میدیای کۆیلە و کایەی سیاسی؛ بۆچی لە کوردستاندا ئازادی بوونی نییە؟.. نووسینی: کارزان عزیز

کاتێک چاوێک بە مێژووی هزری و دۆخی گشتگیر و ئاڵۆزی کۆمەڵگاکانی ژێر دەسەڵاتی ناتەواو و ستەمکاردا دخشێنین، لەبەردەم پرسیارێکی قووڵ و فەلسەفیدا دەبینینەوە کە ئایا بەڕاستی ئازادی دیاردەیەکی سروشتییە کە لەگەڵ بوونی مرۆڤدا هاتووە و لەگەڵیدا گەشە دەکات، یان تەنها مۆڵەت و ڕێگەپێدانێکی کاتی و ڕووکەشە کە دەسەڵاتداران بە گوێرەی قەبارەی بەرژەوەندی و کاتی خۆیان دەیبەخشن و هەر کاتێکیش پێویست بکات و هەست بە مەترسی بکەن لێمان دەسەننەوە، چونکە ئازادیی ڕادەربڕین لە بنەڕەتدا تەنها ئامرازێک نییە بۆ خۆدەرخستن و درووشمدانی هەڵواسراو، بەڵکو پێوەرێکی ڕه‌هایە بۆ تێگەیشتن، و تێگەیشتن لە ئازادیی ئەوی ترە کە مرۆڤ لەو تەوق و زنجیرە مێژووییانەی کە خۆی دەیانکاتە ملی کەسانی تریش، بە تەواوی ئازاد دەکات، بەڵام کێشەی سەرەکی و وێرانکەری ئێمە لێرەدا لە ناوەڕۆکی ڕووپۆشکراوی تێکستەکاندا نییە، بەڵکو لەو بناغە کۆمەڵایەتی و فیکرییە نەخۆشەدایە کە تێکستەکەی لەسەر هەڵچنراوە، چونکە هەتا بینای کۆمەڵایەتی و سیستەمی سیاسی لەسەر بنەمای ستەم، قۆرخکاری و ململانێی حزبی بنیاد بنرێت، هەموو دەربڕین و نوسینێک تەنها ڕەنگدانەوەیەک دەبێت لەو فەزایەی کە دەسەڵات بۆی کێشاویەتی و تێیدا دەسووڕێتەوە، لە بەرامبەردا شتەکان ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان لە کاتی گەرمەی قەیرانە گەورەکاندا دەردەخەن و لە ژینگەی ئێمەدا کە بێ سیستەمێکی دیموکراسیی ڕاستەقینەیە، ئازادیی ڕادەربڕین هیچ بوونی مادیی نییە و تەنها دەبێتە ڕای ڕێگەپێدراو واتە ئەو ڕادەیەی کە دەسەڵات خۆی پێی خۆشە و ڕێگەی پێدەدات و قەت ئازادییەکی خاوەن بڕیار نییە، لە کاتێکدا دەسەڵاتە ستەمکارەکان هەمیشە پێویستیان بە جۆرێک لە دەنگی ناڕەزایی هەیە وەک سێفتی ڤالڤ و ئەمەش لە ڕێگەی چەند میکانیزمێکی فێلبازانەوە دەکرێت وەک زوخاودانەوە و خۆبەتاڵکردنەوەی جەماوەر لەسەر جنێو و هێرشی سەرپێیی کە هیچ زیانێک بە پایەکانی دەسەڵات ناگەیەنێت، لەگەڵ دامەزراندنی میدیایەک کە بەحساب ئازادە بەڵام لەژێر باڵی دەسەڵاتدایە بۆ بەخشینی سیمایەکی فێلبازانەی دیموکراتی و دابینکردنی هێڵە سوورەکان کە ڕێگە بە ڕەخنە دەدات تا ئەو شوێنەی بەرژەوەندییە باڵاکانی دەسەڵات نەتەقێنێتەوە و ئەگەر لەو سنوورە تێپەڕی ئەوا بە توندوتیژی یان کڕین و بەلاڕێدابردنەوە لەناودەبرێت، چونکە کاتێک ڕووداوی دڵتەزێن وەک لەناوبردنی ڕۆژنامەنووسان و دەنگە ئازادەکان ڕوو دەدەن، کێشەکە تەنها تاوانی چەند کەسێکی جێبەجێکار نییە، بەڵکو تاوانی سیستەمێکی زۆردارییە کە کۆمەڵگا لە ڕێگەی بێدەنگی و ملکەچییەوە بەخێوی کردووە و لە سێبەری ئەو یاسا قورسانەدا کە دەڵێت ئەوەی من نەتدەمێ ناتبی بیخۆیت، مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی خۆی، بە شێوازێک کە پارتە سیاسییەکان وەک دوو بەرداشی دستاڕ نەک تەنها مرۆڤ، بەڵکو موراڵی سیاسیشیان لەناوبردووە و لایەنگری حزبی تەنها یەک پرسیار لە هەر ڕووداوێک دەکات کە ئایا ئەمە لە بەرژەوەندیی حزبی مندایە یان دژە، و ئەمەش واتای تەواوی نەبوونی کایەی زانیاریی سەربەخۆیە، و لەم پانتاییە چەقبەستووەدا کە مێژوویەکی تاڵ لە ملکەچی و بێدەنگی بەرهەمی هێناوە، تاکەکەس دەبێتە کەرەستەیەکی بێگیان لە دەستی ئارەزووە حزبییەکاندا و متمانە بە هەموو بنەمایەکی مەدەنی دەفەوتێت، چونکە کاتێک بنەمای بەڕێوەبردن لەسەر بنەمای ترس و سەپاندنی ئیرادەی هێز دەبێت، مرۆڤ توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە دەست دەدات و فێیر دەبێت کە چۆن لە سایەی ستەمدا بژێت بێ ئەوەی هەوڵی گۆڕانکاری بدات، و ئەمەش قووڵترین قەیرانی دەروونی و فیکری دروست دەکات کە تێیدا کۆمەڵگا خۆی دەبێتە پاسەوانی ئەو سیستەمەی کە ستەمی لێ دەکات و دژایەتی هەر دەنگێکی ئازاد دەکات کە هەوڵی بیدارکردنەوەی بدات، بۆیە بۆ دەربازبوون لەم کابووسە مێژووییە و تێکشکاندنی ئەم بازنە داخراوە، دەبێت پێش هەموو شتێک بزانین یەکەم شەهید لەم پڕۆسەیەدا زانیارییە چونکە تا پانتاییەک نەبێت بۆ زانیاریی بێگەرد و ڕاستەقینە، هیچ کات ئازادیی هەڵبژاردن دروست نابێت و زانیاری دەبێت لە سەرووی ململانێ حزبییەکانەوە بێت، هەروەها شکاندنی تەوقی بێدەنگی کاتێک بەدەست دێت کە مرۆڤی کورد لەبری چاوەڕێکردنی ڕای ڕێگەپێدراوی دەسەڵات، بگەڕێتەوە سەر مافە سروشتییەکانی خۆی و بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات، چونکە لە کۆتاییدا خەباتی ڕاستەقینە لە کوردستاندا پێویستی بە تێگەیشتنێکی قوڵ هەیە لە چەمکی دیموکراسی و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی کە تیایدا یاسا و زانیاری سەروور بن، نەک ئارەزووی حزبی و ڕای ڕێگەپێدراوی دەسەڵاتداران، و تاوەکو زانیاری نەبێتە سەروەر، هەمیشە لە سایەی ڕای ڕێگەپێدراوی دەسەڵاتدا دەژین بێ ئەوەی ئازادییەکی ڕاستەقینە بونیاد بنرێت، و ئەمەش ئەرکێکی مێژوویی و ئەخلاقی لە سەرشانی تاک بە تاکی کۆمەڵگا دەبێت کە لەپێناو بەدیهێنانی کایەیەکی سیاسی و مەدەنیی ئازاددا، کۆششی بێوچان بکەن بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی مرۆڤ و سەروەری بۆ زانیاریی بێگەرد.

نووسینی : کارزان عزیز




تێڕامانە یاساییەکانم.. دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد

تێڕامانی یەکەم

پەیامی قوربانییەک بۆ مێژوو

من لێرەوە لە ناو کڕنۆشی غەریبانەی ئەم تاریکییە دا، کە تەنها هاودەمم تیشکی کزی مانگ و بێدەنگیی شەوە، هێمنانە دڵۆپە کانییەکانی ناخم ئاڕاستەی ویژدانی مێژوو دەکەم. پێم دەڵێی: تۆ لە یاسای نوسراوی ئێمە لاداوە. بەڵام من لە سۆمای ئەستێرەکان دەڕوانم و دەپرسم: چۆن دەکرێت پێنووسێکی دارینی فانی سنوور بۆ ڕۆحێک بکێشێت کە لە حەقیقەتێکی گەردوونی و لە نەفخەیەکی خوداییەوە لەدایکبووە؟
چەند پەژارەیەکی قووڵە کاتێک دەبینم ئەو دەقانەی کە دەبوو ببنە سایە و سێبەرێک بۆ ڕۆحی ماندووی مرۆڤەکان، دەبنە پەردەیەکی پۆڵایین بۆ شاردنەوەی بێبەزەییی دڵی ستەمکاران. ئەوان لە پشتی دێڕە ساردەکانەوە بە ناوی دادپەروەرییەوە حەشارگە بۆ خۆیان ڕێک دەخەن و باڵی فڕین دەشکێنن و بە ناوی پاراستنی ڕێساکانەوە، گۆرانی لەسەر لێوی ئازادیخوازان دەتۆرێنن. یاساکانی ئەوان وەک تۆڕێکی لاواز وایە تەنها پەپوولە ناسکەکان دەگرێت، لە کاتێکدا دڕندەکانی شەو بە ئازادی لەسەر زەوی دەگەڕێن.
بەڵام با دڵە تاریکەکان بزانن، مێژوو بە مەرەکەبی ئەوان خولگەی خۆی تەواو ناکات. حەسرەتێکی بچووک کە لە ناخی بێدەنگاندا دەچەکەرێ، لای خودای ئەوین قورسترە لە هەموو ئەو کتێبە ئەستوورانەی کە ئەوان ڕەوایەتیی بە زەبروزەنگی خۆیانی پێ دەدەن. ڕۆحی مرۆڤ لە ڕەگەزی نەمرییە، وەک باران و با وایە، ڕەنگە بۆ ماوەیەک لە قەفەسی دەقەکاندا گیری بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا هەر دەبێت بە ئازادی ببارێت. یاسای ڕاستەقینە تەنها یاسای لێبوردن، جوانی و ئەوینە، و هەر سێبەرێک لە دەرەوەی ئەمە بێت، لە بەردەم تیشکی گزنگی حەقیقەتدا وەک بەفر دەتوێتەوە.

تێڕامانی دووەم
فەلسەفەی یاسا لەنێوان هەق و دەق

کاتێک لە مێژووی فەلسەفەی یاسادا لەپەیوەندی نێوان چەمکی هەق و دەق دەکۆڵینەوە، ڕووبەڕووی ململانێیەکی قووڵی پێکهاتەیی دەبینەوە کە تێیدا یاسا لە ئامرازێکی ڕێکخستنەوە دەگۆڕێت بۆ بونیادێکی دەسەڵاتخوازی توند. هەق لە کرۆکی خۆیدا چەمکێکی ئەزەلی بابەتی و پێشوەختەیە کە هۆشیاریی مرۆڤایەتی لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان پێی گەیشتووە. لە بەرامبەردا دەقی یاسایی وەک بەرهەمێکی دەستکردی مرۆڤ دەردەکەوێت، کە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی و یاساییەوە کێشراوە بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی فەرمی بەسەر واقیعی کۆمەڵایەتیدا بسەپێنێت. مەترسییە گەورەکە لە کایەی فقهی و ئەکادیمیدا کاتێک سەرهەڵدەدات کە دەقی نووسراو، پیرۆزییەکی ڕەهای پێدەبەخشرێت و دەبێتە تاکە سەرچاوەی شەرعییەت. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی دروستبوونی فۆرمێک لە نامۆبوونی یاسایی کە تێیدا مرۆڤی سادە چیتر لە ناو کایە فەرمییەکاندا وەک خاوەن مافێکی سروشتی نابینرێت، بەڵکو کورت دەکرێتەوە بۆ خودێکی یاسایی کە پێویستە لەگەڵ مەرجە ڕووکەشییەکانی دەقەکەدا بگونجێت. زۆرجار بونیادی یاسا مرۆڤکردەکان بە جۆرێک دادەڕژێن کە لە بری پیادەکردنی کرۆکی دادپەروەریی، تەنها پارێزگاری لە سەقامگیریی پێکهاتەی دەسەڵات و بەرژەوەندیی چینە باڵادەستەکان دەکەن. دادپەروەریی ڕاستەقینە کاتێک لە ناو دەقە وشکەکاندا دەمرێت کە دامەزراوەی دادوەری تەنها لێکدانەوەی لۆژیکی و دەقاودەق بۆ یاسا بنەڕەتییەکان دەکات، بێ ئەوەی ڕەهەندە ئەخلاقی و مرۆییەکانی پشت یاساکە لەبەرچاو بگرێت. بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە پێویستە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ مێژووی یاسادانان بکرێت، بە جۆرێک کە چەمکی هەق لە ژێر هەژموونی قۆرخکاریی دەق ڕزگار بکرێت و بگەڕێنرێتەوە بۆ پێگەی بنەڕەتی خۆی وەک بەهایەکی باڵای بوون کە لەسەروو دادگاکانەوە بن.

دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد




(پهلویان) کتێبێک پڕ لە چەواشەکاریی مێژوویی.. بێوار ڕەسوول ( سوداد ڕەسوول)

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرە بکەن..




“نامەیەک لەزیندانەوە” لە نووسینی ئەحمەد کامەران بڵاودەکرێتەوە

تێبینی / بەشێکی ناوەڕۆکی ئەم پەرتووکە، تەواوکەری ڕۆمانی “بیرانی شەڕڤانێک لەچیاکانەوە تا ڕۆژئاوای کوردستان”.

نوێترین بەرهەمی نووسەر و چیرۆکنووس ئەحمەد کامەران ، بەناونیشانی نامەیەک لەزیندانەوە لەئایندەیەکی نزیک چاپ و بڵاودەبێتەوە.
ناوەڕۆکی پەرتووک؛ لە کۆمەڵێک چیڕۆک پێک دێت، هەر چیرۆکێک نێو ئەم پەرتووکە باس لە کۆمەڵێک ڕووداوی جیاوازی کۆمەڵایەتی و مێژوویی دەکات.

×کچێکی گەنج و پاکیزە دەبێتە قوربانی دەقە جوانەکانی نووسەر و شاعیرێکی ساختەوە…
×کوڕێکی گەنجی خواپەرست، کاتێک لەناکاو دڵی لە خواپەرستی دەوەستێت، بەرەو ڕێگایەکی تاریکی سەردەنێت.
× ناوەڕۆکی دەستنووسی گەریلایەکی ئازادی خوازی کوردستان باس لە چی دەکات؟
ئەمانە و چەندین بەسەرهاتی دیکە لەم بەرهەمەدا…
تێبینی/ بۆ خوار تەمەن ۱٦ ساڵ گونجاو نییە، بەهۆی بەکارهێنانی هەندێک دەستەواژە لەنێو چیڕۆکەکان.

ژیاننامەی نووسەر :
*ئەحمەد کامەران حەیدەر.

  • لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٨
  • بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستی شوێنەوار.
  • لەناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩ نووسەر لە ڕۆژنامە و ماڵپەرەکانی کوردستان دەست بەنووسینی وتار و لێکۆڵینەوەی هەمەچەشن دەکات.
    +پەرتووکە بڵاوکراوەکانی نووسەر :
    ١.ڕۆژێکم لەگەڵ ئازارەکانی کچێک (چیرۆک) 2020
    ٢.پەپوولە باڵشکاوەکان (ڕۆمان) 2020
    ٣.نامەی کچێکی مردوو (ڕۆمان) 2021
    ٤.جەنگ لەگەڵ مەرگ وژیاندا ( چیرۆک) 2022
    ٥.بیرانی شەڕڤانێک؛لەچیاکانەوە تا ڕۆژئاوای کوردستان (ڕۆمان) 2026



ڕیکلامێک کۆنڤێرسی ناچار بە داوای لێبوردن کرد.. هێمن عەلی

هەندێک جار تەنها وێنەیەک دەتوانێت ناوبانگی کۆمپانیایەکی گەورە بخاتە مەترسییەوە. ڕیکلامە تازەکەی پێڵاوی کۆنڤێرس نموونەیەکی ڕوونی ئەمەیە.
لە ڕیکلامەکەدا کارینا کە، هونەرمەندێکی کۆریای باشوور و ئەندامی گرووپی مۆسیقای ئەیسپا، جلی سپی لەبەر کردووە. بەهۆی ڕووناکیی وێنەکە، سێبەرێک دروست بووە کە هەندێک کەس گوتیان لە کڵاوی سپیی کوو کڵەس کڵان دەچێت. هەروەها، شێوازی دانانی پێڵاوەکان وای کردووە هەندێک کەس بیریان لە کەسێکی هەڵواسراو بکەوێتەوە.
کوو کڵەس کڵان گرووپێکی توندڕەوی سپیپێستی باڵادەستیخوازە کە لە ساڵی ١٨٦٥ سەری هەڵدا و مێژوویەکی درێژی لە ڕەگەزپەرستی، کوشتن و توندوتیژی لە ئەمریکادا هەیە.
هیچ بەڵگەیەک نییە کە کۆنڤێرس، براندی ناسراوی پێڵاو، بە مەبەست لە ڕیکلامەکەیدا ئاماژەی بە کوو کڵەس کڵان کردبێت. بەڵام شێوازی وێنەکە بووە هۆی ڕەخنە و ناڕەزاییی زۆر و لە ماوەیەکی کورتدا بووە کێشەیەکی گەورە بۆ ناوبانگی کۆمپانیاکە.
کۆنڤێرس داوای لێبوردنی کرد و وێنەکەی لە زۆربەی کەناڵەکانی خۆی لابرد. ئەم هەنگاوە نموونەیەکە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیراندا؛ واتە کۆمپانیا لە کاتی دروستبوونی کێشەدا دەبێت بە خێرایی و بە ڕوونی وەڵام بداتەوە، هەست و نیگەرانیی خەڵک لەبەرچاو بگرێت و بەرپرسیارێتی هەڵەکانی بگرێتە ئەستۆ.
بەڵام پاراستنی ناوبانگی کۆمپانیا تەنیا بە داوای لێبوردن چارەسەر نابێت. گرنگە کۆمپانیا بزانێت هەڵەکە بۆچی ڕوویداوە، لێی فێر بێت و هەنگاوی گونجاو بنێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو هەڵانە دووبارە نەبێتەوە.
ئەم ڕووداوە وانەیەکی گرنگە بۆ کۆمپانیاکان؛ دروستکردنی ناوبانگی باش ساڵانێک دەخایەنێت، بەڵام یەک ڕیکلامی هەڵە دەتوانێت لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ئەو ناوبانگە بخاتە مەترسییەوە.

سەرچاوەکان
ئیلتا سانۆمات، ٢٠٢٦: Conversen mainos järkytti – poistui somesta pikavauhtia
ویکیپیدیای کوردی: کوو کڵەس کڵان




دوو هۆنراوە بۆ باوکم و کۆترەکانی پاییز.. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

   

پاییزوکۆترەکانم
فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
لای من جوانن وەرزەکان
هەریەک ڕەنگێک دەهێێنن
بەبەرگی ڕەنگاوڕەنگیان
چەند جوان؟خۆیان دەنوێنن..

من پاییزم لاجوانە
هەرچەند وەرزی خەزانە
فەرشی گەڵا ڕادەخات
لەژێر ئەو درەختانە.

پاییز دنیا سارد دەبێت
چاوم لە کۆترەکانە
چیلکەو گەڵا دەهێنن
بۆ گەرمیی ناو هێلانە

منیش دانیان بۆدەبەم
دەفڕن دێنە سەرشانم
گەنمیان بۆ ڕۆ دەکەم
تا تێربن کۆترەکانم ..

۲۳ـ۱۰ـ ۲۰۲٤چوارشەممە

 
    

بیرتدەکەم.. بۆ باوکم..

بو بەساڵێک ، تۆ بێدەنگی و
منیش گوێی خۆم هەڵخستووە.
زۆر تامەزرۆی وشەیەکم
لەزارتەوە ، نەمبیستووە.

بو بەساڵێک هەرنەهاتی
چاوەڕوانیت بەئازارە
بیرتدەکەم ،بەڵام چیبکەم؟
کۆچت ، مەرگەو دوادیدارە..

بو بە ساڵێک ،حەزمدەکرد
چاوم کەوێت بەڕوخسارت
گوێم کەیلکەی بەدەنگی خۆت
شاگەشکەبم ،بەدیدارت.

تۆ کەی وا بوی ؟ کەی دڵڕەقبوی؟
وابڕۆیت و نەیەیتەوە.؟؟!
دڵم دەڵێ بۆیە واتکرد .
تا خۆتم لەبیربەیتەوە..

نا..ئازیزم،سیما و شێوەت
بۆهەمیشە لەچاومایە
دەنگ و سۆزی میهرەبانیت
لەگەڵ شنەی ڕۆحمدایە.

بەڕۆشتنت ،لەیادناچیت
من بیر لەتۆ دەکەمەوە
بەیادەکانت ،سەبوری
ئەم دڵەی خۆم دەدەمەوە..

۲۹ ـ ٨ ـ ۲۰۲٥ هەینی