کاسکێتێک بۆ پاییز و خوێنێک بۆ ئازادی.. ئارام ئیسماعیل کەریم

(خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆژی بۆ یاخیبوونی بەکر عەلی لە ئەدەبی دوای ڕاپەڕیندا)

ئەدەبی کوردی لە قۆناغی دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی گەورەی بەخۆیەوە بینی و لە گوتارێکی ناسیۆنالیستیی گشتییەوە بەرەو گوتارێکی تاکگەرایی و کۆمەڵایەتیی وردتر هەنگاوی نا. لەم قۆناغە هەستیارەدا، کۆمەڵگەی کوردی بەدەست قەیرانی ئابووری، نادادیی کۆمەڵایەتی و دروستبوونی چینێکی نوێی دەسەڵاتدارەوە دەیناڵاند، شەهید (بەکر عەلی) وەک نوێنەری چینی پەراوێزخراو و چەوساوەکان دەرکەوت. لە ڕوانگەی میتۆدی سۆسیۆلۆژیای ئەدەب و شیکاریی دەقەوە، شیعری ئەم شاعیرە جوانەمەرگە تەنیا کاردانەوەیەکی سۆزداری نییە بەرانبەر بە هەژاری،
بەڵکوو پڕۆژەیەکی ئەدەبیی یاخییە، کە زمان وەک کەرەستەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی کەتوار و بونیادنانی هۆشیارییەکی نوێ بەکاردەهێنێت. ئەو پێکهاتەگەرییە بونیادییەی لە شیعرەکانی بەکر عەلیدا دەبینرێت، ڕەنگدانەوەی تەواوی جیهانبینیی ئەو چینە کۆمەڵایەتییەیە، کە نووسەرەکەی خۆی تێدا ژیاوە و بە قووڵی ئازارەکانی چەشتووە، هەر بۆیە دەقەکانی ببوونە ئاوێنەی ڕاستەقینەی ململانێکانی ئەو سەردەمە.
لای بەکر، شیعر لە چوارچێوەی ئیستێتیکای ڕووتەوە دەگۆڕێت بۆ یەکگرتنی تیۆری و کردار. ئەو شیعرەکانی دەکاتە ئامرازێکی شۆڕشگێڕانە بۆ بەرگریکردن لە کرێکاران و هەژارانی گەڕەکی (حامیە). هاوکات لە ڕوانگەی مارکسیستییەوە، بەکر درک بە دروستبوونی چینی بۆرجوازیی نوێ دەکات و بە زمانێکی توند ڕووبەڕوویاندەبێتەوە. بۆ نموونە کاتێک دەڵێت:
“بە چیتان ئەوێ بمکەن، بەس..
ڕازی نابم گوڵان بکرێن بە پێڵاوی هیچ گەورەیەک”، لە ڕووی نیشانەناسییەوە چەمکی (گوڵ) دەبێتە مێتافۆڕ/ خوازەیەک بۆ مرۆڤە سادە و چەوساوەکان، لە بەرانبەردا (پێڵاو) و (گەورە) ئاماژەن بۆ دەسەڵات و سەرمایەداری. لێرەدا ئەرکی شیعر لە پەسنکردنی جوانییەوە دەگوازرێتەوە بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و بەشداریی کارا لە خەباتی چینایەتیدا، ئەمەش ئەوپەڕی بەرپرسیارێتیی ئەدەبییە لە بەرانبەر کۆمەڵگەدا. لەپاڵ ئەم توڕەییە کۆمەڵایەتییەدا، یەکێک لە توخمە بنەڕەتییەکانی ناو شیعرەکانی بەکر عەلی، چەمکی نامۆبوونە، کە دوو ڕەهەندی ئابووری و بوونگەرایی لەخۆگرتووە. بەهۆی هەژاری و ڕەتکردنەوەی لەلایەن سیستەمی باڵادەستەوە، شاعیر هەست بە تەنیاییەکی قووڵ دەکات، ئەم تەنیاییەش وا دەکات ڕۆمانسییەتێکی پڕ لە ئازار لە دەقەکانیدا بخوڵقێت. لە دەقەکانی “ئەو شەوانەی لە پرچەکانت ڕەشترن”، دەبینرێت عەشق چۆن لەگەڵ هەژاریدا ئاوێتە دەبێت و وێنەیەکی تراژیدی دروستدەکات. ڕاکردن بۆ ناو جیهانی عەشق لای ئەم شاعیرە، هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی پەناگەیەک لەنێو دڕندەیی شار و جیهانێکی ماددیدا، کە جێگەی پاکی و دڵسۆزیی ئەوی تێدا نابێتەوە، بۆیە دەقە ڕۆمانسییەکانیشی بە جۆرێک لە جۆرەکان هەڵگری ڕەهەندێکی شۆڕشگێڕانە و یاخیبوونن لەو واقیعەی مرۆڤی تێدا بچووک دەکرێتەوە.
هەروەها لە ڕووی سۆسیۆلۆژیای ڕۆشنبیری و هەڵوێستی نووسەرەوە، کاتێک زۆرێک لە شاعیرانی سەردەمەکەی کەوتبوونە نووسینی شیعری حەماسی و بۆنە حزبییەکان، بەکر عەلی بڕیاری ئۆپۆزیسیۆنبوونی ئەدەبی دەدات و ڕەتیدەکاتەوە قەڵەمەکەی بکاتە پاسپۆرتێک بۆ نزیکبوونەوە لە دەزگاکانی دەسەڵات و سواڵکردنی چەپڵە. ئەم باوەڕەی، متمانە و بەهایەکی ئەخلاقیی باڵا بە دەقەکانی دەبەخشێت. هاوکات لە ڕووی زمان و سیمیۆتیکی وێنەی شیعرییەوە، فەرهەنگی وشەسازیی بەکر، فەرهەنگێکی واقعی، شەقامی و
بێگرێیە. ئەو وشەکانی وەک (شەقام، کاسکێت، پاییز، کرێکار، نان، مەرگ،…) دەهێنێتە ناو فەزای شیعرییەوە و لوتکەی دەلالەتی نیشانەناسی تێدا دەخوڵقێنێت. کۆکردنەوەی شیعرەکانی پاش مەرگی لەژێر ناوی “کاسکێتەکەم بسپێرن بە پاییز”، بەرجەستەکردنی
(کاسکێت)ە وەک کنایەیەک بۆ چینی ڕەنجدەر و (پاییز)یش وەک هێمایەک بۆ مەرگ و هەڵوەرینی خەونەکان، کە وا دەکات زمانە سادەکەی ببێتە زمانێکی فرەڕەهەند و پڕ لە تەقینەوەی مانایی. دواجار، ئەوەی خاڵی جیاکەرەوە و مۆرکی ئەبەدیی بەکر عەلییە لە مێژووی ئەدەبی نوێی کوردیدا، یەکگرتنەوەی مەرگی فیزیکی شاعیرە لەتەک دەقەکانیدا. شەهیدبوونی لە ١ی
ئەیلوولی ١٩٩٤ بە دەستڕێژی گوللـە، لە کاتی پێشەنگایەتیکردنی خۆپیشاندانێکی مەدەنی و هێمنانەدا بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی هەژاری گەڕەکی حامیە، وای کرد مەرگەکەی ببێتە کۆتا دەقی ئیستێتیکی و سەلمێنەری ڕاستگۆیی وشەکانی. ئەگەر لە ڕەخنەی ئەدەبیی مۆدێرندا “مەرگی نووسەر” وەک میتۆدێک مەرج بێت بۆ لەدایکبوون و سەربەخۆبوونی دەق، ئەوا لای بەکر عەلی، مەرگە تراژیدییەکەی و خوێنەکەی بوونە هۆی ژیانەوەی ئەبەدیی شیعرەکانی. بەمەش دەسەلمێنرێت، شیعری بەکر عەلی تەنیا بەرهەمێکی ئیستێتیکیی دابڕاو نییە لە کۆمەڵگە، بەڵکوو دۆکیۆمێنتێکی سۆسیۆلۆژی، مێژوویی و دەروونیی قۆناغێکی تاریکە. ئەو توانی لە ڕێگەی تێکەڵکردنی ئەخلاقی شۆڕشگێڕانە و فۆڕمی شیعرییەوە، مۆدێلێکی نموونەیی لە شاعیری ئۆرگانی و یاخی پێشکەشبکات، کە وەک سنبوولی بەرەنگاری، دەنگی چەوساوەکان و یەکەمین قوربانیی ئازادییی ڕادەربڕین لە مێژووی نوێی کوردیدا بۆ هەمیشە بە زیندوویی بمێنێتەوە.

ئارام ئیسماعیل کەریم

سەرچاوە پشتپێبەستراوەکان:

  • عەلی، بەکر، ٢٠١٥، کاسکێتەکەم بسپێرن بە پاییز، کۆکردنەوە و ئامادەکردنی: فەرەیدون عارف، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی.
    ـ ئەحمەد ئەسوەد، نەوزاد، ٢٠٢٤، نامۆبوون، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٩٣١٠.
  • چەمکی نامۆبوون: پشت بەستن بە تێڕوانینە مارکسیستی و بوونگەراییەکان سەبارەت بە دابڕانی مرۆڤ لە کۆمەڵگە و سیستەمی سەرمایەداری، کە وەک کەرەستەیەک بۆ شیکردنەوەی تەنیایی و تراژیدیای ناو عەشق و ژیانی شاعیر بەکارهێنراوە.
  • ئەرشیفی ڕووداوەکانی شاری سلێمانی (١ی ئەیلوولی ١٩٩٤): بەڵگەنامە و گێڕانەوە ڕۆژنامەوانییەکانی پەیوەست بە خۆپیشاندانەکەی گەڕەکی (حامیە) و چۆنیەتی شەهیدبوونی بەکر عەلی.



شی جینپینگ لە لوتكەی بیشكێك: كاتی ئەوەیە بەرپرسیارێتییە مێژووییەكەی خۆمان لەئەستۆ بگرین.. و/ هەڵۆ حەسەن

ڕۆژی سێشەممە، سەرۆك شی جینپینگ داوای لە ڕێكخراوی هاوكاریی شەنگهای،كرد گەشەپێدان و ئاسایش بخاتە سەرووی كارەكانییەوە بۆ چوونە ناو داهاتوویەكی خۆشگوزەرانیی هاوبەش و ڕەخساندنی ژینگەیەك بۆ ئاسایشی گشتگیر،شی ئەم وتانەی لە میانی پێشكەشكردنی وتارێكدا لە ٢٦ەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرۆكی دەوڵەتانی ڕێكخراوی هاوكاریی شەنگهای لە بیشكێكی پایتەختی قیرغیزستان ڕاگەیاند. ناوبراو جەختی لەسەر پێویستیی پابەندبوونی ڕێكخراوەكە كردەوە بە دیالۆگ و ڕاوێژكاری بۆ بەڕێوەبردنێكی دادپەروەرانەتر و ڕێكخراوتر،لە وتارەكەیدا، شی ستایشی گەشتی سەرنجڕاكێشی ئەم ڕێكخراوە هەرێمییەی كرد لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا و گوتی، ڕێكخراوەكە گەشەی كردووە بۆ جۆرێكی نوێ لە گرووپی هاوكاریی هەرێمی بە گەورەترین ڕووبەری زەوی و ژمارەی دانیشتووان و توانایەكی گەشەپێدانی زەبەلاحەوە،ڕێكخراوی هاوكاریی شەنگهای لە ساڵی ٢٠٠١ لەلایەن چین، ڕووسیا، كازاخستان، قیرغیزستان، تاجیكستان و ئۆزبەكستانەوە دامەزراوە، و ئێستا لە ١٠ وڵاتی ئەندام، دوو وڵاتی چاودێر و ١٥ هاوبەشی دیالۆگ پێكهاتووە،شی وت:بەنرخترین سەرمایەی مەعنەویی ئەم گرووپە هەرێمییە ئەوەیە كە پێشەنگ بووە و لەو كاتەوە بە بەردەوامی پەیڕەوی لە “ڕۆحی شەنگهای” كردووە، كە خاوەنی تایبەتمەندییەكانی بڕوابوونی یەكتر، دەستكەوتی هاوبەش، یەكسانی، ڕاوێژكاری، ڕێزگرتن لە هەمەجۆریی شارستانیەتەكان و هەوڵدان بۆ گەشەپێدانی هاوبەشە،ئەوەشی زیات كرد، گرنگترین ئەزموونی هاوكاریی ڕێكخراوەكە ئەوەیە كە ڕێگەیەكی ڕاستی بۆ پێكەوەژیان دۆزیوەتەوە، كە بریتییە لە بێلایەنی، ڕووبەڕوونەبوونەوە و ئامانج نەگرتنی هیچ لایەنێكی سێیەم، كە ئەمەش ڕێگەی بە وڵاتانی هەرێمەكە داوە بەیەكەوە ماڵێكی هاوبەش بنیاد بنێن،لە كاتێكدا جیهان بەدەست گۆڕانكارییە خێراكانەوە دەناڵێنێت كە لە سەدەیەكدا نەبینراون، لەگەڵ توندبوونەوەی ململانێی نێوان دیالۆگ و ڕووبەڕووبوونەوە، بەدەستهێنانی قازانجی هاوبەش و فرەلایەنی و تاكلایەنی، شی داوای لە ڕێكخراوەكە كرد هەنگاو بنێت بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییە مێژووییەكەی و بە شێوەیەكی چالاكانە ئاراستەی داهاتوو دیاری بكات،دەستنیشانیشی كرد كە ڕێكخراوەكە داكۆكی لە بە جیهانیبوونی ئابووریی سوودبەخش و گشتگیر بكات، هاوكارییەكان لە بواری نەریتی وەكو بازرگانی، وەبەرهێنان، پەیوەندییە دوولایەنەكان، وزە و سەرچاوەكان بەهێزتر بكات، و هاوكاری لە بوارە نوێیەكاندا بەرفراوانتر بكات وەكو ژیریی دەستكرد، ئابووریی دیجیتاڵی، پیشەسازیی سەوز و كانزاگەریی سەوز بە مەبەستی قووڵكردنەوە و بەرزكردنەوەی ئاستی هاوكاریی هەرێمی،وتیشی، چین ڕێكخراوی هاوكاریی شەنگهای وەك بوارێكی لەپێشینە دەبینێت بۆ بەرەوپێشبردنی هاوكاریی كوالیتی بەرز لە دەستپێشخەریی پشتێن و ڕێگا و جێبەجێكردنی دەستپێشخەریی گەشەپێدانی جیهانی،بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی بازرگانی، لە ساڵی ٢٠٢٥دا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی چین لەگەڵ ئەندامانی دیكەی ڕێكخراوەكە گەیشتووەتە ٥٢٣.٥ ملیار دۆلار، كە ٨٪ی كۆی بازرگانیی دەرەكیی وڵاتەكەی پێكهێناوە، لە كاتێكدا لە ساڵی ٢٠٠١دا تەنها ١٢.١ ملیار دۆلار بووە،شی داوای لە وڵاتانی ڕێكخراوەكە كرد ڕێكاری هەماهەنگ بگرنە بەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئاسایشییە نەریتی و هەروەها نانەریتییەكان، و داوای هەوڵدانی كرد بۆ ڕێگریكردن لە دەستوەردانی هێزە دەرەكییەكان لە كاروباری ناوخۆییان و مەترسی دروستكردن لەسەر ئاسایشی سیاسییان و تێكدانی سەقامگیریی هەرێمەكە،ئەوەشی زیاد كرد، چین ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا كار بكات بۆ جێبەجێكردنی چەمكێكی ئاسایشی هاوبەش، گشتگیر، هاوكارانە و بەردەوام، و كردنی ڕێكخراوی هاوكاریی شەنگهای بە سەكۆیەكی گرنگ بۆ جێبەجێكردنی دەستپێشخەریی ئاسایشی جیهانی،هەروەها شی جەختی لەسەر پێویستیی وڵاتانی ئەندام كردەوە بۆ پەیڕەوكردنی ڕوانگەیەك كە سەرنجی لەسەر خەڵك بێت و بنەمای دۆستایەتییەكی هەتاهەتایی دابمەزرێنن. ئاماژەی بەوەش دا چین ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەنەكان كار بكات بۆ جێبەجێكردنی دەستپێشخەریی شارستانیەتی جیهانی،لوتكەكە بە سەرۆكایەتیی سادیر جەبارۆڤ، سەرۆكی قیرغیزستان بەڕێوەچوو، كە وڵاتەكەی خاوەنی سەرۆكایەتیی خولیی ڕێكخراوەكەیە،سەركردەكانی وڵاتانی ئەندامی ڕێكخراوەكە بە تەواوی دەستكەوتەكانی گەشەپێدانی ڕێكخراوەكەیان لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا پەسەند كرد، و دانیان بەوەدا نا كە ڕێكخراوی هاوكاریی شەنگهای زامنی گرنگ بۆ ئاسایش و خۆشگوزەرانیی هەرێمەكە دابین دەكات و بووەتە یەكێك لە بەردی بناغەكانی سەقامگیریی جیهانی و گەشەپێدانی ئابووری،ئەوان ستایشی بەشدارییە گرنگەكانی چینیان كرد وەك وڵاتێكی دامەزرێنەر لە بەرەوپێشبردنی گەشەی ڕێكخراوەكەدا و ڕێككەوتن لەسەر جێبەجێكردنی چالاكانەی نەخشەڕێگای ستراتیژیی لوتكەی تیانجینی ڕێكخراوەكە ،ئاماژەیان بەوەش كرد، لە بەرامبەر بارودۆخە ئاڵۆزە نێودەوڵەتییەكاندا، وڵاتانی ئەندام دەبێت بەیەكەوە كار بكەن بۆ بەرزكردنەوەی كاریگەریی ڕێكخراوەكە، پێشخستنی دروستكردنی سیستەمێكی بەڕێوەبردنی جیهانیی دادپەروەرانەتر و لۆجیكیتر، و گێڕانی ڕۆڵێكی گەورەتر لە پاراستنی ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی هەرێمەكە و جیهان،سەركردەكانی وڵاتانی ئەندام، بەڵگەنامەی “ڕاگەیەندراوی بیشكێك”یان بەبۆنەی ٢٥ەمین ساڵیادی ڕێكخراوی هاوكاریی شەنگهای ئیمزا و بڵاوكردەوە، و پەسەندیان كرد بۆ: پرۆتۆكۆلی هەمواركردن و تەواوكردنی پەیماننامەی ڕێكخراوەكە، پەیڕەوی ناوخۆی مەڵبەندی گشتگیری ڕێكخراوەكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەحەدیات و هەڕەشە ئاسایشییەكان، و پەیڕەوی مەڵبەندی دژە ماددە هۆشبەرەكان. هەروەها ٢٨ بەڵگەنامەی دەرئەنجامیان وەرگرت كە بوارەكانی ئاسایش، ئابووری، پەیوەندییە جەماوەرییەكان، هاوكاریی بەرهەمداری كولتووری و گەشەپێدانی ڕێكخراوەیی دەگرێتەوە،لە لوتكەكەدا بڕیار درا كە پاكستان سەرۆكایەتیی خولیی ڕێكخراوی هاوكاریی شەنگهای بۆ ساڵانی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ بگرێتە دەست.

و/ هەڵۆ حەسەن
سەرچاوە:
Xi: Development, security key to SCO
https://www.chinadaily.com.cn/a/202609/02/WS6a96fe58e4b06d4aa055bc58.html




لە سەقزەوە بۆ ناو باخچەی فەیلەسووفان.. برایم فەڕشی

مرۆڤی بیرمەندی کورد ئەگەر ژمارەیان زۆریش بێت، کەمتر لە ناو میللەتەکەیان دەناسرێن! لە ئورووپا و ڕۆژئاوای جیهان ژمارەی ئەم کەسانە کە لە مێدیا، کۆڕ و کۆمەڵ، سمینار و کۆنفرانس نابیندرێن، کەم نین.
ژمارەیەکی بەرچاو، کوردی هەر چوار پارچە، بەتایبەت پاش کۆتایی شەڕی دووهەم، کۆماری کوردستان، کۆماری سوور بۆ کار و خوێندن یان بە هۆی سیاسی، ڕوویان لە ئورووپا، سۆڤیەتی پێشوو و وڵاتی ئاڵمان کرد و لەم وڵاتانە نیشتەجێ بوون و گۆڕی گەلێک لەوانە لە مۆسکۆ، پراگ، پاریس، ئاڵمان، ئیتالیا، بریتانیا، سکاندیناوی ئەوان وەبیر دەهێننەوە.
نووسەری ئەم دێڕانە ئەم دەرفەتەی هەبوو لە گەڵ کۆمەڵێک لەو کەسانە، پسپۆڕی بواری زانست، هونەر، مۆسیقا، ئەدەبیات، فەلسەفە، سیاسەت و بواریتر، ئاشنا ببێ و لە گەڵ هێندێکیان دۆستایەتی قووڵ پەیدا بکات. یەک لەو کەسانە دوکتور عەزیز فەیزنیژاد زانای بواری پزیشکی، فەلسەفە و ئەدەبیات بوو!
ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی دەیەی نەوەدی سەدەی بیست لە شارۆچکەیەکی نزیک کۆڵن، لە کۆنفڕانسی یادی ئەحمەدی خانی لە گەڵی ڕووبەڕوو بووم. دەیان بیرمەندی کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان و بە تایبەت یەکیەتی سۆڤیەت، بە یارمەتی و ڕێکخستنی ناوەندی کۆمکار لە دەوری یەک کۆببوونەوە، بۆ ئەوەی ئاوڕێکی قووڵی هەمەلایەن لە ئەحمەدی خانی و بەرهەمەکانی و کەسایەتی ئەو بدەنەوە!
دوکتور عەزیز فەیزنیژاد، کاکە حەمەی مەلا کەریم، پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ، دوکتور فازل عومەر و نووسەری ئەم دێڕانە لە دەوری یەک مێز دانیشتبووین. ئەمن گچکەی ناویان بووم. بەشداربوونی کۆنفڕانس، زۆرینە کوردانی باکوور، ڕۆژئاوا و کوردانی سۆڤیەتی پێشوو بوون. پاش ئەم کۆنفڕانسە پێوەندی لە تەک کاکە حەمە و کاکە عەزیز بەردەوام مایەوە و کاکە حەمە لە بەغداوە لە زۆر بواردا هاوکاری ناوەندی شانۆی کۆچەر و نووسەری ئەو دێڕانەی دەکرد و بەردەوام نامە گۆڕینەوە لە نێواماندا هەبوو. مانگێ جارێک کتێب و گۆڤارەکانی کوردی بە پۆستدا بۆ دەناردم و هەروەها هاوکارێکی بەرچاوی بە ناردنی بابەت و بەڵگە لە سەر حەسەن زیرەک لە تەک فستیوالی ٧٥ ساڵەی لە دایکبوونی زیرەک لە شاری کۆڵن ساڵی ١٩٩٦ کرد، کە کەسانی وەک قادر دیلان، ئیقباڵ حاجبی، شوانپەروەر، دڵشاد سەعید، پەروین موشیروەزیری، ئەسعەد سڕاجەدینی، فیروز فەڕوخ و کەسانی دی تێیدا بەشدار بوون.
پێوەندی لە گەڵ کاکە عەزیز زۆرجار ڕۆژانە و بەردەوام هەفتانە بوو، لە ناو بنەماڵەی ئێمەدا ئەو بە “چاوەکەم” دەناسرا و بەردەوام ئەم وشەیەی لە سەر زار بوو. بە کەسانی نزیکی خۆی دەگوت “چاوەکەم”. گەلێک جار بە سەعات و زیاتر قسەمان دەکرد، زۆربەی بابەتەکان بابەتی ئەدەبی، هونەریی، فەلسەفی و بارودۆخی کورد بوو. ئەو گەلێک هەستیار، تیژبین و وردبین بوو. نامەکانی پڕ لە بیر و هزر بوون، جار بەجار ئەم لاپەڕ و ئەو لاپەڕی گۆڤار و ڕۆژنامەی ئاڵمانی دەنارد کە بابەتی گرنگی فەلسەفی بوون.
نووسینی خۆشی بە نامە دەنارد، بەڵام قەت لە هیچ شوێنێک بڵاوی نەکردەوە. ڕۆژێک کۆپی گۆرانییەکی کوردی بە ئاڵمانی کراوی سەدەی هەژدەی بۆ ناردم. کەسێکی ئاڵمانی دەچێتە ئەرمەنستان و لەوێ گوێ لە گۆرانی کوردی دەبێت و گۆرانیبێژ و دەنگبێژەکان دەبینێتەوە و گۆرانییەکان بە ئاڵمانی و کوردی دەنووسێتەوە. یەک لەو گۆرانیانە جوانی ژنێکی سۆزمانی دەگێڕێتەوە، تێکستێک کە ڕێک بۆ سەدەی هەژدە و نۆزدەی ئورووپای سەردەمی ڕۆشەنگەریی دەلوا، هەتا ئەو ناوچانەی زۆرتر موسڵمان دەنوێنن. ئەم گۆرانییە شیعرێکی فۆلکلۆری ناو کوردان بوو کە بێگوومان، دەبێ کۆنتر لە سەدەی هەڤدە و هەژدە بێت!
دوکتور عەزیز فەلسەفی دەیڕوانییە جیهان و هەر لێرەوە دانووی لە گەڵ تێگەیشتنی زۆرینە و زۆرێک لە نووسەران نەدەکوڵا. ئەو دۆستی نزیکی کەسانی وەک هەژار و نووسەر و شاعیرانی تری کورد بوو، پشتگیریی کاریی بە پێزی ئەوانی دەکرد و چاوی لە ڕەخنە لەکاری کز و لاوازی ئەوان، نەدەپۆشی. ئەو تەنیا کوردی ئورووپا بوو، کە یارمەتی ماڵی ناوەندی شانۆی کۆچەر لە شاری کۆڵنی دەکرد.
ئەو سەردەمەی ئەو لە زانستگای هایدلبێرگ بوو، فەیلەسووفانی وەک Hans-Georg Gadamer، Karl-Otto Apel و Jürgen Habermas ، لە هەمان شار و زانستگا بوون و بەشداری باسەکانیان دەبوو. ساڵانی 1968 و 1971 ئەو سەردەمەیە کە لە فڕانکفۆرت و هایدلبێرگ باس لە Kritischen Theorie دەکرا و ئەوەش عەزیز فەیزنیژادی دەگرتەوە.
کاک عەزیز لە درێژەی کاری کەسانی بە ناو و دەنگی وەک Wilhelm Hasselbach ، Madoka Makinose، Setsuro Ebashi و Makoto Endo لە ساڵی ١٩٧٠ و ١٩٧١لە هاوکاری لە گەڵ ماکس پلان ئینستیتۆ ، لە سەر Sarkoplasmatischen Retikulums(باس لە کەلسیۆم، پرۆتئین لە ناو ماسولکە) لێکۆڵینەوەی ئەنجام دا، کە بوو بە تێزی دوکتوراکەی لە ساڵی ١٩٧١. هەر ئەم بابەتە پلەی بەرزی زانستی ئەو دەردەخات. پزیشکی تەنیا لایەنی کاری ئەو نەبوو، لە پاڵ ئەوە ئەدەبیات و فەلسەفە و نووسین، ئەوی لە گەڵ نووسەرانی کورد و کەسایەتییەکانی ئاڵمانی گرێ دەدا!
گەلێک جار لە بواری پزیشکی رێنومایی دەکردین. ڕۆژێکیان گوتی نان چ سپی و چ ڕەش، پڕ دەکرێ لە خوێ و ئەوەش زیانی زۆری هەیە، هەتا دەتوانی نان کەمتر بخۆ، بە تایبەت نانی سپی. هەر ئەم ئامۆژگارییە لە تووشبوون بە هێندێک نەخۆشی من و کەسانی دەوروبەری، پاراست.
پاش ئەوەی خانەنشین کرا، ویستی لە شاری Bad Wildbad کە شارێکی ژیکەڵانە بۆ شوێنی حەسانەوەی نەخۆش بوو کە لە هەموو ئاڵمانەوە ڕووی تێدەکرا، بڕوا و بچێتە شاری کۆڵن یان فڕانکفۆرت. لە کۆڵن و فڕانکفۆرت ماڵ پەیدا کرا، بەڵام گوتی:” من دەبێ ژووری تایبەتم بۆ کتێبەکانم هەبێ، دەنا ماڵ ناگوێزمەوە.” لە ڕاستیدا کتێبخانەکەی، ماڵی ئەو بوو.
کاک عەزیز بە کوردییەکی پاراو دەدوا، نەک ئەو ،کەسانی وەک دوکتور حەسەن فاروقی، دوکتور حیسامی و گەلێک کەسیتر کە زیاتر لە نیو سەدە لە ئاڵمان دەژیان، بە کوردێکی خۆشی دوور لە تێکەڵاوی زمانەکانی تر ، قسەیان دەکرد.
ڕۆژێک لە نووسینگەیەک لە شاری کۆڵن دەمویست بلیتی تەیارە بۆ هێلسینگی وەرگرم، ئەو خانمەی قسەم لە گەڵی دەکرد، دەستی ڕاداشت بۆ کەسێکیتر و گوتی بچۆ لای ئەو هاوکارە، کە لەوە دەچوو بەرپرسی شوێنەکە بێت. کە چووم، ئاشنا و هاوشاری و خزمی کاک عەزیز لە تایفەی فەیزوڵابەگی دەرچوو، شێوەی قسەکردن و چەشنی کوردی گوتنی ڕێک ئەو کوردییە بوو کە لە سەردەمی منداڵی لە بۆکان و سەقز و سابڵاخ بیسبووم. کەسی خزم کەوتە قسە کردن لە گەڵما و گوتی گەلێک ساڵە چاوم بە کورد نەکەوتووە. ئەو ساڵانە کوردی ڕۆژهەڵات، لە ئاڵمان گەلێک کەم بوو.
زۆر جار کە دەکەوتینە قسە، کات و ساتمان لە بیر دەچۆوە. ڕۆژێک دوای قسە و باسی زۆر دەنگ نەما، بێخەبەر لەوەی مناڵە سێ ساڵانەکەمان، کە دەبوو کات بۆ ئەو دابنێم، ئێمەی خستبووە ژێر چاوەدێری خۆی. کاتێک دایکی هاتەوە ماڵ بە پەلە ڕایکرد بۆ لای و گوتی:” …، … بابە لە تەک ئەو کاورا دوکتورە هێندە گەوجانە ڕستیان، هەتا باتری تەلەفوون تواو بوو!” کە دواتر بۆ کاکە عەزیزم گێڕاویەوە، گوتی: ” … ڕاست دەکا!”
کاک عەزیز قسە خۆش و مرۆڤێکی لەبەر دڵان بوو، لە هەمانکات، خۆی لە هەر شوێن و هەموو شوێن نەدیتەوە و ئەهلی ئەو شوێنانە نەبوو، کە هەڵا هەڵای حزبی و دەنگ و هەرای بێئاکام زاڵ بوو.
ڕۆژێک چاوی بە تابڵۆکانی هونەرمەند ئەفسوون سەدری کەوت، بوژایەوە و خۆی لە ناو وێنەکاندا دیتەوە، کە سروشت و سروشتی کوردستانی دەنەخشاند، هەر بۆیە ئەفسوون خانم وێنەی دارستانێکی کوردستانی بە تایبەت بۆ “چاوەکەم” کێشا و پێیڕاگەێندرا بە پۆستدا بۆی بنێردرێ، وتی نا بۆخۆم دێم و وەریدەگرم. ئەو ڕۆژە نەهات کە بێت و تابڵۆکەی بەرێ.
یادی کاکە عەزیز زیندوو

برایم فەڕشی
خەرمانان- ئاگۆست ٢٠٢٦




لەم پاییزەدا، گوڵێک.. نەوزاد بەندی

( بۆ ساڵڕۆژی شاعیری شەهید بەکر عەلی )

من زۆر ڕقم
لە ساڵیاد و
کۆڕی ساڵڕۆژی ناو هۆڵ و
شیعر و پەخشانی بۆنەیە ..
چونکە پڕن لە بازرگانانی قافیە و
قاچاخچێکانی عروز و
کێشی پەنجە و
دەڵاڵەکانی پاقلاوە و بیبسی کۆڕ و ..
نەخوێنەوار و قۆڵبڕی
ژێر پردەکەی
زمان و ئەدەبی کوردی ..
پڕن لەوانەی بە مەتر و
لە گۆترەیش
هەڕاجی ئەکەن،
شیعر و پەخشانی
سەقەت و
مردارەوە بوو ، بۆنکردوو،
بەرگێکی زەقی
هەرزانی
مۆسیقایەکی
دزێنیی لەبەر ئەکەن ..
کڵاوێکی لەسەر ئەکەن ..
هەم ئەفرۆشن و هەم ئەکڕن ..
بە تاک و کۆ ..
چۆنت بوێ وا دایدەدڕن ..

٭ ٭ ٭

بەڵام بەکر ..
لە ساڵڕۆژی مەرگی تۆدا،
ئاڵای سپی هەڵئەکەم و
خۆمت بۆ ئەکەم بە هۆڵ و
کۆڕ و ساڵیاد و ڤیستڤاڵ ..
پڕ پڕ ئەبم،
لە باوک و دایکی سکسووتاو ..
لە گەنج و له پیر و مناڵ ..
سیخناخ ئەبم
لەو شیعرانەی
ڕێیان نەدای بیاننوسی ..
نوقوم ئەبم
لە دەریای ئەو تابلۆی شیعر و
پەخشانانەی،
بۆ گەلێکی کوێرت نوسین،
کەچی کەس لێتی نەپرسی ..
بەڵام بەکر ..
لە ساڵڕۆژی مەرگی تۆدا،
ئەبم بە مۆم، ئەتوێمەوە ..
لە پێش ئەوەی بکوژێمەوە،
لەو سەرەوە
بە ئاگرەوە دێمەوە ..
ئەبمە شایەرێکی شەیدای
زۆربڵێ و
ڕەشپۆش و تووڕە ..
ئەوەی ئەیڵێم نایڵێمەوە ..
چەک ناوێرێ
بە تەنیشتمدا تێپەڕێ،
پێش ئەوەی خۆی بچرکێنێ،
بە ڕوویدا ئەتەقێمەوە ..

٭ ٭ ٭

لەم وەرزەدا کە نازانم وەرزی چییە ..
لەم مانگەدا،
کەس نازانێ ڕۆژی چەندە و
هەفتەی چەندەم ..
داستان و ڕۆمانی موچە،
هەموویانی داپۆشیوە ..
لەم بازاڕی خەزانەدا،
بازرگانەکان خەریکی
پڕکردنی
تانکی ئێڵ LPG ی زستانن،
میللەتیش ئەپاڕێتەوە،
خوا بۆ خاتری
یەک یەک ناوە جوانەکانت،
تا قەڵای دزان تەختەبێ ..
زستانەکەی بێ شەختە بێ ..!
بەڵام بەکر ..
کە هاتیتە ناو شارەوە،
بە لای فولکەی کاوەی ئاسنگەرا مەڕۆ،
نەوەک لە کۆڕی تەرمێکا،
عوسمانێ ..شەهید عوسمانێ،
خەڵتانت کەنەوە لە خوێن ..
بە لای فولکەی کۆترەکەیشا ئاگادار بە،
بە پشت حەسیب ساڵحا بڕۆ،
نەک لە لەشی دابێژراوی ڕێژوانەوە،
فیشەکێک دزە بکات و
هەڵتکێشێتەوە لە خوێن ..
ئاگادار بە،
لەم پاییزە خەمگینەدا،
لە مەیدانی سینی و پیاڵەکەی سەرچنار
نەکەی لادەیت ..
فریای ڕاکردن ناکەوی،
چونکە دڵنیام تۆ هێشتا
ئۆتۆمبێلت نییە و
پیادەیت ..
بەکر گیان،
ئێستا بۆ کوشتن،
فیشەک هیچ باوی نەماوە ..
درۆن و دەبابە و ساروخ..
ستینگەر ..
تۆپی نەمساویی،
لەپڕ لەناو گەڕەکێکا،
ئاهەنگێکی شەو ساز ئەکەن..
مانۆڕێکی شەو ساز ئەکەن..
گرنک نییە،
چەند باڵەخانە تەخت ئەبێ ..
چەند سکی دایک ئەسوتێنن
چەنێ مناڵ بێ ناز ئەکەن..
بەکر گیان،
ئامان بە تەنیشت،
پارکی ئازادیدا نەڕۆی ..
هێشتا زەوی و خانوو ماون،
ئەیانەوێ پاوانی کەن ..
وەک چەکی دزراوی پۆلیس،
بیفڕێنن و
لە شانی کەن ..
نەک درۆنێ بتکوژێتەوە دووبارە ..
بتکاتەوە
بە ئاگری نەورۆزێک و
بە پێی ڕۆژژمێری موچە،
لای وابێ کەڕی بەهارە ..!

٭ ٭ ٭

بەکرەکەی دڵ ..
بەکرەکەی ژوان و ئەوین و
سروشی شیعر و
بارانی عەشق و جوانی ..
گەر هاتیتە ناو کۆڵانەکانی شار و
کەس نەیناسیت ..
کەس بەو سەردانەی نەزانی،
دڵگیر مەبە ..
ئێستا شارەکە پڕ بووە،
لە سێ چارەک و
دشداشەی
سەرمەد و
ئەبو ڕیهام ناو ..
بێ ئاگا لە شیعری کوردی ..
بێ ئاگا لە تۆ و
لە دڵشاد مەریوانی ..
لە دوای تۆوە،
هەزار جار ئەدەب و هونەر،
کرانە قۆچی قوربانی ..
ئێستا بیریار ئەو کەسەیه
تاوەر و کۆشک و پڕۆژەی
چۆتە حەوت تەبەقەی ئاسمان ..
ئێستا لینین ملیاردێرە،
کۆمۆنیست بۆتە جێنتڵمان ..
لاشەی شار یەکپارچە بۆتە
بالوکەی پڕۆژە و تاوەر ..
نەما سەردەمی جیڤارا و
مەکسیم گۆرکی و
خەبات دژی بۆرژوازی و
گیانبازیی شیرین و فەرهاد ..
سیامەند ..
خورشید و خاوەر ..
ئێستا تەنانەت بیریار و ڕۆژنامەنوس
زۆربەی بندیوار و لۆتین ..
ئێستا جەنگاوەرانی شاخ،
هەموویان بوون بە ڕاسپۆتین ..
قارونیان تێپەڕاندووە ..
بە هیچ شتێکیش لاناچن ..
نە بە ووتار
نە بە شیعر ..
نە بە دەنگدان ..
نە بە فەرتەنە و ڕێپێوان ..
لەو خەڵکە بوون بە سیکۆتین ..

٭ ٭ ٭

بەکر گیان ..
شاعیری ماف و
حەق و جوانی ..
گەر بە قسەم ئەکەی مەیە..
ئەترسم بکەویتە بەر
دەسڕێژی قاتیی و گرانیی ..
ئەوسا مەگەر
لەسەر گڵکوکەت بنوسین؛
ببوورن،
مەرگنامەکەی
هەڵەی چاپ بوو،
ئەم شاعیرە،
لەسەر داڵدەیەکی
بیست سی مەتری نەکوژراوە ..
لەسەر شیعر و
حەقبێژیی دانەبێژراوە ..
لە ووڵاتی پڕ ملیاردێری بێکار و
وەبەرهێنی پاوانخواز و
بازرگانی کون فەیەکون ..
لە شاری ڕۆشنبیریی و پڕ
دیکارت و کانت و ئەفلاتون ..
لە شاری ڤێلا و تاوەر و کۆشکی
سەر شاخ و بەرزیی و گرد
ئەم شۆڕشە پڕ لە شیعرە..
ئەم بەکره ..
ئەم هاوارە ..ئەم ئاگرە،
لەبرسا مرد …! ٭

٭ ( دوا دێڕ لە بۆن و تامی دێڕێکی عەبدوڵا پەشێوەوە وەرگیراوە :
ئالێرەدا
مناڵێکی چاو گەشی کورد
لە برسا مرد )




خوێندنەوەیەکی جیاوازتر بۆ ڕەوشی کورد.. سامانی وەستا بەکر

ئەوەی لە ناوچەکەیا ڕووئەیا بەوجۆرە نییە کە لەلایەن زۆرێکەوە شیکاری بۆئەکرێ، هەندێک ئەیبەستێتەوە بە هۆکاری نێودەوڵەتی و هەندێکیش بە هۆکاری هەرێمی و بەشێکیش بە هۆکاری ناوخۆی، بەڵام هتچ کەسێ ئەمە ناکا بەخەتای خۆی! هەڵبەتە مەبەستم لە هاوڵانیشتمانییەکی سادە نییە، بەڵکو ئەوەی مەبەستمە لێرەیا دەسەڵاتدار و حیزب و سەرۆکە زۆرەکانە.

ناکرێ کاتێ شیکاری بۆ بابەتێک ئەکرێ، تەنها ئەو لایەنانە ببینرێ و شیکارییان لەسەر بکرێ کە کەس و لایەنەکانیتر وەک نەزان و تاوانبار و هۆکاڕی شکست باسکرێ چونکە کەیفی پێیاننایە، هەڵەی حیزب و کەسانێک کە هۆگریانە و ئولفەتی پێوەگرتوون بە سیاسی دانا و پسپۆڕی جیۆسیاسی بیانناسێنێ.

ئەگەر ڕاستەوخۆ بچینە ناو بابەتەکەوە، ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕووییا نسکۆ یان ئاشبەتاڵێکی تر بوو هاوشێوەی ئەو نسکۆیانەی کە لە ١٩٧٥ و ٢٠١٧ وە ناوبەناو کورد ئەزموونیان ئەکا بەڵام،،،

جیاوازی ئەم نسکۆیە بە بەراورد بە هەموو ئەوانەی پێش خۆی ئەکرێ بوترێ، باشترینی ناو خراپەکان بوو کە شکۆی تاکی کوردی بەجارێ نەهاڕی ، لەگەڵ خۆیا ئومێدێکی هاوپێچی شکستەکە کردووە، کە تاکی ئاواتەخوازی بەدیهاتنێتی، کە ئەویش ئەو بەڵێن و ڕێکەوتنانەیە کە گوایە لە دەستوری داهاتووی سوریایا جێگیرەکرێ، کە باشترین دەستەواژە و دەربڕێنێک بۆ ئەوە ئومێدە تەنزە باوەکەیە کە ئەڵێ” ک،ە،ر،ە مەمرە بەهاڕە”

مادەی ١٤٠، بودجەو مووچەی هەرێمی کوردستان، ڕێژە و ژمارەی کورد لە سوپای ئێراقا، پشکی کورد لە جبەخانەی سوپا…هتد لە دەستوری ئێراقا دانی پیانراوەو کاریشی پێناکرێ، چ جای بەڵێن و ڕێکەوتنێک لەگەڵ یەکێک لە ئەمیری ترسناکترین ڕێکخراوی تیرۆرستی دوێنێ و سەرۆکی وڵاتێک کە شۆڤێنی ئەرەبی ناسنامەکەیەتی و لەسەردەمێکیشا کە کورد گڵۆڵەی ڕوو لەلێژییە، ئیتر ئەبێ گەرەنتی چیبێ کە بەندەکانی ڕێکەوتنەکەی نێوان جەنراڵ مەزڵوم و ئەبو محەمەد جۆلانی دوێنێ و ئەحمەد شەرعی ئەمڕۆیا لە دەستوری داهاتووی سوریایا جێبگرێ! ئایا زۆرینەی ئەرەبی سوریا دەنگ بەدەستورێ ئەیەن کە مافی کورد لە نەبوونەوە هاوتای مافی ئەعرابەکان بکرێت؟ لە گریمانەی جێگیربوونییشی لە دەستورا ئایا کاری پێئەکرێ یان نا؟

بۆ ئەم پرسە شەقامی کوردی بووە بە دوو بەشەوە، بەشێک شیعر و شانامە بۆ جەنراڵ مەزڵوم عەبدی ئەهۆننەوە, بەشێکیش بەپاساوی جیاواز هێرشی ئەکەنە سەر، کە لە ڕاستیا هەردوو بەرەکە هەڵەن.

جەنراڵ مەزڵوم نە دەستکەوتێکی هێندە مەزنی بەدەستهێناوە کە لایەنی کەم بۆ ١٠٠ ساڵی داهاتوو کورد لە ڕۆژئاوای وڵات بە ژیانێکی شایستە وەک هاوڵاتی پلەیەک بەهرەمەندبێ لە مافەکانی، وە نە هاوشێوەی نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ و ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ئاشبەتاڵێکی ئابڕوتکێنی بەسەر کورد هێناوە کە خاکی کوردستان بخرێتەوە ژێر پۆستاڵ و ڕکێفی ئەرەبە شۆڤینستەکان و شەڕڤانان بەسەر شۆڕی بگەڕێنەوە ناو ماڵی خۆیان.

هەڵەی جەنراڵ مەزڵوم عەبدی هەمان هەڵەی مام جەلال بوو کە نەیەتوانی خۆی لە هەژموون و کاریزمای خوالێخۆش بوو مەلا مستەفا پاکاتە، وە هەمان هەڵەی کاک نەوشیروان بوو کە نەیەتوانی لەژێر هەژموون و کاریزمای مام جەلالا بێتە دەرێ.
جەنڕال مەزڵوم زۆر خراپتر کەوتۆتە ژێر هەژموون و کاریزمای بەڕێز ئەبدوڵا ئۆجەلانەوە، کە ئەکرێ بە ئەندازیاری هەڵوەشانەوەی هەسەدە ناوزەندکرێ، بگرە جەنراڵ مەزڵوم لە کۆشکی کۆماری سوریا تەنها پەیامەکەی بەبریکاری ڕاگەیاند.

هەڵبەتە نابێ هیچ کەسێ کوێرانە و بێ ویزژدانانە ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر بەڕێز ئۆجەلان، بەڵکو ئەبێ لەبری ئەوە تێگەشتنی بۆ ئەوە هەبێ کە ڕێکەوتی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ لە پلانێکی هەواڵگری نێودەوڵەتیا لە شاری نایرۆبیی پایتەختی کینیا دەستگیرکرا و لەو کاتەوە تا ئێستا لە زیندانی دوورگەی ئیمڕاڵی لە تورکیا گۆشەگیرکراوە.

“باشترین کورد ئەو کوردەیە کە مردووە” ئەمە بۆچوونی باو و جێگیرە لە هزری تاکی تورکا بەرامبەر بە کورد، جا کە ئەمە بۆچوونی تورکبێ لەسەر کورد ئیتر کاتێ یەکێک لە گەورەترین ڕێبەری پارتێکی کوردی نەیاری دژی تورکیا بە زەلیلی زیندانیبێ لەلایان، ئەبێ بەرهەمی کارکردنی ٢٧ ساڵی دەسگاکانی هەواڵگری و دەرونناس و سایکۆ پسپۆڕ و هەموو پسپۆڕییەکانتر بۆ کارکردن لەسەر شتنەوەی ئایدۆلۆجیایەکی دیارکراو لە هزری زیندانییەکی دابڕاو لە هەموو زانیارییەک کە تینوویەتی بیری ئۆجەلان بشکێنێ و جێگیرکردنی ئایدیایەک کە لەبەرژەوەندی داگیرکەر ئەبێ چیبێ؟

وەڵامەکەی ڕوون و ئاشکیرایە، بێ هیچ گومانێ شکست و ئاشبەتاڵ و خۆڕادەستکردن و چەکدانان و ناوزەندکردنی بە پرۆسەی ئاشتی، بەرهەمی ئەو کارە زۆرو چڕ و مێشک شتنەوەیە ئەبێ. هەر ئەوەشنا بەڵکو ناساندنی خەباتی سەرو ٤٠ ساڵی نەتەوەیەکی ژێردەست و چەوساوە و بۆ سەرەتایترین مافی هاوڵاتی بوون بە تیرۆر و جێگیرکردن و تێپەڕاندنی لە پەرلەمان بە هاوکاری دەنگی کورد و ناساندنی بەکۆی جیهان، وە بانگەشەی ئەوەش بکرێ کە داڕێژەرەکەشی ڕێبەری یەکێک لە کاریگەرترین پارتە کوردییەکانبێ، ئیتر هیچ شڕۆڤەیەکی دژ هەڵناگرێ.

تورکیا کە بە ئمتیاز چەمکی دەوڵەت-نەتەوە جێبەجێئەکا و لەمادەی سێی دەستوری تورکیایا هاتووە، تورکیا وڵاتێکە بۆ تورکەکان و هەرکەسێ لەسەر ئەوخاکە بژی تورکە، بەڵام وایان کردووە کە بەڕێز ئۆجەلان چەمکی دەوڵەت-نەتەوە ڕەفزکاتەوە و بگرە لە داوای دەڵەتی سەربەخۆوە بۆ کوردستانی گەورە هێناویانەتە سەر “کۆنفیداڵیزمی دیموکراتیک” کە ئەم چەمکە بەکردەوە تەنانەت لە دیموکراتیترین دەلەتانی دنیایا کاری پێناکرێ، چ جای لە وڵاتێکی وەک تورکیایا کە نەک دان بەمافی کوردنانێت بگرە نەمانی کورد بە فاکتەری مانەوەی خۆیانەوە ئەبەستنەوە.

هەرئەوەشنا لە بەدبەختی کورد و ١٠٠ ساڵ دوای پەیماننامەکانی لۆزان و سیڤەر و داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە بەپێی بەرژەوەندیی باڵادەستەکان، لەم کاتەیا سەرۆکی گەورەترین و ئابوری و بەهێزترین هەژموونی سەربازی جیهان کە وڵاتی ئەمریکایە، کەسێکە کە تاکە هۆکار بۆ پشتگیری کردنی سیاسی و سەربازی لەلای دەستکەوتی ئابوریە، هەم بۆ وڵاتەکەی و هەم بۆ خۆشی، هەرئەوەشنا چەرخی چەپگەری کورد واسوڕاوە کە نوێنەری سەرۆکیش بازرگانێکی چاوچنۆک و بەرژەوەندیخوازێکی بێ ڕەوشتی ناسیاسیە کە پاڵپشتی سیاسەت و بەرژەوەندی خراپترین دیکتاتۆر و سەرکردە جیهانییەکانە و دژی فیدراڵی و مافی چارەنوسی گەلانە، چونکوم لەو ڕێیەوە چەورترین گرێبەست و دەستکەوتی مادی و کەسی بەدەستەهێنێ، دژایەتییەکی کوێرانەی کوردەکا لەسەر کۆی خاکی کوردستانی گەورە چونکوم جزدانی کورد چاوچنۆکی و گیرفانی ئەو بازرگانە چەپەڵەی بۆ پڕ و تێر ناکرێ.

لە ڕاستیا ئەمانە هەمووی بیانوون بۆ داپۆشینی ناتەبایی و یەکنەبوون و دژایەتی ناوخۆی ناو ماڵی کورد، زلهێزو بڕیاربەدەستەکان گەشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە کورد توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەت یان سەربەخۆیی نییە. ئەزموونی دێگەڵە و ٣٥ ساڵ حوکمرانی باشوری کوردستان و یەکنەخستنەوەی هیزی پێشمەرگە باشترین نمونە و هۆکارێکە کە هاوپەیمانی نێودەڵەتی گەیانە ئەو باوەڕەی لە ئەگەری دروستکردنی ستاتۆیەکی سەربەخۆ لە ڕۆژئاوای وڵات، هەمان سیناریۆی نێوان پارتی و یەکێتی بە ئەگەری زۆرەوە لە نێوان هەسەدە و ئەنەکەسەیا دووبارە ئەبێتەوە هەربۆیە چۆلەکەیەکی ناودەستیان لە هەزارانی سەر دار بەلاوە پەسەندتر بوو.

سامانی وەستا بەکر
٣١-٨-٢٠٢٦ سوید-ستۆکهۆڵم




سێ ووتارۆک.. نەوزاد بەندی

ــــــــ ، وەنتە ماشی ــــــــــ

بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی خوێنەران و ..زیادبوونی بەکاربەرانی مۆبایل و ..کورتە نوسین و دێڕە نوسین و ..مۆبایلە شیعر و ..شتی خێرا و بروسکەیی، ناچارین واز لە ووتار بێنین و ..ووتارۆک بنوسین، بۆ ئەوەی خوێنەرەکانمان بتوانن یان فریا بکەون شتێکی لێ هەڵکڕێنن، ڕێک وەک فەلافل کاتێ هاتە عێراق، ماڵی خوێندکاران بوو، چونکە کاتی لێ نەدەگرتن و هەر بە ڕێگاوە ژەمێکی لە کۆڵ دەکردنەوە، فلافل و انت ماشي ، واتا هەر بە ڕێگاوە فەلافلێک بخۆ ..

‌‌ ( 1 )

متمانە

ئەگەر بە چاوێکی بایۆلۆجی و جیۆلۆجی تەماشایەکی کۆمەڵگای مرۆڤ و دنیا بکەین، توشی ڕەشبینییەکی زۆر دەبین، وەک چۆن کاتێ گەردوونناسیی و ئەسترۆنۆمیی پێشکەوتن، مرۆڤ توشی جۆرێک له نائومێدیی بوو، کاتێ بۆی دەرکەوتن ئەو گۆی زەوییەی لەسەری دەژی، بە بەراورد لەگەڵ گەردوون و هەسارەکانی تر، لە دەنکە خۆڵێک بچوکترە، ئیتر مرۆڤایەتیی و سەروەریی چی ؟ ئیتر ئەم جەنگ و ئاژاوە و زوڵم و نادادییە کۆمەڵایەتییە لە پای چیدا؟ پارە و سامانی کۆمەڵگاکان بە چ متمانەیەک ئەدزن و بە تەمان لە چ تەمەنێکدا بیخۆن ؟
بێجگە لەو هەموو بومەلەرزە و لافاو و گڕکان و زریان و وشکەساڵیی و برسێتیی و جەنگ و ڕوداوی هات و چۆ و ئەو دڕندە و مشەخۆرانەی کە بە چاو ئەبینرێن، ئەگەر بڕۆینە تاقیگەیەکی بایۆلۆجیی و لە ژێر میکرۆسکۆب و لە ڕێی کەڵچەر یان چاندنی هەندێ لە بەشەکانی لەشمان، بۆمان دەرئەکەوێ بێجگە لەو سەدان و هەزاران دوژمنە سروشتییانەی کە ئەیانبینین، ملیۆنان دوژمنی ترمان هەن بە چاو نابینرێن و ئەوەندە تەماعیان لە خوێن و گۆشتەکەماندایە، بە چرکە و بە ملیمەتر لێمان دوور ناکەونەوە .. ملیارەها بەکتریا لەناو ڕیخۆڵەکانماندان و لەسەر پێستماندان، تەنها بەکتریای ڕیخۆڵە ئەگەر لە ڕێی تەرازووەوە بیانکێشین دوو بو سێ کیلۆگرامن ..
دەستەکانت بە جۆرەها سابون و پاکژکەرەوەی تر بشۆ، دوای ئەوە وەرە چاندنێک بۆ هەردوو لەپت بکە، بۆ ڕۆژی دووەم ئەنجامەکەی دەردەچێت کە هەزاران هەزار کۆڵۆنی بەکتریایە.. ئەم بەکتریایانە توێژە مردووەکانی پێستت ئەخۆن و شیدەکەنەوە، خۆ ئەگەر برینێکیش لەسەر لاشەت دروست بێ، خۆیانی تێ فڕێدەدەن و .. لە خواردنی خانەی مردووی پێستەوە، ئەیگۆڕن بۆ خانە زیندووەکانی ناو برینەکە ..
ئەوە بێجگە لە ڤایرۆس و کەڕووەکان کە لەناو هەوادان و نابینرێن و لە فرسەتێک ئەگەڕێن هێرشمان بکەنە سەر و بماندەن بە زەویدا ..
تەنها مەلاریا ملیۆنەها مرۆڤی کوشتووە .. ئەی تاعون و ڤایرۆسی جگەر و ئێدز ؟ هەر مەپرسە ..
ئەڵێم لەو بارودۆخە پڕ لە دوژمنەدا، ژیانێکی شەست حەفتا ساڵیی، حەق وابوو کۆمەڵگاکان و نەتەوەکان ئەوەندە دۆست و خەمخۆری یەکتر بوونایە، لە فەرهەنگەکانیاندا تەنها ووشەی خۆشەویستی هەبووایە و .. هیچ جۆرە چەکێک دروست نەکرایە .. ئاخر تۆ بە ملیۆنان ملیۆن دوژمنی بینراو و نەبینراو دەوریان داویت، هێشتا واز لە یەکتر ناهێنن و .. یەکتری کۆت و بەند و برسی و تینوو و ئاوارە و کۆمەڵکوژ ئەکەن؟
بەڕاستی خودا زۆر چاک وەسفی مرۆڤ ئەکات، کاتێ ئەڵێت : مرۆڤ زاڵم و گەمژەیە.

‌ ( 2 )
‌ ـــ ئیشکردن بۆ ژیانکردن ــ

ئیشکردن باشترین سیفەتی مرۆڤە، چونکە بەرهەمهێنان لە هەموو بوارەکاندا ڕوونادەن ئەگەر مرۆڤ ئیش نەکات ..ئەو حەوت دەنکە حەبەی کە ئەیخۆیت و لە نەخۆشییەکی وەک مەلاریا ڕزگارت ئەبێ، ساڵەهای ساڵ زانایان ئیشیان کردووە هەتا دۆزیویانەتەوە ..
ئەو ئوتومبیلەی کە کیلۆمەتر سفر نەبێ، ناتەوێ، بە سەدان و هەزاران توێژینەوەی زانایانی میکانیک، ئینجا دروستکراوە..
بەڵام ئەکرێ پرسیارێک لە خۆمان بکەین، ئایا ئیشکردن لە پێناوی ئیشکردندایە یان لە پێناوی ژیانکردندایە؟
ئەڵێن کۆرییەکان زۆریان حەز لە ئیشکردنە، تەنانەت وایلێهاتووە، حوکمەت بە زۆر پشوویان ئەداتێ..کەواتە ئەوان ئیش ئەکەن لە پێناوی ئەوەی ئیش بکەن، ئەی کەی بژین و .. تام و چێژ لە دەسکەوتەکانیان ببینن؟ نازانن ..
خەڵکێک هەن، هەموویشمان ئەتوانین ئەو خەڵکانە لە چواردەوری خۆمان دیاری بکەین، کە تەنها ئیش ئەکەن .. واتا ئیش ئەکەن بۆ ئەوەی ئیش بکەن..بەو جۆرە ئیش ئەکەن لە پێناوی دەستکەوتنی ئامانجێکدا کە ئەویش هەر ئیشکردنە .. ئەمەیش هاوکێشەیەکی لاسەنگە و جۆرێکە لە گەمژەیی، کاتێ مرۆڤێک ئیش بکات بۆ ئەوەی بەردەوام بێ لە ئیش و ئیشی زیاتر بکات ..
ڕاستێکەی مرۆڤ ئەبێ ئیش بکات بۆ ئەوەی ئامانجەکانی بێنێتە دی.. بۆ نمونە تۆ ئەبیتە ئەفسەر، پێویستە بە مەبەستی بە دەستهێنانی ماف و ئازادیی و سەرفرازیی و داکۆکیی لە ڕەش و ڕووتی نەتەوەکەت ببیت بە ئەفسەر، نەک لەبەر ئەوەی شانازی بکەیت بە ئەستێرەکانی سەر شانتەوە و هەموو تەمەنت هەوڵدان بێ تەنها بۆ زیادکردنی ئەو ئەستێرانە..
تەمەنی زۆرینەی خەڵکی لای خۆمان، تەنها لە ئیشکردندا تێدەپەڕێ.. ئەوانە خۆیان بە سەرکەوتووترین کەسیش ئەزانن، گاڵتەیان بە هونەر و وەرزش و گەشت و خوێندنەوە دێت.. فارسەکان بەوانەی کە خەریکی شیعر نوسینن، ئەڵێن : دەردی بێ ئیشییە..
کار ئەگاتە ئەوەی خانەنشین بوون بە کابوس و بە ئیهانەکردن تێ بگەن، دەسەڵاتیش هەر لەو بڕوایەدایە بۆیە هەڵدەستێت بە پێدانەوەی پێنج ساڵ خزمەتی زیادکراو بە کەس و کاری شەهید .. ئەوەیش برین و نەخۆشییەکە قوڵتر دەکاتەوە لە کاتێکدا ئیشکردن لە پێناوی ئیشکردندا ئەبێتە سەربەرزیی و دەسکەوت و خەڵات و بەرات .. بە بێ ئەوەی ئەو خەڵکە بزانن ئەوان بۆچی ئیش ئەکەن؟ کاتێ بە چاوی بەزەییەوە بۆ کەسێک ئەڕوانن کە خانەنشین ئەکرێ، لە کاتێکدا خانەنشینکردن ڕێزلێنانە بۆ کەسێک کە تەمەنێکی کردووە و ئیتر پێویستە بحەوێتەوە، بەڵام کاتێ فۆبیای ئیش لە پێناوی ئیش لە مرۆڤەکان ئەدات، خانەنشین بۆ ڕۆژی دواتر دێتەوە داوا دەکات بە خۆبەخش، قبوڵی بکەن !! چونکە تازە ئەوان وەک ئوتومبیلێک بۆ مرۆڤ ئەڕوانن، کاتێ لە ئیش ئەکەوێ، واتا هەڵوەشان و سکرابکردن، ئەویش بە خۆڕایی و خۆبەخشیی ئیش بکات، پێی باشترە لەوەی سکراب بکرێ و هەر پارچەیەکی بە دەست کەسێکەوە بێ!!

لەم حاڵەتەدا، کار دەگاتە ئەوەی مرۆڤەکان گرنگ نەبێ بە لایانەوە کە چەند سەعات ئیش بکەن و ..بە چ کرێیەک ئیش بکەن، بەڵکو گرنگ ئەوەیە ئیش بکەن و خۆیان لە نەفرەتی بێ ئیشیی ڕزگار بکەن، بەو جۆرە خەڵکێک ئەگەنە ئەوەی بە خۆڕایی ئیش بکەن و ناو لە خۆیان بنێن خۆبەخش ..
لە ڕاستیدا ئیش کردن ئەگەر مەبەست لێی ئیشکردنی زیاتر بێ، وا دەکات خاوەن ئیشەکە ژیانی خۆی لە کیس بچێ و .. نەتوانێت بژی، واتا وەک ڕۆبۆتێک تەنها جوڵە و هاتن و ڕۆیشتن بێ و .. لە مۆرک و تایبەتمەندیی و چالاکییە مرۆییەکان بێبەش بێ..
ئەمەیە دواکەوتن و بێ ئاگایی مرۆڤ لە زانستی مرۆڤزانیی یان ئەنسرۆپۆلۆجیا، کە ئەلکسس کاریل ددانی بەوەدا نا کاتێ مرۆڤ تەنها خەریکی ئیش بێ لەسەر ماددەکان، خۆی لە یاد ئەچێ وەک مرۆڤ، واتا ماددەکان ئەبنە ئامانج و مرۆڤ تەنها ئەبێتە ڕۆبۆت.
لەبەر ئەوە ئەمڕۆ ئەوەندەی خاوەن کارگە و کارەکان هەوڵی کارگە و کاری زیاتر دەدەن، خەڵکە بێکارەکە هەوڵ نادەن .. ئەتوانین بڵێین خەڵکە بێکارەکە زیاتر چێژ لە ژیان دەبینن..
هەر بۆیە پێش ئەوەی دەست بکەیت بە هەر ئیشێک، لە خۆت بپرسە بۆچی ئەو ئیشە ئەکەیت؟ ئامانجێک بهێنە بەرچاوی خۆت، ئەوسا سەرمایەدار و دەسەڵاتدارەکان ناتوانن بە کرێییەکی کەم و مەمرە و مەژی ئیشت پێبکەن، چونکە ئامانجەکان بە کرێی کەم و خۆبەخشیی و خۆفرۆشیی نایەنە دی.

( 3 )
کەرەستەی خاو

بنیاتنانی هەر شتێک، کۆمەڵێک کەرەستەی خاوی ئەوێت.. کاتێ ئەتەوێت هێلکە و ڕۆنێک دروست بکەیت، تاوە و کەوچک و ڕۆن و خوێ و هێلکە و ئاگر و نانت ئەوێ .. کاتێ ئەتەوێ نوسینێک بنوسیت، بیرۆکەیەک و قەڵەم یان کیبۆرد و ..لاپەڕە یان شاشەی مۆبایل و کۆمپیوتەرێکت پێویستە.
کاتێ ئەتەوێ ببیتە مامۆستا، پێویستت بە بڕوانامەیەکی زانستیی و کەسایەتییەکی بەهێز و مۆراڵی بەرز و ئەتەگێتی قسەکردن و یاساکانی پەروەردە و دەروونزانیی هەیە ..
هەتاکو بەرپرسیارێتێکەت گەورەتر بێ، کەرەستە خاوەکانی کارەکەت گەورە تر ئەبن و پەیوەست ئەبن بە ژیان و چارەنوسی ئەوانی ترەوە ..
هەر بۆیە لێرە و لەوێ دەنگی داد و بێداد بەرز دەبێتەوە لە دەست فڵان بەڕێوەبەر یان فیسار بازرگان .. لەو حاڵەتەدا گۆڕینی ئەو بەڕێوەبەر و بازرگانە یان سزادانیان، کارێکی مەحاڵ نییە ..
بەڵام کاتێ مرۆڤێک بڕیار ئەدات ببێتە سیاسیی و ..ئەگاتە پۆستی سەرۆکی دەوڵەت، ئەم مرۆڤە هەموو کەرەستە خاوەکانی کارەکەی بریتی ئەبێت له ملیۆنان مرۆڤ و خەون و هیوا و گوزەرانیان ..
واتا سەرۆک هیچ کەرەستەیەکی خاوی تری نییە کاری لەسەر بکات بێجگە لە خەڵکێک کە ناوی لێ نراوە گەل یان کۆمەڵگا .. سەرۆک ئیشی بە ئەندازە و کاری پزیشکیی و دەرمانسازیی و مامۆستایەتیی و بازرگانیی و قاچاخێتیی نییە .. ئەو تەنها کار لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤ ئەکات ، ئەوەیش کارێکی زۆر قورسە یان ڕاستتر بەهرەیەکی تایبەتیی و وردی ئەوێ کە بە خۆنەویستیی دەستپێدەکات و هەر به خۆنەویستییش کۆتایی دێت .. سەرۆک شۆفێری ئامانەیەکی گەورەیە کە ملیۆنەها کەسی تێدایە، هەر بۆیە ئەگەر شایەنی ئەو کارە نەبێ، دۆخێکی زۆر ترسناک دێتە ئاراوە .
کێشەکەیش لەوەدایە سەرۆک کاتێ ناتوانێ بە کاری سەرۆکایەتیی هەڵسێت، ناتوانرێت وەک مامۆستایەکی نەزان یان بازرگانێکی چاوچنۆک لە کار بخرێت و سزا بدرێت، چونکە ڕاگەیاندنی زەبەلاح و ڕۆژنامەنوسی تایبەت و ڕاوێژکار و وەزیر و کۆشک و قەڵا و سەرباز و فیل و سوپا و پۆلیس و پاسەوانی تایبەت دەوریان داوە و ئەیپارێزن.
لێرەدا ئیتر ئەتوانین بڵێین، دوو جۆر سەرۆک پەیدا دەبن، دادپەروەر و دیکتاتۆر .. هەردووکیشیان هەمان کەرەستەی خاویان لەبەر دەستتایە، کە مرۆڤگەلێکی زۆر و زەبەندەن..
سەرۆکی دادپەروەر، خۆی ئەڕەتێنێ و ژیانێکی ئاسودە و جوان بۆ هاووڵاتییەکانی بەرهەم دەهێنێ ..
سەرۆکی دیکتاتۆریش هاووڵاتییەکانی ئەڕەتێنێ و ژیانێکی شاهانە بۆ خۆی و خێزان و دار و دەستەکەی فەراهەم ئەکات.
لەبەر ئەوە دوو کۆتایی جیاوازی سەرۆکەکان ئەبینین .. کۆتاییەکی شکۆدار، کە تەواوی هاوڵاتیان بە داخ و پەژارەوە بەشداری ڕێوڕەسمی کۆتایی سەرۆکەکەیان دەکەن و ئەبێتە سیمبوڵی نەتەوایەتی و بە نەمریی لەناویاندا ئەمێنێتەوە .
لەگەڵ کۆتاییەکی قێزەون و پڕ له سوکایەتیی، کاتێ زوڵم و زۆری دیکتاتۆرەکان ئەگاتە ئاستێک، هاووڵاتییەکانیان هێرشیان بۆ ئەبەن و .. لافاوی خوێن لە وڵاتدا هەڵدەستێت، بەڵام ڕقی مرۆڤەکان دانامرکێتەوە هەتا دیکتاتۆرەکان بە تۆڵەی گەل ئەگەیەنرێن و .. ناشیرینترین جۆرەکانی کوشتن ئەبێتە دوا وێستگەیان بە جۆرێک هیچ گۆڕێکیش ناتوانێ بیانگرێتە خۆی، چونکە زوڵم لە ملیۆنان کەس، واتا تۆڵەی ملیۆنان کەس، کە هیچ زەمین و ژێرزەمین و ئاسمانێک ناتوانێ بیانشارێتەوە لێیان.
ماوەتەوە بڵێین کاتێک سەرۆک سەرقاڵی بازرگانیی و کۆمپانیای تایبەت بە خۆی دەبێت، سەرۆکایەتییەکەی لە دەست ئەدات .. متمانە و ڕێز و هەیبەتی سەرۆکایەتیی لە دەست ئەچێت..چونکە تاکە سەرمایه و کەرەستەی خاوی سەرۆکەکان، مرۆڤەکانی ووڵاتەکەیەتی.




گـۆرانـیـبـێـژ و پـیانـۆژەنی نابـیـنا خـاتـوو دیـان شـور.. رەزا شـوان

هـونەرمەنـدی کۆرانیبێژ و پیانـۆژەنی بەناوبانگی ئەمریکی، خاتوو (دیان جـوان شـور) لە (١٠/ دێسەمبەر/ ١٩٥٣) لە شـاری (تـاکـۆمـا) لە ویلایـەتی واشـنتـۆن، لە ئەمـریکا لەدایـک بـووە. دیـان شـور بـە حـەوت مانـگی لەدایـک بـوو. واتـە دوو مانـگ لە پێـش لەدایک بوونی ئاسایی. هـەرکە لەدایک بوو، تـۆڕەکانی چاوەکانی نەخـۆش بـوون، لـەو نەخۆشخـانەیەی کە لـێی لەدایک بوو، بە هـۆی هـەڵەی پـزیشکـێکی نەخـۆشخانەکەوە، کە رێژەیەکی ئۆکسجـینی خەستی زیاتری کردبووە چاوەکانی دیانی نەبەکامەوە، هەردوو چـاوی بـۆ هـەمـیـشەیی کـوێـربـوون. دیـان شـور کە گـەورە بـوو، سکاڵای لەسەر ئـەو نەخـۆشخـانەیە تـۆمـارکـرد، پـارەی قـەرەبـووی هـەڵـەکـەیـانی لـێـیان وەرگـرت. بـەڵام سەرەڕای ئەو هـەڵـە کوشندە و دڵـتەزێـنە، شـور بێ هـیوا نەبـوو، هەرگـیز نەیهـێشـت کەمئەنـدامـێتیـیەکەی (نابـیـنایی) رێگـری لە شوێنکەوتـنی ئارەزووی دڵخـوازی ژیـانی بـکات، کە چـوونە نـاو جیهـانی هـونـەر گـۆرانی چـڕیـن و ژەنـیـنی پـیـانـۆ بـوو.
دایکی لە منداڵییەوە نازناوی (دیدڵـز)ی لە دیان نا. دایک و باوکی هەر بەم ناوە ناویان دەبـرد. بە ناوی (دیانـا دیـدڵـز) ەوە، کە گـۆرانیبـێژ و پیانـۆژەنـێکی نابـیـنای ئەمـریکی بەناوبانگ بـوو. دایک و باوکی شور، حەزیان لە گوێگـرتنی موزیک بـوو. بەڵام شـۆر حەزی لە گوتنی گۆرانی بـوو. باوکی کاپتنێکی پـۆلیسی ناوخـۆ بوو، ئارەزوومەنـدێکی ژەنینی پیانـۆش بـوو. دایک و باوکی کاری زیاتـریان دەکـرد بـۆ دابـینکـردنی بـژێـویی منداڵەکانیان. شـور، خوشکێک و دوو بـرای هەبوو. دایکیان لە تەمەنی (٣١) ساڵـیدا بە نەخۆشی شـێرپەنجە کـۆچی دوایی کـرد. ئەو کاتە تەمەنی شـور (١٣) ساڵان بـوو، مردنی دایکی زۆر دڵگران و خەمباری کرد. پـوورێک و خوشکەکەی یارمەتییان دەدا.
شور گوێچکەیەکی موزیکی ناوازەی بۆ گۆرانی و موزیک هەبوو. تەمەنی دوو ساڵان بـوو، بە تامەزرۆییەوە گوێی لە مـوزیک و گـۆرانییەکانی رادیـۆ دەگـرت. لە سەرەتای منـداڵـیدا، دایـک و بـاوکی بـە مـوزیـکی جـازی نەریـتی ئەمـریکی ئـاشـنایـان کـرد. لە ماڵەوەیەندا کاسێتێکی زۆری گۆرانی و موزیکی، گۆرانیبێژ و موزیکژەنە ناودارەکانی ئەمـریکایان هەبـوو. لە ماڵەوەدا دایکی بـۆی لـێـدەدان. بە گـوێگـرتن، گەلێک گۆرانی فـێـربـوو. هـەر لە سـێ ساڵـیدا دەسـتی بە گـۆرانی گـوتـن کـرد. شـور دێـتەوە یـادی و دەیگێڕێتەوە و دەڵێت: “لەو تەمەنە بچووکییەمدا، گەر هـیچ ریـتمـێک لە دەوروبەرم نەبوایە، زۆرجار شەوان لە ژوورەکەی خۆمدا گۆرانیم بۆ خۆم دەگوت، دایک و باوکم هەڵـدەستان و هاوریان دەکرد و دەیانگوت:”دیان، بێدەنگ بە”. بە ناچاری دەچوومە ناو کانتۆری جلەکانمەوە، بە نەرمی گۆرانیـم دەگوت و لەگەڵـیدا لەنجەولارم دەکرد”.
دیان شور لە تەمەنی دوو ساڵـیدا، دەستی بە ژەنینی پیـانـۆ کـرد، تەنها دوو پەنجـەی بەکاردەهـێـنا و لەسـەر کـلـیـلەکانی ئاوازەکانـدا دایـانی دەنان. لە تەمەنی سێ ساڵـیدا، زۆر بە جـوانی پیانـۆی دەژەنی. هـەر لە تەمەمەنی سێ ساڵـیدا، بۆ یەکـەم جار فـێری چـڕینی گۆرانییە بەناوبانگەی خاتـوو دیـنا واشـنتـۆن بـووـ گـۆرانـیبـێـژێـکی نابیـنای بەناوبـانگ بـووـ گۆرانیـیەکەی بە ناوی” رۆژێـک چ جـیاوازییەک دروسـتـدەکات؟”. شـور دوایی بوو بە خـاوەنی ستایـلی گـۆرانیی ناسراوی دەوڵەمەنـدی تایبەتی خـۆی.
شـور لە تەمەنی چـوار ساڵـیدا، رۆحی سەربەخـۆیی گەشـەی کرد. لە قـوتابخـانەیەکی گـشتی نابـیـنایان لە شـاری (ڤـانکـۆڤـەر) لە واشـنتۆن دەیخـوێنـد. کە دوو کاتـژمێـرلە ماڵیـانـەوە دوور بـوو. لە بـەشی ناوخـۆیی دەمـایەوە. تا تەمـەنی یازنگـزە ساڵان لـەو قوتابخـانەیەدا خوێنـدی. لە رێگەی دەنگ و رێنـووسی (بـرێـل) ەوە، فـێری گۆرانی و موزیک ژەنین دەبـوون. بەڵام شور حەزی دەکرد لەگەڵ خـێزانەکەیـدا بـژیت، بۆیـە لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە، هەر خۆی بە شەمەندەفەر دەچـوو بۆ قوتابخانە و دەگەڕایەوە بـۆ ماڵـەوە. شـور لە تەمـەنی نـۆ ساڵـیدا، شـەوانی هـەیـنی و شـەمە، لەسەر شانـۆ و لە یانە و لە چـێشخانە گەورەکانـدا، ئاهـەنگی گۆرانی و پیانـۆژەنینی پێشکەش دەکرد. سەرنجی هـەمـووانی راکـێشا و سەرسامی، دەنگە زوڵاڵ و شـیرینەکەی کردبـوون کە سێ ئـۆکـتـاف و نیـوە. بە پـارەی ئـەو ئاهـەنـگ و کۆنـسێـرتانەی، پـارەی هـاتـووچـۆ
و پـێـداویـستیـیەکانی خوێنـدنی دابیـن دەکـرد.
شـور لە تەمەنی نـۆ ساڵـیدا، لەسەر شانـۆی هـۆڵی هـوتێـل هـۆڵـیدای ئین ناوخـۆیی، کۆنـسـێرتێکی گەورەی گۆرانی و مـوزیکی جـازی پـێشکەش کرد، ناوبانگی دەرکرد.
شور لە تەمەنی یـازدە ساڵیدا، لە ساڵی (١٩٦٤) دا، ئەلبوومێکی گۆرانی و مـوزیکی بە نـاوی (ئەیـلـول لە بارانـدا) بـڵاوکـردەوە.
شـور لە تەمـەنی دوانـزە ساڵـیدا، ئیـلهـامێکی گـەورەی بـۆ هـات، کاتـێک کە دایـکی ئەلبـوومێکی مـوزیکـژەنی گەورە (جـۆرج شـێرینگ)ی نابینای بۆ ماڵەوە بۆی هـێنا.
بە ناوی (کۆنسێرتـۆ بـۆ خۆشەویـستم) بـوو. بە گوێگـرتن هەموو گۆرانییەکانی ئەو ئەلـبـوومە فـێربـوو. شـێوازە جیـاوازەکانی گـۆرانی گـوتنی شـێریـنگی وەرگـرت.
دیـان شـور، خـوێنـدنی لە قـوتـابخـانە حکـومییەکانـدا تەواوکـرد. دوایی لـە زانکـۆی پیـوگـت گـۆرانـیی و میلـۆدی خوێنـد.
دوای ئەوەی لە یانەکان و باڕەکاندا، لە سەرانسەری باکووری رۆژئاوای زەریای هـێمن ئاهەنگی گۆرانی و مـوزیکی پێشکەش کـرد، زیاتر ناسرا و ناوبانگی دەرکـرد. شـور لە تەمەنی بیست و یەک ساڵیدا، بو بە هـاوڕێ و هاوکاری، بەناوبانگـترین کەڵە گۆرانیبێژ و مـوزیکـژەنە پیـشەییەکانی ئەمـریکا. شـور دەڵـێت:” مـن شـوێـن هەمـوو جـۆرە هـونەرمەنـدێکی بەناوبـانگی ئـەو سەردەمە کەوتـم، تا توانیـم زۆرتـریـن مـوزیکـم وەرگـرت” شـور لە نێـوان ساڵانی (١٩٨٤ بۆ ١٩٩٧)، (١١) ئەلـبوومی گۆرانی و موزیکی جازی، لەلایەن کۆمپانیای (جی ئاڕ پی) یەوە تـۆمـارکـران و بڵاوکـرانەوە. سەرجەم (٢٣) ئەلـبووی گۆرانی و موزیکی بڵاوکراونەتەوە. ئەمە ناوی هەنـدێک
لە ئەلبـوومەکانێتی “لە یادم دان لەگەڵ خـۆشـەویـستـیم، یـادت دەکەم، دیان شور و ئـۆرکێسترای کاونت باسی، شوری پاک، گۆرانیی خۆشەویستی، گۆرانی کریسمس،
دڵ بـۆ دڵ، ئەیلـول لە بارانـدا، دایـکە بە تایبـەتی بـۆ تـۆی تـۆمـاردەکـەم،… هـتد”.
شور لە گەنجییدا، ئالوودەی مەی خواردنەوە بوو، دوایی بەیەکجاری وازی لێهـێنا.
شور لە چەنـدین هـۆڵ و شـوێـنی بەنـاوبانـگی ئەمـریکی و جیهـانیدا، لە فـێستیڤاڵە نیـودەوڵەتـییەکاندا، بە گۆرانی و بە موزیک بەشداریی کردووە. چەنـدین ئاهەنگ و کـۆنـسـێرتی هـونـەریی تایـبـەتی خـۆی پـێـشکەش کـردووە، وەک لەسـەر شـانـۆی هـۆڵی کـارینـگی و لە سەنـتەری کـینـێدی و لە کـۆشکی سـپی دا. بە یاوەری تـیـپە مـوزیکـیـیەکەی خـۆی، یان لەگـەڵ تـیـپی ئـۆرکـێسترای گـەورەی کاونـت بـاس.
شـور، یەکـێکە لە گۆرانـیـبێژ و پیـانـۆژەنە بەناوبانـگەکانی هـاوچـەرخی ئەمـریـکا. دەنگـێکی ناوازەی روون و پاکی هـەیە. مـوزیکای شـور، بـە شێـوەیەکی بـنەڕەتی، هـەمـوو گـۆشـەیـەکی مـوزیـکی ئەمـریـکی، کـلاسیکی و مـۆدێـرنی لەخـۆگـرتـووە.
بە ملیۆنان هەواداری گۆرانی و پارچە موزیکییەکانی لە ئەمـریکا و لە جیهاندا هەیە.
خاتـوو دیـان شور لەگەڵ موزیکـژەنی خۆشەویست (لـیتـس کروکـێت) هـاوسەرگیری کـردووە، پـێکەوە ژیـانـێکی خـۆش بەسەردەبـەن. لە ئێستادا لە کالـیـفـۆرنیا دەژیـن.
خاتـوو شـور، تا ئـێـستا پێـنج جـار بـۆ وەرگـرتـنی (خـەڵاتی گـرامی) کانـدیـد کـراوە.
کە خەڵاتێکی زێڕینی بەرزە، لە بواری هـونەری گۆرانی و موزیکـدا. دوو جـار ئەم خەڵاتەی بۆ باشترین گۆرانیی جـاز، لە ساڵی (١٩٨٦) و (١٩٨٧) دا وەرگـرتـووە.
لە ساڵی (٢٠٠٠) یـشدا، لەلایـەن دامـەزراوەی ئەمـریـکی بـۆ نابـیـنایـان، خـەڵاتی (هـێـلیـن کـیـلەر) یـان پـێ بەخـشی.
خاتوو شور لە ساڵانی رابردوودا، لە چەندین پـرۆژەی خێرخـوازی و پەروەردەیـیدا، بەشداریی کردووە. بە پارە یارمەتیی چەنـدین رێکخـراوی خێرخوازیی لە ئەمریکا و
لە ئەفـریقـا داوە. وەکو مامۆستا و راهـێنەری گۆرانی و موزیک، خۆبەخـشانە چەند خول و وۆرکشۆپێکی، بۆ فـێرکردن و راهـێنانی خوێندکاری ئارەزوومەندی گۆرانی و مـوزیـک لەسـەر ئاستی ناوەنـدی و ئامـادەیی و زانکـۆدا کـردووەتـەوە.
شيرمەر دەڵێت:” گومانی تێدا نییە، کە خاتوو شور، بە رەهـایی باشتریـن جازژەنە”.
خاتوو شور لە ئێستادا تەمەنی (٧٣) ساڵە، ئەستێرەیەکی گەشی جیهانی گـۆرانی و مـوزیکە. بەرداوامە لە پێشکەشکردنی ئاهـەنگ و کۆنـسێرتی گـۆرانی و مـوزیک،
لە ساڵانی لاوێتییدا ساڵانە نـزیکەی (٢٠٠) ئاهـەنگ و کۆنسێرتی پێشکەش دەکرد.
دیان شور لەگەڵ تیـپە مـوزیکـییەکەیـدا، کە لە باشترین مـوزیکـژەنەکانی وڵاتەکەی پێکهاتـووە گەشـت بۆ سەرانـسەری جیهـان دەکـەن و لەسەر شانـۆ و لەنـاو هـوڵە بەنـاوبانـگەکانی وڵاتـانـدا، کـۆنـسێـرتی تایبـەتی پـێـشکەش دەکـەن و بەشـداری لە فـێستیڤـاڵەکانی گۆرانی و مـوزیک دەکەن. جاروباریـش لەگەڵ تیپی (ئـۆرکـێسترای کاونـت باس) بەشـداریی کـۆنـسێرت و فـێستیـڤـاڵەکانی گۆرانی و مـوزیک دەکـەن.
بە دەیـان دیـمـانەی رۆژنـامـەوانی و تەلەڤـزیـۆنـیـان لەگـەڵ دیـان جـوان شـوردا کـردوون. گەشـتـێکی زۆریـشی بـۆ وڵاتـانی جـیهـانی کـردووە.
(*) بـۆ ئـەم نووسـینەم، سـوودم لە چـەنـدیـن سایـتی ئـینگـلـیزی وەرگـرتـووە.
نەرویـج: ٢٠٢٦




کتێب\ رەنگدانەوەی تاریکی.. نووسەر زیار عبدالعزیز

لە ئەزموونێکی ئەدەبیی قووڵدا کە بە نێو پەنهانەکانی دەروونی مرۆڤ و ململانێی ناخدا ڕۆدەچێت، نووسەر زیار عبدالعزیز خۆی ئامادە دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی نوێترین بەرهەمی خۆی بە ناوی «ڕەنگدانەوەی تاریکی»؛ کارێک کە گەشتێکی چڕە بە نێو ئەو ڕاستییە شاراوانەی مرۆڤ بە درێژایی ژیانی لە ڕووبەڕووبوونەوەیان دەترسێت یان لە نێو بێدەنگیدا پەردەپۆشیان دەکات.
ڕووداو و دەقەکانی ئەم بەرهەمە لە کەشێکی پڕ لە ڕامان و واقیعییەتی دەروونیدا گەشە دەکەن، تیشک دەخەنە سەر ئەو کەلێنە تاریکانەی لە ناخی هەمووماندا هەن و کاریگەری لەسەر بڕیار، هەڵوێست و هەستەکانمان دادەنێن. پەڕتووکەکە تێڕوانینێکی فەلسەفی پێشکەش دەکات سەبارەت بەوەی کە تاریکی تەنها نەبوونی ڕووناکی نییە، بەڵکو زۆرجار ڕەنگدانەوەی ترس، بێئومێدی، خەمە شاراوەکان و ئەو برینانەیە کە دەکرێت مرۆڤ بەرەو تێگەیشتنێکی قووڵتر لە خۆی و جیهانی دەوروبەری بەرن.
نووسەر لە ڕێگەی زمانێکی پاراو، کاریگەر و تێڕامێنەرەوە کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێ دەروونییەکان دەکات، خوێنەر دەخاتە بەردەم پرسیاری قووڵ سەبارەت بە ڕاستیی مرۆڤ لە کاتی کەوتن، گۆشەگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی تاریکییەکانی ژیاندا، بە مەبەستی دۆزینەوەی ئارامیی ڕاستەقینە و دەرچوون بەرەو ڕووناکی.
زیار عەبدولعەزیز جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەڕتووکی «ڕەنگدانەوەی تاریکی» بانگهێشتنامەیەکە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ لایەنە نادیارەکانی خود و نواندنی ئازایەتی لە داننان بە برینەکاندا، چونکە هیچ مرۆڤێک بە بێ ناسینی تاریکییەکانی ناخی، ناتوانێت بەهای ڕووناکی و هێزی مانەوە بدۆزێتەوە.
ناسنامەی پەڕتووک:
ناوی پەڕتووک: ڕەنگدانەوەی تاریکی
نووسەر: زیار عبدالعزیز
خانەی چاپ و بڵاوکردنەوە: دار ابن الأثير للطباعة والنشر – مووسڵ، عێراق
ژمارەی لاپەڕە: 170 لاپەڕە

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..