوە دەست پێ دەکات کەڕەنگە لە پڕۆسەی گەشەکردن و بەرەوپێچوونی خۆیدا بتوانێت ئاڵوگۆڕی چۆنایەتی لە ناوڕۆک و پەیام و شێوە و فۆرمی ڕۆژنامەکەپێک بێنێت. زۆر پێش مێژووی هاوچەرخ بەتایبەتی لە ساڵی ٥٩ ی پێش زایین یەکەمین بڵاوکراوە بەناوی ( Acta Diurna) هاتۆتە بڵاوکرانەوە کە ڕووداوەکانی ڕۆژی تیا باس کراوە. پاشان لەسەدەی پازدەهەمین بازرگانان لە شارەکانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا ڕووداوە گرنگەکانیان لەتۆمارە نووسراوەکان بە دەست و خەت دەنووسییەوە و لەنێو هاوکارەکانیان و لە شوێنی کارەکانیان دەستا و دەستیان پێدەکردن. بۆ یەکەمینجاریش بیرۆکەی بەکارهێنانی چاپخانە لە ئەڵمانیا لە ساڵی ١٦٠٥ زاینیدا هاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئیتر لەو مێژووە بەدواوە بیرۆکەی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە گەشەی کرد و لە سەدەی هەژدە بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەکان برەویان پەیدا کرد و سەدەی نۆزدە گۆڤارەکان هاتنە بڵاوکردنەوە و سەدەی بیستیش رادیۆ و تەلەفیزیۆن و سەدەی بیست و یەکەمینیش ئەنتەرنێت خۆی کرد بە هەموو ماڵێکی سەر ئەم هەسارەیە. یەکەمین هەفتەنامە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا بە ناوی ( The Relation) بووە و بەزمانی ئەڵمانی لە ستارسبۆرگ چاپ و بڵاوکراوتەوە. بڵاوبوونەوەی یەکەمین بڵاوکراوە لەهەر سەرزەمینێکدا و لە هەر قۆناغ و لە هەناوی هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا بایەخی مێژوویی خۆی هەیە و بۆیەش مێژووی ڕۆژنامەگەری و ڕۆژی بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەکەش کراوەتە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری. هەروها ئەو کەس و لایەنەی بڵاوی کردۆتەوە وەکو ڕابەر و پێشەنگی ڕۆژنامەگەری ئەو سەردەم و قۆناغ و وڵاتە هاتۆتە ئەژمار. یەکەمین ڕۆژنامە بەزمانی عەرەبی بەناوی (التنبیە) لە میسر دەرچووە، کە ناپلیۆن بۆناپۆرت لە ساڵی ١٨٠٠ دەری کرد. لە عێراقیش یەکەمین ڕۆژنامە (جورنال العراق) بوو کە لە ساڵی ١٨١٦ ی زایینی بڵاو کراوەتەوە ، بەڵام هیچ نوسخەیەکی نەماوە. دوواتر ڕۆژنامەی ( الزوراء) لە پانزەی حوزەیرانی ١٨٦٩ بڵاو دەبێتەوە و ئیتر پانزەی حوزەیران دەبێتە رۆژی ڕۆژنامەگەری عێراقی. لە رۆژنامەگەری کوردیشدا ڕۆژنامەی کوردستان کە جەلالەت بەدرخان لە میسر لە بیست و دووی نیسانی ١٨٩٨ بڵاوی کردۆتەوە، بۆتە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی. حیزبی شیوعی عێراقیش وەک یەکێک لە حیزبە بەناو شیوعییەکان مێژوویەکی هەیە لەگەڵ ڕۆژنامەگەریدا و ڕۆژێکی تەرخان کردووە بە ناوی (ڕۆژی ڕۆژنامەگەری شیوعی عێراقی). لێرەدا جێی خۆیەتی لەکاتێکدا کە خەریکی ساغکردنەوە و بە دۆکیومێنتکردنی بزاوتی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیزمی نوێم لە عێراق، ئەم پرسە بووروژێنم و دوو قسەی لەسەر بکەم. یەک : بۆ بیرکردنەوە لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیزمی نوێ لە عێراق، دەبێت جەغد بکرێتە سەر ئەو بڵاوکراوانەی کە بۆ یەکەمجار هاتوونەتە وەشاندن. واتە کام ڕۆژنامە و گۆڤار بەشێوەی نۆرماڵ و بەفۆرمی هاوچەرخانە لە چاپخانە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. دوو : کۆنترین بڵاوکراوە لە مێژووی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی هاوچەرخدا کە بە تایپکراوی بە شێوەی هاوچەرخانە لە چاپخانە چاپ و بڵاوبووبێتەوە، دیاری بکرێت.
سێ : سەرنووسەر و دەستەی بەڕێوەبردن و ئەو کەس و لایەنەی کە بڵاوکراوەکەی بڵاوی کردۆتەوە، دەستنیشان بکرێن.
سێ : ڕۆژی بڵاوبوونەوەی ساغ بکرێتەوە و بکرێتە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیستی لە عێراق.
چوار : تا ئەو شوێنەی من ئاگادار بم، ڕۆژنامەی ( بۆ پێشەوە) کە ڕۆژنامەیەکی سیاسی – تەحریضی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست بوو بەو مواسەفاتانە چاپ بووە و بڵاوکراوەتەوە. ئەم ڕۆژنامەیە ژمارە پانزەی بەشێوەی ئەی فۆر بە تابیعە تایپ کراوە و ژمارە ١٦ش لە نیوەی دووەمی ئازاری ساڵی ١٩٩٣ لە چاپخانە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ژمارە شانزەی ساڵی دووەمی ڕۆژنامەی بۆ پێشەوە، یەکەمین ڕۆژنامەیە لەمێژووی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی نوێ لە عێراق و کوردستان کە بەشێوەی نۆرماڵ و هاوچەرخانە چاپ کراوە و بڵاوکراوەتەوە. خاوەنی ڕۆژنامەکە ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست بوو.
پێنج : بەم پێیە دەتوانرێت ڕۆژی یەکەم لە نیوەی دووەمی مانگی ئازار واتە شانزەی ئازاری ساڵی ١٩٩٣، بکرێتە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی نوێ لە عێراق. واتە شانزەی ئازاری هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیستی نوێ دیاری بکرێت.
لەم ڕێگەیەوە دەتوانین ساڵانە لەو ڕۆژەدا یادی خەباتی چینایەتی ئەم بزاڤە کۆمۆنیستییە بکەینەوە. لێرەوە دەتوانین بزاڤی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیستی نوێ لەو بێ ڕۆژییەیدا قورتار بکەین و بە دیاریکردنی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیستی نوێ ساڵانە یادی بزاڤەکە و هەڵسوڕاوەکانی و گیانبەختکردووانی بکەینەوە و ئەو ڕۆژە پیرۆز ڕابگرین.
(*)ئەم پێشنیارەم لە ساڵی ٢٠٢٤ نووسی و ئێستا بە هەندێک دەستکارییەوە دەیخەمە بەر دیدەی خوێنەران.
تێبینی: هەندێک زانیاری سەبارەت بە مێژووی بڵاوکراوەکان لە ئاستی جیهان و وڵاتانی عەرەبی و عێراق لەم نووسینانەی خوارەوەم وەرگرتوون :
(١)ویکیپیدیا ؛ الموسوعة الحرة تاریخ الصحافة https://ar.wikipedia.org/wiki
(٢)شبکة النبآ المعلوماتیة بدایات الصحافة العربیة و تطورها بقلم کمال عبید https://annabaa.org/arabic/iraqipress/2071
(٣)تاریخ الصحافة العراقیة بقلم محمد الوندي موقع الحوار المتمدن https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=137885
(٤)الواح السومریة المعاصرة http://www.somerian-slates.com/mss_old/p159.htm




پەیجی سێبەر، دەنگی ڕاستەقینە و ئاوێنەی ڕوونی نەستی خاوەنەکەیەتی.. کارا فاتیح

دیاردەی پەیجی سێبەر و سەکۆی ناڕەسمی لە دنیای سیاسەت و میدیای ئەمڕۆ و سۆسیالمیدیای کوردیش دا بووەتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ گوزارشتکردن لەو بۆچوون و پەیامانەی، لە چوارچێوەی فەرمی و میدیای یاسایی و پەیج و ئەکاونتی ڕاستەقینە دا ناگوترێن و بڵاو ناکرێنەوە، هەر بۆیە زۆر جار کاتێک حیزب یان لایەن و کەسایەتییەک، سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم پەیجانە ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبنەوە، زۆر بەئاسانی و بێکێشە خۆیان لێ بێبەری دەکەن و بەوە خۆیان دەپەڕێننەوە، گوایە ئەمە گوزارشت لە بۆچوونی فەرمیی ئەوان ناکات و نازانرێت کێین ئەوانە، یان دەڵێن ئەوانە تەنها هەوڵێکی خۆبەخشانە یان ناڕەسمیین، بەڵام حەقیقەتەکە ئەوەیە، ئەم پەیجانە وێنەیەکی یەکجار ڕاستگۆتر و ڕوونتری ناوەوەی ئەو لایەنانە دەنوێنن، چونکە لە پشت پەردەی بێناوییەوە کار دەکەن و هیچ کۆتوبەندێکی دیپلۆماسی یان سیاسی یان هەستڕاگرتنی بەرانبەر نایانوەستێنێت. ئەم جۆرە میدیایە دەتوانرێت وەک ئاوێنەی حەقیقیی نەستی لایەنەکان سەیر بکرێت، چونکە لێرە دا چیتر پێویست بە ڕەچاوکردنی ڕێکەوتنە سیاسییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و دڵنەواییی لایەنی بەرانبەر ناکات، بەڵکوو ئەوەی لە قووڵاییی بیرکردنەوە و ستراتیژی ڕاستەقینەی لایەنی خاوەن ئەو میدیا دا هەیە بە بێ سانسۆر و بەوپەڕی ئازادییەوە بڵاو دەکرێتەوە، وەک دەڵێن ئەو پەیجانە قسەی دڵی ئەوان دەکەن و ئارەزوەکانیان تێر دەکەن و دڵیان بە قسە و ناوزڕاندن و حەیابردنی نەیارانیان ئاو دەخواتەوە. ئەم پەیجانە هیچ حیسابێک بۆ لێکەوتە یاسایییەکان یان تێکچوونی پێوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و تەنانەت زیانی تیرۆری مەعنەوی و فیزیکییش ناکەن، لەبەر ئەوە دەبنە زمانحاڵێکی ڕاستەقینە، هەموو ئەو ڕقوکینە یان جێنیو و بوختان و پلان و نیەتە شاراوانە هەڵدەڕێژن، کە میدیای فەرمی بە هۆی “ئیتیتکێتی سیاسی و ڕۆژنامەوانی” یان ترسی بەرپرسیارێتیی یاسایی، یان بۆ خۆپاراستن لە هێرشی پێچەوانە و هاوشێوە ناتوانێت دەستیان بۆ ببات، هەر بۆیە سڵنەکردنەوە لە دروستکردنی کێشە و شکاندنی سنوورەکان تا دەگات بە تیرۆر و تێکدانی ئاساییشی کۆمەڵایەتی و دەروونی و سیاسی، لەم پەیجانە دا باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی، ئەوەی دەگوترێت تەنها ڕایەکی شەخسی یان بۆچوونی کۆمەڵێک نەخۆشی بێئیلتیزامی نابەرپرس نییە، بەڵکوو گوزارشتێکی ڕاست و وردە لەو ئاراستە فیکری و دەروونییەی، کە لایەنەکان لە ژوورە تاریکەکان دا باسی دەکەن و لێرە دا بە بێ ماسک دەردەکەوێت و خۆی کەشف دەکات.
ئەم پەیجە سێبەرانە کاتێک بە ئازادیی ڕەها و بەوپەڕی موڕتاحی پەخش دەکەن، چیتر تەنها لە چوارچێوەی گەیاندنی پەیامی سیاسی و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی دا ناوەستن و حساب بۆ یاسا ناکەن، بەڵکوو پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی نزمترین ئاستی زمان و بڵاوکردنەوەی جنێوی بازاڕی و هەڵبەستنی بوختانی بێبنەما و حەیابەرە بۆ هەر کەس و لایەنێک کە بەدڵیان نەبێ و پێچەوانەی ویستی ئەوان بیر بکاتەوە. ئەوان بێ هیچ سڵەمینەوەیەک و بەوپەڕی بێباکییەوە دەست بۆ شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان و تەنانەت تێکدانی ناوبانگی خێزانەکان و تۆمەتی ئەخلاقییش دەبەن، چونکە دەزانن لە پشت پەردەی بێناوییەوە پارێزراون و هیچ بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی یان یاسایییان ناکەوێتە ئەستۆ. ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن کە پڕە لە ناوزڕاندن و تانەدان لە شەرەف و کەرامەتی کەسایەتییەکان، دەری دەخات کە ئامانجی سەرەکییان تەنها گەیاندنی بیرۆکەیەک نییە، بەڵکوو تیرۆری مەعنەویی بەرانبەرە بە هەر نرخێک بێت. سڵنەکردنەوە لەم جۆرە کارە نزم و ناشرینانە و بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و بوختان، لە ڕاستی دا ڕەنگدانەوەی ئەو عەقڵیەت و پانتایییە تاریکەیە، کە لە ناخی خاوەنەکانیان دا هەیە و لە ڕێی ئەم سەکۆیانەوە هەموو ئەو گرێ دەروونی و بوغز و ڕقە شاراوانە بەتاڵ دەکەنەوە، کە ناتوانن لە ڕێی میدیایەکی یاسایی و فەرمییەوە دەری ببڕن، بەمەیش دەبنە مەترسیدارترین ئامراز بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و لەناوبردنی کەسێتی.
لەم پەیج و ئەکاونتە سێبەرانە دا، ئاستی ئازادیی دەربڕین دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە بێسەروبەریی ڕەها، کە تێیدا هەموو سنوورە ئەخلاقی و مرۆیییەکان دەبەزێنرێن، بە جۆرێک جنێودان و بەکارهێنانی وشەی ناشرین دەبێتە ئامرازێکی ئاسایی بۆ هێرشکردنە سەر نەیارەکان و ناوزڕاندنیان. سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە فەرمییەکان، دەبێ ئەو ڕاستییە تاڵە بگوترێت، بێدەنگی یان تەنها لێدوانێکی شەرمنانە بۆ بێبەریبوونیان لەم پەیجە سێبەرانە، چیتر لە بەردەم ویژدانی گشتی و لۆژیکی سیاسی دا جێگەی نابێتەوە. ناکرێت حیزب و کەسایەتییەکان تەنها بە گوتنی “ئەمە هیی ئێمە نییە” خۆیان لە ژێر باری ئەو هەموو جنێو و ناوزڕاندن و بوختانە بدزنەوە، چونکە ئەگەر بەڕاستی ئەم سەکۆیانە تەعبیر لە ئەخلاقی سیاسی و ناواخنی ئەوان ناکەن، ئەوا دەبێت بکەونە شەڕێکی ڕاستەقینە و بێوچان لەگەڵیان دا، جگە لە سەرکۆنە و ڕەخنەگرتن لێیان، هەوڵی دۆزینەوە و سزادانیان بدەن. بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و یاسایی لایەنەکان لەوە دا کورت دەبێتەوە، ئەگەر دژی ئەو بێسەروبەرییە میدیاییەن، بفەرموون بە ئاشکرا دژایەتییان بکەن، هەوڵی دۆزینەوەی سەرچاوەکانیان بدەن و ڕێگری لەو پاشاگەردانییە بگرن کە هەموو پێوەر و بەها و پیرۆزییەکان دەبەزێنێت. پێویستە ئەم لایەنانە بەردەوام و بێپسانەوە لە میدیا فەرمییەکانیانەوە جەخت بکەنەوە، ئەم زمانە نزمە و ئەم بوختانانە نەک هەر گوزارشت لەوان ناکات، بەڵکوو بە کردەوەیش هەوڵی کۆتاییپێهێنانی بدەن، چونکە ئەگەر ئەمڕۆ ئەم پەیجانە کەرامەتی نەیارەکانیان پێ دەشکێنن و دڵخۆشییان دەکەن، دەبێت ئەوە باش بزانن کە ئەم ئاگرە لە کۆتایی دا هەموو کایەکان دەسووتێنێت و هیچ کەس لە مەترسییەکانی پارێزراو نابێت. بێدەنگیی سیاسی لە ئاست ئەم پەتایە، جۆرێکە لە ڕەزامەندیی شاراوە، ئەگەر لایەنێک بە ڕاستگۆیی دەیەوێت بیسەلمێنێت، کە ئاستی بیرکردنەوەی لە ئاستی ئەو پەیجانە دا نییە، دەبێت ئەوە ڕابگەیەنێت کە کاری ئەم سێبەرە تاریکانە نەک هەر خزمەت بەوان ناکات، بەڵکوو تیرۆرکردنی ئاساییشی دەروونیی کۆمەڵگەیە و مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی هەموان، چونکە کاتێک ژینگەی سیاسی دەبێتە مەیدانی بوختان و جنێو، چیتر هیچ ڕێکەوتن و بەهایەک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەسترێت.
تا کەی لایەنە سیاسییەکان ئامادە نیین بەڕاستی دەستبەرداری ئەم “سوپا سێبەرە” ببن؟ کە نابن، هەر ئەمەیشە ناهێڵێت کایەی سیاسی و میدیایی لەم دۆخە نالەبارە ڕزگاری بێت، چونکە کاتێک بەرژەوەندییە کاتییەکان دەخرێنە پێش بەها ئەخلاقییەکان، “پەیجی سێبەر” لە قێزەونییەوە بۆیان دەبێتە پێویستییەکی ستراتیژی. لایەنەکان ئامادە نین دەستبەرداری ئەم چەکە ببن، چونکە پەیجی سێبەر کارێک بۆ حیزب دەکات، کە میدیای فەرمی ناتوانێت بیکات؛ ئەویش تێکشکاندنی کەسایەتیی نەیارەکانە بێ ئەوەی حیزبەکە هیچ باجێکی سیاسی یان یاسایی بدات. ئەمە جۆرێکە لە تیرۆر، کە تێیدا لایەنەکان لە پشت ماسکی بێدەنگییەوە چێژ لەو سووکایەتییانە دەبینن، کە ئاڕاستەی بەرانبەر دەکرێت، لە کاتێک دا لە کۆبوونەوە فەرمییەکان دا بە ڕووخسارێکی دیپلۆماسییەوە باس لە پێکەوەژیان و پێویستیی جیاوازی و ئازادیی بیروڕا دەکەن.
ئەم دووڕوویییە نیشانەی ئەوەیە، لایەنەکان نەک هەر نایانەوێت ئەو پەیجانە دابخەن، بەڵکوو زۆر جار بە بودجەی گەورە و سوپایەکی ئەلیکترۆنیی ڕێکخراو پەرەیان پێ دەدەن، چونکە لای ئەوان سەرکەوتن بە سەر نەیار دا، لە پاراستنی ئاستی فیکری و ئەخلاقیی کۆمەڵگە گرنگترە. کاتێک لایەنێک ئامادە نییە بە ڕاستی شەڕی ئەو زمانە نزمە بکات، واتای ئەوەیە کە ئەو زمانە بەشێکە لە ستراتیژی مانەوەی خۆی، ئەمەیش مەترسیدارترین جۆری داڕمانە، چونکە کاتێک سیاسەت لە ململانێی فیکرییەوە دەبێتە ململانێی بوختان و جنێو، ئیتر چاوەڕوانی چاکسازی و گۆڕانکاری لە عەقڵیەتێکی وا دا تەنها خەیاڵە. لایەنەکان بەم کارەیان ژینگەیەکی وایان خوڵقاندوە، ئەوەی دەمرێ ڕاستگۆیییە و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها جەنگێکی دەروونیی بەردەوامە، کە تێیدا هەموان دۆڕاون، چونکە لە کۆتایی دا ئەو کینە و بوختانانەی دەچێنرێن، دەبنە میراتێکی ژەهراوی بۆ نەوەکانی داهاتوو و هیچ دیوارێکی پارێزبەندی بۆ کەرامەتی مرۆڤەکان ناهێڵنەوە.

کارا فاتیح




كێ ڕۆژنامەنووسە؟.. سەدیق سەعید ڕواندزی

                    
                                                        

بە پێی ئاماری سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بێت، سەرووی پێنچ هەزار ڕۆژنامەنووس لەو هەرێمە بچووكەی ئێمە هەن. لەو ژمارەیەدا، چەندییان پڕۆفیشناڵانە بە ڕەچاوكردنی ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی، هەبوونی پاشخانێكی گەورەی ڕۆشنبیریی كار دەكەن، گەر لە مەحەكیان بدەین، ڕەنگە سەد ڕۆژنامەنووسێك بمێنێتەوە. بێگومان بە هۆی پێشكەوتنە ژیاریی و مرۆییەكانی سەردەم و هاتنە ئارای سۆسیال میدیا و دنیای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە زادەی پێشكەوتنە زانستییەكانی سەردەمن، لە كۆمەڵگەی ئێمەدا دۆخێك دروست بووە، كە هەرچی مایكێكی بە دەستەوە گرت، ئیدی پێی بگوترێت ڕۆژنامەنووس ! ئەم دۆخە وایكردووە بە هەزاران كەس، بێ هەبوونی هیچ پاشخانێكی زمانی و مەعریفی، بوێریی و خەسڵەتی كەسی و پیشەیی بێنە نێوەندەكە و بە داخەوە بە ئاسانیش بكرێنە بە ناو ڕۆژنامەنووس. بواری ڕۆژنامەنووسی بەر لەوەی ڕووبەری ڕووماڵكردنی هەواڵ و ڕووداوەكان و شڕۆڤە و ڕاپۆرتە هەواڵ و خستنە ڕووی كێشەكان بێت، هەڵگری شوناسێكی كولتووریی و مەعریفییە، ئەمەش ئەوە لە كارەكتەرەكانی نێو ئەو بوارە دەخوازێت، كە لە هەموو ڕووێكەوە توانایەكی گەورەی زمانەوانی و ڕۆشنبیرییەكی گشتییان هەبێت، بۆ ئەوەی لە سەرەتادا وەك ڕۆشنبیرێك و زمانزانێك دەربكەون، ئەوكات وەك ڕۆژنامەنووس، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا، بە داخەوە بە پێچەوانەوەیە، ئەمەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەو فەزا ئازاد و كراوەیە هەیە كە بوونی هەیە، بە جۆرێك ئازادی كە دەبێ بە یاسا ڕێكبخرێت، تێكەڵ بە گەڕە لاوژێیی و بەڕەلایی بووە، كە ئەمەش گەورەترین مەترسییە بە سەر ئازادی خۆیەوە. هەڵبەتە وەك ناو، ڕەنگە هەزاران بە ناو ڕۆژنامەنووس هەبن، بەڵام ڕۆژنامەنووس كارەكتەرێكە، كە پێویستە هەڵگڕی چەند تایبەتمەندییەك بێت ئەوانیش:
یەكەم:_ دەبێ زمانێكی پوخت و پاراوی هەبێت و بە كەمترین وشە و دەربڕین، پەیامەكەی بگەیەنێت.
دووەم:_ دەبێ بوێر و ڕاشكاو، هاوكات سەربەخۆ و بێ لایەن بێت و لە ژێر هەر جۆرە سازشێك و مەراییكردنێكی ماددییانە و كەسییانە، ئەو شوناسە گرنگەی خۆی لە دەست نەدات، وەك ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین كە بەشێكی زۆری ڕۆژنامەنووسان هەر رۆِژە بۆ پارەی زیاتر لە كەناڵێكن، بێ ئەوەی بە بیریان دابێت كە ئەم پەت پەتێنە، چ زیانێك بە ناوبانگ و كەسیەتی كۆمەڵایەتی و پیشەیان دەگەیەنێت.
سێیەم:_ ڕۆژنامەنووس دەبێ ئینسكلۆپیدیایەك بێت لە ڕۆشنبیریی گشتی، بە تایبەتیش لە میانەی ڕاپۆرت و شڕۆڤەی ڕۆژنامەوانی و وردەكاریی گەیاندن لە سەر هەر پرس و بابەتێكی سیاسی و نەتەوەیی و مێژوویی بێت.
چوارەم:_ دەبێ لە میانەی كاركردن، ڕەچاوی هەموو ئەو ئیتیكانە بكات، كە جەوهەری كاری ڕۆژنامەنووسی پێكدەهێنن.
پێنجەم:_ دەبێ سەركێشی و بزێوی، لە هونەری مامەڵكردن لەگەڵ ڕووداوە نەخوازراوەكان شارەزابێت. هیچ جوامێرییەك لەوە دانییە، ڕۆژنامەنووسێك كە هیچ لە هونەری شەڕ و بەرگریی نازانێت، بە پێش پێشمەرگەیەكی قارەمان بكەوێت و ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە، چونكە ژیان لە پیشە مەزنتر و پێویستترە.
شەشەم :_ ڕۆژنامەنووس دەبێ كەسێك بێت، بە ئاسانی دەستبەرداری بەها باڵاكانی مرۆیی و پیشەیی نەبێت و نابێ كەسێك بێت ڕووپامایی و سازش، پۆست و دەسكەوت، بەرژەوەندی تایبەتی لە پێشەوەی كارەكەی ببینێت. بەشێكی زۆری ڕۆژنامەنووسان، لافی ئەوە لێ ئەدەن كە ئەوان بۆیە لە دەزگایەك دەڕۆن دەچنە دەزگایەكی دیكە، چونكە مەبەستیان خزمەتكردنی زیاتری بوارەكەیە، بەڵام شۆخییەكە لەوەدایە، هەر ئەوانە كاتێ لە دەزگاكەی خۆیان دەڕۆن، دەچنە ئەو كەناڵانەی زۆرترین مووچە و بودجەی بۆ كارمەندەكان تەرخان كردووە، تا ئەو ڕادەیەی مووچەی بێژەرێكی ئافرەت كە هەموو سەرچاوەكەی تەنها جوانیەكەیەتی و ڕەنگە نەزانێت هاوەڵكارو هاوڵناو چین بە دەیان گەڵابێت، كە ئەمەش هەر خۆی لە خۆیدا، ناڕاستی گوتەكەی ئەوان دەردەخات، كە ئەمانە بە دوای بەرژەوەندی كەسییەوەن نەك خزمەتكردنی گشتی.
هەفتەم:_ ڕۆژنامەنووس دەبێ زۆر بە وردی بواری كاركردنانەی خۆی پۆلێن بكات و لەو سنوورە دیاریكراوە كار بكات، كە لەگەڵ ئاستی تێگەیشتن و توانست و ڕۆشنبیریی گشتی ئەو یەكدەگرێتەوە. بۆ نموونە: ڕۆژنامەنووسێك كە لە هەموو ژیانیدا ڕۆمانێكی نەخوێندۆتەوە، نابێ دیمانەی ئەدەبی لەگەڵ ڕۆماننووسێك بكات كە شارەزایی لە بواری ئابووری و بۆرسەی دراو و بەرزیی و نزمی نرخ و بەهای دراوەكان نەبێت، نابێ لە سەر پرسی قەیرانی ئابووری و بازاڕی ئازاد و كایەی ئابووری دیمانە بكات. ئەمە لە نێو ئێمەدا بە پێچەوانەوەیە، ڕۆژنامەنووس هەیە نازانێت دوو پرسیار لە بارەی ئەو بوارەی كە گوایا دیمانەی لە بارەوە دەكات بپرسێت و زانیاریی هەبێت، كەچی دیمانەش دەكات. بێگومان ئەمەش دەرەنجامی تێكەڵكرنی ناپسپۆڕییانەی بوارەكەیە.
هەشتەم:_ ڕۆژنامەنووس دەبێ دڵنیا بێت لەوەی دەیڵێت و ڕووماڵی دەكات، بە تایبەتیش لە پەخشی زیندیدا، كە بوارێكی بۆ مۆنتاژو بڕین و سڕینەوە تێدا نییە.
نۆیەم:_ ڕۆژنامەنووسی حزبی، كاتێ لە دەزگایەكی ئۆرگانیشدا كاردەكات، دەبێ ئەوەی لە بەرچاوبێت كە ئەو سەرەتا ڕۆژنامەنووسە دواتر حزبی، بۆیە دەبێت بە یەك مەودا لە نێوان ڕووداوەكان، هەواڵ و كار و ڕووماڵەكان بووەستێت و نابێ ئایدیای سیاسییانەی خۆی تێكەڵ بە كاری پیشەییانەی بكات و ئیدی لە پەراوێزییەوە لایەنگیریی بكات، چونكە ئەمە بەهاو بڕوای ڕۆژنامەنووسەكە لە نێو خەڵك و میدیادا ناهیڵێت. دیارە مەبەستی ئێمە لێرەدا، هەواڵ و ڕووماڵی دەرەوەی كاری حزبییانەیە. هەڵبەتە ئەستەمە ئەو هەموو تایبەتمەندییانە بەیەكەوە لە ڕۆژنامەنووسێكدا هەبن، بەڵام گەر پیشەییانە بڕوانینە كارەكە، دەبێ ڕۆژنامەنووس خەسڵەتی زۆر لەوە زیاتریشی هەبێت، كە ڕەنگە ئێمە پەیمان پێ نەبردبێت.




دابەشکردنی هەگبەکانی حکومەتی عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

سەرەڕای سروشتی دەستووری و ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرەک کۆمار و بەڕێوەبردنی لە پەرلەماندا، ئەوەی نەشاردەوە، کە قەیرانی سیاسی و کێشەکانی دەوروبەری لایەنەکانی دەسەڵاتدار لە بەغدا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تەنیا پرۆسەیەکی دەنگدان نەبووە، بەڵکو قۆناغێک بووە لە ململانێیەکی فراوانتری لایەنەکان لەسەر فۆڕمی دەوڵەت و ئاراستە سیاسیەکەی لە قۆناغی داهاتوودا.
وەها نیشان ئەدەن گوایە ئەم هەڵبژاردنە نوێنەرایەتی هەنگاوێکی دەستووری بەرچاو دەکات کە کۆتایی بە بۆشایی سیاسی چەند مانگی پێشو هێنابێت، بەڵام هیچ گومانی تیا نیە، نەک بەردەوامی قەیرانی سیاسی چارەسەر نەکردووە، بەڵکو دەرگای بەڕووی قۆناغێکی تازەی ململانێی ئاڵۆزتردا کردەوە، کە کێشەی پێکهێنانی حکومەت و دەستەبەرکردنی پۆستی سەرۆک وەزیران و سەقامگیری بونی پەیوەندی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی ئاڵۆزتر کردووە، حکومەتی بەشبەشێنەی لە نێوان هێزە سیاسیە گەورەکاندا خستۆتە بارگرژی و گرفتی زیاترەوە.
ئەم هەنگاوەی لە میانی دانیشتنێکی پەرلەماندا نرا، کە گرژی و بایکۆتی چەند بلۆکێکی سیاسی پێوە دیار بوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قوڵی ناکۆکی و نەبونی کۆدەنگی لایەنەکانە لە بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوی عێراقدا، لە ڕاستای ڕێرەوی ئەم دۆخەی شەڕی ئەمریکا و ئێراندا، کە هۆکارێکی جدیە لە قوڵبونەوەی قەیرانەکان و کێشەکانیاندا.
هەر چەنده هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەنگاوێکی گرنگە له سیستمی سیاسی عێراقدا، بەڵام لە ئێستادا و بەم شیوازە پەرتەوازیە، ناتوانێت کۆتایی بارگرژی وقه یرانەکان بێت، پێموایە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ و هەستیارتره، که دواتر کاریگەریەکانی لەسەر ململانێ و بەرژەوەندی لایەنەکان و دۆخی نەرێنی سیاسی عێراق دەردەکەوێت.
هەڵبەتە بەگوێرەی دەستوری عێراق، دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ئەرکی کاندیدی گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی دەداتە پێکهێنانی حکومەت لەماوەیەکی دیاریکراودا، ئاشکرایە کە لەم بارەیەوە پۆستی سەرۆک وەزیران چەقی ڕاستەقینەی کێبڕکێی سیاسی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیە، کە دەبینین لە دۆخی ململانێ و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، قەیران و بارگرژی لە نێوان لایەنە شیعەکان بەگشتی و چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەجۆرێک پێشهاتووە، ڕێکەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران و پێکهاتنی حکومەتی سەختتر بووە، بەبێ یەکلایی بونەوەی دۆخی جەنگ و کاریگەریەکانی ئەو جەنگە لەسەر ناوچەکە، لایەنە سیاسیەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر ئاڵوگۆرەکاندا نەخشە و سیاسەتەکانیان بەرجەستەو ڕۆشن نابێت.
لەکاتێکدا ناکۆکیەکی ڕون لەنێوان هێزە سیاسیەکاندا هەیە سەبارەت بە لێکدانەوەی چەمکی “گەورەترین بلۆک”، لە پێکهێنانی حکومەت کە بریتیە لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”، بەڵام پێشتر و ئێستاش لە پەیوەند بەدۆخی شەڕەوە، ناکۆکی نێوانیان شاراوەنیە، کە کێشەکانیان دوای نزیکەی هەموو هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی دووبارە دەبێتەوە یەکێک لە هۆکارە هەرە دیارەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق پێکدەهێنێت، هەر بلۆکێکی گەورە هەوڵدەدات پێگەی دانوستانکاری خۆی بەهێزتر بکات بۆ دەستەبەرکردنی پشکێکی گەورەتر لە حکومەتی داهاتوودا، جا چ لەڕوی سەرۆکوەزیرانەوە بێت یان دابەشکردنی وەزارەتەکانەوە، کە لە دۆخی ئەم شەڕەدا ناکۆکی و کێشەکانیان زیاتر یەخەی پێگرتون.
ناکۆکی سەرەکی بارزانی و تاڵەبانی، لەم دۆخەدا وەک فاکتەری بەرچاو سەریهەڵدا کە دیمەنی سیاسی و کێشەکانی نێوانیانی ئاڵۆزتر کرد، بەتایبەتی سەبارەت بە ڕێکەوتن لەسەر یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و لە هەمانکاتدا لەسەر پۆستی سەرەک کۆمار بەهیچ ئەنجامێک نەگەیشتن.
بەپێی ڕێکەوتنامەیەکی سیاسی کە لە دوای 2003 دامەزرا، سەرۆکایەتی لە عێراق لەسەر بنەمای کۆدەنگی و ڕێکەوتنە، کە سەرۆک کۆمار، تایبەتە بە پێکهاتەی کوردی، بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنە نەنووسراوە و لەم ساڵانەی دوایدا ڕوبەڕوی تەحەددای زیاتر بۆتەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی کێبڕکێ لەناو خودی دامەزراوەی سیاسی یەکێتی و پارتیدا، کێشەکانی پێکهاتنی حکومەتی بەغدای زیادیکردووە.
لە هەمانکتدا پیكهاتەی حکومەتی بەغدا کە کاتی خۆی ئەمریکا لەسەر بنەمای ئیسلامی و تائفی و قەومی دایمەزراندوە، دەورو باڵادەستی کۆماری ئیسلامی، مایەی بەهێزکردنی پێگەی لایەنە شیعکان بوە، لەو نێوەدا پێکهاتەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەخالەت و کاریگەری ئێران هێزی سەرەکی و باڵادەستی بەدەست هێنا لە پێکهێنانی حکومەتدا، بەڵام دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت بەدوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥ەوە، دۆخی سیاسی ناوچەکە و شەڕی ئەمریکا و ئێران، خودی چوارچێوەی هەماهەنگی خستە بەر حاڵەتێکی چاوەڕوانی، لە پەیوەند بە ئایندەی ئێران هاوکاتی شەڕ لەگەڵ ئەمریکادا.
هەربۆیە پێکهێنانی حکومەتی بەغدا لە قۆناغی داهاتودا، کە بە شێوەیەکی گشتی قورستر و ئاڵۆزتر دەردەکەوێت لە چاو دەورانی ساڵانی هەڵبژاردنەکانی پێشودا.
لەلایەکی ترەوە ئاماژە سیاسیەکان لە ئێستادا ئەوە دەردەخەن کە هێزە شیعەکان لە ناوخۆدا دابەشبون لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدێکی یەکگرتوو بۆ سەرۆکوەزیران، بەهۆی جیاوازی بەرژەوەندی و دیدگای نێوان گروپەکان، لە پەیوەند بە راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ململانێی ئەمریکا و ئێرانەوە، بە تایبەتی کە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ئاشکرا بونە بەشێک لە شەڕەکە و ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیەتی و بەرگری لە کۆماری ئیسلامی.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سەرەڕای ئەوەی وەها نیشان ئەدەن کێشەیەکی سەرەکی کۆتایی هاتووە، بەڵام وەک دەستکەوتێکی کۆتایی نابینرێت، لەهەمانکاتدا هەنگاوێکی ڕاگوزەرە بەرەو کێشەو شەڕێکی سیاسی هەستیارتر لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتودا، ئەم قۆناغە بەردەوام بونە لە قەیرانی سیاسی و ناسەقامگیری زیاتر.
هەڵبەتە جەماوەری عێراق بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕوانی دەرئەنجامی ئەم پێشهاتە سیاسیانەن، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی جەنگ و ناجێگیری و گێژاوی سیاسی عێراق و ناوچەکە و ئەگەری شەڕی ناوخۆی لایەنە سیاسیەکان، بە هێزەکانی شیعە و سونە و کوردەکانەوە، هەوروەها نەبونی پێداویستیەکان و ئاستەنگی ئابووری و خزمەتگوزاریەکان، هاوڵاتیان داوای باشترکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و چارەسەری قەیرانی بێکاری و ژینگەیەکی سیاسی سەقامگیر دەکەن کە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی بە شێوەیەکی کاریگەر هەبێت.
بەڵام مێژوی چۆنیەتی پێکهاتەی حکومەتی عێراق لەو کاتەوە لەسەر بنەمای هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائفی و قەومی بووە، سەرچاوەی گەورەترین نائاسودەیی و نەبونی ئاسایش و ناجێگیری سیاسی و کارەساتە بەسەر ژیانی خەڵکەوە، دانیشتوانی عێراق، پێویستیان بە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی بەرفراونی جەماوەری و ئاسۆی سەرکەوتن، بۆ کۆتایهێنان بە هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائیفی و قەومیە، لە هەمانکاتدا دامەزراندنی حکومەتێک لەسەر بنەمای هاوڵاتی بون و دەور و دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک، لە دەسەڵاتی سیاسیدا دابین بکرێت، هەروەها پاراستنی سەربەخۆیی عێراق لە دەخالەت و بونی ئەمریکا و ئێران و کردنە دەرەوەی هێزەکانیان.




پرۆژەی شی جینپینگ بۆ ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. هەڵۆ حەسەن

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەبە یەكێك لە ناوچە ئاڵۆزەكانی جیۆپۆلیتیكی و ناجێگیرترین ناوچەی سیستەمی نێودەوڵەتیە،لەم چوارچێوەیەدا ئەو پرۆژەیەی كە شی جینپینگ سەرۆكی چین پێشنیاری كردووە،چوارچێوەیەكی دیپلۆماسی ڕوون بۆ چارەسەركردنی هەردوو قەیرانی دەستبەجێ و هۆكارە بنەڕەتییەكانی ناسەقامگیرییە،پرۆژەی شی جینپینگ لەسەر بنەمای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ئاسایشی گەشەپێدان دامەزراوە، ڕەنگدانەوەی ڕێبازێكی بەدیل بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و حوكمڕانی ناوچەییە،لە ناوەڕۆكی ئەم چوارچێوەیەدا بنەمای پێكەوەژیانی ئاشتیانە هەیە، كە جەخت لەسەر پێویستی گفتوگۆ و ڕێزگرتنی یەكتر و هاوكاری دەكاتەوە. سروشتی یەكتر گرێدراوی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا دەكات ستراتیژییە ئەمنییەكانی تاكلایەنە بێكاریگەر بن،ئەزموونە مێژووییەكان دەریانخستووە كە پەرەسەندنی ململانێكان- چ سیاسی، ئابووری، یان مرۆیی- بە ناچاری سنوورە نیشتمانییەكان تێدەپەڕێنێت،بەم پێیە پەروەردەكردنی متمانە و پێشخستنی ئاشتەوایی پێكهاتەی سەرەكین بۆ بنیاتنانی نەزمێكی ناوچەیی هاوبەش،بە هەمان شێوە ناوەندییە بنەمای “ڕێزگرتن لە سەروەری نەتەوەیی”، كە بەردێكی بناغەی یاسای نێودەوڵەتی هاوچەرخ پێكدەهێنێت،ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین جار شاهیدی دەرئەنجامەكانی دەستێوەردانەكانی دەرەكی و سەپاندنی مۆدێلی سیاسی بووە، لە ئەنجامدا بۆتە هۆی ناسەقامگیری درێژخایەن بە داكۆكیكردن لە دەستوەرنەدان و ڕێزگرتن لە ڕێڕەوی سیاسی و گەشەپێدانی هەڵبژێردراوی هەر دەوڵەتێك، دیدگای چوار خاڵی چین جەخت لەسەر گرنگی چارەسەری ناوخۆیی بۆ ئاڵنگاریی ناوچەیی دەكاتەوە،ڕەهەندی سێیەم،”پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی”، كە لەسەر پێویستی نەزمێكی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاسا كە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەكدەنگی بێت. جێبەجێكردنی هەڵبژێردراوی نۆرمەكانی یاسایی و ڕێوشوێنی تاكلایەنە، پێكهاتەكانی حوكمڕانی جیهانی تێكدەدەن و متمانە لە نێوان دەوڵەتەكاندا دەشێوێنن،بۆیە پشتگیریكردنی جاڕنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان و بەهێزكردنی میكانیزمە فرەلایەنەكان بۆ دڵنیابوون لە شەرعیەت و ڕێگریكردن لە پەرەسەندنی ململانێكان،لە كۆتایی پرۆژەكەی شی جینپینگ یەكخستنی “گەشەپێدان و ئاسایش” ستراتیژییەكی درێژخایەن بۆ ئاشتی بەردەوام دەخاتە ڕوو. ڕێوشوێنە ئەمنییەكان بە تەنیا ناتوانن چارەسەری ڕەگ و ڕیشەی هۆكارەكانی ناسەقامگیری بكەن، وەك نایەكسانی ئابووری، بێكاری ئەم ڕێبازە بە بەستنەوەی گەشەی ئابووری بە چوارچێوە ئەمنییەكانەوە لەگەڵ تیۆرییە فراوانەكانی ئاسایشی مرۆیی و گەشەسەندنی بەردەوامدا هاوتەریب دەبێت. وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووری، بازرگانی و هاوكاری ناوچەیی دەتوانێت بەشداربێت لە كەمكردنەوەی گرژییەكان و پەروەردەكردنی خۆڕاگری لە سەرانسەری كۆمەڵگاكاندا،لە چوارچێوەی چوار خاڵی شی جینپینگ ڕێڕەوێكی ستراكتۆر و پراگماتیك بەرەو ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشنیار دەكات لە كاتێكدا جێبەجێكردنی پەیوەستە بە ئامادەیی ئەكتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان، بەڵام مۆدێلێكی چەمكی بەنرخ بۆ چارەسەركردنی یەكێك لە ئاڵنگارییە هەمیشەییەكان لە سیاسەتی جیهانیدا دابین دەكات.

هەڵۆ حەسەن




کتێب\ هەواڵ و ڕووماڵی هەواڵ.. سەدیق سەعید رواندزی

چەند سەرنجێکی رۆژنەماوانی..

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ئایا بۆ گیان لەدەستدانی غەزال مەولان دەبێ ڕەخنە لە کێ بگرین؟.. حەسەن ڕازانی

سەرەتا من زۆر دڵگرانم بە گیان لەدەستدانی غەزال مەولان. پرسەو سەرخۆشی خۆمان دەنێرین بۆ کەس و کاری غەزال و تەواوی ئەندامانی بنەماڵەو خێزانەکەی و تەواوی هاوڕێیانی غەزال لە سەنگەری خەباتدا!
مەرگ و نەمان بۆ سیستەمی پەت و سێدارەی ئاخوندو ئایاتوڵڵاکان و تەواوی ڕژێمە سەرکوتگەرەکانی نەتەوە باڵادەستەکان و دیکتاتۆرە ڕەگەزپەرستەکانی ناوچەکە!
چەند سەرنجێک:
بە بڕوای من ڕەخنەی درووست و کاریگەر لەبارەی گیان لەدەستدانی غەزال مەولان ئەو ڕخنەیەیە کە دەبێ ڕاستەوخۆ ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی بکرێت!
“دەبێ خەڵک بپرسێت کە ئایا نەخۆشخانە هەیە کە بۆ هەمووان بێت بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەزو نەتەوە، ئایین و مەزەب، ئایدۆلۆجیاوشتی لەوبابەتە…هتد ئەگەر هەیە بۆچی غەزال گیانی لەدەستداو چارەسەری پزیشکیی نەکرا؟ ئەگەر نەخۆشخانە نیە کە بۆ هەموان بێت ، بۆچی دەبێ نەبێت؟ ئایا حکومەت هەیەو خۆی بە حکومەت دەزانێت؟ ئەگەر هەیە بۆچی نەخۆشخانە بۆ خەڵک نیە؟ بە بڕوای من دەبێ تەواوی ڕەخنەکان ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی بکرێن و دەبێ ئەو بکرێتە ئامانج نەک خەڵکێک کە هیچ ڕۆڵێکی پێنەدراوە بێجگە لەوەی کە بێدەنگ و ڕازی بێت بەو بەشەی هەیەتی!”
سیستەمی سەرمایەو بازاڕی ئازادو یاساکانی ئەو بازاڕە بە جۆرێکی زۆر خەراپ و نا یاسایی و دوور لە ڕەچاوکردنی مافی مڕۆڤ کوردستانی گرتۆتەوە. نەخۆشخانەی بەخشین لە نێو ئەو سیستەمەدایەو بە پێی یاساکانی ئەو سیستەمە کاروبارەکانی ئەنجامدەدات. لە سیستەمی سەرمایەو بازاڕی ئازادا نەخۆشخانەش، وەک شوێنی فرۆشتنی کەلو پەل بۆ مەبەستی قازانج و سوود، شوێن و هۆی سەرمایەگوزارییە!
کوردستان سەرباری ئەوەی کە لە نێو یاساکانی بازاڕی ئازادو سیستەمی سەرمایەدایە، بەڵام شێوە دەسەڵاتێکی تریش بەسەر ئەو بازاڕەدا زاڵە کە بریتیە لە دەسەڵاتی خێڵ، دەسەڵاتی بنەماڵە، دەسەڵاتی بەرپرس، دەسەڵاتی سەرۆکی حیزب و دەسەڵاتی ئایدۆلۆجیاو دەسەڵاتی ئاین و دەسەڵاتی مەزەب و دەسەڵاتی تەنانەت زمان و زاراوەی جیاش! تەنانەت شوێنی نیستەجێبوونیش ڕۆڵی هەیە.! غەزال بووە قوربانی نێو ئەو هەموو دەسەڵاتانە! نەخۆشخانەی (بەخشین) لەو چوار چێوەیەدایەو هی خەڵک نیە بەڵک و سەر بە ئایدۆلۆجیایەکە یان سەر بە بەرپرسێکە یاخود سەر بە حیزبێکی سیاسییەو ئایدیدۆلۆجیایەکی تایبەت بەخۆی هەیە کە ڕیگەی پێنادات هاوکاری کەسانی وەک غەزال بکات!
بە بڕوای من نابێ ئەو ئیسلامە سیاسییەی کە بەرژەوەندی سیاسییانەی لە نێوخۆ گرتووە تێکەڵاوبکرێت و یەکسان بکرێت بەو ئیسلامەی کە باب و باپیرانمان هەیانبووەو ئێمەمانیان لەسەر پەروەردەکردووە لە رووی ئاینیی و مەزەبییەوە. مردن و گیان لەدەستدانی غەزال خەتای نە موسڵمانان و نە خەتای ئایینی ئیسلامیشە.. نەخۆشخانەیەک یان مزگەوتێک ئامادە نەبوون کە هاوکار بن ناکاتە ئەوەی ئیسلام و موسڵمانان تێوەبگلێنین. دەبێ موسڵمانە سیاستەبازو بەرژەوەندی خوازەکان و ئەوانەی کە ئایینی ئیسلامیان خستۆتە خزمەتی بەرژەوەندیە سیاسییەکانیان تێوەبگلێنین وبیانکەینە ئامانج نەک خەڵکی موسڵمان!

دیدگاو تێڕوانینی کوردانەو نیشتیمانپەروەرانە کە لەبەرژەوەندی تەواوی کوردا بێت و بمانەوێت ٢+٢ یەکسان نەبێ بە ٤ بەڵک و یەکسان بێت بە ١، دەبێ ڕەخنە لە یەکتری نەگرین! چونکە خەڵک بێتاوانە!. ئەوە حیزبی سیاسییە کە خەڵک پەروەردە دەکاو بەرەو ئەملاوئەولای دەباو لە کوردایەتی ڕەسەن و جوان و لە هەستی مرۆڤایەتی دووری دەخاتەوەو دەیکاتە ئامڕازێکی ئایینی و مەزەبیی یان ئایدۆجیی!
بە بڕوای من درووست نیە، دیارە مەبەستم لە دیدو بەرژەوەندی کوردایەتییەوەیە، کە بێین گلەیی لە خەڵکی سلێمانی بکەین کە غەزال گیانی لەدەستدا بەڵک و دەبێ ڕەخنە لە دەسەڵات یان ئەو حکومەتە بگرین کە فەرمانڕەوایە لە سلێمانی! ئەگەر وا نەکەین ئەوا ڕێک سیاسەتەکانی دوژمنانی کورد جێبەجێ دەکەین! ئیتر ٢+٢ نەک هەر ناکاتە ٤ بەڵک و زیادیش دەبێت و دەڕوا بەرەو پێنج!

بە بڕوای من ئەگەر دەسەڵاتی سیاسیی و حیزبی سیاسیی لێگەڕێن خەڵکی کوردستان هەمیشە یەکگرتوو بووەو یەکتری خۆشویستووەو بە هانای یەکترەوە چوەو هیچ سنوورێکی سسیاسیی و جوگرافیی نەیتوانیوە کوردان لەو ئاکارە جوانە کوردانەیەو لە هەڵوێستی مڕۆڤایەتیی بوەستێنێت!
ئەمەی کە ڕووی داوە بۆ گیان لەدەستدانی غەزال، هیچ گومانی تێدانیە کە هۆکارە سەرەکیەکە نەخۆشخانەی بەخشین نیە بەڵک وئەوە حکومەتە کە لێی بەرپرسیارە جا یان زەردەکەیە یان سەوزەکەیەو یان هەردووکیانن بە یەکەوە، ئەگینا نابێ کەسیتر بکرێتە ئامانج!
ئەدی پێم ناڵێن ئەو دوو حکومەتە زەردو سەوزەی ئەودیواودیوی دێگەڵە ئیشیان چیەو بۆچی بوونەتە حکومەت؟




دابەشکردنی هەگبەکانی حکومەتی عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

سەرەڕای سروشتی دەستووری و ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرەک کۆمار و بەڕێوەبردنی لە پەرلەماندا، ئەوەی نەشاردەوە، کە قەیرانی سیاسی و کێشەکانی دەوروبەری لایەنەکانی دەسەڵاتدار لە بەغدا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تەنیا پرۆسەیەکی دەنگدان نەبووە، بەڵکو قۆناغێک بووە لە ململانێیەکی فراوانتری لایەنەکان لەسەر فۆڕمی دەوڵەت و ئاراستە سیاسیەکەی لە قۆناغی داهاتوودا.
وەها نیشان ئەدەن گوایە ئەم هەڵبژاردنە نوێنەرایەتی هەنگاوێکی دەستووری بەرچاو دەکات کە کۆتایی بە بۆشایی سیاسی چەند مانگی پێشو هێنابێت، بەڵام هیچ گومانی تیا نیە، نەک بەردەوامی قەیرانی سیاسی چارەسەر نەکردووە، بەڵکو دەرگای بەڕووی قۆناغێکی تازەی ململانێی ئاڵۆزتردا کردەوە، کە کێشەی پێکهێنانی حکومەت و دەستەبەرکردنی پۆستی سەرۆک وەزیران و سەقامگیری بونی پەیوەندی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی ئاڵۆزتر کردووە، حکومەتی بەشبەشێنەی لە نێوان هێزە سیاسیە گەورەکاندا خستۆتە بارگرژی و گرفتی زیاترەوە.
ئەم هەنگاوەی لە میانی دانیشتنێکی پەرلەماندا نرا، کە گرژی و بایکۆتی چەند بلۆکێکی سیاسی پێوە دیار بوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قوڵی ناکۆکی و نەبونی کۆدەنگی لایەنەکانە لە بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوی عێراقدا، لە ڕاستای ڕێرەوی ئەم دۆخەی شەڕی ئەمریکا و ئێراندا، کە هۆکارێکی جدیە لە قوڵبونەوەی قەیرانەکان و کێشەکانیاندا.
هەر چەنده هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەنگاوێکی گرنگە له سیستمی سیاسی عێراقدا، بەڵام لە ئێستادا و بەم شیوازە پەرتەوازیە، ناتوانێت کۆتایی بارگرژی وقه یرانەکان بێت، پێموایە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ و هەستیارتره، که دواتر کاریگەریەکانی لەسەر ململانێ و بەرژەوەندی لایەنەکان و دۆخی نەرێنی سیاسی عێراق دەردەکەوێت.
هەڵبەتە بەگوێرەی دەستوری عێراق، دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ئەرکی کاندیدی گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی دەداتە پێکهێنانی حکومەت لەماوەیەکی دیاریکراودا، ئاشکرایە کە لەم بارەیەوە پۆستی سەرۆک وەزیران چەقی ڕاستەقینەی کێبڕکێی سیاسی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیە، کە دەبینین لە دۆخی ململانێ و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، قەیران و بارگرژی لە نێوان لایەنە شیعەکان بەگشتی و چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەجۆرێک پێشهاتووە، ڕێکەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران و پێکهاتنی حکومەتی سەختتر بووە، بەبێ یەکلایی بونەوەی دۆخی جەنگ و کاریگەریەکانی ئەو جەنگە لەسەر ناوچەکە، لایەنە سیاسیەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر ئاڵوگۆرەکاندا نەخشە و سیاسەتەکانیان بەرجەستەو ڕۆشن نابێت.
لەکاتێکدا ناکۆکیەکی ڕون لەنێوان هێزە سیاسیەکاندا هەیە سەبارەت بە لێکدانەوەی چەمکی “گەورەترین بلۆک”، لە پێکهێنانی حکومەت کە بریتیە لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”، بەڵام پێشتر و ئێستاش لە پەیوەند بەدۆخی شەڕەوە، ناکۆکی نێوانیان شاراوەنیە، کە کێشەکانیان دوای نزیکەی هەموو هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی دووبارە دەبێتەوە یەکێک لە هۆکارە هەرە دیارەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق پێکدەهێنێت، هەر بلۆکێکی گەورە هەوڵدەدات پێگەی دانوستانکاری خۆی بەهێزتر بکات بۆ دەستەبەرکردنی پشکێکی گەورەتر لە حکومەتی داهاتوودا، جا چ لەڕوی سەرۆکوەزیرانەوە بێت یان دابەشکردنی وەزارەتەکانەوە، کە لە دۆخی ئەم شەڕەدا ناکۆکی و کێشەکانیان زیاتر یەخەی پێگرتون.
ناکۆکی سەرەکی بارزانی و تاڵەبانی، لەم دۆخەدا وەک فاکتەری بەرچاو سەریهەڵدا کە دیمەنی سیاسی و کێشەکانی نێوانیانی ئاڵۆزتر کرد، بەتایبەتی سەبارەت بە ڕێکەوتن لەسەر یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و لە هەمانکاتدا لەسەر پۆستی سەرەک کۆمار بەهیچ ئەنجامێک نەگەیشتن.
بەپێی ڕێکەوتنامەیەکی سیاسی کە لە دوای 2003 دامەزرا، سەرۆکایەتی لە عێراق لەسەر بنەمای کۆدەنگی و ڕێکەوتنە، کە سەرۆک کۆمار، تایبەتە بە پێکهاتەی کوردی، بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنە نەنووسراوە و لەم ساڵانەی دوایدا ڕوبەڕوی تەحەددای زیاتر بۆتەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی کێبڕکێ لەناو خودی دامەزراوەی سیاسی یەکێتی و پارتیدا، کێشەکانی پێکهاتنی حکومەتی بەغدای زیادیکردووە.
لە هەمانکتدا پیكهاتەی حکومەتی بەغدا کە کاتی خۆی ئەمریکا لەسەر بنەمای ئیسلامی و تائفی و قەومی دایمەزراندوە، دەورو باڵادەستی کۆماری ئیسلامی، مایەی بەهێزکردنی پێگەی لایەنە شیعکان بوە، لەو نێوەدا پێکهاتەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەخالەت و کاریگەری ئێران هێزی سەرەکی و باڵادەستی بەدەست هێنا لە پێکهێنانی حکومەتدا، بەڵام دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت بەدوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥ەوە، دۆخی سیاسی ناوچەکە و شەڕی ئەمریکا و ئێران، خودی چوارچێوەی هەماهەنگی خستە بەر حاڵەتێکی چاوەڕوانی، لە پەیوەند بە ئایندەی ئێران هاوکاتی شەڕ لەگەڵ ئەمریکادا.
هەربۆیە پێکهێنانی حکومەتی بەغدا لە قۆناغی داهاتودا، کە بە شێوەیەکی گشتی قورستر و ئاڵۆزتر دەردەکەوێت لە چاو دەورانی ساڵانی هەڵبژاردنەکانی پێشودا.
لەلایەکی ترەوە ئاماژە سیاسیەکان لە ئێستادا ئەوە دەردەخەن کە هێزە شیعەکان لە ناوخۆدا دابەشبون لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدێکی یەکگرتوو بۆ سەرۆکوەزیران، بەهۆی جیاوازی بەرژەوەندی و دیدگای نێوان گروپەکان، لە پەیوەند بە راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ململانێی ئەمریکا و ئێرانەوە، بە تایبەتی کە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ئاشکرا بونە بەشێک لە شەڕەکە و ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیەتی و بەرگری لە کۆماری ئیسلامی.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سەرەڕای ئەوەی وەها نیشان ئەدەن کێشەیەکی سەرەکی کۆتایی هاتووە، بەڵام وەک دەستکەوتێکی کۆتایی نابینرێت، لەهەمانکاتدا هەنگاوێکی ڕاگوزەرە بەرەو کێشەو شەڕێکی سیاسی هەستیارتر لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتودا، ئەم قۆناغە بەردەوام بونە لە قەیرانی سیاسی و ناسەقامگیری زیاتر.
هەڵبەتە جەماوەری عێراق بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕوانی دەرئەنجامی ئەم پێشهاتە سیاسیانەن، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی جەنگ و ناجێگیری و گێژاوی سیاسی عێراق و ناوچەکە و ئەگەری شەڕی ناوخۆی لایەنە سیاسیەکان، بە هێزەکانی شیعە و سونە و کوردەکانەوە، هەوروەها نەبونی پێداویستیەکان و ئاستەنگی ئابووری و خزمەتگوزاریەکان، هاوڵاتیان داوای باشترکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و چارەسەری قەیرانی بێکاری و ژینگەیەکی سیاسی سەقامگیر دەکەن کە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی بە شێوەیەکی کاریگەر هەبێت.
بەڵام مێژوی چۆنیەتی پێکهاتەی حکومەتی عێراق لەو کاتەوە لەسەر بنەمای هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائفی و قەومی بووە، سەرچاوەی گەورەترین نائاسودەیی و نەبونی ئاسایش و ناجێگیری سیاسی و کارەساتە بەسەر ژیانی خەڵکەوە، دانیشتوانی عێراق، پێویستیان بە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی بەرفراونی جەماوەری و ئاسۆی سەرکەوتن، بۆ کۆتایهێنان بە هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائیفی و قەومیە، لە هەمانکاتدا دامەزراندنی حکومەتێک لەسەر بنەمای هاوڵاتی بون و دەور و دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک، لە دەسەڵاتی سیاسیدا دابین بکرێت، هەروەها پاراستنی سەربەخۆیی عێراق لە دەخالەت و بونی ئەمریکا و ئێران و کردنە دەرەوەی هێزەکانیان.

عوسمانی حاجی مارف




مێژووی دزین و تاڵانکاری لە کوردستاندا.. نووسینی: هێمن عەلی

مێژووی کوردستان بە زنجیرەیەک شەڕ، پاشاگەردانیی سیاسی و گەندەڵییەکی سیستماتیک داڕێژراوە. ئەم مێژووە تەنها چیرۆکی دزینی شتومەک (محاویلەیەکی کارەبایی و شۆفەڵێک) نییە، بەڵکو چیرۆکی بەهەدەردانی سامانی نیشتمانی، شوێنەوار و تەنانەت هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانە.

١. سەرەتای داگیرکارییەکان و مێژووی کۆن
وەک ئاماژەی پێکرا، سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کە لە سەردەمی هاتنی سوپاکانی عەرەب و ئیسلام بۆ کوردستان، زۆرێک لە ناوچەکان ڕووبەڕووی تاڵانکاری بوونەتەوە. لەو سەردەمەدا نەک هەر ماڵ و سامان، بەڵکو تەنانەت ژن و منداڵانی کوردیش وەک “دەستکەوتی جەنگ” مامەڵەیان پێوە کراوە.

٢. تراژیدیای هەڵەبجە و دزینی هاوکارییەکان
دوای کیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨، جیهان هەوڵیدا هاوکاریی ڕزگاربووان بکات. بەڵام تۆمەتە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە سەرکردەکان، ئەو هاوکارییانەیان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەکارهێناوە لەبری ئەوەی بگاتە دەست خەڵکە لێقەوماوەکە.

٣. شەڕی ناوخۆ (براکوژی): لووتکەی تاڵانکردنی نیشتمان
شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی (١٩٩٤-١٩٩٨) تەنها شەڕی فیشەک نەبوو، بەڵکو گەورەترین دەرفەت بوو بۆ تاڵانکردنی ئەوەی لە دوای ڕاپەڕین مابووەوە. لەم قۆناغەدا:
تاڵانکردنی دامەزراوەکان: هەر شارێک دەکەوتە دەست لایەنەکەی تر، دامودەزگا حکومییەکان و بانکەکان تاڵان دەکران.
باج و سەرانە: خاڵە سنوورییەکان و داهاتی گشتی بوونە قوربانی بەرژەوەندی حیزبی و بۆ کڕینی چەک دژی یەکتر بەکارھێنران.
وێرانکردنی متمانە: گەورەترین دزی لەم سەردەمەدا، دزینی متمانەی گەنجان بوو بە داهاتووی وڵات، کە تا ئێستاش کاریگەرییەکەی ماوە. گەنجەکان تا ئێستاش بە کۆمەڵ کۆچ دەکەن.
٤. بافڵ تاڵەبانی و “چەکە دزراوەکان”
لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییانەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مۆغان، ئاماژەی ناڕاستەوخۆ بەوە دراوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) دەستی هەبووە لە بردنی چەک و کەرەستە سەربازییەکان.

وتەکانی تره‌مپ: ئەمە پەیوەندی هەیە بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ کە ڕایگەیاندبوو: “ئێمە چەکمان دا بە کوردەکان، بەڵام بەشێکی ئەو چەکانە دزران.” ئەمە نیشانەی نەمانی متمانەیە بە هێزە ناوخۆییەکان لەسەر ئاستی جیهانی.

٥. فەلسەفەی تێکدان: وتە ناودارەکەی مەسعود بارزانی
مێژووی ئەم لایەنانە نەک هەر دزی، بەڵکو لەسەر بنەمای تێکدان بونیاد نراوە. وتەیەکی ناوداری مەسعود بارزانی هەیە کە دەڵێت:

“ئەگەر پردێکمان پێ دروست نەکرا، بەڵام دەتوانین تێکی بدەین.”

ئەم وتەیە کورتکراوەی هەموو ئەو مێژووەیە کە تێیدا تێکدان و وێرانکردن لە پێش بونیادنان بووە. ئەم عەقڵییەتە بووە هۆی ئەوەی لە دوای ڕاپەڕینەوە، ژێرخانی ئابووری کوردستان (کارگەکان، ئامێرە قورسەکان و دامەزراوەکان) وەک “کەلەپەل” تێکبدرێن و بفرۆشرێن، چونکە تەنها بیریان لای تێکدان و سوودی کاتی بووە نەک دروستکردنی دەوڵەت.

٦. تاڵانی سیاسی و حیزبی (١٩٩٤ تا ئێستا)
زەوتکردنی زەوی: دابەشکردنی باشترین زەوییەکان لە نێوان بەرپرساندا.
دۆسیەی نەوت: فرۆشتنی سامانی سروشتی بەبێ چاودێرییەکی دارایی ورد و ونبوونی داهاتەکەی.

مێژووی تاڵانکاری لە کوردستان تەنها چیرۆکی دزی نییە، بەڵکو مێژووی عەقڵییەتێکە کە بڕوای بە بونیادنان نییە. کاتێک سەرکردەیەک بە شانازییەوە باس لە توانای “تێکدان” دەکات، ئاساییە کە سامانی ئەو وڵاتە بدزرێت و داهاتووی نەوەکانیش تێکبدرێت.
مێژووی ئێمە پڕە لەو ڕاستییە تاڵەی کە دەڵێت: خەنجەری ژەهراوی ناوخۆ، کاریگەرتر بوو لە شمشێری بێگانە لە وێرانکردنی نیشتماندا.




تاوانەکانی کۆماری پەت و سێدارە لە دژی گەلی کوردمان.. رەزا شـوان

سیاسەتی پاکـتاوی نەتەوەیی کورد، لەلایەن رژێـمی کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامی ئێرانی، بە دڕندەترین و نامەردترن شـێوە و بە مۆدێرترین چەکی کوشندە، بە بەرچاوی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافەکانی مـرۆڤ و ویـژدانی جیهانییەوە بەردەوامە. درێـژەدانە بە کوشـتن و بە ژینۆسایتکـردنی گـەلی کوردمـان، لە دروستبوونی دەوڵەتی ئێـرانی رەگـەزپەرستییەوە تا ئەمـڕۆ. تا ئەمـڕۆش هـیچ مافـێک بە کورد رەوا نابینن و کوشـتنی کورد بە رەوا دەزانـن. دەست لە کوشتنی مـنداڵانی ناو لانکـیـشمان ناپارێـزن. بە هەزاران کوردیان بێـتاوانین گرتوون و پیسترین ئەشکەنجە دەدرێن، بە هەڵبەستنی تاوانی بێ بنەما، دژی خوا و جوداخوازی تاوانبارکراون. مانگ نییە کە چەند کوردێک لە سێدارە نەدەن. کۆمـاری پەت و سێدارە خاوەنی ریکۆردێکی پێوانەیی جیهـانییە، لە لەسێـدارەدانی کـورد. هـەمـوو گـوناهـێکـمان ئەوەیە کە کوردیـن. کوردبـوونیش لەلای داگـیرکەرانی کوردستان تاوانە. بەڵام تا هەتایە نیازی گـڵاویان، سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد، دەبەنە ژێـر گـڵەوە. کورد نامـرێت و دەمـێنێـت. دەستیش لە خەبات و شـۆڕش و گـیانبەخـشین هـەڵـناگـرین، تا مافـە نەتەوەییاکانـمان بەدەستدەهـێـنین. هەر مـافـێکـیش داواکـار دواوە بـکەوێـت و دەسـتی لـێهـەڵـنـەگـرێـت. زووبـێـت یا درەنـگ وەریدەگـیرێـت. با داگـیرکەرانی کوردستان، ئەم راستییە بـزانـن، تا گـەلی کورد نەگات بە مافی چـارەی خـۆنـووسین. ئەسـتە دەوڵـەتە داگـیرکەرەکانی کوردسـتان بتـوانـن بە ئاسوودەیی و ئاشتی بـژیـن. تا رۆژێک زووتـر گەلی کورد بە مافەکانی خۆی بگات لە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی ناوچەکەیە دایە و زووتریش ئاشتی و سەقـامگـیری بـاڵ بەسـەر ناوچـەکە دەکـشـێـت.
شەهـیدکـردنی خەزال مەولان، پێـشمەرگە و شـۆڕشگـیڕی کوردستان، کچـە نەوجـوانە شـۆخ و نازدارەکەی شاری مەهـابـادی پایتەخـتی یەکەم کۆمـاری کوردستان. تاوانـێکی ترە، لە درێژەدان بە تاوانەکانی رژێمی دیکتاتۆری و سیکۆپاتی کۆماری پەت و سێدارە، کە لەبنەڕەتەوە بە خـوێـن گـۆشکـراون. خۆیـان بە خـوای سەر زەوی دەزانـن. دەستیان بە خوێنی گەلانی ئێران سوورە، بە تایبەتیش گەلی کوردمان. با داگـیرکەرانی کوردستان باش بزانن، کە بە شـەهـیدکردنی ژینا ئەمـینی و دەنـیز و کەزێ بڕین و شـەهـیـدکـردنی مـژدە و هـاوسەرەکەی و جـوانەمـەرگکـرنی غـەزال مـەولان، ناتـوانـن چـۆک بـە گـەلی کوردمان دادەن و کـۆڵـمان پێبـدەن. بە پیچـوانەوە، ئـەم تاوانانە، سـوورتـمان دەکـەن لە خەبات و تێکـۆشان. وەک چون سەدام حوسێنی گوڕبەگـۆڕ، بەو رۆژە رەشەی گەیشت، دڵـنیام چارەنووسی ئێوەی ئاخوونـدە دڕندەکانی ئێـرانیش باشتر نابن. ئەو رۆژە نـزیک بووەتەوە، کە شەپـۆلەکانی تسونامی رق و تووڕەبـوونی گەلانی ئێران، راتانبـماڵـێت و فـڕێتـان بـداتە سـەر زبـڵخـانی، میـژوو و بە هـەزاران جـار تـف و نەفـرەتان لـێـبکەن.
خەزال مـەولان، کچـە شـەهـیدەکەی هەمـوو کوردستان، بە شەهـیـدبـوونت دڵی هـەموو کوردێک تـەزی، تا هەتایە شەهـیدبـوونت سوێیەکە لە دڵـمانـدا. تۆ سیمبولێکی خەبات و بەرخودانیـت، تـۆ هەرگـیز نامریـت. بە سەدان غـەزالی کورد لەدایـک دەبـن و پێـدەگەن و درێـژە بە رێبـازە پیـرۆزەکەی تـۆ دەدەن.
زۆر بە رق و تـونـدییەوە، سەرکـۆنەی ئەم تاوانە قـێزەوەنانەی رژێـمی کـۆنەپەرست و خوێـنڕێـژی کۆمـاری پەت و سـێدارە دەکەیـن. سەرشـۆڕی بۆ داگـیرکەرانی کوردستان.
نەمـری بۆ سەرجـەم شەهـیدە قـارەمانەکانی بـزووتنـەوەی رزگـاریخـوازی کوردسـتان.
کەمترین شت، دەبوایە جەماوەری کوردمان، لە هەموو شارەکانی باشووری کوردستان، خۆپێشاندانی ناڕەزاییان سازبکـردایە، ناڕەزایی و تـووڕەیی خۆیان بەرانبەر بەم تاوانە دەرببـریبـایە. ئەمـە نە یەکـەم تاوانە و نە دووا تـاوانی رژێـمی ئـێرانی دەبێـت لـە دژی گـەلی کوردمـان. چونکە هـەڵگری ڤـایـرۆسی رەگەزپەرستی و تـویـنیی خوێـنڕشـتـنن.
زۆر بەداخـەوە کە شارەکانی باشـووری کوردستان، بۆ سیخـوڕانی ئـێران و تـورکـیا و عەرەبە بەعـسییەکان واڵا کراون. هەر شۆڕشگـێڕێک و هەر شەڕڤـانێک، ئیتلاعاتێک یا مـیتـێکـیان بە دواوەیـە. جـگە لـەو بەکـرێگـیراوانەش، کـە بـوونـەتە چـاوسـاغـیان.




کاتی ئەوە هاتووە کورد واقیعبیانە مامەڵە لەگەڵ خاکی جێناکۆکدا بکات.. ھێمن عەلی

بزووتنەوەی سیاسیی کورد بۆ چەندین دەیەیە تێدەکۆشێت بۆ بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەریی فراوانتر و تەنانەت سەربەخۆیی. هەرچەندە ئەم خواستە لە ڕووی مێژووییەوە ڕەوایە، بەڵام واقیعی سیاسیی ئێستا پرسیارێکی جەوهەری دەهێنێتە ئاراوە: ئایا عەقڵییەتی “یان هەموو شتێک یان هیچ” هێشتا ستراتیژێکی گونجاوە؟

لەدەستدانی خاک، دیاردەیەکی مێژوویی جیهانی یە.

مێژووی مرۆڤایەتی بە ڕوونی ئەوە دەسەلمێنێت کە گۆڕانی سنوورەکان و لەدەستدانی خاک دیاردەیەکی دەگمەن و تازە نییە. زۆر نەتەوە ناچار بوون دەستبەرداری ناوچەی گرنگ بن، کە هەرچەندە بڕیارێکی پڕ لە ئازار بووە، بەڵام لە کۆتاییدا بووەتە هۆی پاراستنی قەوارە و نەتەوەکەیان.

فەڕەنسا: دوای جەنگەکانی ناپلیۆن لە سەدەی نۆزدەهەمدا، زۆرێک لەو ناوچە پیشەسازییانەی لەدەستدا کە ئەڵمانیا داگیری کردن.

فینلەندا: لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو، بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی، ناوچەی “کارێلیا”ی بۆ یەکێتی سۆڤیەت بەجێهێشت.

ئەڵمانیا: دوای جەنگی جیهانی دووەم، ناوچەیەکی فراوانی وەک “پروشیای ڕۆژهەڵات” (کالینینگرادی ئێستا)ی لەدەستدا.

هەنگاریا: بەپێی پەیمانی تریانۆن لە ساڵی ۱۹۲۰، دوو لەسەر سێی خاکەکەی لەدەستدا.

ئۆکرانیا: لە و ساڵانی دواییدا بەهۆی جەنگی ڕووسیاوە خاکێکی زۆری لەدەستداوە، ئەمەش نیشان دەدات کە کێشەی خاک هێشتاش بەشێکە لە ململانێی هاوچەرخ.

ئەم نموونانە یەک وانەی گەورەمان فێردەکەن: وڵاتە سەرکەوتووەکان لە سنوورەکانی ڕابردوودا گیرییان نەخواردووە، بەڵکو واقیعیان قبوڵ کردووە و جەختیان کردووەتە سەر سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابووری.

دووبارەبوونەوەی هەڵە ستراتیژییەکان لای سەرکردایەتی کورد.
بەداخەوە، سەرکردایەتی سیاسیی کورد چەندین جار کەوتووەتە ناو هەمان داوی “کەلەڕەقیی سیاسی” و نەبوونی خوێندنەوەی دروست بۆ هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان:

مستەفا بارزانی (حەفتاکان): بەهۆی پێداگریی ڕەها لەسەر کەرکووک و ڕەتکردنەوەی ئۆتۆنۆمی بەبێ ئەو شارە، دانوستانەکان شکستیان هێنا. دەرەنجامەکەش “ئاشبەتاڵ” و پەنابردن بۆ ئێران بوو.

مەسعوود بارزانی (۲۰۱۷): ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کە ناوچە جێناکۆکەکانیشی گرتەوە، بووە هۆی لەدەستدانی کەرکووک و زۆربەی دەستکەوتەکانی پێشوو، چونکە بێ گوێدانە هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان هەنگاوی نا.

لە کاتێکدا فینلەندا و ئەڵمانیا واقیعیان قبوڵ کرد و بوونە زلهێزی ئابووری، لای ئێمە دروشمی “کەرکووک یان نەمان” بووەتە بەربەست لەبەردەم هەر جۆرە سازشێکی ژیرانە. ئەم عەقڵییەتە نەک هەر مەترسی پێکدادان زیاد دەکات، بەڵکو واقیعی فرەنەتەوەیی کەرکووکیش پشتگوێ دەخات.

ئاماژەکانی گۆڕانکاری و واقیع‌بینی نوێ
سەرەڕای شکستی ڕابردوو، ئێستا هەندێک ئاراستەی نوێ دەبینرێن:

عەبدوڵڵا ئۆجەلان: دوای ساڵانێکی زۆر لە زیندان و دیراسەکردنی مێژوو، لە خەباتی چەکدارییەوە بەرەو “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی” و چارەسەری سیاسی هەنگاوی ناوە.

باڤڵ تاڵەبانی: لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکاندا، جۆرێک لە واقیع‌بینیی پراکتیکی پەیڕەو دەکات. قبوڵکردنی دابەشکردنی دەسەڵات و پۆستەکان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە (وەک تورکمان و عەرەب)، نیشانەی تێگەیشتنە لەوەی کە سەقامگیری گرنگترە لە کۆنترۆڵی ڕەها. بۆ نموونە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا دابەشکردنی دەسەڵاتی قبوڵ کردووە و پشتگیری لەو چارەسەرە کرد کە پۆستی پارێزگار (موحافیز) درا بە نوێنەرێکی تورکمان.

ستراتیژی داهاتوو: بونیادنانی ئەوەی لەبەردەستە
لەبری خەرجکردنی وزە و سامانی نەتەوەیی لە ململانێیەکی بێ کۆتایی لەسەر کەرکووک و خانەقین، ژیرانەترە کورد جەخت بکاتە سەر بەهێزکردنی ئەو ناوچانەی کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتیدایە: هەولێر، سلێمانی و دهۆک.

بونیادنانی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز، سیستەمێکی پەروەردەیی مۆدێرن و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی، دەتوانێت قەوارەیەک دروست بکات کە زۆر بەهادارتر بێت لە خاکێکی پڕ لە کێشە.

کۆتایی:
بزووتنەوەی کورد لە وەرچەرخانێکی مێژووییدایە. پێشکەوتنی ڕاستەقینە لە دروشمە توندەکانی ڕابردووەوە نایەت، بەڵکو لە توانای خۆگونجاندن و سازشکردنی ژیرانەوە دێت. دەستبەرداربوون لە هەندێک خەونی سۆزداری لە پێناو داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر، نیشانەی تێگەیشتنی قووڵە لە “هونەری سیاسەت”.




غەزەلی ژمارە ٦٥ ی شاعیر: محەممەد تەقی بەهار (مەلیکوشوعەرا).. وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری

ئەم غەزەلە ڕەنگدانەوەی سەردەمی زیندانی و دوورخرانەوەی شاعیرە.

من ناڵێم لێرە لەم قەفەسە ئازادم کەن
قەفەسم بەرنە نێو باخ و دڵم شاد کەن

ڕادەبرێ فەسڵی گوڵ، ئەی هاودەمان دەخیلی خودا
لە باخێ دانیشن و یادی منیش یاد کەن

عەندەلیبان مژدە بێ، گوڵی سوور هاتەوە نێو چەمەن
بۆ شاباشی قەدومی، هەموو چریکە و فەریاد کەن

یادی ئەم مەلە گرفتارە بکەن ئەی مەلان
کاتێ تەماشای گوڵ و گوڵزار و شەمشاد کەن

هەر کەسێ مەلێکی دیلی هەبوو لەنێو قەفەسا
بۆ باخی بەرن و بە یادی من ئازاد کەن

هێلانەی منی بێچارە گەر سووتا، با بسووتێ
بیری وێرانبوونی ماڵی سەییاد کەن

شەم گەر بە بایەک خامۆش بوو مەگرن عەجەب
یادی هەناسەی پەروانەی بەباداچوو شاد کەن

بێستوون لە ڕێمانە، نەکا لای فەرهاد
ناوی شیرین بەرن، دڵەی زاری ناشاد کەن

زوڵم و زۆرداری عومری لاوان کورت دەکەن
ئەی گەورەکانی وەتەن، شیوەن و داد کەن

گەر بە زوڵمی ئێوە ماڵی مێروویەک وێران بوو
مەحاڵە ماڵی خۆتان ئێدی ئاوا و ئاباد کەن

کونجی تاریکی زیندان گەر پشکێ بەهاری بەرکەوت
شوکرانەی ئازادی و دیاریی خوداداد کەن




خەڵاتگـرانی خەڵاتی نـۆبـڵی منـداڵان لە ساڵی ٢٠٢٦.. رەزا شـوان

دوو ساڵ جارێک لە (کۆپنهـاگن) ی پایتەختی دانیمارک، یان لە پایتەختی وڵاتێکی تر. بـە بـۆنـەی یـادی رۆژی لـەدایـکـبوونی، کـەڵـە نـووسـەری بـواری وێـژەی منـداڵان (ھـانس کریستـیان ئەنـدەرسـین) کە بە (بـاوکی چـیرۆکی ئەفـسانـەیی بۆ منـداڵان) لە جیهـانـدا ناسراوە. دوو خەڵاتی بەنـرخ، کە بەرزتـرین خەڵاتی نێودەوڵەتیین لە بواری وێـژە و پەرتـووکی وێنەیی بۆ منداڵان. کە بە (خەڵاتی هانس کریستیان ئەنـدەرسـین) یان بە (خەڵاتی نـۆبـڵی منداڵان) یـن بـە (خەڵاتی نـۆبـڵی بچـووک) یـش نـاودەبـرێـت.

خەڵاتەکانیش بریتین لە (دوو مەدالیای زێـڕ ـ وێنەی هانس کریستیان ئەنـدەرسـین) یان بەسەرەوەیە، لەگـەڵ (دوو بـڕوانـامەی دپـلـۆم). لە ئاھـەنگـێکی شایستەدا، پـێـشکەش دەکرێـن، بە باشتریـن نووسەری نووسینی پەرتووک بۆ منداڵان لە جیهانـدا، کە لە دوو ساڵی پێشتردا، باشترین چـیرۆک یان رۆمـانی بۆ منـداڵان نووسـیوە و لە پەرتـووکێکی چاپکـراودا بڵاویکـرووەتـەوە. دەشـدرێـت بـە باشـتریـن ھـونـەرمـەنـدی وێـنـەکـێـش لە جیهـانـدا، کە باشـترین چـیرۆکی وێنـەیی یان رۆمـانی وێنـەیی، بە وێنەی روونکـرنەوە (بێ وشـە) بۆ منـداڵانی کـێشاوە. کە لە مـاوەی دوو ساڵی پێـشووتردا، لە پەرتـووکێکی چاپکـراودا بڵاوی کـرووەتەوە. لە هـەر شوێنێکی جیهـانـدابـن. پەرتووکەکانیان لەلایەن رێکخـراوی (فـیدراسیـۆنی نێـودەوڵـەتی بـۆ پەرتـووکی گـەنجـان) کە کـورتـکـراوەکـەی (ئی بی بی وای) یە، ئەوان لە نێـوان بە دەیـان پەرتـووکی تـازە چاپکـراو بـۆ منـداڵان، پەرتووکەکان هەڵـدەسەنگێنن و هەڵیانـدەبـژێـرن و لەوانەیە ماوەی ساڵـێکی پێـبچـێـت. سەرجەمیش کارەکانی نووسەران و هـونەرمەنـدە کانـدیدکراوەکان، بە درێژایی ژیانیان بۆ منـداڵان لەبەرچـاودەگـرن. تا شایەنی وەرگـرتنی ئـەو دوو خەڵاتە بـن. ئیـنجا بـڕیـار لەسەر بـراوەی هەردوو خەڵاتی هانس کریستیان ئەنـدەرسۆن دەدەن و ناوی براوەکان لە مانگی نیسانی، دوو ساڵ جارێـک رادەگەیەنـن.

لە ساڵی (٢٠٠٩) وە، خـەڵاتـەکـان بە سپۆنـسەری دامـەزراوەی هـونەر و پەروەردەی دورگەی نامی لە کۆریای باشوور دەدرێت. مەبەستیش لە پێشکەشکردنی ئەم خەڵاتانە، رێـزگـرتن و پـێـزانیـنە بـۆ ئـەو خـزمەتە زۆرەی، کە ھـانـس کـریـسـتیان ئەنـدەرسـین ـ دانـیمارکی، لە بـواری وێـژەی منـداڵانـدا پێشکەشی کـردووە. کە تا ئەمـڕۆش منـداڵان لە هـەمـوو جیهـانـدا، چـیژێکی زۆر لە خوێـنـدنەوەی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـانی هانـس وەردەگـرن. بەشێکـیش لە چـیرۆکەکانی بە فـیلمی کارتـون و ئەنیمەیـشن دەرهـێنراون.
(خەڵاتی هانس کریستیان ئەندەرسین) بەناوبانگـترین و بەرزترین خەڵاتی نێودەوڵەتییە
لە جیهانـدا، لە بواری وێـژە و و پەرتووکی وێنەیی بۆ منداڵان. بەڵام ئەم خەڵاتە پارەی لەگەڵـدا نییە. بۆ یەکـەم جار لە ساڵی (١٩٥٦) دا. لەلایـەن (ئەنجـوومەنی نێـودەوڵەتی بـۆ پەرتـووکی گەنجـان) لە سـویـسرا، پـێـشنارکـرا و بـڕیاریان لەسـەر بەخـشـینی ئـەم خـەڵاتە دا، بە باشـترین نووسەری پەرتـووکی منـداڵان. یەکەم نووسـەری بـراوەی ئەم خەڵاتـەش، خاتـوو (ئـیـلـیانـور فـارگـیون) ی بەریتـانیـیە، کە لە ساڵی (١٩٥٦) دا ئەم خەڵاتـەی بەدەستیهـێنا. هـەر لە لایـەن هەمـان ئەنجـوومەنەوە، لە ساڵی (١٩٦٦) وە، بـڕیـار لەسەر بەخـشینی ئەم خەڵاتە، بە باشترین هـونەرمەنـدی وێنەکـێشی پەرتووکی وێنـەیی بـۆ منـداڵان لە جیهـانـدا درا. یەکـەم هـونـەرمەنـد کـە ئـەم خـەڵاتـەی بـردەوە، وێنەکـێشی سویسری (ئەلـویـس کاریگـیـت)ە. لەو سـاڵانـەوە تا ئێـستا، هـەر دوو ساڵ جـارێـک، ئـەم دوو خـەڵاتە، لـە یـەک رۆژدا دەیـانبـەخـشـن، بە باشـتریـن نـووسـەری وێـژەی منـداڵان و بە باشـتـریـن وێنـەکـێـشی پەرتـووکی وێنەیی بـۆ منـداڵان، لە هـەر شـوێـنێکی جـیهـانـدابـن. چـونکە وێـنـە تـەواوکـەری تـێکـستی وێـژەی منـداڵانە. زۆر جاریـش وێنـە زیاتر لە تێکـسـت، سـەرنجی منـداڵان رادەکـێـشـێـت و ئاسانـتر پەیـام و ئامـانجی نووسـینەکە بە منـداڵان دەگـەیەنـێـت.
براوەی خەڵاتی ئەمساڵ (٢٠٢٦)ی هانس کریستیان ئەندەرسین، دەدرێن بە باشترین چیرۆنووسی چیرۆک بۆ منداڵان، چـیرۆکنووسی بەناوبانگی بەریتانی (مایکـل رۆزن) لە بواری وێـژەی منـداڵان و مێرمنـداڵان. خەڵاتی باشـترین وێنەکـێشی بـۆ پەرتـووکی وێنەیی بۆ منداڵان، دەدرێت بە هـونەرمەندی وێنەکێشی بەناوبانگی چینی ( کای گاو). کە لەلایەن لیژنەی شارەزا و تایبەتی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی بۆ پەرتـووکی گەنجان، هەڵبژێردران. کە دکتۆر (شیرین کرێـدی ـ پسپۆری وێژەی منداڵان ـ لبنان)ی سەرۆکی لـیژنەی دادوەری خەڵاتی هـانس کـریستیان ئەندەرسیـنە بۆ ساڵی (٢٠٢٦). لە رۆژی دووشەمە (١٣/ نیسان/ ٢٠٢٤٦) دا، لە کـاتی کـردنەوەی پـێـشانگای خولی (٦٣) ی پەرتووکی نێودەوڵەتی بۆ منداڵان لە شاری بۆڵۆنیا لە ئیتالیا. کە گەورەترین پێشانگای پەرتـووکی منـداڵانە، زیاتـریـش کاریـگەریی لەسـەر جیهـان هـەیە. ئەمساڵ (١٥٠٠) دەزگـای چـاپ و بـڵاوکـردنـەوەی پـەرتـووکی منـداڵان، لـە (٩٠) دەوڵـەتی جیهـانـەوە بەشدارییان لەم پێشانگایەدا کـردووە. لە کۆنگـرەیەکی رۆژنـامەوانیدا، ناوی هـەردوو بـراوەی خـەڵاتی هـانـس کـریـستـیان ئەنـدەرسـین بـۆ ساڵی (٢٠٢٦) رایگـەیـانـد. کە نووسەری بەریتانی دکتۆر ( مایکل رۆزن) و وێنەکێشی چـینی مامۆستا ( کای گـاو)ە.
شایەنی باسە (٧٨) نووسـەر و وێنەکـێشی لە (٤٤) دەوڵەتی جیهـانەوە، بۆ وەرگـرتنی ئەم خەڵاتە، کانـدیدکرابوون. (١٢) نـووسەر و وێنەکـێشیشی شـارەزای بـواری ئـەدەب و هـونەری منـداڵانیش، لە (١٢) دەوڵەتی جیهـان، وەک ئەنـدامی لیـژنەی دادوەری بۆ هـەڵسەنگانـدن و بڕیاردان لەسەر باشترین پەرتووکەکانی کاندیـدە هەڵـبژیـراوەکان، بە سەرۆکایـەتی دکتـۆر (شـیریـن کـرێـدی) سـەرۆکی دەسـتەی دادوەری، نـوێنـەرەکـانیان ئەندامانی ئەم لیژنەیەن. دوای لێکۆڵینەوەیەکی چـڕ، لە پەرتووکە کاندیدکراوەکان، بە زۆرینـەی دەنـگەکـانی ئـەم لـیژنەیە، لە لـیستـێکی کورتکـراوەدا (٦) نووسـەر و (٦) وێنەکـێشیان لەو (٧٨) نووسـەر و وێنەکـێـشانەیان هەڵـبژارد. لە دواییـدا لـەو لـیستە کورتکراوەدا، باشترین نووسەری پەرتووک و باشترین وێنەکێشی پەرتووکی وێنەیی
بۆ منـداڵانیان هەڵـبژارد، کە نووسەری بەریتـانی (مایکل رۆزن) و وێنەکـێشی چـینی خاتـوو (کـای گـاو)ە.
پێـوەرە ستانـداردەکانی هـەڵسەنگانـدن و هەڵـبژاردنی بەرهەمەکان، بۆ کانـدیکـردنی باشـترینی دوو پەرتـووک، بـریتـین لە:”کـوالـیـتی جـوانـکاریی هـونـەری و وێـژەیی، لەبـەرچـاوگـرتـنی کـاری تـازەگـەری و نـاوازە و داهـێـنەرانـەی هـەر پـاڵـێـوراوێـک، توانای بـیـنـینی دیـدگای منـداڵان و فـراوانکـردنی کـنجکاوییەکانیانی هـەبێـت. گرنگی بەردەوامی کارکـردنی بـۆ منـداڵان و بـۆ گەنجـان هـەبێـت. بەخـشینی خەڵاتەکە بەنـدە
بە تـەواوی کارەکانی ئـەو نـووسـەرە و ئەو وێنـەکـێـشەوە لە مـاوەی ژیـانیـانـدا، کە خەڵاتەکان دەبـنەوە”.
حەزدەکەیـن کە ئەوەش بزانـن، کە رێـکخراوی نێودەوڵەتی بۆ پەرتووکی گەنجان، لە ساڵی (١٩٥٣) دا دامـەزرا، کـورتـەی نـاوەکـەی (ئی بی بی وای) ە. رێـکـخـراوێـکی خۆبەخشی سوودنەویستە. ئەندامەکانی سەر بە زۆربەی وڵاتانی جیهانن. ئامانجی ئەم رێکخـراوە، لە بەخشینی خەڵاتی هـانس کریستیان ئەنـدەرسـین. پشتگـیری و هانـدانی نـووسـەران و وێنـەکـێـشـانی بـواری وێـژە و هـونـەری وێـنـەکـێـشانـی منـداڵانـە. بـۆ پـێـشکەوتـن و بـۆ داهـێنان لـەم دوو بـوارەدا، لـە هـەمـوو جـیهانـدا بەبـێ جیـاوازی.
خاتوو (شـیریـن کـرێـدی) سەرۆکی دەستەی دادوەری بـۆ بەخـشیـنی خەڵاتی هـانـس کریستیان ئەنـدەرسین، بۆ ساڵی ٢٠٢٦. لە میانەی کۆنگرەی ساڵانەی رۆژنامەوانی (فـیدراسیۆنی نێـودەوەڵاتی بـۆ پەرتـووکی گەنجـان). لە ڕۆژی (١٣/ نیسان/ ٢٠٢٦) لە پـێـشانگای پەرتـووکی منـداڵان لـە بـۆلـۆنـیا لە ئیتالـیا، ناوی هـەردوو خـەڵاتگـری باشـتریـن نـووسـەری پەرتـووک بۆ مـنداڵان (مایـکل رۆزن) ی بەریـتانی و باشتریـن هونەرمەنـی وێنەکێشی پەرتووکی وێنەیی بۆ منداڵان لە جیهانـدا، خاتوو (کای گاو) ی ئاشکـراکرد.
زۆر بە کورتی ئەم دوو خەڵاتگـرەتان پێـدەناسـێـنـین.
مایکل رۆزن ـ باشترین نووسەری پەرتـووک بۆ منـداڵان:
دکـتۆر مایکـل رۆزن، نووسـەر و هـۆزانڤـان و شانـۆنـووس و دەرهـێنەر و ئەکتەر و ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنـامەی تەلـفـزیـۆنی و رادیـۆیی و نووسـەری سـتوونی سیاسی، مامۆستا و چالاکوانێکی و ئەکادیمیی ئینگـلیزی. مامۆستای پسپۆری وێـژەی منداڵان، لە بەشی خوێندنی پەروەردەیی لە زانکـۆی گۆڵـدسمیتس لە لەندەن. زیاتر لە (٢٠٠) پەرتـووکی بـۆ منـداڵان و گەورەکـان نـووسـیوە. کە زۆربـەیان بـۆ منـداڵانـن.

مایکل رۆزن لە (٧/ ئایار/ ١٩٤٦) لە هـارۆ، میـدلیسیکس، ئنگـلتەرا، لەدایک بـووە.
لە پێشا لە کـۆلێژی پـزیشکی دەستی بە خوێنـدن کرد. دوایی وازی لە پـزیـشکی هـێنا. رووی لە خوێنـدنی وێـژەی ئینگـلیزی کرد. لە کۆلێژی وادهـام لە زانکۆی ئۆکسفـۆرد، لە ساڵی (١٩٦٩) دەرچوو و بڕوانەمەی بەکالۆریۆسی وەرگرت. لە ساڵی (١٩٩٤) دا بـڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی ریـدنگ وەرگرت. لە ساڵی (١٩٩٧) دا، دکتۆرای لە باکووری لەنـدەن بەدەستـهـنا. لە ساڵانی نەوەدەکان بە دواوە، لە زانکۆ جیاوازەکانـدا، وانەبێژی وێـژەی منـداڵان بوو. مایکل رۆزنی، لە ساڵانی (٢٠٠٠ ـ تا ـ ٢٠٠٧) وەک باڵیـۆزی بەریتانیا، بۆ وێـژەی منـداڵان کاری کـردووە.
رۆزن، لە حەفـتاکانی سەدەی رابـردووە دەستی بە چاپکردنی پەرتـووکەکانی کـردووە. لە ساڵی (١٩٧٤) دا، یەکەمین پەرتـووکی هـۆنـراوەی بـۆ منـداڵان چاپکـرد، بە ناوی (گرنگی بە کاروبای تایبەتی خـۆت بـدە). کۆمەڵێکیش هـۆنراوەی کۆمیدی بۆ منداڵان نووسی و چاپی کردوون. لەوانە: (بۆ حەزناکەیت بزانیت؟، تۆ پـێم بڵی، دەی با خـێرا لـێرە دەبچـین). رۆزنی هەردەم هەوڵی داهـێنان و تازەگەریی لە وێـژەی منداڵان داوە.
کـۆمەڵێ هـۆنـراوەی ئاسان و کـورتی بـۆ منـداڵانی زۆر بچـووک هـۆنیـوەتـەوە.
پەروەردەکار (مـۆراک ستایـلەر) دەڵێت:”رۆزنی یەکـێکە لە پێـشەنگەکانی ئەو نـەوە هـۆنـراوەنووسانەی کە ئیلهامیان لە ئەزمـوونەکانی منـداڵـیی خۆیان وەرگـرتـوون و راستییەکان وەک خۆیان دەگـێڕنەوە”.
دیارتریـن بەرهەمەکانی مایکل رۆزنی، بریتین لە (ئێمە بۆ گەشتێکی ڕاوکردنی ورچ دەڕۆیـن ـ ١٩٨٩) و (پەرتووکی خەمناک ـ ٢٠٠٤). (خەڵاتی پێن) ی ساڵی (٢٠٢٣) ی بەدەستهـێناوە، کە لەلایەن ڕێکخراوی پێـن ئینگـلیزییەوە پێشکەشیان دەکـرد، وەک ڕێـزلـێنانێک بۆ کارە بوێـرەکانی ژیانی سەرەتایی و پـەروەردە.
رۆزنی پەیـوەنـدی بە پـرۆگـرامی ڕاهـێنـانی دەرچـووانی بی بی سی کـرد. لـە سـاڵانی حەفـتاکـانـدا، ئامـادەکار و پـێـشکەشکـاری زنجـیرەیـەک بـوو لـە کەنـاڵی تەلەفـزیۆنی قوتابخانەکانی بی بی سی بە ناوی “والروس” (بنووسـە، فـێربـە، بخوێـنەوە، تـێـبگە، قـسەبکە).
مایـکل رۆزن، بە درێـژایی ژیانی چەنـدیـن خـەڵاتی بەدەستهـێـناوە، بەرزتـرینیان ئـەم خەڵاتەیە (خەڵاتی هـانس کـریـستیان ئەنـدەرسین ـ ٢٠٢٦) کە بـریتییە لە مەدالیایەکی زێـڕ و لە (بـڕوانـامەی دپـلـۆم) ی رێـزلـێنان، وەک باشـتریـن نـووسـەری پەرتـووکی منـداڵان لە جیهاندا کە لە ماوەی دوو ساڵی رابـردوودا چاپێکـردووە و بـۆ یەکەم جـار بڵاوکراوەتەوە. خەڵاتەکەش لەلایەن (ئەنجوومەنی نیودەوڵەتی بۆ پەرتووکی گەنجان) لە ئاهەنگێکی شایستەدا پێـشکەش دەکـرێـت.
کای گاو باشترین وێنەکێشی پەرتـووکی وێنەیی بۆ منـداڵان:
هونەرمەندی وێنەکێشی چینی خاتوو (کای گاو) وەک باشترین هـونەرمەندی وێنەکـێشی پەرتـووکی منـداڵان لە جیهانـدا، کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، باشترین پەرتووکی وێنەیی بۆ منـداڵانی وێنەکـێـشاوە و چاپیکـردووە و بڵاویکردووەتەوە؛ خەڵاتی ئەمساڵی (هـانـس کریـستیان ئەنـدەرسـین)ی بەدەستهـێـنا. کـای یەکـەم هـونەرمەنـدی چـینـییە و یەکـەم ژنی چـینیـشە، کە ئـەم خـەڵاتە بەناوبـانگە وەربگـرێـت.
هـونەرمەنـد کای گاو لە ساڵی (١٩٤٦) دا، لە شاری چانگـشا لەدایک بووە. لە ساڵانی حەفـتاکانی سەدەی رابـردووە، کـاری وێنەکـێشانی پەرتـووکی وێنەیی و چاپکـردنیان بۆ منـداڵان کـردوون. ئەندامی کۆمەڵەی هـونەرمەندانی چینیە. هەندێک لە هـونەرمەندانی چـین، کـای بـە “پـێـشڕەوی پەرتـووکی وێنـەیی رەسـەنی چـینی” ناودەبـەن. لە ساڵانی نەوەدەکانـدا، هـێشتا چەمکی “پەرتووکی وێنەیی” باو نەبوو. کاو یەکەم هـونەرمەنـدی وێنەکـێشی چـینییە کە بـۆ چـیرۆکی منـداڵان، پەرتـووکی وێنـەیی دروستکـرد. کارەکانی زیندوویی و شێوازی رەسەنی کولتووری چینی بەرجەستەدەکەن. لە ساڵی (١٩٨٠) دا، یەکـەم پەرتـووکی وێنـەیی بـە نـاوی (باخـچـە جـوانـەکەوە) چـاپکـرد و بـڵاویـکـردووە. پشتیوانـییەکی گـەرمی لـێکـرا. کـای لـە ساڵی (١٩٩٣) دا، خەڵاتی سـێوی زێـڕیـنی لە چواردەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی پەرتووکی منـداڵانی براتـیسلاڤـا، بە بەرهـەمێکی بـە ناوی “باو ئێـر”. ئەم خەڵاتەی بەدەستهـێنا. کای بووە یەکەم هـونەرمەنـدی چـینی، کە ئەم خـەڵاتە نێـودەوڵەتـییە بەدەستـبهـێنـێـت. لە دەیەکانی دواتردا دەیـان پەرتـووکی وێنەیی کلاسیکی دروستکـرد، لەوانە “چیرۆکی لەدایکبوون”، چیرۆکی ” شاری ئاگـر ١٩٣٨” و ” پەرتووکێکی کورت بۆ ” فـێربوون لـە شـکـسـتـەکـانی ئـەوانی دیـکە”، “زەوی گـوڵـی قـۆخ” یـەکـێکە لـە پەرتـووکە زۆر بەنـاوبـانگەکانی، کـە سێ سـاڵ بە وێنەکـێشانی ئـەم پەرتـووکەوە سەرقـاڵـبوو. ” چـیرۆکە جـوانـەکانی چـیـن”، ” بـاوە مانگ ـ ٢٠١٥” چەندین کاری تری، کە بەشێوازێکی لێهـاتووی نیـشتمانی رەسەنـدا کـێـشاونی. ئەم بەرهەمانەی کای گـاو ناوبـانگـێکی فـراوانی ناوخـۆیی و جیهـانـییان
بەدەسـتهـێناون.
کای بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە قوتابخانەی بنـەڕەتی گونـدێکـدا مامۆسـتا بـوو. دەبوو رۆژانە ئەرکەکانی ماڵەوە راست بکاتەوە و چاودێـریی منـداڵەکانی بکات، دواتر خۆی بە کاری جـۆراوجـۆری کـشتوکاڵـییەوە سەرقـاڵ بکات. تەنهـا رۆژانی یەکـشەمـووان، مەشقی وێنەکێشانی دەکرد. کای وەک هـونەرمەنـدێک هەرگیز نەچووەتە قـوتابخانەی هـونـەری. لەبەر ئـەوەی دەرفـەتی خـوێـنـدنی لە زانکـۆدا نـەبـووە. بـۆیـە خـوولـیای نیگارکـێشان بـووە.

کاو بۆ وێنەکـێشانی پەرتـووەکە وێنەییەکانی، ئیـلهـام لە ئەزمـوونەکانی منـداڵـێی خۆی و لە بەسەرهـات و یادەوەریـیە شیریـن و تاڵەکانی ژیـانی وەردەگـرێـت و بـۆ نەوەکانی داهاتوو دەیانگوازێتەوە. کای تا ئێستا بە قـووڵی پابەنـدە، بە پەرەپێدان بە وێنەکێشانی پەرتـووکی وێنـەیی منـداڵان لە چـین.
کای گای لە تەمەنی ٣٦ ساڵیدا، پەیـوەنـدیی بە دەزگای چاپ و بڵاوکـردنەوەی هـونەری منداڵانی شاری (هـۆنان) ەوە کرد. کای پێیوایە منداڵان توانای ئەوەیان هەیە، بە روونی جیـاوازی بکەن، لە نێـوان ئەو کەسانەی خۆشیان دەوێـت و ئەوانەی خۆشـیان ناوێـت.

کای گاو، زیاتر لە (٤٠) پەرتووکی وێنەکێشاون و چاپیکردوون و بڵاویکـردوونەتەوە. کای بـڕوایەکی تـەوای بە ژیـان و بە خـۆڕاگـری هـەیە.
بە کورتی، کارەکانی هـونەمەنـد کـای گـاو، کوالـیتییەکی هـونـەری نـاوازە و زمـانـێکی بـینراوی ناوازە و قـووڵی سۆزداری نیـشان دەدەن. کە ئاسۆی هـونـەری وێنەکـێشانی پەرتـووکی منـداڵان فـراوانـترن دەکـەن.
لە ئاهەنگێکی شایستە ـ هێشتا کات و شوێنی دیاری نەکراون ـ خەڵاتەکانیان وەردەگرن.

(*) بـۆ ئـەم نـووسینەم، چەنـدیـن سایتی ئینگـلـیزیـم بەسەرکـردووەتـەوە.
دوبـەی: ٢٠٢٦




ئیسرائیل، ڕەگەزپەرستی و سزای لەسێدارەدان، جەنگ لە دژی مافی ژیان بۆ فەلەستینییەکان.. ڕزگار ئاکرێی

لە 30 ی ئازاری 2026، کنێستی ئیسرائیل یاسایەکی تێپەڕاند کە مردن دەسەپێنێت بە هەڵواسین بەسەر زیندانیە فەلەستینییەکان و دەستگیرکراوەکان کە لەلایەن دادگای سەربازییەوە تاوانبار کراون لە کەیسەکانی بەشداریکردن لە هێرشی کوشندە، کە سزاکە دەبێت لە ماوەی نەوەد ڕۆژ لە تاوانبارکردنەکە جێبەجێ بکرێت. ئەمە یاسای تاوان نییە. ئەمە ئامرازێکی کۆدکراوەی پاکتاوی ڕەگەزییە کە لە چوارچێوەی سیستەمێکی ئاپارتایدی بەڵگەنامەدا کار دەکات.
ئاپارتاید لێرەدا وەسفێکی ڕەوانبێژی یان زیادەڕەوییەکی شاعیرانە نییە. ئەمە زاراوەیەکی یاسایی وردە کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا وەک سیستەمێکی زاڵبوونی دامەزراوەیی سیستماتیک لەلایەن گروپێکی نەتەوەییەوە بەسەر گروپێکی نەتەوەییدا پێناسە کراوە، لەسەر بنەمای جیاکاری لە ماف، جوڵە و هەبوونی یاسایی. ئەم سیستەمە بەرگێکی سیاسی بێ وێنەی ئەمریکی هەیە.
بۆ تێگەیشتن لەوەی چی ڕوویداوە، ناتوانین تەنها بە یاسا دەست پێبکەین. ئێمە دەبێت لە هەموو ئەو پێکهاتەیە دەست پێبکەین کە بەرهەمی هێناوە، سیستەمی سەرمایەداری کە دەیپارێزێت، و دووڕوویی ڕێکخراوی ڕۆژئاوا کە تەمەنی درێژ دەکاتەوە.

  1. سزای لەسێدارەدان، هەرزانترین چارەسەرە بۆ دەوڵەتێکی شکستخواردوو
    لە هەڵوێستی پرەنسیپی و مرۆیی خۆم، سزای لەسێدارەدان بە تەواوی و یەکلاکەرەوە ڕەت دەکەمەوە. مافی ژیان مافێکی سروشتییە و لە مرۆڤایەتی مرۆڤ جیانەکراوە، و هیچ دەوڵەتێک، هەرچەندە شەرعییەتی بانگەشەی بۆ بکات، مافی ئەوەی نییە لێی بسەنێتەوە. ئەم ڕەتکردنەوەیە نالەرزێتەوە کاتێک یاسا لە دەوڵەتێکەوە دێت کە خۆی بە دیموکراسی دەناسێنێت، هەروەها کاتێک لە دەوڵەتێکەوە دێت کە چەوساندنەوەی نەتەوەیی قێزەون ئەنجام دەدات لەبەرچاوی جیهان و بە پیرۆزی شاراوەی خۆی.
    هیچ کەسێک تاوانبار یان توندوتیژ لە دایک نابێت. هەموو مرۆڤێک لە حاڵەتێکی بێتاوانی تەواودا لەدایک دەبێت. هەندێک هەلومەرج و هەلومەرجن کە مرۆڤ دەکەنە تاوانبار: هەژاری، بێکاری، نەبوونی پاراستنی کۆمەڵایەتی، ستەمکاری، جگە لە جیاکاری و چەوساندنەوەی نەتەوەیی و ئایینی و چینایەتی. سزای لەسێدارەدان بیانوویەکی ئامادە بۆ حکومەتە شکستخواردووەکان دەڕەخسێنێت بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی ڕاستەقینەیان لە چارەسەرکردنی ڕەگەکانی تاوان و توندوتیژی.
    لە چوارچێوەی جیاکاری نەتەوەیی قێزەوندا، زیاتر دەڕوات: ئامرازێکە بۆ لەناوبردنی بەرهەڵستکاری، تاوانبارکردنی قوربانی، و گۆڕینی خەڵکێک کە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە دەبنەوە بە تۆمەتبار لەبەردەم دادگاکانی ستەمکارەکانیاندا، لە دیمەنێکدا کە نەبوونی دادپەروەری دەگاتە ئەوپەڕی ئەوپەڕی خۆی.
    ئەمە ئاسانترین و کەمترین چارەسەرە، لە کاتێکدا چارەسەرکردنی ڕەگەکانی تاوان و توندوتیژی تێچووی زۆرە و کاری جدی و ڕاستەقینەی دەوێت. کاتێک ئەو دەسەڵاتە لەسەر نادادپەروەری و جیاکاری نەتەوەیی دامەزراوە، پرسیاری ڕەگەکانی توندوتیژی دەبێتە پرسیارێکی سیاسی دیار، چونکە وەڵامەکەی پێشوەخت زانراوە: ڕەگی توندوتیژی خۆی چەوساندنەوەیە، ئەو هەژارییەی دروستی دەکات، ئەو ئاوارەییەی بەرهەمی دەهێنێت، و ئەو سووکایەتییەی ڕۆژانە دەیخوێنێت.
    سزای لەسێدارەدان لە جەوهەردا سزایەکی توندوتیژی، تۆڵەسەندنەوە و نامرۆڤانەیە کە لەسەر بنەمای لۆژیکی تۆڵەسەندنەوە دامەزراوە، نەک لەسەر لۆژیکی چاکسازی و چاکسازی. هەروەها لە سروشتی خۆیدا سزایەکی چینایەتی و جیاکارییە لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتدا.
    زۆرینەی ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە لە جیهاندا سەر بە چینی کرێکار و کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان و کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەکانن.
    بەدەگمەن گوێمان لە کەسێکی دەوڵەمەند یان کەسێکی خاوەن قورسایی سیاسی دەبێت کە بە تاوانێکی تاوانکاری لە سێدارە بدرێت. ئەمە ڕێکەوت نییە. ئەوە جەوهەری خودی سیستەمەکەیە، کە خاوەن ئیمتیازات دەپارێزێت و سزای بێبەشکراوەکان دەدات.
    لەگەڵ ئەوەشدا، سزایەکی نەگەڕاوەیە لە جیهانێکدا کە دادگاکان بە هەڵەی گەورەی دادوەری پیس کراون و زۆرینەی دانپێدانانەکان لە ژێر زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان و فشاری دەروونی و جەستەیی وەردەگیرێن. کاتێک سزای لەسێدارەدان بەسەر کەسێکی بێتاواندا دەسەپێنرێت، هیچ گەڕانەوە و قەرەبووکردنەوەیەک نییە، ئەمەش بەسە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو سزایە لە بنەڕەتەوە.
    چەند خراپترە کە دادگا لە سەرەتاوە سەربەخۆ نییە، بەڵکو خۆی بەشێکە لە ئامێری چەوساندنەوەی نەتەوەیی و یەکێک لە ئامرازەکانی.
    ئەو کۆمەڵگایانەی کە مرۆڤانەترین مامەڵەن لەگەڵ تاوان و دادپەروەرترین لە دابەشکردنی ساماندا ئەوانەن کە توانای کەمکردنەوەی توندوتیژییان هەیە. کوشتن بەناوی یاساوە ئاسایش بەرهەم ناهێنێت. دەوڵەتێک بەرهەم دەهێنێت کە توانای تۆڵەسەندنەوە بەدەست دەهێنێت و لە چاکسازیدا شکست دەهێنێت، دەوڵەتێک کە لە ڕێگەی لەسێدارەدانەوە کلتوری مردن و کوشتن دەچەسپێنێت و لە هەموو کۆمەڵگادا بڵاوی دەکاتەوە.
    کاتێک دەوڵەتێکی ئاوا لەسەر نادادپەروەری و جیاکاری نەتەوەیی قێزەون دامەزراوە، ئەم کەلتووری کوشتن لە سنوورەکانی خۆیدا نامێنێتەوە. دەبێتە مۆدێلێک کە هەناردە دەکرێت، شەرعی دەدرێت و لاسایی دەکاتەوە لەلایەن هەموو سیستەمێکی زاڵبوون کە بەدوای داپۆشینی یاسایی بۆ تاوانەکانی دەگەڕێت.
  2. یاسای نوێ، گۆڕینی کوشتن بۆ سیاسەتی فەرمی
    حکومەتی ئێستای ئیسرائیل ڕاستڕەوترین و توندڕەوترین و ڕەگەزپەرستترین حکومەتی ئیسرائیلە. کابینەکەی چەند وەزیرێکی تێدایە کە فەلەستینییەکان بە زمانێک وەسف دەکەن کە بە ئاشکرا مرۆڤایەتیان لێ داماڵێت و بە ئاشکرا بەرگری لە ئاوارەبوونی زۆرەملێ و لکاندن و لەناوبردنی جەستەیی وەک سیاسەتی فەرمی دەوڵەت دەکەن.
    ئەم وەزیرانە نیازی خۆیان ناشارنەوە و قسەکانیان نەرم ناکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر مێزی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دادەنیشن و لە هەندێک پایتەختی ڕۆژئاوا پێشوازییان لێدەکرێت. ئەم دژایەتییە زەق لە نێوان زۆربەی گوتاری سەرمایەداری ڕۆژئاوا لەسەر مافەکانی مرۆڤ و پراکتیکی ڕاستەقینەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە کاتێک لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیجیەکاندا بەریەک دەکەوێت.
    ئەم حکومەتە لە بۆشاییدا لەدایک نەبووە و بە جیا حوکمڕانی نەکردووە. گەیشتووەتە ئەو ئاستە لە بوێری لە تاوانی کۆدکراو چونکە دەزانێت کە تا ڕادەیەکی زۆر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پارێزراوە و ئەو نرخەی دەیدات تا ئێستا ئەوەندە گران نابێت کە حسابەکانی بگۆڕێت.
    گرنگترین بەرگی سیاسی ئەمڕۆ لە واشنتۆنەوە دێت. ئیدارەی ترەمپ کە سیاسەتی ڕاستڕەوی نەتەوەیی پۆپۆلیستی ئەمەریکا بە بێسنوورترین شێوە دەردەبڕێت، پشتیوانی ستراتیژی بێ مەرج بۆ ئیسرائیل دابین دەکات کە لە هەموو ئەو شتانە زیاترە کە ئیدارەکانی پێشووی ئەمەریکا پێیان بەخشیووە. ڕاستگۆیی مێژوویی پێویستی بە جەختکردنەوە هەیە کە ئەم پشتگیرییە داهێنانێکی ترەمپ نییە.
    لەلایەن ئیدارەی دیموکرات و کۆمارییەکانەوە وەک یەک پەروەردە کراوە، تەنانەت ئەگەر پلە و شێوەکانی جیاواز بووبێت. ئەوەی ترەمپ کردوویەتی بەرزکردنەوەی سەقفی ئەم پشتیوانییە بوو بۆ ئاستێکی نوێ لە بێ شەرمی و ناوبانگ، هەموو گەڵایەکی هەنجیری دیپلۆماسی کە پێشتر کاریگەری نەرمی کردبوو.
    ئەم پشتیوانییە تەنیا هەڵوێستێکی دیپلۆماسی نییە. ئەمە هاوپەیمانییەکی ئایدیۆلۆژیی ئۆرگانیکی نێوان دوو بزووتنەوەی راستڕەوی ڕەگەزپەرستە کە لە ناوەرۆکیاندا نزیکن: هەردووکیان هەژموونی نەتەوەیی بە سەرچاوەی شەرعییەت دادەنێن و هەردووکیان گوتاری ئاسایش و تیرۆر بەکاردەهێنن بۆ پاساو هێنانەوەی تاوانەکان دژی گەلانی چەوساو، هەردووکیان کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی چاودێری نێودەوڵەتی دەکەن کە لەوانەیە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، و هەردووکیان گوزارشت لە جیاوازی یەک سیستەمی سەرمایەداری دەکەن کە بەرژەوەندییەکانی زاڵبوون لە سەرووی هەموو مرۆڤێکەوە دادەنێن ڕەچاوکردنی یاسایی.
    واشنتن و تەلئەبیب لێرەدا وەک دوو دەربڕینی جیانەکراوەی یەک سیستەم دەردەکەون کە هێز دەکاتە یاسا، نادادپەروەری نەتەوەیی دەکاتە شارستانیەت، و بەرگری دەکاتە تیرۆر.
    ئەم هاوپەیمانێتییە هەموو شتێک دەدات بە مافەکانی ئیسرائیل بۆ زیادکردنی پێشێلکارییەکانی: پاراستن لە ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕێگەی ڤیتۆی ئەمریکی دووبارە و سیستماتیک، داپۆشینی میدیا لە ڕێگەی میکانیزمی دیجیتاڵی ڕاستڕەوی ئەمریکی کە جینۆساید وەک بەرگری لە خۆی دادەڕێژێت، و پشتگیری نێودەوڵەتی کە جیاکاری نەتەوەیی قێزەون وەک بەرگرییەکی ڕەوا و ئاپارتاید وەک پێویستییەکی ئەمنی پێشکەش دەکات. ئەمەش یاسایەکی ڕەگەزپەرستی ئاشکرا وەک بەشێک لە سیستەمی حوکمڕانی نێودەوڵەتی مامەڵە دەکات.
    ئەوەی لێرەدا نوێیە لە خودی کردارەکەدا نییە. ئیسرائیل دەیان ساڵە لە سێدارەدانی نایاسایی ئەنجام دەدات لە ڕێگەی کوشتن و لەناوبردنی مەیدانەکان و بۆمبارانکردنی ڕاستەوخۆی دانیشتوانی مەدەنی. زۆرێک لەو ئۆپەراسیۆنانە دەیان هاووڵاتی مەدەنی لە دەوروبەری ئامانجەکانیان کوشت و بوونە جۆرێک لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ کە بە زمانی ئاسایش و بەربەست داپۆشرابوو.
    ئاشکراترین و قێزەونترین مۆدێل ئەوەیە کە لە غەززە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە ڕوویداوە، کە ژمارەی قوربانیان لە حەفتا هەزار کەس تێپەڕیوە بەپێی ئامارە بەڵگەنامەکان کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون.
    ئەوەی ئەم دیمەنە ترسناکتر دەکات ئەوەیە کە زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئامانج لە ڕێگەی سیستەمی زیرەکی دەستکرد و ئەلگۆریتمێکی پێشوەخت بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجامدراون کە ئامانجەکان هەڵدەبژێرن و فەرمانی کوشتن دەدەن بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ. ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نییە.
    ئەمە شێوازێکی فاشیستی لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی بێ دادگایە کە لەبەردەم چاوی جیهاندا ئەنجام دەدرێت.
    ئەوەی ئەمڕۆ تازەیە ئەوەیە کە دەوڵەت چیتر خۆی بە کوشتنی نهێنی سنووردار ناکات. ئێستا بە ئاشکرا ئەم کارە دەکات و شەرعییەتی یاسایی پێدەبەخشێت و دەیخاتە ناو جبەخانەی یاسایی ڕاگەیەندراوەکەیەوە. ئەمە ئازایەتی نییە لە داننان بەوەی کە لەسەر زەوی ڕوودەدات. ئەوە بوێرییە لە ئاسایی کردن و بە یاساییکردنی تاوانەکان بە پیسترین شێوەکانیان.
  3. بزووتنەوەی نیشتەجێبوون، لە پەراوێزەوە بۆ دڵی بڕیاردان
    ئەم زیادبوونە ناتوانێ جیا بکرێتەوە لە ڕۆڵی گەشەسەندووی بزووتنەوەی نیشتەجێکردنی ڕەگەزپەرست لە کەناری ڕۆژئاوا کە بە درێژایی دەیان ساڵ لە کۆمەڵێک لە پەراوێزی نەخشەی سیاسیەوە گۆڕاوە بۆ هێزێکی سیاسی کاریگەر لەناو پێکهاتەی دەوڵەتی ئیسرائیلدا. ئەم بزووتنەوەیە بە جیا لە چوارچێوەی نێودەوڵەتی نەگەیشتە ئەم پێگە تەوەرەییە.
    گەشەی کرد و گەشەی کرد لە ژێر بودجەی بەردەوامی ئەمەریکا و هاوبەشی ئابووری بێپچڕان و پەیوەندییە دیپلۆماسییە ئاساییەکان کە تەنانەت لە خراپترین و توندوتیژترین قۆناغەکانی فراوانبوونی نیشتەجێبوونیشدا هەرگیز نەپچڕا. ئەم بزووتنەوەیە ئێستا بەرەو سیاسەتی توندڕەوتر پاڵ دەنێت و ئامرازەکانی سەرکوتکردن و سزادان فراوان دەکات، لەوانە یاسای توندتر وەک ئەو یاسایەی بەم دواییانە پەسەند کراوە.
    ئەم گۆڕانکارییە بەرهەمی ستراتیژێکی سیستماتیک بۆ بنیاتنانی بوونی دیمۆگرافی و سیاسی لە خاکی فەلەستین و هاوکاری بەردەوامی پارەی حکومەت و پاراستنی سەربازی هەمیشەیی.
    نیشتەجێبوونی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین پێشێلکارییەکی ئاشکرا و بەڵگەنامەی یاسای نێودەوڵەتییە و ئەمە بڕیارێکی یاسایی ڕوون و ئاشکرایە. ماددەی 49 لە پەیماننامەی چوارەمی جنێڤ ڕێگە لە دەسەڵاتێکی داگیرکەر دەگرێت هاوڵاتیانی خۆی بگوازێتەوە بۆ ئەو خاکەی کە داگیری دەکات.
    دادگای نێودەوڵەتی لە راوێژکارییەکەی ساڵی 2024 دا دووپاتی کردەوە کە بەردەوامی داگیرکاری ئیسرائیل و دامەزراندنی نیشتەجێبوون بەپێی یاسای نێودەوڵەتی نایاساییە و داوای کۆتاییهێنان بە ئەو شوێنانە کرد. بڕیاری 2334ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 2016 دەرچوو، بە کۆی دەنگ جەخت لەوە دەکاتەوە کە نیشتەجێبوونەکان هیچ یاسایەکیان نییە و بەربەستێکی گەورەن لەبەردەم ئاشتیدا.
    لەسەر زەوی، ژمارەی نیشتەجێبووان ئەمڕۆ لە حەوت سەد هەزار کەس تێدەپەڕێت، لە دۆخێکدا کە بەردەوامی جوگرافیای فەلەستینییەکان پارچەپارچە دەکات و کەناری ڕۆژئاوا دەکاتە دوورگەیەکی دابڕاو. سەرەڕای هەموو ئەمانە، زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوامن لە هاوردەکردنی کەلوپەلی نیشتەجێبوون و دارایی ئەو کۆمپانیایانەی لەوێ کار دەکەن و گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ دەکەن.
    نوێنەرانی ئەم بزووتنەوەیە ئەمڕۆ پۆستی وەزاری گرنگیان هەیە و ئەوەی پێشتر بە ئەجێندای توندڕەوی پەراوێز دادەنرا تا ڕادەیەکی زۆر بووە بە سیاسەتی فەرمی دەوڵەت کە وەرگێڕدراوە بۆ یاسای ناچاری کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیان و مافەکانی فەلەستینییەکان هەیە.
  4. پێکهاتەی یاسایی دووانە، دوو ڕێگا بۆ جێبەجێکردن
    ئەم یاسایە لە بۆشایی یاسایی دەرناکەوێت. ئەم یاسایە دەکەوێتە چوارچێوەی دوو پێکهاتەی یاسایی کە چەندین ساڵە بوونی هەیە، لەسەر بنەمای دوو ڕێڕەوی جیاواز کە لەوانەیە ببێتە هۆی سزای لەسێدارەدان. ڕێڕەوی مەدەنی لەناو ئیسرائیلدا هەندێک کردەوەی دیاریکراو لە چوارچێوەی تیرۆردا پێناسە دەکات و مەرجی یاسایی تایبەت دادەنێت کە لەوانەیە لە ڕووی تیۆرییەوە ڕێگە بۆ جێبەجێکردنی سزاکە بکاتەوە.
    بەگوێرەی هەندێک لە شیکردنەوەکان، لەوانەیە هەندێک عەرەبی فەلەستینی لەناو ئیسرائیل بگرێتەوە، یان زیندانیان و دەستگیرکراوەکان کە بەهۆی ڕووداوەکانی وەک 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستگیرکراون. لە هەمان کاتدا ڕێڕەوی سەربازی لە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە بەسەر ئەو فەلەستینیانەدا جێبەجێ دەکرێت کە لەژێر سیستەمێکی جیاکاری نەتەوەیی قێزەوندان و لە چوارچێوەی سیستەمێکی دادوەری تەواو جیادا کە نە بە پێوانەی دادپەروەری مەدەنی بەڕێوە دەبرێت و نە بە گەرەنتی سەرەتایی.
    ئەم دوالیزمە یاساییە ڕەنگدانەوەی پێکهاتەیەکی سەرکوتکەری بە ئەنقەست کە دوو گرووپی مرۆڤ دەخاتە ژێر دوو سیستەمی یاسایی جیاوازەوە: سیستەمێک بۆ نیشتەجێبوون و یەکێکی تر بۆ چەوساوەکان، سیستەمێک بۆ ئەو کەسەی کە مافی تەواوی هەیە و سیستەمێکی تر بۆ ئەو کەسەی کە تەنها بەهۆی بوونی لەسەر خاکی باوباپیرانی بووە بە هەڕەشەی ئەمنی.
    سزای لەسێدارەدان لە ئیسرائیل بەتەواوی نوێ نییە، بەڵام لە ڕووی مێژووییەوە خەریک بوو بەسترا و بە دەگمەن جێبەجێ دەکرا، و تەنها لە حاڵەتێکی نائاسایی زۆر سنوورداردا بەکار دەهات، بەتایبەتی لە سێدارەدانی ئەدۆڵف ئایشمان لە ساڵی 1962. گۆڕانی ئێستا تەنها لە چالاک کردنەوەی نییە.
    زیاتر دەڕوات، مەودای خۆی فراوان دەکات، ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنەکەی دەکات، و قوربانییەکانی لە هەموو گرەنتییەکی ڕێوشوێن داماڵێت، لە چوارچێوەیەکی سیاسی و سەرکوتکەردا کە هیچ بوارێک بۆ لێکدانەوەی مەبەستە ڕاستەقینەکانی ناهێڵێتەوە.
    ئەوەی ئەم یاسا قێزەونە بە تاوان دادەنرێت تاوان نییە بە مانا یاساییە ڕاستەقینەکەی خۆی. بەرگری خۆی بە هەموو شێوەکانیەوە بە تاوان دادەنێت. ئەوانەی دەکەونە دیلەکانەوە دەبێت بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت نەک وەک تاوانبار، ئەمەش ئەو پێگەیەیە کە لە پەیماننامەی سێیەمی جنێڤدا دەستەبەر کراوە، کە هێزە داگیرکەرەکە بە ئەنقەست پشتگوێی دەخات بۆ ئەوەی خەباتی ئازادیخوازی بگۆڕێت بۆ تاوانێک کە شایەنی لەسێدارەدان بێت.
    فەلەستینییەکان لە ناوچەکانی ژێر داگیرکاری ئیسرائیل لەبەردەم سیستەمی یەکسانی یاسایی دادگایی ناکرێن. لەبەردەم دادگایەکی سەربازی دادگایی دەکرێت کە لە چوارچێوەی چەوساندنەوەی نەتەوەیی قێزەوندا کار دەکات و سەرەتایترین گەرەنتی دادگاییەکی دادپەروەرانەی لێ داماڵراوە و بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئیسرائیلی و نێودەوڵەتی رێژەی تاوانبارکردنەکان نزیک دەبێتەوە لە تەواوی دادگاییکردن. ئەم دادگایانە دادپەروەری نین بە هیچ مانایەکی ڕاستەقینەی وشەکە. ئەمانە ڕێوشوێنێکی بیرۆکراتییە کە ڕواڵەتێکی یاسایی هەڵە دەبەخشێت بە بڕیارەکانی پێشوەخت لە ژوورەکانی تردا.
  5. وردەکارییەکانی یاسا، لەسێدارەدانی دڕندانە بەبێ گەرەنتی
    ئەوەی ئەم یاسایە لە یاساکانی تری تاوان جیا دەکاتەوە تەنها سزاکە نییە. ئەمە دیزاینێکی سیستماتیک و بە ئەنقەست بۆ لابردنی هەموو گەرەنتییەکی یاسایی کە لەوانەیە ڕێگری لە جێبەجێکردنی بکات. داواکاری گشتی پێویست ناکات داوای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بکات و ڕەزامەندی سادەی لیژنەیەکی سێ ئەفسەری سەربازی بەسە بۆ دەرکردنی سزای لەسێدارەدان.
    دادوەران پێویستە پاساوی نائاسایی تۆمار بکەن ئەگەر بیانەوێت سزای لەسێدارەدان بە زیندانی هەتاهەتایی بگۆڕن، کە لۆژیکی دادپەروەری سەرەو ژێر دەکات بە شێوەیەک کە سروشتی ڕاستەقینەی ئەم یاسایە دەردەخات: لەسێدارەدان بووە بە بنەڕەت و بەزەیی بە هەڵاواردن، واتە دادوەر دەبێت پاساو بۆ ئەوە بدات کە بۆچی نەکوژێت، نەک بۆچی بکوژێت.
    ڕێگاکانی پێداچوونەوە و پێداچوونەوە بە توندی سنووردارکراون و ئەگەری لێبوردنیان نەماوە، لە کاتێکدا تۆمەتبارەکان لە گۆشەگیرییەکی تەواو ڕاگیراون و مافی نوێنەرایەتی یاسایی سنوورداریان بۆ دەکرێت، چونکە پارێزەرەکە تەنها لە ڕێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە پەیوەندی لەگەڵ بریکارەکە دەکات.
    لەپاڵ ئەم یاسایەدا، پرۆژە یاسایەکی تر لەبەردەم کنێست ئامادە دەکرێت کە بە یاسای دادگاییکردنی بەشداربووانی ڕووداوەکانی 7 ی تشرینی یەکەم ناسراوە. دادگای سەربازی نائاسایی دروست دەکات کە دەسەلاتی پێشوویان هەیە بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023. ئەم دادگایانە دەسەڵاتیان هەیە لە یاسا ستانداردەکانی بەڵگە و ڕێوشوێن لابدەن، و سزای لەسێدارەدان بە زۆرینەی سادە بسەپێنن بەبێ ئەوەی داواکاری گشتی داوای بکات.
    ئەم دوو یاسایە پێکەوە فراوانبوونێکی بێ وێنە لە بواری جێبەجێکردندا پێکدەهێنن، هەندێک لە گرەنتی ڕێوشوێنەکان لادەبەن کە دەیان ساڵە جێبەجێکردنیان سنووردار کردبوو، و بەگشتی بازدانێکی چۆنایەتی لە ڕێگای چەسپاندنی قڕکردنی یاسایی بە فاشیستترین شێوەکانیدا دەنوێنێت.
    تاوانبارکردنەکە پێش دەستپێکردنی دادگاییکردنەکە بڕیاری لەسەر دراوە. بە پێچەوانەوە، ئەو هاووڵاتییە جوولەکەیەی ئیسرائیل کە تاوانی بەڵگەنامەیی دژی فەلەستینییەکان ئەنجام دەدات، لەوانە کوشتن و ئاوارەبوون و سوتاندنی گوندەکان، لە سیستەمێکی یاسایی تەواو جیاوازدا دادگایی دەکرێت، یان بەهیچ شێوەیەک دادگایی ناکرێت، چونکە لێکۆڵینەوە لە زۆربەی تاوانەکانی نیشتەجێبووان زۆر جار بە ڕەفە و داخستنی دۆسیەکان کۆتایی دێت بەبێ لێپرسینەوە.
    ئەم جیاکارییە کەموکوڕییەک نییە کە بتوانرێت بە هەموارکردنی دەقێک چاکبکرێتەوە. ئەمە جەوهەری پێکهاتەیەکی یاساییە کە مرۆڤ دابەش دەکات بۆ پۆلێنی نایەکسانی ژیان و ماف، کە لە ناوەڕۆکدا پێناسەی یاسایی وردی ئاپارتاید پێکدەهێنێت.
    کاتێک سیستەمێکی لەم شێوەیە دەسەلاتی لەسێدارەدانی کەسێک لە ماوەی نەوەد ڕۆژدا لەسەر بنەمای دادگاییەکی سەربازی بە رێژەی تاوانبارکردنی ئۆتۆماتیکی پێدەدرێت، ئێمە مامەڵە لەگەڵ یاسای تاواندا ناکەین. ئێمە ڕووبەڕووی ئامرازێکی کۆدکراوی پاکتاوی ڕەگەزی دەبینەوە کە واژۆی پەرلەمان و مۆری دەوڵەتی لەسەرە.
  6. ئاپارتاید، تایبەتمەندییەکی یاسایی لە بنچینەی واقیعەوە
    وەسفکردنی ئیسرائیل وەک سیستەمێکی جیاکاری ڕەگەزی چیتر تەنها وتارێکی سیاسی نییە. ئەمە بووە بە تایبەتمەندییەکی یاسایی دۆکیۆمێنتاری کە لەلایەن ڕێکخراوە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤەوە پشتگیری دەکرێت. لە راپۆرتی ساڵی 2022دا، لێبوردنی نێودەوڵەتی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئیسرائیل سیستەمێکی ڕەگەزپەرستی دژی فەلەستینییەکان پەیڕەو دەکات کە لەسەر بنەمای ستەمی سیستماتیک و جیاکاری دامەزراوەیی دامەزراوە و لە سەرانسەری ناوچەکانی فەلەستین و لەناو کۆمەڵگە فەلەستینییەکانی ناو ئیسرائیلدا بڵاو دەبێتەوە. هیومان ڕایتس ۆوچ هەروەها لە راپۆرتی ساڵی 2021ی خۆیدا دووپاتی کردووەتەوە کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل تاوانی ڕەگەزپەرستی و چەوساندنەوە ئەنجام دەدەن لە ڕێگەی سیاسەتەکانەوە بە ئامانجی چەسپاندنی هەژموونی گروپێکی نەتەوەیی بەسەر گروپێکی تردا.
    لە ساڵی 2024، دادگای نێودەوڵەتی راپۆرتێکی ڕاوێژکاریی مێژوویی دەرکرد و جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامی داگیرکاری ئیسرائیل بەپێی یاسای نێودەوڵەتی نایاساییە و داوای کۆتاییهێنان بە دەستبەجێی دەکات.
    ئەم دەرئەنجامانە لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ناسراوەکان و دادگا نێودەوڵەتییە ناسراوەکانەوە هاتوون کە بە پێی میتۆدی یاسایی توند و بەڵگەنامەی مەیدانی ورد کار دەکەن. ئەمانە بڵاوکراوەی ئایدیۆلۆژی گروپەکانی فشار نین.
    تەنها بە بەکارهێنانی هەمان لۆژیکی بەرگری کە پێشتر ئەندازیارانی ڕەگەزپەرستی لە ئەفریقای باشوور بەکاریان هێنا کاتێک ڕەخنەی نێودەوڵەتیان وەک دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆ و شکستهێنان لە تێگەیشتن لە تایبەتمەندی بارودۆخی ئاسایشی خۆیان وەسف کرد. مێژوو حوکمی ئەو کەسانەی داوە و ئەوانیش حوکم دەدات.
    لەسەر ئەرزی واقیع، ئەم سیستەمە لە کۆمەڵێک ئامرازی یەکخراو دەردەکەوێت: یاساکان کە بە پێی ئەو زەوییە فەلەستینییەکان دەدرێت بە نیشتەجێبووان و بە بیانووی موڵک و ئامرازەکانی تر دەستی بەسەردا دەگیرێت، رژێمێکی مۆڵەت پێدان کە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر هاتوچۆی فەلەستینییەکان لە نێوان شار و گوند و شوێنی کارەکانیاندا توندتر دەکات، دیوارێکی جیاکەرەوە کە نایاسایی بوونی لەلایەن دادوەری نێودەوڵەتی خۆیەوە دووپات کراوەتەوە. گەڕەکەکانی ئۆرشەلیم کە خانووەکانیان ڕووخێنراون بۆ ئەوەی نیشتەجێ لە جێگەی ئەوان دابنرێن و گەمارۆدانی غەززە کە کەرتی کرتی کردووە بە بەندیخانەیەکی کراوە کە دوو ملیۆن کەس تێیدا دەژین لە بارودۆخێکدا کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک کارەساتێکی مرۆیی بە ئەنقەست تۆمار کراوە. ئەمە سیاسەتێکی ئەمنی کاتی نیە. ئەمە پێکهاتەیەکی هەمیشەییە کە بۆ چەسپاندنی هەژموونی نەتەوەیی و ڕەگەزی دروستکراوە.
    گاڵتەجاڕییەکە ئەوەیە کە زۆربەی حکوومەتە ڕۆژئاواییەکان کە دان بەم ڕاپۆرتانەدا دەنێن و ستایشی میتۆدەکانیان دەکەن بەردەوامن لە پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی کە بە ڕەگەزپەرستی وەسفی دەکەن، لە دوو ستاندارددا کە تەنها بە لۆژیکی بەرژەوەندی ستراتیژی سەرمایەداری ڕووت ڕوون دەکرێتەوە. کاتێک یاسای نوێی سزای لەسێدارەدان لەم چوارچێوەیەدا دادەنرێت، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەڵقەیەکی لۆژیکیە لە نێو سیستەمێکی یەکخراوی زاڵبوون کە کۆنترۆڵی خاک و جوڵە و ناسنامە دەکات و ئەمڕۆ کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی مافی ژیان زیاد دەکات. ئاپارتاید تەنها ئەوی تر سەرکوت ناکات.
    کار دەکات بۆ لاوازکردنی بەهای مرۆیی تا ئەو ڕادەیەی کە گونجاو بێت بۆ ژێردەستەیی و لەناوبردن، بەبێ وروژاندنی کاردانەوەی ئەخلاقی گونجاو لە زۆربەی هێزە گەورەکان کە سپۆنسەری ئەم سیستەمە دەکەن، پارەی بۆ تەرخان دەکەن، پڕچەکی دەکەن، و خۆیان بە ئیدانەی زارەکی لاواز ڕازی دەکەن هەرکاتێک دڕندەیی ئەو سیستەمە چڕتر دەبێتەوە و سنووری ئەوەی کە دەتوانرێت لە بواری میدیادا پشتگوێ بخرێت.
  7. گۆشەگیریی گشتگیر لە جیهاندا، ئەو چەکە کە سیستەمی ئاپارتاید لێی دەترسێت
    سیستەمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور بەهۆی بەئاگاهاتنەوەی لەناکاوی نوخبەی فەرمانڕەوا نەکەوت و هەروەها بەهۆی سەرکۆنەی زۆرێک لە پایتەختەکانی ڕۆژئاوا نەکەوت و پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ پریتۆریا بە دەستەکەی دیکەش بەردەوام بوو.
    کەوتە ژێر قورسایی ئەو فشارە کەڵەکەبووانەی کە لە چەند ئاراستەیەکەوە دەهاتن: دابڕانی نێودەوڵەتی گشتگیر، سیاسی، ئابووری، ئەکادیمی و کەلتووری، کاتێک ئەو گۆشەگیرییە ڕاستەقینە بوو نەک ڕەوانبێژی، ململانێیەکی ناوخۆیی درێژ و گرانبەها، و داخورانی وردە وردە شەرعییەتی رژێم کاتێک تێچووی گۆشەگیری دەستی کرد بە کاریگەری لەسەر بەشە فراوانەکانی کۆمەڵگەی سپی پێست. ئەمە دەرسێکی مێژووییە کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت و ئەزموونی ئێستا دەیسەلمێنێت کە ڕۆژئاوا بەباشی دەیزانێت و بە ئەنقەست پشتگوێی دەخات کاتێک باس لە ئیسرائیل دەکرێت.
    ئەمڕۆ، هەموو دەوڵەتێکی جیهان داوا دەکرێت گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتی گشتگیر بەسەر دەوڵەتی ئاپارتایدی ئیسرائیلدا بسەپێنێت. ئەمە بانگەوازێک نییە بۆ هاوپشتی ڕەمزی یان ڕاگەیاندنی ڕەوانبێژی خێرا لەبیرکراو. ئەمە داواکاری لێدوانی نووسراو و ئیدانەکردنی زیاتر نییە کە سەلمێنراوە کە بەتەواوی توانای گۆڕینی هیچ شتێک لەسەر ئەرزی واقیع نییە. ئەمە وەسفی پابەندبوونێکی سیاسی و ئەخلاقی ناچارییە بۆ هەر دەوڵەتێک کە بانگەشەی ڕێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ دەکات.
    پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکان، سەپاندنی سزای ئابووری، بەستنی ڕێککەوتنی چەک، کشانەوەی وەبەرهێنان، سەپاندنی بایکۆتکردنی ئەکادیمی و کەلتووری و وەرزشی، و دادگاییکردنی بەرپرسان لەبەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان هەمووی ئامرازی پێویست و یاسایی بوون.
    بارودۆخی نێونەتەوەیی ئێستا ئەوە دەردەخات کە گۆڕانێکی ڕاستەقینە و بەرجەستە هەیە کە شایەنی تێبینی و پێزانینیە: زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا دەستیان کردووە بە تێپەڕاندنی سنووری لێدوانی زارەکی بەرەو هەڵوێستی بوێرانەتر و کاریگەرتر و هەنگاوی کۆنکرێتی بەرەو داننان بە مافەکانی فەلەستینییەکان و فشار خستنە سەر ئیسرائیل.
    لە ئەمریکای لاتین، شەپۆلێکی فراوان لە هەڵوێستی بوێرانە سەریهەڵداوە کە سەرکردایەتی جیهان دەکات لە ڕەتکردنەوەی سیستەمی ئاپارتایدی ئیسرائیل و داوای لێپرسینەوە دەکات. ئەم گۆڕانە لە ڕای گشتی و مەزاجی نێودەوڵەتی ئەوە دەسەلمێنێت کە فشاری جەماوەری کەڵەکەبووی ئەنجامی ڕاستەقینە بەرهەم دەهێنێت و هاوسەنگی هێز جێگیر نییە.
    بە پێچەوانەوە، زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و تەنانەت هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی بەردەوامن لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و بێدەنگکردنی ڕەخنەکانیان لە ترسی فشاری ڕاستڕەوی ئەمەریکا و ترس لە تۆمەتی دژە سامی کە بوونەتە چەکێکی سیاسی بۆ بێدەنگکردنی هەموو ڕەخنەیەکی ڕەوا.
    بۆیە فشاری جەماوەری لەم وڵاتانەدا، لە ڕێگەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، هێزەکانی چەپ و پێشکەوتنخواز، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، و سەندیکاکانی کرێکاران و جەماوەری، وەک ئامرازێکی پێویست دەمێنێتەوە بۆ شکاندنی ئەم بێدەنگییە هاوبەشانە و ناچارکردنی حکومەتەکان بۆ گواستنەوە لە ئیدانەکردنی زارەکی سیستەمی ئاپارتاید بۆ داواکردنی دابڕان و هەڵوەشاندنەوەی.
    لە هەمان کاتدا، فشاری دەرەکی بەتەنیا بەس نییە. هەر گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی پێویستی بە تێکۆشانی هەموو دانیشتووانی ئەم خاکە هەیە، عەرەب و جوولەکە و هەموو نەتەوە و ئایینەکانی تر، لە دژی خودی سیستەم. دەنگی چەپ و پێشکەوتووخوازان لە نێو دانیشتوانی وڵاتدا کە ئەم ڕێگایە ڕەتدەکەنەوە بوونی هەیە و لە کۆمەڵگای خۆیاندا باجێکی قورس دەدەن بۆ دژایەتیکردنی ئەو ڕێگایە. ئەمانە دەنگێکن کە شایەنی پشتیوانی و هاوسۆزی و کاری هاوبەشن.
  8. دەوڵەتی هاووڵاتیبوون، بێلایەنکردنی ناسیۆنالیزم و ئایین لە دەوڵەت
    ململانێ دژی ئەم یاسا ڕەگەزپەرستانەی سزای لەسێدارەدان شەڕێکی یاسایی جیا نییە. ئەمە بەشێکە لە خەباتێکی فراوانتر و قووڵتر کە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی تەواوی پێکهاتەی جیاکاری و زاڵبوونی نەتەوەیی و ئایینی و گەڕان بەدوای بەدیلێکی ڕاستەقینەیە کە مرۆڤ نەک ناسنامە لە ناوەندی دەوڵەت و یاسادا دابنێت.
    بنیاتنانی دۆخێکی هاووڵاتیبوونی ڕاستەقینە و یەکسان دروشمێکی ڕۆمانسی یان ئارەزوویەکی یۆتۆپیا نییە. ئەمە واقیعیانەترین و دادپەروەرانەترین بژاردەی سیاسییە بۆ ئەوانەی کە بەڕاستی دەیانەوێت لەم بنبەستە مێژووییە دەربچن نەک تەنها بەڕێوەی ببەن و نەوە دوای نەوە بەرهەمی بهێنن.
    دەوڵەتێکی عەلمانی دیموکراتی کە عەرەب و جوولەکە و مەسیحی و موسڵمان و عەلمانی و بێباوەڕ و ئەوانی تر هاووڵاتی یەکسانن لەبەردەم یەک یاسادا کە تێیدا ناسیۆنالیزم و ئایین لە دەسەڵات بێلایەن دەکرێن و دەگوازرێنەوە بۆ بواری ئازادی تاکەکەسی و ژیانی کولتووری.
    ناسیۆنالیزم ناسنامەیەکی کولتوورییە و ئایینیش باوەڕێکی تاکەکەسییە. هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە هەڵیبگرێت و شانازیان پێوە بکات، بەڵام هەر لەو خاڵەدا دەوەستێت و نابێتە سەرچاوەی ئیمتیازاتی یاسایی یان پاساوێک بۆ مافەکانی سەرووی مافی ئەوانی تر.
    دەوڵەتێک کە شەرعییەتی خۆی لە ناسنامەیەکی ئایینی یان نەتەوەیی دیاریکراوەوە وەردەگرێت بە ناچاری دەبێتە ئامرازی پەراوێزخستن لە دژی هەموو ئەوانەی سەر بە ئەو وڵاتە نین و هەر ئەمەشە کە سیستەمی ئاپارتایدی ئیسرائیلی بەرهەمهێناوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە لە پەروەردەکردنی. ئەمە دەرسێکە نەک تەنها لە بیرۆکەکان، بەڵکو لە ئەزموونی درێژخایەنی ناسیۆنالیستی دیکتاتۆری لە هەمان ناوچەدا فێر دەکرێت.
    ئەم بۆچوونە هیچ یەکسانییەک لە نێوان داگیرکەر و ئاوارەکاندا ناگەیەنێت، هەروەها هیچ یەکسانییەکی ئەخلاقی لە نێوان دەوڵەتێک کە ئاپارتاید پەیڕەو دەکات و خەڵکێک کە لە ژێر گەمارۆدان و سەرکوتکردن و داگیرکاریدا بەرهەڵستی دەکەن.
    ئەم بابەتە لە ڕاستیدا زۆر ئاڵۆزە، لەگەڵ ڕەهەندی مێژووی، جوگرافی، دیمۆگرافی و یاسایی، و ڕێگە بە چەندین تێڕوانینی جدی دەدات تەنانەت لە نێو ڕیزەکانی چەپدا خۆی. لەگەڵ ئەوەشدا من لەسەر بنەمای خوێندنەوەی واقیعی جوگرافی و دیمۆگرافی مەیلی ئەوەم هەیە کە چارەسەری یەک دەوڵەت بە ناوێکی تر، لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان، دادپەروەرانەترین و واقیعبینترین چارەسەرە لە ئاسۆی مێژوویدا، و پڕۆژەی دوو دەوڵەت لەسەر بنەمای نەژادی بەو شێوەیەی کە ئێستا بڵاو دەکرێتەوە، گەلی فەلەستین لە مافەکانیان بێبەش دەکات و کێشەی نوێ دەخوڵقێنێت لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەی ئێستا.
    تێکەڵبوونی دیمۆگرافی قووڵ لەنێوان فەلەستینیەکان و جوولەکەکان لەسەر ئەم خاکە، بوونی زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی لەناو ئیسرائیلدا کە دووچاری جیاکاری دامەزراوەیی دۆکیۆمێنتاری دەبنەوە لە مافە مەدەنی و سیاسی و ئابوورییەکانیان و هیچ چارەسەرێکی دابەشکردن وەڵامێکی دادپەروەرانە پێشکەش ناکات، و پارچەپارچەبوونی جوگرافیای فەلەستین کە دەیان ساڵ لە ئاوارەبوونی زۆرەملێ بەرهەم هاتووە، کە قسەکردن لەسەر دەوڵەتی فەڵەستین لە وەهمدا نزیک دەکاتەوە، هەموو ئەمانە پاڵ بەم هەڵبژاردنە دەنێن.
    لە ناوەڕاستی هەموو ئەم بیرکردنەوەیانەدا مافی گەڕانەوەیە، ئەو مافە مرۆیی و یاساییە کە بە بڕیاری 194 ی نەتەوە یەکگرتووەکان مسۆگەر کراوە، مافی ملیۆنەها ئاوارەی فەلەستینی و کوڕ و کچەکانیان کە لە کەمپەکانی لوبنان و ئوردن و سوریاوە تا سووچەکانی جیهان بڵاو بوونەتەوە.
    هاوکێشەی دانوستان وەک بەربەستێک مامەڵەی لەگەڵ کردووە کە پێویستە بەسەریدا زاڵ ببێت، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا کۆڵەکەیەکی بناغەییە کە هیچ چارەسەرێکی قبوڵکراو ناتوانێت تێبپەڕێنێت. دۆخی هاووڵاتیبوون تاکە چوارچێوە کە ڕێگە بە دانپێدانان دەدات، چونکە خاڵی سەرچاوەکەی هاووڵاتیبوونە نەک زۆرینەی نەژادی.
    مشتومڕ لەسەر باشترین شێوەی ئەم دەوڵەتە شەرعی و کراوەیە، ئەگەر شێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو لە ژێر ناوێکی نوێدا وەربگرێت لەگەڵ لامەرکەزییەتێکی کارگێڕی فراوان کە مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی مسۆگەر دەکات، یان قەوارەیەکی فیدرالی کە خۆبەڕێوەبردنی پێکهاتەکانی مسۆگەر دەکات و یەکێتی هاووڵاتیبوون و مافەکان دەپارێزێت، یان یەکێتیەکی کۆنفیدرالی نێوان دوو قەوارەی یەکسان لە ماف و سەروەریدا. یان هەر هاوکێشەیەکی تر کە خەڵکی ئەم خاکە بە خواستی ئازاد لەسەری ڕێککەوتوون.
    تاکە پێوەری جێگیر لە هەموو ئەم هاوکێشانەدا هاووڵاتیبوونی یەکسان و مافی مرۆڤە، نەک ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی. ئایین بابەتێکی تایبەتە نەک دەوڵەت و ناسیۆنالیزم میراتێکی کەلتوورییە کە لە بواری کۆمەڵایەتیدا ئاهەنگ دەگێڕدرێت.
    ئەم بەدیلە خەونێکی یۆتۆپیای دابڕاو نییە لە واقیع. ئەمڕۆ لە نێو هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان لە سەرانسەری جیهاندا بە جددی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، پاش ئەوەی سیستەمی ئاپارتایدی ئیسرائیل پڕۆژەی دوو دەوڵەتی لە ڕێگەی سیاسەتە بەردەوامەکانی نیشتەجێکردن و شەڕانگێزییەوە تێکدا.
    هەرکەسێک بڵێت ئەم پڕۆژەیە یۆتۆپیایە دەبێت لەبیری بێت کە هیچ کەسێک خەیاڵی ئەوە نەدەکرد کە سیستەمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور سەرەڕای ئەو هەموو هێزە سیاسی، سەربازی و ئابوورییە گەورەیەی کە هەیبوو، دەڕوخێت.
    لەگەڵ ئەوەشدا خەباتی جەماوەری ناوخۆیی و جیهانی، لەگەڵ فشاری نێودەوڵەتی کەڵەکەبوو، سەلماندی کە داڕمان کاتێک دەگونجێت کە ئیرادەی ڕاستەقینە و هاوپشتی ڕاستەقینە هەبێت. مێژوو بە هێڵێکی ڕاست ناجوڵێت، و ئەو سیستەمانەی کە وا دەردەکەون چەسپاو بن دەست دەکەن بە شکاندن کاتێک تێچووی بەردەوامبوونیان لەوە زیاترە کە بەرگەی دەگیرێت.
  9. دژی لۆژیک، نەک تەنها دژی سزایەک
    گوتاری چەپ و ئازادی دەبێت لەسەر بنەمای ڕەخنەی ڕاستگۆیانە دابنرێت، تەنانەت لە سەختترین ساتەکانیشدا بەرگری لە داگیرکاری و نادادپەروەری نەتەوەیی ئەرکێکی ئەخلاقی و یاساییە کە جێی مشتومڕ نییە، بەڵام ئەمە ئەرکێکی هاوتەریب لانابات: ڕەخنەی ڕاشکاوانە لە هەمان کەمپدا.
    ئەزموونی فەلەستین خۆی دوو نموونەی ڕوون دەخاتەڕوو: بزووتنەوەیەک کە کەوتە ناو گەندەڵییەوە و هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ سیستەمی ئاپارتاید بەڕێوە دەبرد تا ئەو کاتەی قیبلەنمای ئازادی خۆی لەدەست دا، و ئەوی دیکەش کە سیستەمی تاک حیزبی دامەزراند کە جۆرێک لە چاودێری ئایینی بەسەر ژیانی گشتیدا سەپاند.
    شەڕی ناوخۆیی ئەوان کارەساتێکی سیاسی لێکەوتەوە کە پەرتەوازەیی فەلەستینییەکانی قوڵتر کرد و پڕۆژەی ئەڵتەرناتیڤی لاواز کرد لە بەرامبەر دوژمنێک کە ئەم دابەشبوونە بە تەواوی دەقۆزێتەوە.
    ئەو بزووتنەوانەی کە تۆوی داخستنی ئایینی-نەتەوەیی و سیاسی و دەسەڵاتخوازی لە گوتارەکانیاندا هەڵدەگرن و جەماوەر دەخەنە ناو جەنگێکی نایەکسانەوە کە تێیدا ژیانی بێتاوانان زۆرترین باج دەدات، پڕۆژەیەکی ڕاستەقینەی ڕزگاریخوازی دروست ناکەن. بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا لەوانەیە بە ناوێکی تر وێنەیەکی پێچەوانەی دوژمنەکەیان بەرهەم بهێنن.
    ئەم ڕەخنەیە پاشەکشە نییە لە مافی فەلەستینییەکان و نە هیچ جۆرە پرسیارێک لە دادپەروەری کێشەکە. بانگەوازێکە بۆ پەرەپێدانی بەرەو ئەلتەرناتیڤێک کە دادپەروەرانەتر، مرۆڤانەتر، عەقڵانیتر و کراوەتر بێت بۆ ئاسۆی سۆسیالیستی، بەدیلێکی توانای بنیاتنانی پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازی ڕاستەقینە لەسەر زەوی.
    کەواتە ڕۆڵی هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان لە هەموو فراکسیۆنەکانیاندا دێت لە خستنەڕووی ئەلتەرناتیڤی دەوڵەتی هاووڵاتیبوونی عەلمانی، کە ناتوانرێت بنیات بنرێت تەنها لەسەر شانی پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازی کە لەسەر بنەمای بێلایەنکردنی ناسیۆنالیزم و ئایین لە دەوڵەت دامەزراوە، و هاووڵاتیبوونی یەکسان و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی وەک پێوەر بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی.
    دادپەروەری بە کوشتن و تۆڵەسەندنەوە بەدی ناهێنرێت. تاوان و توندوتیژی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتین کە ڕەگی قووڵی لە نادادپەروەری و هەژاری و ئاوارەیی و چەوساندنەوە هەیە کە بە درێژایی نەوەکان کەڵەکە بووە. کاتێک دەوڵەتێک کە جیاکاری نەتەوەیی قێزەون ئەنجام دەدات پەنا دەباتە بەر سزای لەسێدارەدان دژی خەڵکێک کە لە ژێر چەوساندنەوەدا تێکشکێنراون، ئەوە چارەسەری توندوتیژی ناکات. ئەوە وروژاندن، بەرهەمهێنانەوەی، و چینێکی نوێ لە نادادپەروەری و سکاڵا زیاد دەکات.
    بەرپرسیارێتی ڕاستەقینە دەکەوێتە ئەستۆی پێکهاتەی جیاکاری و چەوساندنەوەی نەتەوەیی کە توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت و نەوە لە دوای نەوە خۆراک دەدات.
    ململانێی ڕاستەقینە تەنها بە یەک سزای یاسایی دیاریکراو سنووردار نییە، هەرچەندە سەخت بێت. ئەو لۆژیکێکی تەواو دەکاتە ئامانج کە دەوڵەت دەکاتە ئامرازی کوشتن، یاسا دەکاتە پەردەیەک بۆ جیاکاری، و ئینتیمای نەتەوەیی دەکاتە پێوەرێک بۆ بەهای ژیان.
    ئەوانەی ئەم لۆژیکە دەپارێزن و دەیپارێزن، چ لە ڕێگەی پشتگیری ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی سەرکۆنەی ترسنۆکەوە کە هاوکاری ڕاستەقینە دەشارێتەوە، بەرپرسیارێتی تەواوی مێژوویی و ئەخلاقی خۆیان لە ئەستۆ دەگرن، جا لە تەلئەبیب یان واشنتن و برۆکسل و لەندەن و پاریس یان لە پایتەختە عەرەبییەکان دابنیشن.
    خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی جیاکاری و نادادپەروەری نەتەوەیی ئیسرائیل و دابڕانی هاوپەیمانی جیهانی کە دەیپارێزێت شەڕی جیا نین. ئەمانە چەند دەربڕینێکی یەک خەباتی ئازادیخوازن کە هەموو مرۆڤێک، بەبێ جیاوازی، لە چەقی بەها، ماف و یەکسانیدا دادەنێت.
    لەم چوارچێوەیەدا، هەڵوەشاندنەوەی یاسای سزای لەسێدارەدانی ئیسرائیل کە لە 30 ی ئاداری 2026 دەرچووە، دەبێتە داواکارییەکی دەستبەجێ و بەپەلە، چونکە یاسایەکی دڕندە و ڕەگەزپەرستانە، ئامرازێکی کۆدکراوی پاکتاوی ڕەگەزی، تاوانی جەنگ و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای مرۆڤایەتی نێودەوڵەتیە. داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە ئەرکێکی ئەخلاقی و یاساییە کە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان و مافەکانی مرۆڤ و هەموو دەوڵەتێک کە بانگەشەی ڕێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ دەکات.
    با سیستەمی ئاپارتاید لە ئیسرائیل بڕووخێنین و سزای لەسێدارەدان جێبەجێ بکەین، نەک تەنها لە ئیسرائیل بەڵکو لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە و هەموو جیهان. با سزای لەسێدارەدان خۆی دوایین قوربانی بێت کە هیچ گەڕانەوەیەکی لێ نییە.

بەستەرە پەیوەندیدارەکان
لێبوردنی نێودەوڵەتی، 30 ی ئاداری 2026: ئیسرائیل و ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین و یاسای سزای لەسێدارەدان کە تازە پەسەند کراوە دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە
https://www.amnesty.org/en/latest/news/2026/03/israel-opt-newly-adopted-death-penalty-law-must-be-repealed/
لێبوردنی نێودەوڵەتی، شوباتی 2022، ئاپارتایدی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینیەکان: سیستەمی ستەمکارانەی زاڵبوون و تاوان لە دژی مرۆڤایەتی
https://www.amnesty.org/en/documents/mde15/5141/2022/en/
هیومان ڕایتس وۆچ، نیسانی 2021، سنوورێک تێپەڕاند، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و تاوانەکانی ئاپارتاید و چەوساندنەوە
https://www.hrw.org/news/2021/04/27/abusive-israeli-policies-constitute-crimes-apartheid-persecution




شکستی دەسەڵاتداریی.. ستار ئەحمەد

لە مێژووی گەلان و ململانێی نێوان ستەمکار و چەوساوەکاندا، هیچ دیاردەیەک بەقەد “خۆبێزاندنی دەسەڵات” مەترسیدار نییە، چونکە ئەمە ئەو خاڵەیە کە تێیدا پەیوەندی نێوان فەرمانڕەوا و هاوڵاتی دەگاتە بنبەست و دیوارێکی ئەستوور لە بێ متمانەیی دروست دەبێت. دەسەڵاتێکی شکستخواردوو، کاتێک دەبینێت توانای کۆکردنەوەی لایەنە جیاوازەکان و ڕازیکردنی جەماوەری نەماوە، لە جیاتی چاکسازی و گەڕانەوە بۆ لای میللەت، پەنا بۆ توندوتیژی و بێزاندنی خەڵکی دەبات، ئەمەش بەرەنجامێکی تاڵ و وێرانکەری لێدەکەوێتەوە کە کۆمەڵگە بەرەو لێکترازان و دوورکەوتنەوەیەکی یەکجاری دەبات. کاتێک ڕێگەی ئازادی و دەربڕینی دید و بۆچوونە جیاوازەکان لە ناوخۆدا دەگیرێت، دەسەڵاتدار بە کردەوەکانی وای لە هاوڵاتی و لایەنە سیاسییەکانیش دەکات ،کە لە داخی ئەو هەموو ناڕەوایی و چەوسانەوەیە، پەنا بۆ دوژمنانی میللەتەکەی خۆیان بەرن، نەک لەبەر ئەوەی دوژمنیان خۆش دەوێت، بەڵکو وەک پەرچەکردارێک دژی ئەو ستەمە ناوخۆییەی کە هەموو دەروازەکانی ژیانی لێ داخستوون.
ئەمە گەورەترین شکستی دەسەڵاتدارییە کە میللەتێک لە ناوماڵی خۆیدا هەست بە نامۆیی و بێپەناهی بکات و دەسەڵاتەکەی وەک داگیرکەرێکی ناوخۆیی ببینێت. چۆن دەکرێت دەسەڵاتێک کە بە ڕۆژی ڕووناک قووتی ڕۆژانەی خەڵکی دەدزێت و نانی دەمی منداڵانی ئەم نیشتمانە دەبڕێت، هێشتا بە بێشەرمی و ڕووپۆشی درۆوە هەڵگری دروشمی بەرزی و پیرۆزی بێت و بانگەشەی بەرزکردنەوەی ئاڵای نیشتمان بکات..؟
ئاڵا و نیشتمان پێش هەر شتێک بە واتای پاراستنی ئابڕوو و بژێوی هاوڵاتی دێت، نەک برسیکردن و سەرکوتکردنیان. ناکرێت و قبوڵکراو نییە، کە سەرکردایەتییەک لە دوورەوە و لە ناو کۆشکە زێڕینەکانیدا کەرکوک بە دڵی کوردستان دابنێ و بە وشەی بریقەدار یاری بە هەستی خەڵک بکات، کەچی کاتێک کار دەگاتە سەر کردار، تەنانەت بە ڕێبواریش بێزی نەیەت بە ناو کۆڵانە خەمناکەکانی ئەو شارەدا تێپەڕێت و ئازارەکانیان لە نزیکەوە ببینێت. ئەم جۆرە لە سیاسەتکردنە، تەنیا بازرگانیکردنە بە پیرۆزییەکان و بەکارهێنانی ناوی شارەکانە بۆ بەرژەوەندییەکی کاتی.
دەسەڵاتداریی بە وشەی بریقەدار و درۆی ڕەنگاوڕەنگ و ڕاپۆرتی میدیایی چەواشەکار پێکنایەت، بەڵکوو دەسەڵاتداریی زانستی دادپەروەری و دابەشکردنی یەکسانی سەروەت و سامانە. دەسەڵاتێک کە لە ئاستی داواکارییە ڕەواکانی میللەتەکەی خۆیدا لووتی لە چیاکانیش بەرزتر بێت و سەری لە پۆڵا ڕەقتر بێت و ئامادەی هیچ سازش و گفتوگۆیەک نەبێت، کەچی بۆ هەر فشارێکی دەرەکی و ناحەزانێک چەپڵە لێبدات و کڕنۆش بەرێت، هەرگیز ناتوانێت ببێتە جێی متمانەی گەلەکەی. ئەم جۆرە ڕەفتارانە وایکردووە کە خەڵک بگەنە قەناعەتێکی وا کە ئەم دەسەڵاتە تەنیا بۆ پاراستنی خۆی و دارو دەستەکەی دەژی، نەک بۆ خزمەتی گشتی. لێرەدا بێزاندنەکە دەگاتە ئاستێک کە تاکەکان و لایەنەکان هەست بە نامۆبوونی تەواو دەکەن و هیچ بەهایەک بۆ دروشمە نەتەوەییەکان نامێنێتەوە، چونکە کاتێک نیشتمان نەتوانێت نانت بۆ دابین بکات و ئازادیت بۆ بپارێزێت، ئیتر بۆ زۆرێک تەنیا دەبێتە تەلبەندێکی گەورە. کاتێک دەسەڵاتدار چێژ لە چەوسانەوەی هاوزمانەکەی خۆی دەبینێت و لە هەمان کاتدا بەرانبەر بە بێگانە دەبێتە پارە پەرستێکی گوێڕایەڵ، ئەوە نیشانەی کۆتایی هاتنی ڕەوادانیی ئاکارییە.
پێویستە ئەم دەسەڵاتە بزانێت کە مێژوو بەزەیی بە کەسدا نایەتەوەو ئەو دیوارەی لە نێوان خۆی و خەڵکدا دروستی کردووە، ڕۆژێک بەسەر سەری خۆیدا دەڕووخێت. برسیکردنی میللەت و دزینی سامانی گشتی و پاشان داوای نیشتمانپەروەری کردن، گەورەترین سووکایەتییە بە ئەقڵی مرۆڤ. نیشتمان تەنیا خاک نییە، بەڵکو مرۆڤەکانن؛ کاتێک مرۆڤەکانت بێزار کرد و وات لێکردن بێز لە خاک و زمان و نەتەوەی خۆیان بکەنەوە بەهۆی کارە ناڕەواکانتەوە، ئەوا تۆ گەورەترین ناپاکیت لە مێژوو کردووە. دەسەڵاتداری ڕاستەقینە پێویستی بە دڵسۆزی و پاکی و دەستپاکی هەیە، نەک بە فێڵ و تەڵەکەی سیاسی و خۆدەوڵەمەندکردن لەسەر حسابی منداڵە هەژارەکان. کاتێک دەسەڵاتێک دەبێتە هۆکاری ئەوەی گەنجەکانی وڵاتەکەی سەری خۆیان هەڵگرن و ڕوو لە هەندەران بکەن، کاتێک زاناکان و بیرمەندەکان پەراوێز دەخرێن و مشەخۆرەکان دەکرێنە پێشەنگ، ئەوا ئەو دەسەڵاتە نەک هەر شکستی هێناوە، بەڵکو بووەتە بارێکی گران بەسەر شانی مێژووەوە.
بەکورتی، ئەم دۆخە ناهەموارەی ئێستا تەنیا بە گۆڕانکاری بنەڕەتی و گەڕانەوەی شکۆ بۆ مرۆڤ و سزادانی دز و گەندەڵەکان چاک دەبێت. شکستی دەسەڵاتداریی لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکو دەبێتە سەرەتایەک بۆ ڕاپەڕینی وشیاری و داواکردنی مافە خوراوەکان. میللەتێک کە فێری نان خواردن بە ئارەقەی نێوچاوان بووبێت، هەرگیز تەسلیمی ئەو دەسەڵاتە نابێت کە دەیەوێت بە برسیکردن بیخاتە سەر ئەژنۆ. کاروانی خۆبێزاندن هەموومان بەرەو هەڵدێرێکی وا دەبات.. کە هیچ گەڕانەوەیەکی تێدا نەبێت، مەگەر ئەوەی ویژدانێکی زیندوو لە ناو جومگەکانی ئەم وڵاتەدا سەر هەڵبداتەوە و کۆتایی بەم هەموو ستەمە بێنێت کە ناوی نراوە حوکمڕانی. نیشتمان پێویستی بە سەرکردەیەک هەیە کە لەگەڵ ئازارەکانی کەرکوک و هەموو شارەکاندا بژیت، نەک تەنیا لە کاتی گوتارەکاندا ناویان بێنێت. هەتا ئەو کاتەی دەسەڵات لووتی لە گارە بڵندتر بێت، بێزاندن و دوورکەوتنەوەی خەڵکیش بەردەوام دەبێت.

ستار ئەحمەد




ساوێربروخ و نەخۆشخانەی بەخشین.. ئەحمەد ڕەسوڵ

غەزال، قوربانییەک لە پڕۆسێسی بەتاڵبوونەوەی کایەی پزیشکیی لە نێوەڕۆکی بەهاداریی مرۆیی

لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، کاتێک ئەڵمانیا لە شکانە گەورە و یەک بە دوای یەکەکانیدا لەلایەن ڕووسییەکانەوە، جەنگ گەیشتبووە دەوروبەری بەرلین، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکاندا کە دکتۆر ساوێربروخ، کاری پزیشکیی و نەشتەرگەریی تێدا ئەنجام دەدا و چارەی سەربازە بریندارە ئەڵمانییەکانی دەکرد، بەڵام بەڕێکەوت بووە یان بە نهێنیی یان هەر جۆرێک، یەکێک لە سەربازە ڕووسییە بریندارەکان دەگاتە نەخۆشخانەکە و بۆ بەردەستی دکتۆر ساوێربروخ بۆ چارەکردن.
ساوێربروخ بەبێ دوودڵیی و بەبێ پرسیارکردن و داواکردنی مۆڵەتی پۆلیس و لایەنی پەیوەندیدار یان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سەربازە ڕووسییەکە لە بەرەی دوژمنە و هەر ئێستا دوژمن ئاگر دەبارێنی بەسەر گەل و نیشتمانەکەیدا، داو و دەرمانی پێویستی بۆ دەکات و بە ئەرکی چارەسازیی خۆی هەڵدەستێت.

ساوێربروخ، زانایەکی بواری پزیشکیی گەورە و پزیشکێکی نەشتەگەریی بەنێوبانگ و کاریگەری ئەڵمانییە، کە ژمارەیەک دۆزینەوە و داهێنانی کاریگەری ئەنجامداون لە بواری پزیشکیی و نوژدارییدا.

ساوێربروخ، باوەڕی وەها بووە و چەندین جار بە شێوازی جیاواز و لە ڕوانگەی جوداوە باسی کردووە و چەند پاتەی کردووەتەوە کە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی و نوژداریی بە مرۆڤ، بنەمایەکی مرۆیی و گەردوونیی هەیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی پلە و پێگەی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئابووریی کەسەکان و هەروەها بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەنگ و ڕەگەز و زمان و نەتەوە و ئاین و ئاینزا، دەبێت هەر ئیمکاناتێک کە لە بواری پەرەستاریی، پزیشکیی و نوژدارییدا بەردەستە، لە بەرزترین ئاستی خۆیدا پێشکەش بە هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە پێویستیان پێیەتی لە چارەخوازان.

ساوێربروخ، هێندە پزیشکێکی ڕاستەقینە و بەباوەڕ بوو بۆ کارەکەی، کە هەندێجار ئەو پێداویستیی و کەلوپەل و دەوا و دەرمانانەی بە پارەی گیرفانی خۆی دەکڕی و لە ماڵەکەی خۆیدا بە هەندێک لە چارەخوازانی هەژار و بێپارەی، بە خۆڕایی پێشکەشدەکردن و تەنانەت تا ئاستی نەشتەرگەریی لابردنی ڕیشاڵە شێرپەنجەییەکان و نەخۆشییە قورسەکانی دی.

کاتێک نەخۆخانەیەک یان پزیشکێک “نەخۆشخانەی بەخشین و ئەو پزیشکەی لەو کاتەدا لەوێ بووە” چاوەڕێی کاغەزێک و ڕێپێذانی پۆلیس یان هەر لایەنێک دەکەن بۆ چارەکردنی بریندارێک کە لە لەلێواری مەرگدایە، هیچمان پێناڵێت جگە لە ڕێزنەگرتن لە بنەما ئینسانییەکانی کاری پزیشکیی و چارەسازیی.

هەڵبەت نەخۆشخانەی بەخشین کە بەشێکە لە پڕۆسێسی بە بازرگانییکردنی کەرتی تەندروستیی و کایەی پزیشکیی و چارەسازیی بە تەنیشت هەموو نەخۆشخانە ئەهلییەکانی دیکەوە، جگە لەوەی لێدانێکی گەورەیە لە خزمەتگوزارییەکی گرنگیی وەکو خزمەتگوزاریی تەندروستیی و پزیشکیی وەکو خزمەتگوزارییەکی گشتیی بۆ کۆمەڵگا، هەروەها لێدانە لە بەها و ناوەڕۆکی مرۆییانەی کەرتی تەندروستیی و پزیشکیی و هەروەها لێدانە لە پیشە و کاری پزیشکیی و تەندروستیی وەکو کار و پیشەیەکی مرۆیی باڵا و خاوەن بنەمای بەهاداری گەردوونیی.




خەزاڵە شۆڕی سابڵاخی!.. برایم فەڕشی

خەزاڵ، خەزاڵە شۆڕی سابلاخییە
کەنیشکی شارەکەی هێمن و قازییە
ڕۆڵەی چوارچرا و کۆماری کوردییە
لە دەست عەجەمان ڕووی لە شارەزوور کردییە
سویندی بە نیشتمان و زێدی خۆی خواردییە
هەتا ڕزگار نەبێ نیشتمانی لە دەستی عەجەمان
خوورد و خوارکی لە خۆ حەرام کردییە
هەستا وەڕێ کەوت گوند بە گوند و شار بەشار
چۆم و کێو و شاخ و چیایی لە ژێر پێ خستیە
خۆی لە مەڵبەندی پیرەمێرد و حاجی کۆیە دیتییە
خۆی تێکەڵ کچ و کوڕانی ڕۆژهەڵاتێ کردییە

لاس و خەزاڵ، خەج و سیامەند، سەیدەوان، مەم و زین و زۆربەی بەیتی کورد، بە تراژێدی کۆتایی پێدێت، وەک ژیانی خەزاڵ و خەزاڵەکان. زۆربەی ڕابەرانی سیاسی کورد وەک شێخ سەعید و سەید ڕەزا ، سمکۆ، قازی، قاسملو، شەرفەکەندی، شەفیعی و زۆریتر، ژیانیان بە تراژێدی کۆتایی هاتووە. کارەساتەکانی دەرسیم، هەڵەبجە، ئەنفال، قاڕنا و قەڵاتان، گێڕانەوەی ژیانی تراژیکی نەتەوەی کوردە.

کورد خۆی لە حاند ئەم تراژێدی و کارەساتانە بە شیعر و سرود و ڕۆڕۆ دەلاوێنتەوە و بە شەهید ناو هێنانی کوژراورکانی خۆی لە ناو فەرهەنگێ هێرشبەران و داگیرکەرانیدا، دەبینێتەوە. بە خوێندنەوەی شیعر و سرود حماسە و هەستی خۆی دەژێنێتەوە و بیر و هزر و بیرکردنەوە لە جێدا دەمێنێتەوە، بەم چەشنە ڕێگا بۆ دووبارەبوونەوەی کارەسات، ئاواڵە دەهێشترێتەوە.

هەر نەتەوەیەک بە دەرس وەرگرتن لە کارەسات و هەڵەکانی، ڕێگای نوێ دەگرێتەوە و ڕێگای کۆن دووبارە ناکاتەوە. ئەوەی تووشی هۆلۆکاست کرا، خۆی لە سەربەخۆیی خۆی و نیشتمان و خەڵکەکەیدا، دیتەوە. خاوەنی دەرسیم، هەڵەبجە، ئەنفال، قاڕنا و قەڵاتان و شەنگال، خۆیان لە ناو جەغزی داگیرکەرانی خاک و خەڵک و کیانی خۆیاندا، دیتۆتەوە.

مەرگی خەزاڵەکان تێگەیشتن و سیاسەت و هەڵسوکەوت و لە ناو جەغزەکان مانەوەمان، لە قاو دەدەن!
برایم فەڕشی
١٧/٤/٢٠٢٦




چیرۆک\ فەنابوون.. کوردستان مید

چاوەکانم بەهێواشی کردەوە .. ئەی خوایە گیان! دواکەوتووم بۆ قوتابخانە! بەپەلە هەستام و جلە تازەکانم دەرهێنا و لەبەرم کرد، ڕۆشتمە ژووری برابچووکەکەم جانتاکەم هەڵبگرم، سوپاس بۆ خوا ڕەنگی جانتاکە گۆڕاوە لەکۆتایدا دایکم جانتایەکی نوێی بۆ کڕیووم.
جانتاکەم کردە شانم و بە ڕاکردن بەڕێ کەوتم بۆ خوێندنگا .
دەرگای خوێندنگاکە کراوەتەوە و مناڵەکانیش لەوێن، بەخێرایی ڕۆشتمە حەوشەی خوێندنگاکە ..ئایا ئەوان سەیری من دەکەن ؟ بەڵام بۆچی سەیرم دەکەن ؟ هەندێکیان بەگوێی یەکتر دەچرپێنن و پێدەکەنن ، لەوانەیە پێیان وابێت جانتا نوێیەکەم کەمێک بچووکە بەڵام من بەدڵم بوو، ئاسودەبووم لەگەڵی، وێنەی سەیارەیەکی ناوازەی لەسەربوو.
یەکێک لە مناڵەکان هاواری کرد:
— سەیری ئەو پیاوە پیرەبکەن وەک منداڵ ڕەفتار دەکات!
مناڵەکان تێکڕا دایانە قاقای پێکەنین.
ئاوڕم دایەوە لەگەڵیان ، ئۆی خوایە! وادیارە مەبەستیان ئەو کابرایە بوو کە کڵاوێکی سەیری لەسەر بوو و لای دەرگاکە بە توڕەییەوە سەیری منداڵەکانی دەکرد…
بەهەنگاوی خێرا هاتە تەنیشتم و لە مناڵەکان نزیک بۆوەو هاواری کرد:
— بگەڕێنەوە بۆ ناو پۆلەکانتان هەرئێستا ..
منداڵەکان بەپەلە بڵاوەیان لێکرد، ویستم منیش بڕۆم بەڵام پیاوەکە دەستەکانی کردە سەر شانم و وتی:
— تۆ بۆچی جانتای منداڵانت لە شان کردووە ؟
پیاوێکی پیری باڵابەرز لەبەردەمم ڕاوەستاوە و دەستەکانی لەسەر شانمە. نازانم کێیە و چی دەوێت؟ ڕوخساری پیاوەکە لەبەرچاومدا لێڵ بوو ، هەموو ئەو وشانەی کە ئێستا وتی وەک نوسینێکی سەر لمی بەر باران سڕانەوە لە مێشکمدا، ئێستا تەنها هەستم دەکرد شتێک شانەکانمی قورس کردووە . دەستێکم برد بۆ پشتەوە…
ئۆهۆوو خۆ ئەوە جزدانەکەمە! چۆن وا زوو بیرم چوو کە ژنەکەم بۆ کڕینی میوە ناردومی؟ بۆچی لەناو ئەم بینایەدا ڕاوەستاوم؟
بەپەلە ئەو بینا گەورەیەم جێهێشت کە نەمدەزانی بۆچی تێیدا ڕاوەستاوم…
بەرەو دوکانی میوەفرۆشەکە ڕۆشتم. کاتێک گەیشتم، دەستم کردە ناو جزدانە گەورەکەم کە لە شانم کردبوو..گەنجێک لە پشت مێزەکەوە وەستابوو، چاوەکانی زەق ببووەوە و لێی دەڕوانیم، وەک ئەوەی سەیری بوونەوەرێکی نامۆ بکات. زەردەخەنەیەکی میهرەبانانەم بۆ کرد، پارەیەکی کاغەزیم لە ناو جزدانەکەم دەرهێنا و دامە دەستی. بە دەنگێکی هێمن وتم:
— کوڕی گەنج، خێرا دوو کیلۆ سێوی سوورم بۆ بکێشە. هاوسەرەکەم چاوەڕێیە، نابێت دوابکەوم.
گەنجەکە سەیری پارەکەی ناو دەستمی کرد و پاشان سەیری ڕوخسارمی کرد، ڕوخساری گرژ کرد و وتی:
— چییە کابرا خەڵەفاویت؟ یان پێمان ڕادەبوێریت ؟ ئەوە پارچە کاغەزە کوا پارە؟
بۆ ساتێک تێڕامابووم لە ڕوخساری کوڕە گەنجەکە پاشان سەیری دەستەکانم کرد .. ئەی خوایە گیان بەهەڵە جانتای کوڕەکەم هێناوە و کاغەزەکە لەبەرچاوم بووە بە پارە! وادیارە ئەمشەو زۆر خراپ خەوتوم بەهەنگاوی خێرا دووکانی میوەفرۆشەکەم جێهێشت و بەرەو ماڵەوە بەڕێکەوتم…
لە سووچی شەقامەکەدا پیاوێک لەسەر کورسییەکی دار دانیشتبوو. جلێکی سپیی درێژی پۆشیبوو . پارچە دارێکی گەورەی گرتبوو کە چەند تەلێکی باریکی پێوە بوو، کاتێک پەنجەکانی دەهێنا بە تەلەکاندا، دەنگێکی لێ دەهات.. ئەم دەنگە چەند ئاشنایە بە گوێیەکانم!
پیاوەکە بە دەنگێکی گڕ و خەمناکەوە دەستی پێ کرد:
— “أيَا جَارَتَا، هَلْ تَشعُرِينَ بِحَالي؟”
بێ ئەوەی بیر بکەمەوە، قاچەکانم لە جێی خۆیاندا سست بوون. وەک ئەوەی کلیلێک قفڵێکی کۆنی مێشکمی کردبێتەوە، دەمم کرایەوە و پێش ئەوەی پیاوەکە دێڕی دووەم بڵێت، من بە دەنگێکی لەرزۆک بەڵام پاراو، لەگەڵیا چڕیم:
— “مَعاذَ الهَوَى! ما ذُقتِ طارِقةَ النّوَى.. وَلا خَطرتْ مِنكِ الهُمُومُ ببالي!”
پیاوەکە کەمێک سەیری کردم…خەڵکەکەی کە لەوێ وەستابوون، بێدەنگ بوون. منیش نوقمی ئاوازەکە بووم و چاوەکانم داخست و تەنها ئەو وشانەم دەگوت کە وەک لافاو لە قوڕگمەوە دەهاتنە دەرێ:
— أيَا جارتَا، ما أنْصَفَ الدّهْرُ بَينَنا! تَعَالَيْ أُقَاسِمْكِ الهُمُومَ، تَعَالِي!
تَعَالَيْ تَرَيْ رُوحاً لَدَيّ ضَعِيفَةً، تَرَدّدُ في جِسْمٍ يُعَذّبُ بَالي
أيَضْحَكُ مأسُورٌ، وَتَبكي طَلِيقَةٌ، وَيَسْكُتُ مَحزُونٌ، وَيَندبُ سالِ؟
لَقد كنتُ أوْلى مِنكِ بالدّمعِ مُقلَةً، وَلَكِنّ دَمْعي في الحَوَادِثِ غَالِ
دەنگی چەپڵەیەکی زۆر هات. چاوەکانم کردەوە؛ چەندین گەنج و پیاو و مناڵ لێم کۆببوونەوە… گەنجێک وتی:
— بەخوا مامۆستا دەمت خۆش بێت، عەرەبییەکەت زۆر پاراوە!
لێدانی دڵم خێرا بوو و هەستم کرد هەناسەم لە ناو قوڕگمدا گیری خواردووە… ئەو خەڵکە بۆچی چواردەوریان لێگرتووم؟ بۆچی چەپڵە و فیکە لێدەدەن و پێم پێدەدەنن؟ قاچەکانم هێزیان تیا نەبوو.. سەرم شۆڕ کرد و بە هەنگاوی خێرا بەناو خەڵکەکەدا ڕامکرد …
گەرمای خۆرەکە جەستەمی نوقمی ئارەقە کردبوو، لەتەنیشت مزگەوتەکە ڕاوەستام، خۆ ئەوە مزگەوتەکەیە کە دایکم وتی چاوەڕێم بکە ئێستا دەگەڕێمەوە، ئەی بۆچی نایاتە دەرەوە ؟
ژنەکان پۆل پۆل دەهاتنە دەرەوە بەڵام دایکمی تیا نەبوو ..
سەرم داخست بوو لە ژێرەوە بە هێواشی چاوەکانم کەمێک بەرز دەکردەوە و لەناو ژنەکان چاوم بۆ دایکم دەگێڕا ..چاوەڕوانی هەراسانی کردبووم..دەی با بڕۆمە ژوورەوە خۆ پێشتریش چەندجار لەگەڵ دایکم چووم و کەس لۆمەی نەکردووم!
قاچەکانم دەلەرزین .. بەڵام چەن کوڕێکی بچووکم بینی هاتنە دەرەوە، وادیاربوو هاوتەمەنی منن، بۆیە بە هەنگاوی هێواش و قورسەوە چوومە ژوورەوە، باشە بۆچی بۆچی دایکم دیار نیە؟
لەپڕ گوێیەکانم زرینگایەوە بە زریکەیەکی تیژ.. یەکێک لە ژنەکان هاواری کرد :
— کابرا شەرم ناکەیت هاتوویتە بەشی ژنان؟ خێرا لێرە بڕۆ دەرەوە .
جەستەم دەلەرزی، قوڕگم وشک بووبوو توانای قسەکردنم نەبوو، هەستم دەکرد زەوی لەژێر پێیەکانم دەخولێتەوە ، ئافرەتەکان لێم کۆبووبوونەوە و دەستیان بۆ ڕادەکێشام، بە خێرایی هەنگاوم نا بەرەو دەرەوە و لە مزگەوتەکە دوورکەوتمەوە …
ئێستا گەیشتمە ماڵەوە .. باشە خۆ تا ئەم بەیانیەش بیناکەمان ڕەنگی زەردبوو …ئەی کێ ئەم بۆیە سەوزەی لێداوە؟
باشە بۆچی گەڕەکەکەمان وا گۆڕاوە لەپڕ؟ تۆبڵێی کۆبوونەوەیان کردبێت و بڕیاری گۆڕانکاریەکی بەپەلەیان دابێت ؟ یانیش شارەوانی هەڕەشەی ڕوخاندنی خانووەکانی لێ کردوون ئەگەر شێوازیان نەگۆڕن ؟
خۆر نزیکی ئاوابوون بوو ، هەوڵم دەدا لەسێبەرەکان دووربکەومەوە، لەوکاتەدا کوڕێکی کەمێک بەتەمەن لە دوورەوە لێی دەڕوانیم و بەخێرایی بەرەو ڕووم ڕایکرد، خوایە ئەم پیاوە بۆچی ڕادەکات بۆلام ؟ ئەیەوێت جزدانەکەم بدزێت؟ دەستم بە توندی بە جزدانەکەمەوە گیرکرد و هێزم خستە سەر قاچەکانم بۆ ڕاکردن، بەخێرایی ڕامەدەکرد…ئاوڕم دایەوە پیاوەکە هەر بە دوامەوەبوو، وازی نەدەهێنا نزیک دەبۆوە لێم ، دڵم خەریک بوو لە لێدان بوەستێت ، هەناسەم بۆ نەدەدرا ، پیاوەکە گەیشتەوە پێم و دەستەکانی کردە سەر شانم ،بە هەناسەبڕکێوە وتی:
— بۆ ڕادەکەیت بۆ خاتری خوا ! مردم بەدەستتەوە بۆچی دیسان هاتوویت بۆ لای خانووە کۆنەکەمان و ماڵەوەت جێهێشتووە؟ وەرە با بگەڕێینەوە خێرا ..
پاشان سەیری جزدانەکەمی کرد و دەستەکانی بەهێزەوە کێشا بەسەری خۆیدا و وتی:
— ئەی هاوار تۆ دیسان جانتاکەی لاوێنت بردووە ؟ بەم ڕەفتارانەت ئێمەت کردووە بە گاڵتەجاڕی خەڵک.
هەر دەمزانی بۆ دزینی جزدانەکەم بە دوامەوەیە، لەناو گەڕەکەکەدا هاوارم کرد:
— یارمەتیم بدەن .. یارمەتییی ..وازم لێبێنە دزی خوێڕی چیت دەوێت لێم ؟ پارەکانمت دەوێ ؟
هەمو شتێک لەبەرچاومدا وەک تەمێکی چڕ لێڵ بوو، پیاوێکی گەورە لەبەردەمم ڕاوەستابوو، ڕوخساری کەمێک ئاشنادیاربوو لام، خەڵکێکی زۆر چواردەوریان دابووین… خوایە گیان من بۆچی لێرەم ؟ ئەمانە کێن ؟ بۆچی لێم کۆبوونەتەوە؟ چیان دەوێت ؟ لەپڕ پیاوەکە دەستی گرتم و وتی :
— باوکە گیان با بگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە کات درەنگی کردووە ..
لەلای بینایەکی بەرز و ڕازاوە ڕاوستابووم .. پیاوێکی گەورە قۆڵەکانی گرتبووم …لەپڕ دەرگای بیناکە کرایەوە و ژنێکی گەنج هاتە دەرەوە و بەدەنگێکی بەرز قیژاندی:
— دیسان هێناتەوە بۆسەر کۆڵم! سەدجار پێم وتی من ئارامم نەماوە بەدەستیەوە .. ئیتر یان ئەو لەم ماڵەدا دەبێت یان من.
جەستەم لەگەڵ قیژەی ئافرەتەکە لەرزی.. دڵم بە خێرایی لێی دەدا، نەم دەزانی بۆچی ئەو ئافرەتە گەنجە ڕوخساری ئەوەنە گرژو توڕەیە؟ بۆچی هاوار بەسەر مندا دەکات! خۆمن یەکەمجارمە چاوم پێی بکەوێت! ئەو پیاوە گەورەیە منی بردە ناو بیناکە و لەناو ژوورێکی ڕازاوەدا داینام و لێی پرسیم:
— باوکە برسیتە؟
ئاوڕم بۆ چواردەورم دایەوە ئەم کوڕە کێیە؟ کوا باوکی لەم ژوورەدا نیە! بۆچی بەو شێوەیە سەیرم دەکات؟
سەری لەقاند و دەستی خستە سەر شانم و پێی وتم:
— ئێستا شفتەیەکی خۆشت بۆ دەهێنم دەست و پەنجەی پێوە بخۆیت.
پاش ئەوەی پیاوەکە ڕۆشتە دەرەوە لە ناو وێنەکانی سەر دیوارەکان ڕامام … سەیرم دەکرد وێنەی زۆری پێدا هەڵواسراوە .. وێنەی منداڵ و گوڵ و چیا و ئاسک و وێنەی بڕوانامە، وێنەی ڕێزلێنانێکی لەسەر هەڵواسرابوو، وادیار بوو هی کەسێکە ناوی ئاسۆیە و مامۆستای هونەرە ..
لەپڕ دەنگی کرانەوەی دەرگاکە هات، منداڵێکی بچووکی دە ساڵان هاتە ژوورەوە و قاپێک خواردنی بەدەستەوە بوو بۆنێکی زۆر خۆشی لێ دەهات .. قاپەکەی لەبەردەمم دانا و بەهێمنی وتی :
— ناخۆیت؟
زەردەخەنەیەم بۆ کرد و دەستم کرد بەخواردنی .. ئەی خوایە ئەم خواردنە بەتامە تامەکەی نامۆ نییە لەناو دەممدا.. سەرم بەرز کردەوە و کەمێک سەیری منداڵەکەم کرد کە بە دیارمەوە ڕامابوو ویستم بپرسم بەڵام .. یەکسەر وتی :
— دەزانم دیسانەوە دەتەوێ چی بپرسی باپیرە … تۆ ناوت ئاسۆیە و ئێرە ماڵی تۆیە و منیش کوڕەزای تۆم، باشە ؟ دەزانم دەتەوێ بڵێی بۆ هیچم بیر نەماوە .. چونکە ئەو ڕۆژەی بارانە زۆرەکە باری لە خوێندنگاکە تۆ خەریک بوویت بە ماسیحەیەک ئاوەکە ڕا بماڵیت لەوکاتەدا کەوتیت و سەرت بە خراپی بەر زەویەکە کەوت …
پاشان هاتە لای گوێم و بە چرپەوە وتی :
—هیچی تر لە ماڵەوە بێ پرس مەڕۆره دەرەوە، دایکم زۆر توڕەیە و لەگەڵ باوکم کردوویەتی بەشەڕ، دەوێت بتنێرێت بۆ خەڵوەتگەی پیری..




غەزاڵ.. شیعر: نەوزاد بەندی

لە شەش ملیۆن
کۆیلە و .. زیاتر،
سیامەندێ،
مەردێ نەبوو،
تیمارت کا ..
هەموو،
هەر هەموو نامەرد بوون ..
غەزاڵ ..!

لە شەش ملیۆن ،
دەمەوەر و.. زیاتر،
دەستێ نەبوو
خوێنی مەردیی بیجوڵێنێ،
نەجوڵا ، چارەسەرت کا..
هەموویان هەر دار و بەرد بوون ..
غەزاڵ ..!

غیرەت، هۆ غیرەت
سەگ بتخوا ..
لەو هەموو تەنگە ئەستوورەی
قەت تێر نابن لە قسە و
درۆ و
لێدوان و
چەنە بازیی ..
لەو هەموو شاعیرە
لاتەی
کە پێیان جیاناکرێتەوە
شیعر لەگەڵ لوقمەقازی ..
کامیان وێرایان
بە شیعرێ،
تیمارت کەن ..
یان هیچ نەبێ
نەختێ دڵت بدەنەوە ؟
دەرگای ووشە و
دەرگای ماڵ و
پەنجەرەت لێ بکەنەوە؟
شەش ملیۆن مەڕ،
بە ڤایرۆسی ترس و
سەرشۆڕیی و ملکەچیی،
توشی دەرد بوون ..
غەزاڵ ..

لە هەزاران مزگەوتی
گەورە و بچوکا،
کە هەمانە ..
تاتەشۆرێ
ڕازی نەبوو،
لاشەکەتی لەسەر بشۆن ..
لەگەڵ هەبوونی ئیمانێ،
کە نیمانە ..
هەزاران پەرلەمانتاری
غەبغەبە کشاوی
زۆر بڵێ،
حاسیبەیەک
ووردبینێ
یاخود زۆر خۆرێ ..
ڕازی نەبوو،
باست بکا،
بە هیچ جۆرێ ..
شەش ملیۆن
تارمایی نوستوو ..
شەش ملیۆن
ویژدانی بەستوو..
نیوەی تۆبەکاری سەوز و
نیوەی تۆبەکاری زەرد بوون ..
عەزاڵ ….!

باش بوو،
بەو جۆرە کۆچت کرد ..
پێناسەی ئێمەت خستە سەر
ئەو تەختەیە ..
یەک جەڵەب لە دۆنکیشۆتت،
ئاشکرا کرد،
پەردەت لەسەر ڕوو لابردن،
بە چرکەیە ..
هەتا کورد مابێ ،
کۆچی تۆ ،
به تەوێڵییەوە پەڵەیە ..
هەروەک بەکر عەلی وتی،
ئەم سەردەمە
سەردەمی دز و قەحپەیە ..
شەش ملیۆن پەنجەره
شکان ..
تا دوێنێ بوو ،
بە قەولی خۆیان بێگەرد بوون،
غەزاڵ …!




بۆ غەزال.. شیعر: سەلام عومەر

من تەنیا میوانی خەم نیم
قەدی ئەو درەختە پیرەم تەور برینداری کردووە!
تاشەیەکی کوێستانیم و لافاو هەڵیداومەتە بیابان،
زامی غەزالی زاگرۆسیم
کاتێک لەو سەری دونیا دڵی شوشەی کوردێک دەشکێ،
لێرە لەناو خوێنمدا شیشۆق
لە دەمارم دەچەقێ
من چیتر خۆم لە خەم جیا ناکەمەوە؛
من نەڕەی پڵنگێکی بریندارم لە گوێچکەی مێژوودا
دەنگی قڵیشانی درەختێکی زاگرۆسم و
غەزال ئاویدەدا
بێدەنگی ئەو باوکەم نانێکی دەستناکەوێ
لە هەژاریدا پلانەکانی ئاڵۆز بوون و
لەبەردەم ماڵی خودادا
جەمەدانیەکەشی راخستووە.
من، تاریکیی زیندانییەکم کە لەو دیو دیوارەکانەوە
خەم بەسەر زاگرۆسیەکاندا دابەش دەکاو
زامەکانیان تیمار ناکا
تەنیا تەنیایی نییە،
ئەوە چاوەکانمە بوونەتە روبار و خوێنی جەنگاوەڕەکانمان دەڕێژێ
ئەوە منم گەردوون کێش دەکەم
تا هەموو ئازارەکان لە کونە ڕەشەکانەوە ڕاکێشم و
ببمە تەقینەوەی خەم،
خۆرهەڵات و خۆرئاوا
بۆ من تەنیا دوو گوللەی خەمن،
ئاراستەی من کراون و
دەمپێکن
خەمێک بۆ ئەوانیدی لە خەودایە و
کەچی بۆ من هەمیشە بەپێوەیە،
پیرە درەختێکی زاگرۆسم و
هەر کەسێک لە بنارم شکۆی بڕوشێ
لێرە چڵەکانم هەڵدەوەرن،
هەر شارێک لە جەنگدا بسووتێت،
لێرە دووکەڵی خەم دەمخنکێنێ
دەبمە خەڵوز و ناخم رەش دەنوێنێ
من تەنیا مرۆڤ نیم؛
من ئەو جەستە ماندووەم کە هەموو ئەو غەدرانە هەڵدەگرێت
کە خودا نەیبینیون،
من ئەو کێوە تاقانەیەم
کە لە جەستەی هەمووتاندا هەم و نەرمی دەنوێنم
وەلێ لەنێو نوێنی خەمدا هەر بەقەستی خۆم دەنوێنم
من خەمم و خەمیش من
بۆیە نیشتمان بەخۆم و
خۆشم بە نیشتمان دەچوێنم.




غەزاڵ.. شیعر: نەوشیروان ئازاد

لێم ببورە غەزاڵەکەم ..
کچەکوردە چاوگەشەکەم …
هێشتا ژیان ،
لەلای ئێمە ،
هەرسارایە..
هەرنەبونیی خۆشەویستی و ،
مرۆڤ دۆستی لەتارایە…
لێم ببورە ..
کەلای ئێمە…
کوردایەتی و ،
بۆکورد ژیان
لەئەشکەوت و
لەنێو زیندانی ڕەشایه..
دەبم بەخشە ..
هەناسەکەم ..
بەخشندەگی لەتۆجوانەو ..
لای ئێمە..
درۆیەکی بێ مانایە..
چەند دڵتەنگ و شەرمەندەم بۆت ..
کەدەبیستم هاوکارانم …
لەئاست ژانی زامەکانت…
دڵی ڕەشیان …
لەگیرفانی شەرواڵێکی کەمێک کورت و
سینەیەکی چڵکن دایە

16/4/20




پەریسا.. شیعر: سەردار جاف

دەمێک کزۆڵ، دەمێ بابردووی ئەمشەوەم
دەمێک تينووی تريفەی مانگی يەک شەوەم
خەرمانی بەخت بە توونی بابا ڕۆچووە
کە من زامدار و عەوداڵ و شينی ئەوەم
کاتێ ديدەم بە سيمای ڕووت بەختدارە
چاو پڕ ئەوين، غلۆربووی هەوراز و گەوەم
بەهارم لێ ئاوا نەبوو بەبێ پەری
ئێريکا وا لێم ئاڵاوا مينا هەوەم
وا دەستم لە دامێنت گير بوو پەريسا
مناڵ بزێو و قورتاری دەستی شەوەم
ئاسوودە هەست فڕيوی يادی شەوگارم
دڵم پەڕێش و بێ پەرژانی ئەو خەوەم

سەردار جاف
شاعير و ڕەخنەگر، ئەڵمانيا
16 – 4 – 2026

ئيريکا : توخمێکە لە نزيکەی ٨٥٧ جۆری ڕووەکی گوڵدار لە خێزانی ئێريکاسيا




پێشەکییەک بۆ ئابووری مارکسیستی.. بەشی دووەم.. رەوتی نێودەوڵەتی بەلشەفی

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: گۆران عەبدوڵڵا

بەشی توێژینەوە
International Bolshevik Tendency_IBT

نامۆبوون
مارکس پێی وابوو گۆڕینی هۆشیاریی مرۆڤ بۆ سروشت توخمێکی بنەڕەتییە بۆ ئەوەی مرۆڤبوون مانا پەیدابکات. بوونی جۆرەکانی مرۆڤایەتی، واتە پراکتیزەکردنی مرۆڤ بۆ “بابەتیکردنی” کارەکانمان لە توخمەکانی سروشتدا کاتێک پێکەوە بەرهەم دەهێنین، توخمێکی ئەبەدییە لە بارودۆخی مرۆڤدا.
نامۆبوون بەرهەمی شێوازی ڕێکخستنی بەرهەمهێنانە. تایبەتمەندییەکی هەمیشەیی بەرهەمهێنان یان بارودۆخی مرۆڤ نییە. نامۆبوون چییە؟ چی لە چی یان لە کێ نامۆیە، دوورکەوتووەتەوە یان جیاکراوەتەوە؟ وە ئەمە چ پەیوەندییەکی بە بەها و زێدەباییەوە هەیە؟

نامۆبوون لای مارکس سێ ڕەهەندی هەیە:

١- بەرهەمی کار، واتە کاری بابەتیی، بووەتە “دەرەوەی کرێکار”. مارکس بەم مەبەستە مەبەستی ئەوەیە کە بەرهەمی کار هی کەسێکی ترە جگە لە کرێکارەکە، واتە بۆتە “نامۆ” یان جیابووەوە لەو کەسەی کە دروستی کردووە.
٢- وەک چۆن بەرهەمی کار بۆ کرێکار نامۆ بووە، بە هەمان شێوەش خودی چالاکیی کرێکاری بووەتە “دەرەکی”، واتە لەلایەن کەسێکی دیکەوە بۆ بەرژەوەندی کەسێکی دیکە کۆنترۆڵ دەکرێت. کار بۆتە کاری “زۆر” یان “زۆر” و ئامرازێکە بۆ ئامانجێک (واتە مانەوە لە چوارچێوەی بارودۆخی سروشتی و کۆمەڵایەتی دوژمنکارانەدا) نەک دەربڕینی ئەوەی کە مرۆڤبوون مانای چییە. بەم مانایە کرێکار لە “بوونە جۆرییەکەی” دوورکەوتووەتەوە.
مارکس ئاماژە بەوە دەکات کە کرێکاران بە نامۆبوون لە جەوهەری مرۆیی چالاکیی هۆشیارانە و داهێنەرانە، بە شێوەیەکی پارادۆکسیکال بەدوای ئەزموونی ئاسوودەیی “مرۆڤ”دا دەگەڕێن لەو چالاکییانەی کە لەگەڵ ئاژەڵەکانی دیکەدا هاوبەشمان هەیە، بۆ نموونە خواردن، سێکس.
٣- بناغەی دوو فۆڕمی یەکەمی نامۆبوون، دوورکەوتنەوەی مرۆڤەکانە لە یەکتر. هەروەها مرۆڤی نامۆ (کرێکاری ئیستغلالکراو) لە یەکتر نامۆ دەبن، بەو پێیەی ناچارن لە بازاڕی کاردا کێبڕکێی یەکتربکەن. دابەشبوونی کۆمەڵگە بۆ چینە دژبەیەکانیش جۆرێکە لە نامۆبوون. لەم دۆخەدا جۆری تری چەوساندنەوە گەشە دەکات (نامۆبوونی مرۆڤەکانە لە یەکتر).

ئەو وێنە گشتییەی کە مارکس دەیکێشێت، بریتییە لە کۆمەڵگەیەک کە زۆرینەی ڕەهای دانیشتووان (چینی بەرهەمهێنەر) ملکەچی دەسەڵاتی هێزە کوێرە “ئابوورییەکان” (بە پلەی یەکەم یاسای بەها) و دەسەڵاتی چینی سەرمایەدارین کە تێیدا کرێکاران هیچ قسەیەکیان نییە لەسەر بارودۆخی کار و بە درێژایی ئەو کاتەی ژیانیان کە وابەستەی کارن، ڕەنگە بەدرێژایی ئەو کاتەش لە توانایاندا نەبێت پەنجە بخەنە سەر سەرچاوەی کێشەکە، لەو داماڵینەی ئینسان. پارادۆکسەکە ئەوەیە کە سەرمایەداری لە ڕووی ماددییەوە بەرهەمدارترین کۆمەڵگەیە لە مێژوودا، نامۆبوونی بەرەو ئاستێکی بێوێنە هەڵکشاندووە ئیتر لێرەوە بیر داهاتووی دونیایەکی بێ نامۆبوون دەکرێتەوە.

زێدەبایی دیارترینی کارە نامۆکانە، بەرهەمی زیادەی کار کە بە بەها دەربڕدراوە، لەلایەن خاوەن ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە دەستی بەسەردا گیراوە. قازانجی سەرمایەداری کە بە بەها پێناسەدەکرێت واتە ئیستغلالکردنی چینی کرێکار، پرۆسەیەک کە ڕەگ و ڕیشەی لە چالاکیی خۆ نامۆکردنی بەرهەمهێنەرانی ڕاستەوخۆدا هەیە لە ژێر بارودۆخێکدا کە تێیدا ناچارن هێزی کاری خۆیان بفرۆشن.

ئارگومێنتەکەی مارکس کاریگەریی دیکەی هەیە. هەموو بەهایەک لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا بەشدارە لە پێکهاتەی کاری ئەبستراکتدا کە کاری نامۆیە. “جیهانی کاڵاکان” کە بە شێوەیەکی ماددی دەربڕی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرمایەداریە. چینی کرێکار بە جیهانێک دەورە دراوە کە لە دروستکردنی خۆیەتی، بەڵام نە لە ژێر کۆنترۆڵیدایە و نە لە بەرژەوەندی خۆیدایە. ئێمە لە ڕێگەی ئەو شتانەی کە لە بازاڕدا دەیکڕین، بە یەکەوە گرێدراوین و پارە بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو لایەنەکانی ژیانمان داگیر دەکات. کۆمان دەکاتەوە بەڵام لە هەمان کاتدا دێتە نێوانمانەوە.

ئالوگوڕ
لە کایەی بەرهەمهێناندایە بەها دروست دەبێت. بەڵام زێدەبای لە شێوەی قازانجی پارەدا، وەک نرخی پارە کە دەدرێت بۆ بەهای کاڵاکان لە بواری ئاڵوگۆڕدا کەناسراوە بە بازاڕ. لە کاتێکدا کایەی ئاڵوگۆڕکردن لە کایەی بەرهەمهێنانەوە گەشە دەکات و بە شێوەیەکی ئۆرگانیک پێوەی بەستراوەتەوە، لە هەمانکاتدا دوو بواری جیاوازن و فۆڕمی ئایدیۆلۆژی جیاوازی هۆشیاری دروست دەکەن.

بەرهەمهێنان شوێنی ئیستغلال و نامۆبوونە. هەر لەم کایەیەی ژیانی کۆمەڵایەتیدایە کە ململانێی چینایەتی بە ڕوونیترین شێوە دەخرێتە ڕوو. سەرمایەدارەکان لە ڕێگەی خاوەندارێتی و کۆنترۆڵکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە دەسەڵاتی چینایەتی خۆیان بەسەر کرێکاراندا دەسەپێنن وە کرێکاران بە پلەی جیاواز لە هۆشیاری چینایەتی رووبەڕویان دەبنەوە. بۆ نموونە لە ڕێگەی مانگرتن، داگیرکردنی کارگە و تەنانەت بەرخۆدانی بچووکی ڕۆژانەی وەکو نانخواردن، پاراستنی هاوکاران، پشوودانی درێژخایەن و هتد.

ئاڵوگۆڕکردن کایەی “هاوتاکان”ە – کاڵا جیاوازەکان، کە بەهاکانیان لە ڕێگەی یاسای بەهاوە بچووک دەکرێنەوە بۆ بڕی جیاوازی کاتی کاری ئەبستراکت، سەرەڕای جیاوازی بەهای بەکارهێنانیان، هاوتای یەکترن. کایەی ئاڵوگۆڕ، ئەو شوێنەیە کە پرەنسیپەکانی ئازادی و یەکسانی دەربڕین دەدۆزنەوە. مارکس نکۆڵی لەوە نەکرد کە سەرمایەداری ئەم بنەمایانە بەرەوپێش دەبات؛ ئینکاری ئەوە بە مانای نەتوانینی ڕوونکردنەوەیەکی ماتریالیستی بۆ سەرهەڵدانی مێژوویی خۆیان پێشکەش بکەن. بە پێچەوانەوە مارکس لەوە تێگەیشت کە چۆن یاسای بەها مەیلێک (نزعة) بەرەو یەکسانی و ڕزگاربوون لە سەپاندنی نایەکسانی “نائابووری” دروست دەکات.

فەرمانە ئایدیۆلۆژییە باڵادەستەکانی سەرمایەداری لە پەیوەندییەکانی بازاڕەوە وەرگیراون. سەرمایەداری خۆی لەسەر بنەمای بازاڕ پێناسە دەکات و هەر لەوێشەوە کۆمەڵگە رەنگڕێژ دەکات بە یاساکانی بازاڕ، واتە ئەوە لە بیر دەکات کە خۆی شێوازێکی بەرهەمهێنانە. سەرمایەدارەکان بەڕاستی پێیان وایە کە قازانجەکانیان لە کایەی ئاڵوگۆڕکردندا، “دادپەروەرانە و بێغەل و غەشەوە لە ڕێگەی وەبەرهێنان و ماندووبوونی خۆیانەوە بەدەست دێت. ئەگەر ئەوان لە بواری بەرهەمهێنانی کاڵادا بن، ئەوا هەندێک هۆشیارییان هەیە بۆ ڕۆڵی کرێکارەکانیان، بەڵام ئەو هۆشیارییە تا ڕادەیەکی زۆر نەرێنییە، واتە لە دیدی ئەواندا کرێکارەکانیان وەک بەشە بێمتمانە و بێزارکەری پرۆسەکە سەیر دەکەن. ئەوەی تێناگەن، ئەوەی بەڕاستی ناتوانن لێی تێبگەن، ئەوەیە کە چینی کرێکار تاکە بەشی زیندوون واتە تاکە بنەمای قازانجەکانیانە، چونکە قازانجیان جگە لە هێزی زیادە هیچی تر نییە.

ئامانجی سەرمایەداران لەخۆیدا چەوسانەوەی چینی کرێکار نییە بەڵکو بەدواداچوونە بۆ قازانج. بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە زێدەبایی ئامانجێکی هاوبەشی سەرانسەری ئابووری سەرمایەدارییە (لەگەڵ ئەو سەرمایەیەی کە هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە بەرهەمهێنانەوە نییە)، چینی سەرمایەدار خۆی وەک چینێکی چەوسێنەر نابینێت. بەڵکو وا خۆی نمایش دەکات کە چینێکە لە رێی موجازەفە، داهێنان، “دروستکەردنی هەلی کار” یان هەرشتێکی تری قارەمانانەوە خۆی بنیاتناوە. ئەمە بیرکردنەوەیە بە هەمان شێوەی باوباپیرانی فیۆداڵی کەخۆیان پێیان وابوو لەلایەن خوداوە دەستنیشانکراون، بۆیە دەکرێت ئەمە پێشکەوتن بێت.

بەڵام بۆرژوازی چینێکی دابەشکراوە. سەرمایەدارەکان لە هەموو کەرتێکدا کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن و سەرمایە – وەک پارە – دەتوانێت لە کەرتێکەوە بۆ کەرتێکی دیکە بگوازرێتەوە بۆ ئەوەی بەدوای ڕێژەیەکی بەرزتری قازانجدا بگەڕێت. کێبڕکێی سەرمایەکان، لە چوارچێوەی دوژمنایەتی سروشتی سەرمایە بەرامبەر بە کرێکاران، ڕێگایەک بۆ سەرمایەداری دادەنێت کە قەیراناوییە و چەقبەستوویی ئابوری و خەمۆکی دروست دەکات.

ماویەتی..

سەرچاوە:
https://www.youtube.com/watch?v=iiMtB6llgPk




مارکس و پرسی مۆڕاڵ.. ئەکرەم سەعید

( قانوون، ئەخلاق، مەزهەب لەچاو ئەوەوە کۆمەڵێک پێشداوەری بۆرژوازیین کە کۆڵێک قازانج و مەسڵەحەتی بۆرژوازی لە پشتیانەوە حەشاردراوە.)- مارکس و ئەنگڵس/ مانیفێستی کۆمۆنیست/ لاپەڕە ۲۳.

”مایکل ڕۆزن” پرسیارێک دەکات: ئایا مارکس ڕەهەندێکی ئەخلاقی یان تیۆرێکی ئەخلاقی هەیە؟. بەڕای مایکل پرسی مۆڕاڵ یەکێکە لە مشتومڕترین پرسەکانی مارکس. ئەم پرسەش بۆیە سەختە، چونکە مارکس لەلایەک لەبارەی ئەخلاقەوە بڕوای بە مافی نەرێنی هەیە (مافی نەرێنی مافی مەدەنی وسیاسی لەخۆدەگرێ: وەک ئازادی ڕادەربڕین، مافی ژیان، خاوەندارێتی تاکەکەسی، ئازادی ئایین، دادوەری دادپەروەرانە)، بەڵام لە دوای ساڵی ١٨٤٥ مارکس دووپاتی دەکاتەوە کە تیۆریەکەی؛ تیۆرێکی یۆتۆپیای یان ئەخلاقی نییە، بەڵکو “زانستێکی ئەرێنی ڕاستەقینە”یە (مافی ئەرێنی- مافە ئابووری وکۆمەڵایەتی وکولتوورییەکانە:وەک خۆراک، نیشتەجێبوون، پەروەردەی گشتی، دامەزراندن، خزمەتی تەندروستی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی)، بەڵام لەلایەکی دیکەوە بەشێکی زۆری ئەو زمانەی کە بۆ وەسفکردنی سەرمایەداری بەکاری دەهێنێت بە ئاشکرا ئیدانەکردنە (بۆ نموونە کە دژایەتی ستەمکاری و چەوسانەوە دەکات). ئایا ئەمە نوێنەرایەتی ناتەبایی لە فکری مارکسدا ناکات؟ ئایا ئەمە لەیەک کاتدا ئەخلاق و ڕەتکردنەوەی ئەخلاق نییە؟.
نۆرمان گێراس لە نامیلکەکەیدا “مشتومڕ لەسەر مارکس و دادپەروەری” نووسیبووی:(مارکس لە کتێبی “ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا”دا دەڵێت:”دابەشکردنی دادپەروەرانە” چییە؟ ئایا بۆرژوازی بانگەشەی ئەوە ناکات کە دابەشکردنی ئێستا “دادپەروەرانەیە”؟وە ئایا لە ڕاستیدا تاکە دابەشکردنی”دادپەروەرانە”نییە لەسەر بنەمای شێوازی بەرهەمهێنانی ئێستا؟ ئایا بارودۆخی ئابووری بە چەمکی یاسایی ڕێکدەخرێت؟ ئایا بە پێچەوانەوە نییە کە پەیوەندییە یاساییەکان لە پەیوەندییە ئابوورییەکانەوە سەرهەڵدەدەن؟ ئایا سۆسیالیستەکانیش بیرۆکەی جیاوازیان نییە سەبارەت بە دابەشکردنی “دادپەروەرانە”؟).
بەڕای من ئەو پرسیارانە دروستن، بەڵام ئەوکات وەڵام وەردەگرێتەوە کاتێ تەواوی تیۆری مارکس لە شرۆڤەی بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری دراسە بکرێ. لەو دوو کۆپلە قسانەی سەرەوە ئالۆزی باسەکان و هەڵوێستەکان لەسەر دیاردەکان لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا پیشان دەدات. ئالۆزی پرسەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵۆزی کۆمەڵگەی سەرمایەداری خۆی، چونکە کۆمەڵگەێکی ڵنگەوقوچە و ناکۆکی تێدایە، بۆ نموونە:هەندێک لە چمکەکان ئەوە پیشان دەدەن کە”چاکە و دادپەروەری” تەنیا سیفەتی نەرێنین، بەڵام لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ”چاکە و دادپەروەری” لە بنەڕەتدا تەنها سیفەتی نەرێنی یان ئەرێنی نین، بەڵکە لە خزمەتی پاراستن و بەردەوامی سیستەمەکەن. هەروەها “کۆمەڵگەی یەک کەلتووری یان فرە کەلتووری” هیچکامیان لە ناوەڕۆکدا باسێک نییە لە پێشکەوتووخوازی یان ئازادی و دادپەروەری، بەڵکە هەردووک هزر و سیاسەتی بۆرژوازین، وە لە خزمەتی پاراستنی سیستەمی سەرمایەدارین. بێگومان پرسەکانی وەک:(ژینگە، ژنان، ئازادی ڕادەربڕین، مافی کەمایەتییەکان، مافی نەتەوە ژێردەستەکان، مافی کۆمەڵگەی میم) پرسێکی سەروچینایەتی و مافی ئەبستراکت نین، بەڵکە ئەم پرسانە بەرژەوەندی سیستەمی سەرمایەداری و ئەجەندای چینی بۆرژوازی لە پشتیانە.
ڕەخنەکانی مارکس لە کۆمەڵگەی بۆرژوازی بە شێوەیەکی تایبەت پەیوەستە بە نامۆیی بوونی ئینسانەکان؛ سروشتی مرۆڤ لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بۆرژوازییەکاندا چەقبەستووەو شێواوە. ئەمە یەکەمجار ئەوە دەگەیەنێت کە مرۆڤ سروشتی نییە و بە ناچاری بەدیهاتووەو تەنیا سروشتێکی پۆتانسێلە. مارکس سەرمایەداری بەوە لەکەدار دەکات کە ڕێ لە مرۆڤەکان دەگرێ لە بەدیهێنانی سروشتی مرۆیی خۆیان؛ مرۆڤەکان بە ڕای مارکس لە سایەی سەرمایەداریدا گەشەکردنیان وەستاوەو گرگن دەکرێن- بڕوانە کتێبی (ئیدۆلۆژیای ئەڵەمانی).
تیۆری مارکس هەم ئەزموونییە و هەم نۆرماتیڤە، کەوابێ شتێک نییە لە کۆمەڵگەی چینایەتی سەرمایەداریدا ناوی(سروشتی مرۆڤی ڕاستەقینە)بێ، بەڵکە سروشتی ڕاستەقینەی مرۆیی بە کۆتایی پێهێنانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری دەبێ بەدی بهێنرێت، یانی بە کۆتایی پێهێنانی مێژووی درندەیی و دەستپێکردنی مێژووی ڕاستەقینەی ئینسانی لە کۆمەڵگەی سۆسیالیسمەوە بەدواوە دەتوانرێ سروشتی مرۆڤی ڕاستەقینە بناسرێ. بەم پێیە بەتایبەتی جۆرە جەدەلێک لەسەر مافی (هاوڕەگەزخوازەکان، جەندەر) بە پشتگیری یان دژی، پەیوەندی بە مافی سروشتی مرۆڤەوە نییە، بەڵکە ئەوە بۆ خۆی مافێکە لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی بۆرژوازییەوە تاوتوێ دەکرێ. مارکس لە دراسەی بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری جەخت لەسەر کارەکتەری چینایەتی ماف و ئەخلاق دەکاتەوە، ئەخلاقی بۆرژوازی؛ جەختکردنە لەسەر ڕێزگرتن لە موڵک و ماڵ، قبوڵکردنی دەسەڵات و ڕازیبوون بە نایەکسانی سامان و دەسەڵات، ئەمە خزمەت بە ئەرکی پاراستنی بارودۆخی زاڵبوون و کۆنترۆڵکردنی چینایەتی دەکات. ئەمە چۆن بەدی دێت؟ بۆرژوازەکان و کۆمەڵگەی سەرمایەداری دەیەوێت بە هەلومەرجی بابەتی یان هزر شەرعیەت بەوە بدات کە ئێمە/ واتە مرۆڤەکان جیاوازین بەڵام یەکسانین، شوناس و حەزەکان و ڕەنگمان جیاوازە بەڵام لەبەرامبەر یاسا یەکسانین. لێرەدا بەشێوەێکی ناڕاستەخۆ نایەکسانی چینایەتی شەرعیەت وەردەگرێ، ئەمە فۆرمی پاراستنی سیستەمی سەرمایەدارییە.

  • ڕەخنەکانی مارکس بەرامبەر بە ”مافەکان”
    ڕەخنەکانی مارکس بەرامبەر بە”مافەکان” زیاتر لە سەرنجەکانی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ (١٧٩١)و هاوڵاتیدا ڕوون دەبێتەوە، کە لە وتارەکەیدا”لەبارەی پرسی جوولەکەکان”دا لە ساڵی ١٨٤٣نووسراوە. مارکس لەوێدا ڕەخنەی خۆی لە بیرۆکەی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی دەخاتەڕوو: (ئەو مافانەی کە پێیان دەوترێت مافەکانی مرۆڤ، بەسادەیی مافی ئەندامی کۆمەڵگەی مەدەنییە، واتە مافی مرۆڤی ئیگۆیست، مافی مرۆڤی گۆشەگیر لە مرۆڤەکانی دیکە وکۆمەڵگە).
    ناڕەزایەتی مارکس لێرەدا لەو ناڕەزایەتیانە دەچێت کە پێشتر لە کتێبی ڕەخنەی فەلسەفەی مافی هیگڵدا نووسیوویەتی. ئەو مافانەی کە لە کایەی سیاسیدا دابڕانی تاکەکان لە یەکتر مسۆگەر دەکەن، کە ئەوە بۆ خۆی تایبەتمەندی نامۆبوونی ئابووری سەرمایەدارییە. سەرنجەکانی مارکس لەسەر مافەکان دیسانەوە ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ئەم جۆرە مافانە پێشگریمانە لە “ئیگۆیزم/ ئەنانیەتی”ی ئەو تاکانە دەکەن کە ئازادییان گەرەنتی دەکرێت: ( [ماف و ئازاد]ی مرۆڤ لەسەر بنەمای پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤدا نییە، بەڵکو لەسەر جیابوونەوەی مرۆڤ لە مرۆڤ دامەزراوە.).
  • پاڵپێوه‌نه‌ری کاری چاکه‌ و فه‌زیله‌ت
    لای مرۆڤێکی خاوه‌ن بڕوای ئایینی، پاڵپێونه‌ری کاری چاکه‌ و فه‌زیله‌ت ترسه‌ له سزای خودایه‌ک یان بۆ وه‌رگرتنی پاداشتێکی ئاسمانییه‌، واته‌ گه‌مه‌ی قامچی و گوێزه‌ر، بۆیه‌ پاڵپێوه‌نه‌ره‌کانی بڕواکه‌ران ته‌واو خۆویستی (ئه‌نانیه‌تی) ڕووته‌. به‌ڵام پاڵپێوه‌نه‌ری چاکه‌ و فه‌زیله‌ت لای که‌سێکی سۆشیالیست بەدیهێنان و بەرجەستەکردنی ئینسانی خودی خۆیەتی، واته هه‌ستکردنی به مرۆڤایه‌تی خۆیه‌تی. له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا پاڵپێوه‌نه‌ره‌کان بۆته‌ عه‌قیده و هه‌ڵقوڵاوی ناخیانه‌، له یه‌که‌میان خۆویستێکی ڕووته‌، ئەما بۆ دووه‌م مرۆڤ دۆستی حه‌قیقه‌تی ڕووته‌. چونکه‌ که‌ سۆشیالیستێک چاکه‌ ده‌کات و گیانی خۆی به‌خت ده‌کات، ئه‌و له‌ ترسی سزای خوایه‌ک ئه‌مه‌ ناکات و سووریش ده‌زانێ به‌هه‌شتێ له‌ ئاسمان چاوه‌ڕێی ناکات. یانی که‌سی سۆشیالیست یاخییه‌کی ڕه‌هایه‌ و چوارچێوه‌ی گه‌مه‌ی”قه‌مچی و گوێزه‌ر”ی تێکشکاندووه‌و لێی ده‌ربازبووه‌و بۆته‌ جه‌نگاوه‌رێکی سه‌رسه‌خت بۆ حه‌قیقه‌ت. جه‌نگاوه‌رانێکی لەو چەشنە سیستمی سه‌رمایه‌داری لێیان ده‌ترسێ، چونکه‌ پراگماتیزمی و دبلۆماسی و مساوه‌مه‌چی نین، و له خه‌باتیان دژی سیستمه‌که‌ به‌ که‌متر له‌ ڕماندنی و له‌نێوبردنی قایل نابن.
    وتمان پاڵنەری ئەخلاقی نوخبە و کەسانی هۆشیاری سۆسیالیستی (ڕزگارکردنی چینی کرێکارانە لە چەوسانەوەی سەرمایەداری و دیفاعکردنە لە چەوساوەکان و ڕزگارکردنی ئینسانەکانە لە چەوسانەوە)، ”بەرگری لە مافی ئینسانە بەشخوراوەکان و وەستانەوە دژی چەوسانەوەی ئینسان” پرنسیپێکی مەزنی ئەخلاقی سۆسیالیستەکانە، ئەما پاڵنەری ئەخلاقی چینی کرێکاران لەسەرەتادا تەنها(داواکاری ئابووری ڕووتە/ مافی ئەرێنی ئابوورییە)، چونکە چینی کرێکاران تا ئەو کاتەی هێشتا سۆسیالیست نین؛ واتە هۆشیارو ڕێکخراو نەکراون، تەنها بیر لە مافە ئابووریەکانی خۆی دەکاتەوە، یانی پاڵنەرێکی ئەنانی/ خۆویستی هەیە وەک: داواکاری زیادکردنی کرێ یان باشترکردنی ژینگەی کارو کاتی کار.
    بۆیە کاتێ ئەحزابەکان بانگەوازی چینی کرێکاران دەکەن بۆ دیفاکردن لە (مافە نەرێنیەکانی گروپەکانی کۆمەڵگە/ کە بێگومان مافە لیبڕاڵەکانن) ئەوە تەنها لایەنگرانی وەک ئەفراد لە چینی کرێکارانەوە بە دەنگیانەوە دەچێ نەک کرێکاران وەک چینێک. لێرەوە چەپەکانیش ناچار دەبن بۆ پرس و مافە نەرێنیەکان وەک پۆپۆلیست ڕووبکەنە (خەڵک، جەماوەر) بەگشتی. کەواتە بانگەوازەکە بەم جۆرەی لێدێ:(خەڵکینە وەرن با هەڵواسراوی سیاسی کوردستان چارەسەرکەین. جەماوەری پێشکەوتوخواز وەرن با دەوڵەتی سیکولار دامەزرێنین. جەماوەری ئازادیخواز با دیفاع لە: مافی ژنان، کۆمەڵگەی میم، ئازادی ڕادەربڕین وڕۆشنبیران،، هتد، بکەین.). کەی سۆسیالیستەکان و چینی کرێکاران توانیان خەباتیان بۆ(مافە نەرێنی و مافە ئەرێنیەکان بە دەربڕینێکی چڕتر: مافە مەدەنییەکان و مافە ئابوورییەکان) بەیەکەوە ببەستنەوە، بەمەرجێ ئەو خەباتە لە خزمەت ئامانجی کۆتایی پێهێنانی پێکهاتی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری بێ، ئەوکات دەتوانین بڵێن بزووتنەوەی سۆسیالیستی و بزووتنەوەی چینی کرێکاران پەیوەست بوون بە یەکترو بوونەتە یەک بزووتنەوەی مێژووی مەزن بە ئامانجی دامەزراندنی پێکهاتی ئابووری و سیاسی سۆسیالیستی، دەنا بێ ئەو پەیوەستگرتنە بە یەکتر و بە فەرامۆشکردنی ئەو مەرجەی خەباتەی سەرەوە، ئیدی ئەوە تەنها وەهم و خۆفریودانە، و بزووتنەوەی جۆراوجۆری بۆرژوازییە بەناوی سۆسیالیستی و چینی کرێکارانەوە.

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
۱/ نۆرمان گێراس: مشتومڕ لەسەر مارکس و دادپەروەری.
۲ / ئی . پرێۆبراژێنسکی: ئەخلاق و نۆرمەکانی چینایەتی.
۳/ مایکل ڕۆزن: ڕەخنەی مارکسیستی لە ئەخلاق و تیۆری ئایدۆلۆژیا.




هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار، لە نێوان ڕاستیی قودرەتی سیاسی و ڕووداوە شانۆیەکاندا.. جوتیار مەلا ڕەئوف

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق نەک هەر وەک پرۆسەیەکی دەستووری، بەڵکو وەک دەربڕینی دینامیکی دەسەڵاتی سیاسی زۆر قووڵتر لە عێراقدا پێویستە بیندرێت، لە روکەشدا ئەو هەڵبژاردنە کێبڕکێیەکی دیموکراسییە لە نێوان کاندیدەکان و کوتلە سیاسییەکان، بەڵام کاتێک مرۆڤ بەدواداچوون بۆ واقیعە سیاسییەکانی پشت پەردە دەکات، وێنەیەکی جیاواز خۆی نیشان دەدات، کە ئەو وێنەیەش بە شیوەیەکی گشتی زۆربەی بڕیارو هەنگاوە سیاسیەکان دەگرێتەوە کە بە شکڵێکی ڕاستەقینە لە پەرلەماندا نادرێن، بەڵکو زۆر پێشوەختە لەڕێگەی ڕێککەوتنە سیاسییەکان و هاوپەیمانییە ناوچەییەکان و لە ژێر سێبەری هێڵی بەرژەوەندی ستراتیژیی بلۆکبەندیەکاندا ئامادە دەکرێن.
پرسی سەرۆکایەتی کۆمار ساڵانێکە بە نزیکی پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتییەوە، هەردوو حزب نەک هەر نوێنەرایەتی بەرژەوەندی سیاسی جیاواز لە ناوخۆی کوردستاندا دەکەن، بەڵکو پەیوەندی جیاوازیان لەگەڵ ناوەندە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە بەغدا و ناوچەکە و لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا هەیە، هەر لەبەر ئەوەشە کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە عێراق هەرگیز تەنها بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆکێک نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ململانێ ونەزمی سیاسی فراوانتری ئەو وڵاتەیە.
ئەگەر وردبینانەتر سەیر بکەین ، یەکێتی بە شێوەیەکی نەریتی لەسەر ئەو پرسە زیاتر خۆی لەگەڵ ئەو کەمپە سیاسییەدا ڕێکخستووە کە پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ هێزە شیعەکان و بە ناڕاستەوخۆ لەگەڵ کایەی نفوزی ئێراندا دەپارێزێت، لە بەرامبەردا پارتی زۆرجار پەیوەستە بە ژینگەیەکی سیاسی جیاوازترەوە، لەگەڵ هێزگەلێک کە زیاتر هاوتەریبن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمریکا، لە هەمان کاتدا هاوکاری هاوپەیمانانی سوننە دەکەن، ئەو پۆلێنکردنە بێگومان لێکدانەوەیەکی سیاسییە نەک ڕاستییەکی ڕەها، بەڵام یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بۆچی پرسی سەرۆکایەتی کۆمار لە عێراقدا ئەوەندە کاریگەری هاوپەیمانییە سەرتاسەرییەکانی لەسەرە.
ئەگەر مرۆڤ ئەو واقیعە بە جددی وەربگرێت، ئەوا زۆرجار دەنگدان لە پەرلەمانی عێراق وەک کێبڕکێیەکی سیاسی کراوە دەرناکەوێت، بەڵکو وەک قۆناغی فەرمی کۆتایی پڕۆسەیەک دەردەکەوێت کە دەرئەنجامەکەی، لە زۆر حاڵەتدا، تا ڕادەیەکی زۆر پێشوەختە دیاری کراوە، ئەستەمە بیهێنینە پێش چاو کە هێزە شیعەکان و ئێران ئەو پێگەیە بدەن بە کاندیدێک کە لە ڕووی سیاسییەوە پەیوەندی بە بلۆکێکەوە هەیە کە لە نێو نەزمی ستراتیژی خۆیاندا جێی نابێتەوە.
بەڕای من ئەوە جەوهەری کێشەکەیە، پەرلەمان دەنگ دەدات، بەڵام بڕیاری سیاسی پێشتر لە شوێنێکی تردا دراوە، ئەوە بەو مانایە نییە کە هەموو دەنگدانێک بێ مانایە، بەڵام بەو مانایەیە کە کایەی گشتی و دابەشکردنی ڕاستەقینەی دەسەڵات هەمیشە هاوتەریب نین، لەو روانگەیەوە پرۆسە سیاسی لە ناو پەرلەمانی عێراقدا وەک ئەدای دیموکراسی دەرناکەوێت، چونکە بەردەوام ڕێککەوتنی سیاسی ڕاستەقینە پێشتر لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە ئەنجامدراون.
من پێم وایە کاندیدکردنی هەر کەسێک لەلایەن پارتیەوە بۆ سەرۆک کۆمار تەنیا کات کوشتنو کات بەفیڕۆدانە، وە هەروەها یاریەکی دوبارەبوەو هەراسانکەرە بۆ خودی کەسی کاندیدکراویش، کە تەنها خودی کاندیدەکەش درک بەو ڕاستییە دەکات کە چانسێکی سنوورداری هەیە بۆ ئەو پۆستە، تەنانەت ئەگەر بە فەرمی بچێتە ناو کێبڕکێ و لە ڕووی سیاسیشەوە شەرعی بێت، هاوتەریبیش هیچ پەیوەندی بە هێزو قودرەتی سیاسی یەکیەتی و کاندیدەکەیەوە نییە کە هەڵبژێردراوە بۆ سەرۆک کۆمار، بەڵکو لەبەر ئەوەی هاوسەنگی هێزی شیعی عێراقی و هەژمونی سیاسی ئیرانی ئەوە دەخوازێت.
لە سیستەمێکی وەک عێراقدا کە لەسەر بنەمای تەوافوق و کۆتا و هاوسەنگی تائیفی و کاریگەری دەرەکی دامەزراوە، گرنگ تەنها ژمارەی دەنگەکان و نفوزی کۆمەلایەتی وجەماوەری نییە هەرحیزب و کەسێک هەیبێت، بەڵکو گرنگترین شت ئەوەیە لە سەرووی هەموویانەوە کام کاندیدی کام حیزب لە کام بلۆکبەندی و ئاراستەی سیاسی جێی گرتووە.
بۆیە من بە چەواشەکاری دەزانم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تەنها وەک کێبڕکێیەکی ناو ئەحزابی کوردی یاخود لە لە نێوان پارتی و یەکێتی وەسف بکرێت، لە واقیعدا ئەو شەڕە بەشێکە لە ململانێیەکی زۆر گەورەتر لەسەر ئاراستەی داهاتووی عێراق، ئایا پێویستە ئەو وڵاتە بە پتەوتر لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا بمێنێتەوە کە ناوەندی شیعە و نفوزی ئێران زاڵ بێت؟ یان پێویستە زیاتر بەرەو هاوسەنگییەکی جیاوازی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەنگاو بنێت کە تێیدا هاوبەشە سوننە و ڕۆژئاواییەکان کاریگەرییان هەبێت؟ حیزبە کوردییەکان لە دەرەوەی ئەو ململانێیە نین؛ بەڵکو ئەوان داینامیکی سەرەکین لە ناو دڵی ئەو ململانێیەدا.
لە هەمان کاتدا زۆر سادەییە ئەگەر لایەنێک وەک براوە و لایەنەکەی تر وەک دۆڕاو وێنا بکرێت، هەرکام لەو حیزبانە بە پێی لۆژیکی ستراتژیکی خۆیان کاردەکەن، ڕەنگە یەکێتی نزیکیی خۆی لە هەندێک هێز وەک پێویستیەکی ڕاستەقینەی سیاسی بۆ دەستەبەرکردنی کاریگەری لە بەغدا ببینێت، لە بەرامبەردا ڕەنگە پارتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی دیکە وەک پێشمەرجێک بۆ هاوسەنگی سیاسی و سەربەخۆیی ئابووری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان سەیر بکات، هەردوو لێکدانەوەکەش لەوانەیە عەقڵانیەتێکی سیاسی خۆی هەبێت، بەو هۆکارە من پێم وایە نابێ مشتومڕو دیبەیتەکان لە میدیای کوردیدا تەنیا لە ژێر گاریگەری هێڵی سۆزداری حزبە کوردیەکاندا بەڕێوە بچێت.
پرسیارە ئەسڵەکە تەنها ئەوە نییە کە کێ دەبێتە سەرۆک کۆمار، بەڵکو ئەوەیە کە ئەو هەڵبژاردنە بۆ سەرۆککۆمار چی لەبارەی پێگەی هەرێمی کوردستان لە دەوڵەتی عێراقدا ئاشکرا دەکات؟، ئەگەر ئەو مەسەلەیە بەو شیوەیەی ئێستای لەلایەن هێزە کوردیەکانەوە بەرخوردی لەگەڵ بکرێت، نەک هەر پێگەی کوردستان لە بەغدا لاواز دەکات، بەڵکو ئاسانکاری بۆ هێزەکانی دیکەش دەکات کە دابەشبوونی سیاسی حیزبە کوردیەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان وەکو فرسەتی سیاسی ببینن.
بۆیە من پێموایە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە عێراق دەبێت کەمتر وەک گواستنەوەی دەسەڵاتی ئازاد و زیاتر وەک پرۆسەیەکی سیاسی کۆنتڕۆڵکراو لە چوارچێوەی سنوورێکی ڕوون و دیاریکراودا تێبگەین، کە ئەو سنوورانەش لە لایەن بەهێزترین هێزە سیاسییە شیعەکان و و ناوەندەکانی نفوزی ناوچەییەوە دیاری دەکرێن، تا ئەو ستکراکتۆرە سیاسیەی کە ئیستا لە عێراقدا هەیە لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە وەک ئەوەی کە خۆیان پێویستیان پێیەتی.
لە کۆتاییدا ئەو هەڵبژاردنە بۆ سەرۆک کۆمار شتێک لە سەرووی هەموو شتێکەوە نیشان دەدات، لە عێراقدا فەرمانگە باڵاکانی دەوڵەت تەنیا پۆستی دەستووری نین، بەڵکو خاڵی سەرەکیی سیاسەتی دەسەڵاتی ناوچەیی و ناوخۆییشن، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تەنها بە دیبەیتی گشتی یان زۆرینەی پەرلەمانی دیاری ناکرێ، بەڵکو بە یاریکردنی هاوپەیمانی و ڤیتۆ و بێمتمانەیی و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان دیاری دەکرێت، بۆیە پێویستە هیچیتر ئەو هەڵبژاردنە وەک سوپرایزێکی ڕاستەقینە نەبینین، بەڵکو تەنها وەک ڕاگەیاندنی فەرمی بڕیارێک ببینین کە لە ڕووی سیاسییەوە لەمێژە دیاری کراوە.
ئەوەی بەلای منەوە گرینگە بگوترێت ئەوەیە ، تا ئەوکاتەی سیاسەتی عێراق لەسەر بنەمای ئەو جۆرە هاوسەنگییە پێشوەختە دیاریکراوانەی هێز دامەزرابێت، فۆڕمی دیموکراسی لەو وڵاتەدا لە گاڵتەجاڕی زیاتر بەولاوە شتێکیترنابێت، نەوەک هەرئەوەش، بەڵکو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نەک وەک کێبڕکێیەکی کراوە، بەڵکو وەک پشتڕاستکردنەوەیەکی سیمبۆڵیکی بۆ بریارێکی سیاسی (پێشدانوستانکراودا) دەردەکەوێت.

جوتیار مەلا ڕەئوف




شارستانییەتی زانیاری.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا


(تەكنۆلۆژیا، بە داتاكردنی ژیانی مرۆڤ لەپێناو قازانجدا)

لە دوای شارستانییەتی کشتوکاڵی (هێزی خاک) و شارستانییەتی پیشەسازی (کارخانە و بەرهەمهێنان)… مرۆڤ كەوتە نێو كۆمەڵێ گۆڕانکاریی بەردەوام و گەورەی تەكنۆلۆژیا، زیرەکیی دەستکرد و تۆڕە دیجیتاڵییەکانەوە، هەموو ئەو ئامرازانە تەنها ژیانیان نەگۆڕی، بەڵکە شێوازی بیرکردنەوە و تێگەیشتنیان لە لەبارەی ناسنامەی مرۆڤ و جیهانیش گۆڕی؛ بەدیوەكەی دیكە سیستمی دیجیتاڵی بە هەڵكردنی ئاڵای کۆمەڵگای زانیاری یان (شارستانییەتی زانیاری) و لەڕێگای پۆست هیومانیزم و بیرۆکەی سایبۆرگەوە، توانی بیرۆکەی (مرۆڤ وەك ناوەندی بوون) تێكبشكێنێ و پێمان بڵێت ئێمە چووینەتە قۆناغێک کە تێیدا زیرەکیی دەستکرد، هەندێک لە (توانا فکرییەکانمان) لە ئەستۆ دەگرێت و تۆڕە دیجیتاڵییەکان بە شێوەی تۆڕێکی شل و بێ ‌سنوور ژیانمان بەڕێوە دەبات.
لە كۆمەڵگای زانیارییدا پەیوەندییەکان زۆر خێرا دەگۆڕێن، ناسنامە، زانیاری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەكان لە گۆڕانی بەردەوامدان، بۆ نموونە: ترێندەکانی میدیای کۆمەڵایەتی زوو دروست دەبن و زوو دەفەوتێن، ناسنامەی دیجیتاڵی مرۆڤ بەردەوام دەگۆڕێت… زانیارییەكان بە خێرایی بڵاو دەبنەوە بێ ئەوەی جێگای بیرکردنەوەی قووڵ و فکریی بن، چونكە زۆرجار ئامانج كێشكردنی سەرنجەكانە، نەك بیرکردنەوەی قووڵ… تەکنۆلۆژیا دەتوانێت شێوەی دەسەڵات و کۆمەڵگا بگۆڕێت.
بیرمەندی فێمینیسمی ئەمریکی (شوشانا زوبۆف Shoshana Zuboff- لەدایكبووی 1951) پێیوایە لە سەردەمی تەكنۆلۆژیادا مرۆڤ دەبێتە ماددەی خاو بۆ سیستەمی دیجیتاڵی، چونكە سیستەمی نوێی ئابووری کۆمپانیا دیجیتاڵییەکان بەڕێوەی دەبەن، تەواوی ژیانی مرۆڤ بۆ داتا دەگۆڕن و داتاكان دەكەنە کاڵای بازاڕی… بەو مانایە کۆمپانیاکان لەلایەك دەبن بە دەسەڵاتێکی شاراوەی زانیاری و لەلایەكی دیكە زانیاری و داتاكان دەكەنە سەرچاوەیەكی سەرەکیی بنەماكانی پەیوەندیی و حەز و بازاڕ… بەكورتی سیستەمی ئابووری دیجیتاڵی لەسەر چاودێری و کۆکردنەوەی داتاكانی ژیانی مرۆڤ بۆ قازانجی بازرگانی دامەزراوە.
لە تۆڕی گەورەی ژیان، سروشت و تەكنۆلۆژیا دێتە ئاراوە و لە تۆڕی پەیوەندییە دیجیتاڵییەكان، كۆمەڵگای زانیاری دادەمەزرێت؛ لێرە لە كۆمەڵگای شارستانی جگە لەوەی مرۆڤ لەو تێگەیشتنە کۆنەی ناوەندی بوون و بوونێکی تەنیا و سەربەخۆ و جیاواز ڕزگاری دەبێت… وەک بەشێک لە تۆڕێکی گەورەی بوونەوەرەکان: ئاژەڵ، سروشت و تەكنۆلۆژیا و بە شێوەیەکی تێکەڵ، پەیوەندیدار خۆی وەك بوونەوەرە بەهێزکراوەکان دەبینێتەوە! بەمجۆرە لە كۆمەڵگای زانیارییدا مرۆڤ دەبێت بە بەشێک لە سیستەمێکی گەورەی ژیان و تەكنۆلۆژیا، نەكـ سەرکردە تایبەتمەندە بایۆلۆژیی و ئۆنتۆلۆژییەكەی جیهان!.
دواجار مرۆڤ وەک بوونێکی تێکەڵ لەگەڵ سروشت، ژینگە و تەكنۆلۆژیا، دەبێتە بەشێک لە سیستەمێکی ئەلگۆریتم (Algorithm)ی و ئەلگۆریتم وەك پلانی کارکردن دەبێت بە هێزێکی شاراوەی ڕێکخستنی ژیان، دەبێت بە ئامرازی دەسەڵات و چاودێری شارستانییەتی زانیاری دەكات و هەنگاو بە هەنگاو کێشەكان چارە دەكات و زانیارییەكان شیدەكاتەوە.
سێنسەر و ئارەزوو
تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی هەر تەنها ژیان بەڕێوە نابات، بەڵكە لەڕێگای ئامرازە هەستیارەكانەوە (سێنسەر-(Sensor ەوە ئارەزووەكانی مرۆڤیش بەڕێوە دەبات، چونكە ئامرازە هەستیارەكان زانیاری لەبارەی ڕەفتار و ئارەزووەكانی مرۆڤیش کۆدەکەنەوە، بۆ نموونە: مۆبایل و ساعاتی زیرەک داتای جەستەی مرۆڤ کۆدەکەنەوە، ئەپەکان شێوازی بەکارهێنان و هەڵبژاردنەکان دەناسێنن، سێنسەرەکان لە شوێنە گشتییەکاندا جوڵە و هەڵسوکەوتی خەڵک دەبینن…
بەمجۆرە سێنسەر وەک هەستەکانی مرۆڤ وایە بۆ ئامێرەکان؛ واتە وەک چۆن مرۆڤ بە چاو و گوێ هەست بە دەوروبەر دەکات، ئامرازی سێنسەریش تەواوی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان یان شتەکانی دەوروبەر هەست پێدەکات و زانیارییانەكان بۆ سیگناڵێکی ئەلیکترۆنی یان داتا دەگۆڕێت، کە سیستەمێکی وەک کۆمپیوتەر یان ئامێرێکی تری ئەلیکترۆنی دەتوانێت تێیبگات! هەموو جۆرە جیاوازەكانی سێنسەر (سێنسەری گەرما هەست بە گەرمی دەكات، سێنسەری ڕۆناکی– ڕادەی ڕۆناکی دەپێوێت، سێنسەری جوولە- جوولەی کەس یان شت دەناسێت، سێنسەری پاڵەپەستۆی هەوا– فشاری هەوا دەپێوێت، سێنسەری دەنگ…) لەڕێگای مۆبایل و تەلەفۆنە زیرەکەکان، ئۆتۆمبێل، کامێرای چاودێری، ئامێرە زیرەکەکانی ماڵ و ئینتەرنێتەوە زانیارییەكان لە دەوروبەر وەردەگرێت و وەك داتا بە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی دەبەخشێت و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا ئەلگۆریتمەكان وەك هێزێکی شاراوە هەنگاو بۆ شیکردنەوەی زانیارییەكان و جێبەجێكردنیان دەنێن.
كەواتە سێنسەر ئامرازێکە بۆ هەستکردن بە دەوروبەر، بە دیوەكەی دیكە زانیاری سێنسەرەکان کاریگەری لەسەر ڕەفتار و ئارەزووی مرۆڤیش دادەنێن، ئەگەرچی ناتوانن بەتەواوی ئارەزووە ئاڵۆزەكانی مرۆڤ شیبكەنەوە! لێرەدا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئایا تەکنۆلۆژی لە خزمەت ژیان و بیرکردنەوەی مرۆڤە، یان مرۆڤ ماڵی تەكنۆلۆژیایە؟!
بێگومان لە سەردەمی ئەمڕۆدا سیستمی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵی بەشێکی بنەڕەتی لە ژیانی مرۆڤ پێكدەهێنێ، چونكە ئەمڕۆ ژیان لە ناو تۆڕی زانیاری و پەیوەندیی بەردەوامدا دەگوزەرێت و مرۆڤ دەتوانێت زانیاری زۆر بەدەستبهێنێت و بەخێرایی بڕیارەکانی ژیانی بدات؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو خزمەتەی سیستمی دیجیتاڵی بە مرۆڤی دەبەخشێت، كەچی مرۆڤ ماندوو و هەراسانە و کەمترین کاتی بۆ بیرکردنەوەی قووڵ و ئارامی و حەسانەوە هەیە! بۆیە زۆر لە فەیلەسوفان پێیانوایە کە مرۆڤ دەبێت تواناكانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی خۆی بپارێزێت، بۆ ئەوەی لە ناو ئەم گۆڕانکارییە دیجیتاڵانەدا خۆی نەدۆڕێنێت؛ كەواتە بەڕێوەبردنی ژیان لە سەردەمی دیجیتاڵدا پێویستی بە تێگەیشتنێکی نوێ هەیە کە تێیدا مرۆڤ بتوانێت لەنێوان سوودەکانی تەکنۆلۆژیا و پاراستنی ئازادی و هۆشیاری فکریی هاوسەنگی خۆی ڕابگرێت.

سەرمایەداریی چاودێری
چەمكی سەرمایەداری چاودێری لەلایەن (شوشانا زوبۆف)ەوە داڕێژراوە؛ بەو مانایەی كە ژیان دەکاتە کەرەستەی خاو لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، بەڵام نەك تەنها وەك مۆدێلێکی بازرگانی، بەڵکە وەك فۆرمێکی بێوێنەی دەسەڵات، کە زوبۆف ناوی دەنێت (دەسەڵاتی ئامرازی)، دەسەڵاتێكـ كە لەڕێگای کۆکردنەوەی (زیادەی ڕەفتاری) و گۆڕینی بۆ (بەرهەمی پێشبینیكراو)ه‌وه‌ کار دەکات و ئامانجی تەنها پێشبینیکردنی ڕەفتاری مرۆڤ نییە، بەڵکە دەستکاریکردن و ئاڕاستەکردنیەتی لەپێناو قازانجدا… بڕوانە سایتی ژنەفتن- سەرمایەداریی چاودێری- شیکردنه‌وه‌یه‌که‌ بۆ لۆژیکی نوێی دەسەڵات لەسەر بنەمای تێزەکانی -شوشانا زوبۆف، نووسینی د. کامەران محەمەد، 12ی ئه‌یلول، 2025.
لە سەردەمی دیجیتاڵدا زۆرێک لە پلاتفۆرمەکان و کۆمپانیاکانی وەک: گووگڵ، فەیسبووک و ئەمازۆن، داتای بەکارهێنەران (وەک گەڕان، کلیک، شوێن، کڕین، لایكـ) کۆدەکەنەوە و بەهۆی ئەلگۆریتمەكانەوە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەكەن و لەوێوە پێشبینی هەڵسوکەوتی داهاتووی مرۆڤ دەكەن… لەو بارەوە (زوبۆف)ی بیرمەند پێیوایە کۆمپانیاکان تەنیا هەڵسوکەوتی مرۆڤ پێشبینی ناکەن، بەڵکە هەوڵدەدەن هەڵسوکەوتی مرۆڤ بگۆڕن بۆ ئەوەی قازانجیان زیاتر بێت.
بە هەمان شێوە یەكێك لە بیرمەندە گرنگەکانی بواری فەلسەفەی زانست و فەلسەفەی پۆست هیومانیزم، فێمینیسم (دۆنا ژان هاراوای-Donna J. Haraway- لەدایکبووی ئەمریكا 1944) دەڵێت: مرۆڤ لە سەردەمی نوێدا تەنیا بوونێکی سرووشتی نییە؛ بەڵکە تێکەڵەیەكە لەنێوان مرۆڤ، ماشین و داتاـدا، ئەوەش واتای (سایبۆرگ) دەگەیەنێت؛ لە بیرۆکەی سایبۆرگدا مرۆڤ نیمچە- مرۆڤ و نیمچە- تەکنەلۆژیایە… بەو مانایە (دۆنا هاراوای) لە تیۆرەكەیدا چەمکەکانی جەوهەرگەرایی ڕەتدەکاتەوە و لەبری ئەوە تێکەڵبوونی ئاژەڵ و ئامێر پێشنیار دەکات و پێیوایە چیدی سنوورەكانی مرۆڤ و ماشێن و تەكنۆلۆژیا جیا ناکرێتەوە؛ واتە مرۆڤ بەشێوەیەکی ڕۆژانە سایبۆرگێکی دیجیتاڵییە. بڕوانە: إبستمولوجيا السايبورج عند دۆنا هاراوای: دراسة في فلسفة العلم النسوية- وائل أحمد صبره و محمد سليم حفني- مجلة كلية الاداب بقنا العدد 60 يوليو 2023.
كەواتە ئەو خزمەتگوزارییانەی لە پلاتفۆرمەکانی گووگڵ، فەیسبووک و ئەمازۆن، كە زۆربەیان (بێ بەرانبەر) پێشکەش دەکرێن، لەڕاستیدا لەسەر بنەمای لۆژیکێکی ئابووریی شاراوە کار دەکەن، کە کاریگەریی قووڵیان لەسەر تاک و ئازادییەكان و کۆمەڵگادا هەیە، بەو مانایەش سەرمایەداریی چاودێری بەقسەی شوشانا زۆبۆف (لۆژیکێکە کە تەکنۆلۆژیا بەکار دەهێنێت و فەرمانی پێ دەکات)، نەک خودی تەکنەلۆژیا بێت! ئەمە خاڵێکی سەرەکییە، چونکە کۆمپانیاکانی چاودێری دەیانەوێت وامان لێبکەن باوەڕ بکەین، کە کارەکانیان حەتمییەتی تەکنەلۆژیاکەن؛ بەڵام نووسەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە (حەتمییەتی تەکنەلۆژیایی بوونی نییە) و تەکنەلۆژیا هەمیشە ئامرازێکی ئابوورییە و لە لایەن ئامانجە ئابوورییەکانەوە ئاراستە دەکرێت.
بە كورتی ئەگەر سەرمایەداریی کلاسیکی كاری لەسەر بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری كردبێ، ئەوە سەرمایەداریی چاودێری لەسەر بنەمای گۆڕینی داتای کەسی بۆ کاڵا دامەزراوە؛ بۆیە تاکەکان تەنها وەک بەکاربەر سەیر ناکات، بەڵکە وەک سەرچاوەی داتا دەیانبینێت، کە تێیدا وردترین زانیارییەکانی ژیانیان بۆ سەرچاوەیەکی قازانجبەخش بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەگۆڕدرێت. بڕوانە: ه.س.پ.

ئەلگۆریتم و ئارەزوو
سیستمی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی بەهۆی ئەلگۆریتمەوە، هەوڵدەدات بزانێت تۆ حەزت لە چییە، چی دەکڕیت، چ کاتێ… پاشان هەموو ئەم حەز و ئارەزووانە بۆ ڕیكلامەكانی زیاد دەكات و بازاڕەكان دەستنیشان دەكات… بەمجۆرە هەڵسوکەوتی مرۆڤ دەبێتە سەرچاوەی داتا بۆ قازانجی بازاڕ و بازاڕكردن، حەز و ئارەزووە کەسییەکان دەبنە سەرچاوەی دەرهێنان، لەبەرانبەردا ئازادی و سەربەخۆییی تاكەكانی مرۆڤ دەبنە زیانی لاوەکی.
پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئایا ناچارین ژیانمان ڕادەست بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین بەشداری لە کۆمەڵگای مۆدێرندا بکەین؟! هەڵبەتە، چونكە ئەمڕۆ مرۆڤ وەك که‌ره‌سته‌ی خاو (کردارەکان، هەستەکان، پەیوەندییەکان، جووڵە و چالاکییەكانی ئۆنلاین)ن! بەمجۆرە سیستمی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی لەڕێگای پلانی كاركردنی ئەلگۆریتمەكانییەوە بە شێوەیەکی نیمچه‌ نەبینراو و ڕێکخراو کار بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی دیاریکراو دەکات، ئەمەش وا لە بەکارهێنەرانی دەکات هەست بە ئارامییەکی درۆزنانە بکەن، بێ ئەوەی ئاگاداری ئەو ئاستە بەرفراوانەی چاودێری بن، کە بە شێوەیەکی نەرم بەڕێوەیان دەبات! ئەو میکانیزمە نەرمە وا دەکات ڕەفتاری تاکەکان زۆر بە ئاسانی بەهۆی ئەلگۆریتمەوە پێشبینی بکرێت و ببێتە سەرچاوەی قازانجی گەورە بۆ کۆمپانیاکان.
ئارەزووەكانی مرۆڤ زۆر ئاڵۆزن، واتە نە تەواو ڕوونن و نە بە ئاسانی پێشبینی دەکرێن و نە بە تەواوی دەژمێردرێن… بەڵام لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ئەلگۆریتمەکان بەردەوام هەوڵدەدەن ئەو هەموو ئاڵۆزییە بۆ داتا بگۆڕن، جگە لەوە لە سەردەمی سۆشیاڵ میدیا، ئەلگۆریتم تەنیا ئارەزوو نابینێت، بەڵکە هەندێ جار دروستی دەکاتەوە، بۆ نموونە: دوگمەی (لایک Like) لە فەیسبووکدا نموونەی ئامرازی کۆکردنەوەی داتایە، کە لە ڕواڵەتدا بێ زیان دەردەکەوێت! بەڵام ئەم دوگمەیە لە ڕاستیدا یارمەتیی فەیسبووک دەدات بۆ شیکردنەوەی ئارەزوو، هەست و کارلێکەکانی بەکارهێنەران، کە دەبێتە هۆی دروستکردنی بنکەی داتای زەبەلاح و بەکارهێنانی بۆ پێشبینیکردنی ڕیکلامی ئاڕاستەکراو و تایبەت و ئاڕاستەكردنی مرۆڤ بۆ بازاڕیكردن… بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا مرۆڤ هەمیشە لەگەڵ ئارەزووی ئاڵۆز و ناپێشبینیکراو دەمێنێتەوە.
15/3/2026 هەولێر




پرۆژەیەکی نوێی گەلەری ئارام و د. ئازاد حەمە

سیمناری یەکەم:

دەرمانخانەی فەلسەفە..
شەممە\ ١٨ی نیسان
کاتژمێر: ٦ی ئێوارە

شوێن:
عەقاری دووکۆڵان خوار ئەمنە سوورەکە..




وێڕای مەترسییەكانی جەنگ , یادی 38 ساڵەی تاوانی ئەنفال بەرز راگیرا ..

وەك ساڵانی رابردوو لە یادی 38 ساڵەی تاوانی ئەنفال , لە سەربازگەی تۆبزاوە, هەڵەبجە, چەمچەماڵ , سلێمانی, شارە دێی حەسار ئەمڕۆ 14-4 یادی قربانیانی ئەنفال بەرز راگیرا و كۆمەڵێك داواكاری خرایە روو , هەروەها بڕیار وایە رۆژی پێنج شەمە لە یادی 39 ساڵەی تاوانی كیمیابارانی گوندی بالیسان و شێخ وەسانان و 38 ساڵەی تاوانی ئەنفال , رێكخراوە تایبەتمەندەكانی پرسی جینۆساید و دژ بە چەك چالاكی بەڕێوە بچێت .
لە چالاكییەكان ئەم دوو بەیاننامەیە لە لایەن كەسوكاری قوربانیانو و چالاكوانانەوە خوێنرایەوە :

لە یادی 38 ساڵەی تاوانی ئەنفال

38 ساڵ لەمەوپێش, رژێمی بەعس یەكێك لە گەورەترین تاوانەكانی سەدەی بیستەمی بەرامبەر بە گەلی كورد ئەنجامدا بەناوی ئەنفال, كە لە ماوەی 8 ساڵدا 4 تاوانی جینۆسایدی بەرامبەر بە گەلەكەمان پیادە كرد” كۆمەڵكوژی فەیلی , بارزانی, كیمیابارانی هەڵەبجە و تاوانی ئەنفال”, ئەنفال گەورەترین و بەرفراوانترین پرۆسەیان بوو.
بە داخەوە ساڵ لە دوای ساڵ داواكارییەكانمان دووبارە دەبنەوە, وەعدو بەڵێنەكان دەسەڵاتداران ئەنجامیان نابێت, لە كاتێك حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمی قوربانی و خەباتی ئێمە بوو, كەچی بووە حكومەتی لایەنگری تاوانبارانی جینۆساید و ئەنفالچییەكان, بۆ ئەمساڵ لیستی داواكارییەكانمان دەخەینەروو بریتین لە :
1- دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال, كە لە رێكەوتی 20-5-2007 ەوە بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنی بەشێكیان دەرچووە لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە ناوەكانیان دیاریكراوە, داواكارین ناوەكانیان پاش هەموواركردنەوە و رێكخستنەوەی لیستەكە بدرێتە پۆلیستی ئەنتەرپول و دامودەزگاكانی كوردستان وەك تاوانبار بیان ناسن و حیزبەكان بە تایبەت دەسەڵاتداران لە ریزەكانیان دەریان بكەن و ئەستۆ پاكی خۆیان دەرببڕن لە بوونی تاوانبارانی جینۆساید لە ریزەكانیان.
2- پەلە بكرێت لە هێنانەوەی روفاتی قوربانیانی ئەنفال و بەرفراوانكردنی پرۆسەكانی شیكاری لە زووترین كاتدا بۆ ناسینەوەیان.
3- حكومەتی عێراق داوای لێبوردن لە قوربانیانی جینۆساید بكات بە گشتی بە تایبەت قوربانیانی ئەنفال, ئەمەش ئەركی سەرۆك كۆماری عێراقە, بە داخەوە پۆستەكە بە دەست كوردەوەیە و هیچ هەنگاوێكیان نەناوە.
4- هەموو لیستەكانی موچەی “شەهیدان, جینۆساید, بریندارانی چەكی كیمیاوی, زیندانیانی سیاسی, پێشمەرگەی دێرین” بڵاو بكرێنەوەو لە بوونی گەندەڵی و ناوی تاوانباران پاك بكرێنەوە و وردبینی لە سیڤییەكانیان بكرێت, یاساكان بكرێنە پێوەر بۆموچەی ئەو توێژانە.
5- سەربازگەی تۆپزاوا لە فەوتان و لە ناوچوون رزگاربكرێت و بەپەلە بكرێت بە مۆنۆمێنتێكی شایستە بە قوربانیانی ئەنفال، چونكە سەربازگەی تۆپزاوە بە هاوشێوەی سەربازگەی ئۆشفیتزی هۆڵۆكۆست، تۆبزاوە هەڵگری دەیان پەیام و چیرۆكی قوربانیانی ئەنفالە.
6- وەڵام بە داواكاری كەسوكاری قوربانیان بدرێتەوە, جیاوازی لە نێوانیان نەكرێت, ئەوانەی خانوو و زەوییان بۆ دابین نەكراوە بۆیان دابین بكرێت, ژیانی شایستە بۆ تاقانەكانی جینۆساید, رزگاربووانی گۆڕی بە كۆمەڵ, رزگاربووانی ئەنفال, بریندارەكان و ….. دابین بكرێت.
7- داواكارین لە بەرپرسان, بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی ئەنفال هەموو دانیشتن و وێنە گرتن و سەردانیكردن و بەشداریكردنێكی پرسەی 423 تۆمەتباری ئەنفال و ئەوانەی ناویان لە لیستەكەدا نییە و تەواوی موستەشارو فەرماندەی مەفرەزە خاسەكان و خاوەند پۆستە باڵا كارگێری و حیزبییەكانی سەردەمی بەعس رابگرن بە تایبەتیش 258 كەسەی هاووڵاتی هەرێمی كوردستانن, جوڵەی سیاسییان قەدەغە بكرێت, رێز لە 182000 قوربانی ئەنفالمان بگرن .
8- هەر بەشدارییەكی سیاسی لە كۆنە سەرۆك فەوجە جاشەكان, سەرۆك مەفرەزە خاسەكان, ئامر سرییەكان, رەفیق حیزبییەكان, ئەمن و ئیستخبارات و تەواری رژێمی پێشوو و هەموو ئەوانەی بەرپرسیارێتیان هەبووە لە دەسەڵاتی بەعس قەدەغە بكرێت., لە كاتی مردنیان رێگا بگرترێت بە ئاڵای كوردستانەوە بنێژرێن.
9-هیچكە تاكی كورد نەكرێتە سوتەمەنی ململانێ نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان, زۆرینەی تاوانەكانی رابردوو بەرامبەر گەلەكەمان كراوە بە بەهانەی ئەم بەشداریانەوە ئەنجام دراوە, بە تایبەت سێ پرۆسەی جینۆسایدی 8000 بارزانی, 5000 هەڵەبجە, 182000 ئەنفال, ئاشتیخوازی بكرێتە ناسنامەی كوردستانی جینۆسایدكراو.

رێكخراوەكان:
-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید- kwg
-تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – Koncicc
-تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
-رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
-رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی-www
-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان

  • رێكخراوی ئایندە
    -گۆڤاری تۆبزاوە
    -رۆژنامەی نگرە سەلمان
  • رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
    -كوردۆساید ۆچ-چاك كوردستان
    -هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
    -تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ قەدەغەكردنی چەكی ناوكی و كۆكوژ لە كوردستان=KONW

بۆ دوبارە نەبوونەوەی تاوانی ئەنفال, داوا دەكەین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی

38ساڵ لەمەوپێش رژێمی بەعس تاوانی ئەنفالی لە پرۆسەیەكی سەربازی 200 رۆژەدا بەرامبەر بە گەلەكەمانی ئەنجامدا, , لە ئاكامدا زیاتر لە 182000 هاووڵاتی سڤیلی كوردستان بوونە قوربانی, لە بارودۆخێكدا وەك ئێستا دادگایەكی نێونەتەوەیی نەبوو تا ببێتە رێگر لە ئەنجامدانی ئەو شا تاوانە.
ئێمە لە یاداوەری 38 ساڵەی تاوانی ئەنفالدا, لە پێناو دوبارە نەبوونەوەی تاوانی لەم چەشنە لە وڵاتەكەمان و دڵنەوایی نەوەكان بەوەی دوبارە نابێتەوە, داواكارین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی ناسراو بە ICC, كە هەنووكە 124 وڵات پەیوەست بوونە پێوەی, دوایینیان ئەرمینیایە.
ئەگەر ئەم داواكارییەی ئێمە كە 21 ساڵە دوبارەی دەكەینەوە جێبەجێ بەكرابایا, ئێستا كەیسی تاوانەكانی شەنگال و شارو شارۆچكەكانی دیكە بە سانایی دەگەیشتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و تاوانەكان لە ئاستی جیهانیدا بە جینۆساید دەناسێننران, یان لەوانەیە هەر روویان نەدایا, رێگاش لە دووبارەبونەوەیان دەگرترا.
بۆیە لەم یادەدا داواكارین بە زوترین كات عێراق پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و پەیوەست بێت بە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتییەوەو ببێتە وڵاتی 125ەمینی ئەندام لەم دادگایە .

تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی- KONCICC
14-4-2026




زمان، پەیام و ئەخلاق لە میدیای کوردیی باشووری کوردستاندا.. ئەمجەد شاکەلی

میدیا، دەستەواژەیەکە بۆ کۆی ئەو کەناڵانەی زانیاری و هەواڵ و پەیام و سەرگەرمی(کات بەسەربردن) بۆ خوێنەر و بیسەر و بینەرێکی بەرفراوان بڵاودەکەنەوە، وەک ڕۆژنامە و تیڤی و و ڕادیۆ و ماڵپەڕی ئینتەرنێت وتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان. میدیا، لەو سیستمە سیاسییانەی جیهاندا کە بە دیموکراتی پیناسە دەکرێن، دوای دەسەڵاتی یەکەم”حوکوومەت” و دەسەڵاتی دووەم “پەرلەمان” وەک “دەسەڵاتی سێیەم” دەژمێردرێت. میدیا زۆر بە وردی چاودێری دەسەڵات و ئەو کەسانەی لە دەسەڵاتدان دەکات، وەها کارێکیش یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراتی. دەستەواژەی میدیا هەردوو میدیای گشتی نەریتی و سۆشیال میدیای دیجیتاڵیش دەگرێتەوە.
کاتێک باس لە بار یا حاڵی زمانی کوردی لە میدیای کوردیدا دەکەین ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە حاڵی زمانی میدیای کوردی بە شێوەیەکی گشتی بەدەر نییە لە ڕەوشێکی زمانی کوردی تێدایە و پێیدا تێدەپەڕێت. زمانی کوردی بەگشتی و بەتایبەتیش لە باشووری کوردستان له‌ قه‌یران و کێشه‌یه‌کدایه‌، هه‌رگیز به‌ درێژایی مێژوو، قه‌یران و کێشه‌ی وای به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. زمانی کوردی تا دێت خراپتر ده‌بێت و تا دێت خراپ و خراپتر به‌ کار ده‌برێت و ئه‌تک ده‌کرێت و تا دێت به‌ره‌و له‌تبوون و داڕووخان ده‌ڕوات. ئه‌مڕۆ، خه‌ڵکێکی فرە به‌ ناوی زمانناسی و شاره‌زایی و پسپۆری و خوێندووییه‌وه‌، زمانی کوردی لەتلەت دەکەن و لەبەینی دەبەن. ئه‌مڕۆ، سه‌رباری ئه‌و ئازادییه‌ی کورد به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌یبینێت و سه‌رباری ئه‌و هه‌موو میدیا و ده‌سگەی ڕاگه‌یاندن و پاره‌ و ده‌سه‌ڵاته‌ی کورد هه‌یه‌تی (مه‌به‌ست باشووری کوردستانه‌) و سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ته‌کنیک و پێشکه‌وتنه‌، له‌ بواری ڕاگه‌یاندن و گه‌یاندن و په‌خش و چاپه‌مه‌نییه‌ی، ده‌ستی کورد پێی ڕا ده‌گات، زمانی کوردی دادەکشێت.
میدیا، ئەگەر بە دروستی بەکار بهێنرێت، هۆکارێکە بۆ بەهێزکردن، پاراستن و پێشکەوتنی زمان و دەتوانێت ڕۆڵی زمان لە دەربڕین و دروستکردنی پێناسەی نەتەوەییدا بەهێزتر بکات. لە‌ مێژووی هە‌موو نە‌تە‌وە‌کاندا، میدیا ڕۆلی کاریگە‌ری هە‌بووە‌ بۆ چێکردنی پێناسە‌ی نە‌تە‌وە‌یی. دەگوترێت: “نەتەوەسازیی بێچووی چاپە‌مە‌نی بووە”. وەک ئەوەی بۆ نە‌تە‌وە‌ مۆدێرنە‌کانی ئەوروپا دەگوترێت.
ئەگەر لەپێشدا هەستێکی نەتەوەیی بووبێت، پتر لە نێو بڕێکی کەمی خوێندەوار، شاعیر و سیاسەتکاردا بووە. ئێستا میدیای بینراو بە تایبەت تە‌لە‌ڤیزیۆن و میدیای بیستراو و ڕۆژنامە و گۆڤار لە‌ نێو هەموو توێژ و چینەکانی کۆمەڵی کوردەواریدا، پەخش دەبن، بەڵام ئەو گوتارانەی دەبوو کار بۆ نەتەوەسازی بکەن، ئە‌وانە دەنگ و ڕە‌نگی حیزب و گرۆ و دەستەیان پێوە دیارە و ئیدیۆلۆگێنراون، چون حیزب خاوە‌نی ئەو میدیایانەن، هەر بەوەیش زمانە کوردییەکە خراوەتە خزمەتی ئیدیۆلۆگیاوە. دیارە زمانیش بۆ حیزب هێندە گرنگ نییە!
لە ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی سیوچوار ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی کورددا، ھیچ ھەوڵێک نەدراوە بۆ یەکخستن و بەرجەستەکردنی زمانی ڕەسمی دەوڵەت. یا زمانێکی یەکگرتوو کە لە نووسین وداڕشتن، وەک یەک زمانی ھاوبەشی کورد بەلایەنی کەمەوە لە باشووری کوردستان پێڕۆ بکرێت. بێگومان لە نەبوونی زمانێکی ھاوبەشیشدا، شێوە جیاوازەکانی شێوەزار و ڕێنووس و نووسین دەبنە دیاردە. لەو ڕوانگەیەوە دەبینین زمانی داڕشتن و نووسین لە ڕاگەیاندنەکان و بڵاوکراوەکاندا، زمانێکی یەک جۆر و یەک شێوە نییە. بەڵکە ھەریەکە شێوەیەکی ڕێنووس پێڕۆ دەکات. تەنانەت زۆرجار ڕێنووسی یەک وشە بە گەلێ شێوە دەنووسن.
زمانی میدیای كوردی هێندە خراپە هینی ئەوە نییە ئێرەیی پێ ببرێت، چون هێندەی واژەی بیانی بە تایبەت ئینگلیزی تێکەوتووە تا دێت زمانی كوردی گچکەتر دەبێتەوە. سەدان وشەی بیانی و داتاشراو و ناساز و نادروست و سەدان وشه‌ی ئینگلیزی ترێنجێنراونەتە نێو زمانی کوردییەوە و ڕۆژانە نەک تەنێ لە میدیادا بەڵکە لە کۆڵانیشدا و لە لایەن خەڵکی بێسەوادیشەوە بەکار دەبرێن. ئەوەی لەمەڕ زمانی کوردییەوە لە میدیای کوردیدا دەگوترێت و دەگوزەرێت ناشێت تەنێ لە ڕووی زمانەوانی و زاراوەسازی و ڕیشەناسی و ڕێزمان و ڕێنووسەوە بخوێندرێتەوە، بەڵکە مامەڵە و بەرخورد و ئەخلاق و شێوازی هەڵسوکەوت و تێڕوانین و دواندن مەرجێکی سەرەکییە بۆ کاری میدیایی. ئەخلاقیش لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بریتییە لە کۆمەڵێک بەها و بنەما کە ڕێنمایی بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەڵسوکەوت لەگەڵ جەماوەردا دەکات، واتە: بەکارهێنانی وشە و وێنە وەک ئامرازێکی دروستکردن و بنیاتنان، نە وەک ئامرازێکی وێرانکردن. چون میدیا دەچێتە نێو خەڵکەوە، هەموو جۆر و چین و پێشە و ڕەگەز و تەمەن و پیکهاتەکانی جڤاکی کوردییەوە. میدیا دەچێتە هەموو ماڵێکەوە و دەچێتە بەر دید و بەر گوێی گەورە، گچکە، مێ و نێری کوردەوە، کە هەر یەکێک لەوانە خاوەنی ئاستێکی تێگەیشتنی جیاوازە لە یەکێکی دی. هەر لەبەر ئەوانە شێوازی بەکاربردنی زمان، ئاراستەی وتار، خوێندنەوەی دەروونیی وەرگر، خوێنەر، بیسەر، بینەر هەموو ئەوانە مەرجگەلێکن بۆ کاری میدیایی.
دەشێت لە چەند نموونەیەکدا هەندێک تێبینی لەمەڕ ئەو باسە و لە ڕووی بنەما ئەخلاقییەکانی میدیاییەوە وشێوازی بەرخوردی میدیای کوردی لەگەڵ وەرگر، خوێنەر، بیسەر، و بینەردا پێشان بدرێن:
یەک
لە حەفتەنامەی (هەولێر)ی ژماره 1204ی ڕۆژی سێشەممەی 6ی دیسەمبەری2011دا، کە لە هەولێر دەردەچێت لە لاپەڕەی فەرهەنگدا دوو هەواڵ لەمەڕ تەندروستی مامۆستایان نەوزاد ڕەفعەت و زاهیر ڕۆژبەیانی کە هەردوویان نەخۆش بوون بڵاو کرابوونەوە. ئەو دووانە دوو نووسەر و شاعیری ناسراوی کوردستان بوون. مامۆستا ڕەفعەت شاعیرێکی دیار و ناسراوی هەولێر بوو و مامۆستا ڕۆژبەیانییش، نووسەرێکی ناسراوی شاری کەرکووک بوو و لە هەولێر دەژیا. بە چەند دێڕێک باسی تەندروستی مامۆستا ڕۆژبەیانی کرابوو و وێنەیەکی مامۆستایش لەگەڵ هەواڵەکەدا دانرابوو. وێنەکە هینی ئەو کاتە بوو کە مامۆستا گەلێک نەخۆشە و گۆڕانێکی زۆر بەسەر شێوە و سیما و ڕوخساریدا هاتبوو. هەر کە وێنەکەم بینی دەسبەجێ چەند دێڕێکم وەک ڕەخنە لە پەخشکردنی ئەو وێنەیە بە ئیمەیڵ بۆ سەرنووسەری هەولێر مامۆستا جەواد قادر نووسی و باسی ئەوەم کرد کە نەدەبوو ئەو وێنەیەی مامۆستا ڕۆژبەیانی کە نەخۆشە دابنێن و ئەگەر هەر بڕیارە وێنەکەی دانرابا، دەبوو وێنەیەکی کۆنتری دانێن، چون ئەوە کارێکی جوان نەبوو و ناخۆش و ناپەسەند و کاریگەر بوو بۆ هەموو دۆستانی مامۆستا ڕۆژبەیانی و ماڵبات و خانەوادەکەیان.
دوو:
له‌ گوتارێکیدا به‌ ناوی”خاک و جه‌سته‌ لای جه‌نگیز ئه‌یتماتۆف و سه‌میر نه‌قاش، له‌ هه‌ردوو رومانی(رۆژه‌که‌ له‌ سه‌ده‌یه‌ک درێژتر ده‌بێته‌وه‌) و (شلۆمۆ کورده‌ و من و رۆژگار)دا”، که‌ له‌ دوو به‌شدا، وه‌ک ڕانانێک بۆ دوو کتێبی تازه‌په‌خشکراوی نووسه‌ر و چیرۆکنووس مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یس، بڵاو بووه‌ته‌وه، ‌مامۆستا نه‌جات نوری، نووسه‌ری گوتاره‌که‌، ده‌نووسێت:”له‌م دێڕانه‌ی سه‌ره‌تادا ده‌بێت قه‌دری هه‌وڵه‌ دیاره‌کانی برای ئازیزمان(جه‌لیل کاکه‌وه‌یس)ی چیرۆکنوس بگرم که‌ به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا عه‌شقی ئه‌و بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین پیرۆزی ماوه‌و به‌رده‌وام به‌و عه‌شقه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ خوێنه‌رانی کورد ده‌کات. هێشتا ده‌یه‌وێت ئه‌ده‌ب ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی ژیانمان و له‌ناو هه‌مو تاریکاییه‌کاندا روناکیه‌کمان پێ ببه‌خشێت. هێشتا ده‌ست ده‌بات بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌قه‌ باشانه‌ که‌ خوێنه‌ری ئێمه‌ ده‌ستی پێیان نه‌گه‌یشتووه‌…” . تۆ له‌م نووسینه‌دا تێبینی ئه‌م ڕسته‌ و وشانه‌ بکه‌”..که‌ به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا عه‌شقی بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین پیرۆزی ماوه‌…” و “..هێشتا ده‌یه‌وێت…” و “هێشتا ده‌ست ده‌بات بۆ وه‌رگێڕانی…”.، وا باسی مامۆستا کاکه‌وه‌یس ده‌کات، وه‌ک بڵێی خودانه‌خواسته‌ و دوور له‌ گیانی مامۆستا کاکه‌وه‌یس، مامۆستا کاکه‌ویس:
“له‌ نێو ماڵێکی بێ ژن دا
له‌ بن لێفێکی چڵکن دا
له‌ سه‌ر ته‌ختێکی ڕه‌ق و ته‌ق
سه‌رتاپای شه‌ڵاڵی ئاره‌ق
پیر و که‌نه‌فت و که‌له‌لا
هه‌موو له‌شی هه‌لا هه‌لا
پشتی ڕه‌ق و باسکی ته‌زیو
پێێ نه‌ده‌کرا ئه‌م دیو ئه‌و دیو
کز و گۆد و سڕ و بێ ناز
پێچی ده‌دا وه‌ک مارانگاز” ، که‌وتووه‌ و بێهێز و لاواز، به‌ حاڵ نووزه‌ی لێوه‌ دێ و هه‌ناسه‌ ده‌دات. به‌و جۆره‌ باسکردنی مامۆستا کاکه‌وه‌یس و نیشاندانی وه‌ک پیرێکی په‌ککه‌وته‌، ئه‌گه‌ر به‌لای مامۆستا نه‌جات نووریشه‌وه‌ بۆ پێشاندانی وزه‌ و توانست و خواست و کۆششی مامۆستا کاکه‌وه‌یس بێت، هێشتا کورت ده‌هێنێ و له‌ ڕووی ده‌روونی و سایکۆلۆگییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌یشێباته‌وه‌ سه‌ر خۆی و وه‌هایش پێشان بدات، که‌ گرنگ نییه‌ و بێخه‌مه‌ له‌و ڕووه‌وه‌، کار ده‌کاته‌ سه‌ر مرۆڤ (کاکه‌وه‌یس). مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یس، هه‌موو چه‌ند مانگێکه‌، له‌ ته‌مه‌نی 63 ساڵیدا وه‌ک مامۆستا خانه‌نشین کراوه‌، ئیدی که‌ی هینی ئه‌وه‌یه‌ پێی بگوترێ:”به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا….”، خۆ ده‌یان خه‌ڵکی 75-80 ساڵان و هه‌ورازتریش ئه‌مڕۆ فه‌رمانڕه‌وای وەڵاته‌که‌ی مامۆستا کاکه‌وه‌یسن و بڕیار به‌سه‌ر ژیانی میلیۆنان کاکه‌وه‌یسدا ده‌ده‌ن و که‌سیش پێیان ناڵێ پیر!

سێ:
پێم وایە هەموو بینەر و بیسەر و خوێنەرێکی کورد، کە پتر بە هۆی میدیای بینراو و بیستراو و تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە ئاگاداری هەواڵ و ڕووداو و چالاکی و ناچالاکی و بوارەکانی دیکەی ڕەوتی ژیان دەبن لە کوردستان و دەرێی کوردستان، لەم جۆرە دیمەن و گوتارانە گەلێ جار دەبێنن و دەژنەفن و دەخوێننەوە: خێزانێک یا چەند خێزانێک بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچوونی ئۆتۆمبیلەوە ئیدی پێکدادان بێت یا وەرگەڕان یا بەهۆی شەڕی نێوان دوو ماڵەوە یا دوو تیرەوە یا بەهۆی لافاو یا ئاگرکەوتنەوەوە یا بەربوونەوە لە باڵاخانە و تەلار و هەورازێک یا بەهۆی تەقە و بۆمب و مینەوە یا بەهۆی هەڵاتنەوە بۆ هەندەران و لە ئاوی زەریادا خنکان یا هەر ڕووداوێکی دیکەی لەو جۆرانە بێت، کەسێک یا چەند کەسێکیان تێدا دەچن، دەبینیت میدیاکاران وەک داڵ لەو ماڵانەی یا لەو کەسانەی کچیان، کوڕیان، باوکیان، دایکیان، خوشکیان، برایان، ژنیان، مێردیان، منداڵیان، کەسێکیان یا چەند کەسێکیان تێدا چوونە و گیانیان لەدەست داوە یا زیانی گەورە بە لەش و ماڵیان کەوتووە، لەبەردەم ماڵەکەدا، لەنێو ماڵەکەدا، لە گۆڕستان و لە کاتی ناشتنی خۆشەویستەکانیاندا، کاتێک گەرمەشین و شەپۆڕ و واوەیلایانە و لە سنگ و ڕوومەتی خۆیان دەدەن، ڕێک لەو کاتەدا میدیاکاران بە خۆ و کامیرا و مایکێکەوە گەرماوگەرم خڕ دەبنەوە و دەچنە بەردەم کەسی کۆسکەوتوو و لێقەوماو و نوقمبووی خەم و گریان و وەڕس لە گیانی خۆ و دەست بە پرسیار دەکەن لێی لەمەڕ ئەوەی چ هەستێکی هەیە کە کەسەکەی بەو جۆرە گیانی لەدەست داوە و دەیەوێت چی بڵێت و ئیدی لەو جۆرە پرسیارە ناپەسەند و نابەجێیانە، بێ ڕەچاوکردنی ڕەوشی پەشێوی ئەو مرۆڤە و بێ بیرکردنەوە لە باری ئاڵۆزی دەروونی ئەو! وەها کارێکی میدیاکار دەیکات نازانم بۆ خۆی دەیخاتە چ خانەیەکەوە، بەڵام ئەوە دەزانم کە دوورە لە هەموو بنەمایەکی ئەخلاقی و ئەتیکێتی کاری میدیایی.
چوار:
مامۆستایەکی شاعیر لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا باس لە گوندێکی گەرمیان دەکات، کە داربەڕوویەکی تێدا شین بووە، ڕێک بەم جۆرە دەیگێڕێتەوە:”لە گوندی ناساڵح لە پشت کفری، گوندێک هەیە پێی دەڵێن ناساڵح، لە پشت کفری بەڵێ، داربەڕوویەک هەبوو، هاوڕێکانم لەبواری میندا کاریان دەکرد، پێیان سەیر بوو لە دیالە لەو شوێنە عەرەب نشینە، لەم شوێنە داربەڕوو چی دەکات، دوای ئەوەی بۆ پاککردنەوەی لوغمەکان هەڵیان کۆڵی، بینییان خێزانێکی کوردە ئەنفال کراون، یەکێک لەو منداڵانە کە شەرواڵێکی مۆری لەبەر بووە، لەناو گیرفانەکەی بەڕوو هەبووە، دوای ئەوەی لە چاڵیان ناون ناشتوویانن، ئەو بەڕووەی گیرفانی ئەو منداڵە شەرواڵ مۆرە 11 ساڵییە، وردە وردە گەورە دەبێت و دەبێتە داربەڕوو..”. تا ئێرە فەرموودەی ئەو مامۆستایەیە. بەڵام با بڕێک وردبینەوە لەو قسانە بزانین چەندی ڕاستە و چی لێ هەڵدەکڕێنین:

  1. گوندی ناساڵح لەنێوان سەرقەڵا و کفریدایە و سەربە شارۆکەی کفرییە. کفری، شارۆکەیەکی کۆنی مێژووییە و هەمیشە سەربە ئوستانی کەرکووک بووە، لێ پاش لەتوپەتکردنی کەرکووک لە ساڵی 1975دا، کفری لە کەرکووک دابڕێنرا و لە 6 نۆڤەمبەری 1975دا بە کردەیی بە ئوستانی دیالەوە لکێنرا، بەڵام فەرمانی کۆماریی ئەو گۆڕینە بە شێوەیەکی ڕەسمی بە ژمارە 41 لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عیراقی(الوقائع العراقیة)ی ژمارە 2513، لە 8ی فێریوەری 1976دا بڵاوکرایەوە و بڕیار درا:

  • ئوستانێک بە ناوی ئوستانی سەلاحەددین دامەزێنرێت و نێوەندەکەی شاری تکریت بێت.
  • شارۆکەی خورماتوو بخرێتە سەر ئوستانی سەلاحەددین.
  • شارۆکەی کفری و تەواوی شارەدییەکانی بخرێنە سەر ئوستانی دیالە .

  1. بەوەی کە گوندی ناساڵح ئێستا سەر بە ئوستانی دیالەیە، نە عەرەبنشینە و نە هەرگیزیش عەرەبنشین بووە و ئوستانی دیالەیش ئەگەر کاکی شاعیر بڕێک شارەزای جیۆگرافیا و مێژوو بووایە دەیزانی ئەگەر تەواوی ئوستانی دیالە بکەیت بە دوو لەتەوە لەتێکی خاکی کوردستانە و کوردنشینە، خانەقی، جەلەولا، قزڕەوات، مەنەلی، شارەبان و… وەک نموونە. ئێستا ئیدی بە تۆبزی کفریشی بە قەرەتەپە و جەبارە و سەرقەڵاوە خراوەنەتە سەر. باسکردنی ناساڵح و کفری و قەرەتەپە و سەرقەڵا وەک دیالە و باسکردنی خورماتوو وەک سەلاحەددین (تکریت) و باسکردنی مەخموور وەک مووسڵ (نینوی) لەلایەن هەر تاکێکی کوردەوە لە هەر پلە و پایە و چین و ئاست و بیرکردنەوە و بەرگێکدا بێت، چاوپۆشینە لە واقیعیکی سەپێنراو و دداننانە بە قانوونێکی نادروست و ناڕەوا کە لە پەنا و سایەیدا گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان و عەرەباندن پیادە دەکرێت! کورد دەبوو بۆ خۆی، بە تایبەت فەرهەنگییانی، هەرگیز تووتی ئاسا، جۆر و شێوازی ناوهێنانی دەڤەرەکانی کوردستانی وەک دەسەڵاتدارانی بەغدای بەکار نەبردایە و دەستەواژەکانی ئەوانی لە میدیادا نەگوتبایەوە کە ئەوە “أضعف الإیمان”ەکەیە!
  2. هەرگیز خەڵکی ئەنفالکراو نەگوێزراونەوە بۆ ناساڵح و کفری و هەرگیز لەوێ نەنێژراون و تاکە یەک گۆڕی ئەنفالکراوێک لەو دەڤەرەدا نییە. ئەوانەی ئەنفالکراون براون بۆ تۆپزاوای لای کەرکووک و لەوێیشەوە بۆ بێاوانەکانی نۆگرەسەلمان و سەماوە.
  3. وەک چۆن دارخورما لە هەورامان یا چیای گارە ناڕوێت، داربەڕوویش هەرگیز لەو دەشتی گەرمێنەدا نەڕوواوە، نازانم ئەگەر ئێستا بە هۆی تەکنۆلۆگیا و ئامرازی نوێوە وەها کارێک ببێتە ڕاستییەک! ئەو هاوڕێیانەی مینهەڵگر، ڕەنگە خەڵکە ئەفەندییەکان بووبێتن، ئەوانەی لەسەر ئەسکەمیل دادەنیشن و لە پشتی مێزەوەن، دەنا کارگەرەکان کە خەڵکە گیانفیداکارەکانن و ئەوانن تووشی زیان دەبن و لاقیان، قۆڵیان و دەستەکانیان دەپەڕێت، چاوانیان لە دەست دەدەن و ژیانیان لەدەست دەدەن، ئەوان دەزانن داربەڕوو لە گەرمیان نابێت و ئەنفالکراویش نەگواستراونەوە بۆ ناساڵح!
  4. گوندی ناساڵح سنوور نییە ، ئەگەر جارجار جەنگی تێدا بووبێت ناکاتە ئەوەی مەیدانی جەنگ بووبێت، ئیدی ئەم مین و مینهەڵگرتنەوە و مینناسی و مینبازی و مینیزم و مینیست و مینهەڵگرانە تەنێ خەیاڵێکی مۆری، وەک شەرواڵی کوڕە 11 ساڵەییە شەرواڵ لەپێیە خەیاڵییەکەی نێو گۆڕە خەیاڵییەکە و ناوکە خورما خەیاڵییەکەی نێو گیرفانی و داربەڕووە خەیاڵییەکەی شاعیرێکە دوای ڕامانێکی قووڵ و داچۆڕانێک بە نێو خۆدا. پێناسەکردنی ناساڵح وەک دەڤەرێکی عەرەبنشین و ئەو خەیاڵە مۆرەی شاعیرەکە، وەنەبێ تەنێ لە سنووری زمانی کوردیدا باس کرابێت و مابێتەوە، بەڵکە کراوە بە زمانی فارسییش و لە ئینستاگرام(Instagam)یشدا بڵاو کراوەتەوە. . ماوەیەک دوای دیتنی ئەو دوو ڤیدیۆیەی مامۆستای شاعیر، ڤیدیۆیەکی دیکەیم دیت لەوێدا پێمان دەڵێت، ئەوەی لەمەڕ داربەڕوو و منداڵە شەرواڵ مۆرەکە و ناساڵحەوە گوتوویەتی تەنێ خەیاڵە و خەیاڵێکی شاعیرانە و هیچی تر ! ئەوەی بۆ من سەیرە ئەو هەر جەخت لە عەرەبنشینیی ناساڵح و عەرەبایەتی ئەو دەڤەرە دەکاتەوە، کە ئەوە دەکاتە شەوارە پێ کردنی لاوانی کورد و ناشارەزایانی جیۆگرافیای کوردستان و ئەوانەیشی بە زمانی فارسی دەپەیڤن، چون بۆ ئەوانیش ئەو داهێنانە مەزنەی مامۆستای شاعیر کراوەتە فارسی!
    پێنج:
    لە تەواوی میدیای باشووری کوردستاندا و لەلایەن ئەوانەی دەنووسن و قسە دەکەن و دەبیسرێن، بە خەڵکە بەرپرس و سیاسەتکار و فەرهەنگییان و خەڵکە گشتییەکەیشەوە، وشەی “هەرێم” جێی بە وشەی کوردستان یا باشووری کوردستان لەق کردووە و بووە بە جێگرەوەی ئەو دوو وشە و دەستەواژەیە. کە دەگوترێت هەرێم یا تەنانەت هەرێمی کوردستانیش، دەکاتە ئەوەی تەواوی ئوستانی کەرکووک و نیوەی ئوستانی دیالە و نیوەی ئوستانی نەینەوا(مووسڵ) دەسڕدرێنەوە. ئەم وشەی هەرێمە ڕیک وەک “ناوچەی ئۆتۆنۆمی/منطقة الحکم الذاتي”یەکەی عیراقی سەردەمی بەعسە و لە واقیعیشدا هەر ئەوەیە کە بەعس بە کوردی ڕەوا دەبینی. وشەی هەرێم بە قرتاندنی وشەی کوردستانەکەی، لەسەر زمانی دەسەڵاتدارانی بەغدا و عەرەب و بڕێک خەڵکی ناکوردەوە گەلێک شیرینە و هەردەم دەگوترێتەوە و دەنووسرێت و بەکاردەبرێت و دەدرێت بە گوێی کورددا تا گەیشتووەتە ڕادەیەک سیاسەتکارانی کورد و میدیای کوردی و کوردستانی، وەک تووتی لاسایی “هەرێم لەزارخۆشەکان” دەکەنەوە و ڕۆژانە بێ وشەی کوردستان هەزار پاتەی دەکەنەوە. خەڵکە ئاساییەکەی کوردستانیش بەگوێرەی تیۆری خەڵک (مرۆڤەکان) لەسەر ئایینی پادشاکانیانن “الناس علی دین ملوکهم” هەر ئەوەی میدیاکان و حیزبەکان و سەردارانیان دەیڵێنەوە، ئەوانیش ڕێک بەو جۆرە بەو ئاوازە دەخوێنن. دەسەڵاتی بەغدا و ناکوردان کە دەڵێن هەرێم، واتە: “کوردینە ئێوە تەنێ ئەو سێ قوتە شارە: دهۆک، هەولێر و سلێمانی هینی ئێوەیە و بۆتان هەیە پێی بڵێن هەرێمی کوردستان و لەوە بەولاوە یەک دانە سەنتیمیتر خاکتان نییە و نابێت باسی بکەن”. ئەوان کە دەیشڵێن هەرێم، واتە: “ئێوە وەک هەرێم بەشێکن لە عیراق و هیچی تر و ئەگەر لە باشترین حاڵدا بیر لە جیابوونەوەیش بکەن لە عیراق، ئەوە تەنێ سێ قوتە شارەکانتان هەن و هیچ دی”. تەواوی ئەو دیدەی بەغدا لە میدیای کوردیدا برەوێ پێ دەدرێت و مێشکی خەڵکی پێ دەشۆردێتەوە.
    شەش:
    دەستەواژەگەلێکی بێفەڕ و دزێو و ناحەزی وەک: ناوچە جێناکۆکەکان، ناوچەکانی 140، ناوچە دابڕاوەکان، ناوچە دابڕێنراوەکان، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، لە میدیای کوردی و لە لایەن سیاسەتکارانی کورد و خەڵکی کوردەوە هەمیشە دەگوترێنەوە. ڕاستە هێز بڕیاری توانستی داگیرکردن و ڕزگارکردن و دەسەڵات گرتنە دەست و گێڕانەوەی خاکی زەوتکراو و ماڵ و سامانی دزراو و مافی خوراو دەدات، بەڵام مێژوو ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە ئەو دەڤەرانەی میدیای کوردی و حیزب و دەسەڵاتەکەی کوردستان، بە 140 و جێناکۆک ناوی دەبەن، بێجگە لە کوردستان و خاکی کوردستان شتێکی دیکە نین!. ئەوەی میدیای کوردی و دەسەڵاتی کوردستان کە بە مادەی 140 ناوی دەبەن، تەواوی ئەم دەڤەرانەی باشووری کوردستان دەگرنەوە:

  • ئوستانی کەرکووک: تەواوی شاری کەرکووک و سەرجەم قەزا و ناحیەکانی دەگرێتەوە.
  • ئوستانی نەینەوا: قەزاکانی شنگال، حەمدانیە، شێخان، مەخموور، زوممار، تلکێف و ناحیەکانی بەعشیقە، قەحتانیە و رەبیعە دەگرێتەوە.
  • ئوستانی دیالە: قەزای خانەقین و ناحیەکانی: جەلەولا، قزڕەوات(سەعدیە)، مەیدان، قۆرەتوو، قەزای شارەبان و ناحیەکانی، قەزای بەلەدروز و ناحیەی مەندەلی و قەرەتەپە و کفری دەگرێتەوە.
  • ئوستانی سەڵاحەددین(تکریت): خورماتوو، ئامرلی، سلێمان بەگ ، کە سەربە کەرکووک بوون و ئێستا سەر بە سەلاحەددینن دەگرێتەوە.
  • ئوستانی واسیت(کووت): زرواتییە و قەزای بەدرە و ناحیەی جەسسان دەگرێتەوە.
  • لە هەرێمی کوردستانیش: چەمچەماڵ، ئاکرێ، فایدە، کفری و کەلار دەگرێتەوە.
    ئەوان، میدیای کوردی و دەسەڵاتی کوردستان، وەک بنێشتەخۆشە وشە و دەستەواژە بێفەڕەکانی جێناکۆک و 140 دەجوونەوە و بەکاری دەهێنن و دەیڵێنەوە، لە کاتێکدا کورد دەبوو لەبری ئەو دەستەواژانە ڕێک و ڕەوان بیگوتبا: ناوچە داگیرکراوەکان، لێ کورد نەیوێراوە و نایشوێرێت جاڕی داگیرکراویی ئەو بەشەی کوردستان بدات، کە لە هەرێمە قوتەکە زیاتر و بەرینترە. نزیکەی سەد ساڵە و بە تایبەتیش شەست ساڵێکە عەرەب دادەبارێنرێن و دادەبارنە کەرکووکەوە و کوردی خاوەنماڵ دەردەکرێن و عەرەب دەبنە خاوەنماڵ، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، کورد ناتوانێت بێژێت ئەو عەرەبانەی هێنراونە و هاتوونەتە کەرکووک داگیرکەرن. کورد، بە میدیا و بە سیاسەتکارییەوە بە گوتنەوەی جێناکۆک و 140 کوردستانیبوونی تەواوی ئەو دەڤەرانە، کە لە 16ی ئوکتۆبەری 2017 بە دواوە ڕادەستی عیراق کران و ئەوانەیشی پێشتر عیراق دەستی بەسەردا گرتبوون و بەدرێژایی مێژوو کوردستان بوونە و کورد بە خاکی خۆی زانیوە، دەخاتە گومانەوە، چون مرۆڤ، ئەگەر نانیشتمانی و هێڕ و گەمژە نەبێت بە ماڵی خۆی ناڵێت جێناکۆک و ڕاپرسیی لەسەر کوردستانیبوونی خاکی خۆی ناکات! میدیای کورد، یادگەی مرۆڤی کورد، بە تایبەت نەوەیەک کە دوای 2003 پەیدا بوون، گێژ و بەنگ دەکات و دەسڕێتەوە. بەو هەموو ماڵوێرانییەی گەلی فلستین لە 1948ەوە بە دەست ئیسرائیلەوە تووشی هاتوون، تا هەنووکەیش فلستینییەک نییە بە فلستین نەڵێت: خاکی داگیرکراو یا فلستینی داگیرکراو “الأراضي المحتلة /فلسطین المحتلة”و بە ئیسرائیلیش نەڵێت: داگیرکەر”إسرائیل المحتلة/الکیان المحتل” یا دەوڵەتی عیبری”الدولة العبریة”! ئەو دەستەواژە دزێوانەی 140 و..لە پاش ڕووخانی ڕێژیمی بەعس و سەددام حوسەینەوە لە 2003دا هاتە گۆڕێ، لێ هەر لە 1991ەوە کە ئیدی دەڤەری نەفڕین ساز کرا، کورد تەنێ لەو دەڤەرەدا چەقی و ئیدی چ بە کردەوە و بە بیرکردنەوە نەیتوانی لەو بازنەی نەفڕینەکە بێتە دەرێ. ئەو دید و بەرخوردانە لە میدیای کوردیدا هەمیشە زەق دەکرێنەوە و مێشکی مرۆڤی کوردی پێ کول و نائاگا و کەم وزە دەکەن. هەر ئەوەی میدیای کوردی لەگەڵ کەرکووک و مووسڵ و دیالە و سەلاحەددین و واستدا دەیکات لەوە خراپتر لەهەمبەر کوردانی دەرێی باشووری کوردستان (کوردانی فەیلی) دانیشتووانی بەغدادا دەکات. جاران لە عیراقدا ئەگەر بتگوتبا کام شار لە عیراقدا گەورەترین شاری کوردانە یا کوردنشینە، دەگوترا شاری بەغدا. شاری بەغدا نشیمەنی کوردانی فەیلی بوو و یەک میلیۆن و پتر کوردی تێدا دەژیان. کوردانی فەیلی هەمیشە بڕبڕەی پشتی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان بوون چ لە ڕووی هێزی مرۆیی و چ لە ڕووی ئابوورییەوە. ئەوان لە سەنگەری پێشەوەی خەبات و بەرخوداندا بوون. ئەوان گەورەترین و ڕێکوپێکترین و دڵسۆزترین و بوێرترین و ئازاترین و ڕاستگۆترین کورد بوون کە لەنێو داگیرکەرانی خاکی کوردستاندا دەژیان و ئامادەیی تەواویان بۆ هەموو چالاکییەک و شێوازەکانی خەبات هەبوو. ئەو کوردەیلە کە چەندین سەدە بوو نیشتەجێی بەغدا بوون و تێیدا ژیابوون، بە بیانووی ئێرانیەتییەوە وەک بنەچە، ڕێژیمی بەعس دەستی بەسەر تەواوی سامان و ماڵ و هەموو شتێکیاندا گرت و بە پێ خاوسێ وەدەریانی نا بۆ ئێران و پتر لە سی هەزار لە کوڕە گەنجەکانیانی خستنە زیندانەوە و دواتر یەک دانەیشیان لێیان نەهێشتەوە و هەموویانی لەبەین برد. وەها نەهامەتی و کارەسات و قڕان و بنبڕکردن و ستەمێک، لە میدیای کوردیدا چ گرنگییەکی پێ دراوە؟ کەی باس کراوە؟ کەی بەدواداچوونێ بۆ بزربووان و بۆ کێشەکانیان کراوە؟ ئێستایش لە هەرێمە قوتەی لەمەڕ خۆمان، کوردانی فەیلی نەک وەک خاوەن ماڵ، وەک میوانیش ناژمێردرێن و خەڵکی کوردی سی قوتە شار، هێندەی شارەزاییان لە ئیستەنبوول و دوبەی و عەممان و بەسرە و شام و تاران و لبنان و خەڵکی ئەو دەڤارانەدا هەیە، لە سایەی میدیای کوردی و شێوازی بەرخوردی، یەک لە سەدی ئەوە شارەزایی و زانیارییان، لەمەڕ کوردانی فەیلییەوە نییە!
    حەفت:
    نووسین و گوتنەوە و دەربڕینی ناوی هەندێک شوێن و دەڤەری کوردستان بە جۆرێکی نادروست لە میدیای کوردیدا دەبنە هۆی سڕینەوەی مێژوو و پەخش کردنەوەی هەڵە. “خورماتوو” و “دووبز” و ” ڕانیە ” و ” کەڵەکی یاسین ئاغا، کەڵەک یا ئەسکی کەڵەک ” و “جەلەولا” و “کلکەی کۆزەکوڵ یا کۆزەکوڵ”ی کوردستان دەکرێن بە “دووز” و “دبس” و “ڕاپەڕین” و “خەبات” و “گوڵاڵە” و “ڕزگاری” و…هەموو ئەوانە وەک گۆڕینی “کەرکووک”بوو بۆ “تأمیم” لە سەردەمی بەعسدا، وەها کارێک هۆکارە بۆ کاڵکردنەوە و لەبیرچوونەوەی مێژوو! لە میدیای کوردیدا فرە جار کە باسی دێیەک یا چەند دێیەک دەکەن لە دەوروبەری کەرکووک یا مەنەلی و خانەقی و.. دەڵێن دانیشتووانەکەی کوردن یا چوار دێی کوردنشینن لای خورماتوو، وەک بڵێی لە خاکێکی عەرەبستان، تورکستان، ڕووسستان، هیندوستان و…چوار دێی کوردنشین هەن. ئەم ئاواییانەی خانەقی، مەنەلی، کەرکووک ئەگەر کوردنشینیش نەبن و ئەگەر تەواوی ئەو خاکە عەرەبنشینیش بێت خاکەکەی لە ڕووی مێژووییەوە کوردستانە و تەواوی یا زۆرینەی خەڵکەکەی کوردن، میدیای کوردی و حیزب و دەسەڵات و مرۆڤی کورد هەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە کە بە هەڵە بەکاربردنی وشە و دەستەواژە و چەمک لە زمانی میدیادا، جێی خۆی دەگرێت و دەبێتە هۆکاری چاندنی تۆوی ناڕوونی و وەبەرهێنانی مرۆڤی چەواشەکراو و ناڕوون.
    هەشت:
    لە دەسپێکی ناساندنی عیراق لە لایەن بریتانیاوە وەک دەوڵەت لە 1921دا، چەندین جار بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیایی، گۆڕین لە کارگێڕی و خاکی باشووری کوردستاندا کراوە. تەواوی ئەو گۆڕینانە حوکوومەتی عیراق بۆ دەستکاریکردن و بچووککردنەوەی باشووری کوردستان، بەتایبەت لەو ناوچە و دەڤەرانەی کەمینەیەکی ناکورد(تورکمان، مەسیحی، تاکوتەرا عەرەب)ی تێدان. ئەو دەڤەرانەی وەها گۆڕینێکیان تێدا کراوە، ئوستانگەلی کرکووک، مووسڵ و دیالەن. مووسڵ، لە 27ی ئایاری 1969دا قەزای دهۆکی لێ دابڕێنرا و کرا بە ئوستان بە بیانووی ئەوەی دهۆک شارۆکەیەکی کوردە، لە کاتێکدا ئێستایشی لەگەڵ بێت بەشە زۆرە کوردەکەی ئوستانی مووسڵ هێشتا بە قەزا و ناحیە و گوندەوە سەر بە ئوستانی مووسڵە و مووسڵیش وەک مێژوو بە گوتەی مامۆستا جەرجیس فەتحوڵڵا”هەرگیز شارێکی عەرەبی نەبووە”. کەرکووکیش چەندین جار گۆڕانی گەلێک کاریگەری تێدا کراوە بە دژی کوردستانیبوون و کوردیبوونی شارەکە. بە فەرمانێکی کۆماریی ژمارە 137 لە 28ی فێبریوەری 1970دا، گوندی کەلاری سەر بە ناحیەی شێروانەی سەربە قەزای کفری و ئوستانی کەرکووک، کرا بە قەزا. بەڵام ئەم قەزای کەلارە لەگەڵ قەزای چەمچەماڵی سەر بە ئوستانی کەرکووک بە فەرمانی کۆماریی ژمارە 608 لە 6ی نۆڤەمبەری 1975دا بە خۆیان و ناحیەکانیانەوە لە ئوستانی کەرکووک دابڕێنران و بە ئوستانی سلێمانییەوە لکێنران. هەردوو قەزای کفری و قەزای خورماتوو، لە ئوستانی کەرکووک دابڕێنران و یەکەمیان بە دیالەوە لکێنرا و دووەمیان بە سەلاحەددین(تکریت)ەوە. تەواوی ئەوانە بۆ تێکدانی نەخشەی کوردستان و عەرەباندنی باشووری کوردستان کراون. بەشێکیان بە ئاگاداری کوردیش کراوە و بەشێکی دیکەیان بە تۆبزی. کورد، نە ئەو دەمەی ئەو کارانە کراون و نە ئێستایش نووزەی لێوە نەهاتووە و نایەت. سەرباری هەموو گاڵتەجاڕییەک، ساڵانە کورد، شایی و دەهۆڵکوتان و زوڕنالێدان و شایلۆغان دەکات بە بۆنەی بە قەزابوونی کەلار و بە ئوستانبوونی دهۆک و پیرۆزبایی لەیەکدی دەکەن. تەواوی ئەو شایی و دەهۆڵکوتان و زوڕنالێدان و شایلۆغان و بەزمە بە هۆی میدیاوە گەرم دەکرێت و زەوینەی بۆ خۆش دەکرێت و ئامادەکاریی و تەدارەکی بۆ ڕێک دەخرێت و دنیایەک پارەوپووڵی بۆ خەرج دەکرێت. بێ ئەوەی میدیا باسی ئەوە بکات، وەها گٶڕانێک کە کراوە، بۆ لەتوپەتکردنی کەرکووک و مووسڵ بووە و بۆ تاساندنی کەرکووک بووە و بۆ سڕینەوەی کوردستانیبوونی کەرکووک بووە، کە نەدەبوو و نابێت جەژن و شایی لەو ڕۆژەدا بکرێت. ئەوەی میدیا دەیکات کارێکی ناپەسەندە و لەبیربردنەوەی مێژووە و گەوجاندنی جەماوەری کوردی ئەم سەردەمەیە. لەبری شایی، میدیای کوردی دەبوو کەرکووک و مووسڵ و خورماتوو و خانەقی و جەلەولا و شارەبان و مەنەلی و بەدرە و جەسسان و زرواتییە، لە هزری مرۆڤی کورددا بچێنێت و زیندوو بکاتەوە و بچەسپێنێت و بچەقێنێت و هەمیشە بیانخاتە بەرباس.
    نۆ:
    میدیای کوردی ئەگەر کەمۆکەیەک جیاوازییان لەگەڵ یەکدیدا هەبێت بە گشتی لە زۆربەی هێڵە گشتییەکانیاندا یەک دەگرنەوە و هاوبەشییان پترە لە جیاوازییەکانیان. دوو هەژموونی زاڵ ئاراستە و ڕەنگڕێژی دەکەن، هەژموونی حیزب و دەسەڵات و هەژموونی سەرمایەداری و بازاڕ لە شێوە نیولیبرالیزمەکەدا، کە هەردوویان تەواوکەری یەکدین و کار لەسەر ورووژاندن و خڕکردنەوەی خوێنەر و بینەر و بیسەر و گۆڕێنی مێشکی مرۆڤی کورد دەکەن بە ئاراستەی خۆشەویستکردنی حیزب و کەرتی تایبەت و سەرمایەداری و نیولیبرالیزمێکی سەقەت و شێوێنراو، چون باشووری کوردستان بە دەسەڵات و سیاسەت و سیاسەتکار و حیزب و بەشێک لە جڤاکەکەیشییەوە لە ڕووی دید و ئاسۆی بیرکردنەوەدا هێشتا لە قۆناخی دیوەخان و تەکیە و هۆز و خێڵ و کوێخا و عەشیرەتبازیدان. جڤاکی کوردستان هێشتا سەر بە فەرهەنگی فیۆدالی و خێڵەکییە کەچی خۆی بەستووەتەوە بە سەرمایەدارییەوە، کە دەبوو لە کوردستان ناوی (خێڵمایەداری) لێ نرابا و باس لە دیموکراتی دەکات، کە دەبوو لە کوردستان ناوی (ماڵباتوکراتی) لێ نرابا. دیموکراتی بۆ جڤاک و خەڵک و وەڵاتێک پیادە دەکرێت و دەگونجێت و دەچەسپێت، هیچ جیاوازییەک لەنێوان تاکێک و تاکێکی تردا و هاووڵاتییەک و هاووڵاتییەکی دیکەدا نەبێت و مرۆڤ وەک خۆی پێناسە بکرێت و بەرخوردی لەگەڵدا بکرێت، نەک وەک بنەچە و ماڵبات و هۆز و.. لە باشووری کوردستان هەر 1991 بە دواوە کە ئیدی حیزبگەلی چیا بوون بە دەسەڵاتی شار، یەکێک لە کارە هەرەپێشەنەکانیان زیندووکردنەوەی دیوەخان و هۆز و خێڵ و عێل و عەشیرەت و تیرە و تایفە و بەرەباب و ماڵبات بوو. دیوەخانانەیان بۆ ڕیشچەرموو و دەمڕاست و کوێخا و سەرانیان بڕییەوە و بەردەوام پێشوازییان لێ دەکردن و گرنگییەکی لە قەبارەی خۆیان زیتریان پێ دەدان. یەکێک لە سەرانی ئەو زلحیزبانەی کوردستان کە هەموو ژیانی، خۆی وەک خوێندەوار و چەپ و..داوەتە ناسین و خەڵکی کوردیش هەر بەو چاوە لێیان نۆڕیوە، تەنیا لە ماوەی27 ڕۆژدا لەنێوان 19/08/2024 – 12/11/2024، بە ناوی پێشوازیی لە خزمانی فڵان و فیسار، هۆز و خێڵگەلی: جاف، گه‌رگه‌ری، سوورچی، میراوده‌لی، مه‌نگوڕ، غه‌واره‌، گۆران، هه‌رکی، ته‌رخانی، نه‌ورۆڵی، گه‌ڵاڵی و..نوێنه‌ری ئایینه‌کانی: ئێزدی، کاکه‌یی، شه‌به‌ک، کلدان، ئاشووری، سریان، سوننه‌ی عه‌ره‌ب، شیعه‌ی عه‌ره‌ب و..نوێنه‌ری تورکمان و..نوێنه‌ری هۆز و خێڵی عه‌ره‌ب و کەسایەتی فڵانە دەڤەر و هەموو ئەوانەی بینیوە و لەگەڵیان جڤیوە و دنیای بۆ کردوونەتە ماستی مەیو و بەهاری بۆ هێناونەتە چۆکان و بەڵێنی ڕەنگاڵەی پێ داون . ئەم هۆزگەرایی و خێڵبازییە میدیای کوردی وەک نموونەیش کوردستانی نوێ گرنگییەکی یەکجار زۆری پێ دەدات و زەقی دەکاتەوە. سەرباری ئەوە ساڵانە فیستیڤاڵی خێڵ و هۆز دەکرێت و بە هەزاران خەڵک خڕ دەبنەوە و دەبێت بە شایلۆغان و پڕڕەنگردنەوە و دەمەزەردکردنەوەی هەستی هۆزگەرایی و خۆنواندن و شانازیکردن بە خێڵ و عێل و بنەماڵەوە. هۆز و عەشیرەت لەم ڕۆژگارەدا هەر بەوەوە ناوەستن کە میدیای ئەم و ئەو باسیان بکات و چالاکییە خێلەکییەکانیان پێشان بدا، ئیدی لە شاییدا بێت یا شین، بەڵکە بۆخۆیشیان کەناڵی تیڤی و بنکەی میدیایی و وتەبێژ و بارەگا و تەنانەت هێزی چەکداریشیان هەن. تەواوی ئەو گرنگیدانە بەو دیاردەی زەقکردنەوەی هۆز و خێڵگەراییە زەوینەخۆشکردنە بۆ سەرلێشێوان و بزربوون و هاندانە بۆ هەڵاتن لە بوون بە نەتەوە و نەتەوەسازی و نزیکبوونەوە لە شارستانیەتی، کە میدیای کوردی نۆرەیەکی گەلێ خراپ لەو پرسەدا دەلیزێت.
    بەشی هەرە زۆری میدیای کوردی کار بۆ حیزب و بەرژەوەندییەکانی حیزب دەکەن و لەنێو بازنەی حیزبدا دەجووڵێنەوە و وەک زمانی حیزب دەپەیڤن و دەهزرێن و حیزب دەیانژێنێت. لە زۆر کاتیشدا میدیا دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی گوتاری دەسەڵات(حیزب) و بیرۆکەی تایبەت بە سیستمی سیاسی و لە قاڵبدانی ڕاستییەکان بە شێوەیەکی تایبەت لە جوارچێوەیەکی دیاریکراودا. حیزبی ئەم سەردەمەی کوردستانیش بوونەتە بەشێک لە سیستم و دەسگەی سەرمایەداری. سیاسەت بوارێکی سەرەکییە لە باسوخواسەکانیاندا و سیاسەتیش لە میدیای کوردیدا سیاسەتی حیزبە و پڕانیی میدیای کوردستانیش میدیایەکی حیزبییە بە هەردوو دیوەکەیدا، حیزبی دەسەڵات و حیزبی دەرێی دەسەڵات و حیزبگەلێک پێیەکیان لە دەسەڵاتدایە و پێیەکەی دیکەیشیان لە دەرێی دەسەڵاتە. حیزبگەلی دەڕێی دەسەڵات و ئەوانی دیکەی “نێو جۆگە..”یش هەرگیز نەیانتوانیوە خاوەنی خۆیان بن و لە دەسەڵات دابڕێن، بە سەدان داو بە دەسەڵاتەوە گرێ دراون! گەلێک خویایە میدیا یەکێکە لە گرنگترین دامەزراوە جڤاکییەکان، کە نۆرەیەکی سەرەکی هەیە لە سازکردنی بیروڕا و ئاراستەکردنی گوتوبێژ و گوتاری گشتیدا. بەڵام کاتێک زۆرینەی دامەزراوە میدیاییەکان پێوەندی ڕاستەوخۆیان بە حیزبە سیاسییەکانەوە هەیە، ئیدی سەربەخۆیی میدیا سنووردار دەبێت و دەبێتە هۆی ئاراستەکردنی هەواڵ بۆ بەرژەوەندی سیاسی (حیزب). ئامانجی میدیا تەنیا گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکە دروستکردنی بیرۆکە و چوارچێوەی تێگەیشتنە، چاودێری دەسەڵاتە، دژ بە گەندەڵی بوونە، ڕوونکردنەوە و هۆشیارکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاگایی کۆمەڵە لە ڕووی سیاسی و جڤاکییەوە، بەڵام کە سەربەخۆیش نەبێت دەبێتە ئامرازێک بۆ پرۆپاگەندەی سیاسی. گەلێ جار باس لە میدیای حوکوومەتی یا سەربەخۆ دەکرێت، لێ میدیای حوکوومەتیش هەر حیزب ئاراستەی دەکات و ئەوەیشی ناوی سەربەخۆی لە خۆ ناوە، بۆ خۆی وەها بانگەشەیەک دەکات دەنا ئەویش هەم لەم بەرە و هەم لەو بەر، “..نێو جۆگەئاسا” لە گەلێ لا دەخوات. چون سیستمی سیاسی لە هەرێم زۆرجار دووجەمسەرییە(پارتی، یەکیەتی)، ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر میدیا هەیە و میدیا دەبێتە بەشێک لە ملمڵانێی سیاسی، بەوەیش سەربەخۆیی لەدەست دەدات و تاڕادەیەک میدیای نیشتیمانیی بێلایەن کەمتر وەدی دەکرێت. سیاسەت و باسی سیاسەت، لە 1991ەوە لە تەواوی میدیای کوردیدا، هیچ کاتێک لەسەر بناخە و بنەمای هزر نەکراوە و ناکرێت. هێڵی هاوبەشی هەموویان گلەیی و گازندەیە و دزێوکردنی یەکدی و مێژوو و فەرهەنگ و جڤاکی کوردە. ئەو دوو هەژموونەی حیزب و سەرمایەداری(نیولیبرالیزم) تەواوکەری یەکدین. میدیای کوردی بە پەرەپێدان و برەودان بە ڕیکلام و پەسندانی کەرتی تایبەت و بەها لیبرالییەکان و بە زانین و نەزانینەوە کار بۆ نایەکسانی دەکات لە جڤاکی کوردستاندا.
    دە:
    ڕێکلام، خراپترین جۆری ڕیکلام، نانیشتمانی و نانەتەوەیی و ناکوردستانیترین ڕیکلام (بەتایبەت لە تەلیڤزیۆنەکانەوە)، هەمیشە میوانێکی خوێنتاڵ و تووکتاڵ و قەڵبی بەردەوامی ماڵانن. ڕێکلام بۆ کاڵا و بەرهەمی دەرەکیی(بە تایبەت تورکیایی) دەکرێت و بەرهەمی دەرەکیی وەک بێ ڕکابەر و نایاب وەسف دەکرێن و پەسن دەدرێن، لەبەرامبەریشدا بەرهەمی ناوخۆیی کوردستان و پێشخستنیان پشتگوێ دەخرێت و وەک پێویست بەتەنگ پێشخستن و برەوپێدانییەوە نین. ڕیکلام بۆ زانستگە و خوێندنگە و کۆمپانیا و بازاڕ و پۆشاک و خۆراک و هەموو شتێکی بیانی و ناکوردستانیی دەکرێت. ڕێکلامی تورکیایی بە زمانی تورکی تەنێ دۆبلاژ دەکرێت و ئیدی ناوەڕۆکەکەی بۆ میدیای کوردی گرنگ نییە چی دەگەیەنن و چی پەخش دەکەنەوە. تەنانەت ڕێکلام بە زمانی عەرەبی، میدیای کوردی هەر بە عەرەبی بڵاوی دەکاتەوە. ڕۆن و شیر و دۆشاوی تەماتە و چای و قاوە و برنج و سەدان شت و کاڵای دیکەی ئاڵتوونسا و مەحموود و جیهان و.. دەدرێنە دەرخواردی مێشک و چاوی مرۆڤی کورد. تەواوی ئەو کاڵا و شتانەیش هینی وەڵاتگەلێکن ددان بە بوونی کورددا وەک نەتەوەیەک نانین! میدیای کوردی بە تایبەت بینراو و ڕیکلام، دوو ڕووی یەک دراون. ئابووری بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری، کە کوردستانیش خۆی پێدا هەڵواسیوە، ژیان دەکاتە ڕیکلامسازی و بە کاڵاکردن و بە بازاڕکردن. وەها سیستمێک، هەرچەندە بۆ خۆی بانگەشەی فرەیی دەکات، لە ڕێگەی میدیاوە مرۆڤ دەکاتە خاوەنی یەک چێژ و یەک بیرکردنەوە و تەنانەت یەک جۆرە شێوە و ڕوخسار. ئەوەی بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری بۆ مرۆڤایەتی هێناوە و بەتایبەتیش بۆ کوردستان، بێجگە لە قەلەمووناندنی مرۆڤ هیچی دیکە نییە و هەمووان بە فیکەیەک دەست دەکەن بە “قوڵ قوڵ قوڵ”، مرۆڤ دەکرێت بە کۆیلەی بازاڕ و کاڵا. کوردستان ئەمڕۆ، بووە بە خواردنگە، هۆتێل، خانوو و ئەپارتمان، ئارایشگە، پێشانگای ئۆتۆمبیل، مۆڵ، سیتی، زانستگە و خوێندنگە و فێرگەی بیانی و بەزمان و فەرهەنگی بیانی، هەموو ئەوانەیش سەرمایەداریی لە پشتییەوەیە و حیزب ئامرازە بۆ جێبەجێ کردنی و میدیایش شەوارە بە خەڵک، بە مرۆڤەکان دەکات و دەیانکاتە ڕەدووکەوتووی بازاڕ و مەستی کڕین و بەرخۆریی. سەرمایەداری، کە لەسەر بنجی بەکاربردنی چینایەتی و جڤاکی ڕوواوە، مرۆڤ لە مرۆڤیەتی دادەماڵێت و دەیگۆڕێت بۆ ماددە و وەک هەموو کاڵایەک دەیئافرێنێت و دەیخاتە بازاڕەوە و کڕێن و فرۆشتنی پێ دەکات و دەیکاتە سەرچاوەی قازانج و سامان و هێز تا ئەو ئاستەی مرۆڤ دەگەیەنێتە حاڵەتی نامۆبوون (بە عەرەبی: الإغتراب، بە فارسی: بیگانگی، بە ئینگلیزی: (Alienation)، لە ڕۆح و ئاگایی و ویست و بوونی ئەخلاقی وەک لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بە سەدان جۆر دەردەکەوێت و دەبینرێت، نامۆبوونێک مارکس لە سەدەی نۆزدەیەمدا باسی کردووە.
    میدیای کوردی هێندەی کار لەسەر هێنانی فەرهەنگی بیانی دەکات و برەو بە زمانی بیانی بەتایبەت ئینگلیزی دەدات، کە ئەو کارەیش هەر بازاڕ بە کاڵاکردنی فەرهەنگە، کاری لەسەر برەودان بە زمان و فەرهەنگی کوردی نەکردووە، ئەگەریش بە کوردی دەنووسرێت و دەگوترێت و دەبینرێت، لێ بە کوردییەکی ئەتککراو دەگاتە تۆ و من. گرنگییەکی زۆر بە هەندێ نەریتی ناکوردی وەک هاللۆیین، بلاک فرایدەی، ڤالانتاین، سەری ساڵی زایینی و.. دەدرێن و ڕیکلامی زۆریان بۆ دەکرێن، هەموو ئەوانە بەرهەمی سەرمایەداری و لاساییکردنەوەی ئەوروپا و ئەمەریکا و فەرهەنگی خۆراوایین و چ پێوەندێکیان بە کوردستانەوە نییە و هەرگیز نەیشبووە.
    یانزدە:
    سەرگەرمی، کە بوارێکی کۆمەڵایەتییە و دەکرێت لە چوارچێوەی تەنز و ساتیردا، وەک بوارێک بۆ کراوەیی و دڵفراوانی و چیژبەخشین و شادی و وەک ڕەخنەیەکی کاریگەر لە سیاسەت و جڤاک و ئابووری و دەسەڵات و..بەکارببرێت لێ لە میدیای کوردیدا ئەو سەرگەرمییە پتر کار بۆ فەرهەنگێکی تێکشکاو و ئامانجێکی سیاسی دیاریکراو دەکات، کە بە ڕێگە و شێوازی جیاواز کۆمەڵ بەرەو هەڵدێر دەبەن. فەرهەنگ، فەرهەنگی ڕاستەقینە کەمترین بوارێکە گرنگیی پێ دەدرێت. زۆرینەی کەناڵەکانی میدیای کوردی لایەنی فەرهەنگییان کەنار خستووە، هەمووی بووە بە سیاسەت و بازاڕ، وای لێ ھاتووە تێکڕای میللەت بووە بە “سیاسی” و “چاودێری سیاسی” و “شارەزای سیاسی”، کە لە ڕاستیدا هەموو بێجگە لە “دابەزیوی ئوتێلی سیاسەت..”.بە قەولی مامۆستا مەسعوود موحەممەد، شتێکی دیکە نین.
    دوانزدە:
    لە میدیای کوردیدا چەند دیاردەیەکی زەق لەمەڕ شێوازی دەربڕینەوە دەبێنرێن وەک نموونە: بەکارهێنانی وشەی توند و هەڵچووناوی، دروستکردنی دژایەتی و دووجەمسەری، بەکارهێنانی دەستەواژەی سیاسی بۆ هێرشکردنە سەر بەرانبەر یا ئەوەی لە بەرەیەکی دیکەدایە، هەموو ئەمانە دەبنە هۆی پتر لێکترازان و دابەشبوونی جڤاک. دەشێ ئەو دیاردانە وەک زمانی هەڵچوون و سۆزدار ناو ببرێن. ئەڵبەت لە میدیای حیزبیدا، هەواڵ بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو پێشان دەدرێت، واتە ئەوەی بە قازانجی حیزبە و بەشێک لە ڕاستییەکان دەشاردرێنەوە و سەرچاوەی تاکلایەنە بەکاردەبرێت، ئەمانەیش دەکەونە خانەی زمانی پرۆپاگەندەوە. بێگومان پەخشکردنی زانیاری هەڵە لە میدیادا، کاریگەریی خراپی نەک تەنێ بەسەر زمان بەڵکە بەسەر مێژوو، جیۆگرافیا، جڤاک، نیشتمان، خاک و هزری مرۆڤی کوردەوە دەبێت. لە میدیادا سیاسی درۆ دەکات، دووڕوویی دەبێتە ڕیگەیەک بۆ مشەخۆری، بازرگان و سەرمایەدار وەک فریادڕەس پێشان دەدرێن، بێ ئەوەی کەس بڵێ وانییە! هەست دەکەیت نیشتمانیش نوقمی بێ سەوادییە!
    سێیانزدە:
    لە ڕووی زمانی میدیاوە، زمانە کوردییەکەی، واتە؛ ڕێنووس و زاراوەسازی و ڕێزمان و ئەوانەوە، زۆر بە ئاشکرا دەبینرێت میدیا کێشەی زمانی پوختە و ستانداردی هەیە و جیاوازییەکی لە بەرچاو لە شێوازی نووسیندا هەیە و ڕێزمانێکی میدیایی یەکگرتوویش نییە، وای لێ ھاتووە ھەر کەناڵە و بەکەیفی خۆی نەک بە پێی دەستوور و ڕێسای زمان، وشە و زاراوە دادەتاشێت و دەیترنجێنێتە نێو زمانە کوردییەکەوە! دیارە ئەوەی پێوەندی بە زمانەوانییەوەیە لە میدیادا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاشاگەردانییەی لە زمانی کوردیدا هەیە. میدیا وەک شمشێر (ذولفقار) کەی ئیمام عەلی، دوو دەمە، لەکاتێکدا هۆکارێکە بۆ دروستکردنی زمانێکی یەکگرتوو بۆ نەتەوەیەک، بە دیوەکەی تریشیدا هۆکارێکە بۆ لێکترازانی زمانەکە بۆ چەند زار و بنزاری جیاواز. لە میدیای کوردیدا هەر کەسە بە زارە لۆکاڵییەکەی خۆی دەنووسێت و دەدوێت و لۆکاڵیانە هزر و ئاوەزی دەخاتە بەرچاو و گوێی خوێنەران و بینەران و بیسەران. ئەم جۆرە هزرینەش لە چوارچێوەی ناوچەگەڕێتی زێتر تێناپەڕێت. تێپی لاتینی، وەک زڕباوکێکی دزێو هێنراوەتە نێو هەموو پەلێکی میدیاوە. لە میدیای کوردیدا، بە بیانووی ڕاگەیشتن بە پێشکەوتنی عەقڵ و هزر و هەموو بوارەکانی ژیانی سەردەم و کەموکورتییەکی کە لە زمانی کوردیدا یا لە جڤاکی کوردستاندا هەیە، کار لەسەر ئینگلیزییاندنی زمانی کوردی دەکرێت! کورد عاشقی فەرهەنگی بیانییە و ئەوەی خۆی پێ هیچە ئەو دیدەیش میدیا دروستی دەکات. وشەی کوردی بێ بیرکردنەوە لە ڕیشەی وشەکە و کورد چۆنی بەکار بردووە دەگۆڕدرێت بۆ شتێکی دیکەی ناکوردی، وەک نموونە: کورد دەڵێ: چای بخۆوە، ڤەخۆ، بخۆرەوە، کەچی دەنووسن “چــای بخــۆ، چای دەخۆی، چا دەخۆی”. کورد جاران بۆ کات و بۆ ئەو ئامێرەی کاتەکە دەژمێرێت دەیگوت “سەعات” دواتر وشەی”کاتژژمێر” پەیدا بوو کە بە واتای ئامێری ژماردنی کات دێت، کەچی ئێستا سەعات و کاتژمێر کراون بە”کاژێر” ئەمە ڕێک وەک ئەوە وایە تۆ بە “خەرمان، دەرمان، سێبەر، شارەبان و..” بڵێی”خەرما، دەرما، سێبە، شارەبا و..”. وشەگەلی “چای دەخۆی” و “کاژێر” ڕۆژانە سەدان گلەت دەدرێن بە گوێی مرۆڤی کورددا بە تایبەت زارۆک، کە مێشکی بە جۆرێک دەشۆردرێتەوە پێی وایە ئیدی ئەوانە ڕاستن چون میدیا وا دەنووسێت و وا دەپەیڤێت!
    کۆڵۆنیالیزمی فەرهەنگیی نەتەوە سەردەستەکانی دەوروبەرمان، ئەوانەی کوردستانیان داگیر کردووە، دەسکاریی هەموو بوونی کوردیان کردووە و هێندەیان کار لەسەر تواندنەوەی کورد لەنێو فەرهەنگیی خۆیاندا کردووە بە بێ تەقاندنی یەک فیشەک مێشکی نەتەوەیەک دەسڕنەوە. کورد تووشی لە خۆ نامۆبوون کراوە، نامۆبوونی زمانیی، فەرهەنگی و..زانستگە تایبەتییە بیانییەکان، خوێندنگە ناحوکوومەتییەکان، ئیدی ئەمەریکایی، ئینگلیزی، تورکی، فرانسایی، لبنانی و دەیانی تر..هەموو ئامرازی لەبەرچاون و جەخت لەسەر ئەو گۆڕینە دەکەنەوە. ئەڵبەت بنەمای تەواوی ئەوەی ڕوو دەدات، دەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەداری و نیولیرالیزم، کە مرۆڤێک بەرهەم دەهێنن، هانی دەدەن بۆ ئەوەی هەمێشە بە دوای گەیشتن بە تراویلکەی بەختەوەریدا هەڕا بکات، کە سەرمایەداری بەڵێنی وەدەستهێنانی پێ دەدات، بەختەوەرییەک کە نییە و تەنێ خەیاڵە. تەواوی سیستمی سەرمایەداری و ئەوەی سەرمایەداری دەیکات و ئەو لەخۆنامووبوونەی کورد تووشی دەبێت، میدیای کوردی زۆر بە شانازییەوە لە کوردستان، لەکن کورد، لاوان و نەوەی نوێ بەتایبەت، بە ئارایشتکراوی و ڕازاندنەوە و جوانکاری و پیرۆزکردنەوە خۆشەویستی دەکات و تەواوی هەستەکانیان و مێشکیانی لێ تژی دەکات.
    کورد بە گشتی و ڕووناکبیران و فەرهەنگییانی کورد و میدیای کوردی بە تایبەت، دەبوو تەماشایەکی نەتەوەگەلی دیکە، دەر و دراوسێ و خەڵکی دیکە بکەن بۆ ئەوەی بزانن خەڵکی دی چۆن بیر لە زمانی خۆیان دەکەنەوە! وەک نموونە دەشێ تەماشایەکی ئەم دوو مرۆڤە بکەین:
    مالیک حەدداد (مالك حداد (1927 – 1978) شاعیر و ڕۆماننووسی جەزائیری. ئەو عاشقی زمانی عەرەبی بوو و داخ و حەسرەتی ئەوەی هەبوو کە بە عەرەبی نەیدەنووسی. پاش سەربەخۆیی جەزائیر سوێندی خوارد، ئیدی بێجگە لە زمانی عەرەبی بە زمانێکی دیکە نەنووسێت. حەدداد خاوەنی ئەو دەربڕینە بەناوێیەیە: “زمانی فرانسی تاراوگەی منە”. ئەو لە دەسپێکی ڕۆمانی ئاسکێکت پێ دەبەخشم(سأهبك غزالة)ەکەیدا دەنووسێت:”زمانی فرانسی بەربەستێکە لە نێوان من و نیشتمانەکەمدا، توندتر و بەهێزتر لە بەربەستی زەریای ناوەڕاست و من ناتوانم هەستەکانم بە عەرەبی دەربڕم، فرانسی بووە بە تاراوگەم.” پێش مردنی مالیک حەدداد بە ماوەیەکی کەم، عەبدوڵڵا ئەلرکێبی(عبداللە الرکیبي/ 1928-2011) نووسەر و ڕەخنەگر و مامۆستای زانستگە و سیاسیی و لە ساڵانی 1970دا سەرۆکی یەکیەتیی نووسەرانی جەزائیر، لەپێش خانەی یەکیەتیی نووسەرانی جەزائیردا تووشی حەدداد دەبێت، حەدداد منداڵێکی گچکەی لەگەڵدایە و منداڵەکە بە زمانێکی ڕەوانی عەرەبی قسە دەکات. ئەلڕکێبی لە حەدداد دەپرسێت ئەو منداڵە کێیە! حەددادیش دەڵێت:” ئەمە تۆڵەکردنەوەی منە لە زمانی فرانسی، ئەمە کوڕمە”. ئەو وتەیەی حەدداد دەربڕینی دوورکەوتنەوەیەکی قووڵە لە ناخیدا. دوورکەوتنەوەیەکی زمانەوانی پێش ئەوەی جیۆگرافیایی بێت. ئەو باس لە ملانێیەکی ناوخۆیی دەکات لە نێوان زمانێکدا فێربووە بیری پێ بکاتەوە و بنووسێت و زمانێک کە پێویست بووە ماڵی یەکەمی بێت. زەریا دەبێتە مەودایەک دەتوانرێت ببڕدرێت، بەڵام زمان دەبێتە دیوارێک لە ناو خۆیدا نیشتەجێ دەبێت. ئەو کە ناتوانێت بە عەرەبی هەستەکانی دەربرێت ئازارێکی دوو هێندە پێشان دەدات؛ چون ئەو نەتوانینە تەنیا نەتوانینی ئاخافتن نییە، بەڵکە نەتوانینێکە تەواوی پێوەند و ڕایەڵەکان لەخۆ دەگرێت. زمان تەنیا ئامرازی قسەکردن نییە، بەڵکە بیرەوەری و ناسنامە و منداڵییە. کاتێک توانستی دەربڕینت بە زمانی دایکیت لێ دەسێندرێت، هەست دەکەیت بەشێک لە تۆ لێت سەندراوە و لە تۆدا نەماوە. ئەو دەربڕینەی”فرانسی تاراوگەمە”، وشە و دەربڕینێکە چڕ و ئازاراوی. تاراوگە بۆ خۆی جیۆگرافیایەکە، شوێنێکە، بەڵام ئەو کردوویەتی بە زمان، وەک ئەوەی لە ناو وشەکاندا دەژێت، لێ ئەو وشانە تەواو هاوشێوەی ئەو نین یان بە شێوەیەک هاوشێوەین هەمیشە وەبیری دەخەنەوە کە دوورە.
    نووسەری کینیایی نگووگی وا سيۆنگۆ (Ngũgĩ wa Thiong’o/ 1938-2025)، کە لە ساڵی 1978دا لە زیندانێکی کینیادا بوو، بەڵێنی دا ئیدی هەرگیز بە زمانی ئینگلیزی”زمانی دەسەڵات” کە بریتانیای داگیرکەر بە تۆبزی سەپاندبووی بەسەر وەڵاتەکەیدا نەنووسێت، بەڵکە بە زمانی کیکوویوو (گیکوویوو) بنووسێت، کە زمانی دایکییەتی. ئەو بڕیارەی بژاردەیەکی ناوازە بوو و هەرگیز لێی پەشیمان نەبووەوە و بەوەیش بوو بە نووسەرێکی مەزن لە مێژووی ئەدەبی ئەفریقاییدا.
    هەڵوێستێک ئەو دوو ڕووناکبیرە مەزنە مالیک حەددادی عەرەب و نگووگی وا سيۆنگۆی کینیایی لەهەمبەر زمانانی فرانسی و ئینگلیزی نواندوویانە، خۆداماڵینە لە هەژموونی کۆڵۆنیالیستانەی ئەو دوو زمانە و بەرخودانێکی ڕاستەوخۆی فەرهەنگییە دژ بە هەژموونی زمانەوانیی داگیرکەران. میدیای کوردی لە باشووری کوردستان و بە پاڵپشتی دەسەڵات و کەرتی تایبەت و سەرمایەدار و غەرب زەدە و تورک زەدە و کۆمەڵێک زەدەی دیکەیش نەک هەر خۆ لە قەرەی باسکردنی هەژموونی زمان و فەرهەنگی بیانی بە سەر کورددا نادەن، ڕێک بە پێچەوانەوە هاندەرن بۆ ئەو هەژموونە و کاریگەریی لەسەر جڤاکی کورد و فەرهەنگ و زمانی کوردی!
    هەرچەندە میدیاکاران بژاردەی خەڵک نین، بەڵام میدیا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ، بەهێز و قووڵی لە ژیانی جڤاکیدا هەیە. میدیا و میدیاکاران دەچنە نێو ورد و درشتی مرۆڤ و هۆش و ئاوەزی خەڵک داگیر دەکەن. میدیا، هێز و هەژموونی ئەوەی هەیە دید و جیهانبینی و ئاگایی مرۆڤ ئاراستە بکات، بگۆڕێت و بەرەو ئەو جێیەی ببات بۆ خۆی گەرەکێتی، ئیدی خاس یا خراو. دەتوانێت ئاگایی و وریایی و زرنگی و بەرینبینی و میهرەبانی و زانیاریی سوودبەخش بە مرۆڤ ببەخشێت یا بیگەوجێنێت و هێڕی بکات و فریوی بدات، وازی بە مێشک و هزری بکات.

    ئەپریلی 2025

پەراوێزەکان:

١- برای هێژا کاک جەواد،
سڵاوی گەرم و ڕێزی زۆرم، هیوادارام لەشساغ و کەیفساز و بەختەوەر بن.
مەبەست له نووسینی ئەم نامەیه بۆ ئێوەی بەڕێز، ئاگادارکردنەوەتانه له بابەتێک، که له ڕۆژنامەکەتاندا بڵاوتان کردووەتەوه، من پێم وایه دەبوو به جۆرێکی دیکه بووایه. له هەولێری ژماره 1204ی ڕۆژی سێشەممەی 06/12/2011 دا و له لاپەڕه 15ی فەرهەنگدا، دوو هەواڵتان لەبارەی مامۆستایان زاهیر ڕۆژبەیانی و نەوزاد ڕەفعەتەوه بڵاو کردووەتەوه، که هەردوویان نەخۆشن و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازن. منیش زۆرم پێ ناخۆشه که ناساغن و پڕبەدڵ هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازم. من تا ئێره هیچ گلەییەکم نییه و لەمەڕ هەواڵەکەی کاک نەوزاد ڕەفعەتەوه، هیچ قسەیەکم نییه، بەڵام ئەوەی من پێم ناخۆشه ئەوەیه، که لەگەڵ هەواڵەکەی کاک زاهیر ڕۆژبەیانیدا، وێنەیەکی ئێستای و بەو شێوەیه و بەو باری ناساغییەوه بڵاو بکەنەوه، که نەدەبوو کرابا. من ئەوەم پێ کارێکی جوان نییه و پێشم وایه هیچ پێویست به دانانی ئەو وێنەیه نەبوو، بەڵکه دەکرا، ئەگەر هەر وێنەیش دادەنرا، وێنەیەکی کۆنتری کاتی ساغیی مامۆستا ڕۆژبەیانی دانێن. دانانی ئەو وێنەیەی مامۆستا ڕۆژبەیانی، بێجگه لەوەی له ڕووی دەروونی و هەستەوه، گەلێک مامۆستا ڕۆژبەیانی بۆ خۆی بریندار دەکات، کاریگەرییەکی نیگەتیڤیش دەکاته سەر هەستی خوێنەرانی ڕۆژنامەکه و بەتایبەت کەسانێک، که مامۆستا زاهیر ڕۆژبەیانی دەناسن.
دیاره ئێوه وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەکه دەبوو بیرتان لەوه کردبایەوه و دەشبوو ئەو هاوڕێیەی بەرپرسی لاپەڕەی فەرهەنگ وەها شتێکی وەبیردا هاتبا و بەسەریدا یا بەسەرتاندا تێپەڕ نەبووایه.
هەمیشه بەختەوەر و سەرکەوتوو بن براتان ئەمجەد شاکەلی
٢- ره‌خنه‌ی چاودێر، ژماره‌(285)، 24/10/2011. ڕێنووسی نووسینه‌که‌ی مامۆستا (نه‌جات نووری)م، هه‌رچه‌نده‌ پێ هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ک خۆی گواستوومه‌ته‌وه‌.
٣- به‌شێکه‌ له‌ پارچه‌ شیعرێکی مامۆستا هیمنی موکریانی له‌ ژێر ناوی “بناری هه‌ڵگورد”دا، من ته‌نێ جێناو(پاشگر)ه‌ تاکه‌ که‌سه‌ یه‌که‌مه‌کانم گۆڕیوه‌ بۆ جێناو(پاشگری)ی تاکی که‌سی سێیه‌م بۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یسدا. دیوانی هێمن موکریانی، پێشه‌کی و پێداچوونه‌وه‌: س. چ. هێرش، چاپی یه‌که‌م، کتێبفرۆشی ئه‌رزان، سوێد 2003،، ل 254.
٤- شاکەلی، ئەمجەد، پیری بە تەمەن نییە! بنۆڕە: https://amjad-shakely.blogspot.com/2011/
٥- ە https://www.tiktok.com/@cheguevara540/video/7335953426695654689
https://www.tiktok.com/@.baibun/video/7474149393680076040?_r=1&_t=ZS-8u9ETv0xN5k : هەرەوەها بنۆڕە
٦- نشرت جريدة الوقائع العراقية في العدد 2513 في 8 شباط 1976 – صدر المرسوم الجمهوري تحت الرقم 41 في شباط 1976 وتقرر ما يلي :- 1. استحداث محافظة صلاح الدين يكون مركزها مدينة تكريت. 2. إلحاق قضاء طوزخورماتو إلى محافظة صلاح الدين. 3. إلحاق قضاء كفري والنواحي التابعة لها إلى محافظة ديالى.
٧- مێژووی کوردستان و جاران کورد بۆ خۆیشی، حەمرین و زرواتییە (الزرباطیة) و عەلی غەربی(علێ الغربي) و عەلی شەرقی (علي الشرقی)یان بە سنووری باشووری کوردستان دادەنا، ئێستا کەلار و ناساڵح و قوشتەپە و چەمچەماڵ و،،بوون بە سنوور!
٨- https://www.instagram.com/reel/DRZ8EbaCJv4/?igsh=dmYwNmJsMDRhMzB5
٩- https://www.tiktok.com/@rudawradio/video/7577330492832238904?_r=1&_t=ZN-91lEz0i88HP
١٠- https://amjad-shakely.blogspot.com/search?updated-max=2004-12-06T14:22:00-08:00&max-results=7 بنۆڕە: شاکەلی، ئەمجەد، هۆزگه‌رایی وه‌ک به‌شێکی سه‌ره‌کی بنه‌مای ئایدیۆلۆژیی حیزب.
هەروەها بنۆڕە ژمارەکانی 3450-3523ی (کوردستانی نوێ)ی نێوان19/08/2024 – 12/11/ 2024




ئاراستەی شەڕی ئەمریکا و ئێران و ڕەهەندەکانی!.. عوسمانی حاجی مارف

بەدرێژایی هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، توانیویانە زیانی گەورەی بەرچاو بە ئێران بگەیەنن و ژێرخانی ئابوری وێران بکەن، هەروەها توانیان زۆرینەی کەسایەتیە سیاسی و سەربازیە پلە باڵاکان تیرۆربکەن، کۆگای مووشەک و توانای بەرهەمهێنانی ئێرانیان کەمکردۆتەوە و چەندین کەشتی جەنگیان لەناوبردووە. لەئێستادا، تاران بەردەوام تۆڵەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشی مووشەکی ئاراستەکراو، بۆ سەر ئیسرائیل و دامەزراوە سەربازیەکانی ئەمریکا، لە ناوچەکە و وڵاتانی کەنداودا کردۆتەوە.
ئەوەی بەرچاوە، دوای مانگێک زیاتر لە دەستپێکردنی هێرشە سەربازیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پاش چەند هەفتەیەک لە هێرشەکانی ئێران و خۆڕاگریان، ئاسۆیەکی سەرکەوتنی خێرا و یەکلاکەرەوە، بۆ کۆتایی جەنگەکە کاڵ بووەتەوە و دیاردەیەکی تەواو ئاڵۆزی نیشانداوە.
ئاراستەی دەرچوون لەم شەڕە، بەڕێگەی دیپلۆماسی و دانوسان، لە نزیک ماوەدا تاریک دەردەکەوێت، چونکە واشنتۆن و تاران کەوتونەتە بەر ئەو گێژاوەی کە دەبێت فشارێکی زیاتر بخەنە سەر یەکتر، بەتایبەی ئەمریکا و ئیسرائیل، پێویستیان بەوەیە پتەوتر کاربکەن لەسەر هەڵمەتی سەربازی زیاتر و بەردەوامی و ئامادەسازی بۆهێزی زەمینی، تا تەواو لەسەر لایەنی بەرامبەر کاریگەری ڕادەستبون دروست دەکەن، بۆئەوەی پاساو بۆ ئامانج و نەخشە سیاسیەکانیان لە ناوچەکە بەرجەستە بکەنەوە، بەتایبەتی ئێران دوای داخستنی گەروی هورمز، ڕێڕەوی شەڕەکەی لەبەرامبەر ئەمریکادا خستە دۆخێکی تازەی ئاڵۆزترەوە. بۆیە ترامپ ناچارە کە لەئێستادا، بیر لە جێگیرکردنی هێزی زەمینی بکاتەوە بۆ دەستبەسەراگرتنی دوورگەکانی ئێران، بۆئەوەی تاران ناچار بکات گەرووی هورمز بکاتەوە!، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ئەمریکا ئەم کارەی بۆ دەکرێت؟.
شایانی باسە دەسەڵاتی ئاسمانی، دەتوانێت تواناکان تێکبدات و لاوازی بکات و ژێرخانی ئابوری بشێوێنێت، بەڵام ناکرێ وەک هێرشی زەمینی و داگیرکاری، کاریگەری یەکلاکەرەوەی هەبێت بۆکۆتایی شەڕەکە، دەبینین تائێستا شەڕی ئاسمانی لە ناوخۆی ئێراندا بێتوانایە لە سەپاندنی مەرجەکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا، بۆیە کاتێک ئەم شەڕی ئاسمانیە، ئەمریکای لە بنبەستێکدا ڕاگرتووە لەبەدەستهێنانی ئامانجەکانی و ڕاگەیاندنی سەرکەوتن، بەناچاری پێویستی بە هێزی زەمینی دەبێت، کاتێک ئەم ئاستەنگیە لە چەقبەستبوندایە و تەنها بەهێزی ئاسمانی تێپەڕێندراوە، سروشتی بنەڕەتی ململانێکان دەگۆڕێت بۆ ئاستێکی تر لەبەردەوامی شەڕەکە، بۆیە شەڕی زەمینی ئەگەرێکی دوور نیە!، بەڵام دۆخەکە وەها دەردەکەوێت، هێزی زەمینیش سەرکەوتنی ئەمریکا مسۆگەر ناکات.
بەجیا لەوەش لە ماوەی ڕابردوودا، گفتوگۆ سەبارەت بە ئەگەری شکاندنی بنبەستی دیپلۆماسی و دەستپێکردنی دانوستانەکان ڕوویداوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازیە بەرفراوانەکانی نێوان هەڵوێستەکانی واشنتۆن و تاران، ئاماژەیە بۆئەوەی ئایندەی شەڕەکە دیار نابێت، پێدەچێت پەرەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە بگرێت. بۆ ئەمریکا ئەم پەرەسەندنە، دەتوانێت بریتی بێت لە جێگیرکردنی هێزەکانی لەسەر خاکی ئێران، یان بۆ ئێرانیش ڕێگریکردنە لە بەردەوامی بەکارهێنانی گەرووی هورمز و ئامادەیی بۆ بەڕەنگاربونەوەی هێزی زەمینی ئەمریکا!، واتە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا شەڕەکە دەچێتە قۆناغێکی تەواو مەترسیدارترەوە.
پێموایە واشنتۆن سەرکەوتنە سەربازیە سەرەتاییەکانی، لەڕێگەی هێزی ئاسمانیەوە، بە هەڵە لێکدایەوە، ڕاستە ئێران خامەنەیی و فەرماندە سەربازیەکانی و ژێرخانی ئەتۆمی و سەروەت و سامانی بەرگریی و ژێرخانی ئابوری لەدەستدا، بەڵام پرسیارە چارەنووسسازەکە ئەوە نەبوو کە ئایا دەکرێت زیان بە ئێران بگەیەنێت، بەڵکو ئایا ئەو زیانانە، حکومەت ناچار دەکات خۆی ڕادەست بکات؟ کە تائێستا توانای خۆڕاگری ڕژێمی ئێران حاڵەتێکی لەوچەشنەی نیشان نەداوە و بەردەوامن لە خۆڕاگری.
لەهەمانکاتدا ئەگەر دامەزراوە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوبەڕوی فشارێکی بەردەوام ببنەوە، ئەوا تێچوی پاراستنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، ناردنی هێزی زەمینی بۆ ناو ئێران، مەترسی سیاسی و سەربازی بەرچاوی هەڵگرتووە و دەشێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی بێوێنەی ململانێکان. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بەرپرسانی ئەمریکا، تائێستا لەباری عەمەلیەوە هەستیارن بەرامبەر هەر نیازێک بۆ بڵاوەپێکردنی هێزی زەمینی، یان دەربارەی چۆنیەتی داڕشتنی نەخشەی هێرشبردن، ئەوەی زیاتر دەنگۆی لەسەرە، هەوڵە بۆ داگیرکردنی جەزیرەکانی ناو کەنداو، کە دوو نیاز لە خۆ دەگرێت؛ یەکەم: بۆ دەست بەسەراگرتنی نەوتی جەزیرەی خارک، دووەم: بۆ کردنەوەی گەروی هورمز، ئاشکرایە کە ئەم هەوڵە ماوەی شەڕەکە درێژتر دەکاتەوە.
لەکاتێکدا شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بەردەوامە، تا ئەگەر بگات بە شەڕی زەمینی، ئاکامی کۆتایی ئەم ململانێیە هێشتا هەر نادیارە، لە نێوان لێدوانە سەرەتاییەکانی ترامپ، کە تیایدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە هیچ نیازی گۆڕینی ڕژێمی ئێرانی نییە، ڕاگەیاندنەکانی ئەم دواییەی کە هاوتەریبن لەگەڵ هەڵوێستی ئیسرائیل بۆ تێکدان، یان تەنانەت گۆڕینی ڕژێم، وا دیارە ئیدارەی ئەمریکا ستراتیژێکی ڕوونی نییە، نەک تەنها بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، بەڵکو بۆ بەرقەرارگرتنی ئاشتی لە ناوچەکەدا. پێدەچێت ئەم سەرلێشێواویە، لە قۆناغی داهاتوودا توندوتیژی و ناسەقامگیری زیاتری لێبکەوێتەوە.
ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا شەڕی ئاسمانی و زەمینی، لە دژی عێراق دەستیپێکرد، بە بیانووی ئەوەی کە خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژیە، ئەمەش ئیدیعایەکە دواتر سەلمێندرا کە درۆیە، هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق و پارتی بەعس، بوە هۆی بۆشاییەکی بەرچاوی سیاسی و ئەمنی، کە تا ئەمڕۆش عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت. بە واتایەکی تر، لاوازبوون یان گۆڕینی ڕژێمەکان بەبێ پلانی ڕون، بۆئەوەی چی لە دوای ئەوەوە دادەمەزرێت، گومانی تیانیە کە دەبێتە هۆی ئاژاوەو گێژاوی سیاسی وکۆمەڵایەتی و قەیرانی ئابوری، کە بنەما کۆمەڵایەتیەکان لێک دەترازێنێت، لەهەمانکاتدا فرسەت ئەدات، بە پێکهێنانی هێزی میلشیایی و مافیایی و تاڵانچێتی.
ئێران نەک ڤەنزوێلا نییە، ناکرێت بە نمونەی عێراقیش وێنا بکرێت، چونکە سیستەمێکە لەسەر بنەمای سوپای پاسداران و دامەزراوەی ئایینی، بە پتەوی و توندوتۆڵی دامەزرێنراوە، سیستەمێکە کە بە قوڵی لەناو بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئێراندا چەسپاوە، تەنیا بە ئامانجگرتنی سەرکردایەتیەکەی ناگۆڕدرێت. دەبینین سەرەڕای تیرۆرکردنی زۆرینەی سەرکردایەتیەکەی، بەڵام ڕژێم لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە و بەردەوامی بەشەڕەکە ئەدات.
ئێران پێویستی بەوەنیە لەم شەڕدا، بە هێرشی سەربازی سەرکەوتنێکی یەکلایکەرەوە بەسەر سوپای ئەمریکادا بەدەستبهێنێت، کە کارێکی لەوچەشنەی بۆناکرێت، بەڵام پێویستی بەوەیە بە خۆڕاگری و بەردەوامیدان بە شەڕەکە، ئەمریکا و ئیسرائیل بخاتە دۆخێکی چەقبەستوەوە و بەو ئاکامەیان بگەیەنێت، کە بە بنبەستی حەتمی ڕوبەڕوببنەوە، کە سەرەتاکانی ئەم دۆخە چەقبەستوە و دەرگیربونیان، لەئێستاوە بە ڕوخساری ئەمریکاو ئیسرائیلەوە دەردەکەوێت.
پێشبینی دەکرێت کە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەتایبەتی هەڕەشەی ترامپ بەوەی ئێران دەگەڕێنێتەوە بۆ چاخی بەردین، پەرەپێدانی ڕوبەڕوبونەوەکانیان لەبەرامبەر ئێراندا، بۆ هەڵمەتێکی هەمەلایەنەی لەناوبردن، کە ژێرخانی ئابووری و ئیمکاناتە گرنگەکان دەکەنە ئامانج، ئاراستەکەیان پاڵنانی وێرانکاری تەواوی ئێرانە بۆ لێواری داڕمان. هەروەها کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکردوە، ئەگەر ڕێکەوتنێک نەکرێت، بە توندی لە هەر یەکێک لە وێستگەکانی کارەبا ئەدەن.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل کاتز، هەڕەشەیەکی توندی ئاراستەی ئێران کرد و سوێندی خوارد، ئەگەر هێرشە مووشەکیەکان کە ناخی ئیسرائیل دەکەنە ئامانج بەردەوام بن، تارانی پایتەخت بۆردومان بکات. تەلئەبیب فشار دەخاتە سەر ترامپ، بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی “کورت و بەهێز” پێش هەر دانوستانێک لەگەڵ ئێراندا.
سەرەڕای ئەو هاوبەشیە سیاسی و ئابووریانەی، کە ئێران وەک هاوپەیمانیەک بە هەردوو وڵاتی ڕووسیا و چینەوە دەبەستێتەوە، بەڵام نەبوونی ئەوان لە پێشکەشکردنی پشتیوانی سەربازی ڕاستەوخۆ، لەنێوان ئەو پەرەسەندنەی جەنگی ئێستادا، دوورکەوتنەوەیانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەبەرامبەر ئەمریکادا، درێژنەکردنەوەی ململانێکانە بۆ جەنگی جیهانی.
ئێران گۆشەگیر بووە و شەڕێک دەکات بۆ مانەوەی خۆی، چین و ڕووسیای هاوپەیمانی هێرشەکانی سەر ئێرانیان شەرمەزار و سەرکۆنە کردووە، خوازیاری کۆتاییهێنانن بە شەڕ و پێکدادانەکان، بەڵام خۆیان لە پشتیوانیە سەربازیە بەرچاوەکان بەدوور گرتووە. جگە لەوەش پێدەچێت هەردوو روسیا و چین، لە ڕوی ستراتیژەوە سودیان لەوەدا هەبێت، کە ئەمریکا زیاتر بە سەرقاڵی شەڕەکەوە بمێنێتەوە، بەم شێوەیەش ستراتیژی ئەمریکا، بۆ هەوڵی باڵادەستی بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبەرامبەر شکستی گەورەدا خۆی ببینێتەوە.




ئەسغەر فەرهادی: ئۆسكار خەونێك بوو بۆ من و سەروەریەك بۆ وڵاتەكەم.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

هەر بۆ زانین ئەكتەری ناسراوی سینەمای ئێرانی ( ئەسغەر فەرهادی) خاوەنی دوو خەڵاتی ئۆسكارە لە رۆَژهەڵاتی ناوەڕاست .
ئەو بەیەكێك لە گەورەترین و كاریگەرترین دەرهێنەر و سیناریۆنووسانی سەدەی ٢١ دادەنرێت، نەك تەنها لەئێران، بەڵكو لەسەر ئاستی هەموو جیهانیش.
بەوە ناسراوە كە دەتوانێت چیرۆكی سادەی مرۆیی وەربگرێت و بیكاتە درامایەكی ئاڵۆزی دەروونی و ئەخلاقی، كە بینەر تووشی شۆك بوون بكات.
ئەسغەر فەرهادی لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری (خومەینی شەهر) لە پارێزگای ئەسفەهان لەدایكبووە. هەر لەگەنجییەوە خولیای سینەمای هەبووە و دەستی كردووە بەدروستكردنی كورتە فیلمی ٨ ملیمەتری.
خوێندنی لە بەشی شانۆ لە زانكۆی تاران تەواو كردووە، دواتر ماستەری لە دەرهێنانی شانۆ بەدەست هێناوە.
پێش ئەوەی بچێتە نێو جیهانی سینەما، بۆ ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێرانیش كاری كردووە و سیناریۆی بۆ زنجیرە دراماكان نووسیوە.
فەرهادی بە فۆرمێكی تایبەت دەناسرێتەوە كە پێی دەوترێت (ڕیالیزمی كۆمەڵایەتی)
لە فیلمەكانیدا كاراكتەری (باش) یان (خراپ) ی ڕەها بوونی نییەو بینەر دەخاتە بەردەم دووڕِیانێكی ئەخلاقی كە نازانیت كێ تاوانبارە ، زۆربەی چیرۆكەكانیشی باس لە ژیانی چینی ناوەندی ئێران دەكەن.
زۆرجاران فیلمەكانی بە شێوەیەك تەواو دەبن كە بینەر خۆی بڕِیار لەسەر چارەنووسی كاراكتەرەكان بدات.
فەرهادی بەرهەمێكی زۆری هەیە لەوانە :.سەمایەك لە تۆزدا ٢٠٠٣ یەكەم فیلمی درێژی بوو كە چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێ‌ بردەوە.
شاری جوان ٢٠٠٤
چوارشەممە سوورە ٢٠٠٦
دەربارەی ئێلی ٢٠٠٩
جیابوونەوەی نادر لە سیمین – ٢٠١١: بە یەكێك لە باشترین فیلمەكانی مێژووی سینەما دادەنرێت.
باس لە جیابوونەوەی ژن و مێردێك و كێشەیەك دەكات كە لەگەڵ پیاوێكی ئایینی و خێزانەكەیدا بۆیان دروست دەبێت.
ڕابردوو ٢٠١٣
فرۆشیار ٢٠١٦) چیرۆكی ژن و مێردێكی ئەكتەری شانۆ دەكات ، كە ڕووداوێكی نەخوازراو ژیانیان دەگۆڕێت.
هەمووان دەزانن ٢٠١٨)
پاڵەوان ٢٠٢١
فەرهادی خەڵاتی ئۆسكار (٢٠١٢) وەك ی باشترین فیلمی بیانی بۆ جیابوونەوەی نادر لە سیمین. بە دەست هێنا .(ئەمە ش یەكەم ئۆسكار بوو بۆ سینەمای ئێران.
هەروا خەڵاتی ئۆسكار (٢٠١٧)ی وەك باشترین فیلمی بیانی بۆ فیلمی (فرۆشیار) بە دەست هێنا. فەرهادی لەو ساڵەدا ئامادەی مەراسیمەكە نەبوو وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بڕیارێكی دۆناڵد ترەمپ بۆ قەدەغەكردنی هاتنی هاوڵاتیانی چەند وڵاتێكی ئیسلامی بۆ ئەمریكا.
هەروا فەرهادی چەند خەڵاتێكی گەورەی تری بەدەست هێناوە لەوانە :
خەڵاتی گۆڵدن (گڵۆب بۆ فیلمی) بۆ فیلمی جیابوونەوە
خەڵاتی (ورچی زێڕینی) ی فێستیڤاڵی بەرلین: بۆ فیلمی جیا بوونەوە
خەڵاتی باشترین دەرهێنەر (ورچی زیوینی بەرلین) بۆ فیلمی (دەربارەی ئێلی).
خەڵاتی گەورەی دەستەی دادوەران لە فێستیڤاڵی كان بۆ فیل می “پاڵەوان ٢٠٢١.
خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە فێستیڤاڵی كان: بۆ فیلمی (فرۆشیار)
خەڵاتی (سیزاری فەرەنسی) بۆ فیلمی (جیابوونەوە)
ئەسغەر فەرهادی دەربارەی ئەو خەڵاتانە دەڵێت :
بردنەوەی ئۆسكار تەنها وەرگرتنی خەڵاتێكی سینەمایی نەبوو بۆ من ، بەڵكو دەرفەتێك بوو، بۆ ئەوەی دەنگ و كولتووری دەوڵەمەندی وڵاتەكەم بگەیەنمە جیهان، كە زۆرجاران لەژێر تەمومژی سیاسیی ون دەبێت..
خەڵاتەكان لە لایەكەوە شانازییەكی گەورە بوون بۆ من وەك سینەماكارێك، لە لایەكی ترەوە، هەستم دەكرد بەرپرسیارێتییەكی گەورەتریان بۆ زێدە كردم بەرامبەر هونەری گەلەكەم .
كاتێك لەسەر سەكۆكە وەستابووم، وەرگرتنی خەڵاتەكە ، بیرم لە فیلمەكە نەدەكردەوە، بەڵكو بیرم لەو خەڵكە دەكردەوە كە ئەوان ئێستا لە جیاتی من شانازییەكەیان بەر دەكەوێ‌ ، وڵاتەكەی من لە نێو وڵاتە بەشداربووەكانی ئەو فیستیڤاڵە نێو دوڵەتیە ، چەند بەسەرفیرازی ناوی دێ‌ و چەپڵەی بۆ لێ‌ دەدرێ‌ ، ئیدی چ بەختەوەریەك هەیە لەو لەحزەیەدا شان لە شانی ئەو بەختەوەریە بدا.
بۆیە ئۆسكار چەند ئەوەندەی خەونێكی چاوەڕوان نەكراو بوو بۆ من ، سەروەریەكی گەورەش بوو بۆ وڵاتەكەم .




گوڵدانێک لە سەمفۆنیای ناساخیدا.. ستار ئەحمەد

ئەدەبیات هەمیشە ئاوێنەی شکاوی خەونە، بەڵام کاتێک واقیعەکە خۆی دەبێتە “نەخۆشخانەیەکی گەورە”، ئیدی شیعر ئەرکە تەقلیدییەکەی خۆی جێدەهێڵێت و دەبێتە پزیشکی برینەکان. ئەم دەقانەی شاعیر “ڕۆژ هەڵەبجەیی” کە لە نێو کایەی کتێبی (نیشتەجێی نیشتمانێکم نەخۆشخانەیە) وەرگیراون، تەنها کۆمەڵە وێنەیەکی فەنتازی نین، بەڵکو گەشتێکی کلینیکی و فەلسەفین بە ناو جەستەی نیشتمانێکدا کە تێیدا مەرگ و ژیان، جوانی و نەخۆشی، بە شێوەیەکی تراژیدی ئاوێتە بوون.

ئینجانەیەک تای لێهات؛
گوڵ دەچێتەوە سەر خێڵی تابووت !

چیمەنێک قاچی لوول بووە؛
گۆرەوی چۆتە پرسەی ئاو !

ئاو دەپژمێ جۆگەلە پێڵاو؛
دەکاتە پێی ڕووبار !

هەنار نەزیفی بەربووە؛
چەقۆ چۆتە خولی سەربڕین !

دەرگا یاخی بووە؛
کلیل چۆتە گیرفانی (با)!

َتاریکی قاچی چەقی؛
مۆمێک کەوتە شنەشن !

ئاوێنە درزی برد ؛
قریوەی کچێک ئاڵۆزکا بە گریان!

ڕۆژ هەڵەبجەیی

ئەم دێڕانە هی کتێبی چاپکراوی( نیشتەجێی نیشتمانێکم نەخۆشخانە) یە.

لەم دەقانەدا، شاعیر پەنا دەباتە بەر جۆرێک لە “سوریالیزمی ئازار”. کاتێک نیشتمان دەبێتە نەخۆشخانە، ئیدی چەمکی “تەندروستی” لە توخمەکانی سروشتدا دەسڕێتەوە. لێرەدا زمانی پزیشکی و زمانی شیعری یەکدەگرن بۆ نیشاندانی قەیرانی بوون؛ “تای ئینجانە” و “نەزیفی هەنار” تەنها وێنەی جوانکاری نین، بەڵکو گوزارشتن لە گەیشتنی ژەهری ناساخی بە ناوەکیترین خانەکانی ژیان. شاعیر لێرەدا تەنها وەسفکەر نییە، بەڵکو توێکارێکی وردە کە نیشانەکانی داڕمان لە وردترین شتەکاندا دەبینێتەوە، بە جۆرێک کە مەرگ وەک میوانێکی هەمیشەیی لە ناو ئینجانەکاندا نیشتەجێ دەبێت.
لە ڕووی فەلسەفەی وێنەوە، ئەم دەقانە لەسەر بنەمای “دووبارە بونیادنانەوەی ئەرکی سروشت” کار دەکەن. ئاو کە لە فەرهەنگی مرۆڤایەتیدا هێمای پاککردنەوە و بەردەوامییە، لێرەدا شاعیر فەرمانێکی نوێی پێ دەبەخشێت و وەک نەخۆشێک “دەپژمێ”. چیمەن کە دەبێت ڕاخەرێکی ئارام بێت بۆ ماندوێتییەکان، لێرەدا وەک پەککەوتەیەک “قاچی لوول دەبێت”. ئەم بونیادنانەوەیە بۆ فەرمانی توخمەکان، ئاماژەیەکی قووڵە بۆ ئەوەی کە لە نیشتمانێکی ئاوادا، سروشتیش بەرگەی ئەو هەموو خەمە ناگرێت و لەگەڵ مرۆڤدا دوچاری پەککەوتەیی دەبێت. شاعیر بە وردی نیشانی دەدات کە ئەم سەمفۆنیای ناساخییە تەنها لە یەک شوێندا نییە، بەڵکو هەموو گەردوون دەگرێتەوە.
خاڵی هەرە درەوشاوەی ئەم تابلۆیە، “یاخیبوونی کەرەستەکانە” لە بەکارهێنەرانیان. کاتێک دەرگا یاخی دەبێت و کلیل دەچێتە “گیرفانی با”، مرۆڤ لەبەردەم بنبەستێکی مەعریفیدا ڕادەوەستێت. کلیل لای “با” واتە ونبوونی کلیل و نادیاریی چارەنووس و بێئومێدی لە کرانەوەی هیچ دەروازەیەک. هەروەها وێنەی “نەزیفی هەنار” و “چەقۆ لە خولی سەربڕین”، بەستنەوەیەکی پڕ لێزانینە لە نێوان جوانی و توندوتیژییەدا؛ هەنار کە هێمای پڕی و ژیانە، لێرەدا لەبەردەم چەقۆیەکدایە کە پیشەکەی تەنها سەربڕین و تێکشکاندنی جوانییە.
لە کۆتاییدا، ئەم دەقانە توانیویانە ئازار لە چوارچێوەی کەسیی مرۆڤ دەربهێنن و ببنە “ژانێکی گەردوونی”. تێیدا تەنانەت ئاوێنەکانیش وەک شاهیدحاڵێکی بێدەنگ، بەرگەی بینینی ئەو هەموو خەونە شکاوە ناگرن و درز دەبەن. “قریوەی کچێک” کە دەبوو مۆسیقای هیوا بێت، لێرەدا لە ناو گریانی ئاوێنەدا ون دەبێت. “ڕۆژ هەڵەبجەیی” لەم تابلۆیانەدا، نیشتمانێکمان بۆ وێنا دەکات کە تێیدا مۆمەکان لەبری ڕووناکی، “شنەشن” و گریان دەبەخشنەوە، ئەمەش لوتکەی ئەو بێئومێدییە گەورەیەیە کە تەنها شیعر دەتوانێت بەم زمانە چڕ و پڕ لە ڕەهەندە مانیفێستی بکات.




دەیەوێت ببیت بە یەکێك لەوان.. فەریق دووئاوانی

لە کۆمەڵگا دواکەتووەکاندا نەزانیی سەردەستەیە، چونکە تژی لە کۆت و بەندی نەفامانەیە؛ هەر لە دواکەوتنی هزرییەوە بیگرە تا توندوتویژیی و ستەم بە ناوی دادپەروەرییەوە، ئەمە وا دەکات زۆرینە چاولێکەر بن و ئەمەش هۆکارێکە بۆئەوەی سەرهەڵدانی بیری داهێنەرانە زۆر ئەستەم و مەحاڵ بێت، چونکە ئەم کارە بە کۆت لە قەڵەم دەدرێت و زۆرینە دەبنە ڕێگر لە گۆڕانکاریی و هەنگاونان بەرەو پێشەوە، ئیدی مرۆڤ لەو کۆمەڵگانەدا لە سەر هێڵی ڕاستی ئادەمیزادبوون لادەدات و دووڕوویی تەشەنە دەکات، لە بری ئەوەی کەسەکە بە هزرو ئەزموونی خۆی بڕیاربدات و ببینێت و هەڵبسەنگێنێت بە دیدی دەستە جەمع دەپێوێت و دەڕوانێت، تاك لە دۆخێکی بێهیوایی هەڵەشەییدا دەژی و جارانێک شەڕەنگێز دەردەچێت، بە هۆی دڵەراوكێی سەخت و نەبوونی ژیرمەندییەوە، لێرەوە ئەقڵییەتی مێگەل سەر هەڵدەدات و زاڵ دەبێت، واتا هەموو بە یەك چەشن بیر دەکەنەوە. زۆر جاریش ئاراستەکەیان هەڵەیە.
چیخەف لە وتەیەکی ناوداردا دەڵێت: لە کۆمەڵگا پاشکەوتووەکاندا هەزارەها دەبەنگ هەن بەرانبەر هۆشمەندێك، و هەزار وتەی بێکەڵک هەن لە بەرانبەر وتەیەکی سەنگیندا.
هەروەها عەلی وەردیش دەڵێت: مرۆڤ کاتێك بە دوای ڕێزی کۆمەڵگادا بگەڕێت، ئەوا هەوڵ دەدات ببێتە ئەوەی کە
کۆمەڵگا ڕێزی لێدەگرێت، بۆ نموونە گەر کۆمەڵگایەك ڕێز لە دز بگرن ، ئەوا ئەویش ئەبێت بە یەکێک لەوان.
لەم پێشەکییەوە دێمە سەر ناوەڕۆکی نووسینەکەم و ئەم هەلە دەقۆزمەوە تا نامەیەك ئاراستەی نووسیاری هێژا سەدیق رەواندوزی بکەم و پێی بڵێم تۆ شێت نیت، ئەگەر شێتیش بیت ئەوا لە دیدی شێتەوە تۆ شێتیت ئەگینا لە ڕوانگەی مرۆڤی ڕۆشنبیرەوە ، تۆ خامە بەدەستێکی دەڤەری رەواندوزی کە هێندەی لە تواناتدا بێت دەتەوێت خزمەتی پەیڤی کوردی و زمان و ئەدەب و داهێنانی میللەتەکەت بکەیت، ئیتر منی خوێنەر (وەکو خۆتان نووسیوتانە) چ کارمان بە ژیانی تاکەکەسی داوە؟ من و خوێنەر تەماشای بەرهەمەکانت دەکەین، نەك چۆن دەژیت، ئەمەش ئەوپەڕی جوانی هزرو تێڕوانینە کە ڕووبەری ئازادی و تایبەتمەندییەکانی کەسانی تر پێشێکل نەکەین و خۆمان هەڵنەقورتێنین لە شتانێکدا کە دوورو نزیک کاری ئێمە نییە و پەیوەندی پێمانەوە نییە.
بۆ نموونە گەر لە حاڵەتەکانی هەرەس هێنانی خیزان بکۆڵینەوە دەزانین کە چەندان هەزار هاوسەرگیریی لەسەر بنەمایەکی هەڵە دامەزراون و ئاکامەکەی پەشیمانی هەمشەیی دەبێت، یان ئایا ئەوانەی وەچە دەخەنەوە بیر لە پەروەردەکردن و داهاتوویان دەکەنەوە، ئایا وەکو بەرپرسیارییەتی ئەو هەنگاوە دەنێن یان هەر بۆ خۆشی؟ ئایا ئەم نەوەیە بۆچی وا لە پەروەردەدا دەست دەرچوون؟ ڕۆڵی باوان چییە لەم ئاقارەدا؟ ئایا ئەوەی هاوسەرگیریی کردووە شەریفەو ئەوەی نەیکردووە ناشەریفە؟….دەیان پرسیارگەلی دی ڕێ بە تاکەکەکانی کۆمـەڵگا دەدات چاوێك بخشێننەوە بەو دابونەرێت و خووە کۆمەڵایەتییەی کە بێ هیچ بنەمایەك دەستی بۆ دەبردرێت و بڕیاری دەربارەوە دەدرێت.
لێرەوە دەردەکەوێت؛ وێڕای ئەوەی چەندان لە ناوداران تا مردن بۆیان نەلوا هاوسەرگیریی بکەن و کە شاکارەکانیان دەخوێنینەوە هەرگیز ئەو پرسیارانەمان لا دروست نابێت کە گوایا هاوسەرگیریی کردووە یان نا؟. مرۆڤی دانا دەزانێت کە یەك ژیان لەم سەر زەویە ئەزموون دەکات و هەوڵدەدات ساتەکانی کە گەوهەری دانسقەن بە هەدەر نەدات، چونکە گەر گوزەشت هەرگیز ناگەڕێتەوە دواوە، کەواتە هۆشمەند بڕیارێکی هەڵە نادات کە دوایی کاڵەك بە ئەژنۆی بشکێنێت. ئەمە هەرگیز پێوەر نییە لە هەڵسەنگاندنی کەسایەتی و بەرهەمەکانی مرۆڤدا. بە تایبەتیتر کە لەم زەمانەدا ژیان و بوارەکانی و ئاڵۆز بوون و هەروەها کەسایەتی مرۆڤەکانیش بەرەو کاڵبوونەوەیەکی سامناك چووە، کە بێگومان هەموو کایەکانی ژیان کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەیە، هەر لە سیستەمی بەڕێوەبردنەوە، تا ڕادەی فەراهەمهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و تاکو خستنەڕووی هەلی کاری یەکسان و ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ.
بگرە ئەو کاتە مرۆڤ زیانمەند دەبێت کە ئازادی بیرکردنەوەو هەڵبژاردن لەدەست بدات و خۆی تەسلیمی دابی هەڵەی کۆمەڵگا بکات، چرای ئاوەزی خۆی بکوژێنێتەوەو دوای نەفامێک بکەوێت و چەپڵەی بۆ لێبدات.
کاک ڕەواندوزی دەزانم دەروونت پڕ کەیلەو واقتان وڕ دەمێنیت لە ئاکاری نەزانینی کۆمەڵگا کە لە مرۆڤ تێنەگەن، بەڵام سوقرات هەرگیز دەسبەرداری بۆچوونی دروست نەبوو و ژەهری هەڵبژارد لە بەرانبەر ژیانێکی کۆیلایەتی پر لە دووڕوویی، حەللاج تا ئەشکەنجە نەگەشتە سەر زوبانی هەر داکۆکی لەسەر جوانی ئەو حەقە شاردراوەیەی ناخی دەکردەوە و لە ئاکامدا مردنەکەشی بووە سیمبوڵ و دەسبەرداری خۆی و قەناعەکانی نەبوو.
بەڵی لە زۆر ژینگەی دواکەوتوودا وتەزایەك دەگوترێت کە هیچ جێی بایەخ نین و شایستەی ئەوەنین بەو پێوانانە بپێوین، وەك ئەوەی دەگوترێت: گەر لەگەڵ من نەبیت، ئەوا دژی منیت. یان دەگوترێت ئەوەی ژنی نەبێت خەریکی بەدڕەوشتییە…هەتاد…بەڵام ئەمانە هەر قسەی ئەوانەیە کە ژیان هەر لە ورگ و زەکەردا دەبیننەوەو هیچ بوارێکیان بە خۆیان نەداوە کە بەرفراوانی ئەم دنیا ڕازاوەو هەمەڕەنگە ببینن و چەشەی لێ ببینن، بێجگە لەو دوو شەهوەتە ئاژەڵییە، کەواتە پیرۆزیان بێت ئەو بۆچوونانە و بەرهەمی ئەو ژیانە وێرانەیەی ئەوانە لە ناخ و دەرەوەیاندا پێوەی دەناڵێنن و لای خۆیان زۆر پەسەندە. ئەمە مانای ئەوە نییە قسە لەسەر هاوسەرگیریی بکەین لەو رووەی کە باشە یان خراپ، بەڵام مرۆڤەکان دۆخیان هاوچوون نییە.
هەمیشەش هەر وابووە؛ لەناو قەومی بەسیتا قەدری سەنعەتکار ، وەکو وێنەی مانگ وایە لەناو گۆمێکی لیخندا، هەر کەسێکیش لە دیدگای خۆیەوە دەڕوانێتە لە کەسانی تر، مەگەر نالی و حاجی قادرو مەولانا خالید لە نامۆییدا سەریان نەنایەوە؟ ئەی زانا نوورسی و عەزیز گەردی بۆچ تەنیا سەریان نایەوە؟
لێرە وە دەبێت بگەترێت: ئیتر چ هیوایەك بخوازرێت و چاوەڕوانییەک بکرێت لە چەپڵەلیدانی کەسانی دەبەنگ ، تەنانەت گەر بەلایاندا بڕۆی ئەوا پیشکی ئاگرت بەر دەکەوێت، گەر تەماشاشیان بکەیت ئەوا نەهامەتی تیشکی چاویان کار لەسەر دڵت دەکات.




گەڵا هەڵپڕوکاوەکان ئەبووژێنەوە.. عارف کوردە

گوڵە ژاکاوەکانی،
ژێر پێی کوێرەوەری ئەبووژێنمەوە
ڕووح ئەکەمەوە بەجستەیاندا
ئەتوانم بەناو تووڕەیی،
هەورە برووسکەدا تێپەڕم
بەڕەنگی پەلکەزێڕینە
فوو لەڕوخسارە پەڕیوەکان بکەم
ڕەنگی مردوویان،
لەسەر لائەبەم
لەگەڵ غەمەکانما بێدار ئەبمەوە
یەک..یەک ئەیاننێژم
پێکەنینە تۆراوەکان،
ئاشت ئەکەمەوە
پەنجە ڕچیوەکان گەرم ئەکەمەوە
پەرچوو ئەخوڵقێنم
گەڵا وشکەکان سەوز ئەکەمەوە
ڕێگا دابڕاوەکان ئەخەمەوە سەریەک
لەدوندی شادیدا
ڕۆژە ڕەشەکان سپی ئەکەمەوە
تارمایی مەرگ ئەڕەوێنمەوە
قۆڵ ئەکەم بەقۆڵی گۆڤەندا
ئەچمەوە ماڵی دیلانێ
تاهەتایە لەیەکتر دەئاڵێینەوە
لەنێو کاولاشدا، خشتئەبڕم
لەماڵی بێ هیوایی..هیوا ئەچێنم
لەژێر ڕەهێڵەی درۆندا..!
چرا دەئەگیرسێنم
لێناگەڕێم باڕەش..،
گوڵەکان هەڵپڕوکێنێ
با، گڵوپەکان نەکوژێنەوە
شار لەتاریکیدا.. ئەمرێ
ئەستێرە چاوی هەڵئەگڵۆفێ
ئاسمان شینایی لەدەست ئەدا
کراسێکی خۆڵەمێشی ئەپۆشێ
زەڕنەقووتەکان،
لەقوڕەلیتەدا نوقم ئەبن
لەشەوەتارەکاندا
بەدوای کاروانکوژەیا ڕاناکەم
زستان زەندەقی لەبەهار چووە
ڕێواس، درزەکاتە سنگی بەفرەوە
مێلاقەو نێرگز،
بەسەمفۆنیای تاڤگەو
هاژەی چەمەوە ئەگەڕێنەوە
مەرکانەکانیان،
دەرماڵن لەئاوی نەمری




مێزی قومار.. شوان عەباس بەدری

هاوڕێ بڕوانە
لەم قوربانگەیە چەند بێ نرخە گیان
هاوڕێ بڕوانە
ئێمەی هەژار چۆن بووین بە قوربانی ویستی سەرکردەکان
بڕوانە
لە سەر مێزی قومار چۆن یاری بە ژینمان ئەکەن
بڕوانە
چۆن پێئەکەنن و چۆن بە کووشتمان ئەدەن
هاوڕێ بڕوانە
کەشتی سەرکەوتنی ئەوان
چۆن لەناو خوێناوی ئێمە کەوتۆتە ڕێ
بڕوانە
سەرکردە چۆن لە خوێنی ڕژاوی ئێمە
چێژ ئەبینێ و پێئەکەنێ !

سلێمانی / پاییزی 2004




گرۆتێسک، ئەبسورد، شانۆی پۆڵەندی و سلاڤۆمیر مرۆزێک.. بەشی سێیەم و کۆتایی.. زاهیر عەبەڕەش

بەشی سێیەم و کۆتایی
تێبینی: کۆی هەر سێ بەشەکە لەخوارەوەی ئەم بابەتە بە فۆرماتی پ د ف دانراوە..

ناوی کارەکتەرکانی شانۆنامەکانی مرۆژێک
ناونانی کارەکتەرەکانی مرۆزێک نموونەیەکی تایبەتی ناونانی شانۆنامەی ئەبسوردە، بۆنموونە ” لە شانۆنامەی کۆچبەران کارەکتەرەکان ناویان ئەی ئەی و ئێکس ئێکس ـ ە AA و XX ، لە شانۆنامەی ڕووتبوونەوە ناویان ( کاک یەک و کاک دووە، یان کەسی یەک و کەسی دوو) لە شانۆنامەی لە دەریادا کارەکتەرەکان ناویان لەڕ و درێژ و قەڵەو، لە شانۆنامەی پۆلیسدا کارەکتەرەکان، زیندانی، سەرۆکی پۆلیس، سەردەستە، لە شانۆیی کارۆل کارەکتەرەکان بە ناوی جوتیاری یەک و جوتیاری دوو. شانۆنامەی (جەفەنگ) (١٥) ئاهەنگ یان گەمەکردن دێت، کارەکتەرەکان بانەوی پیاوی یەکەم، و پیاوی دووەم و پیاوی سییەم، یان لە هەندێک وەرگێڕاندا بە کرێکاری یەک، دوو، سێ ناویان هاتووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پاڵەوانەکانی شانۆنامەکانی مرۆژک نوێنەرایەتی جۆرەکانی مرۆڤ دەکەن نەک کەسێکی دیاریکراو.

کارەکتەر لە دەقەکانی مرۆژکدا:
لە بونیادی پێکهاتەی دراماکاند گۆڕانکارێەکی چۆنێتی بەسەردا دێت، بەو هۆکارەی کە هاودەم بێت لە گەڵ نمایشکردنی شانۆی ژوور و پاشان هۆکاری نمایشکردنیان لەو شوێنانەی کە رێ پێنەدراو بوون بە هۆکاری سیاسی، ئەویش ژمارەی کارەکتەرەکانی ناو شانۆنامەکان کەم دەبێتەوە، هەندێک جاریش تەنها لە دووکارەکتەر پێکهاتووە، بۆ ئەوەی زیاتر جەخت لەسەر کێشەی نەبوونی پەیوەندی بکەنەوە، کە یەکێکە لە تەوەرە باوەکانی درامای ئەبسورد. کارەکتەرەکانی شانۆنامەکانی مرۆژێک ستریۆیپە، واتە یەک ڕەنگ و یەک فۆرمە. لە بەر ئەوەی زۆرجار کارەکتەرەکان یاسا و نەریتەکان پەیڕەو دەکەن بەبێ ئەوەی بیر لە خۆیان بکەنەوە. ئەمەش بۆ ئەوەیە نیشان بدات کە چۆن مرۆڤەکان هەندێک جار تەنها پەیڕەوی سیستەم یان یاساکانی کۆمەڵگا دەکەن بەبێ ئەوەی بیرکردنەوەیان هەبێت.
هەروەها ڕەفتارەکاناین لە بوكەڵە دەچن، کاتێک کارەکتەرەکان بە شێوەیەکی میکانیکی ڕەفتار دەکەن، وەک بووکەڵە دەردەکەون و هاوتا دەکرێن لەگەڵ ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتیانەی کە ئەنجامی دەدەن، ئەمەش هێمای ئەوەیە کە مرۆڤەکان واتە کارەکتەرەکان هەندێک جار بە پێوەندی دەسەڵات، نەریت یان یاسا کۆمەڵایەتییەکان کۆنتڕۆڵ دەکرێن لەبری ئەوەی ئازاد بن. کارەکتەرکانی کۆنەپەرستانە و بوکەڵانەن بۆ ئەوەی نیشان بدات کە مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی میکانیکی و بەبێ ئیرادەی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن. هیچ پاڵنەرێکی دەروونی بۆ هەڵس و کەوتیان نییە.
نووسەری شانۆنامە ئەبسوردیەکان، مرۆژێک بەتایبەتی زۆرجار ژمارەی کارەکتەرەکان لە شانۆنامەکانیدا کەم دەکاتەوە، یان تەنانەت بۆ دووکەس ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک سەرەڕای هۆکاری سەرەوە، ئەو گرنگی دەدات:
ــ گرنگیدان بە بیرۆکەکان، کاتێک کارەکتەرەکان کەم بن، بینەر دەتوانێت زیاتر سەرنجی لەسەر بیرۆکە و پەیامی ناو شانۆنامەکە بێت لەبری ئەوەی دیقەتی لەسەر کارەکتەری زۆر و ڕووداو بێت.
ــ جیاوازی نێوان مرۆڤەکان، کاتێک تەنها دوو کارەکتەر بێت، دژایەتی لە نێوانیاندا نیشان بدات، بۆ نموونە:
دەسەڵات ↔ لاوازی
سەرکردە ↔ شوێنکەوتووانی
ئازادی ↔ کۆنتڕۆڵکردن
ئەمەش ناکۆکییەکە ڕوونتر دەکاتەوە، تایبەت لە شانۆی ئەبسوردا، بارودۆخێکی سادە بەکاردێت بۆ نیشاندانی تەنیایی ومرۆڤی بۆش و بێمانایی کۆمەڵگا.
ــ سیمبوڵی ڕۆڵ، هەندێک لە کارەکتەرەکان نوێنەرایەتی ڕۆڵی خۆیان ناکەن بەڵکو نوێنەرایەتی بیرۆکە دەکەن لەبری تاکی ڕاستەقینە. بۆیە کارەکتەری زۆر پێویست نین. بونموونە شانۆنامەکانی مرۆژێک وەک ( کۆچبەران – دوو کارەکتەر، کارۆل – سێ کارەکتەرم، گەمە، سێ کارەکتەر، لە دەریادا، سێ کارەکتەر. ڕووتبوونەوە ــ دوو کارەکتەر)
ــ مرۆزێک کە دوو کارەکتەر بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی ناکۆکییەکە ڕوونتر بێت و جەخت لەسەر بیرۆکە و هێماگەرایی لە شانۆنامەکەدا بکاتەوە.
سەرەڕای پەیوەستبوونی سلاڤۆمیر مرۆژێک لەگەڵ شانۆی ئەبسوردا بەهۆی گرۆتێسک، تیکەڵکردنی کۆمێدی و تراژیدیا، دیاری نەکردنی کات و شوێنی ڕووداو، داڕشتنی فۆرمی کارەکتەرەکان و ڕەتکردنەوەی پاڵنەرە دەروونیەکان، بەڵام تا ڕادەیەک جیاوازی هەیە لەنێوان دەقە شانۆیە درامیەکانی نووسەرانی پێشەنگی شانۆی ئەبسسورد چ لەڕووی شێواز و چ ڕووی ناوەڕۆکەوە.
دەقە درامیەکانی ساموێل بێکێت لەسەر بنەمای بوونگەرایی و ڕەنگدانەوەی میتافیزیکی ڕۆنراون و دیدێکی کارەساتبار و تراژیدیانە بۆ بارودۆخی مرۆڤ دەخەنە ڕوو. دەقەکانی یوجین ئیۆنێسکۆ لە نێو ئەوانی تردا تاکێک وێنا دەکات کە ڕووبەڕووی جیهانێک دەبێتەوە کە ماناکەی لەدەستداوە، ئەوەش شایەتحاڵی سروشتی ناتەبایی ئەو جیهانە و بێ مانایی بوونە. هەردوو بێکێت و ئیۆنێسکۆ هەر جۆرە بەشدارییەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی لە دەقەکانیاندا ڕەتدەکەنەوە، لە کاتێکدا دەقە دراماتیکییەکانی مرۆژێک پڕن لە ئاماژەی سیاسی.

ڕەخنە لە تۆتالیتاریزم یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ئالیگۆری مرۆژێک
لە شانۆنامەکانی مرۆژکدا، کارەکتەرەکان هەندێک جار دەتوانن وەک ئالیگۆری(١٦) کار بکەن. بۆ نموونە، کارەکتەرێک دەتوانێت هێمای دەسەڵات، گوێڕایەڵی یان یاساکانی کۆمەڵگا بێت نەک تەنها کەسێکی ئاسایی. لە دەقەکانی مرۆزێکدا پەیوەندی هەموو تاکەکان بە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی دیاری دەکرێن. لە کاتێکدا لە شانۆنامەکانی بێکێتدا ئەبسورد لە مەحاڵبوونی زانین و بەدەستهێنانی وەڵامی یەکلاکەرەوە سەرهەڵدەدات، بە دیدی فەلسەفیانەی بێکت ئەوەیە مرۆڤەکان ناتوانن بە تەواوی لە دونیا تێبگەن، ئەوان هەرگیز وەڵامی یەکلاکەرەوەیان دەست ناکەوێت بۆ پرسیارە گەورەکان وەک (واتا، خودا، مەبەست و ڕاستی) کارەکتەرەکان تێگەیشتنیان نییە و پرسیاریان نییە تەنها چاوەڕێی وەڵامەکان دەکەن، بێگومان مرۆڤ وەڵامی چنگ ناکەوێت هەتا پرسیاری نەبیت، . هەر بۆیە شانۆنامەکانی بێکێت بۆ نموونە چاوەڕوانی گۆدۆدا، کارەکتەرەکان هەوڵدەدەن لەوە تێبگەن کە چی ڕوودەدات یان مانای چییە، بەڵام هیچ کەس نازانێت و بە دڵنیاییان نییە و هیچ وەڵامێکی یەکلاکەرەوە نایەت ئەمەش هەستی بێمانای و ئەبسورد دروست دەکات. ئەبسوردی درامای بێکێت لە مرۆڤەکان ئەوەیە ئەوان دەیانەوێت لە ژیان تێبگەن، بەڵام مەحاڵە وەڵامی دیاریکراو بەدەست بهێنرێت، لە ژیاندا مرۆڤەکان بەدوای ڕاستی و مانادا دەگەڕێن بەڵام لە جیهانی بێکێتدا، وڵامی دڵنیا بەدەست ناهێنرێت، هەربۆیە لە هەموو لە شتێکدا هەست بە بێمانای و ئەبسوردی دەکرێت. بەلام ئەبسورد لە دەقەکانی مرۆزێکدا تەنیا لە پەیوەندی نێوان تاکەکان و ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی – سیاسییەدا سەرهەڵدەدات کە کارەکتەرەکان تێیدا دەژین.
مرۆزێک گرنگی بەو بنەمایانە دەدات کە مرۆڤەکان لە جیهانە بچووکەکانیاندا چ یاسایەک پەیڕەو دەکەن و چۆن ئەم یاسایانە ڕەفتارەکانی خەڵک بەڕیوە دەبات. هۆکاری ئەوەی کارەکتەرەکان چۆن لەناو ژینگە بچووکەکاندا دەژین، کارەکتەرەکان قوربانی ئەو دۆخەن کە تێیدا دەژین، کەسانی دەوروبەریان، دمودەزگای دەوڵەتی، ئەو دامەزراوانەی کە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندییەکانیان ڕێکدەخەن. ئەمەش بە باشترین شێوە لەلایەن کارەکتەرەکانی شانۆ نامەی پۆلیسەوە دەسەلمێنرێت کە ئەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتیانە قبوڵ دەکەن کە بۆیان دانراوە، نرخەکەشی لەدەستدانی کەسایەتی خۆیانە، یان شانۆنامەی شەهید پیتەر ئۆهی، کارەکتەری سەرەکی بێ هیچ گومان کردنێک و پرسیارکردنێک بوونی سەپێنراوی پڵنگێک لە حەمامەکەی خۆیدا قبوڵ دەکات. مرۆزێک باس لەوە دەکات کە چۆن ملکەچبوون بۆ سیستەمێکی بەزەبرو زەنگ و ئیرادەی دەسەڵات دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای بیرکردنەوەی عەقڵانی.
کارەکتەرەکانی ئیۆنێسکۆ لە ژێر کاریگەری کولتوری جەماوەریدا توانای بیرکردنەوەیان لەدەستداوە،
مارتن ئێسلن دەڵێت” کارەکتەرەکانی ئیۆنێسکۆ لە ژێر کاریگەری کولتوری جەماوەریدا توانای بیرکردنەوەیان لەدەستداوە و بەهۆی کۆنفۆڕمیزمkonformizam (١٧) ( کۆنفۆرمیزم واتە خۆ گونجاندنی کوێرانە، ئەوەی کە خەڵکی تر دەیکات) بەواتای ئیۆنێسکۆ پێمان دەڵیت کە چۆن مرۆڤەکان دەتوانن بێ بیرکردنەوە و نامرۆڤ بن کاتێک تەنها پەیڕەوی لە قەرەباڵغی و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن بەبێ ئەوەی بیر لە خۆیان بکەنەوە، ئەم خۆگونجاندنە کوێرانەیە وایان لێدەکات مرۆڤبوونی خۆیان لەدەست دەدەن، تەنها شوێن نۆرمەکانی جەماوەر و کۆمەڵگا دەکەون ئەمەش پەیڕەوبوونێکی میکانیکی وئامێری مرۆڤەکانە، لەوێدا تەواو دەبن بە ئامێرد، ئەمەش تەواو ئەبسوردیە و بێماناییە. ئەم دیدە لە شانۆنامەی کەرکەدەن (١٨) بەرجەستە دەکات.
لە کاتێکدا کارەکتەرەکانی مرۆزێک لەلایەن کۆمەڵگاوە ڕێگرییان لێدەکرێت.کارەکتەرەکانی مرۆزێک بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و ئامێری کاردانەوەیان دەبێت، چونکە توانای بیرکردنەوەیان لە ژێر فشاری ئایدۆلۆژیا و سیستەم و خودا لەدەستداوە. ئەوان دیلی واقیعی کۆمه ڵایه تی و ده سه ڵاتێکی تۆتالیتارین، که توانای بیرکردنه وه ی ڕه خنه گرانەیان لێ دزراوە، گوتارو دەستەواژەکەیان وەڵامێکی کورت و ئامێردیە. لە لای مرۆژێک کۆمەڵگا قەدەغەیان دەکات، کارەکتەرەکان ناتوانن هیچ بکەن، ناتوانن بە ئازادی بیربکەنەوە، خۆیان بن یان بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، کۆمەڵگە یان سیستەم دەیانوەستێنێت، یاسا، نۆرم یان دەسەڵات ڕێگری لە ئازادییان دەکات. واتە کۆمەڵگا ڕێگە نادات مرۆڤەکان ئازاد بن، بۆیە کارەکتەرەکان بە شێوازێکی دیاریکراو ڕەفتار دەکەن. (١٩)
مرۆزێک گرنگی بە چارەنووسی تاک دەدات لە چوارچێوەی هەندێک پەیوەندی کۆمەڵایەتیدایە، نەک پرسە میتافیزیکی و خستنەڕووی ئەبسوردی جیهان. شانۆنامەکانی، مەسەلە سیاسییەکانە لە فۆرمێکی گرۆتێسکدا ئاکامی جیهانی سیاسیکراوی پۆڵەندای دوای جەنگە. لە شانۆنامەکانیدا ژێردەقی سیاسی (پەیامێکی سیاسی شاراوە) هەیە، ئەو پەنهانی و ئاماژانەش بینەری پۆلۆنی بەڕوونی دەیانناسیەوە، لەو کاتەدا لە پۆڵەندا کۆنترۆڵی سیاسی بەهێز هەبوو، بۆیە کاتێک کە بە ناڕاستەوخۆش ڕەخنە لە سیستەمەکە دەگیرا دەتوانرا وەک ئیستفزازییەک لە دژی دەسەڵاتداران دەخوێندرایەوە.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین هەندێک جیاوازی لە نێوان دەقە دراماتیکییەکانی بێکێت، ئیۆنێسکۆ و مرۆزێکدا بەدی بکرێت.(٢٠) یوجین ئیۆنێسکۆ و ساموێل بێکێت تا ڕادەیەکی بەرچاو جەخت لەسەر دەربڕینی هەموو تووخمە شانۆییەکان دەکەنەوە، گرنگییەکی زۆر بە هەموو بەشەکانی شانۆی سەر شانۆ دەدەن، نەک تەنها دیالۆگ بەڵکو جوڵە و بێدەنگی و سینۆگرافی و ڕووناکی، دەقەکانین جەخت لە نمایش بوونیان دەکەنەوە. دەقەکانین زۆر شانۆیین بە پێچەوانەی شانۆنامە یەک ئەکتەکانی مرۆزێک کە تێیدا وشە بەرچاوترین ڕۆڵ دەگێڕیت و زۆر دیالۆگین. بەمانای ئیۆنێسکۆ و بێکێت بۆ دروستکردنی مانا، تەواوی دەربڕینی شانۆ (جووڵە، بێدەنگی، سینۆگرافی) بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا مرۆزێک بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای دیالۆگ و وشە دامەزراون.
میرنا سندیچیچ سابلیۆ دەڵێت ” لە دەقەکانی مرۆزێکدا ئۆنیریزم onirizam نییە ئەوەندەی لە لای یۆنێسکۆ ئامادەگی هەیە ئۆنیریزم بە مانای وێنەی خەیاڵی و کابووس و شتی سەیر و سەمەرە. تەنانەت لە دەقەکانی بێکتیشدا ئامادەنین. دەقە شانۆییەکانی مرۆزێک پێکهاتەیەکی بازنەییان نییە و دیمەن و ڕووداوەکان کۆتاییەکی ڕوونتریان هەیە” دەقە شانۆییەکانی مرۆزێک سەرەتایەکی ڕوونتر و ململانێ و چارەسەرێکی ڕوونتریان هەیە بە بەراورد بە شانۆنامەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ.
شانۆنامەکانی مرۆزێک زۆر واقیعیتر و وشکانی بزوێنەرترن، دیالۆگ و کردارەکە زیاتر سەرنجیان لەسەرە ، بەبێ ئەم توخمە خەون و خەیاڵیانە، یان کرداری ئەبسوردی، دیالۆگ زۆر گرنگە و دیمەنەکان واقیعیترە. لە شانۆنامەکانی ئیۆنێسکۆ، دیمەنەکانی دەتوانێت ئەبسورد و خەوناوی و پڕ بێت کەل و پەلی وێنەی سەیر و نامۆ.
دیمەنی هەیە کە مۆبیلیات دەفڕێت خەڵک لەناکاو ڕووخسار دەگۆڕێت یان کات باز دەدات و دەگەڕێتەوە، ئەمەش پێی دەوترێت ئۆنیریزم، لە شانۆنامەکانی ئیوجین ئیۆنێسکۆدا زۆرجار توخمگەلێکی خەوناوی لەم جۆرە ڕوودەدەن.

دەرئەنجام:
دەقە شانۆییەکانی سڵاڤۆمێر مرۆزێک کە لە نێوان ساڵانی ١٩٥٨ بۆ ١٩٦٥ نووسراون، لە دەقی پۆلیسەکان تا تانگۆ، لەلایەن ڕەخنەگرانەوە وەک دەقی شانۆیی ئەبسورد پۆلێن دەکرێن، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە سلاڤۆمیر مرۆزێک خۆی هەرگیز بە ئاشکرا هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ ساموێل بێکت یان یوجین ئیۆنێسکۆ، یان تادێوس ڕۆزێڤیچ نەبڕیوە.ڕەخنەگری ئینگلیزی مارتن ئێسلین ڕەنگە یەکەم کەس بێت لە بەستنەوەی دەقە دراماتیکییەکانی مرۆزێک بە ڕەوتی هونەری دوای جەنگ، کە کاریگەری یەکلاکەرەوەیان لەسەر پێشوازیی دواتری مرۆزێک لە سەرانسەری جیهاندا هەبوو. هەرچەندە ئەو دەقانەی کە لە کۆتایی شەتەکاندا نووسیوێتی لە شێوازە ئەبسوردی و بابەتە گرۆتێسکیەکان دوور دەکەوێتەوە، بەڵام ڕایەڵێکی تووند ببە شێوازی نووسینی ڕابووردووی گرێی دەداتەوە. دوای ئەوەی مرۆژێک وڵاتی خۆی بەجێ دەهێڵێت ڕوو لە بابەتگەلێکی گشتگیرتر دەکات، کە دڵخوازی بینەرانی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوان، زۆر حەز بە بینین و بیستنی دەکەن. لە دەقەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێک و شانۆنامەنووسانی دیکەی ئەبسوردا هەندێک لێکچوون هەیە، چونکێ نەریتی شانۆی تەقلیدیدا دەشکێنن پێکهاتەی کلاسیکی (سەرەتا – ململانێ – چارەسەرکردن) پەیڕەو ناکەن ڕەنگە هەست بکەیت ڕوداوەکان کە پارچە پارچەبوون یان نالۆژیکییە، دەقەکان، کورتن، نالۆژیکین، پێکهاتەیەکی ڕوون و کارەکتەری واقیعییان نییە. نەبوونی ئاماژەی ڕوونی کات و شوێن، زۆرجار بە تەواوی نازانیت کردارەکە لە کوێ و کەی ڕوودەدات. زۆرجار کارەکتەرەکان جۆر یان هێمان نەک کەسانی واقیعی، قوڵایی دەروونی زۆریان نییە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جار کارەکتەری دەقەکانی مرۆژک لەگەڵ نموونە کارەکتەرەکانی دەقەکانی ئیۆنێسکۆ جیاوازن. بارودۆخی کۆمەڵایەتی-مێژوویی. لە دەقەکانی مرۆزێکدا، ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتارییەی کە تێیدا دەژین، کارەکتەرەکان لە قاڵب دەدات و هەر بۆیە دەقەکانی زۆر واقیعبینترن لەهی بێکێت و ئیۆنێسکۆ. کارەکتەرەکان لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە دەسەڵات کە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تێیدا قەدەغەیە، کە دەبێتە هۆی بۆ ئەوەی شێوازی دەربڕینی مرۆڤەکان هەژار و میکانیکی و زۆر سادەتر بن، مرۆڤەکان وازیان لەدەربڕینی بیروڕای خۆیان دێنن و لەبری ئەوە دەست دەکەن بە دووبارەکردنەوەی دەستەواژە و دروشمی ئامادەکراو کە لە هەموو شوێنێک دەبیسترێن. لە دۆخێکی وادا پەیوەندی ڕاستەقینەی نێوان کارەکتەرەکان مومکین نییە، بۆیە هەمیشە شتە ئەبسوردیەکان لە پەیوەندییە نێوان کەسەکانەوە دروست دەبێت. ڕەخنەگران بە پلەی یەکەم مرۆزێکیان بە ساموێل بێکتەوە گرێداوە بەهۆی پێشوازییە زۆرەی بێکت لە پۆلۆنیا، بەڵم ڕەخنەگران دەڵین دەقەکانی مرۆژک زیاتر لە دەقەکانی یۆژین ئۆنسکۆ نزیکترە، بەڵم بێ شک ئەبسوردیەتی هیچ کام لە نووسەرانی ئەبسورد وەک یەک نییە.
مرۆزێک درێژە بە نەریتی ویتکیڤیچ و گۆمبرۆڤیچ دەدات، کە گرۆتێسک و تەنزئامێز لە دەقەکانیاندا تێکەڵ دەکەن بۆ ئەوەی واقیع بەم شێوەیە ئاشکرا بکەن. مرۆژک پەنا بۆ گرۆتێسک و ساتیرێکی نەرم دەبات بۆ ئیدانەکردنی تۆتالیتاریزم. دەقەکانی پڕن لە ئاماژەی سیاسی شاراوە، چونکە بەهۆی سانسۆر و چاودێری توندەوە ناچار بووە ئالیگۆری (Allegory) بەکاربهێنێت و پەیامەکان بشارێتەوە. ئەبسوردیزم وای لێدەکات ئەو شتانە دەرببڕێت کە نەدەبوو بە ئاشکرا بگوترێ.
زۆر لە دەقە ئەبسوردیەکان پەیوەندییەکی نزیک بە بوون و پرسە میتافیزیکییەکانەوە هەیە، بەڵام لەلای مرۆزێک، ئەبسورد لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و دەسەڵاتە باڵاکانەوە سەرهەڵنادات، بەڵکو لە سەرووی هەموویانەوە لە پەیوەندی نێوان کەسەکانەوە سەرهەڵدەدات ، بەشێوەیەکی سەرەکی باس لە پچڕانی پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا دەژی دەکات، مرۆزێک بۆ ڕەخنەگرتن لە سیاسەت، گرۆتێسک و ئیرۆنی بەکاردەهێنێت. ئەمانە تایبەتمەندی شانۆنامە بێماناکانی دیکەی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتن، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ماوەی ساڵانی شەستەکاندا نووسراون، کە لەلایەن بینەرانی هەردوو ئەوروپای ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە پێشوازییەکی زۆریان لێکرا.

تەواو
بۆ خوێندنەوەی کۆی هەر سێ بەشەکە بە فۆرماتی پ د ف کلیکی ئێرەبکەن..
——————————

پەراوێزی بەشی سێ..

(١٦) ئالیگۆری (Allegory) شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکە، ئوبێکتەکان، کارەکتەرەکان، شوێنەکان یان ڕووداوەکان یان شتەکان هێمان بۆ شتیكی تر، بۆ گەیاندنی مانایەکی قووڵتر. ئەوەی کە نمایشەکە دەیڵیت زۆر زیاترە لە چیرۆک و ڕووداوەکانی نمایشەکەی بینیوتە. هەروەها زۆرجار کارەکتەر و دۆخەکان نوێنەرایەتی بیرۆکە، ئەخلاق یان کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن پەیوەندی بە پرسە ئەخلاقی، سیاسی، یان فەلسەفییەکانەوە هەیە
نموونە چیرۆکێک دەربارەی ئاژەڵەکان لە ڕاستیدا دەتوانێت دەربارەی مرۆڤ و سیاسەت بێت، گەشتێک دەتوانێت هێمای ژیانی مرۆڤ بێت.
مانای دووسەری: هەر چیرۆکێکی ئالیگۆری دوو ئاستی مانای هەیە:
ــ یەکەم مانای ڕووکەش: ئەو چیرۆکە سادەیەی کە دەیبیستین یان دەیخوێنینەوە.
ــ دووەم مانای شاراوە: ئەو پەیامە بنەڕەتییەی کە نووسەر دەیەوێت بیگەیەنێت.
بۆنموونە: چیرۆکی کێڵگەی ئاژەڵان ـ ی جۆرج ئۆرێڵ لە ڕووکەشدا چیرۆکی کۆمەڵێک ئاژەڵی کێڵگەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئالیگۆرییەکە بۆ ڕەخنەگرتن لە شۆڕشی ڕووسیا و دیکتاتۆرییەت.
ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوون: چیرۆکی زیندانییەکانی ناو ئەشکەوتێکە کە تەنها سێبەر دەبینن، بەڵام مەبەستی فەلسەفی لێی گەڕانە بەدوای ڕاستی و زانیاریدا.
(١٧) کۆنفۆڕمیزم konformizam : گونجاندنی بیر و ڕەفتار لەبەر خاتری خەڵک، کە بە هەرنرخێک بێت لەگەڵ زۆرینەی خەڵک و کۆمەڵگەدا خۆی بگونجیت. ئەگەر هەموو کەسێک لە گروپێکدا دەست بکات بە وتنی هەمان شت و تۆش هەمان شت بیڵێیت تەنها بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بگونجێت، تەنانەت ئەگەر بەڕاستی هاوڕا نەبیت – ئەوا ئەوە کۆنفۆڕمیزمە.
(١٨) شانۆنامەی کەرکەدەن لە نووسینی ئۆژین یونیسکۆ، ئەم دەقە وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سەردم چاپی کردووە. لە شانۆنامەکەدا خەڵکی شارێک یەکە یەکە دەگۆڕدرێن بە کەرکەدەن، سەرەتا هەمووان پیان وایە سەیر و ترسناکە، بەڵام دوای ماوەیەک، خەڵکی زیاتر و زیاتر ئەم گۆڕانکارییە قبوڵ دەکەن پێی ڕادێن خۆیان دەگۆڕن.
١٩) دەتوانین بەراوردێک لە نێوان سلاڤومێر مرۆژێک و ئوژین یۆنیسکۆ بکەین.
لە بەرهەمەکانی یۆنیسکۆ:
ــ کێشەکان لە ناو خەڵکەکەوە دێت.
ــ کەسایەتییەکان خۆیان بێ بیرکردنەوە شوێن کۆمەڵگە دەکەون.
ــ بۆیە کۆنفۆڕمیزم (konformizam) دەکەن و وەک یەک دەبن. خۆیان دەگونجێن. ئەمە وایان لێدەکات ئاستی مرۆڤایەتییان نزم ببێت. واتە خەڵک خۆیان خۆیان دەگۆڕن بۆ ئەوەی لەگەڵ زۆرینە بگونجن.
بەڵام لە بەرهەمەکانی مرۆژێکدا کارەکە جۆرێکی ترە.
ــ کێشەکان لە سیستەم و کۆمەڵگەوە دێت.
ــ کەسایەتییەکان دەتەوێت شتێک بکەن یان بیر بکەن، بەڵام کۆمەڵگە و دەسەڵات ڕێگایان لێدەگرێت، واتە: خەڵک دەیانەوێت ئازاد بن، بەڵام کۆمەڵگە ڕێگا نادات.
یۆنسکۆ: خەڵک خۆیان شوێن زۆرینە دەکەون.
مرۆژێک: کۆمەڵگە خەڵک ناچار دەکات.
(٢٠) جیاوازی، مرۆژک لەگەڵ بێکت و یۆنسکۆ لە ڕووی شانۆییەوە
مرۆژک:
ــ دیالۆگ و وشەکان لە هەمووی گرنگترن.
ــ بیرۆکە و پەیامەکان زیاتر لە ڕێگەی ئەوەی کارەکتەرەکان دەیڵێن دێت
بێکت و مرۆژێک:
ــ شانۆ و جوڵە و فۆڕمی شانۆیی زۆر گرنگە.
ـ جوڵەکان، بێدەنگی، سینۆگرافی (شانۆکە چۆن دەردەکەوێت)، ڕووناکی و دەنگ و زمانی جەستەی ئەکتەرەکان، جوڵەی سادە و بێدەنگی هێندەی دیالۆژەکان گرنگن.




میهری (میهرەبان ساڵەیی) لە دەقە شیعرییەکاندا!.. ڕەنگین مەلا سەمەد

ئەو ژنەی ئازاری شەرمەزار کردو ژیانی ژیاندەوە‌

بۆ جوانبینی خانمێکی تر، قەڵەمم ڕاسپارد وەکو خۆی بینووسێتەوەو پێناسەی بکات، ئەو خانمە هێندە پڕە لە وشە هیچ تاڤگەیەک بەری پێ ناگرێت.

ئەو ! زمانی ئازارەکانی ژنبوونە، کانیی میهرەبانییەو چیرۆکێکە ڕاستەقینە، ڕۆمانێکە پڕە لە پەندو واقعییەت و ڕاستگۆیی و مرۆڤدۆستیی و خۆبوون، چەند لێی بخوێنیتەوە هێندە چێژی لێ وەردەگری،
وشەو قسەو دێڕو دەربڕینی، چەشنی نمەی بارانەو گوڵ ئەڕوێنێ، ڕۆح ئاسوودەو ویژدان زیندوو ئەهێڵێتەوە.

ئەو( با)یەکە بەنێو دارستانێکی پڕ نهێنیدا گوزەر دەکات، کاتێک دەجوڵێت، وەک گەڵا وشکەکانی پایز وشە ئەوەرێنێ و ئازار لەگۆڕ دەنێ.

کەم ئەدوێ و زۆر دەبیستێ، کاتێک دەست بۆ قەڵەم دەبات، ئاسمان لە بەردەم مەزنیی دەربڕینی بێدەنگ دەبێ، ‌ئەستێرەکان چاوکراوەتر دەبن.

کاتێک قەڵەم دەگرێ، شوێنێک ناهێڵێتەوە لە بۆشاییدا،
ڕۆح بە بەر هەموو وشەکان دەکات و، دێڕەکانی ئاوێنە ئاسا مرۆڤایەتیی نیشاندەدەن.
نەرم دێتە گۆ، بەڵام توند ئەیپێکێ،
هەر شیعرێکی! برینێکی سەر جەستەی و تاڵیی ژیان و ژنبوونییەتی، خەم هەمووکات وەک مناڵێکی لاسار بەرۆکی گرتووەو گیرۆدەی دەستی واقعێکی تاڵی کردووە.
ئەو بۆ داهێنان و جوانیی دروستبووە، هیچکات ڕادەستی دۆڕانی گەمەی ڕۆژگار نابێت،
چانسی ژنێتیی ئەو، قەڵەمە پڕ بڕشتەکەیەتی کە بیرو ڕۆح و ڕووانینی وێنا دەکات و بووەتە گەوهەری گەردنی ناسکی.

گەرچی میهرەبان لاوەو خاوەنی هیچ کتێبێکی چاپکراو نییە، بەڵام بەرینیی هزرو حەوسەڵەی قەڵەم و جوانیی نووسینی و مەودای ڕۆشنبیرییەتی تا کەشکەلانی فەلەک باڵایە، گەردوون ئەم بەهرە نایاب و سروشتییەی بە شایستە زانیوە.

جۆرێک دەنووسێ، تامت پێدەبەخشێ و تێربوونت لێ دەسێنێ، ئیشتیهای چاوەڕوانیت دەکاتەوە، تا تامەزرۆی دەقە شاراوەو پەنهانەکان بین،
ئازار ئەوی کردووەتە قەڵا،
بە وشەکانی تابلۆی دونیایەکی جوان دەکێشێت و بە دێڕەکانی دونیایەکی تاریک ڕووناک دەکاتەوە.

هاوڕێ و هاودەمی، کتێب و پێنووس و تێنووسەکەیەتی
ئەو دەزانێ چۆن هاوارو ئازار لە تێنووسێکدا بەبێدەنگیی بنووسێتەوەو، بۆ باسکردنی ڕازەکان متمانە بە پێنووس بکات و، بۆ بێباکبوون لە تێرکردنی هزریش کتێب بکاتە هاوڕێی هەمیشەیی.

میهرەبان بەڕادەیەک هۆگری مرۆڤدۆستییە، پێیوایە تاکە عیبادەتە کە پێویستە هەموو مرۆڤەکان پەسەندی بکەن، ئایینی ئەو مرۆڤایەتی و عیبادەتیشی پەیڕەوکردنییەتی.

بۆ سەلماندنی ئەم جوانییانەی (میهرەبان ساڵەیی) نموونەیەکی شیعریی ئەوم بە ناوی ( با ئیدی بزانی کێم)م هەڵبژاردووەو بەوردیی شیکردنەوەم بۆ کردووە..

لەژێر باری خەما بوونییەتی خۆی بە پیتەکان ئەسپێرێ و هەر ئازارێکی لە وشەیەکدا دەردەبڕێت، ئەو خۆی دەناسێ کە کێیە، بەڵام لەگەڵ ئەو کاڵفامەدا دەئاخڤێ، کە سنووری جوانیی و جیاوازییەکانی بەزاندووەو پیرۆزییەکانی ڕەتکردووەتەوە.
ئەو پێنووسی کردووەتە سەلمێنەری بەهای کەسێتیی خۆی و، بەرامبەری کە ناحاڵییەکە، پێ ئەشکێنێت.
میهرەبان دەروونی خۆی خەمناکانە دەکاتەوەو لێزانانە دێڕە قووڵەکان بۆ گوزارشتکردن لە گلەیی و توڕەبوونەکانی دەنووسێتەوە، جوانیی ئەو لە چۆنییەتی دەربڕینەکانییەتی، کە ژیرانە ناخی هەڵەڕێژێ و هێمنانە بەرامبەرەکەی سەرکۆنە ئەکات.

میهرەبان پێیوایە بەڕادەیەک شکاوە، هەمووجارێک گۆڕەشار دراوە بۆ ئەوەی فەرامۆشبکرێ و بەو ئازارەوە بتلێتەوە تا ئاستی لەناوچوون و چوونە ژێر خاک.

لەبەر ئەوەی کاڵفام بوویت،
کوفری بەراوردەکانت کردو
منت گۆڕەشاردا

ئەم خانمە شاعیرە جۆرێک ڕۆحی ئازاردراوەو شکێندراو تا ئاستی وردوخاشبوون، قسەکانی ئاراستەی ئەو کەسە دەکات کە نەیتوانیوە میهرەبانی و هەقی ژنێتیی پێ بدات و پیاوانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، موتڵەقانە دێتە قسەو ئۆقرەی نامێنێ، بێمنەتانە بڕیار دەدات لەوەی که چیتر نابێتەوە بەو مرۆڤەی پێشووتر هەبووەو، هەرگیز جارێکی تر دەستی تەڕی پڕ ئەوینی ئەمی بەرناکەوێت، کاتێک دەڵێت (کاسەی سەرم کوڵا) مەبەستی لەو ئازارەیە کە چەشتوویەتی بەهۆی نەبینین و نەخوێندنەوەی هێزو خۆڕاگریی و، بێڕێزیکردن بە نرخی مرۆڤبوونییەوە، هۆش و بیرو عەقڵی لە تێنەگەیشتنی بەرامبەر لە ئاستی، وەڕسبووە.
دەڵێ: حەسرەتی خۆشەویستیم بەهۆی قەدرنەزانینمەوە پووکایەوە، هەڵکردنی میهرەبان لەگەڵ ئازارو بێباکییەکان وایکردووە گەردوون هەستی پێبکات و لێی حاڵیبێت، وایکردووە ئاسمان کە زۆر بەرینە، سەبری ئەو کارەساتە پڕ لە تراژیدیایانەی نەمێنێ و تووشی ڕامان و بێهیوایی ببێ، دەڵێ:ئاسمان و گەردوون لێم گەیشتن کەچی تۆ هەر تێنەگەیشتی.
ئەپرسێ تۆ ئەزانی بەم ناحاڵیبوونەت چیت کرد ؟ مەبەستی هەڵەو دڵشکان و ئازارو خەمەکانییەتی کە پێیداوە.
چیشت نەکرد؟ مەبەستی پاساو هێنانەوەو باشکردنی دڵی بوو بەرامبەر کارەکانی بەڵام نەیکرد، لەکاتێکا ئەبوو دڵی چاک بکاتەوەو وەڵامی بۆی هەبووایە بەڵام نەیبوو، نەیکرد.

نابمەوە خۆم و، نامبینیتەوە چیتر نزیکت بم
کاسەی سەرم کوڵا هێندە بڵێم لاواز نیم
تاسەی ئەوینم پژا، ئەوەندە بڵێم نرخم بزانە
گەردوون جوڵەی گۆڕا لە بێ مەیلیت
ئاسمان دۆش داماو تاقەتی چوو
لێ تۆ هەر حاڵی نەبوویت
تۆ ئەزانی چیت کردو
ئەشزانی چیت نەکرد؟

میهرەبان دڵی بە عەقڵێکی تەپیو شکێندراوە، لە لۆمکردن هێندە لێزانانە ئەنووسێ، ئاگری دڵی بە دەربڕینی وشەی قووڵ نەبێ دانامرکێتەوە، لۆمەی ئەوە دەکات کە میهرەبانیی چەندە جوان و پێویستە، بە دڕندەیی وەڵامی دراوەتەوەو مامەڵەی لەگەڵدا کراوە،
هەست بە گاڵتەجاڕی و، سۆزیش بە شێتیی لێکداوەتەوە، بەهۆی ئەم جۆرە ڕەوتارانەوە هەزار خەونی سەوزی ژنبوونی لەگۆڕناوە،
لەبەرئـەوەی هێمایە بۆ ژیانەوەو جوانی و، ئاماژەیە بۆ گەشەکردن و باڵایی، بۆیە لەگەڵ خەوندا وشەی (سەوز)ی بۆ هیواو ئاواتە ڕەنگاوڕەنگەکانی بەکارهێناوە.
ئەمە لێکدانەوەی کۆمەڵێ خووی بەرزو پەسەندە کە پێچەوانەکەی کراوە بە کردار،
ئەمەیە وایکردووە هەرگیز نەبێتەوە بەو مرۆڤە زیندووەی کە دەمێکە بە دەستی هەستکوژێک شەهید بووەو، دڵنیایدەکاتەوە لەوەی نابێتە ئەوەی پێشووتر متمانەی پێکردووەو پێیدەڵێ خۆشەویستیت بەسەرچوو، کۆتاییهات.
بۆ ئەمەش ئەو پەندەی هێناوەتەوە کە دەڵێ: (کنگرو ماست لە وادەی خۆی) مەبەستی لەوەیە هەموو شتێک لە کاتی خۆی پێویستە بکرێت، نەک بیرلێکردنەوەی لە کاتێکی هەڵەو بێ بەهادا.
میهرەبان لێرەدا مەرگی سۆزو ئەوینێک ڕادەگەیەنێت کە بە هەڵە هەڵیبژاردووە، ئازادبوون و سەبەخۆیی خۆی وەردەگرێت لەو ئەوینەی کە ببووە شکست بۆ خەونەکانی.

بەراوردی میهرەبانی بە دڕندەیی و
هەست بە گاڵتەجاڕی و
سۆز بە شێتی کردو
هەزار خەونی سەوزمت زیندە بەچاڵ کرد
نابمەوە خۆم و نابیتەوە ئەوەی هەبووی لەژیانم
ئەوینت گوزەشت
وەک ئەوەی ئەڵێن کەنگرو ماست لەوادەی خۆی.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ڕەنگین مەلا سەمەد
نووسەر و ڕۆژنامەنووس




ڕووكردنە پەكین، نەخشەی نوێی ئۆپۆزسیۆنی تایوان.. هەڵۆ حەسەن

كۆبوونەوەی نێوان شی جینپینگ،سەرۆكی چین و چێنگ لی ون، سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی تایوان-“كوومیتانگ”،زیاتر لە پەیوەندییەكی هێماداری نێوان دوو هێزی سیاسی مێژوویی ساتێكی ستراتیژییە كە تێیدا پەكین بە ڕوونی و متمانەوە دیدگای درێژخایەنی خۆی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان گەرووەكان تایوان – چین خستەڕوو. لێدوانەكانی شی لە كاتی كۆبوونەوەكەدا تەنیا زمانی دیپلۆماسی نەبوو،بەڵكو ناسنامەی نەتەوەیی و گۆڕانكاری جیهانی بە چوارچێوەیەكی ستراتیژی یەكگرتوو دەبەستێتەوە،لە گوتاری شی جینپینگدا چەمكی “گەنجبوونەوەی گەورەی نەتەوەی چین” هەیە. شی بە جەختكردنەوە لەوەی كە ئەم پرۆسەیە “ناگۆڕێت” بەبێ گوێدانە گۆڕانكارییەكانی دیمەنی نێودەوڵەتی، پرسی تایوانی لە ناكۆكییەكی سیاسییەوە بەرزكردەوە بۆ بابەتی حەتمییەتی مێژوویی لەم چوارچێوەیەدا، تایوان بەشێكی دانەبڕاوە لە بوژانەوەی شارستانییەتی فراوانتری چین،یەكگرتنەوە وەك ئامانجێكی كورتخایەن مامەڵەی لەگەڵدا ناكرێت، بەڵكو وەك ئەركێكی درێژخایەن كە لە سەرهەڵدانی چین وەك زلهێزێكی جیهانیدا چەسپاوە،وەسفكردنی گەشەسەندنی یەكگرتن لە نێوان هەردوو دیوی گەرووەكە. لەبری ئەوەی یەكگرتنەوە وەك دەرئەنجامێكی كێبڕكێكار یان نادیار وێنا بكرێت، وەك پرۆسەیەكی سروشتی و نەبڕاوە بەهۆی كولتووری هاوبەش و وابەستەیی ئابووری و پەیوەندییە مێژووییەكانەوە دەجووڵێت. پەكین بە بنیاتنانی ئەم هەستە حەتمییە، هەوڵدەدات تێڕوانینەكان دابڕێژێتەوە،چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا – بەجۆرێك كە یەكگرتنەوە نەك هەر خوازراو بەڵكو شتێكی حەتمی دەربكەوێت،جەختكردنەوەی شی لەسەر ناسنامەی هاوبەش زیاتر ئەم گێڕانەوەیە بەهێز دەكات، بە وەسفكردنی خەڵكی هەردوو دیوی گەرووەكە- تایوان – چین وەك “یەك خێزان”، بەردەوامی كولتووری و مێژوویی وەك بناغەیەك بۆ یەكێتی سیاسی ئەمە ئامرازێكی ستراتیژییە كە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی ئەو هەوڵانەیە كە پەرە بە دابەشبوون یان ناسنامەی جیابوونەوەی تایوان لە چین دەدەن. لە چوارچێوەی كێبڕكێی ئایدیۆلۆژی جیهانی ئەمڕۆدا، كە زۆرجار سیاسەتی ناسنامە ڕۆڵێكی سەرەكی دەگێڕێت، ئەم چوارچێوەدانانە ڕێبازی چین وەك ئەوەی كە ڕەگ و ڕیشەی لە یەكێتی و میرات و داهاتووی بەكۆمەڵدا هەیە،دادەنێت،لە كۆبوونەوەكەدا شی بە گرنگی دان بە كۆدەنگی ساڵی 1992 وەك بنەمایەكی سیاسی بە دووپاتكردنەوەی ئەم بنەمایە بە ڕوونی ئەو سنوورانە دیاری دەكات كە دیالۆگ لە چوارچێوەیاندا ڕووبدات. ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەخشێكی فراوانترە لە ستراتیژی چینیدا: بڕیاری پەیوەندیكردن لەگەڵ” كوومیتانگ” نەك هێزەكانی داكۆكی لە “سەربەخۆیی تایوان”- ڕێبازێكی هەڵبژێردراو و پراگماتیك بۆ دیپلۆماسی نیشان دەدات. ئەو ئەكتەرانە بەهێز دەكات كە ئامادەن لە چوارچێوەی یەك چیندا كاربكەن لە هەمان كاتدا ئەو كەسانە پەراوێز دەخات كە تەحەدای دەكەن،لە لایەكی دیكەوە لێدوانەكانی چێنگ لی-ون ڕەهەندێكی تەواوكەری گرنگ دەخەنە ڕوو. بانگەوازەكەی بۆ “چارەسەرێكی سیستماتیكی بۆ ڕێگریكردن و دووركەوتنەوە لە شەڕ” و كردنی گەرووی تایوان بە “مۆدێلێك بۆ چارەسەركردنی ئاشتیانەی ململانێكان” لە نزیكەوە هاوتەریبە لەگەڵ گێڕانەوەی پەسەندكراوی پەكین بۆ گەشەپێدانی ئاشتیانە. چێنگ لی-ون زیاتر لەوە وتی:ناتوانین ڕێگە بدەین تایوان و گەرووی تایوان ببنە گۆڕەپانی شەڕ وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،ئەمە هەڵبژاردنە لە نێوان ئاشتی و شەڕدا”، چێنگ بە دووپاتكردنەوەی پشتگیری لە كۆدەنگی “یەك چین”ی ساڵی 1992 و دژایەتیكردنی ڕوونی بۆ سەربەخۆیی تایوان، بە شێوەیەكی كاریگەر كوۆمینتانگ لە چوارچێوەی سیاسی قبوڵكراوی پەكیندا دادەنێت. ئەمە لە ڕووی ستراتیژییەوە ئەوە نیشان دەدات كە هێزێك لە ناو تایواندا هەن كە ئامادەن لە ژێر بنەمای یەك چیندا بە شێوەیەكی بنیاتنەر بەشداری بكەن، ئەمەش ستراتیژی بەشداریكردنی هەڵبژێردراوی چین بەهێز دەكات،لە ڕوانگەیەكی ستراتیژییەوە، كۆبوونەوەی شی-چێنگ ڕێبازی دوو ڕێڕەوی چین دەخاتە ڕوو كە بریتییە لە تێكەڵكردنی بەشداریكردنی ئاشتیانە لەگەڵ ڕێگرییەكی پتەو. لە كاتێكدا پەكین بەردەوامە لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەكانی و ئاماژەیە بۆ ئیرادەی خۆی، لە هەمان كاتدا پەرە بە گفتوگۆ و یەكگرتنی ئابووری دەدات. بانگەوازی شی بۆ باشتركردنی خۆشگوزەرانی خەڵكی هەردوو دیوی گەرووەكە”تایوان – چین” و فراوانكردنی دەرفەتەكان- بەتایبەتی بۆ گەنجانی تایوان- جەخت لەسەر گرنگی هێزی نەرم لە ستراتیژی چین دەكاتەوە. ئەم تێكەڵە ئامێرە ڕەق و نەرمە ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێكی ئاڵۆزە لە دەوڵەتسازی مۆدێرن، كە كاریگەری لە ڕێگەی چەندین كەناڵەوە لە یەك كاتدا بەكاردەهێنرێت،لە چوارچێوەی فراوانتری سیاسەتی جیهانیدا، لێدوانەكانی شی پەیامێكی ڕوونیشیان هەیە سەبارەت بە بەشداریكردنی دەرەكی. بە ڕاگەیاندنی ئەوەی كە داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان گەرووەكان دەبێ “لە دەستی گەلی چیندا” بمێنێتەوە، هەڵوێستی درێژخایەنی چینی دووپاتكردەوە كە پرسی تایوان پرسێكی ناوخۆییە. ئەم هەڵوێستە بە تایبەتی لە نێوان چڕبوونەوەی كێبڕكێی نێوان چین و ئەمەریكادا گرنگە. لەگەڵ قووڵبوونەوەی ڕكابەرییە جیۆپۆلیتیكییەكان، تایوان بووەتە خاڵی سەرەكی گرژی ستراتیژی. بۆیە پەیامی شی تەنها ئاراستەی تایوان نییە بەڵكو ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەكات، چین بەدوای چارەسەركردندا دەگەڕێت لە ڕێگەی داینامیكی ناوخۆییەوە نەك دەستوەردانی دەرەكی،جگە لەوەش دیدگای شی لەگەڵ سروشتی پەرەسەندنی سیستەمی نێودەوڵەتیدا هاوتەریبە. لە سەردەمێكدا كە زیاتر بە فرە جەمسەری و وابەستەیی ئابووری و گۆڕانی هاوسەنگی هێز پێناسە دەكرێت، چین خۆی وەك هێزێكی سەقامگیركەر كە بانگەشە بۆ گەشەپێدانی ئاشتیانە دەكات، جێگیر دەكات. پەكین بە جەختكردنەوە لەسەر گفتوگۆ و هاوكاری و خۆشگوزەرانی هاوبەش، بەدیلێك بۆ گێڕانەوەی ململانێ-بزوێنەر دەخاتە ڕوو. پرسی تایوان، لەم چوارچێوەیەدا، دەبێتە كەیسێكی تاقیكردنەوە بۆ ئەوەی كە ئایا دەتوانرێت ناكۆكییە جیۆپۆلیتیكییە گەورەكان لە ڕێگەی ستراتیژی درێژخایەنەوە بەڕێوەببرێن نەك ڕووبەڕووبوونەوەی دەستبەجێ،دیداری نێوان شی جینپینگ و چێنگ لی ون وەك ڕووداوێكی ستراتیژی كاریگەرییەكی دوور مەودای هەیە. ڕێبازی چین بۆ پرسی تایوان لەخۆدەگرێت: لە بنەڕەتدا نەگۆڕ، لە تاكتیكدا نەرم و نیان و لە گێڕانەوەی حەتمییەتی مێژووییدا زەمینەسازی كراوە. شی لە ڕێگەی زمانی “ناسنامەی هاوبەش” و “گەنجبوونەوەی نیشتمانی”، وتی: یەكگرتنەوەی ئاشتیانە نەك هەر مومكینە بەڵكو لەگەڵ ڕێڕەوی فراوانتری سەرهەڵدانی چین هاوتەریبە. ئایا ئەم دیدگایە بەدی دێت یان نا، بەندە بە یارییەكی ئاڵۆزی داینامیكی ناوخۆیی، پێشهاتە ناوچەییەكان و گۆڕانكارییەكانی دەسەڵاتی جیهانی- بەڵام ئاراستەی ستراتیژی پەكین ڕوونە، یەكگرتووە و ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە تێگەیشتنی لە مێژوو و داهاتوودا هەیە.




عاشقم بەڵام شێت نیم !.. سەدیق سەعید ڕواندزی

كۆمەڵگەی كوردی ( مەبەستم باشوورە) پڕە لەو نەریتە دۆگما و خیڵەكی و میللی و دواكەوتووانەی مایەی ئازارێكی قووڵن بۆ مرۆڤ و وێرای ئەو هەموو بە ناو ژیاریبوونە و پێشكەوتن و كرانەوە هزرییە، لە ڕێگەی پێشكەوتنە ژیاریی و زانستییەكانی سەردەم، كەچی بە داخەوە ئەو نەریتانە هەر وەك خۆیان ماونەتەوە. یەكێكیش لە بێ ماناترین و پڕ ئازارترین ئەو نەریتانە، چوونە نێو ژیانی تایبەتی كەسەكانە و پرسیاركردنە لە بارەی دۆخی كۆمەڵایەتی و ژینگەی كەسی و خێزانی و پیشە و داهات و پەیوەندی كۆمەڵایەتی و ئایدیای سیاسی و چەندانی تر. من بە سرووشت، كەسێكی گۆشەگیر و تەنیام و حەزم لە تەنهاییە و ئەم خووەش لە منداڵییەوە بۆم دروست بووە، ئیدی بە ئێستاشەوە زۆر ئارەزووی تێكەڵبوون و چوونە نێو بازنەی كۆمەڵایەتی و گەڕان و دەرچوون و ژیانی ڕووكەشیانە ناكەم، بە تایبەتیش كە خۆم هێشتا نەچوومەتە نێو قەفەزی ژەنگاوییەوە (وەك ئەوەی ڕۆژانەپێم دەگوترێت) هێشتا هەر سینگڵم، بۆیە نزیكترین هاودەم لە ڕوحم كتێب و خوێنەوەیە. ئەو كاتانەشی دەمەوێت كەشێك بگۆڕم، پیاسەیەكی تەنیای شار دەكەم . بە تەنها پیاسە كردن بۆمن، هەمان دنیای نێوكتێب و خوێندنەوەیە، چونكە سات وا بووە، بە ڕێگەوە بیرۆكەی وتارێكم بۆ هاتووە، دیاردە و باسێكم بیر هاتۆتەوە، سەرنجم لە ژینگە و ڕەفتاری مرۆڤەكان داوە. لە تەنهاییدا، مرۆڤ تەنها نییە وەك ئەوەی كۆمەڵگەی ئێمە تێی گەیشتووە، بەڵكو سەرێكە و هەزار سەودای هەیە. پەشێوی مەزن لەم ڕووەوە شیعرێكی جوانی هەیە و دەڵێت:
كە من بێ دەنگم تۆ مەمدوێنە
تا میوەی داری سەرم پێ ڕانەگا
چڵی زمانم ڕامەوەشێنە
كە من بێ دەنگم وامەزانە دەست بە تاڵم
لە ناوەوە وەك بەدالەی تەلەفۆنم
لە هەزار لاوە سەرقاڵم
پیاسەكردن بە تەنها لە كۆمەڵگەی ئێمە، بە جۆرێك لەنامۆیی كۆمەڵایەتی و نا ئاساییبوون لێك دەدرێتەوە. گەر تۆ تەنها بیت، خەڵك لە خەیاڵی خۆی بیری بۆ ئەوە دەچێت، كە تۆ شێتی یان عاشق ! بۆیە كاتێ بە لاتدا ڕەت دەبن، بە چاوێكی نامۆ و بە سەرنجەوە تەماشات دەكەن. زۆرجار لەكەشی باراناوییدا، ئەو دەمەی دڵۆپە بارانەكە وەستاوە، من چەترەكەم هەڵداوە، كەسانێك پێیان گوتوم( بۆچی چەترەكەت هەڵداوە خۆ باران نابارێت مامۆستا) وەك ئەوەی من نەزانم باران وەستاوە ! بەڵام ئەم كەش وكاتە خۆشترین هەست وچێژ بە من دەدات. من كاتێ بە تەنها دەبم و بە كوچە و كۆڵانەكانی شار و لێوارە جوان و دڵگیرەكانی خەرەند دەسووڕێمەوە، دەچمە نێو جیهانە تایبەتی و كەسیەكەی خۆمەوە كە نە كەس هەستی پێ دەكات، نە كەسیش پەی پێ دەبات جگە لە خۆم، بەڵام وێرای هەموو ئەم هەستە تەژی لە چبَژو بیركردنەوانەش، بە داخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، تەنیا بوون، یان نەچوونە نێو ژیانی هاوسەرگیرییەوە، هەمیشە لەكەیەكە بە تەوێڵتەوە، بۆیە كە بە تەنیا دەگەڕێیت، كەسانێك وەك شێت، یان عاشق سەیرت دەكەن، ڕەنگە من عاشق بم بەڵام شێت نیم، چونكە دەشێ مرۆڤ عاشقی كتێب، نیشتمان، سرووشت، تەنهایی، ژن بێت. ئەمانە بەشێكن لە تایبەتمەندی و ژیانی مرۆڤەكان و نابێ كەسەكان بڕوایان وابێت دەبێ هەمووان هەر لەگەڵ عامێ بچینە شامێ، كە من خۆم هەرگیز وانەبوومە و واش نیمەو هەمیشە دژی ئەو قسە بێ مانایەش دەبم. بێگومان من لە شارێك دەژیم، بە خۆشحاڵی و سەربەرزییەوە دەڵێم شاری ئەدەب و ڕۆشنبیرییە، بەدەگمەن ڕووداوێك، تاوانێك، لادانێك و دیاردەیەكی نەشیاوی كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی لێ ڕوو دەدات، من مەبەست ئەوە نییە، بەڵكو دەبێ ئێمە وشیاربینەوە لەوەی كە مرۆڤەكان ناشێ هەموویان وەك یەك بن. مەرج نییە ئەوەی تەنها بێت، ئیدی دەبێ بە چاوێكی نامۆ سەیر بكرێت و فڕێ بدرێتە دەرەوەی بازنە كۆمەڵایەتییەكە، بە پێچەوانەوە ژیانی مرۆڤەكان، پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە، چۆن دەژین و چی دەكەن، ڕێ پێدراوە تا ئەو ئەندازەیەی تۆ شوناس و ئازادی بەرانبەرەكەت پێشێل ناكەیت و ناسڕیتەوە، بۆیە دەبێ مرۆڤەكانمان بوێت وەك ئەوەی كە هەنە، نەك وەك ئەوەی كە ئێمە دەمانەوێت، بەداخەوە ئەمەش پەیوەندی بە ناهوشیاری كۆمەڵگەوە هەیە و هەموو ناهوشیاریەكیش لە غیابی كتێبەوە دروست دەبێت !

سەرنج: لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆ مرۆڤە بەخشراوەكان، كە من ڕێزێكی بێ پایانیان لێ دەگرم، مەبەست لە شێت توانج و شكانەوە نییە، بەڵكو ئەو ڕوانینە خێڵەكی و میللیەیە كە مرۆڤەكان هەیانە، چونكە وا دەزانن گەر كەسێك بەتەنها سوڕایەوە، ئیدی ئەوە تەواو نییە.

سەدیق سەعید ڕواندزی




ڕاستکردنەوەی تۆمارە مێژووییەکان.. ستار ئەحمەد

مێژووی مرۆڤایەتی لە بنەڕەتدا تۆماری گەڕانە بەدوای ڕاستی و ململانێیە لە نێوان ڕەسەنایەتی و گومڕاییدا، لەم نێوەندەدا پەیامی ئاسمانی وەک چرایەکی هەمیشەیی هاتووە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە تاریکییەکانی نەزانی و وڕێنە ڕزگار بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ ئەو سەرچاوە پاکەی کە لێیەوە هاتووە. کاتێک باس لە مێژووی پەیامبەران دەکەین، دەبێت ئەو ڕاستییە درک پێ بکەین کە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەیامبەر کارێکی ڕێکەوت نەبووە، بەڵکو حیکمەتێکی باڵای لەپشت بووە ،کە پەیوەندی بە کرۆکی پاکی و ڕەسەنایەتییەوە هەیە. کاتێک بە شێوەیەکی ژیربێژانە سەیری مێژوو دەکەین، دەبینین پەیامی ئاسمانی لەبنەڕەتدا بۆ ئەوە هاتووە، هەتا پاکترین و بەسەلیقەترین کەسایەتی لە ناو مرۆڤایەتیدا هەڵبژێرێت، کەسێک کە نەک هەر لە ڕووی ڕەوشتەوە، بەڵکو لە ڕووی بنەچە و ڕەچەڵەکیشەوە نوێنەرایەتی ئەو هێڵە ڕاستەقینەیە بکات کە بەرەو یەکتاپەرستی دەچێت. مەحاڵە لە ڕووی مێژوویی و گەردوونییەوە، پەیامبەرێک لە ناو دەستەو تاقمێکدا ، هەڵبژێرێت کە خودی پەیامە ئاسمانییەکە بە خراپ و نەشیاو باسی ڕەسەنیانی کردبێت، یان مێژوویەکی لێڵیان لە بێبڕوایی و دووڕووییدا هەبێت. ئەمە تێگەیشتنێکی قووڵمان پێ دەبەخشێت کە پەیامبەران هەمیشە وەک ئەمانەتێکی پاک لە ناو ژینگەیەکدا دانراون بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بە نزیک و دووری خۆیان ڕابگەیەنن و ئەو پەردەیە لابدەن کە لەسەر بنەچەی مرۆڤ دروست کراوە. ئەرکی سەرەکی پەیامبەران ئەوە بووە کە خەڵکی لەو تاریکییە چڕەی گومڕایی دەربهێنن و بییانگەڕێننەوە سەر ئەو ڕێبازە ڕاستەی کە باوباپیرانی یەکتاپەرستی لەسەری بوون، چونکە مرۆڤایەتی لە هەندێک وێستگەی مێژووییدا تووشی لادان بووە و ڕەچەڵەکی ڕاستەقینەی خۆی و پەیامی یەکتاپەرستیی لێ تێکچووە. لێرەوەیە کە دەبینین پەیامبەران هەمیشە لە هەوڵێکی بەردەوامدا بوون بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو تێگەیشتنە چەوتانەی کە لە ناو کۆمەڵگەدا بڵاو بووبوونەوە، هەرچەندە پێشوەختە دەیانزانی، کە هەندێک لەو کۆمەڵگانە بەهۆی کەللەڕەقی و دەمارگیرییەوە تەقەلا لەگەڵیاندا بێ ئەنجام دەبێت. مێژووی ڕاستەقینەی پەیامبەران پێمان دەڵێت، کە ئەوان هەمیشە نوێنەری ئەو ڕەسەنایەتییە بوون کە لە ناوچەکانی زاگرۆس و باکوورەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو شوێنەی کە یەکتاپەرستی تێدا بووە، پێش ئەوەی ناسنامەو مێژوویان دەستکاری بکرێت. نزیکەکانی پەیامبەران لەم مێژووەدا هەمیشە وەک ناوەندگیرێک بوون لە نێوان ڕووناکی و تاریکیدا، ئەوانەی کە ڕاستییان دەبینی و دەیانویست ئەو شەوەزەنگەی کە جیهانی داپۆشیوە تێکبشکێنن. پەیامی ڕاستەقینە بۆ ئەوە نەهاتووە کە مرۆڤ تەنها لە ڕووی ڕواڵەتەوە بگۆڕێت، بەڵکو بۆ ئەوە هاتووە کە بیری بهێنێتەوە کێیە و لە چ ڕەچەڵەکێکی پاکەوە هاتووە،هەتا جارێکی تر نەگەڕێتەوە بۆ ئەو نەفامی و گومڕاییەی کە مرۆڤایەتی بەرەو هەڵدێر دەبات. ئەم ڕاستکردنەوە مێژووییە پێویستی بە دیدگایەکی ورد و بێلایەن هەیە، روانینێک ،کە بتوانێت ڕاستیی پەیامەکە لەو هەموو درۆ و پڕوپاگەندەیانە پاک بکاتەوە کە بە درێژایی مێژوو بە دەوری ژیانی پەیامبەراندا تەنراون. پەیامبەران نوێنەری شارستانییەتێکی باڵا و بنەچەیەکی یەکتاپەرست بوون کە هیچ کات تێکەڵی ئەو خەسڵەتە نزم و ناشرینانە نەدەبوون کە لە ناو کۆمەڵگە دەشتەکی و نەزانەکاندا هەبوون. ئەوان هەمیشە وەک چرایەک وابوون کە لە چەقی شەوەزەنگی بێبڕواییدا دەدرەوشانەوە، بێئەوەی ڕەنگی ئەو تاریکییە بگرن، چونکە کرۆکیان ڕووناکییەو ئەرکیان بڵاوکردنەوەی ئەو مەشخەڵە بووە تا تۆزقاڵێک شەوەزەنگ لە ڕووی دونیادا نەمێنێت. ئەمە ئەو ڕاستیەیە کە دەبێت هەموو تاکێکی هۆشیار درکی پێبکات، کە ئایین و پەیامبەران هاتوون بۆ زیندووکردنەوەی ئەو پەیمانە کۆنەی، کە مرۆڤ لەگەڵ خودا و ڕەسەنایەتی خۆیدا هەیبووە، و هەر هەوڵێک بۆ شێواندنی ئەم مێژووە یان بەستنەوەی پەیامبەران بە کۆمەڵگە نەزانەکانەوە، تەنها هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی ڕاستییە گەورەکان. بڵاوکردنەوەی ئەم هۆشمەندییە و ڕاستکردنەوەی لاپەڕەکانی مێژوو، گەورەترین خزمەتە بە مرۆڤایەتی، چونکە کاتێک ڕەسەنی خۆی ناسی و زانی کە پەیامبەرەکەی لە چ بنەچەیەکی پاک و یەکتاپەرستەوە هاتووە، ئەو کاتە دەتوانێت بە متمانەیەکی زیاترەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێت و چیتر نەکەوێتە داوی ئەو چەواشەکارییانەی ،کە دەیانەوێت ڕاستییەکان بە پێچەوانەوە پیشان بدەن. پێویستە چاک بزانین، پەیامی پەیامبەران بانگەوازێکە بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵە ڕاستەقینەکەی مرۆڤ، کە ماڵی یەکتاپەرستی و شکۆ و ڕەسەنایەتییە، و ئەمەش تەنها بە ناسینی ڕاستەقینەی مێژووی ئەو کەسایەتییە گەورانە دەکرێت کە هەموو ژیانی خۆیان بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم ڕێبازە تەرخان کرد.

ستار ئەحمەد




وێـژەی منـداڵانی ئەمـازیـغ.. رەزا شـوان

ئەمازیـغـەکان کـێن؟

ئەمـازیغـەکان کـۆنـتریـن و رەسـەنـتریـن گـەلی باکـووری ئەفـریـقـان، مـێژوویـان بـۆ (٥٦٠٠) ساڵ بـەر لە ئێـستا دەگەڕێـتەوە. بـەر لە عـەرەب لەو شـوێنـەی نیـشـتمانی هـەزاران ساڵەی باوباپیرانیان دەژیـان. (ئەمـازیـغ) ناوی یەکـێک بوو لە باوباپیـرانی سەرەتـاییان. وشـەی ئەمـازیـغ، بە واتـای “مـرۆڤی ئـازا” یان ” گـەلی ئـازاد” دێـت. تێڕوانینێکی هـەڵەیە گەر بوتـرێـت، عەرەبەکان خەڵکی رەسەنی باکووری ئەفـریقان. ناوبـردنی ئەمـازیغـەکان بە ” بـەربـەری” واتە “دڕنـدە” یان “ناشارستانی” هەرگـیز لەلای ئەمـازیغـەکان قـبووڵکـراو نییە. چونکە ئەوان دڕنـدە نـین. گەلـێکن لە پێـناوی دانـنان بە ناسـنامـەی نەتـەوەیی و زمـان و کولتوورییـان، درێـژە بـە خـەبـات دەدەن.

نیشـتـمانی رەسەنی ئەمازیـغـەکان ناوچـەیـەکە، بە نـاوی ” تەمـازاغــا” کە: مەغـریـب، تونس، لیبیا، جەزائیر، بیابانی گەورەی رۆژئاوا، مۆریتانیا، دوورگەی کەناری، بەشێک لە میـسر، مـالی، نـیجەر، بـورکـینا فـاسۆ لەخـۆدەگرێـت. ئەمـازیـغـەکان ساڵەهـای ساڵە دووچاری سیاسەتی بە ئیسلامکـردن و بە عـەرەبکردن و سەرکوتکردن بوونەتەوە. لە کاتـێکـدا کە لە زۆر بـواردا. زۆر خـزمەتی عـەرەبیان کردووە. بۆ نمـوونە: (تاریـق بـن زیاد، عەباس کوڕی فرانس، ئیبن بەتووتە، زێنەدین زێـدان، کەریـم بـن زیـمە، بە دیان نـاوداری تـر) ئـەم کەسـایەتـیـیە ناسـراوانـە، بە رەسـەن ئەمـازیـغـیـن و عـەرەب نیـن.
ژمـارەی هەمـوو گـەلانی ئەمـازیـغ، لە سـەرانـسەری جیهـانـدا (١٠٥) ملـیـۆن کەسـە.
بەشێکی زۆریـان، روویـان لە وڵاتـانی ئەوروپـا و ئەمـریکا و ئوسترالیا و شوێنانی تر جیهـان کـرد. ئاینیـان (ئـیـسلام، مەسـیحی، جـوولـەکە، بەهـائی،… بـاوەڕی تـرن).
گەلی کوردمان و گەلی ئەمـازیغ، لە زۆر رووەوە لەیەک دەچـەن. هـەردوو گەل مـاف زەوتکـرا و نیشـتمان داگیرکراون. هەر ئەمەش پەیوەندی و دۆستایەتی خستۆتە نێوان کورد و ئەمـازیـغ. بـۆ نمـوونە: هـۆزانـڤـان و رۆمـاننوسی ناسراوی ئەمازیـغ، خاتـوو (مەلـیکە مەزان) داکۆکیکەرێکی سەرسەختی دۆزی کوردە. تەنانەت لە ناو ماڵەکەیـدا لە مەغـریـب ئـاڵای کوردسـتانی دانـاوە. سـەردانی باشـووری کوردســتانی کـرد. تا لە نزیکەوە بە گەلی کوردمان ئاشنابێـت و خۆشـەویستیی خـۆی بـۆ کورد و کوردستان و بۆ پێـشمەرگە دەربـڕێت. باجـێکی زۆری ئەم هـەڵـوێستە مەردانەی دا. کۆمەڵەیەکیش هـەیە، بە نـاوی “کـۆمـەڵەی دۆسـتایەتی کـورد و ئەمـازیغ”.
زمانی ئەمازیـغ بە (ئەمـازیغی) یان (تەمازیـغی) ناسـراوە، لە چەندین دیالێکت و شێوە زار پێکهاتووە. بەڵام زمانێکی ستانداردی یەکگرتـووی خوێندنەوە و نووسینیان هەیە. زیاتر لە (٥٠) ملیۆن قـسەی پێدەکەن. بە درێژایی مـێژووش خاوەنی ئەلفـوبێی خۆیان بوون، کە پێی دەوترێت (ئەلـفوبـێی ئەمازیغی) بە رێنووسی (تیـڤـیناغی) دەنووسرێـت. مێژووی بۆ دوو هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە. زمانەکەیان لە پێشکەوتن دایە.
ئەمازیغەکان خاوەنی ئـاڵای تایبەتی خۆیانن. کە لە ساڵی (١٩٩٦) دا، لە کۆنگـرەیەکی گشتیدا لە دوورگەی کەنـاری، بـڕیاریان لەسەر شـێوە و رەنگەکانی دا، ئەم رەنگانەن: (شـین: هـێمایە بـۆ دەریـای سـپـیی ناوەڕاسـت و بۆ زەریـای ئـەتـڵەسی و بۆ ئاسـمان).
(سەوز: هـێـمایە بـۆ شـاخە سـەوزەکـان و بـۆ دارســتانەکـان و بـۆ دەشـتاییـەکـانیـان).
(زەرد: هـێـمـایە بـۆ لـمی بیـابـانی گـەورە. کە بەشـێکە لە نـیـشـتـمانی ئەمـازیغـەکان).
(لە ناوەڕاستی ئاڵاکەدا، پیتی ـ ز ـ بە رەنگی سوور هـەیە. یەکـێکە لە پیتەکانی زمانی ئەمازیغی، بە رێنووسی تیـڤیناغ. (ز) هـێمایە بۆ مرۆڤی ئازاد، بە واتا گەلی ئەمـازیـغ. رەنـگی سـووریـش هـێـمای ژیـان و بەرگـری و گـیانبەخـشـینە). هـەر چـوار رەنـگە، گـوزارشـت لە لە وڵاتـی تامـازاغـا، وڵاتی ئەمـازیـغ، واتە باکـووری ئەفـریقـا دەکـەن.
پـێمخـۆشـبوو بەر لەوەی بێـمە سەر کرۆکی باسەکەم. بـەو کـورتە پـێـشەکـییە، گەلی ئەمـازیـغ بە خوێنـەرانی کوردمـان بناسـێـنـم.
وێـژەی منـداڵانی ئەمـازیـغ:
وێـژەی منـداڵانی ئەمـازیـغ دەوڵەمەنـدە، لەسەر بنەمـای زارەکی دامـەزراوە. بەڵام لەم ساڵانەی دواییـدا، بـۆ ئەوەی ئـەم وێـژە زارەکـییە لە لەناوچـوون بپارێـزن، لە کـۆتایی نەوەتەکانی سـەدەی رابـردوودا، زۆرێک لە نووسەرانی دڵسۆزی ئەمـازیغ بـۆ وێـژەی منداڵان، هەوڵیانـداوە بۆ ئەوەی لە فـۆرمی زارەکـییەوە بیگـۆڕن بۆ فـۆرمی نووسراو. بەردەوامیش هەوڵدەدرێت بۆ گۆڕینی دەقە وێژەییەکانی منداڵان، بۆ فۆرماڵی دیجیتاڵی.
بە دیجیتاڵیکردنی پەرتووکخانەی ئەمازیـغ، ئامانجی ئاسانکارییە بۆ دەستڕاگەیشتن بە دەقەکان و بۆ دڵنیابوون لە سادەیی زمانیان، بەو پێیەی کە ئاراستەی منـداڵان دەکرێن.

سەرەڕای ئەمەش هێشتا وێژەی منداڵانی ئەمازیغ پەراوێزخراوە. چونکە لەو وڵاتانەی کە لێی دەژیـن، قوتابخانەی تایبەتیان بۆ خوێنـدن بە زمانی ئەمـازیـغی نییە. بە زۆر بە زمانی عـەرەبی دەخـوێـنن. ناسیۆنالـیستە عـەرەبەکان، ئەوپـەڕی هـەوڵـیان دەدەن، بۆ شێوانـدنی ئەم میـراتە مـرۆییە. حکومەتە ناوەنـدییەکانیش پاڵـپشتی لە جـێبەجێکـردنی سیاسەتی بەعەربکـردنی زمـانی ئەمازیـغی دەکەن. بـۆ لەنـاوبـردنی هەمـوو شتێک کە پەیوەندیی بە زمانی ئەمازیغـەوە هەبێـت. بەڵام ئەمـازیـغی زمانێکی جـيڕ و خۆڕاگـرە.
وێـژەی منـداڵانی ئەمازیـغ، تەنها هـۆکارێـک نیـیە بـۆ خـۆشـیخـستـنە دڵی منداڵانەوە. بەڵکو ئامـرازێـکی گرنـگە، بـۆ پەروەردەکـردنی منـداڵان، بە ئەو بەهـا رۆشـنبیری و کـۆمـەڵاتییـانەی، کە رەگـیان لە ناسـنامـەی گـەلی ئەمـازغــدا هـەیە.
میـراتی زارەکی ئەمـازیغـەکان، لە حیکایەت و مەتـەڵ و نەزیـلە و ئەفـسانە و داستانە فـۆلکـۆرییەکانەوە، بەشــدارییان لە گەشەکـردنی زمانی منـداڵان کردووە. بەشـدارییان لە چەسپانـدنی بەهـا کۆمەڵایەتییەکان و لە بەهـێزکـردنی پەیـوەنـدییە کولـتوورییەکانی ناوخـۆیی کـردووە.
وێـژەی ئەمازیغی بۆ منداڵان، ئامرازێکی کاریگەرە بۆ بەرەوپێشبردنی فـرەچەشنەیی کولـتووری و بنیاتنانی نەوەیـەکی مەسـتبووی بەهـا مـرۆیییەکان و زمـانەوانییەکانی کۆمەڵگەکەیـان.
چـیرۆکی فۆلکلۆری ئەمازیـغی بۆ منـداڵان، لە رووی شێوە و ناوەڕۆکـدا ناوازەیە و تایبەتمەنـدییەکی جیاوازی هـەیە. لە بەشەکانی دیکەی جیهـان جیـای دەکاتەوە. ئەم جیـاوازیەش لە چەنـد تـوخـمێکـدا دیـارە:
١ـ کاتی گـێڕانـەوەی چـیرۆک: هـەمیشە بە شـەوان چـیرۆکەکانیان بۆ منـداڵەکانیان دەگـێڕنـەوە. بـەو پـێـیەی کـە رۆژ کـاتی کـارکـردنە و شـەویـش کـاتی پـشـوودانـە. ئەمـازیغـەکان ئەو ئەفـسانەیەیان دروست کردووە و بووەتـە نەرتێکی باوەڕپێکراو لەلایـان: گـوایە هـەرکەسـێک لە رۆژدا چـیرۆک بـگـێڕێتـەوە، کەچـەڵ دەبێـت. یان
گەر منـداڵان بـە رۆژ داوای گـێڕانـەوەی چـیرۆک بـکەن، قـژەکانیـان دەوەرێـت.
٢ـ ژنـان چـیرۆک دەگـێڕنەوە: لەنـاو ئەمـازیغـەکـانـدا بـاوە، کـە لە مـاڵـەوەدا ژنـان “چیرۆکخوانن ـ چیرۆکگێڕەوەن” هـۆکاری قورخکردنی ئەم ئەرکە لەلایەن ژنانەوە ئەویە، کە بەشێکە لە بەرپرسیارێتیەکی گەورەتر، کە پەروەردەکردنی منداڵانە. بەم شـێوە دایـکان، لـە رێـگەی ئـەو دەربـڕیـنە زمـانـیـیە جـوان و ســەرنـجـڕاکـێـشـە چێژبەخشانەی دەیڵێت، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ منداڵەکانیان و پەیوەنـدیان بە زمانی دایکییەوە بەهـێز دەکات. بەم شێوەیە چیرۆکەکان دەبنە بەرنامەیەکی ناڕاستەوخۆی زمانەوانی و پەروەردەیی. پیاوەکان لە چاخانە و قاوەخانەکانـدا چیرۆک دەگێڕنەوە.
٣ـ پایـەکانی چـیرۆک: وەک نەریتـەکـانی تـری گـێڕانـەوەی چـیرۆک لە جـیهـانـدا، چـیرۆکە فـۆلکـلـۆرییەکانی ئەمـازیـغی، سـەرەتـا و ناوەڕاسـت و کـۆتاییـان هـەیە.
سەرەتای گێڕانەوەی چیرۆک بەم پەرگرافە دەست پیدەکات “حا جـیتک ما جـیتک”.
سەبـارەت بە ناوەڕۆکی چـیرۆکەکانیش، تایبەتمەندییەکانی ئەقـڵی ئەمازیـغی روون دەکەنەوە. پەیوەستن بە سروشت و بە ئەو شتانەی کە خەڵک بەرهەمیان دەهـێنن.
بە ململانی تونـدی نێوان چاکە و خـراپە، قـارەمانێتی و تـرسنۆکی، ئاشکـرا دەکەن.
لە چـلەکانی سەدەی رابـردوودا، گـرانی رووی لە ناوچـەکە کرد، بە (ساڵی بـرسێـتی) ناودەبـرێـت، دایکان ئاگرایان لە چـێـشتخانەکانیاندا دەکـردەوە، بەڵام تەنها ئاویـان لە مەنجـەڵەکان دەکـرد و دیانخـسـتنە سـەر ئاگـرەکان. دەسـتـیان دەکـرد بـە گـێڕانـەوەی چـیرۆک بـۆ منـداڵـەکانیـان، تا سـەرقـاڵـیان بـکەن و بـە بـرسـێـتی بـیـانکەنە خـەو.
لەم بیست و پێنج ساڵەی ئەم سەدەیدا، چەند نووسەرێکی ئەمازیغی روویان لە جیهانی نووسین بۆ منـداڵان کـردوون، چەنـدین پەرتووکیان لە ژانـرەکانی وێـژەدا، بۆ منداڵانی ئەمازیـغ، بە زمانی ئەمازیغی نووسـیون و چاپیان کـردوون و بڵاویـان کـردوونـەتەوە.
بەکورتی باس لە یەکێک لەو پەرتـووکانە دەکەیـن کە لە ساڵی (٢٠٢٤) دا چاپکـراوە. نووسەری ناسراوی ئەمـازیغی (جەمـال بـنهـامۆ) تازەتـرین چـیرۆکـی بۆ منـداڵان. بە ناوی”زینـدووکردنەوەی چـیرۆکەکانی ئەمازیـغ ” بە زمـانی ئەمـازیـغی نووسیویەتی.
پەرتـووکەکەی بـنهـامـۆ، باس لە پێویـستی ناوەڕۆکی سەرنجـڕاکـێشتر بۆ خـوێنەرانی منداڵانی ئەمازیغ و بۆ خـێزانە ئەمازیغـەکان دەکات، بە تایبەتی، ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتـدا دەژیـن، بـۆ پـاراسـتـنی میـراتی کـولـتووری خۆیـان. ئـەم پـەرتـووکە ئامـانجی یارمەتیـدانی منـداڵانی ئەمـازیغـە، بـۆ پەیـوەنـدیکـردن بە ڕەگ و ڕیـشەی خۆیـانەوە. بـۆ چانـدنی هـەسـتی شانازیکـردن بە ناسـنامـەی نەتـەوەییـانەوە.
بنهامـۆ دەڵـێت:”پێویستە چیرۆکێک بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین، کە تێیدا خۆیان و کولـتوورەکەیان ببینن. بۆ ئەوان گرنـگە بـزانـن کە میـراتەکەیان مایـەی شـانازییە”.
ئەم پەرتـووکەی بنهـامـۆ، لە کاتـێکی گـرنگـدا دێـت، چـونـکە زۆرێـک لـە منـداڵانی ئەمـازیـغ لە ژینگەیەکـدا گەورە دەبن، کە تادێت کاریگەری کولـتوورەکانی دیکەیان لەسەرە. چیرۆکەکانی بنهامۆ ڕێگەیەک پێشکەش بەم منداڵانە دەکەن بۆ فێربوون و قەدرزانینی نەریتەکانیان. ئەمەش یارمەتیـدەرە بۆ پاراستنی زمـان و داب و نەریتی ئەمـازیـغـەکان.
پەرتووکەکەی جەمال بنهامۆ، بە ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەند و دەستڕاگەیشتن لە ڕووی کولتوورییەوە دادەنـرێـت، سەرچاوەیەکی بەنـرخە بۆ خـێزانەکانی ئەمازیغ. یارمەتی منداڵانی ئەمـازیـغ دەدات، کە لە رەسـەنـزادەیی خۆیـان تـێـبگەن و پەیـوەنـدییـان بە مێـژوو و بە بەهـاکانی کۆمـەڵگاکەیـانەوە بەهـێز بـکەن.
پەرتـووکەکە نوێیەکەی جەمال بنهامـۆ، زیاترە لە چـیرۆکـێک؛ ئەوە هەنگاوێکە بەرەو دڵنیابوون لەوەی کە منداڵانی ئەمازیغ بە هەستێکی بەهـێزی ناسنامە و میـرات گەورە دەبن. هەوڵـێکی دڵسۆزانەیە، بۆ پاراستنی کولتووری ئەمازیغ، بۆ نەوەکانی داهاتـوو.

(*) سـوودم لە چەنـد سایتێکی ئینگـلیزی وەرگـرتـووە.
دوبـەی: ٢٠٢٦




ئیستێتیكای شیعر.. بڵند باجەڵان

بەشی یەكەم: ئیستێتیكا لە شیعرەكانی (شارڵ بۆدلێر)دا
(تەوەری یەكەم)

1-1 كورتەیەك لەبارەی ژیان و بەرهەمی (بۆدلێر)ـەوە
(بۆدلێر) یەكێكە لەو شاعیرانەی كە ناكرێ كاتێك باس لە شیعری جیهانی و بە تایبەتیش لە شیعری فەڕەنسی دەكەین، باسی ئەو نەكەین، چونكە ئەو شاعیرە كاریگەریی گەورەی لەسەر نوێكردنەوەی شیعر و دووبارە ناساندنەوەی ئیستێتیكای شیعر هەبووە.
ئەو شاعیرە هەموو ژیانی بریتی بووە لە ئازار و ئەشكەنجە و نەهامەتی، سەفەریش میوانی بەردەوامی شاعیر بووە.
دوای تێپەڕینی سەدە و نیوێك بەسەر شیعرەكانی شاعیردا، هێشتا تازەگەریی نێو شیعرەكانی فەرامۆش ناكرێ. ئەو شاعیرە لە ساڵی (1821)دا لەدایكبووە و لە (1857)دا (گوڵی خراپە)ی بڵاوكردووەتەوە.
(بۆدلێر) تووشی كێشەی دادگا بووە، (گوڵی خراپە) لەپشت ئەو كێشانەوە بووە. جیاوازیی دەقی (بۆدلێر) لەوەدایە، كە نازانین بیبەستینەوە بە ڕۆمانسییەكانەوە، یان پەرناسەكان، یان ڕێبازی سیمبۆلیزم.
(بۆدلێر) ئەو كەسە بوو شیعرەكانی (ئیدگار ئالان پۆ)ی وەرگێڕاوە و چەندان كەسیش بە بۆچونی جیاوازەوە لەبارەی ئەوەوە قسەیان كردووە، بە تایبەتیش (ڤیكتۆر هۆگۆ) كە زۆر بە بایەخەوە باسی شیعرەكانی دەكا.
(ئیفابونفوا) بە پێشەوای شیعری نوێی فەڕەنسی دادەنێ. (بۆدلێر) چەندان پەخشانیشی هەن. لە ساڵی (1867)دا مردووە.

1-2 (بۆدلێر) و جوانی
(بۆدلێر) پێی وایە كە دەبێت هەمیشە جوانی نامۆ و سەرسامكەر بێت، بۆیە هەست بە بایەخی جوانیی دەكرێ لای ئەو، بەوەی گەڕانەوە بۆ جوانی، گەیشتنە بە گەوهەرێك كە سەرسامكەرە و بەخشەریی نامۆییە، وەلێ جوانیی نامۆ، مەرج نییە خود بكا بە كەسێكی نامۆ، بەڵكو چێژی جوانیی پێ دەبەخشێ.
ڕەنگە ئەو نامۆبوونەی جوانی لای شاعیر، پێوەندی بە ئازارە گەورەكانی ئەوەوە هەبێت كە لە (گوڵی خراپە)دا دەیبینین، دەرەنجامی ئازارەكانیش بریتین لە بێزاریی گەورەی شاعیر لە كۆمەڵگای فەڕەنسی و ژیانی شارنشینی، ئەگەرچی بێزاریی شاعیر لە هەموو ئەوانە گەورەترە و ڕەگێكی میتافیزیكی هەیە.
شیعری (بۆدلێر) بەخشەری جوانییە و لە ڕێگەی شیعری ئەوەوە دەتوانین هەست بەو جوانییە تازانە بكەین پێمان دەگەن. ئەو نوێكردنەوەیەی (بۆدلێر) لە شیعردا كردی، ئه‌وینی ئەومان بۆ جوانی پێ دەناسێنێ، بەو مانایەی كەسێك كە دەیەوێ بە جۆرێكی تر شیعر بنووسێ، گەرەكیەتی جوانییەكی ترمان پێ ببەخشێ، هەر ئەمەشە (ڤیكتۆر هۆگۆ) باسی دەكا.
(هۆگۆ) پێی وایە شیعری (بۆدلێر) گوڕێكی تازەی بە شیعری فەڕەنسی بەخشی. ئەو جیاوازییانەی شاعیر، وایان كردووە ببین بە خاوەنی جوانیی جیاواز، هەر لەوێشەوەیە كە دەبین بە خاوەنی شیعری جیاواز.

(تەوەری دووەم)
أ- بێزاریی (بۆدلێر) و ئیستێتیكای شاعیر

وەك گوتمان (بۆدلێر) یەكێك بووە لەو شاعیرانەی بەردەوام هەستی بە بێزاریی كردووە لە بەرانبەر كۆمەڵگای فەڕەنسی و ژیانی شارنشینی، ئەوەشمان گوت كە ئەو بێزارییە ڕەگێكی میتافیزیكی هەیە و درێژكراوەیە، بەو مانایەی بێزارییە لە بەرانبەر ژیان بە مانا فراوانەكەی و ئەوەشی كە ژیان لای ئەو بێزارییە.
ئەگەر بێزارییەكانی (پاریس) بۆ شاعیر فۆرمی یەكەمی بێزاری بن، ئەوە بێزارییەكانی نێو ژیان فۆرمە ڕاستەقیەنە و مەزنەكەن. ئەو بێزارییە گەورانەی شاعیر ئیستێتیكای گەورەیان بەدوای خۆیاندا هێناوە، ئەوەتا شاعیر ئەو بێزارییە گەورانە بۆ نێو فەزای شیعرەكانی دەگوێزێتەوە و لەوێدا ئیستێتیكای تایبەت لەدایك دەبێت، كە پێویستە لە ئانی مەلەكردن لەنێو شیعرەكانی شاعیردا ئاوڕیان لێ بدەینەوە.
((مەخابن! ئەوە مەرگە كە ئاشتمان دەكاتەوە، ژیانمان پێ دەبەخشێ
ئامانجی ژیانە و تاقە هیواشە، هەر چەشنی
ئێلیكسیر دەمانورووژێنێ و مەستمان دەكات،
وزەمان دەداتێ بۆ ئەوەی تا ئێوارە ڕەوت بكەین.
بەنێو باهۆز و بەفر و شەختەدا
ڕۆشناییەكی بەجۆش بۆ ئاسۆی سیامان،
خانێكی بەناوبانگە و لەنێو كتێبدا تۆمارە،))(قەسیدەی مەرگی هەژاران)
لەم پارچە شیعرەی (بۆدلێر)دا هەست بە بێزارییەكی گەورە دەكەین، ئەو بێزارییە گەورەیە وایكردووە هانا بۆ مەرگ ببررێ و مەرگ ئەو كەسە بێت ژیانمان پێ دەبەخشێ، وەلێ شاعیر خەفەت بۆ ئەوە دەخوا كە مەرگ ئامانجی ژیانە و تاقە هیوایە، ئەو كەسەیە مەستمان دەكا. ئەو جوانبوونەی مەرگ لە شیعرەكەدا، بۆ مردنی ئیستێتیكای نێو ژیان دەگەڕێتەوە، بەو مانایەی ژیان چیتر جوان نییە و ئەوە مەرگە خانێكی بەناوبانگە و لەنێو كتێبدا تۆمار كراوە.
كەواتە كە مەرگ هەمیشە میوان بێت، ئەوە بێزارییە گەورەكانیش وجودیان هەیە، چونكە ئەگەر ژیان هیچی نەبێت پێمانی ببەخشێ، ئەوا ئیتر مردن خەوش نییە و ئیستێتیكایە، هەرئەمەشە پێی دەڵێن (ئیستێتیكای مەرگ) كە بەرهەمی ئەو بێزارییە گەورانەیە لە ژیانەوە پێمان دەگەن.
ئیستێتیكای نێو شیعرەكانی (بۆدلێر)، جیاكەرەوەی شیعری ئەون لە دەقێكی ئاسایی، لێرەوە دەتوانین وەڵامی فۆرمالیستەكان بدەینەوە كاتێ دەیانپرسی: جیاوازیی نێوان دەقێكی ئەدەبی لەگەڵ دەقێكی تردا چییە؟.
دەتوانین بڵێین جیاوازیی نێوان هەردوو دەقەكان بەهۆی جیاوازیی ئیستێتیكای دەقەكانەوەیە، چونكە ئیستێتیكای ئەدەب بەگشتی، هەڵگری سیمای تایبەتی خۆیەتی، بەڵام لای فۆرمالیستەكان خودی دەق، یان وەك ئەوەی (بابەك ئەحمەدی) دەڵێ ئەوەی لە دەقدا ڕەنگی داوەتەوە بوو بە سەنتەر.
جەختكردنەوەی فۆرمالیستەكان لەسەر گەوهەری سەرەكی و ئەدەبیی دەق و سەربەخۆیی لێكۆڵینەوە دوو ئادگاریی سەرەكی ئەوانن كە (بابەك)یش دەیانخاتە ڕوو لە (بەهای شێوە: فۆرمالیستە ڕووسەكان)دا.
كەواتە ئیستێتیكای نێو شیعرەكانی (بۆدلێر) جیاكەرەوە و تایبەتمەندی شیعری ئەون، وەلێ ئیستێتیكایەكی ڕووت نییە و لە بێزارییە گەورەكانی شاعیرەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەو بێزارییە گەورانەی شاعیر وایان كردووە شاعیر ببێتە خاوەنی شیعرێك كە هەڵگری ئازارە، كەواتە هەڵگری ئیستێتیكایە، چونكە زۆر جار ئازار هیچ نییە جگە لە جوانی، بەتایبەتی ئەگەر ئەو ئازارانە بەهۆی نەهامەتی مرۆڤ و ژیانی مرۆڤەكانەوە بن.
ئایا بێزاریی هەمیشە جوانە؟. ئەگەر سەیرێكی مێژوو بكەین، ئەوە دەبینین هەمیشە كەسانێك بەهۆی ئازارە گەورەكانیانەوە بووە كە لە دیدی خەڵكییەوە جوان دەركەوتوون، واتە ئەگەر ئەوان ئازار و بێزاری و نەهامەتی زۆریان نەچەشتایە، جوان دەرنەدەكەوتن. ڕۆیشتن بەگوێرەی ڕێرەوی هەمیشەیی مێژوو، خەڵەتاندنی ئینسانە، واتە ئینسان بۆ مانەوە بە هەمیشەیی، مەرج نییە بوونێكی هەمیشەیی بە مێژوو بدات، بەڵكو دەشێ دەربڕینی كۆتایی مێژووش لەبەر چاو بگرین، بەوەی كە دەكرێ مێژوو لە خاڵێكدا بە كۆتا بگات، وەلێ ئەوەی لەدوای كۆتایی مێژووشەوە دەمێنێتەوە، ئیستێتیكای مێژووە.
كاتێ كە مێژوو تەواو دەبێت، ئەوەی بۆمان دەمێنێتەوە كۆتاییەكانی ئەو مێژووەیە، ئەوەشی لەو كۆتاییانەدا دەمێنێتەوە، خودی كۆتاییەكان نییە، بەڵكو ئیستێتیكای نێویانە، سەرەڕای بێزارییە گەورەكان كە وا دەكەن مێژوو كۆتایی بێت. كەواتە ئەوە بێزاری نییە هەمیشە جوانە، بەڵكو خودی جوانییە هەمیشە جوانە كە لەنێو بێزارییەكاندا پێی دەگەین.
لای شاعیرێكی وەك (بۆدلێر)، بێزارییەكان سەرچاوەن بۆ ئیستێتیكای شیعری، لە یەكەمین ساتی هاتنی ئیستێتیكای نێو شیعرەكاندا، هەست بە بێزاریی بەردەوام دەكەین، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە، ئیستێتیكای هاتووی نێو دەقەكانە كە هەر ئەوانیش وا دەكەن شیعری شاعیر بمێنێتەوە تا سەدە و نیوێك، بەجۆرێك مرۆڤ سەرسام دەبێت كە چۆن ئەو ماوە زۆرە بەسەر شیعرەكاندا تێپەڕیوە.
((لەسەر خاكێكی چەور و پڕ قاقلە جنۆكە
دەمەوێ چاڵێكی قووڵ هەڵكەنم،
بۆ ئەوەی بە كەیفی خۆ ئێسقانە كۆنەكانم هەڵخەم،
هەروەك كۆسە ماسییەكان قووڵایی ئاو لەنێو فەرامووشیدا بنووم.
قینم لە وەسیەت و قینم لە گۆڕە،
لەجیاتی ئەوەی بە تەمای فرمێسكی خەڵكی بم،
چاترە داوەتی قەلەڕەشكەكان بكەم
بۆ ئەوەی بەربنە لەشی پیسە خوێناوییەكەم.
ئای كرم! یاوەری سیا، بێ چاو و بێ گوێ
ئەوە مردوویەكی ئازا و شادمانتان بۆ هات)) (قەسیدەی مردوویەكی شاد)
لەو پارچە شیعرەی سەرەوە، دیسانەوە هەست بە بێزاریی گەورە دەكرێت، بەڵام ڕاستەوخۆ نەخراوەتە ڕوو، بەڵكو لە بەرگێكی ئیستێتیكیدا خراوەتە ڕوو. خاكی پڕ لە قاقلە جنۆكە ئاماژەیە بۆ خاكێكی پڕ لە قەیران كە وا دەكەن كەسێك چاڵێكی قووڵ هەڵكەنێ و ئێسكەكانی خۆی تێبكا و وێنای خۆی بچوێنێت بەو ماسییانەی لە قوڵاییەكاندا دەخەون و هەموو شتێك فەرامۆش بكا، ئەو كەسە دەیەوێ خۆی بخاتە نێو وەها دۆخێكەوە و فەرامۆشی قووڵ هەڵبژێرێ.
دیسانەوە ئەو كەسە كە كەسی یەكەمی قسەكەرە، بێزاریی خۆی دەخاتە ڕوو، وەلێ ڕاستەخۆ نا و لە بەرگێكی ئیستێتیكی. ئەو بێزارە لە وەسیەت و گۆڕ، وەلێ هەر مەرگیش هەڵدەبژێرێ، نائومێدی و بێزاریش لە خەڵكی و فرمێسكەكانیان، داوەتی قەلەڕشەكان دەهێنێت كە گوزارشتن لە تاڵیی ژیان، بۆ ئەوەی بێن و كۆتایی بە هەموو شتێك بێنن. لە كۆتاییشدا ئەو كەسە كە دەمرێ شادومانە، لە كاتێكدا لە ژیاندا بێزار و ڕەنجەڕۆ بوو. لای (نیتشە) بوونی جیهانی واقیعی تەنیا وەك دیاردەیەكی ئیستێتیكی شایانی ئیحتیمالە. ژیان لەو ئاستە ئیستێتیكییەدا توانای تێركردنی حەزی مرۆڤی نییە، بۆیە مرۆ هەمیشە دەیەوێ بگات بە باڵاتر و تێیپەڕێنێ، ئه‌ده‌بیش دەرگاكەیە و مومكینبوونی ژیانیشە. ئەوە ئه‌ده‌به‌ پشت بەست بە خوڵقاندنی حەقیقەتی نەشئەبەخشەوە هانی مرۆڤ دەدا بۆ خۆ سەپاندن.
خەونی (نیتشە) ژیانێكی باڵا بوو كە تێیدا شتەكان بە بارێكی تایبەتدا دەڕۆن. ئەوەی لە شیعرەكەدا بەدی دەكرێ، هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە ژیانێكی باڵا و بە بەختەوەری لە ڕێگەی مەرگەوە، شاعیر مەرگ دەكاتە ڕێگەی گەیشتن بە ژیان، مەرگ بۆ ئەو ژیانە و تاقە ژیانیشە كە شاعیر تاقەتی ئەوەی هەبێت تێیدا هەست بە بێزاری نەكاو ئیستێتیكای دەستكەوێ. مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ژیانێكی باڵا و جوان، بیری مردن ناكاتە هەموو بەشەكانی ژیانی و نایكاتە وێستگەی سەرەكیی دابەزین و مانەوە، وەلێ هەر مرۆڤیشە بیری مەرگ و خۆكوشتن و ئەوی دی كوشتن دەخاتە ڕوو.
لەنێوان دوو وێنای مرۆڤداین، وێنای یەكەم مرۆڤێكە دەیەوێ لەڕێگەی پەراوێزخستنی مەرگەوە بژی، وێنای دووەم وێنای مرۆڤێكە دەیەوێ لەڕێگەی مەرگەوە بژی، (بۆدلێر) بەسەر ڕێگەی دووەمدا گوزەر دەكا و ئەویان هەڵدەبژێرێ.
((منداڵ كە شەیدای نەخش و نیگارە، لای ئەو
جیهان بریتییە لە خولیا بەرهەڵداوەكانی، تەنیا.
ئاخ! لەژێر ڕووناكی چرادا دنیا چەند گەورەیە!
لەچاو یادەوەریشەوە چەندێك بچووك!

سپێدەیەك، سەر بڵێسە، سەرهەڵدەگرین
دڵ هەڵپەنماوی ڕق و هەوەسی تاڵ، دەڕۆین
شوێن پێی ئاهەنگی شەپۆلەكان دەكەوین
ئارەزوو بێكۆتاییەكانمان لە دیماهیی دەریاكاندا ڕادەنێژین)) (قەسیدەی سەفەر)
ئەم جارە هانا بۆ منداڵ دەبرێ و دیدی ئەو بۆ جیهان دەخرێتە ڕوو، بەوەی لای ئەو جیهان بریتییە لە خولیا بەرهەڵدراوەكان بەهۆی كەمی ئەزموونی ژیان و یادەوەرییەوە، لەوێوە قسە دێتە سەر كەسی قسەكەر و ئەو لەجیاتی خۆی و كەسانێكی تریش بڕیاری سەرهەڵگرتن دەدا، بڕیاری ڕۆیشتن دەدا، ڕۆیشتن بەدوای ئاهەنگی شەپۆلان، وەلێ ئەو سەفەرە سەفەری چێژ نییە، یانی سەفەرێك نییە بۆ گەیشتن بە چێژی سەفەر، ئەوەتا كەسی سەفەركەر بەر لە سەفەر، ئارەزووە بێ كۆتاكانی دەخاتە نێو دەریاوە. دەشێ ئەو سەفەرە بێ ئارەزووە سەفەری مەرگ بێت. مەرگ بۆ زۆر كەس هیچ نییە جگە لە سەفەر، بۆ (سۆكرات)یش هەروەها بوو. ئەو بۆیە بەو سەفەرە مەحكوم كرا، گوایە لاوانی گومڕا كردووە. مەرگی (سۆكرات) بێزاریی ئەو نەبوو، بەڵكو جوانی ئەو بوو.
ئەو خۆی مەرگی هەڵبژارد لە بارێكدا دەیتوانی ڕابكا و ژیان هەڵبژێرێ، بۆ ئەو مەرگ بەختەوەری بوو، ماهیەت و كەسایەتی ئەویش لەئاست مردندا لە دادگاییەكەیدا دەركەوت، كاتێ وتی خراپە لە مەرگ توندترە و من كەوتوومەتە چنگی مەرگەوە، بەڵام داخوازانی مەرگی من تووشی خراپە هاتوون. لەوێدا مەرگ بۆ دوو بەش دابەش دەبێت، لەباری یەكەمدا واتای كۆتایی ئەبەدییە، لەباری دووەمدا مەرگ واتای سەفەر دەدا، سەفەری ڕوح. لەو پارچە شیعرەی (بۆدلێر)دا سەفەر وێنای سەفەری مەرگە، مردووێك سەفەر دەكا. مرۆڤ بەبێ ئارەزوو، بە بێ حەز دەگات بە كوێ؟. دەشێ نزیكترین كەسێك كە پێی بگا مەرگ بێت، وەلێ مەرگ واتای كۆتایی نادات، لەبەر بوونی ئیستێتیكا لە مەرگدا، كەواتە ئەگەر بێزارییەكان كارێك بكەن كەسێك مردن هەڵبژێرێ، ئەوە مەرگ كۆتایی نییە، مەگەر بەر لە مردنی ئەو كەسە، ئیستێتیكای مەرگ بمرێ. سەفەری مەرگ جۆرێكە لە خۆكوشتن، وەلێ ئایا خۆكوشتن خراپەیە، یان باشەیە؟ ڕەخنەی (شۆپنهاوەر) لە یەهودگەرایی و زانا یەهودییەكان لەوەدایە، خۆكوشتنیان حەرام كردووە بەبێ ئەوەی لە كتێبەكانیاندا حەرام، یان حەڵاڵ كرابێ.
بە ڕای (شۆپنهاوەر) خۆكوشتن ڕێگرە لە بەردەم زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر ویستدا، بەڵام هەمان بۆچوونی (ئەرستۆ) و (ژان ژاك ڕۆسۆ) و (زەینۆن)ی هەیە كە هەر كاتێك مرۆڤ لە هەموو لایەكەوە پاڵی پێوە بنرێت بۆ خۆكوشتن و ئیتر ژیان بۆ ئەو قەفەسێكی داخراو بێت، دەكرێ خۆی بكوژێ. (ئەمیل دۆركهایم) بۆچوونێكی تا ڕادەیەك نزیكی هەیە لە (شۆپنهاوەر).
ئەو لە كتێبی (خۆكوژی)دا خۆكوشتن بە كێشە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەبەستێتەوە. (فرۆید) دەیگوت خۆكوشتن سەرەتای لەدایكبوونە. ئەو جیهانبینییەی (شۆپنهاوەر) كاریگەریی لەسەر (نیتشە) هەبوو، ئەگەرچی ڕەتی ئەلكهول و ماددە بێهۆشكەرەكان دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێ ئەلكهول و مەسیحیەت یەك سەرچاوە كۆیان دەكاتەوە، ئەویش بێهۆشكردنی خەڵكە. ئەو كەسەی لە شیعرەكەی (بۆدلێر)دا سەفەر دەكا، نایەوێ خۆی بكوژێ، چونكە مردوو توانای خۆكوشتنی نییە و ئەو وێنای مردوویەك سەفەر دەكا.

ب- (بۆدلێر) و ئیستێتیكا و حەقیقەت
وەك گوتمان (بۆدلێر) لەو شاعیرانەیە كە تووشی بێزاریی زۆر هاتوون لە ژیانیاندا و ئەو بێزارییەشیان كردووەتە ئەو پەنجەرەیەی لێیەوە سەیری ئیستێتیكا بكەن، بەڵام (بۆدلێر) حەقیقەتی پەراوێز نەخستووە و هەوڵی داوە ڕووبەڕووی ببێتەوە لە چەندان ئاستەوە، شیعری ئەویش دابڕ نییە لە بەركەوتن بە حەقیقەتەكانی دەوروبەر جا چ حەقیقەتی كۆمەڵگا بن، یان حەقیقەتی تاك، یان حەقیەقتی خودی (بۆدلێر). ئەوە لە خوارەوە لە ڕوانگەی چەند نموونەی شیعریی شیعرەكانی شاعیرەوە، ئەوە دەخەینە ڕوو كە چۆن شاعیر حەقیقەتی ئیستێتیكا و ئیستێتیكای حەقیقەتمان پێ دەناسێنێ، بەتایبەتی ئەگەر كەسێك بیەوێ لە شیعرەكانی شاعیر ورد بێتەوە و لە قووڵاییدا بڕیاریان لەسەر بدات، چونكە شوێنی ڕاستەقینەی ئیستێتیكا قوڵاییە نەك سادەیی، لە سادەییشدا ئیستێتیكا دەبینرێ، بەڵام ماڵی گەورەی ئیستێتیكا قووڵاییە.
((وتم ئەی پیاوی كردەوە نامۆ، باوكت خۆش دەوێ؟ یان دایكت، یان برات، یان خوشكت؟
وتی: نەخێر، چونكە باوك و دایك و خوشك و برام نییە
وتم: ئەی هاوڕێكانت؟
وتی: تۆ وشەیەك بەكار دەهێنی من تا ئێستا ماناكەی نازانم
وتم: نیشتیمانەكەت؟
وتی: نازانم دەكەوێتە چ ناوچەیەكەوە.
وتم:جوانی؟
وتی: من بە خۆشحاڵییەوە حەزی لێ ناكەم))(دەقی نامۆ)
لەو پارچە دەقەی سەرەوەدا كەسێك زۆر بە ڕاشكاوانە حەقیقەتەكانی خۆی دەخاتە ڕوو هەر لە حەقیقەتی دایك و باوكەوە تا حەقیقەتی جوانی. ئەو ڕاشكاوییە وای كردووە ئەو كەسە وەك كەسێكی نامۆ دەربكەوێ، ئەو نامۆبوونەش دەكرێ بۆ دیدی بینەر بگەڕێتەوە، ئەگینا ئەوە نامۆیی نییە كە كەسێك نەزانێت دایكی خۆشتر دەوێت، یان باوكی لە غیابی ئەواندا، نامۆیی نییە كەسێك نەزانێت هاوڕێكانی كێن كاتێ هاوڕێی نییە، هەمان شتیش بۆ نیشتیمانەكەی، بۆیە نامۆیی نییە كەسێك هیچی نییە و كەسی نییە كە حەز بە جوانی ناكات، چونكە ئەگەر تۆ بتەوێ حەز بە جوانی بكەی، ئەوە دەبێت كەسانێكت هەبن، یان شتانێكت هەبن تێیاندا بەدوای جوانیدا بگەڕێیت، وەلێ لە غیابی هەموو ئەو شتانەدا، حەزكردن لە جوانی، شتێكی بێ مانایە، لەبەر نەبوونی جوانی. ئەوانەی كەسی نامۆ باسی كردن، حەقیقەتی ئەون با سیفات و ئەخلاقی ئەویش بن.
(نیتشە) لە بابەتی سنوورداركردنی ئەخلاقدا كاریگەریی گەورەی هەبووە، ئەو زیاتر لەبارەی ئەخلاقیاتەوە دەدوێ نەك لەبارەی تیوری مەعریفە و سروشتی دنیا، بۆیە ئەو وەك كارەكتەرێكی ئەخلاقی لای زۆر كەس دەردەكەوێ، چونكە ئەو ڕەتكەرەوەی ئەخلاق نییە ئەگەرچی ڕەخنەگری ئەخلاقە، ئەو ڕەخنە لە ئەخلاقی باوی كۆمەڵگاكەی دەگرێ و بنەمای ئەخلاقیی تایبەت بە خۆی دەخاتە ڕوو كە لە باشە و خراپەدا خۆیان دەبیننەوە. كەسی نامۆش كە لەو دەقەی (بۆدلێر)دا هاتووە، دەیەوێ لە ڕێگەی دەرخستنی حەقیقەتی خۆیەوە، ڕەخنە لە ئەخلاقی باوی كۆمەڵگا بگرێ، لە ڕێگەی ڕەتكردنەوەی جوانییەوە، جوانیمان پێ ببەخشێ، كەواتە ئەوەی لە حەقیقەتی كەسی نامۆوە پێمان دەگا ئیستێتیكایە سەرەڕای دووركەوتنەوەی ئیستێتیكا و ئەوەشی كە كەسی نامۆ حەز بە جوانی ناكات.
مرۆڤی جوان بۆ گەیشتن بە جوانی، هانا بۆ حەقیقەتە جوانەكان دەبا و گەرەكیەتی حەقیقەتی خۆی لەوانەوە وەربگرێ، بەو ئامانجەی حەقیقەت ئەو وێستگەیە بێت مرۆڤ لێیەوە بگاتە جوانیی زیاتر، كەواتە ئێمە دەتوانین حەقیقەت بكەینە كەرەستەی گەیشتن بە ئیستێتیكا، با حەقیقەتەكانیش دزێو بن.
((سەعات دوازدەی شەو لێ دەدات،
بەگاڵتەجارییەوە دەمانخاتە ژێر لێپرسیارییەوە،
یادمان دەخاتەوە كە چیمان كرد،
ئیمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتەوە:
-ئیمڕۆ، كاتێكی شووم،
هەینی، سیازدەی مانگ،
سەرەڕای هەموو شتێك
شەمەندەفەری بیدعەمان هێنا.
كفرمان بە مەسیح كرد،
.
.
.
جوێنمان بە هەرە خۆشەویست دا
هەڵشاخاین بەو كەسانەی كە تووڕیان هەڵداین)) (قەسیدەی: تاقیكردنەوەی نیوەی شەو)
لەو پارچە شیعرەشدا (بۆدلێر) هاوشێوەی پارچەی یەكەم، بەشێك لە حەقیقەتەكان دەخاتە ڕوو، بە بوێری. ئەو باس لە حەقیقەتی كەسانێك دەكا و حەقیقەتی خۆشی بە ئەوانەوە دەبەستێتەوە، هەر لە حەقیقەتی هێنانی شەمەندەفەری بیدعە و كوفركردن بە مەسیحەوە بیگرە، تا دەگاتە حەقیقەتی جوێندان بە خۆشەویستان و هەڵشاخان بە كەسانێكدا. ئەو ڕاشكاوییە لە دەربڕینی حەقیقەتدا، وای كردووە بگەین بە ئیستێتیكای دەق و شیعرەكە جوانییەكی تازەمان پێ ببەخشێ، سەرەڕای دزێوی حەقیقەتەكان، كەواتە حەقیقەتەكان ناشرینن، بەڵام جوانییەكان لەوانەوە سەرچاوە دەگرن.

بەشی دووەم:
ئیستێتیكا لە شیعرەكانی (سوهراب سپهری)دا
(تەوەری یەكەم)
گومان لە ئیستێتیكا و ئیستێتیكای گومان لای (سوهراب سپهری)
( ئه‌وین و زەمەن وەك دوو وێستگەی پڕ لە گومان)
(سوهراب) یەكێكە لەو شاعیرانەی بەردەوام لە شیعرەكانیدا بوون و نەبوونی شتەكان دەخاتە ژێر تیشكی گومانەوە، ئەو كردارەش ئیستێتیكای شیعریی لە شیعرەكانی شاعیردا بەیان دەكا، بە جۆرێك گەورەبوونی گومانەكان لە تێكستەكاندا، دەبنە دەرخەری جوانییە گەورەكان كە لە گومانی گەورەوە هاتنە كایەوە.
هەمیشە گومانی یەكەم گومانی تر دروست دەكا، ئیستێتیكای یەكەم ئیستێتیكای تر دروست دەكا و دەبنەوە تەواوكەری یەكتری. كۆكردنەوەی گومانەكان لە تێكستێكی شیعریدا، دوو فۆرم لە جوانی دەخوڵقێنێ: (ئیستێتیكای شیعری و ئیستێتیكای فیكری)، وەلێ ئیستێتیكای شیعری لەو ئاستەدا سەرەكییە و ڕۆڵی ماڵ دەبینێت و لەخۆگری ئیستێتیكای دووەمە.
بوونی دوو جوانی، هاوزەمانە لەگەڵ بوونی دوو گومان، یان زیاتر، لەوانەیە لەنێو ئەو گومانانەدا گومانی تێدابێ لە بەرانبەر خودی ئیستێتیكا (گومان لە ئیستێتیكا). دەشێ گومان مرۆڤ هان بدا واقیع بگۆڕێت بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە و ئەو لەمپەرانەشی دێنە بەردەمی، بە چەكی گۆڕین وەڵامیان دەدرێتەوە.
گومان دەسەڵاتی گۆڕینی هەموومانی هەیە و بۆ خۆشی دۆخێكی جێگیری نییە و قابیلی گۆڕانە. بینینی جەوهەری گومان ئیشكردنە لەسەر مرۆڤێك قبووڵی نییە بە ئاسانی و لە ناشوێندا ببێتە مرۆڤێكی كۆمپیووتەری.
دەشێ گومانكردن سەلمێنەری بوون بە مرۆڤی مەزن بێت تەنانەت ئەگەر شێتیشی لێ بكەوێتەوە. (فۆكۆ) لە كتێبی (دیرۆكی شێتی)دا پرسیارێكی كاریگەر دەخاتە ڕوو كە قسەكردنە لەبارەی ئەو كەسانەوە شێت بوون، ئەو دەپرسێ: بۆچی مرۆڤە مەزنەكان وەك (نیتشە) شێت بوون؟ شێتی (نیتشە) و (ڤان كۆخ) و (ئارتو) بەستراونەتەوە بە بەرهەمەكانیانەوە و شێتی (نیتشە) بۆ زانینی ڕەهای ئەو گەڕێنراوەتەوە بەوەی وەها زانینێك مرۆڤ شێت دەكا. لەوێدا زۆربەی ئەو بەرهەمانەی لە جیهانی مۆدێرندا زەمینە بۆ شێتبوون دەرەخسێنن، دابڕانی نێوان هونەرمەندە داهێنەرەكانی ئەو بەرهەمانە لەتەك جیهانی ڕاستەقینەدا ناسەلمێنن.
دەتوانین (ژیل دولۆزیش) بكەین بە نموونە، لای ئەو ئەو كەسەی لە كەشی خۆی دوور دەكەوێتەوە تووشی شتێك دەبێت پێی دەڵێن شیزۆفرینیا، ئەمەش هەمان شتە كە دەیداتە پاڵ (نیتشە) و دەرەنجامیش قەیران و وڕێنە دەبێت.
بێ گومانی گومانكردنی زۆر لە پشت شێتبوونی بیرمەندانەوەیە. كەواتە ئێمە ئێستا لەنێوان دوو فۆرمداین لە گومان، فۆرمی یەكەم مژدە بەخشە و هێوركەرەوەی عەقڵە، ئەوەی دووەمیان بكوژی عەقڵە كە (فۆكۆ) بە مرۆڤە گەورەكانەوە دەیبەستێتەوە بەوەی بیرمەندان بۆیە شێت دەبن، چونكە مەزنن.
هەڵبەت شێتبوون كۆتا وێستگە نییە، چونكە بۆچوونێك هەیە پێی وایە شێت لە لووتكەی مەعریفەدایە بەوەی هەست بە مەعریفەیەك دەكا كەسانی ئاسایی هەستی پێ ناكەن، ئەگەرچی من بۆ خۆم لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نیم و بە وێستگەیەكی تری شێتبوونی دادەنێم، بەڵام هێشتا ئەو وێستگەیەشیان دوا وێستگە نییە. گومانی (سوهراب سپهری) لە خۆگری هەردوو فۆرمە.
لە هەندێ شوێنی شیعرەكانیدا، گومانی (سوهراب) وای كردووە شاعیر ببێتە خاوەنی ئاگایی زیاتر و لە نائاگایی دووركەوێتەوە، وەلێ لە هەندێك شوێنی تری شیعرەكانیدا، شاعیر ئەو ئاگاییە لە دەست دەدا شێتانە دەتەقێتەوە لە بەرانبەر ئازار و نەهامەتییەكانی.
هەر گومانی گەورەی نێو قەسیدەی شاعیریشە وا دەكا بڵێین: قەسیدەی (سوهراب سپهری)، یەكێكە لە قەسیدە فرە دیو و ناوەرۆك و ئاستەكان، ڕەخنەگر لە ئانی قسەكردن لەسەر ئەو قەسیدەیە، بەر ئەو فرەییبوونە دەكەوێ. دەرەنجامی ئەو فرەییبوونە بریتییە لە لەدایكبوونی فیكرێكی فرە ئاراستەی شیعری، ڕەخنەگر پشت بەست بەو فیكرە، قسە لەسەر تێكستێكی شیعری دەكا كە پنتی فیكری تێدایە، دواتر هەر ئەو فیكرە ڕەخنەگر ئاراستە دەكا و وێنای تێكستی بۆ دیاری دەكا.
تێكستەكانی (سوهراب) وێنایەكی دیاریكراویان نییە، دەشكرێ بڵێین:
زۆربەی تێكستەكانی دنیا بەتایبەتی تێكستە ئەدەبییەكان، تاقە وێنایەكیان نییە و بەستراونەتەوە بە مەیل و تێڕوانینی خوێنەرەوە، واتە ئەوە خوێنەرە بچم و وێنا بە تێكست دەبەخشێ، وەلێ ئەوەی ئەو تێكستە جیادەكاتەوە، فرە وێناییە لای تاقە وێنایەك كە خودە.
خود (منی نووسەر) بۆ قسەكردن لەسەر تاقە تێكستێكی شیعری، بەر وێنای جیاواز دەكەوێ كە هەموویان گوزارشتن لە قەسیدەكە، هەڵبژاردنی یەكێك لەو وێنایانە، نابێتە هۆی مردنی وێناكانی تر، سەرەڕای زۆری وێناكان، دەشێ كۆی وێناكان لە بازنەیەكی دیاریكراودا كۆبكەینەوە كە بازنەیەكە ئەو فیكرە سنووری دیاری دەكا، لە سەرەوەدا باسمان كرد (فیكرێكی فرە ئاراستەی شیعری).
بەستنەوەی (سوهراب) بە (مەولانا) لە بابەتی فیكردا دروست نییە، چونكە ئەو یەك پارچەییەی فیكر كە لای (مەولانا) هەیە، كەمتر لای (سوهراب) تێبینی دەكرێ، ئەمەش بۆ ئەو گەمە شیعرییە بەردەوامەی (سوهراب) دەگەڕێتەوە لەگەڵ وشەكانی دەكا. گەر بمانەوێ قسە لەسەر شیعری (مەولانا) بكەین، دەبێت ڕاستەوخۆ بۆ فیكری (مەولانا) خۆی بگەڕێینەوە، وەلێ بۆ قسەكردن لەسەر شیعری (سوهراب)، دەكرێ بۆ فیكری ئەوانی تر بگەڕێینەوە، ئەمەش هەر ئەو كارەیە كە لەو لێكۆڵینەوەیەدا دەیكەین.
(سوهراب) هەندێك جار لە بوونگەراكان نزیك دەكرێتەوە، بەوەی كە لە تێكستی شیعریدا لەسەر بابەتی بوون كاری كردووە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەو قسەیەی كردمان:
هەڵەیە (سوهراب) بە (مەولانا) بچوێنین وەك ئەوەی (د. سیروس شەمیسا) لە لێكۆڵینەوەی (موسافیرێك وەك ئاو)دا باسی دەكا.
((نیگای كابرای موسافیر كەوتە سەر مێز:
” ئای لەو سێوانە چەند جوانن!
ژیان نەشئەی تەنیاییە “
خانەخوێ پرسی:
جوان یانی چی؟

  • جوان یانی دەربڕینی عاشقانەی شێوەكان
    عیشقیش… بە تەنیا عیشق
    تۆ بە گەرمی سێوێ ئاشنا ئەكا.
    عیشقیش… بەتەنیا عیشق
    منی گەیاندە دەڤەری بەرینی حوزنی ژیان
    وای لێ كردم بتوانم ببمە باڵندە.))
    (سوهراب) لەو پارچە شیعرەیدا موسافیرێك دەكاتە ئەو كەسەی سەرسامە بە جوانیی سێوەكان، ئەو سەرسامییەی موسافیر وا لە خانەخوێ دەكا پرسیار لەبارەی چییەتی جوانییەوە بكا، ئەوەی وەڵام دەداتەوە موسافیرە، كاتێ پێگەی جوانی بە ئه‌وینه‌وه‌ دەبەستێتەوە، ئه‌وین بۆ ئەو هۆكاری بوون بە باڵندە و بوون بە موسافیرە.
    خانەخوێ كاتێ پرسیار لەبارەی چییەتی جوانییەوە دەكا، گومانێك لە ناخیدا لەهەمبەر جوانی هەیە و دەیەوێ ئەو گومانە لە ڕێگەی پرسیارەوە بسڕێتەوە.
    هەمیشە پرسیار كردن فاكتەری كاڵبوونەوەی گومانەكانە. مرۆڤ لە ڕێگەی پرسیار كردنەوە گومانەكانی دەگۆڕێن بۆ یەقین. مرۆڤ كاتێ پرسیاری لە گومان و جوانی و بوونی مرۆڤ كردووە، بۆ ئەوە بووە بگاتە حەقیقەت لە ئاست ئەو بابەتانەدا. (سۆكرات) بەردەوام بوو، تا بابەتێكی ورووژاند بۆ ڕەواندنەوەی گومانەكانی لەهەمبەر مرۆڤەوە، ئەو دەیویست بپرسین مرۆڤ چییە بەر لەوەی بپرسین بوون چییە؟، ئەمە شیاوترە بۆ مرۆڤێك كە دەیەوێ بپرسێ: بوون چییە؟.
    ئەم هەوڵە درێژبوویەوە بۆ پرسیاركردن لە بیركردنەوەی مرۆڤ و كێشەكانی مرۆڤ و شێوازی مامەڵەكردنی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ. كەواتە مرۆڤ گەر بیەوێت ببێت بە خاوەنی بیركردنەوەی جوان و بوونی جوان، پێویستی بە فۆرمێك لە گومان هەیە، هەر ئەو گومانەش گومانێكی جوانە و وا دەكا مرۆڤ خاوەنی ئیستێتیكا بێت. لەو پارچە شیعرەی سەرەوەدا بە ئاشكرا هەست بەوە دەكەین چۆن گومانكردن وەك پرۆسەیەكی ئیستێتیكی، وای كردووە خود ببێتە كەسێكی خاوەن ئاگایی، بە جۆرێك ئەگەر پرسیاری لەبارەی جوانییەوە نەكردایە، هەستی نەدەكرد بووەتە ئه‌ویندار، ئەگەر بەر تاریكی گەورە نەكەوتایە، نەدەبوو بەو چرایە. لەنێوان بوون بە ئه‌ویندار و بوون بە باڵندەشدا، پێوەندی هەیە، بەوەی ئه‌وین ڕۆشنكەرەوەی ڕێگایە و ڕێگاكانیش دەچنەوە سەر ئه‌وین، باڵندەكانیش هەڵدەفڕن بۆ ڕۆشنكردنەوەی تاریكییەكانی ئه‌وین. موسافیر لەو پارچە شیعرەدا، لە یەك كاتدا ئەو ڕێگایەیە كە دەچێتەوە بۆ ئه‌وین، ئەو باڵندەشە كە ڕێگاكە ڕۆشن دەكاتەوە، ئەو ڕێگایەی دەچێتەوە سەر ئه‌وین و تەنانەت ڕێگاكانی ئه‌وینی خۆشی. كەواتە خود لەو پارچە شیعرەدا، نابێتە بكوژی خود سەرەڕای ئه‌وینه‌ گەورەكەی، بەڵكو دەبێتە هۆی گەشەكردنی خود. لە سەردەمی (بۆدلێر)دا خۆكوشتن سیفەتی پاڵەوانان بوو، ئەوەتا (بنیامین) مۆدێرنە بە مەرگەوە دەبەستێتەوە، وەلێ مەرگێكی پاڵەوانانە. دەبێت خۆكوشتن مۆركی مۆدێرنە بێت، خۆكوشتنێك خەتمەكەی لێ دەدات لە ژێر ویستێكی پاڵەوانانەدا، ویستێك هیچ چەشنە هەڵوێستێكی دوژمن بەخۆی قبووڵ نییە، خۆكوشتن وازهێنان نییە، سۆزێكی پاڵەوانانەیە، داگیركردنی مۆدێرنەیە لە كایەی سۆزەكاندا. ئەوەی كە لە شیعرەكەی (سوهراب)دا دەیبینین، مەیلی خودكوشتن نییە، بەڵكو هێشتنەوەیەتی، چونكە ئەو خودە لە كەشێكی تەنیاكەردا دەژی، بۆیە پێوستە ئومێد بدۆزرێتەوە، ئومێدی مانەوە و درێژەدان بە ژیان. ئەو ژیانەش ژیانێكی ناچاری نییە، بەڵكو ویستە لەسەر مانەوە. مرۆڤ بۆ مانەوەی لە ژیاندا، پێویستی بە ویستێك هەیە بیهێڵێتەوە، لە غیابی ئەو ویستەدا، مانەوە دەبێتە شتێك كە جێگای گومان بێت. ئەوەی ویستی مرۆڤ بەهێز دەكا، ئه‌وینه‌، تەنیاییش وەك میوانێكی ئامادە لە ئه‌ویندا ناكرێ بۆ ئەبەد فەرامۆش بكرێ، بەڵكو دەتوانین لە ڕێگەی تەنیایی زیاترەوە، بگەین بە ژیانی زیاتر و مانەوەی زیاتر، چونكە مانەوە پەیوەستە بە ویستەوە، ویستیش پەیوەستە بە ئه‌وینه‌وه‌ و ئه‌وینیش سنووری بۆ نییە، بۆیە دەتوانین بێ سنوور بژین تا گەیشتنی ئەو سنوورەی ناوی مەرگە.
    موسافیر دوای (بیركردنەوە لە بیركردنەوە)، نیگاكانی لەسەر مێزەكە دەگیرسێنەوە و هەست دەكا لە بەردەم جوانیدایە، سێوەكان جوانی پێ دەبەخشن، بینینی جوانی لەدوای وەها بیركردنەوەیەك، چێژێكی زیاتری هەیە، بەڕادەیەك ئینسان پێی خۆشە بەر بیركردنەوەی تری هاوشێوە بكەوێ، تا دوای هەر وەها بیركردنەوەیەك، تێبینی جوانی بكا و ئەو تێبینی كردنەی جوانیش، جار لەدوای جار چێژی زیاتر ببەخشێ، چێژی زیاتریش بەستراوەتەوە بە بیركردنەوەی قووڵترەوە.
    لە قەسیدەكەدا تێبینیكردنی جوانی، تێبینیكردنی تەنیایی بەدوای خۆیدا دەهێنێ، مرۆڤ لەڕێگەی جوانی زیاترەوە، دەگاتە تەنیایی زیاتر، ئەوەتا موسافیر دوای بینینی جوانی سێوەكان و قسەكردن بە سەرسوڕمانەوە لەسەریان، دەڵێ: ژیان نەشئەی تەنیاییە.
    هەموومان ناتوانین تێبینی جوانی بكەین و لە جوانی بگەین، دەشێ لە ڕێگەی كەسانی ترەوە لە جوانی بگەین و پرسیار لەبارەی جوانییەوە بكەین (هەر ئەمەش لە شیعرەكەدا دەبینرێ). پرسیاری: جوانی چییە؟ لەو ساڵانەی دواییدا كەمتر جێگای بایەخ بووە. خانەخوێ پرسیاری جوانی لە موسافیر دەكا، وەك بڵێی جوانەكان نامۆ بن بە خانەخوێ، وەلێ ئەمە ئەوە ناگەیەنێ خانەخوێ خۆی ناشرین بێت، دەشێ كەسێك بێت كە مەیلی پرسیاركردنی هەیە، یان دەشێت كەسێك بێت خۆی خاوەنی جوانی بێت و نەشزانێ جوانی یانی چی!!، ئیتر بەو شێوانە و شێوەی تریش.
    موسافیر جوانی بە ئه‌وینه‌وه‌ دەبەستێتەوە، ئەمەش گوزارشتە جوانه‌كه‌یه‌ لە جوانی و گوزارشتە جوانەكەشە لە ئه‌وین. ئه‌وین بریتییە لە دەریای جوانییەكان و جوانی بریتییە لە سەرزەمینی ئه‌وین و ئه‌وینداران.
    موسافیر دەگەڕێتەوە خاڵی سەرەتا، خاڵی تێبینیكردنی سێوەكان و باسی ئەوە دەكا چۆن ئه‌وین وا دەكا تەنانەت هەست بە گەرمی سێوەكانیش بكەی، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە لە پاڵ بیركردنەوەكە، ئه‌وین بوونی هەبووە، واتە ئەوانەی وایان لە موسافیر كردووە سێوەكان بە جوان ببینێ، ئه‌وین و بیركردنەوەن. ئه‌وین لەو پارچە شیعرەی سەرەوەدا بنیاتنەرە و ڕووخێنەر نییە، كەواتە دەشێ ئه‌وین فاكتەری ئەوە بێت جوانتر بژین وەك ئەوەی لە قەسیدەكەدا هاتووە، ئەوەندە جوان بژین پێمان وا بێت باڵندەین. جوانی چییە؟ ئه‌وین چییە؟ بیركردنەوە چییە؟ تەنیایی چییە؟، ئەمانە ئەو پرسیارانەن قەسیدەكە لەدوای خۆیدا جێیان دەهێڵێ. مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئه‌وین، پێویستی بە بیركردنەوە هەیە، لە ئه‌وینیشدا پێویستی بە بیركردنەوە هەیە ئەگەرچی زۆرجار ئه‌وین بیركردنەوە ڕادەگرێ، لەدوای ئه‌وینیش پێویستیمان بە بیركردنەوە هەیە، بیركردنەوە لە مانەوە لەگەڵ ئەو ئه‌وینه‌ تێپەڕیوە، بیركردنەوە لە ئه‌وینێكی تازە.
    كەواتە ئه‌وین و بیركردنەوە هاوسەنگەرن، تەنیاییش لە ئه‌ویندا وەك میوانێكی ڕوح سووك بوونی هەیە، هەموو ئەو بیركردنەوە و تەنیایی و ئه‌وینانه‌شی باسمان كردن، لە جوانیدا هەن، هەروەك چۆن جوانیش لەناو ئەواندا هەیە.
    بۆ قسەكردن لەسەر جوانی و تەنیایی و بیركردنەوە و ئه‌وینی مرۆڤ، پێویستە باس لە بوونی ئەو مرۆڤە بكەین و پرسیاری جیاواز بكەین و باسێكی گوماناوی بخوڵقێنین، بۆ نموونە بپرسین:
    مرۆڤ سەرەتا ماهیەتی هەیە؟. لای فەلسەفە ئایدیالیزمییەكان مرۆڤ لە جیهانی واقیعدا چیەتییەكەی پێش بوونەكەی دەكەوێ. بوونگەراكان ئەو دیدە بە تەواوی ڕەت دەكەنەوە و ڕایدەگەینن مرۆڤ سەرەتا (ماهیەت – چیەتی) نییە.
    لە قەسیدەكەدا بوون بوونێكی شیعرییە و دنیای هەبووش شیعرییە، بۆیە (جوانی و ئه‌وین و تەنیایی) ناو قەسیدەكەش، شیعری دەردەكەون، هەمووشیان بەرهەمی ئەو گومانەن كە موسافیر دەریخست، بۆیە دەتوانین دەربڕینەكانی: گومانی جوان، گومانی ئه‌وین، گومانی تەنیایی، بخەینە ڕوو.

(تەوەری دووەم)
یاخیبوون و ئیستێتیكا

هەمیشە پێوەندی لەنێوان دەقی نووسراو و خوێنەرێك هەیە كە خەریكی خوێندنەوەی دەقی نووسراوە، چونكە نووسەری دەق، خۆشی خوێنەری دەقە، ئەوە خوێنەری دەقە نووسەری دەق دەخاتەوە بە ڕەچاوكردنی سیاق (context)ی دەق، واتە تۆ ناتوانیت ببیت بە نووسەرێكی سەركەوتووی دەق ئەگەر خوێنەرێكی سەركەوتووی دەق نەبیت، بۆیە جەخت كردنەوە لەسەر ئەو باوەڕەی پێوەندی لەنێوان خوێنەر و دەقدا نییە، غەدركردنە لە نووسەری دەق بەر لە خوێنەری دەق، چونكە ئەو كاتەی غەدر لە خوێنەری دەق دەكەین وەك ئەوە وایە غەدرمان لە نووسەری دەق كردبێت، چونكە نووسەر خۆشی خوێنەرە، وەلێ مەرج نییە خوێنەر نووسەر بێت.
مرۆڤی یاخی ئەو كەسە نییە هیچ كەسێك بەدەورییەوە نییە، دەكرێ مرۆڤ لە جەنجاڵیشدا یاخی بێت. مرۆڤی تەنیا دەكرێ وێنای خۆی نزیك بكاتەوە لە مرۆڤی یاخییەوە، وەلێ مرۆڤی یاخی یەكسان نییە بە مرۆڤی تەنیا، بگرە مرۆڤ یاخی دەبێت تا لە تەنیایی دووركەوێتەوە.
یاخیبوون لای (كامۆ) بۆ یاخیبوونی میتافیزیكی و یاخیبوونی مێژوویی دابەش دەبێ. یەكەمیان سێ لقی لێ دەبێتەوە:
1- (ڕەتكردنەوەی ڕەها – ماركیز دی ساد)
2 – (ڕەتكردنەوەی نەجاتبوون – ئیڤان كارامازۆف)
3- (شیكاری ڕەها -نیتشە).
(كامۆ) هەموو یاخیبوونە مێژووییەكانی وەك (سپارتاكۆس) و شۆڕشی كۆیلەكان و شۆڕشی (فەڕەنسا) دەخاتە ژێر باسەوە. ئەو كاتەی (كامۆ) قسە لەسەر كوژرانی شا دەكا لەلایەن فەڕەنسییەكانەوە، قسە لەسەر ئەو تیورانەش دەكا ڕێخۆشكەر بوون، تا دەگاتە نووسینەكانی (ڕۆسۆ) و (پەیمانی كۆمەڵایەتی). مرۆڤ خۆی چارەنووسی خۆی دیاری ناكا، ئەوە ڕەوتی حەتمی مێژووە چارەنووسی ئەو دیاری دەكا (ئەمە دیدی كامۆیە لەهەمبەر فەلسەفەی هیگل). ئەوانەی سەردەكەون، لەبەر پێویستی مێژووە، لێرەوەیە ڕەوایەتی دیكتاتۆریەتی پرۆلیتاری دێت. (كامۆ) بەوەش وازی نەهێناوە، (ئەفسانەی سیزیف)ـەكەی لێكۆڵینەوەیەكە لەسەر چەمكی پووچی و خۆكوشتن و (مرۆڤی یاخی)یەكەی لێكۆڵینەوەیە سەبارەت بە یاخیبوون و كوشتن.
ئەو كاتەی مرۆڤ باوەڕی لەدەست دەدا، دەكرێ لە بەرگێكی لۆژیكییانەدا، بیانوو بۆ كوشتی ئەوانی تر بهێنێتەوە. یاخی كەسێكە تاقە وێنایەكی نییە. بیرمەندان و ڕۆشنبیران فۆرمی جیاواز جیاوازیان بەو مرۆڤە بەخشیوە كە دەشێ بە (مرۆڤی یاخی) ناوزەدی بكەین. (مرۆڤی یاخی) لای (كامۆ) مرۆڤێكە لە ناوەڕاستی دیاردە و ئایدیاكاندا دەوەستێ و ڕەتیان ناكاتەوە، بەڵام لەگەڵیشیاندا نییە. (گۆتە) لە هۆنراوە دراماتیكییەكانی نێو (فاوست)دا وێنای مرۆڤێك دەكا كە زۆر لە ڕەخنەگر و لێكۆڵەرەوان نزیكی دەكەنەوە لە (سوپەرمان)ـەكەی (نیتشە)، وەلێ من پێم وایە ئەگەر (فاوست) مرۆڤێك بێت هەردوو قاچیشی نەخزابێتە نێو بازنەی (مرۆڤی یاخی)یەوە، ئەوە بەلایەنی كەمەوە قاچێكی لەو بازنەیەدایە. (نیتشە) وەك پەیڕەوكارێكی گومانی میتودییانە، دەیویست بیسەلمێنێ كە ئەگەر بێ باوەڕی بكرێتە نیهلیزم، ئەوە مرۆڤ دەتوانێت بە باوەڕهێنان بە هیچ بژی، بۆیە ڕەوایە گەر بڵێین: كۆی فەلسەفەی (نیتشە) یاخیبوونە.
مرۆڤی یاخی ئەو مرۆڤەیە، لە پێناوی بەهایەكدا یاخی دەبێت. (سوهراب)ی یاخی، لە پێناوی بەهایەك یاخی دەبێت، كە بەهایەكی تاكەكەسییە، وەلێ بەقەد تاكەكەسی بەهاكە، تاكەكەس بە مرۆڤایەتییەوە گرێ دەدا، ئەو ئازارەشی هەیەتی، ئازارێكی بە كۆمەڵە ئەمەش جیاوازی نێوان یاخیبوون و پوچێتییە، كە لەوەی دووەمیاندا، ئازار تاكەكەسییە. كێشەی گەورەی (كامۆ) لە بابەتی یاخیبووندا ئەوەیە كە یاخیبوونەكە بە ڕۆژئاواوە دەبەستێتەوە، لە بارێكدا كە دەكرێ ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵات بە نموونەی زەقی یاخیبوون نیشان بدەین كە كۆمەڵیك لە خەڵكی لەپێناوی دەستكەوتنی بەهایەك كە ئازادییە یاخی دەبن. (سوهراب) زۆر جار هاوشێوەی (فڕووغ) لە شیعرەكانیدا یاخییانە لە كرداری مرۆ دەدوێ و كردەوەی مرۆڤ دەخاتە ڕوو، كردەوەگەلێك تەنیاییان لێ دەكەوێتەوە، كردەوەی نێو یەك ماڵ، كرداری نێو یەك خێزان كە زۆر كەڕەت تراژیدیان. لای (ئەرستۆ) شیعر دەبێت بابەتی بێت. لەوێدا تراژیدیا ڕۆڵی ورووژێنەر دەبینێت، ورووژێنەری بەزەیی و ترس، پاكبوونەوەی مرۆڤیش ئەنجامە. پێوەندیی پتەو لە نێوان شیعر و كۆمەڵ، شیعر و حەقیقەتدا هەیە، كەواتە شیعر چالاكییەكی بەسوود و مرۆڤانەیە، لاسایی سروشت و مرۆ دەكاتەوە، نەك جیهانی ئایدیالیزمی و دیاردەی شتەكان وەك ئەوەی (پلاتۆ) دەیخاتە ڕوو. (سوهراب) وەك (فڕووغ) پشت بەست بە خەیاڵە یاخییەكانی گوزارشت لە حەقیقەت دەكا، خەیاڵی خۆی دەكاتە ڕێگەیەك بۆ گەیشتن بە حەقیقەتی جڤات و خێزانیش وەك بەشێك لە كۆمەڵگا. ئەو خەیاڵی خۆی دەكاتە كەرەستەی گەیشتن بە حەقیقەتی جڤات.
خستنە ڕووی حەقیقەتی كۆمەڵگا، هاوكات خستنە ڕووی حەقیقەتی (خود) و (ئەوی تر)ـە، چونكە ئەوانیش ناكەونە دەرەوەی كۆمەڵگاوە و كەلێنێك لە كۆمەڵگادا پڕ دەكەنەوە، كەواتە بۆ مرۆڤێكی یاخی كە لە بەردەم حەقیقەتی كۆمەڵگاكەیدایە، ئەگەری گەیشتن بەو حەقیقەتە نزیكترە لە مرۆڤێكی تر كە مەودایەكی گەورە هەیە لەنێوان ئەو و حەقیقەتی كۆمەڵگادا، بەو مانایەی بۆ گەیشتن بە حەقیقەتی كەسی یەكەم، بینینی حەقیقەتی كۆمەڵگا وەك خۆی، یان بینینی حەقیقەتی بەشێكی كۆمەڵگا وەك خۆی، دروستە، ئەمە بۆ كۆمەڵگای ئێرانیش دروستە. ئەو كاتەی (سوهراب) خوێندنەوەی دەبێت بۆ حەقیقەتی كۆمەڵگاكەی خۆی و بۆ چینی فەرمانڕەوا، ئەوە ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ حەقیقەتی خێزان، گەیشتنە بە حەقیقەتی خود، چونكە ئەویش لەنێو خێزاندایە نەك لە دەرەوەی.
هەموو یاخیبوونێك بە شتێك دەست پێ دەكا و بە شتێك كۆتایی دێت، ئەگەر یاخیبوونی میتافیزیكی بە ناوی ئازادی مرۆڤەوە دەست پێ بكا و بە ستەم كۆتایی بێت و یاخیبوونی مێژوویی بە دادپەروەری دەست پێ بكا و بە كەمكردنەوەی ئازادیی تاك كۆتایی بێت، ئەوە یاخیبوونی (سوهراب سپهری) بە ئه‌وین دەست پێ دەكا و بە تەنیایی كۆتایی دێت، وەلێ ئه‌وینێك كە لەخۆگری جوانییە و تەنیاییەكی جوان، بۆیە دەكەوینە بەر دەمی یاخیبوونێكی ئیستێتیكی لە شیعرەكانی شاعیردا.
كەواتە یاخیبوونی (سوهراب) ئەو لە تەنیایی و ئه‌وین دوورناخاتەوە لەبەر حزوری ئیستێتیكا تێیاندا، بەڵكو زیاتر تەنیای دەكا و ئه‌وینی شاعیریش سەلمێنەری زیاتری ئەو تەنیاییەیە.
((جەنگی ڕۆچنەیەك لەگەڵ ئەڵهای ڕووناكیدا.
جەنگی پلەیەك لەگەڵ قاچی درێژی خۆردا.
جەنگی تەنیایی لەگەڵ ئاوازێكدا.
جەنگی جوانی هەرمێكان لەگەڵ بەتاڵی ی زەمیلەیەكدا.
جەنگی خوێناوی هەنار و ددان.
جەنگی نازییەكان لەگەڵ لاسكی گوڵی نازدا.
جەنگی تووتی و ڕەوانبێژی لەگەڵ یەكدا.
جەنگی تەوێڵ لەگەڵ ساردیی بەرمۆدا)) (دەنگی پێی ئاو)
ئیستێتیكا و یاخیبوون لە شیعری (سوهراب)دا یەك وێنایان نییە و بەردەوام لە وێناگۆڕكێ دان، ئاگایی و نائاگایی شاعیر و كارلێكی نێوانیشیان لەپشت ئەو گۆڕانانەوەن كە هەن. ئاشكرایە بارودۆخی (ئێران) و ژیانیش لەو وڵاتەدا ناجێگیری بەخۆیەوە بینیوە و بەردەوام ئاراستەكان لە گۆڕاندان، شیعری فارسیش لەگەڵ ئەو گۆڕانانە گۆڕانكاریی بەخۆیەوە بینیوە، شیعری (سوهراب) دابڕاو نییە لەو گۆڕانكارییانە و بگرە خودی شیعرەكانی شاعیر لەپشت ئەو گۆڕانانەوەن و لە دروستبوونی گۆڕانكاریی لە شیعری فارسیدا ڕۆڵیان هەبووە.
لە شیعری (سوهراب)دا بەردەوام هەست بە بوونی هەستێكی یاخی دەكەین كە وێڵە بە دوای ناسنامەی كەسێكی بێناسنامەدا، ئەو هەستەش ناتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێت، چونكە ژیان لە نیشتیمانەكەی (سوهراب)دا نەیتوانیوە پێناسێكی دیاریكراومان پێ ببەخشێ، بەڵكو ژیانێكە سیماكان بە فڵچەی مردن ڕەنگ دەكا، ژیانی نێو ئەو نیشتیمانە پڕ لە تراژیدیایەش، لە زۆر قۆناغی مێژوویی خۆیدا نزیك بووە لە مردنەوە، ئەو كارەساتە گەورانەی بەسەر نیشتیماندا هاتوون، وایان كردووە شاعیر هەست بە تەنیابوون بكا، ئەو تەنیابوونەش جۆرێك لە ئه‌وینی خوڵقاندووە بۆ تەنیاكەرەكە دەگەڕێتەوە، واتە ئەوەی خودی تەنیاكردووە، خەمەكانە، وەلێ هەر خەمەكانیش شاعیر دەكەن بە كەسێكی یاخی، یاخی لە زوڵم. واتە خەم فاكتەرێكی تەنیاكەرە و دەرخەری جوانییە، جوانیش دەرگا گەورەكەیە دەتوانین لێیەوە بچینە ژوورەوە و بە ئه‌وینه‌وه‌ لێیەوە بێینە دەرەوە.
تەنانەت ئەو ئه‌وینه‌ی (سوهراب) بۆ جوانی هەیەتی، وا دەكا جۆرێك لە گیرۆدەبوون تا ئاستی شێتبوون بۆ جوانی مانیفێست ببێت. شێتبوون لە ئانی هۆگریدا لەخۆگری دوو ئاراستەیە ( هۆگربوون وەك فۆرمێك لە یاخیبوونی ئیستێتیكی)، لە ئاراستەی یەكەمدا دەتوانین بڵێین كە دەشێ ئه‌وین دووركەوتنەوە نەبێت لە هۆشیاری و جۆرێك لە هۆشیاربوونەوە بێت. (ئیرۆس eros) وشەیەكی یۆنانیی كۆنە و گوزارشت لە ئه‌وین دەكا. قسەكردن لەسەر ئیرۆس بۆ نیشاندانی (reference) فۆرمەكانی ئه‌وینه‌.
(ئەفلاتوون) ئیرۆسی بە مانایەكی فراوان بەكاردەهێنا و مانای ئایدیای جوانی و شادی پڕوكێنەر و شێتی مەستانە و كۆبوونەوە و…تاد، دەگەیاند. ئه‌وینی (سوهراب)ی یاخی سست و بێ چێژ نییە و دەگونجێ لەگەڵ ئه‌وینی (ستانداڵ) كە پێی وایە ئەو كاتەی پیاو دەكەوێتە ئه‌وینه‌وه‌، دانایی لە ئاست بینینی شتەكان وەك خۆیان لەدەست دەدا و ئیرۆس بیركردنەوە (meditation) لە مردن (death) سادە دەكاتەوە و مردن نرخی لەدەست دەدا، چونكە لەو بەهایە (cost) پتر نییە كە مرۆڤ دەیەوێ بیداتە زۆر شت. ئاراستەی دووەم پێچەوانەی ئاراستەی یەكەمە.
((لقی مەعریفەتێ وا لە دەستی هەر منداڵێكی دەساڵانە
خەڵكی شار چۆن ئەڕواننە گڕێك، خەونێكی ناسك،
واش ئەڕواننە چینی دیوار.
زەوی مۆسیقای هەستی تۆ ئەبیستێ.
لەهەوادا دەنگی باڵەفڕێی مەلە ئەفسانەییەكان دێ.
لەودیو دەریاكانەوە شارێك هەیە
كە تێیدا هێندەی چاوانی ئەوانەی سەحەران زوو بە ئاگان،
خۆر گەورەیە.
شاعیران میراتگری ئاوو ئاوەزو ڕۆشنایین.
لەودیو دەریاكانەوە شارێك هەیە!
ئەبێ بەلەمێك دروستكەین.))
(كامۆ) دوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لە ساڵی 1957دا لەلایەن ئەكادیمیای سویدی، نامەیەك بە سادەییەوە بۆ خێزانی (نیكۆس كازانتزاكیس) دەنووسێت و تێیدا دەڵێ:
(كازانتزاكیس) شایستەتر بوو لە من بۆ ئەو خەڵاتە. سادەیی (كامۆ) ئاوێتەی سادەیی (كازانتزاكیس) دەبێت و درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە (نیتشە)، لەوێدا (كازانتزاكیس) بە ئاشكرا و بە سادەییەوە پێیەوە دیارە چۆن سوودی لە (نیتشە) وەرگرتووە و هەر ئەویش دیدی (كازانتزاكیس)ی بۆ ئه‌ده‌ب گۆڕی و پێی وابوو ئه‌ده‌ب هەر چەند ڕەق بێت واتای ژیان دەگەیەنێ.
ئەو سوود وەرگرتنە ئاساییە، (ئەفلاتوون) كە زۆر جار بە باوكی فەلسەفە دادەنرێ لە سەرەتادا لەژێر كاریگەریی (هیراكلیتس / 544- 483 پ ز) و (فیساگۆرس / 580 – 500 پ. ز) و (سۆكراتدا) بوو.
لە ناو هەندێك لە دێرەكانی (سوهراب)دا هەست بە سادەیی یاخیبوون دەكەی، بەو مانایەی یاخیبوون نەیتوانیوە سادەیی خود بكوژێ، وەك چۆن (كامۆ)ی یاخی بە سادەییەوە دەڵێ: (كازانتزاكیس) شایستەتر بوو لە من بۆ ئەو خەڵاتە. وێنەی نووسەر لەناو فەزای بیركردنەوەی كارەكتەرەكانی وێنەیەكی تەماوییە، ئەوە فەزای گشتیی شیعرەكەیە وێنای نووسەرمان پێشان دەدا.
یاخیبوونی شاعیر لە تێكستێكی شیعریدا دەكەوێتە پەراوێزی یاخیبوونی شاعیرەكە خۆی لە ژیانی ڕۆژانەیدا؟ ئایا فەزای تێكستی شیعری ئەوەندە فراوانە بتوانێ داڵدەی یاخیبوونی شاعیرێك لە دیاردەیەك لە دیاردەكان بدا كە دەشێت ئەو یاخیبوونە (یاخیبوونێكی ڕەها) بێت؟ ئایا ئەو وێنا كۆنەی بۆ یاخیبوون هەمانە و پشت ئەستوور بەو وێنایەش تا ئێستا قسەمان كردووە لەسەر تێكستی شاعیران، وای كردووە لە (یاخیبوونی شیعری) بگەین؟ دوا جار دەكرێ بپرسین: هەر بەڕاست ئەوەی لەنێو شیعردا هەیە یاخیبوونە، یان كوشتنی ڕوحی یاخیبوونە و چواندنیەتی بە جەستەیەكی بێ دەنگ و بێ ڕوح؟.
سوریالیزم یاخیبوونێكی ڕەهایە و تێیدا هەرچی پێوەر و میتود و بنەماو ئاكارە ڕەت دەكرێتەوە، بەڕادەیەك (ئەندرێ پرۆتۆن) كوشتنی خەڵك لەسەر شەقام بە بچووكترین پنتی سوریالیەت دادەنێ. لەو پارچە شیعرەی سەرەوەدا دەتوانین هەست بە ئیستێتیكای یاخیبوون بكەین لە شیعری (سوهراب)دا.
ئەوی تربوون لە دیدی (لێڤیناس)ـەوە لە دەرەوەی من و ئەودیوی (من)دایە. لەو پارچە شیعرەی سەرەوەدا، قسەكردنی خودی یاخی جۆرێكە لە نزیكبوونەوە لە ئەوی تر. (لێڤیناس) پێی وایە قودرەتی دیالۆگی نێوان من و تۆ بۆ جیاوازیی نێوان من و تۆ دەگەڕێتەوە. ئەوە ویستنی میتافیزیكیانەی جیهانی نەبینراوە لەپشت چوونی من بەرەو ئەوی ترەوەیە، كە ویستێكە وێڵە بەشوێن (بێ كۆتایی)دا لە ئەوی تردا. بە گەڕاوە بۆ (لێڤیناس)، پێوەندییەكی نایەكسان هەیە لەنێوان كارا و ئەوی تردا. بەرپرسیارێتی من بەرانبەر ئەوی تر جیایە لە پێچەوانەكەی، ئەوە ویستی میتافیزیكی منە بۆ دۆزینەوەی كۆتایی من بەرەو ئەوی تر كێش دەكا. ئەو شتەی دەبێتە دروستكەری ئەو ویستە، بۆ پێوەندی مرۆڤ و (مەرگ) بە یەكترییەوە دەگەڕێتەوە. لە (زەمەن و بەئەوی تربووندا) مەرگ پەیامهێنی ڕووداوێكە بكەر دەسەڵاتی بەسەریدا نییە.
مەرگی مرۆڤی یاخی بە زەمەنەوە پەیوەست نییە، بەڵكو كۆتایی زەمەنی كەسە. (كەس) بە مەرگ كۆتایی دێت، كەسەكانیش كۆتاییەكەیان مەرگە. ئەوە مەرگە خاڵێك لە كۆتاییماندا دادەنێ. ئەی ئەوە كێیە خاڵ لە كۆتایی مەرگدا دادەنێ؟. پێم وایە ویستی مرۆڤ دەتوانێ كۆتایی بە مەرگ بهێنێ، تەنانەت ئەگەر لەو پێناوەدا بشمرێ. گەر بمانەوێ دەتوانین مەرگ بكوژین، وەلێ ئەمە پێویستی بەقوربانیدان و یاخیبوون و مەرگ هەیە. بۆ كوشتنی مەرگ، پێویستیمان بە بەشداریی (Participation) مەرگ هەیە، مەرگی زەمەن، مەرگی هەوەس، مەرگی تاریكی، مەرگی خوێن. كەواتە گەر بمانەوێ دەتوانین مەرگ بكوژین و یاخی بین لە مەرگ، ئەویش لەڕێگای مەرگی شتە ناشرینەكان و هەڵبژاردنی ژیانێكی جوانەوە دەبێت، ئەگەر توانیمان جوان بژین و ژیانمان بریتی نەبێت لە لاساییكردنەوە، ئەوە دەتوانین مەرگ بكوژین و كاتێكیش دەمرین، مەرگ بۆمان ببێتە ژیانە ڕاستەقینەكە و دەستپێكی ژیانێكی تر (ژیانی دوای مردن).

ئەنجامەكان:
(1) كۆمەڵێك پرسیارمان خستنە ڕوو وەڵامەكانمان بۆ خوێنەر جێهێشت، بە ئامانجی ئەوەی بیركردنەوەی خوێنەر سنووردار نەكەین، لێرەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە ئیستێتیكا بەش بەشە و پەیوەستە بە سات و شوێنی جیاوازەوە، ئیستێتیكای كوردی جیایە لە هی فەڕەنسی، یان نەتەوەیەكی تر، ئیستێتیكای فیكر جیایە لە ئیستێتیكای شیعر، سەرەڕای پێوەندی نێوانیان. ئیستێتیكا بە گۆڕانی واقیع و قەیرانەكان و كارەكتەرەكان دێتە گۆڕین.
(2) گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە شیعری (بۆدلێر) پڕە لە بێزاری، بەڵام بێزارییەكی بێزاركەر نییە و بێزارییەكی ئیستێتیكییە. حەقیقه‌تی شاعیریش فرەوێنایە و زۆرترین جوانی بۆ لای خۆی ڕادەكێشێ. بە كورتی: حەقیقەتی شاعیر و بێزارییەكانی شاعیر و ئەو پردەشی دەیانگەیەنێت بە یەك، ڕێگر نەبوون لە بەردەم (بۆدلێر) بۆ ئەوەی ئیستێتیكای دەق و فیكری نێو شیعرمان پێ بدا، بەڵكو شیعرەكان لەخۆگری پرسیار بوون و دەتوانرا گفتوگۆیەكی فیكری لە سێبەری شیعرەكان بكەین.
(3) گەیشتینە ئەو دەرەنجامەی كە (سوهراب) شاعیرێكە خاوەنی جوانییە و جوانییەكەشی بەستووەتەوە بە ژیان و یاخیبوون و گومانەكانی و بە چەندان بابەتی تریشەوە، بۆیە دووركەوتنەوە لە جوانیی نێو دەقی (سوهراب)، دووركەوتنەوەیە لە خودی شیعرەكانی شاعیر، چونكە ناسنامەبەخشی شیعرەكانی شاعیر جوانییە، لە غیابی جوانیدا، بوونی شیعری (سوهراب) جێگای گومانە، بۆیە دەتوانین بڵێین جوانی شیعری (سوهراب)ـە و شیعریش جوانییەكەیەتی.

سەرچاوەكان:
(1) عاشق هەمیشە تەنیایە، و: ئازاد بەرزنجی، سلێمانی، 2006.
(2) شوكریە ڕەسوڵ، حەكایەتی خورافی كوردیی لە ڕووی مۆرفۆلۆژییەوە، چاپی یەكەم، لە بڵاوكراوەی ئینستیوتی كەلەپووری كورد، 2003.
(3) د. نەجم ئەڵوەنی، جۆرەكانی دەقئاوێزان، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2012.
(4) جەبار ئەحمەد حسێن، ئیستێتیكای دەقی شیعری كوردی، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2008.
(5) كەمال مەمەند میراودەلی، فەلسەفەی جوانی و هونەر – ئیستاتیكا، بەغدا، 1979.
(6) ئازاد حەمە، ویستی فەلسەفاندن – بادیو و ڤینگشتاین، ئازاد حەمە، چاپی یەكەم، هەولێر، 2007.
(7) قوتابخانە فەلسەفییەكان، میهرداد میهرین، و: سیدۆ داود عەلی، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2009.
(8) فاروق ڕەفیق، هونەری عیشق، بەرگی یەكەم، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2010.
(9) مدرنیتە و اندیشەی انتقادی، بابك احمدی، چاپ چهارم اسفند، 1380.
(10) حقیقت زیبایی، درسهای فلسفە هنر، بابك احمدی، چاپ پنجم، 1380، نشر مركز
(11) اشوری داریوش، زبان باز، نشر مركز، چاپ دوم، 1387، 2006.
(12) میشیل فوكو، تاریخ جنون، چاپ سوم، انتشارات هرمس، تهران، 1389.
(14) محمد رچا شفیعی كدكنی (د.)، صور خیال در شعر فارسی، چاپ پنجم، تهران، 2731.
(15) خسرو فرشید ورد (د.)درباره و ادبیات و نقد ادبی، جلد اول، چاپ سوم، تهران، 1378.
(16) حركە الحداثە في الشعر الكردي، د. سرور عبدوللە، من مطبوعات: مركز جاودیر، 2012.
(17) أزدواجیه‌ العقل, دراسه‌ تحلیلیه‌ نفسیه‌, کتابات حسن حنفی, جورج طرابيشی.
(18) در امدی بر جامعە شناسی ادبیات: لوكاج، ادورنو، گلدمن، گرامشی…، مترجم: محمد جعفر پویندە، نشر چشمە، تهران، 1380.
(19) از مصاحبت افتاب: زندگی و شعر سهراب سپهری، كامیار عابدی، تهران، 1376.
(20) ڕێنێ دێكارت، كاوە جەلال، سلێمانی، 2008
(21) د.كەمال مەعروف، كەڵە ئەدیبانی بیانی، چاپی یەكەم، دەزگای سەردەم، سلێمانی، 2002.
(22) د. فەرهاد پیرباڵ، باخچەیەك شیعری فەڕەنسی، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2004.
(23) بۆدلێر، گوڵی خراپە، و: ئەحمەدی مەلا، هەولێر، 2001.
(24) د. سیروس شمسیا، نگاهی تازە بە بدیع، نشر میترا، تهران، 1390.

دوا سەرنج: بۆ ئەم لێكۆڵینەوەیە سوودم لە لێكۆڵینەوەكانی خۆم وەرگرتووە.




ململانێی ترس و ورە لە شیعری ( ژووری سێدارە)ی شەهید مەلا عەلی(١).. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ترس هەمیشە لە پانتایی ژیان ڕووبەرێکی فراوان لە ململانێی ئینسان و زیندەوەران لەپێناو مانەوەیان، داگیر دەکات. ترس بریتییە لەو هەستەی کە لە ئەنجامی مەترسی یان هەڕەشەیەکی هەستپێکراوییەوە دێتە ئاراوە. ترس لای مرۆڤ لە وەڵامی هاندەرێکی دیاریکراودا کە لە ئێستادا یان لە پێشبینیکردنی هەڕەشەیەکی ئەگەری لە داهاتوودا، وەک مەترسییەک بۆ سەر جەستە یان ژیان بە گشتی، سەرهەڵدەدات. پرۆسەی سەرهەڵدانی ترسیش وەک دژەکردار بۆ لەدەستدانی ژیان مانا پەیدا دەکات. ئەگینا بێباک بوون بەرانبەر بە ژیان، ڕەتکردنەوەی ترسە. مرۆڤی شۆڕشگێڕ و خاوەن باوەڕ ئامادەیە گیانی خۆی ببەخشێت بە بیروباوەڕەکەی و ترسیشی لەهیچ شتێک نییە. هاوکێشەی ژیان و مردن لای مرۆڤێکی خاوەن باوەڕ ( جا مەرج نییە هەمیشە خاوەن باوەڕەکە شۆڕشگێڕ بێت)بەندە بەپتەوی پەیوەندی مرۆڤ بە بیروباوەڕەکەیەوە. لاپەڕەکانی مێژووی ئەدەبی جیهان بەهەزاران چیرۆک و بەسەرهاتی تێدا تۆمار کراون کە چۆن مرۆڤ لەپێناو باوەڕەکەی گیان و ژیانی خۆیان بەخت کردووە. ئەدەبی کوردیش گەلێ چیرۆک و قارەمانێتی تراژیدی تێدایە کە یەکێک لەو چیرۆکە تراژیدییانە دەقی شیعری (ژووری زیندانی) شەهید مەلا عەلییە.(١) لەم دەقەدا خوێنەر ڕووبەڕووی دۆخێکی سایکۆلۆژی پڕ لە ترس و ئومێد دەبێتەوە کەلەپانتایی نێوان ئاگایی و نائاگایی شاعیردا دێن و دەچن. ئەم دۆخە دەروونییەی شاعیر، لەڕاستیدا دوو حاڵەتن لە دۆخی دەروونی کەسێک کە لای ڕوونە لە سێدارە دەدرێت. شاعیر زۆر ڕاستگۆیانە گوزارشتی لەو دۆخە دەروونییە کردووە. ئەویش نەک تەنها لەم شیعرە، بەڵکو لە تەواوی دیوانی (شیعر و هەڵوێست)دا (٢) بەڕوونی دەردەکەوێت.
برا دوور و خزم دوور کەسم دوور
بە نابەڵەد تەمەن ئەمبا بەرەو ژوور
بەڵام ڕوونە، بەرەو سێدارە چوونە
خەنەی خوێنم لە پێ ئەگرێ: ئاڵای سوور
شاعیرێکی دەروون لەڕادەبەدەر ماندوو، کە لە ئەنجامی ئازار و ئەشکەنجەیەکی نامرۆڤانەی ڕژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعسەوە دووچاری دەبێت، ئەوەش تەنها لەبەرئەوەی یاخیبووە و داوای ئازادی دەکات و دەیەوێت ستەم نەمێنێت، تەنها بۆ ئەوەی ئازادی باڵ بکێشێت بەسەر ژیاندا. بەڵی ئەو شاعیرە دەروون ماندووە برینێکمان نیشان دەدات کە ساڕێژبوونی ئاسان نییە. برینی مەرگ کەلەبەردەم دەرگای ژیاندا کە چاوەڕوانی دوایین چرکەکان دەکات.
بەرەو ژووری، بەرەو ژووری سێدارە
ماندووی کردووم و شوێنەکەم شێدارە
کە نیشانەی پەشێوی پێوە شێوەم
ئەوە برینی ئەشکەنجەیەو، جێ دارە
مەلا عەلی لەم شیعرەدا جگە لەوێنای گشتی شۆڕشگێڕێکی نێو زیندانە تاریکەکەی بەعس، وێنای دۆخێکی ئاڵۆزی دەروونیشمان بۆ دەکات کە چۆن لەڕێگەی وشە و دەربڕین و ڕستەکانەوە خۆی حەشار داوە. شاعیر باس لە ترس دەکات، خەم بۆ لەدەستدانی ژیان خۆی دەخوات. خەم لەوە دەخوات کە ئەو کادیر و چەکداری حیزبێکی سیاسی بووە و ئێستاش لە زیندانە. بەڵام شاعیر زیرەکانە ئەو ترسە بە ورەیەک دادەپۆشێت کە بووتە مایەی جوانتربوونی دەقەکە لەلایەک و بەدەستهێنانی شوناسی قارەمانێتی لەلایەکی تر. هەر ئەم کردە ئیستاتیکییەیە کە مەلاعەلی شاعیر توانیویەتی جێگەی خۆی لەدڵی هەزاران خوێنەردا بکاتەوە.
ئەڵێن ئەمرێ و لە ترسی مەرگ پەشێوە
پێشمەرگە بم هەر ئەکەومە پێش ئێوە
بە مەرگی پێش مەرگی ئێوە ئاسوودەم
ڕووشم، زەردەی پێکەنینی هەر پێوە
گەرچی بەرەو دواماڵی ژین بەڕێوەم
یەکەم ماڵی نەمردن دیارە لێوەم
بەشم چونکە مردنی ناو جێ نییە
شادم کە تا دوا هەناسەش بە پێوەم
ئەم ئاسوودەیی و شادییەی شاعیر بە ورەیەکی بەرز ئاوێتەکراوە. لەڕێی ئەو ورەیەوە دەبینین ترس کەمڕەنگتر دەردەکەوێت و تەنانەت لە کۆتایی شیعرەکە پاشەکشەش دەکات. ململانێی نێوان ورە و ترس لەم شیعرەدا ململانێی نێوان ژیان و مردنە. شاعیر هۆشیارانە مردنی هەڵبژرادووە لەپێناو ژیانێکی باشتر لەئێستا. ئەم هەڵبژاردنەش لەڕێگەی باوەڕێکی پتەوەوە هاتۆتە بوون، باوەڕی مارکسیزم – لینینیزم، کەلەڕێکخراوی کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستان ئەندێشەی مارتیس تۆنگدا بەرجەستە بووبووەوە.(٣)
ئەو مەرگەی لێم ترساوە، ئەیلاوێنم
بۆ ناوێرێ بێت و بگرێ داوێنم!
با بمناسێ کە پێشمەرگەی «کۆمەڵە» و
کادرێکی دەست و داوێن خاوێنم.
جوانی شیعرەکە هەر لە کێش و سەروا و داڕشتنە شاعیرانەکەی شاعیرەوە نییە، بەڵکو لەو پەیوەستبوونەی شیعرەکەوەیە بە باوەڕی سیاسییەوە. ئەمە شیعرکە و شاعیرەکەشی جوانتر و بەهەڵوێستتر نەک هەر لە دڵی خوێنەرانی، بەڵکو لەوێژدانی مێژوویەکدا جێخستووە کە چەندین نەوە لەپێناویدا قوربانیان داوە. لێرەوە جارێکی تر سیحری پەیوەندی نێوان ئەدەب و سیاسەت یان شیعر و سیاسەت دەردەکەوێتەوە و هەموو ئەو پڕوپاگەندانەی بۆرژوا- لیبڕاڵ بەتاڵ دەبنەوە کە دەڵێن ئەگەر شیعر تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت دەبێتە دروشم و جوانییەکەی نامێنێت. نەخێر ئەوە پروپاگەندەیەکی کۆنەپەرستانەیە کە دەیەوێت ئەدەب و شیعر وەکو چەکێکی کاریگەری مەیدانی خەبات، لەدەست کڕێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیدەی دەربهێنێت و کوولی بکات. ئەدەب و شیعری سیاس – چینایەتی چەکێکی کاریگەرە کە ئەگەر هۆشیارانە دەستی بۆ ببردرێت، بەدڵنیاییەوە ڕۆڵی گرنگ لە خەبات بۆ ڕزگاری مرۆڤ لە ستەم و چەوسانەوەی چینایەتی دەگێڕێت.
مەلاعەلی شاعیر سەرباری ئەوەی کادیر و چەکداری ڕێکخراوی کۆمەڵە بووە کە پاشخانی مارکسی – لینینی هەبوو، کەچی ئەو کادیرە تا ساتی گیانبەختکردنیشی نەیتوانیوە خۆی لەژێر کاریگەری ئایین ڕزگار بکات و وەک مارکسی _ لینینییەک تێڕوانینەکانی خۆی لەشیعر و سیاسەت دەببڕێت. مەلاعەلی کادیری مارکسی لینینی و شاعیر دەکەوێتە ناکۆکی لەگەڵ باوەڕەکەی و ئەم ناکۆکییەش لە شیعرەکەیدا ڕەنگ دەداتەوە.
کە پاش مردن هەبوو دنیایەکی نوێ
تا ئەو کاتە با گیانیشم تێر بنوێ
چونکە ڕۆژی هەستانەوە دەرفەتی
فرمانێکی وەک ئێستام هەر بۆ ئەلوێ
ئەم ناکۆکییە لای شاعیر مەلاعەلی دەرخەری ئاستی هۆشیاری سیاسی – چینایەتی ئەو کادیرە مارکسی – لینینییەی کۆمەڵە دەردەخات. دووری شاعیر لەباوەڕی مارکسیزم؛ شاعیر و شیعرەکەی بەم دەرەنجامە گەیاندووە. بۆیە ئەم ناکۆکییە لای مەلاعەلی شاعیر و بەتایبەت لەم شیعرەدا مایەی سەرنجە، چونکە بەداخەوە ئەم شاعیرە ورە بەرز و خەباتگێرە و دەیان کادیر و خەباتگێڕی تر نەیانتوانی و بۆیان نەلوا تێگەیشتنی دروست لە مارکسیزم بەدەست بهێنن و ببنە چرای ڕۆشنکەرەوەی ڕێگای خەباتی کرێکارانی کوردستان بۆ رزگاری یەکجارەکی لە ستەم و چەوسانەوەی چینایەتی.
لەکۆتایدا شیعری (ژووری سێدارە) ی شەهید مەلاعەلی، تابلۆیەکە ململانێی نێوان ترس و ورەمان نیشان دەدات و شاعیر ڕاستگۆیانە گوزارشتی لەو دۆخە دەروونییە ئاڵۆزەی خۆی کردووە و ژیرانە توانیویەتی بە ورەیەکی بەرزەوە چیرۆکی ترس و دۆخە دەروونییەکەی بەشیعر بۆمان بگێڕێتەوە. شاعیر بەداخەوە نەیتوانیوە لە کاریگەرە ئایدیالیستەکانی ژیان خۆر قورتار بکات و وەک شاعیرێکی بەرچاو ڕوونی چینایەتی گۆرانی بڵێت. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئێمەی خوێنەر لەبری شاعیرێکی ڕووخاو، قارەمانێک دەبینین لە زینداندا کە چاوەڕێی لەسێدارەدانە و بەئومێدەوە گۆرانی بۆ سبەینێ دەڵێت.
پەراوێز و سەرچاوە:
١-شەهید مەلا عەلی؛ ناوی تەواوی حوسێن مەولوود ئەحمەدە، لە ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی (بەربەرد)ی سەر بە ناحیەی (ماوەت) لە خێزانێکی هەژار و لەدایک دەبێت. ساڵی ١٩٥٨ لە تاو چەوساندنەوەی چینایەتی و لە دەست دەرەبەگ، ماڵیان باری کردووە بۆ گوندی (کۆکە)ی سەر بە شارۆکەی (سورداش). بەهۆی ئەلقەی ڕۆشنبیرییەوە لە ڕیزی (کۆمەڵە) ڕێکخراوە و ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵە بووە. ساڵانی (١٩٧٥-١٩٧٦) لە زانکۆی سلێمانی – کۆلێژی ئاداب بەشی کوردی وەرگیراوە، لە قۆناغی دووەمی کۆلێژ ڕژێمی بەغدا پێی دەزانن، لە (١١-٥ – ١٩٧٧) خۆی گەیاندووەتە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە. لە ڕۆژی ٣٠ی یەکی ١٩٧٩ کاتێک بۆ کاری ڕیکخستن لەگەڵ هەڤاڵ (دکتۆر مارف) عوسمان عەبدوڕەحمان عەسکەری دەچن بۆ گوندەکانی ناوچەی سورداش، لە گوندی (کرژە) حکومەت پێیان دەزانێ و دەسگیریان دەکات. دوای لێدان و ئەشکەنجەیێکی زۆر لە ڕۆژی (٦-٦-١٩٧٩) لەو قەسابخانەی ناوی لێنرابوو (هەیئەی خاسەی کەرکووک) بڕیاری لە سێدارە دانی بۆ دەردەچێت، لە شەوی (٢٢/٢٣ی ٧ی ١٩٧٩) لەگەڵ دوو هاوڕێی تری لە سێدارە دەدرێن. شایانی ئاماژەیە شاعیر ئەم شیعرەی لە ١٨ ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٩ ، لە زیندانی موسڵ بەشی خنکاندن نووسیوە و هەروەها زۆربەی شیعرەکانی تری ئەم شاعیرە لە ماوەی ئەو مانگ و نیوەی زیندان، لەسەر سیمی پاکەتی جگەرە نووسیون، کە هێندێکیان ئارەق و چڵک و خوێنیش کاری تێکردوون گوڵئاسا شەمزاندوونی.
بۆ ژیاننامەی شەهید مەلا عەلیم لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگرتووە: سایتی وشە لە ١٠ ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧https://wishe.net/dreja.aspx?Jmare=32841&Jor=1 و هەورەها سایتی کورد کۆڵێکت ٢٢ ی ئازاری ٢٠٢١https://kurdcollect.com/index و پەیجی تایبەتی فەیسبووکی شەهید مەلا عەلی. https://www.facebook.com/ShehidMela
٢-شەهید مەلاعەلی، شیعر و هەڵوێست، دیوانی شەهید مەلا عەلی، ئامادەکردنی ناوەندی ئەرشیفی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لەبڵاوکراوەکانی یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی سلێمانی، زنجیرە ٣، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠١١، لاپەڕە ١٥١ – ١٥٨.
٣-کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان؛ لە ١٠ حوزەیرانی ١٩٧٠ لەلایەن کۆمەڵێک کەسی چەپ و ماویستییەوە رێکخراوی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان دامەزرا و دواتر لە یەکی ئایاری ساڵی ١٩٧٩ ناوەکەی بۆ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان گۆڕدرا. کۆمەڵە لە ساڵی ١٩٧٦ خەباتی چەکداری لە کوردستان دەست پێکرد و ڕۆڵی بەرچاوی خۆی گێرا. کۆمەڵە کۆنفرانسی یەکەم لە ١٩٨١ و کۆنفرانسی دووەم لە ساڵی ١٩٨٢ و کۆنفرانسی سێیەم لە ١٩٨٥ بەست. ساڵی ١٩٩٢ لە یەکەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا، کۆمەڵە بەیەکجاری هەڵوەشایەوە.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
کۆتایی ئایاری – کۆتایی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ – ناوەڕاستی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦




ته‌عریبی موقه‌ده‌س.. به‌ختیار محه‌مه‌د

ته‌عریبی موقه‌ده‌س ئه‌و ته‌عریبه‌یه‌، كه‌ كه‌سی ته‌عریبكراو خۆی به‌رگریی سه‌رسه‌ختانه‌ له‌ ته‌عریبكردنه‌كه‌ی خۆی ده‌كا.ئه‌م ته‌عریبه‌ شیرین و پیرۆزه‌، چونكه‌ به‌ ناوی خوا و ئایینه‌وه‌ ده‌كرێ. ئه‌م ته‌عریبه‌ ته‌عریبكردنی ئیمانه‌. ته‌عریبكردنی زمان و باوه‌ڕ و بیركردنه‌وه‌ی ئیمانه‌. واته‌ تۆ به‌ زمانی خۆت خوا ناپه‌رستی، به‌ڵكو به‌ زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ خوا ده‌په‌رستی و له‌لاشت له‌ زمانه‌كه‌ی خۆت باڵاتر و پیرۆزتر ده‌بێ، چونكه‌ خوا له‌ كتێبی پیرۆزدا (قورئان) به‌م زمانه‌ له‌گه‌ڵ دوایین پێغه‌مبه‌ری خۆی (كه‌ عه‌ره‌به‌) دواوه‌ و ئه‌م زمانه‌ بۆته‌ زمانی ئایین و ئیمانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی ئۆمه‌تی ئیسلام. له‌مه‌وه‌، كاتێك – گریمان – تۆ بڵێی من ده‌مه‌وێ به‌ كوردی و به‌ زمانی خۆم نوێژ ده‌كه‌م، ئه‌وا به‌ر له‌ عه‌ره‌ب، له‌لایه‌ن هاوزمانانی ئیمانداری خۆته‌وه‌، نه‌ك هه‌ر به‌ توندی دژایه‌تی ده‌كرێی، به‌ڵكو ته‌كفیر و به‌ كافریش ده‌كرێی. ئایا ئه‌دی ئه‌مه‌ ته‌عریبی موقه‌ده‌س نییه‌؟ ئه‌و ته‌عریبه‌ی، كه‌ مێژووی موقه‌ده‌سی پتر له‌ 1400 ساڵی له‌ پشته‌.
ئێستا له‌ ناو ئه‌م پیرۆزییه‌دا زمانی (ئاخاوتنی) كوردی نامۆیه‌ و ده‌ركراوه‌. واته‌ زمانی ئیمانی كوردی ونه‌. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نیا زمانی ئیمانی عه‌ره‌بییه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵكو زمانێكیشه زۆر له‌ زمانی كوردی موقه‌ده‌ستر و پیرۆزتره‌.
ڕاستییه‌كه‌ی مۆركی پیرۆزایه‌تی (ئیمان) له‌ زمانی كوردی داماڵراوه‌، به‌ڵكو ئه‌م پیرۆزییه‌ له‌ مێژووی ئیمانی كوردیدا پێوار و نادیار و ونه‌ (ئه‌گه‌ر ئایینی ئێزیدی لێ بترازێ)؛ ئا لێره‌شدا مێژووی ئیمانی ته‌عریبكراوی پیرۆزی كوردی، كه‌ ئیسلامه‌، ئیمانی ئایینی ئێزیدی ته‌كفیر و به‌ شه‌یتان ده‌كا و به‌ پیس و چه‌په‌ڵی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا. ئا لێره‌دا ئیمانی ته‌عربیكراوی پیرۆز، دژی ناسنامه‌ی ڕه‌سه‌نی خۆی، كه‌ خواپه‌رستییه‌ به‌ زمانی كوردی ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و دژایه‌تی ده‌كا و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌.
به‌ڵێ، ئا ئه‌مه‌یه ‌ته‌عریبی موقه‌ده‌س، كه‌ زمانێكی دیكه‌ت له‌ زمانه‌كه‌ی خۆت له‌لا پیرۆزتر بێ و به‌ بێ ئه‌وه‌ی پێ بزانی و ئاگاشت لێ بێ، به‌ڕه‌هایی له‌لات پیرۆز كرابێ و هه‌رگیزیش له‌ چێوه‌ی ئیماندا به‌ زمانه‌كه‌ی خۆتی نه‌گۆڕیته‌وه‌ و هه‌ر له‌م چێوه‌یه‌شدا زمانه‌كه‌ی خۆت ون و له‌بیر كردبێ، ته‌نانه‌ت به‌ زمانی شه‌یتان و شه‌یتانپه‌رستانیشی بزانی (ئێزیدی) و واشیان تێگه‌یاندبی، كه‌ زمانه‌كه‌ی خۆت له‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانی ئیمان و ئایینی عه‌ره‌بیدا (ئیسلامدا)، زمانی پیسی كافر و شه‌یتانانه‌.
ئایا هیچ موسڵمانێكی ئیمانداری كورد هه‌یه‌، كه‌ ڕقی له‌ ئێزیدی نه‌بێته‌وه‌ و به‌ شه‌یتانپه‌رستی له‌ قه‌ڵه‌م نه‌دا و سه‌رسه‌ختانه‌ش به‌رگریی له‌ ئیسلام و زمانه‌كه‌ی (عه‌ره‌بی) نه‌كا؟ ئه‌ی ئه‌مه‌ ته‌عریبی موقه‌ده‌س نه‌بێ، چی دیكه‌یه‌؟
ئه‌و ته‌عریبه‌ی، كه‌ بۆ ماوه‌ی سه‌دان ساڵ كورد ده‌خاته‌ خه‌وی قووڵی سیاسی و له‌ مێژوودا ده‌رده‌كرێ و ده‌بێته‌ خزمه‌تكار و نۆكه‌ر و ژێرده‌سته‌ی تورك و عه‌ره‌ب و فارس و زۆر كه‌م و به‌ ده‌گمانیش نه‌بێ به‌ زمانی خۆی نه‌دواوه‌ (نه‌ینووسیوه‌) و بیری نه‌كردۆته‌وه‌ (هه‌موومان ده‌زانین زۆر له‌مێژ نییه‌، كه‌ كورد به‌ زمانی خۆی ده‌نووسێ و هه‌وڵ ده‌دا به‌ زمانی خۆشی بیر بكاته‌وه‌). ته‌نانه‌ت سه‌ره‌تای داستانی (مه‌م و زین)ی ئه‌حمه‌دێ خانی، به‌ زمانی (وشه‌ی) ته‌عریبی موقه‌ده‌س ده‌ست پێ ده‌كا:
سه‌ر نامه‌یێ نامه‌ نامێ الله‌
بێ نامێ وی نا ته‌مامه‌ والله‌
هه‌ڵبه‌ت وشه‌ و ناوی (الله‌) جه‌وهه‌ری ئیمانی پیرۆز و سه‌ره‌تای مێژووی ته‌عریبی موقه‌ده‌سه‌. ئه‌و جه‌وهه‌ر و سه‌ره‌تایه‌ی، كه‌ زمانی عه‌ره‌بی له‌ هه‌موو زمانێكی تر باڵاتر و موقه‌ده‌ستر ده‌كه‌ن.
ئه‌ی، كه‌ هه‌ژاریش ده‌ڵێ:
به‌ كوردی ده‌ژیم به‌ كوردی ده‌مرم
به‌ كوردی ده‌یده‌م وه‌رامی قه‌برم
به‌ كوردی دیسان زیندوو ده‌بمه‌وه‌
له‌و دنیاش بۆ كورد تێ هه‌ڵده‌چمه‌وه‌
هه‌ر مه‌به‌ستی له‌و ته‌عریبه‌ موقه‌ده‌سه‌یه‌.

به‌ختیار محه‌مه‌د




نەخشەی زمانی ڕووناکی.. شیعری عەبدوڵڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ناوونیشانم گۆڕاوە؛ گوڵم ئیتر بەم ئەدرێسە
نامەی پەژارە و دڵتەنگی جیابوونەوەی شیعر و ژنم بۆ مەنێرە
جاران لە چایخانەی ئەڤینی شیعرێکدا،
لەبەردەم خەیاڵی گەورە و جوان جوان وەکو چاوەکانت
بە تەنیشت زمانێکی تا بڵێی پاراو دەمنووسی بۆت
جاران؛ ترسم نەبوو مێخەک، هەتاکو بڵێی بێباک بووم
خەمێکی لاواز و وشک ڕاپۆرتم لەسەر بنووسێ
بڵێ شاعیر خۆشباوەڕە و هیچ ڕۆژ نییە چەخماخەی وشە دانەکا و
بەگژ تاڵی و تاریکی ئەم ژیانەدا نەچێتەوە!
گەواهیم لێبدا و بڵێ ئەم شاعیرەم بەم چاوانەی خۆم بینیوە
شەکری هیوای کردۆتە پیاڵە چای خەم و پەیتا پەیتا نۆشیویەتی
بڵێ شاعیر ئەڤیندارە و دەستی تەمی وشە دەگرێ
زمانی لەڕێحانەیە و
وێنەی فڕین، ئاوازی دڵڕفێن دەچڕێ
بێت و بڵی ئەم شاعیرە زمانی عەشق دەزانێ
بە پەیجی خۆشەویستییەوە یەکەمین شیعری نووسیوە و
دووریش نییە سبەی بەهار ببینێت و ژووان لەگەڵ هەتاو دانێ.
نا قەد بەدووری نازانم بڵێ ئەوەی شیشی زیندانەکانی خەیاڵی لەت و پەت کرد
ئەوەی کۆڕنیشی ئەندێشەی پڕ نەعناع کرد
ئەوەی یەک یەک پێکەنینی گەیاندە سەرجەم گەڕەک و کۆڵانەکان
ئەوەی لەجەرگەی تاریکی ڕۆژی شیعر مۆمی ئاوازی داگیرسان
کڕنۆشی برد بۆ زەریاکان
بڵێ ئەوەی یەکەمین جار گوێی لە هەناسەی وشە بوو
ئەوەی یەکەم بەسەرهاتی خۆشەویستی گێڕایەوە
ئەوەی یەکەم ئینجانەی دڵداری ئاودا
ئەوەی پەیڤی خزاندە نێو بەستەڵەکی جاویدانە
ئەمڕۆ ئیتر بە ئەدریسێکی تازەوە.. لە شەقامێکی پڕ لە دەنگ و یاخیبوون
باخچە بە باخچە دەگەڕێ و
ناوی گوڵە تازەکانی پەژمووردەیی تۆمار دەکا
نەخشەی زمانێکی نوێیە و ڕەچەڵەکی دەچێتەوە سەر هەڵپەڕکێی بەیبوونەکان
سەمایەکی قەرەجییانەی بێ شوناسە و پایتەختەکانی غەریبی دەکا بە سێبەری ڕوحی
زمانێکی نوێ بەس ڕووناکی دەناسێ
تەنها چرا هاوڕێیەتی و ڕووناکی دەکا بە هاوڕێ
بەم ئەدرێسە تازەیەوە، ئیتر من دەبم بە خۆم و
شیعر دەبێ بە هەتاو و
ئەڤین دەبێ بە سەفەر و
خەیاڵیش بە وەرزی فڕین.
بەم ناوونیشانە سەرەوە کەنامەت نارد لەسەر زەرفی دڵنەواییمان بنووسە
لە بەیبوونە شیعرێکی باخچەی جوانییەوە
بگات بە دەستی هەتاوێک کە بەزمانی ڕووناکی دێتە قسە.

سەرەتای تشرینی دووەمی ٢٠٢٣




سەفەری ڕاستەقینە.. شیعری وریا مەعروف

ئێمە لێرەین..
لە بەرزەخی نێوان دوو کەناری بێدەنگدا ڕاوەستاوین:
کەنارێک، ناونیشانی ئەو ڕێگایانەی پێیاندا تێنەپەڕین،
کەنارێکیش، شوێنپێی ئەو هەڵانەی تێیاندا چەماینەوە.
ژیان..
مەودایەکە دەبێ بە پێی ڕووت ببڕدرێت،
نەک بە کۆڵەپشتێک پڕ لە خۆزگە و
کۆچبارییەک لە ئەفسوس.
دەبێ وەک باران ببارێین؛
کاتێک دەبارێت،
نە یادی ئەو هەورە دەکات کە جێیهێشت،
نە خەیاڵی لای ئەو زەوییەیە کە تینووە..
ئەو تەنیا دەبارێت.
مەبە بە کێلی مەزاری ئەو خەونانەی نەتکردن،
مەبە بە پاسەوانی ئەو وێرانەیەی تێیدا هەڵەی؛
ئەو کەسەی لە پەنای پەشیمانیدا دەخەوێت،
بەیانیان بە ڕوخسارێکی ژاکاوەوە لەدایک دەبێتەوە.
با وا بژین:
وەک دەنگێکی ڕەسەن لە ناخی دۆڵێکی قووڵدا،
نەک وەک دەنگدانەوەیەک، وێڵ بە دوای کێودا.
با دەستەکانمان لە جیاتی یەخەی ڕابردوو،
شانەی پەرچەمی ئێستا بکات.
سەفەری ڕاستەقینە، ناسینی هەموو ڕێگاکان نییە،
ئەوەیە کاتێک لە ڕێگایەکدا هەڵدەخلیسکێین،
نەبین بە بەرد و لەوێدا ڕەق هەڵبێین..
بەڵکو ببین بە ئاو و
لە ناخی درزەکاندا، ڕێچکەیەکی نوێ هەڵبکۆڵین.




بەر لە شەرم.. شیعری سەردار جاف

رۆخی ئەستێرەکە
بێشەيەکی بێشەڵان بوو
کە خزا
هەپروون بە هەپروون
پياسەکانی ڕۆژانەی ئاوڕشێن دەکرد
بێشەمای سيگارەکە
مينا قاوەکەی ڕۆژانە تاڵ تاڵ
بە نێو ئاوڕشێنی بانێژەيەک
ڕەق هەڵاتوو
گێژەڵوکەيەکی گێژبوون لێی ئاڵاوە
بە گژما دێ
دێيەکانی تەنهایی
هەڵدەزنێ بە نزاکانما
جێ نزار و سەيوانی پشووەکانی
بێ دەرەتانيمە
لێوە زەردەکانی ڕێی خاکە لێوە
زەرد زەرد دەچنەوە
بێ قاميت
حەسرەتێکە
بە چرای بانێژەکەوە
کپ کپ و مەحوو مەحوو
ئيدی پەنجە
بۆ دەروازەی شەراب نابەم
من بۆ خۆم مەستم
هێندە مەستم و
هێندە مەستبووم
تا هەتايە بەرم نادا
گێژ و حۆل حۆل

سەردار جاف
شاعير و ڕەخنەگر، ئەڵمانيا




ئێستێتیکی فریدریش شیلەر-4- کاوە جەلال

(بەشی چوارەم)

„ڕەخنەی هێزی بڕیار“ یەکەم نووسینی کانتە کە شیلەر دەیخوێنێتەوە و هۆشی سەبارەت بە پرسیارەکانی ئێستێتیک دەوروژێنێت، پاشان دوو ڕەخنەکەی دیکەی ئەو دەخوێنێتەوە (10). وەلێ کاتێک کانت جوانی تەنیا لە ڕوانگەی سەبژێکتی وەرگرەوە دیاری دەکات، ئەوا شیلەر لە یەکەم” نامەی کالیاس”دا ڕایدەگەیەنێت کە ئەو چەسپاندنی تێگەیەکی ئۆبژێکتیڤیانەی جوانێتی (هونەر) بە مەزنترین ئەرکی خۆی دادەنێت (11)، کەواتە کرۆکی “بابەتی جوان” بەهەند وەردەگرێت بەو مەبەستە کە گۆڕان بە ئێستێتیکێکی وەرگرتن (ڕێسێپسیۆن) بدات، جا گەرچی ئەو لەم پەیوەندییەدا هزرینی خۆی بەزۆری لە ئێستێتیکی بەرهەمهێنانەوە (پرۆدوکسیۆنەوە) بەرجەستە دەکات. ئەوجا شیلەر لە نووسینی „ناسکی و شکۆ“دا کە کارێکی ڕێبەرییە بۆ نووسینی „لەبارەی پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“، هەوڵ دەدات ئاوەز و ئارەزوو بخاتە پەیوەندییەکی هارمۆنییەوە، کەواتە لەدژی کانت هەڵوێست وەردەگرێت کە ئارەزووی خستبووە ژێر ڕکێفی ئاوەزەوە. بە تێڕوانینی شیلەر ئەم کارەی کانت “نامرۆڤدۆستانە”یە. ئەوە کە شیلەر لێی دەهزرێت، “مرۆڤی جوان”ە وەک سەرئەنجامی هارمۆنیی نێوان ئاوەز و ئارەزوو. بەمەش پرسی جوانێتی لای شیلەر لە ئێستێتیکەوە دەپەڕێتەوە بۆ نێو ئەخلاقناسی (ئێتیک).

-2-3 بناغەڕشتنی تێگەی جوانێتی لای شیلەر لە “نامەکانی کالیاس”دا

شیلەر بە پێچەوانەی کانتەوە بە پێویستی دەزانێت کە «چۆنێتیی ئۆبژێکتیڤییانەی بابەتە بە جوان دانراوەکان لێبتوێژرێتەوە … »، جا گەرچی ئەو لە موحازەرەیەکدا پێش „نامەکانی کالیاس“ ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە ئەو لە هەوڵێكی بەو چەشنەدا بە ئەنجامێکی ڕۆشن ناگات (12). ئەو لەم هەوڵەیدا، هاوشێوەی کانت، ڕێگەی ترانسسێندێنتال دەگرێتە بەر، واتا دەیەوێت لە سروشتی ئاوەزەوە تەواو ئاپریۆریانە بەبێ ئەزموون بناغەی جوانێتی بڕێژرێت، کە ئیدی بەدووی ئەوەدا ئەزموون بیڕاستێنێت. کەواتە شیلەر گەواهیی ئەزموون بۆ هەڵهێنجانی جوانێتی بە پێویست دادەنێت(13).
بێگومان جوانێتی سەر بە کایەی ئاوەزی تیۆریانەی پەتی نییە، چونکە ئاوەزی تیۆریانە تەنیا بە پرسی مەئریفەوە خەریکە. پرسیاری جوانێتی شیلەر دەخاتە بەردەم پرسیاری „ویست“ و ئەو بنەڕەتانە کە ویست دیاری دەکەن، لێرەشدا „ڕەخنەی ئاوەزی پراکتیکی“ی کانت بۆی دەبێت بە زەمینەیەک تا لەسەری هزرینی ئێستێتیکییانەی خۆی ئاوەڵا بکات، وەلێ ئەو هاوکات نووسینەکەی کانت دەخاتە ژێر ڕەخنەوە. وەک لە سەرەوە بینیمان، کانتی فەیلەسوفی تیۆریانە تەنیا لە توانستی گشتیی مەئریفەی مرۆڤەوە خۆی بە پرسیاری جوانێتییەوە خەریک دەکات و دەگات بەو تێڕوانینە کە مرۆڤ هیچ شیمانەیەکی نییە بڕیار بەسەر جوانێتیدا بدات. سەبژێکت تەنیا چێژ لە فۆرمی ئۆبژێکتی جوان دەبینێت، وەلێ نازانێت بۆچی ئۆبژێکت جوانە. شیلەری هونەرمەند بە پێچەوانەوە، کەواتە هۆنەرە بنیاتنەرەکەی جوانێتی، لە هەوڵە فەلسەفەییەکەیدا گرنگی بەوە دەدات کە داخۆ جوانێتی «چی» بێت و چۆن سەرهەڵبدات، لێرەشدا ئەو بە تێگەکانی کانت کار دەکات، وەک: جیاوازیکردنی ئاوەز و توانستی دەرکگیری، نەزەر و تێگە، ئاوەزی پەتی و پراکتیکی، ئۆتۆنۆمی و هێتەرۆنۆمی و هتد.
کرداری ئەخلاقی لای کانت هەمیشە پابەندی فرمانە کە وەک “گەرەک” ئاڕاستەی هەر کردارێک دەکرێت، کە بێگومان لەبەرئەوەی کردارەکان ئەخلاقین، ئەوا دەرهاویشتەی ویستی ئەمپیری (واتا ئارەزوو، هەوەس) نین، بەڵکو دەرهاویشتەی ویستی پەتین. ئەوە فۆرمی ئاوەزە کە ئازادانە کردارە ئەخلاقییەکان (ئەنجامەکان) دیاری دەکات. شیلەر ئەم بنەڕەتەی ئەخلاقناسییەکەی کانت بەسەر کایەی ئێستێتیکیدا بەکاردەبات: جوانی (ئەنجام) دیاردەی ئۆبژێکتێکە پابەند بە فۆرمی ئاوەزی پراکتیکییەوە، یان پابەند بە فۆرمی ویستی پەتییەوە کە بۆ ئەو سینۆنیومی ئاوەزی پراکتیکییە. بێگومان لێرەدا تێڕوانینێکی بنەڕەتییانەی هزرینی ترانسسێندێنتال لەگۆڕێیە کە تەنیا ئۆبژێکتی هۆشەکی (نا-پسیکۆیی) بە ئازاد دادەنێت نەک ئەو نێوەرۆکانە (شئورانە) کە بەڕێی دەرکەوەرەکانەوە دێنەئاراوە.
ئاوەزی پراکتیکی لای کانت بنەڕەتی ئازادیی ڕەهایە (ئەبسۆلوتە). کەواتە ئۆبژێکت وەک دەرهاویشتەی ئاوەزی پراکتیکی لای شیلەر ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئۆبژێکت ئازادە. ئاخر ئاوەزی پەتیی پراکتیکی ڕێسادانەرانە (بە شێوەی ڕێگولاتیڤ) سنوور بۆ کارایی هەر توخمێکی ئۆبژێکت دادەنێت، بەم ڕێیەشەوە «ویستێك» بە ئۆبژێکت دەدات تا بە هێزی دیاریکردنی خودی خۆی، واتا بە شێوەی ئۆتۆنۆم (Selbstbestimmung) بێتەگۆڕی. وەلێ ئێمە لێرە پەیوەندییەکی لەیەک-چوونمان هەیە: لەبەرئەوەی ئۆبژێکتی جوان دیاریکەری خۆیەتی، ئەوا ئۆبژێکت لە ئازادییە ڕەهاکەی ئاوەزی پراکتیکی دەچێت. لەم ڕوانگەیەوە ئازادیی ئۆبژێکت بۆ هێنانەئارای خودی خۆی ڕیال نییە هاوشێوەی مرۆڤ کە لە ئاوەزی پەتیی پراکتیکییەوە کردار دەنوێنێت و بەو ڕێیەوە دەبێت بە ئەخلاقمەند، بەڵکو شیلەر بۆ هاتنەئارای جوانی فۆرمولە بەناوبانگەکەی خۆی بەکاردەهێنێت: جوانی «ئازادییە لە دیاردەدا». کەواتە ئۆبژێکت (ی هونەری) ئەوها دیاردەدات، یان „ئەوها دەنوێنێت هەروەک“ ئۆتۆنۆم بێت: „هەروەک“ بە ویستی خۆی، وەلێ بەبێ هیچ مەبەستێک، یاسای ئاوەزییانەی بە خۆی دابێت، نەک بە کاریگەریی دەرەکی (هێتەرۆنۆم) هاتبێتە ئاراوە. لەم ڕوانگەیەوە ئۆبژێکت تەنیا ئازادی «دادەڕێژێت»، بەمەش ئازادی تەنیا دەرکەوتە (Schein)ی ئێستێتیکییە وەک فریودان. ئاخر ئۆبژێکت «وای پێشان دەدات» هەروەک ئازاد و هاوکات بێمەبەست بێت، هەروەک ئەو خۆی فۆرمە خۆییەکەی هێنابێتەگۆڕێ.
بێگومان لێرەدا پرسیار لەبارەی رۆڵی کەرەسە (ماتەریال، نێوەرۆک) سەرهەڵدەدات، چونکە خویابوونی هۆشەکییانەی جوانی هەردەم لەنێو کەرەسەیەکدا خۆی پێشانی وەرگر (ڕێسیپیەنت) دەدات. وەلێ لەبەرئەوەی شیلەر جوانی بە ئاوەزی پراکتیکییەوە گرێ دەدات، ئەوا لێرەدا پەیوەندییەکی فۆرمالی (شێوەکیی) چێکردووە تا پرسی نێوەرۆک نەیەتە گۆڕێ: جوانی پەیوەند نییە بەوەوە کە داخۆ “چی” (نێوەرۆک، کەرەسە) دابڕێژرێت، بەڵکو داخۆ “چۆن” داڕشتنەکە ئەنجام بدرێت، لێرەشدا جوانێتی، وەک ئازادی لە دیاردەدا، تەنیا فۆرمێکی دەرکی (مەحسوس)ی گونجاوە بە ئاوەز بەبێ ئەوەی زەبرمەندانە هێنرابێتەگۆڕێ. لەم پەیوەندییەدا لێڕوانەر هیچ گرنگییەک بە نێوەرۆک نادات. ئێمە دەبێت لەم جێیەدا جیاوازی لە نێوان سێ تێگەدا بکەین: کەرەسە، کامیلێتی و جوانی. سەرەتا ئاشکرایە کە ئۆبژێکتی هونەری کەرەسەی فۆرمێنراوە، فۆرماندنیش بۆ شیلەر کامیلکردنی کەرەسەیە و تەنیا کاتێک لەگۆڕێ دەبێت گەر بونیادەکەی (ستروکتورەکەی)، بە واتایەکی دی: گەر زەروورە نێوەکییەکەی بەڕوونی بناسرێت. کامیلکردن پرۆسەیەکی تەکنیکیی ڕاسیۆنالە (ڕێکخستن، پڕۆپۆرسیۆن، ڕوونیی داڕشتن)، وەلێ جوانی ئازادییە لە دیاردەدا. ئەوجا کاتێک کامیلێتی فۆرمی کەرەسەیە، ئەوا جوانی بە پێچەوانەوە فۆرمی ئەم فۆرمەیە، فۆرمی کامیلێتییەکەیە و لەنێو خودی ئۆبژێکتەوە هارمۆنیانە بەنێویدا دیاری داوە، نەک لە دەرەوە خرابێتە نێوییەوە. هونەری ئۆتۆنۆم لە ویستی خۆیەوە یاسا بە خۆی دەدات و بەزەرووری بونیادی خۆی دەهێتەگۆڕێ. لەم ڕوانگەیەوە شیلەر هونەر وەک میمێزیسی (لاسایی) سروشت ڕەتدەکاتەوە. هونەر نە لەژێر ڕکێفی زەروورەکانی جیهانی بەرجەستەدایە و نە دەستوێژە بۆ مەبەستی دەرەکی (بۆ نموونە فێرکردنی مرۆڤ)، بەڵکو بوونەوەرێکی ئازادی داخراوە. شیلەر تەنیا ئەم جۆرەی هونەر بە جوان دادەنێت، ئەویش چونکە ئازادانە خۆی پێشانی وەرگر دەدات نەک بەرەو ڕووی هوروژم بهێنێت، وەرگریش وەک ئۆتۆنۆم دەرکی دەکات. بێگومان وەرگر بەڕێی دەرکەوەرەکانییەوە جوانێتییەکەی ئەوی بەدڵە، وەلێ ئەو لە ئاوەزەوە ڕێز لە فۆرمەکەی دەنێت. ئۆبژێکتی هونەری لێرەدا هارمۆنیانە و ڕێکخراو دیاردەدات، ئەوە هاوشێوەی بابەتێک کە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو سازێنراوە. کەواتە گەرچی هونەر بێمەبەستە، هاوکات مەبەستێتییەکی لە خۆ گرتووە، ئەمەش بەواتای: گەرچی ئەم هونەرە بەدەرە لە هەر سوودێکی پراکتیکی، لە هەر مەبەستێکی بەکارهێنان، وەلێ دەتوانێت وەرگر بۆ ئازادیی ئەخلاقی بوروژێنێت: دەرفەتی بۆ بڕەخسێنێت لە ئازادییە (ئەخلاقیە)کەی سەبژێکتی هونەرمەند بڕوانێت و بەسەر ئەو ڕێ ناڕاستەوخۆیەدا دەرکی ئۆبژێکتی بەردەم خۆی وەک جوان بکات. مەسەلەکە لای شیلەر تەنیا «وێکچوون نییە بە ئازادی»، بەڵکو ئەو (هەروەها بەسەر تێگەی دەرکەوتەدا) «بینینی ناخەکی»یانەی پەیوەندییەک دەهێنێتە نێوانەوە کە دەکەوێتە پشتەوەی ئۆبژێکتە ڕیالەکە، وەلێ ئەوە کە لێڕوانەر لەنێو خۆیدا ئاشکرای دەکات، «یاسای ئازادی»یە، یان یاسای ئاکار ی ئێتیکییە (14). بێگومان کاری هونەری ناتوانێت ئەم ئازادییە دەرببڕێت، چونکە هەرگیز ئازادی دیار نادات. ئاخر بەگوێرەی هزرینی ترانسسێندێنتالی کانت لە „ڕەخنەی ئاوەزی پەتی“دا ئازادی هیچی دیکە نییە جگە لە ئیدێیەک – ئیدێیەکی ئاوەز.
پرسیارێکی کرۆکی لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە کە هەموو ئۆبژێکتێک پابەندی ڕێسایە، لێرەشدا ئاشکرایە کە ڕێسا دەرەکییە (هێتەرۆنۆمە)، بۆیە هەردەم وەک زەبر لە ئۆبژێکت کارا دەبێت و بەم ڕێیەشەوە ئۆتۆنۆمیی ئۆبژێکت ناهێڵێت. ئەمە هەروەها جوانێتی یان کاری هونەری دەگرێتەوە، چونکە لە جیهانی دەرکیدایە، لەم جیهانەشدا هیچ شتێک بەتەواوی ئازاد نییە. کەواتە شیلەر بە داواکارییەکەی بۆ سەربەخۆیی ئۆبژێکتی هونەری لە مەبەست و ڕێسا خۆی بە دژبێژییەوە دەئاڵێنێت و دەبێت چارەسەری بکات.
وەک بینیمان، ئازادی و خوددیاریکردنی نێوەکی (ئۆتۆنۆمی) بۆ شیلەر هاوواتان. ئەوجا گەر هەموو ئۆبژێکتێک پابەندی ڕێسا بێت، ئەوا دەبێت خوددیاریکردنی ئۆبژێکتی هونەری بەگوێرەی رێساگەلی ئەوتۆ ڕووبدات کە ئەو خۆی دایاندەنێت نەک لە دەرەوە بەسەریدا بسەپێنرێن. کەواتە دەبێت فۆرم، ئازادی لە دیاردەدا، ئاماژە بۆ ڕێسا بدات. شیلەر لەم پەیوەندییەدا لە « هونەرێتی »ی فۆرم دەدوێت کە لای ئەو واژەیەکی دیکەیە بۆ «تەکنیک »(15). بێگومان تەکنیک مەرجێکی سەرەکیی جوانێتی نییە، بەڵکو دەستوێژی داڕشتنە، یان فۆرماندنە، وەک ئەوەش دووەم مەرجە دوای مەرجە بنەڕەتییەکەی جوانێتی کە ئازادییە لە دیاردەدا. ئێمە گەرەکە لەم پەیوەندییەدا ڕەچاوی سێ تێگە بکەین: ئازادی، سروشت، تەکنیک. سروشت بۆ شیلەر سینۆنیومی ئازادییە، ئەوجا ئەو لەم پەیوەندییەدا تێگەی سروشت دەهێنێتە نێوانەوە، چونکە ئێمە بەم تێگەیە یەکسەر لە شتێک دەهزرێین کە بەڕێی خۆیەوە، سەربەخۆ، لەگۆڕێیە و ڕێسا بە خۆی دەدات، یان گۆڕان بە فۆرمی تایبەتی خۆی دەدات (بۆ نموونە گەشەی درەختێک)، وەلێ سروشت هاوکات ئاماژەیەک بۆ کایەی دەرکی (مەحسوس) لە خۆ دەگرێت. ئەمە هەروەها چواندنی بۆ جوانێتی هەیە کە ئەمیش هەروەها لە جیهانی دەرکیدایە، ئەمەش بەواتای: تێگەی سروشت هەروەها لەنێو جیهانی دەرکیدا ئاماژە بۆ کایەی ئازادی دەدات. وەلێ تەکنیک بە پێچەوانەوە “مەرجێکی زەروورییە بۆ پێشبینیکردنی ئازادی لە لایەن ئێمەوە”، بەمەش جوانی دەبێت بە سروشت (ئازادی) لە تەکنیکدا (16). شیلەر دەیەوێت بەم تێڕوانینە ببێژێت، کە دەبێت جوانێتی، کاری هونەری، بە چەشنێک بسازێنرێت کە ئیدی ئازادانە لەنێو خۆیەوە، کەواتە وەک سروشت، کاریگەری بنوێنێت، ئەوە کاتێک تەکنیک بە پێچەوانەوە تەنیا فۆرماندنی ڕێسامەندە، کەواتە لە دەرەوە بە کاری مرۆڤ سەرهەڵدەدات (هێتەرۆنۆمە)، وەلێ گەرەکە کاریگەریی ڕێساکان لە تەکنیکدا بە چەشنێک بێت کە ئۆبژێکت لە سەرئەنجامدا وەک دەستکرد نەنوێنێت، یان وەرگر بە چەشنێک دەرکی ئۆبژێکت نەکات هەروەک بە زەبری دەرەکی هێنرابێتە گۆڕێ، بە پێچەوانەوە، گەرچی ئۆبژێکت بە کاری مرۆڤ سازێنراوە، وەلێ گەرەکە وەرگر وەک بەرهەمێکی سروشت دەرکی بکات. بەمەش تەکنیک، کە دەستوێژە بۆ داڕشتنی ئازادی (سروشت)، دەرفەت بۆ وەرگر دەڕەخسێنێت هەست بە ئازادی بکات.
شیلەر ئەم پرسەی سروشت و تەکنیک بە نموونەی کەسێک ڕووندەکاتەوە کە دەیەوێت لە قەدی درەختێک فیگورێکی بازنەیی بسازێنێت. فیگورەکە هەروەها نموونەیەکە بۆ جوانی وەک ئازادی لە دیاردەدا. سەرەتا سروشتی بازنە ئەو کەسە ناچار دەکات تەواو خولگەیی قەدی درەختەکە ببڕێتەوە، چونکە تەنیا بەو شێوەیە مەبەستەکەی بەدیدەهێنێت. لەم ڕەوشەدا تەکنیک، فۆرماندنی خولگەیی، لە دەرەوە دێتە نێو شتەکەوە، بۆیە تەکنیک هەردەم بەڕێکەوتە، چونکە لە بابەتێکەوە بۆ بابەتێکی دی دەگۆڕرێت. ئەوجا گەر لێڕوانەر لەم فیگورەدا کە گەرەکە بازنەیی بێت، بەزۆریی دەرکی کەرەسە (ماتەریال) یان کاریگەرییە دەرەکییەکە بکات، ئەوا دەبینێت کە تەختەکە بە زەبر (بە مشار یان خەڕات) خراوەتە نێو ئەو فۆرمە بازنەییەوە. ئێمە لێرەدا هێتەرۆنۆمیمان هەیە. وەلێ گەر ئەو کەسە فیگورە بازنەییەکە هێندە کامیل (پێرفێکت) بسازێنێت کە ئیدی لێڕوانەر کاریگەرییە دەرەکییەکەی لەبیربچێتەوە، ئەوسا فیگورە بازنەییەکە، سەرباری هێتەرۆنۆمی، ئەوها دەنوێنێت هەروەک لەنێو خودی خۆیەوە ئەوها بێت. فۆرمەکە زۆرلێکراو نانوێنێت، بەڵکو ئەوها دەنوێنێت هەروەک سروشتی خودی ئۆبژێکت خولگەیێتییەکەی ئەوی پێکهێنابێت (17). ئەم ئۆبژێکتە بۆ شیلەر جوانە، چونکە گەرچی فۆرمەکە هاوکات خوددیاریکەر (ئۆتۆنۆم) و دەرەکییانە دیاریکراوە (هێتەرۆنۆمە)، وەلێ لێڕوانەر هەست بە زەبرە تەکنیکییەکە (هێتەرۆنۆمی) ناکات.
پرسی ئۆتۆنۆمی و هێتەرۆنۆمی نەک تەنیا هەموو جۆرەکانی هونەر دەگرێتەوە، بەڵکو هەروەها بابەتە پێویستەکانی (مەبەستمەندەکانی) بەکارهێنانیش. ئێمە گەرەکە لێرەدا نموونەکانی دیکەی شیلەر چە لە بابەتە پێویستەکانی ژیان و چە لە هونەرەکانەوە وەربگرین.
لە خانوودا (یان تەلارسازیدا) هەردەم ئۆتۆنۆمی و هێتەرۆنۆمی لەگۆڕێن. خانوو بەتایبەتی بابەتێکی بەکارهێنانە و یاسای فیزیکی (ستاتیک)، هەروەها پێداویستییە مرۆڤییەکان (پاراستن، گوزەران) سنووریان بۆ ئاوەڵابوونی داناوە. گەر پاژەکانی خانوو تێکڕا پابەندی ئیدێ و مەبەستی سەرجەمەکە بن، کەواتە ئیدێی خانووەکە بەتەواوی فۆرمەکەی دیاری بکات، ئەوسا ئەم خانووە کامیلە، وەلێ جوانە، گەر لێڕوانەر ناچار نەبێت ئیدێی خانووەکە وەک دەستوێژی ڕوانین لە فۆرمەکەی وەربگرێت، بەڵکو ئەو فۆرمە خۆخواستانە و بەبێ مەبەست لەنێو ئەو خۆیەوە سەرهەڵبدات، کە ئیدی لێڕوانەر مەبەستەکەی لەبیربچێتەوە و دەرکی فۆرمەکەی بکات وەک گوزارشتی ئازادی. ئەم خانووە بۆ شیلەر جوانە و لە کاری هونەری نزیک دەکەوێتەوە. وەلێ هەرگیز ناشێت خانوو کاری هونەریی تەواو ئازاد بێت، کەواتە هەرگیز بە ئیدیالێکی جوانی ناگات، چونکە لە خانوودا هەردەم پەنجەرە، دەرگە، داڵان، ئاگردان، پیلکانە، ژووری تایبەت و هتد لەگۆڕێن و تێکڕا یەکدی سەغڵەت دەکەن، نەک هەریەکەیان ئازادانە سنووری خۆی دیاری بکات. کەواتە هەردەم هێتەرۆنۆمی بەگوێرەی هەر مەبەستێکی تایبەتی بەسەریدا سەروەرە و ڕێنادات فۆرمەکەی خۆخواستانە دیاربدات، هاوکات هێتەرۆنۆمییەکە بەسانایی دەرک دەکرێت (18). لەم ڕوانگەیەوە تەلارسازی بۆ شیلەر بەدەرە لە “گەمەی ئێستێتیکی”، واتا لە فۆرماندنی بێمەبەست. بێگومان شیلەر لە „پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“دا ئاماژە بۆ پەرستگەی کلاسیکیی گریکی دەدات کە بە تێڕوانینی ئەو بینایەکی جوانە، چونکە پەرستگەکە ئەوها دیارنادات هەروەک پاژەکانی بەزۆر لەیەکدرابن، بەڵکو ئەوها دەنوێنێت هەروەک یاساکەی لەنێو ئەو خۆیدا بێت، یان هەروەک ئەو “لەنێو خودی خۆیەوە” ئاوەڵا بووبێت و سەرجەمێکی هارمۆنییانەی پێکهێنابێت. لەم پەرستگەیەدا پایەکان کە بە مەبەستی هەڵگرتن دانراون، کاراییان لە پشت فۆرمەکەوە دیارنامێنێت. بینای پەرستگەکە وەک ئافراندنێکی ئازاد دیاردەدات نەک وەک بەرهەمێکی زەبرلێکراو.
هەروەها گۆزە ئامرازی بەکارهێنانە و ئیدێیەک بۆ سازاندنی پێویستە، هاوکات ئەو دەسکانە کە لێوەی دەردەچن، ئیدێی تایبەت بە خۆیان هەیە. گۆزەیەک کە جوان فۆرمێنراوە (بۆ نموونە گوڵدانی ئەنتیکە)، فۆرمەکەی ئەوها دەنوێنێت هەروەک لە زەروورەی نێوەکییانەی خۆیەوە هاتبێتەئاراوە، هەروەک گۆڕانە نێوەکییەکانی خۆخواستانە بەگوێرەی یاسای نێوەکی ڕوویاندابێت، بۆ نموونە دەسکەکانی تەواو ئاسایی (زەبرلێنەکراو) و خۆخواستانە لێوەی دەرچووبن، کە ئیدی کاتێک مرۆڤ لێی دەڕوانێت، تایبەتمەندییەکەی ئەوی لەبیردەچێتەوە. ئەم گۆزەیە بۆ شیلەر هاوشێوەی گەمەی ئازادی سروشتە، بۆیە بە تێڕوانینی ئەو گۆزەیەکی جوانە. وەلێ گەر ورگی گۆزەکە کتوپڕ بۆ ملێکی باریک تەسک ببێتەوە، ئەوا ئەم گۆڕانە لەناکاوەی ئاڕاستەکە سەرجەم دەرکەوتەی خۆخواستن تێکدەشکێنێت و ئۆتۆنۆمیی دیاردەش نامێنێت؛ یان هەروەها گەر هەردوو دەسکەکەی کە تایبەتن بە گرتن و هەڵگرتنی ئەو، بە گۆشەی وەستاو لێوەی دەرچووبن، ئەوا گۆزەکە جوان نییە، چونکە فۆرمی گۆشەیی بە بابەتێکی گردەییەوە زەبرمەند دەنوێنێت. لێرەدا مەبەستی بەکارهێنان سەروەریی بەسەر سازاندنی گۆزەکەدا وەرگرتووە و گۆڕانی ئاڕاستەکان پێچەوانەی ئاڕاستەی خۆخواستانەن، بۆیە ئەم گۆزەیە بە دیدی شیلەر جوان نییە (19).
سنووردانانی پاژەکان بۆ خۆ و بەمەش دەرفەتدان بەوە کە سەرجەمی بەرهەمەکە کاریگەریی خۆی بنوێنێت، بەتایبەتی لە هونەرەکاندا ئاشکرا دەبێت، وەک پەیکەر و وێنەی دیمەن لە شێوەسازیدا، کۆمپۆزیسیۆنی (هۆنینەوەی) موزیک یان هۆنینەوەی هەڵبەست.
بۆ ئەوەی هەڵبەست جوان بێت، دەبێت خودی هەر دێڕێک درێژی و کورتی، بزووتن و ئارامگە بە خۆی بدات، دەبێت هەر وشە و ڕستەیەک لە زەروورەی نێوەکییەوە چێبووبن، نابێت هیچ وشەیەک یان هیچ دێڕێک یەکێکی دیکەیان بەهەند وەربگرێت، بەڵکو تەنیا بۆ خاتری خۆی لەو جێیەدا بێت و سەرەڕای ئەوە پێکرا بە چەشنێک کۆبووبێتنەوە هەروەک گفتی ژوانیان بە یەک دابێت (20)
ئاشکرایە پەیکەر ئیدێیەکی هەیە کە بۆ نموونە لە بەردێکی مەڕمەڕدا دیاردەهێنرێت. وەلێ دەبێت ئەو پەیکەرە ئەوها بنوێنێت هەروەک لەنێو خۆیەوە ئازادانە فۆرمی خۆی سازاندبێت. گەر هەر جووڵەیەکی نێو پەیکەرەکە دەرهاویشتەی ئیدێکە نەبێت، بەڵکو بۆ سروشتی کەرەسە (بەردەکە) بگەڕێتەوە، ئەوا کارە هونەرییەکە سەرنەگرتووە. ئاخر بەردی سروشتیی مەڕمەڕ پتەو و ڕەقە، ئەم تایبەتمەندییەش دەبێت لە سروشتی گۆشتدا کە نەرم و ناسکە، بەتەواوی نەمێنێت و بە هیچ شێوەیەک نەهێنرێتەوە یادی لێڕوانەر (21).
دیمەنێک جوان داڕێژراوە، گەر سەرجەمی ئەو دیمەنە لە ئازادیی تاکە پاژەکانەوە هاتبێتە گۆڕێ. لەو دیمەنەدا دەبێت هەر پاژێک پەیوەند بێت بە سەرجەمەوە و سەرەڕای ئەوە تەنیا لەژێر ڕکێفی یاسای خۆیدا بێت، کەواتە پەیڕەویی ویستی ئازادی خۆی بکات. بێگومان لە دیمەندا پاژەکان بەناچاری بەریەک دەکەون، بۆیە دەشێت بەو ڕێیەوە زیان بە سەرجەم بگەیەنرێت. بۆ نموونە: چیا دەیەوێت سێبەر بخاتەوە و ڕەنگە سێبەرەکە بکەوێتە سەر شوێنێک کە گەرەکە ڕوناک بێت. مرۆڤ و ئاژەڵ و هەور دەیانەوێت ببزوێن. ڕوبار لە ئاڕاستەی خۆیدا یاسای کەنار قبووڵ ناکات، بەڵکو شوێن ویستی خۆی دەکەوێت. هەر یەکەیان خاوەنی ویستی خۆیەتی. وەلێ گەر هەر پاژێک لە ئازادیی نێوەکیانەیەوە ئەو سنوورە دابنێت کە پاژێکی دی بۆ دەربڕینی ویستی خۆی پێویستی پێیەتی، ئیدی هارمۆنیی سەرجەم دێتە گۆڕێ. بۆ نموونە دەشێت درەختێک لە پێشخاندا پاژێکی جوان لە پاشخاندا دابپۆشێت، کەواتە زەبر لەدژی ئەو پاژە بنوێنێت. لێرەدا هونەرمەندی شارەزا ئەو لکەی درەختەکە کە دەشێت پاژەکەی پاشخان بشارێتەوە، لە کێشی خودی لکەکەوە دەنیشێنێت، کە ئیدی بەو ڕێیەوە خۆخواستانە شوێن بۆ شێمای پاشەوە دەکاتەوە (22)
لەم ڕوانگەیەوە ئێمە تەنیا لە هونەردا جوانیی فۆرممان هەیە. بێگومان ئاشکرایە، ئەمەشمان لە سەرەوە بە نموونەی شێوەسازی دیمەنەکە بینی، جوانیی فۆرم لە کەسی سازێنەری فۆرم، هونەرمەند، جیانابێتەوە. شیلەر لەم پەیوەندییەدا جەخت لە نائیفێتی (das Naive) دەکات کە بە دیدی ئەو جوانە، چونکە لە نائیفێتیدا سروشت مافی خۆی بەسەر گەڕەلاوژێ و خۆدەرخستنی کەسەکیدا دەسەپێنێت. تەنیا گەر سروشت (ژێنی: بلیمەت) داڕێژەری ئازادی بێت، ئیدی جوانێتیی هونەر دێتە گۆڕێ. بێگومان نەشیاوە داڕشتن بەبێ “کەرەسە” ڕووبدات. شیلەر پەیوەند بە کەرەسەوە جەخت لە داڕشتنی ئازادانەی ڕاستی دەکات. ئێمە لێرەدا یەکسەر دەکەوینە بەردەم جیاوازیی نێوان هونەرمەند و هونەرمەندی مەزن: شیلەر کەسێک ناو دەنێت هونەرمەند کە پابەندی داڕشتنی ئازادانەی ڕاستییە، وەلێ هونەرمەندی مەزن هەردووکیان، ئازادی و ڕاستی، یەکدەخات. بەرهەمێکی سروشتی جوانە گەر گونجاو بە یاسای هونەر ئازادانە دیار بدات، ئەوجا بەرهەمێکی هونەری جوانە گەر ئازادانە بەرهەمێکی سروشتی “دابڕێژێت”. لەم ڕوانگەیەوە جوانێتیی هونەر خودی سروشت نییە، بەڵکو داڕشتنی ئافرێنەرانەی سروشتە لە میدیەمێکدا، وەلێ ئەوە لەنێو خودی هونەرمەندەوە، نەک وێنەدانەوەی سروشت بێت وەک لە ناتورالیزمدا. شیلەر بە واژەی “داڕشتن” جەخت لە ئۆتۆنۆمیی هونەر و ئازادی دەکات کە پێشترییان لە نێوەرۆک هەیە. هونەرمەند گەرەکە “پەرە بە سروشت بدات” نەک کتومت لاسایی ئەو بکاتەوە، بەوەش کردەکێتییەکی ئیدیال بهێنێتەگۆڕێ: مۆتیڤەکانی جوانتر و کامیلتر لە هەبوونی ڕیالیان دابڕێژێت.
ئێمە دەبێت پەیوەند بە جیاوازیکردنی هونەرمەندانەوە لای شیلەر ڕەچاوی سێ تێگە بکەین: ئۆبژێکتیڤێتی، سەبژێکتیڤێتی، کەرەسە. هونەرمەند مەزنە گەر داڕشتنەکەی ئۆبژێکتیڤی بێت، واتا خودی بابەتەکەمان پێشان بدات؛ هونەرمەند مامناوەندییە گەر داڕشتنەکەی سەبژێکتیڤی بێت، واتا خودی خۆی پێشان بدات؛ هونەرمەند ناباشە گەر تەنیا کەرەسە پێشان بدات، واتا گەر سروشتی میدیەمەکە و ئاستەنگەکانی هونەرمەند سەروەربن بەسەر داڕشتنەکەیدا. شیلەر ئەم جیاوازیکردنە بە نموونەی نواندنی سێ ئەکتەر لە شانۆییەکی هاملێتدا ڕووندەکاتەوە:

1- کاتێک ئێکهۆف رۆڵی هاملێت دەنوێنێت، لێرەدا پەیوەندیی کەسێتی بە ڕۆڵ-ەکەیەوە هاوشێوەی پەیوەندیی کەرەسەیە بە فۆرمەوە، یان لەش بە ئیدێوە. ئێکهۆف کەرەسەیە و هەر خۆی بلیمەتییەکەی هاملێت دەفۆرمێنێت، ئەوجا لەبەر ئەوەی کەسی ئێکهۆفی ئەکتەر بەتەواوی لە کەسی هونەرییانەی هاملێتدا لەناودەچێت، هەروەها لەبەر ئەوەی تەنیا فۆرم، واتا کارەکتەری هاملێت، هەستپێدەکرێت نەک کەرەسە (واتا کەسی ئەکتەرە ڕیالەکە)، کەواتە لە ئەودا تەنیا فۆرم (هاملێت) هەیە، ئەوا ئێکهۆف رۆڵەکەی جوان دەنوێنێت، چونکە داڕشتنەکەی ئۆبژێکتیڤییە و هیچی سەبژێکتیڤیی پێتێکەڵ نەبووە.
2- کاتێک خاتوو ئالبرێشت رۆڵی ئۆفیلیا دەنوێنێت، لەوێدا نە سروشتی کەرەسە (کەسی خانمە ئەکتەرەکە) و نە سروشتی داڕێژراوەکە (کەسی ئۆفیلیا) دەبینرێت، بەڵکو تەنیا ئیدێیەکی ئارەزوومەندانەی خانمە ئەکتەرەکە دەبینرێت. ئەو بنەڕەتێکی سەبژێکتیڤی بە خۆی دەدات تاکو پێشبینیی ژان و شێتی و ئابڕووی نەجیبانە بکات بەبێ ئەوەی لەوە بهزرێت کە داخۆ ئۆبژێکتیڤێتی بەم پێشبینییە بدرێت یان نەدرێت. کەواتە خاتوو ئالبرێشت تەنیا مانییر (شێوەی ڕەفتاری کەسەکی) ی هەیە، وەلێ ستایلی نییە کە شیلەر پێناسەی دەکات وەک «باڵاترین سەربەخۆیی داڕشتن لە سەرجەم دەستوێژە سەبژێکتیڤی و ئۆبژێتیڤی-بەڕێکەوتەکانی داڕشتن.» (23)
3- کاتێک بریوکل رۆڵی پاشایەک دەنوێنێت، لێرەدا سروشتی میدیەمەکە بەسەر فۆرمدا (رۆڵی پاشادا) سەروەرە، چونکە ئەکتەرەکە (کەرەسە) لە هەموو بزووتنێکدا قێزەوەن و نەشارەزا نیگا دەکات. ئەو ناتوانێت کەرەسە (لەشی ئەکتەر) بەگوێرەی ئیدێیەک بفۆرمێنێت. کەواتە داڕشتنەکەی پەرێشانە، چونکە سروشتی کەرەسە و ئاستەنگە سەبژێکتڤییەکانی خودی هونەرمەندەکە ئاشکرا دەکات (24).
لەم ڕوانگەیەوە پێشمەرجی جوانێتیی داڕشتن لای شیلەر ئەوەیە کە هونەرمەند بە ڕاستی و پەتی و تەواوەتی لە سەرجەم ئۆبژێکتیڤێتیی بابەتەکەی تێبگات، ئەوجا ئۆبژێکتەکەی (لەپێشخۆدانراوەکەی) وەک فۆرمی پەتی پێشبینی بکات و دایبڕێژێت. هونەرمەند ئەمەی پێبەدیدەهێنرێت گەر دەرفەت نەدات سروشتی میدیەمەکە کە تێیدا ئۆبژێکتەکە دادەڕێژرێت، دەرەکییانە کاریگەری لەسەر ئەم ئۆبژێکتەی هۆشی بنوێنێت.

3-3 کێشەی جوانێتی وەک دیاردانی ئازادی

شیلەر لە „نامەکانی کالیاس“دا هەوڵ دەدات لە تێگەی ئازادییەوە ئۆبژێکتیڤییانە بناغەی جوانێتی بڕێژێت، وەلێ ئەو خۆی درەنگتر دەگات بەو تێڕوانینە کە جوانێتی تەنیا هەستی پێدەکرێت نەک بناسرێت، واتا بابەتی مەئریفە نییە، بۆیە «دەرئەنجاماندنی جوانی لە پرنسیپگەلی ئاپریۆرییەوە گومانهەڵگرە» (25). کەواتە ناشێت جوانێتی لە یەک گۆشەنیگاوە ساغبکرێتەوە.
پرسیارێکی کرۆکی لەم پەیوەندییەدا ڕوودەکاتە جوانی وەک ئازادی لە دیاردەدا. لێرەدا دژبێژییەکی لۆژیکی لەگۆڕێیە، چونکە لەم ڕستەیەدا دوو تێگە پێکەوە گرێدەدرێن کە بە تێڕوانینی کانت، تەنانەت بە تێڕوانینی خودی شیلەر، پێکەوە ناگونجێن: ئازادی (ئۆتۆنۆمی) تێگەیەکی ئەخلاقییە تەنیا لە کایەی هۆشەکیدا (نادەرکیدا)، وەلێ دیاردە لەژێر ڕکێفی یاساکانی سروشتدایە، کەواتە کایەی نائازادییە. کانت جیاوازی لە نێوان دوو جیهاندا دەکات: جیهانی دیاردەکان (فێنۆمێنەکان) کە ئێمە بە دەرکەوەرەکانمان شئوریان پێدەکەین، ئەوجا جیهانی “شتەکان لە خۆدا” (نومێنا) کە کایەی تەواو هۆشەکییە و بە دەرکەوەرەکانی مرۆڤ دەرک ناکرێت. ئازادی سەر بە جیهانی نومێنایە، کەواتە پرسە لە کایەی هۆشەکیدا و هەرگیز لە جیهانی دەرکیدا دیارنادات – ئاخر لەم جیهانەدا هەموو شتێک لەژێر ڕکێفی یاسای هۆئەنجامیدایە. بێگومان مرۆڤ سەر بە هەردوو جیهانەکەیە: ئەو وەک خاوەنی ڕەمەک و ئارەزوو و هەست بەشێکە لە سروشت، ئەو هەروەها سەر بە جیهانی هۆشەکییە، لەم ڕووەشەوە ویستی ئەو ئازادە: ئەو خۆی دەتوانێت لە دەرەوەی هۆئەنجامی (کاوساڵێتی)ی سروشت زنجیرەیەک هۆئەنجامی بەربخات (بۆ نموونە کانت لەسەر کورسییەکەی دانیشتووە، وەلێ کتوپڕ هەڵدەستێت و بەو ڕێیەوە زنجیرەیەک هۆئەنجامی بەردەخات). بە پێچەوانەشەوە ناشێت دیاردە کە پابەندی زەروورەیە، هاوکات بەتەواوەتی (ئەبسۆلوت) ئازاد بێت. شیلەر لێرەدا دژبێژییەکە دەبینێت، ئەوجا هەوڵ دەدات بە تێگەی “هەروەک-ئەوهایی” چارەسەری بکات: گەر ئێمە وای دابنێین کە جوانی ئازادییە لە دیاردەدا، ئەوا بەم تێڕوانینە تەنیا دەبێژین: شتێک جوانە گەر ئەوها بنوێنێت (دیاربدات) هەروەک دیاریکەری خودی خۆی بێت (ئۆتۆنۆمی)، جا گەرچی ئەو شتە لە جیهانی فیزیکیدا بە شێوەی هێتەرۆنۆم دیاریکراوە. شیلەر لێرەدا ئۆبژێکتیڤێتی بە تێگەی جوانی دەدات بەبێ ئەوەی لایەنی سەبژێکتیڤی، واتا لێڕوانەر، بەهەند وەربگرێت. وەلێ لە تێزی جوانی وەک ئازادی لە دیاردەدا دژبێژییەکی لۆژیکی لەگۆڕێیە، چونکە هەرئەوەندەی ئازادی دیاربدات، ئیدی ئەو ئازادی نییە، ئاخر ئازادی ئێستا لەم ڕەوشەدا دەکەوێتە ژێر ڕکێفی یاسا هۆئەنجامییەکانی سروشتەوە، بەوەش سەربەخۆییە ترانسسێندێنتالەکەی نامێنێت. گەر جوانی دیاردانی ئازادی بێت، ئەوسا جوانێتی لە سروشتدا هەر لە سەرەتاوە ئازادانە بەگوێرەی یاسا خۆییە نێوەکییەکانی لەگۆڕێ دەبێت، ئەوە هاوشێوەی بوونەوەرە ئۆرگانییەکان کە لەنێو خۆیانەوە دیاردەدەن: ڕووەکێک گوڵ دەگرێت و دەگەشێتەوە.
وەلێ ئێمە پێویستە پەیوەند بە “نامەکانی کالیاس”ەوە (1793) ئاماژە بۆ ئەوە بدەین، کە ئەم نووسینە تەنیا پرۆژەیەکی شیلەر بوو و بە چەند نامەیەک خستییە بەردەم گۆتفرید کوێرنەر، بەبێ ئەوەی پرۆژەکە لەم کایە “پریڤات”ە (تایبەتە) بچێتە دەرەوە، واتا شیلەر مەبەستمەندانە بەرەو تەواوکردنی بەرێت و ئەوجا بڵاوی بکاتەوە. نەخێر، نووسینەکە ساڵی 1847 بڵاوکرایەوە، کەواتە ماوەیەکی زۆر دوای مردنی شیلەر.
چەند هۆیەک بۆ ئەوە لەگۆڕێن کە بۆچی شیلەر نەیتوانی پرۆژەکەی ئەنجام بدات. ئەو لە سەرەتاوە گومانی لە خودی پرۆژەکەی هەبوو، لەم پەیوەندییەشدا هزرینی فەلسەفەیی خۆی لە جوانێتی ورد و دروست و ساغکراوە بنیاتنەنا، بە پێچەوانەوە کانت بە ڕادەیەک بۆی بوو بە ئالەنگاری، کە ئیدی ئەو بە گۆتەی خۆی زۆر جار لەنێو کانتدا بزر بووبوو. ئەوجا شیلەر ماوەیەکی کورت دوای „نامەکانی کالیاس“ ڕوو لە ئێستێتیکی پەتی وەردەگێڕێت و تێڕوانینەکانی، کە لەو نامانەدا هاتبوونە ئاراوە، بە پەرەپێدراوی لە کارێکی دیکەدا تەواوکراوتر و ڕۆشنتر دەردەخات: „پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“(1795). ئێمە هەروەها پێویستە هەر لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بۆ نەخۆشییەکەی شیلەر بدەین: ئەو ساڵی 1793، کەواتە ساڵی دانانی پرۆژەی “نامەکانی کالیاس”، بەسەختی نەخۆش کەوت، ئەوەش سنووری بۆ کارەکانی دانا.
سەرباری ئەوە تیۆرییە ئێستێتیکییەکەی شیلەر لە چەند ڕوویەکەوە لە مێژووی ئێستێتیکی ئەڵمانیدا بەواتایە. ئەم تیۆرییە یەکێکە لە هەوڵە هەرە سەرەتاییەکانی ئێستێتیکی ئۆتۆنۆمی کە بە “ڕەخنەی هێزی بڕیار”ی کانت (1790) دەستپێدەکات. ئامانجی ئەم ئێستێتیکە ڕزگارکردنی هونەر بوو لە کاریگەرییە دەرەکییەکان (ئایین، سیاسەت، نمایشی نێو کۆشکەکان) و چەسپاندنی وەک کایەیەکی سەربەخۆی پابەند بە یاسای خۆییەوە: هونەر گەرەکە ئۆتۆنۆم بێت، واتا بەند بێت بە لۆژیکی خۆیی و ڕێسا نێوەکییە ئێستێتیکییەکانەوە، نەک پابەند بێت بەو ڕێنومایانەوە کە دەرەکیانە بۆ داڕشتنی هونەری دەچەسپێنرێن. هونەر خۆی دەبێت بە مەبەست نەک دەستوێژ بێت بۆ مەبەست (فێرکردنی مۆرالیی خەڵک)، بەمەش تێزی مەبەستێتیی بێمەبەست هونەر لە ژیانی ڕۆژانە دادەبڕێت، وەلێ هاوکات وەک گوزارشتی ئازادی دەرفەت بۆ لێڕوانینێکی دابڕێنراو لە زەبرە ئابووری و سیاسییەکان دەڕەخسێنێت. ئاخر داواکاری بۆ ئۆتۆنۆمیی هونەر بەشێکە لە پرۆژەی ئازادی (ئێمانسیپاسیۆن)ی بۆرژوازی. ئێستا هونەر دەبێت بە شوێنگەی کشانەوە بۆ ئیدیالەکانی ئازادی و سەبژێکتیڤێتی، بۆ ڕزگاری لە پابەندییە فۆیدالییەکان، هەروەها لە جڤاکی ستاندییانە دامەزراو و دەسەڵاتی ئەبسۆلوتیستی. ئێستا هونەری ئۆتۆنۆم دەتوانێت لەم جیهانەی نائازادیدا “ڕاومێکی ئازادی” ئاوەڵا بکات و دەرفەت بۆ مرۆڤ بڕەخسێنێت بە ئاگایی ئازادییەکەی خۆی بگات. شیلەر لێرەدا ئیدێی ئازادی (ئەخلاق) و جوانی (ئێستێتیک) پێکەوە گرێ دەدات.
ماویەتی

پەراوێزەکان..

(10) Hauck, Florian: Schillers Denkbilder. Die Kunst in den ästhetischen Schriften. S. 60.
(11) Schiller, Friedrich. Kallias oder über die Schönheit. S. 394. Briefe an Gottfried Körner.
(12) Hauck, Florian a.a.O., S. 77.
(13) Schiller, Friedrich, a.a.O., S. 394.
(14) Hauck, Florian a.a.O., S. 83.
(15) Schiller, Friedrich, a.a.O., S. 411.
(16) Ebenda, S. 411.
(17) Ebenda, S. 415.
(18) Ebenda, S. 420.
(19) بڕوانە:
Ebenda, S. 420.
(20) Ebenda, S. 423.
(21) Ebenda, S. 429.
(22) Ebenda, S. 422.
(23) Ebenda, S. 429.
(24) Ebenda, S. 429 f.
(25) Schiller: Nachschrift. HA V. S. 1040. Siehe Hauck, Florian, a.a.O., S. 77.

سەرچاوەکان
سەرچاوەی سەرەکی:

  • Schiller, Friedrich. Kallias oder über die Schönheit. Briefe an Gottfried Körner. Zeno.org. سەرچاوەی لاوەکی:
  • Hauck, Folrian: Schillers Denkbilder. Die Kunst in den ästhetischen Schriften. Würzburg 2017.
  • Mein, Georg: Die Konzeption des Schönen. Bielefeld 2000.
  • Robert, Jörg: Schein und Erscheinung. In: Friedrich Schiller. Der unterschätzte Theoretiker. Hrsg. Von Georg Bollenberg und Lothar Ehrlich. Köln Weimar Wien 2007.



کۆجیتۆی دەق” لەڕۆمانی کوردی هاوچەرخدا.. نوسینی: جەمال نووری

بەنموونە:
{تابووتی پەیمانی خودا}ی سەلاح جەلال

کۆجیتۆ ئەو بەردی بناغەیەیە کە دێکارت فەلسەفە و زانستی نوێی لەسەر بونیاد نا؛ واتە مرۆڤ وەک بونەوەرێکی “هۆشیار” چەقی جیهانە.چەمکی کۆجیتۆ (Cogito) یەکێکە لە بەناوبانگترین و بنەڕەتیترین دەستەواژە فەلسەفییەکان لە مێژووی نوێدا. ئەم وشەیە لە دەستەواژە لاتینییەکەی ڕێنێ دێکارت (René Descartes)، فەیلەسوفی فەڕەنسی، وەرگیراوە کە دەڵێت::) بیردەکەمەوە، کەواتە هەم).دێکارت دەیویست بگاتە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر کە هیچ گومانێکی تێدا نەبێت. ئەو دەستی کرد بە “گومانی میتۆدی”؛ واتە گومانی لە هەموو شتێک کرد (هەستەکان، جیهانی دەرەوە، تەنانەت ماتماتیکیش)، بەڵام گەیشتە ئەو ئەنجامەی:• تەنانەت ئەگەر هەموو شتێکیش خەڵەتێنەر بێت، کردەی گومانکردنەکە خۆی ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. یان پێی وایە گومانکردن جۆرێکە لە بیرکردنەوە.کۆجیتۆ بووە خاڵی وەرچەرخان لە فەلسەفەی ڕۆژئاوادا لەبەر ئەم هۆکارانە:
*سەلماندنی بوونی مرۆڤ: مرۆڤ لە ڕێگەی عەقڵ و هۆشیاریی خۆیەوە دەیسەلمێنێت کە هەیە، نەک لە ڕێگەی شتە دەرەکییەکانەوە
.• سەروەریی عەقڵ: ئەم چەمکە عەقڵی کردە بنەمای زانیاری و ناسین.

  • جیایی نێوان عەقڵ و جەستە: دێکارت پێی وابوو کە “من”ـی بیرکەرەوە جیاوازە لە جەستەی ماددی. ئەوەی لە( تابووتی پەیمانی خودای )ی سەلاح جەلال دا بەرجەستە بووە ئەویش ئەوەیە وێرای بیرکردنەوەی نووسەر وەلێ ئەو تەنها بەمە رازی نابێ کە بەتەنها لەرێگای بیرکردنەوە وجودی بسەلمێنێ بەلکو ئەو لەم رۆمانەیدا کۆی کەینوونەوی بوون بەگەردوونیشەوە دەخاتە ژیر دنیای رامان و گریمانەی بیرکردنەوەی کۆجیتۆیی خۆیەوە ،وەک ئاشکرایە لامان هه‌موو ده‌قێك، ئه‌گه‌ر هیچ خوێنه‌رێكی نه‌بێت، له‌ ساتی نووسیندا خوێنه‌ر ده‌كاته‌ گریمانه‌. له‌ بنچینه‌دا نووسینی ده‌ق به‌بێ گریمانه‌كردنی خوێنه‌ر مه‌حاڵه‌. به‌م مانایه‌، ده‌ق به‌بێ خوێنه‌ر بوونی نییه‌.واتە ئەو تەنها لەرێگای نووسینەوە نەهاتەوە کەینوونەی بوونی خۆی دووپات بکاتەوە بەلکو ئەو لەیەک کاتدا بۆ بوونی وجودیانەی خۆی و لەهەمان کاتیشدا بۆ دۆزینەوەی هاوڕێیەکیش دەگەرێ کەلەرێی دەقەوە بیدۆزێتەوە واتە خوێنه‌ر هه‌مان ئەو «هاوڕێ»یه‌یە كه‌ گوتاری نووسه‌ر ده‌خوێنێته‌وه‌. كه‌واته‌، هه‌موو ده‌قێك پێشوه‌خت بۆ یه‌ك هاوڕێ ده‌نووسرێت، و «هاوڕێیه‌تی» ده‌كاته‌ گریمانه‌؛ و چونكه‌ نووسه‌ر له‌ ساتی نووسینی ده‌قدا نازانێت خوێنه‌ره‌كه‌ی كێیه‌، دوژمنه‌ یا دۆست، فه‌زیله‌تمه‌نده‌ یا شه‌ڕانگێز، خواپه‌رسته‌ یا ئاته‌ئیست، ڕه‌شپێسته‌ یا سپی پێست و هتد، هاوڕێیه‌تیی ئه‌و له‌گه‌ڵ خوێنه‌ره‌كه‌ی، هاوڕێیه‌تییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ و فه‌زیله‌تمه‌نده‌. نووسه‌ری هه‌ر ده‌ق، هه‌ر ڕۆمان و شیعرێك، ته‌نانه‌ت ده‌قی زانستیش، به‌ ده‌ربڕینی دێریدا، بانگه‌وازی «ئه‌ی هاوڕێیانی من» ده‌كاته‌ پێشگریمانه‌، و ده‌قه‌كه‌ی به‌م بانگه‌وازه‌ ده‌ست پێ ده‌كات. له‌ ڕاستیدا، نووسه‌ر له‌ هه‌ر ڕستەیه‌كی ده‌قدا، هاوڕێیه‌تی بۆ خوێنه‌ره‌كانی پێشنیار ده‌كات. به‌ڵام، به‌ باوه‌ڕی دێریدا، هاوڕێیه‌تیی خوێنه‌ر له‌سه‌ر «سوودمه‌ندی» وه‌ستاوه‌. به‌م پێیه‌، ئه‌گه‌ر نووسین بانگهێشتكردن بێت بۆ هاوڕێیه‌تی، كه‌واته‌ ده‌ق به‌رهه‌می شكستی چاوه‌ڕوانیی نووسه‌ره‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ی هاوڕێیه‌كی ڕاسته‌قینه‌ له‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا. له‌ ڕاستیدا، هه‌ر ده‌قێك له‌ ناوه‌وه‌ی یه‌ك شكسته‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات؛ شكستی مرۆڤ له‌دۆزینه‌وه‌ی هاوڕێی ڕاسته‌قینه‌، له‌ئه‌زموونی ترسناكی شكست له‌ساتی له‌ده‌ستدانی هاوڕێدا. ئه‌م شكسته‌یه‌، نووسه‌ر ڕووه‌و نووسین ده‌بات. هاوڕێیه‌تی ئه‌گه‌رێكه‌ ‌ مرۆڤ له‌ ده‌ستی خۆی ڕزگار ده‌كات، له‌ده‌ست بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رباره‌ی مه‌رگ و نه‌بوون، له‌ده‌ست هه‌ستپه‌رتیی ئه‌و ده‌رباره‌ی بوون. به‌م مانایه‌، ئازاری له‌ده‌ستدانی هاوڕێ، ئازاری له‌ده‌ستدانی «ئه‌ویتر»ێكه‌ ‌ ئێمه‌ ڕزگار ده‌كات له‌خۆمان. هاوڕێیه‌تی خودی ژیانكردنه‌؛ و له‌ده‌ستدانی هاوڕێ، بیرهێنه‌ره‌وه‌ی له‌ده‌ستدانی ژیان و گه‌یشتنی مه‌رگه‌. وه‌ك بلانشۆ ده‌ڵێت: «سوپاس بۆ مه‌رگ، ده‌توانێت هاوڕێیه‌تی ڕابگه‌یێنێت. وه‌ك بڵێی ئه‌گه‌ری هاوڕێیه‌تی پاش غیاب و مه‌رگی هاوڕێ دێته‌ دی. ئازاری له‌ده‌ستدانی هاوڕێ ئه‌گه‌ره‌كانی هاوڕێیه‌تی ده‌كاته‌وه‌. هاوڕێیه‌تی هاوكات هه‌ڵگری دووری و نزیكی، حزوور و غیاب، جیایی و پێكه‌وه‌بوون، و قسه‌كردن و بێده‌نگییه‌. به‌ر له‌ جیایی و له‌ده‌ستدانی هاوڕێ، دابڕان ده‌ستی پێكردووه‌؛ دابڕانێك ‌ به‌ڕێڕه‌وی قووڵبوونه‌وه‌ی هاوڕێیه‌تیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت. حزووری كه‌سێك به‌رده‌وام ده‌بێت ڕووبه‌ڕووی له‌ده‌ستدانی ببینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر، مانا و ده‌ركه‌وتنی هاوڕێیه‌تی هه‌رگیز به‌دی نایێت، مه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی ‌ مرۆڤ ڕووبه‌ڕووی دەبێتەوە، وه‌ك دێریدا ده‌ڵێت، «پرسیارێكی برینتێكه‌ر»، «پرسیارێك ده‌رباره‌ی برین» ببێته‌وه‌. دێریدا ده‌ڵێت: «هیچ هاوڕێیه‌تییه‌ك به‌بێ ئه‌گه‌ری برین بوونی نییه‌.»** هه‌موو هاوڕێیه‌تییه‌ك كۆمه‌ڵێك زه‌خم و برینی شاراوه‌یه‌.زمانی نوسینی سەڵاح جەلال زمانێک نیە هەر کەسێک بۆ کاتکوشتن بیەوێ دەستبداتە کتێبێکی وەک ژەمە خواردنێ بیخوێنێتەوەو دواتر فڕێی بداتە ئەولاوە ،بەپێچەوانەوە گەر بتەوێ لە سەلاح جەلال بگەی ئەوا وەک وەرزشەوانێک پێویستی بە ئیحما هەیە پێش ئەوەی بچێتە ناو یاریگاوە تاوەکو گیان و ماسولکەکانی تووشی وەستان و تەمەزق نەبێ ،بەهەمان شێوەش خوێنەر بۆئەوەی بەشێوەیەکی تەندرووست لە سەلاح جەلال تێبگات دەبێ خاوەن پاشخانێکی فکریی و مەعریفی و میتۆلۆژیاو زانستی گەردوونناسی و زانستی میتافیزیک و ئەفسانەو شارستانیەتی کۆن و هاوچەرخی هەبێ ئەوکات دەتوانی لەنێو دەریای زمان و هزری نوسینی سەلاح جەلالدا مەلەی خۆی بکات
    سەلاح جەلال ) وەک نوسەرێکی جدی لەڕێگای کەشفکردنی مرۆڤەوە لەو برسە ئاڵۆزو داخراوانە دەدات ئێستاشی لەسەر بێ ، هەموو ئەو ژانەرانەی مرۆڤ کاریی لەسەر کردووە وەک میتۆلۆژیاو ئەفسانەو زانستی فینۆمینۆلۆژیاو جیهانی میتافیزیک نەیانتوانیوە تەواوی کۆدەکانی فەلسەفەی مەرگ و
    ژیان بکەنەوە ، کە سەلاح جەلال لە ڕۆمانی تابووتی پەیمانی خودا دا زۆر بەجوانی کاری لەسەر کردووەو توانیویەتی ئەو گرێ داخراوەیەی مەرگ بکاتەوە کە فەلسەفەکانی دنیای مرۆڤایەتی
    لە تەمتومان و مەدو جەزردان.
    پرسیارەکانی نێو ئەم ڕۆمانە لەسەر بوون و فەلسەفەی مەرگ و زانستەکان دەمانخەنە ناو شەپۆلەکانی جیهانەوە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی لە دوای خوێندنەوەی ئەم رۆمانە، جیهان بینینێکی جیاواز و خوێندنەوەی تایبەتمان هەیە بۆ ڕووداوەکان بەگشتی.
    لەبەر ئەوەی نووسەر چەند پرسێکی مرۆیی و سیاسی دەوروژێنێت و کاری لەسەر دەکات.خاڵێکی تر لەوەی وایکردووە ڕۆمانێکی قورس بێت بۆ خوێنەر ئەوەیە ئەم ڕۆمانە زیاد لەکاراکتەرێکی سەرەکی هەیە واتە نوسەر پشتی نەبەستوە بە گێرانەوە (سەرد)کۆی چیرۆکەکەی لەرێگای کاراکتەرێکەوە بگێرێتەوە بۆ خوێنەرەکانی، بەڵکو وا لە خوێنەر بکات خۆی بەشداری لەناو دەقەکەدا بکات و خۆی بەکاراکتەرێکی جدی ناو رۆمانەکەی بزانێ.
    سەڵاح جەلال وەک نوسەرێکی جدی کار لەسەر فکرو مەعریفە دەکات، واتە لەڕێگای ڕامانەوە لە میتۆدە فکریەکان لەدەرگای فەلسەفە دەدات و دەچێتە ناو هزرو ئەندێشەی بیرو نوسین .
    خوێنەر کاتێک بیەوێ لە بیرو ئەندێشەو نوسینەکانی سەلاح جەلال بگات وەک هەر نوسەرێکی تری کورد یا رۆماننوسێکی ئەمڕۆ ،ئەوا خوێنەر دەکەوێتە هەڵەیەکی دیالکتکەوە ،چون سەڵاح جەلال لەم سەردەمەی خۆیدا لەناو نوسەرانی کورددا تاقانەیە ،ئەو نوسەرە دەستەبژێرانەی وەک سەلاح جەلال لەم قۆناغه ی ئێستادا بوونیان هەیە وخاوەن کەینوونەی نوسین و بیرو هزرێکی تایبەتمەندی خۆیانن لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕن
    لەبەرئەوەی سەڵاح جەلال ئیش لەناو کۆجیتۆی خۆیدا دەکات وەک نوسەرو رەخنەگرێکی ئەقڵانی.وهاوسەنگی و چەسپاوی مەرگ لەنێو پێکهاتە و هێڵی گێڕانەوە و گۆڕانکاری ستونی لەهێڵی ئەم ڕۆمانەدا لەناو کات و شوێندا، گوتاری بەیەکدا چڕژانی دەقیان ئافراندووە لەنێوان زەمەنەکاندا پاشان هەڵبژاردنی کارەکتەرێک ڕوبەڕو کار لەسەر مەرگ بکات، یان دەبێت بکوژێت یان دەکوژرێت، لەناو ئاڵۆزی مەرگێکدا نەپرس دەکات نەکەس دەیناسێت ئەمە ئەو فەلسەفەی مەرگەیە لەسەرەتای گەردونەوە بۆتە دەرئەنجامی هەموو بونەوەرێکی زیندوو ، گەرچی ژیان، تەکنەلۆجیا و ئەلیکتڕۆن لەم رۆمانەدا هەنگاوی گەورە دەنێت، مەرگ وەک نهێنێیەکی ئاڵۆز، وەک مەتەڵێکی ئاڵۆز بەبێ چارەسەر دەمێنێتەوە، بەڵکو کۆمەڵێک هالە و خەیاڵات-ی پەیوەست بە جۆرێک لە ئەنتۆلۆجیای فیکری لەنێو گەڕان لەدوای دوانەی مەرگ و ژیاندا.
    لەگەڵ ئەوەشدا نووسەر خۆی نەبەستوەتەوە بەکارەکتەرێکەوە، قورسیشە رۆڵی کاراکتەر دیاری بکرێت زۆر شێوەی نامۆی هێناوە وەک کاراکتەری تەکنەلۆژی و بایەلۆژی و ئاسایی و نیوە مرۆو نیوە بونەوەر و جندۆکەو شەیاتینی . ئەمە لەلای من زۆر جوانتر بوو. لەبەر ئەوەی ئەو شێوازە تەقلیدیە بشکێنین لەئەدەبی جیهاندا هەیە و تەنیا یەک کەس کارەکتەری سەرەکی چیرۆکەکەبێت. دەکرێت ئەم ڕۆمانە بکرێت بە دەروازەیەک بۆ تازەگەری لە ڕۆماندا، لەبەر ئەوەی نووسەر وەک ئەوانی تر خۆی بە چەند بابەتێکەوە نەلکاندووە. بەتایبەت لەڕووی کارەکتەرەوە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا بوێریە.
    “سەلاح جەلال “گرێ کوێرەیەی مەرگ لەچرکەساتی مەرگی هابیل بەدەستی قابیل ئاوەلا دەکات و ئازایانە وەک کەسێکی سەرکێش دەست دەبات تەرازووی گەردوون وبەدیدگایەکی نوێوە سەنگ و پێوانەی مرۆڤەکان دادەرێژێتەوە بەو مەرجەی مرۆڤ خۆی بیەوێ بگەڕێ بەدوایی هەڵوەشانەوەی هاوکێشەی گەردوون یا دیزاینکردنەوەی مرۆڤ لەناو ئەو بوونەوەرانەی لەگەردووندا هەلدەسوڕێنرێت. بەتایبەت لە جیهانی ئەمڕۆی تەکنەلۆژیاو ژیری دەستکرددا هۆشمەندی مرۆڤەکان پەراوێز دەخات و جوڵەو ئاراستەکردنی مرۆڤەکان لەقاڵب دەدات.
    نوسەری ڕۆمانەکە وەک مرۆڤێکی بەئاگا بەهەموو ئەو دیوارو
    تەنانەی فەزادا رەتدەبێ بۆ چنگ کەوتنی ئەو وەڵامانەی بەدرێژایی میژووی مرۆڤایەتی بڤە بووە بۆ مرۆڤەکان .وەک لەناو هەموو دەقە ئاینە ئاسمانیەکان ڕوون نەکراونەتەوەو گەڕان بەدواشیدا لەخانەی تەکفیردا بینراوەتەوە کۆتایەکانی بەمەرگ هاتوە ، ئالێرەوەیە نووسەر دەست بۆ مەرگ دەبات تا لەقوڵایی و تێگەیشتنی مەعریفیەوە شیکارو سەلماندن بۆ مەرگ بکات، لە ئەزەلەوە بۆ شاردنەوەی توانستەکانی مرۆڤ هاتۆتە بوون .
    ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین هه‌ستی خوێندنه‌وه‌، هه‌وڵێكی ناوه‌كییه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی هاوڕێ؛ هاوڕێی نووسه‌رێك، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت خوێنه‌ره‌كه‌ی كێیه‌، له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا هاوڕێیه‌تی ده‌كات* هەرلەبەر ئەمەشە نووسەر خۆی نەبەستوەتەوە بەکارەکتەرێکەوەو لەناو رۆمانەکەیدا بەڵکو لەلای گرانە رۆڵی کاراکتەر دیاری بکرێت، چونکە پێیوایە*کەسایەتیەکانی ناو رۆمانەکەیدا لەیەک کەسایەتی و کاراکتەرێکدا وێنا ناکرێت، بەڵکو پێویستی بەچەندین کاراکتەری جۆراو جۆر هەیە بۆ تەوزیفکردنی رۆلی کاراکتەرەکانی وەک کاراکتەری تەکنەلۆژی و بایەلۆژی و ئاسایی و نیوە مرۆف نیوە بونەوەر و تەنانەت جنۆکەو شەیاتینی بەدیدەکرێت، بەمەش رەوتێکی تری بۆ فرەدەنگی لەرۆماندا هێنایە کایەوە، ئەمەش لەم رۆمانەدا بەخاڵێکی جیاکەرەوەی ئەم ڕۆمانە دادەنرێت لە رۆمانەکانی تر لەم سالانەی دوایدا نوسراون .بەشێک لە خوێنەر و رەخنەگرانی دیکارت، لە هەناوی لێکدانەوەی بیرۆکەکانی دیکارتدا جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەم بیرمەندە، پێچەوانەی تەوژمی ئاینیی کریستیانەکان بیریکردووەتەوە، باوەڕی دیکارت، باوەڕێکی جیاوازی ئاینییە و بەرامبەر بە بوون و چییەتی خودا، جیاواز بیریکردووەتەوە و جیاوازییەکانی پێچەوانەی تەوژم بوون.گەر فکرو ئایدیای سەلاح جەلالیش بخوێنینەوە بەروونی لەرۆمانی تابووتی پەیمانی خودا دا تێدەگەین کە سەلاح جەلالیش بەدواخودایەکدا دەگەرێ کەلەرێگای هەستە بالاکانی و ئەرک و ئیدراکی عەقڵیەوە بیدۆزێتەوە.
    بۆ ئەوەی لەئەندێشەو فیکرو مەعریفەی بیرو ئایدیای (سەلاح جەلال )تێبگەین لەرێگای رۆمانەکانیەوە، ئەوا دەبێت خوێنەر پاشخانێکی فیکری و مەعریفی خۆی هەبێ تاوەکو لە دنیاو فەزای نوسینی (سەلاح جەلال) تێبگات بەتایبەتی بۆ تێگەیشتن لە ڕۆمانی (تابوتی پەیمانی خودا) سانا نییە ئەوەی بەر ئەم رۆمانە دەکەوێت بەتەواوی هەزمی ڕۆمانەکە بکات و بگاتە ئەوەی بزانێت نوسەری ئەم ڕۆمانە بەدوای چیدا وێڵەو دەیەوێت لەڕێگای کام وەلامی پرسێکی کەینونی و فەلەکی و بونیەوییەوە ئەو پرسیارە بوروژێنێت هەتاوەکو ئیستاشیلەسەر بێت مرۆڤایەتی نەیتوانیوە وەڵامی ئەو پرسیارە ی نوسەر (سەلاح جەلال )بداتەوە ، دەربارەی گەردوون و بوون و ڤەلسەفەی مەرگ و ڕۆژی قیامەت و نوێبوونەوە
    . لەم فەزایەی ئێستاماندا بۆئەوەی بەتەواوی لەزمان و ئایدیای نوسەر تێبگەین بۆ نوسینی ئەم رۆمانەی دەبێت خوێنەر ئاگایی هەبێت لەسەر چونێتی و چەندێتی ئەم کەونەو هەسارەکان و ئەو یاسایەی بەشێوەیەکی تەکافوئی ئەم فەزایەی لێهاتوەتە بوون واتە دەبێ مەعریفەی فەلەکی و جوڵەو سوڕانەوە و کات و شوێن زانستی گۆشە و هێڵکاریی و ماتماتیک تێبگەین، پاشان زانیاریمان هەبێت لەسەر زانستی میتۆلۆژیاو ئەفسانەو ڕۆڵی ئایینە ئاسمانییەکان لەسەر هزری مرۆڤ هەموو ئەمانە دەبنە زەخیرەیەکی دەوڵەمەند بۆ تێگەیشتنمان لە ڕۆمانی تابووتی پەیمانی خوداو فیکرو مەعریفەی پشتی ئەم ڕۆمانە تێبگەین.
    سەلاح جەلال لەم ڕۆمانەیدا دەیەوێت پێمان بڵێت بەهۆی ئەم هەموو کێشمەکێش و ململانێ خوێناویانەی بەناوی دینەوە ئەنجام دراوە هیچ کام لەو کەسانەی شوێن کەوتەی ئاینە کان بوون. بەڕاستی بەدوای خودادا نەگەراون ،بۆیە نوسەر دەیەوێت بڵێت مرۆڤایەتی هەتا ئێستا بەدوای خودادا نەگەراوە ، خۆ ئەگەر بیەوێت بەدوای خودادا بگەڕێت دەبێت بێتەوە سەر (زەردەشت و ئاهورام) کە مرۆڤ لەوێدا لەهەموو بوون و کەینونەی خۆی تێدەگات کە کتلەیەکە لەوگەردو گەردیلە هەوایی و خۆڵی و ئاگری و ئاوەوە هاتۆتە بوون.
    ڕۆمانی تابووتی پەیمانی خوددا کەلە مێژە بەشەریەت وێڵە بەدوای ئەو تابووتەدا کە پەیمانی خودای تێدایە. بەتایبەت جولەکەکان بەجدی وێڵن بەدوای ئەم تابووتەدا، وە تەنانەت ئاینزاکانی تریش دەستیان بەسوچێکی ئەم تابووتەوە گرتوە تەنها کورد نەبێت کەوەک کۆلارەیەک بەدەوری تابووتەکەوەیە
    کۆلارەیەکە لەوێدا بەڵام خۆشبەختن دەستیان بە تابووتەکەوە نیە و توشی تاعوونی دەسەڵات و هێز و شەڕ نەبوون لەبەر ئەوەی ئەو تابووتە تەنیا تاعوون بڵاو دەکاتەوە،
    سەلاح جەلال لەمیانەی ئەم ڕۆمانەدا ئەوە ئاشکرا دەکات کۆمەڵگای مرۆڤایەتی توشی کێشەیەکی گەرە بۆتەوە بەدەستی خۆی بۆتە هۆی بێ دەسەلاتکردنی خودی مرۆڤ. بەهۆی ئەو زیرەکی دەستکردەوە رۆبۆتەکان هەیانە و جێگای مرۆڤ دەگرنەوە بە جورێک ئیتر شتێک نامێنێتەوە بۆ مرۆڤ خۆی تیا بدۆزێتەوە ، تەنیا ئەو مرۆڤە پاک و میهرەبانانە نەبێ دوورن لەرق و کینەو پیسییەوە ،درووست بوونی مرۆڤێکی واش کاتێک دەبێت دنیا زۆر شەڕ و ناخۆش بێت و ئەو مرۆڤە لەو ناخۆشیەوە هیوا و بڕیاری راست و جوان بدات و خۆی رووناکی بدۆزێتەوە و کامڵ بێت
    .لەرۆمانەکەدا.کە کۆمەڵی سەر هەسارەکەو کۆمەڵی بڕۆفیسۆر ئۆراپلاند چاودێری دەکەن و بەدوای ئەو رۆحە پاکەوەن بەدوای ئەو فۆتۆناتەوەن درووست ببێت بەو ئومێدەوەن مرۆڤێکی وا درووست ببێت .
    ئەوەی مایەی گرنگی پێدانە نوسەر لەم رۆمانەدا بەجوانی ڕۆڵی کورو خاک و نیشتمانەکەشی وێناکردوە و پێمان دەڵێت:-کورد هەرگیز نابێتەوە بەکۆلارە چونکە ئەو رەحمەی کە چوارپارچەی کوردستانە و مرۆڤی لێ زاوە.،رەحمێکە مرۆڤێکی جوان و پاک و رۆح بەرز دەهێنێتە ژیانەوە زۆر یەکتر قبوڵکردنی تیایە و فرە رەنگەو مرۆڤایەتی تیایدا پاک ئەبێتەوە
    لە کۆتاییدا هەروەک چۆن ديكارت كَرنكَى فه لسه فه دە خاتە روو،
    یەکەمیان چواندێتییە به جاو، كه جوّن جاو به بينينى شته كان يارمه تى تيكَه شتنى مروّق دهدات،
    مه عريفه ی فەلسەفیش به ههمان شيّوه له روشنكردنه وەی عەقڵی مروّقدا يارمه تيدەرە هەرەوکڤسەلاح جەلال لەرێگای میتۆدی عەقڵەوە پێمان دەلێ ئەگەر ئەو مه عريفه يه لەسەر بنه ماى دروست بينا نه كريّت، ناتوانيّت مروّڤ به ئه نجامێکی دروست ویەکلا کەرەوە بگەیەنێت.

سوودم لەسەرچاوانە وەرگرتووە
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
١- کات و بوون دیکارت
٢-.بنەماکانی. فەلسەفە




شەڕێک لە گێژاوی یەکلایی نەبونەوەدا.. عوسمانی حاجی مارف

هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوبات دەستیپێکرد، کە عەلی خامنەییان کردە ئامانج، پاشان فراوانتر بوەوە و زۆربەی ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە. سەرەتا بە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی ئێران دەستی پێکرد، هاوکات بۆردمانی بنکە سەربازیەکان و وێرانکردنی ژێرخانی ئابوری، دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەی مووشەکی بالیستیک، بنکەی هەڵدانی مووشەک، ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی لەخۆگرت، ئەو هێرشە ئاسمانیانەی کە تاران و شارە گەورەکانی وەک ئەسفەهان، قوم و کرماشانیان کردە ئامانج، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئاسایی نەبوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی بوو لە ڕێساکانی شەڕکردندا، کە لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ساردەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەڕێوەبردووە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر شەڕەکەدا، ڕێژیمی ئێران توانایەکی بەرچاوی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ڕەوتی شەڕەکەدا نیشانداوە، دۆخەکەیان گۆڕی بۆ شەڕێکی درێژخایەن و کاتێکی نادیار، هەوڵەکانی نێوەندگیری و دانوسان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە سنووردار ماوەتەوە، شەڕەکە بە خێرایی پەرەیسەندووەو بەردەوامە، هێشتا هەنگاوێکی جدی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە دەرناکەوێت.
شەڕەکە بە هێرشی ئاسمانی توند دەستی پێکرد بە ئامانجی لاوازکردنی خێرای تواناکانی ئێران و ڕژێمەکەی، بەڵام دوای گەیشتنی شەڕەکە بە لوبنان و دەوڵەتانی کەنداو تا داخستنی گەروی هورمز، بە خێرایی گۆڕا بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەکی تاڕادەیەک کراوەی ناوچەیی، دواتر لە هێرشە سەربازییە تەرکیزکراوەکانەوە بۆ سەر ئێران گۆڕدرا بۆ ململانێیەکی کراوە و فرە بەرەیی، ئەمەش وایکرد ئاڵۆزتر بێت و کەمتر ئەگەری چارەسەرکردنی پێوە دیار بێت.
ئامانجەکانی شەڕ بە درێژایی ڕێڕەوی خۆی بەردەوام لە گۆڕاندا بووە، لە سەرەتادا گرنگیدان بە گۆرانی ڕێژیمی ئێران، پاشان چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی، ئینجا قۆناغەکانی دواتر جەخت بو لەسەر نەهێشتنی هەڕەشەی مووشەکی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی بریکارەکانی ناوچەی ئێرانی بەخۆیەوە بینی، پاشان هەوڵ بۆکردنەوەی گەروی هورمز، گەمەی شەڕەکەی بردە ئاستێکیتر بۆ فشار لەسەر ئەمریکا. سەرەڕای ئەم گۆڕانکاریە و فرەیی ئامانجەکان، ناتوانرێت بگوترێ کە تا ئێستا هیچ کام لەو ئامانجانە بەدی هاتوون، شەڕەکە زیانێکی بەرچاوی بە ئێران گەیاندووە، بەڵام ئەم ئەنجامانە ناگاتە گۆڕانکاریەکی ستراتیژی یەکلایکەرەوە.
هێشتا گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لە هاوسەنگی هێز، یان سروشتی دیمەنی ناوچەییدا بە شێوەیەک نەهێناوەتە ئاراوە کە شەڕەکە ئامانجە سەرەکیەکانی خۆی بەدەستهێنابێت. ئەوەی تا ئێستا بەدەست هاتووە، لاوازبوون و لەدەستدانی بەشێک لە تواناکانی ئێرانە بەبێ ئەوەی بە پەکخستن و ڕادەستبون بگات ، لە کاتێکدا پرسی ئەتۆمیش بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە!.
شەڕەکە هەر بەرەو هەڵکشان دەچێت، لەکاتێکدا واشنتۆن و تەلئەبیب هەوڵدەدەن مەرجی تەسلیمبون بەسەر ئێراندا بسەپێنن، بەڵام خوازیاری بۆ ئاگربەست و مەرجەکانی ئێران، ترامپی بنبەست و سەرسامکردووە. ئاماژەکانی پەرەسەندنی شەرەکە بە بەهێزی ماونەتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکان و فراوانبوونی مەودای گرژییەکان. بەڵام فشارە ئابووریە نێودەوڵەتیەکان و ترسی شەڕی ناوچەیی دەتوانن لایەنەکان بەرەو کەمکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغ پاڵ بنێن.
ترەمپ بە چاوەڕوانی و ئامانجی بەرزەوە شەڕەکەی دەستپێکرد، بەڵام ڕوونی نەکردەوە کە چۆن ئەو ئامانجانە بەدەست دەهێنێت، واپێدەچیت کە ترەمپ پشتی بە باڵادەستی ئاسمانی هێزەکانی و ئەو لێدانانە بەستبوو کە ئاراستەی ئێرانیان دەکرد. زانراوە کە پێوەرەکانی سەرکەوتن لە شەڕەکاندا تەنیا لە کاریگەری لێدانەکان نییە، کۆماری ئیسلامی بە هێزی ئاسمانی ناکەوێت، بەو پێیەی ئامانجەکانی ئەمریکا تا ئێستا بەدی نەهاتووە، بە تایبەت کە ئومێدێکی گەورە بۆ گەیشتنیان هەبوو، کاتێک خامەنەیی و سەرکردایەتی سەربازی، ئەمنی و سیاسی لە ڕۆژەکانی ئەوەڵدا کوژران، بەڵام کاریگەری لەسەر ڕادەستبونی ئێران بۆ واشنتۆن، یان گۆڕانی دەسەڵات نەبو، ئەمەش وایکرد، شەڕەکە لەسەر ئەمریکا و ئیسرائیل قورسترکات.
کەواتە، تەڵەی ئێران توانای ڕاکێشانی ئەمریکایە بۆ ناو شەڕێکی تێچووی زۆر و درێژماوەیە، کە کۆتایی پێهێنانی بۆ ئەمریکا سەختە و خراپ لەسەری دەکەوێت، ترەمپ پێش جەنگ هۆشداری لە فەرماندەی باڵای سەربازی ئەمریکا وەرگرتووە، کە ڕەنگە ئێران بە پەکخستنی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزەوە تۆڵە بکاتەوە. بەڵام ترامپ گریمانەی ئەوەی کردبو کە ڕژێمی ئێران پێش ئەوەی بتوانێت گەروی هورمز داخات دەڕووخێت!.
کۆتایهێنان بە شەڕ لە دوای فراوانبونی قورستر بووە، بە تایبەت کە ئێران شەڕێکی ناهاوسەنگ بەڕێوە دەبات کە حیساباتی ئەمریکای تێکداوە، هاوشێوەی ئەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ڤێتنام ڕووبەڕووی بووەوە.
شەڕەکە بووەتە بارگرانیەکی سیاسی و ئابووری و مۆراڵی لەسەر ئەمریکا و ترەمپ، پێدەچێت ئێستا کەمترین تێچوی بژاردە ئەوە بێت کە ترەمپ گەر بۆی بگونجێت بە خێرایی “سەرکەوتن” ڕابگەیەنێت و کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت!. دەنا ئەو گۆڕانکاریە بنەڕەتیەی لە ئامانجی ستراتیژی هێرش بۆ سەر ئێران ڕوویداوە، کاریگەری لە مەوقعیەتی ئەمریکا لە ئاستی جیهان و ناوخۆی ئەمریکادا بە نەرێنی دەشکێتەوە بەسەریدا.
پێشهاتە سەربازیەکان بە خێرایی کاریگەریان لەسەر بازاڕەکانی جیهانی و نرخی وزە هەیە، ئەمەش ئەو حاڵەتە دەهێنێتە پێشەوە، کە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرسێکی ناوچەیی نییە، بەڵکو توخمێکی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیری ئابووری نێودەوڵەتی. داخستنی گەرووی هورمز بە تەنیا بەسە بۆ ئەوەی شۆکی ئابووری جیهانی لێبکەوێتەوە.
هەڵبەتە ململانێی بەردەوامی ئەمریکا و ئێران، ڕەنگدانەوەی ململانێیەکی فراوانترە لەسەر بەئەنجام گەیاندنی شێوازیک بۆ نەزمی جیهانی داهاتوو و سنووری بەکارهێنانی هێز لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و ململانێی زلهێزەکانی دنیای سەرمایەداری، کە لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردۆتە گۆڕەپانێک بۆ ڕێکخستنەوەی هاوسەنگی هێزی جیهانی، کە ماڵوێرانی قوربانیەکی زۆر دەبێتە بەشی دانیشتوانی ئێران و ناوچەکە کە دژی ئەم شەڕەن.
ئەوەی گرنگە سەرنجی لەسەر بدەین، بە هیچ جۆرێک ئەم شەڕە نەک سودی بۆکرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش نیە و نابێت، بەڵکو بەڵایەکی گەورەیە بۆ سەر ژیان و گوزەران و ئاسایش و بێئیرادەکردنیان، بۆیە پێویستمان بە بە‌هیزکردنی بزوتنەوەی دژی شەڕە لەتەواوی جیهاندا و بەرزگردنەوەی خواستی بێ مەرج و دەستبەجێێ شەڕە.

عوسمانی حاجی مارف




کتێب\ نیولیبراڵیزم و ئەدەبی پرۆلیتاریی کوردی.. نووسینی: عەبدوڵا سڵێمان ( مەشخەڵ )

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبەکەن..




مۆتەکەی بەردەکان.. کوردستان مید

دە ڕۆژ تێپەڕیوە و ئێستا لە موسڵم، ئەو شارەی پێشتر خەونم پێوە دەبینی بۆ خوێندنی ئەندازیاری ڕووی تێ بکەم. ئێستا لێرەم، بەڵام وەک خوێندکار نا، وەک دیل…
چاوم بڕیبووە دیوارە خۆڵەمێشییەکانی هۆڵەکە؛ ئەو دیوارانەی بە خوێن ناویان لەسەر نووسرابوو یانیش بە بەردی تیژ نەخشیان لەسەر هەڵکۆڵدرابوو. پەنجەکانم کردبووە ناو گوێیەکانم؛ دەمویست قیژە و هاواری ژن و منداڵەکانی هۆڵەکە پەردەی گوێم نەتەقێنێت.
بەڵام لەپڕ هەموومان ڕاچڵەکین؛ دەنگی ئاسنە ڕەق و ژەنگاوییەکانی دەرگای هۆڵەکە هەموومانی بێدەنگ کرد. ژنانی حیسبە و پیاوە چەکدارەکانی داعش، وەک شوانێک کە مێگەل ڕاو بنێت، ئێمەیان برد بۆ گۆڕەپانێک تا ببینین چۆن سزای “خودا” بەسەر تاوانبارێکدا جێبەجێ دەکەن.
گەیشتینە گۆڕەپانەکە؛ بۆنی خوێنێکی سارد و تەپوتۆزی بیابان ئەو ناوەی تەنی بوو. لە ناوەڕاستدا ئافرەتێک هەبوو قوماشێکی ڕەشی درێژی پۆشی بوو، بەڵام قوماشە ڕەشەکە لە چەندین شوێنەوە سوور ببوو؛ ئەو ژنە بۆ دەستێک دەگەڕا کە ڕوخساری خۆی پێ بشارێتەوە لەو چاوە تیژ و بێبەزەییانەی کە لێیان دەڕوانی، چونکە دەستە لەرزۆکەکانی خۆی هیچی تر توانای جووڵەیان نەمابوو. بە شێوەیەک هەناسەی دەدا وەک بڵێی لە شەنگالەوە بۆ موسڵ بە پێ ڕای کردبێت. گەرمیی خۆری موسڵ جەستەی کردبوو بە هەورێکی بەهار، ئارەقەی لەشی تێکەڵی خوێنە سوورەکەی جەستەی بووبوو.
گوێم پڕ بوو لە هاواری تیژ و ڕەقی چەکدارەکان کاتێک دەیانوت:
— بەردی تێبگرن! ئەمە بێڕەوشتە! بەردی تێبگرن و یارمەتی بدەن تا لە تاوانەکەی پاک ببێتەوە!
هەموو ئەوانەی لەوێ بوون، بە دەم هاواری “الله اکبر”ەوە دەستیان دەبرد بۆ بەردە سارد و ڕەقەکانی بەردەمیان؛ ئەو بەردانەی چیتر پیرۆزی سروشت نەبوون، ئێستا ببوون بە چەکێکی دەستی خوێنڕێژەکان، بە هەموو هێزیانەوە دەیانهاویشت وەک ئەوەی بیانەوێت دڕندەیەکی کێوی لە جووڵە بخەن.
ساردییەک هەموو گیانی داگرتم. هەستم دەکرد قاچەکانم هیچی تر هێزی ئەوەیان تیا نەماوە بە پێوە ڕامبگرن. لەو چرکەساتەدا وێنەی “دوعا” هاتەوە خەیاڵم؛ ئەم دژبەیەکبوونە مێشکمی دەخوارد:
— خوایە، مەگەر هەر ئەمان نەبوون دەیانگوت ئێمە بۆ تۆڵەی دوعا هاتووین بۆ شەنگال؟ مەگەر باسی بێبەزەیی ئێزدییەکانیان نەدەکرد بەرامبەر ئەو کچەی کە هەمان چارەنووسی ئەم ئافرەتەی بەردەممی هەبوو؟ ئەی چۆن ئێستا خۆیان هەمان کار ئەنجام دەدەن؟
دەنگی دایکم لە ناو مێشکمدا دەزرینگایەوە کە ڕۆژانێک پێی دەوتم:
— کچم، پیاو هەمیشە بەدوای بیانوویەک دەگەڕێت تا بەردێک لە ئافرەت بگرێت؛ جارێک بە ناوی ئایین، جارێک بە ناوی شەرەف.
هاوارەکان گوێیەکانمیان ئازار دەدا، بەڵام بینینی ئەو کارەی کە هیچ ئەهریمەنێک نەیدەتوانی بیکات زیاتر ئازاری دەدام. پیاوە گەورەکان دەنگیان وەک بڵندگۆی مەزارگەیەکی ئایینی ئەو ناوەی پڕ کردبوو، بەردەکان لە هەموو لایەکەوە دەفڕین و جەستە لەرزیوەکەی ئافرەتەکەیان وردوخاش دەکرد و منیش لە ژێر نیقابە ڕەشەکەمدا، تەنیا دەمویست چاوەکانم دابخەم و چیتر ئەم جیهانە نەبینم.
کاتێک هاتینەوە ناو هۆڵە داخراوەکە، ترس وەک تەمێکی ڕەش هەموو گیانی داگرتبووم. سەرم خستبووە ناو ئەژنۆم و جەستەم هەڵدەلەرزی. دەستەکانم بە هێزێکی زۆرەوە دەکێشا بەسەرمدا، بەڵام هێشتا نەمدەتوانی دیمەنی ئەو بەردانە لە ناو مێشکمدا بسڕمەوە. هیچ شتێکم نەخواردبوو بەڵام تامی تۆز و خۆڵ تا ناو قوڕگم ڕۆشتبوو.
کاتێک شەو داهات، لە ژێر باری خەم و شەکەتی، خەو چاوەکانی فریوودام.
لە خەومدا چاوەکانم بە دیمەنی دوعا کرایەوە؛ کراسێکی سپی پۆشی بوو، وەک گەوهەر دەدرەوشایەوە. دوو باڵی سپیی گەورەی وەک فریشتە لەسەر شانی بوون. هیچ شوێنەوارێکی بەرد و خوێنی پێوە نەمابوو. بە هەنگاوی هێواش لێم نزیک بووەوە، دەستەکانی گرتم و بە چرپەیەک پرسیاری لێ کردم:
— لە بەرد دەترسی؟
سەیری چاوەکانیم کرد و لێوەکانم دەلەرزین، وتم:
— نا… من لە خوێن دەترسم!
دوعا زەردەخەنەیەکی تاڵی کرد و بە دەنگێکی هێمن کە وەک کزەبای شەنگال وابوو، وتی:
— ئازیزم، ئافرەت بەردەوام خوێن دەبینێت، تەنانەت ئەگەر هیچ بەردێکیشی بەرنەکەوێت!
ئەمڕۆ چواردە ساڵم؛ لە جیاتی فوو لە مۆمەکانی کێکەکەم بکەم، فوو لە هەموو ئەو هیوایانە دەکەم کە لە نێوان زیندانە تاکە کەسییەکەمدا دەکوژانەوە. پرسیارەکان وەک مشەخۆرێک مێشکیان دەخواردم:
— کێ دەسەڵاتداری جیهانە؟ نازانم کێ دەسەڵاتی بەدەستە، بەڵام لە تیڤی هەمیشە پیاوی پیرم دەبینی لەسەر کورسی گرانبەها دانیشتبوون، بە بڕوابەخۆبوونەوە قسەیان دەکرد. مامەپیرەکەی دوکانداری گەڕەکی خۆمانم بیر دەهاتەوە، کاتێک دەڕۆشتمە ناو ئەو دوکانە بچووک و تەنگەی کە وای لە مامەپیرە کردبوو وابزانێ خاوەنی هەموو سەرمایەی دنیایە. هەرجارێک داوای قردێلەی نوێم لێ بکردایە بۆم بهێنێت، سەری دەهێنایە پێش و دەیووت:
— دەڵێیت چی؟
دەنگم بەرز دەکردەوە و دەمووت:
— قردێلەی مۆر ناهێنیت؟
سەری ڕائەوەشاند و دەیووت:
— تێناگەم ڕۆڵە، بۆم بنووسە.
کە بە قەڵەمێکی سەر مێزەکە لەسەر کاغەزێکی بچووک بۆم دەنووسی، چاویلکەکەی دەکردە چاوی، چاوەکانی زەق دەکردەوە و پاشان دەیووت:
— دەستوخەتت زۆر بچووکە ڕۆڵە، من چاوم کزە، بۆم بخوێنەرەوە…!
کاتێک بە دەنگێکی زۆر بەرز هاوارم دەکرد و لێم تێدەگەیشت بیری دەچۆوە بۆم بهێنێ… یەک مانگ بە بەردەوامی پێم دەوت بۆ ئەوەی قردێلەی مۆرم بۆ بهێنێ تا کەزیەکانم ببەستم پێی، هەر دەیووت:
— ڕۆڵە من زەهایمەرمە، زوو شتم بیر دەچێتەوە، سبەی بیرم بهێنەوە.
باشە ئەم پیرەپیاوە دەسەڵاتدارانەی جیهانیش گوێیان لەو هەموو هاوارەی ئێمە نییە؟ گوێیان گران بووە و کەڕ بوون وەک مامەپیرە؟ یان دیواری کۆشکەکانیان ئەوەندە بەرز و ئەستوورە هاواری ئێمە ناگات پێیان؟ بۆچی ئەو هەموو ستەمە نابینن، چاویان کزە؟ لەوانەیە ئەوانیش پارەیان پێ نەبێ چاویلکەکەیان بگۆڕن وەک مامەپیرە! تۆ بڵێی ئەوانیش تووشی زەهایمەر بووبن کاتێک هەواڵی ئێمە دەبیستن بیریان بچێتەوە؟ یانیش لەوانەیە ئەوان لە زمانی ئێمە تێنەگەن. ئەها… لەوانەیە هەرگیز نەچووبن بۆ خولی فێربوونی زمان، یانیش ڕۆشتوون بەڵام ئەوان تەنیا زمانی ستەمکارەکان دەخوێنن!
من خەونم بەوەوە دەبینی گەشتی پاریس بکەم، یان بڕۆم بۆ ئەستەمبوڵ، یانیش لەوانەیە بچم بۆ ڕیاز. بیرمە کاتێک دایکم سەرقاڵی کار دەبوو، بە دزییەوە لە تیڤییەکە دەمکردە سەر کەناڵێکی ئیسلامی و سەیری مەککەم دەکرد. ئەو شوێنە پڕ پڕە لە خەڵک؛ وابزانم مەککە وەک لالشی ئێمە وابوو لای موسوڵمانەکان پیرۆز بوو. چەن سەرنجڕاکێشە خەڵک لە هەموو شوێنێکی جیهانەوە دێن و لە یەک شوێن کۆ دەبنەوە بۆ سروودی ئایینی! سروودێک کە تامەزرۆی بیستنی بووم؛ بە تێکڕا هەموویان وەک لایلایە هاواریان دەکرد:
— الله اکبر.. الله اکبر…
بەڵام ئێستا ئەو “الله اکبر”ەی دەیبیستم جیاوازە لە سروودەکانی مەککە؛ ئەم “الله و اکبر”انە لە زەنگی سارین دەچوون، لە زەنگی سووری ئاگادارکردنەوەی جەنگ دەچوون… ئەم دەنگانە هیچی تر ئاوازێک نەبوون شەیدای بیستنی بم، ئێستا دەنگێکن کە لێیان دەترسم.
باوەڕ ناکەم کە دەبینم خەڵک لە فەڕەنسا و ڕووسیا و سعودیە و تورکیا و تەواوی جیهانەوە هاتبوون بۆ شەنگال! من هەرگیز نەم دەزانی ئەوانیش بەو ئەندازەیە حەزیان لە بینینی شەنگالە! یانی ئەوان بەو ڕادەیە تامەزۆری ئەو شارۆچکە بچووکەی شەنگال بوون کە دەیانویست بیبەن بۆ خۆیان؟ باشە شەنگال کەی لە پاریس و لەندەن و ڕیاز و مۆسکۆ جوانترە؟ ئەوان ئەو هەموو شارە درەوشاوە و ڕەنگاوڕەنگ و گەورانەیان جێهێشتووە بۆ تەپوتۆز و خۆڵی شەنگال؟
من هەرگیز نەمویستووە شاری ئەوان ببەم بۆخۆم، یان باوکیان بکوژم، یان منداڵەکانیان بکەم بە خزمەتکار و دەستەکانیان زبر بکەم بە شۆردنی جلەکانم، یان چێشتیان پێ لێ بنێم… تەنیا حەزم کردووە لە نزیکەوە سەردانیان بکەم، ئەگەر حەزیان کرد گۆرانییەکی فۆلکلۆری لەگەڵ منداڵەکانیان بڵێم، لەوانەیە وێنەیەک لەگەڵ گوڵەکانی باخچەکانیان بگرم، یانیش گوێ لە کەمانچەی سەر شەقامەکانیان بگرم. هەرگیز نەمویستووە مەککە نوقمی دوکەڵ و بۆنی بارووت و فیشەک بکەم. نا.. نا.. بە پێچەوانەوە چێژم دەبینی لە سەیرکردنی. تۆ بڵێی ئێستا ئەوان دەستیان گەیشتبێ بە لالش و چێژ لە سەیرکردنی ببینن؟!
چاوم چووە سەر نینۆکەکانم؛ لە شووشەیەکی شکاوی بێڕەنگ دەچوون. پڕ بە دڵ حەزم دەکرد ڕەنگیان بکەم بە سوور.. بەڵام بۆچی سوور؟ نا نا سوور نا… بەشی پێویست ڕەنگی سوورم بینیوە، ئەم ماوەیە هەموو چواردەورم ڕەنگی سوورە، هەر لەو کاتەوەی داعشە بکوژەکە دەستە گەورەکانی، کە بە خوێنی باوکم سوور بوو، بە کراسە سپییەکەم سڕی، ئیتر هیچ ئارەزوویەکم بۆ ڕەنگی سوور نەما. دەمتوانی لەگەڵ ڕەنگی ڕەش بگونجێمەوە، بەڵام سوور نا.
با نینۆکەکانم ڕەنگیان سەوز بوایە، وەک ڕەنگی گژوگیاکانی شەنگال.
باشە بۆ ئەوان ئەوەندە عاشقی ڕەنگی ڕەشن؟ ڕۆژێکیان ناڕەزاییم دەربڕی و بە دایکم وت:
— من عەزی ڕەش لەبەر ناکەم، حەزم لێی نییە!
دایکم بە بێ ئومێدییەوە سەیری چاوەکانی کردم و وتی:
— بۆچی تۆ ڕەگەزپەرستی؟ ڕەشیش ڕەنگێکە وەک سپی، سوور، مۆر؛ بۆچی ڕقت لێیەتی؟
دەستەکانی دایکم گوشی و ماچم کردن، بە دەنگێکی پڕ پەشیمانی وتم:
— دایکە گیان، من ڕقم لە ڕەنگی ڕەش نییە! ئەوەتا پرچەکانم ڕەشن، خۆشیشم دەوێن!
من دەمەوێت هەموو ڕەنگەکان ببینم بەڵام ئەوان ڕقیان لە ڕەنگەکانە؛ وەک بڵێیت هەرچی ئاشقانی ڕەنگی ڕەش هەیە لێرە کۆبوونەتەوە! من حەزم لێبوو نینۆکەکانم سەوز بن، پرچم ڕەش بێ، قردێلەکەم مۆر بێ، بەڵام خۆ ئەوان ڕێگەم پێ نادەن. ئەوان وەک دایکم نین یارمەتیم بدەن لە بۆیەکردنی نینۆکەکانم؛ ئەگەر داوای شتی وایان لێ بکەم دارکاریم دەکەن، لەوانەشە وەک ئەو کچە داماوەی گۆڕەپانەکە بە بیانووی بەزاندنی سنووری خوا کۆمەڵێک پیاوی ماسولکە گەورە و باڵابەرز کۆبکەنەوە، جنێوم پێ بدەن و بەردە گەورە و بچووکەکانی گۆڕەپانەکەم تێبگرن.
بۆنی ژوورەکە توانای هەناسەدانی نەهێشتووم، کەڕووی ژوورەکە هەناسەمی بە جۆرێک گرتووە خەریکە دەخنکێم! هەرگیز لە ناو بۆنی وا ناخۆش نەژیاوم. ئەو هەموو بۆنەم هەبوو کاتێک لە شەنگال بووم؛ بۆنی نێرگز، گوڵەباخ، مێخەک و چنور… باشە ئەمانە بۆنی ئەم بۆگەنە ناکەن؟ من هەست دەکەم ئەمانە بە تەواوی هەستەکانیان لەدەست داوە؛ لەوانەیە هەموویان پێویستیان بەوە بێت سەردانی پزیشک بکەن، یان بێن بۆ بەشی چەپی لالش و لەوێ لە ئەشکەوتە بچووکەکەدا خۆیان لە ئاوە پیرۆزەکەی کانی سپی هەڵکێشن بۆ ئەوەی لەشیان لەم بۆگەنییە خاوێن ببێتەوە.
ئەم بێدەنگییە ژوورەکەی قووت داوە؛ تاکە شت گوێم لێیە دەنگی پۆستاڵی پاسەوانەکەیە، جار جاریش قسە ڕەق و ناخۆشەکانی. باشە ئەم پیاوە قەت گوێ لە میوزیک ناگرێت؟ یان تیڤی و ئینتەرنێتی نییە؟ باشە چۆن شەوان خەوی لێ دەکەوێت بەبێ میوزیک؟ بیرمە جارێک چووین بۆ ئەشکەوتێک لەگەڵ باوکم؛ لەوێ لانی کەم دەنگی دڵۆپەی ئاو و ویزەی با و جریوەی چۆلەکە دەهات. تەنانەت ئەشکەوتەکە لەم ژوورە بچووک و تەنگەی من خۆشتر بوو.
یانی دەبێت تەواوی مانگی نیسان لەم ژوورەدا بەسەر ببەم؟ ئەمساڵ جەژنی چوارشەمەی سوور ناکەم؟ بیرم هاتەوە… کاتێک لەگەڵ پوورزاکەم یاری هێلکەشکێنمان دەکرد جەژنی ساڵی پار. هێلکەکانمان ڕەنگ دەکرد؛ من هێلکەکانی خۆم دەکرد بە مۆر و سەوز، ئەویش دەیکرد بە سوور و شین. من هەمیشە حەزم دەکرد براوە بم؛ فێڵم لێ دەکرد، هێلکەکەی خۆم کونێکی بچووکم تێکرد و ناوەکەم پڕ کرد لە قیر بۆ ئەوەی نەشکێت. کاتێک سەری هێلکەکانمان گرت بە دەستمانەوە، ڕووی تێکردم و بە پەرۆشییەوە وتی:
— ئەمساڵ من دەیبەمەوە و تەواوی ئەمساڵ بەختی باشم بۆ دێت.
زەردەخەنەیەکم کرد و وتم:
— نەخێر، وەک هەموو جارەکانی پێشتر خۆم دەیبەمەوە.
کاتێک سەری هێلکەکانمان بە توندی کێشا بەیەکدا، هێلکەکەی ئەو شکا؛ ڕوخساری گرژ کرد بەڵام ئامادە نەبوو خۆی بە دەستەوە بدات. هێلکەیەکی تری هێنا ئەوەشی شکا؛ بەردەوام بوو تا دە هێلکەی شکا، پاشان دەنگی بەرز کردەوە و وتی:
— تۆ فێڵم لێ دەکەیت، با سەیری هێلکەکەت بکەم…
من نەمدەتوانی پێکەنینەکەم ڕابگرم و ڕازی نەبووم هێلکەکەی خۆمی پێ بدەم و ڕام کرد. ئەویش بە دوامدا ڕای دەکرد و هاواری دەکرد:
— ئەی فێڵباز! باش بزانە بە فێڵکردن بەختی باش بەدەست ناهێنیت…
تۆ بڵێیت هی ئەو فێڵە بووبێت وا ئێستا ناتوانم جەژن بکەمەوە؟ باشە ئێستا چ فێڵێک بەکار بێنم بۆ ئەوەی لەم زیندانە ڕزگارم بێت؟
باشە خۆ ساڵی پار ڕۆیشتم بۆ ناو ژووری پیرۆزی “شێخ ئادی” لە لالش؛ لەوێ لە چواردەوری ستوونە گەورەکان گرێی یەکێکم کردەوە و دەستەکانم بەرز کردەوە و سەرم دانەواند و بە دەنگێکی هێواش نزام کرد و وتم:
— خوایە، چۆن من ئەم گرێیەم کردەوە، تۆش گرێی ژیانی ئەم کەسە بکەرەوە؛ ناخۆشی و خەمی لێ دووربخەرەوە.
پاشان پەڕۆیەکی خۆمم لە پەڕۆکانی چواردەوری ستوونەکە پێچا. تۆ بڵێی کەس گرێی پەڕۆکەی منی نەکردبێتەوە؟ ئاخر من ئاواتم خواست بێم بۆ موسڵ! بەڵام بەم شێوەیە نا!
ئەمڕۆ پانزە ڕۆژە لەم زیندانەم؛ تەواوی ڕۆژەکان دووبارە بوون، هیچ تیشکێکی خۆر بە ڕێکەوتیش بە دیوارە تاریکەکانی ژوورەکە نەدەکەوت. وادیارە بڕینی تیشکی خۆر بەس نەبوو، نەمدەتوانی شەوانە سەیری ڕووناکی و تیشکی مانگ و ئەستێرەکانیش بکەم! بیرم لەو کاتانە دەکردەوە باوکم ناچار دەکرد بچین لەسەربان بخەوین؛ جێگە خەوەکەی بۆ هەڵدەگرتم و لەسەربانەکە لە تەنیشت خۆیەوە بۆی دادەنام، تا درەنگ نەمدەهێشت بخەوێت. ئەستێرەیەکم پێ دیاری دەکرد و لەوێوە ئەستێرەکانم دەژمارد.
شەوێک باوکم لە ئاسمان دوو ئەستێرەی نیشان دام کە لە تەواوی ئەستێرەکانی ئاسمان گەشتر و گەورەتر بوون؛ بە دەنگێکی پڕ جۆش و خرۆش وتی:
— کچەکەم، ئەوانە لەیل و مەجنونن.
چاوم بڕیە ناو چاوەکانی باوکم و پرسیم:
— بۆچی ناویان لەیل و مەجنونە؟
باوکم نیگاکانی لە نێوان ئەستێرەکانی ئاسمان نوقم بووبوو، وتی:
— چونکە وەک ئەشقی مەجنون وایە بۆ لەیلا، لە دوورەوە بۆی دەسووتێت… کچەکەم، پێشینانی ئێمە دەڵێن ساڵی یەک جار ئەو دوو ئەستێرەیە لەیەک نزیک دەبنەوە لە مانگی ئاب؛ ئەگەر ئەوکاتە ئاگاداربیت و بیبینی، هەر نزایەک بکەیت گیرا دەبێت…
ئێستا دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ ئەوکاتە و تەواوی شەوەکانی مانگی ئاب دابنیشم بەدیار ئاسمانەوە تا ئەو ئەستێرانە ببینم و نزام بکردایە یەزدان شەنگالی بپاراستایە و هەرگیز ئەم ڕۆژانەم نەبینیایە.
لە ناو تاشەبەردەکاندا بە پێی پەتی ڕادەکەم. بەردەکان وەک خوێنمژێک دەیانەوێت خوێنی جەستەم بمژن. ئارەقەی مانگی شەش بەسەر جەستەمدا هاتبووە خوارەوە، تێکەڵی خوێنی ئەو برینانەی جەستەم بووبوو کە بەردە تیژەکان زامداریان کردبوو. تاریکی وەک سێبەری پەڵە هەورێکی ڕەش وردە وردە چواردەورمی داگیر دەکرد.
دەنگێک وەک بروسکە دوام کەوتووە و بانگم دەکات:
— کەزی… کەزی… کەزییییی
لەپڕ چاوەکانم کرانەوە؛ هەستم دەکرد چواردەورم ئۆکسجینی تیانییە. کچە کۆبانێییەکە (دیلان) لە تەنیشتم دانیشتبوو، پەرداخێک ئاوی بە دەستەوە گرتبوو، بە هەناسەبڕکێوە وتی:
— بۆخاتری الله تۆ ماویت؟ بۆچی خەبەرت نابێتەوە چیت بەسەر هاتووە؟ ئاوەکەی کە بە ڕوخسارمدا کردبوو، دڵۆپ دڵۆپ بە ڕوخسارمدا دەهاتە خوارەوە. جەستەم وەک چڵەدارێکی لاوازی بەر ڕەشەبا دەلەرزایەوە.
کەمێک خۆم کۆکردەوە پاشان وتم:
— دووبارە مۆتەکەم بینی. هەمان خەو؛ زیندانەکەی دە ساڵ پێش ئێستا دەیوویست دووبارە بۆ خۆیم ڕابکێشێت.
دیلان چاوەکانی تێبڕیم کە وەک دوو مۆمی کز دەدرەوشانەوە، دەستەکانمی گوشی و وتی:
— ئەو ڕابردووە تێپەڕێنە؛ ئێمە ئێستا ئازادین، لەسەر چیاکان بۆ مافی خۆمان دەجەنگین.
بە هێواشی بەردێکی بچووکی سەر چیاکەم هەڵگرت و دەمکێشا بە بەردێکی گەورەدا، بە دەنگێکی کز پێم وت:
— باشە تۆ بۆ لە دەرەوەی وڵات گەڕایتەوە؟
دیلان کەمێک بێدەنگ بوو، پاشان وتی:
— ئەوان پێیان خۆش نییە لەسەر خاکەکەیان بژین؛ دەی لەسەر حەقیشن، منیش بم پێم خۆش نییە ئەو هەموو کۆچبەرە ڕوو بکاتە وڵاتەکەم و داگیری بکات.
سەرم بەرز کردەوە و چاوم بڕیە چاوەکانی و وتم:
— داگیرکردن؟! ئەوان لە هەموو دنیاوە هاتبوون بۆ داگیرکردنی خاکی ئێمە! بە کۆچ نا، بە تۆپ و تانک و فیشەک. تەنیا نیشتمان نا، کەسوکاریشیان لێ دزین! نیشتمانی خۆمان لێ دەسەنن بە شەڕ و ناشیانەوێ بە ئاشتیش لەسەر خاکی ئەوان بژین؟
دیلان ڕوخساری خۆی گرژ کرد و بە دەنگێکی گڕ وتی:
— تۆ بۆ نەڕۆیشتی؟ کاتێک من ڕۆیشتم بۆچی تۆ مایتەوە و بوویت بە گەریلا؟ سەرم داخست و بێدەنگ بووم…
ئەمڕۆ دووبارە خەیاڵەکانم دەیانفڕاندم بەرەو شەنگال؛ بەرەو ئەو ڕۆژەیان بردم کە لە ناو ژوورەکەم دانیشتبووم و دایکم قژی شانە دەکردم. سەیری چاوەکانی دایکمم دەکرد لە ئاوێنەکەدا و ئەو پرسیارەی کە زۆر لە مێشکمدا هاتووچۆی دەکرد وەک فیشەک کەوتە سەر زمانم و پێم وت:
— دایکە، کە گەورە بووم دەتوانم ببم بە گەریلا؟
دایکم بە سەرسامییەوە سەیری کردم، شانەکەی لە قژمدا ڕاگرت و وتی:
— وسبە چەتیو! گەریلای چی؟ دەتەوێ ئابڕوومان ببەیت!
بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وتم:
— بۆچی؟ ئەی ئەوان پارێزگاری لە شەرەفی ئێمە و نیشتمان ناکەن؟
دایکم برۆکانی بەرز کردەوە و بە دەنگێکی پڕ ناڕەزایەتییەوە وتی:
— شەرەف؟ لێرە شەرەفی تۆ لە نێوان قاچەکانتە. چەکداری ئیشی ئافرەت نییە، ئیشی پیاوە بەهێزەکانە!
من هەر ئەو ڕۆژە زانیم ئەگەر ببم بە گەریلا، یەکەم پلار و یەکەم بەرد کە تێم دەگیرێت لە لایەن دوژمنەوە نییە، لە لایەن ئەو پیاوانەوەیە کە هەوڵی پاراستنی شەرەفیان دەدەم. بەڵام هێشتا ئەمڕۆ بەو دەستانەی کە پێشتر قردێلەی مۆرم لە پرچەکانم دەئاڵاند، بەو دەستانەی کە ڕوخساری خۆمم پێ دەشاردەوە لە پیاوە گەورەکان، ئەمڕۆ چەکێکی قورسم خستووەتە ناوی، بەڵام قورسایی چەکەکە زۆر سووکترە لە باری دیلێتی. ئەمڕۆ دووبارە بۆنی نێرگزم لێ نایەت؛ بۆنی بارووت و تەرم و خوێن و دوکەڵی جەنگ دەوریان گرتووم، بەڵام تەواوی ئەم بۆنانەم لا خۆشترە لە بۆنی کەڕووی ناو زیندانەکان.
شەوانە دەتوانم بەدیار ئەستێرەکانەوە نەخشەی ئەو ئازادییە بۆ دیلەکان بکێشم کە خەونبینینیش پێیەوە لێیان قەدەغە کراوە، هیچی تر دەستەوەستان دانانیشم و خەون بە ئازادییەوە نابینم، ئەمڕۆ ئیتر بۆ ئەو خەونە دەجەنگم، دەمەوێ ئیتر ئەو شەرەفە بپارێزم کە تەواوی پیاوە گەورەکانی جیهان نەیانتوانی بیپارێزن. ئەمڕۆ تەنیا بۆ خۆم نا، بۆ لالش نا، بۆ شەنگال نا، بۆ کوردستان نا؛ ئەمڕۆ بۆ تەواوی ئەو شەرەفانە دەجەنگم کە خوێنڕێژەکان لە ژێر ناوی جیاجیاوە دەیانخستە ژێر پۆستاڵەکانیانەوە. ئەمڕۆ پێم وانییە هیچ شتێک لەوە پیرۆزتر بێت کە مرۆڤ بۆ شکۆی خۆی بجەنگێت.
نامەوێ هیچی تر لە ژێر بەزەیی ئەو پیاوە بەهێزانەدا بە دیلی بمێنمەوە؛ ئەو پیاوانەی ڕۆژانێک ڕادەستی چارەنووسیان کردم. ئەو پیاوانەی کە هێزیان کردووەتە خوای خۆیان و دەیپەرستن، بۆیان گرنگ نییە ئەگەر لە پشت ئەو هێزەوە ئەهریمەنێکیش هەبێت. ئەمڕۆ ئەگەر تەنانەت هەموو وردە بەردەکانی تەواوی شاخەکانی جیهانم تێبگرن، ناتوانن لەوە پەشیمانم بکەنەوە کە ئەمڕۆ من گەریلام.




لە نێوان خۆشەویستی و خوێن، هەناسەیەک لە سێبەری مردندا!.. نووسینی: رەوا حەمەجان

لە هەر کۆمەڵگایەکدا یاسا سەروەر نەبوو دابوونەریتی خێڵ و عەشیرەت کۆمەڵگا بەڕێوەدەبەن، توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی تێیدا بڵاو دەبێتەوە، تاک و کۆمەڵ لەبەری پەنابردن بۆ یاسا خۆیان دەبن بە دادوەر و یاسا دەردەکەن بۆ کێشە و گرفتەکانیان.
لە کۆمەڵگای باشوری کوردستان بە هووی نەبوونی یاسا سەروەری و دەس باڵایی خێڵ و عەشیرەت، بە بەردەوامی گوێبیستی هەواڵی شەڕو کێشەی کۆمەڵایەتی و هەرەشەی کوشتن و تەنانەت کوشتنیش دەبینەوە، لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە پەنابردن بۆ چارەسەری کێشە و ناکۆکیەکان لە دەرەوەی یاسا هەر ئەوە نیە کەسی توومەتبار تووشی کێشە بوبێت بەڵکو زۆر جار کەسانی بێتاوان توومەتبار دەکرێن و دەکەونە ناو چەقی کێشە و گرفتەکانەوە، بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەقینەیان بە بنەڕەتی کێشەکەوە هەبێت.
لە خوارەوە چیرۆکێکی راستەقینەتان بۆ دەگێڕمەوە سەبارەت بە تاوانبارکردنی بەناحەق و بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خەڵک بەبێ دادگا و بەبێ بوونی بەڵگە.
چیرۆکێک بە هێواشی دەست پێدەکات، بەڵام بە دەنگی هاوار کۆتایی دێت، چیرۆکی ئاکۆ یەکێکە لەو چیرۆکانەی کە مرۆڤ دەحەپەسێت لەوەی بەبێ هیچ تاوانێک ژیانی بە تەواوەتی دەکەوێتە مەترسیەوە و دەبێت لە نێوان مردن و کۆچدا یەکێکیان ‌هەڵبژێرێت.
لە ساڵی (١٩٩٨)، لە گوندی رەبەندە لە رۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران)، منداڵێک لە دایک دەبێت ناوی لێ دەنرێت ئاکۆ، منداڵێک بە دڵێکی پاکەوە بە چاوی پڕ لە هیواوە لە دایک دەبێت، بەڵام نازانێت داهاتوو چی بۆ هەڵگرتووە.
لە تەمەنی 6 ساڵیدا، لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو باشوری کوردستان (عێراق) کۆچ دەکەن.
ئەو کاتەی تەمەنی ئاکۆ دەبێت بە (١٠) ساڵ، بە یەک چرکە، هەموو شتێکی ژیانی سەرەوژێردەبێتەوە، کاتێک دایك و باوكی لە رووداوی هاتووچۆدا گیان لەدەست دەدەن، ئیتر بەم شێوەیە بێبەش دەبێت لە خۆشەویستی دایک و باوک وژیانی منداڵی.

ماڵی پووری بوو بە شوێنی ژیانی نوێی، لە گەڵ منداڵەکانی پووری ژیانی دەکرد، یەکێک لە منداڵەکانی پووری بەناوی ( هە) هەرزوو بوو بە نزیکترین هاوڕێی و هەمیشە پێکەوە بوون.
بەم شێوەیە ژیانیانکرد تا گەورەبوون، (هە) کەوتە داوی خۆشەویستی لە گەل ژنێک بەناوی( ن) کە ژنێکی هاوسەرداربوو چەند منداڵێکی هەبوو، خۆشەویستییەکی قەدەغەکراو درووست بوو لە نێوان (هە،ن) کە لە سێبەری ترسدا دەگوزەرا.
ئاکۆ، هاوڕێی کوڕەکانی (ن) بوو زۆرجار سەردانی ماڵی (ن) دەکرد، بە بێ هەڵبژاردن، دەبێتە نێوانگێر لە نێوان(هە، ن) نامە و قسەی لە نێوانیاندا دەگواستەوە، بێ ئەوەی بزانێت ئەم کارە رەنگە ژیانی بگۆڕێت.
ساڵی 2014، پەیوەندی نێوان(هە،ن) ئاشکرا دەبێت،(هە،ن) رووبەرووی لێدان و سوکایەتی وتەنانەت هەوڵی کوشتنیش دەبنەوە هەر ئەمەش نە بەڵکو لە ناوەڕاستی ساڵی 2015، ئاکۆ دەگیرێت لەلایەن (ف)ی هاوسەری (ن) و برایەکی (ن) بە توندی لێی دەدەن، ئازاری دەدەن، هەوڵ دەدەن بە زۆر دان بەوەدا بنێت کە هاوکار و نێوەندگیری نێوان(هە،ن) کردووە.
پاش ماوەیەک (ن) منداڵێکی کوڕی دەبێت ، بەڵام ئەم منداڵە هەڵگری نهێنییەکی قورس دەبێت.
(ف)ی هاوسەری (ن) گومان دەکات کە ئەم منداڵە هی ئەو بێت داوادەکات کە پشکنینی (دی ئێن ئەی) بۆ بکەن، لە پشکنین دەردەکەوێت کە منداڵەکە لە (ف) نیە بەڵکو منداڵی (هە)ە، بەم شێوەیە هیچ چارەیەک نەمایەوە بۆ(هە،ن) و تەنانەت ئاکۆیش جگە لە هەڵاتن، بە دڵێکی شکاو و جەستەیەکی ئازاردراو دوای گەشتێکی سەخت، دەگەنە وڵاتی بەریتانیا.
بەڵام هەندێک شت هەرگیز لە بیر ناچن. هاوارەکان، ئازارەکان و ئەو شەوانەی کە نزیک بوو ببێتە کۆتاییان.
ئاکۆ، دوای ساڵانێک لە ترس و ئازار و بێدەنگی، گەیشتە ئەو شوێنەی کە هیچ ڕێگایەکی تر نەما، نە یاسا هەبوو بۆ پاراستنی، نە کۆمەڵگەیەک کە بتوانێت پەنای بۆبەرێت. لە کاتێکدا کە بێتاوانییەکەی دەبوو بە تاوانێک بەرامبەر ئەوانەی دەیانویست بیکوژن، ناچار بوو هەڵبژاردن بکات، مانەوە لەگەڵ مەترسیی مردن، یان کۆچکردن بۆ نەزانراو. ئەو کۆچی هەڵبژارد، بەڵام کۆچ هەمیشە مانای رزگاربوون نییە، زۆرجار تەنها گواستنەوەی ئازارە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر.
ئەم چیرۆکە کۆتایی نییە
چونکە ئاکۆ تەنها یەک ناو نییە، بەڵکو نموونەی هەزاران کەسە کە بەبێ تاوان دەکەونە ناو کێشەکان و ناچار دەبن لە نێوان مردن و کۆچدا هەڵبژاردن بکەن.
لە کۆتاییدا ئەو پرسیارە هێشتا بەبێ وەڵام ماوەتەوە
کاتێک بێتاوانی نابێتە پاراستن، یاسا بێدەنگە و کۆمەڵگەش تەنها تەماشاکارە.
کێ دەتوانێت ژیانی مرۆڤ بپارێزێت؟

نووسینی: رەوا حەمەجان




لێکەوتەکانی ئەم جەنگە لەسەر دۆخی خەڵک لەهەرێمی کوردستاندا!.. د. حیکمەت نامیق

ئەو جەنگەی کەوا بەرپابووە دیار نییە کەی کۆتایی پێدێت. ئەوەی کە زۆر جێگای تێڕامان وشۆکە بۆ خەڵک گرانبوونی نرخی سوتەمنی وخۆراک و کەلوپەل و شتومەکە دەسەڵاتیش نەبای دێ نەباران ئەو حکومەتەی کە دەمێکە لەخەمە قووڵەکانی خەڵک دوورکەوتۆتەوە. لێکەوتەو کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر کۆمەڵگای کوردی بەجۆرێکە هیچ کەسێک چارەسەرێکی ڕیشەیی نییە بۆ دۆخەکە.
کۆمەڵگا لە دۆخێکی ناخۆشی ئابوریی و سیاسی و سەربازیی و دەروونی دەژیت، بەتایبەتی لەکاتی کێشەو قەیرانەکاندا ئازاری مرۆڤەکان دەردەکەوێت. لەوەتەی ئەم شەڕەی ئەمریکاو ئێران دەستی پێکردووە میللەت ڕۆژانە لە چاوەڕوانی کوژانەوەی جەنگەکە ژیان بەڕێدەکەن. چونکە بەشی زۆری کۆمەڵگای کوردی لە دۆخێکی خراپی ئابوریدان شەڕەکەش دۆخە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکەی سەختترو قووڵتر کردۆتەوە، چونکە فشارە دەروونییەکان لەسەر تاک و گرووپە کۆمەڵایەتییە هەژارو پەراوێزخراوەکان زیاتر بوون. دەشێ بوترێت کەوا لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا ئازاردانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان بوونەتە دیاردەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بەمانایەکی دیکە لەم جۆرە کۆمەڵگایانەی کەوا هیچ سیستەم ودامەزراوەیەکی مەدەنی نییە تێیدا ئازارو چەپاندنی مرۆڤەکان بوونەتە کولتوور لەنەوەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگوازرێتەوە.لەسەروبەندی کێشمەکێش و شەڕەکاندا بازرگان و سەرمایەدارە تەماعکارەکان دۆخەکە دەقۆزنەوە بۆ گرانکردنی زیاتری نرخی کەل و پەل و سوتەمەنی و شتومەکەکان.
لەئێستادا کۆمەڵگای کوردی لەژێر بارێکی قورسی ئابوریدا دەگوزەرێ بەهۆی ئەم شەڕەی کەوا هیچ وادەیەکی نییە بۆ کۆتاییهاتن. ئێمە کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری نین تاوەکو دەستەبەری تەندروستی وکۆمەڵایەتی و ئابوریی و سۆشیاڵمان هەبێت، بەڵکو کۆمەڵگایەکی ڕاگوزەرین لەقۆناغێکی کۆمەڵایەتی وئابوریی سادەی پێش مۆدێرنەداین بەدەست چەندین گرفت و کێشەی قووڵەوە دەناڵێنین لەهەموو ڕەهەندەکانەوە. ئاشکرایە شەڕ هەرچۆنێک بێت ئایدۆلۆژستەکان چۆن تەفسیری دەکەن، بەڵام هیچ شرۆڤەیەک بەئەندازەی ئەوە نییە ماڵوێرانی و قاتوقڕی و بەدبەختی و گرانی لەگەڵ خۆی دینێت بۆ کۆمەڵ و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی شەڕ دەبێتە بەڵاو کێشە بۆ چینی هەژارو بەشخوراوان. هەرچەندە زۆر بەکەمی نەبێت ئەگینا هیچ شەڕێک بەدرێژایی مێژوو ئاشتی و خۆشگوزەرانی و خۆشبەختی لەگەڵ خۆی نەهێناوە بۆ کۆمەڵگا. پرسیار ئەوەیە لەئەگەری درێژەدانی ئەم شەڕە پلانی دەسەڵات چیە بۆ کۆمەڵگا؟ ئەگەر کوردستان تێوەبگلێت لەم شەڕەدا دیسان جێگرەوە چیە؟ تاکەی کۆمەڵگا بەرگەی ئەم گرانییە دەگرێ؟ هەموو ئەم پرسیارانە پێویستی بەوەڵامی ورد هەیە، چونکە وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بۆکرد ڕێژەی هەژاری لەکوردستاندا لە لوتکەدایە بێکاری تەنگی بەگەنجان هەڵچنیوە، کەچی گرانی نرخی کەلوپەل وکاڵاکان و سوتەمەنیشی هاتە سەر. ئەگەرچی خۆ بەدوورگرتنی بڕیار بەدەستان ئەوپەڕی ئەقڵانییە، چونکە شەڕی پڕۆکسی هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نابێت. پرسیارو تێبینی خەڵک دۆخی دارایی و ئابورییە نەوەک شتی تر. کەواتە گرانی بازاڕ کاریگەری نەرێنی زۆری کردۆتە سەر دۆخ و گوزەرانی خەڵک. لەهەموو دنیا کاتێ ئەزمە سەرهەڵدەدات حکومەت قسەو هەڵوێست و ئەلتەرناتیڤی دەبێت بۆ دۆخە سەختەکان، کەچی لێرە ڕۆژانە نرخی شتومەکەکان گران دەبن و بازرگانە چاوچنۆکەکان بەئاشکرا سوتەمەنییەکانی وەک غازو بەنزین و نەوت بەبازرگانی دەکەن. ئەم دۆخە وابەردەوام بێت نرخی سوتەمەنی وشتومەک و کاڵاکان بۆ چەند هێندە بەرزدەبنەوە. ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی هاووڵاتیان. پێویستە خەمخۆران وبڕیار بەدەستان زوو بێنە دەنگ لەسەر بارگرانی خەڵک و گرانبوونی نرخی کاڵاوسوتەمەنییەکان بڕیارێک بدەن لایەنی کەم بارگرانی خەڵکی ماندووی کوردستان کەم بکەنەوە.




موجتەبا پیرزادە ئەو ئەكتەرەی بە نیگاكانی دەتكوژێ‌.. حەيدەر عەبدولرڕەحمان

زۆر ئەكتەری گەورەی وەك : شەهاب حوسەینی، هادی حیجازی نەفەر، عەلی ڕەزا كەمالی ، پانتیئا بەهرام ، مێهرداد سدیقیان ، پەردیس ئەحمەدیە ، ژیلا شاهی و چەندین ئەكتەری بلیمەتی تری درامای (پێستی شێر) لە پێشبڕكێ‌ دابوون ، كەچی (موجتەبا پیرزادە) لە دوا ساتەكاندا هات و بە بێدەنگییەكی ترسناك و نیگایەكی سارد، هەموو هاوسەنگییەكانی گۆڕی و بوو بەو پارچە تەواوكەرەی ڕیتمی دراماكەی گەیاندە لوتكەی سەركەوتن.
بەڵام كاراكتەری مەنسوور كێ بوو؟
كاراكتەرێكی سایكۆپات و ئاڵۆز بوو، كلیلی هەموو ئەو نەهامەتی و ڕووداوە تاڵانە بوون كە بەسەر (نەعیم و كچەكەی داهات، ئەگەرچی (مەنسوور) خۆشی لە ڕابردوودا ئازاری زۆری چەشتبوو، بەتایبەت لەلایەن دایكی و ئەو ژینگەیەی تێیدا گەورە بوو، كردی بەو كەسایەتیەی لە زمانی سۆزو بەزەیی شتێ‌ تێ‌ نەگا، جگە لە تۆڵە سەندنەوە نەبێت لەو ڕابووردووەی گەیاندیانە ئەو چارەنووسە ئاڵۆزە .
تایبەتمەندییە دیارەكانی مەنسوور ئەوە بوو، زۆر بە كپی و هێمنی قسەی دەكرد، تەنانەت كاتێك باسی كوشتن یان ئازاردانی دەكرد، دەنگی بەرز نەدەكردەوە، بەڵام ئەم هێمنییە لای بینەر ترسێكی زیاتر لە كوشتنی دروست دەكرد.
(پیرزادە) توانای ئەوەی هەبوو، تەنها بە نیگاكانی، هەستی ڕق، پەیامی كاراكتەرەكە بگەیەنێت، بێ ئەوەی ئەكشن یان جوڵەیەكی زۆر بەكار بێنێ‌، بەڵام ترس و لەرزێكی بێ‌ سنوور بخاتە دڵی بینەر. تۆنی دەنگی، ئەو شێوازە ساردەی لەقسەكردندا هەیبوو، وای كرد (مەنسوور) وەك مرۆڤێكی ڕۆبۆت ئاسا دەربكەوێت كە هیچ بەزەییەكی تێدا نەبێت.
ئەو تەنها بكوژێكی ئاسایی نەبوو، بەڵكو كاراكتەرێك بوو كە لە ڕووی دەروونییەوە شكابوو، ئەو ڕقەی بەرامبەر بە(نەعیم) هەیبوو، گواستنەوەی ئەو ڕقە ئەستوورە بوو كە لە ڕابردووی خۆی و خێزانەكەیەوە بۆی مابۆوە، هەمیشە وا هەستی دەكرد هەموو جیهان قەرزاری ئەوە، بۆیە بە ئازاردانی كەسانی بێتاوان، دەیویست جۆرێك لە دادپەروەریی سەیر بۆ خۆی دروست بكات.
(موجتەبا) توانی وێنای كەسێك بكات كە بینەر هەم لێی بترسێت، هەم بزانێت چی لە مێشكیدا دەگوزەرێت.
بۆیە زۆرێك لە ڕەخنەگران پێیان وایە كە مەنسوور لە (پێستی شێڕ) دا، یەكێكە لە باشترین و ترسناكترین خراپەكارەكانی مێژووی سینەما و درامای ئێرانی نیشان داوەو بەم ڕۆڵەش سەلماندی كە ئەكتەرێكی خاوەن توانایەكی بێ سنوورە.
ئەوەتا رەِخنەگری سینەمایی ( ئارەش خۆشخوو) دەلێت : مەنسوور كاراكتەرێكە هیچ سۆزو بەزەییەك لە چاوانی نابیندرێت.
(پیرزادە) زۆر ورد جەستەو دەنگی بەكار هێناوە، بۆ ئەوەی كەسایەتیەك نیشان بدات، كە نەخۆشی دەروونی هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا زۆر زیرەك و پلان دا ڕێژەرە، ئەو نەك هەر تەنها مەترسی بوو بۆ كاراكتەرەكانی دراماكە، بەڵكو بینەریشی تووشی دڵە ڕاوكێ‌ كرد.
(فەرهاد خالدی) نووسەرو رٍەخنەگریش دەڵێ‌ : هونەری موجتەبا ئەو ساردی و بێدەنگیەو نیگا سیحراویەكانی بوو، كە ببوو بە بەهێزترین ئامرازێكی نواندنی ئەو .
ئەگەرچی مەنسوور لە دوای نیوەی دراماكە دەركەوت ، بەڵام لە گەڵ دەركەوتنی مەنسوور هاوسەنگی دراماكە بە ئاراستەیەكی بڵندتر گۆڕا.
موجتەبا پیر زادە لە زنجیرە درامای (پێستی شێر) دا یەكێك لە سەرنجڕاكێشترین و ناوازەترین نواندنەكانی خۆی پێشكەش كرد. ڕۆڵی (مەنسوور) وەك كاراكتەرێكی نەرێنی، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر بینەران هەبوو، بووە یەكێك لەو كاراكتەرانەی كە بۆ ماوەیەكی زۆر لە مێشكی خەڵكدا مایەوە.
مەنسوور كاراكتەرێكی سایكۆپات و ئاڵۆزە، ئەو كلیلی هەموو ئەو نەهامەتی و ڕووداوە تاڵانەیە كە بەسەر “(نەعیم ـ هادی حیجازەفەر) و (ساحڵ) ی كچی دا دێت.
خودی مەنسووریش لە ڕابردوودا ئازاری زۆری چەشتووە، بەتایبەت لە لایەن دایكی و ئەو ژینگەیەی تێیدا گەورە بووە، ئەمەش وای لێكردووە ببێتە كەسێكی بێبەزەیی و تینوو بەتۆڵە سەندنەوە.. موجتەبا پیرزادە، بە شێوەیەكی زۆر زیرەكانە ئەم ڕۆڵەی گێڕا، زۆر بەهێمنی و ترسناكی قسەی دەكرد، تەنانەت كاتێك باسی كوشتن یان ئازاردانی دەكرد، دەنگی بەرز نەدەكردەوە.
ئەم هێمنییە لای بینەر ترسێكی زیاتری دروست دەكرد. توانی تەنها بە نیگاكانی، هەستی ڕق و شێتیی كاراكتەرەكە بگەیەنێت ، بەبێ ئەوەی زۆر بجوڵێت، ترس بخاتە دڵی بینەرەوە.
موجتەبا رۆڵێكی بچووكی بینی لە چاو ئەكتەرە گەورەكانی تری دراماكە، بەڵام كاریگەرترین رۆڵ لە دراماكە.
لە دیمەنەكانی دوایی نەعیمی باوك و مەنسووری بكوژی ساحلی كچی، دوای هەموو ئەو گەڕان و هیلاكیەی بكوژی كچەكەی، لە زیندان بە یەك دەگەن، مەنسوور دەڵێ‌ : تۆ سابری عەزیزو برا گەورەمت لە باوەشما كوشت ( بە پێكەنین ) منیش ساحلی ئازیزتم لە باوەشتا كوشت، یەك بە یەكین ..تەواو؟ دەستت بێنە با تەوقە بكەین .
بەڵام نەعیم دەڵێ‌ : ساحل تۆ كوشتت، بەڵام بكوژی تۆ منم.
مەنسوور : ئەو قسەیە دووبارە نەكەیتەوە، ئەو عاشقی من بوو، كارێكی وات كرد، من لە بەرچاوی بكەوم، سوێندم خواردبوو، بەر لە كوشتنی پارچە پارچەت بكەم.
بە پێكەنینێكی ترسناك بە نەعیم دەڵێ‌ : عەزابم دای وا نیە؟
نەعیم بەهەستێكی ئاگرین ، بەڵام بە ئەعسابێكی سارد بە مەنسوور دەڵێ‌ : بەڵێ‌ عەزابت دام ؟ ئەی دەبێ‌ من ئێستا تۆڵەی تاوانەكەت لێ‌ بستێنمەوە.
پارچە پارچەت كردم مەنسوور، بەڵام ئەوەت لە یاد نەبوو، ئەگەر یەك لەو پارچانەش بمێنێتەوە، ئەوەندە ئەگەرێ‌ تا خوێنی مناڵەكەت لێ‌ وەر دەگرێتەوە.
ئیدی لە و زیندانەدا نەعیم بۆ دوا جار ڕقەكانی بە كوشتنی مەنسوور دادەمركێتەوە.
(موجتەبا پیرزادە) ئەكتەرێكی گەنجی ئێرانییە كە بەهۆی بەهرەكەی لە بەرجەستەكردنی ڕۆڵە ئاڵۆزەكاندا سەرنجی زۆری بۆ خۆی ڕاكێشاوە، بەتایبەتی لە ساڵانی دواییدا وەك یەكێك لە دەموچاوە دیار و بەتواناكانی سینەما و درامای ئێرانی دەركەوتووە.
گرنگترین كارەكانی:
لە ساڵی ١٩٨٥ لە تاران لەدایكبووە.
دەرچووی كۆلێژی هونەر و تەلارسازیی زانكۆی (ئازاد) ی ئیسلامییە لە بەشی نواندن.
هاوسەرگیری لەگەڵ خانمە ئەكتەر (فەرناز ڕەهنەما) كردووە، هاوسەرەكەی هاوپیشەی خۆیەتی لەبواری شانۆدا.
موجتەباـ دەستپێكی كارەكانی لەسەر تەختەی شانۆوە بوو، كە ئەمەش ڕێڕەوی باوی زۆربەی ئەكتەرە سەركەوتووەكانی ئێرانە.
بەشداری لە چەندین شانۆگەریدا كردووە، كە بوونە هۆی پەرەپێدانی بەهرەكەی پێش ئەوەی ڕوو لە شاشەی سینما و تەلەفزیۆن بكات.
فیلمی (فڕۆشیار ٢٠١٦ ڕۆڵێكی كورتی (كەسایەتی مەجید) لەم فیلمەدا گێڕا كە خەڵاتی ئۆسكاری بەدەستهێنا وە، لە دەرهێنانی (ئەسغەر فەرهادی) بوو.
ئەم بەشدارییە بووە دەروازەیەكی ڕاستەقینە بۆ چوونە نێو جیهانی پیشەگەرییەوە.
فیلمی (تۆمان) ٢٠٢٠
بە یەكێك لە گرنگترین ڕۆڵە سینماییەكانی دادەنرێت، كە تێیدا كاندید كرا بۆ خەڵاتی باشترین ئەكتەری پاڵپشت لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر.
فیلمی (شەش و نیو مەتر) ئەم فیلمە سەركەوتنێكی جیهانی بەدەستهێنا و باس لە كێشەی ماددە بێهۆشكەرەكان دەكات لە ئێران. كارە درامییەكان (بەرنامە و زنجیرەكان) ناوبانگی ڕاستەقینەی لەلای جەماوەر لە ڕێگەی تۆڕەكانی پەخشی ناوخۆیی و زنجیرە تەلەفزیۆنییەكانەوە بەدەستهێنا.
زنجیرەی (سایەبان): یەكەمین ڕۆڵی سەرەكی ئەو بوو لە تەلەفزیۆن، كە لە ڕێگەیەوە ناوبانگێكی زۆری لە ناوخۆی ئێراندا پەیدا كرد.
زنجیرەی (پێستی شێر) ڕۆڵی (مەنسوور) ی گێڕا، كاراكتەرێك بوو، مشتومڕێكی زۆری نایەوە و سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا. نواندنەكەی لەم زنجیرەیەدا بە قووڵیی دەروونی و توانای بەرجەستەكردنی كەسایەتییەكی تەمومژاوی و شێواو جیادەكرایەوە، ئەمەش وایكرد لە كاتی نمایشكردنی زنجیرەكەدا ببێتە یەكێك لەو ئەكتەرانەی زۆرترین باسیان لە میدیا هونەرییەكاندا دەكرێت.
(موجتەبا پیرزادە) كاندید كرا بۆ خەڵاتی (سیمرغی بلورین) وەك باشترین ئەكتەری پاڵپشت بۆ ڕۆڵی (عەزیز) لە فیلمی (تۆمان) لە ٣٨ەمین خەڵاتەكانی فێستیڤاڵی فەجر. ستایشی زۆری ڕەخنەگرانی بەدەستهێنا بەهۆی توانای كۆنترۆڵكردنی دەربڕینەكانی دەموچاو و بەكارهێنانی زمانی جەستە بە شێوەیەكی سروشتی و دوور لە ئەكتینی دەستكرد.
زۆرێك لە ڕەخنەگران پێیان وایە كە مەنسوور لە (پێستی شێڕ) دا، یەكێكە لە باشترین و ترسناكترین (خراپەكارەكان)ی مێژووی سینەما و درامای ئێران.
موجتەبا پیرزادە بەم ڕۆڵە سەلماندی كە ئەكتەرێكی خاوەن توانایەكی بێسنوورە. مەنسوور لوتكەی بەدكاری و تێكچوونی دەروونی بوو، موجتەبا پیرزادەش بە نواندنە “سارد و بێبەزەییەكەی ،توانی ئەم كاراكتەرە بكاتە كابوسێكی ڕاستەقینە بۆ كاراكتەرەكانی ناو دراماكە و ئەزموونێكی لەبیرنەكراو بۆ بینەران.

حەيدەر عەبدولرڕەحمان




چیرۆک\ دادگاییەک لەناو پیاڵەیەک چادا.. کوردستان مید

چاوم کەوتە سەر گۆڤارەکەی سەر مێزەکەی باوکم، وتەیەکی پابلۆ ئیسکۆبار لەسەر پەڕە کۆنەکەی گۆڤارەکە نوسرابوو (هەرچەندە دواتر زانیم ئەو وتەیە هی پابلۆ نەبووە) بەڵام بۆ من لەم ساتەدا ڕەهاییترین ڕاستی بوو:
‘کاتێک منداڵ بووم داوام لە خوا ئەکرد پاسکیلم پێ بدا، پێی نەدام. .منیش پاسکیلێکم دزی و داوام لە خوا کرد لێم خۆش بێت’
لەپڕ دەنگی دەرگا ئاسنەکە بەر گوێم کەوت و ڕایچڵەکاندم. . باوکم بوو وەک هەمیشە، بەپەلە دەرگاکەم کردەوە. .دەنگە تیژ و ناخۆشەکەی باوکم مێشکی کاس کردم، بە توڕەیی هاواری ئەکرد:
— ئەو دەرگایە بۆ ناکەیتەوە گەمژە ..سەعاتێکە لە دەرگا ئەدەم کوا دایکە بێ مێشکەکەت؟
بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وتم:
— لەسەر گۆڕی خوشکە بچووکەکەمە لە گۆڕستانەکە.
دەرگاکەی داخست دەنگی داخستنی دەرگاکە لە زەنگی سارین ئەچوو، دەستی توند لە پرچم گیرکرد و ڕایکێشام بەرەو ژوورەوە:
— گۆڕستان ؟ ئەو شێتە کە هاتەوە وای لێ ئەکەم لە گۆڕستانەکە شوێنێکی تایبەتی پێ بدرێ.
ئەمویست خۆم ڕزگاربکەم لەژێر دەستی، بەڵام وادیار بوو لەوە بێهێزترم بتوانم دەستە زبر و گەورەکانی لە پرچەکانم بکەمەوە، فرمێسک بەسەر ڕوومەتەکانم هاتە خوارەوە و بە قوڕگێکی پڕەوە هاوارم کرد:
— باوکە تکایە وازم لێبێنە، ئازارم ئەدەیت.
دەستەکانی لێ کردەوە و پاڵی پێوەنام بەرەو دیوارەکە. . ئەوەنە بەتوندی بە دیوارە کۆنەکە کەوتم کە گوێم لە دەنگی ئێسکەکانم بوو..
چاوەکانی زەق کردەوە و بەدەنگێکی گڕ وتی:
— بڕۆ بە دوای ئەو بێ ئەقڵەدا و پێی بڵێ هەر ئێستا بێتەوە.
بەخێرایی و هەناسەبڕکێوە هەنگاوی خێرام ئەنا بەرەو گۆڕستانەکە، تەنیا چەن گەڕەکێک لێمان دوربوو کەچی قاچەکانم وا هەستی ئەکرد کیشوەرێک دوورە.، کاتێک گەیشتم بۆنی خۆڵ و گوڵەکانی سەر گۆڕەکان گۆڕستانەکەی تەنی بوو..لە دوورەوە دایکم بینی لەسەر گۆڕە بچووکەکە دانیشتبوو، ماچی کێلی قەبرەکەی ئەکرد و لەبەر خۆیەوە بە ورتە ئەیوت:
— ئازیزەکەم من لێرەم .. تۆ بەتەنیانیت مەترسە.
تاکە دەنگێک لەناو گۆڕستانەکە ئەهات چرپەکانی دایکم بوو، چوومە بەردەمی دایکم دەستم خستە سەر شانەکانی، سەری بەرز کردەوە و چاوە سورەکانی تێبڕیم، پێش ئەوەی هیچ وشەیەک بڵێم بە دەنگێکی خەمناک وتی:
— دووبارە هاواری کرد بەسەرتدا ؟ لێی دایت ؟
وشەکان لە قوڕگمدا گیربووبوو نەم ئەتوانی دەریان ببڕم. بە زەحمەت وتم:
— نەخێر لێی نەیام. . داوای تۆ ئەکات وتی باخێرا بێتەوە ..
دایکم بە هێمنی هەستایە سەر پێ، بە قۆڵی کراسە دڕاوەکەی کە بۆنی تۆزی گۆڕەکەی لێ ئەهات چاوەکانی سڕیم و ماچێکی سەری کردم و وتی:
— هەموو شتێک باشەبێت مەترسە، هەرچیەکی کرد تۆ بێدەنگ بمێنەوە.
بە هەنگاوی خێرا بەرەو ماڵەوە بەڕێ کەوتین، خوایە نەم ئەویست بگەین! ئەمویست ڕێگاکە زۆر درێژبێت تا قیامەت بەپێ ڕێبکەین، بەڵام زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕێم ئەکرد گەیشتینە ماڵەوە..
باوکم وەک دڕندەیەکی کێوی کە چاوەڕێی نێچیرەکەی بکات لەناوەڕاستی دەرگا ئاسنەکە ڕاوەستابوو، چاوەکانی زەق کردبۆوە ڕوخساری گرژکردبوو، هەر کە دایکم هەنگاوی هێنا بۆ ناو دەرگاکە دەستی کردە ناو پرچەکانی و بەدوای خۆیدا ڕایکێشا قیژەکانی دایکم وەک فیشەک لە گۆێیەکانمەوە بەرەو مێشکم ئەڕۆشت، بەدەنگێکی بەرز هاواری ئەکرد:
— چی ئەکەیت لە گۆڕستان ؟ ئەوەنیە ئەم ماڵەت کردووە بە گۆڕستان ئەوەندە بەس نیە بۆت ؟ ئەم ماڵە بۆنی مردووی لێ یەت مردوو …. تۆ چیت ئەوێ پێم بڵێ ؟ ئەتەوێ تامردن لە گۆڕستان بژیت ؟
چاوەکانم گرت نەم ئەویست دیمەنی لێدانی دایکم ببینمەوە، قیژەکانی دایکم تەنیا گوێی ئازار نەئەدام. . دڵمی لەت لەت ئەکرد ..
دوای ئەوەی شەکەت بوو لە لێدانی دایکم. .بۆ ماوەیەک بێدەنگی باڵی بەسەر ماڵەکەدا کێشا، تەنیا دەنگی هەنسکی دایکم دەهات لە سووچێکی ژوورەکەدا…
باوکم لەسەر کورسییە دارەکەوە دانیشت، وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت، چەرخەکەی لە گیرفانی دەرهێناو جگەرەیەکی داگیرساند، دوکەڵی جگەرەکە وردە وردە بۆنی خوێنە ساردەکەی دەموو لوتی دایکمی ون کرد …
باوکم ڕووی تێ کردم و بە زریکەیەکی ناخۆش وتی:
— هەستە ئەو چایە لێنێ گەمژە ، سەیری چی دەکەیت؟
بەپەلە ڕۆشتم بۆ مەتبەخەکە، دەستم بە زەحمەت توانای گرتنی قۆریە چایەکەی هەبوو، بەدیار چاکەوە ڕاوەستام بۆ ئەوەی بکوڵێت. . لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بۆنی کوڵانی چایەکە شتێکی تر لەناو مێشکی مندا ئەکوڵا. .
بۆ یەکەمجار بیرێکی ترسناک مێشکی داگیرکردم. . یەکەم بیرۆکە بوو کە ئەمویست بۆ یەکەمجار لە ژیانمدا ئەنجامی بدەم بێ دوودڵی.
بیرم لە قسەی دکتۆرەکە ئەکردەوە کاتێک پشکنینی بۆ باوکم کردبوو، پاشان لە ڕاڕەوە ساردەکەی نەخۆشخانەکە بە دوودڵیەوە پێی وتین:
— وادیارە جەڵدەی دڵ لێی داوە کۆمەڵێک شتم بۆ نوسیون ئەبێ دووربێ لە بەکارهێنانی. .پاشان دەستی خستە سەر کاغەزەکە و وتی: بەتایبەتیش ئەم حەبە.
بە هێمنی چایەکەم بۆ باوکم تێکرد و پاشان لەبەردەمی بە بێدەنگی بۆم دانا، شەو لەناو جێگە خەوەکەم تەنیا دوو شت لە مێشکما ئەخولایەوە ..حەبە قەدەغەکراوەکە و پاسکیلەکەی پابلۆ ئیسکۆبار.
سبەی دوای ئەوەی باوکم ڕۆشت بۆسەر کار بە هەنگاوی خێرا بەرەو سەیدەلیەی گەڕەکەکە ڕۆشتم. ..بۆنی دەرمان و دەنگی هاواری نەخۆشێک سەیدەلیەکەی پڕ کردبوو، دەستەکانم دەلەرزین کاتێک پارەکەم خستە سەر مێزەکە.
سەیدەلانییەکە بە گومانەوە سەیری کردم و وتی:
— بۆ کێیە؟
بە دەنگێکی نزم وتم:
— بۆ دایکم … جومگەکانی ئەئێشێت.
کاتێک سەیدەلانیەکە قتووەکەی دامێ، هەستم کرد قورسترین شتی جیهانم بەدەستەوەیە، هەستم ئەکرد ئێستا چارەنوسی خۆم و دایکم لەناو قووتوویەکی بچووکدایە.
کاتێک لە سەیدەلیەکە کەمێک دوور کەوتمەوە بە خێرایی وەک ڕەشەبا بەناو کۆڵانەکەدا ڕام ئەکرد، زوو زوو ئاوڕم ئەدایەوە بۆئەوەی دڵنیابم کە کەس چاودێریم ئەکات. .
بەزوویی گەیشتمەوە بەردەمی دەرگا ئاسنینەکەی ماڵەوە، پێش ئەوەی بڕۆم بەکراوەیی جێم هێشتبوو، بەهێواشی چوومە ژوورەوە
دایکم وەک هەمیشە لە سوچێکی ژوورەکە بەدیار جلە کۆنەکانی خوشکەبچووکەکەمەوە دانیشتبوو … بۆنی جلەکانی ئەکرد و هەنسکی هەڵئەکێشا .. تەنانەت سەرنجی ئەوەی نەدابوو کە چەن خولەکێک ڕۆشتبووم و پاشان گەڕابوومەوە.
چاوەڕێی گەڕانەوەی باوکم بووم .. دەمەو ئێوارە تەقەی دەرگاکە هات .. هەستم کرد خەریکە دڵم لە لێدان دەوەستێت، بەخێرایی ڕۆشتم و دەرگاکەم کردەوە، باوکم کیسەیەک چایی بەدەستەوەبوو بە ڕوویەکی گرژ و دەنگێکی گڕەوە وتی:
— بڕۆ چاییەک لێبنێ ماندووم.
بۆ ساتێک چاوم کەوتە سەر باوکم..خوایەگیان بڵێی ئەمەکۆتا چارەسەربێت بۆ ڕزگاربوونی ئێمە ؟
بەرەو مەتبەخەکە گەڕامەوە .. لە ڕاڕەوی تەنیشت مەتبەخەکە چاوم کەوتە سەر دایکم .. دەستەلەرزۆکەکانی، ڕوخسارە شێواو و پڕ برینەکەی دڵنیایی کردمەوە کە هیچ ڕێگەیەکی تر بۆ ڕزگاربوونی ئێمە نەماوە ..
قۆرییە چاییەکەم بەدەستێکی لەرزۆکەوە کردە سەر تەباخەکە. .هەستم ئەکرد دەستەکانم سڕبوون .. هەرچۆنێک بێت پیاڵە و قوتووە شەکرەکەم دەرهێنا، کاتێک ویستم چاییەکە تێبکەم هەستم ئەکرد دەستەکانم توانای گرتنی دەسکی قۆریەکەیان نیە ..
هەموو هێزی خۆم کۆکردەوە بۆئەوەی پیاڵەیەک چایی تێبکەم، بەهێواشی چاییەکەم کردە ناو پیاڵەکە پاشان زۆر بەهێواشی حەبەکەم لە گیرفانم دەرهێنا .. دەنکێک .. دووان .. سیان ..چوار. ..
کردمە ناو چاییە گەرمەکە و بە کەوچکەکە بەهێواشی تێکم دا ..
تەقە تەقی کەوچکی ناو پیاڵە چاییەکە لە هاوارەکانی باوکم زیاتر دڵمی ئەلەرزاند …، چاییەکە هیچی تر هەڵاویی هێمنکەرەوەیەکی نەبوو بۆنی هەڵاویی چاییەکە بۆنی ژەهر و مەرگی لێ ئەهات .. وردە ورە حەبەکان توانەوە و هیچ شوێنەوارێکی نەما .. چایەکە بوو بە چایەکی ڕەشی خەست کە وەک چارەنوسی ئێمەوابوو ..
پیاڵەکەم هەڵگرت و بەرەو ژوورەکەی باوکم کەوتمە ڕێ، باوکم بەدیار تیڤییەوە لەسەر کورسیەکە دانیشتبوو جگەرەیەکی بە دەستەوە بوو، پیاڵە چاییەکەم لەبەردەمی دانا و بێ ئەوەی سەیری بکەم بە هێمنی بەرەو مەتبەخەکە گەڕامەوە. کاتێک گەشتمە ناو مەتبەخەکە هەموو گیانم وەک چڵەدارێکی لاوازی ژێر ڕەشەبای پایز ئەلەرزی .. بیرکردنەوە لەوەی کە باوکم بە گۆڕانی تامیی چاییەکە بزانێت مێشکی ئەخواردم و دڵمی تا ئاستی مردن ئەلەرزاند..
لەپڕ گوێم لە دەنگی باوکم بوو بانگی ئەکردم بە دەنگێکی لەرزۆک و قوڕگێکی گیراو .. وەک پێشتر دەنگی تیژ نەبوو بەڵام زیاتر دڵی ئەلەرزاندم…
بەلەرزەوە هەنگاوم هەڵهێنا قاچەکانم ئەت وت لەناو قوڕی زستان چەقیوون .. چوومە ژوورەوە یەکەم شت چاوم چووە سەری پیاڵە چاییەکەبوو کە چەن قومێکی تیا مابوو. باوکم دەستی بەسنگییەوە گرتبوو چاوە زەقەکانی تێبڕیم .. ڕەنگی ڕوخساری وەک تارمایی سپی بووبوو ..
بە دەنگێکی نوساو بۆ کۆتا جار وتی:
— دڵم خەریکە ئەتەقێت ..
بێدەنگ ڕاوەستابووم سەیری ئەو جەستە گەورەیم ئەکرد .. ئەو دەستە زبرانەی کە هیچی تر هێزیان نەمابوو قژی دایکم ڕابکێشن.
لەوکاتەدا گەورەترین دەنگی ناو مێشکم ئەوەبوو : خوایە من ژیانی باوکم دزی بۆ ئەوەی ژیانی دایکمی پێ بکڕمەوە .. ئێستا داوات لێ ئەکەم لێم خۆشبیت .
باوکم دەستی بەسەر مێزەکەوە گرت بۆ ئەوەی هەڵبستێتەوە بەڵام قورسایی حەبەکە لەوە زیاتر بوو دڵی بەرگەی بگرێت، لەپڕ کەوت بەسەر مێزەکەدا و پیاڵە چاییەکە ڕژا .. ڕێک وەک ئەو خوێنەی کە ساڵانێک لە دەموو و لوتی دایکمەوە ئەیڕشت، ئیتر هەرگیز نەیتوانی هەستێتەوە. .
دایکم بە هەنگاوی هێواشەوە لە جەستە ساردەکەی باوکم نزیک بۆوە، بە دەستە لاوازەکانی لێدانی دڵی باوکمی پێوا. . پاشان چاوەکانی لە چاوەکانم بڕی و بە دەنگێکی خامۆش وتی:
— مردووە!
بێدەنگیەکی ترسناک ژوورەکەی گرتەوە، تەنیا دەنگی لێدانی دڵی خۆمم ئەبیست. . دایکم بەهێواشی لێم نزیک بۆوە و باوەشی پیاکردم بە قوڕگێکی پڕەوە وتی:
— ئازیزەکەم پێویستە لای خوشکەکەت بینێژین.
دوای مەراسیمی بەخاک سپاردنی باوکم هەستم بە ئارامیەکی سەیر ئەکرد، پێم وابوو ئیتر هیچ شتێک ناتوانێت دایکم ئازاربدات…
دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک، ماڵەکەمان بێدەنگ بوو… ئەو بێدەنگییەی کە ساڵانێک خەونمان پێوە دەبینی، دایکم تاکە شتێک لە ژیانیا هەیبوو گۆڕستان بوو هیچی تر نەبوو..ئەو لەو جۆرە کەسانەبوو کە ئامادەبوو تا کۆتایی تەمەنی بە دیار یادگاریەکی کۆنەوە ڕابمێنێت. .هەرگیز ئارەزووی هیچ شتێکی تازەی نەئەکرد.
ساڵ هات و ڕۆشت. ..وردە وردە ئەو بێدەنگیە ئازاری ئەدام، حەزم لە دەنگ بوو لە جوڵە بوو، حەزم لە ژیان بوو… بەڵام هەرگیز گوێم لە هیچیان نەبوو ..
بۆنی ژیان کردن بەتەواوی ماڵی ئێمەی جێهێشتبوو ..
دەنگی تەقەتەقی کەوچکەکە لە ناو پیاڵە چایەکەدا، تاکە دەنگ بوو کە بێدەنگیی مەتبەخە مۆدێرنەکەی دەشکاند…بیست ساڵ تێپەڕیبوو بەسەر ئەو شەوەی کە دەستەکانم تێیدا دەلەرزین. . دوای مردنی باوکم ویستم لەو ماڵە بێدەنگ و بێ چرپە ڕابکەم بۆ ماڵێک کە ژیانی تیابێت. .بەڵام جگە لە دەنگی خۆم هەرگیز هیچ دەنگە دەنگێکم نەبیستەوە. .
لەپڕ دەنگی زەنگی ماڵەکە لێدرا. .
بانگی کوڕە چواردە ساڵەکەم کرد:
— باهۆز. .باهۆز.. ئەی هاوار ئەم کوڕە کەڕە ؟ بۆ هەرگیز بەیەکەم بانگ کردن وەڵام ناداتەوە! کەی فێر ئەبێت ئەوەنە یاری بە مێشکم نەکات.
بە دەنگێک کە گوێیەکانی خۆشمی ئازار ئەدا هاوارم کرد:
— بااااهۆۆۆۆز بۆ وەڵام نادەیتەوە حەیوان؟
کوڕەکەم بە هێواشی دەرگای ژوورەکەی کردەوە و سەیرێکی کردم و وتی:
— دەرگاکەم کردەوە باوکم بوو.
مێشکم خەریک بوو ئەتەقی توانای بەرگەگرتنم نەمابوو، لێم پرسی:
— بۆچی وەڵام نادەیتەوە کاتێک بانگت ئەکەم ؟
دەمووچاوی خۆی گرژکرد و وتی:
— چونکە سەرقاڵی کردنەوەی دەرگاکە بووم.
پاشان بە هەنگاوی خێرا مەتبەخەکەی بەجێهێشت و دەرگاکەی بە توندی داخست دوای خۆی.
دوای چەن خولەکێک هاوسەرەکەم هاتە ژوورەوە، ئەو هەمیشە بێدەنگبوو. . هیچ خزمایەتیەکی لەگەڵ دایکم نەبوو کەچی ڕێک لەوە ئەچوو کۆپی ئەوبێت. .ڕۆژانە تەنیا چەن پرسیارێکی سادەی ئەکرد ..وەک ئێستا کە بەهێواشی لێی پرسیم:
— بۆ ئێوارە چیمان هەیە ؟
دەمارەکانی مێشکم خەریک بوو ئەچڕان..ئەو ساردو سڕیەی زیاتر لە هەموو شتێکی دنیا ئازاری ئەدام…هەرگیز نەی ئەپرسی چیت ئەوێت ؟ چی بێزاری کردوویت؟ ئەتەوێ گوێت لێبگرم؟ یان هەوڵی نە ئەدا هەرگیز هیچ مناقەشەیەک بکات ..هەوڵی نە ئەدا قسەیەکی جیاواز بکات تەنانەت ئەگەر قسەکە جنێوێکیش بێت!
بە هەموو هێزم قاپەکانی سەر مێزەکەم فڕێ دایە سەر زەویەکە و هاوارم کرد:
— زەهری مارمان هەیە…
هاوسەرەکەم بێدەنگ بوو ئەو بێدەنگیە لە هەموو هاوارێک زیاتر ئازاری دڵمی ئەدا …پاشان بەهێواشی و بەدەستە لەرزۆکەکانی دەستی کرد بە کۆکردنەوەی شووشە شکاوەکانی سەر زەویەکە، لەو ساتەدا شووشەیەکی تیژ دەستی بڕی و خوێن بەسەر پەنجەکانیا ڕژا ..
ئەو کزی و بێ کاردانەوەییەی لە ناخەوە خەریک بوو ئەیخنکاندم. . بەتەواوی تاقەتی لێبڕی بووم. . کاتێک خوێنەکەم بینی دڵم لەرزی هەمان خوێنی سەر جەستەی دایکم بیر هاتەوە. ..بە پەرۆشەوە زۆر بەخێرایی دەستەکانیم گرت و ڕووم تێکرد :
— تۆ کوێریت ؟ نابینیت ئەوانە شووشەن؟! بۆچی تۆ ئەوەنە گەمژەیت!
تەنانەت بە یەک وشەش وەڵامی نەدامەوە ..بۆچی وەڵام ناداتەوە ؟ نە توڕە ئەبێت نە عاجز ئەبێت! باشە تۆ چ مرۆڤێکی خۆ مەیتی ناو گۆڕستان نیت؟! ئەم پیاوە زیاتر لە جەنازەیەکی بێدەنگ ئەچوو لەوەی لە مرۆڤێک بچێت.
ئەو ئیهمالیەی وەک ژەهر بەناو دەمارەکانمدا ئەگەڕا. ..هیچ شتێک نەبوو من نەم کردبێت تا ئەو پیاوە بهێنمە دەنگ. .بەڵام هەرگیز هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو.
خوایە گیان هەرگیز تێنەئەگەشتم لەوەی بۆچی ئەو بێدەنگیەی پێشتر خەونم پێوە ئەبینی ئێستا لە هاوارکردن زیاتر ئازاری هەبوو ؟؟ بۆچی ئەو بێدەنگیە لە ناخەوە تێکی ئەشکاندم؟ حەزم ئەکرد قسەیەک بکات. . هاوارێک بکات. . کەمێک بجوڵێت. . ژیانی تیابێت.
بەڵام ئەو وەک هەموو کاتێکی تر بە بێدەنگی بەهەنگاوی قورس ژوورەکەی جێهێشت.
لەسەر کورسیەکە دانیشتبووم دەستەکانم بەسەرمەوە گرتبوو، ئەمویست بە دەستەکانم پەستان بخەمە سەر مێشکم .. ئەمویست لەو ئازارە ناوەکیە ڕزگاری بکەم. . بەڵام نەم ئەتوانی ئەو ئازارە وەک مشەخۆرێک مێشکمی ئەخوارد .. وەک نەخۆشیەکی درم بەتەواوی جەستەمدا بڵاو ئەبۆوە.
سبەی کاتێک لەسەر باڵکۆنەکە دانیشتبووم بەدیار ئاوابوونی خۆری مانگی ئابەوە. .لەپڕ دەنگی زەنگی دەرکاکە لێدرا و ئەو بێدەنگیەی شکاند. . هەستام و هەنگاوم نا بۆ ئەوەی دەرگاکە بکەمەوە .. کاتێک گەیشتمە بەردەمی دەرگاکە پیاوێکی کەمێک کوتەباڵام بینی، دەستی ئەهێنا بەناو ڕیشە سپیی و درێژەکەی .. چاویلکەیەکی گەورەی لە چاو بوو، جەستە بێهێز و لاوازەکەی بەسەر گۆچانێکدا چەماندۆبوە.
چاوم بڕیە ناو چاوە کزەکانی و وتم:
— فەرموو ؟ کێی بەڕێزت ؟
بە زەردەخەنەیەکی هێمنەوە و بە دەنگێکی نوساو وتی:
— وتیان ئێرە ماڵی کچی نەوزادە. . تۆ کچی ئەویت ؟
بە هێنانی ناوی باوکم بەبێ ویستی خۆم ڕوخسام گرژبوو، بەڵام هەوڵم دا بیشارمەوە و وتم:
— بەڵێ کچی ئەوم.
پیاوە پیرەکە وتی:
— من ئامۆزای باوکتم.
لەژووری میوانەکە لەسەر قەنەفەکان دانیشتین و بەخێرهاتێکی گەرمم کرد پاشان بە دەنگێکی هێمن و کەمێک بەرز هاوارم کرد:
— باهۆز. . ئازیزم چایەک لێبنێ میوانمان هەیە.
پیاوە پیرەکە دەستە لەرزۆکەکانی خستە سەر یەک و وتی:
— تازە لە ئەوروپا گەڕاومەتەوە ویستم سەرێک لە باوکت بدەم. . بەڵام پێیان وتم بە نەخۆشی دڵ بیست ساڵ پێش ئێستا مردووە.
هەناسەیەکی قوڵم هەڵکێشا و وتم:
— بەڵێ له ڕاستیا ئەو زۆر نەخۆش بوو. پێشتریش جەڵدەی دڵ لێی دابوو بۆیە بەرگەی نەگرت و جاری داهاتوو بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێ کردین.
دوای ئەوەی باهۆز چاییەکانی هێنایە بەردەممان پیاوە پیرەکە ڕووی کردە باهۆز و وتی:
— دەست خۆش کوڕی گەنج ئەزیەتت کێشا
پاشان دەستی کرد بە تێکدانی پیاڵە چاییەکە و کەوچکەکەی بەهێواشی بەدەستەوە گرت و وتی:
— ئای بۆنی ئەم چاییە و ئەم کەوچکە زۆر شتم بیر ئەهێنێتەوە. . من و باوکت تەنیا ئامۆزا نەبووین ، ئێمە هاوڕێی گیانی بەگیانی یەکتربووین بە مناڵی.. ئەو داماوە هێشتا سوتانی کەوچکەکە بە سەر قاچیەوە دیار مابوو ؟
هەستم ئەکرد دنیا لەبەردەمم ئەخولێتەوە پرسیم:
— شوێنەواری کام کەوچک ؟
پیاوە پیرەکە بە چرپە ئاسایەک وتی:
— ئەو شوێنەوارەی لەسەرووی پەنجەکانی قاچیەوە بوو. . هەرگیز بۆی باس نەکردووی ؟
بە سەرسوڕمانەوە پرسیم:
— نەخێر .. ئەو هەرگیز باسی ڕابردوی نە ئەکرد.
پیاوە پیرەکە قومێکی لە چایەکە دا و وتی:
— نەوزاد… داماوە نەوزاد. دایکی (نەنکت) ژنێکی زۆر سەیر بوو. کاتێک نەوزاد مناڵ بوو، هەر کاتێک دەگریا نەنکت بێ ڕەحمانە لێی ئەدا. . هەمیشە ئەیوت بێدەنگ بە من حەزم لە ژاوە ژاو نیە ئەو ژاوە ژاوەت مێشکی تێک داوم ئەبێ ئەم ماڵە وەک گۆڕستان بێدەنگ بێت. .
پاشان بە دەستەلۆچەکانی پیاڵەکەی دانا و وتی:
— نەوزادی داماو هەمیشە بە جلی چڵکن و دڕاوەوە ئەهاتە دەرەوە ، مناڵەکان هەمیشە پێی پێئەکەنین و فیکەیی گاڵتەپێکردنیان بۆ لێ ئەدا.. ئەو ڕۆژە چووینەوە ماڵی ئێوە نەوزاد بە توڕەییەوە بە دایکی وت : تۆ بۆچی جلەکانم بۆ ناشۆریت ؟ بەڵام نەنکت ئەوەنەی لێدا تا هێزی تیا نەما دواتر کەوچێکی ناو پیاڵە چاییەکەی کردە سەر ئاگردانی ناو زۆپا دارەکە و پاشان خستیە سەرقاچەکانی باوکت. …ئای خوایە گیان قیژەی ئەو مناڵە بێتاوانە ئێستاش گوێیەکانم ئازار ئەدات کاتێک بیرم یەتەوە .
پیاوە پیرەکە کەوچکەکەی لە ناو پیاڵەکەدا هێنا و برد، دەنگە تەقەتەقەکەی وەک چەقۆ دەچوو بە مێشکمدا. لەناو خەیاڵەکانمدا سەیری پەنجەکانی قاچی باوکمم ئەکرد. . ئەو شوێنەوارە سووتاویەی کە پێم وابوو تەنیا کاری سوتفەیەک بووە. ..
پاشان پیاوە پیرەکە بەردەوام بوو:
— ئەو داماوە خۆ تاوانێکی نەبوو. . ڕقی لە بێدەنگی بوو. . ئەیویست کەمێک دەنگی ژیان لەناو ماڵەکەدا دروست بکات و گرنگی پێ بدرێت، بەڵام ئەگەر قسەی بکردایە دایکی لێی توڕە ئەبوو. . ئەگەریش داوای کارێکی لێ بکردایە تەنیا لێدانی ئەخوارد .
هەستم ئەکرد دڵم خەریکە لەناو قەفەزەی سنگم یەتە دەرەوە، بە دەنگێکی هێواش و هەناسەیەکی قورسەوە پرسیم:
— باشە نەنکم چۆن مرد ؟ باوکم هەرگیز باسی نەکردووە.
پیاوە پیرەکە دەستێکی بە ڕیشە درێژەکەیدا هێنا و وتی:
— کچەکەم. . ئێمە لە لادێ ئەژیاین ، ڕۆژێک باوکت بە هەناسەبڕکێوە ڕای کرد بۆلامان ، داماوە گیانی وەک چڵە دارێک ئەلەرزی و قسەی بۆ نەئەکرا. . پاشان وتی دایکم کەوتۆتە ناو کانیەکەوە کاتێک خەریکی جل شۆردن بووە و خنکاوە ، ئەو بێچارەیە تەنیا شانزە ساڵ بوو ئەوکاتە.
تاسانێک تەواوی جەستەمی داگرت، لە هەمان تەمەنی ئەوکاتەی باوکم بووم کاتێک حەبەکەم کردە ناو پیاڵە چایەکەی. . تەنیا شانزە ساڵ بووم. .. هەناسەم بۆ نە ئەدرا تەواوی جەستەم سڕبوو.
پیاوە پیرەکە گۆچانەکەی هەڵگرت و وتی:
— کچی خۆم تەنیا هاتم سەرێکت لێبدەم. . ماشاءالله تۆ چەن لە نەوزاد ئەچیت ! بەتەواوی هەموو شێوەت لەو ئەچێت . پاشان زەردەخەنەیەکی کرد و وتی ئەبێ من بڕۆم درەنگە.
دوای ئەوەی پیاوە پیرەکە ڕۆیشت، تەقەی دەرگاکە هەمان دەنگە ناخۆشەکەی دەرگائاسنەکەی جارانی بیر ئەهێنامەوە. ..بە بێدەنگی گەڕامەوە بۆ ژووری میوانەکە، پیاڵە چایەکەی بەردەمم بەدەستێکی لەرزۆکەوە هەڵگرت. . لە جیاتی وێنەی خۆم وێنەی باوکم تیا ئەبینی. . خوایە گیان دەستەکانم هیچی تر دەستی خۆم نین ئەوە دەستە زبرەکانی باوکمن. .هەستم ئەکرد ئەو چایە هەمان ڕووبارە کە نەنکمی تیا خنکا و دواتریش باوکم. ..بۆنی هەڵمی چاییەکە لە گازی خەردەل زیاتر جەستە و دڵی ئەسوتاندم ..
ئەو باوکەی چەن ساڵ پێش ئێستا پێم وابوو ناشتوومە ئێستا ڕوحی ئەو وەک هەمان مناڵە چڵکنەکەی جاران لەناو جەستەی مندا یاری ئەکرد… هاواری ئەکرد..ئەگیریا. . پێئەکەنی. . داوای دەنگی ژیانی ئەکرد ..خوایە گیان من ئێستا بووم بەو شتەی کە تەواوی تەمەنم ڕام ئەکرد لێی ؟
چاوەکانم بەدەستەکانم ئەسڕی ئەمویست دڵنیابمەوە لە وێنەی ناو پیاڵەکە ئەمویست خۆم ببینمەوە بەڵام ئەوەی ئەمبینی تەنیا وێنەی ئەو مناڵەبوو بە زەردەخەنەیەکەوە ڕووی تێ ئەکردم. ..ئەو مناڵەکەی کە کەوچکە چایەک ژیانی مناڵی لێ زەوت کرد و کەوچکە چایەک ژیانی لێ وەرگرتەوە…




لە جینۆسایدی کوردانی فەیلییەوە بۆ برینەکانی هەڵەبجە و ئازارەکانی ئەنفال.. شوان عەباس بەدری

ئەمرۆ ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلییە لەلایەن دەسەڵاتی بەعس و دارودەستەکەی سەدامەوە، هەرچەندە کووشت و کووشتار و راگواستنی کوردانی فەیلی و تەعریب کردنی ناوچەکانیان مێژوویەکی دێرێنی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق بەڵام با وای دانێین کە وا 46 ساڵ بەسەر ئەو راگواستن و کۆمەڵکوژییەدا تێدەپەرێت کە بنەماڵەکەی ئێمەش چ لە دیوی باوک و چ لە دیوی دایک بێ بەش نەبووین لەو راگواستن و زوڵم و زۆردارییە و بەتۆمەتی کوردبوون و شیعەبوون و ئێرانی بوون و چەندتۆمەتێکی تر دەست بەسەر موڵک و ماڵ و خان و دووکان و بوون و نەبوونیان گیرا و هەر بە جلەکانی بەریان ئاودیوی ئێران کران و خاڵیشمیان لەنیوەی ڕێگە داگرت و ڕەوانەی ئەبوغریبیان کرد(( بەشەرتێک کە خاوەنی رەگەزنامەی عوسمانی بوون))، کە لە راستیدا هۆکاری سەرەکی ئەو راگواستن و کۆمەڵکووژییەی بەرامبەر کوردانی فەیلی کرا خۆی لە یارمەتیدانی دارایی شۆرشی کورد و داڵدەدانی خەباتگێرانی ئەو سەردەمەی کورد لە بەغداد و ناوچەکانی تر دەبینییەوە و ئەوانەی شارەزای مێژووی عیراق بن دەزانن هەتا ساڵی 1980 شارەگی ئابووری عیراق لەژێر دەستی کوردانی فەیلی بووە و کەسانی بە ویژدانیش باش دەزانن کە یارمەتییە دارایی و لۆجێستییەکانی شۆڕش و خەبات چۆن چۆنی و لە کوێوە و لەلایەن چ کەسانێکەوە بە نهێنی دابین دەکرا، بەهەرحاڵ ئەوە مێژوویەکە و لەبەر ئەو کەسانەی کە هیچ شانازییەکیان لە ناو مێژووی ئەو سەردەمە نییە و بگرە کەس و کارەکەشیان لەو سەردەمە یان جاش بوون و یان لە گرووپی من حەقم چییە بوون و یان لەدوای ئەنفالەکان تەسلیم بوونەوە و ملی هەندەرانیان گرتەبەر و لەدوای راپەرین و بەتایبەتیش لەدوای رووخاندنی دەسەڵاتی بەعس و سەدام و بە تایبەتیتریش لە دوای ساڵانی 2009 و 2010 لە غەفڵەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک قارچکی ژەهراوی لەناو هەدوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان هەڵتۆقین و ئێستا کولفی کولن و بەئارەزووی خۆیان و لە بەرژەوەندی خۆیان مێژوودەنووسنەوە و پیتەکانی ئەو مێژووە پرشنگدارەی خەباتگێڕانی راستەقینەی کوردیان بە ماجیکی ڕەش ڕەشکردۆتەوەو لەژێر لمی بیابانی درۆکانیان شاردوویانەتەوە دەبێت بڵێن: تیشکی رۆژ بە بێژنگ ناگیرێت و رەنگە بۆماوەی چەند ساڵێک درۆ و ساختەچێتی زاڵ بێت بەسەر راستی و مێژووی راستەقینەدا بەڵام دڵنیابن هەمیشە و لە هەموو شوێنێک کەسانێکی بەویژدان هەن کە مێژوو هەربەو جۆرەی کە بووە بنووسنەوە !
لەکۆتاییشدا پێویستە بڵێن: ئێمەی کوردانی فەیلی و هەڵەبجەییەکان و کەس و کاری سەربەزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەمێک ساڵە تاقەتی پەیام و تاجەگوڵینەکانی لێپرسراوان و بەردەستی لێپرسراوانمان نەماوە و لەوپەڕی بێ ئومێدیمان لەبەرامبەر خەمخۆری دەسەڵاتی حزبی و حکومەتی کوردی هاواردەکەین: هەرهیچ نەبێت مێژوومان وەک خۆی بنووسنەوە و تکایە مەهێڵن قارچکە هەڵتۆقیوە ژەهراوییەکانی ناو حزبەکانتان جارێکی تر ناو و مێژووی کوردانی فەیلی و هەڵەبجەییەکان و کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بشێوێنن و خۆیان وەک پاڵەوانە خەمخۆرە بێ هاوتاکانی ناو مێژووی بەرخودان نمایش بکەن!
جینۆسایدی کوردانی فەیلی و برینەکانی هەڵەبجەو کیمیاوی بارانکردن و ئازارەکانی ئەنفال سێکۆچکەی مەزڵیوومییەتی کوردە و ئیتر ڕێگەمەدەن وەک ماستەرکارتێکی پڕ لە دۆلار و یۆرۆ و دینار لەلایەن هەندێک کەسەوە بەکار بهێنرێن!




یەکتایی.. ستار ئەحمەد

یەکتایی لە بنەڕەتدا نەک هەر دروشمێکی باوەڕیی نییە، بەڵکو گەورەترین و قووڵترین کەرەستەی ناسینی خودە لە ناو گەردوونێکی بێکۆتاییدا. یەکتایی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێدەکات کە مرۆڤ دەگاتە ئەو ڕاستییەی کە هەموو بوون یەک سەرچاوەی ڕووناکییە و ئەو ڕووناکییەش لە هەموو شوێنێکدا ئامادەیە، بەڵام تەنها لەو ناخەدا دەدرەوشێتەوە کە لە پەڵەی خۆپەرستیی ڕەها پاک بووبێتەوە. گەورەترین کۆسپ لە بەردەم گەیشتن بەم یەکتاییە، ئەو دیوارە ئەستوورەیە کە مرۆڤ لە دەوری خۆی دروستی دەکات؛ دیوارێک کە ناوی ڕەتکردنەوەی ڕاستی و سوور بوونە لەسەر هەڵە. کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئاستێک کە تەنها خۆی دەبینێت و بە هیچ ڕاستییەک لە دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندییەکانی خۆی قایل نابێت، لە ڕاستیدا لەو یەکتاییە گەردوونییە دادەبڕێت و دەبێتە تەنێکی دابڕاو و تاریک لە ناو ڕووناکیدا. ئەم حاڵەتە، کە دەکرێت ناوی بنێین تەلبەندی وشیاری، وای لە مرۆڤ کردووە ،کە لە مێژوودا هەمیشە دژی جوانی و ڕاستی بوەستێتەوە، نەک لەبەر ئەوەی تێناگات، بەڵکو لەبەر ئەوەی قبوڵکردنی ڕاستی پێویستی بە جۆرێک لە میهرەبانی و دەستبەرداربوون لە خودی درۆینە هەیە.
لە پێکهاتەی ئەم فەلسەفەیەدا، مرۆڤبوون بەستراوەتەوە بە توانای پاشەکشە لە هەڵە. ژیان تاقیکردنەوەیەکی بەردەوامە بۆ دەرخستنی بونیادی ناخ؛ تەنێک کە یان دەدرەوشێتەوە یان ژەنگ هەڵدەهێنێت. پێویستە بزانین کە هەڵە پێویستییەکی مرۆییە بۆ گەیشتن بە مەزنی خودا؛ چونکە مرۆڤ هەتا چێژی تاڵیی هەڵە نەکات، نرخی شیرینیی ڕاستی نازانێت. ئەو کەسەی کە بانگەشەی بێهەڵەیی دەکات و وا دەزانێت گەیشتووەتە لوتکەی زانین، لە ڕاستیدا لە هەموو کەس زیاتر نوقمی نەزانی بووە، چونکە بێ‌هەڵەیی تەنها خەسڵەتی ئەو سەرچاوە ڕەهایەیە کە گەردوون بەڕێوە دەبات. مرۆڤی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە لە ناو جەرگەی هەڵەکردنەوە، ڕێگەی ڕاستی دەدۆزێتەوە. لێرەدا پەشیمانی نیشانەی ئەقڵ و زانینە؛ چونکە پاشگەزبوونەوە ئەو دەرووە ورشەدارەیە کە مرۆڤ لە تاریکییەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو میهرەبانی. بە پێچەوانەوە، کەللەڕەقی نیشانەی نەزانی و چەقینە لە ناو تاریکیدا؛ کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئەو ئاستەی کە نایەوێت دان بە کەمیی خۆیدا بنێت و هەموو شتێک ڕەتدەکاتەوە، لە ڕاستیدا لە ناو گەورەترین بێباوەڕیدا دەژی، کە متمانە نەبوونی ویژدانییە بەرامبەر بە ڕاستی.
ئەم جۆرە لە خۆپەرستی و کەللەڕەقییە، ژەهرێکە کە نەک هەر گیانی تاک، بەڵکو مێژووی میللەتانیشی لەناو بردووە. یەکتایی ڕاستەقینە واتە گەیشتن بەو ئاستەی کە مرۆڤ تێیدا هەست بە میهرەبانییەکی ڕەها دەکات بەرامبەر بە هەموو بوون. ئەم بەسۆزییە وا لە مرۆڤ دەکات کە تەنانەت لە ناو ئازاردا، نوور ببینێت. هەر بۆیە دەبینین ئەو کەسانەی کە خاوەن ناخی پاکن، هەمیشە ئامادەن ئازار بچێژن بەڵام ڕاستی نەشارنەوە. ئازار مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ تاقیکردنەوەی چاوگی ناواخن؛ ئایا ژان دەمانگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی ژەنگن و داخراو، یان دەمانکاتە سەرچاوەیەکی فراوانتر بۆ خۆشەویستی و قبوڵکردنی گەردوون…؟ یەکتایی گەڕانەوەیە بۆ لای ئەو ناوەندە بێدەنگەی ناو ڕۆحمان کە تێیدا هەموو جیاوازییەکان دەتوێنەوە و تەنها ڕاستی دەمێنێتەوە. هەر مرۆڤێک کە بتوانێت خۆویستیی و بەرژەوەندی تووڕ هەڵدا و بە دیدەیەکی پاکیژ سەیری چوارچێوەی بکات، ئەو کەسە گەیشتووەتە واتای ڕاستەقینەی یەکتایی. ڕەگەنیزی و بێبڕوایی ڕاستەقینە لەوەدایە: کە مرۆڤ ڕاستی دەبینێت و بەمەست دەیشارێتەوە، کاتێک ئازاری ئەویتر دەبینێت و پێی خۆشە، کاتێک هەڵە دەکات و لە جیاتی پەشیمانی، سوور دەبێت لەسەر کردارەکانی.
بەکورتی، یەکتایی تەنها یەک واتا دەبەخشێت: ئازادیی گیان لە کۆت و پەیوەستی خۆپەرستی، و کرانەوەی دڵ بە ڕووی ئەو ڕاستییە ڕەهایەی کە لە هەموو گەردیلەیەکی خاک ،هەناسەیەکی مرۆڤدا ئامادەیە. ئەوەی فێری بێگەردی ئەم تاقیگەیە بێت، گەیشتووەتە ئەو ڕاستییەی کە هەموو مێژوو و ئەزموونی مرۆڤایەتی پێکهێناوە.

ستار ئەحمەد




ئەلتەرناتیڤی چەپ بۆ ژیریی دەستکرد.. ڕزگار ئاکرێی

پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی ژیریی دەستکرد AI دەرفەتێکی گەورەی بۆ بەکارهێنانەکانی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان نیگەرانیان دروستکردووە سەبارەت بە چۆنیەتی ئاراستەکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە. لە ڕوانگەی چەپگەرایی دیجیتاڵی، AI دەتوانێت ئامرازێکی شۆڕشگێڕانە بێت کە یارمەتیدەرە لە دووبارە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگا بەرەو دادپەروەری و یەکسانی زیاتر.
ئامانجی ئەم بینینە ئازادکردنی AI لە سنوورەکانی بازاڕی سەرمایەداری و ئاراستەکردنی بۆ خزمەتکردنی هەموو مرۆڤایەتی، گۆڕینی بۆ ئامرازێک بۆ باشترکردنی کوالیتی ژیان، ئازادکردنی خەڵک لە کاری قورسی ڕۆتینی و پەرەپێدانی داهێنانی مرۆڤ لە هەموو بوارەکاندا.
بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، بە کەمترین هەوڵی مرۆڤ پێداویستی زۆرینەی دانیشتوان دابین بکرێت و کاڵا و خزمەتگوزاری و زانیاری بە فراوانی دابین بکرێت، هەندێک جار تەنانەت بە خۆڕایی، بەبێ پشت بەستن بە کرێی چڕ یان پێکهاتەی بیرۆکراتی تەقلیدی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ئەگەرانە سنووردار دەکرێن و بەکاردەهێنرێن بۆ زیادکردنی قازانج، کەمکردنەوەی مووچە و قوڵکردنەوەی هەژموونی چینایەتی و ئایدۆلۆژیا، نەک بۆ ئازادکردنی خەڵک لە چەوساندنەوە.
ئەمڕۆ، AI تەنها ئامرازێکی نوێ نییە لە دەستی سەرمایەدا، بەڵکو لە بنەڕەتدا ڕەنگدانەوەی گۆڕانێکی چۆنایەتییە لە سروشتی بەرهەمهێنان و خستنەڕووی سنوورە پێکهاتەییەکانی سەرمایەداری. زۆرێک لە ئەپڵیکەیشنەکان و پلاتفۆرمەکانی دیجیتاڵ، لە چاپی سێ ڕەهەندیەوە تا سیستەمی هەرەوەزی، بەرهەمهێنانی ماڵەوە، ئۆتۆماتیکی بەکۆمەڵ و لابردنی نێوەندگیرانی سەرمایەداری لە هەندێک کەرتدا، ئەوە دەسەلمێنن کە کۆمەڵگا ئێستا بە شێوەیەکی کاریگەر خاوەنی ئەو ئامرازانەی هەیە کە دەتوانێت ڕێگە بە رێکخستنەوەی سوسیالیستی ئابووری بدات بە شێوەیەکی ئاسۆیی، بەشداربووانە و لەسەر بنەمای کۆمەڵگە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم گۆڕانکارییە هێشتا سنووردار و خنکێنراوە لەلایەن پێکهاتە قۆرخکارییەکانەوە کە تەکنەلۆژیا زاڵ دەبن و ئاراستەی قازانج دەکەن نەک قازانجی کۆمەڵایەتی.
لە بەشەکانی داهاتوودا، دەزانین چۆن دیدگایەکی سۆسیالیستی چەپ، بەتایبەتی چەپگەری دیجیتاڵی، دەتوانێت ژیریی دەستکرد وەک هێزێکی ئازادیخواز پێناسە بکات کە خزمەت بە بەها مرۆڤایەتی و پێشکەوتووەکان دەکات. هەرچەندە ئەم بیرۆکانە تەنیا چوارچێوەیەک بۆ دیالۆگی بەکۆمەڵ لەناو چەپدا بوون. پێشنیارکردنی بەدیلێکی لەم شێوەیە پێویستی بە گفتوگۆیەکی فراوان هەیە لە نێوان بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتووخواز و چالاکوانەکان و تاکەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
بە پێشکەشکردنی ئەم بیرۆکانە، ئامانج پێشکەشکردنی چارەسەری ئامادە نییە، بەڵکو کردنەوەی گفتوگۆیە لەسەر ئەولەویاتی بەپەلە. ئەم ئەولەویەتانە دەبێت وەک بانگهێشتێکی کراوە بێت بۆ بەشداریکردن لە گەشەپێدانی دیدێکی چەپی دیجیتاڵی لەسەر بنەمای خاوەندارێتی کۆمەڵی ژیریی دەستکرد بە تایبەتی و تەکنەلۆژیا بە گشتی، لە ڕێگەی هەوڵێکی چەپی جیهانی ڕێکخراو.

  1. پەرەپێدانی سیستەمی AI چەپ، بێلایەن و سەرچاوەکراوە.
    وەک چارەسەرێکی گونجاو، پەرەپێدانی سیستەمی AI بێلایەن، دیموکراتی و سەرچاوەکراوە یەکێکە لە ستراتیجیە سەرەکیەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی دەوڵەت و کۆمپانیا گەورەکان بەسەر AI. ئەم سیستەمانە دەبێت بە شەفافییەت و سەربەخۆیی بەڕێوە ببرێن، تا ئەوپەڕی توانا لە بەرژەوەندییە مۆنۆپۆلی سەرمایەدارییەکان دوور بخرێنەوە، بۆ دڵنیابوون لە بەکارهێنانیان لە خزمەتی خەڵکدا.
    بەدەستهێنانی ئەمە پێویستی بە هەوڵ و هەماهەنگی هەیە لە نێوان ڕێکخراوە چەپەکان، پێشکەوتووخواز و مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا، بۆ داکۆکیکردن و کارکردن بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیا بکاتە ئامرازێک کە دیموکراسی، ئازادی و یەکسانی بەهێز بکات لە ژێر داینامیکی دەسەڵاتی چینایەتی ئێستادا.
    سیستەمەکانی سەرچاوە کراوە دەرفەتێک بۆ خەڵک و ڕێکخراوە چەپەکان/پێشکەوتووخواز دەڕەخسێنن بۆ بەشداریکردن لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی بەهاکانیان بێت. تاکەکان یان گرووپەکان دەتوانن دەستیان بە کۆدی سەرچاوە بگات و لە چۆنیەتی کارکردنی سیستەمەکان تێبگەن و ئازادانە دەستکاری بکەن و باشتریان بکەن. ئەم شێوازە دەتوانێت خاوەندارێتی و داهێنانی کۆمەڵ بەهێز بکات، پاڵپشتی شەفافییەت بکات و بەشێک کۆنترۆڵی دەوڵەت و کۆمپانیا قۆرخکارەکان هەڵبوەشێنێتەوە. دەستگەیشتنی گشتی ئەم سیستەمانە بۆ پێداچوونەوە هەروەها مەترسی دەستکاریکردنی ئایدۆلۆژی یان ئەجێندای شاراوە کەم دەکاتەوە و وایان لێدەکات زیاتر باوەڕپێکراو و سەربەخۆ بن لە بەرژەوەندییە تەسکەکانی سەرمایەداری.
    هەروەها پاسەوانی بۆ پاراستنی داتا و تایبەتمەندی دابین دەکات. بە چالاککردنی پێداچوونەوە بە کۆدی سەرچاوە، دەتوانرێت لایەنگری شاراوە و دەستکاریکردن کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی چینی فەرمانڕەوا دەکات بناسرێتەوە.
    دروستکردنی شەفافییەت و متمانە بە AI هەنگاوی یەکەمی گرنگە بۆ گۆڕینی تەکنەلۆژیا بۆ ئامرازێکی ئازادیخواز.
    چارەسەری کۆتایی کە دەبێت لە درێژخایەندا تێبکۆشین لە هەماهەنگی جیهانی نێوان رێکخراوەکانی چەپ و پێشکەوتنخواز و مافەکانی مرۆڤە بۆ پەرەپێدان و پەرەپێدانی جێگرەوەیەکی چەپ و پێشکەوتووخواز و شەفاف بۆ AI، دڵنیابوون لەوەی کە تەکنەلۆژیا دەبێتە موڵکی کۆمەڵ، لەژێر چاودێری و ئاراستەی گشتی، هاوتەریب لەگەڵ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، یەکسانی، بەها دیموکراسیەکان، و فرەیی ڕۆشنبیری.
    لەجیاتی ئەوەی AI ببێتە بواری تایبەت بە دەوڵەتە دەوڵەمەندەکان و کۆمپانیا قۆرخکارەکان، دەبێت ببێتە ئامرازێکی پێشکەوتووخواز و جەماوەری کە یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە جیهانییەکان و ناوخۆییەکانی وەک هەژاری و چەوساندنەوە، بەدەستهێنانی یەکسانی و دادپەروەری، بەهێزکردنی دیموکراسی، چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا، و پەرەپێدانی سیستەمی تەندروستی و پەروەردەی گشتگیرتر و دادپەروەرانەتر.
    بەم شێوەیە ژیریی دەستکرد دەبێتە پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازی جیهانی، دووبارە پێناسەی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و تەکنەلۆژیا بەپێی بەها سۆسیالیستییەکان دەکات و دەرگا دەکاتەوە بۆ مۆدێلێکی نوێ کە تێیدا تەکنەلۆژیا لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بێت.
    تاوەکو مۆدێلی چەپی پێشکەوتووخوازی AI بەتەواوی بەدی نەهێنرێت، تەکنەلۆژیای ئێستا دەبێت لەژێر چاودێری یاسایی نێودەوڵەتی سەربەخۆ و مافەکانی مرۆڤ بێت بۆ دڵنیابوون لە شەفافییەت و دادپەروەری. ئەم چاودێریکردنە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی دەستکاریکردنی سەرمایەداری لە تەکنەلۆژیا وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ دووبارە ئاراستەکردنی بۆ خزمەتی خەڵک لە ژێر پاسەوانی گونجاودا.
  2. ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەلایەتی و برەودان بە یەکسانی لە بازاڕی کاردا
    ژیریی دەستکرد، ئەگەر لە چاویلکەی پێشکەوتووخواز، سۆسیالیست-چەپەوە ئاراستە بکرێت، دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی بەهێز بۆ ئازادکردنی مرۆڤایەتی و بەدەستهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، لە ڕێگەی شیکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزەکان و دابینکردنی چارەسەری کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانی ئابووری و چەوساندنەوەی چینایەتی. بەڵام بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە ئۆتۆماتیکی نییە. پێویستی بە ئاراستەکردنی میکانیزمەکان و تواناکانی هەیە بۆ چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی هەژاری و بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و جیاکاری کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی بتوانێت بەڕاستی خزمەتی خەڵک بکات.
    AI هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چاودێریکردنی ئەم جیاوازیانە لە ڕێگەی سیستەمی پێشکەوتووی شیکردنەوەی داتا، ڕێگە بە دیاریکردنی گروپە هەژارەکان دەدات و سیاسەتی دادپەروەرانە ئاراستە دەکات بۆ ڕاستکردنەوەی ناهاوسەنگیی پێکهاتەیی لە دابەشکردنی سامان و خزمەتگوزاری.
    لەم چوارچێوەیەدا، حکومەتە پێشکەوتووەکان و دامەزراوە چەپەکان دەتوانن ئەم تەکنەلۆژیایانە بەکار بهێنن بۆ داڕشتنی پرۆگرامەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی دادپەروەرانەتر و سیستماتیکتر، بە بەکارهێنانی مۆدێلی داتای ورد بۆ دیاریکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان، بەم شێوەیە دەرفەتی یەکسان و کەمکردنەوەی نایەکسانی چینایەتی و بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
    بەدیلی چەپ بۆ AI جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بیکات بە ئامرازێک بۆ ئازادکردنی خەڵک لە کاری ماندووکەر و دووبارە، لە هەمان کاتدا دەستەبەرکردنی دابینکردنی کاری شکۆمەند و جێگیر بە مووچەی یەکسان. بەکارهێنانی دادپەروەرانەی ئۆتۆماتیک دەتوانێ کاتژمێرەکانی کارکردن کەم بکاتەوە و کاتی زیاتر بدات بە تاکەکان بۆ گەشەی کەسایەتی، بەشداری کۆمەڵگە، و چێژ وەرگرتن لە ژیان، لەجیاتی ئەوەی لە بازنەی چەوساندنەوەی چڕی سەرمایەداریدا گیریان خواردبێت.
    لەم مۆدێلەدا، بازاڕی کار دەبێتە فەزایەکی دادپەروەرانەتر و ئازادتر، جیاکاری لەسەر بنەمای جێندەر، ڕەگەزی، ئایین و تەمەن لە ڕێگەی سیستەمی هەڵسەنگاندن لەسەر بنەمای لێهاتوویی و شارەزایی، سەربەخۆ لە لایەنگری کۆمەڵایەتی یان ئایدۆلۆژی. دەبێتە میکانیزمێک بۆ دەستەبەرکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان، لەگەڵ ژینگەیەکی کار کە خۆشگوزەرانی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری وەک یەک باشتر دەکات.
    سەرەڕای ئەوەش، AI دەتوانێت ئامرازێکی بەهێز بێت بۆ پاڵپشتیکردنی ڕێکخستنی کرێکاران و چالاکی سەندیکا، لە ڕێگەی پەرەپێدانی ئەپڵیکەیشنەکان کە یارمەتی کرێکاران دەدات سەندیکای دیجیتاڵی دروست بکەن، تۆڕی هاوسۆزی دروست بکەن، توانایان بۆ دانوستان لەگەڵ خاوەنکارەکان بەهێز بکەن، داوای مافەکانیان بکەن و هەلومەرجی کارکردن باشتر بکەن.
    لە کۆتاییدا، AI دەتوانرێت بۆ پەرەپێدانی پرۆگرام بەکار بهێنرێت کە توانای دزەکردنی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و سەپاندنی مانگرتنی دیجیتاڵی هەیە، بە تێکدانی سیستەمی بەرهەمهێنان لەناو کۆمپانیاکان یان دامەزراوە حکومییەکان کە مافی کرێکاران پێشێل دەکەن یان چالاکی سەندیکاکان قەدەغە دەکەن. لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا کە کرێکاران لە مافی خۆڕێکخستن و مانگرتن بێبەش دەکەن، ئەمە دەبێتە دوایین چارەسەر بۆ ناچارکردنی ئەو قەوارانە بۆ پێدانی مافی زیاتر بە هێزی کارەکانیان.
  3. ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێکی پراکتیکی بۆ ئازادی زانستی و بەهێزکردنی داهێنان
    لەجیاتی ڕێگەدان بە ژیریی دەستکرد بۆ لاوازکردنی تواناکانی مرۆڤ و بەرهەمهێنانی نەوەیەک کە زۆر پشت بە تەکنەلۆژیا دەبەستێت، دەتوانرێت ئاراستەی بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ ئازادی زانستی و پەرەپێدانی داهێنان. AI نابێت بەتەواوی جێگەی بیرکردنەوەی مرۆڤ بگرێتەوە، بەڵکو دەبێت یارمەتیدەر بێت لە فراوانکردنی تواناکانی مرۆڤ، توانای دەستگەیشتن بە ئامرازەکانی زانیاری پێشکەوتوو و ئازادکردنی کات لە ئەرکە ڕۆتینییەکان، بەم شێوەیە ڕێگە بە خەڵک دەدات تەرکیز لەسەر داهێنان و کاری داهێنەرانە بکەن.
    لەجیاتی بەهێزکردنی پشت بەستن و زۆر پشتبەستن، بە تەڵەی ئالوودەبوونی دیجیتاڵیشەوە، AI دەتوانرێت بۆ یارمەتیدان دیزاین بکرێت نەک جێگرتنەوەی توانای مرۆڤ. دەتوانرێت سیستەمی AI سەرچاوە کراوەی پێشکەوتوو پەرە پێبدرێت بۆ هاندانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و داهێنەرانە، هانی بەکارهێنەران دەدات بە سەربەخۆیی زانیاری بدۆزنەوە بە هاندانی پرسیاری شیکاری نەک تەنها پێشکەشکردنی وەڵامی ئامادە. ئەم سیستەمانە دەتوانن بیرۆکەی توێژینەوە پێشنیار بکەن، داتا شیبکەنەوە بۆ پشتگیری کردنی هۆکاری استنتاجی، و هاندانی بەکارهێنەران بۆ دروستکردنی بیری ڕەسەن، نەک بەکارهێنانی پاسیڤی زانیاری.
    بەدیلی چەپ هانی بەکارهێنانی AI دەدات بۆ بەهێزکردنی توێژینەوەی زانستی هاوبەش لە ڕێگەی ئاسانکردنی ئامرازەکانی شیکردنەوەی داتای گەورە بۆ زانایان و توێژەرانی سەربەخۆ. ئەمە دەتوانێت داهێنانی زانستی لە بوارەکانی وەک پزیشکی، چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکان و دەگمەنەکان، کۆمەڵناسی، وزەی نوێبووەوە، پاراستنی ژینگە و شتی تر خێراتر بکات.
    دەتوانرێت پڕۆژەی هاوبەشی AI دابمەزرێنرێت بە بەشداری کرێکاران، ژنان، ئەندازیاران، توێژەران و چالاکوانانی کۆمەڵایەتی، دڵنیابوون لەوەی کە تەکنەلۆژیا لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی بەکار دەهێنرێت. زۆر گرنگە تەکنەلۆژیای AI وەک خزمەتگوزاری گشتی تەواو بەخۆڕایی دابین بکرێت، کە دەستگەیشتن بە هەموو تایبەتمەندیەکان، سەرەتایی و پێشکەوتوو، کە پاڵپشتی داهێنان دەکات لە هەموو بوارەکاندا، بەبێ باری تێچوونی زۆر.
  4. چاودێری کۆمەڵگا لەسەر ژیریی دەستکرد
    بەدیلی چەپ بۆ AI هەوڵ دەدات چاودێری شەفاف و دیموکراتی کۆمەڵگا بەسەر تەکنەلۆژیا، بەتایبەتی ژیریی دەستکرد، بسەپێنێت بۆ دڵنیابوون لەوەی بەکارهێنانی دادپەروەرانە و دادپەروەرانە. چاودێریکردنی کاریگەر پێویستی بە دووبارە دابەشکردنەوەی هێزی دیجیتاڵی هەیە بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیا ببێتە خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی و بۆ خزمەتکردنی خەڵک بەکار بهێنرێت، نەک لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانەوە قۆرخ بکرێت.
    ئەمە پێویستی بە دروستکردنی دامەزراوە و پلاتفۆرمی بەشداربوو هەیە کە ڕێگە بە خەڵک دەدات لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی دیزاین و جێبەجێکردنی ئەلگۆریتمەکان بکات و شەفافییەت بەرز بکاتەوە و بەکارهێنەران تێبگەن کە ئەم تەکنەلۆژیایانە چۆن کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان هەیە. دەزگاکانی چاودێری جەماوەری دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دابمەزرێنرێن، لەوانە نوێنەرایەتی فراوانی کرێکاران، ئەکادیمیەکان، داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و شارەزایانی تەکنیکی، بۆ دڵنیابوون لە بێلایەنی و دادپەروەری لە پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی سیستەمەکانی AI.
    سەرەڕای ئەوەش، یاسا و ڕێنمایی ناچار دەبێت پێشکەش بکرێت کە داوا لە پەرەپێدەران بکات بەهاکانی دادپەروەری و یەکسانی لە قۆناغی دیزایندا جێگیر بکەن، لەگەڵ پێداچوونەوەیەکی زۆرەملێ کۆمەڵگا پێش ئەوەی هەر سیستەمێک بە بازاڕ بکرێت.
    گەشەپێدەران دەبێت ناچار بن هەر سیستەمێکی لایەنگری کە زیانی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە بگۆڕن یان بوەستێنن، وە نابێت هیچ تەکنەلۆژیایەک بەبێ پێداچوونەوەیەکی ورد بۆ دڵنیابوون لەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر گروپە پەراوێزخراوەکان نابێت یان نایەکسانی چینایەتی بەهێز ناکات.
    سەرەڕای ئەوەش، دەزگاکانی چاودێری دەبێت دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان پێبدرێت بۆ پێداچوونەوە بە بەردەوامی ئەلگۆریتمەکان و چاودێریکردنی لایەنگیرییە چەسپێنراوەکان کە لەوانەیە ببێتە هۆی جیاکاری یان چەوساندنەوە. هەروەها دەبێت ئەم دەزگایانە دەسەڵاتی سەپاندنی ستانداردی یاساییان هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی AI وەک ئامرازێک بۆ بەردەوامی نایەکسانی یان زاڵبوونی چینایەتی.
  5. دووبارە بنیاتنانەوەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد
    دووبارە ڕێکخستنەوەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن کۆڵەکەیەکی سەرەکی تێڕوانینی چەپەکانە بۆ AI. ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانرێت بۆ بنیاتنانی سیستەمی پلاندانانی ناوەندیی دیموکراتی لەسەر بنەمای داتای دروست و پرەنسیپە سۆسیالیستییەکان بەکار بهێنرێت، کە ڕێگە دەدات سەرچاوەکان بە شێوەیەکی کاریگەر تەرخان بکرێن بۆ دابینکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگا بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەوپەڕی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
    ئەم سیستەمانە پشت بە شیکردنەوەی ورد بۆ خواست و بەکارهێنان دەبەستن، توانای بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری پێویست لەسەر بنەمای پێداویستی ڕاستەقینە و دوورکەوتنەوە لە زیادەڕۆیی بەرهەمهێنان کە تایبەتمەندی سیستەمی سەرمایەداری دەکات. سیستەمێکی سۆسیالیستی دیموکراتی کە بە AI بەڕێوە دەچێت، دەتوانێت هاوسەنگییەک لەنێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێنان بەدەست بهێنێت و سەرچاوەکان بە دادپەروەرانە دابەش بکاتەوە بۆ زیادکردنی سوودەکانی تواناکانی بەردەست.
    AI دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە دووبارە داڕشتنەوەی زنجیرەی دابینکردن بە کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان، ئاراستەکردنی بەرهەمهێنان بەرەو ئەو ناوچانەی کە زۆر خزمەتیان پێنەکراوە، و پەرەپێدانی بەردەوامی ژینگەیی بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە و ماددە خاوەکان. سیستەمە لۆجیستییە زیرەکەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن لە دابەشکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەکی کاراتر و دیاریکردنی باشترین ڕێگا بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن، دەستەبەرکردنی دەستگەیشتنی دادپەروەرانە بەبێ دەستکاریکردنی بازاڕ یان کۆنترۆڵی قۆرخکاری.
    لەگەڵ ئەوەشدا، AI دەتوانێت شەفافییەت لە بەرهەمهێنان و دابەشکردندا بەهێز بکات بە بەدواداچوونی چۆنیەتی تەرخانکردنی سەرچاوەکان و دڵنیابوون لەوەی لەگەڵ ئەولەویاتی کۆمەڵگادا هاوتەریب دەبن.
    AI هەروەها توانای شۆڕشی بەرهەمهێنانی هەرەوەزی و کۆمەڵایەتی هەیە. دەتوانێت هاوکاری و پڕۆژەکانی کۆمەڵگە بەهێز بکات بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکانە کە کارایی کارکردن باشتر دەکات، تێچووی کەمتر دەکاتەوە و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان لەنێوان ئەنداماندا دەستەبەر دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، تەکنەلۆژیا دەبێتە ئامرازێک بۆ بنیاتنانی ئابووری هاوپشتی، یارمەتیدانی کۆمەڵگە هەژارەکان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی هاوبەش و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوە بەردەستەکان، ئازاد لە چنگی سەرمایەی مۆنۆپۆلی.
  6. ژیریی دەستکرد بۆ دادپەروەری جێندەر
    هێزە چەپەکان، فێمینیستەکان و مافەکانی مرۆڤ دەبێت چالاکانە کار بکەن بۆ دیزاین و پەرەپێدانی سیستەمەکانی AI کە دادپەروەری جێندەر بەرز دەکاتەوە و پشتگیری یەکسانی تەواو دەکات. بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە، پێویستە نوێنەرایەتی هاوسەنگ بۆ ژنان لە تیمەکانی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا هەبێت، یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی لایەنگری جێندەر کە لە ئەلگۆریتمەکاندا جێگیر کراوە. هەروەها دەبێت فشار هەبێت بۆ سەپاندنی ئەو سیاسەتانەی کە هەمەچەشنی جێندەر لە هەموو قۆناغ و ئاستەکانی دیزاین و پەرەپێدانی AI دەسەپێنێت، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی زاڵبوونی پیاوان لە بوارەکەدا.
    سەرەڕای ئەوەش، ئەلگۆریتمەکان دەبێت لەسەر داتای گشتگیر و هەمەجۆر ڕابهێنرێن کە ئەزموون و ڕۆڵی ژنان بە شێوەیەکی تەواو و ناکڵێشەیی ڕەنگ دەداتەوە. ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ شکاندنی قاڵبی ڕەگەزی نەریتی کە لەلایەن پێکهاتەی پیاوسالاریەوە بەهێز دەکرێت. پێویستە حکومەتەکان فشار بخەنە سەر یاسایەک کە داوا لە کۆمپانیاکان دەکات ڕاپۆرتی شەفاف لەسەر جیاوازی جێندەر لە تیمەکانی تەکنەلۆژیا و پرۆگرامەکانیاندا بڵاو بکەنەوە.
    پێوانەی هەڵسەنگاندن دەبێت بگۆڕێت بۆ جەختکردنەوە لەسەر “یەکسانی جێندەر” لە ئەدای سیستەمدا نەک تەنها کارایی تەکنیکی.
    هەروەها دەتوانرێت AI بۆ پشتگیری کێشەکانی ژنان و پەرەپێدانی یەکسانی جێندەر بەکار بهێنرێت لە ڕێگەی پەرەپێدانی سیستەمی شیکاری پێشکەوتوو کە جیاکاری لە شوێنی کار دەدۆزێتەوە. هەروەها دەتوانێت پشتگیری ئەو سیاسەتانە بکات کە مافەکانی ژنان لە پەروەردە، چاودێری تەندروستی و گرتنەخۆی ئابووری و سیاسی بەهێز دەکەن. سەرەڕای ئەوەش، تەکنەلۆژیای AI دەتوانرێت بۆ شیکردنەوەی جیاوازی مووچەی جێندەر لە ڕێگەی سیستەمی زیرەکی ڕاهێنراو لەسەر داتای بازاڕی کار بەکار بهێنرێت، یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەشەپێدانی سیاسەتی دادپەروەرانەتر کە دادپەروەری مووچە و یەکسانی جێندەر بەدەست دەهێنێت.
    ڕێکخراوەکانی چەپ و فێمینیست و مافەکانی مرۆڤ دەبێت گوتارێک وەربگرن کە تەکنەلۆژیا وەک ئامرازێکی ئازادیخواز بۆ یەکسانی جێندەر پێناسە بکات، نەک جیاوازی بەرهەم بهێنێت. ئەمە بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی کڵێشەی بەستراو بە سیستەمی خزمەتگوزاری و دەنگ و پەرەپێدانی یاریدەدەری زیرەک کە ڕەنگدانەوەی بەها پێشکەوتووەکانی وەک دادپەروەری و یەکسانی، داننان بە ژنان وەک هاوبەشێکی تەواو و یەکسان لە بنیاتنانی کۆمەڵگادا.
    لەگەڵ ئەوەشدا، زمانی پیاوسالار دەبێت لە سیستەمەکانی AI لاببرێت و زمانی بێلایەنی جێندەر پەرە پێبدرێت بۆ یارمەتیدان لە هەڵوەشاندنەوەی لایەنگری ڕەگەزی. ئەمە دەتوانرێت بە دیزاینکردنی ئەلگۆریتمەکان بەدەست بهێنرێت لەسەر بنەمای داتای زمانەوانی گشتگیر و هەمەجۆر کە ڕەنگدانەوەی کڵێشەی ڕەگەزی تەقلیدی نییە.
    ئامرازەکانی AI هەروەها دەتوانرێت پەرە پێبدرێت بۆ پێداچوونەوە بە دەقەکان و شیکردنەوەی گفتوگۆ بۆ نەهێشتنی جیاکاری زمانەوانی یان ڕەگەزی، یارمەتیدەر دەبێت بۆ دووبارە شێوەکردنی زمانی سیستەمە زیرەکەکان بۆ گشتگیرتر و دادپەروەرانەتر، و بەرزکردنەوەی ڕێز و یەکسانی لە دەربڕین و پەیوەندیدا.
    ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە یارمەتیدەر دەبن بۆ بنیاتنانی دیدگایەکی جێگرەوە کە پەیوەندی نێوان AI و دادپەروەری جێندەر دووبارە پێناسە دەکاتەوە، کە تێیدا تەکنەلۆژیا دەبێتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ بەهێزکردن و ئازادی، و پشتگیری یەکسانی و دادپەروەری تەواوی جێندەر دەکات.
  7. ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ
    ژیریی دەستکرد دەبێت ببێتە ئامرازێک بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ، نەک بۆ سنووردارکردن یان پێشێلکردنیان. بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە، پێویستە دەستپێشخەری چەپی پێشکەوتووخواز بگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە شەفافییەت و چاودێری و بەکارهێنانی AI بە شێوەیەک کە دادپەروەری و یەکسانی بەرز بکاتەوە، لەجیاتی ئەوەی لەلایەن ڕژێمە دیکتاتۆرەکان و کۆمپانیا گەورەکانەوە بۆ چاودێریکردنی تاکەکان و سەرکوتکردنی ئازادییەکان بەکار بهێنرێت.
    پێویستە چوارچێوەی یاسایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی توند دابمەزرێنرێت بۆ بە تاوان ناساندنی بەکارهێنانی AI لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، چ لە ڕێگەی چاودێریکردن، بە ئامانجگرتنی بەرهەڵستکاران و چالاکوانان، یان سانسۆری دیجیتاڵی کە دەبێتە هۆی دەستگیرکردنی دیجیتاڵی و کوشتنی دیجیتاڵی و سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین.
    هەموو کاربەرنامەکانی AI دەبێت ڕێز لە بنەماکانی دادپەروەری و مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ بگرن کە لە دەستوورە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە. ئەپڵیکەیشنەکانی AI لەسەر بنەمای ئاسایش دەبێت لەژێر پێداچوونەوەیەکی دادوەری سەربەخۆدا بن، لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری بکەن لە هەڵسەنگاندنی ئەو مەترسیانەی ئەم سیستەمانە بۆ ئازادییەکان دروست دەکەن. پێویستە تۆڕی هاوپشتی جیهانی پێکبهێنرێت بۆ چاودێریکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و بایکۆتکردنی ئەو کۆمپانیایانەی تەکنەلۆژیای چاودێری بە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان دەفرۆشن و بیانخەنە لیستی ڕەشی نێودەوڵەتی.
    بۆ دڵنیابوون لە بەرپرسیارێتی، سیستەم و پرۆگرامەکانی AI سەرچاوە کراوە دەبێت لەلایەن دامەزراوە سەربەخۆکان کە لە نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ پێک هاتوون، پەرە پێبدرێت و بەڕێوە ببرێن، لەگەڵ چاودێری دیموکراتی بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنان لەلایەن حکومەتەکان، کۆمپانیا قۆرخکارەکان، یان ڕژێمە دیکتاتۆرەکان. ئەم سیستەمانە دەتوانرێت بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەکار بهێنرێن لە ڕێگەی ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان، چاودێریکردنی ئەدای حکومەت و شیکردنەوەی داتاکان بۆ ئاشکراکردنی کردارە سەرکوتکەرەکان.
    بەهێزکردنی ڕۆڵی رێکخراوەکانی چەپ، پێشکەوتنخواز و مافەکانی مرۆڤ لە چاودێریکردنی بەکارهێنانی AI زۆر گرنگە. دەتوانرێت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێکبهێنرێت بۆ فشار خستنە سەر بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ زاڵبوون و سەرکوتکردنی دیجیتاڵی.
    AI هەروەها دەتوانێت ئامرازێکی کاریگەر بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی چاودێری دیجیتاڵی لە ڕێگەی پشتیوانیکردن لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نهێنی و پەیوەندی پارێزراو بۆ پاراستنی چالاکوانان و بەرهەڵستکاران، هەروەها چاودێریکردنی حکومەتە دیکتاتۆرەکان و ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ.
    هەروەها بەرزکردنەوەی هۆشیاری گشتی سەبارەت بە مەترسییەکانی چاودێری و کۆنتڕۆڵی دیجیتاڵی زۆر گرنگە، لەگەڵ دەرکردنی یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی تایبەتمەندی و دابینکردنی ئامرازێک بۆ یارمەتیدانی تاکەکان بۆ پاراستنی داتاکانیان و دەستەبەرکردنی ئازادی ڕادەربڕین لە بۆشاییە دیجیتاڵییەکاندا.
  8. بەرەو بەدیلێکی ژینگەیی سۆسیالیستی بۆ ژیریی دەستکرد
    ژیریی دەستکرد دەبێت بەرەو پاراستنی ژینگە بگۆڕدرێت، ئامانجێک کە تەنها لە چوارچێوەیەکی سۆسیالیستی دا بەدی دێت کە پەیوەندی نێوان تەکنەلۆژیا و سروشت دووبارە پێناسە دەکاتەوە، دوور لە لۆژیکی بازاڕی سەرمایەداری کە ئێستا پەرەی سەندووە.
    جێگرەوەیەکی چەپ بۆ AI دەبێت هەوڵ بدات تەکنەلۆژیا لە کۆنتڕۆڵی سەرمایەداری ئازاد بکات و بیکاتە ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان بە شێوەیەکی دیموکراتی و کۆمەڵایەتی. بەکارهێنانەکانی دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، کەمکردنەوەی کاریگەری ژینگەیی بەرهەمهێنان و دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان خزمەت بکات، لەجیاتی بەهێزکردنی مۆدێلی سەرمایەداری بەرهەمهێنانی بێسنوور کە هاوسەنگی ژینگەیی تێکدەشکێنێت.
    لە مۆدێلی چەپدا، AI وەک میکانیزمێک بۆ پلاندانانی ئابووری هۆشیارانە خزمەت دەکات. توانای شیکاری بەکاردەهێنرێت بۆ ڕێکخستنی بەرهەمهێنان لەگەڵ پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگا، نەک خواستی بازاڕ و کێبڕکێ، کە بەردەوام پەرەسەندن بەڕێوە دەبات. لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی پێشکەوتووی AI، دەتوانرێت سەرچاوەکان بەشێوەیەکی کاریگەرتر بەکار بهێنرێن، بەفیڕۆدان کەمبکرێتەوە، و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا ئاراستەی چارەسەری ژینگەیی قووڵ بکرێت، وەک باشترکردنی سیستەمەکانی وزەی نوێبووەوە، بەڕێوەبردنی بەردەوامی ئاو و کەمکردنەوەی گازەکان لە کەرتەکانی پیشەسازی.
    پێویستە AI لەو پرۆژانەدا قەدەغە بکرێت کە زیان بە ژینگە دەگەیەنن و هەر تەکنەلۆژیایەکی AI دەبێت پێش پەسەندکردنی کاریگەری ژینگەیی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. پێویستە سیستەمی چاودێری زیرەک دروست بکرێت بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی کۆمپانیاکان بە ستانداردە ژینگەییەکان، لەگەڵ چاودێریکردنی جەماوەری سیاسەتەکانی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی سەرچاوە وێرانکەرەکان.
    کۆتاییهێنان بە هەژموونی دەوڵەتە بەهێزەکان و کۆمپانیا قۆرخکارەکان بەسەر تەکنەلۆژیا تەنها دووبارە دابەشکردنەوەی سوودەکانی نییە، بەڵکو پێناسەکردنەوەی ئەولەویەتەکانیەتی. پێویستە تەکنەلۆژیا بەرەو دەستپێشخەری ژینگەیی ستراتیژی بگۆڕدرێت کە خزمەت بە کۆمەڵگا و هەسارەکە دەکات، نەک بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیاکان.
    تەکنەلۆژیای سەرمایەداری بە شێوەی ئێستای خۆی قەیرانی ژینگەیی چارەسەر ناکات، بەڵکو خراپتری دەکات. بەڵام لە چوارچێوەی سۆسیالیستیدا دەتوانرێت تەکنەلۆژیا ببێتە ئامرازێکی بەهێز بۆ پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و بنیاتنانی ئابووری لەسەر بنەمای دادپەروەری ژینگەیی نەک مرۆڤ و ئیکۆلۆژی.
    لە کاتێکدا هەندێک چاکسازی لە سەرمایەداریدا دەکرێت وەک یاسای ژینگەیی و یاسای سەوز، بەڵام ئەزموون سنووردارییەکان و نەتوانینی گۆڕانکاری بنەڕەتی نیشان دەدات.
    چارەسەری بنەڕەتی پێویستی بە گۆڕانێکی ڕیشەیی هەیە لە پەیوەندی نێوان تەکنەلۆژیا و کۆمەڵگا، کە تێیدا هەموو تەکنەلۆژیا و سیستەمەکانی AI ملکەچی ستانداردی دیموکراسی و ژینگەیی توندن کە ئەولەویەتی پاراستنی ژینگە دەدەن.
    ئەمە هەروەها پەرەپێدانی سیستەمی زیرەک دەگرێتەوە کە زیادەڕۆیی وزە کەم دەکاتەوە و پشت بەستن بە وزەی نوێبوونەوە بەرز دەکاتەوە، دڵنیایی دەدات کە تەکنەلۆژیا خزمەتی کۆمەڵگا و ژینگە دەکات.
  9. ژیریی دەستکرد بۆ ئاشتی و چەک داماڵین
    پێویستە AI وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی جیهانی ئاراستە بکرێتەوە نەک وەک چەکێکی جەنگ و وێرانکاری. بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە، پێویستە سیاسەتی نێودەوڵەتی بگیرێتەبەر کە پەرەپێدان و بەکارهێنانی AI لە چەکەکاندا قەدەغە بکات، بەتایبەتی سیستەمە سەربەخۆکان کە بەبێ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی مرۆڤ کار دەکەن، چونکە ئەمانە هەڕەشەیەکی بێ وێنەن بۆ ئاشتی جیهان و هەژموونی زلهێزە سەربازییەکان بەهێز دەکەن.
    بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتووخوازەکان دەتوانن دەستپێشخەری جیهانی بکەن بۆ فشار خستنە سەر حکومەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەرکردنی یاسایەکی ڕوون و توند بۆ قەدەغەکردنی پەرەپێدانی سەربازی AI. ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانرێت بەکار بهێنرێت بۆ شیکردنەوەی ململانێکانی ئێستا، لێکۆڵینەوە لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی جەنگ و پێشنیارکردنی چارەسەرەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو هۆکارانە.
    AI هەروەها دەتوانێت هاوکاری نێودەوڵەتی بەهێز بکات لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانەوە کە دیالۆگی نێوان گەلان پەرە پێدەدات و دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتیخوازانە پەرە پێدەدات.
    سەرەڕای ئەوەش، AI دەبێت بۆ دۆکیۆمێنت کردنی تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەکار بهێنرێت و رژێمە دیکتاتۆرەکان، دەوڵەتان و کۆمپانیا گەورەکان بەرپرسیار بن لە سەربازیکردنی تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی بۆ جەنگ.
    بزووتنەوە چەپەکان، گروپەکانی داکۆکیکار لە ئاشتی، و رێکخراوەکانی دژە جەنگ ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری خەڵک سەبارەت بە مەترسیەکانی میلیتاریزاسیون AI لە ڕێگەی هەڵمەتی پەروەردەیی، میدیای پێشکەوتووخواز و چالاکی لەسەر زەوی، بۆ ئاشکراکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سەرمایەداری و جەنگ و کاڵاکردنی وێرانکاری.
    بەهێزکردنی جەماوەر بۆ بەرگری کردن لە سەربازیکردنی تەکنەلۆژیا مانای بنیاتنانی بزووتنەوەیەکی بەرگری جیهانی کە بتوانێت فشار بخاتە سەر حکومەت و دامەزراوەکان بۆ کۆتایی هێنان بەم بەکارهێنانی نامرۆڤانە و تاوانکارانەی تەکنەلۆژیا بە گشتی و ژیریی دەستکرد بە تایبەتی.
  10. ژیریی دەستکرد بۆ پشتیوانیکردنی دێموکراسی و بەشداری جەماوەری
    پێویستە AI لە ئامرازێک بگۆڕدرێت کە یارمەتی داخورانی دیموکراسی دەدات بۆ ئامرازێک کە بەهێزی دەکات و بەرەو پێشى دەبات. تەکنەلۆژیا دەبێت خەڵک بەهێز بکات، بەشداری سیاسی لەسەر بنەمای یەکسانی بەهێز بکات، و شەفافییەت و دەستپاکی لە پرۆسەی دیموکراسیدا مسۆگەر بکات.
    AI دەتوانرێت بۆ پەرەپێدانی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی پارێزراو و شەفاف بۆ دیالۆگ و دەنگدان بەکار بهێنرێت، کە ڕێگە بە هاوڵاتیان دەدات بیروڕای خۆیان دەرببڕن و ڕاستەوخۆ و کاریگەرانە بەشداری بکەن لە بڕیاردان لە هەموو ئاستەکاندا. ئەمە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی دیموکراسی بەشداربوون و گەڕاندنەوەی دەسەڵات و نوێنەرایەتی بۆ خەڵک.
    هەروەها دەتوانرێت ئامرازەکانی AI پەرە پێبدرێت بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی هەواڵی ساختە و زانیاری هەڵە و پاراستنی خەڵک لە هەڵمەتەکانی زانیاری هەڵە بە مەبەستی لاوازکردنی توانایان بۆ بڕیاردانی هۆشیارانە. ئەم ئامرازانە دەتوانرێت بەشێوەیەکی بەرفراوان و ئازادانە بەردەست بکرێن وەک بەشێک لە دەستپێشخەرییەکی گشتی بۆ پەرەپێدانی شەفافیەتی میدیا و بەرەنگاربوونەوەی زاڵبوونی میدیای قۆرخکار.
    ئەمە پێویستی بە شەڕکردن هەیە بۆ یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە بە ڕوونی بەکارهێنانی AI قەدەغە دەکەن بۆ دەستکاریکردنی ڕای گشتی و دڵنیابوون لەوەی ئەو زانیاریانەی پێشکەش بە خەڵک دەکرێن دروست، بابەتی و ڕەنگدانەوەی واقیعن و دوور لە لایەنگری چینایەتی و ئایدۆلۆژی.

ڕزگار ئاکرێی




ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان و بانگەوازێک بۆ کردنەوەی لقی (IBBY) لە کوردستان.. زیاد ڕەشاد قادر

پێشەکی
ڕۆژی 2ی نیسانی هەموو ساڵێک، وەکوو ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان لەلایەن یەکێتیی نێونەتەوەییی کتێبی لاوان (IBBY)ەوە دیاری کراوە، لەو ڕۆژەدا ئاهەنگ و ڕێوڕەسمی تایبەت لە دونیادا ساز دەکرێت. ئەو ڕۆژە، واتە 2/4 هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی نووسەری بەناوبانگ “هانس کریستیان ئەندەرسن”، هەر بۆیە دوو ساڵ جارێک هەر لەو ڕۆژەدا خەڵاتێکی تایبەت بە ئەدەبی منداڵان دەبەخشرێت. سەرەتا با بەکورتی تیشک بخەیەنە سەر ژیان و بەرهەمەکانی “ئەندەرسن”، ئەوجا دێینە سەر ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان، پاشان بزانین (IBBY) چییە و کەنگی دامەزراوە و کاری چییە، دواتر قسە لە زەروورەتی هەبوونی لقێکی نیشتمانیی (IBBY) لە کوردستان و دەستپێشخەرییەک بۆ ڕێکارەکانی کردنەوەی ئەو لقە ڕادەگەیەنین.

هانس کریستیان ئەندەرسن (1805ــ1875)
هانس کریستیان ئەندەرسن (Hans Christian Andersen) لە 2ی نیسان لە شاری ئۆدێنسەی دانیمارک لەدایک بووە، ئەو لەنێوان ساڵانی (1805ــ1875)دا ژیاوە. بە یەکێک لە دیارترین نووسەرانی چیرۆکی ئەفسانەیی دادەنرێت. ئەندەرسن ڕۆمان و شانۆنامە و شیعری نووسیوە، بەڵام بەهرەکەی لە بواری چیرۆکی فۆلکلۆری و ئەفسانەییەکاندا گەیشتووەتە ترۆپک.
ئەندەرسن لە خێزانێکی هەژاردا پێگەیشتووە، بەڵام لە تەمەنی زووەوە بە گوێگرتن لەو چیرۆکانەی کە بابی بۆی دەخوێندەوە و ئەو هەقایەتە ئەفسانەییانەی دایکی بۆی دەگێڕایەوە، پاشان لەڕێگەی خوێندنەوە و خۆماندووکردنەوە، توانیویەتی خۆی زیاتر بەهرەمەند بکات، بەجۆرێک ببێتە ئەو کەسە ناسراوە، کە زۆرێک لە چیرۆکەکانی بکرێنە فیلم و شانۆنامە و فیلمی کارتۆنی. کەس نەیدەزانی ئەم کوڕە ھەژارە، ڕۆژێک دێت دەبێتە نووسەرێکی بەناوبانگ لە چیرۆکی منداڵاندا، بەجۆرێک لە ماوەی ژیانیدا نێزیکەی 156 بەرھەمی نووسیوە. لە ساڵانی دوای ژیانیشیدا ناوبانگێکی جیھانی پەیدا کردووە. چیرۆکەکانی ئەندەرسن وەرگێڕدراونەتە سەر زیاتر لە 125 زمان . بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە وەک چیرۆک و فیلمی کارتۆنی بە زمانی شیرینی کوردییش (سۆرانی و کرمانجی) بینیومانە و خوێندوومانەتەوە، وەک؛ قورینگ، کەمانچەژەن، کیژگۆکە شقارتەفرۆشەکە، چەرخ و فەلەک، مراوییە ناشیرینەکە و بەرازەوان… کە بە سۆرانی لەلایەن پیرەمێرد و عەزیز گەردی…، بە کرمانجییش لەلایەن نەسرین ڕۆژکان و ڕۆژان حازم… و چەند نووسەرێکی دیکەوە کراونەتە کوردی.
لە ساڵی 1867 شاری ئۆدێنسە، کە زێدی نووسەرە، ڕێزی لە ئەندەرسن ناوە و نازناوی “ھاووڵاتیی شانازی”ی پێ بەخشیوە، ئێستاش لە شاری کۆپنھاگن، پەیکەری “کیژکۆگە شقارتەفرۆشەکە” کە ناوونیشانی یەکێک لە چیرۆکەکانیەتی، لە کەنار دەریاکە داندراوە و بووەتە ھێمایەکی نیشتمانی بۆ دانیمارک.

لە ڕۆژی جیهانیی کتێبدا چی دەکرێت؟
لە ساڵی 1967ەوە ڕۆژی جیهانی کتێبی منداڵان لە 2ی نیسانی هەموو ساڵێک بەڕێوە دەچێت. لە زۆرێک لە وڵاتانی دونیادا، لەو ڕۆژەدا چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت، وەک؛ ئەنجامدانی چالاکیی خێزانیی تایبەت بە خوێندنەوە، لە ڕێگەی تەرخانکردنی کاتێکی دیاریکراو و داواکردن لە هەر ئەندامێکی خێزان کە باس لە چیرۆکێک یان کتێبێک بکات کە خوێندوویەتییەوە و لەگەڵ ئەوانی تردا گفتوگۆی لەسەر بکات. کتێب کردنە دیاری بۆ منداڵان، یان داشکاندن بۆ کتێبی منداڵان، بە ئامانجی هاندان بۆ خوێندنەوە و ڕێگەخۆشکردن بۆ دایباب، تا لەگەڵ منداڵەکانیان بچنە کتێبخانەکان و کتێبی گونجاو هەڵبژێرن. بانگەوازی کۆکردنەوە و کردنە دیاری کتێب لە سەنتەرە پەروەردەییەکان و ناوەندەکانی خوێندندا و بەخشینیان بەو ڕێکخراوە خێرخوازییانەی کە کار لەسەر بابەتی پەروەردەیی و نەهێشتنی نەخوێندەواری دەکەن. پۆشینی جلی تایبەت لەلایەن منداڵانەوە، کە گوزارشت لە پاڵەوانی ناو ئەو کتێبانە دەکات کە دەیخوێننەوە، یان پۆشینی جلی کەسایەتییە دڵخوازەکانی ناو چیرۆکەکان. هەروەها هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە سوود و بایەخی خوێندنەوە لە پێگەیاندنی هەر منداڵێکدا، بەتایبەت سوودە دەروونییەکانی وەک؛ دروستکردنی هەستی ئەرێنی، کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و فشار، پاراستنی تەندروستیی مێشک، خۆپاراستن لە ئەلزەهایمەر و لەبیرچوونەوە…
لەو ڕۆژەدا بەشێوەیەکی گشتی، ئەوە دەچرپێندرێتە گوێی منداڵ و دایباب و سەرپەرشتیارانیان، کە کتێب تەنێ کۆمەڵێک لاپەڕەی بەیەکەوەگرێدراو نییە، کە بە پیت و وشە ڕەش کراوە و چاپ کراوە، نا، بەڵکوو دەلاقەیەکە بۆ ڕوانین بەسەر دونیایەکی پڕ لە پرسیار، فراوانکردنی ئاسۆی خەیاڵ و گەشەکردنی بیرۆکەی نوێیە. منداڵ لەڕێگەی کتێبەوە، فێری ڕێزگرتن و قەبوڵکردنی جیاوازییەکان دەبێت، کتێب وا لە منداڵ دەکات ئازاد و ئازا بێت، بەهۆی کتێبەوە ڕابردووی دەناسێت و وانەی لێ وەردەگرێت، لەوڕۆدا دەژیێت و پلان و بەرنامەی هەیە بۆ سبەینێ. منداڵ لە خوێندنەوەی کتێبەوە فێر دەبێت کە چۆن ڕووبەڕووی بارودۆخە سەختەکان ببێتەوە، بۆ نموونە چۆن مامەڵە لەگەڵ لەدەستدانی ئەزیزێکیدا بکات. خوێندنەوەی کتێب یارمەتی منداڵ دەدات، کە فێری کەلتوور و شێوازی ژیانی نوێ ببێت.
لە دونیای تازە و سەردەمی دیجیتاڵی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا، کە منداڵان لەگەڵ شۆڕشی زانیاری و دونیای ئاپ و شاشەکاندا دەستەویەخەن، کتێب وەک ڕزگارکەرێک دەردەکەوێت بۆ گەڕانەوە بۆ قووڵایی بیرکردنەوە. خوێندنەوە توانای ڕەخنەگرتن، چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن، جگە لەوە، ئەو ساتانەی دایباب و منداڵ پێکەوە کتێب دەخوێننەوە، نەک تەنیا زمانی منداڵ بەھێز دەکەن، بەڵکوو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانیش قووڵتر دەکەنەوە.
(IBBY) ھەر ساڵەو لە 2ی نیساندا لقی یەکێک لە وڵاتەکان دیاری دەکات بۆ ئامادەکردنی پەیامێکی ڕەسمی تایبەت بەم بۆنەیە. ئەم پەیامە لەلایەن نووسەر و وێنەکێشانی ناوداری ئەو وڵاتەوە ئامادە دەکرێت، کە وەک کارێکی سیمبولیکی بۆ بەکەلتوورکردنی خوێندنەوە لە ناو نەوەی نوێدا، لە سەتان ناوەند و کتێبخانە و قوتابخانە و سەنتەری پەروەردەیی لە جیهاندا دەخوێندرێتەوە.
دەستڕاگەیشتن بە کتێبی باش و کوالێتیی بەرز بە زمانی دایک و پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی، مافێکی بنچینەیی ھەر منداڵێکە. هەرچەندە بەداخەوە، لە بەشێک لە گۆشە و کەنارەکانی ئەم جیهانە، لەبەر چەندین هۆی وەک؛ جەنگ، قەیرانی سیاسی، ھەژاری… بەشێکی منداڵان لەم مافە بێبەشن. ئەوجا ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان دەرفەتێکە بۆ ڕاگەیاندنی ئەم ڕاستییە و ھاندانی دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بۆ دابینکردنی کتێب بۆ ھەموو منداڵێک، چ لە ڕۆژهەڵات بن، یا ڕۆژئاوا، لە باکووری گۆی زەوی بن یا لە باشوور.
منداڵانی ئەوڕۆ، کاراکتەر و بەڕێوەبەر و بەرپرس و سەرکردەی دواڕۆژن، ئەگەر کۆمەڵگایەکی تەندروست و پێشکەوتوو و ئیشکەر و بەرهەمهێن و لەخۆبوردوومان دەوێت، پێویستە بە کتێب ئاشنا بن و خوێندنەوە لەلایان ببێتە کەلتوور و لە گەنجینەی مەعریفە و زانست دوور نەبن.

لە کوردستان لەو ڕۆژەدا چی بکرێت؟
ڕاستە لقی (IBBY) تا ئێستا لە کوردستان نییە، بەڵام ئەمە ڕێگر نییە لەوەی چ لەسەر ئاستی تاک (نووسەر، وێنەکێش، وەرگێڕ، پەروەردەکار…)، چ لەسەر ئاستی دەزگا و دامەزراوە (ڕێکخراو، کتێبخانە، زانکۆ، بڵاوکراوە، میدیا…ی تایبەت بە منداڵان) کۆمەڵێک چالاکیی گەورە و جوان ئەنجام بدرێت، لەوانە؛ تەرخانکردنی کۆمەڵێک بەرنامەی تایبەت لە میدیا، ئەنجامدانی ئاهەنگ و ڕێوڕەسمی تایبەت بۆ بەرزاڕاگرتنی کتێب و ڕۆڵی کتێب لە ژیان و پاشەڕۆژی منداڵدا، بەخشین و کردنە دیاری کتێب، داشکاندنی نرخی کتێبی منداڵان لەو ڕۆژەدا، چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکی بەرچاوی کتێبی باش و کوالێتیی بەرز، بەتایبەت ئەو کتێبانەی کە منداڵان فێری ڕاستگۆیی، میهرەبانی، دەستپاکی، دڵسۆزی و قەبوڵکردنی جیاوازییەکان دەکەن، تەنانەت ئەوانەی منداڵان ڕادێنن لەسەر چۆنیەتی دەربڕینی توڕەیی یان دڵتەنگی. هەروەها دانان و ئامادەکردنی پۆستەر و پۆستکاد و گرافیک و پارچە ڤیدیۆی گونجاو بەو ڕۆژە لە سۆشیالمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەنجامدانی پێشبڕکێی خویندنەوەی کتێب و خەڵاتکردنی سەرکەوتووان، دانان و پەرەپێدانی کتێبخانەی گەڕۆکی منداڵان، کارکردن لەسەر دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی ناوەندەکانی خوێندن و ئەنجامدانی فیستڤاڵی ساڵانە بۆ بەکەلتوورکردن و خۆشەویستکردنی خوێندنەوە لای منداڵ و هتد…

(IBBY) چییە؟
بۆرد یان ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی کتێب بۆ لاوان (International Board on Books for Young People) کە بە (IBBY ) دەناسرێت، ڕێکخراوێکی قازانجنەویستە و لە ساڵی 1954 لە شاری زیورخی سویسرا دامەزراوە. دەتوانین بڵێین ئەم ڕێکخراوە وەک پردێکی پەیوەندیی جیهانی وایە، لەپێناو بەیەکگەیشتنی ئەو نووسەر و کەسە چالاکانەی لە سەرانسەری دونیادا خەریکی پێشخستنی کتێبی منداڵانن. ئەم دامەزراوەیە کار دەکات بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ منداڵان لە هەر شوێنێکی دونیادا، تا دەستیان بە کتێب بگات. هەروەک هانی بڵاوکردنەوە و دابەشکردنی کتێبی باش و کوالێتیی بەرزی منداڵان دەدات، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە ئاستی چاپ و بڵاوکردنەوە تێیاندا لاوازە، هەروەها بە جۆرێک لە جۆرەکان گەرەکیەتی پشتیوانی ئەو کەسانە (نووسەر، نیگارکێش، پەروەردەکار، دەزگای چاپ و کتێبخانەکان…) بکات، کە بۆ منداڵان و ئەدەبیاتی منداڵان کار دەکەن.
یەکێکی دیکە لە بەناوبانگترین چالاکییەکانی (IBBY) ئەوەیە؛ کە دوو ساڵ جارێک خەڵاتی هانس کریستیان ئەندەرسن دەبەخشرێتە نووسەر و وێنەکێشێک، کە بەرهەمەکانیان خزمەتێکی شایستەی بە ئەدەبیاتی منداڵان کردبێت. ئەم خەڵاتە بە “خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی منداڵان” دادەنرێت و گەورەترین ڕێزلێنانە لەم بوارەدا. هەر وەک ڕێکخراوەکە لە ڕۆژی 2ی نیسانی هەموو ساڵێک، کە ناو نراوە بە ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان (کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی هانس کریستیان ئەندەرسن)، دروشم و پۆستەری تایبەت بە جیهاندا بڵاو دەکاتەوە.
لە چالاکییەکانی دیکەی ئەو ڕێکخراوە؛ دەرکردنی گۆڤارێکی زانستی و ئەدەبیی تایبەتە بە ناوی (Bookbird)، کە تێیدا لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ ئەدەبیاتی منداڵانی جیهان دەکرێت، بەجۆرێک گۆڤارەکە دەبێتە ژێدەرێکی بایەخدار و باوەڕپێکراو بۆ پسپۆڕانی ئەم بوارە. ئەمە جگە لەو چالاکییە خێرخوازییانەی ئەنجامی دەدات، بەتایبەت لە کاتی جەنگ و کارەساتە سروشتییەکاندا، کە پرۆژەی چارەسەری بە کتێب یان چارەسەری بە خوێندنەوە (Bibliotherapy) ئەنجام دەدات. بەو باوەڕەی کە کتێب دەتوانێت یارمەتی منداڵە زیانلێکەوتووەکان بدات، بۆ تێپەڕاندنی قەیران و شۆکە دەروونییەکان.
هەرچەندە (IBBY) ڕێکخراوێکی ناحکومییە، بەڵام لەلای یونسکۆ و یونیسێفەوە پێگەیەکی ڕەسمی هەیە. ڕێکخراوەکە وەک داکۆکیکارێک بۆ کتێبی منداڵان ڕۆڵی خۆی هەیە، هەروەها پابەندە بە بنەماکانی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی 1990 پەسەند کراوە، کە پەروەردەی گشتی و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ڕاستەوخۆ یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی مافی منداڵ. هەروەها (IBBY) هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و دامەزراوەی کتێبی منداڵان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، لەم سۆنگەوە بەشداری لە پێشانگای کتێبی منداڵان و پێشانگە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی کتێبدا دەکات.

ڕێکخراوەکە لقی لە کوردستاندا نییە
(IBBY) لقی لە 80 وڵاتی جیهاندا هەیە، کە هەر لقێک لە وڵات یان هەرێمەکەی خۆی دەستەیەک لە نووسەر و وێنەکێش و دامەزراوەی وەک کتێبخانە و زانکۆ و ناوەندی ئەکادیمی نوێنەرایەتیی دەکەن و بەڕێوەی دەبەن. هەرچەندە ساڵانێکە ڕێکخراوەکە لە بەشێکی وڵاتانی ناوچەکە، وەک؛ تورکیا، ئێران، ئوڕدەن، میسر، لوبنان، ئیمارات و فەلەستین… لقی هەیە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا لقی نییە.
کردنەوەی لقێکی نیشتمانی لە ڕێکخراوی (IBBY)، هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەر وڵات یان هەرێمێک، کە بیەوێت ئەدەبیاتی منداڵان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بناسێنێت. ئەمەش کۆمەڵێک ڕێکار و مەرجی سەرەکی هەیە، وەک؛ هەر لقێک کە دەکرێتەوە پێویستە نوێنەرایەتی گشت لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەدەبیاتی منداڵان (نووسەران و وێنەکێشانی بواری منداڵان و بڵاوکراوەکان و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و کتێبخانە گشتییەکان و کتێبخانەی قوتابخانەکان و مامۆستایانی زانکۆ و توێژەرانی بواری پەروەردە و ئەدەب…)ی ئەو وڵات یان ناوچەیە بکات.
هەر لقێکی نیشتمانی دەبێت ساڵانە بڕێک پارە وەک ئابوونەی ئەندامێتی بداتە ڕێکخراوەکە، بڕی ئەم پارەیە جێگیر نییە و بەپێی باری ئابووریی وڵاتەکە و قەبارەی چالاکییەکان دەگۆڕێت، هەر وەک زۆر جار بۆ ئەو ناوچانەی باری ئابوورییان لەبار نییە، ئاسانکاریی پێویست دەکرێت. سوودەکانی هەبوونی لقێکی ڕێکخراوەکە لە هەر وڵات یان هەرێمێک زۆرن، لەوانە؛ پاڵاوتن و پێشنیازکردنی نووسەر و وێنەکێشەکانی بۆ خەڵاتی هانس کریستیان ئەندەرسن، چونکە تەنیا ئەو وڵاتانەی لقی فەرمییان هەیە دەتوانن کاندیدایان هەبێت بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە جیهانییە. هەر لقێکیIBBY دەتوانێت دوو ساڵ جارێک باشترین کتێبەکان (نووسین، نیگارکێشان، وەرگێڕان) بنێرێت بۆ ئەم لیستە جیهانییە کە لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی منداڵان نمایش دەکرێت. هەروەها هەر لقێک مافی هەیە بەشداری لە کۆنگرە جیهانییەکانی ڕێکخراوەکە بکات و نوێنەری خۆیشی بۆ ئەو کۆنگرە دەورییە بنێرێت، کە دووساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت بۆ گۆڕینەوەی ئەزموون لەگەڵ شارەزایانی جیهان. ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا لقی ڕێکخراوەکە لە هەرێمی کورستاندا نییە!

زەروورەتی هەبوونی لقی (IBBY) لە کوردستان
هەوڵدان بۆ کردنەوەی لقی (IBBY) لە هەرێمی کورستان، تا بتواندرێت وەکوو پێویست ئەدەبیاتی منداڵان و کتێبی منداڵان بەرەو پێش ببردرێت لەلایەک و لەلایەکیدیش، کوردستان لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونەکانی دونیا لە ئەدەب و ڕۆشنبیریی منداڵان دوا نەکەوێت و هەموو ئەو ماف و ئەرک و رۆڵ و کاریگەرییەی هەر لقێک هەیەتی، کوردستانیش لێی بێبەش نەبێت، بۆیە جێی خۆیەتی دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێم بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ نووسەر و وێنەکێش و چالاکانی بواری منداڵان، دەست بکەن بەو ڕێکارانەی پێویستن، بۆ کردنەوەی لقی کورستانی ڕێکخراوەکە.
بۆ دڵنیابوونیش لەوەی ئاخۆ تا ئێستا لقی ڕیكخراوەکە لە عێراقدا هەیە یاخود نا، ئێمە لە چەند ناوەندێکی عێراقییەوە زانیاریی ئەوەیان پێداین، کە بەڵێ لقی لە عێراق هەیە، پاشان کە بەدوای کار و چالاکییەکانی لقەکە و مێژووی دامەزراندنیدا گەڕاین، هیچمان دەست نەکەوت، دواتر کە لە ماڵپەڕی ڕەسمیی (IBBY) سۆراخمان کرد و ناوی هەموو ئەو هەرێم و وڵاتانەمان وەرگرت کە ئەندامن و لقیان هەیە، دەرکەوت تا ئێستا عێراق چەند ڕێکخراوێکی لۆکاڵیی هەیە کە لە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان و هەندێک بۆنەی دیکەدا، کۆمەڵێک چالاکیی هاوشێوەی چالاکییەکانی (IBBY)یان هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی تا ئێستا لقی نیشتمانیی ڕێکخراوەکە لە عێراقدا نییە. بۆیە بۆ هەرێمی کوردستان هەلەکە لەبارترە داوای کردنەوەی لقی کوردستانی ڕێکخراوەکە بکات، ئەمە لە کاتێکدا، ژمارەیەک هەرێم، یان قەوارە کە دەوڵەتی سەربەخۆی داپێدانراو نیین و لقیشیان هەیە، نموونەی ئەو هەرێم و قەوارانەش؛ هەرێمەکانی کەتەلۆنیا و باسک و دەسەڵاتدارێتیی فەلەستینن.
دیارە بۆ ڕەزامەندی وەرگرتن بۆ کردنەوەی هەر لقێک، پێویستی بە توانای ماددی و مەعنەویی کۆمەڵێک کەس و دەزگای خەمخۆر و پەرۆش بۆ ئەدەب و کتێبی منداڵان هەیە، هەروەها پێویستی بە چەندین ڕێکاری کارگێڕی و بەدواداچوون و هەماهەنگی هەیە، کە هەر هەموویان لە کوردستاندا هەن، هەر لە نووسەر و وێنەکێش لە بواری ئەدەب و ڕۆشنبیری منداڵان، تا گۆڤار و تەلەڤزیۆنی تایبەت بە منداڵان و تا ناوەندە ئەکادیمی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تا کتێبخانە و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و هتد… لە هەمووشی گرنگتر کورد وەک گەلێکی خودان ناسنامە و مێژوو و زمانی تایبەت بە خۆی و خاوەن کەلەپوورێکی گەورە لە ئەدەبیات بەگشتی و ئەدەبی منداڵان بەتایبەتی، هەرێمی کوردستانیش وەک خاوەن قەوارەیەکی دەستووری، تەواوی مافی بەئەندامبوون و کردنەوەی لقی نیشتمانیی ڕێکخراوەکەی هەیە و لە ئێستادا هەموو زەمینەیەک گونجاو و لەبارە، بۆیە تەنیا خەمخۆری و هەماهەنگیی ئەو کەس و دەزگایانە پێویستن.
لێرەوە بەندە وەک نووسەرێکی ئەدەبی منداڵان و خاوەن ژمارەیەک کتێبی چاپکراوی منداڵانە و چالاک لە بواری ڕۆژنامەنووسیی منداڵان، سەرەتا داوا لە هاوڕێ و هاوکارە دڵسۆزەکانم لە نووسەران و نیگارکێشانی بواری منداڵان دەکەم، بێن پێکەوە بۆردێک بۆ ئەو پرسە دابمەزرێنین، پاشان لەگەڵ ئەو دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدار و خەمخۆر و نیشتمانییانە بکەوینە گفتوگۆ، تا هەرچی زووە فۆرمی داواکاری بۆ کردنەوەی لقی نیشتمانیی ڕێکخراوەکە بدەینە IBBY و ئەو بابەتە بکرێتە خەمی ئەمساڵی دڵسۆزانی کتێبی منداڵان.
لە چاوەڕوانی هەماهەنگی و بەدەمەوەهاتنی دڵسۆزان و پەرۆشانی پاشەڕۆژی منداڵانین، بەو هیوایەی لە مانگی نیسانی ساڵی 2027 لقی کوردستانی ڕێکخراوەکە سەرپەرشتیی چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان بکات.

زیاد ڕەشاد قادر

تێبینی
بۆ نووسینی ئەم بابەتە، جگە لە ماڵپەڕی سەرەکیی (IBBY) بەناونیشانی (www.ibby.org)، هەروەها بۆ دڵنیابوون لە هەندێک زانیاری، سوود لەم سەرچاوانەی خوارەوەش وەرگیراوە:
1ــ هانز ئەندەرسن، قورینگ، عەزیز گەردی لە ئینگلیزییەوە کردوویە بە کوردی، چاپخانەی الحوادث، بەغدا، 1979.
2ــ کەمانچەژەن، وەرگێڕانی لە تورکییەوە: پیرەمێرد، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر، 2012.
3ــ ئەندەرسن، بەرازەوان، وەرگێڕانی: عەزیز گەردی، چاپخانەی الحوادث، بەغدا، 1979.
4ــ هانس کریستیان أندرسن، قصص ،حکایات خرافیة، ترجمة: دنی غالي و ستي غاسموس، دار المدی للثقافة والنشر، ط1، 2006.
5- فريق ليالينا، طرق الاحتفال باليوم العالمي لكتاب الطفل، موقع: MSN، شباط 2025.
6ــ سامر سليمان، كتب يعشقها الاطفال في اليوم العالمي لكتاب الطفل، موقع: ثقافة وفن، 2أبريل 2022.
7-Hans Christian Andersen, Çîrokên Andersen, wergêr: Nesrîn Rojkan, çapxaneyê Morî, Stenbol, 2020.
8-H. C. Andersen, Pelatînk, wergêr: Rojan Hazim, çapxaneyê: Xanî & Bateyî, kopnahgin, 1995.




گرۆتێسک، ئەبسورد، شانۆی پۆڵەندی و سلاڤۆمیر مرۆزێک-2-.. زاهیر عەبەڕەش

بەشی دووەم..

شانۆی بێمانا و گرۆتێسک لە نووسینی سلاڤۆمیر مرۆزێک:

زاراوەی “شانۆی ئەبسورد” ژمارەیەکی زۆر لە شانۆنامەنووسانی ئەدەبیاتی نەتەوەیی جیاواز و هەروەها کۆمەڵێک دەقی دراماتیکی بەرفراوان لەخۆدەگرێت. لە نێو ئەمانەدا، مارتن ئێسلین سێ شانۆنامەنووسی ئەوروپای ڕۆژهەڵات وەک نووسەری شانۆی ئەبسورد بە نموونە دەهێنێتەوە، وەک ڤاکلاڤ هاڤێل، تادێوس ڕۆژێڤیچ و سلاڤۆمیر مرۆزێک.
نووسینەکانی ئێسلین ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەبوو لە سەر ڕوناکی خستنە سەر سلاڤۆمیر مرۆژێک و ناساندنی بە هەموو ئەوروپا و ئەمەریکادا. بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا کە مرۆزێک تا ئەو ڕادەیەی ڕەخنەگری کروات میرنا سندیچیچ سابلیۆ، ” لە سایەی کتێبەکەی ئێسلیندا مرۆژێک لە ئەوروپادا ناسرا.” ئێسلین لە وتارێکدا بە ناوی “مرۆزێک و بێکێت و شانۆی ئەبسورد” (١٩٩٤)، لێکچوون لە نێوان هەندێک لە دەقەکانی مرۆژێک و بێکێتدا دەبینێتەوە، بۆ نموونە لە نێوان شانۆنامەی چەفەنگ و کۆچبەران و چاوەڕوانی گۆدۆ، هەروەها لە نێوان ” سەمای ڕووتبونەوە” و “ئەکتە بێدەنگەکان”،
ئیسلین ” پرسیاری ئەوە دەکات ئایا مرۆزێک بە کارەکانی بێکێتی دەزانی یان کەوتۆتە ژێر کاریگەری بێکتەوە؟ بەڵام مرۆژک خۆی وەڵامی ئەوە دەداتەوە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئۆتۆ مانهەیمێر کە ” فازیل جاف وئەم چاوپێکەوتنەی وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی” کە مرۆژێک دەڵێت ئەو لە ژێر کاریگەری هیچ کەسێکدا نەینووسوە.
بەڵام بێ شک کە مرۆژک و بێکت، ئەم دوو نووسەرە بە ئیلهام وەرگرتن لە ئەزموونەکانی قۆناغی دوای جەنگ نووسیویانە، کە ترس و تۆقین لە تۆتالیتاریزمی وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتی گرتبووە. نووسەرانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات نەیاندەتوانی خۆیان لە سیاسەت جیابکەنەوە و پشتگوێی بخەن وەک ئەوەی بێکێت و ئیۆنێسکۆ خۆیان دوورخستەوە” لێرەدا مرۆژێک ڕەمزگەرایی بۆ تێکدان و ئاشکراکردنی کەموکوڕیەکانی ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدار بەکاردەهێنێت و دەقەکانی پڕن لە ڕەخنە لە تۆتالیتاریزم.
دیدگای ئێسلین لەلایەن چەندین نووسەری دیکەوە وەرگیراوە. بۆ نموونە میشێل پرونەر (١١) کە لە یەکێک لە مۆنۆگرافی یاداشتەکانە نوێیەکانیدا لەسەر ئەو بابەتە، مرۆزێک لە نووسەرانی شانۆی ئەبسورد دەخاتە ڕوو. هەروەها دارکۆ گاشپارۆڤیچ Darko Gašparović (١٢) پێی وایە بەرهەمەکانی مرۆزێک “ڕەسەنترین دەنگدانەوەی شانۆی ئەبسوردە لە جیهاندا دوای ئیۆنێسکۆ و بێکێت” ئەمەش بەو مانایەیە کە گاسپارۆڤیچ کارەکانی مرۆزێک بە یەکێک لە بەهێزترین و ناوازەترین درێژەپێدراوەکانی شانۆی ئەبسورد دەزانێت”.
بەرهەمەکانی مرۆزێک لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ نووسەرانی دیکەی شانۆی ئەبسوردا هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، تا چەند دەتوانرێت بەرهەمی مرۆزێک پەیوەندی بە بەرهەمی بێکێت و ئیۆنێسکۆوە هەبێت، بۆ نموونە؟ مرۆزێک خۆی ڕەتیدەکاتەوە سەر بە هەر قوتابخانەیەک یان گروپێکی ئەدەبی بێت، بە شانۆی شانۆی ئەبسوردیشەوە، ئەو بە دوودڵیەوە ئەم پۆلێنکردنە سەپێنراوەی قبوڵ کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە دەقەکانی سەر بە شانۆی بێمانا نین. میرنا سابلجو لە چاوپێکەوتنێکدا دەنووسێت، کاتێک پرسیاری ئەوە لە مرۆژێک کرا لەبارەی خستنەڕووی بەرهەمەکانی بە شانۆی ئەبسورد لە لایەن ئێسلین کە بە شانۆی ئەبسورد ناوزەدی کردووە، ئەو دەڵێت، مرۆژێک وتی کە سوپاسگوزاری مارتن ئێسلینە کە لە نێو نووسەرانی شانۆی ئەبسوردا کە ناوبانگێکی زۆری بۆ دروست کردووە، بە تایبەت لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ئەم پۆلێنکردنە بەبێ مانا (ئەبسورد) دەزانێت. ئاشکرای دەکات کە تا ڕادەیەک بێزار بووە لەوەی کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا ڕۆژنامەنووسان تەنیا لەبارەی شانۆی ئەبسوردەوە پرسیاریان لێ کردووە و هیوادارە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کتێبەکەی ئێسلین تا ڕادەیەک کۆنە، نەوەیەکی نوێی ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنەگران بیرۆکەی تازە و ڕێبازی داهێنەرانەیان هەبێت.
مرۆزێک لە ڕێگەی وەرگێڕان وبینینی نمایشی شانۆ لە شانۆکانی پۆڵەندا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە لەگەڵ شانۆی ئەبسورد ئاشنا بێت. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٦ سەردانی فەرەنسای کردووە، بەڵام وەک لە ژیاننامەکەیدا دەیگێڕێتەوە، بەشداری نمایشەکانی شانۆنامەنووسانی فەرەنسی نەکردووە و ڕایگەیاندووە کە نە بەهۆی ئەوەی فەرەنسی نەزانیوە یان بەهۆی کێشەی داراییەوە نەچووەتە شانۆ.
مرۆژک یەکەم شانۆنامەی خۆی بە ناوی پۆلیسەکان نووسی کە ئادەم تارن لە گۆڤاری دیالۆگدا بڵاویکردەوە. لە هەموو دەقە درامیەکانی مرۆژک لە قۆناغی سەرەتای نووسینی تا شانۆیی تانگۆ زۆربەیان شانۆنامەی یەک ئاکتن، کە ئەبسورد و بابەتە گرۆتێسکییەکان باون تێدا. مرۆزێک لە نامەیکدا بۆ هاوڕێەکی کە ڕەخنەگری ئەدەبیە یان بلۆنسکی Jan Blonski ، بۆی ڕوون دەکاتەوە کە بۆ ئەوەی بننوسم، دەبێت بەرزبێتەوە بۆ ئاستێکی سەیرو گرۆتێسک و ئەبسورد ئەوەی گوزارشت لە شتەکان بکەم، چونکە تەنیا بەم شێوەیە دەتوانێت باسی جیهان و مرۆڤ و مێژوو بکات.
نەریتی گرۆتێسک لە درامای پۆڵەندی سەدەی بیستەمدا بە شێوەیەک فرە تایبەت دەوڵەمەندە، و زۆر گرنگە بۆ پێکهاتنی شانۆی دوای جەنگ. لە کاتێکدا شانۆنووسانی فەرەنسی کەڵکیان لە ئەزموونەکانی دادایزم و سوریالیزم وەرگرتبوو بەتایبەت بەرهەمەکانی ئەلفڕێد جاری، گیلۆم ئەپۆلینێر، ئەنتۆنین ئارتۆ و ڕۆجەر ڤیتراک. شانۆی نەریتی و بۆرژوازی/ شانۆی بولڤاردیان (١٣) ڕەتکردەوە، شانۆنووسە ئەبسوردیزمیەکانی پۆڵەنیاش لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، میراتی نەریتی ئەدەبی بەتایبەتی ڕۆمانسیزم ڕەتکردەوە.
شانۆنامەنووسە ئەبسوردیزمیەکانی پۆڵەندی، سەیری نووسەرانی وڵاتەکەی پێش خۆیان کرد، کە لە ئەدەبیاتی نێوان جەنگەکانی خۆیان تێدا دۆزییەوە، کە جەنگ چ کاریگەریەکی هەبووە لەسەر شیوازی و نووسین و بیرکردنەوەیان. وەک بەرهەمی ستانسلاڤ ئیگناسی ویتکیڤیچ و ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ. هەروەها پێشوازیی بێکێت و ئیۆنێسکۆ گرنگییەکی زۆری هەبوو بۆ پێکهێنانی شانۆی ئەبسوردی پۆڵەندی و تەرزی نووسینی شانۆکارانی پۆڵەندا، کاریگەریەکانی نووسەرە ئەبسسوردیەکانی ئەوروپای خۆرئاوا کەمتر نەبوو لە بەرهەمەکانی گۆمبرۆڤیچ و ویتکیڤیچ کە بە رۆح و باوکی ئەدەبی پۆلۆنی دادەنرێت.
میرنا سندیچیچ سابلیۆ دەڵێت، ” لە ساڵانی ١٩٥٠ــ ١٩٦٠ ــ ی پۆلۆنیا ڕەخنەگران بەدوای ئاماژە و نیشانەکانی ئەبسوردیزم و گرۆتێسکدا دەگەڕان لەو شانۆیانەی کە لەو ساڵانەدا نمایش دەکران، هەروەها سەرجەم نووسینەکانی ئەو قۆناغە باس لەوە دەکات کە گۆمبرۆڤیچ و ویتکیڤیچ بە پێشەنگی شانۆی ئەبسورد و شێوازی گرۆتێسک و دژە وەهم دادەنرێت ، بێ ناوهێنانی شانۆنامەکانی وگۆمبرۆڤیچ و ویتکیڤیچ و بێکت و ئۆنیسکۆ مەحاڵە بیر لە بوونی مرۆزێک بکرێتەوە، گۆمبرۆڤیچ لە دەقە ئەدەبییەکانیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەگەرە دەربڕینەکانی گرۆتێسک بەکار دەهێنێت.” بەواتای مرۆژێک قاچێکی لە نێو دونیای ئەبسوردیزمی ئەوروپای خۆر ئاوایە و قاچەکەی تری لە نێو شانۆنووسانی پۆلۆنیای سەردەمی پێش خۆی. مرۆزێک دان بەوەدا دەنێت کە زۆر زوو بەرهەمەکانی گۆمبرۆڤیچ خوێندووەتەوە و کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر بەجێهێشتووە. مرۆژێک سوودی لە نەریتی گرۆتێسکی ویتکیڤیچ و گۆمبرۆڤیچ وەردەگرێت، بەڵام بە ئەزموونی نەوەیەک کە بە دۆزەخی تۆتالیتاریزمی ئایدیۆلۆژی ستالیندا تێپەڕیوە، نوێیان دەکاتەوە.
ئۆسکار بارتۆش(١٤) کارەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێک بە تایبەتترین مۆدێلی گرۆتێسکی فیکری لە ئەدەبیاتی سلاڤی و ئەوروپای خۆرهەڵاتی مۆدێرن دەزانێت. دەڵێت کە گرۆتێسکی مرۆزێک “لە واقیعی تایبەتی پۆڵەندییەوە گەشەی کردووە، هەروەها لە داب و نەریتە بەهێزەکانی ڕێنێسانسی پۆڵەندی و گرۆتێسکی سەردەمی بارۆک، قارەمانەکانی سەردمی کلاسیکی نوێ، تەنزەکانی قۆناغی ڕۆمانسی.

سەرنج خستنە سەر چەند دەقێکی وەک نموونە:
لە دەقە شانۆییەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێکدا، شتە ئەبسوردیەکان و گرۆتێسکەکان هێندە نزیکە بەیەکەوە گرێدراون. ناوەڕۆک و شێوەکەی بوون بەیەک، کە ئەبسوردیەت لە ئاستێکی ناوەڕۆکیشدا دەردەکەوێت، بۆ نموونە
ــ دەقی شانۆی پۆلیس کە ڕەخنە لە ڕژێمی تۆتالیتاری دەگرێت و دژایەتییەکانی ناو دەسەڵاتدارەکان ئاشکرا دەکات. دەقەکە باس لەوە دەکات پۆلیس هەر کەسێک ناڕەزاییەک دەرببڕێت دەیگرن، هەر جۆرە ناکۆکییەکی لەگەڵ دەسەڵاتدا سەرکوت دەکرێت، کارەکتەرەکانی دەقە شانۆییەکە سێ کەسی پاڵەوانن لەگەڵ چەند کەسێکی لاوەکی، وەک فەرماندی پۆلیس، کە نوێنەری دەسەڵاتی باڵا و سیستەمە/ ئەفسە، کە جێبەجێکار و باوەڕدار بە سیستەم/ زیندانیەکی سیاسی کە پەشیمان دەێتەوە لەوەی کە ڕەخنەی لە دەسەڵات دەگرت، لەگەڵ هەندێک ئەکتەری لاوەکی (کۆمبارس).
ڕوداوەکانی دەقەکە، لە دۆخێکی خەیاڵیدا ڕوودەدات، کە پۆلیسەکان شانازی بەوە دەکەن کە هیچ ناڕازەییەک نەماوە بەرامبەر بە دەسەڵات، هیچ ڕەخنەگرێک نییە، تەنها یەک زیندانی سیاسی ماوە.بەڵام کێشەکە لێرە دەستپێدەکات، ئەو زیندانییە پەشیمان دەبێت. واز ڕەخنەکانی لێدەهێنێت ودەڵێت حکومەت ڕاستەکە دوا دوا زیندانی کە بۆ ماوەی دە ساڵ درێژ بەرگەی ئەشکەنجە و لێپرسینەوە گرتووە، گۆڕانکارییەکی تەواو بەسەردا دێت پەشیمان دەبێتەوە و خەریکە ئازاد دەکرێت، کەس ناڕەزایەتی دەرنابڕێت بەرامبەر سیتەم، بەو مانایەی کە ئیدی چیتر پێویست بە پۆلیس ناکات، ئەمەش قەیرانێکی وجودی بۆ هێزی پۆلیس دروست کردووە، پێگەی ئەوان کەوتە مەترسییەوە و پۆلیس ناچار بوو نەیاری خۆیان دروست بکەن، چونکە بەبێ ئەوان نەیاندەتوانی بژین. دەست دەکەن بە هاندانی یەکتر بۆ ئەوەی ببنە خەفیە و جاسوس بۆ ئەوەی ئەوەی یەکتر بگرن. بازنەی ئیدانەکردن و دڵسۆزی دروست دەکەن کە خۆیان تێیدا هەم تاوانبار و هەم دەبنە قوربانی. دەسەڵاتی سەرکوتکەر هەروەها پێویستی بە دوژمن هەیە بۆ مانوەی خۆی، هەتا ئەگەر ناچار بێت خۆی دوژمن دروست بکات.
پۆلیسێک ڕۆڵی ئاژاوەگێڕ و نەیاری دەسەڵاتی پێسپێردراوە، دەسەڵاتی سەرکوتکەر هەروەها پێویستی بە دوژمن هەیە بۆ مانوەی خۆی، هەتا ئەگەر ناچار بێت خۆی دوژمن دروست بکات. کاتێک پۆلیسەکان خۆیان دەبن بە “تاوانبار”، ئەمە مانایەکی زۆر قووڵ هەیە، سیستەم بۆ مانەوەی خۆی، هەموو شتێک دەکات هەتا ئەگەر درۆ بێت. دەسەڵات هەمیشە پێویستی بە هەڕەشە هەیە، ئەگەر هەڕەشە نەبێت، دروست دەکرێت، ترس ئامرازێکی سیاسییە. پەیوەندی بە شێوازی کافکایی ئەوەیە مرۆڤ لە ناو سیستەمێکی بێێمانا گیر دەبێت، یاسا هەیە بەڵام مانای نییە،دەسەڵات هەیە بەڵام ڕوون نییە. ئەمە ئەو دەقەیە کە ناوەڕۆکێکی ئەبسوردی هەیە.
ــ هەروەها مرۆزێک لە دەقی شانۆیی لەپانتایی دەریادا، کە تەنها سێ کارەکتەری هەیە، کارەکتەرەکان ناوی دیاریکراویان نییە، ئەمەش بەهۆی شێوازی ئەبسوردی شانۆنامەکەیە، کارەکتەرەکان، لە چەور، مامناوەند و لەڕ، لە هەندێک وەرگێراندا بە : یەکەم، دووەم و سێیەم نووسراوە، لە وەرگێرانێکی تردا بە ( آ، ب، د)، ئەم تێکستە کراوە بە کوردی لە لایەن فازیل جاف لە ژێر ناونیشانی گێژەن، ئەوەیش کارەکتەرەکانی بە ( قەڵەو، درێژ و بچووک ) نووسیوە، کارەکتەرەکان لەسەرکەڵەکێکن، دوای نوقمبوونی کەشتییەکەیان، بێ خواردن و بێ هیوا دەمێینەوە، دەبێت بڕیار بدەن کامیان خۆیان بکەنە قوربانی و ڕێگە بدەن هاوڕێکانی بیخۆن، بەمەش ئەوانی دیکە ڕزگار دەکەن.
مروژێک بە ئەنقەست شوێنەکە دیاری ناکات، لەدەقەکەدا شوین وڕووداو کات کۆمەڵێک ئامەژەی قوڵن، لە دەقەکەدا دەریا نوێنەری دۆخی مرۆڤایەتییە، کەڵەک، ئاماژەیە بۆ کۆمەڵگا، گیرخواردنیان لە ناو دەریادا ئاماژەیە بۆ کێشەی ژیان و مەرگ. ئەم ڕووداوە دەتوانێت هەموو شوێنێک بێت و لە هەموو جێگایەک ڕووبدات ، لە هەر کۆمەڵگایەک ناعەدالەتدا کە مرۆڤ لە بەرامبەر کێشەیەکی گەورەدا ڕوو لە ئەخلاق و سیستەم دەکات، ئەوا دەسەڵات و سیستەم هەوڵ دەدات پەرەگرافێکی بۆ دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی مافی بخوات.
لە تێکستەکەدا دوو لە کارەکتەرەکان هەوڵ دەدەن بە “ڕێگای دیموکراسیەت” هاوڕێکەیان هەڵبژێرن بۆ ئەوەی بیخۆن، مروژێک لێرە ڕەخنە لە نائەخلاقیەت لە دیموکراسیدا دەگرێت، قسەکردنی سیاسی بێ‌کردار بەکارهێنانی ئەوەی زۆرجار “دەنگی زۆرینە” ڕاست نییە، یاسا بۆ پاساو هێنانەوە تاوانە. مرۆژێک مەترسییەکانی دیموکراسی ئاشکرا دەکات کە تێیدا بڕیارەکان بە دەنگی زۆرینە دەدرێن. کێ توانای هەبێت پرۆسەی “دەنگدان” و بڕیاردان ڕێکدەخات، بە شێوەیەکی دیموکراتیک دیار دەکات کێ بخۆرێت، بەڵام لە ڕاستیدا سیستەمەکە بە قازانجی خۆی ئاڕاستە دەکات، چۆن بڕیار دەدەن؟ دانیشتن، درێژ دادڕی و دەنگدان و دیموکراسی، ئەو کەسەی کەمترین توانای قسەکردن هەیە دەبنە بە قوربانی لە پەرەگرافی یاساکاندا. لێرەدا بە تۆخی ڕەنگ ڕێژ کراوە بە کۆمیدیای ڕەش. مرۆژێک مانایەکی فەلسەفی قووڵتر دەدات بەم دەقە یەک پەردەییە، و پرسیارێک دەکات، ئەگەر ژیان لە دۆخێکی سەختدا بێت، ئایا دیموکراسی و یاسا بەسە بۆ پاراستنی ئەخلاق؟
ــ شانۆنامەی ڕووتبونەوە، جیهانی شانۆنامەی “ڕووتبوونەوە” بە هەمان شێوە ناماقوڵ و شێوازێکی ئەبسوردە، چیرۆکەکەی دەربارەی دوو پیاوی بێناسنامەیە، بە کەسی یەک و کەسی دوو ناویان هاتووە، بەبێ هیچ هۆکارێکی دیار خزێنراونەتە ژورێکەوە و دەستبەسەر کراون، خۆشیان نازانن چۆن کەوتونەتە ئەو ژوورەوە؟ کێ هێناونی بۆ ئەوێ؟ ئەوان هەوڵدەدەن تێبگەن چی ڕوودەدات؟ بۆچی لەوێن؟.
دەرگای ئەو ژوورەی چوونەتە ناوی کراوەیە، بەڵام دەرفەت بۆ هەڵهاتن ناقۆزنەوە. دوو پیاوەکە دەکەونە گفتوگۆ و مشتومڕدان، هەر یەکەیان هەوڵدەدات باشتر خۆی پیشان بدات و دەسەڵاتی زیاتر بەسەر ئەویتردا بسەپێنێت، لە کۆتاییدا دەستێکی گەورە لە سەقفەکەوە دەردەکەوێت دەستێکی دروستکراوی میکانیکی زەبەڵاح فەرمانیان پێدەکات و لە لایەن ئەو دەستەوە بەریوە دەبرێن کە لە سەقفی ژوورەکەوە دێتە دەرەوە، فشار بە دوو کەسەکە دەهێنێت و فەرمانیان پێدەکات بەوەی کە خۆی دەیەوێت و کە ڕەفتاریان بگۆڕن. لە کۆتایی نمایشەکەدا، دەستە گەورەکە بە تەواوی کۆنترۆڵی ژیان و هەڵسوکەوتیان کۆنترۆڵ دەکات و و کاراکتەرەکان هەست دەکەن کە ناتوانن بەرامبەر ئەم هێزە بووەستن و دەستەپاچەن. بەتەواوی هەردووکیان لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو هێزەدان دەستەکەدان و تا ئەو ڕادەیەی کە ناچاریان دەکات جلەکانیان دابکەنن
دەستە میکانیکیەکە ووردە ووردە فەرمان بە دوو کەسەکە دەکات کە جل و بەرگەکانین دابکەنن، دوو کەسەکەش لە گفتوگۆ و ڕووداوە جیاوازەکاندا جارێک بە تەدریج ماسکەکانیان لادەبەن. ڕووکاری ڕاستەقینەی خۆیان دەردەکەوێت، کارەکتەرەکان لە دەستپێکدا خۆیان بە شێوەیەکی باش و ڕێک پیشان دەدەن، بەڵام کاتێک چیرۆکەکە بەرەو پێش دەڕوات نهێنییەکان دەردەکەون، درۆ و دووڕووییان دەردەکەوێت، ڕاستیی کەسایەتییەکان دەبینریت.ڕووتبوونەوە لە شانۆکەدا بە مانای لادانی ماسکی کۆمەڵایەتییە، نەک تەنها ڕووتبوونی جەستە. دەستە گەورەکە لە نمایشەکەدا ڕەمزێکە شارەزای ئەدەبە، نوێنەری دەسەڵات، حکومەت و سیستەمی کۆمەڵگا و هێزێکی نەبینراوە کە مرۆڤ کۆنترۆڵ دەکات، واتە لەوێدا مرۆڤ وەک بووکەڵەیەک دەبێت کە هێزێکی تر جوڵەی پێدەکات.
پەیامی فەلسەفی نمایشنامەکە ئەوەیە کە مرۆڤ زۆرجار وای دەزانێت ئازادە، بەڵام لە ڕاستیدا سیستەم و دەسەڵات هەڵسوکەوتی کۆنترۆڵ دەکات، ئەم فشارە، هەندێک جار مرۆڤ دەخاتە کێشە و شەڕ لەگەڵ یەکتر دەکەن.
دەستە گەورەکە سیمبولی دەسەڵات و سیستەمی سیاسییە، هێزێکە کە مرۆڤەکان کۆنترۆڵ دەکات. لە کۆمەڵگا فشاری کۆمەڵایەتی کە خەڵک ناچار دەکات بە شێوەیەکی دیاریکراو بژین، مرۆڤ زۆرجار وا دەزانێت ئازادە. بەڵام لە ڕاستیدا هێز و سیستەمەکان ژیانیان کۆنترۆڵ دەکەن. کاتێک ئەو هێزانە فشار دەهێنن، ترس و لاوازی مرۆڤ دەردەکەوێت، بۆیە نمایشنامەی ڕووتبوونەوە ڕەخنەیەکی توندە لە دەسەڵات و دووڕوویی کۆمەڵگا.
کاتێک ماسکەکانیان دەکەوێت و رووی ڕاستیان دەردەکەوێت دەکەونە ئاستێکی نزم و داوای لێبوردن لە دەستە زەبەلاحەکە دەکەن، بەڵێنی ملکەچبوون و گوێڕایەڵی دەدەن، تەنانەت دوای ڕووتبوونەوەیان و زەلیل بوونیان بەو هیوایەن دۆخەکە خۆی چارەسەر بێت. شانۆنامەی ڕووتبوونەوەکارێکی شانۆییە کە بە شێوەی ساتایری نووسراوە و مەبەستی سەرەکیی دەرخستنی دووڕوویی کۆمەڵگا و ماسکەکانی مرۆڤە ناوی تێکستەکە لە ناوەڕۆکی شانۆییەکەوە وەرگیراوە، کە ڕووتبوونەوەی جەستەیە بەڵام بە شێوەیەکی ڕەمزی بەکاردێت؛ واتە رووتبوونەوەی ڕاستیی مرۆڤ و ناوخۆی کەسایەتییەکان و داکەوتنی ماسکەکانی مرۆڤە.
لە شانۆنامەکانی مرۆزێکدا جیهان وەک گرۆتێسک وێنا دەکرێت، واتە جیهانی شانۆنامەکانی مرۆژێک دونیایەکی سەیرو سەمەرەیە، لە ئاستی جیهانیشدا وێنەکە گەورەتر دەکات، ئەم گرۆتێسکیەش لە ئاستی داڕشتنی وێنەی گشتی جیهاندا دەردەکەوێت. کارەکتەرەکانی شانۆنامەکانی لە جیهانێکی نامۆ، دژوار و ناڕووندا دەژین، لەو شوێنانەی کە کارەکتەرەکانی لێیەو بوونیان هەیە هەڕەشە و مەترسی لەسەرە، وەک نموونە دەتوانین ئاماژە بە شانۆنامەی ڕووتبوونەوەو تانگۆ بکەین، کە جیهانی ناو شانۆییەکە لە دۆخێکی هەڵوەشانەوەدایە. هەروەها لە لایەکی ترەوە لە شانۆنامەکانی مرۆزێکدا گرۆتێسک لە ئاستی داڕشتنی کارەکتەرەکان و زمانیشدا دەردەکەوێت.
مرۆڤ دەتوانێت سەرنجی ئەوە بدات کە لێکچوونێک لە نێوان شێوازی کارەکتەرەکان لە شانۆنامەکانی نووسەرانی شانۆی ی ئەبسورد و شانۆنامە یەک پەردەکانی سەرەتای نووسینی سلاڤۆمیر مرۆزێکدا ببینێت. لە شێوازی شانۆنامەی کلاسیکی و سونەتی پاڵەوان و دژە پاڵەوان بە ڕوونی بەرجەستە دەبن. بەڵام لە شانۆنامە ئەبسوردیەکان، دژە پاڵەوانەکان خاڵین لەو سیفەتانەی کە بنیاتنانی کارەکتەرە دراماتیکییە تەقلیدییەکان لەسەری بنیات نراوە، ئەمەش وا دەکات ناسینەوەی دژە پاڵەوان بۆ بینەر تاڕادەیەک مەحاڵ بێت.
ڕەنگە مەحاڵ بێت بینەر هاوسۆزی لەگەڵ پاڵەوانەکان بکات، لە هەمان کاتدا لەلای خوێنەر و بینەری نمایشی شانۆی ئەبسوردا پێکەنین و هاوسۆزی دەوروژێنن. کارەکتەرکان لە ژیانی ناوەوە بێبەش دەبن و هەربۆیە دەبنە جێگرەوەیەک یان ئاماژەیەک لەبەر ئەوە لە لەدەستدان و ونکردنی ناسنامە لە ناونانی کارەکتەرەکانیشدا ڕەنگ دەداتەوە، بە پیشە، پێگەی خێزان، ڕەگەز یان تەنها بە جێگرەوە یان تەنها بە پیتێک یان بە ژمارە ناویان دەهێنرێن.

درێژەی هەیە..

بەشی دووەمی سەرچاوەکان:

(١١) Michel Prunet میشێل پرونەر یەکێکە لە ڕەخنە گرە ناودارەکانی فەڕەنسی کە کارەکانی سەرەتایی لە بواری زانیاری ئەدەبیات و شانۆ بوو، زانیاری لەسەر نووسەرانی ئەوروپی و تێمای ئەبسورد کۆ دەکردەوەوە شیکاری دەکردن، ئەویش بە هامان شێوەی ئێسلین کتێبێکی هەیە بە نێوی شانۆی ئەبسورد، Les théâtres de l’absurde” پر پرونەر ئەوەمان بۆ ڕوندەکاتەوە کە کە ئەوەی بە ” ئەبسورد” دەردەکەوێت تەنها بە شێوەیەکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو دەربڕینێکی هۆشیارانەیە کە چۆن واقیع هەندێک جار وەک ئاژاوە یان تێنەگەیشتن ئەزموون دەکرێت.
دەیەوێت لەوە تێبگەین کە شانۆی ئەبسورد لە سەدەی بیستەمدا چۆن شێوازی درامای گۆڕی، بە بەراورد بە تەکنیک و شێوازەی نووسەرە جیاوەزەکان، وە چۆن شانۆنامەکان کێشەکانی ژیانی هاوچەرخمان بە مانا و پەیوەندییەوە نوێیەکان دەردەبڕن. لە ڕێگەی نموونە هێنانەوەی تێکستە شانۆییەکانەوە تەکنیکەکانی شانۆی ئەبووسورد ڕوندەکاتەوە و پێمان دەڵێت کە ئەبسورد چییە و بۆچی سەریهەڵدا و چۆن لە پراکتیکدا کاردەکات؟. ئەویش بە هەمان شێوەی ئێسلین مرۆژک وەک شانۆنامەنووسێکی ئەبسورد پۆڵین دەکات.
(١٢) Darko Gašparović دارکۆ گاشپارۆڤیچ ( ١٩٤٤ ــ ٢٠١٧) نووسەر و دراماتۆرگ و ڕەخنەگر، مامۆستا لە زانکۆی زەگریب، نزیک ١٠ کتێبی لە بارەی هونەری شانۆی هەیە. بەزمانی کرواتی و فەرەنسی دەینووسی. گاشپارۆڤیچ شانۆنامەکانی مرۆژێکی لە ڕوانگەی شانۆی ئەبسوردەوە شی دەکردەوە، فۆرمێکی شانۆییە کە جەخت لەسەر بێ مانای، ئەبسورد و نامۆبوون، نەبوونی کرداری لۆژیکی و تەوەرە وجودیەکان دەکاتەوە. بەکارهێنانی تەنزی کولتووری و سیاسی و یاریکرن بە زمان، و دیالۆگ، کە گاشبارۆڤیچ خۆی دکتۆرای لەسەر لینگوستیکی هەبوو. ئەو، مرۆژێک لە گۆشەنیگای ئەبسوردی لینگوستیکی شیکاری دەکات. کە مرۆژێک بەکاربردنی زمان ، گفتوگۆی توند و پارادوکسال و کردارەکان و سمبولەکان، کارەکتەر و توانایەکی نوێ و تایبەتی بۆ دروستکردنی شێوازی شانۆی ئەبسوردمان بۆ دەخوڵقێنێت. مرۆزێک تاقیکردنەوە لەسەر زمان و دیالۆگ دەکات بە شێوەیەک کە هەم نوکتە و هەم ئیرۆنی وبونگەرای دروست دەکات. زۆرجار دیالۆگەکانی خێرا، ئەبسورد و پارادۆکسیکاڵن، ئەمەش هەستی ئەبسوردی بەرز دەکاتەوە بەڵام جیای دەکاتەوە لە بێکێت کە زۆرجار زمانی مینیمالیستی بەکاردەهێنێت. گاشپارۆڤیچ پێکهاتەی کارەکتەر لای مرۆزێک شیدەکاتەوە کە کارەکتەرەکان دروست دەکات کە هێمای تەنزئامێزی بەهێزن، نەک تەنها فیگەری بەتاڵ، نوێنەرایەتی بیرۆکە، پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی یان لاوازی مرۆڤ دەکەن.
(١٣) Boulevardteater شانۆی بولڤارد بە واتای شانۆگەورەکانی کە دەکەوێتە سەر شەقامێکی گەورە، Boulevard وشەیەکی فەڕەنسییە بە مانای شەقامێکی فراوان و گەورە. زۆرجار ئەم ناوە بۆ ناوی شانۆ یان هۆڵی پێشکەشکردنی هونەر بەکاردێت، بۆ نموونە لە وڵاتانی سکاندیناڤیا و ئەورووپا.
(١٤) Oskar Bartoš ئۆسکار بارتۆش ڕەخنەگر و نووسەرو شارەزا لە بارەی گروتێسکی ئەدەبی و شانۆ، بە تایبەتی لە بابەتی گروتێسکی نوێ، ئۆسکار بارتۆز لە پۆلێنکردنی گرۆتێسکەکانی سەدەی بیستەمدا جیاوازی دەکات لە نێوان:
ــ گرۆتێسکەکانی سارد (لە جۆری کافکایزم، کە هەستێکی ترس و دڵەڕاوکێ لە خوێنەردا ورووژێنێت. کاتێک کەسێک لە ناو سیستەمێکی بێڕەحم و سەیر و ئاڵۆزدا گیر بخوات و هەست بە بێ‌دەسەڵاتبوون بکات، ئەوە دەوترێت Kafkaesque )، واتە گرۆتێسکی تەنزئامێز (کە بەرەنگاریی نامۆبوون لەگەڵ پێکەنین دەجەنگن)
ــ گرۆتێسکەکانی فیکری (کە تایبەتمەندییەکانی… گرۆتێسکی سارد و سەرقاڵ و ژێردەقێکی فەلسەفییان هەیە). دۆخی سەیر، تێکچوو یان نائاسایی بۆ ئەوەی ڕاستییەکی قووڵی کۆمەڵایەتی یان مرۆیی بخاتە ڕوو. بە واتایەکی تر، کاتێک بیر و عەقڵانییەکی قووڵ بە شێوەیەکی ناوازە، هەندێک جار ترسناک یان خەندەدار- ناخۆش پیشان بدرێت، ئەوە دەوترێت intellektuell grotesk.




پارادایمێکی وێرانکەر.. جوتیار مەلا رەئوف

هەڕەشەی لەناوبردنی شارستانیەتێک نابێت مرۆڤ تەنها وەکوو توندوتیژی سیاسی بیبینێت، بەڵکوو دەبێت وەکوو دەربڕینی ئەخلاقی ئەو سیستەمەش ببینێت کە دەسەڵات و قازانج بەسەر مرۆڤایەتیدا لە پێشینەی کاریدایە.
کاتێک گوێمان لە ووتاری سەرۆکێک دەبێت، کە باسی وێرانکردن و بۆردومانکردنی وڵاتێک دەکاتو دەیەوێت بیگەڕێنێتەوە (چاخی بەردین) بە لەناوبردنی ژێرخانی مەدەنی، مرۆڤ هەستێکی لەلا دروست دەبێت کە زیاترە لە تەنها توڕەیی سیاسی، مرۆڤ دەچیتە ناو هەستوو کینەیەکی ئەخلاقی قوڵتر، چونکە بۆ من لێدوانێکی لەو شێوەیە زۆر زیاترە لە هەڕەشەیەکی سەربازی، هەڵوێستێک ئاشکرا دەکات کە تێیدا ژیان و مێژوو و شارستانیەتی مرۆڤ تەنیا وەک کاڵایەک بۆ گفتوگۆ دەردەکەون، کە ئەوەش ڕێک ئەو خاڵەیە کە سیاسەتکردن لەوپەڕی لوتکەی نامرۆڤایەتی خۆیدایە.
دەکرێت کەسێک کە سەرکردایەتی زلهێزێکی جیهانی دەکات قسەیەکی لەو جۆرە بکات؟ چۆن مرۆڤ بەو ساردی و بێ هەستییەوە قسە لەسەر لەناوبردنی بناغەکانی ژیان بۆنزیکەی سەدان ملیۆن مرۆڤ دەکات؟ کارەبا، ئاو، نەخۆشخانە، قوتابخانە، ڕێگاوبان، تۆڕەکانی پەیوەندی، ئەوانە تەنها (ژێرخان) نین، ئەوانە مەرجەکانی کەرامەتوو بونی مرۆڤن لە ناو هەر کۆمەڵگایەکدا، هەرکەسێک بەو جۆرەی (ترامپ) باس لە لەناوبردنوو وێرانکردنی بکات، پێویستە بە ڕاستی گومان بخاتە سەر مرۆڤبوون و مۆڕاڵی سیاسی و وجودی کۆمەڵایەتی خۆی.
من ئەوە تەنها وەک شکستی ئەخلاقی کەسایەتیەکی سیاسی و سەرکردەیەک نابینم، بەڵکوو وەک دەربڕینی کێشەیەکی زۆر قوڵتر وگەورەتر تەماشا دەکەم، ناوکی سیستمێکی جیهانی کە تێیدا دەسەڵات و کۆنترۆڵ و بەرژەوەندی زیاترو بەهادارتر لە ژیانی مرۆڤ هەژمار دەکرێت، بۆ ئێمە ئەوە ڕۆشنە کە سەرمایەداری جیهانی، وڵاتان و مەیللەتان و خاکەکانیان وەک فەزای ژیان بۆ مرۆڤەکان سەیر ناکات، بەڵکو وەک فەزای جیۆپۆلەتیکی، وەک بازاڕ، وەک سەرچاوەی کەرەستەی خاو، وەک ناوچەی ستراتیژی سەیر دەکات، لەو شوێنانەی بەرژەوەندیەکان زاڵن، مۆڕاڵ بوونی نامێنێت، لەو شوێنانەی دەسەڵات و سەرمایە حوکمڕانی دەکەن، زۆرجار لەناوبردنی مرۆڤەکان وەک ئامرازێکی سیاسی ڕەوا دەخرێنە ڕوو.
من پێم وایە قەیرانە قووڵەکە ڕێک لێرەدا هەست پێدەکرێت، سەرمایەداری مۆدێرن بەڵێنی پێشکەوتن و بەعەقڵانیکردنی کۆمەڵگاو و گەشەسەندنی دیموکراسی دەدات، بەڵام لە فۆرمەکانی ئیمپریالیزمدا ڕووخسارێکی جیاواز ئاشکرا دەکات، ژیان دەخاتە ژێردەستەی سوودمەندییەوە، بەها ناپێوێت بە مرۆڤ ومرۆڤایەتی، بەڵکو بە دەستبەسەرداگرتن و مۆنۆپۆلکردن، کاتێک دەوڵەتێکی زلهێز بیر لەوێرانکردن و تێکدانی سیستمی گشتی ژیانی مەدەنی وڵاتێکی دیکە دەکاتەوە، لۆژیکی ڕاستەقینەی ئەو سیستەمە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەبێت، (هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە بە مەرجێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەو بکات)، کە ئەوەش بە بۆچوونی من ئەوپەڕی نامۆڕاڵیەکی سیاسی ڕیکخراو و سیستماتیکە کە وادەکات ئەو دیدگایە لە دنیای سیاسەتدا زۆر مەترسیدار ببیندرێت، چونکە لەناکاو ئەو شتانەی کە مرۆڤ وێنایان ناکات، وەکوو بژاردەیەکی سیاسی شەرعیەتپێدراو دەردەکەون، ئەوکات چیتر باسی مرۆڤ ناکرێت، بەڵکو باسی (فشار)، (رێگریکردن)، (ئامانج) و (ستراتیژ) دەکەن، بەڵام لە پشت ئەودەستەواژەو زاراوانەوە شتگەلێکی ئەبستراکت بوونی نییە، بەلکو لە پشتیانەوە منداڵ و خێزان و نەخۆش و مرۆڤی بەساڵاچوو و تەواوی شارەکان و تەواوی یادەوەرییەکان و تەواوی مێژووەکان بوونیان هەیە، بەربەرییەت بە وردی لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کە زمان ئازارەکان دەشارێتەوەو نەبینراویان دەکات.
بە بۆچوونی من هەڵەیە کە ئەو جۆرە لێدوانانە تەنیا وەک دیدگای (سیاسەتی دەرەکی توندی دەستەڵاتێک) سەیر بکرێت، بەڵکوو ئەوە دەربڕینی کولتوورێکی سیاسیی و کرۆکی ئیفلاسی ئەخلاقین، کولتوورێک کە تێیدا باڵادەستی سەربازی لە ڕێگای وێرانکردنەوە بە گەورەیی و باڵادەستی سیاسی دەزانێت، کولتوورێک کە تێیدا باوەڕ لەسەر ئەو بنەمایە بنیاد نراوە کە لەناوبردن ئامرازێکە بۆ پاراستنی دەستەلاتوو هێز، وە کولتوورێک کە تیایدا سەرۆکی بەهێزترین وڵاتی جیهان کە پێی وایە مافی سروشتی خۆیەتی بڕیار لەسەر چارەنووسی ژیان و بوون و شارستانیەتەکانی تر بدات.
مرۆڤ هیچ هێزێک لەو بابەتەدا نابینێت، بەڵکو تەنها لووتبەرزی سیستەمێک دەبینێت کە خۆی بە مۆدێرن و شارستانی دەزانێت، بەڵام هەمیشە لە ڕێگای بەربەریەتی خۆیەوە ئامادەیە بۆ لەناوبردنی شارستانیەتی ئەوانی تر، بەڕای من ئەوە قووڵترین پارادۆکسە لە هەناوی سەرمایەداری مۆدێرندا ، باس لە ئازادی و دیموکراسی و پێشکەوتن بکەیت، بەڵام هەر کە دەسەڵاتوو هێزەکەت ڕوبەڕووی تەحەدایەکی چاوەڕواننەکراو دەبێتەوە، لەناوبردنی مرۆڤ و وێرانکاری بەرهەم بهێنیت، هەروەها ناوکی لۆژیکی دەسەڵاتی سەرمایەداری مۆدێرن ئاشکرا دەکات، ژیانی ئەوانی دیکە بەپێی بەرژەوەندییەکان بەهایان پێدەدرێت، ئەوەی گرنگە کەرامەتی مرۆڤ نییە، بەڵکو سوودی ستراتیژی و کۆنترۆڵکردن و باڵادەستییە، لەو شوێنانەی دەسەڵات و قازانج پێوەر دادەنێت، سنوورە ئەخلاقییەکان دەگۆڕدرێن، پاشان لەناوچوون و لەناو بردن دەبنە شتێکی عەقڵانی و حیسابکراو و لە ڕووی سیاسییەوە ڕەوایەتیان پێدەدرێت، ڕێک ئەوەیە کە زۆر مەترسیدارە، ئیتر (بێ مۆڕاڵی) وەک (بێ مۆڕاڵی ) دەرناکەوێت، بەڵکو وەک ئامرازێکی سیاسی حەق و شەرعی دەردەکەوێت.
زلهێزێکی جیهانی کە بانگەشە بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات دەبێت لەمەودوا هێڵێکی ڕوون بکێشێتوو بەو وێنە ڕاستەقینەی کە نیشانی دەدات دەبێت خۆی پێناسە بکاتەوە، هەر هێزێک ئامادەبێت بناغەکانی تەواوی کۆمەڵگایەک تێکبداتوو وێرانی بکات تا ئاستی گەراندنەوەی بۆ (چاخی بەردین)، هەموو مافێکی ئەخلاقی خۆی وەک بەرگریکاری ماف و یەکسانی کۆمەڵگاکان کە نیشانی دەدات، لەدەست دەدات، چونکە شارستانیەتوو مرۆڤایەتی بە وێرانکردنو باڵادەستی سەربازی پێناسە ناکرێت، بەڵکو بە توانای سنووردارکردنی وێرانکاری و توندوتیژی و نواندنی هێزی ئەقڵ پێناسە دەکرێت.
دواجار حوکمێکی ڕوون دەمێنێتەوە، هەرکەسێک باسی لە ناوچوون و وێرانکردنی شارستانیەتێکی هەزاران ساڵە بکات، بە ناوی یاساو و ماف وئاسایش و ئازادییەوە قسە ناکات، وە کاتێک سەرۆکێک بەو شێوەیە قسە دەکات، ئەوە نەک گەورەیی و هێز، بەڵکو تێکشکانێکی ئەخلاقیی سیاسی ئاشکرا دەکات کە دەسەڵاتوو بەرژەوەندی و قازانج بەسەر مرۆڤایەتی و شارستانیەتی مرۆڤدا بە ڕەهایی ئەولەویەت پیدەدات.

جوتیار مەلا رەئوف




گوزەرێک بە نێو دێڕە شیعرەییەکانی ( کەژاڵ عەلی ) و ئاشنابوون بە جوانییان.. رەنگین مەلا سەمەد

لە گوزەرکردن بەنێو دێڕە شیعرییەکانی خانمە شاعیر ( کەژاڵ عەلی)دا هەوای شاعیربوونیت بەردەکەوێ، لێکدانەوەیان! ئاسۆیەکی ڕوونی شیعرییت پێدەبەخشێت، خەیاڵت بۆ لێکدانەوەی پیت و وشەکان پەلکێشدەکات، لەزەت و چێژی جوانیی و تێمای شیعرییت پێدەبەخشێ، ئەو بە سادەیی دێڕەکان دەرنابڕێ، بەڵکو هەڵوەداو ماندووت دەکات بۆ مانا هەقیقییەکەی خۆی، بێدەنگ و کەمدووە، بەڵام دونیایەکی بەرینە لە وشەو داڕشتن، دوورەپەرێزیی ئەو بۆ باشتر پێشکەشکردنە نەک خۆحەشاردان، سادەیە لە کەسایەتیی بەڵام دەوڵەمەندە لە بیرو دەربڕین و خەیاڵی ئەرێنی، ئەو! کاتێک دێڕەکان بەسەردەکاتەوە بۆ پێکهێنانی دەقێک، قوربانیی بە هەندێک لایەنی ژنێتیی خۆی دەدات بۆ ئەوەی دەقێکی ڕچەشکێن و داهێندراو بونیادبنێت و، گەمەیەک لەنێو کلتوورە زاڵەکان و خەیاڵە قەتیسەکان ئەنجامبدات، مەیلەکانی ئەو بۆ شیعرو شاعیربوون مۆرکی ڕەسانەیەتی پێوەیەو بەرگێکی سەنگینی شیکی بەبەردا کراوە، ئەو! هیچکات لە خەیاڵی لادان لەم بەرگەدا نییەو، کردوویەتی بە پۆشاکی شیعری هەمیشەیی
لای ئەو شیعرو ئەدەب گەنجینەیەکی ڕۆحیین و ئامادە نییە دەستبەرداریان بێت، وێنەی شیعریی ئەو پانتایەکی بەرینی داگیرکردووە.
ئەو ژیرە لە هەڵبژاردنی وشە شاراوەکان، دەریاندەخات و بەکاریاندێنێ، تا ئاستی پەیبردن بە هەموو جوانییەکانی ناوەڕۆکیان دەتبات، ئەو ناوەستێت، بەردەوامە لە گەڕان بەدوای دەقە نەبیستراو و نەوتراوەکان، دەیاندۆزێتەوەو بەرچاویان دەخات
لە ئاست پێناسەو هەڵسەنگاندنی قەڵەمەکەی تووشی شۆکت دەکات، هێزی ژنێتیی ئەو بۆ بوون، هێندەی ئاسمان و زەمینە
پێناسەو خوو و باس و خواسی کەژاڵ عەلی لە شیعرەکانیدا دەبینرێت، چون هێمن و هەیمەنەو کەسایەتیی ڕەونەقدارەو هاوشێوەی تیشکێک ڕەنگدانەوەی لەسەر ناوەڕۆک و فۆڕم و دەقەکانی دەبینرێت
کەژاڵ! بە شیرینی وشەو سەنگینی دەربڕین و سەلیقەیی لە تەکنیک، تاڵیی لە بیر دەباتەوە،
جوانیی دەبەخشێتەوەو ئازارەکان پێچەوانە دەکاتەوە.
ئەو جۆرێک دەنووسێت، ئەندێشە هاوشێوەی( با ) ئاراستە دەکا، گومان بۆ جوانبینی و داهێنانی ژن وەک گەردەلوول ڕادەماڵێ، ئیلهام بۆ بیرکردنەوه وەدەست ئەخات
هەروەک شاعیرو نووسەر کەژاڵ نوری لەبارەیەوە دەڵێت، کەژاڵ عەلی فەرهەنگێکی بێدەنگە.
ئەو پڕە لە قسەو زمانێکی نەرمی هەیە لە دەربڕین

لە شیعرێکدا کەژاڵ عەلی بە ڕەهەندێکی قووڵەوە وێنەی سۆزو ناخی پڕ خۆشەویستی خۆی بۆ عەشقێک دەکێشێت کە لێی ونبووەو ناتوانێت خۆی تێدا بدۆزێتەوە، لەکاتێکدا تەفسیری تاسەو تامەزرۆیی عیشقی ئەم بۆ ڕۆحێکی ونبوو، پڕە لە نائومێدی و چاوەڕوانی و بەربەرەکانێ بۆ ئەو عەشقەی کە وەک باران بەسەریدا دەبارێ و زیندووی دەکاتەوەو بەردەوامیش بەرەو ‌مەحاڵی دەبات،
لێوی تەڕی پێ ئاو دەداو نوقمی حەسرەتی تێربوونی دەکات.
لە سروشتدا وێنەی عەشقی کێشاوەو با و باران و هەورو گەردوونی کردووەتە ڕەمزی عەشقێکی نەرم و بێگەردو ڕۆحیی.

راوەدووی بای دەنا
سەری لە گێژی باخچەدا
لێ جێ ما ، باران .

شەری گەردوون دەکەم
بەس هی تۆم پێ ناکرێ
کەدێی وەک باران
لەچاو ترووکاندنێکدا
شەلالم دەکەی بە دەسرێژی ئەشق .

تێکەڵبوونی کۆمەڵێک واتای وەک باران و مۆسیقاو بۆن و خەون و ئەرخەوان، هەستێکی ناوەکیی بزووێنەر ئەخوڵقێنێ لە عەشقێکی پەنهاندا کە پڕە لە هێمنی و جوانی و شکۆ، ئاوازێک ئەچڕێ کە عاشق مەست و سەرسام دەکات، وێنەیەکی شیعریی وا دەدات بە دەستەوە، کە ڕووی ڕاستیی عەشق دەردەخاو هێمای جوانیی عەشقی ڕۆحیی دیاریدەکات
ئەم جۆرە دەربڕینەش لە ئەنجامی لێوردبوونەوە، هەستەکان لە توڕەییەکی تەواو ڕووکەشەوە توڕ دەدات و بەرەو هێوربوونەوە ئاراستەیان دەکات،
بەهۆی بۆنی عەشقی ڕاستەقینەوە، ڕۆحی پەیوەست و پەلکێش دەکات.

کە دێمە بەر نمەی شەرەکانی تۆ و
مۆسیقای بەخوری ئاو
لە خەونێکی ئەرخەوانی یاخییەوە
دەبم بەپلینگێکی چنگ بەبارانی
عاشق
دێم بۆن بەرووحتەوە دەکەم .

شاعیر وێنایەکی جوانی ناخی خۆی تێکەڵ به تێکەڵەیەک لە سروشتی باران و سەرماو هەور کردووە، پێیوایە ئەو بارانەی کە سەرما لەگەڵ خۆی دێنێ و پێیەکان ئەتەزێنێ لەگەڵ گرمەو بروسکەکانی هەوریش سەما بە دەستە سڕو ڕچاوەکان دەکات.
ئەمەش پیشاندانی وێنەیەکە، کە خەمەکان دەڕەوێنێتەو ئازارەکان دەکاتە هیوا.
شاعیر پێیوایە باران ئاسوودەیی خۆی لە هەنسکی ئەودا دەدۆزێتەوه، باران ئاوی ئیلاهییەو هەنسکی ئەمیش فرمێسکی دووری یارە، هاودەنگیی و هاودەمییەک لە نێوان خۆی و باراندا بەدی دەکات بۆ هاوسۆزی و هاوڕێیەتی، هەنسک و باران دەکاتە هاودەم و هاوڕێی یەکتر.

پێیەکانی تەزین، باران
بەدیار چەپڵە بارگاوی یەکانی هەورەوە
دەستی سری کانوونەکانی گرتووە و
سەما دەکا .
وەک دلم لای ئەو بێ
سەری بە کەڤالی هەنسکم کردوە
باران .

بەکارهێنانی دوو دەستەواژەی پێچەوانە، کە ئەوانیش (منداڵیی و گەورەبوون)ە، پێناسەی ژیانی دوو وێستگەی جیاوازی تەمەنی شاعیرە لەو ساتەوەی کە هەستێکی منداڵانەی تێدابووە تا گەورەبوونی ئەو هەستە لەگەڵ خەمەکانی ژیانیدا.
منداڵیی، وێستگەیەکە ناخ تیایدا هێورەو خەم ئاڵۆزی ناکات و فرسەتەکانی لە کیس نادات.
بەڵام لە گەورەبووندا شەپۆلی بێئومێدیی، تاڤگەی ئاو
هەرچەندە تەڕە، مرۆڤ تووشی هەڵقرچان و وشکبوون دەکات.
لەم جەنجاڵییەش کە پڕە لە خەم و نائومێدی و حەسرەت، باران هەرچەندە دەنووکی نییە هاوشێوەی باڵندەیەک هەستەکانم بریندار دەکات.

منداڵیم ،
سێریز تریقانەوەی بارانی دەهۆنییەوە ،
تەر نەدەبوو .
گەورەییم، لەبەر تەوژمی
بێهومێدی تافاو
زەمەن وشک دەکاتەوە .
سەرم پر بوو لەجریوە
دەنووک لەگۆی ئیحساسم گیر دەکا
باران .

وێنەکان لەم بەشەی کۆتادا ترسی تیا بەدی دەکرێت
ترس لە هەڵخەڵەتاندن، ترس لەو بێزارییەی کە بەرۆکی پاکی بێئاگای یاری گرتووە، ترس لەو دەرفەتەی کە باران قۆستوویەتییەوە بۆ ئەوەی دڵی یاری پێ بخاتە نێو بۆسەو پیلانی داڕێژراوی ئەو بارانەی کە دڵۆپ دڵۆپ لە پەنجەرەی دەداو لە نهۆمی حەوتەمی (با)وە دەیەوێت بێ پرس، خۆی بە باوەشی پڕ سیناریۆی باراندا بکات، باران کە وەکتر ڕەمزێکەو بە دیوێکی جوان واتا ئەبەخشێت، لێرەدا شاعیر بە گومانەوه باسی لێوە کردووەو هاوشێوەی دێوەزمەیەک لێی دەڕوانێت و ترسی لە بوونییەتی.

ئەوەندە دێتە بەر پەنجەرەکەم
دڵۆپ دلٶپ ،
دەترسم ،
لەنهۆمی حەوتەمی باوە ،
بکەوێتە باوەشی سیناریۆی
بارانەوە ، دڵم

رەنگین مەلا سەمەد




کتێبی دنیای ئەدەب ژمارە ٣ و ٤ ی ساڵی ٢٠٢٦

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




داڕشتنی نووسین لەنێوانی هزرو واتادا.. ستار ئەحمەد

نووسین تەنیا گواستنەوەی چەند زانیارییەک نییە لە مێشکەوە بۆ سەر لاپەڕە، بەڵکو پرۆسەیەکی ئاڵۆزی ئەندازیارییە کە تێیدا نووسەر وەک وەستایەکی لێهاتوو، تان و پۆی بیرۆکەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. کاتێک باس لە داڕشتنی نووسین دەکەین، لە ڕاستیدا باس لەو بنچینە پتەوە دەکەین کە دەقەکەی لەسەر هەڵدەچنێندرێت، تاوەکو ببێتە یەکەیەکی یەکگرتوو و خاوەن ناسنامەیەکی دیار. ئەم کارە پێویستی بە وردبینییەکی زۆر و شارەزایییەکی تەواو هەیە لە نێوان چەمک و گەیاندنی پەیامەکاندا. هەر دەقێکی نووسراو ئەگەر خاوەنی داڕشتنێکی تۆکمە نەبێت، وەک تەلاری پڕ لە درز وایە کە بە کەمترین لەرینەوەی مانا هەرەس دەهێنێت و ناتوانێت لە بەرامبەر ڕەخنە و کاتدا خۆی ڕابگرێت.
گرێچنی نووسین ئەو هونەرە بەرزەیە، کە ڕێگری دەکات لە پەرتەوازەبوونی مێشکی خوێنەر. نووسەری بەسەلیقە دەزانێت چۆن سەرەتای وتارەکەی بە کۆتایییەکەی ببەستێتەوە، بە شێوەیەک کە هیچ کەلێن و درزێک لە نێوان بڕگەکاندا نەمێنێتەوە. ئەم پەیوەندییە توندو تۆڵە وا دەکات خوێنەر هەست بە ئارامی بکات و لەناو شەپۆلی وشەکاندا ڕێگەی ڕاستی خۆی ون نەکات. لەم سۆنگەیەوە، داڕشتن دەبێتە گیانی نووسینەکە؛ ئەگەر داڕشتن لەرۆک و سست بوو، ئەوا بەهێزترین بیرۆکەکانیش ناتوانن جێگەی خۆیان لەناو دڵی خوێنەردا بکەنەوە و دەقەکە وەک کۆمەڵە پارچە گوشتێکی لێکجیا دەردەکەوێت کە هیچ ڕۆحێکی تێدا نییە.
زمان لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. پاراستنی ڕەسەنایەتی زمان و دوورکەوتنەوە لەو دەربڕینانەی کە نامۆن بە گیانی نەتەوەیی و کولتووری، یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی گرێچنەکە سروشتی و ڕەوان بێت. هەر وشەیەک کە دەخرێتە ناو ڕستەیەکەوە، دەبێت وەک خشتێکی تاشراو بێت کە تەنیا بۆ ئەو شوێنە دەست بدات. لێرەدا نووسەر تەنیا گواستەرەوەی زانیاری نییە، بەڵکو پارێزەری جوانی و شکۆی زمانەکەیەتی. داڕشتنی ڕاستەقینە لەوەدا دەردەکەوێت کە نووسەر چۆن دەتوانێت بە وشەی سادە بەڵام پڕاوپڕ لە واتا، ئاڵۆزترین کێشەکان شیبکاتەوە بەبێ ئەوەی پەنا بۆ وشەی بێگانە بەرێت کە تەنیا بۆ خۆدەرخستن و ڕازاندنەوەی بێبنەما بەکار دەهێنرێن.
هەروەها، گرێچنی نووسین پێویستی بە ئارامگرتن و دووبارە پیاچوونەوەی بەردەوام هەیە. نووسەر دەبێت چەندین جار دەقەکەی بپشکنێتەوە تا دڵنیا بێت کە زنجیرەی بیرۆکەکان هیچ پچڕانێکی تێدا نییە. ئەمە ئەو قۆناغەیە کە تێیدا دەق لە شێوەیەکی خاوەوە دەبێتە بەرهەمێکی پوخت و پاراو. کاتێک خوێنەر دەقێکی خاوەن داڕشتنی بەهێز دەخوێنێتەوە، هەست بە ماندووبوون ناکات، چونکە ڕیتم و ئاوازی وشەکان بە شێوەیەکی وا ڕێکخراون کە مێشک بە ئاسانی وەریان دەگرێت و لێیان تێدەگات. لە ڕاستیدا جوانیی نووسین لەوەدایە کە خوێنەر تەنیا مانا وەرنەگرێت، بەڵکو چێژ لە چۆنیەتی بەیەکەوەبەستنی واتا و وشەکان ببینێت و لە قووڵاییی مانا گەورەکاندا نوقم بێت.
لە لایەکی ترەوە، داڕشتن و گرێچنە پێویستیان بە جۆرێک لە لۆژیک هەیە، کە پێی دەوترێت پەیوەندی هۆکاری. واتە هەر بڕگەیەک دەبێت ببێتە دەرەنجامی بڕگەی پێش خۆی و سەرەتایەک بێت بۆ بڕگەی پاش خۆی. ئەم جۆرە لە ڕێکخستن وا دەکات وتارەکە ببێتە یەک پارچەی یەکانگیر. نووسەری ژیر وەک چنینکەرێکی لێهاتوو وایە کە ڕەنگەکان و دەزووەکان بە شێوەیەک تێکەڵ دەکات کە لە کۆتاییدا نەخشێکی بێوێنە دروست دەبێت. هەر لادانێک لەم بنەما زانستی و هونەریانە دەبێتە هۆی ئەوەی پەیامی نووسەر بە نیوەچڵی بمێنێتەوە و کارایی خۆی لەدەست بدات و وەک دەقێکی بێ ناسنامە تەماشا بکرێت.
هەروەها دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە هزر و واتا بێ زمانێکی پاک و پاراو تەنیا وەک خەونێکی ناڕوون دەمێننەوە. نووسەر کاتێک دەست دەداتە قەڵەم، دەبێت بەرپرسیارییەتی مێژوویی خۆی لەبەرچاو بگرێت. هەر دێڕێک کە دەینووسێت، تەنیا بۆ ئەمڕۆ نییە، بەڵکو دەبێت وەک ئەرشیفێکی هزرین بۆ داهاتوو پارێزگاری لێبکرێت. داڕشتن لێرەدا دەبێتە قەڵغانێک کە ڕەسەنایەتی بابەتەکە دەپارێزێت و ڕێگری دەکات لەوەی ماناکان لەژێر فشاری گۆڕانکارییە خێراکاندا بپووکێنەوە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، داڕشتنی نووسین و گرێچنی واتا، دوو ڕووی یەک دراون کە لە ناوەندی هزردا یەک دەگرنەوە. یەکەمیان شێواز و پێکهاتەی دەرەوەی دەقەکەیە و دووەمیان جەوهەر و ناوەرۆکی ناوەوەیەتی. هەر نووسەرێک بیەوێت شوێن پەنجەی لە ناو دنیای ڕۆشنبیری و ئەدەبیدا دیار بێت، دەبێت بەر لە هەر شێوازێک، کار لەسەر بەهێزکردنی بنەماکانی داڕشتن و توندوتۆڵکردنی گرێچنی بابەتەکانی بکات. زمانەکەی بپشکنێت و هەرچی وشەی نامۆ و دەربڕینی سستە لێی پاک بکاتەوە. تەنیا ئەو دەقانە لە مێژوودا دەمێننەوە کە لەسەر بنەمایەکی لۆژیکی و زمانەوانیی بێگەرد و پتەو بونیاد نراون. ئەمە ئەو ڕێگەیەیە کە نووسەر دەگەیەنێتە لوتکەی داهێنان و دەقەکەی دەکاتە ئاوێنەیەکی ڕاستگۆ بۆ نواندنی ڕاستییەکان و گەیاندنی پەیامە مرۆییە بەرزەکان بۆ خوێنەرانی ئێستا و نەوەکانی داهاتوو.

ستار ئەحمەد




ڕۆمانی فڕینی پردەكان و ڕووخاندی گەورەترین پردی ئێران پێشبینیەكی دیكەی هاتەدی.. دڵشاد كاوانی

ڕۆمانی فڕینی پردەكان و ڕووخاندی گەورەترین پردی نێوان تاران و كەرەج، هەڕەشەی ئێران بۆ ڕوخاندنی پردەكانی وڵاتانی عەربیی پێشبینی تەواوی ڕۆمانی فڕینی پردەكان هاتەدی.

دوای ئەوەی دۆناڵند تراپ دوینێ گەورەترین پردی نێوان تاران و كەرەجی ڕوخاند و هەرەشەی ڕوخاندنی سەرجەم پردەكانی ئێران دەكات. لە بەرانبەردا عێراقچی هەڕەشەی ڕوخاندنی پردەكانی وڵاتانی عەربیی دەكات و لەوانە پردی شێخ جابر ئەلئەحمەد ئەلسەباح کۆز وەی؛ کوێت. شا فەهد کۆز وەی؛ سعودیە – بەحرەین. کۆز وەی شێخ زەید؛ ئەبوزەبی. پردی ئەلمەقتە؛ ئەبوزەبی. پردی شا حسێن؛ ئوردن. پردی دامیا ئادەم؛ ئوردن – کەناری ڕۆژئاوا. پردی شێخ خەلیفە؛ ئەبوزەبی. پردی عەبدون؛ عەممان پایتەختی ئوردن.
كەچی من لە ساڵی 2023 ڕۆمانێكم بەناوی فڕینی پردەكان و شەڕی سێ وڵات و شارستانیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین كرد، كە لەو شەڕەدا سەرجەم پردەكان دەڕووخێنن لە بەشی ڕووخانی پردەكان و لاپەڕە (61) دا هاتووە:

ڕوخـــانی پردەکان

ئەو شارە پڕە لە پرد، پردی بەرز و پردی نزم، پردی پان و پردی تەسک، هەزاران پردی دارینە و بە گوریس و ستووندە و تەژەی تێدایە. لە ڕۆژی ڕوخانی پردەکان، لە هەر خولەکێک پردێک و لە کاتژمێرێک شەست پرد لەو شارە دادەڕمێت. بە دینامێت و بۆمبی دەستی و ڕاکێشانی گوریس و تۆپ و هاوان و تەناف، پردەکان دەڕوخێنن.

جگە لەم بەشە شارێكی تیدایە بەناوی شاری پردەكان كە سەرجەم پردەكانی ژیان لەم شەڕەدا دەڕووخێن وەك لە لاپەڕە (147) دا هاتووە:
لای باکووری شاری پردەکان شاری شیلەی هەنگ و لای باشووری دەریای خەمگیر و ڕۆژهەڵاتی کارخانەی لەکارکەتوو بوو، ڕۆژئاوای خوزستان و شاری خۆشی و پێکەنین بوو. لەم شارەدا هەزاران پردی تێدایە و هەر پردەی ناوێکی هەیە، پردی خۆشەویستی، پردی شادی، پردی خەمخانە، پردی ئازار و شەکەت، پردی پەڕین، پردی پەڕینەوە، بەیەک گەیشتن، دابڕان، کوشتن، بڕین، فڕین، تڕین، فسین، قنین، پردی سیک و هۆڕ و زیڕەکردن و گووکردن و بەخۆداڕیتن.

لە كۆتایی ڕۆمانەكە و لە لاپەڕە (347) هاتووە:
بێ بەختی من باوبۆران و ڕەشابەیك هەڵی كرد، لەبری هەموو شـێك لە ژێر پردی شۆڕشدا، عەرەبانە شل و شەقەكەی منی هەڵگرت و پەڕ و كاغەزانەی پەڕش و بڵاوكردەوە. هەنار و پاقڵەكانم ڕژانە نێو جۆگەڵەی ئاو و تەختە و داری عەرەبانەكەم تێكشكان. بۆ چەند مانگێك دەچێت لە كونجی ماڵەوەم، ئەوەی لە پاقڵەفرۆشییەكەوە فێری ببووم، كردم بە ڕۆمانێك بەناوی فڕینی پردەكان.

ئەو كاتەی ڕۆمانەكەم بڵاوكردەوە، گوتم: ئەم ڕۆمانەم ڕۆمانی پێشبینییەكانە، لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست یەكبوونی ئایینەكان بەناوی قینات و شەڕی سێ هێما و دەسەڵاتە و لە ئێرانەوە لە خوزستانەوە سەرهەڵدەدات و كە باشووری وڵاتی ئێران و دورگەی خارك و هۆرمزە و دەچێتە بەغدا و كوردستان و بیابانی عەرەبیی و بیابانی نەقەب و شاری عەكا و حەیفای ئیسرائیل و لەوێ كۆتایی دێت، زۆر كەس پێی هەناسەسواربوون و پێیان وابوو، من تووشی تەوەهووم بوویمە.

بەداخەوە بۆ شەنسی من و دۆخی ڕەخنەی ڕۆمانی كوردیی وایكردووە لەبری توێژەران كە خۆم بێم ڕووداوەكان پشتڕاست بكەمەوە. سەرتا لە ڕۆمانی بەڕێگاوە لە ساڵی 2019 باسی سەرەتایی پێكدادانی سێ شارستیانییەت و سێ ئایین و سێ جەمسەریم كرد. كە جەنگ دەچیتە نیو تونێڵەكانەوە. دواتر لە ڕۆمانی فڕینی پردەكانەوە جەنگ دەچێتە قۆناغێكی دیكە كە وێرانكردنی سەرجەم پردەكانی شارەكانی لێ دەكەوێتەوە.

لە ناساندنی هەولێری ڕۆمانی فڕینی پردەكان لە ساڵی 2023 لە كتێبخانەی مەموزینی هەولێر كە مامۆستا هاوكار جەمیل خویندنەوەی بۆ ڕۆمانی فڕینی پردەكان كرد، ئێستەش قسەكانی بە تۆماركراوی ماون كە گوتی: ئەم ڕۆمانە تەنیا ڕۆمانیكی ئاسایی نییە، بەڵكوو دڵشاد كاوانی هاتووە شتێكمان پێ بڵێت كە ڕەنگە لە ئایندە شەڕێك ڕووبدات، چونكە ئەوەی دڵشاد كاوانی لە ڕۆمانی بەڕێگاوە و باسی كردووە، نەیتوانیوە تەواوی بكات بەڵكوو هاتووە لە ڕۆمانی فڕینی پردەكان تەواوی بكات. دەتوانم بڵێم هاوكار جەمیل یەكێك بوو، لەو ئەكادیمێستانەی كە زوو دركی بەوە كرد، تەنیا دەقێكی ئەدبیی نییە، بەڵكوو ڕۆمانی فڕینی پردەكان ڕۆمانێكی پێشبینیكارە. بۆیە چاوەڕێی پێشهاتی گەورەتربن.

دڵشاد كاوانی
نووسەری ڕۆمانی فڕینی پردەكان چاپی 2023




ئەمریکا دەستیکرد بە گەشتەکانی بۆ سەر مانگ.. رەزا شـوان

(ناسا) ئاژانسی ئاسمانی ئەمـریکا، بـۆ یەکەمجـار لە مـاوەی زیـاتر لە (٥٠) سـاڵـدا، لە (١/ نیسان) بە کەشتیی ئارتیمیسی دووەم. ئاسمانگەڕانی بۆ خولگەی مانگ رەوانەکرد.
(چارلی بلاکـوێـڵ- تـۆمپسۆن) بەڕێـوەبەری هەڵـدانی ئارتمیسی دووەم، چەند خولەکێک پێـش بەرزبوونەوەی کەشتیی ئاسمانی (ئارتـمیس ـ ٢) بۆ خولـگەی مانـگ، بـە تـیـمی ئاسـمانگەڕییـەکەی وت:”لـەم ئەرکـە مێـژووییـەدا، ڕۆحی تـیـمی ئارتـمـیس و بـوێـری گەلی ئەمریکا و هاوبەشەکانمان لە سەرانسەری جیهـان و هـیوا و خەونەکانی نـەوەی نـوێ لەگـەڵ خۆتـان هـەڵـدەگـرن”. “بەخـتـێکی باش. بـڕۆ ئارتـمـیسی دووەم”.
دوای زیـاتر لە (٥٠) ساڵ، لە کۆتـایی هـاتـنی بەرنامـەی ئەپـۆلـۆ و دوا ئـەرکی تیـمی ئاسمانگەڕی بۆ سەر مانگ، ئێـوارەی چـوارشەمـمە (١/ نیـسان/٢٠٢٦) لە کاتژمێری (٦:٣٥) بە کاتی رۆژهـەڵاتی وڵاتە یەکگرتـووەکانی ئەمـریکا بە، لە ناوەنـدی بۆشایی ئاسمانی کـێنێـدی لە شاری کـیپ کاناڤـێرال لە ویـلایەتی فـلـۆریـدا بۆ بـۆشایی ئاسمان، کەشتیی (ئارتـمیسی دووەم) ی ناسا، بە موشەکی (ئۆریۆن) کە مووشەکێکی هـەڵـدەری زۆرە بەهـێزە، بـۆ خـولگەی مانگ هـەڵـدرا.
سێ پیـاو و ژنێک لە گەشتـێکی (١٠) رۆژیـدا، بۆ خـولگەی مانـگ دەستـیان پێکـرد. پێـشبینی دەکـرێـت کە ئـەم گەشـتە، لاپـەڕەیەکی نـوێ لـە مێـژووی گـەڕانی بـۆشـایی ئاسمانی ئەمریکادا بکاتەوە. باڵادەستیی لە گەشتی بۆشایی ئاسمانیدا بسەلـمـێنێتەوە.
جـێرمی هانسن، ئاسمانگەڕی کەنـەدی، لە شـوێنی خۆیـەوە لەنـاو ئارتـمیسی دووەم،
دە خولەک پێش بەرزبوونەوەی ئارتمیس وتی:”ئێمە بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەڕۆین”.
دۆنـاڵـد تـرەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەلای خۆیەوە، لە پلاتـفـۆرمی (تـوت سۆشیال)ی خۆیـدا ڕایگەیانـد:”ئەمـریکا دەگەڕێتـەوە بۆ سەر مانـگ!” ئامـژەی بەوەش کردووە، “کەس ناتوانێـت ڕکابـەری ئێـمە بکات! تەنها ئەمـریکا ڕکابـەری نییە، بەڵکو زاڵە و هەمـوو جیهـان چاودێـری دەکـات”.
ئەم ئەرکە نوێیە بەناوی (ئارتـیمیس ـ ٢) لە سەنتەری بۆشایی ئاسمانی کـێـنێـدی لە فـلۆریدا دەستیپێکرد. سێ ئاسمانگەڕی ئەمریکی و کەندیەک لەناو ئارتیمس ٢ دان: (ڕیـد وایـزمـان) سەرۆکی تـیمەکە و (ڤـیکـتۆر گـلـۆڤـەر) و (کـریـستیـنا کـۆچ) و (هـانـسن کەنـەدی).
ڤیکتۆر گلۆڤەر، کە یەکێکە لەو چوار ئاسمانەگەڕانەی گەشتی (کەشتی ئارتیمیس ٢) فەرمانـدەیی ئەرکەکەیە. کاتێک کە منـداڵ بـوو لە دۆڵی پـۆمـۆنـا، لە تەلەڤـزیـۆنـەوە سەیـری هـەڵـدانی کەشتـیی بـۆ بۆشایی ئاسمانی دەکـرد و خەونی بە فـڕۆکەوانییەوە دەبـینی. گڵۆڤەر سەرەتای کارکردنی وەک فـڕۆکەوانی تاقـیکاری لە بیابانی مـۆگاڤێ دەستیپێکردووە، لە قوتابخانەی فـڕۆکەوانی تاقیکردنەوە، لە بنکەی هـێزی ئاسمانی ئێـدواردز خوێندوویەتی و لە بەتالـیۆنێکی فـڕۆکەوانی تاقـیکاری هـێزی دەریـایی لە دەریاچەی چـین لە کالـیفـۆرنیا خـزمەتـێکی زۆری کـردووە.
ئەگـەر لـەم گەشـەتەیـدا سەربـکەوێـت، گـلۆڤـەر دەبـێـتە یەکەم کەسی ڕەشپێـست کە گەشـتی بـۆ سـەر مـانـگ کردووبێـت.
یەکەم ژنیش کە ئەو کارە دەکات، کـریـستینا کـۆچ، کە ئاسمانگەڕێکی ناسراوە. خاوەنی ريکـۆردی درێـژتـریـن گەشـتی دەروەی زەوییـە، یەکـەم ژنـی کانـدیـنکـراویـشە، کە لە ساڵی (٢٠٢٨) دا، بە (ئـارتیـمس ٣ ) دەچـێـتە سـەر مـانـگ. (نـووسەر ئـەم باسە) لە مانـگی (نـۆڤـەمبـەری/٢٠٢٤) دا، بـە درێـژی باسی بیـۆگـرافـیای (کـریـستینا کـۆچ) م کـردووە، لە سایتـە کوردییەکانـدا بـڵاوم کـردووەتـەوە.
ئاسـمەنگەری کەندیش (جێرمی هانس) دەبێت بە یەکەم ئاسمانگەر، کە ئەمـریکی نییە و بە کەشـتییەکی ئەمـریکی، لە گەڵ ئاسـمانگەڕە ئەمـریکییەکانـدا ئـەم گەشـتە دەکات.
پـرۆژەی ئارتـیمـیس، کە لە خـولی یەکـەمی سـەرۆکـایەتی دۆنـاڵـد تـرەمپـدا، لە ساڵی (٢٠١٩) دا، تـرەمپ پـەردەی لەسەر پـرۆژەکە لادا و جەخـتی لەسەر جـێبەجـێکـردنی کـرد. ئامـانجی پـرۆژەکە ئـەوەیە لـە کـۆتـاییـدا، ئامـادەیی هـەمـیـشەیی مـرۆڤ لەسـەر مانگ دابمەزرێنێت و رێگە خۆش بکات، بۆ گەشتەکانی داهاتوو بۆ سەر گـڕەهەسارە (مەریـخ). بەڵام لەـم ساڵانـەی دواییـدا بە چەنـد هـۆیەکـەوە، پـرۆژەکە ڕووبـەڕووی ئاستەنگی و دواکەوتنی زۆر بـووەتـەوە.
جەماوەرێکی زۆر لە کاتی هـەڵـدانی کەشتی (ئارتیمیس ٢) لەنزیک شوێنی هەڵـدانی کـۆبـوونەوە بـۆ بـینینی ئـەم ڕووداوە مێـژووییـە.
گەشتەکە ماوەی (١٠) ڕۆژ دەخایەنێـت. لەو مـاوەیەدا ئاسـمانگەڕە ئاسمانییەکان، بە کەشتییە ئاسمانییەکەیان، دەگەنە خولگەی مانگ، چەنـد جـارێـک بە خولگەی مانگـدا دەسـووڕێنـەوە. بەبـێ ئـەوەی ئەمجـارە لەسـەر مانـگ بـنـیـشنەوە. بـڕیـارە لە ساڵی (٢٠٢٨) دا، بە (ئارتـمیـس ـ ٣) بۆ جارێکی تـر بچـنەوە سەر مانگ. کە یەکێک لەو ئاسـمانگەڕانەی کە لەسـەر مانـگ دادەبـزن، خاتـوو (کـریـستـیـنا کـۆچ) دەبێـت.
ئەم ئەرکە کەشتییەی (ئارتیـمس ـ ٢)، کەشتیی (ئەپـۆلـۆ ـ ٨ ) دەهـێنێتەوە یاد، کە بۆ یەکەمجـار لە ساڵی (١٩٦٨) دا، ئەمـریکا ڕەوانـەی خـولگەی مانگی کـرد.

یەکەم نیشتنەوەی مـرۆڤ لەسەر مانگ لە ساڵی دواتردا، لە (٢٠/ یۆلیۆ/ ١٩٦٩) دا، بە کەشتی (ئەپۆلۆ ـ ١١) ئەنجامدرا. دوو ئاسمانگەڕی ئەمریکی (نیل ئارمسترۆنگ و بـاز ئـاڵـدرین) لەسـەر مانـگ دابـەزیـن. دوایین گەشتیـش بۆ سـەر ڕووی مـانـگ، لە ساڵی ( ١٩٧٢) دا، بە کەشتیی (ئەپۆلۆ ـ ١٧) ئەنجامدرا. لەو ساڵەوە هیچ گەشتێکی تـر بـۆ سەر مانـگ نەکـراوە.
(ناسا) دەزگای بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی بەنیازە بنکەیەک لەسەر مانگ دابمەزرێنێت پـێـش ئـەوەی دەست بە ئەرکەکـانی بـۆ سـەر مـەریـخ بـکات.
ئەم گەشـتە کە ناوی (ئارتیمیس) ە، ئارتیـمیس ناوێکی کـۆنی یـۆنانییە، لە ئەفـسانەی یۆنانیدا خواوەندی مانگ بووە. خوشکی (ئەپۆلۆ) ی خواوەندی خۆر بووە. خوشک و برایەکی لفانە بوون. كچ و کوڕی (زیـۆس)ی خوای خوانـدەکان بوون. لەبەر بەهێزی دەسەڵاتیان کەشتی ئەپۆلۆ و ئارتیمیس بە ناوی ئەم خوشک و برا خواوەندەوە نـراون. (ئـۆریـۆن) یش، یەکێک بوو لە موریـد و لە شوێـنکەوتـووەکانی ئارتـیمیسی خواوەنـد.
پرۆژەی ئارتیمیس، لە ژێر کێبڕکێیەکی تونـدی چـیندا بەردەوامە. کە چـین ئاواتەخوازە تا ساڵی (٢٠٣٠) تـیـمێکی ئاسمانگەڕ چـینی بـۆ سـەر مانـگ بنێـرێـت.
گەشتی (ئارتیمیس ٣) گەشتێکی ئاسان نابێت. کەشتییە ئاسمانییەکە پێشتر هیچ کاتێک ئاسمانگەڕانی بۆ گەشتێکی ئەودیـوی زەوی هـەڵـنەگرتـووە و دەبێـت لە دووری زیاتر (٣٨٤) هـەزار کیـلۆمەتـر لە زەویەوە بگاتە مانگ. کە هـەزار جـار زیاتـرە لە بەرزیی وێـستگەی بۆشایی ئاسمانی نێـودەوڵەتی، کە لە بەرزی نـزیکەی (٤٠٠) کیلـۆمەتر بە دەوری زەویـدا دەسوڕێتەوە. بەڵام ئەمریکا ئەزموونێکی سەرکەوتووی بۆ سەر مانگ هـەیە. لە بەردەم ئیـرادەیەکی بەهـێز و بـڕیـارێکی تـۆکـمەشـدا، ئەسـتەم بـوونی نیـیە.
(پـێگی ویتسۆن) سەرۆکی پێشووی کەشتیوانی ناسا دەڵـێت:”پێویستە هەمـوو کەسێک دڵنیابێت لەوەی کە کاری خۆی بە باشی ئەنجام دەدات، ئەگەرنا لێکەوتەکانی دەتـوانێت کوشـندە بێـت”.
ئەمریکا هیوادارە پەرجوویەکی (موعـجیزە) هـاوشێوەی ئەو پەرجـووە بەدەستبهـێنێت، کە لە شەوی یەڵدای ساڵی (١٩٦٨)دا ئەنجامیدا، کاتێک ملیارێک کەس لە سەرانسەری جیهاندا، سەیری گەشتی ئاسمانیەکەیان کرد بۆ خولگەی مانگ. ئەوکاتە جیهان بەهـۆی ملـملانێ و جەنگەکانەوە وێـران بـوو، کە دیـارتـرینیان جـەنگی ڤـێـتـنام بـوو.
ئەو ڕەنگە پـرتەقـاڵـییە گەشەی، کە ئەنـدامانی تیـمی ئارتیـمیس لەبەری دەکەن، تەنها هەڵبژاردنێکی جوانکاری نییە، بەڵکو رەنگێکی بە ئەنقەستە، کە ئاسوودەیی و کارایی و هـێماسازی تێکەڵ دەکـات.

(*) بۆ ئەم نووسینەم، سـوود لە چەنـد سایتێکی ئینگـلیزی وەرگرتـووە.




خولی/ڕوانگەی هزرەڤانان بۆ ئەدەب (Thinkers perspective on literature)

بریتیدەبێت لە چەندین وانە. یەکەم وانە بەم ناوەوە دەبێت:(هزر و ئەدەب)، بەهاوبەشی لەگەڵ (گەلەری ئارام) لە سلێمانی پێشکەشدەکرێت. سوپاس بۆ گەلەری ئارام و پێکەوەکارکردنمان…

بەگشتی لە خولی (تێڕوانینی بیرمەندان لەمەڕ ئەدەب) شاعیرە بووناوییەکان، رۆماننووسە هزرەڤانەکان لەم خولە گفتوگۆدەکەین. ئەوە گفتوگۆدەکەین پێیدەگوترێ ئەدەب بەپێی بیرمەندان، ئەدەبێکی فەلسەفیی یان ئەو ئەدەبە(شیعر و رۆمانانە) گفتوگۆدەکەین کە تێهزرین و تێفکرینی قوڵیی فەلسەفیی تیابەدیدەکرێت، کە بەشێک لەوانە ئەمانەدەبن: دولۆز و کافکا، میلان کۆندێرا و بیریاریی لە رۆماننووسیدا، کامۆ و فەلسەفە، ئامبێرتۆ ئێکۆ و هزراندنی رۆمان، پۆل سێلان و دێریدا، رێلکە/تڕاکل/ هۆڵدێرلین وەک شاعیرەبیرمەند لەدیدی هایدیگەر، رۆنێ شار شاعیری هزرەڤان، مالارمێ و شیعرگەرایی، چاخی شاعیرانی بادیۆ وشاعیرەبووناوییەکان….هتد..
وانەی یەکەم رۆژی شەممە کات 5 ی ئێوارە، ڕێکەوتی 4/4/2026 لە گەلەری ئارام پێشکەشدەکرێت.




خۆڕسکیی بوون..شیعری شەهلا نوری

ئەگەر
گیانی شەهلا نەما…
ڕۆحم
بێدەنگ
دەچێتە ناو خاک،
بە نەمام و گیا
دەبێتەوە بە ژیانێکی تر…
دەریا
ناوم دەهێنێت
و هەور
بەسەرمدا دەبارێ…
تۆ—
ئەی یاری قارەمان—
لە نێوان ئاسمان و یادگاریدا
دەمێنیتەوە…
و من
هێشتا
لە ناو خاکدا
بە شوێنتدا دەگەڕێم…

شیعری شەهلا نوری




بۆچی ڕانکی زانکۆکانی کوردستان لەپاشەکشێدان؟.. د.حیکمەت نامیق

زانکۆ تا ئەو جێگەیە پڕبایەخە کاری توێژینەوەو سەربەخۆیی بێت، کە دەڵێم سەربەخۆیی واتە دووربێت لە دەستتێوەردانی حیزبی و سیاسەتکردن و عەقڵیەتی بازرگانی و کاری بزنس و نمایشکردن. زانکۆ لەهەموو شوێنێکدا کاری بەرەوپێشبردنی زانست وئەکادیمایە لەپاڵ ئەمەش ئەرکی مامۆستاو قوتابیانە هەوڵبدەن ڕۆڵی ڕۆشنبیر و گۆڕینی کۆمەڵگا بدەن لەقۆناغێکی مێژوویی پاسیف بەرەو قۆناغێکی گەشەکردووی هۆشیار. لێرەوە ئەزموونی زانکۆ ئەرکی بەتەنیا ئەکادیمیاو دیسپلین و وەرگرتنی بڕوانامەی ڕووت نییە بەئەندازەی ئەوەی داهێنان و کرانەوە و ئازادی و گۆڕانکارییە لەهەموو ڕووەکانی ژیانی مرۆڤدا. پرسیار ئەوەیە چەندین زانکۆ لەکوردستانداهەن، کەچی کۆمەڵگاو مێنتاڵیتی کۆمەڵگا هەروەک خۆیەتی نە زانایەک نە داهێنانێکی تازەی زانستی ڕووی نەداوە لەهەردوو کایەی زانستە پەتی و مرۆڤایەتییەکاندا، هەروەها کۆمەڵگا بازی نەداوە بەهۆی ئەنجامگیرییەکانی زانکۆ لەقۆناغێکی ڕاگوزەرییەوە بۆ قۆناغێکی پێشکەوتوو.
ئەوەی لەزانکۆکانی کوردستاندا دەگوزەرێن تەنیا نمایشێکی بەتاڵە، چونکە کار لەسەر ئەو بنچینانەی کە دەبنە هۆی گەشەکردن و پێگەیاندنی قوتابیان و مامۆستایان ناکەن. هەروەها لێرە ئیدارەدانی زانکۆکان لەسەر لێهاتوویی و کارامەیی و توانستی کەسەکان نییە بەپێچەوانەوە لەسەر بنەمای حیزبی و سیاسەت و کوتلەو کوتلەکارییە. هەروەها زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان هاندەری مادی مامۆستا نین تاوەکوو توێژینەوە بکەن، بەڵکو چەندین ساڵە زانکۆکان تووشی قەیرانی مادیی قووڵ بوون خاوەن سەربەخۆیی دارایی نین تاوەکوو مامۆستا توێژینەوە لە گۆڤارە پێشکەوتووەکان بڵاو بکاتەوە. کاتێ زانکۆ سەربەخۆیی ئابووری نەبوو چاوەڕێی چی لە داهێنانی ئەکادیمستەکان دەکەن، هەرچەندە قەیرانی دارایی گشتگیرە تەواوی سێکتەرەکانی کۆمەڵی گرتۆتەوە، بەڵام زانکۆ دامەزراوەیەکی یەکجار گرنگە بۆ داهێنان و دۆزینەوەو کەشفکردن و پێشبینیکردنی دیاردەکان. ئەرکی ئەکادیمستەکان کارکردنە لەسەر پێگەیاندنی قوتابی و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەو چەندین ئەرکی تر، بەڵام کاتێ مافی ئەکادیمستەکان فەراهەم نەبوو ئەوا ئەرکیان بەرەو سستی وناچالاکی هەنگاو دەنێت. هەروەها زۆرێک لە بەرپرسەکانی زانکۆ و کۆلێژەکان لەسەر بنەمای ئەکادیمی و توانستی زانستی دانەنراون، بەڵکو وەک ئاماژەمان بۆکرد لەسەر بنەمای ئینتیمای حیزبی و ئینتیمای سیاسی و کوتلەو گرووپە بەرژەوەندخوازەکان دیاریکراون ئەوەش هۆکارە بۆ پاشەکشەی ئاستی زانستی زانکۆکان. خاڵێکی دیکە پەیوەندی بەهەژموونی بازرگانی و بزنسسەوە هەیە، بەتایبەتی لەنێو زانکۆ ئەهلییەکاندا ئەمەش گەورەترین لێدانە لە ئەکادیمیا، چونکە ئەم جۆرە سەرمایەدارییە بڕوانامە دەکاتە وەرەقەیەکی بێ کەڵک و ئاستی زانستی دادەبەزێنێت بۆ دامەزراوەیەکی سەرمایەداری تەماعکارو مەکینەی وەبەرهێنان وبەرخۆری و دابەشکردنی بڕوانامە. لێرەوە ئەرکی زانکۆ دەگۆڕێت لە دەزگایەکی مەعریفی بەرهەمێنانەوە بۆ دامەزراوەیەکی بەرخۆری مادی ڕووت. بۆئەوەی زانکۆ گەشە بکات کۆمەڵگا بەرەو پێشەوە ببات دەبێ داماڵرێی لە دەستێوەردانی حیزبی و کاری بزنس و بازرگانی، هەروەها بەرزکردنەوەی کواڵێتی و ڕانکی زانکۆکان پێویستە گرنگی زیاتر بە کەسانی ئەکادیمست بدرێت لەسەربنەمای خودی زانست و لێهاتوویی و کارامەیی کەسەکە نەوەک شتی تر. لەگەڵ سەربەخۆیی دارایی و فەراهەم کردنی هەموو پێداویستییە مادیی و فیزیکییەکان، هەروەها ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار لەڕووی باڵەخانەو کەمپسەکان. دەبێ ئەزموونی زانکۆ بۆ قوتابی بکرێتە ئەزموونی فێربوون و داهێنان و دروستکردنی پرسیاری قووڵی زانستی.

د.حیکمەت نامیق




گرۆتێسک، ئەبسورد، شانۆی پۆڵەندی و سلاڤۆمیر مرۆزێک-١-.. زاهیر عەبەڕەش

سلاڤۆمیر مرۆزێک (١) یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی پۆڵەندای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم. لە پۆڵەندای زێدی خۆی و لە وڵاتانی دیکەی جیهاندا ڕێزی لێدەگیرێت. ناوبانگی جیهانی بەدەستهێناوە، یەکێکیش لە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ناوی مرۆژک لە دونیای ئەدەب و شانۆد و وەک نووسرێکی ئەبسورد ڕەخنەگری شانۆی ئینگلیزی مارتن ئێسلین بوو Martin Esslin (٢)، کە مرۆزێک لە شانۆنامەنووسانی ئەبسوردا ڕیزبەند دەکات، لە کتێبەکەیدا بە هەمان ناو (شانۆی ئەبسورد)، کە لە ساڵی ١٩٦١دا بڵاوکرایەوە.
لە وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا، مرۆزێک زۆرجار وەک نووسەرێکی ناڕازی و دژە ڕێژیم ناوزەد کرا، لە کاتێکدا لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە نێو نووسەرانی شانۆی بێمانادا جێگیر بووە، ئەو لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا حزبی شیوعی بەجێدەهێڵێت، ئایدۆلۆژیاکەی ڕەتدەکاتەوە، هەڵوێستی ڕەخنەیی خۆی پیادەدەکات و لەڕێگەی نووسینی چیرۆکی تەنزئامێز و گاڵەجاڕانە و نووسینی ستوونی ڕۆژنامەوانی، ئەو جگە لەوەی کە نووسەرێکی دیاری دەقی شانۆ و چیرۆک بوو، هاوتەریب ڕۆژنامەنووسێکی دیار بوو بەر لەوەی دەقی شانۆ بنووسێت، ئەو ئەزموونی ڕۆژنامەوانی خۆی بە گرنگییەکی یەکجار زۆر دەزانێت بۆ ڕەوتی زیاتری کارەکانی، چونکێ بەشێکی زۆری دەقەکانی دواتر لەسەر بنەمای گاڵتەجاڕی، پارۆدۆکسی و گرۆتێسک نووسیووە. کۆمەڵێک چیرۆکی ناوازەی هەیەکە شێوازی کۆمێدییای ڕەش ساتیری بەکارهێناوە.
یەکێک لەو نموونانە کە بڵاوی کردۆتەوە بە ناوی SLON سۆلۆن بە زمانی پۆلۆنی بەواتای فیل، یەکێک لە چیرۆکە درێژەکانی ناوی فیلە کە لەساڵی ١٩٥٧ بڵاوکرایەوە، لە چیرۆکەکەدا، بەڕێوەبەری باخچەی ئاژەڵان بۆ ئەوەی پارە کەمتر خەرج بکات، قازانجێکی زۆر بکات فیلێکی ڕاستەقینە ناکڕێت، بەڵکو فیلێکی هەواپڕ ( لاستیکەو لە شێوەی فیلی ڕاستەقینە ) دادەنێت.
ئەمە هێمای ئەو سیستەمانەیە کە بە درۆ و ڕووکار کار دەکەن، مرۆژێک بە شێوەی ڕەمزی ڕەخنە لە سیستەمی کۆمۆنیستی ئەو کاتە دەگرێت. ئەو سیستەمەی کە زۆرجار ڕووکار و پروپاگەندەی گەورە دروست دەکات، بەڵام ناوەڕۆک بەتاڵە. فیلە هەواییەکە تەنها ئاژەڵێک نییە، بەڵکو ڕەمزێکە. کاتێک فیلە ڕەشەبا دەیبات دەفڕێت، منداڵان باوەڕیان بە هەموو شتێک لادەچێت. ئەمە هێمای ئەوەیە کە کاتێک درۆ ئاشکرا دەبێت، متمانەی خەڵک تێکدەچێت. پەیامی چیرۆکەکە ئەوەیە کە دەڵێت: ئەگەر کۆمەڵگا لەسەر درۆ و ساختەکاری بنیات بنرێت، ئەوا فشەڵ دەبێت وڕۆژێک دادێت کە هەموو شتێک داڕمێت.
دەستپێکی مرۆژک وەک شانۆکار:
دەستپێکی کاری چالاکی شانۆیی مرۆزێک لەگەڵ گروپی شانۆیی خوێندکارانی “بیم بۆم Bim-Bom” بوو لە شاری گدانسک. هەروەها یەکەم نووسینی دەقی شانۆیش بە ناوی پۆلیس بوو ( (The Policemen بوو کە لە ساڵی ١٩٥٨ نمایشکر. لە پاشاندا بەردەوامی بە نووسینی دەقی شانۆیی دەدات، بەڵام دوای نووسینی دەقی تانگۆ و نمایشکردنی لە ناوەڕاستی شەستەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت لە سەرانسەری جیهاندا، یان لانیکەم لەسەر ئاستی ئەوروپی ناسرا. لەم ماوەیەدا دەبێتە شانۆنامەنووسێکی پێشەنگی پۆڵەندی، شانۆنامەی تانگۆ خاڵی وەرچەرخان لە کارەکانی مرۆزێکدا دیاری دەکات، هاوکاتیشە لەگەڵ بەجێهێستنی زێدی خۆی، سەرەتا ئیتالیا، مەسیک و پاشان لە فەرەنسا نیشتەجێ دەبێت.
هەروەها شانۆ نامەی تانگۆ یەکەم شانۆنامەی درێژی مرۆزێکە، کە گۆڕانکارییەکی بابەتیی و تایبەتی بەرەو بابەتگەلێکی گشتگیرتر دەبات، کە زیاتر بۆ بینەرێکی ئەوروپی ڕۆژئاوا قبوڵکراوە، بە کەمتر ئاماژەی بۆ کێشەکانی واقیعی پۆڵەندی بوو.
ڕەخنەگری کرواتی میرنا سندیچیچ سابلیۆ(٣)، کە شارەزایە لە ئەدەبی بەراوردکاری، قۆناغی مرۆژک دەکات بە دووبەشەوە، قۆناغی پێش کۆچکردنی مرۆژک و دوای کۆچکردنی بۆ وڵاتانی دەرەوە،. ئەو دەڵێت، دوای بەجێهێشتنی پۆڵەندا لە شیعریەتی ئەبسوردیسم دووردەکەوێتەوە، بەڵام کاتێک دەچێتە ئەوروپای ڕۆژئاوا. ڕەوایەتی دانانی دەقە شانۆییەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێک لەناو کۆنتێکستی شانۆی ئەبسوردا دەخرێتە ژێر ڕوناکییەوە، شەنو کەوی بابەتەکانی دەکرێت، هەندێک پرسیار دەخەرێنە ڕوو کە ئایا چۆن دەقە درامیەکانی مرۆژک جیاوازە لە دەقەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ، چەندیش خاڵی هاوبەشیان هەیە. ئیدی دوایی پێ لەسەر ئەوە دادەگیرێت کە کارەکانی مرۆزێک بە نەریتی درامای گرۆتێسکی نێوان جەنگەکانی پۆڵەندییەوە دەبەسترێتەوە و لە ڕێگەی شیکردنەوەی دەقە درامیەکانیەوە، دەرکەوتنی ئەبسورد و گرۆتێسکەکان و پەیوەندییەکانیان، لە چوارچێوەی کارەکانی مرۆزێکدا لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت.

شانۆی دوای جەنگی جیهانی لە پۆڵەندا و پێشوازیکردن لە ساموێل بێکێت:

شانۆی پۆڵەندی نەریتێکی بەهێزی ناوازەی هەیە، ڕەگ و ڕیشەی لە سەردەمی ڕۆمانسیدا هەیە. لە ماوەی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی کارەکانی جێرزی گرۆتۆڤسکی و تادێوس کانتۆرەوە بوو بە یەکێک لە شانۆ پێشەنگەکانی جیهان.
ساڵی ١٩٥٦ یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی وەرچەرخان لە کولتوری پۆڵەندا، چونکێ کۆتایی هاتنی پرۆسەی داماڵینی ستالینیزمە، کە ساڵانێک ڕیالیزمی سۆسیالیستی و ژدانۆڤ(٤) زاڵبوون بەسەر بەرهەمە هونەریەکاندا. وردە وردە کۆنترۆڵی حکومەت بەسەر هونەری جۆراوجۆر و ئەدەبدا دا لاواز دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی چەندین بەرهەمی فیلم و شانۆی ناوازە، کە ژدانۆڤ و ڕیالیزمی سۆسیالیستی خەریکە کاریگەری خۆیان لەدەست دەدەن و فەزای بۆ شێوازی نوێی دەربڕین دەکرێتەوە. پۆڵەندا خەریکە بەڕووی ڕۆژئاوادا دەکرێتەوە، بە بەرهەمی درامی و شانۆی هاوچەرخی وڵاتانی دیکە ئاشنا دەبێت، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە نەریتی درامای ئاڤانگاردی خۆی لە نێوان جەنگەکانی پۆلۆنیادا دەناسێت. کە مرۆزێک خۆی بە درێژە پێدەری ئەدەبی دوای جەنگ دەزانێت .
دوای جەنگی جیهانی دووەم، بەرهەمەکانی ستانیسلاڤ ئیگناسی ویتکیڤیچ، ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ و برۆنۆ شوڵتز(٥) بڵاودەکرێنەوە و نمایش دەکرێن، ئەمەش شاهیدی بەهێزی نەریتی ئەدەبی نێوان جەنگەکانی پۆڵەندییە.
هەروەها شانۆکانی پۆڵەندی دەست دەکەن بە نمایشکردنی بەرهەمی مۆدێرن و نووسینی نووسەرانی بەناوبانگی ئینگلیز-ئەمریکی، وەک جۆن ئۆزبۆرن و تێنسی ویلیامز و ئارسەرەرمیلەر و فریدریش دورێمات، هاوشان گۆڤاری دیالۆگ ڕۆڵێکی گرنگی لە مێژووی شانۆ و درامای دوای جەنگی پۆڵەندا هەبوو. دیالۆگ لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٥٦ دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد، بە پلەی یەکەم بەهۆی ئادەم تارن کە ماوەیەکی زۆرسەرنووسەری گۆڤارەکە بوو. مەبەستی تارن ئەوە بوو کە چۆنێتی نمایشەکان بەرزبکاتەوە و بینەری پۆڵەندا ئاشنا بکات بە بەرهەمهێنانی درامای هاوچەرخ، کاریگەری لەسەر شانۆنامەنووس و ڕەخنەگران هەبێت. گۆڤارەکە جگە لە دەقی ڕەخنەیی، لە هەر ژمارەیەکدا شانۆنامەیەکی پۆڵەندی و یەک شانۆنامەی بیانی بڵاوکردەوە. لە ژمارەی یەکەمدا وەرگێڕانی بەشێک لە شانۆنامەی لە چاوەڕوانی گۆدۆی بێکێت بڵاوکرایەوە(٦). ئادەم تارن شارەزایەکی باشی هەبوو لە ئەدەبیاتی فەرەنسی و شانۆی ئەبسورد، ئەوەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری شانۆیی لە پۆڵەندا. بەهۆی ئەو باردو دۆخە داگیرکاریە ئەدەب، شانۆی ئەبسورد ڕەواجێکی زۆری دەبێت. هەندێک گروپ پەیدا دەبن کە بەرهەمەکانی شانۆنووسانی ئەبسورد بەرهەم دەهێنن. گۆڤاری دیالۆگ هەموو بەرهەمەکانی بێکێت و چەندین وتاری لەسەر شانۆی ئەبسوردی وەرگێرایە سەر زمانی پۆلۆنی و بڵاوی کردەوە، سەرەڕای دابڕانی پۆڵەندا لە جیهانی ڕۆژئاوا، بوونی بێکێت لە پۆڵەندا زیاتر لە بەرچاو بوو. جگە لە پۆڵەندا، شانۆنامەکانی ساموێل بێکێت بەگشتی تا ساڵی 1989 لە وڵاتی هەنگاریاو یوگسلاڤیا و لە هیچ وڵاتێکی بلۆکی ڕۆژهەڵات نمایش نەکرا.
لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت و باڵادەستی کۆمۆنیستەکان ڕەخنەیەکی لە ڕادەبەدەر فەرمی، توند و بەربڵاو لەسەر لە ئەبسوردیەت و شانۆنامەکانی بێکێت هەبوو، دەوڵەت هەندێ ڕەخنەگرانی شانۆ و ئەدەبی سەربە خۆیان هەبوو، کە پێیان دەوت ڕەخنەگری فەرمی ئەم کەسانە تێستەکانی بێکت و تەوژمی نووسەرانی هاوچەریی ڕەخنە دەکرد. ئەوانیش وەک نیشانەی دابەزین و جیهانی سەرمایەداری ڕۆژئاوا لێکیان دەدایەوە.نەک هەر لە وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات بەڵکو لە ناو کوردستان و دەوڵەتانی عەرەبییش بەهۆی ئەندامانی پارتە چەپ و کۆمۆنیستەکان هەڵگری ئەم خیتابە بوون، لە لای پارتە کۆمۆنیستەکان هێرشێک بوو بۆ سەر سەرمایەداری، نەک لێدانەوە فەلسەفیەکەی. لە پۆڵەندا نمایشی چاوەڕوانی گۆدۆ هەر لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٥٧ لە شانۆی( تیاتر وسپۆلچێسنی ) نمایشکرا، تەنها ساڵێک دوای یەکەم نمایشی هەمان دەق لە لەندەن و دبلن و چوار ساڵ دوای یەکەم نمایشی پاریس. یەکەم نمایشی شانۆی چاوەڕوانی گۆدۆت لاپەڕەیەکی نوێی لە شانۆی دوای ستالینی پۆڵەندا کردەوە، هەروەها شانۆنامە گرنگەکانی دیکەی بێکێت زۆر بە زوویی دوای نمایشکردنی یەکەمی فەرەنسی یان ئینگلیزی لەسەر شانۆکانی پۆڵەندا نمایشکران وەک (کۆتایی گەمەکە لە ساڵی ١٩٥٧ و دوا شریتی کراپت لە ساڵی ١٩٥٩).
هەروەها گۆڤاری دیالۆگ، خوێنەرەکانی خۆی بە وەرگێرانی بەرهەمی نووسەرانی دیکەی شانۆی ئەبسورد ئاشنا کرد وەک ئارسەر ئادامۆڤ، یوجین ئیۆنێسکۆ، ماکس فریش و ئێدوارد ئەلبی ، کە ئەوانیش کاریگەرییەکی بەرچاویان لە ناسین و پێکهاتنی شانۆی ئەبسورد لە هەبوو، هەروەها دەقە شانۆیەکانی شانۆنامەنووسانی پێشەنگی پۆڵەندی، وەکو سلاڤۆمیر مرۆزێکبڵاو کرایەوە.
نمایشی شانۆیی ئەبسورد لە پۆڵەندا دەنگدانەوەیەکی بەهێزی هەبوو، لەنێو شتەکانی تردا گۆڕانکاری جوانیناسی لەناو خودی نمایشەکاندا درووست بوو، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە ڕیالیزمی دەروونی لە نواندندا.
شانۆی ئەبسورد لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا:

شانۆی ئەبسورد، شانۆی نوێ، شانۆی گاڵتەجاڕی، دژە شانۆ و شانۆی ئاڤانگارد(٧) ئەو زاراوانەن کە زۆرترین جار پەیوەستن دەقی نووسەرانی شانۆ، بەتایبەتی فەرەنسی، لە ساڵانی پەنجا و شەستەکاندا، وەک دەقە درامیەکانی ساموێل بێکێت، یوجین ئیۆنێسکۆ، ئارسەر ئادامۆڤ و ئەوانی دیکە. ئەم نووسەرانەش پەیوەندییان پێوە بە هەمان شێوە پەیوەندیان بە شانۆی، ئەبسورد و گرۆتێسک و شانۆی ئاڤانگاردەوە هەیە (وەک ژان تاردیۆ، جان جینێت، ڕۆبەرت پینگێت، بۆریس ڤیان، هارۆڵد پینتەر و هتد) ئەم ناوانە ئەڵقەیەکی یەکجار گرنگن لە مێژووی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەمدا.
ئەم نووسەرانە شێوازی دامەزراوەکانی پێشتر بۆ داڕشتنی دەقی درامیان ڕەتکردەوە و کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەیان لەسەر پەرەسەندنی نووسینی درامادا لە نیوەی دووەمی سەدە ڕابووردودا هەبوو. ئەم نوسەرانە لە ساڵانی سەرەتای ژیانیاندا پێشوازییەکی باشیان لێ نەکرا، نە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە و نە لەلایەن بینەرەوە، بەڵام ئەمە لە ناوەراستی سەدەی بیستەم بەدواوە واتە لە دوای ساڵەکانی ١٩٥٠ ندا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هات. دوای چەند ساڵێکی کە بەسەر کۆتایی جەنگی دووەمی جیهان تیشکیان خرایە سەر و خوێندنەوەیان بۆکرا. دوای بڵاوبوونەوەی ناوبانگی زیاتری ساموێل بێکێت و یوجین ئیۆنێسکۆ، چەندان نووسەری تر هەوڵیاندا کۆپی بێکت و ئێۆنیسکۆ بکەنەوە و جێگا پییان هەڵبگرن، بەرهەمی ئەوان و چەندان نووسەی شانۆی ئەبسورد لە لایەن ڕەخنەگران و توێژەرەوان لە ژێر چەند بڕگەیەکدا پۆڵین کران، کە جیاواز بێت لە نووسەرانی پێش خۆیان، بە تایبەتی تر لە کۆتاییەکانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای سالانی شەستەکان ڕەخنەگرانی وڵاتانی جیاواز دەستیان کرد بە تێبینیکردنی لێکچوون لە کارەکانیاندا، پەیوەستکردنیان بە نەریتێکی دیاریکراو، نووسین لەسەرئەو شێوازە دەنگێکی جیاواز بوون، بە شێوەکی دیار تاکگەرایی لە بەرهەمەکانیاندا هەبوون، وەک بەشێک لە گروپێکی ئەدەبی دیاریکراو.
زاراوەی شانۆی ئەبسورد لەلایەن ڕەخنەگری ئینگلیزی بەناو بانگ مارتن ئێسلین لە سەرەتای شەستەکاندا داڕێژراو و ئاماژەی پێکرا، لە شوێنێکی ترد بە درێژی دێمەوە سەر کتێبە گرنگەکەی بە ناوی شانۆی ئەبسورد The Theatre of the Absurd . ئێسلین کۆمەڵێک شانۆنامەنووسی دوای جەنگ کۆدەکاتەوە و بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە ناویان دەنێت ئەبسوردیزمیەکانی دوای جەنگ، هەرچەندە هەموویان یەک قوتابخانە یان بزووتنەوەیەکی ئەدەبی پێک ناهێنن و کارەکانیان تەواو لەیەکترجیاوازە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە هەریەکەیان ڕەگ و ڕیشە و ڕێبازی داهێنەرانەی خۆیان هەیە. هەریەکەیان دیدگای تایبەتی خۆیان بەرامبەر بە بیهودەیی ئەبسورد و تاکگەرایی هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەندێک لێکچون لە کارەکانیاندا هەیە. مارتن ئێسلین ڕۆڵێکی سەرەکی لە ناسین و پێشوازیکردن لە بێکێت، ئیۆنێسکۆ و شانۆنامەنووسانی دیکە بینی، کە لە کتێبی شانۆی ئەبسوردا ئاماژەیان پێدەکات. تەنها ئیسلین نەبوو لە گەورەبوون و تیشکخستنە سەر ناوبانگیان، بەڵام ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە ناساندنی بێکێت و ئیۆنێسکۆ، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لەو پرۆسەیەدا و پشکی شێری بەردەکەوێت.
ئێسلین هەندێک تایبەتمەندی هاوبەش لە بەرهەمی شانۆنامەنووسانی دوای جەنگدا دەناسێتەوە، هەرچەندە بە ڕوونی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان گروپ و قوتابخانە نین، و ناوێکیان پێدەبەخشێت کە تا ئەمڕۆش بەردەوام بووە، سەرەڕای ڕەخنە و مشتومڕێکی زۆر، و کە زۆربەی کات پەیوەستە بەو شانۆنامەنووسانەی کە ئاماژەی پێدەکات.
مارتن ئێسلین، ئەم نووسەرانە بە نوێنەری شانۆی ئەبسورد دەزانێت وەك ( بێکێت، ئیۆنێسکۆ، کە هەندێک لە ڕەخنەگران دەیگەڕێننەوە بۆ شانۆنووسانی فەرەنسی، بەڵام دوای ئەوان هەندێک شانۆنووسانی تر پەیوەست بەم چەمکەوە دەکرێت وەک، ئادامۆڤ، جینێت، پینتەر، تاردیۆ، ڤیان، بوزاتی، دی پێدرۆل، ئاراباڵ، فریش، هیلدێشایمەر، گراس، ڕۆبەرت پینگێت، سیمپسۆن، ئەلبی، گێلبەر، کۆپیت، هاڤێل، ڕۆژێلیڤیچ و سلاڤۆمیر مرۆزێک ) (٨) ئەڵقەیەکی زۆر گرنگن لە مێژووی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەم
لە دەقە درامیەکان و شانۆنامەنووسانی ئەبسورد چەندین لێکچوون هەیە: دەقەکانیان ڕەنگدانەوەی سەرقاڵی بنەڕەتی و کەشوهەوای ڕۆحی قۆناغی دوای جەنگە، جیهان وەک شوێنێکی تێنەگەیشتوو و نامۆ وێنا دەکەن، کات و شوێنی کردارەکە بە وردی پێناسە نەکراوە، کارەکتەرەکان زۆرجار کەسایەتییان نییە، لە بوکەڵە دەچن، زۆرجار تەنانەت ناوی خۆیان نییە، و بێهێواییان هەیە دیالۆگەکان کە لە دەستەواژەی و دەربڕینی یەک فۆرمی، دووبارە بوو و یەک شێوەییە. ئەو دەقانەی کە ئەو نووسەرانە نووسیویانەوە پێهەڵگرانیان بەردەوامن، پێیان دەوترێت antidramer دژە دراما، چونکە بنەما سەرەکییەکانی دراماتۆرگی ئەرستۆ ڕەتدەکەنەوە. ڕوداو و دیمەنەکان (پڵۆتەکە) لە سەرەتاوە تا لوتکە بۆ چارەسەرکردن گەشە ناکات، بەڵام لە ڕووی لۆژیکییەوە ڕووداوە بێ پاڵنەرە پڕ لە دژایەتییەکان ڕیزبەندی دەکرێن، یان بارودۆخی ئیستاتیکی دەخاتە ڕوو کە جەخت لەسەر بێمانایی بارودۆخی مرۆڤ دەکەنەوە.نووسەرانی شانۆی ئەبسورد لەیەکتر جیاوازن، مامەڵە لەگەڵ بابەت وتەوەری جیاوازدادەکەن ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت هەندێک لێکچوون لە کارەکانیاندا بەدی بکرێت. ئەم نووسەرانە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پەرەپێدانی درامای مۆدێرن بیننوە، دەربڕینی شانۆییان نوێکردەوە و جەختیان لەسەر گرنگی زمانی شانۆیی کردووە، زەمینەیان بۆ شانۆنووسانی دوای خۆیان خۆشکردووە کە ئیلهامیان بەخشیون.
بێمانایی، بێهێوایی و گرۆتێسک لە ژمارەیەکی زۆر لە دەقە درامیەکانی سەدەی بیستەمدا دەردەکەون، کە زۆربەیان ئەو نەریتە ئەدەبییانە ڕەتدەکەنەوە کە تا ئەو کاتە باو بوون. بەڵام ناکرێت هەموویان بە نوێنەری شانۆی ئەبسورد هەژمار بکرێن. ڕەخنەگران بۆچوونی جیاوازیان دەربڕیوە پرسیاریان کردووە لە بەرامبەر ناوهێنانی ژمارەیەکی زۆر بە شانۆ نووسانی ئەبسورد لەلایەن ئێسلینەوە لەناو ئەم ژانرەدا. جین جینێت دیارترین نموونەیە، بەڵام ناوهێنای سیمپسۆن و ئەلبی و ستۆپارد(٩) لە شانۆی ئەبسورد جێگەی مشتومڕە.
جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان شانۆنووسانی ڕێبازی ئەبسورد هەیە. زۆرێک لە نووسەرانی دوای جەنگ باس بابەتەکانی وەک دڵەڕاوکێ، لەدەستدانی ناسنامە و باوەڕ، دڕندەیی، ناعەقڵانییەتی جیهان، پەنا بۆ گرۆتێسک یان کۆمیک یاخود وتنی نیو ڕستە ، دەربڕینێک، قسەیەک (فراسێک) وەک ئامرازی دەربڕین و تەحەدای دراما تۆرگی و ڕێکەوتننامەکانی و نووسینی درامای نەریتی دەکەن.
بۆیە ئەو تایبەتمەندییەی کە پێشتر باسمان کرد لە بەشێکی زۆری درامای سەدەی بیستەمدا لە بەراوردکردنی ژمارەیەکی زۆری شانۆنامەنووسانی تایبەت لە ئەدەبیاتی نەتەوەیی جیاوازدا لەلایەن ئێسلینەوە پۆڵێن کردنیان بە نووسەرانی شانۆی ئەبسورد ڕەنگە ڕەوا نەبێت. بەرچاوترین بەرهەمەکانی شانۆی ئەبسورد لە فەرەنسا و ئەمریکا نووسراون. شانۆنامەنووسانی فەرەنسی و ئەمریکی هەمان تەکنیک بەکاردەهێنن، بەڵام پاڵنەر و جیهانبینییان جیاوازە. شانۆنامەنووسە ئەمریکییەکان، وەک ئەلبی یان کۆپیت، باوەڕیان بەوە نییە کە ژیان بەڕاستی بێمانایە، ئەم تایبەتمەندییە تەنیا بۆ کۆمەڵگا دەگەڕێننەوە، پێیان وایە دەتوانێت بگۆڕێت. دەقە درامیەکانیان زیاتر ئەخلاقی و ڕوونکردنەوە و گەشبینین، لە کاتێکدا شانۆنامەنووسانی فەرەنسی (٩) زیاتر خۆیان لە وێناکردنی بارودۆخی مرۆڤدا سنووردار دەکەن و گۆڕانکاری ڕیشەیی و ئەگەرەکانی گۆڕانکاری ڕیشەیی پێشنیاز ناکەن.
لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە وڵاتانی ئەوروپای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات، ئەو دەقانەی نووسران و نمایش کران، کە ڕەخنەگران لە نێویاندا مارتن ئێسلین، لە شانۆی ئەبسوردا پۆلێنین کرد. ئەوەش وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا دوای مردنی ستالین بوو، کە بەشێوەیەکی زۆر کەم و ڕێژەیی ئازادی هەبوو لە پؤلەندا، دەرکەوتنی شانۆی ئەبسورد لە پۆڵۆنیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٦، و کۆتایی هاتنی لە ساڵی ١٩٦٥ بە تایبەتی ئەو ساڵەی کە نمایشی شانۆیی تانگۆی مرۆژێک پێشكەش کرا.
دزەکردنی پێکردنی ئەبسوردیزم بۆ ناو دەقە ئەدەبییەکان لە سەردەمی باڵادەستی ڕیالیزمی سۆسیالیستیدا ڕێگری لێکرا، چونکە لەگەڵ ئایدۆلۆژیای باوی دەسەڵاتداردا نەدەگونجا. ڕەخنەگرانی نوێنەرایەتی ئایدۆلۆژیای فەرمی کە سەر بە دەسەڵات بوون، هێرشیان دەکردە سەر شانۆی ئەبسورد و ئیدانەیان دەکرد بە خراپ و ڕەشبین باسیان دەکرد،
ئەوان بە بەرهەمێکی وێرانکەری ڕۆژئاوای سەرمایەدارییان سەیر دەکرد، کە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکانی بوونگەرایی بوونی نییە، ئەمەش لەگەڵ ئەو ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستیدا یەک نەدەهاتەوە کە بانگەشە بۆ گەشبینی دەکات و ئیدیعای ئەوە دەکات کە مرۆڤ توانای گۆڕینی هەموو شتێکی هەیە. ڕیالیزمی سۆسیالیستی بانگەشە بۆ گەڕاندنەوەی سیستەمێکی بەهاکان دەکات کە لە سەردەمی شەڕدا کە لە بنەڕەتدا تێکچووە، هەر بۆیە هەڵسەنگاندنە نەرێنییەکانی کارەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ لەلایەن ڕەخنەگرانی مارکسیستەوە جێگەی تێگەیشتنە، بە بڕوای ئەوان درامای ئەبسوردی ڕۆژئاوا و بینەرانی وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات هیچ خاڵێکی هاوبەشیان نییە.
سەرەڕای ئەوەش، ئەبسوردیەت و ئیرۆنیەت، گاڵتەجاڕی و گرۆتێسک لە تایبەتمەندیەکانی شانۆی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتن لە سەردەمی تۆتالیتاریزمدا، ئەدەب لە سەرووی هەموو شتێکەوە ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە بێمانا، ئبسورد و شێواوە بوو کە پەیوەندییەکی نزیکی بە ڕەخنەگرتنی سیستەمی سیاسیی هەبووە و هەیە، لێرەدا دەتوانین بڵێن شانۆ فەزایەکە بۆ بنکۆڵکردنی ئەو سیستەمە.
لە دەقە شانۆییەکانی نووسەرانی پۆلۆنیا، واقیعیێکی بێمانا لە دەقە ئەبسوردیەکاندا ڕەنگ دەداتەوە و گرۆتێسکیش وەک ئامرازێکی دەربڕین بەکاردەهێنن. زۆرجار لە لایەن هەندێک کەسەوە زاراوەی “ئەبسورد ” و ” گرۆتێسک” (١٠) بە شێوەیەکی هاوواتا بەکارهێنراوە، بەڵام نا، جیاوازیان هەیە و لەگەڵیشیدا پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان لەگەڵ یەکدا هەیە، لە قۆناغی دوای جەنگدا تا وای لێهات هەندێک بە شانۆی ئەبسوردیان دەگوت شانۆی گرۆتێسک. لەڕاستیدا ئەبسورد بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە ناوەڕۆکەوە هەیە و لە ئاستی ناوەرۆکدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لەکاتێکدا گرۆتێسکیش ئامرازێکە بۆ پێکهاتن، بە واتای ئامرازی شێوازو پێکهاتنەکەیە ـ ستایلێکە. ئەبسوردیسزم میتافیزیکییە نەک دیاردەیەکی جوانیناسی، هەر بۆیە ناتوانرێت بە دەربڕین و پێکهاتە و شێوازێک هەژمار بکرێت. گرۆتێسک و ئەبسورد، مەرج نییە پەیوەندییان بە یەکەوە هەبێت، هەروەها مەرج نییە ئەبسورد تەنیا فۆڕمی گرۆتێسک وەربگرێت. چونکێ نووسەرانی ئەبسورد جەخت لەسەر هەستی نامۆبوون و هەڕەشەی مرۆڤ لە جیهاندا دەکەن، هەر بۆیە بەشێکی گرنگی درامای مۆدرێن و هاوچەرخە.
دوای جەنگی جیهانی دووەم، زۆرێک لە نووسەران دەستیان کرد بە نووسین بە شێوازی نوێ بۆ دەربڕینی، لە بەشێکی گەورەی دەقە گرنگەکانی درامای مۆدێرن و هاوچەرخ لە ساڵەکانی ١٩٤٥ تا ١٩٦٥ گرۆتێسک بەکار دەهێنن. ئەبسورد و گرۆتێسک بەرهەمی هەمان ئاسۆی ڕۆحین و لە کاتێکدا سەرهەڵدەدەن و گەشە دەکەن کە سیستەم، نۆرم و بەها پەسەندکراوەکانی گشتی لە داڕماندایە.
شانۆی ئەبسورد لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە فۆرم و شێوازدا جیاوازە لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، چونکێ لەم دوو ناوچەیەد هەست و ڕەگ و ڕیشەی بێمانای و ئەبسوردی لەیەکتر جیاوازە، لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات بێمانایی بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیان، ڕۆژانە خەڵکەکەی بە بێمانای ئابوڵقە درابوون، لەگەڵ بێمانای و بێهیوایدا دەژیان. بۆیە شانۆنامە ئەبسوردیەکانی پۆڵەندی، چیکۆسلۆڤاکیا و دەوڵەتانی ئەوروپای خۆرهەڵات کە لە لایەن سۆڤیەتەوە یان نازیتەوە داگیرکردبوون لە هاوتا ڕۆژئاواییەکانیان واقیعبینترن. شانۆنامەنووسانی جیهانی ڕۆژئاوا پرسیار لەبارەی ژیان، مردن، جەوهەری بوونی مرۆڤ، تەنیایی، ئازار و نەبوونی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان دەوروژێنن، شانۆنامەنووسانی ڕۆژهەڵات بە پلەی یەکەم ڕەخنە شێواندنی ستالینیانەی مارکسیزم دەگرێت، کە وێنەی تاکەکان پیشان دەدات کە لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی نالەباردا گیریان خواردووە. شانۆنامە ئەبسوردیەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی جیاوازدا نووسراون و تەنیا پرسە میتافیزیکییەکان پاڵنەر نین. کۆنتێکست ــ پەیوەندی کۆمەڵایەتی چارەنووسی تاک دیاری دەکات، بە شێوەیەکی زیندووتر و واقیعیتر تیشک دەخرێتە سەری زیاترلە بەرهەمەکانی ساموێل بێکێت یان یوجین ئیۆنێسکۆ. لە هەردوو ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لەدەستدانی تاکایەتی و بچووکبوونەوەی مرۆڤ بۆ تەنها ئامێر یان بوکەڵەیەک کێشەیەکی ڕاستەقینەیە.
لە ڕۆژئاوادا دەرئەنجامی کۆمەڵگەی بەکاربەری سەرمایەداری و کولتوری جەماوەرییە، لە کاتێکدا لە ڕۆژهەڵات بە کاریگەری لاوەکی ڕژێمە تۆتالیتارییەکان بەسەربازکردن، یەکپۆشکردن و یەک ڕەنگی زۆرەملێی مرۆڤەکانە. بێ شک جیاوازییەکی بەرچاو لە پێشوازیكردن لە هەمان دەقە دراماتیکییەکان لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا دەبێت
بینەرانی بلۆکی ڕۆژهەڵات تەنانەت واتاو پەیای پەیامی سیاسییان لە شانۆنامەکانی ڕۆژئاوادا دەدۆزیەوە، ئەگەر هیچ پەیامێکی سیاسیانەشی نەبووبێت، لە کاتێکدا بینەرانی ئەوروپای ڕۆژئاوا بە ئامادەییەوە شانۆنامەکانی نووسەرانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیان قبوڵ دەکرد و ئاماژە سیاسییەکان پشتگوێ دەخست و پەیامی گشتگیریان سەبارەت بە بوونی مرۆڤ لە دەقەکاندا دۆزیەوە.

بەواتا:
لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا، پۆڵۆنیا وەک نموونە زۆرجار وەک ڕەخنەی سیاسی دەخوێندرانەوە
لە ئەوروپای ئەوروپای ڕۆژئاواشدا، زیاتر بە فەلسەفەی ژیان و مرۆڤ دەخوێندرانەوە
ئێسلین دەڵێت، شانۆنامەی چاوەڕوانی گۆدۆی ساموێل بێکێت وەک درامایەکی سیاسی لە پۆڵەندا خوێندرایەوە، هەروەها شانۆنامەی ئاهەنگی سلاڤۆمیر مرۆزێک لە ڕۆژئاوا بە تۆنێکی بوونگەراییدا خوێندرایەوە، ئیسلین ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی شانۆنامەکانی یۆجین ئیۆنێسکۆ کە بە شێوەیەکی ڕیشەیی هەر جۆرە پەیوەندیەک و وابەستەبوونێک بە سیاسەتێک و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو ڕەتدەکاتەوە، بەڵام بۆتە مۆدێلێک بۆ شانۆی سیاسی لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، هەرچەندە ئەم دەقانە بە ڕاشکاوی ڕەخنە لە سیاسەت ناگرن.
لە پاریس و نیویۆرک دەقەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ بە هەمان شێوەی خۆیان دەخوێندرێنەوە بەڵام چۆن دەخوێندرێنەوە؟ ، لە کاتێکدا لە وارشۆ و بەرلینی ڕۆژهەڵات دەبنە نووسەری سیاسی. ئەو دەقە درامیە شانۆییانەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، چەندین هەڵگری واتاو مانایان هەیە و کەوتوونەتە ژێر خوێندنەوە و لێکدانەوە جیاوازەکانەوە. لەپشت پرسیارەکانی سروشتی سیاسییەوە، پرسیاری گەردوونیی شاراوە سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ هەیە، لێرەوە شانۆ ئەبسوردەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپای لەیەک ناچن و جیاوازن، بەڵام خاڵی هاوبەشیشیان هەیە.

درێژەی هەیە..

پەراوێزەکانی بەشی یەکەم:
(١) سلاڤۆمیر مرۆزێک، لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٣٠ لە شاری بۆرزچین لە نزیک شاری کراکۆڤ لە پۆڵەندا لەدایک بووە، لە ١٥ی ئابی ٢٠١٣ لە شاری نیس لە فەرەنسا کۆچی دوایی کرد. نووسەر، تەلارساز، شانۆنامەنووس و کارتۆنیستێکی پۆڵەندی بووە. مرۆزێک بۆ یەکەمجار وەک کارتۆنیستێکی تەنزئامێز لە گۆڤارەکاندا لە گۆڤاری Dziennik Polski ناسرا. چەندین کورتە چیرۆک و شانۆنامەی تەنزئامێزی نووسیوە. وەک نووسەرێکی شانۆی ئەبسورد دادەنرێت. لە پۆڵەندا بە یەکێک لە گەورەترین شانۆنامەنووسانی سەدەی بیستەم دادەنرێت، لەگەڵ ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ و تادێوس ڕۆزێڤیچ.
مرۆزێک لە گەنجیدا کۆمۆنیستێکی سەرسەخت بوو. لەو گۆڤار ڕۆژنامەنەدا کری کردووە، کە پەیڕەوی هێڵ و فکری کۆمۆنیستی دادەڕشت. لە بیرەوەریەکانیدا لەبارەی قەناعەتی ئایدیۆلۆژی گەنجی خۆیەوە نووسیویەتی: “کاتێک تەمەنم بیست ساڵ بوو، ئامادەبووم هەر بەدیلێکی ئایدیۆلۆژی لە باوەش بگرم بەبێ ئەوەی زۆر لە نزیکەوە لێی بکۆڵمەوە، بە مەرجێک شۆڕشگێڕانە بێت، وردە وردە هەڵوێستی گۆڕا، نووسین بەرەو ئەو ئاڕاستەیەی برد کە بوو بە دژایەتیکەرێکی سەرسەختی ڕژێمی کۆمۆنستی. لە ساڵی ١٩٥٠ یەکەم کورتە چیرۆکی خۆی نووسی و لە ساڵی ١٩٥٣ یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی بە ناوی فیل بڵاوکرایەوە. وەرگێڕدرا بۆ چەندین زمان لەوانە بۆ زمانی کوردی لە لایەن نووسەر خەبات عارفەوە وەرگێردراوە. یەکەم شانۆنامەی بە ناوی پۆلیس لە ساڵی ١٩٥٨ بڵاوکرایەوە و پێشکەشکرا.
سلاڤۆمیر مرۆزێک بە ئارەزووی خۆی پۆڵەندا بەجێدەهێڵێت. لە ساڵی ١٩٦٣ دەچێتە ئیتالیا و دواتر مەکسیک دواجار لە فەرەنسا دەژی. ئەمە بەو مانایە نییە کە لە ژیانی کولتووری پۆڵەندا ئامادە نییە. دەقەکانی لە گۆڤارەکانی پۆڵەندا بەردەوامن لە چاپکردن، شانۆنامەکانی بەردەوامن لە نمایشکردن، ئەمەش وایکردووە تاڕادەیەک ئاگاداربێت. مرۆزێک یەکێک نییە لە نووسەرانی کۆچبەری ئەوروپای ڕۆژهەڵات، وەک ڕووسەکان و چیکەکان بە تایبەتی، کە بە تەواوی ڕێگرییان لێکرا لە کارکردن لە وڵاتی زێدی خۆیان. مرۆزێک بەشێک نەبوو لە کۆمەڵگەی کۆچبەرانی پۆڵەندی و نووسەرێکی ناڕازی، بەڵکو تەنیا نووسەرێکی پۆڵەندی بوو کە لە دەرەوەی وڵات دەژیا. زیاتر لە سی ساڵ خۆبەخشانە لە دەرەوەی چوارچێوەی کولتووری نەتەوەیی خۆی ژیاوە. لە کاتی کۆچکردنیدا بە ئازادی سەفەری کردووە و سەردانی پۆڵەندای کردووە. نمایشکردنی دەقەکانی تەنها لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ١٩٧٣ قەدەغەکرا، دوای ئەوەی مرۆزێک لە ڕۆژنامەی ڕۆژانەی فەرەنسی لۆمۆندیدا ئیدانەی داگیرکردنی چیکۆسلۆڤاکیا کرد. حەوەش بووە هۆی هەم سەفەری بۆ پۆلۆنیاو هەم بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی سانسۆر کراو پیشوازی لێنەکرا، بەڵام لە ساڵانی نەوەدەکاندا مرۆزێک جارێکی دیکە بوو بە یەکێک لە کەسایەتییە ناوەندییەکانی ژیانی کولتووری پۆڵەندا.
(٢) مارتین ئێسلین (١٩١٨-٢٠٠٢) لە شاری بودابێست لەدایک بووە و لە نەمسا خوێندوویەتی. لە زانکۆی ڤیەنا فەلسەفە و ئینگلیزی خوێندووە ساڵی ١٩٣٨ نەمسای بەجێهێشت و لە ساڵی ١٩٤٠ وەک پەخشکەر و نووسەرو بەرهەم هێنەر لە بی بی سی BBC دەستی بە کارکردن کرد، لە ساڵی ١٩٦٣ بووە بەرپرسی درامای ڕادیۆیی لە بی بی سی، ئەو پۆستەی تا خانەنشین بوونی لە ساڵی ١٩٧٧ بەڕێوەی بردووە، پرۆفیسۆروانەبێژ بووە لە زانکۆی ستانفۆرد لە کالیفۆرنیا، لێکۆڵینەوەی لەسەر دراما/ شانۆ کردووە. یەکێکە لە کاریگەرترین ڕەخنەگر و شانۆناسەکانی جیهان، توێژەرێکی بەناوبانگ بوو بە داهێنانی زاراوەی شانۆی ئەبسورد و بە کتێبە بەناوبانگەکەی شانۆی ئەبسورد (The Theatre of the Absurd )
(٣) میرنا سندیچیچ سابلیۆ Mirna Sindičić Sabljo ئەکادیمیستێکی کرواتییە و لێکۆڵەرە لە ئەدەبیاتی فەرەنسی و دکتۆرای هەیە لە ئەدەبی بەراوردکاری مامۆستایە لە زانکۆی زەگریب، وەرگێر لە زمانی فەرنسی، چەندان کتێبی بەراوردکاری هەیە لە نێوان ئەدەبی فەرەنسی و ئەدەبیاتی ئەوروپای خۆرهەڵات.
(٤) ( ڕیالیزمی سۆسیالیستی و ژدانۆڤ ) ئەم دوو ڕیبازە لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات زۆر باو بوو. سۆسیال ڕیالیزم، بریتی بوو لە ڕێبازێکی ئەدەبی و هونەری کە لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی کۆمۆنستی بە فەرمی کرا، کە ئەم ڕێبازە ئامانجی ئەوە بوو کە هونەر و ئەدەب پشتیوانی لە ئایدیۆلۆژیای سۆسیالیستی بکەن و چینی کرێکار بە هێمای قارەمان پیشان بدرێت و کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ئەرێنی و شۆڕشگێڕ پیشان بدرێت ڕەخنەی توند لە سیستەم قەدەغە بێت، بە مانایەکی تر، هونەر دەبووە ئامرازێک بۆ پرۆپاگەندا.
ــ ژدانۆڤ، لە ناوی ژدانۆڤی دۆکتڕینا هاتووە، کە لە ساڵی لە 1940 ـەکاندا دامەزرا، ژدانۆڤ سیاسەتمەدارێکی سۆڤیەتی بوو کە بەرپرسیار بوو لە سیاسەتی کەلتوری لە سەر دەمی ستالیندا، کە پێویستی دەکرد هەموو هونەر و ئەدەب پشتیوانی لە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی بکات. ژدانۆڤ باوەڕی وابوو کە، هونەر تەنها دوو جۆرە، سۆسیالیستی یان دژ بە گەل، نووسەر و هونەرمەند دەبێت خزمەتی حیزب بکات، ئەدەبی بورژوازی یان فۆرمالیستی دەبێت قەدەغە بکرێت. ئەم دوو دەزگایە بووە هۆی سانسۆر و فشار لەسەر زۆر نووسەر و هونەرمەند لە پۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی بلۆکی ڕۆژهەڵات
(٥) ــ ستانیسلاڤ ئیگناسی ویتکیڤیچ، ١٨٨٥ ــ ١٩٣٩ شانۆنووس، ڕۆماننووس و وێنەکێش بوو. پێشەنگی شانۆی ئەبسورد و ڕووناکبیر لە پۆڵەند. لە شانۆکانیدا دۆخە سەیر و فەلسەفییەکان بەکار دەهێنێت. ڕەخنەی لە کۆمەڵگای مۆدێرن و لەناوچوونی تاکایەتی دەکرد.
ــ ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ، ١٩٠٤ ــ ١٩٦٩یەکێک لە گرنگترین نووسەرانی پۆڵەند لە سەدەی بیستەمەو بە شێوەیەکی ئیرۆنی تەوس، گاڵتەجاڕانە و فەلسەفی دەنووسێت. زۆرجار دژی فۆرمی فەرمی و سیستەمی کۆمەڵایەتی بوو.
ــ برۆنۆ شوڵتز ١٨٩٢ ــ ١٩٤٢ نووسەر و وێنەکێشی یهودی-پۆڵەندی، نووسینی شاعیرانە و خەیاڵی هەبوو، جیهانێکی خەیاڵی و مێتافۆری زۆر لە وێنەکانی و لە نووسینەکانیدا هەبوو. لە کاتی داگیرکردنی نازی لە پۆڵەند کوژرا.
ئەم سێ کەسە هەموویان لە ڕێگەی شێوە و نوێکاری هونەرییەوە ڕەخنەیان لە کۆمەڵگا و سیاسەت دەکرد، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بنەمای ئەدەبی ئەبسورد لە پۆڵەند دامەزراند، کاریگەرییان لە نووسەرانی دواتر هەبوو وەک مرۆژێک.
(٦) شانۆنامەی چاوەڕوانی گۆدۆ نووسینی نوسەری ئێرلەندی ساموێل بێکێت ـە بە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی بێکت و شانۆی ئەبسورد دادەنرێت، ئەم دەقە باسی دوو پیاودا دەکات بە ناوەکانی (ڤلادیمێر وئیستراگۆن)، کە لە ژێر دارێکدا دانیشتوون و چاوەڕێی کەسێک دەکەن بەناوی گۆدۆ، کێشەکە لەوەدایە کە گۆدۆ هەرگیز نایەت، ناشزانن کە گۆدۆ کێێە؟ پاشان منداڵێک دێت دەڵێت گۆدۆ نایەت ئەمرۆ، ، ڕۆژ و مانگ و ساڵ تێدەپەڕێت، ئەوان ئەوان هەر لە چاوەڕوانیدا دەمێێنەوە. ڕێگەی چاوەڕوانییەکەیانەوە، بێکێت پرسیارەکان سەبارەت بە مانای ژیان، هیوا و بوونی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە. بەڵام دەسەڵاتدارانی لە ڕێگەی دەزگای ژدانۆڤ ئەو دیدەیان بڵاو کردەوە کە بنواڕن، ئەدەبی ئەبسورد و سەرمایەداری چەند بێکەڵکە، پێیان دەوت ئەدەبی بۆرجوازی، ئەم جۆرە ئەدەبە موراڵی خەڵک تێکدەدات، بێگوومان دەسەڵاتی کۆمۆنیستی ڕەخنەگر و نووسەرانی خۆیان خستەگەر بۆ هێرش کردنە سەر ئەم ئەوژمی نووسینە.
(٧) زاراوەی شانۆی ئاڤانگارد بۆ یەکەم جار لەلایەن لیۆنار سی Pronko Leonard C بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ڕەخنەی ئەدەبی فەرەنسییەوە لە ساڵی ١٩٦٢لە کتێبی Avant-Garde: The Experimental Theater in France بەکاردەهێنرێت: ئەو چەمکەی “avant-garde” بە واتای پێشڕەوی و نوێخواز لە هونەر، بە تایبەتی لە شانۆدا بەکارهێنرا بۆ کارانەی کە شێوازی کلاسیکی شانۆیان تێک شکاند و ڕێبازێکی نوێیان درووست کرد
(٨) ئەم ناوانە هەموویان نووسەر و هونەرمەندانی ناسراوی سەدەی ٢٠ ـن، زۆربەیان پەیوەندیان بە شانۆ و ئەدەبی ئەبسوردیزم (Absurdism) هەیە:
ــ ژان تاریدۆ (١٩٠٣ ـ ١٩٩٥ ) ، هونەرمەند، مۆسیک ژەن، شاعیر و نووسەری فەرەنسی بوو. بە شانۆ و دەقە کورتەکانی ناسراوە کە زمان و واتا بە شێوەیەکی پووچگەرایانە لێک دەداتەوە. تایبەتمەندییەکانی نووسینی ، یاری کردن بە زمان و وشەکان، درووستکردنی دۆخی سەیر و بە شێوەیەکی کۆمیدی، گەڕان بە دوای مانای قووڵ لە ناو گفتوگۆی ڕۆژانەدا، کارکردن لەسەر شێوازی دەنگ و موزیک لە دەقدا.
ــ جان جینێت، نووسەر و شانۆنووسی فەرەنسی بوو، باس لە بابەتەکانی وەک تاوان، ناسنامە و دەسەڵات دەکات. ژیانی سەخت و پڕ لە کێشەی هەبوو (لە منداڵیدا بەخێوکرابوو و ماوەیەک لە زیندان بوو)، ئەم ئەزموونانە کاریگەریی زۆریان لەسەر نووسینەکانی هەبوو. تایبەتمەندییەکانی نووسین، باسکردنی بابەتەکانی تاوان، زیندان، ناسنامە و دەسەڵات، بەکارهێنانی زمانێکی شیعری و هێماکار.
ــ ڕۆبەرت پینگێت، نووسەر و شانۆنووسی فەرەنسی/سوێسری بوو. کارەکانی پەیوەندیان بە ئەدەبی ئەبسوردی و ڕێبازە نوێیەکانی ڕۆماننووسین هەبوو. گرنگی بە زمان، بیرکردنەوە و شێوازی گێڕانەوە دا. تایبەتمەندییەکانی نووسینی گێڕانەوەی ناڕاستەوخۆ و هەست بە نادڵنیایی کارکردن لەسەر بابەتەکانی بیرکردنەوە، بێ‌واتایی و تەنیایی.
ــ بۆریس ڤیان، نووسەر، شاعیر و میوزیسیانی فەرەنسی بوو. بە شێوازی سەیری و ڕەخنەگرایانەی خۆی ناسراوە. یەکێک بوو لە نووسەرانی ناسراوی ئەدەبی نوێی فەرەنسی دوای جەنگی دووەمی جیهانی، کارەکانی تێکەڵێکن لە سەیری، خەیاڵی، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و شێوازی پووچگەرایی.
ــ هارۆڵد پینتەر، شانۆنووسی بەریتانی بوو. یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی شانۆی ئەبسورد، و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات (2005). تایبەتمەندیەکەی بەکارهێنانی خامۆشی و بێدەنگی لە گفتوگۆ و دیالۆگدا، درووستکردنی هەستێکی ترس و ناڕوونی. کتێبێکی بچووک لەسەر ئەم نووسەرە بە زمانی کوردی هەیە
(٩) سیمپسۆن، شانۆنووسێکی بەریتانی بوو کە بە کۆمیدیی پووچگەرایانە و دیالۆگی بێ‌مانا ناسراوە، تایبەتمەندیەکەی، یاری کردن بە زمان، خوڵقاندنی دۆخی بێلۆژیکی شێوازێکی وهێمن و ساردی کۆمیدی، ڕەخنە لە ژیانی ڕۆژانە و سیستەمی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی پووچگەرایان دەگرێت، سیمپسۆن بە یەکێک لە دەنگە سەربەخۆکانی شانۆی ئەبسوردی لە بەریتانیا دادەنرێت.
ــ ئێدوارد ئەلبی، شانۆنووسێکی ئەمریکی بوو کە یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی شانۆی ئەمریکا لە سەدەی 20. بەکارهێنانی دیالۆگی توند و ڕاستەوخۆ، شیکردنەوەی پەیوەندیی، لە بارەی خێزان.، تەنیایی، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستی. ئەلبی سێ جار خەڵاتی Pulitzerی بۆ شانۆ وەرگرتووە.
ـــ ستۆپارد، شانۆنووسێکی بەریتانی لە چیک لە دایکبووە، کە بە شانۆی فکری وبەکارهێنانی و تێکەڵکردنی فەلسەفە، زانست و کۆمیدیی زیرەکانە لەگەڵ دیالۆگی خێرا لە بابەتی ناسنامە دەناسرا، زمانی نووسین و گەمە کردن بە وشە شێوازێکی تایبەتی ئەو بوو
(٩) پێیان دەوترێت “فەرەنسی” چونکە شانۆنامەکانیان بە زمانی فەرەنسی دەنووسن. بەمەرجێ ساموێل بێکێت ئێرلەندییە، یوجین ئیۆنێسکۆ ڕۆمانییە، فێرناندۆ ئاراباڵ ئیسپانییە و ئارسەر ئادامۆڤ ڕووسی-ئەرمەنییە.
(١٠) گرۆتێسک (Grotesque) واتە شێوازێکی هونەری یان ئەدەبی کە تێیدا شتان بە شێوەیەکی سەیر، دژوار، ترسناک یان خەندەهێنەر پیشان دەدرێن بە جۆرێک کە تێکەڵەی جوانی و ناشیرینی، ڕاستی و خەیاڵ، یان ترس و گاڵتەکردبن. تێکەڵکردنی شتانێکی دژبەیەک وەک خەندە و ترس.
جێفری هارفام Geoffrey Harpham لە باسکردنی گروتێسک ڕوونکردنەوەیەکی گرنگ دەدات. بە پێی ئەو، گروتێسک شێوەیەکە لەو کاتەدا دروست دەبێت کاتێک دوو شتی ناتەواو یان نەگونجاو بە یەکەوە کۆدەبنەوە و هەستێکی سەیر، ناڕەحەتی یان تێکچوونی ئاسایی دروست دەکەن.
لە پێناسەکەی ئەودا، گروتێسک ئەوە نییە تەنها شتێکی خەندەهێنەر یان ترسناک بێت، بەڵکو ئەو کاتەیە کە سنووری نێوان شتەکان تێکدەچێت (وەک مرۆڤ و ئاژەڵ، جوانی و ناشیرینی، ڕاستی و خەیاڵ)، بینەر یان خوێنەر هەست بە سەرسوڕمان و ناڕوونی دەکات. هەر بۆیە لە ئەدەبی مۆدێرن و درامای ئەبسوردا گروتێسک بەکاردێت بۆ پیشاندانی دۆخی نامۆیی و تێکچوونی بەها و نۆرمەکان.
گرۆتێسک دەتوانێت بابەتێکی مێتافۆری بێت بۆ سەرلێشێواوی، ئاژاوە، شێتی، لەدەستدانی دیدگا، داڕمانی کۆمەڵایەتی، هەڵوەشانەوە، یان دڵەڕاوکێ بەکاربهێنرێت. پێشمەرجی بنەڕەتی گرۆتێسک ئەوەیە کە یاساکانی سیستەمەکە تێکچووە؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارە کاریگەرییەکەی لە قۆناغی هەڵچوون یان قەیرانەکاندا لە بەهێزترین ئاستیدایە، کاتێک بیروباوەڕە کۆنەکانی سیستەمی کۆن مەترسییان لەسەرە یان دەڕووخێن.
ـــ نووسەر حەمەسەعید حەسەن لە نووسینێکدا بە نێوی کۆمیدیای ڕەش بەم جۆرە پێنسەی گرۆتێسک دەکات ” گرۆتێسک که‌ یه‌کێکه‌ له‌و ته‌کنیکانه‌ی له‌ کۆمێدیای ڕه‌شدا وه‌گه‌ڕ ده‌خرێت، لادانێکه‌ له‌ نه‌ریتی زاڵ و گه‌ڕانه‌ به‌ دوای شێوازی نوێی ده‌ربڕیندا. گرۆتێسک (که‌ چه‌ندان مانا ده‌به‌خشێت، له‌وانه‌: سه‌یر، ناشیرین، نه‌گونجاو، ناخۆش و قێزه‌ون،) شێوه‌ده‌ربڕینێکی هێنده‌ سه‌رسووڕهێنه‌‌، وه‌رگر دووچاری حه‌په‌سان ده‌کات. گرۆتێسکه‌ری گه‌ڕانه‌ به‌ دوای جوانیدا، به‌ڵام له‌ جێیه‌کدا که‌ ناشیرینی زاڵه‌، یان لێڵکردنی ئاوه‌ ڕوونه‌کانه‌،‌ له‌ پێناوی مه‌به‌ستێکی گه‌شدا. له‌ گرۆتێسکه‌ریدا هه‌م دژبه‌یه‌کی هه‌یه‌ و هه‌میش بابه‌ته‌که‌ لێکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ هه‌ڵده‌گرێت. له‌ به‌رهه‌می برێخت، کافکا، جۆناتان سویفت، ئه‌دگار ئالان پۆ و یۆنسکۆدا که‌م و زۆر ڕووبه‌ڕووی گرۆتێسک ده‌بینه‌وه‌. له‌ (جانه‌وه‌ره‌کانی دۆکتۆر فرانکنشتاین) و (زه‌نگلێده‌ره‌که‌ی نۆتردام) و (جوانی و جانه‌وه‌ر) دا، ته‌کنیکی ماسکی گرۆتێسک به‌کار هێنراوه‌.




شەڕەکە ڕادەوەستێت، هەموو دۆڕا و هەموو براوەن؛ چۆن؟.. شێرکۆ کرمانج

ئەم شەو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وتارێک بۆ نەتەوەی ئەمریکا دەدات، بە ئەگەری زۆرەوە دوای بەکارهێنانی کۆمەڵێک وشە و زاراوەی سەریروسەمەرە و بازاڕیی، وەك: ئێرانمان تەفروتونا کرد؛ ئێران چی دیکە هەڕەشە نییە بۆ سەر ئەمریکا و ئیسرائیل؛ ڕژێمی ئێرانمان گۆڕی، ئێستا ئێران سەرکردایەتییەکی نوێی هەیە؛ ئێران پێویستی بە دەیان ساڵە بۆ ڕاستبوونەوە، هتد، ئینجا داوا دەکات کە شەڕەکە ڕاوەستێت. بەڵام دەشکرێت کە قسە لەسەر قووڵبوونەوەی شەڕەکە بکات، کە من بە ئەگەرێکی کەمی دەبینم. پێشبینیکردن هەر بۆ خۆی شتێکی زەحمەتە، هەر چۆنێک بێت، لەم بابەتە هەوڵدەدەم قسە لەسەر ئەوە بکەم کە بۆچی ئەگەر ئێستا شەڕ ڕاوەستێ، هەموو لایەنەکانی شەڕەکە هەم براوە هەم دۆڕاون.

ئەمریکا براوەیەکی دۆڕاو
ئەم قسانەی ترەمپ ڕاستیان تێدایە بەڵام هاوکات پاساون بۆ شەڕ ڕاگرتن. فیعلەن ئێران بێهزتر بووە، ڕوخساری ڕژێمەکە گۆڕاوە و ئەگەری هەیە ڕەفتاریشی بگۆڕێت، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی بەشێکی زۆر لە توندڕەوەکان کوژران و ئەوانەی ماونەتەوە دەزانن ئەگەر ڕەفتاریان نەگۆڕن لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە زەحمەتە بژین، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئێران هەموو دەرودراوسێکانی کردە دوژمن.
بۆیە دەتوانین بڵێین ئەمریکا براوەیە، چونکە گۆڕینی ڕژێم لە ڕۆژی یەکەمەوە سیاسەتی ئەمریکا نەبوو. توانای ئەتۆمی ئێران لاوازتربووە و توانا موشەکییەکانی زۆر کشاوەتەوە دواوە. پڕۆکسییەکانی ئێرانیش گورزیان پێکەوتووە، هاوکات، نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە پڕۆکسییەکان هیچ کاتێک هەڕەشەی ڕاستەوخۆ نەبوون بۆ سەر ئەمریکا.
بۆ یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەش، لەوانەیە ئەمریکا ئەوە بۆ گفتوگۆکانی دوای ڕاوەستانی شەڕ دوابخات. بە ئەگەری زۆرەوە لەسەر هاوکێشەیەک پێک دێن لەگەڵ ئێرانییەکان کە ئێران نەتوانێت بۆ بۆمبی ئەتۆمی بەکاری بهێنێت، بەڵام بتوانێت بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەکاری بێنێت.
ئەمریکا دۆڕاوە، چونکە لە شەڕەدا شکۆ و پێگەی ئەمریکا لە زۆر ڕووەوە شکا یان زەرەری گەورەی بەرکەوت:
یەکەم، هەر ئەوەی کە ڕژێمی ئێران نەڕووخا، ئەگەر پۆلەسی ئەمریکاش نەبوو بێت، ئەوە بێتوانایی ئەمریکا نیشان دەدات.
دووەم، ئەمریکا بێ هاوپەیمانترین وڵاتە لە دنیای ئێستا، ئێرانی لێ دەرچێت. ئەمریکا بۆ ئەم شەڕەی دۆست و هاوپەیمانە هەر نزیکەکەی لە دنیا، بەریتانیا، نەک هەر نەیتوانی لەخۆی نزیک بکاتەوە بەڵکو درزێکی وای دروست کرد کە بۆ چەندین ساڵی دیکە ناکرێت پەیوەندییەکانیان وەک خۆی لێ بێتەوە.
سێیەم، ئەمریکا کە کۆڵەگەی هەر سەرەکی “ناتۆ”یە خەریکە هەڵدەوەشێتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ترەمپ وەک سەدام حوسێن مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی ناتۆ دەکات، “اذا قال صدام قال العراق” (ئەگەر سەدام بڕیاریدا، واتە عێراق بڕیاریدا). وڵاتانی ئەوروپا ئیستێکیان بە ترەمپ کرد و هەموو بەسەریەکەوە (لانی کەم سێ زلهێزەکە: ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا) گوتیان “ئەوە شەڕی ئێمە نییە”، نەپرسمان پێ کراوە نە ناقەیەکمان لەو شەڕەدا دەست دەکەوێت.
چوارەم، ئەمریکا نەک هەر ئەوروپییەکانی لەخۆی زوویر کرد بەڵکو وڵاتانی ئاسیاشی نیگەران کرد. ژاپۆن و کۆریای باشوور و هیند و ئوسترالیا، لانی کەم لە چەند ساڵی ڕابردوو، ببوون بە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا لە دژی چین، بەڵام لەم شەڕەدا، تەنانەت ئوسترالیاش وەک جاران بەهانای ئەمریکاوە نەهات.

ئیسرائیل براوە بە تامی دۆڕاو
ئیسرئیل لەم شەڕەدا لەوانەیە تاکە دەوڵەت بێت کە لە هەمووان زیاتر قازانجی کردووە و دەکات. ئیسرائیل سەرکەوتووە چونکە:
یەکەم، لێدانی ئێران بە بۆمبێکیش بێت بۆ ئیسرائیل هەر سەرکەوتنە چ جای ئەوەی هاوشانی ئەمریکا ئەوە زیاتر لە مانگێکە بە هەزاران تۆن بۆمبیان بەسەر ئێرانەوە باراندووە.
دووەم، ئیسرائیل شکۆی دوژمنە هەرە سەرسەختەکەی شکاند. ڕۆژانە سەدان فڕۆکەی ئیسرائیل بەسەر ئێرانەوە تەڕاتێنێ دەکەن. فڕۆکەکان ڕۆژانە پەیامی باڵادەستی ئیسرائیل‌ بە ئێرانییەکان دەدەن، لە هەمان کاتدا بە هەموو وڵاتانی دیکەی ئیسلامی و عەرەبیشیان دەگوت کە خۆ دەبینن، ئەوەی پێیەوە دانازن چۆن “لەژێر پێی ئێمەدا” دەلەرزێت. دروستکردنی ترس لە دڵی ئەوانی دیکە هەمیشە ستراتیجێکی سەرەکیی ئیسرائیلییەکان بووە لە مامەڵە کردن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.
سێیەم، ئیسرائیل، بە کەمترین خەسارەت لەو شەڕەدا دەرچووە، لانی کەم بە بەراورد بەو وڵاتانەی کە ڕاستەوخۆ لە شەڕەکەدا گلاون. ئیسرائیل چەندبارە سەلماندییەوە کە لە بوارەکانی تەکنۆلۆجیای شەڕ و چەک یەکەمی بێڕکابەرە، ئەمەش بازەڕەکانی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان بۆ چەندین دەیەی دیکە گەرم دەکات.
چوارەم، ئیسرائیل لەم شەڕەدا دووبارە سەلمانییەوە کە ئەوەی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا کردی لە کوشتنی ئەو هەموو سەرکردە ئێرانییە لە چەند ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا ڕێککەوت نەبوو بەڵکو پلانێکی تۆکمە و ڕێکخراو بوو. هاوکات نیشانەی ئەوەیە کە ئیسرائیل نەک هەر لە تەکنۆلۆجیای شەڕ و چەک یەکەمی بێڕکابەرە بەڵکو لە سیخوڕی و لە چوونە ناو سیستەمی وڵاتانی نەیارانی. ئەمەش سەرکەوتنێکی دیکەی ئیسرائیلە چونکە ترس و دڵەڕاوکێی خستۆتە دڵی هەموو دەرودراوسێکانی، ستراتیجێک لە ستراتیجەکانی هەڕەشەی ئیسرائیلییەکان.
هەر چۆنێک بێت، بردنەوەکەی ئیسرائیل بەتامی دۆڕاو دەبێت چونکە ڕاستە کە ڕووخاندنی ڕژێم پۆلەسی بەیانکراوی نەبوو بەڵام لە گەڕی ئەمجارەی شەڕ هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بوو کە ڕژێم بڕوخێ، ئێران دابەش و لەرزۆک بێت. پێناچێت ئەم ئامانجەی ئێسرائیل، لانی کەم لەگەڵ ڕاوەستانی شەڕەکە لەم ڕۆژانەدا، بێتە دی. بۆیە ئەگەر لە درێژمەوداش ڕژێمی ئێران بڕوخێت، ئەوە لەم لەحزەیە ئەگەر ئیسرائیل براوەش بێت بە تامی دۆڕاوە.

ئێران دۆڕاوی براوە
ئێران ٤٧ ساڵە شەڕ بە ئیسرائیل دەفرۆشێت، وەک لە نووسینی دیکەدا ئاماژەم پێ کرد، ئێران ٤٧ ساڵە منداڵ و گەنج و پیر و ژن و پیاو بۆ شەڕ لە دژی ئیسرائیل ساز و ئامادە دەکات و دروشمی “مەرگ بەر ئەمریکا و مەرگ بەر ئیسرائیل” بە گوێ دنیادا دەدات. بەئاشکراش باس لە سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر گۆی زەوی دەکات. ئەم شەڕە و شەڕی ١٢ ڕۆژە هیچی نەسەلماندبێت فشۆڵی ئەم دروشمە چل ساڵییەی ئێرانی سەلماندووە. بێجگە لەمە، ئێران لەم شەڕە دۆڕاوە، چونکە:
یەکەم، زۆرترین زەرەری گیانی و ماددی کردووە. زۆرترین سەرکردە، لەنێویاندا، ڕابەری جمهوری ئیسلامی، ئایەتوڵا خامەنەیی، کوژراوە. ژێرخانی سەربازیی و پیشەسازی چەک و ئەمنی خاپوور کراون.
دووەم، ئێران شکۆی شکاوە بەوەی کە نەک هەر نەیتوانی ڕابەرەکانی بپارێزێت تەنانەت نەیتوانی ئەوانەش بپارێزێت کە بەرپرسیارەتی پاراستنی ڕابەر و سەرکردایەتی ئێرانیان لە ئەستۆ گرتبوو. کوژرانی چەندین وەزیری بەرگری، چەند سەرکردەی سوپای پاسداران، چەند وەزیری ئیتیلاعات، هتد، نیشانەی هیچ نەبن نیشانەی بێشکۆبوونی ئێرانن.
سێیەم، ئێران هەموو دراوسێکانی خۆی، کە خۆی بە پارێزەریان دەخستەڕوو، کردە دوژمنێکی وجودی. وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی سعودیە و قەتەر و عومان، نەک هەر خۆیان وەک دوژمنی ئێران نەدەزانی بەڵکو لەم چەند ساڵەی دوای وەک دۆستێک تەماشایان دەکرد، بەڕادەیەک کە چەندین مانگ دوا لێدانی ئێرانیان دواخست. ڕاستە ئیمارات هەمیشە بەرانبەر بە ئێران توند بوو، بەڵام بە درێژایی ساڵانی گەمارۆی سەر ئێران، ئیمارات دەرچەی ئێران بوو بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکان، هەم بە مسۆگەرکردنی ئەو کەلوپەلانی کە قەدەغەبوون هەم بە گەیاندنی پارە بۆ ناو ئێران. پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی کەنداو زۆر زەحمەتە بگەڕێتەوە پێش قۆناغی شەڕ.
سەرەڕای هەموو ئەمانە و چەندینی دیکەش، ئەگەر ئەم شەڕە ڕاوەستێت و ئێران نەڕووخێت ئەوە سەرکەوتنێکی ئێجگار گەورەیە بۆ ئێران، لانی کەم لە کورتمەودا دا. ئێران شەڕی مان و نەمانی دەکرد، بۆیە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بە هەر بارێک بێت، مادام ڕژێم لەسەر پێی خۆی ماوەتەوە ئەوە براوەیە.
دیارە، دەرچوونی ئێران لەم شەڕە، گرفت و کێشە ئابووری و داراییەکانی سەد بارتەقا زیاد دەکات، ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایی جەماوەری لە چەند ساڵی داهاتوودا، ئەگەر نەڵێم چەند مانگی دیکە، دێنێتە گۆڕێ. ئێران هێندە ماندوو بووە کە دەربازبوون لە گەڕێکی دیکەی ناڕەزایی زۆر کەمە. بەڵام بۆ ئەمڕۆ، ئێران دۆڕاوێکی براوەیە، مادام نەڕووخاوە.

وڵاتانی کەنداو، نە براوە نە دۆڕاو
وڵاتانی کەنداو بەگشتی حەزیان لێ نەبوو بچنە شەڕ لەگەڵ ئێران چ پێش شەڕ چ ئێستا. ئەوان حەزیان لێ بوو ئێران گورزێک بخوات و لاواز بکرێت بەڕادەیەک کە چیدیکە هەڕەشە نەبێت لەسەریان. ئیماراتی لێ دەرچێت پێم وانییە ئەوانی دیکە حەزیان لە داڕمانی ڕژێم بووبێت. کاتێکیش شەڕەکە ڕوویدا و ڕووی مووشەک و درۆنەکانی ئێران هێندی ڕووی لەوان بوو هێندە ڕووی لە ئیسرائیل نەبوو، ئەوە وای کرد هەموویان پێیان باشتر بێت کە ڕژێم گورزی کوشندەتری لێ بدرێت، بەڵام بەدەستی خۆیان نا بەڵکو بە دڵی ئەوان.
وڵاتانی کەنداو براوەن لەوەی کە بۆیان دەرکەوت کە توانای بەرگرییان زۆر لەوە زیاترە کە تەنانەت بەخۆشیان وێنایان دەکرد. ئەوان پێیان وابوو، کە دوای چەند مووشەکێک وڵاتەکانیان لەوانەیە تووشی شەلەل بێت و خەڵک بە هەزاران وڵاتەکانیان بەجێ بهێڵێت. بەڵام وەک چۆن زۆر سەرکەوتووانە ڕووبەڕووی کۆڕۆنا بوونەوە، لەم شەڕەشدا زۆر کەس و لایەنیان سەرسووڕهێن کرد.
وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی ئیمارات و سعودیە، پێشتر ئامادەکاریی ئەوەیان کردبوو کە ئەگەر گەرووی هورمز بگیرێت دەبێت چ بکەن، بۆیە هەردوو وڵات، بۆڕی ستراتیجیان بۆ کەنارەکانی دیکە ڕاکێشابوو، ئیمارات بۆ فوجەیرا لەسەر دەریای عومان، سعودیە بۆ یەنبوع لەسەر دەریای سوور. ئەم بیرکردنەوە ستراتیجییە نیشانەی هیچ نەبێت نیشانەی ئەوەیە کە وڵاتانی کەنداو ساڵانێکە پێگەیشتوون و ستراتیجیانە بیردەکەنەوە.
بێجگە لەمە، ئەوەی کە ئەرکی سەر وڵاتانی کەنداوی سووک کرد وەبەرهێنانە گەورەکانی ئەو وڵاتانە، لەگەڵ کۆمپانیاکانیان، لە وڵاتانی دیکە بوو. هەر یەک لە قەتەر و ئیمارات سەدان ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە دەرەوەی وڵات کردووە، ئەمەش بەرگرییکردنی بەستنی گەرووی هورمزی لەسەر کەم کردنەوە.
بۆ وڵاتانی کەنداو، ئەم شەڕە ئەزموونێکی نوێ بوو چونکە ئەوە یەکەمجار بوو کە هەموویان بەسەریەکەوە بەر هەڕەشەیەکی دەرکی ڕاستەخۆ بکەون. شەڕی کوەیت کاریگەریی ڕاستەخۆی تەنیا لەسەر ئەو وڵاتە بوو، نەک ئەوانی دیکە.
بۆیە، بۆ وڵاتانی کەنداو، ڕاستە کە زەرەرێکی ماددی زۆریان لەم شەڕە کردوو، خەرجی بەرگرییان نەک هەر ئێستا بۆ دواڕۆژیش زیادی کرد و زیاد دەکات، بەڵام یەک دنیا وانەی لێ فێربوون.

کورد، نە براوە نە دۆڕاو
لە ڕۆژانی سەرەتای شەڕ ترەمپ لە ڕێگەی چەند تەلەفۆنێکەوە بۆ سەرکردە کوردەکان، خەریک بوو کە کورد لەم شەڕەدا بگلێنێ. خۆشبەختانە، یان بەدبەختانە، هەر خۆی زوو پەشیمان بووە. ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە کورد ڕاستەوخۆ، نە کوردانی ڕۆژهەڵات، نە کوردانی باشوور، تێکەڵ بە شەڕەکە نەبن.
دیارە شەڕ، لێدانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، هەمیشە هەلی بۆ کورد ڕەخساندووە کە لە پەراوێزی شەڕ و گەمە جیۆپۆلەتیکییەکاندا هەندێک هەل بقۆزنەوە، ئەمجارە لەبەر دوو هۆکار ئەم هەلە نەقۆستراوە، یان نەڕەخسا. یەکەم، کوردانی ڕۆژهەڵات زۆر ساز و ئامادە نەبوون. دووەم، ترەمپ و ئەمریکا هیچی ئەوەیان لێ هەڵنەدەهێنجرا کە ببێتە مایەی جووڵەی کورد.
هەرچۆنێک بێت، جووڵە نەکردنی کورد، بووە مایەی ئەوەی کە نە قازانج بکات نە زەرە.

شێرکۆ کرمانج




“کۆنگرەی ئازادی ئێران” کۆمیدیایەک لە مێژوو!.. کامل احمد

ڕۆژی شەممە ٢٨ ی مارسی ٢٠٢٦ کۆنگرەیەک لە لەندەن بۆ ئەو مۆزاییکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی سازکرا. ئەم کۆنگرەیە لە پێش هاتوهاوارەکانی ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی یان گۆڕینی کۆماری ئیسلامی و ڕتووشکردنی یەوە دێت لەسەر دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل و شەڕی زیاتر لە یەک مانگیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا. ئەم کۆنگرەی ئازادی ئێرانە لە لەندەن دەبەسترێت هاوشێوەی ئەو کۆنگرەیەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی کە لە ١٤ و ١٥ ی دەیسێمبەری ٢٠٠٢ لە هەمان لەندەن دا بەسترا و خۆیان ئامادەدەکرد بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات دوای لاوازبوون یان ڕووخانی ڕژێمی بەعس. ئەم دوو کۆنگرەیە و لێکچوونەکانی زۆرن کە گرنگترینیان ئەوەیە کە هەردووکیان لە لەندەن بەڕێوە چوون، هەردووکیان هەرچی ئەحزابی بورژوازی نەتەوەپەرست و شۆڤێنی وگەجەروگوجەری کۆمەڵگا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەیە تیایدا کۆبوونەتەوە.
خاڵێکی ڕیشەیی کە ئەم کۆنگرەیە لەوەی عێراق جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەو کات دەستپێشکەرییەکە ئەمریکی بوو وە هەموو ئەوروپاشی بە دوای خۆیدا کێش کردبوو بە بەریاتنیاشەوە، بەڵام ئەم دەستپێشکەرییەیان بەریتانی یە و بەشێکە لە سیاسەتی بەریتانیا بۆ ئەوەی لە ئاییندەی ئێراندا و لە هەر ئاڵوگۆڕێک کە ئەگەر ئەمریکا توانی بەدەستیبهێنێت جێگایەکی هەبێت. کەواتە جیاوازییەکی بنەڕەتی تر ئەو لێکترازان و لێکدابڕانەی ئەمریکا و ئەوەروپایە کە چەندین ساڵە دەستیپێکردووە و قڵشتی نێوانیان تا دێت گەورەتر دەبێت، ئەگەر چی هێشتا نەگەیشتوون بە جیابوونەوەی هێجگاری. کەواتە بەریتانیا دەیەوێت کارێک بکات کە دەست بەتاڵ دەرنەچێت لە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا و لە ڕێگای ئەم دەستەجاتە نەتەوەپەرست و تائیفییانەوە.
شیڕە و نەعرەتەی ئەحزابی بەشداربوو بۆ فرە نەتەوەیی و فرە کەلتووری و فرە دینی و فرە زمانی و فرە ڕەهەندی هیچی تر نەبوو جگە لەوەی کە دەیانوویست مۆدێلێکی هاوشێوەی عێراق بێننە دەرەوە کە هەموویان لە دزینی سەروەت و سامانی کۆمەڵگادا بەشداربن و هەرکەس بە پێی قوورسی خۆی. ئەوان زیندووکردنەوەی ئەم دابوونەریتە کۆنەپەرستانەیە و بردنە پێشەوەی ئەم جۆرە لە سیاسەت بە فرەکلتووری و بە بەشداری هەمووان لە کایەی سیاسیدا بە خەڵک دەفڕۆشن. پرسیارەکە ئەوەیە کام بەشداری لە کایەی سیاسی کۆمەڵگادا لە کاتێکدا برسیانی کۆمەڵگا برسیتر دەکرێن و دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکانیشی دەوڵەمەندتردەبن و تەنها ڕەنگ و ڕەواڵیان دەگۆڕدرێت. باسەکە باسی گواستنەوەی دەسەڵات و دەرهێنانی نییە لە چنگی کۆمەڵێک سەرمایەداری عەمامە بەسەر وڕادەستکرنی بە کۆمەڵێکی فرە ڕەهەند و نەتەوە و دین و تائیفە وەک کۆنگەری ئازادی لەندەن و بەشداربووانی بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو باسی بورژوازی و سیستەمەکەیەتی بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیانەوە. بەشداربووانی کۆنگەری لەندەن و دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران دوو دیوی هەمان دراون و هەردوولایان سەر بە سەرمایەن و خوێنی هەژاران و برسییەکان دەمژن. باسی سەرەکی ئەم کۆنگرەیە لەتووپەتکردنی کۆمەڵگای ئێران بوو لە ژێر ناوی دین و نەتەوە و سکولاریزم و مافی کەمایەتییەکان و ….. ئەوەی بەشداربووانی ئەم کۆنگەرەیە جێگای باس و خواسیان نەبوو باشترکردنی ژیانی خەڵک و بەرزکردنەوەی ئاستی گووزەرانیان بوو. ئەوان تەنانەت باسێکیان نەبوو لەسەر ئەوەی کە چۆن بەردەگرن بە هەرزانفڕۆشکردنی گاز و نەوت و کارەبای ئەو وڵاتە و چۆن بەردەگرن بە چوونە سەرەوەی نرخی وزە لەو وڵاتەدا کە ئێستا بە شێوەیەکی زۆر هەرزان فەراهەم کراوە. بە کورتییەکەی ئەوان بێجگە لە پەیامی وێرانکردن و داڕمانێکی زیاتری کۆمەڵگا شتێکیان لە هەگبەکەیاندا بۆ بنیاتنانەوە و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا پێ نەبوو. ئەمە پەیامی درووست و تەواوی ئەوانە و ناتوانرێت شتێکی لەمە زیاتر نە لە هێز و ئەحزابی بەشداربووی ناو کۆنگرەکە و نە کۆنگرەی لەم چەشنەش چاوەڕوان بکرێت.
تۆ سەیری ئەم مۆزاییەکە بکەن، لە کۆمۆنیزمە قەومییەکەی جەنابی تەقوایی و حزبەکەیەوە تا دەگات بە گرووپی “دەوڵەت بۆ ئێران”، تا حزبی دیموکراتی ئازەرباینجانی و ئێرانییە کۆمارییەکان و سەڵتەنەت تەڵەبەکان و تا دەگات بە حزبی هاوپشتی دیموکراتی ئەحواز و تا نوێنەرانی ئەحزابی بەلوچ و عەرەب و کورد و ئەوانی دیکەی تێیدایە. هەر لە ئێستاوە نەعرەتەی فیدڕالێ و جیابوونەوە و بەشبەشکردنی ئێران لێدەدرێت و دەیانەوێت کۆمەڵگای ئێران بەسەر هەموو ئەو نەتەوە و زمانە جۆراوجۆرانەدا بەشبکەن بۆ پچڕینی بەشی خۆیان لە دەسەڵات و سەرمایەگوزاری.
ئەم کۆنگرانە دەیانەوێت دیموکراتییەک کە هەم دەسەڵاتدارنی ئەمریکا خۆیان شەقیانتێهەڵداوەو بەسەرچووەو بەدەردیان ناخوات، بۆ ئێران بهێنن بەسەر پشتی تانک و فڕۆکە و پاپۆڕە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ بردنی کۆمەڵگا بۆ ئاستی پێکدادانی نەتەوەیی و ئیتنیکی لە ژێر ناوی ئازادیدا. ئەگەرچی کۆنگرەی ئەمجارەشیان لە لەندەن بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەم جارە ئەوروپا خۆی خوێنی لێدەچۆڕیت و لەت لەتە و یەکدەنگ نییە و ئەمریکاو ئیسرائیل دەیانەوێت بە تەنها ئەم کارە بکەن، بەڵام ئەوانیش لە هەوڵی زامنکردنی بەشی خۆیانن لە ئایندەدا لە ڕێگای ئەم جۆرە کۆنگرانەوە.
ئەوەی لە کۆنگرەکەدا دەگوزەرا ڕیک ئەو دەستەواژەیەیە کە دەڵێت “هەر کەس بۆ لەیلاکەی خۆی دەگری” هەموویان کۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەو کۆمەڵگا ملیۆنییە پارچە پارچە بکرێت و هەویەتی بەلوچی و فارس و عەرەب و کورد و سوننی و شیعی و هەموو ئەوانی تر زیندووبکرێتەوە. ئەم بەڕێزانە بە دڵنیاییەوە نە کوێرن و نە بیریان چووە چ نەهامەتییەک بەسەر خەڵکی عێرقدا هاتووە و چۆن دوای سێ دەیە کۆمەڵگا لە ناو هەمان زەلکاوی بەشبوونی ئیتنی و نەتەوەیی و گوێ لە مشتی هێزە دەرەکییەکاندا دەناڵێنێت و چۆن سەدان و هەزاران ملیاردێر و کۆمپانیا هەڵتۆقیون بۆ سەرمایەگوزاری و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و هێشتنەوەی خەڵک لە برسێتیدا. بەڵام ئەوان بەرژەوەندییەکانیان لەوە گەورەترە کە ئەمە ببین. ئەوان هێزی بورژوازی کۆمەڵگان و دەیانەوێت بەشێک بن لەو سەرمایەگوزارییە. حەتمەن ئەوان ئەمە وەک دەستکەوتیش باس لێ دەکەن و دەیانەوێت ئەم تەجروبە تاڵەی عێراق بەسەر سەری خەڵکی ئێراندا بسەپێنن و کۆمەڵگایەکی ٩٠ ملیۆنی ئەوەندەی تر نووقمی کۆنەپەرستی و هەڵاواردن و برسێتی بکەن.
ئەم جڕوجانەوەرانە دەیانەوێت لەسەر حسابی ماڵوێرانی خەڵکی ئێران و برسێتی و لەناوچوونیان بگەنە ترۆپکی دەسەڵات. ئەگەر ئەم سیناریۆیە لە لایەن پڕۆلیتاریای ئیرانەوە بەری پێنەگیرێت و نەخرێتە زبڵدانی مێژووەوە ئەوا چارەنووسی ئێران دەبێتە عێراقێکی تر و ئەفغانستانێکی تر و سوریایەکی تر. ئەوەی کە ئەمریکا بە ئاشکرا و بێ پەردە هەمیشە باسی دەکات ئەوەیە کە ئەو بۆی گرنگ نییە کێ ئیران دەبات بەڕێوە، ئایا توندڕەوتر یان میانڕەوتر دێتە سەر عەرشی دەسەڵات گرنگ نییە، بەڵکو گرنگ سەرمایگوزاری خۆی و چاڵەنەوتەکان و ڕێگا ئاوییەکانە.
لە بەرێکی تری ئەم ڕووداوانە و لە هەمان ڕۆژی ٢٨ مانگ دا ئێمە شاهیدی خۆپیشاندانی دەیان ملیۆنی خەڵکی ئەمریکا بووین دژ بە ترەمپ و سیاسەتە شەڕخوازانەکانی و دژی هەژاری و گرانی و بۆ وەستانی شەڕ، لە کاتێکدا ئەم بەڕێزانە بە پلان و سیاسەتی بەریتانیا و خۆرئاوا خەریکی گڵاوترین پلانی خۆیان بوون بۆ وێرانکردنی کۆمەڵگای ئێران. ئەگەرچی ئەم هاتنە مەیدانانەش هەر چەند گەورەبن ناتوانێت بە جێگایەک بگات مەگەر پڕۆلیتاریا بتوانێت دژ بە بورژوازی ناوخۆی خۆی چ لە ئەمریکا و چ لە وڵاتانی دیکەدا بێتە مەیدان و ڕاپەڕێت و بەرهەم هێنان ڕابگرێت و پێچی کۆمپانیاکان دابخات و ڕیزی خۆی لە ئەحزابە بورژوازییەکان بە هەموو ڕەنگەکیانەوە جیابکاتەوە.
پڕۆلیتاریای ئێران ئەگەر لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەدا نەیەتە مەیدان و پشت بە هاوخەباتی و هاوڕیزی پڕۆلیتاری جیهان نەبەستێت بۆ وەلانانی ئەم جۆرە گۆڕانکارییە ئەوە کۆمەڵگای ئێران نووقمی خوێن دەبێت و ئەوەی کە لەعێراق ڕوویداوەو ڕوودەدات هیج نابێت لە چاویدا و دەبێت بڵێین هەزار ڕەحمەت لە کفن دز.
باسی ئەوان باسی مەدەنییەت و سکولاریزم و مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەکان و کەمە نەتەوەییەکانە وەک بانگەشەی بۆ دەکەن، لە بەرامبەر باسی ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی ئیسلامیی دا. ئەمانە هەمووی ئاڵا و درووشمی بورژوازییە، وێڕای ئەوەی باویشیان نەماوە، و دەیانەوێت لە سایەیدا خەڵک وڕ و بێ ئاگا بکەن. باسە بنەڕەتییەکە باسی نەبەردێکی چینایەتییە کە هیچ یەکێک لەو درووشمە بورژوازییانە نەک هیچ لە نەهامەتیەکانی پڕۆلیتاریای ئێران کەم ناکاتەوە، بەڵکو قڵشتەکانی نێوانی فراوانتر و گەورەتر دەکات و یەکڕیزییەکەی بە هۆی ئەم سیاسەتانەوە زەربە دەخوات. بۆیە تەنها ڕێگایەک ڕووخاندن و وەلانانی هەموو ئەمانەیە بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکسانە لە ڕێگای ئەو هاوپشتییە چینایەتییەی هەر ئێستا بە شێوازێکی سەرەتایی لە مەیداندایە.

کامل احمد
1ی نیسانی 2026




فیدراسیۆنی هۆزایەتی.. بەختیار مام حەمید(لالە بەختیار)

(مکایەڵی: مۆدێلێکی باڵای هاوپەیمانیی هۆزایەتی لە مێژووی جافدا) بە نموونە.

لە مێژووی کۆنی نەتەوەی کورد(و نەتەوەکانی تریش)دا، “هۆز” تەنها یەکەیەکی خوێنی و ڕەچەڵەکیی نەبووە، بەڵکو لە پاڵ نزیکایەتیی خوێنیی و پشتاوپشتدا دەزگایەکی سیاسی و سەربازی بووە بۆ پاراستنی بوونی نەتەوەیی و ئابووری ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کە ئەندامی هەمان هۆز بوون. فیدراسیۆنی مکایەڵی یەکێکە لە نموونە هەرە دیارەکانی ئەم جۆرە یەکگرتنانە، کە توانیویەتی چەندین عەشیرەتی گەورە و خاوەن مێژوو لەژێر چەترێکی مەعنەوی و کۆمەڵایەتیدا کۆبکاتەوە، کە بۆ سەردەمی خۆی وەرچەرخانێکی مەزن و هەنگاوێکی ئازایانەی عەشیرەت و تیرە پێکهێنەرەکانی بووە.

١. ڕیشەی ناونان و پیرۆزیی چەترەکە
ئەم فیدراسیۆنە ناوی خۆی لە کەسایەتیی ناودار و پیرۆزی ناو مێژووی جاف، حەزرەتی پیر مکایەڵی جاف (پیر میکائیل شەش پەنجە، شەش ئەنگوست) وەرگرتووە.
هەڵبژاردنی ئەم ناوە تەنها لایەنێکی مێژوویی نەبووە، بەڵکو:
مانایەکی ڕوحی: پیر میکائیل لای هەموو عەشیرەتەکان وەک ڕابەرێکی ڕوحی و باوکێکی مەعنەوی ناسراوە.
خاڵی کۆکەرەوە: ناوەکە وای کردووە عەشیرەتە جیاوازەکان (تەنانەت ئەوانەشی لە ڕووی خوێنەوە دوورن) هەست بە جۆرێک لە “برایەتیی ئایینی و مێژوویی” بکەن.

٢. پێکهاتەی عەشیرەتەکانی ناو فیدراسیۆنەکە
وەک ئاماژەی پێکرا، ئەم فیدراسیۆنە تەنها یەک تیرە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک عەشیرەتی خاوەن قورسایین کە گرنگترینیان ئەمانەن:
ئاڵیبەگی: عەشیرەتێکی جەنگاوەر و خاوەن دەسەڵات لە ناوچەکەدا.
شوانکارە: کە مێژوویەکی دێرینیان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا هەیە.
ڕەشوبۆری: یەکێک لە پایە گرنگەکانی ئەم هاوپەیمانییە.
حەمەعەلی وەیسی: خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و جوگرافیی تایبەت بە خۆیان بوون.
میرەیی: بە هەمان شێوە خاوەنی جەنگاوەری ئازا و کەسایەتیی نەفسبەرز و لێهاتوو بوون.
تیرەکانیتر: بێگومان ئەوانیش تایبەتمەندیی زۆریان هەبووە بۆیە جێیان گرتووە لەو فیدراسیۆنەدا.

٣. بنەماکانی دروستبوونی فیدراسیۆنەکە
ئەم یەکگرتنە لەسەر سێ بنەمای سەرەکی داڕژاوە:
بەرگریی هاوبەش: بۆ پاراستنی ناوچەکانیان لە هێرشی دەرەکی و پاراستنی سنووری لەوەڕگاکان.
پەیوەندیی ئابووری: بەهۆی ئەوەی زۆربەی ئەم هۆزانە کۆچەری یان نیوە کۆچەری بوون، ڕێڕەوی کۆچ و زستانە و هاوینە پێویستی بە جۆرێک لە “دەستووری ناوخۆیی نەنووسراو” هەبووە بۆ ڕێگریکردن لە کێشە و پێکدادان و گرژی.
پێگەی سیاسی: لە بەرانبەر دەسەڵاتە ناوچەییەکان (وەک میرنشینەکان یان دەوڵەتانی دراوسێ و تەنانەت بەرانبەر عەشیرەتەکانیتری ناو هۆزی جاف)، ئەم فیدراسیۆنە وەک یەکەیەکی گەورە و بەهێز مامەڵەی کردووە، نەک وەک چەند تاقمێکی بچووک.

٤. گرنگیی مێژوویی
فیدراسیۆنی مکایەڵی سەلماندی کە کورد لە کۆندا خاوەنی جۆرێک لە “دیموکراسیی سەرەتایی هۆزایەتی” بووە.
ئەوەی کە عەشیرەتەکان توانیویانە لەژێر یەک ناو و یەک ئاڵای مەعنەویدا کۆببنەوە بێ ئەوەی ناسنامەی تایبەتی خۆیان لەدەست بدەن، نیشانەی تێگەیشتنی قووڵیان بووە بۆ چەمکی “یەکێتی لە فرەییدا”.

یەکێتی تۆکمەی نێوان عەشیرەتەکانی ناو فیدراسیۆنەکە وای کردووە کە هەندێ جار کەسایەتییە گەورەکانی ناو عەشیرەتەکان بە پاشگری مکایەڵی بانگ بکرێن و بناسرێن.
بۆ نموونە: نالی ئاڵیبەگی/مکایەڵی، مەولانا خالیدی ئاڵیبەگی/مکایەڵی.
ئەمەیش خوێندنەوەی زۆر ورد و تێرتەسەلی گەرەکە و پێویستە بێلایەنانە لەسەری بکۆڵینەوە.

تێبینی: فیدراسیۆنی مکایەڵی تەنها بەشێک نییە لە مێژووی جاف، بەڵکو ناسنامەیەکی زیندووی ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستانە کە تا ئەمڕۆش شوێنەوارە کۆمەڵایەتییەکانی هەر ماوە و هێشتایش ئەو عەشیرەتانە نزیکایەتییەکی پتەویان هەیە و جۆرێک لە خزمایەتیی ڕیشەییان هەیە.

هەڵسەنگاندێکی سەرەتایی:

١. تێپەڕاندنی “خوێن” بۆ “بەرژەوەندی”

خاڵە هەرە درەوشاوەکەی ئەم بابەتە لەوەدایە کە دەری دەخات فیدراسیۆن (فیدراسیۆنی مکایەڵی، بە نموونە) لەسەر بنەمای “گرێبەستی کۆمەڵایەتی” دروست بووە نەک تەنها “ڕەچەڵەک”.

لە زانستی کۆمەڵناسیدا، ئەمە پێی دەوترێت گواستنەوە لە “کۆمەڵگەی داخراو” بۆ “کۆمەڵگەی هاوپەیمان”.

کۆکردنەوەی عەشیرەتە جیاوازەکانی وەک (ئاڵیبەگی، شوانکارە، ڕەشوبۆری، میرەیی، حەمەعەلی وەیسی و…) نیشانەی ئەوەیە کە عەقڵییەتی سیاسیی ئەو کاتە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە “یەکێتی لە پێناو مانەوە” گرنگترە لە خۆپەرستیی هۆزایەتیی تەسک و بێکەڵک.

٢. پیرۆزیی مەعنەوی وەک “کۆڵەکەی یەکێتی”

پیر میکائیل تەنها ناو نییە، بەڵکو “چەترێکی پیرۆزە” بۆ ڕێکخستنی جیاوازییەکان.
هەم وەک پیرێکی ئاینیی و هەم وەک کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی ناو جافداری.

لە مێژوودا، کاتێک عەشیرەتەکان لە ڕووی سیاسییەوە کێبڕکێیان کردووە، پێویستیان بە ناوێکی “بێلایەن و پیرۆز” بووە کە کەس نەتوانێت ڕەتی بکاتەوە.

پیر میکائیلی شەش پەنجە لێرەدا دەبێتە “خاڵی هاوسەنگی”؛ واتە هیچ عەشیرەتێک ناتوانێت بڵێت من لەوانی تر گەورەترم، چونکە هەموان لەژێر ناوی “پیر”دا یەکسانن و هاوڕایشن لەسەر ناونانی فیدراسیۆنەکە بەناوی ئەو کەسایەتیە گەورەی جاف و کوردەوە.

٣. فیدراسیۆنی مکایەڵی وەک “دەزگایەکی بەڕێوەبردن”

ئەگەر سەیری ئەو سێ بنەمایە بکەین (بەرگری، ئابووری، سیاسی)، دەبینین ئەم فیدراسیۆنە وەک سیستمێکی بەڕێوەبردن کاری کردووە:

لە ڕووی سەربازییەوە: سیستمی “پاسەوانیی سنوور و لەوەڕگا”یان هەبووە، ئەگەرچی فەرمی و ئاشکرا نەبووە.
بەڵام تەواوی عەشیرەت و تیرەکان بە چەکدار/جەنگاوەر، لەم کۆسووڕەدا بەشداربووگن.

لە ڕووی یاساییەوە: ئەو “دەستوورە ڕانەگەیەندراوە”ی باسمان کرد، هەمان ئەو عورف و عاداتە بووە کە کێشە نێوخۆییەکانی پێ چارەسەر کراوە، سەرەتا لە نێوان ئەندامانی فیدراسیۆنەکە و دواتر لە نێو تەواوی عەشیرەت و هۆزەکاندا.

لە ڕووی دیپلۆماسییەوە: ئەم فیدراسیۆنە کاتێک لەگەڵ میرنشینی بابان یان ئەردەڵان یان عوسمانییەکان یان هەر لایەنێکی ر قسەی کردووە، وەک “هێزێکی یەکگرتووی نیمچەهاوخوێن” مامەڵەی کردووە.

٤. ڕەهەندی جوگرافی و ستراتیژی

ئەم عەشیرەتانەی ناویان هاتووە، لە ناوچەگەلێکی ستراتیژیدا بوون کە هەمیشە جێگەی چاوچنۆکیی هێزە دەرەکییەکان بووە. دروستکردنی ئەم فیدراسیۆنە جۆرێک بووە لە “دیواری پاراستن” بۆ هێشتنەوەی خاکی کوردستان و ڕێگریکردن لە پەرتەوازەبوونی هێزی مرۆیی لایەنیەکەم لە ناو جافەکاندا.

٥. کەسایەتییەکان.

عەلی بەگی جاف و قەرەوەیس ئاڵیبەگی و مەولانا خالید و حەزرەتی نالی.
ئەمانە نموونەی کەسایەتیی گەورەی کورد و جاف و ئاڵیبەگین،
سەرەتا ئاڵیبەگین، دواتر موڵکی فیدراسیۆنەکەن، پاشان موڵکی جاف و کوردن بەبێ جیاوازی.
هەندێ جار تۆکمەیی ئەم فیدراسیۆنە وای کردووە کە ئەم کەسایەتییانە جیا نەکرێنەوە لە ڕووی خوێنەوە.
ئەمە پێویستی بە هەڵوەستە و قسەی زیاتر و وردترە.

کورتەی خوێندنەوەکە:

ئەم بابەتە پێمان دەڵێت کە “فیدراسیۆنی مکایەڵی” نموونەیەکی سەرکەوتووی “ڕێکخراوەیی” بووە لە مێژووی جاف و کورددا. نیشانەی ئەوەیە کە باپیرانی ئێمە تێگەیشتنی وردیان بۆ “ئاسایشی نەتەوەیی” هەبووە و توانیویانە لە ڕێگەی ئایین، مێژوو و بەرژەوەندیی هاوبەشەوە، ناسنامەیەکی گەورەتر دروست بکەن کە تێیدا هەمووان هەست بە پارێزراوی بکەن.
ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە زۆر گرنگن بۆ ئەوەی نەوەی نوێ بزانێت کە مێژووی ئێمە تەنها شەڕ و ململانێ نەبووە، بەڵکو مێژووی “داڕشتنی سیستەم و هاوپەیمانیی ژیرانە” بووە.

هەزار ڕەحمەت لە ڕۆحی حەزرەتی پیرمکایەڵی شەش پەنجە و حەزرەتی عەلی بەگی جاف و باوەلێ قەرەوەیس و حەزرەتی مەولانا خالید و حەزرەتی نالی.




مەراسیمی یادکردنەوەی رابەری بزووتنەوەی ژنان یەنار محەمەد لە شاری تۆرۆنتۆ




سرووتی هه‌ڵوه‌ریین.. سیروان بابه‌عه‌لی

منی ڕێبوار،
منی سه‌ره‌ڕۆی دوور له‌ شار،
له‌نێو خه‌ره‌ندی لای دێتان،
هی خۆم نه‌بێت، سیمای هه‌مووتانم ده‌دیی،
گوێم له‌ ده‌نگی هه‌مووتان بوو؛
که‌ تۆ ڕۆیشتی ‌و خۆت له‌ گونده‌که‌ ته‌را کرد،
ئیدی من نه‌ که‌سی دیم دیی ‌و
نه‌ هه‌ستم به‌ که‌سی دی کرد…
منی ڕێبوار،
منێکی هه‌ڵهاتوو له‌ شار،
هاوارم به‌ دووتدا وێڵ کرد؛
که‌چیی هاوار،
ته‌نگه‌تاویی کردییه‌ مار و
له‌نێو کونی گوێچکه‌یه‌کی ده‌خه‌ڵدا، په‌پکه‌ی خوارد؛
بیستنم نارد خۆی مات بدات،
گه‌ر هاوارێک، نا.. سرپەیەک، له‌ تۆوه‌ بێت، داڵده‌ی بدات؛
بیستنی بێ نه‌وا و نامۆ، بیستنی له‌وێ هه‌ڵتووتاو،
بووه‌ قوربانی قه‌پاڵی زارێکی پاشتر هه‌ڵدووراو…
منی ڕێبوار،
منی جاڕز له‌ ژاری شار،
ڕێی دارستانم گرته‌به‌ر؛
له‌وێش نه‌بوویت،
دارستان بێ به‌رامه‌ بوو،
هیچ شتێکت له‌وێ نه‌بوو؛
دیاربوو دوور بوویت،
چونکه‌ له‌وێ،
له‌نێو بازنه‌ی هه‌ستمدا،
تینی شه‌به‌نگت لای نه‌دا…
منی تاوگیر، منی ڕێبوار،
منی تووڕه‌ له‌ گوند و شار،
چوومه‌ سه‌ر ترۆپکی دره‌خت،
دوندی چیام کرده‌ مه‌به‌ست؛
هه‌ردوو دییده‌م، بوونه‌ دوو‌ باڵ بۆ بینایی ‌و
به‌ره‌و لوتکه به‌ڕێم کردن،
تا له‌وێوه‌ سۆراخێکی تۆم بۆ بکه‌ن،
په‌ی به‌ په‌یامێکت ببه‌ن؛
به‌ڵام جه‌خار،
به‌رله‌وه‌ی سۆراخت بکه‌ن،
دوو گلێنه‌م،
له‌ترسی داڵه‌که‌رخۆره‌،
پەیام به‌کۆڵ،
هه‌ر به‌ دیار چاوی شاخه‌وه‌،
گلۆربوونه‌وه‌ به‌ره‌و دۆڵ…
ئیدی ئێستا منی ڕێبوار، منی بیمار،
به‌خۆم نه‌بێت، زه‌نام به‌ هیچ که‌سێك ناگات؛
هی خۆم نه‌بێت، ده‌نگی هیچ که‌سێك نابیستم؛
بیناییشم، سه‌ری بێ چاوی خۆم نه‌بێت، سه‌ر نابینێت…
منی ڕێبوار،
منی سه‌ربزێو و تاراو،
نه‌فره‌تکردوو له‌ شاخ، له‌ گوند، له‌ شار،
هه‌ر خه‌ریکی چنگه‌کڕێم؛
ڕه‌هێڵ ده‌بم، ئێسکم ده‌شکێت،
که‌چیی هێشتا،
لێناگه‌ڕێم، جرج پاشماوه‌که‌م به‌رێت؛
هێشتا له‌ توانامدا ماوه‌،
گه‌ر تیرۆژێکت گه‌یشته‌ لام،
تێرتێر له‌نێو سنگی بنێم؛
هێشتا له‌ توانامدا ماوه‌،
له‌ زۆزانی خه‌یاڵمدا،
بتکه‌مه‌ گوڵی‌ مێخه‌ك ‌و
ته‌نها به‌ بۆن بۆت بگه‌ڕێم!

سیروان بابه‌عه‌لی




ئەحمەد ئەلشەرع لە سەردانەکەی لە لەندەن دا رووبەڕووی ناڕەزایەتی توندبوویەوە

لە دوای سەردانەکانی ئەحمەد شەرعی تاوانبار بۆ بەرلین، رۆژی ٣١ی ئازاری ٢٠٢٦، ئەحمەد ئەلشەرع بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە لەندەن. حکومەتی بەریتانیا فەرشی سووری بۆ پێشوازی لەو تاوانبارە داخست. لە هەمان کاتدا، لە داونینگ ستریت پێشوازی فەرمی لێکرا، بەڵام لە دەرەوە خۆپیشاندەران لە چەتەم هاوس ـ پەیمانگای شاهانەی کاروباری نێودەوڵەتی ـ چاوەڕوانیان دەکرد تا دەنگی ئەو پێکهاتانە بەرزبکەنەوە کە لە سوریادا زیانیان بەرکەوتووە و سەرکوتی ئازادییانەیان لەلایەن رژیمی تیرۆریستی ئەحمەد الشرع سنوردار کراوە.
خۆپیشاندەران بە دروشم و بانگەوازەکانیان دژی سەردانەکە خستەڕوو:
• جولانی تیرۆریست، تیرۆریست جولانی
• جولانی داعش
• نابێت بەریتانیا پێشوازی لە ئەحمەد الشرع بکات
• نابێت چەتەم هاوس پێشوازی لە ئەحمەد الشرع بکات

  • خۆپیشاندەران دەڵێن ئەحمەد الشرع و دەسەڵاتەکەی مافەکانی ئازادییە کەسی و مەدەنیەکان سنوردار دەکەن و ژنان و منداڵان بە ئامانج دەگرن و سەرکوت و کوشتار ئەنجامدەدەن.
    لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا چەندین وێنە و دروشمی دژی تیرۆریزم و دژی سەردانەکە بەرز راگیرا. هەروەها چەند کەسێکی هەلپەرستیش بۆ پشتیوانی لە سەردانەکە لە شوێنەکە بوون، بەڵام بەهۆی توندوتیژی ناڕەزایەتی خۆپیشاندەرانەوە پۆلیس و هێزی تایبەتی ناچار بوون ژمارەیەکی زۆر پۆلیسیان هێنا بۆ پاراستنی ئەحمەد الشرع. ئەو توندوتیژیە هێزەکان ناچار کرد کۆبوونەوەکە دوا بخەن و ئەحمەد الشرع بە شێوەیەکی تایبەتی لەڕێگەی شوێنی ئاگرکەتنەوەوە بگوازرێتە ناوەوە بۆ پاراستن لە مەترسی نارەزایەتی گشتی.
    حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان رێکخراوی دەرەوە، لە دوای گەیشتنی زانیاریەکان سەبارەت بە گەشتی ئەحمەد الشرع بۆ بەرلین و پاشان بۆ لەندەن، پێشەوەخت ئامادەکارییان کرد بە مەبەستی ریسواکردنی ئەم سەردانە. ئامانج ئەوەبوو کە لە ئاستی ئەوروپا، میدیاکان و خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤدوست دەنگیان بەرز بکەنەوە بۆ داوای هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی ئەحمەد الشرع بۆ بەرلین و لەندەن.
    هاوکات حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگەوازی کرد بۆ هەموو خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤدوستی بەرلین و لەندەن کە دەنگیان بەرز بکەنەوە دژی ئەم سەردانە و دژی سیاسەتی حکومەتی ئەڵمانیا و بەریتانیا بۆ پێشوازی لەم تاوانبارە.
    هاوڕێیان و دۆستانێکی رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێكاریی کوردستان ئامادەی ئەم خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیە بوون و بەیانی رێکخراوی دەرەوە بەدژی ئەم سەردانە کە بەزمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئێنگلیزی و ئەڵمانی راگەیەنرابوو، لەم خۆپیشاندانەدا بڵاوکرایەوە.
  • رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێكاریی کوردستان
    ٣١ی٣ی ٢٠٢٦



شەرم.. شیعری سەردار جاف

شەرم بە قەد داڵانی تەريک کردنەوە هەڵواسراوە
بەرگەی ئەو بارانە ناگرم
جەستەم لە تەڕبووندا
هيشک هيشک هەڵگەڕاوە
پەڕەکانی باڵی ڕەهام
يەک يەک هەڵدەوەرێن
زمانی کوکوختييەکە لێم تێ ناگا
کۆتر عەوداڵی سەربانەکەمانە
خەنجەرێکن هەموو دەمە ئێوارانێک
بەردەرگای خەمەکان دەگرێ
لە تەک بولێڵی
هەموو دوا عەسرانێکی ژوورەکەم
بۆنی زەردە
بە تەمتومانی تاريکیدا هەڵدەزنێ
زەردەيەکی تاريک
مينا داڵێ
دەنووکی لە کەلی ژێی ئاوەزم گيرکردووە
هێشتان
لەوديو کوخی پەنجەرەکەوە
بۆنی دەشتاييە چۆڵەکە دێ
هێشتان
ئەشک بە سەر ڕوومەتەکانەوە ديارن
لەو ديو دەرگای ژووری تەنياييمەوە
جێ پەنجە بە دارە ڕووتەکەوە دەبينم
ژووانە يادگەکان
بۆنی گەمەی شەوانی لێ دێ
خەون بۆتە مۆتەکەيەک و
هەراسانيمی جويوەتەوە
نيگای کاڵ بوونەوە نابينم

سەردار جاف
ئەڵمانيا




ڕاگەیەندراوێک لە فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان، دیاسپۆراوە

لەم ڕۆژانەدا دۆخێکی هەستيار بە ناوچەکەدا تێدەپەڕێت، هەڵبەتە نيشتيمان خانە و ماڵی ئەبەدييەتی هەر تاکێکی ئێمەيە، چەند لێی دوور بين هێشتا لە ناوجەرگەیدا گوزەر دەکەين، مرۆڤبوونی ئێمە بە سەرکەوتنی کوردستانەوە پەيوەستە، هێشتان لە گەڵ ئەو ڕەنگاڵەييەی کوردستاندا رۆحمان لە دۆراندۆری پەرژين و تخوبەکانييەوە هەڵواسراوە، جوانی ئێمە و خاکمان بە پاراستن و سەرکەوتنی ئەو هەرێمەوەيە کە نەيار و ڕەقيبان لە چوارلاوە کەڵبەی رک و کينەيان لێگير کردووە، پێشمەرگەيش ئەو بەورە چنگ بە گڕ و هەڵؤئاسايانەيە کە هەموو لايەکمان شانازی پێوە بکەين، ئێمەی نووسەرانی تاراوگەنشين نەک ڕۆح و دڵمان لە گەڵ پێشمەرگە و سيمبول و کوردستاندايە بەڵکوو گيانفيدایی بست بە بستی خاکی نيشتيمانمانين، لێرەوە زۆر بە توندی ئەو شاڵاوە دڕندانە و هەمەجيتيانەی پەلاماردانی کوردستان سەرکۆنە دەکەين کە تەواوی سنووری ياسایی و مرۆیی و دراوسێتی بەزاندووە، کار گەيشتۆتە سەر ئەوەی پەلاماری سيمبولی نەتەوەييمان لە سەرۆکايەتی هەرێمی کوردستان بدەن، ئەم کردەوە چەپەڵانە شەرمەزار و سەرکۆنە دەکەين،
دوژمنانمان زۆر بێ باکانە دەيانەوێت کوردستان لەم زەلکاوی شەڕە نەگريسە بئاڵێن، وەک خۆيان چۆن تێوەگلاون، ئەميش دەرخەری غيابی عەقڵانييەتە لای ئەوان و، حەکيمانە بيرکردنەوەی سەرکردايەتی کوردستانە کە چۆن نەتەوەکەمان لەم بەڵايە دەپارێزن…
سەرکەوتن بۆ ئيرادەی ئاشتيخوازانەی کوردستان و گەلە کۆڵنەدەرەکەی
ڕوو ڕەشی بۆ دوژمنە دڵ ڕەش و قين لە دڵان، کە چاوی بە نيشتيمانی کوردان هەڵنايەت
بژی کورد بژی کوردستان

فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان – دیاسپۆرا
٢٩⁄٣⁄٢٠٢٦